دەستکەوتەکانی خۆپیشاندانی مامۆستایان …. هەوار شاسوار

خۆپیشاندانی مامۆستایان جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی تردا ، بە شێوەیەک ئەم خۆپیشاندانە سنوری دروشمەکانی مامۆستایانی بڕی بۆ ئاستی داواکارییە باڵاکان ، کە دەتوانرێت لەم چەند خاڵەدا باس بکرێت:

1. لەسەر ئاستی موچە نەک هەر گۆرانێکی ناچاری بەدەسەڵات کرد ئەگەر چی کەمیش بێت ، بگرە چارەکە موچەی نەدراوی پیشەکانی تریشی خستە بەردەم باس کردن ، بە شایستە داراییەکانیشەوە .
2. بێ خوێن و بێ چەک تونرا گەورەترین فشار دروست بکرێت.
3. پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بۆ مامۆستایان دەستکەوتێکی زۆر گرنگ بو .
4. داواکاری بۆ بە نیشتیمانی کردنی دام و دەزگاکان یەکێک بو لەو داواکارییانەی کە هەر کات بکرێت دەستکەوتی ئەم خۆپیشاندانانە و شەقام دەبێت.
5. سەرۆکی سەپێنراوی ناشەرعی هەرێمی ناچار کرد کە داوا بکات یاسای سەرۆکایەتی باس بکرێت بە ئاوت کردنی خۆی ، ئەمەش فشاری مامۆستایان بۆ بەرز تر لە داخوازیەکانی مامۆستایان دەگەیەنێت .
6. بۆ یەکەم جار شەقام خۆی خۆی بو ، هیچ حیزبێک نەیتوانی خۆی بکات بەخاوەنی ئەتونم بڵێم لەم خۆپیشاندانەوە سەرەتای لە دایک بونی تاکی ئازاد بو بێ جیاوازی .
7. هەمو ڕەنگەکان وەک بەرژەوەندی نیشتمانی بەشداریان کرد .
8. هەمو حیزبەکانی ناچار کرد کە دان بە شکستی دەسەڵاتی خۆیاندا بنێن .
9. بەدەر لە مامۆستایان هەمو پیشەکان لە بەقاڵیکەوە تا کرێکارێک بەشداریان کرد لەم خۆپیشاندانە .
10. بۆ یەکەم جار شەقام گەورەتر بو لە حیزب .
11. دەتونم بڵێم سەرەتای دەستپیکردنی خۆپیشاندانی مەدەنیانەیە کە بتوانێت فشاری گەورە دروست بکات .
12. بۆ یەکەمین جار ژنان ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان هەبو .
13. سەرەتای دەرکەوتنی کۆتای هێنان بو بەم جۆرە مۆدیلەی دەسەڵات .
14. ئەم خۆپیشاندانانەی مامۆستایان ئامانجی خۆی پێکا ، بگرە سەرەتایەک بو بۆ پێکەوە گرێدانی خەمی پیشەکان ، وای کرد ئەگەر پیشەیەکی تر خۆپیشاندان بکەن ئەوا هەمو پیشەکان پاڵپشتی بکەن .
15. یەکەم لە دایک بونی ناڕەزای و شەقامی نیشتمانی بو .
16. ئەوەی دەسەڵات کردی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی پیشەکان ، ئەم خۆ پیشاندانە ئەو پەیامەی گەیاند و وەک جارەسەرێک بوە هۆی پێکەوەگرێدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندیە پیشەییەکان ، پێچەوانەی پلانی دەسەڵات .
17. بۆ یەکەم جار بەرەی میللەت لە مامۆستایانەوە بو بە بەری میللەت بەرامبەر پاشکۆیەتی و جاشایەتی بۆ ولاتانی درواسێ .
18. دنگی خەڵک بو بە واتای دەنگی هەقیقی خەڵک.




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی دووەم … نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید


٢-٤

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن …..

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
مارا ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوەو بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ لە ژێر چاودێری کۆڵمیێر دا. ئەو خەستەخانەیە کۆمەڵێك نەخۆشی بەناوبانگی گرتۆتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دو ساد ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەك ئەرستۆکراتێك و فەیلەسوفێك و نوسەرێك و تاوانبارێك ناوی دەرکردووە، نوسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، ١٣ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نوسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە “کۆڵمیێر” ڕێگەیدا هەندێك لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵك نمایشیان بکات، کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو وە ڕەخنەی لێدەگیرا لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.

sad

ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆك و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لەناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نوسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نمایش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێك لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو، ١٧٨٩- ١٧٩٩ ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگای گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندو تیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لە سەر دەستی ناپلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەوروپادا بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە بۆچوونە لیبراڵ و ڕادیکاڵەکان، وە گۆڕنکاری قووڵی لە مێژووی نوێدا دروستکرد.
ئەگەر شۆڕش جۆرێك بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لە ئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:

France

ساد نوێنەرایەتی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوەو شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: ” مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەکو خودێکی تەنیا، تا هێدی هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە نێو ئەوانیتر، یەك ڕەنگ و یەك شێوە.” بەڵام تەنیا ئەو چرکە ساتە دەژی کە تیایدایە: ساد: ” ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێك لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە.” لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نمایشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەك کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە. جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نوسینەدا هەندێك لەو وردەکاریانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

مارا نوێنەرایەتی جۆرێکیتری یاخیبوون دەکات ئەویش یاخیبوونە لە پێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەك کۆتایی دێت کە هەمان ئەو جێگایەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تیادا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆرمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروسکردنی فۆرم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێشخۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپلیۆنی لێوە بەرهەمدێت، سەرقافڵەی بیری لیبرالیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگای کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نمایشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نمایشەدا و لە زۆر نمایشی تری “مارا ساد” یشدا شێوەی تاکە پێڵاوێکی دراوەتێ. وەك دەڵێن پاش کوژرانی مارا هەر بەو شێوەیە وەسفی بانیۆکەی کراوە کە لە تاکە پێڵاوێك چووە.

کۆردی نوێنەرایەتی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگا ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: “مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن.” یان هەموو هەوڵێك دەدات ئەوەی لەدەست چووە بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێکبخاتەوە، کۆردی: ” ڕۆژێك دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی.”

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەرەمیی خەستەخانەکەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانیتر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبراڵە کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناپلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانیەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نمایشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ خەستەخانەیەك کە دەیەوێت خۆی وەك نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەك دکتۆر باسیدەکات گوایە دەیانەوێت لە ڕێگای هونەرەوە یارمەتی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەر لەوەی بچنە ئەو شوێنە ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕایپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ( ڕۆژە فایەق) دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراوو بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بەدەستی ساد، ئیتر وەك نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێك لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جددی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.


ماویەتی …..




یه‌ئسێك له‌ نێو عه‌شقا …. سه‌ردار جاف

ده‌نگێك له‌ پرچه‌ ئاڵۆسكاوه‌كانی غوربه‌ته‌وه‌ده‌چرپێنێ و به‌ هه‌نسك و قوڵپی گریانه‌وه‌ شیعربارانی ئاوه‌ز ده‌كا و له‌ نسێی ئیمبراتۆڕیه‌تی ئیستاتیكای وشه‌كانی سه‌ر گه‌ڵای گوڵه‌ ئاونگڕێژه‌كانی سپێده‌ی حه‌سره‌تی نیشتیمانه‌وه‌ لێوانڕێژ ده‌بێ.
خانمه‌ شاعیرێكی خۆوڵاتی له‌ غه‌ریبستانی ئینگڵستانه‌وه‌ قامكه‌كانی ئاوێته‌ی وشه‌ ناسك و هه‌ست بزوێنه‌كانی شیعر بووه‌ و خوێنه‌ر و ناوه‌ندی كوردیش له‌م خانمه‌ قه‌ڵه‌م به‌ بڕشته‌ كه‌م تا زۆر به‌ ئاگا یان بێ ئاگایه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ خه‌لوه‌تی شیعرا ئۆگری حه‌رف و ریتم وهارمۆنییه‌ت و ئیستاتیكای وشه‌یه‌، ده‌قه‌كانی له‌ ره‌ففه‌ نامۆ و تاریكه‌كانی رۆحا حه‌شارداوه‌ و گیانبازی سه‌ماكردنی هه‌سته‌كانن، ئیدی ئه‌و خه‌م و په‌نهانانه‌ ئێمه‌ نازانین چین ده‌بنه‌ مایه‌ی مه‌ڵاسدانی ئه‌و ده‌قه‌ جوان و چێژ وه‌رگرانه‌ و به‌خشینی رۆحی ئیلهامی به‌ سه‌لیقه‌یی خوێنه‌ر ده‌دا و بوێرانه‌یش هاتۆته‌گۆ.
دواندن به‌ زمانی شیعر واتا دواندن به‌ زمانی گوڵ و ئاونگ و با و سه‌مای گه‌ڵا و په‌ڕه‌ گوڵی ده‌م شنه‌بای كازیوه‌یه‌كی روونی پڕ ئاگا هه‌ناسه‌ی جاڕدانی لێوه‌ هاوێر بووه‌، ئه‌ویش خاتوو ( په‌ری عه‌زیز ) كه‌ به‌شنه‌بای سلێمانی گۆشكراوه‌ و په‌نجه‌كانی به‌ نافووری گه‌ڕه‌ك ته‌ڕكردووه‌ و له‌ باخچه‌كانی شار سێباز و راكه‌ڕاكی بووه‌ و له‌ته‌ك یادگارییه‌كانیدا چاوشاركێكانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر دیواری قوتابخانه‌وێنه‌ی ئه‌وین و ئاشقبازی كێشاوه‌ به‌ سه‌ر به‌رده‌كانی سلێمانیا گه‌مه‌ی منداڵی خۆی له‌ ته‌ڵا ده‌داو له‌ بووكه‌ جوانه‌كانی بازاری له‌ ئامێزگرتووه‌ و وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی خۆی لاواندوویه‌تییه‌وه‌، چه‌ندینجار جه‌سته‌ی وه‌ك بووكه‌ به‌بارانه‌ بۆ شیعره‌ پڕ ئازاره‌كانی خۆی ته‌ڕ كردووه‌.

خاتوو ” په‌ری” له‌ ده‌قی ( عه‌شق ) خۆی وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دی ده‌بێته‌ كاراكته‌رێكی مێینه‌ و ده‌بێته‌ ده‌ربڕی سه‌دان و هه‌زاران ژن و كیژی كۆمه‌ڵی كوردی كه‌ به‌ هۆی ژانی ئه‌وینه‌وه‌ له‌ لیتاوی عیشقا هه‌ڵكێشراون.
به‌ر له‌ رۆچوونه‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌ گه‌ره‌كمانه‌ بڵێین گرێی ئۆدیب لای هه‌ر دوو ره‌گه‌ز وا ده‌كات، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ كوڕ ئاشقی مێینه‌ بێت و كچیش ئاشقی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، له‌ گه‌ڵ نه‌شونماكردنی فسیۆلۆژییه‌وه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ئاشقبازییه‌ واقیعه‌كه‌ی له‌ سۆزێكی ئامێزی خانه‌واده‌ییه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆئامێزی سۆزێكی ئه‌وینداری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ئه‌مه‌یش هه‌ر تاكێكمان ئازاره‌كه‌یمان چه‌شتووه‌ ده‌زانین چه‌ند به‌ سوێیه‌. (( ئه‌م گرێیه‌ وه‌ك هه‌موو گرێیه‌كی دیكه‌ ته‌نیا گرێیه‌كی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو بونیادێكی گونجاوه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌و بوونیاده‌وه‌ ده‌بین به‌و پیاو و ژنه‌ی كه‌ هه‌ین، ئه‌مه‌یش ئه‌و خاڵه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ وه‌ك مرۆڤ دروست ده‌بین و پێده‌گه‌ین ))”1″ پێگه‌یین وا سانا نییه‌ زۆرجاران و به‌ ده‌گمه‌ن رێ ده‌كه‌وێت ئه‌و پێگه‌یشتنه‌ تووشاری شه‌خته‌ و تۆفان و زریان و لووشدانی مرۆ نه‌بووبێته‌وه‌ و هیلاك و ماندووی نه‌كرد بێتو پرزه‌ی نه‌بڕی بێت، داخوا كێ بێت سه‌ر له‌ نوێ ده‌ستی بگرێ و به‌ره‌و ترۆپك هه‌ڵی بزنێنێته‌وه‌، رێك ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌م ده‌قه‌ی خاتوو ” په‌ری خان ” ده‌بینرێ ده‌با به‌ وردی پێشوه‌خت سه‌رنجی ده‌قه‌كه‌ بده‌ین كه‌ به‌ زمانێكی زۆر جوان نوسراوه‌ لێ زمانێكی شیعری جوان كه‌ كه‌م شاعیری نوێخواز ده‌توانێ وا بدوێ، پاشان قسه‌ی دیكه‌یش ده‌كه‌ین :
عه‌شق
عه‌شق واتای
بێداری نێوان من و خه‌و
و رێ نه‌كردن له‌ گه‌ڵ خود
پیاسه‌كردن به‌ ناو تارماییه‌كاندا
به‌رد بارانكردنی
لقه‌ شكاوه‌كانی ئێواران
پینه‌كردنی دامێنی شه‌و
هه‌راسانكردنی بێ ده‌نگی
یان
سه‌ماكردن
له‌ گه‌ڵ سێبه‌ری خۆت
سه‌فه‌رێك به‌ره‌و سه‌راب
دیدار له‌ گه‌ڵ ئاوێنه‌ و
دیالۆگ له‌ ته‌ك ته‌نیایی
چرك ، چرك ، چرك
‌ تا
ئه‌و ساته‌ی
ته‌مه‌ن ئه‌بێته‌ خۆراك
چاوه‌ڕوانی

. هه‌ر له‌ به‌رایی ده‌قی ( عه‌شق ) جێما ( دلاله‌ ) به‌ دی ده‌كه‌ین، كه‌ واته‌ جێما چییه‌؟ نموونه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه‌ گریمان ئێستا له‌ ته‌قه‌ی ده‌رگا درا ئه‌وا ده‌زانین یه‌كێك له‌ پشت ئه‌و ده‌رگایه‌ هه‌یه‌ و له‌ ده‌رگا ده‌دا، ته‌قه‌ی ده‌رگاكه‌ جێمایه‌ و كه‌سه‌كه‌یش كه‌ له‌ ده‌رگاكه‌ ده‌دا مه‌رام یاخود ناوه‌رۆكه‌ ، له‌ عاره‌بی پێی ده‌گوترێ ( دال و مدلول )، جا ئه‌م جێما و مه‌رامه‌ جۆری هه‌یه‌ وه‌ك جێمای ئاوه‌زی ( عقلی ) جێمای خوو ( گبعی ) جێمای بارودۆخ ( وچعی) ئه‌وه‌ی لێره‌دا په‌ریخان باسی لێوه‌ ده‌كات، جێمای ئولفه‌تگرتنه‌ به‌ عیشق (( ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ست بوون بێ له‌ نێوان دوو شتی په‌یوه‌ست به‌ خوو و ره‌وشت ، به‌ واتا مرۆڤ خولیای پێوه‌ ده‌گرێ، كه‌ به‌ گوێره‌ی مرۆڤ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌گۆڕدرێ، وه‌ك ئاخ یان هاواركردن بۆ ئازارێك یان حه‌سره‌ت كێشان بۆ په‌شیمانی و بێزاری ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌ مرۆڤێك ئه‌و جۆره‌ حه‌سره‌تانه‌ ده‌كێشێ ره‌نگی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، ئه‌و كات تێ ده‌گات ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ ده‌ردێكه‌وه‌ لكاوه‌ )) “2” جا ئه‌وه‌ی شاعیریش زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ رووی زانستییه‌وه‌ ده‌قێكی جوانی داڕشتووه‌.

شاعیر وا دیقه‌تی شیعر ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ ئازار به‌خشه‌ و هه‌رگیز چێژ و خۆشی تێدا به‌دی ناكرێ لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆساغ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناخی خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ته‌واوی واتای ئیشق و به‌ ڕه‌هاییه‌وه‌ ده‌دوێ، ره‌ها بوون هه‌میشه‌ ئاسۆی بێزار بوون نیشان ده‌دات، لێكدانه‌وه‌ی عیشق به‌و واتایه‌ی تا ده‌ڵێ (( هه‌راسانكردنی بێ ده‌نگی )) جگه‌ له‌ نائومێدی هیوا به‌خشی و تروسكایی روناهی له‌ ئیشقدا نابینین، ( من ) كائینی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ بۆ خۆش به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵپه‌ ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێ ئیشق جوانی خۆیم نیشان بدات، ئه‌و دێ و عیش قله‌ نێوان بێداری خۆی و خه‌و به‌راورد ده‌كا، خه‌و جگه‌ له‌ ئازارشكاندن ده‌شێ كاریگه‌ری دیكه‌ی هه‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاره‌ بیۆلۆژییه‌كه‌، خۆرسكیانه‌ هه‌ر مرۆڤێك نه‌نوێت به‌ واتا نه‌خۆشه‌ نه‌خۆشی ئیدی ده‌روونی بێت یان ئازاری جه‌سته‌یی، نوستن ده‌رهاویشته‌ یا كرده‌یه‌كی نامۆ نییه‌ بۆ بوونه‌وه‌ره‌كان به‌ڵكو له‌ فیتره‌تی رۆحه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ و په‌یوه‌ست بوونی هه‌یه‌ و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌و مه‌حاڵه‌، كه‌چی زۆر له‌ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف زانای دونیا پێیان وایه‌ نوستن واتا به‌سته‌ڵك بوونی ئاوه‌ز و راگرتنی واتا له‌ كاركه‌وتن كه‌ ئه‌مه‌یش خۆی له‌ خۆیدا ره‌فزكردنه‌وه‌ی راگرتنی ئاوه‌ز و بیركردنه‌وه‌یه‌، كه‌چی زۆر به‌ سانایی په‌ریخان له‌ حه‌سره‌ت كه‌سه‌باری ده‌روونی پڕ له‌ ئیشق به‌ مه‌رام نه‌گه‌یشتن ئه‌و عه‌قڵه‌ له‌ كار راده‌گرێ ئیدی به‌ بێ گه‌یشتن به‌ ئیشق و مه‌به‌ست واتا به‌سته‌ڵكردنی، هه‌ر ئه‌و ده‌مانه‌یش پیاسه‌كان كه‌یف سه‌ماكان له‌ بار ده‌برین بۆیه‌ من و خۆم په‌نجه‌ توته‌ی یه‌ك ده‌گرین و به‌ ده‌م ره‌شه‌بای وه‌یشوومه‌وه‌ كه‌ به‌ مه‌نزووری من له‌ ئێواره‌یه‌كی ته‌نیاییدا ته‌واوی لق ه‌ پۆپی دره‌خته‌كانیش هورد و هاڕ ده‌بن و ته‌نها ڕه‌گی ئه‌و دره‌خته‌ به‌ زه‌مینه‌وه‌ گیر ده‌مێنی كه‌ ئه‌ویش منم و نه‌روخاوم و رێ ده‌كه‌م ، ئافه‌رین په‌ری زۆر فه‌لسه‌فیانه‌ له‌م كه‌مه‌ دیرانه‌دا سه‌ركه‌وتووبووه‌، ده‌یه‌وی شه‌و به‌ حه‌زه‌كانی پینه‌ بكات لێ جه‌غار به‌ نامورادی ته‌نانه‌ت ناتوانێ بێ ده‌نگیش هه‌راسان بكات كه‌ بێ ده‌نگی هه‌موو وه‌ڵامه‌كان ده‌داته‌وه‌ و ده‌بوایه‌ له‌ دوا دێر بایه‌.

ئه‌مه‌دیوێكی ده‌قه‌كه‌ بوو دیوی دووه‌م به‌ ئه‌گه‌رێكی دیكه‌دا به‌ وشه‌ی (( یان )) ده‌مانباته‌وه‌ هه‌موو روئیای خۆ بۆ تاریكی دیقه‌ت بده‌ن، سه‌ما كردن له‌ گه‌ڵا سێبه‌ری خۆت، له‌ نێوان خود و سێبه‌ردا كه‌ به‌ ڕه‌هایی باس له‌ سه‌ما ده‌كه‌ی بێ گومان موزیك له‌ نێوانیانه‌ شاعیر له‌ یه‌ئسی خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌و عاشقه‌ نایات باسی میلۆدی مۆزیكه‌كه‌مان بۆ بكات ده‌مانخاته‌ تراویلكه‌وه‌ ( سه‌راب ) دیداریش له‌ ته‌ك خود دا ده‌مودوو له‌ گه‌ڵ خۆی كه‌ ده‌چیته‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌ بێزاری و وه‌ڕسی خۆی بۆ هه‌موو لایه‌ك جاڕ ده‌دا و ته‌نها ئاشق به‌ خۆ و فه‌نتازیه‌ی خوده‌، كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین كه‌سایه‌تییه‌كی نرگسیه‌تی بۆ خۆی له‌م ده‌قه‌دا تۆمار كردووه‌، سێبه‌ر كه‌ دیوی تاریكی خوده‌ پێ باشتره‌ له‌ ئه‌وی دی، ده‌شێ سه‌رگه‌ردانی هانی دابێ یان ته‌نیایی كه‌ زۆرجار له‌ ساته‌ ئاساییه‌كانیشیدا شانازی پێوه‌ ده‌كات، له‌م ژیانه‌ هه‌ڵی ته‌كاند بێ، مۆزیكمان لێ ده‌شارێته‌وه‌، ته‌نیایی و هه‌للوشینی ساته‌كان وه‌ك خۆراك كه‌ نه‌مانه‌ و ده‌مانباته‌وه‌ بۆ هیچ…

(( ” پۆل ڤالێری ” زۆر له‌ ئاست جوانی فۆرم و سه‌ده‌فا هه‌ڵوێسته‌ی كردووه‌، ئه‌و به‌هایه‌یه‌ پاساوێكی ره‌های له‌ جوانی و پته‌وی فۆرمی ئه‌ندازه‌یی بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌ )) “3” له‌ رووی ئه‌ندازه‌ییه‌وه‌ شاعیر له‌م ده‌قه‌دا ژیانی به‌ ژوورێك وه‌ك نه‌خشه‌ بۆ ده‌كێشێ كه‌ ئه‌و ته‌عبیر له‌ فۆرمه‌ڵه‌ی كائینه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كات ده‌یشوبهێنێ به‌ تاریكی واتا بێ رووناكی، و ناخی مه‌به‌سته‌كه‌ی مه‌رامه‌كه‌ی تاریكه‌ و بێ ویژدانی ده‌نوێنێ .ته‌ماشا چۆن ته‌ناسوبێك له‌ نێوان (( بێداری من و خه‌و)) و (( سه‌ماكردن له‌ گه‌ڵ سێبه‌ری خۆت ، سه‌فه‌ر به‌ره‌و سه‌راب)) دروست ده‌كات. ئیدی ئه‌م ده‌قه‌ ته‌واوی ته‌واوی ماڵوێرانی ئه‌و كچ و ژنانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ئاشقی كه‌سه‌ بێ متمانه‌كان بوون كه‌ به‌ خۆیان راستگۆ و جه‌ربه‌زه‌ نیشان ده‌ده‌ن گوایه‌ سوارچاكن و پێچه‌وانه‌كه‌یشی دروسته‌ و له‌ ناخه‌وه‌ بۆگه‌ن و ماڵوێرانكه‌ر دارووخان و به‌ فرت و فێڵیش به‌ مه‌رامه‌كانیان ده‌گه‌ن، ده‌نا ئه‌م یه‌ئسه‌ به‌ دی ناكرێت له‌ ناخه‌وه‌، نه‌ك پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كی مه‌ڵاس دراوه‌ به‌ڵكو له‌ پڕ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ئافاته‌كه‌ی چاوه‌نواڕی نه‌بووه‌ ده‌ته‌قیته‌وه‌ و ئه‌و گركان و ویژدان هه‌ژێنه‌ ده‌خولقێ كه‌ شاعیر ئه‌م ده‌قه‌ی پێ دایك ده‌بێ ، لێره‌یشه‌وه‌ ده‌ربڕی ناخی ئه‌و كیژانه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌مان ماڵوێرانیا گوزه‌ر ده‌كه‌ن و ئیدی متمانه‌یش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن زۆر به‌ ده‌گمه‌ن دێنه‌وه‌ سه‌ رێی بونیادی ژیانیان ده‌نا ته‌ركی ژیان ده‌كه‌ن.

ئه‌لمانیا
————————————-
ژێده‌ر
1 – شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا : تێری ئنگلتۆن ، له‌ عاره‌بییه‌وه‌ : سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان سلێمانی 2004 .
2 = المكتبه‌ الپقافیه‌ العربیه‌ .
3 – جمالیه‌ المكان : جاستون باشلار ، ترجمه‌ غالب هلسا ، بغداد 1980 .




سالی چوار چارێگە مووچە … کارزان کریم

بۆسالێکی پراو پر لە کارەسات پەکوو لەو دووسالەی ساڵەی !!کەپری بوو لەبەلێنی بێکردار. دووسالی پر لە کێشە پار سال بەر لە خۆرئاوا بونی ٢٠١٥ ھیوایی خۆش بەختیمان دەخواست بۆسالی ٢٠١٦ ئەوا بەرەو کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دەڕۆین ماڵئاوایی لێ دەکەین..
پێش ئەوەی پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم پێم باش بو پێکەوە لاپەڕەکانی ساڵنامەی ٢٠١٦ هەڵبدەینەوە کە پریەتی لە بەلێنی بێکردار. گەر تەنیا ئاوڕێک لە رووداوو هەواڵە بەلێنە بێ کردارەکانی سالی ٢٠١٦ و سەیرو سەمەرەکان بدەینەوە ! دەکرێت بە ساڵی ٢٠١٦ بڵێین ساڵی (چوار چارەکە مووچەکە)، یانیش ساڵی (یەک مووچەییەکە)، یاخودیش ساڵی (مەعاشەکەو جوانە)، یانیش ٢٠١٦ ئەو ساڵە بوو کە ٣٦٥ رۆژ باس لە ریفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کرا و هیچ کامیانمان نەبینی.
خۆپێشاندان و نارەزایی دەربڕین بە هەڵپەڕکی لەقەڵەم درا! هەرێم چەندین جار بەغدای سێ بەسێ تەلاق دا و تەڵاقەکەی هەر نەکەوت!! ئەو قسانەی کە زۆرترین جار گوێبیستی بووین ئەمانە بوون: نەبون بەھیچ (نە مەرجمان هەیە و نە مەرجیش لەکەس قبوڵ دەکەین، دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت، دەبێت مەسەلەی نەوت شەفاف بێت، دەبێت کێشە ناوخوییەکان چارەسەر بکرێن، دەبێت ماموستا مووچەی بدرێتێ! دەبێت بژێوی پێشمەرگە باش بکرێت، دەبێت ئاوڕ لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بدرێتەوە، دەبێت پاڵپشتی لە خەباتی رزگاریخوازی گشت پارچەکانی کوردستان بکەین و کەسیش هیچی بۆ هیچیان نەکرد… جگە لە لیژنەی دۆزینەوە کە لێژنەکانیش بێ ئەنجام بون.
چەندین لیژنەی سیاسی باڵاش دانران لەوانە: لیژنەی سازان. جا قوربان گەر بیرتان مابێت، لیژنەی (سازان) لیژنەی بۆ (زەمینەسازی) پێک هێنا و لیژنەی زەمینەسازی لیژنەی بۆ (ئاسایی کردنەوە) دەستنیشان کرد و لیژنەی ئاسایی کردنەوە لیژنەی (گەڕاندنەوەی متمانە)ی دروستکرد و لیژنەی گەڕاندنەوەی متمانە لیژنەی سازانی پێک هێنا، واتە پاش ساڵێک بێنە و بردە گەڕانەوە خاڵی دەستپێک و خالی سفر!.
یەک لە گرنگترینی بڕیارەکانی ٢٠١٦ موزایەدە کردن بوو بەناوی پێشمەرگە، بەرپرسێک فاکتەری سەرەکی سەربەخۆ بوونی هەرێمی گەڕاندەوە بۆ بوونی خەیارو تەماتەی خۆماڵی! رێکخراوێکی خێرخوازی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاری بۆ ئاهەنگێک سەرف کرد تاوەکو چەند هەزارو دووسەد دۆلارێک بۆ لیقەوماوان کۆ بکاتەوە. پێشمەرگەو مالی شەھیدیش نانی نەبوو بیخوات.
لە سالی ٢٠١٦ هەوڵدان بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەرییەکانی گەل خڕایە خانەی کۆدەتاوە. بەرازێکی داماو بە تۆمەتی تیرۆر کردنی پەیامنێرێک گوولە باران کرا!. دەستگیر نەکردنی تاوانبارانی کەیسی فوول لایتەکە و پارێزەرەکە و د. وشیارو وەدات حسین و هتد. گەرێندرایەوە بۆ خەلەلی تەکنیکی کامێراکانی چاودێری !.
بۆ یەکەمین جار لە مێژوی کورددا بێرێزی بە ناوو و ناووبانگی پێشمەرگەوە کرا بە سەرو برۆ تاشینی پێشمەرگەیک و بە بەکارهێنانی پێشمەرگە لە گرێبەستی نهێنیدا و..!
گەورەترین ئاواتی حوشترەکانی سعودیە هاتە دی و بچوکترین ئاواتی گەلەکەمان نەهاتە دی ( ئاواتی حوشترەکان بینینی بەفر بوو) لە نەگبەتیەکانی کۆتاسالی ٢٠١٦ مریشکێکی هۆڵەندی لە پێشبڕکێی شاجوانی مریشکی خۆماڵیدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. میللەتیش لەبێ کارەبایی و بێ موچەیی لەژێر لێفەو بەتانی ناوێرن سەر دەربێنن. .. لە کۆتا کاتژمێرەکانی سالی ٢٠١٦ دەرکەوتنی بەڵگە نامەکانی ویکیلیکس خۆمان و خاکەکەمان و کێڵگە نەوتیەکانمان لە بازارێکی پڕ لە شەرمەزاریدا ھەراج کراوین.. کەس موشتەری نەبوو. لە ٢٠١٦ دا زۆرترین بێرێزی و نادادپەروەری بەرامبەر بەگەلی کورد کرا و کەمترین هەڵوێست بینرالە ھەموو ئەو ولاتانەی خەمی دۆزی کوردیان بوو.




٢٠١٧ چی دەگوزەرێ …؟ … بەختیار شارەزوری

بۆ ئەوەی بتوانیت ئارستەی گۆڕانکارییەکان بدۆزیتەوە ، ئەوا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی هەر وڵاتێک و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا کار بکرێت ، وە ئەو ڕوداوانەی ئێستە هەیە و لە ساڵی نوێدا ئەگەری چی گۆڕانکاریەکی تر هەیە ، ئەڵبەت هەر وڵات و هەر هاوپەیمانیەک لە چواچێوەی بەرژەوەندی تاک وڵات و بەرژەوەندی کۆ وڵاتان کار دەکات ، بەریەککەوتنەکانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەمە لایەنەوە کاری پێ دەکرێت ، ئەگەر وامان کرد لە ڕونگەی بەرژەوەندیەوە بیخوێنینەوە ، ئەوە دەتوانیت تا ئاستێک یان ٦٠٪ ی ڕوداوەکان ببینین، وە هەر کەسەو بەپێ ی دیاریکردنی ئارستەی بەرژەوەندیەکان لە ڕویەکەوە دەیبینێت ، ئەوەی دەکرێت پێشبینی بکرێت ئەم خاڵانەن :
1. ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات و دەیەوێت هەمو هێزەکان لە چوارچێوەی ئەو بازنەی بۆی کێشاوە کۆبکاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانەکانی بیجوڵێنێت ، بەبێ ئەمریکا هەربڕیارێک لەسەر گۆڕانکاریەکان مەحاڵە ، لە ئێستادا لەسەر سوریا خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی ڕوسیدا وە خاڵی ناکۆکیش هەیە هەردوکیان لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرتیرن قازانج .
2. لەسەر ئاستی سوریا ، کە دەکرێت لقی هەمو ناکۆکیەکان لەسەر جەستەی سوریا ببینرێت ، لەسەر خاڵە سەرکیەکان کۆک دەبن چونکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە ، بەریەککەوتنە سەرتاییەکان بەردەوامی دەبێت ئەویش بۆ بەدەست هێنانی کارتی زیاترە لە هەدو سەربازگەکە بۆ ئەوەی کە چونە سەر مێزی گفتوگۆ هەر هەر یەکەیان کارتی زیاتری پێ بێت .
3. تورکیا کە دەچێتە سەر سفرەی لاڤرۆڤ ئەوا داعشیش دەبێتە کارتری دەستی ئەم بەرەیە ، لە بەرامبەردا ئەمریکا دەست دەخاتە ناوخۆی تورکیا بە گۆڕینی دەسەڵاتی تورکیا لەڕێ ی کارتی گولەنیەکانەوە .
4. داعش دەمێنێت و تەنها لە ٢٠١٧ دا لە عیراقدا وەک هێزێکی دیار نامێنێت ، لە عێراقدا لە هێزێکی دیارەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی نادیار ، لەبەر ئەوەی تورکیا بەشدار پێ دەکەن لە چوار چێوەی ئەو ڕێککەوتنە ٣ قۆڵیەی (ڕوسیا +تورکیا+عێراق) داعش وەک کارتی دەستی تورکی لە سوریا دەمێنێتەوە بەڵام بە پێ ی بەرژەوەندیەکانی تورکیا بچوک دەبێتەوە تا ئاستی بون بە نادیار .
5. سەربازگەی ڕوسی لە ڕێگەی هێزە درێژکراوەکانیەوە کۆنتڕڵی دەریای سپی دەکەن .
6. لە عێراقدا سەنتڕاڵ بەهێز دەکەن و هەمو هێزکان ناچار دەکەن پەیوەست بن بە دەسەڵاتی ناوەندی شیعەی درێژکراوەی ئێرانەوە .
7. کەرکوک دەبێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ ، تا ئەو کاتەی کورد ڕازی دەبێت بە داواکاریەکانی ناوەند ، داعش لە حەویجە دەهێڵنەوە وەک کارت بەرامبەر کورد .
8. پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی تۆختر دەکەنەوە دوای ڕێککەوتنی تورکیا و ئێران و ڕوسیا و هەمو هێزەکان ناچار دەکەن بچنە زسەر ئەو خەتە .
9. کارتەکان پەیوەندیان زیاتر پێکەوە توند تر دەبێت ، ئێران کە من ناوم ناوە ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کارتەکانی زیاتر دەبێت و پەیوەندی نێوان کارتەکانی زیاتر دەکات ( کارتەکانی عێراق ، لوبنان، بەحرەین ، یەمەن ، سوریا، ئەفغانستان ، فەلەستین ..هتد)
10. ولاتانی خلیج ناچار دەبن بە ڕیککەوتن لەگەڵ ڕوسیا .
11. نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە وەک کارتی شەڕ دژی چین.
12. بۆ کوردانی باکور لە ٢٠١٧ دا لە ترسی دوبارەنەبونەوەی ئەزمنی عێراق ، تورکیا لاواز تر بێت ئەگەری فشاری توند تر دەبێت لەسەر کوردەکان .




لە پیشوازی ساڵی نوێدا ئومێد یان خۆشخەیاڵی … جەزا حسێن

لە پیشوازی ساڵی نوێیدا کەسانێکی زۆر بە ئومێدەوە دەڕواننە ساڵی نوێ و پیرۆزبایی لە دۆستان و ئازیزانیان دەکەن. جێی خۆیەتی کە هەڵوەستەیەک بکەین و لەساڵی ڕابردوو ووردبینەوە تا بزانین ئەو ئومێدە یان ئەو هیوا و ئاواتانەمان چی بوون کە لەساڵی رابردوودا نەهاتنەدی و لەساڵی نوێدا دووبارە ئومێدەوارین کە پێیانبگەین.

زۆرینەی خەڵک لەساڵی نوێدا ئومێدەوارن کەساڵی نوێ ساڵی خۆشی و شادی بیت و ساڵی هاتنەدی ئاوات و ئارەزوەکانیان بێت. هەتا ئێرە لە جێی خۆییدایە و ئومێد بەژیانێکی باشتر هەمیشە خاڵێکی پۆزەیتیڤە بۆ هەموومان. بەڵام ڕاستیەک هەیە کە گرنگە لە هەموو کاتێکدا لەبیرمان بێت، ئەویش ئەوەیە کە بەدیهێنانی ئومێد و ئاواتەکانمان کاری دەوێت. ئاوات و ئامانجەکانمان تەنها بە خەون نایەنەدی، تەنها ئومێدخواستن بەس نیە، بەڵکو کاری جیدی بۆ بکەین و ڕیگەکانی گەیشتن پێیان بدۆزینەوە. لێرەوەیە کە پیاچوونەوەیەک بە ساڵی ڕابردوومان پێویستە تا ببینین کە ئەو هیوا و ئاواتانەمان چین کە نەهتنەدی و و پاشان بزانین ڕێگرییەکانی بەردەم ئەو ئاواتانەمان چی بووە؟ ئایا تەنها ئومێد و هیوای تاکە کەسی بوون یان خەڵکانی تریش چاوەڕێی گەیشتن بەو ئاواتانەن و چاوەڕێن ڕۆژێک هەناسەیەکی خۆشی هەڵکێشن و بگەن بەو ئاواتانە و لەگەڵ یەکدا شادبن پێی؟

کاتێک ئاوڕێك لەساڵی ڕابردوو دەدەینەوە و ئەو ڕوودا و کارەساتانە دەژمێرین کە ڕێگربوون لەبەردەم بەدیهێنانی خۆزگەکانمان، دەگەین بەو حەقیقەتەی کە هەوڵدانی تاکە کەسی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئاسودە خەیاڵە و دەرئەنجامەکەی نائومێدیە. ئاخر لە دنیایەکدا کە کاولکاری، قازانجپەرستی و سەرهەڵدانەوەی کۆنەپەرستی دڕندانەترین بیروباوەڕ لەهەموو کات زیاتر بازاڕی گەرمە، مەحاڵە تەنها بە ئومێدخواستن و داگیرساندنی چەند مۆمێک بگەین بە بەهەشتی خۆزگە و ئاواتەکانمان.

لەژێر سایەی سیستەمی سیاسی و ئابوری ئەم سەردەمەدا، مرۆڤ و ئاوات و ئامانجە ئینسانیەکانی بیبەهاترین کاڵان. ڕۆژانە بەبەرچاومانەوە بەسەدان خەڵکی مەدەنی دەکرێنە قوربانی ساغکردنەوەی کێشمەکێشە سیاسیەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و ئەو کۆمپانیایانەی کە زۆرینەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان مۆنۆپۆلکردووە. ئەوانەی یاری بەژیان و گوزەرانی ملیۆنان مرۆڤەوە دەکەن. لێرەوەیە کە لە سیستەمێکی سیاسی لەم جۆرەدا هیچ ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ باشترکردنی ژیانی زۆرینەی خەڵک.

بۆ کەسانێک کە ئومێدمان بەژیانێکی باشتر و ئومێد و ئارەزوەکانمان هەیە، دەبێت لەدەوری یەکتری کۆببینەوە. زۆرن ئەو مرۆڤە بێبەشانەی یەک ئاوات و ئامانجیان هەیە کە گەیشتنە بە ژیانێکی ئاسودە. بەڵام ئەگەرچی یەک ئامانجمان هەیە و سەرچاوەی بێمافیەکانمان یەکن، کەچی بەتەنها خەریکی ئاواتخواستن و خۆزگەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

با لەم کۆتایی ساڵەدا ووردبینەوە لەساڵی ڕابردوو، بزانین ئایا چیمانکردووە و چەند هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ئاواتەکانمان چووینە پێشەوە؟ ئایا لە خەمی هەمواندا بووین یان تەنها خەمی خۆمان؟ با لە خۆمان بپرسین ئایا بەدەربەستبووین بەرانبەر ئەو دۆزەخەی لەم ژیانەدا بۆمان دانراوە؟ ئایا لەخەمی ئەمڕۆ و سبەینێی نەوەکانمانداین؟ ئەگەر وایە چی بکەین و چۆن کاربکەین بۆ سبەینێیەکی باشتر لە ئەمڕۆ؟
ئێمە گەر کەمێک دیقەتبدەین ئەوا لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایە دەڕوانین باسی ڕۆژ هەر باسی نادادپەروەری و نارازیبوونە لەم ژیانەی کە هەیە. بەڵام ئەم گلەیی و گازاندەیە بەبێ کارکردن و هەوڵدان بۆ دنیایەکی باشتر بێسودە. ئەگەر بمانەوێت لەساڵی نوێدا بگەین بە خۆزگە و ئاواتەکانمان ئەوا دەبیت بەرنامەی کار و چۆنیەتی کارکردنمان هەبێت. یەکگرتوبوونی ئەو مرۆڤانەی کە ئاواتیان ژیانێکی ئاسودەیە گەررەترین و بەهێزترین هەنگاوە لەم پێناوەدا. ئەمە چونکە ئەگەر نەتوانین کارێک بکەین بۆ هەنگاونان بەرەو ژیانێکی باشتر، ئەگەر نەتوانین لەخەمی یەکتریی و دابینکردنی سبەینێی نەوەکانماندا بین ئەوا ئیتر بەتەنها پیرۆزبایکردن و داگیرساندنی مۆمی سەری ساڵی نوێ دەبێتە خۆشخەیاڵی.

جەزا حسێن

دیسەمبەری ٢٠١٦




شـــەوی یەڵـــدایـە؛ (لاڤــا)م لامـەکــە … بۆتان لەتیف ماویلی

ئەم شەو
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە !؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە ؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایک بوونی تۆو مەرگی منە!
ئا لەو شەوە
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان بەفیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوەو ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوەو
شەوی دەیجوری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەلەی زارو پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ
بەچاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆو بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
لەدڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار بەبێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد،نابێ!..
نابێ گوڵ نابێ
بەبێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار
وەک نالی دیدەم دوور لەتۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزول، مایل بەدیدەی تۆیە
لەغوربەتدا تێنی ومەهجورە!..
نابێ مانگ نابێ
شەو بێزارە لە دەیجوری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا)م لامەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە لەبێ دەنگی!..
چەمانەوەو کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ ودادانەوەی ڕۆشنایی!..

بۆتان لەتیف ماویلی(پایان)
شەوی ٢٠/٢١ ی ١٢ ی ٢٠١٣
ئیسکەندەریە.

……………………………………………………………

فەرهەنگۆک:
لاڤا: رجا
گێنگڵە:هاتوچۆی بێ سود.
حاملاندن:تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین




لە پەراوێزی شەڕی موسڵدا، پێکدادانی پکک و پارتی لە شەنگال … هیوا خۆشناو

شەڕێکی شیمانەکراوی نێوان پکک و پدک لە شەنگال کە نێچیروان بارزانی یەکەمین کەسە بانگی بۆ ئەدا، لە ڕاستیدا بەر لەوەی شەڕی دو بلۆکی ئێدۆلۆژی و سیاسی کوردی بێ، بەشێکە لە شەڕی سوننی – شیعە لەسەر موسڵ.
پارتی و پکک لە ساڵانی ١٩٩٠ ەوە تا ئێستا شەڕیانە لەسەر سەرکردایەتی کردنی کوردستان. ئەو دو ڕێکخراوە کە هەردووکیان زمانی هەرچواربەشی کوردستان دەزانن، خەڵکی هەرچواربەشی کوردستانیان لەگەڵدایە، سنورە کۆمەڵایەتیەکانیان قوڵئەبنەوە بۆ سەرجەم شارو دێهاتەکانی بەشەکانی کوردستان و لەسەرجەم بەشەکاندا ڕێکخراو و گروپی جۆربەجۆریان هەیە، هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان حیسابیان لەسەر دەکەن.

شەنگال دەکەوێتە سنوری موسڵ و ڕۆژئاوا. ئێزیدیەکانی شەنگال دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنە ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەگەرچی لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداودا پکک لە ڕێگای ئێزیدیەکانی ماردین و دێرکی ڕۆژئاوا و کادرە ئێزیدیەکانی، دەستی وەردا ناو شەنگال و پێگەیەکی جەماوەری باشی هەبو، بەڵام بەهۆی ترسیان لە ئەمریکا لەلایەک و دوای ئەوەی گروپێکی گەورە بە سەرکردایەتی نیزامەدین تاش “بۆتان” و عوسمان ئۆجالان “فەرهاد” لە پکک جیابونەوە و قەندیلیان بەخۆیانەوە خەریک کرد لە لایەکەی دیکە، لە هەمووشی گرینگتر پەیوەندی قەندیل و قەڵاچواڵان زۆر خۆش نەبو، ئەو پارتە پێویستی بە پارتی هەبو و ئێزیدیەکانی بۆ ئەوان بەجێ هێشت. پارتی لەوکاتەوە تا هاتنی داعش لە ڕێگای سیاسەتە نەریتیەکانی تایبەت بە کەمینەکان کە بریتیە لە کڕین و بێدەنگکردن، کاریگەری ڕەهای لەسەر ئێزیدیەکانی شەنگال دانا و لە ڕێگای ئەوانەوە قورسایی خۆی لەسەر پارلمانی عێراق و شاری موسڵ کە دیواری سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پردی پەیوەندی نێوان شیعەکانی سوریا، لوبنان، عێراق و ئێرانە پێکدێنێ دروست کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ دا داعش لێی تێکدا.

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا شەنگالیان چۆڵکرد و چەند گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای شەنگال ڕوبەروی داعش وەستانەوە و یارمەتی ئێزیدیەکانیان دا. دوای ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان یارمەتی ئێزیدیەکانی دا تاکو سوپایەکی خۆیان سازبکەن و بەشێکی زۆر لە ئێزیدیەکانی ڕێکخستن، ئەوەش ناکۆکی نێوان پکک و پدک ەی قوڵتر کرد.

دوای ئەوەی لە ٢٤ی مانگی ئاب ٢٠١٦ دا سوپای تورکیا هەڵمەتی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند و پەلاماری شاری جەرابلوسی سوریای داو داگیری کرد، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا ناسراو بە MGK لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی خۆیدا، ستراتیژی بەرگریکردن لە تورکیای داڕشت. بەپێی ئەو ستراتژیە تورکیا لە ژێرناوی هەبونی گروپە نەیارەکانی، بۆی هەیە پەلاماری سەرجەم ئەو شوێنانە بدات کە نەیارەکانی لێ جێنشین کراون. دوای ئەوە تورکیا هەوڵێکی زۆریدا کە دەستێوەردان لە شاری موسڵ بکات، بەڵام ئێران، عێراق و ئەمریکا پشتگیریان لێ نەکرد. لەوکاتەوە تا ئێستا پارتی زۆر بە جدی و پێداگریەوە داوا لە پکک دەکات شەنگال چۆڵ بکات، بەڵام حکومەتی عێراق، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرجەم هێزەکانی دیکەی کوردستان کێشەیەکیان لەگەڵ هەبوونی پکک لە شەنگالدا نیە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندیەکی خۆشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە و پشتگیریان لێ دەکات. ئەگەرچی جیاوازیەکی ستراتیژی، فکری و سیاسی زۆریش لە نێوان پکک ەو ئەو هێزە هەرێمیانەدا هەبێ، لەبەر ئەوەی لە سێبەری وڵاتانی سوننە گەمەناکەن، هەبوونی ئەوان لە شەنگالی نزیکی موسڵ باشترە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.

چۆن جوگرافیای سوریا کۆسپێکە لە بەردەم بەیەکبەستنەوەی وڵاتانی عەرەبی سوننە و تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، http://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=72366 جوگرافیای موسڵیش ئەگەر لە دەستی سوننەکاندابێ، ڕێگرە لە یەکیەتی نێوان شیعەکان، چونکە موسڵ تاقە پردێکە ئەشێ ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە و پاشان بە دەریای سپی ناوەراستەوە ببەستێتەوە. پەلاماردانی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر پیلانێکی وڵاتانی سوننی جیهان بو و ئامانجەکەی پەکخستنی پڕۆژەی بۆڕی نەوت و غازی ئێران – عێراق و سوریا بو کە دەگەیشتە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاست.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەشێکیان دزەیان کردە ناو مێدیاکان، ئەمریکیەکان و خەڵکی شەنگال لەو ماوەیەدا زۆریان هەوڵیاندا، پکک و پارتی لەسەر پرسی شەنگال و ڕۆژئاوا لەیەکتری نزیک بکەنەوە، بەڵام سەیرە لە کاتی دانوستانەکاندا نێچیرڤان بارزانی، لە لێدوانێکی نەخوازراودا، لە میانەی کۆنفرانسی زانکۆی ئەمریکا لە دهۆک گوتی: ((ئەگەر پکک شەنگال چۆڵ نەکات هێز بەکاردێنین)). مرۆڤ بە باشی لەوە ناگات ئایا ئەو لێدوانەی ناوبراو گوزارە لە بۆچونی پارتی دەکات یان بەتەنیا خۆی؟ چونکە لە دەوروبەری پارتی ئەگەر کەمیش بێ، ڕەخنە و ناڕەزایی دژی ئەو لێدوانەی نێچیروان دەبیسترێ. ئایا مەسعود بارزانیش وەک نێچیری برازای لایەنگری بەکارهێنانی هێزە لە دژی پکک لە شەنگال کە لە کۆتاییدا نەوەک بەتەنیا شەڕی براکوژی، بەڵکو ئەگەری ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە سوپای تورکیا بێتە ناو باشوور و عێراق لە لایەک و ملیشیاکانی حەشدی شەعبیش بێنە ناو یارییەکە.
کێشەکان هەرچیەک دەبن گرینگ نیە، کێ لەسەر حەقە و کێ ناحەقە بەلایەکەوە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ئاقڵترین ڕێگا کە ئەو دو لایەنە هەڵیبژێرن ڕێککەوتنی سیاسی و چارەسەری دیبلۆماسیە.

———————————————————-
سەرچاوەکان:
http://www.milliyet.com.tr/stratejist-abdullah-ciftci-musul-u-hasdi-istanbul-yerelhaber-1604275/
http://bianet.org/bianet/siyaset/181277-mgk-bildirisinde-suriye-kararlari
http://www.haberturk.com/dunya/haber/1337055-necirvan-barzani-pkknin-bir-guc-olarak-sengalde-kalmamasi-ve-geri-cekilmesi-lazim




خولیای جه‌نگ … به‌ختیار محه‌مه‌د

چ شتێك له‌ جه‌نگ قێزه‌ونتره‌؟ جه‌نگ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی شه‌ڕانگێزیی و شه‌ڕانگێزانه‌ به‌سه‌ر ئیراده‌ی چاكه‌ و چاكه‌خوازییدا. جه‌نگ لایه‌نه‌ شه‌ڕانگێزه‌كه‌ی ڕۆحی مرۆڤ ده‌رده‌خا؛ ئه‌و لایه‌نه‌ی، كه‌ له‌ وێرانكردن و خاپووركردن و بێزه‌وه‌ری و قێزه‌ونیدا بێ هاوتایه‌ و لای هیچ دڕنده‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ بوون و نموونه‌ی نییه‌.
موفاره‌قه‌یه‌كی سه‌یره‌: مرۆڤ تاوان ئه‌نجام ده‌دا، خۆی به‌ ڕاست ده‌زانێ. مرۆڤ (تاوانبار و سته‌مكار) هه‌میشه‌ پاساو بۆ تاوانه‌كانی خۆی ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌و هێنده‌ پڕ له‌ ڕك ده‌بێ، كه‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ ژیان (ژیانی ئه‌وانی دیكه‌) ناهێڵێته‌وه‌.

له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا جه‌نگ (جه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار جه‌نگی شه‌خسییش) به‌رهه‌می سته‌مه‌: سته‌می ساته‌وه‌خته‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی خۆی (ته‌نانه‌ت له‌ نێوان جه‌نگی منداڵانیش هه‌ست به‌ سێبه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌كرێ). خۆ له‌ خۆڕایی نییه‌، له‌ هه‌ر كوێیه‌ك دیكتاتۆر و دیكتاتۆرایه‌تی هه‌بێ، ئه‌وه‌ له‌و شوێنه‌شدا جه‌نگ به‌رپا ده‌بێ. جه‌نگ كار و كاردانه‌وه‌یه‌: كاری سته‌م و ته‌عه‌دا و كاردانه‌وه‌ی به‌رگریی (ماف) و تۆڵه‌.

ئه‌وانه‌ی جه‌نگه‌ گه‌وره‌كانیان له‌ مێژوودا به‌رپا كردووه‌، دیكتاتۆر و خوێنڕێژه‌ گه‌وره‌ و ناسراوه‌كانی جیهانن: هۆلاكۆ، ته‌یموور له‌نگ، هیتله‌ر، سه‌دام و… تاد. هه‌موو ئیمپراتۆرییه‌ته‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ڕۆماش له‌ مێژووی جیهاندا به‌ ڕووباری خوێن بنیاد نراون؛ هه‌ر ڕووباری خوێنیش هه‌ره‌سی پێ هێناون و ڕووخاندوونی؛ له‌مه‌وه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك ویستی ده‌سه‌ڵاتخوازیی و داگیركاریی هه‌بووه‌ و به‌هێز بووه‌، ئه‌وه‌ له‌وێشدا جه‌نگ و جه‌ور و سته‌م هه‌بووه‌ و به‌رپا بووه‌.

جه‌نگیش هیچ ئامانجێكی نییه‌، ته‌نها خاپووركردن و وێرانكردن نه‌بێ؛ به‌ڵام پرسیارێك هه‌یه ئێمه‌ نیگه‌ران ده‌كا: بۆ هه‌رده‌م ئیراده‌ی شه‌ڕخوازی ده‌توانێ به‌سه‌ر ئیراده‌ی خێرخوازی سه‌ركه‌وێ؟ هه‌ر كاتێك بیه‌وێ جه‌نگ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا به‌رپا ده‌كا؟ ئایا جه‌نگ ته‌نها به‌رهه‌می پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه؟ یان به‌شێكه‌ له‌ ئیراده‌ی سروشتی مرۆڤ؟ ئایا (هۆبز) ڕاست ده‌كا، كه‌ پێی وایه‌ جه‌نگ حاڵه‌تێكی سروشتییه‌ له‌ بوونی مرۆڤدا؟ یان (لۆك) و ئه‌وانی دیكه‌، كه‌ جه‌نگ به‌ به‌رهه‌می واقیعی ژیانی ڕۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن؟ یانیش هه‌ردوو لایان به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌یی له‌ تیۆر و بۆچوونه‌كانیاندا وه‌ك یه‌ك ڕاست ده‌كه‌ن؟ واته‌ مرۆڤ هه‌م خۆی شه‌ڕانگێزه‌، هه‌م به‌رهه‌می كولتووری شه‌ڕانگێزییشه‌؛ به‌ڵام سه‌ره‌نجام كێ ئه‌م واقیعه‌ شه‌ڕانگێزه دروست ده‌كا و‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ؟ هه‌ر مرۆڤ، هه‌ر به‌شێكی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی خۆیان نین‌؟…

كه‌واته‌ ده‌شێ بڵێین، كه‌ به‌شێكی مرۆڤ (زۆرینه‌) قوربانیی ده‌ستی به‌شێكی دیكه‌یه‌ (كه‌مینه‌)؛ به‌ڵام ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ هێز له‌ كوێ دێنێ؟ له‌ توانا و زیره‌كیی و فرت و فێڵی خۆی؟ یانیش له‌ پشتیوانی بێ ئاگایانه‌ی زۆرینه‌ بۆیان ( ئینجا له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێ)؟ ئایا هیچ دیكتاتۆرێك خۆی له‌ خۆیدا ده‌توانێ شت بێ، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ (له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كاندا) پاڵپشت و لایه‌نگری نه‌بووبن؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بۆ خوێنه‌ری ئازیز و به‌ڕێز لێ ده‌گه‌ڕێین…




ململانێ لەگەڵ ترافیکەکان لەبارەی (قاوەی سوێر)ی بەختیار حەمەسوور …. حەمە مەنتك

کاتێك چیرۆکێکی باش دەخوێنینەوە، یەکەم چتێ بیرمان بۆ بەهێزی بونیادی چیرۆکەکە دەچێت. لەوێوە هەست بە بوونی ئەو بونیادە دەکەین، کە چیرۆکەکەی لەسەر وەستاوە. هاوکات ئەمە دەبێتە یەکێک لە خاسیەتەکانی چیرۆکی نوێ. چیرۆکی (قاوەی سوێر)ی “بەختیار حەمەسوور” لە یەکەم بەرکەوتنیدا ئەم بونیادە بەهێزەی خۆی نیشان دەدات، بە بەڵگەی ئەوەی ناتوانی یەك وشەی لێ لابەریت. دەسکاریکردن، یان فڕێدانی هەر وشەیەك، یان ڕستەیەك خوێنەر بە تەواوی هەست بە لەنگی و کوونبوونی شوێنێك لە چیرۆکەکە دەکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ پێکەوەگرێدانی کۆی چرکە و جووڵانەکانە. یەکەم ڕستەی چیرۆکەکە بە وەستانی جووڵەیەك دەست پێ دەکات. (( کە گەیشتینە ترافیك، گڵۆپەکە سوور بوو.)) دیمەنی کۆتایی چیرۆکەکەیش هەر بە وەستان کۆتایی دێت، ((ئۆتۆمبێلەکە دەکوژێنێتەوە.)) دوای ئەوەی کارەکتەر ژنەکەی دەگەیەنێتە بەردەم فەرمانگە. ئەم بەیەکەوە گرێدانی سەرەتا و کۆتایی چیرۆك کارێکی سەختە. خۆ لە هەقایەت و چیرۆکی کۆنیش سەرەتا و کۆتایی هەن، بەڵام ئەو ماوەیەی لەنێوان ئەم دوو توخمەدا هەن، نابێ هیچ کوون و بۆشایییەکی تێدا بێت.
خوێنەر چۆن هەست بە بوونی وەها بونیادێکی هونەریی بەهێز دەکات؟ بە بڕوای من ئەگەر خوێنەر خۆی وەکو بەشداربوویەکی ناو چیرۆکەکە بینی و هەستی کرد خۆی لە جووڵە و ڕووداو و پەیڤەکان بەشدارە، ئەوا دەبێ بزانێت، کە چیرۆکێکی باش دەخوێنێتەوە. لەم چیرۆکەدا خوێنەر ناتوانێ لەناو چیرۆکەکە بێتەدەرەوە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە چوونی کارەکتەر لە ماڵ تاکوو فەرمانگە، بیست خوولەکە. لەم ماوە کەمەدا خوێنەر لە هەموو دیمەن و گۆشەنیگا و جووڵەیەك بەشدارە. ((منداڵەکان بە نێوان ئوتومبێلەکاندا پێچ لێ دەدەن. بە جامەکاندا دەکێشن. پێدەکەنن و پێکدا هەڵدەپژێن.)) منی خوێنەر هەست ناکەم وەگێڕ بۆ کەسێکی دیکە جوودا لە من قسان بکات. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە فەزایەك دروست کراوە، بەدەر نییە لە بوونی خوێنەر. ئەمەیش خاسیەتێکی دیکەی چیرۆکی نوێیە. خوێنەر هەست ناکات کارەکتەرەکان، کەسی خەیاڵی بن، بەڵکوو دەتوانێ دەستیان لێ بدات. کارکتەرەکانی ئەم چیرۆکە هێندە لێمانەوە نێزیك دەبنەوە، هەست بە هەناسەدانیان دەکەین، دەتوانین دەستیان لێ بدەین، ئەمەیش بۆ کاریگەری ئەو بەشداریەی خوێنەر لە چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە. هاوکات بۆ شێوازی کارکتەرسازی چیرۆکنووسیش، چونکە کارەکتەرەکان وەکوو کارەکتەری چیرۆکی کۆن ئەرکی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیان لە کۆڵ نەکردوە، بەڵکوو کەسانێکن دەستت دەگرن بۆ بەشداریکردن.
لە چیرۆکی کۆندا هەمیشە چیرۆکنووس عەوداڵی ئەوە بوو، ڕستەگەلی فەلسەفی، یان لە شێوەی وتەی جوان و کاریگەر بنووسێت. بەمەیش خوێنەر زەینی تەنێ لەسەر ئەو ڕستە جوان و فەلسەفیانە دەمایەوە، وشە و ڕستەکانی دیکەی وەلا دەنا. بۆیەیش هەمیشە ئەو خوێنەرانە لە دەرەوەی دەقەکە دەمانەوە، خوێنەر زۆر جار خەتی بەژێر ئەو ڕستانەدا دەهێنا. بەڵام لە چیرۆکی نوێدا هەموو وشەیەك، ڕستەیەك لە چیرۆکەکەدا بایەخی خۆی هەیە. وەکوو “گولشیری” دەڵێت: کاتێ چیرۆکێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم ئەم ڕستە، یان ڕووداوە نییە بۆ خۆیم ڕادەکێشێ، بەڵکوو کۆی چیرۆکەکەیە. کەواتە چیرۆکی نوێ بە کۆی چیرۆکەکە دەمانخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لێرەدا ناتوانین وشەیەك، یان ڕستەیەك لابدەین. لە (قاوەی سوێر)دا هەر پەیڤێکی کارەکتەر لە شوێنی خۆی بە کار هاتوە. هیچ وشەیەك جێلەق نییە. هۆکاری ئەمەیش بۆ لە دەرەوە وەستانی چیرۆکنووس دەگەڕێتەوە. لەم چیرۆکەدا هەست بە بچووکترین سێبەر، یان تارمایی چیرۆکنووس ناکەیت. ئەمە ڕێ بە کارەکتەرەکان دەدات زیندوو دەرکەون، هەستیان پێ بکەین.
ململانێ لەم چیرۆکەدا هێندە نەرمە، هێندەیە لەسەرخۆیە، خوێنەر هەست بە ئارامییەکی جوان دەکات. ڕاستە ململانێ بۆ ئەوەیە ڕووداوەکان و ڕەوتی گێڕانەوە تووشی سڕبوون نەبێت. چیرۆکنووسی باش ململانێی هێز و چەمکە گەورەکانی وەك: هێزی باشە و خەراپە نیشان نادات، چونکە ئەمە کاری هەقایەت و چیرۆکی کۆنە. مرۆڤی ئێستا ململانێی لەگەڵ شتە وردەکانی دەورووبەریەتی، چیدی ململانێی چینەکانی ناو کۆمەڵ کێشەی سەرەکیی مرۆڤی ئێستا نین. (قاوەی سوێر) ململانێیەکی نەرم و جوانی نێوان ژنومێردێکە. کێشەی ئەوان، کێشەی لەسەرخۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە بۆ گەیشتن بە دەوام، کێشەی ئەوان ئەوەیە کامیان باشتر گوزارشت لە خۆشەویستی خۆی بۆ ئەویدیکە دەکات. بە ناڕاستەوخۆ نیشاندانی بێزاریی ترافیکە، نیشاندانی ژیانی ئەو منداڵانەیە لە ترافیکەکان هێرش بۆ جامی ئۆتۆمبێڵەکان دەهێنن. ئەم ململانێیانە، ململانێی چکۆلانەی ژیانی دوو کەسن. ئەو شتانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستیان پێ ناکات، یان بایەخیان پێ نادات، ئەم چیرۆکنووسە وەکوو چیخۆف، سالینجەر، کارڤەر، هەوڵێ نیشاندانی ئەم شتانە دەدات، کە لە بنەڕەتدا ململانێن لەناو ژیانی هەر یەکێکمان.




مالك شبل بیرمه‌ندی هزری ئیسلامی رۆشنگه‌ری كۆچی دوایی كرد د … عوسمان یاسین

له‌ 12/نۆڤمبه‌ری /2016 مالك شبل بیرمه‌ندی هزری ئیسلامی له‌ فه‌ره‌نسا دوای كێشمه‌ كێشمیكی زۆر له‌ گه‌ل ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی تووشی ببوو، كۆچی دوایی كرد، ئه‌م بیرمه‌نده‌ له‌ 23 ئه‌پریلی 1953 له‌ شاری سكیكده‌ی سه‌ركه‌ناری ده‌ریای ناوه‌راست له‌ ولاتی جه‌زائیر له‌ دایك بووه‌، له‌م شاره‌دا خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واوده‌كات، دواتر به‌رده‌وامی به‌خوێندنی بالا ده‌دات له‌ زانكۆی عین البای له‌ قوسته‌نتینییه‌، دواتر له‌ فه‌ڕنسا له‌ نێوان ساڵانی1977 -1984 سێ‌ بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێنا، یه‌كه‌میان له‌بواری سایكۆلۆجیا به‌شه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو بیرمه‌ند جان لابلانش و جان لاكان دواتر ، له‌ ساڵی 1982 دكتۆرای دووه‌می له‌ ئه‌نترۆپۆلۆجیای زانسته‌ ئاینییه‌كان وه‌رگرت، پاشان له‌ ساڵی 1984 دكتۆرانامه‌ی سێیه‌می له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌نستیتۆی پاریس به‌ده‌ست هێنا. ئه‌م بیرمه‌نده‌ له‌ پاریس نیشته‌جێبوو ، هه‌ر له‌م شاره‌دا به‌رده‌وامی به‌كاره‌ هزرییه‌كانی خۆی ده‌دا، له‌ هه‌ردوو بواری ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی خه‌ریكی هه‌لكۆلینه‌كانی (حفریات) خۆی بوو له‌ ناو كلتورو مێژووی ئیسلامی و عه‌ره‌بی، وێنه‌ پرشنگداره‌كانی ئه‌م كلتوره‌ی به‌ جیهان ده‌ناساند، ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شێواندنانه‌ی كه‌ ئه‌م كلتوره‌ رووبه‌رووی ببۆوه‌.

مالك شبل نزیكه‌ی سی كتێبی به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی نووسیوه‌، گرنگترین كتێبه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌مانه‌ن: جه‌سته‌ له‌ ئیسلام (1984)، پێكهاتنی ناسنامه‌ی سیاسی1986، هزری عه‌ره‌بی ئیسلامی 1993، ئنسكلۆپیدیای خۆشه‌ویستی له‌ ئیسلام 1996، شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ 1996، شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی كه‌سه‌كانی كلیله‌ودمنه‌ 1997،مه‌سه‌له‌ی ئیسلام 2002، قورئان بۆ مندالان(مه‌به‌ست لێی كه‌سانی ساده‌یه‌) 2006، بانگێشه‌ بۆ ئیسلامی رۆشنگه‌را 2004، ئیسلام وعه‌قل-شڕی هزه‌كان 2005، ئیسلامی راڤه‌كراو 2007، نه‌وه‌كانی ئیبراهیم: ئیسلامه‌كان وجوله‌كه‌كان و مه‌سیحییه‌كان 2011، ئایرۆس لای عه‌ره‌ب 2014، ئیسلام له‌به‌رده‌م سه‌ت پرسیاردا 2015.

مالك شبل له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌كی هه‌ڵه‌و ئاوه‌ژوو راستبكاته‌وه‌ ، كه‌ سه‌باره‌ت ئیسلام له‌به‌رچاودایه‌، یاخود ده‌رباره‌ی ئیسلامی ده‌بیندرێت، به‌ پێی ئه‌م وێنه‌یه‌ ئیسلام دژی خۆشه‌ویستی و له‌زه‌تی هه‌ستییه‌ ڕه‌واكانه‌،شبل لای وایه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌رگیرز ده‌ربڕی ئیسلامی راسته‌قینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌م وێنه‌یه‌ ئه‌و شێواندنه‌نادروستانه‌ دروستیان كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می داڕماندا به‌سه‌ر ئیسلامدا هاتووه‌.
ئیسلام ئاینی داهێنانه‌ شارستانییه‌ ناوازه‌كانه‌، كه‌ هه‌ر له‌ دیمه‌شقی ئه‌مه‌وییه‌كان وبه‌غدای عه‌باسییه‌كان و غه‌رناته‌ی ئه‌نده‌لوس وقاهیره‌ی سه‌رده‌می فاتمییه‌كاندا ده‌ركه‌وتوون. دیاره‌ مالك شبل لێره‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌رینییانه‌ی ئه‌م شارستانیه‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌م سه‌رده‌مانه‌دا له‌ ئارادابوونه‌، چونكه‌ نكۆلی له‌وه‌ناكرێت لایه‌نی نه‌رینی ئه‌م شارستانییه‌تانه‌ش زۆرن ئه‌گه‌ر باسییان لێوه‌ بكرێت.

دیوه‌ جوانه‌كان له‌م شارستانییه‌تانه‌دا بریتین له‌ زه‌وقێكی به‌رزو ناسك له‌مه‌ڕ ژیان و شیعر و ئه‌ده‌ب وهونه‌ره‌كان ، ئه‌م شارستانییه‌تانه‌ جوانترین دیوی شارستانییه‌تن له‌ سه‌رده‌می كۆنی، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ئه‌وروپا له‌ هه‌مه‌جییه‌تدا ده‌ژیا . بۆ ده‌رخستنی ئه‌م راسییانه‌ مالك شبل هه‌لستاوه‌ به‌وه‌رگێڕانی چه‌ندان ده‌قی ئه‌و شارستانییه‌تانه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی بۆ زمانی فه‌ره‌نسی، تاوه‌كو ئه‌و راستیانه‌ بۆ فه‌ڕه‌ناسا و ئه‌وروپا روونباكاته‌وه‌. چونكه‌ لای ئه‌و نووسه‌ره‌ ناكرێت ئیسلام بچوك بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ ئیسلامه‌ داپلۆسێنه‌ره‌ی كه‌ كه‌ ئێستاكه‌ ڕه‌وتێك بانگێشه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و خراپترین نموونه‌ی ئیسلام پێشكه‌ش به‌ جیهان ده‌كه‌ن.

شبل وای ده‌بینێت كه‌ ده‌كرێت موسلمنێكی راسته‌قینه‌ بیت و پابه‌ندی رێوره‌سمه‌ئاینییه‌كانی بیت ، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی نكۆلی له‌ خۆشه‌ویستی و له‌زه‌ته‌كانی ژیان بكه‌یت، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ به‌ چاوێكی كه‌م سه‌یری ئافره‌ت بكه‌یت. راسته‌ ره‌وته‌ ته‌ندڕه‌وه‌كانی ئیسلام نكۆلی له‌ هه‌مووشتێك ده‌كه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌سته‌و خۆشه‌ویستی و سێكسه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ كارێكی شه‌یتانی داده‌نێن، به‌لام ئه‌م هه‌لوێسته‌ توندره‌وانه‌ رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیوه‌ جوانه‌ی ئه‌و شارستانییه‌تانه‌یه‌ كه‌ ئیسلام له‌سه‌رده‌می زێرینیدا پێیدا تێپه‌ڕوه‌.
لێردا مالك شبل بۆ ئاماژه‌كردن به‌سه‌رده‌می زێرینی شارستانییه‌تی ئیسلامی ئاماژه‌ به‌ كتێبه‌كه‌ی ئیبن حزم ئه‌نده‌لوسی ده‌كات به‌ ناونیشانی (گوق الحمامه‌ فی الالفه‌ و الالاف) ، كه‌ جوانترین كتێبێكه‌ فه‌قیهێكی گه‌وره‌ی ئیسلامی به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ باره‌ی خۆشه‌ویستی و سێكسدا نووسیویه‌تی ، ئه‌م فه‌قیهه‌ زۆر جوان ئاین ودونیای به‌یه‌كتر به‌ستۆته‌وه‌.

له‌ راستیدا له‌ شارستانییه‌تی ئیسلامیدا له‌م جۆره‌ نمونانه‌ زۆرن ، كه‌ زانا ئیسلامییه‌كان گرنگیان به‌ كاروباری جه‌سته‌و له‌زه‌ته‌كانی ژیان داوه‌ ، به‌ تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی سێكس. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ جگه‌ له‌م كتێبه‌ی ئیبن حزم كه‌ مالك شبل ئاماژه‌ی پێده‌كات، پێم وایه‌ كتێبه‌كه‌ی شێخ نه‌فزاوی به‌ ناونیشانی (الروچ العاگر فی نزهه‌ الخاگر) له‌ نێوان سالانی 1410-1434 نووسراوه‌، كه‌زیاتر كتێبێكی فێركارییه‌ ، له‌ كتێبێكی دیكه‌ی هه‌مان نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌ به‌ ناونیشانی (تنویر الوقاع فی أسرار الجماع ). له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌م كتێبانه‌ به‌ یه‌كێك له‌و نووسراوانه‌ی سه‌ربه‌ كلتوری ئیسلامه‌، كه‌ حه‌كیمانه‌ باس له‌ لایه‌نێكی گرنگی له‌زه‌تی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌كات ، كه‌ ئاره‌زووه‌كانی سێكسه‌ چۆنیه‌تی تێركردنییه‌تی.

مالك شبل له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا هه‌ولی داوه‌ كه‌ له‌ چیڕۆكه‌كانی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م كلتوری ئیسلامی ئه‌و لایه‌نه‌ شاراوانه‌ بخاته‌ روو كه‌ له‌ ئیسلامدا وه‌كو پێویست باسیان لێوه‌ نه‌كراوه‌. له‌ ساڵی 2004 فه‌ڕه‌نسادا مالك شبل دامه‌زراوه‌ی ئیسلامی رۆشنگه‌رای دامه‌زرداند، هه‌ر له‌م ساله‌دا كتێبی بانگێشه‌ بۆ ئیسلامی ڕۆشنگه‌را بلاوكرده‌وه‌، له‌م بانگێشه‌یه‌و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌یدا، مالك شبل هه‌ولی ئه‌وه‌ده‌دات لایه‌نی رۆشنگه‌رای ئیسلام بخاته‌روو، بانگێشه‌ بۆ ئیسلامێك ده‌كات كه‌و وه‌ك قۆناغی رۆشنگه‌ری هزری ئه‌وروپی و فه‌ره‌نسی گڕوتینی خۆی هه‌یه‌ له‌ رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگاكان بۆ گه‌یشتن به‌ راستییه‌كان. له‌ هه‌ردوو كتێبی بانگێشه‌ بۆ ئیسلام و له‌ گه‌ل كتێبی ئیسلام وعه‌قل ( شه‌ڕی هزره‌كان) هه‌ولوكۆششه‌كانی مالك شبل به‌رچاوده‌كه‌ون له‌ پێناو ئه‌نجامدانی ریفۆرم له‌ ئیسلامدا. كۆچی دوایی ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ردوو بواری هزری ئیسلامی رۆشنگه‌ری -كه‌ خۆی بانگێشه‌ی بۆ ده‌كرد -، هه‌روه‌ها هزری ریفۆرمی له‌ ئیسلامدا له‌ دوای خۆید به‌ جێ‌ ده‌ هێلێت.




میدیای كوردی له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا….2… نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

به‌شی دووه‌م

میدیای كوردی دوای ڕاپه‌ڕین

ڕاپه‌ڕین له‌ خۆیدا وێستگه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دی چاوه‌ڕوانكراو بوو ، كۆتك له‌سه‌ری ڕژا بوو ، زوڵم و زۆرداری ئه‌گه‌ر بشێ‌ بگوترێ‌ ببوو به‌ دوومه‌ڵێكی گه‌یوو ته‌نیا نووكه‌ ده‌رزیه‌كی بچووكی ده‌ویست ، كه‌ ئه‌ویش هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تی به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بوو بێت ڕه‌خساندنی و هه‌رچی له‌ ماوه‌ی ئه‌و ده‌یه‌یه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی كۆ ببووه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ …

له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ، پاش هه‌موو ده‌رهاوێشته‌كانی ، ڕاپه‌ڕین وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ گشتی و كولتووری كوردی به‌ تایبه‌تی ڕووبه‌ڕووی چه‌مكێكی نوێ‌ كرده‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌مكی (شۆكی ئازادی) ، هه‌ر ئه‌و شۆكه‌یش له‌ دوایدا ئه‌و بێسه‌روبه‌ریه‌ی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ و دامه‌زراندنی ئێستگه‌ی ڕادیۆ و ورده‌ ورده‌ ته‌له‌فزیۆن و ئیستگه‌ی سه‌تلایت به‌دوای خۆیدا هێنا ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ، بێ پلانی و شاشی له‌ ڕووی هاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌ تیژڕۆكانی ناوچه‌كه‌ و ده‌رهاوێشته‌ پێشڤه‌بڕ و پاشڤه‌بڕه‌كانیدا ، به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه‌ ده‌بینرێ‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش باری لاسه‌نگ و هه‌ل و مه‌رج لاسه‌نگتر ده‌كا ، پاش ئه‌وه‌ی ، ئه‌وه‌ی به‌ ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ( ئه‌هلی ) و ( سه‌ربه‌خۆ)یش هاتنه‌ مه‌یدان.. وای ده‌بینم له‌ باتی هاوسه‌نگ كردنه‌وه‌ی باری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی ڕای گشتی به‌ ئاراسته‌ی متمانه‌ به‌خۆبوون ڕوو له‌ ئاینده‌ و له‌ به‌رچاوگرتنی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیه‌تی كۆمه‌ڵ و بنه‌ماكانی ئه‌منیه‌تی نیشتیمانی ، بوو به‌مه‌یدانی موزایه‌ده‌ و لێدان و سپیكردنه‌وه‌ی ڕه‌ش و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی سپی…

دیاره‌ له‌ پاڵ ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ش ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی هه‌بووه‌ ، ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كی بێ لایه‌ن نییه‌ ، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی دارایی دیاره‌ و له‌ هه‌مان كاتدا هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنی – نووسراو – بیستراو – بینراو – ئه‌لكترۆنی – به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن…
به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی كه‌ مێژوویه‌كی له‌ كۆی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا هه‌یه‌ ، هه‌میشه‌ لایه‌نداری حزب بووه‌ ، زۆر له‌و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆیانه‌ ڕۆژگارێكی زۆر سه‌كۆی به‌رگری بوون له‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ده‌وری كاراشیان له‌و بواره‌دا دیوه‌.
سه‌ره‌باسی ئێمه‌ له‌م پاژه‌دا ڕۆژنامه‌گه‌ریی پاش ڕاپه‌ڕینه‌… لێره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بكه‌م كه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌.

چی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسان و
ئاراسته‌ی هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندندا گۆڕا ؟

(1)

سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین ، چه‌شنێك له‌ شۆك (شۆكی ده‌ربازبوون له‌سه‌ركوتكردن و سانسۆر) ڕووبه‌ڕووی ڕۆژنامه‌نووسان بووه‌وه‌ ، به‌مه‌ش هه‌ر كه‌سێ‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌یویست كارێك بكا ، هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستێك بنوێنێ‌ ، وه‌ك ئاماژه‌شمان پێدا سه‌ره‌تا ئه‌و شۆكه‌ بوو سیسته‌می مرۆڤی كوردی له‌ بارێكه‌وه‌ هێنایه‌ بارێكی دی .
به‌ڵام له‌ سه‌رێكی دییه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین ، كه‌ش و هه‌وایه‌كی تری بڵاوكرده‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیدا بوون (بێگومان هه‌موویان نا) وه‌ك هۆی كارای ڕاگه‌یاندن له‌ ڕادیۆیان زیاتر نه‌بوو ، به‌ ئاراسته‌ی كولتووریش بزاڤێكی له‌و چه‌شنه‌یان نه‌بوو ، ئه‌وه‌ی هه‌بوو یه‌كێتی نووسه‌ران ، پاش كاراكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ چالاكی كولتوورییان له‌ شێوه‌ی كۆڕ و سیمنار و به‌رنامه‌ی ئیستگه‌یدا هه‌بوو(20)، ته‌نانه‌ت وه‌كو جوولانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیش یه‌كه‌مین جار یه‌كێتی نووسه‌ران ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌یان له‌ ڕۆژانی (كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕین)ی خۆیاندا به‌ ناوی (كۆنگره‌) ده‌رچوواند ، وه‌كی دی بڵاوكراوه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ نه‌بوو بشێت بگوترێ‌ به‌قه‌د ئه‌و گۆڕانه‌ بێت ڕاپه‌ڕین به‌رپای كرد .

تا ئه‌وه‌ی ساڵ وه‌رسووڕایه‌وه‌ و دوای هه‌موو ده‌رهاوێشته‌كانی كۆڕه‌وی ملیۆنیی كورد ، له‌12/1/1992دا ژماره‌ی سفری ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌ ناوی (كوردستانی نوێ‌) له‌ شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی (كوردستانی نوێ‌)یشه‌وه‌ حزبه‌كانی دیكه‌ش كه‌وتنه‌خۆ ، له‌وانه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌حه‌فته‌نامه‌ی (خه‌بات) له‌ پێشدا پاشان ڕۆژنامه‌ی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ و پارتی گه‌ل – به‌ ڕۆژنامه‌ی ناوه‌ناوه‌ی (گه‌ل) و حزبی سوسیالستی كوردستان به‌ (ڕێگای ئازادی)و پاشان حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به‌ ڕۆژنامه‌ی (ئاڵای ئازادی)….تاد
دیاره‌ له‌ ڕووی هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسان مۆدێكی دی هاته‌ كایێ ، جیاواز له‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین ، به‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژنامه‌رگه‌ریی ڕاپه‌ڕیندا كه‌وتنه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئازاد و ئازادانه‌ بیریان ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یاننووسی كه‌ هه‌ندێ‌ جار پیشه‌ییایه‌تیشیان ڕه‌چاو نه‌ده‌كرد ، به‌ڵام دیسان تا هه‌ڵبژاردنیش (ساڵی 1992) هه‌ستیان به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كرد كه‌ ئه‌زموونێك به‌ڕێوه‌یه‌ پێویسته‌ بپارێزێ‌ …

به‌ كوردی به‌ بێ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ‌ ، ڕۆژنامه‌نووسان كه‌ زیاتریش له‌ناو توێژی نووسه‌راندا هاتبوون تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا یه‌ك ده‌نگ بوون نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بگره‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێ‌ ویستبای یا زاتی ئه‌وه‌ی كردبووایه‌ به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێ‌ درز بخاته‌ ئه‌و یه‌كده‌نگیه‌ ، له‌ لایه‌ن خودی ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌می ده‌درایه‌وه‌ و لێی قبوڵ نه‌ده‌كرا…
به‌ مانایه‌كی دی ئاراسته‌ی میدیای كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئاراسته‌یه‌كی ستراتیژی دووربینتر بوو میدیایه‌كی تاڕاده‌یه‌كیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو ده‌گرت ، باوه‌كو ئه‌وسا ئه‌وه‌ی هه‌بوو نه‌بوو ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی بوو بێ . به‌ڵام له‌ ڕووی پیشه‌ییایه‌تی و باری ئه‌و میدیایه‌ ، سه‌یر ده‌كه‌ین ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیروڕاو ڕۆژنامه‌گه‌ریی هه‌واڵ تێكه‌ڵ كرابوون كه‌ ئێستاش ئه‌و سیمایه‌ له‌ میدیای كوردی و كوردستانیدا ون نییه‌…. هه‌ر به‌م ئه‌گه‌ریشه‌وه‌یه‌ زۆرجار بابه‌تایه‌تی تێدا كاڵ ده‌بێته‌وه‌.

(2)

میدیای كوردی له‌ ده‌سپێكی پاش ڕاپه‌ڕین تا ڕاده‌یه‌ك ، ته‌نانه‌ت له‌چاو ئێستاش دوانه‌كه‌وتبوو به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراویشه‌وه‌ كه‌ چه‌ندان به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیری و كولتوورییان بڵاوده‌كرده‌وه‌ و به‌ پێی هه‌ڵ و مه‌رج و ئیمكانیاتی ئه‌و ده‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو حسابانه‌وه‌ .
به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردن و دامه‌زرانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ، دیاره‌ باره‌كه‌ كه‌وته‌ بازنه‌یه‌كی دی ، به‌ بڕوای من تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و (شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ) و پاشان (شه‌ڕی به‌ڕاستی) كه‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ناسرێته‌وه‌ و ده‌رهاوێشته‌كانی ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و هۆیانه‌ بوون كه‌ ئیتر ڕه‌نگی حزبایه‌تی جێی به‌ڕه‌نگی یه‌كڕیزی له‌ق كرد… به‌م جۆره‌ وه‌ك پێویست بوو و ده‌یخواست میدیای كوردی هه‌واڵی ڕاست و زانیاری دروست و پێویست بدا به‌ خه‌ڵك ، كه‌وته‌ ئه‌و باره‌ی هه‌ر كه‌سێ‌ به‌ له‌یلای خۆیدا هه‌ڵبڵێ‌…

تا ئه‌وه‌ی میدیای بینراویش هاته‌ دامه‌زراندن و په‌خش و وه‌شانی ده‌ست پێكرد ، سه‌ره‌تا به‌ ده‌یان و دوای بوو به‌ سه‌تان ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و زنجیره‌یه‌ك كه‌ناڵی لۆكاڵی ته‌له‌فزیۆن… تاكو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی دامه‌زران ، كه‌ یه‌كه‌مینیان كه‌ناڵی (مێد تیڤی) بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ، له‌ هه‌نده‌ران و پاشان كه‌ناڵی (كوردستان TV) وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ئاسمانیی له‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان له‌ نیشتیمان ساڵی 1999 ده‌ستی به‌ په‌خش كرد و له‌ دوایشدا وه‌ك ده‌بینین چه‌ندان كه‌ناڵی دیكه‌ی به‌دوادا هات ، له‌وانه‌ (كوردسات، زاگرۆس، گه‌لی كوردستان) و تاد….
به‌و ڕه‌نگه‌ میدیای كوردی چووه‌ قۆناخێكی دیكه‌وه‌ ، ڕۆژنامه‌نووسانیش كه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ناو توێژی نووسه‌رانه‌وه‌ ده‌هاتن ، وای لێهات هه‌رچی خه‌ت و قه‌ڵه‌مێكی هه‌بوو ، به‌ هۆی بوونی ئه‌و هه‌موو بڵاوكراوه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنانه‌وه‌ بوو به‌ڕۆژنامه‌نووس!! ، به‌ تایبه‌تی له‌كات و دوای شه‌ڕی ناوخۆ (بچی نه‌یه‌ته‌وه‌) وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌رهاوێشته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ میدیا ، میدیایه‌ك خۆی به‌ (میدیای ئه‌هلی) خسته‌ڕوو ، هه‌روه‌ها میدیایه‌كی دی كه‌ به‌ (میدیای سێبه‌ر) ناسێندرا په‌یدابوو .

ئه‌وه‌ی به‌ (میدیای ئه‌هلی) خۆی پێشكه‌ش كرد ، له‌ ڕاستیدا له‌ هه‌ندێ‌ وێستگه‌وه‌ نه‌بێ جیاوازیه‌كی جه‌وهه‌ری ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ (میدیای سێبه‌ر) لێ نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ خوێنده‌واری وردبین پێم وانییه‌ شاراوه‌ بێ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ سه‌كۆیه‌كی حازر و ئاماده‌ دیتراون ، به‌رداوا ، بۆ ئه‌و لایه‌ن یان ئه‌و كه‌سایه‌تی له‌دژی ئه‌وی دیكه‌یان ، هه‌ر شتێكیش به‌ نرخی خۆی ، ده‌نا (ئه‌هلی) یانی چی؟
ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ لێی بڕوانین ، (ئه‌هلی یان ئه‌هالی) واته‌ هاونیشتیمان، باشه‌ خۆ ئه‌و هاونیشتیمانییانه‌ی هه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مه‌وه‌ ساڵی 1992 ده‌نگیان به‌لایه‌نه‌كانی كوردستان دا، ئه‌وانیش ده‌توانن به‌ میدیاكانی خۆیان بڵێن (ئه‌هلی)، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش له‌ (ئه‌هلی) سه‌ربه‌خۆیی بێ، داخۆ ئه‌و (خۆ)یه‌ كێیه‌؟
له‌لایه‌نی ڕوانینی بابه‌تایه‌تی و پیشه‌ییایه‌تیه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و (خۆ)یه‌ (خاك – نیشتیمان)بێ ، به‌ هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی وشه‌كه‌ هه‌ڵیده‌گرێ‌ له‌ مه‌غزا و ئینتیماوه‌ ، ئه‌وه‌ش وای نابینم به‌ هۆی له‌تركزه‌یی خودی ماناكه‌ ، به‌و مانایه‌ ڕه‌نگی دابێته‌وه‌ . وه‌كو ڕای خاكی خۆم ، هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌ دانیم نه‌ك ته‌نێ له‌ كوردستان ، له‌ هه‌موو جیهاندا میدیایه‌ك هه‌بێ سه‌ربه‌خۆ.

كه‌ناڵه‌كانی میدیا یان سه‌ربه‌ حزبێكن ، یا كۆمپانیایه‌ك یا گروپێكی بازرگانی دیاریكراو یان سه‌رمایه‌دارێك كه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ پشتی ده‌گرێ‌ و باروبووی ده‌كا ، یان زۆرجار ڕه‌نگه‌ سه‌ر به‌لایه‌نێكی هه‌واڵگریی یا سه‌ربازی یا ده‌وڵه‌تی یان ڕێی تێ ده‌چێ‌ هه‌ندێ جار سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تێكی ئیقلیمی یا هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی ، یاخود لایه‌نێك یا ده‌زگایه‌ك له‌و ده‌وڵه‌ته‌… ته‌واوی كه‌ناڵه‌كانی میدیای دونیایێ له‌و بازنه‌یه‌ ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نموونه‌یشت ویست ، سه‌یری كه‌ناڵی (الجزیره‌) له‌قه‌ته‌ر و (العربیه‌) و (الحدپ) و ڕۆژنامه‌كانی (الحیاه‌) و (الشرق الاوسگ)ی عه‌ره‌بستانی سعوودی و (العالم)ی سه‌ر به‌ ئێران و كه‌ناڵه‌ ئیتاڵیه‌كانی سه‌ر به‌ سه‌روه‌زیرانی پێشوو به‌رلسكۆنی و میدیاكانی (مه‌ردۆخ) له‌ به‌ریتانیا و شوێنی دی.
ته‌نانه‌ت (BBC) عه‌ره‌بی و فارسی و زمانه‌كانی دی كه‌ زۆرجار وه‌كو نموونه‌ی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن باسیان ده‌كرێ‌ ، هه‌رچه‌نده‌ باروبوو له‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا وه‌رناگرێ‌ ، له‌كاتێكدا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ ، ئێستا له‌ ڕێی ئه‌و باج و ده‌رامه‌ته‌ی له‌ هاووڵاتیانی وه‌رده‌گرێت به‌ڕێوه‌ ده‌برێ‌ ، كه‌ ئه‌ویش بێگومان ده‌وڵه‌ت به‌ پێی یاسا و ڕێسایه‌ك ڕێكی خستووه‌…

ڕاسته‌ BBC تا ڕاده‌یه‌كی نكۆڵیلێنه‌كراو بابه‌تایه‌تی و پیشه‌ییایه‌تی له‌ هه‌واڵ و پڕۆگرامه‌كانیدا پاراستووه‌ ، به‌ڵام ئه‌ویش كه‌ (به‌ دڵی خۆ) سه‌ر مه‌شق و نموونه‌یه‌ زۆرجار به‌ بێلایه‌نی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ هه‌واڵدا نه‌كردووه‌ و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت (به‌ریتانیا) به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێ ڕه‌فتاری كردووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا ، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك ، هه‌ر بۆ نموونه‌ BBC له‌به‌شی فارسیدا به‌ كه‌نداو ده‌ڵێ‌ (خلیج فارس) كه‌ چی له‌به‌شی عه‌ره‌بیدا ده‌ڵێ‌ (الخلیج العربی)!
بێجگه‌ له‌وه‌ی زۆر هه‌واڵی مه‌ترسیدار هه‌بووه‌ له‌ زوڵم و زۆری دونیایێ و پێشێل كردنی (مافی مرۆڤ) له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ ڕژێمی حوكمه‌وه‌ ، كه‌چی چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئینگلیز له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕژێم یان ئه‌و ده‌وڵه‌تدا بووه‌ ڕێگای نه‌داوه‌ ، ته‌ماشا ده‌كه‌ین BBC ، یان خۆی لێ بواردووه‌ ، یاخود ئه‌گه‌ر باسیشی كردبێ وه‌ك ده‌ڵێن له‌ ڕووی (إسقاگ فرچ)بووه‌ ، واته‌ له‌ كۆڵ خۆكردنه‌وه‌.

ئێمه‌ كه‌ BBC ده‌هێنینه‌وه‌ له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ كه‌ باشترینیانه‌ له‌ نزیك بوون له‌ پاراستنی بێلایه‌نی و په‌یڕه‌و كردنی پیشه‌ییایه‌تیدا(21).
CNN یش كه‌ به‌سه‌ربه‌خۆ ناسراوه‌ و موڵكایه‌تی یه‌، ڕاسته‌ له‌ ڕووی خێرایی گه‌یاندن و پیشه‌ییایه‌تی و كادیری پڕۆفیشناڵه‌وه‌ ، ناوبانگی ده‌ركردووه‌ ، به‌ڵام لای شاره‌زا و چاودێرانی میدیا وه‌ كاركردنی ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی ئاراسته‌ی ستراتیژییه‌وه‌ (ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا) شاراوه‌ نییه‌(22). (CNN)یش ده‌چێته‌وه‌ ڕیزی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ئیعتوباریان وه‌رگرتووه‌.

به‌ڵام كه‌ به‌وردی لێی بڕوانین زۆرجار ئه‌و جۆره‌ كه‌ناڵانه‌یش به‌هێزی خێرایی گه‌یاندن و كادیری پڕۆفیشناڵ و پیشه‌ییایه‌تی له‌ كاركردن و ته‌كنیكی نوێ‌ و بایه‌خ دان به‌ هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژی سه‌رنجڕاكێشه‌وه‌ لایه‌ندارییان داده‌پۆشن…
كه‌واته‌ ئه‌و میدیایه‌ی به‌ (ئه‌هلی) خۆیان ناساندوه‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی به‌ كوردی په‌خش ده‌كه‌ن یان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بێلایه‌نی خۆیان بپارێزن ، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ناڵ هه‌بن ڕه‌نگه‌ زۆرجار توانیبێتیان (تاڕاده‌یه‌ك) لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ و به‌رده‌م مایك و شاشه‌كانیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بێلایه‌نی یا سه‌ربه‌خۆی به‌ ته‌نیا هه‌ر له‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌رابه‌ر ڕاگرتنی ڕایه‌ جیاوازه‌كان نییه‌.

میدیای كوردی هه‌رچی بكا ، نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاراسته‌ی باروبووكه‌ر بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، بێگومان كه‌سیش ئاماده‌ نییه‌ له‌به‌ر ئاوێنه‌ بوه‌ستێ‌ وجنێو بدا و به‌ پاره‌ی خۆی ته‌شهیر به‌ خۆی بكا ، یان هه‌رچی نه‌بێ به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا نه‌شكێنێته‌وه‌.
پاشان لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ ته‌نیا هه‌ر پاڵپشتی دارایی نییه‌ ، به‌ڵكو پاڵپشتی گه‌لێك جار له‌ زانیاری پێدان و ده‌رفه‌تی ده‌ستخستنی ڕیكلام و په‌یداكردنی سپۆنسه‌ریشدا ده‌بێ… چه‌ندی میدیای سێبه‌ره‌ ، میدیای سێبه‌ر ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستان ئه‌زموونێكی تاڕاده‌یه‌ك تازه‌یه‌ ، به‌ڵام زۆر له‌ ده‌وڵه‌تان به‌ تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ پاره‌داره‌كان ئه‌وه‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیشن به‌ نموونه‌ كڕینی چه‌ند كه‌ناڵێكی میدیایی ، ئینجا ڕۆژنامه‌ یا گۆڤار یا كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی بێ كه‌ پێیاندا هه‌ڵبڵێ‌ و په‌سنی كاره‌كانیان بكا و…..تاد.

ڕژێمی سه‌دام حسین به‌رچاوترین نموونه‌یه‌ ، له‌ كڕینی ئه‌و جۆره‌ میدیایه‌ ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی به‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌زگایه‌ك یا كه‌سێك له‌ پایته‌خته‌كانی دونیادا ده‌رده‌چوون. چه‌ندی میدیای سێبه‌ره‌ له‌كوردستاندا دوای شه‌ڕی ناوخۆ سه‌ری هه‌ڵدا له‌م ڕاسته‌شدا پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ پیشه‌یه‌كی ئامانجداری به‌رپرسیار كرد به‌ پیشه‌یه‌ك بۆ بژێوی و ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵكانێك كه‌ هه‌ندێ جار ڕۆژنامه‌نووسیش نه‌بوون ! ته‌نانه‌ت زۆر جار لێره‌و له‌وێ‌ هه‌وڵ هه‌بووه‌ له‌ سپیكردنه‌وه‌ی ڕه‌ش و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی سپی …
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش میدیای پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ ئێمه‌ باسی ئه‌و میدیایه‌ ده‌كه‌ین دوای شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی لایه‌نه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا به‌ میدیای ئه‌هلی و سێبه‌ریشه‌وه‌ كه‌ زۆرجار میدیای لایه‌نه‌كانیشی به‌و ئاراسته‌یه‌ ڕاكێشاوه‌ ، درێغیان نه‌كردووه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری به‌كاربردن (استهلاكی) و به‌لاڕێدابردن و خوردبوونه‌وه‌ی شاش و درشت ، به‌ هۆی به‌رنامه‌ و درامای لاسایكاری خۆماڵی و دۆبڵاژكراوی نامۆ به‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری كه‌ ئه‌گه‌رێك بووه‌ له‌ كاڵ كردنه‌وه‌ی ئینتیمای نیشتیمانی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ناڵگه‌لێك (لۆكاڵی و سه‌ته‌لایت) ده‌ركه‌وتوون به‌وه‌ی هه‌ر به‌ نموونه‌ خۆیان به‌ داكۆكیكاری ئافره‌ت و ژنان ناساندوه‌ ، كه‌چی هه‌میشه‌ ده‌بینین زوومی كامیراكانییان ڕوو له‌ جه‌سته‌ی ئافره‌ت و ژیانی زۆر تایبه‌تیه‌تی ، به‌ ماڵپه‌ڕه‌كانیشیانه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و ڕیكلامانه‌یش نه‌كه‌ین كه‌ به‌هه‌مان ئاراسته‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.
له‌لایه‌نی هه‌ڵبژاردن و دانانی به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌شدا شتێك له‌ میدیای كوردیدا نابیندرێ بیر له‌وه‌ كرابێته‌وه‌ چ فلیمێك یا درامایه‌ك ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندوتیژی یا لاوازكردنی ئینتیما به‌ تایبه‌تی لای نه‌وه‌ی نوێ‌ ، كه‌چی كۆڕ و سیمینار له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ له‌ڕووپه‌ڕی لاپه‌ڕه‌ و به‌رده‌م مایك و شاشه‌كانییان ناپسێنه‌وه‌ !!

ماویه‌تی

—————————-
ئاماژه‌ و په‌راوێز
20 – نه‌ژاد عزیز سورمێ‌- دره‌ختی بنكۆڵ كراو – په‌نجه‌نمایه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ بۆ باری ڕووناكبیریی و كولتووری كوردی – 1975 – 1994 – چاپی دووه‌م – 2006. بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ (36)، هه‌روه‌ها لاپه‌ڕه‌ (46).
21 -بۆ ڕێ‌ ڕوونی و زانیاری زیاتریش له‌باره‌ی BBC له‌م ڕووه‌وه‌ بڕوانه‌- محمد الرمیحی – (دكتۆر)- بئس قسم الـBBC العربی- ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ) ژماره‌ 13024 له‌ 26/7/2014، لاپه‌ڕه‌ 13.
22 -له‌ڕووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ردا ، حكوومه‌تی ئه‌مریكا CNNی ئاگاداركرده‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی لاشه‌ی قوربانییان ، وه‌ك به‌شێك له‌ ئیجرائاتی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ پاراستنی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ (ئه‌منی قه‌ومی).




هونەری پەروەردەی منداڵان …. رەزا شوان

کوردیلە شیرین و چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان.. هیوای داهاتووی کوردستانن.. بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن.. کە لە سامانی نەوت و زێڕ و لە هەموو لە سامانێکی تریش زۆر گرنگترن و بەنرخترن.
لە هەموو جیهاندا و لە هەموو سەردەمێکدا، منداڵان هێمای جوانی و بێتاوانی و دڵپاکی و راستگۆیین، ئەوەی کە لە دڵیان دایە هەر ئەوەیە کە لەسەر زاریان دایە.. جیهانی منداڵان جیهانێکی زۆر سەیر و سەمەرە و پاک و بێگرد و بێ تەمە.. جیهانێکی بێ فڕوفێڵ و بێ پێچ و پەنایە.. منداڵان رق و کینە و بوغز و دوژمنایەتی نازانن.. درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندن نازانن.. جیهانێکی زۆر سادە و ساکاری خاکییان هەیە.. جیهانێکی وەنەوشەیی پڕ لە سۆز و لە رێز و لە خۆشەویستی و خۆشبڕواییان هەیە.. جیهانێکی پڕ لە رازی شیرین و لە نیازی پاک و لە خەیاڵی فراوان و لە خەون و لە هیوای سەوز و لە گەشبینییان هەیە.. جیهانێکی پڕ لە زەردەخەنەی ناسک و پێکەنینی شیرین و لە بەزم و رەزم و یاری و خۆشییان هەیە.

پێویستە گەورەکان بەر لە ئازادی منداڵان نەگرن و، ئەم جیهانە خۆشەیان لێ تاڵ نەکەن و لێیانیان تێکنەدەن.. بێگومان خۆشترین قۆناغ لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغەکانی منداڵین.
ئامانج لە پەروەردەی منداڵان ئەوەیە کە یارمەتی منداڵان بدەین، بۆ ئەوەی بە دروستی گەشەبکەن و بە جوانی پێبگەن و بە باشی رەفتار و هەڵسوکەوت بکەن و، کۆمەڵایەتی بن و، کەسێتیی دروستی بڕوا و متمانە بە خۆیان لێبێنە ئاراوە، بتوانن پشت بە توانا و بە بەهرەکانی خۆیان ببەستن و، هەست بە بەرپرسێتی بکەن و، پەیوەندبن بە بەها جوان و پیرۆزەکان و، بە دەستوورەکانی ژیانەوە.. دووربکەونەوە لە شتە نەرێنییەکان و نزیک ببنەوە لە ئەرێنییەکان.. تا لە داهاتوودا ببن بە تاکی دروست و سودبەخشی کۆمەڵگاکانیان.. زۆربەی تيۆرە پەروەردەییەکان بۆ ئەم ئاماجانە هاتوونەتە کایەوە.

(جۆن دێوی) دەڵێ: “منداڵ ئەو خۆرەیە کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە..”
پەروەردەی منداڵان، هونەر و زانستییە، ئەرکێکی یەکجار گرنگ و پیرۆز و هەستیارە.
(ئەفلاتوون) دەڵێ: “هونەرێکی تر بوونی نییە کە لە پەروەردە بەرزتر و پیرۆزتر بێت”
ئەوەش دەزانین کە پەروەردەی منداڵان کارێکی هەڕەمەکی ئاسان و بەڕێکردن نییە.. بێ ئەرک و ماندووبون نییە.. بەڵام کارێکی ئەستەمیش نییە.. گەر بە دڵسۆزی و بە بەڵەدی و بە پشوودرێژییەوە ئەم ئەرک و خزمەتە گرنگ و پیرۆزە لە ئەستۆبگرین.. سەرکەوتوو دەبین و دەتوانین لە هەموو روویەکەوە نەوەیەکی دروست و رۆشنبیر و خێربەخش پێبگەیەنین.. داهاتوویەکی باشتر و شایستەتریش دەستەبەربکەین.. گەر بمانەوێت شۆڕشێکی چاکسازی و گۆڕناکاری و تازەگەری بەرپابکەین.. پێویستە لە کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین.. پرۆگرامەکانی فێرکردن و پەروەردەکردن بگۆڕین.. مامۆستاکان بە پەروەردەی نوێ و بە رێبازە تازەکانی وتنەوەی وانە ئاشنا بکەین.

(ئەرستۆ) دەڵێ:”رەگی پەروەردە تاڵە.. بەڵام بەرەکەی شیرینە”
کوردیش دەڵێ: “منداڵ شیرینە.. بەڵام پەروەردە شیرینترە”
شایەنی باسیشە هەردەم جەخت لەسەر ئەوە راستییە دەکرێتەوە، کە بە پلەی یەکەم پەروەردەکردنی منداڵان لە ئەستۆی دایکاندایە.. دایکان گرنگترین و کاریگەرترین رۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانیاندا، زیاتریش لە باوکان دەتوانن نازی منداڵەکانیان بکێش.. دایکان یەکەمین مامۆستایانی منداڵانن.. ئەوەی لە باوەشی دایکانیاندا فێریان دەبن، ئەوەی لە دایکانیانەوە وەریان دەگرن هەرگیز لە یادیان ناچنەوە.. بۆیە پشکی شێری شانازی و پێزانین، لە پەروەردەکردنی دروست و لە پێگەیاندنی منداڵان بە باشی، لە رووی لەشساغی، دەروون ئاسایی، کۆمەڵایەتی، رەوشتی و رەفتارییەوە، بەر دایکان دەکەون.

(کیـم ئیـل سۆنگ) دەڵێ:”مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەمیشە ئەوانەن کە لە لایەن دایکانیانەوە بە باشی پەروەردەکراون”
(ناپلیۆن) یش دەڵێ:”داهاتووی منداڵ.. بەندە بە دایکییەوە..” مەبەستیش ئەوە نییە کە رۆڵی باوکان بە کەم بزانین.. نەک تەنها لە مرۆڤدا، بەڵکو لە هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن بێچووەکان لە ئەستۆی دایکانیان دایە.
پەروەردە کەسایەتی و نەوەی داهاتوو بنیات دەنێت.. منداڵان بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوو لە هەموو بوارەکاندا ئامادە دەکات.. بۆ داهاتوویەکی گەشتر و بۆ ژیانێکی خۆشتر و بۆ جیهانێکی ئاسوودەتر.. بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و سازان لەگەڵ یەکتریدا.

ماڵەوە یەکەمین قوتابخانەی منداڵە، خێزانیش یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەییە و بەردی بناغەی کۆمەڵگایە.. منداڵ لە ناو خێزاندا چاوهەڵدێنێ و فێردەبێ و وەردەگرێ تا ئەو کاتەی پشت بە خۆی دەبەستێ و تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات و، بەهرە و تواناکانی خۆی دەسەلمێنێت.. کەواتە خێزان رۆڵێکی سەرکیی هەیە لە فێرکردن و لە گەشەکردن و لە پەروەرەدەکردنی منداڵاندا.. دواتر رۆڵی دامەزراوەی پەروەردەیی دووەم دێت کە قوتابخانەیە، دینەمۆی قوتابخانەش مامۆستاکانن، کە تەواکەری پەروەردەی ماڵەوە و خێزان.. هەندێ لە مامۆستایان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، بایەخێکی زیاتر بە فێرکردن دەدەن و کەمتر بایەخ بە لایەنی پەروەردەیی دەدەن.. لە کاتێکدا پەروەردە لەپێشترە لە فێرکردن.. باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان رۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی و کاریگەریان هەیە لە پەروەرەکردنی دروست و لە ئاراستەکردنی راست و لە راهێنانی پێویستی منداڵاندا، کە بە پێی پرۆگرام و سیستم و رێبازە تاقیکراوە سەرکەوتووەکان، منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن.. رۆڵیان لە رۆڵی ماڵەوە و خێزان کەمتر نییە.

نووسەری بە ناوبانگ (ڤیکتۆر هۆگۆ) دەڵێ:

“ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە.. دەرگای گرتووخانەیەک دادەخات..”
بێجگە لە خێزان و لە قوتابخانە هەریەکەش لە، شەقام، کتێبخانە، کۆمەڵگا، راگەیاندن و میدیاکانیش رۆڵ و کارتێکردنیان لەسەر پەردوەردە و رۆشنبیریکردنی منداڵان هەیە.
لە پەروەردەی نوێدا، منداڵان تەوەری سەرکین، ئازادیکی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی بەهرە و تواناکانیان دەربخەن و، خۆیان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن و، پەند و وانە لە سەرکەوتنەکانیان و لە هەڵە و شکستییەکانیان وەربگرن و هەڵەکانیان راستبکەنەوە.
لەم سەردەمەدا، رۆشنبیری و زانستی و زانیاری و بلیمەتی و زۆرزانی و داهێنان، بوونەتە چەکێکی ستراتیژی جیهانی و رۆڵێکی گرنگیان هەیە، لە جەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فێرکاری و پەروەردەیی و کێبڕکێ پێشکەوتن و رۆشنیرکردنی منداڵان بە دروستی.. هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ژێرخانی گەشەکردن و داهێنان و پێشکەوتن.

لە ئەمڕۆدا، پێشکەوتنی گەلان بەوە پێوانە دەکرێت، کە تا چ رادەیەک بایەخیان بە گرنگی فێرکردن و بە پەروەردەی دروست و بە راهێنان و ئامادەکردنی منداڵەکانیان داون، لە پێناوی ئایندەیەکی باشتر و گەشتردا.. ئەوان لەم روانگەیەوە لە منداڵەکانیان دەڕوانن کە: (منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و.. هەموو داهاتووشن..)
منداڵانی ئەمڕۆمان لە سایەیەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و داهێنانی بە دەیان بابەتی سەیر و سەمەرەی وەکو (ئینتەرنێت، پلەیستێشن، ئایفۆن، ئایپاد، کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگ، سینەمای منداڵان،… هتد) لە منداڵانی سەدەی بیستەم، جیاوازترن و بەختەوەرترن، ژیر و بلیمەت و چاوکراوە و زۆرزانتر و رۆشنبیرترن، خەیاڵ بڵاوتر و بیر قوڵترن، خەون و هیوا و خواستەکانیشیان هەمان خەون و هیوا و خواستەکانی منداڵانی پێش خۆیان نین.. بۆیە پێویستە ئەو کەس و دەزگایانەی ئەرگی فێرکرد و پەروەردەکردنی منداڵانیان لە ئەستۆ گرتوون، ئەو راستییانە لەبەرچاو بگرن و، لە ئاستی پەروەردەی نوێدا بن.

لەم پیۆدانگە، پێویستە هەموو ئەو کەسانە و لایەن و دەزگا پەروەردەییانەی کە منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن و، بە هزری بەرز و سوودبەخش زاخاوی هۆشیان دەدەن و رۆشنبیریان دەکەن، وکو ( دایکان و باوکان، مامۆستاکان، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، راگەیاندکاران، میدیاکان،…هتد) هەست بەوە بکەن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و قورس و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون، هەر هەڵەکردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵاندا کارەساتێکی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دێنێت.
(ئەلیزابێت ماخ) دەڵێ:”لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەی منداڵاندا، هەر هەڵەیەک بکەین دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی دواڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتێ”
پێویستە دڵسۆزانە و کوردانە و سەردەمییانە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان پەروەردەبکەین، بە کوردایەتی گۆشیان بکەین، تا شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان پەروەردەیان بکەین.. هەمیشەش گەشبینی و بڕوا و هیوای سەرکەوتن بخەینە دڵە قنجەکانیانەوە.. ئەمانەش لە ئامانجە گرنگەکانی پەروەردەی دروستی منداڵانن.. کوردیلە چاوگەشانەی ئەمڕۆمانن، کە لە سبەینێدا دەبنە: شاسوار و شۆڕەسواری مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی و، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان بەرزدەکەنەوە.. ئەم کاکەلە روحسووکانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە پیاوانی مێرخاس و جوامێر و دلێر و بوێر، بە باوکانی دڵسۆز.. ئەم خونجەگوڵە گەشانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە شۆڕەژنانی خان و مان و، بە شیرەژنانی ناوداران و، بە دایکانی میهرەبان و بەسۆز..

هەر کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن کە لە سبەینێدا، شکۆداری نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەپارێزن.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، هەموو کاروبارێکی کوردستان دەگرنە دەست و بەڕێوەیان دەبن.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە، دەسەڵاتدار و کارگێڕ و فەرمانڕەوا.. دەبنە رابەر و سەرکردە و پێشەوا.. دەبنە نووسەر و شاعیر و رۆشنبیر و راگەیاندنکار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند.. دەبن بە زانا و دانا و بیرمەند .. دەبن بە پەڕلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەر.. دەبنە باڵیۆز و نوێنەری کورد و کوردستان و، دەنگ و رەنگی کورد بە جیهان دەگەیەنن و، چەپکە نیرگزی خۆشەویستیش پێشکەش بە گەلان دەکەن و، پەیامی ئازادی و ئاشتیخوازی گەلی کوردمان بە هەموو گەلانی جیهان دەگەیەنن.

تا دروستر و پوختەتر کوردیلەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە بکەین.. تا جوانتر و باشتر فێریان بکەین.. راستر ئاراستە و رێنماییان بکەین.. هێندەی تر دڵنیا و گەشبین دەبین کە رەنجبێوەر نابین و، دواڕۆژێکی گەشتر و خۆشتر بۆ کورد و کوردستانمان دێنەدی.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە تاکی سوودبەخشی کورد و، هەر لە سایەی پەروەردەی دروستی ئەمانیشدا کۆمەڵگایەکی کوردیی بەختەوەر و تەبا دێتە ئاراوە.
پێویستە رێز لە کەسێتی و ئازادی و لە را و بۆچوونەکانی کوردیلەکانمان بگرین.. وەکو مرۆڤێکی بچووک لێیان بڕوانین و، بە جوانیش رەفتاریان لەگەڵدا بکەین.. سۆز و رێز و خۆشەویستییان پێببەخشین.
گەر هاتو بە سەقەتی و نادروستی کوردیلەکانمان گۆش و پەروەردە بکەین، بە خراپی ئاراستە و رێنماییان بکەین.. پشتگوێیان بخەین و بایەخیان پێنەدەین و، بیان دەینە دەست قەدەڕێکی نادیارەوە.. دوور نییە کە لاڕێ ببنەوە و، نابەڵەدانە مل بە هەڵدێرێکی هەزار بە هەزارەوە بنێن و، دووچاری چارەنووسێکی رەش و نوتەک ببنەوە.. ئۆباڵی ئەم ئاکامە نەخوازراوەش لە ئەستۆی هەمووان دەبێت و، هەر هەمووشمان باجێ ئەم گوناهەمان دەدەینەوە.. پەشیمانیش بێهودەیە و، پاکانەش لە کەسمان قبووڵ ناکرێت و مێژووش لێمان نابوورێت و، بەر لۆمە و نەفرەتی نەوەی داهاتووشمان دەکەوین.
کورد زۆر راستی وتووە کە:” چی بچێنین.. ئەوە دەدوورینەوە”
دامەزراوەیەکی ئەمریکی کە بایەخ بە تەندروستی هۆشی منداڵان دەدا، لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ پەنجا لە دایکان و باوکانی ئەمریکی ئەنجامدا کە لە بواری پەروەردەی منداڵاندا سەرکەوتووبوون.. بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو دایک و باوکانە ئەم دامازراوە ئەمریکییە چەند ئامۆژگارییەکی باشیان راگەیاند بۆ پەروەرەدەکردنی دروستی منداڵان.. ئێمەش بۆ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوەمان بۆ پەروەردەی دروستی منداڵانی کوردمان، تا رادەیەک سوودمان لە ئامۆژگارییەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە وەرگرت، بە کورتی:

١ـ سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتر بە منداڵەکانتان ببەخشن، چونکە ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە.. بۆ ئەوەی منداڵەکانتان هەست بە ئاسوودەیی و بە دڵنیایی بکەن، بۆ ئەوەی جگەرگۆشەکانتان خۆشەویستی و هاوبەستەبوونی خێزانییان بۆتان هەبێت.
٢ـ رۆژانە کاتێکی دیاریکراوتان هەبێت.. کە بەخۆشی و شادی و بە قسەی خۆش و بە پێکەنین لەگەڵ منداڵەکاتان بە سەربەرن.. فێری هەندی بەهرە و شارەزاییان بکەن.. یاریش فەرامۆش، پێویستییەکی گرنگی منداڵانە و، شێوازێکی ئاسانی پەروەردەییە.
٣ـ منداڵەکانتان فێربکەن، راست لە هەڵە، باش لە خراپ جیابکەنەوە.. فێری بەها جوانەکان و بنەما رەوشتییەکانیان بکەن.. تا لە منداڵییەوە دەقیان پێوەبگرن.
٤ـ رێزگرتنی دوولایی لە نێوان خێزندا زۆر گرنگە، پێویستە هەموو ئەندامانی خێزان، گەورە و بچووک رێز لە یەکتری بگرن و، رووحی لێبووردەیی باڵ بکێشێ بەسەریاندا.
٥ـ مافێکی رەوای منداڵانە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانیان بکەن، بە تایبەتیش لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە خودی خۆیانەوە هەیە.. پێویستە دایکان و باوکان رێز لە راکانیان بگرن و، گوێیانیان لێبگرن و لێیان تێبگەن و گرنگییان پێبدەن.
٦ـ پێویست ئێوەی دایکان و باوکان بە هەڵە وەڵامی هەڵەکانی منداڵەکانتان نەدەنەوە.. گەر هەڵەیان کرد.. بواریان بدەنی با بیربکەنەوە و خۆیان هەڵەکانیان راست بکەنەوە.
٧ـ دەرەوەی ماڵ و شەقام کاریگەریان لەسەر منداڵەکانتان دەبێت.. دەشێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر ئێوەی دایکان و باوکان، چونکە لە سنووری دەرەوەی ماڵ و خێزان پەروەردە و رەفتاری جیاواز هەن.. بۆیە پێویستە بە باشی چاودێرییان بکەن.
٨ـ بەرجەستەکردنی رووحی سەربەخۆیی، پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان پایە بە پایە رووبەرێکی فراوانی ئازادی و سەربەخۆیی بە منداڵەکانتان بدەن.. ئەمەش ئەو هەستە لە لای منداڵەکانتان دروست دەکات، کە ئێوە دڵسۆزیانن و بە تەنگیانەوەدێن و رێزیان لێدەگرن و بڕوا و متمانەتان پێیان هەیە.. بۆیە خۆیان بەختەوەر و رێزدار دەزان.

٩ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانتان هاوڕا و هاوپلان و هاوبڕیاربن.. پێویستیشە هەندێ یاسای ئاسانی سنوورداری خێزانیش بۆ منداڵەکانتان دابنێن.. با وا تێنەگەن کە ئازادی بەرەڵاییە و بێ لێپێچینەوەیە.. ناشبێت لەبەردەم کەسانی تردا، سزای منداڵەکانتان بدەن.. ناشبێت زەبر و توندوتیژی لە گەڵ لەگەڵ منداڵەکانتان بەکاربهێنن.. بە وشەی نەشیاوش هەستیان بریندار مەکەن.

١٠ـ منداڵەکانتان وا فێربکەن کە راستییەکان چەند روویەکیان هەیە.. پێویستە رێز لە هەموو رایەک بگیرێت گەر جیاوازیشبن لەگەڵ رایەکانیاندا.. مافی هەر مرۆڤێکە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە سەرنج و لە بۆچوونەکانی خۆی بکات.
١١ـ هاندان و ستایش و پیزانین و پاداشت و خەڵاتکردن، بە زاری بن یا بە ماددی بن، کاریگەریی ئەرێنییان بۆ منداڵەکانتان هەیە، کە منداڵەکانتان کاری باش ئەنجام دەدەن یا نمرەی بەرز لە وانەکانیاندا بەدەستدەهێنن، یا رەفتارێ جوان دەنوێنن، شایەنی ئەوەن کە ئاماژەیان پێبدەن و پێزانینتان بۆیان هەبێت و رێزیان لێبگرن.. گەلێ شێوازی هاندان و پێزانین هەن، وەکو (ماچیان بکەن)، (چەپڵەیان بۆ لێبدەن) یان بە وشەگەلێکی جوانی وەکو (هەی ئافەرین، دەستخۆش، هەر بژی، نایابە، زۆر جوانە،…هتد) یا خەڵاتێکی ماددییان پێشکەشبکەن وەکو( نوقڵ، بابەتێکی یاری، کراسێکی جوان،… هتد)
١٢ـ زۆر پێویستە کە ئێوەی دایکان و باوکان هەردەم پێشەنگ و نموونەی باشیبن بۆ منداڵەکانتان.. چونکە منداڵەکنتان بە زۆری چاو لە ئێوە دەکەن و لاسایی کار و رەفتار و هەڵسوکەوت و قسەکانی ئێوە دەکەنەوە، بە باشیبن یا بە خراپیبن.. وەکو کورد دەڵی: ” گەورە ئاو دەڕێژی و بچووک پێی تێدەخا”

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٦




ده‌ راسپارده‌كه‌ ده‌قی … ماجیده‌ حه‌سه‌ن . وه‌رگێڕانی … سه‌ردار جاف

بۆ گوڵێكی بێ بۆن له‌ نێو قامكه‌كانی شه‌هیده‌وه‌ ڕوا بێ،
له‌ بۆنی خۆ شه‌رم مه‌كه‌،
تۆ زۆر له‌ هه‌ندێك یاسه‌مه‌ن جوانتری
*****************
بۆ مه‌رگێك مۆمی مردنی خۆ خه‌فه‌ بكا:
تۆ باپیره‌ی رۆشناییت
من له‌ باوكه‌ ده‌ریا بخوازه‌
تا ببمه‌ دایكی وردیله‌كانی گوڵه‌ گه‌نم و جۆ
****************
بۆ ژنێك به‌ فرمێسكه‌وه‌ داچه‌مێته‌وه‌ بۆ ده‌ستی تاریكی
له‌ یه‌كه‌م تێ سره‌واندنا وریابه‌
دواتر ده‌رباز ده‌بی
****************
بۆ بۆشاییه‌ك ده‌كه‌وێته‌ نێوان گۆڕی دایكێك و پێی كوڕه‌كه‌ی
كه‌مێك نێوچه‌وانت هه‌ڵبڕه‌
به‌لكو دووری شه‌رم دایبگرێ
*******************
بۆ دیوارێك سینگی ماندووی وێنه‌كان بووه‌
به‌ قووڵی هه‌ناسه‌ هه‌ڵكیشه‌
تا بۆنی هه‌ناسه‌بڕكێت بكه‌م
هه‌ناسه‌وه‌رگری ئاواره‌ بووان
*********************
بۆ زه‌دووییه‌ك له‌ نزیك قه‌سیده‌یه‌كه‌وه‌ ئاكنجی بووبێ
له‌ ده‌می نزیك مه‌به‌وه‌
ئه‌و دوایی منی تیایه‌
***********************
بۆ خه‌ونه‌ سپییه‌كانت، شیری زه‌مین تاڵ بووه‌
مه‌مكی شینه‌وه‌بوو گره‌و بۆ لێوێكی دی ده‌كا
نۆبه‌ره‌ به‌ رۆژوو له‌ شیر بڕابوویه‌وه‌
هه‌ڵزنانی راست نه‌ ترسنۆكی به‌ر كه‌ڵبه‌
*********************
بۆ نانێك به‌ پێوه‌ری راسته‌ به‌ر ته‌سككرابێته‌وه‌
تۆ كه‌مبارتری له‌ كونكه‌ره‌ و
مه‌زنێكی به‌ تواناتر له‌ چه‌قۆ
************************
بۆ دایكێك هه‌موو سپێدان گرینگی به‌ ته‌متومان ده‌دا
تا ئاسمان له‌ ده‌سته‌كانیا په‌رت و بڵاو ده‌بنه‌وه‌
خۆشه‌ویسته‌كه‌م سه‌ری دڵم بپلیشێنه‌وه‌
تاریكی لێی وه‌ڕس بووه‌
*******************
بۆ گورانیه‌ك ده‌گری كه‌ گوێم لێ ده‌گرێ
چونكه‌ دوا سروودی بووم

الوصایا الـ عشر
**
– لزهره‌ِ خشخاشٍ تنبتُ من بین أصابعِ شهید ,لاتخجلی من عگركِ , أنتِ أجملُ بكپیر من بعچ الیاسمین
***
لموتٍ یگفئُ شمعه‌ موته : أنت جدّ الچو‌و , اگلب یدی من أبی البحر , ڵاصیر أما لصغارالسنابل
***
لامرأه‌ٍ تحنّی بدموعها ید العتمه‌ , حاژری الصفعه‌ اڵاولی , بعدها ستنجوین
***
لفراغٍ یتوسّگ قبرَ أمّ وقدمَ ولدِها , ارفع جبینكَ قلیلا , لعلّ یستحی المدی
***
لجدارٍ تعبَ صدرهُ من الصّور , تنفّس عمیقاً , كی أشمَّ فی زفیركَ , شهیقَ الراحلین
***
لیرقاتٍ تسكنُ قرب القصیده‌ , لاتقربی فمها, فیه بقیّتی
***
لحلمكَ اللّبنی : صارَ حلیبُ اڵارچ مرّاً , الپدیُ اڵازرقُ مرهونٌ لشفاهٍ أُخر , الفگامُ
فصامٌ بكر , نهدُ الحقیقه‌ ولا چرعٌ بأنیاب
***
لرغیفٍ چاق ژرعاً بالمسگره‌ , أنت أقلّ شأنا من منقار , وأعڤم قدرا من سكین
***
ڵامی , كل الصباحات متهمه‌ بالچباب , حتی انقشاع السما‌و عن یدیكِ ,مسّدی رأس
قلبی یاحبیبتی , قد ملّ منه الڤلام
***
ڵاغنیه‌ٍ تبكی عندما تسمعنی , كونی نشیدهُ اڵاخیر..




*داهاتی نەوت و موچە! … شێرزاد وڵاتدۆست

لەگەڵ تیپەڕ کردنی چەند ساڵی پڕ قەیران و هاتنی ساڵی نوێ،هاوڵاتیان هەر لە چاوەڕێی تێپەڕاندنی باردۆخی پڕ قەیراناوی هەرێمی کوردستانن ، کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە ، لێ لەگەڵ تێپەرینی کات ئەم هیوا و ئومێدەواریە ڕوو لە کزبوون و نەمان دەچێت ، چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان لەوە دڵنیا بوون لە ژێر هەژموون و سێبەری دەسەڵاتێك کە خۆی بەرپرسی هەموو قەیرانەکانە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانگەلە نزیکە لە ئەستەم!
دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو گەرچی ئەوکاتە بە خاڵێکی وەرچەرخان و گرنگ دادەنرا بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبری کورد لە دەوڵاتی عێراقدا و بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرا بۆ باشترکردنی باری دارایی هاوڵاتیان و هەنگاونان بەرەو ئابوریەکی سەربەخۆ و نزیک بوونەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە باشوری کوردستان ، بەڵام ڕێک ئەم خەون و خەیاڵەی بریقەدارەی هەبوو پێچەوانەکەی بەدیهات کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین .
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەدواداگەڕان و دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان هەرزوو کۆمپانیا بچوک و زەبەلەحاکانی بواری نەوت لە هەموو جیهان بۆنی ئەم پاروە چەورەیان کرد و دڵنیابوون بەوەبەرهێنانی نەوت لە ژێر دەسەڵاتێکی خەرق بوو لە گەندەڵی دەهاتێکی زۆریان بۆ دەستەبەردەکات بە تێچو و ماوەیەکی کەم ، هەر زوو کەوتنە دەستێکەڵاو کردن لەگەڵ بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە و پێدانی بەرتیل(شرینی نەوت) بەمەبەستی هەرچی زیاتری دەستکەوتنی بلۆکی مەزنتری نەوت لە هەر سێ پارێرێزگای هەرێمی کوردستان، بۆیە کەوتنە خۆیان بۆ ئامادەکردنی گرێبەستگەلێک کە زۆرتین قازانج و بەرژەوەندی بۆ خۆیان مسۆگەر بکات و کەمترین داهاتیش بۆ حکومەت دەستەبەر بکات ، لەبەر وەگرتنی بەرتیل(شیرنی نەوت) و دڵنیابوون لە هاوبەشیان لە بەشێکی قازانجی ئەو کۆمپانیایەنە هەرزوو بەرپرسانی حزبی و حکومی کوێرانە کەوتنە ئیمزاکردن یەکە بەیەکەی ئەو ڕێکەوتنامە نەوتیانەی ، کە باردۆخێکی پر قیراناوی وەک ئەم ڕۆی لێ بەرهەمهات.
لێ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوە ئەم نەوتە لە بازاڕی جیهانی بە شێوەیەک کەس نەزانێت چەندە و بەچەند دەفرۆشێت بیریان لە ڕێگایەک کردەوە کەم زامنی ئەوەبێت ، هەربۆیە هەڵستان بەڕاکێشانی بۆری نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ، کە هەمیسان کەوتنە ژێرباری رێکەوتنێکی (50) ساڵی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک تورکیا ، بەجۆرێک زۆرتیرن دەستەبەری ئابووری بۆ ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی هەرێمی تێدابێت و داهاتێکی زۆری فرۆشراوی نەوەت لەمەشدا وونببێت.
لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوە بخەیەنە ڕوو ئاخۆ لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ و گۆڕینی باردۆخی ناوچەکە و بەرزتر بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاری جیهانی بە هۆی ڕێکەوتنی وڵاتانی ئەندام لە (ئۆپیک) لە سەر کەمترکردنەوەی بەرهەمهێنان ، چ کاریگەریەیەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیاتر بوونی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم یان دەبێ لە ئێستاوە ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەین کە خوودی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم درکاندی ، کە وتی نرخی بەرمیلی نەوت بگاتە 1 ملیۆن دۆلاریش قەیرانی دارایی چارەسەر نابێت ، بێگومان جەنابی زۆر ڕاستی فەرموو ، چونکە بەس خۆیی و دارودەستەکەی باش دەزانن داهاتی فرۆشراوی نەوت بۆ کوێ دەچێت و چۆن کێڵگە نەوتیەکانی ئەم هەرێمە هەرزان فرۆشکراون .
ئەگەر تەنیا حسابێکی سادە بکەین بۆ ڕێژەی فرۆش و ئەو داهاتەی بەدەستهاتوو تەنیا لە ڕێی فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگای بۆری هەرێم – تورکیا ئەوا ڕوون دەبێتەوە ، کە داهاتێکی زۆر و زەوەند بەدەست دێت و بەشی موچەی فەرمانبەران دەکات لەگەڵ داهاتاکانی تری هەرێم ، وەک زانراوە هەرێم لە ئێستادا ڕۆژانە سەررو (600) هەزار بەرمیل نەوتی خاو تەنیا لەڕێی بۆریەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکیا دەکات ، ئەگەر لە ڕۆژێک ئەم بڕە بەرهەمبێت بە لێکدانی 30 ڕۆژ و لێکدانی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک ، ئەوا (810) ملیۆن دۆلار دەردەچێت بۆ تەنها مانگێک ، هەرچەندە خەریکە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری ئەم داهاتە دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و نەوتی هەرێم بەنرخێکی کەم هەرزان فرۆش دەکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە داهاتێکی زۆرە و دەکرێت بە ئاسانی لەگەڵ داهاتەکانی وەک نەوتی فرۆشراوی بە تانکەر و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی تری ناوخۆیی هەرێم لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکرێت ، بەڵام بێگومان گەڕاندنەوەی جارێکی ترئەو داهاتە بۆ هاوڵاتیان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا نیە کە دەستیان بەسەر هەناردەکردن و فرۆشتی نەوت لە هەرێم داگرتووە ، چونکە لەڕێگایەوە داهاتێک یەکجار زۆر بۆ خۆیان و حزب و دارودەستەکایان فاراهم بووە و ڕۆژانە خەریکی پڕکردنی حساب بانەکیەکانیانن لە وڵاتانی تر و بەردەوام خەریکی بنیادنانی تەلار و کۆمپانیا و دەزگای میدیایی مەزنترن بە داهاتی نەوت ، هەروەها بەشێکی ئەو داهاتەشیان تەرخانکردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکەیان و دەمچەورکردنی ئەو کەسانەی کە هەردەم لە تیڤی و ڕۆژنامەکان خەریکی پیاداهەڵدان و ماستاوکردنن بۆیان.




٭ڕۆمانی”مای نەیم ئز زە لەیلا” بەریەککەوتن لەگەڵ دوو کلتوردا ن … درەو مهدی.

بیتا مەلەکوتی،ژنێک لە وڵاتێکی تەفرە دراو بە کلتورێکی ترادسیۆنەوە لە تەمەنی ۳۲ساڵیدا بۆ ناوجەرگەی مۆدێرنە کۆچ دەکات.
ئەم ژنە پاش بە جێهێشتنی سەر زەمینە ترادسیۆنەکەی خۆی بەرەو ئەمریکا،لەسەرەتاکانی سەدەی ۲۱ دا ڕۆمانی “مای نەیم ئز زە لەیلا”ئەنوسێت.
لەم ڕۆمانەدا وەک یەکەم ئەزموونی ڕۆمان نوسین”بیتا” ئەیەوێت گوزارشت لە تان و پۆی ئەو کلتورە ترادسیۆنە بکات کە لێوەی کۆچی کردووە و بەراوردی بکات بە ژیان لە ناو ئەو کلتورە فول مۆدێرنەی ئەمریکا کە کۆچی بۆ کردووە.
لەگەڵ ئەمەشدا نوسەر لەم ڕۆمانەدا، ئەیەوێت ئەوەشمان پێ بڵێت: ئەو سەرزەمینەی کە ئەم و پێش ئەمیش چەندەها مرۆڤی نیشتیمانەکەی خۆی “ئێران” کۆچیان بۆ کردووە، ئەوێش بە جۆرێکی تر و لە فۆڕمێکی تردا مرۆڤ تەفرە دەدات و لە ناو چەندەها گرفتی شێوە جیاوازدا غەرقی ئەکات.
ڕەنگە ئەستەم بێت بۆ نوسەرێک لەگەڵ یەکەم ئەزموونی ڕۆمان نوسیندا، پانتایی ڕۆمانێک بکاتە ستەیجی شانۆ بۆ نمایشی پێکهاتەی دوو کلتوری تەواو لێک جیاواز و دژ بەیەک.
لە بەرامبەر ئەمەدا پێم وایە خاتوو مەلەکوتی توانیویەتی شارەزایانە بە تەکنیکێکی نوێی جوان کە وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات”تەکنیکی سێ گێڕەرەوە”ی بەکارهێناوە، توانیویەتی پێکهاتەی ئەم دوو کلتورە لێک دژەمان بۆ نمایش بکات.
ڕوونتر بڵێین، ڕۆمانی “مای نەیم ئز زە لەیلا”ڕۆمانێکی قەبارە بچوکە بە قەبارەی ۱۲۸ لاپەڕە.
جێگەی ئاماژەیە ڕۆمانەکە لە نوسینی خاتونی نوسەری ئێرانی”بیتا مەلەکوتی”یە و وەرگێڕ “مەریوان هەڵەبجەیی” لە فارسیەوه بۆ کوردی وەرگێڕاوە.لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانەکە بە تەکنیکی جوان و نوێی سێ گێڕەرەوە لە پێکهاتەی ۱۷ بەشدا نوسراوە.

#دوو دیمەنی کورت لە ڕۆمانەکە:
یەکەم: شوێن[ئەمریکا]
” لە جادەیەکدام بەرەو باشور دەڕوات، بەرەو واشنتۆن دی سی،دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو جێیەی کە چەند ساڵ بوو تیای دەژیام.ئەو جێیەی بۆ یەکەمجار لەیلام بۆ برد.لەیلا خەونی ئەوە بوو کۆشکی سپی ببینێت”.ل 10.

دووەم: شوێن[ئێران]
فلاش باگ بۆ ژیانی ڕابردووی لە یلا لە ئێران:
“خانم بەیانی تاریکی هەموو ڕۆژێ،هەموو نیوەڕۆیەکی زۆر گەرم و هەموو ئێوارەیەکی ساردی نەگبەتی،من و ئەمیر عەلی برامی ناچار دەکرد نوێژ بکەین”.ل31.
“ئەو شەوەی ئەمیر عەلییان لە سێدارە دا،هێندە گریام کە بیرم نایە لە ژیانمدا هیچ کاتێکی تر وا گریا بم”.ل45.

# لەڕووی پێکهاتە سەرەکیەکانی ڕۆمانەوە:

-کات: هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو،دوای شۆڕشی 1979ی گەلانی ئێران+ سەرەتاکانی سەدەی 21 لەدوای ساڵانی 2000 و ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 لە ئەمریکا.
-شوێن: ئێران[شاری تاران]+ئەمریکا[شاری نیۆڕک،نیوجێرسی،مەنهاتن…هتد].

-ڕوداو: ڕوداوەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵانی 1979 لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە هێشتا شۆڕشی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە یەکجاری سیمایەکی ئیسلامی وەرنەگرتبوو،هێشتا وڵات بەرگێکی کۆنزەرڤاتیڤی [موحافیزکاری]نەپۆشیبوو.+ ڕوداوەکانی ناو ئەمریکا کە کارەکتەری “لەیلا” پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە و کارەکتەرەکانی تری وابەستەی لەیلا و دەوروبەری لەیلا توشی دەبن.

-کارەکتەر: [لەیلا، ناسر، یوسف، تانیا، ئەمیر عەلی”برای لەیلا”،خانم “دایکی لەیلا”….هتد]کارەکتەری سەرەکی.

[هەموو ئەو کەسایەتیانەی تر کە “لەیلا” لە ژیانی ڕۆژانەیدا لە ئێران و ئەمریکا توشیان دەبێت]کارەکتەری لاوەکی.
سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ئەزموون و کەسایەتی و ژیانی تایبەتی خودی نوسەر،لە چاو پێکەوتنێکدا کە وەرگێڕی ڕۆمانەکە”مەریوان هەڵەبجەیی” لەگەڵ خاتوو “مەلەکوتی”نوسەری ڕۆمانەکەدا ئەنجامی داوە، نوسەر دەڵێت:

“نوسینی ئەم ڕۆمانە بووە هۆی ئەوەی خۆم بدۆزمەوە هەر ئەو بیتایەی کە دەم ویست”
هەروەها دەڵێت:”خەمی غوربەت بۆ نوسینی ڕۆمانەکە زۆر بەکەڵکم هات،وەک بڵێی خۆم دەسوتام و وشەکانی ڕۆمانەکە یەک یەک دا دەگیرسان”

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا، خاتوو “مەلەکوتی”نوسەری ڕۆمانەکە ئەڵێت:”ئەزموونی تایبەتیم زۆر بەکەڵکم هات،
گەرچی لە ناو هەموو ئەو کەسێتیانەی کە نوسیومن و خولقاندوومن لە یلا دورترین کەسێتیە لە خۆمە وە و هەموو ڕوداوەکانیش خەیاڵین،بەڵام ئەزموونی کەسێتی خۆم وەک کەسێک کە لە حەفتاکاندا لە دایک بووە و شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕ و دژواری کۆمەڵایەتی لە ئێراندا دیوە و چیرۆکی کۆچی هاوڕێ و خزمان و ئازیزەکانی خۆی بیستووە و خۆشی کۆچی کردووە،ئەمانە زۆر یارمەتیدەرم بوون”.




پرۆژەی نوێی بەھمەن قوبادی بۆ منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو”

تاران ٢٨ دیسەمبەر (ZNA) ـ “بەھمەن قوبادی” پرۆژەی نوێی بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” پێشکه‌ش به منداڵانی کورد له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان کرد.

کۆمپانی “مژ فیلم” به به‌رپرسیاریی سینه‌ماکاریی کورد “بەھمەن قوبادی” پرۆژەیەکی نوێی بۆ یارمەتی منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” رێکخستووە، لە چوارەچێوەی ئەم پرۆژەیەدا زیاتر لە 240 جۆر ھۆنراوە و چیرۆک و شیعری کوردیی بۆ منداڵان بەرھەمھاتووە کە بێبەرامبەر بە سەر منداڵاندا دابەشدەکرێت.

“بەھمەن قوبادی” دەرھێنەری ناوداری سینەما ئاماژەی پێکردووە بە ھۆی کەمبوونی بابەتی شێعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان بە زمانی کوردیی بڕیاریداوە گروپێک بۆ کۆکردنەوە و بەرھەمھێنانی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی منداڵان پێکبھێنێت و کۆمەڵێک بابەت بۆ منداڵان بەرھەمبھێ
.
ئەم گروپە چەندین کەسی بەتوانای شاعیر، نووسەر، دەرووناسی، وەرگێر و شارەزای مۆسیقای لەخۆگرتووە کە ھەموویان لە لایەن بەھمەن قوبادییەوە ھەڵبژێردروان و دواتر دەستیان بە بەرھەمھێنان کردووە کە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی ئامادەیان کردووە زۆرتر لە 120 ھۆنراوە و 120 چیرۆکی تایبەت بە منداڵان کە بابەتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی تێیدا رێکخستراوە و بە شێوەی گۆڕانی و بابەتی شاد له‌گه‌ڵ مۆسیقا ئامادە کراوە، شایانی باسە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەم 240 بەرھەمە لە خۆ ناگرێت و لە داھاتوودا چەندین پاکەیجی دیکه لە درێژەی ئەو ئامانجانەمان ئامادە و بڵاودەکرێته‌وه.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە پێکھێنانی باروودۆخێکی شاد لە دەروونی منداڵانی کورد و گەڕانەوەیان بۆ دونیای منداڵی خۆیانە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچە جەنگییەکان و ھەژارنشینەکان (ئەم گوند و ناوچانەی دوورن لە خزمەتگوزاری) دەژین، ئامانجمانە ئەم بەرھەمانە بە دوورترین شوێن، ناوچە بێ خزمەتگوزارییەکان و منداڵانی گوندنشین و پەراوێزخراو بگات و لە ئامانجەکانی دیکه‌ی ئەم پرۆژەیە قەرەبووی کەمی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی تایبەت بە منداڵانە بە زمانی کوردی و ئەم پرۆژەیە دەستپێکێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە.

ھیوادارین ئەم پرۆژەیە بارودۆخێکی لەبار دروست بکات تا منداڵانی کورد لەگەڵ ھۆنراوە و چیرۆکی کوردی ئاشنا بن و ئەم پرۆژەیە رۆژێک ھیندە بەربڵاو بێت و گەشە بکات کە بزووتنەوەیەکی فەرھەنگی و پەروەردەیی بۆ منداڵانی کوردستان دروست ببێت.

بەھەمەن قوبادی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە ئاماژەی پێکرد: داوا لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ھەر پلە و پۆست و پیشەیەکدا خزمەت دەکەن بەتایبەت ئەو کەسانەی لە گوندە دوورەکان مامۆستا و یا پزیشک و یا خود بە ھەر ناونیشانیکی دیکه‌ن … و ھەروەھا ئەو کەسانەی لە کەمپەکان لەگەڵ ئاوارەکان پەیوەندییان ھەیە و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن لەم پرۆژەیەدا بەشداربن و بۆ بەڵاوکردنەوەی ئەم بەرھەمانە بە ھەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە یارمەتی بدەن و کۆپی بکەن و بەدەست منداڵانی بگەیەنن.

سینه‌ماکاریی کورد بەھمەن قوبادی له کۆتاییدا وتی دەستی ھەموویان ماچ دەکەم و مایەی خۆشحاڵیمە.

ھەروەھا جێگەی ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە بە بێ پشتگیریی مادی یا مەعنەویی ھیچ لایەنێکی کەرتی تایبەت و حکوومی تا ئێستا لەسەر ئەرکی “بەھمەن قوبادی” بەڕێوەچووە و بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کانی فەیسبوک و ئینستاگرام بە ناوی “بەھمەن قوبادی” و یا لە ماڵپەڕی www.mindalan.com بکەن.

ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی کە ئاماژەی پێکرا لە ماڵپەری تایبەت بە “منداڵانی ھەتاو” بە ناو و نیشانی www.mindalan.com و لە پەیجە فەرمییەکانی “بەھمەن قوبادی” لە سۆشیال میدیا (فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام) ھەر ھەفتە (5 گۆرانی و 5 چیرۆک) بڵاودەبێتەوە کە ھەموو میدیایەک و ھەر کەسێک بە بێ بەرامبەر دەتوانێت داونلۆدی بکات و دوبارە بە ھەر شێوەیەک بینراو، بیستراو و یا چاپکراو بڵاوی بکاتەوە، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی “منداڵانی ھەتاو” خاتوو “گوڵریز ئێحتیاتی” و خاتوو “روناک فەرەجی” دەتوانن پەیوەندیی بە ئادرێس ئیمەیلی mindalani.hataw@gmail.com بکەن.

مەنسوور جیهانی




دوو شیعر … سمکۆ ئەحمەد

جێ پێکانی مەکوژێننەوە

ئەو مناڵە حەزی لە چاوشارکێ یە
لە خەنەکی سلیمانی پالاسا
فیری وانەکانی عەشق بووە
مناڵە بیدەنگەکەی مەکتەبی ئەردەڵان
گەورە بوو نەك دوو دار
سێ جەنگیشی بینی
لە نێو تۆزو خۆڵەمێشی جەنگەکاندا
وێڵ بوو بەدوای گوڵی شین دا دەگەڕا
قوتابیەکی یافیع بوو
سەوزی لە بەهار دەردەکرد و
چاوی لە زەڵم جێ مابوو
جێ پێکانی مەکوژێننەوە
چی کۆڵان و گردۆڵکەی ئەم شارەیە
شەوانە گوێبیستی شیعرە مەستەکانی ئەون
چی باخچەو داری مل رووتە
چاوەڕێی دوا کۆپلەی ئەون

کێ ئەیووت عیرفان ؟
حەسیب ساڵح و خەنەکی یاری مناڵیت
دوا مەنزڵگەی ووشەکانت بن؟
ئەوانە کوا لە خەمی ئاسك و
گوڵەکانی لا ڕی دەگەن
عیرفان کە گەڕامەوە ئەمجارە
نەمدۆزیتەوە
ژێر گوڵە دەمەشێرەکانی حەووشەکەش گەڕام بۆت
نەمبینیتەوە
تەنها دار هەنارەکان بۆنی جارانیان لێدەهات
ژێر پرچی سنەوبەرە حەزینەکەش گەڕام بۆت
نەمدۆزیتەوە
شیعرە هەتیوەکانت بە فرمێسك
دێرەکانی خۆیان تەواو دەکرد
پوورەی هەنگی بیرەوەریم درزی بردو
هەنگەکانی بۆ شیللەی وووشەکانت
هانایان برد
تکام کرد لە باران جێ پێکانت لە کوچەو کۆلانەکانی شاردا نەکوژێنیتەوە
تۆ بڕۆو ئاوڕ مەدەرەوە
ئەم شارە زۆر تەسك بووە
چیتر جێگات ناکاتەوە
کات بۆ ماڵئاواییەکیش نەماوە
وەك ڕیشۆڵەکانی سلێمانی
بێ ئاوڕدانەوە بڕۆ
خۆت و پێکە شەرابەکەت
وا بایەکی وەشت بردی
خۆت ووتەنی پیاو بە مەستی جوانە
بۆیە تۆش بە جوانی مردی؟

————–

گەڕانەوە

وەرزەکان
هاتن و چوون
باڵندکان بە گژ ساڵەکاندا
فڕین و چوون
کەمەری نەمامەکانی
کەکاتی خۆی
بەکەمەری تۆ دەچون
ئیستا پیرو ئەستوور بوون و
لە ڕقی زەمانە ئەچن ..
ئەوانیش لەگەڵ خەون و تۆدا
بۆئەبەد چوون
وا سی و سێ ساڵ رابووردوە
بەسەر چوونم
گەڕامەوە ئازیزەکەم
بۆ کۆڵانی مناڵیمان
ئەو پەنجەرەی شەوانی هاوین
چکلێتم بۆ تێ دەگرتی
ئیستا قفڵێکی تۆزاوی شکاوە
لە قفڵی گۆڕەکەی دایکم دەچێ
ئەوانیش چوون
چوون …..چوون
هەبوون ….نەبوون
*****
ئیستاش ئەم کۆڵانە
بۆنی قاقای پیکەنینی
شەوانی سەربانی
تۆی لێ دێ
ئیستاش ئەم دارانە
بۆنی ماچی پایزانی
سی و سێ ساڵ
پێش ئیستای لێ دێ
هیچ شتێك لە جاران ناچێ
گلێنەی چاوی من نەبێ
هیچ شتی لە تۆ ناچێ
دارهەنجیرەکەی حەوشە نەبێ
کە دایم ئەمووت
ماچی شیلەی هەنجیری ئەو
هێندەی ماچی لێوی تۆ
شیرین نابێ
هەموی چوون و چوون
بۆنی گەردنی تۆ نەبێ
هەموو شەوێ ئەمخەوێنێ
ئەبێ تۆش وەکو من
چ کیشوەرێك قووتی دابێ ؟
یان ژنێکی پیری ئەو بازاڕەیت و
خۆتت لێم حەشار دابێ؟
ناتەوێ پیری خۆتم نیشان بدەی
تا خەونەکان وەکو جاران
لە شوێن خۆیان بخەوێنی
ئازیزەکەم
ئیستا ژیانێکی بێ خەون ئەژیم
تەنها خەونێك بوونی مابێ
گەڕانەوەی دووچرکەش بێ
لەوزەمەنا
هێندە بەش کات کە پێت بڵێم
دوای تۆ گوڵم زۆر کەسم ناسی
بەس هیچ کەسیان هێندەی تۆ
چرپەی دڵمی نەدەناسی ..!

سمکۆ ۲٠۱٦




زەنگیانەی ئاویی … فەتاح حەسەن

( رستی یەکەم )

( بسك )
ئەوساتەی کە:
دەڕوانیتە شەپۆلەکانی دەریایەك
کە، چۆن یەکتر دەخۆنەوە..
من، دەڕوانمە تیشکی خۆر
کە، چۆن سەما بە بسکت دەکا.
ئەی نازانی!
تاڵ تاڵی بسکی تۆ خانم
بۆ من شەپۆلی دەریایە.
( قەرز )
لە فەرهەنگی تۆدا
وشەی پێکەنین نەبوو
ئەمن فێری پێکەنینم کردی.
فێری فڕینم کردی و
پێش نیشتنەوەت،
چۆن باڵ وەردەیتە ئاوی کانییەك
رونتر لە چاوی قرژاڵ.
فێرمکردی
چۆن گوڵ بڕوێنیت لەجێی زام.
قەرزارمی ..
ئەمشەو قەرزەکانم دەوێتەوە
لەجێی گشت قەرزەکان
ماچم دەوێ .. ماچ.
( شەکەت )
ماندوبووم، هێندە پەنجەرەم
بەڕوی خەڵکیدا کردەوە
واوەیلا لە حاڵم،
لەم تاریکستانەدا
کەسێك نییە کڵاوڕۆژنەیەك
بەڕوی ئەم دڵە تەنگەمدا .. بکاتەوە.
( گەردون )
بزانە گەردون
چەندە دۆستمە !!
لە شەوی تاریك و نوتەکا
پریاسکەی خەمەکانم ونکەم
دەیکاتە رۆژی روناك و
بە پۆستەچی
پریاسکەکە
دەخاتەوە نێو سندوقی دڵم .
( شاگرد )
خەمی دڵی من
بە شیعر و چیرۆك ناڕەوێ
وشە بڵێ چی؟؟
نالی و مەحوی شاگردم بن
ئەمن ئەمڕۆ، نازانم
بڵێم چی؟!
( تەنها )
ئەمشەو
شەو، بە تەنها بەڕێدەکەم.
تا تەنیایی
جاڕس نەبێت بە تەنهایی.
تا تەنیایی، هاوڕێی من بێت
من تەنها نیم.
بەفیدات بم ئەی تەنیایی
کە تۆ لە من جاڕس نابی.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




حکومەتێکی بیست ئەمپێری … کامەران چروستانی


حەزرەتی نالی ئەفەرموێت: بێ بەرگییە عیلەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە.

لەگەڵ ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەموو ڕۆژێک زیاتر دڵنیا دەبمەوە, کە سەرجەم قەیران و کێشەکانی ئێستای کوردستان لە ساڵی (١٩٩١)ەوە دەستیان پێ کردووە نەک ئەنجامی ڕووداوەکانی دوو سێ ساڵەی ڕابردوو بن. بێگومان هەڵەی دەسەڵاتداران لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لەلایەن یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات و سەرجەم ئەو سەرکردانەی ئێستای گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش, کە لە ڕابردوودا لە بەرەیەکی دیکە بوون و کە لە گەمە سیاسیی و بڕیارە گەورەکاندا بەشدار بوون هۆکارن بۆ ئەوەی تاکی کورد لە ئێستادا ژیانی ڕۆژانەی لەناو کۆمەڵێک قەیران و گرفتدا بەسەر بەرێت.

پاێزگای سلێمانی بڕیاری ئەوەی داوە بۆ هەر ماڵێک تەنها بڕی بیست ئەمپێر کارەبا دابین بکات. هەر ئەم بڕیارەش بوو شیعرەکەی حەزرەتی نالی بەبیرم هێنایەوە, کە هۆکاری کێشەی چارەسەرنەکراوی کارەبا حکومەتی خۆجێی سلێمانی ناچار کرد بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدات. بەڵام ئەم بڕیارە چ پەیوەندییەکی هەیە بە مێژووی بیست و پێنج ساڵی دەسەڵاتی کوردییەوە؟

گەورەکردنی نائاسایی شارەکان و هاندانی کۆچکردن لە دێوە بۆ شار لە ماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا بەبێ ئەوەی بیر لە سیستمی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بکرێتەوە و پلانی “زانستی و واقیعی” بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە دابڕێژرێت، جگە لەوەش توێژینەوە بۆ توانا و سنوورە ئابوورییەکانی ئەم شارانە ئەنجام بدرێت هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ ئەوەی هاووڵاتی و حکومەت لە ئێستادا بکەونە ناو گێژاوێکی قەیرانی فرەلایەنەوە, کە قەیرانی کارەبا تەنها یەکێکیانە. خۆ ئەگەر ئەم هەڵە گەورەیە ئەنجام نەدرایە هەروەک چۆن دامەزراندنی نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە کۆی کەمتر لە پێنج ملیۆن دانیشتوانی هەرێم، ئەگەر حکومەتی کوردی هەمان ڕەوتی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی بگرتایەتە بەر بە هاندانی کۆمەڵگا بۆ نیشتەجێبوون لە دێهات و شارۆچکەکان لەوانەیە هۆکارێک بوونایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بیتوانیایە بە میکانیزمێکی جیاواز کێشەی کارەبایان چارەسەر بکردایە بە ڕەچاوکردنی کەمیی ژمارەی دانیشتووانی دێهات و شارۆچکەکان.

هاوکات ئەم بڕیارە گەلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

• ئایا پلانی درێژخایەنی حکومەتی کوردی چییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟ ئایا بڕیارێکی وەها نیشانەیەک نییە بۆ ئەوەی کە حکومەتی کوردی لە ئایندەیەکی کورتدا بیرۆکەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نییە و هەرێمی کوردستان دەبێت بەردەوام بێت لەناو چەندین هەزار موەلیدەی کارەبادا بمینێتەوە؟
• پاش پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران ئایا دەسەڵاتی کوردی گەیشتە ئەو ئاستەی کارەباشمان بۆ پاشەکەوت بکات, لە کاتێکدا هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەمان پلان لە بەرنامەیاندایە؟
• ئایا خانووی بەرپرس و خواوەندەکانی دەسەڵاتی کوردیش هەمان بڕیار دەیانگرێتەوە یاخود تەنها بۆ ڕەش و ڕووتەکەی کۆمەڵگایە؟
• ئایا ئەم بڕیارە دەستپێکێک نییە بۆ گەڕانەوەی سۆپای نەوت و غاز, عەلادین و بگرە زۆپای دار و نەوتیش؟
• ئایا بیر لەوە کراوەتەوە ئەم بڕیارە چەند کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە: لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە, هەرچەندە بەڕێوبەرایەتی کارەبا خۆی خاوەنی هەزاران کارمەندی هونەری و ئەندازیار وپسپۆرە بە پاساوی ئەوەی، کە بەهۆی نەبوونی موچە گەلێک لە کارمەندەکان کار ناکەن، بەڵام خۆ دەتوانن ئەو پارەیەی بۆ بەجێهێنانی ئەم پرۆژەیە ت بۆ کۆمپانیا تایبەتییەکە تەرخان دەکرێت، بدرێت بە موچە و پاداشت بۆ موچەخۆرانی بەڕێوبەرایەتیی کارەبای شارەکان.

بە هەر حاڵ یاریزانە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا هەمان یاریزانن, ئەگەر باس لە بار و دۆخی پێش ساڵی ٢٠٠٣ نەکەین، ئەوا حکومەتە کوردییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٥ جگە لە شکستهێنان شتێکی وەهایان بۆ کورد نەهێناوە, ئەگەر (زانستییانە) لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پلانەکان بکۆڵینەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە پەتە سەرەکییەکانی هەموو حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی کوردستان لەناو چوارچێوەی چەند کەسایەتییەکدا سنووردار کراون. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی سەرباری گۆڕینی حکومەتەکان بەڵام کۆمەڵگا هەر هێندەی ٢٠ ئەمپێرەکە خزمەتی لە حکومەتەوە پێ گەیشتبێت.
هەموو ئەو بارودۆخە نەگونجاوەی، کە هەنووکە کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە سەرکردەکانی کورد بوارێک ببەخشن بۆ ئەوەی هزرێکی نوێ بە بیرۆکەیەکی نوێوە شکست و قەیرانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستا چارەسەر بکات.




توركیا و سوریا و كورده‌كان .. خوێندنه‌وه‌ی دیمه‌نێكی شێواو … له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌/ هاوكار ڕه‌فیق ڕه‌حمان

هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی شۆڕشی سوریاوه‌، سه‌رزه‌مینی شام بووه‌ مه‌یدانێكی مه‌زن، بۆ جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی نێوان هێزه‌ هه‌رێمیه‌كان، به‌ جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان له‌ هه‌وڵداندا بوون بۆ وه‌گیرخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، له‌ ڕێگه‌ی پاڵپشتی و هاریكاری ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان.
هه‌ڵوێستی توركیا له‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشی سوریا له‌ سه‌ره‌تادا
هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ هه‌ڵوێستی توركیا ڕوونبووه‌ بۆ شۆرش و پاڵپشتی داخوازی و ویستی گه‌لی سوریا بووه‌، بۆ ڕزگاربوونیان له‌ زۆرداری و سته‌می تایفه‌گه‌ری، كه‌ سیمای ڕه‌فتاری ڕژێم بووه‌ بۆ چه‌ندان ساڵ.
توركیا ته‌نیا به‌ داواكردنی ڕۆیشتنی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، كه‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا ئه‌م خواسته‌ی ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵكو زیاتر و فراوانتر له‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌ستاوه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی هه‌موو پاڵپشتیه‌كی ڕامیاریی و سه‌ربازی بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كدار و لایه‌نگرانی، به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپا و ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د.

په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسلامی عه‌ره‌به‌كان

توركیا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ ئیسلامییه‌ عه‌ره‌به‌كان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی پۆلێن ده‌كات، ئیخوانه‌كان وه‌ك به‌شێك له‌ ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نێت، به‌م شێوه‌یه‌ بۆ توركیا ئاسایی و سروشتی بوو كه‌ مه‌یلی به‌لای پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیدا ڕۆیشت، وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت له‌ پاڵپشتیكردنی بۆ سوپای ئازاد، كه‌ ئیخوانموسلیمین زاڵبوون به‌ سه‌ریدا و كۆنترۆڵیان كردبوو.
سه‌ره‌رای ئه‌و پشتگیرییه‌ گه‌وره‌ییه‌ی (سوپای ئازاد) كه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌كرا، به‌ڵام به‌ لاوازی مایه‌وه‌ له‌ هێنانه‌دی سه‌ركه‌وتنێكی هه‌ستپێكراو “به‌رجه‌سته‌”، له‌ گۆڕه‌پانی سوریادا، له‌ كاتێكدا “داعش و به‌ره‌ی نوسره‌”، به‌ زاڵده‌ستی و كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه‌ مانه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌ن و پاڵپشتیه‌ی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری ئیسلامی” سوپای ئازاد” له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌نقه‌ره‌، به‌ پشتگیریكردنی ئه‌و ده‌سته‌ و گروپه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

11-11-2016 ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو

به‌رواری 11ئۆكتۆبه‌ری 2015، ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو له‌ مێژووی ململانێی سوریادا، چونكه‌ له‌م به‌رواره‌دا هێزێكی تازه‌ له‌ دایكبوو، كه‌ توانی هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ تایبه‌تیش هه‌ڵوێستی (توركیا) له‌مه‌ڕ بارودۆخی سوریا بگۆڕێت.
كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ش بریتیبوو له‌ ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراندنی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، كه‌ باڵێكی سه‌ربازییه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاوازی وه‌ك (سوری، عه‌ره‌ب، سریانی و توركمانی) له‌ هه‌ناوی خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌.
قه‌باره‌ و توانای هێزه‌كانی سوریای دیموكرات
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا، زیاتر له‌ (27) لیوای سه‌ربازی و باڵی چه‌كداری گرته‌خۆی، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی قورس و زه‌حمه‌ت بوو بۆ هاوكێشه‌ی سوریا، دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش پاڵپشتیه‌كی گه‌وره‌ی لێكرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ڕۆژئاواییه‌كان بە شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مه‌شقیان پێكردن، به‌م چه‌شنه‌ توانیان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد سه‌ركه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ستبهێنیت، له‌ ڕزگاركردنی چه‌ندین شاری سوریا له‌ژێر ده‌ستی ڕێكخراوی داعش، كه‌ دیاریترینیان (كۆبانێ “عین عرب” و منبج) بوون.

هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ دژایه‌تی كردنی كوردانی سوریا

له‌ دوای زیادبوونی ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد له‌ سوریا و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، ترسی هێزه‌ هه‌رێمیه‌كانی ورژاند له‌ سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ توركیا، هه‌ر بۆیه‌ توركیا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌وته‌ تۆمه‌تباركردنی كورده‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌ دوای ڕزگاركردنی منبیج، ڕایگه‌یاند كه‌ كورده‌كان هه‌وڵیانداوه‌ واقیعێكی نوێی دیموگرافی بسه‌پێنن له‌م شاره‌دا، به‌م مه‌به‌سته‌ش به‌زۆر دانیشتووه‌ عه‌ره‌به‌كانیان ناچار به‌ كۆچكردن كردووه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كوردی به‌رده‌وام بێمه‌نه‌تی و بێتاوانی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئاماده‌یی خۆیشی پیشانداوه‌ بۆ قبوڵكردنی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كان.
هه‌روه‌كو چۆن توركیا هه‌وڵیداوه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ و له‌باربردنی ماڵی كوردی، له‌ ناوه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ (مه‌سعود بارزانی)پته‌وكرد، هه‌روه‌ها كه‌وته‌ پشتگیریكردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردی، دژ به‌ پارتی یه‌كێتی كوردستانی (PYD).

توركیا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی ڕووسیا

دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا، ئه‌ردۆگان كه‌سی نه‌دۆزیه‌وه‌ كه‌ هاوسۆزی بۆی هه‌بێت، بێجگه‌ له‌ “ورچی ڕوسی- الدب الروسی” كه‌ مه‌به‌ست لێی “پوتین”ه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان كه‌وتنه‌ ئاراسته‌كردنی ڕه‌خنه‌ و ئاگارداركردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ سیاسه‌ته‌ تۆڵه‌ستێنه‌كانی، به‌رامبه‌ر به‌ كوده‌تاچیه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی توركیای هاندا بۆ ئاماژه‌دان و لێدواندان به‌ تێوه‌گلانی “واشنتۆن – ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا” و هێزه‌ خۆرئاواییه‌كان به‌ پاڵپشتیكردنی كوده‌تا.
هه‌ڵوێستی ڕوسیا به‌رامبه‌ر كوداتاكه‌، به‌سته‌ڵه‌كی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆی توانده‌وه‌ و یوو به‌ پاڵنه‌ری ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ببینێته‌وه‌ له‌ ئامێزی “ورچی ڕووسی – پوتین”، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ پشتگوێخستن و فه‌رامۆشكردنی هه‌موو ئه‌و ناكۆكی و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌رییانه‌، كه‌ نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا بوونی هه‌بوو، كه‌ به‌ هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌یه‌كی ڕووسی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ سنوری سوریادا ڕوویدا.
نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و ڕوسیا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر دۆخی سوریا هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی مۆسكۆ به‌ یاریكه‌رێكی به‌هێز داده‌نرێت له‌ ڕووداوه‌كانی سوریادا، كه‌ خاوه‌نی په‌یوه‌ندیی و ده‌ستڕۆیشتووییه‌ له‌ سه‌ر ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن به‌ ته‌واوی ئاراسته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌.

كاریگه‌رییه‌كانی حه‌سه‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵوێستی توركیا

دوای چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پوتین له‌ گه‌ڵ ئه‌ردۆگان و ڕاگه‌یاندنی لوتكه‌ی ڕووسی و توركی وئێرانی، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ شاری “حه‌سه‌كه‌” له‌ نێوان سوپای ڕژێم و هێزه‌ كوردییه‌كان ڕوویدا، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌وه‌ی وه‌سف ده‌كرێت به‌ ” ئاشتی سارد” له‌ نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ و ڕێكه‌وتنێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوی ڕژێمی سوریا به‌ رێگه‌پێدان به‌ دروستكردنی هه‌رێمێكی كوردی له‌ باكوری سوریا، به‌ شێوه‌ی حوكمی زاتی ( خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ ڕۆژئاوا).
ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ی “حه‌سه‌كه‌” پاڵنه‌رێكبوون بۆ گۆڕانكاری له‌ هه‌ڵوێستی توركیا و ملكه‌چبوونی بۆ ڕووئیا و ستراتیژی ڕوسیا بۆ چاره‌سه‌ركردی قه‌یرانی سوریا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پشتگیری مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی كرد له‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕژێمدا ، ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی به‌دیار كه‌وت له‌ لێدوانه‌كانی “یه‌ڵدریم – سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا”، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار وایدانا كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د كێشه‌ نیه‌ و به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ڕوئیای توركیابوو له‌ كاتی به‌رپابوونی شۆڕشی سوریا له‌ ساڵی (2011)دا.
به‌م پێیه‌ ڕژێمی توركیا هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و لایه‌نگرانی له‌ حه‌له‌ب كشانده‌وه‌ و گواستنیه‌وه‌ بۆ شاری جرابلس له‌ سه‌ر سنوری سوریا و توركیا، وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ ڕزگاربوونیان له‌ (داعش).
سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ كوردییه‌كان و ده‌ركردنی ڕژێمی سوریا له‌ حه‌سه‌كه‌ و كۆنتڕۆلككردنه‌وه‌ی، بووه‌ هانده‌رێك بۆ توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌ باكوری سوریا و جوڵه‌پێكردنی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌وه‌ی ناسرابه‌ ( قه‌لغانی فورات)، له‌ پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی داعش و ڕێكخستنه‌كانی چه‌كداره‌ كورده‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا به‌ رێكخستنی تیرۆریستی ناویان ده‌هێنێت، “به‌ پێی ڕاگه‌یاندراوێكی توركیا”.

توركیا ناتوانێت ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ بكات

به‌دڵنیاییه‌وه‌ توركیا ناتوانێت هه‌ڵبستێت به‌ هه‌نگاوی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی زه‌مینی له‌ سوریا، به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا و به‌رپرسانی فه‌رمی مۆسكۆ و تاران، مه‌به‌ست و تێڕوانینی دیمه‌شق به‌ ئیدانه‌كردنی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا، ته‌نیا یه‌ك لێكدانه‌وه‌ له‌ خۆده‌گرێت، كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ ڕێكه‌وتنێكی ڕوون و ئاشكرا كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت له‌ نێوان هه‌ردوو لاینه‌كه‌دا بكرێت.
به‌م پێیه‌ ده‌ستوه‌ردانی سوپای توركیا له‌ سوریادا، سه‌ركه‌شییه‌كی ناڕێكخراو وناپه‌سه‌ندی ئه‌ردۆگانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی قورسه‌ بۆ سوپای توركیا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێَكدا هه‌تا ئێستا شۆكی (15)ی ته‌مووزی به‌سه‌ره‌وه‌ ماوه‌.
كورده‌كان و كاریگه‌رییان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌
پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ كۆتایی پێهێنانی “پارتی یه‌كێتی كوردستانی – PYD” له‌ باكوری سوریادا، كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان پێشبینی بۆ كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌تی توركیا نزیكه‌ی (30)ساڵه‌ شكستیخواردووه‌ له‌ كۆتایپێهێنانی “پارتی كرێكارانی كوردستان –PKK”.
ده‌كرێت ئه‌و بیانوویه‌ی توركیا قبوڵكراوبیت، له‌ ترسی ده‌ستڕۆیشتوویی كورد و خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ توركیا چۆن پشتگیری “حكومی زاتی – خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” كورده‌كانی عێراق كرد و به‌ڵام دژ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ویستی كورده‌كانی سوریا له‌ هێنانه‌دی ئه‌م خه‌ونه‌یاندا ؟!
له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ فكره‌ی كۆتاییپێهێنانی كورده‌كان، له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌یاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ (سایكس بیكۆ)دا ڕوویدا قابیلی دووباره‌ بوونه‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی كورد له‌و به‌ندكدنه‌ گه‌وره‌ییه‌ی هاته‌ده‌ره‌وه‌ و په‌یبرد به‌ هێزی خۆی، هه‌روه‌ها بووه‌خاوه‌نی دانپیانانی نێوده‌وڵه‌تی،، به‌ده‌ر له‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌قامگیربوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ نده‌ به‌ دانپێدانانی مافی كورد به‌ پێی ستراتیژییه‌ك كه‌ ڕه‌چاوی سروشت و ناوچه‌ و بارودۆخ و تایبه‌تمه‌ندی و مافه‌ مێژووییه‌كانی بكات.

——————————
نوسینی/ محسن عوچ الله‌ – گرنگیدان به‌ كاروباری جیهان و قه‌یرانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دۆسیه‌ی كورد و ئیسلامی سیاسی و جیهادی.

سه‌رچاوه‌/ زه‌مانی توركی
http://www.zamanarabic.com/category/recent/




حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان خراپترین نمونه‌ی حكومڕانی كردنه‌ … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌درێژی هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژووی سیاسیی له‌ باشوری كوردستان خراپترین نمونه‌ی حكومڕانی پێشكه‌ش كردووه‌.
پێویسته‌ خه‌ڵكی له‌وه‌ تێبگات ته‌نها ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌یه‌كی شكستخواردوو نیه‌ به‌ڵكو كابینه‌كانی پێشوتریش به‌پێی هه‌موو پێوره‌كان خراپترین جۆری فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان پێشكه‌شكردووه‌.
سیاسه‌ته‌ كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ درێژكراوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی كابینه‌كانی تره‌ و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ن و گوزه‌رانی هاوڵاتیانیان تێك داوه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ن كه‌ له‌ كابینه‌كانی تر ئه‌نجامدراون.
هه‌ندێك له‌م قه‌یرانانه‌ به‌ به‌رنامه‌ دروست كراون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاووڵاتیان سه‌رقاڵ بن به‌و قه‌یرانانه‌و دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی به‌ر پرسانیان بیر بچێته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی رابردوودا كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌ت كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ ململانێدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن زۆر ترین داهات به‌ ده‌ست بیه‌ نن له‌ داهاتی گشتی كه‌ موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ریمی كوردستانه‌.

پێویسته‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ تێبگات نابێت چاوه‌ڕێی باش بوونی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌ مانه‌وه‌ی به‌ نده‌ به‌ دروست كردی قه‌یران بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن درێژه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وای خۆیان بده‌ن.
ئه‌وان به‌ دروست كردنی قه‌یرانه‌كان خه‌ڵكی ناچار ده‌كه‌ن كه‌به‌به‌رده‌وامی سه‌رقاڵ بن و نه‌یان په‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بیر بكانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی و ئه‌و ناعه‌دالیه‌تیانه‌ی كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دروستی كردووه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و ده‌یكات بڕواناكه‌م له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ بوونی هه‌بێت.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵانه‌ی هه‌رێم به‌به‌رده‌وامی سوكایه‌تی به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌فی مرڤی كورد ده‌كه‌ن و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شكۆمان بشكێنن ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ فه‌رمانڕه‌وای دروست كار بۆ به‌ر ز كردنه‌وه‌ی شكۆی هاونیشتیمانیه‌كانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ئاستی جیهان تاكه‌كانی ڕێزی لێبگیرێت.

ناكرێت و نابێت چاوه‌ڕێی باش بوونی باردۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌م پیاوه‌ سیاسیه‌ بچوكانه‌ بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م پیاوه‌ سیاسیانه‌ بوون شه‌ڕی برا كوژیان به‌ خه‌ڵكی كردو به‌ هه‌زاران گه‌نجیان كرده‌ قوربانی و دواتر له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ، ووڵاته‌ زلهێزه‌كان كۆیان كردنه‌وه‌.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ مێژوویه‌كی خراپی هه‌یه‌ له‌ سوكایه‌تی كردن و به‌تاكه‌كانی خۆی بۆیه‌ ئاینده‌یه‌كی باش هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ناكات.
هه‌میشه‌ هیوا خواز بووین كه‌ ده‌ستاو ده‌ست كردنی كردنی ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌ی كه‌ تیایدا ده‌ژین به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتی خوازانه‌و دیموكراسانه‌ بێت و دور بێت له‌ هه‌موو كارێكی توندو تیژی و نامرۆڤانه‌ به‌ڵام بوونی هێزی چه‌كدار له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ مان پێده‌ڵێت كه‌ چاره‌نوسی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ سوریا و لیبیا باشتر نابێت .

ئه‌م پیاوه‌ سیاسیه‌ بچوكانه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ وا باوشیان به‌ كورسیه‌كانیاندا كردووه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌ست به‌رداری نابن و له‌ ومێژووه‌ خوێناویه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌مان به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان بكه‌نه‌ هاوڵاتیانی خۆیان و شاره‌كانمان خڵتانی خوێن بكه‌ن.
ئه‌م شێوازی دروست كردنه‌ی قه‌یرانه‌ كه‌ سه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم پیاده‌ی ده‌كه‌ن بریتیه‌ له‌ پیاده‌كردنی سیاسه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی نائه‌خلاقی و نا به‌رپرسانه‌ وه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات بوه‌ ستێنرێن .
له‌كۆتایدا پێم وایه‌ باشترین ڕێگه‌ بۆ وه‌ستانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆره‌ گه‌نده‌ڵه‌ مرۆڤ كوژه‌ ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ كورده‌كانی ئه‌وروپا ده‌ست بكه‌ن به‌ درست كردنی گروپی فشاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ووڵاته‌ زلهێزه‌كان سنورێك بۆ ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ دابنێن وله‌وه‌ زیاتر سووكایه‌تی به‌ شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد نه‌كرێت و كاره‌ چه‌وته‌كانیان سنوردار بكرێن.




نه‌بوونی پیاوی ده‌وڵه‌ت و سه‌ركرده‌ی مێژوویی له‌ناو كورده‌كان … كاروان ته‌یب

له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست توانیان ده‌وڵه‌تی خۆیان دروستبكه‌ن به‌ڵام كورد به‌هۆكارگه‌لی جۆراوجۆر ئه‌و هه‌لی له‌ده‌ستخۆی دا، یه‌كێك له‌وانه‌یش نه‌بوونی سه‌ركرده‌ی مێژووییه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كوردستانی عیراق.
له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی ده‌ركه‌وتن، له‌وانه‌ دیارترینیان هه‌ریه‌كه‌ له‌ مسته‌فا بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بوون پاشانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا و چه‌ندینی تر. ئه‌مانه‌ له‌ ساڵانی شه‌سته‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی دژایه‌تی كردنی یه‌كتر بوون ئه‌وه‌نده‌ نه‌ئه‌په‌رژانه‌ سه‌ر خه‌باتكردن له‌ پێناو مافه‌كانی كه‌لی كورد. تا له‌ ساڵی 1975 به‌ته‌واوی به‌هۆی نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی مێژووییه‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی عیراق بكات “شوڕشی ئه‌یلول” كۆتایی پێهات. له‌و رووه‌شه‌وه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی وه‌ك مه‌حمود عه‌سمان ئه‌ڵێت:” سه‌لماندمان كه‌ قیاده‌یه‌كی فاشلین بۆیه‌ شۆڕشی ئه‌یلولمان كۆتایی پێهینا، ئه‌گه‌ر نا خۆ ئه‌مانتوانی هیچ نه‌بێت تۆزێ‌ ته‌قوتۆقێك بكه‌ین.”

له‌دوای دروسبونی یه‌كێتی و قیاده‌ موئه‌قه‌ته‌- پارتی دوای نسكۆی شۆڕش- و چه‌ند حیزبێكی تر له‌دوای ساڵی 1975 ه‌وه‌، ئه‌و پارته‌ سیاسییه‌ چه‌كدارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دارده‌ستی ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بوون و شه‌ڕ و ململانێی یه‌كتریان ئه‌كرد ئه‌وه‌نده‌ فریای ئه‌وه‌ نه‌ئه‌كه‌وتن خه‌بات له‌ دژی رژێمی به‌عس له‌ عیراق بكه‌ن. ئێران له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران-عیراق هه‌موو حزب و رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌كانی كوردستانی عیراقی خسته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاریئه‌هێنان. دواتریش له‌سه‌رده‌می ئه‌نفالدا كه‌ سه‌دام هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ ئه‌نجامدانی”كۆتایی هێنان بوو به‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد”، له‌سه‌دا نه‌وه‌دی لادێكانی كوردستان رووخێنران و خه‌ڵكه‌كه‌شیان ئه‌نفالكران و راگوێزران كه‌ پشتوپه‌نای حزبه‌ كوردییه‌كان بوون. له‌مه‌یشدا ئه‌وه‌ی ماڵی وێران بوو خه‌ڵكی لادیكانی كوردستان بوون. چونكه‌ رژێمی عیراق “تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ هاوكاری بزوتنه‌وه‌ چه‌كداره‌ییه‌كانی كوردیان كردوه‌”. له‌م كاته‌یشدا هه‌رچی سه‌ركرده‌ و مه‌سئولی حیزبه‌كان بوون خۆیان قوتاركرد و رۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تا دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان راپه‌ڕینی كرد و حكومه‌تی عیراق به‌ته‌واو له‌ كوردستان راماڵی، ئینجا هاتنه‌وه‌ سنگی خۆیان ده‌رپه‌ڕاند. هه‌ربۆیه‌ جارێكیان باسی مه‌زڵومییه‌تی كوردم بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆم له‌ فه‌ڕه‌نسا كرد، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا پێی وتم ئه‌گه‌ر نه‌بوونایه‌تە دارده‌ستی وڵاتانی دراوسێ‌ ئه‌وا له‌و باوه‌ڕه‌نیم جینۆساید بكرانایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ (كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌).”
كاربه‌ده‌ستانی كورد، دوای راپه‌رینیش ئه‌و ماڵوێرانییه‌یان به‌سه‌ر كوردا هێنا، هه‌ر له‌ شه‌ڕی ناوخۆ و تاڵانكردنی وڵات تا رۆژمان گه‌یشته‌ تاڵانكردنی سامانی ژێرزه‌وی: نه‌وت و گاز.

له‌دوای 2003 جه‌لال تاڵه‌بانی رۆیشته‌وه‌ به‌غدا و زیاتر خواستی ئه‌وه‌ بوو پۆست له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت. مه‌سعود بارزانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان مایه‌وه‌. تاڵه‌بانی تا ئه‌وكاته‌شی كه‌ نه‌خۆشكه‌وت ته‌نها بۆ سه‌ردان ئه‌گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان، چونكه‌ سه‌رۆكی عیراق بوو، هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی ئاشتكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌عیراقییه‌كان بوو. هه‌رچی مه‌سعود بارزانیشه‌ له‌ 2005 ه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، به‌ڵام زیاتر له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ستڕۆیشتو و ده‌ستكراوه‌یه‌ كه‌ پێی ئه‌ڵێن زۆنی زه‌رد، ئه‌گه‌ر نا به‌پێی ئه‌زمون له‌ماوه‌ی 11 ساڵی رابردودا بینیمان كه‌ له‌ناوچه‌ی سه‌وزو نیلی ده‌سه‌ڵاتی نییه‌. ئه‌مه‌یش بۆ دوو هۆكار ئه‌گه‌ڕێـته‌وه‌، یه‌كه‌م بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵسوكه‌وت وه‌ك سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌كات ئه‌وه‌نده‌ كارناكات بۆ هه‌رێمێكی كوردستانی یه‌ك ئیداره‌، خۆیشی له‌وه‌ ئه‌چێت پێی باش بێت هه‌ربۆیه‌ هیچ ده‌سپێشخه‌ریه‌كی جدی ناكات بۆ رێخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كوردی له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڕوخانی ته‌واوه‌ته‌تییه‌.

تاڵه‌بانی هه‌ر زوو رۆیشته‌ به‌غداد هه‌رگیز نه‌بوو به‌ پیاوی ده‌وڵه‌ت و سه‌ركرده‌ی مێژویی بۆ كورد. هه‌وڵه‌كانی هیچ به‌رهه‌مێكی وایان نه‌بوو بۆ كوردستان تا كیانێكی سه‌ربه‌خۆ دروست بكات و به‌و شێوه‌یه‌ ژیانی سیاسیی كۆتایی هات كه‌ بینیمان. هه‌رچی نه‌وشیروان مسته‌فایشه‌ به‌هه‌ما شێوه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌ پیاوی ده‌وڵه‌ته‌و نه‌ سه‌ركرده‌ی مێژوویی.
هه‌رچی مه‌سعود بارزانیشه‌ تا ئێستا له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتی گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌، هه‌موو روداوه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ئه‌ده‌ن كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێـته‌ پیاوی ده‌وڵه‌ت و ناشبێت به‌ سه‌ركرده‌ی مێژوی چونكه‌ ناتوانێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بۆ كورد دروستبكات كه‌ هه‌میشه‌ ریكلامی بۆ ئه‌كات.

به‌رای من هیچ كات كورد ناتوانێت ده‌وڵه‌ت دروستبكات ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی مێژویی یان پیاوی ده‌وڵه‌تی وه‌ك جۆرج واشنتن له‌ ئه‌مریكا، ئه‌تاتورك له‌ توركیا نوێ، شارك دو گۆل له‌ فه‌ڕه‌نسا، پسمارك له‌ ئه‌ڵمانیا، عه‌بدولعه‌زیز ئال سعود له‌ سعودیای نه‌بێت. كه‌واته‌ دروستبونی ده‌وڵه‌ت ئێستا له‌ كوردستانی عیراق ته‌نها قسه‌یه‌و هیچی تر. به‌گشتی سیاسییه‌كان له‌ كوردستان سه‌ركرده‌ی حیزبێك، بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان گروپێكن. هیچ سه‌ركرده‌یه‌كمان نییه‌ له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین نفوزی هه‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌یشدا ده‌وڵه‌تێك دروست نابێت ناوی كوردستان بێت. هه‌میشه‌ سورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان (كه‌ ئه‌و كاته‌یش هه‌ربه‌هۆی نه‌بوونی سه‌ركرده‌ی مێژووییه‌وه‌ دروستنه‌بوو) دروستبكرایه‌ ئێستاهه‌ر كورده‌كان خۆیان كردبوویان به‌ چه‌ندین پارچه‌وه‌.

Karwantayib@gmail.com




مێژووی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ كوردستاندا ژیلوان … شۆڕش محمدصاڵح

له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا چه‌ندین ته‌وژم و پارتی ئیسلامی بوونیان هه‌یه‌، وێڕای چه‌ندین خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌و ته‌وژم و پارتانه‌دا،هاوكات هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی دیدو بۆچون و بیروڕاو تێڕوانینی جیاواز به‌ خۆیانن، هه‌ریه‌ك له‌و پارتانه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێ‌ ڕابردوودا به‌ شێك بوون له‌ ڕه‌وششی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان شان به‌ شانی پارته‌ عه‌لمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌كان تێكۆشان و له‌ سه‌نگه‌ری خه‌باتدا بوون بێگومان ئاماده‌ی و بوونی ڕه‌وتی ئیسلامی تایبه‌ت نیه‌ به‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستانن به‌ڵكو ئه‌و دیاده‌یه‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌و ته‌واوی جیهانی گرتۆته‌وه‌.
به‌ڵام مێژووی ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌مین ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوا به‌دوای نه‌فی كردنی (شێخ مه‌حمودی حه‌فید) بۆ هندستان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌، هاوكات حزبێك دروست بوو به‌ناوی (حیزبی ئیسلامی كورد) هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ ڕواڵه‌ت و ناوه‌ڕۆكدا له‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌واو جیاوازبوو. ته‌نها له‌ڕوانگه‌ی ئیسلام بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ بووه‌، كاركردنیان ته‌نها په‌یوه‌ست بوو به‌دانانی چه‌ندین كۆسپ و له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ئینگلیزه‌كان به‌ مه‌به‌ستی دژایه‌تی ئینگلیزه‌كان دروست بوو له‌ سلێمانی داوایان ده‌كرد ئینگلیزه‌كان ده‌ست نه‌خه‌نه‌ كاروباری كورده‌وه‌ ، ئه‌ندامه‌ به‌ژدار بووه‌كانی ئه‌م پارته‌ ئیسلامییه‌ بریتی بوو له‌ پیاوانی ئاینی و عه‌شایه‌ری بوو هاوڕێیانی شێخ مه‌حمودو كۆمه‌ڵێكه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌كورده‌كانی سوپای عوسمانی له‌وانه‌(عه‌باس مه‌حمود ئاغا،سه‌ید عه‌بدوڵا سه‌ید حه‌سه‌ن ، سه‌ید مه‌حمود موقتی، كه‌ریم به‌گ، فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ند،ئه‌حمه‌د به‌گی سه‌عید به‌گ ،ئه‌حمه‌د ته‌قین تاهیر ئه‌فه‌ندی،ئه‌مین ئه‌فه‌ندی)

ئه‌گه‌ر به‌وردیش باس له‌ دروست بوون و سه‌رهه‌ڵدان و ڕه‌وتی ئیسلامی بكه‌ین له‌ كوردستان ، ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای دروست بوونی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ عێراقدا،به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ عێراقه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ كوردستان، ئاشكرایه‌ سه‌ره‌تا و ده‌ست پێكردنی كاری ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی (ئیخوان مسلیمین)له‌ ساڵی 1928 له‌ سه‌ر ده‌ستی شێخ (حه‌سه‌ن به‌ننا) له‌ سه‌ره‌تای چله‌كانیشه‌ به‌نناو هاوه‌ڵه‌كانی له‌هه‌وڵدا بوون په‌یامه‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ ته‌واوی ووڵاتانی ئیسلامی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بوو به‌ عێراق حه‌سه‌ن به‌ننا له‌ ساڵێ‌ 1943 هه‌ریه‌ك له‌ (حسێن كه‌ماله‌ دین و محه‌مه‌د عه‌بدول حه‌مید ئه‌حمه‌د) ی ڕه‌وانه‌ی عێراق كرد تاوه‌كو لقێكی (ئیخوان مسلیمین)دروست بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر چی ئه‌و دوو نێردراوه‌ی (ئیخوان مسلمین)بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌و زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌گه‌رێت و په‌یوه‌ندی به‌زۆر كه‌سایه‌تیشه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێئه‌نجام ده‌بێت و كه‌ده‌ش گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌شڵێت:( عێراق جێگه‌و ڕێگه‌ی بانگه‌وازی ئێمه‌ نیه‌و ئه‌وێ‌، واته‌ عێراق ،بۆ ئه‌و كاره‌ی ئێمه‌ ده‌ست نادات ) دواتر (ئیخوان مسلیمین) له‌ رێگه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف و شێخ ئه‌مجه‌د زه‌هاوی و نزامه‌دین عبدالحمید ) له‌ عێراق بانگه‌وازه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن و له‌وێشه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆناو كوردستان.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ عێراق له‌ ساڵێ‌ 1939 كۆمه‌ڵێك قوتابی ڕه‌وانه‌ی (جامیعه‌ی ئه‌زهه‌ر)كرد بۆ خوێندن، محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف یه‌كێك بوو له‌ كۆمه‌ڵه‌ قوتابیه‌و له‌وێ‌ به‌بیری ئیخوان مسلیمین ئاشنا ده‌بێت .
به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق دوا گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ موسڵ هه‌وڵده‌دات به‌هاوكاری (عه‌بدوالرحمان سه‌ید محمودو عبدالرحمان مه‌حمود ره‌حیم)كه‌ دووبازرگانی شاره‌كه‌ بوون،لقێكی ئیخوان مسلیمین بكاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌ش سه‌رناگرێت جارێكی تر له‌ساڵی 1943 محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف له‌ سه‌ر خه‌رجی مسته‌فا سابوون چی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێكی شاری موسڵ بوو ده‌چێته‌وه‌ بۆ میسر بۆ ته‌واوكردنی خوێندن دوای ته‌واوكردنی خوێندنیش له‌ ساڵی 1946 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق و بانگه‌شه‌ بۆ بیری ئیخوان ده‌كات دواتر له‌ 22ی ئابی 1946 دا (كۆمه‌ڵه‌ی ئادابی ئیسلامی )داده‌مه‌زرێنێت پاشان له‌ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د زه‌هاوی(كۆمه‌ڵه‌ی برایانی ئیسلامی)داده‌مه‌زرێنێت.
گواستنه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی بۆ كوردستان.

ئه‌و جاوبیكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامانه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ محمد محمود سه‌واف و ئه‌مجه‌د زه‌هاوی به‌ زاناو رۆشنبیرانی كورد,له‌وانه‌ (مه‌لا سالح عبد الكریم ومه‌لا عوسمان عبد العزیز) له‌ شاری هه‌له‌بجه‌,كه‌ ئه‌و كات ناوبانگی ده‌ركردبوو له‌ زۆربه‌ی خوێندنگا شه‌رعیه‌كان,به‌ تایبه‌تی خوێندنگای بریس و كانی ئاشقان و ئه‌و خوێندنگایانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ مزگه‌تی باشاو شافحی بوون و ناوه‌ندی دیراساتی ئیسلامی و به‌یمانگای ئیسلامی و جه‌نده‌ها خوێندنگای شه‌رعی له‌ بیاره‌ و ته‌وێله‌ و ئه‌حمه‌د بڕنه‌وو عه‌بابه‌یلی و تریفه‌و نیرگزه‌ جاروو خه‌ربانی و سیروان و مزگه‌وتی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ له‌ سلێمانی و خوێندنكای شه‌رعییه‌ له‌ قه‌ره‌داخ ودێیه‌كانی گه‌رمیان و هه‌مه‌وه‌ند,ده‌كریت بڵین دۆخه‌كه‌ له‌ بار بوو بۆ له‌ خۆگرتنی بیری ریخستن و جوڵانه‌وه‌ی (كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین)هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌لا سالح و مه‌لا عوسمان وحاجی سلێمان وه‌ جه‌ند كه‌سانێكی تر كه‌ به‌یانی بیری ئیخوان موسلیمینیان كرده‌وه‌,به‌ مه‌ش له‌ ساڵی 1954 دا ئیخوان موسلمین به‌ تایبه‌تی شانه‌ حیزبیه‌كانی بنكه‌یه‌كی بۆ دروست بوو له‌ كوردستانی عیراق و مه‌لا عوسمان عبد العزیز ده‌بێته‌ به‌ر به‌ربرسی ئیخوان موسلمین له‌ هه‌له‌بجه‌.
مه‌لا عوسمان به‌هۆی دژایه‌تی كردنی توندو تیژانه‌ی بۆ بیرو باوه‌ڕی كۆمۆنیزم له‌ ساڵێ‌ 1959 دور ده‌خرێته‌وه‌ بۆ ناسریه‌وه‌ كاتێك ئیخوانه‌كانی عێراق له‌ ساڵی 1960 حزبی ئیسلامی عێراقیان دامه‌زراند مه‌لا عوسمان له‌ ناسریه‌وه‌ ده‌چێت بۆ به‌غداد بۆ به‌ژداری كردن له‌و دامه‌زراندنه‌ و به‌ناوی ئیخوانه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ راستر بڵێن كوردستان ووتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێبینی ئێمه‌ بێت، ئه‌وه‌یه‌ ئیخوان موسلمین به‌مه‌به‌ستی ووڵاتێكی وه‌ك عێراق ودواتریش كوردستان ده‌ست نیشان ده‌كات.به‌وپێیه‌ی له‌ عێراق مه‌زهه‌بی شیعه‌ زۆرینه‌ن و مه‌زهه‌بی سونه‌ كه‌مینه‌ن، ویستویانه‌ پێگه‌یان هه‌بێت بۆ دژایه‌تی شیعه‌كان له‌لایه‌ك، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ عێراق خۆی وڵاتێكه‌ پڕاو پڕله‌ قه‌یران و كێشه‌و ململانێ‌ ناوخۆ ی و مه‌زهه‌بی نه‌ته‌وه‌ییه‌، جیا له‌وه‌ش ئینگلیزه‌كان كه‌ فه‌رمانڕه‌وای عێراق و كوردستانیان ده‌كرد هاودوژمنی خۆشیان بوون له‌ میسر ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك قۆناغدا وه‌ك ئایدۆلۆژیایه‌ك كاریان كردووه‌ بۆ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی و دژایه‌تی كردنی بیری ماركسی و كۆمۆنیسته‌كان له‌ته‌واوی جیهاندا هاوكات ئیخوان موسلیمین سودیان له‌كه‌ش و بارودۆخی پڕله‌ئاژاوه‌و ئاشوبی ناوخۆی عێراق وه‌ر گرت.
وه‌ك ئاشكرایه‌ هیج ئایدۆلۆجیایه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ دۆخیكی هێمندا گه‌شه‌ ناكات,چونكه‌ هه‌میشه‌ جیگه‌ی گومانی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بن دواجاریش هه‌وڵی له‌ناوبردنیان و داخستنیان ده‌دات,هه‌ر بۆیه‌ شلۆقی و ناجیگیری سیاسی له‌ عیراقدا ده‌رفه‌تیكی باشی بۆ كاركردن و گه‌شه‌كردنی ئیخوان موسلمین ره‌خساندبوو هه‌ر وه‌ك دیاری كردنی كوردستانیش وه‌ك بنكه‌یه‌كی ئیخوان موسلمین دیاره‌ كۆمه‌لێك مه‌به‌ستی له‌ پشته‌وه‌ بووه‌ به‌ بۆجونی ئیمه‌ سه‌ركردایه‌تی ئیخوانی جیهانی زیره‌ك و لێهاتوون ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌وانه‌.
له‌لایه‌ك لاوازی تاكی كورد و جه‌ربه‌زه‌یی درنده‌یی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراق و له‌ لایه‌كی تر ساده‌یی خۆشباوه‌ڕی تاكی كورد و هه‌روه‌ها ئه‌ جه‌وسانه‌وه‌و زووڵم زۆره‌ی به‌ درێژای مێژوو له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمه‌كانی عیراق بینویه‌تی,ئه‌مه‌ وای له‌ تاكی كورد كردوه‌ به‌رده‌وام به‌دوای ئاسۆیه‌كدا بگه‌رێت,كه‌ ده‌رگا داخراوه‌كانی بۆ بكاته‌وه‌ له‌ لایه‌ك هه‌ژاری بێ ده‌ره‌تانی له‌ كۆل بكاته‌وه‌ له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌و جه‌وسانه‌وه‌ی به‌رده‌وام رزگاری بیت,لێره‌شه‌وه‌ بیری ئیخوان موسلمین به‌ ده‌روازه‌یه‌ سه‌یركراوه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ خۆشیه‌تی و كامه‌رانی لێ ده‌به‌خشیت و تا راده‌یه‌ك له‌ لای ڕژێمه‌ی ده‌سه‌لاًتدار شه‌فاعه‌تیان بۆ ده‌كات

2-ئه‌گه‌ر به‌ مێژووی كوردا بچینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه‌، زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆی و میرنیشینه‌كانیشی زیاتر به‌رگێكی ئاینی به‌به‌ردا كراوه‌ ته‌نانه‌ت دامه‌زرێنه‌رانیشی زۆربه‌یان كه‌سایه‌تی و پیاوی ئاینی بوون و باوه‌ڕیان به‌بنه‌ماكانی ئیسلام بووه‌،هه‌روه‌ها نمونه‌ی زۆرێك له‌ ڕاپه‌ڕین و جوڵانه‌وه‌ و شۆڕشه‌كانیشی ڕێبه‌رو سه‌ركرده‌كانی پیاوی ئاینی بوون نمونه‌ی(سه‌ید ته‌ها ،شێخ عه‌بدوڵای نه‌هری ،شێخ مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، شێخ قادری نودێ‌،شێخ سه‌عیدی پیران،شێخ مه‌حمود،شێخ عه‌بدوالسلام ، مه‌لا مسته‌فای بارزانی)به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌م ئیخوان موسلیمین به‌ئاسانی فكره‌ی خۆیان بڵاوكرده‌وه‌ هه‌م له‌ناو كوردستانیشدا به‌ئاسانی پێشوازی لێكراو تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كه‌مین ڕێكخستنی ئیسلامی بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1975-1976) به‌ناوی (بزوتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی كوردستان).
به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ساڵی 1987 به‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م پارته‌ داده‌نێن.




رەگەزپەرستی دەبێت بە کلتور … جەلال بەرزنجی

لە بەر ئەوەی وڵاتی داگیرکەر ناتوانێت کلتوری پێکەوە ژیانی یەکسانی لە وڵاتی داگیرکراو هەبێت، بۆ درێژەدان بە داگیرکردنی کلتوری رق و رەگەزپەرستی درەست دەکات. رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک هەوڵدەدەن تۆوی رق و رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە مێشکی هاوڵاتیانیاندا بچێنن. بە هۆی ئەوەی کوردستان زۆر لە مێژە بن دەستە، رەگەزپەرستی و رقی داگیرکەرانی بەرامبەری بووە بە کلتور، گۆڕانکاریش لە کلتورو هزری مرؤڤ بە ئاسانی روونادەن. کورد زؤر ئەزموونی لە گەڵ ئەو رژێمانە و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی هەیە ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە دەستووری تورکیا، ئێران وسوریا بوونی کورد و مافەکانی پشت گوێ خراوە. لە دەستووری ئێراقی دوای سەدام حوسێن دان بە فیدڕالی بؤ کوردستان نراوە، جگە لەوەیش ساڵانە لە کوردستان پارەیێکی زؤر لە لایەن هەندێک رێکخراو سەنتر بؤ سازدانی چەندەها کوڕـ کۆبوونەوە و سیمناری ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی بؤ لێک نزیک بوونەوەی کورد و عەرەب و دروست کردنی روحی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن خەرج دەکریت، (دەبێت ئەوکارە لە لایەن ناوەندە عەرەبیەکانەوە بکرێت) بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێی دا چوونکە کورد لە هزری عەرەب جێگەی هاوڵاتی پلە دووەو خاکەکەی شیمالی ئێراقە، بۆیە زؤر جار ئەو بابەتانەی لەو کۆڕانە باس دەکرێن سنووری ژووری هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان بڕناکەن. چەند کەسێکی لێ بچێتەدەرە وە دەرئەنجامیان بە سەرئەوانی تردا نیە. لەبەر ئەوهؤیانەی لە سەرەوە باسم کرد هەست دەکەین لە ( ئالیەتی) ئیش کردنی رژێمە داگیرکەرەکان و هەڵس و کەوتی هاوڵاتیانی رەگەزپەرستی رەنگ دەداتەوە. بنبڕکردنی رەگەزپەرستی و دروست کردنی زەمینەیەکی ئارام بؤ پێکەوە ژیان تەنیا بە قسەی سەرزاری یان رێکەوتنامەی ئیمزاکراو نایێتە دی. دڵ کرانەوە بە کلتوری جیاواز وقبوڵ کردنی رەنگ و ئەوانی تر دەبێت لە ناخی مرؤڤەوە چەکەربکات و پەلوپۆ بهاوێت وببێت بە رەوشت و کردار. بە بێ بوونی هیچ سیستەم و روڵێک هەر لە کؤنەوە ژیانی فرە کلتوری قبول کردنی ئەوانی تر لە کوردستان هەیە. پێش پەیدا بوونی حزبی ئیسلامی سیاسی و رژێمە دیکتاتۆرە ئێراقیەکان جولەکە، دیان، موسلمان و چەندەها کەمینەی ئاینی دی لە کوردستان وەک برا پێکەوە ژیاون. ئەو کاتەی بابلیەکان لە جولەکەکانیان دا هەزارانیان هاتنە کوردستان. کوردستان لەو شوێنە دەگمەنانە بوو کە جولەکەکان بە ئازادی مەراسیمە ئاینیەکانی خۆیانیان لێی جێ بە جێ دەکرد. زؤر لە نووسەرانی جولەکە بەو هەلوێستە جوانەی کورد دەزانن. کورد زؤرجاری تر بؤتە پەناگای لێقەوماوان،لە ئەنجامی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیراق و شام ( داعش)سەدان هەزارعەرەبی ئێراقی کوردستانیان کردە پەناگای خؤیان. سەرەڕای ئەو رەوشە ئابووریە خراپەی ئەمڕۆی کوردستان، گەلی کورد بە سینگێکی فرەوان وەری گرتوون. ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە کوردستان دەژین، بەڵام پێناچێت ئەوهەڵویستە جوامێرانەی کورد لای عەرەب نرخێندرابێت. برادەرێکم دەڵی” رؤژێک لە چایخانەی مەچکۆ یەکێک لەو عەرەبانەی ماوەیێکە ماڵی لە هەولێرەو بە ئاسوودەیی دەژیت لە تەنیشتم دانیشتبوو لە نێوان قسان گووتی”لەهەشتاکان هەولێر وەک گوند وابوو،ئێستا زؤرگەورە بووە” “لەهەشتاکان لێرە چیت دەکرد ؟” “راوی مخەریب، تێکدەرەکانمان دەنا”مەبەستی پێشمەرگەیە، ئەوە وەڵامی ئەو عەرەبە دەبێت. دەیان نموونەی ترهەنە دەری دەخەن کەوا چۆن رەگەزپەرستی لە رژێمەکانەوە هاتؤتە خوارە بؤ ناو هزری خەڵک و بووە بە کلتوورلە هەڵسوکەوتیان رەنگ دەداتەوە. لە ئاسوشدا هیچ دیار نیە بۆ گۆڕینی ئەو رەوشت و کلتورە.




گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ قۆناغی گوڵه‌ وه‌چه‌نی!! … نه‌جم محه‌مه‌د

له‌ساڵی 19991وچه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌هه‌لومه‌رجێكی زۆر سه‌خت و ناله‌باردا ده‌ژیاو گوزه‌رانی ده‌كرد ژیانێكی مه‌مره‌مه‌ژی ژیانێكی پڕ هه‌ژاری و نه‌داری و بێ‌ كاری وگرانیه‌كی سه‌ختدا زۆرێك له‌خه‌ڵكی كوردستان له‌برسێتی و نه‌داریداپۆل پۆل و به‌كۆمه‌ڵ له‌ده‌شته‌ كشتوكاڵیه‌كاندا به‌ئاپۆرایه‌كی گه‌وره‌له‌كاتی دروێنه‌ی گه‌نم دا به‌ده‌ڕاسه‌ به‌گوێنی وتوره‌كه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ كۆكردنه‌وه‌ی گوڵه‌ گه‌نمه‌ به‌جێ‌ ماوه‌ كه‌وتوه‌كانی دوای دروێنه‌كه‌ی ده‌ڕاسه‌ كان ئه‌وگوڵه‌ گه‌نمه‌یان كۆده‌كرده‌وه‌ و دواتر ده‌یان هاڕی و ده‌یانكوتاو ده‌یانكرده‌ نان تا برسێتی خۆیان و مناڵه‌كانیان پێ‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ .
به‌ڵێ‌ 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌داخه‌ڵكی كوردستان به‌وجۆره‌ ده‌ژیاو له‌نه‌داریدا گوڵه‌ وه‌چه‌نی ده‌كردئه‌و ده‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ وه‌ك پاشاكانی كه‌نداو ده‌ژیان وله‌هیچیان كه‌م نه‌بووو ئه‌وان ئه‌و ده‌م سه‌رقاڵی دانانی گومرگه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گومرگه‌كان بوون وسه‌رقاڵی ئاودیووكردنی هه‌موو ئامێرو شت ومه‌ك و ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و گرێده‌رو ده‌ڕاسه‌و هتد فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی كوردستان بوون بۆئێران وبه‌تاڵان هه‌ڕاج كردنی به‌ڵێ‌ ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆر بێ‌ باك بوو له‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی.
دواتر بۆشه‌رعیه‌ت دان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بردنی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان كه‌وتنه‌ شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی ساخته‌ ودروستكردنی په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی له‌وپێناوه‌شدا خه‌ڵكی كوردستانیان فریودا به‌ واده‌و به‌ڵێنی گه‌وره‌گه‌وره‌ درۆو ساخته‌ تاگه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات دواتر پشتیان له‌خه‌ڵكی كردو دواتر شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی خوێناوی ناوخۆییان هه‌ڵگیرسان كه‌به‌هه‌زاران خه‌ڵكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێشیان دا به‌كوشت له‌سه‌ر گردو كه‌پك ودۆڵ له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا به‌داخه‌وه‌ئه‌وا دیسان وا دوای 25 ساڵ دیسان مێژوو خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی زۆر خراپترو سه‌ختر له‌وه‌ی ساڵی 1991و1992و1993 ئه‌مجاره‌یان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بێباكه‌هه‌رچی پاره‌و سه‌روه‌ت و سامان و نه‌وت و داهاتی گومرگ و داهاتی ناوخۆیی وهتد ده‌بات بۆخۆی و خه‌ڵكی كوردستان ده‌خاته‌ سه‌خترین و ناله‌بارترین و نائینسانیانه‌ترین ژیان وگوزه‌ران به‌جۆرێكی وا كه‌هه‌موو مافه‌سه‌ره‌تایی یه‌ ئینسانیه‌كان له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌سێنێته‌وه‌ بێ‌ مووچه‌یان ده‌كات بێ‌ ئاو كاره‌باو نه‌وتیان ده‌كات بێ‌ كارو نه‌دارو هه‌ژاریان ده‌كات هه‌مووخزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان لێ‌ ده‌ستێنێته‌وه‌ و بێ‌ به‌شیان ده‌كات له‌ خۆشگوزه‌رانی و خزمه‌تگوزاریی وهه‌روه‌ها ئازادی و مافه‌مه‌ده‌نی و ئینسانیه‌كانیان زه‌وت ده‌كات وفه‌زایه‌كی سه‌ركوت و تۆقاندن به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌سه‌پێنێت .
به‌داخه‌وه‌دیسانه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌ه‌وه‌ بۆ قۆناغی گوڵه‌ وه‌چه‌نی بۆ سه‌رده‌می چراو فتیله‌ و چووله‌ به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێزمدا به‌سواڵكه‌روده‌ست پانكره‌وه‌ی به‌رده‌م ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆسه‌رده‌می به‌رگ پۆشین وبه‌رگدرونی به‌به‌تانی خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ قۆناغی دارسووتاندن وبه‌تانی له‌خۆئاڵان له‌سه‌رمادا له‌م هه‌رێمه‌پڕله‌ غازو نه‌وته‌دا.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له‌ وهه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت ودژواره‌داكه‌مێك هیواو ئومێدێكیان به‌ژیانێكی باشتر هه‌بوو به‌داخه‌وه‌ ئه‌وا ئێستا ئه‌و تروسكایه‌كه‌مه‌ ی هیواو ئومێدیان به‌ژیانێكی باشتر نه‌ما 25 ساڵ ژیانێكی باشتر هه‌ربه‌ نسیبی ده‌سه‌ڵاتداران وحیزبه‌كان وبنه‌ماڵه‌كانیان بووه‌ ژیانێكی خراپترو مه‌مره‌مه‌ژیش هه‌میشه‌ به‌نسیبی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ هه‌ربۆیه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ تاكه‌ ئه‌ڵته‌رناتیف تاكه‌ هیواو ئوێدی خه‌ڵكی كوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا و بۆڕزگاربوون له‌م نه‌هامه‌تیه‌و مه‌ینه‌تباریه‌ ته‌نیاو ته‌نیا خه‌بات وفشاری جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیانه‌ی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا له‌شوێنی كارو شوێنی ژیانیاندا له‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی ماف و داواكاری و خواسته‌ ئینسانیه‌كانیاندا ده‌بێ‌ به‌خه‌باتی به‌رده‌وامی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاسه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیجباركرێ‌ كه‌ته‌سلیم به‌ئیراده‌وبه‌خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بێت وهه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆخه‌ڵكی و خه‌ڵكی كوردستان لێ‌ ی به‌هره‌مه‌ند بێت ده‌بێت هه‌موو خزمه‌تگوزراریه‌سه‌ره‌تاییه‌ككان بدرێته‌وه‌ به‌خه‌ڵكی ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان خۆشگوزه‌ران بژی و وه‌ك ئینسانی سه‌رده‌م به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ هه‌موو مافه‌ئینسانیه‌كانی ده‌بێت مووچه‌و هه‌مووشایسته‌داراییه‌كان بدرێته‌وه‌ به‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت ڕێزو شكۆبگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆتاك وئینسانی كورد .




په‌یامی ‌جه‌نگ و رێکه‌وتنه‌کانی حه‌ڵه‌ب و موسڵ! … نوری به‌شیر:

کاره‌ساتی حه‌ڵه‌ب و لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کانی:

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سوریا ڕووده‌دات له‌ژێرناوی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب، یان ته‌سلیمبونی حه‌ڵه‌ب، ده‌وره‌یه‌کی تازه‌یه‌ له‌جه‌نگی به‌وه‌کاله‌تی چه‌ند ساڵه‌ی سوریا، که‌هه‌ردوو قوتبی هێزه‌ ئیمپریالیستیه‌‌ جیهانی و هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌ژێر ناوی دژی تیرۆردا به‌رێیان خستووه‌، دنیا شاهیدی کوشتارو کاولکاریه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی بوون، ئێستاش تراژیدیایه‌کی گه‌وره‌تریان له‌حه‌ڵه‌ب به‌ریخستووه‌ له‌لایه‌ن روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌. ‌ده‌وره‌یه‌کی نوێ له‌جه‌نگی سوریادا که‌ روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌کو دنیای چه‌ن قوتبی تیایدا پێشڕه‌وی ده‌که‌ن و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی پاشه‌کشه‌یان تێدا کردوه‌، ده‌وره‌یه‌ک که‌ته‌وازنی هێزو جێگاو رێگای قوتبه‌ جهیانیه‌کان ئالوگۆڕی به‌ردا هاتووه‌، که‌به‌دڵنیاییه‌وه‌ لایه‌نه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کانی ‌نێوان ئه‌و بلۆک به‌ندیه‌ جیهانیه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا دێت، که چۆن له‌چه‌ندین ساڵی رابردودا قوربانیه‌کانی خه‌ڵکی بێتاوانی مه‌ده‌نی بووه‌، له‌‌ئاینده‌ی سوریاو ناوچه‌که‌دا به‌گشتی له‌درێژه‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستادا که‌ له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌ت و مه‌ده‌‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگادا نیه‌‌. له‌هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ هاتوهاواری ئازادکردنی شاری حه‌ڵه‌ب یان ته‌سلیمبوونی له‌سوریا بانگه‌وازی بۆ ده‌کرێت، حه‌ڵه‌ب ‌له‌ساڵی‌ 2012 وه‌ مه‌یدانی جه‌نگی نێوان دوو لایه‌ن و به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستی تیرۆریست بووه‌، نێوه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و قه‌ومیدا بووه‌‌‌، نیوه‌که‌ی تری له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانیدا بووه‌، هاوکاتی ئه‌و بانگه‌وازه‌،‌ هه‌واڵی جه‌رگبڕو تراژیدی ئینسانی له‌م شاره‌دا له‌میدیاکانه‌وه‌ نیشانی کۆمه‌ڵگای ئینسانی ده‌درێت له کوژراو و بریندار له‌ ‌ژن و مناڵ و پیرو هه‌واڵی ئیعدامی به‌کۆمه‌ڵ ده‌بیسترێت، جارێکی تر هه‌واڵی ناو قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ به‌دژی ژنانه‌ که‌له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ که‌داوا له‌ زانا ئیسلامیه‌کان ده‌که‌ن فتوای کوشتنی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب بده‌ن نه‌ک بکه‌ونه‌ ده‌سه‌ت هێزه‌کانی سوپای به‌شار ئه‌سه‌دو پاسداران و حزبوڵاوه‌و ده‌ستدرێژی جنسیان بکرێته‌سه‌ر، هه‌روه‌ک له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا قوربانی یه‌که‌می ده‌ستی هه‌موو ده‌سته‌وتاقمه‌‌ ئیسلامیه‌کان به‌داعش و باقی ئیسلامیه‌ میانڕه‌وه‌کانی دۆستی ئه‌مریکا‌ ژنان بوون. کاره‌ساتێکی ئینسانی که‌ قوربانیه‌کانی جه‌سته‌ی خوێناوی له‌گه‌ڵ کاولکاری شاره‌که‌داو بوونی لاشه‌یه‌کی زۆری ژێر دیوارو سه‌ربانی روخاوی خانوه‌کان له‌لایه‌ن فرۆکه‌کانی روسیاو بۆمبارانی هێزه‌کانی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانیه‌وه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ژێرناوی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب و دژایه‌تیکردنی تیرۆر به‌دنیای ده‌فرۆشن‌. هه‌روه‌ها هاواری ژن و مناڵ به‌سه‌ر لاشه‌ی ئازیزانیان به‌مردووی و برینداریه‌وه‌، وه‌ په‌یامی ئه‌وه‌یان بۆ جیهان هه‌یه‌ له‌کورتماوه‌دا له‌به‌ینی ژیان و مردندا چاره‌نوسیان نادیاره‌. وه‌ به‌پێی راپۆرتی مافی مرۆڤی سوری و به‌تایبه‌ت نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كا و وه‌زیری پێشوی به‌ریتانیا، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی سوپای به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ده‌چنه‌ به‌شێکی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌به‌وه‌، به‌سه‌دان که‌س له‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ناو ‌شاره‌که‌دا له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ئازادکه‌رانه‌وه‌ به‌ئاشکرا ئیعدام ده‌کرێن له‌وانه‌ ژماره‌یه‌کی زۆریان ژن و منداڵ و ‌کارمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌کانی تیدایه‌و وه‌ هه‌والێ سوتانی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌مه‌ده‌نی هه‌یه‌ به‌زیندووی.

کاره‌سات و سیناریۆی ئێستای ئه‌م شاره‌ کاره‌ساته‌کانی پێنج ساڵی رابردووی ئه‌م وڵاته‌ نیشانده‌دات له‌ژێر سایه‌ی هێزه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان که‌جه‌نگێکی دژی ئینسانیان به‌ڕێخستووه‌ و قوربانیه‌کانی رابردوو و ئه‌م رۆژانه‌ی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نیه‌. به‌ڵام چه‌واشه‌کاریه‌کانی پشتی ده‌سته‌واژه‌ی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب و ته‌سلیمبوون، زۆرلایه‌نی شاراوه‌ی تر له‌وانه‌ که‌ئایا، ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب له‌نه‌زه‌ری کێوه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی کێدا، ئازاکردنی له‌کێ، وه‌ له‌لایه‌ن کام هێزه‌وه‌ ئازاد ده‌کرێ، وه‌ کام له‌ هێزه‌کان جێگره‌وه‌ ده‌بێت له‌و شاره‌دا،وه‌ کام لایه‌ن ته‌سلیمبووه‌ و به‌کی ته‌سلیمبووه‌، له‌کاتێکدا له‌م جه‌نگه‌ی حه‌ڵبدا هه‌روه‌ک جه‌نگی به‌ناو ئازادکردنی موڵ، روداوگه‌لێکی تازه‌ و هێزگه‌لێکی جۆراوجۆر له‌م پرۆسه‌یه‌دا هاتوونه‌ته‌ ناو ‌هاوکێشه‌که‌وه‌ و رێکه‌وتنی جۆراوجۆری تێدا ئه‌نجامدراوه‌، که‌هه‌موو ئه‌وانه‌ زۆر دژی ئینسانی و هاوکات سه‌رلێتێکده‌ره‌.

هێزه‌کانی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب، له‌سوپای به‌شار ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانی، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی پێشوو له‌م وڵاته‌دا زۆر ئاشکران و به‌وه‌حشیگه‌ریه‌کی بێوینه‌ و ئاشکرا ده‌کوژن وکاول ده‌که‌ن‌‌، به‌ڵام سیاسه‌تێک که‌له‌پشتیه‌وه‌یه‌تی و ر‌ۆشنه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خه‌ڵکی تیا رزگار ده‌کرێت و نه‌ئاینده‌یه‌کی باشتریش چاوه‌ڕێی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات. هاوکێشه‌و جه‌نگی ده‌وره‌ی رابردوو به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریکا بوو له‌کوشتن وکاولکاری، له‌یاسای دژی ژن و تیرۆر، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێستای حه‌ڵه‌ب‌ به‌سه‌رپه‌رشتی روسیایه‌و درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌ته‌ له‌لایه‌ن قوتبی مخالفه‌وه‌، که‌له‌ده‌ورانی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هه‌مانشێوه‌ به‌کارهێنانی چه‌ک فسفۆری و ناپاڵمو کاولکاریان ئه‌نجامداوه‌. ئه‌وه‌ی رۆشنه‌ له‌م هێرشه‌ی حه‌ڵبدا که‌ئه‌و هێزانه‌ چی ناو لێده‌نێن، نیشانه‌ی ئاڵوگۆڕه‌ له‌ته‌وازنی هێزی قوتنه‌ جیهانیه‌کاندا ‌ڕویداوه‌، ته‌وازنی هێز له‌نێوان دنیای دوو قوتبی چۆته‌ه‌ قۆناغێکی تازه‌ی جه‌نگی هه‌ردوو قوتبه‌که‌و جێگۆڕکێی هاوپه‌یمانانیان، هه‌ربۆیه‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌و جۆری شه‌ڕه‌که‌و رێکه‌وتنی لایه‌نه‌کان شێوه‌ی تری به‌خۆیه‌وه‌ گرتووه‌، که‌مجاره‌ تورکیا وه‌ک هێزێکی چالاک ده‌وری دوولایه‌نه‌ی هه‌یه‌ له‌ژێر ناوی ده‌رکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئابڵوقه‌ دراوی حه‌ڵه‌بدا خه‌ریکی فریاکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنه‌ ئیسلامیه‌کانی هاوپه‌یمانیه‌تی‌ له‌و شاره‌دا، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌وری وه‌ساته‌ت ده‌بینێت له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و سوپای به‌شار ئه‌سه‌دا، که‌له‌وێدا پێشڕه‌ویه‌کانی سوپای ئه‌سه‌د و هێزنواندنی به‌رچاوه‌.

سیاسه‌تی ئێستای پشتی ئه‌م کوشتارو کاولکاریه‌ی حه‌ڵه‌ب، به‌دوای رێکه‌وتنێک دێت که‌له‌ ‌جنێف له‌نێوان ئه‌مریکا و غه‌رب له‌گه‌ڵ روسیا بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ له‌م شاره‌دا‌ کراوه‌، له‌درێژه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی رێکه‌وتنه‌وه‌دا و هێرشی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی بۆ به‌شی ژێرده‌ستی ئۆپۆزسیۆن و پێشڕه‌وی و گه‌رمارۆدانی ئه‌و ناوچانه‌، یه‌کسه‌ر به‌دوایدا‌ رێکه‌وتنی روسیاو تورکیا بۆ رزگارکردنی چه‌کدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و چۆڵکردنی شاره‌که‌یه‌ له‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌ستی پێکرد، هه‌روه‌ها تورکیا وه‌ک وه‌فدی مفاوزه‌ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و روسیاو سوپای ئه‌سه‌ددا بۆ چۆڵکردنی ناوچه‌ شیعه‌ نشین و سوننه‌ نشین هاته‌ پێشه‌وه‌. هێزه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی که‌ئیدعای ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب ده‌که‌ن پێکهاتووه‌ له‌؛ سوپای به‌شار ئه‌سه‌د، ‘حه‌شدی شیعه‌ی پێکهاتوو له‌شیعه‌کانی عێراق، پاکستان و ئه‌فغانستان’، حزبوڵای لوبنان، سوپای پاسدارانی ئێرانی و هه‌موویان به‌سه‌رپه‌رشتی روسیا. ‌ئه‌مانه‌ن ئێستا ئازادکه‌ری حه‌ڵه‌ب و ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ی هێزه‌ قه‌ومی و ئیسلامیه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو سعودیه‌و قه‌ته‌رو تورکیا که ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌کرێ ‌ته‌سلیمبوون؛ له‌ به‌ره‌ی نوسره‌ که‌بووه‌ به‌ فه‌تحی شام، سوپای ئۆپۆزسیۆنی ئازاد و ده‌یان جۆری تری ده‌سته‌جاتی ئیسلامی که‌ ئه‌مریکا له‌ژێر ناوی ئیسلامی میانه‌ڕه‌ودا کۆمه‌کیان ده‌کات و کۆنه‌په‌رسترین سیاسه‌تی سه‌رده‌میان له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا پیاده‌کردووه‌ .

سیناریۆی ئێستای ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب که‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی روسیاوه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت به‌و کۆمه‌ڵکوژی و کاولکاری و پاکتاوکردنه‌ی ئینسانه‌کان له‌ناوچه‌کانیان به‌ناوی مه‌زهه‌بی شیعه‌و سونیه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان په‌یامی خۆئاماده‌کردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی له‌عێراق بۆ پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵ و له‌ژێرناوی دژی تیرۆردا راگه‌یه‌نراو دنیا شاهیدی تراژیدیاکانی موسڵ هه‌ن له‌لایه‌ن هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌، داعش له‌لایه‌ک و ئه‌مریکاو هاپه‌یمانه‌کانی له‌لایرکی تره‌وه‌، ئه‌گه‌رچی جه‌نگی موسڵ به‌ناو دژی داعش به‌سه‌رپه‌شتی ئه‌مریکایه‌ به‌ڵام هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ حه‌شدی شه‌عبی هێزی خۆی تێدا پێشڕه‌وی کردو هێزی تێداگرت و له‌کاتی ئه‌م پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵه‌دا به‌وێنه‌ی هێزێکی فه‌رمی په‌رله‌مانی عێراق ناساندی که‌ بۆ ئاینده‌ی موسڵ و عێراق و کوردستان‌ ده‌ورێکی مه‌ترسیداریان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وه‌ک حه‌ڵه‌ب نفوزو ده‌وری جمهوری ئیسلامی ئێرانی تیادا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ بردنی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی شیعه‌ مه‌زهه‌ب. وه‌زعی حه‌ڵه‌بیش که‌ له‌چوار ساڵی رابردوی وێرانکردن له‌نێوان ره‌حمه‌تی ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا له‌هێزی ئه‌سه‌دو ئۆپۆزسیۆنی ئیسڵامی، خه‌ریکه‌ پێده‌نێته‌ قوناغێکی نوێ له‌ رێگاچاره‌ی بلۆکبه‌ندیه‌ جیهانی و سه‌رمایه‌داران و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌ پاکتاوکردنی ناوچه‌ مه‌ده‌نیه‌کان به‌پێی مه‌زهه‌ب، ناوچه‌کان چۆڵده‌‌که‌ن، ئه‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ له‌گۆڕینی ته‌وازن به‌لای سوپای ئه‌سه‌ددا که‌پێشڕه‌وی روسیایه‌ له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ خه‌ڵک جگه‌ له‌سه‌رگه‌ردانی و‌ئاواره‌یی به‌ناوی ئاواره‌ی سونه‌و ئاواره‌ی شیعه‌ شتێکی تر چاوه‌ڕوان ناکرێت.
تراژیدی ئێستای حه‌ڵه‌ب کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌جیهاندا هه‌ژاندوه‌ و به‌ناچار ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌داری که‌خۆیان سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ن و ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌و جه‌نگ و ئیعدام و کوشتارو کاولکاریانه‌دا، سه‌رانیان له‌چه‌شنی ئه‌ڵمایا، فه‌ره‌نسا، تورکیاو به‌ریتانیاو ئه‌مریکا تا ده‌گاته‌ یوئێن… ناتوانن ئینکاری ئه‌و وه‌حشیگه‌ریه‌ بکه‌ن که‌لهحه‌ڵه‌ب رووده‌ات‌، و ده‌یانه‌وێ ته‌نیا به‌ره‌ی روسیاو هاوپه‌یمانانی تاوانبار بکه‌ن، وه‌که‌وتونه‌ته‌ ژێر فشاره‌وه‌و نیگه‌رانی خۆیان شه‌رمنۆکانه له‌و تراژیدیه‌ ئینسانیه‌‌ ‌ نیشانده‌ده‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووی کاولکاری سوریا ئه‌وان به‌رپرس نه‌بن، نیگه‌رانن نین له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و پاکتاوکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر ئه‌ساسی مه‌زهه‌ب که‌هه‌زاران ساڵه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین به‌بێ کێشه، که‌ به‌رگێکی که‌ ده‌که‌ن به‌به‌ری خه‌ڵکدا که‌خۆیان خوازیاری نین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر له‌جنێف رێکه‌وتون له‌سه‌ری، به‌ڵام به‌پێی ته‌وازن روسیاو هاوپه‌یمانانی زیاتر له‌و رێکه‌وتنه‌ پێشڕه‌ویان نواندووه‌و له‌ئاینده‌ ئه‌مجاره‌ ده‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی ته‌وازنی هێز که‌له‌به‌لای روسیاو به‌شار ئه‌سه‌دایه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاینده‌ی سوریا بکه‌ن.

‌هه‌ر له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌و هه‌فته‌ خوێناویه‌دا ده‌رکه‌وت که‌ سیاسه‌تی ئه‌م ده‌وره‌یه‌یان سیاسه‌تی مه‌زهه‌بیانه‌ی دابه‌شکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی سوریای له‌پشته‌وه‌ وه‌ستاوه‌،‌ که‌حه‌ڵه‌ب له‌سونه‌ نشین چۆڵ بکرێت، له‌به‌رامبه‌ردا چۆڵکردنی ناوچه‌کانی هەردوو گوندى فوعه و کفریای سه‌ر به‌پارێزگای ئیدلب که‌شیعه‌ نشین و له‌لایه‌ن ئۆپۆسیۆنی ئیسلامیه‌وه‌ گه‌مارۆدراون و ده‌ستبه‌سه‌رن. ئێستا کاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ پاسی تایبه‌تیان به‌سه‌رپه‌رشتی یوئێن و خاچی سوری نێو ده‌وڵه‌تی بۆ داناوب، خه‌ریکی گواستنه‌وه‌ی هه‌ردوو خه‌ڵکی ناوچه‌کانن، له‌ژێر ناوی رزگارکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌م ناوچانه‌و ساتو سه‌ودای هێزه‌کانی به‌شارو ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌و ئاسانکاری بۆ ده‌ربازکردنی گروپه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ و رێگاکردنه‌وه‌ بۆ درچونیان، به‌سه‌رپه‌رشتی تورکیا ده‌برێت به‌ڕێوه‌، ئه‌م سیانریۆیه‌ له‌موسڵیش بۆ ده‌ربازکردنی داعش و هێشتنه‌وه‌ی رێگایه‌ک بۆیان ژماره‌یه‌کی زۆری داعش ده‌ربازکران چ له‌و رێگایه‌وه‌و چ له‌رێگای هێزه‌کانی تورکیاوه‌ له‌موسڵ. ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی رابردودا له‌سوریا روویداوه‌، ئه‌وا له‌م هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا نموونه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌و ئاشکرای هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی که‌فرمێسکی درۆزنانه‌ بۆ خه‌ڵکی سوریا ده‌ڕێژن، راستی سیاسه‌تو ماهیه‌تیان به‌شێوه‌ی وه‌حشیانه‌ نیشانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دا‌، که له‌‌یه‌که‌مین ساته‌کانی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د بۆ پاکردنه‌وه‌ی به‌شێکی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب له‌ئۆپۆزسیۆن، سه‌دان که‌سی مه‌ده‌نیان له‌ژن و مناڵ و گروپی پزیشکی ئیعدام وگوله‌باران کردوه‌، که‌قاره‌مانه‌کانی جێبه‌جێکردنی ئه‌م بڕیارو کرده‌وانه‌‌ پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران و حزبوڵای لوبنان و سوپای ئه‌سه‌د ‌ به‌سه‌رپه‌رشتی روسیا بووه‌.

حه‌ڵه‌‌ب له‌نێوان ئازادکردن و رێکه‌وتنی لایه‌نه‌کاندا:

جه‌نگێک که‌له‌ حه‌ڵه‌ب و موسڵدا هه‌یه‌، جه‌نگێکه‌ به‌پێی سیاسه‌تی دنیای دوو قوتبی ئێستاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانی سازدراوه‌و ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی پێشوو که‌ئه‌مه‌ریکا ده‌یویست خۆی بڕایارده‌ربێت، هیچ نزیاکه‌یه‌تیه‌کی به‌رزگارکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌و شاره‌و و دێهاته‌کانی ده‌وری ئیدلیبه‌وه‌ نیه‌، هه‌ر رێکه‌وتن و ساتوسه‌ودایه‌کی ده‌وڵه‌تان و لایه‌نه‌کان، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاته‌که‌کانیانه‌، هه‌ر به‌وپێیه‌ش رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ 10ی دیسه‌مبه‌ردا رێکه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌جنێف له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو روسیاوه‌ له‌حه‌ڵه‌ب ئه‌نجامدراوه‌، هاوکات دوو رۆژ دوای ئه‌وه‌ واته‌ رۆژی دوو شه‌ممه‌ هێرشی روسیاو هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر به‌شی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب ده‌ستی پێکرد، وه‌ تا سێ شه‌ممه‌ پێشڕه‌وی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و کوشتاره‌کانی، میدیای فه‌رمی جیهانی و ده‌وڵه‌تان له‌تراژیدی ئینسانی حه‌ڵه‌ب هاواریان لێهه‌ڵسا، هاوکات رێکه‌وتنی روسیا و تورکیای تێدا هاته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌پێی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌چه‌کی سوکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی شاره‌که‌ چۆڵ بکه‌نو‌ رێگایان بۆ بکرێته‌وه‌ بۆ ده‌رچون بۆ ناوچه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب که‌ئۆپۆزسیۆن تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارن، ئه‌وه‌ش تا کاتژمێر 5ی به‌یانی چوار شه‌ممه‌ 12ی دیسه‌مبه‌ریان دانا، هه‌ر له‌و کاته‌دا له‌ژێر ناوی چۆڵنه‌کردنی باڵه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان و به‌رگری کردنیان، هاوپه‌یمانانی روسیا حه‌مه‌له‌یه‌کی فراوانیان بۆ ناوچه‌کانیان کردوه‌و مه‌ده‌نیه‌کی زۆر کوژراو بریندار بووه‌. هه‌ر به‌دوایدا رۆژی پێنج شه‌ممه‌ هاوکاتی رێکه‌وتن له‌سه‌ر حه‌ڵه‌ب، رێکه‌وتن له‌سه‌ر گونده‌کانی فوعه و کفریای ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆن هاته‌ ئاراوه‌. هه‌موو ئه‌م ماوه‌یه‌ هاوپه‌یمانانی روسیاو به‌یارمه‌تی فڕۆکه‌کانی، هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیان له‌ناوچه‌یه‌کی بچوکی حه‌ڵه‌بدا گه‌مارۆ داوه‌‌و ئه‌مڕۆ به‌ردوام له‌دوو شه‌ممه‌وه‌ هه‌واڵی ‌پاکردنه‌وه‌ی ته‌واوی حه‌ڵه‌ب و شایی و خۆشی سوپای ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ده‌بیسترێت، وه‌ پاکردنه‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب له‌ئۆپۆزسیۆن، به‌مانای باڵا ده‌ستی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی له‌میدیای جیهاندا ته‌کیدی لێده‌کرێته‌وه‌، وه‌ هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش تاکیدی رێکه‌وتن و پاشه‌کشه‌یان‌‌ ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌بێژانی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی راوه‌ستانی پرۆسه‌ی ده‌رچوون له‌حه‌ڵه‌ب، به‌ستراوه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی که‌ڕێگریان له‌مه‌ده‌نیه‌ شیعه‌کان کردوه‌و 6 له‌و پاسانه‌ی که‌ یوئێن دایناوه‌ له‌حه‌ڵه‌به‌وه‌ مه‌ده‌نی سونه‌ و ئۆپۆزسیۆنیان بۆ ناوچه‌کانی فوعه و کفریا بردوه‌ تا مه‌ده‌نی ناوچه‌ شیعه‌کان له‌وێوه‌ بگوێزنه‌وه‌، سوتاندوه‌و رێگریان له‌گواسته‌وه‌ی شیعه‌کان کردوه‌ بۆ ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی سوپای ئه‌سه‌د.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ له‌سه‌ر حه‌ڵه‌ب کراوه‌، ئێستا روسیاو هاوپه‌یمانانی به‌که‌وتنه‌وه‌ی ته‌وازنی هێز به‌لایاندا له‌‌ جه‌نگه‌که‌دا له‌وه‌ زیاتریش ڕۆشتوون، ئه‌و کاری پرۆسه‌ی پاکتاوکردنی ناوچه‌کانی سونه‌و شیعه‌ ناوه‌ستێت له‌م ده‌وریه‌دا‌، وه‌ دنیا سه‌رکه‌وتنی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانی و شکستی ئه‌مریکاو هاوپه‌یماننانی ده‌بینێت. به‌پێی هه‌واڵه‌کانی روسیا ژماره‌یه‌ک چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن خۆیان ته‌سلیمی هیزه‌کانی ئه‌سه‌د کرد‌وه‌ و هه‌زارانیش له‌دوو شه‌ممه‌وه‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتیان به‌ره‌و ناوچه‌ی رۆژئاواو ده‌ره‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب جێهێشتووه‌ ده‌یان هه‌زاریش هێشتا له‌حه‌ڵه‌بدا ئابڵوقه‌ دراون له‌ژێر بۆمباراندان به‌بێ نان و ئاو‌، وه‌ ئه‌وه‌یان راگه‌یاندوه‌ که‌ ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب له‌لایه‌ن سوپای ئه‌سه‌ده‌وه‌ هێزه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌کانی له‌یه‌ک جیاکردۆته‌وه‌، به‌حساب یه‌که‌میان به‌رگری ده‌کات و دووه‌میان خۆیان ته‌سلیمی سوپای ئه‌سه‌د ده‌که‌ن،‌ یان رێکه‌وتن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌مه‌شیان ده‌رده‌که‌وێت که‌کێشه‌و دووبه‌ره‌کیان خستبێته‌ ناو ریزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، راستی ئه‌مه‌ش له‌کێشه‌یان له‌ناوچه‌ی ئیدلیب و سوتانی پاسه‌کانی یوئێنه‌. هه‌موو ئه‌و پێشڕه‌ویانه‌ی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی و شکست و پاشه‌کشه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا هه‌ر له‌سعودیه‌، قه‌ته‌ر تا تورکیای نیگه‌ران کردوه‌و ده‌خاله‌تی تورکیا به‌وه‌ ده‌چێ به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌ژمار بکرێت بۆ رزگارکردنی ئۆپۆزسیۆنه‌ ئیسلامیه‌کانی حه‌ڵه‌ب. ده‌وری عه‌جولانه‌ی تورکیا بۆ رزگارکردنی لایه‌نگرانیان‌ له‌حه‌ڵه‌ب وده‌وری ناوه‌نجیگه‌ری نێوان روسیاو ئه‌دسه‌د له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا، نزیکه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری تورکیا له‌ روسیاو هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ هاوپه‌یمانانی تری ئه‌مریکا نزیکایه‌تی و روو به‌روسیاو به‌شار ئه‌سه‌د زیاتر بێت. وه‌ ‌هه‌واڵی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردودا تورکیا هێزێکی زۆری ناردبێته‌ حه‌ڵه‌ب بۆیه‌ ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆن تورکی بن که‌ گه‌مارۆ دراون، که‌هه‌مان ئه‌م سیناریۆیه‌ی بوونی هێزی تورکیا له‌موسڵدا هه‌بوو له‌سه‌ره‌تای جه‌نگدا که‌ده‌نگی ده‌رکردنی سه‌دان داعش و هێزه‌کانی تورکی له‌موسڵ له‌رێگای هێزه‌کانی تورکیاوه بڵاوبۆوه‌، که‌ئه‌م ده‌وره‌یه‌ تورکیا هه‌م له‌موسڵ و هه‌م له‌حه‌ڵه‌ب مه‌وجود بووه‌و ‌ده‌وری هه‌یه‌و به‌رچاوه‌‌‌‌.

به‌ره‌کانی جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵ، چی سیاسه‌تێک نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن؟:

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ جه‌نگه‌کانی سوریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لیبیا، به‌جه‌نگی وه‌کاله‌ت ناوده‌به‌ین واته‌ ئه‌وه‌ جه‌نگی خوازراوی نێوان خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ نیه‌ دژی یه‌کترو که‌جۆره‌ها حزبی قه‌ومی وئیسلامی و جۆراوجۆر دروستبووه‌و دابه‌شکراون به‌ تونده‌ڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌، به‌سونی و شیعه‌وه‌، به‌ڵکو جه‌نگی نێوان قوتبه‌ جیهانه‌یه‌کانی سه‌رمایه‌داریه‌ که‌ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان له‌لایه‌ک و روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانی له‌لایه‌کی تره‌وه‌، وه‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ش ده‌وری به‌رچاویان و هه‌ریه‌که‌یان به‌بارنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ به‌شداری ده‌که‌ن. هه‌مووی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئاینده‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ناوچه‌کدا ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌دوای شکسته‌کانی ئه‌مریکا له‌ئه‌فغانستان، عێراق، و ئۆکرانیا و بێ به‌دیلی فۆرمێکی سابت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بۆ فه‌رمانڕه‌وایی له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، وه‌ راستیه‌کانی ئه‌مه‌ش له‌دوای راپه‌ڕینه‌کانی میسرو تونسه‌وه‌ ده‌رکه‌وت و سه‌لماو روسیای وه‌ک ره‌قیب وبلۆکی به‌رامبه‌ر له‌رێگای سوریاوه‌ هێنایه‌ مه‌یدانه‌وه‌و له‌پێشڕه‌ویدایه‌، نموونه‌که‌ی ئێستا له‌سوریا خۆی ده‌رده‌خات.
ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌م ‌جه‌نگانه‌ له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ و سیاسه‌تێک که‌هه‌یانه‌، له‌نه‌زه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نیه‌وه‌‌ سه‌یر بکه‌ین، ‌هه‌موو هێزه‌کان به‌ روسیاو سوپای ئه‌سه‌ده‌ له‌حه‌ڵه‌ب، به‌ئه‌مریکاو سوپای حه‌یده‌ری له‌موسڵ و باقی هێزه‌ ئیسلامی و قه‌ومیه‌کانی ئۆپۆزیسۆن تا ده‌گاته‌ داعش، واته‌ ئازادکه‌ران و ته‌سلیمبووانه‌وه‌ که‌ئێدعای ده‌کرێ، هیچیان نه‌له‌به‌ره‌ی خه‌ڵکدا بوون و هه‌ن، نه‌ده‌توانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی نیازی خه‌ڵک و ژیانێکی باشتری ئینسانی بێت، نه‌به‌رنامه‌یه‌کیان هه‌یه‌ که‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی تێدا بێت، جیا له‌ئاینده‌یه‌کی تاریکترو خراپتر بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌و سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌وجود ناهێنن

ئێمه‌ له‌پرۆسه‌ی به‌ناو ئازادکردنی موسڵدا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ که‌ سوپای عێراقی تێدا خسته‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانێکی تری ئه‌مریکادا له‌ئاستی جیهان و ناوچه‌که‌دا، که‌راسته‌وخۆ له‌موسڵدا له‌هێزه‌کانی سوپاو پۆلیسی عێراقی، له‌”حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسدارانی ئێرانی له‌رێگای حه‌شدی شه‌عبیه‌وه”‌، هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ ناسیونالیسته‌ کورده‌کان و وجودی تورکیایه‌، وتمان که‌له‌ناوبردنی داعش نه‌ک بۆ خه‌ڵکی موسڵ به‌ڵکو بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی کوردستان عێراق و ناوچه‌که‌و به‌ره‌ی ئازدیخوازو مه‌ده‌نی له‌دنیا ده‌ستکه‌وته‌، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ی ئازادکردنه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو ئه‌و هاوپه‌یمانانیه‌وه‌ نه‌به‌دژی داعشه‌و نه‌داعشیش له‌ناو ده‌بات، نه‌خه‌ڵکی موسڵ رزگار ده‌کات و نه‌ئاینده‌یه‌کی باشتریش بۆیان دابین ده‌کات، داعشێک له‌موسڵ پاکده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام چه‌ندین هێزی داعش ئاسا جێی ده‌گرێته‌وه‌. ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا به‌ته‌وای وێران ده‌که‌ن، نموونه‌ی زیندووی له‌ناو بردنی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری بۆرژوا ناسیونالسیت قه‌ومی عه‌ره‌بی به‌عس له‌عێراقدا، له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانیه‌وه‌و جێگرتنه‌وه‌ی به‌ده‌یان بۆرژوا قه‌ومی و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست و دیکتاتۆری تر، که ئێستا راستیه‌کان له‌ ‌ژیانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی عێراق و کوردستاندا ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ راستیه‌که‌و که‌س ناتوانێت نه‌یبینێت و ئینکاری لێبکات و چاوی خۆی له‌ئاستیدا دابخات. هه‌ر ئێستا که‌ هێشتا داعش ده‌رنه‌کراون له‌موسڵ، به‌رنامه‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌و هێزانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی ئه‌و هێزه‌ن ئاشکرا بووه‌و له‌وه‌ش خراپتر دوای پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش ترسی جه‌نگێکی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی هه‌یه‌ له‌به‌ڕێی خه‌ن.
رۆشنه‌ ‌به‌سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌که‌وه‌‌ که‌ئه‌مریکاو هه‌ریه‌که‌ له‌هاوپه‌یمانانی هه‌یانه‌ له‌جه‌نگی موسڵدا، جیا له‌قوربانیه‌کی زۆری خه‌ڵکی موسڵ له‌و جه‌نگه‌دا و داڕمانی ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نی ئه‌و شاره‌، ئه‌وا له‌ئاینده‌ی پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش، فه‌زایه‌کی ماڵوێرانی و کوشتارو جه‌نگی مه‌زهه‌بی و قه‌ومی نه‌ک ته‌نها بۆ دانیشتوانی موسڵ، به‌ڵکو کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌بێت، که‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا له‌جه‌نگی موسڵدا که‌ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌عێراق و کوردستاندا، له‌موسڵی دوای داعشدا درێژه‌ده‌ری ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی خۆیان ده‌بن که‌ئێستا خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گیری خواردووه‌. راستیه‌کانی لایه‌نه‌کانی هاوبه‌شی جه‌نگی موسڵ که‌هه‌ریه‌که‌ به‌ به‌رنامه‌و سیاسه‌تی به‌ژه‌وه‌ندی خوازی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی خۆیانه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکان له‌پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵدا ده‌بێ چ ئاینده‌یه‌ک جیا له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌حه‌ڵه‌ب له‌ژێر سایه‌ی هێزه‌کانی روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا ده‌بینرێت بۆ خه‌ڵک دابین بکرێ!.

ئه‌م پێشبینیانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی حه‌ڵه‌بدا ده‌رکه‌وتووه‌، حه‌ڵه‌بێک که‌یه‌کێکه‌ له‌شاره‌ گه‌وره‌کانی موسڵ، که‌ته‌مه‌نی شارستانی خۆی له‌چوار هه‌زار ساڵ ده‌دات، وه‌ شارێکی مێژوویی و شارستانی و شوێنی پێشه‌سازی و ئابوری گه‌وره‌ بووه‌، له‌ساڵی 2012 بووه‌ته‌ شارێکی وێرانه‌و ئاوره‌یی و کوشتارگا بۆ خه‌ڵكه‌که‌ی، بووه‌ته‌ جێگای هه‌موو جۆره‌ ده‌سته‌جاتی قه‌ومی و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست، کوشتار و برسیکردن و کاولکاری و یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ روخساری ئه‌م شاره‌ی داگرتووه‌، هه‌موو یاسایه‌کی دژی ئینسانی تیادا پیاده‌کراوه‌‌، هه‌موو ئاسه‌وارێک له‌ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نی وه‌ک خۆی نه‌ماوه‌. به‌شی رۆژئاوای له‌ژیر ده‌سه‌ڵا‌تی سوپای ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانیداو به‌شی رۆژهه‌ڵاتی له‌ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆنی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی میلیشیادا بووه‌. به‌رده‌وام جیا له‌وه‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌م دوو ناوچه‌یه‌ قوربانی تۆپباران و کوشتاری به‌رامبه‌ر بوون، به‌هه‌مان شێوه‌ قوربانی سیاسه‌تی هه‌ریه‌ک‌ له‌و دوولایه‌نه‌ش بوون که‌ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو له‌و ناوچانه‌داو سیاسه‌تی دژی ئینسانی خۆیان له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا تاقیکردۆته‌وه‌، به‌پێی هه‌واڵه‌کانی چاودێری مافی مرۆڤی سوری و به‌شی مافی مرۆڤی یوئێن، له‌ 15ی نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ واته‌ له‌نزیکه‌ی یه‌ک مانگی رابردوودا، 415 مه‌ده‌نی و 364 چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب که‌ تێدا ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتداره‌ کوژراوه‌، وه‌ 130 مه‌ده‌نی له‌ناوچه‌ی رۆژئاوای حه‌ڵه‌ب به‌بۆمبارانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون. وه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی توندبوونه‌وه‌ی جه‌نگه‌دا به‌ده‌یان هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون و کۆمه‌ڵکوژی کراوه، ده‌یان هه‌زاری که‌س له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌‌. حه‌ڵه‌ب و زۆرێک له‌شاره‌کانی تر و ره‌قه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌و هێزه‌ ئیسلامی و قه‌ومیانه‌ی به‌ناو دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌ددا بووه‌، دنیا هه‌واڵی ژیان و گوزه‌رانیان له‌برسێتی و کوشتن و ئاواره‌یی و داسه‌پاندنی کۆنه‌په‌رسترین یاسای دواکه‌وتوانه‌و ئیسلامی و دژی ژن و کوشتارو ئاواره‌یی دا ئاگاداره‌، ئه‌وه‌تا له‌یه‌که‌م رۆژی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌دو باقی هاوپه‌یمانانی روسیا، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌سه‌دان که‌س له‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی سوتێنراون و ئیعدام کراوون، ئه‌مه‌ په‌یامی ئازادکردنی حه‌ڵه‌به‌ که‌ ته‌پڵی بۆ ده‌کوتن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای په‌یامی روسیاو ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌ بۆ رێگاچاره‌ی ئاشتی و وه‌ستانی جه‌نگ و ئاینده‌ی سوریا که‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی نه‌یاتوانی بیکه‌ن. خه‌ڵک له‌نێوان دوو هێزی تیرۆریستی و میلیشیاو دژی ئینسانیدا له‌چ جه‌هه‌نمێکدا ده‌ژین، ئه‌بێ هاتووهاواری رزگارکردنی حه‌ڵه‌ب له‌ده‌ست ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی که‌به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی و جێگرتنه‌وه‌ی به‌سوپای ئه‌سه‌د و روسیاو هاوپه‌یمانانی چ له‌ژیانیان بگۆڕێت و چ چاوه‌ڕوانیه‌ک به‌ره‌و‌ ئاینده‌یه‌کی باشتر بکرێت، له‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجامیان داوه‌.

ئه‌گه‌ر تادوێنێ له‌حه‌ڵه‌ب، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنانه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا به‌هاوکاریه‌کانی سعودیه‌، قه‌ته‌رو تورکیا هه‌ر له‌ ؛ سوپای ئازادی سوریا که‌تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌هێزی قه‌ومی و ئیسلامی به‌توندڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌، به‌ره‌ی نوسره‌ که‌ئێستا بۆته‌ فه‌تحی شام، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ کۆمه‌ک ده‌کران، ئه‌وا هه‌موویان به‌پێی رێکه‌وتنه‌کانی لایه‌نه‌کان ئێستا کاریان له حه‌ڵه‌ب ‌ته‌واو بووه و ده‌بێ له‌ناوچه‌کانی تریش چاوه‌روانی هه‌مان چاره‌نوسی حه‌ڵه‌ب بکه‌ن. ئه‌مانه‌ ‌نیشانه‌ی ئاڵوگۆڕی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی روسیاو پاشه‌کشه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی نیشانده‌دات، که‌له‌ پێشڕه‌وی و چونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌وازنی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی سوپای ئه‌سه‌د‌ نیشانده‌دات، به‌ڵام زۆربه‌ی کوشتارو ئیعدامه‌کانی حه‌ڵه‌ب به‌پێی راپۆرتی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و یوئێن، به‌جیا له‌سوپاسی ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنانی و سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ له‌حه‌ڵه‌ب ئه‌نجامدراوه‌، وه‌ نمایشی هیزه‌کانی جمهوری ئیسلامی و حزوری قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لەحه‌ڵه‌ب دەرده‌کەوێت، له‌نفوزی جمهوری ئیسلامی ئێران له‌ سوریادا به‌هه‌مان شێوه‌ی له‌عێراقدا، که‌ئه‌مه‌ واده‌کات نفوزیان له‌یه‌مه‌نیش بچێته‌ سه‌ره‌وه‌.
ئاینده‌ی خه‌ڵکی حه‌ڵه‌ب و موسڵ له‌ده‌وره‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا چۆن بووه‌، ئه‌گه‌ر ئازادکه‌رانی ئه‌و هێزانه‌بن که‌ئیشاره‌مان پێدا، ئه‌وا ئاینده‌ی باشتر له‌وه‌ی که‌تا ئێستا بووه‌ باشتر نابێت، وه‌ ته‌وازنی ناوچه‌که‌ش له‌کێشه‌ی نێوان سعودیه‌و ئێران، له‌سونه‌و شیعه‌دا به‌جه‌سته‌ی ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولومه‌رجێکی ترو ده‌وره‌یه‌کی تر ده‌ڕوات.‌

جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵ و ده‌وره‌یه‌کی نوێی کێشه‌ی بلۆکه‌ جیهانیه‌کان:

ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا وه‌ک تاک بلۆک له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی له‌موسڵ بڕیارده‌ر بوون، ئه‌وا له‌ سوریا له‌جه‌نگی حه‌ڵه‌بدا وانه‌ماوه‌، روسیاو هاوپه‌یمانانی هێزن و له‌پێشڕه‌ویدان و ته‌وازن له‌به‌رژه‌وه‌ندیانه‌و هه‌تا ته‌مایلی وڵاتانی ناوچه‌که‌ روو به‌ روسیا گۆڕاوه‌، مه‌وقعیه‌تی ئێران له‌سوریاو عێراق زۆر چۆته‌ سه‌ره‌وه‌، ده‌ورو یاریکردنی دوولایه‌نه‌ی تورکیا له‌سوریا و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو ئێستا له‌گه‌ڵ روسیا، هاوکێشه‌کان و کێشه‌کان بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو له‌ناوچه‌که‌دا ده‌گۆڕێت و تاسیراتی جیهانیشی ده‌بێت. ئێستا له‌سوریا ئه‌مریکاو غه‌رب و هاپه‌یمانانی ده‌وری ئۆپۆزسیۆنێکی شکستخواردوو ده‌بینن، چ غه‌رب و چ سعودیه‌و قه‌ته‌ر ناتوانن ئه‌م شکسته‌ ئینکاری بکه‌ن، ئه‌م کاریگه‌ریانه‌ بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو له‌وڵاته‌کانی تردا تاسیری ده‌بێت، به‌وپێیه‌ دوای جه‌نگی حه‌ڵه‌ب تاسیراته‌کانی له‌یه‌مه‌ن و عێراق به‌پێی نفوزو جێگای ئێران کاریگه‌ری ده‌بێت. به‌پێی ئه‌و رووهێنانه‌ی تورکیا به‌ره‌و روسیاو ئه‌سه‌د و ناوه‌نجیگه‌ریه‌ که‌ تورکیا له‌گه‌ڵ روسیا بۆ رزگارکردنی چه‌کدرانی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن له‌حه‌ڵه‌ب ده‌یکات، ناوه‌نجیگه‌ری تورکیای نێوان روسیاو ئۆپۆزسیۆنی سوریا، و قه‌راری دانیشتنی سێ قۆڵی روسیا، تورکیا وئێران، پێش هه‌موو شت له‌سه‌ر روسیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی بلۆکی روسیا کاریگه‌ری ده‌بێت. نیگه‌رانیه‌کانی سعودیه‌ و قه‌ته‌رو تورکیا له‌و وه‌زعه‌ی سوریا که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاوپه‌یمانه‌ ئیسلامیه‌کان نیه‌، به‌ناچار ده‌بێ سازانێک له‌گه‌ڵه‌‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د یان روسیادا ئه‌نجامبده‌ن، سه‌ره‌تاکانی ناچاری سعودیه‌ بۆ ناوه‌نجیگه‌ری له‌گه‌ڵ سوریا به‌ڕێوه‌یه‌و تورکیا ئه‌وه‌ ده‌ستی پێکردوه‌‌.هه‌لومه‌رجی ئێستای سوریا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ئاینده‌ی ناوچه‌که‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی روسیا ده‌بێ حسابی رێکه‌وتنی له‌سه‌ر بکرێت.

واته‌ ره‌وتی روداوه‌کان له‌به‌رژه‌وه‌ندی روسیا ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌‌، وه‌ یاریه‌کانی تورکیا له‌نێوان ئه‌مریکاو روسیادا له‌ئێستادا، بازرگانیه‌کانی میسر له‌گه‌ڵ روسیادا، هه‌مووی باڵانس به‌لای روسیادا ده‌شکێته‌وه‌، به‌ناچار ئه‌وه‌ تاسیراتی له‌سه‌ر په‌یه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی غه‌ربیش ده‌بێت، ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی ناوچه‌که‌ش ده‌بێ، به‌پێی تاسیراتی ناوچه‌یی، به‌ناچار ده‌بێ پرۆسه‌ی جه‌نگیان له‌گه‌ڵ داعش هێواش که‌نه‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانی کۆمه‌کردنیشی ده‌کرێت، به‌پێی هه‌واڵه‌کان له‌ناو حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌، کۆمه‌کی تازه‌ گه‌شتۆته‌ ده‌ستی داعش له‌موسڵ و مقاوه‌مه‌تی زیادی کردوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگۆی درێژه‌کێشکانی جه‌نگی موسڵ له‌ده‌می لا‌یه‌نه‌کانی به‌شداربووانی جه‌نگی موسڵه‌وه‌‌ هه‌یه‌. له‌ سوریا به‌هۆی جه‌نگی حه‌ڵه‌به‌وه‌، هه‌واڵی جه‌نگی دژی داعش چۆته‌ دواوه‌و داعش له‌چه‌ند ناوچه‌ پێشڕه‌وی کردوه‌. هه‌لومه‌رجی ده‌خاله‌تی تورکیاو یاریکردنی دوو لایه‌نه‌ی تورکیا له‌سوریادا، دانیشتنی سێ قۆڵی روسیا، تورکیا و ئێران، وه‌ له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن و روسیاو سوپاسی ئه‌سه‌ددا، خۆئاماده‌کردنه‌ بۆ ده‌وره‌یه‌کی تر له‌ئاینده‌ی سوریادا به‌پێی به‌رژه‌وه‌دی خۆیان، که‌‌ ئه‌و هه‌ولومه‌رجه‌ ناتوانێت ناوچه‌ کوردیه‌کانی سوریا نه‌گرێته‌وه‌.

له‌کۆتاییدا، ده‌توانین بڵین به‌دوای به‌رێخستنی جه‌نگی موسڵدا، جه‌نگی حه‌ڵه‌ب کۆتایی ده‌وره‌یه‌که‌ که‌ئه‌مریکا ناتوانێت یه‌کلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانیدا بڕیار بدات، دنیای یه‌ک قوتبیه‌که‌ی به‌خاک سپێراو قوتبی روسیا به‌هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریدا راوه‌ستاوه‌و شه‌ریکه‌ به‌شێکی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌مریکا، ئه‌مه‌ به‌مانای سه‌ره‌تای ده‌وره‌یه‌کی نوێیه‌ له‌کێشه‌و دانوسانی هه‌ردوو بلۆکه‌ جیهانیه‌که‌و هاوپه‌یمانانیان، که‌جه‌نگ و ئاشتیان به‌پێی به‌ژه‌وه‌ندیه‌ سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیستیه‌کانیان ده‌بێت. ئه‌وه‌ی رۆشنه‌ بۆ ئێمه‌ کۆمۆنیسته‌کان ‌له‌ژێر سایه‌ی هێزو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکاو و روسیاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کاندا تروسکاییه‌ک که‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کرێکار و به‌شمه‌ینه‌تی تێدا بێت به‌دوای جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵدا به‌دیناکرێت، جیا له‌ئاینده‌یه‌کی ترسناکتر، وه‌ناکرێت چاوه‌ڕوانیه‌کی له‌وه‌زیاتر بکرێت، جه‌نگی حه‌ڵه‌ب وموسڵ جه‌نگی دووبلۆکی سه‌رمایه‌داری جیهانی جیا به‌هاوپه‌یمانی جیهانی و ناوچه‌یی جیاوازه‌وه‌‌، وه‌ستانه‌وه‌یان‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌حزابی ئیسلامی تیرۆریستیدا، ناتوانێت یه‌ک زه‌ڕه‌ له‌ماهیه‌تی سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستی و دژی خه‌ڵکیان بگۆڕێت، هه‌ربۆیه‌ رێگاچاره‌ی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌ت له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ، له‌ سوریا، عێراق و ناوچه‌که‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌‌جه‌نگ و کوشتارو کاولکاری و ئاواره‌ییان هه‌ر سۆسیالیزمه‌، ئه‌م سۆسیالیزمه‌ به‌هه‌موو زه‌وعفێکی هێزه‌که‌یه‌وه‌ که‌هه‌یه‌تی له‌ چینی کرێکارو کۆمۆنیزمێکی رێکخراوو ئاماده‌، هه‌ر رێگاچاره‌ لای ئه‌م هێزه‌یه‌. کۆمۆنیسته‌کان و چینی کرێکار له‌م وڵاتانه‌دا هاوچاره‌نوسن، چینی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و به‌ره‌ی ئازیخوازو ئینساندۆست له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، رێگا چاره‌ به‌ده‌نگهاتنی ئه‌م رێزه‌ فراوانه‌ ملیۆنیه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاو چاره‌نوسه‌کانیان له‌ناوچه‌که‌دا وبه‌ده‌نگهاتن و هاتنه‌مه‌یدانی به‌ره‌ی ئازادیخوازو ئینساندۆسته‌ له‌گه‌ڵیاندا له ئاستی ‌جیهاندا، که‌ده‌توانێ رێگا به‌و وه‌حشیه‌گه‌ریه‌ی هه‌ردوو بلۆکی ئیمپریالیستی و وڵاتان و ئه‌حزابی سه‌رمایه‌داری و بۆرژوازی بگرێت.

18-12-2016




سلیمانی و ده‌نگی كوردستان … ئانیا ئەحمەد پور

بارگرژیه‌كانی سلێمانی كه‌له‌سه‌ره‌تای سالی نویی خویندن ده‌ستی پیكرد بریتی بو له‌فشار خستنه‌ سه‌ر پارتی خوازان.دواتر له‌ده‌می به‌ریز مسعود بارزانی چه‌ند وشه‌یه‌كی نه‌شیاو ئاراسته‌یان كرا، هه‌ربۆیه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناوجه‌كه وە‌ باركرزیه‌كه‌ی زیاتر كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی زۆرلایه‌ن بریاری هاتنه‌بال مامۆستایانیان دا .رۆژ له‌دوای رۆژ شاره‌كه‌ زیاتر په‌ستتر خۆی ده‌نوینی ئه‌گه‌رجی زۆریك له‌لایه‌نه‌كان ئه‌مه‌ ناوده‌نین به‌ پیلانكیرانی گۆرانخوازان، به‌لام خه‌لك پاساوی یاسایی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وبه‌شیكی دیاری هاونیشتمانیانیش ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامن و ئه‌وانه‌ی به‌هۆی هیزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ریگریان لیكراوه‌ له‌به‌رده‌م هاتنه‌ ده‌نك ئه‌م به‌رده‌وامبونه‌یان لاباشتره‌.
ئەمڕۆ ‌شاره‌كه‌ به‌ناوی هه‌مو خه‌لكی كوردستانەوە وه‌ده‌نگ كه‌وتوه‌ لایه‌نیكی شاراوه‌ش هه‌بو كه‌ به‌شیكی خه‌لكی ئه‌م شاره‌ دركیان پینه‌كردبو لیره‌به‌دواوه‌ هه‌ستیان به‌و سیناریۆیه‌ش كرد كه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ هه‌ر به‌ته‌نیا بیده‌نگ نیه‌ به‌لكو له‌پال وه‌لامنه‌دانه‌وو خوین ساردی و بی هوده‌بونی ئه‌وان ده‌خاته‌ روو. وه‌ جه‌ند بیده‌نكبون له‌باركرزی ئه‌م شاره‌ تاوانباره‌ خوین ساردی نواندنیش ئه‌وه‌نده‌ وبكره‌ زیاتریش ئاشكرابونی ئه‌ن سیناریۆیه‌ به‌هه‌لویستی به‌ریز مسعود بارزانی ده‌ستی بیكرد كه‌ به‌ئاشكرا ئیدانه‌ی ئه‌م خۆبیشاندانه‌ی كرد ئه‌وه‌ جكه‌ له‌وه‌ی له‌به‌رده‌م میدیاكانه‌وه‌ جه‌ند ش وشه‌یه‌كی ئاراسته‌كردن دیاره‌

سوكایه‌تیكردن به‌شداری له‌به‌ست بونی سلیمانیدا هه‌بوه‌ ئه‌م سه‌ركردانه‌ی حوبه‌كان كه‌ دانیان به‌مافی خه‌لك ده‌نا به‌جۆریك له‌ سوكایه‌تیكردن به‌ سلیمانی به‌شدارن حكومه‌ت بیشتر وای له‌خه‌لك كه‌یاندبو كه‌ جه‌ند كیشه‌یه‌كی كاتین و له‌لیواری له‌ناووجوندان به‌لام كاتیك روداوه‌كان نمایشی خۆیان كرد ئه‌مه‌شی به‌تال كرده‌وه‌ و متمانه‌ی ده‌سه‌لاتی خۆی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌خۆراكره‌كانیشه‌وه‌ كه‌رانده‌وه‌ لیره‌ به‌دواوه‌ جه‌ماوه‌ره‌ به‌دوای سه‌نكی خۆی ده‌كه‌ریت و مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و شیعاره‌ به‌كرده‌نی بكات به‌وته‌ی ده‌سیلات كیشه‌ی كاتین ئه‌مه‌ش به‌راكه‌یاندن و هه‌لمه‌تی راكه‌یاندتییه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ رۆزانه‌ به‌به‌لكه‌ی جۆراوجۆر وه‌لامی ده‌سه‌لاتی كه‌مه‌رشكین ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامیش جوله‌یان كردوه‌ هه‌ر له‌ناره‌زایی تاده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی خه‌لك و جه‌ماوه‌ر وه‌ك جاران بیده‌نك نین و به‌قولی هه‌ول ده‌ده‌ن به‌لام شاره‌كانی تر وه‌ك بیویست نه‌یانتوانیوه‌ هینده‌ی سلیمانی له‌م كاته‌دا بكه‌نه‌ ده‌نك و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ زۆر نارازین بیناجیت بتوانن به‌دیلیكی ئه‌م هه‌لویسته‌ی ئیستایان بدۆزنه‌وه‌ جونكه‌ خۆبیشاندانیش بوبه‌زیر ته‌ب و تۆز و غوباری هیزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌م نیوه‌نده‌دا بارتی ده‌یتوانی یاریه‌كی زیرانه‌ بكات و جه‌ماوه‌ر بۆهۆی رابكیشتیه‌وو به‌لام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین وانیه‌ و بیجه‌وانه‌كه‌یه‌تی بارتی له‌م باركرزیه‌دا وه‌ك بیویست مامه‌له‌ ناكات بۆ نمونه‌ له‌كاتیكدا حزبه‌كان له‌بیناو جه‌ماوه‌ر برۆزه‌ یاسای بودجه‌ به‌سند ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر هیور ببیته‌وه‌ بارتی كۆبونه‌وه‌ی جیهیشت و دژ به‌ سیاسه‌تی نه‌مانی باشه‌كه‌وت وه‌ستا و جه‌ماوه‌ری به‌ست و هه‌لجو ئه‌وه‌نده‌ی تر قه‌واره‌ی ناره‌زایی فراوانتر ده‌كه‌ن. لایه‌نیكی تر كه‌ زۆر كرنكه‌ باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جومكه‌ی حزب بشتیوانیه‌ بارتی له‌م بواره‌شدا به‌ره‌و دواوه‌ هاتوه‌ نه‌ك به‌ره‌و بیش بروات بشتیوانی بارتی له‌ناوجه‌ی سنوره‌كه‌شی به‌جۆریكی به‌رجاو بۆ دواوه‌ كه‌راوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ئاستی به‌راورددا نییه.‌ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانین خه‌لكی هه‌ولیر بخه‌ینه‌ به‌رباس، ئه‌وه‌تا به‌هۆی توندوتیزی هیزه‌كانه‌وه‌ خه‌ریكن له‌ژیر ئاگری هه‌لجون ده‌كولین و سنوری بیده‌سه‌لاتی ده‌شكینن. ته‌نانه‌ت بارتی خوازانیش هه‌لده‌گه‌رینه‌وه‌ و بۆناو حزبه‌كانی گۆران و یه‌كیتی ده‌جن ئه‌مه‌ش به‌ژماره‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ كه‌جاران جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر گه‌وره‌یی سنوری بارتیخوازان ئالاو ره‌مزی بارتی ئاسمانه‌كانی دابۆشیبو، كه‌جی ئیستا گوێت له‌هیج كه‌سیك نابی كه‌ بشتگیری بارتی بكات، هۆكاری ئه‌مه‌ش دەگه‌ریته‌وه‌ بۆفره‌ ریگا جه‌وته‌كانی بارتی كه‌ گرتویانه‌ته‌ به‌ر، له‌كاتیكدا ده‌یتوانی قه‌ره‌بوی هه‌له‌كانی بكاته‌وه‌، به‌لام چونكه‌ جاوی ته‌ماحكاری كویری كردون نه‌چوه‌ ژیر ركیف و به‌یوه‌ندی لەگه‌ل حزبه‌كانی تردا نه‌بو. له‌وه‌شدا لایه‌نه‌كانی تر توانیان بی به‌شداری بارتی به‌بیوه‌ بوه‌ستن و دژ به‌و قه‌واره‌یه‌ بن كه‌ پارتی سازی كردوه‌ جگه‌ له‌وه ‌رازی بونی زۆر لایه‌نه‌كان له‌به‌رله‌مانی عیراق شكستیكی مه‌عنه‌وی بو بۆ بارتی. له‌سه‌ر ئاستی راكه‌یاندنیش وته‌ و بلاوكراوه‌كانیان كه‌م كردوه‌ و له‌میدیا و كه‌ناله‌كان وته‌یه‌كیان نیه‌ بۆ وتن جكه‌ له‌وه‌ی به‌شیوه‌ی ناراشكاوی جه‌ند وته‌یه‌كی دوباره‌ ده‌لینه‌وه.‌ كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند بیه‌وی شیرازه‌ی كوردستات تیكبدات و دواتر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردستان یه‌ككرتوه‌ و بارتی جالاكیه‌كانی له‌ سلیماتی نه‌ماوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت لایه‌نكره‌ ره‌نجاوه‌كانیشی ئاشت بكاته‌وه‌ بگره‌ تادیت ریزه‌ی ره‌نجاندنی جه‌ماوه‌ر له‌و حزبه‌ له‌و شاره‌دا زیاتر ده‌بی بەكشتی بارتی نەییتوانیوه‌ وه‌ك بیویست جموجۆل و راستكۆیی خۆی به‌ئاراسته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی جەماوه‌ر ریكبخات. كه‌ر به‌مجۆره‌ بروات هاوكیشه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بی كۆران و یه‌كیتی ئینجا یه‌ككرتو و كۆمه‌ل كه‌ر بارتی نه‌توانی بیگه‌ی خۆی توندوتۆلتر بكاته‌وه‌ پیده‌جی له‌وه‌ش زیاتر توشی شكست و رسوایی بێت، به‌لام له‌م نیوه‌نده‌دا گۆران گره‌وی خۆی ده‌باته‌وه‌ و پیده‌جی سنوری فراوانتر وریزه‌یه‌كی به‌رجاو زیاتر ده‌بی.




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی … به‌شی چواره‌م …. نەجمەدین فارس

شۆڕشی كرێكاری و پرسی نەتەوایەتی

چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , ئەم وەرەمەی سەرمایەداری لەبەردەم خەباتی كرێكاران لە پێناوی ڕزگاری یەكجاری دایناوە , تەنها بە شۆڕشی كرێكاری نەشتەرگەری دەكرێت , بەهۆی دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە , سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی لێوە بەرهەم دێت و , جیاوازی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی چینایەتی بنج بڕ دەكات , ڕێگا ڕاستەكە دامەزراندنی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمە, هەروەكو ماركس و ئەنگلس دەڵێن “دەوڵەت هەر لە ئەزەلەوە نەبووە”.(23)
دەوڵەت بەرهەمی دروستبوونی جیاوازی چینایەتی بوو , لە كۆمەڵگای سەرەتاییدا ده‌وڵه‌ت بونی نه‌بووه‌ ،دواتر و له‌دروستبوونی چینه‌کاندا , دەوڵەت بۆ پارێزگاری بەرژەوەندی كۆمەڵێك لە بەرامبەر هەموو كۆمەڵگادا پێكهاتووە و پێك دێت .

جیاوازی ئابووری سەرچاوەیەكی گەورە و پڕ لە كێشە و مەرارەتی ناو كۆمەڵگایە , ئەمەش وای كردووە له‌ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئابووری و هێزه‌شه‌ڕکه‌ره‌کان و سیاسه‌ته‌وه‌ , كۆمەلێك كۆمەڵێكی تر بچەوسێنێتەوە , جیاوازییەكی گەورە لە نێوان خۆیان و ئەواندا دروست بكەن . هەروەها به‌هۆی سیاسه‌ت و ئابووری و بەكارهێنانیان بە ناوی هێزی نەتەوەیی و بیری ئەندامانی خۆوڵاتی , جیاوازییەك لە نێوان جوگرافیا سیاسیەكانی سەر ڕووی زەوی دروست دەكەن , پەرە بە قڵیشتی نێوان ڕەنگە جیاوازەكانی ئەیەن , بەرژەوەندی ئابووری جیاواز و جوگرافیای ئابوریی بە ناو نەتەوەیی و پارێزگاری كردنیان لە ڕێگەی دڕۆ و دەلەسەی بێبنەما و بێسەر و مل , هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و ململانێ‌ نەتەوەكان ئه‌یه‌ن بۆ بەرژەوەندی خۆیان, و لە ڕێگەی بەناو پارێزگاری جوگرافیایەك كە كۆمەڵێك خەڵك بە زمانی جیاواز یا جلوبەرگ و ئەدەب و كەلتوری جیاواز بەرامبەر جوگرافیایەكی تر, بەو جۆرە دیدگایە کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکه‌که‌ی حقنە دەكەن , ئەمەش هەر هەمووی دیسانەوە لە پێناوی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ و ئابوریدایە , زۆرترین جار سەرمایەداری, بۆ هێشتنەوەی كێشە و ململانێیەك, جیاوازی ئابووری لە نێوانیاندا دروستده‌کات لە ڕێگەی وەبەرهێنانكردن و كرێی كاری جیاواز و پێدانی پاداشت و سزا, دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ، دژایەتی بە ناوی نەتەوایەتی و نیشتمانیەوە لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , و بە بەرگی پارێزگاریكردن لە كرێكارانی نەتەوەكەی , خۆی ئەكاتە دەم ڕاست و دڵسۆزو پارێزه‌ری .
هه‌ربۆیه‌ چارەسەرییەكە , لە سەرچاوەی ئابوورییەوە دەست پێ دەكات چونكە دەست ڕاگەشتن بە مافی ئابووری یەكسان و ئازادی پێكەوە ژیان , خاڵێكی گەورەی وەرچەرخێنەری چارەسەری كێشە و ململانێی نەتەوایەتی یە .

هەروەها مافی یەكسانی نەتەوەكان, ئەتوانێت بە ڕۆشنبیرییەكی زۆر پێشكەوتوو , دوور لە ڕۆشنبیری نەتەوایەتی , لە نێوانیاندا پرۆسیس بكات , ئەمەش هۆكارێكە , بۆ ئەوەی جێگە و ڕێگەی یەكسانیان هەبێت , ده‌وریان لە دەستنیشان كردنی بەهای ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیان هه‌بێت , لەمەیدانی خەبات دژی نایەكسانیەكانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئەوقەید و بەندانەی بەناوی ناسیونالیزمه‌وه‌ , بیر و گیانی شۆڤێنیانە لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , سەرەتای دروست بوونی , چینی سەرمایەدار و كرێكار , سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت نەتەوەیە , لەگەڵیدا بیری نەتەوایەتیش دروست ده‌بێت , ئەمەش سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە , دەوڵەت نەتەوە لە ساڵی (1648ز) , كە پەیماننامەی ویستفالیای لێوە دروست بوو , دەست پێ‌ دەكات , ئەویش دوای ئەوەی كۆتای هێنا بە زنجیرەیەك لە جەنگ كە (30) ساڵ درێژەی كێشا , بەهۆی ململانێی نێوان نەمسای كاسۆلیك و وولایەتەكانی ئەڵمانیای پرۆتستانتەوە بە دیاری كراوی ,و ئەوروپا بە شێوەیەكی گشتی , ئەمەش كۆمەڵێك كێشەی چارەسەر كرد , كە لە بەردەم گۆڕانی ئەوروپادا بوو , وەكو لایەنی ئایینی , سیاسی , كێشەی كەمایەتیەكان , ئاڵوو گۆڕ و پەیوەندی دبلوماسی ………..(24)

لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆو بۆگه‌ناوی فیودالیزم ، دەوڵەتی نەتەوە دروست ئەبێت , هیچ شتێكی ئەوتۆ لە ژیانی زەحمەتكێش و هەژاران ناگۆڕێت , لەگەڵ ئەوەی لە سیستەمی پێشوودا , چەوسانەوە هەبوو , برسێتی و هەژاری , سیما ی دەرەبەگایەتی بوو بەڵام له‌نێوان جووتیاراندا كێشەی نەتەوایەتی برەوی نەبوو , سیما و خەسڵەتی سەرمایەداری بە نەتەوەیی كردنی كێشەكان بوو لەپاڵ كێشە ئابوورییەكاندا , هەر بۆیە سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت , لە ململانێ‌ ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكان و له‌ جه‌نجاڵی بازاڕی جیهاندا , کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری ، هەموو ئەو ئەركانەی پرسه‌ مرۆفایه‌تیه‌کان که‌ هه‌ن چارەسەریان بكات , چونكە ئه‌وانه‌ هه‌موویان بەشێكن لە پێویستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا , به‌ڵکو بە هۆكاری جیاواز و لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا , توندڕەوی نەنەوایەتی لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , و ئەیكاتە بەشێك لە ژیان و هەوڵ و تێكۆشانیان , لەبەر ئەوە چارەسەركردن لە لای دەوڵەتی سەرمایەداری , دیاریكراو و سنووردارە و هیچی بۆ خەڵك لێ سەوز نابێت .

ئەگەر سەیری ووتە و ڕستەكانی چەپ و ڕاست و ئیسلامیه‌کان بكەیت , دوو فاقی و جیاوازی تێڕوانین لەسەر پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرییەكان ئەبنیێت , هەموویان خۆیان بە دەمڕاست و كوێخای چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانن , بەڵام بۆ بازرگانی كردن بەكاری دەهێنن و پرسەكە لە چوارچێوەیەكی تەسكی بیر و بۆچۆنەكانیان دەهێڵنەوە و جەماوەری خەڵكی تووشی دوو دڵی و دڵەڕاوكێ‌ دەكەن , چونكە ((ئەوەی سەردەمی یەكەم جیا دەكاتەوە , بە ئاگا هاتنەوەی بزووتنەوە نەتەوایەتیەكان, كە چینی جووتیاران زۆرترین ژمارەی دانیشتوان پێك دێنێت , ئەگرێتە خۆی , كە چینێكە زۆر زەحمەتە هاندانی بۆ بزووتنەوەكە , لە نێوان چینەكانی تری دانیشتواندا, لە پێناوی تێكۆشان بۆ ئازادی سیاسی بە شێوەیەكی گشتی, مافی نەتەوایەتی بە شێوەیەكی تایبەت, بەڵام ئەوەی سەردەمی دووەم جیا دەكاتەوە, نەبوونی بزووتنەوەكانی بۆرجوازی دیموكراتی و جەماوەرییەكانە, سەرمایەداری پێشكەوتوو , هەوڵی نزیككردنەوە و تێكەڵا بوونی زیاتر و زیاتری نەتەوەكان ئەدات , دوای ئەوەی ئەو نەتەوانە سەرجەمیانی بەرەو بزوتنەوەی (جموجۆڵی) ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕۆشتن , بۆ بارودۆخی ململانێیەك لە نێوان سەرمایەداری هه‌یه‌ كە تێكەڵا بوون لەسەر ئاستی جیهانی, وە لە نێوان بزووتنەوەی كرێكاری جیهانی , كە پلەیەكی گرنگ و لە پێشینەی هەیە , بێگومان , هیچ دیوارێك نیە بۆ جیاكردنەوەی ئەو دوو سەردەمە, بەڵكو بە چەند زنجیرەیەك گۆرانكاریی زۆر پێكەوە بەستراون, چەند هۆكارێكی تر هەن كە دەوڵەتەكان لێك جیادەكاتەوە: وەكو گەشەی خێرای نیشتمانی, وە پێكهاتەی نەتەوەی دانیشتوان, وە دابەشبوونی دانیشتوانەكەی, هتد …… لەبەر ئەوە هەرگیز ناتوانرێت دەست بكرێت بە دانانی بەرنامەیەكی نەتەوەیی بۆ ماركسیەكان, لەهەر وولاتێك لە ووڵاتەكاندا , بەبێ‌ ڕەچاوكردنی هەموو ئەو هەلومەرجە گشتی و مێژوویی و هەموو ئەو بارودۆخە بەرجەستانەی كە لەو دەوڵەتەدا هەیە))(25)

كاتێك كێشەی نەتەوایەتی نەبێت , باسكردن لێی زۆر بێمانایە , ئەگەر كێشەكەش هەبێت , ئەوا پێویستی بە چارەسەركردن هەیە , مێژووی پێكەوە ژیانی نەتەوەكان و چۆنێتی هەڵسوكەوت و بەرخوردیان لەگەڵ یەكتری , دەستنیشانی جیابوونەوەی نەتەوەكان , تا ئاستی دروستكردنی دەوڵەتیش دەكات , یا جیانه‌بوونەوە . لە پێش هەمووانەوە , كۆمۆنیستە زانستییەكان , بە پێی ئەو هەلومەرجە مێژوویییە و پەیوەندییەكان بڕیارێكی دروست دەدەن , لەبەر ئەوەی هەر كاتێك ئەو ناوچەیەی جێگەی هەڵسووڕان و پراكتیكی حیزبێكی كۆمۆنیست بێت , پرسی نەتەوایەتی پرسێكی مێژوویی و ڕێگر بێت لەبەردەم بزووتنەوەی چینایەتی چینی كرێكار ,ئه‌گه‌ر ئامانج و ستراتیژی بزووتنەوەكەی خستبووە ژێر پرسیارەوە , دەبێت ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە و چارەسەری بنج بڕی بۆ بكرێت, تا هەنگاوێكی زیاتر و پڕ لە سوود بێت بۆ بزووتنەوەشۆڕشی كرێكاران .

شۆرشی كرێكاری وەڵامی یەكەم و كۆتاییە . بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , لە هەر ووڵاتێكدا بێت . بەڵام لە ڕابردوودا , لە لای بەشێك لە بزووتنەوەی چەپ ,بۆ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی بڕوای ناڕاستی, نا زانستیان ئەوەبوو , كە نابێت نەتەوەكان جیاببنه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حکومه‌تی کرێکاریدا . هه‌روه‌ها له‌لای پارته‌ ڕاست و ئیسلامیه‌کان بە شێوەیەكی بێ بەهایانەو , شەرمنانە , تا ئاستی باس نەكردن بوو, یان بۆ راكێشانی سۆز و هەستی كۆمەڵگای كوردی لێرە و لەوێ‌ قسەیەكی كورت و بێ‌ ناوەڕۆكیان لەسەر دەكرد, چونكە ((“لە سیستەمی سەرمایەداریدا, كارێكی چاوەڕوان نەكراوه‌،, لابردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی (چەوسانەوەی سیاسی بە گشتی) لەسەر نەتەوەكان, لەبەر ئەوە پێویستی بە لەناوبردنی چینەكان, و دامەزراندنی سوسیالیزمە”))(26)
هەڵوێستی دژ بە سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە, و ڕاگەیاندنی لە لایەن چەپی كوردستانەوە له‌ ڕابردوو ئێستاشدا, سەربەخۆیی كوردستانی عێراق لە لایان دووەمین ڕێگای هەڵبژاردنیان نییە, ئەوە نەبێت حیزبەكانی تریش هەڵویستیان لە ڕابردوو ئێستاشدا زۆر جیاواز بێت, هەرچەندە بەسەر زارەكی بەیانی بكەن .

نە بڕوایان بە حكمی زاتی و نە بە فیدراڵی و نە بە جیابوونەوەش هەیە , پرسی نەتەوایەتی گرێی خستوۆه‌و ده‌خاته‌ بەردەم چوونە پێشەوەی ئامانج و ستراتیژی كۆمۆنیستە زانستیەكان , هەروەها چەپیش هەوڵیان لە پێناوی چوونە پێشەوەی بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازی و بەكارهێنانی پرسی نەتەوایەتی یە ,لەو پێناوەدا چونكە دەڵێن ((“سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دووەمین ڕێگاش نی یە كە هەڵبژێرین”))(27) , كاڵفامیان , یان نەتەوە پەرستیان ئەم جۆرە هەڵوێستانەیان , بەرامبەر بە پرسێكی لەو جۆرە بۆ دروستكردوون , لەبەر ئەوەی كێشەی كورد لە هەر چوار وڵاتانی عێراق , ئێران , توركیا و سوریا , مێژوویەكی دوور و درێژی لە بێ مافی سیاسی و ئابووری و تا كەلتوریش هەبووە , باشوری كوردستان كەوتەبەر شاڵاوی ئەنفال و كیمیا باران و , وێران كردنی گوند و سەرچاوە ئابوورییەكانی, ژیانی هاووڵاتیەكانی لەسەر زەوییەكەی وەكو ژیانی بەندییەك بووە لە گرتووخانەیەكدا , لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و , باكوریش شتێكی ئەوتۆ نەبووە, كە پێناسی ناسنامەكانیان بێت , لەو ووڵاتانەدا هاووڵاتی كورد بە پلە دوو هەژمار دەكراو و دەكرێت , هەموو ئەو هەڵوێستی دەوڵەتانەی كە كوردی تێدا ئەژێت, وای كردووە ئەو نەتەوەیە دامەزراندن و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە كەم و كۆتا چارە دەیبینێت, بەڵام “(لەبەر ئەوەی بۆرژوازی نەتەوەی چەوساوە, دروشمی ڕزگاری نیشتمانی, بە بەردەوامی دەگۆڕێت بە دروشمی فێڵكردن لە كرێكاران , لە كێڵگەی سیاسەتی ناوخۆدا , ئەم دروشمانە ئەقۆزێتەوە, بۆ بەستنی ڕێكەوتننامە كۆنەپەرستانەكانیان: لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی كە لە دەسەڵاتدایە, وە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا , هەوڵئەدات بۆ بەستن و جێبەجێ كردنی سەفەقات لەگەڵ دەوڵەتێك لە دەوڵەتە ئیمپریالیستیە ڕكابەرییەكانیان, تا ئامانجەكانی لە تاڵان و بڕۆدا بە دەست بهێنێت.)”(28)لەگەڵ ئەوەی ئەمە سیاسەتی بۆرژوازی نەتەوەو مەزهەبچیەكانی عەرەبیە لە عێراقدا, هەروەها لە وڵاتەكانی وەك و ئێران وتوركیا و سوریاش هەر هەمان شتیان ئەنجام داوە, بەڵام ئەو سیاسەتانە بەشێك نین لە ئامانج و خواستی سیاسی و ئابووری كرێكارانی نەتەوەی ووڵاتەكانیان , هەموو ئەوانە فرت و فێڵی بۆرژوازی نەتەوە و ئاین و مەزهەبچیەكانە لە كرێكارانی نەتەوەكانی خۆیان, پەنا بە خاتری زیاتر كردن و گەشەی كەڵەكەبوونی سەرمایەكانیانە و بردنە پێشەوەی ئامانجی سیاسی و ئابوورییانە , لەسەر شان و ئێسك و پروسكی كرێكارانی نەتەوەكانیان و كۆیلەكردنیان بە سیاسەت و ئامانجە نزیك و دوورەكانیان , چونكە “(هەر گەلێك, گەلێكی تر كۆیلە بكات بە دەستی خۆی كۆت وبەندی خۆی دروست دەكات)”(29).

هەموو ئەو كردارانەیان زیاتر لە پێناوی ململانێی و كێبركێی سەرمایەكانیانە لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی ژێر دەست و , ئەمەش لەسەر شان و بەرژەوەندییەكانی كرێكارانی ناوخۆی ووڵاتدا ئه‌نجام ئه‌درێت , بەڵام لە هەموو كاتێكدا بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەستە , لە دژی كرێكارانی هەردوو نەتەوەكە , تا ڕێگای هاوخەباتی چینی كرێكاری نەتەوەكان و , بزووتنەوەچینایەتیەكەیان ڕووبەڕووی شكست ولەناوچوون بكات , هەروەكو لە ڕابردو و ئێساشدا ئەو شكستەیان دیار و ڕوونە. بۆ ئەم هەلومەرجەش دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان چ هەڵوێستێك لە بەرامبەر ئەو ناتەبایی و دژیەكییەی كرێكاران , لەبەردەم كار و كرداریان دابنێن؟! بە پێی هەموو ئەو هەلومەرجە ئابووری , سیاسی , كۆمەڵایەتی و مێژووییانەی كە نەتەوەی كورد هەیەتی لە ناوچەكەدا , جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بە كارێكی زۆر شیاو و باشتری دەزانم لەوەی كە ببێتە هۆكاری زیاتر قڵشتی جیاوازی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەكاندا , لەبەر ئەوەی “(داننان بە مافی جیابوونەوە مەترسی (پارچەبوونی دەوڵەت) كەم دەكاتەوە)”(30) كاتێك كێشەی نەتەوایەتی بەر بینی چینی كرێكار نەگرێت , بە خەباتی چینایەتی و داخوازییە ڕۆژانەییەكان و خواستی مێژوییەوە خەریك دەكەن , كەواتە دەبێت جیابوونەوە بە خاتری یەكگرتنەوەی خەبات و بزووتنەوەی كرێكاران بێت . هەروەها دەبێت جەخت لەسەر ئەو ڕێگایە بكەن و هەڵوێستی دوولایەنە و بێئامانجیان نەبێت , و ڕاستەوخۆ ڕێگا چارەكانی , لە تێڕوانینی و لێكدانەوەكانی كۆمۆنیستە زانستییەكان هەبێت .

بە پێی لێكدانەوەكانی ڕابردووی چەپ , سەربەخۆیی كوردستانی عێراق ڕێگای دووەمیش نییە , ئەو تێڕوانینانەیان , كار و فرمانەكان و نووسنەكانیان ,و هەوڵەكانیان , لە پێناوی چوونە پێشەوەی ڕەووتی بزووتنەوەیەكی كرێكاری و كۆمۆنیستی , بەهای بۆچوونێكی نازانستییە , ئەو تێڕوانینەیان هەڵقوڵاوی دیدگا و بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازییە , ئەم توێژەی كۆمەڵگا , بە پێی شوێن و ڕێگای لە سیستەمی سەرمایەداریدا , هەڵووێستیان بە قازانجی بەرژەوەندی خۆیان هەیە و خه‌ڵکانی تر له‌ پێناودا به‌کارده‌هێنن.

تێڕوانینی ناڕاست, و نازانستی چەپ لە ڕابردوو , لە زۆرترین كاتدا, هاوجووت دەبوون لەگەڵ سەرمایەداران و بۆرژوازی لە دەسەڵاتدا, ئەیان ووت “(لە حاڵەتێكی لەمەش پێشڕەوتر لەم دەورانەی ئێستا بەوجود بێت كە پێش جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق چینی كرێكار توانییبێتی ئامادە بێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و جەماوەری زەحمەتكێش بە دەوری خۆیدا كۆكردبێتەوە و حكومەتی كرێكاری لە عێراقدا جێگای جكومەتی بەعس و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی بگرێتەوە لەهەریەك لەم دوو حاڵەتەدا ئێمە دژ بە جیابوونەوە و دیفاع لە مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەكەین)”(31)
ئەم هەڵوێست و تێڕوانینانە , چی جیاوازە , لە بیروبۆچون و كرداری سیستەمی دواكەوتووی سەرمایەداری عێراق , سەرمایەداری لە عێراقدا لەبەر سیاسەتی چاوچنۆكی ئابووری و بازرگانی , بە بڕوبیانوی جیاوازەوە , بڕیار لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی كورد نادات , ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندییانەوە , یەكسانی نەتەوەكان , دەخاتە چوارچێوەی بیری تەسكی شۆڤێنیزم و بە ئاگر و ئاسن و جینۆساید وەڵامی ئەداتەوە , لە ئێستاشدا وەكو ڕابردوو ڕێگای جیاوازی گرتووەتەبەر , تا بتوانێت بە پێ‌ بەرژەوەندییەكانی , مانۆڕی سیاسی و ئابووری خۆی تاو بدات , ئەگەر حكومەتی كرێكاری , زامنی مافی یەكسانی نەتەوەكان نەبێت , بە جیابوونەوەش , ئەوا چ جیاوازییەكی لەگەڵ حكومەتی سەرمایەداران هەیە ؟!.

“(لە تێڕوانینی مێژوویی ئابوورییەوە , لە بەرنامەی ماركسیەكاندا , (ئازادی نەتەوەكان لە بڕیاری چارەنووسدا) ناكرێت جگە لە واتایەكی هەبێت , ئەویش ئازادی بڕیاری چارەنووسی سیاسی , واتا دەوڵەتێكی سەربەخۆ , و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی , بەڵام مەرجەكان لە ڕوانگەی ماركسییەوە , واتا لە ڕووانگەی چینایەتی پرۆلیتاریاوە , پشتیوانی كردن , لە داواكاری بۆرژوازی دیموكراتی كە ئەڵێت “دەوڵەتی نەتەوەیی” و لە دواتردا بڕیار لە ووتەكان ئەدەین , ئێستا باسەكەمان كورت ئەبێتەوە لەسەر پێناسەی ماناو ناوەڕۆكی “ئازادی بڕیاری چارەنووس”)”(32) حكومەت و سیستەمی دیموكراسی بۆرژوازی , هیچ نییە جگە لە دەسەڵاتی چینێكی كەمی مشەخۆر بەسەر تەواوی دەسەڵات و ئامانجی زۆرینەی كۆمەڵگا , بێگومان ناوەكانی وەكو حكومەتی ریفاهی بۆرژوازی , لیبرالیزمی مۆدێرن , و كلاسیك , دیموكراسی و دیكتاتۆرەكان , هەموو حیزبەكانی تری كوردستان و كۆمۆنیزمی كرێكاری و كۆمۆنیزمی سۆڤیەتی جاران و ماوییەكان , ناتوانن وەڵام بە تەواوی داخوازی زۆرینەی خەڵك بدەنەوە , جیابوونەوە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیەتی , لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی سیاسی دیاریكراو سەربەخۆدا , ئەو جۆرە دیدگا و تێڕوانینانەیان لە دنیادا , جیهانبینییەكانیان , بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی نەتەوەی كورد , بێژانەكانیان , خۆشباوەڕی و ناوەڕۆكی بۆچوون و كردارێكی دژە بە دیكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا و سۆسیالیزمە و هیچی تریان لێوە سەوز نابێت . دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی سەرمایەداری , ناتوانێت مافی یەكسانی نەتەوەكان دابین بكات , نموونەش زۆرن , وەك جێبەجێ‌ كردن و پێدانی مافی نەتەوەكانی , وەك چیچانی , و سۆدانیەكانی خوارو , و …..

لە لایەن ووڵاتەكانی كە لەگەڵیاندا ئەژییان , دەوڵەتی ڕوسیا و سۆدان , ئەگەر مافیشیان دابێت , ئەوا ئاوێزانی كۆمەڵێك كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییان كردوون , ئەمەش لەسەر دەستی ئەو ووڵاتانە بووبێت یان لە لایەن سەرمایەداران و بۆرژوازی نەتەوەكانی خۆیان بووبێت , كێشەی بۆسنی و سربیەكان , لەساڵانی پێش (1800ز)وە,كێشەیەكی مزمن و بێكۆتایی بوو, هەتا لە سەرەتای نەوەتەكانی سەدەی ڕابردووە , ئاخر جەنگی خوێناوی و بە پشتگیری سیاسەتی ڕووسیا لە سربەكانی ئەرسۆدۆكس و , هەروەها پاڵپشتی و هاندانی بۆسنییە موسڵمانەكان لە لایەن ئەمریكا و ڕۆژئاواوە , بەرداشی ئەم دوو هێزە خەڵكێكی زۆری لەلایەن ئەرسۆدۆكس و موسڵمانەكان هاڕی , ئەمانەش هەر هەمووییان , پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكانەوە هەبووە و كراونەتە قوربانی سیاسەتەكانی ئەوان . واته‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بوو ، ئه‌وا کاریگه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ووڵاتانی تر ، له‌سه‌ر ناوخۆیان ده‌بێت . هه‌ردوولای ناوخۆو هێزی ده‌ره‌کی ، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاگری دژایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ بڵێسه‌ و خامۆش ده‌که‌ن

“(بونی تێكۆشان لە پێناوی ئازادی نیشتمانی , دژی دەوڵەتێكی ئیمپریالی , لەوانەیە لەهەموومەرجێكی دیاریكراودا لەلایەن دەوڵەتێكی تری (گەورە) بۆ مەبەستە ئیمپریالیەكانی ئیستغلال بكرێت)”(33),هەروەكو لەو ووڵاتانەی كە ئاماژەمان پێكردن , كێشەی دەوڵەتی سووریا و دانیشتوانەكەی , و هێزە گەورە ئابوری و سەربازییەكانی دنیا, لە پێناوی بەرژەوەندییان و ململانێیان لەسەر باڵادەستی لە ناوچەكە و , ڕێڕەوی هەناردەی نەوت و غازی سروشتی , بۆ ئەوروپا و بەشێكی زۆری جیهان , بە گیانی سەدان هەزار كەس لە خەڵكی سوریا و ئاوارەبوونی چەند ملوێنێك لە دانیشتوانەكەی , تەسفیە حساب دەكەن لەگەڵ یەكتریدا . ئەوە خۆشباوەڕییە , كە پێت وا بێت , سەرمایەداری و بۆرژوازی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەكەن , بەڵام ئەگەر لە هەر شوێنێك , هەوڵێكیان بۆ هێنانە دی بەشێك لە خواستی نەتەوایەتی دابێت , یان بیدەن , ئەوا ناكرێت ڕەتی بكەینەوە , ئەزانین , بۆرژوازی و سەرمایەداران كێشەكان بە تەواوەتی چارەسەر ناكەن , بەڵام بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەلاتیان لێرە و لەوێ‌ ووردە ڕیفۆرمێك دەكەن , ئەویش بە پێی هەلوومەرجی ئەو كات و توندی و شلی گرتنی كێشەكان لە لایەن دانیشتوانەکه‌یه‌وە , لەبەر ئەوە دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان , بەرنامە و پرنسیپ و ستراتیژی ئامانج دووری هەبێت , ئەمەش دەبێت تایبەتمەندی ناوچەی كاركردنی خۆی لەبەرچاو بێت, هەنگاوێكی بە بزووتنەوەی ڕزگاری چینایەتی پێهەڵگرتبێت . لە ناوچەكەی ئێمەدا چه‌ند نەتەوە و ئاین و ئاینزای لە یەكتر جیاواز هەیە , هەر هەمووییان كێشە و ئاریشەی سیاسی , و كۆمەڵایەتی , ئابووورییان لەگەڵ یەكتر هەیە, هەر پارت و بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی سیاسی , دەبێت ئامانج و تاكتیكی بە پێی هەلوومەرجی شوێنی كار و چالاكییەكانی دابڕێژێت .

بەرنامەی دیمۆكراتیكی , لە فەلەكی خواستە دیموكراتیەكانی کرێکاران و كۆمەڵگادا بسوڕێتەوە , و بەرنامەی چارەسەری هەبێت , چونكە “( دەوڵەت جۆرێكی تایبەتە لە ڕێكخستنی هێز , ڕێكخستنی تووند و تیژانەی سەركوتكردنی چینێكە لە چینەكان , چی چینێك كە پێویست بێت پرۆلیتاریا سەركوت بكات ؟ بێگومان تەنها پێویستە چینە وەبەرهێنەكانی (چەوسێنەرەكان) سەركوت بكات , واتە بۆرژوازی , كرێگرتەكان پێویستیان بە دەوڵەت نییە , بێجگە لەو كاتەی كە سەركوتی بەرگرییەكانی وەبەرهێنەرانی (چەوسێنەرانی) پێدەكەن , وە ناتوانرێ‌ سەركردایەتی ئەو سەركوتكارییە بكات ,جگە لەوەی تا كۆتایی بە تاكە چینی شۆرشگێر ناوزەند دەكرێت , ئەویش كە چینی پرۆلیتاریایە لە ژیانیدا جێبەجێ‌ دەكات . وە تاكە چینە كە شایستەی یەكخستنی هەموو كرێگرتە و چەوساوەكانە بۆ تێكۆشان , لە پێناوی دژایەتی كردنی بۆرژوازییەت و ڕوخان و لە ناوبردنی بە تەواوەتی)”(34) چارەسەر تەواوەتی لە بەرنامە و دەستوریی پرۆلیتاریای شۆرشگێڕدایە .

لەبەر ئەوەی لە سەردەمی سرمایەداریدا بێجگە لەو چینە ئیتر چینی شۆرشگێڕ نییە , هەروەكو چۆن لە مێژوودا, چینی شۆرشگێری لە كۆیلەداریدا , جووتیاران و خاوەن زەوییەكان بون , بۆ دەرەبەگایەتیش , بۆرژوازی و سەرمایەداران بوو بوونە چینی شۆرشگێر و سەردەمێكی كۆنیان گۆڕی بە نوێ‌ , بۆ ئێستای سەرمایەداریش بێجگە لە پرۆلیتار هیچ چینێكی ترو توێژەكانی ئەو ئەرك و دەورە ناگێڕن , بە “(بێ‌ شۆرشێكی توندو تیژ و بە زەبرو زەنگ ناتوانرێت , لە جێگای دەوڵەتی بۆرژوازی دەوڵەتی پرۆلیتاریا بخرێتە جێگای , بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی پرۆلیتاریا,و هەموو جۆر دەوڵەتێكی تر, هیچ ڕێگایەك نییە جگە لە (هەڵوەشانەوەی ))”(35) , ئەمەش هیچ فرت و فێڵێك ناهێلێتەوە , ئەو ئەركە بە ئەنجام دەگەیەنێت كە مێژوو پێداوە و , بووە بە زەرورەتێك و حەتمیەتێكی مێژووییە, چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , یەكێك لە ئەرك و كارە تاكتیكیەكانی ئەو چینەیه‌ , ئەگینا “( بەو شێوەیەی پرسی هەڵوێستی شۆرشی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا, بەرامبەر بە دەوڵەت , تەنها گرنكیەكی ڕامیاری نییە , بەڵكو لەهەمان كاتدا یەكێكە لە بابەتە پێویستیەكانی ڕۆژگار, ئەوەیە كە پێویستە جەماوەر لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕوونكردنەوە و ئەوە دیاری بكات , ڕزگاربوون لە زۆرداری سەرمایەداری)”(36) , كاتێك كردەیەكی تاكتیكی لەبەر چاو دەگیرێت , لە پێناوی خزمەتی ستراتیژی چینایەتیە,واتە دەبێت لە ئێستا هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەب و كەمە نەتەوایەتییەكانی تر, بیر لەوە بكەنەوە كە نەیه‌ڵن بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەكانیان بەكارییان بهێنن و لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتیان بیانكەن بە گژ یەكتریدا.

چارەسەری پرسی نەتەوایەتی بەشێكە لە وەڵامی سیستەمی سەرمایەداری كە هەموو كات ویستوویەتی , لە رێگەی دروستكردنی , دژایەتی نەتەوایەتی و بیری تووند و تیژییه‌وه‌ چینی کرێکار ناكۆك و دژبەیەك بن لەناوخۆیاندا , واتە دەیانەوێت پرسی سەردەمی ئێستا و كێشەی كرێكار و پرۆلیتاریا لەگەڵ سەرمایەداری و سیستەمەكەیدا بگۆڕن , بە كێشە و ململانێی نەتەوایەتی , كاتێك مێژووی ململانێكان لە نێوان نەتەوەكاندا پێیان ووتین جیابوونەوە چارەسەرە , ئیتر دەبێت كورد و عەرەب بەوە ڕازی بن و هەوڵی ئەوە بدەن لە دواتردا , لە یەك هێزدا خۆیان كۆبكەنەوە و , دژ بە سیستەمی سەرمایەداری هەرچی هێز و توانایانە لە پێناو لەناوبردنیدا خەرج بكەن . ئەمەش لە رێگەی هاوكاری و هاوپشتی چینایەتی كرێكارانی نەتەوە جیاوازەكانەوە دەبێت , هێز و توانایان ئەداتێ‌ بۆ لەناوبردنی جیاوازی نەتەوایەتی و چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی .

“(هەروەها دەوڵەت لە ئەزەلەوە نەبووە , كاتێك كۆمەڵگاكان دروستبوون , پێویستیان بە دەوڵەت نەبوو , هەروەها هیچ ئایدیایەكیان لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتی دەوڵەتی نەبوو , كاتێك بەزەرورەت كۆمەڵگا دابەش بوو , بۆ چینەكان , پەیوەندی بە پلەیەكی دیاریكراوی گەشەی ئابوورییەوە هەبوو , وە بە پێی ئەو دابەشبوونە دەوڵەت بووە پێویستیەكی گرنگ . ئێمە لە پلەو ژمارەی ئەو هەنگاوە خێراییانەی گەشەی بەرهەمهێنانەوە نزیكین كە هه‌روه‌ها بەس نییە پێویستی بوونی ئەو چینانە , بەڵكو بوونەتە لەمپەرێكی ڕاستەوخۆی بەردەم بەرهەمهێنان , بە پێویستی و زەرورەت چینەكانی لەناو دەچن , هەر وەكو لە ڕابردوودا بە زەرورەت دروست بوون , وە لەگەڵ لەناوچوون و هەڵوەشاندنەوەی چینەكان دەوڵەتیش بە زەرورەت لەناو دەچێت , كۆمەڵ بەرهەمهێنانێكی نوێ‌ ڕێكدەخات , بە ڕێكخستنێكی نوێ‌ , لەسەر بناغەی ئازدی و یەكسانی و یەكێتیە بەرهەمهێنەكان , هەموو ئەداتی دەوڵەت هەروەكو هەبووە بە تەواوەتی دەنێرێت بۆ مۆزەخانە عادییەكان لە پاڵا جۆڵاكاری سەرەتایی و داسی برۆنزی)”(37) .

——————————————————–
سه‌رچاوه‌کان:

23- مارکس،‌انجلس، مختارات في اربعة اجزاء(الجزءالثالث)،‌‌‌‌‌اصل العائلة الملکیة الخاصة والدولة ، دارالتقدم ، موسکو ، ص412.
24- الدکتور محمدالسیدسلیم ،تطورالسیاسةالدولیة في القرنین التاسع عشروالعشرین ، دارالفجرالجدید للنشروالتوزیع ، جمهوریةمصرالعربیة، الطبعةالثانیة ، 2004م ،ص39.
25 – لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص75-76.
26- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،{خلاصةالمناقشة حول حق الامم في تقریرمصیرها} ،ص197.
27- مه‌نصوری حیکمه‌ت ، له‌به‌رگریکردنداله‌ داخوازی سه‌ربه‌خۆی کوردستان ، گۆفاری بۆپێشه‌وه‌ ، ژماره‌ 21 ، 27ی ئابی 1995 ،ل5 .
28- لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص176 .
29- مارکس،انجلس ، بصددالثورةالاشتراکیة ، مجموعة من المقالات {من مقال “بلا‌غ سري” کتب نحو 28‌‌أزار[مارس] 1870 } ، ترجمة الیاس شاهین، دارالتقدم ، طبع في الاتحادالسوفیتي ، 1983 ،ص153 .
30- لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م،ص107 .
31- ئاسۆکمال ، جێگای جیابوونه‌وه‌ی کوردستان له‌ خه‌باتی چینایه‌تی له‌ عێراقدا ، ل10 .
32- – لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص73-74 .
33- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،ص176 .
34- لینین ، الدولة والثورة ، دارالتقدم ، موسکو ،طبع في الاتحاد السوفیتي ، ص30 .
35- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص27 .
36- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص5 .
37- مارکس،‌انجلس، مختارات فی اربعة اجزاء(الجزءالثالث)،‌‌‌‌‌اصل العائلة الملکیة الخاصة والدولة ، دارالتقدم ، موسکو ، ص412 .




بەی( بەگ)ەکانی کوردایەتیی و تەخوین و جوێنە ئایدیۆلۆژییەکانیان…نووسینی: هیمداد شاهین و کامیارسابیر

ئەم وتارە، بەسەریەکەوە، چوار بەشە.

بەشی یەکەم

ئه‌م وتاره، گەر بە “مێنتاڵیتی”ی کوردایەتیی، بقەبڵێندرێت، ئەوە‌ به‌زمانێكى توند نووسراوه‌. ئێمە هاتووین، مێنتاڵیتیی کوردایەتیی و جوێنەکانی، تەفسیر بکەین. هاتووین، ئەو هەموو تەخوینەی کوردایەتیی دەیبەخشێتەوە، تەئویل بکەین و لە جوغزی فیکری سیاسییەوە، بەر رەخنەی بدەین. چەمکی “بەی Bey= بێ ” ی تورکیی لە سەردێڕی ئەم وتارەدا کە بەکارهاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەبری (رائید و ئاغا)ی عەرەبیی و فارسیی، یان بەگ، (بەی- یان بەییم Beyim =لۆرد)ی تورکیی بەکاربهێنین، چونکە ئەو تێکهەڵکێشییە سۆسیۆ(سیاسیی وئابووریی)ەی ئەمانە بە تورکیا و ئەردۆغانەوە دەبەستێتەوە، باشتر تەفسیر دەکات. به‌كارهێنانى زمانى توند پێشاندانى جۆرێك له‌ ئاكت و نمايش، نییە، تا به‌وانى ترى بڵێين ئه‌وه‌تا ئێمه‌ زبر و خه‌شن ده‌نووسين وسڵ ناكه‌ينه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت بڵێين له‌به‌ر دوو هۆكارى سه‌ره‌كیی به‌م زمانه‌ نووسيومانه‌:-

1. به‌جياوازیى ديد و تێڕوانينى هه‌ردوو نووسه‌رى ئه‌م وتاره‌ له‌ هه‌ندێك بواردا، به‌ڵام هه‌ردووكمان كۆكين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دۆخی سیاسیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، تا دێت خراپتر دەبێت، خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى ئێمه‌ به‌ته‌واوى بڕستى لێبڕاوه‌ و چيتر تاقه‌تى گوێگرتنى نييه‌ له‌ چيرۆكه‌ سواوه‌كانى دەسەڵاتی کوردایەتیی، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ غه‌درێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ين ته‌نانه‌ت ناوى (خێڵه‌كيى)يشى لێبنێين، چونكه‌ لای کەم له‌ ترادیسيۆندا، سه‌رۆك خێڵ، وه‌كو خزمه‌تكارى خێڵ چاوی لێده‌كرێت.

له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ وه‌ظیفەی ئه‌خلاقيى خۆمانى ده‌زانين كه‌ به‌ روون و راشكاویی، به‌خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى خۆمانى بڵێين، ئه‌گه‌ر وريا نه‌بين چیی دۆزه‌خێكى گه‌وره‌تر له‌وه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌يه‌، چاوه‌ڕێمان ده‌كات؟ دۆزه‌خێك كه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، بەیەکانی كوردايه‌تیی خوڵقاندوويانه‌، به‌درۆ، سيحر و ته‌ليسمى ناسيۆناليزمیش، ره‌نگيان كرووه‌. لە راستییشدا، له ‌ناوه‌وه‌ جگه‌ له‌ کۆمەڵێ بەییمی قومارچیی و قومارخانەیەکی گه‌وره‌، جگە لە کۆمەڵێ چەتەی سیاسیی، گەندەڵ، دز و تاڵانچیی، هيچىتر نييه‌.

2. ماوەیەکی زۆرە بەناوی ئەوەی کە هەلومەرجێکی باش هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقەوە ببێ بە دەوڵەت، ئازادیی و سەربەخۆیی یەکجاریی بەدەست بهێنێت، کەمپەین و لۆبیی بۆ ئەوە دەکرێ کە لە رێگەی ئابووریی تاڵانکراو بۆ ئەردۆغان! لە رێگەی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردییەوە، جیابوونەوەی یەکجاریی لە عێراق، مسۆگەر دەبێت. لە راستییدا ئەمانە گەورەترین کارخانەی درۆکانی کوردایەتیی و فەلسەفە ناوبۆش و بەتاڵەکەین. ذەخیرەی سەرەکیی درێژەدان بە بیزنسی نەوت و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی، تەخوینکردنە بەبەکارهێنانی کۆمەڵێ چەمک، لەوانە عێراقچییەتیی و کانتۆنچیی…تاد. ئەمانە وەکو جوێنی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بەکار دەهێنرێن و نەیارەکانی خۆیانی پێ لە کون دەنێنەوە. بۆ تێكشکاندنی تەلیسمەکانی ئەو هەموو تەخوینەی بەناوی عێراقچییەتی، کانتۆنچییەتیی و لۆکاڵیزمی سیاسییەوە دەکرێ، دەبێ بە زمانێکی رەق و حەق، لە ستراکتۆری ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی بدرێت.

دونيای ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مێديايه‌كى ترسناكى ئه‌م پڕۆژه‌ ئیستیحماریی و برسییکردنەدا، ده‌يگوزه‌رێنێت. پرۆژە مێدیاییەکانی رووداو، باس و K24 كه‌ مێدياكاره‌كانیان به‌ پاره‌ى كرێى نه‌وت ئيغراكردووه‌ و ئیرادەیان سه‌لب كراوە، هه‌رچۆنێكىان بوێت، رووداوه‌كان به‌و چه‌شنه‌ پێشانى راى گشتى ده‌دەن کە بەیەکان و مافیاکانی کوردایەتیی، دەیانەوێت. ئەم پرۆژانە، رۆڵێکی باش لە ئیستیحماری کۆمەڵگەی کوردییدا دەگێڕن. به‌شێكى زۆریان لە نوخبە ناودارەکان، به‌ پاره‌ ئيغراكردووه‌ تا بۆیان بنووسن، ته‌نانه‌ت نووسەرانی گەورەی گەلەکەمان( بە دەربڕینی چەمکەکانی کوردایەتیی)ی تێدايه‌ هه‌ر له‌م رۆژنامه‌ فاشيست و مورته‌زيقانەوە‌ ڕوو له‌ رای گشتیی ده‌كات و چەمکی “فاشیست” بەسەر هەموواندا، تەخشان دەکات.

به‌ديوێكى تردا، ئه‌م پڕۆژه زه‌به‌لاح و گه‌وره‌يه‌ی مێدیای دزەکانی کوردایەتیی، بۆخۆى له‌ هەناوەوە، هه‌ڵگرى زياد له ره‌هه‌ندێكه‌. به‌ديوێكدا پڕۆژه‌ ئيستيحمارييه‌كه‌يه‌تى و به‌شێكى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵگە و دونياى ئێمه‌ى، وەکو موسته‌عمەرەی( کۆڵۆنی) خۆى، قۆرغکردووە. لەناو ئەم موستەعمەرەیەشدا، جڤاکێکی بەرینی موستەحمەرەی( المستحمرة) لە نوخبە و لە عەوام، بە مۆتیڤی کوردایەتیی، بۆ ئابوورییە چەتەگەرییەکەی، مۆبەڵایز کردووە. ئه‌م كوردايه‌تييه‌ش، جا ناوی ئەصیڵەکەی لێدەنێیت یان موزەیەفەکەی، توانيوييه‌تى سه‌رنجى بڕێكى باشى كۆمه‌ڵگە و به‌تايبه‌ت زۆنی كوردايه‌تييه‌ موحەسەنەکە (زۆنى زه‌رد)‌ به‌ره‌و لاى خۆى ڕابكێشێت.
به‌ مانايه‌كى تر ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگەيه‌كداين چه‌ند بە‌ برسييه‌تى، چه‌ند بە گيرفانى خاڵييەوە‌، ‌ له‌به‌رده‌م شاشه‌ى مێدياكاندا به‌ تاك هه‌زاریی دڕاو و بەهەناسەساردییەوە ده‌يانبينين، هێنده‌ش كۆمه‌ڵگەيه‌كه‌ هێشتا باوه‌ڕى به‌م خورافاتانەی بەیەکانی( بەگەکانی) کوردایەتیی هه‌يه‌؟ لەو دونیا موستەحمەرەیەی ناو موستەعمەرە کوردایەتییەکەیشدا، هێشتا هەزاران سیاسیی ئەحمەق، نوخبەی موهەڕیج و رانتخۆری جۆراوجۆر هەن، باسی کوردایەتیی موزەیەف دەکەن، وەکو ئەوەی ڤێرژنە ئەصیڵە ئەفسووناوییەکە، مەعدەنێکی باشتر بێت!

هاوکات، ئه‌م پڕۆژه‌يه‌، چه‌ندين ساڵه‌ كار له‌سه‌ر سیستەمایزی تاڵانکردن، مافیاگەریی، دزیینی سه‌روه‌ت و سامانى نيشتيمانى ده‌كات. ئەوەی جێگەی ناسۆرییە، ئه‌م پڕۆژه‌ى كوردايه‌تييه‌، ئه‌م ئيستيحمارى فاشيزمى كوردايه‌تييه‌ هه‌ندێك چه‌پيشى سه‌رمه‌ست كردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ كێشه‌كه‌ سيسته‌مێكى ئینتەرناسیۆنالیی و گشتگيره‌، بەیەکانی کوردایەتیی، مافیاکانی ئابووریی سەربەخۆ و قائيدى ضه‌روره‌ى كوردايه‌تیى! بەشێکن لە سیستەمی جیهانیی( سەرمایەداریی) و پێویستە سیستەمی سەرمایەداریی، لەسەری سەرەوە بڕوخێنرێت! بە زمانێکی مەجازیی و میزاجیی پێمان دەڵێن، لە ئەمێریکا و ئەوروپاوە دەبێ سەرمایەداریی بڕوخێنرێت، ئەوسا دیکاتۆرییەتی پرۆلیتاریاش!، باڵی رەحمی بەسەر ئەم ناوچەیەشدا دەکێشێت! ئه‌م ته‌صه‌وره‌ يان ئه‌وه‌تا له‌ جه‌هلێكى ئایدیۆلۆژیی مودمینەوە دێت، يان هەندێکیان بەهۆی راتنخۆرییەوە، درێژە بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی دەدەن، بەڵام گومانی تێدا نییە، دەچێتە خزمەت پرۆژە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییەوە.

پرۆژەی ئیسلامییەکانیش، لە پرۆژەی ئەم جۆرە چەپە سەرلێشێواوە، وێرانتر و خراپترە. پرۆژەی ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان، لە زۆربەی رایەڵە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەم موستەعمەرەیەی کوردایەتییدا بەشدارن و موناصەرەی دەکەن. پڕۆژه‌ی فاشیزمی کوردایەتیی،‌ چه‌ند‌ ئاماده‌ و له‌سه‌رپێيه‌ بۆ كوشتن و تێرۆری هاووڵاتییەکانی خۆى؟ چه‌ند سنگى ده‌رده‌په‌ڕێنێت بۆ كوشتنى رۆژنامه‌نووس، پياوانى ئايينى و هەرکەسێک، نەیاری بێت؟ بەڵام هەموو ئەم جەبەروتەی خۆی لەپێوەندییەکانی دەرەوەیدا، ، جگه‌ له‌ مورته‌زيقه‌يه‌كى سەرلەقێن زياتر، مورته‌زيقه‌يى بۆ توركيا، سعوديه‌ و قه‌طەر، شتێکی تر نییە.
پرۆژەی تەخوینکردن( عێراقچییەتیی، کانتۆنچییەتیی…تاد) لەلایەن بەیەکانی کوردایەتییەوە، به‌ته‌نیا یەک حیزب نایکات، بەبێ حیزبەکانی تر، بەبێ ئیستیحمارییەکانی مێدیای ئەهلیی و ئەوانەی بەخۆیان دەگوت، ئۆپۆزیسیۆن، ئەم ئیستیحمارییە، بەو خەستوخۆڵییە سەری ناگرت. ،لێره‌وه‌یە تا زیاتر، رەخنە لە کەمپەینی ئیستیحماریی بۆ ویلایەتە وەهمییەکەی ئەردۆغان- بارزانیی بگیردرێ، بارۆمەتری تەخوینکردنەکان زياتر سەردەکەون.

عێراقچیی و کانتۆنچیی: جوێنەکانی کوردایەتیی
بەشی دووەم:

باڵە عەسکەریی و باڵە سیاسییەکەی کوردایەتیی لە کوردستانی عێراق، لە شەستەکان و حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە بە مورتەزیقەیی بۆ ساواکی ئێران و موسادی ئیسرائیل، دەستیان پێکردووە. ئەوکات، کوردایەتیی، پانئێرانیزمی تەخشان دەکرد. بە زمانە قاچاغچییە بازاڕییەکەی کوردایەتیی، ئێرانچییەتیی دەکرد. سەرۆکی مافیاکانی کوردایەتیی باسی لە سەرزەمینی بوزورگی ( مەزنی) ئێران دەکرد و کوردی بە بەشێک لە ئێران، کولتووری ئێرانیی و سیاسەتی ئێرانیی ئەژمارد دەکرد. ئەو بۆچوونانە لە جوغزی ئێثنۆگرافییەوە Ethnography، لە دیدی زمانناسیی مێژوویی و ئەنثرۆپۆلۆجیای زمانییەوە، دروستن و پشتڕاست کراونەتەوە کە گەلی کورد و زمانەکەی ( دایەلێکتە جۆراوجۆرەکانی) بەشێکن لە کولتووری بەرینی ئێرانیی و نەژادی ئێرانییە کۆنەکان و میزۆپۆتامیا، هاوزەمان، زمانی فارسیی و دایەلێکتەکانیشی بەهەمانشێوە سەر بەم بلۆکە زمانیی و کولتوورییەن.

فارس و کوردیش، ئەوەندە تێکەڵییان بەسەریەکەوە هەیە، کە جیاکردنەوەیان، ئاسان نییە و هەمووی دوو هەزار ساڵێک لەمەوبەر، دەوارەکان و رەشماڵەکانمان جودا کردەوە. هەروەها بەپێی سێ پارادایمەکەی ئەنثرۆپۆڵۆجیست و زمانناسی ئیتاڵیی( دورانتی Duranti ) بێت، زمانە فارسیی و زمانە کوردییەکان( دایەلێکتەکانی)، یەک باکگراوندی نەژادیی، زمانیی و جیۆگرافیشیان هەیە. گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە، سکۆلارێک یان زمانناسێکی مێژوویی ئەم حەقیقەتە مێژووییانە ناڵێت، بەڵکو تاجیرێکی کوردایەتیی بۆ ئەجێندای مورتەزیقەییبوونی خۆی بۆ رژێمی شاهەنشاهیی ئێران و ئەجێندای پانئێرانیزم، وەکو پرۆکسییەک، ئەم قسانەی کردووە.

لە چەرخی رابردوودا، پتر لە سێ دەیە و نیو، ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، لەگەڵ کوردایەتییە موزەیەفەکەدا، هەموویان پێکەوە، مورتەزیقەی ئەرتەشی ئێران( شاهەنشاهیی) و سوپای پاسدارانی ئێرانی ئیسلامیی( شیعیی-خومەینیی) بوون. لە چەتەگەرییەکەی ئەیلول و دواتر لە چەتەگەریی ئەفەندییەکانی ( شۆڕشی نوێ و گوڵان) دا، پێشمەرگە، رۆڵی مورتەزیقەیەکی ئیقلیمیی، بۆ ئێران، بینیوە. پێشلەشکریی بۆ دەوڵەتی ئێران کردووە. داگیرکردنی جاجی ئۆمەران، سیدەکان، هەڵەبجە…تاد، لەلایەن ئێرانەوە و بەهاوکاریی پێشمەرگەی مورتەزیقە، ئەو جیۆگرافیای خیانەتەیە کە کوردایەتیی لە مورتەزیقەییدا، تەواو نغرۆ بووبوو.

سوپای عێراقیان دەردەکرد و سوپای ئێرانی ئیسلامییان دەهێنایە شوێنی، کاتیۆشاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تا قووڵایی گەرمیان دەبرد و چاڵە نەوتەکانی کەرکوکیان بە دەستی سوپای پاسداران، وێران دەکرد. ئارگیومێنتی ئەوکاتی کوردایەتیی و نوخبە قەومچەوییە( بە زمانی شەعبیی عەرەبیی) موهەڕیجەکانی ئەوە بوو کە سوپای عێراق، بە پارەی نەوتی کوردستان( کەرکوک)، چەکوتەقەمەنیی دەکڕێ و کوردستان وێران دەکات. لەکاتێکدا، سوپای دەوڵەتێکی تریان دەهێنا و بە سوپای ئازادییخواز و فریادڕەسیان دەزانی. ئەم حەماقەتە سیاسییانە، لە فەلسەفەی بەتاڵی هیچ تەمەڕودێکی سەر ئەم زەمینەدا بوونی نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە فەلسەفەی پڕ لە پۆغڵەواتی ئەم کوردایەتییە مورتەزیقەیە و بەیەکانی( بەگ، ئاغا و لۆردەکانی) کوردایەتییدا، بوونی هەبێت.

به‌درێژايى مێژووى سیی و ئەوەندە ساڵه‌ى به‌عثیزم( بەعسیزم)، به‌هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ریيه‌ت و تاوانانەی به‌رامبه‌ر به‌ گەلی کورد و ئەم نيشتيمانه‌، كردوونى، ناگات به‌ ڕێژه‌يه‌كى زۆركه‌مى ئه‌وه‌ى ئاغاكانى كوردايه‌تیى دوێنى و به‌يەکانی ئه‌مڕۆى كوردايه‌تیى به‌رامبه‌ر ئه‌م نيشتيمانه‌ و هاووڵاتییانی کوردستان، ده‌يكه‌ن. دۆخى سیاسیی و ئابووریی خه‌ڵکی کوردستان، رۆژ دواى رۆژ به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕى خراپىی و داڕووخان ده‌چێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، به‌يه‌كانى كوردايه‌تى، بێباكتر و غەمساردتر سه‌رقاڵى پڕۆژه‌كه‌ى خۆيانن، پڕۆژه‌ى ئيتسيحمارى نه‌ته‌وه‌يى و گواستنه‌وه‌ى فه‌نتازياى به‌ڵته‌جيانه‌ى پارادایمی توركیى-سعودیى- قه‌طه‌ریى بۆ کوردستان و دزیینی دەیان میلیارد دۆلاری تر.

لە ساڵانی شەستەکاندا، کوردایەتیی، (حشع)ی بەوە تەخوین دەکرد کە عێراقچییەتیی دەکەن و پێیانوایە کێشە سیاسییەکانی کوردستان بە عێراقەوە بەستراوە. لە کاتێکدا کوردایەتیی ، حیزبە قائیدەکەی و قائیدە ضەرورەکەی، مورتەزیقەی دەوڵەتی ئێران و موخابەراتی جیهانیی بوون. پاش دوو دەیە و نیو، باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتیی( یەکێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران)، لاسایی باڵە رەسەنەکەی کوردایەتیی( پارتیی) کردەوە و ئاڵای شۆڕش(ئاش) و چەپەکانیان بە عێراقچییەتیی تەخوین دەکرد.

بیانووی ئەم تەخوینانەش ئەوە بوو کە خۆیان کوردستانیی! بیردەکەنەوە و لەچوارچێوەی عێراقدا بیرناکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو، رابەری رۆحیی ئەم باڵە( تاڵەبانیی) لەهەموو کەس زیاتر، پێچەوانەی پرۆژەی ئەم تەخوینە، کاری سیاسیی دەکرد. سەرەنجامیش، لە هەمووکوردێک زیاتر، عێراقچییەتی کرد و هەموو قورسایی سیاسیی خۆی لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا، لە ئینتێگرەیشنی ( تەکامول) عێراقدا خەرجکرد. بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان، ئەم تەخوینکردنەی چەپەکان، تا ڕادەیەکی باش کێرڤی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و قەومچەویی کۆمەڵەی رەنجدەران و بەڵتەجیی یەکێتیی بەرزکردبووەوە و درێژەیان بە حەماقەتەکانی کوردایەتیی دا، بەڵام ئێستا، خۆیان بەهەمان چەکی کوردایەتیی، تەخوین دەکرێن.

تۆ لەوە بگەڕێ، بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی دوێنێی ئاش، ئێستا بوونە بە عەڕابی دەوڵەتە کوردییەکە و بەردەوام دەقیڕێنن و دەڵێن” دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە”، تۆ لەوە بگەڕێ ئەو تاجیرانەی( ئاش و کۆمەڵە) گەنجی کوردیان بە کوشت دەدا، ئیرهابی سیاسیی و فیکرییان دەکردن، بە ئیعدامکردنیان دەدان و لە زیندانەکانی بەعثیان دەئاخنین، ئێستا بە کۆنە ئاشەکان و بە کۆنە کۆمەڵەکانەوە، زۆربەیان، بە تەخدیرەکانی دەوڵەتی کوردیی و بە فەضاحەتەکانی کوردایەتیی، مودمین بوونە. قەومچەوییەت و میللەتچیی( بە زمانی تورکیی) بووە بە مانیفێستی سیاسییان، تۆ وەرە سەیری مێژووی تەخوینەکانیان بکە کە بەرامبەر یەکتر کردوویانە.

٣٥-٣٦ ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی یەكێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکیان بە چەکی کوردایەتیی تەخوین دەکرد. بە جوێنی ئایدیۆلۆژییانە و جوێنی سیاسیی لە چەشنی عێراقچییەکان، نەیارە سیاسییەکانی خۆیان تەخوین دەکرد، تەنانەت لە زیندانەکانی رژێمەکەی صەدام حوسێنیشدا، زیندانییەکانی یەکێتیی لە ئەبوغرێب، هەر بە تەخوینکردنی ئەوانەوە نەوەستان کە لە شاخ، لە مەرجەعی کوردایەتیی جودابوونەوە و ناوی خۆیان نا( ئاڵای شۆڕش= ئاش)، بەڵکو بە ئیستیحماری کوردایەتیی، موستەحمەرەیەکیان لەناو زیندانەکانی بەعثدا دروست کردبوو. بایکۆتی هەموو ئەوانەیان دەکرد کە عێراقچیین! و بە جوێنی کوردایەتیی( عێراقچیی)، دەیانشۆردنەوە و تەنانەت عەذابی رۆحیی ئاشەکان و چەپەکانیان، دەدا. بەمەش دڵیان ئاوی نەخواردەوە، پەلاماری فیزیکیی و بەڵتەجییانەیان بۆ سەر عێراقچییە زیندانییکراوەکان، دەستپێکرد. جەلادەکانی رژێمیش، سوودیان لەو حیقد وکەراهییەتەی کوردایەتیی وەردەگرت و جاسووسیان لەسەر یەکتر پێدەکردن.

پاش ٣٦ ساڵ، بەسەر تەخوینکردنی عێراقچییەکاندا، لەلایەن باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتییەوە( یەکێتیی و کۆمەڵە)، باڵی ئەصیڵی کوردایەتیی و موئەسەسەی کوردایەتیی( بارزانیی و پارتیی) بەهەمان چەکی شەستەکان، بەهەمان چەکی هەشتاکان، بەڵام بە ڤێرژنی پێشکەوتووتر لە مورتەزیقەییدا، لای کەم باڵێک لە یەکێتیی و تەواوی گۆڕان تەخوین دەکەن بەوەی عێراقچییەتی دەکەن! ناشیرینیان دەکەن بەوەی هێزی لۆکاڵیین و بیر لە کانتۆنی سلێمانیی و کانتۆنی کەرکوک دەکەنەوە. سەرەنجامیش، بەر بەرقی تەخوینیان دەدات.

بەم پێودانگانەش، جوێنی ئایدیۆلۆژیی (عێراقچیی، کانتۆنچیی و لۆکاڵیی) بەهەموو ئەوانە دەدەن و تەخوینیان دەکەن کە بیر لە بەهەرێمکردنی کەرکوک و سلێمانیی دەکەنەوە( جگە لە غوڵامەکان و شەریکە دزەکانی خۆیان لەناو یەکێتییدا ). ئەمە لە کاتێکدایە کە مانیفێستی کوردایەتیی نەک هەر لۆکاڵیی، نەژادیی و طائیفییە، بەڵکو لەو کاتەوەی کە وێڵاشی بڕدراوە، هەر بە مورتەزیقەیی، طەریقەتیی، ناوچەگەریی، عەشیرەتگەریی و خزمخزمێنە هێناویەتی.

ئەو باڵە موحەسەنەی کوردایەتیی کە ئێستا تەخوینی هەموو کەس دەکەن و بە عێراقچیی و بەکانتۆنچیی تۆمەتباریان دەکەن، ئەی خۆیان چیین؟ کێن و بۆچی ئەم کەمپەینانە بە گەرمیی رادەگەیەنن؟ وەڵامەکەی زۆر رۆشنە، بۆ ئەوەی بیزنسی نەوت، بۆ ئەوەی ئابوورییە قاچاغەکەی کوردایەتیی، بۆ ئەوەی مورتەزیقەیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانییە طائیفییەکان، بۆ نیۆکەمالیزمەکەی ئەردۆغان، بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئاکپارتی، لە راستەڕێی خۆی لانەدات، بۆ ئەوەی بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکان و کۆنتراکتە ٥٠ ساڵییەکە، بەردەوام بن، پێویستە بەردەوام کەمپەینی ئیستیحماریی و حەماقەتی کوردایەتیی درێژەی پێبدەن. پێویستە ئەم کەرکردنەی تاک و جڤاک، ئەم موستەحمەرەیە لە ناو موستەعمەرەی زۆنی کوردایەتییدا، لە ئاستی سیاسیی و کولتوورییدا، درێژەی پێبدەن.

لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە لای (نوخبە و سیاسییە) ئەحمەقەکانی کوردایەتیی بوونی هەبێ، کاتێ لەگەڵ دەوڵەتەکەی خۆتدا( عێراق) مامەڵە بکەیت، بە خیانەت، تۆمەتبار بکرێی، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتێکی وەکو تورکیای ئێستا و ئێرانی رۆژە شکۆدارەکانی کوردایەتیی، سوخرەکێشیی بکەیت، بە خەباتی نەتەوەیی! و پیرۆزیی نیشتمانیی ئەژمارد بکرێ! ئەمە لە کاتێکدایە، عێراقی ئێستا، هەموو مافە نەتەوەیی، نەژادیی و کولتوورییەکانی گەلی کوردی بە دەستور سەلماندووە و تەنانەت مافە ئابوورییەکانیشی، وەکو هەموو تاکێکی عێراقیی، وەکو هەموو شیعەیەکیش، سەلماندووە. ئەوە راستە، دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێکی طائیفییە، بەغداد، بۆ خۆی دەردەدارە، بەڵام لەئاست مافە سیاسیی و ئابوورییەکانی گەلی کوردستاندا، عێراق تاوانبار نییە، بەڵکو بەیەکانی کوردایەتیی، دز و چەتەو تاوانبارن.

لەبەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیا لەژێر حەماقەتەکانی خەلیفە ئەردۆغاندا، بەشێکی زۆری لە کوردستانی تورکیا وێران کردووە، سیاسییەکانی کورد لە زیندان دەئاخنێ، کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا، وەکو موستەعمەرەی خۆی سەیر دەکات و وێرانیان دەکات، گوایە کوردی تێرۆریستی لێیە، بەڵام کوردایەتیی و پێشمەرگەکانی ده‌يانه‌وێت ببن به‌ سواره‌ى ئه‌ردۆغان وئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ زۆر له‌م ئه‌زموونه‌ پۆغڵه‌ دره‌خشانتر بوو، لای کەم سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ له‌ سێكته‌ره‌ زۆر حه‌ساسه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بوون، به‌ڵام ئه‌مانە، جگه‌ له‌ رانتخۆرێكی ئیقلیمیی و پرۆکسییەکی هەزیل زياتر، هیچیتر نيین.

ئه‌ردۆغانيش جگه‌ له‌ كه‌ماليستێك، جگه‌ له‌ فاشيستێكى ئيخوانى زياتر، شتێکیتر نييه‌، به‌ڵام بەیەکانی كوردايه‌تیی و فاشیزمی ئیخوانیی لە کوردستاندا، ده‌يانه‌وێت له‌ڕێگاى ڕاكێشانى عاطيفه‌ى ديينىی خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌ردۆغان، وه‌كو فيگه‌رێك له‌ فيگه‌ره‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانیى پێشان بده‌ن. له‌كاتێكدا عوثمانييه‌كان به‌هه‌موو ناشيرينييه‌كانى خۆيانه‌وه‌، ده‌یان قات له‌سه‌روو ده‌وڵه‌ته‌ رۆح كه‌مالیى و فاشيیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ن، به‌هه‌موو مێژووى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بچۆره‌وه،‌ نابينيت جڤاکە کوردییەکان، لە سکەیڵی گەورەدا، وەکو ئەم بەربەرییەت و وەحشییگەرییەی ئەردۆغانیان بەسەردا هێنرابێت.

هۆكاره‌كه‌ش به‌پله‌ى يه‌كه‌م بۆ پانوپۆڕیی خه‌ياڵى سياسیى عوثمانييه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌پله‌ى دووەميش بۆ ديد و روانينى كورده‌كانى ئه‌وسا، به‌ڵام ئێستا هه‌مووان شاهێدى ئه‌وه‌ين كه‌ كوردستانى توركيا چۆن بووەتە‌ دۆزه‌خێك بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ده‌ست ئه‌م وشكه‌ ئيخوانیی و كه‌ماليستانەوە‌ کە خۆی لە ئەردۆغانیزم و فاشیزمی ئەردۆغانییدا، بەرجەستە کردووەتەوە؟ کوردایەتییش، باشترین مورتەزیقەی ئەم فاشیزمە ئەردۆغانیی و ئیخوانییەیە. ئەو تورکیاچییەتییەی کوردایەتیی دەیکات، ئەو خیانەت و خۆفرۆشییەی کوردایەتیی بۆ ناسیۆنالیزمی تورکیی و بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغان دەیکات، لە مێژووی هەموو گەلی کورددا، قەبارە و چەندایەتیی هیچ جۆرە نۆکەرایەتییەکی پێناگات و ریکۆردی هەموو خیانەتەکانی شکاندووە.

تەکفیری عێراقچییەکان: درێژەدان بە دزییەکانی کوردایەتیی
بەشی سێیەم:-

لە بەشی یەکەم و دووەمدا، باسی ئەو جوێنە ئایدیۆلۆژیی و تەخوینکردنانەمان کرد کە بەیەکانی ( بەگەکانی) کوردایەتیی، نەیارەکانی خۆیانی پێ تەخوین دەکەن. عێراقچیی و کانتۆنچیی، یەکێکە لەهەرە جوێنە بازاڕییەکانی کوردایەتیی و تەعبیر لە ئاست نزمیی سیاسیی و هەزیلیی فیکریی ئەم خەراباتە سیاسییە فاشیلە دەکات. لەم بەشەدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە تەنیا میکانیزمی عەقڵانیی، واقیعییەتی سیاسیی و ئابووریی، ئەوەیە کە ئەم مەلەفی دزییە دەیان میلیارد دۆلارییە لەدەست ئەم مافیایانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت( لای کەم دەسەڵاتی رەهایان بەسەریدا نەبێت). پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی کرداریی بنرێت، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە دەبێ فەشەلی ناسیۆنالیزمی کوردیی، رابگەیەنین. دەبێ لە مەغزا سیاسییەکانی کوردایەتیی، لە فیکری سیاسیی ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییە بدرێ و ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی، طائیفیی و ئابوورییەکانی بەیان بکرێت. بە ریسواکردنی کوردایەتیی و کارتەکانی، فشاری جەماوەریی و رای گشتیی، بۆ سەر مەلەفی نەوت، زیاتر و زیاتر دەبێت.

کۆمەڵێ بۆچوونی جیاواز، بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی کوردستان هەن. هەندێ لە ئیسلامییەکان ( بەتایبەتیی یەکگرتوو)، باڵی کڕدراوی ناوەند، هەندێ لە فیگەرەکانی کوردایەتیی لەناو یەكێتیی( مەلا بەختیار، نەجمەدین کەریم و قوباد تاڵەبانیی…تاد) هەروەها هەندێک لە نەتەوەییە نەژادییەکانی گۆڕان، کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان، ئەوانەی لوقاحی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و دەوڵەتی کوردیی، بەری نەداون، ئەمانە هەموویان ( لە هەموو حیزبەکان)، ئاو لە ئاشی دەوڵەتە کوردییە تاڵانییەکە دەکەن. بەهۆی رانتی نەوتەوە بێت، یان بەهۆی حەماقەتی سیاسیی و فیکرییەوە بێت، هێشتا ئومێدیان بەوە هەیە کە بە ریفۆڕمەکانی! بارزانیی، بە ریتۆریکەکانی ماڵی تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، بە غەزەلی قەومچەوییەکانی گۆڕان، بە درۆی تاجیرەکانی کوردایەتیی، کوردستان بەرەو دەوڵەتبوون سەر هەڵدەگرێ. لە دوا مەنزڵیشدا، بە کوردستانی سەربەخۆ( سەربەئەردۆغان) دەگەین.

لێرە و لەوێش، هەندێ دەنگی چەپ لە کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکان، ئەوانەی بە خەباتی چینایەتیی شاگه‌شكه‌ن و بە ریتۆریکی ئایدیۆلۆژیی پێیانوایە ‌ برينه‌كه‌ له‌ جێگايه‌كى تردايه‌،ئەم زامەی ویلایەتە رەیعییە مورتەزیقەکە، زامێکی بچووكه‌ و بەشێکە له‌ برينێكى گه‌وره‌ترى جيهانیی (سیستەمی سه‌رمايه‌داریى!) و دەبێ لەسەری سەرەوە چاک بکرێت. ئەمە ئەگەر یەک لەهەزاریشی راست بێت، بەڵام جەهلێکی عەقائیدیی زۆر بێوێنەیە کە لەسەر شیعارات و خورافییاتی ئایدیۆلۆژیی، خەڵک بە ئومێدی ئاڵوگۆڕی ریشەیی، بجەهلێنرێن. لەسەر ئەرضی واقیع، ئەم وڕێنە ئایدیۆلۆژییانە، قسەی هەرزانن و هیچ رێگە چارەیەکی عەقڵانیی و ئاڵتەرناتیڤێکی واقیعییان پێ نییە و بگرە سەرەنجامیش، جۆرێکە لە خۆشخزمەتیی بە مافیاکانی کوردایەتیی و دەوڵەتە کوردییەکە. بە کورتیی، هەردوو پرۆژەی { ئیسلامیی ( سەلەفیزم و ئیخوانیزم) و کۆمۆنیستیی}، لە سێ چوار دەیەی رابڕدوودا، جگە لە خورافاتی ئایدیۆلۆژیی، وەیلاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خەساندنی گەنجی کورد، بێئومێدیی و بێئاسۆیی زیاتر، موناجاتی دینیی و لێنینی، شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە.

هاوکات، ئه‌و شه‌رم و ترسنۆكييه‌ى گۆڕان و بەشێکی بەرچاو لەسەرکردە کۆنەکانیان كه‌ تائێستا ته‌جاوزى حه‌قامه‌تى ناسيۆناليزم و كوردايه‌تييان نه‌كردووه‌، بەشێکی گەورەی ئەم دوومەڵە پڕ لە کێمەیە کە لەجەستەی ئابووریی سیاسیی کوردستان و مەلەفی نەوتدا، بەردەوام دەئاوسێ و هێشتا نەتەقیوە. قسەی بۆش و هه‌رزانى عێراقچیی و جوێنی کانتۆنچیی، بەوە خاڵیی دەکرێتەوە کە بە بەرنامەوە، بە پرۆژەوە، بە فیکری سیاسیی و بە روئیای شەفافەوە، دژایەتیی ئەم ئیستیحمارییانەی کوردایەتیی بکرێت. پێش هەموو شتێ دەبێ له‌ ته‌خوينه‌كانى سەرانی كوردايه‌تیی و مێديا ڕانتخۆره‌كه‌ى نەترسین. سەرومڕ، پرۆژەکانی کوردایەتیی، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە کوردستانی ئێستای عێراق، بکرێ بە کۆڵۆنیالیزەی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەوەیە کە ویلایەتی موصڵ لە خەونی چۆلەکەی ئەردۆغاندا، بە تورکیاوە بلکێندرێتەوە( to be annexed )، والییەکی مورتەزیقەی کورد نەژادی هەبێت و بە پارەی نەوت و غازی کوردستان، شەڕی پەکەکە و کوردەکانی سوریا بکات، لای کەم لەباری سیاسییەوە، دژایەتییان بکات.

ئەم شەڕە، شەڕی فیکرە. شەڕی فیکری سیاسییە، شه‌ڕى روئیە، روئيا و دونيابينیى سياسييه‌، شه‌ڕى ئه‌وانه‌يه‌ كه‌ جورئه‌تى فيكرييان هه‌يه‌ و سڵ له‌ هيچ ته‌خوين و ته‌حقيركردنێكی کوردایەتییە نەژادییەکە ناكه‌نه‌وه‌. بۆ ئەوەی ئەمە بکەی، دەبێ هەموو پۆغڵەواتێکی نەژادیی و طائیفییت لەخۆت تەکاندبێ. ئەوکات، تێدەگەیت کە حەنان فەتلاویی، وەفیق سامەڕائیی، عەبادیی و مالیکیی، دوژمنی گەلی کوردستان و دۆزە سیاسییەکەی نیین، ئەوەندەی مافیاکان و رائیدە دزەکانی کوردایەتیی، دوژمنی ئاییندەی سیاسیی گەلی کورد، دوژمنی ئابووریی کوردستان و دوژمنی پارچەکانی تری کوردستانن. ئەو عەرەبە عێراقییانە، ئەگەر خاوەنی گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقیی بن، یان طائیفییبوون، مۆتیڤی سیاسییان بێت، هێشتا بەهەزاران جار لە ناسیۆنالیزمە تورکیی ، فاشیزمە ئەردۆغانییەکە و مورتەزیقەکەیان( کوردایەتیی) باشتر، ئینسانییتر و عەقڵانییتر لە کێشەی سیاسیی کورد، دەڕوانن. لای کەم لە جوغزی ئابوورییەوە، ئابووریی کوردستان، تاڵان و هەڕاج ناکەن و پارەکەیشی بە دەوڵەتێکی فاشیستی ئیخوانیی- كه‌ماليستیى وەکو تورکیا، نادەن.

به‌عه‌قڵى کام گەلحۆی سیاسیی سەر ئەم زەمینەدا ده‌چێت كه‌ تۆ له‌ڕووى جيۆپۆله‌تيك، دەستور و قانونە نێوده‌وڵه‌تيیەکانیشه‌وه‌ به‌شێك لە عێراق بیت، كاتێك بته‌وێت بگه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ پايته‌خه‌ته‌كه‌ى و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی عه‌بادیی و ئەندام پارلمانەکانی وەکو فەتلاوییدا بكه‌يت، خيانه‌ت بێت، به‌ڵام کۆنتراکتی تاڵانیی ده‌يان ساڵه‌( پەنجا ساڵ) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى فاشيستى وه‌كو توركيا ، منداڵکوژێکی وه‌كو ئه‌ردۆغاندا بكه‌يت و نه‌وتى خه‌ڵكی کوردستانيان ڕاده‌ست بكه‌يت، ئه‌مه‌ بە خەباتکردن بۆ دەوڵەتی کوردیی! و بە نيشتيمانپه‌روه‌ریی‌ لەبازاڕی پڕ لە حەماقەتی کوردایەتییدا، ویقاری هەبێت! لە واقیعدا، ئەم هەموو تەکفیرکردنەی نەیارەکانی کوردایەتیی، بە ناوی عێراقچیی و کانتۆنچییەوە، تەنیا مەبەست ئەوەیە کە دزییەکان و بیزنسە چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، درێژە بکێشێت.

نه‌فامیى سياسیى بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ پێتوابێت، ئه‌وه‌ى تورکیاچییەتیی و ئەردۆغانچییەتی بکات، ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە و ئه‌وه‌ى خەڵکی تر ده‌يكه‌ن بريتيیه‌ له‌ خيانه‌تی عوظما و فرۆشتنى نيشتمان. راستییەکەی کوردایەتیی حەقیقیی( بە موزەیەف و بە ئۆریجناڵەوە، بە ماڵی بارزانیی و تاڵەبانییەوە، بە ناوەندی بڕیار و ناسیۆنالیستەکانی گۆڕانەوە)، رێک ئەوەیە کە رائیدەکان و رانتخۆرەکانی دەوڵەتی کوردیی، بانگەوازی ئابووریی سەربەخۆ دەکەن و صەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی نیشتمانیی دەدزن. ئەمە بۆ ئەو کوردە نەژادپەرست و ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرایەش دروستە کە دژایەتیی هەموو حیزبەکان دەکەن، بەڵام یەک ستراتیژی ئەحمەقانەی نەژادیی بەوانیانەوە دەبەستێتەوە کە با کورد! خۆی خاوەنی نەوت و پارەکە بێت، نەک عەرەبی پێ پەتیی( بە بیرکردنەوەی نەژادپەرستە راسیست و فاشیستەکانی کورد، عەرەب پێ پەتییە و کوردیش، لەوەتەی دوو گوێچکەی روواوە، بەکڵاشی هەورامییەوە، بەربووەتەوە). بە مێنتاڵیتیی فاشیزمی کوردایەتیی، گرینگ ئەوەیە کورد بیدزێ، نەک عەرەبی شیعە، بیدزێ!

ئەوە مالیکیی و عەبادیی نیین کە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. ئەوە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتە کوردییەکەیە کە بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕی. راستییەکەی شەخصی ئێمەش لەجێگەی مالیکیی و عەبادیی بووینایە، هەر هەمان کارمان دەکرد، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە، بە پێی دەستور جوڵاونەتەوە و دەستوریش رێگە نادات، کۆمەڵێ میلیشیای کوردایەتیی، دەست بەسەر سامانی نیشتمانیی بەشێک لە وڵاتدا بگرن و بیدزن. راستە بڕینی موچە، جەریمەیەکی زۆر گەورەیە، بەڵام جەریمەی گەورەتر، دزیینی صەدان ملیارد دۆلار نەوتی کوردستانە و پارەکەیشی دیار نییە و موچەکەیش نادەن. جەریمەی گەورە ئەوەیە کە تۆ جاشییەتیی و مورتەزیقەیی بۆ تورکیا بکەیت و دژی وڵاتەکەی خۆت( عێراق و کوردستانی عێراق)، خیانەت بکەیت.

قەذافیی، بەو شێتەڵۆکییەوە، پێیوابوو هەر وڵاتێ ناسیۆنالیزم، مەغزو بەرنامەی بێت، خەرابات چاوەڕێیەتی. عوظەماکانی کوردایەتیی و نوخبە رانتخۆرەکانی، پاش ئەم هەموو کاولکارییەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، هێشتا دەڵێن، بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و بەرەو کوردستانی سەر بەر ئەردۆغان، هەنگاو دەنێین. راستییەکەی بەرەو مورتەزیقەیی زیاتر و بەرەو خەراباتی زۆرتر دەڕۆین. ئەگەر بە دیدەکەی “چۆمسکی”ش بێت، ناسیۆنالیزمی کوردیی، رێگەیەکە بۆ سەرکوتی سیاسیی و ئەم هەموو تێرۆرە سیاسیی و برسییکردنە بە ئەنقەستە، لە خودی دی ئێن ئەیDNA کوردایەتییدا هەیە. ئەگەریش بە دیدی ساتیرنووس، کارل کراوس، وەریبگرین، ئەوە ناسیۆنالیزم، ئەو حەنان و خۆشەویستییەیە کە کەروگاکان، ئەحمەقەکان، نەفامەکان( بە تەرجەمەی حەرفیی، مێشک قوفڵدراوەکان- blockhead )، مۆب و بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی بە نیشتمانێکی دزراوەوە دەبەستنەوە.

لەم نیشتمانە دزراو و تاڵانکراوەدا، ماوەیەکی زۆر خەڵکیان تەکفیر دەکرد بەوەی هەرکەسێ نەڵی مالیکیی موچەی بڕیوە، ئەوە شەریکە لەو تاوانی موچەبڕینەدا. نزیکەی دوو ساڵ، ئیستیحماری کوردایەتیی بە خەستیی کاری کرد و دەیان ئەکادیمیست، نووسەر و نوخبەی سیاسیی و کولتووریی، میدیای بەتاڵی ئەهلیی و نوخبە دەرەجەدارەکانی کورد، وەکو قازوقوڵینگ، قیڕەقیڕەکانی کوردایەتییان، دووبارە دەکردەوە. ئەم بەڵتەجییانەی کوردایەتیی، دەیانەوێ، پتر لە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان ( بە کەرکوکیشەوە) رۆژانە بفرۆشن، هێشتاش لە بەغدادەوە، لە نەوتی بەصرە و عەممارەوە، بودجەی کوردستان بنێردرێت. ئەمە لە حەماقەت و ئیستیحماری کوردایەتییدا نەبێت، لەهیچ جەهلستان و مۆبستانێکدا( وڵاتی مۆبەکان) جێگەی نابێتەوە.

مه‌سه‌له‌ى نه‌وتى كه‌ركوك كه‌ بەیەکانی كوردايه‌تیى بۆ خه‌ليفه‌ ئه‌ردۆغانی دەنێرن، یان بە تانکەر بە ئێرانی دەفرۆشن، سه‌رى هه‌موو كێشه‌ ئابورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراقه‌. عه‌بادیى و ماليكييش چه‌ندين جار و له‌ چه‌ندين شوێن و چاوپێكه‌وتندا، به‌ ئاشكرا و ڕاشكاوانه‌ وتوويانه‌ هه‌ركاتێك نه‌وتى کوردستان بە گشتیی و کەرکوک بەتایبەتیی، خرانەوە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییکردنی حكومه‌تى فیدراڵەوە، ئه‌وسا ئه‌وان ئاماده‌ن موچه‌ و بودجه‌ى خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌رانی کوردستان بنێرن. بێگومان دز و مافیاکانی كوردايه‌تىی، به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ئاماده‌نين ئه‌م نه‌وته‌ راده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سەرچاوەی هه‌موو غه‌زوبه‌زه‌كانى كوردايه‌تیى له‌ئێستادا، بريتييه‌ له‌م نه‌وته‌. كوردايه‌تیی، بنەماڵەکانیان و مافیاکانیان، به‌م نه‌وتفرۆشییە قاچاغە، دەیانەوێ دەسەڵات و پارەیان لەدەستدا بمێنێتەوە و درێژە بە فاشیزمی کوردایەتیی بدەن.

له‌سه‌روو هه‌مووشيانه‌وه‌ مه‌ندوبه‌كه‌ى كوردايه‌تیى (نه‌جمه‌دين كه‌ريم)، ئه‌م پياوه‌، بووە بە مافیایەکی گەورە، دەستی لەگەڵ موئەسەسەی کوردایەتیی و تورکیادا تێکەڵکردووە و نەوتی کەرکوک، تاڵان دەکات. به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك شه‌ڕى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌وتى كه‌ركوك نه‌چێته‌وه‌ ژێرده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عێراق، چونكه‌ ئه‌م موفتييەی دەوڵەتی کوردیی و ئەم موفتەیە‌ى فاشيزمى كوردايه‌تیى، ئه‌م رائيده قانيع و تابیعە‌، له‌ئێستادا، مانگانە ده‌يان مليۆن دۆلار له‌ به‌خشيشى تاڵانیی نه‌وتى پێده‌درێت، بەڵام ئەم چەتەگەرییەی پارتیی و نەجمەدین کەریم بە نەوتی کەرکوکەوە دەیکەن، بەبێ موبارەکە و شەریکایەتیی ماڵی( تاڵەبانیی+ ئیبراهیم ئەحمەد) بەعەقڵی ماسییشدا ناچێت. راستە، پارتیی و نەجمەدین کەریم، تەنفیذی نەوت دزیینەکە بە سکەیڵی گەورە دەکەن، بەڵام شەرعییەتەکەیشی لە ماڵی تاڵەبانیی و ئەحمەدەوە وەرگیراوە و ئەوانیش شەریکە دزن.


به‌هه‌رێمكردنى (كه‌ركوك و سلێمانیی): پرۆژەی نیشتمانسازیی نەک نەتەوەسازیی
بەشی چوارەم و کۆتایی

کورتەیەکی ثیۆری
بابەتی ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم( نیشتمانییبوون)، کێڵگەیەکی فراوانە و رەهەندی جیاواز و ئاقاری فرە مەودای هەیە. زۆر لە سکۆلارەکان و توێژەرەوەکانی ئەم دوو رەهەندە، جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو پارادایمە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییە، ئەوەندە بەهەند وەرناگرن. دیارە بەشێکی بەرچاویش جیاوازییەکانیان بەر رووناکیی داوە. نە بە تێڕوانینی ئەو سکۆلار و موفەکیرانەی هەردووکیان رەت دەکەنەوە، نە بە تێڕوانینی ئەوانەی فەضیڵەتی ئەمیان بەسەر ئەویاندا دەدەن، ئێمە دەمانەوێ لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، بزانین کامیان گونجاوتر، پراکتیکییتر و عەقڵانییترە؟

به‌رله‌وه‌ى بچينه‌ سه‌ر ڕاڤه‌كردنى لايه‌نى “ثيۆرى”ی ئه‌م چه‌مكه‌ (ناسيۆناليزم)، چاوێك له‌مێژووى سياسى كورد و ئه‌حفاده‌كانى بكه‌ن، به‌درێژايى مێژووى حه‌فتا ساڵ، سەکردە و قوطبە حیزبیی و بنەماڵەییەکاننى كورد، شه‌ڕ و ئاشوبيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بەیەکتریان گوتووە، تۆ نەتەوەیی( ناسیۆنالیست) نیت و من لە تۆ ناسیۆنالیستترم. یەکێتیی، دروشمێکی هەبوو لە هەشتاکاندا، لێکدا لێکدا دەیگوتەوە( جارێکیتر ناهێڵێن کەس بازرگانیی بە مەسەلەی کوردەوە بکات)، قۆشمەچییەکانی ناو یەكێتییش کردبوویان بە نوکتە و دەیانگوت( جگە لە خۆمان). ئێستا ئەو یەكێتییە، خۆی بەدەستی سێ و چوار، لای پارتیی بووە بە دەڵاڵی ئەم بازرگانییکردنە بە مەسەلەی کوردەوە. جا ئەم بازرگانییکردنە لە رابردوودا، لە نێوان جەلالیی و مەلاییدا، لەنێوان یەكێتیی و پارتییدا، دروست، کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردییە.

مرۆڤ كه‌ ته‌ماشاى ئه‌م خه‌رابات، پۆغڵەوات و مه‌هزەله سياسييه‌ى كوردايه‌تىی ده‌كات، ته‌ماشاى ئه‌و مێژووە سیاسییە پڕ لە غه‌وغايه‌ ده‌كات كه‌ ناوى لێنراوه‌ (شۆڕشى كورد) تووشی ئێڵنجدان دەبێتەوە. به‌ديدى ئێمه‌ ئه‌وه‌ى ناوى لێنراوه‌ شۆڕشى كورد، جگه‌ له‌ دروستكردنى میلیشیای ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵە، جگە لە تێرۆر و کوشتنی یەکتر، جگە لە چەتەگەرییەکی پارتیزانیی، شتێکی تر نه‌بووه‌. هۆكاری ئەم هەموو شەڕە ناوخۆیی و یەکترگەوزاندنانەش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوطبە جۆراوجۆرەکانی کوردایەتیی، سەری یەکتریان بەناوی ئەصیڵ و موزەیەفەوە، پاندەکردەوە.

لێکدانەوە سەرەتاییەکانی ژەنەراڵی فڕانسیی، دی گۆل، بۆ ئەو نەژادییە کوردانەی لە ناسیۆنالیزمدا، خوساونەتەوە، بەکەڵک دێت. بەباوەڕی ئەو، ناسیۆنالیزم ئەوەیە پێش هەموو شتێ رقت لە نەتەوە، نەژاد و کولتووری گەلانی تر ببێتەوە و نەژادەکەی خۆت، نەتەوەکەی خۆیشت، زۆر بە قودسییەت وەربگریت. هەروەها پێیوایە پاتریۆتیزم ئەوەیە کە پێش هەموو شتێ، نیشتمانی خۆت خۆشبوێ، پێش ئەوەی نیشتمانی ترت خۆشبوێت. ئێستا ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی، رێک ئەو لێکدانەوەیە جێکەوت دەکەن کە رقیان لە زمان، کولتوور و نەژادەکانی ترە( عەرەب، تورک و فارس)، دیارە بە ئیستیثنای ئەم دۆخەی کوردایەتیی کە غەزەلی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و شەراکەتی بیزنس لەگەڵ ناسیۆنالیزمی دینیی- تورکیی-ئەردۆغانییدا دەکات.

هاوکات، لەباری فیکریی و سیاسییەوە، ناسیۆنالیزم وەدەرنەرە( exclusive ) و پاتریۆتیزم لەخۆگرە ( Inclusive). هەندێک سکۆلاری کورد کە مەغزیان نەژادییە و تێفیکرینیان راسیستانە و فاشییانەیە بەرامبەر نەژاد و نەتەوەکانی تر، پەنا بۆ غەزەلە فیکرییەکانی بێنەدیکت ئەندەرسن دەبەن، گوایە ناسیۆنالیزمی مەدەنیی( سیڤیک)، یان ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی لیبڕال ناسراوە، ئاڵتەرناتیڤێکی ئایدیۆلۆژیی باشە بۆ ئەوەی پارادایم و کۆپییەکانی تری ناسیۆنالیزم لەخۆمان بتەکێنین و ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، تەعمیم بکەین. راستییەکەی ناسیۆنالیزم، میلیتانتیی و چەتەگەریی بێت وەکو کوردایەتیی، مەدەنیی و لیبراڵیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی، فاشیست و شۆڤینیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی تورکیی و عەرەبیی، یان پانهەرێمیی و پاندەوڵەتیی بێت وەکو پانئێرانیی و پانئەمێریکایی، هەموویان لەیەک سەرچاوەی ئایدیۆلۆژییەوە، تەڕەشوع وەردەگرن و هەموویشیان کەم تا زۆر ( بە مەدەنییەکەیشەوە) بەرەو هەڵاواردنی راسیستانە دەچن و سەرێکیان لە دۆڵی فاشیزمەوە، دەردەهێنن.

سەرەڕای دەردەداریی پاتریۆتیزمیش، بەڵام لای کەم پۆزەتیڤیزمی ئەوەی تێدایە کە بەشوێن چێکردنی نیشتمانەوەیە لەسەر بناغەی هاووڵاتییبوون، نەک نەژادیی، طائیفیی و نەتەوەیی …تاد. کورد لە قۆناغی سیاسیی خۆی دواکەوتووە و ناتوانێ و عەقڵانییش نییە بیر لە نەتەوەی پوخت، پاک و بێگەردی کورد بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە بیر لە دروستکردنی نەتەوەیەکی نیشتمانیی نەک نەژادیی بکاتەوە. تەنانەت مافی چارەی خۆنووسی نیشتمانییش ( نەک نەتەوەیی){ National Self-determination } پێش ئەوەی فەضیڵەتی ناسیۆنالیزم بێت، عەدالەتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و نیشتمانسازییە. ئەوەی بە مەیل و بەرژەوەندیی میللییش( affinity) ناوی دەرکردووە، جۆرێکە لە خورافاتی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و نموونەی ئەو تاڵانوبڕۆیەی بە ئابووریی کوردستانەوە دەکرێ و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرپەرشتیی دەکەن، ئەم بەرژوەندەییە نا نیشتمانییە، پشتڕاست دەکاتەوە.

پاتریۆتیزم، هەر هیچ نەبێ پێکەوەگرێدانێکی کۆلیکتیڤ و ناسنامەیەکی هاوبەش بە مرۆڤەکانی ئەو نیشتمانە دەبەخشێ کە لای کەم وەلائی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و مرۆییان بۆی هەبێت و لەکاتی شەڕدا، داکۆکیی لە خاک و نیشتمان بکەن. ئەوەی زۆرینەی رەهای گەنجانی کوردستان، وەلائێکیان بۆ ئەو کوردستانە دزراوە نەماوە، بەهۆی فەشەلی سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی حکومەتی هەرێم و پارتیی و یەکێتییەوەیە. هەرێمی کوردستان و کەرکوک، پێویستی بەو عەدالەتە کۆمەڵایەتییەیە، بەتایبەت ئەو عەدالەتە ئابوورییەیەی کە پسپۆر لەناسیۆنالیزم و فەلسەفەی سیاسییدا (کۆکچۆر تان Kok- Chor Tan ) لە کۆزمۆپۆڵیتانیزم و پاتریۆتیزمدا Cosmopolitanism and Patriotism باسیدەکات و پێیوایە تاکی کۆمەڵگە لە سامانی نیشتمانییدا، پێویستە ئەو مافە ئابوورییانەی بە عەدالەتەوە هەبێت.

هەمان تێڕوانین، جۆن راوڵز John Rawls فەیلەسوفی سیاسیی و ئەخلاق، بەجۆرێکی تر باسیدەکات و پێیوایە ” عەدالەت، ستراکتۆری سەرەکیی کۆمەڵگەیە”. ئەو زیاتر دەڕوات و دەڵێ” ئەو رێگەیەیە کە ئینستیتیوتە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان، مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکان، لە سامانی نیشتمانیی، بەسەر تەواوی جڤاکدا، بە عەدالەتیی تەخشان دەکەن. لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هەموو کۆمەڵگە وەکو یەک موستەفید و زیانمەند دەبن لە گەشە یان کورتهێنانی سامانی نیشتمانییدا”** ئەم عەدالەتە کۆمەڵایەتییە، لەخەونیش خەونترە ئەگەر بتەوێ لەسایەی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە مورتەزیقەکەی کوردایەتییەوە، بەدیبێت. ئورویڵ لە مەزرای ئاژەڵاندا، پێیوایە کە ناسیۆنالیزم یەکێکە لە خراپترین دوژمنەکانی ئاشتیی، لە راستییدا بۆ هەلومەرجی کوردستان، ئەم کوردایەتییە وەکو ڤێرژنێکی ناسیۆنالیزم، خراپترین دوژمنی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە و تا ئەم مەلەفی نەوت و غازەیشیان لێ نەسەندرێتەوە، هەرگیز لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئاشتەوایی، بەخەونیش نابینرێت.

بە پاتریۆتیزم نەک بە ناسیۆنالیزم

ئه‌م دۆخه‌ تادێت وێرانتر ده‌بێت، ڕۆژگارێكى سه‌خت و دژوارتر چاوه‌ڕێى كۆمه‌ڵگەكه‌مان ده‌كات! خەڵک پڕبووە، گەنجانی کوردستان، بورکانێک تۆڵە و سڕینەوەی ئەم مافیایانە لە سەریاندایە. ئەو فاشیزمە ئابوورییەی کوردایەتیی دەبینن کە چۆن کوڕ و کوڕەزاکانی رائیدەکانی کوردایەتیی و مافیاکانی نەوت، چۆن دەیان میلیۆن دۆلار لە قومارخانەکان، تیاترۆخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی دونیادا خەرج دەکەن؟ کەچیی دەیان هەزار گەنجی کوردستان، توانای دەعوەتی قاوەخواردنەوەیەکی برادەرەکانی خۆیان نییە. پارتیی و ماڵی بارزانییش، ناتوانن دەستبەرداری ئەو پەنجا ساڵ کۆنتراکتەی نێوان خۆیان و میتی تورکیا ببن. ئەوەتا بەناوی کوردایەتییەوە، چەندین نووسەر و سیاسییان لە حیزبەکانی تر، بە پرۆسێسی ئیستیحماریی و رانتخۆرییدا بردووە و دەیانەوێ نەوتی کوردستان، هەر خۆیان تاڵانیی و چەتەگەریی پێوە بکەن. ئەم ئیستیحمارییانە درێژە بکێشێ، کوردستان تا دێت زیاتر تاڵان دەکرێ و نەوتەکەی زیاتر دەدزرێ. رۆژ بە رۆژیش، فاشیزمی کوردایەتیی و مافیاکانی کوردایەتیی، رووی رەشی خۆیان رەشتر و قەترانییتر دەکەن.

ئێمە، باشترین میکانیزم بۆ تەحەداکردنی پرۆژە دۆزەخییەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تێکەڵەی ناسیۆنالیزمە طائیفیی و دینییەکەی ئەردۆغان و بارزانیی، بۆ دژایەتیی ( فاشیزمی تورکیی + فاشیزمی کوردایەتیی)، ئەوەیە کە بەپێی توانا سیاسەتێکی عەقڵانیی بکرێ و ئەوەندەی دەکرێ و ئیمکان هەیە، مەلەفی نەوت و ئابووریی، لەدەست ئەم مورتەزیقانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت. دەکرێ کەرکوک و سلێمانییان، لە رێگەی بە هەرێمکردنەوە، لە رێگەی مامەڵەکردنی راستەوخۆ بە بەغدادەوە، لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری کەلاوەکانی کوردایەتیی( پارلمان و حکومەتی هەرێم)، لە سەروو هەموویشیانەوە، کۆشکی والیی( سەرۆکایەتیی هەرێم)، بۆ ئەبەد هەڵبوەشێنرێنەوە و هەر شارە و بە جودا، مامەڵە بکات و فیدراڵیزمی پارێزگاکان، جێگەی فیدراڵیزمی کوردایەتییە مورتەزیقەکە بگرێتەوە.

گه‌ر جورئه‌تى ئه‌وه‌مان هه‌بێت، كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ئيستيحماره‌ داببڕين، بێگومان دابڕين له‌ڕووى سياسیى و ئابووريیه‌وه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، له‌ڕووى جيۆگرافيیشه‌وه‌ به‌پله‌ى دووه‌م، ئه‌وە هه‌موو ئه‌و بانگه‌شه‌ پووچانه‌ی کوردایەتیی كه‌ هه‌موويان كۆكن له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنى داهاتى نيشتيمانیی، لەسەر ئەرضی واقیع و عەقڵانییەتی سیاسیی، یەک بەدوای یەکدا دەتەقن. ئێمه‌، ئه‌م بەهەرێمکردنە‌ به‌ گونجاوترين و باشترين ميكانيزم ده‌زانين. پێمانوايه‌، ئەگەر ئەمە نەکرێت، تەقینەوەی عەشوائیی روو دەدات و بەکەسیش کۆنترۆڵ ناکرێت. ئه‌گه‌ر كرده‌يه‌كى فيعلیى پێويست بێت له‌ئێستادا ئه‌وە بێ دوودڵیى بريتييه‌ له‌ دابڕاندنى كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ويلايه‌ته پرۆکسییەی سەر بە تورکیا‌، گه‌رنا هه‌موو نمایشە جێنتڵمانییەکانی کوردایەتیی، زیاتر بەرەو چارەنووسی نادیارمان دەبات. پێشئەوەی ئەم هەیەجانە توڕەییەی گەنجانی کوردستان بە عەشوائیی بتەقێتەوە، ماڵێ تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، دەبێ چارەنووسی دیکتاتۆر و میلیاردێرە سیاسییە ملهوڕەکانی دونیایان لەبەرچاو بێت و خۆیان نەخەنە بەر غەضەبی جەماوەرییەوە.

کە دەڵێین (كه‌ركوك و سلێمانیى) بكرێنه‌ هه‌رێم و له‌ ويلاته‌كه‌ى كوردايه‌تیی داببڕێندرێن، ئه‌وە بێگومان سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌م مافیا ئەفەندییەی ده‌وڵه‌تى كوردیی (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) دوور بخرێته‌وه‌ و بنێردرێته‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌ليمى كوردايه‌تیى. ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ى نێو حيبزبه‌كه‌ى كه‌ دژ به‌م تاڵانیى و برده‌ و بڕۆيه‌ى داهاتى نيشتمانيين جورئه‌تى ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ روو بە رای گشتیی بخه‌نه‌ به‌رباس كه‌ بۆچى ئەم مافیایەی نەوت، هێنده‌ له‌ئاست ئه‌م هه‌موو تاڵانييه‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بێده‌نگه‌ و هيچ ناڵێت؟ ئه‌گه‌ر شتێكيش بڵێت ته‌نیا و ته‌نیا به‌رگرییكردنه‌ له‌و هه‌موو دزیى و شه‌وكوتييه‌!

ده‌بێت خه‌ڵكی کوردستان بە گشتیی و به‌تايبه‌ت خه‌ڵكى كه‌ركوك سه‌رنج بده‌ن كه‌ گوتارى نه‌جمه‌دين كه‌ريم له‌سه‌ره‌تادا گوتارێك بوو، ته‌نانه‌ت دژى پارتیی و خودى بارزانيیش بوو، ئه‌مه‌ زۆر به‌ روونى له‌ ميدياكانه‌وه‌ ده‌رك پێده‌كرا، ئه‌م پياوه‌ بۆچى له‌پڕێكدا بێده‌نگ و خه‌سيو دانيشت و ئێستایشى پێوه‌بێت ورته‌ و ئه‌لفاظێكى لێوه‌نايه‌ت دژ به‌و هه‌موو تاڵانييه‌ى كه‌ به‌نه‌وتى ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌كرێت؟ بێگومان روونه‌ بۆ قسه‌ ناکات و هیچ ناڵێت، راستييه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ ئه‌م پياوه‌ بۆخۆى له‌ ئێستادا به‌شێكى گه‌وره‌يه‌ له‌و سيستەمه‌ عوصابیى و به‌ڵته‌جييه‌ی دزەکانی کوردایەتیی کە نەوتی کەرکوک و کوردستان، دەدزن.

تاڵەبانیی، وێڕای ئەوەی هۆکارێکی سەرەکییە لە قەدوباڵاپێکردنی ئەم عەنتەرییاتە سیاسیی و ئابوورییەی پارتیی بەسەر خەڵکی کوردستان و تەواوی حیزبەکاندا، بەڵام باشترین و عەقڵانییترین کارێکی کردبێ ئەوە بوو کە داوای فیدراڵیی پارێزگاکانی عێراقی کرد. سلێمانیی و کەرکوک، بۆ ئەوەی لە هەیمەنەی مافیاکانی کوردایەتیی، بێنە دەرەوە، پێویستە هەر شارە و لەئاستی خۆیەوە، بە فشاری جەماوەریی بۆ سەر یەكێتیی و گۆڕان، هەوڵبدرێت ئەم فۆبیایەی لە کوردایەتیی و لە حکومەتی وەهمیی هەرێم و سەرۆکایەتیی فاشیلی هەرێم…تاد، هەیە، بڕەوێنرێتەوە.

دەکرێ بناغەی نیشتمان لە سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکەوە دابنرێ و لە ئاییندەی نزیک یان دووریشدا، بە هەولێریش بگات. هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی حکومەتی دزەکانی هەرێم و پارلمانی ئەتککراو، مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و بەهەرێمکردن( بەکانتۆنکردن)ی سلێمانیی و کەرکوک، دوا کارتی عەقڵانیی و واقیعییە کە پەنای بۆ ببردرێت و پارتیی بۆ ئەبەد قەتیس بکرێت و بچووک بکرێتەوە. سەرەنجام، پاتریۆتیزمێک لە سلێمانیی و کەرکوکەوە، تەخشان بکەین، زۆر باشترە لەوەی دوای وەهمی ناسیۆنالیزمێکی مورتەزیقە و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و فاشیزمی ئەردۆغانیی بکەوین. نیشتمانێک بسازێنین لە گۆشەیەکی نیشتمانەوە، باشترە لە خورافاتی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە پێشوەخت موستەعمەرەیەکی تورکیا دەبێت و والییەکی مورتەزیقەش، “والی”ی ئەو ویلایەتە نەژادییە طائیفییە دەبێت.

———————————

** John Rawls, The Law of Peoples, Cambridge, Harvard University Press, 1999, 106




چوارچێوەکانی حیکایەتخوان…. ئەحمەد ڕەزا

بگۆ لە گێڕانەوەدا پابەندی سنورێکی لۆژیکی دیاریکراوە، ئەو ناتوانێ ئەو سنورە خوڵقاوە ببەزێنێ لە هیچ
بارێکدا، بگۆ لە کەسێتیی حیکایەتخواندا بەرجەستە ئەبێت، حیکایەتخوان ” ئەو خودە وەهمیەیە، کە نوسەر
لە ناواخنی گوتاردا ئەیخوڵقێنێ بۆ ئەوەی لە بری ئەو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.. بە شیمانەی ئەوەی ئەو
گوتارە بەبەردەوامیی بەرەو ڕووی وەرگر ئەبێتەوە، لە کاتێکدا گەر بە شێوازی کەسی سێیەمیش بدوێت”.
لۆژیکی دەق لە ماددەی هەڵبژێرراودا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیستمی کارەکتەرەکاندایە، بە
جوڵەی ئەوان لە فەزای گریمانەکراودا، بە بەردەوامیی ئەوان لەگەڵ کاتدا، لۆژیکی دەقیش لە ئاسۆی
خۆیدا بەر کاریگەرێتیی ئەو کرۆنۆتۆپ/ شوێنکاتییە ئەکەوێت، هەروەک باختین پێشنیازی کردووە.

گێڕانەوەسازیی لە ” زیندەخەون”/ ” فەرهاد مستەفا”دا، وەک ئەوەی کورتە چیرۆکێکەو سنوری بەر
تەسکترە بۆ دیاریکردنی کرۆنۆتۆپی مەبەستدار، کە وەک بارێکی ئاسایی نوسەر هانا ئەباتە بەر چەند
دالێکی خێراو گەش، بە مەبەستی دیاریکردنی.. لەم چیرۆکەدا لەسەر ڕایەڵەیەکی داڕێژراو، لە گەمەیەکی
نوێی سیمۆلۆژیدا، چەند لۆژیکێکی جیاواز لەسەر ئەو بونیادە دادەمەزرێت، لە هەر کردەیەکدا لۆژیکی
ڕوداو جۆرێکی تر دەردەکەوێت و وەرگر ئەخاتەوە بەردەمی پرسێکی نوێ.. لەو کاتەدا کە پەیوەندییەکانی
نێوان دەق و وەرگر لە ئاستی یەکەمیندا ئۆرگانیکین و دابڕان تیایدا دەرناکەوێ، لە هەڵکشانی ئەو
پەیوەندییەدا، بونیادە ڕەخسێنراوەکە بە هەمان شێوەی سروشتی خۆی، ئەبێتەوە بە بونیادێکی نوێ، بەو
مانایەی بەردەوام لە بزاوتی لۆژیکی ڕوداودا خۆی نوێ ئەکاتەوە.

ماددەی پشت پێ بەستراو لەم چیرۆکەدا، دڵەڕاوکێی منااڵنە، هەر چوار ڕامانە لێکدراوەکان لە
چوارچێوەی دەقەکەدا، پێکەوە یەکەیەکی گونجاون و بە دابڕاوییش هەر بەو جۆرە یەکەی سەربەخۆن.
تەکنیک لە چیرۆکی زیندەخەونی فەرهاد مستەفادا، کێشانی چوار چوارچێوەی جیاوازە ، بۆ هەلوەسەیەکی
پەتیی، کە زیاتر مناڵ و مناڵ گیرۆدەی ئەبن، چیرۆکنوسەکەش ئەوەندە شارەزایی هەیە بزانێت چۆن ئەم
دەرکەوتانەی هەلوەسەی منااڵنمان بۆ ئەگوێزێتەوە.. ئەوەی لەم مینیمالەدا ئەبینرێت، گێڕانەوەسازییەکی
ئاسایی نییە، بەقەدەر ئەوەی لە ڕامانی مناڵێکی نەخۆشەوە، چوار وێنای جیاواز نیشان ئەدا.
لە نێوانی هەلوەسەو وەهمدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە.. لە هەلوەسەدا شتەکان لە خۆوەو بە شێوەیەکی
هەڕەمەکیی دەرئەکەون، کە لە واقیعدا وانیین. وەک ڕوداو و دەنگ و جوڵە.. بەاڵم وەهم وێنای کەسێکە
کە لە واقیعدا بوونی نییە. واتە جیاوازییەکە لەسەر ئاستی وێناکردن و لەخۆوە دەرکەوتنی ڕامان و
شتەکانە.

هەلوەسەی دەنگیی لە تەمەنی ٧/٨ ساڵدا دروست ئەبێ، الی ئەو منااڵنەی تازەکیی چوونەتە بەر خوێندن،
ئەوانی تریش دەرەنجامی ” تا” و نەخۆشییە دەروونییەکانی ترن.
لە چیرۆکەکەشدا حیکایەتخوان، باس لە ” مناڵەکە” ئەکات، هانا بۆ باوکی ئەبات تا بەشداریی دڵەڕاوکێ و
ترسەکەی بکا.. جوانترین کاردانەوەیەکی باوک، ئەوەیە کە نەگێڕراوەتەوە، هەڵبەت بە سەرزەنشت کردن
و خەمڕەواندنەوەیەک کارەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو نەخۆشییە پێویستیی بە چارەسەر کردن و
بنەبڕکردنە.

زینده خه‌ون/ فه‌رهاد مسته‌فا

منداڵه‌که به باوکی وت: به‌رله‌وهی بخه‌وم، هه‌رچی چه‌قۆی میوه‌مان هه‌یه، دێن و له چوارده‌وری ملت سه‌ما ده‌که‌ن.
منداڵه‌که به باوکی وت: هێشتا نه‌خەوتووم.. ئا ئه‌و پیاوه‌ی له ناو چوارچێوه‌که‌دایه دێته ده‌رێ و شه‌قێک له تۆ هه‌ڵده‌دات، له په‌نا دایکمدا ده‌خه‌وێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: -که ده‌خه‌وم.. ئاسمان ده‌که‌وێته خوارێ، ماڵه‌که‌مان له تاریکیدا ده‌فڕێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: – باوکه بۆ به ڕۆژ ناخه‌ویت؟ باوکه تکات لێده‌که‌م.. شه‌وان مه‌خه‌وه! من زۆر ده‌ترسم.
ئەو چوارچێوەیەی بۆ حیکایەتخوان ڕەنگڕێژ کراوە، جووارچێوەیەکە ئەکرێ بکشێ، لە توانایدایە لە یەک کاتداو بە بونیادێکی فرە دوورایی/ بعد چوارجار لەسەر یەک، سەرەتای نوێ بکاتەوەو دایبخاتەوە، ئەمەش ڕێچکەیەکی تازەی سەردەمییانەیە بۆ چیرۆک.. حیکایەتخوان زەمینەو کات و فەزاو شوێن و کارەکتەرەکانی بۆ دیاری ئەکرێت و دەستپێکی ڕوداوەکان ئەجوڵێنێت، ئەمە لە باری چیرۆکی ئاسایی باودا. بەاڵم لە زیندەخەوندا ئەم پرۆسەیە چەندینجار دووبارە ئەبێتەوەو لە هەر دووبارە بوونەوەیەکیشدا بە هەمان پرۆسەدا ئەڕواتەوە. بەم جۆرەش لە کۆی چیرۆکەکەدا چەشنگەراییەکی نوێ بە چوار لۆژیکی جیاواز دائەڕێژرێت.

————————————

– تحوالت الخطاب الروائي العربي/ عبدالحکیم المالکي/ القبضة العربیة/ ٥ -٨ -٢٠٠٦
– الفضاء القصصي/ صالح محمد حسین مزهل/ ٢٠٠٥
– الهلوسة في االطفال/ علي کاظم/ موقع arabic/ru.ecowoman ١١ -٢ -٢٠١٥
– نص الصورة بین التخییل القصصي والتولیف البصري/ رمزي حسن/ مالحق جریدة المدی/ ٢ /١١/
.٢٠١١




میدیای كوردی له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا … 1 … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

به‌شی یه‌كه‌م

(1)
هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی (كوردستان) (كه‌ تا ئێستا وای له‌سه‌ر ڕێككه‌وتووین) یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌یه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان تا ده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ ، ئه‌وه‌ی به‌ بزاڤی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ ناسراوه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ سه‌ر ده‌ستی سیاسیه‌كان ، یا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی زیاتر كاری سیاسیان كردووه‌ دامه‌زراوه‌ و به‌ڕێوه‌چووه‌ ، ئه‌گه‌رچی دوای ڕاپه‌ڕین – 1991 – كه‌ پاشان دێینه‌ سه‌ری ئه‌و بزاڤه‌ ڕه‌هه‌ند و مه‌ودایه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرت ، لێ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ ڕۆژنامه‌نووسیی پاش ڕاپه‌ڕینیش ، سه‌باره‌ت به‌ هۆگه‌لێكه‌وه‌ له‌ هه‌ژموونی ئه‌و دوو توێژه‌ی ئاماژه‌مان پێدا به‌ دوور بوو بێت.

سیما و ئادگاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی پێش ڕاپه‌ڕین چونكه‌ له‌سه‌رێكه‌وه‌ له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هه‌وڵ به‌ ئاراسته‌ی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ هه‌بوو ، به‌ڵام تا مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری (1970)یش به‌و ڕه‌نگه‌ نه‌بوو شیاوی ئه‌وه‌ بێ له‌ قاوخی بزاڤێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا خۆی بنوێنێ‌(1).
دوای ئاداری (1970)یش ، ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی ئه‌وسای ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك ئازادییه‌كی بام ڕێژه‌یش بوو بێ كه‌ چوار ساڵی خایاند (1970 – 1974) بێجگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (التێ‌خی) كه‌ وه‌ك زمانحاڵی شۆڕشی كوردستان ، باوه‌كو حزبێكی دیاریكراویش (پارتی دیموكراتی كوردستان) بڵاوی ده‌كرده‌وه‌ ، ده‌ركه‌وتبوو ، ئه‌ویش به‌ زمانی عه‌ره‌بی ، كه‌ له‌ دوایدا (برایی) وه‌كو گۆڤارێكی مانگانه‌ كه‌ پاشان بوو به‌ (برایه‌تی) و هه‌ر به‌ مانگانه‌ و ئینجا (برایه‌تی) وه‌كو ڕۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ (حه‌فتانامه‌) ، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان به‌ هه‌ر ناوێك بووبن وه‌كو پاشكۆی (التێ‌خی) عه‌ره‌بی بوون و بایه‌خێكی له‌و ڕه‌نگه‌یان پێ نه‌ده‌درا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ (التێ‌خی) عه‌ره‌بی ده‌درا(2).

له‌ پاڵ ده‌رچوونی (برایه‌تی)یش كه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ هه‌فتانه‌ مایه‌وه‌ ، حكوومه‌تی عیراق له‌ ڕێگای وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن ، یان وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ، ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری) حه‌فتانه‌ و گۆڤاری (به‌یان)ی مانگانه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌ ، هه‌ردوو بڵاوكراوه‌یش باوه‌كو به‌رپرسه‌كانیان له‌ سه‌ره‌تادا عه‌ره‌ب بووبن ، به‌ڵام به‌ هۆی چه‌ندان لاوی خوێن گه‌رم و ڕۆشنبیری ئه‌وسا كه‌ هه‌ندێكیان له‌ پاڵه‌وه‌یش له‌ (برایه‌تی) حه‌فتانه‌شدا كاریان ده‌كرد وایان كردبوو ، به‌ نموونه‌ (هاوكاری) ببێ به‌ سه‌كۆیه‌كی دیار له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی كوردی ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ پێم وا نییه‌ (هاوكاری)ی ئه‌و چوار ساڵه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌هه‌ند نه‌گیرێ‌ ، دیاره‌ گۆڤاری (به‌یان)یش به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ ڕه‌وانشاد شاعیری به‌ توانا جه‌لالی میرزا كه‌ریم كاری تێدا ده‌كرد ، ئه‌گه‌رچی سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی عه‌ره‌ب بوو(3).

من لێره‌دا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌دا نیم بیبلۆگرافیای ئه‌وان ڕۆژان بنووسمه‌وه‌ ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌بینم كه‌ جێی داخه‌ تا به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌ چه‌ند مانگێك ته‌واو له‌ (1/1/1974) كه‌ ده‌كاته‌ له‌ دایكبوونی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی كوردی و ده‌رچوونی ژماره‌ی (سفر)ی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ ، بیریان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌ كوردی نه‌كرده‌وه‌(4).

ته‌نانه‌ت پێش ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداریش ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ پاڵ حكوومه‌تی عیراق بوون و له‌ شۆڕشی كوردستان (ئه‌یلوول) دابڕابوون ئه‌وانیش ئه‌م پرسه‌یان (پرسی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌كوردی)یان له‌لادا جێی بایه‌خ نه‌بووه‌.

ڕاستی ئه‌مه‌ به‌ ئیستیلاحی ئێستا مژارێكی سه‌یره‌ ، تۆ وه‌ره‌ سیاسه‌توان و ڕۆشنبیری كورد ، به‌ چاوی خۆت له‌ سه‌رێكه‌وه‌ ، ئه‌و هه‌موو قوربانی و چیانشینی و برسیه‌تی و كڵۆڵیه‌ ببینی له‌ پێناوی كورد و كوردستان كه‌چی زمانه‌كه‌ی خۆتت ئه‌وه‌نده‌ له‌لادا بێ بایه‌خ بێ ، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی بوون و ناسنامه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی په‌ره‌دانه‌ به‌ خوێندن و به‌ بزاڤی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و میدیا به‌گشتی ، ئه‌گه‌ر باسی پێگه‌یاندنی لاوان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری نوێ‌ و چه‌سپاندنی ئینتیما و خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمانیش نه‌كه‌ین (ده‌بڵێ‌ وانییه‌….)(5).

كه‌واته‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا ، به‌ تایبه‌تیش بۆ ئه‌وسا كه‌ له‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا (من باسی باشوور ده‌كه‌م) ده‌نا له‌ كرماشان و تاران و ئێریڤان و حه‌یفا و قاهیره‌ وشوێنی دیكه‌ش ڕادیۆ به‌كوردی هه‌بووه‌ و پاشان چه‌ند كاتێك له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی كه‌ركووك زیاتر نه‌بوو كه‌ دیاره‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت بوون ، ئه‌گه‌رچی جاروبار هه‌ندێ‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی كوردیشی تێدا بڵاوكرابێته‌وه‌.
ئا لێره‌دا ده‌رچوونی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ له‌ (1/1/1974) كه‌ هه‌ر مانگێكی خایاند ( ته‌نیا (27) ژماره‌ی لێ بڵاوكرایه‌وه‌ و به‌ بڕیارێكی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عیڕاق ڕاگیرا ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییانه‌یه‌ له‌ پێشدا باسمان كردن.. ئه‌وه‌ بوو پاشان زۆری نه‌برد شه‌ڕ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ ) ، دره‌نگ بوو ، زۆریش دره‌نگ بوو.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێ‌ (ناڵێم ئاقڵیان پێ نه‌شكاوه‌) ده‌نا بۆچی ئاقڵیان به‌وه‌ شكا (التێ‌خی)عه‌ره‌بی به‌ جۆرێك په‌ره‌ پێ بده‌ن ، كه‌ به‌ ڕاستی بوو بوو به‌ سه‌كۆییه‌كی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن (دیموكراتی) بۆ هه‌موو ئازادیخوازانی نه‌ك هه‌ر ته‌واوی عیراق به‌ڵكو ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش.
نه‌خێر من وه‌ختی خۆیشی له‌كۆڕێكدا كه‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له‌ شه‌قڵاوه‌ (1991) گوتم ، لای سیاسییه‌كانی ئێمه‌ زمانی عه‌ره‌بی بزانی و ئه‌گه‌ر شڕه‌ ئینگلیزیه‌كیشی له‌ پاڵ بێ ، گرینگ نییه‌ كوردی بزانی(6)!!
ئه‌و كه‌مته‌رخه‌می و به‌هه‌ند نه‌گرتنه‌یش (كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستاش له‌ شێوه‌ و قاڵبی دیكه‌دا درێژه‌ی هه‌یه‌) به‌ تایبه‌تی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسیانه‌ی له‌ پشكی كورد كاربه‌ده‌ست و به‌رپرس بوون له‌ به‌غدا . ئه‌مه‌ مێژووه‌ و ده‌بێ بنووسرێ‌ .

وه‌كو ئاماژه‌شم پێ دا ، ئه‌وانه‌ی شۆڕشی كوردستانیان به‌ كۆنه‌په‌رست و پیاوی ئیمپریالیزم و جووله‌كه‌ وه‌سف ده‌كرد و خۆیان به‌ پێشكه‌وتنخواز ناساندبوو ، له‌ كاتێكدا له‌ پاڵ حكوومه‌ت بوون كه‌ به‌ هه‌موو توانای زه‌مینی و ئاسمانی كه‌وتبووه‌ ویزه‌ی گیانی كورد ، ئه‌وانیش ڕۆژنامه‌ی (النور)یان به‌ عاره‌بی ده‌ركرد و گۆڤارێكی مانگانه‌ ، كه‌ ئه‌ویش به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ له‌ پاشان بوو به‌ یه‌كه‌مین بڵاوكراوه‌ی كوردی كه‌ به‌شی زۆری زیاتر له‌ (جنێونامه‌) بچێ‌ تا گۆڤار ، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێم ته‌نیا وه‌كو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌یڵێم له‌ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ وێستگه‌ی په‌یوه‌ندی به‌نووسینه‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، مێژوویش نه‌ به‌ من نه‌ به‌ كه‌سی دی تا هه‌تایێ ناشێوێنرێ‌.

(2)
وتمان كورد مه‌ینه‌تی زۆری بینی و قوربانی زۆری دا تا ئه‌وسای له‌ پێشدا ئاماژه‌مان پێ دا ، كه‌ بێگومان پێش هه‌موو پرسێك له‌ پێناوی پاراستنی ناسنامه‌ی خۆی و خاكه‌كه‌ی كه‌ دیاره‌ پاش پارچه‌ پارچه‌كردنی به‌ چ ده‌ردێك براوه‌ ، دیاره‌ بێگومان یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌ ، (تكا ده‌كه‌م پێم نه‌ڵێن كۆنه‌خواز و ناسیۆنالست و نازانم چی لیست ) ئه‌وه‌تا فه‌ڕه‌نسییه‌كان ده‌مێكه‌ به‌ قانوون پاراستن و گه‌شه‌ی زمانه‌كه‌یان چه‌سپاندووه‌ ، ته‌نانه‌ت بایه‌خ به‌ وانه‌یش ده‌ده‌ن كه‌ خزمه‌تی زمانی فه‌ڕه‌نسییان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن ، نموونه‌ی نووسه‌ری ناسراوی به‌ ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب(ئه‌مین مه‌علووف)، هه‌روه‌ها نووسه‌رگه‌لێكی دیكه‌ی تونس و مه‌غریب و جه‌زایر و شوێنی دیكه‌ش كه‌ ده‌چنه‌وه‌ ژێر چه‌تری ئه‌وه‌ی ناویان لێ ناوه‌ وڵاتانی (فرانكفۆنی)یه‌كان له‌كه‌نه‌داوه‌ بگره‌ تا ئه‌فریقیا تا به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی باكووری ئه‌فریقیا ڕاده‌گا .

ئه‌ڵمانه‌كانیش ئێستا پاش ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌ ، خه‌ریكن به‌ جیددی بایه‌خ به‌ زمانه‌كه‌یان ده‌ده‌ن ، باسی جووله‌كه‌ ناكه‌م ، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی هه‌ره‌ سوور و شێلگیرن له‌ چه‌سپاندن و گه‌شه‌پێدانی زمانه‌كه‌یان ، له‌ كاتێكدا هه‌ر كۆمه‌ڵێكیان له‌وڵاتێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ئیسرائیل .
له‌و ئاراسته‌یه‌ڕا ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ بایه‌خ دان به‌ زمانی كوردی لای كاربه‌ده‌سته‌ په‌یوه‌نداره‌كان و سیاسه‌توانانی كورد كه‌ هه‌میشه‌ ماكینه‌ی وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پرسه‌یان له‌ده‌ستدابووه‌ ، به‌و ڕه‌نگه‌ سه‌یر نه‌كراوه‌ ، ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش (كه‌ له‌ پاشاندا دێینه‌ سه‌ری) شایانی دیتنێك بێ تۆمار بكرێت ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌ هۆی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری1970ی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومه‌تی ئه‌وسای عیڕاق مۆركرا ، كه‌ لێره‌دا نابێ نادیده‌ بگیرێ‌ ، كاتێ‌ خوێندن به‌ كوردی و دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌ندار به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی لێ كه‌وته‌وه‌ ، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ (كۆڕی زانیاری كورد) كه‌ تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی و كردنی به‌ به‌شێكی بچووك له‌ (كۆڕی زانیاری عێراق) كاری نكۆڵیێنه‌كراویان بۆ زمان و ئه‌ده‌ب و مێژووی كورد كرد ، له‌وه‌ بترازێ كورد واته‌نی ، ئه‌وی دی هه‌مووی به‌ پێوانه‌ی كاری جیددی (دوعا و سه‌لام) زیاتر نه‌بووه‌ ، كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌یه‌ك دوو ڕۆژنامه‌ی حه‌فتانه‌ و چه‌ند گۆڤارێكی مانگانه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌.

له‌ سه‌رێكی دییه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژنامه‌ و دامه‌زراوه‌ كولتووریانه‌ش دوور بوون له‌ كوردستان و له‌ به‌غدادا بڵاوده‌كرانه‌وه‌ و به‌غدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی دیاری كوولتووری عه‌ره‌بی بوو ، ( به‌ جیاوازی ئاسمان و ڕێسمان ) ببوو به‌ناوه‌ندی كولتووری كوردیش ، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو كوردستان ، ئه‌وه‌ هیچ كه‌ تا (دوای ڕاپه‌ڕین) ڕێگا به‌ كه‌رتی تایبه‌ت نه‌ده‌درا چاپخانه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو وه‌كو كاری وه‌به‌رهێنان دابمه‌زرێنێ‌ ، حكوومه‌تیش له‌چه‌ند چاپخانه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ بترازێ‌ ، داینه‌نابوو ، وێنه‌ی چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ ناوی ژماره‌ 2 یان لێ نابوو به‌و حسابه‌ی ژماره‌(1) له‌به‌غدا بوو ، ئه‌ویش تایبه‌ت بوو به‌ چاپكردنی كتێبی قوتابخانه‌كان و هه‌روه‌ها چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و چه‌ند چاپخانه‌یه‌كی دی دواكه‌وتوو وه‌ك چاپخانه‌ی شاره‌وانی هه‌ولێر یان چاپخانه‌ی (ژین) له‌ سلێمانی كه‌ له‌دوایدا داخرا ، له‌ پێش ئه‌ویشدا چاپخانه‌ی كوردستان كه‌ به‌سیسته‌می پیتچنی كاری ده‌كرد و له‌یه‌ك تا دوو ئامێری هایدلبێرگ زیاتر نه‌بوو(7).

له‌كاتێكدا به‌غدا پڕ بوو له‌ چاپخانه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی پێشكه‌وتووی حكوومه‌تی و كه‌رتی تایبه‌ت. دیسان ئه‌م لایه‌نه‌ش به‌ هه‌ند نه‌گرتنێكی دیكه‌یه‌ به‌لای لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ كه‌ ده‌بووایه‌ بیریان لێ كردبووایه‌وه‌ ، به‌وه‌ی چاپخانه‌ ، مه‌ڵبه‌ندێكی هه‌میشه‌ تیشكاوێژ بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌وان سه‌رده‌مان كه‌ بره‌و زیاتر له‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو بوو ، چاپكردنی كتێبیش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ‌ ، بێگومان حكوومه‌تی به‌غدا ئه‌مه‌ی لا ڕوون بوو كه‌ ڕێگه‌دان به‌ دامه‌زراندنی چاپخانه‌ ده‌بێته‌ ئه‌گه‌رێك له‌ ڕێی په‌ره‌سه‌ندنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی و پته‌وبوونی ئینتما ، ئێمه‌ش بێده‌نگ!!

به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پاش نسكۆ و ده‌ستكرانه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا ، دوو ساڵی پێنه‌چوو (كۆڕی زانیاری كورد)ی كرد به‌ به‌شێكی نه‌خوێندراوه‌ له‌ (كۆڕی زانیاری عیڕاق) و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری كوردی و ده‌زگای هاوكاری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كدا كۆكرده‌وه‌ و ناوی لێ نا (ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی) و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ی (التێ‌خی)یشی كه‌ تا ئه‌وسا (ئینجا به‌هه‌ر ناوه‌رۆكێك بێ) پێ هه‌رس نه‌كراو كردی به‌ (العراق) و ڕێگای دا مانگنامه‌یه‌ك هه‌ر به‌و ناوه‌ واته‌ (عیڕاق) له‌شێوه‌ی ڕۆژنامه‌دا بڵاوبكرێته‌وه‌.

دوای پرۆسه‌ی ڕاگواستن و ئه‌نفال و كیمیایش به‌ مه‌به‌ستی شێواندن و لێكدابڕاندنی زمانی كوردی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت دوو ڕۆژنامه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ هه‌ر ڕۆژنامه‌ی به‌شێوه‌زارێك (ئاسۆ) به‌كرمانجی خواروو (بزاڤ)یش به‌كرمانجی سه‌روو كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ دوای ئه‌وه‌ی پێشوازییه‌كی له‌و ڕه‌نگه‌یان له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی كورده‌وه‌ لێ نه‌كراو ده‌ركیان پێكرد كه‌ به‌ مه‌به‌ستێكی چه‌په‌ڵه‌وه‌ دامه‌زرێنراون ، ماوه‌یه‌كی زۆری پێ نه‌چوو داخران(8).

ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌نووسیی بیستراو و بینراوی كوردی

خودی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی كوردی مێژوویێكی له‌و ڕه‌نگه‌ی نییه‌ ، (كوردستان)یش كه‌ كراوه‌ به‌ ده‌سپێكی ئه‌و مێژووه‌ ، باوه‌كو له‌ڕووی سیاسی و وه‌ك ده‌سپێشخه‌رییه‌كی جوامێرانه‌ی ماڵباتی به‌درخانییان ده‌نگی دابێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوانه‌یشی به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ی به‌ دوایدا هاتوون ؛ ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریشیان هه‌بووبێ ، كاریگه‌ری سنووردار بووه‌ ، له‌لایه‌ك به‌ هۆی ئاست و ڕێژه‌ی خوێنده‌واری میلله‌ت و ئینجا ئه‌سته‌می بڵاوبوونه‌وه‌ و ئه‌و جوغرافیا سیاسیه‌ نه‌گریسه‌ی ناحه‌زانی كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژگار پێكیان هێناوه‌ و به‌و مه‌حكه‌مییه‌ دایانڕشتووه‌ كه‌ شه‌ش ده‌ریان لێ گرتووین…

دیاره‌ دواكه‌وتوویی خۆشمان سه‌ربار ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی بڵاویش كراوه‌ته‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری یا له‌ ژێر سانسۆری بێ ئامانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا بووه‌ كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌ ، یاخود حكوومه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ خۆیان بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی خۆیان شتێكیان به‌ كوردی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ناویشیان لێ ناوه‌ به‌وه‌ی شتیان بۆ كردووین و له‌و ڕاسته‌شدا منه‌تیشیان له‌سه‌ر كردووین!!
لێره‌وه‌ ، حاڵی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو به‌و چه‌شنه‌ بووه‌ ، كه‌ تاك وته‌را نه‌بێ (لێره‌و له‌وێ‌) به‌ تایبه‌تی له‌ ژێر سێبه‌ری بزاڤه‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كانی ئازادیخوازی كورد ، ڕۆژنامه‌یه‌ك ، گۆڤارێك یا بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌رچوێندراوه‌ ، ئه‌ویش دیاره‌ هه‌میشه‌ به‌هۆی هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تییه‌وه‌ پچڕ پچڕ بووه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌م حاڵه‌ته‌ (پچڕ پچڕی بڵاوكردنه‌وه‌) له‌ هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ی به‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ناسێنراوه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بوو بێ سیما و ئادگاری دیاری ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ بووه‌ .

ئینجا ئه‌گه‌ر حاڵی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراومان وا بوو بێ ، بێگومان ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو وبینراویشمان وێرانتر نه‌بوو بێ چاكتر نه‌بووه‌ ، له‌لایه‌ك دامه‌زراندن و وه‌گه‌ڕخستنی ئێستگه‌یه‌كی ڕادیۆ یا ته‌له‌فزیۆن هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌ده‌غه‌ بووه‌ ، ئه‌وه‌یشی هه‌بووه‌ (له‌ ڕادیۆی كۆماری كوردستان) و ئه‌و ڕادیۆ سنووردارانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول (ده‌نگی كوردستان) و ئه‌وانی دیكه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان دوای نسكۆ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش كورد شتێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ (به‌خۆی) به‌ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو ، له‌وه‌ی به‌ده‌ر كه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان ، ده‌وڵه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی خۆی ئیستگه‌یه‌كی وه‌كارخستووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ عیڕاق و ئێران و هه‌ندێ‌ شوێنی دیكه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ڕێ ڕوونی له‌م چه‌ند دێره‌ی دادێ‌ و به‌ پشت به‌ستن (له‌به‌شێكیدا) به‌ جزمی یه‌كه‌می به‌رگی یه‌كه‌می نووسراوه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ)، كورته‌یه‌كیان لێ‌ بخه‌ینه‌ ڕوو ، كه‌ به‌شێكی گرینگ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی پێك دێنێ‌(9).

ئه‌مه‌ش كه‌ ده‌ڵێم ، ده‌خوازێ‌ ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی كوردی كۆمه‌ڵێك ڕێگر هه‌بووه‌ به‌ گوێره‌ی مێژووی خۆی گه‌شه‌ی پێویست بكا ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یش وه‌ك له‌پێشدا باسمان كرد ؛ ئاستی خوێنده‌واری كۆمه‌ڵی كورده‌واری و ئاسته‌نگه‌كانی جوغرافیای دروستكراو له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ، ڕێی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گرتبوو ، بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراویش ، جگه‌ له‌ دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ، كه‌ زۆر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناس و گه‌ڕیده‌ بیانیه‌كانیش له‌وانه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینیان نووسیوه‌ ، ئاماژه‌یان به‌و لایه‌نه‌ داوه‌ ، كه‌ (ڕادیۆ)یان ڕاستتر (ئامێری ڕادیۆ) – وه‌ك وه‌رگر- له‌ قاڵبی تابووه‌ سه‌یركراوه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌ دره‌نگه‌وه‌ش هاتووه‌ ، له‌چاو مێژووی په‌یدابوونیدا ، به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌داریشه‌وه‌ كه‌م كه‌س ، له‌ چینی هه‌بوویی و دارا و ماڵه‌ به‌گ و ئاغایان به‌ده‌ر توانیویه‌تی ئامێرێكی ڕادیۆ بكڕێت ، ئیتر كه‌ گوێگر نه‌بوو ئیستگه‌ی په‌خش چ سوودێكی ده‌بێ؟ كه‌ ئه‌مه‌ تاڕاده‌یه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراویش هه‌ر ڕاسته‌.

ئێستا با سه‌ره‌تا له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین و بزانین یه‌كه‌مین ئێستگه‌ی ڕادیۆ، یاخود ڕاستتر یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی ڕادیۆیی له‌كوێ‌ و كه‌ی بووه‌؟
به‌پێی جزمی یێكه‌هه‌می به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌ ناوازه‌كه‌ی مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ) كه‌ به‌نده‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی ده‌بینم ، به‌ پێی ئه‌و كتێبه‌ بێ یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی له‌ڕادیۆدا ساڵی 1925 زایینی ده‌ست پێ ده‌كا.

زنجیره‌ی ئه‌و ڕادیۆیانه‌ی په‌خشیان به‌ كوردی هه‌بووه‌ یاخود ئیستگه‌ی كوردی بوون به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌(10):
1- ڕادیۆی كۆماری ئۆتۆنۆمی كوردستانی سوور له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانی سۆڤیێتی (جاران) ساڵی 1925، كه‌ له‌ دوایدا له‌ لایه‌ن (ستالین)ـه‌وه‌ داخرا .
2- په‌خشی كوردی ڕادیۆی به‌غدا ، كه‌ دوایی بوو به‌ به‌شی كوردی ڕادیۆی به‌غدا – له‌19/11/1939وه‌ تا ساڵی 2003 – پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام حسین – به‌رده‌وام بوو به‌مه‌ش ئه‌م ڕادیۆیه‌ ، یاخود په‌خشی كوردی له‌م ڕادیۆیه‌دا به‌ ته‌مه‌نترین په‌خشه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردیدا .
3- په‌خشی كوردی ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك (شه‌رقولئه‌دنا) له‌ (یافا) ساڵی1942 (جه‌نگه‌ی شه‌ڕی دووه‌می جیهان) كه‌ تا ئه‌یلوولی 1945 به‌رده‌وام بوو. ئه‌م ڕادیۆیه‌ سه‌ر به‌ئینگلیز بووه‌ ، ڕۆژانه‌ سه‌عاتێك به‌كوردی په‌خشی هه‌بووه‌(11).
4- په‌خشی كوردی له‌ (ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵات) – الشرق – له‌ لوبنان ساڵی 1943 تا ساڵی 1945. په‌خش به‌زمانی كوردی له‌م ڕادیۆیه‌دا هه‌فته‌ی دووجاران بووه‌ ، ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و هه‌ینی ، پاشان له‌ ساڵی 1945 و 1946دا بووه‌ به‌ ڕۆژانه‌ ڕه‌وانشاد كامه‌ران عالی به‌درخان سه‌رپه‌رشتی كردووه‌ .
5- ڕادیۆی كۆماری كوردستان – مهاباد – كوردستان كه‌ له‌12/12/1945 تا 1/1/1946 به‌رده‌وام بوو . وه‌ك له‌ پێشیشدا ئاماژه‌مان پێداوه‌ ، ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ یه‌كه‌مین ڕادیۆی ئازادی كورد له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی داده‌نرێ‌ .
6- په‌خشی كوردی ڕادیۆی – كۆماری ئازه‌ربایجان – له‌ ئێران مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف له‌ باره‌ی ئه‌م ڕادیۆیه‌ ده‌ڵێت: “سه‌ره‌تای په‌خشی ساڵی 1946 ده‌ستی پێ كردووه‌(12).
7- په‌خشی كوردی ڕادیۆی یێریڤان له‌ ئه‌رمه‌نستانی سۆڤییتی (جاران) . وا دیاره‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ دوو خوول بووه‌:
– خولی یه‌كه‌م: ساڵی 1930 تا 1937.
– خولی دووه‌م: له‌1/1/1955 تا 1958.
8- ڕادیۆی كوردیی – ئێران – ساڵی 1946 تا 1958.
9- به‌شی كوردی ڕادیۆی تاران 1946 تا 1958.
10- ڕادیۆی كوردی – له‌سنه‌ – ساڵی 1953.
11- ڕادیۆی كوردی – مهاباد.
12- ڕادیۆی كوردی – ته‌ورێز.
13- په‌خشی كوردی له‌ ڕادیۆی قاهیره‌ ، كه‌ له‌1/6/1957 تا 13/6/1963 دا به‌رده‌وام بووه‌(13).
14- ڕادیۆی – ده‌نگی كوردستان – عێراق – ئه‌م ئیستگه‌یه‌ وه‌ك زمانحاڵی شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئه‌یلوول) له‌ 20/8/1963دا دامه‌زرا . ڕادیۆی (ده‌نگی كوردستانی عێراق) له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیدا ، كورتبڕ بوو ، هێزی له‌ كیلۆواتێك كه‌متر بوو ، به‌مه‌ش مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رته‌سك بوو ، به‌ پێی هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ بازانه‌ی نیوه‌تیره‌ی له‌ 50كم تێنه‌ده‌په‌ڕی(14).

ئه‌م ڕادیۆیه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر جێی متمانه‌ی خه‌ڵك بوو و گوێگرێكی زۆری هه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌ حكوومه‌تی به‌عسیشه‌وه‌ ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ئه‌م ڕادیۆیه‌، هه‌وڵی جیددیان دا به‌ هۆی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ته‌كنیكی پێشكه‌وتوو ڕێ‌ له‌ ده‌نگی ئه‌م ڕادیۆیه‌ بگرن بگاته‌ گوێڕادێرانی(15).

ئه‌م ڕادیۆیه‌ تا پاش ده‌رچوونی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 به‌ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو ، دوایی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوارساڵ ، به‌ پێی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ (كه‌ یه‌كه‌مین داننانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ به‌ كێشه‌ی كورد) له‌كار وه‌ستێنرا ، تا ئه‌وه‌ی له‌ نیسانی1974دا جارێكی تر كه‌وته‌وه‌ كار ، ئه‌مجاره‌ش بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌رده‌وام بوو(16).

پاش نسكۆی شۆڕش ، ئاداری 1975 له‌ ئه‌نجامی مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر ، ڕادیۆكه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستا ، پاشان دوای ده‌سپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش له‌ ژێر ناوی (شۆڕشی گوڵان) به‌ ماوه‌یه‌ك – پایزی 1977 – ده‌نگی كوردستان – جارێكی تر وه‌كارخرایه‌وه‌.
ئه‌م ڕادیۆیه‌ قۆناخ به‌ قۆناخ هاتووه‌ تا ئه‌مڕۆیش به‌رده‌وامه‌ . شایه‌نی باسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ بگوترێ‌ كه‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ یه‌كه‌مین ڕادیۆ داده‌نرێ‌ له‌وه‌ی له‌ زنجیربه‌ندی ڕادیۆنه‌كان كه‌ به‌ (ئیستگه‌ نهێنیه‌كان) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێ‌ و هه‌روه‌ها دووه‌مین ڕادیۆی ئازادیشه‌ دوای ڕادیۆی كۆماری كوردستان له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردیدا .

15- ده‌نگی شۆڕشی عێراق

ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی (شۆڕشی نوێ‌) له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخرا ، پاشان ناوی گۆڕا و بوو به‌ (ده‌نگی گه‌لی كوردستان) و ئێستاش به‌رده‌وامه‌.
ئه‌م ئیستگه‌یه‌ش به‌ هه‌مان پێوه‌ری له‌ پێشدا ئاماژه‌ی پێ درا ، ده‌چێته‌وه‌ بازنه‌ی ئه‌و ڕادیۆیانه‌ی نهێنین – هه‌روه‌ها ئه‌م ئیستگه‌یه‌ش به‌ ڕادیۆیه‌كی دیكه‌ی ئازاد ده‌ژمێررێ‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا په‌خشی كردووه‌ .
16- (پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان)یش ڕادیۆیه‌كی هه‌بوو له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانه‌وه‌ په‌خشی ده‌كرد. له‌باره‌ی مێژووی په‌خش و وه‌ستانی ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌ هیچ شوێنێك ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ له‌گه‌ڵ – پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق- دا دوای پێكهێنانی به‌ره‌یه‌ك له‌ نێوان خۆیان و حزبی سۆسیالستی كوردستان و پارتی سۆسیالستی كورد (پاسۆك) – زۆربه‌ی كادره‌كانییان به‌ سكرتێری گشتیه‌وه‌ چوونه‌ ناو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئه‌وی ڕاستییه‌ ئێمه‌ لێره‌شدا له‌ به‌ر ئه‌وه‌دا نین بیبلۆگرافیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو (ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو)ی كوردی ڕێك بخه‌ین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بوو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك له‌ مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌سپێكی ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ پێشان بده‌ین وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ باسه‌كه‌ ، دیاره‌ ئه‌وه‌ی باسیش كرا له‌مشتی خه‌روار ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، ده‌نا ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی به‌ تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕین ، له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پێویستی ئه‌و جوغرافیایه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ (هه‌رێمی كوردستان) ناسراوه‌ زۆر زیاتره‌ ، كه‌ زۆربه‌شیان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موویان به‌رنامه‌كانیان به‌شه‌پۆلی
( FM ) په‌خش ده‌كه‌ن(17)
له‌باره‌ی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنیشه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كم نه‌دۆزییه‌وه‌ باسی یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی له‌ ته‌له‌فزیۆن یان ڕاستتر ته‌له‌فزیۆنی كرد بێ ، ڕه‌نگه‌ ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان له‌ هه‌ندێ‌ ئیستگه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌ گۆرانییه‌كی كوردییان په‌خش كردبێ ، ده‌نا وه‌كو ئیستگه‌ ، ته‌نیا باشووری كوردستان (كوردستانی عێراق) په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی كوردی تێدا هه‌بووه‌ ئه‌ویش به‌ دره‌نگه‌وه‌ ، له‌كاتێكدا عێراق ، یه‌كه‌مین وڵاته‌ له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ی (به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی)یه‌وه‌ ناوزه‌د كراون ئیستگه‌ی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی لێ دانراوه‌ ، كاتێ‌ ساڵی 1956 كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ پیشانگایه‌كی پیشه‌سازی به‌غدادا به‌شدار ده‌بێ ، نێرده‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی له‌و پیشانگایه‌دا نمایش ده‌كا ، پاشان دوای كۆتایی هاتنی پیشانگاكه‌ ، نێرده‌كه‌ به‌ دیاری پێشكێشی حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراقی ده‌كا ، ئه‌و نێرده‌یه‌ش له‌ سنووری شاری به‌غدا ڕه‌تی نه‌كردووه‌ و هێزی ناردنی ته‌نیا نیوكیلۆوات بووه‌ و به‌ یه‌ك كه‌ناڵ كاری كردووه‌ .

به‌ دامه‌زراندنی ئه‌و نێرده‌یه‌ عێراق بوو به‌ یه‌كه‌مین وڵات له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ (وڵاتانی عه‌ره‌بی) ناسراون كه‌ په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی هه‌بووه‌ .
جێی باسه‌ كه‌ كارمه‌ندانی ئه‌و نێرده‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تادا سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی (هه‌واڵ و ئاراسته‌كردن)بوون – سه‌رده‌می پاشایه‌تی – دوای ته‌موزی 1958یش كه‌ به‌ (سه‌رده‌می كۆمار) ناسراوه‌ خرایه‌ سه‌ر (وه‌زاره‌تی ڕێنماییه‌وه‌) – دیاره‌ له‌ ده‌سپێكیشدا په‌خش به‌ (ڕه‌ش و سپی)بووه‌ ، پاشان له‌ساڵی 1975 بۆ یه‌كه‌مجار په‌خشی ڕه‌نگی ده‌ست به‌وه‌شان ده‌كا(18).

چیرۆكی په‌خشی كوردی له‌ ته‌له‌فزیۆنی عێراقیدا چیرۆكێكی درێژنییه‌ ، كه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر په‌خشێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌و ناوه‌ هه‌بێ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌عیراق بووه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنیش ، سایلی ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌كانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كان زمانحاڵی خۆیان بووه‌ به‌ كوردی ، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جار، به‌ نموونه‌ له‌ ماوه‌ی چوارساڵی دوای مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 (1970 – 1974) به‌ هۆی (هه‌ندێ) له‌و كارمه‌ندانه‌ی كاریان تێدا ده‌كرد له‌و ماوه‌یه‌دا ، نیشانه‌ به‌و كرانه‌وه‌ ڕێژه‌ییه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ فه‌راهه‌می كردبوو ، چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوون ، كه‌ ئه‌ویش له‌ به‌رنامه‌ی هونه‌ری و كولتووری تێنه‌ده‌په‌ڕین، دیاره‌ پاش نسكۆی شۆڕش ، ئه‌م بواره‌یش وێنه‌ی بواره‌كانی دی وێك هێنرایه‌وه‌(19).

وه‌ك له‌پێشیشدا وتمان كه‌ عیراق یه‌كه‌مین وڵات بوو نێرده‌ی ته‌له‌فزیۆنی گه‌یشتێ‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌خشی كوردی (په‌خش نه‌ك نێرده‌ی سه‌ربه‌خۆ) به‌ دره‌نگه‌وه‌ بوو ، سوێندی ئه‌وه‌ ناخۆم كه‌ ڕه‌نگه‌ جاروبار گۆرانییه‌كی كوردی په‌خش كرابێ ، ده‌نا تا دوادواكانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌مه‌ هه‌روا مایه‌وه‌ ، تا ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 له‌ نێوان حكوومه‌تی عیراق و شۆڕشی كوردستان مۆركرا ، له‌وساوه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار په‌خشی كوردی (بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو) له‌ ته‌له‌فزیۆن هه‌ندێ‌ به‌رنامه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌رنامه‌كان سه‌ره‌تا له‌ ڕێگه‌ی (نێرده‌یه‌كی به‌هێزكردن) له‌ كه‌ركووك داندرا ، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ ڕێگه‌ی نێرده‌یه‌كی به‌هێزكردنی دیكه‌وه‌ كه‌ له‌ مووسڵ داندرابوو ده‌گه‌یشته‌ كوردستان ، تا ئه‌وه‌ی هه‌مان نێرده‌ی كه‌ركووك كرایه‌ ئیستگه‌یه‌كی په‌خشی ته‌له‌فزیۆن به‌كوردی كه‌ له‌سه‌عات 5 یا 6ی ئێواره‌ تا 12ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بوو له‌ په‌خش هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا ، له‌ پاڵ به‌رنامه‌ی كوردی (كه‌ ماوه‌كه‌ی زیاتر بوو) ماوه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی (توركمانی) و (سریانی) ته‌رخان كرابوو.. له‌و ئیستگه‌یه‌دا وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ، له‌گه‌ڵ وه‌به‌ریه‌كهێنانه‌وه‌ی ئه‌و كرانه‌وه‌ی پێش نسكۆی شۆڕش هه‌بوو، جاروبار ڕێگه‌ ده‌درا هه‌ندێ‌ شانۆگه‌ریی و دراما و گۆرانی كوردی بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ندێكیان له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌ری و كولتوورییه‌كانه‌وه‌ جێی سه‌رنج و باسه‌ .

ڕاستی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بینراوی كوردی تا (سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین)یش ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌وه‌ به‌ده‌ر نه‌بوو حكوومه‌تی عیراقی له‌ ڕێی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ به‌رنامه‌كانی ئاراسته‌ ده‌كرد و (به‌ پێی هه‌ل و مه‌رج)و له‌ ژێر چاودێرییه‌كی تونددا .

ماویه‌تی …..

ئاماژه‌ و په‌راوێز
________________________________________
1- دیاره‌ لێره‌دا باس له‌ بزاڤێك ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ڕای گشتی دروست بكا ، ده‌نا له‌ پێش حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا لێره‌و له‌وێ‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار ده‌رچوون . له‌هه‌مان كاتدا و بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ر باس له‌سه‌ر ئه‌و جوغرافیایه‌یه‌ كه‌ تا حاڵی حازر به‌ (هه‌رێمی كوردستان) ده‌ناسێنرێته‌وه‌ .
2- بۆ ڕێ‌ ڕوونی زیاتر له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕوانه‌:
نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ – برایه‌تی – یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا – چاپی یه‌كه‌م – چاپخانه‌ی خه‌بات 1991.
3- هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری كوردییه‌وه‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌ی ڕۆژنامه‌، (كه‌ له‌دوایدا بوو به‌ گۆڤار) به‌ناوی (ڕۆشنبیری نوێ‌) بڵاوده‌كرایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وسا ڕه‌وانشاد د.ئیحسان فوئاد سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، هه‌ر له‌وێ‌ گۆڤاری (ئه‌ستێره‌)ی منداڵان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌منداڵان و (جه‌مال خه‌زنه‌دار) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد بڵاوده‌كرایه‌وه‌ به‌ڵام پاش (2) ژماره‌ داخرا و ژماره‌ی (3)یه‌می له‌ژێر چاپدابوو كه‌ داخرا.
دیاره‌ ناشبێ ئێستگه‌ی كوردی به‌غدا له‌بیر بكه‌ین و هه‌روه‌ها ئێستگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك كه‌ ماوه‌یه‌كی بۆ په‌خشی كوردی ته‌رخان كردبوو.
له‌هه‌مان كاتدا و وه‌ك ده‌سكه‌وتی ئه‌و كرانه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 زه‌مینه‌ی بۆ خۆش كردن، له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا گۆڤاری (كۆڕی زانیاری كورد) له‌لایه‌ن كۆڕی زانیاری كوردییه‌وه‌ و (نووسه‌ری كورد) له‌لایه‌ن (یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد) و گۆڤاری (په‌روه‌رده‌ و زانست) له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی خوێندنی كوردی و (ده‌فته‌ری كورده‌واری) به‌ كۆششی د.مارف خه‌زنه‌داره‌وه‌ ده‌رده‌چوو ، هه‌روه‌ها گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه‌وه‌ له‌ به‌غدا و چه‌ندانی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی كه‌ وه‌ك وتمان ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 زه‌مینه‌ی ده‌رچوونی بۆ خۆش كردبوون.
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی (2) – برایه‌تی- یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا- ته‌ماشای پێشه‌كی و په‌ڕاوێزی ژماره‌ (4) بكه‌ لاپه‌ڕه‌ 11 چاپی یه‌كه‌م.
5- بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتر، بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و ڕۆژنامه‌نووسی كورد ، چاپی دووه‌م 1991 – هه‌روه‌ها – برایه‌تی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی- 1991ی هه‌مان نووسه‌ر.
6- جارێكی تر ته‌ماشای په‌ڕاوێزی ژماره‌ (4) بكه‌وه‌ له‌ برایه‌تی – یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا.
7- له‌گه‌ڵ دواكه‌وتوویی ته‌كنیكی (چاپخانه‌ی كوردستان)یش كه‌ به‌كۆششی برایانی موكریانی (حوزنی و گیو) دامه‌زرابوو ، ده‌بێ ئه‌وه‌ ببینرێ‌ كه‌ ده‌یان سیایی و ده‌ستنووسی له‌ فه‌وتان پاراست و چاپكرد.
بێجگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندان گۆڤاری ناوه‌خۆی شاره‌كانیشی لێ چاپ ده‌كرا، له‌پاڵ ده‌یان كتێبی نووسه‌ر و شاعیران، به‌تایبه‌تیش نووسه‌رانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری.
8- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ – دره‌ختی بنكۆڵ كراو – چاپی دووه‌م – 2006.
9- بڕوانه‌: كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غدا – (1939 – 1958) به‌رگی یێكه‌هه‌م جزمی یه‌كه‌م – كوردستان – هه‌ولێر 2014 چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری.
جێی باسه‌ كه‌ مامۆستا كه‌مال، هه‌ر له‌و كتێبه‌ و له‌ هه‌مان به‌رگ، چه‌رده‌یه‌ك له‌ باسی پێش په‌یدابوونی ئێستگه‌ی ڕادیۆی هێناوه‌ته‌وه‌ – سه‌رده‌می (فۆنۆگراف) یا وه‌ك مامۆستا كه‌مال (لووله‌ قه‌وان)ی بۆ داناوه‌ و كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی به‌ (قه‌وان) ده‌ناسرێته‌وه‌ پێش ڕادیۆ له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌. ته‌ماشای – لاپه‌ڕه‌ 52ی هه‌مان سه‌رچاوه‌ بكه‌.
10- كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ)- مێژووی ڕادیۆی كوردی به‌غدا – به‌رگی یه‌كه‌م – جزمی یه‌كه‌م- هه‌ولێر – 2014، ته‌ماشای لاپه‌ڕه‌ 68 بكه‌.
11- هه‌رچه‌نده‌ مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د له‌ كتێبی ئاماژه‌ پێدراودا له‌لاپه‌ڕه‌ 68دا ده‌ڵێ‌ له‌ئه‌یلوولی 1942 تا ئه‌یلوولی 1945 به‌رده‌وام بووه‌.
كه‌چی له‌لاپه‌ڕه‌ 69دا باس له‌ساڵی 1946یش ده‌كا كه‌ به‌ شه‌پۆلی كورتی (SW) 42018 سه‌عات 11:45ی پێش نیوه‌ڕۆ ده‌ستی به‌ په‌خش كردووه‌ (به‌كوردی) و سروودی (كوردستان ، كوردستان نیشتمانی جوان)یشی لێ‌ په‌خش كراوه‌.
كه‌وابێ، دیاره‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ تا ساڵی 1946 به‌رده‌وام بووه‌ – بڕوانه‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌69.
12- كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، لاپه‌ڕه‌ 73.
13- كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – هه‌مان سه‌رچاوه‌.
14- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌: مسعود بارزانی – بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد- به‌رگی سێیه‌م به‌شی دووه‌م 1961 – 1975. چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ – هه‌ولێر 2004.
15- یه‌كێك له‌و ڕێوشوێنانه‌ی گیرایه‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی ئینگلیزی بوو به‌هه‌مان شه‌پۆل، گۆرانییه‌كی به‌ژاوه‌ژاو بوو وشه‌ی (هانی)تێدا دووباره‌ ده‌كرایه‌وه‌.
ئێستا له‌ قامووسی كوردیدا ئه‌م وشه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر (تشویش)ی عه‌ره‌بی به‌كارده‌هێنرێ‌ و جێی خۆی گرتووه‌. به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی گوێم لێ بووه‌، كه‌سێك كه‌ داوا له‌ كه‌سێك بكا ته‌شویش نه‌خاته‌سه‌ر قسه‌كانی، پێی ده‌ڵێ: توخوا (هانی هانی) مه‌خه‌ره‌ سه‌ر قسه‌كانم.
16- به‌نده‌ له‌و ساڵه‌دا یه‌كێك بوو له‌ كارمه‌ندانی ئه‌و ڕادیۆیه‌ وه‌ك نووسه‌ر و وه‌كو (په‌یامنێری جه‌نگ)یش. یه‌كه‌مین په‌یامنێری جه‌نگ ، به‌تایبه‌تی له‌به‌ره‌كانی هێزی باڵه‌ك كه‌ ئه‌وسا هه‌ڵایساوترین به‌ره‌ بوو، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئازادكراوی كوردستان كه‌ هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووس عه‌بدوڵڵا عه‌باس سه‌ردانمان ده‌كرد، وه‌كو به‌ره‌كانی هێزی (خه‌بات و ئه‌زمر و زمناكۆ).
17- به‌پێی ئاماری (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ – به‌شی بانكی زانیاری میدیایه‌كانی كوردستان ، سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان – تا ئێستا ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ تۆماركراوه‌ – له‌سێ پارێزگا (هه‌ولێر ، سلێمانی، دهۆك) 187 ڕادیۆیه‌ و به‌م شێوه‌یه‌- هه‌ولێر 84 ڕادیۆ، سلێمانی67 ڕادیۆ و دهۆك 36.
18- بڕوانه‌: ئینعام كه‌چه‌چی – ته‌له‌فزیۆن له‌به‌غداوه‌ دێته‌ جیهانی عه‌ره‌بی = ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ) ژماره‌ (7695) له‌ 23/12/1999.
19- بۆ زانیاری پتر له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ – دره‌ختی بنكۆڵ كراو – په‌نجه‌نمایه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ بۆ باری ڕووناكبیری وكولتووری كوردی – 1975 – 1994 – چاپی دووه‌م – 2006 چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ – هه‌ولێر.




دوو شیعر…. وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌ …. سه‌ده‌ی مه‌رگ

وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌

پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟

×××

ئه‌سه‌دیش دێ پیرۆزبایی له‌ مه‌رگی
منداڵانی حه‌له‌ب ده‌كا.
ئایا ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنه‌؟
یان به‌ گاندانی هه‌ر هه‌موو مێژووی
ئوممه‌ی عروبه؟‌…
گوێم لێ بوو ئه‌و ڕۆژه‌،
ڕۆحانیی وڵاتی مه‌رگ و سێداره‌،
وای به‌ ئه‌سه‌دی هاوڕێی ده‌گوت.

——————–

سه‌ده‌ی مه‌رگ

ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی خوێڕییه‌كانه‌.
سه‌ده‌ی سه‌ركرده‌ی خوێڕی پیاوكوژ و
سه‌ده‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌ی فاشی و
سه‌ده‌ی دڕندایه‌تی ئیمپریالیزمه‌كان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی كوشتنی منداڵانه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌ته‌.
سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌تێك،
كه‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ كۆیله‌ی خۆی و
تاوانی مه‌زنی پێ ئه‌نجام ده‌دا.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌سه‌ده‌ گه‌واده‌كانه‌.
گه‌واده‌كانی قه‌حپه‌خانه‌ی مۆسكۆ و واشنتۆن.
گه‌واده‌كانی تارانی سێداره‌ و حه‌شیش و
په‌كینی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و له ‌سێداره‌دان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌و خواوه‌ندانه‌یه‌،
كه‌ پشتیان له‌ خه‌ڵك و
ڕوویان له‌ زاڵم و سته‌مكارانه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی داهێنانی مه‌رگه‌.
سه‌ده‌ی پاره‌ی زۆر و
سه‌ده‌ی هه‌ژاری و
سه‌ده‌ی شانۆكانی جه‌نگه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی گره‌وكردنه‌
له‌سه‌ر ئه‌سه‌ده‌كان.
سه‌ده‌ی بارینی ژه‌هری مه‌رگه‌
به‌سه‌ر گه‌لان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌و دیكتاتۆرانه‌یه‌
له‌ ڕۆژهه‌ڵات،
كه‌ ده‌بنه‌ مووی ناوگه‌ڵی سه‌رۆكی زلهێزه‌كان.
ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی،
به‌ ده‌ستێك گه‌له‌كه‌یان ده‌كوژن؛
به‌ ده‌ستێكیش به‌ری بۆزی
ناوگه‌ڵی سه‌رۆكی زلهێزه‌كان ده‌تاشن.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌سه‌ده‌ جه‌للاده‌كان و
سه‌ده‌ی سوڵتانه‌كانی قوسته‌نتینه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی كوشتنی منداڵانه‌.
سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌تی سه‌رمایه‌یه‌،
كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ ڕۆژئاوا و
له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌،
جیهان بسووتێنێ.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی
درۆی دیموكراسییه‌ت و
مافه‌كانی مرۆڤه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی خوای جه‌نگه‌،
كه‌ له‌ واشنتۆن و مۆسكۆوه‌
په‌یامبه‌ره‌كانی بۆ هه‌موو جیهان ده‌نێرێ…
له‌م دوو پایته‌خته‌وه‌،
له‌ مێژووی نه‌گریسی ئێمه‌‌‌وه،‌
په‌یامبه‌ره‌كانی خوای جه‌نگ
به‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا
بڵاوده‌بنه‌وه‌:
له‌ حه‌له‌ب و له‌ سوریا،
له هه‌موو‌ پارچه خوێناوییه‌كانی كوردستان،
له‌ یه‌مه‌ن و له‌ لیبیا…
خوای جه‌نگ،
ئایینی مه‌رگ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی مه‌رگه‌.
سه‌ده‌ی له‌ خاچدانی
هه‌موو مه‌سیحه‌كانه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پرسی قه‌ده‌غه‌كردنی بورقا ده‌بێته‌ پرسی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی چه‌ندین ولاًت له‌ ساڵی 2017 دا

مشتومڕی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی به‌شێك له‌ ووڵاتانی جیهان له‌باره‌ی پرسی قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی بورقا به‌رده‌وامه‌ و پێده‌چێت ساڵی داهاتوو ئه‌و پرسه‌ ببرێته‌ په‌رله‌مانی ئه‌و ووڵاتانه‌.
پۆڵین هانسن ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئوسترالیا كه‌له‌سه‌ر لیستی پارتی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و ووڵاته‌یه‌ و به‌لیستی ڕاستڕه‌وه‌كان ناوده‌برێت ، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ساڵی داهاتوودا فشاره‌كانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی بورقا له‌و ووڵاته‌.
وته‌كانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كانی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێركل له‌دواهه‌مین كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا كه‌ تێدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ داپۆشینی ته‌واوی ڕوخسار یان ده‌موچاو شتێكی نه‌گونجاوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا بۆیه‌ پێویسته‌ داپۆشینی ته‌واوی ڕووخسار له‌هه‌رشوێنێكدا كه‌ پێویست بكات له‌ڕوی یاسایه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت. به‌ڵام جیاواز له‌ ووته‌كانی ئه‌نگێلا مێركل ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا ڕایگه‌یاند ئوسترالیا له‌ ئه‌وروپا جیاوازه‌ و ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا ڕووده‌دات ده‌رئه‌نجامی لێشاوی كۆچی نایاسایه‌ بۆ ئه‌و كیشوه‌ره‌ و ئه‌وروپا كۆنتڕۆڵی به‌سه‌ر سنوره‌كانیدا نه‌ماوه‌ ، بۆیه‌ به‌ ووته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا ئه‌وان پێویسته‌ به‌رده‌وام بن له‌ پاراستنی سنوره‌كانیان ، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌ته‌ تونده‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخدا كه‌ به‌جۆرێكه‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ووڵاته‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌به‌له‌مه‌كه‌ لێوه‌ی هاتووه‌. دواجاریش ڕایگه‌یاند ووڵاتانی كۆمۆنوێڵس پشتگیری له‌ بیرۆكه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی بورقا ناكه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، په‌رله‌مانی هۆڵه‌نداش له‌ مانگی ڕابردوودا یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بورقای له‌ هه‌ندێك شوێنی گشتیدا وه‌ك خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌كاندا په‌سه‌ند كرد و تا ئێستاش چه‌ندین ووڵاتی جیهان و ئه‌وروپاش له‌وانه‌ش فه‌ره‌نسا و به‌لجیكا و بولگاریا و چاد یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بورقایان په‌سه‌ندكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كان : ماڵپه‌ری ته‌له‌گراف ، ماڵپه‌ری هه‌واڵی نیوزی ئوسترالی

هەأار تەها




سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئاگاداری بۆ شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەندەران، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی تایبەت بە “مونٶدراما” لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ و ٢٦ی مانگی 3 (مارچی) 2017 لە شاری یوتوبوری لە وڵاتی سوید ساز دەکات.
• کارە بەشداربووەکان لە لێژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێرێت، بفەرموون ئارەزوومەندانە بە پێشکەشکردنی داواکاری بەشداربوون لە ڕێگەی ئەم ئیمیلەوە isk.gbg2@gmail.com
• ڕێکەوتی 1-2-2017 واته رۆژیی ١ی مانگی فێبرییه‌ی ٢٠١٧ دوا مۆڵەتە بۆ داواکاری بەشداربوون، دوای ئەم بەروارە هەموو داواکارییەکان ڕەت دەکرێتەوە.

تێبینی ….
 کارەکە لە 60 خولەک زیاتر نەبێت.
 زانیاری تەواو لە سەر ستاف و کارە شانۆییەکەی بنێرێت ..
 بۆ هەر کارێک تەنها ئەکتەر و دەرهێنەر بانگێشتنامەی بۆ دەکرێت ..
 داوەتنامەی ڤیزە بۆ کۆنسولخانەی سوید لە ئیران دەنێرێت.
 لە کاتی ڕەتکردنەوەی ڤیزەدا، کۆمەڵەکەمان بەرپرسیار نییە ..
 بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و فۆرمی بەشدار بوون، پەیوەندی بکەن بەم ئیمه‌یل و ژمارە تەلەفۆنەوە:
تەلەفۆن: 0046707405717 ئیمه‌یل: isk.gbg2@gmail.com

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری.




ئەبەدیەتی سەرۆکەکان؛ پۆرترێتێکی زەبەلاح بەسەر ئاودەستەکانی میللەتەوە … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

یەکێک لەسیفەتەکانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالستی پڕوپاگەندە و دروشمسازی بوو. بەمانای کۆی وڵات و میللەت لەژێر دروشم و هەڵوێست وەرگرتن وباری مارشکردندا بوو. تاوەکو هەرەسی ئەم بلۆکە وچەند ساڵیکیش دوای ئەوە ڕادوێی موبەقەکان هاواریان بوو بۆ سەرۆکە ئەبەدییەکان. هەرچەندە دەمێک بوو سەرۆکەکان مردبوون و بلۆکی سۆسیالستی ڕووخابوو، کەچی ڕادوێی موبەقەکان بەردەوام بوون لەستایشکردنی دونیای سەرۆک و حیکمەتی گەورەیان. ئەم ڕادوێی موبەقانە تەنها بڵنگۆیەکی بچوک بوون دەتکردن بەپلاکێکدا، ئیدی موبەق پڕ دەبوو لەمارش و ستایشی هاوڕێیان و شۆڕش و سەرکردە و حکومەتی بەسەرچووی سۆسیالستی، ئەم ڕادوێیە بەردەوام بو لەهاوار و دورشم و سروودگووتن بۆ سۆڤیەت و سۆسیالزم.

تەنانەت لەساڵانی دوای هەرەسی ئەم بلۆکە و لەساڵی ١٩٩٥ کەلەڕوسیای سپی (بێلاڕوسیا) بووم، پیرێژنی خاوەن ماڵەکەمان لەبەیانی زووەوە وەها ڕاهاتبوو ئەم بڵندگۆیە بادات و لای ئەو هێشتا هاوڕێ ستالین ئیلهامبەخشی دونیا بوو! تەنانەت لەئۆکرایناش تێبینیمکرد موبەقەکان ئەو ڕادوێیە پڕمارشەیان تێدامابوو و بەردەوام هاواریان دەکرد. ڕاستیتان دەوێت ئازیزان، لەو چرکە ساتەی ئەو ڕادوێیەم بینی زانیم بۆچی ئەم بلۆکە گەورەیەی سوسیالستی هەرەسی هێنا! بەسادەیی قسەبکەم؛ ئەوە ئەمریکا و سەرمایەداری نەبوون کەئەو بلۆکەی ڕووخاند، بەڵکو ئەو سوپا ستایشکار و مەسینەهەڵگر و دەربارانە بوون حزب و سەرکردەکانیان هێنایە پلەی خوایەتی، ئەوەندە فوویان تێکردن تاوەکو بۆئەبەد تەقین. ئەم سوپا ڕیاڕاکارانە لەئەندامی حزبەوە بیگرە تاوەکو نوسەرانی دەسەڵات و شاعیرانی بێئاست وپڕۆفیسۆرە بێمۆڕاڵەکان و ڕۆژنامەنوسە ڕاپۆڕتدەرەکان وگۆرانیبێژە بێ هونەرەکان و بێژەرانی پڕهات و هاوار، شەو وڕۆژ خەریکی جۆشددانی ئەم ماشێنە زەبەلاحە ستایشکارانە بوون. هەر پرۆژەیەک حکومەت ئەرکی بوو بیکات، ئەوان وەک (حیکمەتی گەورە)ی حزب نیشانیاندەدا وسەرۆکیشیان وەک (حەکیمێکی گەورە) و بێدارێک بەدیار خەونی میللەتەوە نمایشدەکرد.

دیارە هەموو حکومەتە دیسپۆتەکان و نیمچە دیموکراسیەکانیش هەموو ئەرکەکانی خۆیان ئاوەها لەو کڵێشەی مارشکردن و بانگخوازی و هات وهەرایەدا بۆ بابەتێک وئایدیایەک و سیاسەتێک و پرۆژەیەک پیادەئەکەن و بەخەڵکی دەفرۆشنەوە، بێگومان بەکوردستانی خۆمانیشەوە وبەتایبەت لەباشووری ئازیزمان کەپڕن لەسەرکردەو بنەماڵەی دەسەڵاتداری شۆڕشگێڕ. بەمانای ئەو کارانەی کەدەبێت بکرێت و ئەرکی ئاسایی وسروشتی حکومەتە بەخەڵکی وەک حیکمەتی سەرۆک و سەرکردە وحزب وموعارەزە دەفرۆشرێتەوە. گاڵتەجاڕی لەوەدابوو لەهەڵبژاردندا ئۆپۆزیسێۆنەکان قیرکردنی جادەکانیان بەحیکمەتی فشاری خۆیان بەخەڵک دەفرۆشتەوە، حزبی دەسەڵاتداریش بەحیکمەتی سەرۆک! زۆرجار ئەم کولتوری ستایشکردن و پڕوپاگەندەیە گەیشتۆتە ئاستی نوکتە وقەشمەریات، کەبێگومان وەک دەستکەوت بەئەقڵی جەماوەری پڕوپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵام ئەوەی کەستایشکاران نایزانن ئەوەیە، کەئەوان ئەم ستایشە تەنها بەئەقڵی سەرۆکەکانیانی دەفرۆشنەوە نەک بەخەڵکی، بەمانای هەر دەتوانن خۆیان و سەرکردەکانیان پێ هەڵبخەڵەتێنن، دەنا خەڵک بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی باش زانیونیانە چ مشتەیەک لەنیو هەنبانەی سەرۆک و سەرکردە فاشیلەکاندایە.

ڕۆماننوسی چینی (یووهوا You Hua) لەبارەی یەکێک لەسەرکردەکانی پارتی کۆمەنیستی چینی نوسیوویەتی، بەوەی ئەم سەرکردەیە پارێزگاری (پکین) بووە، کاتی خۆی پێشنیازیکردبوو بۆ (ماوتسی تۆنگ) وەک سکرتێری حزب، کەکۆشکی ئیمپراتۆری چینی کەبە(شاری قەدەغەکراو) دەناسرێت، هەمووی بکرێت بە (ئاودەستی گشتی) یان (ئاودەستی میللەت ) بۆ کۆی خەڵک! بێگومان وەک دیاری (ماو تسی تۆنگ ) بۆ میللەتی خۆی، هەروەها وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ حکومەتی کۆمەنیستی لەدژی ئیمپراتۆریەت و گەندەڵی و پاشایەتی ودەسەڵاتی دەرەبەگایەتی بەسەرچوو. فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سڵۆتێردایک) لەکتێبی (ڕۆژەکان و دێڕەکان) دا دەڵێت: (گەر ماوتسی تۆنگ بەم پێشنیازە ڕازیبوایە، ئێستا پۆرترێتی زەبەلاحی ئەو لەدەروازەی شاری گەورەی ئاودەستەکانی میللەتدا هەڵدەواسرا …) منیش دێرێک بۆ ڕستەکەی (سڵۆتێردایک) زیادەکەم و دەڵیم؛ گەر ڕازیبوایە، ئەوا پۆرترێتی سەرکردەی ئەبەدی ئیلهابەخشی هەموو گووخانەکانی نیشتمان دەبوو!

maw
ماوتسی تۆنگ؛ سەرۆکی ئەبەدی میللەت!

بەهەقەت ئەوەی ڕوویدا لەژیانی سیاسیماندا لەم ساڵانەی دوایدا دووڕووی مێژوویەکی دووبارەیە؛ یەکێکیان ڕووی مێژووی سوڵتان و خەلیفە و میرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کەلەدوای خۆیان و لەکاتی حوکمی خۆیاندا کوڕ وکچ خزم وقەیتولە ستایشکارەکانیان دەکردە حاکم، لەدواجاریشدا مەملەکەت لەخوێن و قەیراند نقووم دەبوو…ڕوویەکی دیکەیشی ئەو کولتورە ستایشکردنەیە کەلەمۆدێرنەدا ڕوودەدات، کاتێک سەرۆکی ڕژێمە دیکاتۆریەت و پۆست کۆلۆنیالەکان و فاشیەکان تێکەڵی ئەو حەزەدەبن بۆمانەوەی ناوی خۆیان و درێژەپێدانی بنەماڵەکانیان لەنێو دەسەڵاتدا، بێگومان وەک هەڵگری ناوی شۆڕش لەباوکەوە بۆ کوڕ و لەکوڕەوە بۆ کوڕەزا و کچەزاو تەواوی بنەماڵە. ئاوەها شەڕکردن لەسەر میراتی ڕەمزی باوکی گەورەی شۆڕش لەنێو حزبی مۆدێرندا لەڕێگەی بنەماڵەی سەرکردەی پیر ومردووەکانەوە لەدژی کۆی حزبەکەی خۆیان وخەڵکانی تێکۆشەری نێو پارتەکەی خۆیان دەستیپێدەکرد، کەسەرۆکیش دەمرد یان پیردەبوو، ئیدی وەک شێرێکی پیر دەبووە مەخسەرەی سەگە سیاسیەکان.

دوورنییە ئەو مێژووە لێمانەوە، کاتێک لەڕۆمانیای سۆسیالستی (نیکۆلای چاوچیسکۆ) کۆشکێکی وەها گەورەی دروستکردبوو کەکیلۆمەتر ونیوێک درێژ بوو، زیاتر لە چل هەزار شوقەی بۆ ڕووخێنرا و خەڵکەکەی بێ ماڵ و لانە کران. هەورەها سیناگۆگیەک و کڵێسایەکی مێژوویی و بەشێکی گەورەی شاری میژوویی بوخارست بۆ ئەم کۆشکە ڕووخێنران. ئەو کۆشکەی کە چاوچیسکۆ دەیویست ناوی خۆی بۆ ئەبەد پێ نەمربکات دروستکردنی زیاتر لەپێنچ ساڵی خایەند و بیست هەزار کرێکار کاریان تێداکردو حەوت سەد ئەندازیار سەرپەرشتیانکرد، بەکورتی هەرچی پارەی گشتی هەبوو بۆ شکۆی سەرۆک و کۆشکەکەی خەرجکرا. ئەم برادەرە وەک هەموو لەخۆباییەکی نێو دەسەڵات کەستایشکارانی فوویان تێکردبوو، وەهای دەزانی بۆئەبەد دەژی ولەسەر کورسی دەسەڵات دەمێنیتەوە، نەیدەزانی مرۆڤ مەحکومە بەپیری و مردن و نەخۆشی و ڕێکەوتی لەپڕی ژیان.
ژنەکەی ئەم سەرۆکە (ئێلینا چاوچیسکۆ) کرابووە نمونەی (دایکی شۆڕشی سۆسیالستی) و (ڕابەڕی ژنانی ڕۆمانیا) و لەلایەن سوپای ستایشکارانەوە بەمەزنی و حەکیمی گەورە پێناسەدەکرا. جگەلەوەی کرایە خاوەنی چەندەها تایتڵی دکتۆرا لەکیمیا و پزیشکی و ئەندازیاری و زانستە کۆمەڵایەتیەکان، دەبێت لێرەدا ئەو تێبینیە بدەم کە (ئیلینا چاوچیسکۆ) لەچواردە ساڵی تەمەنیەوە وازی لەقوتابخانە هێنابوو !

elina

فۆتۆ ؛ ئیلینا چاوچیسکۆ؛ لەچواردە ساڵیەوە وازی لەقوتابخانە هێنا کەچی بووە خاوەنی چەندەها دکتۆرا و کتێبی گرنگ !

ئاوەها (ئێلینا چاچیسکۆ ) سەرەڕای دەسەڵاتە فراوانەکانی لە سەرۆکایەتی کۆمیتە مەرکەزی پارتی کۆمەنیستی ڕۆمانیا ، خاوەنی چەندەها پۆستی دیکە، بووە، جگەلەوە خاوەنی چەندەها کتێبی گرنگ لەزانستەکانی سیاسەت و کیمیا و پزیشکایەتی، هەورەها دکتۆرای لەچەندەها بواری زانستی جیاوازدا وەرگرت. ئەمە جگەلەوەی سەرۆکی ئەکادیمایای زانستی بوو…لەگەڵ ڕووخانی ئەم ئیمپڕاتۆریەتە و کوژرانی چاوچیسکۆ و ئێلینای ژنی بەدەستی شۆڕشگێڕەکان، هیچ کەسێک ئێستا نەئەم سەرکردە گەورەیە دەناسێت و نەکتێبی ژنەکەی دەخوێنێتەوە نە کۆشکەکەش ناوی ئەوی هەڵگرتووە. نەوەی نوێی ڕۆمانی ناوی چاوچیسکۆ و ئێلینای بیرنەماوە، لەوانەیە گەر ناویان بهێنی وەها بزانن ناوی ئەکتەری فلیمی پڕۆنی هەرزانی سەر ماڵپەڕە خۆڕاییەکان بن! ئاوەها لەمێژوودا لەبەر زوڵم و زۆرداریان لەیادوەری میللەتەکەیاندا سڕاونەتەوە.

نمونەکانی دیکەی دونیای مۆدێرن زۆرن و هەندێکیشیان هێشتا زیندوون؛ لەکۆریای باکوور لەدوای باوک (کیم ئیل سونگ) سەرکردە (کیم یونگ ئیل) و لەدوای مردنی ئەویش کوڕەمنداڵکارەکەی کەلە ١٩٨٤ دا لەدایکبووە (کیم یول یونگ) حوکمدەکات، ئەویش کۆی میللەتی کردووە بەستایشکار و ماستاوچی، کەدەیبینین دەبێت هەموویان لەخۆشیاندا بگرین.
هەورەها لەکوبای ئەمڕۆدا (فیدیل کاسترۆ)ی پیر بەسەر کورسی دەسەڵاتەوە وشکبۆتەوە و وازناهێنێت لەدەسەڵات، نەک هەرئەوە بەڵکو وڵاتێکی برسی و دەسەڵاتی وەک ئەمانەت خستۆتە بەردەستی براپیرەکەی (ڕائۆڵ)، ئیدی شۆڕش و حزب نابێت لەدەستی بنەماڵە ڕابکات…ئاوەها پیرە دیکتاتۆرەکان نایەنەوێت بەئاسانی دونیا جێبهێڵن تاوەکو لەکتێبەکانی مێژوودا بەڕیسوایی تۆماردەکرێن، ئەمە تاکە دەرئەنجامی لۆجیکی هەموویان بووە!

kim
کیم یونگ یوو دیکتاتۆری ئیستای کۆریای باکووری سوسیالستی

ەم مۆدێلی (سەرۆکی ئەبەد) و گریان و پێکەنینە ڕیاکاریە لەبەردەم سەرۆکەکان و گەورەکردنی منداڵەکانیان وکردنی منداڵەکانی دوێنی بەسەرکردەی پارتەکانیان و کردنیان بەوەزیر وگزیر وسەرۆکی دەزگاکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، ئەو پوشکە سادەیەیە کەپشتی حوشتری گەورە دەشکێنێت! دیارە بۆ هەموو شوێنێک ئەم مۆدیلە دەستبدات بۆ کوردێکی هەژار کەهێشتا نەدەوڵەتی هەیە ونەخاوەن حکومەتی سەربەخۆیە و نەخاوەنی پاشایەتیە ونەخاوەنی ئیمپڕاتۆریەتە ونەخاوەنی لەتە حکومەتێکی ڕاستەقینەیە، دەستنادات! ئاخر حکومەتێک چاوی لەدەستی مووچەی دیوانی خەلافەتی بەغدا یان سەڵتەنەتی تورکی بێت، ئیدی ئەم هەموو بنەماڵە شکۆدارانە چین میللەتیان بەخۆیانەوە سەرقاڵکردووە؟!
سەیرن سەرکردەی کوردی، هەرگیز عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن، بەدرێژایی مێژوو هەمان هەڵە دووبارەدەکەنەوە کەپێشە خۆیان کردوویانە وجگە لەشکست و ئاشبەتاڵ ونۆکەری بێگانە نەبێت هیچیتری لێ سەوزنەبووە، لەدواجارێشدا سەری خۆشیان کراوە بەپەتدا و لەمێژووشدا بەدۆڕاو خیانەتکاری براکان و نۆکەری بێگانە وەسفکراون. ئاوەها لەزەمەنی سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە بیگرە تاوەکو میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و تادەگاتە ئەمڕۆ، سەرکردە کوردەکان و بنەماڵەکانیان یەک یەکتری دووبارە دەکەنەوە.

بۆ نمونە؛ ئیمارەتی بابان کەجگەلەوەی نیوەیان نۆکەری شای ئیران بوون لەسەرێک وهەندێکیشیان نۆکەری سوڵتانی تورک بوون لەسەرێکی دیکە، دەنا هیچیتر نەبوون! کەچی لەسلێمانیدا پەلاماری مەولانا خالیدی نەقشبەندیاندا، هەورەها نالی گەورە لەتاو ملشۆڕی نۆکەرایەتی برا دەسەڵاتدارەکانی بنەماڵەی بابانیەکان بۆ تورک و شاکانی ئێران هیجرەتی کرد و لەمەنفا سەری نایەوە.

(شێخ مەحمود) لەسەرێک لەگەڵ ڕووس بوو ولەسەرێکی دیکەشەوە هیوای بە پیاوە پیرەکەی دەوڵەتی عوسمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم مابوو. سوپایەکی هەبوو لەنۆکەری تورک و ڕووس و بەردەوام بەستایش فوویان دەکردە شێخ لەدژی منەوەران ودڵسۆزانی ئازادی، تاوەکو رۆشنبیرێکی گەورەی وەک (جەمال عیرفان) بەتیرۆرکردندا. ئاوەها شێخ مەحمود لەگەڵ نۆکەرانی تورک و ڕووس سەری لێشیوابوو و نەیدەزانی لەنێویاندا بۆتە مەخسەرەی سەگە ڕیوڵەکان. یەکەم چیرکنوسی کورد (جەمیل سائیب ) لەچیرۆکی (لەخەوما) بەجوانی باس لەم دیوەخانە پڕ نۆکەر و ستایشکارانە کردووە. سەیریش لەوەدایە شێخ لەکوێ پێیەکانی دەکەوتە سەر زەویەکی دێمەکار و بەدڵی بوایە دەیکرد بەناوی خۆیەوە، هەورەها لەدژی منەوەرانی وەک (جەمال عیرفان) و (جەمیل سائیب) و ڕۆشنفکرانی کورد هەمیشە لەسەر خەت بوو. کەچی ئێستا ئەم پیاوە پۆرترێتی گەورەی لەناوەڕاستی شاری سلیمانیدا بۆکراوە، لەکوێش؟ لەشوێنێک کەپێیدەڵین مەیدانی ئازادی! سەیرە لەمەیدانی ئازادی سەرکردەی زەمەنی تیرۆرکردنی نوسەرێکی ئازادی وەک جەمال عیرفان دەبێتە پۆرترێت!
نمونەیەکی دیکە تەنانەت (قازی موحەمەد)ە کەبەپێی دۆکۆمینتەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە١٩٤٥ دا ئەوەندەی لەبەردەم شای ئێراندا چەماوەتەوە وبەچەند مانگ لەسەر سفرەی وەزیرو گزیرەکانیدا بۆ حکومەتەکەی چاوی لەدەستی شاهەنشا بووە، ئەوەندە چاوی لەدەستی کوردان نەبووە ودۆکۆمێنیتە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. لەدواجاریشدا هەر شای ئێران خۆی کردی بەپەتدا.

چەندە ئەم چیرۆکە کوردیە ناشرینە چەندە ئازارماندەدات، بەداخەوە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە، چەندە بەئازارە ئەوەندەش غەمباردەبم کەئەمڕۆ جارێکیتر کورد دەبینین بەهەمان شێواز لەسەرێکەوە بنەماڵەکانی نێو حزبەکان وشۆڕشی بەسەرچوو دەیانەوێت خۆیان بکەن بەسەرۆکی ئەبەدی و واریسی عەرشێک کەنیانە وناشیانبێت. لەسەرێکی تریشەوە لەنێوخۆدا سوپایەک لەبانگخوازی ئیسلامی وستایشکاری حزب وقەیتولی بەردەم لێپسراوان و بێژەری ستایشکار و زوڕنالێدەری بنەماڵەکانیان لەدژی خەڵکانی بەویژدان و ئازاد پێگەیاندووە، و بەئەقڵی خۆیان ئەمە سیاسەت و زیرەکییە. کۆی پەڕلەمان وحکومەت و ئەمسەری حزبی نێو دەسەڵات تائەوسەری ئۆپۆزیسیۆنیان پڕبووە لەمرۆڤی دووڕوو و دەبڵ مۆڕال و ڕیاکار و هاوارچی و هەرایەکی بێمانا. ئەوەی ئەم مێگەلە ستایشکارە سەرقاڵە پێوەی درێژکردنەوەی ولایەتەکانی سەرۆک و بنەماڵەکاندا چ لێرە و چ لەوێ، کەچی کۆی کۆمەڵگە لەژێر نەبونی و یی مووچەیی و هەڕەشەی ئیتلاعات و داعش و ئیسلامی و گەندەڵ و بازرگانی شۆڕش و کۆمپانیاکانی گەندەڵیدا دەناڵێنێت.

سەیر لەوەدایە لەهەموو شوینێکی ئەم نیشتمانە کوردیەماندا سەرۆکێک لەسەر گرد و شاخێک دانیشتووە و لەسەرەوە خۆی و نۆکەرانی سەیری ئازاری ئەم میللەتە دەکەن، لەنێو ئۆپۆزیسێۆنیشدا والیەکی دیکە دانیشتووە قسە هەر قسەی خۆیەتی و لەسەر شاخێک سەرۆکێک دەیەوێت ببێت بەسەرۆکی هەوو کوردان و لەسەر گردێکی دیکە سەرۆکێکی دیکەی پیر دانیشتووە و بنەماڵەکەی بەناوی ئەوەوە حکومدەکەن و پۆست دابەشدەکەن و سەرۆکێکیش کەهێشتا لەبەندیخانەیە حوکمی حزبێک دەکات و لەجیاتی ئازادەکانی دەرەوەی زیندان ئەو بڕیاڕدەکات و هاوار دەکات….سەیرە ئەم دونیا کوردیە یاران، هەریەکە لەم سەرکردە کوردانە لاسایی میرە سلجوقی و پاشاکان دەکەنەوە، هەر یەکەو لەسەر شاخێک و گردێک و دوورگەیەک کۆشکێکی دروستکردووە و لەوێوە گەمە بەچارەنوسی میللەتی کورد دەکات.
ئەم کولتورە بەڕێزانم نەسیاسەتە، نە نیشتمانپەروەری و نەناسیونالزمە و نەدیموکراسیە، نەبۆخۆتان و نەبۆ مێژووی میللەتی کوردیش. بەڵکو گەر وەئاگانەبن، لەدواجاردا لەمێژوودا دەبنە پۆرترێتێکی زەبەلاح، بێگومان بەسەر ئاودەستخانەکانی میللەتەوە …

ته‌واو

سه‌رچاوه‌؛

Peter Sloterdijk, Zeilen und Tage, Notizen 2008-2011, Suhrkamp 2012, S 25




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی یەکەم … ڕزگار حەمە ڕەشید


١-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
لەم ماوەیەدا و پێشتریش، کۆمەڵێك نوسەری بەڕێز و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم دەربارەی مارا ساد و پیتەر ڤایس و شانۆی تۆماری و کاریگەری برێخت و ئارتۆ لەسەر تێکستەکە و نمایشەکەی پیتەر برووك و، کەمێکیش دەربارەی ئەم نمایشە نوسرا، من هەوڵمدا ئەوەی لەو بارەیەوە نوسرا دەستم بکەوێت و بیانخوێنمەوە، ئەمەش بەو مەبەستەی باسکردنی ئەو لایەنانە دووبارە نەکەمەوە.

لەم نوسینەدا هەوڵم داوە خوێندنەوەیەك بۆ تێکستەکە و شێوازی نوسینی، وە نمایشەکە و شێوازی بەرجەستەکردنی بکەم. لە سەرەتادا خودی تێکستەکە و هەندێك ڕەهەندی سیاسی و فیکری ناو تێکستەکە باس دەکەین، دواتریش پێکهێنەرەکانی نمایش و هەندێك لایەنی تەکنیکی و نواندن باس دەکەین.
سەرەتا دەمەوێت دژی ئەو ڕا کۆلەکتیڤخوازە بووەستم کە سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریمان لە ناوێك، نوسراوێك، کارێکی هونەری، ڕابەرێکی سیاسی، یان شێوە ڕەفتارێکدا دەتوێنێتەوەو لێرەوە شەرعییەتی مانەوە و بەرەو سەر ڕۆیشتنی خۆی وەکو ناوێك و شێوە بیرکردنەوەیەك دەسەپێنێت بەسەر هەمواندا. ئەو ڕا فاشیستەی زاراوەکانی تاك و تەنیا و تا سەر ئێسقان و لە ئەلفەوە تا یا و ئەو دەستەواژانەی تری ئاخنیوەتە ناو قسەکردن و نوسینەکانەوە کە هەموو لەناو یەكدا دەتوێنێتەوە. ئەگەر پێتوایە ئێمە خاوەنی هیچ نین و لە بۆشاییداین و تەنیا چەند فریاد ڕەسێك وزەی کارکردنیان کردووە بە بەری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریماندا، تۆ لە شوێنێکی هەڵەدا یارییەکی هەڵە دەکەیت.

دەشێ بۆ چەند ساڵێك بتوانیت زۆرێك لە خشتە بەریت، بەڵام خۆت لە هەموومان باشتر دەزانیت، ئەو ئاراستەیە ناتوانێت مێژوو ببڕێت و چرکەساتی گرنگ لەو کاروانەدا بەرهەم بهێنێت. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوەو گوزارشتکردنەشە وایکردووە ڕەخنەی جددی نەتوانێت سەر دەر بهێنێت و فەوزایەکی پڕ لە غرووری بۆش و دۆشدامان و دڵەڕاوکێی بێ بەرهەم لە دەروونی ئەو گەنجانەدا جێگیر بکات، کە دەبوایە بزوێنەری داهێنان و خۆ تازە کردنەوە و ڕەخنە لەخۆ گر و تێپەڕێنەر بوونایە. ئەو نەوە فاشیستە، یان نەوەیەکی فاشیستیتر دەبێت بەژێر باڵی ئەواندا سەرهەڵبدات، یان ناهێڵن هیچ دەنگێکیتر ببیسترێت. ئەمەی دەیڵێم بە داخەوە زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتۆتەوە. هەر لەم ڕووەوە، دەمەوێت ئەو تەوژمە هەڵەشە بێئاگایە بخەمە ژیر ڕەخنەی وێرانکەرەوە کە هەر جارەو کەسێك یان کارێك لە ژانرێکدا هەڵدەبژێرێت و ئیتر دەڵێت وا هەناسەیەکمان تێگەڕایەوە. ئەو شەپۆلە خەوتووەی تەنیا لەم نێوەندەدا جێی خۆیی کردۆتەوە و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە سیحری ئەوانیتری دەرەوەی ئەم جوگرافیایە دەرباز بکات و لێرەش خۆی دەکاتە داکۆکیکەر و پێغەمەری تەووژمەکان. دەشێ بۆ خوێنەرێك یان بینەرێکی ئاسایی کە بەهۆی ژیانی ڕۆژانەیەوە نایپەرژێتە سەر بینین و خوێندنەوەی دەنگە جیاوازەکان، ئەم حاڵەتە داوەری هەڵنەگرێت. بەڵام بۆ بەڕێزێك کە ئەوە کار و سەرقاڵیی ڕۆژانەیەتی، ناکرێت هەروا وازی لێبێنین تێپەڕێت.

لەم شارەدا مانگی چەند نمایشی شانۆیی، سیمینار، پێشانگای شێوەکاری و کۆنسێرت و ئەو جۆرە شتانەمان هەیە؟ کە تۆ بەهۆی کبریائێکی ئەرستۆکراتیانەی پڕ لە زەیفەوە دانابەزیت و نایانبینیت، ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دەربارەی کەلتوور و هەلومەرجی پێشکەوتن و زیندوویی یان پاسیڤ بوونی چالاکیەکان و دیدگاکان قسە بکەیت؟ لەم بارەیەوە بۆ ئەم نمایشەو زۆر کاری هونەری و کەلتووری تریش کە لەم شارەدا دەکرێن، گوێبیستی ئەو قسانە دەبین کە جگە لە پیاهەڵدانێکی کوێرانە، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت، لە کۆتاییشدا نە خزمەت بەو ڕێچکە هونەریە دەکات و نە هونەرمەندەکان. من لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کاری شانۆییم بینی شایستەی بینینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەسەر حسابی هیچ یەکێکیان ئەوانیتر داپڵۆسین و دەمکوتیان بکەین. لە هەشتاکانەوە شانۆی ئێمە بە کۆمەڵێك ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیوە، لەو نێوەشدا چەندین ماوەمان هەیە تیایدا شانۆکەمان تووشی نشێوو بەربەست و تەنانەت وەستان بووە.

لەپاڵ ئەو بزووتنەوە جدیەدا کە دەستی پێکرد، وەك ئەوەی لە هەموو دونیادا هەیە، چەندین کاری نا هونەری و نا پرۆفێشناڵمان بینیوە، ئەوەشمان بینیوە کە گرووپێکی هونەری دواجار بوونەتە گرووپێكی پڕ لە بەرهەمی ناتەواو، یان وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین، وەرگێڕانی نوسین لە سایتەکانەوە و دابەزاندنیان بەناوی خۆتەوە، کۆپیکردنی دیمەن و سینۆگرافیا و دیکۆر و تەنانەت جۆری ئەداکردنیش لە سایتەکانەوە و لە ڕێگەی یوتوبەوە. بەشێکی ئەم حاڵەتانەش دیسانەوە پەیوەندی بەو هەوڵە فاشیستیانەوە هەیە کە باندێک لە نوسەران و هونەرمەندان وەکو گەرا لەناو کون و کەلەبەری ئەو نێوەندەدا دایانناوە و هەوڵی زۆری دەوێت تا پاکبکرێنەوە.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ستافی شانۆگەری مارا ساد و داوایان لیدەکەم بە چاوێکی کراوەوە گوێ لە تێبینیەکان بگرن و دڵنیا بن تەنیا بە ڕەخنەی زانستی و بەخۆدا چوونەوە و داڕشتنەوەو کاری بەردەوام دەتوانین شکڵێکی تایبەت بە شانۆکەمان ببەخشین.
سێ خوێندنەوە و سێ قۆناغی کاری جیاواز لە مارا ساد دا لە سلێمانی ١٩٨٧، ١٩٩١، ٢٠١٦
ساڵی ١٩٨٨ دەرهێنانی شەماڵ عومەر، بەهێزکردنی گوتاری مارا و بیری شۆڕشگێڕی، هاوشانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاگرتنی هاوسەنگییەك لە نێوان کردار و دیالۆگەکاندا. دابەشکردنی کۆرس بەسەر هەرسێ لادا . تەنها کاتێك کە کۆرس بە بێ پاڵنان بە گالیسکەکانی مارا و ساد ەوە دەبینرێن، کاتی ئەو دیالۆگانەیە کە کە کۆرس دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشی، ئاماژەی نەخۆشخانەکەش لابرابوو تا ڕاستەوخۆتر وەك نەخۆشیەکانی کۆمەڵگا ببینرێن.
ساڵی ١٩٩١ دەرهێنانی ڕزگار ئەمین، فۆکەس خستنە سەرئەو دیالۆگانەی باس لە دڕندەیی شۆڕش و سەرکردەپەرستییان تێدایە، ئەمەش وەك سەرەتای زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی دوای ڕاپەڕین و چەپڵەلێدان بۆ سەرکردەکان و بەرزکردنەوەیان تا ئاستی پەرستن و شەڕکردن لە پێناویاندا.
ساڵی ٢٠١٦ دەرهێنانی هیوا فایەق، دۆشدامان لە نێوان ماناکانی شۆڕش و ئازادیدا، سترێس خستنە سەر ئەو دیالۆگانەی باسی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی دەکات.
دەبینین لە هەر یەك لەو نمایشانەدا خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا بوونەتە داینەمۆی داڕشتنەوەی گوتاری نمایشەکان.

کورتەیەك دەربارەی تێکستەکە:
Petir

مارا ساد لە لایەن پیتەر ڤایسەوە وەك تاقیکردنەوەیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی چیرۆك لە ساڵی ١٩٦٣ دا نوسراوە، تیایدا کۆمەڵێك چەمکی وەك: شۆڕش و شۆڕشی دژ، سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان و بە جەللاد بوونی شۆڕشگێڕان، شوناس و سنورەکانی ئازادی، کاریگەریەکانی ئەوانیتر لەسەر تاك و کاریگەری تاك لەسەر ئەوانیتر. حەقیقەت وەك چەکێك بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و وەك چەکێك بۆ خود پاراستن لەوانیتر، دەسەڵات لە پلە بەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ( پیادەکردنی دەسەڵات و هەیمەنەی دەسەڵات لە لوتکەی بڕیارەوە تا بنتکەی ملکەچی، یەك لەسەر ئەوانی ژێرتر)، ئایین وەك ئەفیونێك بۆ ئامادەکردنی تیرۆریست و جەنگاوەرە خەواڵوەکانی خودا، ئایین وەك چەکێك بۆ شەرعییەتدان بە لەناوبردنی نەیاران، تا گەیشتن بە دەسەڵات… وە چەندین چەمك و واتای پڕ پێچ و پەنایتر، سەرجەم بەیەکەوە گوتاری شانۆنامەی مارا ساد دەنوسنەوە. لەو تێکستەی ڤایس دا بە ئاشکرا کاریگەری ڕوداوەکانی پاش دوو جەنگە جیهانییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبینرێن، بە تایبەتیش بزوتنەوەکانی دژی شەڕ وەك بزووتنەوەیەکی فراوان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە تایبەتیش شەڕی ڤێتنام ١٩٥٤- ١٩٧٥، بزوتنەوەی چەپە نوێکان وەك شێوازێکی نوێ لە لایەن بیریاران و خەباتگێڕانەوە سەری هەڵدا بۆ چاکسازیکردن لە هەندێك بابەتی وەك مافە مەدەنیەکان و پرسی جەندەر و ..هتد، هەروەها کاریگەری گفتوگۆ فەلسەفییەکان و بڵاو بوونەوەی کتێبی “ئیرۆس و ژیاری”ی هێربەرت مارکیوز ١٩٥٥ “شێتی و ژیاری” ی میشێڵ فۆکو ١٩٦١ ، و چەندین کتێبی گرنگی تر.

ماویەتی….




مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی وەک بوونەوەرێکی خاوەن شەرەف و بێ کەرامەت … محەمەد سەرابی

گومان لەوەدا نیە کە چەمکەکانی کەرامەت و شەرەف دوو چەمکی تەواو جیاوازن و هەر یەکێکیان خاوەن واتاو هالەی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ڕەنگە بە هۆی هاوسنووری یەکەوە زۆر جار تێکەڵ بە یەک کرابن. کەرامەت شتێکە لە ناوەوەی مرۆڤ دا، بەڵام شەرەف لە دەرەوەی مرۆڤ دایە. کەرامەت بەندە بە زاتییەتی مرۆڤەکانەوە لە هەر کۆمەڵگەیدا بن، بەڵام شەرەف بەندە بە کۆی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، یان بەشێک لە کۆمەڵەگایەکی دیاریکراوەوە. کەرامەتی مرۆڤ ناشکێنرێت و هیچ هێزێک نیە بتوانێت مرۆڤێک لە کەرامەتی دابماڵێت، بەڵام شەرەفی مرۆڤ دەشکێنرێت و دادەماڵدرێت.

لێرەوە ئەگەر شیکاریەک بۆ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بکەین، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دواکەوتوون و حوکمەتێکی فاشستی، یان دیکتاتۆرێک، یان عەقڵێتێکی خێڵەکی و سوڵتانیزمی تێیدا باڵادەستەو حوکم دەکات، هەمیشە مرۆڤێکی بەرهەم هێناوە کە دەکرێت؛ بە مرۆڤێکی بێ کەرامەت و خاوەن شەرەف ناوی ببەین. واتە مرۆڤێک لە بنەڕەتەوە کەرامەتی نیە، نەک هەیبووبێ و لێوەرگیرابێتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت هیچ هێزێک توانای لێوەرگرتنەوەی نیە. کەرامەت بە واتا بوونە ڕوحی و ئینسانییەکەی، وەک ئەوەی لای فەیلەسوفی ئەڵمانی «ئیمانوێل کانت» هەیە.

واتە بوار ڕەخساندنی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا بە فەزاو ژینگەیەک کە بتوانن بوونیەتی خۆیانیان تێدا دەربخەن و ئاشکرای بکەن، کە بوونیەتی هەر مرۆڤێکیش جیاوازە لە ئەوی تر. واتە بە ڕەخساندی بوار و ژینگەیەکی وەها، مرۆڤێک دێتە بوون؛ کە خاوەن کەرامەتی ئینسانبوونی خۆیەتی، مرۆڤێک کە هیچ هێزێک نیە توانای ئەوەی هەبێت ئەو کەرامەتەی بشکێنێ و لێیوەربگرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتەوە کەرامەت شتێک نیە لە دەرەوەی ئینسانەکان، بەڵکو شتێکە تەواو پەیوەنددارە بە ناوەوەی مرۆڤ خۆی و دابڕاوە لە کۆمەڵ.

به پێچەوانەوە لە کۆمەڵگە ڕۆژ هەڵاتییەکاندا، بەردەوام مرۆڤێک دوست و بەرهەم دێت؛ کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی شەرفی خۆیان دان. شەرەفیش بە پێچەوانەی کەرامەتەوە، شتێکە پەیوەندیدارە بە دەرەوەی ئینسانەکان. شەرەف لە کۆمەگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەوەکی تر دەگۆڕێت، یاخود لە بەشێکی کۆمەڵگاوە بۆ بەشێکیتری هەمان کۆڵگا، کە ئەم بەشانەش ئەو گروپ و تاقمە جیاوازو عەقڵ خێڵەکی و دەرەبەگیانە دەگرێتەوە، کە شوناس و کلتورو هەندێک جار مەزهەب و ئاینیان جیاوازە.
مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەش بەردەوام لە هەوڵی بە دەست هێنانی ئەو شەرەفەدان کە ئەندامە هاوشێوەکانی خۆی لە کۆمەڵگادا پێیاندەیەخشێت، بۆیە لە هەر لەحزەیەکێ مێژوویشدا، ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو شەرەفە هەیە کە پێیان بەخشراوە، ئەم وەرگرتنەوەیەش هۆکاری لادان و لە ڕێ دەرچوونی مرۆڤەکانە لەو مەزهەب و کلتورو عەقڵە تەقلیدیانەیە، کە لە لایەن کۆمەڵگەیەکی دیارکراوەوە سنووری بۆ کێشراوە. بۆیە هەمیشە مرۆڤی خاوەن شەرەف لە هەوڵی پارستنی ئەو سنوورانە دایە. پاراستنی ئەو سنوورانەش؛ پاراستنی شەرەفی مرۆڤەکانە کە لە لایەن کۆمەڵگەوە پێیان بەخشراوە.

ڕەنگە زیندووترین نمونە لە زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژ هەڵاتیەکاندا، کە زەمەنێکی دوورو درێژە ئامادەگی هەیە، کوشتنی ژن و کچانی ئەم کۆمەڵگایانە بێت، بە هۆیەی کە لەو عەقڵێتە دینی و کلتوریانە لائەدەن کە لە لایەن ئەندامەکانییەوە جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر مۆرکراوە، بەو هۆیەی ئەو سنوورانە ئەبەزێنن لە لایەن کۆمەڵگاوە کێشراوە. لادان لەو سنوورانە، دانانی نیشانە پرسیارە لەسەر شەرەفی ئەندامانی پەیوەندیدار بەو کارەکتەرە مێینەیەوە. بۆیە لە بنەڕەتەوە کاتێک ژنێک ئەکوژرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەوەی بوونییەتی کەسی بکوژەکەوە نیە، بەڵکو بە ئامانجی ڕازیکردنی مرۆڤەکانی دەوروبەرە، بە ئامانجی پاراستی ئەو شەرەفەیە کە لەلایەن کۆمەڵەوە پێی بەخشراوە.

لێرەشەوە ئەگەر زیاتر بە دەروونی مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەدا شۆڕبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بەردەوام مرۆڤێکی بێ کەرامەت و خاوەن شەرەف بەرهەم دێت، کە دەکرێت بە مانا دیکارت- یکەی لە خانەی ئاژەڵاندا ئەژماریان بکەین. ئاژەڵ لای دیکارت لەگەڵ ئامێرێکدا، کە سیستەمی کاکرکردنەکەی لە ناوەوەی خۆیدایە و بە پێی خواستی دەوروبەر کار دەکات و کاردانەوەی هەیە، جیاوازی نیە. واتە مرۆڤی خاوەن شەرەف عەقڵی بڕیاردانی تێدا غائیبەو تەنها خاوەنی عەقڵێکی ئامێریەو بە پێی خواستی دەوروبەرو گروپ و کۆمەڵگا ڕەفتار دەکات. مرۆڤێک هەمیشە بە پێی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا کاردانەوەی دەبێت.

دەرئەنجام بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە تەواو پێچەوانە بێتەوە، پێوستە لە بنەڕەتەوە عەقڵێتی حوکمڕانی ئەم ناوچانە بگۆڕدرێت، سیستەم و هەناوی حوکمڕانانی ئەم ناوچانە لە ڕیشەوە بگۆڕدرێت و عەقڵێت و سیستەمێک بکرێتە هەناوی ئەم ئەم حوکمەتانەوە، کە بوارو ژینگەیەک بۆ تاکەکانی بڕەخسێنێ و مرۆڤ تێیدا بوونییەتی ئینسانی خۆی تێدا کەشف بکات. سیستەمێک هەر بنەڕەتەوە، لە بری ئەوەی مرۆڤێکی بێ پرسارو بێ گومان و گوێڕایەڵ دروست بکات، مرۆڤێکی بە پرسارو زیندو و خاوەن کەرامەت و خاوەن مۆراڵ بەرهەم بهێنێت. مرۆڤێک کە شنوناسی خۆی بناسێت و کار لەسەر بوون و کەرامەتی خۆی بکات و بەرپرسیاریش بێت لە ئاست بوون و سنووری مرۆڤەکانی دەوروبەری. نەک مرۆڤێکی خاوەن شەرەف و وابەستە بە ئەوانیتری کۆمەڵگاوەو بەرهەمهێنانی عەقڵێکی ئامێری. لێرەشەوەیە کۆمەڵگایەی زیندو و ئەکتیڤ لەم ناوچانەدا بەرهەم دێت، لەبری کۆمەڵگایەی عەقڵ ئامێری و مگەلگەرایی..

………………




ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غداد دژی پارتی بوون زۆربه‌یان له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵین … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌ به‌غداد توانیان تاڕاده‌یه‌كی باش یه‌كگرتوو بن دژی هه‌یمه‌نه‌ی سیاِسه‌ته‌كانی پارتی له‌ به‌غداد بۆیه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2017 هه‌رێمیان پابه‌ندی به‌غداد كرد ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌ پێناو چاره‌ سه‌ر كردنی كێشه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان نراوه‌.
به‌ پێی تێروانینی فراكسۆنه‌كانی (یه‌كێتی و گۆران و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) له‌ پێناو خه‌ڵكی هه‌رێمی كورستان هه‌رێمیان به‌ یاسا پابه‌ندی به‌غداد كرد ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پارتی به‌ هه‌مووشێوه‌یه‌ك دژی یاسی بودجه‌ی 2017 ه‌یه‌و له‌ رێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان پابه‌ند نابن به‌ یاسای بودجه‌ی 2017 ه‌وه‌.

وه‌ستاندنه‌وه‌ دژی هه‌یمه‌نه‌ی پارتی له‌ به‌غداد ئه‌كرێت به‌هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف بكرێت له‌ به‌رئه‌وه‌ی له‌ دوای 2003 وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ كورد به‌ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی پارتی له‌ به‌غداد سیاسه‌ت نه‌كات .
ئه‌و ئیراده‌ی كه‌ لایه‌نه‌كانی ده‌روه‌ی پارتی له‌ به‌غداد هه‌یانبوو دژ به‌م پارته‌ پێویسته‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش دووباره‌ بكرێته‌وه‌ له‌ پێناو وه‌ستاندنی هه‌یمه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م پایه‌كانی فه‌رمانڕه‌وی كردووه‌ له‌م هه‌رێمه‌.
یه‌كێتی و گۆران و كۆمه‌ڵ و یه‌كگوو له‌ به‌ر ده‌م به‌ر پرسیاریه‌تیه‌كی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ی مێژوویدان له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ وه‌ك چۆن له‌ به‌غداد هه‌موان دژی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پارتی وه‌ستانه‌وه‌ ئاواش له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتوو بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ر بهێنرێت.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تاوه‌كو ئێستا پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌كه‌ن له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌وان دژی فراكسیۆنه‌كانیان له‌ به‌غداد بوه‌ستنه‌وه‌و پشتگیری پارتی بكه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وت راده‌ستی به‌غداد نه‌كرێت.
هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان پشتگیری فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ راده‌ست كردنی نه‌وتن به‌ به‌غداد.
له‌راستیدا تاوه‌كو پارتی به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ر فه‌رمانره‌وای كردن له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ بێگوومان نابێت پێشبینی باش بوونی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ دووفاقی مامه‌ڵه‌بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وه‌ بێگومان درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌سیاسه‌ته‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شه‌ریك ده‌بن له‌ شه‌ر عیه‌ت دان به‌و هه‌موو سوكایه‌تی و بێ‌ شه‌ره‌فیه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌نجامی ده‌دات.




ئه‌و ژنه‌ی به‌ گۆرانی به‌ گژ بێزارییه‌كانیدا ده‌چیته‌وه‌ ن … فرمان احمد

مای نەیم ئیز لەیلا،یەکەم ڕۆمانی ( بیتا مەلەکوتی) ژنە نووسەری ئێرانییە،مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی.

په‌ره‌گرافیك له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌”
“(وەرە با لەسەر ئاو لەسەر درەخت لەسەر جەستەی باڵندە و لەسەر زەریا بنووسن خوا لە کۆتایی زەینی باخچەدایە،،ئەمە هەر ئەو دەنگە سیحرییەیە.دەنگی سیحری ئەو ژنەی کە کاتێ بۆ یەکەم جار لەگەڵی خەوتم پشتی تێ کردم و بە دەنگێکی ترسناکتر لە دەنگی ساحیرێک گۆرانی وت)”

ڕووداو:

ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە باسگەلێکی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی ئه‌و ئێرانیانه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌ختی شۆڕشی ئیرانیه‌كان ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشتوه‌ و ڕوویان كردوه‌ته‌ ڕۆژئاوا یاخود له‌ چه‌ند باسێكی بەراوردکارنەی نێوان کۆمەڵگەی ڕۆژەهەڵاتی یان وردتر بێژین کۆمەڵگەی ئێرانی و ڕۆژئاواییەیش ده‌دوێ.

زمان:

ڕه‌نگه‌ گه‌شترین رووی ڕۆمانه‌كه‌ خۆی له‌ زمانه‌ شیعریه‌كه‌یدا وه‌ده‌رخات كه‌ دواجار شكاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر بونیات و هونه‌ری گێرانه‌وه‌كه‌شی .زمانی شیعری لێره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ بێزاریه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌ و وه‌ك ته‌م سه‌رتاپا ئاسمانه‌كه‌ی گرتووه‌ ،ئاماده‌گی هه‌یه‌.

ئه‌و شته‌ی كه‌ نووسه‌ر لێوه‌ی ئه‌دوێ هه‌ست ئه‌كه‌ی نزیكه‌ له‌و شته‌ی به‌ كات و شوێنی جودا كه‌ سادق هیدایه‌ت له‌ كونده‌به‌بووی كوێردا په‌نجه‌ره‌ی لێ كردبووه‌وه‌ .

(خۆزگەم بەکەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕوپووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک وەک من و تۆ کوندەبەبوو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو،کەلاوێکی نەبوو )خه‌یام -و:هه‌ژار “ل66

پیربوون به‌ دیار هه‌ڵوه‌رینی خه‌ونه‌كانه‌وه‌:

تەمی بێزاری و نائومێدی لە ئەنجامی هەڵوەرینی خەونەکان باڵی کێشاوە بەسەر سەرلەبەر ڕۆمانەکەدا ،بێزاریەک گه‌رم و گوڕی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌كوژێ !بەگشتی ڕۆماننووس لە پەنجەرەیەکی دیکەوە لە جیهان ئەدوێ کە چۆن چۆنیە؟گوزەرانی مرۆڤەکان نیشاندەدات.
کە تاک هەست ئەکات لە گوناحدا دەژی ،بۆ هەرکوێیەک ئەچێ تەمی ئەو بێزاریەی بەدواوەیەو خۆی پێ تاوانبارە، له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌دا كه‌سێتیه‌كی نووسەر ئەو بێزاریەی بە نووسین ،ژنێ بە گۆرانی ،فوادی کارەکتەری لاوەکی بەنەفرەت لە (جەنجاڵی و هاژووهوژی شار و لەخۆنامۆبوون و ئەو گوشارە بەردەوامانەی کە لەسەریەتی) دواجار به‌ خۆ کوشتن ده‌رده‌بڕێ.

له‌ رۆمانه‌كه‌وه‌ (کەس دەستی بە قەدی ئەم درەختانەدا نەهێناوە،ئەمەش بەجوانی ئەم هەموو درەختەوە خەمێکی دوو بەرانبەرە.ئەم درەختانە چەند جوان و ماندووکەرن.لەم ڕووەوە هیچ هاوشێوەیەکیان لەگەڵ لەیلا نییە.))
له‌ په‌ره‌گرافێكی تردا هاتووه‌
(من لە ژووری خوشکەکەی دەنووستم ،قەیرەیەکی ستەملێکراو بوو،،جوانبوو بەڵام نازانم بۆ هێشتا هاوسەرگیری نەکردبوو،واتە تا چلووپێنج ساڵی ئەو کەسەی دەتەوێ دەستت ناکەوێ،،یان ڕەنگە ئەو پیاوەی ئەو دەیوویست ،ئەوی نەویستبێ).

ته‌كنیك:

سەروەختی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌كه‌ ،ڕەنگە خوێنەر ئەزموونی تەکنیکێکی جیاواز بکات لە گێڕانەوە ،ڕۆمانه‌كه‌ له‌ حه‌ڤده‌ به‌ش پێك دێت له‌ شێوه‌ی كورته‌ چیرۆكی جودا و هه‌ر به‌شێكی پاش و پێش بخه‌ین سه‌روه‌ختی خویندنه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت ،گیڕه‌ره‌وه‌ زیاتر لە دووکەسه‌ ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە بۆ خوێنەری سادە تەمومژاوی زیاتری پێوەدیاربێ و گیر بخوات بە دەست جوداکردنەوە و ناسینەوەی کارەکتەرەکانی ،لێ بۆ خوێنەری وردبین جۆرێکە لە تام و چێژ .


ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی :

نووسه‌ر لە بەشێکی ڕۆمانەکە ئەیەوێ لە قۆناغی هەرزەکاری ئافرەت بدوێ بە بیرهێنانەوەی ژیانی (لەیلا)ی کارەکتەری سه‌ره‌كی كه‌ له‌ ئیران ژیاوه‌ و بەراورد کردنی بە قۆناغی هەرزەکاری کچەکەی لەیلا (تانیا) كه‌ لە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپایی ئه‌ژی،کە دواجار چۆن لە کۆمەڵگەیەکی ئێرانی قۆناغی هەرزەکاری و گەشە فیسیۆلۆژیەکان ئابڕوهێنەرە و سەركۆنه‌ دەکرێ ،لەهەمان کاتدا لە کۆمەڵگایەکی ئەوروپایی تاک کەیفی به‌خۆی دێ و بگره‌ شانازیشی پێوه‌ ده‌كات.

په‌ره‌گرافیك له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌وه‌ :((ئەو هەر لەسەرەتای سەردەمی منداڵیەوە زانیبووی چ ئەو ستیانە ئیسفەندارانە ببەستێ چ نەیبەستێ ،هەمووان سەیری دەکەن،ئەمە جگە لەوەی پێشی خۆش بوو سەیریان دەکرد.ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێ مەمکەکانی سەریان دەرهێنا،نەک تەنیا خۆی کوڕ نەدەکردەوە،بەڵکو زۆر ڕێک و ڕاست دەڕۆیشت.کەمێک بەرەودوا وەک نمایشکارانی جلوبەرگ کاتێک لە تەلەفززیۆندا نیشانی دەدا دێن و دەڕۆن . دایکی سەری سوڕ دەما چۆن کچ گۆی مەمکی قوت بێت کاتی ڕێکردن خۆی کووڕ نەکاتەوە و شەرم نەکات))

هەر لە تەوەری ئەم باسە دوورناکەوینەوە حەمەسەعید حەسەنی نووسەر لە کتێبی (لە هەیڤدا بۆ ڕووی تۆ و لە پەیڤدا بۆ خۆم دەگەڕێم )دەنووسێ :(سەروەختی نووسینی ڕۆمان،ژیاننامەی نووسەر بایەخێکی زۆری هەیە.نزیکەی هەمیشە ڕۆمان شتێکی زۆر یا کەم لە ژیانی نووسەرەکەی تێدایە ).ئەمانەوێ لەیەکێکی دی لە پەرەگرافەکان بدوێنین بۆ ئەوەی ڕوونتر گوزارش بكه‌ین مەبەستمان لە چییە، ئەم دێڕەی پامووک دەهێنینەوە لە كتێبی (ڕۆماننووسی سادە و بیرکەرەوە
)دا ل(159)ده‌نووسێ (ڕۆماننووس لە کاتێکدا دنیا لە چاوی ئەوانی ترەوە دەبینێت،تێدەگۆشێت گوزارە لە جیهانی تایبەتی خۆی بکات).

هەر هه‌مان نووسه‌رکە پەی بەناخی خوێنەر بردووە ده‌نووسێ( خوێنەر حەزەکا و بەدوای ئەوەوەیە بزانێ کامە بەشەحەقیقیەکەی ژیانی نووسەرە)
ڕەنگە خوێنەر دەست بەجێ ئەم پەرەگرافە وەک ژیانی تایبەتی نووسەر هەڵبژێرێ،ئه‌گه‌رچی تۆزێک فویتێکرابێ ئەخیرەن هەویرێکی ڕاستیە و بە ئاوی خیاڵ شێلاویەتی
له‌ڕۆمانه‌كه‌وه‌(لەیلا کەوتبووە بیری ئەو کاتانەی کە مەمکەکانی هەڵتۆقیبوون،لە هەژمەت شەرمی زۆر ،دوومانگ لەماڵ نەهاتبووە دەر) ئه‌گه‌ر چی ئه‌مانه‌ شتگه‌لی بچووك بن له‌ ژیانی نووسه‌ر لێ سه‌ره‌دوای باشه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و ترسنۆكیه‌ی نووسه‌ر كه‌ هه‌موو ڕووداوه‌كانی داوه‌ته‌ پاڵ خه‌یال و ده‌ڵێ (كه‌سێتی له‌یلا دورترین كه‌سێتییه‌ له‌ خۆمه‌وه‌).

ئیرۆتیك:

ڕۆمانەکە لە باسە ئیرۆتیکیەکانی دا ئەگەرچی بوێرانە دواوە ،لێ زۆر بەخێرای بەسەری کردوونەتەوە لە کاتێکدا لە گه‌یاندنی وێنە ئیرۆتیکەکاندا ڕەنگە واپێوویست بکا ڕۆمانەکە کیسەڵ ئاسا بڕوا و بایەخ بە وردەکاری زێدەتر بدات و لەشت گەلێک بدوێ لەو ڕووەوە کە پێشتر کەس بەسەری نەکردبێتەوە ،لێ ئەو بەسەرکردنەوە خێرایەی نووسه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ بێزاری لای خوێنەر دروست ئەکات ئه‌گه‌ر چی له‌ ورده‌كاری وه‌سفی ڕووخسار و جل و به‌رگی كاره‌كته‌ره‌كانیدا لێهاتووانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و باشیان ئه‌ناسێنیت .

وه‌رگێڕ:

پێشتر ڕۆمانی زیكزیكه‌ی ئه‌حمه‌دی خوڵامیم خویندۆته‌وه‌ كه‌ هه‌مان وه‌رگێڕ(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی)وه‌ریگێرابوو هه‌ر ئه‌وكات دركم به‌ توانایی و لێهاتووی وه‌رگێڕ كرد ،ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دیكه‌ش كه‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ریگێراوه‌ بخوینمه‌وه‌ ،ئه‌توانم بڵێم حه‌قی ته‌واوی به‌ وه‌رگێرانه‌كه‌ی داوه‌ و ڕه‌نگه‌ ڕۆمانه‌كه‌ به‌ كوردیش بنووسرابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ په‌یامه‌كه‌ی ڕوون بووایه‌ و هه‌ر هه‌مان تاموچێژی هه‌ڵگرتبا.




د.کوردۆ عەلی،هاوبیرێک لە هزر و پەیڤ … هەڵۆ بەرزنجەیی

مردن،بۆخۆی چەند بەدفەساڵ و باسێکی تفتوتاڵە،ساتێ تارمایی رەشی دێ و لە ناوادەدا، بێ بەزەییانە و دڵڕەقانە،چەشنی ئاژەڵێکی دڕندە، چنگ لە گیانی ئازیزێکمان گیر دەکات ، و دەپێچێتەوە و ئاودیوی وێستگەی پاش ژیانی دەکات و ، رێی گۆڕستانی ڕەش و تاریکی پێدەگرێتەبەر،ئەو مەرگە نەفرەتییە، دێوزمەتر و دڵتەزێنترە. ژیان سەرچاوەی وزەبەخشی، بزواندن و چالاکی نواندن و نەسرەوتن و داهێنانە،بەڵام پڕ لە کۆسپ و بەردەڵان و دژوارییە.
کەچی ژیان بە هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشییەکانییەوە،چونکە هێشتا جێگای هیوا و ئاسۆی بەردەوامی تێدا ئاواڵەیە،مرۆڤ لەم ژینگەیەدا، هەمیشە ئارامبەخشتر و شادمانتر خۆی دەنوێ.ئەگەرچی مەرگ،هەموو تەگەرە و ئاستەنگەکان،ڕادەماڵی و گوایە هەواری پشووودانی،رۆحە، لێ هەر ئومێدکوژ و سەر و دڵگرە. هەواڵی کۆچی دوایی ،برا و هاوبیری هێژام،کاک د. کۆردۆ عەلی،پەردەیەکی خەمناکی ئەو شانۆیەیە،کە مەرگی چەپەڵ بەرپای کردووە. ئەم مەرگە وادەی نەبوو،هاوبیر کوردۆ،گەلەک خەون و پرۆژەی ،خزمەتکردنی خستبووە،بەردەم خۆی جێبەجێیان بکات. مەرگی نەگریس،چاوەڕێی نەکرد و پەلەی کرد،لە ڕفاندنی جەستەی ئەو هاوبیرە،جوامێرەمان.

د. کوردۆ،نوسەر و وەرگێڕ و ئەکادیمیستێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەمێکی رەنگین و بیرێکی گەش و بەرزی کوردایەتی بوو. لە تەمەنی هەرزەکارییەوە،رێچکەی کوردایەتی دەگرێتەبەر و لە ریزەکانی،یەکێتی قوتابیانی کوردستان و کاژیک و پاسۆک دا بەشداری خەباتی سەختی بزاڤی نەتەوەیی،نەتەوە و خاکە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی دەکات.وەک پێشمەرگەش،بە کردەیی بەشداریی شۆڕشی ئەیلول دەکات و بە کارایی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردندا. دواتر لەبەر زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەریی عێراقی،ناچارانە،پەڕاگەندەی ئەوروپا دەبێت و لە وڵاتی نەمسا،دەگێرسێتەوە. لەوێش دەسبەجێ هاوبیرەکانی دەدۆزێتەوە و کەڵکەڵەی دامەزراندنی رێکخراوێکی خوێندکاریی دەکەوێتە سەرییەوە.چونکە ئەودەم،دەرەتان نەبوو،بەناوی حیزبەوە،کاری فەرمی بکرێ. هاوکات،هاوبیر کوردۆ بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک،دەگرێتە ئەستۆیی و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە،دەکەوێتە کارکردن،بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی. لەتەک ئەمانەشەوە،بۆ درێژەدان بە خوێندن و باشتر خۆ چەکدارکردن بە زانست و خوێندن و فێربوون،دەبێتە خوێندکار.عەشقە گەورەکەی بۆ زمان و ئەدەبی کوردی،پاڵی پێوەدەنێ،ئەم ڕشتەیە هەڵبژێرێ تا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دکتۆرانامەکەی بەناوی (هەندێ بابەتی وشەسازیی کوردی) لە زانستگەی سالزبورگ بەدەست دێنێ.ئەم کتێبە بەزمانی ئەڵمانی لە لایەن ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠،بەهاوکاری هەندێ لە هاوبیرەکانی،رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە، دادەمەزرێنێ و دەبێتە سکرتێری تا ساڵی ١٩٨٥،کە دابڕان لە ریزەکانی سۆکسەدا دروست دەبێت. خوێندکاری کورد،وەک ئۆرگانێکی ئەو رێکخراوە دەردەکات . بە نووسین و وەرگێڕان و بابەتی جۆراوجۆر،دەستڕەنگینی خۆی لەم بوارەدا،دەنەخشێنێ. دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،نێو ریزەکانی سۆکسە و ئیدی لەکاری رێکخراوەیی دوور دەکەوێتەوە و خۆی بۆ نوسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان تەرخان دەکات.

چەند بیرەوەرییەک لەتەک ئەم هاوبیرەدا

ـساڵی ١٩٨٤،ساتێ بەرەو هەندەران هاتم،سەرکردە و رابەرمان،گیانبەختکردوو،کاک ئازاد مستەفا،ناونیشانی هاوبیر کوردۆ لە نەمسا و هاوبیر شێرکۆی لە سوید،دامێ،بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی پاسۆک و سۆکسەوە. هێشتا لە ئێران بووم،دوو هاوبیرم لەگەڵدابوون، دوو برا بوون.هاوبیر هۆشیاری وەستا رەشید وفەرەیدونی برای.رەوانشاد هوشیار کوڕی گەڕەک و هاوتەمەن و هاوڕێشم بوو، پاسپۆرتی نەهەبوو. بەدوای چارەسەرێک دا دەگەڕاین،تا کاروبارەکانی ساز بدات. دەرفەت نەما.هەواڵمان زانی کە بە داوەتنامەی وڵاتێ،دەتوانێ لە ئێران لیزەپاسێ دەربێنێ،ئەمە پاسپۆرتێکە بۆ یەک گەشت دەخوات. منیش ئەوەم لا درکاند،پێم،کە ناونیشانی هاوبیر کوردۆم لایە،بەڵکو هاوکاریمان بکات.هەروا بوو،بەناوی خۆمەوە،وەک هاوبیرێک،لەبەر رۆشنایی قسەکانی کاک ئازاد دا،نامەیەکم بۆ نووسی و دۆخەکەم بۆ روونکردەوە،کەوا پێویستمان بە داوەتنامەیەکە.نامەم ناردوو.ماوەیەک بەسەر چوو،وەرام نەبوو. من و فەرەیدون،لەبەرئەوەی پاسپۆرتی خۆمان پێ بوو،بە دوومانگ و شتێ رزگارمان بوو،دەرچووین بۆ سوریا. هۆشیار لە ئێران مایەوە. دواتر ئاگاداری کردم،کەوا کاک کوردۆ،داوەتنامەکەی بۆ ناردووە و زۆربەی کارەکانی ئەنجام دا،بەڵام لە کۆتاییدا پەشێمان بۆوە و گەڕایەوە بۆ کوردستان و نەهات بۆ ئەوروپا.کاک کوردۆ،بێ ئەوەی من بنسێ،هەڵسابوو،بە ڕاپەڕاندنی کارەکە،باوەڕم وایە،ئەمە بەڵگەیەکی جوانی، دڵسۆزی کاک کوردۆیە. دواتریش کە گەشتمە ئەڵمانیا،وەک کارێکی رێکخستنی،دەبوو،بە نامەیەک داوای ئەندامێتی لە رێکخراوی سۆکسەدا،بکەم. نامەم نووسی و هاوبیر کوردۆ،وەک سکرتێر،وەرامێکی هێجگار بەپێز و هەستبزوێنی دامەوە.کوردییەکی رەوان و پاکژ،داڕشتنێکی ئەدەبی باڵا و دەستەواژەو و ڕستەی بەجۆش .رەنگە لەو رۆژانەدا،بەتایبەت،رۆژانی کەمپ و چاوەڕوانی،بۆ ماوەیەک رۆژانە،چەندین جار دەمخۆندەوە و چێژم لێ وەردەگرت.

ـ دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،لەگەڵ هاوبیران بەتایبەت رەوانشاد کاک شەماڵ و هاوبیر پشکۆ،بڕەک سارد بوو. لێ من ،لەگەڵیدا هەر لەسەر پێوەندی دا بووم.بڵاوکراوەکانی پاسۆک و سۆکسەم بۆ دەنارد.ئەویش هەڵوێستێکی هاوبیرانە و خۆشەویستانەی بەرامبەر بە ئێمە نیشان دەدا. جارێکیان،بە بۆنەی گیانبەختکردنی هاوبیری هێژامان،کاک جەلالی حاجی حسین کەلۆشەوە،بابەتێم لە خوێندکاری کوردا نووسیبوو.گەلێک بەم هەڵوێستە،شادمان بوو.دوایی خۆیشی،بابەتێکی بۆ ناردین. هەروەها،بە بۆنەی مەرگی فەیلەسوف کارل پۆپەرەوە،بابەتێکی دوورودرێژم،لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بڵاوکردبۆوە.بە نامەیەک دەستخۆشی لێ کردم و وتی ئەوەی من گەرەکم بوو بیکەم،تۆ ئەنجامت دا. جارێکی دیکەش،لە خوێندکاری کورددا، وتارێکی رەخنەییم لەسەر کاک مەلا بەختیار نووسیبوو،کە لە نووسینێکدا ئاماژەی بە کتێبەکەی گیانبەختکردوو،فازیلی مەلا مەحمود دابوو.کاک مەلا بەختیار زمانی ئەڵمانی نازانێ،ئەم باسکردن و ئاماژەپێدانە و کۆپلە لێ وەرگرتنەی لە کوێوە هێناوە؟.تومەز،هەموو لە کارە نایابەکەی هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە،کەلەلایەن کاک کوردۆوە،نوسراوە وەرگرتبوو،لێ پێی شەرم بوو،ناوی کتێبەکەی کاک کوردۆ وەک سەرچاوە بەرێ. لەسەر ئەمەش دەستخۆشییەکی هاوبیارانەی لێ کردم.

پێوەندیمان تا دەهات بەهێزتر دەبوو. لە راوێژێکی کورتدا لەتەک هاوبیر شەماڵ دا،وتم هەوڵ دەدەم کاک کوردۆ،داوەتی بەرلین بکەم،ئەو دەم هاوبیر پشکۆ لە کوردستان بوو.وتم داوا لە کاک محەمەد پێنجوێنی،سەرۆکی ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین دەکەم،سەمینارێکی بۆ ساز بکەن. مامۆستا پێنجوێنی،خەمخۆرانە،کارەکەی ئەنجام دا و،کاک کوردۆش زۆری پێ خۆش بوو،هاتە بەرلین.لەتەک هاوبیر شەماڵی هەمیشە زیندوودا،چووینە پێشوازی.ئیدی هەردوو وەک گوڵ بەدیداری یەکتر شاد بوونەوە و بە عەشقێکەوە ئامێزی یەکتربوون،هی وەسفکردن نییە. کۆڕێکی سەرکەوتووانەی لە زمان و بارودۆخی سیاسی لە کوردستان ئەنجام دا و پاشان گفتی ئەوەمان لە پێنجوێنی و کاک حسین کارتال،وەرگرت،دکتۆرنامەکەی بۆ چاپ بکەن. ئەوە بوو داوتر بۆیان چاپ کرد. هاوبیر چەند رۆژێ لامان مایەوە و گەلێ راز و نیازی هاوبیرانە و برایانە و خۆشەویستانە ئەنجام دران. یەکێ لە خۆشترین باسەکان،ئەوە بوو،دێرینی خێزانم سەروپێیەکی شاهانەی ئامادە کردبوو.یەکەمجاریشی بوو،زۆر دەترسا بەدەستییەوە دەرنەچێ.کەچی خۆشبەختانە،زۆر نایاب وو.دوای ئەوەی نۆش کرا،هاوبیر کوردۆ،رووی کردە شەهرەزادخانی خێزانی کاک شەماڵ،کە بە تەمەن لە دێرینی خێزانم گەورەترە،بە گەرمی کەوتە پەسەندانی سەروپێکە و دەستخۆشی لێ کرد،بۆ ئەو خواردنە نایابە.شەهرەزادخان هاتە وەرام و وتی: دێرین ئامادەی کردووە و دەستی ئەو خۆش بێت. هاوبیر کوردو، بەخۆیدا چووەوە و رووی دێرین و داوای لێبووردنی کرد و وتی باوەڕم نەدەکرد،ئەم خواردنە نایانە،دەستکردی تۆ بێت،بەراست خۆت کردووەتە. وەرامی بەڵێێ وەرگرتەوە.ئیدی بەگەرمی سوپاسگوزاری راگەیاند و ئێمەش بڕەک گاڵتەوگەثمان لەسەر بابەتەکە کرد.
بوونی هاوبیر کوردۆ لە نێوانماندا،هەلێکی باش بوو،منیش ئەو دەرفەتەم قۆستەوە،بۆ خوێندکاری ژمارە٢٤/٢٥،ساڵی ١٩٩٧،چاوپێکەوتنێکی کراوەم لەتەکیدا ئەنجام دا.ئەویش بە خۆشییەوە،کارەکەی پەسەن کرد و بڵاومان کردەوە.

ـ دوای هاتنی یەکەمی،بە ناوی ـ سۆکسەـوە،کۆڕێکی شیعریمان بۆ شاعیری گەورەی کورد،مامۆستا پەشێو سازدا.ئاگاداری کاک کوردۆشم کردەوە. زۆر بە خۆشییەوە هەواڵ و چالاکییەکەی پەسەند کرد و هات و بەشداری کۆڕەکە بوو. خۆیشی هاورێی و خۆشەویستێکی نێزیکی مامۆستا پەشێو بوو.هاوبیر بەختیار شەمەیی لە هۆڵەنداوە و کۆمەڵێ هاوبیری دیکە لە شارەکانی ئەڵمانیاوە هاتبوون.چەند رۆژێکی تژی لە گفتوگۆ و باس و خواستی کوردانەمان پێکەوە بەسەر برد. بەم پێیە،تا دەهات باشتر لێک نێزیک دەبووینەوە.هاوبیر کوردۆ، بەردەوام بەرهەم و بڵاوکراوەکانی خۆی بە رێزەوە بۆ دەناردم.شایانی ئاماژە پێدانە،کەوا شێت و شەیدای نووسینەکانی زانای گەورەی ترک،سمایل بێشکچی بوو،مەراقی بوو یەک بە یەکیان ،بکاتە کوردی.لام وایە بڕەکیش پێیانەوە سەرقاڵ بوو.رەنگە نەخۆشییە سەختەکەی،رێگریی لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژەی نازدارەی گرتبێت.

دوای ڕاپەرینی١٩٩١،لە باشوری کوردستان، هەلومەرجی نوێی هاتەوە ئاراوە،دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ساز بوو،بڕیاری دا بگەڕێتەوە تا بتوانێ، لە زانکۆکانی کوردستان دا،راستەخۆ بەشداری خزمەتکردن بکات. دوای گەڕانەوە لە زانکۆی سلێمانی،دەستبەکار بوو، کرا بە راگری کۆلیژی هونەر. لەوێش خزمەتێکی بەرچاوی بە خوێندکاران کرد.

ـ ساڵی ٢٠٠٦،بۆ کۆچی دوایی باوکم چوومەوە بۆ کوردستان.دوای ١٧ رۆژ،مردنی دایکیشمی بەسەردا هات…کاک کوردۆ،لەتەک نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد،مامۆستا حەمە کەریم عارف دا،هاتن بۆ لام و خۆشەویستی و ئەمەکی خۆیان نیشان دا.
ـ هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان،سەردانم کردووە. یەکێ لە جارەکان دوو ژمارەی گۆڤاری دێر شپیگل و هەندێ بڵاوکراوەی ترم بە دیاری بۆ برد. جارێ لە جارەکان، رێکەوت وابوو،هاوبیر بەختیار شەمەیی و هاوبیر ئاراس وەلیش لە سلێمانی بوون. پێشنیازی سەردانێکی کاک کوردۆم کرد.هەردوو بە خۆشییەوە،وەریان گرتوو،چووین بۆ زانستگە بۆ لای،زۆری پێ خۆش بوو،بەتایبەت بە دیداری کاک ئاراس،کە دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،یەکتریان نەدیبوو. زۆری کرد،داوەتمان بکات.ئەوەبوو،داوەتێکی شاهانەی رێکخست و پێشنیازی کرد،کەوا کاک د.حوسەین عەزیز،شێخ حسینی هاوبیر لەگەڵ خۆیدا دێنێ.ئێمەش خۆشحاڵ بووین. هەر لەو چێشتخانەیەی دانیشتبووین،رەوانشاد و هەمیشە زیندوو،هاوبیر کاک عومەر شەمەییشی،لێ بوو. ئەویش هات،تاوێ بە هاوبیر کوردۆوە سەرقاڵ بوو. ساتوکاتێکی بەتام چێژمان بەسەر برد. گفتوگۆیەکی جددیش لەنێوان کاک ئاراس و د.حوسەین دا سازبوو.

دوای ئەم دیدارە،ئیدی هەرجارێ دەچوومەوە کوردستان،دزاودز دەکەوتم لەگەڵ هاوبیر کوردۆدا،ئەو ئەوکاتانە،گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەمەبەستی چارەسەر دەکرد. هەتا ئەم دواییانەش،بەردەوام مەراقم بوو هەواڵی بزانیم. تا هەواڵی مەرگییم لە رێی هاوبیر پشکۆوە بیست و جزەی نا بە جەرگمەوە و دڵی گوشیم و چەند تنۆکێ ڕندوکی پێ هەڵوەراندنم.بەراستی کۆستی ئەم هاوبیرە ئازیزە،بەلامەوە زۆر بە ژان و ئازارە . کاک کوردۆ، کەسێکی بەئەمەک و خۆش مەجلیس بوو.لەیەکەم نیگایدا،هێندە ئێسکسووک و رۆح شیرین،بوو لەیەکەم نیگادا،دەچووە دڵەوە.هاوبیر کوردۆ، رۆشنبیر و کوردیزان و وەرگێڕ و رەخنەگرێکی بەتوانا و دەستڕەنگین بوو. بەدەم ئەو ئازارە سەختەوە،کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر،یەخەی گرتبوو،کۆڵی لە خزمەتککردن،نەدەدا و بەرهەمی پێشکەش دەکردین و لە کار و تێکۆشان و خزمەتکردن،لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا درێخی نەکردووە.

بەرهەمەکانی،ئەوانەی لای من هەن هەندێ لەوانەی دیکە،کە ئاگادارم لێیان، وا بە کورتیی پێشکەشتان دەکەم:
١ـ کوردستان و شۆڕشەکەی د. جەمال نەبەز و.لە ئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی لە بڵاوکراوەکانی رێخکخراوی سۆکسە.١٩٨٥
٢ـ سۆڤیەت و بزووتنەوەی نیشتمانی کورد ،هەڵسەنگاندنی دکتۆرنامەی فازیلی مەلا مەحمود سالزبورگ ١٩٨٦
٣ـ سڕینەوەی چەند پەڵەیەک بە تەوێڵی راستییەوە نامەیەکی کراوە بۆ کەریمی حسامی بنکەی چاپەمەنی ئازاد سوید ١٩٨٧
٤ـ مێگەل. یەڵماز گیونەی و.لە ئاڵمانیەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٨٩
٥ـ مەسەلەی کورد لە پارلەمانی نەمسایی دا و. لەئاڵمانییەوە سالزبورگ ١٩٨٩
٦ـکۆمۆنیزمی ئەوروپایی ،ڤۆلڤگانگ لیۆنهارد و.لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٩٠
٧ـئاشی چی و باراشی چی؟ باقە سەرنجی لەوەرامی گوتارەکەی بەهادین نوری دا سالزبورگ ١٩٩١
٨ـ ئاغا و شێخ و دەوڵەت،مارتین ڤان برونەسن و. لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی دوو بەرگ بنکەی چاپەمەنی رۆژ/سوید ١٩٩٦
٩ـ یەک هەڵووژە و هەزار هەڵووژە،سەمەدی بیهرەنگی،و. لە فارسییەوە کوردۆ سالزبورگ ١٩٨٩،چاپخانەی ئارارات و لەلایەن نووسینگەی تاراوە بڵاوکراوەتەوە.
١٠ ـ نووسەری هێژای تورک سمایل بێشکچی و تێڕوانینێکی زانستانە لە مەسەلەی کورد.سالزبورگ ١٩٩٢
ئاگاداری ئەم بەرهەمانەشم
١١ـ هەندێ بابەتی وشەسازیی زمانی کوردی بە ئەڵمانی دکتۆرنامەکەی زانستگەی سالزبورگ ١٩٩١/١٩٩٢،ئەم بەرهەمە ئینیستیتوتی کورد لە بەرلین بۆی چاپکرد.
١٢ـ هەڵکشان و داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان پاوک کەنەدی وەرگێڕاوەن لە ئاڵمانییەوە
رەنگە بەرهەمی دیکەشی هەبێت، بڵاوکراونەتەوە من لێی بێ ئاگام

وتارەکانی:

ـ کردار و کات ڵە زمانی کوردیدا مامۆستای کورد ژمارە ٢٤/٢٥ ، ١٩٩٥
ـ خاڵۆ ئاو لە دنگدا دەکوتێ مامۆستای کورد ژمارە ٧ ، ١٩٨٩
ـ بزووتنەوەی کوردایەتی لە نێوان لێژەنی سەربەخۆیی و گێژەنی ئۆتۆنۆمیدا،گۆڤاری باسکار،ژمارە ١/١٩٨٩
ـ سێ شۆلاوگەی خوێنین و ئازارێکی پڕسوێ مامۆستای کورد ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٩/١٩٩٠
ـ ئاشبەتاڵی بیرێکی سەرچڵ مامۆستای کورد ژمارە ٩ی١٩٩٠
ـ رەشۆ ئاغا(چیرۆک)،بەکر ییڵدز،و.لە ئاڵمانییەوە مامۆستای کورد،ژمارە ٢٦ی ١٩٩٥
ـ چاوپێکەوتنی خوێندکاری کورد،ژمارە ٢٤/٢٥ی ١٩٩٧
هاوبیر د. کوردۆ. لە ٢٠/٢/١٩٥٠.دا لە قەرەداغ لە دایک بووە و لە ١٦/١٢/٢٠١٦،بە نەخۆشیی،لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات. راستە ئەم رۆڵە دڵسۆز و بەئەمەک و قەڵەم رەنگین و رێباز پیرۆز و بیرگەشە،بە جەستە لەنێوماندا نەماوە.لێ یاد و یادگار و پەیڤ و خەبات و خزمەت و نووسین و بەرهەمەکانی بۆ هەتا هەتایی،لای ئێمەی هاوبیران و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی،بە زیندوویی و دەمێنێتەوە.
ئاهورامەزدا،بە میهر و دلۆڤانی خۆی بیپارێزێ و گڵکۆی چراخان و پڕ لە گوڵاو بێت. هەزاران هەزار جار رەوانیشاد بێت و هاوبیر کودۆی زێدە ئازیز و خۆشەویستمان.

٢٠/١٢/٢٠١٦




ڕاگەیاندنی کۆبونەوەی کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک و بەشێک لە ڕەوەندی کوردی.

لەسەر بانگهێشتی (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨/١٢/٢٠١٦، کۆبونەوەیەک بۆ ( ڕەوەندی کوردی) لە شاری (Albertslund) بەڕێوەچوو.

ئامانجی کۆبونەوەکە بیروڕاگۆڕینەوەبوو لەسەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و، چۆنیەتی و هەنگاوی پێویست بۆ پشتیوان و هەڵوێست وەرگرتن، سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێستای، چین و توێژە جیاوازەکان لە کوردستان بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان.

لەم کۆبونەوەیەدا و لەنێو ئامادەبوواندا بیروڕا گۆڕایەوە سەبارەت بەهەستیاری ئەم قۆناغەی کوردستان و، ئاڵوگوڕکردنی جێگاوڕێگای حیزبەکان و دەنگی ناڕازیەتی و ئامادەیی خەڵک لەسەر شەقامەکان، لەم کۆبونەوەیەدا بەگرنگیەوە قسەلەسەر گێڕانەوەی ئیرادە بۆ تاک و خاوەنداریەتی خەڵک خۆی لەشەقام و ناڕەزایەتیەکان بە خاڵێکی جەوهەری وگرنگ هەڵسەنگێنرا و پشتیوانی لێکرا.

لەم کۆبونەوەیەدا بەگرنگیەوە باسی هەنگاوە کردەییەکانی چۆنیەتی پشتیوانی لە داواکاری و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان کرا، هەمانکات باسی بردنە پێشەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی و، گوڕوتینی زیاتر بۆ جۆشدانی چالاکی و مسۆگەرکردنی پشتیوانی لەدەرەوە بۆ خەڵکی کوردستان و خواستە ڕەواکانیان خرایە بەرنامەی کاری داهاتووی کەمپینەکە.

لەم کۆبونەوەیەدا (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی کوردستان_دانیمارک)، دوای زیاتر لە ٦ ساڵ دامەزراندنی، وەک زەرورەتێکی ئەم قۆناغەی ئێستا کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت توانی بەشێوەیەکی تازە، کە بگونجێت لەگەڵ واقیع و پێشهاتەتازەکان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان، کارەکانی خۆی وەک ئۆرگانێک لە هەموو بوارەکاندا ڕێکبخاتەوە.

لەم کۆبونەوەیەدا (دەستەیەکی کارگێڕی) و (٣ لیژنە) بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کارەکانی (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) دیاری کرا.
(دەستەی کارگێڕی) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (گەوهەر معمارزادە، گۆران هەڵەبجەی، ئەحمەد بایز،جەمال محەمەد، هیدایەت مەلا عەلی).
(لیژنەی پەیوەندیەکان) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (عوسمان ئەحمەد، حسێن کەرکوکی، ئەحمەد بایز،جەمال محەمەد ).
(لیژنەی ڕاگەیاندن) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (ئەحمەد جاف، بەختیار عومەر، سەلام محەمەد، گۆران هەڵەبجەی، هیدایەت مەلا عەلی).

(لیژنەی ئیدارە و دارایی) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (مەریوان مەغدور، ئیبراهیم حاجی حەمەشەریف، لوقمان مستەفا، گەوهەر معمارزادە).
(کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) سوپاس و قەدرزانینی خۆی ئاڕاستەی ئەو بەڕێز و خۆشەویستانە دەکات، کە لە ٦ ساڵی ڕابوردوودا لەم (کەمپینەدا) چالاک و ئەندام بوون، سوپاسی زۆری ئەو ئازیزانە دەکات کە بەگەرما و سەرما بەشداری خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبونەوە و چالاکیەکانیان کردەوە.
(کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) ڕایدەگەیەنێت کە هەمیشە دەرگای ئاوەڵایە بۆ هەر ئازادیخوازێک کە خوازیاربێت لەگەڵ (کەمپین) کار و چالاکی بکات بەگەرمی دەستی خەباتکارانەی دەگوشین.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

٢٠/١٢/١٠١٦




توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

حكومه‌تی توركیا له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵمه‌تی گرتنی چالاكوان و ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی گه‌لانی ده‌ست پێكردووه‌ به‌بیانووی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ باكوری كوردستان دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ فراوانتر بێت .
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌ده‌ستگیركردنی چالاكوانانه‌وه‌ نه‌وه‌ستان چه‌ندین سه‌رۆك شاره‌وانیان ده‌ستگیر كرد،پاشان هاوسه‌رۆكه‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان ( سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یۆكسكداغ) و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كانی ئه‌م پارته‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانیانه‌ راپێچی گرتووخانه‌ كرد به‌مه‌ش توركیا ئه‌و په‌یامه‌ی به‌گوێی جیهان دا كه‌ توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ئه‌نێت و ناتوانێت جیاوازییه‌كان قبوڵ بكات.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا سه‌ره‌تاكانی شه‌ڕی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ و هیواكانی بۆ ئاشتی جارێكی تر له‌ناوبرد و له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات ببێت به‌ ووڵاتێكی نه‌خوازرا و دور ده‌كه‌وێته‌ له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونی بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

زه‌نگی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له‌ توركیا لێدرا

به‌دروست بوونی پارتی دیموكراتی گه‌لان جارێكی تر ئه‌و ئایدیا گه‌رایه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت ئاشتی بێته‌ ئاراوه‌و خه‌باتی چه‌كداری پێبنێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ و ئه‌و كوشتارو خوێنڕێژیه‌ی كه‌ سه‌پێنرابوو به‌ سه‌ر واقعی باكوری كوردستان سنور دار بكرێت و هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری پرسی كورد بنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ ته‌نها نماینده‌ی كوردی نه‌ ده‌كرد به‌ڵكو خۆی به‌نماینده‌كاری سه‌رجه‌م دیموكراتی خوازه‌كانی توركیا داده‌نا كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد و كه‌مینه‌كانی تر ده‌كه‌ن.
به‌ڵام به‌ ده‌ستگیر كردنی سه‌رانی ئه‌م پارته‌ جارێكی تر زه‌نگی ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ لێدرا و واقعی توركیا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ جارێكی تر شه‌ڕ له‌ناو باكوری كوردستان دروست ببێت.
هه‌موو پێشهاته‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ شه‌ڕێكی خوێناوی دروست ئه‌بێته‌وه‌ له‌ نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیادا .
له‌حاڵه‌ته‌ی بوونی شه‌ڕدا جارێكی تر رۆحی دوژمنكاری له‌ نێوان كورد و تورك دروست ده‌بێته‌وه‌، مه‌له‌فی چاره‌سه‌ر كردنی پرسی كورد داده‌خرێت و توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌نگی شه‌ڕ لێدرا جارێكی تر شه‌قامه‌كانی باكوری كوردستان ده‌بنه‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی توركیا و ئه‌گه‌ری پێك هه‌ڵپژان له‌ نێوان پۆلیسی توركیاو خۆنیشانده‌ران هه‌یه‌.

توركیا ووڵاتانی جیهان نیگه‌ران ده‌كات

ئه‌م واقعه‌ی كه‌ توركیای پیادا تێده‌په‌ڕێت ئه‌و وولاته‌ ئه‌كات به‌ ووڵاتێكی نه‌خوازرا و له‌ سه‌ر ئاستی نێوه‌وڵه‌تی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك خۆی به‌ ده‌وڵه‌تێكی دیموكرات بزانێت نابێت به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانیانه‌ نوێنه‌رانی گه‌ل رابكێشێت بۆ به‌ندینخانه‌كان به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت.
وویلایه‌ته‌ یه‌كگتووه‌كانی ئه‌مریكا و ووڵاتانی ئه‌وروپا به‌توندی كه‌وتوونه‌ته‌ لۆمه‌ كردنی توركیا بۆ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ی و ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندوه‌ كه‌ نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌و رووداوی گرتی هاوسه‌رۆكه‌كانی یارتی دیموكراتی گه‌لان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی و داوای ڕاگرتنی ئه‌م گرتنانه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێی بنه‌ماكانی دیموكراسی پێویسته‌ رێز له‌ جیاوازیه‌كان بگیرێت و ناكرێت نوێنه‌رانی گه‌ل دوور له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ راپێچی گرتووخانه‌ بكرێن.

به‌ به‌رده‌وام بوونی توركیا له‌ سه‌ر ئه‌م ره‌فتارانه‌ی ئه‌وه‌ خه‌ونی بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌و روپا له‌ ده‌ست ده‌دات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ووڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ توركیا گرتووه‌ كه‌ ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ توركیا له‌ بارودۆخێكی خراپدایه‌ و بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیه‌كه‌یان پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ باشكردنی ره‌وشی مافی مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌.

پارته‌كانی باشوری كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێستن سه‌باره‌ت به‌ گرتنی سه‌رانی هه‌ده‌په‌

له‌باشوری كوردستان په‌رته‌وازه‌ییه‌ی باڵی كێشاوه‌ به‌ سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كاندا و یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بووته‌ سیمایه‌كی باو به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌گرتنی سه‌رانی هه‌ده‌په‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ناره‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌شێوه‌ی جیاجیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نیگه‌رانن له‌م ره‌فتاره‌ی توركیا و ده‌بێت رێز له‌ نوێنه‌ره‌كانی خه‌ڵك بگیرێت .
له‌راستیدا هاو هه‌ڵوێست بوونی پارته‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ گرتنی هاوسه‌رۆكه‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن له‌پاڵ جیاواز بوونی دیدگای پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ئه‌كرێت كه‌ هه‌موان هاوهه‌ڵوێست بن سه‌باره‌ت به‌ پرسی كوردو هه‌ندێك بابه‌تی نه‌ته‌وه‌ی .
له‌مه‌ی سه‌ره‌ وه‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی هه‌رچه‌ند ناكۆك بین له‌ناوخۆدا ئه‌كرێت له‌ پێناوی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان هاوراو هاو هه‌ڵوێست بین.




بەشی سێیەم و کۆتایی گفتوگۆی دەنگەکان لە گەڵ بەڕێز عەدنان کەریم ( ئەحمەد موعین)


بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم چاوپێکەوتنە کلیک لەسەر بەشەکان بکەن لای خوارەوە
بەشی یەکەم:…..

بەشی دووەم:…..

————————————-

دەنگەکان :
مارکس لە تەعمیمێکدا بۆکۆنگرەی نێونەتەوەیی یەکەم باسی لەسەربەخۆی ئیرلەندا کرد، لینینیش بە هەمان شێوە باس لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوە زوڵم لێکراوەکان دەکات بە ئاراستەی سەربەخۆییدا.ئێوە چۆن دەڕواننە هەڵسوکەوتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا هەر لە حیزبی شوعییەوە تا دەگاتە کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بە دیدو تێڕوانینیان لە بەرانبەر کێشەی نەتەوەیی کوردا، وەک کێشەیەکی زیندوو لە ناوچەکەدا؟

عدنان کریم :
لە قۆناغی دامەزراندنیەوە، بناغەی سیاسەتی حیزبی شیوعیی عێراقی لەسەر کۆڵەکەیەک وەستابوو کە بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی نیمچە داگیرکەری بەریتانی لە عێراق و ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتی کە ڕۆڵی وەکیلی ئیستیعماری بەریتانی ئەبینی.ئامانجی شیوعیەکان لە عێراقدا لە گشتی ترین ئاستدا بریتی بوو لە بنیاتنانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکرات و سەربەخۆ کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تیایدا سەروەر بێت. واتە عێراقێکی ئازاد و سەرفراز کە ئایدیایەکی نەتەوەیی یا دینیی نەبێت و عێراق ووڵاتی هاونیشتیمانیەکانی بێت. شیوعیەکان لەو قۆناغەدا لەو چوارچیوەیەوە ئەیانڕوانیە مەسەلەی کورد . بەومانایە مەسەلەی کورد لە دیدگای حیزبی شیوعیەوە بەشێک بوو لە خەباتی گشتی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گشتیەی کە باسمان کرد.
لەو قۆناغەدا حیزبی شیوعیی عێراق هەرچۆن ڕابەری خەباتی جەماوەریی خەڵکی عێراقی ئەکرد تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، لە کوردستانیشدا هەمان پایگای بەهێزی هەبوو و هەمان ڕۆڵی ئەگێڕا.

بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی مەسەلەی کوردەوە وەکوو مەسەلەیەکی دیموکراتی و بەتایبەتیش بەهۆی لاوازیی ڕەوتی ناسیونالیستیی عەرەبی لەو قۆناغەی عێراقدا و لاوازیی پێگەی ڕەوتی عروبی و شۆفینیزمی عەرەبی ، جگە لە لاوازیی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد، حیزبی شیوعی لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە مەسەلەی کورد لە چوارچیوەی کۆمەڵێک ئیسڵاحاتی دیموکراتی لە عێراقدا چارەسەر بکات و ئەو سیاسەتە جێگەی مەقبووڵیەتی خەڵکی عێراق بوو بەخەڵکی کوردستانیشەوە. یەکێک لەو فاکتەرە بەهێزانەی کە لەقازانجی ئەو سیاسەتە هەڵئەسووڕا پشتیوانیی جەماوەریی فراوانی خەڵکی عەرەبی عێراق بوو لە ئاواتی خەڵکی کوردستان بۆ لابردنی کۆتی ستەمی نەتەوەیی لەسەریان. جگە لەوەش ڕژێمی پاشایەتیی ئەوکات ڕژێمێکی ناسیونالیستیی عەرەبی نەبوو.

ئەو ڕژێمە بە یەکسان جێی نەفرەت و ناڕەزایەتیی هەردوو میللەتی عەرەب و کوردی عێراق بوو. لەهەمووشی گرنگتر ئەو خاڵەبوو کە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەنتەر و چەقی قورسایی خەباتی شۆڕشگێڕی جەماوەری و دیموکراتیی خەڵکی هەموو عێراق بوو کە ئەوەش لە قازانجی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بوو لە چوارچێوەی یەکگرتویی و یەکپارچەیی خەباتی دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراق بەسەڵماندنی مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە.

ئەوەی کە قاڵبی ڕەسمیی ئەو هەڵوێستەی حیزبی شیوعی لەو کاتەدا لەژێر تایتڵی ئۆتۆنۆمی یا مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورددا گەڵاڵە ئەکرا فاکتەر و مەسەلەی سەرەکی نەبوو بەقەدەر ئەوەی کە ستەمی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لەچوارچێوەی خەباتی سەرتاسەری دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراقدا بەسەرەنجام بگات و لەجەرگەی ئەو خەباتەدا جێگیر بێت. جگە لەوەش چەوسانەوەی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لە قۆناغی پاشایەتیدا ، لە ڕاستیدا ، ئەو قاڵبە زبر و تووندوتیژ و سەرتاسەریە و ئەو خەسڵەتە میلیتاریەی نەبوو کە لە قۆناغەکانی دواتری کۆماریدا هەیبوو. لەچاو هەموو ڕژێمەکانی دواتردا ، سولتەی مەلەکیی عێراقی لەهەموویان نەرمتر و لیبراڵ تر بوو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو فەزای کوشت و بڕەی کە بەتایبەتی لە ١٩٦٣ بەدواوە لەلایەن ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە لەبەرانبەر گەلی کورددا و گشت گەلی عێراقدا پیادەکرا.

لەڕاستیدا حیزبی شیوعی خەباتی ئەکرد بۆ بەدیهێینانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکراتیک کە جیاوازی نەتەوەیی جێگەیەکی لە سیمای ئەو دەوڵەتەدا نەبێت. تا ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ ئەوە سیاسەتی ڕەسمیی حیزبی شیوعی بوو سەبارەت بەمەسەلەی کورد و پێموابێت سەرکەوتوانە توانی باڵانسی ئەو سیاسەتە ڕابگرێت. واتە حیزبی شیوعی توانی هەم ڕەوتی شۆفینی عەرەبی زۆر لاواز بکات و هەم توانیبووی کە جڵەوی خەباتی گەلی کورد لەدەستی ناسیونالیستی کورد و نوێنەرە ڕەسمی و تاقانەکەی واتە پارت دیموکراتی کوردستان دەربهێنێت. ئەو سیاسەتە بەدەر لەوەی کە ناوەکەی ئۆتۆنۆمی بوو یا هەر شتێکی تر، خەباتی گەلی کوردی وەکوو میللەتێکی زوڵملێکراو کرد بە بەشێک لە خەباتی سەرتاسەریی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی نیزامێکی سیاسیی پێشکەوتنخواز کە زۆرترین دەسکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بۆ هەموویان هەبێت لەسایەی جمهوریەتێکی دیموکراتیکدا.

دیارە ئەو سیاسەتە کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵوێستەکانی پارتی وەکوو حیزبی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد. پارتی کە بەهۆی بوونی حیزبی شیوعی و ئەو سیاسەتەی پێشووی و پایگایەکی بەهێز کە لەناو کورد و عەرەبی عێراقدا هەیبوو، خاوەنی پایگایەکی ئەوتۆ نەبوو و زیاتر لە ناو ئیلیتی قەومی و دەرەبەگ و ڕۆشنبیرانی موتوربەکراو بە بیری قەومی و کوردایەتی نفوزی هەبوو . بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو مەددە دیموکرات و چەپەی کە مەسەلەی کوردیشی بەدوای خۆیدا ڕاکێشابوو، پارتی چارێکی نەمابوو جگە لەوەی کە ئەویش نمایشی دیموکراتی بوون و بگرە چەپ بوونیش بکات. ئەوە مۆدی ئەو ڕۆژگارە بوو و حیزبی شیوعیش پێویستی بەوە نەبوو کە دژایەتی پارتی بکات و بگرە پێشی باش بوو پارتیش لە مەوقیعیەتێکی لاوازترەوە ، گەر لە ژێر زەبری زەمانەشدا بێت ، پەیڕەوی لەسیاسەتێکی چەپی یا پێشکەوتنخواز بکات . پارتی بۆ دوانەکەوتن لەو ڕەوتە لە ١٩٥٣دا ڕایگەیاند کە ئەوانیش ( سوود لە تیۆریی مارکسیزم – لینینیزم وەرئەگرن بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان ) .

هەر لەو سەروبەندەدا حیزبی شیوعی ، لە زەمانی سەرکردایەتیی باسمدا ( واتە بەهادین نوری ) مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هێنایە ئاراوە وەکوو چوارچێوەیەکی ئوسوڵی نەک وەکوو بەرنامەیەک بۆ چاری مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئەوە ٢ هۆی هەبو. لەلایەکەوە بۆ ڕاکێشانی خەباتی خەڵکی کوردستان کە لەپەنجاکانی ئەو سەدەیەدا پەرەی سەندبوو و لەولاشەوە بۆ تەریککردنی پارتی و ڕێگری لەوەی کە مەسەلەی کورد لەچوارچێوەی تەسکی کوردایەتیدا شەتەک بدات.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە هەموو مێژووی چلەکان و پەنجاکاندا و بەهۆی خەسڵەتی کۆنەپارێز و ناسیونالیستیی خۆیەوە پارتی نەیتوانیوە خەباتی جەماوەریی گەلی کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گەورە هاوچەشنی ئەوەی لە بەغدا و جنووبدا ئەبینرا ڕێکبخات و ئەوە شیوعیەکان بوون کە ببوون بە سیمبولی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستانیش. نموونەکانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ١٩٤٨ و ١٩٥٢ – ١٩٥٣ و دواتر ١٩٥٦ لە دژی حیلفی بەغدا و بزووتنەوەی جوتیارانی کوردستان لە ١٩٥٣ نموونەی زەقی ئەو ڕاستیەن.

دیارە هەموو ئەوانە دواتر بەسترانەوە بە چارەنووسی حکوومەتی کۆماریی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ەوە . لە دوای ٥ ساڵ تەمەنی حکوومەتی کۆماریی عەبدولکەریم قاسم ، حیزبی شیوعیی عێراق نەیتوانی خۆی ڕاستەوخۆ دەسەڵات بگرێتە دەست و سۆڤیتیەکان بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیاندن کە ئەوان لەدژی هەنگاوێکی لەوجۆرە ئەوەستنەوە ، و نە توانیشیان ئەو سیاسەتانە بکەن بە ڕێباز و بەرنامەی حکوومەتی عەبدولکەریم . ئەوە کەلێنی کردەوە بۆ بەهێزبوونی ڕەوتی ناسیونالیزمی عەرەبی و بەعسیەکان و بزووتنەوەی قومیە عەرەبیەکان ( حرکة القومیین العرب ) و هەروەها بەهێزبوونی ناسیونالیزمی کورد و پاشەکشە بە بزووتنەوەی جەماوەری و دیموکراتیکی گەلی کورد. ئیتر هەم مەسەلەی کورد و هەم چارەنووسی هەموو ژیانی سیاسیی عێراق کەوتە ناو بەرداشی ڕەوتێک ناسیونالیستیی عەرەبیی فاشیی و بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستی کوردی کە بوو بە سووکان بەدەستی مەسەلەی کورد و لەوێشەوە مەسەلەکە جەڕا و بوو بە دەسکێشی دەستێوەردانی ئێران و بەریتانیا و ئەمریکا لە سایەی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی هەموو باڵەکانی پارتی و بزووتنەوەی کوردایەتیەوە.

هەرچی جارەنووسی حیزبی شیوعیە ئەویش گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت. دوای سەرکوتە خوێناویەکانی کۆدەتای فاشیستیی ١٩٦٣ی بەعس و قومیە عەرەبیەکان ئیتر ئەم حیزبە هەم تووشی لاوازی و لەدەسدانی پایگا جەماوەریەکەی ئەبێت و هەم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕاستڕەوی زیاتر بەسەریدا زاڵ ئەبێ تا لە ١٩٧٣ دا و دوای هاتنەوە سەرکاری بەعسیەکان وەکوو سۆڤیەتی هاوپەیمانیان بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەعسدا پێکدێنن و ئەچنە ناو دەسەڵاتە فاشیەکەی بەعسەوە کە دواتر ڕاودەنرێن و بەعس ئیشی پێیان نامێنێت و دیسانەوە دەدەنەوە پاڵ بزووتنەوە چەکداریە کۆنەپەرستەکەی مەلا مستەفا .

ئەم ئاڵوگۆڕانە ئیتر ئەم حیزبە دائەبڕێت لەهەر ناوەڕۆک و سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە و لە هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە تا ئێستا هەمیشە حیزبی شیوعی وەکوو هاوکار و دۆستی باڵە ڕاستڕەو کۆنەپەرستەکانی ناو بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد ڕۆڵیان گێڕاوە . ڕەوتی ئەو سیاسەتانە ئەمڕۆ گەیاندوونی بەشوێنێک کە ئیتر حیزبی ناوبراو لەمڕۆدا هیچ پەیوەندیەکی واقیعی بە هیچ لایەنێکی خەباتی خەڵکی کوردستانەوە نەماوە چ جای هەوڵی ئەو خەڵکە بۆ چارەکردنی مەسەلەی کورد بەشێوازێکی ڕادیکال و شۆڕشگێڕ.

بەڵام کەیسی کۆمۆنیزمی کریکاری زۆر جیاوازە.

ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتیی هیچ بزووتنەوە و کێشمەکێشێکی سیاسی یا چینایەتی و کۆمەڵایەتی ناکات لەناو هیچ چین و توێژێکی خەڵکی عێراق یا کوردستاندا. كۆمۆنیزمی کرێکاری لەهەناوی هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی یا کۆمەڵایەتیی کاریگەری کۆمەڵگای کوردستانی عێراقەوە نەهاتۆتە دەر. ئەم ڕەوتە درێژەی ڕادیکالبوونەوەی چەپی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشووی کوردستانی عێراقە کە لەدوای ڕاپەڕینی ئێرانەوە بێ لێکدانەوەیەکی قووڵ کە جێگەی ئیقناعی سادەترین چاودێری سیاسی بێت ئەبێ بە پاشکۆی تەیارێکی دابڕاوی ناو چەپی ئێران.

ئەو کورتە تایبەتمەندیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە هێمام پێدان کاریگەری هەبوو لەسەر تێڕوانینیان بۆ مەسەلەی کورد لە کوردستانی عێراقدا. ئەم ڕەوتە پایگای خۆی بە بزووتنەوەی کرێکاری دیاریکردووە ، بزووتنەوەیەک کە لە کوردستاندا هیچ خاسیەت و بروزێکی سەربەخۆ، دیار ، کاریگەر و ڕۆشنی نەبووە لە کۆمەڵگەدا.چینی کرێکاری کوردستان ، کە ئەم حیزبە گرەوێکی زۆر و قورسی لەسەر کردووە ، لە واقیعێکی زۆر جیاوازتردایە لەچاو ئەو وێنەیەی ئەم حیزبە بۆی کێشاوە. جگە لەوەش خۆ ئەم ڕەوتە کە دواتر حیزبی خۆی لە ساڵی ١٩٩٣ بەدواوە پێکدێنێت، هیچ جۆرە کاریگەری، لێکەوت ، بەرکەوت و جێدەستێکی دیار نیە بەسەر بزووتنەوەی کرێکاریەوە.

لەبەرانبەردا بزووتنەوەیەکی پانوپۆڕ ، بەهێز، خاوەنی پایگای کۆمەڵایەتی ، زیندوو و کاریگەر هەبووە کە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ئەوکات ودوایی هێنان بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و جینۆساید کە لەدژیان پیادەکراوە ، بەڵام حیزبی ناوبراو زۆر بی موبالات ڕوانیویەتیە ئەم بزووتنەوەیە و هەر چاوەڕوانی هەڵسانی بزووتنەوەی کرێکاریی کردووە. ئەوە بە بەراورد بە حاڵەتی حیزبی شیوعی لەبەشی یەکەمی وەڵامی هەر ئەم پرسیارەدا جیاوازی تێڕوانینی ئەم دوو ڕەوتە بۆ خەباتی سیاسی بەتەواوی نیشان ئەدات. هەڵبەتە هەر بە پێی تیۆریی مارکسیزمیش ناکۆکیەک نیە و ئەوە لە کۆمۆنیستەکان حەرام نەکراوە کە ڕابەریی بزووتنەوەکان بکەن بۆ داماڵینی کۆتی ستەمی نەتەوایەتی بەتایبەتیش کە ئەو بزووتنەوەیە ، وەکوو حاڵەتی کوردستانی عێراق ، هەم عادیلانە بووە و هەم زۆر بەتەوژم و گوڕ وتین دێژەی هەبووە و پۆتانسێلێکی پێشکەوتنخوازیشی هەبووە.

لایەنگری و تەنانەت بەشداری یا ڕابەرایەتی کردنی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ داماڵینی کۆتی چەوسانەوەی نەتەوەیی شتێکە جیاواز لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی و بە پێچەوانەوە زامنکردنی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو بزووتنەوەیە پاشەکشە بە ناسیونالیزمی کوردیش ئەکات.

بەلام کێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوە بووە کە ئەوان لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵناسن تا شیکردنەوەی دروستی بۆ بکەن ، خاسیەتەکانی دیاری بکەن ، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی دەسنیشان بکەن ، بەوجۆرەی کە بە فیعلی و واقیعی هەیە نەک بەوجۆرەی ئەوان ئەیانەوێ، تا سەرەنجام بتوانن بەکەڵکوەرگرتن لە تیۆری و تاقیکردنەوەکانی مێژوو بەرنامە و سیاسەت و هەڵوێستی دروست لەبەرانبەریدا دیاری بکەن. ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەم ڕەوتە کۆمەڵگەی کوردستان بە لابراتۆر و تاقیگەیەک ئەزانن بۆ پیادەکردنی بیروباوەڕە ئایدیۆلۆجیەکانی خۆیان. واتە ئەوان ئەیانەوێت ملی واقیع بەولایەدا بابدەن کە ئایدیۆلۆجیی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئیدیعای ئەکات.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ناڵەناڵی ” ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت ” کە حوکمێکی تیۆریی دروستە، کەوتنە گرتنەبەری سیاسەتێکی پاسیفیستی و نەهلیستی لەبواری مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەکو مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئاخر ئەوە ناکۆکیەکی زەق بوو کە لەلایەکەوە بانگەشە بۆ ماف و تەنانەت پێویستیی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق بکەیت و لەولاشەوە بە گەلی کورد بڵێیت ” کورد زمان ” کە نە لەڕووی زانستیەوە دروستە و نە لەڕووی سیاسیەوە. ئەوە ترس نەبوو لە خزان بەرەو هەڵوێستگیریی ناسیونالیستیی بەقەدەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی پاسیڤ و عەدەمی بوو و هەیە.

بەڵام لە دواییدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە ناکرێ مەسەلەی کورد لە عێراقدا لەم قۆناغەدا ڕێک وەکوو پەنجا ساڵ لەمەوپێش و تەنانەت وەکوو نەوەتەکانی سەدەی پێشوو تەماشا بکرێت. ئەمڕۆ مەسەلەی کورد لە عێراقدا کەوتۆتە ژێر تەپوتۆزی سیاسەتی مافیایی و چەتەگەریی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کوردەوە” کوردایەتی ” . بزووتنەوەیەک کە دابەش بووە بەسەر سەنگەرەکانی هێزە فاشیەکانی وەکوو تورکیا وسیاسەتی میحوەرسازیی نێوان ئێران و تورکیادا کە جگە لەوەی ٢ قوتبی کۆنەپەرستی ناوچەکەن ، خۆشیان بەهەموو شێوەیەک ئاواتەکانی گەلی کورد لە ووڵاتەکانی خۆشیاندا لەخوێندا غەرق ئەکەن.

هەژموونی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە بواری مەسەلەی کورددا ، خاسیەتی ئەو مەسەلەیەی بەتەواوی شێواندووە و تێکەڵی کردووە لەگەڵ سەفەقاتی نەوت و ئیرتیزاقی سیاسی و گەندەڵی و تاڵانچێتی و کرێگرتەیی و ڕێک لەبەرانبەر بەرژەوەندی و چارەنووسی زۆربەی خەڵکی کوردستاندا ڕایگرتووە. ئیتر جوینەوەی شیعارە کلاسیکیەکان و مەقوولە تیۆریە کۆنەکان نەک هیچ ڕوون ناکەنەوە لەم بوارەدا بەڵکوو ڕەنگبێ سەرەگێژی و تەمومژیش دروست بکەن.


دەنگەکان: لە کۆتایدا زۆر سوپاسی کاک عەدنان کەریم دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەو کاتەی، لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانماندا.




ئەوەی نەدەبوو رویدایەوەو ئەوەشی دەبوو بکرایە … نەوزاد جەمال

ئەوەی ئێستە لەئارادایە، جگەلە داتەپینێکی سەرتاسەری هیچیتر نییە. ئێمە ناتوانین هیچ ناوو ناونیشانێکی تری بۆ بدۆزینەوە. جگەلەوەی ئەم دۆخە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارە. بەڵام داتەپینەکە بەئەندازەی مەترسیدارییەکەی، ئەوەندەش چاوەڕوانکراوە. تەنها کێشەکە لەوەدایە کەپێشبینی و ئامادەیی بۆنەکراوە، دەنا دۆخەکە وەک رێگەیەک بەرەودۆزەخ بەرچاوە. هەر لەنەبوونی سیستمێکی فەرمانڕەوایی دروستەوە تا لاوازی دامەزراوەیی و فشۆڵیان، لەنەبوونی حزبی مۆدێرن و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە تا لاوازی تاکی هۆشیارو بەرپرسیار، بەشێکن لەهۆکارە خۆییەکان. بەڵام جگەلەمانەش، ناکرێت هۆکارە دەرەکییەکان نادیدەبگرین. چونکە بەسیستماتیکی و میکانیزمی جیا کار لەسەر پوچەڵکردن و لاوازکردنی ئەم بەشەی کوردستان کراوەو دەکرێت.

بەئاشکرا، دیارە کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کولتوری، ئابوری و سیاسیمان خەرقکراوە. ئەوەی ئێستە لەلاوازی بڕیاردانی سیاسی و کەمدەستی چارەسەری ئابوریدا دەبینینەوە، چنینەوەی بەشێکی ئەو هەوڵەرێکخراوەیە. لێرەدا، باسەکە وتنەوەی وەهمی تێوری پیلانگێڕی نییە، بەئەندازەی ئەوەی کەخەرقەکە هێندە بەرجەستەو زەقدیارە، کە ئەجێندەکانی چیتر بۆ ئێمە شاراوەنین. دابەشبوونی ناوهەرێم بەکردەیی لەو رووەوە دیارە کەهەر حزبەی کەوتۆتە ئەجێندای دەوڵەتێکی جەمسەریی ناوچەکە.

کەواتە؛ ئەوەی نەدەبوو رووبدات، هاتەدی و ئێستەی لێکەوتەوە. بەڵام، ئەوەچییە کەدەبوو بکرایەو روینەداوە؟ هەڵبەت، ئەوەی دەبوو بکرایە، بریتییە لەگۆڕانکاری گشتگیرو لەسەروو هەموشیانەوە بەلاداخستنی پرسە هەڵپەسێراوەکان. لەمەشەوە، پێشخستن و چاودێکردنی سێکتەرەکانی بنەڕەتیەکان هەر لەژێرخانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەوە تا بنەماکانی دروستکردنی هاوڵاتی و تاکی سەربەخۆ.

ئەگەر سەرنجی پەروەردەوخوێندن بدەین، دەبینین پەروەدەی ئێمە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی بەهادارو چەقی ژیانی نەکردۆتەوە ئامانج. بەڵکو، لەخوێندنی بنەڕەتیەوە تازانکۆ پێداگیری لەوەرگرتنی زانیاری و پێدانی ئامۆژگاری سەدەکانی ناوەڕاستکراوە. جگەلەوەش، لەلای نەوەی ئەمڕۆ سەرجەم ماناکانی کوردبوون، مرۆڤبون، نیشتمان، خەبات، داکۆکی لەمافەکان بوونەتە شتی لاوەکی و قێزەوەن. هاوکات، دیاردەی بەرخۆری دەگاتە ئەوەی کە هەمووچاوەڕێبین و هیچیش نەیەت! بەداخەوە، دیمەنەکان بۆتە ئەوەی کۆمەڵگەی کوردسانی دەرۆزەکەر، چاولەدەرو دەستپانکەرەوەیەکەو هیچ پۆتێنسیاڵی خۆژیاندن و سەرپێخۆوەستانی تێدانەبێت.

بەڵام، لەبەرامبەر ئەم داتەپینەدا، زمانێکی سیاسی دابەشبوو دەیەوێت راستیەکان ئاوەژووبکات. بۆیە، ئەم دیاردەیە بە’بێمانابوونی زمان’ ناودەبەم. ئەمڕۆ، ووتن بووتە ناماقوڵییەکی رێکخراو. ئەوەی ناوی چاوەڕێکردن و خۆڕاگرییە، بۆتە بڵقی سەرئاو. باسکردنی هیواوئومێد جۆرێکە لەوەهم. پێناسەی ژیانی باش، درۆیەکی راستەو رەشبینی بوەتە پیشەیەکی بێبەرامبەر. هەموو ئەم بێماناییانەو هیتریش، ئیش لەسەر هەڵتەکاندنی بونیادی کەسێتی ئێمە دەکەن.

یەکێک لەو بێماناییانەی زمان، لەوەدایە بارودۆخی سەخت و نامرۆڤانەمان، بەقەیران وەسفکەین. وشەی قەیران بۆ دۆخی مرۆیی و سیاسی ئێمە نابێت. چونکە، هەموو قەیرانیک هۆو ئەنجامی هەیە. هاوکێشەیەکە کەرێگەچارەی سەرەتایی و کۆتایی خۆی هەیە. لێپرسراو بەرپرسیاری تێدایە کە کەبەرپرس و دامەزراوە هۆکاری قەیران و چارەسەر دەگرێتەئەستۆ. جگەلەوەش، ئەو زمانە سیاسی و حزبئاساییەی ئەمڕۆ توانای نیشاندانی راستی و شتەکانی نییە. چونکە، ئەوەندە کۆڵەوارو دابەشبووە لەنێوان بەرەی خێڕو شەڕدا، لەنیوان نەفرەت و پێداهەڵداندا کە ئیتر پانتایی بیرکردنەوەی سەربەخۆی نەهێشتۆتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کەزمانی دەربڕین لەبارەی کێشەکانەوە، بەئاڕاستەی شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی راستیەکان کاردەکات. لەگوتاری حزب و سەرکردەکانیدا، بەردەوام بیرکردنەوەی ناڕوون و نادیارکراو بەبەکارهینانی دەستەواژەی فرەواتاو جیاواز دەخوێنینەوە. دیارە، ئامانجیش خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی کێشەکان و خستنە ئەستۆی ئەویترە. فڕێدانی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی لایەکەیترە، لەکاتێکدا هەردووبەرە رکابەرەکە، دەیانەوێت ئیعتراف بەیەکتربکەن تا خۆڕادەستکات یا بەمەرجەکانی پێشووتر رازیبێت!

ئەمەش بنەمایەکی دروستی دانوستان نییە. لەم سۆنگەوە، بەکارهێنانی وتەی کڵێشەیی وەک “ئەمڕۆ کوردستان لەمەترسی و هەرەشەدایە، یا پیلانگێڕی و دوژمنی ناوخۆ، هتد لەئارادایە. ئەمانە، بەجۆرێک درێژەدانە بەدۆخەکە. ئیدی، زمان نەک بەقسەی فەیلەسوفی ئەڵمانی’هایدەگەر’ کە “هەڵماڵینی راستی بوونە”، بەڵکو لەزاری سیاسی و میدیاکانیانەوە دەمامکێکە کەدواجار لەڕێی دەربڕینی ریتۆریکییەوە، داپۆشینی راستیەکانە. لەباتی بەکارهێنانی ژیربێژی، بەڵگەو سەلماندنی راستیەکان هەبێت، گەمە بەهەست و هەڵچووون و نەستی مرۆڤەکانمان دەکرێت. لەئاکامدا، سەرچاوەی کێشەکان بەرەو نادیار دەبرێن. ئیتر بەهۆی ئەو زمانە سیاسیەوە کە ئەمڕۆ لەمیدیاکانیانەوە پەخشدەکرین، ئێمە دەکەوینە کۆمەڵگەی پاش راستییەکانەوە. کۆمەڵگەیەک کەدابەشبووە، ماناکانی مانەوەو ژیانێکی شیاو سەقامگیری ئەو زمانبەندییەوە لەدەستداوە.

پاش منجڕی لایەنەکان، ئێستە کێشەکان سوڕی ژیانی خۆیان تەواوکردووە. ئیتر بەرپرسەکان چاوەڕێی چین؟ کە قوربانی سەرتاسەری لەئاستی سێکتەرەکانی پەروەردە (بەراگرتنی بەهۆی مانگرتنەوە یا بەردەوامبوون کەسست و بێگیانە) درا. کە کەرتی تەندروستی و فەرمانگەکان بەگشتی ئیفلیجن. کاتێک وەبەرهینان و کەرتەکانی تریش پوکانەوە، ئیتر نۆرەی بەرپرسەکانە کە ئەوانیش قوربانی خۆیان بدەن.

جا بەسامانەکانیان، یا پێگەکانیان یا بەخواست و چاوەڕوانیەکان بێت. ئەمەش واپێوستدەکات سەرکردەسیاسیەکان، بەرپرسەکان لەو گۆشەگیرییەی بیرو نەستیان بێنەدەر. سیاسەت لەواقیع و لەگەڵ یەکتریدا دەکرێت، نەک تەنها بەخولیایەکی ناخەکی.
ناکرێت، خۆیان بەسەرکردەو بەرپرس بزانن، لەپێناو چاکەی گشتیدا توانای بڕیارو سازشکردنیان نەبێت. ناشبێت لەوەزیاتر ژیانی خەڵکی بوەستێنن، خۆشیان رادەستی رەوتی رووداوو دۆخەئاڵۆزەکە بکەن. ئەمڕۆ ئەستەمە هەر بەتاکەکەسێک سەرکەوتنی سەرتاسەری بەدەستبهێنێت. لەکاتێکدا دەکرێت کەسێک ماڵوێرانی و تێکشکان بەسەر گەلێکدابهێنێت. بینینی بەرژەوەندی و گرفتەکان بەشێوەیەکی تاکلایەنە، ئیفلیجکردنی توانای بریاردان و چارەسەرکردنیشە.

ناهەقییەکی گەورەیە گەردنی ئەو هەموو مرۆڤە، بخەنەژێر بەزەیی هەلومەرجەناوخۆیی و دەرەکیەکانەوە. مەترسی نێوخۆیی ئەمڕۆ هاوشانە بەهی دەرەکی، ئەمەش کانگەی مەترسیەکەیە کەتەنها لایەکیان ببینیت. دەبێت وەک شاعیری ئەڵمانی ‘هۆڵدەرلین’ ئەو راستییە بزانن کە: ‘لەکوێ مەترسی هەبوو، لەوێش رزگاری نەشونمادەکات’.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ 58 …. كه‌ریم كاكه‌


٥٨

-بابه‌، ئه‌ی ره‌قیب نه‌ما
+ هه‌ر نه‌ما، نه‌ما!

-به‌رێوه‌به‌ر گۆتی: واز له‌ ئه‌ی ره‌قیب بهێنن..
بابم له‌ بن لێوانه‌وه‌ شتێكی نزیك له‌وه‌ی گوت: به‌ قسه‌ی وی نابێ..
به‌ قسه‌ی وی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هه‌ڕوگیڤ و چاوسووركردنه‌وه‌یه‌ (زێوه‌ر) ئه‌ی ره‌قیبی لێنه‌بڕا، له‌ ریزبوونی سبه‌ینان، به‌ر له‌ ریزبوون، له‌ رێی ریزبوون، ئه‌ی ره‌قیب دیواری ده‌بڕی به‌ كۆڵانه‌كانی ئیسكاندا وه‌رده‌بوو، به‌ رێی ئامانه‌شدا تێكه‌ڵی ده‌نگی (قازی محه‌مه‌د) ده‌بوو، لێژده‌بۆوه‌ بۆ (كۆشكی باكوور) و ده‌په‌ڕیه‌وه‌ به‌ری گه‌رماوێ، له‌ولایه‌وه‌ش به‌ قسه‌ی كوڕی ده‌روێش بێت كه‌ له‌ بابیه‌وه‌ ده‌یگێڕایه‌وه‌، ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ده‌رگای مزگه‌فته‌كه‌ی بابی و به‌لای به‌لاشاوه‌شه‌وه‌ خۆم گوێم لێنه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ لوقمانی برای حه‌كه‌یمم بیستووه‌، ده‌گه‌یشته‌ نزیك ماڵی سابیره‌ فه‌ندی، ئه‌و مامۆستایه‌ حوكمه‌ت له‌ خانه‌قینه‌وه‌ هه‌ڵیدا و لێره‌ به‌ عه‌رد كه‌وته‌وه‌، سه‌ربرده‌ی زۆره‌، دواتر وردوباریك ده‌یگێڕمه‌وه‌، لوقمانیش یه‌كێ بوو له‌و شه‌ش حه‌فت قوتابیه‌ی كه‌ من له‌ پۆلی یه‌كه‌م وه‌رگیرام ئه‌وان پۆلی سێ و چواره‌م بوون، به‌ڵام كاتێ پۆلی پێنجه‌مم بڕی پێكه‌وه‌ بووینه‌ شه‌ش، حه‌كیم كه‌ گه‌یشته‌ براكه‌ی، بابی گوتبوویه‌ لوقمان:
حه‌كیمی برات له‌ كوێ بووه‌ مامۆستا، تۆش هه‌ر ده‌بێت له‌وێ به‌رده‌ستیی بكه‌یت ..

لوقمان رقی دنیای له‌ مامۆستا ده‌بۆوه‌، به‌ كه‌مێ زمانگرتنه‌وه‌، گۆتبوویه‌ بابی:
بابه‌، من له‌ هه‌ر كوێ بوومه‌ به‌رده‌ست، قه‌ینا له‌به‌ر خاتری تۆ حه‌كیمی برام له‌وێ به‌ مامۆستا وه‌رده‌گرم..
قسه‌ له‌ باره‌ی (ئه‌ی ره‌قیب)ه‌وه‌یه‌، من بۆ كوێم برده‌وه‌! حه‌كیم و لوقمان لۆ هاتنه‌ ناو باسه‌وه‌؟ نا له‌ خۆوه‌ نیه‌، ئه‌و لوقمانه‌ له‌ هه‌نكه‌وه‌ به‌رده‌سته‌ ، كه‌ له‌ ساڵی قه‌ده‌خه‌كردنی ئه‌ی ره‌قیب وا بزانم پۆلی پێنج بوو، له‌ رێی ریزبوونێ، مامۆستاكان هێشتا له‌ ژووری خۆیان بوون یه‌ك به‌ ده‌نگی خۆی:
ئه‌.. ئه‌.. ئه‌.. ئه‌ی.. ره‌قیب هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كورد زمان..

شوكر و خورشید و سه‌لاح جه‌وهه‌ر و من و زۆریدی زوو لێمان وه‌رده‌گرته‌وه‌:
نایشكێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان…..
مامۆستا ئه‌لیاس كه‌ له‌ پێش گشت مامۆستایان ده‌گه‌یشته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، ده‌نگی تێكه‌ڵی قوتابیان ده‌كرد:
كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌، كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌..
كاتێ به‌رێوه‌به‌ر و ئه‌وانه‌ش ده‌گه‌یشتن، مامۆستا ئه‌لیاس ده‌یگوت:
به‌سه‌، كوڕم به‌سه‌، كورد نامرێ، نا….
به‌رێوه‌به‌ر و هه‌ندێ ئه‌فه‌ندیتریش كه‌ نه‌مده‌زانی له‌ كوێوه‌ ده‌هاتن و قسه‌یان ده‌كرد، هه‌وڵیاندا له‌ (زێوه‌ر)ی ئیسكانی هه‌ولێره‌وه‌، قڕوقه‌پ به‌ ئه‌ی ره‌قیب بكه‌ن و نه‌گاته‌ گوێی كه‌س، به‌لاش بوو، ئه‌ی ره‌قیب له‌ دار و دیوار و ده‌ركه‌ و په‌نجه‌ره‌ و مێز و كورسیی زێوه‌ر تۆماركرابوو، ده‌نگی نه‌ده‌بڕا، دێته‌وه‌بیرم، زۆر جار له‌پێش ده‌رگا له‌ كاتی به‌ربوونی زێوه‌ر یان هه‌ردی، هه‌ردووكیان له‌ ئه‌ی ره‌قیب یه‌كیان ده‌گرته‌وه‌، سه‌ر جاده‌ یه‌ك پارچه‌ ده‌بووه‌ ئه‌ی ره‌قیب، جێی شه‌ڕه‌ به‌ردی گرتبۆوه‌، ئامانه‌ ده‌بوو راوه‌ستێ، دیمه‌نێكی جامی ئامانه‌ تا ئێستاش له‌ جامی روون روونتر له‌ چاومه‌، ژنێكی كراس ره‌شی پرچ له‌ پشته‌وه‌ قیت و تۆپ به‌ستوو، سه‌رێ ده‌رهێنا و هاواری كرد:

قوربانی ئه‌و كوڕه‌ جوانانه‌ بم، حێلتر، حێلتر، ئه‌ی ره‌قیب حێلتر..
ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر له‌ قوتابخانه‌ نا، له‌ رێوبان و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و رادیۆشه‌وه‌ هه‌ر زیندووه‌، له‌ رێی قوتابخانه‌، سبه‌ینان له‌ شامینۆكفرۆشه‌كه‌ حێلتر ئه‌ی ره‌قیبمان ده‌گوته‌وه‌، له‌ كۆڵانێ له‌ ناو گه‌مانێ، گه‌مه‌ی هه‌لیكانێ (هه‌لیك هه‌سته‌، بازه‌ به‌سته‌..) ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ ساپساپانێ( كه‌ پێیه‌ك له‌ هه‌وایه‌ و به‌ پێیه‌ك به‌ردێكی پان له‌ خانه‌یه‌كی سه‌ر عه‌رده‌ وه‌ ده‌به‌یته‌ خانیه‌كیتر) ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ خۆ به‌ ترومبێل كردنه‌وه‌ كه‌ خوا خوات بوو هێواش بكاته‌وه‌ تا خۆت فرێده‌ی، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ ژماردنی ئه‌ستێرانی سه‌ربانان، كه‌ كه‌سمان ته‌واومان نه‌كرد، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌،..

شه‌وان له‌ راوكردنی شه‌مشه‌مه‌كوێران، كه‌ كڵاومان هه‌ڵده‌دا، ئێ ئه‌وه‌ خوایه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ك بكه‌وێته‌ بن كڵاو و بیگرین، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ سه‌ر گۆمی شه‌خته‌كه‌ی به‌لاشاوه‌، كه‌ دواتر كه‌س باوه‌ڕینه‌ده‌كرد لێره‌ گۆمی شه‌خته‌ هه‌بووبێ، خلیسكانێمان ده‌كرد و ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ پێش ده‌رگای ماڵی كه‌ویار له‌و جێگه‌یه‌ی كیژان پێنجوكانێَیان ده‌كرد، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، به‌ دیار په‌لكه‌ زێڕینه‌وه‌ كه‌ به‌ پرچی ئایشه‌ و فاتمه‌ ناوی كه‌وتبووه‌ سه‌ر زاری كیژان، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ هه‌موو جێ ئه‌ی ره‌قیب به‌ ئاشكرا ده‌گوترایه‌وه‌، به‌ڵام له‌و رادیۆیه‌ی كه‌ سه‌ر له‌ ئێواران له‌ سه‌ری ده‌بووه‌ پڕكێش پركێش و هه‌ر كه‌سه‌وه‌ رایده‌كێشایه‌ بن گوێی خۆی، له‌به‌ر غژه‌ غژه‌ باش تێینه‌ده‌گه‌یشتین، ئه‌ی ره‌قیب به‌ نهێنی ده‌گوترایه‌وه‌، من هه‌ستمده‌كرد نهێنیه‌، ئاخر بابم ده‌یگوت:
كوڕم له‌ كن كه‌س نه‌ڵێن وگوێمان له‌ رادیۆی سه‌رێ گرتیه‌ و ئه‌ی ره‌قیبمان بیستیه‌..

ئه‌و رادیۆیه‌ كه‌ به‌رگه‌كه‌ی له‌ ره‌نگی كراسه‌كه‌ی كه‌ویار بوو، پڕ سه‌رهاته‌ و دوایی دێمه‌وه‌ سه‌ری، ئه‌ی ره‌قیب له‌و ده‌مه‌و به‌هاره‌ی كه‌ له‌ شه‌وێكدا شار به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا به‌ چیا كه‌وت، تا ئه‌و به‌هاره‌ی پیاوه‌ تیلاك خواره‌كانی پێشتر سه‌ركزانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شار، ئه‌ی ره‌قیب له‌ گوێی من ده‌نگی نه‌بڕا، له‌ خڕ لاوه‌ ده‌نگی ده‌هات،
له‌ باره‌ی ئه‌ی ره‌قیبی ساڵی كاولبوونه‌كه‌ سه‌ربرده‌ و قسه‌ زۆره‌، ئه‌وه‌تا مه‌لایه‌ك له‌ مزگه‌فتێ دێته‌وه‌، تووشی منداڵانی ده‌م به‌ ئه‌ی ره‌قیبه‌وه‌ ده‌بێ، ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ی رێ له‌ ئه‌ی ره‌قیب بگرێ، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ به‌ گژ خوادا بچێ..
شاتكه‌ شێت له‌ سه‌ر به‌رگی بالیفێ- ده‌بێ له‌ جۆته‌ خوشكه‌وه‌ فێربووبێ- به‌ خه‌تی دروومانی نووسیویه‌تی:
((كورد نامرێ)) به‌ڵام فیشه‌كه‌ شێته‌ی مێردی گوتبووی:
ئه‌و بالیفه‌ فڕێده‌، حوكمه‌ت بیبینێ، بالیف ده‌خاته‌ سه‌ر زارمان و ده‌مانخنكێنێ..
حه‌مه‌د مه‌ستان ، به‌ دیار شووشه‌ی نیوه‌ پڕه‌وه‌ كه‌ پێشتر جاروبار(له‌ باخان ئاه و ناڵین دێ) و (یار به‌ره‌و رووی ماڵان دێ)ی ده‌گوته‌وه‌، ئێستا خاو خاو له‌ خاوكه‌ر خاوتر (ئه‌ی ره‌قیب) ده‌ڵێته‌وه‌، هێند خاوی ده‌گوته‌وه‌، له‌ سرووده‌وه‌ كردبوویه‌ حه‌یران، ژنه‌كه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌كی كراسه‌كه‌ی هه‌ڵكراوه‌ و پێش ده‌رگا گه‌سكده‌دا و له‌ بن بارانێش سۆنده‌ی ئاوێی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌ڵێته‌ مێرده‌ مه‌سته‌كه‌ی:
تۆ به‌ مردنی خۆت نامری، یان عه‌ره‌ق یان حكومه‌ت ده‌تكوژێ..
حه‌مه‌د مه‌ستان ده‌ڵی:
به‌ كیهه‌یان بمرم شه‌هیدم.
بڵندتر ئه‌ی ره‌قیب ده‌ڵێته‌وه‌، هێند بڵند ده‌گاته‌ ماڵی ئه‌نۆ كه‌ ماڵیان له‌و سه‌ری به‌لاشاوه‌یه‌، نزیك كه‌ندی گڵكه‌ند ئه‌و كه‌نده‌ی هێنده‌ی ئاوی رژاندۆته‌ شاره‌وه‌ هێنده‌ش پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ تاریكایی ئه‌و كه‌نده‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ شار و گورزی خۆیان ده‌وه‌شاند و هه‌ر به‌وێدا یان به‌ كه‌ندی به‌لاشاوه‌دا هه‌ر به‌ تاریكی ده‌گه‌یشتنه‌وه‌ زوورگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی شار، كه‌نده‌كان پڕ سه‌رهاتن، تا كۆڵان كۆڵان مابێ كه‌نده‌كان ناوه‌ ناوه‌ دێنه‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام تاكه‌ كه‌سێ بتوانێ سه‌ربرده‌ی كه‌ند و پێشمه‌رگه‌ بگێڕێته‌وه‌، ئه‌نۆی به‌لاشاوه‌ی ماڵ له‌ نزیك كه‌ندی گڵكه‌نده‌، حه‌یف! چوو، گوێمان له‌و سه‌ربردانه‌ نابێت..

ئێ، با بێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ی ره‌قیب، ئه‌نۆ ئه‌و كوڕه‌ی كێشكه‌ی به‌ دار و دارتێله‌وه‌ نه‌هێشتبوو، به‌ دار لاستیقه‌كه‌ی ئاسمانی به‌لاشاوه‌ی رووتكردبۆوه‌ له‌ ته‌یر و تواڵ، نه‌ زێده‌گۆییه‌، نه‌ خه‌یاڵ و نه‌ هیچ له‌وانه‌، چۆنی ده‌گێڕمه‌وه‌ وایه‌، له‌ ترسی دارلاستیقی ئه‌نۆ، نه‌ك هه‌ر مه‌ل كۆپته‌ریش نه‌یده‌وێرا به‌ ئاسمانی به‌لاشاوه‌دا هه‌ڵفرێ، من دێته‌وه‌ بیرم ساڵانه‌ قاز و قورینگ به‌ ئاسمانی به‌لاشاوه‌دا ده‌هاتن و به‌ سه‌ر قه‌ڵاتدا نازانم به‌ره‌و كوێی دنیا ئاسمانیان ده‌گرت، راسته‌ پێش په‌یدابوونی ئه‌نۆ، پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ ته‌قه‌یان له‌ كۆچی قازوقورینگ كرد و دڵیان ئێشاندن، به‌ڵام دار لاستیقی ئه‌نۆ كار له‌ تفه‌نگ نه‌بوو، ئه‌و بوو رێی به‌ قازو قورینگان گۆڕی، دوایوه‌ی ئه‌نۆ به‌ دار لاستیقه‌كه‌ی كه‌لاستیقه‌كه‌ی له‌ چووپی ماتۆڕ بوو، له‌ گای دابا ده‌یته‌پاند، دوو سێ قاز و سێ چوار قورینگی له‌ ئاسمان په‌له‌واژ كرده‌وه‌ و تا گه‌یشتنه‌ سه‌ر عه‌ردی به‌لاشاوه‌، چه‌قۆیان به‌ سه‌رڕا نه‌گه‌یشت، ئه‌و به‌سته‌زمانانه‌ رێی خۆیان گۆڕی، به‌ سه‌ر مه‌نتكاوه‌ و رووناكی و كۆماری و سه‌یداوه‌دا به‌ سه‌ر قه‌ڵاتدا ئاودیو ده‌بوون و چه‌تۆی سه‌رناس گۆته‌نی ده‌گه‌یشتنه‌ چیای مه‌قلووبی شێخان و له‌وێشه‌وه‌ هه‌ر خۆیان ده‌زانن بۆ كوێ! هه‌ر ئه‌و ئه‌نۆیه‌ و به‌و دارلاستیقه‌ی ده‌ستی پرته‌قاڵ و هه‌ناری به‌ كۆماری گه‌ڕه‌كی (كۆماری)یه‌وه‌ نه‌هێشتبوو، به‌ چاوی خۆم دیتوومه‌، ئه‌و ئه‌نۆ نیشانشكێنه‌، له‌ دووریی دوو سێ دارتێله‌وه‌ نیشانه‌ی له‌ هه‌ناری به‌ داره‌وه‌ گرتووه‌، هه‌نار فڕیوه‌ هه‌ر ده‌نكه‌ی له‌ پێش ده‌رگایه‌ك كه‌وتووه‌، سه‌رهاتی كۆپته‌ره‌كه‌ش راسته‌ من به‌ چاوی خۆم نه‌مدی، به‌ڵام راسته‌، ئه‌وانه‌ی گێڕایانه‌وه‌، درۆیان لێناوه‌شێته‌وه‌، وا گه‌یشت و گه‌ڕه‌ك وای گێڕایه‌وه‌:

له‌ بن جۆت عاموودان(دارتێلان) له‌ پشته‌وه‌ی به‌لاشاوه‌، كۆپته‌ر خۆی نه‌وی ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ شتێك به‌رداته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی دوای كاولبوونی دنیا، له‌وێ سه‌نگه‌ریان لێدابوو، چادریان هه‌ڵدابوو، ئه‌نۆ له‌ بن دارتێله‌وه‌ له‌ ناو گه‌نمه‌وه‌ كه‌ به‌ژنێ هه‌ڵیدابوو، نیشانه‌ له‌ كۆپته‌ر ده‌گرێ و ته‌قه‌ی لێوه‌دێنێ، كۆپته‌ر زراوی ده‌چێ، به‌ خۆهه‌ڵدانێ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ بنی ئاسمانێ، تۆبه‌ده‌كات و جارێكیتر گوو ده‌خوات له‌و ئاقاره‌ هێنده‌ له‌ زه‌وی نه‌ویبێته‌وه‌..
ده‌ڵێی ته‌واوێك له‌ ئه‌ی ره‌قیب دووركه‌وتوومه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئه‌نۆیه‌ كه‌ له‌ هه‌وكه‌وه‌ هه‌وكه‌ی ناو سه‌ربرده‌ تا شه‌ش حه‌فت ساڵێكیتریش له‌گه‌ڵمه‌، سه‌رهاتی هێند زۆره‌، وه‌خته‌ بڵێم به‌لاشاوه‌ بێ وی و كه‌ویار و رێحانه‌ نه‌ گه‌ڕه‌كه‌ نه‌ هیچ، ئێ، وا هاتمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ی ره‌قیب و ئه‌نۆ، وه‌ك بینینی فیلم دێته‌وه‌بیرم، ئه‌نۆ له‌ پێش ده‌ركه‌ی زێوه‌ر گوتی:
زناحم له‌گه‌ڵ دایكی خۆم كردبێ، هه‌ر كه‌سێ نه‌هیڵێ ئه‌ی ره‌قیب بڵێم، به‌و دارلاستیقه‌، سه‌ری ده‌په‌ڕێنم..
تا له‌ بیرمنه‌چووه‌، ئه‌نۆ دارلاستیقی ده‌هێنایه‌ قوتابخانه‌، له‌ بن دره‌ختێ، له‌ كونی سولاوكه‌، له‌ كونی مه‌زرا، له‌ بن گونی خۆی، چووزانم له‌ جێیه‌ك ده‌یشارده‌وه‌، هه‌موو رۆژێ به‌ دارلاستیكه‌وه‌ ده‌هاته‌ قوتابخانه‌ و جارێكیش لێینه‌گیرا، دێته‌وه‌بیرم جارێك هیچ چاره‌ی نه‌بوو، دایه‌ من و گوتی:
چ مامۆستایه‌ك شك له‌ تۆ ناكات، با له‌كنه‌ تۆ بێت..

خستمه‌ گیرفانمه‌وه‌ و هه‌ر له‌وه‌شه‌وه‌ پتر بووینه‌ براده‌ر و هه‌میشه‌ له‌ سه‌ری ده‌كردمه‌وه‌، ئێ، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، كڵاوی مامۆستاكه‌ فڕی، زستان بوو، مامۆستا كڵاوێك وا بزانم كاسكێكتیان ده‌گۆتێ، له‌ سه‌ر بوو، كڵاو كه‌وت، ئاوه‌ڕده‌ده‌مه‌وه‌ ئه‌نۆ دارلاستیكه‌كه‌ی ده‌خاته‌ به‌ڕكی شه‌رواڵه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ جێی دوو سێ گندۆره‌ی لێده‌بۆوه‌، له‌ رێیێ گۆتی:
ئه‌و كه‌چه‌ڵه‌، نایه‌ڵێ (ئه‌ی ره‌قیب) بڵێینه‌وه‌!؟
ئه‌و رووداوه‌م له‌ ماڵێ گێڕایه‌وه‌، بابم گوتی:
كوڕم، هه‌ر كه‌سێ دژی ئه‌ی ره‌قیب بوه‌ستێته‌وه‌، نه‌ك كڵاو سه‌ریشی ده‌په‌ڕێ.

سوێندی كه‌سم له‌ سه‌ر نیه‌، ئه‌و ساڵه‌ی ده‌ڵێم ئه‌ی ره‌قیب هێنده‌ی ئه‌لفاتیحا هاتۆته‌ سه‌ر زاران، هێنده‌ی به‌رگی كتێب و ناوی خۆمان هاتۆته‌ به‌ر چاومان، ئه‌و ساڵه‌ منداڵ به‌ كه‌رتكه‌ گه‌چان چ جێ نه‌ما له‌ سه‌ری نه‌نووسن ئه‌ی ره‌قه‌یب، سه‌ر به‌رد و دار، دارتێل و دیوار، سه‌ر خۆڵ و قوڕ، سه‌ر ته‌نه‌كه‌ و چاكه‌تی مامۆستا و سه‌ر به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنان..
به‌ چاوی خۆم دیتم له‌ سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ خه‌تێكی ناڕێكی ره‌ش نووسرابوو:
هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كوردزمان..
كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ هه‌رای نایه‌وه‌، هه‌بوو به‌ سووكایه‌تی به‌ كوردی خوێنده‌وه‌، به‌ فیتی جاشی تێگه‌یشتن، جاشی له‌ جاشانیش، چوونكێ هه‌موو جاشێك كاری وا ناچیزه‌ ناكات، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س به‌ كاری شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌ژماركرد و وا بزانم حه‌مه‌د مه‌ستان بوو گۆتی:
خۆ سه‌ر پشتی كه‌رێ له‌ ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌فتێ پیستر نیه‌، ئه‌دی لۆ له‌وێ ده‌نووسرێ!

مه‌لارۆكیشم دیت شووشه‌یه‌ك نه‌فتی ده‌ستدایێ، كه‌ری كورد له‌ پشتێی گرت و كه‌وته‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی بۆیاغی سه‌ر پشتی، هه‌بوو گومانی لۆ وی چوو، به‌ڵام سوێندی به‌ زاد ( گه‌نم و جۆ) ی بنیاده‌م و كه‌رانی ده‌خوارد كه‌ ده‌ستی وی تێدانیه‌..
ئه‌ی ره‌قیبی سه‌ر چاكه‌تی مامۆستاش هێنده‌ی قه‌ومی كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ ده‌نگیداوه‌، له‌ قوتابخانه‌وه‌ به‌ ئیسكاندا هات و هه‌موو به‌لاشاوه‌ی گرته‌وه‌، بزانه‌ سه‌ربرده‌ی چاكه‌ته‌كه‌ چۆنه‌:
مامۆستایه‌ك هه‌یه‌، كاتێ داده‌نیشێ و لاق ده‌خاته‌ سه‌ر لاق و ده‌كه‌وێته‌ قسه‌، پێلاوی له‌ پێ بكه‌وه‌ ئاگای لێ نیه‌، قووڵ رۆده‌چێته‌ ناو باس و خواسان، ئه‌گه‌ر باسه‌كه‌ شتێكی ئه‌وتۆش نه‌بێ، ئه‌و ئه‌و گه‌وره‌ی ده‌كات و په‌لوپۆی لێده‌بێته‌وه‌، باسی دارا و زارا بكات، ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئاده‌م و حه‌وا و ده‌ركردنیان له‌ به‌هه‌شتێ، باس باسی مێوژی مام زۆراب بێ، ده‌مانباته‌وه‌ ناو ره‌ز و باخی خۆشناوه‌تی و چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی دار و دره‌ختان، ئێ، له‌ قسه‌ی مامۆستا گه‌ڕێ، با چاو ده‌ینه‌ سه‌ر چاكه‌تێ ، مامۆستا هه‌ستا سه‌ر ته‌خته‌ره‌شێ، له‌ سه‌ر دامه‌نی چاكه‌تی سپی، لای چه‌پی، به‌ خه‌ته‌كی خۆشی ره‌ش (ئه‌ی ره‌قیب)ه‌كی له‌ په‌نجه‌ پانتر، وه‌ك بڵێی ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ها نه‌خشابوو، مه‌گه‌ر جۆته‌ خوشك وا بینه‌خشێنن.

پۆل ده‌زانێ كه‌رخی ئه‌و كوڕه‌یه‌ كه‌ به‌ جووته‌ پێنووسی دار جوان ده‌نووسێ، ئه‌و وانه‌یه‌ مامۆستا تا ده‌ستی شل بوو له‌ سه‌ر ته‌خته‌ره‌ش شتی نووسی، به‌ڵام پۆل به‌ ده‌نگی نزم چاكه‌تی مامۆستایان خوێنده‌وه‌، له‌ ناو جاده‌ و كۆڵان و گه‌ڕه‌كیش گۆتیانه‌وه‌، وا بزانم مامۆستا هه‌وكه‌شپێوه‌ نه‌یزانی ئه‌ی ره‌قیبی پێوه‌!
ئه‌دی ئه‌ی ره‌قیبی ده‌ست و په‌نجه‌ی جۆته‌ خوشك، ئه‌گه‌ر به‌ كامی دڵ قسه‌ له‌ نه‌خش و نیگاری جووته‌ خوشك نه‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كۆڵانێكی جوانی به‌لاشاوه‌ له‌ نه‌خشه‌ی به‌لاشاوه‌ بسڕمه‌وه‌، ئاخر چ سه‌رنان و به‌رگه‌ بالیف و به‌رگه‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و په‌رده‌ی ده‌لاقه‌ و په‌نجه‌ره‌، تۆ په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستیشی به‌گه‌ڵ بده‌، نیه‌، نه‌خشی په‌نجه‌ی وانی پێوه‌ نه‌بێ، ئه‌وه‌ی نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشكی دیتووه‌، شایه‌دی ده‌دا كه‌ (مانی)یش هه‌ر وا نه‌خشی نه‌خشاندووه‌.

ماڵی جۆته‌ خوشك له‌و سه‌ر كۆڵانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌كدا پێچبكه‌یته‌وه‌ ده‌كه‌ویه‌ كۆڵانی ماڵی شفتیفرۆشه‌كه‌، با بڵێین كۆڵانی پێنج شه‌هید، دیاره‌ من دواترێ ئه‌و ناوه‌م لێی ناوه‌، ده‌نا له‌ به‌لاشاوه‌ كۆڵانێك نیه‌ به‌و ناوه‌، ئێ، له‌ ماڵیان گه‌ڕێ، بزانین نه‌خش ونیگاریان چۆن به‌ ماڵاندا ده‌گه‌ڕێ..
هه‌ر ده‌بێ به‌ به‌ندێكی پلكه‌ به‌ندبێژ بچینه‌ سه‌ر باسی جۆته‌ خوشك، ئاخر تا به‌ندی وی هه‌بێ، سه‌رهاتخوان ناوی خوداشی به‌ زاردا نایه‌، به‌ندی وی (هه‌بوو نه‌بوو)ه‌، تۆبه‌ خودایه‌! خوداش به‌ دوای ویدایه‌، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ به‌ندێكی درێژ، درێژتر له‌و رسته‌ی له‌ حه‌وشه‌ی گه‌وره‌ی ماڵی جۆته‌ خوشك هه‌میشه‌ چه‌ند پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌خشدار، تۆ بڵێ ئاڵای به‌ سه‌ره‌وه‌ هێند به‌ ناز ده‌شه‌كانه‌وه‌، جۆته‌حاجی له‌قله‌قه‌كه‌ی هه‌ولێرێش مرخیان لێ خۆش كردبوو، به‌نده‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ كۆڵانی ماڵی كه‌ویاریش درێژتر بوو، به‌ڵام من چ مێشكم ماوه‌! حه‌یف هه‌ر هێنده‌م بیرماوه‌:

جۆته‌ خوشكه‌ك هه‌ن له‌و سه‌ری
كراسی باخیان له‌ به‌ری
فۆته‌ی گوڵداریان له‌ سه‌ری
شاریان نه‌خشاند سه‌ر له‌ به‌ری
كراسی به‌ری جۆته‌ خوشك چ ته‌رز و ره‌نگ بوون، نایه‌نه‌وه‌ به‌ر بیناییم، به‌ڵام فۆته‌ی سه‌ریانم له‌ چاوه‌، گوڵه‌ به‌یبوون وخه‌زێمه‌یان لێ چنراوه‌، هێند جوانیان ده‌به‌ست، ئه‌و ژنانه‌ی ده‌مێك بوو فڕێیاندابوو، به‌ دیتنی وان بۆ فۆته‌ گه‌ڕانه‌وه‌، نه‌خشی فۆته‌ش هه‌ر چنراوی ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆیان بوو، جۆته‌ خوشك وه‌ها تێكه‌ڵی نه‌خش و چنینن، ناپرژێنه‌ سه‌ هیچ، نه‌نه‌ خانی دایكی سوڵتانه‌ شێت گۆته‌نی: له‌بیریانچووه‌ شته‌ك هه‌یه‌ مێردكردنی ده‌ڵێنێ.. چاوچاوانێ و حه‌زحه‌زۆكێ و ئه‌و شتانه‌ش نازانن چیه‌، لۆ جوانیش له‌ جوانان بوون، به‌ژن لاولاوی، پرچ خاوی، به‌ڵه‌ك چاوی له‌وانه‌ بوون وه‌ك ده‌ڵێن برای خۆیان عاشقیان ده‌بوون..
ده‌رێ و گه‌ڕانیان نیه‌، كه‌مه‌، چ جێ پێنازانن، به‌ره‌ جه‌ژنانێك له‌ بن قه‌راتێ له‌ دایكیان داده‌ده‌بڕێن ، به‌ساكه‌ گۆڕی و ریم و پاسان ناكه‌ونه‌وه‌، بۆ بانگه‌واز ده‌چنه‌ مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قان، مه‌لا ئه‌وها بانگ راده‌دێرێ:

دوو كیژۆره‌ له‌ پێش ده‌ركه‌ی مزگه‌فتی خانه‌قایێ چاوه‌ڕێی داكیان ده‌كه‌ن..
جۆته‌ خوشكی ده‌ستڕه‌نگین دێنه‌ كۆڵانێش ده‌رزی و ده‌زوویان له‌ ده‌سته‌ و په‌ڕۆ ده‌نه‌خشێنن، دایكیان گۆتبووی:
ده‌ست به‌ ده‌رزیه‌وه‌ خه‌ویان لێكه‌وتووه‌..
ئه‌دی ده‌رزی له‌ مه‌مكی گه‌وره‌كه‌یان رانه‌چوو! لێی پیس نه‌كرد! ده‌رزی، دوای ده‌رزی بڕێ! كچ خه‌وی لێده‌كه‌وێ و ده‌رزیی له‌بیرده‌چێ، له‌ خۆ وه‌رگێڕانێ ده‌رزی له‌ مه‌مك راده‌چێ.. دكتۆری هه‌ولێر و مووسڵا نه‌ما پێینه‌كه‌ن، بردیانه‌ به‌غداش، خوای نه‌خش و نیگار كردی هێشتیه‌وه‌ و نه‌یكوشت، بابی سێ جوانه‌گای له‌ خۆی گرتبوو، ده‌مه‌و عه‌سرانێ ماڵ نه‌بوو له‌ به‌لاشاوه‌ له‌گه‌نه‌ گۆشتێكی بۆ نه‌چێ، خوشكی گچكه‌ش به‌رگه‌ بالیفی نه‌خشداری له‌ خۆ گرتبوو، پاشۆڵێكی به‌خشی، ئێمه‌ش به‌رمان كه‌وت، له‌ ماڵێ له‌ سه‌ری به‌شه‌ڕهاتین، شه‌ڕه‌ بالیفێكمان كرد، ده‌تگوت رێوی چۆته‌ كۆڵیتی مریشكان، له‌ به‌ر په‌ڕه‌مووچه‌ چاو چاوی نه‌ده‌دی، بالیفه‌كان چنگێ كه‌متریان لێمایه‌وه‌، خۆ له‌بیرتانه‌ هه‌ینێ بالیف په‌ڕه‌مووچه‌ی تێدابوو، هه‌ر ئێمه‌ نا، منداڵ نه‌بوو له‌ سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك به‌ شه‌ڕ نه‌یێ!

ئاخر سه‌ر نانه‌ سه‌ر بالیفی وان، وه‌ك چوونه‌ ناو په‌پووله‌ وگوڵان وایه‌، ئه‌و به‌رگه‌ی شه‌ڕه‌ بالیفی له‌ ماڵی ئێمه‌ نایه‌وه‌: عه‌رده‌كه‌ی به‌ لای مۆریدا ده‌ڕوانێ، دوو په‌پووله‌ باڵیان لێككردۆته‌وه‌، یه‌كیان سپی سپی، پنتی ره‌شی تێدا، ئه‌ویدی پرته‌قاڵی هێل هێل هێلی باریكی شینی ئاسمانیی تێدا، له‌ پێش په‌پووله‌كان گوڵێكی سوور به‌ لاسكێكی ناسكه‌وه‌، له‌ نێوان گوڵ و په‌پووله‌ سێ چوار په‌ڕی گوڵ وه‌ك بڵێی له‌ سه‌مادان، یان خۆیان بۆ پێشوازیی په‌پووله‌كان راخستبێ، له‌ سه‌رێ دوو په‌له‌ هه‌وری نازانم چ ره‌نگ، وه‌ك بڵێی كه‌وتبنه‌ به‌ر تیشیكی زه‌رده‌په‌ڕ، ته‌نكه‌ سێبه‌ریان به‌ سه‌ر په‌پووله‌ و گوڵه‌وه‌ دیاره‌..

نه‌خشی سه‌ر بالیفه‌كه‌ی كه‌ویاریشم له‌ چاو نه‌خشاندووه‌ و دوای ئه‌و هه‌موو نه‌خشه‌ و ره‌نگه‌ی به‌ سه‌ر دنیادا هات ره‌شنه‌بۆته‌وه‌، دنیاش كاول بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك به‌ هێل و ره‌نگه‌وه‌ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌:
وێنه‌ی ناوله‌پێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ په‌نجه‌ی شوو شوو باریكه‌وه‌، چ په‌نجه‌یێ، له‌ شێوه‌ی په‌لكی داربی، نینۆكی پێنج په‌لكه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ندووكی كه‌ون، سوور ده‌چنه‌وه‌، كه‌ویار گۆتبوویه‌ كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان:
كاتی سه‌ر ده‌خه‌مه‌ سه‌ر بالیفی خۆم هه‌ستده‌كه‌م گوێم له‌ ده‌نگی كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕناكه‌یت، وه‌ره‌ له‌ سه‌ری بخه‌وه‌..
خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و قسه‌ی به‌ من گۆتبا.
بالیفی كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش، نه‌مدیتبوو، به‌ڵام به‌ قسه‌ی خۆی بێ، نه‌خشه‌كه‌ی دوو باڵی په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌، هه‌ر باڵه‌ی به‌ لایه‌كدا ده‌فڕێ، هه‌ندێ پووشیش وه‌ك بڵێی با هه‌ڵیگرتبن، به‌ ئاسمانه‌وه‌، شتێكی گچكه‌ش له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌ پێده‌چێ ده‌ندووك بێ، كچه‌ له‌ جۆته‌ خوشكی پرسیبوو:
ئه‌و به‌رگه‌ بالیفه‌ زۆر جوانه‌، به‌ڵام تێناگه‌م لۆ ئه‌وهایه‌!
گۆتبوویان:
له‌ تێگه‌یشتن گه‌ڕێ، جوان، جوانه‌!
نه‌خشی ده‌ستی سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك، ده‌ستاوده‌ست ده‌كه‌ن، ژن و كچانی گه‌ڕه‌ك ئه‌وانه‌ی ده‌ستی نه‌خش و چنینیان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌ پێش ئاوێنه‌ له‌ خۆ وردده‌بنه‌وه‌، ئاوا به‌ دیار نه‌خش و ره‌نگی جۆت خوشكه‌وه‌ راده‌مێنن، به‌ڵام په‌نجه‌یێ له‌ ره‌نگی په‌نجه‌ی ئه‌وان په‌یدا نه‌بوو، نه‌خشی سه‌ر به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك له‌ دووره‌وه‌ ده‌ناسرانه‌وه‌، سه‌رنانی ده‌ستی وان رۆژیی به‌ رۆژیوانان ده‌شكان، دڵگیراوی ده‌هێنایه‌ سه‌ر خوان، هه‌ركه‌سێ نه‌خشی سه‌رنانی ئه‌وانی له‌ سه‌ر تلیانه‌ی نانێ ده‌دی تازه‌ش له‌ سه‌ر نانێ هه‌ستابا، حه‌زی ده‌چووه‌ نان، جۆته‌ خوشك به‌ سه‌د ته‌رز نه‌خشیان ده‌نه‌خشان، ده‌ بڕوانه‌ ئه‌و سه‌رنانه‌:

عه‌رده‌كه‌ی ره‌نگ جۆییه‌، جۆی ره‌ش، له‌ ناوه‌ندێ به‌ ره‌نگی سپی، له‌ گه‌نم سپیتر نانێكی نه‌خشاندووه‌، له‌ نه‌خشاندنێ دیاره‌ ته‌نكه‌، ته‌نك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵیش ته‌نكتر، له‌ چوار ده‌وری نانه‌كه‌ سێ چوار ئه‌نگوتكی قیت، له‌ مه‌مكی خۆیان قیتتر، له‌ ره‌نگ له‌ چ ئه‌نگوتكێ ناچن، ره‌نگی مێوژی ره‌شیان گرتووه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناوبرێشكێ به‌ سێ په‌نجه‌وه‌ دیاره‌، ناوبرێشك ره‌نگی نانی نه‌ختێك سووتاوی گرتووه‌، په‌نجه‌ش ده‌ڵێی ئێستا له‌ خه‌نه‌ی گرتووه‌، ئه‌نگۆ بڵێن، خۆتان له‌ خودا مه‌كه‌ن، نه‌خشی واتان له‌ سه‌ر سه‌رنان دیتووه‌!

چاوده‌نه‌ سه‌رنانه‌كه‌ی ماڵی نه‌نه‌خان، دوو گوڵه‌ گه‌نم به‌ لاسكی درێژه‌وه‌، به‌ گوڵی ره‌ژگوڵ ده‌چن، پرژیان ره‌ش ره‌ش ده‌ڵێی برژانگی خۆیانه‌، له‌وێیان نه‌خشاندووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ چاو و برۆی جۆته‌ خوشكیان بینیبێ، قسه‌كه‌م لێوه‌رده‌گرن، له‌ نێوان دوو گوڵه‌كه‌ ره‌وسه‌ی گه‌نم له‌ شێوه‌ی له‌گه‌نه‌ پڵاوساوار هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ش ته‌باره‌یه‌ك ده‌ڵێی په‌له‌ هه‌ورێكی ته‌نكه‌ به‌ سه‌ر زه‌ویه‌وه‌ نیشتۆته‌وه‌، شاتكه‌ شێت گۆته‌نی:
ده‌وجا وه‌ره‌ حه‌زت نه‌چێته‌ نانی بن سه‌رنانێ!

به‌ شاتكه‌ شێت سه‌ری پشیله‌م بیركه‌وته‌وه‌، جۆته‌ خوشك له‌ سه‌ر خواست نا، به‌ دڵی خۆیان نه‌خشیان ده‌نه‌خشاند، به‌ڵام دڵی شاتكه‌یان نه‌شكاند، پێیگوتبوون: مشك هه‌راسانی كردم، نه‌ده‌رمان كاریان تێده‌كات، نه‌ له‌ پشیله‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، پشیله‌ی سه‌ر گه‌وره‌م له‌ ئێوه‌ ده‌وێ..
جۆته‌ خوشك سه‌ری سێ پیشیله‌یان له‌ سه‌رنانێ نه‌خشاند، له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای تلیانه‌ی نانت كردبا،
پشیله‌ چاوی له‌ چاوت بڕیبوو، به‌ڵام چ پشیله‌یه‌ك، هێند جوان هێند جوان، مشك نه‌ك هه‌ر لێی ناڕه‌وێنه‌وه‌ حه‌زده‌كه‌ن بۆی بچنه‌ ژوان!
به‌رگی رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكانیش ده‌ستكردی جۆته‌ خوشكه‌، له‌ ته‌نكی و ناسكی له‌ تارای بووك ده‌چێ، دوو چاوی گه‌شی له‌ سه‌ر چنرابوو، تا هه‌ینێ چاوی چ بووكێ وا نه‌نه‌خشابوو.. دواترێ له‌ پێش قاپیی مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قێ به‌رگێكم به‌ رادیۆی ده‌ستی عه‌مۆ جه‌لیله‌وه‌ دیت، هه‌ر ده‌بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بووبێ..

ئه‌دی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵی فازیل رێحانه‌، وه‌ی وه‌ی! چه‌ند چڵه‌ رێحانه‌یه‌كی لێ چنراوه‌ هه‌ر ده‌ڵێی به‌ راستیه‌، ده‌ڵێی رێحانه‌ی سه‌ر به‌ڕكی رێحانه‌یه‌..
له‌ سه‌ر په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستێش، مه‌سینه‌ی وایان ده‌چنی، ده‌ستت بۆی ده‌برد له‌گه‌ڵ خۆت بیبه‌ته‌ ژۆرێ..
ئۆی، تا ئه‌و سه‌ری گه‌ڕه‌كێ له‌ ئه‌ی ره‌قیب دووركه‌وتمه‌وه‌، ئه‌ی ره‌قیبه‌كه‌م له‌ ماڵی بڕنۆ دیت، له‌ سه‌ر په‌رده‌ی ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی كه‌ پێشتر وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مه‌لا مسته‌فای به‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، له‌ سه‌ر په‌رده‌ی شین كۆمه‌ڵێ پیتی سووری په‌رت و بڵاو دیارن، زۆری برد تا پیت پیت لێكم دان و بوونه‌ (ئه‌ی ره‌قیب…) ئه‌وه‌ش نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بوون..

به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك، هه‌ر له‌ به‌لاشاوه‌ نا، په‌ڕیه‌وه‌ به‌ری گڵكه‌ند و سه‌یداوه‌، به‌ شاردا بڵاوبۆوه‌، گه‌یشته‌ ده‌ڵاڵخانه‌ی ناو قه‌یسه‌ری، گوێیان لێبووه‌، پیرێژن له‌ ناو په‌ڕۆوپاتاره‌وه‌ هاواریكردووه‌:
وه‌رنه‌ به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشكان..

یه‌ك جۆته‌ خوشك هه‌بوو، وه‌ك چۆن له‌ دوای ده‌روێش برایم بانگدان حه‌رامه‌، له‌ دوای مام دێوانه‌ زوڕنا و له‌ دوای مه‌لا عه‌بدوڵلای ده‌فژه‌ن، ده‌ف بێ تامه‌، له‌ دوای جۆته‌ خوشكیش چ ره‌وا نیه‌ كه‌س ده‌ست بۆ نه‌خش و چنین ببات، داخی گرانم، جۆته‌ خوشكیش به‌ ده‌ردی شه‌هابه‌ی هه‌ولێری و مینكه‌ی شمشاڵژه‌ن چوون، له‌ دوای خۆیان هه‌ستانێ، ئاوازێ، نه‌خشێ بۆ شار به‌جێنه‌ما..
جۆته‌ خوشك دێنه‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، ئێستا ده‌بێت به‌ ده‌وری رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكان بازنه‌ ببه‌ستین و گوێ له‌ ده‌نگی (ئێره‌ ده‌نگی..) بگرین




سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و غیابی نەوشیروان مستەفا …. ئارام عزیز عبدالله

دەمەوێت لەڕێگەی ئەم نوسینە خەبات و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگۆشەنیگای ڕەهەندی ڕەخنەوە بخەمەڕوو بەپشت بەستن بەگیانی ڕەخنەو لەسەر بنەمای بونیادنانی یان باشترکردنی لەوەی کە پێمان وابووە لەڕابردودا زیانی بەڕەوتی خەباتی مەدەنیانەی بزوتنەوەکە گەیاندووە… ئەویش بەدەست خستنەسەر کەم و کوڕیەکان خستنەبەرچاوی هەر هەڵەیەکی سیاسی و ئیعلامی لەتەواوی بەر پرس و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەدا…
بزوتنەوەی گۆڕان وەک دەرکەوتنێکی سیاسی نوێ و جیاواز لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە(۲٥/۷/۲۰۰۹) کەهاوکەت بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبی و ڕاماڵینی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکانی ناوچەکە یەکەم تەجروبەی سیاسی سەرکەوتووی گۆڕان بوو، کە توانی پێشڕەوی ناڕەزایەتی و سەرکردایەتی بەگژداچونەوەی ناعەدالەتی بکات و زەینی کۆمەڵگای کوردی تاڕادەیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا هاوتەریب بکات….درێژەپێدانی سەرکەوتوانەی ئەم ڕەوتە سیاسیە زۆر لە دەسپێکەکەی گرنگتربو ، بێگومان ئەستەم تریش بوو ، بۆیە بەند بوو بە تەوقیت و ئەحداسی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە پراکتیزەکردنی سیاسەتێکی حەکیم لەگەڵ ڕەوت و خەباتی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەڵبکات و بگونجێ.. وەک ئاماژەم پێدا هەل و مەرجی سیاسی و دەسپێکی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان تەوقیتێکی گونجاوبوو..
بەڵام هەل و مەرجی سیاسی ئەو گۆشەگیریە سیاسیەی ئێستای بزوتنەوەکەی پێدا گوزەر دەکات ڕاستیەکمان بۆ دەسەلمێنێ کەبزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی ئینتیمای سەرکەوتن و پارێزگاری لەبەدەست هاتووەکان بکات ، لێرەوە ڕوبەڕوی ئەوپرسیارە ئەبینەوە داخۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەکوێدا هەڵەی کرد..؟

۱-گۆڕان دەرکەوتنی وەک حیزبێکی ئۆپۆزسێۆن لەسەرو بەندی (بەهاری عەرەبی)..کەنەیتوانی یان نەی ویست یان نەیزانی شوناسی سیاسی ڕونی هەبێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەیتوانی وەک پارتێکی عەلمانی دیموکراسی خواز جیاواز لەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر لەژێر هەژمونی ئیسلامی سیاسی دەگوزەرا ، لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان بووە فاکتەرێکی بەهێز بونی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان ..لەئێستاشدا هەمان دەرئەنجامی خراپی بەهاری عەرەبی لەسۆنگەی نێودەوڵەتیەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەرکەوتوون.

۲-لاوازی لە ڕایەڵەکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیەکان ئەگەر چی لەڕوی نەبونی کەوادری بەئەزموون بێت یان هەڵەی سیاسەتی گشتی گۆڕان و بەدگومانی لەشێوازی پەیوەندی و هەڵسوکەوتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبزوتنەوەی گۆڕان ، کەئەمەش فاکتەری بەهێزی گۆشەگیربونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەشێوەیەکی بەرفراوان نەی توانیوە لە ئێران و عێراق و نەیارەکانی پارتی زیاتر تێپەڕ بکات کە کافی نین بۆ بزوتنەوەکە.

۳-دەزگا ئیعلامیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدیار و بەرسێبەریەوە بەشێوەیەکی بەردەوام لە هێرشدا بۆسەر نەیارەکانی بووە..نەیتوانیوە گۆشەنیگایەکی تری ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان پیشان بدات ، ئەمەش تاقەت پڕوکێنی خەڵکی بەگشتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای لێ کەوتەوە.. بەپێچەوانەوە هیچ نەفعێکی بۆ گۆڕان نەبووە.. جگە لەوەش فرەلێدوانی و بێسەرەوبەرەی لەپەیج و ئەکاونت و کەسایەتیە دیارەکانی نزیک بزوتنەوەی گۆڕان و نەگەڕانەوەیان بۆ سیاسەتی بزوتنەوەکە کاریگەری خراپی لەسەر تێگڕای سیاسەتی گشتی بزوتنەوەکە هەبووە ، کە بۆتە هۆکارێک بۆ دورکەوتنەوەی کەسە بەهێزەکانی ناو بزوتنەوەکە چونکە بۆهیچ کەسێکی ناو بزوتنەوەکەو دەرەوەی بزوتنەوەکەش دیار نەبووە کێ قسەکەرو بەرپرسە..بەپێچەوانەوە هەرچیەک وترابێ لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بووە بەماڵ و بەداخەوە خۆشی لێ بەر پرسیار دەکات.

0- بەوپێیەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگای نەریتیە..هەربۆیە سەرۆک خێزان ، سەرۆکی عشیرەت ، سەرۆکی حیزب ، سەرۆکی وڵات یان هەر سمبول و کاریزمایەکی تر ڕۆڵی زۆر جدی و کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی خەڵکی…لە ڕابردودا گۆڕان وەک داهێنانێک تەواو پێچەوانەی ئەم ڕەهەندە کاری لەسەر لاوازی سیمبول و پیرۆزیەکان کرد… کە نەشتوانرا لە زینی تاکی کۆمەڵگا بسڕدرێتەوە تاکە لایەن لەم ڕووەشەوە زەرەرمەند بووە خودی بزوتنەوەی گۆڕان بوو… غیابی جەنابی ڕێخەری گشتی لەڕوداوەکانی کوردستان بێ متمانەی بێ ئینتیمای لەسەر هەوادارانی بزوتنەوەکە و لایەنەکانی دۆستیش دروست کردووە..ئەوەی ڕکابەرەکانی گۆڕان بەتایبەتی پارتی کەخەڵکی کوردستانی واباوەڕ پێ دەهێنا کە بزوتنەوەی گۆڕان زەرورەتی مێژووی نیەو بە پەرچەکرداری سیاسی فەشەلی ناو یەکێتی وە دەیەوێت ئەم فەشەلەش لەسەر کۆمەڵگا ئەزمون بکات.

لەکۆتایدا وەک هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەو دیدی خۆم بەشێوەیەکی کورت لەو خاڵانەی لای سەرەوە خستەڕوو کە پێم وایە لانی کەم پێچەوانەکانیان تەواو ڕاستە بەدیدی ئەوەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە قەیرانێکی سیاسی قوڵدایە ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیەی کەسواری بووە ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە یەکەم کەس گۆڕان دەخاو بەردەبێتەوە…بۆیە پێم وایە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە بەنج و نەشتەرگەری گشتی سیاسی هەیە کەزۆر بەپەلە لەڕێگای خەڵکی شارەزاو خاوەن ئەزمونی سیاسی و زانستی ئەم پرسە ئەنجام بدرێت .




گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلح ڕێبواری شاعیر … سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای ئاشنابوونی تۆ و شیعر چۆن بوو؟

موسلح ڕێبوار : لە سەرەتای لاویمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەری، بە تایبەت شیعر و ئەدەب بووم. یەکەم ئەزموونە شيعرییەکانیشم، بە كوردی و فارسی، هي سەردەمی تازەلاویمە؛ لە تاران، پێش زانکۆ و لە زانکۆش کاتێک لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا لە شانەی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نووسینی شیعر، لای ئێوە، بۆ نزیک بە نیو سەدە دەگەڕێتەوە. ئایا کۆشیعری “گەشتی کوردستان” یەکەمین کۆشیعرتانە؟

موسلح ڕێبوار : بەڵێ؛ یەکەمینە و هی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانە! پێش “گەشتێ لە کوردستان”یش شیعری کوردی و فارسیم هەبوون کە نەماون. هەندێک کورتەچیرۆکیشم ئەو کات، نووسی کە تەنها یەکێکیان ماوە بە ناوی “شیعری دارێنە”و خۆی داستانی ئاخرین ڕۆژەکانی ژیانی سمایلی شەریفزادەیە کە لە نزیکەوە دەمناسی. بگەڕێینەوە سەر ئەم کۆشیعرەم کە ساڵی ١٩٧٩ چاپکرا. ئەوکات، دە ساڵ کۆن بوو و شوێنەواری بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ی پێوەیەو لەوێشدا, ناوی شەریفزادە هاتووە. ناوی ئەم کۆشیعرەش “گەشتێ لە کوردستان”ە، نەک “گەشتی کوردستان”؛ تا لە دیوانەکەی هەژار بە ناوی “گەشتی کوردستان” جیا بکرێتەوە!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بە بەراورد، ئەم کۆشیعرە، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کۆشیعرەکانی “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە”؟

موسلح ڕێبوار : دەکرێ بڵێین “گەشتێ لە کوردستان” بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ (٤٦-٤٧ی ئێرانی) دەنوێنێتەوە. “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبرە”، بە زۆرێنە، بەرهەمی هەشتاکانن و شوێنەواری بزووتنەوەی هەشتاکانیان لێدیارە؛ دیارە شیعریشی تێدایە کە لەو بابەتانە نین. جگە لەوە، فۆرمی زۆرینەی شیعرەکانی “گەشتێ لە کوردستان”، کلاسیکییە و لە ژێر کاریگەری قانع و گۆران و هەژار و هێمندایە؛ زیاتریش هەژار و هێمن! فۆرمی ئەم کۆشیعرانەی دواییم، فۆرمی نوێیە و زیاتر ئەچنە پاڵ گۆران و شاعیرانیتر؛ لە تام و چێژی شیعری نوێی فارسیش، زیاتر بەهرەمەندن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا هیچ بەرهەمێکت هەیە لێی پاشگەز بیت؟

موسلح ڕێبوار : نە! دەشێ پاشگەز بم؟! هەندێک لە شیعرەکان، شوێنەواری لە ناسیونالیسم پێوە دیارە؛ لە شەستەکاندا ئێمە، بەتایبەت کۆڕی پێش کۆمەڵە، هەرچەندەش خۆمان لە ناسیونالیسم دادەتەکاند، بەڵام هەندێکمان پێوە تلا بوو. ئەمەش، لەو کۆشیعرەدا، دیارە. بەڵام، ئەوەندە نەبووە کە نیشانەیەک لە نەفرەت و دواکەوتوویی ناسیونالیسم دابنێ! بۆیە، لەوانەش پاشگەز نیم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری شیعر, تۆ سروودیشت نووسیوە. نووسینی سروود هەندێ تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک ڕوونی مەبەست و ڕاستەوخۆی پەیام. تۆ چ جیاوازییەک لەنێوان شیعر و سروودا دەبینی؟

موسلح ڕێبوار : پێشدا ئەوە هەندێک لە شیعرەکانم بوون کە بوونە سروود و کەوتنە بەر پێشوازییەکی باشیش؛ پاشان، سروود دانان لە سەر مۆسیقا و میلۆدی ئامادەش، هاتە نێو کارەکانمەوە. ئەوانیش باش دەرچوون. لە شیعردا، وەک هەموو ژانرێکی هونەریی، ئەساس، دەربڕینی هەستە. هەندێک دەڵین سروود پەیامە و شیعر نییە، دیارە مەبەستیان لە سروود، لیریک و کەلامی سروودە؛ نەک بەشی ئاواز و مۆسیقای سروود. لیریکی سروودیش لای من، جۆرێکە لە شیعر! لیریکی سروود، مادام هەڵگری هەستێکە، شیوازێکە لە شیعر. مەبەستم ئەوەیە من جیاوازیەکی زۆر نابینم. شیعر مەیدانێکی بەرینترە کە لیریک و کەلامی ئاواز و سروود، بەش بەشێکی ئەو مەیدانەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە کۆشیعرەکانتدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئێوە شیعرتان بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە و کەسایەتییە سیاسیییەکانی نێو بزاوتی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان نووسیوە. ئایا ئەم بایەخدانە ناچێتە خانەی شیعری بۆنەوە؟

موسلح ڕێبوار : شیعر، وەک ژانرێکی هونەریی، بەرهەمی هەستی شاعیرە بەرانبەر ژینگەی دەوروبەر. فوئاد، دۆست و هاوڕێی نزیکی من بوو. من بە مەرگەکەی ئازارم گەیشتێ؛ بێجگە لەوەش، هەستم بە خاڵیایی جێگاکەی کرد. خوسرەوی ڕەشیدیان، هەر بەو جۆرە؛ یان موسای برام. ئەمانە بۆ من پێش ئەوەی فەرماندە و کەسایەتی بن هاوڕێ و خۆشەویست بوون! نموونەی تری، یەکی ئەیارە کە نەک هەر هەستی من، هەستی کۆمۆنیستەکان بە گشتی، دەبزوێنێ. لێنین، خۆزگەی دەخواست یەکی ئەیار سەرەتای ساڵ بوایە و وەک سەرەتای ساڵ پڕ بوایە لە شادمانی و ڕێ و ڕەسم؛ لەمەش زیاتر کە ئێستا هەیە! ئەو شیعرانەی من کە وەک شیعری “بۆنە” ئاماژەیان بۆ دەکرێ، وەک باقی شیعرەکانم، بەرهەمی هەستن. گەلێک بۆنەش هەبوون کە، هەرچەندیش هەوڵمداوە، نەمتوانیوە شیعریان بۆ بهۆنمەوە. ئایا دەبێ لۆمەبکرێم کە بۆچی شیعرم بۆ دۆعا نەنووسیوە؟ هەۆڵمداوە و نەکراوە؛ شیعر نەهاتووە. من لەو کەسانەم کە بەشوێن ڕوونکردنەوەی زانستی هونەر و شیعرەوەم؛ بەڵام ئەمە ئاسان نییە. بەم بۆنەشەوە ناتوانم ڕوونی بکەمەوە بۆچی هەندێک بۆنە، هەستم بەهرەوەر دەکەن و هەندێکیان ناگەنە ئەو ڕادەیە. هەندێک لەمانە کە خۆم پێم وایە زیاتریش دەمهەژێنێ، شیعری لێ بەرهەم نایە! هەوڵی خۆم دەدەم؛ بەڵام ڕەوانییە، نەهیچکەس و نە خۆیشم،خۆم لۆمە بکەم کە بە بۆنەیەکەوە شیعرم نووسیوە و بە بۆنەیەکەوە نا! یان هەر بۆچی شیعری “بۆنە” دەنووسم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا شیعری بۆنە ڕەتکراوەیە یان پێویستییەکە و ناتوانین خۆی لێ لابدەین؟

موسلح ڕێبوار : لای من، دیارە ڕەت نەکراوەتەوە! شیعر، پێشتریش وتم؛ مادام بەرهەمی هەست بێ، ئیتر زیندووە و شیعرە. شیعری بێهەست و مردوو، هی “بۆنە”ش نەبێ، هەر شیعر نییە. پرسەکە لە سەر “بۆنە” نییە، لەسەر هەستییار بوونی شیعرەکەیە. ئەو بەشانە لە شیعرەکانی من، نەک هەر لە هەستی منەوە هەڵقوڵیون، هەستی گوێگر و خوێنەریشیان بزواندووە و زۆر باشیش چوونەتە نێو دڵ و دەروون و هەستی جەماوەرەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری نووسینی شیعر، ئێوە کاری وەرگێرانیشتان ئەنجام داوە. ڕات چییە بەرانبەر ئەوانەی دەڵێن وەرگێڕانی شیعر کارێکی دژوارە و هەندێک دەڵێن هەر ناکرێ؟

موسلح ڕێبوار : ئەمە بەجێیە! زمان، کە ئامڕازی یەکەمی شیعرە، گەلێک پێوندی لەگەڵ کەلتوور و ژینگەی سەرچاوە، هەیە. لە زمانی دووهەمدا، ئەستەمە هەموو ئەو ژینگەیە، ڕاگوێزرێتەوە. بۆیە، من، بە وەرگێڕانەکانی خۆم ئەڵێم: وەرگێڕانی ئازاد! شیعرێکی “برێشت” یان”ترەیسی چاپمەن”، یان ئاوازەکەی جان لێنۆن، هەستی بۆ هێناوم و منیش شیعری خۆمم داناوە. بەڵام شیعری وا، بەتەنها هی من نییە؛ هەستی ئەو شاعیرەشی پێوەیە؛ بۆیە پێی دەڵێم وەرگێڕاو؛ بەڵام وەرگێڕاوی ئازاد، چونکوو نە خۆم بە دەقەکەی ئەوەوە بەستووەتەوە نە بەتەمابووم هەموو کەلتووری باکگراوندی شیعرەکە ڕاگوێزم. تەنانەت شیعری “هەی-داد” کە بوو بەو ئاوازە خۆشە و گەلێک هونەرمەندی بەڕێز پێشکەشیان کردوە، بەرهەمی هەستێکە لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕێکی کاپیتاڵی مارکس! ئەمە وەرگێڕاو نییە بەڵام بەرهەمەکەی من، هەستی منە لە ئیدەیەکی کەسێکیتر. وەرگێڕاوە ئازادەکەی من، لەو کاتەشدا کە وەرگێڕانە، بەرهەمێکی هەستی منە کە خوێندنەوە و بیستنی شیعرێک(ی برێشت) یان ئاوازیک(ی ترەیسی چاپمەن، یان جان لینۆن) پێی بەخشیوم! شیعری لایە-لایەی برێشت، لە کوردییەکەی مندا جیاوازە. بۆ نموونە منداڵەکە، لای من کچە، لای ئەو کوڕە! بەکورتی؛ وەرگێڕان، لای من، هەستی خۆمە لە بەرهەمی کەسێکیتر! ئەم بۆچوونەم بۆ کەسانیتریش کە کاری وەرگێڕانیان کردووە، پێ ڕەوایە. هەژاریش هەر وا بووە لە ئاست خەیام؛ یان شاملو بۆ لەنگستۆن هیوز و ئەوانیتر.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : تا ئێستا وەرگێرانەکەی ئێوە بۆ سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە کۆڕ و کۆمەڵ و مەراسیمەکاندا ئامادەیی هەیە. چیرۆکی وەرگێرانی ئەو سروودە چۆن بووە؟

موسلح ڕێبوار : من بە گیانێکی ڕەخنەگرانەوە ئەم سروودەم کردە کوردی. ئەوەم لا گرینگ بووە، ئەم دەقە کوردییە، گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەو یادگارەی کۆمۆنەی پاریس و ئۆژن پۆتیە، ڕاگوێزی بۆ مەیدانی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە کوردستان. بۆ وەرگێڕانی ئەم سروودە، دەقی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبیم لە بەرچاو بووە. دواییش، هاوڕێیەک لەگەڵ دەقی فەرانسایی بەراوردی کرد و هاورێیەکی خەڵکی کوردستانی باکووریش لەگەڵ دەقی تورکی. دەقێکی فارسیشم هەر بۆ ئەنتەرناسیۆنال نووسیوە، چونکوو لام ڕوون ببووەوە کە فارسییەکەی لاهووتی ڕەسا نییە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا بە تێڕوانینی ئێوە، کاتی ئەوە نەهاتووە چاو بەو وەرگێرانەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ بخشێنرێتەوە؟

موسلح ڕێبوار : وادیارە، ڕەخنەیەکت پێیە، لەم دەقەی ئێستا؟؟ من ئامادەم بۆ پێشوازی؛ هەرکەسێک ڕەخنە و پیشنیاری هەبێ؛ بە گەلێک سپاسیشەوە، ئامادەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : زۆر کەم بەرهەم بڵاو دەکەیتەوە. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆشیعرێکی تازەتان بڵاو نەکردۆتەوە.

موسلح ڕێبوار : بەبڕوای من، بەرهەمی هونەریی، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند، لێرەدا شاعیر، تێدا دەخەمڵێ. ئەو بزووتنەوەیە، هەڵس و کەوتی هەیە و هونەرمەند و شاعیریشی! مەبەستم ئەوەیە کە هۆیەکی شەخسیی نییە؛ نابینم کەسیتر لەم مەیدانەدا، گەلێک هەڵسووڕاوتر بووبێ. دیارە لێرەدا، باسی شیعر و شاعیری ڕێبازەکانیتر ناکەم کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیان جیاوازە! لەوانەیە هەڵس و کەوتی ئەو بزووتنەوانە جیاواز بێ؛ لەوانەیە هەڵسی ئێمە کەوتی ئەوان بێ و بە پێچەوانەش! سەرەڕای ئەوەش، بەرهەمی تازەم هەن؛ بەقەد هەشتاکان زۆر نین؛ دەی حەفتاکانیش، بەقەد هەشتاکان بەرهەمم نەبووە. من لەشەستەکان و حەفتاکاندا، تەنیا “گەشتێ لە کوردستان”م دیارە! ڕەنگە بتوانین بەرهەمەکانی ئێستام لەگەڵ حەفتاکان هەڵسەنگێنین کە ئەمان پوخت و پاراوتریشن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە چاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانت بکەیتەوە؟

موسلح ڕێبوار : سەرجەمێکم، ساڵی ٢٠١٣، لە چاپداوە بە ناوی “بۆ ئازادی” کە زیاد لە کۆشیعرە چاپکراوەکان و چاپکراوانی ناو گۆڤار و چاپەمەنییەکان، چەند شیعرێکی تائەوکات چاپنەکراویشی تێدایە. بەڵام ئەوەش دەسەلمێنم کە کاتی لەچاپدانەوەی “بۆ ئازادی”ش هاتووە و ئەبێ بچێتە ژێر چاپی دووەم. دیارە، بەرهەمی تازەش هەن کە لە چاپی دووهەمدا لێی زیاد بکەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : چ خوێندنەوەیەکتان هەیە بۆ ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە؟ ئایا دەستکەوتە فیکریی و مەعنەوییەکانی ئینسان دەتوانین وەک ئەدەب و هونەری کرێکاریی چاولێبکەین؟

موسلح ڕێبوار : بە دەستەواژەیەکی کورت: خۆێندنەوی من؛ هونەری ئازاد و داهێنەرە! ئەدەب و هونەری ئازاد لە بەند و باری سەرمایەداری؛ لەم مەینەتاوا کۆیلەیە! ئەمە زۆر بە کورتی؛ بەڵام وەڵامی پڕبەپڕی ئەم پرسیارە، خۆی کتێبێک هەڵدەگرێ و زیاتریش!
من لە سەرەتای “بۆ ئازادی”دا باسێکی، بەنیسبەت، کورتم کردوە لەسەر ئەم بابەتە. لەوێدا باسی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و چینایەتی بوونی ئەمانە، کراوە. بەڵام لێرەدا، لەوەش کورتتر، وەڵامێک بەم پرسیارە (کە دوو نیوە-پرسیارن) دەدەمەوە! بەهیوام، دوایی، فرسەت بێتەپێش کە زیاتر باسی لەسەربکەین.
کەسێک پێی دەڵێ ئەدەب یا هونەری شۆڕشگێڕ، پێشڕەو؛ کەسێکیتر دەڵێ هونەر و ئەدەبی ئالترناتیو یا هونەری بەرهەڵست یا کرێکاری یا هەرچی… کێشە لە سەر نێوەکەی نییە! کێشە لە سەر هونەرێکە و لەسەر کەلتوورێکه، کە ئازادە لە کۆیلەتی و ڕێگا-خۆشکەری ڕزگاری و ئازادی ئینسانە و بەرەو ئاسۆی ژیانی گەش و ئازاد و شاد بۆ هەمووان، دەئاژوێ! ئێمە، لایەنگری ئەمەین و بەرهەڵستی هونەرێکی ڕێگر و چەواشەگەر دەبینەوە کە هەست و هۆش و چالاکی کومەڵانی خەڵک ژارخواردوو دەکات. ئێمە بێلایەن نین! خەمخۆری ڕێبازێکی تایبەتین و ئەمانەوێ هەست و چالاکیمان ئاوی هەرێز نەدێرێ! بۆیه، جێی خۆیەتی ئەم ئامانجە ڕوون بێتەوه، تا هەر هەرزەبێژێک، یان هەر ئایینپەرستێک، نەتوانێ هونەری کۆیلە، یان “سینەزەنی” و نیوە-نووزەی عیرفانی بکاتە بەرهەڵستی ڕزگاریمان! بۆیه، هونەری کارگەری، بەمەعنایەک کە لەو سەرتایەدا باسم کردوە، ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاری دژ بە سەرتاپای سەرمایەدارییە لە مەیدانی هونەر و ئەدەبدا؛ لە هەمانکاتدا، بەڵێ، میراتگری هونەری بەشەرییەتی پێشکەوتنخوازە، لە هەر ڕابوردوویەکی دوور یان نزیکی مێژووی ئینساندا؛ میراتگری هەر ڕادەیەک لە ئازاد بوونی هونەرە لە مێژوودا. بۆ ئەوەش کە باشتر بزانین ئەم هونەرە ئالترناتیوە چییه، پێشدا بزانین چی نییه!
هونەر و کەلتووری ئێمە هەر ئەوە نییە کە باسی فەقیر و هەژار و کرێکار بکات، لەوانەیە بورژوازیش، بە شیعر و ئاواز و سینەما، باسی کرێکار بێنێتە ئاراوه؛ بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندی خوی! گەلێکجار، کارگەری گوێ لە مشت و ژنی کۆیله، دەکاتە ئیدۆل! هونەری مێدیای جمهوری ئیسلامی پڕن لەمانە! لەوانەیە شاعیرێکی وەکوو هەژار، فوو بە زوڕنای ناوچەگەری و جیاوازییە نەتەوەییەکاندا بکا و داوی دووبەرەکیمان بۆ بنێتەوە و شەوارەمان بخا بۆ دنیایەکی پڕ لە کێشە و ناتەبایی ناسیونالیستی؛ یان مەدداحێک، بە زکر و تەلیلەی دەروێشی، وادەی بەهەشتی پاشمەرگمان پێبدات و سەرخۆشمان بکا بە ئەفیونی ئائین! گەلێک زۆرن ئاواز و گۆرانی لە میدیای بورژوازیدا کە هەر کڕووزانەوەی ژنە، بە دەست پیاوسالارییەوه، بێئەوەی هەستێک لە دژی دەربڕێ! بڕوانە زۆربەی ئاوازەکانی گوگوش (گوگوش، ئاوازی پێشڕوەیشی هەیە) و هایدە و ئەوانە؛ یان زۆربەی ئاوازەکانی هالیوود! یان میدیاکانی “دەسەڵات” لە کوردستان! ئەو هونەرە کۆیلەیە، ڕۆشناییەک بۆ ڕزگاری لە پیاوسالاری و لەم مەینەتاوایە، نادا بە دەستەوە. کەلتوور و هونەری ئێمه، بەڵام، بەرهەڵستی ئەفیون و هۆشبەر دەبێتەوە و ئەم ژینە، وەک تاقە مەودای خۆشی و شادی دەبینێ و خۆشەویستییەکی بەرین دەخەمڵێنی.
بڕوانە “برێشت”. کەلتووری ئێمە، خۆی نابەستێتەوە بە نامووسپەرستی و بەندوباری یاسای کۆنەوه؛ جوابی ڕەسم و ئایین و یاسای سەرمایەی کۆنەپەرست ناداتەوە و ئاواتی نزم ناکاتە ئاسۆی جەماوەر. هونەری ئێمه، هونەر و کەلتووری تا ئێستای ئینسان، وەک دەسکەوتی مێژوویی چەند هەزار ساڵه، وەک هەوڵدانی بەشەر بۆ ڕزگاری و وەک کۆمەڵێک پاشەکەوتی بەنرخ، هەڵدەسەنگێنێ؛ بەڵام، کاتێک کە خۆی شوێنەوارێکی نوێی هەیه؛ کاتێک ئاسۆی ڕزگاری، ڕۆشنتر ناسیوه، شوێن کەوتووی ئەو کەلتوورە کۆنە نابێ. گۆران و شەکسپیر و موزارت، بۆ کەلتووری ئێمە، گەنجینەی گەورە گەورەن؛ بەڵام ئێمە، بە شێوەی خۆمان، بەکاریان دێنین. ڕەخنەگریشمان، هەمیشە بەردەوامه؛ نەک هەر لەوان، لە خۆشمان! هەوڵ دەدەین کۆت و زنجیری کۆن و نوێ، لە کەلتووری خۆمان و لە هونەری خۆمان داماڵین و ڕێگا بۆ ئازادی و بۆ گەشەکردنی هونەر، خوش کەین. ئەم کەلتووره، لەمبارەوە، بەقەد میژوو، کۆنه؛ چونکو میراتگری ئینسانی تیێکۆشەری پێشڕەوە، بە درێژایی مێژوو؛ میراتگری شادی و پەژارە وهەست نواندنی ئینسانییه، لە سەرەتای ژینیەوه. هەر هونەرێکی پێشڕەو و بەرهەڵست لەهەر وەرچەرخانێکی میژووییدا، دەسکەوتی ئێمەشە. هەست بزوێنترین سیمفونیاکان، تەناتەت شەپۆڵی ئەم ئاخرانەی موزیک و هونەر، لەدژی کۆیلەتی و مەینەت و لە ستایشی شادیدا، بە دەسکەوتی خۆمان دەزانین.

گەرچی، لەو چوارچێوانەشدا نامێنینەوە و هەموو سنوورێکی کۆمەڵگەی بەندیخانەی چینایەتی تێدەپەڕێنین. لە بارێکی دیشەوە، ئەم کولتوورە، نوێیە و هی ئەم یەک دوو سەدەی دواییە! لە چاو مێژووی بەشەر، کەلتوورێکی تازە و مۆدێڕن و جەوانە؛ هەر وەک خەباتی مۆدێڕنی چینی کریکار بۆ ڕزگاری ئینسان، مۆدێڕن و جەوانە! بۆیه، من لەگەڵ ئەوانەم کە بەم کەلتوورە دەڵێین”کارگەری”؛ کەلتوورێک کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاری یەکجاری ئینسانە؛ کەلتوورێک کە بە دوو باڵ: باڵی هەستی بێسنووری هونەریی و باڵی زانستی کۆمەڵایەتی کومونیستی ئەو چینه، دەفڕێت! ئەم کەلتوورە، لە سەرەتای مێژووی هەزاران-ساڵەی ئینسانییەوه، خەریکی بنج بەستن بووە. بەڵام لەم دوو سەدەی دواییدا، وەچێکی تازەی داوە و گەشەی کردووه، بەرەو بەرژەوەندی ڕزگاربوونی ئینسان لە کۆمەڵگای چینایەتی. کەسانی وەک “هاینریش هاینه”، “ماکسیم گورکی”، “برتولد برێشت”، “ئاراگون” و “جەوهیل” و “نازم حیکمەت” چەند ئەستێرەیەکی ئەم ئاسمانەن؛ ئیتر با، هەزاران دوندی فەرهەنگی بەشەریش، بە میراتی ئینسانی، پێش هەبوونی چینی کرێکار، دابنین.

بەرهەڵستی سەرەکی ئەم کەلتوورەو ئەم ئەدەب و هونەرەش، چینە ستەمگەرەکان بوون؛ بە کۆنەپەرستییانەوە، بە هونەرییانەوە و تەنانەت بە بەشەکانی دیکەی دەسەڵاتییانەوە، لەسەراسەری مێژوودا! ئەوان، نەک هەر کۆمەڵانی خەڵک بە هونەری چەواشە، بەشەوارە دەخەن، ڕاستەوخۆش بە سانسۆر و داخ و درەوش، ڕێگرمان بوون لە بڵاو کردنەوەی هونەرەکەمان. ئێستا، ئەم ستەمگەرییە، لە پەیکەری سەرمایەداریدا خۆی دەنوێنێ. ئەم چینە، کە سەردەمێک، لە دژی نیزامی کۆنتری پێش سەرمایەداری، شۆڕشگێڕ و پێشڕەو بووە، دەمێکه ئیتر پێشڕەو نەماوە و ڕێگری ئازادی ئینسانه. لە سەردەمی شەڕە جیهانییەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، ئیتر لە سەراسەری جیهاندا، دژ بە پێشڕوی و گەشەکردنە. ئەم هێزە، نەک هەر دەسەڵاتدارە و زۆربەی زۆری میدیا و سامانی کۆمەڵگایش لە دەستیدایە؛ دەشتوانێ، هونەری چەواشە بڕازینێتەوەو بە چەق و لووری دژ بە ژن و دژ بە ئازادی و بەرابەری، کۆمەڵانی خەڵک لێک جیابکاتەوە و ڕێگای ڕزگارییان لێ ون بکا؛ نەک هەر ئەمە، ڕاستەوخۆش پێش بە گەشە و کاریگەربوونی هونەرمان دەگرێ. بۆیه، ڕێبازی ئێمە، پێویستە میلیتانت بێ و بچێتەوە بە گژ نەریت و کەلتووری بورژواییدا؛ ئەو کەلتوورە گەندەڵەی خەریکی زیندووکردنەوەی پرتووکاوترین سینەزەنی و دابونەریتی ئایینی و خورافی چینە کۆنترەکانە و هیچ نیشانەیەک لە ئازادی و ئازادیخوازی پێوە نەماوه، نابێ بتوانی چیدی ڕێگر بێ و ڕێ ونکەر بێ.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ) : ئاسۆی ئەو ئەدەبە(ئەدەبی کرێکاریی) لە کوردستان چۆن دەبینن؟

موسلح ڕێبوار : ئەم کەلتوورە و ئەم هونەرە کە ئەدەب و شیعریش بگرێتەوە، لەسەر زەمینەی بزووتنەوەی کرێکاری دەخەمڵێ. ئەم بزووتنەوەیە، ئەنتەرناسیونالیستی و جیهانییە. بەڵام دیارە، لە شوێنی جۆراوجۆری جیهان، بە ڕادەی جۆراوجۆریش دەخەمڵێ. لە کوردستان، بزووتنەوەی کرێکاری، لەچاو شوێنە پێشکەوتووترەکان، جەوان و کاڵە! بۆیە، سەیر نییە ئەگەر کوردستان، باشترین جێگای خەمڵینی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی نەبێ. بەڵام لە کوردستانیش و لە گۆڕەپانی جیهانیشدا، هەتا دێ، زەمینەی بۆ فەراهەمتر دەبێ. ڕاپی کرێکاری و ئاوازی بەسۆز لە دژی نالەبارییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پەرە دەستێنێ. نموونە زۆرن؛ بڕوانە ئاوازەکانی ئەحمەد کایا، بڕوانە ئاوازەکەی مایکل جاکسۆن کە دەڵێ “ئەوان بەخەمی ئێمەوە نین”؛ ئەمانە، ئەگەریش ڕاستەوخۆ لەم بزووتنەوەیە نەبن، ڕێگا خۆشکەرن. ڕێگای هونەر و ئەدەبی کرێکاریی لە کوردستانیش، خۆشتر ئەبێ، دەشتوانین خۆشتری بکەین! وەرگێڕانی ئازاد و پەرەدان بە بەرهەمی پێشڕەو لە دەرەوەی سنوورەکان، کارێکی پیرۆزە. ئێمە لە کوردستان و لەم ناوچەیە، زیاترین پێویستیمان هەیە بە ئەدەبی و هونەری جیهانیی.

——————————————–

کورتەیەک لە بایوگرافی ڕێبوار و بەرهەمەکان

ساڵی ١٩٤٧، لە مەریوان، چاوم بەژین پشکووتووە. سەرەتای شەستەكان، بو درێژەدان بە خوێندن، چوومە تاران. ساڵی ١٩٦٩، فاکۆڵتی ئابوريم تەواو كرد. لە سەردەمی منداڵی و لاويمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەریی، بەتایبەت شیعر و ئەدەب بووم و یەکەم ئەزموونە شیعرییەکانم، بە کوردی و بە فارسی، هی ئەو سەردەمی تازە-لاویمە. لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا، لە شانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم. ئەوکات، سەردەمی پێکهاتنی ڕێکخراوەکان و کاتی سەرنجی ڕەخنەگرانە بوو لە قوتابخانە سیاسییەکانی سەردەم. ئێمەش ڕێکخراوێکمان پێکهێنا کە دوایی ناونرا “کۆمەڵە”. مەبەستمان دامەرزاندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەراسەری بوو لە ئێران. ئەوکات، خۆمان لە ڕەوتەکانی سەردەم (توودە و چریک و دیمۆکرات و … ) بە جیاواز دەزانی و ڕێبازێکی کۆمۆنیستی ڕاستەقینەمان لەبەرچاو بوو؛ هەرچەند ناسیۆنالیسم، هێشتا، دەستبەردارمان نەببوو. کۆ-شیعری “گەشتێ لە کوردستان” و هەندێک داستانی کورتم، لەوانە، ” شيعری دارينە” کە گێڕانەوەی ئاخرین ڕۆژەکانی سمایلی شەریفزادەیە، ئەوکات، بە دەستنووس و بە نهێنی، بڵاو بوونەوە. وەرگێڕانی ئازادانەی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بە هۆنراوەی کوردی کە لە سیانزە چیرۆکی منداڵان پێک دێ و هی نووسەر و وێنەگەری سۆڤیەت ڤلادیمیر سوتەیەڤە، یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەرچەند هێشتا چاپ نەکراون.

وەک گەلێک هەڵسووڕاوانی ئەو کات، ڕێگاشم کەوتە بەندیخانەی سیاسی: قزل-قەلعە، لە تاران. ماوەیەک پاش زانکۆ، وەک کارزانی ئابووری، لە “بەرنامەو بودجە”ی کوردستان، لە شاری سنە، دەستم بە ئیش کردهاوکات، دیارە بە نهێنی، درێژەم بە هەڵسووڕانی هونەریم و سیاسیم دەدا. ئەو سەردەمە بوو کە لەگەڵ شەریکی ژیانم، فەوزیە، ژیانمان و خەباتمان لێک گرێدا؛ هەتا ئێستاش، پاڵپشتی قایمی خەبات و ژیانی یەکترین. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوکاتی ئیراندا کە شۆڕشەکەی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە، چالاکیم نواند. دواتر، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان لە کوردستان، بۆ ئێمەی کۆمۆنیست درێژەی ئەو خەباتە بوو. یەکەمین سروودەکانیشم بەرهەمی ئەو سەردەمەن.هەندێک لە شیعرەکانی پێشتریشم بوونە ئاوازی پرۆپاگاندەی خەبات. لە هەشتاکاندا، “سروودی سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە” و “چەند لاپەڕە لە دەفتەری ڕۆژانەم”؛ هەروەها وەرگێڕاوی کوردی مانیفستی مارکس و ئێنگێلس، چاپکران. داستانی کورتی فارسی و کوردی “ئاسۆی شۆڕش” و هەندێک وەرگێڕان بۆ کوردی و فارسی،، نووسینی شيعر و هاوکاری کۆڕی بانگەواز بۆ سروود و ئاواز، هەروەها وتاری سیاسی، وێڕای خەباتی چڕ و پڕ لە کۆمەڵەی شاخدا، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی ئەوکات، بڵاو دەبوونەوە.

بەبۆنەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت دابەزینی هێزەکانی ناتۆ لە کوەیت و عێراق، ناسیونالیسم بەگشتی و ناسیونالیسمی کوردیش لە دەروبەری ئێمە، بەهێز بوون. ئەمە کێشەکانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی توند کردەوە و سەرەتای ٩٠ەکان، بەشێکی گەورە لە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – حکا لەو حیزبە هاتینەدەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانمان پێکهێنا. درێژەی ژیان و خەباتی من کەوتە سوید و لێرە، وێڕای خەباتی حیزبی و هونەری، بۆ بژێو بووم بە مامۆستای مەدرەسە لە ماتەماتیک و زانستدا
ئاخری نەوەدەکان هەستم بەوەکرد کە ئەم حیزبە نوێیەش نەیتوانیوە ببێتە ئەو حیزبەی بزووتنەوەی کرێکاری، بۆیە، سەرەتا بە ڕەخنە و پێشنیارەوە و سەرەنجامیش بە جیاکردنەوەی ڕێگا، خەباتی سەربەخۆم بە گونجاوتر زانیوە.

کاری نووسین و بەرهەمی هونەریم هەر درێژەداوە و ساڵی ٢٠١٣، بەیارمەتی کەسانێک کە لە چەند وتووێژی پێشتردا، سپاسم کردوون، سەرجەمێکم لە کۆشیعرە دێرینەکانەوە هەتا تازەکان، بە هەندێک بەرهەمی چاپنەکراویشەوە، بەناوی “بۆ ئازادی” بە چاپ گەیاند کە ئێستا پێم وایە کاتی چاپی دووەمێک و خستنەپاڵی چەند بەرهەمی تازەش، هاتووە. کاری چاپنەکراوم چەپکە چیرۆکە منداڵانەکەی سۆتەیەڤە کە لە سەروە باسم کردئەویش، یارمەتیدەرێک پێشنیاری کرد بیکاتە چوار-پێنج کتێبچە، کە لەوانە، دووی چاپ بوون. کۆپییەکی ڕازاوەی، بە ناوی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بەرهەمی کوڕم ئازاد، لەسەر سایتی خۆم
www.rebwar.nu
کە سایتەکەش هەر ئازاد بۆی دروست کردووم، دانراوە. بۆ چاپی دووهەمی وەرگێڕاوی مانیفستیش، تائێستا بە بڵاوکردنەوەی پێ دێ ئێف لە سەر سایتەکان دڵخۆش بووم بەڵام لەوانەیە چاپکردنەوەی، وەک کتێبیش دەست بدا. ئێستاش لە شاری گوتنبرگی سوید ئەژیم و بەدەم ئیشێکی پارت-تایمەوە، خەریکی دریژەدانی کارەکانمم.




دۆستانی كتێب … به‌ختیار محه‌مه‌د

تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشویست، ئه‌وه‌ مرۆڤایه‌تیت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشوست، ئه‌وه‌ بوونی خۆت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ ژیانی خۆت ده‌خوێنیته‌وه‌. تۆ ئه‌گه‌ر عاشقی كتێب بیت، ئه‌وه‌ عاشقی ژیانیت. تۆ ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ت پڕ له‌ كتێب بێت، ئه‌وه‌ پڕ له‌ نوری جوانیی و پڕ له‌ بۆنی خۆشی مه‌عریفه‌ ده‌بێت (ئای كتێب، تۆ چ سیحربازێكی ڕۆحی شه‌كه‌ت و سه‌رشێتی منی! ئای! تۆ چ پزیشكێكی فرۆیدانه‌ی، كه‌ ده‌ته‌وێ هه‌موو كونجه‌ تاریكه‌كانی ڕۆحم بپشكنی و ببینی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی ئه‌ی كتێب، كه‌وا خواوه‌ندان و ئیمپراتۆره‌كانیش ڕێزت ده‌گرن و ملكه‌چی یاسا و ڕێسا و بڕیاره‌كانی زمانی تۆن! ئه‌ی كتێب، من له‌ به‌هه‌شتی تۆوه‌، هه‌موو خواوه‌نده‌كانیش ده‌بینم. له‌ دۆزه‌خی حه‌قیقه‌ته‌كانیشته‌وه‌، شه‌یتان و ئه‌هریمه‌ن ده‌یبنم. ئای كتێب، تۆ چه‌ند مه‌زن و چه‌نده‌ جوانی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی هه‌ر هه‌موو سه‌ده‌كانی ئه‌ی كتێب!…).
ئازیزم، تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بكڕی، ئه‌وه‌ چاكه‌ و مه‌عریفه‌ به‌ ژیان ده‌به‌خشی. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت له‌ ده‌ست بێ، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك جیاوازتری: ئه‌وه‌ خۆتی؛ چونكه‌ كتێب هاوڕێیه‌كی هه‌میشه‌ییته‌. تۆ ئه‌گه‌ر وشه‌ت خۆشویست، ئه‌وه‌ به‌ ته‌مایت چێژ له‌ حاڵه‌تی نه‌مریی بكه‌یت. تۆ كه‌ ده‌چیته‌ ناو جیهانی وشه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ وه‌ك خواوه‌ند هه‌موو جیهان ده‌بێته‌ موڵكی تۆ… گه‌لۆ، ئه‌دی هه‌موو شتێك له‌ وشه‌وه‌ ( له‌ زمانه‌وه‌) هه‌ڵناقووڵێ؟
كه‌واته‌ ئه‌ی مرۆڤ، وه‌ك گوڵی وشه هه‌ڵقووڵێ‌ له‌ باغستانی كتێبدا! ده‌ هه‌ڵقووڵێ! وا جیهان چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ ده‌رگاكانی كتێبه‌وه‌ لێی بچیته‌ ژوورێ و یارمه‌تی ساڕێژكردنی برینه‌كانی بده‌ی. ئه‌و چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ ڕووناكه‌كانی كتێبه‌وه‌ ژیانێكی شایسته‌تر و باشتری پێ ببه‌خشی. ئه‌ی مرۆڤ، هه‌وڵ ده‌ به‌ بێ كتێب نه‌چیته‌ هیچ شوێنێك؛ ته‌نانه‌ت بۆ دۆزه‌خیش كتێب له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌! كاتێك خواش له‌ ڕۆژی دواییدا حیسابت له‌گه‌ڵدا ده‌كا، ئه‌وه‌ به‌ كتێبێكه‌وه‌ (هه‌ر كتێبێك كه‌ خۆت حه‌زت لێیه‌تی) بڕۆ به‌رانبه‌ری ڕاوه‌سته‌؛ كتێب پێت ده‌ڵێ و كتێب به‌ویش ده‌ڵێ، كه‌ تۆ چاكی یان خراپی؟ به‌ هه‌شتیی یانیش دۆزه‌خیی؟…




ڕانانی کتێب … “سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا” و شارەزەردەواڵەی پرسیار

ڕانانی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو مێژووی ئایینی ئیسلام و پەنجەی دەخاتە سەر ئەو خەوشە کۆمەڵایەتییانەی کە لەو سەردەمەدا واتە هەزار و چوار سەد ساڵی بەر لە ئێستا لەنیمچە دوورگەی عەرەب باو بوونە و دواتر چۆن ئایینی ئیسلام شەرعییەت بەو خەوشانە دەدات و بازاڕیان گەرم دەکات. ئەو پرسیارانە دەکات کە نەکراون، یان ناوێرن بکرێن. کتێبەکە پڕۆژەیەکە پڕ لە پرسیار و سەرسوڕمان، پڕ لە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تاوان و ئاماژەکردن بە نهێنی. دەرخستنی دیوی ناوەوەی ئەو ڕاستییانەیە کە لەلای مرۆڤی سادە و باوەڕدار بە ئایین کفر و هێڵی سوورە. ئەو شارەپرسیارانەی لەم کتێبەدا خۆیان نمایش کردووە، یان وردتر بڵێـم نووسەر نمایشی کردوون، تا ئاستێکی باش نیشاندانی ئارگیومێنتێکن کە دەرگای دیالۆگ و مشتومڕ دەخەنە سەرپشت. ئەمەش خاڵیکی گەشی لێکۆڵینەوەکەیە کە نووسەر لە سیاقی هەوڵەکانیدا بەرجەستەی کردۆتەوە.

مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و شانۆنامەنووس و وەرگێڕ و نووسەری ئەم کتێبە، دوای کۆششێکی زۆر توانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ئامادە بکات و بڵاو بکاتەوە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان و حیزبە ئیسلامییەکان لەبەر نەبوونی وەڵامی گونجاو و موقنیعەکەر، لەجیاتی دیالۆگ و گفتوگۆی شارستانیانە کەوتنە دژایەتی کتێبەکە و تەبلیغ و پڕوپاگەندە لە دژی نووسەر تا کار بەوە گەیشت فەتوای کوشتنی نووسەر دەربکەن. هەر لەو کات و سەردەمە ئەم پەلامارە کۆنەپەرستییەی ئیسلامییەکان بە ڕووی بەربەستی ناڕەزایەتی و دژەکرداری ئازادیخوازان و نووسەرانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان بوونەوە. ئەگەرچی مەریوان هەڵەبجەیی نووسەری کتێبەکە وادار بە جێهێشتنی کوردستان کرا و لە ئەوروپا گیرسایەوە، بەڵام مایەپووچی و دۆڕانێکی گەورە بوو بەنسیبی ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان. جێی ئاماژەیە کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ٥٤٦ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و چاپی دەیەمی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاو بۆتەوە و دوا چاپیشی وەک ئاگادارم بم چاپی یانزەهەم بڵاو کراوەتەوە و ئێستا لە کتێبخانەکانی باشووری کوردستان دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و حەوت فەسڵ و پاشکۆیەک پێکهاتووە کە وەڵامێکی ورد و بە دیتەیڵی نووسەرە بۆ ئەو بوختانە بەناو ڕەخنانەی پڕۆژەی تیشک کە ئەوەندەی تر کتێبەکەی دەوڵەمەندتر کردووە بە زانیاری و فاکت لەسەر ئەرگیومێنتەکانی. نووسەر سوودی لە ١١٢ سەرچاوەی جیاجیا وەرگرتووە. جێی وتنە ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، ئومێدەوارم وەربگێردرێتە سەر زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و زمانە زیندووەکانی جیهان و مرۆڤایەتی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەبێت. هەروەها لە بەرگی ناوەوەی کتێبەکە مەریوان هەڵەبجەیی نووسیویەتی ” تێڕوانینێکی زانستیانە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا”. ئەم خوێندنەوەیە ئەگەرچی یەکەم خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە نییە سەبارەت بە ئایین و پێگەی ژن لە ئایین کە بە زمانی کوردیی نووسرابێ، بەڵکو پێشتریش ڕەخنەگری تر بابەت و کتێبیان نووسیوە لەوانە : دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف و ئارام ڕەشید، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم کتێبەی مەریوان هەڵەبجەیی بەرفراوان و سەراپاگیر و پڕ لە دیتێڵ و زانیاری نین.

وەک ئاشکرایە ژن لە عەقڵیەتی پیاوانی ڕەشۆکی ئەو سەردەمە(١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا) یەکێک بوو لەو کاڵا هەرزانانەی کە بۆ تێرکردنی غەریزەی سێکسی بەکاربراوە. کەسایەتیی نەبووە و بە کۆیلە و ئازادەوە لە بچووکترین ماف بێبەش بووە و کەرامەتی ڕوشاوە و شکۆی ئینسانیی شکێنراوە. کاتێکیش ئایینی ئیسلام هات لەبری قەدەغەکردنی ئەو بەکاڵاکردنە، شەرعیەتی بەو سووکایەتییەی ژنان داوە و پێشڕەوانی ئیسلامیش خۆیان بوون بە سەرمەشقی ئەو سووکایەتیی کردنە بە ژن. کۆیلەکردن و نیکاح و ئیغتساب و فرەژنی و زەواجی موتعە و ..تاد وەک بنەما جێگیرکران و دواتریش لەلایەن پەیڕەوکەرانەوە پەیڕەویان لێکراوە. مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەیەوی بڵێت کە جوانترکردن و مکیاجکردنی ئەو دزێو و ناشرینانەی ئایین کە لەسەر دەستی مورید و مفتی و زانایانی ئایینی ئەنجام دەدرێ، خۆی جگە لە فریودانی خەڵک هیچیتر نییە. نووسەر ڕاشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر دەرد و مەینەتییەکان و ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانیان دەکات.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا هەوڵێکی جیدییە بۆ خوێندنەوەی مێژوویەک کە لەسەر سەربڕین و کوشتن و بەکۆیلەکردنی ئینسانەکان بنیادنراوە، مێژوویەک پڕاوپڕ لە غەدرو زوڵم و لێوڕێژە لە تاوان. خوێندنەوەیەکی سەراپاگیری دۆخی ناهەمواری ژنە لەژێر سایەی شەرعگەلێک کە جگە لە بەرژەوەندی پیاوانی خێڵ هیچ بەرژەوەندییەکی تریان لەبەرچاو نەگرتووە. کتێبەکە خوێندنەوەیەکی زانستیانەی وردە لە دۆخی دواکەوتوویی کۆمەڵگەیەک کە خورافەیان بە باشترین چارەسەر زانیوە بۆ دەربازبوون لە دەرد و مەینەتییەکان.
ئەو پرسیارانەی لە دووتوێی ئەرگیومێنتەکاندا هەن، دەرخەری ڕاستییەکن کە دیاردەی ئایین لەبەردەم هێزی پرسیارە مەعریفییە جیدییەکاندا چۆک دادەدا. چونکە ئایین نە بڕوای بە دیالۆگ هەیە و نە بەگفتوگۆ، بەڵکو هەمیشە بە چەکی سواوی بوختان و درۆ و تیرۆری کەسایەتی نووسەر دەست پێدەکات، تا دەگات بە تیرۆرکردنی جەستەیی، کە کۆی ئەم میتۆدە خۆی لە دەقە ئایینییەکان بەرهەم دێنێتەوە. گەرچی هێزە تاریکپەرستەکانی ئایین زۆرجار توانییانە ڕەخنەگر بکوژن و لەنێوی بەرن، بەڵام ئەو ڕەخنەگر و نووسەرانە وەک براوەیەک لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ناو و کار و چالاکیان تۆمارکراوە و تیرۆریزمی ئایینیش جگە لە شکست هیچیتری پێنەبڕاوە.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە دیدێکی بابەتییانەوە کە بەهای ئینسان شایانی ڕێزلێگرتنە،کۆی دیاردەی ئایینی ئیسلام لەلایەک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پێگەی ژن لەو ئایینە لەلایەکیتر دەخاتە ژێر مایکرۆسکۆبی لێکۆڵینەوەوە. ئەمە ئەو سەکۆیەیە کە مەریوان هەڵەبجەیی لێوەی ململانێکان دەباتە پێشەوە. لە سەرجەم کتێبەکەش خوێنەر هەست دەکات نووسەر کێشەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەن و گروپێکدا نییە، بەڵکو کێشەی مەریوان ئەو میتۆدە ئایینیەیە کە ئەرکی جەوهەریی توندترکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی کۆیلەتی ئینسان بەگشتی و ژنان بەتایبەتییە.

لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە :
یەک : نووسەر بابەتییانە کتێبەکەی نووسیوەتەوە و هەوڵیداوە بەڕێچکەیەکی زانستی ئەنجامگیری بکات.

دوو : نووسەر تێکۆشاوە پشت بە بنەڕەتترین سەرچاوەکان ببەستێت و ڕاستییەکان لە زاری سەرچاوەکانەوە بخاتە ڕوو.

سێ : نووسەر گرنگترین بابەتی وروژاندووە کە پێگەی ژنە لە ئایینی ئیسلام. کتێبەکەش دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر سەرجەم ئایین بە گشتی و پێگەی ژن بەتایبەتی.

چوار : نووسەر پەردەی لەسەر دزێوترین دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵداوەتەوە و ناوەڕۆکە کۆنەپەرستانەکەی خستۆتە ڕوو.

پێنج : نووسەر بە شارەزاییەکی باش و تێڕوانینێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخوازانەوە بناغەی ڕەخنەکانی داڕشتووە.

شەش : نووسەر ئیش لەسەر ئارگیومێنت دەکات و ڕەخنەکانی بە فاکت دەخاتە ڕوو. لەهەمان کاتیشدا دەرگای دیالۆگی بە ڕووی خوێنەر و ڕەخنەلێگیراوان بە کراوەیی هێشتۆتەوە.

شەش : عەزم و سەلیقە و ئیرادەیەک کە لە پشت نووسینی کتێبەکەوەیە بووە بە هەوێنی سەرکەوتنی مەریوان هەڵەبجەیی لە ململانێی ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.

ئەم کتێبە تا بڵێی ناوازە و پڕ لە زانیارییە و بەسوودە، خوێندنەوەی نەک هەر بەکەڵکە، بەڵکو پێویستییەکە لەپێناو بەجوانی ڕاگرتنی ئینسانییەتی خۆمان. کتێبەکە ئاوێنەیەکە دەتوانین لەمیانی تەماشاکردنییەوە ئەو وێنەیە ببینین کە زۆربەی هەرەزۆری تاکەکانی ئەم وڵاتە نایبینن، یان ناوێرن بیبینن. چونکە کتێبەکە دەتوانێ شۆڕشێک لەناو بیرکردنەوە هەڵبگیرسێنێ و تەواوی سیستەم و میتۆدی بیرکردنەوەی تاک سەبارەت بە ئایین بگۆڕێ. ئەمەش ئەو ترسەیە کە ئیسلامییەکان لێی تۆقیون و هەر لەبەر ئەمەش بوو فەتوای کوشتنی نووسەر دەرکرا. نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە جوانترین مێژووی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لەدژی کۆنەپەرستی و جەهالەتی ئایین خوڵقاند. مێژوویەک کە تا مرۆڤایەتی مابێ بەچاوی ڕێز و ستایشەوە لێی دەڕوانێ.

ئایاری ٢٠١٦

تێبینی : ئەم ڕانانە لە گۆڤاری هانا ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە.




لە پەراوێزی نمایشی سەربازی پارتیدا … عەبدوڵا مەحمود

هێزی چەکداری دەسەڵات، خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نییە…

لەژێر ناوی پرۆتێست کردنی وتەکانی سروە عەبدولواحید، ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی حزبی گۆڕان و لە درێژەی ئەو کەمپەینەی پارتی چەند ڕۆژێکە وەرێی خستووە، ‌بەشێک لە ‌هێزی تایبەت و سوپای گوڵانی پارتی، نمایشێکی سەربازی بەعس ئاسایان لە هەولێری پایتەختی سەرکوت و تۆقاندندا وەرێخست.
ئەو هێزە قارەمانەی!! بە قورمیشی پارتی، و بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان و لەژێر ناوی بەرگری لە کەسوکاری پێشمەرگە، نمایشی سەربازی، وەرێخست… دوورو نزیک پەیوەندی بە ویست و خەونی هیچ ئینسانێکی ئازاد و زوڵێمکراوی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ لە دژی ویست و هەر خواستیكی ئینسانی ئەوانە. ئەگەر لە برگەیەکی مێژوویی دیاریکراودا، و لەسەردەمی رژێمی بەعسی لە دەسەڵاتخراوادا، کەسانێکی زۆر لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و لاوانی دڵپر لە هیوا… بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان لە دژی درندەیی بەعس و بۆ ئازادیدا، چەکیان کردە شان و قوربانیاندا، مەرگیان پیش دەخست بۆ ئازادی، ئەوانە لەشکرێک بوون، کە خەونی خۆیان و کەسو کاریان، لەلایەن پارتی و حزبە برابەشەکانی، کرایە پردی سات و سەواد لەگەڵ بەعس. دوای کەوتنی بەعسیش، کرایە دەستمایە بۆ بەشدار بوون لە دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی و لە عێراق و درێژەدان بەدەسەڵاتی بە زۆر داسەپاویان بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
هێزی پیشمەرگە و زێرەفانی و تایبەت و هیزەکانی یەکەی ٧ و ٨، هێزەکانی ئاسایش و…تاد. جگە لە هێزی پاراستنی دەسەڵات و چینە داراکانی کوردستان، جگە لە هێزی سەرکوت و ئامرازێک بۆ سەرکوتی نارەزایەتی هیچی تر نین و خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نین.
ئەگەر هێزە سەربازیەکان و سوپای مۆسۆلۆنی و خومەینی و سەدام حسێن و سەرە دیکتاتۆرەکانی تری دنیا… لە ژێر ناوی بەرگری لە خاک و نیشتیماندا، ئامادەبوون بە دەیان هەزار ئینسان لەناو بەرداشی شەردا، بکەنە قەرەبروت و بێ دەست و قاچ و سەقەت، ئەوا ئەوەی ناوی ‌هێزی پیشمەرگەی کوردستانە، بۆ یەکجاریش لە دژی هیچ هێزێکی دەرەکی و ئەو دەوڵەتانەی سەرکوتی خەڵکی کوردستان دەکەن، تاکە بەرگری و فیشەکیكیان نەتەقانددووە… بە پێچەوانەوە ئەم هێزی پیشمەرگەیان کردۆتە پێشلەشکرو چاوساغی لەشکری بەعس و تورکیاو ئێران و حەشدی شەعبی… کردویانەتە قارەمانی جەنگی میلیشیایی دەسەڵات لە کوردستاندا، کە هیشتاش قوربانیانی بێسەرو شوێنن. ئەوانەی کە خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریان… کوشتار کرد کە داوای نان و ئازادی و شکۆی ئینسانیان دەکرد، هەر ئەم هێزانە بوون. ئەوانەی کە سەرکوتی هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەری ئامانجدار دەکەن، هەر ئەم هێزانەن. ئەوانەی بە دەمامک و بێ دەمامکەوە سەردەشت عوسمان و رۆژنامەنووسان دەرفێنن و تیرۆر دەکەن، هەر لە زومرەی ئەو هێزانەن. ئەوانەی خەڵکی شەنگالیان بەدەستی بەستراوەوە رادەستی داعش کرد، هەر ئەم هێزانەن. وە ئەوەی ئەو دەسەڵاتە مافیایە تەمەن ٢٥ ساڵەیە لە تورەیی خەڵک دەپارێزێت، هەر ئەم ‌هێزەیە. ئەوەی کە رێگە نادات لەهەولێر و زونی زەرد خەڵک بە خۆپیشاندان و کۆبونەوە و مانگرتن… داوا رەواکانی خۆی بکات، هەر ئەم هیزەیە. بۆیە هێزی پیشمەرگە و چەکداری ئەم حزبانە جگە لە کۆیلەی دەسەڵات و ئامرازی سەرکوت بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات، زیاتر شتێکی تر نین. خەڵکی کوردستان نابێت هیچ خۆشباوەریەکیان بە هێزی چەکداری ئەو حزبانە هەبێت… ئەم هێزە چەکدارە بۆیە هەیە و بە ملیۆنان دۆلار دەکرێت بە گەرویدا، تا دەسەڵات بپارێزێت. ئەو دەسەڵاتەی کە دوای چارەکە سەدەیەک، نەک نەیتوانیوە سەرەتایترین پێداویستیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵکە هێشتا خەڵکی تامەزرۆی ئاو و کارەبان!! لەوانەش واوتر لەدرێژەی تاڵانی و هێرشەکانیاندا، ئێستا دەمیان ژەنیوەتە قوتی کارمەندان و مامۆستایان. هەموو ئەو بێمافی و هێرشە بۆ سەرخەڵکی کوردستان، بە پشتیوانی ئەم هێزە چەکدارە میلیشیاییە حزبییە بەرێوە دەچێت. دەسەڵاتێک لە بەردەم نەفرەتی جەماوەریدا بێت، ‌هێزە چەکدارەکەشی نەفرەتلێکراوە، نەک پیرۆز. هێزێک پیرۆزە کە لە بەرەی خەڵکی کوردستان و خواستەکانیدا، بێت. کە باسکی رێکخرواو هوشیار و چەکداری بزوتنەوەی رەوای نارەزایەتی جەماوەری بێت بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و شکۆی ئینسانی.
ئەو نمایشە سەربازیەی ئەمرۆ، نمایشی هێزی دەسەڵاتێکی نەفرەت لێکراوی نۆکەرو دژە خەڵکیییە. وە نمایشێک بوو بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش خەڵکی هەولێر. دیارە لەپشت ئەم پەیامەوە، نمایشی هێز نیشاندانە بە بزوتنەوەی گۆڕان، تا لەگەمەی دەورەی تازەی کۆبونەوەی حزبەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان موی نەرمتر بێت. هەر بۆیەش قسەکانی ئەندام پەرلەمانەکەی گۆڕان کراوەتە بەهانەی، نیشاندانی ئەم عەرزی عەزاڵەتە هەرزەیە.

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١٦




ئه‌ده‌ب له‌ ژێر باڵی ره‌شی ده‌سه‌ڵاتدا … عه‌بدوڵڵا هورمزیاریی

له‌ کوردستانی باشوور ته‌نیا دۆخی گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی ناگوزه‌رێ و به‌ هۆیانه‌وه‌ به‌هاو به‌رهه‌م و داهێنان و ڕێز و مافه‌کانی مرۆڤ ڕوو له‌ داکشان بێت! به‌ڵکو به‌ درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌ی ره‌واجی پێدراوه‌و کاری بۆ کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت پایه‌و مه‌به‌سته‌کانی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌لـله‌یه‌کی بۆش به‌رهه‌م بهێنرێت که‌ هه‌موو کارو جوڵه‌یه‌کیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی راگه‌یاندن و ده‌زگاکان و گروپ و کۆمه‌ڵه‌کانی نووسه‌ران‌ داده‌نرێن ده‌بێت گه‌نده‌ڵ بن و خوێنی حیزب و ئینتیمای شه‌خسی مه‌سئوله‌کان به‌ ده‌ماره‌کانیاندا بڕوات تا جێی خۆیان بکه‌نه‌وه‌و ببنه‌ پێوه‌رو په‌ساپۆرتدان به‌ بابه‌ت و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبان، له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و واسته‌کردن و په‌یوه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت باڵ باڵێنه‌ بوار به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ش‌ بدرێت ، ئێدی که‌سایه‌تی نزیك و بابه‌تی کاڵوکرچ به‌ره‌نده‌ ده‌بێت و خه‌ڵات ده‌کرێت و ده‌نگه‌ دا‌هێنه‌ره‌کانیش کپ ده‌کرێنه‌وه‌و ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وایکردبێت خوێنه‌ران له‌ که‌مبوونه‌وه‌دا بن و به‌تایبه‌تی خوێنه‌رانی جدی بوونیان به‌ره‌و نه‌مان بچێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ئه‌و مه‌غزایه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا چڕ بووه‌ته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ جه‌نگان دژی سته‌م و ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵی مادی و مه‌عنه‌وی، بریتیه‌ له‌ ده‌نگی راستگۆی ناخ و گیان به‌رانبه‌ر هه‌موو بڵندگۆ ته‌زویره‌کان که‌ ره‌واج به‌ کاڵبوونه‌وه‌ی بوون و گیان و ناسنامه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. خۆ ئه‌ده‌ب له‌مڕۆژه‌دا له‌ کوردستانی باشوور وه‌ك ناسنامه‌ی میلله‌تێك و گوژمی ژیاریی وڵات و نه‌ته‌وه‌ ته‌ماشا ناکرێت و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڕتوکت خوێندبێته‌وه‌ ناسنامه‌ت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و که‌سایه‌تیت ده‌ستنیشان بکرێت! بۆیه‌ ئه‌دیبیش هیچ سوودێکی مادی ناکات کاتێك ده‌نووسێت و په‌خش ده‌کات، له‌ سه‌رئێشه‌و ماندووبوون به‌ولاوه و جارانێکیش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفت‌ چی ده‌ستناکه‌وێت، گه‌ر هه‌ر میلله‌تێکیش به‌و ئاسته‌ نزمه‌ بگات له‌ مه‌عریفه‌و داهێنان و رۆشنبیریی و بره‌و نه‌دان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کان ئه‌وا زه‌نگی مه‌ترسی بۆ لێده‌درێت که‌ بوون و مانه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون بچێت. مه‌خابن ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ به‌شێکی زۆری نووسه‌رو ئه‌دیبان له‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌دا هیچ هه‌ڵوێست و بوونێکیان بۆ خۆیان دانه‌ناوه‌و ئێدی له‌ناو کۆمه‌ڵگاشدا ڕۆڵیان سڕدراوه‌ته‌وه‌و نه‌ماوه‌، ئه‌گینا هه‌ر رۆشنبیران و هزرمه‌ندو ئه‌دیبانن له‌ جیهاندا ره‌نگڕێژیی و پێشڕه‌وایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌کان ده‌که‌ن و خاوه‌نی وته‌و هه‌ڵوێستن به‌رانبه‌ر هه‌موو گۆڕانکاریه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام لای ئێمه‌ زۆر به‌ داخه‌وه‌ کاره‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ده‌وروبه‌رو هێزی ده‌سه‌ڵات ئه‌دیبان ئاراسته‌ ده‌کات و ناسنامه‌و بوویان پێده‌به‌خشێت، لێ ژماره‌یه‌کی که‌میش هه‌ن دووره‌په‌رێزو نائارام و نیگه‌رانن له‌و هه‌موو ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبانی ته‌نیوه‌و ئه‌وانیش لێی یاخی بوون، به‌ بێ ده‌نگی ناسنامه‌ی خۆیان پاراستووه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، چونکه‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری ره‌نگه‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکی ناحاڵی و که‌لـله‌پوچ و نه‌فامه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌ کاتێکدا گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی له‌ لایه‌ن رۆشنبیره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام چ رۆشنبیرێك؟! ئه‌و رۆشنبیره‌ی هزری تاریك کردووه‌ به‌ ناڕه‌وایی و قه‌ڵه‌م و ویژدان فرۆشیی، به‌ جه‌پڵه‌ لێدان بۆ دزو مرۆڤکوژو تاوانبارو له‌ به‌رانبه‌ریشدا سه‌رکوتکردنی ده‌نگی داهێنه‌رو بێ ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت چ ئازایه‌تیه‌کی تێدا بێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌؟! له‌قه‌لێدانی که‌سی ژێرکه‌وتوو چ جوانی و جیاوازیی و خزمه‌ت و داهێنانێکی تێدایه‌؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له واقیع و کرۆکدا هه‌موو شتێك کڕین وفرۆشتنی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کرێت و ده‌کرێت ده‌مامکی جۆراوجۆر له‌ ده‌موچاو بکرێت، بۆ نموونه‌ سیاسه‌تمه‌دارێکی فاشیل به‌ حوکمی پاره‌و چه‌ك ببێته‌ هه‌ڵگری دروشمی رۆشنبیریی و هزرو پێشکه‌وتن و داهێنان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێی ناگات و نایبینێت پله‌و پایه‌و که‌سایه‌تی نووسه‌رو ئه‌دیبێکی داهێنه‌ری راستگۆیه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت بڕوای پێیه‌و له‌ ئازاره‌ راسته‌قینه‌کانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و خیتابه‌ سیاسی و درۆینه‌ی رۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز له‌ لایه‌ن ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تییه‌ به‌ ناو نووسه‌رو ئه‌دیب و رۆشنبیرانه‌وه‌ به‌ر گوێمان ده‌که‌ون.‌‌




وه‌ره‌ له‌ (باخ ) پێتده‌ڵێم …حه‌سه‌ن مسته‌فا

باخ…ئه‌مڕۆ ده‌ستی له‌ده‌ستی باران به‌رداوه‌
په‌لكه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ گه‌شن،
ئاو له‌چاو دێنن…
رۆح ده‌خرۆشێنن.
هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه‌، لێره‌ باریونه‌ته‌ سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵ
وه‌ره‌ ره‌نگی دڵی خۆتم پێبڵێ و …مه‌ڵێ ره‌ش
وه‌ره‌ باڕه‌نگی دڵی خۆت پێبڵێم.
ناڵێم ره‌ش.

ئه‌مڕۆ ده‌ستم له‌ ده‌ستی خه‌یاڵ دایه‌ و
به‌سه‌رێكی پڕ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و باخ ده‌ڕۆم
دڵم زه‌مزه‌مه‌ی دێ كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێم.
ده‌مه‌وێ زوو بگه‌مه‌وه‌ به‌ده‌نگی بولبووله‌كان،
كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری گه‌ڵاكاندا خۆ حه‌شارده‌ده‌ن…تا ره‌نگه‌كه‌یان كاڵنه‌بێته‌وه‌.
تاده‌نگیان هیچ شوختێكی به‌رنه‌كه‌وێ!!.
من هیچم نیه‌ بیچنمه‌وه‌ له‌ده‌نگی ئه‌وان زیاتر .

تینی خۆر… سێبه‌رم ده‌كاته‌ هاڵاو،
كه‌ عه‌سران وه‌ك هێڵێكی درێژ و ره‌زاگران رێنوێنیم ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.
سینه‌م پڕه‌بێ پڕ له‌ئاواز
بۆ ناو ژووره‌كه‌میان دێنمه‌وه‌
وشه‌ دۆزراوه‌كانی نێو ورشه‌یه‌كی نه‌رمیی سروه‌ و
به‌یه‌كدادانێكی هێواشی ده‌نكه‌ گێڵاسه‌كان.
به‌سه‌ر كاغه‌زه‌ سپییه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژم… خوێنی هه‌ناره‌ دڵگه‌رمه‌كان و
ره‌نگه‌ نه‌دیوه‌كانیی شادی، كه‌ له‌قوڕگه‌ غه‌مگینه‌كه‌ی كه‌نارییه‌كان داده‌بارن!!.

وه‌ره‌ با سه‌ماكه‌ین تا چیتر ئه‌و مۆسیقایه‌ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات
كه‌ له‌ده‌ماری باخ وه‌ك فواره‌ی خوێن هه‌ڵچووه‌

وه‌ره‌… با وه‌ك نیشتنه‌وه‌ی په‌ڕی به‌باچووی چۆله‌كه‌یه‌ك، له‌سه‌ر قه‌راغی كارێزێك
ئه‌و مۆسیقایه‌ بنیشێته‌ سه‌ر رۆحمان…زه‌ویمان له‌بیر بباته‌وه‌!!
كه‌ دزێوی پڕیكردووه‌ له‌هێلانه‌.
وه‌ره‌ ئه‌و په‌پوولانه‌ هه‌ڵمه‌فڕێنه‌ كه‌ له‌دابی نزادان
نزا بۆ پڕ ره‌نگگبوونی گوڵ.
وه‌ره‌ ئه‌و ئاوه‌ نۆشكه‌
كه‌له‌سه‌ر په‌ڕی پونگه‌ ده‌ماره‌جۆیان به‌ستووه‌.
وه‌ره‌ ئازیز .. ئه‌م باخه‌ چه‌ند جوانه‌ كه‌ ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاله‌كانیی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌.

وه‌ره‌ له‌وێ پێتده‌ڵێم…تۆ هه‌رزوو دوو باڵی فریشته‌ییت هه‌بوو
رۆحت له‌رۆحی باخه‌وان ده‌چوو.
وه‌ره‌ له‌( باخ ) پێتده‌ڵێم…
ئای! چه‌ند داغه‌ ناوشار…
ئای! چه‌ند غه‌مباره‌ گه‌ڕه‌ك، كیژه‌كان هێشتا ناوێرن سه‌رده‌ركه‌ن!!
هێشتا كۆڵان پڕنه‌بووه‌ له‌سێبه‌ریان.
شوره‌كان نایه‌ڵن ده‌نگیان ده‌رچێ…
به‌ئاواز و قیژه‌ی تێكه‌ڵ، له‌ودیو حه‌ساره‌كان جمه‌یان دێ…
وه‌ره‌ با ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ به‌تاڵكه‌ین..
وه‌ره‌ با ئه‌م ته‌ختی شه‌تره‌نجه‌یان بۆ جێبێڵین .
وه‌ره‌ تۆ نابینی ؟
شه‌پۆلی باخ به‌سه‌ر باڵی ئاوازه‌وه‌
تاسه‌ر كه‌ناری (شار) درێژبووه‌ته‌وه‌.

وه‌ره‌ له‌وباخچه‌ پڕ له‌نووره‌
تیشكه‌كانم به‌پێی ئاره‌زووی دڵی تۆ چه‌پك كردوون
من ئه‌وه‌نده‌ وه‌سفم كردووی
دره‌خته‌كان هه‌ر له‌دووره‌وه‌ ده‌تناسن
هه‌ر له‌دووره‌وه‌ مه‌ست ده‌بن…راده‌هه‌ژێن
ئه‌وه‌نده‌ گێژده‌بن…بۆنی خۆیان ناناسنه‌وه‌
به‌هێڵنجه‌وه‌ ده‌ست له‌به‌ژنی خۆیان ده‌ده‌ن…
ئێ ئه‌وان ، خۆیان بیرناكه‌وێته‌وه‌
حه‌زه‌كه‌ن بفڕن… ده‌كه‌ون به‌سه‌ر دارشه‌قی جۆگه‌له‌دا.
حه‌زه‌كه‌ن بمرن، پۆلێك باڵنده‌ ده‌ستیان ده‌گرن و راستییانده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
گۆرانییه‌كان به‌شه‌ونمه‌وه‌ دێنه‌ ئێره‌
كۆتره‌كان گمه‌گمی ژه‌نگاوییان… بیره‌چێته‌وه‌
كه‌نارییه‌كان ، چیدی له‌ده‌ست وێنه‌كێشه‌كان راناكه‌ن.
دایكم ، چیدی رێشمه‌ی خه‌م راناكێشێ!!
…كۆڵان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ما و
كیژه‌كان، له‌ به‌رگی تاریكی دێنه‌ده‌رێ.
منیش … چیدی به‌شه‌رمه‌وه‌ گۆرانی ناڵێم
وه‌ره‌ له‌باخ پێت ده‌ڵێم…




خۆم و خۆت و خۆیان … نەوزاد بەندی

خۆت وەک کەسێکی نوێ مەناسێنە ..
تۆیش هەر ئەوەی کە ئەچیتە لای وەکیلی ئاردەکە و
ئەپرسێ ئاخۆ نۆ کیلۆ ئاردەکە نەگەیشتووە …
بەیانیان دەهۆڵ و زوڕنای غاز فرۆش خەبەرت ئەکاتەوەو
لە ترسی قسەکەی پاریزگاری نوێ کە ووتی ئەزمەی غازیش بە ڕێوەیە ،
بە هەڵەداوان بە جووتێ نەعلی تاکە و تاکەوە ، راتکردۆتە دەرەوە و
غاز فرۆشەکە ئیشارەتی بۆ کردووی : هەمووی بۆشن ..
تۆیش هەزار جار قوڕی بەر بەلەدیەکەت لێ پرژاوە ..
سەد جار چەکەتەکەت لە قەپرغەوە
بە عەرەبانە دڕاوە …
تۆیش ژمارەی جۆزەی موەلیدەکەت ،
لە ناوی خۆت باشتر رەوان کردووە ..
سەد جار جلەکانت بە دوو ڕۆژ لە غەسالەکەدا ماوەتەوە ..
خۆت وەک کەسێکی ئەوروپیی نیشان مەدە ..
تۆیش ناوی چەندەها قاچاخچی ئەستەمبوڵ و یۆنانت لەبەرە ..
چەندەها ئێوارە لە فولکەیەک وەستاوی ،
نەتزانیوە بە چ ئاراستەیەک بڕۆی ..
چەندین جار مۆبایلەکەت دەرزی ئاژن کردووە ،
نەتزانیوە زەنگ بۆ کێ لی بدەی ..
تۆیش هەرچی هەنگاوی ژیانتە ،
بە خواستی خۆت نەتناوە و بە شەق پێیان ناوی ..
تۆیش لەگەڵ عاما چووی بۆ شام ..
جاران ٢٠ سانتیم سمێڵت هێشتبۆوە و ئێستا هیچ ..
جاران کتێب لەبەر باخەڵتا بوو ، ئێستا پیتزا ..
جاران بە هاوین ئەچووی بۆ بەغداد ، ئێستا ئەڵێی : پیاو دوو فلس دانێ بۆ ڕۆژی ڕەشتر ، سەفەر چیە لە هیلاکیی زیاتر ؟!!
تۆیش بە بێ ڕا لێ بوون چووی بۆ دەنگدان و
بە بێ هیوا خەتت لە حیزبێک داوە کە دەیەها شەقی لە دەیەها خەون و هیوات داوە ..
تۆیش سەد جەر تفت کردۆتە سەر زەوی ..
بوتڵی بەتاڵت فڕێ داوەتە سەر جادە ..
قڕقێنەت داوە و ..دوکەڵی جگەرەت کردووە بە ڕووی مناڵەکانتا ..
دەیەها نەعلت تێ گرتوون
دەیەها تفت تێ کردوون ..
شانازیت کردووە کە شلەی بێ گۆشتت نەخواردووە ..
خۆت وەک کوردێک نیشان بدە ،
کە لە هیچ ڕستەیەکدا جێی نابێتەوە ..
کە ٣٠ ساڵ جارێک هیواکانی ،
وەک بەفری نیسان ئەتوێتەوە ..
هەر هێندە و بەس …




دووای جەنگ … جۆن باڵەبان

دوای جەنگ،جەستەی شەق شەقکراو–
چاوی هەڵکۆڵدراو،
گوێچکەی خوساو،
شەویلگەی تێکوپێکشکاو،
لێوی کون کونکراو،
ئێسکی قاچی جێماو
لەتە چەرمی زیواڵ زیواڵکراو ،
پەنجەی پێ–
هەمویان رامابون، هەڵدەپەرین، دەیان نوسکاند.
لاشەی عەورەت لە هەمویان نامۆتر بو،
کە چەشنی کرمۆکە بەسەر رێگاکانەوە گینگڵیان دەدا.
زیندووەکان پێویستییان پێبون بەڵام وەختێک سودێکیان مابا،
بێگومان مردووەکان هیچ پێویستییان پێ نەمابون.

تارماییەکان-
دەیان هەزار رۆ‌حی جێماو کە لەسەر شەقامەکانی شار،
لەسر مێزی کەنیسەی ئێواران،
لەسەر پاشماوەی کەلاوەکان
چەشنی روفاتی تەم دەردەکەوتن،
بێگومان هیچ پێویستییان بە لاشە تێکشکاو و جێماوەکانیان نەمابو.
چونکە تارماییەکان پێیانوابو بەبێ ئەوان جوان دیاننواند.
چونکەهەموو شتێک دەگەرێتەوە سەر ڕەچەڵەکی ئەسڵی خۆی دواجار
پاشماوەکان چەشنی پەناهەندەی رەنگپەریو دەگەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکان،
کە جۆرێک لە مال وابو بۆیان.
ئیتر هەر لەبەر ئەوەیە ئەمرۆ جارجار هاورێیەک یان کەسێکی ناودار دەبینی
لە ژێر دوو لێوی زلەوە کەبەسەر روخساریدا پانبونەتەوە، قسەی پوچ دەکات،
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجار تەوقەکردنیش شتێکی بێزراوە.
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجارواباشترە چاو نەبرینە چاوی یەکتر
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە تائێستاش لەسەر سنگی کیژۆڵەکان ئاسەواری کۆنە برین زقبۆتەوە.
دوای جەنگ،
لەگەل ئەوبزە قەبیحەی سەرلێومان،
تۆ بڵێی چیرۆکە کۆنەکان هێشتا راستی نوێمان پێبڵێن؟
تۆ بڵێی هێشتا جیهان میتافۆری تازەمان بۆ تەفسیر بکا؟
دوای جەنگ، ئەی دەبێ خۆشەویستی چۆن بێتە گۆ؟

جۆن باڵەبان
لە ئینگلیزییەوە: بینایی

binaiy85@gmail.com
———————————–
سەرچاوە:
http://www.blackcatpoems.com/b/after_our_war.html




لە ژێر دەمامکی بەتابووکردنی پێشمەرگەدا چی هەیە؟ … هیوا خۆشناو

دەوڵەت، ڕێکخراو و ڕژێمەکان کە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی و داهێنانەوە ئیفلاس دەکەن پەنا بۆ دو شت دەبەن: یەکیان پیرۆز کردن، دووەمیان تابووکردنە. لەو دو ڕێگایەوە، ڕژێمە ئیفلاسبوەکان لە لایەنگرانی خۆیانەوە تا دەگاتە ڕکەبەرانیان دەمکوت و سەرکوت دەکەن، بەڵام هیچ کامێک لەمانە هەتا هەتایی نین و هەر هەموویان وەک ئیمپراتۆریەکەی ڕۆما چارەنوسیان ڕوخان و ماڵەکانیان دەکرێن بە مۆزەخانە.
لە باشووری کوردستاندا ٢٥ساڵە لە ژێرناوی پێشمەرگەدا سیستێمی گەندەڵی، ماکینەی دزی و بەتاڵانبردنی کوردستان ئەپارێزن. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندازیاری ئەو یارییەی پێشمەرگەیە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و ئەوانی دیکە کە فێرن بەوەی لە پەراوێزی پارتی سیاسەت بکەن، لە جیاتی هەڵدانەوەی دەمامکەکە، خۆیان هەمان کار دووبارە دەکەنەوە. لە ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆمەوە بگرە تا پیرۆزکردنی پێشمەرگە، لەوێشەوە تا دەگاتە دەوڵەتی کوردی، جگە لە لاساییکردنەوەی پارتی و سیاسەتکردن لە سێبەری ئەودا هیچی دیکە نیە.

بەڵێ پێشمەرگە لە کۆنەوە تا ئێستا خاوەنی چەند کەسانێکی دڵسۆز و بەئەمەک بوە و ئەوانە هەرگیز سڵیان نەکردۆتەوە لە مردن، بریسیەتی و سەرمابوون، بەڵام لە کۆتاییدا خراونەتە خزمەتی ماکینەی کوردایەتی خێڵەکی و وەک ڕۆن و بەنزیک بۆ ئەو ماکینەیە سوتێندراون کە ٢٥ ساڵە ئەوە بەرهەمەکەیەتی. لە ساتەوەختی شەڕو پێکدادان، ئاژیتەی شەڕکەرانەی پڕ لە کەف و کوڵی کوردایەتی و ڕەوشی هەستیاردا سەختە مرۆڤ بتوانێ بە لۆژیکی بیربکاتەوە و بنوسێ یان قسە بکات، بەڵام با لەخۆمان تێکنەدەین بە شێکی گرینگ لەو کوردستانە بەناو ڕزگارکراوەکەی باشوور لە لایەن داگیرکەران بەڕێوە ئەبرێ. چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا چەند هاوڕێیەکی نزیک لە یەکێتی و گۆڕانم بینین خۆیان ئەیانگوت بەتەنیا وڵاتی مسڕ زیاتر لە ١٠ بارەگای ئیستیخباراتی لە سلێمانی هەیە. باشە ئەگەر مسڕی داماو ئەو هەمو بەرەگاییەی لە سلێمانی هەبێ، دەبێ ئێران، تورکیا، ئۆردون، سعودیە، قەطەر و سوریا چەند بارەگای ئیستیخباراتی و نهێنیان لە بادینان و هەولێر هەبێ؟ ئەی کەواتە پێشمەرگەی “پیرۆز” لە کوێیە؟ ئایا پێشمەرگە لەسەدا چەند شەڕی داگیرکەران و لە سەدا چەند شەڕی ناوخۆی کردوە؟ بەر لە ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین پێشمەرگە توانیویەتی یەک بستێ خاکمان بپارێزێ ئەگەر وڵاتێکی زلهێز بە تانکو فڕۆکە و پارە لە پشتیەوە نەوەستابێ؟

پێشمەرگە لای کێ بەکاردەهێنرێ؟

سەیر لەوەدایە کاتێک باسی پێشمەرگە دەکرێ، بەر لە پێشمەرگە دڵسۆزە قوربەسەرەکان، ئەو کەسانە دەمیان دەکەنەوە کە لە ڕاستیدا ڕۆژێک پێشمەرگە نەبونە، مەگەر لە ترسی سەربازی، یان لەبەر ئەوەی بیرەیەکی خواردۆتەوە و باوکی دەریکردوە، یان لە برسان بۆتە پێشمەرگە و کەینێ بۆی نەسوڕابێ خۆی تەسلیم کردۆتەوە یان وەکو کوردی باشوور گوتەنی “سەنگەری گۆڕیوە”. واتە ئەوان داکۆکی لە پێشمەرگە ناکەن، بەڵکو لە ژێرناوی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان داکۆکی لەو لەوەڕگایەی باشوور دەکەن کە ئەقڵیەتی خێڵەکی کوردایەتی داهێنەرەکەیەتی. مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانی کە خۆیان بە ئەندازیاری پێشمەرگە دەزانن، بەر لەوەی سنگیان بدەنە داگیرکەران، ڕووی لولەی تفەنگەکانیان داوەتە دوژمنە ناوخۆییەکانیان. شەڕی زێباریەکان، ڕێکانی و برادۆستیەکان تا دەگاتە شەڕی جەلالی – مەلایی، یەکێتی و بەرەی جووت، شەڕی پکک و خۆیان گوتەنی “جەماعەتی قاسملۆ” بە دەستی پێشمەرگە کراوە، ئیتر بۆ پێشمەرگە پیرۆز دەکەن؟ بۆ نابێ کەس باسی پێشمەرگە بکات؟

پێشمەرگە و ماکینەی پێشمەرگە

هەروەکو لەسەرەوەدا باسکرا کێشەکە لە خودی پێشمەرگە نیە، بەڵکو لە ماکینەی پێشمەرگەدایە کە هەر لە سەرەتاکانی یەکەمین دامەزراوەی سیاسی مۆدێرنی کوردی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، پێشمەرگە وەک دەزگایەکی چەکداری پاراستنی بنەماڵە بەکار هێنراوە بەڵام لە ژێر ناوی کوردایەتی و شۆڕش. دوای جیابونەوەی چەندین حیزبی دیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، درێژەیان بە بەشێک لەو ئەقڵیەت و کولتورە داوە. ئەگەرچی پێشمەرگەکانی یەکێتی و شیوعی و…هتد، لە هەندێک شوێندا، ئازا و فیداکار دەرکەوتبن، بەڵام لە بنچینەدا لەبەر ئەوەی ماکینەکە نیشتیمانی نیە و حیزبیە، لەبەر ئەوەی لە ڕێگای حیزبەوە یان لە سێبەری حیزبەوە دەزگاکە بەخێڵەکی کراوە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە لە غیابی ئەقڵ، خوێندن و فکر چەکدار کراوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کە ٢٥ ساڵە دەوڵەتۆکەمان هەیە، نەک بەدامەزراوەیی نەکراوە، بەڵکو بێ پەروەردە، نەزان، گەندەڵ و بێ ئیرادە کراوە تا ئێستا کە پێشمەرگەکانی بەرەی جەنگ بونەتە سواڵکەر بۆ ئەوەی لە بەرەوە بچنە ماڵە سارد و سڕەکانیان دەستێک بەسەری منداڵە بێنازەکان و بەبە بێ شیرەکانیان دابێنن. بەڵام ئەوڕۆ لەلایەن هەندێک ناوەندی بڕیار و ئەلیتی ماکینەی پێشمەرگەدا، شەڕەکە بە کۆمەڵێک گەوج دەکەن بۆ هێشتنەوەی ماکینەکانیان. یەکێک لە کێشەکانی ئێستای یەکێتی کە ئەڵێن شەڕکەرترین پێشمەرگە هی یەکێتیە، ئەو بەرپرسە نەخوێندەوارە سەربازیانەن کە ڕۆڵی شێف لە فابریکەی پێشمەرگەدا دەبینن.

تاقە چارەسەری ئافراندنی کولتورێکی نوێی سیاسی و هزرییە نەک شەراکەتکردن لە سیستێم

کێشەکانی باشووری کوردستان هەروەکو بە کورتی باسمانکردن کێشەی فکری، ئەخلاقی، کولتوری گەورەن کە لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی سیاسی کوردی سەریان هەڵداوە. ئەو کولتورە حیزبیە نەریتیە چۆتە ناو قوڵایی کۆمەڵگە، تاک و بەشەکانی دیکەی کوردستان. جگە لە پکک و نزیکەکانی سەرجەم ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان بەدەست نەخۆشی کوردایەتی سیاسی ئەناڵێنن. نەبوونی سەرکردایەتیەکی هۆشیار و خاوەن فکر وایکردوە حزبە ڕکەبەرەکانی پارتیش لە دواییدا سازش لەگەڵ ئەو لۆژیکە نەریتیەدا بکەن و ببنە بەشێک لە سیستێمەکە. بەهۆی نەبوونی فکرێکی ڕۆشن، ڕکەبەرەکانیش بڕوایان بە ڕزگاربوون لەو دۆزەخەدا نیە و لە دواییدا تەسلیمی واقیعەکە دەبن. هەر ڕکەبەرێکی پارتی ئاڵودە بە نەخۆشیەکانی گەڵاڵە دوای قیرەقیرێکی زۆر، خەڵکەکە گەرم ئەکات و چەند پارلمانتارێک لەسەر گیرفانی دەوڵەت بە هەزاران دۆلار خانەنشین دەکات و خەڵکی نوێ دەکاتە پارلمان و گیرفانیان پڕ ئەکات.

ئێمە لە سەردەمی پۆست مۆدێرنە، پۆست ناسیۆنالیزم و پۆست مارکسیزم دەژین. ئەوڕۆکە دەوڵەت نەتەوە لە تەواوی جیهان لە قەیراندایە. مارکسیزم و خەباتی چینایەتی وەڵامی زۆر پرسیاری ئەو ڕۆژگارە و کۆمەڵگەی نوێ ناداتەوە. لیبرالیزمی دیموکراتی و بە موطڵەقکردنی تاک و دابڕانی لە زۆر شت نەک لە کۆمەڵگەی ئێمە بەڵکو لە خۆرئاواش لەژێر ڕەخنەی توند دایە. لیبرال دیموکراتەکان دەوڵەتیان لە ژێرناوی کەرتی تایبەتدا بێ ناوەڕۆک کردوە و دەوڵەتی خۆرئاوا ئیتر لە دەستی کۆمپانیاکان دایە. سۆسیالیستەکانی خۆرئاوا، کە ٢٥ ساڵە سازش لەگەڵ لیبرالیزم دەکەن، کۆتاییان بەخۆیان هێناوە. ئەوڕۆ ناسیۆنالیزم جگە لە شێرپەنجە هیچی تر نیە بۆ کۆمەڵگە نافەرمیەکان. ئیتر سەردەم سەردەمی ناسنامەکانە و ناسنامە جیاوازەکان جێگای نەتەوە، چین و موطلەقیەتی تاکەکانیان گرتۆتەوە. لە غیابی هزرێکی نوێدا، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بە شیعەو سوننە وە تەواوی ناوچەکەی پەرێشان کردوە. شەڕی شیعەو سوننە جگە لە کاولکردن و داڕزاندنی شار، کۆمەڵگە و سروشت هیچی دیکەی لێ بەرهەم نەهاتوە و چاوەڕوانی هیچی دیکەی لێ ناکرێ. هەر لایەنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خاوەن بیرێکی نوێ نەبێ کە مارکسیزمی کلاسیکی، لیبرالیزم، ئیسلامی سیاسی، نەتەوەپەرستی و دەوڵەت نەتەوە تێبپەڕێنێ، ناتوانێ خۆی لە تەڵەی شیعەو سوننە ڕزگاری بکات.

کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ، کولتور، ئەتنیک، ئایین، دیالێکت و زمانە. هیچ کامێک لەو ئێدۆلۆژیانە ناتوانن سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لە ئامێز بگرن. ئەگەر نەتەوەیی بووین چی لە “تورکمەن، مەسیحی، عەرەب” و هتد بکەین؟
ئەگەر مارکسیست و چینایەتی بووین، چی لە چینەکانی دیکە بکەین؟ ئەگەر لیبڕاڵ بووین چی لە ناسنامە جیاوازەکان بکەین؟ ئەگەر ئیسلام بووین کام تەریقەت هەڵبژێرین و چی لە ئەوانی دیکە بکەین؟
لە ڕاستیدا بزووتنەوەی نەریتی کوردی کە لە ژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان دایە، بە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و شیوعی و دیموکرات، کۆمەڵە و….هتد ەوە هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەو پرسیارانە پێ نیە. کەمەنەتەوەکان تا ئێستا یان لێیان دراوە، یان کراونەتە دوژمن یان بە پارە و ترس بێدەنگ کراون. بزووتنەوەی کوردی لە غیابی ئافرەت و نیوەی کۆمەڵ ٧٠ ساڵی بە دواکەوتویی بەڕێکرد. ژمارەی ئەو ژنانەی لە ژێر سێبەری ئەو دەستەڵاتە کوردیە سوتان یان سوتێندران، زۆر لە ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە زیاترە. ئەوڕۆ قیرەقیری نەتەوەپەرستی نەریتی کورد کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی بادینی، هەورامی، کاکەیی، کوردی هەندەران و ئێزیدیەکان دایە و هەموویان لە قاڵبی ڕووتی کوردێنی ئەدات هیچ واتایەکی نەماوە و ئەوان داوای ناسنامەی تایبەتی خۆیان دەکەن. ئەوان حەزئەکەن لە ناوچەی خۆیان بە زمان و دیالێکتی خۆیان بخوێنن و دان بە ناسنامەی ئێتنیکی، ئایینی و ڕەگەزی بنرێ. دەیان ساڵ بە پارە، ترس و سەرکوتکردن ئێزیدیەکانمان ناچارکردن بڵێن کوردین، بەڵام ئامادە نەبووین یەک ڕۆژ بیانپارێزین.

دوای ئاوابونی خۆری کۆمۆنیزم، لە سەرجەم وڵاتە سەرمایەداریەکانەوە ڕاستڕەوە لیبڕاڵەکان دێنە سەر دەستەڵات و شەقێک لە بانگەشەی لیبرالیزمی خۆرئاوا هەڵدەدەن کە باسی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ئەکات. لە سیستێمی لیبرالی خۆرئاوادا، تادێت جێگای کۆمپانیاکان فراوان و جێگای پەنابەران، گروپە نافەرمیەکان و ناسنامە جیاوازەکان لەق دەبێ. لە ژێرناوی ئازادی تاک، سەرجەم کۆمەڵگەیان بێ ڕوح کردوە. ئەی ئەگەر ئەو بیردۆزە تاڵانکاریەی نەوتفرۆشەکانی ڕۆژهەڵات کە بانگەشەی بازاڕی ئازادی لیبرالیزم ئەکەن سەرکەوێ کە هیچ ئەسڵێکیان نیە، دەبێ چی بەسەر خەڵکی هەژار، ژینگە و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە کوردستانیشەوە بێنن؟ دەبێ چاوەڕێی چەند کارەساتی دیکەی وەک حەلەب، شرناخ، ئیدلیب، سەنعا و غەزە بکەین؟
بە کورتی ئەگەر دەمانهەوێ کێشەکانی باشوور بە پێشمەرگەشەوە چارەسەر بکەین و خۆمان لەو زڵکاوەی بزووتنەوەی کوردایەتی ڕزگار بکەین، ئەبێ سەرەتا شەقێک لە نەتەوەبونی بارزانی، سۆسیال دیموکراتی تاڵەبانی، ئیسلامی سیاسی و بێفکری گۆڕان هەڵبدەین کە ڕاست و چەپی دیارنیە.
ناوەکەی هەرچی دەبێ گرینگ نیە، ئێمە پێویستیمان بە ڕۆشەنفکریەکە کە وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە، سەرجەم ناسنامەکان لە باوەش بگرێت و خۆی لە زڵکاوی نەتەوەیی و ئایینی ڕزگار بکات.

——————————————————
سەرچاوەکان:

Terror and Taboo: The Follies, Fables, and Faces of Terrorism By Joseba Zulaika, William Douglass

Taboo: Why Black Athletes Dominate Sports And Why We’re Afraid To Talk About It By Jon Entine

http://socialistregister.com/index.php/srv/article/viewFile/5360/2261

A Taoist Politics: The Case For Sacredness Paperback – October 2, 2007 by Deena Stryker

Hegemony and Socialist Strategy: Towards a Radical Democratic Politics By Ernesto Laclau, Chantal Mouffe




شەڕ وەستا، جەنگ بەردەوامە، ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! … سامان کەریم

جەنگێک کە لەناوچەکەدا لەئارادایە، درێژەی هەیە و بەردەوامە. لەماوەی مانگێکی ڕابوردوو یان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی موسڵ و توندبونەوەی شەرێ ئەلیبۆوە، چەند ڕوداوێکی گەورەو گرینگ لە ئاستی جیهانیدا ڕوویان داوە، کە پێویستە هەم سەرنچ بدرێت و ببێتە جێگای باس و هەم بەدەوری خۆیان کاریگەری دەکەنە سەر چۆنیەتی بردنەپیشەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا. ڕوداوەکان بەم شێوەی خوارەوەن:
یەکەم: هەڵبژاردنی ترامب لە ئەمریکا، ئاڕاستەیەکی سیاسی راستڕەوانەوفاشی کە دیاردەی ترامبی گەیاندە لوتکەی دەسەڵات لە ئەمریکا. دانپیانانی ئۆباما بە :” هەڵەکانی ئەمریکا لە عیراق ڕۆلیان هەبوە لە پەیدابونی داعشدا” لە رۆژی ٧ی دێسمبەردا لە پایەگای”ماکدیل” ی ئاسمانی لە فلۆریدا.
دووەم: ڕاگەیاندنی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە ٢٤ی نۆڤمبەردا.
سێهەم: بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا دژ بە میدیای روسیا لە ٢٣ی نۆڤمبەرو، هەروەها بڕیاری داخستنی کەمپی کالێیە لە فەرەنسا لە ١ی نۆڤمبەردا.
چوارهەم: “یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی، پێدانی پارەی کردوە بۆ رژێمی ئەسەد بەرانبەر بە گرێبەستی ئاشتی لە سوریادا”(ریتشارد سبنسەر/ تایمزی بەریتانی- ٣ی دیسمبەر٢٠١٦). ئەم بابەتە وتاری رۆژنامەیەکە بەلام حەقیقەتی باسەکە ئەوەیە کە داواکردنی ڕوخانی یان گۆڕینی ئەسەد، خواستێکی واقعی نەماوە لە ڕوانگەی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاوە. ناوەرۆکی پێشنیارەکە لەلایەن مۆگرینی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەل بەرپرسانی ” ئۆپۆزسیون”ی سوریادا باسکراوە کە پێکهاتوە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند و زیادکردنی دەسەلاتی پارێزگاکان و ئینتیگەریتەکردنی چەکدارە تیرۆریستەکان” ئۆپۆزسیۆن” لەنیو ‌هێزی ئەمنی پارێزگاکان. بۆ ڕازیکردنی هەردوولای هاوکێشەکە یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە کۆمەکی مالی هەم بە رژێمی ئەسەد و هەم بە ئۆپۆزسیۆن بکات. هەمان پێشنیاز لە لایەن جۆن کیریەوە لە ٥ی دیسمبەر دا بەشێوەیەکی دیکە لە ئەمریکا دوبارە کرایەوە.
پێنجەم: گرتنەوەی ئەلیبۆ، و دەرچونو ڕاماڵینی لە ‌هێزە تیرۆریستەکان لەلایەن روسیاو سوپای سوریاو حزب اللەو میلیشیاکانی دیکەوە. ئەلێبۆ یان ڕۆژهەڵاتی ئەلیبۆ کە ٤ ساڵ زیاترە بەدەست تیرۆریستەکانەوەیە، زۆربەی زۆری پاککراوەتەوە زیاتر لە ٩٠٪ی هاتۆتەوە ژیر دەستی حکومەتی سوریاو بەگشتی لەباری سەربازییەوە بەتەواوی بەقازانجی حکومەتی سوریا شکاوەتەوە. لە موسڵ بریک ئاراستەکە پێچەوانەیەو شەڕەکە نێو شاری موسڵدا هێواش دەڕواتە بەرەوە.
ئەم ڕوودانە بەشێکی زۆریان ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوان و ئەمرۆ وەک کۆمەلێک پەرچەکرداری ڕاستڕەوانە لە لایەک و فاشل بونی سیاسەتەکانیان لە لایەکی ترەوە دەردەکەون، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستیەکی سەرمایە و سەرمایەدارین لە رۆژئاوادا. پەرچەکردارێک کە هۆی سەرەکی لە نەبوونی ئەلتەرناتیڤی چینایەتی کرێکاردا لە ئاستی سیاسی ودەسەلاتی سیاسی دا کورت دەبێتەوە. تەنانەت ئەو سیاسەتە ڕاستانەی کە ئەمڕۆ چەپی بورژوای پیادەی دەکات کە تا دوینێ شنەبای کۆمۆنیزم ناچاری کردبون دەوڵەتی خۆشگوزەران ڕابەری بکەن، دەگەڕیتەوە بۆ هەمان هۆ. کۆسپی سەرەکی نەک تەنها چینی کرێکار وەک چینێکی جیهانی، بەڵکو کۆمەلگای بەشەری، ئامادەنەبوونی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارە وەک هێزێکی سیاسی بەتوانا.
بەشیکی دیکەی ڕاستەوخۆ ئەنجامی لاوازبوون و هاتنە خوارەوەی پێگەی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە لە ئاستی دونیاو ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. هەلومەرجی ئەلیبۆ لە سوریاو دەرکەوتن و بەرزبونەوەی پێگەو توانای بزوتنەوەیەک کە جەنەراڵ حەفتەر ڕابەری دەکات لە لیبا، ڕاوەستانی حۆسیەکان لە یەمەن و…بە شیوەیەکی ڕۆشن ئەو ڕاستیە نیشان دەدەن.

لەپاڵ ئەو ڕوداوانەدا چەندین ڕوداوی سیاسی و ئابوری و جێگۆرگی نیوان ‌هیزەکان و قوڵبونەوەو قلشتی سیاسی نیوان ووڵاتان و نزیکبونەوەی زیاتری هەندێکی دیکەیان ڕوی داوە چ لەئاستی جیهانی و چ ناوچەیی و ناوخۆیی وولاتەکانی ناوچەکەدا. نزیکبونەوەی زیاتری میسر لە قوتبی روسیا و هەروەها ووڵاتی ئێران و دورکەوتنەوەی لە سعودیە، دورکەوتنەوەی زیاتری تورکیا لە یەکێتی ئەوروپاو نزیکبونەوەی لە روسیا، توندبونەوەی قڵشتی نێوان ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتداری عیراق بەرابەری ئەلعەبادی لە یەکێتی هێزە نیشتمانیەکان، واتە قوڵبونەوەی زیاتری نیوان ‌‌هێزگەلی قەومی ئیسلامی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی شیعەگەر، قوڵبونەوەی کێشەی نیوان پارتی دیموکراتی کوردوستانی عیراق لەگەڵ چوار لایەنەکەی دیکەی دەسەلات….
لەم وتارەدا کە تایبەتە بە جەنگ بواری ئەوەنیە کە لەسەر ئەو ڕوداوو تەوەرە جیاوازانە باس بکەین، جگە لە خاڵی پئنجەم. ئەو روداوانە بە بروای من گرینگی هێجگار زۆریان هەیە بۆ تیگەیشتن وڕۆشنکردنەوەی ئاراستە وئیستراتیژی سیاسی بورژوایی ئەمریکاو رۆژئاواو هەروەها هێز‌ەکانی بەرانبەریان لەم قۆناغە ڕاگوزەرەی سەرمایەداری دونیادا، بەم پێیە، کاریگەری دەبێت لەسەر دارشتنی سیاسەت و تەکتیکی کرێکاری لەم قۆناغەدا. بەلاـ بەشیوەیەکی گشتی لەم وتارەدا و لە پەیوەند بەم ڕوداوانەوە پێویست بە ئاماژە کردن بە دوو تەوەرەی سەرەکی دەکات. ئاماژەکردن نەک باسکردن.

یەکەم: ئاراستەی سیاسی ڕەوتێک کە گالتەجارێکی ڕاسستی وەک ترامبی گەیاندە لوتکە لە ئەمریکا، بارانێکی بێ هەور نەبوو. بزوتنەوەو ئاراستەیەکی سیاسی مێژوویەکی هەیە و لایەنی کەم دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەزمەی ئابوری جیهانی سەرمایە کە لەئەمریکاوە چەخماخەی داو تائێستا بورژوایی دونیا نەیتوانیوە بەتەواوی دەرباز بێت لێی سەرەرای سیاسەتی دژی کرێکاری و بیکارکردن و سیاسەتێکی توندی ڵێگرتنەوەی ئابوری “austerity- تەقەشوف”و جەنگە جیاوازەکان. ئاراستەیەکی سیاسی کە دەتوانین بلێین گەرانەوە بۆ قەومگەرایی ئەمریکی، لەسەرپایەی پۆست پۆپۆلیزمێکی ڕاست، کە خۆی لە خلوسیەتی ئەمریکایی بوون و وەستانەوە بەرانبەر بە ” بێگانە” بەتایبەت مەکسیکیەکان و هەروەها بەرانبەر بە ئاینەکانی دیکە بەتایبەت “ئیسلام”دا خۆی دەبینێتەوە. بەشی زۆری ئەم ئێمەیج و تێڕوانینە لە بزوتنەوەی “چا”دا بینیمان کە سەرەتاکەی دەگەرێتەوە بۆ ناڕەزایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەساڵی ٢٠٠٩لە پیناو کەمکردنەوەی مەسرەفی خزمەتگوازی دەولەتی و کەمکردنەوەی باج… بەلام بناغەی ئەم ڕەوتە لەمڕۆدا مانای شکاندنی چوارچێوەی ئاراستەیەکی سیاسی و ئابوری ئەمریکایە لە ٤ دەیەی ڕابوردودا و بەتایبەت حزبی جمهوری. ئەم رەوتە ڕاگەیەندراوە دژبە بەشێک بەو بەرژەوەندیانەیە کە کۆمپانیا جیهانیەکانی ئەمریکا تا ئێستا لێی بەهرەمەند بوون. دانانی سیاسەتی ” حمایەی گومرگی” نایەتەوە نەک لەگەڵ نیولیبرالیزمدا، بەلکو بەگشتی لە گەڵ لیبرالیزمدا، بەڵام بورژوای دەسەڵاتدار هیچ کاتێک خەتی سوری دانەناوە بۆ بردنە پێشەوەی کارەکانی. کار بۆ ئەمریکیەکان، نا بۆ چونە دەرەوەی کۆمپانیا جیهانیەکان و نا بۆ داخستنی کارگەکانی ئۆتۆمۆبێل سازی …. هەموو ئەمانە پڕوپاگەندەی گالتەجارێکن کە لە چوارچیوەی ئالۆگۆریکی گەورەتری پایەکانی سیاسەتی ئەمریکادا ڕویانداوە و بواری دا کە دیاردەیەکی نوێ بخولقێنیت. گەڕانەوە بۆ قەومگەرایی لە ئەمریکا وەک رابەڕیکی گلۆبالی سەرمایە ناتوانێت بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەو گەرانەوە بۆ دواوە نەبێت، بەلام پیویستی سەرمایەی ئەمریکا لەم قۆناغەدا ئەم دیاردەیەی هێنایە بوون، حەقیقەتێک کە دژایەتی نێو خۆی سەرمایەو سیستەمەکەی نیشان دەداتەوە.

ئەم چونەوە ناوخۆیە لەباری سیاسیەوە زیاتر مانای هەیە بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی نیولیبرالیزم لە ئاستی دەرەوەدا کە خۆی دەبینێتەوە لە تەجاوزکردنی سیاسەتی ” ڕژێم چەینج” و دەخالەتی ” تاقانەی ئەمریکی” بۆ کێشە جیهانیەکان، کەمکردنەوەی بودجە لە پرۆژە سەربازی و هاوپەیمانیە نیودەوڵەتیەکاندا… ئەمە پیش هەر مەسەلەیەک نیشاندانی لاوازبونی بناغەی ئابوری ئەمریکایە لە بەرانبەر نەیارەکانی، وەک چین و هند و تەنانەت ئەلمانیادا وهەروەها کەمبونەوەی توانای بەرپەرچی سەربازییە لە بەرانبەر روسیادا. بەشی زۆری ئەم سیاسەتە ڕاگەیەندراوانە پوچ و بێ ناوەرۆکن وبواری جێبەجێکردنیان نیە چونکە دژ بە ئاراستەی بەرەوپیشچونی سەرمایەیە لە جیهانی گلۆپالێ ئەمرۆدا. بەلام کۆی ئامانج و ئیمەیجێک کە دیاردەی هەڵبژادنی ترامبی هێنایە پێشەوە ئەوە نیشان دەدات کە سەرمایەداری جیهان وەک سیستەمێکی ئابوری-سیاسی لەگەڵ کۆسپی بناغەی بەرەو ڕوەو هەر سیستەمەکە خۆی ڕیگرە لەبەردەم گەشەو کرانەوەی ئابوری و شۆرشیک لە سەروەتو سامانی کۆمەلایەتی دا.

دیاردەی ترامب دیاردەیەکە بە تەواوی سیاسی. سیاسی بەو مانایەی کە بازاڕو جوڵانەوەو قانمونمەندییەکانی جموجۆڵی بازاڕ لە پشتی ترامپەوە نەبوو وە پێشتریش لە پشت برێکسەوە نەبوو…. بۆیە هەم بازارو هەم میدیای نۆکەری بازاڕ لە هەردوو بارەکەدا وڕو گێژ و حەپۆل دەبن. تەواوی پرۆسیسەکانی دەنگدان پوچ دەردەچن لە هەردوو دیاردەکەدا، تەواوی دەزگاکان و سەنتەرە فکریەکانی لێکۆلینەوەو سیاسەت پوچ و هەڵە دێنە دەرەوە، میدیای بەریتانیاو ئەمریکا هەرەس دەهێنێت. تێگەیشتن لەم دیاردەیە پیویستی بە تێگەیشتنە نەک لە بزوتنەوەی قانونمەندی ئابوری سەرمایە بەلکو لە قانونمەندی بزوتنەوەی مێژوو لە قۆناغی ڕاگوزەردا، کە چۆن ئابوری جێگای خۆی دەدات بە سیاسەت. سیاسەت دەبێتە ئەمرێکی فەوری تر لە ئابوری.

ئەم ڕەوتە پێشتر لە برێکستدا و دواتر لە دیاردەی هەلبژاردنی راستی فەرەنسادا بینیمانەوە کە بەگشتی راستی فەرەنسا چوە پشت ئاراستەیەکی سیاسی کە زیاتر ڕووی لە ” چونەوە نیوخۆیە”. لە هەمانکاتدا هەلپەساردنی گفتۆگۆکان لە گەڵ تورکیادا کە لەڕوانگەی منەوە داخستنیەتی، ئەگەرچی لەوانەیە چەند جارێکی دیکە گفتوگۆکان بکرێنەوە، بەلام ئەوە داخراوە کە تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و خودی یەکیتی ئەوروپا لایەنی کەم بەم چوارچیوەی ئێستایەوە لە ژیر پرسیاری گەورەدایە. لە روانگەی منەوە یەکیتی ئەوروپا بەم شیوەو ناوەرۆکەی ئیستایەوە بەرەو تەواو بوون دەچێت و توانای خۆگرتنی نەماوە لەبەردەم ئاڵوگۆڕە گەورە جیهانیەکاندا. بەلام ئەم هەلپەساردنە نیشانەی ” چونە نێوخۆی” ئەوروپایە لەبەرانبەر ئالۆگۆرە گەورەکانی دونیائ ئەمرۆدا و قبولنەکردنی موخالیفینە، وە لەمبارەوە “ئیسلام” کراوەتە ڕێگرییەکی گەورە. لە هەمانکاتدا هەلبژاردنی “فیون” ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکاو غەرب بە گشتی ئەژنۆ دەکوتن لە فەشلی سیاسی دا بەتایبەت لە بەرانبەر جیهانی عەرەب و دیاردەی ” بەهاری عەرەبی “دا. فەرەنسا بۆ فەرەنسیەکان، هەمان ئەمریکا بۆ ئەمریکیەکانی ترامبە. لیرەوە باسی من سوریاو جەنگە. هەلومەرجی ئێستاو سەرکەوتن یان چونە پێشەوەی روسیا و سوریا و ئێران لە ئەلیبۆ لە چوارچیوەی ئەو هەلومەرجەدا پیویستە لێک بدرێتەوە.

ترامب وە فیون ، ئەمریکاو فەرەنسا. بەرۆشنی باسی ئەوەدەکەن کە کۆسپی سەرەکی ئەوان لە سوریا تیرۆرو داعشە. دواین پێشنیازی یەکێتی ئەوروپا کە لەسەرەوە باسمان کردوەو لە لایەن مۆگرینی یەوە پیادە کراوە، بەڕؤشنی ئاراستەیەک نیشان دەدات کە ‘میانەڕەوە” واتە لە نێوان قۆناغی پێشوو کە ڕوخاندنی ئەسەد بوو لە گەل قۆناغیك کە گریمانەیەکە بێتە پێشەوە ئەویش هاوکاریکردن و دوبارە پەیوەندی دیبلوماسی لەگەل نیزامی ئەسەدە. ئەم ئاراستەیە بۆ ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بێ ئەمریکا” ئەمریکای ترامب” لە ئاستی ئالوگۆڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی لاوازتر نەبێت و لایەنی کەم بلێ ئێمەش هەین. ئیستراتیژی ترامب و ئاراستەی بورژوایی ئەمریکا لەم قۆناغەدا بەناچار رووی لە باسفیکو دەریای چینە، باسی هێنانە پیشەوەی کێشەکان لە گەل ئیران، لەوانە هەلوەشانەوەی ڕیکەوتنی ئەتۆمی پیویستە لەم ڕوانگەیەوە سەرنج بدریت. واتە لە ڕێگەی کیشە دروستکردن بۆ ئێران، ئەمریکا دەیەوێت پیش بە روسیاو چین بگرێت، پێش بەخەتی ” حەریر” و ڕێکەوتنە سەربازییەکان بگریت لەگەڵ چیندا، کاریگەری بخاتە سەر روسیا لە رۆژهەلاتی ناوەراست و سوریادا. بڕیاری هەرئێستای گۆنگرێسی ئەمریکی بۆ تازەکردنەوەی سزا ئابورییەکان بۆ سەر ئێران، ئەوە نیشان دەدات، کە ئەمریکا شەری خۆی لە بەرانبەر روسیاو چیندا بە چەندین شیوە دەکات و لایەنی کەم لەمبارەوە سەرۆکایەتی ئێستای ئەمریکا کێشە بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا بەجێبهێلێت. دواین بڕیار لەمبارەوە کە ئۆباما ئیمزای کردوە لە رۆژی ٨ی دیسمبەردا بریاری پیدانی ساروخی سەرشانی دژی فرۆکەی جەنگی یە بە تیرۆرسیتەکانی سوریا. ٤ ساڵە هەموو خەلیج و تورکیا داوا دەکەن کە ئەمریکا ئەم کارە بکات. ئێستا کە ئۆباما ڕؤلی نەماوە تازە ئیمزای دەکات و لەبەرانبەر شکانی ئەلیبۆدا.

بەڵام ئایا بەجێهێشتنی رۆژهەلاتی ناوەراست مەسەلەیەکی بڕاوەیە؟! بە بروای من نا. ئەگەرچی بۆتە ئاراستەیەکی باو وزاڵی نێو فۆنکسیۆنی سیاسی بڕیاردەری ئەمریکا بەلام لیرەوە، بە جیا لە مقاوەمەتێک کە دێتە بەرەوە لەلایەن ڕەوەتی سیاسی پێشوەوە، کاتی بەجێهێشتن و شێوازی بەجێهێشتن مانا پەیدا دەکات، کە هیچیان دیارنین. بەجێهێشتنی کۆسپەکان و تەنانەت ڕاگرتنیان وەک مانەوەی “موسڵ” لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، پیدانی ساروخی دژە فڕۆکە بە تیرۆرسیتەکانی سوریا. مانەوەی ڕەقە بەدەست داعشەوە…ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمریکا لەم ناوچەیەدا هێشتا ماویەتی.
بەگشتی ئاراستەیەک کە سیاسەتی ترامب نیشانی دەدات لە بەرانبەر کێشەکانی جیهاندا ئەوەیە کە دەیەوێت، ئەو هاوپەیمانیەی یان ئەو نزیکایەتیەی نێوان ڕوسیاو چین و ئیران تێک بشکێنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە لەگەڵ هیچ لایەکیان بگاتە جەنگ. سیاسەتەکانی تا ئێستای وە کۆی سیاسەتەکانی ئەم ماوە ڕاگوزەرەی ئەمریکا( لە ئۆباماوە بۆ ترامب)، ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترامب دەیەوێت بە جۆرێک نزیکایەتی لە گەڵ ڕوسیا بکات و لە ژێر پەردەی دژی تیرۆردا کاری هاوبەش بکات. ، لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەیانەوێت ڕوسیا بیدەنگ بکەن لە بەرانبەر بە توندکردنەوەی سزای ئابوری و فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران، هەروەها هەولدان بۆ لاوازکردنی پەیوەندی نیوان ڕوسیاو چین لە ڕیگای نزیکایەتیکردنی ڕوسیاوە. بەڵام ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لەهەمانکاتدا هەوڵدانی تێدایە بۆ ڕاکێشانی ئیران بۆ ژێر سایەی قوتبی ئەمریکی. هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی ئیران، لە رێگای هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە.

بەلام بەگشتی لە ڕوانگەی منەوە دیاردەیەک کە ترامب و فیۆن هێنایانە پیشەوە لە باری سیاسی یەوە وە تەنها لەمبارەوە ئەوە نیشان دەدات کە دانپیانانێکی ‘ غەیرە ڕەسمی” هەیە بە جیهانێکی چەند قوتبی و بەتایبەت لە ئاراستەی ترامبدا ئەم مەسەلەیە رۆشنترە. بەڵام ئایا ئەمە نیشانەی تەواو بونی کێشەکانی نێوان ووڵاتانی گەورە سەرمایەداری دونیایە؟! بێگومان نا. کیشەکان تازە خەریکن توند دەبنەوە.
دووەم: ئەگەر نیولیبرالیزم لەباری ئابوری و سیاسیەوە شکستی خواردوە، کە خواردویەتی، وە ئەگەر “گلوپالیزم بەمانا لیبرالیزمە نوێیەکەی” لە ووڵاتانی ئەمریکاو رۆژئاوا دا بەرژوەندییەکی ئابوری نەبوو بۆ کریکاران وفەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە،… ئەگەر ئەم ژیرخانە ئابورییە دژ بە کۆمەلگای بەشەری ودژە کریکارە، ئەوە سەرخانەکانی کە ئایدۆلۆژیاو مافەکان و سیاسەت و رۆشنبیری و نەریتەکانە ناکریت کۆنەپەرستو کۆنە پاریزو دواکەوتوو دژی مافی گلۆبالی ئینسان وە بەتایبەت کرێکار نەبیت و لەهەمانکاتدا رووی راستەقینەی خۆی نیشان نەدات.

ئەمرۆ ئایدۆلۆژیایەک وە کۆمەلە مافیکی ئابوری وسیاسی و مافی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەگەری و مافی پەنابەری، کە بەگشتی لە چوارچیوەی دیموکراسی رۆژئاواییدا لە قاڵب دەدراو وا لێک دەدرایەوە کە نەریتو بەهای دیموکراسی رۆژئاوای بن، ئەوە ئێستا بۆ هەموو کەس دەرکەوت کە دەسەلاتی بورژوایی بە راست و چەپەوە لەم ووڵاتانەدا خاوەنی ئەم مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیانە نین، وە نەریت و ئاسۆی سیاسی ئەوان نیە، بەلکو ئەوە سەپێندرابوو بەسەریاندا لەلایەن بزوتنەوەی کرێکاری و شۆرشە کرێکارییەکانی سەدەی ڕابوردوەوە. نەریتی هەموو ئەو سیستەمە سەرمایەداریانە، هەمان بەهاو نەریتی سیسەتەمی کۆنەپەرست و داڕزیوی چینە. هەموو ئەوروپا هەلپەیەتی بۆ پیادەکردنی ئەلگۆی چینی. سەرمایەو سەرمایەداری یەک بەهاو نەریت و ئەخلاقیەتیان هەیە. لە چینەوە تا بەریتانیاو لە ئەمریکاوە تا روسیا. بەریتانیا هەموو هەوڵی ئەوەیە کە مەسەلەیک نەبێت نیوی ” مافی کرێکار” وە مافی سیاسی وکۆمەلایەتی و ئابوری کۆمەلگا بێت، مەگەر برێکست بەشێکی بۆ ئەمە نەبوو.

بۆ هەموو پەنابەرێک و رۆژنامەنوسیکی بە ویژدان و کەسێکی ئاسایی دەرکەوت کە دیموکراسی ئەوەیە کە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیار دەدات کە میدیای روسیا سانسۆری بخرێتە سەر و بایکۆت بکریت و بەهەرحال هیواش هێواش ئەگەر بۆیان بکریت قەدەغەی بکەن، نەک لەبەرئەوەی میدیای روسیا ” ئارتی و سبۆنتیک و…” میدیاکارێکی رادیکال و بەویژدانی ئەم سەردمەن و پاریزگاری لە مافی کریکارو خەلک دەکەن، بەلکو تەنها لەبەر ئەوەی کە موخالیفی خۆیانە و هەندیک لە درۆو دەلەسەکانیان ئاشكرا دەکات. بۆ ئەوەیە کە جێگایان بگرێتەوە. ئەم بڕیارە و داخستنی کەمپی پەنابەرانی کالییە لە ووڵاتی شۆرشدا” فەرەنسا” لە لایەن سەرۆکێکی ” چەپەوە” بەشیوەیەکی رۆشن ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دیموکراسی نیشان دەدەن. ئەمریکاو رۆژئاوا بێ ئەلتەرناتیڤن لە باری ئایدۆلۆژییەوە، ناچارن پەنابەرن بۆ ئاینەکان… لێرەوە ئیسلامی سیاسی بۆ وولاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب لای بوژوایی مانا پەیدا دەکات، لەباری سەرخانی سیاسیەوە.
دیموکراسی ئیتر توانای گەوجکردن و گێژکردن و بەلاڕێدا بردنی نەماوە. هەولێکی لە ڕادەبەدەر لە ئەمریکاو وولاتانی رۆژئاوا لە ئارادایە بۆ ئەنتیگریتە کردنی مەزهەبە جیاوازەکانی مەسیحی لەگەلە دیموکراسی و بنەماکانی دیموکراسی و دوبارە دارشتنەوەیان لە چوارچێوەیەکی تازەدا، لەمبارەوە چین و روسیا هەمان ئاراستەیان هەیە و بەتایبەت لە ڕوسیادا ئەم پرۆسێسە بە ئەنجام گەیشتوە.

شەڕی ئەلیبۆ تەواو، جەنگ بەردەوامە

لەباری تیروانینی سەربازییەوە ئەلیبۆ “شکاوە” واتە لە ژیر دەستی تیرۆریستەکان و ئەمریکاو هاوپەیمانانی هاتۆتە دەرەوەو کەوتۆتە ژیر دەسەڵاتی رژێمی سوریاو هاوپەیمانەکانی روسیاو ئیران. زیاتر لە ٩٠٪ ئەلیبۆ تیرۆریستە ئیسلامیەکانی تیدا نەماوە، ئەوەی کەماوە ٣ گەرەکی بچوک و بەرتەسکە و ئابلوقە دراوەو زیاتر بۆ بێدەنگ کردنی ئەمریکاو رۆژئاواو رەئی گشتی دونیایە لەبەرانبەر کاولکاری وکوشتارێک کە کەکراوە وهەروەها گوایا دانوسانێک هەیە لەگەل ئەمریکا. ئەلیبۆ کاول بوە وە بەشێکی خەڵكەکەی ئاوارەو دەربەدەر بوە. ئاڕاستەی شەرەکە لە ئەلیبۆدا وا نیشانی دەدەن کە لە چەند رۆژی داهاتودا ئەلیبۆ بەتەواوی دەکەوێتەوە دەست رژێمی ئەسەد. هەرواوهوریای ئەمریکاو رۆژئاوا لە دژی کوشتکارگەی ئەلیبۆ و کاولکاریەکەی، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە کە دەلێن: ئێمە خۆمان ئەو قەتلوعامە ناکەین بۆیە قەدەغەیە، هەموو باسەکەیان هەر ئەوەیە و لەوە زیاتر نیفاق و درۆیە.

بەو گریمانەوە دەلیم کە ئەلیبۆ، بەتەواوی بێدەنگ بێت و تەقەی تێدا نەمێنێت، دیسان مانای وەستانی جەنگ نیە. شەر لەسەنتەری جەنگەکەدا کپ بوەو نەماوە، بەلام جەنگ بەردەوامە نەک تەنها لە ڕەقەو دێرئەلزۆرو ئەدلب و باب .. بەڵکو لە شارەکانی لیبیاو لە دەوروبەری موسڵ و نێو موسڵ ولە شارەکانی یەمەن… جەنگ بەردەوامە. ئامانجی جەنگ ئامانجێکی جیهانی ترە ویەکلایکردنەوەی مەسائیلەکانی پشتی ئەم جەنگە ڕاستەخۆ بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی ووڵاتانی زلهێزو ناوچەییە. ئامانجی ئەم جەنگە و بەتایبەت چونکە جەنگەکە بە وەکالەتە، هیواش هێواش و لەسە کاولکردنی ناوچەکە و کوشتارگایەک بۆ خەڵکەکەی دابین دەکرێت. ئامانجەکە ماویەتی و زلهێزەکان تا ئێستا نەگەیشتونەتە ڕیکەوتن لەسەر بەشی خۆیان!

جەنگ بەردەوامە، بە ڕەوالیک ئەم جەنگە دەچیتە پێشەوە، کە تەواوی پڕۆسەو ڕوداوەکان هەم بەگشتی لە ژیر کۆنترۆلدایە، کۆنترۆلی گشتی زلهێزەکانی جەنگ، لە پێشیانەوە ئەمریکاو روسیا و چین و دواتر فەرەنسا و بەریتانیا و ئەلمانیا… کۆنترۆڵیک تا ئەم چرکە ساتانە هەم ئاماژەیەکە بۆ هێز هاوسەنگی دیاریکراوی نێوان ئەو هیزانە لەلایەک وە هەم ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە ئەم هیزانە لایەنی کەم لە قۆناغی ئێستادا لە بەرانبەر هەلومەرجی تا ئێستای رۆژهەلاتی ناوەراستدا نایانەوێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ بکەونە بەرانبەر یەک. ئەم جەنگە بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ جەنگێکی تەواو جیهانیە. جەنگێکە کە هەموو ئەو سیماو تایبەتمەندیانەی گرتۆتە خۆ کە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بویان، چ لەباری ناوەرۆکی سیاسی و ئامانجی جەنگەوە کە ئەمە گرینگترین پۆینتە وە چ لە باری هاوبەشی وولاتانی دونیاوە لەجەنگدا. لەباری ئامانجی سیاسیەوە، ئەم جەنگە بۆ یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵات و نفوزە یان دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و نفوزە لایەنی کەم لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە نێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا.

هەر ئێستا و پاش ئەوەی کە ئەلیبۆ لەباری سەربازییەوە کەوتۆتەوە دەست رژیمی ئەسەد و بەم پێیە لە سەنتەری سەرەکی جەنگدا روسیاو هاوپەیمانانی سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە” ئەگەرچی تائێستا ئەلیبۆ ماویەتی / ٩ی دیسمبەر” . سەرکەوتنی روسیاو هاوپەیمانانی مانی فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوایە. ئەمە تەنها قسەی من نیە، رۆژنامەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو لەسە ئەمە دەکوتن و “میرکل” لە ژیر ناوی مەسائیلی ئینسانی دا شین و ڕۆڕۆیەتی. فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوا بەواتای ئەوەی کە سوریا ئیتر قابیلی دابەشکردن نیە لەسەر بناغەی تائیفەو ئاینەکان. پێدەچیت ترامب لەم حەقیقەتە گەیشتبێت بۆ یە باس لەوە دەکات ” رژێمەکان ناگۆڕین”. پرۆژەی سیاسی رۆژئاوا فەشلی هێناوە، بەلام هێز هاوسەنگی ئەمریکا تا ئێستا لە هەموو نەیارانی بەهیزترە بەجیاجیا، ئەگەرچی زۆر هاتۆتە خوارەوە. لیرەوە ئەمریکا بەشی خۆی دەوێت لە سوریا. رەقە و ئەدلب ماوە جارێ… . بەلام فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاواو هاوپەیمانەکانیان لە ئەلیبۆ، ئەگەرچی بەمانای فاشل بونی سیاسەتی ئەوانە لە کۆی جەنگەکەدا و ئامانجی سەرەکی جەنگەکەیان لەدەستداوە بەڵام لەنێوان نەمان و بەشکردنی نفوزی ناوچەکەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە. بۆیە جەنگەکە بەردەوامە. هێشتا ئەمریکا توانای گەورەو ئیمکاناتی گەورەی لەبەردەستدایە لە چاو نەیارەکانی دا، بۆ وەرگرتنی بەشی گەورەی خۆی. بڕیاری لابردنی نەدانی چەک بە تیرۆریستەکانی سوریا لێرەوە قابیلی درک کردنە. لە ڕویەکیەوە بۆ ئەوەیە کە جەنگەکە درێژ بێتەوەو ڕازی نیە بەم دۆڕاندنەی لە ئەلیبۆ و ڕازی نیە کە فاشل بوە، لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت کە ڕیگریەک بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی داهاتوو دابنێ.

ئەم جەنگە ناڕاستەوخۆو جیهانیە. جەنگی ناڕاستەوخۆی جیهانی لەگەل جەنگی ڕاستەوخۆکەی دا جیاوازیەکەی لەوەدایە. کە زلهێزەکان ڕاستەوخۆ بە هیزی خۆیانەوە لەبەرانبەر یەکدا ناوەستن و هێزەکانی یەکترو شارو ووڵاتی یەکتر موشەک باران ناکەن، دووەم: تەواوی توانای تەکنۆلۆژی جەنگی و چەکە ئەتۆمی بەکار نابەن. سەرەرای ئەوانە ئامانجی شەرێکی ڕاستەوخۆی جیهانی، ئەگەر بوار بمێنێت کە ئامانجیک جێبەجیببێت، ئامانجیکی جیهانیەو گشت جیهان دەگرێتە خۆ. پیدەچیت زلهێزەکان تا ئێستا جەنگی ناڕاستەوخۆ بەقازانجیان بێت. بەتایبەت کە جەنگێکی جیهانی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەکان مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر گشت کۆمەلگای بەشەری و دەیخاتە بەردەم مەترسی لەناوچونی زۆربەی زۆری دانیشتوانی گۆی زەوی. بەمانایەک و بە گریمانەیەکی گەورە سەرکەوتویەک نامێنێت تا دونیا دوبارە دابەش بکاتەوە.

باسی ئەلیبۆ باسی هەلبژاردنی ئارەزومەندانە نیە. بەلكو پیش هەر مەسەلەیەک، چونکە سەنتەری ڕوبەڕوبونەوەکە لەوێیە لە سوریا. سەنتەری ڕوبەڕوبونەوە لە نیوان ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە لایەک و روسیاو چینو ئیران لەلایەکی دیکەوە… لە بەرەکانی دیکەدا وانیە. لە لیبیا روسیاو میسرو هاوپەیمانانی ژەنەرال حەفتریان هەیە و ئەمریکاو رۆژئاوا حکومەتی سەراج. لە عیراق ئەمریکا بە ڕواڵەت باڵادەسترەو هەندی هێزی لەگەڵە لەوێ روسیا هەم بەهۆی ئێرانەوە رۆلێ خۆی دەگێری هەم بەهۆی نفوزێکی مێژوویەوە کە هەیەتی. لە یەمەن ئەمریکاو روسیا هیچیان ئامادەنین وەکو سوریاو عیراق، بەلکو بەهۆی سعودیەو ئێرانەوە لەوێ هەن. تاکە جیگایەک کە ئەمریکاو تەواوی هاوپەیمانەکانی و روسیاو تەواوی هاوپەیمانەکانی بەرانبەر بەیەکتری دەجەنگن بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ و هەروەها هەردوولایان بونیان هەیە لە سوریایە. بەم پێیە سوریا دەبێتە سەنتەر. لە نێو سوریادا ئەلیبۆ بۆچێ ئەو پێگەی هەیە؟! هەموو دونیا قسەی لەسەر دەکات، دەلێن یەکلایکردنەوەی ئەلیبۆ وەک یەکلایکردنەوەی تەواوی جەنگەکە وایە لەسوریادا. دەلێن کەوتنی ئەلیبۆ لەلایەن رژێم و روسیاوە مانای فاشل بونی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بۆ وا دەلێن؟!. مەگەر دەیان و سەدان وتار لەمبارەوە ناخوێنینەوە لە نێو رۆژنامەکانی ئەمریکاو رۆژئاوادا لە گاردیانەوە بگرە تا تایمزو تا دەگاتە ڕۆیتەرز و ئیکۆنۆمیست!!.

ئەم مەسەلەیە دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، سیاسەتێک کە رووی لە دابەشکردنی سوریا بوو لە سەر بناغەی تائیفە ئایینیەکان. دابەشکردنەوەی ناوچەکە لەسەر پایەی ئاینی و تایفی نەک نەتەوەیی. لەسەر ئەم پایەیە بڕیار بوو ” شۆرشی سوریا!!” بەرابەری ئەمریکاو سعودیەو تورکیاو قەتەر، هەمان کار بکات و سوریا ئەگەر دابەش نەکات وپێی نەکرێت دابەشی بکات بەسەر چەند ووڵاتێکی وەک عەلەوی و سوننەو دورزو مەسیحیەکان، ئەوا حەتمەن وەکو عیراق لەسەر پایەی نەتەوەو ئاینو تایفە” دابەش بکاتەوە. لەسەر ئەو پایەیەو بەپێی ئەو ڕوانگەو ئامانجە سیاسی یە، ئەلیبۆ پێگەی سەنتەری جەنگەکە پەیدا دەکات. بڕیار بوو لە سوریا مورسی یەکی دیکە سەرۆک بیت، مۆری ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و نیشتمانی و سوپایەک کە لەسەر ئەم باوەڕە پێکهاتوە نەمێنێت وەکو عیراق. وە ئیسلامی سیاسی وەک پایەی دەسەلاتی سیاسی ناوچەکە پێناسە بکرێتەوە. ئەمە فەشلی هێنا.
ئەلیبۆ گەورەترین شاری سوریاو کۆنترین شاری دونیایە. سەنتەری پیشەسازی ئەو وولاتەیە، بە دانیشتوانێکی پێنچ ملێونیەوە کە مۆری” سوونە مەزهەب” دراوە بە نێوچاوانیانەوە، لەجیاتی دەیان مۆری دیکەی وەک: پشەسازی شیرەمەنی و مەحشی و کوبە و کەباب و صابون کە ئەمشارە بەهەموویان زۆر بەناوبانگە لە ئاستی جیهانیدا یان بە مێژوە کۆنەکەی و تێکەلەیەکی هێجگار فراوان لە زمانی جیاوازو “نەتەوەی”تواوەی جیاواز لەمشارەدا… هەروەها پێگەی جوگرافیایی ئەم شارەو نزیک بونی لەتورکیاوە، بەجیا لەوەی کە ٤ساڵ زیاترە بەشی رۆژهەڵاتی بەدەست تیرۆریستەکانەوەیە، لایەنگرانی ئەمریکاو دیموکراسی!!….هەموو ئەمانە پێکەوە کردویەتیە پایەی سەرەکی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بەتایبەت تورکیا. بەم مانایە کەوتنی ئەلیبۆ لەلایە رژیم و روسیاوە دەیکاتە ئەوەی کە پایەی سەرەکی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوا، پوچەڵ بێتەوەو ئامانجی ئوردوگانیش هەرەس بهێنێت لەمبارەوە. ئوردوگان وئەمریکاو بەنیاز بون کە موسڵ گرێ بدەنەوە بە دێرئەلزۆرو ئەویش بە رەقەو ئەمیش بە ئەلێبۆوە، واتە ناوچەیەکی فراوانی پێکەوە بەستراوی ” سوننەمەزهەب” پیکەوە گڕی بدەن، لە بەرانبەر یان بە دژی ” هیلالی شیعی”. ئەمەش فەشەلی هێنا. حەشدی شەعبی و گرتنەوەی ئەلیبۆ، رستەکەی لێکردنەوە بەخوری.

گرتنی رۆژئاوای موسڵ لەلایەن حەشدی شەعبی یەوە، تەواوی ئامانجی شەری موسڵی بۆ ئەمریکا کردە هیچ. ئەمریکا شەری موسڵی بۆ ئەوەبوو کە فشار بخاتە سەر روسیاو چین و ئێران… ئەگەر نا، ” موسڵ” بەبێ سوریا بۆ ئەمریکا کارێکی ئاسانە، بە مانایەک گرتنەوەی موسڵ بەتەنها و جیاکردنەوەی لەکۆی جەنگی ناوچەکە بۆ ئەمریکا کارێکی ئاسان بوو، وە ئاسانە. بەلام ئەمریکا ئامانجی دیکەی هەبوو کە سەرکەوتوو نەبوو تیایدا. هەر بۆیە دەبینین کە ئیستا شەڕی موسڵ لە جێگای خۆیدا ڕاوەح دەکات، ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاندوە کە شەرەکە گران دەچیتە پێشەوە. بە ئاشکرا درۆ دەکات و کار بەوە گەیشتوە عەبادی وەڵامیان بداتەوە. دوونوسەری سەر بە پەیمانگای واشنتونی ئەمریکی بە ناوی مايكل نايتس و ماثيو شفايتزر وتارێکیان بەنیوی ” میلیشیاکانی شیعە مشەخۆری دەکەن بەسەر شەری موسلەوە” بڵاوکردۆتەوە لە (١٨ی نۆڤمبەر ٢٠١٦- ) بە شیوەیەک ئەم ڕاستی یە بەیان دەکەن!!. ئەمە حەقیقەتێکە بۆ هەموو ئەو کەس و لایەن و نوسەرانەی کە پێیان وایە شەری موسڵ روسیای لێ نیە، یان شەری موسڵ شەری نیوان داعش و ئەمریکایە. یان شەڕی موسڵ شەڕێ نێوان تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و ئەمریکایە… واقعیەتی ڕوداوەکان هەموو ئەو تێز گەلانەی پوچ نیشان داو خستنیە لاوە.

جەنگ بەردەوامە، لە سوریا و لەعیراق و لەیەمەن ولیبیا…. ئەم جەنگە جەنگێکی کۆنەپەرستانە وە دژی بەشەری یە. ئەم جەنگە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەبڕکردنو لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریزمەوە نیە. بەپێچەوانەوە لێدانی ئەم هێزانە بە هەردوو قوتب و هاوپەیمانەکانیانەوە، لە تیرۆر و هێزە تیرۆریستەکانی ئیسلامی، دەبێتە هۆی زیاتر پان بونەوەو بلاوبونەوەی و گەورەتری دەکات. ئەمە تەجروبەیەکی گەورەی مێژووی ١٦ ساڵی ڕابوردوە لە ئەفغانستانەوە تا ئیستا. بەو ئاستەی جەنگ دژی ” تیرۆر” ڕاگەیەندرابێت، بەو ئاستەی گوایە جەنگێکی گەورەو فراوانە، بەهەمان ئاست تیرۆرو تیرۆریزم گەورەو فراوان بۆتەوە. پێم وایە ئەمە ئێتر پێویستی بە تیۆر نیە. مێژوویەکی تەواوە کە خۆمان بینیومانە. ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت. هیچ نیوەندگیریەک لەم نێوەدا نیە. خەڵکی ناوچەکە لەژێر دەسەلاتی داعش و بۆمبارانی ئەمریکادان. لە ژیر دەسەڵاتی تیرۆریستەکان و بۆمبارانی روسیادان. لە موسڵ لەبەرانبەر دوو لایەنی تیرۆریستی دا گیانیان ئەسیرە. لایەکی کە تیرۆریزمی دەولەتی یە خانوەکەیی و قوتابخانەی مندالەکەی، خەستەخانەی گەرەکی، و پردەکانی سەر دجلەی، بۆ دەروخینێت و دەیان کەس دەکاتە قوربانی، ئەو لای تریان کە داعشە ئەگەر شانسی مانەوەی هەبێت رۆژانە دۆزەخێکی بۆ دادەخات. لەناخەوە خواستی واقعی ئەوەیە کە لە هەردوو جۆرە تیرۆرەکە رزگاری بێت. ئەلیبۆ هەلومەرجی کاولکارییەکی هێجگار زیاترە.

ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت. باسی ئێمە لە شەش مانگی ڕابوردوەوە هەر ئەم جەنگە بوە. جەنگ بەشیکە لەسیاسەت. وە جەنگ کێ پیادەی دەکات مەسەلەی سەرەکیە. ئەم جەنگە باسی ئیمەیە، نەک جەنگی چینەکان، نەک جەنگی کریکار بەرانبەر بەسەرمایەو دەسەڵاتەکەی وەنەک جەنگی هیزێکی جەماوەری و پێشکەوتنخواز لە بەرانبەر هێزێکی تیرۆرسیت یان دەسەڵاتیکی کۆنەپەرست. ئەم جەنگەی ئێستای ئەمریکاو روسیاو بەریتانیا و فەرەنسا و تورکیاو سوریا و عیراق و بارزانی و حزب اللە و حۆسیەکان و حەشدی شەعبی، تیرۆریستەکان و داعش و قاعیدەو نەسرەو سوپای شام وئۆزبەکی …. لایەنەکانی ئەم جەنگەن. سیاسەت ئامانجی هەیە وهەموو ئامانج و ڕیبازێکی سیاسی ، سوننەت” نەریت” و شیوازی کاری خۆی و ئەخلاقیاتی خۆی هەیە. جەنگ سیاسەتە، وە بۆ ئەو هێزانەی لەم جەنگەی ئێستاو شەرە جیاوازەکانیدا بەشدارن، ئەمە جیاناکرێتەوە لە شیوازی کاریان، شیوازی جەنگیان. لە بوردومان و کاولکردنی خەستەخانە و قوتابخانەو دامودەزگای ئاوو کارەبا، جیاناکرێتەوە لە کاولکردنی خانوبەرەو ماڵی هاوولاتیان، جیاناکرێتەوە. سەیری ئەلیبۆ بکەن و ئینجا پردەکانی موسڵ.

جەنگ سیاسەتە وە بۆ ئەم هێزانە شیوازی کارەکەی ئەوەیە کە دەیبینین، کوشتنی مندالان و دەیان هەزار بی تاوان وبێ چەک، سەربڕین و کوشتن و ئیعدامکردن، ڕامالینی و گۆڕینی دیمۆگرافیا و پاککردنەوەی نەژادی وتایفی هەموو ئەمانەمان بینی لەدەوروبەرت موسڵ و کەرکوک و شوێنەکانی دیکە وە دەیبینین. ڕەخنە ناتوانیت بەر بە شیوازی کارو سیاسی ئەمریکا و روسیاو داعش و حەشدو تورکیا بگرێت. یان جەنگ دەبێت بوەستێت یان ئەو کاولکارییە بەردەوامە. خۆشباوەرییە داوا لە ئەمریکاوحەشدی شەعبی و تورکیاو روسیاو سوریا… بکەیت کە کاولکاری نەکەن و لەسەرخۆبن و دەست بپارێزن. ئەگەر ئەلیبۆ لە فلمدا ببینین دەڵین زیادەرۆیان کردوە لە فەنتازیای کاولكاری و قەتلدا. واقعیەتی جەنگەکە بەڕۆشنی ئەوەمان پیدەلێ کە درەنگە دونیا کاول بوو، دەبێت پیش بەم کاولکارییە بگیرێت.

هەریەک لە دوو لایەنی بەرانبەری ئەم جەنگە، یان سێ لایەنی بەرانبەری ئەم جەنگە، بەپێی هێزهاوسەنگیان لە بەرەیەکی جەنگدا داوادەکەن کەجەنگ بوەستێت بە شیوەیەکی کاتی، مەسەلەی ئەوان خۆکۆکردنەوەیە بۆ جەولەیەکی دیکەی بۆکسێن، چەند جار ئەوەمان بینی لە سوریا. بەلام بەگشتی هەرلایەک هیز هاوسەنگی بە قازانجی نەبێت دوای وەستانی چەنگ دەکات و ئەم دیاردەیە زیاتر لە سوریا و لیبیا و یەمەن دەردەکەوێت. باسی ئێمە وەستانی جەنگ نیە بۆ دوبارە هەستانەوە بەڵکو باسی ئیمە ئەوەش نیە کە داوایان لێ بکەین جەنگ بوەستێنن. باسی من هەروەک لە وتاری پێشودا “ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! ئاوابونی خوێناوی “سیستەمی نوێی جیهانی”ئەمریکا!” وتومە ئەوەیە کە : (پێویستە جەنگ بوەستێت” تەنها بەمانای وەستانی” تەقە” نیە. بەڵکو بەمانای نەمانی تەواوی کەشتی یە جەنگی و سەربازییەکانی ئەمریکاو ڕوسیا و ووڵاتانی دیکەیە لە ناوچەکە و دەریای سپی ناوەراست و تەواوی پێگەو بنکە سەربازییەکانیان. جیهانی ئەمرۆ نە پێویستی بە بارچاوەشی ئەمریکایە وە نە بە حەیتەی ڕوسیا. هەروەها بەمانای وەستانی ناردنی ” جیهادییەکان” و وەستانی فێرکردن و پەروەردەکردنیانە، وەستانی کۆمەکی مالی و مرۆیی و، هەواڵگری و سەربازییە بەم هیزانە، بڕینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندیانە لە کەناڵە ئاسمانیەکانەوە بگرە تا دەگاتە فەیسبوک و تویتەرو لە هێزە تیرۆرسیتەکان و فەتواچیەکانیان. قەدەغەکردنی موتلەقی رەوانەکردنی چەکە بۆ ڕێکخراوو هیزو گروپە تیرۆر یست و میلیشیا جیاوازەکانیان. جەنگ دەبیت بە فەوری بوەستێت. هەموو دونیا تەنانەت ئەوانەش کە زۆر گوێندانە بیستنی هەوالەکان یان ئەوانەی کە ئاگری شەڕەکانیان زۆر لێدورە لە نیوزلاندەوە بگرە تا دەگاتە ئالاسکا… لە جیهانێکی ئامن و ئارامدا گوزەران ناکەن. وەستانی جەنگ بەرژەوەندی هەموو ئەوانەش دابین دەکات چ جا بگات بە ملیارەها ئینسان کە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب و ئەوروپاو روسیاو ئەمریکا دەژین. واتە ئەوانەی لە ناوجەرگەی جەنگ و دەوروبەرەکەیدا گوزەران دەکەن، یان وولاتەکانیان دەرگیرە لەم جەنگەدا.).

ئەمکارو سیاسەتە دەبێت بسەپینرێت، دەبێت بە سەر زلهێزەکان و حکومەتەکانی ناوچەکەدا فەرز بکرێت، کە ئەم جەنگە ڕابگرن. چونکە ڕۆشنە ئەوان بە ئاسانی جەنگ ڕاناگرن تا سیاسەتەکانیان جێبەجینەبیت. ئەمکارە سیاسەتە وە پیویستی بە هێنامەیدان وڕیکخستنی بزوتنەوەیەکی فراونی نێو نەتەوەیی هەیە. هەم لە نێوخۆی ئەو وولاتانە بەهەموو ڕیگایەکی گونجاو ولەوانە رێکخستنی هێزی چەکداری، تادەگاتە سازدانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گەورە لە ئاستی جیهانیدا. بزوتنەوەیەکی ئاوەها کاریکی سەختە بەتایبەت لە هەلومەرجی ئەمرۆی دونیادا. بەڵام ڕیگەی دیکەمان نیە. لەئاستی ناوخۆدا مانای پاککردنەوەی ناوچە، شار، شارۆچکەیە لە دەسەلاتی تیرۆرو بورژوای، هەر جۆرە بورژوایەک کە دەسەلاتدارە. ئەگەر نا دوبارە دەمەزەردکردنەوەی هیزە تیرۆریستەکان کارێکی سەخت نیە بۆ وولاتانی زلهێزی سەرمایە و ووڵاتانی ناوچەکە. مەسەلەی بنەبرکردنی تیرۆر لە هەلومەرجی ڕاگوزەری جیهاندا، لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەرست و جیهانی عەرەبدا، راستەوخۆ بەستراوتەوە بە دەرکێشانی دەسەلات لە ژیر چنگی بورژوایی، جا هەر جۆرێکی بیت.

ئایا ئێمە وە خەلکی ناوچەکە لەگەڵ جەنگی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بەرەو رونین؟! ئایا دوو لایەنی جەنگی ئێستا تەنها ئەو دوو قوتبەو هاوپەیمانەکانیان؟! تەنها جەنگی نێوان ڕوسیاو چین و سوریاو ئیرانە لە بەرانبەر ئەمریکاو ڕۆژئاواو سعودیەو تورکیاو قەتەرو ئوردون دا…؟! یان نەخێر لە حەقیقەتدا ئێمە لە گەڵ جەنگێکی دیکەش بەرەو رووین و ئەویش جەنگە دژ بە تیرۆر وە تیرۆریزمی ئیسلامی. بەڵی، ئێمە لەگەل ئەو جەنگەش بەرەو رووین. بەلام ئەو جەنگە . جەنگی ئیمەیە، وە جەنگی خەڵکی ناوچەکەیە ، وەهی کرێکارو زەحمەتکێشی ناوچەکەیە. ئەم جەنگە جەنگی خەڵکی هوشیارو موتەمەدنی هەموو دونیایە، جەنگی هەموو سکولارو پێشکەوتنخوازێکی دونیایە. ئەم جەنگەی ئێستا لە ئارادایە بەهیچ جۆریک و بەهیچ مانایەک جەنگ نیە دژی داعش تەنانەت بۆ روسیا و سوریاش، کە ئەوان روبەڕوی دەبنەوەو ، کە بەفعلی روسیا زەربەی کوشندەیان لێ دەدات لە داعش و نەسرەو تیرۆریستەکانی دیکە. ئەو نوسەرو لایەنانەی کە لە عیراق دەڵین ئەوانەی کە داعشیان دروستکردوە، لێ گەرێن با سەری پان بکاتەوە، ئەوانە لە سوریا هیچ سیاسەتێکیان پێ نامێنێت مەگەر دوای ئاغای بۆتین بکەون، دروست وەک حزبی شیوعی سوریا.

جەنگی خەڵک، دژی تیرۆر وتیرۆریزمی ئیسلامی

جەنگی خەڵک لە ناوچەکەدا ئەگەرچی ئیرادەی زەوتکراوە و بەلاڕیدا براوە، بەلام بەردەوامە لەئاستی هەرە لاوازی خۆیداو تەنانەت لەدەرەوەی وولات دەیبینین بەلام هێجگار لاواز. کۆسپی خەڵک لە وەدایە کە لەنێو دووجەنگدا دەژی کە لە چوارچیوەی جەنگێکدا دەچیتە پێشەوە. گوایا کیشەی روسیا و ئەمریکاو ئەو هەموو هێزەی هێناویانەتە سوریاو عیراق بۆ لێدانی تیرۆریزمی داعش وتیرۆریزمی ئیسلامی یە. جەنگی ئەوان لەبەرانبەر یەک و خەلکی ناوچەکەدا تیرۆریزمێکی دەوڵەتی تەواوە. لەنێو تۆپباران و ساروخباران وشەڕەجیاوازەکانی ئەم جەنگە گەورەیەدا، لەنێو پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تایفی و ئاینی دا، وە لە نێو کۆمەلکۆژی جەنگی زلهێزەکان و کاولبونی شارەکاندا، وە لەنێو هەلومەرجی ژیانی برسێتی و بێ موچەیی و گرانبونی کەلوپەلدا، خەڵک دەرگیر بوە لەگەڵ سەرەگێژەیەکی هێجگار فراواندا، تا ئاستی ئەوەی کە بەهۆی میدیای ئازادی بەکرێگیراوی سەرمایەوە، خەڵکیان دابەشکردوە بەسەر دوو بەرەی زلهێزەکان و هاوپەیمانەکانیاندا. گوایا ئەوان شەری دژی تیرۆر دەکەنو لە هەمانکاتدا ڕۆلی خەلک بەگشتی لەم جەنگەدا ناکام کراوەتەوە، لەسایەی فوتێکردن لە داعش و گەورەکردنی و پێکهێنانی فەزایەکی ترسناک و تۆقێنەر لە بەرانبەری دا.
خەڵكی ناوچەکە دەتوانیت وە دەکرێت بەر بەداعش و تەواوی تیرۆریستەکانی برادەری بهێنێت، کوردوستان و عیراق و سوریاو لیبیان لێ بکاتە کۆبانی. لە کۆبانی ئەو کارە کرا، چونکە خەلک بە دەوری هێزێکدا ڕیکخراو بوو کە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بوو. لەمبارەوە من نامەوێت تەواوی باسەکانی پێشووم دوبارە بکەمەوە، خوێنەر دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ باسی ” پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!”( حوزەیرانی ٢٠١٦). لەو نوسینەدا کە زۆر پێش دەستپێکردنی شەری موسڵ و ئەلیبۆ نوسراوە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم ئەم هەنگاوانە دەست نیشان کردو لیرەدا دوبارە دایدەنێمەوە:

یەکەم: ‌‌ڕێکخستنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی جیهانی: ئەمکارە و بە پراتیک دەرهێنانی لە رێگای ڕابەرانی کرێکاری و کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرەییەکان کە دژ بە تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامین مەیسەر دەبێت. هەروەها لەڕیگای ئەو بزوتنەوانەوە کە هەر ئێستا لە مەیدان دان لە پێناو خواستی جۆراوجۆرو بەرحەقدا لە ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا. مەسەلەی سەرەکی لەم نێوەدا ئەوەیە کە دەنگی ڕێخەرانی ئەم بزوتنەوەیە بگاتە رەئی گشتی بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمریکا. ئەمکارە دەکرێت هەر ئیستا لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە دەست پێ بکرێت. لەم پراتیکەدا کۆمۆنیستەکان تەنها نین، بەڵام مەسەلەی سەرەکی ڕابەریکردنی بزوتنەوەیەکی لەم چەشنە ئەوەیە کە هەڵسوران و ڕابەرانی سەرەکی بزوتنەوەکە دژ بە هەردوو تیرۆریزمەکە بن. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان ئاشکراو ڕیسوا بکرێت، هەروەها تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی وەک هێزو بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕیسوا بکرێت و باسەکە لێرەدا پێویستە بە ڕۆشنی لە ” مافی هەڵبژاردنی ئایین” یان باسی ” ئایینی موسڵمان ” جیابکرێتەوەو تێکەل نەکرێت. بەلكو هەردوو تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی لە چوارچیوەی دوو‌هێزو جەنگێك کە لەسەر پێگەو نفوزی سیاسی دەچێتە پێشەوە، باس بکرێت و خەڵک وە ڕیکخراوەو کەسایەتی جیاوازی بە دەوردا رێکخراو بکرێت.

دووەم: پەکخستن و ڕاماڵینی تیرۆریزم لە نێو خۆدا: ئەم تەوەرەیە دوو بەش لە ووڵاتانی جیا دەگرێتەوە.
ئەلف: پەکخستن و وەدەرنانی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی لە وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا: گۆڕینی سیاسەت و یاساو ڕیساکانی مالتیکالچەر لە هەر ووڵاتیکدا، وەک دروشم و خواستێکی سەرەکی ببێتە دواکاری بزوتنەوەکە و خەڵکی بەدەوردا ڕێکخراو بکرێت. جیاکردنەوەی ئینسانەکان و دابەشکردنی کۆمەل لە سەر بناغەی ئایین، تایفەی ئاینی، نەتەوەو ڕەگەزو ڕەنگی پێست، یان ئاسیایی و ئەوروپایی و ڕۆژئاواویی و ڕۆژهەلاتی و باکورو باشور، پێویستە قەدەغە بکرێت و بخرێتە زبڵدانەوە، حەقارەت و بۆگەنی ئەم نەریتە سیاسی یە لە پێوانە نایەت. داخستنی مزگەوتەکان وەک جێگای پەروەردەکردنی فکری و سیاسی تیرۆریزم و ئیسلامی سیاسی، ئەمکارە کارێکە کە بە خێرایی پێویستە دەست پێبکرێت و زەمینەی کۆمەلایەتی بە هێزی هەیە بە مەرجێک خۆی جیابکاتەوە لە ڕاسیزم لە ئاستی سیاسی دا. هەڵوەشانەوە یان قەدەغەکردنی فەوری هەر یاساو ڕێسایەکی ئیسلامی کە لەم ووڵاتانە لە گیتۆو مزگەوتەکان بەرێوە دەچێت لە پەیوەند بە یاساکانی باری کەسێتیەوە، دیاریکردنی ئەمکارانە وەک تاوانێکی گەورە. ڕیگرتن لە شەڕی یان هاوبەشی شەر لە گەڵ ئەمریکا یان فەرەنساو بەریتانیا لە ووڵاتانی عێراق و لیبیا و یەمەن و سوریا…. کشانەوەی دەست بەجیێ هێزەکان یان وەستانی فەوری هەر جۆرە کۆمەکێک بە هاوپەیمانی ئەمریکاو جەنگە گاڵتەجارییەکەی دژ بە تیرۆر وە وەستانی فەوری جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. ئابڕوبردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپایی و هەروەها پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناوەرۆکی تیرۆریزمانەی ئەم جەنگە.

با: وەدەرنان و بن برکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی، لە ووڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا: بەڕێکخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ پاککردنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەستکۆتاکرنی هێزەکانی لە دەسەڵات.
ئەم سیاسەتە لە هەمانکاتدا ناتوانیت بێدەنگ بێت بەرانبەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و هەروەها هەموو ئەو هیزانەی کە لە نیوخۆدا ڕۆڵیان هەیە لە کۆمەک کردنی هەردوو لای تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی دا… بەڵام لەهەمانکاتدا تەوەرەی سیاسەتی خۆی لە بەرچاوەو ئەولەویەت و و ئاسۆی سیاسی لەم هەلومەرجەدا بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی یە.

وەستانەوە بەرانبەر بە تائیفەی سیاسی، خەبات دژی تیرۆرو هێزە تیرۆریستیەکان بەبی خەباتکردن و وەستانەوە دژ بە تایفەگەری سیاسی مەیسەر نابێت. سەرچاوەیەکی سەرەکی گەشەو فراوانبونەوەی تیرۆریزم و کالچەری “خۆکۆژی جیهادی” ئایدۆلۆژیای تایفەگەرییە، بەهەردوو بەشی سوننەو شیعەی سیاسی. بەڵام خەباتکردن دژ بە تایفەگەری لە نیو خۆی شارەکانی ناوەراست و باشوری عیراق یان شارەکانی سوریا یان لوبنان دا ئەولەویەتی گەورەترو فەوری تری هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئیران یان کوردوستانی عێراق….

مەسەلەیەکی دیکە بەڕێکخستنی “بزوتنەوەیەکی سکولار” لەم ووڵاتانەدا بەشێکە لە سیاسەتی کۆمۆنیستی و لە بزوتنەوەیەک دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی ئەگەرچی ئامانجەکانی تێپەر دەکات. باسەکە لێرەدا کەمپین نیە بەڵکو ئەمرۆ لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا، کاری بزوتنەوەیەکی سیاسی گەورەو فراوانە کە ئامانجی جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و دەسەڵاتە نیوخۆییەکان” شورای شارەکان و ناوچەکانی خودمختارو فیدرال” وە لە پەروەردەو خوێندن. مەبەست ئەوەیە سکولاریزم بێتە بزوتنەوەیەکی گەورەو فراوان، خوێندنی وانە ئاینیەکان لە قوتابخانەکان تا کۆتایی قۆناغی ئامادەیی قەدەغە بکرێت، مزگەوتی نێو پەیمانگاو زانکۆکان دابخرێن، یاساکانی باری کەسیتی هەلبوەشێنەوە…. هەندی لەم خواستانە هەر ئیستا بەفەوری دەکرێت کاری لەسەر بکرێت و ئیمکانی بەدیهاتنی هەیە.

مەسەلەی سەرەکی لێرەدا ئامادەکردن و هێنانە مەیدان و رێکخستنی خەڵکە دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی. کارێکی وا لە گەرەکێک یان زانکۆ یان کارگەیەکەوە مومکنە دەست پێ بکات… نەخشەکارێک بۆ بردنە پیشەوەی ئەم سیاسەتە لە ووڵاتێکەوە بۆ ئەوەی ترو تەنانەت لە کوردوستانی عیراق و عێراق و لە سوریادا لە شارێکەوە بۆ ئەوی دیکە دەگۆرێت و بە تایبەت لە سوریا جیاوازییەکی زۆری هەیە.

سێهەم: کاری فکری و تیۆری: ئەم ئەركێکە و خۆی بەشیکە لەسیاسەت و بەشێکە لە تەوەرەکانی سەرەوە. بەڵام من وەک خاڵیک جیام کردۆتەوە لە بەرئەوەی، وا بیر دەکەمەوە کە لاوازییەکی هێجگار گەورەمان لەم بوارەدا هەیەو پێویستی بەکاری هێجگار گەورەو فراوانە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێک لە کەلێنەکانی. مەسەلەی سەرەکی لێرەدا وەک ئامانجێک بۆ ئەم ئەرکە: بەدیهێنانی کەشێکی کۆمەڵایەتی گونجاوە بۆ فکرو کاڵچەری مارکسی و پێشکەوتنخوازو سکولارو یەکسانیخواز…..لێرەدا مەبەست کارو خەباتی فکری و تیورییە لە ئاستی کۆمەلایەتیداو وەڵام بە گەورە بیریارانی ئیسلامی سیاسی و مالتیکالچەریزم و…. ئەوەندەی کە پەیوەندی راستەوخۆی هەبیت بەم باسەمانەوە.

وا پێدەچیت کە ئێمە دوو ئەرکی جیاوازمان هەبێت، لە دوو مەیدانی جیاوازدا. لە باری ئەرک و کارەوە لەوانەیە هەندێک جیاوازی هەبێت. بەلام بەگشتی بۆ چینی کرێکار وە بۆ خەڵک لەم هەلومەرجەدا ، نان و ئەمنیەت بۆتە مەسەلەی سەرەکی. دابینکردنی ئەم دوو خواستە بەبێ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بورژوایی مەیسەر نابێت. دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بورژوایی لە هەر شارێک یان ووڵاتێک یان ناوچەیەکی رۆژهەلات ناوەراستدا، کۆمەکێکی گەورەو هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕاستی دەستبڕینەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی و هەروەها تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دابینکردنی ئەمنیەت و نان و هەروەها ئازادی. سێ ئامانجە: دەستکۆتاکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی، تیرۆریزمی ئیسلامی، وە دابینکردنی خواستەکانی خەلك . بەلام چینی کریکار بە ئامانجێک وەلام بە گشت خواست وئامانجەکان دەداتەوە. بە ئامانجیک پیویستە ئەم قۆناغە کورت بکرێتەوە: ئەویش دەرکێسانی دەسەلاتە لە ژیر دەستی دەسەلاتی بوژوایی لە هەر شوێن و شارو ناوچە و وولاتێک کە مومکن دەبێت.

بۆ “ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت”؟!

وەستانی جەنگ مانای وەستانی کاولکارییە، وەستانی ویرانکردن و روخاندنی خانو و جێگا ژیانی خەلکە، وەستانی دارمانی قوتابخانەو خەستەخانەو تۆرەکانی ئاوو کارەبا و تەلەفۆنە، وەستانی وێرانکردنی پردو تۆڕەکانی جادەوبانە… لەهەموو ئەوانە گرینگتر وەستانی نەزیفی خوین و کوشتنی مندالان و ژنان و لاوانە، وەستانی کوشتنی ئینسانەکانە کە زۆربەی هەرەزۆریان چەکیان پێ نیە. لە هەمانکاتدا ڕاوەستانی ئاوارە بون و ڕاکردن و ماڵ بەجێهشتنە…. ئەگەر تەنها لەبەر ئەم هۆیانە بیت دەبێت جەنگ بوەستێت. تەنانەت وەک فەرزێک ئەگەر ئەم جەنگە بۆ بنەبرکردنی داعشە، دیسان دەبێت بوەستێت.

مەسەلەکە ئەوەنیە کە داعش لەناوببرێت، بەڵکو ئەوەیە کە وێرانکاری لەڕادەبەدەرو ئاوارەیی و بێ سەروشوێنی بکەنە ژیانێکی ئاسایی خەڵك. مەسەلەکە ئەوەیە کە هیچ دەرمانێکیان پێ نیە خەڵک ئارام رابگرن و سەرمایە بەباشی بچەرخێنن. شەرەکە وانیە یەک دوو مانگەو تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت خۆی ڕابگرێت گوایا داعشمان بۆ لە ناو دەبەن. ماهیەتی ئەم جەنگە ولەم هەلومەرجە” راگوزەرە جیهانیەدا” ئەوەیە کە ناراستەوخۆ و درێژ خایانە. بۆ ئەوەی لەم دیاردەیە بگەین پێویستە لە چەند دیاردە بگەین: ئەزمەی قوڵی جیهانی سەرمایە و قوڵبونەوەی زیاتری ئەزمەکە. دووەم: دورخستنەوەی جەنگی راستەوخۆی نێوان زلهیزەکان. سێهەم: نەبونی ئەلگۆیەکی سەرمایە چ لەباری ئابوری ئابوری وە چ لە باری کالچەرو ئایدۆلۆژیاوە، بۆئەوەی بتوانن وەک سیسەتەمێکی کۆمەلایەتی ومەقبول بەڕێوەی بەرن. ئەوەی کەماوەتەوە لە ئامادەنەبونی چینی کرێکار، وەک هێزێکی شۆرشگێری سیاسی ، تەنها بەربەریەتە. بورژوای دونیا بەربەریەتی هەلبژاردوە بۆ هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی داهاتوی کۆمەلگای بەشەری. باسەکە ئەوەیە قبول دەکرێت یان نا؟!

مەسەلەی جەنگی ئێستا و شەرەکانی ئەوەنیە کە جەنگ لە ئەلیبۆ نەما، ئیتر مانای ئەوەیە خەلكی ئەلیبۆ شەر نابینننەوە، یان ئەگەر شەر لە موسڵ نەما ئیتر تەواو عیراق شەری تێدا نامێنێت. ئەم شەڕانە لە چوارچیوەی جەنگی ئێستادا شەری دیکە بەرهەم دەهێنن. سروشتی سیاسی جەنگەکە لەم هەلومەرجەدا ئەوە دەخولقێنێ. لەهەر سەردەمیکدا بەکۆنکرێتی باسی جەنگ هەر ئەوەنیە درێژەی سیاسەتە، لەوە گرینگتر ئەو ئەوەیە کە هەلومەرجەکە بناسین و وە سیاسەتەکە لەو هەلومەرجە دیاریکراوەدا چی یە و ئامانجی چیە؟! لە ئەفغانستانەوە سەیر بکەین تا ئێستا تیرۆرو تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی هەدوولایان گەورەترو فراونتر بونەوە. ئێستا زیاترو زیاترو توندو تیژ ترە بە هۆی گەورەبونی هەردوو جۆری تیرۆریزمەکە. هەرئێستا شەر لە ئەلیبۆ خەریکە کۆتایی دێت. لە تەدەمرو لە باب شەرەکەیان گەرم کردوە. لە موسڵ ئەمریکا بە جۆرێک پشوی پیداوە، لە دەوروبەری تەلەعفەر حەشد گەرمی کردوە…. بەبێ ناسینی هەلومەرجی ڕاگوزەری ئەمرۆی دونیای سەرمایە، ناتوانین درکی ئەم مەسەلەیە بکەین. بەم مانایە پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت.

دیسان دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت، چونکە پاشا گەردانی فکری و سیاسی و کالچەری هێجگار دواکەوتوو کۆنەپەرست دوبارەو چەند بارە دەمەزەرد دەکاتەوە… ئەمرۆ داعش و حەشد، وە لە داهاتویەکی نزیک لەوانە لغاو بەربوو تر بەرهەم دەهێنن. وتمان کە بورژوای دونیا موفلسە و ئەلتەرناتتڤی ئایدۆلۆژی پێ نیە، مەگەر دینەکان و تائیفەکان زیندو بکاتەوەو بیان کات بەگژ یەکدا، مەگەر بیری دواکەوتو برەو پێ بدات. ئەوەنیە ترامب وبڕیکست و بەرزبونەوی پێگەی ڕاست رۆژبە ڕۆژ ڕوو لەسەرە، مەسەلە ئەوەیە کە ڕۆژئاوای جاران بە مافی مرۆڤ و مافە فەردی و کۆمەلایەتی و سیاسی و مەدەنیەکانەوە کۆتایی هات… ئەمرۆ لە ئەوروپادا دور نیە جارێکی دیکە بگەرێنەوە بۆ ئەحزابی مەسیحی سیاسی. هەر ئێستا ئەم جەنگە ئاستی قوڵبونەوەی کێشەو ململانێی تائفی نیوان شیعەو سوننەی بردۆتە ئاستێکی زۆر بەرزەوە، هەروەها کێشەی نەتەوەیی نێوان “کورد” و ” تورک” وە “عەرەب” و ” کورد لە ئاستی ناوچەکەدا.. ئەمە بەجیا لەوەی کە کالچەری میلیشیای و عەشیرەتگەری و فرانکردۆتەوەو لەوانەش مەترسیدارتر، مەرجەعیەتی ئیسلامی بەهەردوو تائفەکەیەوە توندترو پایەدار تر کردۆتەوە. بۆیە پیوسیتە ئەم جەنگە بوەستێت.

لە سەرەوە باسمان کردوە کە جەنگ سیاسەتەو وەستانیشی سیاسەتە، لەمبارەوە سیاسەتێکمان پێشنیاز کردوە. جەنگ لە خۆوە ناوەستێت، وە لایەنەکانی جەنگ لەم هەلومەرجەدا ئامادەنین چەنگ بوەستینن، هەرسێ لایەنەکە ئامادەیە جەنگەکە درێژە پیبدا. مەسەلە هەلومەرجی مێژووی ئەم قۆناغەیە. کەواتە دەبێت، ئێمە خەلكی دونیا، بیوەستێنیت. لیرە ئیمە دەرگیرین لە گەڵ گەورەترین کۆسپی ئەم قۆناغەدا، ئەویش نەبونی” ئەحزابی کۆمۆنیستی جەماوەرییە”، نەبونی ئەحزابی کۆمۆنیستی بەهیزە کە کاریگەری بکاتە سەر ئاڵوگۆرەکابی ئەم قۆناغە. حزبێک کە بتوانێت ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەی و چەکداری بەڕووی ئەم هەلومەرجەدا ڕێكخراوو یەکگرتوو بکات. ئەم کۆسپە لە هەلومەرجی ئیستادا تەنها کۆسپێکی زاتی نەماوە، بەڵکو ئەمرۆ بۆتە کۆسپێکی بابەتی و مێژوویەک ئەم هەلومەرجەی خولقاندوە. ئێمە، کۆمۆنیستەکانی ئەم قۆناغە، هەردوو ئەرکەکە کەڵەکە بوە بەسەرمانەوە. ڕیگایەکمان نیە جگە لە چونە پێشەوە.

ئەم جەنگە بوەستێت لایەنی کەم خەڵک بیرێک لە ژیان و گوزەران و کارەباو نانو بیکاری دەکاتەوە، بیرێک لە ژیان و گوزەران و جانوبەرەکەی و شوێنی نیشتەجێبونی دەکاتەوە. خەباتی چینەکان بە ڕۆشنتر دەردەکەونەوە. هەروەها لە باری سیاسیەوە زەمینەیەک درەخسێت کە میلیشاکان و تیرۆرسیتەکان، زەمینەی کەمتریان دەبێت بۆ هاندانی خەڵک و کێشکردنیان بۆ نێو ڕیزەکانیان، زەمینەی کەمتر دەمێنی بۆ فراوانکردنەوەی قڵشتی نێوان ئاینەکان و تایفە جیاوازەکان…وەستانی شەڕ تەنانەت ئەگەر هەموو خواستەکانی خەلك جیبەجێ نەکات، ئەوە لایەنی کەم بەهێز کردنی تیرۆریزنی ئیسلامی لایەنی کەم بە چەک و بە ئەفراد و لایەنی لۆجیستیکی مانایەکی نامێنێت..لە کۆتایدا وە بەکورتی وەستانی جەنگ لێدانە لە سیاسەتی هەرسێ لایەنی جەنگە. لەبەر هەموو ئەم مەسائیلە گرینگانە. پیویستە جەنگ بوەستێت. ١١دیسمبەر٢٠١٦

Saman.karim5@gmail.com




كێشه‌كانمان له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ین یان وپاره‌ و پۆست … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ ڕوو به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ زۆر شتی بۆ ڕونكردینه‌وه‌ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ بریتی بوو له‌ كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ.
سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان ئێمه‌یان به‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ و ئه‌وان تا دوا هه‌ناس ده‌جه‌نگن له‌ پێناو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و به‌ دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد.
به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ده‌ستی سه‌ركرده‌سیاسیه‌كانمان كه‌شف بوو كه‌ ئه‌وان بۆ پاره‌ و پۆست له‌وێن مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك و بیفرۆشنه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.
بۆیه‌ له‌ (2003 ) ه‌وه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك ناوچه‌ی جێناكۆكیش نه‌توانراوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و یه‌ك پرسی نه‌ته‌وه‌یش نه‌توانراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببرێت.

سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان له‌ به‌غداد نمونه‌یه‌كی ناشیرینیان پێشكه‌ش كرد چونكه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ،یان حیزبه‌كه‌یان له‌وێ‌ بوون نیو هینده‌ بۆ خه‌می هاوڵاتیان نه‌چوبوونه‌ به‌غداد.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كورد له‌ به‌غداد خه‌ریكی پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ست هێنانی پۆست بوون له‌ ناو خۆشیاندا هه‌میشه‌ له‌ ململانێیه‌ كی سه‌ختدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی زۆر ترین پاره‌ و پۆست به‌ده‌ست بیه‌نن بۆیه‌ نه‌توانرا ئامانجی نه‌ته‌وه‌ی به‌ده‌ست بیه‌نرێت له‌ به‌غداد.
ئه‌ گه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ عه‌قڵیه‌تێكی واقعی و دور له‌ خۆپه‌رستی خۆیان و حیزبه‌كانیان بچونایه‌ته‌ به‌غداد ئه‌وه‌ بێگومان پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیانی به‌ هێز ده‌كرد و ده‌یان توانی سود له‌ وداهاته‌ زۆره‌ی عێراق وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئابورییه‌ كی به‌هێز درست بكه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی كورد له‌ سه‌ره‌تای چونه‌ به‌غدادیانه‌وه‌ له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ داهاتوو پۆستی گرنگیشیان به‌ ده‌ست هێنا نه‌یاتوانی پرسی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رقی گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ بوو بوون.

كاتێك كه‌ بوین به‌ به‌شێك له‌ عێراقی فیدراڵ زۆر پۆستی گرنگ و پاره‌مان به‌ ده‌ستهێنا به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مانتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی عاقڵانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین پێیانه‌وه‌ ئه‌و پۆست وپارانه‌ بونه‌ مایه‌ی ماڵوێرانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌پاڵ ئه‌وه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ چونه‌ به‌غداد خه‌ڵكیان كرده‌ قوربانی چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامی كاریان له‌ سه‌ر چه‌واشه‌كاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ده‌ست كه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی چونه‌ته‌ ئه‌وێ‌ .
كاتێك عه‌ره‌به‌كان به‌ سونه‌و شیعه‌وه‌ تێگه‌شتن كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد سه‌ركده‌یه‌كی خۆپه‌رستی گه‌نده‌ڵن كه‌وتنه‌ په‌راوێز خستنی هه‌ریمی كوردستان ، به‌مه‌ش پێگه‌مان لاواز بوو و ئه‌و سه‌نگ و قورسایه‌ی كه‌ هه‌مان بوو له‌ده‌ستماندا.

ئه‌وه‌ پیاوه‌ سیاسیه‌نه‌ی كه‌ له‌دوای رووخانی حكومه‌تی به‌عسی عێراقیه‌وه‌ چونه‌ به‌غداد وه‌ك نماینده‌ی كورد نه‌یان توانی سیاسه‌تێكی دروست بكه‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌ت كردنبێت به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ به‌دێهێنانی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
بۆیه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش كرانه‌ قوریانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گروپێكی بچوك له‌سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ زۆر نه‌هامه‌تیان توشكردین.
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وڕاستیه‌ی كاتێك كێشه‌مان له‌ گه‌ڵ به‌غداد بووه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌كانمان له‌ سه‌ر پۆست و پاره‌ بووه‌ نه‌وه‌ك له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ی ، هه‌میشه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌كار هێنراون له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمانه‌وه‌.




مای نیم ئز له‌یلا ڕۆمانی حیكایه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كانی سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ … ن/ شاخه‌وان سدیق

پێویسته‌ مرۆڤ كه‌سێك هه‌بێت له‌ ژیانیدا خۆشی بوێت، ئه‌گه‌رنا هه‌ركارێك بكات، شتێكی هه‌ر كه‌مه‌. (له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌)

له‌ كتێبی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانیدا (ئه‌لبێرت كامۆ) باس له‌ ڕۆڵی گرنگی نوسه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت” ئه‌و یه‌كه‌مین شته‌ی نووسه‌ر پێویسته‌ فێری ببێت، هونه‌ری گۆڕینی ئه‌و شتیه‌ كه‌ هه‌ستی پێده‌كات بۆ ئه‌وشته‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تر هه‌ستی پێبكه‌ن” ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌ی (كامۆ)بده‌ین له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ دیدی ئه‌وه‌وه‌ (نوسه‌ر) كه‌سێكه‌ كه‌ جیاوازتر له‌وانیتر له‌ دونیاو ئه‌وه‌ی له‌ناویدا هه‌یه‌ ده‌ڕوانی و دواتر به‌ شێوازیتر ده‌یانگۆڕێت به‌ كه‌ره‌سته‌ گه‌لێك كه‌ خه‌ڵكانی تری نزیك له‌ ئه‌و بیبینن. واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێیان ده‌وترێت (نوسه‌ر) مرۆڤگه‌لێكن جیاواز له‌ توێژه‌كانی تر ده‌بینن و تێده‌فكرێن و پرسیار ده‌كه‌ن،وه‌ك (سوهراب) واته‌نی ” چاومان ده‌شۆن و به‌جۆرێكی كه‌ دونیامان پیشانده‌ده‌نه‌وه‌” به‌ڵام به‌بڕوای من بۆ ته‌واوكردنی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ته‌نها نوسه‌ر گرنگنیه‌و ئه‌وه‌ی ڕوناكی به‌دیوه‌ گرنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌به‌خسَێت، بوونی (خوێنه‌ر) به‌واتای وه‌رگره‌، چونكه‌ به‌بڕوای من هیچ تێكستێك چه‌ند به‌هێزیش بێت له‌ واتاو ده‌ربڕیندا به‌بێ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری وشیار هێشتا ناكامڵه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (ڕایمۆند فێده‌رمان)ده‌ڵێت” هه‌ندێك خوێنه‌ر تێكست پڕده‌كه‌ن له‌ مانا” كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌ گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی تێكسته‌وه‌ له‌ دونیا بڕوانین و تێبگه‌ین ده‌بێت هاوكێشه‌ی (نوسه‌ر+ دیالۆگ + خوێنه‌ر = ڕه‌خنه‌گر) هاوسه‌نگ بكه‌ین، چونكه‌ به‌بێبوونی ئاماده‌ی هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ مومكین نییه‌، تێكست هیچ بایه‌خێكی هه‌بێت، چونكه‌ خوێنه‌ری باش، ده‌بێته‌ ڕه‌خنه‌گری باش و دوباره‌ مانا به‌ تێكست ده‌به‌خشێته‌وه‌، لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ ژێر ڕۆشنای ئه‌و پێشه‌كییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌مه‌وێت كه‌مێك ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (مای نیم ئز له‌یلا)ی كچه‌ نوسه‌ری ئێرانی (بی تا مه‌له‌كوتی) بدوێم، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌م ساڵی (بیسته‌هه‌مین ڤێستیڤاڵی گه‌لاوێژه‌) و له‌لایان هاوڕێی وه‌رگێڕ (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌)ی یه‌وه‌ به‌ زمانێكی پاراو جوان وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی. ئه‌م نوسینه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ كتێبگه‌لێكی زۆر له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و له‌ ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردیدا به‌بێده‌نگی ده‌مێننه‌وه‌ و خوێنه‌ران كه‌ به‌بڕوای من به‌شه‌ گرنگه‌كه‌ی ڕۆحی تێكستن له‌ ئاستیاندا بێده‌نگن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش دوربێت له‌ دیواری ئه‌و بێده‌نگیه‌ ترسناكه‌،پێم خۆشبوو بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی بنوسم. چونكه‌ هاوڕام له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی ڕۆمان نووس (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ)دا كه‌ده‌ڵێت” خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ كتێبێك ده‌گرێت به‌ ده‌سته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی نوسه‌ره‌كه‌ ده‌كات شتێكی پێبڵێت، به‌ڵكو هێزێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌خشینی ماناو تێپه‌ڕاندنی ئاسۆكانی نوسه‌ردا به‌شداره‌، خوێنه‌ر ئه‌و مانایانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌له‌ سنوری خه‌یاڵی نوسه‌ر تێده‌په‌ڕن، واته‌ كه‌سێك نییه‌ ئیشی ته‌نیا وه‌رگرتن بێت، به‌ڵكو كه‌سێكه‌ خۆی به‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌فسیر و تێڕوانین ده‌بینێت”

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ چیرۆكی ژیانی مرۆڤ گه‌لێك كه‌ به‌نه‌وه‌ی بینه‌ری ساته‌كانی شكست و بێهیوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ناوده‌برێن، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه‌پاش ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كان، ئێرانیه‌كان دژی سیستمی شانشینی و هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تێكی نوێ‌ به‌هیوای باشتربوونی ژیان ئه‌نجامیاندا ،به‌ڵام وه‌ زۆرێك له‌ شۆڕشه‌كانی تری دونیا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شۆڕش و ئامانجه‌كانی بۆ زۆرێك له‌ ئێرانیه‌كان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ، ئه‌ویش دوای پێكدادانی گروپه‌ چه‌پ‌و ڕاست ڕه‌وه‌كان و له‌ سێداره‌دانی هه‌زاران لاوی ئازادیخواز به‌ناو تۆمه‌تی جۆراوجۆره‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد كۆچی به‌لێشاوی ئیرانیه‌كان بۆ تاراوگه‌ ده‌ستپێبكات و جارێكی تر نیشتمان بۆ زۆرێك له‌وان ببێته‌وه‌به‌ زیندانێكی گه‌وره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش) له‌ وتارێك ده‌رباره‌ی شۆڕش پێی وایه‌” مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ناوی شۆڕشه‌وه‌” له‌م ڕۆمانه‌شدا خانمی (مه‌له‌كوتی) باس له‌ چیرۆكی ژیانی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیه‌ ئێرانیه‌ تاراوگه‌ نشینانه‌ی وڵاتی (ئه‌مریكا) ده‌كات كه‌ خه‌م و دوریه‌كانی غوربه‌ت، هه‌ناوی كه‌رت و په‌رتكردون و یاده‌وه‌ری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون، به‌جۆرێك كه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ندێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كان له‌ خۆ ونكردن نزیك ده‌بنه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ خود كوژی ده‌كات و له‌سه‌ر پردێكه‌وه‌ خۆی هه‌ڵده‌داته‌ خواره‌وه‌و كۆتای به‌ ژیانی خۆی دێنێَت. به‌گشتی ڕۆمانه‌كه‌ یاریكردنێكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواداو هه‌وڵێكه‌ بۆ پیشاندانه‌كانی نائومێدیه‌كانی ئینسان كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا بژی.

ته‌كنیك و زمان. وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا و بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ حیكایه‌تێكی ساده‌و ساكار و ئاسایی بوو، وه‌ك زۆرێك له‌ چیرۆكی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ كه‌ڕۆژانه‌ ده‌یانبینین و ده‌یان خوێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خ و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا بونی ته‌كنیكی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌و زمانه‌ ئاست به‌رزه‌كه‌یه‌تی كه‌ بوه‌ته‌ هۆی جوان و به‌هێز داڕشتنی ڕسته‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری و بوونی شیعریه‌ت له‌ ساتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كه‌ به‌دیلۆگی (پینگ پۆنگ)ی كورت و خێرا ڕسته‌كانی داڕێژاون، ئه‌ویش به‌جۆرێك له‌كاتی خوێنه‌وه‌دا هه‌رده‌ڵێی كورته‌ چیرۆك ده‌خوێنیته‌وه‌، نه‌ك ڕۆمان. كه‌ به‌ بڕوای من ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م خانمه‌ نوسه‌ره‌ خۆی هه‌م (شانۆكارو شیعر)نوسه‌و كاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی جیهانیشی له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌ ئاسانی له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كه‌رێت، به‌تایبه‌ت چیرۆكه‌كانی نوسه‌ران (هه‌نگوای ئه‌مریكی و چیخۆفی ڕوسی) ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر (حه‌ڤده‌) به‌شی جیاوازو سه‌ربه‌خۆدا، به‌جۆرێك هه‌ربه‌شه‌ی ده‌توانرێت وه‌ك چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆی ڕوداو ئامێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، واته‌ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ هه‌ربه‌شێكه‌وه‌ بته‌وێت ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ بكه‌یت ده‌توانیت و تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ تێك ناچێت، ئه‌م ڕۆمانه‌ سێ‌ گێڕڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه‌و ده‌نگی هه‌ریه‌كێك له‌و حیكایه‌ت خوانانه‌ش سه‌ربه‌خۆو جیاوازن، به‌جۆرێك هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ به‌جۆرێكی جیاو تایبه‌ت چیرۆك و ڕوداوه‌كانی خۆی و به‌شێوه‌ی گرێچنی تایبه‌ت به‌خۆی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری تواناو لێهاتوی و شاره‌زای نوسه‌ره‌ له‌ چۆنێتی نوسینی ڕۆمان و شێوازه‌كانی له‌مڕۆدا.

سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:
بێگومان هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی چه‌ند به‌بایه‌خ و گرنگیش بێت، هێشتا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ش لایه‌نی دیكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی هه‌ندێك خاڵ لاواز تیایدا، به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ جوانیه‌كانی ئه‌ده‌ب كه‌ گۆشه‌ نیگای زۆر و جیاوازی بۆ بینین هه‌یه‌، من له‌ خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌وتم كه‌ ناكرێت بوترێت كه‌موكورتین له‌ كاره‌كه‌دا ته‌نها تێبینین و به‌بڕوای من ده‌بوو نوسه‌ر باشتر كاری له‌سه‌ر بكردنایه‌.
یه‌كه‌م: زۆرێك له‌ ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ ئاڵۆزن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری شاره‌زا نه‌بێت ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت هه‌ندێك ڕوداو كاره‌كته‌ر به‌ئاسانی بۆت جیابكرێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئالۆزی گێڕانه‌وه‌كه‌ نوسه‌ر له‌ خزمه‌ت ته‌كنیكه‌كه‌ی به‌كاری هێنابێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌رچۆنێك بیت خوێنه‌ر توشی مه‌له‌ل ده‌كات.
دووه‌م/ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ نه‌فه‌سی شانۆیی نوسراوه‌و كه‌متر نوسه‌ر توانیوێتی خۆی له‌ وێنه‌ی درامایی بپارێزێت، كه‌ ده‌كرا باشتر و له‌ ڕێگه‌ی دیالۆكی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ خۆی له‌م حاڵه‌ته‌ بپاراستایه‌ و زیاتر له‌ سینه‌ما نزیك بكه‌وتایه‌ته‌وه‌.
سێیه‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ له‌ وڵاتی فه‌ره‌نساو دوور له‌ سانسۆر چاپكراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆرێك له‌ دیمه‌نه‌ (ئیرۆتیكیه‌)كاندا، نوسه‌ر خۆی سانسۆری كردوه‌و حه‌قی ته‌واوی به‌ گێڕانه‌وه‌ی ساته‌كانی ڕووداوه‌كه‌ نه‌داوه‌و شه‌رمێكی زۆر به‌ نوسینه‌كه‌وه‌ له‌و ساتانه‌دا دیاره‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌ئاسانی هه‌ستده‌كات نوسه‌ر خۆی سانسۆرو ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م (ڕاوی) حیكایه‌ته‌كاندا. بۆ باشتر ته‌عبیركردنی ئه‌و ساتانه‌.
چواره‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ نائومێدی و نه‌هامه‌تیه‌كانی مرۆڤ به‌ هه‌ردوو ڕه‌كه‌زه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام ساته‌ تراژیدیه‌كانیش له‌م ئیشه‌دا زۆر نه‌رم و نیان گێڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ زمانێكی ته‌واو كچانه‌، كه‌ به‌بڕوای من نوسه‌ر له‌ كاتی قسه‌كردنی كاره‌كته‌ره‌ پیاوه‌كاندا نه‌ی توانیوه‌ له‌ كچ بونی خۆی ده‌ربازببێتن، بۆیه‌ له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌كڕاست به‌ر نوسین به‌ زمانی (فێمینستیان)ه‌ ده‌كه‌ویت.

ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ بیخوێنینه‌وه‌:
(هاشمی ئه‌حمه‌د زاده‌) له‌ كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا پێی وایه‌” ڕۆمان له‌جیاتی نوێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌موو جیهان، ته‌نیا ڕووناكی ده‌به‌خشێته‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ جیهان” له‌ ئێستادا و به‌گشتی مرۆڤ له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م زه‌ویه‌دا بێت و هه‌رچۆ بژی بێهیوایه‌كی گه‌وره‌ بیركردنه‌وه‌ی ته‌نیوه‌، بۆیه‌ زۆر جار به‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌وترێت چاخی مرۆڤه‌ نا ئومێده‌ گه‌وره‌كان، له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ باس له‌ ئێستای دۆخی مرۆڤ له‌ دوو جه‌مسه‌ر دونیادا بكات و بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ دوو كلتوری جیاوازوه‌، ئه‌ویش به‌ پیشاندانی ئه‌و نا ئومێدیه‌ قوڵه‌ی كه‌ له‌ ڕۆح و جسته‌ی مرۆڤدا سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتن مۆدێرنه‌ دروستی كردوون، نوسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی شۆڕش و خه‌مه‌كانی مرۆڤ له‌ ئاواره‌بون و ته‌نهای غوربه‌ت بكات، باس له‌ عیشق و ته‌نهای و جیابونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی دواتری دوای شكست، باس له‌ ونبونی مرۆڤ له‌ شاره‌گه‌وره‌كاندا ده‌كات، كه‌ چۆن جۆرێكه‌ مرۆڤ بۆته‌ ڕۆبۆتێكی گه‌وره‌و له‌ قه‌ڵباڵخترین جێگادا هه‌ست به‌ ته‌نهای گه‌وره‌ ده‌كات، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر وشیاری نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ به‌ئاسانی خۆی بدۆزیته‌وه‌، نوسه‌ر بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنی هه‌موو ئه‌مانه‌ش زمانێكی ته‌واو پڕله‌ هارمۆنیای مۆسیقی به‌كارهێناوه‌ كه‌ خوێنه‌ر په‌ره‌گراف په‌ره‌گراف به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت، بۆیه‌ به‌بڕوای من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی ئێستای ئێمه‌ گرنگه‌، چونكه‌ ڕۆمانه‌كه‌ جگه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ به‌رزه‌كه‌ی خاوه‌نی چیرۆكێكیشه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ ژیانی ئێستای زۆربه‌مانه‌وه‌ نزیكه‌، وه‌ك نوسه‌ریش خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌ڵێت” بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه‌ خۆم ده‌سوتام و وشه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ یه‌ك یه‌ك داده‌گیرسان” من به‌هیوام له‌م نوسینه‌مدا ناهه‌قیم له‌ گێڕانه‌وه‌ی تیكسته‌كه‌ نه‌كردبێت و خۆتان به‌خوێندنه‌وه‌ی چێژی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌ وه‌رگرن و ئه‌م نوسینه‌ی منیش ته‌نها وه‌ك ناساندێكی كورت چاولێبكه‌ن. سوپاس بۆ وه‌رگێڕی ئه‌زیز(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی) له‌پای ئه‌و وه‌رگێڕنه‌ جوانه‌ به‌و زمانه‌ پاراوه‌و ناساندنمان به‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌یه‌. به‌هیوام له‌ داهاتوودا به‌رهه‌می زیاتری (بی تا مه‌له‌كوتی) بخوێنینه‌وه‌.

—————————————
بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.

1- خوێنه‌ری كوشنده‌_به‌ختیار عه‌لی_ 2005
2- جیهانی ڕۆمان_ هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌_2015
3- بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌لبیرت كامۆ_وه‌رگێڕانی_پێشڕه‌و حسین.




ململانێی ئەمریکا لە پێشەنگی ئابوری جیهانی … ڕێبین نەریمان

ململانێی امریکا لە پێشەنگی ئابوری جیهانی ستراتیجیەت و ئامانجە کە بەشێوەیەکی زۆر باش توانیویەتی بازاڕ و پیشەسازی بەرەو پێش بەرێت و سەرچاوەی ووزەی جیهانی لەبەرژەوەندی ئابوری امریکادا بەکاربهێنێت .

ووڵاتی چین کە رکابەری امریکایە هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە پێشەنگی ئابوری جیهانی و ململانێیەکی توند دەکات کە بەجۆرێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نزیک دەبێتەوە لە ئامانجەکەی.
چین خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی مرۆی جیهانی و جبەخانەیەکی گەورەو پێشکەووتوی سەربازی و ئابوریەکی گەشەکردووە بۆیە ڕووبەروبونەوەو ڕاگرتنی چین کارێکی ئاسان نیە بۆ امریکا .
بازاری ناوخۆی چین پشتی بە بەرهەمی ناوخۆیی سادەو پیشەسازی بچوک بەستوە بە جۆرێک بازاری چینی داپۆشیوە پێویستی بە هیچ بەرهەمێکی هاوەردە نیە .
چین خاوەنی پیشەسازیەکی گەورەیە کە لە توانایدا بەشێکی زۆری پێداویستیەکانی جیهان لە ئەلەکترۆنیات و پیشەسازی پەترۆکیمیاوی و چەک دابین بکات ، لە ڕوی کوشتوکاڵەوە بازاری ناوخۆیی تێردەکات .
خالی لاوازی ئابوری چین ووزەیە کە سەرەکی ترینیان نەوتە کە لە رۆژێکدا ١٢ ملیۆن بەرمیل هاوەردە دەکات تەواوی بەکاردەهێنێت بێ ئەوەی بتوانێت نەوت هەڵبگرێت بۆ کاتی پێویست.

امریکا جیاوارتر لە امپراتۆرە جیهانیەکانی پێش خۆی یاری دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ڕووبەرووبونەوەی نەیارە کانی ، خۆی لە ململانێ سەربازیەکان بە دوور دەگرێت لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، فشارە ئابوریەکانی زیاد دەکات لەسەر چین بەتایبەتی لە بواری ووزەدا .
بۆیە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی نەوتی جیهانی و بەرزبوونەوە و نزمبونەوەی نرخی نەوت و تەواوی گۆرانکارییە جیهانیەکان وکێشە هەرێمایەتیەکانی ناوچەکە لە کاتی ئێستادا لەخزمەتی ستراتیجیەتی امریکایە بۆ لێدانی ئابوری چین .

لە نزمبونەوەی نرخی نەوتدا وڵاتانی بەرهەمهێن زیان لە ئابورییان دراو توشی کورت هێنانی بوودجەبوون کە امریکا رێژەیەکی زۆری نەوتی خاوی جیهانی دەکرێت کە دەکاتە ٢٢% بەرهەمی نەوتی جیهانی کە ڕێژەیەکی بەکاردەهێنێت و رێژەیەکی هەڵدەگرێت لە چاڵە نەوتە بەردینەکان و دەست کردەکانی امریکا .
بۆ لێدانی ئابووری چین امریکا لە داهاتوودا نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە بەجۆرێک کاریگەریەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئابووری چین بۆ بەدورکەوتنی امریکا لەزیانی زیادبوونی نرخی نەوت ، نەوتی هەڵگیراوی خۆی بەکاردێنێت کە بەهەرزان لەمڕۆدا دەیکڕێت .

بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێت ڕێژەی نەوتی بەرهەمهێنانی جیهانی کەمبێتەوە کە لە ئێستادا ٩٢ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا ، کە تەواوی وڵاتانی بەرهەمهێن خوازیاری بەرزبونەوەی نرخی نەوتن بەڵام کام وڵاتی جیهانی هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمێنان !!
بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت امریکا سیناریۆی زۆر خراپی ئامادە کردوە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێن کە چاوەرێی نەهامەتی زیاتر و جەنگی زیاتربین .
بەوپێیەی وڵاتانی ناوچەکە ( ووڵاتانی کەنداو عێراق ئێران ) رێژەی٣٠% نەوتی جیهانی بەرهەمدێنن و کێشەی مێژووی و ململانێ لەنێوانیاندا هەیە بە ئاسانی امریکا دەیانخزێنێتە شەرێکی کاولکارییەوە کە توانای هەناردەکردنی نەوتیان نەمێنێت کە لەهەمانکاتدا ئاسایشی اسرائیل پارێزراوتر دەبێت و نرخی نەوت بەەرز دەبێتەوە .

پێش بینی دەکەم نرخی نەوت تا چەند ساڵێکی تر بەوجۆرە بێت کە لە ٦٠$ تێنەپەرێت، تا ئەو کاتەی امریکا بەشی چەند ساڵێک ململانێی توند لەگەڵ ئابوری چین نەوتی پێوویست هەڵدەگرێت وە لەدوای ساڵی ٢٠٢٠ بچێتە زیاتر لە ٢٠٠$




سوودو قازانجی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیانه‌ی ده‌وڵه‌تان، هیچ وه‌خت باکی به‌ مافی مرۆڤ نییه‌

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
10/12/2016

ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین-دا و له‌ ئه‌فگانستان و ڵاتانی دیکه‌ ده‌گوزه‌رێ ، ‌ ملێونه‌ها خه‌ڵکی بێچاره‌ی کردۆته‌ قوربانی، که‌ به‌شی زۆریان منداڵان و ئافره‌ت و پیر و په‌ککه‌وتوانن. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا به‌ به‌رچاوه‌وه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ میدیاکان ده‌یانهێننه‌وه‌ یادمان ، سوریا و یه‌مه‌نن.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ بریتانیا به‌هۆی ئه‌و ڕاپۆرت و ده‌نگوباسانه‌ که‌ له‌سه‌ر یه‌مه‌ن ده‌گوترێت و کوشتنی خه‌ڵکانێکی زۆر و قوربانیبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ منداڵان که‌ زۆرێکی ئه‌م قوربانیانه‌ به‌ فڕۆکه‌ و چه‌کی عه‌ره‌بی سعوودییه‌ . ئاماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی گاردیان که‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی وه‌رگرتووه‌ نیشانی ده‌ده‌ن ، له‌ سه‌دا 60 ی ئه‌و2067 ی که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی له‌یه‌مه‌ن له‌ مانگی ته‌موزی پاره‌که‌وه‌، خه‌ڵکانی سیڤلن. ( که‌ ئه‌م ئاماره‌ زۆر که‌متره‌ له‌ ئاماری حه‌قیقی ) بۆ ئه‌مه‌ش سعوودییه‌ به‌رپرسیاره‌. هه‌روه‌ها له‌ مانگی جێنیوه‌ری ئه‌مساڵدا هه‌ر ڕاپۆرتی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت، که‌ 119 هێڕشی ئاسمانی کراوه‌ته‌ سه‌ر یه‌مه‌ن هه‌ر هه‌موویان مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی به‌زاندووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملێون که‌س ده‌ربه‌ده‌ربوون . ‌ هه‌موو ئه‌م هێڕشانه ‌و هۆکاری خه‌ستکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌ و کوژرانی خه‌ڵکانی زیاتر ، خودیی سعوودییه‌‌ ، چه‌که‌کانی سعودییه‌ش بریتانین ، سعودییه‌ به‌ تایبه‌تی و که‌نداو به‌ گشتی بازاڕێکی گه‌وره‌ی فرۆشتنی چه‌کن بۆ بریتانیا .

ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌نگوباسێكی گه‌وره‌ی له‌ لایه‌ن میدیای ئێره‌وه‌ ( بریتانی) دروستکردووه‌ هاوکاتیش بوووه‌ته‌ سه‌ریه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ حکومه‌تی ئێره‌ که‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ‘ تیرێزه‌ مه‌ی ‘ سه‌ره‌کوه‌زیرانی ئێره‌ چوو بۆ سه‌ردانی که‌نداو و له‌وێ پاشای سعودییه‌ و ئه‌میری به‌حره‌ینی دیت و وه‌لای بریتانیای بۆیان دووباره‌ کرده‌وه‌ .
هه‌ر له‌م کاته‌شدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ، ‘ بۆریس جۆنسۆن’ هه‌فته‌ی ڕابوردوو له‌ کۆنفرانسه‌که‌ی ‘ڕۆم ‘ پایته‌ختی ئیتالیا، باسی له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی سعودییه‌و و ئێران کرد ، که‌ له‌وێدا شتێكی جاوه‌ڕوانننه‌کراو و نه‌شیاو ، بوو، که‌ بۆ که‌سێکی وه‌کو ئه‌و که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ته‌که‌ی ده‌کات. وتی ” سیاسیی هه‌ن که‌ دین ده‌شێوێنن و به‌خراپ به‌کاری ده‌هینن، په‌ڵه‌ی جیاوازی هه‌مان دین به‌کارده‌هێنن تاکو ئامانجه‌ سیاسییه‌کانیان فراوانتر بکه‌ن . ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین گرفته‌ سیاسییه‌که‌ی هه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌ ، تراژیدیاکه‌ش بۆ من ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێره‌دا تۆ ئه‌م شه‌ڕانه‌ت به‌ وه‌کاله‌ت هه‌یه و هه‌موو وه‌ختێکیش هه‌ر شه‌ڕه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا – ئایا ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌هێز له‌ناو خودی ئه‌و وڵاتانانه‌دا نییه.” درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌داو ده‌لێت ” هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ که‌ سعوودییه‌ و ئێران و هه‌موو که‌سێک ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ و هه‌روه‌ها چه‌واشه‌کاریی ده‌که‌‌ن و کێشه‌کان ده‌شێوێنن و ڕۆڵی شه‌ڕه‌کان به‌ وه‌کاله‌ت ده‌گێڕن” ‌ ‌
گه‌رچی ‘بۆری جۆنسۆن’ ئه‌م قسانه‌ی کرد به‌ڵام نه‌ دانی به‌وه‌دا نا که‌ چۆن و سعوودییه‌ ئه‌و ئاگره‌ خۆش ده‌کات و به‌ چه‌کی کێش؟ نه‌ حه‌لێكیشی هه‌بوو و هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ ، ته‌نها وه‌کو قسه‌ ده‌رپه‌ڕاندنێك بوو، نه‌ شتێکی دیکه‌. بێ گومان ئه‌م قسانه‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی حکومه‌تی بریتانی بوو که‌ هه‌رگیز ناخوازن به‌ ئاشکرا ڕه‌خنه‌ی هاوپه‌پیمانه‌کانیان بکه‌ن ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ ” بزنس به‌رده‌وام بێت و بۆ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌دنی له‌ ته‌کیانا ئاسایی بێت” ئیدی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ندێك له‌ دانیشتوانی بێتاوانی وڵاتان ده‌کوژرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌روازه‌ی کۆمپانیا چه‌كفرۆشه‌کان دانه‌خرێن و کرێکاره‌کانمان بێ کار نه‌بن تاکو سه‌ریه‌شه‌ بۆ حکومه‌ت دروستنه‌که‌ن و جارێکی دیکه‌ش ده‌نگیان بۆ بده‌نه‌وه‌ بییانکه‌نه‌وه‌ به‌مڵۆزمی گیانی خۆیان.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا که‌ تێبینی بکرێت ، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات و کۆمپانیاکان بێ باك و بێ منه‌ت بن له‌ کوژرانی خه‌ڵکانێکی زۆر و وێرانکردنی وڵاتانی دیکه‌ و ژینگه‌که‌شیان ، به‌ڵکو هاوڕێ کرێکاره‌کانیشمان ده‌ستیان هه‌ر به‌و خوێنه‌ ، له‌ پێناوی بژێوی خۆیاندا و له‌ده‌ستنه‌دانی کاره‌کانیانا ، هه‌ر سووره‌.
کرێکاره‌کانمان که‌ له‌ ‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌‌ ده‌په‌رسترێن و ده‌یانه‌وێت جڵه‌وی شؤڕشیان بده‌نه‌ ده‌ست و بیانکه‌نه‌ مڵۆزمێکی دیکه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ ، کاتێك که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست ، هه‌میشه‌ له‌ دامێنی بێ کاران و قوتابیان و خانه‌نشینکراوان و پیر و په‌كکه‌وتوانه‌وه‌ن له‌ هه‌ڵوێستی شؤڕشگێڕییانا و په‌رۆشییان و بایاخیان بۆ شۆڕش.‌. نه‌‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش ، به‌ڵکو جاری وا هه‌یه‌ ، به‌ چه‌ند میلێکیش له‌ دوای سه‌رکرده‌ و هه‌ندێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌ ‌ چه‌په‌کانیشه‌وه‌ن.

نموونه‌ لێره‌دا، له‌ بریتانیا، زۆرن، به‌ڵام من ته‌نها هه‌ر دوو نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌‌. یه‌که‌م: ئه‌مساڵ له‌ کۆنفرانسی پارتی کرێکارانی بریتانیا که‌ ‘جێرمی کۆربن’ سه‌رۆکێتی و کابرایه‌که‌ که‌ ڕابوردوویه‌کی زۆر پاك و پڕ له‌ خه‌بات و تێکۆشانی هه‌یه‌ و زۆریش دژی چه‌کی نوه‌وی و ئوستوله‌ حه‌ربییه‌کانی بریتانییه‌‌ و هاوکاتیش دۆستی ژینگه‌یه هه‌ر وه‌کو هه‌موو وه‌ختێکی دیکه‌ی دژی نوژه‌نکردنه‌وه‌ و چالاککردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، وه‌ستایه‌وه‌.

له‌ کۆنفرانسه‌که‌ پێشنیازێکی پێشکه‌ش، کرد تاکو ‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانی حیزبه‌که‌ی دژ به‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌نگبده‌ن که‌ نزیکه‌ی 37 ملیار پاوه‌ندی تێده‌چێت و گه‌ر‌ ئه‌م پاره‌یه‌ش له‌ پرۆژه‌ی باشتردا سه‌رف بکرێت باشتره‌ . جێرمی کۆربن ویستی ئه‌مه‌ بکاته‌ بڕیارێك و یه‌که‌م: له‌ په‌ڕله‌ماندا ده‌رنه‌چێت ، دووهه‌میش: گه‌ر ده‌رچوو و جارێکی دیکه‌ که‌ حیزبه‌که‌ی ( حیزبی کرێکاران) هاته‌ سه‌ر حوکم په‌یوه‌ستی ئه‌م بڕیاره‌ بێت. به‌ڵام مه‌خابن، له‌بری پشتگیریکردنی، ‌ هێڕشێکی گه‌وره‌ی کرایه‌ سه‌ر، چونکه‌ گه‌وره‌ترین نقابه‌ی کرێکاران Unite له‌ بریتانیا، دژی وه‌ستایه‌وه‌ و که‌ گوایه‌ کرێکاره‌کانیان، ئه‌ندامه‌کانیان، بێ کار ده‌بن . دوای ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانیش به‌ جێگره‌که‌ی خۆشییه‌وه‌ ، دژی ‘جێرمی’ وه‌ستانه‌وه‌ ، له‌م حاڵه‌ته‌دا جێرمی ناچارکرا که‌ ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ئازاد بکرێت له‌ ده‌نگدانا له‌سه‌ر ئه‌و‌ کێشه‌یه‌ له‌ په‌ڕله‌ماندا و هاوکاتیش بابه‌ته‌که‌ بۆ کۆنفرانسێکی دیکه، هه‌ڵبگیرێت تاکو‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
دووهه‌م : ماوه‌یه‌کی زۆره‌ که‌ حکومه‌ت ده‌یه‌وێ پلاتفۆرمێكی دیکه‌ی هه‌ڵفڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فڕۆکه‌خانه‌ی بریتانیا، هیسرۆ ( Heathrow ) بکرێته‌وه‌ ، که‌ ئێستا هه‌ر دوانه‌ و بزنس پێویستی به‌ زیاتر ‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌م پێشنیاره‌شدا چه‌نده‌ گروپی خۆجێی له‌ دانیشتوانی ده‌و‌رو به‌ری فڕۆکه‌خانه‌که‌ دروستبوون بۆ دژایه‌تیکردنی کردنه‌وه‌ی پلاتفۆرمی نوێ، هه‌م له‌به‌ر پیسکردنی زیاتری ژینگه‌ و‌ هه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگی زیاتری فڕۆکه‌کان، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌ لایه‌ن ژینگه‌ دۆستان و ‌ چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکیسته‌کانیشه‌وه‌ ‌ پشتگیرییان لێده‌کرێت.

له‌م کێشه‌یه‌شدا ‘جێرمی کۆربن’ هه‌ر وه‌کو هه‌میشه‌ دژ به‌م جۆره‌ کارانه، ڕاوه‌ستایه‌وه‌ و ویستی ئه‌مه‌ش ببێته‌ بڕیارێك تاکو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی پارتی کرێکاران ده‌نگ دژ به‌و پێشنیاره‌ بده‌ن و نه‌بێت به‌ یاساو جێبه‌جێ بکرێت. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌مان نقابه ‌و نقابه‌یه‌کی دیکه‌ و به‌هاوکاریی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کان دژایه‌تی بڕیاره‌که‌ی سه‌رکرده‌ی پارته‌که‌یان کرا. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش که‌ پێشنیاره‌که‌ چووه‌ وتووێژی نێو په‌ڕله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر درا و بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێ ده‌کرێت . هۆکاری ئه‌وه‌ش که‌ نقابه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بوون چونکه‌ وتیان ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی زه‌مانه‌تی پاراستنی کاری کرێکاره‌کان و دانانی کرێکاری دیکه‌ش‌ . ته‌نانه‌ت له‌م کێشه‌یه‌دا هه‌ڵوێستی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانتاره‌‌که‌ی ئه‌و‌ گه‌ڕه‌که‌ که‌ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ هاتووه‌ و سه‌ر به‌ حیزبی موحافیزینیشه‌ ، چاکتر بوو له‌ نقابه‌کان ، که‌ ئه‌و له‌ دژی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پێشنیاره‌ بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێده‌کرێت ، ده‌ستی له‌کار له‌ وه‌زیفه‌که‌ی کێشایه‌وه‌.

Zaherbaher.com




چه‌ند كۆته‌ڵێكی جه‌نازه‌یی … نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
هه‌ر چیمان كرد ،
به‌شی ئاره‌زووی
شازاده‌ ته‌نپه‌روه‌ره‌كانی نه‌كرد..
هه‌ر چیمان كرد بۆ (سبه‌ی) ،
(ئه‌مرۆ) له‌سه‌ر شه‌قامه‌ خواره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی سڕ یاری پێ‌ ده‌كه‌ن…
وه‌ره‌ با په‌یمانێك له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌وته‌ كوێره‌كان مۆر بكه‌ین.
وه‌ره‌ با له‌ كۆته‌ڵی بێ‌ تارای ئه‌به‌دییه‌تدا بنووین.

(2)
ئێمه‌ ئاسمانمان ،
بۆ كۆته‌ڵی یادگاریی ئه‌وانه‌ .
ئێمه‌ خۆرمان ،
بۆ باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی ئه‌وانه‌..
ئێمه‌ مانگمان ،
ئه‌ستێره‌كانمان
بۆ مه‌داری به‌تاڵی ئه‌وانه‌ ..

(3)
به‌ره‌و من بێی
هه‌موو شتێكت ده‌ست ده‌كه‌وێ‌
هه‌موو شتێك ،
به‌ (مردن)یشه‌وه‌..
كه‌ ئه‌وه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌ شه‌ڕ به‌جێ‌ ماوه‌ !
به‌ره‌و من بێی ،
ده‌توانی به‌رامبه‌ری دابنیشی
یا له‌گه‌ڵی بئاخڤێی ..
حیكایه‌ت و سه‌ربرده‌ت بۆ بگێڕێته‌وه‌..
مه‌گه‌ر ئه‌و ته‌واوی چیرۆكی (پێشێل كردنی گوڵه‌كان)ت
بۆ باس بكا.

(5)
ئه‌و هه‌موو چاووانه‌..
ئه‌و هه‌موو گوێیانه‌..
ئه‌و هه‌موو زمانانه‌..
ده‌ستم بوو.. خواردیان .
قاچم بوو.. خواردیان .
چاوم بوو.. كۆڵیان .
ئه‌وه‌تا ته‌مه‌نی بێ‌ كڵاوڕۆژانه‌ و بێ‌ په‌نجه‌ره‌ و به‌ژواریشم .
شه‌ڕی پێدا دێته‌ خوار ..
ئاژاوه‌ی له‌به‌ر ده‌ڕوا ..
هاتبووم بڵێم :
ئه‌م دره‌خته‌ به‌شێكه‌ له‌ مێژووی
هه‌تاوو سێبه‌رمان
پێویسته‌ بمێنێ‌ .
ده‌ستم بوو ، خواردیان ..
قاچم بوو ، خواردیان ..
چاوم بوو ، كۆڵیان ..
ئه‌و هه‌موو چاوانه‌..
ئه‌و هه‌موو گوێیانه‌..
ئه‌و هه‌موو زمانانه‌..

(6)
له‌م ئه‌لبومه‌دا یادگاری مناڵیتان كوشت
لێره‌ ، له‌م سنووره‌دا :
گۆرانییه‌كانمان ،
له‌شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نابه‌رابه‌ردا تیاچوون . .
له‌ تونێڵه‌ تاریكه‌كانی ئه‌م پایته‌خته‌دا ،
شیعره‌كان ،
شینیان بۆ پاڵه‌وانه‌كانمان گێڕا ..
پێمانه‌وه‌ دیاره‌
هه‌موو فریشته‌و شه‌یتانه‌كانمان تۆراندووه‌
تا له‌ ئه‌فسانه‌یه‌كی سیلاكبوودا ده‌ركه‌وین ..

(7)
به‌داخه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یێنم :
گوڵه‌گه‌نمه‌كان پیر بوون
ده‌م و چاو لۆچ .. ماندوو ..
وه‌ك له‌شكرێك له‌شه‌ڕدا
به‌ دۆڕاوی گه‌ڕابنه‌وه‌ ..
له‌ گوێی ڕووباره‌كان كۆبونه‌ته‌وه‌
نوێژ بۆ شارای دزراو ده‌كه‌ن ..

8/1993




مامۆستایانی خواست و ئاگایی … بارزان دۆڵەڕەقەیی

لە هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بنواڕین یان لە پێشكەوتنەكانی سەراسیمە بووبین، ئەوە خاڵێك ئاماژەی پێبكرێت، رێخستنە، رێخستن پێوەندی بە زانینەوەیە، زانینیش لە رێگەی پرسیاركردن، فێركردن و گەیاندن دێتە دی، وێجا پێگەی مامۆستا گەلۆ لێرەدا بەرز و مەزن دەكەوێتەوە، لێ كەی مامۆستا لە ژوور چینەكانی تری كۆمەڵگە دەردەكەوێت؟ ئەم پرسیارە پێوەند بە ئاگایی و رەخنەگرتن لە خۆیە، ئەم خۆیە مامۆستاییە، چەندە نەخوێنەرو دەبەنگ بێت گەلحۆترو چەندەش ئاگایی لە زانست، مێژووی نەتەوەو ئەدەبیات، بەكورتی بخوێن بێت، ئەوەندەدوورنماتر و بەتەك پەروەردە، رەخنەگرتن و خۆخستە ژێر بەرپرسیارییەتییەوە،بەخەم دەبێت.

بۆیە دەبێت مامۆستا پێشەنگی كۆمەڵگە بێت، ئەم دەتوانێت وابكات رەخنە بگیردرێت و شتەكان بخاتە ژێر چنگی لێپرسینەوەوە، لێپرسینەوە وابەستەیە بە دادوەر، ئاخۆمامۆستا دادوەرە؟ سەرمەشقبوون بەسەر گشت، لە وانەگوتنەوە و چۆن راهێنانكردندایە، وانەگوتنەوە لەبەرانبەر بەیانییدایەو راهێنانكردنیش لە بەرانبەر چاودێرییكردندایە، كەواتە مامۆستا كە راهێنانكارە؛ چاودێرە، ئەم چاودێربوونەش سەرمەشقبوونە، كەواتە مامۆستا چاودێرە بەسەر راهێنانپێكراوانی دوێنێ، بۆیە بۆ وانە پێگوتراوانی دوێنێ، لە بەیانیییاندا دادوەرە، دادوەرە چونكە بەرپرسیان بووە، ئەگەر دوێنێ، خۆی نەكردبێتە بەیانیوان و چاودێر، ئەوە ئەم مامۆستایە مەحكوومو تاوانبارە،

كەسی سەرمەشقیی، درووستكاری بیری ئازادە، وابەستە نییە بەهیچكەس، زووڕنا بۆبەرژەوەندخوازان و بڕیار بەدەستانی نەخوێندەوار لێنادات و نەژەنە، نەژەنین خاوەنیبوونە بە خواست، خواستیش كۆمەڵگەی چالاك و نەوەی بەئاگا درووست دەكات،
تاكێكی كارا، كە وانەپێگوتراوێكی مامۆستای بەئاگا بووەو پێگەیێنراوێكی پڕ خواستە، ئەوە ئاگایی بەسەر خۆیەوە هەیە و دەوڵەمەندە بە ئەمڕۆ و هەست بە دوودڵی و ترس ناكات، سەر مەشقی ئەم تاكە، خودە ناسكردووەكەیەتی و ئازادیش نان و شەڕەفمەندییەتی، بۆیە لەسەر بناغەی وەها تاكێك كۆمەڵگە وەك ئەو دۆخە هیچخوازیی و بەها داڕووخاوە ناكەوێتەوە، پرس و شتەكان بەرەو بنبەست ناچن، بۆیە دوای ئەم گەشەكردنە پەروەردەییە، هزر و ئازادی لەدایك دەبن، هزر بۆ كۆمەڵگەیەكی شارەستانی و خاوەن كولتوور و ئازادیش ناسنامە.
تێكەوتنی كۆمەڵگە لە گەندەڵی و مافخووراوی، پێوەندی سەرەكی بە نەبوونی خواست و ئاگایی مامۆستاوە هەیە، چونكە مامۆستا بەرپرسیاری سەرەكی ئەم دۆخە رانەگوزەرە بەكیسەڵبووەیە، مامۆستا رێگری بەردەم گەشە و گۆڕان نییە، بەڵام زۆر بەداخەوە نەبوونی خواست و ئاگایی لە مامۆستاكانماندا ئەم دۆخەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە، دۆخێك كە گەنج و وەچەیەكی تەنبەڵ، نەخوێندەوار، ترسەنۆك و بێدەنگ لە ماف و ئازادی پێ بەخشیوین.

بێمنەتبوونی سەرۆك و ئاراستەكردنی ئەم گەلەمێگەلە بەرە و هەڵپەڕین و نەزانین بردن، پێهیچنەبوون و كۆیلە سەیركردن، هیچ شتێك نییە لەوبەرهەمە، كەبوونی وێنەی كارەكتەرێكی دۆنكیشۆتییە، كە دواجار مامۆستاكانی ئەم سەرۆكە داستان خەیاڵاوییە، مامۆستایانی بێخواست و گەلحۆ بوون.
خەساندن یان كوشتنی خواست لە تاك خوێندكارانماندا، وادەكات پاشكۆیی، كۆیلەبوون و بێدەنگی بە مافی خۆیان بزانن، باڵاكردنی هەستی خۆ پێهیچنەبوون؛ دەرەتانە بۆ ئاییندەی كۆمەڵگەو نەتەوەیەكی بێ ناسنامەو دەوڵەت.
مامۆستای بێخواست و ئاگایی، ناتوانێت خوێندكارێكی ئازا پێ بگەیێنێت، بۆیە لەم وڵاتەدا هەیمەنەی حزبیی، باڵی كێشاوە و رابەری پەروەردەیە، لەژێرهەژموونی ترساندن و و كۆیلەكردندا، مامۆستای بێخواست و ئاگایی، دەستەمۆی چارەكە موچەیەك كراوە پێشی شەرەفمەندە،نەك شەرەفمەند كرابێت پێی.
لە كۆتاییدا گەرەكە بگوترێت: دەبێت مامۆستا، گۆڕانێكی بنەڕەتی لەژیانی خۆی دەستپێبكات و پەی بە خودە رەسەنەكەی خۆی ببات و بیدۆزێتەوە، ئەمەش لەپێناو وەگەڕخستنی ئەم گەلە وابەستە بە نەریت، نەزانی و رەوێنراوە لە ماف و ئازادیی.




ئێوارە هەیە ، هەور بە دەست بەتاڵیی دێتەوە ….. نەوزاد بەندی

کورتەی هەواڵەکان ، دەست بەتاڵ ..
پەرلەمانتارانی بەغداد ، دەست بەتاڵ ..
حوکمەت مۆڕە ئەکا و
ئەڵێ : ساڵێکی تریش ،
ئەبێ هەموو ئێوارەیەک ،
بە دەستی بەتاڵ بڕۆنەوە ..
مامۆستا بە دەستی بەتاڵ ، بڕوا بۆ مەکتەب ..
جەژن بە دەستی بەتاڵ ئەڵاهو ئەکبەر ..ئەڵاهو ئەکبەر ..
موعارەزە ئەڵێ : شتمان کردووە بۆتان ،
بەس ئامۆژگاریتان ئەکەین
کە واز نەهێنن لە دەستی بەتاڵ ..
دایک لە چێشتخانە ،
بە دەستی بەتاڵەوە بە مناڵەکانی ووت :
ئەمڕۆیش نەمتوانی ئاگر بکەمەوە ..
کەمئەندامێک بە دەستی بەتاڵەوە ،
بەسەر عەرەبانەکەیەوە ،
هاتەوە بۆ ماڵەوە ..
پێیان وتبوو : لیستی موچەی ئەم مانگە ،
کەم ئەندام و مناڵی شەهیدی تیا نیە ..
شەهیدێ بە دەستی بەتاڵەوە گەڕایەوە دیوانی خوا ..
پێیان ووت : ماندوو نەبی ….
ووتی : ئێستا قووتی مناڵەکانم ،
بە دەست نیشتمانفرۆشێکەوەیە ،
کۆنکەنی پێ دەکا ..
ماندووم ..زۆر ماندووم ..
شەهید نیم ، مردووم ..
بڕوانە ..
ئەو خەڵکە هەمووی دەستیان بە تاڵە ..
بڕوانە ..درەختەکان چەند بە دەست بەتاڵیی ،
تەماشای یەکتری ئەکەن و ئەڵێن :
بڕینەوە لە دەستبەتاڵیی باشترە …
پیرەمێردێکی حەوت گەز ڕیش ووتی :
ئەزانن چییە عیللەتی پەتای دەسبەتاڵیی ؟
فرۆشتنی قووتی میللەتێکە هەر بە کاڵیی ..




زمان … پشکۆ ناکام

ئای پێڵاوی لاستیکی نەگبەت، بزانه بە ناوی تۆوە چی ئەگوزەرێ! ماوەیەکە لێرە و لەوئ ناوی تۆ بۆتە بنێشتە خۆرەی سەر زمانی چەن بازرگانێکی خۆ بە سیاسەت مەشغوڵکەرەوە کە هەر سەیری گیرفانیان کرا ، یەکسەر تۆ ئەکەن بە شایەتی ڕابردوویان وبێ دەنگ کردنی خەڵک بە جۆرێک وەک چۆن کەسانی سلکی دیبلۆماسی (حصانة) یان هەیە ، ئەوانیش ئەیانەوێت تۆ( پێڵاوی لاستیک ) بکەن بە حەصانەی خۆیان نە کەس بۆی هەبێت سەیری جانتاکانیان بکات، نە کەسیش بۆی هەبێت لێیان بکۆڵێتەوە… خۆ ئەگەر هەزار مەتر تۆ یان لە پێ کردبێت ،ئێستا سەدان هەزار دۆلاریان لە بری وەرگرتۆتەوە لەسەر پرینسیپی ” پێڵاوی لاستیک بەرامبەر دۆلار ” ، هەر چەنە گەر هەموو ڕەسمەکانی ئەو کاتانەی بە حساب تۆیان لە پێیا بوە نیشان بدەن ، دەرئەکەوێت چۆن بە ناوی تۆ وە شەرعیەت ئەیەن بە ئێستایان..چۆن بە دەم تۆ وە قسە ئەکەن بەمەش سنورێک لە نێوان زەمانی تۆ و ئێستای پێڵاوی چەرمی ئەوروپی ناهێڵن…. ………خەڵکانێک لە هەموو سەنگەرەکانیانا : کۆمەڵەبۆ ئاڵای شۆڕش ، لەوێوە بۆ زەحمەتکێشان ئینجا پێچێک بۆ ‘ کۆمەڵەی کەسکی کوردستان’ ، و لە بەنزین بڕانیشا لە ماڵە گەورەکە ! سلفەکەیان کوژانەوە بێ ئەوەی تۆ یان لە پیا بێت، ئیتر شیرین کردنی ناوی تۆ بۆ ! جا ئەگەر هەر کەسێک چەن مانگ و ساڵێک تۆ لە پێ بکا و دواتر دەڵەمەند بێ ، لام وابێت تۆ ” پێڵاوی لاستیک ” هێندە گران ئەبویت مەگەر هەر لە ئەوروپا و لە چەن کۆگایەکی تایبەت دەست بکەوتیتایە ….. ئەزانم تۆی داماو ئەی پێڵاوی لاستیک گەر’ زمان ‘ ت هەبوایە،چیت ئەووت……….




بەشی دووەم لە چاوپێکەوتنی دەنگەکان لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم چاوپێکەوتنە کلیکی ئێرەبکەن …..
————————-

دەنگەکان: یەکیک لە ئیشکالیەتە دێرینەکانی فکری سیاسی مەسەلەی دیموکراسیە.
سەرتاپای سەدەی بیست قۆناغێکی پڕ لە ململانێ بوو بۆ کۆمۆنیزم کە تیایدا هەوڵێکی هەمەلایەنەی دا ئەوە بسەڵمێنێت کە دیموکراسی، لەناوەڕۆکدا، سەرخانێکی سیاسیە بۆ دەسەڵاتدارەتیی چینی سەرمایەداری و ئەوە کۆمۆنیزمە کە لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستیەوە ” دیموکراسیی ڕاستەقینە ” دابیت ئەکات.
بەکورتی پەیوەندیی پڕ لە ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی چۆن هەڵئەسەنگێنیت؟

عەدنان کەریم :

ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی، پەیوەندیەکی پڕ لە گرێ و فرە ڕەهەندە کە من هەوڵ ئەدەم چەند لایەنی گرنگیان ، بەڕای خۆم ، باس بکەم. بۆ ئەو مەبەستەش، وەکوو هەمیشە ، ناچارم جاروبار ئاوڕ لە فکری کۆمۆنیزم واتە مارکسیەت وهەروەها پراتیک و مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بدەمەوە بۆ شایەدیی قسەکانم.
کێشەیەکی میتۆدۆلۆجیی مارکسیەت ئەوەیە کە وا نیشان ئەدا کۆمۆنیستەکان لەڕیی تیۆریەکەیانەوە خاوەنی دوایین ڕا و دروستترین ڕوانگە و ڕاستترین بۆچوون لەسەر سەرجەم کێشە و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی کۆمەڵگای مۆدرینن و سەبارەت بە دیموکراسیش تووشی هەمان دەرد بوون.
باسەرەتا پرسیاری ئەوە بکەین کە : ئایا دیموکراسی کون و کەلەبەری نیە ؟ ڕەخنە هەڵناگرێت ؟ توانیویەتی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگای مودرین بەروە چارەسەر بەرێت یا تووندوتیژتری کردوونەتەوە؟ و چەندین پرسیاری تر .
من لەوەڵامدا ، بەکورتی تەنها ئەوە ئەڵێم کە دیموکراسی تا ئەم ساتەوەختەش نەیتوانیوە کێشەکانی کۆمەڵگای مۆدرین چارەسەر بکات بەڵکە قووڵتریانی کردۆتەوە و بەئاراستەیەکی نادیار و تەم و مژاویدا بردوونی. بۆیە ڕەخنە گرتن لە دیموکراسی لەڕووی تیۆریەوە مەیدانێکی بەردەوام و درێژکراوی فکری سیاسیە. بیری سیاسیی هاوچەرخیش پێویستی بە دەستوپەنجە نەرمکردنی هەمیشەییە لەگەڵ ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیدا. بەڵام گەر مەسەلەکە بە پەیوەند بە بیروباوەڕی مارکسیەوە بەراوورد بکەین ئەگەین بەو ئەنجامەی کە مارکسیەت نەک تەجاوزی ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیی نەکرد و گرێکوێرەکانی نەکردەوە ، نەک نموونەی ئەلتەرناتیڤێکی باڵاتری لە دیموکراسی بەرهەم نەهێنا ، نەک تێزێکی مونسەجیم و مەحکەمی لەو بوارەدا دانەڕشت ، و …..تاد، بەڵکوو لەڕێی تۆماری پڕ لە ئیستیبدادی سۆسیالیزمەوە ، هەموو بەشەریەتی مۆدرینی کرد بە مێگەلێک و ناچاری کردن بەهەموو ستەم و بێدادیەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕازی بن لە ترسی بوونی سیستمێکی تۆتالیتاری سۆسیالیستیی لەو خراپترەوە.
جگە لەوەش ، بەهۆی هەڵچوون و داچوونە گەورە و گرانەکانی سەدەی بیستەمەوە، و بەتایبەتیش بەهۆی شکست و ووردوخاشبوونی سۆسیالیزمەوە ، بەهەموو فێرژنەکانیەوە، تا ئێستای سەدەی بیستویەک ، بەمانایەک ، بریتیە لە سەردەمی ئارایشدانەوەی دونیا لەژێر پەرچەمی خراپترین ترەندەکانی دیموکراسی و مەیدانداربوون و هەیمەنەی ڕەوتە دیموکراسیە ڕاستڕەو و کۆنسێرڤاتیڤەکان.

لەڕووی تیۆریەوە ئیشکالیەتی گەورە لەوێوە دەست پێئەکات کە :
یەکەم: سەردەمی حیکایەتە مەزنەکان ( السردیات التاریخیة الکبری Grand Narratives ) بەسەرچوو. ئەم بارودۆخە نوێیە تەداعیاتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە گرنگترینیان تێشکانی ئەو هەیمەنەیە بوو کە مارکسیەت وەکوو مەرجەعی جێمتمانەی فکر و کێشە تیۆریەکان سەیر بکرێت.
دووەم: ڕەوتی کۆنسێرڤاتیڤ و ڕاست بوون بە سووکان بەدەستی دیموکراسی لە ڕۆژئاوا.

سییەم : بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی خاڵی یەکەم ، فکری سیاسی و مرۆڤایەتی بە گشتی نەیتوانیوە تەجاوزی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بکات و دەستی بگات بە سیغەیەکی باڵاتر بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ناکۆکیەکانی سۆسیالیزمی پێشوو گیرسانەوەی لەدوا مەتافدا وەکوو ڕەوتێکی تۆتالیتار و سوڵتەوی کە ڕووی خراپترین دەسەڵاتە دیموکراتیەکانیشی سپی کرد. لێرەوە تا ئێستا ئەوە بەچەسپاوی ماوەتەوە کە دیموکراسی بەڵایەکی ناچاریە ( اسو‌أ الشرین ) بۆ دەسەڵاتدارەتی و خەلک لەگەڵ دەسەڵاتدا پەیماننامەیەکی مێژوویی ئیمزانەکراویان بەستووە بۆ قەبووڵکردنی ئەو هەیمەنەیە. بەشەریەتی مۆدرین عەقڵی بە کەموکوڕیەکان و ترەندە خراپەکانی دیموکراسی هاوچەرخ ئەشکێ و ئەزانێت بەناوی ئەوەوە چیی بەسەرهاتووە و چیی لەدەستداوە.

سەرجەلە و فایلی کۆمۆنیزم لەبواری دیموکراسیدا پرە لە ناکۆکی و پێشێلکاری و تەمومژ کە یارمەتیدەر بوون و بوون بەمامانێک بۆ لەدایکبوونی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بە ڤێرژینە ڕاستڕەوانەکەیەوە.کۆمۆنیزم لەوبارەوە مەسئولیەتی زۆری لەئەستۆیە. مارکسیەت ڕێک و ئاشکرا دژایەتی خۆی ڕاگەیاندوە لەبەرانبەر پلۆرالیزم ، دەستاودەستکردنی دەسەڵات ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری و سەربەخۆییان ، میدیای ئازاد، مافە بنەڕەتیە سیاسی و فکریەکان وەکوو مافی دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی ، مافی ڕەخنەکردنی دەسەڵات و گۆڕینی هەرکات زۆربەی خەڵک خوازیاربوون، و ….. لەبەرەبەیانی شۆڕشی ئۆکتۆبەروە هەموو ئەو مافانە قەدەغەکران.

مەنشەفیکەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە هەر کامەیان بەتاک بگریت خاوەنی نفوزی جەماوەری زیاتربوون لە بەلشەفیەکان لەکۆمەڵگەی ڕووسیای ئەوکاتە و گەر دەنگدانێکی ئازادانە سازبکرایە پێکەوە زۆربەی ڕەهای دەنگیان ئەهێنا ، بەناوی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاوە سەرکوتکران و چالاکیان بەتەواوی قەدەغەکرا. تەنانەت لە یەکەمین کۆنگرەی شووراکاندا کە لە نێوان شۆڕشی شوبات و ئۆکتۆبەردا، لە تەمووز دەبەسترێت، ئەو ٢ لایەنە زۆربەی زۆری دەنگەکانی نوێنەرانی شووراکان بەدەست دێنن.
حیزبی بەلشەفی نەک دیموکراسی لە ئاستی گشتی کۆمەلدا قەدەغە ئەکا و لە گۆڕی ئەنێت و لەژێر ناوی ڕیتۆریکی دەوڵەتی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا هەیمەنەی تۆتالیتاریانە و دیکتاتۆریی حیزبی بەلشەفی بەسەر سەرجەم ووڵاتدا ئەسەپێنێ ، بەڵکوو بۆ ڕەسمیەتدان بە هەیمەنەی ڕابەریی حیزب ، ساڵی ١٩١٨ ولە کۆنگرەی دەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی بەلشەفیدا ، بە پێی پێشنیارێکی لێنین ، مافی پێکهێنانی فراکسیۆن نەک لەناو حیزبدا بەڵکوو لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیشدا یاساغ و قەدەغە ئەکات. ئەوە حیزب بوو کە لە گۆنگرەکانیدا بڕیاری ئەدا لەسەر هەموو مەسەلەکانی ووڵات و دواتر بەناوی شووراکانەوە تیئەپەڕێنرا و ئەکرا بە بڕیار. ئیتر دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا جگە لە ڕیتۆریکێکی بیناوەڕۆک و درۆیەکی مێژوویی هیچی تری تیا نامێنێت.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە تێڕوانینێکی پۆزەتیف بخەمەڕوو سەبارەت بە تێزی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و بەهیچ شێوەیەک ئاشتی بکەمەوە لەگەڵ دیموکراسیدا ، بەڵکوو کرۆکی قسەکەم ئەوەیە کە بڵێم حیزبی بەلشەفی تەنانەت پەیڕەوی لەو تێزەی خۆشی ( دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا ) ناکات ودیکتاتۆریەت ودەسەڵاتدارەتیی ڕاستەوخۆی حیزب و مەکتەبی سیاسی ئەکات بە تەنها بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات لە کایە هەرە گەورەکانی کۆمەڵگەوە تا بچووکترینیان. ئەوە مەکتەب سیاسی بوو کە چاودێریی ڕاستەوخۆی بوارەکانی ئەدەب و هونەر و سینەما و شانۆ و قوتابخانە و ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئەکرد و بەناوی یەکێتیی نووسەران و هونەرمەندان و قوتابیان و لاوان و ژنانەوە دەیان ڕێکخراوی بنیات ئەنا کە مەرجەعی هەموویان تەنها و تەنها حیزب بوو نەک هیچ ئۆرگانێکی هەڵبژێردراوی تر یا چارەنووسی ڕەوت و گەشەی ئەو بزووتنەوانە و ڕێکخراوەکانی بەجێبهێڵدرێت بۆ فەنکشینی سەربەخۆ و تەفاعولاتی خۆدی خۆیان.
گەر لە ئاستێکی ترەوە تۆماری کۆمۆنیزم و دیموکراتی چاو لێبکەین باشترین بەڵگەنامە بەرنامەی حیزبی بەلشەفیە کە تا ئەم ساتەوەختەش مەرجەعێکی پیرۆز و بێجیدالە لە ناو کۆمۆنیستەکانی سەرجەم دنیادا.
دەسەڵاتدارەتیی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای حکوومەتی شوورایی دامەزراوە. بەندی ئەسڵیی بەرنامەی بەلشەفی کەسەرلەوحەی گشت بەرنامە کۆمۆنیستیەکانە ئەڵێت : ( شووراکان هەر خۆیان هەم دەسەڵاتی یاسادانان وهەم دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان هەیە – تتمتع المجالس بحق ممارسة کلا السلطتین التشریعیة و التنفیذیة) .

ئەوەی سەرەوە تێزی جەوهەریی مارکسیەت و کۆمۆنیزمە سەبارەت بە ماهیەتی دەسەڵاتی سیاسی. دژایەتیی ئەو بەرنامەیە لەگەڵ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی دیموکراسی و ئازادیدا لەوە بێپەردەترە کە هیچی لەسەر بڵێین. ئیتر لێرەوە ناکۆکیی سەرجەم ئەو تێز و باوەڕانە ئاشکرا ئەبێت کە ئەیانەوێ ئەوەمان دەرخوارد بدەن گوایە ستالینیەت پەتایەکی نامۆیە بە کۆمۆنیزم و لادانە لە ئەسڵی ئازادیخوازیی سۆسیالیستی. ئەوەی لە چین و ڕووسیا و بلۆکی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڤێتنام و کوبا و هەموو نموونەکانی تری سۆسیالیزمدا پیادەکرا و بەرهەمهات لە بواری دەسەڵاتی سیاسیدا تەرجەمەکردنی حەرفی و دەقاودەقی ئەو تێزە جەوهەریەی مارکسیەتە سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسیی سۆسیالیستی و هیچیان بە موو لەو ئەسڵە سیاسیە لایان نەداوە. ئەو مۆدێلە تەنانەت دواتر دەبێت بە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ پیادەکردنی دیکتاتۆریەت لە زۆر ووڵاتی تری جیهانی سێیەمدا لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین کە کەم تا زۆر خۆیان بەهاوپەیمانی ئەم یا ئەو دەوڵەت یا بلۆکی سۆسیالیستی ناساند وەکوو ڕژێمەکانی عێراق و سوریا و ئەسیوبیا ولیبیا و جەزائیر وئەنگۆلا و …تاد.
یەکێک لەو تێزە باوانەی کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراق ساڵەهای ساڵ لە باس و پلمیکەکانی خۆیاندا ئەیانجویەوە ئەوە بوو کە بوونی دوو حیزب یا ڕێکخراوی کۆمۆنیست لە ووڵاتێکدا ناکۆکیەکە و تەنها ئەبێ یەکێکیان هەڵگری سیفەتی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم بن. ئەوە بۆ کۆمۆنیستەکان سەختە کە بوونی دوو حیزبی کۆمۆنیست قبووڵ بکەن و دان بە بوونی یەکتردا بنێن و بتوانن پێکەوە هەڵبکەن. زۆربەی بزووتنەوە سیاسیەکانی تری وەکوو ناسیونالیزم یا ڕەوتە لیبرال و تەنانەت ڕەوتە ئیسلامیەکانیش بە قازانجی ئامانجە سیاسیە دوور و هاوبەشەکانیان ئەوە هەزم ئەکەن و ڕادێن لەگەڵ بوونی چەندین حیزب لەبەستەر و هەناوی یەک بزووتنەوەدا و تەنانەت بۆ ئامانجی تاکتیکی و سیاسیی قۆناغێک ئامادەی هاوپەیمانی و دۆستایەتیی حیزبی هاوچەشنی خۆیانن، بەڵام نموونەی پێکەوە هەڵکردن و تەبایی ، چ جای کاری هاوبەش و هاوپەیمانی لە نێوان حیزبە کۆمۆنیستەکانی یەک ووڵاتدا ، زۆر دەگمەنە.

لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا چ ئێستا یا لە مێژووی دوورتریاندا ، چەندین حیزب و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و مارکسی سەریان هەڵداوە لە یەک ووڵاتدا . ئەو دیاردەیە بەتایبەتی پاش دابەشبوونەکانی ڕیزی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە لە نێوان سۆڤیەت و چیندا واقعیەتێکی دیاربوو. هەر ئێستا لە ئێران ، تورکیا ، عێراق ، وولاتانی ئەمریکای لاتینی ، لەهەر ووڵاتەیاندا چەندین و لە هەندێکیاندا دەیان ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست هەن کە بۆ یەک یامانج یا ئامانجی نزیک لەیەک تێئەکۆشن . ئەوان دەرگیری خەباتێکی سەختن لەگەڵ ڕژیمە سەرکوتگەرەکان و ” ئیمپریالیزم ” و کۆنەپەرستیدا. زۆربەی خاڵ و بەش و بەندەکانی بەرنامەکانیان لەیەک ئەچن یا نزیکن لەیەکەوە یا جیاوازیەکی ڕواڵەتیان هەیە. بەڵام لە هیچ ووڵاتێكدا بەدەگمەنیش نابینرێت کە ئەو هێزانە لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوبەشیان لە بەرەیەک ، ئیئتیلافێک ، بلۆکێکی سۆسیالیستی ، پلاتفۆرمێکی هاوبەش و تەنانەت کاتی و مەرحەلیشدا و بە پاراستنی جیاوازیەکانیانیشەوە ، بەڵکوو ئەستەمە بتوانن پەیوەندیەکی تەندروستی سیاسی دۆستانە لە نێوخۆیاندا بنیات بنێن یا تەنانەت کۆبوونەوەی هاوبەش و بیروڕاگۆڕینەوەش لە نێوانیاندا هەبێ ، یا بتوانن بگەن بە ڕێکەوتن لەبواری بابەتی وەکووو ئازادیە سیاسیەکان ، یاسای کار ، یا تەنانەت یەک بابەتی وەکوو خەبات لە دژی ئیعدامدا و خەباتیان پێکەوە گرێ بدەن و نموونەیەکی بچووک لە گیانی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن و قووڵبووونەوەی خەباتی هاوبەش و بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتیی هاوبەش بەرهەم بێنن.

ئەو حیزبە کۆمۆنیستانەی کە دەیان و سەدان لاپەڕە ڕەشئەکەنەوە سەبارەت بە سەرکوتگەری ڕژیمە فاشی و دیکتاتۆریە ئیسلامی یا نەتەوەییەکان یا بەکرێگیراوی ئیمپریالیزمی جیهانی و شین و شەپۆڕ ئەگێڕن بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی سادەترین مافی هاووڵاتیان لە ووڵاتەکانیان، لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا ، لە کێشە ناوخۆییەکانیاندا ، لە شێوازی بەڕێوەبردنی پلمیک و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی ناوخۆی حیزب و بزووتنەوەکەیاندا، کەمترین پابەندی و پەیڕەوەی کردن لە دیموکراسی و ئازادی و بواری باس و ڕەخنە بە ئەندامان و بەتایبەتی بە کادیری ڕەخنەگر بە بیر و سیاسەت و تاکتیکەکانی خۆیان ئەدەن.

لە مێژووی دوور و ئێستای بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا، سەردەمی مارکس ، ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم ، ئەنتەرناسیونالی دووەم و کێشە لەگەڵ برینشتاین و کاوتسکی و بلیخانۆف ، قۆناغ و کێشەکانی نێوان بەلشەفیزم و مەنشەفیزم، کێشە خوێناویەکانی نێوان باڵەکان کۆمۆنیزم لە بیستەکان سەدەی پێشوو لە سۆڤیەت و قەسابخانەکانی ستالین لە سیەکاندا کە زۆربەی زۆری قوربانیەکانی نەک سەرمایەداران بەڵکوو ڕابەرانی کۆمۆنیستی وەکوو ڕادیک و زینۆفیف و بۆخارین و بریوبراجینسکی وترۆتسکی بوون ، لەشەستەکانی عێراق و لە سەروبەندی تەقینەوەی کێشەکانی لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزیی حیزبی شیوعیی عێراقدا ، لە کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەردەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئێستگا بەردەوامەکانی تا ئێستای لە ڕیزی حیکمەتیستەکان و …تاد ، ئەوەی غایب بووە تەنها باسی ئازادانەی فکری و پلمیکی ڕۆشن و شەفافی سیاسی و شێوازی دیموکراتیکی بڕینەوە و میکانیزمی مودرین و باڵای ئینسانی وەفەزای ئازادانەی ئیختیاری سیاسی بوو. هیچیەک لەو کێشمەکێشە و جیابوونەوانە کە تەمەنیان ڕێک هێندەی تەمەنی مارکسیەتە و لەگەڵ ئەویشدا هەر تەمەندرێژ ئەبن ، لە فەزای هاوڕییانە ولەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەو بزووتنەوە کرێکاریەی کە هەر یەکەیان بەتەنیا خۆی بە نوێنەری بێئەملا و ئەولا و تاقانەی ئەزانێت ، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیاسیی چینایەتی ، ڕەخنەی زاتی و چاوخشاندنەوە بە هەڵە و کەمو کوڕیەکانی خۆدا، لەبەرچاوگرتنی ئیحتیمالی یەک لەسەرسەدی گرتنەبەری شێواز و هەڵوێستی هەڵە لەلایەن خودی هەر لایەنەوە و پێویستی چاخشاندنەوە پیایاندا، لەبەرچاوگرتنی سوودمەندبوونی نەیارانی هاوبەشی بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانیان و … تاد ، و هیچیەک لەو پێوەرانە حسابێکی بۆ نەکراوە و تەنیا گیانسەختی و سووربوون لەسەر ڕەوابوونی ئەم لەبەرانبەر ئەوی تر و پێچەوانەکەی بووە بە مەنهەجی پەیڕەوکراو. جێی تێڕامانی قووڵە کە لەهەموو ئەو جیابوونەوانەی مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا ، هیچیەکیان دوای دەیان ساڵیش بە یەکگرتنەوە و پێکهاتنەوە کۆتاییان نەهاتووە بەڵکوو ئینشیقاقی دواتر و دواتر ئەوانەی پێشتری لەبیربردۆتەوە. لە مێژووی هەموو ئینشیقاقەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا یەک نموونەش بەرچاو ناکەوێت کە دواتر هەردوو لایەنی جیاوەبوو بە پاراستنی جیاوازیەکانیانەوە ، و سەرباری پێداگرتن لەسەر ڕای هاوبەش یا چوونیەک لە بواری بەرنامە و تاکتیکدا، لە کارێکی هاوبەشی سیاسی یا بوارێکی خەباتی سیاسیی هەمان ووڵاتدا لەیەک نزیک ببنەوە.

ڕەگی هاوبەشی نێوان ئەو هەموو مێژووە لە بواری فکر و پراتیکدا یەک شتە: مارکسیزم و کۆمۆنیزم ڕەوتێکە بۆ دەسەڵاتی ڕەها ودەسبەسەراگرتنی حیزبی کۆمۆنیست بەسەر کۆمەڵگەدا تێئەکۆشێت وباقی بریق و باقە تیۆری و سیاسیەکان سەبارەت بە چینی کرێکار ولەڕیشەدەرهێنانی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی و دابینکردنی کۆمەڵگای پڕ لە ئازادی و خۆشبەختی و هەموو نەعلەتەکانی لە سەرمایەداری ڕۆڵی شاردنەوەی ئەو ماهەیەتە ستەمگەرانەیە ئەگێڕن. ئەو دەسبەسەراگرتنە و ئیحتیوای کۆمەڵگە لەلایەن حیزبەوە بەمەبەستی بەرجەستەکردنەوەی بەها و ئایدیا ئایدیاڵەکانی مارکسیزم و کردنی کۆمەڵگە بە لابراتۆری سەڵماندنی ڕاستیی مارکسیزم ، بەتەبیعەت ، ئەو بیروباوەڕە ئەخاتە خاڵی بەرانبەر و جیگەیەکی ناکۆک لەگەڵ بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیدا. لەمارکسیزمدا شتێک شک نابەین بەناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە. دەسەڵات یەک جار و بۆهەتا هەتایە ئەکەوێتە دەست حیزبی کۆمۆنیستەوە و ئیتر کێشەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ یەکجاری ئەپێچرێتەوە. نیزامی سۆسیالیستی یانی نیزامی تاک حیزبی. ئیتر شوێنێک نامێنێتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و چالاکیی سیاسیی تر جگە لە چالاکی و خۆبەرجەستەکردن لە چوارچێوەی حیزبدا وەکوو تەنها کیانی سیاسیی شەرعی.
کێشەی دان نەنان بە جیاوازی و فرەیی ، فرەجەمسەری و فرەڕەهەندی لە بواری فکرو تیۆریدا، کێشەیەکی دێرینی مارکسیزمە کە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی.

چاک لە بیرمە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا لە باس و جدالە فکریەکانی ئەوکاتی بزووتنەوەی چەپ لەکوردستاندا کە ئەوکات ماویزم وەکوو ڕەوتێکی ڕەخنەگر لە سۆڤیەت و حیزبەکانی پرۆمۆسکۆ ئایدیۆلۆجی زاڵی ناو بزووتنەوەکە بوو، تێزێک لە چینەوە بڵاوبۆوە کە لە ڕستەیەکدا کورتکرابۆوە. دەقی تێزەکە بەمجۆرەبوو: ( با سەدان گوڵ بگەشێنەوە و سەدان ڕەوتی فکری بێنە مەیدانی ململانێ – دع مئة زهرة تتفتح و مئة مدرسة فکریة تتباری ). بڵاوبوونەوەی ئەو تێزە هەلایەکی زۆری لەناو مارکسیەکانی ئەوسای کوردستاندا نایەوە. هەموو چالاکوانانی مارکسیی ئەو سەردەمە پێمان وابوو کە ئەوە تێز و بۆچوونێکی نامارکسی و بگرە دژەمارکسیە. ئەوکات هێشتا ڕۆشن نەبوو کە خاوەنی ئەو تێزە خودی ماوتسی تۆنگە یان نا و ڕوانگەی گشتیمان وابوو گەر ماو وای ووتبێت هەڵەیەکی ناشیاوی گەورەی کردووە. دواتر دەرکەوت کە ئەوە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری دینگ سیاو پینگ کە سەرکردەی باڵی ڕیفۆرمیستی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو لەبەرانبەر گرووپی چوار کەسیی ڕابەریی حیزبدا کە نوینەرایەتیی باڵی دژە ڕیفۆرم و سوونەتیی ناو حیزبیان ئەکرد. سەیر لەوەدا بوو کە چەپ بزووتنەوەیەکی ساوای بێهێزی کۆەمەڵگەی ئەوکاتە بوو کە لەووڵاتێکدا خەریکی دەسپێکردنی خەباتی سیاسی بوو کە هێندەی کونەدەرزیەک ئازادیی سیاسیی تیا بەدی نەئەکرا کەچی هەر لەوقۆناغە سەرەتاییەوە چالاکوانانی هەڵگری ترەندێکی هێندە دەسەڵاتخواز و پاوانخواز و دژ بە فرەیی و چەند جەمسەری بوون لەناو کۆمەڵگە و ناوخۆی بزووتنەوەکەشیاندا.

نزیکایەتیەکی زۆر هەیە لە تێروانینی ئیسلامیەکان و کۆمۆنیستەکاندا سەبارەت بە ڕوانینیان بۆ دیموکراتیەت و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێی بەمەبەستی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن خۆیانەوە. بیری سیاسیی ئەو دوو بزووتنەوەیە پڕە لە پیداگری و داواکردنی مافە دیموکراتیکەکان کاتێک لە ئۆپۆزیسیۆندان. هەمیشە هەردوولا بەدروست پێشێلکاریەکان لەو بوارەدا ڕسوا ئەکەن و ڕژیمە سیاسیە نەیارەکانیان بەوە تاوانبار ئەکەن کە ڕێگە بە بواری یەکسان و ئازادانە بە حیزبەکانی ئەوان نادەن و ئەوان قوربانیی نەبوونی دیموکراسی و فەزای ئازادانەی هەڵسووڕانی سیاسین. بەڵام چونکە دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەو دوو ‌هێزەوە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات یا بوارێکە بۆ فراوانکردنەوەی نفوزی خۆیان ، لەگەڵ هاتنەسەرکاریاندا یەکەمین بڕیارەکانیان قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی ئازادیەکان و مافەدیموکراتیەکانە. علی بلحاج ، یەکیک لە ڕابەرانی بەرەی ڕزگاریی ئیسلامی لە جەزائیر لە سەروبەندی هەڵبژاردنە مێژوویەکەی ساڵی ١٩٩٤ ی ئەو ووڵاتەدا کاتێک کە دڵنیابۆوە لە سەرکەوتنیان ، ڕاشکاوانە ووتی ” ئەمە دواهەمین هەڵبژاردن ئەبێت لە جەزائیردا ” . لەگەڵ هاتنەسەرکاری حیزبە کۆمۆنیستەکانیش لەهەموو ووڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست جاراندا، بۆ هەتا هەتایە فایلی هەڵبژاردن پێچرایەوە و ئیتر شین و شەپۆڕی کۆمۆنیستەکانیش سەبارەت بە دیموکراسی وپێداگری لەسەر ئەو مافە و قووڵکردنەوەی هەمیشەیی وەکوو داخوازییەکی سەرەکیی قۆناغی پێش گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەوانەوە ، کۆتایی دێت. ئیتر دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەوانەوە خێری خۆی دایەوە و ئەوان بەمەرامی خۆیان گەیشتن.
ئەو ناکۆکیە لە کۆتایی سەدەی بیستدا ئەتەقێتەوە و فشارێکی ڕووخێنەر لەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیەت دروست ئەکات کە لەهەمان کاتدا ئەبێت بە دوافرسەت و هەلی واقیعی بۆ ئەو بزووتنەوە و تیۆریە و بۆ لایەنگرانی گەر بیانهەوێت جێگەیەکیان لە سەدەی بیستویەکدا هەبێت.
سەدەی بیست ، لەڕاستیدا ، بریتی بوو لە قۆناغی ڕەخسانی فرسەتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە گشت جیهاندا. وەرچەرخانە گەورەکانی ١٩١٧، بیستەکانی سەدەی پێشوو، کۆتایی شەڕی جیهانیی دووەم ، دامەزرانی بلۆکی سۆسیالیستی ، سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانی کە ئیلهامیان لە سۆسیالیزمی جیهانی وەرئەگرت ، سەرکەوتنی شۆڕشی چین بەڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و سەرهەڵدانی بلۆکێکی گەورەی تری سۆسیالیزم لە ئاسیا ….. تاد، فرسەتی مێژویی دەگمەن و مێژووساز بوون بۆ کۆمۆنیزم تا ڕاستیی ڕیتۆریکەکانی خۆی بسەڵمێنێت سەبارەت بە قۆناغی گوزار لە دیموکراسیی ” بورجوازی ” ، بەرپاکردنی دنیای پڕ لە خۆشگوزەرانیی ئابووری و بژێو، دنیایەک کە بە فیعلی ئینسان خۆی دەسەڵاتداری خۆی بێت ، دنیایەک کە قووڵپ بدات لە ئاشتی و ئاوەدانی و ڕیفاه و…. ، تاد . زۆربەی بەشەریەتی ئازادیخواز لەسەرتاسەری جیهاندا نەک چاوی ئومێدیان بڕیە سۆسیالیزم ، بەڵکوو بەکردەوە چارەنووسی خۆیان سپارد بەو بزووتنەوەیە و بوون بە لەشکری گوێڕایەڵ و پەیڕەوکەر لە پلاتفۆرمی کۆمۆنیزم. بەڵام بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەک هەر نەیتوانی ئەو خەونە بکات بە حەقیقەتێکی مادی بەرجەستە بەڵکوو هەموو ئەو ئاوات و ئامانج و خەونە مێژوویانەی کرد بە پەیژە بۆ بەرپاکردنی سیستمێکی تۆتالیتار کە نە لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و نە لەبواری مۆدێلی نیزامی سیاسیدا نەک تەجاوزی جیهانی کاپیتاڵیزمی نەکرد بەڵکوو بوو بە ڕەمزی پاشەکشەیەک لە مێژوودا کە ساڵەهای ساڵی ئەوێت تا قەرەبوو بکرێتەوە.

درێژەی هەیە ……




مافیاكانی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

گروپێكی بچوك له‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی كوردستان/عێراق، ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی نه‌وت گرتووه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی داهاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م گروپه‌ ئه‌كرێت به‌ مافیای نه‌وت ناویان بێنین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو سیفه‌ته‌كانی مافیایان تێدایه‌ .
ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ سروشت پێی به‌خشین له‌بری ئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رچاوه‌ی خۆشبه‌ختی و ئاسوده‌ی بۆخۆمان و نه‌وه‌كانمان ئه‌م گروپه‌ مافیایه‌ كردیان به‌ نه‌هامه‌تیه‌ك كه‌ خۆمان و نه‌وه‌كانیشمان ئه‌بێت باجی بده‌ین .
مافیاكانی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌یه‌كی نا ئه‌خلاقی و نا یاسای داهاتێكی خه‌یاڵاویان له‌ هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له‌كاتی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی توشی لێپرسینه‌وه‌ نه‌بن سیاسه‌تی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌وت ئه‌گرنه‌ به‌ر .
چه‌ندین كۆمپانیای وه‌همیان دروست كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ داهاته‌كانیان برده‌ ده‌ره‌وه‌ بڵێن ئه‌م داهاتانه‌ له‌ قازانجی ئه‌م كۆمپانیانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌.

زۆر جار له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیانه‌ كاری سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌كه‌كه‌ن به‌ شێكی زۆری ته‌نده‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ر ده‌گرن و له‌وانه‌شدا گه‌نده‌ڵییه‌كی بێشوومار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
یه‌كێكی تریش له‌و دیاردانه‌ی كه‌ ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت دروستیان كردووه‌ چه‌ندین كه‌سی نزیك له‌ خۆیان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كرد به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌.
ئه‌م هه‌رێمه‌ وای لێهاتووه‌ وه‌كو قاچك له‌ماوه‌ی شه‌و ڕۆژێكدا چۆن هه‌ڵه‌تۆ قێت ئاوا چه‌ندین ملوێنه‌رو ملیاله‌ر دروست ده‌كرێن كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی نا ئاساییه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ ئه‌ بن به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵك بوون نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتووی و كاری خۆیان.
كاره‌ساتی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی خۆمان و نه‌وه‌كانمانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مافیایانه‌ی نه‌وت نه‌وه‌ستێینین چونكه‌ ئه‌م مافیایانه‌ گرنگ نیه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م هه‌رێمه‌ وێران بكه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌خۆیان.

مافیاكانی نه‌وت كێن ؟…

له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ده‌ست پێكرد بۆ ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌ره‌تا هیچ زانیارییه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م نه‌وته‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستێكی ئه‌میندا نه‌بێت ئه‌بێت به‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان بۆ یه‌ هاوڵاتیان پێیان وا بوو كه‌ ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار چاوه‌ڕێیان ده‌كات .
به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ نه‌وت بۆ خه‌ڵكی نه‌هامه‌تی دێنێت و بۆ به‌ر پرسه‌كانیش خۆشگوزه‌رانی.
هه‌میشه‌ راگه‌یاندكاره‌ حیزبیه‌كانی هه‌ردوو حزبیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیاوه‌ ئه‌وه‌یان به‌ گوێماندا ئه‌دا كه‌ نه‌وت ئه‌ بێته‌ مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ چه‌واشه‌ كرا به‌شێوه‌یه‌كی نادروست رای گشتی ئاراسته‌ كرا به‌ ئاڕاسته‌ی پشتگیری كردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.
به‌تێپه‌ڕبوونی كات نه‌وت بوو به‌ نه‌هامه‌تی بۆمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گروپێكی مافیا كه‌ من به‌ مافیای نه‌وت ناویان ده‌به‌م كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتیان كرد و زۆر به‌ی داهاته‌كه‌یان خسته‌ خزمه‌تی خۆیانه‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان بێبه‌شكرد له‌ و داهاته‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نه‌وته‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
مافیاكانی نه‌وت زۆرێك له‌ به‌ر پرسه‌كانی ناو هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتن كه‌ ئه‌وانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن ئه‌مان ئه‌و داهاته‌ی كه‌له‌نه‌وته‌وه‌ ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌وتۆته‌ ناوقه‌یرانێكی دارای قورسه‌وه‌ كه‌ ڕزگاربوون لێی ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی واقعی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌م ڕۆدا هه‌موان بوینه‌ته‌ قوربانی سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی مافیاكانی نه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ مافیاكانی نه‌وت كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردووه‌له‌م هه‌رێمه‌دا.
چه‌ندین به‌ر پرس له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سایه‌ی نه‌وته‌وه‌ بوون به‌ كه‌سی ملوێنه‌ر و ملیاله‌ر ئه‌مانه‌ خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نی چاڵه‌ نه‌وته‌كان و هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین بیری نه‌وتیان هه‌یه‌.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ به‌ شێكی زۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌تاڵان ئه‌برێت به‌درێژاری چه‌ندین ساڵی ڕابردوو ئێستاش به‌ به‌رده‌ومی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت ڕیز ده‌به‌ستن به‌دوای یه‌كدا و ئاودیوی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كرێن.

شێوازی كاری مافیاكانی نه‌وت

یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ دیاره‌كانی مافیاكانی نه‌وت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێهه‌ستن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن وه‌ زۆر خۆپه‌رستن ئه‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك بۆ خۆیان بێت و رۆحی قۆرغكاری باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ریاندا .
مافیاكانی نه‌وت به‌نهێنی كاره‌كانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ناوی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵی ده‌گرن .
مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌شن كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نها بۆ سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌كانیانه‌ وه‌ هه‌ندێكی تریشیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانن كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی تاك به‌ تاكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ندێك له‌ مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی كۆمپانیای خانوبه‌ره‌ن كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو سودی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست ده‌یه‌نن یه‌كه‌م پاره‌كانیانی پێ سپی ده‌كه‌نه‌وه‌ دووه‌م قازانجی خه‌یاڵاویش له‌و پرۆژانه‌دا ئه‌كه‌ن.
ئه‌م مافیایانه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان توشی تێكشكانێكی ده‌رونی گه‌وره‌ كردوه‌ ئه‌توانین بڵێن پێویستمان به‌ چه‌ندین ده‌یه‌ ئه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی جاریكی تر بگه‌رێنه‌وه‌ حاڵه‌تی ئاسای، چونكه‌ زۆر به‌ به‌رنامه‌ كار له‌ سه‌ر تێك شكاندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كورد كراوه‌ .

چۆن مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین؟

كاتی ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین چونكه‌ به‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌مان له‌ سه‌ر كاره‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان قه‌یرانه‌كان زیاتر ئاڵۆز ئه‌بن و ئاسۆی چاره‌سه‌ر وون ئه‌بێت لێمان.
ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات مافیاكانی نه‌وت نه‌وه‌ستێنرێن ئه‌وه‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ توشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌بێت
پێویسته‌ ئه‌م مافیانه‌ هه‌وڵبدرێت له‌ناوخۆ ڕوو به‌ڕووی دادگاكان بكرێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ سازی دادگاكانیش له‌بار نه‌بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگاكانی عێراقیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێی ده‌ستوری عێراقی تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌ شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ن له‌ خاكی عێراق .
پێم وایه‌ دادگاكانی ناوه‌ند شێوازی كاركردنیان باشتره‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق چه‌ندین قۆناغ له‌ پێش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆیه‌ ئه‌كرێت له‌ ڕێگه‌ی دادگاكانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌م مافیایانه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هاتوو ئاماده‌ش نه‌بوون بڕۆنه‌ به‌رده‌م دادگاكان ئه‌وه‌ یه‌ك رێگه‌ی ئاشتیانه‌ی تر له‌ به‌رده‌مماندا ئه‌مێنێت ئه‌ویش بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و نوسه‌رو رۆشنبیرانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ئه‌ژین هه‌وڵبدرێت له‌وێ‌ په‌ڕاو له‌داگاكان بۆ ئه‌و مافیایانه‌ بكرێته‌وه‌ وه‌پاشان قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ریان لێبكرێت و ئه‌و پاره‌ی كه‌ به‌ناوی خۆیان و كه‌سوو كاریانه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ له‌ بانكه‌ كانی ده‌ره‌وه‌ بلۆك بكرێت چونكه‌ ئه‌و پارانه‌ هی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ك هی ئه‌وان.

مافیاكانی نه‌وت و كاری تیرۆر

ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌ بین ئه‌وه‌ مافیاكانی نه‌وت ئه‌مان كوژن یان هه‌وڵده‌ده‌ن بمانكڕن دیار ترین نمونه‌ی تیرۆریش بریتیه‌ له‌شه‌هیدكردنی (كاوه‌ گه‌رمیانی) ڕۆژنامه‌نوس كه‌ به‌ر له‌وه‌ی یه‌كه‌مین نه‌وه‌ی خۆی ببینێت به‌ ناشیرینترین شێوه‌ و دور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایتی تیرۆریان كرد.
شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانی بووه‌ قوربانی ئه‌و راپۆرت و كاره‌ رۆژنامه‌ نوسیانه‌ی كه‌ به‌ شێكی په‌یوه‌ندی به‌مافیاكانی نه‌وته‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌و ئه‌یویست كه‌ مافیكانی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ی خۆی به‌ ئێمه‌ بناسێنێت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی كه‌رتی نه‌وت له‌گه‌رمیان ده‌ربخات كه‌ ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی و گرنگه‌ .
ئه‌م مافیایانه‌ ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناویان بخرێته‌ لیستی تیرۆره‌ وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت بوون به‌ بێ‌ گوێدانه‌ هیچ به‌ هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردو بازر گانیان له‌گه‌ڵ كردن.
ئه‌ بێت ئه‌وه‌مان قه‌ت له‌ بیر نه‌چێت له‌كاتێكدا كه‌ داعش منداڵه‌كانی ئێمه‌ی ئه‌كوشت و سه‌ری ئه‌بڕین چه‌ندین مافیای نه‌وت كه‌ كورد بوون و له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كران ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردبوو بازرگانی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن .
به‌ داخه‌وه‌ بازرگانی نێوان مافیاكانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان و داعش نه‌بووه‌ رۆژه‌ف و ئه‌م باسه‌ زۆر گرنگی پێنه‌دراو له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.




ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئاواتی هەموو تاکێکی کوردە لە ئێستادا هەروەک لە ڕابردووشماندا، ئاواتێکە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە و بەردەوامیش بوونی دەبێت هەتا ئەو ساتەی بەرجەستە دەبێت. کۆماری مەهاباد و سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ناسنامە و پێگەی نەتەوایەتیی خۆی جێگیر بکات، وەک هەموو میللەتێکی دیکە خاوەنی ئاڵا و بوونی خۆی بێت و بێگومان کۆتایی گەشتی ئەو ناسنامەش بە دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەتێک کۆتایی دێت، لەپاش دروستبوونی دەوڵەتیش جۆرێکی دیکە لە گەشتی گەشە و پتەوکردنی ناسنامەی دەوڵەت دێتە کایەوە.

لە ئێستادا زۆر باس لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت و ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، بە شێوەیەک مێدیاکانی جیهان و هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا پشتگیری لەم دەوڵەتەی ئایندەی کوردی دەکەن، سەرکردەکانی کوردیش ئەگەر هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کردبێت، ئەوا ئێستا ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن، هەروەها باس لە گەلێک پەیمانی دەوڵەتان و پشتگیریی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بێگومان ناجێگیریی و باری شڵۆقی عێراق و کەرتبوونی بۆ چەند ناوچەیەکی مەزهەبی شیعی و سوننی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و داوای دەربازبوون بکات لە زەلکاوێکی عێراقێک، کە گەلێک ئاستەمە بزانرێت ئایندەکەی بەرەو کوێوە دەڕوات.

بەڵام با پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە ئێستادا و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێ دەپەڕێت کورد هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا چەندە؟
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە هەموو هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی جگە لە پشتگیریی زلهێزەکانی جیهان پێویستی بە پشتگیریی بەلایەنی کەمەوە “هەندێک” لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەموو کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا هاریکاریی ئەم دەوڵەتە تازەپێگەیشتووە بکرێت، وەلێ لە کۆی باری ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

1. کورد پێویستە ئەوەی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە سەرجەم نەتەوەکانی دەوروبەر (عەرەب، تورک و فارس) دۆستی کوردن، هەتا ئەو ساتەی کورد “برا بچکۆلەیە” و داوای مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە ناکات. هاوکات هزری دیموکراسی و ئازادیی مافی چارەنووس لەناو گەلانی ناوچەکەدا نەگەیشتۆتە ئاستێک، کە ئەو پرۆسەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنی ئاشتییانە سەربگرێت هەروەک ئەوەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆماری چیکۆسلۆڤاکیادا ڕووی دا و لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بوون بە دوو دەوڵەتی چیک و سڵۆڤاکیا. دەوڵەتان و گەلانی دراوسێ لەنێوان خۆیاندا لەسەر هیچ کۆک نەبن، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانێکی وەها لەلایەن کوردەوە کۆکن، هەمان شتیش لەناو عێراقدا سەبارەت بە شیعە و سوننە دەگوزەرێت، کە لە ئێستادا هەرچەندێک شیر لە یەک دەسوون، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون و دەبن.

2. دروستبوونی هەر دەوڵەتێکی کوردی واتە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی هەموو ناوچەکە. ئەم گۆڕانکارییەش ئەوە دەخوازێت بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە تێکدانی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر بەهێزتر بێت: تورکیا بە درێژایی مێژووی پاش جەنگی جیهانی یەکەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆی کردووە، ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە بۆ جیهان، عێراق و سوریا پشتگیرییان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە بە دەست دەهێنن لە هەموو هەوڵێکدا بۆ گۆڕانکاریی سنوورەکانیان. دەرهاویشتەکانی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە زۆر زۆرتر بێت، لەوەی کە لە ئێستادا چاوەڕوانی لێوە دەکرێت.

3. لەم جیهانە نوێیەدا و لە گۆرانکارییە سیاسییەکاندا گەلێک باسی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چەندین دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ڕۆڵی گەورە لە گۆڕانکاری و هەڵوێستە سیاسییەکانی جیهان ببینێت بریتییە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و هەر ئەو بەرژوەندییانەش سەنگی مەحەکن. ئەوەی لەم ساتەوەختەشدا لە سوریادا دەگوزەرێت باشترین نموونەیە، کاتێک زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانیی جەنگە شاراوەکەی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە لەناو خاکی سوریادا. هەر لە هەمان ڕوانگەوە ئەگەر کورد بەزەیی بە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بێتەوە کە گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەیە و کە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەوا هیچ شتێکی نوێ ناخاتە سەر واقیعەکە تاڵەکە چونکە دەوڵەتانی جیهان مێژووی تێکۆشانی کورد باش دەزانن و زانیاری تەواوەتیشیان لەبارەی قەبارە و پێگەی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەیە. کەواتە کورد و نەخشە نوێکەی دەوڵەتی کوردی بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و تێکشکاندنی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەتانەی ئێستا دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟

4. کەواتە کورد پێویستە شتێک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شتێکی پێشکەش بکرێت، شتێک ببەخشێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. ئەگەر باس تەنها لە نەوت و سەرچاوەی وزە بکرێت، هەرچەندە فاکتەرێکی یەکجار گەورە بێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە بە هەر شێوەیەک بێت هەروەک هەنووکە پێویستە دەربهێنرێن، بخرێنە بازاڕەوە و ڕوو لە بازاڕی جیهانی بکەن، بفرۆشرێن و لە خزمەتی وڵاتانی هەموو جیهاندا بن. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت جا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت یان دانەمەزرێت. کەواتە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بدرێت پێویستە فاکتەری پاراستن و دڵنیابوون لە (سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەوە) بۆ سەرتاپای جیهان یەکێک بێت لە فاکتەرە گەورەکانی ئەو بڕیارە. یاخود کام جەمسەرەی جیهان پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرچاوەی وزەی خۆی بکات و ئایا لە ئێستادا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو یان دڵنیا نین؟ جگە لەوەش ئایا کورد لەو بوارەدا هەتا ئێستا چی بەدەست هێناوە؟

5. سەرچاوەی نەوت و گاز: لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان بووە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهان و ئەمەش وای کرد کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕوو بکەنە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و وەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. جگە لەوەش گازی سروشتیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ دابینکردنی گاز لە بازاری جیهانیدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە: بێگومان گەلێک جار ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە لە پشت پەردەکانەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی و ئامانجی هاتنیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بریتییە لە وەدەستکەوتنی بەشیک لەو سامانە سروشتییەی، کە ئەم هەرێمە هەیەتی: لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان ئایا بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە ناکەونە ژێر مەترسییەکی نادیارەوە یاخود سیاسەتی جیهانی پلانێکی وەها دادەڕێژێت، کە ئاسایشی دەوڵەتە نوێکە و بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیایانە هاوکات پارێزراو بن؟

6. “پێشمەرگە” ئەو وشەیەیە، کە خۆی بە سەرتاپای جیهان ناساندووە، ئەو هێزەیە کە دژ بە دڕندەترین هێزی تێرۆری جیهان وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لەناو بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا سەلماندووە. هاوکات وشەی پێشمەرگە پەیامێکی دیکەی بە هەموو جیهان گەیاند، کە لە کوردستاندا هێزێکی وەها هەیە، کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و ئەم میللەتە بکات. واتە کێشەش لە هەبوونی هێزێکی پارێزەردا نییە، کە لە ئایندەدا بتوانێت سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بپارێزێت، بەڵکوو لەگەل پێکهاتەی ئەو هێزە و پێکهاتەی سیاسیی ئەو هێزەیە. ئەوەی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد دەدات بە دەستەوە (سەرباری بەهێزیی و بەتوانایی پێشمەرگە) ئەوەیە، کە بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەم ساتە وەختەش لە چوارچێوەی حیزب و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی کورددا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا کۆکرابێتەوە و “بەشێوەیەکی پراکتیکی” لەناو وەزارەتێکی حکومەتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکارێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە “لەژێر ناوی وەزارەتی پێشمەرگەدا” بەشداری جەنگی دژ بە داعش بوون، بەڵام واقیعی هێزەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتن. ئەم واقیعەش هەروەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئەگەری ئەوەمان دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئەم هێزانەی پێشمەرگە سەرلەنوێ بکەونەوە جەنگێکی براکوژی تازەوە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) بیانەوێت ڕەوشی ناوەوەی دەوڵەتە نوێکە تێک بدەن بە ئامانجی شکستهێنانی پرۆسەی دەوڵەتەکە یاخود بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بکەوێتە مەترسییەوە، کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

7. هەرێمێکی ناجێگیر و شڵۆق لەلایەنی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەوە: ئەوەیش کە خاڵی پێنجەم پشتڕاست دەکاتەوە بریتییە لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، کە حیزبە کوردییەکان زۆر بە گرانی توانیویانە کەشێکی هێوری سیاسی، گونجاندن و تێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵکوو بە شێوەیەژکی گشتی سەرجەم لەیەکگەشتن و ڕێککەوتنەکانیان بە شێوەیەکی کاتی بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبایەتی بووە: قەیرانی سیاسیی هەمیشە یان لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هەندێک جاریش گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی هێز کە ئەمەش ئاسەواری خۆی لە دروستبوونی کێشە لەنێوان دەسەڵات و حیزبەکان لەلایەک، داواکارییەکانی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکە دروست کردووە. ئەمەش لە خۆیدا دوورکەوتنەوەی حیزب و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دەسەلمێنێت. ئەمەش ئەو وێنەیە دەگوێزێتەوە، کە کۆنەبوونەی هێزە کوردییەکان لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا و نەبوونی یەکدەنگییان لەناو خۆیاندا ئەگەرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ تەقینەوەی ئەو ناکۆکییە لە هەر ساتێکدا بێت و پاشان بەکارهێنانی هێز (خاڵی شەشەم) بەرامبەر بە یەکتر، کە ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدار دەخاتە بەردەم پێشهاتەکان کە کەمترینیان بریتی دەبێت لە شڵۆقیی سەرجەم ناوچەکە و ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر، جگە لە شکستهێنانی بەردەوامبوونی دەوڵەتە دامەزراوەکە.

8. سەرجەم سەرکردە کوردەکان کاتێک لەگەڵ لایەنێک یان کەسایەتییەک باسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە یاخود باسیان لە بارودۆخی کورد کردووە، بە بەشێوەی بەزەیی باسی کورد کراوە: باس لە قوربانییەکان، وێرانکارییەکان، مێژووە ڕەشەکەمان و . . . هتد کراوە، کە هەموو جارێک بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی ئەو لایەنانە ئەم وتانەمان دووبارە کردۆتەوە، بەڵام زلهێزەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ “بەهێز”دا دەکەن، لەگەڵ هێزێک، کە “بوون و هەبوون”ی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە پێشان بدات، کە هەیەتی و کە پێی گەیشتووە، کە دەتوانێت پێی بگات و بیخاتە سەر زەمینەی واقیع.
بۆ نموونە: پێش چەند ساڵێک بارودۆخی ژیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق یەکجار خراپ بوو، جەنگی نێوان سوننە و شیعە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕۆیشت، هاوکات کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا گەلێک ئارامتر و جێگیرتر بوو، کێشەی سیاسیی نێوان حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو، کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بارێکی “ئارامتری سیاسییدا” دەژیا. لەو ماوەیەدا گەلێک جار مێدیای جیهانی باسی لە پێشکەوتنی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان لە کوردستان دەکرد، باسیان لە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی تاک دەکرد، جگە لە پێشکەوتنی باری ئابووری هەرێم، بەڵام لە ئێستادا نەک تەنها مێدیا بەڵکوو بە دەگمەن کەسایەتییەک یان لایەنێکی فەرمیش بە شان و باڵی ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی ژیانی سیاسیی ئێستای کوردستاندا هەڵ بدات، بەڵکوو ئەوەی لەسەر زمان بێت و بووبێت بە سومبولێک بۆ کوردستان تەنها وشەی “پێشمەرگە”یە کە هەموو جیهان باسی دەکات، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهانیش باس لە توانا و بەهێزیی پێشمەرگە دەکەن. ئەوەی کێشە بێت لەم خاڵەدا ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان هەتا ئێستا سەلماندوویانە کە ئەوان ناتوانن لەناو چوارچێوەی هزرێکی نیشتمانپەروەریدا کۆ و هاوڕا بن، مەخابن ڕێکەوتنەکانیان (هەروەک ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامەکانی دیکە) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەژێر ئەگەری کاریگەریی لێکپچڕاندا دەبێت. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هارێتسی ئیسرائیلی لەژێر ناونیشانی (Instead of Uniting, Kurds Are Busy Fighting Each Other – کوردەکان لەبری یەکگرتنیان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکترین) تەنها نموونەیەکە لە چەندین نموونەی ڕاپۆرت و هەواڵ کە لە مێدیا جیهانییەکان سەبارەت بە باری شڵۆقی سیاسیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە خودی ئیسرائیلەوە لێرە و لەوێ لەوانەیە دەنگێک بەرزبێتەوە، کە کورد پێویستە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

9. ئایا پاش چارەکە سەدەیەک چیمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێک هێناوە؟ بێگومان هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەکی گەلێک گەورە هەیە لەنێوان گۆڕانکاری و گەشەسەندن، چونکە مەرج نییە گۆڕانکارییە گەورەکان گەشەی گەورە لە ژێرخانی بناغەی ژیانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. کێشەکانی هەرێم لەبواری ئابووری، پلاندانان، بواری کار، تەندروستی، ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و گەلێک بواری دیکە بواری ئەو پاساوانە ناهێڵنەوە، کە هەندێک لایەنی کوردی بۆ فاکتەری بابەتی و بارودۆخی ناوچەکە بگەڕێننەوە. هەموو ئەم کێشانە وتەیەکی هاوڕێیەکی جولەکەم وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێی وتم: ئەوەی ئێوی کورد لە ماوەی ١٧ ساڵدا (١٩٩١-٢٠٠٨) بەجێتان نەهێناوە، ئێمە لە شەش مانگی پێش ساڵی ١٩٤٨ بەر لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل جێبەجێمان کرد.

دوا وشە: سیاسەتی سەرکەوتوو گەمەی یاریزانە بەهێزەکانە، مەرج نییە ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان بکرێت، بەڵام گرنگە ئەگەر هەنگاوەکان هەرچەندێک کورت و بچوکیش بن، بەڵام دروست بن. مەخابن نەتوانین و شکستهێنانی گەلێک هەنگاوی دەسەڵاتداران لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، کارکردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و نەبوونی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە حیزبییە و بەرفراوانکردنی ئەو سنوورەیان بەرەو نیشتمانێک، زنجیرەی کێشە سیاسییەکانی هەرێم و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، جێگیرنەبوونی هەرێم لە دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتووی پتەودا و دابەشبوونی هێزەکان بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هەموو ئەمانە خەسڵەتێکی نەرێنین لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا. هاوکات ناوچەکە لە گۆڕاندایە، داعش و جەنگی ناو سوریا و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تورکیا بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ناوچەکەدا تێناپەڕێت، کە ئەمەش لەوانەیە لەم نەخشە نوێیەی خۆرهەڵاتدا کوردستانیش بگرێتەوە. ئامادەبوونی هەموو ئەم نوێنەرانەی دەوڵەتەجیاوازەکانی جیهان لە کوردستاندا ڕوویەکی تری ئەرێنی پێگەی کوردستان پێشان دەدەن، کە ئەم ناوچەیە شوێن بایەخی گەلێک دەوڵەتی خاوەن بڕیارن لەناو مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا. وەلێ لەناو هەموو ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانە کام ئاراستەیان سەرکەوتوو دەبێت، کام جەمسەرەی جیهان پاڵپشتی کورد دەکات و کامیان ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم مەترسییەکانی دەبێت، ئایا سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ “پێداویستی قۆناغە مێژووییەکە” شێوازی تێڕوانین و یەکگرتویی خۆیان دەگۆڕن، ئایا حکومەتی بەغداد بە چ کاردانەوەیەک ڕووی خۆی لە بڕیارێکی وەهای سەرکردایەتی کورددا پێشان دەدات: هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هاوکێشەی قورسن، کە ئان و ساتی سیاسیی وەڵامیان دەداتەوە.




سەرنجێکی خێرا لەسەر شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتایەکی کورت لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە

ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی مرۆڤایەتی سەرتاپا دەرگیری کێشمەکێش و ململانێی بەردەوامی نێوان چینەکانە. چین و توێژە جیاجیاکانیش لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کارێک بکەن کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان بپارێزن و تای تەرازووی هێز لەم ململانێ بەردەوامە بەلای خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بشکێننەوە. وەک ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی نوێی مرۆڤایەتی دوو چین تیایدا مۆری خۆیان بەدیاردە و ڕووداوەکانەوە دەنێن. بە پێی لێکدانەوەی ماتریالیزم بۆ مێژوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە دوو چینی دژ بەیەک و ڕاوەستاو بەرامبەر بەیەک پێک دێت کە هەریەک هەڵگری تایبەتمەندی و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیەتی. لە سیستەمی سەرمایەداری چینی باڵا یان سەرمایەداری خاوەن هێز و سوپا و زیندان و دامودەزگاو حیزب و میدیای زەبەلاح و ئەدەب و هونەری خۆیەتی و تەواوی دیاردە و دەرکەوتەکان لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی بەسوود و قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت. دەرکەوتەکانی دیاردەگەلی وەک ئایین و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ستەم لە ژنان و تاد بە ئەندازەی سوود و قازانجیان بۆ سەرمایەداران، بەو ئەندازەیەش کۆت و زنجیرن لە دەست کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. چینی کرێکار لەم جەنگە چینایەتییەدا دەست بۆ گەلێ ئامراز دەبات بۆ بەگژاچوونەوەی ستەمی بورژوازی لەوانە شۆڕش و مانگرتن و خۆپیشاندان و دەرخستنی نارەزایەتی و لەهەمان کاتیشدا دەست بۆ ئەدەب و هونەری چینایەتی وەک پێویستییەکی ئەو خەباتە دەبردرێت. ئەدەب و هونەری کرێکاری بەدرێژایی مێژووی خەباتی چینی کرێکار ڕۆڵی گێڕاوە لە جۆشدانی خەبات و بەرچاوڕوونکردنەوەی ئەم چینە بنیادنەرە کە تەواوی ژیانی گۆی زەوی لەسەر ئارەق و ڕەنجی ئەم دامەزراوە. ئەدەب و هونەری کرێکاری وەک بەشێک لە پانتایی تێکۆشانی چینی کرێکار دژ بە ستەمی سەرمایەداری ناسنامەی خۆی لە خەبات و ناڕەزایەتی ئەو چینە خۆیەوە وەردەگرێت. پایەکان و بنەماکانی ئەم هونەرە چینایەتییە خۆی لە لێکهەڵپێکرانی هونەر بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بنیاد دەنێت.

تەمەنی وڵاتی کەنەدا گەرچی کەمتر لە سەد و پەنجا ساڵە، بەڵام لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەیدا گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ بنیادنراوە و ئەو کلتوور و نەریت و زانست و فەرهەنگەی لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەدا برەوی هەبووە، گەیشتۆتە ئەم وڵاتە تازەیە. مرۆڤە گواستراوەکان یان ئەوانەی ئارەزوومەندانە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە خاوەن ئاستێک لە تەوەقوع بوونە بۆ ژیان کە زۆر لە سەرووی تەوەقوعی مرۆڤە نەیتیڤەکانی (خەڵکە ئەسڵییەکان)ی کەنەداوە بوونە. وڵاتی کەنەدا پێچەوانەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپا بەو ڕێڕەوە مێژووییەدا تێنەپەڕیوە. واتە بە تونێڵی قۆناغەکانی “کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری” گوزەری نەکردووە، بەڵکو وڵاتی بەریتانیا بەهەموو توانا مرۆیی و زانستی و سەربازییەکانییەوە پایەکانی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیاڵی مۆدێرنی لەسەر ئەم خاکە دامەزراندووە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە کلتوور و نەریت و پرنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا بە ئاسانی دەگەنە کەنەدا. مرۆڤە نوێیەکانی سەر ئەم زەمینە هەر زوو حەز و خولیا و ئارەزووەکانیان لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە دەربڕیوە.

لە ڕووی مێژووییەوە چینی کرێکاری کەنەدی گەرچی لەداکبوونێکی زەحمەتی هەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی دروستبوونی ئەم وڵاتەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەهامەتی و کرێی کەم و ناتەندروستی هەلومەرجی کارو بیمەی بێکاری و بێمافی کۆمەڵایەتی و بەگشتی لەگەڵ نزمی ئاستی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی نەرمکردووە. ئەم چینە هەوڵیداوە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو کارەکتەری خۆی گەشە پێبدات و پێ بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی، ئەمیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و وریاتر بۆتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر ناسیوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی دیار و بەرچاوی باوکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری کەنەدی (دانیاڵ ئۆ دۆنیهۆ)لە یاد بکەین کە سەرتاپای ژیانی هەوڵیدا و تێکۆشا لەپێناو ڕێکخستن و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران(1). هەروەها بڵاوبوونەوەی (Labour Gazette) گۆڤاری کرێکاری یان گۆڤاری کار لەساڵی 1901 ڕۆڵیکی زۆری گێرا لە هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەنەدی.
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدی سەرەتای خۆڕێکخستن و بەرەو یەکگرتوویی چینی کرێکار بوو لەدژی چڵێسی سەرمایەداران. بورژوازی کەنەدی لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بووە و تێکۆشاوە لەم دۆخە نائینسانییەی کاردا زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بورژوازی کەنەدی و دامودەزگاکانی لەهەوڵی بەرێخستنی کەمپینێکی دژە سەندیکا دابوو، بەڵام ئارەزووی کرێکاران بۆ ڕیکخراوبوون تا دەهات پەرەی دەسەند و بۆیە دەبینین ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی کۆنگرەی کار و بازرگانی ( (Trades and Labour Congress کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاران بوو لە ساڵی 1902 بۆ 1914لە 13,000 ئەندامەوە بوو بە 80,000(2). ئەم گەشە سەندن و هۆشیاربوونەوەیە و ڕێکخراوبوونە دۆخێکی هێنابووە ئاراوە کە خوازیاری ئەدەب هونەرێک بوو کە گوزارشت بێت لە خەبات و ئامانجی خەباتکارانەیان. شانۆ هۆکارێکی گونجاو بوو کە نووسەرانی کرێکاری هەر زوو دەستیان بۆ برد و هونەرمەندانیش کاریان لەسەر کرد.
گەرچی خودی هونەری شانۆ زۆر لەو مێژووە زووتر هاتۆتە کەنەدا هەروەک” مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ بەرێز هامفره‌ی گیلبێرت و “کۆمپانیایەکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌کان” له‌ساڵی 1583دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می 1606 و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا هەرێمی نۆڤه‌سکۆشیایه‌) یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی سیستمێکه‌وه‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که ‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ده‌کرا و‌ ڕوخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی که‌ وه‌کو ڕوخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن”.(3)
سەرەتای ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە کەنەدا لەقۆناغێکی پڕ لەگەشەو بەرەوپێشچوون دا دەژیا.

بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی دانەبڕاو لە چینی کرێکار و ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕەکانی بەپشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدا هەنگاوی دەنا و ڕۆڵی خۆی دەگێڕا. ئەدەب و شانۆی چەپ لەدەیەی سییەکاندا وەک بزووتنەوەیەکی دانپیانراو و هەمەچەشن بووە و هەڵگری شوێنێکی ئیستاتیکی دیار و بەرچاو بووە لە مێژووی ئەدەبی نەتەواتەتی(میللی) لە کەنەدا((4. ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی گەرچی بەوردی لەسەر مێژوو و بزووتنەوەی شانۆ کەنەدی دواوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی باوەڕپێكراو پشتی پێدەبەسترێت، کەچی لە ئاماژە و باسکردنی شانۆی کرێکاران لەو وڵاتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و بچووکترین ئاماژەی بەو هەوڵ و کۆششانە نەکردووە کە هونەرمەندە چەپ و کرێکارەکان لەبڕگەیەکی زەمەنی و لەناو ڕێڕەوی مێژووی شانۆی کەنەدی ئەنجامیان داوە. بۆیە ئاشکرایە کە چینە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن مێژوو بشێوێنن یانیش هەر وەلای بنێنن. بۆیە ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی دەکرێ بوترێت تەنها ئینسکلۆپیدیای شانۆی چینی فەرمانڕەوا یان ئەو بزووتنەوە شانۆیەیە کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیان و داهاتووی چینی فەرمانڕەوای کەنەدا نەبووە و نییە.

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada1.jpg
ئەندامە سەرەکییەکانی شانۆی کرێکاران

بەڵام جگە لە هەوڵەکانی چینی باڵا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو، هەوڵی تر لەئارادایە کە دەیەوێت بەپێچەوانەی ویست و خواستی چینی باڵا و دەسەڵاتدار، ڕاستییەکان بگەێنێتە خوێنەر و ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو نیشان بدات. لەوانەش دکتۆر کاندیدا ڕیفکایند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی وینیپیگ، بەوردی ئیشی لەسەر ئەدەب و کلتووری وڵاتی کەنەدا کردووە بەتایبەتی ئەدەب و کلتووری نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، دەیەی بیستەکان دەیەی سەرهەڵدان و نەشونمای بیری ناسیونالیستی و ئابووری و کلتووری بوو لەکەنەدا. ئەوەبوو بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ڕەخنەگر دەستیان کرد بە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و بەریتانی. بەڵام لەساڵی 1929 بەدواوە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر کەوتنە نووسینی بەرهەمی چەپ و کۆمۆنیستی. باڵی چەپی ئەدەبی مۆدێرنیزمی کەنەدی کە دکتۆر کاندیدا لە کتێبی “کۆمۆنیستەکان و ڕەخنەگران : ژن و ئەدەب و چەپ لەدەیەی سییەکان لە کەنەدا” دا بەوردی بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت” ئەدەبی چەپی کەنەدی لەو بڕگە زەمەنییە دوو ئەرکی لەسەرشان بووە. لەلایەکەوە گوزارشتی داهێنەرانە بوو لە سۆشیالیزم و لەلایەکی ترەوە هەڵگێڕانەوەی ئەدەبی ترادیسیۆنی زاڵ بوو”(5). ساڵی 1929 مایکڵ گۆڵدی نووسەری پرۆلیتاری بەئایین جولەکە شانبەشانی هەریەک لە ئیدا ڕەوه و چۆن هوۆرد لاوسن و جاسپەر دیدەر هەوڵی دروستکردنی شانۆی کرێکارانیان داو و ناویان نا(Workers Worke Drama). بەڵام ئەفسوس ئەم هەوڵە بەناکامی مایەوە و نەیتوانی هەنگاوێکی بەرچاو بنێ لەبردنە پێشەوەی شانۆی کرێکاران.
شانۆ و بزووتنەوەی شانۆیی کرێکاران لەئەنجامی ئەو هەلومەرجە لەبارەی گۆمەڵگەی کەنەدی نەشونمای کرد و هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. مێژوونووسانی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی دەستەواژەی “بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران” یان بەو ژمارە لە شانۆی ئەزموونگەری سیاسی باڵی چەپی کەنەدی دەگوت کە لە دەیەی سییەکان هاتنە دەرهێنان و نمایشکردن. زۆربەی ئەم شانۆگەرییانە بەسپانسۆری (یانەکانی هونەری پێشکەوتووخواز)) و بەدنە(تحریض)ی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی و پشتیوانی ئەو حیزبە هاتوونەتە نمایش. لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران دوو جۆر تێڕوانین دەبینرێت کە یەکێکیان کۆمۆنیستییە و ئەویتریان سۆشیال دیموکراتە(6). یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا لەساڵی 1933 خانمە نووسەر تۆبی گۆردۆن ڕایەنە. تۆبی گۆردن ڕایەن نەک هەر بە نووسەرێکی چەپ بەڵکو بە پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی چەپ دادەنرێت.
ئەم خانمە پێشکەوتووخوازە دوای ئەوەی ئۆسکار ڕایەن دەناسێت، لەساڵی 1949 دەبنە هاوسەری یەکتر و تا مردن بەیەکەوە دەژین. تۆبی تەنها نووسەرێکە کە نووسینەکانی لەم دواییانە لەلایەن ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی گەڵف وەک تاکە مەتریاڵێک دەربارەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لەدەیەی بیستەکان کەتائەمڕۆ چنک کەوتبی و لەبەردەستدا بێت، کەڵکی لێوەرگیراوە(7). تۆبی ڕایەن کۆمەڵێ هەوڵی لەبواری شانۆی کرێکاران هەیە لەوانە : شانۆی چەپ و شانۆی کەنەدا و دەیەی سییەکان-یادەوەری جگە لەتۆبی گۆردۆن ڕایەن، هەندێ ناوی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی ئەو مێژووە دیارە لەوانە ئالن فایلود، هارۆڵد گریفن(لەشاری ڤانکۆڤەر-هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا)، جۆ زاکن(لەشاری وینیپیگ- هەرێمی مانیتۆبا)، ڕۆز کاشتان(لەشاری مۆنتڕیاڵ- هەرێمی کێبێک)، ئۆسکار ڕایەن، ئێدوارد سیسیڵ سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆڵدبێرگ و وەینو شاستەر، دۆەسی لایڤسەی، ئان ماریۆت، ئیرینا بەیرد. بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی بەگشتی و شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە کەنەدا وەک هەر جێگایەکی تر پیاو نەخشی بەرچاوی زیاتری هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان ڕۆڵی داهێنەرانەیان نەگێڕابێت لەو بوارەدا. بەچاوگێڕان بەسەر ناوە بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە ژمارەیەک ئافرەت دەبینین کە ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێڕاوە. دیارە نابێت وا بزانین کە بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بەردەوام ڕوو لەسەر هەنگاوی ناوە.

نەخێر لەساڵانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخێکی نالەبار لەدژی ئەم بزووتنەوەیە هاتە ئاراوە و لەزۆر لاوە دژایەتی دەکراو تەنانەت شانۆگەرییە چەپە توندڕەوەکان قەدەغە کران. دواتر خانمە نووسەر تۆبی رایەن تیپێکی شانۆیی تر دادەمەزرێنێت بەناوی ( Play Actor) کە کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی توێژی گەنچ دەکرد لە کۆمەڵگای کەنەدی. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر بەهەوراز و نشێوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی تێدەپەڕێت و دواجار لەسەر ئەو سەکۆیە لەنگەر دەگرێت کەپێی دەلێن شانۆی کەنەدی. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە هەر پێشڕەوییەکی شانۆیی و هەر هەنگاوێکی هونەری لەبەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی لەو سەردەمە دژ بە شانۆی بورژوازی و هونەری بورژوازی بوو.


گەی گلۆڤەری ئەکتەر لە دیمەنێک لە شانۆی ” لەچاوەڕوانی لیفتیدا”، لە فیستیڤاڵی دۆمینیۆن دراما لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەساڵی 1936

بەرهەمە شانۆییەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران

کاتێ گروپی شانۆنامەنووسانی نوێ لە ساڵی 1926 دامەزرا، ئۆتۆ خان بوو بەدابینکەری سەرچاوەی دارایی و بڕی 30,000 دۆلاری ئەو سەردەمەی خستە بەردەستیان، ئەمەش نەک هەر نووسەرانی چەپ بەڵکو نووسەرانی تریشی هێنایە ناوەوە کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری ئەوروپا بوون. جان هەورد لاوسن ئەو کاتەی لە پاریس دەبێت، هەردوو دەقی ( ڕۆجەری تازە پێگەیشتوو)لە ساڵی 1923 کە شانۆگەرییەکە دەربارەی گەنجێکە کە خەریکی خەباتکردنە لە جیهانی واقیعی، و (ئاواز و مۆسیقای نمایش) لە ساڵی 1925، دەنووسێت. دواتریش لە سەرەتای دەیەی سییەکان شانۆی کار (Theatre of Action) دێتە ئاراوە و دەرهێنەر لە شاری نیویۆرکەوە دێنن و ستافی بەردەوامی دەبێت و قوتابخانەی هاوینی دەکاتەوە گەلێ نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدات و بەرهەمەکانی دەگەنە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی دۆمۆنیۆن بۆ دراما لە شار وینیپیگ. هەرچەندە شانۆی کار خەڵاتەکەی نەبردەوە بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری گەیشتنی نمایشێکی کرێکاری بۆ ئەو پلە باڵایە. شانۆی کار سەرباری ستراکتۆری گورپیی و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و قوتابخانە هاوینییەکەی و خۆ تەرخانکردنی بۆ شانۆی کەنەدی، کەچی شانۆی کاری تۆرۆنتۆ پێشەنگێک بوو بۆ ئەلتەرناتیڤی شانۆی ئەمڕۆ(8).

یەکێک لەو کارە بەرچاوانەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران، شانۆنامەی “هەشت پیاو دەدوێن”ە کە لە نووسینی کۆمیتەیەک بوو لەوانە ئۆسکار ڕایەن، ی،سیسیل سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆلدبێرگ و تۆبی گۆردۆن دەریهێنا بۆ شانۆ. ئەم شانۆگەرییە لە ساڵی 1933 دا نووسراوە کە دەربارەی پەروەندە(فایل)ی ئەو پاسەوانەیە( کینگستۆن پەنیتێنتەری) کە ویستی لیدەری حیزبی کۆمۆنیست(تیم باک) بکوژێت. ئەم شانۆگەرییە دوای ئەوەی لە شاری تۆرنتۆ مۆڵەتی نمایشی لێ سەندرایەوە، لە شاری وینیپیگیش پۆلیس مۆڵەتی نمایشیکردنی لێ سەندنەوە و قەدەغە کرا. ئەم دەقە وەک میتا-تێکست لە ساڵی 1934 هاتە نمایشکردن لە ئاهەنگی ئازادکردنی لیدەری حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی. هەروەها “لە چاوەڕوانی لیفتی”دا بەرهەمێکی تری کرێکارییە کەلەلایەن شانۆنامەنووسی ئەمریکی “کلیفۆرد ئۆدێتس”ەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە باسی کۆمەڵێ (شوفێر) سایەق تەکسی دەکات کە بە نیازن مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەم شانۆنامەیە شەش دیمەنە و ناوەڕۆکەکەی لە واقیعی مانگرتنی سایەق تەکسییەکانی شاری نیویۆرکەوە وەرگیراوە کە لە شوباتی ساڵی 1934 مانگرتنێکی گەورەیان ڕاگەیاند، هاتە نمایشکردن.

شایانی باسکردنە ستافی ئەم شانۆنامەیە و بەڕێوەبەرانی هونەری هەموو کرێکارانی بێکار بوون. هەروەها شانۆنامەی (Stevedore- کرێکاری بارگەڵگری بەندەر) یەکێک بوو لە بەهێزترین شانۆنامە کرێکارییەکان لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم نمایشە دەربارەی ستەمی ڕاسیستی پیاوانی سپی پێست بوو دەرهەق بەو ڕەش پێستانەی کە پێیان دەوترا ڕەوەندی ئەفریقی- ئەمریکی. شایانی ئاماژەیە دۆخی جوگرافیا و کلتووری ئەمریکا و کەنەدا بەجۆرێکە کە تێکەڵییەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و سەدەها جار بەرهەمە شانۆییەکان لەسنوور پەڕیونەتەوە. بۆیە نمایشێکی کرێکاری گەرچی لەدایکبووی ئەمریکایە بەڵام لەکەنەدا دەخرێتە سەر شانۆ و بەهونەری کرێکاری کەنەدییش دێتە ئەژمار و پێچەوانەکەشی ڕاستە. جگە لەمانەش کورتە شانۆگەری “جەنگ لە ڕۆژهەڵات”، ناشتنی مردوو ساڵی 1936، ئاسنی قایم ساڵی 1938 لە هۆڵەکانی ” هارت هاوس یان مارگرێت هیتن” نمایشکراون(9). تۆبی گۆردۆن نەک هەر لە شاری تۆرۆرنتۆ ، بەڵکو لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە سەرتاسەری کەنەدا بەتایبەتی لەشارەکانی وینیپیک و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر. هەرچی ئالن فایلودە بە کتێب و نووسینەکانی ئاوڕی لەم لایەنە داوەتەوە. ئالن فایلود لە کتێبی ( شانۆی ئیلتزام، شانۆی ڕادیکاڵیزم و دەستدرێژی سیاسی لە کەنەدا)، کە کتیبێکە بەپێی بۆچوونی میشیڵ ویڵڵەر خوێندنەوەی مێژووی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدییە(10).

ئەم پرۆفیسۆرەی زانکۆی گۆیلف کە لەبوارەکانی خوێندن و دەرهێنانی شانۆدا وانەی دەوتەوە، چالاکانەش لە بوارەکانی مێژووی شانۆی کەنەدی و شانۆی ڕادیکاڵی سیاسی کاری کردووە. ئالن فایلود لە نووسینی (بەسەرمایەداریکردنەوەی شانۆی میللی)دا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ گرفت کەڕەنگە باسکردنیان لێرە پێویست نەبێت چونکە پەیوەندی بەباسەکەی ئێمەوە نییە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە بورژوازی کەنەدی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری کەنەدی بەلارێدا ببات و لە ئامانجە چینایەتییەکانی دوور بخاتەوە. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی زیاتری چینی سەرمایەداری کەنەدی و پەرش و بڵاوبوونەوەی زیاتری چینی کرێکار، بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران تا دەهات لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هونەرمەندانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە هەندێ ئاڵوگۆڕیان لەو بزووتنەوەیە پێکهێنا لەوانە گۆڕینی ناوی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری بۆ شانۆی میللی. وەک ئاڵن فایلود دەڵێ ” لە گوتاری شانۆی کەنەدی بزووتنەوەکان ناوی جیا جیا وەردەگرن، وردبوونەوەش لەمە ئەوە دەردەخات کە کرداری ناونان لە زۆربەی کاتەکاندا ستراتیژیەتی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکانە. (11)

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada3.jpg

وێنەی دیمەنێک لە کاتی نمایشی شانۆگەری هەشت پیاو دەدوێن. ئەم وێنەیە لە ساڵی 1977 گیراوە لەسەر شانۆی ستاندارد لە شاری تۆرنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا

یەکێک لە ئەو خەسڵەتانەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا پێی دەناسرێتەوە بریتییە لە یاخیبوون لە سەرجەم نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە و لادان لەهەموو ئەو نەریتانەی کە شانۆی کەنەدی شوناسی خۆی لەسەر بنیاد ناوە. هەڵگەڕانەوە لەشوناسی کۆن یان باو خۆی بە مانای گەڕانە بەدوای شوناسێکی نوێ کە هەم بونیادێکی نوێ بەشانۆ دەبەخشێت و هەمیش دەبێتە مایەی تەکان و بەرەو پێشچوون. هەرچەندە ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ بەقوڵی ڕەگیان بەناو ترادیسیۆنی کلتووری کۆمەڵگای کەنەدی ڕۆچۆتە خوارێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەگەزانە دوور لە گۆڕان و لە گۆشەیەکی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە بن. زمانی دەقەکان یان زمانی بەکارهاتوو کە زمانێکی سادەیە و بەئاسانی بینەر تێی دەگات. سادەیی زمان کەناڵێکی گونجاوە بۆ گەیشتنی پەیام و مەبەستی دەق. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی ژیانی چینی کرێکاری کەنەدا و ئاستی خوێندەوارییان دەبێ ئەو مافە بدەینە نووسەری دەق تا بەو زمانە سادەیە مەبەستەکەی دەربڕێت چونکە لەو سەردەمە واتە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتوانی کەنەدا هەشت ملیۆن و سەد و شەست و نۆ هەزار و شەش سەد و بیست و دوو کەس بووە و ڕێژەی نەخوێندەواری 4.3 % بووە(12). ئەم ڕێژەیە بۆ وڵاتێکی وەکو کەنەدا کەم نەبووە و نووسەرانی شانۆ و ئەدەبی کرێکاری کەنەدی نەیان دەتوانی چاوی خۆیان لە ئاست ئەم واقیعە بنوقێنن. ئەمەش بە پێی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت داگرتنی ئاستی هونەری نمایشەکانە بۆ ئاستێکی خوارتر، نەخوازراو ڕەتکراوەیە، چونکە لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە زمانی دەق دەبێت لە ئاستێکی باڵادا بێت. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە ناوەڕۆکی دەقە شانۆییەکان کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ناڕەزایەتی چینی کرێکارە دژ بە چینی سەرمایەدار. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە بەهەموو جۆرەکانی و لەهەموو ئاستەکانیدا لە دەقەکان و کارە هونەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. مانگرتن و داستانی پڕ لە قارەمانی و سەروەرییەکانی کرێکاران دەبوونە هەوێنی بەرهەمی هونەری. کارەکتەرەکان هەر لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵبژێردراون و ئاشنان بە خودی خەڵک. ڕەگەزە هونەرییەکانی تر بەتایبەتی ڕەگەزی شوێن بریتییە لەشوێنی کار و ژیانی کرێکاران و ڕووداوەکان هەر لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن. ڕەخنە ئەدەبی و هونەرییەکانیش لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی هەنگاویان ناوە و کارە هونەرییەکانیان شیکردۆتەوە و لێکداوەتەوە. بۆیە پێیان وابووە باشترین دادوەر بینەران خۆیانن و ئەوە گرنگ بووە کە بینەران یان گوێگران لە کوێی کارە هونەرییەکانەوەن. شانۆی ئەزموونگەری شانۆیەکی یاخییە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەو یەکێک لە پایەکانی ئەم شانۆیە پرسیارکردنە لە پەیوەندی نێوان نمایشکەران و بینەران و بەرپرسیارەتی نێوانیان و شوێنی ڕوودانی شانۆگەرییەکە و ڕێگا جیاوازەکانی حیکایەتخوان و گرنگی و بایەخی حیکایەت و پرسیاری ئەوەی ئایا کارەکتەر بوونی هەیە؟ ئەم پرسیار و سۆراخانەی شانۆی ئەزموونگەری لەمێژە لەلایەن شانۆی باوەوە پشتی تێکراوە. سەرباری ئەمانەش شانۆی ئەزموونگەری ڕووی لە هەموو ئایدۆلۆژیاو بۆچوونە جیاوازەکانە. لەم دۆخەدا شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری ڕووی دەمی لە چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە.



ڕێپێوانی بێکارانی شاری ڤانکۆڤەر لەسەر شەقامی هەیستینگز کاتێ بە بەردەم هۆڵی شانۆی ئیمپرێس تێدەپەڕن لە حوزەیرانی 1938

شانۆی میللی و پەیوەندی بەشانۆی ئەزموونگەری کرێکارانەوە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، شانۆی کرێکاری تا دەهات لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کەنەدی و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکان ئەویش بەرەو کەنارەگیر ڕۆیشت )دیارە لە ڕووی تییۆرییەوە)، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە مەیدانی چۆڵ نەکرد. گوتاری ئەو بزووتنەوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شانۆی میللی جێی شانۆی کرێکاری گرتەوە. لە دەیەی سییەکان مۆدێرنیزمی شوشیالیستی بەردەوام بوو لە گەشەکردنی خۆی بە ئیحتیکاک و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کەنەدی کە لە ساڵەکانی دواتردا ئەم دوو بزووتنەوەیە تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕێک بووە لە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵگە و جیهانبینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە کۆمۆنیست و کرێکارییەکان. بۆیە دەبینین کاتێ قورسایی بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی لەسەر شۆڕشی پرۆلیتاریایە، نووسین و خوڵقاوە ئەدەبی و هونەرییەکانیش هەمان ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاتێکیش حیزبەکان دیدگای سیاسیان دەگۆڕێت و لەبری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەیانەوێ زۆرترین ژمارە لە ئەدەیب و هونەرمەند لەناو بازنەی (خەبات لە دژی فاشیزم) کۆبکەنەوە، ئەوسا ڕەنگدانەوەی ئەم دیدە پۆپۆلیستییە بە بەرهەمەکانەوە دەردەکەون. ئیتر لەو خاڵەوە لەبری جەغدکردنەوە لەسەر میتۆدی کرێکاری لە بواری شانۆ، دەبینین جۆرێکی تر لە شانۆی سیاسی دێتە ئاراوە کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم جۆرە شانۆ سیاسییە بەشانۆی میللی ناوزەدکراوە. شانۆی میللی (Popular theatre ) لەوپەڕی پێناسەی سادەی خۆیدا یانی شانۆی خەڵک،کە بەتێگەیشتن و زمانی خەڵکەوە لە گرفت و چارەسەرەکان دەدوێت. ئەم شانۆیە شانۆی خەڵکە چونکە پەیوەستە بەهەموو خەڵکەوە نەک تەنها گروپێک لە خەڵک.
هەروەها تواناییەکانی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت و ڕەگ و ڕیشەشی لەناو ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدایە و لەهەمان کاتیشدا دەبێ واقیعی و ڕەخنەگر و ئازاد بێت (13). شانۆی میللی وەک درێژراوەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران دەرئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو لە جیهانبینی و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە لە شانۆ لەسەر کۆمەڵێ بنەما کاری دەکرد کە پوختەکەی بەمجۆرەیە : یەک : ئێمە شانۆ بۆ کۆمەڵگەکان و هەر لەناو ئەوانیشەوە شانۆ هەڵدەبژێرین. دوو: بینەران دادوەرمانن. سێ : بڕوامان بەوە هەیە شانۆ بەرینە ناو خەڵک نەک ئەوان بهێنینە لای خۆمان. چوار : دەبێ کارەکانمان وابەستەبن بە ڕۆشنبیری میللیەوە . پێنج : باوەڕمان وایە کارەکانمان لەگەڵ نمایشی شانۆگەرییەکان دەست پێناکەن و تەواو نابن. شەش : باوەڕمان وایە کارەکانمان دەبێ بەزمانی خەڵک بدوێ. حەوت : ئێمە قایلین بەوەی بەڕێزەوە بەرخورد بە شانۆی میللی کرێکاران بکەین. هەشت : ئێمە دانی پیا دەنێین کە مەرجەکانی کارکردنمان دەبێ لەگەڵ پێویستی کۆمەڵگەکان بگۆردرێن و ئێمەش دەبێ بە نەرمی وەڵامی ئەو گۆرانە بدەینەوە( 14). ئەم پرنسیپانە (بنەمایانە) نەخشەڕێگای شانۆی میللین کە شێوازێکی سیاسیانەی هەیە. لێرەدا ئێمە ئەوە بەڕوونی دەبینین کە هەم شانۆی کرێکاران و هەم شانۆی میللی لەپەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ بینەر یان جەماوەر، یان وەک پیتەر بروک دەڵێت ” شانۆی پێویست یان خوازیار ، ئەو شانۆیەیە کە یەک جیاوازی پراکتیکی هەیە لەنێوان ئەکتەر و بینەر، نەک جیاوازییەکی بنەرەتی” ( 15). هەرچەند پەیوەندییەکی ورد لە نێوان شانۆی میللی و شانۆی ئەزموونگەریدا هەیە بەڵام ناتوانین ئەم دوو جۆرە لەشانۆ لەژێر یەک سەقف و پێناسە و ناودا کۆبکەینەوە.

دواجار
شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری توانی لە دوو ئاستدا کاریگەرییەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی کەنەدی نیشان بدات. لەلایەک توانی ئاڵوگۆڕێک لە بنەما و پێکهاتەکانی شانۆ بێنێتە ئاراوە بەتایبەتی لە بوارەکانی شوێن و زمان و جووڵە و میزاج و ڕەمزو ڕەگەزەکانی تر. وە لە لایەکی ترەوە توانی لەبڕگەیەکی زەمەنی لەمێژووی کرێکاری کەنەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرا ببینێت لە بەرجەستەکردنەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری و لە هەمان کاتیشدا بەڕۆڵی خۆی کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە بەردەم گەلێ پرسیاری گەورە گەورەدایە و هێشتا نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاویان بداتەوە.

———————————————
سەرچاوەکان :

1- The story of union in Canada by Jack Williams 1975 p32
2- The Canadian Labour movement 1902-1960 by Irving Abella Ottawa 1975 p, 5.
3- مێژووی شانۆی کەنەدی نووسینی ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی http://www.canadiantheatre.com/HistoryofCanadianTheatre
4- لێکۆڵینەوەی شانۆ لە کەنەدا ڕۆبین بێڵتسکی ئێندەرس http://journals.hil.unb.ca/index.php/tric/article/view/7488/8547
5- http://www.uwinnipeg.ca/index/research-2009-rifkind-c
6- جۆوان سەنگستەر ..دووبارە ئەزموونکردنی فیمینیزم لە ئەدەبی چەپی کەنەدی ل ٢٢٠
7- شانۆی ئاکشن خوێندنەوە بۆ کتێبی شانۆی چەپ شانۆی کەنەدی لەسییەکانی سەدەی رابردوو – یادەوەری نووسینی شێڕڵ گرەیس بڕوانە سایتی ئەدەبی کەنەدیhttp://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
8- شانۆی کار نوووسینی تۆبی گۆردن رایەن ڕانانی شێڕڵ گرەیس وەرزنامەی ڕەخنەیی ئەدەبی کەنەدی بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
9- http://www.lib.uoguelph.ca/resources/archival_&_special_collections/collection_update/11/16af
10- میشیڵ ویڵڵەر یاداشکردنی دووبارە سەرنجدان لە ڕەگەکانی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدی . بۆ زانیاری زیاتر بروانە
http://rabble.ca/books/reviews/2011/11/committing-theatre

11- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf

12- زانیاری زیاتر بروانە ئەم سایتەی خوارەوە یۆنیسکۆ ئاماری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی خوێندەوار و نەخوێندەوار لەوڵاتانی جیهان.بۆ
http://unesdoc.unesco.org/images/0000/000028/002898EB.pdf

13- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
14- ناونی بزووتنەوەکان..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی سانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلود http://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
15- بۆشایی بەتاڵ نووسینی پیتەر بروک ساڵی ١٩٦٨
http://en.wikipedia.org/wiki/Experimental_theatre




بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ ؟ … ناڵە حەسەن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ … ؟ ) یان ( بۆ ناتوانین شیعر پێناسە بکەین …؟ ) ، هەروەها قسەکردن لە هۆکارەکان ، وا پێویست دەکات تێگەیشتنێکی ڕۆشن و دروستمان لەسەر شیعر هەبێت . شیعر دەتوانێ لەسەر هەموو بابەتێک بنووسێ ، یان قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات . هۆکارەکەش ئەوەیە ، شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون . ڕووبەری خەیاڵیش ، ڕووبەرێکی فراوان و بێ سنوورە . پڕۆسەی نووسینی شیعر بەم شێوەیەیە ، شاعیر لەسەرەتاوە بیر دەکاتەوە ، دواتر لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ، دەگاتە ئاستی ( ئەندێشە ) واتە خەیاڵ .
لەوێوە شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە گەڕان و داهێنانەکانی خۆی دەکات . یان لە پڕێکا بیرۆکەیەک یان خەیاڵێکی شیعریت بۆ دێت دواتر ، لە ڕێگەی بیرکردنەوە بەنێو خەیاڵەکەت قووڵ دەبییەوە و دەست بە گەڕانەکانت دەکەی ، واتە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیرکردنەوە و فیکرەوە هەیە . بە مانای ، بیرکردنەوە پردێکە شاعیر بەهۆیەوە دەگاتە ڕووبەری ئەندێشە و خەیاڵ . دەتوانین خەیاڵ بە نیشتیمانی شیعر ناوبەرین . ئەو شوێنەی شیعر تیایدا لە دایک دەبێت . شاعیر لە نێو خەیاڵدا بەهای مرۆڤایەتی و بەهای بوون و بەهای جوانییەکان و خەونەکان دەنووسێتەوە . لە نێو

خەون و نهێنییەکانی بوون ، نهێنییەکانی ژیان و گەردوون کەشف دەکات و قسەیان لەسەر دەکات . گومان و پرسیارەکان دەهێنێتە بوون ، دەچێتە نێو جەنگە دەروونییەکان و شەڕ لەگەڵ بیرە دواکەوتووەکانی نێو کەلتوورە تەقلیدییەکان دەکات ، ئەوانەی دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئازادی ژیان و تەنانەت سنوور بۆ جوانی و خەون و بیرکردنەوەکانیش دابنێن . تاکە چەکێکیش بە دەستی شاعیرەوە بۆ ئەم جەنگە ، فیکر و زمان و مەعریفەیە . چونکە شیعر لە بنەرەتەوە بە هۆی بیرکردنەوە دێتە بوون ، واتە فیکر و مەعریفە سەرچاوەی بوون و پێکهاتەی شیعرن . بیرکردنەوەش سەرچاوەی مەعریفەی مرۆڤە ، تەنانەت لە نێو ڕووبەری خەیاڵیش فیکر لە ڕێگەی زمانەوە بەردەوام کاری خۆی دەکات ، وەک سەرچاوەکی جوولێنەر یان بزوێنەر بۆ بنیاد و پێکهاتەی دەق . ئەگەر زمان بە دیوە بنەڕەتییەکەی ، هۆکارێک بێت بۆ تێگەیشتن یان سیستەمێکی ڕێزمانی یان سیستەمێکی ئاماژەیی بێت ، یان هەر مانایەکیتری هەبێت . بەڵام ، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەعریفە و پێکهاتەی مرۆڤ ، بەرهەمی بیر و مەعریفەی مرۆڤە . لە هەمانکاتیش ، پێکهاتەیەکی بنچینەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەقی شیعری . یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی زمان بەرهەمهێنانی جوانییە لە نێو رووبەری دەقدا .
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە …؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە …؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە …؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی …؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر …! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە …! ) .
بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر …! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات . هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات .
بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت .
شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین ، ئەی ژیان مانای چییە … ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە …؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە .
١ / هەموو ئەم چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان هەیە وەک ( شیعر ، عەشق ، مۆسیقا ، ژیان … ) پێناسە ناکرێن ، چونکە ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیانبینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

٢/ هەموو ئەم چەمکانەی لە ڕووبەری ئەندێشە واتە خەیاڵ لە دایک دەبن ( بەتایبەت شیعر ) ، پێناسە ناکرێن ، چونکە خەیاڵ بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێ و هەمیشە بە جۆرێکی تر دەردەکەوێت .

٣/ هەموو ئەم چەمکانەی لە سەر جوانی ئیش دەکەن یان جوانی بەشیکە لە بنیاد و پێکهاتەیان ، یان ئامانجییان بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان لە ڕێگەی جوانییەوە لەزەت بە مرۆڤ دەبەخشن ، وەک ( شیعر مۆسیقا ، تابلۆ ، سروشت ) پێناسە ناکرێن . چونکە جوانی خۆی بوونێکی ڕێژەیی هەیە ، ناتواندرێ بە شێوەیەکی گشتگیر و ڕەها ببیندرێ .

٤/ شیعر وەک مرۆڤ چەمکێکی ئاڵۆزە واتە ، بوونێکی نادیار و شێواوی هەیە و پڕاوپڕە لە نهێنی ، نهێنییەکان و دیوە شاراوەکانیش کۆتاییان نایە و هەوڵەکانیش لە شیعردا هەرگیز ناگەنە خاڵی کۆتایی ، قوڕسایی زمان لە ئاماژە و کۆدەکان چڕ دەبێتەوە . ئاماژە و کۆدەکانیش بوونێکی ئایرۆنییان هەیە ، بە داخراوی و ڕوخسار و ڕەنگی جیاواز دەردەکەون ، بۆیە هەمیشە پێویستییان بە کرانەوە و خوێندنەوەی نوێ هەیە .

نیسانی ٢٠١٦




شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمیشە زیندووبوون … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە پەیدا بووە لەگەڵ سروشت لەلایەک و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و ژیارییەکان لە لایەکی تر لە ململانێ و زۆرانبازیدا بووە، هەوڵیشی داوە بە ڕێگای جیاواز ئەو ململانێی و زۆرانبازییانە وێنا بکات و بۆچوونی خۆی لەسەریان بەیان بکات. یەکێک لە سیفەتە هەرە بەرچاوەکانی مرۆڤ ئارەزوو بووە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن، ڕەتکردنەوەی کۆن و هێنانە کایەوەی نوێ بووە لە جێگایاندا. هەرچەندە مەرج نییە هەموو ئاڵوگۆڕەکان لە بەرژەوەندی مرۆڤدا تەواو بووبێتن، بەڵام ئاڵوگۆڕە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆمەڵگە جێگایەکی بەرز و شیاویان لە پانتایی ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤدا هەبووە و هەیە کە لە پێداویستی ژیانەوە سەریان هەڵداوە یان سەر هەڵدەدەن. مرۆڤ و دەروروبەری خەسڵەتی گۆڕاویان هەیە و بەپێی یاسا گەلێکی تایبەت دەگۆڕین و گەشە دەکەن و دواتریش لەنێو دەچن یان جێگا بۆ شتگەلی تر چۆڵ دەکەن. مرۆڤ هەر زوو لە ڕێگەی گۆرانی و سەما و هونەری نیگارکێشان و ئینجا شیعرەوە گوزارشتی لە خەون و ئارەزووەکانی خۆی کردووە.

واتا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شیعر پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. مرۆڤ شیعری کردە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون و وێناکردنی ئەو واقیعەی تێیدا ژیاوە. ئەم جۆرە شیعرە، شیعری خەڵک و پەیوەست بە ژیانی خەڵک، شیعرێک بووە لەگەڵ ویست و حەز و خولیا و ئارەزووەکانی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری ژیاوە و هەناسەی داوە. لە هەر شوێنێک ئەم شیعرە گوزارشتی کردبێ لە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانەی کۆمەڵگە، ئەوا شیعرێکی شۆڕشگێڕانە بووە و لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵدا.
ئەم جۆرە لە شیعر هەمیشە لە یاخیبوون و شۆڕشەکاندا گەشەی کردووە و بەرەو پێشچووە. “بەپێی تێڕوانینی مارکسیستەکان تەنانەت ئەدەب لەخودی خۆیدا دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتییە کە ئەرکی تایبەتی ئایدیۆلۆژی بەپێی باکگراوندنی ئایدیۆلۆژی نووسەر لەسەر شانە”.(١) لێرەوە هیچ مرۆڤێک نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر بە ئایدۆلۆژی یان لەژێر سێبەری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتیدا نەبێت. تەنانەت ئەو مرۆڤانەی کە دەڵێن ئێمە هەموو ئایدیۆلۆژییەک ڕەت دەکەینەوە، لەڕاستیدا هەڵگری جۆرێک لە ئایدیۆلۆژین. ئۆجین پۆتیە و هانریش هاینە و ئەراگۆن کرۆ و پاپلۆ نیرۆدا و پرتۆڵد برێخت و نازم حیکمەت و خوسرەوی گوڵسورخی و مزەفەر نەواب و ئەحمەد مەتەر و حەبیب جالب و ڤلادیمیر مایاکۆفسکی و نێڵسن پێریی و لەنگستن هیوز وفریدریک گارسیا لۆرکا و جۆ هیڵ و نیکۆڵا ڤاپتزارۆڤ و کێنس فیرینگ و ئدوین ڕٶڵف و هۆراس گریگۆری و مایک گۆڵد و تاد، بەشێکن لەو تەیفە بەرفراوانەی ئەدیبان و شاعیرانی شۆڕشگێڕ کە بە شیعرەکانیان بەشدارییان لە خەباتی چینایەتی دژ بە ستەم و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی سەر سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانیی کردووە. خەمی ئەم شاعیرانە خەمی ئینسان بوو. دیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش تەنها چینی کرێکارە کە خەمی سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.

ئەم شاعیرانە و زۆریتر گرەوە مێژووییەکەیان لەوەدا بردۆتەوە کە ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بووە. ئەمە ئەو شوناسەیە کە جیایان دەکاتەوە لە ئۆقیانووسێک لە نووسەر و شاعیرانی تر لە کۆمەڵگەی ئینسانی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ناوی نەتەوە و ئایین و نەژاد و نیشتمانپەروەری و ڕەگەز، بەرگری لە ستەم و پاڵپشتی لە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دەکەن. شیعری شۆڕشگێرانە بە ئاسۆ و ئامانجێکی خەباتکارانەوە لەگەڵ خوێنەردا لە پرۆسەیەکدا لێکهەڵدەپێکرێن. پرۆسەیەک کە نووسەر و دەق دەیانەوێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خوێنەر لە مرۆڤێکی سادە و تەمەڵ لە بیرکردنەوەوە بگۆڕن بە خوێنەرێکی چالاک لە بیرکردنەوە. ئەمەش بە سیاسیکردنی خوێنەرە و هێنانە دەرەوەی تەیفێک لە خوێنەری بیر ڕووناکی لە هەلومەرج حاڵیبوو، کە خواستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە یەکێکە لە خواستە هەرە دەستبەجێکانی. ئەم سیاسیبوونەی خوێنەر لەڕێگەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییەوە زۆر جیاوازە لە کۆمیدیای سیاسیبوونی تاکی کۆمەڵگە لەڕێگەی حیزبە بورژوا ڕەنگاوڕەنگەکان. شۆڕشگێڕبوون و شوناسی ڕادیکاڵبوونی دەقی ئەدەبیی پەیوەستە بە ئینتمای چینایەتییەوە.. بورژوازی بەپێی گەشەی مێژوو ئەگەر لە دەورانی خەبات دژ بە پایەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی فیوداڵی شۆڕشگێڕ بووبێ، ئەوا ئیتر ئەمڕۆ هیچ شۆڕشگێڕیەتێکی نەک هەر نییە بگرە تا سەر ئێسقانیش کۆنەپەرستە. ئەو چینەی (چینی کرێکار) کە بەرژەوەندی لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی پایەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی بورژوازی هەیە شۆڕشگێڕە و ئەدەبی ئەو چینەش ئەدەبێکی شۆڕشگێرانەیە.

بەمجۆرە شیعری شۆڕشگێرانە شیعری ئەو لەشکرە لە بەرهەمهێنەرانە کە چەرخی کارگەکان دەسوڕێنن. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری کرێکارییە، شیعری جیهەتگیریی کرێکارییە. بەڵام مەرج نییە نووسەری شیعری کرێکاریی خۆی کرێکار بێت. چونکە دەشێ کرێکارێک شاعیر بێت و هەڵگری ئایدیۆلۆجی بورژوازی بێت. لەکاتێکدا دوور نییە نووسەری دەقێک کرێکار نەبێت بەڵام پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران بێت. بۆگدانۆڤ دەڵێ ” شاعیر لەوانەیە بەپێی مەوقیعیەتی چینایەتی خۆی سەر بە چینی کرێکار نەبێ، بەڵام ئەگەر بە قووڵی ئاشنایەتی کۆی ژیانی پرۆلیتاریا بێ، ئەگەر لەڕاستیدا و بە دڵسۆزی بەو جۆرە بیر بکاتەوە، بەواتایەکی تر ئەگەر ڕٶحی خۆی ئاوێتەی ژیان و خەباتی پرۆلیتاریا بکات ئەوکات دەتوانێ دەربڕینێکی هونەریی پێشکەش بە پرۆلیتاریا بکات و ڕەنگە ببێتە ڕێکخەری هێز و نەستی شێوەی شیعریی خۆی.” (٢) بۆیە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی ئەوەیە کە تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و تا چ ئەندازەیەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە دژی سەرمایەداران. شیعری شۆڕشگێڕانە گەلێ پێودانگی جیاجیای هەیە و هەر چین و توێژێک بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی ڕاڤە و پێناسەی دەکا.
چونکە چین و توێژەکان هەموویان خۆیان بە شۆڕشگێر و لایەنگری ئاڵوگۆڕ دەزانن. بەڵام لە ڕاستای ئەم نووسینە و لە ڕوانینی ململانێی چینایەتییەوە مەبەست لە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە، ئەدەبی چینی بنیادنەری کۆمەڵگەیە،واتە چینی کرێکار. واتە تەنها و تەنها ئەدەبی چینی کرێکار ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئەدەبی چینی کرێکاریش وەک شێری لینکۆن ئاماژەی پێدەدا “گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەیە کە گوزارشتن لە ژیانی واقیعی چینی کرێکار دەکەن.”(٣). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەناوی ڕووداوەکان و ململانێی چینەکاندا گەلێ توێژی کۆمەڵایەتی تر دێنە مەیدان و بە ئەدەب گوزارشت لە بیروبۆچوون و خەونەکانیان دەکەن. لەم نێوەشدا، بەرهەمی ئەدەبیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەچەشنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو و بزووتنەوەی ڕەتکردنەوەی ئایین و بزووتنەوەی دژی ئاپارتاید و بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و بزووتنەوەی دژی کاری منداڵان و بزووتنەوەی مافی پەنابەران و تاد، پشکی شێریان بەردەکەوێ و دەکەونە بەر سێبەری ئەو پێناسەیەی کە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لەخۆیدا هەڵیگرتووە.

ڕاپەرین و شۆڕشەکانی جیهان هەر لە ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕابەری سپارتاکۆس و شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، بوونە زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەی شیعری شۆڕشگێڕانە و بەتایبەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە کاریگەرییەکەی بە جۆرێک بوو کە ئەدەبی جیهانیی کرد بە دوو لەتەوە. بە گوزارشتێکی تر، وای کرد هەموو جیهان لەسەر بنچینەی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی و ئەدەبی بورژوازی هەڵوێستی گیریی بکەن.(٤)
شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی، شیعری بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..شیعری نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، شیعری هێرش و ستایشە. شیعری ڕادیکاڵی کرێکاریی لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەداری سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاریی شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. کێرڤی ڕوو لە پێشی شیعری کرێکاریی لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نا ئەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداریی و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی خەبات و ئینجا شیعری چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دادەنێ. شیعری کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی. “ئەدەبی شۆڕشگێڕانە چەکێکە لە ململانێی چینایەتی و لەسەریەتی کار لە هۆشیاری خوێنەرانی بکات بەرەو چالاکی ڕاستەوخۆ و لەوێشەوە بەرەو هەڵوێستێکی نوێ دەربارەی ژیان. بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بناسێتەوە.”(٥)
چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، سەرباری پێداویستییە سیاسییە – چینایەتییەکانی لە چەشنی ماتریاڵ و ئەبزاری خەباتکارانەی وەکو حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی و کادر و ڕاگەیاندن..تاد، پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە کە عەکس کەرەوەی واقیعییەتی خەباتی چینایەتی بێت. پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام لە جۆش و خرۆشدا بێت و هەمیشە ئیحساساتە چینایەتییەکان، داستانە نەبەردەکانی خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا بناسێت و لێرەوە وەک پێویستی سەردەم دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات.
لێرەوە بۆ ئەوەی شیعری کرێکاریی باشتر بناسین، خراپ نابێ لە گۆشەنیگای ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبیاتی بورژوازی لێی ورد بینەوە و خەسڵەتەکان و ئینجا جێ و شوێنی ئەو ئەدەبە لەئاست ئەدەبیاتی زەبەلاحی بورژوازی جیهانیدا دەست نیشان بکەین.
یەک : شیعری کرێکاریی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی ژیان و خەباتی چینایەتی چینی کرێکارە لە ململانێیی لەگەڵ سەرمایەداران و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی. شیعری کرێکاریی لە کێشمەکێش و پێکدادانە چینایەتییەکانەوە لە دایک دەبێت و ئاسۆیەک کە چینی کرێکار لەو پێکدادانە چینایەتییە هەیەتی دەبێتە ئاسۆ و ئامانجی شیعری کرێکاریی.
دوو : شیعری کرێکاریی جیهەتگیری سیاسەتی چینی کرێکار و پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە. شیعری کرێکاریی گۆرانی خەباتی ژنانی کرێکار و حەسرەت و سەختییەکانی خەبات و ئاهی پیرەمێردێک و نرکەی منداڵێکی ئیشکەر و سکاڵای دڵی کچێکی ماندووی دەستی کۆنەپەرست و شەکانەوەی ئاڵای ململانێی ناو کارگەکان و هەناسەی زیندانییەک و تاد بە هەوێنی ناوەڕۆکی خۆی دەزانێ. ئەم دیمەنانە و ڕەنگ ڕێژکردنیان بە ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی کرێکاریی ئەرکی ئەدەب و شیعری کرێکارییە.
سێ : شیعری کرێکاریی بە ئاسۆیەکی ئینسانییەوە دەڕوانێتە ژیان و تاک و کۆمەڵگە و ئینسانییەتی ئینسان وەک کرۆکی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. شیعری کرێکاریی لە بەرامبەر ئاسۆی کۆنەپەرستی مەیل و ڕەوتە چالاکەکانی لیبراڵیزم و کۆنەخوازی و ئایینی و نەتەوەییدا دەوەستێتەوە و تێدەکۆشی کرێکار لە جەنگە چینایەتییەکەی خۆیدا بە ئاسۆیەکی ئینسانی و ئەنتەرناسیونالی چەکدار بکات.

چوار : شیعری کرێکاریی ئەگەرچی لە ڕووی تەکنیک و هونەرەوە ڕەنگە لێرە و لەوێ لاوازی پێوە دیار بێت. ڕەنگە نەیتوانی بێت بەپێی پێویست تەکنیکێکی نوێ و لە ئاخرین دەسکەوتە هونەرییەکانی بەشەر سوودمەند بوو بێت، بەڵام وەک یەک ڕەوتی ئەدەبیی لە ئاستی جیهاندا بوونی خۆی سەلماندووە. چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و فیداکاری خۆی، خاوەنی جۆرێک لە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەری خۆی بووە. پێ بە پێی گەشە و بەرەوپێچوونی قۆناغەکانی خەباتی، ئەدەب و هونەرەکەشی گەشەی کردووە. لێرەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەم کە کۆهن میڵتن پێی وایە یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پرۆلیتاری ئەوەیە کە دەبێ سادە و ڕوون و ڕەوان بنووسرێت بەدەر لە ئاڵۆزی ئیستاتیکی شێوەگەرا(٦). هەرچەندە ئەم ڕایەی میڵتن بۆ دەورانێک کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو چینی کرێکار لە ئاستێکی بەرزدا بوو ڕەنگە دروست بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ کە دونیای دیجیتاڵ سێبەری خستۆتە سەر دونیای بەرهەم و ژیانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەم رایە پشتیوانییەکی زۆری نابێ. ئەو دەستکەوتە ئیستاتیکیانە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئینسان و دروست نییە بەبیانووی سادەییەوە ئەدەبی چینی کریکار لەو دەستکەوتانە بێبەش بکرێ.
پێنج : سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و کارە ئەنسۆلۆژی و سەرچاوەکانی ئینتەرنێتیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم ڕەوتە ئەدەبییە جیهانییە نەداوەتەوە و بگرە ئاگایانە و هۆشیارانە پشت گوێیان خستووە و لە خەڵک و چینی کرێکاریان شاردۆتەوە یان کەمترین زانیاریان خستۆتە بەردەست.
شەش : تەواوی ڕەوت و ڕێبازە فیکریی و هونەریی و سیاسییەکانی بورژوازی دەهۆڵی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەدەبەکەی دەکوتن و ناوی ئەدەبی کرێکاریی وەکو ئەدەبێکی بێ ئەرزش و ماوە بەسەرچوو دەهێنن. قسەکەرانی ئەم ڕەوت و ڕێبازانە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی بورژوازی هەمیشەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئەدەبی شۆڕشگێرانە بە ناشیرین و بێهێز و نا هونەریی ناودەز بکەن. ئەدەبی کرێکاریی لەسایەی ئەو تەبلیغە دژە کرێکارییە، وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی – مەزهەبی ناو دەبرێ. بورژوازی جیهانیش بۆ تەحقیر و تەخدیرکردنی کرێکاران بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات و سەدان ئۆرگان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بڵاو دەکاتەوە، ساڵانە سەدان فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و ساز دەکات و بە دەیان هەزار نووسەر و شاعیر و ئەدیب و قەڵەم بەدەستی کڕیوە و دەکڕێت و کاریان پێدەکات، تا ڕووی دزێوی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری جوان نیشان بدەن و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
حەوت : بەڵام لەهەڵ هەموو ئەمانەشدا تا چینەکان و جیاوازی چینایەتی لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ، ململانێی نێوان کرێکار و بۆرژوازی هەر دەمێنێ و ئەدەب و شیعری چینایەتی کرێکاریش هەر دەمێنێ.

شیعری شۆڕشگێڕانە لە نێوان پاشەکشە و تەکان

ئەگەر لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، خەباتی چینی کرێکاری جیهان گوڕ و تینێکی تازەی بە جەستەدا گەڕا و ئومێدێکی نوێ لە ئاسۆی خەباتی چینایەتییەوە دەرکەوت، ئەدەبەکەشی کەوتە بەردەم واقیعێکی نوێوە و دەبوایە ئەزموونێکی تازە ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدیبانی کرێکاریی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدا بوون، سەرکەوتنی شۆڕشیان لە ڕووسیا بینی، ئەمەش بووە هۆی بەرجەستەکردنەوەی زیاتری ڕۆحی شۆڕشگێرانە لە ئەدەب. گەشەی ئەدەبی کرێکاریی بە ئاقارێکدا تێپەڕی کە هەم بتوانێ بەردەوام خۆی لەگەڵ هەلومەرجە تازەکان یەکلا بکاتەوە و هەمیش تازەگەری بەرهەم بهێنێ. واتە ئەدەبی بەرگری و شۆڕشگێڕانە هەلومەرجێکی بابەتی بۆ هاتە ئاراوە تا گەشە بکات و بەرەو پێش بچێت. ئەم بەرەوپێشچوونە تا ساڵی ١٩٣٢ درێژەی هەبوو و پاشان لە کۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران لە ساڵی ١٩٣٤ لەبری وەڵامدانەوە بە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی ئەدەبی کرێکاریی، دەسەڵاتی ئەو کاتی یەکێتیی سۆڤییەت ئەو ئەدەبەی کردە قوربانی کێشمەکێش و ململانێی سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا. ئیتر لەو مێژووەوە ڕێڕەوی گەشەی ئەدەبی کڕێکاریی تووشی جۆرێک لە کەنارگیری هات. لەبری ئەدەبی شۆڕشگێرانەی کرێکاریی ئەدەبێکی تر نزیک لەو ماهییەتە بەڵام جیاواز هاتە ئاراوە کە پێی دەوترا ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی. ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی هەرچەندە لایەنگیریی بۆ کرێکار و سۆشیالیزم هەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بە تەواوەتی جێگای ئەدەبی کرێکاریی بگرێتەوە و هەروەها نەیتوانی ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی ئەدەبی کرێکاریی بە یەکجاری بکوژێت. بۆیە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم ململانێی نێوان زلهێزەکان توانی ڕەنگڕێژی ئەدەب بکات. سەرکەوتنی سیاسیی و ئابووری و سەربازی یەکێتیی سۆڤییەت بەسەر نازییەکاندا، بازێکی گەورەی بە ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی دا. جەنگی ساردیش شەقڵی خستە نێۆ ئەدەب و هونەر و جیهانی فانتازیا و ئیستاتیکای دابەشکردە سەر ڕیالیزمی واقیعی سۆشیالیستی لەلایەک و دیموکراسی و ئیندیڤجوالیزمی خۆرئاوا لەلایەکی تر.

لە ناوەڕاستی دەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو زەمینەسازییەکی لەبار هاتە ئاراوە بۆ گەشەی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و بەرگری لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام وڵاتانی سەرمایەداری خۆرئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بودجەیەکی خەیاڵی(سەدان ملیۆن دۆلار)ییان تەرخان کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی سیستەم و کلتووری مارکسیستی و شۆڕشگێڕانە لە ئاستی دونیادا. کاتێ لەسەر ئاستی جیهان ململانێی نێوان ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و ئیندیڤجواڵیزمی خۆرئاوا لە ئاستێکی بەرز و تووند دەبینرا،ئەدەبی شۆڕشگێڕانە وەک کارەکتەرێکی چالاک و بزێو لە سەرجەم کایە و بوارەکاندا ئاکتیڤ بوو، بەڵام لەژێر سێبەری ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی پۆلینبەند دەکرا. لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری بلۆکی شەرقی (بەناو سۆشیالیست)، ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەش بەرەو کاڵبوونەوە هەنگاویان نا و تەنانەت تا ئەندازەیەکی زۆر جێگەی خۆیان بۆ ئەدەبیاتی بورژوازی چۆڵکرد. فاکتەرەکانی تەریککەوتنەوە و کەنارگیری و پاشان کاڵبوونەوەی ئەدەبیاتی واقیعی سۆسیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێرانە بەبڕوای من ئەمانەن.
یەک : کاریگەری تەبلیغاتی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی ئەمریکا لەو هەڵمەتە فراوانەی خۆی دژ بە مارکسیزم و کلتووری شۆڕشگێرانەی مارکس و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر سەرجەن جیهان دژ بە ترادیسیۆنی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. دیارە هەڵمەتی ڕۆژئاوا و گوێڕایەلانیان لە ناوچەکە لەم ئەرکە قێزەوەنەیان کە تا ئێستاش بەردەوامن تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنیان بەدەست ‌هێنا. ئەم فاکتە خولقێنەری ئەو دۆخە نەخواستراوەیە کە ئەمرۆ بۆ تەرویجدانی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە بووەتە کۆسپ و ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی قورسە و وزە و توانایەکی زۆری لێمان دەوێ.
دوو : هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات و لەمەیداندا نەمانی یەکێتیی سۆڤییەت و پاشەکشەی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگیی. ئەمەش بەدەوری خۆی بووە هۆی لە مەیدان نەمانی بزووتنەوە و پڕۆژە ئەدەبی و هونەری کرێکارییەکان لە نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و جێگە چۆڵکردن بۆ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بزووتنەوە کۆنەخوازەکان.
سێ : پاشەکشەی مارکسیزم و خاوبوونەوەی خەباتی چینی کرێکار وەک چینێکی بنیادنەر و مەزن ڕۆڵی خۆی هەیە لە کەمڕەنگبوونەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە.
ئەم واقیعیەتە بەجۆرێک کاری خۆی کرد کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکاری چەند دەیە گەڕاندە دواوە و ئەدەبەکەشی دووچاری دۆخێکی تاڵی چەقبەستبوون کرد. دۆخێک کە ئەرکگەلێکی زۆری خستۆتە سەر شانی ئێمەی ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی کرێکاریی بۆ ئەوەی بتوانین لەو دۆخە چەقبەستووە دەربازی بکەین و تەکانی بۆ پێشەوەی پێبدەین.

کورد و شیعری شۆڕشگێڕانە

میللەتی کوردیش بەپێی کارەسات و ڕووداوە تراژیدیا – سیاسیییەکانی دوو سەدەی ڕابردوو هەوڵیداوە بۆ پاراستنی زمان و کلتوور و ناسنانەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر سیستەم و ڕژێمە فاشست و تۆتالیتارییەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا. کورد هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەدەبەوە مەسەلەی شوناسی نەتەوەیی و زمان بەزیندوویی ڕابگرێ. شیعری کوردیی لە مێژووی کۆن و نوێی کورددا مەسەی ئازادی و سەرفرازی کوردی کردۆتە مەسەلەی بنەڕەتی و گەوهەری. شاعیرانی کلاسیک (جگە لەو شاعیرانەی کە لە مزگەوت و خانەقاکان خوێندویانە و سەرچاوە مەعریفییەکانیان کتێبە ئاینییەکان بووە) کەم تا زۆر لایەکیان لە کێشەکانی ئینسان و بەهای ئازادی و ژیانی شارستانیایە کردۆتەوە.

ئەگەر حاجی قادری کۆیی شاعیر وەک شاعیرێکی ناسیونالیستی بە دەستپێک و پەرەپێدەری شیعری نەتەوەیی – سیاسی کورد دابنرێت (٧)، ئەوا دوای حاجی قادر سوپایەک لە شاعیر هەن کە خەمی نەتەوە و مەسەلەی ئازادی نەتەوەی کوردیان بۆ مەسەلە بووە. واتە لە دوای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم، شانبەشانی فراوانتربوونەوەی بیری نەتەوایەتی، ئەدەبی ناسیونالیستیش گەشە دەکا و دواجار لە دوای بەیاننامەی ڕوانگەوە لە ساڵی ١٩٧٠ ئیتر دەگا بە چڵەپۆپە. لەملاشەوە کرۆکی بیری چینایەتیش شانبەشانی کێشە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە گەشەی کردووە و بەرەو پێش چووە. لەم نێوەشدا گەلێ شاعیر پەیدا دەبن و بەرهەمەکانیان دەبنە ئاوێنەی باڵانومای سەردەمی خۆیان و شیعرەکانیشیان(بەتایبەتی ئەوانەی کرۆکی ئینسانیان هەیە و باس لە ئازادی دەکەن) بە شیعری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار. دواتریش لە نیوەی یەکەمی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەیفێک لە نووسەرانی چەپی نوێ دێنە مەیدان کە نەک هەر لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەبن لەگەڵ چینی کرێکاری کوردستان و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیان و خەباتی ئەو چینە دەبێ، بەڵکو لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و کۆمۆنیزم دەبن (٨). پلە و ئاستی گەشەی ئەم تەیفە لە نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییان پەیوەست بوو بە ئاستی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
چەند بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ملانێی خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرزدا بووبێتن، ئەوەندەش شیعر و هونەری شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرز و ڕەونەقی خۆیدا بووە. بەڵام دۆخەکە هەر بەو جۆرە نەما. لەلایەکەوە چوونە دەرەوەی زۆربەی کادیرە هونەری و ئەدەبییەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێرە بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەری نێگەتیڤی دانا لەسەر چەقبەستوویی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری کوردستان و لەلایەکی ترەوە شانبەشانی تەبلیغاتی جیهانیی لەدژی کۆی بیروبڕوای مارکسیزم هێرشێکی هەمەلایەنە دژ بە باوەڕی مارکسیزم و ئەدەب و کلتووری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەستی گروپی ڕەهەند و شوێنکەوتوانیان بە خەستی دەتی پێکرد.
ئەم گروپە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا و لەڕێگەی نووسینەکانیان و گۆڤاری (ڕەهەند)ەوە ناشرینترین ڕۆڵیان گێرا لە بە سووک تەماشاکردنی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و هەروەها دەرکێشانی ڕوحی شۆڕشگێرانە و چاندنی تۆوی بێئومێدی لە ناخی تاکی کورددا. ئەم گروپە لە ڕێگەی ڕستە و فرێز و دەستەواژەی بێمانای لە چەشنی” ئەدەب نابێ ئینتمای ئایدییۆلۆژی هەبێ، و سەردەمی قسەکردن بە ناوی کۆ و ئەوانی تر کۆتایی هاتووە و نووسەر دەبێ بە ناوی خۆی و تاکەوە قسە بکا و نوێنەری خۆیەتی و بەس و ئەدەبی حیزبیی و سیاسیی کوشتنی ئەدەب و خەیاڵە و… تاد” ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە کاڵکردنەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و گواستنەوەی خاڵی تێڕوانینی و فۆکسی خوێنەر و کۆمەڵگە لە ململانێی چینایەتییەوە بەرەو زات و ناخی تاک و تەرویجدان بە کۆنەپارێزییەکی بێوێنە. پروپاگەندەی ئەوەی کە نە مارکسیزم بۆ کۆمەڵکەی کوردستان گونجاوە و نە لە کوردستان چینی کرێکاری پیشەسازیمان هەیە و نە ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە بە کەڵکی کۆمەڵگەی کوردی دێ کە لە لایەن کۆمەڵێ نووسەری موهەریجی کوردەوە ئاگرەکەی خۆش کراوە و خۆش دەکرێ، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچیتر نییە.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە نەزۆکانەش هێشتا مەشخەڵی ئەدەبی شۆڕشگێرانە نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو ژیلەمۆکەی هەر بەگەشی لەژێر خۆڵەمێشی تەبلیغاتی بورژوازی و شوێنکەوتوانیان ماوەتەوە. سەرباری هەستکردن بەوەی کە لایەنگری چینی زەحمەتکێشی کوردستان لایەنگیرییە لە ئازادی و ڕزگاری ئینسان، خۆی ژیلەمۆی ئەو باوەڕەیە کە پێیوایە شۆڕشی یەکجارەکی بۆ ڕزگار بوون لە ستەم و نا یەکسانی تەنها و تەنها لەسەر دەستی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاکام دەگات. خوڵقاندنی هەر دەق و کارێکی هونەرییانەی کرێکاری ڕەوینەوەی تەمی ئەو هەوڵانەیە کە دەیانویست و دەیانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان ببێت بە کۆمەڵگەی مێگەل و خۆشیان ببن بە لایتی دەستی شوانە کوێرەکان.

دوادێڕ بەڵام زۆر بە کورتی

شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاری پێ بەپێی چوونەسەر و هاتنەخواری کێرڤی خەباتی چینایەتی بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گڕی ئەو بزووتنەوە شیعرییە خامۆش نابێت و ژیلەمۆکەی ناکوژێتەوە.تا کۆمەڵگەی چینایەتی هەبێت، ئەو ئەدەبەش هەر دەبێت و بەپێچەوانەی سەرجەم ئیدیعا و پروپاگەندەکانی زوڕناژەن و قەڵەمبەدەستانی چین و توێژەکانی تر، هەرگیز دووچاری توانەوە و فەنا نابێتەوە. بەکورتی شیعری شۆڕشگێڕانە لەگەڵ خەبات و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سیستەم و یاسا و نۆرمەکانی ژیان و کۆمەڵگە لە دایک بووە و تا مرۆڤ و ململانێ و خەبات مابێ، ئەو شیعرەش هەر دەمێنێ.

ژێدەر و سەرچاوەکان :
١- بۆ زانیاری زیاتر تکایە بڕوانە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سایتی ویکیپیدیا
http://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_literary_criticism

٢- ئەلکسەندەر بۆگدانۆڤ شیعری پرۆلیتاریی
Aleksander Bogdanov
Ploletarian Poetry The Labour Monthly
June 1923 PP.357-362

٣- شێری لێنکۆن ” بۆچی ئەدەبی چینی کرێکار جێی وردبوونەوەیە؟” بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی

Why Working-Class Literature Matters

٤- ڕیالیزمی سۆسیالیستی بەو تەوژم و ڕێبازە ئەدەبی و هونەرییە دەوترێ کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران هاتە ئاراوە و گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی ئەنتەرناسیوناڵی مەزن. گەشەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی هەر تەنها یەکێتیی سۆڤیەتی نەگرتەوە، بەلکو ئەو دەوڵەتانەشی گرتەوە کە بە دەوڵەتانی سۆشیالیست یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەناسران. ئەم ستایڵە لە بنچینەدا لەسەر کلتووری پرۆلیتاریاوە سەری هەڵداوە. کلتووری پرۆلیتاریاش لە هونەر و ئەدەب پێداگیری ئەدەبە لەسەر خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندی کرێکاران دژ بە بورژوازی و سەرمایەداران. ئامانجی ئەم ئەدەبە هەوڵدانە بۆ وێناکردنی ژیان و خەباتی ئەو چینە لە پێناو ڕزگاری یەکجارەکی لە کۆت و بەندی کۆیلەتی بورژوازی. ڕێبازی سۆشیالیستی لە ئەدەب لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و جیکسلۆڤاکیا و پۆڵەندە دامەزرا. ئەو نووسەرانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە وڵاتانی وۆرئاوا بریتبوون لە لویس ئاراگۆن و جۆهانس بێچەرو پابلۆ نیرۆدا. حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت ساڵی ١٩٣٢ بڕیاری لەسەر ڕیالیزمی واقیعی لە ئەدەب و هونەر دا و ساڵی ١٩٣٤ ئەم شێوازە ئەدەبییە لە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت کاتێ نوێنەری جۆزێف ستالین ئەندریە زدانۆڤ وتاریکی پێشکەش کرد و بە تووندی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیالیزمی سۆشیالیستی بە فەرمی بوو بە ڕێنمایی نیشتمانی کلتووری یەکێتیی سۆڤییەت. بەدەستەوەگرتنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە بە کردەوە بووە هۆی پشکردن لە ڕێبازە باوەکانی جیهان لە چەشنی ئیرۆتیک، ئایین، تەجریدگەرایی، سوریالیزم و گوزارشتخوازی. وەک وەڵامیک بەرامبەر بە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەت، لە ٢٦ و ٢٧ ی نیسانی ١٩٣٥ لە شاری شیکاگۆ و بە پاڵپشتی جۆزیف ستالین گرنگترین گۆنگرەی نووسەرانی چەپی ئەمریکا بەسترا، کە شاعیران و ڕۆماننووسان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان تێیدا بەشدار بوون. واڵدۆ دەیڤد فرانک بە پشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بوو بە یەکەمین سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەمریکا. ڕەگی مێژوویی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم.

٥- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry

٦- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry
٧- ناسیونالیزم و شاعیرەکانی – حاجی قادری کۆیی – نووسینی سلێمانی قاسمیانی (کاکە) گۆڤاری هانا ژمارە ١٦ و ١٧ ساڵی ٢٠٠١ لاپەڕە ٤.
٨- دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەدەبی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی تەنها بریتیبوون لەو بەرهەمانەی یان بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە باسی چینی کرێکار و خەباتی ئەو چینەیان کردووە. نووسەرانی سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی پشکی شێریان بەردەکەوێ. لەم نێوەشدا نووسەران و شاعیرانی سەر بە ڕێکخراوی مارکسیی – لینینیی کوردستان کەم تا زۆر چەند هەوڵێکیان لەو بارەیەوە هەیە. بەڵام لەناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان تەیفێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە کوردستان لە ژێر کاریگەری بیروڕای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ توانیان تەکان بە ئەدەبی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی بدەن و بەرەو پێشی بەرن. لەوانە موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) و سلێمانی قاسماینی (کاکە) و ئەحمەد بازگر و بەکر ئەحمەد (ئاسۆ) و بژار و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش و پەخشانەشیعرییەکانی ب.سۆلین و هونەرمەند سەردار عەبدوڵا و زۆری تر کە ئێستا لەم ساتەدا لەیادم نەماون.

کەنەدا ٢٠١٥




هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.

وەرگێڕ ئیدیت گرۆسمان پێى وایە کە (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا)، یەکێکە لە گەورەترین ڕۆمانەکانى سەدەى بیستەم.
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.
سەرچاوە: گاردیانی بەریتانی.
بەكوردی كردنی لە ئینگلیزی یەوە: سەنگەر حەسەن

______________________
1- یەکەم جار، کەى بوو کە گابرییل گارسیا مارکیزت خوێندەوە و هەستت چۆن بوو؟
-من یەکەم جار لە قۆناغى ئامادەیى بوو کە ڕۆمانى (سەد ساڵ تەنیایى)م خوێندەوەو بەتەواوى ئاوێتەى بووم. بەرلەمەو هەتا ئەو کاتیش ڕۆمانێکى لەم جۆرە نەبوو!
2- مارکیز، ڕۆمانە بەناوبانگەکانى زیاتر بە ئینگلیزى حەز لێ بوو. بەڵام ئەى لەبارەى ئێمەوە چى کە هەرگیز دەقە ئەسڵییە ئیسپانى یەکەمان نەخوێندۆتەوە؟
–ئاواتى ڕاستەقینەى من ئەوەیە هەرکەسێک لەئێوە کە دەقە ئیسپانى یە ئەسڵییەکەى نەخوێندۆتەوە، زۆر شتى لەدەست نەچووبێت.
3- کام کتێبەیت زۆر خۆش دەوێت، بۆچى؟
–ناتوانم وەڵامە ئەم پرسیارە بدەمەوە. من هەموو ئەو شتانەم خۆش دەوێت کە خوێنددومەتەوە. هەرچەندەش (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا) شوێنى تایبەتى لاى من داگیرکردووە، چوون ئەوە یەکەمین ڕۆمانى ئەو بوو کە من وەریبگێڕم. لام وایە یەکێکە لەڕۆمانە هەرە گەورەکانى سەدەى بیستەم جا بەهەر زمانێک بێت.
4- ئایا پارچەیەک وەیان چەند ڕستەیەکى هەڵبژێردراوت هەیە لە وەرگێڕانەکەت وە دەتوانى ڕوونى بکەیتەوە چۆن گەیشتیتە ئەوەى کە ئەم وشانە هەڵبژێریت؟
–واهەست ناکەم بتوانم وەڵامە ئەو پرسیارە بدەمەوە جا ئایا لەبەرئەوەیە کە من شێت شەیداى دوا وشەکانى ڕۆمانى تاعونەکەم، کاتێک کاپتنى کەشتى یەکە دەپرسێت کە ئاخۆ نیازیان وایە تا چەندەى دەریاکە بیانەوێت گەشت بکەن، وەڵامەکە بریتى یە لە “تا هەتا ”
5- ئایا هیچ کتێبێکى ئەو وەیان بەشێک لەکتێبێکى ئەو هەبووە کە زۆر لەگەڵى ماندووبووبیت؟
–وەرگێڕان هەمیشە ماندووبوونە. ئەمە بێ گوێدانە ئەو نووسەرى کە تۆ وەریدەگێڕیت. لەدەستپێک پێویستە تۆ دەقە ئەسڵیەکە گوێبیست بیت بەڕێگایەکى کاریگەر. دواتر ئەم دەنگە بدۆزیتەوە لەئەو زمانەى وەریدەگێڕى کە باشترین کاردانەوەى هەیە لۆ ئەسڵیەکە. ئەوە هەمیشە قورسە، بەرەنگاربوونەوەویەو تا ڕادەیەکى زۆریش خۆشە.
6- ئایا گریگۆر ڕاباسا دەناسیت، وە تائێستا تێبینى یەکانت بەراورد کردووە؟
–بەڵێ، چەند ساڵێک بوو ئاشناییمان هەبوو، بەڵام هەرگیز بەراوردى تێبینى یەکانمان نەکردووە لەمەسەلەى مارکیز. زیاتر لەوەى کە هەردووکمان هاوڕاین کە ڕقمان لە “ڕیالیزمى سیحرى” دەبیتەوە.
7- تۆ پێویستە زۆر ئاشنا بیت لەگەڵ نووسینەکانى مارکیز زیاتر هەر کەسێک. پێت وایە کە چۆن گۆڕانیان بەسەرداهات بەدرێژایى ئەو دوو دەیەى کە تۆ وەرتگێڕان؟
–واهەست دەکەم کە لەوانەیە لەگەڵ بەساڵاچوونى، نووسینەکانیشى کورت و چڕ دەبوونەوە. ئەو هەمیشە ڕاستەوخۆ دەچووە سەر کرۆکى بابەتەکە. وریاتر وەیان زیاتر ڕاستەوخۆتر بن.
8- چەندێک بەباشى کەسێتى ئەوت دەناسى و پەیوەندیتان چۆن بوو؟
–من هەر چەند جارێکى کەم ئەوم بینى لەنیویۆرک. لەو باوەڕەدام یەکەمین جار کاتى نانى نیوەڕۆ بوو لەگەڵ سەرنووسەرەکەمان لەخانەى (نۆپ)، وە دواهەمین جاریش کاتى قاوە خواردن بوو لە درەنگانێکى دواى نیوەڕۆ. مارکیز جوان و دڵڕفێن بوو. هەروەها هەستێکى فێڵبازانەى گاڵتەجارى هەبوو، چوون یەکسەر هەستم بە نزیک بوونەوە دەکرد.
9- چۆن بەرهەمە ئەدەبییەکانى هەڵدەسەنگێنیت؟
–مارکیز نووسەرێکى مەزن بوو. یەکێک بوو لە کەسێتیە هەرە گرنگەکانى سەدەى بیستەم. کاریگەریەکى گەورەى هەبوو بەسەر هەموو نووسەرەکان لەسەرتاسەرى جیهان دا. بەنموونە، من ناتوانم، وێناى تۆنى مۆریسۆن وەیان سەلمان ڕوشدى بکەم بەبێ گارسیا مارکیز.
10- دە باشترین ڕۆمانى ئیسپانى لاى تۆ کێن و نووسەرەکانیان کێن، کە تۆ بتەوێت خوێنەرانى گارسیا مارکیز ڕاسپێریت کە لەئەدەبیاتى ئەم دوایى یەى ئەمریکاى لاتین ئاگادارنین؟
–من ناتوانم لەهیچ زمانێک دا دە باشترین نووسەر دیارى بکەم. بەڵام پێشنیاردەکەم بگەڕێنەوە بۆ سێرڤانتس کە باوک خودانى هەموو نووسەرێکى ئیسپانى یە لەسەدەى حەڤدەوە. وە نووسەرێکى گەنج کە من زۆر حەزى پێدەکەم، سانتیاگۆ ڕۆنکاگلیۆلۆیە، ئەو خەڵکى پیڕۆیەو ئێستا لە بەرشەلۆنە دەژیت. من (گوڵانى سوور)ى ئەم وەرگێڕاوە. کە ئەمیش چەند ساڵێک لەمەوبەر خەڵاتى ئەدەبیاتى سەربەخۆى بیانى بەدەست هێنا

______________________
هاوپێچ وێنەى (گابرییل گارسیا مارکیز) لەساڵى 1975.
وێنەگر: ئیزابێل ستیف هێرنان

سەرچاوەی بابەتەكە:
http://www.theguardian.com/books/2014/apr/26/gabriel-garcia-marquez-edith-grossman-translator-interview




مردن ده‌یه‌وێ‌ عه‌بدولموته‌ڵیب … عه‌بدوڵڵا

له‌ شه‌ڕی مردن نامه‌وێ‌ ده‌ركه‌وم
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی ئه‌و چێژه‌ی كه‌ كۆنترۆڵ ناكرێ‌
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
ئه‌و ئاره‌زووه‌ نامۆیه‌ی كه‌ مردنه‌ و
مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی پیر ده‌بێ‌
چیت ده‌وێ‌
من له‌ ئاوێنه‌ داوا ده‌كه‌م
له‌ شه‌ڕ داوا ناكه‌م
ئه‌وه‌ ئاره‌زووی راسته‌قینه‌یه‌
ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی مردن خۆم به‌ دوور ده‌گرم
رزگاربوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ئاره‌زوو
كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
داوا له‌ زمان ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی مردن بمپارێزێ‌
داوا له‌ مردن ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی زمان بمپارێزێ‌
داوا له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌م له‌ مردنی زمان بمپارێزێ‌
هه‌موو ئه‌و خۆوێرانكردنه‌
ئه‌و ئاره‌زووكردنانه‌
بۆشاییه‌كی به‌تاڵه‌
خه‌یاڵ ده‌یه‌وێ‌
مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ده‌كات
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌به‌ر ئاوێنه‌ چاوم ده‌نوقێنم و ده‌ڵێم
من كێم كه‌ مردن ده‌یه‌وێ‌.

27/10/2016




لویس کارۆل کەڵەنووسەری چیرۆکی منداڵان …. رەزا شوان

لویس کارۆل، نووسەری چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و جیهان لە بواری چیرۆکی منداڵان.
(لویس کارۆل) نازناوی خوازراوی ئەدەبییەتی، هەر بەم ناوەشەوە چیرۆکەکانی و
نووسینەکانی تری بڵاوکردۆنەتەوە، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون) ە.
لویس کارۆل لە (٢٧/ یونایەر/ ١٨٣٢) لە دێی (دیرسبۆری) لە شیشیار لە ئینگلتەرا
لە خێزانێکی ئاینی لە دایکبووە، حەوت خوشک و چوار برابوون، لویس منداڵی
سێیەمی خێزانەکەی بوو.. منداڵێکی ژیر و بەهرەمەند و داهێنەر و بزیۆ بوو، کەمێک سەر زمانی دەگرت، گوێیەکی کەربوو، فێ دەگرت، دەمارگرژ بوو، بیرکزبوو، زۆر جار لەبەرخۆیەوە وڕینەی دەکرد و قسەی هەلەق و مەلەقی دەکرد، گەلێ جار شتەکان و گیانەوەرەکانی لە قەوارەی خۆیان گەورەتر یا بچووکتر دەهاتنە خەیاڵی، ئەم راستییەش لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا رەنگی داوەتەوە، ئاژەڵەکان و باڵندەکان لە قەوارەی خۆیان گەورەترن. لویس هەر لە منداڵییەوە منداڵانی خۆشدەویست و حەزی بەوە دەکرد، کە بە چیرۆک و بە قسەی خۆش دڵخۆشیان بکات.

هەر ئەمەش لای بوو بە هەوێنی حەز و خەیاڵی نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان.
لویس کارۆل لە ساڵانی یەکەمی منداڵییدا، لە ماڵەوە فێربوو، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا چووە قوتابخانەی تایبەتی، لە ماتماتیکدا زۆر زیرەک بوو.. لەبەر زیرەکی لەم بوارەدا،
خەڵات کرا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆدا درێژە بە خوێندنی ماتماتیک بدات.

لویس کارۆلی، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایەکی ماتماتیک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی.. بێجگە لە چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، چەند رۆمانێکی تریشی نووسیوە، کۆمەڵە شیعرێکی گاڵتەئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوە، چەند دەستنووسێکی دەبارەی ماتماتیک و ئەندازیاری و جەبر هەیە، کە هەندێکیان تائەمڕۆش چاپ نەکراون.. لویس کارۆل، ئارەزوومەندێکی گرتنی وێنەی فۆتۆگرافیش بوو.. بە زۆریش وێنەی منداڵانی گرتووە.
لویس کارۆل لە ساڵی (١٨٥٤) لە کۆلێژی (کریست تشیرش) لە زانکۆی (ئۆکسفۆرد) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا وەرگرت و، هەر لە هەمان کۆلیژدا بوو بە مامۆستای وانەبێژی ماتماتیک، زۆربەی ژیانی لەم پیشەیەدا بەسەربرد.
لویس کارۆل چۆن چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)ی نووسی؟
لە رۆژی(٤/ یولی/ ١٨٦٢) لویس کارۆل لە گەڵ هەرسێ کچەکەی رازگری کۆلێژەکەی (کریست جۆرج هێنری لیدڵ) کە ناویای کچەکانی (رینا:١٣ساڵ) و(ئەلیس:١٠ساڵ) و
(ئیدیس:٨ساڵ) بوون.. هەموویان سواری بەلەمێک بوون و چایان دەخواردەوە و لە رووباری (تایمز)دا گەشتیان دەکرد، ئەلیس داوای لێکرد کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، لویس کارۆل کوتوپڕ بیرۆکەی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆ هات، هەر (ئەلیس) شی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. ئەلیس داوای ئەوەشی لێکرد کە چیرۆکەکەی بۆ بنووسێتەوە.
لویس کارۆل، داواکەی ئەلیسی هێنایەدی، دوای گۆڕانکاری و زیادخستنەسەری، چیرۆکەکەی نووسییەوە و هەر خۆشی کۆمەڵێک وێنەی بۆ کێشان، لە پێشا کتێبەکەی لە ژێر ناوی ( سەرکێشییەکانی ئەلیس لەژیر زەوی) دا بوو.. لە ساڵی (١٨٦٤) دا لەجەژنی(١٢) مینی لە دایکبوونی ئەلیس، کتێبە دەسنووسەکەی پێشکەش بە ئەلیس کرد.. دواتر ناوی کتێبەکەی گۆڕی بە سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
لە ساڵی (١٨٦٥)دا سەرکێشییەکانی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، بۆ یەکەمین جار چاپکرا.. تا ئەمڕۆ زیاتر لە سەد جار ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوەتەوە، ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئینگلتەرادا و، چیرۆکی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان بوو بە وێردی سەر زاری منداڵ و گەورەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی (١٩٣٢)دا ئەم کتێبە بوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کتێبی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهاندا، یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە زۆرترین ژمارەی لێفرۆشراوە.. تا ئەمڕۆ ئەم کتێبە وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە هەشتا زمانی جیهانی.. کراوە بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراوە.. بە شێوەیەکی ئاسانتریش داڕێژراوە و بە شانۆگەری و شانۆی بووکەڵەش، بە زمانە جیاوازەکان نمایش کراوە.
ناوبانگ دەرکردنی چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) بوو بە هاندەر بۆ لویس کارۆل. ئەوەبوو کە دەستی کرد بە نووسینی بەرگی دووەمی لەژێر ناوی (روانین لە میانەی ئاوێنەوە) یا ( روانین لە میانەی شووشەوە). کە لە ساڵی (١٨٧١) دا ئەم کتێبەشی چاپکرد.. رۆمانێکیشی لەژیر ناوی( چەنەبازی) دا چاپکرد.
ئەلیس کێیە؟
(ئەلیس هێنری جۆرج لیدڵ) کەسێتییەکی راستییە، کچۆڵەیەکی گەنم رەنگی (١٢) ساڵان بوو، کچی عەمیدی کۆلێژی( کوست تشیریش) بوو، زۆر خۆی دەبردە پێشەوە و، خۆی لای لویس کارۆل شیرین کردبوو. (ئەلیس لیدڵ) لەو چیرۆکە کلاسیکییە بێ وێنە و بێ دیالۆگانە بێزارببوو، کە دایکی بۆی دەگێڕانەوە یا دەخوێندنەوە.. بێزاری ئەلیس، بوو بە هەوێنی بیرکردنەوە و خەیاڵی لویس کارۆل، ئەم بیرکردنەوەیەش لەو چیرۆکەدا بەرجەستەبوو، کە ئەلیسی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەندێشەیی فەلسەفی و لەژێر ناوی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا دایڕشت.. چیرۆکەکەش بەوە دەست پێدەکا:

ئەلیس خەریکی گوڵ چنین بوو، بۆ ئەوەی تاجەگوڵینەیەک دروست بکات و بیخاتە سەری، لەم کاتەدا کەروێشکێکی گەورەی چاومێخەکی، بەروانکەیەکی لە بەردابوو، کاتژمێرێکی لە گیرفان دەرهێنا و سەیری کرد و بەرەو کونەکەی رایکرد.. ئەلیس لە دیمەنی کەروێشکەکە سەرسام بوو، چونکە پێشتر کەروێشکی وای گەورە و سەیری نەبینیبوو.. یەکسەر بە دوایدا رایکرد و کەوتە ناو لانە گەورەکەی کەروێشکەکەوە.. کە هەستایەوە لە جیهانێکی خەیاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییەوە، گوڵ و ئاژەڵ و باڵدەکان لە قەوارەی ئاسایی گەورەتربوون وەک مرۆڤیش دەدوان، هەموو شتەکانیش جیاوازبوون.

ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێدەپەڕێت.. ئەوە دەردەخات کە ئەوەی لە خەیاڵدان لە راستیدانین.. ئەلیس لەم وڵاتەدا دەڕوا و دەگەڕێ و دەڕوانێت، شتی عاجباتی دەبینێت (داوەڵێک و شێرێک و پیاوێکی ئاسن) دەبینێت.. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، بۆ ئەوی یارمەتییان بدات.. شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنەکە دڵی دەویست، داوەڵەکە هۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان دەویست.
جیاوازی چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان):
لویس کارۆل ئیلهامی لە ئارەزووی ئەلیس و لە خودی منداڵانی ترەوە وەرگرت، کە لە چیرۆکی کلاسیکی ئامۆژگاری و پەند و تەلقین ئاسایی بێزاببوون چونکە تەنها جەختیان لەسەر رەوشت و گوێدێری و ڕێنمایی گەورەکان دەکردنەوە، یا لە یاسا و لە نەریتە باوە کۆمەڵەەتییەکان لانەدەن.. خواست و خەون و ئارەزووەکانی منداڵانیان بە لاوە نابوون.

سەرکێشییەکانی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) چیرۆکێکی فەلسەفی و فەنتازییە، ئەم چیرۆکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبی منداڵاندا، لویس کارۆل کودەتایەکی بەسەر ئەو رێباز و شێوازە کلاسیکییە چەقبستووانەدا کرد، کە منداڵان لێیان وەرست و بێزاربوون. لویس کارۆڵ جورە چیرۆکێکی جیاواز و دژەباوی نووسی، لە میانەی ئەلیسی بچکۆلەی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە.. ئەندێشە و شادی بەسەر بازوودا سەرکەوتن.. ئەم چیرۆکە متمانە و ئازادی و ئازایی بە منداڵان دەبەخشێت، کە خۆیان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان، پێویستە خۆیان چارەسەر و رێگەی سەرکەوتنیان بدۆزنەوە.
ئەلیس منداڵێکی ئاساییە و هیچ توانایەی بەدەری نییە.. بەڵام لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە پێبەندبێت بە یاسای کەسانی تر، بە تایبەتیش گەورەکان، یا ئەوانەی لەو زەبەلاحتر و بە دەسەڵاترن.
لویس کارۆل لە ڕێی ئەم شاکارە ئەدەبییە جیهانییەی بۆ منداڵان، ناوبانگی دەرکرد.
ئەمساڵ (١٥١) ساڵ بەسەر چاپکردنی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان )دا تێپەڕی، بەڵام تا ئەمڕۆش، چێژ و خۆشیی ئەم چیرۆکە کاڵ نەبۆتەوە، منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن یا دەیخوێننەوە، یا بە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و شانۆ دەیبینن.

لویس کارۆل، پێش جەژنی (شەست و شەش) ساڵەی لە دایکبوونی، تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزایەکی قورس دەبێت، سییەکانی دەگرێتە و بریندار دەبن.. هەر بەم نەخۆشییە لە
(٤/ یونایەر/ ١٨٩٨) دا کۆچی دوایی کرد.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٦




خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە … ھەژێن

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

ھەژێن*
٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

——————————————-
[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




ڕاستی … به‌ختیار محه‌مه‌د

باجی گوتنی ((ڕاستی)) یه‌كجار قورسه‌: چ له‌ لایه‌نی سیاسی، چ له‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش. هه‌ر كه‌ ڕاستیت گوت، دنیا و بنیا لێت ده‌تۆرێ: له‌ ڕووی سیاسییه‌وه،‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نادیموكراسی) ده‌بێته‌ دوژمنت؛ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دووڕووی پارێزگاری وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، نزیكترین كه‌ست (ئه‌ندامانی خێزان، خزم و كه‌س و كار، هاوڕێكانت… تاد.) لێت ده‌تۆرێ، تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی دوژمنایه‌تی و پێوه‌ندی پچڕان.
دیاره‌ ڕاستی و ڕه‌خنه‌ دوو ڕووی دراوێكن. واته‌، كه‌ تۆ ڕه‌خنه‌ ده‌گری، ڕاستی ده‌ڵێی؛ ده‌شێ، كه‌ ڕاستیش ده‌ڵێی، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ت گرتووه‌. لێره‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ و ڕاستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌‌كانی ئێمه‌دا، چ له‌ ئاستی سیاسی و چ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، دوو به‌های په‌سه‌ندكراو نین.
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گر و ڕاستی دۆستن، هه‌میشه‌ له‌ ژیانی سیاسی و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی خۆیاندا، باجی قورس ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ قوربانی: قوربانی سته‌م و نه‌زانی…
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا (ته‌نانه‌ت هه‌تا چه‌ند حه‌فته‌یه‌كیش له‌مه‌وپێش) له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تیرۆركران، ته‌نها له‌سه‌ر ڕاستی و ڕه‌خنه‌ تیرۆركراون. له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ئه‌وانه‌ی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بن و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌ون. به‌ نموونه‌، ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك (له‌ زۆربه‌ی خێزانه‌كانی ئێمه‌دا) داوای مافی میراتی یه‌كسان بكا وه‌ك براكه‌ی، ئه‌وه‌ دژایه‌تی ده‌كرێ و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێ؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار نیوه‌ به‌شه‌كه‌شی نادرێتێ؛ له‌سه‌ر ئه‌م نیوه‌ به‌شه‌شی، ئه‌گه‌ر به‌جواب بێ، ئه‌وه‌ جۆرێك به‌ر نه‌فره‌تی داب و نه‌ریت و عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێ.
لێره‌وه‌ ((ڕاستی)) تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافدا.




قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا … گۆران ڕه‌ئوف

(قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا) ناونيشانى كۆمه‌ڵه‌ چيرۆكێكه‌، نووسه‌ره‌كه‌ى گۆران ڕه‌ئوف ه‌.. يه‌كه‌مين ئه‌زموونى نووسه‌ره‌ وه‌ك چيرۆك، ئه‌م كتێبه‌ سيانزه‌ چيرۆك له‌ خۆده‌گرێت و له‌ دووتووێى 117 لاپه‌ڕه‌دايه‌، ته‌واوى چيرۆكه‌كان له‌ ساڵى 2005 تا ساڵى 2016 نووسراون، له‌لايه‌ن چاپخانه‌ى سه‌رده‌مه‌وه‌ چاپكراوه‌، ديزاينى به‌رگ: جه‌مال جه‌لال، ديزانى ناوه‌وه‌: ره‌وشت محه‌مه‌د.




ساده‌ گوتاری … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ندێك شاعیر و ئه‌دیب هه‌ن (كه‌ پێده‌چێ به‌دحاڵی بوونیان هه‌بێ له‌ مانای بوونی ئه‌ده‌ب) هه‌موو شتێكی (زانیارییه‌كی) ده‌ره‌وه‌ی گوتاری موجه‌ڕڕه‌دی شیعریی (شیعری موجه‌ڕڕه‌دی ساده‌، یان ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن شیعری بێگه‌رد) به‌ دۆگما و ئایدیۆلۆژیا و دروشم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن؛ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واویی – له‌ سیاقی خۆیدا – له‌ مانا و ده‌لاله‌تی ئه‌م چه‌مكانه‌ تێبگه‌ن.

شیعر و ئه‌ده‌ب لای ئه‌م جۆره‌ شاعیر و ئه‌دیبانه‌ كائینێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی عه‌جایبه‌: نه‌ فۆرمی هه‌یه‌، نه‌ ڕۆحی هه‌یه‌؛ هیچ كارێكی (په‌یامێكی) شی نییه‌، ته‌نیا له‌ دایك ده‌بێ. بۆ له‌ دایك ده‌بێ؟ ئه‌مه‌یان كه‌س نایزانێ! ئه‌وان هه‌ندێك جار ده‌ڵێن بۆ ئیستاتیكا له‌ دایك ده‌بێ؛ به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌وان به‌ ته‌واویی له‌ مانای ئیستاتیكاش تێناگه‌ن و زۆربه‌ی جار ده‌قه‌كانی خۆشیان به‌های جوانییان تێدا نییه‌… ئه‌ی كه‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین، ئه‌گه‌ر كرده‌ی نووسین – هه‌ر جۆره‌ نووسینێك بێ – بچووكترین په‌یامی ئه‌خلاقی و مرۆیی و ئیبداعی تێدا نه‌بێ؟

ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ئه‌م جۆره‌ شاعیر و نووسه‌رانه‌ باسی ده‌كه‌ن (به‌ ناوی مه‌سه‌ل ئه‌علای ئیستاتیكاوه‌) زۆربه‌ی جار جه‌سته‌یه‌كی زمانه‌وانی ڕووت و قووته‌: ئه‌و زمانه‌ی ئه‌وان پێی ده‌نووسن، نه‌ زمانی ئه‌ده‌بی واقیعییه‌، نه‌ زمانی تازه‌گه‌ریی و نه‌ زمانی پاش تازه‌گه‌رییشه‌؛ به‌ڵكو زمانێكه‌ (له‌ ئه‌نجامی به‌دحاڵیبووندا) له‌ زۆنگاوی بێ ناسنامه‌یی خۆیدا مه‌له‌ ده‌كا؛ ئه‌و بێ ناسنامه‌ییه‌ی، كه‌ به‌رهه‌می به‌دحاڵی بوون و كه‌م زانییه‌ له وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب و شیعر و له‌ وه‌زیفه‌ی كرده‌ی نووسیندا به‌ گشتی. پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ش لێره‌‌ ئه‌وه‌یه‌: شاعیر بۆ ده‌نووسێ و ئه‌دیب بۆ ده‌نووسێ؟ ئه‌دی له‌ چ ئاستێك و به‌ چ گوتارێك ده‌نووسن؟ ئایا گوتارێكی نامه‌عریفی و نامێژوویی ساده‌یه‌؟ یان گوتارێكه‌ سه‌رتاپاگیره؟ گوتارێكه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو بونیاده‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌با؛ ئا له‌وێشدا بیر له‌ كاری باش و بیر له‌ داهێنان ده‌كاته‌وه‌…‌




پارتی لەمەزیاتر تەنگاو مەکەن … هیوا خۆشناو

تێرۆرکردنەکانی ئەو دواییەی ناوچەی زەرد “ڕۆژنامەوان شوکری و گوتاربێژ هۆشیار” لە لایەک، چالاکیەکانی ENSK دژ بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاواشەڕی ڕاگەیاندنی “گوایە سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان” لە لایەکی دیکە، بەس بو بۆ ئەوەی بۆنی باڕوتی شەڕێکی دیکەی ناوخۆ بەری لوتمان داگیربکات کەچی ئێستا بڕیارەکەی پارلمانی بەغداشی هاتە سەر کە یەکێتی، گۆڕان، بەشێک لە یەکگرتو و کۆمەڵ ئەرێیان کرد بۆ ئەوەی مانگانە حکومەتی هەرێم٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لەڕێگای سۆمۆوە بفرۆشێت، حکومەتی عێراقیش پارەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

وەک پێشتر زۆرجار باسکراوە، چەقی کێشەکە بێ ئەملاو ئەولا لەلای پارتیە و ئەو پارتە سەرچاوەی کێشەکانە. یەکێک لەو کێشانەی کە پارتی پێی هەزم ناکرێ ئەوەیە کە نایهەوێ دیمەنی بچوکی خۆی ببینێت و خۆی گەورە نیشان ئەدات. ئەگەر دهۆکی لێ دەرخەی، پارتی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لە هیچ پارێزگایەکی کوردستاندا زۆرینە پێکناهێنێ. پارتی ئێستا شەنگال و ئێزیدیەکانی لەژێردەستدا دەرهێنراوە کە پێشتر مۆنۆپۆڵی کردبو و بەتەنیا ژمارەیەک پارلمانتاری لەوێوە دەناردنە بەغدا. ئەو ناچەیە ئێستا لەژێر دەستی PKK دایەو، ئەو لایەنە زۆربەی زۆری ئێزیدیە توڕەکانی لە ئاستی سەربازی، سیاسی و ئیداریدا ڕێکخستوە. ئەگەرچی هەواڵەکان زیاتر سەرنجمان دەدەنە سەر ناکۆکی نێوان PDK و PKK لە ڕۆژئاوا، بەڵام بە بڕوای من چەقی ناکۆکیەکە لە شەنگالە. ڕۆژئاوا بۆ تورکیا گرینگە و تورکیا خاڵی لاوازی پارتی و حەساسیەتی ئەو لایەنە بۆ شەنگال ئەزانێت و لە ڕۆژئاوا بۆ مەبەستەکانی بەکاری دێنێ، ئەگەرنا ئێستا پارتی بۆی دەرکەوتوە کە بە ٣ هەزار چەکدرای موچەخۆری ڕۆژئاوا و مێدیا پێترۆڵیەکانی ناتوانێ، جێ بە PYD لەق بکات.
پارتی لە بادینان، ڕۆژئاوا و شەنگال لەلایەن PKK ەوە تەنگاو کراوە. لە ئاستی عێراقدا پارتی بە دەرکردنی هۆشیارزێباری و ئەو بڕیارەی بودجەی پارلمان کە تایبەتە بە نەوت و ووزە لە ژێردەستی پارتی دەردێنێ، تەڵاق دراوە. پارتی ویستی لە ڕێگای زەقکردنەوەی ناوەندی بڕیار زەبرێک لە هاوپەیمانی گۆڕان – یەکێتی بدات، بەڵام گۆڕان و یەکێتی لە پارلمانی عێراق بەو شێوەیە وەڵامیان دایەوە. ئیتر پارتی چی ماوە بیکات؟؟؟
ڕاستیەکی تاڵ هەیە ئەبێ بیڵێین ئەویش: هەمومان پاشخانی پارتی ئەزانین. ئەو ڕێکخراوە ئامادە نیە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و نایهەوێ ئاستی ڕاستەقینەی خۆی ببینێ. تورکیای ئەردۆغان کە هەمان کێشەی پارتی هەیە و نەک بەتەنیا لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لە ڕوانگەکانی، ئێدۆلۆژی “کۆنسەرڤاتیڤ” سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەوە زۆر لێی نزیکە و تورکیا بەرەو سەرەمەرگ ئەبات، لە کەمینێک دایە و چاوەڕێ ئەکات ئەوڕۆ و سبەی بارزانی بکەوێتە ناو ئەو داوەی کە بۆی داناوەتەوە ئەویش بێگومان شەڕی ناوخۆییە لە ڕۆژئاوا و بادینان کە لە دواییدا سوپای تورکیاش بەشداری تێدا دەکات.

ڕاستینەی دووەم: سەرجەم هێزەکانی ڕکەبەر یان بەرانبەرەکانی پارتی جگە لە چەند مناوەڕەو گەمەیەکی سیاسی، پڕۆژەیەکی تریان نیە بۆ ئەوەی ئەگەر هاتو پارتی سوربو لەسەر کەلەڕەقیەکانی خۆی، جگە لە “یان دەستەوەستان و تەسلیمی سیاسی لە ژێرناوی سازان یانیش شەڕ” ئەلتەرناتیڤێکی دیکە بدۆزنەوە. باشووری کوردستان پێویستی بە شۆڕشێکە دژ بە سیستێمی کوردایەتی سیاسی کە لە لایەن مەلا مستەفای بارزانی و کوڕەکانیەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و ئۆپۆزیسیۆن و دوژمنەکانیشیان بەتەواوی لەو کولتورە ڕزگاریان نەبوە. ئێستا حاڵی حازر ئەو شۆڕشگێڕیە نە لەلای حیزبە سیاسیەکانی ڕکەبەری پارتی و نە لەلایەن خەڵکەوە لە غیاب غیابترە، بۆیە باشترە بیر لە چارەسەریەکی دیکە بکەنەوە و لە ڕۆژێکی وا سەختدا کە تورکیا لەسەر پەلاپیتکەیە بۆ هاتنە ناوەوەی خاکی باشوور و چاوەڕێی دوابڕیاری پارتیە، هەموویان بەیەک جار و لەیەک بەرەوە تەنگاوی نەکەن.
بێگومان تۆپەکە جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ساحەی پارتی و یەکێتی. ئایا پارتی چ یاریەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی دەستپێدەکات بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ، ئەو بڕیارەی پارلمانی عێراق نەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، نەفەسێکی کورت هەڵکێشێ و نەوتەکەی لەژێر پێ دەرنەهێنن؟ ئایا هەڵوێستی یەکێتی تا چەند جدی دەبێ و تا چەند دەچێتە ژێر باری پارتی؟
پێمان خۆشبێ یان ناخۆش، دوای ڕزگارکردنی موسڵ و نەمانی داعش لە عێراقدا، ناکۆکیە شاراوەکان لە نێوان هێزە عێراقیەکان خۆیان و هێزە کوردیەکان خۆیان، زیاتر دەتەقنەوە. لەو ڕەوشەدا بۆ ئەوەی پارتی لەو ئەزمەیە ڕزگار بکرێ لە لایەک، شۆڕشی ڕۆژئاوا نەفەسێک بکێشێ لە لایەکی دیکە و ڕێگا لە دەستێوەردانی تورکیا بگیرێ، باشترە دەستپێشخەریەکی نوێ پێشبخرێ بەڵام جیاواز لە کۆبونەوە بێ ئەنجامەکانی لایەنەکان کە پیاوەکانی پلە ٦ و ٧ تێیدا بەشدار دەبن و کات بەفیڕۆ دەدەن و دوایی بەبێ ئەنجام دەردەکەونە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان. من ئەو پێشنیارانەی خوارەوە بە گونجاو دەزانم بۆ ئەو قۆناغە ناسکە:

– کێشەکانی شەنگال:
PKK قوربانیەکی زۆری داوە بۆ شەنگال و ڕۆڵی ئەو بۆ ڕزگارکردنی دەیان هەزار ئێزیدی و دوایی ڕزگارکردنی شەنگال هەرگیز لەبیر ناکرێ، بەڵام لە ئێستادا هێزێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان یان ڕاستەوخۆ لە ژێر سێبەری ئەواندا لەوێ، لەوانەیە لە لایەن تورکیاوە خراپ بەکار بهێندرێ و مانەوەی ئەو هێزە لەوێ، جگە لە تورکیا پارتی ناڕحەت ئەکات و ئەیخاتە ناو داوی ئەنکەرە. بۆیە لە ڕێگای دیالۆگ ئەکرێ لایەنەکان بە نێوبژیوانی لایەنی سێیەم کە ئەکرێ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی باشوور و ئێزیدیەکان خۆیان بن، پڕۆتۆکۆلێک ئیمزا بکەن، تاکو دوای نەمانی داعش لەناوچەکە هیچ هێزێکی سەربازی “هێزەکانی PKK و پێشمەرگەکانی PDK” لەوێ نەمێنن. ئەکرێ لە ڕێگای ڕێفراندۆمێکەوە دەرفەت بە ئێزیدیەکان بدرێ، خۆیان ئیدارەیەکی هەرێمی سازبکەن و چارەنوسی خۆیان بۆ داهاتو دیاری بکەن.
– کێشەی سەرۆکی هەرێم:
ئەو یەکە کێشەی بنچینەیی و گرێکوێرەی نێوان لایەنەکانە. سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی لەو دواییانەدا پەیامێکی ڕاگەیاند کە ئەو ئامادەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشەی سەرۆکی هەرێم چارەسەر بکات. ئەکرێ لایەنەکان لەسەر ئەو پەیامە کار بکەن و داوا لە بارزانی بکەن زیاتر نیازەکانی ڕوون بکاتەوە، دەکرێ بۆ ئەو مەبەستە دیالۆگ و کۆبونەوەکانی پارلمان بە بەشداری سەرۆکی پارلمان دەستپێبکەنەوە بەبێ ئەوەی لایەنەکان پەنا بۆ ئیستیفزازکردن ببەن.
– کێشەکانی ڕۆژئاوا:
دوای شەنگال کێشەیەکی هەرە گەورە لەنێوان PKK و PDK لەسەر ئەو بەشەی کوردستانە. چەند ساڵێک لەسەر ئەو کێشەیە و چەند کێشەیەکی تەکنیکی دیکە کۆنگرەی نەتەوەیی بێ ئەنجام بو. بەکورتی ئەگەر ENSK بە زەقی لە سێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی تورکیا سیاسەت نەکات، هیچ بیانویەک بۆ ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێ ڕێگا لە کارەکانیان بگرێ و خەڵکیش ئەو یەکەیان لێ قەبوڵ ناکات. باشتر وایە ENSK واز لە گوتاری ڕەدکردنەوەی ئیدارەی ڕۆژئاوا بێنێت، واقیعەکە قەبوڵ بکات و وەک ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە شۆڕشدا بکات و ئەو یەکە بە یاسایی بکرێ.
– کێشەی نەوت و ئابووری:
نەخشەی نەوتی حکومەتی نێچیرڤان بارزانی گەورەترین کێشەی ئابووری و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردوە کە وابزانم زۆربەی زۆری پارتیەکانیش دانی پێدا ئەنێن. پارتی ئەبێ واز لە سیاسەتی نەوتی ئێستای بهێنێت. ئەو دەستپێشخەریەی پارلمانی عێراق کارێکی واقعیە و جگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیە. کورد لە جیاتی ئەوەی نەوت بکاتە کێشەیەک، دەبێ کاربکات بۆ دیموکراتیزەکردنی سیاسەتی نەوت لە تەواوی عێراقدا بۆ هەموو پێکهاتەکان.
بێگومان ئەو دەستپێشخەریە یان ئەو پڕۆژەیە نابێ یەکەم جار لە لایەن پیاوەکانی دەستی ٦ و ٧ گفتوگۆ بکرێ، بەڵکو دەبێ کەسانی هەری سەرەوە و بڕیاربەدەست لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەن. ئەگەر ئەو یەکە لەو ماوە کورتەدا ئەنجام نەدرێ، ئەوا دەبێ چاوەڕێی شەڕیکی دیکەی بەوەکالەت بکەین بۆ هێزە هەرێمیەکان کە لە ئەنجامدا، دەرفەتێکی سەد ساڵەمان لەدەست ئەچێ، بەڵام ئەوجارە لە سەر ئاستی تەواوی کوردستاندا.

————————————
http://www.turkiyegazetesi.com.tr/dunya/422919.aspx

https://rsf.org/en/news/syrian-conflict-leads-pdk-reprisals-against-pro-pkk-media

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0312201620?keyword=%D8%A6%D8%A7%DA%B5%D8%A7%DB%8C%20%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/051220168?keyword=PKK

http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/News/?Id=65733#Title=%0A%09%09%09%09%09%09%09%09مۆڵەتی ئەوە نادەین شەنگال ببێتە پێگەی PKK%0A%09%09%09%09%09%09%09

http://www.asteranews.net/babat/2254

http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=55176




گۆڕانی فۆڕم و وەرگێڕانی مرۆڤ خۆی … سۆران ئازاد

دیدی (کاڕل مارکس) بۆ ئامانجی ژیانی مرۆڤ و وەرگێڕانی ئەو ناوەڕۆکە هەر بە تەنیا لە پێناو مانەوە لە ژیاندا

(ئەم پارچە نووسینە بەشێکە لە پڕۆژەی کتێبێک لەژێر ناونیشانی “هێزی گۆڕینی ژیان”، کە لە ئێستادا کاری تێدا دەکەم).

چەمکی وەرگێڕان (Transformation)، (کە لە هەندێک کۆنتێکستدا وشەی گواستنەوەی و گۆڕان-یشی بۆ بە کار دەهێنم) لە ئاڕاستەکردنی هۆشیاریمان بۆ تێگەیشتن لە بونیاد و داهێنانی مرۆڤ ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. سەرەتا پێویست دەکات بزانین وەرگێڕان چییە و لە چ ئاستێکدا مامەڵە لەگەڵ بوونماندا دەکات. وەرگێڕان کرداری گۆڕینە. ئەو کردارە لە ئاستی و ئاڕاستەی جیاوازدا کار دەکات. ئێمە دەکرێت فۆڕمی شتێک بۆ شتێکی تر وەربگێڕین. وەکو ئەوەی مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵی وەرگێڕان و دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی سرووشتە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆیی پێ پڕ بکاتەوە. ئێمە دەتوانین لە دارێکدا کورسی، مێز، لاپەڕە و دەیان شتی جیاوازتر دروست بکەین. ئەو کردارە وەرگێران و دەستکاریکردنی ڕەسەنیەتی فۆڕمێکە بۆ شێوە و فۆڕمی جیاوازتر لە خۆی. پاش ئەوەی فۆڕمە ڕەسەنەکەی وەرگێڕدرا و دەستکاری کرا، هەرگیز و هیچ کاتێک ناتواندرێت بۆ فۆڕمەکەی پێشوو، کە شێوە ڕەسەنەکەیەتی، بگەڕێندرێتەوە. دارێک، کە کرا بە کورسی، ناتواندرێت بکرێتەوە بەو دارەی، کە پێش کران بە کورسی هەبوو.

بەڵام ئایا ئەو وەرگێڕانە تەنیا فۆڕم و کەرەستە سرووشتییەکان لە خۆی دەگرێت، یان مرۆڤیش دەتواندرێت وەربگێڕدرێت و هەرگیز نەبێتەوە بەوەی، کە پێشتر هەبووە؟ ئایا بە دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی دەرەوە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لەوە بپارێزێت، کە ڕەسەنیەتیەکەی لە دەست نەدات و خۆیشی بە هەمان شێوە بمێنێتەوە؟
بۆ دروستکردنی پردێک، کە نزیکمان بکاتەوە لە تێگەیشتن لەو پرسیارە، پەنا بۆ (کاڕل مارکس) دەبەین. ئەو لە پارچە نووسینی (ئایدۆلۆجیای ئەڵمانی)، کە لەگەڵ (فریدریک ئەنگڵس) نووسیویەتی، ئاماژە بە ئامانجی ژیان، کە دروستکردنی مێژووە دەدات و لە هەمان کاتدا، چی وامان لێ دەکات ئەو ئامانجە گۆڕان و لادان بە خۆیەوە ببینێت، دەخاتە بەر باس. هەر وەک لە بەشی (ڕەخنەیەک لە ئادیۆلۆجیای ئەڵمانی) دەنووسێت:

“… یەکەم مەرجی هەموو بوونی مرۆڤ و کۆتا مەرجی هەموو مێژوو ئەوەیە، کە {مرۆڤ} دەبێت لە ئاستێکدا و شێوە ژیانێکی گونجاودا بژێیت بۆ ئەوەی بتوانێت مێژوو دروست بکات. بەڵام بەر لە هەر شتێکی تر ژیان دەکەوێتە پێش هەموو شتێکەوە، خوارد، خواردنەوە، شوێنی حەوانەوە، جلوبەرگ زۆر شتی تر. یەکەم کرداری مێژوویی بەرهەمهێنانی شتومەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، بەرهەمهێنانی ژیانی ماتڕیاڵ خۆی. لە ڕاستیشدا، ئەوە کردارێکی مێژووییە و بنچینەی هەموو دۆخێکی تری مێژووە، کە ئەمڕۆ وەکو هەزاران ساڵی تر دەبێت ڕۆژانە و کاتژمێر لە دوای کاتژمێر پڕ بکرێنەوە بە تەنیا لەبەر بەردەوامیدان بە ژیانی مرۆڤ.” ل. 7

(مارکس) دروستکردنی مێژوو ناخاتە پێش پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان خۆی، چونکە بەر لەوەی ئێمە ڕۆڵی مێژوویمان هەبێت، لە بەردەم بەربەستە فیزیکییەکان داین. ئێمە لە ڕووی جەستەییەوە پێویستیمان بە بەرهەمهێنانی شتومەکە هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین بژین. ئەو خاڵە لای (مارکس) جێگەی ڕەتدانەوەیەکی گەورە نییە و نکۆڵیش لە گرنگیی پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە ناکات. ئەوەی کێشەی مێژوویی دروست دەکات ئەوەیە، کە بە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە بەربەستەکانی بەردەم دروستکردنی مێژوو کۆتاییان نایەن، چونکە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە مرۆڤ دەخاتە بەردەم هاوکێشەی ترەوە، ئەوانیش بەرهەمهێنانی پێداویستیی نوێن. کاتێک ئێمە پێویستیمان بە شتومەکێکە، بە پڕکردنەوە و تێربوون لەو شتومەکە، ویست و پێداویستیی شتومەکەی ترمان بۆ دروست دەبێت. بەرهەمهێنانی ئەو شتومەکە نوێیانە دەبن بە یەکەم کرداری مێژوویی.
ئەوەی (مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەیە، کە یەکەم کرداری مێژوویی (historical act) دروستکردنی مێژوو خۆی نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانە لە پێناو بەردەوامیدان بە ژیان. ئەوە پارادۆکسێکی گەورەی ناو ژیانە، چونکە لە لایەک ئێمە ژیانمان بۆ ئەوەیە مێژوو دروست بکەین، لە لایەکی ترەوە ئامانجی دروستکردنی یەکەم کرداری مێژویی، لە دیدی (کاڕل مارکس)، دەبێتەوە بە بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان.

یەکەم دۆخ، کە ڕووبەڕووی دەبینەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانن، دووەم دۆخ، کە هەم دۆخ (circumstance) و هەم یەکەم کرداری مێژووییە، بەرهەمهێنانی شتومەکە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە. سێیەم دۆخ، کە لە هەمان پارچە نووسین (کاڕڵ مارکس) ئاماژەی پێی داوە ئەوەیە، کە لە هەمان ئەو کاتەی مرۆڤ خەریکی بەرهەمهێنان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیەتی، وەچە دەخاتەوە و مرۆڤی تر دروست دەکات بۆ بەردەوامیدان بە وەچە و جۆری خۆی. لێرەوەیە خێزان دەبێت بە یەکەم پێباندیی کۆمەڵایەتی. زیاتربوونی پێداویستییەکان پێداویستیی نوێ لەوانە زۆربوونی دانیشتوان زیاد دەکات. بۆیە لە دیدی (مارکس) ئەوە دۆخێکی کۆمەڵایەتییە.

(خستنەوەی ژیان – production of life) لای ئەو چ لە ڕووی کار و چ لە ڕووی خستنەوە، پێوەندییەکی دوانەیی دروست دەکەن، کە لە لایەکەوە سرووشتییەوە و لە لاکەی تریانەوە کۆمەڵایەتییە. هەر ئەو بەشە کۆمەڵایەتییەیە وا دەکات پێوەندیی لە نێوان تاکەکاندا دروست بێت و پێوەندییەکانیش پاڵنەری زیادکردن (productive force) بڕیاری لەسەر دەدات و ئاڕاستەی دەکات. بۆیە مێژوو لای (مارکس) هەمیشە دەبێت لە چوارچێوەی پیشەسازی یان پیشە و گۆڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بخوێندرێتەوە.
بە خستنەڕووی دیدی (مارکس) بۆ ئامانجی ژیان بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودی ئامانجی ژیان و مێژوو وەرگێڕدراو یان گوستراونەتەوە. ئەو وەرگێڕانەی ژیان لە دروستکردنی مێژوو بۆ بەکارهێنانی مێژوو هەر بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، وەرگێڕانی ناوەڕۆکی مرۆڤ خۆیەتی. لەو کاتەی، کە پێویستە ئێمە دەست بە ژیان بکەین، ئێمە دەست بە ژیان ناکەین، چونکە ئەوەی دەمانەوێت دەستی پێ بکەین، لە خۆیدا ناتەواوە. مرۆڤ ژیانێکی پڕی نییە، چونکە بەردەوام پێویستی بە تەرخانکردنی ژیانە بۆ پڕکردنەوەی ژیان خۆی. لێرەوەیە مرۆڤ ناوەڕۆکەکەی وەردەگێڕێت. ئەو پرۆسێسی وەرگێڕانە پێمان دەڵێت، کە لە بنچینەدا مرۆڤ وەردەگێڕدرێت و ناوەڕۆکی بۆ ئامانج و ویستی تر دەگوازرێتەوە.

ئەوە چەندە لەو ڕۆڵە مێژووییە دامان دەبڕێت، هێندەش پێمان دەڵێت، کە ئێمە دەتوانین بۆ فۆڕم و ئامانج و ناوەڕۆکی تر بگۆڕێین و خۆمان بگوازینەوە.
ئەو گۆڕانە ناوەکییە دەبێت بە پێناسمان و بڕیار لەسەر کەسایەتیمان دەدات. ئێمە کاتێک پێویستیمان بە کەسایەتییە، کە لە ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانە داین و لەگەڵ ئەو کێشە بنچینەیانە مامەڵە دەکەین، بە تەنیا کەسایەتی لە یەکتر جیامان دەکاتەوە.
خاڵێکی تر، کە لەو تێگەیشتنەی (مارکس) بۆمان دەردەکەوێت گۆڕانی مرۆڤە لەو کاتەی هەوڵی گۆڕینی فۆڕمە سرووشتییەکان دەدات. کاتێک مرۆڤ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان دەستکاری شێوە و ناوەڕۆکی یەکە سرووشتییە ڕەسەنەکان، لەوانە کەرەستەی خاو (raw material)، دەکات، هەر بە تەنیا بە دەستکاریکردنی سرووشت ڕزگاری نابێت، بەڵکو بەو دەستکاریکردن و گۆڕینەی سرووشت، سرووشت و خودی خۆیشی دەگۆڕێت و شێوە و ناوەڕۆکی دەگوازرێتەوە بۆ ناوەڕۆک و ئاستی تر، کە ئامانجی ئەو گۆڕانە لەبەر ئەوەیە بە کۆمەڵێک بەربەست بەستراوینەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بژین.
(مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەی دەیکەین هەر ئەوە نییە، کە دەیکەین، بەڵکو دەرئەنجامەکانی ئەو کردنە گۆڕانی گەورە لە ئێمەدا دروست دەکە. ئەو گۆڕانە ناوەکیەش (inner transformation) ناوەڕۆکی مێژوو و بوونی مرۆڤ بەرەو ئاڕاستەی نادیار دەبەن.

—————————–
بڕوانە ئەم سەرچاوەیە

Mrax, Karl. The Germany Ideology’, part of the ‘A Critique of The German Ideology’ Book / Written: Fall 1845 to mid-1846. First. Published: 1932 (in full). Source: Progress Publishers, 1968

https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/Marx_The_German_Ideology.pdf




دیكامیرۆن؛ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر نهێنییەكان … حەسەن مستەفا

زەحمەتە میللەتێكی خاوەن زمانی زیندوومابێت بە چیرۆكەكانی نووسەری بە ناوبانگی ئیتاڵیا ( جیۆڤانی پۆكاشیۆ) لە ڕێی دیكامیرۆنەوە ئاشنانەبووبێ‌. دیكامیرۆن: واتە دەڕۆژ( دیكا واتە دە، میهرۆ واتە رۆژ) كە تیایدا سەد چیرۆك لەلایەن حەوت كچ ‌و سێ‌ كوڕەوە كە تەمەنیان لە نێوان ( 18- 25 ) ساڵدایە دەگێڕدرێنەوە. هۆكاری بەیەكگەیشتنی ئەم دەكەسەش لە كەنیسەی (نوێی سانتیا ماریا ) بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوروپای ئەوكات واتە ساڵی 1348 دووچاری پەتای تاعون دەبێت ‌وئەم پەتایە چارەگێكی دانیشتوانی كیشوەری ئەوروپای راماڵی. لە تەخمینێكدا دەڵێت: 25 ملیۆن كەس لە كیشوەری ئەوروپا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان سپاردووە. بۆیە ئەوانە لەترسی مەرگ روو لە كەنیسە دەكەن ، كە لەوێ‌ هەواكە پاكترە ‌و یەكتری دەگرنەوە ‌و بەپێی رێككەوتنێك بۆ دەڕۆژ روو لە قەسرێكی گەورەی گوندێكی نزیك شاری فلۆرەنسا دەكەن ‌و لەوێ‌ دەمێننەوە تا ئەوڕۆژانە دوور لە مۆتەكەی مەرگ بەخۆشی ‌و بەگێڕانەوەی چیرۆك بەڕێبكەن.
دروستكردنی دەروازەیەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە ئەوكاتە لەوێ‌ باوبوون یان ئەگەر روویاندابێت ‌و دەربڕینیان بەشێوەی چیرۆكی كورت لەلایەن نووسەر كە بەوپەڕی شارەزایی لە هونەری گێڕانەوە ‌و زمانی پەخشان نووسین ‌و خەیاڵی بەرفراوان ‌و نزیكبوونەوە لە واقیع ‌و گرتنی وێنەی گرنگی رووداوەكان كە سەردەمێك وێنادەكەن ‌و كۆكردنەوەیان لەچیرۆكێكدا ‌و بەو پەڕی بوێرییەوە دەریبڕیون ‌و تێكڕای چیرۆكەكان لەڕووی ناوەرۆكەوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە رۆژێكەوە لەیەكتر نزیكن چ لەڕووی فۆڕمەوە چ لە ناوەرۆكدا كە تیایاندا ئاماژە بۆ خۆشەویستی ‌و عەشق ‌و رۆحی بەرز ‌و فڕوفێل‌و گوناه ‌و سزا ‌و خیانەتی هاوسەری ‌و ئیرەیی ‌و تاوان ‌و جوامێری ‌و ئارامگرتن ‌و زیرەكی ‌و ئاگاهی ‌و ئازارچێشتن‌و كۆتایی دڵخۆشكەر ‌ودووڕوویی پیاوە ئایینییەكان ….دەردەكەوێ‌. ئەوەی گرنگە لە چیرۆكەكاندا لە سەرەتادا باسی شوێنێكت بۆ دەكات كە چیرۆكەكەی تێدا روویداوە، واتە كەم چیرۆك هەیە ئاماژەی بۆ شوێنێك .. ماڵێك.. كەنیسەیەك نەكردبێ‌ لەگەڵ بەكارهێنانی ناوی رەمزی ‌و واقیعی كەسەكان ئەگەر پێویستی كردبێ‌ . بە تایبەت نووسەر ناوی هەندێك لە نیگاركێشی ئەو سەردەمەی هێناوە ‌و تەواوی چیرۆكەكانیش بێناونیشانن.
خاڵێكی تری گرنگ لە چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ پیشاندانی رووی نادیاری ئەو كەسانەیە كە كۆمەڵگا زۆرجار وەك فریشتە لێیان دەڕوانێ‌. بەڵام لە واقیعدا بەجۆرێكی تروەك لەوەی كە هەن بەدیاردەكەون. بەتایبەت ئەو هاتۆتە سەر گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە لە ئاینی ئەواندا هەندێك دیاردە هەیە حەڕامكراوە، بەڵام پەنجە خستنەسەر دیاردەكان ‌ودەستنیشانكردنی بكەرەكان كە زۆربەی پیاوانی ئاینین ‌و گێڕانەوەی لەتوێی چیرۆكەكاندا بەشێكی بۆئەوەیە بڵێت ئەوانیش وەك هەر یەكێكمان مرۆڤن ‌و پێویستیان بە ژیان ‌و رابواردن ‌و دەربڕینی غەریزەی سێكسی هەیە ، لەدیوەكەی تریش ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش قابیلی هەڵەكردنن بۆیە نابێت بە پیرۆز لێیان بڕوانرێ‌. دەربڕینی چیرۆكەكان بەمشێوازە خۆی لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیەدا یەكیگرتەوە كە هاتە سەر وادەی تەمەنی لاوێتی پۆكاشیۆ، واتە ئەوكاتەی هزر وەرچەرخانێكی مەزنی بەخۆیەوەدی بەوەی كەوتە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتە رەهاكانی كەنیسە، كە ئەوكات هەردوو دەسەڵاتە زەمینی ‌و ئاسمانییەكەی لەدەستدابوو، بەڵام بەهۆی كارئاسانییەكانی ئیمپراتۆر فریدریك ‌و گومان ‌و پرسیاری سۆفیستاییەكان ‌و پێشكەوتنی بازرگانی لەڕێی بانقەكان ‌و پێشكەوتنی زانستی پزیشكی‌و دەرچوونی ئەدەب لە قالبی ستایشی ئایینی بۆ ئەدەبێكی كراوە ‌و دەرچوون لە زمانی نووسینی باو كە ئەو زمانە پبرۆزەبوو كتێبی پیرۆزی پێنووسراوەتەوە. هەروەها تەشەنەسەندنی هونەری پەیكەرتاشی ‌و ئەناتۆمی ‌و زانستی میعماری . ئەمانە ‌و دەیان هۆكاری تر كە چینی بۆرژوای تازە لەگەڵ دەركەوتنیدا هێنانیە ئارا. لەلاكەی تریشەوە زەمینەی پۆكاشیۆ بۆ كاری ئەدەبی زۆر لەبارتربووە لە زەمینەكانی تری ئەزموونكراودا. بۆیە ئەدەبێك هاتە نووسین كە زۆرجیاوازتر لە چاخەكانی پێش خۆی .
لە چیرۆكەكاندا لایەنی هیومانیستی ‌و رۆحی بەرز زۆر بەرچاودەكەوێت، ئەگەر لە چیرۆكێكا هەق بەلای پیاواندا بشكێنێتەوە ئەوا لەهەمان رۆژدا ‌و لە چیرۆكێكی تردا هەق بەلای ژندا دەشكێنێتەوە. واتە هەتا توانیبێتی ئەو بەلانسەی راگرتووە، سەرەڕای دواكەوتنی باری كۆمەڵایەتی كە ژن كەمتر حیسابی بۆدەكرا لەچاو ئەو گەشە ‌و پێشكەوتنانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.
چیرۆكەكان ئەوەندە بە زمانێكی سادە ‌و پاراو ‌و میللی گێڕدراونەتەوە كە تەواوی چین ‌و توێژەكانی كۆمەڵگا لێی تێبگەن ‌و سوودمەنبن لێی. زۆربەی چیرۆكەكان وانە ‌و پەندیان تێدایە، واتە لەوپەڕی بێئومێدی ئومێد بە مرۆڤەكان دەبەخشێ‌. كە تیایاندا بەجوانترین شێوە كەرنەڤاڵی خۆشەویستی ‌و جوانی ‌و خۆشیی دەربڕیوە، وەك وەسفدەكرێت دیكامیرۆن سندوقی چیرۆكە نهێنییەكانە.
زۆربەی چیرۆكەكان گێڕانەوەی باری بابەتی – كۆمەڵایەتی ئەوسای ئیتالیا ‌و دەوروبەرین هەندێك جاریش دزە دەكاتە رۆژاوای وڵاتانی عەرەبی لەسەر دابونەریتەكانی ئەوانیش چیرۆكی هەڵچنیوە.،هەر بۆ نموونە لەچیرۆكێكدا زۆر ستایشی جوامێری سەلاحەدینی ئەیوبی دەكات. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چیرۆكەكانی لەدابونەریتی رۆژاوا دەدوێن ‌و رۆچوونەتە نێو وردەكارییەكانی كۆمەڵایەتی ئەوسای كۆمەڵگای رۆژاوا ‌و دیمەنەكانی كەمتر بازدەدەنە نێو كۆشك ‌و تەلارەكان ‌و رابواردنی شازادەكان وەك ئەوەی كە لە پەرتووكی عاشقە ناودارەكان بەجوانی هەڵوەستەی لەسەركراوە، كە تەواوی رووداوە ئیرۆتیكی ‌و سێكسییەكان لەنێو كۆشك ‌و تەلاری پاشایاندایە واتە بنەماڵەی لویسەكان، بەڵام چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ لێرەو لەوێ‌ لە خەونی هەندێكیاندا نەبێت بەلای ئەم شوێنانەوە ناچن. زۆربەیان لەنێو هەژارنشین ‌و بازرگانە دەوڵەمەندەكان ‌و قەشە ‌و راهیبەكان ‌و كەنارەكانی فلۆرانس خولدەخۆن.
لەزۆربەی نووسینەكاندا ستایشی ئەم چیرۆكانەكراوە، بەڵام لەدیوێكی تریش كە تیایدا زۆرباس لە خیانەتی هاوسەری ‌و توندوتیژی دەكات ئەمانە ئەگەر لایەنە كۆمیدییەكەی لێدەركەی ئەوا قێزەونترین دیاردەن كە كۆمەڵگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێ‌ ‌و لەم پەرتوكە پانتاییەكی فراوانیان داگیركردووە، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبكەین كە ئەم چیرۆكانە 600 ساڵ زیاتر دەبێت نووسراون ‌و پارێزراون ‌و دەستاودەستیان پێكراوە ‌و زۆرجار لەناوهەندێك چیرۆكی میللی ‌و فۆلكلۆری میللەتانی تری رۆژهەڵاتیش تەوزیفكراون ‌و مۆركی خۆماڵیان وەرگرتووە. ئەمانە بەسەر یەكەوە بۆ ئیتالیا ‌و مرۆڤایەتی میراتێكی دەوڵەمەندی میللین . ئەم جۆرە هەوڵانە لەنێو زۆربەی میللەتان هەوڵی بۆدراوە، مەرج نیە لەشێوازی چیرۆكدا دەركەوتبن ‌و فۆڕمێكی ئاوایان وەخۆگرتبێت، ئەوەتا لەڕێی مامۆستای خوالێخۆشبوو علادین سجادی خەرمانێك لە چیرۆك ‌و نوكتە‌و قسەی نەستەق كۆكراونەتەوە كە تایبەتن بە كورد لە كتێبی رشتەی مرواری كۆكراونەتەوە. بێگومان بەهۆی ئەم هەوڵانەوە ئێمەش وەكو میللەت دەكرێ‌ بڵێین خودانی سامانێكی دەوڵەمەندین لە وێژە ‌و هونەر .




پارتی ئابڵوقه‌یه‌كی ئابووری توندی خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شارۆچكه‌ی شه‌نگال … عیماد عه‌لی


ده‌شێت ئابڵوقه‌ بخه‌یته‌ سه‌ر خۆت ؟

هه‌ر كه‌ گوێم له‌وه‌ بوو، یه‌كسه‌ر وتم ئه‌گه‌ر كیمیاویشمان هه‌بوایه‌ له‌دژی خۆمان به‌كارمان ده‌هێنا . به‌ڵێ، رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ له‌سه‌ر زاری لوما فه‌قیه‌ جێگری به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوه‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ( له‌وده‌ڤه‌ره‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌ده‌سته‌ و سه‌رجه‌م بازگه‌كان له‌ ژێر كۆنترۆڵی ئه‌ودایه‌ ) به‌وه‌ تاوانباركرد كه‌ ئابڵوقه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی به‌ تایبه‌تی ئابووری توندی خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شارۆچكه‌ی شه‌نگال، ئه‌م كرده‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌ژمێرێت كه‌ لێدانێكی هاوشێوه‌ی ره‌فتاره‌كانی به‌عس و داعشه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌درێت، به‌ڵام به‌ده‌ستی خودی كورده‌كه‌ خۆی .
ئه‌مه‌ هه‌واڵه‌، روداوێكی ئه‌وكاته‌ی دكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدای هێناوه‌ یادم له‌ بازگه‌یه‌كی نێوان هه‌رێم و عیراقدا، كه‌ له‌ كاتی قه‌یرانی ئابوری و ئابڵوقه‌ خستنه‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له‌ نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، چۆن له‌ بازگه‌یه‌كدا ژنێكی به‌ چه‌ند لیتره‌ به‌نزینێكه‌وه‌ گرت و هه‌ر به‌ به‌نزینه‌كه‌ی خۆی سوتاندی .
لێره‌دا جگه‌ له‌ ره‌فتاری سیاسی نابه‌جێ و به‌كارهێنانی هه‌موو ئامرازێكی نایاسای و نا مرۆڤایه‌تی و له‌ گرتن و كوشتن و برین و تیرۆر و سنور به‌زاندن له‌ دوژمنكاری له‌ ملاملانێی نێوخۆیی ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هاوزمان و هاونه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتی خۆتدا چیت بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ رقوكینه‌و دژایه‌تیدا به‌كارت نه‌هێنابێت .
ئه‌گه‌ر تۆ له‌، زیندانی كردن، كوشتن و برین و شه‌ری خۆخۆیی و براكوژی، تیرۆر، نانبرین و رێگه‌ گرتن له‌ په‌یداكردنی بژێوی ژیان، ئازاری سایكۆلۆجی و جه‌سه‌دیش، راونان و ده‌ركردن له‌ شوێن و وڵاتی خۆت، ده‌ركردن له‌ كاری ئاسایی، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك موحاره‌به‌ كردن و دژایه‌تی سیاسی ئابووری و ته‌نانه‌ت له‌ رووی رۆشنبیری و وه‌رزشیشه‌وه‌، چی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاوزمان و هاونه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتدا نه‌تكردبێت جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی كیمیاوی و ئه‌نفال كردن، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ و به‌كارت نه‌هێناوه‌ نه‌ك به‌ هۆی سڵكردنه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی و شه‌رم كردن له‌ میله‌ت .
بۆیه‌، ئه‌و قسه‌ زلانه‌ی له‌مه‌ر خۆشه‌ویستی میله‌ت و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و قوربانیدان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ ده‌كرێت، جگه‌ له‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك هیچ شتێكی تر نیه‌ . كه‌ توشی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكێكی له‌م جۆره‌ بیت و ده‌ستبه‌جێ توانای گۆرینت نه‌بیت، ئه‌ی چاره‌سه‌ر ؟
دیاره‌ كۆمه‌ڵێك حزبی سه‌ره‌كی و ده‌توانین بڵێن حساب بۆكراو له‌ نێو خه‌ڵكدا هه‌ن و، هه‌ریه‌كه‌و گیرۆده‌ی ده‌ستی بارێك بووه‌ و بارودۆخه‌ بابه‌تیه‌كه‌ رێگه‌ی پێ نه‌داون له‌ به‌رامبه‌ر تاكه‌ لایه‌نێكی ده‌سترۆیشوی ده‌سكه‌لای ده‌ستی ده‌ره‌كی و ئیستغلالكردنی ئاستی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیری خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندخوازان، توانای گۆرینی ریشه‌ییان هه‌بێت، كام رێگه‌ گونجاوه‌ بكریته‌به‌ر بۆ هه‌ر هیچ نه‌بێت كه‌م كردنه‌وه‌ی زیانی ئه‌م تاكه‌لایه‌نه‌ بوغرابووه‌ تووشبوه‌ی ده‌ستی نه‌زانی خۆی .
ئابڵوقه‌ خستنه‌ سه‌ر میله‌تی خۆت به‌ هۆكاری فشاری ده‌ره‌كی و وابه‌سته‌یی و گیرۆده‌ی نه‌زانی هه‌ڵه‌ و نه‌رجسیه‌ت و به‌رژه‌وه‌نخوازی ته‌سك و ملكه‌چ بون بۆ لایه‌نی ده‌ركی به‌ ده‌ستی خۆت، ئه‌م ره‌فتاره‌ تا چ راده‌یه‌ك به‌ موڵكی خۆت هێشتویته‌وه‌ و تا چه‌ند بریاره‌كانت زاده‌ی ده‌ست و بیركردنه‌وه‌ی خۆتن و به‌ده‌ستی خۆت جێبه‌جێی ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌كرێگیراوی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان نه‌بێت، ئه‌ی چی ده‌گه‌یه‌نێت . به‌ڵام سه‌رسورمان له‌وه‌جایه‌ كه‌ رووقایمی ئه‌م جۆره‌ لایه‌نانه‌ تا رادیه‌كه‌ كه‌ رۆژ نیه‌ باسی وڵات و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و مافه‌كانی خه‌ڵك نه‌كه‌ن، ئه‌م ئاسته‌ نزم و له‌ قورگیراوه‌ی لایه‌نی دسه‌ڵاتدار ، جگه‌ له‌ شۆرش و گۆرینی ریشه‌یی به‌ چی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت . ئه‌مه‌ش له‌ توانای خه‌ڵك نه‌بێت و به‌خۆی كۆشك ته‌لاری ئه‌مانه‌ تێك بدات، ئه‌م حزبه‌ به‌رژوه‌نخوازانه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵانه‌دا كه‌ به‌ خۆیان به‌شێكن له‌ پرۆسه‌كه‌، ناتوانن بوه‌ستنه‌وه‌ .




ئه‌ستێره‌كانی داستان بەرزان برینی‌ مرۆڤن … ئا: ئارام

ئه‌ستێره‌كان برینی‌ مرۆڤن” ناونیشانی نوێترین کتێبی شیعریی داستان بەرزانە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا لە لایەن خانەی ڕۆنانەوە بڵاوبکرێتەوە.
ئەم کتێبە شیعرییەی داستان بەرزان سیازدە دەقی شیعریی لە خۆ گرتووە و بەشی هەرە زۆری دەقە شیعرییەکان دوای کتێبی شیعریی (بووم به‌ ژێر ڕۆژه‌ خێراكانی‌ مۆدێرنه‌وه‌)ی شاعیرەوە نووسراوە و بەشێک لەم دەقانەی پێشتر لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکراوەتەوە و بەشێکی دیکەیان بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە.
داستان بەرزان لەبارەی ئەم کتێبە شیعریەیەوە گوتی: “ئه‌م شیعرانه‌ی‌ له‌م كتێبه‌دان درێژكراوه‌ی‌ ئه‌زموونێكن له‌ نووسین، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (بووم به‌ ژێر ڕۆژه‌ خێراكانی‌ مۆدێرنه‌وه‌) سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، به‌ڵام لێره‌دا به‌ دیدگای‌ نوێتر و هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ نوێتر بۆ ڕوانین، ئه‌مه‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دوو كتێبه‌كه‌دا ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌.”
شاعیر زیاتر لەبارەی ئەم شیعرانەی نێو ئەم کتێبەوە دوا و باسی لەوە کرد “کە هه‌ر یه‌كێك له‌ شیعره‌كانی‌ ئه‌م كتێبه‌ ساته‌وه‌ختێكی‌ تایبه‌تی‌ منن له‌ به‌ركه‌وتنم به‌ دونیا، ئه‌م شیعرانه‌ هه‌ڵوێستی‌ شاعیرانه‌ی‌ منن به‌رامبه‌ر ڕه‌قی ژیان، هه‌وڵێكن بۆ ده‌خستنی‌ دزێوییه‌كانی‌ ژیانێك، كه‌ خۆیمان لێده‌شارێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ ماسك و خۆئارایشتكردن فریومان بدات، كه‌ به‌ بڕوای‌ من مرۆڤی‌ هۆشیار ئه‌وانه‌ن ئه‌و فریوه‌ ناخۆن و ژیان وه‌ك خۆی به‌ ڕه‌قی و دزێوییه‌كانییه‌وه‌ ده‌بینن.”
لەبارەی ناوەڕۆکی شیعرەکانیشەوە داستان ئەوەی خستەڕوو کە “پڕۆژه‌ی‌ ئه‌م شیعرانه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دونیایه‌كی‌ پڕ له‌ بێدادی‌ و سیستماتیكی‌ وه‌ها كه‌ ڕۆژانه‌ ڕۆحمان ده‌هارێت و به‌های‌ مرۆیمان كاڵتر ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت شیعر دونیایان بۆ جوان بكات باشتر وایه‌ ئه‌م كتێبه‌ نه‌خوێننه‌وه‌.
داستان بەرزان یەکێکە لە شاعیرانی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین و خاوەنی سێ دیوانە شیعری چاپکراوە کە ئەوانیش “تۆم هەبیت-2012″، “خودێکی پەرتبوو 2012″، “بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانی مۆدێرنەوە-2013”.




ڕۆمانی مەیخانەکەی ئورتینە … نەبەز گوڕان

(عەشقەكەی شێخی سەنعان و كچەی گاور)
رۆژی ٢٢/١٢ کاتژمێر ٢.٣٠ پاشنیوەڕۆ هاوکات لە گەڵ کتێبەکانی (غەزەلنووس) بە ئامادەبوونی (نەبەز گوڕان) بڵاو دەبێتەوە.
بەخێر بێن…

ئەم ڕۆمانە بە سپۆنسەری گروپی كۆمپانیاكانی (قەیوان) و لەسەر ئەركی (غەزەلنووس) چاپ بووە.
ڕۆمانەكە ئیشكردنە لەسەر حیكایەتێكی كۆنی، لەنێوان شێخێكی ئایینی و كچێكی گاوردا. ئەو چەمكانەی لەم ڕۆمانەدا ئیشیان لەسەركراوە، بریتین لە (ئایین، ئیمان، عەشق)




نامەکانتان گەییشتوون [١] … هەژێن*

٠٤ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەی ئەوانەی کۆشتاری شیوعیەکانی کانی ماسی ١٩٦٤ و پیاسەی تاڵەبانی لە بەکرەجۆ ١٩٦٦ و ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٤ بازرانی و بەرلەشکریی ١٩٧٩ قیادە موەقەتە لە سنە و مەریوان و دزلی و شاکارەکەی یەکی ئایاری ١٩٨٣ قڕناکا و پشتئاشانی نەوشیروان موستەفا و بردنی پاسدار بۆ باباگوڕگوڕ ساڵی ١٩٨٥ (ینک) و پێشلەشکریی بۆ سەر ھەڵەبجە ١٩٨٨ (بەرەی کوردستانی) و بە ئەنفالدانی سەدان ھەزار گوندنشینی قەرەداخ و گەرمیان و بادینان ١٩٨٨ و پێشکەشکردنی پێشمەرگەکانی (حشع) بە بەعس پاش ئەنفال لەلایەن پێشمەرگەکانی (ینک) و خولی سێییەمی جەنگی نێوخۆ ١٩٩٤-١٩٩٨ و گوللەبارانکردنی خۆنیشاندانی دژی شەڕ لە ھەولێر ١٩٩٤ و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی جەنگی نێوخۆ لە ئاکرێ و ڕایات و قەڵاچوالان و ھێنانەوەی حەرەس جمھوری٣١ی ئاب و ھێنانی پاسدار بۆ کۆیەی ١٩٩٦ و ھێنانەوەی سەدان جارەی جەندرمە بۆ نێو ھەرێم و جیابوونەوەی نەشیروان بە دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گردەکەی تاڵەبانی ٢٠٠٦ و ھێنانی داعش و پێشکەشکردنی زومار و بەعشیقە و شەنگال و مەخموور و بازرگانی نەوت و گاز و لەتەك داعش ٢٠١٤ و پیاسەکردنی داعش لە کەرکووك ٢٠١٦ و ھەوڵی تەقاندنەوە و ئاژاوەنانەوە لە “ڕۆژاوا” ٢٠١٢-٢٠١٦ و تیرۆرکردنی نەزیر عومەر ١٩٩٣و ڕەئوف کامیل ١٩٩٣ و ئەلی بۆسکانی ١٩٩٢ و حەمەحەلاج ١٩٩٤و بەکر عەلی ١٩٩٦ و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و عەبدولستار تاھیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویدات حوسەین و ھەزاران و ملیۆنان تیرۆر و ڕاونان و شتی دیکە، ئەی ئەوانەی کە پاش چەند چرکە ئەو گشتەتان لەبیرچووەتەوە.

نامەکانتان بە سەری ڕەش و قەڵاچوالان گەییشتوون و ئەگەر دڵنیانین، وەرن لەنێو خاشاکی کۆشکەکان بگەرێن، ئیدی بەسە و چیدی نامانەوێت وڕێنە و دەبەنگیی ئێوە بخوێنینەوە؛ ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، مەگەر تێناگەن و دەبەنگن و نازانن، کە دەسەڵات لەپێناو مسۆگەرکردنی مشەخۆرییە و سیستەمی مشەخۆریی و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی زلهێز بواری بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێوە نادەن و ئێمە بە بارمتەگیراوین و ئەگەر مووچەی ئێوە نەبڕین و ئەگەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکان چەند قات بەرزنەکەینەوە و ئەگەر ڕێکەوتننامەکان واژۆنەکەین، بە حەب و دەرزییەك، بە خواردنێك ئێمە ژاراوکوژدەکەن و ھەزار و یەك بەڵگەی پزیشکی دەکەنە پاساوی مردنمان؛ ئێوە چین و بۆچی تێناگەن، ئەوە داخوازی و مەرجی نەزمی نوێی بازارە (نیئۆلیبرالیزمە) و ڕاگرتنی جەنگیش تەنیا لە توانای کۆمپانییەکانی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی هەیە و تاکو کارخانە و بازارەکانی چەکسازی هەبن، جەنگەکان بەردەوام دەبن و تاکو سەروەری هەبێت، چەك پێویستە و تاکو ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر” و سەرانی “پارتییە پێشرەوەکان” لەسەر کڕینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمەبیل کێبڕکێبکەن، (داعش) و جەنگ پێویستدەبن و دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان بێت، تاکو دەبەنگانی دونیا وەك ئێوە بتوانن زۆرترین بەنزین بکڕن و ئۆتۆمەبێلە پانوپۆڕەکانیان لێخوڕن. [٢]

نامەکانتان گەییشتوون، ئەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ی دەبەنگ، ئەی ئەوانەی کە لە واتای بێدەنگمانەوەی ئێمە تێناگەن و بە ھەزاران “ئەلف” تێناگەن، ئیدی لەوژە لەوژ بەسە، دەبەنگبێژی بەسە، تەرسەقولبێژی بەسە، نامەنووسین و پاڕانەوە بەسە و تێبگەن، ھەر ئاوا ئێوە لە ئاستی ئێمە بێدەسەڵاتن، ھەر ئاوا ئێمەش لە ئاستی مەرجی نێو ڕێکەوتننامەکانی دەوڵەتانی زلھێز و سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بێدەسەڵاتین و بە فیکەیەکی ئەوان تەخت و تاراجمان نامێنێت.

نامەکانتان گەییشتوون و ئێوە ناخوازن لە وەڵامنەدانەوەی ئێمە بگەن، کە ئێمەش بێدەسەڵاتین و دەسەڵاتی ئێمە لە تیرۆرکردنی ناڕازییان و ڕاگرتنی جەماوەر و پاسەوانی بیرەنەوتەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان و کڕینی چەك و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکان و قەرزکردن، هیچی یدکە نییە و ژییان و منداڵ و ھاوسەرانمان بەبارمتەگیراون. ئێوە ناتانەوێت تێبگەن؛ ئەگەر ئێمە فزەبکەین، وەك (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) [٣] نیوەشەوێك دەماکوژن . گوێرادڕین دەبەنگینە، مەگەر سەری ئێوە تەپاڵەی تێدایە، ئاوا تێناگەن و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیشتان وەك خۆتان دەبەنگکردووە؛ تێناگەن کە ئێمە ناتوانین و مافی وەڵامدانەوەمان نییە و ئەگەر وەڵامبدەینەوە، لە دوو شت زیاتر نییە، یان هەر وەك ئێوە تەنیا دەتوانین خەڵك خۆشباوەڕتربکەین، یان فیشەکێك لەنێو دەمی ناڕازییانی سەرکێش بتەقێنینەوە. دەبەنگینە ئێوە بەو نامە دەبەنگانەی خۆتان تەنەکەی خۆڵی ئێمەتان پڕکردووە و ناهێڵن خەڵکی ناڕازای بەخۆی بیربکاتەوە و لەوە تێبگات، کە ئەگەر ئێمە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی خەڵك بدەینەوە، تەمەنمان چەند چرکەیەك زیاتر نابێت و بارمتەگیراوێکی دیکەی وەك ئێمە دەخەنە شوێنمان و باری خەڵکیش وەك ئێستا هەر “چل مەن” دەبێت. بەڵام ئەگەر خەڵکی بەخۆی خۆی ڕێکبخات و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئێمە، هەم ئێمە لەم بارمتەبوونە ڕزگاردەبین و هەم سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بارمتەگیراوێکی دیکە بخەنەوە شوێنی ئێمە. ئیدی بەسە و چیدیکە نامە ئاراستەی ئێمە مەکەن و بە دەبەنگی خۆتان خەڵك خۆشباوەڕ و چاوەڕوان مە‌هێڵنەوە، با چیدیکە خەڵکی چاوەڕوانی سۆزداریی ڕۆبۆتێکی وەك ئێمە نەکات و بە تەرسەقولبێژیی ئێوەش وڕ و گێژنەبێت؛ با خەڵکی بەخۆی بیربکاتەوە و لە بێوەڵامی ئێمە تێبگات، تکایە چیدیکە نامەی تەرسەقولاوی بۆ ئێمە مەنێرن!

بۆ دوا جار لێرەدا جارێکی دیکە هەزاربارەی دەکەینەوە، ئەی دەبەنگانی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، گشت نامە خۆشباوەڕکەرەکانتان گەییشتوون و ئەمەش دوا وەڵامە و ئیدی بەسە و تێبگەن، ئەی بێهۆشترین بوونەوەرانی سەر گۆی زەمین، ئەی چڵکاوخۆرانی بەردەم کۆشكی سەر ڕەش و قەڵاچوالان و پارلەمان و گردەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبەنگی بەسە و کڕبکەون، تاکو خەڵك بەخۆی بیربکاتەوە و چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەگەرنا هەمان چارەنووسی فلیپین و ئەرجەنتین و کۆڵۆنییەکانی ئەفریکا لە پێشتان دەبێت و کاتێك کە نەوت نەما، ئیدی تەنیا باجی لەشفرۆشییەکانی “نیشتمان” دەتوانێت “ئاڵای نەتەوە” بشەکێنێتەوە. [٤]

————————————————————
[١] وەڵامێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕۆناکبیر”انەی کە پاش چارەکە سەدەیەك تاڵانی و گەندەڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، هێشتا دەبەنگانە نامە بۆ دەسەڵاتداران دەنووسن و خەریکی بزواندنی سۆزی ڕۆبۆتەکانی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ختووکەدانی خۆشباوەڕیی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات و چاوڕێهێشتنەوەی ناڕازیانن و بە نەتەوەگەرایی (ناسیونالیزم) هۆشی ناڕازییان بەنگدەکەن. لێرەدا مەبەستی من نووسەران و ڕۆژنامەگەران و “ڕوناکبیران”ی دەرباری دەسەڵات و پارتییەکان نییە، چونکە ئەوان لە خۆشباوەڕییەوە دەربارنین و ھوشیارانە لە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی دەسەڵاتداران داکۆکیدەکەن؛ مەبەستم نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ێکن، کە خۆشباوەڕانە بە “نەتەوە” و “وڵات” و “ھاووڵاتی” و “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش” و “پارلەمان و پارلەمانتاری باش” و “فەرمانداریی و دەوڵەتی باش” ھۆشی نەداران و بێدەسەڵاتانی ناڕازی ژاراویدەکەن و ڕۆژانە لەنێو کاناڵەکانی مێدیا نامە ئاراستەی دەسەلاتدارانی بۆرجوازی کورد دەکەن و خەریکی ئامۆژگاریکردنی دەسەڵاتدارانن، بۆ ئەوەی “سەرکوتگەرێکی دڵسۆز و بەسۆزی خەڵك” بن.

[٢]لەو کاتەوە کە (داعش) هاتووەتە نێو عیراق تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا نرخی بەنزین و گازوایل و گاز هەرزان بووە.

[٣] (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) پاپای ڤاتیکان بوو، ٢٦ی ئۆگوست تاکو ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٧٨، ماوەی پایپبوونی تەنیا سی و سێ (٣٣) بوو و نیوەشەوێك ناڕۆشنانە مرد. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_John_Paul_I

[٤]ساڵی دوو هەزار، لە گەرمەی شانازیکردنی خۆشباوەڕان و دەسکەلاکانی دەسەڵات بە ئاڵای بۆرجوای کوردستان لەنێو ژوورەکانی پاڵتۆك بەدیاریکراوی لەنێو ژووری “ئازادیخوازان” کە ژووری چەپ و نەتەوەگەراکان بوو، گوتم “ڕۆژێك دێت، کە ئاڵای ئێوەش وەك ئاڵای فلیپین بە باجی لەشفرۆشییەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە”.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




گفتوگۆ لەگەڵ سەڵاح بایەزیدی سەبارەت بە وەرگێڕان ….سازدانی / شاخه‌وان سدیق.


سه‌ڵاح بایه‌زیدی

قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌.
(سه‌ڵاح بایه‌زیدی) یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو دیاره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ناو دونیای وه‌رگێڕانی كوردی و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانی فارسیه‌وه‌ بۆ كوردی، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.


پ1/ (بارگاس یۆسا) ده‌ڵێت “وه‌رگێڕه‌كان شكست خواردووه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بن” واته‌ ئه‌وانه‌ی نه‌یان توانیوه‌ ببنه‌ ئه‌دیبی باش ڕوویان كردۆته‌ وه‌رگێڕان و بونه‌ته‌ وه‌رگێڕی باش، ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ بڕوای تۆ تا چه‌ند ڕاسته‌؟ تۆ بۆ ده‌ستتكرد به‌ وه‌رگێڕان؟

وه‌/ به‌ ڕای من وه‌رگێڕان تا ڕاده‌یه‌ك كۆسپه‌ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌وه‌ی ببیته‌ ئه‌دیبێكی باش، چونكه‌ ئیتر ناتوانی وه‌كوو پێویست كات بۆ نووسینی خۆت ته‌رخان بكه‌ی. له‌ نووسیندا تووشی وه‌سوه‌سه‌ت ده‌كا، چونكه‌ ئیدی به‌ هه‌ر ده‌قێك ڕازی نابی. یان ده‌نا ڕێگر ده‌بێ له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ستایلێكی نووسینی تایبه‌ت به‌ خۆت بدۆزیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان بوو به‌ خولیا، به‌رده‌وام هه‌ست ده‌كه‌ی كاری وه‌رگێڕانت زۆره‌ و ده‌كرێ بیرۆكه‌كانی خۆت وه‌ لاوه‌ بنێی و دواتر كاریان له‌ سه‌ر بكه‌ی. هه‌تا له‌ وه‌رگێڕاندا پڕكارتر بی، له‌ نووسیندا ته‌وه‌زه‌لتر ده‌بی. ئه‌و كاته‌ی كه‌ بۆ وه‌رگێڕانی ته‌رخان ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر بێت و بۆ ده‌قێكی خۆت ته‌رخان بكرێ، بێگومان چه‌نده‌ش له‌ سه‌ره‌تادا لاواز بێ، به‌ پێی ئه‌زموون ده‌گۆڕدرێ و شتێكی پوختی لێ ده‌رده‌چێ. محه‌ممه‌دی قازی و ئیبراهیمی یۆنسی له‌و دوو وه‌رگێڕه‌ پڕكاره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردانه‌ن كه‌ خزمه‌تی ئه‌ده‌بیی فارسییان كردووه‌ و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ ده‌كرا ئه‌دیبی باش بن. محه‌ممه‌دی قازی به‌ ڕۆمانی “زارا” و “بیره‌وه‌رییه‌كانی وه‌رگێڕێك” و ئیبراهیم یۆنسیش به‌ چه‌ند ڕۆمانێك وه‌ك “دادا شیرین” و “نزا بۆ ئارمێن”. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، وه‌ك چۆن كاری وه‌رگێڕان ڕه‌نگه‌ زه‌بر له‌ نووسین و داهێنان بدا، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌دیب بوون بۆی هه‌یه‌ زیانی بۆ وه‌رگێڕان هه‌بێ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌دیبێكی باش وه‌رگێڕێكی باش نه‌بێ. ستایل و سه‌لیقه‌ی خۆی به‌ سه‌ر ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا بسه‌پێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسییه‌، هاوكات له‌ ئینگلیزیشه‌وه‌ كاری وه‌رگێڕانی كردووه‌، له‌وانه‌ “قه‌له‌ڕه‌ش”ه‌كه‌ی ئێدگار ئالێن پۆی كردۆته‌ فه‌ره‌نسی، به‌ڵام به‌ ڕای زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران وه‌رگێڕانێكی بوودلێریانه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌قه‌كه‌دا بوودلیر ده‌بینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. له‌ كوردیشدا نموونه‌ی وامان هه‌یه‌، وه‌رگێڕانی شیعره‌كانی خه‌ییام له‌ لایه‌ن مامۆستا هه‌ژاره‌وه‌، وه‌رگێڕانێكی هه‌ژارانه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژار ده‌بینرێ خه‌ییام نابینرێ.
سه‌باره‌ت به‌ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شت ده‌بێ بڵێم ئه‌و حه‌زه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و ئه‌ده‌بی جیهانی هه‌مبوو خولیای وه‌رگێڕانی له‌ مندا به‌دی هێنا. یه‌كه‌م به‌رهه‌می چاپكراوم وه‌رگێڕانی كورته‌ چیرۆكێكی ته‌نز بوو له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی له‌ گۆڤاری “سروه‌”دا بڵاو بۆوه‌. دواتر به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌م به‌ كاری وه‌رگێڕان دا و له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی ڕابردوو، له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێكدا وازم لێ نه‌هێناوه‌ و لێی پاشگه‌ز نه‌بوومه‌ته‌وه‌.

پ2/ هه‌میشه‌ ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كان بگوازێته‌وه‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام هیچی له‌ نووسین كه‌متر نییه‌، بۆیه‌ش وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌ هه‌مانكاتدا نووسه‌ر بێ. به‌ڵام قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌. لێره‌دا، وه‌رگێڕ ده‌توانێ به‌رگێكی نوێ به‌ باڵای ده‌قدا ببڕێ. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوت خوێنده‌وه‌ و هه‌ستت كرد كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ جلی كوردیان له‌به‌ر دایه‌ یان فه‌زای گوند و شوێنێكی نیشتیمانی خۆت له‌ مێشكتدا وێنا بوو یان ده‌نا هه‌ست بكه‌ی كه‌سه‌كان به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ بزانه‌ ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.

پ3/ ئێستا له‌ كوردستان پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌ ده‌كرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌، وه‌رگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌كه‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا.

وه‌/ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و زمانه‌ دووه‌م و سێیه‌مه‌ كام زمانن. ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه‌ دووهه‌مه‌ زمانێكی ئه‌وروپی بێت، به‌ ڕای من گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ڕوو نادا، زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانی پشت به‌ وه‌رگێڕانێكی ئینگلیزی ببه‌ستی كه‌ له‌ هه‌نگاری یان یۆنانییه‌وه‌ كراوه‌، یان وه‌رگێڕانێكی فه‌ره‌نسی كه‌ له‌ پورتوگالی و ئیسپانییه‌وه‌ كراوه‌، چونكه‌ گۆڕانكاریی به‌ سه‌ر وشه‌كاندا نایه‌، ستروكتوری ده‌ق ناگۆڕدرێ. هه‌ڵبه‌ت دیسان ئه‌گه‌ر له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌ بێ باشتره‌، به‌ڵام هه‌ندێك زمان هه‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورددا یه‌ك دوو ئه‌دیب ئاشنای نه‌بێ، بۆیه‌ به‌ ناچاری له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ ده‌بێ وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕان له‌ لای خۆمان و جیرانه‌كانمان هه‌یه‌، لێره‌ نییه‌ یان كێشه‌كان له‌و ڕووه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراون كه‌ ئیتر نابینی باسی لێوه‌ بكرێ. به‌ڵام بۆ زمانی فارسی وا نییه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ وه‌رگێڕه‌ كورده‌كان. ناتوانی متمانه‌ به‌ هه‌ر وه‌رگێڕێكی فارس بكه‌یت. فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ له‌ وه‌رگێڕانی فارسیدا هه‌یه‌. ئیتر وای لێ هاتووه‌ هیچ سنوورێكی ئه‌خلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوی فارسیم خوێنده‌وه‌ وه‌رگێڕه‌كه‌ی وشه‌ی ”به‌راز”ی له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا كردبوو به‌ ئاژه‌ڵ، ئاژه‌ڵه‌كان. له‌ زۆر جێدا، پێش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی ئێران كاره‌كانیان سانسۆڕ بكا، بۆ خۆیان سانسۆڕی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كانیان بڵاو ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ سانسۆڕێك كه‌ وه‌رگێڕ به‌ سه‌ریدا سه‌پاوه‌ یان دڵخوازانه‌ كردوویه‌تی و زۆریش بێمانایه‌. ئیتر بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان ده‌فارسێندرێن، ئیدیۆم و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌گۆڕدرێن. هه‌ست ده‌كه‌م له‌ نێوان زمانی فارسی و عه‌ڕه‌بیدا پتر ده‌توانی پشت به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی ببه‌ستی و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ناچار بی وه‌رگێڕانێكی ده‌ستی دوو و سێ بكه‌ی، له‌ عه‌ڕه‌بییه‌وه‌ بێت كه‌موكوڕی كه‌متر بێ.

پ4/ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ چین كه‌ ده‌بێت له‌ كه‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێك به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له‌ مرۆڤ بكات توانای وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه‌ یان زانسته‌ یان هونه‌ره‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان له‌ كوردستان هێشتا نه‌بۆته‌ پیشه‌ یان زانست و زیاتر هونه‌ر یان خولیا و حه‌زێكی تاكه‌كه‌سییه‌. پیشه‌ نییه‌ چونكه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌موو وه‌رگێڕێكی كورد له‌ په‌راوێزی ژیانی ڕۆژانه‌دا كاری وه‌رگێڕان ده‌كا، بۆ بژیوی ژیان ناچاره‌ په‌نا بۆ كاری تر ببات و وه‌ختی پشوو و حه‌سانه‌وه‌ی بۆ وه‌رگێڕان دابنێ، وه‌رگێڕانی كوردی له‌ په‌راوێز و به‌ ماندوویی ده‌كرێ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ نۆره‌ی خۆی كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر كوالیتی وه‌رگێڕان هه‌بێ. نه‌بۆته‌ زانستیش چونكه‌ كۆڕ و ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان دروست نه‌بوون و وه‌رگێڕی كورد به‌ هه‌وڵی خۆی، خۆی پێده‌گه‌یه‌نێ و ده‌رچووی زانكۆ یان ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان نییه‌. دواتر به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراویش، نه‌ به‌ باش نه‌ به‌ خراپ قسه‌ی له‌سه‌ر ناكرێ و هه‌ڵناسه‌نگێنرێ.
سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانێكی باش و سه‌ركه‌وتوویش، به‌ بۆچوونی من زانین و شاره‌زابوون به‌سه‌ر زمانی ده‌سپێك و زمانی مه‌به‌ستدا مه‌رجه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌. وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌و بواره‌دا ئاگادار بێ كه‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كا. دیاره‌ ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌نته‌رنێت له‌چاو ڕابردوو ده‌رفه‌تێكی زیاتری بۆ وه‌رگێڕه‌كان ڕه‌خساندووه‌ و له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ كردوون. بۆ نموونه‌ وه‌رگێڕێك زۆر به‌ سانایی ده‌توانێ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی ناوچه‌یه‌ك یان سه‌باره‌ت به‌ ناو، شوێن، كه‌سه‌كان و زۆر شتی تر زانیاری به‌ده‌ست بێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ پێشخستنی توانا و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ور نابینێ و ته‌نیا ده‌توانێ كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكا.

پ5/ وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كتێبخانه‌ی كوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بكه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌كان، پێتان وا نییه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌كی گه‌وره‌یه‌؟
وه‌/ وه‌رگێڕان ڕه‌فه‌ به‌تاڵه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی داده‌گرێ و ڕه‌فه‌ی نوێی پێوه‌ زیاد ده‌كا، نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌نده‌ش خاوه‌نی كتێب و نووسه‌ر بێ، دیسان پێویستی به‌ وه‌رگێڕانه‌. خاڵی سه‌رنج ڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین كتێب و ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانن، زیاتر له‌وانی دیكه‌ گرنگی به‌ وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و له‌و بواره‌وه‌ چالاكترن. كتێبی وه‌رگێڕدراویان له‌ هی نووسراو پتره‌. وه‌رگێڕان، ده‌توانێ به‌ هانای كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌ بێ، ده‌وڵه‌مه‌ندی بكا و ڕه‌نگ و بۆی پێ ببه‌خشێ. ده‌توانێ له‌ داهێنان و نوێگه‌ریدا ڕۆڵێكی به‌رچاو بگێڕێ.
له‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕان به‌ زمانی كوردی هه‌وڵ و خولیای وه‌رگێڕ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌، هه‌ندێك فاكته‌ری دیكه‌ دێنه‌ گۆڕێ: هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، دۆزینه‌وه‌ی وه‌شانخانه‌، تیڕاژ و ڕێژه‌ی خوێنه‌ران. زۆر شت كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ده‌قێكدا به‌ كوردی بیری لێ نه‌كرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نه‌كردۆته‌وه‌ تا بزانم كه‌ند و كۆسپه‌كانی به‌رده‌می چین.

پ6/ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه‌ زۆر و بۆریی له‌ وه‌رگێڕاندا هه‌یه‌، كێ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ و چی بكرێت بۆ باشتربوونی؟
وه‌/ وه‌رگێڕان هه‌تا زۆر بێ باشتره‌، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌كرێ، زۆر نییه‌، هێشتا به‌ سه‌دان شاكاری كلاسیك هه‌ن بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رنه‌گێڕدراون، ڕه‌نگه‌ بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆره‌ چونكه‌ دره‌نگ ده‌ستمان پێ كردووه‌. به‌ڵام بۆربوون له‌ وه‌رگێڕاندا به‌دی ده‌كرێ، پاشاگه‌ردانییه‌ك هه‌یه‌ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌زگاكانی چاپ و په‌خش لێی به‌رپرسیارن. ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌بێ هه‌موو وه‌رگێڕانێك بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ و لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و كتێبانه‌ پێك بێنن كه‌ به‌ نیازن بڵاویان بكه‌نه‌وه‌ و له‌ بڕیارداندا هه‌ستیارتر بن. به‌ تایبه‌ت گرنگی به‌ زمانی كوردی بده‌ن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌رگێڕانی كوردی.

به‌شێك له‌ ژیاننامه‌:
سه‌ڵاح بایه‌زیدی ساڵی ١٩٨٢ له‌ شاری مه‌هاباد له‌دایك بووم. له‌وێ تا دیپلۆمم خوێنده‌وه‌ و ساڵی ١٩٩٩ له‌به‌ر هۆكارگه‌لی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانم به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووم كردۆته‌ باشووری كوردستان. چه‌ند ساڵێك له‌ شاری سلێمانی ژیاوم و له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ له‌ سویسرا ده‌ژیم. له‌ زانكۆی نۆشاتێل ساڵیك زمان و ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیم خوێندووه‌ و ئێستاش له‌ شاری نۆشاتێل نیشته‌جێم. تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌ كتێبم بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ و به‌ هۆی شاره‌زاییم له‌ زمانی فه‌ره‌نسی و توركیدا پتر گرنگیم به‌ ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسا و توركیا داوه‌.




کتێبی( التصوف رحيق دين الآنبياء) بە زمانی عەرەبی… نووسینی :عەبدالرحمان سعید زەنگەنە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




ناوی کتێب: لە دوای ئەنفالەوە نووسین: كارا فاتیح

دیزاینی بەرگ و ناوەرۆک: ئومێد محەمەد
قەبارە: ٣٧٦ لاپەڕەی نیوA4
ساڵی چاپ: ٢٠١٥
شوێنی چاپ: سلێمانی
چاپخانە: پیرەمێرد
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان
پرۆژەی ٢٧یادی تاوانی ئەنفال

————————
لەبریی ڕانان
پێشەكیی كتێبی لە دوای ئەنفالەوە
نووسینی كارا فاتیح

پێشەكیی كتێب بۆ زۆر ئامانج و مەبەست دا نراوە و دەنووسرێت، هەندێ جار وەك پێویستییەكی نووسینی ئەكادیمی سەیری دەكرێت و بە دانەنانی، توێژینەوەكان بە نوقسان و بوونی كەلێنێكی زانستیی تێیان دا دێنە هەژمار و هەندێ جاریش وەك خوو یان نەریتێكی نووسین، نووسەران لە كتێب و نووسینی توێژینەوەكانیان دا، تەنانەت هەندێ جاریش لە دیوانی شیعر و ڕۆمان و چیرۆك… هتد، گرنگیی پێ دەدەن و دەینووسن.
لە پێشەكی دا ناونیشانی كتێب یان توێژینەوە ڕوون و ورد دەكرێتەوە و پێشەكیی كتێب دەبێتە ڕایەڵی نێوان ناونیشان و ناوەڕۆك و، ئاماژە بۆ هۆكاری هەڵبژاردنی ناونیشان دەكرێت، لەوێیشەوە وردەوردە هۆكاری هەڵبژاردنی بابەت ئاشكرا دەكرێت و لە چەند خاڵێك دا هێمای بۆ دەكرێت، گیروگرفت و كۆسپی بەر دەم دەناسێنرێ و پاشان نووسەر لە گرنگیی باسەكە دەدوێ و ئەو بوار و سنوورە دەست نیشان دەكات، كە وەك ڕووبەری كاركردن هەڵی بژاردوە و ڕێباز و میتۆدەكانی كاركردنیشی بە خوێنەرانی خۆی ئاشنا دەكات، پاشان پرسیار و گریمانەكانی توێژەر و هەندێ جاریش بە شێوەیەكی سەرپێیی، مەبەست و هەوڵی كاركردن لە بەش و پارەكان دا دەخاتە بەر چاو، ئەوجا هەواڵی بوونی ئامانجی كارەكەیمان لە كۆتایی دا، پێ دەدا. ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی ناسنامەی پێشەكی بوون لە بواری ئەكادیمی دا و توێژەران و ئەكادیمیستان لە بەر ئەم هۆیانە پێشەكی بە گرینگ دەزانن، هەروەها لە كتێب و توێژینەوە نائەكادیمییەكانیشدا هەندێ جار، هەمان ئەو ئامانج و مەبەستانە بۆ نووسینی پێشەكی دەر دەكەونەوە و دیسان نووسەر بە شێوەیەكی مولتەزیم، بەو یاسا و ڕێسایانەوە پەیوەست دەبێت، بەڵام هەموو جارێكیش وەها نییە و مەرجیش نییە وا بێت، هەندێ نووسەر خۆیان لە نووسینی پێشەكی لا دەدەن، یاخود لە نووسینی دا، پەیڕەوی لەو خاڵانە ناكەن و بە شێوەیەكی سەربەستانە ئەم بوارە بە كار دەهێنن، بە شێوەیەك لای هەندێكیان وەك سڵاو و ڕۆژباشێكە و دەروازەیەكە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەر و كردنی بە ئەڵقەیەك لە نێوان خوێنەر و ناوەرۆكی كتێبەكە.
درێژكردنەوەی ئەم سەرەتایە لەوە زیاتر بە پێویست نازانم و، دوای ئەم بەهانانە بۆ پێویستبوونی پێشەكی، لێرە دا دەمەوێت زوو بگەمە مەبەستی خۆم، واتە ئەم سەرەتای پێشەكییە تەنها بەهانەیەكە بۆ ئەوەی، كە ئاشكرا بێت من چیم لەم پێشەكییەی خۆم دەوێت. پێش هەموو شتێك دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشان (لە دوای ئەنفالەوە) دواتریش كە دێین بۆ پێڕستی بابەتەكان، كە بۆ سێ بەش پۆلێن كراون و لە لێكۆڵینەوە و وتار و گفتوگۆ پێك هاتوون، ئەوەی دەیبینین جگە لە لێكۆڵینەوەیەك بە ناوی (ئەنفال و بەكارهێنانەكانی) ناونیشانی هیچ بابەت (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) ێكی تری تێدا نییە ئاماژە بێت بۆ ئەنفال و باس لە ئەنفال بكات.
وەك تێبینیی ناونیشانی زۆربەی ئەو كتێبەكانە دەكەین كە بەم شێوەیەیە پۆلێن كراون، بە زۆری لە دوو حاڵەت بە دەر نیین، ئەویش یان ناوەرۆكی هەموو بابەتی تێكڕای بەشەكان دەچنە ژێر چەتری ئەو ناونیشانەی كتێبەكەوە، یاخود تەنها یەكێك لە بابەتەكان وەك دڵخوازی نووسەر و وەك ئەوەی ڕەنگە لە ڕووی ئیستاتیكی و سەرنجڕاكێشی و هێزی گەیاندنی بە خوێنەر لە ناونیشانی بابەتەكانی تر پەسەندتر بن، بۆیە لە ناونیشانی بابەتێكەوە هەڵدەكشێن و بەرز دەكرێنەوە و دەكرێنە ناونیشانی كتێبەكە، لە كاتێك دا ڕەنگە ناوەڕۆكی بابەتەكانی تری كتێبەكە، هیچ پەیوەندییەكان بەم ناونیشانەیشەوە نەبێت.
وەك بە ڕواڵەت دەیبینین، ناونیشانی ئەم كتێبە (لە دوای ئەنفالەوە) هیچ یەك لەم دوو تایبەتمەندییەی تێدا نییە، واتە نە هەموو بابەتەكان دەچنە ژێر سایەی ئەم ناونیشانەوە و هێڵێكی ڕوون و ئاشكرا پێیانەوە دەبەستێتەوە، نە ئەو ناونیشانە خۆیشی بریتییە لە ناونیشانی یەكێك لە بابەتەكان، بەڵام لە ڕاستی دا من وەهای نابینم و پێم وا نییە بابەتەكان هیچ پەیوەندییەكان بە ناونیشانی كتێبەكەوە نەبێت، بە تایبەت كاتێك ناونیشانی كتێبێك بریتی بێت لە ئەنفال، بە مەرجی نازانم ناوەڕۆكی بابەتەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، باس لە كارەساتی ئەنفال بكەن و، لە ناو ئەو ڕووداوە دا بێن و بچن و هەوڵ بدەن مێژوەكەی بنووسنەوە، یاخود باس لە كاریگەریی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری … هتد، ی بكرێت و لە ڕەهەندی زمانی و ئەخلاقی و یاسایی و سیاسی و… هتد، ـەوە بخوێنرێتەوە و شی بكرێتەوە و بكرێت بە كەرەستەی توێژینەوە و كاركردن و گفتوگۆ، چونكە (دەكرێت دەیەها تێكست بنووسرێت و ناوی ئەنفالیشی بخرێتە سەر، بەڵام لە ڕاستی دا هیچ یەك لەو تێكستانە جگە لە پەیوەندییەكی ڕووكار و سادە لەگەڵ ئەنفال دا، هیچی دیكەیان نەبێت، بەڵام دەكرێت تێكستێك بنووسرێت بێ ئەوەی باس لە ئەنفال بكات توانای دەرخستنەوەی كاریگەریی ئەنفالی هەبێت، لە سەر ژیان و جیهانبینیمان.) مەرج نییە ئەركی نووسین، لە هەمبەر ئەنفال دا تەنها ڕاوەستان و و چەقین بێت لە ناو ڕووداوەكە دا، چونكە كارێكی وەها مەرج نییە هەمیشە خزمەت بەو دۆزە بكات ‌و، گوزارشت بێت لە هەستكردن بە لێپرسراوێتی و ئاسوودەییی ویژدان.

بە دڵنیایییەوە كارەساتی ئەنفال هێندە تراژیدییە، زەحمەتە زمان بتوانێت بە ئاسانی تەعبیری لێ بكات، یان لە ڕاستی دا زەحمەت هێزی ئەو تەعبیرە لای زمان بێت، بۆیە پێویستە زمان لە ئاست گەورەییی ئەم كارەساتە دا، واز لەو وەهمە بهێنێت، كە بە كەرەستەكانی خۆی هەر دەبێت لە ناو چەقی ئەم ڕووداوە دا بێت ئینجا دەتوانێت، لێپرسراوێتیی خۆی بەرامبەر بە ئەنفال بسەلمێنێت، چونكە لە دوای ئەنفالەوە، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی گەورە ئەوەیە، جارێكی تر و بە چەشنێكی تر ژیان ببینین و دید و ڕوانین و جیهانبینیمان بۆ سەرجەم كێشەكان بە جۆرێكی تریان لێ بێت و لە دوای ئەنفالەوە زمان ئەو ئەركە بە خۆی بدات، كە جیاواز بێت لەو ئەركەی پێش ئەنفال هەیبوە، بۆیە لەو بابەتانەی ئەم كتێبە (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) دا، كە لە سەر ئەنفال نەنووسراون و بە هیچ شێوەیەك ناوی ئەنفالیان تێدا نەهێنراوە، مەرج نییە خاڵی بن لە هەستی لێپرسراوێتیی بەرامبەر ئەنفال، چونكە پێمان وایە مەرج نییە زمان ڕاستەوخۆ لەو كارەساتە بدوێ، بەڵكو زمان لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا، جەوهەر و ئەرك و ئاراستەی تر وەر دەگرێت و بە قسەكردن و توێژینەوە لە چەندین پرس و قەیران و گرفتی تری بۆ نموونە وەك پرسگەلی (ژن، گەنج، كۆچ، ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەگەری، كتێب خوێندنەوە، دیموكراسی… هتد) زمان كاریگەریی ئەنفالی بە سەرەوە بێت، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی بە جێ گەیاندبێت، بۆیە وا هەست دەكەم، لە هەموو ئەو بابەتانەی باسی ئەنفال ناكەن، ئەگەر جیدیبوون و مۆرالی نووسین و هەستی لێپرسراوێتییان تێدا بێت، ئەوا كاریگەریی ئەنفالیان بە سەرەوەیە، كاریگەرییەك كە وا دەكات، یان توانای ئەوەی هەیە، زمانی تەعبیر لە ئاست هەموو گۆشەیەكی ژیان دا دروست بكرێتەوە و سەر لە نوێ مرۆڤ بە دیدێكی ترەوە تەماشای شتەكان بكات.

بابەتەكان (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) كۆكراوەی ئەو بابەتانەن، كە لە (15) ساڵی ڕابردوو دا (1999-2013) نووسراون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكانی كوردستانی باشوور بڵاو كراونەتەوە، كردنیان بە كتێب لە ڕاستی دا لەو بڕوایەوە، كە مەرج نییە ئەو بابەتەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك دەنووسرێت، ئیتر ماڵی ڕاستەقینەی ئەو ڕۆژنامە یان گۆڤارە بێت و، بۆ كتێب نەگوێزرێتەوە، ڕاستە زۆر بابەت بۆ هەتاهەتایە پێویست دەكات هەر لە نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بمێننەوە و نەكرێن بە كتێب، بە تایبەت ئەوانەیان كە هێز و تەمەنیان تەنها لە خوێندنەوە و كاركردن لە سەر بابەتێكی ڕۆژە، ئەو زمانەی پێی دەدوێن، تەنها زمانی ئەو ڕۆژە بێت و ئیتر بەكەڵك نەیات، بەڵام پێمان وایە، ئەو بابەتانەی ئێرە تەنها دەرفەتی چاو هەڵهێنانیان لە ڕۆژنامە یان گۆڤار دا بوە، ئەگینا لە ڕاستی دا قسەكردن نەبوون لە سەر پرس و گرفتی هەنووكەییی ڕۆژ و خۆ ئەگەر لەو بابەتانەیشیان تێدا بێت، ئەوا ئەو كەرەستەی تێگەییشتن و دونیابینی و شیكارییەیان تێدا دەبینین، كە بۆ سەردەم و كات و كێشە و گرفتی تر دەست بدەن. پاشان كردنیان بە كتێب لێرە دا، لەو گۆشەنیگایەوەیە، كە هەر لە بنەڕەت دا ڕۆحی كتێب و سیمای كتێب بە بابەتەكانەوە هەیە و دیارە، ئەگەرچی هەندێكیان وتاری كورتیشن، چونكە هەندێ جار وشە و دەربڕین لە وتاری كورتیش دا، سیحری خۆیان لە دەست نادەن و، دەكرێت هێزی مانەوەیان وەك ئەوانی تر بێت، هەرگیزیش پێمان وا نییە دۆخی ڕۆژنامەنووسی لێرە دا بە سەر ڕۆشنبیریی كتێب نووسینەوە دیار بێت، یاخود كتێب پاشكۆی ڕۆژنامەگەرێتی بێت.
لێرەیشدا بە كورتی بە سەر یەكەیەكەی ئەو بابەتانە دا دەچین، كە لە چوارچێوەی (لێكۆلێنەوە، یان وتار، یان گفتوگۆ) دا كار مان لە سەر كردوون.
لەو بابەتە دا كە لە سەر ئەنفال نووسراوە، لە ڕاستی دا باس لە ئەنفال خۆی ناكات، بەڵكو بە هۆی ڕەخنەگرتنەوە پەیوەندییەكی مرۆڤدۆستی و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ كۆمەڵێك بۆچوونی دیكە دا دەبەستێ‌، تا لە ڕێگای ئەم پەیوەندییەیشەوە، دیدگاكان زیاتر و بۆچوونەكان قووڵتربن لە سەر كارەساتی ئەنفال، كارەساتێك بە تێگەییشتنی قووڵ لێی، دەشێت بە سەرجەم پێكهاتەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی خۆمان دا بچینەوە و ئێستا و پاشەڕۆژی خۆمان بە جۆرێكی دیكە ببینین، تێگەییشتنی قووڵیش لە كارەساتی ئەنفال بەوە دەست پێ دەكات، كە بتوانین ئەنفال لە وشەیەكی ئاسان بەكارهاتوو و سادەوە بكەین بە بابەت و كەرەستەیەكی فیكری و مەعریفی و هەموو میتۆدەكانی خوێندنەوە و ڕەهەندەكانی بینینی بۆ بخەینە گەڕ.

لە لێكۆڵینەوەی (تێكستی پیرۆز و ترسی وەرگێڕان) هەوڵمان داوە هۆكارەكانی وەرنەگێڕان، یان ترس لە وەرگێڕانی تێكستی پیرۆزی لە زۆر سرووت و نەریتی ئایینی دا بۆ سەر زمانی كوردی دەست نیشان بكەین و لەم پێناوەیش دا باس لەوە دەكەین، كە بۆچی تێكستی ئایینی، كاتێك بە كورد دەگات، هەر چەند كورد بە زمانی ئەو تێكستە ئایینییە قسە ناكات، كەچی هەر بە زمانی یەكەم كاری لەگەڵ دا دەكات و ئەو تێكستە ئایینییەیش هەر بە زمانی خۆی كار لە لایەنگر و هەوادارانی دەكات. لەم باسە دا ئەوە ڕوون دەكرێتەوە كە بۆچی ماوەیەكی زۆر و بە درێژاییی چەندین سەدە، پرۆسەی وەرگێڕانی قورئان لای كورد ئەنجام نەدراوە، سەرەڕای وەرگێڕانی ئەم تێكستە پیرۆزە، بەڵام تا ئێستا هەموو مامەڵە و پەیوەندییەكی موسوڵمان لەگەڵ ئەم تێكستە دا، هەر بە زمانی یەكەمە، خوێندنی قورئان لە هەموو بۆنە و مەراسیمە جۆراوجۆرەكان دا، هەر بە زمانی عەرەبییە و بانگ و نوێژ و شایەتومان و هەندێ جۆر دووعا، بە هەمان شێوە هەر وەر نەگێڕراون و وەر ناگێڕرێن، لەمەیشەوە ئەوەی شوێنی جەختكردنەوەی زیاترە ئەوەیە، كە ئایا وەرگێڕانی تێكستی پیرۆز چۆنە؟ ئەم تێكستە پیرۆزە دوای وەرگێڕان چی بە سەر دێ و توانای وەرگێڕ لەم كارە دا چەندە و…هتد، هەروەها باس لەو دۆخە دەروونییە دەكرێت، كە خوێندنەوەی قورئان بە زمانی یەكەم دروستی دەكا و لە زمانی دوەم دا، ئەو سیحرەی نامێنێت.

لە بابەتی (چەمك و شووناس) دا هەوڵمان داوە چەمكەكانی (بیر، بۆچوون، باوەڕ، ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژیا) وەك چەمكگەلێك لە چەمكە ئاڵۆزەكان، لە ڕێگەی بەروارد و جیاكاری و جیاوازیی سەرهەڵدان لە نێوانیان دا، بكەوینە شیكردنەوە و ناساندن و لێكدانەوەیان و، بە شووناسێك ئەگەر ناجیگیریش بێت، بگەین، چونكە وەك لەم باسە دا گوتوومانە ( هەر یەك لەم چەمكانە، لە بەكارهێنان و تێگەییشتنیان دا، زەحمەتە بە ئاسانی لە چوارچێوەی پێناسەیەكی دیاریكراو دا ئارام بگرن، یان ئەو چوارچێوانەی بۆیان دا دەنرێن، یان پێشنیار دەكرێن، مەنزڵێكی ڕاستەقینە و بێخەوشی خۆیان بن.)
لە (ئاوارە بوونی عەقڵ) دا ویستوومانە خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی سۆفییزم بكەین، لە بابەتی (بەرگرینامە) یشدا باس لە ڕێكخراوێك دەكەین، كاتێك وەك وەك پەرچەكردار دروست دەكرێت، بە شێوەیەك كە جیاوازە لە دروستكردن وەك كردار، لەمەیشەوە كۆمەڵێك كار و چالاكیی ئەو جۆرە ڕێكخراوانەمان بەر ڕەخنە داوە.
لە وتاری (تراژیدیای ئامێرە تەكنەلۆژییەكان) باس لە هۆشیاریی مرۆڤی كورد دەكەین لە بەكارهێنانی هەر یەكێك لە ئامێرەكانی (كامێرا، ڕادیۆ، تەسجیل، تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ، ماشێن، سینەما، تەلەفۆن و سەتەلایت…هتد) و وەڵام بە پرسێكی وەها دەدەینەوە، ئاخۆ ئەم ئامێرانە لە ژینگەی تەندروستی خۆیان دا، چ كارێك دەكەن و داهێنەرانی هەر یەك لەم ئامێرانە، سەرەتا بە چ نیازێك و بۆ بەدەستهێنانی چۆن دەستكەوتێك ئەم ئامێرانیان دا هێناوە. پاشان لە وتاری (ڕِۆشنبیریی كوردی و كوشتنی بیركردنەوە) دا بە شێوەیەكی تیۆری باس لەو بەهەدەردانەی توانای ڕِۆشنبیری دەكەین، لە پانتاییی نا پێویست دا و خۆلادان و نەبینینی ڕووبەری هەستیار و گرینگ و كە پێویستیان بە بینین و خوێندنەوە و شیكردنەوە هەیە.

لە هەر یەك لە وتارەكانی (خوێنەران و ڕۆژنامەكان، مردنی هەواڵەكان، شووناسی ڕۆژنامەنووس، فێستیڤاڵەكان) كە بۆ یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی نووسراون، باس لە پەیوەندیی بێ هێزی نێوان خوێنەران و ڕۆژنامەكان دەكەین، لە بایەخی هەواڵەكان دەدوێین، كە پێویستە بە كەرەستەی نوێی شیكردنەوە و میتۆدێكی وردبینانەوە پاشخان و دەرەنجامەكانی ئەو هەواڵانە لێك بدرێنەوە و هەڵ بسەنگێنرێن و ئەم لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنانەیش تەعبیر لە هۆشیاریی خۆمان و كاراكتەری فیكریی خۆمان بكەن و بە زمانی ڕۆژنامەگەرییانە دەر ببڕرێن، گرینگیدان بە شیكردنەوەی سەرجەم لایەنە دیار و نادیارەكانی هەواڵەكان بناغەیەكی پتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتە دوور و نزیكەكانی خۆیشمان و بایەخێكی زۆری هەیە لە چارەسەركردنی ئەو كێشە و قەیرانانەی كە واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و… هتد، ی ئێمە بە دەستیانەوە گیرۆدەیە. هەروەها باس لە شووناسی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووس كراوە و، بۆ فێستیڤاڵەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، فێستیڤاڵ میتۆد و پرەنسیپ كەرەستەی مەعریفیی خۆی هەیە و خۆی ئەركێكە بە هیچ جۆرێك ناخرێتە شوێن و بری هیچ ئەركێكی دیكە، كەچی لای ئێمە لەپێناو سەر لە نوێ ئامادەكردنەوەی جیهانی فیكریی ئەو بابەتە و ڕامان و قووڵبوونەوە و پرسیاركردن لێی نییە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ خۆنماییشكردن.

لە وتاری (وێنە و بە دادگاكردنی كۆمەڵگا) دا باس لەوە دەكەین كە چۆن بەعس دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەی دیكتاتۆرەوە، وڵاتێك بكاتە دادگا، لەو دادگایە دا هەر ڕەفتارێك بە بۆچوونی ئەو و لە دیدی ئەوەوە شیاو نەبوو، ئەوا تاوانە و دواتریش تاوانبار دەبێت سزا بدرێت.
پاشان لە وتاری (چاودێركردن لە نێوان دیموكراسی و دیكتاتۆری دا) دا قسەمان لەسەر ئەو خاڵە جیاوازانە كردوە، لە دەزگای چاودێریكردن لە نێوان هەر دوو سیستمی دیموكراسی و دیكتاتۆری دا هەن. دواتر لە ژێر ناوی (لە كوێوە دیموكراسی دەست پێ دەكات..؟) بەو شێوەیە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە گەڕاوین، كە دیموكراسی لەوێوە دەست پێ دەكات، پەیوەندیی ناعەقڵانی و پەراوێزیی تاك بە كۆمەڵەوە هەڵ بوەشێنرێتەوە و پەیوەندییەكی عەقڵانی و سەربەخۆ بونیاد بنرێت، كە تاكێكی سەربەخۆی بە بەها و بە ئیرادە و خاوەن چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی… هتد، لە دایك ببێت.

لە وتاری (كۆچی ئەم جارە چییە؟) دا شەپۆلی كۆچ و بەجێهێشتنی وڵاتمان بە بێئومێدییەكی ترسناك لە ژیان بە هەموو مانایەك لە وڵاتە دا بەستوەتەوە، بێئومێدییەك كە تەنانەت كۆچەران بۆ ئاییندەیەكی دووریش هیچ تروسكەیەك لەم وڵاتە و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بەدی نەكەن، بێئومێدییەك كە خودی بێئومێدیی لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و بێكاریی ئەوروپایش لەم كۆچە ساردیان ناكاتەوە. (نەمزامی چۆن هەفتەیەك، مانگ، یان ساڵیك بە سەر ئەو شتە دا تێ پەڕی… باشە كوێڕا شەممە هاتەوە… فڵان شت پێنج ساڵی بە سەر دا ڕۆیی و وام زانی دوێنێ‌ بوو… نەمزانی ئەمساڵا چۆن ڕۆیی… هتد) ئەمانەیش ئەو پرسیارانەن كە لە وتاری (تەمەن لە كوردستان) دا قسەمان لە سەر كردوون. ئینجا لە وتاری (خەتای ئەوانە) دا، باس لەو دۆخە دەكەین، كە چ مرۆڤ و چ حكوومەت و، یان هەر دامەزراوەیەكی تر بێت، كاتێك شكستێك دەخۆن، دەكەونە پاساو و بیانووهێنانەوە، لەم وتارە دا دەمانەوێت بڵێین (ئەم لۆژیكە، ئەوە دەگەیەنێت، ئەوانەی هەر خەریكی بیانووهێنانەوە، لە بناغەوە شایەنی لێپرسراوێتی نیین و هەرگیزیش بۆ ئاییندەی نزیك و دووریش بە تەما نیین بە سەر ئەو شكستانە دا سەر بكەون، چونكە سەرەتای چارەكردنی هەر كێشەیەك، مەرجە دان بە هەڵە و ناتەواوییەكان دا بنرێت…هتد)

لە گفتوگۆكان دا لەگەڵ چەند نووسەر و ڕووناكبیرێك دا، ویستوومانە باس لە كتێب و كتێب خوێندنەوە بكەین و لە ڕێگەی كۆمەڵێك پرسیارەوە بەها و هەیبەتی كتێب، هۆكاری هەڵكشان و داكشانی كتێب، كەمبوونەوەیەی خوێنەر و پەیوەندیی بە بێهێزی و بێ ئامانجی و بێهزریی نووسینی كوردی، یان دونیای تەكنیك و دیجیتاڵ و ئەنتەرنێتەوە. هەروەها لە ئاستی كتێبی كوردی لە ڕووی تەكنیك و نەخشەسازی و هونەرەكانی دەرهێنانی بەرگ و ناوەڕۆكی كتێب دەدوێین، لەگەڵ گەڕان بە دوای ئەوەی، بۆچی كتێبی كوردی كەوتوەتە ژێر كاریگەریی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە، بەتایبەت لە ڕووی نەفەسی نووسین و زمان و چوارچێوەی دەربڕینەوە، لەگەڵ گفتوگۆكردن لە سەر پرسی سانسۆر و چەند لایەنێكی تر پەیوەست بە كتێب و كتێب خوێندنەوەوە.
هیوادارین سەرجەم بابەتەكان بە ڕۆحی جیدی و هەستی لێپرسراوێتی و مۆراڵی كاركردن لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا نووسرابن.




شه‌هیدی قه‌ڵه‌م – كاوه‌ گه‌رمیانی 1979 – 2013 …. ئا / سه‌باح عه‌لی جاف

كاوه‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ، ناسراو به‌ كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ووڵاتی ئێران له‌ شاری ره‌شت له‌ ئاواره‌یی له‌ ساڵی 1979 له‌ دایك بووه‌ ، پاش به‌ ریكردنی ته‌مه‌نیك له‌ ئاواره‌یی دێنه‌ باشوری كوردستان و له‌ شاری كه‌لار نیشته‌جێ‌ ده‌بن ، كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ته‌مه‌نی پێنج ( 5 ) ساڵی واتا له‌ ساڵی 1984 ده‌خرێته‌ به‌ر خوێندن و چاوه‌كانی به‌ خوێندن و خوێنده‌واری له‌ قوتابخانه‌ی (نیزال )ی پێشتر و ( مرواری ) ئێستا قوناغی سه‌ره‌تای ته‌واو ده‌كات ، له‌ قۆناغه‌كانی خوێندندا تا پۆلی ( دووه‌می ناوه‌ندی ) ده‌بڕێت و پاشتر له‌به‌ر قورسی گوزره‌رانی ژیان ده‌ست له‌ خوێندن هه‌ڵده‌گرێت و روو له‌ كارر و كاسبی ده‌كات له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ ژیان بۆ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی كه‌ باوكی كۆچی دوای ده‌كات ، به‌مه‌یش قورسای خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ و له‌و پێناوه‌دا روو له‌ چه‌ندین كار و كاسبی قورس ده‌كات و ژیانی به‌ هه‌ژاری ده‌گوزه‌رێنێت .
له‌و ده‌مه‌ی كه‌ بارودۆخی ئابوری و سیاسی كوردستان له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا رووی له‌ خراپی كردبوو ، ئه‌مه‌یش وای له‌ زۆرێك له‌ هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت گه‌نجان كرد كه‌ روو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن له‌ پێناو ژیانێكی باشتر و به‌و شێوه‌یش كاوه‌ گه‌رمیانی بۆ چه‌ندین جار رێگه‌ی هات و نه‌هاتی هه‌نده‌ران تاقی كردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیانی كولله‌ مه‌رگی كوردستان رزگاری ببێت ، به‌ڵام له‌ هه‌موو جاره‌كاندا سنورداش ده‌كرێته‌وه‌ و نه‌یتوانیه‌وه‌ به‌و ئاواته‌ی بگات و هه‌موو جاره‌كان دیته‌وه‌ نیو خانوه‌ قوڕێنه‌كه‌ی و ژیانه‌ هه‌ژارانه‌كه‌ی ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌ .
كاوه‌ گه‌رمیانی جگه‌ له‌ زمانی كوردی ئاشنای زمانه‌كانی تری ( فارسی و عه‌ره‌بی ) بووه‌ و توانیویه‌تی له‌و رووه‌ سودی لێ‌ وه‌ر بگرێت ، پێش ئه‌وه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی بێته‌ نیو دنیای رۆژنامه‌گه‌ریه‌وه‌ به‌ شیعر نوسین ده‌ستی پێ‌ كردووه‌ و خۆی به‌ شیعره‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ ، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ رێگه‌ی شیعره‌وه‌ تێكه‌ڵی دنیای مه‌عریفه‌ بووه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی 2002 تێكه‌ڵی دینای رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێت ، سه‌ره‌تای كاری رۆژنامه‌گه‌ری به‌ وینه‌گرتن ده‌ستی پێ‌ كردووه‌ واتا ( فۆتۆ جۆنالیست ) و له‌و رێگه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا وێرانی و كه‌م و كوڕییه‌كان پیشانی هه‌موان بدات ، پاشتر زیاتر له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ریدا رۆچووه‌ و چه‌ندین راپۆرات و هه‌واڵی رۆژنامه‌نوسی ئاماده‌ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ رۆژنامه‌ و سایته‌كاندا كاری كردووه‌ ، له‌ ساڵی 2007 به‌ دواوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌بێت به‌ په‌یامنێر له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( سایتی ئاوێنه‌ ) و ( رادیۆی ئازادی ) و لێره‌یشه‌وه‌ زیاتر تێكه‌ڵی كاری رۆژنامه‌نوسی بووه‌ و زۆر تر كاره‌كانی بۆ به‌دواداچوون بووه‌ له‌سه‌ر كه‌نده‌ڵی و كه‌م و كوڕییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری گه‌رمیان ، هه‌ر له‌و كاروانه‌دا بوه‌ته‌ په‌یامنێری هه‌ریه‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌كانی ( ئاوێنه‌ ، كوردستان راپۆرت ، رێگای كوردستان و گه‌رمیانی ئه‌مڕۆ ) .
كاوه‌ گه‌رمیانی رۆژنامه‌نوس بۆ زیاتر كار كردن و خۆ ته‌رخان كردن بۆ هه‌ڵماڵینی كه‌م و كوڕی و گه‌نده‌ڵیه‌كان بیری له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ له‌ سنوری گه‌رمیان كردووه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵی 2011 كتێبێكی چاپ و بڵاوكرده‌وه‌ له‌ ژێر ناونیشانی ( گه‌رمیان له‌ نێو به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌شه‌كاندا ) ، پاشتر له‌ ساڵی 2012 بوو به‌ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ( گه‌ڕان ) و درێژه‌ی به‌ كاری رۆژنامه‌گه‌ری خۆی داوه‌ ، له‌ 10/9/2012 بوو به‌ خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنوسه‌ری گۆڤارێكی تر به‌ ناوی ( رایه‌ڵ ) كه‌ تا ساتی تیرۆر كردنی توانی ( 14 ) ژماره‌ له‌و گۆڤاره‌ بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بۆ خۆی زۆر ترین كاره‌كانی به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یاند ، كاوه‌ جگه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نوسی كه‌سێكی چالاكیش بووه‌ له‌ بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌نده‌نیدا هه‌ر بۆیه‌ له‌ زۆرێك له‌ خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌تیه‌كاندا رۆڵی هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نوسی چه‌ندین جار توشی ده‌رده‌سه‌ری و هه‌ڕه‌شه‌ و گرتن و لێدان بووه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌و پێناوه‌دا ( لوتی ) له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ شكێنراوه‌ ، كاوه‌ گه‌رمیانی ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان و ئه‌ندامی فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نوسانی جیهان بووه‌ .
كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌سێكی ناسراو و هاوڕێ‌ و دۆستی رۆژنامه‌نوسان بووه‌ ، كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ 12/12/2012 ژیانی هاوسه‌ر گیری له‌گه‌ڵ خاتوونی رۆژنامه‌نوس و كه‌س و كاری ئه‌نفالكراو ( شیرین ئه‌مین ) پێك دێنێت و ژیانێكی ساده‌ و هه‌ژارانه‌ له‌ نێو خانویه‌كی قوڕدا ده‌گوزه‌رێنێت ، له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و نوسینه‌كانی مه‌خابن له‌ شه‌وی 5/12/2013 رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به‌ر ده‌ست رێژی كولله‌ ده‌درێت و شه‌هید ده‌كرێت و بۆ رۆژی پاشتر له‌ نێو ئاپۆڕای هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوساندا به‌ دروشمی ( ئازادی ، ئازادی ) له‌ گۆڕستانی ( كه‌لاری كۆن ) به‌ خاك ده‌صپێردرێت ، شه‌هید كاوه‌ له‌ پاش خۆی جگه‌ر كۆشه‌یه‌كی به‌ناوی ( ئامه‌د ) ده‌بێته‌ ئومێد بۆ هاوڕێ‌ و كه‌س و كاره‌كه‌ی ، ساڵانه‌ له‌ (5/12) دا له‌سه‌ر تاسه‌ری كوردستان و گه‌رمیاندا له‌ رۆژی شه‌هید كاوه‌دا چه‌نیدن چالاكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ، وه‌ك نه‌ریتێكش له‌ كه‌لار ساڵانه‌ بۆ یادی شه‌هید كاوه‌ چه‌ندین چالاكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ( خه‌ڵاتی شه‌هید كاوه‌ ) به‌ كه‌سێكی چالاك ده‌به‌خشرێت ، دورد بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م و شه‌هید كاوه‌ی هه‌میشه‌ رێباز زیندوو ، شه‌هید كاوه‌ پێت ده‌ڵێین ( هه‌میشه‌ له‌ یادمانی ) .




په‌یوه‌ندی …. نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
دوو لوتكه‌ی دوو كێون ..
به‌فر هات ،
ماچی
ڕووباری
شێتی كرد..
تۆلازی ڕۆما
دێن سه‌ری (ئۆڤید)ی شاربه‌ده‌ر
ده‌بڕن و
ده‌یخه‌نه‌ (ده‌ریای ڕه‌ش)ـه‌وه‌ .

(2)
زێڕوه‌شێن خه‌نجه‌ری له‌كایه‌.
بۆ ئه‌و ،
باڵی شه‌كه‌تی قه‌قنه‌س سه‌مایه‌ !!
سه‌مای ده‌سماڵان ..
زێڕوه‌شێن خه‌نجه‌ری له‌كایه‌..
(3)
دره‌ختی نایلۆنی به‌ر په‌نجه‌ره‌
چوار وه‌رز تێك ده‌كاته‌وه‌ ..
ئه‌و دره‌خته‌ ،
دارپه‌شیمانی( ئه‌پۆلۆ ) نییه‌
خه‌ونی بزڕكاوی
زیندووه‌ ، مردووه‌كانه‌
كه‌ دوو لوتكه‌ی دوو كێوی
تیا پێك ده‌گه‌ن .

10/ 1985




لە پای چی هەرێمتان شێواند …. هونەر جەمیل

ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دە گوزەرێ پیشاندانی ناشیرین ترین وێنەی حوکم ڕانیە . وەتاقی کردنەوەو ناشیرین ترین حوکم ڕانی کردنە . وە دوو نیا دیدی حیزبە کان هێندە کورت بۆتەوە کە بەردەمی خۆشیان نا بینن . سیاسەت کردن مافێکی یاسایو ئاسای تەواوی حیزبە سیاسێکانی کوردستانە ..بەڵام دەبێت ڕە چاوی بنەما گشتیو پیرۆزکانی کوردستانو تاکی کورد بکرێت .. وەنابێت کۆی ژیانی کۆمەڵگا بخرێتە چوار چێوەیەکی سیاسییەوە .. ئەویش چجۆرە سیاسەتێک ! ئەگەرچی سیاسەت کردن دەبێت لە گەڵ وڵاتانی دراوسێو دەرەوەی کوردستان بوایە دەبو بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان گرنگ ترین خاڵ بێت حیزبەکان کاری لەسەر بکەن .وەدە بێت سیاسەت بۆ پێش خستنو خزمەت کردنی تاک بەتاکی کوردستان بوایە بێ ڕەچاو کردنی ئینتمای سیاسیان ..گەر هەوڵدانە کە بۆ ئەم ئامانجە بو بێ گومان کۆی کۆمەڵگا سودمەند ئەبوو ن..بەڵام بەداخەوە ناشیرین ترین وێنە لە کوردستاندا وێنەی سیاسییەکانە ..یەکێتیو پارتی بە جۆرێک گومەکەیان شڵقاندووە مەحاڵە بە ئاسانی بچێتەوە باری ئاسای خۆی خوڵقاندنی ڕەوشێکی ئاڵۆزو سەختیان بە هۆی سیاسەتە لارەکەیانەوە هێناوەتە ئاراوە شتێک بەناوی ژیان بێت . نەیان هێشتۆتەوە بۆ هاوڵاتیان .. دوبارە کردنەوەو ئیدامە دانی ئەم ڕەوشە نا سەقام گیرانە بەردەوامە .. ئەوەی لەم ئەم چەندڕۆژە لە سنوری سلێمانی سەرنجی ڕا کێشام یەکێتیو دەزگە ئەمنییە کانی یە کێتی بون ..چونکە لەم چەند ڕوژدا ئەوانیش بون بە بە شێک لە وێنە گشتییەکە .. بەوەی چی بۆشاییەک . یە کێتی هەی بو لە گەڵ پارتی نەی هێشت وەدەیەوێت ئەویش هەمان ئەزمونو تەجروبەی ئەو دوبارە بکاتەوەو کردیشی …هەڵکوتانە سەر ماڵی مامۆستایانو گرتنیانو سوتاندنی ئۆتۆمۆبیلە کانیانو هەڕەشەی کوشتن لێیان ..ئێستا وەڵامی یەکێتییە بۆ کۆتای هێنان بە بای کۆت ..بە شەیتانی کردنی داوای ڕەوای خەڵکی ئەم هەرێمە بۆ ؟ لە کاتێکا تەواوی کێشە کان یە کێتیو پارتین بە هاوبەشی دەستیان بەسەر ئابوری ئەم هەرێمە دا گرتووە قۆرغی جومگەو شادە ماری دارای وڵاتیان کردووە نەفەسێک دەرچەیەک نییە ئەمان کۆنتڕۆڵیان نە کردبێت بۆیە وەک چۆن سەرچاوەی قەیرانو کێشەکان ئەوانن : چارە سەرەکەشی ئەوانن ..دروست کردنی ئەم ڕەوشە بە بڕوای من دو هۆکار یاخود دو ڕە هەندی هەیە . ئەوانیش( ناو خۆیو دەرە کین) ناو خۆین لەو ڕووەوە کە ئیدارە دانی ئەم وڵاتە ئیدارە دانێکی کوردییە وە ترۆکی کێشە کانیش لەمەشیانە دو هۆکاری هەیە . یەکەمینیان پەیوەندی بە پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە هەیە . دووەمینیان پەیوەندی بە گۆڕانەوە هەیە کە یە کێتیو پارتی بۆنا شیرین کردنی تەجروبەی گۆڕان ئەم بارەیا خوڵقاندووە . هۆ کاری دووەم دەرەکییە وەک وتم لە و ڕووەوە کە یە کێتیو پارتی پاشکۆی ناسیۆنالزمی تورکیو ئێرانین مە حاڵە ئەم دو وڵاتتە خواستی شتێک یان نە بێت ئەمان بیکەن ..




گروپی خۆجێی؛ ڕێکخستن، شێوازی چالاکی و ئامانجەکانی … هەژێن

گروپی خۆجێی چییە ؟
گروپی خۆجێی (لۆکاڵ گروپ) ڕێکخستن و ڕێکخراوەی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیانە، دەکرێت گروپێکی بەرھەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت، ھەر ئاوا دەکرێت گروپێکی تایبەت بە ھاریکاری و کۆمەك، کاری خۆبەخشی، ئاڵووێری زانیاریی، خۆکۆمەکیی نەخۆشان، دایکان، باوکان، کەمئەندامان، ھاوڕەگەزبازان، شارەزایانی بواری ئایتی، خۆکۆمەکیی خوێندکاران، پاکژکردنەوەی ژینگە، پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوند، فریاگوزاریی، ڕێنوێنی و گشت بوارەکانی دیکە ژییان …تد

ئامانج لە پێکهێنانی گروپی خۆجێی
گروپی خۆجێی بەخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی حەز و داخوازییە کەسیی و گشتییەکان و بەرژەوەندی نێوکۆیی دانیشتوانی گەڕەکێك، کۆمەڵە کرێکار و فەرمانبەر و خوێندکارێك یان پێگە و سەکۆیەکە بۆ ئاڵووێرکردنی زانیاریی و کۆمەك و پێداویستییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان یان بەشدارانی لەسەر پرسەکان و پێداویستییەکان و ئەرکەکان بڕیاردەدرێت.

هۆکاری پێداگریی و شەیدایی ئازادیخوازان بۆ گروپە خۆجێیەکان
وەك سەرەتا ئاماژەمدا، گروپە خۆجێیەکان بەخۆیان ئامانج نین، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانن. بێجگە لەوەش هەر هەبوونی گروپە خۆجێیەکان بە تەنیا بۆ خۆی ناتوانێت وەڵام بە شەیدایی و پێداگریی ئازادیخوازان بداتەوە، بەڵکو ئەوە ئافەرێنەربوون و ڕادیکاڵبوونی مێکانیزمەکانن، کە ئازادیخوازان دەکەنە پێداگر و شەیدای پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان و بناخەیی لەبەرچاوگرتنیان لەنێو کۆڕی تێکۆشان و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی؛ بە واتایەکی دیکە ئەوە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و چالاکی ڕاستەوخۆن، کە وەك میکانیزمی ڕێگر لە پاشکۆبوون و پڕۆ-دەسەڵاتبوونی گروپە خۆجێییەکان و سەرھەڵدانی بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسیی ڕابەران، گروپە خۆجێییە شۆڕشگێرەکان لە گروپە خۆجێیە ڕیفۆرمیست و سازشکارەکان جیادەکەنەوە و هەر ئەو هۆکارانەشن، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئازادیخوازان گرنگی و پێداویستی گروپە خۆجێیەکان بناخەیی وەربگرن و بۆ هەموو بواریك هەوڵی پێکهێنانیان بدەن.

جۆرەکانی گروپی خۆجێی

بەپێچەوانەی دابەشکردنی پرسەکان و شتەکان و کۆمەڵ بەسەر ڕەش و سپی، ئەوە تەنیا تێکۆشان و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتداران نین، کە گروپی خۆجێی دەکەنە پێداویستی، بەڵکو ئەوە وەڵامدانەوە بە هەموو لایەنەکانی ژییانەی ڕۆژانەی خەڵکە، پێداویستی ئەوان دەکاتە ناچاریی. جۆرەکانی گروپی خۆجێی بریتین لە : گروپە داخوازییکارەکان و بەرھەڵستکارەکان، گروپەکانی ئاڵووێری زانیاریی و خۆبەخشکاریی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتی، گروپەکانی پاراستنی ئاساییشی شوێنەکانی ژییان و کار و خوێندن، گروپەکانی پاراستنی ژینگە، گروپە تایبەتەکان بە پرسە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی وەك ئاڵووێری ئەزموون لەبارەی نەخۆشی، تەرککردنی سیگار و مەی و بەنگکەر و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

شێوەی ڕێکخستنی گروپی خۆجێی
هەر وەك ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئەوە ئامانجە کە شێوەی ڕێکخستنی گروپە خۆجێییەکان دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات. کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێیەکان وابەستەکردنی خەڵك بێت بە پارتییەکان یان گوێڕایەڵکردنی خەڵك بێت بۆ بڕیارەکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەوا خۆبەخۆ گروپی خۆجێی شێوەی ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی لەخۆدەگرێت و کەسانێکی دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بۆ بەدەستهێنانی مشەخۆریی یا پلە و پایەی دەسەڵاتداریی و بەرتەری لە سەرووی گروپەکەوە جێدەگرن، لەو بارەوە دەتوانین وەك نموونە بە ئەنجومەنی گەڕەكەکان ئاماژەبدەین، کە ساڵی ١٩٩٢ (ینک) وەك ئەڵتەرناتیڤی (شورای گەڕەکەکان) دروستیکردن و بەسەر خەڵك سەپاندنی. هەر ئاوا (شورای گەڕەکەکان) کە بڕیاربوو ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی خەڵك بن، هەر زوو لەلایەن ڕێکخراوە چەکانی ئەو کات لە سەرەوە پاوانکراون و کرانە بڵندگۆی ئایدیۆلۆجیی ڕێکخراوە چەپەکان. هەر ئاواش گروپە خۆجێیەکانی شوێنی کار و خوێندنی وەك (یەکێتی) و (سەندیکا) زەردەکان لەنێو کارگەکان و فێرگەکان وەك تۆڕی هەواڵگریی و ئەندامگیریی بۆ پارتییەکان بەکاربران.

بەپێچەوانەی ئەوەش، کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان بەدەستهێنانی داخوازی و یەکگرتنی دانیشتووان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران بێت، ئیدی ناچار میکانیزم و شێوازی گونجاو و خوازراوی خۆی دەدۆزێتەوە و دادەهێنێت؛ گروپێك کە ئامانجی سەپاندنی داخوازییەکانی خەڵك بێت بەسەر دەسەڵاتداران و هەڵخڕاندنی یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتیی و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت، ئیدی ناتوانێت لەتەك ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە و هەبوونی سەرۆك و وابەستەیی بە پارتییەکان و دەوڵەت بگونجێت و لە بەرانبەر ئەوانە کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و دەستەی سەرپەرشتیکردن و یەکسانی گشت ئەندامان لە ئەرك و بەرپرسیاریی و سەربەخۆیی لە هەر پارتیی و دەسەڵاتێك دەکاتە پێشمەرجی جەماوەرییبوون و سەربەخۆییبوونی خۆی؛ بە واتایەکی دیکە پێویستە ڕێکخستن و چالاکیکردن و میکانیزمەکانی تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو گروپانە بن، کە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی دەستەبژێرێك، پارتییەك یان فەرمانداریی و دەوڵەت و کۆمپانی و ئایین و ئایدیۆلۆجییەك پێکھێنراون.

میکانیزمەکانی سەربەخۆیی گروپی خۆجێی

وەك پێشتر ئاماژەمدا، میکانیزمەکانی گروپی خۆجێی سەربەخۆ تەواو پێچەوانە و دژی میکانیزمە باوەکانی ڕێکخستنە نێوەندگەرا و قووچکەییە پاشکۆکانی پارتییەکان و سەندیکا زەردەکانی سەر بە دەسەڵات دەبن لەوانە:
– کۆبوونەوە گشتییەکان
کۆبوونەوە گشتییەکان یەکەمین ھەنگاوی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و مەیدانی بڕیاردان و دیاریکردنی کەسانی خۆبەخشن بۆ ئەنجامدان و فێرگەی گێڕانەوە و پەروەردەکردنی گیانی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵاتین؛ کۆبوونەوە گشتییەکان ھەم سەکۆی مشتومڕکردنی گشت ئەندامان/دانیشتووانن لەبارەی پرسە پەیوەستەکان بە ژییان و کاریی خۆیان، ھەم مەیدانی ھەڵخڕاندنی جەماوەرین و ھەم سەنگەری تێکۆشانن و ھەم فێرگەی ھوشیاربوونەوە و ئەزموونگیریی و یەکگرتن و ھاوپشتیی جەماوەرن، ھەم شوێنی بڕیاردانن و ھەم شوێنی ھەڵبژاردنی نوێنەران و زۆر شتی پۆزەتیڤی دیکە.

– ڕێکخستنی ئاسۆیی

ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕێگە لە سەرهەڵدان و کۆپیکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە دەگرێت، کە هەردەم ئەو دووانە [ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە] ئافەرێنەر و درێژەپێدەرەوەی پێکهاتەی چینایەتی سەر و خوارن، کە گروپ و ڕێکخراوەکان دەکەنە کۆمیتە و پاشکۆی پارتییەکان و بەشێك لە دەزگەکانی دەوڵەت؛ ڕێکخستنی ئاسۆیی واتە گشت ئەندامان ڕاستەوخۆ و پێکەوەیی یان زنجیرەیی یەکدەگرن و ھەمووان ڕابەری خۆیانن و کەس بەتەنیا ڕابەر و سەرکردەی ئەوانی دیکە نییە. ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕەتکەرەوەی ھەموو پێکھاتە و ڕێکخراوەیەکی نێوەندیی و قووچکەییە و ھیچ بوارێك بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەسانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و ھەڵپەکەر و ھەلپەرست ناھێڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەوە گیانی خۆبەخشکاریی و ھەروەزیی و ھاریکاری و یەکسانی ئەرك و بەرپرسیاریی گەشەپێدەدات.

– سەرپەرشتی و ڕابەریی بەکۆمەڵ
سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و بەردەوام گۆڕاو لەنێوان کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگریی لە بەرتەریدان بە کەسەکان و پلە و پایەبەخشین و دروستکردنی پەیوەندی شوانە و مێگەل دەگرێت و گیانی بەرپرسیاریی و بڕوابەخۆبوون و بەشدارییکردن لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بۆ هەموو ئەندامان یان بەشدارانی کۆبوونەوە گشتییەکان دەگیڕێتەوە و ناهێڵێت گروپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ببنە ئامرازی دروستکردنی ئۆرۆستۆکرایی و مەشەخۆریی و ناوبانگخوازیی کەسانی هەڵپەرست و هەر ئاوا متانە بەخۆ و بە دەوروبەر بۆ نێو پەیوەندییەکانی کۆمەڵ دەگێڕێتەوە.

شێوازی چالاکی گروپە خۆجییەکان

چالاکی ڕاستەوخۆ یەکێکی دیکەیە لەو ئامرازانەی کە لە میانجیگەرایی و سازشکاریی کەسانی هەڵپەرست ڕێگەدەگرێت و ئەوە مسۆگەردەکات، کە هەموو ئەندامانی گروپەکان لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان لەسەر جۆر و ئەنجامدانی چالاکییەکان بڕیاربدەن و هەر بەخۆشیان ئەنجامدانی لە ئەستۆبگرن؛ ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆکراسیی و ئاریستۆکراسیی ڕێکخراوەیی .

شێوازی یەکێتی و یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان
بۆ ئەوەی هەر ئاوا کە لەنێو خودی گروپە خۆجێییەکان کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی/ڕابەرییکردنی بەکۆمەڵ دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستی، هەر ئاواش لە یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان و چالاکی سەرتاسەیی گشت یان بەشێکی گروپەکان لە سەرهەڵدانەوە و زاڵبوونی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستیی کەس و گروپەکان ڕێگرییبکرێت، پێویستە شێوازی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و بڕیاردان و جێبەجێکردن هەر بەو جۆرە بێت، کە لەنێو گروپە یەکگرتووەکان هەیە و پەیڕەودەکرێت؛ واتە یەکگرتنی نانێوەندیی و ناقووچکەیی، کە ئەوەش تەنیا بە یەکگرتنەوەی گروپە خۆجێیەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و هەرێمی و سەرتاسەریی مەیسەردەبێت.

هەژێن
٢ی دێسەمبەری ٢٠١٦




نامەیەكی کراوە بۆ هاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستان* …. ھەژێن پیزە قەرەچ

١ی دێسەمبەری ٢٠١٦

وەك دەزانن نزیکەی شازدە ساڵە لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕۆشنبیری دالیان** و دواتر لە بلاگی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان*** و پاشان لە سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان**** و دوا جار لە سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان***** و ھەر ئاوا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان****** بە تەواوی ئەو ساڵانە تەواوی وزە و توانای خۆمان بۆ سێ شت تەرخانکردووە:

یەکەم : بەدرۆخستنەوەی ئەو ناو و ناتۆرانەی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابوردوو بەتایبەت سەدەی بیستەم، کە بۆ ھزر و بزاڤی ئەنارکیستی ھەڵبەستراون و ڕەتدانەوەی ئەو لاساییکردنەوە دەروێشانەیە لە کوردستان و ناوچەکە … .

دووەم : ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە بنەماکانی ھزری ئەنارکیستی و مێژووی بزووتنەوەکە بە وەرگێرانی دەقە کلاسیکەکان و ھەر ئاوا نووسین و ڕەخنەگرتن لەبەر ڕۆشنایی بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم … .

سێیەم: خوێندنەوە و ھەڵوێستوەرگرتن لەسەر ڕوداوەکانی جیھان و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەبەر ڕۆشنایی تێگەییشتنی ھەر یەکە لە ئێمە لە هزری ئەنارکیزم و کۆمەڵی ئەنارکی … .

ئەم ڕۆژ بە شانازییەوە دەتوانین وردە وردە دەرکەوتنی بەرەنجامی تێکۆشانی نەپساوەی (سەکۆی ئەنارکیستان) ببینین و دەتوانین ئەم ڕۆژ پاش شازدە ساڵ کۆششکردن و ماندوونەناسین، لێرە لەوێ دەرکەوتنی دەنگ و دەستە و ھەوڵە ئەنارکیستییەکان بەدیبکەین، کە وزە و ھیوا بە ئێمە دەبەخشین و ئەوەندەی دیکە بڕوای ئێمە بە دروستی بیرکردنەوە و دیتن و ئەنجامبەخشیی کار و چالاکیمان بەھێزتردەکات.

شازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێك ئێمە بڕیارماندا دژی ھەموو جۆرەکانی سەروەری چینایەتیی، ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و ھەڵاواردن و ستەمکاریی و بەھرەکێشیی تێبکۆشین، ئەناکیزم/ ئەنارشیزم جنێوی ڕامیاریی بوون بەتایبەت لەنێو گروپ و پارتییە چەپەکان و ھەرگیز خۆمان چاوەڕێنەبووین ئاوا بەزوویی بەرەنجامی چالاکی ڕۆشنگەرانەی دەستەیەکی بچووکی وەك ئێمە بەزووی لەنێو کۆمەڵ ڕەنگبداتەوە و تەنانەت لەنێو ڕیزی ئەندامانی پارتییەکان و گروپە دەسەڵاتخوازەکان بیرۆکەی ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەڕشتیکردن و ڕابەریی بە کۆمەڵ و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و زۆر شتی دیکە سەرھەڵبدەن و ببنە دروستکەری مشتومڕ و زۆر شتی دیکە … .

ئێستا پاش شازدە ساڵ وەك دەبینین لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانش کۆڕ و کۆمەڵی ئازادیخواز/ ئەنارکی لە دەرکەوتن و پەرەسەندان و لەنێو خوێنەرانی کوردی-زمان بەتایبەت لاوان کەسانێکی زۆر ھەن، کە لە دوای سەرچاوە ھزرییەکانی ئەنارکیزم دەگەڕێن و ھاوکاتیش ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو ھەم دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و ھەم پارتیی و گروپە دەسەڵاتخوازە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ھەموو شێوەیەك کاردانەوەی ھەراسانبوونیان نیشانداوە و ھەوڵی کپکردن و بەرگرتنی دەنگی ئەنارکیستییان داوە و ھەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر.

ئەمانە ھەموو نیشانە و کاردانەوەن بە کارایی سەرھەڵدانی ئاوا بزووتنەوەیەك کە دژی ھەموو جۆرە سەروەرییەكە، دژی ھەموو جۆرە پێکھاتە و ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەییە، دژی ھەموو ھەڵاواردن و سووکایەتییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەھرەکێشییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەرتەریدانێکە بە دەستەبژێرەکان و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەسەر بنەمای یەکگرتن و ھاوپشتی و ھەروەزیی کۆمەڵایەتیی و پشتبەستن بە ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی و یەکگرتنەوەی ئازادانەی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵە ئۆتۆنۆمەکان لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتی ئامانجی بووە. ھەر ئاوا ھاوکاتی ئەوەش بە ھەموو جۆرێك ئەم ھەوڵە دژایەتیکراوە و ھەرچەندە سەرەتا بە ناونەبردنی و کەم نیشاندان و نەبوو-نیشاندانی دژایەتیکراوە، بەڵام ئێستا کە خەریکە دەبێتە کەتواری نکۆڵیھەڵنەگری کۆمەڵ و بەخێرایی بنەما ھزرییەکان و بۆچوونەکانی ئەنارکیزم لەنێو کۆمەڵ بڵاودەبنەوە و خەریکە تێگەییشتنی ھەڵەی ڕابوردوو ئاوەژوودەبێتەوە و ھۆگرانی ئەنارکیزم لە زیادبووندان و بنەماکانی هزری ئەنارکیستی کارایی دادەنێن.

بە بۆچوونی من، ئەم ساتە و لەم بارەدا ئەرکی ئێمە زیاتر و بەربڵاوتر دەبێت و ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە ناوچەکە بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان وەك ھەموو ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی ڕابوردوو لەبەردەم مەترسی کنەکردنی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازاندایە، ھەر ئاوا کە پێشتر دەسەڵاتداران بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی کۆمەڵ کاردانەوەی ئاوایان نیشانداوە و ھەوڵیانداوە ھەر بە ناوی خودی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان دژ بسازن، تاکو ھۆگران و شەیدایان و لایەنگرانی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان بەلارێدابەرن و بە پرۆسێسێکی دریژماوە دەستەمۆیانبکەنەوە و ئەوان لە ئەگەری گۆڕانی شۆڕشگێڕانە نائومیدبکەن. لەو بارەوە بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی کۆمونیستی و لیبرال ئەو تاکتیکە سەرلێشێوێنەرانە گیراونەتەبەر و ئێستاش بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئەگەری ئەوە ھەیە، کە ئەو کاردانەوانە تەنیا وەك دژایەتی ڕاستەوخۆ نەبن، بەڵکو دەکرێت بە دروستکردنی دەستە و گروپی فریودەر بەناوی خودی ئەناکیزم بێت و ھەوڵبدەن لەژێر ناوی ئەنارکیزم دژ و لێدەر دروستبکەن و بخەنەگەڕ. هەرچەندە دڵخۆشانە ئەو کەلێن و زەمینانەی [دەسەڵاتخوازیی، ناوبانگخوازیی و ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندگەرا و ھەبوونی ڕابەر و سەرۆك و قسەکەر]، کە دەسەڵات توانیویەتی لەوانەوە کنەبکاتە نێو بزووتنەوەکانی پێشتر، لەنێو ھزر و بیرکردنەوە و بۆچوونی ئەنارکیستی بوونیان نییە. بەڵام ئەوە ھێشتا دڵنیاکەری تەواو نییە و ھێشتا لە ھەرێمێك کە بۆ زۆرینە بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم ناسراو نین، ئەگەری ئەوە ھەیە، بلوێت کەسانێك یان گروپێك لە پانتایی نائاگاداریی کەسانی ناڕازی و گۆڕانخواز لەبارەی بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم، خۆیان بکەنە دایك و باوکی ئەنارکیزم و جۆرێك لە ئۆتۆریتەگەریی/دەسەڵاتگەریی و پاوانگەریی شارداوە بەسەر ھۆگران و شەیدایانی نائاگای ھزری ئەنارکیستی بسەپێنن و لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم کایە چەپەڵە ڕامیارییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.

لەسەر بنەمای ئەو دیتنە، من بەو سەرەنجامە گەییشتووم، کە لەمەودوا پێویستە ئەرك و گرنگیدانی ئێمە لە سێ ئەرکەکەی دەستپێك نەوەستن و واوەتر لەوە پێداچوونەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان بکەین و ھەم سەرنج و ڕەخنەی دەرکەوتنە تازەکان بکەین. بە بۆچوونی من، گرنگی ئەم ئەرکە لەوەدایە، ئەو بۆشاییانە پڕبکەینەوە، کە دەکرێت دەسەڵاتداران و دەربارانی دەسەڵات لەوێوە کنەبکەن. لەو بارەوە من وەك ھەنگاوی یەکەم ھەوڵدەدەم سەردەمێکی دیاریکراوی چەند مانگە بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەی بۆچوون و تێروانینی خۆمان بکەم و ھیوادارم ھەر ئاوا ئێوەش ھاوڕێیانی ئەنارکیست لە ھەر کوێ ھەن، ئەوەی بە گرنگی دەبینن و دەزانن سەرنجیبدەنێ و لەسەری کاربکەن و ڕەخنە بکەنە لەمپەرێك بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھەوڵێکی دژ و دژەخونگەر، بە بۆچوونی من ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێت، کە ئێمە لایەنگرانی تازەی ئەنارکیزم لەوە ئاگاداربکەینەوە، کە ئەنارکیزم پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتیایەتی و ڕێکخستن و پێکھاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، ڕەتکەرەوەی ناوبانگخوازیی و دەستەگەریی و دەستەبژێریی و دەسەڵاتخوازیی ھەر کەسێکە بە ھەر ناوێکەوە بێت، ئەنارکیزم دایك و باوك و مامۆستای نییە و ھەر کەس ئاوا ھەوڵ و پاگەندەیەك بکات، بەبێ گۆمان یان لە بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم تێنەگەییشتووە، یان ئامانجدارانە دەخوازێت دەرکەوتنی تازەکی ھزری ئەنارکیزم لەنێو ناوچەکە و کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان بکاتە دێوجامەیەك بۆ گەییشتن بە ئامانجە کەسییەکانی خۆی یان بۆ خزمەتکردن بە پلانی پارتیی و لایەنێکی دەسەڵاتدار.

ھاوڕێیان ھەڵبەتە ئەم دیتنەی من بەو واتایە نییە، کە ئێمە ھەموو شتێك بەلابخەین و تەنیا خەریکی ڕەخنەگرتن لە خۆمان بین و کۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکان لەبیربکەین. نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەم سەردەمە کە ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان فراوانتردەبن و دەبنە دیاردەی ھەر ڕۆژە، کارکردن لەسەر ڕێکخستن و پاگەندەکردنی ڕێکخستنی ئاسۆیی و چالاکی ڕاستەوخۆ و گرنگی گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و بانگەوازکردنی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و تێکۆشانی نافەرانی سڤیلیست (مەدەنی) و بەرەنگاریکردنی پلانی تایبەتیکردنەوەی کەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و هەر ئاوا ڕۆشنگەرییکردن لەبارەی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆ/ئۆتۆنۆم و نانێوەندییکردنەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، پێداویستی و ئەرکی سەرەکی ئەم قۆناخەی خەباتی ئێمەن و ئەگەر بیرۆکەی کۆبوونەوە گشتییەکان و گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکان و ڕزگارکردنی پەروەردە و خوێندن لە دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت و پارتییەکان و کۆمپانییەکان و بەرەنگارییکردنی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلۆبرالیزم)، نەبنە ئامانج و دروشم و داخوازیی دەستبەجێ و ھەموو ساتەکی ئێمە، بەدڵنیاییەوە ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستیش وەك ڕەوت و بزووتنەوەکانی پێشووتر دەکەونە کەناری کۆمەڵ و دەبنە دەستەیەکی ئایننگەرا و ئایدیۆلۆجیی و سەرەنجام دوکان و کۆمپانییەك بۆ قازانجی چەند کەسێك.

بە کوردی و بە کورتی، بە دیتن و بە گوێرەی ئەزموونگەریی من، ئەنارکیزم و بنەما ئەزموونیی و ھزرییەکانی بزووتنەوە و شۆرڕشی ئەنارکیستی بریتیین لە خۆھوشیاریی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی ئاسۆیی و نانێوەندیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە و بەرخودانی کۆمەڵایەتی، ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیستەم و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی پشتبەستوو بە هەرەوەزی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. بە واتایەکی دیکە بەرەنگاریکردنی هەر هەوڵ و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی، لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبژێرگەریی، دەستەگەریی، پارتیایەتی، دەوڵەت نەتەوە، دەسەڵاتداریی ئایینی و نەزمی نوێی بازار.

———————————————–
* ئامانج لە نووسینی ئەم نامەیە، نە ئامۆژگاریکردن و نە ڕێنوێنیکردنە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی هاوڕێیانە بۆ شتێك کە من ئەم ساتە هەست بە گرنگیپێدانی و بەهەندوەرگرتنی دەکەم و دەکرێت ئاواش نەبێت و من لنگاوقووچ لە پرسەکان تێگەییشتبم و وەڵام و سەرنج و ڕەخنەی هاوڕێیان لەسەر ئەم نامەیە و بابەتەکانی دیکەی من لەبارەی ئەنارکیزم یان هەر پرسێکی دیکە، دەتوانێت پشتیوانییەکی گەورە بێت بۆ من و کەسانی دیکەش. بێجگە لەوە ئامانجی من گومانخستنە سەر هیچ کەس و هیچ دەستەیەك نییە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە بۆ ئەوەی وردبینانە و ڕەخنەگرانە بۆچوون و بیرۆکەکان لە هەر کەسێك وەربگرن، بەتایبەت بابەتی پەیوەست بە ئەنارکیزم، چونکە لۆجیکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستی ئەوە پەسەندناکات، کە کەسێك دژی سەروەریی بێت و هاوکات خەریکی ناوبانگدەرکردن بێت بۆ خۆی و لە خۆی باوکێك بۆ ئەنارکیزم چێبکات؛ وەك زانراوە و دەزانین ئەنارکیزم تێز نییە، دژەتیزە، ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجی نییە، هزرە، ئەنارکیزم زادەی هوشمەندیی هیچ کەسێك نییە و بنەما هزرییەکانی (تیئۆرییەکەی) گەڵاڵەکراوی ئەزموونگەریی بزووتنەوەی سۆشیالیستیی ئازادیخوازی سەدان و هەزاران ساڵە، ئەنارکیزم ئایین نییە و هیچ ئەنجامێك بە دوا ئەنجام و پێگەییشتنی مرۆڤایەتی نازانێت؛ ئەنارکیزم ژییانە و ژییانیش هەردەم دەگۆڕێت و پێشدەکەوێت ؛ وەك پییەر جۆزیف پڕۆدۆن لەنێو نامەیەك بۆ کارڵ مارکس دەنووسێت “وەرە با وەڵامی هیچ پرسیارێك بە دوا وەڵام وەرنەگرین و هەر کات بوار هەبوو و پێویست بوو، جارێکی دیکە لە دوای وەڵامی گونجاتر و دروستر بگەرێین و سەرلەنوێ وەڵامەکان نۆژەنبکەینەوە”
** گوڤاری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی دالیان www.geocities.com/dalyan00 ، www.dalian.cjb.net بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییانە نەماون.
*** سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.sakurdistan.kurdbloger بەداخەوە دەمێکە بەهۆی نەمانی کوردبلاگەر، ئەو پێگەیە نەماوە.
**** سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان www.anarchistan.co.cc بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییە نەماوە.
***** سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.anarkistan.com
http://facebook.com/anarkistan




سینەماکارانی کورد لە سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” رێزیان لێگیرا

مەنسوور جیهانی / یۆتۆبۆری ـ سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید رێزیان لێگیرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە ئامادەبوونی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “شوان عەتووف” ئەکتەری ناوداری کورد، دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری ناوداری شانۆ، “شادان فوئاد” ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، دکتۆر “رێبوار سەعید” ڕاگریی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، “ئاسۆ دیلان” ژەنیاری بەتوانای عوود و ئەندامی گرووپی موزیکی “نەوا” و هەروەها کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو کە سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانی خۆیان بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری رێزی تایبەتیان لێگیرا.
لەم رێوڕەسمەدا لە بەشی بەرهەمە سینەماییەکاندا لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بەخشرا کە “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری شانۆی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، دوای رێزلێنانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە “تەها کەریمی” سەبارەت بەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردە گوتی: یەکێکی دیکە لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە کەسە داهێنەرەکانمان زۆر جار بە زووترین کات و بەخێرایی ئەو دنیایە بەجێدەهێڵن و یەکێک لەوانە “تەها کەریمی” بوو، “تەها کەریمی” هونەرمەندێکی چوست و چالاک و لێهاتوو و بەتوانای کورد بوو کە خەونی زۆر گەورەتری هەبوو کە ئێمە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانیمان بینیوە. خەوی “تەها کەریمی” خەویی بەدیهێنانی سینەمای کوردیی بوو کە بتوانێت مۆر و شوناسێکی کوردانەی هەبێت و بەو مۆر و شوناسەوە بڕواتە دنیای ئەوانی دیکەوە. بەڵام جێی داخە تەها بە کارەساتێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلەوە لە شاری سلێمانی دنیای بەجێهێشت و نەیتوانی خەوەکانی بێنێتەدی.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئەگەر تەها لەم دنیایە بوایە بەرهەمی زۆر جوانتر و لاوازەترمان لێدەبینی، هیوادارم رۆحی تەها بە هەموو یادکرنەوەکانی شادبێت.
هەروەها لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “عاشقەکان بە پێوە دەمرن” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەهرام مەسلەخی” بەخشرا کە “شوان عەتووف” ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر وەرگرت.
هەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی “مناڵانی دیاربەکر” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “میراز بێزار” لە شاری ئامێد گیرا کە “هەڤاڵ بایرام” بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لە بەشی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئەرەستوو مەفاخیری” و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد “شیما مولایی” بەخشرا کە “مەنسوور جیهانی” رۆژنامەنووسی سەربەخۆی سینەمایی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەری سنەیی ئەم کورتە فیلمە کوردییە وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ئاوێنە ڕەنگ بزرکاوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “سالم سەڵەواتی” لە شاری سنە بەخشرا، کە “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەر و دەرهێنەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە کورتە فیلمی “وڵاتی ونبوو” لە درهێنانی سینەماکاری کورد “هەوراز محەمەد” لە هەرێمی کوردستان بەخشرا کە “هیوا جاف” لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەهێنەر وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمەکانی “کوڕانی چیا” و “کاتژمێر 14:36 و 22:8” لە دەرهێنانی هاوبەشی “ژیرۆ ئاگا هەستیار” و “فریدریک کارلسۆن” بەخشرا کە خەڵاتەکەیان لە “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری وەرگرت.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە سەرۆکایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە هاوکاریی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری هاندەریی هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکانیان بە سەرۆکایەتی “پیتێر ئۆلف سۆن” Peter Olfsson و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرهەمی فۆتۆگرافی هونەرمەندانی کورد “ناسح عەلی خەیات”، “بابان ساڵح”، “هۆشمەند هەڵگورد” و هونەرمەندی سویدی “لاگێ بیۆرک” لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”.




حورمەت… پشکۆ ناکام

….هەر هاوار هاوارییانە، پارە یۆخ..بەلوعەی بودجە لە بە بەغاوە گیراوەتەوە..نەوت لە کەرامەتی ئینسان هەرزانتر ئەفرۆشرێت..داعش گیرفانی بڕیوین.. جگەلەوەی مووچە نیە باسیشی بکەیت وەک مەکرەمەیەکی دەسەڵاتی کوردی بە سەوز و زەردییەوە شەق ئەخۆیت و بەدەردەکەی مامۆستیانی ناڕازیت ئەبەن، لە پاڵ ئەو هەموو پاڕانەوە و فرمێسکی تیمساحاوییەوە بۆ بێ داهاتی، ئەبینین لەولاوە سەرۆکی بنەماڵە و فەرهادی عاشقی کورسیە’ شیرین’ەکە، چوار هەزار عەرەبی عەشایەری لە سەر بنەمای برایەتی !کورد و عەرەبەوە بە مووچەی نیو ملیۆن دینار بۆ هەر یەکێکیان دائەمەزرێنێت، کەسیش نوتق ناکات بڵێ کە ئێوە بنەماڵە و حکومەتە برازاکەی ، دەوڵەت نەماوە بە ناوی کوردەوە پارەی لێوەرنەگرن و کەسیش نازانێت شنەی شەماڵی کام قاسە وونی ئەکات بە کام پارە و بودجە و داهات ئەو مووچەیە دابین کراوە ؟ لە هەموویشی هەزەلی تر ئەوەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو برا عەرەبانەمان گیرفانیان گەرم ئەکرێتەوە ، پێشمەرگەی قوڕبەسەری خۆشمان تا معاشێک وەرئەگرێت :ئاشتی هەورامی ئەڵێت چەق.. جگە لەوەش سوپایەکی گەورە و زەبەلاحیان بە ناوی’ زێرەڤان’ یەوە دروست کردوە کە ڕێک کۆپی (حەرەس جەمهوریەکەی) بەعسە، بە مەرجێک فاشیل و ترسنۆک ترین هێزە کە تا ئێستا لە کوردا دروست بوبێت، ڕاکردنی نەجمە و ئەستێرە بەشانەکانیان لە ‘ شەنگار’ شایەتی بودەڵەیی ئەو هێزەیە کە بە نەزەرییەی ‘ شەڕ ڕاکردنیشی تیایە’ ناوی دەرکردوە، ئەی یەپارە و داهاتی ئەو هێزە بێ هێزە چۆن و لەکام داهات مسوگەر ئەکرێت؟ کە چەکی تازە و جل و بەرگ و ئالیاتێکی زۆر و زەبەندیشیان لەبەر دەستایە جگە لە ڕەسم گرتنی جەبهە خەلفیەکانی پشتەوەی شەڕ نەبێت لە هیچ کونێکی ترەوە دەرناکەون!..
ئەی پارە و موچەو نەسرییەی ئەو هەموو ئەو هەموو بەر پرسە لە ژماردن نەهاتوانەی کە هی وایان هەیە کاروانی سەیارەکانی حیمایاکانی لە کەژاوەی دەرزەنێک بوک زیاترە، مەکتەب سیاسی، سەرکردایەتی، ئەندامی بنەماڵە، لق ، مەڵبەند، ئەنجومەن، ناوچە، کۆمیتە، بەڕیۆەبەرەکانی پۆلیس بە هەموو بەشەکانیەوە، بە بەشی تێهەڵانی خەڵکیشەوە، ئاسایش و پراستن و زانیاری سکرتاریەت و دژە تیرۆر و کۆشک و تەلارەکانی خانەوادەی سەرۆکەکان ووەزیر و معاون و کوڕە باشەکانی حاشیەو..هتد…تا فەوجە تایبەتیەکانی بەرپرسە تایبەتیەکان ..کەس نیە بپرسێت بڵێ پارە بۆ ئەو هەموو لەشکر و هێزە چەکدارانەی حیزب بەردەوام هەبێت ،بێ پارەیی و قەیران یەک ڕۆژ ئەوان ناگرێتەوە،بەڵام مامۆستا و موچەخۆرێک چوار هەفتە بە چارەکە معاشێک بڵێ مەمنون کە ئەو چارەکەش بە چارەکە ساڵێک وەرئەگرێت..بۆ ئەو قەیرانە کۆمەڵێکی لە نیعمەتی ژیان بێ بەش نەکردوە و لە ما باقی خەڵکیش ژیانی لێ کردون بە دۆزەخ ..! سوسیال-دیموکراتی بەرپرسی وامان هەیە پارەی سەفەر و میهرەجان و کۆنفراس و مایک و دەعوەتەکانی ڕەنگە بەشی موچەی سەدان مامۆستا و فەرمانبەر بکات، ئەو مەسئولەی ووتبوی: هیچ قاتێک دوو جار لەبەر ناکەمەوە، ئەبێ بزانێ خێزانی وا هەیە دوو مانگ جارێک پڕ بەسکی خۆیان تێر ناخۆن. …
ئەو هەموو چەکانە ئەدرێن بە هەرێم و لە هەولێر’ خەشنۆش’ ئەکرێت، ئەو هەموو پارەیەی بەناوی پێشمەرگە و شەڕی داعش و ئەملا و لاوە، جگە لە ڕژێمەکەی هەولێر بۆ خەڵک و پێشمەرگە وەک جنۆکە وایە ناوی هەیە و دیار نیە ، ئەو هەموو قسەیە بە بەغا ئەڵێن و لە هەولێرەوە وەک جامانەکانیان چاو ‘سوور’ ئەکەنەوە، بەڵام کە ئەچن بۆ ئەوێ وەک مجەور و ئەوقاف یەکسەر دەست پان ئەکەنەوە، لە ئەمریکاوە و بە تەیارەی تایبەت بە حکومەت ئەکتەری جل تەنک دەعوەت ئەکرێت و کەسیش نەیزانی هاتنی ئەو ئەکتەرە بە زەوقە چ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر قەیرانی بێ پارەیی لە هەرێم ! ئاخۆ ئەو خوشکەدەرەش چارەکێکی بەخشیشەکەی خۆی وەرگرت یان سیستەمی پاشەکەوت کردن ئەوی نەگرتەوە و هەمووی وەرگرت ؟ کوڕی سەرۆکی بنەماڵە کە فڕی بەسەر میدیاوە نیە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دائەنێ کە هەقه ناوی’ ئەستەمبوڵ 24′ بوایە، بەکام پارە و کام داهات ئەوەی کردوە؟ جگە لە برازاکەی کە ئەویش ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی بۆ خۆی داناوە، ئەی پارە و موچە و داهات بۆ لەوان نابڕێت ؟ئەوترێت گوایە ئەو دوو ئامۆزایەی بنەماڵە لە ڕقی یەکتری کەناڵیان داناوە، وەزع وابڕوات ئەوەنەی تر قوڕ ئەکرێت بەسەرمانا، ئەوان کە بە قسەی خۆیان عەشیرەتێکی هەزار کەسین و لە ڕقی یەکتر کەناڵ دانێن، ها کا بوین بە ساحێبی پێنج سەد کەناڵی تەلەفزیۆنی سەر بە بنەماڵە، ئەی ئەگەر دزینی داهات و قوتی خەڵک نەبێت چۆن ئاوا یاری بە پارەوە ئەکەن ،، ئەوە بۆ قەیرانی دارایی و هەرزان بونی نەوت و شەڕی داعش بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە هەرێم ناگرێتەوە و هەر خەریکی جرت و فرتی خۆیانن ؟
دەسەڵاتی کوردی و ڕژێمەکەی هەولێر ئەبێت زۆر زۆر مەمنونی ئەو خەڵکە بن کە تەنهابە هاتنە سەر شەقام ناڕەزایی خۆی دەرئەبڕێت، دەنا قەوارە و قورسایی و کاریگەریی نا عەدالەتیەکانی مەسروفات و داهات و دەغیلەی نێوان حیزب و خەڵک لە ئاستێکایە کە ئەبوایە ئەو دەربڕینی ناڕەزایەتیە زۆر توند و فروان تر بوایە و هیچ لێبوردنێکی لە خۆ نەگرتایە، بەڵام دیارە ئەو ڕۆژەش یەت ..سبەی بۆ ئەوەی چاوەڕوانی ئەکات، نزیکە….
من بەش بەحاڵی بە دووری نازانم دامەزراندنی ئەو عەشیرەتە عەرەبانە سەرەتایەک نەبێت بۆ مسۆگەر کردنی چەن هەزار دەنگێک لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەیا، قەیچێکە، کە مردوو دەنگ بات بۆ زیندو نەیکات، هەمووی بڕیارێک و گۆڕینی چەن هەزار دەفتەر نفوسێکە، کەی لەو هەرێمەی ئێمە و لە سایەی سەری ئەو دەسەڵاتەوە ئەوە کارێکی زەحمەتە….
…..بەڕاستی لەوەتەی کورد هەیە و پێی ئەوترێت میللەت، تا ئیستا لە لایەن هیچ کەس و تاقم و ستەم کارێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە ئە ئاوا سوکایەتی و بێ حورمەتی پێ نەکراوە….بەڵام هەمیشە دەسەڵاتی دوور لە حورمەتی نیشتمانی و ئینسانی ئەڕوات و میللەت بە حورمەتی خۆیەوە ماوەتەوە و ئەمێنێت،،،،،،،،




بوژانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ لەجیهاندا … نەوزاد جەمال

برەوسەندنی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’، دەرکەوتێکە ناکرێ ئەمڕۆ لەسەرکەوتنی کاندیدە سیاسیەکاندا نادیدەبگیرێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، رۆژبەرۆژ پارتە راستڕەوە نەژادپەرستەکان لە بەهێزبووندان. گوتاری سیاسی لەهەڵبژاردندا، چەندە ئاوبکات بەئاشی نەتەوەپەرستی و سەروەری خاک و ناسنامەی میلی و بێزاندنی ئەویتری بیانیدا، ئەوەندەش ئەگەری دەرچوونی زێترە.
لەکاتێکدا زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین، سەردەمانێک وشەی ‘ناسیۆنالیزم’ جنێوێکی سیاسی ناحەزبووە. بەشێکی زۆر لەروناکبیران و سیاسییەکان خۆیان لێبەدوورگرتووە. چونکە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە یەکسانکراوە بەسەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم و راسیزم. ئەو جەنگەکاولکاری و سیاسەتە پاکتاوکردنە نەژادییەی لەژێر پێستی ئەم ئایدۆلۆجیە مەترسیدارەوە هاتۆتەدەر، پەڵەیەکی خوێناوییە لەمێژوودا.
بەڵام، زۆرمان پێمانوایە کەبیرۆکەی ناسیۆنالیزم هی سەدەیەک لەمەوبەرە. پاش لێکەوتە وێرانکارییەکانی، چووەتە خانەی مێژووەو ئەو پەڕەڕەشەی لەمێژوو هەڵدراوەتەوە. لەکاتێکدا، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوتی سیاسی و سەرکردەگەلێک دەبینین، کە هەمان تەرزی گوتاری سیاسی هیتلەرو مۆسلینی و کێ و کێیان هەیە. بەسەرنجدانی گوتاری سیاسی ‘ترەمپ’و ‘ماری لۆپین'(فەرەنسا)و ‘خێرت ڤیلدەر'(هۆڵەندا)، ‘پوتین’و ئەردۆگان و چەندان کاراکتەری سیاسی لە چین و پۆلەندا، هەنگاریاو نەمساو بەلجیکاو بەریتانیاو سویدو هندستان و هتد… خاڵی هاوبەش و لێکچوویان لەوەدادەبینینەوە کە: ناسیۆنالیزمێکی فاشیستانە لەبوژانەوەدایە.
سەرهەڵدانەوەو بەجەماوەری بوونی ئەم کاراکتەرە ناسیۆنالیستە نوێیانە، جارێکتر پرسی ئاوابوونی ناسیۆنالیزم زیندوودەکاتەوە. پاڵێوراوەکانی لیستە ناسیۆنالیستە جەماوەریەکان، لەزۆر شوێنی جیهاندا نزیکن لەگەیشتن بەدەسەڵات. لێرەوە، دەبێت سەرهەڵدانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ هۆکارو پاڵنەری خۆی هەبێت. ئاخر ناکرێت، دیموکراسی نوێنەرایەتی و دامەزراوەی سیاسی، دەستەبژێر(ئیلیتە)ی سیاسی وابەئاسانی لاوازبن. لەبەرامبەریشدا کاراکتەری پەڕگیر بەدەنگی جەماوەریی و بەهەگبەی خاڵی لەئەزموونی سیاسیەوە، جێگەیان بگرنەوە.
بزوتنەوەی بریکست-چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورپا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری سیاسەتی ناسنامە. بۆیە، زۆربەی لپارتەکان، باشترین و ئاسانترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەران، ئەمڕۆ پرسی پەنابەرو کۆچبەرو مسوڵمان بەکاردەهێنن. چونکە، باش دەزانن کۆمەڵگەو تاکی ئەورپی لەسیاسەتدا خەمساربووە. سیاسەتی بۆ دامەزراوەی فەرمانڕەوایی بەجێهشتووە. ئیدی، بۆئەوەی ئەو کارەکتەر پۆپولیستیانە بگەنە دەسەڵات، دەبێت پرسی هەستیاری ئاین و نەژاد بکەنە پەیژەی گەیشتن.
رەنگە، سەیر بێت کە چۆن سیاسیەکی فاشیست لەم سەردەمەو لەوڵاتێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانست و کولتوردا، دەنگی زۆرینە بەرێت. وەلێ، سەیرنییە کەسێتی هاوشێوەی ئەردۆگان لەژێڕ گوتاری سیاسی ‘گێڕانەوەی مەزنێتی بۆ تورکیا’ زیندانەکانی پڕبکات لەنەیارەکانی. سەرۆک ‘پۆتین’ چۆن بۆی دەچێتەسەر کە لەناوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕ لەسەر مانەوەی رژێمی ئەسەدو بەبەهانەی لێدانی داعشەوە شارو وڵات کاولبکات؟ چۆن، کەسێکی وەک ترەمپ، نەریتی دامەزراوەی سیاسی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە کاریزمایەکی سیاسی؟
بەهەمان شێوە، ئەو پرسیارەش راستە؛ ئاخۆ چۆن ‘هیتلەر’و ‘مۆسلینی’ و رژێمە تۆتالیتێرەکان بەئاسانی ملیۆنەها مرۆڤیان کردە قوربانی ئەنگیزەو بیرۆکەی فاشیستی خۆیان؟ وەڵامدانەوەی ئەوەی ئێستە کەلەجیهاندا دەگوزەرێت، ئەو رووبەرەتاریکەی مێژووشمان بۆ رۆشن بکاتەوە. بەڕای سۆسیۆلۆگی ناسراو ‘زیگمۆند باومان'(لەوتارێکدا: ‘چۆن لیبرالیزمی ریگەی بۆ ترەمپ خۆشکرد’ لەماڵپەڕی: socialeeurope.eu/zygmunt-bauman)، تێزەکەی بیرمەندنی ئەڵمانی ‘کارڵ شمید’ تیشکێک دەخاتەسەر ئەوەی چۆن سەرکردەی فاشیست، پشتیوانی جەماوەری بەدەستدەهێنێت.
لەکتێبی(Political Theology) شمید، پێناسەی هەژموونی دەسەلات/هێز بەرێسای “بڕیاردەر”(decisionist) ناودەبات. هەژموونی دەسەڵات بریتییە لەرێسای بڕیاردان و توانای یەکلاکردنەوەو سەپاندنی. ئەو سەرکردەیەی کە بە بەڵێ و سەرسامی جەماوەر دروشمی ‘یەکێتی گەل’ و ‘یەک دەوڵەت’ و ‘یەک سەرکردە’ بەرزدەکاتەوە، دەتوانێت بەئاسانی خۆی بسەپێنێت. چونکە، بەهەمان میکانیزم هیتلەر لە (1935) توانی رای زۆینە بۆخۆی بەرێت.
سەرکردەی بڕیاردەر جگەلە گوێڕایەلی جەماوەر هیچیتری ناوێت. کاتێک، بڕیارەکانی هیج رێگرو سنووریێکی بۆ نابێت، وەکچۆن لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، فەرمانڕەوایەتی وەک مافێکی خودایی-یەزدانی تەماشا دەکرا. بۆیە، سەکردەی بڕیاردەر، لە رەهاگەری نزیکدەبێتەوەو وەک خودایەک رازی نابێت کاروبارەکەی خۆی بۆ کەس روونکاتەوە. مافی پرسیارکردن و لێپرسینەوەش لەهەموو کەسێک زەوتدەکات و مافی لێپرسینەوە لەهەمووش بەخۆی دەدات. دواجار، بەئاسان باز بەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و قەزاییدا دەدات.
بیرۆکەی ‘دوژمنسازیی’ خاڵێکیترە کە ‘باومان’ جەختیلێدەکاتەوەو ئاماژە بەتێزێکی ناسراوی بیرمەندی ئیتالی ‘ئومبێرتۆ ئیکۆ’ بەناوی(Making an Enemy ) دەدات. بەڕای ‘ئومبێرتۆ’، هەبوونی دوژمن و نەیار نەک هەر گرنگ و پێویستە بۆ پێناسەکردنی ناسنامە، بەڵکو مەرجە بۆئەوەی پێورەکانی سیستمی بەهایی خۆمان تێپەڕێنین. هاوکات، بەهای خۆمان لەبەرامبەر ئەویتردا نیشانبدەین. ئێمە دوژمنمان پێویستە، تابزانین خۆمان کێین و کێش نین. زانینی ئەمەس، مەرجە بۆ خۆپەسەندیی و متمانە بەخۆ. لەبەرئەوە، ئەگەر دوژمن و نەیاریش نەبێت، دەبێت دایبهێنن و دروستکەین!
هەمیشە، دوژمن و نەیاریش ئەوانەن کەلەخۆمان جیاوازترو خاوەنی نەریتێکن کە لەهی ئێمە ناچێت! لێرەوە، ئەو دوژمنەی ئەو کارەکتەر سیاسیانە گرەوی لەسەردەکەن، ئەویتری نامۆو بیانییە. جگەلەوەش، ‘خاک و خوێن و نەژاد’ پێکهێنەری سەرەکی ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمەن. بۆیە، گۆڕانکارییەکی گەورەدەبینین کە گوتاری سیاسی لەبیرۆکەی هاوڵاتی نیشتمانیەوە، بەرەو بیرۆکەی پیرۆزی خاک دەڕوات و بەپێشمەرجی هاوڵاتیبوونیان دادەنێت. جگەلەوەی دیدیکی رۆمانسیانە بۆ باڵایی نەریتی باوان و ناسنامەی نەتەوەیی لەفۆرمێکی بەرتەسکدا کۆدەکاتەوە.
ئەمڕۆ لەئەورپاو خۆرئاوادا، ئەویتری نامۆی سەرڕەش و موسڵمان، خۆرهەڵاتی و هتد… باشترین میکانیزمی سەنگەر بەهێزکردنی ئەم گوتارە ناسیۆنالیستەیە. بۆنموونە، ‘ئەویتر’ لەسیاسەتی تورکیادا هەمیشە ‘کورد’ی ناجۆربووە. ئەمڕۆ ‘ئەردۆگان’ بەئاسانی هەست بەپشتیوانی خۆی دەکات، چونکە بەناوی لێدانی ئەویتری تیرۆریستەوە، کۆشکی دەسەڵاتی رەها قایمدەکات. بەهەمان میکانیزمیش، سەرکردە فاشیستەکانی جیهان، پاساوی پەنابەر، زۆربوونی بیانی و مەترسی هاتنی ئایینی خۆرهەڵات و خراپی ئابوری و زۆربەی قەیرانەکان دەخەنە ئەستۆی ئەویترێکی بیانیی.
لەپێناو ئەو دوژمنسازییەشدا، ناسنامەی کولتوری، نەژادو پێست و پاشخانی شارستانی دەکرێتە پاساوی رەوایەتیدان. هەڵبەت، گەڕانەوەی فاشیزم بۆ ناو کایەی سیاسەت بەو ئاسانی و خێراییە، بەڕای نووسەری هۆڵەندی ‘رۆب ریمن’ بۆ شکست و کەوتنی دەستەبژێری سیاسی، قەیرانی کولتوری و رۆحی و مایەپووچی سیستمی پەروەردە دەگەڕێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو چرکەساتەمێژووییە کە سەدەیەک لەمەوبەر لەئارادابووە کاتێک گەورە رۆماننوسی ئەڵمانی ‘تۆماس مان’ لەسییەکاندا، هۆشداری سەرهەڵدانی ‘هیتلەر’ی دا. بەڕای ئەو، زەمینە سەرکەوتنی ئەو کارەکتەرە ‘بۆشایی و کەلەبەری دەروونی’یە.
دیارە، ‘رۆب ریمن’ راکەی ‘نیتشە’ دووبارەدەکاتەوە کەدەڵێت: ‘کاتێک خوێندنوپەروەردە لەوەدا کورتکرایەوە کە تەنها بۆ ئابوری و دەوڵەت باشە’، ئیتر، بۆشایی دەروونی و قەیرانی کولتوری سەرهەڵدەدات. دواجاریش رێگەکە بۆ کەسێکی فاشیست ئاسانە کەجڵەوی دەسەڵات بگرێتەدەست. لەم سۆنگەوە وتەکەی ‘ترەمپ’ لەمانگی (٢)دا شایەتحاڵێکە کەووتی:”من کەمخوێندەوارم خۆشدەوێت”! چونکە، ئەو چینەبەرینە، پشتوپەنایەکی سەرکەوتنین.
لێرەوە، کە ‘هیتلەر’ بەئاسانی بووە جێگەی متمانەی خەڵکی. لەبەرئەوەی سەر بەدەستەبژێری سیاسی نەبوو. چونکە، خەڵی ئەم چینەی لەقەیرانەکانی ئەڵمانیا بەبەرپرسیار دەزانی. بۆیە، ‘هیتلەر’و ‘ترەمپ’ هەمیشە رەخنەیان لەدامەزراوەی سیاسی دەگرت و خۆیان بەبەشێک لەو سیستمە دانەدەنا. ئەمەش، زەمینەی جەماوەرییانی بەهێزترکرد. شایەنی باسە، کاتێک لەسالانی چلەکاندا ‘تۆماس مان’ سەمینارێکی لەبارەی هیتلەرەوە لەئەمریکا پێشکەشکرد، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە: ‘ئەگەر فاشیزم رۆژێک گەیشتە ئەمریکا، ئەوا ئەوسا بەناوی ئازادییەوە دەبێت’!
کەواتە، برەوسەندن و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی نوێ، بەشێکی بۆ سیاسی فاشیست دەگەڕێتەوە. سەرکردەیەکی رەهاخوازو ئۆتۆکراسی. هاوکات، گەمەکردن لەسەر پەتی دوژمنایەتی خۆمان و لەبەرامبەر ئەوان. و نەتەوەی خۆمان لەسەروو هەموو شتێکەوە. ئەمانە، هەموو رێخۆشکەرن بۆ ئەو بارودۆخە سیاسیەی جیهان ببێتە مەیدانی لەباری ناسیۆنالیستە نوێکان. بەئاشکرا لەزۆر وڵاتی خۆرئاوادا وەرچەرخانێک لە هاولاتیبوونی گەردوون و نیشتمانیەوە، بۆ خوین-خاک و نەژاد گۆڕاوە. هەستی نیشتمانپەروەری ئەرێنی گۆڕاوە بەنەژادپەرستی و بەهەموو بەهانەیەکی فاشیستی پاساودراوەتەوە.
ئیدی، گوتاری داخستنی سنوورەکان بەرووی بیانیەکاندا، باشترین گوێگرو بەڵێی بۆ دەکرێت. لەهەمووشی سەیرتر ئەو پارادۆکسەی ئەم ناسیۆنالیزمە نوێیەیە. بەدیوێکدا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی کۆلۆنیالیزمانە فراوانخوازە. لەلایەکیش جەخت لەسەر دەمەزرکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نەژادی خۆی بەداخستنی سنوورەکانییدا دەکات. هاوکات، دەستوەردەداتە بارودۆخی وڵاتانی پاشکەوتوو و پاڵپشتی ستەمکاری سیاسی دەکات. پێدەچێت، ئەو جۆرە وڵاتانە دژبەلێشاوی پەنابەرو کۆچبەربن، بەڵام پێیویستیان بەو زەرورەتی مانەوی ئەو مەترسیە هەیە تاوەک دوژمنی و نەیار لەنیشتمانی خۆیاندا، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەری سوودی لێوەرگرن.

سەرنج: وێنەکە ئاماژەیەک بەچەند سەکردەیەکی ناسیۆنالیستی نوێ لەجیهاندا




هزری نه‌رم و هه‌ڵاوسانی خود لای سیاسه‌توانی كورد …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

هزری سیاسی له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه‌دا هیچ كاتێك له‌ چوارچێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی نه‌ئاخنراوه‌، ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ مانا مۆدێرن و عه‌قلانیه‌كه‌ی هه‌رگیز له‌ ئه‌ستۆی جولانه‌وه‌ سیاسیه‌كانی كورد نه‌بووه‌، په‌روه‌رده‌كردن پڕۆسێسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری درێژخایه‌نه‌ و ته‌نها به‌ رۆژنامه‌یه‌ك و گۆڤارێك و رادیۆیه‌ك و دووسێ‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌یی ئه‌وسا و ئێستا نایه‌ته‌ دی.

په‌روه‌رده‌ی سیاسی ئاماده‌باشیه‌كی عه‌قڵی پێده‌وێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێك له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ له‌ بواره‌كانی تردا بڕوات، بێ‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ساغی به‌ڕێوه‌ ناچێ‌، ئاماده‌یی ده‌روونی لای هه‌ر تاكێك مه‌رجێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌ی گه‌یاندن له‌نێو هه‌ر جولانه‌وه‌ و شۆڕش و گۆڕانكاریه‌كدا به‌ نیانی ببزوێ‌، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ ڕووی عه‌قڵیه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌كراون، به‌ڵكو هه‌میشه‌ لایه‌نی هه‌ڵچوون و سۆزی نۆستالیژی و هه‌ست به‌ گوناهیان وروژێنراوه‌ و به‌ پوختی ئه‌م دۆخه‌ خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی شور و حه‌ماسه‌تی شۆڕشگێڕی و له‌ راستیشدا ئه‌م باره‌ سایكۆلۆژیه‌ نه‌ك هه‌ر باڵانس له‌ هیچ دۆخ و سه‌رده‌مێك بۆ تاك درووست ناكات، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا باڵانسی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری ده‌شێوێنێ‌.

هه‌ندێ‌ ڕه‌فتاری سیاسی هه‌ن به‌ زه‌قی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارێكی ناهاوسه‌نگی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌ن و په‌یوه‌ست نین به‌ كه‌سێتی سیاسیه‌ك یا نوێنه‌رێك له‌ بوارێكی دیاریكراوی به‌رپرسێتیدا ده‌رده‌كه‌وێ‌ یا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كا. سیاسیه‌كان له‌ بواری گشتی كاری خۆیاندا نابێ‌ به‌ته‌نها خۆیان بن، ئه‌وان هه‌ڵوێستێك یا ڕایه‌كی گشتین، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بێ‌ خه‌ڵك بن نیو ئه‌وه‌نده‌ نابێ‌ خۆیان بن، (خۆنه‌بوون) ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌سه‌كه‌ له‌ خودی خۆی بترازێ‌ و خه‌سڵه‌ته‌ سایكۆلۆژیه‌كانی خۆی وه‌ك تاكێكی سه‌ربه‌خۆ ونكات، به‌ڵكو (ئه‌وانبوون) به‌ مانا سایكۆسیاسیه‌كه‌ی جۆرێكی زۆر پێشكه‌وتووی (خۆبوونه‌) و له‌ راستیشدا ره‌فتاری دیموكراسی به‌و مانایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. كه‌سێك كه‌ له‌ پێگه‌ و پله‌ و پایه‌یه‌كی گشتیدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ دۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری هه‌واردارانی بخوێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ژیریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌نگیه‌كی ده‌روونی ساغی هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا په‌یبردنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ ورد په‌ی به‌ گۆڕانكاریه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌بات.

سیاسه‌ت له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا له‌ تایپه‌ سایكۆلۆژیه‌ هه‌ره‌ كلاسیكه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتیشی تێپه‌ڕاند كه‌ ئه‌رستۆ ناوی نابوو (چه‌وسانه‌وه‌ی ئاسیایی) و تاك تا ئه‌و ئاسته‌ ملكه‌چ بووه‌ توانای جوله‌ی لێبڕاوه‌ و قبولی ئه‌م دۆخه‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی له‌ كاتی موماره‌سه‌ی كاری سیاسی له‌ كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و بواره‌ی ده‌بینین ته‌نها و ته‌نها خه‌سڵه‌تی كه‌سێتی خۆیانن و هه‌رده‌م باره‌ ده‌روونیه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی گشتی و ده‌ركه‌وتنی ئه‌وان و دیارده‌ و ڕوداوه‌ سیاسیه‌كان ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌.
سیاسه‌توانان له‌م هه‌رێمه‌دا له‌ هه‌موو ساتو كاتێكی ژیاندا خۆیان بوون كه‌س به‌قه‌د ئه‌وان وجودیانه‌ ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی خۆیان نین، (ببه‌ به‌خۆت) دروشمێكه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ نائاگای ئه‌وان ریشه‌ی قووڵی هه‌یه‌ به‌ڵكو زۆر وریایانه‌ وه‌ك (بوون به‌ خۆ) یه‌كی فه‌لسه‌فی به‌ ناوی جۆراوجۆر پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌. بوون به‌ خۆی فه‌لسه‌فی شایه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نادات كه‌ كاراكته‌رانی سیاسی به‌ ئاگان له‌ مانا و ریشه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌فتاره‌ سیاسیه‌كانن له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ئه‌و پاڵنه‌ره‌ سایكۆلۆژیه‌ شاراوانه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ له‌ پشت هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكی ئه‌وانه‌وه‌یه‌ و ده‌ركه‌وتنه‌كانیشیان له‌و ڕه‌فتارانه‌دا ساویلكه‌یی هۆشی ئه‌وانمان بۆ ده‌رده‌خا.

یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ بنه‌ماییه‌كانی ده‌بێ‌ له‌ كه‌سێتی سیاسه‌توانی دیموكراتدا هه‌بێ‌( نیانی- flexibility)ه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێ‌ ده‌توانێ‌ هزری خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و هه‌ڵوێسته‌ جۆراوجۆره‌كاندا بگونجێنێ‌ و له‌ به‌رانبه‌ر پێشهاتێك یا پرسێكی دیاریكراودا چه‌ندین ئه‌لته‌رنه‌یتیڤی جیاجیای هه‌بێ‌، كه‌سی له‌م جۆره‌ وه‌ڵامی هه‌مه‌ڕه‌نگی هه‌یه‌ بۆ ته‌نها پرسیارێك، خاوه‌نی ئه‌م مێنتالیتیه‌ زۆر دوور ده‌بینێ‌ و زۆر قووڵ شیده‌كاته‌وه‌ و ده‌خوێنێته‌وه‌.
سایكۆلۆژیه‌تی ناهاوسه‌نگی كاراكته‌ری سیاسی ئێمه‌ له‌ ئاست خۆی نه‌وه‌ستاوه‌، بگره‌ ته‌شه‌نه‌ی كردۆته‌ جه‌سته‌ی حزب و دواتر پانتایی هه‌واداران و ئینجا وه‌ك كولتوورێك له‌ ناخی ده‌روونی تاكه‌كانمان چه‌قیوه‌. سیاسه‌ت لێره‌ به‌ سه‌رسه‌ختی و عینادیه‌كی ناعه‌قلانیانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌، عیناد وه‌ستانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌لته‌رنه‌یتیڤ و یه‌ك وه‌ڵام بۆ یه‌ك پرسیار و یه‌ك داواكاری، ئه‌وان واته‌ حزبه‌كان و سیاسیه‌كان له‌وه‌ته‌ی هه‌ن یه‌ك هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌ ئه‌ویش هه‌وڵدانه‌ بۆ یه‌كتر سڕینه‌وه‌ و جێگه‌ی یه‌كتر گرتنه‌وه‌. ئه‌م رق و نه‌گۆڕیه‌ له‌ هه‌ڵوێستی سیاسی به‌رانبه‌ر یه‌كتر چه‌سپینی خه‌سڵه‌تێكی ده‌روونی ئه‌وپه‌ڕگیره‌ و مانای ره‌قهزری و سووربوون له‌سه‌ر یه‌ك تاكه‌ ڕا ده‌گه‌یه‌نێ‌، ئه‌مه‌ له‌ سایكۆلۆژیای مه‌عریفیدا پێیده‌ڵێن Convergent Thinking واته‌ وه‌ڵامێك ئه‌وه‌نده‌ نزیك بێ‌ له‌ داواكه‌ی تۆ ڕێك ئه‌وه‌ بێ‌ كه‌ ده‌ته‌وێ‌ و به‌ هیچ وه‌ڵامێكی دیكه‌ش رازی نه‌بیت.
ئه‌م جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری سیاسی و مه‌عریفی بووه‌ته‌ خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی و سیاسیه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ی له‌ هه‌موو هه‌ڵوێستێكی دوور و نزیكیان پێ‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمیان به‌م سه‌رسه‌ختی و عینادیه‌ نێگه‌تیڤه‌ی خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌م داخرانه‌ و ده‌سته‌پاچه‌ن له‌ هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بێ‌ هه‌ناسه‌یه‌كی راحه‌ت تر هه‌ڵمژن؟.

ئه‌م عیناده‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئاڕنۆڵد توینبی له‌ “باسێك له‌ مێژوو” باسی ده‌كا و ئه‌و بوێریه‌ش نیه‌ كانت پێیوابوو بۆ گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن پێویسته‌، عیناد لێره‌دا ته‌نها مانای سه‌رسه‌ختی و وه‌ستان و چه‌قین ده‌گه‌یه‌نێ‌ و له‌ رووی مه‌عریفیشه‌وه‌ جۆرێكی ڕه‌سه‌نه‌ له‌ دۆگمی عه‌قڵی و سڕبوونی هزری. ئازایه‌تیش نیه‌ چون ئازایه‌تی جۆرێكه‌ له‌ حیكمه‌ت و توانای گه‌ڕان به‌ دوای نه‌دۆزراوه‌ و نه‌زانراوه‌كان نه‌ك وه‌ستانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی به‌رانبه‌ر مه‌ترسیه‌ بوهیمیه‌ فیزیكیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان.
بینین ته‌نها به‌ ڕه‌ش یا سپی كوێریه‌كی عه‌قڵیه‌ و ناچالاكیه‌كی زه‌ینی خوو پێوه‌گیراوه‌ به‌ درێژایی مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ به‌ وانه‌ وتراوه‌ته‌وه‌ و فێری نه‌وه‌كانمان كراوه‌، ئه‌م فێربوونی ده‌سته‌پاچه‌ییه‌ گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ ئێستا زیاتر له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌ و له‌ رووی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ریه‌ عه‌قلیه‌كانیش ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من به‌رانبه‌ری گه‌وره‌ترین گوناهی مرۆڤایه‌تیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ چجای گوناهی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی.

نیانی هزری یا باشتر وایه‌ بڵێین گونجانی هزری یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كانی سه‌ركرده‌، واته‌ ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن سه‌ركرده‌ ده‌بێ‌ و به‌ سووربوون له‌سه‌ر (ده‌بێ‌) نیانهزر بێ‌ و توانای گونجانی عه‌قڵی خۆی هه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وت و دیارده‌ هه‌مه‌جۆره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ به‌ ساغی له‌ رووی سایكۆلۆژیه‌وه‌ بڕیار له‌ باره‌یانه‌وه‌ بدات. ئه‌م توانایه‌ یا ئه‌م توخمه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هزری داهێنان پێكده‌هێنێ‌ كه‌ بۆ ئه‌ركێكی قورسی وه‌ك سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی پێویسته‌، داهێنانی هه‌ڵوێستی نوێ‌، و پلانی نوێ‌ و نه‌خشه‌ی دیبلۆماسی و كاری سیاسی نوێ‌ داهێنراوێكن پێویسته‌ زوو زوو له‌ كه‌سێتی سه‌ركرده‌ ده‌ركه‌ون. ئه‌گه‌ر سیاسی ئه‌م توانا تایبه‌ته‌ی نه‌بوو ئه‌وا ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هه‌ڵكه‌وتێكیش چووبێته‌ ئه‌و پایه‌ و پله‌یه‌ شكست ده‌هێنێ‌ و ئه‌م ناتواناییه‌ش به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ به‌ ئاسانی ده‌ناسرێته‌وه‌.

مادام دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری ئێمه‌ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆمان به‌م رۆژه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ تیایدا جۆرێك له‌ داماوی و ده‌سته‌پاچه‌یی و له‌ولاشه‌وه‌ سه‌رسه‌ختی و وه‌ستانه‌ی پێوه‌ دیاره‌، ئه‌وا ناتوانایی حزبی كوردی و كاراكته‌ری سیاسی كوردی نیشان ده‌دات به‌رانبه‌ر ئه‌و گرێ‌ و كێشه‌ ده‌روونیانه‌ی تێیئاڵاون و بڕستی لێبڕیون و ئه‌وه‌نده‌ توند به‌ خۆیانه‌وه‌ به‌ستوونیه‌ته‌وه‌، توانای ئه‌وه‌یان نه‌ماوه‌ شێوازێكی دیكه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زه‌لكاوه‌ سایكۆلۆژیه‌ ئینجا سیاسیه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌م به‌ پاڵه‌وان له‌ خۆگه‌یشتنه‌ لای سیاسه‌توان و سه‌ركرده‌ی سیاسی كوردی، دۆخێكی نادرووستی ده‌روونیه‌ به‌ر له‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی سیاسی ئاڵۆزكاو بێت. پاڕانۆید و هه‌ڵاوسانی ده‌روونی له‌ ناوه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی بردوون به‌ڕاست خۆیان لێبۆته‌ بوونه‌وه‌ری تر و خۆیان له‌سه‌رووی مرۆڤی ئاسایی ده‌بینن، به‌ڵام له‌وه‌ بێ‌ ئاگان كه‌ كه‌سی تووشبوو به‌م گرفته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا شڵه‌ژان و ناهاوسه‌نگیه‌كانی زۆر به‌ ڕوونی بۆ خه‌ڵكی ئاسایی ده‌رده‌كه‌ون و فیزیكیانه‌ سه‌یر ده‌كرێن.

هه‌ڵاوسانی ده‌روونی لای سیاسه‌توانی كوردی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی (به‌خۆعاشقبوون و چێژبه‌ری ده‌مه‌كی و هستیریای ره‌فتاری)دا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وج، شڵه‌ژانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری وڵاته‌كه‌مان زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ شڵه‌ژانی ده‌روونی سیاسیه‌كان و خه‌سڵه‌ته‌ عوسابی و سایكۆسسه‌كانیان.
ئه‌و دۆخه‌ ناهاوسه‌نگه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ داخراو نیه‌ بیخه‌ینه‌ نێو تیۆریزه‌كردنێكی خه‌مۆكیانه‌ی ئه‌وتۆوه‌ ده‌روونی خوێنه‌ری زیاتر پێ‌ بشێوێنین، به‌ڵكو ئومێد وه‌ك ستراتیژێكی ده‌روونی پۆزێتیڤ زیاد له‌ ڕێگه‌یه‌كمان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ به‌ر ده‌م. باشترین چاره‌سه‌ر لای خودی سیاسه‌توانان و حزبه‌كانیانه‌، مادام ئه‌وان زۆر به‌ زه‌قی به‌م شێوه‌یه‌ خۆیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ناساند، ئه‌وا ده‌توانن له‌ كێشه‌كانی خۆیان وریا بنه‌وه‌ و وه‌ك كارڵ رۆجه‌رز ده‌ڵێ‌ خۆیان ده‌توانن چاره‌ی خۆیان بكه‌ن.

ئه‌م دۆخه‌ به‌ گۆڕینی ستایلی بیركردنه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر خۆیان و له‌سه‌ر ئه‌وانی تر دێته‌ گۆڕین، كێشه‌كان له‌ نێو چوارچێوه‌ی هزری خۆیاندان، ئه‌وه‌ی سه‌ری له‌وانه‌ تێكداوه‌ ته‌نها شێوازی بیركردنه‌وه‌یانه‌ و به‌س، پێداچوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ عه‌قیده‌تیه‌كانیان و موتوربه‌ كردنیان به‌ میكانیزمی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بڕیارێكی ستراتیژی په‌روه‌رده‌یی و پیداگۆگی تازه‌یه‌ و بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێ‌ به‌ بنه‌مایه‌كی پته‌و، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌یانكا به‌ كه‌سی نیانهزر و flexibil و له‌ راستیشدا به‌ ته‌نها ئه‌و ستایله‌ ده‌توانێ‌ بیركردنه‌وه‌یان ڕاسته‌ڕێ‌ بكاته‌وه‌. سووربوون له‌سه‌ر ئه‌م ستایله‌ هه‌ره‌ كلاسیكه‌ دووچاری شێرپه‌نجه‌ی ده‌روونیان ده‌كات و نموونه‌ی ئه‌و مێگالۆمانیكانه‌شمان* له‌ مێژوودا زۆرن.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونی- عه‌قڵیه‌ كه‌سه‌كه‌ خۆی لێده‌بێته‌ بانمرۆڤ و به‌وه‌همی فوودراویه‌وه‌ ده‌ژی.




مارا – ساد نماییشی شۆڕشێکی تەواو نەکراو … حسن حسێن

لەگەڵ ئەوەی شانۆنامەی مارا ‌ـ‌ ساد، باس لە دۆخی دوای شۆڕشی فەڕەنسی دەکات، بەڵام وەك هەر کارێکی هونەریی و ئەدەبیی زیندوو بازنەی شوێنکات دەبڕێت و بە زمانێکی جیهانی خەم و خەونەکانی مرۆڤی دوای شۆڕش دەردەبڕێت. هەر بۆیە بە نزیکی لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە شۆڕشیان تیا کراوە، جۆرێك لە ئاوڕدانەوە و گەڕانەوە بۆ ئەم شانۆگەرییە هەبووە و هەیە. چونکە بە نزیکی دۆخی دوای هەموو شۆڕشەکان خاڵی لێکچوونیان زۆرە، هەر بۆیە نماییش کردنی بە لای هەر کۆمەڵگەیەکەوە دروستکردنی رایەڵەیەکی پەیوەندی و دۆزینەوەی خاڵە لێکچووەکانی نێوان شانۆنامەکە و دۆخی کۆمەڵایەتی دوای شۆڕشە.
جاری یەکەم کە شانۆگەریی مارا – سادم بینی لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا بوو، کە لەلایەن تیپی شانۆی ئەزمونگەری کوردییەوە نماییش کرا و هونەرمەند شەماڵ عومەر دەری هێنا بوو. ئەو کاتە زۆر لە شانۆگەرییەکە حاڵی نەبووم، ئەمەش لە لایەکەوە بەهۆی پاشخانی رۆشنبیریی خۆمەوە بوو، لە لەلایەکی ترەوە بە هۆی ئەوەی شانۆییەکە خۆی کارێکی سادە و ئاسان نییە و شانۆییەکی ئەزموونگەرییە کە تێیدا پیتەر ڤایس بە شێوەیەکی جیاواز ئایدیا هونەری و فیکرییەکانی دەخاتە روو. لە رووی هونەرییەوە شانۆییەکمان لە ناو شانۆدا بۆ نماییش دەکات و ستەیجەکەیشی نەخۆشخانەیەکی دەروونییە. لە رووی فیکریشەوە شۆڕشی فەڕەنسی دەکاتە پاساوێك تا لەو مێژووەوە بێتەوە و باسو خواسێك لەسەر شۆڕشەکانی سەدەی بیست دروست بکات و تێڕوانینە جیاوازەکان لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە بخاتە روو. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر شانۆی تۆماری (المسرح التسجیلي) و گرنگترین رووداوەکانی شۆڕشی فەڕەنسیمان بۆ دەگێڕێتەوە و بە تەکنیکی جۆراوجۆر و جیاواز لە گۆرانییەوە بۆ دیکۆر، لە جووڵەی ئەکتەرەوە بۆ رووناکی، وێنە و دیمەنەکانی شۆڕشمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئەم شانۆییە پشت بە رووداوی راستەقینە دەبەستێت بە مانای ئەوە نایەت کە نووسەر خەریکی نووسینەوەی مێژوو بێت، بەڵکو ئەم تەکنیکە دەکاتە ئامڕازێك بۆ خستنە رووی بابەتگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دروست کردنی ئیلتیزامی هونەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەك چەوسانەوەی چینایەتی، ستەمکاریی و نەبوونی ئازادی . جگە لەوە ڤایس بە بەکارهێنانی تەکنیکی شانۆ لە ناو شانۆدا دەیەوێت بینەر لەگەڵ رووداوەکاندا تێکەڵ نەبێت و لە بیری نەچێتەوە کە خەریکی سەیرکردنی نماییشێکی شانۆییە و بەمەش بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێنێت. دەرهێنەر هیوا فایەق هەر لە یەکەمین ساتەوەختی نماییشەکەدا ئەمەی بە جوانی نیشان دا کاتێك کە گڵۆپی رووناکی هەڵ دەبێت، مارکێز دوساد هاوار دەکات هێشتا دەستمان پێ نەکردووە. لە چەند دیمەنێکیتریشدا و لە رێگەی گۆڕینی دیکۆرەوە زووزوو ئەوەی بەبیر دەهێناینەوە کە ئێمە خەریکی بینینی شانۆییەکین.
ناونیشانی تەواوی شانۆییەکە بریتییە لە ( ئازاردان و تیرۆرکردنی ژان پۆڵ مارا بەو جۆرەی کە تیپی نواندىی نەخۆشخانەی چاینتۆن بە سەرپەرشتی بەڕێز دی ساد پێشکەشی کرد) و ئەکتەرەکان کۆمەڵێك نەخۆشی دەروونیین کە لە نەخۆشخانەی چاینتۆن کەوتوون. دەرهێنەری شانۆییەکە مارکێز دوسادە کە چێژێکی زۆر لە ئازاردانی مرۆڤ دەبینێت و گەلێك کتێب و نووسینی هەن کە تیایاندا ستایشی ئازار دەکات، هەڵبەتە چەمکی سادیزمیش هەر لە ئایدیا و رەفتارەکانی ئەم بیرمەندەوە داڕێژراوە.
مارکێز دو ساد و ژان پۆڵ مارا هەر بە تەنها دوو جەمسەری سەرەکی شانۆییەکە نین، بەڵکو بەرجەستەکەری دوو روانینی جیاوازن بۆ مانای شۆڕش و بەهاکانی و دەسەڵات و رەهەندەکانی. ساد روانینێکی سیاسی – سێکسواڵێتی بۆ شۆڕش هەیە (خێری شۆڕش ئەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێک نەئاڵێن)، ئەو دەسەڵاتەیشی کە وەک دەرهێنەری شانۆنامەکە پێیدراوە لە نماییشکردنی ئازار و ئەشکەنجەدان و تەنانەت ئیغتیساب کردنی یەکێك لە نەخۆشەکان(کە یەکێک بوو لە دیمەنە هەر بوێرەکانی نماییشەکەی کۆڕی شانۆی با) رەهەندێکی سایکۆلۆژی دەبەخشنە دەسەڵات و رووداوەکانی دوای شۆڕش و تەنانەت کردەی تیرۆرکردنەکەی مارا. ژان پۆڵ ماراش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی هیوا و ئاواتە بەدی نەهاتووەکانی کرێکاران و هەژاران و ئازادیخوازەکانەوە نەك وەك خوێنڕێژێك، بەڵکو وەك سەرکردەیەکی سیاسیی چەپڕەو دەردەکەوێت، کە جەماوەر چاوی ئومێدیان تێ بڕیوە و باوەڕی بەوەیە بە هێز دەتوانرێت دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیی بەدی بهێنرێن و دەکرێت لەو پێناوەشدا خوێن بڕژێت ئەمەشیان رەهەندێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی دەبەخشێتە دەسەڵات و شۆڕش.
پیتەر ڤایس لە رێگەی ئەم شانۆگەرییەوە رووداوەکانی شۆڕش و بێئومێدییەکانی دوای شۆڕشمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەمانباتەوە بۆ سەردەمی ناپلیۆن کە شۆڕش بە تەواوی سەرکوت کراوە و ناپلیۆن بە دەستێکی پۆڵایینەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. هەر بۆیە کاتێك کە ئەکتەرەکان لە دەقەکە دەردەچن و حەماسەت دەیانگرێت، کۆڵمی کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە رایان دەگرێت و داوای لێبووردن لە ئامادەبووان دەکات؛ لێرەشدا جگەلەوەی وەك بەڕێوەبەرێکی مەراییکەر بۆ دەسەڵاتی ناپلیۆن دەردەکەوێت، هەرەوەها لە تێگەیشتنە فۆکۆییەکە بۆ رۆڵی نەخۆشخانە و زیندانەکان لە کۆنترۆڵ و سزادانی نەخۆش و بەندکراوەکان نزیکمان دەکاتەوە. بەوەشدا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەمزی دەسەڵات وسیستمە، بۆیە دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی دەرچوونی ئەکتەرەکان لە ریتم و سیاقی شانۆییەکە و هەوڵی کۆنترۆڵ کردنەوەی لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە، وەك رەمزێك بۆ هەوڵ و تەقالاکانی مرۆڤ بۆ دەرچوون لە سیستم و تێپەڕاندنی و کاردانەوەی سیستمیش بەرامبەر بەو هەوڵانە، لێک بدەینەوە. بۆیە بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین ئەکتەرەکان، نەخۆشی دەروونی نین، بەڵکو ئەو شۆڕشگێڕانەن کە رژێم و دەسەڵات وەك سزایەك لە نێو نەخۆشخانەی دەروونیی توندی کردوون. ئەوە بۆیە ژان پۆڵ مارا چەندین جار حەماسەت دەیگرێت و وەك شۆڕشگێڕێك قسە دەکات و تەنانەت لە کۆتایی شانۆییەکەیشدا کاتێك لە دیمەنێکی درامی و کاریگەردا مارا دەکوژرێت ئەکتەرەکان هێرش دەبەن بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.
ئەم نماییشەی کۆڕی شانۆی با، وەک نواندن و کارە هونەرییەکانیتری وەک دیکۆر ، مۆسیقا و رووناکی ، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری تیا ئەنجام درابوو. بۆ نمونە نواندن و جووڵەی ئەکتەر ، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوون. جووڵەی جەستە جگە لە لایەنە ئیستاتیکییەکەی تەواوکەری حیواریش بوو. زۆربەی ئەکتەرەکان جەستەیەکی نەرم و جومناستیکییان هەبوو کە ئەمە هێزێکی زۆر دەدا بە کاری نواندن. مۆسیقاش، کە نەوا موکورجی بە پیانۆ ئەدای دەکرد و بەشێک بوو لە نماییشەکە، رەهەندێکی ئاهەنگسازییانەی دابوو بە نماییشەکە، هەندێکجار دەبووە حیکایەتخوانێکی رووداوەکان و هەندێکجاریش دەبوو بە ریتمێک بۆ جووڵەی ئەکتەرەکان. هەڵبەتە وەکو ئاواز و دەنگیش چێژ و جوانییەکی زۆری دابوو بە نماییشەکە.
دیزاینی گشتی سەر شانۆ، مەقسەڵەکەی لێ دەرچێت سیمایەکی وای پێوە نەبوو کە دەربڕی دۆخی شۆڕش یا فەزایەکی فەڕەنسییانە بێت. بەڵام دابەش کردنی پلیکانەکان، کە رەمزی دەسەڵات یا گەیشتنە پێی لەلای راست و قاوشی نەخۆشخانەکە، وەکو شوێنی شۆڕشگێڕە نەخۆشەکان، لە لای چەپ و ئەو رەنگە شینەی کە پێی درا بوو کە رەمزی حوزنە و پاشانیش حەوزەکە کە زیاد لەبەکارهێنانێکی هەبوو، هەموو ئەمانە ئەو لاوازییەیان شاردبووەوە کە ئاماژەم پێی کرد. لەمە زیاتر لەسەر نماییشەکە ناڕۆم و وردەکارییەکان بەجێ دەهێڵم بۆ شانۆکاران.

کورد و شانۆیی مارا – ساد

پرسیارە بەردەوامەکانی کارەکتەرەکانی شانۆییەکە ئەوەیە: شۆڕش بۆچی بە ئەنجام نەگەییشت؟ چۆن بەردەوامی بە شۆڕش بدرێت؟ ئایا شۆڕش کردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرەکییە یا زاتی و ناوەکی؟ بەڵام خۆ ئەوە بە تەنها پیتەر ڤایس و ئەکتەرەکان نین کە ئەم پرسیارانە دەکەن. بەڵکو پرسی شۆڕش و بەها و ئامانجەکانی، مەرج و ئەنجامەکانی و … هتد هەر لە ئەفڵاتون و ئەرەستۆوە تا بە رۆژگاری ئەمڕۆمان دەگات کەڵکەڵەی بیر و فەلسەفەی سیاسی بووە و بە قەولی هانا ئارنێت کێشەیەکی سەنتەریی سیاسەتە و ئەوەش کە هەتا ئێستا پرسی شۆڕشی بە گەرمو گوڕی هێشتۆتەوە هەڕەشەی قڕکردنی مرۆڤ و ئومێدی رزگاربوونە(١).
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کورد لەگەڵ ئەم دوو دەستەواژەیەی قڕکردن و رزگارییدا ئاشنایەتییەکی زۆری هەیە. هەر بۆیە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری کورد بەردەوام دەیانەوێت جووڵانەوە چەکدارییەکان وەك شۆڕش وێنا بکەن و ئەم وێنایەش لە مێشکی مرۆڤی کورددا بچەسپێنن. ئامانجی ئەمەش لە رووی سیاسییەوە دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕشدا و رەوایەتیدانە بە زاتی شۆڕشگێڕ بەچنینەوەی دەستکەوتی سیاسیی و ماددی و دروونەوەی سەرانی دژ بە شۆڕش. لە رووی سایکۆلۆژیشەوە زەوتکردنی زاتی ستەملێکراوی کوردە تا لە پرۆسەی هەڵهاتنی لە زاتی خۆیدا لە نێو زاتی فەرمانڕەوا کوردەکەیدا بتووێتەوە و نەتوانێت بازنەی ئایدیا و جیهانی فەرمانڕەواکەی تێپەڕێنێت(٢). بۆیە ئەم نوخبە سیاسییە هەر بەتەنها بە تیۆریزەکردنی ئەم روئیایەوە ناوەستێت، بەڵکو لە رێی هونەر و ئەدەبیشەوە ئەم تەماهییە لە نێوان ئەو جووڵانەوانە و چەمکی شۆڕشدا تۆختر دەکاتەوە و ئەو رەخنانەش کە لەم سیاقەدا لێی دەگیرێ، کە شانۆگەری مارا – سادیش هەر لەم سیاقەدایە، نەك هەر نیگەرانی ناکەن بەڵکو بەهێزیشی دەکەن. چونکە هەر هیچ نەبێت شکۆی شۆڕشگێڕیی پێ دەبەخشن و مێژوویەکی بۆ دروست دەکەن، مێژووی شۆڕشەکانی کورد!!، کە لە بنەڕەتەوە هەر بوونی نییە.
کاری فیکر، هەروەها هونەر و ئەدەبیش، لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا تێکدان و شێواندنی ئەو وێنایەیە کە نزیکەی یەک سەدەیە جووڵانەوە سیاسی – چەکدارییەکانی کورد لەژێر ناوی شۆڕشدا لە ئەندێشەی مرۆڤی کورددا دەی چەسپێنن. گۆڕینی رێچکە و ئاراستەکانی مرۆڤە لە گەڕان بە شوێن بەهەشتەوە بۆ پەیجووری کردنی جەهەننەم. ئەوەی کە قەشە(جاك رۆ) قاچێکی رووەو ئاسمان هەڵدەبڕێت و پەنا دەباتە بەر شەیتان تا نەك بە تەنها حوکمی جەهەننەم بەڵکو حوکمی زەویش بکات، لەبەرئەوەیە کە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان هەموو پیرۆزییەکان و خودا و بەهەشتیان داگیر کردووە و لە رێگەی ملکەچ پێکردنیانەوە بۆ خودا، لە پێناو چوونە بەهەشت، ملکەچی مرۆڤیان بۆ دەسەڵات وسیستم بە دەست هێناوە. لە رێگەی بە پیرۆزکردنی خوداوە پایەکانی دەسەڵاتیان پیرۆزکردووە. چونکە ملکەچ بوون بۆ خودا هیچ نییە جگە لە دەلالەتێکی رەمزیی بۆ ملکەچ بوون بۆ دەسەڵات و سیستم. ئەگەر بەهەشت دوا مەنزڵی مرۆڤە ملکەچ و کۆیلەکان بێت، کەوایە دەبێت مرۆڤی یاخی لە سیستم و دەسەڵات، مرۆڤێکی جەهەننەمی بێت، رێکەوتنێکی فاوستییانە لەگەڵ پرۆمسیۆسدا(*) مۆر بکات بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵ کە جەهەننەمە. شۆڕشەکان و دەسەڵاتدارەکان تا ئێستا مرۆڤیان بە ناوی رزگاری و ئازداییەوە بردۆتەوە بۆ مەملکەتی کۆیلەکان” بەهەشت”. ئەم وێنە و رێگە ئاوەژووە بەرهەمی سیستمێکی مەعریفییە کە وابەستەی سیستمێکی ئابووری ـ سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ستەمکارە. بۆیە جەهەننەم و‌ێنە راستەقینەکەی مەملەکەتی ئازادی و رزگارییە و شوینی مرۆڤی یاخی و بیرکەرەوەو ئازادە.

پەراوێز:

1. حنا ارندت، ” في الثورة” ترجمة عطا عبدالوهاب، الطبعة الاولی ، بیروت، ٢٠٠٨، ص ١٣.
2. د. مصطفی الحجازي، التخلف الإجتماعي او مدخل الە سیکولوجیة الإنسان المقهور، الطبعة التاسعة بیروت، ٢٠٠٥، ص ١٢٣.
• پرۆمسیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا بەرامبەر ئینکی لە ئەفسانەی سۆمەری و لۆسیفەر(واتە هەڵگری رۆشنایی)ی گەورەی فریشتەکانە لە باوەڕی مەسیحییەتدا، هەموویان لە فەرمانی خواوەند یاخی دەبن و دەبنە هاوڕێی مرۆڤ. لە شانۆیی ( د. فاوستۆس)ی کریستۆفەر مالرۆدا لۆسیفەر بە د. فاوست دەڵێت:” ئەگەر رێکەوتنەکەت لەگەڵماندا مۆر بکەیت، دەبمە کۆیلەت و چیت دەوێت بۆت دەکەم…”.

http://hasanhosen.blogspot.com

وێنەکە: دیمەنێك لە (شانۆیی مارا – ساد)ی کۆڕی شانۆی با




قه‌یرانی دارای ده‌رئه‌نجامی گه‌نده‌ڵییه‌ له‌داهاتی گشتی هه‌رێم … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان توشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ كرد چونكه‌ ئه‌وان فێری ئه‌وه‌ بوون له‌ یه‌ك كاتدا سه‌رجه‌م داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێكیش له‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هات به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای بۆ خۆیان به‌رن.
بۆیه‌ كاتێك كه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كان ده‌ستیان پێكرد، سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بن كه‌ قه‌یران دروست نه‌ بێت كه‌وتنه‌ دروست كردنی چه‌ندین قه‌یران ، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌رگێز پێش بینی ئه‌وه‌ی نه‌كرد بوو كه‌ گه‌نده‌ڵی سه‌ركرده‌كان گه‌شتبێته‌ ئاستێك ده‌ست به‌رن بۆ قوتی منداڵه‌كانیان و موچه‌كانیان بۆ بكه‌ن به‌ ڕوبعه‌ موچه‌و وه‌ دواترش له‌ بری مانگانه‌ بۆیان بكه‌ن به‌ چه‌ند مانگ جارێك.
كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ دروست بونی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ناشه‌فافیه‌كی زۆر له‌ داهاتی گشتی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یك گروپێكی بچوك كۆنتڕۆڵی هه‌موو شتێكیان كردووه‌ بۆ خۆیان و ته‌خشان و په‌خشانی داهاتی گشتی ده‌كه‌ن به‌مه‌ش یاری به‌ چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
به‌دروست بوونی قه‌یرانی دارای له‌ هه‌رێمی كوردستان رووی راستی پیاوه‌ سیاسیه‌كانمان بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان چه‌ند پیاوێكی بچوكن ئه‌وان هێنده‌ی بازرگانن و خه‌ریكی بازرگانین به‌ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نیو هێنده‌ پیاوی سیاسی راسته‌ قینه‌نین كه‌ له‌ خه‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیاندا بن و بیانه‌وێت خزمه‌تیان بكه‌ن.
له‌م قه‌یرانه‌وه‌ تێگه‌شتین كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌م هه‌رێمه‌ سیاسه‌ت ئه‌كه‌ن به‌كه‌ڵكی فه‌رمانڕه‌وای نایه‌ن و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی ئێمه‌ جگه‌ له‌ گروپێكی نادیموكراسی قۆرخكار زیاتر هیچی تر نین .
داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ بخرێته‌ ڕوو ئه‌وه‌ بێگومان ئه‌م داهاته‌ به‌شی سه‌رجه‌م تێچووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناشه‌فافیه‌كی زۆر له‌ داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كودستان هه‌یه‌ ، خه‌ڵكی به‌ته‌واوه‌تی بێئومێد بوون له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چونكه‌ هیچ ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بوونی نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان.

گروپێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردوه‌ و یاری به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
بۆئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یرانانه‌ رزگار بكرێن ده‌بێت ئه‌و گروپه‌ بچوكه‌ی كه‌ كۆنتڕۆڵی داهاتی گشتی ئه‌م هه‌رێمه‌یان كردوه‌و ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ر ژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن به‌هه‌رشێوه‌یك بێت دور بخرێنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات چونكه‌ به‌ به‌ر ده‌وام بونی ئه‌م گروپه‌ قۆرخكاره‌ ئه‌وه‌ قه‌یرانه‌كان هیچ ئاسۆیه‌كی چاره‌سه‌ریان نابێت و وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیش ئه‌م قۆناغه‌ تێبپه‌ڕێنین ئه‌وه‌ بێگومان توشی چه‌نید قه‌یران و نه‌هامه‌تی ترمان ده‌كه‌ن.
ئه‌م گروپه‌ی كه‌ ئێمه‌یان توشی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و قه‌یرانانه‌ كردوه‌ خاوه‌نی داهاتێكی زۆرن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای ئه‌و داهاته‌یان پێكه‌وه‌ ناوه‌ و له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵیانگرتووه‌ به‌ ناوی خۆیان و خزم و كه‌ سوكاریانه‌وه‌.
مه‌ترسی گه‌وره‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م گروپه‌ بچوكه‌ به‌ به‌ر نامه‌ كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌ژار و برسی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كۆیله‌ی خۆیان به‌ كاریان بیه‌ نن وه‌ ك چۆن مامه‌ڵه‌ به‌داهاتی گشتی ئه‌م هه‌ریمه‌ و ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانه‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن ئاواش خه‌ڵك ناچار بكه‌ن كه‌ بیان خه‌نه‌ خزمه‌تی خۆیانه‌وه‌ .
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی كاكردنیدا دوور له‌ هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌خلاق و پێوانه‌ عه‌قلانیه‌كانی زانستی سیاسی مامه‌ڵه‌ی كردووه‌چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ گروپێكی بچوك كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردوه‌ و ئه‌وان بڕیار له‌ سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ده‌ن.




کتێبی ڕەهەندەکانی مردن لە نووسینی سمکۆ محەمەد، ئێستا لە کتێبخانەکانی کوردستان دەستدەکەوێت

مردن حاڵه‌تێكی مه‌حاڵه‌ ده‌ربازبوون لێی، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ بۆ مردن وه‌كو چه‌مك كه‌ به‌ره‌و نه‌مانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نهێنی بوون و ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌، مه‌حاڵی مردنی دوای كۆتایی بوون و ژیان، ئه‌و ترسه‌یه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كان ترسیان له‌ مردنی روحی هه‌بووه‌ وه‌كو پێوه‌رێك بۆ چاكه‌كاری له‌ ژیاندا، كه‌واته‌ هه‌موو تێگه‌شتنه‌كان له‌ كۆنه‌وه‌ تائێستا ترسی دوای مردن بووه‌ كه‌ ده‌ه‌رنجامی ئه‌وه‌بوو كه‌س نه‌یزانیوه‌ چی رووده‌دات، بۆیه‌ راپرسیه‌ك له‌ ده‌یه‌ی دووه‌هه‌می هه‌شتاكان له‌سه‌ر مردن له‌ ئامریكا كراوه‌، ئه‌وكات 40% خه‌ڵك پێیانوایه‌ كۆتایی هه‌موو شتێكه‌ و 40% دیكه‌ پێیانوایه‌ سه‌ره‌تایه‌كی تری ژیانه‌ و 10% پێیانوایه‌ كۆتایی ئازاره‌كانی ژیان و 10% گوتویانه‌ نازانین و هیچ بیرۆكه‌یه‌كمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌.
ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بكرێت، ره‌نگه‌ وه‌ڵامی دیكه‌مان چنگ بكه‌وێت، هه‌ندێك ره‌نگه‌ بڵێن ئه‌مه‌ موعجیزه‌یه‌كه‌ خوا نیشانمان ده‌دات، چونكه‌ كاره‌كانمان باشه‌ی تیانییه‌، هه‌ندێك بڵێن روح هه‌ر ده‌مێنێت، كه‌واته‌ مردن به‌شێكه‌ له‌ژیانی ئه‌وانی تر، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان رێچكه‌ و رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێك وه‌كو حاڵه‌تێكی سروشتی وه‌ریده‌گرن و هه‌ندێكی ناسروشتی، چونكه‌ وه‌ڵامی دوای بوون نییه‌.
لیكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌م چه‌مكه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ بوون وه‌كو چیرۆكیكی بێ‌ به‌ها و ئه‌پستراكت كه‌ له‌ئه‌نجامی به‌ناو عه‌قلانیه‌ت و پیشكه‌وتن و سیستمی نوێی سیاسی كه‌ ژیانی دیاریكردووه‌ و ئاوهاش مه‌رگی به‌كۆی دیاری كردووه‌، بوون واته‌ ئه‌و بوونه‌ی ئێستا هه‌یه‌، كارێكی كردووه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆك له‌ده‌ستبدات و مردن بكات به‌ هه‌واڵێك و هیچی تر، له‌بارێكی دیكه‌وه‌ مردن خه‌ریكه‌ له‌به‌هاكه‌ی خۆی ده‌رده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌گشتی و له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیه‌ش خه‌ریكه‌ زۆر به‌هێمنی و به‌بێ‌ موناقه‌شه‌یه‌كی فكری و فه‌لسه‌فی ئه‌و فه‌زایه‌ی هه‌موو پێكه‌وه‌ گه‌مه‌ی تێداده‌كه‌ین به‌بێ‌ ویستی خۆمان، به‌سه‌ر ده‌چێت، له‌كاتێكدا ته‌نها بۆ په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌م نوسینه‌، زیاتر له‌ 60 كتێب و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ و سایت و فیلم و دیكۆمێنتاری جودام بینی كه‌هه‌ندێكیان كوردی بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌نێو داستان و شیعر و ئه‌فسانه‌كان، ده‌یان كه‌ناڵی دیكه‌ هه‌ن كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر شێوه‌كه‌ی دیكه‌ تێگه‌یشتن له‌ مردن ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی رۆشنبیری كوردی، له‌حاڵێكدا هیچ میلله‌تێك به‌بارته‌قای كورد ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌ مردن و نه‌مری ده‌كات، نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ نین، چونكه‌ ئه‌وان ژیان وه‌كو خۆی به‌ڕێده‌كه‌ن و به‌مه‌رامی خۆیان گه‌یشتوون و ده‌ژین وه‌كو ئه‌وه‌ی ژیان پێویستی پێیه‌تی، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م پاساوه‌ش بێت كه‌ وایكردووه‌ مردن مانایه‌كی تری وه‌ربگرێت، نمونه‌ش موباره‌زه‌ و شۆڕشی كوردستان بووه‌ كه‌ناوی پێشمه‌رگه‌ی وه‌كو سیمبول هێشتۆته‌وه‌ كه‌ له‌دونیادا نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ نه‌ماوه‌ بڵێت ده‌مه‌وێ‌ بمرم، مه‌گه‌ر به‌ڕووه‌ نیگه‌تیڤه‌كه‌ی كه‌ كرده‌ی تیرۆریستیه‌ یان بێزار بوونه‌ له‌ ژیان وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا هه‌یه‌. به‌ڵام تێگه‌یشتنه‌ فكرییه‌كه‌ خنكێنراوه‌ و مه‌سه‌له‌ی فكری به‌هه‌ر بیانوویه‌كی سیاسی بێت یان ئاینی و كولتووری له‌رووی رێساوه‌ پاكێجێكی داخراوه‌ و نابێت مانا جیاوازه‌كانی ئاشكرا بكرێت و پاكێجه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی نه‌وه‌كانی داهاتوو شاره‌زای ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بن.
ئاره‌زوو كردن بۆ مردن و خۆ كوشتن له‌داخان یان حاڵه‌تی ده‌روونی، هه‌روه‌ها كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ جینۆسایده‌ و مردنی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ به‌رئه‌نجامی حاڵه‌تی سرۆشتیه‌ و مردن به‌ نه‌خۆشی و مردن له‌رێگه‌ی شه‌ڕ و شۆڕه‌وه‌ و كوشتنی به‌مانا یاسایی و نایاساییه‌كه‌ی كه‌ هه‌ندێكجار حكومه‌ت له‌پشتیه‌وه‌یه‌تی، كوشتن له‌پێناو پاكبوونه‌وه‌ی ئه‌خلاق و شه‌ره‌ف و له‌پێناو خۆشه‌ویستی و له‌پێناو پڕنسیپێكی دیاریكراوی ئاینی و سیاسی و ئیدیۆلۆژی و هتد، هه‌مویان مردنن. به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان مانای خۆی و پێناسه‌ی خۆی و شیكردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌وێ‌. ره‌نگه‌ له‌باری ده‌روونیه‌وه‌ قسه‌یه‌ك هه‌بێت له‌باری ئاینیه‌وه‌ قسه‌یه‌كی تر، له‌باری فكرییه‌وه‌ موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرێت به‌ڵام له‌باری یاسایه‌وه‌ موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت.
خۆكوشتنی تاكه‌كان كه‌ مێژوو به‌هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه‌ تۆماری كردووه‌، به‌شێكه‌ له‌چیرۆكه‌ نه‌گێڕدراوه‌كه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌به‌ناوی خۆكوژییه‌وه‌ خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌كێش ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی مانایه‌كی هه‌بێت و ئامانجێكی هه‌بێت و ویستی گشت بێت ده‌بێته‌ بكوژ به‌ناوی خۆ كوژه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆكوژیه‌ی پێشوو یان ئوه‌ی كه‌سێك به‌ته‌نها خۆی له‌ناو ده‌بات و بێهیوا ده‌بێت له‌ژیان، كه‌ جۆرێكی دیكه‌ی مردنه‌ و بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ویست و به‌ بێزاری له‌ ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م دیارده‌ش به‌ده‌یان ستایلی هه‌یه‌ كه‌هه‌ركه‌یان مانای خۆی هه‌یه‌، خۆكوشتن له‌سه‌ر به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنی دوو خۆشه‌ویست و خۆ كوشتن له‌به‌ر بێچاری و بێده‌رامه‌تی و خۆكوشتن له‌دژی دوژمن و خۆكوشتن به‌هۆی حاڵه‌تی ناته‌ندروستی سایكۆلۆژیه‌وه‌، خۆكوشتنی سیاسی كه‌ بۆ تاك نیه‌ و بۆ حیزب و گروپی سیاسیه‌، خۆكوشتنی ئابوری كه‌ جۆره‌ دۆڕانێكه‌ له‌ سیستمی سیاسی ئابوریدا و ده‌یان شێوه‌ی دیكه‌ی خۆكوشتن، لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌م باسه‌یه‌. ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای رۆسا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندی و له‌دوتوێی 170 لاپه‌ره‌دا چاپی كردووه‌ و له‌بازاڕی كتێبخانه‌ی كوردی ده‌ستده‌كه‌وێ‌.

سمكۆ محه‌مه‌د
حوزه‌یرانی 2016




كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان واته‌ كاراكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كان نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان … نه‌جم محه‌مه‌د

زیاتر له‌ساڵێكه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان باس له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وهه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن هه‌رهه‌موو ئه‌مانه‌شیان له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و داراییه‌كانی خۆیانداده‌وێت ومه‌به‌سته‌ نه‌ك ئاڵوگۆڕی جدی و ڕیشه‌یی له‌ باروگوزه‌رانی خه‌ڵكی ونه‌ك خۆش گوزه‌رانكردنی خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌خه‌ڵكی كوردستان هه‌ربۆیه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی پۆسته‌ حكومیه‌كان وسیادیه‌كان گه‌مه‌یه‌كه‌ بۆ فریودانی خه‌ڵكی وبه‌هێزكردنی پێگه‌ حیزبیه‌كانی خۆیان له‌پێناو زیاتر فریودان وسه‌ركوتكردن وپێشێلكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ربۆیه‌ نابێت خه‌ڵكی كوردستان به‌په‌یام و كۆبوونه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كان فریوو بخۆن وباوه‌ڕبكه‌ن وخۆش حاڵو خۆش خه‌یاڵ بن ده‌بێ‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌جیا له‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان بڕیاربدات و قسه‌و داواكاری خۆیی هه‌بێت له‌سه‌رشه‌قام .
خه‌بات وفشاری مه‌ده‌نیانه‌و جاماوه‌ریانه‌ وشارستانیانه‌ فراوانتربكه‌ن و ڕیزه‌كانی خۆیان ڕێكخه‌ن و ڕێكخراوبن ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ شه‌قام به‌جیا له‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان قسه‌ی خۆی بكات وبڕیار بدات 25 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان له‌بری خه‌ڵكی بڕیارده‌ده‌ن و قسه‌ده‌كه‌ن و خه‌ڵك سه‌ركوت ده‌كه‌ن وخه‌ڵكی كوردستانیان نوقمی نه‌هامه‌تی و ڕۆژ ڕه‌شی وبێ‌ مافی كردووه‌ وهه‌رچی سه‌روه‌ت وسامانی ئه‌م كوردستانه‌یه‌ له‌نێوان خۆیان به‌شده‌كه‌ن ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و سه‌روه‌ت وسامانه‌ی كوردستان بگڕێته‌وه‌ بۆخاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كه‌خه‌ڵكی كوردستانه‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران حیزبه‌كان..نابێ‌ ئیتر خه‌ڵكی كوردستان فریووی په‌یام وكۆبوونه‌وه‌ ودانوستان و به‌ڵێنه‌ درۆ شاخدارو فریوكاره‌كانی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كانی بخوات كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ نه‌ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی نێوان حیزبه‌كانه‌ ونه‌هه‌ڵبژاردنه‌ و نه‌پۆسته‌سیادی و حكومیه‌كانه‌ .
داواكاری خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئینسان بژی وبه‌هاو شكۆی ئینسانیانه‌ی نه‌شكێنرێ‌ وبه‌هره‌مه‌ندبێت له‌خۆشگوزه‌رانی و خزمه‌تگوزاریه‌ ئینسانیه‌كان وبه‌هره‌مه‌ندبێت له‌سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان كێشه‌ی خه‌ڵك هه‌ژاری ونه‌داری و بێ‌ كاری و بێ‌ مووچه‌ییه‌ كێشه‌ی خه‌ڵك ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵیه‌ كێشه‌ی خه‌ڵك ئازادی و وئازادی بیروڕایه‌ وكێشه‌ی خه‌ڵ كێشه‌ی ژبانه‌ ژیانێكی به‌خته‌وه‌روپڕئاسایشو ئارامی هتد هه‌ربۆیه‌ دانیشتن ودانوستان وكۆبوونه‌وه‌كان وكاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان وهه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت بچووكترین داخوازی هه‌ره‌سه‌ره‌تایی خه‌ڵك چاره‌ناكات و ژیانی باشتر ناكات ونابێت خه‌ڵكی كوردستان هیچ هیواو ئومێدێك به‌م شتانه‌وه‌ گرێ‌ بدات باشه‌ خۆ 25 ساڵه‌ په‌رله‌مان كارابووه‌ وحكومه‌ت كارابووه‌ ودۆخه‌كه‌ش ئاسایی بووه‌ وده‌یان هه‌ڵبژاردن كراوه‌ ده‌یان حكومه‌ت ته‌شكیل كراوه‌ ده‌یان ده‌م وچاو گۆڕاوه‌ سه‌دان وهه‌زاران كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ وهه‌زاران به‌ڵێنی گه‌وره‌ گه‌وره‌ به‌خه‌ڵك دراوه‌ ئه‌ی بۆ بچووكترین ئاڵوگۆڕ له‌ژیانی خه‌ڵكیدا ڕووی نه‌داوه‌ ئه‌ی بۆ تائه‌مڕۆش خه‌ڵكی كوردستان ناخۆشگوزه‌رانه‌ و بێ‌ خزمه‌تگوزاریه‌ و بێ‌ مافه‌ و ئازادیه‌كانی پێشێل ده‌كرێ‌ وبرسی ده‌كرێ‌ ئه‌ی بۆهه‌رنه‌داره‌ و هه‌ژاره‌ و بێ‌ مووچه‌ و بێ‌ ئاوو بێ‌ كاره‌باوبێ‌ به‌شه‌ له‌هه‌موو مافه‌ئینسانیه‌كانی هه‌ربۆیه‌ تاقه‌ڕێگه‌و تاقه‌ ئه‌ڵته‌رناتیفی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌ربازبوون له‌م نه‌هامه‌تی و ڕۆژڕه‌شی و بێ‌ مافیه‌ ته‌نهاو ته‌نها خه‌بات وفشاریجه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیانه‌ و شارستانیانه‌یه‌ .




بۆچی ئه‌گه‌ری شۆڕش له‌ وڵاتانی ئابووریی که‌م گه‌شه‌کردوو زۆر زیاتره‌ تاکو وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوو؟ *

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
28/11/2016

پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم چه‌مکی شۆڕش لای من شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئه‌نارکیستیییه بۆ‌ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵی ناچینایه‌تی ، ناهیراشیی، نه‌ شتێکی دیکه‌ که‌ چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن .‌‌
پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری و پێنانی قۆناخی گڵۆبه‌ڵازه‌یشن، زیادبوونی ژماره‌ی کرێکاران تا ڕاده‌ی زۆرینه‌ی کۆ‌مه‌ڵ، ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابووریی که‌ به‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌د‌اریی ناسراوه‌ ، سه‌رجه‌می تیوره‌ کۆنه‌کانی، که‌ خودی ئه‌مانه‌‌ ده‌سته‌به‌ری ڕوودانی شۆڕشبن، هه‌ڵوه‌شانده‌وه . به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر شۆڕش ڕوی نه‌دا، به‌ڵکو گه‌ر زه‌مینه‌ی شۆڕشیشی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا له‌‌بار نه‌بردبێت ، ئه‌وه یه‌کجار دوای خستووه‌.
سه‌رمایه‌داریی له‌ ڕێگای ململانێی نێو توێژاڵه‌کانی خۆیی و دروستکردنی چه‌نده‌ها لقی دۆست به‌خۆی له چه‌په‌کان، سۆشیالیستان، ئازادیخوازان و فێمه‌نیستان و دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ جیهاندا بۆ که‌ره‌سه‌ی هه‌رزانبه‌ها و به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستابوونی وه‌ره‌قه‌ی ناشیوناڵیزم و نه‌ژادپه‌رستی و دینی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ریی که‌ بیانکاته‌ زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی هه‌مه‌جۆره‌ی نێوانی مرۆڤه‌کان، توانیوێتی به‌رده‌وامبێت و ده‌توانێت خۆشی نۆژه‌نبکاته‌وه. لێره‌شدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌‌لمێنێت که ‌سه‌رمایه‌داریی ” گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی” نییه ، به‌ڵکو گۆڕهه‌ڵکه‌نی ئێمه‌یه‌ و توانیویشێتی که‌ خۆی له‌ قه‌یرانه‌کان بپارێزت و به‌سه‌ر ئێمه‌یدا بدات‌.‌

نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ڵکو سه‌رمایه‌داریی له‌م وڵاتانه‌دا ئامرازه‌کانی مانگرتن و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که‌ ساڵه‌هایه‌کی دوورو و درێژ وه‌کو چه‌کێك له‌لایه‌ن کرێکاران و خه‌ڵکه‌وه‌ دژی خاوه‌نکار و سیسته‌مه‌که‌ ، به‌کارده‌هێنرێن، ئێستا‌ ماڵیکردوون و سواون و چیتر داخوازییه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی ناهێننه‌‌ دی و له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌که،‌ ده‌شکێنه‌وه‌‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وتاره‌کانی پێشترمدا به‌ درێژی له‌سه‌ر لاوازی و زه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران به‌ به‌ڵگه‌ و به‌ ئاما‌‌ه‌روه،‌ قسه‌م کردووه‌ ، ( بڕوانه‌ Zaherbaher.com ) لێره‌دا خۆم له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ ده‌پارێزم و یه‌کسه‌ر ده‌چمه‌ ناو کرۆکی باسه‌که‌مه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ دوو جۆر تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕوودان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕش هه‌یه‌ :
یه‌که‌م: شۆڕش له‌ ڕێگای پارتی پێشڕه‌وی چینی کرێکارانه‌وه، له‌ ڕێگای کو‌ده‌تای حیزبییانه‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ یاخود له‌ ڕێگای ریفۆرمی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتارییه‌وه‌، واته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ بنه‌وه‌ی‌ . که‌ هه‌موویان یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌ده‌ست. خودی ئه‌زموونه‌کانیان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماند که ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ نه‌ك هه‌ر شکستیان هێنا، به‌ڵکو کاره‌سات و بێ هیوایشیان بۆ خه‌ڵکی هێنا. دیسانه‌وه‌ ئه‌وه‌شیان ده‌رخست سه‌پاندنی چه‌مکی نێو کتێبه‌کان به‌سه‌ر واقیعدا، هه‌ڵه‌یه‌ و کاره‌سات ده‌خولقێنێ .
دووهه‌م‌: شۆڕش له‌ ڕێگای خۆڕێکخستنی ئاسۆییانه‌/ناهیراشیا‌نه‌ له‌ گروپه‌ خۆجێییه‌کانا، کۆمیته‌ و لیژنه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆکانا و له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا: کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووریی، سیاسیی ، ڕؤشنبیریی و په‌روه‌ده‌یی ، ئابووریی، ژینگه‌ و ئیکۆلۆجیی و هتد. دروستکردنیان له‌هه‌موو شوێنه‌کانی سه‌رکار و بازاڕ و خۆیندنگا و دانشگادا، خه‌ڵکی به‌ خۆیان له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ خۆیان ڕێكده‌خه‌ن. ئه‌م گروپانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئاماده‌کاریی ده‌که‌ن و خه‌باتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌ جیاجیاکانی ژیانه‌ و ڕۆڵی تاك و سه‌ربه‌خۆییبوونی به‌هێز ده‌که‌ن. دواتر هه‌وڵی به‌دیهێنانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵی، نه‌ته‌وه‌یی، وڵات ده‌ده‌ن، که‌ له‌ ڕێگای تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، ئه‌نجوومه‌نه‌کانی خه‌ڵکییه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچکه‌دا،‌ خۆیان به‌یه‌که‌و‌ه‌ په‌یوه‌ستده‌که‌نه‌وه‌ و هاریکاری کاره ‌هاوبه‌شه‌کانیان ، چالاکییه‌کانیان به‌گرتنه‌به‌ری دیمۆراسی ڕاسته‌وخۆ و له‌ ڕێگای چالاکی ڕاسته‌وخۆوه‌ ، ئه‌نجامده‌ده‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ هه‌نگاوی کاریگه‌رانه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ که‌ به‌هێزکردنی خۆو ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ و که‌وتنه‌ به‌رانبه‌ر و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانێتی. کردنی ئه‌مانه‌‌ش و‌رده‌ ورده‌ نزیکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ له‌ خودی ستراتیجییه‌ته‌که‌ی، که‌ خاڵی لابه‌کاکردنه‌وه‌یه‌.
به‌ تێگه‌یشتنی من پرۆسه‌ی شۆڕش له‌ ڕێگای دووهه‌مه‌وه‌ گریمانی زیاتری هه‌یه‌ ، کاتێك که‌ زه‌مینه‌کاری بۆ ده‌ستبه‌کارکردنی ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌، که‌ ناوی نیشتمانی لێنراوه‌، ده‌کرێت ، ئیدی هێدی هێدی ته‌ك به‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ، واته‌ ناوه‌ند ( مه‌رکه‌ز/ سێنته‌ر) ، هه‌ڵده‌چنێت. له‌م بارودۆخه‌شدا نالۆژکیانه‌ و کارێکی ناعه‌مه‌لیانه‌ش ده‌بێت، گه‌ر ڕوانینمان بۆ شۆڕشی جیهانی ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بێت.
به‌ڕای من کاتێك که‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت وه‌کو ناوه‌ندی سه‌ره‌کی، ده‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی له‌ وڵاتێکدا، هه‌یه‌، کارێکی پراکتیکانه‌ و ئاوه‌زانه‌شه‌ گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی دونیاش هه‌مان دیدمان بۆ وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشکه‌وتووه‌کانی پیشه‌سازیی وه‌کو ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و ئۆسترالیا و یابان و ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژاوا، هه‌بێت وه‌کو سێنته‌رێك ، مه‌رکه‌زێك، که‌ به‌ خۆیان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاێکی یه‌کجار زۆریان له‌ ده‌ستدایه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش تا ڕاده‌ی ڕابه‌ریکردنی سیاسی و ئابووریی سه‌رجه‌می وڵاتانی که‌مترگه‌شه‌کردوی دونیا که‌ وه‌کو چه‌ند بنکه‌یه‌كه‌ بۆیان، ده‌بینرێت. ئاله‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕوخانی ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ به‌ گوێره‌ی باوه‌ڕ به‌ تیوری ” شۆڕش له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ” هه‌ر ده‌بێت له‌ وڵاتانی ڕاگر و پارێزه‌ری گه‌وره‌ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له خودی وڵاتانی مه‌رکه‌ز، خۆیانه‌‌وه‌ . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و هه‌ندێك چالاکی ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌وره‌وڵاتاندا، ڕوونادات . به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و کۆیله‌یه‌تی و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری و جه‌نگ،بوونیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ ، هه‌ڵبه‌ته‌ دژه‌که‌شی به‌رهه‌مده‌هێنێت ، به‌ڵام کاتێك که‌ ئه‌م چالاکیانه‌ هه‌ر له‌و ئاسته‌ ڕوکه‌ش و ته‌سکه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، کاتیك که‌ خه‌ڵكی خۆی ڕێكناخات و پلانی دووهه‌می نییه‌ ، کاتێك ئه‌م ئامرازانه‌ ته‌نها بۆ حاسڵکردنی داخوازییه‌کی هه‌نووکه‌یانه‌یه‌ و کاتییه‌، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌رجه‌می چالاکییه‌کان کاردانه‌وه‌یه‌ له‌ پێناوی پارێزگاریکردن له‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون – ‌ نه‌ك هه‌رگیز ناتوانێت گۆڕانکاری گه‌و‌ره‌ به‌ده‌‌ستبهێنێت به‌ڵکو بێ هیوایی و بێچاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی باشتر، ده‌ده‌نه‌ ده‌ست خه‌ڵکی.
مانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رکه‌زه‌ به‌هێزه‌ له‌ سای مانه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کردوی یاخود که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازیییه‌وه‌یه‌، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی هه‌مه‌ جۆره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ سوودیان بۆ ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ جیهانه‌ییه‌ ده‌سته‌به‌ر کرده‌وه‌ . کاتێك که‌ پاشكۆیه‌تی ئابووریی و سیاسیی ناوه‌ند (مه‌رکه‌ز) بۆ لۆکاڵ نه‌ما و پاشكۆیه‌تی ئه‌مانیش بۆ ئه‌وان نه‌ما، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ کاتێك که‌ ده‌ستێكی ئابووریی و سیاسی بۆ‌ یارمه‌تی و هاوکاریی مه‌رکه‌ز ، کورتکرایه‌وه‌‌ ، کاتێك که‌ بناخه‌ ده‌تلیسێته‌وه‌ ، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بنیاتنراوه‌ هه‌ره‌س ده‌هێنیت.
جوتێك بنه‌مای سه‌ره‌کیی که‌ له نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سسازی پێشکه‌وتوودا ونن، به‌ڵام له‌ نێو کۆمه‌ڵی ولاتانی بێهێزی پیشه‌سازیدا، بێ هیچ جۆره‌ دوودڵییه‌ك، بۆ به‌ڕێکردنی پرۆسه‌ی شۆڕش، هه‌ن. ئه‌و دوو بنه‌مایه‌ زه‌مینه‌سازیی ئه‌و شۆڕشه‌ خۆشده‌که‌ن و ئاماده‌کاری بۆده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ش ئه‌م دوانه‌ن :
یه‌که‌م: په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی:

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رمایه‌داریی به‌ته‌واوی خۆی نه‌خزاندۆته‌ هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ تاڕه‌ده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆڤانه‌یه‌ و شمه‌کی نییه‌. ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ یارمه‌تی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی که‌ کاریان پێناکرێت به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ، یاخود هه‌ر وجودی نییه‌ یا هه‌ر وه‌کو شتێکی ڕه‌مزی وایه‌. له‌ بارودۆخێکی ئاوادا کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کان و مرۆکرده‌کان و چه‌شنه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌‌ سه‌رشانی خه‌ڵکی خۆی که‌ له‌ ڕێگای یارمه‌تی و هه‌ره‌وه‌زی و هاوکاری به‌ یه‌کدی، هه‌موو پێداویستی خۆشی و ناخۆشییه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و متمانه‌ی ته‌واو‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر خودی کۆمۆنێتییه‌که‌ زیاتر له‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگه‌ کۆمه‌كکاره‌کانی . له‌و‌ێ، هێشتا ناوکێکی مرۆڤانه‌ی سه‌رده‌می کۆمۆنێتییه‌ کۆنه‌کانی، تاڕه‌ده‌یه‌ك ژیانی به‌ کۆمه‌ڵیی، تیادا ماوه‌ته‌وه‌. قسه‌وباس له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ڕوداوه‌کانی ڕۆژانه‌ قسه‌و‌باسێکی به‌رده‌وام و نیگه‌رانییه‌کی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی. له‌ کۆمه‌ڵێکی ئاوادا به‌ستنی په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر کار، له‌ گه‌ڕه‌ك و گوند و خویندنگا و دانشگاو ته‌واوی دامه‌زاراوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه و لێدوان و مشتومڕكردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت و بابه‌ته‌ ڕۆژانه‌یه‌کان و هه‌نووکه‌ییه‌کان ئاسانه‌ و متمانه‌کردنیش به‌یه‌ك و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به کاره‌ هاوبه‌شییه‌کانی نێوانیان، به‌ ئاسانی په‌یڕه‌و ده‌کرێت. بێ گومان ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ له‌ گونده‌ بچوکه‌ دووره‌ده‌سته‌کانی لادێکان تاکو گونده‌ هه‌ره‌ قه‌ره‌باڵخه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار، له‌ شارۆچکه‌کاندا تاکو شاره‌کان ، له‌ شاره‌کاندا تاکو شاره‌ گه‌وره‌کان ، زۆر دیارتر و کرده‌تره‌ و خۆڕێکخستنیش تیایاندا ئاسانتره ‌و ده‌ستکردنیش به‌ کاری هه‌ره‌وه‌ز‌ی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و به‌ کۆمه‌ڵیی ژیان ، عه‌مه‌لی تره‌ .
دیاره‌ گه‌لێك خه‌سڵه‌تی پۆزه‌تیفی دیکه له‌پاڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن و هانده‌ر و ده‌سته‌به‌ری خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵکه‌که‌ی، ده‌کات، که‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ و ئه‌م خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ ، له‌ نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا ، یا هه‌ر ونن،‌ یا خود زۆر لاوازن‌.

دووهه‌م: لاوازی و بێ هێزی حه‌ڵقه‌ی سه‌رمایه‌داریی :

ئاشکرایه‌ پێکانی ئامانج، به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنی ئاسان به‌هاوکاری ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌و حه‌لقه‌ و شوێنانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ، لاوازه‌ . لای هه‌موانیش ئاشکرایه‌ که‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ ئه‌و شوێنانه‌یه‌ ، ئه‌و وڵات و کۆمۆنێتیانه‌یه‌ ، که‌ هێشتا ئه‌و بنه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ باسمکردن تێیاندا ، مه‌وجودن. به‌واتایه‌کی دیکه‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کرد و یا که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازین که‌ هێشتا ده‌ستی نه‌گریسی سه‌رمایه‌داریی به‌ ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتوه‌، هێشتا کاری له‌ کار نه‌ترازاندووه‌ ، هێشتا نه‌یتوانیووه‌ مرۆڤه‌کان ، له‌ مرۆیییه‌وه‌ بکاته‌ ڕۆبۆت ، ئه‌و مرۆیانه‌ی که‌ هێشتا ته‌واوی قسه‌ و باسه‌کانیان له‌سه‌ر‌ دوامۆدیڵی هه‌مه‌جۆره‌ی کاڵاکان و به‌کارهێنانیان، نییه‌ و له‌ خه‌سڵه‌تی مرۆیانه‌ی خۆیانی نه‌شۆردوونه‌ته‌وه‌ .
له‌م شوێنانه‌دا هه‌وڵدان و ئاماده‌کاریی هه‌ره‌وه‌زییانه‌ ، هه‌وڵی ژیانی به‌ کۆمه‌ڵانه، تاڕاده‌ی هاوبه‌شیکردنی ‌هه‌موو پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی ژیان، ئاسانه‌‌. له‌ شوێنێکی ئاوادا گونده‌کان ، گه‌ڕه‌که‌کان، شارۆچکه‌کان، شاره‌کان که‌متر ده‌بنه‌ وابه‌سته‌ی شاره‌ گه‌وه‌ره‌کان و شمه‌کی هه‌مه‌جۆره‌ی هاورده‌ی شاری گه‌وره‌ و که‌متریش وابه‌سته به‌ بازار-ئازاد و شاره‌وه‌ ده‌بن.
هه‌ر وڵاتێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ نێو ئه‌و بازنه‌ی سه‌ره‌وه ( بازنه‌ی وڵاتانی پیشه‌سازی گه‌شه‌ نه‌کردو) ، گه‌ر خودی خه‌ڵکی خۆی، خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی بکات ، ده‌توانن سه‌راپای پێداویستییه‌کانی ژیان و سه‌رجه‌می ئامراز و که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌کییه ساکاره‌کانی بواری کشتیاری و پیشه‌سازیی‌، دابین بکه‌ن، به‌ خۆیان ژیانی ئه‌ندامانی کۆمۆنێتییه‌کانیان مه‌یسه‌ر بکه‌ن . ئه‌و پێداویستیانه‌شی که‌ ناتوانرێت له‌ گوندێکدا، له‌ شارۆچکه‌یه‌کدا یا خود شار و ده‌ڤه‌رێکدا به‌ده‌ستبهێنرێت، ده‌توانرێت له‌ ڕێگای ئاڵوگۆڕی شمه‌كه‌کانه‌وه‌ به‌هۆی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ، یاخود له‌ ڕێگای ئه‌نجوومه‌نه‌کانی گه‌له‌وه‌ له‌و شوێنانه‌دا، به‌ده‌ستبخرێن. گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ وڵاتێك نییه‌ له‌و بازنه‌یه‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار بێت، نه‌توانێت هاووڵاتییانی ، بژێنێت . ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و‌ وڵاتانه‌ی هه‌ژار و پاشکۆ بۆ گه‌وه‌ره‌وڵاتانی جیهانی، کردووه،‌ هه‌بوونی چاوچنۆکان و ده‌سته‌بژێر و گه‌نده‌ڵان و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵ و وڵاته‌ له‌سه‌ر بناخه‌ی چینایه‌تی، هه‌ره‌می/ هیراشییه‌ت و پیاده‌کردنی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی نیولیبراڵی گه‌وه‌ره‌وڵاتان و پارێزه‌رانی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و قوچکه‌ییه‌ .
له‌م پرۆسه‌یه‌دا، پرۆسه‌ی بنکه‌نکردنی قه‌ڵاکانی سه‌رمایه‌داریی، پرۆسه‌ی ڕووتکردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌و خوانی چه‌و‌سانه‌وه‌ و زۆرداری ، پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وابه‌سته‌یی یه‌ك بۆ یه‌کدی ، پرۆسه‌یه‌کی خاو و هیواش و درێژخایه‌نه‌،‌ به‌ڵام به‌ بڕشت و سه‌قامگیره‌. سه‌رکه‌وتنی ته‌واو و به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕوودانی هه‌مان شۆڕش لانی که‌م له‌ یه‌کدوو وڵاتێکی ده‌وروبه‌ردا و هه‌روه‌ها پاڵپپشت و هاوکاری ئازادیخوازان و دژه‌ده‌سه‌ڵاتخوازانی دونیا.
ژیانی نێو کۆمه‌ڵی سته‌مکاری و نایه‌کسانی ، ژیانی نێو ونبوونی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی ئازادیی ، ژیانی نێو کۆمه‌ڵی هیراشی و چیانه‌یه‌تی ، چشتێکی دیکه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌هێڵاوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ کاردانه‌وه‌، له‌ ڕێگای: یه‌که‌م: دانیشتن و پاڵدانه‌وه‌ و خۆدانه‌ ده‌ستی قه‌زاو قه‌ده‌ر. دووه‌م: چاوه‌ڕوانی حیزبی پێشڕه‌و و کوده‌تای حیزبیانه‌ و سه‌ربازیی و هه‌ڵبژاردن، درۆ گه‌وره‌که‌‌ی مێژوو ، که‌ ئه‌مانه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێگای یه‌که‌م مه‌ترسیدارترن‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ وه‌همێكی زۆر به‌ خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و دیسانه‌وه‌ چاوبه‌ستێکی گه‌وره‌ش له‌خه‌ڵکی ده‌که‌ن. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکرا.
*هه‌وێنی نوسینی ئه‌م وتاره ده‌گه‌ڕیتیه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم له‌ ڕۆژی 08/05/2015 دا به‌یه‌که‌وه‌ کردمان بۆ ئامه‌د، باتمان ، حه‌سه‌نکه‌یف، ماردین، وان ، جۆڵه‌مێرگ و گه‌وه‌ڕه‌ له‌ باکوری کوردستان.‌

Zaherbaher.com

‌ ‌ ‌




دیکتاتۆریی ھەر دیکتاتۆرییە؛ بازارەکەی ئازاد بێت یان قۆرخکراو، داراییەکەی دەوڵەتی بێت یان تایبەتیی … ھەژێن

سەرنجێکی کورت لەسەر بابەتی ” ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن ” نووسینی زاھیر باھیر*

سەرەتا، بۆ ئەوەی خوێنەری ئاشنا و نائاشنا ئەوە بزانێت، لێرەدا وەك هەر سەرنج و ڕەخنە لە هەر کەسێکی دیکە، کەسایەتی نووسەر لە دەرەوەی بابەت ڕادەگرم و خەریکی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی بۆچوونەکەی دەبم، کە هەم دەکرێت لەم ساتەدا بۆچوونی سەدان هەزار کەس بێت و هەم بەدڵنیاییەوە پیشینەیەکی زۆر درێژتر لە تەمەنی هاوڕێ زاهیر و منی هەیە.
خوازراو یان نەخوازراو ھاوڕێ زاھیر بەو سەردێرە، ئێمەی خوێنەر دەخاتە دووڕیانی بەراوردکارییەك، کە سەرەنجامەکەی کۆیلەتی خوێنەرە بۆ گرتنەبەری ڕێگەیەکیان، ھەرچەندە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دواوە ھەیە و بەبۆچوونی من، باشترین ئەڵتەرناتیڤە و پێویستە بە نیشاندانی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان بازاری قۆرخکراو و بازار-ئازادی نیئۆلیبراڵ، دیکتاتۆریی چوار ساڵە و دیکتاتۆریی پەنجا ساڵە، خۆمان لە هۆگریی بۆ پۆزەتیڤبوونی دارایی دەوڵەتی “کەرتی نیشتمانی” بە بەراوردکردنی لەتەك دارایی کۆمپانییەکان “کارتی تایبەت” بپارێزین.
نووسەر دەنووسێت ” که‌متر باس له‌و ده‌ستکه‌وته‌ باشانه‌ ده‌که‌ن که‌ کاسترۆ بۆ کوبای کرد له‌ بواری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ریی به‌لاش که‌ تا ئێستا ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتیکدا نییه، خوێندنی به‌ڵاش ، درێژبوونه‌وه‌ی بڕی ته‌مه‌ندرێژی هاووڵاتیانی کوبا، یارمه‌تی و هاوکاریی زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی له‌ کێشه‌ی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر‌دا به‌ناردنی دکتۆرێكی زۆر ، هینانه‌ خواره‌وه‌ی بڕی مردنی ساوایان و دایکانی دووگیان به‌سه‌ر منداڵه‌کانیانه‌وه‌ ، پاراستنی ئابوریی وڵاته‌که‌ی له‌ دزی و تاڵانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپا ، باشی نیسبی ژیانی هاووڵاتیان له‌وێ …. گه‌لێکی دیکه‌.”
هەڵبەتە ئەوە بڵێم، منیش دابینکراویی بیمەی دەرمانی و خوێندن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژییان و گوزەرانی ڕۆژانە بە باشتر دەزانم، بەڵام لەتەك ئەوە ناکۆکم کە ئەوە چەپکەگوڵی دەستی ڤیدڵ کاسترۆ بێت بۆ خەڵك. بە بۆچوونی من، ئەوە بۆ پێداویستی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەگەڕێتەوە، نەك بۆ خودی کاسترۆ. چونکە تاکو ئێستا مێژووی سیستەمی چینایەتی چ لە سەرۆکایەتی خێڵ و سیستەمی فیئۆداڵی و پاشایەتی و چ لە شێوەی دەوڵەت، ئەوەی نیشانداوە، کە هیچ سیستەمێك ناتوانێت هاوکات هەم دەمی خەڵك دابخات و هەم زگی خەڵك برسیبکات، لەوێ کە دەمی داخستبێت، ناچار بووە مل بە تێری زگەکان بدات [کەرتی دەوڵەتی] و لەوێ کە زگەکان برسیدەکات، ناچارە گلەییکردن و ناڕەزایەتی ئازادبکات [کەرتی تایبەت ].
بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە ئەو ڕێژە تێرییەی زگ بە ئامانج وەربگرین، خواستە یان ناخواستە خۆمان لەبەردەم ئەم پرسیارە دەبینینەوە؛ ئەی هەڵوێستی ئێمە بەرانبەر زیندان چۆن دەبێت، کە لەوێدا هەمووان یەك جۆر پۆشاك و پۆشتە و هەمووان یەك جۆر خۆراك و تێرن؟ ئایا لەنێوان سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆرییە بەناو “سۆشیالیستییەکان” و سیستەمی زیندان هیچ جیاوازییەك هەیە؟ ئایا دەتوانین لە بەرواردکردنی نێوان بەڕێوەبەری زیندانێك و بەڕێوەبەری نووسینگەیەکی دەڵاڵی-کار بەو سەرەنجامە بگەین، لەبەرئەوەی کە لەنێو زیندان هەمووان یەك پۆشاك و هەمووان یەك خۆراکن، لە بەڕێوەبەری یان خاوەنی نووسینگەی دەڵاڵی کار باشترە، کە کرێی کرێکارەکانی جیاواز و ٨٠% داهاتی کاری کرێکارەکان بۆ خۆی دەدزێت؟
پاشان، ئایا بەو بەراوردکارییە لەنێوان فەرمانداریی تاكپارتیی و فەرمانداریی پارلەمانیی؛ لەنێوان سەرۆکی پەنجا ساڵە و سەرۆکی چوار ساڵە لە پۆزەتیڤبوونی سیستەمی پارتیی بەعس/ سەدام حوسەین نزیکنابینەوە، کە هەم وەك سیستەمەکەی کوبا خوێندن و دەرمان خۆڕایی و هەم نان هەزان و هەم سەرمایەدار و سەرمایەداری گەورە تەنیا دەوڵەت بوو؟
پاشان دەنووسێت ” هه‌ڵبه‌ته‌ من به‌رگریی له‌ ڕژێمه‌که‌ی کاسترۆ ناکه‌م و ته‌نها ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵاو ئه‌وه‌ی که‌ من توڕه ‌و بێزار ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و که‌ناڵ و ڕۆژنامانه‌ ده‌ڵێن ” به‌ ته‌مه‌نترین دیکتاتۆری جیهان مرد”. باشه‌ منیش ده‌ڵێم کاسترۆ دیکتاتۆر بوو ، به‌ڵام ئایا سه‌ر‌کرده‌ی وڵاتێك هه‌یه‌ یا ڕژێمێك هه‌یه‌ که‌ دیکتاتۆر نه‌بێت؟ ”
بە بۆچوونی من، هیچ پێویست ناکات ئێمەی دژە-سەروەر لەو هەڵایە توڕەبین، چونکە ڕاستە لە دەمی دوژمنی چینایەتی ئێمە دەردەچێت، بەڵام ڕاستییەکی درەوشاوەی تێدایە، ئەویش ڕیکۆردی درێژیی تەمەنی دیکتاتۆرە، ئیدی ئەو دەربڕینە هەر کەس بیڵێت، هیچ لە نێوەڕۆکەکەی ناگۆڕێت. هەر ئاوا ڕاستە کە سەرۆکی هەموو دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەك و خێڵ و گروپێك دیکتاتۆرە ئەگەر بۆی بلوێت، بەڵام لە ئێستادا هەمووان وەك کاسترۆ و سیستەمەکەی ئەو دیکتاتۆر نین، یان بەلایەنی کەم سیستەمەکەیان سیستەمی تاک-دیکتاتۆریی نییە.
پاشان دەنووسێت “دیکتاتۆره‌کان 3 جۆرن: جۆرێکیان به‌ کوده‌تای سه‌ره‌بازی دێنه‌ سه‌ر حوکم، جۆری دووهه‌م به‌ کوده‌تای حیزبییانه‌ دێنه‌‌ سه‌ر حوکم، جۆری سێهه‌م: به‌ یاساییکردنی دیکتاتۆرییه‌ته‌ ( به‌ شه‌رعیکردن) که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ دێنه‌ سه‌ر حوکم”
بە بۆچوونی لێرەدا نووسەر ڕێگەی چوار و پێنجەم و شەشەم لەبیردەکات، کە بە ڕێگەی بۆمانەوەی پاشایی و ڕاپەڕینی جەماوەریی و هەر ئاوا بە ڕێگەی کودەتای پارلەمانیی وەك ئاکپارتیی و ئەردۆگان دیکتاتۆرەکان بەرزدەبنەوە و بۆ جێکەوتەبوونی سیستەمەکەیان زەمینەسازیی دەکرێت. بێجگە لەوەش لەنێوان ئەو سێ جۆرە جیاوازی زۆر هەن، لەوانە شێوازی بەدەسەڵاتبوونی دیکتاتۆرییە، یەکەم بە هۆی هێز و سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ، دووەم بە پرۆسێسێکی درێژخایەنی دروستکردنی خۆشباوەڕیی ئەندامانی پارتیی بە “ڕابەری باش” و بەهۆی کارایی ئایدیۆلۆجیا و سێیەم بە پەیژەکردنی خۆشباوەڕیی خەڵكی دەنگدەر بە “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش ” و “فەرمانداریی باش” و “دەوڵەتی باش”. جیاوازی دووەمش بە هەمان شێوە دیکتاتۆریی یەکەم بەهۆی هێز و توندوتیژی و تاکەکەسییە، جۆری دووەم بەهۆی کارایی ڕاستەوخۆی سەرانی پارتییەکان لەسەر ئەندامان و ڕامکردنی ئایدیۆلۆجی و ئەویش وەك سێیەم بەهۆی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و ملکەچی زۆرینەی ئەندامانی پارتیی بۆ سەرەوە و سێیەم جۆر بەهۆی دەنگدانی زۆرینە ڕەوایەتی وەردەگرێت، کە دەکاتە دیکتاتۆریی زۆرینە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین، کە دیکتاتۆریی تاکەکەسیی و تاکپارتیی وەك کاسترۆ و پارتییەکەی ئەو، تەمەنی درێژە و تاکو ڕاپەڕینی خەڵك یان کارایی و ناچاریی فشاری ئابووریی نەبێت، وازهێهنان و کۆتابوونی ئەستەمە، جۆری دووەم، بەهۆی جیابوونەوە و دەنگدانی ئەندامانەوە ئەگەری گۆڕانی هەیە یان نەیارەکان دەتوانن بچنە دەرەوەی پارتییەکان و سەربەخۆ بمێنن یان جارێکی دیکە پارتییەکی دیکە دروستبکەن، بەڵام وەك سایەی دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ و ئەوانی دیکە لەسێدارەتنادەن و زیندانیت ناکەن یان لایەنی کەم توانای دەربازبوون لە ستەم و سزای ئەوان هەیە. جۆری سێیەمیش ئاشکرایە، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران خوازیاری مانەوەی سەرۆکی دیکتاتۆرخواز نەبن، پاش چوار ساڵ هەر بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران لادەچێت. لەبەرئەوە ناکرێت و ناتوانین ئەو سێ یان پێنج جۆرە بخەینە چەکمەچەیەکەوە و دیکتاتۆریی نێو پارتییەك و پارلەمانێك ڕەوایەتی دیکتاتۆرییەکەی لە زۆرینەوەی دەنگەوە وەردەگرێت و هەر بە دەنگدانیش ئەگەری وەلانانیان هەیە. بەڵام لە سیستەم و دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ تەنانەت شێوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی زاڵە و بیجگە لە کودەتا یان ڕاپەڕین هیچ ئەگەرێك بۆ وەڵانانی نییە.
پاشان دەنووسێت ” باشه‌ جۆرج بووش باوك و کوڕ ، ده‌یڤد کامرۆن، تۆنی بلایه‌ر دیکتاتۆر نه‌بوون که‌ بوو‌نه‌ هۆی کوژارانی سه‌ده‌ها هه‌زار که‌س له‌ عێراق و ئه‌فغانستان لیبیاو سوریا و یه‌مه‌ن و شوێنه‌کانی دیکه‌؟ باشه‌ دوو ملیۆن که‌س له‌ له‌نده‌ن له‌ ساڵی 2003 دژ به‌‌ شه‌ڕ و اگیرکردنی عێراق ‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام ‌ چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌مه‌ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌تی ، تۆنی بلایه‌ر گوێی گرت بۆیان؟ باشه‌ ئه‌مه‌ریکا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌که‌ی ده‌یه‌ها جار ویستیان کاسترۆ ئیختیال بکه‌ن ، ئه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر دیکتاتۆرییه‌ت نه‌بێت ئه‌ی چییه‌ ؟ ”
بەڵێ ئەوە جۆرێکە لە دیکتاتۆریی، بەڵام ئەوە یەکەم دیکتاتۆریی کەسێك نییە و دیکتاتۆریی پارلەمانییە و دووەم پاڵپشتی ئەو دیکتاتۆرییە زۆرینەی دەنگدەرانن، کاتێك کە لە بریتانیا دوو ملیۆن کەس دژی هێرش بۆ سەر عیراق دێنە سەر شەقامەکان، هاوکات نزیکەی شەست (ملیۆن) کەس بە بێدەنگمانەوە ڕەوایەتی بە جەنگەکە دەدەن. لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەگەر لەجیاتی دوو ملیۆن کەس، پەنجا ملیۆن کەس لەسەر شەقامەکان بوونایە، ئایا فەرماندارییەکەی (تۆنی بلەیەر) هەر بەشداری جەنگەکەی دەکرد؟ بەڵام ئەگەر هەر پازدە ملیۆن کەسەکەی عیراق کاتی جەنگی عیراق-ئێران بهاتنایە سەر شەقامەکان، ئایا سەدام حوسەین دەستبەرداری جەنگ دەبوو؟ ئایا لە ماوەی دیکتاتۆریی کاسترۆ و ئێستاش براکەی ئەگەر هەموو خەڵکی کوبا خۆنیشانبکەن، کاسترۆ دەستبەردای بڕیارێکی خۆی دەبوو یان دەبێت، ئایا خۆنیشاندانێکی ئاوا دوو ملیۆنی دژی بڕیاری فەرمانداریی لە کوبا بەبێ خوێنڕشتن دەگوزەرێت؟
پاشان دەنووسێت “هێنری کیسه‌نجه‌ر و ڕۆڵه‌که‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکای لاتینی به‌ دروستکردنی تیمی بکوژ بۆ کوشتنی چالاکوان و نقابییان و کۆمۆ‌نیستان و سۆشیالیستان دیکتارۆییه‌ت نییه، ئه‌ی ‌ چییه‌؟ ڕۆلی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگۆ ، له‌ شیلی ، له‌ ئێران ، له‌ عێراق سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم ، له‌ ئه‌نده‌نوسیا ئێوه‌ پێی ده‌ڵێن چی؟ ”
نا هاوڕێ گیان، ئەوەشیان ئاوا نییە، چونکە دیکتاتۆری شتێکە و تیرۆریزم شتێکە. کێسەنجەر هاندەری تیرۆریزم بووە بۆ پاراستنی سیستەمی دیکتاتۆریی چیلی و ئەرجەنتین و …تد، کە پێداویستی سیستەمە جیهانییەکەیە لە ئەمەرتکای لاتین و ئەفریکا و ئاسیا، وەك خۆت دەزانیت لەنێوان فاشیست و شۆڤێنیست و دیکتاتۆر و تیرۆریست جیاوازی هەیە، هەرچەندە هەموویان بۆ پاراستنی سیستەمی چیانیەتی تەواوکەری یەکدین. بەڵام ناکرێت ئێمە هەموویان بخەینە یەك چەکمەجە و جیاوازییەکان لەبەرچاونەگرین.
پاشان دەنووسێت “باشه‌ کێ‌ ده‌ستی له‌ کوشتنی خه‌ڵکیدا و وێرانکردنی وڵاتاندا و دروستکردنی تیرۆریستاندا زیاتره؟ا کاسترۆ یاخود ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشانمکردن ؟ ”
ئەگەر بڕیاربێت وەڵامی ئێمەی خوێنەر ژمارەکان و دەرکەوتنەکان بن، ئەوا بە ڕواڵەت بەراورد بە ئەوانی دیکە، کاسترۆ هەر هیچی نەکردووە. بەڵام ئەگەر کاسترۆ لەجێی ئەوان بووایە، ئایا هەر هەمان شتی نەدەکرد؟ ئایا دەتوانین ژمارە ئاشکراکان بکەینە پەردەپۆش و پاساو بۆ نەدیتنی ئەوانی دیکە؛ ئایا کاسترۆ و پارتییەکی پێش بەدەسەڵاتگەییشتن و پاش بەدەسەڵاتگەییشتن کۆمونیستانی بۆچوون جیاواز و ئەنارکیستان و لیبڕاڵان و پارلەمانخوازانی نەکوشتوون و زیندانینەکردوون؛ ئایا کاسترۆ بە کۆمەکی سەربازیی و دەرمانی و ئابووریی لە تیرۆرکارییەکانی سایەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و فەرماندارییە تاكپارتی و دیکتاتۆرییەکانی دیکەی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکای نەکردووە؟ ئەی ئەوانەی ئەو هەر هەمان تاوان نین، کە کێسینجەر و ئەوانی دیکەی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامیانداون؟ ئەی ئاخۆ هەژماری شادراوەی ئەوانەی کە لە ماوەی پەنجا ساڵی دەسەڵاتداریی کاسترۆ و هەشت ساڵی ڕابوردووش کە هەر سێبەری دیکتاتۆریی ئەو زاڵبووە، گولەباران کراون، لەسێدارەدارون، زیندانیکراون، دوورخراونەتەوە و بێسەروشوێن کراون ، چەند بێت؟
لە کۆتاییدا نووسەر دەپرسێت “بۆچی ده‌بێت ئه‌و دیکتاتۆر بێت به‌ڵام ئه‌مان وه‌ته‌نی و پیاوی باش ؟ کاتێكیش که‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ گه‌له‌که‌ی ‌کردوه‌ به‌ مه‌ندێلاشه‌وه، نه‌یانکردووه‌‌ !! ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن. ”
منیش، هەم وەك وەڵام و هەم وەك کۆتایی سەرنجەکەم، دەڵێم خۆزگە نووسەر لەجیاتی ئەو هەمووە بەراوردکردنە، کە ئەوی ئەنارکیستی خستووەتە خانەی پاساودانی دیکتاتۆریی کاسترۆ بە هەبوونی نان و خۆڕاییبوونی خوێندن و دەرمان، تەنیا هەر ئەو پرسیارەی کۆتایی بنووسیایە، کە زۆر جوان و کەم و پوخت و بێلایەنانە هەڵوێست وەردەگرێت و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە و وردبوونەوە. هەرچەندە بەداخەوە دێڕێك پاشتر جارێکی دیکە دەکەوێتە بەراوردێکی ڕواڵەتیی بازار و لەبەرچاونەگرتنی میکانیزمەکانی خۆپارێزیی هەر دوو سیستەمەکە؛ سەرمایەداریی دەوڵەتیی و سەرمایەداریی کۆمپانییەکان. لێرەدا جارێکی دیکە نووسەر هیچ گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە، کە کارەکانی کاسترۆ و پارتییەکەی، کە دیوەکەی دیکەیان شەش دەهە دەمکوتکردن و داپڵۆسینە، بە پۆزەتیڤ و خوازراو دەبێنێت. ئایا ئەوە پاساودان و پۆزەتیڤ-نیشاندانی ئەو “جەلادە دڵسۆز و خەمخۆرەی خەڵك” نییە، کە باکونین ئاماژەیدەدات؟
وەك سەرەتا گوتم و هەمیشەش دەێڵێمەوە، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن خوێندنەوەی بۆچوونەکانە نەك دژایەتیکردنی کەسێتی نووسەر و بێژەری بۆچوونەکە، هیوادارم خوێنەران و (هاوڕێ زاهیر)یش بە هەمان جۆر خوێندنەوە بۆ سەرنجەکانی من بکەن و من بە پاساودەری بەرەی بەرانبەر نەبینن، چونکە بە بۆچوونی من، ئەرکی ئێمە بەراوردکردنی “باش و خراپی” جۆرەکانی دیکتاتۆریی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی ئەوانن. ڕاستییەکەی دەمێكە، لەسەر داخوازی دۆستێك هەشت ساڵ لەمەروبەر بەتەمای نووسینێك بووم لەبارەی کوبا و ڤێنزەولا و گرفت و دەرگیری ڕۆژگار بوارینەدابووم، بەڵام کاتێك چەند خوێنەرێکی بابەتەکەی هاوڕێ زاهیر، کە ئەو بە کەسێكی ئەنارکیست ناسراوە و بەخۆیشی هەر لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت، لە من دەپرسن “بۆچوونی تۆ بەرانبەر ئەو نووسینە چییە؟ “، ئیدی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی یان ناڕۆشنی-دروستکەرەکانی نووسینەکەی هاوڕێ زاهیر دەکرێتە ئەرکێك و ناتوانم نادیدەی وەربگرم و خۆم بدزمەوە، هەرچەندە بەتەمانیم و هیچ کات ناتوانم خۆم لە ئەرکی سەرشانم بدزمەوە و سەرنج و ڕەخنەگرتنیش لە بۆچوونی خۆم و هاورێکانم بە پێویستتر و ئەرکتر دەزانم لە سەرنج و ڕەخنەگرتن لە بەرەی بەرانبەر.
* بۆ خوێننەوەی بابەتەکەی نووسەر، سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554428878084793

٢٨ی نۆۋەمبەری
٢٠١٦




کام چارەسەر گونجاوە بۆ هەرێم؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کام ڕێگا چارە گونجاوە بۆ ئەو ڕەوشەی خەڵکی هەرێمی تێ کەوتوە بەهۆکاری ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان؟
یەکەم:دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو لەلایەن پارتەکانی نێو دەسەڵات کە وەک ڕکابەر لەبەرانبەر یەکتردا وەستاونەتەوە،تابێن و هەریەکەیان لەو قەڵایە بێنەخوارەوەو عەقڵانیەت بخەنە جێگای ڕقی کوێرانەو یەکتری بوغزاندن و خۆیان واتەنی ببنەوە جێگا ئومێد بۆ گەلەکەیان و چیتر وەک تاڵانچیەک مامەڵە لەگەڵ نیشتیمان و هاووڵاتیەکانیاندا نەکەن. ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن و تاڵان چی نین،دەبێت ڕێگا بدەن بەئاڵوگۆڕ لەکۆی جومگەکانی بەڕێوەبردنی بواری ئیداری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا لەنێو خۆیانداو تاقی کردنەوە بکەنە سەنگی مەحەک بۆ شەفافیەت و دوور کەوتنەوە لە تاڵان کردنی سامانی کۆمەڵگە.
دووەم: ئەگەر هێزو لایەنە سیاسیەکان دەوڵەتانی دەرەوە هەڵیان دەسوڕێنن و ئەوان بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریان دێنن،دەبێت ئەو هێزانە زۆر بەڕاشکاوانە دان بنێن بەو ئەرکەیانداو بەکۆمەڵانی دانیشتوانی هەرێم ڕابگەیەنن کەئەوان نوێنەری دەوڵەتان وکۆمپانیا گەورەکانی زلهێزانی ئابوری بازاڕی ئازادو ناوچەکەن، نەک نوێنەری خەڵکی هەرێم. دان نانێکی ئاوا،جێگای شورەیی نیە،بەڵکو ڕاستگۆی پیشان دەدات. باشە گەر وانیە،بۆچی هەر گێژاوێک یان تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی دەبێت،ڕاستەوخۆ پەنا بۆ دەوڵەتانی چواردەور دەبەن؟ ئاخۆ ئێوەی دەسەڵاتدار دەتوانن بچوکترین دەستێوەردان بکەن لەوڵاتانی چواردەور؟ ئاخۆ گەر بڕواتان بەگەلی خۆتان هەبێت،کام هێز هەیە بتوانێت لەدەرەوە زەفەرتان پێ بهێنێت؟ ئاخۆ ئێوە لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا،کام ڕەوشتی پایەداریتان بەخشی بەهاووڵاتیەکانتان کە لەڕەوشتی هاوڵاتیەکی سەربەست و خاوەن بەها بچێت؟
سێیەم:ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کۆمەڵگە دابین بکەن،بۆچی خۆیان ئیحراج دەکەن لەبەردەم هاونیشتمانیەکانیانداو بۆنایەن ڕێگا چۆڵ بکەن تا بەرەیەک لەنێو خودی گەلەوە ڕێوڕەسمی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە بگرنە ئەستۆ. ئەگەر وەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بەشێوەیەکی گشتی وەک بەرپرسیارێتی دەبینن لەبەردەم گەلدا،بۆچی ڕێگا نادەن ئاڵوگۆڕی سیاسی بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەساو دەس بکرێت و داهاتی گشتیش بەشێوەیەکی دوور لەگیرفان پڕ کردن دابەش بکرێت بەسەر گشت دانیشتواندا.
چوارەم:ئەرکی بەرپرسیارێتی گەورە لەهەموو وڵاتێکدا دەکەوێتە سەر ئەستۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەو ئەو حکومەت و پەرلەمانەی کەهەیەتی،بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیەکانی و پارێزگاری کردنی ڕووی ئاسایش و دابین کردنی کارو بەرەو پێش بردنی ئابوری وڵات و بەرهەمهێنان.بەڵام دەڵێی هەرێمی کوردستان جیاوازترە لەگشت ڕێوڕەسمی وڵاتان،بۆیە ئەو سێ لایەنە زۆر بێ باکانەن لەبەرانبەر ئەو بەرپرسیاریەتانەی لەئەستۆیاندایە. ئاخر لەهەرێمدا،شوێنێک یان جومگەیەک نەماوەتەوە توشی شکست و داڕوخان نەهاتبێت. لەماوەی بیستوپێنج ساڵدا،دەبوا باشترین جۆری بەرهەمهێنان و برەو پێدانی بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی بواری سەنعەتی پێشوەچونی بەخۆوە بدیبایە و ڕێکوپێک کردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروست بونی هەبوایە. کەچی بەپێچەوانەوە،ساڵ بەساڵ، کۆمەڵگە توشی قەیرانی زیاتر و مەینەتی زیاتر دەکرێت. ئاخۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەو شێوەدەبێت؟
پێنجەم:ئاخۆ ئەو ڕێگا چارەیەگونجاوە کەدەڵێت نەوت بدەنە بەغدا تائەوانیش بودجە بدەنە هەرێم؟ باشە تەرح کردنی ڕێگاچارەیەکی وا نیشانەی ئەوە نیە کەحکومەت تاڵان چیەو پارەی نەوتەکە دەدزێت؟ ئیتر چۆن دەکرێت باس لەدەوڵەت دروست کردن بکەن؟ ئاخۆ حکومەت لەکێ پێک هاتوە؟ بەشی گشت حزبەکانی تێدا نیە؟
شەشەم:ئاخۆ گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەیەکی گونجاو پێشکەش بکات کە ڕەزامەندی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بێت،باشتر نیە،کەحکومەت دەست لەکار بکێشێتەوەو هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت و بەبێ بەکار هێنانی هێزو ترساندن و بەبێ مەسەلەی حزبی بوون،کەسی شیاو بخرێتە جێگای شیاوی خۆی؟
حەوتەم:ئایا گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەی گونجاو بدۆزێتەوەو ئامادەیش نەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە،ئەوکات هێز بەکارهێنان گونجاوە یان مل کەچ کردن بۆ ڕای زۆرینەی جەماوەر کە ڕازی نیە بەو ئیدارە کردنەی کەهەیە؟
هەشتەم:تاکەی کۆمەڵگە دەتوانێت بەم شێوەیە ژیانی بگوزەرێنێت کە تادێت بەرەو هەڵدێری زیاتر دەڕوات و نەبونی موچەو نەبونی خزمەت گوزاریە گشتیەکان و نەبونی هەلی کارو نەبونی هیچ ڕیانێکی هاوسەنگی چینایەتی یەخەی پێ گرتوە؟ ئاخۆ گەر جەماوەر دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەوکات دەسەڵاتداران بەچی وەڵامیان دەدەنەوە؟ بەچەک یان بەعەقڵ و مەنتیق و ملکەچ کردن بۆ مافی زۆرینە؟ بەڕاستی خەڵکی هەرێم شایانی ئەو کۆ مەینەتیە نەبوون کەدەسەڵاتدارانی بەرەی کوردایەتی بەسەریاندا هێنان. ئەوە هەر کوڕی هەژاران نیە ئێستالەپێشی جەبهەدا لەدژی داعشدا دەجەنگن؟
ئاخۆ ڕێگاچارەی تر چیە؟

تاهیر حاجی حەسەن
30/11/2016




مه‌سیحی دووه‌م ئاگری بۆ شاعیران له‌ خوداوه‌ند دزی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

چیا سینگی چل په‌رییه‌ و زه‌ماوه‌ند ڕاده‌گرین
ته‌رمی نوێژ بۆ نه‌كراوی مه‌سیحی دووه‌م
به‌ ئاوێنه‌ و مۆمی داگیرساوه‌وه‌ له‌ شاڕێی شاری ئه‌فسووناوی داده‌نێین
تیشك له‌ ناوی پشوو ده‌دا و خۆی تێدا به‌هێز ده‌كات
ده‌ست له‌سه‌ر شانی گۆڕهه‌ڵكه‌ن لاده‌دا و وزه‌ ده‌داته‌ باڵی باڵنده‌ و دره‌خت و گژوگیا
وزه‌ی باڵی باڵنده‌
تفه‌نگ و ئه‌سپی سواران ده‌لاوێنێته‌وه‌
باڵنده‌یێكی ڕه‌وانبێژ ده‌نووكی له‌ ته‌ڕایی دره‌خت و گژوگیا نا
باڵی به‌سه‌ریاندا شۆڕ كرده‌وه‌ و تێنه‌په‌ڕی
هه‌ر به‌سه‌ریاندا سووڕایه‌وه‌ و بڕوای به‌ هه‌موو شتێكی كردن
له‌ هاواریان گوێچكه‌ ماسییه‌كی هه‌ڵدایه‌وه‌ ناو ڕووبار
ده‌نگێك به‌و ناوه‌دا تێپه‌ڕی بیستم
كه‌س له‌ناو نوێندا نه‌ماوه‌
كێڵگه‌ و باخ چاوه‌ڕوانن جۆگه‌له‌كان بكرێنه‌وه‌
ته‌رمه‌كانمان چاویان له‌ كێڵگه‌ و باخ داڕێژراون
شاعیرانی شه‌رم له‌ فرمێسك كردوو
له‌ چاوه‌ڕوانیی به‌روبوومیدا دوا به‌شی كتێبی نه‌رم و نیانی شار و شانازییانه‌
له‌مه‌وبه‌دوا ده‌چنه‌ ناو خاوبوونه‌ی ڕك و ژیان بێزار و بێدار ناكه‌ن
حه‌زده‌كه‌ن له‌ كاتی نووسین و نووستندا په‌نجه‌ره‌كان كراوه‌بن
وه‌رن ئاوێنه‌ی سه‌ر ڕووی به‌ردی سڕ و خوداوه‌ندی گۆزه‌ی باڵنده‌ به‌ ده‌مه‌وه‌
له‌ چاوی ماتی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ورد ببنه‌وه‌
تا خوێن له‌ گورچیله‌ی منداڵه‌ ڕوومه‌ت داچۆڕاوه‌كانمان
نه‌بووه‌ته‌ دڵۆپه‌ی شووم و به‌ده‌م ترسه‌وه‌ نه‌نوون
له‌یلوك و ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕه‌نگ تێكچوویان بنه‌خشێنینه‌وه‌ و ڕه‌نگ
له‌ ئه‌ستێره‌ی سه‌رخۆشی به‌ره‌به‌یان بخوازین
ماچیش له‌ ده‌میان بخۆینه‌وه‌
ببینین كه‌ له‌ چیا دێنه‌ خواره‌وه‌
گه‌رد به‌ پێیانه‌وه‌ نییه‌ و به‌ گۆرانییه‌كانیان بریندارمان ده‌كه‌ن
خه‌ونم پێیانه‌وه‌ بینیوه‌ ڕووناكی له‌ سیمای ده‌دان
ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك به‌ سووكی به‌ناو ڕووناكی سیمایان هه‌ڵێنین
هیوایه‌ك بۆ شاری خاڵی و خه‌واڵوو دێته‌دی
ده‌رگای ماڵ به‌ماتی دڵ و چاو پێداخشانه‌وه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌
كڵاوڕۆژنه‌ پێش خۆیان هه‌ناسه‌یان ده‌باته‌ ژووره‌وه‌
له‌سه‌ر كه‌ل و په‌ل و سینی و پیاڵه‌ و فه‌خفووری ده‌نیشێ‌
چیا كه‌ سینگی چل په‌ریت
ماڵ ده‌زانێت باسی جۆلانه‌ و جه‌ژنی خۆی بكات
پارچه‌ گۆشتێكی گه‌رم و به‌ شه‌كر و شیر داپۆشراوه‌
له‌ تۆدا ده‌بێته‌ دڵ و ژیانی ئه‌و ده‌ژی
به‌ ناوی تۆوه‌ له‌ ئاو و ئاسۆ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ و ئاماژه‌ی زه‌مین سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێمان ده‌داتێ‌
ده‌مه‌وێ‌ وێنه‌ی دره‌ختێكی نه‌رم و نیان بۆ باڵنده‌ بكێشم
دوو ده‌ستی كراوه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ بێت
دره‌خت خۆی به‌ باڵنده‌ مه‌ست ده‌كات و ده‌مار و خوێنی فڕین ده‌ڕژێته‌ ده‌موچاوی
منیش باڵنده‌ی ده‌می گۆزه‌ ده‌هێنمه‌ سه‌رشانم و دێمه‌ ناو چیا
چرایه‌ك تانوپۆمه‌ و چاوی پاكده‌كه‌مه‌وه‌
له‌مه‌وبه‌دوا باڵنده‌ به‌رپێمان ئاوڕشێن ده‌كات و ته‌پوتۆز ده‌كوژێ‌
به‌ردێك له‌و به‌ردانه‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ بۆ كوشتنی هه‌ڵماندا
ده‌یكه‌ینه‌ ڕوخساری په‌یكه‌رمان
باڵنده‌ له‌ خوانی خودای خوارد و چه‌كی هه‌ڵگرت