دەستکەوتەکانی خۆپیشاندانی مامۆستایان …. هەوار شاسوار

خۆپیشاندانی مامۆستایان جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی تردا ، بە شێوەیەک ئەم خۆپیشاندانە سنوری دروشمەکانی مامۆستایانی بڕی بۆ ئاستی داواکارییە باڵاکان ، کە دەتوانرێت لەم چەند خاڵەدا باس بکرێت:

1. لەسەر ئاستی موچە نەک هەر گۆرانێکی ناچاری بەدەسەڵات کرد ئەگەر چی کەمیش بێت ، بگرە چارەکە موچەی نەدراوی پیشەکانی تریشی خستە بەردەم باس کردن ، بە شایستە داراییەکانیشەوە .
2. بێ خوێن و بێ چەک تونرا گەورەترین فشار دروست بکرێت.
3. پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بۆ مامۆستایان دەستکەوتێکی زۆر گرنگ بو .
4. داواکاری بۆ بە نیشتیمانی کردنی دام و دەزگاکان یەکێک بو لەو داواکارییانەی کە هەر کات بکرێت دەستکەوتی ئەم خۆپیشاندانانە و شەقام دەبێت.
5. سەرۆکی سەپێنراوی ناشەرعی هەرێمی ناچار کرد کە داوا بکات یاسای سەرۆکایەتی باس بکرێت بە ئاوت کردنی خۆی ، ئەمەش فشاری مامۆستایان بۆ بەرز تر لە داخوازیەکانی مامۆستایان دەگەیەنێت .
6. بۆ یەکەم جار شەقام خۆی خۆی بو ، هیچ حیزبێک نەیتوانی خۆی بکات بەخاوەنی ئەتونم بڵێم لەم خۆپیشاندانەوە سەرەتای لە دایک بونی تاکی ئازاد بو بێ جیاوازی .
7. هەمو ڕەنگەکان وەک بەرژەوەندی نیشتمانی بەشداریان کرد .
8. هەمو حیزبەکانی ناچار کرد کە دان بە شکستی دەسەڵاتی خۆیاندا بنێن .
9. بەدەر لە مامۆستایان هەمو پیشەکان لە بەقاڵیکەوە تا کرێکارێک بەشداریان کرد لەم خۆپیشاندانە .
10. بۆ یەکەم جار شەقام گەورەتر بو لە حیزب .
11. دەتونم بڵێم سەرەتای دەستپیکردنی خۆپیشاندانی مەدەنیانەیە کە بتوانێت فشاری گەورە دروست بکات .
12. بۆ یەکەمین جار ژنان ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان هەبو .
13. سەرەتای دەرکەوتنی کۆتای هێنان بو بەم جۆرە مۆدیلەی دەسەڵات .
14. ئەم خۆپیشاندانانەی مامۆستایان ئامانجی خۆی پێکا ، بگرە سەرەتایەک بو بۆ پێکەوە گرێدانی خەمی پیشەکان ، وای کرد ئەگەر پیشەیەکی تر خۆپیشاندان بکەن ئەوا هەمو پیشەکان پاڵپشتی بکەن .
15. یەکەم لە دایک بونی ناڕەزای و شەقامی نیشتمانی بو .
16. ئەوەی دەسەڵات کردی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی پیشەکان ، ئەم خۆ پیشاندانە ئەو پەیامەی گەیاند و وەک جارەسەرێک بوە هۆی پێکەوەگرێدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندیە پیشەییەکان ، پێچەوانەی پلانی دەسەڵات .
17. بۆ یەکەم جار بەرەی میللەت لە مامۆستایانەوە بو بە بەری میللەت بەرامبەر پاشکۆیەتی و جاشایەتی بۆ ولاتانی درواسێ .
18. دنگی خەڵک بو بە واتای دەنگی هەقیقی خەڵک.




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی دووەم … نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید


٢-٤

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن …..

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
مارا ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوەو بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ لە ژێر چاودێری کۆڵمیێر دا. ئەو خەستەخانەیە کۆمەڵێك نەخۆشی بەناوبانگی گرتۆتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دو ساد ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەك ئەرستۆکراتێك و فەیلەسوفێك و نوسەرێك و تاوانبارێك ناوی دەرکردووە، نوسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، ١٣ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نوسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە “کۆڵمیێر” ڕێگەیدا هەندێك لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵك نمایشیان بکات، کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو وە ڕەخنەی لێدەگیرا لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.

sad

ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆك و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لەناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نوسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نمایش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێك لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو، ١٧٨٩- ١٧٩٩ ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگای گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندو تیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لە سەر دەستی ناپلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەوروپادا بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە بۆچوونە لیبراڵ و ڕادیکاڵەکان، وە گۆڕنکاری قووڵی لە مێژووی نوێدا دروستکرد.
ئەگەر شۆڕش جۆرێك بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لە ئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:

France

ساد نوێنەرایەتی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوەو شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: ” مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەکو خودێکی تەنیا، تا هێدی هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە نێو ئەوانیتر، یەك ڕەنگ و یەك شێوە.” بەڵام تەنیا ئەو چرکە ساتە دەژی کە تیایدایە: ساد: ” ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێك لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە.” لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نمایشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەك کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە. جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نوسینەدا هەندێك لەو وردەکاریانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

مارا نوێنەرایەتی جۆرێکیتری یاخیبوون دەکات ئەویش یاخیبوونە لە پێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەك کۆتایی دێت کە هەمان ئەو جێگایەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تیادا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆرمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروسکردنی فۆرم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێشخۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپلیۆنی لێوە بەرهەمدێت، سەرقافڵەی بیری لیبرالیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگای کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نمایشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نمایشەدا و لە زۆر نمایشی تری “مارا ساد” یشدا شێوەی تاکە پێڵاوێکی دراوەتێ. وەك دەڵێن پاش کوژرانی مارا هەر بەو شێوەیە وەسفی بانیۆکەی کراوە کە لە تاکە پێڵاوێك چووە.

کۆردی نوێنەرایەتی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگا ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: “مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن.” یان هەموو هەوڵێك دەدات ئەوەی لەدەست چووە بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێکبخاتەوە، کۆردی: ” ڕۆژێك دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی.”

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەرەمیی خەستەخانەکەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانیتر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبراڵە کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناپلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانیەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نمایشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ خەستەخانەیەك کە دەیەوێت خۆی وەك نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەك دکتۆر باسیدەکات گوایە دەیانەوێت لە ڕێگای هونەرەوە یارمەتی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەر لەوەی بچنە ئەو شوێنە ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕایپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ( ڕۆژە فایەق) دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراوو بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بەدەستی ساد، ئیتر وەك نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێك لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جددی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.


ماویەتی …..




یه‌ئسێك له‌ نێو عه‌شقا …. سه‌ردار جاف

ده‌نگێك له‌ پرچه‌ ئاڵۆسكاوه‌كانی غوربه‌ته‌وه‌ده‌چرپێنێ و به‌ هه‌نسك و قوڵپی گریانه‌وه‌ شیعربارانی ئاوه‌ز ده‌كا و له‌ نسێی ئیمبراتۆڕیه‌تی ئیستاتیكای وشه‌كانی سه‌ر گه‌ڵای گوڵه‌ ئاونگڕێژه‌كانی سپێده‌ی حه‌سره‌تی نیشتیمانه‌وه‌ لێوانڕێژ ده‌بێ.
خانمه‌ شاعیرێكی خۆوڵاتی له‌ غه‌ریبستانی ئینگڵستانه‌وه‌ قامكه‌كانی ئاوێته‌ی وشه‌ ناسك و هه‌ست بزوێنه‌كانی شیعر بووه‌ و خوێنه‌ر و ناوه‌ندی كوردیش له‌م خانمه‌ قه‌ڵه‌م به‌ بڕشته‌ كه‌م تا زۆر به‌ ئاگا یان بێ ئاگایه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ خه‌لوه‌تی شیعرا ئۆگری حه‌رف و ریتم وهارمۆنییه‌ت و ئیستاتیكای وشه‌یه‌، ده‌قه‌كانی له‌ ره‌ففه‌ نامۆ و تاریكه‌كانی رۆحا حه‌شارداوه‌ و گیانبازی سه‌ماكردنی هه‌سته‌كانن، ئیدی ئه‌و خه‌م و په‌نهانانه‌ ئێمه‌ نازانین چین ده‌بنه‌ مایه‌ی مه‌ڵاسدانی ئه‌و ده‌قه‌ جوان و چێژ وه‌رگرانه‌ و به‌خشینی رۆحی ئیلهامی به‌ سه‌لیقه‌یی خوێنه‌ر ده‌دا و بوێرانه‌یش هاتۆته‌گۆ.
دواندن به‌ زمانی شیعر واتا دواندن به‌ زمانی گوڵ و ئاونگ و با و سه‌مای گه‌ڵا و په‌ڕه‌ گوڵی ده‌م شنه‌بای كازیوه‌یه‌كی روونی پڕ ئاگا هه‌ناسه‌ی جاڕدانی لێوه‌ هاوێر بووه‌، ئه‌ویش خاتوو ( په‌ری عه‌زیز ) كه‌ به‌شنه‌بای سلێمانی گۆشكراوه‌ و په‌نجه‌كانی به‌ نافووری گه‌ڕه‌ك ته‌ڕكردووه‌ و له‌ باخچه‌كانی شار سێباز و راكه‌ڕاكی بووه‌ و له‌ته‌ك یادگارییه‌كانیدا چاوشاركێكانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر دیواری قوتابخانه‌وێنه‌ی ئه‌وین و ئاشقبازی كێشاوه‌ به‌ سه‌ر به‌رده‌كانی سلێمانیا گه‌مه‌ی منداڵی خۆی له‌ ته‌ڵا ده‌داو له‌ بووكه‌ جوانه‌كانی بازاری له‌ ئامێزگرتووه‌ و وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی خۆی لاواندوویه‌تییه‌وه‌، چه‌ندینجار جه‌سته‌ی وه‌ك بووكه‌ به‌بارانه‌ بۆ شیعره‌ پڕ ئازاره‌كانی خۆی ته‌ڕ كردووه‌.

خاتوو ” په‌ری” له‌ ده‌قی ( عه‌شق ) خۆی وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دی ده‌بێته‌ كاراكته‌رێكی مێینه‌ و ده‌بێته‌ ده‌ربڕی سه‌دان و هه‌زاران ژن و كیژی كۆمه‌ڵی كوردی كه‌ به‌ هۆی ژانی ئه‌وینه‌وه‌ له‌ لیتاوی عیشقا هه‌ڵكێشراون.
به‌ر له‌ رۆچوونه‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌ گه‌ره‌كمانه‌ بڵێین گرێی ئۆدیب لای هه‌ر دوو ره‌گه‌ز وا ده‌كات، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ كوڕ ئاشقی مێینه‌ بێت و كچیش ئاشقی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، له‌ گه‌ڵ نه‌شونماكردنی فسیۆلۆژییه‌وه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ئاشقبازییه‌ واقیعه‌كه‌ی له‌ سۆزێكی ئامێزی خانه‌واده‌ییه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆئامێزی سۆزێكی ئه‌وینداری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ئه‌مه‌یش هه‌ر تاكێكمان ئازاره‌كه‌یمان چه‌شتووه‌ ده‌زانین چه‌ند به‌ سوێیه‌. (( ئه‌م گرێیه‌ وه‌ك هه‌موو گرێیه‌كی دیكه‌ ته‌نیا گرێیه‌كی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو بونیادێكی گونجاوه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌و بوونیاده‌وه‌ ده‌بین به‌و پیاو و ژنه‌ی كه‌ هه‌ین، ئه‌مه‌یش ئه‌و خاڵه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ وه‌ك مرۆڤ دروست ده‌بین و پێده‌گه‌ین ))”1″ پێگه‌یین وا سانا نییه‌ زۆرجاران و به‌ ده‌گمه‌ن رێ ده‌كه‌وێت ئه‌و پێگه‌یشتنه‌ تووشاری شه‌خته‌ و تۆفان و زریان و لووشدانی مرۆ نه‌بووبێته‌وه‌ و هیلاك و ماندووی نه‌كرد بێتو پرزه‌ی نه‌بڕی بێت، داخوا كێ بێت سه‌ر له‌ نوێ ده‌ستی بگرێ و به‌ره‌و ترۆپك هه‌ڵی بزنێنێته‌وه‌، رێك ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌م ده‌قه‌ی خاتوو ” په‌ری خان ” ده‌بینرێ ده‌با به‌ وردی پێشوه‌خت سه‌رنجی ده‌قه‌كه‌ بده‌ین كه‌ به‌ زمانێكی زۆر جوان نوسراوه‌ لێ زمانێكی شیعری جوان كه‌ كه‌م شاعیری نوێخواز ده‌توانێ وا بدوێ، پاشان قسه‌ی دیكه‌یش ده‌كه‌ین :
عه‌شق
عه‌شق واتای
بێداری نێوان من و خه‌و
و رێ نه‌كردن له‌ گه‌ڵ خود
پیاسه‌كردن به‌ ناو تارماییه‌كاندا
به‌رد بارانكردنی
لقه‌ شكاوه‌كانی ئێواران
پینه‌كردنی دامێنی شه‌و
هه‌راسانكردنی بێ ده‌نگی
یان
سه‌ماكردن
له‌ گه‌ڵ سێبه‌ری خۆت
سه‌فه‌رێك به‌ره‌و سه‌راب
دیدار له‌ گه‌ڵ ئاوێنه‌ و
دیالۆگ له‌ ته‌ك ته‌نیایی
چرك ، چرك ، چرك
‌ تا
ئه‌و ساته‌ی
ته‌مه‌ن ئه‌بێته‌ خۆراك
چاوه‌ڕوانی

. هه‌ر له‌ به‌رایی ده‌قی ( عه‌شق ) جێما ( دلاله‌ ) به‌ دی ده‌كه‌ین، كه‌ واته‌ جێما چییه‌؟ نموونه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه‌ گریمان ئێستا له‌ ته‌قه‌ی ده‌رگا درا ئه‌وا ده‌زانین یه‌كێك له‌ پشت ئه‌و ده‌رگایه‌ هه‌یه‌ و له‌ ده‌رگا ده‌دا، ته‌قه‌ی ده‌رگاكه‌ جێمایه‌ و كه‌سه‌كه‌یش كه‌ له‌ ده‌رگاكه‌ ده‌دا مه‌رام یاخود ناوه‌رۆكه‌ ، له‌ عاره‌بی پێی ده‌گوترێ ( دال و مدلول )، جا ئه‌م جێما و مه‌رامه‌ جۆری هه‌یه‌ وه‌ك جێمای ئاوه‌زی ( عقلی ) جێمای خوو ( گبعی ) جێمای بارودۆخ ( وچعی) ئه‌وه‌ی لێره‌دا په‌ریخان باسی لێوه‌ ده‌كات، جێمای ئولفه‌تگرتنه‌ به‌ عیشق (( ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ست بوون بێ له‌ نێوان دوو شتی په‌یوه‌ست به‌ خوو و ره‌وشت ، به‌ واتا مرۆڤ خولیای پێوه‌ ده‌گرێ، كه‌ به‌ گوێره‌ی مرۆڤ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌گۆڕدرێ، وه‌ك ئاخ یان هاواركردن بۆ ئازارێك یان حه‌سره‌ت كێشان بۆ په‌شیمانی و بێزاری ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌ مرۆڤێك ئه‌و جۆره‌ حه‌سره‌تانه‌ ده‌كێشێ ره‌نگی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، ئه‌و كات تێ ده‌گات ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ ده‌ردێكه‌وه‌ لكاوه‌ )) “2” جا ئه‌وه‌ی شاعیریش زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ رووی زانستییه‌وه‌ ده‌قێكی جوانی داڕشتووه‌.

شاعیر وا دیقه‌تی شیعر ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ ئازار به‌خشه‌ و هه‌رگیز چێژ و خۆشی تێدا به‌دی ناكرێ لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆساغ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناخی خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ته‌واوی واتای ئیشق و به‌ ڕه‌هاییه‌وه‌ ده‌دوێ، ره‌ها بوون هه‌میشه‌ ئاسۆی بێزار بوون نیشان ده‌دات، لێكدانه‌وه‌ی عیشق به‌و واتایه‌ی تا ده‌ڵێ (( هه‌راسانكردنی بێ ده‌نگی )) جگه‌ له‌ نائومێدی هیوا به‌خشی و تروسكایی روناهی له‌ ئیشقدا نابینین، ( من ) كائینی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ بۆ خۆش به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵپه‌ ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێ ئیشق جوانی خۆیم نیشان بدات، ئه‌و دێ و عیش قله‌ نێوان بێداری خۆی و خه‌و به‌راورد ده‌كا، خه‌و جگه‌ له‌ ئازارشكاندن ده‌شێ كاریگه‌ری دیكه‌ی هه‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاره‌ بیۆلۆژییه‌كه‌، خۆرسكیانه‌ هه‌ر مرۆڤێك نه‌نوێت به‌ واتا نه‌خۆشه‌ نه‌خۆشی ئیدی ده‌روونی بێت یان ئازاری جه‌سته‌یی، نوستن ده‌رهاویشته‌ یا كرده‌یه‌كی نامۆ نییه‌ بۆ بوونه‌وه‌ره‌كان به‌ڵكو له‌ فیتره‌تی رۆحه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ و په‌یوه‌ست بوونی هه‌یه‌ و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌و مه‌حاڵه‌، كه‌چی زۆر له‌ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف زانای دونیا پێیان وایه‌ نوستن واتا به‌سته‌ڵك بوونی ئاوه‌ز و راگرتنی واتا له‌ كاركه‌وتن كه‌ ئه‌مه‌یش خۆی له‌ خۆیدا ره‌فزكردنه‌وه‌ی راگرتنی ئاوه‌ز و بیركردنه‌وه‌یه‌، كه‌چی زۆر به‌ سانایی په‌ریخان له‌ حه‌سره‌ت كه‌سه‌باری ده‌روونی پڕ له‌ ئیشق به‌ مه‌رام نه‌گه‌یشتن ئه‌و عه‌قڵه‌ له‌ كار راده‌گرێ ئیدی به‌ بێ گه‌یشتن به‌ ئیشق و مه‌به‌ست واتا به‌سته‌ڵكردنی، هه‌ر ئه‌و ده‌مانه‌یش پیاسه‌كان كه‌یف سه‌ماكان له‌ بار ده‌برین بۆیه‌ من و خۆم په‌نجه‌ توته‌ی یه‌ك ده‌گرین و به‌ ده‌م ره‌شه‌بای وه‌یشوومه‌وه‌ كه‌ به‌ مه‌نزووری من له‌ ئێواره‌یه‌كی ته‌نیاییدا ته‌واوی لق ه‌ پۆپی دره‌خته‌كانیش هورد و هاڕ ده‌بن و ته‌نها ڕه‌گی ئه‌و دره‌خته‌ به‌ زه‌مینه‌وه‌ گیر ده‌مێنی كه‌ ئه‌ویش منم و نه‌روخاوم و رێ ده‌كه‌م ، ئافه‌رین په‌ری زۆر فه‌لسه‌فیانه‌ له‌م كه‌مه‌ دیرانه‌دا سه‌ركه‌وتووبووه‌، ده‌یه‌وی شه‌و به‌ حه‌زه‌كانی پینه‌ بكات لێ جه‌غار به‌ نامورادی ته‌نانه‌ت ناتوانێ بێ ده‌نگیش هه‌راسان بكات كه‌ بێ ده‌نگی هه‌موو وه‌ڵامه‌كان ده‌داته‌وه‌ و ده‌بوایه‌ له‌ دوا دێر بایه‌.

ئه‌مه‌دیوێكی ده‌قه‌كه‌ بوو دیوی دووه‌م به‌ ئه‌گه‌رێكی دیكه‌دا به‌ وشه‌ی (( یان )) ده‌مانباته‌وه‌ هه‌موو روئیای خۆ بۆ تاریكی دیقه‌ت بده‌ن، سه‌ما كردن له‌ گه‌ڵا سێبه‌ری خۆت، له‌ نێوان خود و سێبه‌ردا كه‌ به‌ ڕه‌هایی باس له‌ سه‌ما ده‌كه‌ی بێ گومان موزیك له‌ نێوانیانه‌ شاعیر له‌ یه‌ئسی خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌و عاشقه‌ نایات باسی میلۆدی مۆزیكه‌كه‌مان بۆ بكات ده‌مانخاته‌ تراویلكه‌وه‌ ( سه‌راب ) دیداریش له‌ ته‌ك خود دا ده‌مودوو له‌ گه‌ڵ خۆی كه‌ ده‌چیته‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌ بێزاری و وه‌ڕسی خۆی بۆ هه‌موو لایه‌ك جاڕ ده‌دا و ته‌نها ئاشق به‌ خۆ و فه‌نتازیه‌ی خوده‌، كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین كه‌سایه‌تییه‌كی نرگسیه‌تی بۆ خۆی له‌م ده‌قه‌دا تۆمار كردووه‌، سێبه‌ر كه‌ دیوی تاریكی خوده‌ پێ باشتره‌ له‌ ئه‌وی دی، ده‌شێ سه‌رگه‌ردانی هانی دابێ یان ته‌نیایی كه‌ زۆرجار له‌ ساته‌ ئاساییه‌كانیشیدا شانازی پێوه‌ ده‌كات، له‌م ژیانه‌ هه‌ڵی ته‌كاند بێ، مۆزیكمان لێ ده‌شارێته‌وه‌، ته‌نیایی و هه‌للوشینی ساته‌كان وه‌ك خۆراك كه‌ نه‌مانه‌ و ده‌مانباته‌وه‌ بۆ هیچ…

(( ” پۆل ڤالێری ” زۆر له‌ ئاست جوانی فۆرم و سه‌ده‌فا هه‌ڵوێسته‌ی كردووه‌، ئه‌و به‌هایه‌یه‌ پاساوێكی ره‌های له‌ جوانی و پته‌وی فۆرمی ئه‌ندازه‌یی بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌ )) “3” له‌ رووی ئه‌ندازه‌ییه‌وه‌ شاعیر له‌م ده‌قه‌دا ژیانی به‌ ژوورێك وه‌ك نه‌خشه‌ بۆ ده‌كێشێ كه‌ ئه‌و ته‌عبیر له‌ فۆرمه‌ڵه‌ی كائینه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كات ده‌یشوبهێنێ به‌ تاریكی واتا بێ رووناكی، و ناخی مه‌به‌سته‌كه‌ی مه‌رامه‌كه‌ی تاریكه‌ و بێ ویژدانی ده‌نوێنێ .ته‌ماشا چۆن ته‌ناسوبێك له‌ نێوان (( بێداری من و خه‌و)) و (( سه‌ماكردن له‌ گه‌ڵ سێبه‌ری خۆت ، سه‌فه‌ر به‌ره‌و سه‌راب)) دروست ده‌كات. ئیدی ئه‌م ده‌قه‌ ته‌واوی ته‌واوی ماڵوێرانی ئه‌و كچ و ژنانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ئاشقی كه‌سه‌ بێ متمانه‌كان بوون كه‌ به‌ خۆیان راستگۆ و جه‌ربه‌زه‌ نیشان ده‌ده‌ن گوایه‌ سوارچاكن و پێچه‌وانه‌كه‌یشی دروسته‌ و له‌ ناخه‌وه‌ بۆگه‌ن و ماڵوێرانكه‌ر دارووخان و به‌ فرت و فێڵیش به‌ مه‌رامه‌كانیان ده‌گه‌ن، ده‌نا ئه‌م یه‌ئسه‌ به‌ دی ناكرێت له‌ ناخه‌وه‌، نه‌ك پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كی مه‌ڵاس دراوه‌ به‌ڵكو له‌ پڕ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ئافاته‌كه‌ی چاوه‌نواڕی نه‌بووه‌ ده‌ته‌قیته‌وه‌ و ئه‌و گركان و ویژدان هه‌ژێنه‌ ده‌خولقێ كه‌ شاعیر ئه‌م ده‌قه‌ی پێ دایك ده‌بێ ، لێره‌یشه‌وه‌ ده‌ربڕی ناخی ئه‌و كیژانه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌مان ماڵوێرانیا گوزه‌ر ده‌كه‌ن و ئیدی متمانه‌یش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن زۆر به‌ ده‌گمه‌ن دێنه‌وه‌ سه‌ رێی بونیادی ژیانیان ده‌نا ته‌ركی ژیان ده‌كه‌ن.

ئه‌لمانیا
————————————-
ژێده‌ر
1 – شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا : تێری ئنگلتۆن ، له‌ عاره‌بییه‌وه‌ : سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان سلێمانی 2004 .
2 = المكتبه‌ الپقافیه‌ العربیه‌ .
3 – جمالیه‌ المكان : جاستون باشلار ، ترجمه‌ غالب هلسا ، بغداد 1980 .




سالی چوار چارێگە مووچە … کارزان کریم

بۆسالێکی پراو پر لە کارەسات پەکوو لەو دووسالەی ساڵەی !!کەپری بوو لەبەلێنی بێکردار. دووسالی پر لە کێشە پار سال بەر لە خۆرئاوا بونی ٢٠١٥ ھیوایی خۆش بەختیمان دەخواست بۆسالی ٢٠١٦ ئەوا بەرەو کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دەڕۆین ماڵئاوایی لێ دەکەین..
پێش ئەوەی پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم پێم باش بو پێکەوە لاپەڕەکانی ساڵنامەی ٢٠١٦ هەڵبدەینەوە کە پریەتی لە بەلێنی بێکردار. گەر تەنیا ئاوڕێک لە رووداوو هەواڵە بەلێنە بێ کردارەکانی سالی ٢٠١٦ و سەیرو سەمەرەکان بدەینەوە ! دەکرێت بە ساڵی ٢٠١٦ بڵێین ساڵی (چوار چارەکە مووچەکە)، یانیش ساڵی (یەک مووچەییەکە)، یاخودیش ساڵی (مەعاشەکەو جوانە)، یانیش ٢٠١٦ ئەو ساڵە بوو کە ٣٦٥ رۆژ باس لە ریفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کرا و هیچ کامیانمان نەبینی.
خۆپێشاندان و نارەزایی دەربڕین بە هەڵپەڕکی لەقەڵەم درا! هەرێم چەندین جار بەغدای سێ بەسێ تەلاق دا و تەڵاقەکەی هەر نەکەوت!! ئەو قسانەی کە زۆرترین جار گوێبیستی بووین ئەمانە بوون: نەبون بەھیچ (نە مەرجمان هەیە و نە مەرجیش لەکەس قبوڵ دەکەین، دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت، دەبێت مەسەلەی نەوت شەفاف بێت، دەبێت کێشە ناوخوییەکان چارەسەر بکرێن، دەبێت ماموستا مووچەی بدرێتێ! دەبێت بژێوی پێشمەرگە باش بکرێت، دەبێت ئاوڕ لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بدرێتەوە، دەبێت پاڵپشتی لە خەباتی رزگاریخوازی گشت پارچەکانی کوردستان بکەین و کەسیش هیچی بۆ هیچیان نەکرد… جگە لە لیژنەی دۆزینەوە کە لێژنەکانیش بێ ئەنجام بون.
چەندین لیژنەی سیاسی باڵاش دانران لەوانە: لیژنەی سازان. جا قوربان گەر بیرتان مابێت، لیژنەی (سازان) لیژنەی بۆ (زەمینەسازی) پێک هێنا و لیژنەی زەمینەسازی لیژنەی بۆ (ئاسایی کردنەوە) دەستنیشان کرد و لیژنەی ئاسایی کردنەوە لیژنەی (گەڕاندنەوەی متمانە)ی دروستکرد و لیژنەی گەڕاندنەوەی متمانە لیژنەی سازانی پێک هێنا، واتە پاش ساڵێک بێنە و بردە گەڕانەوە خاڵی دەستپێک و خالی سفر!.
یەک لە گرنگترینی بڕیارەکانی ٢٠١٦ موزایەدە کردن بوو بەناوی پێشمەرگە، بەرپرسێک فاکتەری سەرەکی سەربەخۆ بوونی هەرێمی گەڕاندەوە بۆ بوونی خەیارو تەماتەی خۆماڵی! رێکخراوێکی خێرخوازی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاری بۆ ئاهەنگێک سەرف کرد تاوەکو چەند هەزارو دووسەد دۆلارێک بۆ لیقەوماوان کۆ بکاتەوە. پێشمەرگەو مالی شەھیدیش نانی نەبوو بیخوات.
لە سالی ٢٠١٦ هەوڵدان بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەرییەکانی گەل خڕایە خانەی کۆدەتاوە. بەرازێکی داماو بە تۆمەتی تیرۆر کردنی پەیامنێرێک گوولە باران کرا!. دەستگیر نەکردنی تاوانبارانی کەیسی فوول لایتەکە و پارێزەرەکە و د. وشیارو وەدات حسین و هتد. گەرێندرایەوە بۆ خەلەلی تەکنیکی کامێراکانی چاودێری !.
بۆ یەکەمین جار لە مێژوی کورددا بێرێزی بە ناوو و ناووبانگی پێشمەرگەوە کرا بە سەرو برۆ تاشینی پێشمەرگەیک و بە بەکارهێنانی پێشمەرگە لە گرێبەستی نهێنیدا و..!
گەورەترین ئاواتی حوشترەکانی سعودیە هاتە دی و بچوکترین ئاواتی گەلەکەمان نەهاتە دی ( ئاواتی حوشترەکان بینینی بەفر بوو) لە نەگبەتیەکانی کۆتاسالی ٢٠١٦ مریشکێکی هۆڵەندی لە پێشبڕکێی شاجوانی مریشکی خۆماڵیدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. میللەتیش لەبێ کارەبایی و بێ موچەیی لەژێر لێفەو بەتانی ناوێرن سەر دەربێنن. .. لە کۆتا کاتژمێرەکانی سالی ٢٠١٦ دەرکەوتنی بەڵگە نامەکانی ویکیلیکس خۆمان و خاکەکەمان و کێڵگە نەوتیەکانمان لە بازارێکی پڕ لە شەرمەزاریدا ھەراج کراوین.. کەس موشتەری نەبوو. لە ٢٠١٦ دا زۆرترین بێرێزی و نادادپەروەری بەرامبەر بەگەلی کورد کرا و کەمترین هەڵوێست بینرالە ھەموو ئەو ولاتانەی خەمی دۆزی کوردیان بوو.




٢٠١٧ چی دەگوزەرێ …؟ … بەختیار شارەزوری

بۆ ئەوەی بتوانیت ئارستەی گۆڕانکارییەکان بدۆزیتەوە ، ئەوا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی هەر وڵاتێک و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا کار بکرێت ، وە ئەو ڕوداوانەی ئێستە هەیە و لە ساڵی نوێدا ئەگەری چی گۆڕانکاریەکی تر هەیە ، ئەڵبەت هەر وڵات و هەر هاوپەیمانیەک لە چواچێوەی بەرژەوەندی تاک وڵات و بەرژەوەندی کۆ وڵاتان کار دەکات ، بەریەککەوتنەکانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەمە لایەنەوە کاری پێ دەکرێت ، ئەگەر وامان کرد لە ڕونگەی بەرژەوەندیەوە بیخوێنینەوە ، ئەوە دەتوانیت تا ئاستێک یان ٦٠٪ ی ڕوداوەکان ببینین، وە هەر کەسەو بەپێ ی دیاریکردنی ئارستەی بەرژەوەندیەکان لە ڕویەکەوە دەیبینێت ، ئەوەی دەکرێت پێشبینی بکرێت ئەم خاڵانەن :
1. ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات و دەیەوێت هەمو هێزەکان لە چوارچێوەی ئەو بازنەی بۆی کێشاوە کۆبکاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانەکانی بیجوڵێنێت ، بەبێ ئەمریکا هەربڕیارێک لەسەر گۆڕانکاریەکان مەحاڵە ، لە ئێستادا لەسەر سوریا خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی ڕوسیدا وە خاڵی ناکۆکیش هەیە هەردوکیان لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرتیرن قازانج .
2. لەسەر ئاستی سوریا ، کە دەکرێت لقی هەمو ناکۆکیەکان لەسەر جەستەی سوریا ببینرێت ، لەسەر خاڵە سەرکیەکان کۆک دەبن چونکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە ، بەریەککەوتنە سەرتاییەکان بەردەوامی دەبێت ئەویش بۆ بەدەست هێنانی کارتی زیاترە لە هەدو سەربازگەکە بۆ ئەوەی کە چونە سەر مێزی گفتوگۆ هەر هەر یەکەیان کارتی زیاتری پێ بێت .
3. تورکیا کە دەچێتە سەر سفرەی لاڤرۆڤ ئەوا داعشیش دەبێتە کارتری دەستی ئەم بەرەیە ، لە بەرامبەردا ئەمریکا دەست دەخاتە ناوخۆی تورکیا بە گۆڕینی دەسەڵاتی تورکیا لەڕێ ی کارتی گولەنیەکانەوە .
4. داعش دەمێنێت و تەنها لە ٢٠١٧ دا لە عیراقدا وەک هێزێکی دیار نامێنێت ، لە عێراقدا لە هێزێکی دیارەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی نادیار ، لەبەر ئەوەی تورکیا بەشدار پێ دەکەن لە چوار چێوەی ئەو ڕێککەوتنە ٣ قۆڵیەی (ڕوسیا +تورکیا+عێراق) داعش وەک کارتی دەستی تورکی لە سوریا دەمێنێتەوە بەڵام بە پێ ی بەرژەوەندیەکانی تورکیا بچوک دەبێتەوە تا ئاستی بون بە نادیار .
5. سەربازگەی ڕوسی لە ڕێگەی هێزە درێژکراوەکانیەوە کۆنتڕڵی دەریای سپی دەکەن .
6. لە عێراقدا سەنتڕاڵ بەهێز دەکەن و هەمو هێزکان ناچار دەکەن پەیوەست بن بە دەسەڵاتی ناوەندی شیعەی درێژکراوەی ئێرانەوە .
7. کەرکوک دەبێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ ، تا ئەو کاتەی کورد ڕازی دەبێت بە داواکاریەکانی ناوەند ، داعش لە حەویجە دەهێڵنەوە وەک کارت بەرامبەر کورد .
8. پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی تۆختر دەکەنەوە دوای ڕێککەوتنی تورکیا و ئێران و ڕوسیا و هەمو هێزەکان ناچار دەکەن بچنە زسەر ئەو خەتە .
9. کارتەکان پەیوەندیان زیاتر پێکەوە توند تر دەبێت ، ئێران کە من ناوم ناوە ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کارتەکانی زیاتر دەبێت و پەیوەندی نێوان کارتەکانی زیاتر دەکات ( کارتەکانی عێراق ، لوبنان، بەحرەین ، یەمەن ، سوریا، ئەفغانستان ، فەلەستین ..هتد)
10. ولاتانی خلیج ناچار دەبن بە ڕیککەوتن لەگەڵ ڕوسیا .
11. نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە وەک کارتی شەڕ دژی چین.
12. بۆ کوردانی باکور لە ٢٠١٧ دا لە ترسی دوبارەنەبونەوەی ئەزمنی عێراق ، تورکیا لاواز تر بێت ئەگەری فشاری توند تر دەبێت لەسەر کوردەکان .




لە پیشوازی ساڵی نوێدا ئومێد یان خۆشخەیاڵی … جەزا حسێن

لە پیشوازی ساڵی نوێیدا کەسانێکی زۆر بە ئومێدەوە دەڕواننە ساڵی نوێ و پیرۆزبایی لە دۆستان و ئازیزانیان دەکەن. جێی خۆیەتی کە هەڵوەستەیەک بکەین و لەساڵی ڕابردوو ووردبینەوە تا بزانین ئەو ئومێدە یان ئەو هیوا و ئاواتانەمان چی بوون کە لەساڵی رابردوودا نەهاتنەدی و لەساڵی نوێدا دووبارە ئومێدەوارین کە پێیانبگەین.

زۆرینەی خەڵک لەساڵی نوێدا ئومێدەوارن کەساڵی نوێ ساڵی خۆشی و شادی بیت و ساڵی هاتنەدی ئاوات و ئارەزوەکانیان بێت. هەتا ئێرە لە جێی خۆییدایە و ئومێد بەژیانێکی باشتر هەمیشە خاڵێکی پۆزەیتیڤە بۆ هەموومان. بەڵام ڕاستیەک هەیە کە گرنگە لە هەموو کاتێکدا لەبیرمان بێت، ئەویش ئەوەیە کە بەدیهێنانی ئومێد و ئاواتەکانمان کاری دەوێت. ئاوات و ئامانجەکانمان تەنها بە خەون نایەنەدی، تەنها ئومێدخواستن بەس نیە، بەڵکو کاری جیدی بۆ بکەین و ڕیگەکانی گەیشتن پێیان بدۆزینەوە. لێرەوەیە کە پیاچوونەوەیەک بە ساڵی ڕابردوومان پێویستە تا ببینین کە ئەو هیوا و ئاواتانەمان چین کە نەهتنەدی و و پاشان بزانین ڕێگرییەکانی بەردەم ئەو ئاواتانەمان چی بووە؟ ئایا تەنها ئومێد و هیوای تاکە کەسی بوون یان خەڵکانی تریش چاوەڕێی گەیشتن بەو ئاواتانەن و چاوەڕێن ڕۆژێک هەناسەیەکی خۆشی هەڵکێشن و بگەن بەو ئاواتانە و لەگەڵ یەکدا شادبن پێی؟

کاتێک ئاوڕێك لەساڵی ڕابردوو دەدەینەوە و ئەو ڕوودا و کارەساتانە دەژمێرین کە ڕێگربوون لەبەردەم بەدیهێنانی خۆزگەکانمان، دەگەین بەو حەقیقەتەی کە هەوڵدانی تاکە کەسی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئاسودە خەیاڵە و دەرئەنجامەکەی نائومێدیە. ئاخر لە دنیایەکدا کە کاولکاری، قازانجپەرستی و سەرهەڵدانەوەی کۆنەپەرستی دڕندانەترین بیروباوەڕ لەهەموو کات زیاتر بازاڕی گەرمە، مەحاڵە تەنها بە ئومێدخواستن و داگیرساندنی چەند مۆمێک بگەین بە بەهەشتی خۆزگە و ئاواتەکانمان.

لەژێر سایەی سیستەمی سیاسی و ئابوری ئەم سەردەمەدا، مرۆڤ و ئاوات و ئامانجە ئینسانیەکانی بیبەهاترین کاڵان. ڕۆژانە بەبەرچاومانەوە بەسەدان خەڵکی مەدەنی دەکرێنە قوربانی ساغکردنەوەی کێشمەکێشە سیاسیەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و ئەو کۆمپانیایانەی کە زۆرینەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان مۆنۆپۆلکردووە. ئەوانەی یاری بەژیان و گوزەرانی ملیۆنان مرۆڤەوە دەکەن. لێرەوەیە کە لە سیستەمێکی سیاسی لەم جۆرەدا هیچ ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ باشترکردنی ژیانی زۆرینەی خەڵک.

بۆ کەسانێک کە ئومێدمان بەژیانێکی باشتر و ئومێد و ئارەزوەکانمان هەیە، دەبێت لەدەوری یەکتری کۆببینەوە. زۆرن ئەو مرۆڤە بێبەشانەی یەک ئاوات و ئامانجیان هەیە کە گەیشتنە بە ژیانێکی ئاسودە. بەڵام ئەگەرچی یەک ئامانجمان هەیە و سەرچاوەی بێمافیەکانمان یەکن، کەچی بەتەنها خەریکی ئاواتخواستن و خۆزگەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

با لەم کۆتایی ساڵەدا ووردبینەوە لەساڵی ڕابردوو، بزانین ئایا چیمانکردووە و چەند هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ئاواتەکانمان چووینە پێشەوە؟ ئایا لە خەمی هەمواندا بووین یان تەنها خەمی خۆمان؟ با لە خۆمان بپرسین ئایا بەدەربەستبووین بەرانبەر ئەو دۆزەخەی لەم ژیانەدا بۆمان دانراوە؟ ئایا لەخەمی ئەمڕۆ و سبەینێی نەوەکانمانداین؟ ئەگەر وایە چی بکەین و چۆن کاربکەین بۆ سبەینێیەکی باشتر لە ئەمڕۆ؟
ئێمە گەر کەمێک دیقەتبدەین ئەوا لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایە دەڕوانین باسی ڕۆژ هەر باسی نادادپەروەری و نارازیبوونە لەم ژیانەی کە هەیە. بەڵام ئەم گلەیی و گازاندەیە بەبێ کارکردن و هەوڵدان بۆ دنیایەکی باشتر بێسودە. ئەگەر بمانەوێت لەساڵی نوێدا بگەین بە خۆزگە و ئاواتەکانمان ئەوا دەبیت بەرنامەی کار و چۆنیەتی کارکردنمان هەبێت. یەکگرتوبوونی ئەو مرۆڤانەی کە ئاواتیان ژیانێکی ئاسودەیە گەررەترین و بەهێزترین هەنگاوە لەم پێناوەدا. ئەمە چونکە ئەگەر نەتوانین کارێک بکەین بۆ هەنگاونان بەرەو ژیانێکی باشتر، ئەگەر نەتوانین لەخەمی یەکتریی و دابینکردنی سبەینێی نەوەکانماندا بین ئەوا ئیتر بەتەنها پیرۆزبایکردن و داگیرساندنی مۆمی سەری ساڵی نوێ دەبێتە خۆشخەیاڵی.

جەزا حسێن

دیسەمبەری ٢٠١٦




شـــەوی یەڵـــدایـە؛ (لاڤــا)م لامـەکــە … بۆتان لەتیف ماویلی

ئەم شەو
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە !؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە ؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایک بوونی تۆو مەرگی منە!
ئا لەو شەوە
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان بەفیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوەو ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوەو
شەوی دەیجوری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەلەی زارو پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ
بەچاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆو بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
لەدڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار بەبێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد،نابێ!..
نابێ گوڵ نابێ
بەبێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار
وەک نالی دیدەم دوور لەتۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزول، مایل بەدیدەی تۆیە
لەغوربەتدا تێنی ومەهجورە!..
نابێ مانگ نابێ
شەو بێزارە لە دەیجوری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا)م لامەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە لەبێ دەنگی!..
چەمانەوەو کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ ودادانەوەی ڕۆشنایی!..

بۆتان لەتیف ماویلی(پایان)
شەوی ٢٠/٢١ ی ١٢ ی ٢٠١٣
ئیسکەندەریە.

……………………………………………………………

فەرهەنگۆک:
لاڤا: رجا
گێنگڵە:هاتوچۆی بێ سود.
حاملاندن:تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین




لە پەراوێزی شەڕی موسڵدا، پێکدادانی پکک و پارتی لە شەنگال … هیوا خۆشناو

شەڕێکی شیمانەکراوی نێوان پکک و پدک لە شەنگال کە نێچیروان بارزانی یەکەمین کەسە بانگی بۆ ئەدا، لە ڕاستیدا بەر لەوەی شەڕی دو بلۆکی ئێدۆلۆژی و سیاسی کوردی بێ، بەشێکە لە شەڕی سوننی – شیعە لەسەر موسڵ.
پارتی و پکک لە ساڵانی ١٩٩٠ ەوە تا ئێستا شەڕیانە لەسەر سەرکردایەتی کردنی کوردستان. ئەو دو ڕێکخراوە کە هەردووکیان زمانی هەرچواربەشی کوردستان دەزانن، خەڵکی هەرچواربەشی کوردستانیان لەگەڵدایە، سنورە کۆمەڵایەتیەکانیان قوڵئەبنەوە بۆ سەرجەم شارو دێهاتەکانی بەشەکانی کوردستان و لەسەرجەم بەشەکاندا ڕێکخراو و گروپی جۆربەجۆریان هەیە، هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان حیسابیان لەسەر دەکەن.

شەنگال دەکەوێتە سنوری موسڵ و ڕۆژئاوا. ئێزیدیەکانی شەنگال دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنە ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەگەرچی لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداودا پکک لە ڕێگای ئێزیدیەکانی ماردین و دێرکی ڕۆژئاوا و کادرە ئێزیدیەکانی، دەستی وەردا ناو شەنگال و پێگەیەکی جەماوەری باشی هەبو، بەڵام بەهۆی ترسیان لە ئەمریکا لەلایەک و دوای ئەوەی گروپێکی گەورە بە سەرکردایەتی نیزامەدین تاش “بۆتان” و عوسمان ئۆجالان “فەرهاد” لە پکک جیابونەوە و قەندیلیان بەخۆیانەوە خەریک کرد لە لایەکەی دیکە، لە هەمووشی گرینگتر پەیوەندی قەندیل و قەڵاچواڵان زۆر خۆش نەبو، ئەو پارتە پێویستی بە پارتی هەبو و ئێزیدیەکانی بۆ ئەوان بەجێ هێشت. پارتی لەوکاتەوە تا هاتنی داعش لە ڕێگای سیاسەتە نەریتیەکانی تایبەت بە کەمینەکان کە بریتیە لە کڕین و بێدەنگکردن، کاریگەری ڕەهای لەسەر ئێزیدیەکانی شەنگال دانا و لە ڕێگای ئەوانەوە قورسایی خۆی لەسەر پارلمانی عێراق و شاری موسڵ کە دیواری سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پردی پەیوەندی نێوان شیعەکانی سوریا، لوبنان، عێراق و ئێرانە پێکدێنێ دروست کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ دا داعش لێی تێکدا.

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا شەنگالیان چۆڵکرد و چەند گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای شەنگال ڕوبەروی داعش وەستانەوە و یارمەتی ئێزیدیەکانیان دا. دوای ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان یارمەتی ئێزیدیەکانی دا تاکو سوپایەکی خۆیان سازبکەن و بەشێکی زۆر لە ئێزیدیەکانی ڕێکخستن، ئەوەش ناکۆکی نێوان پکک و پدک ەی قوڵتر کرد.

دوای ئەوەی لە ٢٤ی مانگی ئاب ٢٠١٦ دا سوپای تورکیا هەڵمەتی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند و پەلاماری شاری جەرابلوسی سوریای داو داگیری کرد، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا ناسراو بە MGK لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی خۆیدا، ستراتیژی بەرگریکردن لە تورکیای داڕشت. بەپێی ئەو ستراتژیە تورکیا لە ژێرناوی هەبونی گروپە نەیارەکانی، بۆی هەیە پەلاماری سەرجەم ئەو شوێنانە بدات کە نەیارەکانی لێ جێنشین کراون. دوای ئەوە تورکیا هەوڵێکی زۆریدا کە دەستێوەردان لە شاری موسڵ بکات، بەڵام ئێران، عێراق و ئەمریکا پشتگیریان لێ نەکرد. لەوکاتەوە تا ئێستا پارتی زۆر بە جدی و پێداگریەوە داوا لە پکک دەکات شەنگال چۆڵ بکات، بەڵام حکومەتی عێراق، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرجەم هێزەکانی دیکەی کوردستان کێشەیەکیان لەگەڵ هەبوونی پکک لە شەنگالدا نیە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندیەکی خۆشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە و پشتگیریان لێ دەکات. ئەگەرچی جیاوازیەکی ستراتیژی، فکری و سیاسی زۆریش لە نێوان پکک ەو ئەو هێزە هەرێمیانەدا هەبێ، لەبەر ئەوەی لە سێبەری وڵاتانی سوننە گەمەناکەن، هەبوونی ئەوان لە شەنگالی نزیکی موسڵ باشترە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.

چۆن جوگرافیای سوریا کۆسپێکە لە بەردەم بەیەکبەستنەوەی وڵاتانی عەرەبی سوننە و تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، http://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=72366 جوگرافیای موسڵیش ئەگەر لە دەستی سوننەکاندابێ، ڕێگرە لە یەکیەتی نێوان شیعەکان، چونکە موسڵ تاقە پردێکە ئەشێ ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە و پاشان بە دەریای سپی ناوەراستەوە ببەستێتەوە. پەلاماردانی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ زیاتر پیلانێکی وڵاتانی سوننی جیهان بو و ئامانجەکەی پەکخستنی پڕۆژەی بۆڕی نەوت و غازی ئێران – عێراق و سوریا بو کە دەگەیشتە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاست.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەشێکیان دزەیان کردە ناو مێدیاکان، ئەمریکیەکان و خەڵکی شەنگال لەو ماوەیەدا زۆریان هەوڵیاندا، پکک و پارتی لەسەر پرسی شەنگال و ڕۆژئاوا لەیەکتری نزیک بکەنەوە، بەڵام سەیرە لە کاتی دانوستانەکاندا نێچیرڤان بارزانی، لە لێدوانێکی نەخوازراودا، لە میانەی کۆنفرانسی زانکۆی ئەمریکا لە دهۆک گوتی: ((ئەگەر پکک شەنگال چۆڵ نەکات هێز بەکاردێنین)). مرۆڤ بە باشی لەوە ناگات ئایا ئەو لێدوانەی ناوبراو گوزارە لە بۆچونی پارتی دەکات یان بەتەنیا خۆی؟ چونکە لە دەوروبەری پارتی ئەگەر کەمیش بێ، ڕەخنە و ناڕەزایی دژی ئەو لێدوانەی نێچیروان دەبیسترێ. ئایا مەسعود بارزانیش وەک نێچیری برازای لایەنگری بەکارهێنانی هێزە لە دژی پکک لە شەنگال کە لە کۆتاییدا نەوەک بەتەنیا شەڕی براکوژی، بەڵکو ئەگەری ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە سوپای تورکیا بێتە ناو باشوور و عێراق لە لایەک و ملیشیاکانی حەشدی شەعبیش بێنە ناو یارییەکە.
کێشەکان هەرچیەک دەبن گرینگ نیە، کێ لەسەر حەقە و کێ ناحەقە بەلایەکەوە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ئاقڵترین ڕێگا کە ئەو دو لایەنە هەڵیبژێرن ڕێککەوتنی سیاسی و چارەسەری دیبلۆماسیە.

———————————————————-
سەرچاوەکان:
http://www.milliyet.com.tr/stratejist-abdullah-ciftci-musul-u-hasdi-istanbul-yerelhaber-1604275/
http://bianet.org/bianet/siyaset/181277-mgk-bildirisinde-suriye-kararlari
http://www.haberturk.com/dunya/haber/1337055-necirvan-barzani-pkknin-bir-guc-olarak-sengalde-kalmamasi-ve-geri-cekilmesi-lazim




خولیای جه‌نگ … به‌ختیار محه‌مه‌د

چ شتێك له‌ جه‌نگ قێزه‌ونتره‌؟ جه‌نگ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی شه‌ڕانگێزیی و شه‌ڕانگێزانه‌ به‌سه‌ر ئیراده‌ی چاكه‌ و چاكه‌خوازییدا. جه‌نگ لایه‌نه‌ شه‌ڕانگێزه‌كه‌ی ڕۆحی مرۆڤ ده‌رده‌خا؛ ئه‌و لایه‌نه‌ی، كه‌ له‌ وێرانكردن و خاپووركردن و بێزه‌وه‌ری و قێزه‌ونیدا بێ هاوتایه‌ و لای هیچ دڕنده‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ بوون و نموونه‌ی نییه‌.
موفاره‌قه‌یه‌كی سه‌یره‌: مرۆڤ تاوان ئه‌نجام ده‌دا، خۆی به‌ ڕاست ده‌زانێ. مرۆڤ (تاوانبار و سته‌مكار) هه‌میشه‌ پاساو بۆ تاوانه‌كانی خۆی ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌و هێنده‌ پڕ له‌ ڕك ده‌بێ، كه‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ ژیان (ژیانی ئه‌وانی دیكه‌) ناهێڵێته‌وه‌.

له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا جه‌نگ (جه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار جه‌نگی شه‌خسییش) به‌رهه‌می سته‌مه‌: سته‌می ساته‌وه‌خته‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی خۆی (ته‌نانه‌ت له‌ نێوان جه‌نگی منداڵانیش هه‌ست به‌ سێبه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌كرێ). خۆ له‌ خۆڕایی نییه‌، له‌ هه‌ر كوێیه‌ك دیكتاتۆر و دیكتاتۆرایه‌تی هه‌بێ، ئه‌وه‌ له‌و شوێنه‌شدا جه‌نگ به‌رپا ده‌بێ. جه‌نگ كار و كاردانه‌وه‌یه‌: كاری سته‌م و ته‌عه‌دا و كاردانه‌وه‌ی به‌رگریی (ماف) و تۆڵه‌.

ئه‌وانه‌ی جه‌نگه‌ گه‌وره‌كانیان له‌ مێژوودا به‌رپا كردووه‌، دیكتاتۆر و خوێنڕێژه‌ گه‌وره‌ و ناسراوه‌كانی جیهانن: هۆلاكۆ، ته‌یموور له‌نگ، هیتله‌ر، سه‌دام و… تاد. هه‌موو ئیمپراتۆرییه‌ته‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ڕۆماش له‌ مێژووی جیهاندا به‌ ڕووباری خوێن بنیاد نراون؛ هه‌ر ڕووباری خوێنیش هه‌ره‌سی پێ هێناون و ڕووخاندوونی؛ له‌مه‌وه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك ویستی ده‌سه‌ڵاتخوازیی و داگیركاریی هه‌بووه‌ و به‌هێز بووه‌، ئه‌وه‌ له‌وێشدا جه‌نگ و جه‌ور و سته‌م هه‌بووه‌ و به‌رپا بووه‌.

جه‌نگیش هیچ ئامانجێكی نییه‌، ته‌نها خاپووركردن و وێرانكردن نه‌بێ؛ به‌ڵام پرسیارێك هه‌یه ئێمه‌ نیگه‌ران ده‌كا: بۆ هه‌رده‌م ئیراده‌ی شه‌ڕخوازی ده‌توانێ به‌سه‌ر ئیراده‌ی خێرخوازی سه‌ركه‌وێ؟ هه‌ر كاتێك بیه‌وێ جه‌نگ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا به‌رپا ده‌كا؟ ئایا جه‌نگ ته‌نها به‌رهه‌می پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه؟ یان به‌شێكه‌ له‌ ئیراده‌ی سروشتی مرۆڤ؟ ئایا (هۆبز) ڕاست ده‌كا، كه‌ پێی وایه‌ جه‌نگ حاڵه‌تێكی سروشتییه‌ له‌ بوونی مرۆڤدا؟ یان (لۆك) و ئه‌وانی دیكه‌، كه‌ جه‌نگ به‌ به‌رهه‌می واقیعی ژیانی ڕۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن؟ یانیش هه‌ردوو لایان به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌یی له‌ تیۆر و بۆچوونه‌كانیاندا وه‌ك یه‌ك ڕاست ده‌كه‌ن؟ واته‌ مرۆڤ هه‌م خۆی شه‌ڕانگێزه‌، هه‌م به‌رهه‌می كولتووری شه‌ڕانگێزییشه‌؛ به‌ڵام سه‌ره‌نجام كێ ئه‌م واقیعه‌ شه‌ڕانگێزه دروست ده‌كا و‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ؟ هه‌ر مرۆڤ، هه‌ر به‌شێكی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی خۆیان نین‌؟…

كه‌واته‌ ده‌شێ بڵێین، كه‌ به‌شێكی مرۆڤ (زۆرینه‌) قوربانیی ده‌ستی به‌شێكی دیكه‌یه‌ (كه‌مینه‌)؛ به‌ڵام ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ هێز له‌ كوێ دێنێ؟ له‌ توانا و زیره‌كیی و فرت و فێڵی خۆی؟ یانیش له‌ پشتیوانی بێ ئاگایانه‌ی زۆرینه‌ بۆیان ( ئینجا له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێ)؟ ئایا هیچ دیكتاتۆرێك خۆی له‌ خۆیدا ده‌توانێ شت بێ، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ (له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كاندا) پاڵپشت و لایه‌نگری نه‌بووبن؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بۆ خوێنه‌ری ئازیز و به‌ڕێز لێ ده‌گه‌ڕێین…




ململانێ لەگەڵ ترافیکەکان لەبارەی (قاوەی سوێر)ی بەختیار حەمەسوور …. حەمە مەنتك

کاتێك چیرۆکێکی باش دەخوێنینەوە، یەکەم چتێ بیرمان بۆ بەهێزی بونیادی چیرۆکەکە دەچێت. لەوێوە هەست بە بوونی ئەو بونیادە دەکەین، کە چیرۆکەکەی لەسەر وەستاوە. هاوکات ئەمە دەبێتە یەکێک لە خاسیەتەکانی چیرۆکی نوێ. چیرۆکی (قاوەی سوێر)ی “بەختیار حەمەسوور” لە یەکەم بەرکەوتنیدا ئەم بونیادە بەهێزەی خۆی نیشان دەدات، بە بەڵگەی ئەوەی ناتوانی یەك وشەی لێ لابەریت. دەسکاریکردن، یان فڕێدانی هەر وشەیەك، یان ڕستەیەك خوێنەر بە تەواوی هەست بە لەنگی و کوونبوونی شوێنێك لە چیرۆکەکە دەکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ پێکەوەگرێدانی کۆی چرکە و جووڵانەکانە. یەکەم ڕستەی چیرۆکەکە بە وەستانی جووڵەیەك دەست پێ دەکات. (( کە گەیشتینە ترافیك، گڵۆپەکە سوور بوو.)) دیمەنی کۆتایی چیرۆکەکەیش هەر بە وەستان کۆتایی دێت، ((ئۆتۆمبێلەکە دەکوژێنێتەوە.)) دوای ئەوەی کارەکتەر ژنەکەی دەگەیەنێتە بەردەم فەرمانگە. ئەم بەیەکەوە گرێدانی سەرەتا و کۆتایی چیرۆك کارێکی سەختە. خۆ لە هەقایەت و چیرۆکی کۆنیش سەرەتا و کۆتایی هەن، بەڵام ئەو ماوەیەی لەنێوان ئەم دوو توخمەدا هەن، نابێ هیچ کوون و بۆشایییەکی تێدا بێت.
خوێنەر چۆن هەست بە بوونی وەها بونیادێکی هونەریی بەهێز دەکات؟ بە بڕوای من ئەگەر خوێنەر خۆی وەکو بەشداربوویەکی ناو چیرۆکەکە بینی و هەستی کرد خۆی لە جووڵە و ڕووداو و پەیڤەکان بەشدارە، ئەوا دەبێ بزانێت، کە چیرۆکێکی باش دەخوێنێتەوە. لەم چیرۆکەدا خوێنەر ناتوانێ لەناو چیرۆکەکە بێتەدەرەوە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە چوونی کارەکتەر لە ماڵ تاکوو فەرمانگە، بیست خوولەکە. لەم ماوە کەمەدا خوێنەر لە هەموو دیمەن و گۆشەنیگا و جووڵەیەك بەشدارە. ((منداڵەکان بە نێوان ئوتومبێلەکاندا پێچ لێ دەدەن. بە جامەکاندا دەکێشن. پێدەکەنن و پێکدا هەڵدەپژێن.)) منی خوێنەر هەست ناکەم وەگێڕ بۆ کەسێکی دیکە جوودا لە من قسان بکات. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە فەزایەك دروست کراوە، بەدەر نییە لە بوونی خوێنەر. ئەمەیش خاسیەتێکی دیکەی چیرۆکی نوێیە. خوێنەر هەست ناکات کارەکتەرەکان، کەسی خەیاڵی بن، بەڵکوو دەتوانێ دەستیان لێ بدات. کارکتەرەکانی ئەم چیرۆکە هێندە لێمانەوە نێزیك دەبنەوە، هەست بە هەناسەدانیان دەکەین، دەتوانین دەستیان لێ بدەین، ئەمەیش بۆ کاریگەری ئەو بەشداریەی خوێنەر لە چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە. هاوکات بۆ شێوازی کارکتەرسازی چیرۆکنووسیش، چونکە کارەکتەرەکان وەکوو کارەکتەری چیرۆکی کۆن ئەرکی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیان لە کۆڵ نەکردوە، بەڵکوو کەسانێکن دەستت دەگرن بۆ بەشداریکردن.
لە چیرۆکی کۆندا هەمیشە چیرۆکنووس عەوداڵی ئەوە بوو، ڕستەگەلی فەلسەفی، یان لە شێوەی وتەی جوان و کاریگەر بنووسێت. بەمەیش خوێنەر زەینی تەنێ لەسەر ئەو ڕستە جوان و فەلسەفیانە دەمایەوە، وشە و ڕستەکانی دیکەی وەلا دەنا. بۆیەیش هەمیشە ئەو خوێنەرانە لە دەرەوەی دەقەکە دەمانەوە، خوێنەر زۆر جار خەتی بەژێر ئەو ڕستانەدا دەهێنا. بەڵام لە چیرۆکی نوێدا هەموو وشەیەك، ڕستەیەك لە چیرۆکەکەدا بایەخی خۆی هەیە. وەکوو “گولشیری” دەڵێت: کاتێ چیرۆکێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم ئەم ڕستە، یان ڕووداوە نییە بۆ خۆیم ڕادەکێشێ، بەڵکوو کۆی چیرۆکەکەیە. کەواتە چیرۆکی نوێ بە کۆی چیرۆکەکە دەمانخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لێرەدا ناتوانین وشەیەك، یان ڕستەیەك لابدەین. لە (قاوەی سوێر)دا هەر پەیڤێکی کارەکتەر لە شوێنی خۆی بە کار هاتوە. هیچ وشەیەك جێلەق نییە. هۆکاری ئەمەیش بۆ لە دەرەوە وەستانی چیرۆکنووس دەگەڕێتەوە. لەم چیرۆکەدا هەست بە بچووکترین سێبەر، یان تارمایی چیرۆکنووس ناکەیت. ئەمە ڕێ بە کارەکتەرەکان دەدات زیندوو دەرکەون، هەستیان پێ بکەین.
ململانێ لەم چیرۆکەدا هێندە نەرمە، هێندەیە لەسەرخۆیە، خوێنەر هەست بە ئارامییەکی جوان دەکات. ڕاستە ململانێ بۆ ئەوەیە ڕووداوەکان و ڕەوتی گێڕانەوە تووشی سڕبوون نەبێت. چیرۆکنووسی باش ململانێی هێز و چەمکە گەورەکانی وەك: هێزی باشە و خەراپە نیشان نادات، چونکە ئەمە کاری هەقایەت و چیرۆکی کۆنە. مرۆڤی ئێستا ململانێی لەگەڵ شتە وردەکانی دەورووبەریەتی، چیدی ململانێی چینەکانی ناو کۆمەڵ کێشەی سەرەکیی مرۆڤی ئێستا نین. (قاوەی سوێر) ململانێیەکی نەرم و جوانی نێوان ژنومێردێکە. کێشەی ئەوان، کێشەی لەسەرخۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە بۆ گەیشتن بە دەوام، کێشەی ئەوان ئەوەیە کامیان باشتر گوزارشت لە خۆشەویستی خۆی بۆ ئەویدیکە دەکات. بە ناڕاستەوخۆ نیشاندانی بێزاریی ترافیکە، نیشاندانی ژیانی ئەو منداڵانەیە لە ترافیکەکان هێرش بۆ جامی ئۆتۆمبێڵەکان دەهێنن. ئەم ململانێیانە، ململانێی چکۆلانەی ژیانی دوو کەسن. ئەو شتانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستیان پێ ناکات، یان بایەخیان پێ نادات، ئەم چیرۆکنووسە وەکوو چیخۆف، سالینجەر، کارڤەر، هەوڵێ نیشاندانی ئەم شتانە دەدات، کە لە بنەڕەتدا ململانێن لەناو ژیانی هەر یەکێکمان.




مالك شبل بیرمه‌ندی هزری ئیسلامی رۆشنگه‌ری كۆچی دوایی كرد د … عوسمان یاسین

له‌ 12/نۆڤمبه‌ری /2016 مالك شبل بیرمه‌ندی هزری ئیسلامی له‌ فه‌ره‌نسا دوای كێشمه‌ كێشمیكی زۆر له‌ گه‌ل ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی تووشی ببوو، كۆچی دوایی كرد، ئه‌م بیرمه‌نده‌ له‌ 23 ئه‌پریلی 1953 له‌ شاری سكیكده‌ی سه‌ركه‌ناری ده‌ریای ناوه‌راست له‌ ولاتی جه‌زائیر له‌ دایك بووه‌، له‌م شاره‌دا خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واوده‌كات، دواتر به‌رده‌وامی به‌خوێندنی بالا ده‌دات له‌ زانكۆی عین البای له‌ قوسته‌نتینییه‌، دواتر له‌ فه‌ڕنسا له‌ نێوان ساڵانی1977 -1984 سێ‌ بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێنا، یه‌كه‌میان له‌بواری سایكۆلۆجیا به‌شه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو بیرمه‌ند جان لابلانش و جان لاكان دواتر ، له‌ ساڵی 1982 دكتۆرای دووه‌می له‌ ئه‌نترۆپۆلۆجیای زانسته‌ ئاینییه‌كان وه‌رگرت، پاشان له‌ ساڵی 1984 دكتۆرانامه‌ی سێیه‌می له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌نستیتۆی پاریس به‌ده‌ست هێنا. ئه‌م بیرمه‌نده‌ له‌ پاریس نیشته‌جێبوو ، هه‌ر له‌م شاره‌دا به‌رده‌وامی به‌كاره‌ هزرییه‌كانی خۆی ده‌دا، له‌ هه‌ردوو بواری ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی خه‌ریكی هه‌لكۆلینه‌كانی (حفریات) خۆی بوو له‌ ناو كلتورو مێژووی ئیسلامی و عه‌ره‌بی، وێنه‌ پرشنگداره‌كانی ئه‌م كلتوره‌ی به‌ جیهان ده‌ناساند، ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شێواندنانه‌ی كه‌ ئه‌م كلتوره‌ رووبه‌رووی ببۆوه‌.

مالك شبل نزیكه‌ی سی كتێبی به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی نووسیوه‌، گرنگترین كتێبه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌مانه‌ن: جه‌سته‌ له‌ ئیسلام (1984)، پێكهاتنی ناسنامه‌ی سیاسی1986، هزری عه‌ره‌بی ئیسلامی 1993، ئنسكلۆپیدیای خۆشه‌ویستی له‌ ئیسلام 1996، شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ 1996، شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی كه‌سه‌كانی كلیله‌ودمنه‌ 1997،مه‌سه‌له‌ی ئیسلام 2002، قورئان بۆ مندالان(مه‌به‌ست لێی كه‌سانی ساده‌یه‌) 2006، بانگێشه‌ بۆ ئیسلامی رۆشنگه‌را 2004، ئیسلام وعه‌قل-شڕی هزه‌كان 2005، ئیسلامی راڤه‌كراو 2007، نه‌وه‌كانی ئیبراهیم: ئیسلامه‌كان وجوله‌كه‌كان و مه‌سیحییه‌كان 2011، ئایرۆس لای عه‌ره‌ب 2014، ئیسلام له‌به‌رده‌م سه‌ت پرسیاردا 2015.

مالك شبل له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌كی هه‌ڵه‌و ئاوه‌ژوو راستبكاته‌وه‌ ، كه‌ سه‌باره‌ت ئیسلام له‌به‌رچاودایه‌، یاخود ده‌رباره‌ی ئیسلامی ده‌بیندرێت، به‌ پێی ئه‌م وێنه‌یه‌ ئیسلام دژی خۆشه‌ویستی و له‌زه‌تی هه‌ستییه‌ ڕه‌واكانه‌،شبل لای وایه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌رگیرز ده‌ربڕی ئیسلامی راسته‌قینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌م وێنه‌یه‌ ئه‌و شێواندنه‌نادروستانه‌ دروستیان كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می داڕماندا به‌سه‌ر ئیسلامدا هاتووه‌.
ئیسلام ئاینی داهێنانه‌ شارستانییه‌ ناوازه‌كانه‌، كه‌ هه‌ر له‌ دیمه‌شقی ئه‌مه‌وییه‌كان وبه‌غدای عه‌باسییه‌كان و غه‌رناته‌ی ئه‌نده‌لوس وقاهیره‌ی سه‌رده‌می فاتمییه‌كاندا ده‌ركه‌وتوون. دیاره‌ مالك شبل لێره‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌رینییانه‌ی ئه‌م شارستانیه‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌م سه‌رده‌مانه‌دا له‌ ئارادابوونه‌، چونكه‌ نكۆلی له‌وه‌ناكرێت لایه‌نی نه‌رینی ئه‌م شارستانییه‌تانه‌ش زۆرن ئه‌گه‌ر باسییان لێوه‌ بكرێت.

دیوه‌ جوانه‌كان له‌م شارستانییه‌تانه‌دا بریتین له‌ زه‌وقێكی به‌رزو ناسك له‌مه‌ڕ ژیان و شیعر و ئه‌ده‌ب وهونه‌ره‌كان ، ئه‌م شارستانییه‌تانه‌ جوانترین دیوی شارستانییه‌تن له‌ سه‌رده‌می كۆنی، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ئه‌وروپا له‌ هه‌مه‌جییه‌تدا ده‌ژیا . بۆ ده‌رخستنی ئه‌م راسییانه‌ مالك شبل هه‌لستاوه‌ به‌وه‌رگێڕانی چه‌ندان ده‌قی ئه‌و شارستانییه‌تانه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی بۆ زمانی فه‌ره‌نسی، تاوه‌كو ئه‌و راستیانه‌ بۆ فه‌ڕه‌ناسا و ئه‌وروپا روونباكاته‌وه‌. چونكه‌ لای ئه‌و نووسه‌ره‌ ناكرێت ئیسلام بچوك بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ ئیسلامه‌ داپلۆسێنه‌ره‌ی كه‌ كه‌ ئێستاكه‌ ڕه‌وتێك بانگێشه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و خراپترین نموونه‌ی ئیسلام پێشكه‌ش به‌ جیهان ده‌كه‌ن.

شبل وای ده‌بینێت كه‌ ده‌كرێت موسلمنێكی راسته‌قینه‌ بیت و پابه‌ندی رێوره‌سمه‌ئاینییه‌كانی بیت ، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی نكۆلی له‌ خۆشه‌ویستی و له‌زه‌ته‌كانی ژیان بكه‌یت، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ به‌ چاوێكی كه‌م سه‌یری ئافره‌ت بكه‌یت. راسته‌ ره‌وته‌ ته‌ندڕه‌وه‌كانی ئیسلام نكۆلی له‌ هه‌مووشتێك ده‌كه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌سته‌و خۆشه‌ویستی و سێكسه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ كارێكی شه‌یتانی داده‌نێن، به‌لام ئه‌م هه‌لوێسته‌ توندره‌وانه‌ رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیوه‌ جوانه‌ی ئه‌و شارستانییه‌تانه‌یه‌ كه‌ ئیسلام له‌سه‌رده‌می زێرینیدا پێیدا تێپه‌ڕوه‌.
لێردا مالك شبل بۆ ئاماژه‌كردن به‌سه‌رده‌می زێرینی شارستانییه‌تی ئیسلامی ئاماژه‌ به‌ كتێبه‌كه‌ی ئیبن حزم ئه‌نده‌لوسی ده‌كات به‌ ناونیشانی (گوق الحمامه‌ فی الالفه‌ و الالاف) ، كه‌ جوانترین كتێبێكه‌ فه‌قیهێكی گه‌وره‌ی ئیسلامی به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ باره‌ی خۆشه‌ویستی و سێكسدا نووسیویه‌تی ، ئه‌م فه‌قیهه‌ زۆر جوان ئاین ودونیای به‌یه‌كتر به‌ستۆته‌وه‌.

له‌ راستیدا له‌ شارستانییه‌تی ئیسلامیدا له‌م جۆره‌ نمونانه‌ زۆرن ، كه‌ زانا ئیسلامییه‌كان گرنگیان به‌ كاروباری جه‌سته‌و له‌زه‌ته‌كانی ژیان داوه‌ ، به‌ تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی سێكس. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ جگه‌ له‌م كتێبه‌ی ئیبن حزم كه‌ مالك شبل ئاماژه‌ی پێده‌كات، پێم وایه‌ كتێبه‌كه‌ی شێخ نه‌فزاوی به‌ ناونیشانی (الروچ العاگر فی نزهه‌ الخاگر) له‌ نێوان سالانی 1410-1434 نووسراوه‌، كه‌زیاتر كتێبێكی فێركارییه‌ ، له‌ كتێبێكی دیكه‌ی هه‌مان نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌ به‌ ناونیشانی (تنویر الوقاع فی أسرار الجماع ). له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌م كتێبانه‌ به‌ یه‌كێك له‌و نووسراوانه‌ی سه‌ربه‌ كلتوری ئیسلامه‌، كه‌ حه‌كیمانه‌ باس له‌ لایه‌نێكی گرنگی له‌زه‌تی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌كات ، كه‌ ئاره‌زووه‌كانی سێكسه‌ چۆنیه‌تی تێركردنییه‌تی.

مالك شبل له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا هه‌ولی داوه‌ كه‌ له‌ چیڕۆكه‌كانی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م كلتوری ئیسلامی ئه‌و لایه‌نه‌ شاراوانه‌ بخاته‌ روو كه‌ له‌ ئیسلامدا وه‌كو پێویست باسیان لێوه‌ نه‌كراوه‌. له‌ ساڵی 2004 فه‌ڕه‌نسادا مالك شبل دامه‌زراوه‌ی ئیسلامی رۆشنگه‌رای دامه‌زرداند، هه‌ر له‌م ساله‌دا كتێبی بانگێشه‌ بۆ ئیسلامی ڕۆشنگه‌را بلاوكرده‌وه‌، له‌م بانگێشه‌یه‌و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌یدا، مالك شبل هه‌ولی ئه‌وه‌ده‌دات لایه‌نی رۆشنگه‌رای ئیسلام بخاته‌روو، بانگێشه‌ بۆ ئیسلامێك ده‌كات كه‌و وه‌ك قۆناغی رۆشنگه‌ری هزری ئه‌وروپی و فه‌ره‌نسی گڕوتینی خۆی هه‌یه‌ له‌ رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگاكان بۆ گه‌یشتن به‌ راستییه‌كان. له‌ هه‌ردوو كتێبی بانگێشه‌ بۆ ئیسلام و له‌ گه‌ل كتێبی ئیسلام وعه‌قل ( شه‌ڕی هزره‌كان) هه‌ولوكۆششه‌كانی مالك شبل به‌رچاوده‌كه‌ون له‌ پێناو ئه‌نجامدانی ریفۆرم له‌ ئیسلامدا. كۆچی دوایی ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ردوو بواری هزری ئیسلامی رۆشنگه‌ری -كه‌ خۆی بانگێشه‌ی بۆ ده‌كرد -، هه‌روه‌ها هزری ریفۆرمی له‌ ئیسلامدا له‌ دوای خۆید به‌ جێ‌ ده‌ هێلێت.




میدیای كوردی له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا….2… نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

به‌شی دووه‌م

میدیای كوردی دوای ڕاپه‌ڕین

ڕاپه‌ڕین له‌ خۆیدا وێستگه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دی چاوه‌ڕوانكراو بوو ، كۆتك له‌سه‌ری ڕژا بوو ، زوڵم و زۆرداری ئه‌گه‌ر بشێ‌ بگوترێ‌ ببوو به‌ دوومه‌ڵێكی گه‌یوو ته‌نیا نووكه‌ ده‌رزیه‌كی بچووكی ده‌ویست ، كه‌ ئه‌ویش هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تی به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بوو بێت ڕه‌خساندنی و هه‌رچی له‌ ماوه‌ی ئه‌و ده‌یه‌یه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی كۆ ببووه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ …

له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ، پاش هه‌موو ده‌رهاوێشته‌كانی ، ڕاپه‌ڕین وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ گشتی و كولتووری كوردی به‌ تایبه‌تی ڕووبه‌ڕووی چه‌مكێكی نوێ‌ كرده‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌مكی (شۆكی ئازادی) ، هه‌ر ئه‌و شۆكه‌یش له‌ دوایدا ئه‌و بێسه‌روبه‌ریه‌ی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ و دامه‌زراندنی ئێستگه‌ی ڕادیۆ و ورده‌ ورده‌ ته‌له‌فزیۆن و ئیستگه‌ی سه‌تلایت به‌دوای خۆیدا هێنا ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ، بێ پلانی و شاشی له‌ ڕووی هاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌ تیژڕۆكانی ناوچه‌كه‌ و ده‌رهاوێشته‌ پێشڤه‌بڕ و پاشڤه‌بڕه‌كانیدا ، به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه‌ ده‌بینرێ‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش باری لاسه‌نگ و هه‌ل و مه‌رج لاسه‌نگتر ده‌كا ، پاش ئه‌وه‌ی ، ئه‌وه‌ی به‌ ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ( ئه‌هلی ) و ( سه‌ربه‌خۆ)یش هاتنه‌ مه‌یدان.. وای ده‌بینم له‌ باتی هاوسه‌نگ كردنه‌وه‌ی باری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی ڕای گشتی به‌ ئاراسته‌ی متمانه‌ به‌خۆبوون ڕوو له‌ ئاینده‌ و له‌ به‌رچاوگرتنی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیه‌تی كۆمه‌ڵ و بنه‌ماكانی ئه‌منیه‌تی نیشتیمانی ، بوو به‌مه‌یدانی موزایه‌ده‌ و لێدان و سپیكردنه‌وه‌ی ڕه‌ش و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی سپی…

دیاره‌ له‌ پاڵ ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ش ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی هه‌بووه‌ ، ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كی بێ لایه‌ن نییه‌ ، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی دارایی دیاره‌ و له‌ هه‌مان كاتدا هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنی – نووسراو – بیستراو – بینراو – ئه‌لكترۆنی – به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن…
به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی كه‌ مێژوویه‌كی له‌ كۆی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا هه‌یه‌ ، هه‌میشه‌ لایه‌نداری حزب بووه‌ ، زۆر له‌و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆیانه‌ ڕۆژگارێكی زۆر سه‌كۆی به‌رگری بوون له‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ده‌وری كاراشیان له‌و بواره‌دا دیوه‌.
سه‌ره‌باسی ئێمه‌ له‌م پاژه‌دا ڕۆژنامه‌گه‌ریی پاش ڕاپه‌ڕینه‌… لێره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بكه‌م كه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌.

چی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسان و
ئاراسته‌ی هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندندا گۆڕا ؟

(1)

سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین ، چه‌شنێك له‌ شۆك (شۆكی ده‌ربازبوون له‌سه‌ركوتكردن و سانسۆر) ڕووبه‌ڕووی ڕۆژنامه‌نووسان بووه‌وه‌ ، به‌مه‌ش هه‌ر كه‌سێ‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌یویست كارێك بكا ، هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستێك بنوێنێ‌ ، وه‌ك ئاماژه‌شمان پێدا سه‌ره‌تا ئه‌و شۆكه‌ بوو سیسته‌می مرۆڤی كوردی له‌ بارێكه‌وه‌ هێنایه‌ بارێكی دی .
به‌ڵام له‌ سه‌رێكی دییه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین ، كه‌ش و هه‌وایه‌كی تری بڵاوكرده‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیدا بوون (بێگومان هه‌موویان نا) وه‌ك هۆی كارای ڕاگه‌یاندن له‌ ڕادیۆیان زیاتر نه‌بوو ، به‌ ئاراسته‌ی كولتووریش بزاڤێكی له‌و چه‌شنه‌یان نه‌بوو ، ئه‌وه‌ی هه‌بوو یه‌كێتی نووسه‌ران ، پاش كاراكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ چالاكی كولتوورییان له‌ شێوه‌ی كۆڕ و سیمنار و به‌رنامه‌ی ئیستگه‌یدا هه‌بوو(20)، ته‌نانه‌ت وه‌كو جوولانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیش یه‌كه‌مین جار یه‌كێتی نووسه‌ران ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌یان له‌ ڕۆژانی (كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕین)ی خۆیاندا به‌ ناوی (كۆنگره‌) ده‌رچوواند ، وه‌كی دی بڵاوكراوه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ نه‌بوو بشێت بگوترێ‌ به‌قه‌د ئه‌و گۆڕانه‌ بێت ڕاپه‌ڕین به‌رپای كرد .

تا ئه‌وه‌ی ساڵ وه‌رسووڕایه‌وه‌ و دوای هه‌موو ده‌رهاوێشته‌كانی كۆڕه‌وی ملیۆنیی كورد ، له‌12/1/1992دا ژماره‌ی سفری ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌ ناوی (كوردستانی نوێ‌) له‌ شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی (كوردستانی نوێ‌)یشه‌وه‌ حزبه‌كانی دیكه‌ش كه‌وتنه‌خۆ ، له‌وانه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌حه‌فته‌نامه‌ی (خه‌بات) له‌ پێشدا پاشان ڕۆژنامه‌ی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ و پارتی گه‌ل – به‌ ڕۆژنامه‌ی ناوه‌ناوه‌ی (گه‌ل) و حزبی سوسیالستی كوردستان به‌ (ڕێگای ئازادی)و پاشان حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به‌ ڕۆژنامه‌ی (ئاڵای ئازادی)….تاد
دیاره‌ له‌ ڕووی هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسان مۆدێكی دی هاته‌ كایێ ، جیاواز له‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین ، به‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژنامه‌رگه‌ریی ڕاپه‌ڕیندا كه‌وتنه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئازاد و ئازادانه‌ بیریان ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یاننووسی كه‌ هه‌ندێ‌ جار پیشه‌ییایه‌تیشیان ڕه‌چاو نه‌ده‌كرد ، به‌ڵام دیسان تا هه‌ڵبژاردنیش (ساڵی 1992) هه‌ستیان به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كرد كه‌ ئه‌زموونێك به‌ڕێوه‌یه‌ پێویسته‌ بپارێزێ‌ …

به‌ كوردی به‌ بێ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ‌ ، ڕۆژنامه‌نووسان كه‌ زیاتریش له‌ناو توێژی نووسه‌راندا هاتبوون تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا یه‌ك ده‌نگ بوون نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بگره‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێ‌ ویستبای یا زاتی ئه‌وه‌ی كردبووایه‌ به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێ‌ درز بخاته‌ ئه‌و یه‌كده‌نگیه‌ ، له‌ لایه‌ن خودی ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌می ده‌درایه‌وه‌ و لێی قبوڵ نه‌ده‌كرا…
به‌ مانایه‌كی دی ئاراسته‌ی میدیای كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئاراسته‌یه‌كی ستراتیژی دووربینتر بوو میدیایه‌كی تاڕاده‌یه‌كیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو ده‌گرت ، باوه‌كو ئه‌وسا ئه‌وه‌ی هه‌بوو نه‌بوو ڕۆژنامه‌گه‌ریی حزبی بوو بێ . به‌ڵام له‌ ڕووی پیشه‌ییایه‌تی و باری ئه‌و میدیایه‌ ، سه‌یر ده‌كه‌ین ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیروڕاو ڕۆژنامه‌گه‌ریی هه‌واڵ تێكه‌ڵ كرابوون كه‌ ئێستاش ئه‌و سیمایه‌ له‌ میدیای كوردی و كوردستانیدا ون نییه‌…. هه‌ر به‌م ئه‌گه‌ریشه‌وه‌یه‌ زۆرجار بابه‌تایه‌تی تێدا كاڵ ده‌بێته‌وه‌.

(2)

میدیای كوردی له‌ ده‌سپێكی پاش ڕاپه‌ڕین تا ڕاده‌یه‌ك ، ته‌نانه‌ت له‌چاو ئێستاش دوانه‌كه‌وتبوو به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراویشه‌وه‌ كه‌ چه‌ندان به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیری و كولتوورییان بڵاوده‌كرده‌وه‌ و به‌ پێی هه‌ڵ و مه‌رج و ئیمكانیاتی ئه‌و ده‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو حسابانه‌وه‌ .
به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردن و دامه‌زرانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ، دیاره‌ باره‌كه‌ كه‌وته‌ بازنه‌یه‌كی دی ، به‌ بڕوای من تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و (شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ) و پاشان (شه‌ڕی به‌ڕاستی) كه‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ناسرێته‌وه‌ و ده‌رهاوێشته‌كانی ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و هۆیانه‌ بوون كه‌ ئیتر ڕه‌نگی حزبایه‌تی جێی به‌ڕه‌نگی یه‌كڕیزی له‌ق كرد… به‌م جۆره‌ وه‌ك پێویست بوو و ده‌یخواست میدیای كوردی هه‌واڵی ڕاست و زانیاری دروست و پێویست بدا به‌ خه‌ڵك ، كه‌وته‌ ئه‌و باره‌ی هه‌ر كه‌سێ‌ به‌ له‌یلای خۆیدا هه‌ڵبڵێ‌…

تا ئه‌وه‌ی میدیای بینراویش هاته‌ دامه‌زراندن و په‌خش و وه‌شانی ده‌ست پێكرد ، سه‌ره‌تا به‌ ده‌یان و دوای بوو به‌ سه‌تان ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و زنجیره‌یه‌ك كه‌ناڵی لۆكاڵی ته‌له‌فزیۆن… تاكو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی دامه‌زران ، كه‌ یه‌كه‌مینیان كه‌ناڵی (مێد تیڤی) بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ، له‌ هه‌نده‌ران و پاشان كه‌ناڵی (كوردستان TV) وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ئاسمانیی له‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان له‌ نیشتیمان ساڵی 1999 ده‌ستی به‌ په‌خش كرد و له‌ دوایشدا وه‌ك ده‌بینین چه‌ندان كه‌ناڵی دیكه‌ی به‌دوادا هات ، له‌وانه‌ (كوردسات، زاگرۆس، گه‌لی كوردستان) و تاد….
به‌و ڕه‌نگه‌ میدیای كوردی چووه‌ قۆناخێكی دیكه‌وه‌ ، ڕۆژنامه‌نووسانیش كه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ناو توێژی نووسه‌رانه‌وه‌ ده‌هاتن ، وای لێهات هه‌رچی خه‌ت و قه‌ڵه‌مێكی هه‌بوو ، به‌ هۆی بوونی ئه‌و هه‌موو بڵاوكراوه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنانه‌وه‌ بوو به‌ڕۆژنامه‌نووس!! ، به‌ تایبه‌تی له‌كات و دوای شه‌ڕی ناوخۆ (بچی نه‌یه‌ته‌وه‌) وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌رهاوێشته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ میدیا ، میدیایه‌ك خۆی به‌ (میدیای ئه‌هلی) خسته‌ڕوو ، هه‌روه‌ها میدیایه‌كی دی كه‌ به‌ (میدیای سێبه‌ر) ناسێندرا په‌یدابوو .

ئه‌وه‌ی به‌ (میدیای ئه‌هلی) خۆی پێشكه‌ش كرد ، له‌ ڕاستیدا له‌ هه‌ندێ‌ وێستگه‌وه‌ نه‌بێ جیاوازیه‌كی جه‌وهه‌ری ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ (میدیای سێبه‌ر) لێ نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ خوێنده‌واری وردبین پێم وانییه‌ شاراوه‌ بێ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ سه‌كۆیه‌كی حازر و ئاماده‌ دیتراون ، به‌رداوا ، بۆ ئه‌و لایه‌ن یان ئه‌و كه‌سایه‌تی له‌دژی ئه‌وی دیكه‌یان ، هه‌ر شتێكیش به‌ نرخی خۆی ، ده‌نا (ئه‌هلی) یانی چی؟
ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ لێی بڕوانین ، (ئه‌هلی یان ئه‌هالی) واته‌ هاونیشتیمان، باشه‌ خۆ ئه‌و هاونیشتیمانییانه‌ی هه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مه‌وه‌ ساڵی 1992 ده‌نگیان به‌لایه‌نه‌كانی كوردستان دا، ئه‌وانیش ده‌توانن به‌ میدیاكانی خۆیان بڵێن (ئه‌هلی)، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش له‌ (ئه‌هلی) سه‌ربه‌خۆیی بێ، داخۆ ئه‌و (خۆ)یه‌ كێیه‌؟
له‌لایه‌نی ڕوانینی بابه‌تایه‌تی و پیشه‌ییایه‌تیه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و (خۆ)یه‌ (خاك – نیشتیمان)بێ ، به‌ هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی وشه‌كه‌ هه‌ڵیده‌گرێ‌ له‌ مه‌غزا و ئینتیماوه‌ ، ئه‌وه‌ش وای نابینم به‌ هۆی له‌تركزه‌یی خودی ماناكه‌ ، به‌و مانایه‌ ڕه‌نگی دابێته‌وه‌ . وه‌كو ڕای خاكی خۆم ، هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌ دانیم نه‌ك ته‌نێ له‌ كوردستان ، له‌ هه‌موو جیهاندا میدیایه‌ك هه‌بێ سه‌ربه‌خۆ.

كه‌ناڵه‌كانی میدیا یان سه‌ربه‌ حزبێكن ، یا كۆمپانیایه‌ك یا گروپێكی بازرگانی دیاریكراو یان سه‌رمایه‌دارێك كه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ پشتی ده‌گرێ‌ و باروبووی ده‌كا ، یان زۆرجار ڕه‌نگه‌ سه‌ر به‌لایه‌نێكی هه‌واڵگریی یا سه‌ربازی یا ده‌وڵه‌تی یان ڕێی تێ ده‌چێ‌ هه‌ندێ جار سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تێكی ئیقلیمی یا هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی ، یاخود لایه‌نێك یا ده‌زگایه‌ك له‌و ده‌وڵه‌ته‌… ته‌واوی كه‌ناڵه‌كانی میدیای دونیایێ له‌و بازنه‌یه‌ ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نموونه‌یشت ویست ، سه‌یری كه‌ناڵی (الجزیره‌) له‌قه‌ته‌ر و (العربیه‌) و (الحدپ) و ڕۆژنامه‌كانی (الحیاه‌) و (الشرق الاوسگ)ی عه‌ره‌بستانی سعوودی و (العالم)ی سه‌ر به‌ ئێران و كه‌ناڵه‌ ئیتاڵیه‌كانی سه‌ر به‌ سه‌روه‌زیرانی پێشوو به‌رلسكۆنی و میدیاكانی (مه‌ردۆخ) له‌ به‌ریتانیا و شوێنی دی.
ته‌نانه‌ت (BBC) عه‌ره‌بی و فارسی و زمانه‌كانی دی كه‌ زۆرجار وه‌كو نموونه‌ی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن باسیان ده‌كرێ‌ ، هه‌رچه‌نده‌ باروبوو له‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا وه‌رناگرێ‌ ، له‌كاتێكدا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ ، ئێستا له‌ ڕێی ئه‌و باج و ده‌رامه‌ته‌ی له‌ هاووڵاتیانی وه‌رده‌گرێت به‌ڕێوه‌ ده‌برێ‌ ، كه‌ ئه‌ویش بێگومان ده‌وڵه‌ت به‌ پێی یاسا و ڕێسایه‌ك ڕێكی خستووه‌…

ڕاسته‌ BBC تا ڕاده‌یه‌كی نكۆڵیلێنه‌كراو بابه‌تایه‌تی و پیشه‌ییایه‌تی له‌ هه‌واڵ و پڕۆگرامه‌كانیدا پاراستووه‌ ، به‌ڵام ئه‌ویش كه‌ (به‌ دڵی خۆ) سه‌ر مه‌شق و نموونه‌یه‌ زۆرجار به‌ بێلایه‌نی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ هه‌واڵدا نه‌كردووه‌ و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت (به‌ریتانیا) به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێ ڕه‌فتاری كردووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا ، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك ، هه‌ر بۆ نموونه‌ BBC له‌به‌شی فارسیدا به‌ كه‌نداو ده‌ڵێ‌ (خلیج فارس) كه‌ چی له‌به‌شی عه‌ره‌بیدا ده‌ڵێ‌ (الخلیج العربی)!
بێجگه‌ له‌وه‌ی زۆر هه‌واڵی مه‌ترسیدار هه‌بووه‌ له‌ زوڵم و زۆری دونیایێ و پێشێل كردنی (مافی مرۆڤ) له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ ڕژێمی حوكمه‌وه‌ ، كه‌چی چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئینگلیز له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕژێم یان ئه‌و ده‌وڵه‌تدا بووه‌ ڕێگای نه‌داوه‌ ، ته‌ماشا ده‌كه‌ین BBC ، یان خۆی لێ بواردووه‌ ، یاخود ئه‌گه‌ر باسیشی كردبێ وه‌ك ده‌ڵێن له‌ ڕووی (إسقاگ فرچ)بووه‌ ، واته‌ له‌ كۆڵ خۆكردنه‌وه‌.

ئێمه‌ كه‌ BBC ده‌هێنینه‌وه‌ له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ كه‌ باشترینیانه‌ له‌ نزیك بوون له‌ پاراستنی بێلایه‌نی و په‌یڕه‌و كردنی پیشه‌ییایه‌تیدا(21).
CNN یش كه‌ به‌سه‌ربه‌خۆ ناسراوه‌ و موڵكایه‌تی یه‌، ڕاسته‌ له‌ ڕووی خێرایی گه‌یاندن و پیشه‌ییایه‌تی و كادیری پڕۆفیشناڵه‌وه‌ ، ناوبانگی ده‌ركردووه‌ ، به‌ڵام لای شاره‌زا و چاودێرانی میدیا وه‌ كاركردنی ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی ئاراسته‌ی ستراتیژییه‌وه‌ (ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا) شاراوه‌ نییه‌(22). (CNN)یش ده‌چێته‌وه‌ ڕیزی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ئیعتوباریان وه‌رگرتووه‌.

به‌ڵام كه‌ به‌وردی لێی بڕوانین زۆرجار ئه‌و جۆره‌ كه‌ناڵانه‌یش به‌هێزی خێرایی گه‌یاندن و كادیری پڕۆفیشناڵ و پیشه‌ییایه‌تی له‌ كاركردن و ته‌كنیكی نوێ‌ و بایه‌خ دان به‌ هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژی سه‌رنجڕاكێشه‌وه‌ لایه‌ندارییان داده‌پۆشن…
كه‌واته‌ ئه‌و میدیایه‌ی به‌ (ئه‌هلی) خۆیان ناساندوه‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی به‌ كوردی په‌خش ده‌كه‌ن یان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بێلایه‌نی خۆیان بپارێزن ، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ناڵ هه‌بن ڕه‌نگه‌ زۆرجار توانیبێتیان (تاڕاده‌یه‌ك) لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ و به‌رده‌م مایك و شاشه‌كانیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بێلایه‌نی یا سه‌ربه‌خۆی به‌ ته‌نیا هه‌ر له‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌رابه‌ر ڕاگرتنی ڕایه‌ جیاوازه‌كان نییه‌.

میدیای كوردی هه‌رچی بكا ، نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاراسته‌ی باروبووكه‌ر بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، بێگومان كه‌سیش ئاماده‌ نییه‌ له‌به‌ر ئاوێنه‌ بوه‌ستێ‌ وجنێو بدا و به‌ پاره‌ی خۆی ته‌شهیر به‌ خۆی بكا ، یان هه‌رچی نه‌بێ به‌لای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا نه‌شكێنێته‌وه‌.
پاشان لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ ته‌نیا هه‌ر پاڵپشتی دارایی نییه‌ ، به‌ڵكو پاڵپشتی گه‌لێك جار له‌ زانیاری پێدان و ده‌رفه‌تی ده‌ستخستنی ڕیكلام و په‌یداكردنی سپۆنسه‌ریشدا ده‌بێ… چه‌ندی میدیای سێبه‌ره‌ ، میدیای سێبه‌ر ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستان ئه‌زموونێكی تاڕاده‌یه‌ك تازه‌یه‌ ، به‌ڵام زۆر له‌ ده‌وڵه‌تان به‌ تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ پاره‌داره‌كان ئه‌وه‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیشن به‌ نموونه‌ كڕینی چه‌ند كه‌ناڵێكی میدیایی ، ئینجا ڕۆژنامه‌ یا گۆڤار یا كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی بێ كه‌ پێیاندا هه‌ڵبڵێ‌ و په‌سنی كاره‌كانیان بكا و…..تاد.

ڕژێمی سه‌دام حسین به‌رچاوترین نموونه‌یه‌ ، له‌ كڕینی ئه‌و جۆره‌ میدیایه‌ ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی به‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌زگایه‌ك یا كه‌سێك له‌ پایته‌خته‌كانی دونیادا ده‌رده‌چوون. چه‌ندی میدیای سێبه‌ره‌ له‌كوردستاندا دوای شه‌ڕی ناوخۆ سه‌ری هه‌ڵدا له‌م ڕاسته‌شدا پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ پیشه‌یه‌كی ئامانجداری به‌رپرسیار كرد به‌ پیشه‌یه‌ك بۆ بژێوی و ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵكانێك كه‌ هه‌ندێ جار ڕۆژنامه‌نووسیش نه‌بوون ! ته‌نانه‌ت زۆر جار لێره‌و له‌وێ‌ هه‌وڵ هه‌بووه‌ له‌ سپیكردنه‌وه‌ی ڕه‌ش و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی سپی …
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش میدیای پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ ئێمه‌ باسی ئه‌و میدیایه‌ ده‌كه‌ین دوای شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی لایه‌نه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا به‌ میدیای ئه‌هلی و سێبه‌ریشه‌وه‌ كه‌ زۆرجار میدیای لایه‌نه‌كانیشی به‌و ئاراسته‌یه‌ ڕاكێشاوه‌ ، درێغیان نه‌كردووه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری به‌كاربردن (استهلاكی) و به‌لاڕێدابردن و خوردبوونه‌وه‌ی شاش و درشت ، به‌ هۆی به‌رنامه‌ و درامای لاسایكاری خۆماڵی و دۆبڵاژكراوی نامۆ به‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری كه‌ ئه‌گه‌رێك بووه‌ له‌ كاڵ كردنه‌وه‌ی ئینتیمای نیشتیمانی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ناڵگه‌لێك (لۆكاڵی و سه‌ته‌لایت) ده‌ركه‌وتوون به‌وه‌ی هه‌ر به‌ نموونه‌ خۆیان به‌ داكۆكیكاری ئافره‌ت و ژنان ناساندوه‌ ، كه‌چی هه‌میشه‌ ده‌بینین زوومی كامیراكانییان ڕوو له‌ جه‌سته‌ی ئافره‌ت و ژیانی زۆر تایبه‌تیه‌تی ، به‌ ماڵپه‌ڕه‌كانیشیانه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و ڕیكلامانه‌یش نه‌كه‌ین كه‌ به‌هه‌مان ئاراسته‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.
له‌لایه‌نی هه‌ڵبژاردن و دانانی به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌شدا شتێك له‌ میدیای كوردیدا نابیندرێ بیر له‌وه‌ كرابێته‌وه‌ چ فلیمێك یا درامایه‌ك ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندوتیژی یا لاوازكردنی ئینتیما به‌ تایبه‌تی لای نه‌وه‌ی نوێ‌ ، كه‌چی كۆڕ و سیمینار له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ له‌ڕووپه‌ڕی لاپه‌ڕه‌ و به‌رده‌م مایك و شاشه‌كانییان ناپسێنه‌وه‌ !!

ماویه‌تی

—————————-
ئاماژه‌ و په‌راوێز
20 – نه‌ژاد عزیز سورمێ‌- دره‌ختی بنكۆڵ كراو – په‌نجه‌نمایه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ بۆ باری ڕووناكبیریی و كولتووری كوردی – 1975 – 1994 – چاپی دووه‌م – 2006. بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ (36)، هه‌روه‌ها لاپه‌ڕه‌ (46).
21 -بۆ ڕێ‌ ڕوونی و زانیاری زیاتریش له‌باره‌ی BBC له‌م ڕووه‌وه‌ بڕوانه‌- محمد الرمیحی – (دكتۆر)- بئس قسم الـBBC العربی- ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ) ژماره‌ 13024 له‌ 26/7/2014، لاپه‌ڕه‌ 13.
22 -له‌ڕووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ردا ، حكوومه‌تی ئه‌مریكا CNNی ئاگاداركرده‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی لاشه‌ی قوربانییان ، وه‌ك به‌شێك له‌ ئیجرائاتی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ پاراستنی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ (ئه‌منی قه‌ومی).




هونەری پەروەردەی منداڵان …. رەزا شوان

کوردیلە شیرین و چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان.. هیوای داهاتووی کوردستانن.. بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن.. کە لە سامانی نەوت و زێڕ و لە هەموو لە سامانێکی تریش زۆر گرنگترن و بەنرخترن.
لە هەموو جیهاندا و لە هەموو سەردەمێکدا، منداڵان هێمای جوانی و بێتاوانی و دڵپاکی و راستگۆیین، ئەوەی کە لە دڵیان دایە هەر ئەوەیە کە لەسەر زاریان دایە.. جیهانی منداڵان جیهانێکی زۆر سەیر و سەمەرە و پاک و بێگرد و بێ تەمە.. جیهانێکی بێ فڕوفێڵ و بێ پێچ و پەنایە.. منداڵان رق و کینە و بوغز و دوژمنایەتی نازانن.. درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندن نازانن.. جیهانێکی زۆر سادە و ساکاری خاکییان هەیە.. جیهانێکی وەنەوشەیی پڕ لە سۆز و لە رێز و لە خۆشەویستی و خۆشبڕواییان هەیە.. جیهانێکی پڕ لە رازی شیرین و لە نیازی پاک و لە خەیاڵی فراوان و لە خەون و لە هیوای سەوز و لە گەشبینییان هەیە.. جیهانێکی پڕ لە زەردەخەنەی ناسک و پێکەنینی شیرین و لە بەزم و رەزم و یاری و خۆشییان هەیە.

پێویستە گەورەکان بەر لە ئازادی منداڵان نەگرن و، ئەم جیهانە خۆشەیان لێ تاڵ نەکەن و لێیانیان تێکنەدەن.. بێگومان خۆشترین قۆناغ لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغەکانی منداڵین.
ئامانج لە پەروەردەی منداڵان ئەوەیە کە یارمەتی منداڵان بدەین، بۆ ئەوەی بە دروستی گەشەبکەن و بە جوانی پێبگەن و بە باشی رەفتار و هەڵسوکەوت بکەن و، کۆمەڵایەتی بن و، کەسێتیی دروستی بڕوا و متمانە بە خۆیان لێبێنە ئاراوە، بتوانن پشت بە توانا و بە بەهرەکانی خۆیان ببەستن و، هەست بە بەرپرسێتی بکەن و، پەیوەندبن بە بەها جوان و پیرۆزەکان و، بە دەستوورەکانی ژیانەوە.. دووربکەونەوە لە شتە نەرێنییەکان و نزیک ببنەوە لە ئەرێنییەکان.. تا لە داهاتوودا ببن بە تاکی دروست و سودبەخشی کۆمەڵگاکانیان.. زۆربەی تيۆرە پەروەردەییەکان بۆ ئەم ئاماجانە هاتوونەتە کایەوە.

(جۆن دێوی) دەڵێ: “منداڵ ئەو خۆرەیە کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە..”
پەروەردەی منداڵان، هونەر و زانستییە، ئەرکێکی یەکجار گرنگ و پیرۆز و هەستیارە.
(ئەفلاتوون) دەڵێ: “هونەرێکی تر بوونی نییە کە لە پەروەردە بەرزتر و پیرۆزتر بێت”
ئەوەش دەزانین کە پەروەردەی منداڵان کارێکی هەڕەمەکی ئاسان و بەڕێکردن نییە.. بێ ئەرک و ماندووبون نییە.. بەڵام کارێکی ئەستەمیش نییە.. گەر بە دڵسۆزی و بە بەڵەدی و بە پشوودرێژییەوە ئەم ئەرک و خزمەتە گرنگ و پیرۆزە لە ئەستۆبگرین.. سەرکەوتوو دەبین و دەتوانین لە هەموو روویەکەوە نەوەیەکی دروست و رۆشنبیر و خێربەخش پێبگەیەنین.. داهاتوویەکی باشتر و شایستەتریش دەستەبەربکەین.. گەر بمانەوێت شۆڕشێکی چاکسازی و گۆڕناکاری و تازەگەری بەرپابکەین.. پێویستە لە کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین.. پرۆگرامەکانی فێرکردن و پەروەردەکردن بگۆڕین.. مامۆستاکان بە پەروەردەی نوێ و بە رێبازە تازەکانی وتنەوەی وانە ئاشنا بکەین.

(ئەرستۆ) دەڵێ:”رەگی پەروەردە تاڵە.. بەڵام بەرەکەی شیرینە”
کوردیش دەڵێ: “منداڵ شیرینە.. بەڵام پەروەردە شیرینترە”
شایەنی باسیشە هەردەم جەخت لەسەر ئەوە راستییە دەکرێتەوە، کە بە پلەی یەکەم پەروەردەکردنی منداڵان لە ئەستۆی دایکاندایە.. دایکان گرنگترین و کاریگەرترین رۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانیاندا، زیاتریش لە باوکان دەتوانن نازی منداڵەکانیان بکێش.. دایکان یەکەمین مامۆستایانی منداڵانن.. ئەوەی لە باوەشی دایکانیاندا فێریان دەبن، ئەوەی لە دایکانیانەوە وەریان دەگرن هەرگیز لە یادیان ناچنەوە.. بۆیە پشکی شێری شانازی و پێزانین، لە پەروەردەکردنی دروست و لە پێگەیاندنی منداڵان بە باشی، لە رووی لەشساغی، دەروون ئاسایی، کۆمەڵایەتی، رەوشتی و رەفتارییەوە، بەر دایکان دەکەون.

(کیـم ئیـل سۆنگ) دەڵێ:”مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەمیشە ئەوانەن کە لە لایەن دایکانیانەوە بە باشی پەروەردەکراون”
(ناپلیۆن) یش دەڵێ:”داهاتووی منداڵ.. بەندە بە دایکییەوە..” مەبەستیش ئەوە نییە کە رۆڵی باوکان بە کەم بزانین.. نەک تەنها لە مرۆڤدا، بەڵکو لە هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن بێچووەکان لە ئەستۆی دایکانیان دایە.
پەروەردە کەسایەتی و نەوەی داهاتوو بنیات دەنێت.. منداڵان بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوو لە هەموو بوارەکاندا ئامادە دەکات.. بۆ داهاتوویەکی گەشتر و بۆ ژیانێکی خۆشتر و بۆ جیهانێکی ئاسوودەتر.. بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و سازان لەگەڵ یەکتریدا.

ماڵەوە یەکەمین قوتابخانەی منداڵە، خێزانیش یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەییە و بەردی بناغەی کۆمەڵگایە.. منداڵ لە ناو خێزاندا چاوهەڵدێنێ و فێردەبێ و وەردەگرێ تا ئەو کاتەی پشت بە خۆی دەبەستێ و تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات و، بەهرە و تواناکانی خۆی دەسەلمێنێت.. کەواتە خێزان رۆڵێکی سەرکیی هەیە لە فێرکردن و لە گەشەکردن و لە پەروەرەدەکردنی منداڵاندا.. دواتر رۆڵی دامەزراوەی پەروەردەیی دووەم دێت کە قوتابخانەیە، دینەمۆی قوتابخانەش مامۆستاکانن، کە تەواکەری پەروەردەی ماڵەوە و خێزان.. هەندێ لە مامۆستایان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، بایەخێکی زیاتر بە فێرکردن دەدەن و کەمتر بایەخ بە لایەنی پەروەردەیی دەدەن.. لە کاتێکدا پەروەردە لەپێشترە لە فێرکردن.. باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان رۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی و کاریگەریان هەیە لە پەروەرەکردنی دروست و لە ئاراستەکردنی راست و لە راهێنانی پێویستی منداڵاندا، کە بە پێی پرۆگرام و سیستم و رێبازە تاقیکراوە سەرکەوتووەکان، منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن.. رۆڵیان لە رۆڵی ماڵەوە و خێزان کەمتر نییە.

نووسەری بە ناوبانگ (ڤیکتۆر هۆگۆ) دەڵێ:

“ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە.. دەرگای گرتووخانەیەک دادەخات..”
بێجگە لە خێزان و لە قوتابخانە هەریەکەش لە، شەقام، کتێبخانە، کۆمەڵگا، راگەیاندن و میدیاکانیش رۆڵ و کارتێکردنیان لەسەر پەردوەردە و رۆشنبیریکردنی منداڵان هەیە.
لە پەروەردەی نوێدا، منداڵان تەوەری سەرکین، ئازادیکی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی بەهرە و تواناکانیان دەربخەن و، خۆیان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن و، پەند و وانە لە سەرکەوتنەکانیان و لە هەڵە و شکستییەکانیان وەربگرن و هەڵەکانیان راستبکەنەوە.
لەم سەردەمەدا، رۆشنبیری و زانستی و زانیاری و بلیمەتی و زۆرزانی و داهێنان، بوونەتە چەکێکی ستراتیژی جیهانی و رۆڵێکی گرنگیان هەیە، لە جەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فێرکاری و پەروەردەیی و کێبڕکێ پێشکەوتن و رۆشنیرکردنی منداڵان بە دروستی.. هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ژێرخانی گەشەکردن و داهێنان و پێشکەوتن.

لە ئەمڕۆدا، پێشکەوتنی گەلان بەوە پێوانە دەکرێت، کە تا چ رادەیەک بایەخیان بە گرنگی فێرکردن و بە پەروەردەی دروست و بە راهێنان و ئامادەکردنی منداڵەکانیان داون، لە پێناوی ئایندەیەکی باشتر و گەشتردا.. ئەوان لەم روانگەیەوە لە منداڵەکانیان دەڕوانن کە: (منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و.. هەموو داهاتووشن..)
منداڵانی ئەمڕۆمان لە سایەیەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و داهێنانی بە دەیان بابەتی سەیر و سەمەرەی وەکو (ئینتەرنێت، پلەیستێشن، ئایفۆن، ئایپاد، کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگ، سینەمای منداڵان،… هتد) لە منداڵانی سەدەی بیستەم، جیاوازترن و بەختەوەرترن، ژیر و بلیمەت و چاوکراوە و زۆرزانتر و رۆشنبیرترن، خەیاڵ بڵاوتر و بیر قوڵترن، خەون و هیوا و خواستەکانیشیان هەمان خەون و هیوا و خواستەکانی منداڵانی پێش خۆیان نین.. بۆیە پێویستە ئەو کەس و دەزگایانەی ئەرگی فێرکرد و پەروەردەکردنی منداڵانیان لە ئەستۆ گرتوون، ئەو راستییانە لەبەرچاو بگرن و، لە ئاستی پەروەردەی نوێدا بن.

لەم پیۆدانگە، پێویستە هەموو ئەو کەسانە و لایەن و دەزگا پەروەردەییانەی کە منداڵان فێردەکەن و پەروەردەیان دەکەن و، بە هزری بەرز و سوودبەخش زاخاوی هۆشیان دەدەن و رۆشنبیریان دەکەن، وکو ( دایکان و باوکان، مامۆستاکان، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، راگەیاندکاران، میدیاکان،…هتد) هەست بەوە بکەن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و قورس و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون، هەر هەڵەکردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵاندا کارەساتێکی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دێنێت.
(ئەلیزابێت ماخ) دەڵێ:”لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەی منداڵاندا، هەر هەڵەیەک بکەین دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی دواڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتێ”
پێویستە دڵسۆزانە و کوردانە و سەردەمییانە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان پەروەردەبکەین، بە کوردایەتی گۆشیان بکەین، تا شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان پەروەردەیان بکەین.. هەمیشەش گەشبینی و بڕوا و هیوای سەرکەوتن بخەینە دڵە قنجەکانیانەوە.. ئەمانەش لە ئامانجە گرنگەکانی پەروەردەی دروستی منداڵانن.. کوردیلە چاوگەشانەی ئەمڕۆمانن، کە لە سبەینێدا دەبنە: شاسوار و شۆڕەسواری مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی و، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان بەرزدەکەنەوە.. ئەم کاکەلە روحسووکانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە پیاوانی مێرخاس و جوامێر و دلێر و بوێر، بە باوکانی دڵسۆز.. ئەم خونجەگوڵە گەشانەی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە شۆڕەژنانی خان و مان و، بە شیرەژنانی ناوداران و، بە دایکانی میهرەبان و بەسۆز..

هەر کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن کە لە سبەینێدا، شکۆداری نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەپارێزن.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، هەموو کاروبارێکی کوردستان دەگرنە دەست و بەڕێوەیان دەبن.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە، دەسەڵاتدار و کارگێڕ و فەرمانڕەوا.. دەبنە رابەر و سەرکردە و پێشەوا.. دەبنە نووسەر و شاعیر و رۆشنبیر و راگەیاندنکار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند.. دەبن بە زانا و دانا و بیرمەند .. دەبن بە پەڕلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەر.. دەبنە باڵیۆز و نوێنەری کورد و کوردستان و، دەنگ و رەنگی کورد بە جیهان دەگەیەنن و، چەپکە نیرگزی خۆشەویستیش پێشکەش بە گەلان دەکەن و، پەیامی ئازادی و ئاشتیخوازی گەلی کوردمان بە هەموو گەلانی جیهان دەگەیەنن.

تا دروستر و پوختەتر کوردیلەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە بکەین.. تا جوانتر و باشتر فێریان بکەین.. راستر ئاراستە و رێنماییان بکەین.. هێندەی تر دڵنیا و گەشبین دەبین کە رەنجبێوەر نابین و، دواڕۆژێکی گەشتر و خۆشتر بۆ کورد و کوردستانمان دێنەدی.. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە تاکی سوودبەخشی کورد و، هەر لە سایەی پەروەردەی دروستی ئەمانیشدا کۆمەڵگایەکی کوردیی بەختەوەر و تەبا دێتە ئاراوە.
پێویستە رێز لە کەسێتی و ئازادی و لە را و بۆچوونەکانی کوردیلەکانمان بگرین.. وەکو مرۆڤێکی بچووک لێیان بڕوانین و، بە جوانیش رەفتاریان لەگەڵدا بکەین.. سۆز و رێز و خۆشەویستییان پێببەخشین.
گەر هاتو بە سەقەتی و نادروستی کوردیلەکانمان گۆش و پەروەردە بکەین، بە خراپی ئاراستە و رێنماییان بکەین.. پشتگوێیان بخەین و بایەخیان پێنەدەین و، بیان دەینە دەست قەدەڕێکی نادیارەوە.. دوور نییە کە لاڕێ ببنەوە و، نابەڵەدانە مل بە هەڵدێرێکی هەزار بە هەزارەوە بنێن و، دووچاری چارەنووسێکی رەش و نوتەک ببنەوە.. ئۆباڵی ئەم ئاکامە نەخوازراوەش لە ئەستۆی هەمووان دەبێت و، هەر هەمووشمان باجێ ئەم گوناهەمان دەدەینەوە.. پەشیمانیش بێهودەیە و، پاکانەش لە کەسمان قبووڵ ناکرێت و مێژووش لێمان نابوورێت و، بەر لۆمە و نەفرەتی نەوەی داهاتووشمان دەکەوین.
کورد زۆر راستی وتووە کە:” چی بچێنین.. ئەوە دەدوورینەوە”
دامەزراوەیەکی ئەمریکی کە بایەخ بە تەندروستی هۆشی منداڵان دەدا، لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ پەنجا لە دایکان و باوکانی ئەمریکی ئەنجامدا کە لە بواری پەروەردەی منداڵاندا سەرکەوتووبوون.. بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو دایک و باوکانە ئەم دامازراوە ئەمریکییە چەند ئامۆژگارییەکی باشیان راگەیاند بۆ پەروەرەدەکردنی دروستی منداڵان.. ئێمەش بۆ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوەمان بۆ پەروەردەی دروستی منداڵانی کوردمان، تا رادەیەک سوودمان لە ئامۆژگارییەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە وەرگرت، بە کورتی:

١ـ سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتر بە منداڵەکانتان ببەخشن، چونکە ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە.. بۆ ئەوەی منداڵەکانتان هەست بە ئاسوودەیی و بە دڵنیایی بکەن، بۆ ئەوەی جگەرگۆشەکانتان خۆشەویستی و هاوبەستەبوونی خێزانییان بۆتان هەبێت.
٢ـ رۆژانە کاتێکی دیاریکراوتان هەبێت.. کە بەخۆشی و شادی و بە قسەی خۆش و بە پێکەنین لەگەڵ منداڵەکاتان بە سەربەرن.. فێری هەندی بەهرە و شارەزاییان بکەن.. یاریش فەرامۆش، پێویستییەکی گرنگی منداڵانە و، شێوازێکی ئاسانی پەروەردەییە.
٣ـ منداڵەکانتان فێربکەن، راست لە هەڵە، باش لە خراپ جیابکەنەوە.. فێری بەها جوانەکان و بنەما رەوشتییەکانیان بکەن.. تا لە منداڵییەوە دەقیان پێوەبگرن.
٤ـ رێزگرتنی دوولایی لە نێوان خێزندا زۆر گرنگە، پێویستە هەموو ئەندامانی خێزان، گەورە و بچووک رێز لە یەکتری بگرن و، رووحی لێبووردەیی باڵ بکێشێ بەسەریاندا.
٥ـ مافێکی رەوای منداڵانە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانیان بکەن، بە تایبەتیش لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە خودی خۆیانەوە هەیە.. پێویستە دایکان و باوکان رێز لە راکانیان بگرن و، گوێیانیان لێبگرن و لێیان تێبگەن و گرنگییان پێبدەن.
٦ـ پێویست ئێوەی دایکان و باوکان بە هەڵە وەڵامی هەڵەکانی منداڵەکانتان نەدەنەوە.. گەر هەڵەیان کرد.. بواریان بدەنی با بیربکەنەوە و خۆیان هەڵەکانیان راست بکەنەوە.
٧ـ دەرەوەی ماڵ و شەقام کاریگەریان لەسەر منداڵەکانتان دەبێت.. دەشێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر ئێوەی دایکان و باوکان، چونکە لە سنووری دەرەوەی ماڵ و خێزان پەروەردە و رەفتاری جیاواز هەن.. بۆیە پێویستە بە باشی چاودێرییان بکەن.
٨ـ بەرجەستەکردنی رووحی سەربەخۆیی، پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان پایە بە پایە رووبەرێکی فراوانی ئازادی و سەربەخۆیی بە منداڵەکانتان بدەن.. ئەمەش ئەو هەستە لە لای منداڵەکانتان دروست دەکات، کە ئێوە دڵسۆزیانن و بە تەنگیانەوەدێن و رێزیان لێدەگرن و بڕوا و متمانەتان پێیان هەیە.. بۆیە خۆیان بەختەوەر و رێزدار دەزان.

٩ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵەکانتان هاوڕا و هاوپلان و هاوبڕیاربن.. پێویستیشە هەندێ یاسای ئاسانی سنوورداری خێزانیش بۆ منداڵەکانتان دابنێن.. با وا تێنەگەن کە ئازادی بەرەڵاییە و بێ لێپێچینەوەیە.. ناشبێت لەبەردەم کەسانی تردا، سزای منداڵەکانتان بدەن.. ناشبێت زەبر و توندوتیژی لە گەڵ لەگەڵ منداڵەکانتان بەکاربهێنن.. بە وشەی نەشیاوش هەستیان بریندار مەکەن.

١٠ـ منداڵەکانتان وا فێربکەن کە راستییەکان چەند روویەکیان هەیە.. پێویستە رێز لە هەموو رایەک بگیرێت گەر جیاوازیشبن لەگەڵ رایەکانیاندا.. مافی هەر مرۆڤێکە کە بە ئازادی گوزارشت لە را و لە سەرنج و لە بۆچوونەکانی خۆی بکات.
١١ـ هاندان و ستایش و پیزانین و پاداشت و خەڵاتکردن، بە زاری بن یا بە ماددی بن، کاریگەریی ئەرێنییان بۆ منداڵەکانتان هەیە، کە منداڵەکانتان کاری باش ئەنجام دەدەن یا نمرەی بەرز لە وانەکانیاندا بەدەستدەهێنن، یا رەفتارێ جوان دەنوێنن، شایەنی ئەوەن کە ئاماژەیان پێبدەن و پێزانینتان بۆیان هەبێت و رێزیان لێبگرن.. گەلێ شێوازی هاندان و پێزانین هەن، وەکو (ماچیان بکەن)، (چەپڵەیان بۆ لێبدەن) یان بە وشەگەلێکی جوانی وەکو (هەی ئافەرین، دەستخۆش، هەر بژی، نایابە، زۆر جوانە،…هتد) یا خەڵاتێکی ماددییان پێشکەشبکەن وەکو( نوقڵ، بابەتێکی یاری، کراسێکی جوان،… هتد)
١٢ـ زۆر پێویستە کە ئێوەی دایکان و باوکان هەردەم پێشەنگ و نموونەی باشیبن بۆ منداڵەکانتان.. چونکە منداڵەکنتان بە زۆری چاو لە ئێوە دەکەن و لاسایی کار و رەفتار و هەڵسوکەوت و قسەکانی ئێوە دەکەنەوە، بە باشیبن یا بە خراپیبن.. وەکو کورد دەڵی: ” گەورە ئاو دەڕێژی و بچووک پێی تێدەخا”

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٦




ده‌ راسپارده‌كه‌ ده‌قی … ماجیده‌ حه‌سه‌ن . وه‌رگێڕانی … سه‌ردار جاف

بۆ گوڵێكی بێ بۆن له‌ نێو قامكه‌كانی شه‌هیده‌وه‌ ڕوا بێ،
له‌ بۆنی خۆ شه‌رم مه‌كه‌،
تۆ زۆر له‌ هه‌ندێك یاسه‌مه‌ن جوانتری
*****************
بۆ مه‌رگێك مۆمی مردنی خۆ خه‌فه‌ بكا:
تۆ باپیره‌ی رۆشناییت
من له‌ باوكه‌ ده‌ریا بخوازه‌
تا ببمه‌ دایكی وردیله‌كانی گوڵه‌ گه‌نم و جۆ
****************
بۆ ژنێك به‌ فرمێسكه‌وه‌ داچه‌مێته‌وه‌ بۆ ده‌ستی تاریكی
له‌ یه‌كه‌م تێ سره‌واندنا وریابه‌
دواتر ده‌رباز ده‌بی
****************
بۆ بۆشاییه‌ك ده‌كه‌وێته‌ نێوان گۆڕی دایكێك و پێی كوڕه‌كه‌ی
كه‌مێك نێوچه‌وانت هه‌ڵبڕه‌
به‌لكو دووری شه‌رم دایبگرێ
*******************
بۆ دیوارێك سینگی ماندووی وێنه‌كان بووه‌
به‌ قووڵی هه‌ناسه‌ هه‌ڵكیشه‌
تا بۆنی هه‌ناسه‌بڕكێت بكه‌م
هه‌ناسه‌وه‌رگری ئاواره‌ بووان
*********************
بۆ زه‌دووییه‌ك له‌ نزیك قه‌سیده‌یه‌كه‌وه‌ ئاكنجی بووبێ
له‌ ده‌می نزیك مه‌به‌وه‌
ئه‌و دوایی منی تیایه‌
***********************
بۆ خه‌ونه‌ سپییه‌كانت، شیری زه‌مین تاڵ بووه‌
مه‌مكی شینه‌وه‌بوو گره‌و بۆ لێوێكی دی ده‌كا
نۆبه‌ره‌ به‌ رۆژوو له‌ شیر بڕابوویه‌وه‌
هه‌ڵزنانی راست نه‌ ترسنۆكی به‌ر كه‌ڵبه‌
*********************
بۆ نانێك به‌ پێوه‌ری راسته‌ به‌ر ته‌سككرابێته‌وه‌
تۆ كه‌مبارتری له‌ كونكه‌ره‌ و
مه‌زنێكی به‌ تواناتر له‌ چه‌قۆ
************************
بۆ دایكێك هه‌موو سپێدان گرینگی به‌ ته‌متومان ده‌دا
تا ئاسمان له‌ ده‌سته‌كانیا په‌رت و بڵاو ده‌بنه‌وه‌
خۆشه‌ویسته‌كه‌م سه‌ری دڵم بپلیشێنه‌وه‌
تاریكی لێی وه‌ڕس بووه‌
*******************
بۆ گورانیه‌ك ده‌گری كه‌ گوێم لێ ده‌گرێ
چونكه‌ دوا سروودی بووم

الوصایا الـ عشر
**
– لزهره‌ِ خشخاشٍ تنبتُ من بین أصابعِ شهید ,لاتخجلی من عگركِ , أنتِ أجملُ بكپیر من بعچ الیاسمین
***
لموتٍ یگفئُ شمعه‌ موته : أنت جدّ الچو‌و , اگلب یدی من أبی البحر , ڵاصیر أما لصغارالسنابل
***
لامرأه‌ٍ تحنّی بدموعها ید العتمه‌ , حاژری الصفعه‌ اڵاولی , بعدها ستنجوین
***
لفراغٍ یتوسّگ قبرَ أمّ وقدمَ ولدِها , ارفع جبینكَ قلیلا , لعلّ یستحی المدی
***
لجدارٍ تعبَ صدرهُ من الصّور , تنفّس عمیقاً , كی أشمَّ فی زفیركَ , شهیقَ الراحلین
***
لیرقاتٍ تسكنُ قرب القصیده‌ , لاتقربی فمها, فیه بقیّتی
***
لحلمكَ اللّبنی : صارَ حلیبُ اڵارچ مرّاً , الپدیُ اڵازرقُ مرهونٌ لشفاهٍ أُخر , الفگامُ
فصامٌ بكر , نهدُ الحقیقه‌ ولا چرعٌ بأنیاب
***
لرغیفٍ چاق ژرعاً بالمسگره‌ , أنت أقلّ شأنا من منقار , وأعڤم قدرا من سكین
***
ڵامی , كل الصباحات متهمه‌ بالچباب , حتی انقشاع السما‌و عن یدیكِ ,مسّدی رأس
قلبی یاحبیبتی , قد ملّ منه الڤلام
***
ڵاغنیه‌ٍ تبكی عندما تسمعنی , كونی نشیدهُ اڵاخیر..




*داهاتی نەوت و موچە! … شێرزاد وڵاتدۆست

لەگەڵ تیپەڕ کردنی چەند ساڵی پڕ قەیران و هاتنی ساڵی نوێ،هاوڵاتیان هەر لە چاوەڕێی تێپەڕاندنی باردۆخی پڕ قەیراناوی هەرێمی کوردستانن ، کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە ، لێ لەگەڵ تێپەرینی کات ئەم هیوا و ئومێدەواریە ڕوو لە کزبوون و نەمان دەچێت ، چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان لەوە دڵنیا بوون لە ژێر هەژموون و سێبەری دەسەڵاتێك کە خۆی بەرپرسی هەموو قەیرانەکانە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانگەلە نزیکە لە ئەستەم!
دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو گەرچی ئەوکاتە بە خاڵێکی وەرچەرخان و گرنگ دادەنرا بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبری کورد لە دەوڵاتی عێراقدا و بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرا بۆ باشترکردنی باری دارایی هاوڵاتیان و هەنگاونان بەرەو ئابوریەکی سەربەخۆ و نزیک بوونەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە باشوری کوردستان ، بەڵام ڕێک ئەم خەون و خەیاڵەی بریقەدارەی هەبوو پێچەوانەکەی بەدیهات کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین .
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەدواداگەڕان و دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان هەرزوو کۆمپانیا بچوک و زەبەلەحاکانی بواری نەوت لە هەموو جیهان بۆنی ئەم پاروە چەورەیان کرد و دڵنیابوون بەوەبەرهێنانی نەوت لە ژێر دەسەڵاتێکی خەرق بوو لە گەندەڵی دەهاتێکی زۆریان بۆ دەستەبەردەکات بە تێچو و ماوەیەکی کەم ، هەر زوو کەوتنە دەستێکەڵاو کردن لەگەڵ بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە و پێدانی بەرتیل(شرینی نەوت) بەمەبەستی هەرچی زیاتری دەستکەوتنی بلۆکی مەزنتری نەوت لە هەر سێ پارێرێزگای هەرێمی کوردستان، بۆیە کەوتنە خۆیان بۆ ئامادەکردنی گرێبەستگەلێک کە زۆرتین قازانج و بەرژەوەندی بۆ خۆیان مسۆگەر بکات و کەمترین داهاتیش بۆ حکومەت دەستەبەر بکات ، لەبەر وەگرتنی بەرتیل(شیرنی نەوت) و دڵنیابوون لە هاوبەشیان لە بەشێکی قازانجی ئەو کۆمپانیایەنە هەرزوو بەرپرسانی حزبی و حکومی کوێرانە کەوتنە ئیمزاکردن یەکە بەیەکەی ئەو ڕێکەوتنامە نەوتیانەی ، کە باردۆخێکی پر قیراناوی وەک ئەم ڕۆی لێ بەرهەمهات.
لێ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوە ئەم نەوتە لە بازاڕی جیهانی بە شێوەیەک کەس نەزانێت چەندە و بەچەند دەفرۆشێت بیریان لە ڕێگایەک کردەوە کەم زامنی ئەوەبێت ، هەربۆیە هەڵستان بەڕاکێشانی بۆری نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ، کە هەمیسان کەوتنە ژێرباری رێکەوتنێکی (50) ساڵی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک تورکیا ، بەجۆرێک زۆرتیرن دەستەبەری ئابووری بۆ ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی هەرێمی تێدابێت و داهاتێکی زۆری فرۆشراوی نەوەت لەمەشدا وونببێت.
لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوە بخەیەنە ڕوو ئاخۆ لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ و گۆڕینی باردۆخی ناوچەکە و بەرزتر بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاری جیهانی بە هۆی ڕێکەوتنی وڵاتانی ئەندام لە (ئۆپیک) لە سەر کەمترکردنەوەی بەرهەمهێنان ، چ کاریگەریەیەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیاتر بوونی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم یان دەبێ لە ئێستاوە ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەین کە خوودی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم درکاندی ، کە وتی نرخی بەرمیلی نەوت بگاتە 1 ملیۆن دۆلاریش قەیرانی دارایی چارەسەر نابێت ، بێگومان جەنابی زۆر ڕاستی فەرموو ، چونکە بەس خۆیی و دارودەستەکەی باش دەزانن داهاتی فرۆشراوی نەوت بۆ کوێ دەچێت و چۆن کێڵگە نەوتیەکانی ئەم هەرێمە هەرزان فرۆشکراون .
ئەگەر تەنیا حسابێکی سادە بکەین بۆ ڕێژەی فرۆش و ئەو داهاتەی بەدەستهاتوو تەنیا لە ڕێی فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگای بۆری هەرێم – تورکیا ئەوا ڕوون دەبێتەوە ، کە داهاتێکی زۆر و زەوەند بەدەست دێت و بەشی موچەی فەرمانبەران دەکات لەگەڵ داهاتاکانی تری هەرێم ، وەک زانراوە هەرێم لە ئێستادا ڕۆژانە سەررو (600) هەزار بەرمیل نەوتی خاو تەنیا لەڕێی بۆریەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکیا دەکات ، ئەگەر لە ڕۆژێک ئەم بڕە بەرهەمبێت بە لێکدانی 30 ڕۆژ و لێکدانی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک ، ئەوا (810) ملیۆن دۆلار دەردەچێت بۆ تەنها مانگێک ، هەرچەندە خەریکە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری ئەم داهاتە دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و نەوتی هەرێم بەنرخێکی کەم هەرزان فرۆش دەکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە داهاتێکی زۆرە و دەکرێت بە ئاسانی لەگەڵ داهاتەکانی وەک نەوتی فرۆشراوی بە تانکەر و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی تری ناوخۆیی هەرێم لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکرێت ، بەڵام بێگومان گەڕاندنەوەی جارێکی ترئەو داهاتە بۆ هاوڵاتیان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا نیە کە دەستیان بەسەر هەناردەکردن و فرۆشتی نەوت لە هەرێم داگرتووە ، چونکە لەڕێگایەوە داهاتێک یەکجار زۆر بۆ خۆیان و حزب و دارودەستەکایان فاراهم بووە و ڕۆژانە خەریکی پڕکردنی حساب بانەکیەکانیانن لە وڵاتانی تر و بەردەوام خەریکی بنیادنانی تەلار و کۆمپانیا و دەزگای میدیایی مەزنترن بە داهاتی نەوت ، هەروەها بەشێکی ئەو داهاتەشیان تەرخانکردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکەیان و دەمچەورکردنی ئەو کەسانەی کە هەردەم لە تیڤی و ڕۆژنامەکان خەریکی پیاداهەڵدان و ماستاوکردنن بۆیان.




٭ڕۆمانی”مای نەیم ئز زە لەیلا” بەریەککەوتن لەگەڵ دوو کلتوردا ن … درەو مهدی.

بیتا مەلەکوتی،ژنێک لە وڵاتێکی تەفرە دراو بە کلتورێکی ترادسیۆنەوە لە تەمەنی ۳۲ساڵیدا بۆ ناوجەرگەی مۆدێرنە کۆچ دەکات.
ئەم ژنە پاش بە جێهێشتنی سەر زەمینە ترادسیۆنەکەی خۆی بەرەو ئەمریکا،لەسەرەتاکانی سەدەی ۲۱ دا ڕۆمانی “مای نەیم ئز زە لەیلا”ئەنوسێت.
لەم ڕۆمانەدا وەک یەکەم ئەزموونی ڕۆمان نوسین”بیتا” ئەیەوێت گوزارشت لە تان و پۆی ئەو کلتورە ترادسیۆنە بکات کە لێوەی کۆچی کردووە و بەراوردی بکات بە ژیان لە ناو ئەو کلتورە فول مۆدێرنەی ئەمریکا کە کۆچی بۆ کردووە.
لەگەڵ ئەمەشدا نوسەر لەم ڕۆمانەدا، ئەیەوێت ئەوەشمان پێ بڵێت: ئەو سەرزەمینەی کە ئەم و پێش ئەمیش چەندەها مرۆڤی نیشتیمانەکەی خۆی “ئێران” کۆچیان بۆ کردووە، ئەوێش بە جۆرێکی تر و لە فۆڕمێکی تردا مرۆڤ تەفرە دەدات و لە ناو چەندەها گرفتی شێوە جیاوازدا غەرقی ئەکات.
ڕەنگە ئەستەم بێت بۆ نوسەرێک لەگەڵ یەکەم ئەزموونی ڕۆمان نوسیندا، پانتایی ڕۆمانێک بکاتە ستەیجی شانۆ بۆ نمایشی پێکهاتەی دوو کلتوری تەواو لێک جیاواز و دژ بەیەک.
لە بەرامبەر ئەمەدا پێم وایە خاتوو مەلەکوتی توانیویەتی شارەزایانە بە تەکنیکێکی نوێی جوان کە وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات”تەکنیکی سێ گێڕەرەوە”ی بەکارهێناوە، توانیویەتی پێکهاتەی ئەم دوو کلتورە لێک دژەمان بۆ نمایش بکات.
ڕوونتر بڵێین، ڕۆمانی “مای نەیم ئز زە لەیلا”ڕۆمانێکی قەبارە بچوکە بە قەبارەی ۱۲۸ لاپەڕە.
جێگەی ئاماژەیە ڕۆمانەکە لە نوسینی خاتونی نوسەری ئێرانی”بیتا مەلەکوتی”یە و وەرگێڕ “مەریوان هەڵەبجەیی” لە فارسیەوه بۆ کوردی وەرگێڕاوە.لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانەکە بە تەکنیکی جوان و نوێی سێ گێڕەرەوە لە پێکهاتەی ۱۷ بەشدا نوسراوە.

#دوو دیمەنی کورت لە ڕۆمانەکە:
یەکەم: شوێن[ئەمریکا]
” لە جادەیەکدام بەرەو باشور دەڕوات، بەرەو واشنتۆن دی سی،دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو جێیەی کە چەند ساڵ بوو تیای دەژیام.ئەو جێیەی بۆ یەکەمجار لەیلام بۆ برد.لەیلا خەونی ئەوە بوو کۆشکی سپی ببینێت”.ل 10.

دووەم: شوێن[ئێران]
فلاش باگ بۆ ژیانی ڕابردووی لە یلا لە ئێران:
“خانم بەیانی تاریکی هەموو ڕۆژێ،هەموو نیوەڕۆیەکی زۆر گەرم و هەموو ئێوارەیەکی ساردی نەگبەتی،من و ئەمیر عەلی برامی ناچار دەکرد نوێژ بکەین”.ل31.
“ئەو شەوەی ئەمیر عەلییان لە سێدارە دا،هێندە گریام کە بیرم نایە لە ژیانمدا هیچ کاتێکی تر وا گریا بم”.ل45.

# لەڕووی پێکهاتە سەرەکیەکانی ڕۆمانەوە:

-کات: هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو،دوای شۆڕشی 1979ی گەلانی ئێران+ سەرەتاکانی سەدەی 21 لەدوای ساڵانی 2000 و ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 لە ئەمریکا.
-شوێن: ئێران[شاری تاران]+ئەمریکا[شاری نیۆڕک،نیوجێرسی،مەنهاتن…هتد].

-ڕوداو: ڕوداوەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵانی 1979 لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە هێشتا شۆڕشی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە یەکجاری سیمایەکی ئیسلامی وەرنەگرتبوو،هێشتا وڵات بەرگێکی کۆنزەرڤاتیڤی [موحافیزکاری]نەپۆشیبوو.+ ڕوداوەکانی ناو ئەمریکا کە کارەکتەری “لەیلا” پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە و کارەکتەرەکانی تری وابەستەی لەیلا و دەوروبەری لەیلا توشی دەبن.

-کارەکتەر: [لەیلا، ناسر، یوسف، تانیا، ئەمیر عەلی”برای لەیلا”،خانم “دایکی لەیلا”….هتد]کارەکتەری سەرەکی.

[هەموو ئەو کەسایەتیانەی تر کە “لەیلا” لە ژیانی ڕۆژانەیدا لە ئێران و ئەمریکا توشیان دەبێت]کارەکتەری لاوەکی.
سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ئەزموون و کەسایەتی و ژیانی تایبەتی خودی نوسەر،لە چاو پێکەوتنێکدا کە وەرگێڕی ڕۆمانەکە”مەریوان هەڵەبجەیی” لەگەڵ خاتوو “مەلەکوتی”نوسەری ڕۆمانەکەدا ئەنجامی داوە، نوسەر دەڵێت:

“نوسینی ئەم ڕۆمانە بووە هۆی ئەوەی خۆم بدۆزمەوە هەر ئەو بیتایەی کە دەم ویست”
هەروەها دەڵێت:”خەمی غوربەت بۆ نوسینی ڕۆمانەکە زۆر بەکەڵکم هات،وەک بڵێی خۆم دەسوتام و وشەکانی ڕۆمانەکە یەک یەک دا دەگیرسان”

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا، خاتوو “مەلەکوتی”نوسەری ڕۆمانەکە ئەڵێت:”ئەزموونی تایبەتیم زۆر بەکەڵکم هات،
گەرچی لە ناو هەموو ئەو کەسێتیانەی کە نوسیومن و خولقاندوومن لە یلا دورترین کەسێتیە لە خۆمە وە و هەموو ڕوداوەکانیش خەیاڵین،بەڵام ئەزموونی کەسێتی خۆم وەک کەسێک کە لە حەفتاکاندا لە دایک بووە و شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕ و دژواری کۆمەڵایەتی لە ئێراندا دیوە و چیرۆکی کۆچی هاوڕێ و خزمان و ئازیزەکانی خۆی بیستووە و خۆشی کۆچی کردووە،ئەمانە زۆر یارمەتیدەرم بوون”.




پرۆژەی نوێی بەھمەن قوبادی بۆ منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو”

تاران ٢٨ دیسەمبەر (ZNA) ـ “بەھمەن قوبادی” پرۆژەی نوێی بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” پێشکه‌ش به منداڵانی کورد له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان کرد.

کۆمپانی “مژ فیلم” به به‌رپرسیاریی سینه‌ماکاریی کورد “بەھمەن قوبادی” پرۆژەیەکی نوێی بۆ یارمەتی منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” رێکخستووە، لە چوارەچێوەی ئەم پرۆژەیەدا زیاتر لە 240 جۆر ھۆنراوە و چیرۆک و شیعری کوردیی بۆ منداڵان بەرھەمھاتووە کە بێبەرامبەر بە سەر منداڵاندا دابەشدەکرێت.

“بەھمەن قوبادی” دەرھێنەری ناوداری سینەما ئاماژەی پێکردووە بە ھۆی کەمبوونی بابەتی شێعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان بە زمانی کوردیی بڕیاریداوە گروپێک بۆ کۆکردنەوە و بەرھەمھێنانی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی منداڵان پێکبھێنێت و کۆمەڵێک بابەت بۆ منداڵان بەرھەمبھێ
.
ئەم گروپە چەندین کەسی بەتوانای شاعیر، نووسەر، دەرووناسی، وەرگێر و شارەزای مۆسیقای لەخۆگرتووە کە ھەموویان لە لایەن بەھمەن قوبادییەوە ھەڵبژێردروان و دواتر دەستیان بە بەرھەمھێنان کردووە کە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی ئامادەیان کردووە زۆرتر لە 120 ھۆنراوە و 120 چیرۆکی تایبەت بە منداڵان کە بابەتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی تێیدا رێکخستراوە و بە شێوەی گۆڕانی و بابەتی شاد له‌گه‌ڵ مۆسیقا ئامادە کراوە، شایانی باسە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەم 240 بەرھەمە لە خۆ ناگرێت و لە داھاتوودا چەندین پاکەیجی دیکه لە درێژەی ئەو ئامانجانەمان ئامادە و بڵاودەکرێته‌وه.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە پێکھێنانی باروودۆخێکی شاد لە دەروونی منداڵانی کورد و گەڕانەوەیان بۆ دونیای منداڵی خۆیانە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچە جەنگییەکان و ھەژارنشینەکان (ئەم گوند و ناوچانەی دوورن لە خزمەتگوزاری) دەژین، ئامانجمانە ئەم بەرھەمانە بە دوورترین شوێن، ناوچە بێ خزمەتگوزارییەکان و منداڵانی گوندنشین و پەراوێزخراو بگات و لە ئامانجەکانی دیکه‌ی ئەم پرۆژەیە قەرەبووی کەمی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی تایبەت بە منداڵانە بە زمانی کوردی و ئەم پرۆژەیە دەستپێکێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە.

ھیوادارین ئەم پرۆژەیە بارودۆخێکی لەبار دروست بکات تا منداڵانی کورد لەگەڵ ھۆنراوە و چیرۆکی کوردی ئاشنا بن و ئەم پرۆژەیە رۆژێک ھیندە بەربڵاو بێت و گەشە بکات کە بزووتنەوەیەکی فەرھەنگی و پەروەردەیی بۆ منداڵانی کوردستان دروست ببێت.

بەھەمەن قوبادی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە ئاماژەی پێکرد: داوا لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ھەر پلە و پۆست و پیشەیەکدا خزمەت دەکەن بەتایبەت ئەو کەسانەی لە گوندە دوورەکان مامۆستا و یا پزیشک و یا خود بە ھەر ناونیشانیکی دیکه‌ن … و ھەروەھا ئەو کەسانەی لە کەمپەکان لەگەڵ ئاوارەکان پەیوەندییان ھەیە و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن لەم پرۆژەیەدا بەشداربن و بۆ بەڵاوکردنەوەی ئەم بەرھەمانە بە ھەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە یارمەتی بدەن و کۆپی بکەن و بەدەست منداڵانی بگەیەنن.

سینه‌ماکاریی کورد بەھمەن قوبادی له کۆتاییدا وتی دەستی ھەموویان ماچ دەکەم و مایەی خۆشحاڵیمە.

ھەروەھا جێگەی ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە بە بێ پشتگیریی مادی یا مەعنەویی ھیچ لایەنێکی کەرتی تایبەت و حکوومی تا ئێستا لەسەر ئەرکی “بەھمەن قوبادی” بەڕێوەچووە و بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کانی فەیسبوک و ئینستاگرام بە ناوی “بەھمەن قوبادی” و یا لە ماڵپەڕی www.mindalan.com بکەن.

ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی کە ئاماژەی پێکرا لە ماڵپەری تایبەت بە “منداڵانی ھەتاو” بە ناو و نیشانی www.mindalan.com و لە پەیجە فەرمییەکانی “بەھمەن قوبادی” لە سۆشیال میدیا (فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام) ھەر ھەفتە (5 گۆرانی و 5 چیرۆک) بڵاودەبێتەوە کە ھەموو میدیایەک و ھەر کەسێک بە بێ بەرامبەر دەتوانێت داونلۆدی بکات و دوبارە بە ھەر شێوەیەک بینراو، بیستراو و یا چاپکراو بڵاوی بکاتەوە، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی “منداڵانی ھەتاو” خاتوو “گوڵریز ئێحتیاتی” و خاتوو “روناک فەرەجی” دەتوانن پەیوەندیی بە ئادرێس ئیمەیلی mindalani.hataw@gmail.com بکەن.

مەنسوور جیهانی




دوو شیعر … سمکۆ ئەحمەد

جێ پێکانی مەکوژێننەوە

ئەو مناڵە حەزی لە چاوشارکێ یە
لە خەنەکی سلیمانی پالاسا
فیری وانەکانی عەشق بووە
مناڵە بیدەنگەکەی مەکتەبی ئەردەڵان
گەورە بوو نەك دوو دار
سێ جەنگیشی بینی
لە نێو تۆزو خۆڵەمێشی جەنگەکاندا
وێڵ بوو بەدوای گوڵی شین دا دەگەڕا
قوتابیەکی یافیع بوو
سەوزی لە بەهار دەردەکرد و
چاوی لە زەڵم جێ مابوو
جێ پێکانی مەکوژێننەوە
چی کۆڵان و گردۆڵکەی ئەم شارەیە
شەوانە گوێبیستی شیعرە مەستەکانی ئەون
چی باخچەو داری مل رووتە
چاوەڕێی دوا کۆپلەی ئەون

کێ ئەیووت عیرفان ؟
حەسیب ساڵح و خەنەکی یاری مناڵیت
دوا مەنزڵگەی ووشەکانت بن؟
ئەوانە کوا لە خەمی ئاسك و
گوڵەکانی لا ڕی دەگەن
عیرفان کە گەڕامەوە ئەمجارە
نەمدۆزیتەوە
ژێر گوڵە دەمەشێرەکانی حەووشەکەش گەڕام بۆت
نەمبینیتەوە
تەنها دار هەنارەکان بۆنی جارانیان لێدەهات
ژێر پرچی سنەوبەرە حەزینەکەش گەڕام بۆت
نەمدۆزیتەوە
شیعرە هەتیوەکانت بە فرمێسك
دێرەکانی خۆیان تەواو دەکرد
پوورەی هەنگی بیرەوەریم درزی بردو
هەنگەکانی بۆ شیللەی وووشەکانت
هانایان برد
تکام کرد لە باران جێ پێکانت لە کوچەو کۆلانەکانی شاردا نەکوژێنیتەوە
تۆ بڕۆو ئاوڕ مەدەرەوە
ئەم شارە زۆر تەسك بووە
چیتر جێگات ناکاتەوە
کات بۆ ماڵئاواییەکیش نەماوە
وەك ڕیشۆڵەکانی سلێمانی
بێ ئاوڕدانەوە بڕۆ
خۆت و پێکە شەرابەکەت
وا بایەکی وەشت بردی
خۆت ووتەنی پیاو بە مەستی جوانە
بۆیە تۆش بە جوانی مردی؟

————–

گەڕانەوە

وەرزەکان
هاتن و چوون
باڵندکان بە گژ ساڵەکاندا
فڕین و چوون
کەمەری نەمامەکانی
کەکاتی خۆی
بەکەمەری تۆ دەچون
ئیستا پیرو ئەستوور بوون و
لە ڕقی زەمانە ئەچن ..
ئەوانیش لەگەڵ خەون و تۆدا
بۆئەبەد چوون
وا سی و سێ ساڵ رابووردوە
بەسەر چوونم
گەڕامەوە ئازیزەکەم
بۆ کۆڵانی مناڵیمان
ئەو پەنجەرەی شەوانی هاوین
چکلێتم بۆ تێ دەگرتی
ئیستا قفڵێکی تۆزاوی شکاوە
لە قفڵی گۆڕەکەی دایکم دەچێ
ئەوانیش چوون
چوون …..چوون
هەبوون ….نەبوون
*****
ئیستاش ئەم کۆڵانە
بۆنی قاقای پیکەنینی
شەوانی سەربانی
تۆی لێ دێ
ئیستاش ئەم دارانە
بۆنی ماچی پایزانی
سی و سێ ساڵ
پێش ئیستای لێ دێ
هیچ شتێك لە جاران ناچێ
گلێنەی چاوی من نەبێ
هیچ شتی لە تۆ ناچێ
دارهەنجیرەکەی حەوشە نەبێ
کە دایم ئەمووت
ماچی شیلەی هەنجیری ئەو
هێندەی ماچی لێوی تۆ
شیرین نابێ
هەموی چوون و چوون
بۆنی گەردنی تۆ نەبێ
هەموو شەوێ ئەمخەوێنێ
ئەبێ تۆش وەکو من
چ کیشوەرێك قووتی دابێ ؟
یان ژنێکی پیری ئەو بازاڕەیت و
خۆتت لێم حەشار دابێ؟
ناتەوێ پیری خۆتم نیشان بدەی
تا خەونەکان وەکو جاران
لە شوێن خۆیان بخەوێنی
ئازیزەکەم
ئیستا ژیانێکی بێ خەون ئەژیم
تەنها خەونێك بوونی مابێ
گەڕانەوەی دووچرکەش بێ
لەوزەمەنا
هێندە بەش کات کە پێت بڵێم
دوای تۆ گوڵم زۆر کەسم ناسی
بەس هیچ کەسیان هێندەی تۆ
چرپەی دڵمی نەدەناسی ..!

سمکۆ ۲٠۱٦




زەنگیانەی ئاویی … فەتاح حەسەن

( رستی یەکەم )

( بسك )
ئەوساتەی کە:
دەڕوانیتە شەپۆلەکانی دەریایەك
کە، چۆن یەکتر دەخۆنەوە..
من، دەڕوانمە تیشکی خۆر
کە، چۆن سەما بە بسکت دەکا.
ئەی نازانی!
تاڵ تاڵی بسکی تۆ خانم
بۆ من شەپۆلی دەریایە.
( قەرز )
لە فەرهەنگی تۆدا
وشەی پێکەنین نەبوو
ئەمن فێری پێکەنینم کردی.
فێری فڕینم کردی و
پێش نیشتنەوەت،
چۆن باڵ وەردەیتە ئاوی کانییەك
رونتر لە چاوی قرژاڵ.
فێرمکردی
چۆن گوڵ بڕوێنیت لەجێی زام.
قەرزارمی ..
ئەمشەو قەرزەکانم دەوێتەوە
لەجێی گشت قەرزەکان
ماچم دەوێ .. ماچ.
( شەکەت )
ماندوبووم، هێندە پەنجەرەم
بەڕوی خەڵکیدا کردەوە
واوەیلا لە حاڵم،
لەم تاریکستانەدا
کەسێك نییە کڵاوڕۆژنەیەك
بەڕوی ئەم دڵە تەنگەمدا .. بکاتەوە.
( گەردون )
بزانە گەردون
چەندە دۆستمە !!
لە شەوی تاریك و نوتەکا
پریاسکەی خەمەکانم ونکەم
دەیکاتە رۆژی روناك و
بە پۆستەچی
پریاسکەکە
دەخاتەوە نێو سندوقی دڵم .
( شاگرد )
خەمی دڵی من
بە شیعر و چیرۆك ناڕەوێ
وشە بڵێ چی؟؟
نالی و مەحوی شاگردم بن
ئەمن ئەمڕۆ، نازانم
بڵێم چی؟!
( تەنها )
ئەمشەو
شەو، بە تەنها بەڕێدەکەم.
تا تەنیایی
جاڕس نەبێت بە تەنهایی.
تا تەنیایی، هاوڕێی من بێت
من تەنها نیم.
بەفیدات بم ئەی تەنیایی
کە تۆ لە من جاڕس نابی.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




حکومەتێکی بیست ئەمپێری … کامەران چروستانی


حەزرەتی نالی ئەفەرموێت: بێ بەرگییە عیلەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە.

لەگەڵ ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەموو ڕۆژێک زیاتر دڵنیا دەبمەوە, کە سەرجەم قەیران و کێشەکانی ئێستای کوردستان لە ساڵی (١٩٩١)ەوە دەستیان پێ کردووە نەک ئەنجامی ڕووداوەکانی دوو سێ ساڵەی ڕابردوو بن. بێگومان هەڵەی دەسەڵاتداران لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لەلایەن یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات و سەرجەم ئەو سەرکردانەی ئێستای گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش, کە لە ڕابردوودا لە بەرەیەکی دیکە بوون و کە لە گەمە سیاسیی و بڕیارە گەورەکاندا بەشدار بوون هۆکارن بۆ ئەوەی تاکی کورد لە ئێستادا ژیانی ڕۆژانەی لەناو کۆمەڵێک قەیران و گرفتدا بەسەر بەرێت.

پاێزگای سلێمانی بڕیاری ئەوەی داوە بۆ هەر ماڵێک تەنها بڕی بیست ئەمپێر کارەبا دابین بکات. هەر ئەم بڕیارەش بوو شیعرەکەی حەزرەتی نالی بەبیرم هێنایەوە, کە هۆکاری کێشەی چارەسەرنەکراوی کارەبا حکومەتی خۆجێی سلێمانی ناچار کرد بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدات. بەڵام ئەم بڕیارە چ پەیوەندییەکی هەیە بە مێژووی بیست و پێنج ساڵی دەسەڵاتی کوردییەوە؟

گەورەکردنی نائاسایی شارەکان و هاندانی کۆچکردن لە دێوە بۆ شار لە ماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا بەبێ ئەوەی بیر لە سیستمی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بکرێتەوە و پلانی “زانستی و واقیعی” بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە دابڕێژرێت، جگە لەوەش توێژینەوە بۆ توانا و سنوورە ئابوورییەکانی ئەم شارانە ئەنجام بدرێت هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ ئەوەی هاووڵاتی و حکومەت لە ئێستادا بکەونە ناو گێژاوێکی قەیرانی فرەلایەنەوە, کە قەیرانی کارەبا تەنها یەکێکیانە. خۆ ئەگەر ئەم هەڵە گەورەیە ئەنجام نەدرایە هەروەک چۆن دامەزراندنی نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە کۆی کەمتر لە پێنج ملیۆن دانیشتوانی هەرێم، ئەگەر حکومەتی کوردی هەمان ڕەوتی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی بگرتایەتە بەر بە هاندانی کۆمەڵگا بۆ نیشتەجێبوون لە دێهات و شارۆچکەکان لەوانەیە هۆکارێک بوونایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بیتوانیایە بە میکانیزمێکی جیاواز کێشەی کارەبایان چارەسەر بکردایە بە ڕەچاوکردنی کەمیی ژمارەی دانیشتووانی دێهات و شارۆچکەکان.

هاوکات ئەم بڕیارە گەلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

• ئایا پلانی درێژخایەنی حکومەتی کوردی چییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟ ئایا بڕیارێکی وەها نیشانەیەک نییە بۆ ئەوەی کە حکومەتی کوردی لە ئایندەیەکی کورتدا بیرۆکەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نییە و هەرێمی کوردستان دەبێت بەردەوام بێت لەناو چەندین هەزار موەلیدەی کارەبادا بمینێتەوە؟
• پاش پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران ئایا دەسەڵاتی کوردی گەیشتە ئەو ئاستەی کارەباشمان بۆ پاشەکەوت بکات, لە کاتێکدا هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەمان پلان لە بەرنامەیاندایە؟
• ئایا خانووی بەرپرس و خواوەندەکانی دەسەڵاتی کوردیش هەمان بڕیار دەیانگرێتەوە یاخود تەنها بۆ ڕەش و ڕووتەکەی کۆمەڵگایە؟
• ئایا ئەم بڕیارە دەستپێکێک نییە بۆ گەڕانەوەی سۆپای نەوت و غاز, عەلادین و بگرە زۆپای دار و نەوتیش؟
• ئایا بیر لەوە کراوەتەوە ئەم بڕیارە چەند کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە: لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە, هەرچەندە بەڕێوبەرایەتی کارەبا خۆی خاوەنی هەزاران کارمەندی هونەری و ئەندازیار وپسپۆرە بە پاساوی ئەوەی، کە بەهۆی نەبوونی موچە گەلێک لە کارمەندەکان کار ناکەن، بەڵام خۆ دەتوانن ئەو پارەیەی بۆ بەجێهێنانی ئەم پرۆژەیە ت بۆ کۆمپانیا تایبەتییەکە تەرخان دەکرێت، بدرێت بە موچە و پاداشت بۆ موچەخۆرانی بەڕێوبەرایەتیی کارەبای شارەکان.

بە هەر حاڵ یاریزانە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا هەمان یاریزانن, ئەگەر باس لە بار و دۆخی پێش ساڵی ٢٠٠٣ نەکەین، ئەوا حکومەتە کوردییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٥ جگە لە شکستهێنان شتێکی وەهایان بۆ کورد نەهێناوە, ئەگەر (زانستییانە) لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پلانەکان بکۆڵینەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە پەتە سەرەکییەکانی هەموو حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی کوردستان لەناو چوارچێوەی چەند کەسایەتییەکدا سنووردار کراون. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی سەرباری گۆڕینی حکومەتەکان بەڵام کۆمەڵگا هەر هێندەی ٢٠ ئەمپێرەکە خزمەتی لە حکومەتەوە پێ گەیشتبێت.
هەموو ئەو بارودۆخە نەگونجاوەی، کە هەنووکە کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە سەرکردەکانی کورد بوارێک ببەخشن بۆ ئەوەی هزرێکی نوێ بە بیرۆکەیەکی نوێوە شکست و قەیرانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستا چارەسەر بکات.




توركیا و سوریا و كورده‌كان .. خوێندنه‌وه‌ی دیمه‌نێكی شێواو … له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌/ هاوكار ڕه‌فیق ڕه‌حمان

هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی شۆڕشی سوریاوه‌، سه‌رزه‌مینی شام بووه‌ مه‌یدانێكی مه‌زن، بۆ جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی نێوان هێزه‌ هه‌رێمیه‌كان، به‌ جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان له‌ هه‌وڵداندا بوون بۆ وه‌گیرخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، له‌ ڕێگه‌ی پاڵپشتی و هاریكاری ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان.
هه‌ڵوێستی توركیا له‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشی سوریا له‌ سه‌ره‌تادا
هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ هه‌ڵوێستی توركیا ڕوونبووه‌ بۆ شۆرش و پاڵپشتی داخوازی و ویستی گه‌لی سوریا بووه‌، بۆ ڕزگاربوونیان له‌ زۆرداری و سته‌می تایفه‌گه‌ری، كه‌ سیمای ڕه‌فتاری ڕژێم بووه‌ بۆ چه‌ندان ساڵ.
توركیا ته‌نیا به‌ داواكردنی ڕۆیشتنی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، كه‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا ئه‌م خواسته‌ی ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵكو زیاتر و فراوانتر له‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌ستاوه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی هه‌موو پاڵپشتیه‌كی ڕامیاریی و سه‌ربازی بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كدار و لایه‌نگرانی، به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپا و ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د.

په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسلامی عه‌ره‌به‌كان

توركیا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ ئیسلامییه‌ عه‌ره‌به‌كان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی پۆلێن ده‌كات، ئیخوانه‌كان وه‌ك به‌شێك له‌ ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نێت، به‌م شێوه‌یه‌ بۆ توركیا ئاسایی و سروشتی بوو كه‌ مه‌یلی به‌لای پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیدا ڕۆیشت، وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت له‌ پاڵپشتیكردنی بۆ سوپای ئازاد، كه‌ ئیخوانموسلیمین زاڵبوون به‌ سه‌ریدا و كۆنترۆڵیان كردبوو.
سه‌ره‌رای ئه‌و پشتگیرییه‌ گه‌وره‌ییه‌ی (سوپای ئازاد) كه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌كرا، به‌ڵام به‌ لاوازی مایه‌وه‌ له‌ هێنانه‌دی سه‌ركه‌وتنێكی هه‌ستپێكراو “به‌رجه‌سته‌”، له‌ گۆڕه‌پانی سوریادا، له‌ كاتێكدا “داعش و به‌ره‌ی نوسره‌”، به‌ زاڵده‌ستی و كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه‌ مانه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌ن و پاڵپشتیه‌ی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری ئیسلامی” سوپای ئازاد” له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌نقه‌ره‌، به‌ پشتگیریكردنی ئه‌و ده‌سته‌ و گروپه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

11-11-2016 ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو

به‌رواری 11ئۆكتۆبه‌ری 2015، ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو له‌ مێژووی ململانێی سوریادا، چونكه‌ له‌م به‌رواره‌دا هێزێكی تازه‌ له‌ دایكبوو، كه‌ توانی هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ تایبه‌تیش هه‌ڵوێستی (توركیا) له‌مه‌ڕ بارودۆخی سوریا بگۆڕێت.
كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ش بریتیبوو له‌ ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراندنی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، كه‌ باڵێكی سه‌ربازییه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاوازی وه‌ك (سوری، عه‌ره‌ب، سریانی و توركمانی) له‌ هه‌ناوی خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌.
قه‌باره‌ و توانای هێزه‌كانی سوریای دیموكرات
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا، زیاتر له‌ (27) لیوای سه‌ربازی و باڵی چه‌كداری گرته‌خۆی، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی قورس و زه‌حمه‌ت بوو بۆ هاوكێشه‌ی سوریا، دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش پاڵپشتیه‌كی گه‌وره‌ی لێكرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ڕۆژئاواییه‌كان بە شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مه‌شقیان پێكردن، به‌م چه‌شنه‌ توانیان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد سه‌ركه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ستبهێنیت، له‌ ڕزگاركردنی چه‌ندین شاری سوریا له‌ژێر ده‌ستی ڕێكخراوی داعش، كه‌ دیاریترینیان (كۆبانێ “عین عرب” و منبج) بوون.

هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ دژایه‌تی كردنی كوردانی سوریا

له‌ دوای زیادبوونی ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد له‌ سوریا و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی “هێزه‌كانی سوریای دیموكرات”، ترسی هێزه‌ هه‌رێمیه‌كانی ورژاند له‌ سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ توركیا، هه‌ر بۆیه‌ توركیا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌وته‌ تۆمه‌تباركردنی كورده‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌ دوای ڕزگاركردنی منبیج، ڕایگه‌یاند كه‌ كورده‌كان هه‌وڵیانداوه‌ واقیعێكی نوێی دیموگرافی بسه‌پێنن له‌م شاره‌دا، به‌م مه‌به‌سته‌ش به‌زۆر دانیشتووه‌ عه‌ره‌به‌كانیان ناچار به‌ كۆچكردن كردووه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كوردی به‌رده‌وام بێمه‌نه‌تی و بێتاوانی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئاماده‌یی خۆیشی پیشانداوه‌ بۆ قبوڵكردنی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كان.
هه‌روه‌كو چۆن توركیا هه‌وڵیداوه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ و له‌باربردنی ماڵی كوردی، له‌ ناوه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ (مه‌سعود بارزانی)پته‌وكرد، هه‌روه‌ها كه‌وته‌ پشتگیریكردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردی، دژ به‌ پارتی یه‌كێتی كوردستانی (PYD).

توركیا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی ڕووسیا

دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا، ئه‌ردۆگان كه‌سی نه‌دۆزیه‌وه‌ كه‌ هاوسۆزی بۆی هه‌بێت، بێجگه‌ له‌ “ورچی ڕوسی- الدب الروسی” كه‌ مه‌به‌ست لێی “پوتین”ه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان كه‌وتنه‌ ئاراسته‌كردنی ڕه‌خنه‌ و ئاگارداركردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ سیاسه‌ته‌ تۆڵه‌ستێنه‌كانی، به‌رامبه‌ر به‌ كوده‌تاچیه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی توركیای هاندا بۆ ئاماژه‌دان و لێدواندان به‌ تێوه‌گلانی “واشنتۆن – ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا” و هێزه‌ خۆرئاواییه‌كان به‌ پاڵپشتیكردنی كوده‌تا.
هه‌ڵوێستی ڕوسیا به‌رامبه‌ر كوداتاكه‌، به‌سته‌ڵه‌كی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆی توانده‌وه‌ و یوو به‌ پاڵنه‌ری ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ببینێته‌وه‌ له‌ ئامێزی “ورچی ڕووسی – پوتین”، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ پشتگوێخستن و فه‌رامۆشكردنی هه‌موو ئه‌و ناكۆكی و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌رییانه‌، كه‌ نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا بوونی هه‌بوو، كه‌ به‌ هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌یه‌كی ڕووسی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ سنوری سوریادا ڕوویدا.
نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و ڕوسیا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر دۆخی سوریا هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی مۆسكۆ به‌ یاریكه‌رێكی به‌هێز داده‌نرێت له‌ ڕووداوه‌كانی سوریادا، كه‌ خاوه‌نی په‌یوه‌ندیی و ده‌ستڕۆیشتووییه‌ له‌ سه‌ر ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن به‌ ته‌واوی ئاراسته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌.

كاریگه‌رییه‌كانی حه‌سه‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵوێستی توركیا

دوای چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پوتین له‌ گه‌ڵ ئه‌ردۆگان و ڕاگه‌یاندنی لوتكه‌ی ڕووسی و توركی وئێرانی، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ شاری “حه‌سه‌كه‌” له‌ نێوان سوپای ڕژێم و هێزه‌ كوردییه‌كان ڕوویدا، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌وه‌ی وه‌سف ده‌كرێت به‌ ” ئاشتی سارد” له‌ نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ و ڕێكه‌وتنێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوی ڕژێمی سوریا به‌ رێگه‌پێدان به‌ دروستكردنی هه‌رێمێكی كوردی له‌ باكوری سوریا، به‌ شێوه‌ی حوكمی زاتی ( خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ ڕۆژئاوا).
ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ی “حه‌سه‌كه‌” پاڵنه‌رێكبوون بۆ گۆڕانكاری له‌ هه‌ڵوێستی توركیا و ملكه‌چبوونی بۆ ڕووئیا و ستراتیژی ڕوسیا بۆ چاره‌سه‌ركردی قه‌یرانی سوریا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پشتگیری مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی كرد له‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕژێمدا ، ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی به‌دیار كه‌وت له‌ لێدوانه‌كانی “یه‌ڵدریم – سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا”، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار وایدانا كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د كێشه‌ نیه‌ و به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ڕوئیای توركیابوو له‌ كاتی به‌رپابوونی شۆڕشی سوریا له‌ ساڵی (2011)دا.
به‌م پێیه‌ ڕژێمی توركیا هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و لایه‌نگرانی له‌ حه‌له‌ب كشانده‌وه‌ و گواستنیه‌وه‌ بۆ شاری جرابلس له‌ سه‌ر سنوری سوریا و توركیا، وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ ڕزگاربوونیان له‌ (داعش).
سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ كوردییه‌كان و ده‌ركردنی ڕژێمی سوریا له‌ حه‌سه‌كه‌ و كۆنتڕۆلككردنه‌وه‌ی، بووه‌ هانده‌رێك بۆ توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌ باكوری سوریا و جوڵه‌پێكردنی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌وه‌ی ناسرابه‌ ( قه‌لغانی فورات)، له‌ پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی داعش و ڕێكخستنه‌كانی چه‌كداره‌ كورده‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا به‌ رێكخستنی تیرۆریستی ناویان ده‌هێنێت، “به‌ پێی ڕاگه‌یاندراوێكی توركیا”.

توركیا ناتوانێت ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ بكات

به‌دڵنیاییه‌وه‌ توركیا ناتوانێت هه‌ڵبستێت به‌ هه‌نگاوی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی زه‌مینی له‌ سوریا، به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا و به‌رپرسانی فه‌رمی مۆسكۆ و تاران، مه‌به‌ست و تێڕوانینی دیمه‌شق به‌ ئیدانه‌كردنی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا، ته‌نیا یه‌ك لێكدانه‌وه‌ له‌ خۆده‌گرێت، كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ ڕێكه‌وتنێكی ڕوون و ئاشكرا كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت له‌ نێوان هه‌ردوو لاینه‌كه‌دا بكرێت.
به‌م پێیه‌ ده‌ستوه‌ردانی سوپای توركیا له‌ سوریادا، سه‌ركه‌شییه‌كی ناڕێكخراو وناپه‌سه‌ندی ئه‌ردۆگانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی قورسه‌ بۆ سوپای توركیا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێَكدا هه‌تا ئێستا شۆكی (15)ی ته‌مووزی به‌سه‌ره‌وه‌ ماوه‌.
كورده‌كان و كاریگه‌رییان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌
پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ كۆتایی پێهێنانی “پارتی یه‌كێتی كوردستانی – PYD” له‌ باكوری سوریادا، كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان پێشبینی بۆ كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌تی توركیا نزیكه‌ی (30)ساڵه‌ شكستیخواردووه‌ له‌ كۆتایپێهێنانی “پارتی كرێكارانی كوردستان –PKK”.
ده‌كرێت ئه‌و بیانوویه‌ی توركیا قبوڵكراوبیت، له‌ ترسی ده‌ستڕۆیشتوویی كورد و خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ توركیا چۆن پشتگیری “حكومی زاتی – خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” كورده‌كانی عێراق كرد و به‌ڵام دژ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ویستی كورده‌كانی سوریا له‌ هێنانه‌دی ئه‌م خه‌ونه‌یاندا ؟!
له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ فكره‌ی كۆتاییپێهێنانی كورده‌كان، له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌یاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ (سایكس بیكۆ)دا ڕوویدا قابیلی دووباره‌ بوونه‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی كورد له‌و به‌ندكدنه‌ گه‌وره‌ییه‌ی هاته‌ده‌ره‌وه‌ و په‌یبرد به‌ هێزی خۆی، هه‌روه‌ها بووه‌خاوه‌نی دانپیانانی نێوده‌وڵه‌تی،، به‌ده‌ر له‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌قامگیربوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ نده‌ به‌ دانپێدانانی مافی كورد به‌ پێی ستراتیژییه‌ك كه‌ ڕه‌چاوی سروشت و ناوچه‌ و بارودۆخ و تایبه‌تمه‌ندی و مافه‌ مێژووییه‌كانی بكات.

——————————
نوسینی/ محسن عوچ الله‌ – گرنگیدان به‌ كاروباری جیهان و قه‌یرانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دۆسیه‌ی كورد و ئیسلامی سیاسی و جیهادی.

سه‌رچاوه‌/ زه‌مانی توركی
http://www.zamanarabic.com/category/recent/




حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان خراپترین نمونه‌ی حكومڕانی كردنه‌ … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌درێژی هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژووی سیاسیی له‌ باشوری كوردستان خراپترین نمونه‌ی حكومڕانی پێشكه‌ش كردووه‌.
پێویسته‌ خه‌ڵكی له‌وه‌ تێبگات ته‌نها ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌یه‌كی شكستخواردوو نیه‌ به‌ڵكو كابینه‌كانی پێشوتریش به‌پێی هه‌موو پێوره‌كان خراپترین جۆری فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان پێشكه‌شكردووه‌.
سیاسه‌ته‌ كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ درێژكراوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی كابینه‌كانی تره‌ و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ن و گوزه‌رانی هاوڵاتیانیان تێك داوه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ن كه‌ له‌ كابینه‌كانی تر ئه‌نجامدراون.
هه‌ندێك له‌م قه‌یرانانه‌ به‌ به‌رنامه‌ دروست كراون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاووڵاتیان سه‌رقاڵ بن به‌و قه‌یرانانه‌و دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی به‌ر پرسانیان بیر بچێته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی رابردوودا كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌ت كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ ململانێدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن زۆر ترین داهات به‌ ده‌ست بیه‌ نن له‌ داهاتی گشتی كه‌ موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ریمی كوردستانه‌.

پێویسته‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ تێبگات نابێت چاوه‌ڕێی باش بوونی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌ مانه‌وه‌ی به‌ نده‌ به‌ دروست كردی قه‌یران بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن درێژه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وای خۆیان بده‌ن.
ئه‌وان به‌ دروست كردنی قه‌یرانه‌كان خه‌ڵكی ناچار ده‌كه‌ن كه‌به‌به‌رده‌وامی سه‌رقاڵ بن و نه‌یان په‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بیر بكانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی و ئه‌و ناعه‌دالیه‌تیانه‌ی كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دروستی كردووه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و ده‌یكات بڕواناكه‌م له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ بوونی هه‌بێت.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵانه‌ی هه‌رێم به‌به‌رده‌وامی سوكایه‌تی به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌فی مرڤی كورد ده‌كه‌ن و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شكۆمان بشكێنن ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ فه‌رمانڕه‌وای دروست كار بۆ به‌ر ز كردنه‌وه‌ی شكۆی هاونیشتیمانیه‌كانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ئاستی جیهان تاكه‌كانی ڕێزی لێبگیرێت.

ناكرێت و نابێت چاوه‌ڕێی باش بوونی باردۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌م پیاوه‌ سیاسیه‌ بچوكانه‌ بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م پیاوه‌ سیاسیانه‌ بوون شه‌ڕی برا كوژیان به‌ خه‌ڵكی كردو به‌ هه‌زاران گه‌نجیان كرده‌ قوربانی و دواتر له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ، ووڵاته‌ زلهێزه‌كان كۆیان كردنه‌وه‌.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ مێژوویه‌كی خراپی هه‌یه‌ له‌ سوكایه‌تی كردن و به‌تاكه‌كانی خۆی بۆیه‌ ئاینده‌یه‌كی باش هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ناكات.
هه‌میشه‌ هیوا خواز بووین كه‌ ده‌ستاو ده‌ست كردنی كردنی ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌ی كه‌ تیایدا ده‌ژین به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتی خوازانه‌و دیموكراسانه‌ بێت و دور بێت له‌ هه‌موو كارێكی توندو تیژی و نامرۆڤانه‌ به‌ڵام بوونی هێزی چه‌كدار له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ مان پێده‌ڵێت كه‌ چاره‌نوسی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ سوریا و لیبیا باشتر نابێت .

ئه‌م پیاوه‌ سیاسیه‌ بچوكانه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ وا باوشیان به‌ كورسیه‌كانیاندا كردووه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌ست به‌رداری نابن و له‌ ومێژووه‌ خوێناویه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌مان به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان بكه‌نه‌ هاوڵاتیانی خۆیان و شاره‌كانمان خڵتانی خوێن بكه‌ن.
ئه‌م شێوازی دروست كردنه‌ی قه‌یرانه‌ كه‌ سه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم پیاده‌ی ده‌كه‌ن بریتیه‌ له‌ پیاده‌كردنی سیاسه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی نائه‌خلاقی و نا به‌رپرسانه‌ وه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات بوه‌ ستێنرێن .
له‌كۆتایدا پێم وایه‌ باشترین ڕێگه‌ بۆ وه‌ستانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆره‌ گه‌نده‌ڵه‌ مرۆڤ كوژه‌ ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ كورده‌كانی ئه‌وروپا ده‌ست بكه‌ن به‌ درست كردنی گروپی فشاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ووڵاته‌ زلهێزه‌كان سنورێك بۆ ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ دابنێن وله‌وه‌ زیاتر سووكایه‌تی به‌ شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد نه‌كرێت و كاره‌ چه‌وته‌كانیان سنوردار بكرێن.




نه‌بوونی پیاوی ده‌وڵه‌ت و سه‌ركرده‌ی مێژوویی له‌ناو كورده‌كان … كاروان ته‌یب

له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست توانیان ده‌وڵه‌تی خۆیان دروستبكه‌ن به‌ڵام كورد به‌هۆكارگه‌لی جۆراوجۆر ئه‌و هه‌لی له‌ده‌ستخۆی دا، یه‌كێك له‌وانه‌یش نه‌بوونی سه‌ركرده‌ی مێژووییه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كوردستانی عیراق.
له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی ده‌ركه‌وتن، له‌وانه‌ دیارترینیان هه‌ریه‌كه‌ له‌ مسته‌فا بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بوون پاشانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا و چه‌ندینی تر. ئه‌مانه‌ له‌ ساڵانی شه‌سته‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی دژایه‌تی كردنی یه‌كتر بوون ئه‌وه‌نده‌ نه‌ئه‌په‌رژانه‌ سه‌ر خه‌باتكردن له‌ پێناو مافه‌كانی كه‌لی كورد. تا له‌ ساڵی 1975 به‌ته‌واوی به‌هۆی نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی مێژووییه‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی عیراق بكات “شوڕشی ئه‌یلول” كۆتایی پێهات. له‌و رووه‌شه‌وه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی وه‌ك مه‌حمود عه‌سمان ئه‌ڵێت:” سه‌لماندمان كه‌ قیاده‌یه‌كی فاشلین بۆیه‌ شۆڕشی ئه‌یلولمان كۆتایی پێهینا، ئه‌گه‌ر نا خۆ ئه‌مانتوانی هیچ نه‌بێت تۆزێ‌ ته‌قوتۆقێك بكه‌ین.”

له‌دوای دروسبونی یه‌كێتی و قیاده‌ موئه‌قه‌ته‌- پارتی دوای نسكۆی شۆڕش- و چه‌ند حیزبێكی تر له‌دوای ساڵی 1975 ه‌وه‌، ئه‌و پارته‌ سیاسییه‌ چه‌كدارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دارده‌ستی ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بوون و شه‌ڕ و ململانێی یه‌كتریان ئه‌كرد ئه‌وه‌نده‌ فریای ئه‌وه‌ نه‌ئه‌كه‌وتن خه‌بات له‌ دژی رژێمی به‌عس له‌ عیراق بكه‌ن. ئێران له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران-عیراق هه‌موو حزب و رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌كانی كوردستانی عیراقی خسته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاریئه‌هێنان. دواتریش له‌سه‌رده‌می ئه‌نفالدا كه‌ سه‌دام هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ ئه‌نجامدانی”كۆتایی هێنان بوو به‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد”، له‌سه‌دا نه‌وه‌دی لادێكانی كوردستان رووخێنران و خه‌ڵكه‌كه‌شیان ئه‌نفالكران و راگوێزران كه‌ پشتوپه‌نای حزبه‌ كوردییه‌كان بوون. له‌مه‌یشدا ئه‌وه‌ی ماڵی وێران بوو خه‌ڵكی لادیكانی كوردستان بوون. چونكه‌ رژێمی عیراق “تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ هاوكاری بزوتنه‌وه‌ چه‌كداره‌ییه‌كانی كوردیان كردوه‌”. له‌م كاته‌یشدا هه‌رچی سه‌ركرده‌ و مه‌سئولی حیزبه‌كان بوون خۆیان قوتاركرد و رۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تا دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان راپه‌ڕینی كرد و حكومه‌تی عیراق به‌ته‌واو له‌ كوردستان راماڵی، ئینجا هاتنه‌وه‌ سنگی خۆیان ده‌رپه‌ڕاند. هه‌ربۆیه‌ جارێكیان باسی مه‌زڵومییه‌تی كوردم بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆم له‌ فه‌ڕه‌نسا كرد، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا پێی وتم ئه‌گه‌ر نه‌بوونایه‌تە دارده‌ستی وڵاتانی دراوسێ‌ ئه‌وا له‌و باوه‌ڕه‌نیم جینۆساید بكرانایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ (كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌).”
كاربه‌ده‌ستانی كورد، دوای راپه‌رینیش ئه‌و ماڵوێرانییه‌یان به‌سه‌ر كوردا هێنا، هه‌ر له‌ شه‌ڕی ناوخۆ و تاڵانكردنی وڵات تا رۆژمان گه‌یشته‌ تاڵانكردنی سامانی ژێرزه‌وی: نه‌وت و گاز.

له‌دوای 2003 جه‌لال تاڵه‌بانی رۆیشته‌وه‌ به‌غدا و زیاتر خواستی ئه‌وه‌ بوو پۆست له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت. مه‌سعود بارزانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان مایه‌وه‌. تاڵه‌بانی تا ئه‌وكاته‌شی كه‌ نه‌خۆشكه‌وت ته‌نها بۆ سه‌ردان ئه‌گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان، چونكه‌ سه‌رۆكی عیراق بوو، هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی ئاشتكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌عیراقییه‌كان بوو. هه‌رچی مه‌سعود بارزانیشه‌ له‌ 2005 ه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، به‌ڵام زیاتر له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ستڕۆیشتو و ده‌ستكراوه‌یه‌ كه‌ پێی ئه‌ڵێن زۆنی زه‌رد، ئه‌گه‌ر نا به‌پێی ئه‌زمون له‌ماوه‌ی 11 ساڵی رابردودا بینیمان كه‌ له‌ناوچه‌ی سه‌وزو نیلی ده‌سه‌ڵاتی نییه‌. ئه‌مه‌یش بۆ دوو هۆكار ئه‌گه‌ڕێـته‌وه‌، یه‌كه‌م بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵسوكه‌وت وه‌ك سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌كات ئه‌وه‌نده‌ كارناكات بۆ هه‌رێمێكی كوردستانی یه‌ك ئیداره‌، خۆیشی له‌وه‌ ئه‌چێت پێی باش بێت هه‌ربۆیه‌ هیچ ده‌سپێشخه‌ریه‌كی جدی ناكات بۆ رێخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كوردی له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڕوخانی ته‌واوه‌ته‌تییه‌.

تاڵه‌بانی هه‌ر زوو رۆیشته‌ به‌غداد هه‌رگیز نه‌بوو به‌ پیاوی ده‌وڵه‌ت و سه‌ركرده‌ی مێژویی بۆ كورد. هه‌وڵه‌كانی هیچ به‌رهه‌مێكی وایان نه‌بوو بۆ كوردستان تا كیانێكی سه‌ربه‌خۆ دروست بكات و به‌و شێوه‌یه‌ ژیانی سیاسیی كۆتایی هات كه‌ بینیمان. هه‌رچی نه‌وشیروان مسته‌فایشه‌ به‌هه‌ما شێوه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌ پیاوی ده‌وڵه‌ته‌و نه‌ سه‌ركرده‌ی مێژوویی.
هه‌رچی مه‌سعود بارزانیشه‌ تا ئێستا له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتی گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌، هه‌موو روداوه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ئه‌ده‌ن كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێـته‌ پیاوی ده‌وڵه‌ت و ناشبێت به‌ سه‌ركرده‌ی مێژوی چونكه‌ ناتوانێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بۆ كورد دروستبكات كه‌ هه‌میشه‌ ریكلامی بۆ ئه‌كات.

به‌رای من هیچ كات كورد ناتوانێت ده‌وڵه‌ت دروستبكات ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی مێژویی یان پیاوی ده‌وڵه‌تی وه‌ك جۆرج واشنتن له‌ ئه‌مریكا، ئه‌تاتورك له‌ توركیا نوێ، شارك دو گۆل له‌ فه‌ڕه‌نسا، پسمارك له‌ ئه‌ڵمانیا، عه‌بدولعه‌زیز ئال سعود له‌ سعودیای نه‌بێت. كه‌واته‌ دروستبونی ده‌وڵه‌ت ئێستا له‌ كوردستانی عیراق ته‌نها قسه‌یه‌و هیچی تر. به‌گشتی سیاسییه‌كان له‌ كوردستان سه‌ركرده‌ی حیزبێك، بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان گروپێكن. هیچ سه‌ركرده‌یه‌كمان نییه‌ له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین نفوزی هه‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌یشدا ده‌وڵه‌تێك دروست نابێت ناوی كوردستان بێت. هه‌میشه‌ سورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان (كه‌ ئه‌و كاته‌یش هه‌ربه‌هۆی نه‌بوونی سه‌ركرده‌ی مێژووییه‌وه‌ دروستنه‌بوو) دروستبكرایه‌ ئێستاهه‌ر كورده‌كان خۆیان كردبوویان به‌ چه‌ندین پارچه‌وه‌.

Karwantayib@gmail.com




مێژووی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ كوردستاندا ژیلوان … شۆڕش محمدصاڵح

له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا چه‌ندین ته‌وژم و پارتی ئیسلامی بوونیان هه‌یه‌، وێڕای چه‌ندین خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌و ته‌وژم و پارتانه‌دا،هاوكات هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی دیدو بۆچون و بیروڕاو تێڕوانینی جیاواز به‌ خۆیانن، هه‌ریه‌ك له‌و پارتانه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێ‌ ڕابردوودا به‌ شێك بوون له‌ ڕه‌وششی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان شان به‌ شانی پارته‌ عه‌لمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌كان تێكۆشان و له‌ سه‌نگه‌ری خه‌باتدا بوون بێگومان ئاماده‌ی و بوونی ڕه‌وتی ئیسلامی تایبه‌ت نیه‌ به‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستانن به‌ڵكو ئه‌و دیاده‌یه‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌و ته‌واوی جیهانی گرتۆته‌وه‌.
به‌ڵام مێژووی ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌مین ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوا به‌دوای نه‌فی كردنی (شێخ مه‌حمودی حه‌فید) بۆ هندستان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌، هاوكات حزبێك دروست بوو به‌ناوی (حیزبی ئیسلامی كورد) هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ ڕواڵه‌ت و ناوه‌ڕۆكدا له‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌واو جیاوازبوو. ته‌نها له‌ڕوانگه‌ی ئیسلام بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ بووه‌، كاركردنیان ته‌نها په‌یوه‌ست بوو به‌دانانی چه‌ندین كۆسپ و له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ئینگلیزه‌كان به‌ مه‌به‌ستی دژایه‌تی ئینگلیزه‌كان دروست بوو له‌ سلێمانی داوایان ده‌كرد ئینگلیزه‌كان ده‌ست نه‌خه‌نه‌ كاروباری كورده‌وه‌ ، ئه‌ندامه‌ به‌ژدار بووه‌كانی ئه‌م پارته‌ ئیسلامییه‌ بریتی بوو له‌ پیاوانی ئاینی و عه‌شایه‌ری بوو هاوڕێیانی شێخ مه‌حمودو كۆمه‌ڵێكه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌كورده‌كانی سوپای عوسمانی له‌وانه‌(عه‌باس مه‌حمود ئاغا،سه‌ید عه‌بدوڵا سه‌ید حه‌سه‌ن ، سه‌ید مه‌حمود موقتی، كه‌ریم به‌گ، فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ند،ئه‌حمه‌د به‌گی سه‌عید به‌گ ،ئه‌حمه‌د ته‌قین تاهیر ئه‌فه‌ندی،ئه‌مین ئه‌فه‌ندی)

ئه‌گه‌ر به‌وردیش باس له‌ دروست بوون و سه‌رهه‌ڵدان و ڕه‌وتی ئیسلامی بكه‌ین له‌ كوردستان ، ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای دروست بوونی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ عێراقدا،به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ عێراقه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ كوردستان، ئاشكرایه‌ سه‌ره‌تا و ده‌ست پێكردنی كاری ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی (ئیخوان مسلیمین)له‌ ساڵی 1928 له‌ سه‌ر ده‌ستی شێخ (حه‌سه‌ن به‌ننا) له‌ سه‌ره‌تای چله‌كانیشه‌ به‌نناو هاوه‌ڵه‌كانی له‌هه‌وڵدا بوون په‌یامه‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ ته‌واوی ووڵاتانی ئیسلامی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بوو به‌ عێراق حه‌سه‌ن به‌ننا له‌ ساڵێ‌ 1943 هه‌ریه‌ك له‌ (حسێن كه‌ماله‌ دین و محه‌مه‌د عه‌بدول حه‌مید ئه‌حمه‌د) ی ڕه‌وانه‌ی عێراق كرد تاوه‌كو لقێكی (ئیخوان مسلیمین)دروست بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر چی ئه‌و دوو نێردراوه‌ی (ئیخوان مسلمین)بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌و زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌گه‌رێت و په‌یوه‌ندی به‌زۆر كه‌سایه‌تیشه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێئه‌نجام ده‌بێت و كه‌ده‌ش گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌شڵێت:( عێراق جێگه‌و ڕێگه‌ی بانگه‌وازی ئێمه‌ نیه‌و ئه‌وێ‌، واته‌ عێراق ،بۆ ئه‌و كاره‌ی ئێمه‌ ده‌ست نادات ) دواتر (ئیخوان مسلیمین) له‌ رێگه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف و شێخ ئه‌مجه‌د زه‌هاوی و نزامه‌دین عبدالحمید ) له‌ عێراق بانگه‌وازه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن و له‌وێشه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆناو كوردستان.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ عێراق له‌ ساڵێ‌ 1939 كۆمه‌ڵێك قوتابی ڕه‌وانه‌ی (جامیعه‌ی ئه‌زهه‌ر)كرد بۆ خوێندن، محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف یه‌كێك بوو له‌ كۆمه‌ڵه‌ قوتابیه‌و له‌وێ‌ به‌بیری ئیخوان مسلیمین ئاشنا ده‌بێت .
به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق دوا گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ موسڵ هه‌وڵده‌دات به‌هاوكاری (عه‌بدوالرحمان سه‌ید محمودو عبدالرحمان مه‌حمود ره‌حیم)كه‌ دووبازرگانی شاره‌كه‌ بوون،لقێكی ئیخوان مسلیمین بكاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌ش سه‌رناگرێت جارێكی تر له‌ساڵی 1943 محه‌مه‌د مه‌حمود سه‌واف له‌ سه‌ر خه‌رجی مسته‌فا سابوون چی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێكی شاری موسڵ بوو ده‌چێته‌وه‌ بۆ میسر بۆ ته‌واوكردنی خوێندن دوای ته‌واوكردنی خوێندنیش له‌ ساڵی 1946 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق و بانگه‌شه‌ بۆ بیری ئیخوان ده‌كات دواتر له‌ 22ی ئابی 1946 دا (كۆمه‌ڵه‌ی ئادابی ئیسلامی )داده‌مه‌زرێنێت پاشان له‌ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د زه‌هاوی(كۆمه‌ڵه‌ی برایانی ئیسلامی)داده‌مه‌زرێنێت.
گواستنه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی بۆ كوردستان.

ئه‌و جاوبیكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامانه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ محمد محمود سه‌واف و ئه‌مجه‌د زه‌هاوی به‌ زاناو رۆشنبیرانی كورد,له‌وانه‌ (مه‌لا سالح عبد الكریم ومه‌لا عوسمان عبد العزیز) له‌ شاری هه‌له‌بجه‌,كه‌ ئه‌و كات ناوبانگی ده‌ركردبوو له‌ زۆربه‌ی خوێندنگا شه‌رعیه‌كان,به‌ تایبه‌تی خوێندنگای بریس و كانی ئاشقان و ئه‌و خوێندنگایانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ مزگه‌تی باشاو شافحی بوون و ناوه‌ندی دیراساتی ئیسلامی و به‌یمانگای ئیسلامی و جه‌نده‌ها خوێندنگای شه‌رعی له‌ بیاره‌ و ته‌وێله‌ و ئه‌حمه‌د بڕنه‌وو عه‌بابه‌یلی و تریفه‌و نیرگزه‌ جاروو خه‌ربانی و سیروان و مزگه‌وتی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ له‌ سلێمانی و خوێندنكای شه‌رعییه‌ له‌ قه‌ره‌داخ ودێیه‌كانی گه‌رمیان و هه‌مه‌وه‌ند,ده‌كریت بڵین دۆخه‌كه‌ له‌ بار بوو بۆ له‌ خۆگرتنی بیری ریخستن و جوڵانه‌وه‌ی (كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین)هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌لا سالح و مه‌لا عوسمان وحاجی سلێمان وه‌ جه‌ند كه‌سانێكی تر كه‌ به‌یانی بیری ئیخوان موسلیمینیان كرده‌وه‌,به‌ مه‌ش له‌ ساڵی 1954 دا ئیخوان موسلمین به‌ تایبه‌تی شانه‌ حیزبیه‌كانی بنكه‌یه‌كی بۆ دروست بوو له‌ كوردستانی عیراق و مه‌لا عوسمان عبد العزیز ده‌بێته‌ به‌ر به‌ربرسی ئیخوان موسلمین له‌ هه‌له‌بجه‌.
مه‌لا عوسمان به‌هۆی دژایه‌تی كردنی توندو تیژانه‌ی بۆ بیرو باوه‌ڕی كۆمۆنیزم له‌ ساڵێ‌ 1959 دور ده‌خرێته‌وه‌ بۆ ناسریه‌وه‌ كاتێك ئیخوانه‌كانی عێراق له‌ ساڵی 1960 حزبی ئیسلامی عێراقیان دامه‌زراند مه‌لا عوسمان له‌ ناسریه‌وه‌ ده‌چێت بۆ به‌غداد بۆ به‌ژداری كردن له‌و دامه‌زراندنه‌ و به‌ناوی ئیخوانه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ راستر بڵێن كوردستان ووتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێبینی ئێمه‌ بێت، ئه‌وه‌یه‌ ئیخوان موسلمین به‌مه‌به‌ستی ووڵاتێكی وه‌ك عێراق ودواتریش كوردستان ده‌ست نیشان ده‌كات.به‌وپێیه‌ی له‌ عێراق مه‌زهه‌بی شیعه‌ زۆرینه‌ن و مه‌زهه‌بی سونه‌ كه‌مینه‌ن، ویستویانه‌ پێگه‌یان هه‌بێت بۆ دژایه‌تی شیعه‌كان له‌لایه‌ك، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ عێراق خۆی وڵاتێكه‌ پڕاو پڕله‌ قه‌یران و كێشه‌و ململانێ‌ ناوخۆ ی و مه‌زهه‌بی نه‌ته‌وه‌ییه‌، جیا له‌وه‌ش ئینگلیزه‌كان كه‌ فه‌رمانڕه‌وای عێراق و كوردستانیان ده‌كرد هاودوژمنی خۆشیان بوون له‌ میسر ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك قۆناغدا وه‌ك ئایدۆلۆژیایه‌ك كاریان كردووه‌ بۆ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی و دژایه‌تی كردنی بیری ماركسی و كۆمۆنیسته‌كان له‌ته‌واوی جیهاندا هاوكات ئیخوان موسلیمین سودیان له‌كه‌ش و بارودۆخی پڕله‌ئاژاوه‌و ئاشوبی ناوخۆی عێراق وه‌ر گرت.
وه‌ك ئاشكرایه‌ هیج ئایدۆلۆجیایه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ دۆخیكی هێمندا گه‌شه‌ ناكات,چونكه‌ هه‌میشه‌ جیگه‌ی گومانی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بن دواجاریش هه‌وڵی له‌ناوبردنیان و داخستنیان ده‌دات,هه‌ر بۆیه‌ شلۆقی و ناجیگیری سیاسی له‌ عیراقدا ده‌رفه‌تیكی باشی بۆ كاركردن و گه‌شه‌كردنی ئیخوان موسلمین ره‌خساندبوو هه‌ر وه‌ك دیاری كردنی كوردستانیش وه‌ك بنكه‌یه‌كی ئیخوان موسلمین دیاره‌ كۆمه‌لێك مه‌به‌ستی له‌ پشته‌وه‌ بووه‌ به‌ بۆجونی ئیمه‌ سه‌ركردایه‌تی ئیخوانی جیهانی زیره‌ك و لێهاتوون ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌وانه‌.
له‌لایه‌ك لاوازی تاكی كورد و جه‌ربه‌زه‌یی درنده‌یی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراق و له‌ لایه‌كی تر ساده‌یی خۆشباوه‌ڕی تاكی كورد و هه‌روه‌ها ئه‌ جه‌وسانه‌وه‌و زووڵم زۆره‌ی به‌ درێژای مێژوو له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمه‌كانی عیراق بینویه‌تی,ئه‌مه‌ وای له‌ تاكی كورد كردوه‌ به‌رده‌وام به‌دوای ئاسۆیه‌كدا بگه‌رێت,كه‌ ده‌رگا داخراوه‌كانی بۆ بكاته‌وه‌ له‌ لایه‌ك هه‌ژاری بێ ده‌ره‌تانی له‌ كۆل بكاته‌وه‌ له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌و جه‌وسانه‌وه‌ی به‌رده‌وام رزگاری بیت,لێره‌شه‌وه‌ بیری ئیخوان موسلمین به‌ ده‌روازه‌یه‌ سه‌یركراوه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ خۆشیه‌تی و كامه‌رانی لێ ده‌به‌خشیت و تا راده‌یه‌ك له‌ لای ڕژێمه‌ی ده‌سه‌لاًتدار شه‌فاعه‌تیان بۆ ده‌كات

2-ئه‌گه‌ر به‌ مێژووی كوردا بچینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه‌، زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆی و میرنیشینه‌كانیشی زیاتر به‌رگێكی ئاینی به‌به‌ردا كراوه‌ ته‌نانه‌ت دامه‌زرێنه‌رانیشی زۆربه‌یان كه‌سایه‌تی و پیاوی ئاینی بوون و باوه‌ڕیان به‌بنه‌ماكانی ئیسلام بووه‌،هه‌روه‌ها نمونه‌ی زۆرێك له‌ ڕاپه‌ڕین و جوڵانه‌وه‌ و شۆڕشه‌كانیشی ڕێبه‌رو سه‌ركرده‌كانی پیاوی ئاینی بوون نمونه‌ی(سه‌ید ته‌ها ،شێخ عه‌بدوڵای نه‌هری ،شێخ مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، شێخ قادری نودێ‌،شێخ سه‌عیدی پیران،شێخ مه‌حمود،شێخ عه‌بدوالسلام ، مه‌لا مسته‌فای بارزانی)به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌م ئیخوان موسلیمین به‌ئاسانی فكره‌ی خۆیان بڵاوكرده‌وه‌ هه‌م له‌ناو كوردستانیشدا به‌ئاسانی پێشوازی لێكراو تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كه‌مین ڕێكخستنی ئیسلامی بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1975-1976) به‌ناوی (بزوتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی كوردستان).
به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ساڵی 1987 به‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م پارته‌ داده‌نێن.




رەگەزپەرستی دەبێت بە کلتور … جەلال بەرزنجی

لە بەر ئەوەی وڵاتی داگیرکەر ناتوانێت کلتوری پێکەوە ژیانی یەکسانی لە وڵاتی داگیرکراو هەبێت، بۆ درێژەدان بە داگیرکردنی کلتوری رق و رەگەزپەرستی درەست دەکات. رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک هەوڵدەدەن تۆوی رق و رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە مێشکی هاوڵاتیانیاندا بچێنن. بە هۆی ئەوەی کوردستان زۆر لە مێژە بن دەستە، رەگەزپەرستی و رقی داگیرکەرانی بەرامبەری بووە بە کلتور، گۆڕانکاریش لە کلتورو هزری مرؤڤ بە ئاسانی روونادەن. کورد زؤر ئەزموونی لە گەڵ ئەو رژێمانە و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی هەیە ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە دەستووری تورکیا، ئێران وسوریا بوونی کورد و مافەکانی پشت گوێ خراوە. لە دەستووری ئێراقی دوای سەدام حوسێن دان بە فیدڕالی بؤ کوردستان نراوە، جگە لەوەیش ساڵانە لە کوردستان پارەیێکی زؤر لە لایەن هەندێک رێکخراو سەنتر بؤ سازدانی چەندەها کوڕـ کۆبوونەوە و سیمناری ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی بؤ لێک نزیک بوونەوەی کورد و عەرەب و دروست کردنی روحی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن خەرج دەکریت، (دەبێت ئەوکارە لە لایەن ناوەندە عەرەبیەکانەوە بکرێت) بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێی دا چوونکە کورد لە هزری عەرەب جێگەی هاوڵاتی پلە دووەو خاکەکەی شیمالی ئێراقە، بۆیە زؤر جار ئەو بابەتانەی لەو کۆڕانە باس دەکرێن سنووری ژووری هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان بڕناکەن. چەند کەسێکی لێ بچێتەدەرە وە دەرئەنجامیان بە سەرئەوانی تردا نیە. لەبەر ئەوهؤیانەی لە سەرەوە باسم کرد هەست دەکەین لە ( ئالیەتی) ئیش کردنی رژێمە داگیرکەرەکان و هەڵس و کەوتی هاوڵاتیانی رەگەزپەرستی رەنگ دەداتەوە. بنبڕکردنی رەگەزپەرستی و دروست کردنی زەمینەیەکی ئارام بؤ پێکەوە ژیان تەنیا بە قسەی سەرزاری یان رێکەوتنامەی ئیمزاکراو نایێتە دی. دڵ کرانەوە بە کلتوری جیاواز وقبوڵ کردنی رەنگ و ئەوانی تر دەبێت لە ناخی مرؤڤەوە چەکەربکات و پەلوپۆ بهاوێت وببێت بە رەوشت و کردار. بە بێ بوونی هیچ سیستەم و روڵێک هەر لە کؤنەوە ژیانی فرە کلتوری قبول کردنی ئەوانی تر لە کوردستان هەیە. پێش پەیدا بوونی حزبی ئیسلامی سیاسی و رژێمە دیکتاتۆرە ئێراقیەکان جولەکە، دیان، موسلمان و چەندەها کەمینەی ئاینی دی لە کوردستان وەک برا پێکەوە ژیاون. ئەو کاتەی بابلیەکان لە جولەکەکانیان دا هەزارانیان هاتنە کوردستان. کوردستان لەو شوێنە دەگمەنانە بوو کە جولەکەکان بە ئازادی مەراسیمە ئاینیەکانی خۆیانیان لێی جێ بە جێ دەکرد. زؤر لە نووسەرانی جولەکە بەو هەلوێستە جوانەی کورد دەزانن. کورد زؤرجاری تر بؤتە پەناگای لێقەوماوان،لە ئەنجامی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیراق و شام ( داعش)سەدان هەزارعەرەبی ئێراقی کوردستانیان کردە پەناگای خؤیان. سەرەڕای ئەو رەوشە ئابووریە خراپەی ئەمڕۆی کوردستان، گەلی کورد بە سینگێکی فرەوان وەری گرتوون. ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە کوردستان دەژین، بەڵام پێناچێت ئەوهەڵویستە جوامێرانەی کورد لای عەرەب نرخێندرابێت. برادەرێکم دەڵی” رؤژێک لە چایخانەی مەچکۆ یەکێک لەو عەرەبانەی ماوەیێکە ماڵی لە هەولێرەو بە ئاسوودەیی دەژیت لە تەنیشتم دانیشتبوو لە نێوان قسان گووتی”لەهەشتاکان هەولێر وەک گوند وابوو،ئێستا زؤرگەورە بووە” “لەهەشتاکان لێرە چیت دەکرد ؟” “راوی مخەریب، تێکدەرەکانمان دەنا”مەبەستی پێشمەرگەیە، ئەوە وەڵامی ئەو عەرەبە دەبێت. دەیان نموونەی ترهەنە دەری دەخەن کەوا چۆن رەگەزپەرستی لە رژێمەکانەوە هاتؤتە خوارە بؤ ناو هزری خەڵک و بووە بە کلتوورلە هەڵسوکەوتیان رەنگ دەداتەوە. لە ئاسوشدا هیچ دیار نیە بۆ گۆڕینی ئەو رەوشت و کلتورە.




گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ قۆناغی گوڵه‌ وه‌چه‌نی!! … نه‌جم محه‌مه‌د

له‌ساڵی 19991وچه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌هه‌لومه‌رجێكی زۆر سه‌خت و ناله‌باردا ده‌ژیاو گوزه‌رانی ده‌كرد ژیانێكی مه‌مره‌مه‌ژی ژیانێكی پڕ هه‌ژاری و نه‌داری و بێ‌ كاری وگرانیه‌كی سه‌ختدا زۆرێك له‌خه‌ڵكی كوردستان له‌برسێتی و نه‌داریداپۆل پۆل و به‌كۆمه‌ڵ له‌ده‌شته‌ كشتوكاڵیه‌كاندا به‌ئاپۆرایه‌كی گه‌وره‌له‌كاتی دروێنه‌ی گه‌نم دا به‌ده‌ڕاسه‌ به‌گوێنی وتوره‌كه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ كۆكردنه‌وه‌ی گوڵه‌ گه‌نمه‌ به‌جێ‌ ماوه‌ كه‌وتوه‌كانی دوای دروێنه‌كه‌ی ده‌ڕاسه‌ كان ئه‌وگوڵه‌ گه‌نمه‌یان كۆده‌كرده‌وه‌ و دواتر ده‌یان هاڕی و ده‌یانكوتاو ده‌یانكرده‌ نان تا برسێتی خۆیان و مناڵه‌كانیان پێ‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ .
به‌ڵێ‌ 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌داخه‌ڵكی كوردستان به‌وجۆره‌ ده‌ژیاو له‌نه‌داریدا گوڵه‌ وه‌چه‌نی ده‌كردئه‌و ده‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ وه‌ك پاشاكانی كه‌نداو ده‌ژیان وله‌هیچیان كه‌م نه‌بووو ئه‌وان ئه‌و ده‌م سه‌رقاڵی دانانی گومرگه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گومرگه‌كان بوون وسه‌رقاڵی ئاودیووكردنی هه‌موو ئامێرو شت ومه‌ك و ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و گرێده‌رو ده‌ڕاسه‌و هتد فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی كوردستان بوون بۆئێران وبه‌تاڵان هه‌ڕاج كردنی به‌ڵێ‌ ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆر بێ‌ باك بوو له‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی.
دواتر بۆشه‌رعیه‌ت دان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بردنی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان كه‌وتنه‌ شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی ساخته‌ ودروستكردنی په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی له‌وپێناوه‌شدا خه‌ڵكی كوردستانیان فریودا به‌ واده‌و به‌ڵێنی گه‌وره‌گه‌وره‌ درۆو ساخته‌ تاگه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات دواتر پشتیان له‌خه‌ڵكی كردو دواتر شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی خوێناوی ناوخۆییان هه‌ڵگیرسان كه‌به‌هه‌زاران خه‌ڵكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێشیان دا به‌كوشت له‌سه‌ر گردو كه‌پك ودۆڵ له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا به‌داخه‌وه‌ئه‌وا دیسان وا دوای 25 ساڵ دیسان مێژوو خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی زۆر خراپترو سه‌ختر له‌وه‌ی ساڵی 1991و1992و1993 ئه‌مجاره‌یان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بێباكه‌هه‌رچی پاره‌و سه‌روه‌ت و سامان و نه‌وت و داهاتی گومرگ و داهاتی ناوخۆیی وهتد ده‌بات بۆخۆی و خه‌ڵكی كوردستان ده‌خاته‌ سه‌خترین و ناله‌بارترین و نائینسانیانه‌ترین ژیان وگوزه‌ران به‌جۆرێكی وا كه‌هه‌موو مافه‌سه‌ره‌تایی یه‌ ئینسانیه‌كان له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌سێنێته‌وه‌ بێ‌ مووچه‌یان ده‌كات بێ‌ ئاو كاره‌باو نه‌وتیان ده‌كات بێ‌ كارو نه‌دارو هه‌ژاریان ده‌كات هه‌مووخزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان لێ‌ ده‌ستێنێته‌وه‌ و بێ‌ به‌شیان ده‌كات له‌ خۆشگوزه‌رانی و خزمه‌تگوزاریی وهه‌روه‌ها ئازادی و مافه‌مه‌ده‌نی و ئینسانیه‌كانیان زه‌وت ده‌كات وفه‌زایه‌كی سه‌ركوت و تۆقاندن به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌سه‌پێنێت .
به‌داخه‌وه‌دیسانه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌ه‌وه‌ بۆ قۆناغی گوڵه‌ وه‌چه‌نی بۆ سه‌رده‌می چراو فتیله‌ و چووله‌ به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێزمدا به‌سواڵكه‌روده‌ست پانكره‌وه‌ی به‌رده‌م ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆسه‌رده‌می به‌رگ پۆشین وبه‌رگدرونی به‌به‌تانی خه‌ڵكی كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ قۆناغی دارسووتاندن وبه‌تانی له‌خۆئاڵان له‌سه‌رمادا له‌م هه‌رێمه‌پڕله‌ غازو نه‌وته‌دا.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له‌ وهه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت ودژواره‌داكه‌مێك هیواو ئومێدێكیان به‌ژیانێكی باشتر هه‌بوو به‌داخه‌وه‌ ئه‌وا ئێستا ئه‌و تروسكایه‌كه‌مه‌ ی هیواو ئومێدیان به‌ژیانێكی باشتر نه‌ما 25 ساڵ ژیانێكی باشتر هه‌ربه‌ نسیبی ده‌سه‌ڵاتداران وحیزبه‌كان وبنه‌ماڵه‌كانیان بووه‌ ژیانێكی خراپترو مه‌مره‌مه‌ژیش هه‌میشه‌ به‌نسیبی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ هه‌ربۆیه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ تاكه‌ ئه‌ڵته‌رناتیف تاكه‌ هیواو ئوێدی خه‌ڵكی كوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا و بۆڕزگاربوون له‌م نه‌هامه‌تیه‌و مه‌ینه‌تباریه‌ ته‌نیاو ته‌نیا خه‌بات وفشاری جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیانه‌ی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا له‌شوێنی كارو شوێنی ژیانیاندا له‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی ماف و داواكاری و خواسته‌ ئینسانیه‌كانیاندا ده‌بێ‌ به‌خه‌باتی به‌رده‌وامی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاسه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیجباركرێ‌ كه‌ته‌سلیم به‌ئیراده‌وبه‌خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بێت وهه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆخه‌ڵكی و خه‌ڵكی كوردستان لێ‌ ی به‌هره‌مه‌ند بێت ده‌بێت هه‌موو خزمه‌تگوزراریه‌سه‌ره‌تاییه‌ككان بدرێته‌وه‌ به‌خه‌ڵكی ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان خۆشگوزه‌ران بژی و وه‌ك ئینسانی سه‌رده‌م به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ هه‌موو مافه‌ئینسانیه‌كانی ده‌بێت مووچه‌و هه‌مووشایسته‌داراییه‌كان بدرێته‌وه‌ به‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت ڕێزو شكۆبگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆتاك وئینسانی كورد .




په‌یامی ‌جه‌نگ و رێکه‌وتنه‌کانی حه‌ڵه‌ب و موسڵ! … نوری به‌شیر:

کاره‌ساتی حه‌ڵه‌ب و لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کانی:

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سوریا ڕووده‌دات له‌ژێرناوی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب، یان ته‌سلیمبونی حه‌ڵه‌ب، ده‌وره‌یه‌کی تازه‌یه‌ له‌جه‌نگی به‌وه‌کاله‌تی چه‌ند ساڵه‌ی سوریا، که‌هه‌ردوو قوتبی هێزه‌ ئیمپریالیستیه‌‌ جیهانی و هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌ژێر ناوی دژی تیرۆردا به‌رێیان خستووه‌، دنیا شاهیدی کوشتارو کاولکاریه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی بوون، ئێستاش تراژیدیایه‌کی گه‌وره‌تریان له‌حه‌ڵه‌ب به‌ریخستووه‌ له‌لایه‌ن روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌. ‌ده‌وره‌یه‌کی نوێ له‌جه‌نگی سوریادا که‌ روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌کو دنیای چه‌ن قوتبی تیایدا پێشڕه‌وی ده‌که‌ن و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی پاشه‌کشه‌یان تێدا کردوه‌، ده‌وره‌یه‌ک که‌ته‌وازنی هێزو جێگاو رێگای قوتبه‌ جهیانیه‌کان ئالوگۆڕی به‌ردا هاتووه‌، که‌به‌دڵنیاییه‌وه‌ لایه‌نه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کانی ‌نێوان ئه‌و بلۆک به‌ندیه‌ جیهانیه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا دێت، که چۆن له‌چه‌ندین ساڵی رابردودا قوربانیه‌کانی خه‌ڵکی بێتاوانی مه‌ده‌نی بووه‌، له‌‌ئاینده‌ی سوریاو ناوچه‌که‌دا به‌گشتی له‌درێژه‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستادا که‌ له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌ت و مه‌ده‌‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگادا نیه‌‌. له‌هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ هاتوهاواری ئازادکردنی شاری حه‌ڵه‌ب یان ته‌سلیمبوونی له‌سوریا بانگه‌وازی بۆ ده‌کرێت، حه‌ڵه‌ب ‌له‌ساڵی‌ 2012 وه‌ مه‌یدانی جه‌نگی نێوان دوو لایه‌ن و به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستی تیرۆریست بووه‌، نێوه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و قه‌ومیدا بووه‌‌‌، نیوه‌که‌ی تری له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانیدا بووه‌، هاوکاتی ئه‌و بانگه‌وازه‌،‌ هه‌واڵی جه‌رگبڕو تراژیدی ئینسانی له‌م شاره‌دا له‌میدیاکانه‌وه‌ نیشانی کۆمه‌ڵگای ئینسانی ده‌درێت له کوژراو و بریندار له‌ ‌ژن و مناڵ و پیرو هه‌واڵی ئیعدامی به‌کۆمه‌ڵ ده‌بیسترێت، جارێکی تر هه‌واڵی ناو قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ به‌دژی ژنانه‌ که‌له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ که‌داوا له‌ زانا ئیسلامیه‌کان ده‌که‌ن فتوای کوشتنی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب بده‌ن نه‌ک بکه‌ونه‌ ده‌سه‌ت هێزه‌کانی سوپای به‌شار ئه‌سه‌دو پاسداران و حزبوڵاوه‌و ده‌ستدرێژی جنسیان بکرێته‌سه‌ر، هه‌روه‌ک له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا قوربانی یه‌که‌می ده‌ستی هه‌موو ده‌سته‌وتاقمه‌‌ ئیسلامیه‌کان به‌داعش و باقی ئیسلامیه‌ میانڕه‌وه‌کانی دۆستی ئه‌مریکا‌ ژنان بوون. کاره‌ساتێکی ئینسانی که‌ قوربانیه‌کانی جه‌سته‌ی خوێناوی له‌گه‌ڵ کاولکاری شاره‌که‌داو بوونی لاشه‌یه‌کی زۆری ژێر دیوارو سه‌ربانی روخاوی خانوه‌کان له‌لایه‌ن فرۆکه‌کانی روسیاو بۆمبارانی هێزه‌کانی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانیه‌وه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ژێرناوی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب و دژایه‌تیکردنی تیرۆر به‌دنیای ده‌فرۆشن‌. هه‌روه‌ها هاواری ژن و مناڵ به‌سه‌ر لاشه‌ی ئازیزانیان به‌مردووی و برینداریه‌وه‌، وه‌ په‌یامی ئه‌وه‌یان بۆ جیهان هه‌یه‌ له‌کورتماوه‌دا له‌به‌ینی ژیان و مردندا چاره‌نوسیان نادیاره‌. وه‌ به‌پێی راپۆرتی مافی مرۆڤی سوری و به‌تایبه‌ت نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كا و وه‌زیری پێشوی به‌ریتانیا، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی سوپای به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ده‌چنه‌ به‌شێکی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌به‌وه‌، به‌سه‌دان که‌س له‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ناو ‌شاره‌که‌دا له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ئازادکه‌رانه‌وه‌ به‌ئاشکرا ئیعدام ده‌کرێن له‌وانه‌ ژماره‌یه‌کی زۆریان ژن و منداڵ و ‌کارمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌کانی تیدایه‌و وه‌ هه‌والێ سوتانی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌مه‌ده‌نی هه‌یه‌ به‌زیندووی.

کاره‌سات و سیناریۆی ئێستای ئه‌م شاره‌ کاره‌ساته‌کانی پێنج ساڵی رابردووی ئه‌م وڵاته‌ نیشانده‌دات له‌ژێر سایه‌ی هێزه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان که‌جه‌نگێکی دژی ئینسانیان به‌ڕێخستووه‌ و قوربانیه‌کانی رابردوو و ئه‌م رۆژانه‌ی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نیه‌. به‌ڵام چه‌واشه‌کاریه‌کانی پشتی ده‌سته‌واژه‌ی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب و ته‌سلیمبوون، زۆرلایه‌نی شاراوه‌ی تر له‌وانه‌ که‌ئایا، ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب له‌نه‌زه‌ری کێوه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی کێدا، ئازاکردنی له‌کێ، وه‌ له‌لایه‌ن کام هێزه‌وه‌ ئازاد ده‌کرێ، وه‌ کام له‌ هێزه‌کان جێگره‌وه‌ ده‌بێت له‌و شاره‌دا،وه‌ کام لایه‌ن ته‌سلیمبووه‌ و به‌کی ته‌سلیمبووه‌، له‌کاتێکدا له‌م جه‌نگه‌ی حه‌ڵبدا هه‌روه‌ک جه‌نگی به‌ناو ئازادکردنی موڵ، روداوگه‌لێکی تازه‌ و هێزگه‌لێکی جۆراوجۆر له‌م پرۆسه‌یه‌دا هاتوونه‌ته‌ ناو ‌هاوکێشه‌که‌وه‌ و رێکه‌وتنی جۆراوجۆری تێدا ئه‌نجامدراوه‌، که‌هه‌موو ئه‌وانه‌ زۆر دژی ئینسانی و هاوکات سه‌رلێتێکده‌ره‌.

هێزه‌کانی ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب، له‌سوپای به‌شار ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانی، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی پێشوو له‌م وڵاته‌دا زۆر ئاشکران و به‌وه‌حشیگه‌ریه‌کی بێوینه‌ و ئاشکرا ده‌کوژن وکاول ده‌که‌ن‌‌، به‌ڵام سیاسه‌تێک که‌له‌پشتیه‌وه‌یه‌تی و ر‌ۆشنه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خه‌ڵکی تیا رزگار ده‌کرێت و نه‌ئاینده‌یه‌کی باشتریش چاوه‌ڕێی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات. هاوکێشه‌و جه‌نگی ده‌وره‌ی رابردوو به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریکا بوو له‌کوشتن وکاولکاری، له‌یاسای دژی ژن و تیرۆر، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێستای حه‌ڵه‌ب‌ به‌سه‌رپه‌رشتی روسیایه‌و درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌ته‌ له‌لایه‌ن قوتبی مخالفه‌وه‌، که‌له‌ده‌ورانی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هه‌مانشێوه‌ به‌کارهێنانی چه‌ک فسفۆری و ناپاڵمو کاولکاریان ئه‌نجامداوه‌. ئه‌وه‌ی رۆشنه‌ له‌م هێرشه‌ی حه‌ڵبدا که‌ئه‌و هێزانه‌ چی ناو لێده‌نێن، نیشانه‌ی ئاڵوگۆڕه‌ له‌ته‌وازنی هێزی قوتنه‌ جیهانیه‌کاندا ‌ڕویداوه‌، ته‌وازنی هێز له‌نێوان دنیای دوو قوتبی چۆته‌ه‌ قۆناغێکی تازه‌ی جه‌نگی هه‌ردوو قوتبه‌که‌و جێگۆڕکێی هاوپه‌یمانانیان، هه‌ربۆیه‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌و جۆری شه‌ڕه‌که‌و رێکه‌وتنی لایه‌نه‌کان شێوه‌ی تری به‌خۆیه‌وه‌ گرتووه‌، که‌مجاره‌ تورکیا وه‌ک هێزێکی چالاک ده‌وری دوولایه‌نه‌ی هه‌یه‌ له‌ژێر ناوی ده‌رکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئابڵوقه‌ دراوی حه‌ڵه‌بدا خه‌ریکی فریاکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنه‌ ئیسلامیه‌کانی هاوپه‌یمانیه‌تی‌ له‌و شاره‌دا، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌وری وه‌ساته‌ت ده‌بینێت له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و سوپای به‌شار ئه‌سه‌دا، که‌له‌وێدا پێشڕه‌ویه‌کانی سوپای ئه‌سه‌د و هێزنواندنی به‌رچاوه‌.

سیاسه‌تی ئێستای پشتی ئه‌م کوشتارو کاولکاریه‌ی حه‌ڵه‌ب، به‌دوای رێکه‌وتنێک دێت که‌له‌ ‌جنێف له‌نێوان ئه‌مریکا و غه‌رب له‌گه‌ڵ روسیا بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ له‌م شاره‌دا‌ کراوه‌، له‌درێژه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی رێکه‌وتنه‌وه‌دا و هێرشی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی بۆ به‌شی ژێرده‌ستی ئۆپۆزسیۆن و پێشڕه‌وی و گه‌رمارۆدانی ئه‌و ناوچانه‌، یه‌کسه‌ر به‌دوایدا‌ رێکه‌وتنی روسیاو تورکیا بۆ رزگارکردنی چه‌کدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و چۆڵکردنی شاره‌که‌یه‌ له‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌ستی پێکرد، هه‌روه‌ها تورکیا وه‌ک وه‌فدی مفاوزه‌ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و روسیاو سوپای ئه‌سه‌ددا بۆ چۆڵکردنی ناوچه‌ شیعه‌ نشین و سوننه‌ نشین هاته‌ پێشه‌وه‌. هێزه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی که‌ئیدعای ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب ده‌که‌ن پێکهاتووه‌ له‌؛ سوپای به‌شار ئه‌سه‌د، ‘حه‌شدی شیعه‌ی پێکهاتوو له‌شیعه‌کانی عێراق، پاکستان و ئه‌فغانستان’، حزبوڵای لوبنان، سوپای پاسدارانی ئێرانی و هه‌موویان به‌سه‌رپه‌رشتی روسیا. ‌ئه‌مانه‌ن ئێستا ئازادکه‌ری حه‌ڵه‌ب و ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ی هێزه‌ قه‌ومی و ئیسلامیه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو سعودیه‌و قه‌ته‌رو تورکیا که ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌کرێ ‌ته‌سلیمبوون؛ له‌ به‌ره‌ی نوسره‌ که‌بووه‌ به‌ فه‌تحی شام، سوپای ئۆپۆزسیۆنی ئازاد و ده‌یان جۆری تری ده‌سته‌جاتی ئیسلامی که‌ ئه‌مریکا له‌ژێر ناوی ئیسلامی میانه‌ڕه‌ودا کۆمه‌کیان ده‌کات و کۆنه‌په‌رسترین سیاسه‌تی سه‌رده‌میان له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا پیاده‌کردووه‌ .

سیناریۆی ئێستای ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب که‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی روسیاوه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت به‌و کۆمه‌ڵکوژی و کاولکاری و پاکتاوکردنه‌ی ئینسانه‌کان له‌ناوچه‌کانیان به‌ناوی مه‌زهه‌بی شیعه‌و سونیه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان په‌یامی خۆئاماده‌کردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی له‌عێراق بۆ پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵ و له‌ژێرناوی دژی تیرۆردا راگه‌یه‌نراو دنیا شاهیدی تراژیدیاکانی موسڵ هه‌ن له‌لایه‌ن هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌، داعش له‌لایه‌ک و ئه‌مریکاو هاپه‌یمانه‌کانی له‌لایرکی تره‌وه‌، ئه‌گه‌رچی جه‌نگی موسڵ به‌ناو دژی داعش به‌سه‌رپه‌شتی ئه‌مریکایه‌ به‌ڵام هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ حه‌شدی شه‌عبی هێزی خۆی تێدا پێشڕه‌وی کردو هێزی تێداگرت و له‌کاتی ئه‌م پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵه‌دا به‌وێنه‌ی هێزێکی فه‌رمی په‌رله‌مانی عێراق ناساندی که‌ بۆ ئاینده‌ی موسڵ و عێراق و کوردستان‌ ده‌ورێکی مه‌ترسیداریان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وه‌ک حه‌ڵه‌ب نفوزو ده‌وری جمهوری ئیسلامی ئێرانی تیادا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ بردنی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی شیعه‌ مه‌زهه‌ب. وه‌زعی حه‌ڵه‌بیش که‌ له‌چوار ساڵی رابردوی وێرانکردن له‌نێوان ره‌حمه‌تی ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا له‌هێزی ئه‌سه‌دو ئۆپۆزسیۆنی ئیسڵامی، خه‌ریکه‌ پێده‌نێته‌ قوناغێکی نوێ له‌ رێگاچاره‌ی بلۆکبه‌ندیه‌ جیهانی و سه‌رمایه‌داران و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌ پاکتاوکردنی ناوچه‌ مه‌ده‌نیه‌کان به‌پێی مه‌زهه‌ب، ناوچه‌کان چۆڵده‌‌که‌ن، ئه‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ له‌گۆڕینی ته‌وازن به‌لای سوپای ئه‌سه‌ددا که‌پێشڕه‌وی روسیایه‌ له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ خه‌ڵک جگه‌ له‌سه‌رگه‌ردانی و‌ئاواره‌یی به‌ناوی ئاواره‌ی سونه‌و ئاواره‌ی شیعه‌ شتێکی تر چاوه‌ڕوان ناکرێت.
تراژیدی ئێستای حه‌ڵه‌ب کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌جیهاندا هه‌ژاندوه‌ و به‌ناچار ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌داری که‌خۆیان سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ن و ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌و جه‌نگ و ئیعدام و کوشتارو کاولکاریانه‌دا، سه‌رانیان له‌چه‌شنی ئه‌ڵمایا، فه‌ره‌نسا، تورکیاو به‌ریتانیاو ئه‌مریکا تا ده‌گاته‌ یوئێن… ناتوانن ئینکاری ئه‌و وه‌حشیگه‌ریه‌ بکه‌ن که‌لهحه‌ڵه‌ب رووده‌ات‌، و ده‌یانه‌وێ ته‌نیا به‌ره‌ی روسیاو هاوپه‌یمانانی تاوانبار بکه‌ن، وه‌که‌وتونه‌ته‌ ژێر فشاره‌وه‌و نیگه‌رانی خۆیان شه‌رمنۆکانه له‌و تراژیدیه‌ ئینسانیه‌‌ ‌ نیشانده‌ده‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووی کاولکاری سوریا ئه‌وان به‌رپرس نه‌بن، نیگه‌رانن نین له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و پاکتاوکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر ئه‌ساسی مه‌زهه‌ب که‌هه‌زاران ساڵه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین به‌بێ کێشه، که‌ به‌رگێکی که‌ ده‌که‌ن به‌به‌ری خه‌ڵکدا که‌خۆیان خوازیاری نین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر له‌جنێف رێکه‌وتون له‌سه‌ری، به‌ڵام به‌پێی ته‌وازن روسیاو هاوپه‌یمانانی زیاتر له‌و رێکه‌وتنه‌ پێشڕه‌ویان نواندووه‌و له‌ئاینده‌ ئه‌مجاره‌ ده‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی ته‌وازنی هێز که‌له‌به‌لای روسیاو به‌شار ئه‌سه‌دایه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاینده‌ی سوریا بکه‌ن.

‌هه‌ر له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌و هه‌فته‌ خوێناویه‌دا ده‌رکه‌وت که‌ سیاسه‌تی ئه‌م ده‌وره‌یه‌یان سیاسه‌تی مه‌زهه‌بیانه‌ی دابه‌شکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی سوریای له‌پشته‌وه‌ وه‌ستاوه‌،‌ که‌حه‌ڵه‌ب له‌سونه‌ نشین چۆڵ بکرێت، له‌به‌رامبه‌ردا چۆڵکردنی ناوچه‌کانی هەردوو گوندى فوعه و کفریای سه‌ر به‌پارێزگای ئیدلب که‌شیعه‌ نشین و له‌لایه‌ن ئۆپۆسیۆنی ئیسلامیه‌وه‌ گه‌مارۆدراون و ده‌ستبه‌سه‌رن. ئێستا کاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ پاسی تایبه‌تیان به‌سه‌رپه‌رشتی یوئێن و خاچی سوری نێو ده‌وڵه‌تی بۆ داناوب، خه‌ریکی گواستنه‌وه‌ی هه‌ردوو خه‌ڵکی ناوچه‌کانن، له‌ژێر ناوی رزگارکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌م ناوچانه‌و ساتو سه‌ودای هێزه‌کانی به‌شارو ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر گۆڕینه‌وه‌و ئاسانکاری بۆ ده‌ربازکردنی گروپه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ و رێگاکردنه‌وه‌ بۆ درچونیان، به‌سه‌رپه‌رشتی تورکیا ده‌برێت به‌ڕێوه‌، ئه‌م سیانریۆیه‌ له‌موسڵیش بۆ ده‌ربازکردنی داعش و هێشتنه‌وه‌ی رێگایه‌ک بۆیان ژماره‌یه‌کی زۆری داعش ده‌ربازکران چ له‌و رێگایه‌وه‌و چ له‌رێگای هێزه‌کانی تورکیاوه‌ له‌موسڵ. ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی رابردودا له‌سوریا روویداوه‌، ئه‌وا له‌م هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا نموونه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌و ئاشکرای هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی که‌فرمێسکی درۆزنانه‌ بۆ خه‌ڵکی سوریا ده‌ڕێژن، راستی سیاسه‌تو ماهیه‌تیان به‌شێوه‌ی وه‌حشیانه‌ نیشانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دا‌، که له‌‌یه‌که‌مین ساته‌کانی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د بۆ پاکردنه‌وه‌ی به‌شێکی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب له‌ئۆپۆزسیۆن، سه‌دان که‌سی مه‌ده‌نیان له‌ژن و مناڵ و گروپی پزیشکی ئیعدام وگوله‌باران کردوه‌، که‌قاره‌مانه‌کانی جێبه‌جێکردنی ئه‌م بڕیارو کرده‌وانه‌‌ پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران و حزبوڵای لوبنان و سوپای ئه‌سه‌د ‌ به‌سه‌رپه‌رشتی روسیا بووه‌.

حه‌ڵه‌‌ب له‌نێوان ئازادکردن و رێکه‌وتنی لایه‌نه‌کاندا:

جه‌نگێک که‌له‌ حه‌ڵه‌ب و موسڵدا هه‌یه‌، جه‌نگێکه‌ به‌پێی سیاسه‌تی دنیای دوو قوتبی ئێستاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانی سازدراوه‌و ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی پێشوو که‌ئه‌مه‌ریکا ده‌یویست خۆی بڕایارده‌ربێت، هیچ نزیاکه‌یه‌تیه‌کی به‌رزگارکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌و شاره‌و و دێهاته‌کانی ده‌وری ئیدلیبه‌وه‌ نیه‌، هه‌ر رێکه‌وتن و ساتوسه‌ودایه‌کی ده‌وڵه‌تان و لایه‌نه‌کان، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاته‌که‌کانیانه‌، هه‌ر به‌وپێیه‌ش رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ 10ی دیسه‌مبه‌ردا رێکه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌جنێف له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو روسیاوه‌ له‌حه‌ڵه‌ب ئه‌نجامدراوه‌، هاوکات دوو رۆژ دوای ئه‌وه‌ واته‌ رۆژی دوو شه‌ممه‌ هێرشی روسیاو هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر به‌شی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب ده‌ستی پێکرد، وه‌ تا سێ شه‌ممه‌ پێشڕه‌وی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و کوشتاره‌کانی، میدیای فه‌رمی جیهانی و ده‌وڵه‌تان له‌تراژیدی ئینسانی حه‌ڵه‌ب هاواریان لێهه‌ڵسا، هاوکات رێکه‌وتنی روسیا و تورکیای تێدا هاته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌پێی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌چه‌کی سوکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی شاره‌که‌ چۆڵ بکه‌نو‌ رێگایان بۆ بکرێته‌وه‌ بۆ ده‌رچون بۆ ناوچه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب که‌ئۆپۆزسیۆن تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارن، ئه‌وه‌ش تا کاتژمێر 5ی به‌یانی چوار شه‌ممه‌ 12ی دیسه‌مبه‌ریان دانا، هه‌ر له‌و کاته‌دا له‌ژێر ناوی چۆڵنه‌کردنی باڵه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان و به‌رگری کردنیان، هاوپه‌یمانانی روسیا حه‌مه‌له‌یه‌کی فراوانیان بۆ ناوچه‌کانیان کردوه‌و مه‌ده‌نیه‌کی زۆر کوژراو بریندار بووه‌. هه‌ر به‌دوایدا رۆژی پێنج شه‌ممه‌ هاوکاتی رێکه‌وتن له‌سه‌ر حه‌ڵه‌ب، رێکه‌وتن له‌سه‌ر گونده‌کانی فوعه و کفریای ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆن هاته‌ ئاراوه‌. هه‌موو ئه‌م ماوه‌یه‌ هاوپه‌یمانانی روسیاو به‌یارمه‌تی فڕۆکه‌کانی، هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیان له‌ناوچه‌یه‌کی بچوکی حه‌ڵه‌بدا گه‌مارۆ داوه‌‌و ئه‌مڕۆ به‌ردوام له‌دوو شه‌ممه‌وه‌ هه‌واڵی ‌پاکردنه‌وه‌ی ته‌واوی حه‌ڵه‌ب و شایی و خۆشی سوپای ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانی ده‌بیسترێت، وه‌ پاکردنه‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب له‌ئۆپۆزسیۆن، به‌مانای باڵا ده‌ستی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی له‌میدیای جیهاندا ته‌کیدی لێده‌کرێته‌وه‌، وه‌ هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش تاکیدی رێکه‌وتن و پاشه‌کشه‌یان‌‌ ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌بێژانی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی راوه‌ستانی پرۆسه‌ی ده‌رچوون له‌حه‌ڵه‌ب، به‌ستراوه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی که‌ڕێگریان له‌مه‌ده‌نیه‌ شیعه‌کان کردوه‌و 6 له‌و پاسانه‌ی که‌ یوئێن دایناوه‌ له‌حه‌ڵه‌به‌وه‌ مه‌ده‌نی سونه‌ و ئۆپۆزسیۆنیان بۆ ناوچه‌کانی فوعه و کفریا بردوه‌ تا مه‌ده‌نی ناوچه‌ شیعه‌کان له‌وێوه‌ بگوێزنه‌وه‌، سوتاندوه‌و رێگریان له‌گواسته‌وه‌ی شیعه‌کان کردوه‌ بۆ ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی سوپای ئه‌سه‌د.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ له‌سه‌ر حه‌ڵه‌ب کراوه‌، ئێستا روسیاو هاوپه‌یمانانی به‌که‌وتنه‌وه‌ی ته‌وازنی هێز به‌لایاندا له‌‌ جه‌نگه‌که‌دا له‌وه‌ زیاتریش ڕۆشتوون، ئه‌و کاری پرۆسه‌ی پاکتاوکردنی ناوچه‌کانی سونه‌و شیعه‌ ناوه‌ستێت له‌م ده‌وریه‌دا‌، وه‌ دنیا سه‌رکه‌وتنی سوپای ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانی و شکستی ئه‌مریکاو هاوپه‌یماننانی ده‌بینێت. به‌پێی هه‌واڵه‌کانی روسیا ژماره‌یه‌ک چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن خۆیان ته‌سلیمی هیزه‌کانی ئه‌سه‌د کرد‌وه‌ و هه‌زارانیش له‌دوو شه‌ممه‌وه‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتیان به‌ره‌و ناوچه‌ی رۆژئاواو ده‌ره‌وه‌ی حه‌ڵه‌ب جێهێشتووه‌ ده‌یان هه‌زاریش هێشتا له‌حه‌ڵه‌بدا ئابڵوقه‌ دراون له‌ژێر بۆمباراندان به‌بێ نان و ئاو‌، وه‌ ئه‌وه‌یان راگه‌یاندوه‌ که‌ ئازادکردنی حه‌ڵه‌ب له‌لایه‌ن سوپای ئه‌سه‌ده‌وه‌ هێزه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌کانی له‌یه‌ک جیاکردۆته‌وه‌، به‌حساب یه‌که‌میان به‌رگری ده‌کات و دووه‌میان خۆیان ته‌سلیمی سوپای ئه‌سه‌د ده‌که‌ن،‌ یان رێکه‌وتن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌مه‌شیان ده‌رده‌که‌وێت که‌کێشه‌و دووبه‌ره‌کیان خستبێته‌ ناو ریزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، راستی ئه‌مه‌ش له‌کێشه‌یان له‌ناوچه‌ی ئیدلیب و سوتانی پاسه‌کانی یوئێنه‌. هه‌موو ئه‌و پێشڕه‌ویانه‌ی ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانانی و شکست و پاشه‌کشه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا هه‌ر له‌سعودیه‌، قه‌ته‌ر تا تورکیای نیگه‌ران کردوه‌و ده‌خاله‌تی تورکیا به‌وه‌ ده‌چێ به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌ژمار بکرێت بۆ رزگارکردنی ئۆپۆزسیۆنه‌ ئیسلامیه‌کانی حه‌ڵه‌ب. ده‌وری عه‌جولانه‌ی تورکیا بۆ رزگارکردنی لایه‌نگرانیان‌ له‌حه‌ڵه‌ب وده‌وری ناوه‌نجیگه‌ری نێوان روسیاو ئه‌دسه‌د له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا، نزیکه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری تورکیا له‌ روسیاو هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ هاوپه‌یمانانی تری ئه‌مریکا نزیکایه‌تی و روو به‌روسیاو به‌شار ئه‌سه‌د زیاتر بێت. وه‌ ‌هه‌واڵی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردودا تورکیا هێزێکی زۆری ناردبێته‌ حه‌ڵه‌ب بۆیه‌ ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆن تورکی بن که‌ گه‌مارۆ دراون، که‌هه‌مان ئه‌م سیناریۆیه‌ی بوونی هێزی تورکیا له‌موسڵدا هه‌بوو له‌سه‌ره‌تای جه‌نگدا که‌ده‌نگی ده‌رکردنی سه‌دان داعش و هێزه‌کانی تورکی له‌موسڵ له‌رێگای هێزه‌کانی تورکیاوه بڵاوبۆوه‌، که‌ئه‌م ده‌وره‌یه‌ تورکیا هه‌م له‌موسڵ و هه‌م له‌حه‌ڵه‌ب مه‌وجود بووه‌و ‌ده‌وری هه‌یه‌و به‌رچاوه‌‌‌‌.

به‌ره‌کانی جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵ، چی سیاسه‌تێک نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن؟:

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ جه‌نگه‌کانی سوریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لیبیا، به‌جه‌نگی وه‌کاله‌ت ناوده‌به‌ین واته‌ ئه‌وه‌ جه‌نگی خوازراوی نێوان خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ نیه‌ دژی یه‌کترو که‌جۆره‌ها حزبی قه‌ومی وئیسلامی و جۆراوجۆر دروستبووه‌و دابه‌شکراون به‌ تونده‌ڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌، به‌سونی و شیعه‌وه‌، به‌ڵکو جه‌نگی نێوان قوتبه‌ جیهانه‌یه‌کانی سه‌رمایه‌داریه‌ که‌ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان له‌لایه‌ک و روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانی له‌لایه‌کی تره‌وه‌، وه‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ش ده‌وری به‌رچاویان و هه‌ریه‌که‌یان به‌بارنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ به‌شداری ده‌که‌ن. هه‌مووی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئاینده‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ناوچه‌کدا ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌دوای شکسته‌کانی ئه‌مریکا له‌ئه‌فغانستان، عێراق، و ئۆکرانیا و بێ به‌دیلی فۆرمێکی سابت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بۆ فه‌رمانڕه‌وایی له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، وه‌ راستیه‌کانی ئه‌مه‌ش له‌دوای راپه‌ڕینه‌کانی میسرو تونسه‌وه‌ ده‌رکه‌وت و سه‌لماو روسیای وه‌ک ره‌قیب وبلۆکی به‌رامبه‌ر له‌رێگای سوریاوه‌ هێنایه‌ مه‌یدانه‌وه‌و له‌پێشڕه‌ویدایه‌، نموونه‌که‌ی ئێستا له‌سوریا خۆی ده‌رده‌خات.
ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌م ‌جه‌نگانه‌ له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ و سیاسه‌تێک که‌هه‌یانه‌، له‌نه‌زه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نیه‌وه‌‌ سه‌یر بکه‌ین، ‌هه‌موو هێزه‌کان به‌ روسیاو سوپای ئه‌سه‌ده‌ له‌حه‌ڵه‌ب، به‌ئه‌مریکاو سوپای حه‌یده‌ری له‌موسڵ و باقی هێزه‌ ئیسلامی و قه‌ومیه‌کانی ئۆپۆزیسۆن تا ده‌گاته‌ داعش، واته‌ ئازادکه‌ران و ته‌سلیمبووانه‌وه‌ که‌ئێدعای ده‌کرێ، هیچیان نه‌له‌به‌ره‌ی خه‌ڵکدا بوون و هه‌ن، نه‌ده‌توانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی نیازی خه‌ڵک و ژیانێکی باشتری ئینسانی بێت، نه‌به‌رنامه‌یه‌کیان هه‌یه‌ که‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی تێدا بێت، جیا له‌ئاینده‌یه‌کی تاریکترو خراپتر بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌و سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌وجود ناهێنن

ئێمه‌ له‌پرۆسه‌ی به‌ناو ئازادکردنی موسڵدا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ که‌ سوپای عێراقی تێدا خسته‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانێکی تری ئه‌مریکادا له‌ئاستی جیهان و ناوچه‌که‌دا، که‌راسته‌وخۆ له‌موسڵدا له‌هێزه‌کانی سوپاو پۆلیسی عێراقی، له‌”حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسدارانی ئێرانی له‌رێگای حه‌شدی شه‌عبیه‌وه”‌، هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ ناسیونالیسته‌ کورده‌کان و وجودی تورکیایه‌، وتمان که‌له‌ناوبردنی داعش نه‌ک بۆ خه‌ڵکی موسڵ به‌ڵکو بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی کوردستان عێراق و ناوچه‌که‌و به‌ره‌ی ئازدیخوازو مه‌ده‌نی له‌دنیا ده‌ستکه‌وته‌، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ی ئازادکردنه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو ئه‌و هاوپه‌یمانانیه‌وه‌ نه‌به‌دژی داعشه‌و نه‌داعشیش له‌ناو ده‌بات، نه‌خه‌ڵکی موسڵ رزگار ده‌کات و نه‌ئاینده‌یه‌کی باشتریش بۆیان دابین ده‌کات، داعشێک له‌موسڵ پاکده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام چه‌ندین هێزی داعش ئاسا جێی ده‌گرێته‌وه‌. ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا به‌ته‌وای وێران ده‌که‌ن، نموونه‌ی زیندووی له‌ناو بردنی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری بۆرژوا ناسیونالسیت قه‌ومی عه‌ره‌بی به‌عس له‌عێراقدا، له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانیه‌وه‌و جێگرتنه‌وه‌ی به‌ده‌یان بۆرژوا قه‌ومی و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست و دیکتاتۆری تر، که ئێستا راستیه‌کان له‌ ‌ژیانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی عێراق و کوردستاندا ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ راستیه‌که‌و که‌س ناتوانێت نه‌یبینێت و ئینکاری لێبکات و چاوی خۆی له‌ئاستیدا دابخات. هه‌ر ئێستا که‌ هێشتا داعش ده‌رنه‌کراون له‌موسڵ، به‌رنامه‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌و هێزانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی ئه‌و هێزه‌ن ئاشکرا بووه‌و له‌وه‌ش خراپتر دوای پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش ترسی جه‌نگێکی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی هه‌یه‌ له‌به‌ڕێی خه‌ن.
رۆشنه‌ ‌به‌سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌که‌وه‌‌ که‌ئه‌مریکاو هه‌ریه‌که‌ له‌هاوپه‌یمانانی هه‌یانه‌ له‌جه‌نگی موسڵدا، جیا له‌قوربانیه‌کی زۆری خه‌ڵکی موسڵ له‌و جه‌نگه‌دا و داڕمانی ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نی ئه‌و شاره‌، ئه‌وا له‌ئاینده‌ی پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش، فه‌زایه‌کی ماڵوێرانی و کوشتارو جه‌نگی مه‌زهه‌بی و قه‌ومی نه‌ک ته‌نها بۆ دانیشتوانی موسڵ، به‌ڵکو کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌بێت، که‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا له‌جه‌نگی موسڵدا که‌ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌عێراق و کوردستاندا، له‌موسڵی دوای داعشدا درێژه‌ده‌ری ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی خۆیان ده‌بن که‌ئێستا خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گیری خواردووه‌. راستیه‌کانی لایه‌نه‌کانی هاوبه‌شی جه‌نگی موسڵ که‌هه‌ریه‌که‌ به‌ به‌رنامه‌و سیاسه‌تی به‌ژه‌وه‌ندی خوازی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی خۆیانه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکان له‌پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵدا ده‌بێ چ ئاینده‌یه‌ک جیا له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌حه‌ڵه‌ب له‌ژێر سایه‌ی هێزه‌کانی روسیاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا ده‌بینرێت بۆ خه‌ڵک دابین بکرێ!.

ئه‌م پێشبینیانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی حه‌ڵه‌بدا ده‌رکه‌وتووه‌، حه‌ڵه‌بێک که‌یه‌کێکه‌ له‌شاره‌ گه‌وره‌کانی موسڵ، که‌ته‌مه‌نی شارستانی خۆی له‌چوار هه‌زار ساڵ ده‌دات، وه‌ شارێکی مێژوویی و شارستانی و شوێنی پێشه‌سازی و ئابوری گه‌وره‌ بووه‌، له‌ساڵی 2012 بووه‌ته‌ شارێکی وێرانه‌و ئاوره‌یی و کوشتارگا بۆ خه‌ڵكه‌که‌ی، بووه‌ته‌ جێگای هه‌موو جۆره‌ ده‌سته‌جاتی قه‌ومی و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست، کوشتار و برسیکردن و کاولکاری و یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ روخساری ئه‌م شاره‌ی داگرتووه‌، هه‌موو یاسایه‌کی دژی ئینسانی تیادا پیاده‌کراوه‌‌، هه‌موو ئاسه‌وارێک له‌ژێرخانی ئابوری و مه‌ده‌نی وه‌ک خۆی نه‌ماوه‌. به‌شی رۆژئاوای له‌ژیر ده‌سه‌ڵا‌تی سوپای ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانانیداو به‌شی رۆژهه‌ڵاتی له‌ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆنی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی میلیشیادا بووه‌. به‌رده‌وام جیا له‌وه‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌م دوو ناوچه‌یه‌ قوربانی تۆپباران و کوشتاری به‌رامبه‌ر بوون، به‌هه‌مان شێوه‌ قوربانی سیاسه‌تی هه‌ریه‌ک‌ له‌و دوولایه‌نه‌ش بوون که‌ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو له‌و ناوچانه‌داو سیاسه‌تی دژی ئینسانی خۆیان له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا تاقیکردۆته‌وه‌، به‌پێی هه‌واڵه‌کانی چاودێری مافی مرۆڤی سوری و به‌شی مافی مرۆڤی یوئێن، له‌ 15ی نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ واته‌ له‌نزیکه‌ی یه‌ک مانگی رابردوودا، 415 مه‌ده‌نی و 364 چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب که‌ تێدا ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتداره‌ کوژراوه‌، وه‌ 130 مه‌ده‌نی له‌ناوچه‌ی رۆژئاوای حه‌ڵه‌ب به‌بۆمبارانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون. وه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی توندبوونه‌وه‌ی جه‌نگه‌دا به‌ده‌یان هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون و کۆمه‌ڵکوژی کراوه، ده‌یان هه‌زاری که‌س له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌‌. حه‌ڵه‌ب و زۆرێک له‌شاره‌کانی تر و ره‌قه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌و هێزه‌ ئیسلامی و قه‌ومیانه‌ی به‌ناو دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌ددا بووه‌، دنیا هه‌واڵی ژیان و گوزه‌رانیان له‌برسێتی و کوشتن و ئاواره‌یی و داسه‌پاندنی کۆنه‌په‌رسترین یاسای دواکه‌وتوانه‌و ئیسلامی و دژی ژن و کوشتارو ئاواره‌یی دا ئاگاداره‌، ئه‌وه‌تا له‌یه‌که‌م رۆژی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌دو باقی هاوپه‌یمانانی روسیا، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌سه‌دان که‌س له‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی سوتێنراون و ئیعدام کراوون، ئه‌مه‌ په‌یامی ئازادکردنی حه‌ڵه‌به‌ که‌ ته‌پڵی بۆ ده‌کوتن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای په‌یامی روسیاو ئه‌سه‌دو هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌ بۆ رێگاچاره‌ی ئاشتی و وه‌ستانی جه‌نگ و ئاینده‌ی سوریا که‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی نه‌یاتوانی بیکه‌ن. خه‌ڵک له‌نێوان دوو هێزی تیرۆریستی و میلیشیاو دژی ئینسانیدا له‌چ جه‌هه‌نمێکدا ده‌ژین، ئه‌بێ هاتووهاواری رزگارکردنی حه‌ڵه‌ب له‌ده‌ست ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی که‌به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی و جێگرتنه‌وه‌ی به‌سوپای ئه‌سه‌د و روسیاو هاوپه‌یمانانی چ له‌ژیانیان بگۆڕێت و چ چاوه‌ڕوانیه‌ک به‌ره‌و‌ ئاینده‌یه‌کی باشتر بکرێت، له‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجامیان داوه‌.

ئه‌گه‌ر تادوێنێ له‌حه‌ڵه‌ب، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنانه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا به‌هاوکاریه‌کانی سعودیه‌، قه‌ته‌رو تورکیا هه‌ر له‌ ؛ سوپای ئازادی سوریا که‌تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌هێزی قه‌ومی و ئیسلامی به‌توندڕه‌و میانه‌ڕه‌وه‌، به‌ره‌ی نوسره‌ که‌ئێستا بۆته‌ فه‌تحی شام، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ کۆمه‌ک ده‌کران، ئه‌وا هه‌موویان به‌پێی رێکه‌وتنه‌کانی لایه‌نه‌کان ئێستا کاریان له حه‌ڵه‌ب ‌ته‌واو بووه و ده‌بێ له‌ناوچه‌کانی تریش چاوه‌روانی هه‌مان چاره‌نوسی حه‌ڵه‌ب بکه‌ن. ئه‌مانه‌ ‌نیشانه‌ی ئاڵوگۆڕی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی روسیاو پاشه‌کشه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی نیشانده‌دات، که‌له‌ پێشڕه‌وی و چونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌وازنی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی سوپای ئه‌سه‌د‌ نیشانده‌دات، به‌ڵام زۆربه‌ی کوشتارو ئیعدامه‌کانی حه‌ڵه‌ب به‌پێی راپۆرتی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و یوئێن، به‌جیا له‌سوپاسی ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنانی و سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ له‌حه‌ڵه‌ب ئه‌نجامدراوه‌، وه‌ نمایشی هیزه‌کانی جمهوری ئیسلامی و حزوری قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لەحه‌ڵه‌ب دەرده‌کەوێت، له‌نفوزی جمهوری ئیسلامی ئێران له‌ سوریادا به‌هه‌مان شێوه‌ی له‌عێراقدا، که‌ئه‌مه‌ واده‌کات نفوزیان له‌یه‌مه‌نیش بچێته‌ سه‌ره‌وه‌.
ئاینده‌ی خه‌ڵکی حه‌ڵه‌ب و موسڵ له‌ده‌وره‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا چۆن بووه‌، ئه‌گه‌ر ئازادکه‌رانی ئه‌و هێزانه‌بن که‌ئیشاره‌مان پێدا، ئه‌وا ئاینده‌ی باشتر له‌وه‌ی که‌تا ئێستا بووه‌ باشتر نابێت، وه‌ ته‌وازنی ناوچه‌که‌ش له‌کێشه‌ی نێوان سعودیه‌و ئێران، له‌سونه‌و شیعه‌دا به‌جه‌سته‌ی ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولومه‌رجێکی ترو ده‌وره‌یه‌کی تر ده‌ڕوات.‌

جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵ و ده‌وره‌یه‌کی نوێی کێشه‌ی بلۆکه‌ جیهانیه‌کان:

ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا وه‌ک تاک بلۆک له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی له‌موسڵ بڕیارده‌ر بوون، ئه‌وا له‌ سوریا له‌جه‌نگی حه‌ڵه‌بدا وانه‌ماوه‌، روسیاو هاوپه‌یمانانی هێزن و له‌پێشڕه‌ویدان و ته‌وازن له‌به‌رژه‌وه‌ندیانه‌و هه‌تا ته‌مایلی وڵاتانی ناوچه‌که‌ روو به‌ روسیا گۆڕاوه‌، مه‌وقعیه‌تی ئێران له‌سوریاو عێراق زۆر چۆته‌ سه‌ره‌وه‌، ده‌ورو یاریکردنی دوولایه‌نه‌ی تورکیا له‌سوریا و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو ئێستا له‌گه‌ڵ روسیا، هاوکێشه‌کان و کێشه‌کان بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو له‌ناوچه‌که‌دا ده‌گۆڕێت و تاسیراتی جیهانیشی ده‌بێت. ئێستا له‌سوریا ئه‌مریکاو غه‌رب و هاپه‌یمانانی ده‌وری ئۆپۆزسیۆنێکی شکستخواردوو ده‌بینن، چ غه‌رب و چ سعودیه‌و قه‌ته‌ر ناتوانن ئه‌م شکسته‌ ئینکاری بکه‌ن، ئه‌م کاریگه‌ریانه‌ بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو له‌وڵاته‌کانی تردا تاسیری ده‌بێت، به‌وپێیه‌ دوای جه‌نگی حه‌ڵه‌ب تاسیراته‌کانی له‌یه‌مه‌ن و عێراق به‌پێی نفوزو جێگای ئێران کاریگه‌ری ده‌بێت. به‌پێی ئه‌و رووهێنانه‌ی تورکیا به‌ره‌و روسیاو ئه‌سه‌د و ناوه‌نجیگه‌ریه‌ که‌ تورکیا له‌گه‌ڵ روسیا بۆ رزگارکردنی چه‌کدرانی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن له‌حه‌ڵه‌ب ده‌یکات، ناوه‌نجیگه‌ری تورکیای نێوان روسیاو ئۆپۆزسیۆنی سوریا، و قه‌راری دانیشتنی سێ قۆڵی روسیا، تورکیا وئێران، پێش هه‌موو شت له‌سه‌ر روسیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی بلۆکی روسیا کاریگه‌ری ده‌بێت. نیگه‌رانیه‌کانی سعودیه‌ و قه‌ته‌رو تورکیا له‌و وه‌زعه‌ی سوریا که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاوپه‌یمانه‌ ئیسلامیه‌کان نیه‌، به‌ناچار ده‌بێ سازانێک له‌گه‌ڵه‌‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د یان روسیادا ئه‌نجامبده‌ن، سه‌ره‌تاکانی ناچاری سعودیه‌ بۆ ناوه‌نجیگه‌ری له‌گه‌ڵ سوریا به‌ڕێوه‌یه‌و تورکیا ئه‌وه‌ ده‌ستی پێکردوه‌‌.هه‌لومه‌رجی ئێستای سوریا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ئاینده‌ی ناوچه‌که‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی روسیا ده‌بێ حسابی رێکه‌وتنی له‌سه‌ر بکرێت.

واته‌ ره‌وتی روداوه‌کان له‌به‌رژه‌وه‌ندی روسیا ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌‌، وه‌ یاریه‌کانی تورکیا له‌نێوان ئه‌مریکاو روسیادا له‌ئێستادا، بازرگانیه‌کانی میسر له‌گه‌ڵ روسیادا، هه‌مووی باڵانس به‌لای روسیادا ده‌شکێته‌وه‌، به‌ناچار ئه‌وه‌ تاسیراتی له‌سه‌ر په‌یه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی غه‌ربیش ده‌بێت، ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی ناوچه‌که‌ش ده‌بێ، به‌پێی تاسیراتی ناوچه‌یی، به‌ناچار ده‌بێ پرۆسه‌ی جه‌نگیان له‌گه‌ڵ داعش هێواش که‌نه‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانی کۆمه‌کردنیشی ده‌کرێت، به‌پێی هه‌واڵه‌کان له‌ناو حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌، کۆمه‌کی تازه‌ گه‌شتۆته‌ ده‌ستی داعش له‌موسڵ و مقاوه‌مه‌تی زیادی کردوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگۆی درێژه‌کێشکانی جه‌نگی موسڵ له‌ده‌می لا‌یه‌نه‌کانی به‌شداربووانی جه‌نگی موسڵه‌وه‌‌ هه‌یه‌. له‌ سوریا به‌هۆی جه‌نگی حه‌ڵه‌به‌وه‌، هه‌واڵی جه‌نگی دژی داعش چۆته‌ دواوه‌و داعش له‌چه‌ند ناوچه‌ پێشڕه‌وی کردوه‌. هه‌لومه‌رجی ده‌خاله‌تی تورکیاو یاریکردنی دوو لایه‌نه‌ی تورکیا له‌سوریادا، دانیشتنی سێ قۆڵی روسیا، تورکیا و ئێران، وه‌ له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن و روسیاو سوپاسی ئه‌سه‌ددا، خۆئاماده‌کردنه‌ بۆ ده‌وره‌یه‌کی تر له‌ئاینده‌ی سوریادا به‌پێی به‌رژه‌وه‌دی خۆیان، که‌‌ ئه‌و هه‌ولومه‌رجه‌ ناتوانێت ناوچه‌ کوردیه‌کانی سوریا نه‌گرێته‌وه‌.

له‌کۆتاییدا، ده‌توانین بڵین به‌دوای به‌رێخستنی جه‌نگی موسڵدا، جه‌نگی حه‌ڵه‌ب کۆتایی ده‌وره‌یه‌که‌ که‌ئه‌مریکا ناتوانێت یه‌کلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانیدا بڕیار بدات، دنیای یه‌ک قوتبیه‌که‌ی به‌خاک سپێراو قوتبی روسیا به‌هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریدا راوه‌ستاوه‌و شه‌ریکه‌ به‌شێکی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌مریکا، ئه‌مه‌ به‌مانای سه‌ره‌تای ده‌وره‌یه‌کی نوێیه‌ له‌کێشه‌و دانوسانی هه‌ردوو بلۆکه‌ جیهانیه‌که‌و هاوپه‌یمانانیان، که‌جه‌نگ و ئاشتیان به‌پێی به‌ژه‌وه‌ندیه‌ سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیستیه‌کانیان ده‌بێت. ئه‌وه‌ی رۆشنه‌ بۆ ئێمه‌ کۆمۆنیسته‌کان ‌له‌ژێر سایه‌ی هێزو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکاو و روسیاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کاندا تروسکاییه‌ک که‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کرێکار و به‌شمه‌ینه‌تی تێدا بێت به‌دوای جه‌نگی حه‌ڵه‌ب و موسڵدا به‌دیناکرێت، جیا له‌ئاینده‌یه‌کی ترسناکتر، وه‌ناکرێت چاوه‌ڕوانیه‌کی له‌وه‌زیاتر بکرێت، جه‌نگی حه‌ڵه‌ب وموسڵ جه‌نگی دووبلۆکی سه‌رمایه‌داری جیهانی جیا به‌هاوپه‌یمانی جیهانی و ناوچه‌یی جیاوازه‌وه‌‌، وه‌ستانه‌وه‌یان‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌حزابی ئیسلامی تیرۆریستیدا، ناتوانێت یه‌ک زه‌ڕه‌ له‌ماهیه‌تی سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستی و دژی خه‌ڵکیان بگۆڕێت، هه‌ربۆیه‌ رێگاچاره‌ی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌ت له‌حه‌ڵه‌ب و موسڵ، له‌ سوریا، عێراق و ناوچه‌که‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌‌جه‌نگ و کوشتارو کاولکاری و ئاواره‌ییان هه‌ر سۆسیالیزمه‌، ئه‌م سۆسیالیزمه‌ به‌هه‌موو زه‌وعفێکی هێزه‌که‌یه‌وه‌ که‌هه‌یه‌تی له‌ چینی کرێکارو کۆمۆنیزمێکی رێکخراوو ئاماده‌، هه‌ر رێگاچاره‌ لای ئه‌م هێزه‌یه‌. کۆمۆنیسته‌کان و چینی کرێکار له‌م وڵاتانه‌دا هاوچاره‌نوسن، چینی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و به‌ره‌ی ئازیخوازو ئینساندۆست له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، رێگا چاره‌ به‌ده‌نگهاتنی ئه‌م رێزه‌ فراوانه‌ ملیۆنیه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاو چاره‌نوسه‌کانیان له‌ناوچه‌که‌دا وبه‌ده‌نگهاتن و هاتنه‌مه‌یدانی به‌ره‌ی ئازادیخوازو ئینساندۆسته‌ له‌گه‌ڵیاندا له ئاستی ‌جیهاندا، که‌ده‌توانێ رێگا به‌و وه‌حشیه‌گه‌ریه‌ی هه‌ردوو بلۆکی ئیمپریالیستی و وڵاتان و ئه‌حزابی سه‌رمایه‌داری و بۆرژوازی بگرێت.

18-12-2016




سلیمانی و ده‌نگی كوردستان … ئانیا ئەحمەد پور

بارگرژیه‌كانی سلێمانی كه‌له‌سه‌ره‌تای سالی نویی خویندن ده‌ستی پیكرد بریتی بو له‌فشار خستنه‌ سه‌ر پارتی خوازان.دواتر له‌ده‌می به‌ریز مسعود بارزانی چه‌ند وشه‌یه‌كی نه‌شیاو ئاراسته‌یان كرا، هه‌ربۆیه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناوجه‌كه وە‌ باركرزیه‌كه‌ی زیاتر كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی زۆرلایه‌ن بریاری هاتنه‌بال مامۆستایانیان دا .رۆژ له‌دوای رۆژ شاره‌كه‌ زیاتر په‌ستتر خۆی ده‌نوینی ئه‌گه‌رجی زۆریك له‌لایه‌نه‌كان ئه‌مه‌ ناوده‌نین به‌ پیلانكیرانی گۆرانخوازان، به‌لام خه‌لك پاساوی یاسایی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وبه‌شیكی دیاری هاونیشتمانیانیش ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامن و ئه‌وانه‌ی به‌هۆی هیزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ریگریان لیكراوه‌ له‌به‌رده‌م هاتنه‌ ده‌نك ئه‌م به‌رده‌وامبونه‌یان لاباشتره‌.
ئەمڕۆ ‌شاره‌كه‌ به‌ناوی هه‌مو خه‌لكی كوردستانەوە وه‌ده‌نگ كه‌وتوه‌ لایه‌نیكی شاراوه‌ش هه‌بو كه‌ به‌شیكی خه‌لكی ئه‌م شاره‌ دركیان پینه‌كردبو لیره‌به‌دواوه‌ هه‌ستیان به‌و سیناریۆیه‌ش كرد كه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ هه‌ر به‌ته‌نیا بیده‌نگ نیه‌ به‌لكو له‌پال وه‌لامنه‌دانه‌وو خوین ساردی و بی هوده‌بونی ئه‌وان ده‌خاته‌ روو. وه‌ جه‌ند بیده‌نكبون له‌باركرزی ئه‌م شاره‌ تاوانباره‌ خوین ساردی نواندنیش ئه‌وه‌نده‌ وبكره‌ زیاتریش ئاشكرابونی ئه‌ن سیناریۆیه‌ به‌هه‌لویستی به‌ریز مسعود بارزانی ده‌ستی بیكرد كه‌ به‌ئاشكرا ئیدانه‌ی ئه‌م خۆبیشاندانه‌ی كرد ئه‌وه‌ جكه‌ له‌وه‌ی له‌به‌رده‌م میدیاكانه‌وه‌ جه‌ند ش وشه‌یه‌كی ئاراسته‌كردن دیاره‌

سوكایه‌تیكردن به‌شداری له‌به‌ست بونی سلیمانیدا هه‌بوه‌ ئه‌م سه‌ركردانه‌ی حوبه‌كان كه‌ دانیان به‌مافی خه‌لك ده‌نا به‌جۆریك له‌ سوكایه‌تیكردن به‌ سلیمانی به‌شدارن حكومه‌ت بیشتر وای له‌خه‌لك كه‌یاندبو كه‌ جه‌ند كیشه‌یه‌كی كاتین و له‌لیواری له‌ناووجوندان به‌لام كاتیك روداوه‌كان نمایشی خۆیان كرد ئه‌مه‌شی به‌تال كرده‌وه‌ و متمانه‌ی ده‌سه‌لاتی خۆی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌خۆراكره‌كانیشه‌وه‌ كه‌رانده‌وه‌ لیره‌ به‌دواوه‌ جه‌ماوه‌ره‌ به‌دوای سه‌نكی خۆی ده‌كه‌ریت و مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و شیعاره‌ به‌كرده‌نی بكات به‌وته‌ی ده‌سیلات كیشه‌ی كاتین ئه‌مه‌ش به‌راكه‌یاندن و هه‌لمه‌تی راكه‌یاندتییه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ رۆزانه‌ به‌به‌لكه‌ی جۆراوجۆر وه‌لامی ده‌سه‌لاتی كه‌مه‌رشكین ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامیش جوله‌یان كردوه‌ هه‌ر له‌ناره‌زایی تاده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی خه‌لك و جه‌ماوه‌ر وه‌ك جاران بیده‌نك نین و به‌قولی هه‌ول ده‌ده‌ن به‌لام شاره‌كانی تر وه‌ك بیویست نه‌یانتوانیوه‌ هینده‌ی سلیمانی له‌م كاته‌دا بكه‌نه‌ ده‌نك و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ زۆر نارازین بیناجیت بتوانن به‌دیلیكی ئه‌م هه‌لویسته‌ی ئیستایان بدۆزنه‌وه‌ جونكه‌ خۆبیشاندانیش بوبه‌زیر ته‌ب و تۆز و غوباری هیزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌م نیوه‌نده‌دا بارتی ده‌یتوانی یاریه‌كی زیرانه‌ بكات و جه‌ماوه‌ر بۆهۆی رابكیشتیه‌وو به‌لام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین وانیه‌ و بیجه‌وانه‌كه‌یه‌تی بارتی له‌م باركرزیه‌دا وه‌ك بیویست مامه‌له‌ ناكات بۆ نمونه‌ له‌كاتیكدا حزبه‌كان له‌بیناو جه‌ماوه‌ر برۆزه‌ یاسای بودجه‌ به‌سند ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر هیور ببیته‌وه‌ بارتی كۆبونه‌وه‌ی جیهیشت و دژ به‌ سیاسه‌تی نه‌مانی باشه‌كه‌وت وه‌ستا و جه‌ماوه‌ری به‌ست و هه‌لجو ئه‌وه‌نده‌ی تر قه‌واره‌ی ناره‌زایی فراوانتر ده‌كه‌ن. لایه‌نیكی تر كه‌ زۆر كرنكه‌ باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جومكه‌ی حزب بشتیوانیه‌ بارتی له‌م بواره‌شدا به‌ره‌و دواوه‌ هاتوه‌ نه‌ك به‌ره‌و بیش بروات بشتیوانی بارتی له‌ناوجه‌ی سنوره‌كه‌شی به‌جۆریكی به‌رجاو بۆ دواوه‌ كه‌راوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ئاستی به‌راورددا نییه.‌ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانین خه‌لكی هه‌ولیر بخه‌ینه‌ به‌رباس، ئه‌وه‌تا به‌هۆی توندوتیزی هیزه‌كانه‌وه‌ خه‌ریكن له‌ژیر ئاگری هه‌لجون ده‌كولین و سنوری بیده‌سه‌لاتی ده‌شكینن. ته‌نانه‌ت بارتی خوازانیش هه‌لده‌گه‌رینه‌وه‌ و بۆناو حزبه‌كانی گۆران و یه‌كیتی ده‌جن ئه‌مه‌ش به‌ژماره‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ كه‌جاران جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر گه‌وره‌یی سنوری بارتیخوازان ئالاو ره‌مزی بارتی ئاسمانه‌كانی دابۆشیبو، كه‌جی ئیستا گوێت له‌هیج كه‌سیك نابی كه‌ بشتگیری بارتی بكات، هۆكاری ئه‌مه‌ش دەگه‌ریته‌وه‌ بۆفره‌ ریگا جه‌وته‌كانی بارتی كه‌ گرتویانه‌ته‌ به‌ر، له‌كاتیكدا ده‌یتوانی قه‌ره‌بوی هه‌له‌كانی بكاته‌وه‌، به‌لام چونكه‌ جاوی ته‌ماحكاری كویری كردون نه‌چوه‌ ژیر ركیف و به‌یوه‌ندی لەگه‌ل حزبه‌كانی تردا نه‌بو. له‌وه‌شدا لایه‌نه‌كانی تر توانیان بی به‌شداری بارتی به‌بیوه‌ بوه‌ستن و دژ به‌و قه‌واره‌یه‌ بن كه‌ پارتی سازی كردوه‌ جگه‌ له‌وه ‌رازی بونی زۆر لایه‌نه‌كان له‌به‌رله‌مانی عیراق شكستیكی مه‌عنه‌وی بو بۆ بارتی. له‌سه‌ر ئاستی راكه‌یاندنیش وته‌ و بلاوكراوه‌كانیان كه‌م كردوه‌ و له‌میدیا و كه‌ناله‌كان وته‌یه‌كیان نیه‌ بۆ وتن جكه‌ له‌وه‌ی به‌شیوه‌ی ناراشكاوی جه‌ند وته‌یه‌كی دوباره‌ ده‌لینه‌وه.‌ كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند بیه‌وی شیرازه‌ی كوردستات تیكبدات و دواتر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردستان یه‌ككرتوه‌ و بارتی جالاكیه‌كانی له‌ سلیماتی نه‌ماوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت لایه‌نكره‌ ره‌نجاوه‌كانیشی ئاشت بكاته‌وه‌ بگره‌ تادیت ریزه‌ی ره‌نجاندنی جه‌ماوه‌ر له‌و حزبه‌ له‌و شاره‌دا زیاتر ده‌بی بەكشتی بارتی نەییتوانیوه‌ وه‌ك بیویست جموجۆل و راستكۆیی خۆی به‌ئاراسته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی جەماوه‌ر ریكبخات. كه‌ر به‌مجۆره‌ بروات هاوكیشه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بی كۆران و یه‌كیتی ئینجا یه‌ككرتو و كۆمه‌ل كه‌ر بارتی نه‌توانی بیگه‌ی خۆی توندوتۆلتر بكاته‌وه‌ پیده‌جی له‌وه‌ش زیاتر توشی شكست و رسوایی بێت، به‌لام له‌م نیوه‌نده‌دا گۆران گره‌وی خۆی ده‌باته‌وه‌ و پیده‌جی سنوری فراوانتر وریزه‌یه‌كی به‌رجاو زیاتر ده‌بی.




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی … به‌شی چواره‌م …. نەجمەدین فارس

شۆڕشی كرێكاری و پرسی نەتەوایەتی

چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , ئەم وەرەمەی سەرمایەداری لەبەردەم خەباتی كرێكاران لە پێناوی ڕزگاری یەكجاری دایناوە , تەنها بە شۆڕشی كرێكاری نەشتەرگەری دەكرێت , بەهۆی دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە , سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی لێوە بەرهەم دێت و , جیاوازی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی چینایەتی بنج بڕ دەكات , ڕێگا ڕاستەكە دامەزراندنی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمە, هەروەكو ماركس و ئەنگلس دەڵێن “دەوڵەت هەر لە ئەزەلەوە نەبووە”.(23)
دەوڵەت بەرهەمی دروستبوونی جیاوازی چینایەتی بوو , لە كۆمەڵگای سەرەتاییدا ده‌وڵه‌ت بونی نه‌بووه‌ ،دواتر و له‌دروستبوونی چینه‌کاندا , دەوڵەت بۆ پارێزگاری بەرژەوەندی كۆمەڵێك لە بەرامبەر هەموو كۆمەڵگادا پێكهاتووە و پێك دێت .

جیاوازی ئابووری سەرچاوەیەكی گەورە و پڕ لە كێشە و مەرارەتی ناو كۆمەڵگایە , ئەمەش وای كردووە له‌ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئابووری و هێزه‌شه‌ڕکه‌ره‌کان و سیاسه‌ته‌وه‌ , كۆمەلێك كۆمەڵێكی تر بچەوسێنێتەوە , جیاوازییەكی گەورە لە نێوان خۆیان و ئەواندا دروست بكەن . هەروەها به‌هۆی سیاسه‌ت و ئابووری و بەكارهێنانیان بە ناوی هێزی نەتەوەیی و بیری ئەندامانی خۆوڵاتی , جیاوازییەك لە نێوان جوگرافیا سیاسیەكانی سەر ڕووی زەوی دروست دەكەن , پەرە بە قڵیشتی نێوان ڕەنگە جیاوازەكانی ئەیەن , بەرژەوەندی ئابووری جیاواز و جوگرافیای ئابوریی بە ناو نەتەوەیی و پارێزگاری كردنیان لە ڕێگەی دڕۆ و دەلەسەی بێبنەما و بێسەر و مل , هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و ململانێ‌ نەتەوەكان ئه‌یه‌ن بۆ بەرژەوەندی خۆیان, و لە ڕێگەی بەناو پارێزگاری جوگرافیایەك كە كۆمەڵێك خەڵك بە زمانی جیاواز یا جلوبەرگ و ئەدەب و كەلتوری جیاواز بەرامبەر جوگرافیایەكی تر, بەو جۆرە دیدگایە کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکه‌که‌ی حقنە دەكەن , ئەمەش هەر هەمووی دیسانەوە لە پێناوی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ و ئابوریدایە , زۆرترین جار سەرمایەداری, بۆ هێشتنەوەی كێشە و ململانێیەك, جیاوازی ئابووری لە نێوانیاندا دروستده‌کات لە ڕێگەی وەبەرهێنانكردن و كرێی كاری جیاواز و پێدانی پاداشت و سزا, دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ، دژایەتی بە ناوی نەتەوایەتی و نیشتمانیەوە لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , و بە بەرگی پارێزگاریكردن لە كرێكارانی نەتەوەكەی , خۆی ئەكاتە دەم ڕاست و دڵسۆزو پارێزه‌ری .
هه‌ربۆیه‌ چارەسەرییەكە , لە سەرچاوەی ئابوورییەوە دەست پێ دەكات چونكە دەست ڕاگەشتن بە مافی ئابووری یەكسان و ئازادی پێكەوە ژیان , خاڵێكی گەورەی وەرچەرخێنەری چارەسەری كێشە و ململانێی نەتەوایەتی یە .

هەروەها مافی یەكسانی نەتەوەكان, ئەتوانێت بە ڕۆشنبیرییەكی زۆر پێشكەوتوو , دوور لە ڕۆشنبیری نەتەوایەتی , لە نێوانیاندا پرۆسیس بكات , ئەمەش هۆكارێكە , بۆ ئەوەی جێگە و ڕێگەی یەكسانیان هەبێت , ده‌وریان لە دەستنیشان كردنی بەهای ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیان هه‌بێت , لەمەیدانی خەبات دژی نایەكسانیەكانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئەوقەید و بەندانەی بەناوی ناسیونالیزمه‌وه‌ , بیر و گیانی شۆڤێنیانە لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , سەرەتای دروست بوونی , چینی سەرمایەدار و كرێكار , سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت نەتەوەیە , لەگەڵیدا بیری نەتەوایەتیش دروست ده‌بێت , ئەمەش سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە , دەوڵەت نەتەوە لە ساڵی (1648ز) , كە پەیماننامەی ویستفالیای لێوە دروست بوو , دەست پێ‌ دەكات , ئەویش دوای ئەوەی كۆتای هێنا بە زنجیرەیەك لە جەنگ كە (30) ساڵ درێژەی كێشا , بەهۆی ململانێی نێوان نەمسای كاسۆلیك و وولایەتەكانی ئەڵمانیای پرۆتستانتەوە بە دیاری كراوی ,و ئەوروپا بە شێوەیەكی گشتی , ئەمەش كۆمەڵێك كێشەی چارەسەر كرد , كە لە بەردەم گۆڕانی ئەوروپادا بوو , وەكو لایەنی ئایینی , سیاسی , كێشەی كەمایەتیەكان , ئاڵوو گۆڕ و پەیوەندی دبلوماسی ………..(24)

لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆو بۆگه‌ناوی فیودالیزم ، دەوڵەتی نەتەوە دروست ئەبێت , هیچ شتێكی ئەوتۆ لە ژیانی زەحمەتكێش و هەژاران ناگۆڕێت , لەگەڵ ئەوەی لە سیستەمی پێشوودا , چەوسانەوە هەبوو , برسێتی و هەژاری , سیما ی دەرەبەگایەتی بوو بەڵام له‌نێوان جووتیاراندا كێشەی نەتەوایەتی برەوی نەبوو , سیما و خەسڵەتی سەرمایەداری بە نەتەوەیی كردنی كێشەكان بوو لەپاڵ كێشە ئابوورییەكاندا , هەر بۆیە سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت , لە ململانێ‌ ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكان و له‌ جه‌نجاڵی بازاڕی جیهاندا , کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری ، هەموو ئەو ئەركانەی پرسه‌ مرۆفایه‌تیه‌کان که‌ هه‌ن چارەسەریان بكات , چونكە ئه‌وانه‌ هه‌موویان بەشێكن لە پێویستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا , به‌ڵکو بە هۆكاری جیاواز و لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا , توندڕەوی نەنەوایەتی لە نێوان كرێكاراندا دروست دەكات , و ئەیكاتە بەشێك لە ژیان و هەوڵ و تێكۆشانیان , لەبەر ئەوە چارەسەركردن لە لای دەوڵەتی سەرمایەداری , دیاریكراو و سنووردارە و هیچی بۆ خەڵك لێ سەوز نابێت .

ئەگەر سەیری ووتە و ڕستەكانی چەپ و ڕاست و ئیسلامیه‌کان بكەیت , دوو فاقی و جیاوازی تێڕوانین لەسەر پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرییەكان ئەبنیێت , هەموویان خۆیان بە دەمڕاست و كوێخای چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانن , بەڵام بۆ بازرگانی كردن بەكاری دەهێنن و پرسەكە لە چوارچێوەیەكی تەسكی بیر و بۆچۆنەكانیان دەهێڵنەوە و جەماوەری خەڵكی تووشی دوو دڵی و دڵەڕاوكێ‌ دەكەن , چونكە ((ئەوەی سەردەمی یەكەم جیا دەكاتەوە , بە ئاگا هاتنەوەی بزووتنەوە نەتەوایەتیەكان, كە چینی جووتیاران زۆرترین ژمارەی دانیشتوان پێك دێنێت , ئەگرێتە خۆی , كە چینێكە زۆر زەحمەتە هاندانی بۆ بزووتنەوەكە , لە نێوان چینەكانی تری دانیشتواندا, لە پێناوی تێكۆشان بۆ ئازادی سیاسی بە شێوەیەكی گشتی, مافی نەتەوایەتی بە شێوەیەكی تایبەت, بەڵام ئەوەی سەردەمی دووەم جیا دەكاتەوە, نەبوونی بزووتنەوەكانی بۆرجوازی دیموكراتی و جەماوەرییەكانە, سەرمایەداری پێشكەوتوو , هەوڵی نزیككردنەوە و تێكەڵا بوونی زیاتر و زیاتری نەتەوەكان ئەدات , دوای ئەوەی ئەو نەتەوانە سەرجەمیانی بەرەو بزوتنەوەی (جموجۆڵی) ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕۆشتن , بۆ بارودۆخی ململانێیەك لە نێوان سەرمایەداری هه‌یه‌ كە تێكەڵا بوون لەسەر ئاستی جیهانی, وە لە نێوان بزووتنەوەی كرێكاری جیهانی , كە پلەیەكی گرنگ و لە پێشینەی هەیە , بێگومان , هیچ دیوارێك نیە بۆ جیاكردنەوەی ئەو دوو سەردەمە, بەڵكو بە چەند زنجیرەیەك گۆرانكاریی زۆر پێكەوە بەستراون, چەند هۆكارێكی تر هەن كە دەوڵەتەكان لێك جیادەكاتەوە: وەكو گەشەی خێرای نیشتمانی, وە پێكهاتەی نەتەوەی دانیشتوان, وە دابەشبوونی دانیشتوانەكەی, هتد …… لەبەر ئەوە هەرگیز ناتوانرێت دەست بكرێت بە دانانی بەرنامەیەكی نەتەوەیی بۆ ماركسیەكان, لەهەر وولاتێك لە ووڵاتەكاندا , بەبێ‌ ڕەچاوكردنی هەموو ئەو هەلومەرجە گشتی و مێژوویی و هەموو ئەو بارودۆخە بەرجەستانەی كە لەو دەوڵەتەدا هەیە))(25)

كاتێك كێشەی نەتەوایەتی نەبێت , باسكردن لێی زۆر بێمانایە , ئەگەر كێشەكەش هەبێت , ئەوا پێویستی بە چارەسەركردن هەیە , مێژووی پێكەوە ژیانی نەتەوەكان و چۆنێتی هەڵسوكەوت و بەرخوردیان لەگەڵ یەكتری , دەستنیشانی جیابوونەوەی نەتەوەكان , تا ئاستی دروستكردنی دەوڵەتیش دەكات , یا جیانه‌بوونەوە . لە پێش هەمووانەوە , كۆمۆنیستە زانستییەكان , بە پێی ئەو هەلومەرجە مێژوویییە و پەیوەندییەكان بڕیارێكی دروست دەدەن , لەبەر ئەوەی هەر كاتێك ئەو ناوچەیەی جێگەی هەڵسووڕان و پراكتیكی حیزبێكی كۆمۆنیست بێت , پرسی نەتەوایەتی پرسێكی مێژوویی و ڕێگر بێت لەبەردەم بزووتنەوەی چینایەتی چینی كرێكار ,ئه‌گه‌ر ئامانج و ستراتیژی بزووتنەوەكەی خستبووە ژێر پرسیارەوە , دەبێت ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە و چارەسەری بنج بڕی بۆ بكرێت, تا هەنگاوێكی زیاتر و پڕ لە سوود بێت بۆ بزووتنەوەشۆڕشی كرێكاران .

شۆرشی كرێكاری وەڵامی یەكەم و كۆتاییە . بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , لە هەر ووڵاتێكدا بێت . بەڵام لە ڕابردوودا , لە لای بەشێك لە بزووتنەوەی چەپ ,بۆ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی بڕوای ناڕاستی, نا زانستیان ئەوەبوو , كە نابێت نەتەوەكان جیاببنه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حکومه‌تی کرێکاریدا . هه‌روه‌ها له‌لای پارته‌ ڕاست و ئیسلامیه‌کان بە شێوەیەكی بێ بەهایانەو , شەرمنانە , تا ئاستی باس نەكردن بوو, یان بۆ راكێشانی سۆز و هەستی كۆمەڵگای كوردی لێرە و لەوێ‌ قسەیەكی كورت و بێ‌ ناوەڕۆكیان لەسەر دەكرد, چونكە ((“لە سیستەمی سەرمایەداریدا, كارێكی چاوەڕوان نەكراوه‌،, لابردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی (چەوسانەوەی سیاسی بە گشتی) لەسەر نەتەوەكان, لەبەر ئەوە پێویستی بە لەناوبردنی چینەكان, و دامەزراندنی سوسیالیزمە”))(26)
هەڵوێستی دژ بە سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە, و ڕاگەیاندنی لە لایەن چەپی كوردستانەوە له‌ ڕابردوو ئێستاشدا, سەربەخۆیی كوردستانی عێراق لە لایان دووەمین ڕێگای هەڵبژاردنیان نییە, ئەوە نەبێت حیزبەكانی تریش هەڵویستیان لە ڕابردوو ئێستاشدا زۆر جیاواز بێت, هەرچەندە بەسەر زارەكی بەیانی بكەن .

نە بڕوایان بە حكمی زاتی و نە بە فیدراڵی و نە بە جیابوونەوەش هەیە , پرسی نەتەوایەتی گرێی خستوۆه‌و ده‌خاته‌ بەردەم چوونە پێشەوەی ئامانج و ستراتیژی كۆمۆنیستە زانستیەكان , هەروەها چەپیش هەوڵیان لە پێناوی چوونە پێشەوەی بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازی و بەكارهێنانی پرسی نەتەوایەتی یە ,لەو پێناوەدا چونكە دەڵێن ((“سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دووەمین ڕێگاش نی یە كە هەڵبژێرین”))(27) , كاڵفامیان , یان نەتەوە پەرستیان ئەم جۆرە هەڵوێستانەیان , بەرامبەر بە پرسێكی لەو جۆرە بۆ دروستكردوون , لەبەر ئەوەی كێشەی كورد لە هەر چوار وڵاتانی عێراق , ئێران , توركیا و سوریا , مێژوویەكی دوور و درێژی لە بێ مافی سیاسی و ئابووری و تا كەلتوریش هەبووە , باشوری كوردستان كەوتەبەر شاڵاوی ئەنفال و كیمیا باران و , وێران كردنی گوند و سەرچاوە ئابوورییەكانی, ژیانی هاووڵاتیەكانی لەسەر زەوییەكەی وەكو ژیانی بەندییەك بووە لە گرتووخانەیەكدا , لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و , باكوریش شتێكی ئەوتۆ نەبووە, كە پێناسی ناسنامەكانیان بێت , لەو ووڵاتانەدا هاووڵاتی كورد بە پلە دوو هەژمار دەكراو و دەكرێت , هەموو ئەو هەڵوێستی دەوڵەتانەی كە كوردی تێدا ئەژێت, وای كردووە ئەو نەتەوەیە دامەزراندن و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە كەم و كۆتا چارە دەیبینێت, بەڵام “(لەبەر ئەوەی بۆرژوازی نەتەوەی چەوساوە, دروشمی ڕزگاری نیشتمانی, بە بەردەوامی دەگۆڕێت بە دروشمی فێڵكردن لە كرێكاران , لە كێڵگەی سیاسەتی ناوخۆدا , ئەم دروشمانە ئەقۆزێتەوە, بۆ بەستنی ڕێكەوتننامە كۆنەپەرستانەكانیان: لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی كە لە دەسەڵاتدایە, وە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا , هەوڵئەدات بۆ بەستن و جێبەجێ كردنی سەفەقات لەگەڵ دەوڵەتێك لە دەوڵەتە ئیمپریالیستیە ڕكابەرییەكانیان, تا ئامانجەكانی لە تاڵان و بڕۆدا بە دەست بهێنێت.)”(28)لەگەڵ ئەوەی ئەمە سیاسەتی بۆرژوازی نەتەوەو مەزهەبچیەكانی عەرەبیە لە عێراقدا, هەروەها لە وڵاتەكانی وەك و ئێران وتوركیا و سوریاش هەر هەمان شتیان ئەنجام داوە, بەڵام ئەو سیاسەتانە بەشێك نین لە ئامانج و خواستی سیاسی و ئابووری كرێكارانی نەتەوەی ووڵاتەكانیان , هەموو ئەوانە فرت و فێڵی بۆرژوازی نەتەوە و ئاین و مەزهەبچیەكانە لە كرێكارانی نەتەوەكانی خۆیان, پەنا بە خاتری زیاتر كردن و گەشەی كەڵەكەبوونی سەرمایەكانیانە و بردنە پێشەوەی ئامانجی سیاسی و ئابوورییانە , لەسەر شان و ئێسك و پروسكی كرێكارانی نەتەوەكانیان و كۆیلەكردنیان بە سیاسەت و ئامانجە نزیك و دوورەكانیان , چونكە “(هەر گەلێك, گەلێكی تر كۆیلە بكات بە دەستی خۆی كۆت وبەندی خۆی دروست دەكات)”(29).

هەموو ئەو كردارانەیان زیاتر لە پێناوی ململانێی و كێبركێی سەرمایەكانیانە لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی ژێر دەست و , ئەمەش لەسەر شان و بەرژەوەندییەكانی كرێكارانی ناوخۆی ووڵاتدا ئه‌نجام ئه‌درێت , بەڵام لە هەموو كاتێكدا بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەستە , لە دژی كرێكارانی هەردوو نەتەوەكە , تا ڕێگای هاوخەباتی چینی كرێكاری نەتەوەكان و , بزووتنەوەچینایەتیەكەیان ڕووبەڕووی شكست ولەناوچوون بكات , هەروەكو لە ڕابردو و ئێساشدا ئەو شكستەیان دیار و ڕوونە. بۆ ئەم هەلومەرجەش دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان چ هەڵوێستێك لە بەرامبەر ئەو ناتەبایی و دژیەكییەی كرێكاران , لەبەردەم كار و كرداریان دابنێن؟! بە پێی هەموو ئەو هەلومەرجە ئابووری , سیاسی , كۆمەڵایەتی و مێژووییانەی كە نەتەوەی كورد هەیەتی لە ناوچەكەدا , جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بە كارێكی زۆر شیاو و باشتری دەزانم لەوەی كە ببێتە هۆكاری زیاتر قڵشتی جیاوازی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەكاندا , لەبەر ئەوەی “(داننان بە مافی جیابوونەوە مەترسی (پارچەبوونی دەوڵەت) كەم دەكاتەوە)”(30) كاتێك كێشەی نەتەوایەتی بەر بینی چینی كرێكار نەگرێت , بە خەباتی چینایەتی و داخوازییە ڕۆژانەییەكان و خواستی مێژوییەوە خەریك دەكەن , كەواتە دەبێت جیابوونەوە بە خاتری یەكگرتنەوەی خەبات و بزووتنەوەی كرێكاران بێت . هەروەها دەبێت جەخت لەسەر ئەو ڕێگایە بكەن و هەڵوێستی دوولایەنە و بێئامانجیان نەبێت , و ڕاستەوخۆ ڕێگا چارەكانی , لە تێڕوانینی و لێكدانەوەكانی كۆمۆنیستە زانستییەكان هەبێت .

بە پێی لێكدانەوەكانی ڕابردووی چەپ , سەربەخۆیی كوردستانی عێراق ڕێگای دووەمیش نییە , ئەو تێڕوانینانەیان , كار و فرمانەكان و نووسنەكانیان ,و هەوڵەكانیان , لە پێناوی چوونە پێشەوەی ڕەووتی بزووتنەوەیەكی كرێكاری و كۆمۆنیستی , بەهای بۆچوونێكی نازانستییە , ئەو تێڕوانینەیان هەڵقوڵاوی دیدگا و بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازییە , ئەم توێژەی كۆمەڵگا , بە پێی شوێن و ڕێگای لە سیستەمی سەرمایەداریدا , هەڵووێستیان بە قازانجی بەرژەوەندی خۆیان هەیە و خه‌ڵکانی تر له‌ پێناودا به‌کارده‌هێنن.

تێڕوانینی ناڕاست, و نازانستی چەپ لە ڕابردوو , لە زۆرترین كاتدا, هاوجووت دەبوون لەگەڵ سەرمایەداران و بۆرژوازی لە دەسەڵاتدا, ئەیان ووت “(لە حاڵەتێكی لەمەش پێشڕەوتر لەم دەورانەی ئێستا بەوجود بێت كە پێش جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق چینی كرێكار توانییبێتی ئامادە بێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و جەماوەری زەحمەتكێش بە دەوری خۆیدا كۆكردبێتەوە و حكومەتی كرێكاری لە عێراقدا جێگای جكومەتی بەعس و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی بگرێتەوە لەهەریەك لەم دوو حاڵەتەدا ئێمە دژ بە جیابوونەوە و دیفاع لە مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەكەین)”(31)
ئەم هەڵوێست و تێڕوانینانە , چی جیاوازە , لە بیروبۆچون و كرداری سیستەمی دواكەوتووی سەرمایەداری عێراق , سەرمایەداری لە عێراقدا لەبەر سیاسەتی چاوچنۆكی ئابووری و بازرگانی , بە بڕوبیانوی جیاوازەوە , بڕیار لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی كورد نادات , ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندییانەوە , یەكسانی نەتەوەكان , دەخاتە چوارچێوەی بیری تەسكی شۆڤێنیزم و بە ئاگر و ئاسن و جینۆساید وەڵامی ئەداتەوە , لە ئێستاشدا وەكو ڕابردوو ڕێگای جیاوازی گرتووەتەبەر , تا بتوانێت بە پێ‌ بەرژەوەندییەكانی , مانۆڕی سیاسی و ئابووری خۆی تاو بدات , ئەگەر حكومەتی كرێكاری , زامنی مافی یەكسانی نەتەوەكان نەبێت , بە جیابوونەوەش , ئەوا چ جیاوازییەكی لەگەڵ حكومەتی سەرمایەداران هەیە ؟!.

“(لە تێڕوانینی مێژوویی ئابوورییەوە , لە بەرنامەی ماركسیەكاندا , (ئازادی نەتەوەكان لە بڕیاری چارەنووسدا) ناكرێت جگە لە واتایەكی هەبێت , ئەویش ئازادی بڕیاری چارەنووسی سیاسی , واتا دەوڵەتێكی سەربەخۆ , و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی , بەڵام مەرجەكان لە ڕوانگەی ماركسییەوە , واتا لە ڕووانگەی چینایەتی پرۆلیتاریاوە , پشتیوانی كردن , لە داواكاری بۆرژوازی دیموكراتی كە ئەڵێت “دەوڵەتی نەتەوەیی” و لە دواتردا بڕیار لە ووتەكان ئەدەین , ئێستا باسەكەمان كورت ئەبێتەوە لەسەر پێناسەی ماناو ناوەڕۆكی “ئازادی بڕیاری چارەنووس”)”(32) حكومەت و سیستەمی دیموكراسی بۆرژوازی , هیچ نییە جگە لە دەسەڵاتی چینێكی كەمی مشەخۆر بەسەر تەواوی دەسەڵات و ئامانجی زۆرینەی كۆمەڵگا , بێگومان ناوەكانی وەكو حكومەتی ریفاهی بۆرژوازی , لیبرالیزمی مۆدێرن , و كلاسیك , دیموكراسی و دیكتاتۆرەكان , هەموو حیزبەكانی تری كوردستان و كۆمۆنیزمی كرێكاری و كۆمۆنیزمی سۆڤیەتی جاران و ماوییەكان , ناتوانن وەڵام بە تەواوی داخوازی زۆرینەی خەڵك بدەنەوە , جیابوونەوە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیەتی , لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی سیاسی دیاریكراو سەربەخۆدا , ئەو جۆرە دیدگا و تێڕوانینانەیان لە دنیادا , جیهانبینییەكانیان , بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی نەتەوەی كورد , بێژانەكانیان , خۆشباوەڕی و ناوەڕۆكی بۆچوون و كردارێكی دژە بە دیكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا و سۆسیالیزمە و هیچی تریان لێوە سەوز نابێت . دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی سەرمایەداری , ناتوانێت مافی یەكسانی نەتەوەكان دابین بكات , نموونەش زۆرن , وەك جێبەجێ‌ كردن و پێدانی مافی نەتەوەكانی , وەك چیچانی , و سۆدانیەكانی خوارو , و …..

لە لایەن ووڵاتەكانی كە لەگەڵیاندا ئەژییان , دەوڵەتی ڕوسیا و سۆدان , ئەگەر مافیشیان دابێت , ئەوا ئاوێزانی كۆمەڵێك كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییان كردوون , ئەمەش لەسەر دەستی ئەو ووڵاتانە بووبێت یان لە لایەن سەرمایەداران و بۆرژوازی نەتەوەكانی خۆیان بووبێت , كێشەی بۆسنی و سربیەكان , لەساڵانی پێش (1800ز)وە,كێشەیەكی مزمن و بێكۆتایی بوو, هەتا لە سەرەتای نەوەتەكانی سەدەی ڕابردووە , ئاخر جەنگی خوێناوی و بە پشتگیری سیاسەتی ڕووسیا لە سربەكانی ئەرسۆدۆكس و , هەروەها پاڵپشتی و هاندانی بۆسنییە موسڵمانەكان لە لایەن ئەمریكا و ڕۆژئاواوە , بەرداشی ئەم دوو هێزە خەڵكێكی زۆری لەلایەن ئەرسۆدۆكس و موسڵمانەكان هاڕی , ئەمانەش هەر هەمووییان , پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكانەوە هەبووە و كراونەتە قوربانی سیاسەتەكانی ئەوان . واته‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بوو ، ئه‌وا کاریگه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ووڵاتانی تر ، له‌سه‌ر ناوخۆیان ده‌بێت . هه‌ردوولای ناوخۆو هێزی ده‌ره‌کی ، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاگری دژایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ بڵێسه‌ و خامۆش ده‌که‌ن

“(بونی تێكۆشان لە پێناوی ئازادی نیشتمانی , دژی دەوڵەتێكی ئیمپریالی , لەوانەیە لەهەموومەرجێكی دیاریكراودا لەلایەن دەوڵەتێكی تری (گەورە) بۆ مەبەستە ئیمپریالیەكانی ئیستغلال بكرێت)”(33),هەروەكو لەو ووڵاتانەی كە ئاماژەمان پێكردن , كێشەی دەوڵەتی سووریا و دانیشتوانەكەی , و هێزە گەورە ئابوری و سەربازییەكانی دنیا, لە پێناوی بەرژەوەندییان و ململانێیان لەسەر باڵادەستی لە ناوچەكە و , ڕێڕەوی هەناردەی نەوت و غازی سروشتی , بۆ ئەوروپا و بەشێكی زۆری جیهان , بە گیانی سەدان هەزار كەس لە خەڵكی سوریا و ئاوارەبوونی چەند ملوێنێك لە دانیشتوانەكەی , تەسفیە حساب دەكەن لەگەڵ یەكتریدا . ئەوە خۆشباوەڕییە , كە پێت وا بێت , سەرمایەداری و بۆرژوازی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەكەن , بەڵام ئەگەر لە هەر شوێنێك , هەوڵێكیان بۆ هێنانە دی بەشێك لە خواستی نەتەوایەتی دابێت , یان بیدەن , ئەوا ناكرێت ڕەتی بكەینەوە , ئەزانین , بۆرژوازی و سەرمایەداران كێشەكان بە تەواوەتی چارەسەر ناكەن , بەڵام بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەلاتیان لێرە و لەوێ‌ ووردە ڕیفۆرمێك دەكەن , ئەویش بە پێی هەلوومەرجی ئەو كات و توندی و شلی گرتنی كێشەكان لە لایەن دانیشتوانەکه‌یه‌وە , لەبەر ئەوە دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان , بەرنامە و پرنسیپ و ستراتیژی ئامانج دووری هەبێت , ئەمەش دەبێت تایبەتمەندی ناوچەی كاركردنی خۆی لەبەرچاو بێت, هەنگاوێكی بە بزووتنەوەی ڕزگاری چینایەتی پێهەڵگرتبێت . لە ناوچەكەی ئێمەدا چه‌ند نەتەوە و ئاین و ئاینزای لە یەكتر جیاواز هەیە , هەر هەمووییان كێشە و ئاریشەی سیاسی , و كۆمەڵایەتی , ئابووورییان لەگەڵ یەكتر هەیە, هەر پارت و بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی سیاسی , دەبێت ئامانج و تاكتیكی بە پێی هەلوومەرجی شوێنی كار و چالاكییەكانی دابڕێژێت .

بەرنامەی دیمۆكراتیكی , لە فەلەكی خواستە دیموكراتیەكانی کرێکاران و كۆمەڵگادا بسوڕێتەوە , و بەرنامەی چارەسەری هەبێت , چونكە “( دەوڵەت جۆرێكی تایبەتە لە ڕێكخستنی هێز , ڕێكخستنی تووند و تیژانەی سەركوتكردنی چینێكە لە چینەكان , چی چینێك كە پێویست بێت پرۆلیتاریا سەركوت بكات ؟ بێگومان تەنها پێویستە چینە وەبەرهێنەكانی (چەوسێنەرەكان) سەركوت بكات , واتە بۆرژوازی , كرێگرتەكان پێویستیان بە دەوڵەت نییە , بێجگە لەو كاتەی كە سەركوتی بەرگرییەكانی وەبەرهێنەرانی (چەوسێنەرانی) پێدەكەن , وە ناتوانرێ‌ سەركردایەتی ئەو سەركوتكارییە بكات ,جگە لەوەی تا كۆتایی بە تاكە چینی شۆرشگێر ناوزەند دەكرێت , ئەویش كە چینی پرۆلیتاریایە لە ژیانیدا جێبەجێ‌ دەكات . وە تاكە چینە كە شایستەی یەكخستنی هەموو كرێگرتە و چەوساوەكانە بۆ تێكۆشان , لە پێناوی دژایەتی كردنی بۆرژوازییەت و ڕوخان و لە ناوبردنی بە تەواوەتی)”(34) چارەسەر تەواوەتی لە بەرنامە و دەستوریی پرۆلیتاریای شۆرشگێڕدایە .

لەبەر ئەوەی لە سەردەمی سرمایەداریدا بێجگە لەو چینە ئیتر چینی شۆرشگێڕ نییە , هەروەكو چۆن لە مێژوودا, چینی شۆرشگێری لە كۆیلەداریدا , جووتیاران و خاوەن زەوییەكان بون , بۆ دەرەبەگایەتیش , بۆرژوازی و سەرمایەداران بوو بوونە چینی شۆرشگێر و سەردەمێكی كۆنیان گۆڕی بە نوێ‌ , بۆ ئێستای سەرمایەداریش بێجگە لە پرۆلیتار هیچ چینێكی ترو توێژەكانی ئەو ئەرك و دەورە ناگێڕن , بە “(بێ‌ شۆرشێكی توندو تیژ و بە زەبرو زەنگ ناتوانرێت , لە جێگای دەوڵەتی بۆرژوازی دەوڵەتی پرۆلیتاریا بخرێتە جێگای , بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی پرۆلیتاریا,و هەموو جۆر دەوڵەتێكی تر, هیچ ڕێگایەك نییە جگە لە (هەڵوەشانەوەی ))”(35) , ئەمەش هیچ فرت و فێڵێك ناهێلێتەوە , ئەو ئەركە بە ئەنجام دەگەیەنێت كە مێژوو پێداوە و , بووە بە زەرورەتێك و حەتمیەتێكی مێژووییە, چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , یەكێك لە ئەرك و كارە تاكتیكیەكانی ئەو چینەیه‌ , ئەگینا “( بەو شێوەیەی پرسی هەڵوێستی شۆرشی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا, بەرامبەر بە دەوڵەت , تەنها گرنكیەكی ڕامیاری نییە , بەڵكو لەهەمان كاتدا یەكێكە لە بابەتە پێویستیەكانی ڕۆژگار, ئەوەیە كە پێویستە جەماوەر لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕوونكردنەوە و ئەوە دیاری بكات , ڕزگاربوون لە زۆرداری سەرمایەداری)”(36) , كاتێك كردەیەكی تاكتیكی لەبەر چاو دەگیرێت , لە پێناوی خزمەتی ستراتیژی چینایەتیە,واتە دەبێت لە ئێستا هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەب و كەمە نەتەوایەتییەكانی تر, بیر لەوە بكەنەوە كە نەیه‌ڵن بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەكانیان بەكارییان بهێنن و لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتیان بیانكەن بە گژ یەكتریدا.

چارەسەری پرسی نەتەوایەتی بەشێكە لە وەڵامی سیستەمی سەرمایەداری كە هەموو كات ویستوویەتی , لە رێگەی دروستكردنی , دژایەتی نەتەوایەتی و بیری تووند و تیژییه‌وه‌ چینی کرێکار ناكۆك و دژبەیەك بن لەناوخۆیاندا , واتە دەیانەوێت پرسی سەردەمی ئێستا و كێشەی كرێكار و پرۆلیتاریا لەگەڵ سەرمایەداری و سیستەمەكەیدا بگۆڕن , بە كێشە و ململانێی نەتەوایەتی , كاتێك مێژووی ململانێكان لە نێوان نەتەوەكاندا پێیان ووتین جیابوونەوە چارەسەرە , ئیتر دەبێت كورد و عەرەب بەوە ڕازی بن و هەوڵی ئەوە بدەن لە دواتردا , لە یەك هێزدا خۆیان كۆبكەنەوە و , دژ بە سیستەمی سەرمایەداری هەرچی هێز و توانایانە لە پێناو لەناوبردنیدا خەرج بكەن . ئەمەش لە رێگەی هاوكاری و هاوپشتی چینایەتی كرێكارانی نەتەوە جیاوازەكانەوە دەبێت , هێز و توانایان ئەداتێ‌ بۆ لەناوبردنی جیاوازی نەتەوایەتی و چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی .

“(هەروەها دەوڵەت لە ئەزەلەوە نەبووە , كاتێك كۆمەڵگاكان دروستبوون , پێویستیان بە دەوڵەت نەبوو , هەروەها هیچ ئایدیایەكیان لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتی دەوڵەتی نەبوو , كاتێك بەزەرورەت كۆمەڵگا دابەش بوو , بۆ چینەكان , پەیوەندی بە پلەیەكی دیاریكراوی گەشەی ئابوورییەوە هەبوو , وە بە پێی ئەو دابەشبوونە دەوڵەت بووە پێویستیەكی گرنگ . ئێمە لە پلەو ژمارەی ئەو هەنگاوە خێراییانەی گەشەی بەرهەمهێنانەوە نزیكین كە هه‌روه‌ها بەس نییە پێویستی بوونی ئەو چینانە , بەڵكو بوونەتە لەمپەرێكی ڕاستەوخۆی بەردەم بەرهەمهێنان , بە پێویستی و زەرورەت چینەكانی لەناو دەچن , هەر وەكو لە ڕابردوودا بە زەرورەت دروست بوون , وە لەگەڵ لەناوچوون و هەڵوەشاندنەوەی چینەكان دەوڵەتیش بە زەرورەت لەناو دەچێت , كۆمەڵ بەرهەمهێنانێكی نوێ‌ ڕێكدەخات , بە ڕێكخستنێكی نوێ‌ , لەسەر بناغەی ئازدی و یەكسانی و یەكێتیە بەرهەمهێنەكان , هەموو ئەداتی دەوڵەت هەروەكو هەبووە بە تەواوەتی دەنێرێت بۆ مۆزەخانە عادییەكان لە پاڵا جۆڵاكاری سەرەتایی و داسی برۆنزی)”(37) .

——————————————————–
سه‌رچاوه‌کان:

23- مارکس،‌انجلس، مختارات في اربعة اجزاء(الجزءالثالث)،‌‌‌‌‌اصل العائلة الملکیة الخاصة والدولة ، دارالتقدم ، موسکو ، ص412.
24- الدکتور محمدالسیدسلیم ،تطورالسیاسةالدولیة في القرنین التاسع عشروالعشرین ، دارالفجرالجدید للنشروالتوزیع ، جمهوریةمصرالعربیة، الطبعةالثانیة ، 2004م ،ص39.
25 – لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص75-76.
26- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،{خلاصةالمناقشة حول حق الامم في تقریرمصیرها} ،ص197.
27- مه‌نصوری حیکمه‌ت ، له‌به‌رگریکردنداله‌ داخوازی سه‌ربه‌خۆی کوردستان ، گۆفاری بۆپێشه‌وه‌ ، ژماره‌ 21 ، 27ی ئابی 1995 ،ل5 .
28- لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص176 .
29- مارکس،انجلس ، بصددالثورةالاشتراکیة ، مجموعة من المقالات {من مقال “بلا‌غ سري” کتب نحو 28‌‌أزار[مارس] 1870 } ، ترجمة الیاس شاهین، دارالتقدم ، طبع في الاتحادالسوفیتي ، 1983 ،ص153 .
30- لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م،ص107 .
31- ئاسۆکمال ، جێگای جیابوونه‌وه‌ی کوردستان له‌ خه‌باتی چینایه‌تی له‌ عێراقدا ، ل10 .
32- – لینین ، مسائل السیاسةالقومیة والاممیة البرولیتاریة ، دارالتقدم ، موسکو ، 1969م ،ص73-74 .
33- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،ص176 .
34- لینین ، الدولة والثورة ، دارالتقدم ، موسکو ،طبع في الاتحاد السوفیتي ، ص30 .
35- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص27 .
36- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص5 .
37- مارکس،‌انجلس، مختارات فی اربعة اجزاء(الجزءالثالث)،‌‌‌‌‌اصل العائلة الملکیة الخاصة والدولة ، دارالتقدم ، موسکو ، ص412 .




بەی( بەگ)ەکانی کوردایەتیی و تەخوین و جوێنە ئایدیۆلۆژییەکانیان…نووسینی: هیمداد شاهین و کامیارسابیر

ئەم وتارە، بەسەریەکەوە، چوار بەشە.

بەشی یەکەم

ئه‌م وتاره، گەر بە “مێنتاڵیتی”ی کوردایەتیی، بقەبڵێندرێت، ئەوە‌ به‌زمانێكى توند نووسراوه‌. ئێمە هاتووین، مێنتاڵیتیی کوردایەتیی و جوێنەکانی، تەفسیر بکەین. هاتووین، ئەو هەموو تەخوینەی کوردایەتیی دەیبەخشێتەوە، تەئویل بکەین و لە جوغزی فیکری سیاسییەوە، بەر رەخنەی بدەین. چەمکی “بەی Bey= بێ ” ی تورکیی لە سەردێڕی ئەم وتارەدا کە بەکارهاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەبری (رائید و ئاغا)ی عەرەبیی و فارسیی، یان بەگ، (بەی- یان بەییم Beyim =لۆرد)ی تورکیی بەکاربهێنین، چونکە ئەو تێکهەڵکێشییە سۆسیۆ(سیاسیی وئابووریی)ەی ئەمانە بە تورکیا و ئەردۆغانەوە دەبەستێتەوە، باشتر تەفسیر دەکات. به‌كارهێنانى زمانى توند پێشاندانى جۆرێك له‌ ئاكت و نمايش، نییە، تا به‌وانى ترى بڵێين ئه‌وه‌تا ئێمه‌ زبر و خه‌شن ده‌نووسين وسڵ ناكه‌ينه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت بڵێين له‌به‌ر دوو هۆكارى سه‌ره‌كیی به‌م زمانه‌ نووسيومانه‌:-

1. به‌جياوازیى ديد و تێڕوانينى هه‌ردوو نووسه‌رى ئه‌م وتاره‌ له‌ هه‌ندێك بواردا، به‌ڵام هه‌ردووكمان كۆكين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دۆخی سیاسیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، تا دێت خراپتر دەبێت، خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى ئێمه‌ به‌ته‌واوى بڕستى لێبڕاوه‌ و چيتر تاقه‌تى گوێگرتنى نييه‌ له‌ چيرۆكه‌ سواوه‌كانى دەسەڵاتی کوردایەتیی، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ غه‌درێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ين ته‌نانه‌ت ناوى (خێڵه‌كيى)يشى لێبنێين، چونكه‌ لای کەم له‌ ترادیسيۆندا، سه‌رۆك خێڵ، وه‌كو خزمه‌تكارى خێڵ چاوی لێده‌كرێت.

له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ وه‌ظیفەی ئه‌خلاقيى خۆمانى ده‌زانين كه‌ به‌ روون و راشكاویی، به‌خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى خۆمانى بڵێين، ئه‌گه‌ر وريا نه‌بين چیی دۆزه‌خێكى گه‌وره‌تر له‌وه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌يه‌، چاوه‌ڕێمان ده‌كات؟ دۆزه‌خێك كه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، بەیەکانی كوردايه‌تیی خوڵقاندوويانه‌، به‌درۆ، سيحر و ته‌ليسمى ناسيۆناليزمیش، ره‌نگيان كرووه‌. لە راستییشدا، له ‌ناوه‌وه‌ جگه‌ له‌ کۆمەڵێ بەییمی قومارچیی و قومارخانەیەکی گه‌وره‌، جگە لە کۆمەڵێ چەتەی سیاسیی، گەندەڵ، دز و تاڵانچیی، هيچىتر نييه‌.

2. ماوەیەکی زۆرە بەناوی ئەوەی کە هەلومەرجێکی باش هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقەوە ببێ بە دەوڵەت، ئازادیی و سەربەخۆیی یەکجاریی بەدەست بهێنێت، کەمپەین و لۆبیی بۆ ئەوە دەکرێ کە لە رێگەی ئابووریی تاڵانکراو بۆ ئەردۆغان! لە رێگەی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردییەوە، جیابوونەوەی یەکجاریی لە عێراق، مسۆگەر دەبێت. لە راستییدا ئەمانە گەورەترین کارخانەی درۆکانی کوردایەتیی و فەلسەفە ناوبۆش و بەتاڵەکەین. ذەخیرەی سەرەکیی درێژەدان بە بیزنسی نەوت و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی، تەخوینکردنە بەبەکارهێنانی کۆمەڵێ چەمک، لەوانە عێراقچییەتیی و کانتۆنچیی…تاد. ئەمانە وەکو جوێنی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بەکار دەهێنرێن و نەیارەکانی خۆیانی پێ لە کون دەنێنەوە. بۆ تێكشکاندنی تەلیسمەکانی ئەو هەموو تەخوینەی بەناوی عێراقچییەتی، کانتۆنچییەتیی و لۆکاڵیزمی سیاسییەوە دەکرێ، دەبێ بە زمانێکی رەق و حەق، لە ستراکتۆری ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی بدرێت.

دونيای ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مێديايه‌كى ترسناكى ئه‌م پڕۆژه‌ ئیستیحماریی و برسییکردنەدا، ده‌يگوزه‌رێنێت. پرۆژە مێدیاییەکانی رووداو، باس و K24 كه‌ مێدياكاره‌كانیان به‌ پاره‌ى كرێى نه‌وت ئيغراكردووه‌ و ئیرادەیان سه‌لب كراوە، هه‌رچۆنێكىان بوێت، رووداوه‌كان به‌و چه‌شنه‌ پێشانى راى گشتى ده‌دەن کە بەیەکان و مافیاکانی کوردایەتیی، دەیانەوێت. ئەم پرۆژانە، رۆڵێکی باش لە ئیستیحماری کۆمەڵگەی کوردییدا دەگێڕن. به‌شێكى زۆریان لە نوخبە ناودارەکان، به‌ پاره‌ ئيغراكردووه‌ تا بۆیان بنووسن، ته‌نانه‌ت نووسەرانی گەورەی گەلەکەمان( بە دەربڕینی چەمکەکانی کوردایەتیی)ی تێدايه‌ هه‌ر له‌م رۆژنامه‌ فاشيست و مورته‌زيقانەوە‌ ڕوو له‌ رای گشتیی ده‌كات و چەمکی “فاشیست” بەسەر هەموواندا، تەخشان دەکات.

به‌ديوێكى تردا، ئه‌م پڕۆژه زه‌به‌لاح و گه‌وره‌يه‌ی مێدیای دزەکانی کوردایەتیی، بۆخۆى له‌ هەناوەوە، هه‌ڵگرى زياد له ره‌هه‌ندێكه‌. به‌ديوێكدا پڕۆژه‌ ئيستيحمارييه‌كه‌يه‌تى و به‌شێكى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵگە و دونياى ئێمه‌ى، وەکو موسته‌عمەرەی( کۆڵۆنی) خۆى، قۆرغکردووە. لەناو ئەم موستەعمەرەیەشدا، جڤاکێکی بەرینی موستەحمەرەی( المستحمرة) لە نوخبە و لە عەوام، بە مۆتیڤی کوردایەتیی، بۆ ئابوورییە چەتەگەرییەکەی، مۆبەڵایز کردووە. ئه‌م كوردايه‌تييه‌ش، جا ناوی ئەصیڵەکەی لێدەنێیت یان موزەیەفەکەی، توانيوييه‌تى سه‌رنجى بڕێكى باشى كۆمه‌ڵگە و به‌تايبه‌ت زۆنی كوردايه‌تييه‌ موحەسەنەکە (زۆنى زه‌رد)‌ به‌ره‌و لاى خۆى ڕابكێشێت.
به‌ مانايه‌كى تر ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگەيه‌كداين چه‌ند بە‌ برسييه‌تى، چه‌ند بە گيرفانى خاڵييەوە‌، ‌ له‌به‌رده‌م شاشه‌ى مێدياكاندا به‌ تاك هه‌زاریی دڕاو و بەهەناسەساردییەوە ده‌يانبينين، هێنده‌ش كۆمه‌ڵگەيه‌كه‌ هێشتا باوه‌ڕى به‌م خورافاتانەی بەیەکانی( بەگەکانی) کوردایەتیی هه‌يه‌؟ لەو دونیا موستەحمەرەیەی ناو موستەعمەرە کوردایەتییەکەیشدا، هێشتا هەزاران سیاسیی ئەحمەق، نوخبەی موهەڕیج و رانتخۆری جۆراوجۆر هەن، باسی کوردایەتیی موزەیەف دەکەن، وەکو ئەوەی ڤێرژنە ئەصیڵە ئەفسووناوییەکە، مەعدەنێکی باشتر بێت!

هاوکات، ئه‌م پڕۆژه‌يه‌، چه‌ندين ساڵه‌ كار له‌سه‌ر سیستەمایزی تاڵانکردن، مافیاگەریی، دزیینی سه‌روه‌ت و سامانى نيشتيمانى ده‌كات. ئەوەی جێگەی ناسۆرییە، ئه‌م پڕۆژه‌ى كوردايه‌تييه‌، ئه‌م ئيستيحمارى فاشيزمى كوردايه‌تييه‌ هه‌ندێك چه‌پيشى سه‌رمه‌ست كردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ كێشه‌كه‌ سيسته‌مێكى ئینتەرناسیۆنالیی و گشتگيره‌، بەیەکانی کوردایەتیی، مافیاکانی ئابووریی سەربەخۆ و قائيدى ضه‌روره‌ى كوردايه‌تیى! بەشێکن لە سیستەمی جیهانیی( سەرمایەداریی) و پێویستە سیستەمی سەرمایەداریی، لەسەری سەرەوە بڕوخێنرێت! بە زمانێکی مەجازیی و میزاجیی پێمان دەڵێن، لە ئەمێریکا و ئەوروپاوە دەبێ سەرمایەداریی بڕوخێنرێت، ئەوسا دیکاتۆرییەتی پرۆلیتاریاش!، باڵی رەحمی بەسەر ئەم ناوچەیەشدا دەکێشێت! ئه‌م ته‌صه‌وره‌ يان ئه‌وه‌تا له‌ جه‌هلێكى ئایدیۆلۆژیی مودمینەوە دێت، يان هەندێکیان بەهۆی راتنخۆرییەوە، درێژە بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی دەدەن، بەڵام گومانی تێدا نییە، دەچێتە خزمەت پرۆژە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییەوە.

پرۆژەی ئیسلامییەکانیش، لە پرۆژەی ئەم جۆرە چەپە سەرلێشێواوە، وێرانتر و خراپترە. پرۆژەی ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان، لە زۆربەی رایەڵە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەم موستەعمەرەیەی کوردایەتییدا بەشدارن و موناصەرەی دەکەن. پڕۆژه‌ی فاشیزمی کوردایەتیی،‌ چه‌ند‌ ئاماده‌ و له‌سه‌رپێيه‌ بۆ كوشتن و تێرۆری هاووڵاتییەکانی خۆى؟ چه‌ند سنگى ده‌رده‌په‌ڕێنێت بۆ كوشتنى رۆژنامه‌نووس، پياوانى ئايينى و هەرکەسێک، نەیاری بێت؟ بەڵام هەموو ئەم جەبەروتەی خۆی لەپێوەندییەکانی دەرەوەیدا، ، جگه‌ له‌ مورته‌زيقه‌يه‌كى سەرلەقێن زياتر، مورته‌زيقه‌يى بۆ توركيا، سعوديه‌ و قه‌طەر، شتێکی تر نییە.
پرۆژەی تەخوینکردن( عێراقچییەتیی، کانتۆنچییەتیی…تاد) لەلایەن بەیەکانی کوردایەتییەوە، به‌ته‌نیا یەک حیزب نایکات، بەبێ حیزبەکانی تر، بەبێ ئیستیحمارییەکانی مێدیای ئەهلیی و ئەوانەی بەخۆیان دەگوت، ئۆپۆزیسیۆن، ئەم ئیستیحمارییە، بەو خەستوخۆڵییە سەری ناگرت. ،لێره‌وه‌یە تا زیاتر، رەخنە لە کەمپەینی ئیستیحماریی بۆ ویلایەتە وەهمییەکەی ئەردۆغان- بارزانیی بگیردرێ، بارۆمەتری تەخوینکردنەکان زياتر سەردەکەون.

عێراقچیی و کانتۆنچیی: جوێنەکانی کوردایەتیی
بەشی دووەم:

باڵە عەسکەریی و باڵە سیاسییەکەی کوردایەتیی لە کوردستانی عێراق، لە شەستەکان و حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە بە مورتەزیقەیی بۆ ساواکی ئێران و موسادی ئیسرائیل، دەستیان پێکردووە. ئەوکات، کوردایەتیی، پانئێرانیزمی تەخشان دەکرد. بە زمانە قاچاغچییە بازاڕییەکەی کوردایەتیی، ئێرانچییەتیی دەکرد. سەرۆکی مافیاکانی کوردایەتیی باسی لە سەرزەمینی بوزورگی ( مەزنی) ئێران دەکرد و کوردی بە بەشێک لە ئێران، کولتووری ئێرانیی و سیاسەتی ئێرانیی ئەژمارد دەکرد. ئەو بۆچوونانە لە جوغزی ئێثنۆگرافییەوە Ethnography، لە دیدی زمانناسیی مێژوویی و ئەنثرۆپۆلۆجیای زمانییەوە، دروستن و پشتڕاست کراونەتەوە کە گەلی کورد و زمانەکەی ( دایەلێکتە جۆراوجۆرەکانی) بەشێکن لە کولتووری بەرینی ئێرانیی و نەژادی ئێرانییە کۆنەکان و میزۆپۆتامیا، هاوزەمان، زمانی فارسیی و دایەلێکتەکانیشی بەهەمانشێوە سەر بەم بلۆکە زمانیی و کولتوورییەن.

فارس و کوردیش، ئەوەندە تێکەڵییان بەسەریەکەوە هەیە، کە جیاکردنەوەیان، ئاسان نییە و هەمووی دوو هەزار ساڵێک لەمەوبەر، دەوارەکان و رەشماڵەکانمان جودا کردەوە. هەروەها بەپێی سێ پارادایمەکەی ئەنثرۆپۆڵۆجیست و زمانناسی ئیتاڵیی( دورانتی Duranti ) بێت، زمانە فارسیی و زمانە کوردییەکان( دایەلێکتەکانی)، یەک باکگراوندی نەژادیی، زمانیی و جیۆگرافیشیان هەیە. گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە، سکۆلارێک یان زمانناسێکی مێژوویی ئەم حەقیقەتە مێژووییانە ناڵێت، بەڵکو تاجیرێکی کوردایەتیی بۆ ئەجێندای مورتەزیقەییبوونی خۆی بۆ رژێمی شاهەنشاهیی ئێران و ئەجێندای پانئێرانیزم، وەکو پرۆکسییەک، ئەم قسانەی کردووە.

لە چەرخی رابردوودا، پتر لە سێ دەیە و نیو، ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، لەگەڵ کوردایەتییە موزەیەفەکەدا، هەموویان پێکەوە، مورتەزیقەی ئەرتەشی ئێران( شاهەنشاهیی) و سوپای پاسدارانی ئێرانی ئیسلامیی( شیعیی-خومەینیی) بوون. لە چەتەگەرییەکەی ئەیلول و دواتر لە چەتەگەریی ئەفەندییەکانی ( شۆڕشی نوێ و گوڵان) دا، پێشمەرگە، رۆڵی مورتەزیقەیەکی ئیقلیمیی، بۆ ئێران، بینیوە. پێشلەشکریی بۆ دەوڵەتی ئێران کردووە. داگیرکردنی جاجی ئۆمەران، سیدەکان، هەڵەبجە…تاد، لەلایەن ئێرانەوە و بەهاوکاریی پێشمەرگەی مورتەزیقە، ئەو جیۆگرافیای خیانەتەیە کە کوردایەتیی لە مورتەزیقەییدا، تەواو نغرۆ بووبوو.

سوپای عێراقیان دەردەکرد و سوپای ئێرانی ئیسلامییان دەهێنایە شوێنی، کاتیۆشاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تا قووڵایی گەرمیان دەبرد و چاڵە نەوتەکانی کەرکوکیان بە دەستی سوپای پاسداران، وێران دەکرد. ئارگیومێنتی ئەوکاتی کوردایەتیی و نوخبە قەومچەوییە( بە زمانی شەعبیی عەرەبیی) موهەڕیجەکانی ئەوە بوو کە سوپای عێراق، بە پارەی نەوتی کوردستان( کەرکوک)، چەکوتەقەمەنیی دەکڕێ و کوردستان وێران دەکات. لەکاتێکدا، سوپای دەوڵەتێکی تریان دەهێنا و بە سوپای ئازادییخواز و فریادڕەسیان دەزانی. ئەم حەماقەتە سیاسییانە، لە فەلسەفەی بەتاڵی هیچ تەمەڕودێکی سەر ئەم زەمینەدا بوونی نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە فەلسەفەی پڕ لە پۆغڵەواتی ئەم کوردایەتییە مورتەزیقەیە و بەیەکانی( بەگ، ئاغا و لۆردەکانی) کوردایەتییدا، بوونی هەبێت.

به‌درێژايى مێژووى سیی و ئەوەندە ساڵه‌ى به‌عثیزم( بەعسیزم)، به‌هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ریيه‌ت و تاوانانەی به‌رامبه‌ر به‌ گەلی کورد و ئەم نيشتيمانه‌، كردوونى، ناگات به‌ ڕێژه‌يه‌كى زۆركه‌مى ئه‌وه‌ى ئاغاكانى كوردايه‌تیى دوێنى و به‌يەکانی ئه‌مڕۆى كوردايه‌تیى به‌رامبه‌ر ئه‌م نيشتيمانه‌ و هاووڵاتییانی کوردستان، ده‌يكه‌ن. دۆخى سیاسیی و ئابووریی خه‌ڵکی کوردستان، رۆژ دواى رۆژ به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕى خراپىی و داڕووخان ده‌چێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، به‌يه‌كانى كوردايه‌تى، بێباكتر و غەمساردتر سه‌رقاڵى پڕۆژه‌كه‌ى خۆيانن، پڕۆژه‌ى ئيتسيحمارى نه‌ته‌وه‌يى و گواستنه‌وه‌ى فه‌نتازياى به‌ڵته‌جيانه‌ى پارادایمی توركیى-سعودیى- قه‌طه‌ریى بۆ کوردستان و دزیینی دەیان میلیارد دۆلاری تر.

لە ساڵانی شەستەکاندا، کوردایەتیی، (حشع)ی بەوە تەخوین دەکرد کە عێراقچییەتیی دەکەن و پێیانوایە کێشە سیاسییەکانی کوردستان بە عێراقەوە بەستراوە. لە کاتێکدا کوردایەتیی ، حیزبە قائیدەکەی و قائیدە ضەرورەکەی، مورتەزیقەی دەوڵەتی ئێران و موخابەراتی جیهانیی بوون. پاش دوو دەیە و نیو، باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتیی( یەکێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران)، لاسایی باڵە رەسەنەکەی کوردایەتیی( پارتیی) کردەوە و ئاڵای شۆڕش(ئاش) و چەپەکانیان بە عێراقچییەتیی تەخوین دەکرد.

بیانووی ئەم تەخوینانەش ئەوە بوو کە خۆیان کوردستانیی! بیردەکەنەوە و لەچوارچێوەی عێراقدا بیرناکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو، رابەری رۆحیی ئەم باڵە( تاڵەبانیی) لەهەموو کەس زیاتر، پێچەوانەی پرۆژەی ئەم تەخوینە، کاری سیاسیی دەکرد. سەرەنجامیش، لە هەمووکوردێک زیاتر، عێراقچییەتی کرد و هەموو قورسایی سیاسیی خۆی لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا، لە ئینتێگرەیشنی ( تەکامول) عێراقدا خەرجکرد. بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان، ئەم تەخوینکردنەی چەپەکان، تا ڕادەیەکی باش کێرڤی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و قەومچەویی کۆمەڵەی رەنجدەران و بەڵتەجیی یەکێتیی بەرزکردبووەوە و درێژەیان بە حەماقەتەکانی کوردایەتیی دا، بەڵام ئێستا، خۆیان بەهەمان چەکی کوردایەتیی، تەخوین دەکرێن.

تۆ لەوە بگەڕێ، بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی دوێنێی ئاش، ئێستا بوونە بە عەڕابی دەوڵەتە کوردییەکە و بەردەوام دەقیڕێنن و دەڵێن” دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە”، تۆ لەوە بگەڕێ ئەو تاجیرانەی( ئاش و کۆمەڵە) گەنجی کوردیان بە کوشت دەدا، ئیرهابی سیاسیی و فیکرییان دەکردن، بە ئیعدامکردنیان دەدان و لە زیندانەکانی بەعثیان دەئاخنین، ئێستا بە کۆنە ئاشەکان و بە کۆنە کۆمەڵەکانەوە، زۆربەیان، بە تەخدیرەکانی دەوڵەتی کوردیی و بە فەضاحەتەکانی کوردایەتیی، مودمین بوونە. قەومچەوییەت و میللەتچیی( بە زمانی تورکیی) بووە بە مانیفێستی سیاسییان، تۆ وەرە سەیری مێژووی تەخوینەکانیان بکە کە بەرامبەر یەکتر کردوویانە.

٣٥-٣٦ ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی یەكێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکیان بە چەکی کوردایەتیی تەخوین دەکرد. بە جوێنی ئایدیۆلۆژییانە و جوێنی سیاسیی لە چەشنی عێراقچییەکان، نەیارە سیاسییەکانی خۆیان تەخوین دەکرد، تەنانەت لە زیندانەکانی رژێمەکەی صەدام حوسێنیشدا، زیندانییەکانی یەکێتیی لە ئەبوغرێب، هەر بە تەخوینکردنی ئەوانەوە نەوەستان کە لە شاخ، لە مەرجەعی کوردایەتیی جودابوونەوە و ناوی خۆیان نا( ئاڵای شۆڕش= ئاش)، بەڵکو بە ئیستیحماری کوردایەتیی، موستەحمەرەیەکیان لەناو زیندانەکانی بەعثدا دروست کردبوو. بایکۆتی هەموو ئەوانەیان دەکرد کە عێراقچیین! و بە جوێنی کوردایەتیی( عێراقچیی)، دەیانشۆردنەوە و تەنانەت عەذابی رۆحیی ئاشەکان و چەپەکانیان، دەدا. بەمەش دڵیان ئاوی نەخواردەوە، پەلاماری فیزیکیی و بەڵتەجییانەیان بۆ سەر عێراقچییە زیندانییکراوەکان، دەستپێکرد. جەلادەکانی رژێمیش، سوودیان لەو حیقد وکەراهییەتەی کوردایەتیی وەردەگرت و جاسووسیان لەسەر یەکتر پێدەکردن.

پاش ٣٦ ساڵ، بەسەر تەخوینکردنی عێراقچییەکاندا، لەلایەن باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتییەوە( یەکێتیی و کۆمەڵە)، باڵی ئەصیڵی کوردایەتیی و موئەسەسەی کوردایەتیی( بارزانیی و پارتیی) بەهەمان چەکی شەستەکان، بەهەمان چەکی هەشتاکان، بەڵام بە ڤێرژنی پێشکەوتووتر لە مورتەزیقەییدا، لای کەم باڵێک لە یەکێتیی و تەواوی گۆڕان تەخوین دەکەن بەوەی عێراقچییەتی دەکەن! ناشیرینیان دەکەن بەوەی هێزی لۆکاڵیین و بیر لە کانتۆنی سلێمانیی و کانتۆنی کەرکوک دەکەنەوە. سەرەنجامیش، بەر بەرقی تەخوینیان دەدات.

بەم پێودانگانەش، جوێنی ئایدیۆلۆژیی (عێراقچیی، کانتۆنچیی و لۆکاڵیی) بەهەموو ئەوانە دەدەن و تەخوینیان دەکەن کە بیر لە بەهەرێمکردنی کەرکوک و سلێمانیی دەکەنەوە( جگە لە غوڵامەکان و شەریکە دزەکانی خۆیان لەناو یەکێتییدا ). ئەمە لە کاتێکدایە کە مانیفێستی کوردایەتیی نەک هەر لۆکاڵیی، نەژادیی و طائیفییە، بەڵکو لەو کاتەوەی کە وێڵاشی بڕدراوە، هەر بە مورتەزیقەیی، طەریقەتیی، ناوچەگەریی، عەشیرەتگەریی و خزمخزمێنە هێناویەتی.

ئەو باڵە موحەسەنەی کوردایەتیی کە ئێستا تەخوینی هەموو کەس دەکەن و بە عێراقچیی و بەکانتۆنچیی تۆمەتباریان دەکەن، ئەی خۆیان چیین؟ کێن و بۆچی ئەم کەمپەینانە بە گەرمیی رادەگەیەنن؟ وەڵامەکەی زۆر رۆشنە، بۆ ئەوەی بیزنسی نەوت، بۆ ئەوەی ئابوورییە قاچاغەکەی کوردایەتیی، بۆ ئەوەی مورتەزیقەیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانییە طائیفییەکان، بۆ نیۆکەمالیزمەکەی ئەردۆغان، بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئاکپارتی، لە راستەڕێی خۆی لانەدات، بۆ ئەوەی بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکان و کۆنتراکتە ٥٠ ساڵییەکە، بەردەوام بن، پێویستە بەردەوام کەمپەینی ئیستیحماریی و حەماقەتی کوردایەتیی درێژەی پێبدەن. پێویستە ئەم کەرکردنەی تاک و جڤاک، ئەم موستەحمەرەیە لە ناو موستەعمەرەی زۆنی کوردایەتییدا، لە ئاستی سیاسیی و کولتوورییدا، درێژەی پێبدەن.

لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە لای (نوخبە و سیاسییە) ئەحمەقەکانی کوردایەتیی بوونی هەبێ، کاتێ لەگەڵ دەوڵەتەکەی خۆتدا( عێراق) مامەڵە بکەیت، بە خیانەت، تۆمەتبار بکرێی، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتێکی وەکو تورکیای ئێستا و ئێرانی رۆژە شکۆدارەکانی کوردایەتیی، سوخرەکێشیی بکەیت، بە خەباتی نەتەوەیی! و پیرۆزیی نیشتمانیی ئەژمارد بکرێ! ئەمە لە کاتێکدایە، عێراقی ئێستا، هەموو مافە نەتەوەیی، نەژادیی و کولتوورییەکانی گەلی کوردی بە دەستور سەلماندووە و تەنانەت مافە ئابوورییەکانیشی، وەکو هەموو تاکێکی عێراقیی، وەکو هەموو شیعەیەکیش، سەلماندووە. ئەوە راستە، دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێکی طائیفییە، بەغداد، بۆ خۆی دەردەدارە، بەڵام لەئاست مافە سیاسیی و ئابوورییەکانی گەلی کوردستاندا، عێراق تاوانبار نییە، بەڵکو بەیەکانی کوردایەتیی، دز و چەتەو تاوانبارن.

لەبەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیا لەژێر حەماقەتەکانی خەلیفە ئەردۆغاندا، بەشێکی زۆری لە کوردستانی تورکیا وێران کردووە، سیاسییەکانی کورد لە زیندان دەئاخنێ، کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا، وەکو موستەعمەرەی خۆی سەیر دەکات و وێرانیان دەکات، گوایە کوردی تێرۆریستی لێیە، بەڵام کوردایەتیی و پێشمەرگەکانی ده‌يانه‌وێت ببن به‌ سواره‌ى ئه‌ردۆغان وئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ زۆر له‌م ئه‌زموونه‌ پۆغڵه‌ دره‌خشانتر بوو، لای کەم سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ له‌ سێكته‌ره‌ زۆر حه‌ساسه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بوون، به‌ڵام ئه‌مانە، جگه‌ له‌ رانتخۆرێكی ئیقلیمیی و پرۆکسییەکی هەزیل زياتر، هیچیتر نيین.

ئه‌ردۆغانيش جگه‌ له‌ كه‌ماليستێك، جگه‌ له‌ فاشيستێكى ئيخوانى زياتر، شتێکیتر نييه‌، به‌ڵام بەیەکانی كوردايه‌تیی و فاشیزمی ئیخوانیی لە کوردستاندا، ده‌يانه‌وێت له‌ڕێگاى ڕاكێشانى عاطيفه‌ى ديينىی خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌ردۆغان، وه‌كو فيگه‌رێك له‌ فيگه‌ره‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانیى پێشان بده‌ن. له‌كاتێكدا عوثمانييه‌كان به‌هه‌موو ناشيرينييه‌كانى خۆيانه‌وه‌، ده‌یان قات له‌سه‌روو ده‌وڵه‌ته‌ رۆح كه‌مالیى و فاشيیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ن، به‌هه‌موو مێژووى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بچۆره‌وه،‌ نابينيت جڤاکە کوردییەکان، لە سکەیڵی گەورەدا، وەکو ئەم بەربەرییەت و وەحشییگەرییەی ئەردۆغانیان بەسەردا هێنرابێت.

هۆكاره‌كه‌ش به‌پله‌ى يه‌كه‌م بۆ پانوپۆڕیی خه‌ياڵى سياسیى عوثمانييه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌پله‌ى دووەميش بۆ ديد و روانينى كورده‌كانى ئه‌وسا، به‌ڵام ئێستا هه‌مووان شاهێدى ئه‌وه‌ين كه‌ كوردستانى توركيا چۆن بووەتە‌ دۆزه‌خێك بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ده‌ست ئه‌م وشكه‌ ئيخوانیی و كه‌ماليستانەوە‌ کە خۆی لە ئەردۆغانیزم و فاشیزمی ئەردۆغانییدا، بەرجەستە کردووەتەوە؟ کوردایەتییش، باشترین مورتەزیقەی ئەم فاشیزمە ئەردۆغانیی و ئیخوانییەیە. ئەو تورکیاچییەتییەی کوردایەتیی دەیکات، ئەو خیانەت و خۆفرۆشییەی کوردایەتیی بۆ ناسیۆنالیزمی تورکیی و بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغان دەیکات، لە مێژووی هەموو گەلی کورددا، قەبارە و چەندایەتیی هیچ جۆرە نۆکەرایەتییەکی پێناگات و ریکۆردی هەموو خیانەتەکانی شکاندووە.

تەکفیری عێراقچییەکان: درێژەدان بە دزییەکانی کوردایەتیی
بەشی سێیەم:-

لە بەشی یەکەم و دووەمدا، باسی ئەو جوێنە ئایدیۆلۆژیی و تەخوینکردنانەمان کرد کە بەیەکانی ( بەگەکانی) کوردایەتیی، نەیارەکانی خۆیانی پێ تەخوین دەکەن. عێراقچیی و کانتۆنچیی، یەکێکە لەهەرە جوێنە بازاڕییەکانی کوردایەتیی و تەعبیر لە ئاست نزمیی سیاسیی و هەزیلیی فیکریی ئەم خەراباتە سیاسییە فاشیلە دەکات. لەم بەشەدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە تەنیا میکانیزمی عەقڵانیی، واقیعییەتی سیاسیی و ئابووریی، ئەوەیە کە ئەم مەلەفی دزییە دەیان میلیارد دۆلارییە لەدەست ئەم مافیایانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت( لای کەم دەسەڵاتی رەهایان بەسەریدا نەبێت). پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی کرداریی بنرێت، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە دەبێ فەشەلی ناسیۆنالیزمی کوردیی، رابگەیەنین. دەبێ لە مەغزا سیاسییەکانی کوردایەتیی، لە فیکری سیاسیی ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییە بدرێ و ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی، طائیفیی و ئابوورییەکانی بەیان بکرێت. بە ریسواکردنی کوردایەتیی و کارتەکانی، فشاری جەماوەریی و رای گشتیی، بۆ سەر مەلەفی نەوت، زیاتر و زیاتر دەبێت.

کۆمەڵێ بۆچوونی جیاواز، بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی کوردستان هەن. هەندێ لە ئیسلامییەکان ( بەتایبەتیی یەکگرتوو)، باڵی کڕدراوی ناوەند، هەندێ لە فیگەرەکانی کوردایەتیی لەناو یەكێتیی( مەلا بەختیار، نەجمەدین کەریم و قوباد تاڵەبانیی…تاد) هەروەها هەندێک لە نەتەوەییە نەژادییەکانی گۆڕان، کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان، ئەوانەی لوقاحی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و دەوڵەتی کوردیی، بەری نەداون، ئەمانە هەموویان ( لە هەموو حیزبەکان)، ئاو لە ئاشی دەوڵەتە کوردییە تاڵانییەکە دەکەن. بەهۆی رانتی نەوتەوە بێت، یان بەهۆی حەماقەتی سیاسیی و فیکرییەوە بێت، هێشتا ئومێدیان بەوە هەیە کە بە ریفۆڕمەکانی! بارزانیی، بە ریتۆریکەکانی ماڵی تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، بە غەزەلی قەومچەوییەکانی گۆڕان، بە درۆی تاجیرەکانی کوردایەتیی، کوردستان بەرەو دەوڵەتبوون سەر هەڵدەگرێ. لە دوا مەنزڵیشدا، بە کوردستانی سەربەخۆ( سەربەئەردۆغان) دەگەین.

لێرە و لەوێش، هەندێ دەنگی چەپ لە کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکان، ئەوانەی بە خەباتی چینایەتیی شاگه‌شكه‌ن و بە ریتۆریکی ئایدیۆلۆژیی پێیانوایە ‌ برينه‌كه‌ له‌ جێگايه‌كى تردايه‌،ئەم زامەی ویلایەتە رەیعییە مورتەزیقەکە، زامێکی بچووكه‌ و بەشێکە له‌ برينێكى گه‌وره‌ترى جيهانیی (سیستەمی سه‌رمايه‌داریى!) و دەبێ لەسەری سەرەوە چاک بکرێت. ئەمە ئەگەر یەک لەهەزاریشی راست بێت، بەڵام جەهلێکی عەقائیدیی زۆر بێوێنەیە کە لەسەر شیعارات و خورافییاتی ئایدیۆلۆژیی، خەڵک بە ئومێدی ئاڵوگۆڕی ریشەیی، بجەهلێنرێن. لەسەر ئەرضی واقیع، ئەم وڕێنە ئایدیۆلۆژییانە، قسەی هەرزانن و هیچ رێگە چارەیەکی عەقڵانیی و ئاڵتەرناتیڤێکی واقیعییان پێ نییە و بگرە سەرەنجامیش، جۆرێکە لە خۆشخزمەتیی بە مافیاکانی کوردایەتیی و دەوڵەتە کوردییەکە. بە کورتیی، هەردوو پرۆژەی { ئیسلامیی ( سەلەفیزم و ئیخوانیزم) و کۆمۆنیستیی}، لە سێ چوار دەیەی رابڕدوودا، جگە لە خورافاتی ئایدیۆلۆژیی، وەیلاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خەساندنی گەنجی کورد، بێئومێدیی و بێئاسۆیی زیاتر، موناجاتی دینیی و لێنینی، شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە.

هاوکات، ئه‌و شه‌رم و ترسنۆكييه‌ى گۆڕان و بەشێکی بەرچاو لەسەرکردە کۆنەکانیان كه‌ تائێستا ته‌جاوزى حه‌قامه‌تى ناسيۆناليزم و كوردايه‌تييان نه‌كردووه‌، بەشێکی گەورەی ئەم دوومەڵە پڕ لە کێمەیە کە لەجەستەی ئابووریی سیاسیی کوردستان و مەلەفی نەوتدا، بەردەوام دەئاوسێ و هێشتا نەتەقیوە. قسەی بۆش و هه‌رزانى عێراقچیی و جوێنی کانتۆنچیی، بەوە خاڵیی دەکرێتەوە کە بە بەرنامەوە، بە پرۆژەوە، بە فیکری سیاسیی و بە روئیای شەفافەوە، دژایەتیی ئەم ئیستیحمارییانەی کوردایەتیی بکرێت. پێش هەموو شتێ دەبێ له‌ ته‌خوينه‌كانى سەرانی كوردايه‌تیی و مێديا ڕانتخۆره‌كه‌ى نەترسین. سەرومڕ، پرۆژەکانی کوردایەتیی، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە کوردستانی ئێستای عێراق، بکرێ بە کۆڵۆنیالیزەی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەوەیە کە ویلایەتی موصڵ لە خەونی چۆلەکەی ئەردۆغاندا، بە تورکیاوە بلکێندرێتەوە( to be annexed )، والییەکی مورتەزیقەی کورد نەژادی هەبێت و بە پارەی نەوت و غازی کوردستان، شەڕی پەکەکە و کوردەکانی سوریا بکات، لای کەم لەباری سیاسییەوە، دژایەتییان بکات.

ئەم شەڕە، شەڕی فیکرە. شەڕی فیکری سیاسییە، شه‌ڕى روئیە، روئيا و دونيابينیى سياسييه‌، شه‌ڕى ئه‌وانه‌يه‌ كه‌ جورئه‌تى فيكرييان هه‌يه‌ و سڵ له‌ هيچ ته‌خوين و ته‌حقيركردنێكی کوردایەتییە نەژادییەکە ناكه‌نه‌وه‌. بۆ ئەوەی ئەمە بکەی، دەبێ هەموو پۆغڵەواتێکی نەژادیی و طائیفییت لەخۆت تەکاندبێ. ئەوکات، تێدەگەیت کە حەنان فەتلاویی، وەفیق سامەڕائیی، عەبادیی و مالیکیی، دوژمنی گەلی کوردستان و دۆزە سیاسییەکەی نیین، ئەوەندەی مافیاکان و رائیدە دزەکانی کوردایەتیی، دوژمنی ئاییندەی سیاسیی گەلی کورد، دوژمنی ئابووریی کوردستان و دوژمنی پارچەکانی تری کوردستانن. ئەو عەرەبە عێراقییانە، ئەگەر خاوەنی گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقیی بن، یان طائیفییبوون، مۆتیڤی سیاسییان بێت، هێشتا بەهەزاران جار لە ناسیۆنالیزمە تورکیی ، فاشیزمە ئەردۆغانییەکە و مورتەزیقەکەیان( کوردایەتیی) باشتر، ئینسانییتر و عەقڵانییتر لە کێشەی سیاسیی کورد، دەڕوانن. لای کەم لە جوغزی ئابوورییەوە، ئابووریی کوردستان، تاڵان و هەڕاج ناکەن و پارەکەیشی بە دەوڵەتێکی فاشیستی ئیخوانیی- كه‌ماليستیى وەکو تورکیا، نادەن.

به‌عه‌قڵى کام گەلحۆی سیاسیی سەر ئەم زەمینەدا ده‌چێت كه‌ تۆ له‌ڕووى جيۆپۆله‌تيك، دەستور و قانونە نێوده‌وڵه‌تيیەکانیشه‌وه‌ به‌شێك لە عێراق بیت، كاتێك بته‌وێت بگه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ پايته‌خه‌ته‌كه‌ى و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی عه‌بادیی و ئەندام پارلمانەکانی وەکو فەتلاوییدا بكه‌يت، خيانه‌ت بێت، به‌ڵام کۆنتراکتی تاڵانیی ده‌يان ساڵه‌( پەنجا ساڵ) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى فاشيستى وه‌كو توركيا ، منداڵکوژێکی وه‌كو ئه‌ردۆغاندا بكه‌يت و نه‌وتى خه‌ڵكی کوردستانيان ڕاده‌ست بكه‌يت، ئه‌مه‌ بە خەباتکردن بۆ دەوڵەتی کوردیی! و بە نيشتيمانپه‌روه‌ریی‌ لەبازاڕی پڕ لە حەماقەتی کوردایەتییدا، ویقاری هەبێت! لە واقیعدا، ئەم هەموو تەکفیرکردنەی نەیارەکانی کوردایەتیی، بە ناوی عێراقچیی و کانتۆنچییەوە، تەنیا مەبەست ئەوەیە کە دزییەکان و بیزنسە چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، درێژە بکێشێت.

نه‌فامیى سياسیى بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ پێتوابێت، ئه‌وه‌ى تورکیاچییەتیی و ئەردۆغانچییەتی بکات، ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە و ئه‌وه‌ى خەڵکی تر ده‌يكه‌ن بريتيیه‌ له‌ خيانه‌تی عوظما و فرۆشتنى نيشتمان. راستییەکەی کوردایەتیی حەقیقیی( بە موزەیەف و بە ئۆریجناڵەوە، بە ماڵی بارزانیی و تاڵەبانییەوە، بە ناوەندی بڕیار و ناسیۆنالیستەکانی گۆڕانەوە)، رێک ئەوەیە کە رائیدەکان و رانتخۆرەکانی دەوڵەتی کوردیی، بانگەوازی ئابووریی سەربەخۆ دەکەن و صەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی نیشتمانیی دەدزن. ئەمە بۆ ئەو کوردە نەژادپەرست و ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرایەش دروستە کە دژایەتیی هەموو حیزبەکان دەکەن، بەڵام یەک ستراتیژی ئەحمەقانەی نەژادیی بەوانیانەوە دەبەستێتەوە کە با کورد! خۆی خاوەنی نەوت و پارەکە بێت، نەک عەرەبی پێ پەتیی( بە بیرکردنەوەی نەژادپەرستە راسیست و فاشیستەکانی کورد، عەرەب پێ پەتییە و کوردیش، لەوەتەی دوو گوێچکەی روواوە، بەکڵاشی هەورامییەوە، بەربووەتەوە). بە مێنتاڵیتیی فاشیزمی کوردایەتیی، گرینگ ئەوەیە کورد بیدزێ، نەک عەرەبی شیعە، بیدزێ!

ئەوە مالیکیی و عەبادیی نیین کە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. ئەوە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتە کوردییەکەیە کە بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕی. راستییەکەی شەخصی ئێمەش لەجێگەی مالیکیی و عەبادیی بووینایە، هەر هەمان کارمان دەکرد، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە، بە پێی دەستور جوڵاونەتەوە و دەستوریش رێگە نادات، کۆمەڵێ میلیشیای کوردایەتیی، دەست بەسەر سامانی نیشتمانیی بەشێک لە وڵاتدا بگرن و بیدزن. راستە بڕینی موچە، جەریمەیەکی زۆر گەورەیە، بەڵام جەریمەی گەورەتر، دزیینی صەدان ملیارد دۆلار نەوتی کوردستانە و پارەکەیشی دیار نییە و موچەکەیش نادەن. جەریمەی گەورە ئەوەیە کە تۆ جاشییەتیی و مورتەزیقەیی بۆ تورکیا بکەیت و دژی وڵاتەکەی خۆت( عێراق و کوردستانی عێراق)، خیانەت بکەیت.

قەذافیی، بەو شێتەڵۆکییەوە، پێیوابوو هەر وڵاتێ ناسیۆنالیزم، مەغزو بەرنامەی بێت، خەرابات چاوەڕێیەتی. عوظەماکانی کوردایەتیی و نوخبە رانتخۆرەکانی، پاش ئەم هەموو کاولکارییەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، هێشتا دەڵێن، بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و بەرەو کوردستانی سەر بەر ئەردۆغان، هەنگاو دەنێین. راستییەکەی بەرەو مورتەزیقەیی زیاتر و بەرەو خەراباتی زۆرتر دەڕۆین. ئەگەر بە دیدەکەی “چۆمسکی”ش بێت، ناسیۆنالیزمی کوردیی، رێگەیەکە بۆ سەرکوتی سیاسیی و ئەم هەموو تێرۆرە سیاسیی و برسییکردنە بە ئەنقەستە، لە خودی دی ئێن ئەیDNA کوردایەتییدا هەیە. ئەگەریش بە دیدی ساتیرنووس، کارل کراوس، وەریبگرین، ئەوە ناسیۆنالیزم، ئەو حەنان و خۆشەویستییەیە کە کەروگاکان، ئەحمەقەکان، نەفامەکان( بە تەرجەمەی حەرفیی، مێشک قوفڵدراوەکان- blockhead )، مۆب و بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی بە نیشتمانێکی دزراوەوە دەبەستنەوە.

لەم نیشتمانە دزراو و تاڵانکراوەدا، ماوەیەکی زۆر خەڵکیان تەکفیر دەکرد بەوەی هەرکەسێ نەڵی مالیکیی موچەی بڕیوە، ئەوە شەریکە لەو تاوانی موچەبڕینەدا. نزیکەی دوو ساڵ، ئیستیحماری کوردایەتیی بە خەستیی کاری کرد و دەیان ئەکادیمیست، نووسەر و نوخبەی سیاسیی و کولتووریی، میدیای بەتاڵی ئەهلیی و نوخبە دەرەجەدارەکانی کورد، وەکو قازوقوڵینگ، قیڕەقیڕەکانی کوردایەتییان، دووبارە دەکردەوە. ئەم بەڵتەجییانەی کوردایەتیی، دەیانەوێ، پتر لە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان ( بە کەرکوکیشەوە) رۆژانە بفرۆشن، هێشتاش لە بەغدادەوە، لە نەوتی بەصرە و عەممارەوە، بودجەی کوردستان بنێردرێت. ئەمە لە حەماقەت و ئیستیحماری کوردایەتییدا نەبێت، لەهیچ جەهلستان و مۆبستانێکدا( وڵاتی مۆبەکان) جێگەی نابێتەوە.

مه‌سه‌له‌ى نه‌وتى كه‌ركوك كه‌ بەیەکانی كوردايه‌تیى بۆ خه‌ليفه‌ ئه‌ردۆغانی دەنێرن، یان بە تانکەر بە ئێرانی دەفرۆشن، سه‌رى هه‌موو كێشه‌ ئابورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراقه‌. عه‌بادیى و ماليكييش چه‌ندين جار و له‌ چه‌ندين شوێن و چاوپێكه‌وتندا، به‌ ئاشكرا و ڕاشكاوانه‌ وتوويانه‌ هه‌ركاتێك نه‌وتى کوردستان بە گشتیی و کەرکوک بەتایبەتیی، خرانەوە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییکردنی حكومه‌تى فیدراڵەوە، ئه‌وسا ئه‌وان ئاماده‌ن موچه‌ و بودجه‌ى خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌رانی کوردستان بنێرن. بێگومان دز و مافیاکانی كوردايه‌تىی، به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ئاماده‌نين ئه‌م نه‌وته‌ راده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سەرچاوەی هه‌موو غه‌زوبه‌زه‌كانى كوردايه‌تیى له‌ئێستادا، بريتييه‌ له‌م نه‌وته‌. كوردايه‌تیی، بنەماڵەکانیان و مافیاکانیان، به‌م نه‌وتفرۆشییە قاچاغە، دەیانەوێ دەسەڵات و پارەیان لەدەستدا بمێنێتەوە و درێژە بە فاشیزمی کوردایەتیی بدەن.

له‌سه‌روو هه‌مووشيانه‌وه‌ مه‌ندوبه‌كه‌ى كوردايه‌تیى (نه‌جمه‌دين كه‌ريم)، ئه‌م پياوه‌، بووە بە مافیایەکی گەورە، دەستی لەگەڵ موئەسەسەی کوردایەتیی و تورکیادا تێکەڵکردووە و نەوتی کەرکوک، تاڵان دەکات. به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك شه‌ڕى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌وتى كه‌ركوك نه‌چێته‌وه‌ ژێرده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عێراق، چونكه‌ ئه‌م موفتييەی دەوڵەتی کوردیی و ئەم موفتەیە‌ى فاشيزمى كوردايه‌تیى، ئه‌م رائيده قانيع و تابیعە‌، له‌ئێستادا، مانگانە ده‌يان مليۆن دۆلار له‌ به‌خشيشى تاڵانیی نه‌وتى پێده‌درێت، بەڵام ئەم چەتەگەرییەی پارتیی و نەجمەدین کەریم بە نەوتی کەرکوکەوە دەیکەن، بەبێ موبارەکە و شەریکایەتیی ماڵی( تاڵەبانیی+ ئیبراهیم ئەحمەد) بەعەقڵی ماسییشدا ناچێت. راستە، پارتیی و نەجمەدین کەریم، تەنفیذی نەوت دزیینەکە بە سکەیڵی گەورە دەکەن، بەڵام شەرعییەتەکەیشی لە ماڵی تاڵەبانیی و ئەحمەدەوە وەرگیراوە و ئەوانیش شەریکە دزن.


به‌هه‌رێمكردنى (كه‌ركوك و سلێمانیی): پرۆژەی نیشتمانسازیی نەک نەتەوەسازیی
بەشی چوارەم و کۆتایی

کورتەیەکی ثیۆری
بابەتی ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم( نیشتمانییبوون)، کێڵگەیەکی فراوانە و رەهەندی جیاواز و ئاقاری فرە مەودای هەیە. زۆر لە سکۆلارەکان و توێژەرەوەکانی ئەم دوو رەهەندە، جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو پارادایمە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییە، ئەوەندە بەهەند وەرناگرن. دیارە بەشێکی بەرچاویش جیاوازییەکانیان بەر رووناکیی داوە. نە بە تێڕوانینی ئەو سکۆلار و موفەکیرانەی هەردووکیان رەت دەکەنەوە، نە بە تێڕوانینی ئەوانەی فەضیڵەتی ئەمیان بەسەر ئەویاندا دەدەن، ئێمە دەمانەوێ لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، بزانین کامیان گونجاوتر، پراکتیکییتر و عەقڵانییترە؟

به‌رله‌وه‌ى بچينه‌ سه‌ر ڕاڤه‌كردنى لايه‌نى “ثيۆرى”ی ئه‌م چه‌مكه‌ (ناسيۆناليزم)، چاوێك له‌مێژووى سياسى كورد و ئه‌حفاده‌كانى بكه‌ن، به‌درێژايى مێژووى حه‌فتا ساڵ، سەکردە و قوطبە حیزبیی و بنەماڵەییەکاننى كورد، شه‌ڕ و ئاشوبيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بەیەکتریان گوتووە، تۆ نەتەوەیی( ناسیۆنالیست) نیت و من لە تۆ ناسیۆنالیستترم. یەکێتیی، دروشمێکی هەبوو لە هەشتاکاندا، لێکدا لێکدا دەیگوتەوە( جارێکیتر ناهێڵێن کەس بازرگانیی بە مەسەلەی کوردەوە بکات)، قۆشمەچییەکانی ناو یەكێتییش کردبوویان بە نوکتە و دەیانگوت( جگە لە خۆمان). ئێستا ئەو یەكێتییە، خۆی بەدەستی سێ و چوار، لای پارتیی بووە بە دەڵاڵی ئەم بازرگانییکردنە بە مەسەلەی کوردەوە. جا ئەم بازرگانییکردنە لە رابردوودا، لە نێوان جەلالیی و مەلاییدا، لەنێوان یەكێتیی و پارتییدا، دروست، کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردییە.

مرۆڤ كه‌ ته‌ماشاى ئه‌م خه‌رابات، پۆغڵەوات و مه‌هزەله سياسييه‌ى كوردايه‌تىی ده‌كات، ته‌ماشاى ئه‌و مێژووە سیاسییە پڕ لە غه‌وغايه‌ ده‌كات كه‌ ناوى لێنراوه‌ (شۆڕشى كورد) تووشی ئێڵنجدان دەبێتەوە. به‌ديدى ئێمه‌ ئه‌وه‌ى ناوى لێنراوه‌ شۆڕشى كورد، جگه‌ له‌ دروستكردنى میلیشیای ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵە، جگە لە تێرۆر و کوشتنی یەکتر، جگە لە چەتەگەرییەکی پارتیزانیی، شتێکی تر نه‌بووه‌. هۆكاری ئەم هەموو شەڕە ناوخۆیی و یەکترگەوزاندنانەش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوطبە جۆراوجۆرەکانی کوردایەتیی، سەری یەکتریان بەناوی ئەصیڵ و موزەیەفەوە، پاندەکردەوە.

لێکدانەوە سەرەتاییەکانی ژەنەراڵی فڕانسیی، دی گۆل، بۆ ئەو نەژادییە کوردانەی لە ناسیۆنالیزمدا، خوساونەتەوە، بەکەڵک دێت. بەباوەڕی ئەو، ناسیۆنالیزم ئەوەیە پێش هەموو شتێ رقت لە نەتەوە، نەژاد و کولتووری گەلانی تر ببێتەوە و نەژادەکەی خۆت، نەتەوەکەی خۆیشت، زۆر بە قودسییەت وەربگریت. هەروەها پێیوایە پاتریۆتیزم ئەوەیە کە پێش هەموو شتێ، نیشتمانی خۆت خۆشبوێ، پێش ئەوەی نیشتمانی ترت خۆشبوێت. ئێستا ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی، رێک ئەو لێکدانەوەیە جێکەوت دەکەن کە رقیان لە زمان، کولتوور و نەژادەکانی ترە( عەرەب، تورک و فارس)، دیارە بە ئیستیثنای ئەم دۆخەی کوردایەتیی کە غەزەلی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و شەراکەتی بیزنس لەگەڵ ناسیۆنالیزمی دینیی- تورکیی-ئەردۆغانییدا دەکات.

هاوکات، لەباری فیکریی و سیاسییەوە، ناسیۆنالیزم وەدەرنەرە( exclusive ) و پاتریۆتیزم لەخۆگرە ( Inclusive). هەندێک سکۆلاری کورد کە مەغزیان نەژادییە و تێفیکرینیان راسیستانە و فاشییانەیە بەرامبەر نەژاد و نەتەوەکانی تر، پەنا بۆ غەزەلە فیکرییەکانی بێنەدیکت ئەندەرسن دەبەن، گوایە ناسیۆنالیزمی مەدەنیی( سیڤیک)، یان ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی لیبڕال ناسراوە، ئاڵتەرناتیڤێکی ئایدیۆلۆژیی باشە بۆ ئەوەی پارادایم و کۆپییەکانی تری ناسیۆنالیزم لەخۆمان بتەکێنین و ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، تەعمیم بکەین. راستییەکەی ناسیۆنالیزم، میلیتانتیی و چەتەگەریی بێت وەکو کوردایەتیی، مەدەنیی و لیبراڵیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی، فاشیست و شۆڤینیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی تورکیی و عەرەبیی، یان پانهەرێمیی و پاندەوڵەتیی بێت وەکو پانئێرانیی و پانئەمێریکایی، هەموویان لەیەک سەرچاوەی ئایدیۆلۆژییەوە، تەڕەشوع وەردەگرن و هەموویشیان کەم تا زۆر ( بە مەدەنییەکەیشەوە) بەرەو هەڵاواردنی راسیستانە دەچن و سەرێکیان لە دۆڵی فاشیزمەوە، دەردەهێنن.

سەرەڕای دەردەداریی پاتریۆتیزمیش، بەڵام لای کەم پۆزەتیڤیزمی ئەوەی تێدایە کە بەشوێن چێکردنی نیشتمانەوەیە لەسەر بناغەی هاووڵاتییبوون، نەک نەژادیی، طائیفیی و نەتەوەیی …تاد. کورد لە قۆناغی سیاسیی خۆی دواکەوتووە و ناتوانێ و عەقڵانییش نییە بیر لە نەتەوەی پوخت، پاک و بێگەردی کورد بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە بیر لە دروستکردنی نەتەوەیەکی نیشتمانیی نەک نەژادیی بکاتەوە. تەنانەت مافی چارەی خۆنووسی نیشتمانییش ( نەک نەتەوەیی){ National Self-determination } پێش ئەوەی فەضیڵەتی ناسیۆنالیزم بێت، عەدالەتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و نیشتمانسازییە. ئەوەی بە مەیل و بەرژەوەندیی میللییش( affinity) ناوی دەرکردووە، جۆرێکە لە خورافاتی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و نموونەی ئەو تاڵانوبڕۆیەی بە ئابووریی کوردستانەوە دەکرێ و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرپەرشتیی دەکەن، ئەم بەرژوەندەییە نا نیشتمانییە، پشتڕاست دەکاتەوە.

پاتریۆتیزم، هەر هیچ نەبێ پێکەوەگرێدانێکی کۆلیکتیڤ و ناسنامەیەکی هاوبەش بە مرۆڤەکانی ئەو نیشتمانە دەبەخشێ کە لای کەم وەلائی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و مرۆییان بۆی هەبێت و لەکاتی شەڕدا، داکۆکیی لە خاک و نیشتمان بکەن. ئەوەی زۆرینەی رەهای گەنجانی کوردستان، وەلائێکیان بۆ ئەو کوردستانە دزراوە نەماوە، بەهۆی فەشەلی سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی حکومەتی هەرێم و پارتیی و یەکێتییەوەیە. هەرێمی کوردستان و کەرکوک، پێویستی بەو عەدالەتە کۆمەڵایەتییەیە، بەتایبەت ئەو عەدالەتە ئابوورییەیەی کە پسپۆر لەناسیۆنالیزم و فەلسەفەی سیاسییدا (کۆکچۆر تان Kok- Chor Tan ) لە کۆزمۆپۆڵیتانیزم و پاتریۆتیزمدا Cosmopolitanism and Patriotism باسیدەکات و پێیوایە تاکی کۆمەڵگە لە سامانی نیشتمانییدا، پێویستە ئەو مافە ئابوورییانەی بە عەدالەتەوە هەبێت.

هەمان تێڕوانین، جۆن راوڵز John Rawls فەیلەسوفی سیاسیی و ئەخلاق، بەجۆرێکی تر باسیدەکات و پێیوایە ” عەدالەت، ستراکتۆری سەرەکیی کۆمەڵگەیە”. ئەو زیاتر دەڕوات و دەڵێ” ئەو رێگەیەیە کە ئینستیتیوتە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان، مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکان، لە سامانی نیشتمانیی، بەسەر تەواوی جڤاکدا، بە عەدالەتیی تەخشان دەکەن. لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هەموو کۆمەڵگە وەکو یەک موستەفید و زیانمەند دەبن لە گەشە یان کورتهێنانی سامانی نیشتمانییدا”** ئەم عەدالەتە کۆمەڵایەتییە، لەخەونیش خەونترە ئەگەر بتەوێ لەسایەی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە مورتەزیقەکەی کوردایەتییەوە، بەدیبێت. ئورویڵ لە مەزرای ئاژەڵاندا، پێیوایە کە ناسیۆنالیزم یەکێکە لە خراپترین دوژمنەکانی ئاشتیی، لە راستییدا بۆ هەلومەرجی کوردستان، ئەم کوردایەتییە وەکو ڤێرژنێکی ناسیۆنالیزم، خراپترین دوژمنی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە و تا ئەم مەلەفی نەوت و غازەیشیان لێ نەسەندرێتەوە، هەرگیز لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئاشتەوایی، بەخەونیش نابینرێت.

بە پاتریۆتیزم نەک بە ناسیۆنالیزم

ئه‌م دۆخه‌ تادێت وێرانتر ده‌بێت، ڕۆژگارێكى سه‌خت و دژوارتر چاوه‌ڕێى كۆمه‌ڵگەكه‌مان ده‌كات! خەڵک پڕبووە، گەنجانی کوردستان، بورکانێک تۆڵە و سڕینەوەی ئەم مافیایانە لە سەریاندایە. ئەو فاشیزمە ئابوورییەی کوردایەتیی دەبینن کە چۆن کوڕ و کوڕەزاکانی رائیدەکانی کوردایەتیی و مافیاکانی نەوت، چۆن دەیان میلیۆن دۆلار لە قومارخانەکان، تیاترۆخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی دونیادا خەرج دەکەن؟ کەچیی دەیان هەزار گەنجی کوردستان، توانای دەعوەتی قاوەخواردنەوەیەکی برادەرەکانی خۆیان نییە. پارتیی و ماڵی بارزانییش، ناتوانن دەستبەرداری ئەو پەنجا ساڵ کۆنتراکتەی نێوان خۆیان و میتی تورکیا ببن. ئەوەتا بەناوی کوردایەتییەوە، چەندین نووسەر و سیاسییان لە حیزبەکانی تر، بە پرۆسێسی ئیستیحماریی و رانتخۆرییدا بردووە و دەیانەوێ نەوتی کوردستان، هەر خۆیان تاڵانیی و چەتەگەریی پێوە بکەن. ئەم ئیستیحمارییانە درێژە بکێشێ، کوردستان تا دێت زیاتر تاڵان دەکرێ و نەوتەکەی زیاتر دەدزرێ. رۆژ بە رۆژیش، فاشیزمی کوردایەتیی و مافیاکانی کوردایەتیی، رووی رەشی خۆیان رەشتر و قەترانییتر دەکەن.

ئێمە، باشترین میکانیزم بۆ تەحەداکردنی پرۆژە دۆزەخییەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تێکەڵەی ناسیۆنالیزمە طائیفیی و دینییەکەی ئەردۆغان و بارزانیی، بۆ دژایەتیی ( فاشیزمی تورکیی + فاشیزمی کوردایەتیی)، ئەوەیە کە بەپێی توانا سیاسەتێکی عەقڵانیی بکرێ و ئەوەندەی دەکرێ و ئیمکان هەیە، مەلەفی نەوت و ئابووریی، لەدەست ئەم مورتەزیقانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت. دەکرێ کەرکوک و سلێمانییان، لە رێگەی بە هەرێمکردنەوە، لە رێگەی مامەڵەکردنی راستەوخۆ بە بەغدادەوە، لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری کەلاوەکانی کوردایەتیی( پارلمان و حکومەتی هەرێم)، لە سەروو هەموویشیانەوە، کۆشکی والیی( سەرۆکایەتیی هەرێم)، بۆ ئەبەد هەڵبوەشێنرێنەوە و هەر شارە و بە جودا، مامەڵە بکات و فیدراڵیزمی پارێزگاکان، جێگەی فیدراڵیزمی کوردایەتییە مورتەزیقەکە بگرێتەوە.

گه‌ر جورئه‌تى ئه‌وه‌مان هه‌بێت، كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ئيستيحماره‌ داببڕين، بێگومان دابڕين له‌ڕووى سياسیى و ئابووريیه‌وه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، له‌ڕووى جيۆگرافيیشه‌وه‌ به‌پله‌ى دووه‌م، ئه‌وە هه‌موو ئه‌و بانگه‌شه‌ پووچانه‌ی کوردایەتیی كه‌ هه‌موويان كۆكن له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنى داهاتى نيشتيمانیی، لەسەر ئەرضی واقیع و عەقڵانییەتی سیاسیی، یەک بەدوای یەکدا دەتەقن. ئێمه‌، ئه‌م بەهەرێمکردنە‌ به‌ گونجاوترين و باشترين ميكانيزم ده‌زانين. پێمانوايه‌، ئەگەر ئەمە نەکرێت، تەقینەوەی عەشوائیی روو دەدات و بەکەسیش کۆنترۆڵ ناکرێت. ئه‌گه‌ر كرده‌يه‌كى فيعلیى پێويست بێت له‌ئێستادا ئه‌وە بێ دوودڵیى بريتييه‌ له‌ دابڕاندنى كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ويلايه‌ته پرۆکسییەی سەر بە تورکیا‌، گه‌رنا هه‌موو نمایشە جێنتڵمانییەکانی کوردایەتیی، زیاتر بەرەو چارەنووسی نادیارمان دەبات. پێشئەوەی ئەم هەیەجانە توڕەییەی گەنجانی کوردستان بە عەشوائیی بتەقێتەوە، ماڵێ تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، دەبێ چارەنووسی دیکتاتۆر و میلیاردێرە سیاسییە ملهوڕەکانی دونیایان لەبەرچاو بێت و خۆیان نەخەنە بەر غەضەبی جەماوەرییەوە.

کە دەڵێین (كه‌ركوك و سلێمانیى) بكرێنه‌ هه‌رێم و له‌ ويلاته‌كه‌ى كوردايه‌تیی داببڕێندرێن، ئه‌وە بێگومان سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌م مافیا ئەفەندییەی ده‌وڵه‌تى كوردیی (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) دوور بخرێته‌وه‌ و بنێردرێته‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌ليمى كوردايه‌تیى. ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ى نێو حيبزبه‌كه‌ى كه‌ دژ به‌م تاڵانیى و برده‌ و بڕۆيه‌ى داهاتى نيشتمانيين جورئه‌تى ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ روو بە رای گشتیی بخه‌نه‌ به‌رباس كه‌ بۆچى ئەم مافیایەی نەوت، هێنده‌ له‌ئاست ئه‌م هه‌موو تاڵانييه‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بێده‌نگه‌ و هيچ ناڵێت؟ ئه‌گه‌ر شتێكيش بڵێت ته‌نیا و ته‌نیا به‌رگرییكردنه‌ له‌و هه‌موو دزیى و شه‌وكوتييه‌!

ده‌بێت خه‌ڵكی کوردستان بە گشتیی و به‌تايبه‌ت خه‌ڵكى كه‌ركوك سه‌رنج بده‌ن كه‌ گوتارى نه‌جمه‌دين كه‌ريم له‌سه‌ره‌تادا گوتارێك بوو، ته‌نانه‌ت دژى پارتیی و خودى بارزانيیش بوو، ئه‌مه‌ زۆر به‌ روونى له‌ ميدياكانه‌وه‌ ده‌رك پێده‌كرا، ئه‌م پياوه‌ بۆچى له‌پڕێكدا بێده‌نگ و خه‌سيو دانيشت و ئێستایشى پێوه‌بێت ورته‌ و ئه‌لفاظێكى لێوه‌نايه‌ت دژ به‌و هه‌موو تاڵانييه‌ى كه‌ به‌نه‌وتى ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌كرێت؟ بێگومان روونه‌ بۆ قسه‌ ناکات و هیچ ناڵێت، راستييه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ ئه‌م پياوه‌ بۆخۆى له‌ ئێستادا به‌شێكى گه‌وره‌يه‌ له‌و سيستەمه‌ عوصابیى و به‌ڵته‌جييه‌ی دزەکانی کوردایەتیی کە نەوتی کەرکوک و کوردستان، دەدزن.

تاڵەبانیی، وێڕای ئەوەی هۆکارێکی سەرەکییە لە قەدوباڵاپێکردنی ئەم عەنتەرییاتە سیاسیی و ئابوورییەی پارتیی بەسەر خەڵکی کوردستان و تەواوی حیزبەکاندا، بەڵام باشترین و عەقڵانییترین کارێکی کردبێ ئەوە بوو کە داوای فیدراڵیی پارێزگاکانی عێراقی کرد. سلێمانیی و کەرکوک، بۆ ئەوەی لە هەیمەنەی مافیاکانی کوردایەتیی، بێنە دەرەوە، پێویستە هەر شارە و لەئاستی خۆیەوە، بە فشاری جەماوەریی بۆ سەر یەكێتیی و گۆڕان، هەوڵبدرێت ئەم فۆبیایەی لە کوردایەتیی و لە حکومەتی وەهمیی هەرێم و سەرۆکایەتیی فاشیلی هەرێم…تاد، هەیە، بڕەوێنرێتەوە.

دەکرێ بناغەی نیشتمان لە سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکەوە دابنرێ و لە ئاییندەی نزیک یان دووریشدا، بە هەولێریش بگات. هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی حکومەتی دزەکانی هەرێم و پارلمانی ئەتککراو، مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و بەهەرێمکردن( بەکانتۆنکردن)ی سلێمانیی و کەرکوک، دوا کارتی عەقڵانیی و واقیعییە کە پەنای بۆ ببردرێت و پارتیی بۆ ئەبەد قەتیس بکرێت و بچووک بکرێتەوە. سەرەنجام، پاتریۆتیزمێک لە سلێمانیی و کەرکوکەوە، تەخشان بکەین، زۆر باشترە لەوەی دوای وەهمی ناسیۆنالیزمێکی مورتەزیقە و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و فاشیزمی ئەردۆغانیی بکەوین. نیشتمانێک بسازێنین لە گۆشەیەکی نیشتمانەوە، باشترە لە خورافاتی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە پێشوەخت موستەعمەرەیەکی تورکیا دەبێت و والییەکی مورتەزیقەش، “والی”ی ئەو ویلایەتە نەژادییە طائیفییە دەبێت.

———————————

** John Rawls, The Law of Peoples, Cambridge, Harvard University Press, 1999, 106




چوارچێوەکانی حیکایەتخوان…. ئەحمەد ڕەزا

بگۆ لە گێڕانەوەدا پابەندی سنورێکی لۆژیکی دیاریکراوە، ئەو ناتوانێ ئەو سنورە خوڵقاوە ببەزێنێ لە هیچ
بارێکدا، بگۆ لە کەسێتیی حیکایەتخواندا بەرجەستە ئەبێت، حیکایەتخوان ” ئەو خودە وەهمیەیە، کە نوسەر
لە ناواخنی گوتاردا ئەیخوڵقێنێ بۆ ئەوەی لە بری ئەو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.. بە شیمانەی ئەوەی ئەو
گوتارە بەبەردەوامیی بەرەو ڕووی وەرگر ئەبێتەوە، لە کاتێکدا گەر بە شێوازی کەسی سێیەمیش بدوێت”.
لۆژیکی دەق لە ماددەی هەڵبژێرراودا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیستمی کارەکتەرەکاندایە، بە
جوڵەی ئەوان لە فەزای گریمانەکراودا، بە بەردەوامیی ئەوان لەگەڵ کاتدا، لۆژیکی دەقیش لە ئاسۆی
خۆیدا بەر کاریگەرێتیی ئەو کرۆنۆتۆپ/ شوێنکاتییە ئەکەوێت، هەروەک باختین پێشنیازی کردووە.

گێڕانەوەسازیی لە ” زیندەخەون”/ ” فەرهاد مستەفا”دا، وەک ئەوەی کورتە چیرۆکێکەو سنوری بەر
تەسکترە بۆ دیاریکردنی کرۆنۆتۆپی مەبەستدار، کە وەک بارێکی ئاسایی نوسەر هانا ئەباتە بەر چەند
دالێکی خێراو گەش، بە مەبەستی دیاریکردنی.. لەم چیرۆکەدا لەسەر ڕایەڵەیەکی داڕێژراو، لە گەمەیەکی
نوێی سیمۆلۆژیدا، چەند لۆژیکێکی جیاواز لەسەر ئەو بونیادە دادەمەزرێت، لە هەر کردەیەکدا لۆژیکی
ڕوداو جۆرێکی تر دەردەکەوێت و وەرگر ئەخاتەوە بەردەمی پرسێکی نوێ.. لەو کاتەدا کە پەیوەندییەکانی
نێوان دەق و وەرگر لە ئاستی یەکەمیندا ئۆرگانیکین و دابڕان تیایدا دەرناکەوێ، لە هەڵکشانی ئەو
پەیوەندییەدا، بونیادە ڕەخسێنراوەکە بە هەمان شێوەی سروشتی خۆی، ئەبێتەوە بە بونیادێکی نوێ، بەو
مانایەی بەردەوام لە بزاوتی لۆژیکی ڕوداودا خۆی نوێ ئەکاتەوە.

ماددەی پشت پێ بەستراو لەم چیرۆکەدا، دڵەڕاوکێی منااڵنە، هەر چوار ڕامانە لێکدراوەکان لە
چوارچێوەی دەقەکەدا، پێکەوە یەکەیەکی گونجاون و بە دابڕاوییش هەر بەو جۆرە یەکەی سەربەخۆن.
تەکنیک لە چیرۆکی زیندەخەونی فەرهاد مستەفادا، کێشانی چوار چوارچێوەی جیاوازە ، بۆ هەلوەسەیەکی
پەتیی، کە زیاتر مناڵ و مناڵ گیرۆدەی ئەبن، چیرۆکنوسەکەش ئەوەندە شارەزایی هەیە بزانێت چۆن ئەم
دەرکەوتانەی هەلوەسەی منااڵنمان بۆ ئەگوێزێتەوە.. ئەوەی لەم مینیمالەدا ئەبینرێت، گێڕانەوەسازییەکی
ئاسایی نییە، بەقەدەر ئەوەی لە ڕامانی مناڵێکی نەخۆشەوە، چوار وێنای جیاواز نیشان ئەدا.
لە نێوانی هەلوەسەو وەهمدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە.. لە هەلوەسەدا شتەکان لە خۆوەو بە شێوەیەکی
هەڕەمەکیی دەرئەکەون، کە لە واقیعدا وانیین. وەک ڕوداو و دەنگ و جوڵە.. بەاڵم وەهم وێنای کەسێکە
کە لە واقیعدا بوونی نییە. واتە جیاوازییەکە لەسەر ئاستی وێناکردن و لەخۆوە دەرکەوتنی ڕامان و
شتەکانە.

هەلوەسەی دەنگیی لە تەمەنی ٧/٨ ساڵدا دروست ئەبێ، الی ئەو منااڵنەی تازەکیی چوونەتە بەر خوێندن،
ئەوانی تریش دەرەنجامی ” تا” و نەخۆشییە دەروونییەکانی ترن.
لە چیرۆکەکەشدا حیکایەتخوان، باس لە ” مناڵەکە” ئەکات، هانا بۆ باوکی ئەبات تا بەشداریی دڵەڕاوکێ و
ترسەکەی بکا.. جوانترین کاردانەوەیەکی باوک، ئەوەیە کە نەگێڕراوەتەوە، هەڵبەت بە سەرزەنشت کردن
و خەمڕەواندنەوەیەک کارەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو نەخۆشییە پێویستیی بە چارەسەر کردن و
بنەبڕکردنە.

زینده خه‌ون/ فه‌رهاد مسته‌فا

منداڵه‌که به باوکی وت: به‌رله‌وهی بخه‌وم، هه‌رچی چه‌قۆی میوه‌مان هه‌یه، دێن و له چوارده‌وری ملت سه‌ما ده‌که‌ن.
منداڵه‌که به باوکی وت: هێشتا نه‌خەوتووم.. ئا ئه‌و پیاوه‌ی له ناو چوارچێوه‌که‌دایه دێته ده‌رێ و شه‌قێک له تۆ هه‌ڵده‌دات، له په‌نا دایکمدا ده‌خه‌وێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: -که ده‌خه‌وم.. ئاسمان ده‌که‌وێته خوارێ، ماڵه‌که‌مان له تاریکیدا ده‌فڕێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: – باوکه بۆ به ڕۆژ ناخه‌ویت؟ باوکه تکات لێده‌که‌م.. شه‌وان مه‌خه‌وه! من زۆر ده‌ترسم.
ئەو چوارچێوەیەی بۆ حیکایەتخوان ڕەنگڕێژ کراوە، جووارچێوەیەکە ئەکرێ بکشێ، لە توانایدایە لە یەک کاتداو بە بونیادێکی فرە دوورایی/ بعد چوارجار لەسەر یەک، سەرەتای نوێ بکاتەوەو دایبخاتەوە، ئەمەش ڕێچکەیەکی تازەی سەردەمییانەیە بۆ چیرۆک.. حیکایەتخوان زەمینەو کات و فەزاو شوێن و کارەکتەرەکانی بۆ دیاری ئەکرێت و دەستپێکی ڕوداوەکان ئەجوڵێنێت، ئەمە لە باری چیرۆکی ئاسایی باودا. بەاڵم لە زیندەخەوندا ئەم پرۆسەیە چەندینجار دووبارە ئەبێتەوەو لە هەر دووبارە بوونەوەیەکیشدا بە هەمان پرۆسەدا ئەڕواتەوە. بەم جۆرەش لە کۆی چیرۆکەکەدا چەشنگەراییەکی نوێ بە چوار لۆژیکی جیاواز دائەڕێژرێت.

————————————

– تحوالت الخطاب الروائي العربي/ عبدالحکیم المالکي/ القبضة العربیة/ ٥ -٨ -٢٠٠٦
– الفضاء القصصي/ صالح محمد حسین مزهل/ ٢٠٠٥
– الهلوسة في االطفال/ علي کاظم/ موقع arabic/ru.ecowoman ١١ -٢ -٢٠١٥
– نص الصورة بین التخییل القصصي والتولیف البصري/ رمزي حسن/ مالحق جریدة المدی/ ٢ /١١/
.٢٠١١




میدیای كوردی له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا … 1 … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

به‌شی یه‌كه‌م

(1)
هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی (كوردستان) (كه‌ تا ئێستا وای له‌سه‌ر ڕێككه‌وتووین) یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌یه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان تا ده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ ، ئه‌وه‌ی به‌ بزاڤی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ ناسراوه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ سه‌ر ده‌ستی سیاسیه‌كان ، یا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی زیاتر كاری سیاسیان كردووه‌ دامه‌زراوه‌ و به‌ڕێوه‌چووه‌ ، ئه‌گه‌رچی دوای ڕاپه‌ڕین – 1991 – كه‌ پاشان دێینه‌ سه‌ری ئه‌و بزاڤه‌ ڕه‌هه‌ند و مه‌ودایه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرت ، لێ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ ڕۆژنامه‌نووسیی پاش ڕاپه‌ڕینیش ، سه‌باره‌ت به‌ هۆگه‌لێكه‌وه‌ له‌ هه‌ژموونی ئه‌و دوو توێژه‌ی ئاماژه‌مان پێدا به‌ دوور بوو بێت.

سیما و ئادگاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی پێش ڕاپه‌ڕین چونكه‌ له‌سه‌رێكه‌وه‌ له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هه‌وڵ به‌ ئاراسته‌ی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ هه‌بوو ، به‌ڵام تا مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری (1970)یش به‌و ڕه‌نگه‌ نه‌بوو شیاوی ئه‌وه‌ بێ له‌ قاوخی بزاڤێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا خۆی بنوێنێ‌(1).
دوای ئاداری (1970)یش ، ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی ئه‌وسای ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك ئازادییه‌كی بام ڕێژه‌یش بوو بێ كه‌ چوار ساڵی خایاند (1970 – 1974) بێجگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (التێ‌خی) كه‌ وه‌ك زمانحاڵی شۆڕشی كوردستان ، باوه‌كو حزبێكی دیاریكراویش (پارتی دیموكراتی كوردستان) بڵاوی ده‌كرده‌وه‌ ، ده‌ركه‌وتبوو ، ئه‌ویش به‌ زمانی عه‌ره‌بی ، كه‌ له‌ دوایدا (برایی) وه‌كو گۆڤارێكی مانگانه‌ كه‌ پاشان بوو به‌ (برایه‌تی) و هه‌ر به‌ مانگانه‌ و ئینجا (برایه‌تی) وه‌كو ڕۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ (حه‌فتانامه‌) ، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان به‌ هه‌ر ناوێك بووبن وه‌كو پاشكۆی (التێ‌خی) عه‌ره‌بی بوون و بایه‌خێكی له‌و ڕه‌نگه‌یان پێ نه‌ده‌درا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ (التێ‌خی) عه‌ره‌بی ده‌درا(2).

له‌ پاڵ ده‌رچوونی (برایه‌تی)یش كه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ هه‌فتانه‌ مایه‌وه‌ ، حكوومه‌تی عیراق له‌ ڕێگای وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن ، یان وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ، ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری) حه‌فتانه‌ و گۆڤاری (به‌یان)ی مانگانه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌ ، هه‌ردوو بڵاوكراوه‌یش باوه‌كو به‌رپرسه‌كانیان له‌ سه‌ره‌تادا عه‌ره‌ب بووبن ، به‌ڵام به‌ هۆی چه‌ندان لاوی خوێن گه‌رم و ڕۆشنبیری ئه‌وسا كه‌ هه‌ندێكیان له‌ پاڵه‌وه‌یش له‌ (برایه‌تی) حه‌فتانه‌شدا كاریان ده‌كرد وایان كردبوو ، به‌ نموونه‌ (هاوكاری) ببێ به‌ سه‌كۆیه‌كی دیار له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی كوردی ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ پێم وا نییه‌ (هاوكاری)ی ئه‌و چوار ساڵه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌هه‌ند نه‌گیرێ‌ ، دیاره‌ گۆڤاری (به‌یان)یش به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ ڕه‌وانشاد شاعیری به‌ توانا جه‌لالی میرزا كه‌ریم كاری تێدا ده‌كرد ، ئه‌گه‌رچی سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی عه‌ره‌ب بوو(3).

من لێره‌دا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌دا نیم بیبلۆگرافیای ئه‌وان ڕۆژان بنووسمه‌وه‌ ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌بینم كه‌ جێی داخه‌ تا به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌ چه‌ند مانگێك ته‌واو له‌ (1/1/1974) كه‌ ده‌كاته‌ له‌ دایكبوونی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی كوردی و ده‌رچوونی ژماره‌ی (سفر)ی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ ، بیریان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌ كوردی نه‌كرده‌وه‌(4).

ته‌نانه‌ت پێش ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداریش ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ پاڵ حكوومه‌تی عیراق بوون و له‌ شۆڕشی كوردستان (ئه‌یلوول) دابڕابوون ئه‌وانیش ئه‌م پرسه‌یان (پرسی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ به‌كوردی)یان له‌لادا جێی بایه‌خ نه‌بووه‌.

ڕاستی ئه‌مه‌ به‌ ئیستیلاحی ئێستا مژارێكی سه‌یره‌ ، تۆ وه‌ره‌ سیاسه‌توان و ڕۆشنبیری كورد ، به‌ چاوی خۆت له‌ سه‌رێكه‌وه‌ ، ئه‌و هه‌موو قوربانی و چیانشینی و برسیه‌تی و كڵۆڵیه‌ ببینی له‌ پێناوی كورد و كوردستان كه‌چی زمانه‌كه‌ی خۆتت ئه‌وه‌نده‌ له‌لادا بێ بایه‌خ بێ ، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی بوون و ناسنامه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی په‌ره‌دانه‌ به‌ خوێندن و به‌ بزاڤی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و میدیا به‌گشتی ، ئه‌گه‌ر باسی پێگه‌یاندنی لاوان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری نوێ‌ و چه‌سپاندنی ئینتیما و خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمانیش نه‌كه‌ین (ده‌بڵێ‌ وانییه‌….)(5).

كه‌واته‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا ، به‌ تایبه‌تیش بۆ ئه‌وسا كه‌ له‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا (من باسی باشوور ده‌كه‌م) ده‌نا له‌ كرماشان و تاران و ئێریڤان و حه‌یفا و قاهیره‌ وشوێنی دیكه‌ش ڕادیۆ به‌كوردی هه‌بووه‌ و پاشان چه‌ند كاتێك له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی كه‌ركووك زیاتر نه‌بوو كه‌ دیاره‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت بوون ، ئه‌گه‌رچی جاروبار هه‌ندێ‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی كوردیشی تێدا بڵاوكرابێته‌وه‌.
ئا لێره‌دا ده‌رچوونی (برایه‌تی) ڕۆژانه‌ له‌ (1/1/1974) كه‌ هه‌ر مانگێكی خایاند ( ته‌نیا (27) ژماره‌ی لێ بڵاوكرایه‌وه‌ و به‌ بڕیارێكی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عیڕاق ڕاگیرا ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییانه‌یه‌ له‌ پێشدا باسمان كردن.. ئه‌وه‌ بوو پاشان زۆری نه‌برد شه‌ڕ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ ) ، دره‌نگ بوو ، زۆریش دره‌نگ بوو.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێ‌ (ناڵێم ئاقڵیان پێ نه‌شكاوه‌) ده‌نا بۆچی ئاقڵیان به‌وه‌ شكا (التێ‌خی)عه‌ره‌بی به‌ جۆرێك په‌ره‌ پێ بده‌ن ، كه‌ به‌ ڕاستی بوو بوو به‌ سه‌كۆییه‌كی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن (دیموكراتی) بۆ هه‌موو ئازادیخوازانی نه‌ك هه‌ر ته‌واوی عیراق به‌ڵكو ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش.
نه‌خێر من وه‌ختی خۆیشی له‌كۆڕێكدا كه‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له‌ شه‌قڵاوه‌ (1991) گوتم ، لای سیاسییه‌كانی ئێمه‌ زمانی عه‌ره‌بی بزانی و ئه‌گه‌ر شڕه‌ ئینگلیزیه‌كیشی له‌ پاڵ بێ ، گرینگ نییه‌ كوردی بزانی(6)!!
ئه‌و كه‌مته‌رخه‌می و به‌هه‌ند نه‌گرتنه‌یش (كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستاش له‌ شێوه‌ و قاڵبی دیكه‌دا درێژه‌ی هه‌یه‌) به‌ تایبه‌تی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسیانه‌ی له‌ پشكی كورد كاربه‌ده‌ست و به‌رپرس بوون له‌ به‌غدا . ئه‌مه‌ مێژووه‌ و ده‌بێ بنووسرێ‌ .

وه‌كو ئاماژه‌شم پێ دا ، ئه‌وانه‌ی شۆڕشی كوردستانیان به‌ كۆنه‌په‌رست و پیاوی ئیمپریالیزم و جووله‌كه‌ وه‌سف ده‌كرد و خۆیان به‌ پێشكه‌وتنخواز ناساندبوو ، له‌ كاتێكدا له‌ پاڵ حكوومه‌ت بوون كه‌ به‌ هه‌موو توانای زه‌مینی و ئاسمانی كه‌وتبووه‌ ویزه‌ی گیانی كورد ، ئه‌وانیش ڕۆژنامه‌ی (النور)یان به‌ عاره‌بی ده‌ركرد و گۆڤارێكی مانگانه‌ ، كه‌ ئه‌ویش به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ له‌ پاشان بوو به‌ یه‌كه‌مین بڵاوكراوه‌ی كوردی كه‌ به‌شی زۆری زیاتر له‌ (جنێونامه‌) بچێ‌ تا گۆڤار ، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێم ته‌نیا وه‌كو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌یڵێم له‌ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ وێستگه‌ی په‌یوه‌ندی به‌نووسینه‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، مێژوویش نه‌ به‌ من نه‌ به‌ كه‌سی دی تا هه‌تایێ ناشێوێنرێ‌.

(2)
وتمان كورد مه‌ینه‌تی زۆری بینی و قوربانی زۆری دا تا ئه‌وسای له‌ پێشدا ئاماژه‌مان پێ دا ، كه‌ بێگومان پێش هه‌موو پرسێك له‌ پێناوی پاراستنی ناسنامه‌ی خۆی و خاكه‌كه‌ی كه‌ دیاره‌ پاش پارچه‌ پارچه‌كردنی به‌ چ ده‌ردێك براوه‌ ، دیاره‌ بێگومان یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌ ، (تكا ده‌كه‌م پێم نه‌ڵێن كۆنه‌خواز و ناسیۆنالست و نازانم چی لیست ) ئه‌وه‌تا فه‌ڕه‌نسییه‌كان ده‌مێكه‌ به‌ قانوون پاراستن و گه‌شه‌ی زمانه‌كه‌یان چه‌سپاندووه‌ ، ته‌نانه‌ت بایه‌خ به‌ وانه‌یش ده‌ده‌ن كه‌ خزمه‌تی زمانی فه‌ڕه‌نسییان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن ، نموونه‌ی نووسه‌ری ناسراوی به‌ ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب(ئه‌مین مه‌علووف)، هه‌روه‌ها نووسه‌رگه‌لێكی دیكه‌ی تونس و مه‌غریب و جه‌زایر و شوێنی دیكه‌ش كه‌ ده‌چنه‌وه‌ ژێر چه‌تری ئه‌وه‌ی ناویان لێ ناوه‌ وڵاتانی (فرانكفۆنی)یه‌كان له‌كه‌نه‌داوه‌ بگره‌ تا ئه‌فریقیا تا به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی باكووری ئه‌فریقیا ڕاده‌گا .

ئه‌ڵمانه‌كانیش ئێستا پاش ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌ ، خه‌ریكن به‌ جیددی بایه‌خ به‌ زمانه‌كه‌یان ده‌ده‌ن ، باسی جووله‌كه‌ ناكه‌م ، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی هه‌ره‌ سوور و شێلگیرن له‌ چه‌سپاندن و گه‌شه‌پێدانی زمانه‌كه‌یان ، له‌ كاتێكدا هه‌ر كۆمه‌ڵێكیان له‌وڵاتێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ئیسرائیل .
له‌و ئاراسته‌یه‌ڕا ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ بایه‌خ دان به‌ زمانی كوردی لای كاربه‌ده‌سته‌ په‌یوه‌نداره‌كان و سیاسه‌توانانی كورد كه‌ هه‌میشه‌ ماكینه‌ی وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پرسه‌یان له‌ده‌ستدابووه‌ ، به‌و ڕه‌نگه‌ سه‌یر نه‌كراوه‌ ، ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش (كه‌ له‌ پاشاندا دێینه‌ سه‌ری) شایانی دیتنێك بێ تۆمار بكرێت ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌ هۆی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری1970ی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومه‌تی ئه‌وسای عیڕاق مۆركرا ، كه‌ لێره‌دا نابێ نادیده‌ بگیرێ‌ ، كاتێ‌ خوێندن به‌ كوردی و دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌ندار به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی لێ كه‌وته‌وه‌ ، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ (كۆڕی زانیاری كورد) كه‌ تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی و كردنی به‌ به‌شێكی بچووك له‌ (كۆڕی زانیاری عێراق) كاری نكۆڵیێنه‌كراویان بۆ زمان و ئه‌ده‌ب و مێژووی كورد كرد ، له‌وه‌ بترازێ كورد واته‌نی ، ئه‌وی دی هه‌مووی به‌ پێوانه‌ی كاری جیددی (دوعا و سه‌لام) زیاتر نه‌بووه‌ ، كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌یه‌ك دوو ڕۆژنامه‌ی حه‌فتانه‌ و چه‌ند گۆڤارێكی مانگانه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌.

له‌ سه‌رێكی دییه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژنامه‌ و دامه‌زراوه‌ كولتووریانه‌ش دوور بوون له‌ كوردستان و له‌ به‌غدادا بڵاوده‌كرانه‌وه‌ و به‌غدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی دیاری كوولتووری عه‌ره‌بی بوو ، ( به‌ جیاوازی ئاسمان و ڕێسمان ) ببوو به‌ناوه‌ندی كولتووری كوردیش ، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو كوردستان ، ئه‌وه‌ هیچ كه‌ تا (دوای ڕاپه‌ڕین) ڕێگا به‌ كه‌رتی تایبه‌ت نه‌ده‌درا چاپخانه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو وه‌كو كاری وه‌به‌رهێنان دابمه‌زرێنێ‌ ، حكوومه‌تیش له‌چه‌ند چاپخانه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ بترازێ‌ ، داینه‌نابوو ، وێنه‌ی چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ ناوی ژماره‌ 2 یان لێ نابوو به‌و حسابه‌ی ژماره‌(1) له‌به‌غدا بوو ، ئه‌ویش تایبه‌ت بوو به‌ چاپكردنی كتێبی قوتابخانه‌كان و هه‌روه‌ها چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و چه‌ند چاپخانه‌یه‌كی دی دواكه‌وتوو وه‌ك چاپخانه‌ی شاره‌وانی هه‌ولێر یان چاپخانه‌ی (ژین) له‌ سلێمانی كه‌ له‌دوایدا داخرا ، له‌ پێش ئه‌ویشدا چاپخانه‌ی كوردستان كه‌ به‌سیسته‌می پیتچنی كاری ده‌كرد و له‌یه‌ك تا دوو ئامێری هایدلبێرگ زیاتر نه‌بوو(7).

له‌كاتێكدا به‌غدا پڕ بوو له‌ چاپخانه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی پێشكه‌وتووی حكوومه‌تی و كه‌رتی تایبه‌ت. دیسان ئه‌م لایه‌نه‌ش به‌ هه‌ند نه‌گرتنێكی دیكه‌یه‌ به‌لای لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ كه‌ ده‌بووایه‌ بیریان لێ كردبووایه‌وه‌ ، به‌وه‌ی چاپخانه‌ ، مه‌ڵبه‌ندێكی هه‌میشه‌ تیشكاوێژ بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌وان سه‌رده‌مان كه‌ بره‌و زیاتر له‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو بوو ، چاپكردنی كتێبیش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ‌ ، بێگومان حكوومه‌تی به‌غدا ئه‌مه‌ی لا ڕوون بوو كه‌ ڕێگه‌دان به‌ دامه‌زراندنی چاپخانه‌ ده‌بێته‌ ئه‌گه‌رێك له‌ ڕێی په‌ره‌سه‌ندنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی و پته‌وبوونی ئینتما ، ئێمه‌ش بێده‌نگ!!

به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پاش نسكۆ و ده‌ستكرانه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا ، دوو ساڵی پێنه‌چوو (كۆڕی زانیاری كورد)ی كرد به‌ به‌شێكی نه‌خوێندراوه‌ له‌ (كۆڕی زانیاری عیڕاق) و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری كوردی و ده‌زگای هاوكاری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كدا كۆكرده‌وه‌ و ناوی لێ نا (ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی) و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ی (التێ‌خی)یشی كه‌ تا ئه‌وسا (ئینجا به‌هه‌ر ناوه‌رۆكێك بێ) پێ هه‌رس نه‌كراو كردی به‌ (العراق) و ڕێگای دا مانگنامه‌یه‌ك هه‌ر به‌و ناوه‌ واته‌ (عیڕاق) له‌شێوه‌ی ڕۆژنامه‌دا بڵاوبكرێته‌وه‌.

دوای پرۆسه‌ی ڕاگواستن و ئه‌نفال و كیمیایش به‌ مه‌به‌ستی شێواندن و لێكدابڕاندنی زمانی كوردی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت دوو ڕۆژنامه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ هه‌ر ڕۆژنامه‌ی به‌شێوه‌زارێك (ئاسۆ) به‌كرمانجی خواروو (بزاڤ)یش به‌كرمانجی سه‌روو كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ دوای ئه‌وه‌ی پێشوازییه‌كی له‌و ڕه‌نگه‌یان له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی كورده‌وه‌ لێ نه‌كراو ده‌ركیان پێكرد كه‌ به‌ مه‌به‌ستێكی چه‌په‌ڵه‌وه‌ دامه‌زرێنراون ، ماوه‌یه‌كی زۆری پێ نه‌چوو داخران(8).

ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌نووسیی بیستراو و بینراوی كوردی

خودی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی كوردی مێژوویێكی له‌و ڕه‌نگه‌ی نییه‌ ، (كوردستان)یش كه‌ كراوه‌ به‌ ده‌سپێكی ئه‌و مێژووه‌ ، باوه‌كو له‌ڕووی سیاسی و وه‌ك ده‌سپێشخه‌رییه‌كی جوامێرانه‌ی ماڵباتی به‌درخانییان ده‌نگی دابێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوانه‌یشی به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ی به‌ دوایدا هاتوون ؛ ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریشیان هه‌بووبێ ، كاریگه‌ری سنووردار بووه‌ ، له‌لایه‌ك به‌ هۆی ئاست و ڕێژه‌ی خوێنده‌واری میلله‌ت و ئینجا ئه‌سته‌می بڵاوبوونه‌وه‌ و ئه‌و جوغرافیا سیاسیه‌ نه‌گریسه‌ی ناحه‌زانی كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژگار پێكیان هێناوه‌ و به‌و مه‌حكه‌مییه‌ دایانڕشتووه‌ كه‌ شه‌ش ده‌ریان لێ گرتووین…

دیاره‌ دواكه‌وتوویی خۆشمان سه‌ربار ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی بڵاویش كراوه‌ته‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری یا له‌ ژێر سانسۆری بێ ئامانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا بووه‌ كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌ ، یاخود حكوومه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ خۆیان بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی خۆیان شتێكیان به‌ كوردی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ناویشیان لێ ناوه‌ به‌وه‌ی شتیان بۆ كردووین و له‌و ڕاسته‌شدا منه‌تیشیان له‌سه‌ر كردووین!!
لێره‌وه‌ ، حاڵی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو به‌و چه‌شنه‌ بووه‌ ، كه‌ تاك وته‌را نه‌بێ (لێره‌و له‌وێ‌) به‌ تایبه‌تی له‌ ژێر سێبه‌ری بزاڤه‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كانی ئازادیخوازی كورد ، ڕۆژنامه‌یه‌ك ، گۆڤارێك یا بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌رچوێندراوه‌ ، ئه‌ویش دیاره‌ هه‌میشه‌ به‌هۆی هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تییه‌وه‌ پچڕ پچڕ بووه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌م حاڵه‌ته‌ (پچڕ پچڕی بڵاوكردنه‌وه‌) له‌ هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ی به‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ناسێنراوه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بوو بێ سیما و ئادگاری دیاری ئه‌و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ بووه‌ .

ئینجا ئه‌گه‌ر حاڵی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراومان وا بوو بێ ، بێگومان ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو وبینراویشمان وێرانتر نه‌بوو بێ چاكتر نه‌بووه‌ ، له‌لایه‌ك دامه‌زراندن و وه‌گه‌ڕخستنی ئێستگه‌یه‌كی ڕادیۆ یا ته‌له‌فزیۆن هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌ده‌غه‌ بووه‌ ، ئه‌وه‌یشی هه‌بووه‌ (له‌ ڕادیۆی كۆماری كوردستان) و ئه‌و ڕادیۆ سنووردارانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول (ده‌نگی كوردستان) و ئه‌وانی دیكه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان دوای نسكۆ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش كورد شتێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ (به‌خۆی) به‌ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو ، له‌وه‌ی به‌ده‌ر كه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان ، ده‌وڵه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی خۆی ئیستگه‌یه‌كی وه‌كارخستووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ عیڕاق و ئێران و هه‌ندێ‌ شوێنی دیكه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ڕێ ڕوونی له‌م چه‌ند دێره‌ی دادێ‌ و به‌ پشت به‌ستن (له‌به‌شێكیدا) به‌ جزمی یه‌كه‌می به‌رگی یه‌كه‌می نووسراوه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ)، كورته‌یه‌كیان لێ‌ بخه‌ینه‌ ڕوو ، كه‌ به‌شێكی گرینگ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی پێك دێنێ‌(9).

ئه‌مه‌ش كه‌ ده‌ڵێم ، ده‌خوازێ‌ ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی كوردی كۆمه‌ڵێك ڕێگر هه‌بووه‌ به‌ گوێره‌ی مێژووی خۆی گه‌شه‌ی پێویست بكا ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یش وه‌ك له‌پێشدا باسمان كرد ؛ ئاستی خوێنده‌واری كۆمه‌ڵی كورده‌واری و ئاسته‌نگه‌كانی جوغرافیای دروستكراو له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ، ڕێی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی گرتبوو ، بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراویش ، جگه‌ له‌ دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ، كه‌ زۆر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناس و گه‌ڕیده‌ بیانیه‌كانیش له‌وانه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینیان نووسیوه‌ ، ئاماژه‌یان به‌و لایه‌نه‌ داوه‌ ، كه‌ (ڕادیۆ)یان ڕاستتر (ئامێری ڕادیۆ) – وه‌ك وه‌رگر- له‌ قاڵبی تابووه‌ سه‌یركراوه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌ دره‌نگه‌وه‌ش هاتووه‌ ، له‌چاو مێژووی په‌یدابوونیدا ، به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌داریشه‌وه‌ كه‌م كه‌س ، له‌ چینی هه‌بوویی و دارا و ماڵه‌ به‌گ و ئاغایان به‌ده‌ر توانیویه‌تی ئامێرێكی ڕادیۆ بكڕێت ، ئیتر كه‌ گوێگر نه‌بوو ئیستگه‌ی په‌خش چ سوودێكی ده‌بێ؟ كه‌ ئه‌مه‌ تاڕاده‌یه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراویش هه‌ر ڕاسته‌.

ئێستا با سه‌ره‌تا له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین و بزانین یه‌كه‌مین ئێستگه‌ی ڕادیۆ، یاخود ڕاستتر یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی ڕادیۆیی له‌كوێ‌ و كه‌ی بووه‌؟
به‌پێی جزمی یێكه‌هه‌می به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌ ناوازه‌كه‌ی مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ) كه‌ به‌نده‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی ده‌بینم ، به‌ پێی ئه‌و كتێبه‌ بێ یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی له‌ڕادیۆدا ساڵی 1925 زایینی ده‌ست پێ ده‌كا.

زنجیره‌ی ئه‌و ڕادیۆیانه‌ی په‌خشیان به‌ كوردی هه‌بووه‌ یاخود ئیستگه‌ی كوردی بوون به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌(10):
1- ڕادیۆی كۆماری ئۆتۆنۆمی كوردستانی سوور له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانی سۆڤیێتی (جاران) ساڵی 1925، كه‌ له‌ دوایدا له‌ لایه‌ن (ستالین)ـه‌وه‌ داخرا .
2- په‌خشی كوردی ڕادیۆی به‌غدا ، كه‌ دوایی بوو به‌ به‌شی كوردی ڕادیۆی به‌غدا – له‌19/11/1939وه‌ تا ساڵی 2003 – پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام حسین – به‌رده‌وام بوو به‌مه‌ش ئه‌م ڕادیۆیه‌ ، یاخود په‌خشی كوردی له‌م ڕادیۆیه‌دا به‌ ته‌مه‌نترین په‌خشه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردیدا .
3- په‌خشی كوردی ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك (شه‌رقولئه‌دنا) له‌ (یافا) ساڵی1942 (جه‌نگه‌ی شه‌ڕی دووه‌می جیهان) كه‌ تا ئه‌یلوولی 1945 به‌رده‌وام بوو. ئه‌م ڕادیۆیه‌ سه‌ر به‌ئینگلیز بووه‌ ، ڕۆژانه‌ سه‌عاتێك به‌كوردی په‌خشی هه‌بووه‌(11).
4- په‌خشی كوردی له‌ (ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵات) – الشرق – له‌ لوبنان ساڵی 1943 تا ساڵی 1945. په‌خش به‌زمانی كوردی له‌م ڕادیۆیه‌دا هه‌فته‌ی دووجاران بووه‌ ، ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و هه‌ینی ، پاشان له‌ ساڵی 1945 و 1946دا بووه‌ به‌ ڕۆژانه‌ ڕه‌وانشاد كامه‌ران عالی به‌درخان سه‌رپه‌رشتی كردووه‌ .
5- ڕادیۆی كۆماری كوردستان – مهاباد – كوردستان كه‌ له‌12/12/1945 تا 1/1/1946 به‌رده‌وام بوو . وه‌ك له‌ پێشیشدا ئاماژه‌مان پێداوه‌ ، ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ یه‌كه‌مین ڕادیۆی ئازادی كورد له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی داده‌نرێ‌ .
6- په‌خشی كوردی ڕادیۆی – كۆماری ئازه‌ربایجان – له‌ ئێران مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف له‌ باره‌ی ئه‌م ڕادیۆیه‌ ده‌ڵێت: “سه‌ره‌تای په‌خشی ساڵی 1946 ده‌ستی پێ كردووه‌(12).
7- په‌خشی كوردی ڕادیۆی یێریڤان له‌ ئه‌رمه‌نستانی سۆڤییتی (جاران) . وا دیاره‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ دوو خوول بووه‌:
– خولی یه‌كه‌م: ساڵی 1930 تا 1937.
– خولی دووه‌م: له‌1/1/1955 تا 1958.
8- ڕادیۆی كوردیی – ئێران – ساڵی 1946 تا 1958.
9- به‌شی كوردی ڕادیۆی تاران 1946 تا 1958.
10- ڕادیۆی كوردی – له‌سنه‌ – ساڵی 1953.
11- ڕادیۆی كوردی – مهاباد.
12- ڕادیۆی كوردی – ته‌ورێز.
13- په‌خشی كوردی له‌ ڕادیۆی قاهیره‌ ، كه‌ له‌1/6/1957 تا 13/6/1963 دا به‌رده‌وام بووه‌(13).
14- ڕادیۆی – ده‌نگی كوردستان – عێراق – ئه‌م ئیستگه‌یه‌ وه‌ك زمانحاڵی شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئه‌یلوول) له‌ 20/8/1963دا دامه‌زرا . ڕادیۆی (ده‌نگی كوردستانی عێراق) له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیدا ، كورتبڕ بوو ، هێزی له‌ كیلۆواتێك كه‌متر بوو ، به‌مه‌ش مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رته‌سك بوو ، به‌ پێی هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ بازانه‌ی نیوه‌تیره‌ی له‌ 50كم تێنه‌ده‌په‌ڕی(14).

ئه‌م ڕادیۆیه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر جێی متمانه‌ی خه‌ڵك بوو و گوێگرێكی زۆری هه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌ حكوومه‌تی به‌عسیشه‌وه‌ ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ئه‌م ڕادیۆیه‌، هه‌وڵی جیددیان دا به‌ هۆی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ته‌كنیكی پێشكه‌وتوو ڕێ‌ له‌ ده‌نگی ئه‌م ڕادیۆیه‌ بگرن بگاته‌ گوێڕادێرانی(15).

ئه‌م ڕادیۆیه‌ تا پاش ده‌رچوونی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 به‌ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو ، دوایی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوارساڵ ، به‌ پێی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ (كه‌ یه‌كه‌مین داننانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ به‌ كێشه‌ی كورد) له‌كار وه‌ستێنرا ، تا ئه‌وه‌ی له‌ نیسانی1974دا جارێكی تر كه‌وته‌وه‌ كار ، ئه‌مجاره‌ش بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌رده‌وام بوو(16).

پاش نسكۆی شۆڕش ، ئاداری 1975 له‌ ئه‌نجامی مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر ، ڕادیۆكه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستا ، پاشان دوای ده‌سپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش له‌ ژێر ناوی (شۆڕشی گوڵان) به‌ ماوه‌یه‌ك – پایزی 1977 – ده‌نگی كوردستان – جارێكی تر وه‌كارخرایه‌وه‌.
ئه‌م ڕادیۆیه‌ قۆناخ به‌ قۆناخ هاتووه‌ تا ئه‌مڕۆیش به‌رده‌وامه‌ . شایه‌نی باسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ بگوترێ‌ كه‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ به‌ یه‌كه‌مین ڕادیۆ داده‌نرێ‌ له‌وه‌ی له‌ زنجیربه‌ندی ڕادیۆنه‌كان كه‌ به‌ (ئیستگه‌ نهێنیه‌كان) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێ‌ و هه‌روه‌ها دووه‌مین ڕادیۆی ئازادیشه‌ دوای ڕادیۆی كۆماری كوردستان له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردیدا .

15- ده‌نگی شۆڕشی عێراق

ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی (شۆڕشی نوێ‌) له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخرا ، پاشان ناوی گۆڕا و بوو به‌ (ده‌نگی گه‌لی كوردستان) و ئێستاش به‌رده‌وامه‌.
ئه‌م ئیستگه‌یه‌ش به‌ هه‌مان پێوه‌ری له‌ پێشدا ئاماژه‌ی پێ درا ، ده‌چێته‌وه‌ بازنه‌ی ئه‌و ڕادیۆیانه‌ی نهێنین – هه‌روه‌ها ئه‌م ئیستگه‌یه‌ش به‌ ڕادیۆیه‌كی دیكه‌ی ئازاد ده‌ژمێررێ‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا په‌خشی كردووه‌ .
16- (پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان)یش ڕادیۆیه‌كی هه‌بوو له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانه‌وه‌ په‌خشی ده‌كرد. له‌باره‌ی مێژووی په‌خش و وه‌ستانی ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌ هیچ شوێنێك ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ له‌گه‌ڵ – پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق- دا دوای پێكهێنانی به‌ره‌یه‌ك له‌ نێوان خۆیان و حزبی سۆسیالستی كوردستان و پارتی سۆسیالستی كورد (پاسۆك) – زۆربه‌ی كادره‌كانییان به‌ سكرتێری گشتیه‌وه‌ چوونه‌ ناو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئه‌وی ڕاستییه‌ ئێمه‌ لێره‌شدا له‌ به‌ر ئه‌وه‌دا نین بیبلۆگرافیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو (ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراو)ی كوردی ڕێك بخه‌ین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بوو سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك له‌ مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌سپێكی ئه‌م ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ پێشان بده‌ین وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ باسه‌كه‌ ، دیاره‌ ئه‌وه‌ی باسیش كرا له‌مشتی خه‌روار ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، ده‌نا ڕۆژنامه‌گه‌ریی بیستراوی كوردی به‌ تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕین ، له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پێویستی ئه‌و جوغرافیایه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ (هه‌رێمی كوردستان) ناسراوه‌ زۆر زیاتره‌ ، كه‌ زۆربه‌شیان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موویان به‌رنامه‌كانیان به‌شه‌پۆلی
( FM ) په‌خش ده‌كه‌ن(17)
له‌باره‌ی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنیشه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كم نه‌دۆزییه‌وه‌ باسی یه‌كه‌مین په‌خشی كوردی له‌ ته‌له‌فزیۆن یان ڕاستتر ته‌له‌فزیۆنی كرد بێ ، ڕه‌نگه‌ ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان له‌ هه‌ندێ‌ ئیستگه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌ گۆرانییه‌كی كوردییان په‌خش كردبێ ، ده‌نا وه‌كو ئیستگه‌ ، ته‌نیا باشووری كوردستان (كوردستانی عێراق) په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی كوردی تێدا هه‌بووه‌ ئه‌ویش به‌ دره‌نگه‌وه‌ ، له‌كاتێكدا عێراق ، یه‌كه‌مین وڵاته‌ له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ی (به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی)یه‌وه‌ ناوزه‌د كراون ئیستگه‌ی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی لێ دانراوه‌ ، كاتێ‌ ساڵی 1956 كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ پیشانگایه‌كی پیشه‌سازی به‌غدادا به‌شدار ده‌بێ ، نێرده‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی له‌و پیشانگایه‌دا نمایش ده‌كا ، پاشان دوای كۆتایی هاتنی پیشانگاكه‌ ، نێرده‌كه‌ به‌ دیاری پێشكێشی حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراقی ده‌كا ، ئه‌و نێرده‌یه‌ش له‌ سنووری شاری به‌غدا ڕه‌تی نه‌كردووه‌ و هێزی ناردنی ته‌نیا نیوكیلۆوات بووه‌ و به‌ یه‌ك كه‌ناڵ كاری كردووه‌ .

به‌ دامه‌زراندنی ئه‌و نێرده‌یه‌ عێراق بوو به‌ یه‌كه‌مین وڵات له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ (وڵاتانی عه‌ره‌بی) ناسراون كه‌ په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی هه‌بووه‌ .
جێی باسه‌ كه‌ كارمه‌ندانی ئه‌و نێرده‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تادا سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی (هه‌واڵ و ئاراسته‌كردن)بوون – سه‌رده‌می پاشایه‌تی – دوای ته‌موزی 1958یش كه‌ به‌ (سه‌رده‌می كۆمار) ناسراوه‌ خرایه‌ سه‌ر (وه‌زاره‌تی ڕێنماییه‌وه‌) – دیاره‌ له‌ ده‌سپێكیشدا په‌خش به‌ (ڕه‌ش و سپی)بووه‌ ، پاشان له‌ساڵی 1975 بۆ یه‌كه‌مجار په‌خشی ڕه‌نگی ده‌ست به‌وه‌شان ده‌كا(18).

چیرۆكی په‌خشی كوردی له‌ ته‌له‌فزیۆنی عێراقیدا چیرۆكێكی درێژنییه‌ ، كه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر په‌خشێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌و ناوه‌ هه‌بێ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌عیراق بووه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنیش ، سایلی ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌كانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كان زمانحاڵی خۆیان بووه‌ به‌ كوردی ، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جار، به‌ نموونه‌ له‌ ماوه‌ی چوارساڵی دوای مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 (1970 – 1974) به‌ هۆی (هه‌ندێ) له‌و كارمه‌ندانه‌ی كاریان تێدا ده‌كرد له‌و ماوه‌یه‌دا ، نیشانه‌ به‌و كرانه‌وه‌ ڕێژه‌ییه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ فه‌راهه‌می كردبوو ، چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوون ، كه‌ ئه‌ویش له‌ به‌رنامه‌ی هونه‌ری و كولتووری تێنه‌ده‌په‌ڕین، دیاره‌ پاش نسكۆی شۆڕش ، ئه‌م بواره‌یش وێنه‌ی بواره‌كانی دی وێك هێنرایه‌وه‌(19).

وه‌ك له‌پێشیشدا وتمان كه‌ عیراق یه‌كه‌مین وڵات بوو نێرده‌ی ته‌له‌فزیۆنی گه‌یشتێ‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌خشی كوردی (په‌خش نه‌ك نێرده‌ی سه‌ربه‌خۆ) به‌ دره‌نگه‌وه‌ بوو ، سوێندی ئه‌وه‌ ناخۆم كه‌ ڕه‌نگه‌ جاروبار گۆرانییه‌كی كوردی په‌خش كرابێ ، ده‌نا تا دوادواكانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌مه‌ هه‌روا مایه‌وه‌ ، تا ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 له‌ نێوان حكوومه‌تی عیراق و شۆڕشی كوردستان مۆركرا ، له‌وساوه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار په‌خشی كوردی (بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو) له‌ ته‌له‌فزیۆن هه‌ندێ‌ به‌رنامه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌رنامه‌كان سه‌ره‌تا له‌ ڕێگه‌ی (نێرده‌یه‌كی به‌هێزكردن) له‌ كه‌ركووك داندرا ، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ ڕێگه‌ی نێرده‌یه‌كی به‌هێزكردنی دیكه‌وه‌ كه‌ له‌ مووسڵ داندرابوو ده‌گه‌یشته‌ كوردستان ، تا ئه‌وه‌ی هه‌مان نێرده‌ی كه‌ركووك كرایه‌ ئیستگه‌یه‌كی په‌خشی ته‌له‌فزیۆن به‌كوردی كه‌ له‌سه‌عات 5 یا 6ی ئێواره‌ تا 12ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بوو له‌ په‌خش هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا ، له‌ پاڵ به‌رنامه‌ی كوردی (كه‌ ماوه‌كه‌ی زیاتر بوو) ماوه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی (توركمانی) و (سریانی) ته‌رخان كرابوو.. له‌و ئیستگه‌یه‌دا وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ، له‌گه‌ڵ وه‌به‌ریه‌كهێنانه‌وه‌ی ئه‌و كرانه‌وه‌ی پێش نسكۆی شۆڕش هه‌بوو، جاروبار ڕێگه‌ ده‌درا هه‌ندێ‌ شانۆگه‌ریی و دراما و گۆرانی كوردی بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ندێكیان له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌ری و كولتوورییه‌كانه‌وه‌ جێی سه‌رنج و باسه‌ .

ڕاستی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بینراوی كوردی تا (سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین)یش ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌وه‌ به‌ده‌ر نه‌بوو حكوومه‌تی عیراقی له‌ ڕێی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ به‌رنامه‌كانی ئاراسته‌ ده‌كرد و (به‌ پێی هه‌ل و مه‌رج)و له‌ ژێر چاودێرییه‌كی تونددا .

ماویه‌تی …..

ئاماژه‌ و په‌راوێز
________________________________________
1- دیاره‌ لێره‌دا باس له‌ بزاڤێك ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ڕای گشتی دروست بكا ، ده‌نا له‌ پێش حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا لێره‌و له‌وێ‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار ده‌رچوون . له‌هه‌مان كاتدا و بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ر باس له‌سه‌ر ئه‌و جوغرافیایه‌یه‌ كه‌ تا حاڵی حازر به‌ (هه‌رێمی كوردستان) ده‌ناسێنرێته‌وه‌ .
2- بۆ ڕێ‌ ڕوونی زیاتر له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕوانه‌:
نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ – برایه‌تی – یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا – چاپی یه‌كه‌م – چاپخانه‌ی خه‌بات 1991.
3- هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری كوردییه‌وه‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌ی ڕۆژنامه‌، (كه‌ له‌دوایدا بوو به‌ گۆڤار) به‌ناوی (ڕۆشنبیری نوێ‌) بڵاوده‌كرایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وسا ڕه‌وانشاد د.ئیحسان فوئاد سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، هه‌ر له‌وێ‌ گۆڤاری (ئه‌ستێره‌)ی منداڵان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌منداڵان و (جه‌مال خه‌زنه‌دار) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد بڵاوده‌كرایه‌وه‌ به‌ڵام پاش (2) ژماره‌ داخرا و ژماره‌ی (3)یه‌می له‌ژێر چاپدابوو كه‌ داخرا.
دیاره‌ ناشبێ ئێستگه‌ی كوردی به‌غدا له‌بیر بكه‌ین و هه‌روه‌ها ئێستگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك كه‌ ماوه‌یه‌كی بۆ په‌خشی كوردی ته‌رخان كردبوو.
له‌هه‌مان كاتدا و وه‌ك ده‌سكه‌وتی ئه‌و كرانه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 زه‌مینه‌ی بۆ خۆش كردن، له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا گۆڤاری (كۆڕی زانیاری كورد) له‌لایه‌ن كۆڕی زانیاری كوردییه‌وه‌ و (نووسه‌ری كورد) له‌لایه‌ن (یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد) و گۆڤاری (په‌روه‌رده‌ و زانست) له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی خوێندنی كوردی و (ده‌فته‌ری كورده‌واری) به‌ كۆششی د.مارف خه‌زنه‌داره‌وه‌ ده‌رده‌چوو ، هه‌روه‌ها گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه‌وه‌ له‌ به‌غدا و چه‌ندانی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی كه‌ وه‌ك وتمان ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 زه‌مینه‌ی ده‌رچوونی بۆ خۆش كردبوون.
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی (2) – برایه‌تی- یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا- ته‌ماشای پێشه‌كی و په‌ڕاوێزی ژماره‌ (4) بكه‌ لاپه‌ڕه‌ 11 چاپی یه‌كه‌م.
5- بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتر، بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و ڕۆژنامه‌نووسی كورد ، چاپی دووه‌م 1991 – هه‌روه‌ها – برایه‌تی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی- 1991ی هه‌مان نووسه‌ر.
6- جارێكی تر ته‌ماشای په‌ڕاوێزی ژماره‌ (4) بكه‌وه‌ له‌ برایه‌تی – یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا.
7- له‌گه‌ڵ دواكه‌وتوویی ته‌كنیكی (چاپخانه‌ی كوردستان)یش كه‌ به‌كۆششی برایانی موكریانی (حوزنی و گیو) دامه‌زرابوو ، ده‌بێ ئه‌وه‌ ببینرێ‌ كه‌ ده‌یان سیایی و ده‌ستنووسی له‌ فه‌وتان پاراست و چاپكرد.
بێجگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندان گۆڤاری ناوه‌خۆی شاره‌كانیشی لێ چاپ ده‌كرا، له‌پاڵ ده‌یان كتێبی نووسه‌ر و شاعیران، به‌تایبه‌تیش نووسه‌رانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری.
8- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ – دره‌ختی بنكۆڵ كراو – چاپی دووه‌م – 2006.
9- بڕوانه‌: كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غدا – (1939 – 1958) به‌رگی یێكه‌هه‌م جزمی یه‌كه‌م – كوردستان – هه‌ولێر 2014 چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری.
جێی باسه‌ كه‌ مامۆستا كه‌مال، هه‌ر له‌و كتێبه‌ و له‌ هه‌مان به‌رگ، چه‌رده‌یه‌ك له‌ باسی پێش په‌یدابوونی ئێستگه‌ی ڕادیۆی هێناوه‌ته‌وه‌ – سه‌رده‌می (فۆنۆگراف) یا وه‌ك مامۆستا كه‌مال (لووله‌ قه‌وان)ی بۆ داناوه‌ و كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی به‌ (قه‌وان) ده‌ناسرێته‌وه‌ پێش ڕادیۆ له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌. ته‌ماشای – لاپه‌ڕه‌ 52ی هه‌مان سه‌رچاوه‌ بكه‌.
10- كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د (بابی لالۆ)- مێژووی ڕادیۆی كوردی به‌غدا – به‌رگی یه‌كه‌م – جزمی یه‌كه‌م- هه‌ولێر – 2014، ته‌ماشای لاپه‌ڕه‌ 68 بكه‌.
11- هه‌رچه‌نده‌ مامۆستا كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د له‌ كتێبی ئاماژه‌ پێدراودا له‌لاپه‌ڕه‌ 68دا ده‌ڵێ‌ له‌ئه‌یلوولی 1942 تا ئه‌یلوولی 1945 به‌رده‌وام بووه‌.
كه‌چی له‌لاپه‌ڕه‌ 69دا باس له‌ساڵی 1946یش ده‌كا كه‌ به‌ شه‌پۆلی كورتی (SW) 42018 سه‌عات 11:45ی پێش نیوه‌ڕۆ ده‌ستی به‌ په‌خش كردووه‌ (به‌كوردی) و سروودی (كوردستان ، كوردستان نیشتمانی جوان)یشی لێ‌ په‌خش كراوه‌.
كه‌وابێ، دیاره‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ تا ساڵی 1946 به‌رده‌وام بووه‌ – بڕوانه‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌69.
12- كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، لاپه‌ڕه‌ 73.
13- كه‌مال ره‌ئووف محه‌مه‌د – هه‌مان سه‌رچاوه‌.
14- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌: مسعود بارزانی – بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد- به‌رگی سێیه‌م به‌شی دووه‌م 1961 – 1975. چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ – هه‌ولێر 2004.
15- یه‌كێك له‌و ڕێوشوێنانه‌ی گیرایه‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی ئینگلیزی بوو به‌هه‌مان شه‌پۆل، گۆرانییه‌كی به‌ژاوه‌ژاو بوو وشه‌ی (هانی)تێدا دووباره‌ ده‌كرایه‌وه‌.
ئێستا له‌ قامووسی كوردیدا ئه‌م وشه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر (تشویش)ی عه‌ره‌بی به‌كارده‌هێنرێ‌ و جێی خۆی گرتووه‌. به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی گوێم لێ بووه‌، كه‌سێك كه‌ داوا له‌ كه‌سێك بكا ته‌شویش نه‌خاته‌سه‌ر قسه‌كانی، پێی ده‌ڵێ: توخوا (هانی هانی) مه‌خه‌ره‌ سه‌ر قسه‌كانم.
16- به‌نده‌ له‌و ساڵه‌دا یه‌كێك بوو له‌ كارمه‌ندانی ئه‌و ڕادیۆیه‌ وه‌ك نووسه‌ر و وه‌كو (په‌یامنێری جه‌نگ)یش. یه‌كه‌مین په‌یامنێری جه‌نگ ، به‌تایبه‌تی له‌به‌ره‌كانی هێزی باڵه‌ك كه‌ ئه‌وسا هه‌ڵایساوترین به‌ره‌ بوو، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئازادكراوی كوردستان كه‌ هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووس عه‌بدوڵڵا عه‌باس سه‌ردانمان ده‌كرد، وه‌كو به‌ره‌كانی هێزی (خه‌بات و ئه‌زمر و زمناكۆ).
17- به‌پێی ئاماری (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ – به‌شی بانكی زانیاری میدیایه‌كانی كوردستان ، سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان – تا ئێستا ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ تۆماركراوه‌ – له‌سێ پارێزگا (هه‌ولێر ، سلێمانی، دهۆك) 187 ڕادیۆیه‌ و به‌م شێوه‌یه‌- هه‌ولێر 84 ڕادیۆ، سلێمانی67 ڕادیۆ و دهۆك 36.
18- بڕوانه‌: ئینعام كه‌چه‌چی – ته‌له‌فزیۆن له‌به‌غداوه‌ دێته‌ جیهانی عه‌ره‌بی = ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ) ژماره‌ (7695) له‌ 23/12/1999.
19- بۆ زانیاری پتر له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕوانه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ – دره‌ختی بنكۆڵ كراو – په‌نجه‌نمایه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ بۆ باری ڕووناكبیری وكولتووری كوردی – 1975 – 1994 – چاپی دووه‌م – 2006 چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ – هه‌ولێر.




دوو شیعر…. وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌ …. سه‌ده‌ی مه‌رگ

وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌

پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟

×××

ئه‌سه‌دیش دێ پیرۆزبایی له‌ مه‌رگی
منداڵانی حه‌له‌ب ده‌كا.
ئایا ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنه‌؟
یان به‌ گاندانی هه‌ر هه‌موو مێژووی
ئوممه‌ی عروبه؟‌…
گوێم لێ بوو ئه‌و ڕۆژه‌،
ڕۆحانیی وڵاتی مه‌رگ و سێداره‌،
وای به‌ ئه‌سه‌دی هاوڕێی ده‌گوت.

——————–

سه‌ده‌ی مه‌رگ

ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی خوێڕییه‌كانه‌.
سه‌ده‌ی سه‌ركرده‌ی خوێڕی پیاوكوژ و
سه‌ده‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌ی فاشی و
سه‌ده‌ی دڕندایه‌تی ئیمپریالیزمه‌كان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی كوشتنی منداڵانه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌ته‌.
سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌تێك،
كه‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ كۆیله‌ی خۆی و
تاوانی مه‌زنی پێ ئه‌نجام ده‌دا.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌سه‌ده‌ گه‌واده‌كانه‌.
گه‌واده‌كانی قه‌حپه‌خانه‌ی مۆسكۆ و واشنتۆن.
گه‌واده‌كانی تارانی سێداره‌ و حه‌شیش و
په‌كینی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و له ‌سێداره‌دان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌و خواوه‌ندانه‌یه‌،
كه‌ پشتیان له‌ خه‌ڵك و
ڕوویان له‌ زاڵم و سته‌مكارانه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی داهێنانی مه‌رگه‌.
سه‌ده‌ی پاره‌ی زۆر و
سه‌ده‌ی هه‌ژاری و
سه‌ده‌ی شانۆكانی جه‌نگه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی گره‌وكردنه‌
له‌سه‌ر ئه‌سه‌ده‌كان.
سه‌ده‌ی بارینی ژه‌هری مه‌رگه‌
به‌سه‌ر گه‌لان.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌و دیكتاتۆرانه‌یه‌
له‌ ڕۆژهه‌ڵات،
كه‌ ده‌بنه‌ مووی ناوگه‌ڵی سه‌رۆكی زلهێزه‌كان.
ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی،
به‌ ده‌ستێك گه‌له‌كه‌یان ده‌كوژن؛
به‌ ده‌ستێكیش به‌ری بۆزی
ناوگه‌ڵی سه‌رۆكی زلهێزه‌كان ده‌تاشن.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی ئه‌سه‌ده‌ جه‌للاده‌كان و
سه‌ده‌ی سوڵتانه‌كانی قوسته‌نتینه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی كوشتنی منداڵانه‌.
سه‌ده‌ی وه‌حشیه‌تی سه‌رمایه‌یه‌،
كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ ڕۆژئاوا و
له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌،
جیهان بسووتێنێ.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی
درۆی دیموكراسییه‌ت و
مافه‌كانی مرۆڤه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی خوای جه‌نگه‌،
كه‌ له‌ واشنتۆن و مۆسكۆوه‌
په‌یامبه‌ره‌كانی بۆ هه‌موو جیهان ده‌نێرێ…
له‌م دوو پایته‌خته‌وه‌،
له‌ مێژووی نه‌گریسی ئێمه‌‌‌وه،‌
په‌یامبه‌ره‌كانی خوای جه‌نگ
به‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا
بڵاوده‌بنه‌وه‌:
له‌ حه‌له‌ب و له‌ سوریا،
له هه‌موو‌ پارچه خوێناوییه‌كانی كوردستان،
له‌ یه‌مه‌ن و له‌ لیبیا…
خوای جه‌نگ،
ئایینی مه‌رگ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ سه‌ده‌ی
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی مه‌رگه‌.
سه‌ده‌ی له‌ خاچدانی
هه‌موو مه‌سیحه‌كانه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پرسی قه‌ده‌غه‌كردنی بورقا ده‌بێته‌ پرسی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی چه‌ندین ولاًت له‌ ساڵی 2017 دا

مشتومڕی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی به‌شێك له‌ ووڵاتانی جیهان له‌باره‌ی پرسی قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی بورقا به‌رده‌وامه‌ و پێده‌چێت ساڵی داهاتوو ئه‌و پرسه‌ ببرێته‌ په‌رله‌مانی ئه‌و ووڵاتانه‌.
پۆڵین هانسن ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئوسترالیا كه‌له‌سه‌ر لیستی پارتی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و ووڵاته‌یه‌ و به‌لیستی ڕاستڕه‌وه‌كان ناوده‌برێت ، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ساڵی داهاتوودا فشاره‌كانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی بورقا له‌و ووڵاته‌.
وته‌كانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كانی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێركل له‌دواهه‌مین كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا كه‌ تێدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ داپۆشینی ته‌واوی ڕوخسار یان ده‌موچاو شتێكی نه‌گونجاوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا بۆیه‌ پێویسته‌ داپۆشینی ته‌واوی ڕووخسار له‌هه‌رشوێنێكدا كه‌ پێویست بكات له‌ڕوی یاسایه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت. به‌ڵام جیاواز له‌ ووته‌كانی ئه‌نگێلا مێركل ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا ڕایگه‌یاند ئوسترالیا له‌ ئه‌وروپا جیاوازه‌ و ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا ڕووده‌دات ده‌رئه‌نجامی لێشاوی كۆچی نایاسایه‌ بۆ ئه‌و كیشوه‌ره‌ و ئه‌وروپا كۆنتڕۆڵی به‌سه‌ر سنوره‌كانیدا نه‌ماوه‌ ، بۆیه‌ به‌ ووته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا ئه‌وان پێویسته‌ به‌رده‌وام بن له‌ پاراستنی سنوره‌كانیان ، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌ته‌ تونده‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخدا كه‌ به‌جۆرێكه‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ووڵاته‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌به‌له‌مه‌كه‌ لێوه‌ی هاتووه‌. دواجاریش ڕایگه‌یاند ووڵاتانی كۆمۆنوێڵس پشتگیری له‌ بیرۆكه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی بورقا ناكه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، په‌رله‌مانی هۆڵه‌نداش له‌ مانگی ڕابردوودا یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بورقای له‌ هه‌ندێك شوێنی گشتیدا وه‌ك خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌كاندا په‌سه‌ند كرد و تا ئێستاش چه‌ندین ووڵاتی جیهان و ئه‌وروپاش له‌وانه‌ش فه‌ره‌نسا و به‌لجیكا و بولگاریا و چاد یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بورقایان په‌سه‌ندكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كان : ماڵپه‌ری ته‌له‌گراف ، ماڵپه‌ری هه‌واڵی نیوزی ئوسترالی

هەأار تەها




سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئاگاداری بۆ شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەندەران، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی تایبەت بە “مونٶدراما” لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ و ٢٦ی مانگی 3 (مارچی) 2017 لە شاری یوتوبوری لە وڵاتی سوید ساز دەکات.
• کارە بەشداربووەکان لە لێژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێرێت، بفەرموون ئارەزوومەندانە بە پێشکەشکردنی داواکاری بەشداربوون لە ڕێگەی ئەم ئیمیلەوە isk.gbg2@gmail.com
• ڕێکەوتی 1-2-2017 واته رۆژیی ١ی مانگی فێبرییه‌ی ٢٠١٧ دوا مۆڵەتە بۆ داواکاری بەشداربوون، دوای ئەم بەروارە هەموو داواکارییەکان ڕەت دەکرێتەوە.

تێبینی ….
 کارەکە لە 60 خولەک زیاتر نەبێت.
 زانیاری تەواو لە سەر ستاف و کارە شانۆییەکەی بنێرێت ..
 بۆ هەر کارێک تەنها ئەکتەر و دەرهێنەر بانگێشتنامەی بۆ دەکرێت ..
 داوەتنامەی ڤیزە بۆ کۆنسولخانەی سوید لە ئیران دەنێرێت.
 لە کاتی ڕەتکردنەوەی ڤیزەدا، کۆمەڵەکەمان بەرپرسیار نییە ..
 بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و فۆرمی بەشدار بوون، پەیوەندی بکەن بەم ئیمه‌یل و ژمارە تەلەفۆنەوە:
تەلەفۆن: 0046707405717 ئیمه‌یل: isk.gbg2@gmail.com

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری.




ئەبەدیەتی سەرۆکەکان؛ پۆرترێتێکی زەبەلاح بەسەر ئاودەستەکانی میللەتەوە … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

یەکێک لەسیفەتەکانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالستی پڕوپاگەندە و دروشمسازی بوو. بەمانای کۆی وڵات و میللەت لەژێر دروشم و هەڵوێست وەرگرتن وباری مارشکردندا بوو. تاوەکو هەرەسی ئەم بلۆکە وچەند ساڵیکیش دوای ئەوە ڕادوێی موبەقەکان هاواریان بوو بۆ سەرۆکە ئەبەدییەکان. هەرچەندە دەمێک بوو سەرۆکەکان مردبوون و بلۆکی سۆسیالستی ڕووخابوو، کەچی ڕادوێی موبەقەکان بەردەوام بوون لەستایشکردنی دونیای سەرۆک و حیکمەتی گەورەیان. ئەم ڕادوێی موبەقانە تەنها بڵنگۆیەکی بچوک بوون دەتکردن بەپلاکێکدا، ئیدی موبەق پڕ دەبوو لەمارش و ستایشی هاوڕێیان و شۆڕش و سەرکردە و حکومەتی بەسەرچووی سۆسیالستی، ئەم ڕادوێیە بەردەوام بو لەهاوار و دورشم و سروودگووتن بۆ سۆڤیەت و سۆسیالزم.

تەنانەت لەساڵانی دوای هەرەسی ئەم بلۆکە و لەساڵی ١٩٩٥ کەلەڕوسیای سپی (بێلاڕوسیا) بووم، پیرێژنی خاوەن ماڵەکەمان لەبەیانی زووەوە وەها ڕاهاتبوو ئەم بڵندگۆیە بادات و لای ئەو هێشتا هاوڕێ ستالین ئیلهامبەخشی دونیا بوو! تەنانەت لەئۆکرایناش تێبینیمکرد موبەقەکان ئەو ڕادوێیە پڕمارشەیان تێدامابوو و بەردەوام هاواریان دەکرد. ڕاستیتان دەوێت ئازیزان، لەو چرکە ساتەی ئەو ڕادوێیەم بینی زانیم بۆچی ئەم بلۆکە گەورەیەی سوسیالستی هەرەسی هێنا! بەسادەیی قسەبکەم؛ ئەوە ئەمریکا و سەرمایەداری نەبوون کەئەو بلۆکەی ڕووخاند، بەڵکو ئەو سوپا ستایشکار و مەسینەهەڵگر و دەربارانە بوون حزب و سەرکردەکانیان هێنایە پلەی خوایەتی، ئەوەندە فوویان تێکردن تاوەکو بۆئەبەد تەقین. ئەم سوپا ڕیاڕاکارانە لەئەندامی حزبەوە بیگرە تاوەکو نوسەرانی دەسەڵات و شاعیرانی بێئاست وپڕۆفیسۆرە بێمۆڕاڵەکان و ڕۆژنامەنوسە ڕاپۆڕتدەرەکان وگۆرانیبێژە بێ هونەرەکان و بێژەرانی پڕهات و هاوار، شەو وڕۆژ خەریکی جۆشددانی ئەم ماشێنە زەبەلاحە ستایشکارانە بوون. هەر پرۆژەیەک حکومەت ئەرکی بوو بیکات، ئەوان وەک (حیکمەتی گەورە)ی حزب نیشانیاندەدا وسەرۆکیشیان وەک (حەکیمێکی گەورە) و بێدارێک بەدیار خەونی میللەتەوە نمایشدەکرد.

دیارە هەموو حکومەتە دیسپۆتەکان و نیمچە دیموکراسیەکانیش هەموو ئەرکەکانی خۆیان ئاوەها لەو کڵێشەی مارشکردن و بانگخوازی و هات وهەرایەدا بۆ بابەتێک وئایدیایەک و سیاسەتێک و پرۆژەیەک پیادەئەکەن و بەخەڵکی دەفرۆشنەوە، بێگومان بەکوردستانی خۆمانیشەوە وبەتایبەت لەباشووری ئازیزمان کەپڕن لەسەرکردەو بنەماڵەی دەسەڵاتداری شۆڕشگێڕ. بەمانای ئەو کارانەی کەدەبێت بکرێت و ئەرکی ئاسایی وسروشتی حکومەتە بەخەڵکی وەک حیکمەتی سەرۆک و سەرکردە وحزب وموعارەزە دەفرۆشرێتەوە. گاڵتەجاڕی لەوەدابوو لەهەڵبژاردندا ئۆپۆزیسێۆنەکان قیرکردنی جادەکانیان بەحیکمەتی فشاری خۆیان بەخەڵک دەفرۆشتەوە، حزبی دەسەڵاتداریش بەحیکمەتی سەرۆک! زۆرجار ئەم کولتوری ستایشکردن و پڕوپاگەندەیە گەیشتۆتە ئاستی نوکتە وقەشمەریات، کەبێگومان وەک دەستکەوت بەئەقڵی جەماوەری پڕوپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵام ئەوەی کەستایشکاران نایزانن ئەوەیە، کەئەوان ئەم ستایشە تەنها بەئەقڵی سەرۆکەکانیانی دەفرۆشنەوە نەک بەخەڵکی، بەمانای هەر دەتوانن خۆیان و سەرکردەکانیان پێ هەڵبخەڵەتێنن، دەنا خەڵک بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی باش زانیونیانە چ مشتەیەک لەنیو هەنبانەی سەرۆک و سەرکردە فاشیلەکاندایە.

ڕۆماننوسی چینی (یووهوا You Hua) لەبارەی یەکێک لەسەرکردەکانی پارتی کۆمەنیستی چینی نوسیوویەتی، بەوەی ئەم سەرکردەیە پارێزگاری (پکین) بووە، کاتی خۆی پێشنیازیکردبوو بۆ (ماوتسی تۆنگ) وەک سکرتێری حزب، کەکۆشکی ئیمپراتۆری چینی کەبە(شاری قەدەغەکراو) دەناسرێت، هەمووی بکرێت بە (ئاودەستی گشتی) یان (ئاودەستی میللەت ) بۆ کۆی خەڵک! بێگومان وەک دیاری (ماو تسی تۆنگ ) بۆ میللەتی خۆی، هەروەها وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ حکومەتی کۆمەنیستی لەدژی ئیمپراتۆریەت و گەندەڵی و پاشایەتی ودەسەڵاتی دەرەبەگایەتی بەسەرچوو. فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سڵۆتێردایک) لەکتێبی (ڕۆژەکان و دێڕەکان) دا دەڵێت: (گەر ماوتسی تۆنگ بەم پێشنیازە ڕازیبوایە، ئێستا پۆرترێتی زەبەلاحی ئەو لەدەروازەی شاری گەورەی ئاودەستەکانی میللەتدا هەڵدەواسرا …) منیش دێرێک بۆ ڕستەکەی (سڵۆتێردایک) زیادەکەم و دەڵیم؛ گەر ڕازیبوایە، ئەوا پۆرترێتی سەرکردەی ئەبەدی ئیلهابەخشی هەموو گووخانەکانی نیشتمان دەبوو!

maw
ماوتسی تۆنگ؛ سەرۆکی ئەبەدی میللەت!

بەهەقەت ئەوەی ڕوویدا لەژیانی سیاسیماندا لەم ساڵانەی دوایدا دووڕووی مێژوویەکی دووبارەیە؛ یەکێکیان ڕووی مێژووی سوڵتان و خەلیفە و میرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کەلەدوای خۆیان و لەکاتی حوکمی خۆیاندا کوڕ وکچ خزم وقەیتولە ستایشکارەکانیان دەکردە حاکم، لەدواجاریشدا مەملەکەت لەخوێن و قەیراند نقووم دەبوو…ڕوویەکی دیکەیشی ئەو کولتورە ستایشکردنەیە کەلەمۆدێرنەدا ڕوودەدات، کاتێک سەرۆکی ڕژێمە دیکاتۆریەت و پۆست کۆلۆنیالەکان و فاشیەکان تێکەڵی ئەو حەزەدەبن بۆمانەوەی ناوی خۆیان و درێژەپێدانی بنەماڵەکانیان لەنێو دەسەڵاتدا، بێگومان وەک هەڵگری ناوی شۆڕش لەباوکەوە بۆ کوڕ و لەکوڕەوە بۆ کوڕەزا و کچەزاو تەواوی بنەماڵە. ئاوەها شەڕکردن لەسەر میراتی ڕەمزی باوکی گەورەی شۆڕش لەنێو حزبی مۆدێرندا لەڕێگەی بنەماڵەی سەرکردەی پیر ومردووەکانەوە لەدژی کۆی حزبەکەی خۆیان وخەڵکانی تێکۆشەری نێو پارتەکەی خۆیان دەستیپێدەکرد، کەسەرۆکیش دەمرد یان پیردەبوو، ئیدی وەک شێرێکی پیر دەبووە مەخسەرەی سەگە سیاسیەکان.

دوورنییە ئەو مێژووە لێمانەوە، کاتێک لەڕۆمانیای سۆسیالستی (نیکۆلای چاوچیسکۆ) کۆشکێکی وەها گەورەی دروستکردبوو کەکیلۆمەتر ونیوێک درێژ بوو، زیاتر لە چل هەزار شوقەی بۆ ڕووخێنرا و خەڵکەکەی بێ ماڵ و لانە کران. هەورەها سیناگۆگیەک و کڵێسایەکی مێژوویی و بەشێکی گەورەی شاری میژوویی بوخارست بۆ ئەم کۆشکە ڕووخێنران. ئەو کۆشکەی کە چاوچیسکۆ دەیویست ناوی خۆی بۆ ئەبەد پێ نەمربکات دروستکردنی زیاتر لەپێنچ ساڵی خایەند و بیست هەزار کرێکار کاریان تێداکردو حەوت سەد ئەندازیار سەرپەرشتیانکرد، بەکورتی هەرچی پارەی گشتی هەبوو بۆ شکۆی سەرۆک و کۆشکەکەی خەرجکرا. ئەم برادەرە وەک هەموو لەخۆباییەکی نێو دەسەڵات کەستایشکارانی فوویان تێکردبوو، وەهای دەزانی بۆئەبەد دەژی ولەسەر کورسی دەسەڵات دەمێنیتەوە، نەیدەزانی مرۆڤ مەحکومە بەپیری و مردن و نەخۆشی و ڕێکەوتی لەپڕی ژیان.
ژنەکەی ئەم سەرۆکە (ئێلینا چاوچیسکۆ) کرابووە نمونەی (دایکی شۆڕشی سۆسیالستی) و (ڕابەڕی ژنانی ڕۆمانیا) و لەلایەن سوپای ستایشکارانەوە بەمەزنی و حەکیمی گەورە پێناسەدەکرا. جگەلەوەی کرایە خاوەنی چەندەها تایتڵی دکتۆرا لەکیمیا و پزیشکی و ئەندازیاری و زانستە کۆمەڵایەتیەکان، دەبێت لێرەدا ئەو تێبینیە بدەم کە (ئیلینا چاوچیسکۆ) لەچواردە ساڵی تەمەنیەوە وازی لەقوتابخانە هێنابوو !

elina

فۆتۆ ؛ ئیلینا چاوچیسکۆ؛ لەچواردە ساڵیەوە وازی لەقوتابخانە هێنا کەچی بووە خاوەنی چەندەها دکتۆرا و کتێبی گرنگ !

ئاوەها (ئێلینا چاچیسکۆ ) سەرەڕای دەسەڵاتە فراوانەکانی لە سەرۆکایەتی کۆمیتە مەرکەزی پارتی کۆمەنیستی ڕۆمانیا ، خاوەنی چەندەها پۆستی دیکە، بووە، جگەلەوە خاوەنی چەندەها کتێبی گرنگ لەزانستەکانی سیاسەت و کیمیا و پزیشکایەتی، هەورەها دکتۆرای لەچەندەها بواری زانستی جیاوازدا وەرگرت. ئەمە جگەلەوەی سەرۆکی ئەکادیمایای زانستی بوو…لەگەڵ ڕووخانی ئەم ئیمپڕاتۆریەتە و کوژرانی چاوچیسکۆ و ئێلینای ژنی بەدەستی شۆڕشگێڕەکان، هیچ کەسێک ئێستا نەئەم سەرکردە گەورەیە دەناسێت و نەکتێبی ژنەکەی دەخوێنێتەوە نە کۆشکەکەش ناوی ئەوی هەڵگرتووە. نەوەی نوێی ڕۆمانی ناوی چاوچیسکۆ و ئێلینای بیرنەماوە، لەوانەیە گەر ناویان بهێنی وەها بزانن ناوی ئەکتەری فلیمی پڕۆنی هەرزانی سەر ماڵپەڕە خۆڕاییەکان بن! ئاوەها لەمێژوودا لەبەر زوڵم و زۆرداریان لەیادوەری میللەتەکەیاندا سڕاونەتەوە.

نمونەکانی دیکەی دونیای مۆدێرن زۆرن و هەندێکیشیان هێشتا زیندوون؛ لەکۆریای باکوور لەدوای باوک (کیم ئیل سونگ) سەرکردە (کیم یونگ ئیل) و لەدوای مردنی ئەویش کوڕەمنداڵکارەکەی کەلە ١٩٨٤ دا لەدایکبووە (کیم یول یونگ) حوکمدەکات، ئەویش کۆی میللەتی کردووە بەستایشکار و ماستاوچی، کەدەیبینین دەبێت هەموویان لەخۆشیاندا بگرین.
هەورەها لەکوبای ئەمڕۆدا (فیدیل کاسترۆ)ی پیر بەسەر کورسی دەسەڵاتەوە وشکبۆتەوە و وازناهێنێت لەدەسەڵات، نەک هەرئەوە بەڵکو وڵاتێکی برسی و دەسەڵاتی وەک ئەمانەت خستۆتە بەردەستی براپیرەکەی (ڕائۆڵ)، ئیدی شۆڕش و حزب نابێت لەدەستی بنەماڵە ڕابکات…ئاوەها پیرە دیکتاتۆرەکان نایەنەوێت بەئاسانی دونیا جێبهێڵن تاوەکو لەکتێبەکانی مێژوودا بەڕیسوایی تۆماردەکرێن، ئەمە تاکە دەرئەنجامی لۆجیکی هەموویان بووە!

kim
کیم یونگ یوو دیکتاتۆری ئیستای کۆریای باکووری سوسیالستی

ەم مۆدێلی (سەرۆکی ئەبەد) و گریان و پێکەنینە ڕیاکاریە لەبەردەم سەرۆکەکان و گەورەکردنی منداڵەکانیان وکردنی منداڵەکانی دوێنی بەسەرکردەی پارتەکانیان و کردنیان بەوەزیر وگزیر وسەرۆکی دەزگاکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، ئەو پوشکە سادەیەیە کەپشتی حوشتری گەورە دەشکێنێت! دیارە بۆ هەموو شوێنێک ئەم مۆدیلە دەستبدات بۆ کوردێکی هەژار کەهێشتا نەدەوڵەتی هەیە ونەخاوەن حکومەتی سەربەخۆیە و نەخاوەنی پاشایەتیە ونەخاوەنی ئیمپڕاتۆریەتە ونەخاوەنی لەتە حکومەتێکی ڕاستەقینەیە، دەستنادات! ئاخر حکومەتێک چاوی لەدەستی مووچەی دیوانی خەلافەتی بەغدا یان سەڵتەنەتی تورکی بێت، ئیدی ئەم هەموو بنەماڵە شکۆدارانە چین میللەتیان بەخۆیانەوە سەرقاڵکردووە؟!
سەیرن سەرکردەی کوردی، هەرگیز عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن، بەدرێژایی مێژوو هەمان هەڵە دووبارەدەکەنەوە کەپێشە خۆیان کردوویانە وجگە لەشکست و ئاشبەتاڵ ونۆکەری بێگانە نەبێت هیچیتری لێ سەوزنەبووە، لەدواجارێشدا سەری خۆشیان کراوە بەپەتدا و لەمێژووشدا بەدۆڕاو خیانەتکاری براکان و نۆکەری بێگانە وەسفکراون. ئاوەها لەزەمەنی سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە بیگرە تاوەکو میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و تادەگاتە ئەمڕۆ، سەرکردە کوردەکان و بنەماڵەکانیان یەک یەکتری دووبارە دەکەنەوە.

بۆ نمونە؛ ئیمارەتی بابان کەجگەلەوەی نیوەیان نۆکەری شای ئیران بوون لەسەرێک وهەندێکیشیان نۆکەری سوڵتانی تورک بوون لەسەرێکی دیکە، دەنا هیچیتر نەبوون! کەچی لەسلێمانیدا پەلاماری مەولانا خالیدی نەقشبەندیاندا، هەورەها نالی گەورە لەتاو ملشۆڕی نۆکەرایەتی برا دەسەڵاتدارەکانی بنەماڵەی بابانیەکان بۆ تورک و شاکانی ئێران هیجرەتی کرد و لەمەنفا سەری نایەوە.

(شێخ مەحمود) لەسەرێک لەگەڵ ڕووس بوو ولەسەرێکی دیکەشەوە هیوای بە پیاوە پیرەکەی دەوڵەتی عوسمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم مابوو. سوپایەکی هەبوو لەنۆکەری تورک و ڕووس و بەردەوام بەستایش فوویان دەکردە شێخ لەدژی منەوەران ودڵسۆزانی ئازادی، تاوەکو رۆشنبیرێکی گەورەی وەک (جەمال عیرفان) بەتیرۆرکردندا. ئاوەها شێخ مەحمود لەگەڵ نۆکەرانی تورک و ڕووس سەری لێشیوابوو و نەیدەزانی لەنێویاندا بۆتە مەخسەرەی سەگە ڕیوڵەکان. یەکەم چیرکنوسی کورد (جەمیل سائیب ) لەچیرۆکی (لەخەوما) بەجوانی باس لەم دیوەخانە پڕ نۆکەر و ستایشکارانە کردووە. سەیریش لەوەدایە شێخ لەکوێ پێیەکانی دەکەوتە سەر زەویەکی دێمەکار و بەدڵی بوایە دەیکرد بەناوی خۆیەوە، هەورەها لەدژی منەوەرانی وەک (جەمال عیرفان) و (جەمیل سائیب) و ڕۆشنفکرانی کورد هەمیشە لەسەر خەت بوو. کەچی ئێستا ئەم پیاوە پۆرترێتی گەورەی لەناوەڕاستی شاری سلیمانیدا بۆکراوە، لەکوێش؟ لەشوێنێک کەپێیدەڵین مەیدانی ئازادی! سەیرە لەمەیدانی ئازادی سەرکردەی زەمەنی تیرۆرکردنی نوسەرێکی ئازادی وەک جەمال عیرفان دەبێتە پۆرترێت!
نمونەیەکی دیکە تەنانەت (قازی موحەمەد)ە کەبەپێی دۆکۆمینتەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە١٩٤٥ دا ئەوەندەی لەبەردەم شای ئێراندا چەماوەتەوە وبەچەند مانگ لەسەر سفرەی وەزیرو گزیرەکانیدا بۆ حکومەتەکەی چاوی لەدەستی شاهەنشا بووە، ئەوەندە چاوی لەدەستی کوردان نەبووە ودۆکۆمێنیتە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. لەدواجاریشدا هەر شای ئێران خۆی کردی بەپەتدا.

چەندە ئەم چیرۆکە کوردیە ناشرینە چەندە ئازارماندەدات، بەداخەوە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە، چەندە بەئازارە ئەوەندەش غەمباردەبم کەئەمڕۆ جارێکیتر کورد دەبینین بەهەمان شێواز لەسەرێکەوە بنەماڵەکانی نێو حزبەکان وشۆڕشی بەسەرچوو دەیانەوێت خۆیان بکەن بەسەرۆکی ئەبەدی و واریسی عەرشێک کەنیانە وناشیانبێت. لەسەرێکی تریشەوە لەنێوخۆدا سوپایەک لەبانگخوازی ئیسلامی وستایشکاری حزب وقەیتولی بەردەم لێپسراوان و بێژەری ستایشکار و زوڕنالێدەری بنەماڵەکانیان لەدژی خەڵکانی بەویژدان و ئازاد پێگەیاندووە، و بەئەقڵی خۆیان ئەمە سیاسەت و زیرەکییە. کۆی پەڕلەمان وحکومەت و ئەمسەری حزبی نێو دەسەڵات تائەوسەری ئۆپۆزیسیۆنیان پڕبووە لەمرۆڤی دووڕوو و دەبڵ مۆڕال و ڕیاکار و هاوارچی و هەرایەکی بێمانا. ئەوەی ئەم مێگەلە ستایشکارە سەرقاڵە پێوەی درێژکردنەوەی ولایەتەکانی سەرۆک و بنەماڵەکاندا چ لێرە و چ لەوێ، کەچی کۆی کۆمەڵگە لەژێر نەبونی و یی مووچەیی و هەڕەشەی ئیتلاعات و داعش و ئیسلامی و گەندەڵ و بازرگانی شۆڕش و کۆمپانیاکانی گەندەڵیدا دەناڵێنێت.

سەیر لەوەدایە لەهەموو شوینێکی ئەم نیشتمانە کوردیەماندا سەرۆکێک لەسەر گرد و شاخێک دانیشتووە و لەسەرەوە خۆی و نۆکەرانی سەیری ئازاری ئەم میللەتە دەکەن، لەنێو ئۆپۆزیسێۆنیشدا والیەکی دیکە دانیشتووە قسە هەر قسەی خۆیەتی و لەسەر شاخێک سەرۆکێک دەیەوێت ببێت بەسەرۆکی هەوو کوردان و لەسەر گردێکی دیکە سەرۆکێکی دیکەی پیر دانیشتووە و بنەماڵەکەی بەناوی ئەوەوە حکومدەکەن و پۆست دابەشدەکەن و سەرۆکێکیش کەهێشتا لەبەندیخانەیە حوکمی حزبێک دەکات و لەجیاتی ئازادەکانی دەرەوەی زیندان ئەو بڕیاڕدەکات و هاوار دەکات….سەیرە ئەم دونیا کوردیە یاران، هەریەکە لەم سەرکردە کوردانە لاسایی میرە سلجوقی و پاشاکان دەکەنەوە، هەر یەکەو لەسەر شاخێک و گردێک و دوورگەیەک کۆشکێکی دروستکردووە و لەوێوە گەمە بەچارەنوسی میللەتی کورد دەکات.
ئەم کولتورە بەڕێزانم نەسیاسەتە، نە نیشتمانپەروەری و نەناسیونالزمە و نەدیموکراسیە، نەبۆخۆتان و نەبۆ مێژووی میللەتی کوردیش. بەڵکو گەر وەئاگانەبن، لەدواجاردا لەمێژوودا دەبنە پۆرترێتێکی زەبەلاح، بێگومان بەسەر ئاودەستخانەکانی میللەتەوە …

ته‌واو

سه‌رچاوه‌؛

Peter Sloterdijk, Zeilen und Tage, Notizen 2008-2011, Suhrkamp 2012, S 25




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی یەکەم … ڕزگار حەمە ڕەشید


١-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
لەم ماوەیەدا و پێشتریش، کۆمەڵێك نوسەری بەڕێز و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم دەربارەی مارا ساد و پیتەر ڤایس و شانۆی تۆماری و کاریگەری برێخت و ئارتۆ لەسەر تێکستەکە و نمایشەکەی پیتەر برووك و، کەمێکیش دەربارەی ئەم نمایشە نوسرا، من هەوڵمدا ئەوەی لەو بارەیەوە نوسرا دەستم بکەوێت و بیانخوێنمەوە، ئەمەش بەو مەبەستەی باسکردنی ئەو لایەنانە دووبارە نەکەمەوە.

لەم نوسینەدا هەوڵم داوە خوێندنەوەیەك بۆ تێکستەکە و شێوازی نوسینی، وە نمایشەکە و شێوازی بەرجەستەکردنی بکەم. لە سەرەتادا خودی تێکستەکە و هەندێك ڕەهەندی سیاسی و فیکری ناو تێکستەکە باس دەکەین، دواتریش پێکهێنەرەکانی نمایش و هەندێك لایەنی تەکنیکی و نواندن باس دەکەین.
سەرەتا دەمەوێت دژی ئەو ڕا کۆلەکتیڤخوازە بووەستم کە سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریمان لە ناوێك، نوسراوێك، کارێکی هونەری، ڕابەرێکی سیاسی، یان شێوە ڕەفتارێکدا دەتوێنێتەوەو لێرەوە شەرعییەتی مانەوە و بەرەو سەر ڕۆیشتنی خۆی وەکو ناوێك و شێوە بیرکردنەوەیەك دەسەپێنێت بەسەر هەمواندا. ئەو ڕا فاشیستەی زاراوەکانی تاك و تەنیا و تا سەر ئێسقان و لە ئەلفەوە تا یا و ئەو دەستەواژانەی تری ئاخنیوەتە ناو قسەکردن و نوسینەکانەوە کە هەموو لەناو یەكدا دەتوێنێتەوە. ئەگەر پێتوایە ئێمە خاوەنی هیچ نین و لە بۆشاییداین و تەنیا چەند فریاد ڕەسێك وزەی کارکردنیان کردووە بە بەری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریماندا، تۆ لە شوێنێکی هەڵەدا یارییەکی هەڵە دەکەیت.

دەشێ بۆ چەند ساڵێك بتوانیت زۆرێك لە خشتە بەریت، بەڵام خۆت لە هەموومان باشتر دەزانیت، ئەو ئاراستەیە ناتوانێت مێژوو ببڕێت و چرکەساتی گرنگ لەو کاروانەدا بەرهەم بهێنێت. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوەو گوزارشتکردنەشە وایکردووە ڕەخنەی جددی نەتوانێت سەر دەر بهێنێت و فەوزایەکی پڕ لە غرووری بۆش و دۆشدامان و دڵەڕاوکێی بێ بەرهەم لە دەروونی ئەو گەنجانەدا جێگیر بکات، کە دەبوایە بزوێنەری داهێنان و خۆ تازە کردنەوە و ڕەخنە لەخۆ گر و تێپەڕێنەر بوونایە. ئەو نەوە فاشیستە، یان نەوەیەکی فاشیستیتر دەبێت بەژێر باڵی ئەواندا سەرهەڵبدات، یان ناهێڵن هیچ دەنگێکیتر ببیسترێت. ئەمەی دەیڵێم بە داخەوە زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتۆتەوە. هەر لەم ڕووەوە، دەمەوێت ئەو تەوژمە هەڵەشە بێئاگایە بخەمە ژیر ڕەخنەی وێرانکەرەوە کە هەر جارەو کەسێك یان کارێك لە ژانرێکدا هەڵدەبژێرێت و ئیتر دەڵێت وا هەناسەیەکمان تێگەڕایەوە. ئەو شەپۆلە خەوتووەی تەنیا لەم نێوەندەدا جێی خۆیی کردۆتەوە و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە سیحری ئەوانیتری دەرەوەی ئەم جوگرافیایە دەرباز بکات و لێرەش خۆی دەکاتە داکۆکیکەر و پێغەمەری تەووژمەکان. دەشێ بۆ خوێنەرێك یان بینەرێکی ئاسایی کە بەهۆی ژیانی ڕۆژانەیەوە نایپەرژێتە سەر بینین و خوێندنەوەی دەنگە جیاوازەکان، ئەم حاڵەتە داوەری هەڵنەگرێت. بەڵام بۆ بەڕێزێك کە ئەوە کار و سەرقاڵیی ڕۆژانەیەتی، ناکرێت هەروا وازی لێبێنین تێپەڕێت.

لەم شارەدا مانگی چەند نمایشی شانۆیی، سیمینار، پێشانگای شێوەکاری و کۆنسێرت و ئەو جۆرە شتانەمان هەیە؟ کە تۆ بەهۆی کبریائێکی ئەرستۆکراتیانەی پڕ لە زەیفەوە دانابەزیت و نایانبینیت، ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دەربارەی کەلتوور و هەلومەرجی پێشکەوتن و زیندوویی یان پاسیڤ بوونی چالاکیەکان و دیدگاکان قسە بکەیت؟ لەم بارەیەوە بۆ ئەم نمایشەو زۆر کاری هونەری و کەلتووری تریش کە لەم شارەدا دەکرێن، گوێبیستی ئەو قسانە دەبین کە جگە لە پیاهەڵدانێکی کوێرانە، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت، لە کۆتاییشدا نە خزمەت بەو ڕێچکە هونەریە دەکات و نە هونەرمەندەکان. من لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کاری شانۆییم بینی شایستەی بینینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەسەر حسابی هیچ یەکێکیان ئەوانیتر داپڵۆسین و دەمکوتیان بکەین. لە هەشتاکانەوە شانۆی ئێمە بە کۆمەڵێك ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیوە، لەو نێوەشدا چەندین ماوەمان هەیە تیایدا شانۆکەمان تووشی نشێوو بەربەست و تەنانەت وەستان بووە.

لەپاڵ ئەو بزووتنەوە جدیەدا کە دەستی پێکرد، وەك ئەوەی لە هەموو دونیادا هەیە، چەندین کاری نا هونەری و نا پرۆفێشناڵمان بینیوە، ئەوەشمان بینیوە کە گرووپێکی هونەری دواجار بوونەتە گرووپێكی پڕ لە بەرهەمی ناتەواو، یان وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین، وەرگێڕانی نوسین لە سایتەکانەوە و دابەزاندنیان بەناوی خۆتەوە، کۆپیکردنی دیمەن و سینۆگرافیا و دیکۆر و تەنانەت جۆری ئەداکردنیش لە سایتەکانەوە و لە ڕێگەی یوتوبەوە. بەشێکی ئەم حاڵەتانەش دیسانەوە پەیوەندی بەو هەوڵە فاشیستیانەوە هەیە کە باندێک لە نوسەران و هونەرمەندان وەکو گەرا لەناو کون و کەلەبەری ئەو نێوەندەدا دایانناوە و هەوڵی زۆری دەوێت تا پاکبکرێنەوە.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ستافی شانۆگەری مارا ساد و داوایان لیدەکەم بە چاوێکی کراوەوە گوێ لە تێبینیەکان بگرن و دڵنیا بن تەنیا بە ڕەخنەی زانستی و بەخۆدا چوونەوە و داڕشتنەوەو کاری بەردەوام دەتوانین شکڵێکی تایبەت بە شانۆکەمان ببەخشین.
سێ خوێندنەوە و سێ قۆناغی کاری جیاواز لە مارا ساد دا لە سلێمانی ١٩٨٧، ١٩٩١، ٢٠١٦
ساڵی ١٩٨٨ دەرهێنانی شەماڵ عومەر، بەهێزکردنی گوتاری مارا و بیری شۆڕشگێڕی، هاوشانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاگرتنی هاوسەنگییەك لە نێوان کردار و دیالۆگەکاندا. دابەشکردنی کۆرس بەسەر هەرسێ لادا . تەنها کاتێك کە کۆرس بە بێ پاڵنان بە گالیسکەکانی مارا و ساد ەوە دەبینرێن، کاتی ئەو دیالۆگانەیە کە کە کۆرس دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشی، ئاماژەی نەخۆشخانەکەش لابرابوو تا ڕاستەوخۆتر وەك نەخۆشیەکانی کۆمەڵگا ببینرێن.
ساڵی ١٩٩١ دەرهێنانی ڕزگار ئەمین، فۆکەس خستنە سەرئەو دیالۆگانەی باس لە دڕندەیی شۆڕش و سەرکردەپەرستییان تێدایە، ئەمەش وەك سەرەتای زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی دوای ڕاپەڕین و چەپڵەلێدان بۆ سەرکردەکان و بەرزکردنەوەیان تا ئاستی پەرستن و شەڕکردن لە پێناویاندا.
ساڵی ٢٠١٦ دەرهێنانی هیوا فایەق، دۆشدامان لە نێوان ماناکانی شۆڕش و ئازادیدا، سترێس خستنە سەر ئەو دیالۆگانەی باسی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی دەکات.
دەبینین لە هەر یەك لەو نمایشانەدا خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا بوونەتە داینەمۆی داڕشتنەوەی گوتاری نمایشەکان.

کورتەیەك دەربارەی تێکستەکە:
Petir

مارا ساد لە لایەن پیتەر ڤایسەوە وەك تاقیکردنەوەیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی چیرۆك لە ساڵی ١٩٦٣ دا نوسراوە، تیایدا کۆمەڵێك چەمکی وەك: شۆڕش و شۆڕشی دژ، سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان و بە جەللاد بوونی شۆڕشگێڕان، شوناس و سنورەکانی ئازادی، کاریگەریەکانی ئەوانیتر لەسەر تاك و کاریگەری تاك لەسەر ئەوانیتر. حەقیقەت وەك چەکێك بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و وەك چەکێك بۆ خود پاراستن لەوانیتر، دەسەڵات لە پلە بەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ( پیادەکردنی دەسەڵات و هەیمەنەی دەسەڵات لە لوتکەی بڕیارەوە تا بنتکەی ملکەچی، یەك لەسەر ئەوانی ژێرتر)، ئایین وەك ئەفیونێك بۆ ئامادەکردنی تیرۆریست و جەنگاوەرە خەواڵوەکانی خودا، ئایین وەك چەکێك بۆ شەرعییەتدان بە لەناوبردنی نەیاران، تا گەیشتن بە دەسەڵات… وە چەندین چەمك و واتای پڕ پێچ و پەنایتر، سەرجەم بەیەکەوە گوتاری شانۆنامەی مارا ساد دەنوسنەوە. لەو تێکستەی ڤایس دا بە ئاشکرا کاریگەری ڕوداوەکانی پاش دوو جەنگە جیهانییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبینرێن، بە تایبەتیش بزوتنەوەکانی دژی شەڕ وەك بزووتنەوەیەکی فراوان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە تایبەتیش شەڕی ڤێتنام ١٩٥٤- ١٩٧٥، بزوتنەوەی چەپە نوێکان وەك شێوازێکی نوێ لە لایەن بیریاران و خەباتگێڕانەوە سەری هەڵدا بۆ چاکسازیکردن لە هەندێك بابەتی وەك مافە مەدەنیەکان و پرسی جەندەر و ..هتد، هەروەها کاریگەری گفتوگۆ فەلسەفییەکان و بڵاو بوونەوەی کتێبی “ئیرۆس و ژیاری”ی هێربەرت مارکیوز ١٩٥٥ “شێتی و ژیاری” ی میشێڵ فۆکو ١٩٦١ ، و چەندین کتێبی گرنگی تر.

ماویەتی….




مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی وەک بوونەوەرێکی خاوەن شەرەف و بێ کەرامەت … محەمەد سەرابی

گومان لەوەدا نیە کە چەمکەکانی کەرامەت و شەرەف دوو چەمکی تەواو جیاوازن و هەر یەکێکیان خاوەن واتاو هالەی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ڕەنگە بە هۆی هاوسنووری یەکەوە زۆر جار تێکەڵ بە یەک کرابن. کەرامەت شتێکە لە ناوەوەی مرۆڤ دا، بەڵام شەرەف لە دەرەوەی مرۆڤ دایە. کەرامەت بەندە بە زاتییەتی مرۆڤەکانەوە لە هەر کۆمەڵگەیدا بن، بەڵام شەرەف بەندە بە کۆی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، یان بەشێک لە کۆمەڵەگایەکی دیاریکراوەوە. کەرامەتی مرۆڤ ناشکێنرێت و هیچ هێزێک نیە بتوانێت مرۆڤێک لە کەرامەتی دابماڵێت، بەڵام شەرەفی مرۆڤ دەشکێنرێت و دادەماڵدرێت.

لێرەوە ئەگەر شیکاریەک بۆ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بکەین، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دواکەوتوون و حوکمەتێکی فاشستی، یان دیکتاتۆرێک، یان عەقڵێتێکی خێڵەکی و سوڵتانیزمی تێیدا باڵادەستەو حوکم دەکات، هەمیشە مرۆڤێکی بەرهەم هێناوە کە دەکرێت؛ بە مرۆڤێکی بێ کەرامەت و خاوەن شەرەف ناوی ببەین. واتە مرۆڤێک لە بنەڕەتەوە کەرامەتی نیە، نەک هەیبووبێ و لێوەرگیرابێتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت هیچ هێزێک توانای لێوەرگرتنەوەی نیە. کەرامەت بە واتا بوونە ڕوحی و ئینسانییەکەی، وەک ئەوەی لای فەیلەسوفی ئەڵمانی «ئیمانوێل کانت» هەیە.

واتە بوار ڕەخساندنی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا بە فەزاو ژینگەیەک کە بتوانن بوونیەتی خۆیانیان تێدا دەربخەن و ئاشکرای بکەن، کە بوونیەتی هەر مرۆڤێکیش جیاوازە لە ئەوی تر. واتە بە ڕەخساندی بوار و ژینگەیەکی وەها، مرۆڤێک دێتە بوون؛ کە خاوەن کەرامەتی ئینسانبوونی خۆیەتی، مرۆڤێک کە هیچ هێزێک نیە توانای ئەوەی هەبێت ئەو کەرامەتەی بشکێنێ و لێیوەربگرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتەوە کەرامەت شتێک نیە لە دەرەوەی ئینسانەکان، بەڵکو شتێکە تەواو پەیوەنددارە بە ناوەوەی مرۆڤ خۆی و دابڕاوە لە کۆمەڵ.

به پێچەوانەوە لە کۆمەڵگە ڕۆژ هەڵاتییەکاندا، بەردەوام مرۆڤێک دوست و بەرهەم دێت؛ کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی شەرفی خۆیان دان. شەرەفیش بە پێچەوانەی کەرامەتەوە، شتێکە پەیوەندیدارە بە دەرەوەی ئینسانەکان. شەرەف لە کۆمەگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەوەکی تر دەگۆڕێت، یاخود لە بەشێکی کۆمەڵگاوە بۆ بەشێکیتری هەمان کۆڵگا، کە ئەم بەشانەش ئەو گروپ و تاقمە جیاوازو عەقڵ خێڵەکی و دەرەبەگیانە دەگرێتەوە، کە شوناس و کلتورو هەندێک جار مەزهەب و ئاینیان جیاوازە.
مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەش بەردەوام لە هەوڵی بە دەست هێنانی ئەو شەرەفەدان کە ئەندامە هاوشێوەکانی خۆی لە کۆمەڵگادا پێیاندەیەخشێت، بۆیە لە هەر لەحزەیەکێ مێژوویشدا، ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو شەرەفە هەیە کە پێیان بەخشراوە، ئەم وەرگرتنەوەیەش هۆکاری لادان و لە ڕێ دەرچوونی مرۆڤەکانە لەو مەزهەب و کلتورو عەقڵە تەقلیدیانەیە، کە لە لایەن کۆمەڵگەیەکی دیارکراوەوە سنووری بۆ کێشراوە. بۆیە هەمیشە مرۆڤی خاوەن شەرەف لە هەوڵی پارستنی ئەو سنوورانە دایە. پاراستنی ئەو سنوورانەش؛ پاراستنی شەرەفی مرۆڤەکانە کە لە لایەن کۆمەڵگەوە پێیان بەخشراوە.

ڕەنگە زیندووترین نمونە لە زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژ هەڵاتیەکاندا، کە زەمەنێکی دوورو درێژە ئامادەگی هەیە، کوشتنی ژن و کچانی ئەم کۆمەڵگایانە بێت، بە هۆیەی کە لەو عەقڵێتە دینی و کلتوریانە لائەدەن کە لە لایەن ئەندامەکانییەوە جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر مۆرکراوە، بەو هۆیەی ئەو سنوورانە ئەبەزێنن لە لایەن کۆمەڵگاوە کێشراوە. لادان لەو سنوورانە، دانانی نیشانە پرسیارە لەسەر شەرەفی ئەندامانی پەیوەندیدار بەو کارەکتەرە مێینەیەوە. بۆیە لە بنەڕەتەوە کاتێک ژنێک ئەکوژرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەوەی بوونییەتی کەسی بکوژەکەوە نیە، بەڵکو بە ئامانجی ڕازیکردنی مرۆڤەکانی دەوروبەرە، بە ئامانجی پاراستی ئەو شەرەفەیە کە لەلایەن کۆمەڵەوە پێی بەخشراوە.

لێرەشەوە ئەگەر زیاتر بە دەروونی مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەدا شۆڕبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بەردەوام مرۆڤێکی بێ کەرامەت و خاوەن شەرەف بەرهەم دێت، کە دەکرێت بە مانا دیکارت- یکەی لە خانەی ئاژەڵاندا ئەژماریان بکەین. ئاژەڵ لای دیکارت لەگەڵ ئامێرێکدا، کە سیستەمی کاکرکردنەکەی لە ناوەوەی خۆیدایە و بە پێی خواستی دەوروبەر کار دەکات و کاردانەوەی هەیە، جیاوازی نیە. واتە مرۆڤی خاوەن شەرەف عەقڵی بڕیاردانی تێدا غائیبەو تەنها خاوەنی عەقڵێکی ئامێریەو بە پێی خواستی دەوروبەرو گروپ و کۆمەڵگا ڕەفتار دەکات. مرۆڤێک هەمیشە بە پێی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا کاردانەوەی دەبێت.

دەرئەنجام بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە تەواو پێچەوانە بێتەوە، پێوستە لە بنەڕەتەوە عەقڵێتی حوکمڕانی ئەم ناوچانە بگۆڕدرێت، سیستەم و هەناوی حوکمڕانانی ئەم ناوچانە لە ڕیشەوە بگۆڕدرێت و عەقڵێت و سیستەمێک بکرێتە هەناوی ئەم ئەم حوکمەتانەوە، کە بوارو ژینگەیەک بۆ تاکەکانی بڕەخسێنێ و مرۆڤ تێیدا بوونییەتی ئینسانی خۆی تێدا کەشف بکات. سیستەمێک هەر بنەڕەتەوە، لە بری ئەوەی مرۆڤێکی بێ پرسارو بێ گومان و گوێڕایەڵ دروست بکات، مرۆڤێکی بە پرسارو زیندو و خاوەن کەرامەت و خاوەن مۆراڵ بەرهەم بهێنێت. مرۆڤێک کە شنوناسی خۆی بناسێت و کار لەسەر بوون و کەرامەتی خۆی بکات و بەرپرسیاریش بێت لە ئاست بوون و سنووری مرۆڤەکانی دەوروبەری. نەک مرۆڤێکی خاوەن شەرەف و وابەستە بە ئەوانیتری کۆمەڵگاوەو بەرهەمهێنانی عەقڵێکی ئامێری. لێرەشەوەیە کۆمەڵگایەی زیندو و ئەکتیڤ لەم ناوچانەدا بەرهەم دێت، لەبری کۆمەڵگایەی عەقڵ ئامێری و مگەلگەرایی..

………………




ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غداد دژی پارتی بوون زۆربه‌یان له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵین … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌ به‌غداد توانیان تاڕاده‌یه‌كی باش یه‌كگرتوو بن دژی هه‌یمه‌نه‌ی سیاِسه‌ته‌كانی پارتی له‌ به‌غداد بۆیه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2017 هه‌رێمیان پابه‌ندی به‌غداد كرد ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌ پێناو چاره‌ سه‌ر كردنی كێشه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان نراوه‌.
به‌ پێی تێروانینی فراكسۆنه‌كانی (یه‌كێتی و گۆران و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) له‌ پێناو خه‌ڵكی هه‌رێمی كورستان هه‌رێمیان به‌ یاسا پابه‌ندی به‌غداد كرد ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پارتی به‌ هه‌مووشێوه‌یه‌ك دژی یاسی بودجه‌ی 2017 ه‌یه‌و له‌ رێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان پابه‌ند نابن به‌ یاسای بودجه‌ی 2017 ه‌وه‌.

وه‌ستاندنه‌وه‌ دژی هه‌یمه‌نه‌ی پارتی له‌ به‌غداد ئه‌كرێت به‌هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف بكرێت له‌ به‌رئه‌وه‌ی له‌ دوای 2003 وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ كورد به‌ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی پارتی له‌ به‌غداد سیاسه‌ت نه‌كات .
ئه‌و ئیراده‌ی كه‌ لایه‌نه‌كانی ده‌روه‌ی پارتی له‌ به‌غداد هه‌یانبوو دژ به‌م پارته‌ پێویسته‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش دووباره‌ بكرێته‌وه‌ له‌ پێناو وه‌ستاندنی هه‌یمه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م پایه‌كانی فه‌رمانڕه‌وی كردووه‌ له‌م هه‌رێمه‌.
یه‌كێتی و گۆران و كۆمه‌ڵ و یه‌كگوو له‌ به‌ر ده‌م به‌ر پرسیاریه‌تیه‌كی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ی مێژوویدان له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ وه‌ك چۆن له‌ به‌غداد هه‌موان دژی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پارتی وه‌ستانه‌وه‌ ئاواش له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتوو بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ر بهێنرێت.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تاوه‌كو ئێستا پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌كه‌ن له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌وان دژی فراكسیۆنه‌كانیان له‌ به‌غداد بوه‌ستنه‌وه‌و پشتگیری پارتی بكه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وت راده‌ستی به‌غداد نه‌كرێت.
هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان پشتگیری فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ راده‌ست كردنی نه‌وتن به‌ به‌غداد.
له‌راستیدا تاوه‌كو پارتی به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ر فه‌رمانره‌وای كردن له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ بێگوومان نابێت پێشبینی باش بوونی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ دووفاقی مامه‌ڵه‌بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وه‌ بێگومان درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌سیاسه‌ته‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شه‌ریك ده‌بن له‌ شه‌ر عیه‌ت دان به‌و هه‌موو سوكایه‌تی و بێ‌ شه‌ره‌فیه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌نجامی ده‌دات.




ئه‌و ژنه‌ی به‌ گۆرانی به‌ گژ بێزارییه‌كانیدا ده‌چیته‌وه‌ ن … فرمان احمد

مای نەیم ئیز لەیلا،یەکەم ڕۆمانی ( بیتا مەلەکوتی) ژنە نووسەری ئێرانییە،مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی.

په‌ره‌گرافیك له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌”
“(وەرە با لەسەر ئاو لەسەر درەخت لەسەر جەستەی باڵندە و لەسەر زەریا بنووسن خوا لە کۆتایی زەینی باخچەدایە،،ئەمە هەر ئەو دەنگە سیحرییەیە.دەنگی سیحری ئەو ژنەی کە کاتێ بۆ یەکەم جار لەگەڵی خەوتم پشتی تێ کردم و بە دەنگێکی ترسناکتر لە دەنگی ساحیرێک گۆرانی وت)”

ڕووداو:

ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە باسگەلێکی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی ئه‌و ئێرانیانه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌ختی شۆڕشی ئیرانیه‌كان ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشتوه‌ و ڕوویان كردوه‌ته‌ ڕۆژئاوا یاخود له‌ چه‌ند باسێكی بەراوردکارنەی نێوان کۆمەڵگەی ڕۆژەهەڵاتی یان وردتر بێژین کۆمەڵگەی ئێرانی و ڕۆژئاواییەیش ده‌دوێ.

زمان:

ڕه‌نگه‌ گه‌شترین رووی ڕۆمانه‌كه‌ خۆی له‌ زمانه‌ شیعریه‌كه‌یدا وه‌ده‌رخات كه‌ دواجار شكاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر بونیات و هونه‌ری گێرانه‌وه‌كه‌شی .زمانی شیعری لێره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ بێزاریه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌ و وه‌ك ته‌م سه‌رتاپا ئاسمانه‌كه‌ی گرتووه‌ ،ئاماده‌گی هه‌یه‌.

ئه‌و شته‌ی كه‌ نووسه‌ر لێوه‌ی ئه‌دوێ هه‌ست ئه‌كه‌ی نزیكه‌ له‌و شته‌ی به‌ كات و شوێنی جودا كه‌ سادق هیدایه‌ت له‌ كونده‌به‌بووی كوێردا په‌نجه‌ره‌ی لێ كردبووه‌وه‌ .

(خۆزگەم بەکەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕوپووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک وەک من و تۆ کوندەبەبوو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو،کەلاوێکی نەبوو )خه‌یام -و:هه‌ژار “ل66

پیربوون به‌ دیار هه‌ڵوه‌رینی خه‌ونه‌كانه‌وه‌:

تەمی بێزاری و نائومێدی لە ئەنجامی هەڵوەرینی خەونەکان باڵی کێشاوە بەسەر سەرلەبەر ڕۆمانەکەدا ،بێزاریەک گه‌رم و گوڕی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌كوژێ !بەگشتی ڕۆماننووس لە پەنجەرەیەکی دیکەوە لە جیهان ئەدوێ کە چۆن چۆنیە؟گوزەرانی مرۆڤەکان نیشاندەدات.
کە تاک هەست ئەکات لە گوناحدا دەژی ،بۆ هەرکوێیەک ئەچێ تەمی ئەو بێزاریەی بەدواوەیەو خۆی پێ تاوانبارە، له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌دا كه‌سێتیه‌كی نووسەر ئەو بێزاریەی بە نووسین ،ژنێ بە گۆرانی ،فوادی کارەکتەری لاوەکی بەنەفرەت لە (جەنجاڵی و هاژووهوژی شار و لەخۆنامۆبوون و ئەو گوشارە بەردەوامانەی کە لەسەریەتی) دواجار به‌ خۆ کوشتن ده‌رده‌بڕێ.

له‌ رۆمانه‌كه‌وه‌ (کەس دەستی بە قەدی ئەم درەختانەدا نەهێناوە،ئەمەش بەجوانی ئەم هەموو درەختەوە خەمێکی دوو بەرانبەرە.ئەم درەختانە چەند جوان و ماندووکەرن.لەم ڕووەوە هیچ هاوشێوەیەکیان لەگەڵ لەیلا نییە.))
له‌ په‌ره‌گرافێكی تردا هاتووه‌
(من لە ژووری خوشکەکەی دەنووستم ،قەیرەیەکی ستەملێکراو بوو،،جوانبوو بەڵام نازانم بۆ هێشتا هاوسەرگیری نەکردبوو،واتە تا چلووپێنج ساڵی ئەو کەسەی دەتەوێ دەستت ناکەوێ،،یان ڕەنگە ئەو پیاوەی ئەو دەیوویست ،ئەوی نەویستبێ).

ته‌كنیك:

سەروەختی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌كه‌ ،ڕەنگە خوێنەر ئەزموونی تەکنیکێکی جیاواز بکات لە گێڕانەوە ،ڕۆمانه‌كه‌ له‌ حه‌ڤده‌ به‌ش پێك دێت له‌ شێوه‌ی كورته‌ چیرۆكی جودا و هه‌ر به‌شێكی پاش و پێش بخه‌ین سه‌روه‌ختی خویندنه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت ،گیڕه‌ره‌وه‌ زیاتر لە دووکەسه‌ ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە بۆ خوێنەری سادە تەمومژاوی زیاتری پێوەدیاربێ و گیر بخوات بە دەست جوداکردنەوە و ناسینەوەی کارەکتەرەکانی ،لێ بۆ خوێنەری وردبین جۆرێکە لە تام و چێژ .


ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی :

نووسه‌ر لە بەشێکی ڕۆمانەکە ئەیەوێ لە قۆناغی هەرزەکاری ئافرەت بدوێ بە بیرهێنانەوەی ژیانی (لەیلا)ی کارەکتەری سه‌ره‌كی كه‌ له‌ ئیران ژیاوه‌ و بەراورد کردنی بە قۆناغی هەرزەکاری کچەکەی لەیلا (تانیا) كه‌ لە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپایی ئه‌ژی،کە دواجار چۆن لە کۆمەڵگەیەکی ئێرانی قۆناغی هەرزەکاری و گەشە فیسیۆلۆژیەکان ئابڕوهێنەرە و سەركۆنه‌ دەکرێ ،لەهەمان کاتدا لە کۆمەڵگایەکی ئەوروپایی تاک کەیفی به‌خۆی دێ و بگره‌ شانازیشی پێوه‌ ده‌كات.

په‌ره‌گرافیك له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌وه‌ :((ئەو هەر لەسەرەتای سەردەمی منداڵیەوە زانیبووی چ ئەو ستیانە ئیسفەندارانە ببەستێ چ نەیبەستێ ،هەمووان سەیری دەکەن،ئەمە جگە لەوەی پێشی خۆش بوو سەیریان دەکرد.ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێ مەمکەکانی سەریان دەرهێنا،نەک تەنیا خۆی کوڕ نەدەکردەوە،بەڵکو زۆر ڕێک و ڕاست دەڕۆیشت.کەمێک بەرەودوا وەک نمایشکارانی جلوبەرگ کاتێک لە تەلەفززیۆندا نیشانی دەدا دێن و دەڕۆن . دایکی سەری سوڕ دەما چۆن کچ گۆی مەمکی قوت بێت کاتی ڕێکردن خۆی کووڕ نەکاتەوە و شەرم نەکات))

هەر لە تەوەری ئەم باسە دوورناکەوینەوە حەمەسەعید حەسەنی نووسەر لە کتێبی (لە هەیڤدا بۆ ڕووی تۆ و لە پەیڤدا بۆ خۆم دەگەڕێم )دەنووسێ :(سەروەختی نووسینی ڕۆمان،ژیاننامەی نووسەر بایەخێکی زۆری هەیە.نزیکەی هەمیشە ڕۆمان شتێکی زۆر یا کەم لە ژیانی نووسەرەکەی تێدایە ).ئەمانەوێ لەیەکێکی دی لە پەرەگرافەکان بدوێنین بۆ ئەوەی ڕوونتر گوزارش بكه‌ین مەبەستمان لە چییە، ئەم دێڕەی پامووک دەهێنینەوە لە كتێبی (ڕۆماننووسی سادە و بیرکەرەوە
)دا ل(159)ده‌نووسێ (ڕۆماننووس لە کاتێکدا دنیا لە چاوی ئەوانی ترەوە دەبینێت،تێدەگۆشێت گوزارە لە جیهانی تایبەتی خۆی بکات).

هەر هه‌مان نووسه‌رکە پەی بەناخی خوێنەر بردووە ده‌نووسێ( خوێنەر حەزەکا و بەدوای ئەوەوەیە بزانێ کامە بەشەحەقیقیەکەی ژیانی نووسەرە)
ڕەنگە خوێنەر دەست بەجێ ئەم پەرەگرافە وەک ژیانی تایبەتی نووسەر هەڵبژێرێ،ئه‌گه‌رچی تۆزێک فویتێکرابێ ئەخیرەن هەویرێکی ڕاستیە و بە ئاوی خیاڵ شێلاویەتی
له‌ڕۆمانه‌كه‌وه‌(لەیلا کەوتبووە بیری ئەو کاتانەی کە مەمکەکانی هەڵتۆقیبوون،لە هەژمەت شەرمی زۆر ،دوومانگ لەماڵ نەهاتبووە دەر) ئه‌گه‌ر چی ئه‌مانه‌ شتگه‌لی بچووك بن له‌ ژیانی نووسه‌ر لێ سه‌ره‌دوای باشه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و ترسنۆكیه‌ی نووسه‌ر كه‌ هه‌موو ڕووداوه‌كانی داوه‌ته‌ پاڵ خه‌یال و ده‌ڵێ (كه‌سێتی له‌یلا دورترین كه‌سێتییه‌ له‌ خۆمه‌وه‌).

ئیرۆتیك:

ڕۆمانەکە لە باسە ئیرۆتیکیەکانی دا ئەگەرچی بوێرانە دواوە ،لێ زۆر بەخێرای بەسەری کردوونەتەوە لە کاتێکدا لە گه‌یاندنی وێنە ئیرۆتیکەکاندا ڕەنگە واپێوویست بکا ڕۆمانەکە کیسەڵ ئاسا بڕوا و بایەخ بە وردەکاری زێدەتر بدات و لەشت گەلێک بدوێ لەو ڕووەوە کە پێشتر کەس بەسەری نەکردبێتەوە ،لێ ئەو بەسەرکردنەوە خێرایەی نووسه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ بێزاری لای خوێنەر دروست ئەکات ئه‌گه‌ر چی له‌ ورده‌كاری وه‌سفی ڕووخسار و جل و به‌رگی كاره‌كته‌ره‌كانیدا لێهاتووانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و باشیان ئه‌ناسێنیت .

وه‌رگێڕ:

پێشتر ڕۆمانی زیكزیكه‌ی ئه‌حمه‌دی خوڵامیم خویندۆته‌وه‌ كه‌ هه‌مان وه‌رگێڕ(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی)وه‌ریگێرابوو هه‌ر ئه‌وكات دركم به‌ توانایی و لێهاتووی وه‌رگێڕ كرد ،ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دیكه‌ش كه‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ریگێراوه‌ بخوینمه‌وه‌ ،ئه‌توانم بڵێم حه‌قی ته‌واوی به‌ وه‌رگێرانه‌كه‌ی داوه‌ و ڕه‌نگه‌ ڕۆمانه‌كه‌ به‌ كوردیش بنووسرابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ په‌یامه‌كه‌ی ڕوون بووایه‌ و هه‌ر هه‌مان تاموچێژی هه‌ڵگرتبا.




د.کوردۆ عەلی،هاوبیرێک لە هزر و پەیڤ … هەڵۆ بەرزنجەیی

مردن،بۆخۆی چەند بەدفەساڵ و باسێکی تفتوتاڵە،ساتێ تارمایی رەشی دێ و لە ناوادەدا، بێ بەزەییانە و دڵڕەقانە،چەشنی ئاژەڵێکی دڕندە، چنگ لە گیانی ئازیزێکمان گیر دەکات ، و دەپێچێتەوە و ئاودیوی وێستگەی پاش ژیانی دەکات و ، رێی گۆڕستانی ڕەش و تاریکی پێدەگرێتەبەر،ئەو مەرگە نەفرەتییە، دێوزمەتر و دڵتەزێنترە. ژیان سەرچاوەی وزەبەخشی، بزواندن و چالاکی نواندن و نەسرەوتن و داهێنانە،بەڵام پڕ لە کۆسپ و بەردەڵان و دژوارییە.
کەچی ژیان بە هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشییەکانییەوە،چونکە هێشتا جێگای هیوا و ئاسۆی بەردەوامی تێدا ئاواڵەیە،مرۆڤ لەم ژینگەیەدا، هەمیشە ئارامبەخشتر و شادمانتر خۆی دەنوێ.ئەگەرچی مەرگ،هەموو تەگەرە و ئاستەنگەکان،ڕادەماڵی و گوایە هەواری پشووودانی،رۆحە، لێ هەر ئومێدکوژ و سەر و دڵگرە. هەواڵی کۆچی دوایی ،برا و هاوبیری هێژام،کاک د. کۆردۆ عەلی،پەردەیەکی خەمناکی ئەو شانۆیەیە،کە مەرگی چەپەڵ بەرپای کردووە. ئەم مەرگە وادەی نەبوو،هاوبیر کوردۆ،گەلەک خەون و پرۆژەی ،خزمەتکردنی خستبووە،بەردەم خۆی جێبەجێیان بکات. مەرگی نەگریس،چاوەڕێی نەکرد و پەلەی کرد،لە ڕفاندنی جەستەی ئەو هاوبیرە،جوامێرەمان.

د. کوردۆ،نوسەر و وەرگێڕ و ئەکادیمیستێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەمێکی رەنگین و بیرێکی گەش و بەرزی کوردایەتی بوو. لە تەمەنی هەرزەکارییەوە،رێچکەی کوردایەتی دەگرێتەبەر و لە ریزەکانی،یەکێتی قوتابیانی کوردستان و کاژیک و پاسۆک دا بەشداری خەباتی سەختی بزاڤی نەتەوەیی،نەتەوە و خاکە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی دەکات.وەک پێشمەرگەش،بە کردەیی بەشداریی شۆڕشی ئەیلول دەکات و بە کارایی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردندا. دواتر لەبەر زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەریی عێراقی،ناچارانە،پەڕاگەندەی ئەوروپا دەبێت و لە وڵاتی نەمسا،دەگێرسێتەوە. لەوێش دەسبەجێ هاوبیرەکانی دەدۆزێتەوە و کەڵکەڵەی دامەزراندنی رێکخراوێکی خوێندکاریی دەکەوێتە سەرییەوە.چونکە ئەودەم،دەرەتان نەبوو،بەناوی حیزبەوە،کاری فەرمی بکرێ. هاوکات،هاوبیر کوردۆ بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک،دەگرێتە ئەستۆیی و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە،دەکەوێتە کارکردن،بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی. لەتەک ئەمانەشەوە،بۆ درێژەدان بە خوێندن و باشتر خۆ چەکدارکردن بە زانست و خوێندن و فێربوون،دەبێتە خوێندکار.عەشقە گەورەکەی بۆ زمان و ئەدەبی کوردی،پاڵی پێوەدەنێ،ئەم ڕشتەیە هەڵبژێرێ تا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دکتۆرانامەکەی بەناوی (هەندێ بابەتی وشەسازیی کوردی) لە زانستگەی سالزبورگ بەدەست دێنێ.ئەم کتێبە بەزمانی ئەڵمانی لە لایەن ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠،بەهاوکاری هەندێ لە هاوبیرەکانی،رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە، دادەمەزرێنێ و دەبێتە سکرتێری تا ساڵی ١٩٨٥،کە دابڕان لە ریزەکانی سۆکسەدا دروست دەبێت. خوێندکاری کورد،وەک ئۆرگانێکی ئەو رێکخراوە دەردەکات . بە نووسین و وەرگێڕان و بابەتی جۆراوجۆر،دەستڕەنگینی خۆی لەم بوارەدا،دەنەخشێنێ. دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،نێو ریزەکانی سۆکسە و ئیدی لەکاری رێکخراوەیی دوور دەکەوێتەوە و خۆی بۆ نوسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان تەرخان دەکات.

چەند بیرەوەرییەک لەتەک ئەم هاوبیرەدا

ـساڵی ١٩٨٤،ساتێ بەرەو هەندەران هاتم،سەرکردە و رابەرمان،گیانبەختکردوو،کاک ئازاد مستەفا،ناونیشانی هاوبیر کوردۆ لە نەمسا و هاوبیر شێرکۆی لە سوید،دامێ،بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی پاسۆک و سۆکسەوە. هێشتا لە ئێران بووم،دوو هاوبیرم لەگەڵدابوون، دوو برا بوون.هاوبیر هۆشیاری وەستا رەشید وفەرەیدونی برای.رەوانشاد هوشیار کوڕی گەڕەک و هاوتەمەن و هاوڕێشم بوو، پاسپۆرتی نەهەبوو. بەدوای چارەسەرێک دا دەگەڕاین،تا کاروبارەکانی ساز بدات. دەرفەت نەما.هەواڵمان زانی کە بە داوەتنامەی وڵاتێ،دەتوانێ لە ئێران لیزەپاسێ دەربێنێ،ئەمە پاسپۆرتێکە بۆ یەک گەشت دەخوات. منیش ئەوەم لا درکاند،پێم،کە ناونیشانی هاوبیر کوردۆم لایە،بەڵکو هاوکاریمان بکات.هەروا بوو،بەناوی خۆمەوە،وەک هاوبیرێک،لەبەر رۆشنایی قسەکانی کاک ئازاد دا،نامەیەکم بۆ نووسی و دۆخەکەم بۆ روونکردەوە،کەوا پێویستمان بە داوەتنامەیەکە.نامەم ناردوو.ماوەیەک بەسەر چوو،وەرام نەبوو. من و فەرەیدون،لەبەرئەوەی پاسپۆرتی خۆمان پێ بوو،بە دوومانگ و شتێ رزگارمان بوو،دەرچووین بۆ سوریا. هۆشیار لە ئێران مایەوە. دواتر ئاگاداری کردم،کەوا کاک کوردۆ،داوەتنامەکەی بۆ ناردووە و زۆربەی کارەکانی ئەنجام دا،بەڵام لە کۆتاییدا پەشێمان بۆوە و گەڕایەوە بۆ کوردستان و نەهات بۆ ئەوروپا.کاک کوردۆ،بێ ئەوەی من بنسێ،هەڵسابوو،بە ڕاپەڕاندنی کارەکە،باوەڕم وایە،ئەمە بەڵگەیەکی جوانی، دڵسۆزی کاک کوردۆیە. دواتریش کە گەشتمە ئەڵمانیا،وەک کارێکی رێکخستنی،دەبوو،بە نامەیەک داوای ئەندامێتی لە رێکخراوی سۆکسەدا،بکەم. نامەم نووسی و هاوبیر کوردۆ،وەک سکرتێر،وەرامێکی هێجگار بەپێز و هەستبزوێنی دامەوە.کوردییەکی رەوان و پاکژ،داڕشتنێکی ئەدەبی باڵا و دەستەواژەو و ڕستەی بەجۆش .رەنگە لەو رۆژانەدا،بەتایبەت،رۆژانی کەمپ و چاوەڕوانی،بۆ ماوەیەک رۆژانە،چەندین جار دەمخۆندەوە و چێژم لێ وەردەگرت.

ـ دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،لەگەڵ هاوبیران بەتایبەت رەوانشاد کاک شەماڵ و هاوبیر پشکۆ،بڕەک سارد بوو. لێ من ،لەگەڵیدا هەر لەسەر پێوەندی دا بووم.بڵاوکراوەکانی پاسۆک و سۆکسەم بۆ دەنارد.ئەویش هەڵوێستێکی هاوبیرانە و خۆشەویستانەی بەرامبەر بە ئێمە نیشان دەدا. جارێکیان،بە بۆنەی گیانبەختکردنی هاوبیری هێژامان،کاک جەلالی حاجی حسین کەلۆشەوە،بابەتێم لە خوێندکاری کوردا نووسیبوو.گەلێک بەم هەڵوێستە،شادمان بوو.دوایی خۆیشی،بابەتێکی بۆ ناردین. هەروەها،بە بۆنەی مەرگی فەیلەسوف کارل پۆپەرەوە،بابەتێکی دوورودرێژم،لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بڵاوکردبۆوە.بە نامەیەک دەستخۆشی لێ کردم و وتی ئەوەی من گەرەکم بوو بیکەم،تۆ ئەنجامت دا. جارێکی دیکەش،لە خوێندکاری کورددا، وتارێکی رەخنەییم لەسەر کاک مەلا بەختیار نووسیبوو،کە لە نووسینێکدا ئاماژەی بە کتێبەکەی گیانبەختکردوو،فازیلی مەلا مەحمود دابوو.کاک مەلا بەختیار زمانی ئەڵمانی نازانێ،ئەم باسکردن و ئاماژەپێدانە و کۆپلە لێ وەرگرتنەی لە کوێوە هێناوە؟.تومەز،هەموو لە کارە نایابەکەی هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە،کەلەلایەن کاک کوردۆوە،نوسراوە وەرگرتبوو،لێ پێی شەرم بوو،ناوی کتێبەکەی کاک کوردۆ وەک سەرچاوە بەرێ. لەسەر ئەمەش دەستخۆشییەکی هاوبیارانەی لێ کردم.

پێوەندیمان تا دەهات بەهێزتر دەبوو. لە راوێژێکی کورتدا لەتەک هاوبیر شەماڵ دا،وتم هەوڵ دەدەم کاک کوردۆ،داوەتی بەرلین بکەم،ئەو دەم هاوبیر پشکۆ لە کوردستان بوو.وتم داوا لە کاک محەمەد پێنجوێنی،سەرۆکی ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین دەکەم،سەمینارێکی بۆ ساز بکەن. مامۆستا پێنجوێنی،خەمخۆرانە،کارەکەی ئەنجام دا و،کاک کوردۆش زۆری پێ خۆش بوو،هاتە بەرلین.لەتەک هاوبیر شەماڵی هەمیشە زیندوودا،چووینە پێشوازی.ئیدی هەردوو وەک گوڵ بەدیداری یەکتر شاد بوونەوە و بە عەشقێکەوە ئامێزی یەکتربوون،هی وەسفکردن نییە. کۆڕێکی سەرکەوتووانەی لە زمان و بارودۆخی سیاسی لە کوردستان ئەنجام دا و پاشان گفتی ئەوەمان لە پێنجوێنی و کاک حسین کارتال،وەرگرت،دکتۆرنامەکەی بۆ چاپ بکەن. ئەوە بوو داوتر بۆیان چاپ کرد. هاوبیر چەند رۆژێ لامان مایەوە و گەلێ راز و نیازی هاوبیرانە و برایانە و خۆشەویستانە ئەنجام دران. یەکێ لە خۆشترین باسەکان،ئەوە بوو،دێرینی خێزانم سەروپێیەکی شاهانەی ئامادە کردبوو.یەکەمجاریشی بوو،زۆر دەترسا بەدەستییەوە دەرنەچێ.کەچی خۆشبەختانە،زۆر نایاب وو.دوای ئەوەی نۆش کرا،هاوبیر کوردۆ،رووی کردە شەهرەزادخانی خێزانی کاک شەماڵ،کە بە تەمەن لە دێرینی خێزانم گەورەترە،بە گەرمی کەوتە پەسەندانی سەروپێکە و دەستخۆشی لێ کرد،بۆ ئەو خواردنە نایابە.شەهرەزادخان هاتە وەرام و وتی: دێرین ئامادەی کردووە و دەستی ئەو خۆش بێت. هاوبیر کوردو، بەخۆیدا چووەوە و رووی دێرین و داوای لێبووردنی کرد و وتی باوەڕم نەدەکرد،ئەم خواردنە نایانە،دەستکردی تۆ بێت،بەراست خۆت کردووەتە. وەرامی بەڵێێ وەرگرتەوە.ئیدی بەگەرمی سوپاسگوزاری راگەیاند و ئێمەش بڕەک گاڵتەوگەثمان لەسەر بابەتەکە کرد.
بوونی هاوبیر کوردۆ لە نێوانماندا،هەلێکی باش بوو،منیش ئەو دەرفەتەم قۆستەوە،بۆ خوێندکاری ژمارە٢٤/٢٥،ساڵی ١٩٩٧،چاوپێکەوتنێکی کراوەم لەتەکیدا ئەنجام دا.ئەویش بە خۆشییەوە،کارەکەی پەسەن کرد و بڵاومان کردەوە.

ـ دوای هاتنی یەکەمی،بە ناوی ـ سۆکسەـوە،کۆڕێکی شیعریمان بۆ شاعیری گەورەی کورد،مامۆستا پەشێو سازدا.ئاگاداری کاک کوردۆشم کردەوە. زۆر بە خۆشییەوە هەواڵ و چالاکییەکەی پەسەند کرد و هات و بەشداری کۆڕەکە بوو. خۆیشی هاورێی و خۆشەویستێکی نێزیکی مامۆستا پەشێو بوو.هاوبیر بەختیار شەمەیی لە هۆڵەنداوە و کۆمەڵێ هاوبیری دیکە لە شارەکانی ئەڵمانیاوە هاتبوون.چەند رۆژێکی تژی لە گفتوگۆ و باس و خواستی کوردانەمان پێکەوە بەسەر برد. بەم پێیە،تا دەهات باشتر لێک نێزیک دەبووینەوە.هاوبیر کوردۆ، بەردەوام بەرهەم و بڵاوکراوەکانی خۆی بە رێزەوە بۆ دەناردم.شایانی ئاماژە پێدانە،کەوا شێت و شەیدای نووسینەکانی زانای گەورەی ترک،سمایل بێشکچی بوو،مەراقی بوو یەک بە یەکیان ،بکاتە کوردی.لام وایە بڕەکیش پێیانەوە سەرقاڵ بوو.رەنگە نەخۆشییە سەختەکەی،رێگریی لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژەی نازدارەی گرتبێت.

دوای ڕاپەرینی١٩٩١،لە باشوری کوردستان، هەلومەرجی نوێی هاتەوە ئاراوە،دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ساز بوو،بڕیاری دا بگەڕێتەوە تا بتوانێ، لە زانکۆکانی کوردستان دا،راستەخۆ بەشداری خزمەتکردن بکات. دوای گەڕانەوە لە زانکۆی سلێمانی،دەستبەکار بوو، کرا بە راگری کۆلیژی هونەر. لەوێش خزمەتێکی بەرچاوی بە خوێندکاران کرد.

ـ ساڵی ٢٠٠٦،بۆ کۆچی دوایی باوکم چوومەوە بۆ کوردستان.دوای ١٧ رۆژ،مردنی دایکیشمی بەسەردا هات…کاک کوردۆ،لەتەک نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد،مامۆستا حەمە کەریم عارف دا،هاتن بۆ لام و خۆشەویستی و ئەمەکی خۆیان نیشان دا.
ـ هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان،سەردانم کردووە. یەکێ لە جارەکان دوو ژمارەی گۆڤاری دێر شپیگل و هەندێ بڵاوکراوەی ترم بە دیاری بۆ برد. جارێ لە جارەکان، رێکەوت وابوو،هاوبیر بەختیار شەمەیی و هاوبیر ئاراس وەلیش لە سلێمانی بوون. پێشنیازی سەردانێکی کاک کوردۆم کرد.هەردوو بە خۆشییەوە،وەریان گرتوو،چووین بۆ زانستگە بۆ لای،زۆری پێ خۆش بوو،بەتایبەت بە دیداری کاک ئاراس،کە دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،یەکتریان نەدیبوو. زۆری کرد،داوەتمان بکات.ئەوەبوو،داوەتێکی شاهانەی رێکخست و پێشنیازی کرد،کەوا کاک د.حوسەین عەزیز،شێخ حسینی هاوبیر لەگەڵ خۆیدا دێنێ.ئێمەش خۆشحاڵ بووین. هەر لەو چێشتخانەیەی دانیشتبووین،رەوانشاد و هەمیشە زیندوو،هاوبیر کاک عومەر شەمەییشی،لێ بوو. ئەویش هات،تاوێ بە هاوبیر کوردۆوە سەرقاڵ بوو. ساتوکاتێکی بەتام چێژمان بەسەر برد. گفتوگۆیەکی جددیش لەنێوان کاک ئاراس و د.حوسەین دا سازبوو.

دوای ئەم دیدارە،ئیدی هەرجارێ دەچوومەوە کوردستان،دزاودز دەکەوتم لەگەڵ هاوبیر کوردۆدا،ئەو ئەوکاتانە،گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەمەبەستی چارەسەر دەکرد. هەتا ئەم دواییانەش،بەردەوام مەراقم بوو هەواڵی بزانیم. تا هەواڵی مەرگییم لە رێی هاوبیر پشکۆوە بیست و جزەی نا بە جەرگمەوە و دڵی گوشیم و چەند تنۆکێ ڕندوکی پێ هەڵوەراندنم.بەراستی کۆستی ئەم هاوبیرە ئازیزە،بەلامەوە زۆر بە ژان و ئازارە . کاک کوردۆ، کەسێکی بەئەمەک و خۆش مەجلیس بوو.لەیەکەم نیگایدا،هێندە ئێسکسووک و رۆح شیرین،بوو لەیەکەم نیگادا،دەچووە دڵەوە.هاوبیر کوردۆ، رۆشنبیر و کوردیزان و وەرگێڕ و رەخنەگرێکی بەتوانا و دەستڕەنگین بوو. بەدەم ئەو ئازارە سەختەوە،کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر،یەخەی گرتبوو،کۆڵی لە خزمەتککردن،نەدەدا و بەرهەمی پێشکەش دەکردین و لە کار و تێکۆشان و خزمەتکردن،لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا درێخی نەکردووە.

بەرهەمەکانی،ئەوانەی لای من هەن هەندێ لەوانەی دیکە،کە ئاگادارم لێیان، وا بە کورتیی پێشکەشتان دەکەم:
١ـ کوردستان و شۆڕشەکەی د. جەمال نەبەز و.لە ئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی لە بڵاوکراوەکانی رێخکخراوی سۆکسە.١٩٨٥
٢ـ سۆڤیەت و بزووتنەوەی نیشتمانی کورد ،هەڵسەنگاندنی دکتۆرنامەی فازیلی مەلا مەحمود سالزبورگ ١٩٨٦
٣ـ سڕینەوەی چەند پەڵەیەک بە تەوێڵی راستییەوە نامەیەکی کراوە بۆ کەریمی حسامی بنکەی چاپەمەنی ئازاد سوید ١٩٨٧
٤ـ مێگەل. یەڵماز گیونەی و.لە ئاڵمانیەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٨٩
٥ـ مەسەلەی کورد لە پارلەمانی نەمسایی دا و. لەئاڵمانییەوە سالزبورگ ١٩٨٩
٦ـکۆمۆنیزمی ئەوروپایی ،ڤۆلڤگانگ لیۆنهارد و.لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٩٠
٧ـئاشی چی و باراشی چی؟ باقە سەرنجی لەوەرامی گوتارەکەی بەهادین نوری دا سالزبورگ ١٩٩١
٨ـ ئاغا و شێخ و دەوڵەت،مارتین ڤان برونەسن و. لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی دوو بەرگ بنکەی چاپەمەنی رۆژ/سوید ١٩٩٦
٩ـ یەک هەڵووژە و هەزار هەڵووژە،سەمەدی بیهرەنگی،و. لە فارسییەوە کوردۆ سالزبورگ ١٩٨٩،چاپخانەی ئارارات و لەلایەن نووسینگەی تاراوە بڵاوکراوەتەوە.
١٠ ـ نووسەری هێژای تورک سمایل بێشکچی و تێڕوانینێکی زانستانە لە مەسەلەی کورد.سالزبورگ ١٩٩٢
ئاگاداری ئەم بەرهەمانەشم
١١ـ هەندێ بابەتی وشەسازیی زمانی کوردی بە ئەڵمانی دکتۆرنامەکەی زانستگەی سالزبورگ ١٩٩١/١٩٩٢،ئەم بەرهەمە ئینیستیتوتی کورد لە بەرلین بۆی چاپکرد.
١٢ـ هەڵکشان و داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان پاوک کەنەدی وەرگێڕاوەن لە ئاڵمانییەوە
رەنگە بەرهەمی دیکەشی هەبێت، بڵاوکراونەتەوە من لێی بێ ئاگام

وتارەکانی:

ـ کردار و کات ڵە زمانی کوردیدا مامۆستای کورد ژمارە ٢٤/٢٥ ، ١٩٩٥
ـ خاڵۆ ئاو لە دنگدا دەکوتێ مامۆستای کورد ژمارە ٧ ، ١٩٨٩
ـ بزووتنەوەی کوردایەتی لە نێوان لێژەنی سەربەخۆیی و گێژەنی ئۆتۆنۆمیدا،گۆڤاری باسکار،ژمارە ١/١٩٨٩
ـ سێ شۆلاوگەی خوێنین و ئازارێکی پڕسوێ مامۆستای کورد ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٩/١٩٩٠
ـ ئاشبەتاڵی بیرێکی سەرچڵ مامۆستای کورد ژمارە ٩ی١٩٩٠
ـ رەشۆ ئاغا(چیرۆک)،بەکر ییڵدز،و.لە ئاڵمانییەوە مامۆستای کورد،ژمارە ٢٦ی ١٩٩٥
ـ چاوپێکەوتنی خوێندکاری کورد،ژمارە ٢٤/٢٥ی ١٩٩٧
هاوبیر د. کوردۆ. لە ٢٠/٢/١٩٥٠.دا لە قەرەداغ لە دایک بووە و لە ١٦/١٢/٢٠١٦،بە نەخۆشیی،لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات. راستە ئەم رۆڵە دڵسۆز و بەئەمەک و قەڵەم رەنگین و رێباز پیرۆز و بیرگەشە،بە جەستە لەنێوماندا نەماوە.لێ یاد و یادگار و پەیڤ و خەبات و خزمەت و نووسین و بەرهەمەکانی بۆ هەتا هەتایی،لای ئێمەی هاوبیران و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی،بە زیندوویی و دەمێنێتەوە.
ئاهورامەزدا،بە میهر و دلۆڤانی خۆی بیپارێزێ و گڵکۆی چراخان و پڕ لە گوڵاو بێت. هەزاران هەزار جار رەوانیشاد بێت و هاوبیر کودۆی زێدە ئازیز و خۆشەویستمان.

٢٠/١٢/٢٠١٦




ڕاگەیاندنی کۆبونەوەی کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک و بەشێک لە ڕەوەندی کوردی.

لەسەر بانگهێشتی (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨/١٢/٢٠١٦، کۆبونەوەیەک بۆ ( ڕەوەندی کوردی) لە شاری (Albertslund) بەڕێوەچوو.

ئامانجی کۆبونەوەکە بیروڕاگۆڕینەوەبوو لەسەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و، چۆنیەتی و هەنگاوی پێویست بۆ پشتیوان و هەڵوێست وەرگرتن، سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێستای، چین و توێژە جیاوازەکان لە کوردستان بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان.

لەم کۆبونەوەیەدا و لەنێو ئامادەبوواندا بیروڕا گۆڕایەوە سەبارەت بەهەستیاری ئەم قۆناغەی کوردستان و، ئاڵوگوڕکردنی جێگاوڕێگای حیزبەکان و دەنگی ناڕازیەتی و ئامادەیی خەڵک لەسەر شەقامەکان، لەم کۆبونەوەیەدا بەگرنگیەوە قسەلەسەر گێڕانەوەی ئیرادە بۆ تاک و خاوەنداریەتی خەڵک خۆی لەشەقام و ناڕەزایەتیەکان بە خاڵێکی جەوهەری وگرنگ هەڵسەنگێنرا و پشتیوانی لێکرا.

لەم کۆبونەوەیەدا بەگرنگیەوە باسی هەنگاوە کردەییەکانی چۆنیەتی پشتیوانی لە داواکاری و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان کرا، هەمانکات باسی بردنە پێشەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی و، گوڕوتینی زیاتر بۆ جۆشدانی چالاکی و مسۆگەرکردنی پشتیوانی لەدەرەوە بۆ خەڵکی کوردستان و خواستە ڕەواکانیان خرایە بەرنامەی کاری داهاتووی کەمپینەکە.

لەم کۆبونەوەیەدا (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی کوردستان_دانیمارک)، دوای زیاتر لە ٦ ساڵ دامەزراندنی، وەک زەرورەتێکی ئەم قۆناغەی ئێستا کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت توانی بەشێوەیەکی تازە، کە بگونجێت لەگەڵ واقیع و پێشهاتەتازەکان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان، کارەکانی خۆی وەک ئۆرگانێک لە هەموو بوارەکاندا ڕێکبخاتەوە.

لەم کۆبونەوەیەدا (دەستەیەکی کارگێڕی) و (٣ لیژنە) بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کارەکانی (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) دیاری کرا.
(دەستەی کارگێڕی) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (گەوهەر معمارزادە، گۆران هەڵەبجەی، ئەحمەد بایز،جەمال محەمەد، هیدایەت مەلا عەلی).
(لیژنەی پەیوەندیەکان) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (عوسمان ئەحمەد، حسێن کەرکوکی، ئەحمەد بایز،جەمال محەمەد ).
(لیژنەی ڕاگەیاندن) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (ئەحمەد جاف، بەختیار عومەر، سەلام محەمەد، گۆران هەڵەبجەی، هیدایەت مەلا عەلی).

(لیژنەی ئیدارە و دارایی) پێکهاتووە لەم بەڕێزانە (مەریوان مەغدور، ئیبراهیم حاجی حەمەشەریف، لوقمان مستەفا، گەوهەر معمارزادە).
(کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) سوپاس و قەدرزانینی خۆی ئاڕاستەی ئەو بەڕێز و خۆشەویستانە دەکات، کە لە ٦ ساڵی ڕابوردوودا لەم (کەمپینەدا) چالاک و ئەندام بوون، سوپاسی زۆری ئەو ئازیزانە دەکات کە بەگەرما و سەرما بەشداری خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبونەوە و چالاکیەکانیان کردەوە.
(کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) ڕایدەگەیەنێت کە هەمیشە دەرگای ئاوەڵایە بۆ هەر ئازادیخوازێک کە خوازیاربێت لەگەڵ (کەمپین) کار و چالاکی بکات بەگەرمی دەستی خەباتکارانەی دەگوشین.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

٢٠/١٢/١٠١٦




توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

حكومه‌تی توركیا له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵمه‌تی گرتنی چالاكوان و ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی گه‌لانی ده‌ست پێكردووه‌ به‌بیانووی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ باكوری كوردستان دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ فراوانتر بێت .
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌ده‌ستگیركردنی چالاكوانانه‌وه‌ نه‌وه‌ستان چه‌ندین سه‌رۆك شاره‌وانیان ده‌ستگیر كرد،پاشان هاوسه‌رۆكه‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان ( سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یۆكسكداغ) و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كانی ئه‌م پارته‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانیانه‌ راپێچی گرتووخانه‌ كرد به‌مه‌ش توركیا ئه‌و په‌یامه‌ی به‌گوێی جیهان دا كه‌ توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ئه‌نێت و ناتوانێت جیاوازییه‌كان قبوڵ بكات.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا سه‌ره‌تاكانی شه‌ڕی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ و هیواكانی بۆ ئاشتی جارێكی تر له‌ناوبرد و له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات ببێت به‌ ووڵاتێكی نه‌خوازرا و دور ده‌كه‌وێته‌ له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونی بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

زه‌نگی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له‌ توركیا لێدرا

به‌دروست بوونی پارتی دیموكراتی گه‌لان جارێكی تر ئه‌و ئایدیا گه‌رایه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت ئاشتی بێته‌ ئاراوه‌و خه‌باتی چه‌كداری پێبنێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ و ئه‌و كوشتارو خوێنڕێژیه‌ی كه‌ سه‌پێنرابوو به‌ سه‌ر واقعی باكوری كوردستان سنور دار بكرێت و هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری پرسی كورد بنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ ته‌نها نماینده‌ی كوردی نه‌ ده‌كرد به‌ڵكو خۆی به‌نماینده‌كاری سه‌رجه‌م دیموكراتی خوازه‌كانی توركیا داده‌نا كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد و كه‌مینه‌كانی تر ده‌كه‌ن.
به‌ڵام به‌ ده‌ستگیر كردنی سه‌رانی ئه‌م پارته‌ جارێكی تر زه‌نگی ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ لێدرا و واقعی توركیا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ جارێكی تر شه‌ڕ له‌ناو باكوری كوردستان دروست ببێت.
هه‌موو پێشهاته‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ شه‌ڕێكی خوێناوی دروست ئه‌بێته‌وه‌ له‌ نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیادا .
له‌حاڵه‌ته‌ی بوونی شه‌ڕدا جارێكی تر رۆحی دوژمنكاری له‌ نێوان كورد و تورك دروست ده‌بێته‌وه‌، مه‌له‌فی چاره‌سه‌ر كردنی پرسی كورد داده‌خرێت و توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌نگی شه‌ڕ لێدرا جارێكی تر شه‌قامه‌كانی باكوری كوردستان ده‌بنه‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی توركیا و ئه‌گه‌ری پێك هه‌ڵپژان له‌ نێوان پۆلیسی توركیاو خۆنیشانده‌ران هه‌یه‌.

توركیا ووڵاتانی جیهان نیگه‌ران ده‌كات

ئه‌م واقعه‌ی كه‌ توركیای پیادا تێده‌په‌ڕێت ئه‌و وولاته‌ ئه‌كات به‌ ووڵاتێكی نه‌خوازرا و له‌ سه‌ر ئاستی نێوه‌وڵه‌تی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك خۆی به‌ ده‌وڵه‌تێكی دیموكرات بزانێت نابێت به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانیانه‌ نوێنه‌رانی گه‌ل رابكێشێت بۆ به‌ندینخانه‌كان به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت.
وویلایه‌ته‌ یه‌كگتووه‌كانی ئه‌مریكا و ووڵاتانی ئه‌وروپا به‌توندی كه‌وتوونه‌ته‌ لۆمه‌ كردنی توركیا بۆ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ی و ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندوه‌ كه‌ نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌و رووداوی گرتی هاوسه‌رۆكه‌كانی یارتی دیموكراتی گه‌لان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی و داوای ڕاگرتنی ئه‌م گرتنانه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێی بنه‌ماكانی دیموكراسی پێویسته‌ رێز له‌ جیاوازیه‌كان بگیرێت و ناكرێت نوێنه‌رانی گه‌ل دوور له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ راپێچی گرتووخانه‌ بكرێن.

به‌ به‌رده‌وام بوونی توركیا له‌ سه‌ر ئه‌م ره‌فتارانه‌ی ئه‌وه‌ خه‌ونی بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌و روپا له‌ ده‌ست ده‌دات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ووڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ توركیا گرتووه‌ كه‌ ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ توركیا له‌ بارودۆخێكی خراپدایه‌ و بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیه‌كه‌یان پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ باشكردنی ره‌وشی مافی مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌.

پارته‌كانی باشوری كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێستن سه‌باره‌ت به‌ گرتنی سه‌رانی هه‌ده‌په‌

له‌باشوری كوردستان په‌رته‌وازه‌ییه‌ی باڵی كێشاوه‌ به‌ سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كاندا و یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بووته‌ سیمایه‌كی باو به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌گرتنی سه‌رانی هه‌ده‌په‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ناره‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌شێوه‌ی جیاجیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نیگه‌رانن له‌م ره‌فتاره‌ی توركیا و ده‌بێت رێز له‌ نوێنه‌ره‌كانی خه‌ڵك بگیرێت .
له‌راستیدا هاو هه‌ڵوێست بوونی پارته‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ گرتنی هاوسه‌رۆكه‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن له‌پاڵ جیاواز بوونی دیدگای پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ئه‌كرێت كه‌ هه‌موان هاوهه‌ڵوێست بن سه‌باره‌ت به‌ پرسی كوردو هه‌ندێك بابه‌تی نه‌ته‌وه‌ی .
له‌مه‌ی سه‌ره‌ وه‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی هه‌رچه‌ند ناكۆك بین له‌ناوخۆدا ئه‌كرێت له‌ پێناوی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان هاوراو هاو هه‌ڵوێست بین.




بەشی سێیەم و کۆتایی گفتوگۆی دەنگەکان لە گەڵ بەڕێز عەدنان کەریم ( ئەحمەد موعین)


بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم چاوپێکەوتنە کلیک لەسەر بەشەکان بکەن لای خوارەوە
بەشی یەکەم:…..

بەشی دووەم:…..

————————————-

دەنگەکان :
مارکس لە تەعمیمێکدا بۆکۆنگرەی نێونەتەوەیی یەکەم باسی لەسەربەخۆی ئیرلەندا کرد، لینینیش بە هەمان شێوە باس لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوە زوڵم لێکراوەکان دەکات بە ئاراستەی سەربەخۆییدا.ئێوە چۆن دەڕواننە هەڵسوکەوتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا هەر لە حیزبی شوعییەوە تا دەگاتە کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بە دیدو تێڕوانینیان لە بەرانبەر کێشەی نەتەوەیی کوردا، وەک کێشەیەکی زیندوو لە ناوچەکەدا؟

عدنان کریم :
لە قۆناغی دامەزراندنیەوە، بناغەی سیاسەتی حیزبی شیوعیی عێراقی لەسەر کۆڵەکەیەک وەستابوو کە بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی نیمچە داگیرکەری بەریتانی لە عێراق و ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتی کە ڕۆڵی وەکیلی ئیستیعماری بەریتانی ئەبینی.ئامانجی شیوعیەکان لە عێراقدا لە گشتی ترین ئاستدا بریتی بوو لە بنیاتنانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکرات و سەربەخۆ کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تیایدا سەروەر بێت. واتە عێراقێکی ئازاد و سەرفراز کە ئایدیایەکی نەتەوەیی یا دینیی نەبێت و عێراق ووڵاتی هاونیشتیمانیەکانی بێت. شیوعیەکان لەو قۆناغەدا لەو چوارچیوەیەوە ئەیانڕوانیە مەسەلەی کورد . بەومانایە مەسەلەی کورد لە دیدگای حیزبی شیوعیەوە بەشێک بوو لە خەباتی گشتی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گشتیەی کە باسمان کرد.
لەو قۆناغەدا حیزبی شیوعیی عێراق هەرچۆن ڕابەری خەباتی جەماوەریی خەڵکی عێراقی ئەکرد تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، لە کوردستانیشدا هەمان پایگای بەهێزی هەبوو و هەمان ڕۆڵی ئەگێڕا.

بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی مەسەلەی کوردەوە وەکوو مەسەلەیەکی دیموکراتی و بەتایبەتیش بەهۆی لاوازیی ڕەوتی ناسیونالیستیی عەرەبی لەو قۆناغەی عێراقدا و لاوازیی پێگەی ڕەوتی عروبی و شۆفینیزمی عەرەبی ، جگە لە لاوازیی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد، حیزبی شیوعی لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە مەسەلەی کورد لە چوارچیوەی کۆمەڵێک ئیسڵاحاتی دیموکراتی لە عێراقدا چارەسەر بکات و ئەو سیاسەتە جێگەی مەقبووڵیەتی خەڵکی عێراق بوو بەخەڵکی کوردستانیشەوە. یەکێک لەو فاکتەرە بەهێزانەی کە لەقازانجی ئەو سیاسەتە هەڵئەسووڕا پشتیوانیی جەماوەریی فراوانی خەڵکی عەرەبی عێراق بوو لە ئاواتی خەڵکی کوردستان بۆ لابردنی کۆتی ستەمی نەتەوەیی لەسەریان. جگە لەوەش ڕژێمی پاشایەتیی ئەوکات ڕژێمێکی ناسیونالیستیی عەرەبی نەبوو.

ئەو ڕژێمە بە یەکسان جێی نەفرەت و ناڕەزایەتیی هەردوو میللەتی عەرەب و کوردی عێراق بوو. لەهەمووشی گرنگتر ئەو خاڵەبوو کە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەنتەر و چەقی قورسایی خەباتی شۆڕشگێڕی جەماوەری و دیموکراتیی خەڵکی هەموو عێراق بوو کە ئەوەش لە قازانجی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بوو لە چوارچێوەی یەکگرتویی و یەکپارچەیی خەباتی دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراق بەسەڵماندنی مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە.

ئەوەی کە قاڵبی ڕەسمیی ئەو هەڵوێستەی حیزبی شیوعی لەو کاتەدا لەژێر تایتڵی ئۆتۆنۆمی یا مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورددا گەڵاڵە ئەکرا فاکتەر و مەسەلەی سەرەکی نەبوو بەقەدەر ئەوەی کە ستەمی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لەچوارچێوەی خەباتی سەرتاسەری دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراقدا بەسەرەنجام بگات و لەجەرگەی ئەو خەباتەدا جێگیر بێت. جگە لەوەش چەوسانەوەی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لە قۆناغی پاشایەتیدا ، لە ڕاستیدا ، ئەو قاڵبە زبر و تووندوتیژ و سەرتاسەریە و ئەو خەسڵەتە میلیتاریەی نەبوو کە لە قۆناغەکانی دواتری کۆماریدا هەیبوو. لەچاو هەموو ڕژێمەکانی دواتردا ، سولتەی مەلەکیی عێراقی لەهەموویان نەرمتر و لیبراڵ تر بوو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو فەزای کوشت و بڕەی کە بەتایبەتی لە ١٩٦٣ بەدواوە لەلایەن ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە لەبەرانبەر گەلی کورددا و گشت گەلی عێراقدا پیادەکرا.

لەڕاستیدا حیزبی شیوعی خەباتی ئەکرد بۆ بەدیهێینانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکراتیک کە جیاوازی نەتەوەیی جێگەیەکی لە سیمای ئەو دەوڵەتەدا نەبێت. تا ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ ئەوە سیاسەتی ڕەسمیی حیزبی شیوعی بوو سەبارەت بەمەسەلەی کورد و پێموابێت سەرکەوتوانە توانی باڵانسی ئەو سیاسەتە ڕابگرێت. واتە حیزبی شیوعی توانی هەم ڕەوتی شۆفینی عەرەبی زۆر لاواز بکات و هەم توانیبووی کە جڵەوی خەباتی گەلی کورد لەدەستی ناسیونالیستی کورد و نوێنەرە ڕەسمی و تاقانەکەی واتە پارت دیموکراتی کوردستان دەربهێنێت. ئەو سیاسەتە بەدەر لەوەی کە ناوەکەی ئۆتۆنۆمی بوو یا هەر شتێکی تر، خەباتی گەلی کوردی وەکوو میللەتێکی زوڵملێکراو کرد بە بەشێک لە خەباتی سەرتاسەریی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی نیزامێکی سیاسیی پێشکەوتنخواز کە زۆرترین دەسکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بۆ هەموویان هەبێت لەسایەی جمهوریەتێکی دیموکراتیکدا.

دیارە ئەو سیاسەتە کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵوێستەکانی پارتی وەکوو حیزبی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد. پارتی کە بەهۆی بوونی حیزبی شیوعی و ئەو سیاسەتەی پێشووی و پایگایەکی بەهێز کە لەناو کورد و عەرەبی عێراقدا هەیبوو، خاوەنی پایگایەکی ئەوتۆ نەبوو و زیاتر لە ناو ئیلیتی قەومی و دەرەبەگ و ڕۆشنبیرانی موتوربەکراو بە بیری قەومی و کوردایەتی نفوزی هەبوو . بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو مەددە دیموکرات و چەپەی کە مەسەلەی کوردیشی بەدوای خۆیدا ڕاکێشابوو، پارتی چارێکی نەمابوو جگە لەوەی کە ئەویش نمایشی دیموکراتی بوون و بگرە چەپ بوونیش بکات. ئەوە مۆدی ئەو ڕۆژگارە بوو و حیزبی شیوعیش پێویستی بەوە نەبوو کە دژایەتی پارتی بکات و بگرە پێشی باش بوو پارتیش لە مەوقیعیەتێکی لاوازترەوە ، گەر لە ژێر زەبری زەمانەشدا بێت ، پەیڕەوی لەسیاسەتێکی چەپی یا پێشکەوتنخواز بکات . پارتی بۆ دوانەکەوتن لەو ڕەوتە لە ١٩٥٣دا ڕایگەیاند کە ئەوانیش ( سوود لە تیۆریی مارکسیزم – لینینیزم وەرئەگرن بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان ) .

هەر لەو سەروبەندەدا حیزبی شیوعی ، لە زەمانی سەرکردایەتیی باسمدا ( واتە بەهادین نوری ) مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هێنایە ئاراوە وەکوو چوارچێوەیەکی ئوسوڵی نەک وەکوو بەرنامەیەک بۆ چاری مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئەوە ٢ هۆی هەبو. لەلایەکەوە بۆ ڕاکێشانی خەباتی خەڵکی کوردستان کە لەپەنجاکانی ئەو سەدەیەدا پەرەی سەندبوو و لەولاشەوە بۆ تەریککردنی پارتی و ڕێگری لەوەی کە مەسەلەی کورد لەچوارچێوەی تەسکی کوردایەتیدا شەتەک بدات.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە هەموو مێژووی چلەکان و پەنجاکاندا و بەهۆی خەسڵەتی کۆنەپارێز و ناسیونالیستیی خۆیەوە پارتی نەیتوانیوە خەباتی جەماوەریی گەلی کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گەورە هاوچەشنی ئەوەی لە بەغدا و جنووبدا ئەبینرا ڕێکبخات و ئەوە شیوعیەکان بوون کە ببوون بە سیمبولی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستانیش. نموونەکانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ١٩٤٨ و ١٩٥٢ – ١٩٥٣ و دواتر ١٩٥٦ لە دژی حیلفی بەغدا و بزووتنەوەی جوتیارانی کوردستان لە ١٩٥٣ نموونەی زەقی ئەو ڕاستیەن.

دیارە هەموو ئەوانە دواتر بەسترانەوە بە چارەنووسی حکوومەتی کۆماریی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ەوە . لە دوای ٥ ساڵ تەمەنی حکوومەتی کۆماریی عەبدولکەریم قاسم ، حیزبی شیوعیی عێراق نەیتوانی خۆی ڕاستەوخۆ دەسەڵات بگرێتە دەست و سۆڤیتیەکان بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیاندن کە ئەوان لەدژی هەنگاوێکی لەوجۆرە ئەوەستنەوە ، و نە توانیشیان ئەو سیاسەتانە بکەن بە ڕێباز و بەرنامەی حکوومەتی عەبدولکەریم . ئەوە کەلێنی کردەوە بۆ بەهێزبوونی ڕەوتی ناسیونالیزمی عەرەبی و بەعسیەکان و بزووتنەوەی قومیە عەرەبیەکان ( حرکة القومیین العرب ) و هەروەها بەهێزبوونی ناسیونالیزمی کورد و پاشەکشە بە بزووتنەوەی جەماوەری و دیموکراتیکی گەلی کورد. ئیتر هەم مەسەلەی کورد و هەم چارەنووسی هەموو ژیانی سیاسیی عێراق کەوتە ناو بەرداشی ڕەوتێک ناسیونالیستیی عەرەبیی فاشیی و بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستی کوردی کە بوو بە سووکان بەدەستی مەسەلەی کورد و لەوێشەوە مەسەلەکە جەڕا و بوو بە دەسکێشی دەستێوەردانی ئێران و بەریتانیا و ئەمریکا لە سایەی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی هەموو باڵەکانی پارتی و بزووتنەوەی کوردایەتیەوە.

هەرچی جارەنووسی حیزبی شیوعیە ئەویش گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت. دوای سەرکوتە خوێناویەکانی کۆدەتای فاشیستیی ١٩٦٣ی بەعس و قومیە عەرەبیەکان ئیتر ئەم حیزبە هەم تووشی لاوازی و لەدەسدانی پایگا جەماوەریەکەی ئەبێت و هەم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕاستڕەوی زیاتر بەسەریدا زاڵ ئەبێ تا لە ١٩٧٣ دا و دوای هاتنەوە سەرکاری بەعسیەکان وەکوو سۆڤیەتی هاوپەیمانیان بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەعسدا پێکدێنن و ئەچنە ناو دەسەڵاتە فاشیەکەی بەعسەوە کە دواتر ڕاودەنرێن و بەعس ئیشی پێیان نامێنێت و دیسانەوە دەدەنەوە پاڵ بزووتنەوە چەکداریە کۆنەپەرستەکەی مەلا مستەفا .

ئەم ئاڵوگۆڕانە ئیتر ئەم حیزبە دائەبڕێت لەهەر ناوەڕۆک و سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە و لە هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە تا ئێستا هەمیشە حیزبی شیوعی وەکوو هاوکار و دۆستی باڵە ڕاستڕەو کۆنەپەرستەکانی ناو بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد ڕۆڵیان گێڕاوە . ڕەوتی ئەو سیاسەتانە ئەمڕۆ گەیاندوونی بەشوێنێک کە ئیتر حیزبی ناوبراو لەمڕۆدا هیچ پەیوەندیەکی واقیعی بە هیچ لایەنێکی خەباتی خەڵکی کوردستانەوە نەماوە چ جای هەوڵی ئەو خەڵکە بۆ چارەکردنی مەسەلەی کورد بەشێوازێکی ڕادیکال و شۆڕشگێڕ.

بەڵام کەیسی کۆمۆنیزمی کریکاری زۆر جیاوازە.

ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتیی هیچ بزووتنەوە و کێشمەکێشێکی سیاسی یا چینایەتی و کۆمەڵایەتی ناکات لەناو هیچ چین و توێژێکی خەڵکی عێراق یا کوردستاندا. كۆمۆنیزمی کرێکاری لەهەناوی هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی یا کۆمەڵایەتیی کاریگەری کۆمەڵگای کوردستانی عێراقەوە نەهاتۆتە دەر. ئەم ڕەوتە درێژەی ڕادیکالبوونەوەی چەپی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشووی کوردستانی عێراقە کە لەدوای ڕاپەڕینی ئێرانەوە بێ لێکدانەوەیەکی قووڵ کە جێگەی ئیقناعی سادەترین چاودێری سیاسی بێت ئەبێ بە پاشکۆی تەیارێکی دابڕاوی ناو چەپی ئێران.

ئەو کورتە تایبەتمەندیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە هێمام پێدان کاریگەری هەبوو لەسەر تێڕوانینیان بۆ مەسەلەی کورد لە کوردستانی عێراقدا. ئەم ڕەوتە پایگای خۆی بە بزووتنەوەی کرێکاری دیاریکردووە ، بزووتنەوەیەک کە لە کوردستاندا هیچ خاسیەت و بروزێکی سەربەخۆ، دیار ، کاریگەر و ڕۆشنی نەبووە لە کۆمەڵگەدا.چینی کرێکاری کوردستان ، کە ئەم حیزبە گرەوێکی زۆر و قورسی لەسەر کردووە ، لە واقیعێکی زۆر جیاوازتردایە لەچاو ئەو وێنەیەی ئەم حیزبە بۆی کێشاوە. جگە لەوەش خۆ ئەم ڕەوتە کە دواتر حیزبی خۆی لە ساڵی ١٩٩٣ بەدواوە پێکدێنێت، هیچ جۆرە کاریگەری، لێکەوت ، بەرکەوت و جێدەستێکی دیار نیە بەسەر بزووتنەوەی کرێکاریەوە.

لەبەرانبەردا بزووتنەوەیەکی پانوپۆڕ ، بەهێز، خاوەنی پایگای کۆمەڵایەتی ، زیندوو و کاریگەر هەبووە کە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ئەوکات ودوایی هێنان بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و جینۆساید کە لەدژیان پیادەکراوە ، بەڵام حیزبی ناوبراو زۆر بی موبالات ڕوانیویەتیە ئەم بزووتنەوەیە و هەر چاوەڕوانی هەڵسانی بزووتنەوەی کرێکاریی کردووە. ئەوە بە بەراورد بە حاڵەتی حیزبی شیوعی لەبەشی یەکەمی وەڵامی هەر ئەم پرسیارەدا جیاوازی تێڕوانینی ئەم دوو ڕەوتە بۆ خەباتی سیاسی بەتەواوی نیشان ئەدات. هەڵبەتە هەر بە پێی تیۆریی مارکسیزمیش ناکۆکیەک نیە و ئەوە لە کۆمۆنیستەکان حەرام نەکراوە کە ڕابەریی بزووتنەوەکان بکەن بۆ داماڵینی کۆتی ستەمی نەتەوایەتی بەتایبەتیش کە ئەو بزووتنەوەیە ، وەکوو حاڵەتی کوردستانی عێراق ، هەم عادیلانە بووە و هەم زۆر بەتەوژم و گوڕ وتین دێژەی هەبووە و پۆتانسێلێکی پێشکەوتنخوازیشی هەبووە.

لایەنگری و تەنانەت بەشداری یا ڕابەرایەتی کردنی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ داماڵینی کۆتی چەوسانەوەی نەتەوەیی شتێکە جیاواز لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی و بە پێچەوانەوە زامنکردنی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو بزووتنەوەیە پاشەکشە بە ناسیونالیزمی کوردیش ئەکات.

بەلام کێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوە بووە کە ئەوان لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵناسن تا شیکردنەوەی دروستی بۆ بکەن ، خاسیەتەکانی دیاری بکەن ، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی دەسنیشان بکەن ، بەوجۆرەی کە بە فیعلی و واقیعی هەیە نەک بەوجۆرەی ئەوان ئەیانەوێ، تا سەرەنجام بتوانن بەکەڵکوەرگرتن لە تیۆری و تاقیکردنەوەکانی مێژوو بەرنامە و سیاسەت و هەڵوێستی دروست لەبەرانبەریدا دیاری بکەن. ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەم ڕەوتە کۆمەڵگەی کوردستان بە لابراتۆر و تاقیگەیەک ئەزانن بۆ پیادەکردنی بیروباوەڕە ئایدیۆلۆجیەکانی خۆیان. واتە ئەوان ئەیانەوێت ملی واقیع بەولایەدا بابدەن کە ئایدیۆلۆجیی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئیدیعای ئەکات.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ناڵەناڵی ” ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت ” کە حوکمێکی تیۆریی دروستە، کەوتنە گرتنەبەری سیاسەتێکی پاسیفیستی و نەهلیستی لەبواری مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەکو مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئاخر ئەوە ناکۆکیەکی زەق بوو کە لەلایەکەوە بانگەشە بۆ ماف و تەنانەت پێویستیی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق بکەیت و لەولاشەوە بە گەلی کورد بڵێیت ” کورد زمان ” کە نە لەڕووی زانستیەوە دروستە و نە لەڕووی سیاسیەوە. ئەوە ترس نەبوو لە خزان بەرەو هەڵوێستگیریی ناسیونالیستیی بەقەدەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی پاسیڤ و عەدەمی بوو و هەیە.

بەڵام لە دواییدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە ناکرێ مەسەلەی کورد لە عێراقدا لەم قۆناغەدا ڕێک وەکوو پەنجا ساڵ لەمەوپێش و تەنانەت وەکوو نەوەتەکانی سەدەی پێشوو تەماشا بکرێت. ئەمڕۆ مەسەلەی کورد لە عێراقدا کەوتۆتە ژێر تەپوتۆزی سیاسەتی مافیایی و چەتەگەریی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کوردەوە” کوردایەتی ” . بزووتنەوەیەک کە دابەش بووە بەسەر سەنگەرەکانی هێزە فاشیەکانی وەکوو تورکیا وسیاسەتی میحوەرسازیی نێوان ئێران و تورکیادا کە جگە لەوەی ٢ قوتبی کۆنەپەرستی ناوچەکەن ، خۆشیان بەهەموو شێوەیەک ئاواتەکانی گەلی کورد لە ووڵاتەکانی خۆشیاندا لەخوێندا غەرق ئەکەن.

هەژموونی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە بواری مەسەلەی کورددا ، خاسیەتی ئەو مەسەلەیەی بەتەواوی شێواندووە و تێکەڵی کردووە لەگەڵ سەفەقاتی نەوت و ئیرتیزاقی سیاسی و گەندەڵی و تاڵانچێتی و کرێگرتەیی و ڕێک لەبەرانبەر بەرژەوەندی و چارەنووسی زۆربەی خەڵکی کوردستاندا ڕایگرتووە. ئیتر جوینەوەی شیعارە کلاسیکیەکان و مەقوولە تیۆریە کۆنەکان نەک هیچ ڕوون ناکەنەوە لەم بوارەدا بەڵکوو ڕەنگبێ سەرەگێژی و تەمومژیش دروست بکەن.


دەنگەکان: لە کۆتایدا زۆر سوپاسی کاک عەدنان کەریم دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەو کاتەی، لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانماندا.




ئەوەی نەدەبوو رویدایەوەو ئەوەشی دەبوو بکرایە … نەوزاد جەمال

ئەوەی ئێستە لەئارادایە، جگەلە داتەپینێکی سەرتاسەری هیچیتر نییە. ئێمە ناتوانین هیچ ناوو ناونیشانێکی تری بۆ بدۆزینەوە. جگەلەوەی ئەم دۆخە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارە. بەڵام داتەپینەکە بەئەندازەی مەترسیدارییەکەی، ئەوەندەش چاوەڕوانکراوە. تەنها کێشەکە لەوەدایە کەپێشبینی و ئامادەیی بۆنەکراوە، دەنا دۆخەکە وەک رێگەیەک بەرەودۆزەخ بەرچاوە. هەر لەنەبوونی سیستمێکی فەرمانڕەوایی دروستەوە تا لاوازی دامەزراوەیی و فشۆڵیان، لەنەبوونی حزبی مۆدێرن و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە تا لاوازی تاکی هۆشیارو بەرپرسیار، بەشێکن لەهۆکارە خۆییەکان. بەڵام جگەلەمانەش، ناکرێت هۆکارە دەرەکییەکان نادیدەبگرین. چونکە بەسیستماتیکی و میکانیزمی جیا کار لەسەر پوچەڵکردن و لاوازکردنی ئەم بەشەی کوردستان کراوەو دەکرێت.

بەئاشکرا، دیارە کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کولتوری، ئابوری و سیاسیمان خەرقکراوە. ئەوەی ئێستە لەلاوازی بڕیاردانی سیاسی و کەمدەستی چارەسەری ئابوریدا دەبینینەوە، چنینەوەی بەشێکی ئەو هەوڵەرێکخراوەیە. لێرەدا، باسەکە وتنەوەی وەهمی تێوری پیلانگێڕی نییە، بەئەندازەی ئەوەی کەخەرقەکە هێندە بەرجەستەو زەقدیارە، کە ئەجێندەکانی چیتر بۆ ئێمە شاراوەنین. دابەشبوونی ناوهەرێم بەکردەیی لەو رووەوە دیارە کەهەر حزبەی کەوتۆتە ئەجێندای دەوڵەتێکی جەمسەریی ناوچەکە.

کەواتە؛ ئەوەی نەدەبوو رووبدات، هاتەدی و ئێستەی لێکەوتەوە. بەڵام، ئەوەچییە کەدەبوو بکرایەو روینەداوە؟ هەڵبەت، ئەوەی دەبوو بکرایە، بریتییە لەگۆڕانکاری گشتگیرو لەسەروو هەموشیانەوە بەلاداخستنی پرسە هەڵپەسێراوەکان. لەمەشەوە، پێشخستن و چاودێکردنی سێکتەرەکانی بنەڕەتیەکان هەر لەژێرخانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەوە تا بنەماکانی دروستکردنی هاوڵاتی و تاکی سەربەخۆ.

ئەگەر سەرنجی پەروەردەوخوێندن بدەین، دەبینین پەروەدەی ئێمە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی بەهادارو چەقی ژیانی نەکردۆتەوە ئامانج. بەڵکو، لەخوێندنی بنەڕەتیەوە تازانکۆ پێداگیری لەوەرگرتنی زانیاری و پێدانی ئامۆژگاری سەدەکانی ناوەڕاستکراوە. جگەلەوەش، لەلای نەوەی ئەمڕۆ سەرجەم ماناکانی کوردبوون، مرۆڤبون، نیشتمان، خەبات، داکۆکی لەمافەکان بوونەتە شتی لاوەکی و قێزەوەن. هاوکات، دیاردەی بەرخۆری دەگاتە ئەوەی کە هەمووچاوەڕێبین و هیچیش نەیەت! بەداخەوە، دیمەنەکان بۆتە ئەوەی کۆمەڵگەی کوردسانی دەرۆزەکەر، چاولەدەرو دەستپانکەرەوەیەکەو هیچ پۆتێنسیاڵی خۆژیاندن و سەرپێخۆوەستانی تێدانەبێت.

بەڵام، لەبەرامبەر ئەم داتەپینەدا، زمانێکی سیاسی دابەشبوو دەیەوێت راستیەکان ئاوەژووبکات. بۆیە، ئەم دیاردەیە بە’بێمانابوونی زمان’ ناودەبەم. ئەمڕۆ، ووتن بووتە ناماقوڵییەکی رێکخراو. ئەوەی ناوی چاوەڕێکردن و خۆڕاگرییە، بۆتە بڵقی سەرئاو. باسکردنی هیواوئومێد جۆرێکە لەوەهم. پێناسەی ژیانی باش، درۆیەکی راستەو رەشبینی بوەتە پیشەیەکی بێبەرامبەر. هەموو ئەم بێماناییانەو هیتریش، ئیش لەسەر هەڵتەکاندنی بونیادی کەسێتی ئێمە دەکەن.

یەکێک لەو بێماناییانەی زمان، لەوەدایە بارودۆخی سەخت و نامرۆڤانەمان، بەقەیران وەسفکەین. وشەی قەیران بۆ دۆخی مرۆیی و سیاسی ئێمە نابێت. چونکە، هەموو قەیرانیک هۆو ئەنجامی هەیە. هاوکێشەیەکە کەرێگەچارەی سەرەتایی و کۆتایی خۆی هەیە. لێپرسراو بەرپرسیاری تێدایە کە کەبەرپرس و دامەزراوە هۆکاری قەیران و چارەسەر دەگرێتەئەستۆ. جگەلەوەش، ئەو زمانە سیاسی و حزبئاساییەی ئەمڕۆ توانای نیشاندانی راستی و شتەکانی نییە. چونکە، ئەوەندە کۆڵەوارو دابەشبووە لەنێوان بەرەی خێڕو شەڕدا، لەنیوان نەفرەت و پێداهەڵداندا کە ئیتر پانتایی بیرکردنەوەی سەربەخۆی نەهێشتۆتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کەزمانی دەربڕین لەبارەی کێشەکانەوە، بەئاڕاستەی شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی راستیەکان کاردەکات. لەگوتاری حزب و سەرکردەکانیدا، بەردەوام بیرکردنەوەی ناڕوون و نادیارکراو بەبەکارهینانی دەستەواژەی فرەواتاو جیاواز دەخوێنینەوە. دیارە، ئامانجیش خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی کێشەکان و خستنە ئەستۆی ئەویترە. فڕێدانی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی لایەکەیترە، لەکاتێکدا هەردووبەرە رکابەرەکە، دەیانەوێت ئیعتراف بەیەکتربکەن تا خۆڕادەستکات یا بەمەرجەکانی پێشووتر رازیبێت!

ئەمەش بنەمایەکی دروستی دانوستان نییە. لەم سۆنگەوە، بەکارهێنانی وتەی کڵێشەیی وەک “ئەمڕۆ کوردستان لەمەترسی و هەرەشەدایە، یا پیلانگێڕی و دوژمنی ناوخۆ، هتد لەئارادایە. ئەمانە، بەجۆرێک درێژەدانە بەدۆخەکە. ئیدی، زمان نەک بەقسەی فەیلەسوفی ئەڵمانی’هایدەگەر’ کە “هەڵماڵینی راستی بوونە”، بەڵکو لەزاری سیاسی و میدیاکانیانەوە دەمامکێکە کەدواجار لەڕێی دەربڕینی ریتۆریکییەوە، داپۆشینی راستیەکانە. لەباتی بەکارهێنانی ژیربێژی، بەڵگەو سەلماندنی راستیەکان هەبێت، گەمە بەهەست و هەڵچووون و نەستی مرۆڤەکانمان دەکرێت. لەئاکامدا، سەرچاوەی کێشەکان بەرەو نادیار دەبرێن. ئیتر بەهۆی ئەو زمانە سیاسیەوە کە ئەمڕۆ لەمیدیاکانیانەوە پەخشدەکرین، ئێمە دەکەوینە کۆمەڵگەی پاش راستییەکانەوە. کۆمەڵگەیەک کەدابەشبووە، ماناکانی مانەوەو ژیانێکی شیاو سەقامگیری ئەو زمانبەندییەوە لەدەستداوە.

پاش منجڕی لایەنەکان، ئێستە کێشەکان سوڕی ژیانی خۆیان تەواوکردووە. ئیتر بەرپرسەکان چاوەڕێی چین؟ کە قوربانی سەرتاسەری لەئاستی سێکتەرەکانی پەروەردە (بەراگرتنی بەهۆی مانگرتنەوە یا بەردەوامبوون کەسست و بێگیانە) درا. کە کەرتی تەندروستی و فەرمانگەکان بەگشتی ئیفلیجن. کاتێک وەبەرهینان و کەرتەکانی تریش پوکانەوە، ئیتر نۆرەی بەرپرسەکانە کە ئەوانیش قوربانی خۆیان بدەن.

جا بەسامانەکانیان، یا پێگەکانیان یا بەخواست و چاوەڕوانیەکان بێت. ئەمەش واپێوستدەکات سەرکردەسیاسیەکان، بەرپرسەکان لەو گۆشەگیرییەی بیرو نەستیان بێنەدەر. سیاسەت لەواقیع و لەگەڵ یەکتریدا دەکرێت، نەک تەنها بەخولیایەکی ناخەکی.
ناکرێت، خۆیان بەسەرکردەو بەرپرس بزانن، لەپێناو چاکەی گشتیدا توانای بڕیارو سازشکردنیان نەبێت. ناشبێت لەوەزیاتر ژیانی خەڵکی بوەستێنن، خۆشیان رادەستی رەوتی رووداوو دۆخەئاڵۆزەکە بکەن. ئەمڕۆ ئەستەمە هەر بەتاکەکەسێک سەرکەوتنی سەرتاسەری بەدەستبهێنێت. لەکاتێکدا دەکرێت کەسێک ماڵوێرانی و تێکشکان بەسەر گەلێکدابهێنێت. بینینی بەرژەوەندی و گرفتەکان بەشێوەیەکی تاکلایەنە، ئیفلیجکردنی توانای بریاردان و چارەسەرکردنیشە.

ناهەقییەکی گەورەیە گەردنی ئەو هەموو مرۆڤە، بخەنەژێر بەزەیی هەلومەرجەناوخۆیی و دەرەکیەکانەوە. مەترسی نێوخۆیی ئەمڕۆ هاوشانە بەهی دەرەکی، ئەمەش کانگەی مەترسیەکەیە کەتەنها لایەکیان ببینیت. دەبێت وەک شاعیری ئەڵمانی ‘هۆڵدەرلین’ ئەو راستییە بزانن کە: ‘لەکوێ مەترسی هەبوو، لەوێش رزگاری نەشونمادەکات’.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ 58 …. كه‌ریم كاكه‌


٥٨

-بابه‌، ئه‌ی ره‌قیب نه‌ما
+ هه‌ر نه‌ما، نه‌ما!

-به‌رێوه‌به‌ر گۆتی: واز له‌ ئه‌ی ره‌قیب بهێنن..
بابم له‌ بن لێوانه‌وه‌ شتێكی نزیك له‌وه‌ی گوت: به‌ قسه‌ی وی نابێ..
به‌ قسه‌ی وی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هه‌ڕوگیڤ و چاوسووركردنه‌وه‌یه‌ (زێوه‌ر) ئه‌ی ره‌قیبی لێنه‌بڕا، له‌ ریزبوونی سبه‌ینان، به‌ر له‌ ریزبوون، له‌ رێی ریزبوون، ئه‌ی ره‌قیب دیواری ده‌بڕی به‌ كۆڵانه‌كانی ئیسكاندا وه‌رده‌بوو، به‌ رێی ئامانه‌شدا تێكه‌ڵی ده‌نگی (قازی محه‌مه‌د) ده‌بوو، لێژده‌بۆوه‌ بۆ (كۆشكی باكوور) و ده‌په‌ڕیه‌وه‌ به‌ری گه‌رماوێ، له‌ولایه‌وه‌ش به‌ قسه‌ی كوڕی ده‌روێش بێت كه‌ له‌ بابیه‌وه‌ ده‌یگێڕایه‌وه‌، ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ده‌رگای مزگه‌فته‌كه‌ی بابی و به‌لای به‌لاشاوه‌شه‌وه‌ خۆم گوێم لێنه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ لوقمانی برای حه‌كه‌یمم بیستووه‌، ده‌گه‌یشته‌ نزیك ماڵی سابیره‌ فه‌ندی، ئه‌و مامۆستایه‌ حوكمه‌ت له‌ خانه‌قینه‌وه‌ هه‌ڵیدا و لێره‌ به‌ عه‌رد كه‌وته‌وه‌، سه‌ربرده‌ی زۆره‌، دواتر وردوباریك ده‌یگێڕمه‌وه‌، لوقمانیش یه‌كێ بوو له‌و شه‌ش حه‌فت قوتابیه‌ی كه‌ من له‌ پۆلی یه‌كه‌م وه‌رگیرام ئه‌وان پۆلی سێ و چواره‌م بوون، به‌ڵام كاتێ پۆلی پێنجه‌مم بڕی پێكه‌وه‌ بووینه‌ شه‌ش، حه‌كیم كه‌ گه‌یشته‌ براكه‌ی، بابی گوتبوویه‌ لوقمان:
حه‌كیمی برات له‌ كوێ بووه‌ مامۆستا، تۆش هه‌ر ده‌بێت له‌وێ به‌رده‌ستیی بكه‌یت ..

لوقمان رقی دنیای له‌ مامۆستا ده‌بۆوه‌، به‌ كه‌مێ زمانگرتنه‌وه‌، گۆتبوویه‌ بابی:
بابه‌، من له‌ هه‌ر كوێ بوومه‌ به‌رده‌ست، قه‌ینا له‌به‌ر خاتری تۆ حه‌كیمی برام له‌وێ به‌ مامۆستا وه‌رده‌گرم..
قسه‌ له‌ باره‌ی (ئه‌ی ره‌قیب)ه‌وه‌یه‌، من بۆ كوێم برده‌وه‌! حه‌كیم و لوقمان لۆ هاتنه‌ ناو باسه‌وه‌؟ نا له‌ خۆوه‌ نیه‌، ئه‌و لوقمانه‌ له‌ هه‌نكه‌وه‌ به‌رده‌سته‌ ، كه‌ له‌ ساڵی قه‌ده‌خه‌كردنی ئه‌ی ره‌قیب وا بزانم پۆلی پێنج بوو، له‌ رێی ریزبوونێ، مامۆستاكان هێشتا له‌ ژووری خۆیان بوون یه‌ك به‌ ده‌نگی خۆی:
ئه‌.. ئه‌.. ئه‌.. ئه‌ی.. ره‌قیب هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كورد زمان..

شوكر و خورشید و سه‌لاح جه‌وهه‌ر و من و زۆریدی زوو لێمان وه‌رده‌گرته‌وه‌:
نایشكێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان…..
مامۆستا ئه‌لیاس كه‌ له‌ پێش گشت مامۆستایان ده‌گه‌یشته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، ده‌نگی تێكه‌ڵی قوتابیان ده‌كرد:
كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌، كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه‌..
كاتێ به‌رێوه‌به‌ر و ئه‌وانه‌ش ده‌گه‌یشتن، مامۆستا ئه‌لیاس ده‌یگوت:
به‌سه‌، كوڕم به‌سه‌، كورد نامرێ، نا….
به‌رێوه‌به‌ر و هه‌ندێ ئه‌فه‌ندیتریش كه‌ نه‌مده‌زانی له‌ كوێوه‌ ده‌هاتن و قسه‌یان ده‌كرد، هه‌وڵیاندا له‌ (زێوه‌ر)ی ئیسكانی هه‌ولێره‌وه‌، قڕوقه‌پ به‌ ئه‌ی ره‌قیب بكه‌ن و نه‌گاته‌ گوێی كه‌س، به‌لاش بوو، ئه‌ی ره‌قیب له‌ دار و دیوار و ده‌ركه‌ و په‌نجه‌ره‌ و مێز و كورسیی زێوه‌ر تۆماركرابوو، ده‌نگی نه‌ده‌بڕا، دێته‌وه‌بیرم، زۆر جار له‌پێش ده‌رگا له‌ كاتی به‌ربوونی زێوه‌ر یان هه‌ردی، هه‌ردووكیان له‌ ئه‌ی ره‌قیب یه‌كیان ده‌گرته‌وه‌، سه‌ر جاده‌ یه‌ك پارچه‌ ده‌بووه‌ ئه‌ی ره‌قیب، جێی شه‌ڕه‌ به‌ردی گرتبۆوه‌، ئامانه‌ ده‌بوو راوه‌ستێ، دیمه‌نێكی جامی ئامانه‌ تا ئێستاش له‌ جامی روون روونتر له‌ چاومه‌، ژنێكی كراس ره‌شی پرچ له‌ پشته‌وه‌ قیت و تۆپ به‌ستوو، سه‌رێ ده‌رهێنا و هاواری كرد:

قوربانی ئه‌و كوڕه‌ جوانانه‌ بم، حێلتر، حێلتر، ئه‌ی ره‌قیب حێلتر..
ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر له‌ قوتابخانه‌ نا، له‌ رێوبان و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و رادیۆشه‌وه‌ هه‌ر زیندووه‌، له‌ رێی قوتابخانه‌، سبه‌ینان له‌ شامینۆكفرۆشه‌كه‌ حێلتر ئه‌ی ره‌قیبمان ده‌گوته‌وه‌، له‌ كۆڵانێ له‌ ناو گه‌مانێ، گه‌مه‌ی هه‌لیكانێ (هه‌لیك هه‌سته‌، بازه‌ به‌سته‌..) ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ ساپساپانێ( كه‌ پێیه‌ك له‌ هه‌وایه‌ و به‌ پێیه‌ك به‌ردێكی پان له‌ خانه‌یه‌كی سه‌ر عه‌رده‌ وه‌ ده‌به‌یته‌ خانیه‌كیتر) ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ خۆ به‌ ترومبێل كردنه‌وه‌ كه‌ خوا خوات بوو هێواش بكاته‌وه‌ تا خۆت فرێده‌ی، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ ژماردنی ئه‌ستێرانی سه‌ربانان، كه‌ كه‌سمان ته‌واومان نه‌كرد، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌،..

شه‌وان له‌ راوكردنی شه‌مشه‌مه‌كوێران، كه‌ كڵاومان هه‌ڵده‌دا، ئێ ئه‌وه‌ خوایه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ك بكه‌وێته‌ بن كڵاو و بیگرین، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ سه‌ر گۆمی شه‌خته‌كه‌ی به‌لاشاوه‌، كه‌ دواتر كه‌س باوه‌ڕینه‌ده‌كرد لێره‌ گۆمی شه‌خته‌ هه‌بووبێ، خلیسكانێمان ده‌كرد و ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ پێش ده‌رگای ماڵی كه‌ویار له‌و جێگه‌یه‌ی كیژان پێنجوكانێَیان ده‌كرد، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، به‌ دیار په‌لكه‌ زێڕینه‌وه‌ كه‌ به‌ پرچی ئایشه‌ و فاتمه‌ ناوی كه‌وتبووه‌ سه‌ر زاری كیژان، ئه‌ی ره‌قیب ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ هه‌موو جێ ئه‌ی ره‌قیب به‌ ئاشكرا ده‌گوترایه‌وه‌، به‌ڵام له‌و رادیۆیه‌ی كه‌ سه‌ر له‌ ئێواران له‌ سه‌ری ده‌بووه‌ پڕكێش پركێش و هه‌ر كه‌سه‌وه‌ رایده‌كێشایه‌ بن گوێی خۆی، له‌به‌ر غژه‌ غژه‌ باش تێینه‌ده‌گه‌یشتین، ئه‌ی ره‌قیب به‌ نهێنی ده‌گوترایه‌وه‌، من هه‌ستمده‌كرد نهێنیه‌، ئاخر بابم ده‌یگوت:
كوڕم له‌ كن كه‌س نه‌ڵێن وگوێمان له‌ رادیۆی سه‌رێ گرتیه‌ و ئه‌ی ره‌قیبمان بیستیه‌..

ئه‌و رادیۆیه‌ كه‌ به‌رگه‌كه‌ی له‌ ره‌نگی كراسه‌كه‌ی كه‌ویار بوو، پڕ سه‌رهاته‌ و دوایی دێمه‌وه‌ سه‌ری، ئه‌ی ره‌قیب له‌و ده‌مه‌و به‌هاره‌ی كه‌ له‌ شه‌وێكدا شار به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا به‌ چیا كه‌وت، تا ئه‌و به‌هاره‌ی پیاوه‌ تیلاك خواره‌كانی پێشتر سه‌ركزانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شار، ئه‌ی ره‌قیب له‌ گوێی من ده‌نگی نه‌بڕا، له‌ خڕ لاوه‌ ده‌نگی ده‌هات،
له‌ باره‌ی ئه‌ی ره‌قیبی ساڵی كاولبوونه‌كه‌ سه‌ربرده‌ و قسه‌ زۆره‌، ئه‌وه‌تا مه‌لایه‌ك له‌ مزگه‌فتێ دێته‌وه‌، تووشی منداڵانی ده‌م به‌ ئه‌ی ره‌قیبه‌وه‌ ده‌بێ، ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ی رێ له‌ ئه‌ی ره‌قیب بگرێ، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ به‌ گژ خوادا بچێ..
شاتكه‌ شێت له‌ سه‌ر به‌رگی بالیفێ- ده‌بێ له‌ جۆته‌ خوشكه‌وه‌ فێربووبێ- به‌ خه‌تی دروومانی نووسیویه‌تی:
((كورد نامرێ)) به‌ڵام فیشه‌كه‌ شێته‌ی مێردی گوتبووی:
ئه‌و بالیفه‌ فڕێده‌، حوكمه‌ت بیبینێ، بالیف ده‌خاته‌ سه‌ر زارمان و ده‌مانخنكێنێ..
حه‌مه‌د مه‌ستان ، به‌ دیار شووشه‌ی نیوه‌ پڕه‌وه‌ كه‌ پێشتر جاروبار(له‌ باخان ئاه و ناڵین دێ) و (یار به‌ره‌و رووی ماڵان دێ)ی ده‌گوته‌وه‌، ئێستا خاو خاو له‌ خاوكه‌ر خاوتر (ئه‌ی ره‌قیب) ده‌ڵێته‌وه‌، هێند خاوی ده‌گوته‌وه‌، له‌ سرووده‌وه‌ كردبوویه‌ حه‌یران، ژنه‌كه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌كی كراسه‌كه‌ی هه‌ڵكراوه‌ و پێش ده‌رگا گه‌سكده‌دا و له‌ بن بارانێش سۆنده‌ی ئاوێی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌ڵێته‌ مێرده‌ مه‌سته‌كه‌ی:
تۆ به‌ مردنی خۆت نامری، یان عه‌ره‌ق یان حكومه‌ت ده‌تكوژێ..
حه‌مه‌د مه‌ستان ده‌ڵی:
به‌ كیهه‌یان بمرم شه‌هیدم.
بڵندتر ئه‌ی ره‌قیب ده‌ڵێته‌وه‌، هێند بڵند ده‌گاته‌ ماڵی ئه‌نۆ كه‌ ماڵیان له‌و سه‌ری به‌لاشاوه‌یه‌، نزیك كه‌ندی گڵكه‌ند ئه‌و كه‌نده‌ی هێنده‌ی ئاوی رژاندۆته‌ شاره‌وه‌ هێنده‌ش پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ تاریكایی ئه‌و كه‌نده‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ شار و گورزی خۆیان ده‌وه‌شاند و هه‌ر به‌وێدا یان به‌ كه‌ندی به‌لاشاوه‌دا هه‌ر به‌ تاریكی ده‌گه‌یشتنه‌وه‌ زوورگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی شار، كه‌نده‌كان پڕ سه‌رهاتن، تا كۆڵان كۆڵان مابێ كه‌نده‌كان ناوه‌ ناوه‌ دێنه‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام تاكه‌ كه‌سێ بتوانێ سه‌ربرده‌ی كه‌ند و پێشمه‌رگه‌ بگێڕێته‌وه‌، ئه‌نۆی به‌لاشاوه‌ی ماڵ له‌ نزیك كه‌ندی گڵكه‌نده‌، حه‌یف! چوو، گوێمان له‌و سه‌ربردانه‌ نابێت..

ئێ، با بێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ی ره‌قیب، ئه‌نۆ ئه‌و كوڕه‌ی كێشكه‌ی به‌ دار و دارتێله‌وه‌ نه‌هێشتبوو، به‌ دار لاستیقه‌كه‌ی ئاسمانی به‌لاشاوه‌ی رووتكردبۆوه‌ له‌ ته‌یر و تواڵ، نه‌ زێده‌گۆییه‌، نه‌ خه‌یاڵ و نه‌ هیچ له‌وانه‌، چۆنی ده‌گێڕمه‌وه‌ وایه‌، له‌ ترسی دارلاستیقی ئه‌نۆ، نه‌ك هه‌ر مه‌ل كۆپته‌ریش نه‌یده‌وێرا به‌ ئاسمانی به‌لاشاوه‌دا هه‌ڵفرێ، من دێته‌وه‌ بیرم ساڵانه‌ قاز و قورینگ به‌ ئاسمانی به‌لاشاوه‌دا ده‌هاتن و به‌ سه‌ر قه‌ڵاتدا نازانم به‌ره‌و كوێی دنیا ئاسمانیان ده‌گرت، راسته‌ پێش په‌یدابوونی ئه‌نۆ، پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ ته‌قه‌یان له‌ كۆچی قازوقورینگ كرد و دڵیان ئێشاندن، به‌ڵام دار لاستیقی ئه‌نۆ كار له‌ تفه‌نگ نه‌بوو، ئه‌و بوو رێی به‌ قازو قورینگان گۆڕی، دوایوه‌ی ئه‌نۆ به‌ دار لاستیقه‌كه‌ی كه‌لاستیقه‌كه‌ی له‌ چووپی ماتۆڕ بوو، له‌ گای دابا ده‌یته‌پاند، دوو سێ قاز و سێ چوار قورینگی له‌ ئاسمان په‌له‌واژ كرده‌وه‌ و تا گه‌یشتنه‌ سه‌ر عه‌ردی به‌لاشاوه‌، چه‌قۆیان به‌ سه‌رڕا نه‌گه‌یشت، ئه‌و به‌سته‌زمانانه‌ رێی خۆیان گۆڕی، به‌ سه‌ر مه‌نتكاوه‌ و رووناكی و كۆماری و سه‌یداوه‌دا به‌ سه‌ر قه‌ڵاتدا ئاودیو ده‌بوون و چه‌تۆی سه‌رناس گۆته‌نی ده‌گه‌یشتنه‌ چیای مه‌قلووبی شێخان و له‌وێشه‌وه‌ هه‌ر خۆیان ده‌زانن بۆ كوێ! هه‌ر ئه‌و ئه‌نۆیه‌ و به‌و دارلاستیقه‌ی ده‌ستی پرته‌قاڵ و هه‌ناری به‌ كۆماری گه‌ڕه‌كی (كۆماری)یه‌وه‌ نه‌هێشتبوو، به‌ چاوی خۆم دیتوومه‌، ئه‌و ئه‌نۆ نیشانشكێنه‌، له‌ دووریی دوو سێ دارتێله‌وه‌ نیشانه‌ی له‌ هه‌ناری به‌ داره‌وه‌ گرتووه‌، هه‌نار فڕیوه‌ هه‌ر ده‌نكه‌ی له‌ پێش ده‌رگایه‌ك كه‌وتووه‌، سه‌رهاتی كۆپته‌ره‌كه‌ش راسته‌ من به‌ چاوی خۆم نه‌مدی، به‌ڵام راسته‌، ئه‌وانه‌ی گێڕایانه‌وه‌، درۆیان لێناوه‌شێته‌وه‌، وا گه‌یشت و گه‌ڕه‌ك وای گێڕایه‌وه‌:

له‌ بن جۆت عاموودان(دارتێلان) له‌ پشته‌وه‌ی به‌لاشاوه‌، كۆپته‌ر خۆی نه‌وی ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ شتێك به‌رداته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی دوای كاولبوونی دنیا، له‌وێ سه‌نگه‌ریان لێدابوو، چادریان هه‌ڵدابوو، ئه‌نۆ له‌ بن دارتێله‌وه‌ له‌ ناو گه‌نمه‌وه‌ كه‌ به‌ژنێ هه‌ڵیدابوو، نیشانه‌ له‌ كۆپته‌ر ده‌گرێ و ته‌قه‌ی لێوه‌دێنێ، كۆپته‌ر زراوی ده‌چێ، به‌ خۆهه‌ڵدانێ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ بنی ئاسمانێ، تۆبه‌ده‌كات و جارێكیتر گوو ده‌خوات له‌و ئاقاره‌ هێنده‌ له‌ زه‌وی نه‌ویبێته‌وه‌..
ده‌ڵێی ته‌واوێك له‌ ئه‌ی ره‌قیب دووركه‌وتوومه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئه‌نۆیه‌ كه‌ له‌ هه‌وكه‌وه‌ هه‌وكه‌ی ناو سه‌ربرده‌ تا شه‌ش حه‌فت ساڵێكیتریش له‌گه‌ڵمه‌، سه‌رهاتی هێند زۆره‌، وه‌خته‌ بڵێم به‌لاشاوه‌ بێ وی و كه‌ویار و رێحانه‌ نه‌ گه‌ڕه‌كه‌ نه‌ هیچ، ئێ، وا هاتمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ی ره‌قیب و ئه‌نۆ، وه‌ك بینینی فیلم دێته‌وه‌بیرم، ئه‌نۆ له‌ پێش ده‌ركه‌ی زێوه‌ر گوتی:
زناحم له‌گه‌ڵ دایكی خۆم كردبێ، هه‌ر كه‌سێ نه‌هیڵێ ئه‌ی ره‌قیب بڵێم، به‌و دارلاستیقه‌، سه‌ری ده‌په‌ڕێنم..
تا له‌ بیرمنه‌چووه‌، ئه‌نۆ دارلاستیقی ده‌هێنایه‌ قوتابخانه‌، له‌ بن دره‌ختێ، له‌ كونی سولاوكه‌، له‌ كونی مه‌زرا، له‌ بن گونی خۆی، چووزانم له‌ جێیه‌ك ده‌یشارده‌وه‌، هه‌موو رۆژێ به‌ دارلاستیكه‌وه‌ ده‌هاته‌ قوتابخانه‌ و جارێكیش لێینه‌گیرا، دێته‌وه‌بیرم جارێك هیچ چاره‌ی نه‌بوو، دایه‌ من و گوتی:
چ مامۆستایه‌ك شك له‌ تۆ ناكات، با له‌كنه‌ تۆ بێت..

خستمه‌ گیرفانمه‌وه‌ و هه‌ر له‌وه‌شه‌وه‌ پتر بووینه‌ براده‌ر و هه‌میشه‌ له‌ سه‌ری ده‌كردمه‌وه‌، ئێ، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، كڵاوی مامۆستاكه‌ فڕی، زستان بوو، مامۆستا كڵاوێك وا بزانم كاسكێكتیان ده‌گۆتێ، له‌ سه‌ر بوو، كڵاو كه‌وت، ئاوه‌ڕده‌ده‌مه‌وه‌ ئه‌نۆ دارلاستیكه‌كه‌ی ده‌خاته‌ به‌ڕكی شه‌رواڵه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ جێی دوو سێ گندۆره‌ی لێده‌بۆوه‌، له‌ رێیێ گۆتی:
ئه‌و كه‌چه‌ڵه‌، نایه‌ڵێ (ئه‌ی ره‌قیب) بڵێینه‌وه‌!؟
ئه‌و رووداوه‌م له‌ ماڵێ گێڕایه‌وه‌، بابم گوتی:
كوڕم، هه‌ر كه‌سێ دژی ئه‌ی ره‌قیب بوه‌ستێته‌وه‌، نه‌ك كڵاو سه‌ریشی ده‌په‌ڕێ.

سوێندی كه‌سم له‌ سه‌ر نیه‌، ئه‌و ساڵه‌ی ده‌ڵێم ئه‌ی ره‌قیب هێنده‌ی ئه‌لفاتیحا هاتۆته‌ سه‌ر زاران، هێنده‌ی به‌رگی كتێب و ناوی خۆمان هاتۆته‌ به‌ر چاومان، ئه‌و ساڵه‌ منداڵ به‌ كه‌رتكه‌ گه‌چان چ جێ نه‌ما له‌ سه‌ری نه‌نووسن ئه‌ی ره‌قه‌یب، سه‌ر به‌رد و دار، دارتێل و دیوار، سه‌ر خۆڵ و قوڕ، سه‌ر ته‌نه‌كه‌ و چاكه‌تی مامۆستا و سه‌ر به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنان..
به‌ چاوی خۆم دیتم له‌ سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ خه‌تێكی ناڕێكی ره‌ش نووسرابوو:
هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی كوردزمان..
كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ هه‌رای نایه‌وه‌، هه‌بوو به‌ سووكایه‌تی به‌ كوردی خوێنده‌وه‌، به‌ فیتی جاشی تێگه‌یشتن، جاشی له‌ جاشانیش، چوونكێ هه‌موو جاشێك كاری وا ناچیزه‌ ناكات، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س به‌ كاری شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌ژماركرد و وا بزانم حه‌مه‌د مه‌ستان بوو گۆتی:
خۆ سه‌ر پشتی كه‌رێ له‌ ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌فتێ پیستر نیه‌، ئه‌دی لۆ له‌وێ ده‌نووسرێ!

مه‌لارۆكیشم دیت شووشه‌یه‌ك نه‌فتی ده‌ستدایێ، كه‌ری كورد له‌ پشتێی گرت و كه‌وته‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی بۆیاغی سه‌ر پشتی، هه‌بوو گومانی لۆ وی چوو، به‌ڵام سوێندی به‌ زاد ( گه‌نم و جۆ) ی بنیاده‌م و كه‌رانی ده‌خوارد كه‌ ده‌ستی وی تێدانیه‌..
ئه‌ی ره‌قیبی سه‌ر چاكه‌تی مامۆستاش هێنده‌ی قه‌ومی كوردی سه‌ر پشتی كه‌رێ ده‌نگیداوه‌، له‌ قوتابخانه‌وه‌ به‌ ئیسكاندا هات و هه‌موو به‌لاشاوه‌ی گرته‌وه‌، بزانه‌ سه‌ربرده‌ی چاكه‌ته‌كه‌ چۆنه‌:
مامۆستایه‌ك هه‌یه‌، كاتێ داده‌نیشێ و لاق ده‌خاته‌ سه‌ر لاق و ده‌كه‌وێته‌ قسه‌، پێلاوی له‌ پێ بكه‌وه‌ ئاگای لێ نیه‌، قووڵ رۆده‌چێته‌ ناو باس و خواسان، ئه‌گه‌ر باسه‌كه‌ شتێكی ئه‌وتۆش نه‌بێ، ئه‌و ئه‌و گه‌وره‌ی ده‌كات و په‌لوپۆی لێده‌بێته‌وه‌، باسی دارا و زارا بكات، ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئاده‌م و حه‌وا و ده‌ركردنیان له‌ به‌هه‌شتێ، باس باسی مێوژی مام زۆراب بێ، ده‌مانباته‌وه‌ ناو ره‌ز و باخی خۆشناوه‌تی و چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی دار و دره‌ختان، ئێ، له‌ قسه‌ی مامۆستا گه‌ڕێ، با چاو ده‌ینه‌ سه‌ر چاكه‌تێ ، مامۆستا هه‌ستا سه‌ر ته‌خته‌ره‌شێ، له‌ سه‌ر دامه‌نی چاكه‌تی سپی، لای چه‌پی، به‌ خه‌ته‌كی خۆشی ره‌ش (ئه‌ی ره‌قیب)ه‌كی له‌ په‌نجه‌ پانتر، وه‌ك بڵێی ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ها نه‌خشابوو، مه‌گه‌ر جۆته‌ خوشك وا بینه‌خشێنن.

پۆل ده‌زانێ كه‌رخی ئه‌و كوڕه‌یه‌ كه‌ به‌ جووته‌ پێنووسی دار جوان ده‌نووسێ، ئه‌و وانه‌یه‌ مامۆستا تا ده‌ستی شل بوو له‌ سه‌ر ته‌خته‌ره‌ش شتی نووسی، به‌ڵام پۆل به‌ ده‌نگی نزم چاكه‌تی مامۆستایان خوێنده‌وه‌، له‌ ناو جاده‌ و كۆڵان و گه‌ڕه‌كیش گۆتیانه‌وه‌، وا بزانم مامۆستا هه‌وكه‌شپێوه‌ نه‌یزانی ئه‌ی ره‌قیبی پێوه‌!
ئه‌دی ئه‌ی ره‌قیبی ده‌ست و په‌نجه‌ی جۆته‌ خوشك، ئه‌گه‌ر به‌ كامی دڵ قسه‌ له‌ نه‌خش و نیگاری جووته‌ خوشك نه‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كۆڵانێكی جوانی به‌لاشاوه‌ له‌ نه‌خشه‌ی به‌لاشاوه‌ بسڕمه‌وه‌، ئاخر چ سه‌رنان و به‌رگه‌ بالیف و به‌رگه‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و په‌رده‌ی ده‌لاقه‌ و په‌نجه‌ره‌، تۆ په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستیشی به‌گه‌ڵ بده‌، نیه‌، نه‌خشی په‌نجه‌ی وانی پێوه‌ نه‌بێ، ئه‌وه‌ی نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشكی دیتووه‌، شایه‌دی ده‌دا كه‌ (مانی)یش هه‌ر وا نه‌خشی نه‌خشاندووه‌.

ماڵی جۆته‌ خوشك له‌و سه‌ر كۆڵانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌كدا پێچبكه‌یته‌وه‌ ده‌كه‌ویه‌ كۆڵانی ماڵی شفتیفرۆشه‌كه‌، با بڵێین كۆڵانی پێنج شه‌هید، دیاره‌ من دواترێ ئه‌و ناوه‌م لێی ناوه‌، ده‌نا له‌ به‌لاشاوه‌ كۆڵانێك نیه‌ به‌و ناوه‌، ئێ، له‌ ماڵیان گه‌ڕێ، بزانین نه‌خش ونیگاریان چۆن به‌ ماڵاندا ده‌گه‌ڕێ..
هه‌ر ده‌بێ به‌ به‌ندێكی پلكه‌ به‌ندبێژ بچینه‌ سه‌ر باسی جۆته‌ خوشك، ئاخر تا به‌ندی وی هه‌بێ، سه‌رهاتخوان ناوی خوداشی به‌ زاردا نایه‌، به‌ندی وی (هه‌بوو نه‌بوو)ه‌، تۆبه‌ خودایه‌! خوداش به‌ دوای ویدایه‌، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ به‌ندێكی درێژ، درێژتر له‌و رسته‌ی له‌ حه‌وشه‌ی گه‌وره‌ی ماڵی جۆته‌ خوشك هه‌میشه‌ چه‌ند پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌خشدار، تۆ بڵێ ئاڵای به‌ سه‌ره‌وه‌ هێند به‌ ناز ده‌شه‌كانه‌وه‌، جۆته‌حاجی له‌قله‌قه‌كه‌ی هه‌ولێرێش مرخیان لێ خۆش كردبوو، به‌نده‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ كۆڵانی ماڵی كه‌ویاریش درێژتر بوو، به‌ڵام من چ مێشكم ماوه‌! حه‌یف هه‌ر هێنده‌م بیرماوه‌:

جۆته‌ خوشكه‌ك هه‌ن له‌و سه‌ری
كراسی باخیان له‌ به‌ری
فۆته‌ی گوڵداریان له‌ سه‌ری
شاریان نه‌خشاند سه‌ر له‌ به‌ری
كراسی به‌ری جۆته‌ خوشك چ ته‌رز و ره‌نگ بوون، نایه‌نه‌وه‌ به‌ر بیناییم، به‌ڵام فۆته‌ی سه‌ریانم له‌ چاوه‌، گوڵه‌ به‌یبوون وخه‌زێمه‌یان لێ چنراوه‌، هێند جوانیان ده‌به‌ست، ئه‌و ژنانه‌ی ده‌مێك بوو فڕێیاندابوو، به‌ دیتنی وان بۆ فۆته‌ گه‌ڕانه‌وه‌، نه‌خشی فۆته‌ش هه‌ر چنراوی ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆیان بوو، جۆته‌ خوشك وه‌ها تێكه‌ڵی نه‌خش و چنینن، ناپرژێنه‌ سه‌ هیچ، نه‌نه‌ خانی دایكی سوڵتانه‌ شێت گۆته‌نی: له‌بیریانچووه‌ شته‌ك هه‌یه‌ مێردكردنی ده‌ڵێنێ.. چاوچاوانێ و حه‌زحه‌زۆكێ و ئه‌و شتانه‌ش نازانن چیه‌، لۆ جوانیش له‌ جوانان بوون، به‌ژن لاولاوی، پرچ خاوی، به‌ڵه‌ك چاوی له‌وانه‌ بوون وه‌ك ده‌ڵێن برای خۆیان عاشقیان ده‌بوون..
ده‌رێ و گه‌ڕانیان نیه‌، كه‌مه‌، چ جێ پێنازانن، به‌ره‌ جه‌ژنانێك له‌ بن قه‌راتێ له‌ دایكیان داده‌ده‌بڕێن ، به‌ساكه‌ گۆڕی و ریم و پاسان ناكه‌ونه‌وه‌، بۆ بانگه‌واز ده‌چنه‌ مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قان، مه‌لا ئه‌وها بانگ راده‌دێرێ:

دوو كیژۆره‌ له‌ پێش ده‌ركه‌ی مزگه‌فتی خانه‌قایێ چاوه‌ڕێی داكیان ده‌كه‌ن..
جۆته‌ خوشكی ده‌ستڕه‌نگین دێنه‌ كۆڵانێش ده‌رزی و ده‌زوویان له‌ ده‌سته‌ و په‌ڕۆ ده‌نه‌خشێنن، دایكیان گۆتبووی:
ده‌ست به‌ ده‌رزیه‌وه‌ خه‌ویان لێكه‌وتووه‌..
ئه‌دی ده‌رزی له‌ مه‌مكی گه‌وره‌كه‌یان رانه‌چوو! لێی پیس نه‌كرد! ده‌رزی، دوای ده‌رزی بڕێ! كچ خه‌وی لێده‌كه‌وێ و ده‌رزیی له‌بیرده‌چێ، له‌ خۆ وه‌رگێڕانێ ده‌رزی له‌ مه‌مك راده‌چێ.. دكتۆری هه‌ولێر و مووسڵا نه‌ما پێینه‌كه‌ن، بردیانه‌ به‌غداش، خوای نه‌خش و نیگار كردی هێشتیه‌وه‌ و نه‌یكوشت، بابی سێ جوانه‌گای له‌ خۆی گرتبوو، ده‌مه‌و عه‌سرانێ ماڵ نه‌بوو له‌ به‌لاشاوه‌ له‌گه‌نه‌ گۆشتێكی بۆ نه‌چێ، خوشكی گچكه‌ش به‌رگه‌ بالیفی نه‌خشداری له‌ خۆ گرتبوو، پاشۆڵێكی به‌خشی، ئێمه‌ش به‌رمان كه‌وت، له‌ ماڵێ له‌ سه‌ری به‌شه‌ڕهاتین، شه‌ڕه‌ بالیفێكمان كرد، ده‌تگوت رێوی چۆته‌ كۆڵیتی مریشكان، له‌ به‌ر په‌ڕه‌مووچه‌ چاو چاوی نه‌ده‌دی، بالیفه‌كان چنگێ كه‌متریان لێمایه‌وه‌، خۆ له‌بیرتانه‌ هه‌ینێ بالیف په‌ڕه‌مووچه‌ی تێدابوو، هه‌ر ئێمه‌ نا، منداڵ نه‌بوو له‌ سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك به‌ شه‌ڕ نه‌یێ!

ئاخر سه‌ر نانه‌ سه‌ر بالیفی وان، وه‌ك چوونه‌ ناو په‌پووله‌ وگوڵان وایه‌، ئه‌و به‌رگه‌ی شه‌ڕه‌ بالیفی له‌ ماڵی ئێمه‌ نایه‌وه‌: عه‌رده‌كه‌ی به‌ لای مۆریدا ده‌ڕوانێ، دوو په‌پووله‌ باڵیان لێككردۆته‌وه‌، یه‌كیان سپی سپی، پنتی ره‌شی تێدا، ئه‌ویدی پرته‌قاڵی هێل هێل هێلی باریكی شینی ئاسمانیی تێدا، له‌ پێش په‌پووله‌كان گوڵێكی سوور به‌ لاسكێكی ناسكه‌وه‌، له‌ نێوان گوڵ و په‌پووله‌ سێ چوار په‌ڕی گوڵ وه‌ك بڵێی له‌ سه‌مادان، یان خۆیان بۆ پێشوازیی په‌پووله‌كان راخستبێ، له‌ سه‌رێ دوو په‌له‌ هه‌وری نازانم چ ره‌نگ، وه‌ك بڵێی كه‌وتبنه‌ به‌ر تیشیكی زه‌رده‌په‌ڕ، ته‌نكه‌ سێبه‌ریان به‌ سه‌ر په‌پووله‌ و گوڵه‌وه‌ دیاره‌..

نه‌خشی سه‌ر بالیفه‌كه‌ی كه‌ویاریشم له‌ چاو نه‌خشاندووه‌ و دوای ئه‌و هه‌موو نه‌خشه‌ و ره‌نگه‌ی به‌ سه‌ر دنیادا هات ره‌شنه‌بۆته‌وه‌، دنیاش كاول بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك به‌ هێل و ره‌نگه‌وه‌ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌:
وێنه‌ی ناوله‌پێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ په‌نجه‌ی شوو شوو باریكه‌وه‌، چ په‌نجه‌یێ، له‌ شێوه‌ی په‌لكی داربی، نینۆكی پێنج په‌لكه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ندووكی كه‌ون، سوور ده‌چنه‌وه‌، كه‌ویار گۆتبوویه‌ كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان:
كاتی سه‌ر ده‌خه‌مه‌ سه‌ر بالیفی خۆم هه‌ستده‌كه‌م گوێم له‌ ده‌نگی كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕناكه‌یت، وه‌ره‌ له‌ سه‌ری بخه‌وه‌..
خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و قسه‌ی به‌ من گۆتبا.
بالیفی كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش، نه‌مدیتبوو، به‌ڵام به‌ قسه‌ی خۆی بێ، نه‌خشه‌كه‌ی دوو باڵی په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌، هه‌ر باڵه‌ی به‌ لایه‌كدا ده‌فڕێ، هه‌ندێ پووشیش وه‌ك بڵێی با هه‌ڵیگرتبن، به‌ ئاسمانه‌وه‌، شتێكی گچكه‌ش له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌ پێده‌چێ ده‌ندووك بێ، كچه‌ له‌ جۆته‌ خوشكی پرسیبوو:
ئه‌و به‌رگه‌ بالیفه‌ زۆر جوانه‌، به‌ڵام تێناگه‌م لۆ ئه‌وهایه‌!
گۆتبوویان:
له‌ تێگه‌یشتن گه‌ڕێ، جوان، جوانه‌!
نه‌خشی ده‌ستی سه‌ر به‌رگه‌ بالیفی جۆته‌ خوشك، ده‌ستاوده‌ست ده‌كه‌ن، ژن و كچانی گه‌ڕه‌ك ئه‌وانه‌ی ده‌ستی نه‌خش و چنینیان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌ پێش ئاوێنه‌ له‌ خۆ وردده‌بنه‌وه‌، ئاوا به‌ دیار نه‌خش و ره‌نگی جۆت خوشكه‌وه‌ راده‌مێنن، به‌ڵام په‌نجه‌یێ له‌ ره‌نگی په‌نجه‌ی ئه‌وان په‌یدا نه‌بوو، نه‌خشی سه‌ر به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك له‌ دووره‌وه‌ ده‌ناسرانه‌وه‌، سه‌رنانی ده‌ستی وان رۆژیی به‌ رۆژیوانان ده‌شكان، دڵگیراوی ده‌هێنایه‌ سه‌ر خوان، هه‌ركه‌سێ نه‌خشی سه‌رنانی ئه‌وانی له‌ سه‌ر تلیانه‌ی نانێ ده‌دی تازه‌ش له‌ سه‌ر نانێ هه‌ستابا، حه‌زی ده‌چووه‌ نان، جۆته‌ خوشك به‌ سه‌د ته‌رز نه‌خشیان ده‌نه‌خشان، ده‌ بڕوانه‌ ئه‌و سه‌رنانه‌:

عه‌رده‌كه‌ی ره‌نگ جۆییه‌، جۆی ره‌ش، له‌ ناوه‌ندێ به‌ ره‌نگی سپی، له‌ گه‌نم سپیتر نانێكی نه‌خشاندووه‌، له‌ نه‌خشاندنێ دیاره‌ ته‌نكه‌، ته‌نك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵیش ته‌نكتر، له‌ چوار ده‌وری نانه‌كه‌ سێ چوار ئه‌نگوتكی قیت، له‌ مه‌مكی خۆیان قیتتر، له‌ ره‌نگ له‌ چ ئه‌نگوتكێ ناچن، ره‌نگی مێوژی ره‌شیان گرتووه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناوبرێشكێ به‌ سێ په‌نجه‌وه‌ دیاره‌، ناوبرێشك ره‌نگی نانی نه‌ختێك سووتاوی گرتووه‌، په‌نجه‌ش ده‌ڵێی ئێستا له‌ خه‌نه‌ی گرتووه‌، ئه‌نگۆ بڵێن، خۆتان له‌ خودا مه‌كه‌ن، نه‌خشی واتان له‌ سه‌ر سه‌رنان دیتووه‌!

چاوده‌نه‌ سه‌رنانه‌كه‌ی ماڵی نه‌نه‌خان، دوو گوڵه‌ گه‌نم به‌ لاسكی درێژه‌وه‌، به‌ گوڵی ره‌ژگوڵ ده‌چن، پرژیان ره‌ش ره‌ش ده‌ڵێی برژانگی خۆیانه‌، له‌وێیان نه‌خشاندووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ چاو و برۆی جۆته‌ خوشكیان بینیبێ، قسه‌كه‌م لێوه‌رده‌گرن، له‌ نێوان دوو گوڵه‌كه‌ ره‌وسه‌ی گه‌نم له‌ شێوه‌ی له‌گه‌نه‌ پڵاوساوار هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ش ته‌باره‌یه‌ك ده‌ڵێی په‌له‌ هه‌ورێكی ته‌نكه‌ به‌ سه‌ر زه‌ویه‌وه‌ نیشتۆته‌وه‌، شاتكه‌ شێت گۆته‌نی:
ده‌وجا وه‌ره‌ حه‌زت نه‌چێته‌ نانی بن سه‌رنانێ!

به‌ شاتكه‌ شێت سه‌ری پشیله‌م بیركه‌وته‌وه‌، جۆته‌ خوشك له‌ سه‌ر خواست نا، به‌ دڵی خۆیان نه‌خشیان ده‌نه‌خشاند، به‌ڵام دڵی شاتكه‌یان نه‌شكاند، پێیگوتبوون: مشك هه‌راسانی كردم، نه‌ده‌رمان كاریان تێده‌كات، نه‌ له‌ پشیله‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، پشیله‌ی سه‌ر گه‌وره‌م له‌ ئێوه‌ ده‌وێ..
جۆته‌ خوشك سه‌ری سێ پیشیله‌یان له‌ سه‌رنانێ نه‌خشاند، له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای تلیانه‌ی نانت كردبا،
پشیله‌ چاوی له‌ چاوت بڕیبوو، به‌ڵام چ پشیله‌یه‌ك، هێند جوان هێند جوان، مشك نه‌ك هه‌ر لێی ناڕه‌وێنه‌وه‌ حه‌زده‌كه‌ن بۆی بچنه‌ ژوان!
به‌رگی رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكانیش ده‌ستكردی جۆته‌ خوشكه‌، له‌ ته‌نكی و ناسكی له‌ تارای بووك ده‌چێ، دوو چاوی گه‌شی له‌ سه‌ر چنرابوو، تا هه‌ینێ چاوی چ بووكێ وا نه‌نه‌خشابوو.. دواترێ له‌ پێش قاپیی مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قێ به‌رگێكم به‌ رادیۆی ده‌ستی عه‌مۆ جه‌لیله‌وه‌ دیت، هه‌ر ده‌بێ نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بووبێ..

ئه‌دی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵی فازیل رێحانه‌، وه‌ی وه‌ی! چه‌ند چڵه‌ رێحانه‌یه‌كی لێ چنراوه‌ هه‌ر ده‌ڵێی به‌ راستیه‌، ده‌ڵێی رێحانه‌ی سه‌ر به‌ڕكی رێحانه‌یه‌..
له‌ سه‌ر په‌رده‌ی سه‌ر ئاوده‌ستێش، مه‌سینه‌ی وایان ده‌چنی، ده‌ستت بۆی ده‌برد له‌گه‌ڵ خۆت بیبه‌ته‌ ژۆرێ..
ئۆی، تا ئه‌و سه‌ری گه‌ڕه‌كێ له‌ ئه‌ی ره‌قیب دووركه‌وتمه‌وه‌، ئه‌ی ره‌قیبه‌كه‌م له‌ ماڵی بڕنۆ دیت، له‌ سه‌ر په‌رده‌ی ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی كه‌ پێشتر وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مه‌لا مسته‌فای به‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، له‌ سه‌ر په‌رده‌ی شین كۆمه‌ڵێ پیتی سووری په‌رت و بڵاو دیارن، زۆری برد تا پیت پیت لێكم دان و بوونه‌ (ئه‌ی ره‌قیب…) ئه‌وه‌ش نه‌خشی ده‌ستی جۆته‌ خوشك بوون..

به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشك، هه‌ر له‌ به‌لاشاوه‌ نا، په‌ڕیه‌وه‌ به‌ری گڵكه‌ند و سه‌یداوه‌، به‌ شاردا بڵاوبۆوه‌، گه‌یشته‌ ده‌ڵاڵخانه‌ی ناو قه‌یسه‌ری، گوێیان لێبووه‌، پیرێژن له‌ ناو په‌ڕۆوپاتاره‌وه‌ هاواریكردووه‌:
وه‌رنه‌ به‌رگه‌ بالیف و سه‌رنانی جۆته‌ خوشكان..

یه‌ك جۆته‌ خوشك هه‌بوو، وه‌ك چۆن له‌ دوای ده‌روێش برایم بانگدان حه‌رامه‌، له‌ دوای مام دێوانه‌ زوڕنا و له‌ دوای مه‌لا عه‌بدوڵلای ده‌فژه‌ن، ده‌ف بێ تامه‌، له‌ دوای جۆته‌ خوشكیش چ ره‌وا نیه‌ كه‌س ده‌ست بۆ نه‌خش و چنین ببات، داخی گرانم، جۆته‌ خوشكیش به‌ ده‌ردی شه‌هابه‌ی هه‌ولێری و مینكه‌ی شمشاڵژه‌ن چوون، له‌ دوای خۆیان هه‌ستانێ، ئاوازێ، نه‌خشێ بۆ شار به‌جێنه‌ما..
جۆته‌ خوشك دێنه‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، ئێستا ده‌بێت به‌ ده‌وری رادیۆكه‌ی پیری سوارچاكان بازنه‌ ببه‌ستین و گوێ له‌ ده‌نگی (ئێره‌ ده‌نگی..) بگرین




سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و غیابی نەوشیروان مستەفا …. ئارام عزیز عبدالله

دەمەوێت لەڕێگەی ئەم نوسینە خەبات و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگۆشەنیگای ڕەهەندی ڕەخنەوە بخەمەڕوو بەپشت بەستن بەگیانی ڕەخنەو لەسەر بنەمای بونیادنانی یان باشترکردنی لەوەی کە پێمان وابووە لەڕابردودا زیانی بەڕەوتی خەباتی مەدەنیانەی بزوتنەوەکە گەیاندووە… ئەویش بەدەست خستنەسەر کەم و کوڕیەکان خستنەبەرچاوی هەر هەڵەیەکی سیاسی و ئیعلامی لەتەواوی بەر پرس و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەدا…
بزوتنەوەی گۆڕان وەک دەرکەوتنێکی سیاسی نوێ و جیاواز لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە(۲٥/۷/۲۰۰۹) کەهاوکەت بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبی و ڕاماڵینی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکانی ناوچەکە یەکەم تەجروبەی سیاسی سەرکەوتووی گۆڕان بوو، کە توانی پێشڕەوی ناڕەزایەتی و سەرکردایەتی بەگژداچونەوەی ناعەدالەتی بکات و زەینی کۆمەڵگای کوردی تاڕادەیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا هاوتەریب بکات….درێژەپێدانی سەرکەوتوانەی ئەم ڕەوتە سیاسیە زۆر لە دەسپێکەکەی گرنگتربو ، بێگومان ئەستەم تریش بوو ، بۆیە بەند بوو بە تەوقیت و ئەحداسی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە پراکتیزەکردنی سیاسەتێکی حەکیم لەگەڵ ڕەوت و خەباتی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەڵبکات و بگونجێ.. وەک ئاماژەم پێدا هەل و مەرجی سیاسی و دەسپێکی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان تەوقیتێکی گونجاوبوو..
بەڵام هەل و مەرجی سیاسی ئەو گۆشەگیریە سیاسیەی ئێستای بزوتنەوەکەی پێدا گوزەر دەکات ڕاستیەکمان بۆ دەسەلمێنێ کەبزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی ئینتیمای سەرکەوتن و پارێزگاری لەبەدەست هاتووەکان بکات ، لێرەوە ڕوبەڕوی ئەوپرسیارە ئەبینەوە داخۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەکوێدا هەڵەی کرد..؟

۱-گۆڕان دەرکەوتنی وەک حیزبێکی ئۆپۆزسێۆن لەسەرو بەندی (بەهاری عەرەبی)..کەنەیتوانی یان نەی ویست یان نەیزانی شوناسی سیاسی ڕونی هەبێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەیتوانی وەک پارتێکی عەلمانی دیموکراسی خواز جیاواز لەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر لەژێر هەژمونی ئیسلامی سیاسی دەگوزەرا ، لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان بووە فاکتەرێکی بەهێز بونی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان ..لەئێستاشدا هەمان دەرئەنجامی خراپی بەهاری عەرەبی لەسۆنگەی نێودەوڵەتیەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەرکەوتوون.

۲-لاوازی لە ڕایەڵەکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیەکان ئەگەر چی لەڕوی نەبونی کەوادری بەئەزموون بێت یان هەڵەی سیاسەتی گشتی گۆڕان و بەدگومانی لەشێوازی پەیوەندی و هەڵسوکەوتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبزوتنەوەی گۆڕان ، کەئەمەش فاکتەری بەهێزی گۆشەگیربونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەشێوەیەکی بەرفراوان نەی توانیوە لە ئێران و عێراق و نەیارەکانی پارتی زیاتر تێپەڕ بکات کە کافی نین بۆ بزوتنەوەکە.

۳-دەزگا ئیعلامیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدیار و بەرسێبەریەوە بەشێوەیەکی بەردەوام لە هێرشدا بۆسەر نەیارەکانی بووە..نەیتوانیوە گۆشەنیگایەکی تری ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان پیشان بدات ، ئەمەش تاقەت پڕوکێنی خەڵکی بەگشتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای لێ کەوتەوە.. بەپێچەوانەوە هیچ نەفعێکی بۆ گۆڕان نەبووە.. جگە لەوەش فرەلێدوانی و بێسەرەوبەرەی لەپەیج و ئەکاونت و کەسایەتیە دیارەکانی نزیک بزوتنەوەی گۆڕان و نەگەڕانەوەیان بۆ سیاسەتی بزوتنەوەکە کاریگەری خراپی لەسەر تێگڕای سیاسەتی گشتی بزوتنەوەکە هەبووە ، کە بۆتە هۆکارێک بۆ دورکەوتنەوەی کەسە بەهێزەکانی ناو بزوتنەوەکە چونکە بۆهیچ کەسێکی ناو بزوتنەوەکەو دەرەوەی بزوتنەوەکەش دیار نەبووە کێ قسەکەرو بەرپرسە..بەپێچەوانەوە هەرچیەک وترابێ لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بووە بەماڵ و بەداخەوە خۆشی لێ بەر پرسیار دەکات.

0- بەوپێیەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگای نەریتیە..هەربۆیە سەرۆک خێزان ، سەرۆکی عشیرەت ، سەرۆکی حیزب ، سەرۆکی وڵات یان هەر سمبول و کاریزمایەکی تر ڕۆڵی زۆر جدی و کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی خەڵکی…لە ڕابردودا گۆڕان وەک داهێنانێک تەواو پێچەوانەی ئەم ڕەهەندە کاری لەسەر لاوازی سیمبول و پیرۆزیەکان کرد… کە نەشتوانرا لە زینی تاکی کۆمەڵگا بسڕدرێتەوە تاکە لایەن لەم ڕووەشەوە زەرەرمەند بووە خودی بزوتنەوەی گۆڕان بوو… غیابی جەنابی ڕێخەری گشتی لەڕوداوەکانی کوردستان بێ متمانەی بێ ئینتیمای لەسەر هەوادارانی بزوتنەوەکە و لایەنەکانی دۆستیش دروست کردووە..ئەوەی ڕکابەرەکانی گۆڕان بەتایبەتی پارتی کەخەڵکی کوردستانی واباوەڕ پێ دەهێنا کە بزوتنەوەی گۆڕان زەرورەتی مێژووی نیەو بە پەرچەکرداری سیاسی فەشەلی ناو یەکێتی وە دەیەوێت ئەم فەشەلەش لەسەر کۆمەڵگا ئەزمون بکات.

لەکۆتایدا وەک هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەو دیدی خۆم بەشێوەیەکی کورت لەو خاڵانەی لای سەرەوە خستەڕوو کە پێم وایە لانی کەم پێچەوانەکانیان تەواو ڕاستە بەدیدی ئەوەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە قەیرانێکی سیاسی قوڵدایە ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیەی کەسواری بووە ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە یەکەم کەس گۆڕان دەخاو بەردەبێتەوە…بۆیە پێم وایە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە بەنج و نەشتەرگەری گشتی سیاسی هەیە کەزۆر بەپەلە لەڕێگای خەڵکی شارەزاو خاوەن ئەزمونی سیاسی و زانستی ئەم پرسە ئەنجام بدرێت .




گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلح ڕێبواری شاعیر … سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای ئاشنابوونی تۆ و شیعر چۆن بوو؟

موسلح ڕێبوار : لە سەرەتای لاویمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەری، بە تایبەت شیعر و ئەدەب بووم. یەکەم ئەزموونە شيعرییەکانیشم، بە كوردی و فارسی، هي سەردەمی تازەلاویمە؛ لە تاران، پێش زانکۆ و لە زانکۆش کاتێک لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا لە شانەی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نووسینی شیعر، لای ئێوە، بۆ نزیک بە نیو سەدە دەگەڕێتەوە. ئایا کۆشیعری “گەشتی کوردستان” یەکەمین کۆشیعرتانە؟

موسلح ڕێبوار : بەڵێ؛ یەکەمینە و هی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانە! پێش “گەشتێ لە کوردستان”یش شیعری کوردی و فارسیم هەبوون کە نەماون. هەندێک کورتەچیرۆکیشم ئەو کات، نووسی کە تەنها یەکێکیان ماوە بە ناوی “شیعری دارێنە”و خۆی داستانی ئاخرین ڕۆژەکانی ژیانی سمایلی شەریفزادەیە کە لە نزیکەوە دەمناسی. بگەڕێینەوە سەر ئەم کۆشیعرەم کە ساڵی ١٩٧٩ چاپکرا. ئەوکات، دە ساڵ کۆن بوو و شوێنەواری بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ی پێوەیەو لەوێشدا, ناوی شەریفزادە هاتووە. ناوی ئەم کۆشیعرەش “گەشتێ لە کوردستان”ە، نەک “گەشتی کوردستان”؛ تا لە دیوانەکەی هەژار بە ناوی “گەشتی کوردستان” جیا بکرێتەوە!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بە بەراورد، ئەم کۆشیعرە، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کۆشیعرەکانی “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە”؟

موسلح ڕێبوار : دەکرێ بڵێین “گەشتێ لە کوردستان” بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ (٤٦-٤٧ی ئێرانی) دەنوێنێتەوە. “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبرە”، بە زۆرێنە، بەرهەمی هەشتاکانن و شوێنەواری بزووتنەوەی هەشتاکانیان لێدیارە؛ دیارە شیعریشی تێدایە کە لەو بابەتانە نین. جگە لەوە، فۆرمی زۆرینەی شیعرەکانی “گەشتێ لە کوردستان”، کلاسیکییە و لە ژێر کاریگەری قانع و گۆران و هەژار و هێمندایە؛ زیاتریش هەژار و هێمن! فۆرمی ئەم کۆشیعرانەی دواییم، فۆرمی نوێیە و زیاتر ئەچنە پاڵ گۆران و شاعیرانیتر؛ لە تام و چێژی شیعری نوێی فارسیش، زیاتر بەهرەمەندن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا هیچ بەرهەمێکت هەیە لێی پاشگەز بیت؟

موسلح ڕێبوار : نە! دەشێ پاشگەز بم؟! هەندێک لە شیعرەکان، شوێنەواری لە ناسیونالیسم پێوە دیارە؛ لە شەستەکاندا ئێمە، بەتایبەت کۆڕی پێش کۆمەڵە، هەرچەندەش خۆمان لە ناسیونالیسم دادەتەکاند، بەڵام هەندێکمان پێوە تلا بوو. ئەمەش، لەو کۆشیعرەدا، دیارە. بەڵام، ئەوەندە نەبووە کە نیشانەیەک لە نەفرەت و دواکەوتوویی ناسیونالیسم دابنێ! بۆیە، لەوانەش پاشگەز نیم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری شیعر, تۆ سروودیشت نووسیوە. نووسینی سروود هەندێ تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک ڕوونی مەبەست و ڕاستەوخۆی پەیام. تۆ چ جیاوازییەک لەنێوان شیعر و سروودا دەبینی؟

موسلح ڕێبوار : پێشدا ئەوە هەندێک لە شیعرەکانم بوون کە بوونە سروود و کەوتنە بەر پێشوازییەکی باشیش؛ پاشان، سروود دانان لە سەر مۆسیقا و میلۆدی ئامادەش، هاتە نێو کارەکانمەوە. ئەوانیش باش دەرچوون. لە شیعردا، وەک هەموو ژانرێکی هونەریی، ئەساس، دەربڕینی هەستە. هەندێک دەڵین سروود پەیامە و شیعر نییە، دیارە مەبەستیان لە سروود، لیریک و کەلامی سروودە؛ نەک بەشی ئاواز و مۆسیقای سروود. لیریکی سروودیش لای من، جۆرێکە لە شیعر! لیریکی سروود، مادام هەڵگری هەستێکە، شیوازێکە لە شیعر. مەبەستم ئەوەیە من جیاوازیەکی زۆر نابینم. شیعر مەیدانێکی بەرینترە کە لیریک و کەلامی ئاواز و سروود، بەش بەشێکی ئەو مەیدانەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە کۆشیعرەکانتدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئێوە شیعرتان بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە و کەسایەتییە سیاسیییەکانی نێو بزاوتی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان نووسیوە. ئایا ئەم بایەخدانە ناچێتە خانەی شیعری بۆنەوە؟

موسلح ڕێبوار : شیعر، وەک ژانرێکی هونەریی، بەرهەمی هەستی شاعیرە بەرانبەر ژینگەی دەوروبەر. فوئاد، دۆست و هاوڕێی نزیکی من بوو. من بە مەرگەکەی ئازارم گەیشتێ؛ بێجگە لەوەش، هەستم بە خاڵیایی جێگاکەی کرد. خوسرەوی ڕەشیدیان، هەر بەو جۆرە؛ یان موسای برام. ئەمانە بۆ من پێش ئەوەی فەرماندە و کەسایەتی بن هاوڕێ و خۆشەویست بوون! نموونەی تری، یەکی ئەیارە کە نەک هەر هەستی من، هەستی کۆمۆنیستەکان بە گشتی، دەبزوێنێ. لێنین، خۆزگەی دەخواست یەکی ئەیار سەرەتای ساڵ بوایە و وەک سەرەتای ساڵ پڕ بوایە لە شادمانی و ڕێ و ڕەسم؛ لەمەش زیاتر کە ئێستا هەیە! ئەو شیعرانەی من کە وەک شیعری “بۆنە” ئاماژەیان بۆ دەکرێ، وەک باقی شیعرەکانم، بەرهەمی هەستن. گەلێک بۆنەش هەبوون کە، هەرچەندیش هەوڵمداوە، نەمتوانیوە شیعریان بۆ بهۆنمەوە. ئایا دەبێ لۆمەبکرێم کە بۆچی شیعرم بۆ دۆعا نەنووسیوە؟ هەۆڵمداوە و نەکراوە؛ شیعر نەهاتووە. من لەو کەسانەم کە بەشوێن ڕوونکردنەوەی زانستی هونەر و شیعرەوەم؛ بەڵام ئەمە ئاسان نییە. بەم بۆنەشەوە ناتوانم ڕوونی بکەمەوە بۆچی هەندێک بۆنە، هەستم بەهرەوەر دەکەن و هەندێکیان ناگەنە ئەو ڕادەیە. هەندێک لەمانە کە خۆم پێم وایە زیاتریش دەمهەژێنێ، شیعری لێ بەرهەم نایە! هەوڵی خۆم دەدەم؛ بەڵام ڕەوانییە، نەهیچکەس و نە خۆیشم،خۆم لۆمە بکەم کە بە بۆنەیەکەوە شیعرم نووسیوە و بە بۆنەیەکەوە نا! یان هەر بۆچی شیعری “بۆنە” دەنووسم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا شیعری بۆنە ڕەتکراوەیە یان پێویستییەکە و ناتوانین خۆی لێ لابدەین؟

موسلح ڕێبوار : لای من، دیارە ڕەت نەکراوەتەوە! شیعر، پێشتریش وتم؛ مادام بەرهەمی هەست بێ، ئیتر زیندووە و شیعرە. شیعری بێهەست و مردوو، هی “بۆنە”ش نەبێ، هەر شیعر نییە. پرسەکە لە سەر “بۆنە” نییە، لەسەر هەستییار بوونی شیعرەکەیە. ئەو بەشانە لە شیعرەکانی من، نەک هەر لە هەستی منەوە هەڵقوڵیون، هەستی گوێگر و خوێنەریشیان بزواندووە و زۆر باشیش چوونەتە نێو دڵ و دەروون و هەستی جەماوەرەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری نووسینی شیعر، ئێوە کاری وەرگێرانیشتان ئەنجام داوە. ڕات چییە بەرانبەر ئەوانەی دەڵێن وەرگێڕانی شیعر کارێکی دژوارە و هەندێک دەڵێن هەر ناکرێ؟

موسلح ڕێبوار : ئەمە بەجێیە! زمان، کە ئامڕازی یەکەمی شیعرە، گەلێک پێوندی لەگەڵ کەلتوور و ژینگەی سەرچاوە، هەیە. لە زمانی دووهەمدا، ئەستەمە هەموو ئەو ژینگەیە، ڕاگوێزرێتەوە. بۆیە، من، بە وەرگێڕانەکانی خۆم ئەڵێم: وەرگێڕانی ئازاد! شیعرێکی “برێشت” یان”ترەیسی چاپمەن”، یان ئاوازەکەی جان لێنۆن، هەستی بۆ هێناوم و منیش شیعری خۆمم داناوە. بەڵام شیعری وا، بەتەنها هی من نییە؛ هەستی ئەو شاعیرەشی پێوەیە؛ بۆیە پێی دەڵێم وەرگێڕاو؛ بەڵام وەرگێڕاوی ئازاد، چونکوو نە خۆم بە دەقەکەی ئەوەوە بەستووەتەوە نە بەتەمابووم هەموو کەلتووری باکگراوندی شیعرەکە ڕاگوێزم. تەنانەت شیعری “هەی-داد” کە بوو بەو ئاوازە خۆشە و گەلێک هونەرمەندی بەڕێز پێشکەشیان کردوە، بەرهەمی هەستێکە لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕێکی کاپیتاڵی مارکس! ئەمە وەرگێڕاو نییە بەڵام بەرهەمەکەی من، هەستی منە لە ئیدەیەکی کەسێکیتر. وەرگێڕاوە ئازادەکەی من، لەو کاتەشدا کە وەرگێڕانە، بەرهەمێکی هەستی منە کە خوێندنەوە و بیستنی شیعرێک(ی برێشت) یان ئاوازیک(ی ترەیسی چاپمەن، یان جان لینۆن) پێی بەخشیوم! شیعری لایە-لایەی برێشت، لە کوردییەکەی مندا جیاوازە. بۆ نموونە منداڵەکە، لای من کچە، لای ئەو کوڕە! بەکورتی؛ وەرگێڕان، لای من، هەستی خۆمە لە بەرهەمی کەسێکیتر! ئەم بۆچوونەم بۆ کەسانیتریش کە کاری وەرگێڕانیان کردووە، پێ ڕەوایە. هەژاریش هەر وا بووە لە ئاست خەیام؛ یان شاملو بۆ لەنگستۆن هیوز و ئەوانیتر.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : تا ئێستا وەرگێرانەکەی ئێوە بۆ سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە کۆڕ و کۆمەڵ و مەراسیمەکاندا ئامادەیی هەیە. چیرۆکی وەرگێرانی ئەو سروودە چۆن بووە؟

موسلح ڕێبوار : من بە گیانێکی ڕەخنەگرانەوە ئەم سروودەم کردە کوردی. ئەوەم لا گرینگ بووە، ئەم دەقە کوردییە، گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەو یادگارەی کۆمۆنەی پاریس و ئۆژن پۆتیە، ڕاگوێزی بۆ مەیدانی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە کوردستان. بۆ وەرگێڕانی ئەم سروودە، دەقی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبیم لە بەرچاو بووە. دواییش، هاوڕێیەک لەگەڵ دەقی فەرانسایی بەراوردی کرد و هاورێیەکی خەڵکی کوردستانی باکووریش لەگەڵ دەقی تورکی. دەقێکی فارسیشم هەر بۆ ئەنتەرناسیۆنال نووسیوە، چونکوو لام ڕوون ببووەوە کە فارسییەکەی لاهووتی ڕەسا نییە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا بە تێڕوانینی ئێوە، کاتی ئەوە نەهاتووە چاو بەو وەرگێرانەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ بخشێنرێتەوە؟

موسلح ڕێبوار : وادیارە، ڕەخنەیەکت پێیە، لەم دەقەی ئێستا؟؟ من ئامادەم بۆ پێشوازی؛ هەرکەسێک ڕەخنە و پیشنیاری هەبێ؛ بە گەلێک سپاسیشەوە، ئامادەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : زۆر کەم بەرهەم بڵاو دەکەیتەوە. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆشیعرێکی تازەتان بڵاو نەکردۆتەوە.

موسلح ڕێبوار : بەبڕوای من، بەرهەمی هونەریی، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند، لێرەدا شاعیر، تێدا دەخەمڵێ. ئەو بزووتنەوەیە، هەڵس و کەوتی هەیە و هونەرمەند و شاعیریشی! مەبەستم ئەوەیە کە هۆیەکی شەخسیی نییە؛ نابینم کەسیتر لەم مەیدانەدا، گەلێک هەڵسووڕاوتر بووبێ. دیارە لێرەدا، باسی شیعر و شاعیری ڕێبازەکانیتر ناکەم کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیان جیاوازە! لەوانەیە هەڵس و کەوتی ئەو بزووتنەوانە جیاواز بێ؛ لەوانەیە هەڵسی ئێمە کەوتی ئەوان بێ و بە پێچەوانەش! سەرەڕای ئەوەش، بەرهەمی تازەم هەن؛ بەقەد هەشتاکان زۆر نین؛ دەی حەفتاکانیش، بەقەد هەشتاکان بەرهەمم نەبووە. من لەشەستەکان و حەفتاکاندا، تەنیا “گەشتێ لە کوردستان”م دیارە! ڕەنگە بتوانین بەرهەمەکانی ئێستام لەگەڵ حەفتاکان هەڵسەنگێنین کە ئەمان پوخت و پاراوتریشن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە چاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانت بکەیتەوە؟

موسلح ڕێبوار : سەرجەمێکم، ساڵی ٢٠١٣، لە چاپداوە بە ناوی “بۆ ئازادی” کە زیاد لە کۆشیعرە چاپکراوەکان و چاپکراوانی ناو گۆڤار و چاپەمەنییەکان، چەند شیعرێکی تائەوکات چاپنەکراویشی تێدایە. بەڵام ئەوەش دەسەلمێنم کە کاتی لەچاپدانەوەی “بۆ ئازادی”ش هاتووە و ئەبێ بچێتە ژێر چاپی دووەم. دیارە، بەرهەمی تازەش هەن کە لە چاپی دووهەمدا لێی زیاد بکەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : چ خوێندنەوەیەکتان هەیە بۆ ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە؟ ئایا دەستکەوتە فیکریی و مەعنەوییەکانی ئینسان دەتوانین وەک ئەدەب و هونەری کرێکاریی چاولێبکەین؟

موسلح ڕێبوار : بە دەستەواژەیەکی کورت: خۆێندنەوی من؛ هونەری ئازاد و داهێنەرە! ئەدەب و هونەری ئازاد لە بەند و باری سەرمایەداری؛ لەم مەینەتاوا کۆیلەیە! ئەمە زۆر بە کورتی؛ بەڵام وەڵامی پڕبەپڕی ئەم پرسیارە، خۆی کتێبێک هەڵدەگرێ و زیاتریش!
من لە سەرەتای “بۆ ئازادی”دا باسێکی، بەنیسبەت، کورتم کردوە لەسەر ئەم بابەتە. لەوێدا باسی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و چینایەتی بوونی ئەمانە، کراوە. بەڵام لێرەدا، لەوەش کورتتر، وەڵامێک بەم پرسیارە (کە دوو نیوە-پرسیارن) دەدەمەوە! بەهیوام، دوایی، فرسەت بێتەپێش کە زیاتر باسی لەسەربکەین.
کەسێک پێی دەڵێ ئەدەب یا هونەری شۆڕشگێڕ، پێشڕەو؛ کەسێکیتر دەڵێ هونەر و ئەدەبی ئالترناتیو یا هونەری بەرهەڵست یا کرێکاری یا هەرچی… کێشە لە سەر نێوەکەی نییە! کێشە لە سەر هونەرێکە و لەسەر کەلتوورێکه، کە ئازادە لە کۆیلەتی و ڕێگا-خۆشکەری ڕزگاری و ئازادی ئینسانە و بەرەو ئاسۆی ژیانی گەش و ئازاد و شاد بۆ هەمووان، دەئاژوێ! ئێمە، لایەنگری ئەمەین و بەرهەڵستی هونەرێکی ڕێگر و چەواشەگەر دەبینەوە کە هەست و هۆش و چالاکی کومەڵانی خەڵک ژارخواردوو دەکات. ئێمە بێلایەن نین! خەمخۆری ڕێبازێکی تایبەتین و ئەمانەوێ هەست و چالاکیمان ئاوی هەرێز نەدێرێ! بۆیه، جێی خۆیەتی ئەم ئامانجە ڕوون بێتەوه، تا هەر هەرزەبێژێک، یان هەر ئایینپەرستێک، نەتوانێ هونەری کۆیلە، یان “سینەزەنی” و نیوە-نووزەی عیرفانی بکاتە بەرهەڵستی ڕزگاریمان! بۆیه، هونەری کارگەری، بەمەعنایەک کە لەو سەرتایەدا باسم کردوە، ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاری دژ بە سەرتاپای سەرمایەدارییە لە مەیدانی هونەر و ئەدەبدا؛ لە هەمانکاتدا، بەڵێ، میراتگری هونەری بەشەرییەتی پێشکەوتنخوازە، لە هەر ڕابوردوویەکی دوور یان نزیکی مێژووی ئینساندا؛ میراتگری هەر ڕادەیەک لە ئازاد بوونی هونەرە لە مێژوودا. بۆ ئەوەش کە باشتر بزانین ئەم هونەرە ئالترناتیوە چییه، پێشدا بزانین چی نییه!
هونەر و کەلتووری ئێمە هەر ئەوە نییە کە باسی فەقیر و هەژار و کرێکار بکات، لەوانەیە بورژوازیش، بە شیعر و ئاواز و سینەما، باسی کرێکار بێنێتە ئاراوه؛ بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندی خوی! گەلێکجار، کارگەری گوێ لە مشت و ژنی کۆیله، دەکاتە ئیدۆل! هونەری مێدیای جمهوری ئیسلامی پڕن لەمانە! لەوانەیە شاعیرێکی وەکوو هەژار، فوو بە زوڕنای ناوچەگەری و جیاوازییە نەتەوەییەکاندا بکا و داوی دووبەرەکیمان بۆ بنێتەوە و شەوارەمان بخا بۆ دنیایەکی پڕ لە کێشە و ناتەبایی ناسیونالیستی؛ یان مەدداحێک، بە زکر و تەلیلەی دەروێشی، وادەی بەهەشتی پاشمەرگمان پێبدات و سەرخۆشمان بکا بە ئەفیونی ئائین! گەلێک زۆرن ئاواز و گۆرانی لە میدیای بورژوازیدا کە هەر کڕووزانەوەی ژنە، بە دەست پیاوسالارییەوه، بێئەوەی هەستێک لە دژی دەربڕێ! بڕوانە زۆربەی ئاوازەکانی گوگوش (گوگوش، ئاوازی پێشڕوەیشی هەیە) و هایدە و ئەوانە؛ یان زۆربەی ئاوازەکانی هالیوود! یان میدیاکانی “دەسەڵات” لە کوردستان! ئەو هونەرە کۆیلەیە، ڕۆشناییەک بۆ ڕزگاری لە پیاوسالاری و لەم مەینەتاوایە، نادا بە دەستەوە. کەلتوور و هونەری ئێمه، بەڵام، بەرهەڵستی ئەفیون و هۆشبەر دەبێتەوە و ئەم ژینە، وەک تاقە مەودای خۆشی و شادی دەبینێ و خۆشەویستییەکی بەرین دەخەمڵێنی.
بڕوانە “برێشت”. کەلتووری ئێمە، خۆی نابەستێتەوە بە نامووسپەرستی و بەندوباری یاسای کۆنەوه؛ جوابی ڕەسم و ئایین و یاسای سەرمایەی کۆنەپەرست ناداتەوە و ئاواتی نزم ناکاتە ئاسۆی جەماوەر. هونەری ئێمه، هونەر و کەلتووری تا ئێستای ئینسان، وەک دەسکەوتی مێژوویی چەند هەزار ساڵه، وەک هەوڵدانی بەشەر بۆ ڕزگاری و وەک کۆمەڵێک پاشەکەوتی بەنرخ، هەڵدەسەنگێنێ؛ بەڵام، کاتێک کە خۆی شوێنەوارێکی نوێی هەیه؛ کاتێک ئاسۆی ڕزگاری، ڕۆشنتر ناسیوه، شوێن کەوتووی ئەو کەلتوورە کۆنە نابێ. گۆران و شەکسپیر و موزارت، بۆ کەلتووری ئێمە، گەنجینەی گەورە گەورەن؛ بەڵام ئێمە، بە شێوەی خۆمان، بەکاریان دێنین. ڕەخنەگریشمان، هەمیشە بەردەوامه؛ نەک هەر لەوان، لە خۆشمان! هەوڵ دەدەین کۆت و زنجیری کۆن و نوێ، لە کەلتووری خۆمان و لە هونەری خۆمان داماڵین و ڕێگا بۆ ئازادی و بۆ گەشەکردنی هونەر، خوش کەین. ئەم کەلتووره، لەمبارەوە، بەقەد میژوو، کۆنه؛ چونکو میراتگری ئینسانی تیێکۆشەری پێشڕەوە، بە درێژایی مێژوو؛ میراتگری شادی و پەژارە وهەست نواندنی ئینسانییه، لە سەرەتای ژینیەوه. هەر هونەرێکی پێشڕەو و بەرهەڵست لەهەر وەرچەرخانێکی میژووییدا، دەسکەوتی ئێمەشە. هەست بزوێنترین سیمفونیاکان، تەناتەت شەپۆڵی ئەم ئاخرانەی موزیک و هونەر، لەدژی کۆیلەتی و مەینەت و لە ستایشی شادیدا، بە دەسکەوتی خۆمان دەزانین.

گەرچی، لەو چوارچێوانەشدا نامێنینەوە و هەموو سنوورێکی کۆمەڵگەی بەندیخانەی چینایەتی تێدەپەڕێنین. لە بارێکی دیشەوە، ئەم کولتوورە، نوێیە و هی ئەم یەک دوو سەدەی دواییە! لە چاو مێژووی بەشەر، کەلتوورێکی تازە و مۆدێڕن و جەوانە؛ هەر وەک خەباتی مۆدێڕنی چینی کریکار بۆ ڕزگاری ئینسان، مۆدێڕن و جەوانە! بۆیه، من لەگەڵ ئەوانەم کە بەم کەلتوورە دەڵێین”کارگەری”؛ کەلتوورێک کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاری یەکجاری ئینسانە؛ کەلتوورێک کە بە دوو باڵ: باڵی هەستی بێسنووری هونەریی و باڵی زانستی کۆمەڵایەتی کومونیستی ئەو چینه، دەفڕێت! ئەم کەلتوورە، لە سەرەتای مێژووی هەزاران-ساڵەی ئینسانییەوه، خەریکی بنج بەستن بووە. بەڵام لەم دوو سەدەی دواییدا، وەچێکی تازەی داوە و گەشەی کردووه، بەرەو بەرژەوەندی ڕزگاربوونی ئینسان لە کۆمەڵگای چینایەتی. کەسانی وەک “هاینریش هاینه”، “ماکسیم گورکی”، “برتولد برێشت”، “ئاراگون” و “جەوهیل” و “نازم حیکمەت” چەند ئەستێرەیەکی ئەم ئاسمانەن؛ ئیتر با، هەزاران دوندی فەرهەنگی بەشەریش، بە میراتی ئینسانی، پێش هەبوونی چینی کرێکار، دابنین.

بەرهەڵستی سەرەکی ئەم کەلتوورەو ئەم ئەدەب و هونەرەش، چینە ستەمگەرەکان بوون؛ بە کۆنەپەرستییانەوە، بە هونەرییانەوە و تەنانەت بە بەشەکانی دیکەی دەسەڵاتییانەوە، لەسەراسەری مێژوودا! ئەوان، نەک هەر کۆمەڵانی خەڵک بە هونەری چەواشە، بەشەوارە دەخەن، ڕاستەوخۆش بە سانسۆر و داخ و درەوش، ڕێگرمان بوون لە بڵاو کردنەوەی هونەرەکەمان. ئێستا، ئەم ستەمگەرییە، لە پەیکەری سەرمایەداریدا خۆی دەنوێنێ. ئەم چینە، کە سەردەمێک، لە دژی نیزامی کۆنتری پێش سەرمایەداری، شۆڕشگێڕ و پێشڕەو بووە، دەمێکه ئیتر پێشڕەو نەماوە و ڕێگری ئازادی ئینسانه. لە سەردەمی شەڕە جیهانییەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، ئیتر لە سەراسەری جیهاندا، دژ بە پێشڕوی و گەشەکردنە. ئەم هێزە، نەک هەر دەسەڵاتدارە و زۆربەی زۆری میدیا و سامانی کۆمەڵگایش لە دەستیدایە؛ دەشتوانێ، هونەری چەواشە بڕازینێتەوەو بە چەق و لووری دژ بە ژن و دژ بە ئازادی و بەرابەری، کۆمەڵانی خەڵک لێک جیابکاتەوە و ڕێگای ڕزگارییان لێ ون بکا؛ نەک هەر ئەمە، ڕاستەوخۆش پێش بە گەشە و کاریگەربوونی هونەرمان دەگرێ. بۆیه، ڕێبازی ئێمە، پێویستە میلیتانت بێ و بچێتەوە بە گژ نەریت و کەلتووری بورژواییدا؛ ئەو کەلتوورە گەندەڵەی خەریکی زیندووکردنەوەی پرتووکاوترین سینەزەنی و دابونەریتی ئایینی و خورافی چینە کۆنترەکانە و هیچ نیشانەیەک لە ئازادی و ئازادیخوازی پێوە نەماوه، نابێ بتوانی چیدی ڕێگر بێ و ڕێ ونکەر بێ.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ) : ئاسۆی ئەو ئەدەبە(ئەدەبی کرێکاریی) لە کوردستان چۆن دەبینن؟

موسلح ڕێبوار : ئەم کەلتوورە و ئەم هونەرە کە ئەدەب و شیعریش بگرێتەوە، لەسەر زەمینەی بزووتنەوەی کرێکاری دەخەمڵێ. ئەم بزووتنەوەیە، ئەنتەرناسیونالیستی و جیهانییە. بەڵام دیارە، لە شوێنی جۆراوجۆری جیهان، بە ڕادەی جۆراوجۆریش دەخەمڵێ. لە کوردستان، بزووتنەوەی کرێکاری، لەچاو شوێنە پێشکەوتووترەکان، جەوان و کاڵە! بۆیە، سەیر نییە ئەگەر کوردستان، باشترین جێگای خەمڵینی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی نەبێ. بەڵام لە کوردستانیش و لە گۆڕەپانی جیهانیشدا، هەتا دێ، زەمینەی بۆ فەراهەمتر دەبێ. ڕاپی کرێکاری و ئاوازی بەسۆز لە دژی نالەبارییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پەرە دەستێنێ. نموونە زۆرن؛ بڕوانە ئاوازەکانی ئەحمەد کایا، بڕوانە ئاوازەکەی مایکل جاکسۆن کە دەڵێ “ئەوان بەخەمی ئێمەوە نین”؛ ئەمانە، ئەگەریش ڕاستەوخۆ لەم بزووتنەوەیە نەبن، ڕێگا خۆشکەرن. ڕێگای هونەر و ئەدەبی کرێکاریی لە کوردستانیش، خۆشتر ئەبێ، دەشتوانین خۆشتری بکەین! وەرگێڕانی ئازاد و پەرەدان بە بەرهەمی پێشڕەو لە دەرەوەی سنوورەکان، کارێکی پیرۆزە. ئێمە لە کوردستان و لەم ناوچەیە، زیاترین پێویستیمان هەیە بە ئەدەبی و هونەری جیهانیی.

——————————————–

کورتەیەک لە بایوگرافی ڕێبوار و بەرهەمەکان

ساڵی ١٩٤٧، لە مەریوان، چاوم بەژین پشکووتووە. سەرەتای شەستەكان، بو درێژەدان بە خوێندن، چوومە تاران. ساڵی ١٩٦٩، فاکۆڵتی ئابوريم تەواو كرد. لە سەردەمی منداڵی و لاويمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەریی، بەتایبەت شیعر و ئەدەب بووم و یەکەم ئەزموونە شیعرییەکانم، بە کوردی و بە فارسی، هی ئەو سەردەمی تازە-لاویمە. لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا، لە شانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم. ئەوکات، سەردەمی پێکهاتنی ڕێکخراوەکان و کاتی سەرنجی ڕەخنەگرانە بوو لە قوتابخانە سیاسییەکانی سەردەم. ئێمەش ڕێکخراوێکمان پێکهێنا کە دوایی ناونرا “کۆمەڵە”. مەبەستمان دامەرزاندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەراسەری بوو لە ئێران. ئەوکات، خۆمان لە ڕەوتەکانی سەردەم (توودە و چریک و دیمۆکرات و … ) بە جیاواز دەزانی و ڕێبازێکی کۆمۆنیستی ڕاستەقینەمان لەبەرچاو بوو؛ هەرچەند ناسیۆنالیسم، هێشتا، دەستبەردارمان نەببوو. کۆ-شیعری “گەشتێ لە کوردستان” و هەندێک داستانی کورتم، لەوانە، ” شيعری دارينە” کە گێڕانەوەی ئاخرین ڕۆژەکانی سمایلی شەریفزادەیە، ئەوکات، بە دەستنووس و بە نهێنی، بڵاو بوونەوە. وەرگێڕانی ئازادانەی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بە هۆنراوەی کوردی کە لە سیانزە چیرۆکی منداڵان پێک دێ و هی نووسەر و وێنەگەری سۆڤیەت ڤلادیمیر سوتەیەڤە، یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەرچەند هێشتا چاپ نەکراون.

وەک گەلێک هەڵسووڕاوانی ئەو کات، ڕێگاشم کەوتە بەندیخانەی سیاسی: قزل-قەلعە، لە تاران. ماوەیەک پاش زانکۆ، وەک کارزانی ئابووری، لە “بەرنامەو بودجە”ی کوردستان، لە شاری سنە، دەستم بە ئیش کردهاوکات، دیارە بە نهێنی، درێژەم بە هەڵسووڕانی هونەریم و سیاسیم دەدا. ئەو سەردەمە بوو کە لەگەڵ شەریکی ژیانم، فەوزیە، ژیانمان و خەباتمان لێک گرێدا؛ هەتا ئێستاش، پاڵپشتی قایمی خەبات و ژیانی یەکترین. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوکاتی ئیراندا کە شۆڕشەکەی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە، چالاکیم نواند. دواتر، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان لە کوردستان، بۆ ئێمەی کۆمۆنیست درێژەی ئەو خەباتە بوو. یەکەمین سروودەکانیشم بەرهەمی ئەو سەردەمەن.هەندێک لە شیعرەکانی پێشتریشم بوونە ئاوازی پرۆپاگاندەی خەبات. لە هەشتاکاندا، “سروودی سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە” و “چەند لاپەڕە لە دەفتەری ڕۆژانەم”؛ هەروەها وەرگێڕاوی کوردی مانیفستی مارکس و ئێنگێلس، چاپکران. داستانی کورتی فارسی و کوردی “ئاسۆی شۆڕش” و هەندێک وەرگێڕان بۆ کوردی و فارسی،، نووسینی شيعر و هاوکاری کۆڕی بانگەواز بۆ سروود و ئاواز، هەروەها وتاری سیاسی، وێڕای خەباتی چڕ و پڕ لە کۆمەڵەی شاخدا، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی ئەوکات، بڵاو دەبوونەوە.

بەبۆنەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت دابەزینی هێزەکانی ناتۆ لە کوەیت و عێراق، ناسیونالیسم بەگشتی و ناسیونالیسمی کوردیش لە دەروبەری ئێمە، بەهێز بوون. ئەمە کێشەکانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی توند کردەوە و سەرەتای ٩٠ەکان، بەشێکی گەورە لە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – حکا لەو حیزبە هاتینەدەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانمان پێکهێنا. درێژەی ژیان و خەباتی من کەوتە سوید و لێرە، وێڕای خەباتی حیزبی و هونەری، بۆ بژێو بووم بە مامۆستای مەدرەسە لە ماتەماتیک و زانستدا
ئاخری نەوەدەکان هەستم بەوەکرد کە ئەم حیزبە نوێیەش نەیتوانیوە ببێتە ئەو حیزبەی بزووتنەوەی کرێکاری، بۆیە، سەرەتا بە ڕەخنە و پێشنیارەوە و سەرەنجامیش بە جیاکردنەوەی ڕێگا، خەباتی سەربەخۆم بە گونجاوتر زانیوە.

کاری نووسین و بەرهەمی هونەریم هەر درێژەداوە و ساڵی ٢٠١٣، بەیارمەتی کەسانێک کە لە چەند وتووێژی پێشتردا، سپاسم کردوون، سەرجەمێکم لە کۆشیعرە دێرینەکانەوە هەتا تازەکان، بە هەندێک بەرهەمی چاپنەکراویشەوە، بەناوی “بۆ ئازادی” بە چاپ گەیاند کە ئێستا پێم وایە کاتی چاپی دووەمێک و خستنەپاڵی چەند بەرهەمی تازەش، هاتووە. کاری چاپنەکراوم چەپکە چیرۆکە منداڵانەکەی سۆتەیەڤە کە لە سەروە باسم کردئەویش، یارمەتیدەرێک پێشنیاری کرد بیکاتە چوار-پێنج کتێبچە، کە لەوانە، دووی چاپ بوون. کۆپییەکی ڕازاوەی، بە ناوی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بەرهەمی کوڕم ئازاد، لەسەر سایتی خۆم
www.rebwar.nu
کە سایتەکەش هەر ئازاد بۆی دروست کردووم، دانراوە. بۆ چاپی دووهەمی وەرگێڕاوی مانیفستیش، تائێستا بە بڵاوکردنەوەی پێ دێ ئێف لە سەر سایتەکان دڵخۆش بووم بەڵام لەوانەیە چاپکردنەوەی، وەک کتێبیش دەست بدا. ئێستاش لە شاری گوتنبرگی سوید ئەژیم و بەدەم ئیشێکی پارت-تایمەوە، خەریکی دریژەدانی کارەکانمم.




دۆستانی كتێب … به‌ختیار محه‌مه‌د

تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشویست، ئه‌وه‌ مرۆڤایه‌تیت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشوست، ئه‌وه‌ بوونی خۆت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ ژیانی خۆت ده‌خوێنیته‌وه‌. تۆ ئه‌گه‌ر عاشقی كتێب بیت، ئه‌وه‌ عاشقی ژیانیت. تۆ ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ت پڕ له‌ كتێب بێت، ئه‌وه‌ پڕ له‌ نوری جوانیی و پڕ له‌ بۆنی خۆشی مه‌عریفه‌ ده‌بێت (ئای كتێب، تۆ چ سیحربازێكی ڕۆحی شه‌كه‌ت و سه‌رشێتی منی! ئای! تۆ چ پزیشكێكی فرۆیدانه‌ی، كه‌ ده‌ته‌وێ هه‌موو كونجه‌ تاریكه‌كانی ڕۆحم بپشكنی و ببینی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی ئه‌ی كتێب، كه‌وا خواوه‌ندان و ئیمپراتۆره‌كانیش ڕێزت ده‌گرن و ملكه‌چی یاسا و ڕێسا و بڕیاره‌كانی زمانی تۆن! ئه‌ی كتێب، من له‌ به‌هه‌شتی تۆوه‌، هه‌موو خواوه‌نده‌كانیش ده‌بینم. له‌ دۆزه‌خی حه‌قیقه‌ته‌كانیشته‌وه‌، شه‌یتان و ئه‌هریمه‌ن ده‌یبنم. ئای كتێب، تۆ چه‌ند مه‌زن و چه‌نده‌ جوانی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی هه‌ر هه‌موو سه‌ده‌كانی ئه‌ی كتێب!…).
ئازیزم، تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بكڕی، ئه‌وه‌ چاكه‌ و مه‌عریفه‌ به‌ ژیان ده‌به‌خشی. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت له‌ ده‌ست بێ، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك جیاوازتری: ئه‌وه‌ خۆتی؛ چونكه‌ كتێب هاوڕێیه‌كی هه‌میشه‌ییته‌. تۆ ئه‌گه‌ر وشه‌ت خۆشویست، ئه‌وه‌ به‌ ته‌مایت چێژ له‌ حاڵه‌تی نه‌مریی بكه‌یت. تۆ كه‌ ده‌چیته‌ ناو جیهانی وشه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ وه‌ك خواوه‌ند هه‌موو جیهان ده‌بێته‌ موڵكی تۆ… گه‌لۆ، ئه‌دی هه‌موو شتێك له‌ وشه‌وه‌ ( له‌ زمانه‌وه‌) هه‌ڵناقووڵێ؟
كه‌واته‌ ئه‌ی مرۆڤ، وه‌ك گوڵی وشه هه‌ڵقووڵێ‌ له‌ باغستانی كتێبدا! ده‌ هه‌ڵقووڵێ! وا جیهان چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ ده‌رگاكانی كتێبه‌وه‌ لێی بچیته‌ ژوورێ و یارمه‌تی ساڕێژكردنی برینه‌كانی بده‌ی. ئه‌و چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ ڕووناكه‌كانی كتێبه‌وه‌ ژیانێكی شایسته‌تر و باشتری پێ ببه‌خشی. ئه‌ی مرۆڤ، هه‌وڵ ده‌ به‌ بێ كتێب نه‌چیته‌ هیچ شوێنێك؛ ته‌نانه‌ت بۆ دۆزه‌خیش كتێب له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌! كاتێك خواش له‌ ڕۆژی دواییدا حیسابت له‌گه‌ڵدا ده‌كا، ئه‌وه‌ به‌ كتێبێكه‌وه‌ (هه‌ر كتێبێك كه‌ خۆت حه‌زت لێیه‌تی) بڕۆ به‌رانبه‌ری ڕاوه‌سته‌؛ كتێب پێت ده‌ڵێ و كتێب به‌ویش ده‌ڵێ، كه‌ تۆ چاكی یان خراپی؟ به‌ هه‌شتیی یانیش دۆزه‌خیی؟…




ڕانانی کتێب … “سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا” و شارەزەردەواڵەی پرسیار

ڕانانی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو مێژووی ئایینی ئیسلام و پەنجەی دەخاتە سەر ئەو خەوشە کۆمەڵایەتییانەی کە لەو سەردەمەدا واتە هەزار و چوار سەد ساڵی بەر لە ئێستا لەنیمچە دوورگەی عەرەب باو بوونە و دواتر چۆن ئایینی ئیسلام شەرعییەت بەو خەوشانە دەدات و بازاڕیان گەرم دەکات. ئەو پرسیارانە دەکات کە نەکراون، یان ناوێرن بکرێن. کتێبەکە پڕۆژەیەکە پڕ لە پرسیار و سەرسوڕمان، پڕ لە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تاوان و ئاماژەکردن بە نهێنی. دەرخستنی دیوی ناوەوەی ئەو ڕاستییانەیە کە لەلای مرۆڤی سادە و باوەڕدار بە ئایین کفر و هێڵی سوورە. ئەو شارەپرسیارانەی لەم کتێبەدا خۆیان نمایش کردووە، یان وردتر بڵێـم نووسەر نمایشی کردوون، تا ئاستێکی باش نیشاندانی ئارگیومێنتێکن کە دەرگای دیالۆگ و مشتومڕ دەخەنە سەرپشت. ئەمەش خاڵیکی گەشی لێکۆڵینەوەکەیە کە نووسەر لە سیاقی هەوڵەکانیدا بەرجەستەی کردۆتەوە.

مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و شانۆنامەنووس و وەرگێڕ و نووسەری ئەم کتێبە، دوای کۆششێکی زۆر توانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ئامادە بکات و بڵاو بکاتەوە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان و حیزبە ئیسلامییەکان لەبەر نەبوونی وەڵامی گونجاو و موقنیعەکەر، لەجیاتی دیالۆگ و گفتوگۆی شارستانیانە کەوتنە دژایەتی کتێبەکە و تەبلیغ و پڕوپاگەندە لە دژی نووسەر تا کار بەوە گەیشت فەتوای کوشتنی نووسەر دەربکەن. هەر لەو کات و سەردەمە ئەم پەلامارە کۆنەپەرستییەی ئیسلامییەکان بە ڕووی بەربەستی ناڕەزایەتی و دژەکرداری ئازادیخوازان و نووسەرانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان بوونەوە. ئەگەرچی مەریوان هەڵەبجەیی نووسەری کتێبەکە وادار بە جێهێشتنی کوردستان کرا و لە ئەوروپا گیرسایەوە، بەڵام مایەپووچی و دۆڕانێکی گەورە بوو بەنسیبی ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان. جێی ئاماژەیە کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ٥٤٦ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و چاپی دەیەمی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاو بۆتەوە و دوا چاپیشی وەک ئاگادارم بم چاپی یانزەهەم بڵاو کراوەتەوە و ئێستا لە کتێبخانەکانی باشووری کوردستان دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و حەوت فەسڵ و پاشکۆیەک پێکهاتووە کە وەڵامێکی ورد و بە دیتەیڵی نووسەرە بۆ ئەو بوختانە بەناو ڕەخنانەی پڕۆژەی تیشک کە ئەوەندەی تر کتێبەکەی دەوڵەمەندتر کردووە بە زانیاری و فاکت لەسەر ئەرگیومێنتەکانی. نووسەر سوودی لە ١١٢ سەرچاوەی جیاجیا وەرگرتووە. جێی وتنە ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، ئومێدەوارم وەربگێردرێتە سەر زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و زمانە زیندووەکانی جیهان و مرۆڤایەتی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەبێت. هەروەها لە بەرگی ناوەوەی کتێبەکە مەریوان هەڵەبجەیی نووسیویەتی ” تێڕوانینێکی زانستیانە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا”. ئەم خوێندنەوەیە ئەگەرچی یەکەم خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە نییە سەبارەت بە ئایین و پێگەی ژن لە ئایین کە بە زمانی کوردیی نووسرابێ، بەڵکو پێشتریش ڕەخنەگری تر بابەت و کتێبیان نووسیوە لەوانە : دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف و ئارام ڕەشید، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم کتێبەی مەریوان هەڵەبجەیی بەرفراوان و سەراپاگیر و پڕ لە دیتێڵ و زانیاری نین.

وەک ئاشکرایە ژن لە عەقڵیەتی پیاوانی ڕەشۆکی ئەو سەردەمە(١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا) یەکێک بوو لەو کاڵا هەرزانانەی کە بۆ تێرکردنی غەریزەی سێکسی بەکاربراوە. کەسایەتیی نەبووە و بە کۆیلە و ئازادەوە لە بچووکترین ماف بێبەش بووە و کەرامەتی ڕوشاوە و شکۆی ئینسانیی شکێنراوە. کاتێکیش ئایینی ئیسلام هات لەبری قەدەغەکردنی ئەو بەکاڵاکردنە، شەرعیەتی بەو سووکایەتییەی ژنان داوە و پێشڕەوانی ئیسلامیش خۆیان بوون بە سەرمەشقی ئەو سووکایەتیی کردنە بە ژن. کۆیلەکردن و نیکاح و ئیغتساب و فرەژنی و زەواجی موتعە و ..تاد وەک بنەما جێگیرکران و دواتریش لەلایەن پەیڕەوکەرانەوە پەیڕەویان لێکراوە. مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەیەوی بڵێت کە جوانترکردن و مکیاجکردنی ئەو دزێو و ناشرینانەی ئایین کە لەسەر دەستی مورید و مفتی و زانایانی ئایینی ئەنجام دەدرێ، خۆی جگە لە فریودانی خەڵک هیچیتر نییە. نووسەر ڕاشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر دەرد و مەینەتییەکان و ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانیان دەکات.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا هەوڵێکی جیدییە بۆ خوێندنەوەی مێژوویەک کە لەسەر سەربڕین و کوشتن و بەکۆیلەکردنی ئینسانەکان بنیادنراوە، مێژوویەک پڕاوپڕ لە غەدرو زوڵم و لێوڕێژە لە تاوان. خوێندنەوەیەکی سەراپاگیری دۆخی ناهەمواری ژنە لەژێر سایەی شەرعگەلێک کە جگە لە بەرژەوەندی پیاوانی خێڵ هیچ بەرژەوەندییەکی تریان لەبەرچاو نەگرتووە. کتێبەکە خوێندنەوەیەکی زانستیانەی وردە لە دۆخی دواکەوتوویی کۆمەڵگەیەک کە خورافەیان بە باشترین چارەسەر زانیوە بۆ دەربازبوون لە دەرد و مەینەتییەکان.
ئەو پرسیارانەی لە دووتوێی ئەرگیومێنتەکاندا هەن، دەرخەری ڕاستییەکن کە دیاردەی ئایین لەبەردەم هێزی پرسیارە مەعریفییە جیدییەکاندا چۆک دادەدا. چونکە ئایین نە بڕوای بە دیالۆگ هەیە و نە بەگفتوگۆ، بەڵکو هەمیشە بە چەکی سواوی بوختان و درۆ و تیرۆری کەسایەتی نووسەر دەست پێدەکات، تا دەگات بە تیرۆرکردنی جەستەیی، کە کۆی ئەم میتۆدە خۆی لە دەقە ئایینییەکان بەرهەم دێنێتەوە. گەرچی هێزە تاریکپەرستەکانی ئایین زۆرجار توانییانە ڕەخنەگر بکوژن و لەنێوی بەرن، بەڵام ئەو ڕەخنەگر و نووسەرانە وەک براوەیەک لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ناو و کار و چالاکیان تۆمارکراوە و تیرۆریزمی ئایینیش جگە لە شکست هیچیتری پێنەبڕاوە.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە دیدێکی بابەتییانەوە کە بەهای ئینسان شایانی ڕێزلێگرتنە،کۆی دیاردەی ئایینی ئیسلام لەلایەک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پێگەی ژن لەو ئایینە لەلایەکیتر دەخاتە ژێر مایکرۆسکۆبی لێکۆڵینەوەوە. ئەمە ئەو سەکۆیەیە کە مەریوان هەڵەبجەیی لێوەی ململانێکان دەباتە پێشەوە. لە سەرجەم کتێبەکەش خوێنەر هەست دەکات نووسەر کێشەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەن و گروپێکدا نییە، بەڵکو کێشەی مەریوان ئەو میتۆدە ئایینیەیە کە ئەرکی جەوهەریی توندترکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی کۆیلەتی ئینسان بەگشتی و ژنان بەتایبەتییە.

لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە :
یەک : نووسەر بابەتییانە کتێبەکەی نووسیوەتەوە و هەوڵیداوە بەڕێچکەیەکی زانستی ئەنجامگیری بکات.

دوو : نووسەر تێکۆشاوە پشت بە بنەڕەتترین سەرچاوەکان ببەستێت و ڕاستییەکان لە زاری سەرچاوەکانەوە بخاتە ڕوو.

سێ : نووسەر گرنگترین بابەتی وروژاندووە کە پێگەی ژنە لە ئایینی ئیسلام. کتێبەکەش دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر سەرجەم ئایین بە گشتی و پێگەی ژن بەتایبەتی.

چوار : نووسەر پەردەی لەسەر دزێوترین دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵداوەتەوە و ناوەڕۆکە کۆنەپەرستانەکەی خستۆتە ڕوو.

پێنج : نووسەر بە شارەزاییەکی باش و تێڕوانینێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخوازانەوە بناغەی ڕەخنەکانی داڕشتووە.

شەش : نووسەر ئیش لەسەر ئارگیومێنت دەکات و ڕەخنەکانی بە فاکت دەخاتە ڕوو. لەهەمان کاتیشدا دەرگای دیالۆگی بە ڕووی خوێنەر و ڕەخنەلێگیراوان بە کراوەیی هێشتۆتەوە.

شەش : عەزم و سەلیقە و ئیرادەیەک کە لە پشت نووسینی کتێبەکەوەیە بووە بە هەوێنی سەرکەوتنی مەریوان هەڵەبجەیی لە ململانێی ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.

ئەم کتێبە تا بڵێی ناوازە و پڕ لە زانیارییە و بەسوودە، خوێندنەوەی نەک هەر بەکەڵکە، بەڵکو پێویستییەکە لەپێناو بەجوانی ڕاگرتنی ئینسانییەتی خۆمان. کتێبەکە ئاوێنەیەکە دەتوانین لەمیانی تەماشاکردنییەوە ئەو وێنەیە ببینین کە زۆربەی هەرەزۆری تاکەکانی ئەم وڵاتە نایبینن، یان ناوێرن بیبینن. چونکە کتێبەکە دەتوانێ شۆڕشێک لەناو بیرکردنەوە هەڵبگیرسێنێ و تەواوی سیستەم و میتۆدی بیرکردنەوەی تاک سەبارەت بە ئایین بگۆڕێ. ئەمەش ئەو ترسەیە کە ئیسلامییەکان لێی تۆقیون و هەر لەبەر ئەمەش بوو فەتوای کوشتنی نووسەر دەرکرا. نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە جوانترین مێژووی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لەدژی کۆنەپەرستی و جەهالەتی ئایین خوڵقاند. مێژوویەک کە تا مرۆڤایەتی مابێ بەچاوی ڕێز و ستایشەوە لێی دەڕوانێ.

ئایاری ٢٠١٦

تێبینی : ئەم ڕانانە لە گۆڤاری هانا ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە.




لە پەراوێزی نمایشی سەربازی پارتیدا … عەبدوڵا مەحمود

هێزی چەکداری دەسەڵات، خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نییە…

لەژێر ناوی پرۆتێست کردنی وتەکانی سروە عەبدولواحید، ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی حزبی گۆڕان و لە درێژەی ئەو کەمپەینەی پارتی چەند ڕۆژێکە وەرێی خستووە، ‌بەشێک لە ‌هێزی تایبەت و سوپای گوڵانی پارتی، نمایشێکی سەربازی بەعس ئاسایان لە هەولێری پایتەختی سەرکوت و تۆقاندندا وەرێخست.
ئەو هێزە قارەمانەی!! بە قورمیشی پارتی، و بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان و لەژێر ناوی بەرگری لە کەسوکاری پێشمەرگە، نمایشی سەربازی، وەرێخست… دوورو نزیک پەیوەندی بە ویست و خەونی هیچ ئینسانێکی ئازاد و زوڵێمکراوی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ لە دژی ویست و هەر خواستیكی ئینسانی ئەوانە. ئەگەر لە برگەیەکی مێژوویی دیاریکراودا، و لەسەردەمی رژێمی بەعسی لە دەسەڵاتخراوادا، کەسانێکی زۆر لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و لاوانی دڵپر لە هیوا… بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان لە دژی درندەیی بەعس و بۆ ئازادیدا، چەکیان کردە شان و قوربانیاندا، مەرگیان پیش دەخست بۆ ئازادی، ئەوانە لەشکرێک بوون، کە خەونی خۆیان و کەسو کاریان، لەلایەن پارتی و حزبە برابەشەکانی، کرایە پردی سات و سەواد لەگەڵ بەعس. دوای کەوتنی بەعسیش، کرایە دەستمایە بۆ بەشدار بوون لە دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی و لە عێراق و درێژەدان بەدەسەڵاتی بە زۆر داسەپاویان بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
هێزی پیشمەرگە و زێرەفانی و تایبەت و هیزەکانی یەکەی ٧ و ٨، هێزەکانی ئاسایش و…تاد. جگە لە هێزی پاراستنی دەسەڵات و چینە داراکانی کوردستان، جگە لە هێزی سەرکوت و ئامرازێک بۆ سەرکوتی نارەزایەتی هیچی تر نین و خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نین.
ئەگەر هێزە سەربازیەکان و سوپای مۆسۆلۆنی و خومەینی و سەدام حسێن و سەرە دیکتاتۆرەکانی تری دنیا… لە ژێر ناوی بەرگری لە خاک و نیشتیماندا، ئامادەبوون بە دەیان هەزار ئینسان لەناو بەرداشی شەردا، بکەنە قەرەبروت و بێ دەست و قاچ و سەقەت، ئەوا ئەوەی ناوی ‌هێزی پیشمەرگەی کوردستانە، بۆ یەکجاریش لە دژی هیچ هێزێکی دەرەکی و ئەو دەوڵەتانەی سەرکوتی خەڵکی کوردستان دەکەن، تاکە بەرگری و فیشەکیكیان نەتەقانددووە… بە پێچەوانەوە ئەم هێزی پیشمەرگەیان کردۆتە پێشلەشکرو چاوساغی لەشکری بەعس و تورکیاو ئێران و حەشدی شەعبی… کردویانەتە قارەمانی جەنگی میلیشیایی دەسەڵات لە کوردستاندا، کە هیشتاش قوربانیانی بێسەرو شوێنن. ئەوانەی کە خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریان… کوشتار کرد کە داوای نان و ئازادی و شکۆی ئینسانیان دەکرد، هەر ئەم هێزانە بوون. ئەوانەی کە سەرکوتی هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەری ئامانجدار دەکەن، هەر ئەم هێزانەن. ئەوانەی بە دەمامک و بێ دەمامکەوە سەردەشت عوسمان و رۆژنامەنووسان دەرفێنن و تیرۆر دەکەن، هەر لە زومرەی ئەو هێزانەن. ئەوانەی خەڵکی شەنگالیان بەدەستی بەستراوەوە رادەستی داعش کرد، هەر ئەم هێزانەن. وە ئەوەی ئەو دەسەڵاتە مافیایە تەمەن ٢٥ ساڵەیە لە تورەیی خەڵک دەپارێزێت، هەر ئەم ‌هێزەیە. ئەوەی کە رێگە نادات لەهەولێر و زونی زەرد خەڵک بە خۆپیشاندان و کۆبونەوە و مانگرتن… داوا رەواکانی خۆی بکات، هەر ئەم هیزەیە. بۆیە هێزی پیشمەرگە و چەکداری ئەم حزبانە جگە لە کۆیلەی دەسەڵات و ئامرازی سەرکوت بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات، زیاتر شتێکی تر نین. خەڵکی کوردستان نابێت هیچ خۆشباوەریەکیان بە هێزی چەکداری ئەو حزبانە هەبێت… ئەم هێزە چەکدارە بۆیە هەیە و بە ملیۆنان دۆلار دەکرێت بە گەرویدا، تا دەسەڵات بپارێزێت. ئەو دەسەڵاتەی کە دوای چارەکە سەدەیەک، نەک نەیتوانیوە سەرەتایترین پێداویستیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵکە هێشتا خەڵکی تامەزرۆی ئاو و کارەبان!! لەوانەش واوتر لەدرێژەی تاڵانی و هێرشەکانیاندا، ئێستا دەمیان ژەنیوەتە قوتی کارمەندان و مامۆستایان. هەموو ئەو بێمافی و هێرشە بۆ سەرخەڵکی کوردستان، بە پشتیوانی ئەم هێزە چەکدارە میلیشیاییە حزبییە بەرێوە دەچێت. دەسەڵاتێک لە بەردەم نەفرەتی جەماوەریدا بێت، ‌هێزە چەکدارەکەشی نەفرەتلێکراوە، نەک پیرۆز. هێزێک پیرۆزە کە لە بەرەی خەڵکی کوردستان و خواستەکانیدا، بێت. کە باسکی رێکخرواو هوشیار و چەکداری بزوتنەوەی رەوای نارەزایەتی جەماوەری بێت بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و شکۆی ئینسانی.
ئەو نمایشە سەربازیەی ئەمرۆ، نمایشی هێزی دەسەڵاتێکی نەفرەت لێکراوی نۆکەرو دژە خەڵکیییە. وە نمایشێک بوو بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش خەڵکی هەولێر. دیارە لەپشت ئەم پەیامەوە، نمایشی هێز نیشاندانە بە بزوتنەوەی گۆڕان، تا لەگەمەی دەورەی تازەی کۆبونەوەی حزبەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان موی نەرمتر بێت. هەر بۆیەش قسەکانی ئەندام پەرلەمانەکەی گۆڕان کراوەتە بەهانەی، نیشاندانی ئەم عەرزی عەزاڵەتە هەرزەیە.

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١٦




ئه‌ده‌ب له‌ ژێر باڵی ره‌شی ده‌سه‌ڵاتدا … عه‌بدوڵڵا هورمزیاریی

له‌ کوردستانی باشوور ته‌نیا دۆخی گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی ناگوزه‌رێ و به‌ هۆیانه‌وه‌ به‌هاو به‌رهه‌م و داهێنان و ڕێز و مافه‌کانی مرۆڤ ڕوو له‌ داکشان بێت! به‌ڵکو به‌ درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌ی ره‌واجی پێدراوه‌و کاری بۆ کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت پایه‌و مه‌به‌سته‌کانی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌لـله‌یه‌کی بۆش به‌رهه‌م بهێنرێت که‌ هه‌موو کارو جوڵه‌یه‌کیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی راگه‌یاندن و ده‌زگاکان و گروپ و کۆمه‌ڵه‌کانی نووسه‌ران‌ داده‌نرێن ده‌بێت گه‌نده‌ڵ بن و خوێنی حیزب و ئینتیمای شه‌خسی مه‌سئوله‌کان به‌ ده‌ماره‌کانیاندا بڕوات تا جێی خۆیان بکه‌نه‌وه‌و ببنه‌ پێوه‌رو په‌ساپۆرتدان به‌ بابه‌ت و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبان، له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و واسته‌کردن و په‌یوه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت باڵ باڵێنه‌ بوار به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ش‌ بدرێت ، ئێدی که‌سایه‌تی نزیك و بابه‌تی کاڵوکرچ به‌ره‌نده‌ ده‌بێت و خه‌ڵات ده‌کرێت و ده‌نگه‌ دا‌هێنه‌ره‌کانیش کپ ده‌کرێنه‌وه‌و ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وایکردبێت خوێنه‌ران له‌ که‌مبوونه‌وه‌دا بن و به‌تایبه‌تی خوێنه‌رانی جدی بوونیان به‌ره‌و نه‌مان بچێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ئه‌و مه‌غزایه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا چڕ بووه‌ته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ جه‌نگان دژی سته‌م و ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵی مادی و مه‌عنه‌وی، بریتیه‌ له‌ ده‌نگی راستگۆی ناخ و گیان به‌رانبه‌ر هه‌موو بڵندگۆ ته‌زویره‌کان که‌ ره‌واج به‌ کاڵبوونه‌وه‌ی بوون و گیان و ناسنامه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. خۆ ئه‌ده‌ب له‌مڕۆژه‌دا له‌ کوردستانی باشوور وه‌ك ناسنامه‌ی میلله‌تێك و گوژمی ژیاریی وڵات و نه‌ته‌وه‌ ته‌ماشا ناکرێت و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڕتوکت خوێندبێته‌وه‌ ناسنامه‌ت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و که‌سایه‌تیت ده‌ستنیشان بکرێت! بۆیه‌ ئه‌دیبیش هیچ سوودێکی مادی ناکات کاتێك ده‌نووسێت و په‌خش ده‌کات، له‌ سه‌رئێشه‌و ماندووبوون به‌ولاوه و جارانێکیش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفت‌ چی ده‌ستناکه‌وێت، گه‌ر هه‌ر میلله‌تێکیش به‌و ئاسته‌ نزمه‌ بگات له‌ مه‌عریفه‌و داهێنان و رۆشنبیریی و بره‌و نه‌دان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کان ئه‌وا زه‌نگی مه‌ترسی بۆ لێده‌درێت که‌ بوون و مانه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون بچێت. مه‌خابن ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ به‌شێکی زۆری نووسه‌رو ئه‌دیبان له‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌دا هیچ هه‌ڵوێست و بوونێکیان بۆ خۆیان دانه‌ناوه‌و ئێدی له‌ناو کۆمه‌ڵگاشدا ڕۆڵیان سڕدراوه‌ته‌وه‌و نه‌ماوه‌، ئه‌گینا هه‌ر رۆشنبیران و هزرمه‌ندو ئه‌دیبانن له‌ جیهاندا ره‌نگڕێژیی و پێشڕه‌وایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌کان ده‌که‌ن و خاوه‌نی وته‌و هه‌ڵوێستن به‌رانبه‌ر هه‌موو گۆڕانکاریه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام لای ئێمه‌ زۆر به‌ داخه‌وه‌ کاره‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ده‌وروبه‌رو هێزی ده‌سه‌ڵات ئه‌دیبان ئاراسته‌ ده‌کات و ناسنامه‌و بوویان پێده‌به‌خشێت، لێ ژماره‌یه‌کی که‌میش هه‌ن دووره‌په‌رێزو نائارام و نیگه‌رانن له‌و هه‌موو ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبانی ته‌نیوه‌و ئه‌وانیش لێی یاخی بوون، به‌ بێ ده‌نگی ناسنامه‌ی خۆیان پاراستووه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، چونکه‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری ره‌نگه‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکی ناحاڵی و که‌لـله‌پوچ و نه‌فامه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌ کاتێکدا گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی له‌ لایه‌ن رۆشنبیره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام چ رۆشنبیرێك؟! ئه‌و رۆشنبیره‌ی هزری تاریك کردووه‌ به‌ ناڕه‌وایی و قه‌ڵه‌م و ویژدان فرۆشیی، به‌ جه‌پڵه‌ لێدان بۆ دزو مرۆڤکوژو تاوانبارو له‌ به‌رانبه‌ریشدا سه‌رکوتکردنی ده‌نگی داهێنه‌رو بێ ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت چ ئازایه‌تیه‌کی تێدا بێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌؟! له‌قه‌لێدانی که‌سی ژێرکه‌وتوو چ جوانی و جیاوازیی و خزمه‌ت و داهێنانێکی تێدایه‌؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له واقیع و کرۆکدا هه‌موو شتێك کڕین وفرۆشتنی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کرێت و ده‌کرێت ده‌مامکی جۆراوجۆر له‌ ده‌موچاو بکرێت، بۆ نموونه‌ سیاسه‌تمه‌دارێکی فاشیل به‌ حوکمی پاره‌و چه‌ك ببێته‌ هه‌ڵگری دروشمی رۆشنبیریی و هزرو پێشکه‌وتن و داهێنان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێی ناگات و نایبینێت پله‌و پایه‌و که‌سایه‌تی نووسه‌رو ئه‌دیبێکی داهێنه‌ری راستگۆیه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت بڕوای پێیه‌و له‌ ئازاره‌ راسته‌قینه‌کانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و خیتابه‌ سیاسی و درۆینه‌ی رۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز له‌ لایه‌ن ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تییه‌ به‌ ناو نووسه‌رو ئه‌دیب و رۆشنبیرانه‌وه‌ به‌ر گوێمان ده‌که‌ون.‌‌




وه‌ره‌ له‌ (باخ ) پێتده‌ڵێم …حه‌سه‌ن مسته‌فا

باخ…ئه‌مڕۆ ده‌ستی له‌ده‌ستی باران به‌رداوه‌
په‌لكه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ گه‌شن،
ئاو له‌چاو دێنن…
رۆح ده‌خرۆشێنن.
هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه‌، لێره‌ باریونه‌ته‌ سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵ
وه‌ره‌ ره‌نگی دڵی خۆتم پێبڵێ و …مه‌ڵێ ره‌ش
وه‌ره‌ باڕه‌نگی دڵی خۆت پێبڵێم.
ناڵێم ره‌ش.

ئه‌مڕۆ ده‌ستم له‌ ده‌ستی خه‌یاڵ دایه‌ و
به‌سه‌رێكی پڕ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و باخ ده‌ڕۆم
دڵم زه‌مزه‌مه‌ی دێ كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێم.
ده‌مه‌وێ زوو بگه‌مه‌وه‌ به‌ده‌نگی بولبووله‌كان،
كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری گه‌ڵاكاندا خۆ حه‌شارده‌ده‌ن…تا ره‌نگه‌كه‌یان كاڵنه‌بێته‌وه‌.
تاده‌نگیان هیچ شوختێكی به‌رنه‌كه‌وێ!!.
من هیچم نیه‌ بیچنمه‌وه‌ له‌ده‌نگی ئه‌وان زیاتر .

تینی خۆر… سێبه‌رم ده‌كاته‌ هاڵاو،
كه‌ عه‌سران وه‌ك هێڵێكی درێژ و ره‌زاگران رێنوێنیم ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.
سینه‌م پڕه‌بێ پڕ له‌ئاواز
بۆ ناو ژووره‌كه‌میان دێنمه‌وه‌
وشه‌ دۆزراوه‌كانی نێو ورشه‌یه‌كی نه‌رمیی سروه‌ و
به‌یه‌كدادانێكی هێواشی ده‌نكه‌ گێڵاسه‌كان.
به‌سه‌ر كاغه‌زه‌ سپییه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژم… خوێنی هه‌ناره‌ دڵگه‌رمه‌كان و
ره‌نگه‌ نه‌دیوه‌كانیی شادی، كه‌ له‌قوڕگه‌ غه‌مگینه‌كه‌ی كه‌نارییه‌كان داده‌بارن!!.

وه‌ره‌ با سه‌ماكه‌ین تا چیتر ئه‌و مۆسیقایه‌ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات
كه‌ له‌ده‌ماری باخ وه‌ك فواره‌ی خوێن هه‌ڵچووه‌

وه‌ره‌… با وه‌ك نیشتنه‌وه‌ی په‌ڕی به‌باچووی چۆله‌كه‌یه‌ك، له‌سه‌ر قه‌راغی كارێزێك
ئه‌و مۆسیقایه‌ بنیشێته‌ سه‌ر رۆحمان…زه‌ویمان له‌بیر بباته‌وه‌!!
كه‌ دزێوی پڕیكردووه‌ له‌هێلانه‌.
وه‌ره‌ ئه‌و په‌پوولانه‌ هه‌ڵمه‌فڕێنه‌ كه‌ له‌دابی نزادان
نزا بۆ پڕ ره‌نگگبوونی گوڵ.
وه‌ره‌ ئه‌و ئاوه‌ نۆشكه‌
كه‌له‌سه‌ر په‌ڕی پونگه‌ ده‌ماره‌جۆیان به‌ستووه‌.
وه‌ره‌ ئازیز .. ئه‌م باخه‌ چه‌ند جوانه‌ كه‌ ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاله‌كانیی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌.

وه‌ره‌ له‌وێ پێتده‌ڵێم…تۆ هه‌رزوو دوو باڵی فریشته‌ییت هه‌بوو
رۆحت له‌رۆحی باخه‌وان ده‌چوو.
وه‌ره‌ له‌( باخ ) پێتده‌ڵێم…
ئای! چه‌ند داغه‌ ناوشار…
ئای! چه‌ند غه‌مباره‌ گه‌ڕه‌ك، كیژه‌كان هێشتا ناوێرن سه‌رده‌ركه‌ن!!
هێشتا كۆڵان پڕنه‌بووه‌ له‌سێبه‌ریان.
شوره‌كان نایه‌ڵن ده‌نگیان ده‌رچێ…
به‌ئاواز و قیژه‌ی تێكه‌ڵ، له‌ودیو حه‌ساره‌كان جمه‌یان دێ…
وه‌ره‌ با ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ به‌تاڵكه‌ین..
وه‌ره‌ با ئه‌م ته‌ختی شه‌تره‌نجه‌یان بۆ جێبێڵین .
وه‌ره‌ تۆ نابینی ؟
شه‌پۆلی باخ به‌سه‌ر باڵی ئاوازه‌وه‌
تاسه‌ر كه‌ناری (شار) درێژبووه‌ته‌وه‌.

وه‌ره‌ له‌وباخچه‌ پڕ له‌نووره‌
تیشكه‌كانم به‌پێی ئاره‌زووی دڵی تۆ چه‌پك كردوون
من ئه‌وه‌نده‌ وه‌سفم كردووی
دره‌خته‌كان هه‌ر له‌دووره‌وه‌ ده‌تناسن
هه‌ر له‌دووره‌وه‌ مه‌ست ده‌بن…راده‌هه‌ژێن
ئه‌وه‌نده‌ گێژده‌بن…بۆنی خۆیان ناناسنه‌وه‌
به‌هێڵنجه‌وه‌ ده‌ست له‌به‌ژنی خۆیان ده‌ده‌ن…
ئێ ئه‌وان ، خۆیان بیرناكه‌وێته‌وه‌
حه‌زه‌كه‌ن بفڕن… ده‌كه‌ون به‌سه‌ر دارشه‌قی جۆگه‌له‌دا.
حه‌زه‌كه‌ن بمرن، پۆلێك باڵنده‌ ده‌ستیان ده‌گرن و راستییانده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
گۆرانییه‌كان به‌شه‌ونمه‌وه‌ دێنه‌ ئێره‌
كۆتره‌كان گمه‌گمی ژه‌نگاوییان… بیره‌چێته‌وه‌
كه‌نارییه‌كان ، چیدی له‌ده‌ست وێنه‌كێشه‌كان راناكه‌ن.
دایكم ، چیدی رێشمه‌ی خه‌م راناكێشێ!!
…كۆڵان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ما و
كیژه‌كان، له‌ به‌رگی تاریكی دێنه‌ده‌رێ.
منیش … چیدی به‌شه‌رمه‌وه‌ گۆرانی ناڵێم
وه‌ره‌ له‌باخ پێت ده‌ڵێم…




خۆم و خۆت و خۆیان … نەوزاد بەندی

خۆت وەک کەسێکی نوێ مەناسێنە ..
تۆیش هەر ئەوەی کە ئەچیتە لای وەکیلی ئاردەکە و
ئەپرسێ ئاخۆ نۆ کیلۆ ئاردەکە نەگەیشتووە …
بەیانیان دەهۆڵ و زوڕنای غاز فرۆش خەبەرت ئەکاتەوەو
لە ترسی قسەکەی پاریزگاری نوێ کە ووتی ئەزمەی غازیش بە ڕێوەیە ،
بە هەڵەداوان بە جووتێ نەعلی تاکە و تاکەوە ، راتکردۆتە دەرەوە و
غاز فرۆشەکە ئیشارەتی بۆ کردووی : هەمووی بۆشن ..
تۆیش هەزار جار قوڕی بەر بەلەدیەکەت لێ پرژاوە ..
سەد جار چەکەتەکەت لە قەپرغەوە
بە عەرەبانە دڕاوە …
تۆیش ژمارەی جۆزەی موەلیدەکەت ،
لە ناوی خۆت باشتر رەوان کردووە ..
سەد جار جلەکانت بە دوو ڕۆژ لە غەسالەکەدا ماوەتەوە ..
خۆت وەک کەسێکی ئەوروپیی نیشان مەدە ..
تۆیش ناوی چەندەها قاچاخچی ئەستەمبوڵ و یۆنانت لەبەرە ..
چەندەها ئێوارە لە فولکەیەک وەستاوی ،
نەتزانیوە بە چ ئاراستەیەک بڕۆی ..
چەندین جار مۆبایلەکەت دەرزی ئاژن کردووە ،
نەتزانیوە زەنگ بۆ کێ لی بدەی ..
تۆیش هەرچی هەنگاوی ژیانتە ،
بە خواستی خۆت نەتناوە و بە شەق پێیان ناوی ..
تۆیش لەگەڵ عاما چووی بۆ شام ..
جاران ٢٠ سانتیم سمێڵت هێشتبۆوە و ئێستا هیچ ..
جاران کتێب لەبەر باخەڵتا بوو ، ئێستا پیتزا ..
جاران بە هاوین ئەچووی بۆ بەغداد ، ئێستا ئەڵێی : پیاو دوو فلس دانێ بۆ ڕۆژی ڕەشتر ، سەفەر چیە لە هیلاکیی زیاتر ؟!!
تۆیش بە بێ ڕا لێ بوون چووی بۆ دەنگدان و
بە بێ هیوا خەتت لە حیزبێک داوە کە دەیەها شەقی لە دەیەها خەون و هیوات داوە ..
تۆیش سەد جەر تفت کردۆتە سەر زەوی ..
بوتڵی بەتاڵت فڕێ داوەتە سەر جادە ..
قڕقێنەت داوە و ..دوکەڵی جگەرەت کردووە بە ڕووی مناڵەکانتا ..
دەیەها نەعلت تێ گرتوون
دەیەها تفت تێ کردوون ..
شانازیت کردووە کە شلەی بێ گۆشتت نەخواردووە ..
خۆت وەک کوردێک نیشان بدە ،
کە لە هیچ ڕستەیەکدا جێی نابێتەوە ..
کە ٣٠ ساڵ جارێک هیواکانی ،
وەک بەفری نیسان ئەتوێتەوە ..
هەر هێندە و بەس …




دووای جەنگ … جۆن باڵەبان

دوای جەنگ،جەستەی شەق شەقکراو–
چاوی هەڵکۆڵدراو،
گوێچکەی خوساو،
شەویلگەی تێکوپێکشکاو،
لێوی کون کونکراو،
ئێسکی قاچی جێماو
لەتە چەرمی زیواڵ زیواڵکراو ،
پەنجەی پێ–
هەمویان رامابون، هەڵدەپەرین، دەیان نوسکاند.
لاشەی عەورەت لە هەمویان نامۆتر بو،
کە چەشنی کرمۆکە بەسەر رێگاکانەوە گینگڵیان دەدا.
زیندووەکان پێویستییان پێبون بەڵام وەختێک سودێکیان مابا،
بێگومان مردووەکان هیچ پێویستییان پێ نەمابون.

تارماییەکان-
دەیان هەزار رۆ‌حی جێماو کە لەسەر شەقامەکانی شار،
لەسر مێزی کەنیسەی ئێواران،
لەسەر پاشماوەی کەلاوەکان
چەشنی روفاتی تەم دەردەکەوتن،
بێگومان هیچ پێویستییان بە لاشە تێکشکاو و جێماوەکانیان نەمابو.
چونکە تارماییەکان پێیانوابو بەبێ ئەوان جوان دیاننواند.
چونکەهەموو شتێک دەگەرێتەوە سەر ڕەچەڵەکی ئەسڵی خۆی دواجار
پاشماوەکان چەشنی پەناهەندەی رەنگپەریو دەگەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکان،
کە جۆرێک لە مال وابو بۆیان.
ئیتر هەر لەبەر ئەوەیە ئەمرۆ جارجار هاورێیەک یان کەسێکی ناودار دەبینی
لە ژێر دوو لێوی زلەوە کەبەسەر روخساریدا پانبونەتەوە، قسەی پوچ دەکات،
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجار تەوقەکردنیش شتێکی بێزراوە.
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجارواباشترە چاو نەبرینە چاوی یەکتر
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە تائێستاش لەسەر سنگی کیژۆڵەکان ئاسەواری کۆنە برین زقبۆتەوە.
دوای جەنگ،
لەگەل ئەوبزە قەبیحەی سەرلێومان،
تۆ بڵێی چیرۆکە کۆنەکان هێشتا راستی نوێمان پێبڵێن؟
تۆ بڵێی هێشتا جیهان میتافۆری تازەمان بۆ تەفسیر بکا؟
دوای جەنگ، ئەی دەبێ خۆشەویستی چۆن بێتە گۆ؟

جۆن باڵەبان
لە ئینگلیزییەوە: بینایی

binaiy85@gmail.com
———————————–
سەرچاوە:
http://www.blackcatpoems.com/b/after_our_war.html




لە ژێر دەمامکی بەتابووکردنی پێشمەرگەدا چی هەیە؟ … هیوا خۆشناو

دەوڵەت، ڕێکخراو و ڕژێمەکان کە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی و داهێنانەوە ئیفلاس دەکەن پەنا بۆ دو شت دەبەن: یەکیان پیرۆز کردن، دووەمیان تابووکردنە. لەو دو ڕێگایەوە، ڕژێمە ئیفلاسبوەکان لە لایەنگرانی خۆیانەوە تا دەگاتە ڕکەبەرانیان دەمکوت و سەرکوت دەکەن، بەڵام هیچ کامێک لەمانە هەتا هەتایی نین و هەر هەموویان وەک ئیمپراتۆریەکەی ڕۆما چارەنوسیان ڕوخان و ماڵەکانیان دەکرێن بە مۆزەخانە.
لە باشووری کوردستاندا ٢٥ساڵە لە ژێرناوی پێشمەرگەدا سیستێمی گەندەڵی، ماکینەی دزی و بەتاڵانبردنی کوردستان ئەپارێزن. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندازیاری ئەو یارییەی پێشمەرگەیە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و ئەوانی دیکە کە فێرن بەوەی لە پەراوێزی پارتی سیاسەت بکەن، لە جیاتی هەڵدانەوەی دەمامکەکە، خۆیان هەمان کار دووبارە دەکەنەوە. لە ڕاگەیاندنی ڕێفراندۆمەوە بگرە تا پیرۆزکردنی پێشمەرگە، لەوێشەوە تا دەگاتە دەوڵەتی کوردی، جگە لە لاساییکردنەوەی پارتی و سیاسەتکردن لە سێبەری ئەودا هیچی دیکە نیە.

بەڵێ پێشمەرگە لە کۆنەوە تا ئێستا خاوەنی چەند کەسانێکی دڵسۆز و بەئەمەک بوە و ئەوانە هەرگیز سڵیان نەکردۆتەوە لە مردن، بریسیەتی و سەرمابوون، بەڵام لە کۆتاییدا خراونەتە خزمەتی ماکینەی کوردایەتی خێڵەکی و وەک ڕۆن و بەنزیک بۆ ئەو ماکینەیە سوتێندراون کە ٢٥ ساڵە ئەوە بەرهەمەکەیەتی. لە ساتەوەختی شەڕو پێکدادان، ئاژیتەی شەڕکەرانەی پڕ لە کەف و کوڵی کوردایەتی و ڕەوشی هەستیاردا سەختە مرۆڤ بتوانێ بە لۆژیکی بیربکاتەوە و بنوسێ یان قسە بکات، بەڵام با لەخۆمان تێکنەدەین بە شێکی گرینگ لەو کوردستانە بەناو ڕزگارکراوەکەی باشوور لە لایەن داگیرکەران بەڕێوە ئەبرێ. چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا چەند هاوڕێیەکی نزیک لە یەکێتی و گۆڕانم بینین خۆیان ئەیانگوت بەتەنیا وڵاتی مسڕ زیاتر لە ١٠ بارەگای ئیستیخباراتی لە سلێمانی هەیە. باشە ئەگەر مسڕی داماو ئەو هەمو بەرەگاییەی لە سلێمانی هەبێ، دەبێ ئێران، تورکیا، ئۆردون، سعودیە، قەطەر و سوریا چەند بارەگای ئیستیخباراتی و نهێنیان لە بادینان و هەولێر هەبێ؟ ئەی کەواتە پێشمەرگەی “پیرۆز” لە کوێیە؟ ئایا پێشمەرگە لەسەدا چەند شەڕی داگیرکەران و لە سەدا چەند شەڕی ناوخۆی کردوە؟ بەر لە ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین پێشمەرگە توانیویەتی یەک بستێ خاکمان بپارێزێ ئەگەر وڵاتێکی زلهێز بە تانکو فڕۆکە و پارە لە پشتیەوە نەوەستابێ؟

پێشمەرگە لای کێ بەکاردەهێنرێ؟

سەیر لەوەدایە کاتێک باسی پێشمەرگە دەکرێ، بەر لە پێشمەرگە دڵسۆزە قوربەسەرەکان، ئەو کەسانە دەمیان دەکەنەوە کە لە ڕاستیدا ڕۆژێک پێشمەرگە نەبونە، مەگەر لە ترسی سەربازی، یان لەبەر ئەوەی بیرەیەکی خواردۆتەوە و باوکی دەریکردوە، یان لە برسان بۆتە پێشمەرگە و کەینێ بۆی نەسوڕابێ خۆی تەسلیم کردۆتەوە یان وەکو کوردی باشوور گوتەنی “سەنگەری گۆڕیوە”. واتە ئەوان داکۆکی لە پێشمەرگە ناکەن، بەڵکو لە ژێرناوی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان داکۆکی لەو لەوەڕگایەی باشوور دەکەن کە ئەقڵیەتی خێڵەکی کوردایەتی داهێنەرەکەیەتی. مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانی کە خۆیان بە ئەندازیاری پێشمەرگە دەزانن، بەر لەوەی سنگیان بدەنە داگیرکەران، ڕووی لولەی تفەنگەکانیان داوەتە دوژمنە ناوخۆییەکانیان. شەڕی زێباریەکان، ڕێکانی و برادۆستیەکان تا دەگاتە شەڕی جەلالی – مەلایی، یەکێتی و بەرەی جووت، شەڕی پکک و خۆیان گوتەنی “جەماعەتی قاسملۆ” بە دەستی پێشمەرگە کراوە، ئیتر بۆ پێشمەرگە پیرۆز دەکەن؟ بۆ نابێ کەس باسی پێشمەرگە بکات؟

پێشمەرگە و ماکینەی پێشمەرگە

هەروەکو لەسەرەوەدا باسکرا کێشەکە لە خودی پێشمەرگە نیە، بەڵکو لە ماکینەی پێشمەرگەدایە کە هەر لە سەرەتاکانی یەکەمین دامەزراوەی سیاسی مۆدێرنی کوردی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، پێشمەرگە وەک دەزگایەکی چەکداری پاراستنی بنەماڵە بەکار هێنراوە بەڵام لە ژێر ناوی کوردایەتی و شۆڕش. دوای جیابونەوەی چەندین حیزبی دیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، درێژەیان بە بەشێک لەو ئەقڵیەت و کولتورە داوە. ئەگەرچی پێشمەرگەکانی یەکێتی و شیوعی و…هتد، لە هەندێک شوێندا، ئازا و فیداکار دەرکەوتبن، بەڵام لە بنچینەدا لەبەر ئەوەی ماکینەکە نیشتیمانی نیە و حیزبیە، لەبەر ئەوەی لە ڕێگای حیزبەوە یان لە سێبەری حیزبەوە دەزگاکە بەخێڵەکی کراوە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە لە غیابی ئەقڵ، خوێندن و فکر چەکدار کراوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کە ٢٥ ساڵە دەوڵەتۆکەمان هەیە، نەک بەدامەزراوەیی نەکراوە، بەڵکو بێ پەروەردە، نەزان، گەندەڵ و بێ ئیرادە کراوە تا ئێستا کە پێشمەرگەکانی بەرەی جەنگ بونەتە سواڵکەر بۆ ئەوەی لە بەرەوە بچنە ماڵە سارد و سڕەکانیان دەستێک بەسەری منداڵە بێنازەکان و بەبە بێ شیرەکانیان دابێنن. بەڵام ئەوڕۆ لەلایەن هەندێک ناوەندی بڕیار و ئەلیتی ماکینەی پێشمەرگەدا، شەڕەکە بە کۆمەڵێک گەوج دەکەن بۆ هێشتنەوەی ماکینەکانیان. یەکێک لە کێشەکانی ئێستای یەکێتی کە ئەڵێن شەڕکەرترین پێشمەرگە هی یەکێتیە، ئەو بەرپرسە نەخوێندەوارە سەربازیانەن کە ڕۆڵی شێف لە فابریکەی پێشمەرگەدا دەبینن.

تاقە چارەسەری ئافراندنی کولتورێکی نوێی سیاسی و هزرییە نەک شەراکەتکردن لە سیستێم

کێشەکانی باشووری کوردستان هەروەکو بە کورتی باسمانکردن کێشەی فکری، ئەخلاقی، کولتوری گەورەن کە لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی سیاسی کوردی سەریان هەڵداوە. ئەو کولتورە حیزبیە نەریتیە چۆتە ناو قوڵایی کۆمەڵگە، تاک و بەشەکانی دیکەی کوردستان. جگە لە پکک و نزیکەکانی سەرجەم ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان بەدەست نەخۆشی کوردایەتی سیاسی ئەناڵێنن. نەبوونی سەرکردایەتیەکی هۆشیار و خاوەن فکر وایکردوە حزبە ڕکەبەرەکانی پارتیش لە دواییدا سازش لەگەڵ ئەو لۆژیکە نەریتیەدا بکەن و ببنە بەشێک لە سیستێمەکە. بەهۆی نەبوونی فکرێکی ڕۆشن، ڕکەبەرەکانیش بڕوایان بە ڕزگاربوون لەو دۆزەخەدا نیە و لە دواییدا تەسلیمی واقیعەکە دەبن. هەر ڕکەبەرێکی پارتی ئاڵودە بە نەخۆشیەکانی گەڵاڵە دوای قیرەقیرێکی زۆر، خەڵکەکە گەرم ئەکات و چەند پارلمانتارێک لەسەر گیرفانی دەوڵەت بە هەزاران دۆلار خانەنشین دەکات و خەڵکی نوێ دەکاتە پارلمان و گیرفانیان پڕ ئەکات.

ئێمە لە سەردەمی پۆست مۆدێرنە، پۆست ناسیۆنالیزم و پۆست مارکسیزم دەژین. ئەوڕۆکە دەوڵەت نەتەوە لە تەواوی جیهان لە قەیراندایە. مارکسیزم و خەباتی چینایەتی وەڵامی زۆر پرسیاری ئەو ڕۆژگارە و کۆمەڵگەی نوێ ناداتەوە. لیبرالیزمی دیموکراتی و بە موطڵەقکردنی تاک و دابڕانی لە زۆر شت نەک لە کۆمەڵگەی ئێمە بەڵکو لە خۆرئاواش لەژێر ڕەخنەی توند دایە. لیبرال دیموکراتەکان دەوڵەتیان لە ژێرناوی کەرتی تایبەتدا بێ ناوەڕۆک کردوە و دەوڵەتی خۆرئاوا ئیتر لە دەستی کۆمپانیاکان دایە. سۆسیالیستەکانی خۆرئاوا، کە ٢٥ ساڵە سازش لەگەڵ لیبرالیزم دەکەن، کۆتاییان بەخۆیان هێناوە. ئەوڕۆ ناسیۆنالیزم جگە لە شێرپەنجە هیچی تر نیە بۆ کۆمەڵگە نافەرمیەکان. ئیتر سەردەم سەردەمی ناسنامەکانە و ناسنامە جیاوازەکان جێگای نەتەوە، چین و موطلەقیەتی تاکەکانیان گرتۆتەوە. لە غیابی هزرێکی نوێدا، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بە شیعەو سوننە وە تەواوی ناوچەکەی پەرێشان کردوە. شەڕی شیعەو سوننە جگە لە کاولکردن و داڕزاندنی شار، کۆمەڵگە و سروشت هیچی دیکەی لێ بەرهەم نەهاتوە و چاوەڕوانی هیچی دیکەی لێ ناکرێ. هەر لایەنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خاوەن بیرێکی نوێ نەبێ کە مارکسیزمی کلاسیکی، لیبرالیزم، ئیسلامی سیاسی، نەتەوەپەرستی و دەوڵەت نەتەوە تێبپەڕێنێ، ناتوانێ خۆی لە تەڵەی شیعەو سوننە ڕزگاری بکات.

کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ، کولتور، ئەتنیک، ئایین، دیالێکت و زمانە. هیچ کامێک لەو ئێدۆلۆژیانە ناتوانن سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لە ئامێز بگرن. ئەگەر نەتەوەیی بووین چی لە “تورکمەن، مەسیحی، عەرەب” و هتد بکەین؟
ئەگەر مارکسیست و چینایەتی بووین، چی لە چینەکانی دیکە بکەین؟ ئەگەر لیبڕاڵ بووین چی لە ناسنامە جیاوازەکان بکەین؟ ئەگەر ئیسلام بووین کام تەریقەت هەڵبژێرین و چی لە ئەوانی دیکە بکەین؟
لە ڕاستیدا بزووتنەوەی نەریتی کوردی کە لە ژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان دایە، بە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و شیوعی و دیموکرات، کۆمەڵە و….هتد ەوە هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەو پرسیارانە پێ نیە. کەمەنەتەوەکان تا ئێستا یان لێیان دراوە، یان کراونەتە دوژمن یان بە پارە و ترس بێدەنگ کراون. بزووتنەوەی کوردی لە غیابی ئافرەت و نیوەی کۆمەڵ ٧٠ ساڵی بە دواکەوتویی بەڕێکرد. ژمارەی ئەو ژنانەی لە ژێر سێبەری ئەو دەستەڵاتە کوردیە سوتان یان سوتێندران، زۆر لە ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە زیاترە. ئەوڕۆ قیرەقیری نەتەوەپەرستی نەریتی کورد کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی بادینی، هەورامی، کاکەیی، کوردی هەندەران و ئێزیدیەکان دایە و هەموویان لە قاڵبی ڕووتی کوردێنی ئەدات هیچ واتایەکی نەماوە و ئەوان داوای ناسنامەی تایبەتی خۆیان دەکەن. ئەوان حەزئەکەن لە ناوچەی خۆیان بە زمان و دیالێکتی خۆیان بخوێنن و دان بە ناسنامەی ئێتنیکی، ئایینی و ڕەگەزی بنرێ. دەیان ساڵ بە پارە، ترس و سەرکوتکردن ئێزیدیەکانمان ناچارکردن بڵێن کوردین، بەڵام ئامادە نەبووین یەک ڕۆژ بیانپارێزین.

دوای ئاوابونی خۆری کۆمۆنیزم، لە سەرجەم وڵاتە سەرمایەداریەکانەوە ڕاستڕەوە لیبڕاڵەکان دێنە سەر دەستەڵات و شەقێک لە بانگەشەی لیبرالیزمی خۆرئاوا هەڵدەدەن کە باسی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ئەکات. لە سیستێمی لیبرالی خۆرئاوادا، تادێت جێگای کۆمپانیاکان فراوان و جێگای پەنابەران، گروپە نافەرمیەکان و ناسنامە جیاوازەکان لەق دەبێ. لە ژێرناوی ئازادی تاک، سەرجەم کۆمەڵگەیان بێ ڕوح کردوە. ئەی ئەگەر ئەو بیردۆزە تاڵانکاریەی نەوتفرۆشەکانی ڕۆژهەڵات کە بانگەشەی بازاڕی ئازادی لیبرالیزم ئەکەن سەرکەوێ کە هیچ ئەسڵێکیان نیە، دەبێ چی بەسەر خەڵکی هەژار، ژینگە و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە کوردستانیشەوە بێنن؟ دەبێ چاوەڕێی چەند کارەساتی دیکەی وەک حەلەب، شرناخ، ئیدلیب، سەنعا و غەزە بکەین؟
بە کورتی ئەگەر دەمانهەوێ کێشەکانی باشوور بە پێشمەرگەشەوە چارەسەر بکەین و خۆمان لەو زڵکاوەی بزووتنەوەی کوردایەتی ڕزگار بکەین، ئەبێ سەرەتا شەقێک لە نەتەوەبونی بارزانی، سۆسیال دیموکراتی تاڵەبانی، ئیسلامی سیاسی و بێفکری گۆڕان هەڵبدەین کە ڕاست و چەپی دیارنیە.
ناوەکەی هەرچی دەبێ گرینگ نیە، ئێمە پێویستیمان بە ڕۆشەنفکریەکە کە وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە، سەرجەم ناسنامەکان لە باوەش بگرێت و خۆی لە زڵکاوی نەتەوەیی و ئایینی ڕزگار بکات.

——————————————————
سەرچاوەکان:

Terror and Taboo: The Follies, Fables, and Faces of Terrorism By Joseba Zulaika, William Douglass

Taboo: Why Black Athletes Dominate Sports And Why We’re Afraid To Talk About It By Jon Entine

http://socialistregister.com/index.php/srv/article/viewFile/5360/2261

A Taoist Politics: The Case For Sacredness Paperback – October 2, 2007 by Deena Stryker

Hegemony and Socialist Strategy: Towards a Radical Democratic Politics By Ernesto Laclau, Chantal Mouffe




شەڕ وەستا، جەنگ بەردەوامە، ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! … سامان کەریم

جەنگێک کە لەناوچەکەدا لەئارادایە، درێژەی هەیە و بەردەوامە. لەماوەی مانگێکی ڕابوردوو یان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی موسڵ و توندبونەوەی شەرێ ئەلیبۆوە، چەند ڕوداوێکی گەورەو گرینگ لە ئاستی جیهانیدا ڕوویان داوە، کە پێویستە هەم سەرنچ بدرێت و ببێتە جێگای باس و هەم بەدەوری خۆیان کاریگەری دەکەنە سەر چۆنیەتی بردنەپیشەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا. ڕوداوەکان بەم شێوەی خوارەوەن:
یەکەم: هەڵبژاردنی ترامب لە ئەمریکا، ئاڕاستەیەکی سیاسی راستڕەوانەوفاشی کە دیاردەی ترامبی گەیاندە لوتکەی دەسەڵات لە ئەمریکا. دانپیانانی ئۆباما بە :” هەڵەکانی ئەمریکا لە عیراق ڕۆلیان هەبوە لە پەیدابونی داعشدا” لە رۆژی ٧ی دێسمبەردا لە پایەگای”ماکدیل” ی ئاسمانی لە فلۆریدا.
دووەم: ڕاگەیاندنی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە ٢٤ی نۆڤمبەردا.
سێهەم: بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا دژ بە میدیای روسیا لە ٢٣ی نۆڤمبەرو، هەروەها بڕیاری داخستنی کەمپی کالێیە لە فەرەنسا لە ١ی نۆڤمبەردا.
چوارهەم: “یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی، پێدانی پارەی کردوە بۆ رژێمی ئەسەد بەرانبەر بە گرێبەستی ئاشتی لە سوریادا”(ریتشارد سبنسەر/ تایمزی بەریتانی- ٣ی دیسمبەر٢٠١٦). ئەم بابەتە وتاری رۆژنامەیەکە بەلام حەقیقەتی باسەکە ئەوەیە کە داواکردنی ڕوخانی یان گۆڕینی ئەسەد، خواستێکی واقعی نەماوە لە ڕوانگەی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاوە. ناوەرۆکی پێشنیارەکە لەلایەن مۆگرینی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەل بەرپرسانی ” ئۆپۆزسیون”ی سوریادا باسکراوە کە پێکهاتوە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند و زیادکردنی دەسەلاتی پارێزگاکان و ئینتیگەریتەکردنی چەکدارە تیرۆریستەکان” ئۆپۆزسیۆن” لەنیو ‌هێزی ئەمنی پارێزگاکان. بۆ ڕازیکردنی هەردوولای هاوکێشەکە یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە کۆمەکی مالی هەم بە رژێمی ئەسەد و هەم بە ئۆپۆزسیۆن بکات. هەمان پێشنیاز لە لایەن جۆن کیریەوە لە ٥ی دیسمبەر دا بەشێوەیەکی دیکە لە ئەمریکا دوبارە کرایەوە.
پێنجەم: گرتنەوەی ئەلیبۆ، و دەرچونو ڕاماڵینی لە ‌هێزە تیرۆریستەکان لەلایەن روسیاو سوپای سوریاو حزب اللەو میلیشیاکانی دیکەوە. ئەلێبۆ یان ڕۆژهەڵاتی ئەلیبۆ کە ٤ ساڵ زیاترە بەدەست تیرۆریستەکانەوەیە، زۆربەی زۆری پاککراوەتەوە زیاتر لە ٩٠٪ی هاتۆتەوە ژیر دەستی حکومەتی سوریاو بەگشتی لەباری سەربازییەوە بەتەواوی بەقازانجی حکومەتی سوریا شکاوەتەوە. لە موسڵ بریک ئاراستەکە پێچەوانەیەو شەڕەکە نێو شاری موسڵدا هێواش دەڕواتە بەرەوە.
ئەم ڕوودانە بەشێکی زۆریان ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوان و ئەمرۆ وەک کۆمەلێک پەرچەکرداری ڕاستڕەوانە لە لایەک و فاشل بونی سیاسەتەکانیان لە لایەکی ترەوە دەردەکەون، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستیەکی سەرمایە و سەرمایەدارین لە رۆژئاوادا. پەرچەکردارێک کە هۆی سەرەکی لە نەبوونی ئەلتەرناتیڤی چینایەتی کرێکاردا لە ئاستی سیاسی ودەسەلاتی سیاسی دا کورت دەبێتەوە. تەنانەت ئەو سیاسەتە ڕاستانەی کە ئەمڕۆ چەپی بورژوای پیادەی دەکات کە تا دوینێ شنەبای کۆمۆنیزم ناچاری کردبون دەوڵەتی خۆشگوزەران ڕابەری بکەن، دەگەڕیتەوە بۆ هەمان هۆ. کۆسپی سەرەکی نەک تەنها چینی کرێکار وەک چینێکی جیهانی، بەڵکو کۆمەلگای بەشەری، ئامادەنەبوونی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارە وەک هێزێکی سیاسی بەتوانا.
بەشیکی دیکەی ڕاستەوخۆ ئەنجامی لاوازبوون و هاتنە خوارەوەی پێگەی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە لە ئاستی دونیاو ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. هەلومەرجی ئەلیبۆ لە سوریاو دەرکەوتن و بەرزبونەوەی پێگەو توانای بزوتنەوەیەک کە جەنەراڵ حەفتەر ڕابەری دەکات لە لیبا، ڕاوەستانی حۆسیەکان لە یەمەن و…بە شیوەیەکی ڕۆشن ئەو ڕاستیە نیشان دەدەن.

لەپاڵ ئەو ڕوداوانەدا چەندین ڕوداوی سیاسی و ئابوری و جێگۆرگی نیوان ‌هیزەکان و قوڵبونەوەو قلشتی سیاسی نیوان ووڵاتان و نزیکبونەوەی زیاتری هەندێکی دیکەیان ڕوی داوە چ لەئاستی جیهانی و چ ناوچەیی و ناوخۆیی وولاتەکانی ناوچەکەدا. نزیکبونەوەی زیاتری میسر لە قوتبی روسیا و هەروەها ووڵاتی ئێران و دورکەوتنەوەی لە سعودیە، دورکەوتنەوەی زیاتری تورکیا لە یەکێتی ئەوروپاو نزیکبونەوەی لە روسیا، توندبونەوەی قڵشتی نێوان ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتداری عیراق بەرابەری ئەلعەبادی لە یەکێتی هێزە نیشتمانیەکان، واتە قوڵبونەوەی زیاتری نیوان ‌‌هێزگەلی قەومی ئیسلامی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی شیعەگەر، قوڵبونەوەی کێشەی نیوان پارتی دیموکراتی کوردوستانی عیراق لەگەڵ چوار لایەنەکەی دیکەی دەسەلات….
لەم وتارەدا کە تایبەتە بە جەنگ بواری ئەوەنیە کە لەسەر ئەو ڕوداوو تەوەرە جیاوازانە باس بکەین، جگە لە خاڵی پئنجەم. ئەو روداوانە بە بروای من گرینگی هێجگار زۆریان هەیە بۆ تیگەیشتن وڕۆشنکردنەوەی ئاراستە وئیستراتیژی سیاسی بورژوایی ئەمریکاو رۆژئاواو هەروەها هێز‌ەکانی بەرانبەریان لەم قۆناغە ڕاگوزەرەی سەرمایەداری دونیادا، بەم پێیە، کاریگەری دەبێت لەسەر دارشتنی سیاسەت و تەکتیکی کرێکاری لەم قۆناغەدا. بەلاـ بەشیوەیەکی گشتی لەم وتارەدا و لە پەیوەند بەم ڕوداوانەوە پێویست بە ئاماژە کردن بە دوو تەوەرەی سەرەکی دەکات. ئاماژەکردن نەک باسکردن.

یەکەم: ئاراستەی سیاسی ڕەوتێک کە گالتەجارێکی ڕاسستی وەک ترامبی گەیاندە لوتکە لە ئەمریکا، بارانێکی بێ هەور نەبوو. بزوتنەوەو ئاراستەیەکی سیاسی مێژوویەکی هەیە و لایەنی کەم دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەزمەی ئابوری جیهانی سەرمایە کە لەئەمریکاوە چەخماخەی داو تائێستا بورژوایی دونیا نەیتوانیوە بەتەواوی دەرباز بێت لێی سەرەرای سیاسەتی دژی کرێکاری و بیکارکردن و سیاسەتێکی توندی ڵێگرتنەوەی ئابوری “austerity- تەقەشوف”و جەنگە جیاوازەکان. ئاراستەیەکی سیاسی کە دەتوانین بلێین گەرانەوە بۆ قەومگەرایی ئەمریکی، لەسەرپایەی پۆست پۆپۆلیزمێکی ڕاست، کە خۆی لە خلوسیەتی ئەمریکایی بوون و وەستانەوە بەرانبەر بە ” بێگانە” بەتایبەت مەکسیکیەکان و هەروەها بەرانبەر بە ئاینەکانی دیکە بەتایبەت “ئیسلام”دا خۆی دەبینێتەوە. بەشی زۆری ئەم ئێمەیج و تێڕوانینە لە بزوتنەوەی “چا”دا بینیمان کە سەرەتاکەی دەگەرێتەوە بۆ ناڕەزایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەساڵی ٢٠٠٩لە پیناو کەمکردنەوەی مەسرەفی خزمەتگوازی دەولەتی و کەمکردنەوەی باج… بەلام بناغەی ئەم ڕەوتە لەمڕۆدا مانای شکاندنی چوارچێوەی ئاراستەیەکی سیاسی و ئابوری ئەمریکایە لە ٤ دەیەی ڕابوردودا و بەتایبەت حزبی جمهوری. ئەم رەوتە ڕاگەیەندراوە دژبە بەشێک بەو بەرژەوەندیانەیە کە کۆمپانیا جیهانیەکانی ئەمریکا تا ئێستا لێی بەهرەمەند بوون. دانانی سیاسەتی ” حمایەی گومرگی” نایەتەوە نەک لەگەڵ نیولیبرالیزمدا، بەلکو بەگشتی لە گەڵ لیبرالیزمدا، بەڵام بورژوای دەسەڵاتدار هیچ کاتێک خەتی سوری دانەناوە بۆ بردنە پێشەوەی کارەکانی. کار بۆ ئەمریکیەکان، نا بۆ چونە دەرەوەی کۆمپانیا جیهانیەکان و نا بۆ داخستنی کارگەکانی ئۆتۆمۆبێل سازی …. هەموو ئەمانە پڕوپاگەندەی گالتەجارێکن کە لە چوارچیوەی ئالۆگۆریکی گەورەتری پایەکانی سیاسەتی ئەمریکادا ڕویانداوە و بواری دا کە دیاردەیەکی نوێ بخولقێنیت. گەڕانەوە بۆ قەومگەرایی لە ئەمریکا وەک رابەڕیکی گلۆبالی سەرمایە ناتوانێت بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەو گەرانەوە بۆ دواوە نەبێت، بەلام پیویستی سەرمایەی ئەمریکا لەم قۆناغەدا ئەم دیاردەیەی هێنایە بوون، حەقیقەتێک کە دژایەتی نێو خۆی سەرمایەو سیستەمەکەی نیشان دەداتەوە.

ئەم چونەوە ناوخۆیە لەباری سیاسیەوە زیاتر مانای هەیە بە گۆرینی ئاراستەی سیاسی نیولیبرالیزم لە ئاستی دەرەوەدا کە خۆی دەبینێتەوە لە تەجاوزکردنی سیاسەتی ” ڕژێم چەینج” و دەخالەتی ” تاقانەی ئەمریکی” بۆ کێشە جیهانیەکان، کەمکردنەوەی بودجە لە پرۆژە سەربازی و هاوپەیمانیە نیودەوڵەتیەکاندا… ئەمە پیش هەر مەسەلەیەک نیشاندانی لاوازبونی بناغەی ئابوری ئەمریکایە لە بەرانبەر نەیارەکانی، وەک چین و هند و تەنانەت ئەلمانیادا وهەروەها کەمبونەوەی توانای بەرپەرچی سەربازییە لە بەرانبەر روسیادا. بەشی زۆری ئەم سیاسەتە ڕاگەیەندراوانە پوچ و بێ ناوەرۆکن وبواری جێبەجێکردنیان نیە چونکە دژ بە ئاراستەی بەرەوپیشچونی سەرمایەیە لە جیهانی گلۆپالێ ئەمرۆدا. بەلام کۆی ئامانج و ئیمەیجێک کە دیاردەی هەڵبژادنی ترامبی هێنایە پێشەوە ئەوە نیشان دەدات کە سەرمایەداری جیهان وەک سیستەمێکی ئابوری-سیاسی لەگەڵ کۆسپی بناغەی بەرەو ڕوەو هەر سیستەمەکە خۆی ڕیگرە لەبەردەم گەشەو کرانەوەی ئابوری و شۆرشیک لە سەروەتو سامانی کۆمەلایەتی دا.

دیاردەی ترامب دیاردەیەکە بە تەواوی سیاسی. سیاسی بەو مانایەی کە بازاڕو جوڵانەوەو قانمونمەندییەکانی جموجۆڵی بازاڕ لە پشتی ترامپەوە نەبوو وە پێشتریش لە پشت برێکسەوە نەبوو…. بۆیە هەم بازارو هەم میدیای نۆکەری بازاڕ لە هەردوو بارەکەدا وڕو گێژ و حەپۆل دەبن. تەواوی پرۆسیسەکانی دەنگدان پوچ دەردەچن لە هەردوو دیاردەکەدا، تەواوی دەزگاکان و سەنتەرە فکریەکانی لێکۆلینەوەو سیاسەت پوچ و هەڵە دێنە دەرەوە، میدیای بەریتانیاو ئەمریکا هەرەس دەهێنێت. تێگەیشتن لەم دیاردەیە پیویستی بە تێگەیشتنە نەک لە بزوتنەوەی قانونمەندی ئابوری سەرمایە بەلکو لە قانونمەندی بزوتنەوەی مێژوو لە قۆناغی ڕاگوزەردا، کە چۆن ئابوری جێگای خۆی دەدات بە سیاسەت. سیاسەت دەبێتە ئەمرێکی فەوری تر لە ئابوری.

ئەم ڕەوتە پێشتر لە برێکستدا و دواتر لە دیاردەی هەلبژاردنی راستی فەرەنسادا بینیمانەوە کە بەگشتی راستی فەرەنسا چوە پشت ئاراستەیەکی سیاسی کە زیاتر ڕووی لە ” چونەوە نیوخۆیە”. لە هەمانکاتدا هەلپەساردنی گفتۆگۆکان لە گەڵ تورکیادا کە لەڕوانگەی منەوە داخستنیەتی، ئەگەرچی لەوانەیە چەند جارێکی دیکە گفتوگۆکان بکرێنەوە، بەلام ئەوە داخراوە کە تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و خودی یەکیتی ئەوروپا لایەنی کەم بەم چوارچیوەی ئێستایەوە لە ژیر پرسیاری گەورەدایە. لە روانگەی منەوە یەکیتی ئەوروپا بەم شیوەو ناوەرۆکەی ئیستایەوە بەرەو تەواو بوون دەچێت و توانای خۆگرتنی نەماوە لەبەردەم ئاڵوگۆڕە گەورە جیهانیەکاندا. بەلام ئەم هەلپەساردنە نیشانەی ” چونە نێوخۆی” ئەوروپایە لەبەرانبەر ئالۆگۆرە گەورەکانی دونیائ ئەمرۆدا و قبولنەکردنی موخالیفینە، وە لەمبارەوە “ئیسلام” کراوەتە ڕێگرییەکی گەورە. لە هەمانکاتدا هەلبژاردنی “فیون” ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکاو غەرب بە گشتی ئەژنۆ دەکوتن لە فەشلی سیاسی دا بەتایبەت لە بەرانبەر جیهانی عەرەب و دیاردەی ” بەهاری عەرەبی “دا. فەرەنسا بۆ فەرەنسیەکان، هەمان ئەمریکا بۆ ئەمریکیەکانی ترامبە. لیرەوە باسی من سوریاو جەنگە. هەلومەرجی ئێستاو سەرکەوتن یان چونە پێشەوەی روسیا و سوریا و ئێران لە ئەلیبۆ لە چوارچیوەی ئەو هەلومەرجەدا پیویستە لێک بدرێتەوە.

ترامب وە فیون ، ئەمریکاو فەرەنسا. بەرۆشنی باسی ئەوەدەکەن کە کۆسپی سەرەکی ئەوان لە سوریا تیرۆرو داعشە. دواین پێشنیازی یەکێتی ئەوروپا کە لەسەرەوە باسمان کردوەو لە لایەن مۆگرینی یەوە پیادە کراوە، بەڕؤشنی ئاراستەیەک نیشان دەدات کە ‘میانەڕەوە” واتە لە نێوان قۆناغی پێشوو کە ڕوخاندنی ئەسەد بوو لە گەل قۆناغیك کە گریمانەیەکە بێتە پێشەوە ئەویش هاوکاریکردن و دوبارە پەیوەندی دیبلوماسی لەگەل نیزامی ئەسەدە. ئەم ئاراستەیە بۆ ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بێ ئەمریکا” ئەمریکای ترامب” لە ئاستی ئالوگۆڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی لاوازتر نەبێت و لایەنی کەم بلێ ئێمەش هەین. ئیستراتیژی ترامب و ئاراستەی بورژوایی ئەمریکا لەم قۆناغەدا بەناچار رووی لە باسفیکو دەریای چینە، باسی هێنانە پیشەوەی کێشەکان لە گەل ئیران، لەوانە هەلوەشانەوەی ڕیکەوتنی ئەتۆمی پیویستە لەم ڕوانگەیەوە سەرنج بدریت. واتە لە ڕێگەی کیشە دروستکردن بۆ ئێران، ئەمریکا دەیەوێت پیش بە روسیاو چین بگرێت، پێش بەخەتی ” حەریر” و ڕێکەوتنە سەربازییەکان بگریت لەگەڵ چیندا، کاریگەری بخاتە سەر روسیا لە رۆژهەلاتی ناوەراست و سوریادا. بڕیاری هەرئێستای گۆنگرێسی ئەمریکی بۆ تازەکردنەوەی سزا ئابورییەکان بۆ سەر ئێران، ئەوە نیشان دەدات، کە ئەمریکا شەری خۆی لە بەرانبەر روسیاو چیندا بە چەندین شیوە دەکات و لایەنی کەم لەمبارەوە سەرۆکایەتی ئێستای ئەمریکا کێشە بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا بەجێبهێلێت. دواین بڕیار لەمبارەوە کە ئۆباما ئیمزای کردوە لە رۆژی ٨ی دیسمبەردا بریاری پیدانی ساروخی سەرشانی دژی فرۆکەی جەنگی یە بە تیرۆرسیتەکانی سوریا. ٤ ساڵە هەموو خەلیج و تورکیا داوا دەکەن کە ئەمریکا ئەم کارە بکات. ئێستا کە ئۆباما ڕؤلی نەماوە تازە ئیمزای دەکات و لەبەرانبەر شکانی ئەلیبۆدا.

بەڵام ئایا بەجێهێشتنی رۆژهەلاتی ناوەراست مەسەلەیەکی بڕاوەیە؟! بە بروای من نا. ئەگەرچی بۆتە ئاراستەیەکی باو وزاڵی نێو فۆنکسیۆنی سیاسی بڕیاردەری ئەمریکا بەلام لیرەوە، بە جیا لە مقاوەمەتێک کە دێتە بەرەوە لەلایەن ڕەوەتی سیاسی پێشوەوە، کاتی بەجێهێشتن و شێوازی بەجێهێشتن مانا پەیدا دەکات، کە هیچیان دیارنین. بەجێهێشتنی کۆسپەکان و تەنانەت ڕاگرتنیان وەک مانەوەی “موسڵ” لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، پیدانی ساروخی دژە فڕۆکە بە تیرۆرسیتەکانی سوریا. مانەوەی ڕەقە بەدەست داعشەوە…ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمریکا لەم ناوچەیەدا هێشتا ماویەتی.
بەگشتی ئاراستەیەک کە سیاسەتی ترامب نیشانی دەدات لە بەرانبەر کێشەکانی جیهاندا ئەوەیە کە دەیەوێت، ئەو هاوپەیمانیەی یان ئەو نزیکایەتیەی نێوان ڕوسیاو چین و ئیران تێک بشکێنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە لەگەڵ هیچ لایەکیان بگاتە جەنگ. سیاسەتەکانی تا ئێستای وە کۆی سیاسەتەکانی ئەم ماوە ڕاگوزەرەی ئەمریکا( لە ئۆباماوە بۆ ترامب)، ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترامب دەیەوێت بە جۆرێک نزیکایەتی لە گەڵ ڕوسیا بکات و لە ژێر پەردەی دژی تیرۆردا کاری هاوبەش بکات. ، لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەیانەوێت ڕوسیا بیدەنگ بکەن لە بەرانبەر بە توندکردنەوەی سزای ئابوری و فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران، هەروەها هەولدان بۆ لاوازکردنی پەیوەندی نیوان ڕوسیاو چین لە ڕیگای نزیکایەتیکردنی ڕوسیاوە. بەڵام ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لەهەمانکاتدا هەوڵدانی تێدایە بۆ ڕاکێشانی ئیران بۆ ژێر سایەی قوتبی ئەمریکی. هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی ئیران، لە رێگای هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە.

بەلام بەگشتی لە ڕوانگەی منەوە دیاردەیەک کە ترامب و فیۆن هێنایانە پیشەوە لە باری سیاسی یەوە وە تەنها لەمبارەوە ئەوە نیشان دەدات کە دانپیانانێکی ‘ غەیرە ڕەسمی” هەیە بە جیهانێکی چەند قوتبی و بەتایبەت لە ئاراستەی ترامبدا ئەم مەسەلەیە رۆشنترە. بەڵام ئایا ئەمە نیشانەی تەواو بونی کێشەکانی نێوان ووڵاتانی گەورە سەرمایەداری دونیایە؟! بێگومان نا. کیشەکان تازە خەریکن توند دەبنەوە.
دووەم: ئەگەر نیولیبرالیزم لەباری ئابوری و سیاسیەوە شکستی خواردوە، کە خواردویەتی، وە ئەگەر “گلوپالیزم بەمانا لیبرالیزمە نوێیەکەی” لە ووڵاتانی ئەمریکاو رۆژئاوا دا بەرژوەندییەکی ئابوری نەبوو بۆ کریکاران وفەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە،… ئەگەر ئەم ژیرخانە ئابورییە دژ بە کۆمەلگای بەشەری ودژە کریکارە، ئەوە سەرخانەکانی کە ئایدۆلۆژیاو مافەکان و سیاسەت و رۆشنبیری و نەریتەکانە ناکریت کۆنەپەرستو کۆنە پاریزو دواکەوتوو دژی مافی گلۆبالی ئینسان وە بەتایبەت کرێکار نەبیت و لەهەمانکاتدا رووی راستەقینەی خۆی نیشان نەدات.

ئەمرۆ ئایدۆلۆژیایەک وە کۆمەلە مافیکی ئابوری وسیاسی و مافی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەگەری و مافی پەنابەری، کە بەگشتی لە چوارچیوەی دیموکراسی رۆژئاواییدا لە قاڵب دەدراو وا لێک دەدرایەوە کە نەریتو بەهای دیموکراسی رۆژئاوای بن، ئەوە ئێستا بۆ هەموو کەس دەرکەوت کە دەسەلاتی بورژوایی بە راست و چەپەوە لەم ووڵاتانەدا خاوەنی ئەم مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیانە نین، وە نەریت و ئاسۆی سیاسی ئەوان نیە، بەلکو ئەوە سەپێندرابوو بەسەریاندا لەلایەن بزوتنەوەی کرێکاری و شۆرشە کرێکارییەکانی سەدەی ڕابوردوەوە. نەریتی هەموو ئەو سیستەمە سەرمایەداریانە، هەمان بەهاو نەریتی سیسەتەمی کۆنەپەرست و داڕزیوی چینە. هەموو ئەوروپا هەلپەیەتی بۆ پیادەکردنی ئەلگۆی چینی. سەرمایەو سەرمایەداری یەک بەهاو نەریت و ئەخلاقیەتیان هەیە. لە چینەوە تا بەریتانیاو لە ئەمریکاوە تا روسیا. بەریتانیا هەموو هەوڵی ئەوەیە کە مەسەلەیک نەبێت نیوی ” مافی کرێکار” وە مافی سیاسی وکۆمەلایەتی و ئابوری کۆمەلگا بێت، مەگەر برێکست بەشێکی بۆ ئەمە نەبوو.

بۆ هەموو پەنابەرێک و رۆژنامەنوسیکی بە ویژدان و کەسێکی ئاسایی دەرکەوت کە دیموکراسی ئەوەیە کە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیار دەدات کە میدیای روسیا سانسۆری بخرێتە سەر و بایکۆت بکریت و بەهەرحال هیواش هێواش ئەگەر بۆیان بکریت قەدەغەی بکەن، نەک لەبەرئەوەی میدیای روسیا ” ئارتی و سبۆنتیک و…” میدیاکارێکی رادیکال و بەویژدانی ئەم سەردمەن و پاریزگاری لە مافی کریکارو خەلک دەکەن، بەلکو تەنها لەبەر ئەوەی کە موخالیفی خۆیانە و هەندیک لە درۆو دەلەسەکانیان ئاشكرا دەکات. بۆ ئەوەیە کە جێگایان بگرێتەوە. ئەم بڕیارە و داخستنی کەمپی پەنابەرانی کالییە لە ووڵاتی شۆرشدا” فەرەنسا” لە لایەن سەرۆکێکی ” چەپەوە” بەشیوەیەکی رۆشن ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دیموکراسی نیشان دەدەن. ئەمریکاو رۆژئاوا بێ ئەلتەرناتیڤن لە باری ئایدۆلۆژییەوە، ناچارن پەنابەرن بۆ ئاینەکان… لێرەوە ئیسلامی سیاسی بۆ وولاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب لای بوژوایی مانا پەیدا دەکات، لەباری سەرخانی سیاسیەوە.
دیموکراسی ئیتر توانای گەوجکردن و گێژکردن و بەلاڕێدا بردنی نەماوە. هەولێکی لە ڕادەبەدەر لە ئەمریکاو وولاتانی رۆژئاوا لە ئارادایە بۆ ئەنتیگریتە کردنی مەزهەبە جیاوازەکانی مەسیحی لەگەلە دیموکراسی و بنەماکانی دیموکراسی و دوبارە دارشتنەوەیان لە چوارچێوەیەکی تازەدا، لەمبارەوە چین و روسیا هەمان ئاراستەیان هەیە و بەتایبەت لە ڕوسیادا ئەم پرۆسێسە بە ئەنجام گەیشتوە.

شەڕی ئەلیبۆ تەواو، جەنگ بەردەوامە

لەباری تیروانینی سەربازییەوە ئەلیبۆ “شکاوە” واتە لە ژیر دەستی تیرۆریستەکان و ئەمریکاو هاوپەیمانانی هاتۆتە دەرەوەو کەوتۆتە ژیر دەسەڵاتی رژێمی سوریاو هاوپەیمانەکانی روسیاو ئیران. زیاتر لە ٩٠٪ ئەلیبۆ تیرۆریستە ئیسلامیەکانی تیدا نەماوە، ئەوەی کەماوە ٣ گەرەکی بچوک و بەرتەسکە و ئابلوقە دراوەو زیاتر بۆ بێدەنگ کردنی ئەمریکاو رۆژئاواو رەئی گشتی دونیایە لەبەرانبەر کاولکاری وکوشتارێک کە کەکراوە وهەروەها گوایا دانوسانێک هەیە لەگەل ئەمریکا. ئەلیبۆ کاول بوە وە بەشێکی خەڵكەکەی ئاوارەو دەربەدەر بوە. ئاڕاستەی شەرەکە لە ئەلیبۆدا وا نیشانی دەدەن کە لە چەند رۆژی داهاتودا ئەلیبۆ بەتەواوی دەکەوێتەوە دەست رژێمی ئەسەد. هەرواوهوریای ئەمریکاو رۆژئاوا لە دژی کوشتکارگەی ئەلیبۆ و کاولکاریەکەی، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە کە دەلێن: ئێمە خۆمان ئەو قەتلوعامە ناکەین بۆیە قەدەغەیە، هەموو باسەکەیان هەر ئەوەیە و لەوە زیاتر نیفاق و درۆیە.

بەو گریمانەوە دەلیم کە ئەلیبۆ، بەتەواوی بێدەنگ بێت و تەقەی تێدا نەمێنێت، دیسان مانای وەستانی جەنگ نیە. شەر لەسەنتەری جەنگەکەدا کپ بوەو نەماوە، بەلام جەنگ بەردەوامە نەک تەنها لە ڕەقەو دێرئەلزۆرو ئەدلب و باب .. بەڵکو لە شارەکانی لیبیاو لە دەوروبەری موسڵ و نێو موسڵ ولە شارەکانی یەمەن… جەنگ بەردەوامە. ئامانجی جەنگ ئامانجێکی جیهانی ترە ویەکلایکردنەوەی مەسائیلەکانی پشتی ئەم جەنگە ڕاستەخۆ بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی ووڵاتانی زلهێزو ناوچەییە. ئامانجی ئەم جەنگە و بەتایبەت چونکە جەنگەکە بە وەکالەتە، هیواش هێواش و لەسە کاولکردنی ناوچەکە و کوشتارگایەک بۆ خەڵکەکەی دابین دەکرێت. ئامانجەکە ماویەتی و زلهێزەکان تا ئێستا نەگەیشتونەتە ڕیکەوتن لەسەر بەشی خۆیان!

جەنگ بەردەوامە، بە ڕەوالیک ئەم جەنگە دەچیتە پێشەوە، کە تەواوی پڕۆسەو ڕوداوەکان هەم بەگشتی لە ژیر کۆنترۆلدایە، کۆنترۆلی گشتی زلهێزەکانی جەنگ، لە پێشیانەوە ئەمریکاو روسیا و چین و دواتر فەرەنسا و بەریتانیا و ئەلمانیا… کۆنترۆڵیک تا ئەم چرکە ساتانە هەم ئاماژەیەکە بۆ هێز هاوسەنگی دیاریکراوی نێوان ئەو هیزانە لەلایەک وە هەم ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە ئەم هیزانە لایەنی کەم لە قۆناغی ئێستادا لە بەرانبەر هەلومەرجی تا ئێستای رۆژهەلاتی ناوەراستدا نایانەوێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ بکەونە بەرانبەر یەک. ئەم جەنگە بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ جەنگێکی تەواو جیهانیە. جەنگێکە کە هەموو ئەو سیماو تایبەتمەندیانەی گرتۆتە خۆ کە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بویان، چ لەباری ناوەرۆکی سیاسی و ئامانجی جەنگەوە کە ئەمە گرینگترین پۆینتە وە چ لە باری هاوبەشی وولاتانی دونیاوە لەجەنگدا. لەباری ئامانجی سیاسیەوە، ئەم جەنگە بۆ یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵات و نفوزە یان دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و نفوزە لایەنی کەم لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە نێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا.

هەر ئێستا و پاش ئەوەی کە ئەلیبۆ لەباری سەربازییەوە کەوتۆتەوە دەست رژیمی ئەسەد و بەم پێیە لە سەنتەری سەرەکی جەنگدا روسیاو هاوپەیمانانی سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە” ئەگەرچی تائێستا ئەلیبۆ ماویەتی / ٩ی دیسمبەر” . سەرکەوتنی روسیاو هاوپەیمانانی مانی فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوایە. ئەمە تەنها قسەی من نیە، رۆژنامەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو لەسە ئەمە دەکوتن و “میرکل” لە ژیر ناوی مەسائیلی ئینسانی دا شین و ڕۆڕۆیەتی. فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوا بەواتای ئەوەی کە سوریا ئیتر قابیلی دابەشکردن نیە لەسەر بناغەی تائیفەو ئاینەکان. پێدەچیت ترامب لەم حەقیقەتە گەیشتبێت بۆ یە باس لەوە دەکات ” رژێمەکان ناگۆڕین”. پرۆژەی سیاسی رۆژئاوا فەشلی هێناوە، بەلام هێز هاوسەنگی ئەمریکا تا ئێستا لە هەموو نەیارانی بەهیزترە بەجیاجیا، ئەگەرچی زۆر هاتۆتە خوارەوە. لیرەوە ئەمریکا بەشی خۆی دەوێت لە سوریا. رەقە و ئەدلب ماوە جارێ… . بەلام فاشل بونی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاواو هاوپەیمانەکانیان لە ئەلیبۆ، ئەگەرچی بەمانای فاشل بونی سیاسەتی ئەوانە لە کۆی جەنگەکەدا و ئامانجی سەرەکی جەنگەکەیان لەدەستداوە بەڵام لەنێوان نەمان و بەشکردنی نفوزی ناوچەکەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە. بۆیە جەنگەکە بەردەوامە. هێشتا ئەمریکا توانای گەورەو ئیمکاناتی گەورەی لەبەردەستدایە لە چاو نەیارەکانی دا، بۆ وەرگرتنی بەشی گەورەی خۆی. بڕیاری لابردنی نەدانی چەک بە تیرۆریستەکانی سوریا لێرەوە قابیلی درک کردنە. لە ڕویەکیەوە بۆ ئەوەیە کە جەنگەکە درێژ بێتەوەو ڕازی نیە بەم دۆڕاندنەی لە ئەلیبۆ و ڕازی نیە کە فاشل بوە، لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت کە ڕیگریەک بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی داهاتوو دابنێ.

ئەم جەنگە ناڕاستەوخۆو جیهانیە. جەنگی ناڕاستەوخۆی جیهانی لەگەل جەنگی ڕاستەوخۆکەی دا جیاوازیەکەی لەوەدایە. کە زلهێزەکان ڕاستەوخۆ بە هیزی خۆیانەوە لەبەرانبەر یەکدا ناوەستن و هێزەکانی یەکترو شارو ووڵاتی یەکتر موشەک باران ناکەن، دووەم: تەواوی توانای تەکنۆلۆژی جەنگی و چەکە ئەتۆمی بەکار نابەن. سەرەرای ئەوانە ئامانجی شەرێکی ڕاستەوخۆی جیهانی، ئەگەر بوار بمێنێت کە ئامانجیک جێبەجیببێت، ئامانجیکی جیهانیەو گشت جیهان دەگرێتە خۆ. پیدەچیت زلهێزەکان تا ئێستا جەنگی ناڕاستەوخۆ بەقازانجیان بێت. بەتایبەت کە جەنگێکی جیهانی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەکان مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر گشت کۆمەلگای بەشەری و دەیخاتە بەردەم مەترسی لەناوچونی زۆربەی زۆری دانیشتوانی گۆی زەوی. بەمانایەک و بە گریمانەیەکی گەورە سەرکەوتویەک نامێنێت تا دونیا دوبارە دابەش بکاتەوە.

باسی ئەلیبۆ باسی هەلبژاردنی ئارەزومەندانە نیە. بەلكو پیش هەر مەسەلەیەک، چونکە سەنتەری ڕوبەڕوبونەوەکە لەوێیە لە سوریا. سەنتەری ڕوبەڕوبونەوە لە نیوان ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە لایەک و روسیاو چینو ئیران لەلایەکی دیکەوە… لە بەرەکانی دیکەدا وانیە. لە لیبیا روسیاو میسرو هاوپەیمانانی ژەنەرال حەفتریان هەیە و ئەمریکاو رۆژئاوا حکومەتی سەراج. لە عیراق ئەمریکا بە ڕواڵەت باڵادەسترەو هەندی هێزی لەگەڵە لەوێ روسیا هەم بەهۆی ئێرانەوە رۆلێ خۆی دەگێری هەم بەهۆی نفوزێکی مێژوویەوە کە هەیەتی. لە یەمەن ئەمریکاو روسیا هیچیان ئامادەنین وەکو سوریاو عیراق، بەلکو بەهۆی سعودیەو ئێرانەوە لەوێ هەن. تاکە جیگایەک کە ئەمریکاو تەواوی هاوپەیمانەکانی و روسیاو تەواوی هاوپەیمانەکانی بەرانبەر بەیەکتری دەجەنگن بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ و هەروەها هەردوولایان بونیان هەیە لە سوریایە. بەم پێیە سوریا دەبێتە سەنتەر. لە نێو سوریادا ئەلیبۆ بۆچێ ئەو پێگەی هەیە؟! هەموو دونیا قسەی لەسەر دەکات، دەلێن یەکلایکردنەوەی ئەلیبۆ وەک یەکلایکردنەوەی تەواوی جەنگەکە وایە لەسوریادا. دەلێن کەوتنی ئەلیبۆ لەلایەن رژێم و روسیاوە مانای فاشل بونی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بۆ وا دەلێن؟!. مەگەر دەیان و سەدان وتار لەمبارەوە ناخوێنینەوە لە نێو رۆژنامەکانی ئەمریکاو رۆژئاوادا لە گاردیانەوە بگرە تا تایمزو تا دەگاتە ڕۆیتەرز و ئیکۆنۆمیست!!.

ئەم مەسەلەیە دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، سیاسەتێک کە رووی لە دابەشکردنی سوریا بوو لە سەر بناغەی تائیفە ئایینیەکان. دابەشکردنەوەی ناوچەکە لەسەر پایەی ئاینی و تایفی نەک نەتەوەیی. لەسەر ئەم پایەیە بڕیار بوو ” شۆرشی سوریا!!” بەرابەری ئەمریکاو سعودیەو تورکیاو قەتەر، هەمان کار بکات و سوریا ئەگەر دابەش نەکات وپێی نەکرێت دابەشی بکات بەسەر چەند ووڵاتێکی وەک عەلەوی و سوننەو دورزو مەسیحیەکان، ئەوا حەتمەن وەکو عیراق لەسەر پایەی نەتەوەو ئاینو تایفە” دابەش بکاتەوە. لەسەر ئەو پایەیەو بەپێی ئەو ڕوانگەو ئامانجە سیاسی یە، ئەلیبۆ پێگەی سەنتەری جەنگەکە پەیدا دەکات. بڕیار بوو لە سوریا مورسی یەکی دیکە سەرۆک بیت، مۆری ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و نیشتمانی و سوپایەک کە لەسەر ئەم باوەڕە پێکهاتوە نەمێنێت وەکو عیراق. وە ئیسلامی سیاسی وەک پایەی دەسەلاتی سیاسی ناوچەکە پێناسە بکرێتەوە. ئەمە فەشلی هێنا.
ئەلیبۆ گەورەترین شاری سوریاو کۆنترین شاری دونیایە. سەنتەری پیشەسازی ئەو وولاتەیە، بە دانیشتوانێکی پێنچ ملێونیەوە کە مۆری” سوونە مەزهەب” دراوە بە نێوچاوانیانەوە، لەجیاتی دەیان مۆری دیکەی وەک: پشەسازی شیرەمەنی و مەحشی و کوبە و کەباب و صابون کە ئەمشارە بەهەموویان زۆر بەناوبانگە لە ئاستی جیهانیدا یان بە مێژوە کۆنەکەی و تێکەلەیەکی هێجگار فراوان لە زمانی جیاوازو “نەتەوەی”تواوەی جیاواز لەمشارەدا… هەروەها پێگەی جوگرافیایی ئەم شارەو نزیک بونی لەتورکیاوە، بەجیا لەوەی کە ٤ساڵ زیاترە بەشی رۆژهەڵاتی بەدەست تیرۆریستەکانەوەیە، لایەنگرانی ئەمریکاو دیموکراسی!!….هەموو ئەمانە پێکەوە کردویەتیە پایەی سەرەکی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بەتایبەت تورکیا. بەم مانایە کەوتنی ئەلیبۆ لەلایە رژیم و روسیاوە دەیکاتە ئەوەی کە پایەی سەرەکی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوا، پوچەڵ بێتەوەو ئامانجی ئوردوگانیش هەرەس بهێنێت لەمبارەوە. ئوردوگان وئەمریکاو بەنیاز بون کە موسڵ گرێ بدەنەوە بە دێرئەلزۆرو ئەویش بە رەقەو ئەمیش بە ئەلێبۆوە، واتە ناوچەیەکی فراوانی پێکەوە بەستراوی ” سوننەمەزهەب” پیکەوە گڕی بدەن، لە بەرانبەر یان بە دژی ” هیلالی شیعی”. ئەمەش فەشەلی هێنا. حەشدی شەعبی و گرتنەوەی ئەلیبۆ، رستەکەی لێکردنەوە بەخوری.

گرتنی رۆژئاوای موسڵ لەلایەن حەشدی شەعبی یەوە، تەواوی ئامانجی شەری موسڵی بۆ ئەمریکا کردە هیچ. ئەمریکا شەری موسڵی بۆ ئەوەبوو کە فشار بخاتە سەر روسیاو چین و ئێران… ئەگەر نا، ” موسڵ” بەبێ سوریا بۆ ئەمریکا کارێکی ئاسانە، بە مانایەک گرتنەوەی موسڵ بەتەنها و جیاکردنەوەی لەکۆی جەنگی ناوچەکە بۆ ئەمریکا کارێکی ئاسان بوو، وە ئاسانە. بەلام ئەمریکا ئامانجی دیکەی هەبوو کە سەرکەوتوو نەبوو تیایدا. هەر بۆیە دەبینین کە ئیستا شەڕی موسڵ لە جێگای خۆیدا ڕاوەح دەکات، ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاندوە کە شەرەکە گران دەچیتە پێشەوە. بە ئاشکرا درۆ دەکات و کار بەوە گەیشتوە عەبادی وەڵامیان بداتەوە. دوونوسەری سەر بە پەیمانگای واشنتونی ئەمریکی بە ناوی مايكل نايتس و ماثيو شفايتزر وتارێکیان بەنیوی ” میلیشیاکانی شیعە مشەخۆری دەکەن بەسەر شەری موسلەوە” بڵاوکردۆتەوە لە (١٨ی نۆڤمبەر ٢٠١٦- ) بە شیوەیەک ئەم ڕاستی یە بەیان دەکەن!!. ئەمە حەقیقەتێکە بۆ هەموو ئەو کەس و لایەن و نوسەرانەی کە پێیان وایە شەری موسڵ روسیای لێ نیە، یان شەری موسڵ شەری نیوان داعش و ئەمریکایە. یان شەڕی موسڵ شەڕێ نێوان تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و ئەمریکایە… واقعیەتی ڕوداوەکان هەموو ئەو تێز گەلانەی پوچ نیشان داو خستنیە لاوە.

جەنگ بەردەوامە، لە سوریا و لەعیراق و لەیەمەن ولیبیا…. ئەم جەنگە جەنگێکی کۆنەپەرستانە وە دژی بەشەری یە. ئەم جەنگە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەبڕکردنو لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریزمەوە نیە. بەپێچەوانەوە لێدانی ئەم هێزانە بە هەردوو قوتب و هاوپەیمانەکانیانەوە، لە تیرۆر و هێزە تیرۆریستەکانی ئیسلامی، دەبێتە هۆی زیاتر پان بونەوەو بلاوبونەوەی و گەورەتری دەکات. ئەمە تەجروبەیەکی گەورەی مێژووی ١٦ ساڵی ڕابوردوە لە ئەفغانستانەوە تا ئیستا. بەو ئاستەی جەنگ دژی ” تیرۆر” ڕاگەیەندرابێت، بەو ئاستەی گوایە جەنگێکی گەورەو فراوانە، بەهەمان ئاست تیرۆرو تیرۆریزم گەورەو فراوان بۆتەوە. پێم وایە ئەمە ئێتر پێویستی بە تیۆر نیە. مێژوویەکی تەواوە کە خۆمان بینیومانە. ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت. هیچ نیوەندگیریەک لەم نێوەدا نیە. خەڵکی ناوچەکە لەژێر دەسەلاتی داعش و بۆمبارانی ئەمریکادان. لە ژیر دەسەڵاتی تیرۆریستەکان و بۆمبارانی روسیادان. لە موسڵ لەبەرانبەر دوو لایەنی تیرۆریستی دا گیانیان ئەسیرە. لایەکی کە تیرۆریزمی دەولەتی یە خانوەکەیی و قوتابخانەی مندالەکەی، خەستەخانەی گەرەکی، و پردەکانی سەر دجلەی، بۆ دەروخینێت و دەیان کەس دەکاتە قوربانی، ئەو لای تریان کە داعشە ئەگەر شانسی مانەوەی هەبێت رۆژانە دۆزەخێکی بۆ دادەخات. لەناخەوە خواستی واقعی ئەوەیە کە لە هەردوو جۆرە تیرۆرەکە رزگاری بێت. ئەلیبۆ هەلومەرجی کاولکارییەکی هێجگار زیاترە.

ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت. باسی ئێمە لە شەش مانگی ڕابوردوەوە هەر ئەم جەنگە بوە. جەنگ بەشیکە لەسیاسەت. وە جەنگ کێ پیادەی دەکات مەسەلەی سەرەکیە. ئەم جەنگە باسی ئیمەیە، نەک جەنگی چینەکان، نەک جەنگی کریکار بەرانبەر بەسەرمایەو دەسەڵاتەکەی وەنەک جەنگی هیزێکی جەماوەری و پێشکەوتنخواز لە بەرانبەر هێزێکی تیرۆرسیت یان دەسەڵاتیکی کۆنەپەرست. ئەم جەنگەی ئێستای ئەمریکاو روسیاو بەریتانیا و فەرەنسا و تورکیاو سوریا و عیراق و بارزانی و حزب اللە و حۆسیەکان و حەشدی شەعبی، تیرۆریستەکان و داعش و قاعیدەو نەسرەو سوپای شام وئۆزبەکی …. لایەنەکانی ئەم جەنگەن. سیاسەت ئامانجی هەیە وهەموو ئامانج و ڕیبازێکی سیاسی ، سوننەت” نەریت” و شیوازی کاری خۆی و ئەخلاقیاتی خۆی هەیە. جەنگ سیاسەتە، وە بۆ ئەو هێزانەی لەم جەنگەی ئێستاو شەرە جیاوازەکانیدا بەشدارن، ئەمە جیاناکرێتەوە لە شیوازی کاریان، شیوازی جەنگیان. لە بوردومان و کاولکردنی خەستەخانە و قوتابخانەو دامودەزگای ئاوو کارەبا، جیاناکرێتەوە لە کاولکردنی خانوبەرەو ماڵی هاوولاتیان، جیاناکرێتەوە. سەیری ئەلیبۆ بکەن و ئینجا پردەکانی موسڵ.

جەنگ سیاسەتە وە بۆ ئەم هێزانە شیوازی کارەکەی ئەوەیە کە دەیبینین، کوشتنی مندالان و دەیان هەزار بی تاوان وبێ چەک، سەربڕین و کوشتن و ئیعدامکردن، ڕامالینی و گۆڕینی دیمۆگرافیا و پاککردنەوەی نەژادی وتایفی هەموو ئەمانەمان بینی لەدەوروبەرت موسڵ و کەرکوک و شوێنەکانی دیکە وە دەیبینین. ڕەخنە ناتوانیت بەر بە شیوازی کارو سیاسی ئەمریکا و روسیاو داعش و حەشدو تورکیا بگرێت. یان جەنگ دەبێت بوەستێت یان ئەو کاولکارییە بەردەوامە. خۆشباوەرییە داوا لە ئەمریکاوحەشدی شەعبی و تورکیاو روسیاو سوریا… بکەیت کە کاولکاری نەکەن و لەسەرخۆبن و دەست بپارێزن. ئەگەر ئەلیبۆ لە فلمدا ببینین دەڵین زیادەرۆیان کردوە لە فەنتازیای کاولكاری و قەتلدا. واقعیەتی جەنگەکە بەڕۆشنی ئەوەمان پیدەلێ کە درەنگە دونیا کاول بوو، دەبێت پیش بەم کاولکارییە بگیرێت.

هەریەک لە دوو لایەنی بەرانبەری ئەم جەنگە، یان سێ لایەنی بەرانبەری ئەم جەنگە، بەپێی هێزهاوسەنگیان لە بەرەیەکی جەنگدا داوادەکەن کەجەنگ بوەستێت بە شیوەیەکی کاتی، مەسەلەی ئەوان خۆکۆکردنەوەیە بۆ جەولەیەکی دیکەی بۆکسێن، چەند جار ئەوەمان بینی لە سوریا. بەلام بەگشتی هەرلایەک هیز هاوسەنگی بە قازانجی نەبێت دوای وەستانی چەنگ دەکات و ئەم دیاردەیە زیاتر لە سوریا و لیبیا و یەمەن دەردەکەوێت. باسی ئێمە وەستانی جەنگ نیە بۆ دوبارە هەستانەوە بەڵکو باسی ئیمە ئەوەش نیە کە داوایان لێ بکەین جەنگ بوەستێنن. باسی من هەروەک لە وتاری پێشودا “ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! ئاوابونی خوێناوی “سیستەمی نوێی جیهانی”ئەمریکا!” وتومە ئەوەیە کە : (پێویستە جەنگ بوەستێت” تەنها بەمانای وەستانی” تەقە” نیە. بەڵکو بەمانای نەمانی تەواوی کەشتی یە جەنگی و سەربازییەکانی ئەمریکاو ڕوسیا و ووڵاتانی دیکەیە لە ناوچەکە و دەریای سپی ناوەراست و تەواوی پێگەو بنکە سەربازییەکانیان. جیهانی ئەمرۆ نە پێویستی بە بارچاوەشی ئەمریکایە وە نە بە حەیتەی ڕوسیا. هەروەها بەمانای وەستانی ناردنی ” جیهادییەکان” و وەستانی فێرکردن و پەروەردەکردنیانە، وەستانی کۆمەکی مالی و مرۆیی و، هەواڵگری و سەربازییە بەم هیزانە، بڕینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندیانە لە کەناڵە ئاسمانیەکانەوە بگرە تا دەگاتە فەیسبوک و تویتەرو لە هێزە تیرۆرسیتەکان و فەتواچیەکانیان. قەدەغەکردنی موتلەقی رەوانەکردنی چەکە بۆ ڕێکخراوو هیزو گروپە تیرۆر یست و میلیشیا جیاوازەکانیان. جەنگ دەبیت بە فەوری بوەستێت. هەموو دونیا تەنانەت ئەوانەش کە زۆر گوێندانە بیستنی هەوالەکان یان ئەوانەی کە ئاگری شەڕەکانیان زۆر لێدورە لە نیوزلاندەوە بگرە تا دەگاتە ئالاسکا… لە جیهانێکی ئامن و ئارامدا گوزەران ناکەن. وەستانی جەنگ بەرژەوەندی هەموو ئەوانەش دابین دەکات چ جا بگات بە ملیارەها ئینسان کە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب و ئەوروپاو روسیاو ئەمریکا دەژین. واتە ئەوانەی لە ناوجەرگەی جەنگ و دەوروبەرەکەیدا گوزەران دەکەن، یان وولاتەکانیان دەرگیرە لەم جەنگەدا.).

ئەمکارو سیاسەتە دەبێت بسەپینرێت، دەبێت بە سەر زلهێزەکان و حکومەتەکانی ناوچەکەدا فەرز بکرێت، کە ئەم جەنگە ڕابگرن. چونکە ڕۆشنە ئەوان بە ئاسانی جەنگ ڕاناگرن تا سیاسەتەکانیان جێبەجینەبیت. ئەمکارە سیاسەتە وە پیویستی بە هێنامەیدان وڕیکخستنی بزوتنەوەیەکی فراونی نێو نەتەوەیی هەیە. هەم لە نێوخۆی ئەو وولاتانە بەهەموو ڕیگایەکی گونجاو ولەوانە رێکخستنی هێزی چەکداری، تادەگاتە سازدانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گەورە لە ئاستی جیهانیدا. بزوتنەوەیەکی ئاوەها کاریکی سەختە بەتایبەت لە هەلومەرجی ئەمرۆی دونیادا. بەڵام ڕیگەی دیکەمان نیە. لەئاستی ناوخۆدا مانای پاککردنەوەی ناوچە، شار، شارۆچکەیە لە دەسەلاتی تیرۆرو بورژوای، هەر جۆرە بورژوایەک کە دەسەلاتدارە. ئەگەر نا دوبارە دەمەزەردکردنەوەی هیزە تیرۆریستەکان کارێکی سەخت نیە بۆ وولاتانی زلهێزی سەرمایە و ووڵاتانی ناوچەکە. مەسەلەی بنەبرکردنی تیرۆر لە هەلومەرجی ڕاگوزەری جیهاندا، لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەرست و جیهانی عەرەبدا، راستەوخۆ بەستراوتەوە بە دەرکێشانی دەسەلات لە ژیر چنگی بورژوایی، جا هەر جۆرێکی بیت.

ئایا ئێمە وە خەلکی ناوچەکە لەگەڵ جەنگی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بەرەو رونین؟! ئایا دوو لایەنی جەنگی ئێستا تەنها ئەو دوو قوتبەو هاوپەیمانەکانیان؟! تەنها جەنگی نێوان ڕوسیاو چین و سوریاو ئیرانە لە بەرانبەر ئەمریکاو ڕۆژئاواو سعودیەو تورکیاو قەتەرو ئوردون دا…؟! یان نەخێر لە حەقیقەتدا ئێمە لە گەڵ جەنگێکی دیکەش بەرەو رووین و ئەویش جەنگە دژ بە تیرۆر وە تیرۆریزمی ئیسلامی. بەڵی، ئێمە لەگەل ئەو جەنگەش بەرەو رووین. بەلام ئەو جەنگە . جەنگی ئیمەیە، وە جەنگی خەڵکی ناوچەکەیە ، وەهی کرێکارو زەحمەتکێشی ناوچەکەیە. ئەم جەنگە جەنگی خەڵکی هوشیارو موتەمەدنی هەموو دونیایە، جەنگی هەموو سکولارو پێشکەوتنخوازێکی دونیایە. ئەم جەنگەی ئێستا لە ئارادایە بەهیچ جۆریک و بەهیچ مانایەک جەنگ نیە دژی داعش تەنانەت بۆ روسیا و سوریاش، کە ئەوان روبەڕوی دەبنەوەو ، کە بەفعلی روسیا زەربەی کوشندەیان لێ دەدات لە داعش و نەسرەو تیرۆریستەکانی دیکە. ئەو نوسەرو لایەنانەی کە لە عیراق دەڵین ئەوانەی کە داعشیان دروستکردوە، لێ گەرێن با سەری پان بکاتەوە، ئەوانە لە سوریا هیچ سیاسەتێکیان پێ نامێنێت مەگەر دوای ئاغای بۆتین بکەون، دروست وەک حزبی شیوعی سوریا.

جەنگی خەڵک، دژی تیرۆر وتیرۆریزمی ئیسلامی

جەنگی خەڵک لە ناوچەکەدا ئەگەرچی ئیرادەی زەوتکراوە و بەلاڕیدا براوە، بەلام بەردەوامە لەئاستی هەرە لاوازی خۆیداو تەنانەت لەدەرەوەی وولات دەیبینین بەلام هێجگار لاواز. کۆسپی خەڵک لە وەدایە کە لەنێو دووجەنگدا دەژی کە لە چوارچیوەی جەنگێکدا دەچیتە پێشەوە. گوایا کیشەی روسیا و ئەمریکاو ئەو هەموو هێزەی هێناویانەتە سوریاو عیراق بۆ لێدانی تیرۆریزمی داعش وتیرۆریزمی ئیسلامی یە. جەنگی ئەوان لەبەرانبەر یەک و خەلکی ناوچەکەدا تیرۆریزمێکی دەوڵەتی تەواوە. لەنێو تۆپباران و ساروخباران وشەڕەجیاوازەکانی ئەم جەنگە گەورەیەدا، لەنێو پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تایفی و ئاینی دا، وە لە نێو کۆمەلکۆژی جەنگی زلهێزەکان و کاولبونی شارەکاندا، وە لەنێو هەلومەرجی ژیانی برسێتی و بێ موچەیی و گرانبونی کەلوپەلدا، خەڵک دەرگیر بوە لەگەڵ سەرەگێژەیەکی هێجگار فراواندا، تا ئاستی ئەوەی کە بەهۆی میدیای ئازادی بەکرێگیراوی سەرمایەوە، خەڵکیان دابەشکردوە بەسەر دوو بەرەی زلهێزەکان و هاوپەیمانەکانیاندا. گوایا ئەوان شەری دژی تیرۆر دەکەنو لە هەمانکاتدا ڕۆلی خەلک بەگشتی لەم جەنگەدا ناکام کراوەتەوە، لەسایەی فوتێکردن لە داعش و گەورەکردنی و پێکهێنانی فەزایەکی ترسناک و تۆقێنەر لە بەرانبەری دا.
خەڵكی ناوچەکە دەتوانیت وە دەکرێت بەر بەداعش و تەواوی تیرۆریستەکانی برادەری بهێنێت، کوردوستان و عیراق و سوریاو لیبیان لێ بکاتە کۆبانی. لە کۆبانی ئەو کارە کرا، چونکە خەلک بە دەوری هێزێکدا ڕیکخراو بوو کە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بوو. لەمبارەوە من نامەوێت تەواوی باسەکانی پێشووم دوبارە بکەمەوە، خوێنەر دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ باسی ” پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!”( حوزەیرانی ٢٠١٦). لەو نوسینەدا کە زۆر پێش دەستپێکردنی شەری موسڵ و ئەلیبۆ نوسراوە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم ئەم هەنگاوانە دەست نیشان کردو لیرەدا دوبارە دایدەنێمەوە:

یەکەم: ‌‌ڕێکخستنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی جیهانی: ئەمکارە و بە پراتیک دەرهێنانی لە رێگای ڕابەرانی کرێکاری و کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرەییەکان کە دژ بە تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامین مەیسەر دەبێت. هەروەها لەڕیگای ئەو بزوتنەوانەوە کە هەر ئێستا لە مەیدان دان لە پێناو خواستی جۆراوجۆرو بەرحەقدا لە ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا. مەسەلەی سەرەکی لەم نێوەدا ئەوەیە کە دەنگی ڕێخەرانی ئەم بزوتنەوەیە بگاتە رەئی گشتی بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمریکا. ئەمکارە دەکرێت هەر ئیستا لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە دەست پێ بکرێت. لەم پراتیکەدا کۆمۆنیستەکان تەنها نین، بەڵام مەسەلەی سەرەکی ڕابەریکردنی بزوتنەوەیەکی لەم چەشنە ئەوەیە کە هەڵسوران و ڕابەرانی سەرەکی بزوتنەوەکە دژ بە هەردوو تیرۆریزمەکە بن. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان ئاشکراو ڕیسوا بکرێت، هەروەها تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی وەک هێزو بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕیسوا بکرێت و باسەکە لێرەدا پێویستە بە ڕۆشنی لە ” مافی هەڵبژاردنی ئایین” یان باسی ” ئایینی موسڵمان ” جیابکرێتەوەو تێکەل نەکرێت. بەلكو هەردوو تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی لە چوارچیوەی دوو‌هێزو جەنگێك کە لەسەر پێگەو نفوزی سیاسی دەچێتە پێشەوە، باس بکرێت و خەڵک وە ڕیکخراوەو کەسایەتی جیاوازی بە دەوردا رێکخراو بکرێت.

دووەم: پەکخستن و ڕاماڵینی تیرۆریزم لە نێو خۆدا: ئەم تەوەرەیە دوو بەش لە ووڵاتانی جیا دەگرێتەوە.
ئەلف: پەکخستن و وەدەرنانی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی لە وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا: گۆڕینی سیاسەت و یاساو ڕیساکانی مالتیکالچەر لە هەر ووڵاتیکدا، وەک دروشم و خواستێکی سەرەکی ببێتە دواکاری بزوتنەوەکە و خەڵکی بەدەوردا ڕێکخراو بکرێت. جیاکردنەوەی ئینسانەکان و دابەشکردنی کۆمەل لە سەر بناغەی ئایین، تایفەی ئاینی، نەتەوەو ڕەگەزو ڕەنگی پێست، یان ئاسیایی و ئەوروپایی و ڕۆژئاواویی و ڕۆژهەلاتی و باکورو باشور، پێویستە قەدەغە بکرێت و بخرێتە زبڵدانەوە، حەقارەت و بۆگەنی ئەم نەریتە سیاسی یە لە پێوانە نایەت. داخستنی مزگەوتەکان وەک جێگای پەروەردەکردنی فکری و سیاسی تیرۆریزم و ئیسلامی سیاسی، ئەمکارە کارێکە کە بە خێرایی پێویستە دەست پێبکرێت و زەمینەی کۆمەلایەتی بە هێزی هەیە بە مەرجێک خۆی جیابکاتەوە لە ڕاسیزم لە ئاستی سیاسی دا. هەڵوەشانەوە یان قەدەغەکردنی فەوری هەر یاساو ڕێسایەکی ئیسلامی کە لەم ووڵاتانە لە گیتۆو مزگەوتەکان بەرێوە دەچێت لە پەیوەند بە یاساکانی باری کەسێتیەوە، دیاریکردنی ئەمکارانە وەک تاوانێکی گەورە. ڕیگرتن لە شەڕی یان هاوبەشی شەر لە گەڵ ئەمریکا یان فەرەنساو بەریتانیا لە ووڵاتانی عێراق و لیبیا و یەمەن و سوریا…. کشانەوەی دەست بەجیێ هێزەکان یان وەستانی فەوری هەر جۆرە کۆمەکێک بە هاوپەیمانی ئەمریکاو جەنگە گاڵتەجارییەکەی دژ بە تیرۆر وە وەستانی فەوری جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. ئابڕوبردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپایی و هەروەها پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناوەرۆکی تیرۆریزمانەی ئەم جەنگە.

با: وەدەرنان و بن برکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی، لە ووڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا: بەڕێکخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ پاککردنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەستکۆتاکرنی هێزەکانی لە دەسەڵات.
ئەم سیاسەتە لە هەمانکاتدا ناتوانیت بێدەنگ بێت بەرانبەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و هەروەها هەموو ئەو هیزانەی کە لە نیوخۆدا ڕۆڵیان هەیە لە کۆمەک کردنی هەردوو لای تیرۆریزمی دەوڵەتی و ئیسلامی دا… بەڵام لەهەمانکاتدا تەوەرەی سیاسەتی خۆی لە بەرچاوەو ئەولەویەت و و ئاسۆی سیاسی لەم هەلومەرجەدا بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی یە.

وەستانەوە بەرانبەر بە تائیفەی سیاسی، خەبات دژی تیرۆرو هێزە تیرۆریستیەکان بەبی خەباتکردن و وەستانەوە دژ بە تایفەگەری سیاسی مەیسەر نابێت. سەرچاوەیەکی سەرەکی گەشەو فراوانبونەوەی تیرۆریزم و کالچەری “خۆکۆژی جیهادی” ئایدۆلۆژیای تایفەگەرییە، بەهەردوو بەشی سوننەو شیعەی سیاسی. بەڵام خەباتکردن دژ بە تایفەگەری لە نیو خۆی شارەکانی ناوەراست و باشوری عیراق یان شارەکانی سوریا یان لوبنان دا ئەولەویەتی گەورەترو فەوری تری هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئیران یان کوردوستانی عێراق….

مەسەلەیەکی دیکە بەڕێکخستنی “بزوتنەوەیەکی سکولار” لەم ووڵاتانەدا بەشێکە لە سیاسەتی کۆمۆنیستی و لە بزوتنەوەیەک دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی ئەگەرچی ئامانجەکانی تێپەر دەکات. باسەکە لێرەدا کەمپین نیە بەڵکو ئەمرۆ لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا، کاری بزوتنەوەیەکی سیاسی گەورەو فراوانە کە ئامانجی جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و دەسەڵاتە نیوخۆییەکان” شورای شارەکان و ناوچەکانی خودمختارو فیدرال” وە لە پەروەردەو خوێندن. مەبەست ئەوەیە سکولاریزم بێتە بزوتنەوەیەکی گەورەو فراوان، خوێندنی وانە ئاینیەکان لە قوتابخانەکان تا کۆتایی قۆناغی ئامادەیی قەدەغە بکرێت، مزگەوتی نێو پەیمانگاو زانکۆکان دابخرێن، یاساکانی باری کەسیتی هەلبوەشێنەوە…. هەندی لەم خواستانە هەر ئیستا بەفەوری دەکرێت کاری لەسەر بکرێت و ئیمکانی بەدیهاتنی هەیە.

مەسەلەی سەرەکی لێرەدا ئامادەکردن و هێنانە مەیدان و رێکخستنی خەڵکە دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی. کارێکی وا لە گەرەکێک یان زانکۆ یان کارگەیەکەوە مومکنە دەست پێ بکات… نەخشەکارێک بۆ بردنە پیشەوەی ئەم سیاسەتە لە ووڵاتێکەوە بۆ ئەوەی ترو تەنانەت لە کوردوستانی عیراق و عێراق و لە سوریادا لە شارێکەوە بۆ ئەوی دیکە دەگۆرێت و بە تایبەت لە سوریا جیاوازییەکی زۆری هەیە.

سێهەم: کاری فکری و تیۆری: ئەم ئەركێکە و خۆی بەشیکە لەسیاسەت و بەشێکە لە تەوەرەکانی سەرەوە. بەڵام من وەک خاڵیک جیام کردۆتەوە لە بەرئەوەی، وا بیر دەکەمەوە کە لاوازییەکی هێجگار گەورەمان لەم بوارەدا هەیەو پێویستی بەکاری هێجگار گەورەو فراوانە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێک لە کەلێنەکانی. مەسەلەی سەرەکی لێرەدا وەک ئامانجێک بۆ ئەم ئەرکە: بەدیهێنانی کەشێکی کۆمەڵایەتی گونجاوە بۆ فکرو کاڵچەری مارکسی و پێشکەوتنخوازو سکولارو یەکسانیخواز…..لێرەدا مەبەست کارو خەباتی فکری و تیورییە لە ئاستی کۆمەلایەتیداو وەڵام بە گەورە بیریارانی ئیسلامی سیاسی و مالتیکالچەریزم و…. ئەوەندەی کە پەیوەندی راستەوخۆی هەبیت بەم باسەمانەوە.

وا پێدەچیت کە ئێمە دوو ئەرکی جیاوازمان هەبێت، لە دوو مەیدانی جیاوازدا. لە باری ئەرک و کارەوە لەوانەیە هەندێک جیاوازی هەبێت. بەلام بەگشتی بۆ چینی کرێکار وە بۆ خەڵک لەم هەلومەرجەدا ، نان و ئەمنیەت بۆتە مەسەلەی سەرەکی. دابینکردنی ئەم دوو خواستە بەبێ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بورژوایی مەیسەر نابێت. دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بورژوایی لە هەر شارێک یان ووڵاتێک یان ناوچەیەکی رۆژهەلات ناوەراستدا، کۆمەکێکی گەورەو هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕاستی دەستبڕینەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی و هەروەها تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دابینکردنی ئەمنیەت و نان و هەروەها ئازادی. سێ ئامانجە: دەستکۆتاکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی، تیرۆریزمی ئیسلامی، وە دابینکردنی خواستەکانی خەلك . بەلام چینی کریکار بە ئامانجێک وەلام بە گشت خواست وئامانجەکان دەداتەوە. بە ئامانجیک پیویستە ئەم قۆناغە کورت بکرێتەوە: ئەویش دەرکێسانی دەسەلاتە لە ژیر دەستی دەسەلاتی بوژوایی لە هەر شوێن و شارو ناوچە و وولاتێک کە مومکن دەبێت.

بۆ “ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت”؟!

وەستانی جەنگ مانای وەستانی کاولکارییە، وەستانی ویرانکردن و روخاندنی خانو و جێگا ژیانی خەلکە، وەستانی دارمانی قوتابخانەو خەستەخانەو تۆرەکانی ئاوو کارەبا و تەلەفۆنە، وەستانی وێرانکردنی پردو تۆڕەکانی جادەوبانە… لەهەموو ئەوانە گرینگتر وەستانی نەزیفی خوین و کوشتنی مندالان و ژنان و لاوانە، وەستانی کوشتنی ئینسانەکانە کە زۆربەی هەرەزۆریان چەکیان پێ نیە. لە هەمانکاتدا ڕاوەستانی ئاوارە بون و ڕاکردن و ماڵ بەجێهشتنە…. ئەگەر تەنها لەبەر ئەم هۆیانە بیت دەبێت جەنگ بوەستێت. تەنانەت وەک فەرزێک ئەگەر ئەم جەنگە بۆ بنەبرکردنی داعشە، دیسان دەبێت بوەستێت.

مەسەلەکە ئەوەنیە کە داعش لەناوببرێت، بەڵکو ئەوەیە کە وێرانکاری لەڕادەبەدەرو ئاوارەیی و بێ سەروشوێنی بکەنە ژیانێکی ئاسایی خەڵك. مەسەلەکە ئەوەیە کە هیچ دەرمانێکیان پێ نیە خەڵک ئارام رابگرن و سەرمایە بەباشی بچەرخێنن. شەرەکە وانیە یەک دوو مانگەو تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت خۆی ڕابگرێت گوایا داعشمان بۆ لە ناو دەبەن. ماهیەتی ئەم جەنگە ولەم هەلومەرجە” راگوزەرە جیهانیەدا” ئەوەیە کە ناراستەوخۆ و درێژ خایانە. بۆ ئەوەی لەم دیاردەیە بگەین پێویستە لە چەند دیاردە بگەین: ئەزمەی قوڵی جیهانی سەرمایە و قوڵبونەوەی زیاتری ئەزمەکە. دووەم: دورخستنەوەی جەنگی راستەوخۆی نێوان زلهیزەکان. سێهەم: نەبونی ئەلگۆیەکی سەرمایە چ لەباری ئابوری ئابوری وە چ لە باری کالچەرو ئایدۆلۆژیاوە، بۆئەوەی بتوانن وەک سیسەتەمێکی کۆمەلایەتی ومەقبول بەڕێوەی بەرن. ئەوەی کەماوەتەوە لە ئامادەنەبونی چینی کرێکار، وەک هێزێکی شۆرشگێری سیاسی ، تەنها بەربەریەتە. بورژوای دونیا بەربەریەتی هەلبژاردوە بۆ هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی داهاتوی کۆمەلگای بەشەری. باسەکە ئەوەیە قبول دەکرێت یان نا؟!

مەسەلەی جەنگی ئێستا و شەرەکانی ئەوەنیە کە جەنگ لە ئەلیبۆ نەما، ئیتر مانای ئەوەیە خەلكی ئەلیبۆ شەر نابینننەوە، یان ئەگەر شەر لە موسڵ نەما ئیتر تەواو عیراق شەری تێدا نامێنێت. ئەم شەڕانە لە چوارچیوەی جەنگی ئێستادا شەری دیکە بەرهەم دەهێنن. سروشتی سیاسی جەنگەکە لەم هەلومەرجەدا ئەوە دەخولقێنێ. لەهەر سەردەمیکدا بەکۆنکرێتی باسی جەنگ هەر ئەوەنیە درێژەی سیاسەتە، لەوە گرینگتر ئەو ئەوەیە کە هەلومەرجەکە بناسین و وە سیاسەتەکە لەو هەلومەرجە دیاریکراوەدا چی یە و ئامانجی چیە؟! لە ئەفغانستانەوە سەیر بکەین تا ئێستا تیرۆرو تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی هەدوولایان گەورەترو فراونتر بونەوە. ئێستا زیاترو زیاترو توندو تیژ ترە بە هۆی گەورەبونی هەردوو جۆری تیرۆریزمەکە. هەرئێستا شەر لە ئەلیبۆ خەریکە کۆتایی دێت. لە تەدەمرو لە باب شەرەکەیان گەرم کردوە. لە موسڵ ئەمریکا بە جۆرێک پشوی پیداوە، لە دەوروبەری تەلەعفەر حەشد گەرمی کردوە…. بەبێ ناسینی هەلومەرجی ڕاگوزەری ئەمرۆی دونیای سەرمایە، ناتوانین درکی ئەم مەسەلەیە بکەین. بەم مانایە پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت.

دیسان دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت، چونکە پاشا گەردانی فکری و سیاسی و کالچەری هێجگار دواکەوتوو کۆنەپەرست دوبارەو چەند بارە دەمەزەرد دەکاتەوە… ئەمرۆ داعش و حەشد، وە لە داهاتویەکی نزیک لەوانە لغاو بەربوو تر بەرهەم دەهێنن. وتمان کە بورژوای دونیا موفلسە و ئەلتەرناتتڤی ئایدۆلۆژی پێ نیە، مەگەر دینەکان و تائیفەکان زیندو بکاتەوەو بیان کات بەگژ یەکدا، مەگەر بیری دواکەوتو برەو پێ بدات. ئەوەنیە ترامب وبڕیکست و بەرزبونەوی پێگەی ڕاست رۆژبە ڕۆژ ڕوو لەسەرە، مەسەلە ئەوەیە کە ڕۆژئاوای جاران بە مافی مرۆڤ و مافە فەردی و کۆمەلایەتی و سیاسی و مەدەنیەکانەوە کۆتایی هات… ئەمرۆ لە ئەوروپادا دور نیە جارێکی دیکە بگەرێنەوە بۆ ئەحزابی مەسیحی سیاسی. هەر ئێستا ئەم جەنگە ئاستی قوڵبونەوەی کێشەو ململانێی تائفی نیوان شیعەو سوننەی بردۆتە ئاستێکی زۆر بەرزەوە، هەروەها کێشەی نەتەوەیی نێوان “کورد” و ” تورک” وە “عەرەب” و ” کورد لە ئاستی ناوچەکەدا.. ئەمە بەجیا لەوەی کە کالچەری میلیشیای و عەشیرەتگەری و فرانکردۆتەوەو لەوانەش مەترسیدارتر، مەرجەعیەتی ئیسلامی بەهەردوو تائفەکەیەوە توندترو پایەدار تر کردۆتەوە. بۆیە پیوسیتە ئەم جەنگە بوەستێت.

لە سەرەوە باسمان کردوە کە جەنگ سیاسەتەو وەستانیشی سیاسەتە، لەمبارەوە سیاسەتێکمان پێشنیاز کردوە. جەنگ لە خۆوە ناوەستێت، وە لایەنەکانی جەنگ لەم هەلومەرجەدا ئامادەنین چەنگ بوەستینن، هەرسێ لایەنەکە ئامادەیە جەنگەکە درێژە پیبدا. مەسەلە هەلومەرجی مێژووی ئەم قۆناغەیە. کەواتە دەبێت، ئێمە خەلكی دونیا، بیوەستێنیت. لیرە ئیمە دەرگیرین لە گەڵ گەورەترین کۆسپی ئەم قۆناغەدا، ئەویش نەبونی” ئەحزابی کۆمۆنیستی جەماوەرییە”، نەبونی ئەحزابی کۆمۆنیستی بەهیزە کە کاریگەری بکاتە سەر ئاڵوگۆرەکابی ئەم قۆناغە. حزبێک کە بتوانێت ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەی و چەکداری بەڕووی ئەم هەلومەرجەدا ڕێكخراوو یەکگرتوو بکات. ئەم کۆسپە لە هەلومەرجی ئیستادا تەنها کۆسپێکی زاتی نەماوە، بەڵکو ئەمرۆ بۆتە کۆسپێکی بابەتی و مێژوویەک ئەم هەلومەرجەی خولقاندوە. ئێمە، کۆمۆنیستەکانی ئەم قۆناغە، هەردوو ئەرکەکە کەڵەکە بوە بەسەرمانەوە. ڕیگایەکمان نیە جگە لە چونە پێشەوە.

ئەم جەنگە بوەستێت لایەنی کەم خەڵک بیرێک لە ژیان و گوزەران و کارەباو نانو بیکاری دەکاتەوە، بیرێک لە ژیان و گوزەران و جانوبەرەکەی و شوێنی نیشتەجێبونی دەکاتەوە. خەباتی چینەکان بە ڕۆشنتر دەردەکەونەوە. هەروەها لە باری سیاسیەوە زەمینەیەک درەخسێت کە میلیشاکان و تیرۆرسیتەکان، زەمینەی کەمتریان دەبێت بۆ هاندانی خەڵک و کێشکردنیان بۆ نێو ڕیزەکانیان، زەمینەی کەمتر دەمێنی بۆ فراوانکردنەوەی قڵشتی نێوان ئاینەکان و تایفە جیاوازەکان…وەستانی شەڕ تەنانەت ئەگەر هەموو خواستەکانی خەلك جیبەجێ نەکات، ئەوە لایەنی کەم بەهێز کردنی تیرۆریزنی ئیسلامی لایەنی کەم بە چەک و بە ئەفراد و لایەنی لۆجیستیکی مانایەکی نامێنێت..لە کۆتایدا وە بەکورتی وەستانی جەنگ لێدانە لە سیاسەتی هەرسێ لایەنی جەنگە. لەبەر هەموو ئەم مەسائیلە گرینگانە. پیویستە جەنگ بوەستێت. ١١دیسمبەر٢٠١٦

Saman.karim5@gmail.com




كێشه‌كانمان له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ین یان وپاره‌ و پۆست … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ ڕوو به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ زۆر شتی بۆ ڕونكردینه‌وه‌ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ بریتی بوو له‌ كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ.
سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان ئێمه‌یان به‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ و ئه‌وان تا دوا هه‌ناس ده‌جه‌نگن له‌ پێناو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و به‌ دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد.
به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ده‌ستی سه‌ركرده‌سیاسیه‌كانمان كه‌شف بوو كه‌ ئه‌وان بۆ پاره‌ و پۆست له‌وێن مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك و بیفرۆشنه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.
بۆیه‌ له‌ (2003 ) ه‌وه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك ناوچه‌ی جێناكۆكیش نه‌توانراوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و یه‌ك پرسی نه‌ته‌وه‌یش نه‌توانراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببرێت.

سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان له‌ به‌غداد نمونه‌یه‌كی ناشیرینیان پێشكه‌ش كرد چونكه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ،یان حیزبه‌كه‌یان له‌وێ‌ بوون نیو هینده‌ بۆ خه‌می هاوڵاتیان نه‌چوبوونه‌ به‌غداد.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كورد له‌ به‌غداد خه‌ریكی پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ست هێنانی پۆست بوون له‌ ناو خۆشیاندا هه‌میشه‌ له‌ ململانێیه‌ كی سه‌ختدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی زۆر ترین پاره‌ و پۆست به‌ده‌ست بیه‌نن بۆیه‌ نه‌توانرا ئامانجی نه‌ته‌وه‌ی به‌ده‌ست بیه‌نرێت له‌ به‌غداد.
ئه‌ گه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ عه‌قڵیه‌تێكی واقعی و دور له‌ خۆپه‌رستی خۆیان و حیزبه‌كانیان بچونایه‌ته‌ به‌غداد ئه‌وه‌ بێگومان پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیانی به‌ هێز ده‌كرد و ده‌یان توانی سود له‌ وداهاته‌ زۆره‌ی عێراق وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئابورییه‌ كی به‌هێز درست بكه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی كورد له‌ سه‌ره‌تای چونه‌ به‌غدادیانه‌وه‌ له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ داهاتوو پۆستی گرنگیشیان به‌ ده‌ست هێنا نه‌یاتوانی پرسی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رقی گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ بوو بوون.

كاتێك كه‌ بوین به‌ به‌شێك له‌ عێراقی فیدراڵ زۆر پۆستی گرنگ و پاره‌مان به‌ ده‌ستهێنا به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مانتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی عاقڵانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین پێیانه‌وه‌ ئه‌و پۆست وپارانه‌ بونه‌ مایه‌ی ماڵوێرانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌پاڵ ئه‌وه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ چونه‌ به‌غداد خه‌ڵكیان كرده‌ قوربانی چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامی كاریان له‌ سه‌ر چه‌واشه‌كاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ده‌ست كه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی چونه‌ته‌ ئه‌وێ‌ .
كاتێك عه‌ره‌به‌كان به‌ سونه‌و شیعه‌وه‌ تێگه‌شتن كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد سه‌ركده‌یه‌كی خۆپه‌رستی گه‌نده‌ڵن كه‌وتنه‌ په‌راوێز خستنی هه‌ریمی كوردستان ، به‌مه‌ش پێگه‌مان لاواز بوو و ئه‌و سه‌نگ و قورسایه‌ی كه‌ هه‌مان بوو له‌ده‌ستماندا.

ئه‌وه‌ پیاوه‌ سیاسیه‌نه‌ی كه‌ له‌دوای رووخانی حكومه‌تی به‌عسی عێراقیه‌وه‌ چونه‌ به‌غداد وه‌ك نماینده‌ی كورد نه‌یان توانی سیاسه‌تێكی دروست بكه‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌ت كردنبێت به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ به‌دێهێنانی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
بۆیه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش كرانه‌ قوریانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گروپێكی بچوك له‌سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ زۆر نه‌هامه‌تیان توشكردین.
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وڕاستیه‌ی كاتێك كێشه‌مان له‌ گه‌ڵ به‌غداد بووه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌كانمان له‌ سه‌ر پۆست و پاره‌ بووه‌ نه‌وه‌ك له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ی ، هه‌میشه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌كار هێنراون له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمانه‌وه‌.




مای نیم ئز له‌یلا ڕۆمانی حیكایه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كانی سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ … ن/ شاخه‌وان سدیق

پێویسته‌ مرۆڤ كه‌سێك هه‌بێت له‌ ژیانیدا خۆشی بوێت، ئه‌گه‌رنا هه‌ركارێك بكات، شتێكی هه‌ر كه‌مه‌. (له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌)

له‌ كتێبی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانیدا (ئه‌لبێرت كامۆ) باس له‌ ڕۆڵی گرنگی نوسه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت” ئه‌و یه‌كه‌مین شته‌ی نووسه‌ر پێویسته‌ فێری ببێت، هونه‌ری گۆڕینی ئه‌و شتیه‌ كه‌ هه‌ستی پێده‌كات بۆ ئه‌وشته‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تر هه‌ستی پێبكه‌ن” ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌ی (كامۆ)بده‌ین له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ دیدی ئه‌وه‌وه‌ (نوسه‌ر) كه‌سێكه‌ كه‌ جیاوازتر له‌وانیتر له‌ دونیاو ئه‌وه‌ی له‌ناویدا هه‌یه‌ ده‌ڕوانی و دواتر به‌ شێوازیتر ده‌یانگۆڕێت به‌ كه‌ره‌سته‌ گه‌لێك كه‌ خه‌ڵكانی تری نزیك له‌ ئه‌و بیبینن. واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێیان ده‌وترێت (نوسه‌ر) مرۆڤگه‌لێكن جیاواز له‌ توێژه‌كانی تر ده‌بینن و تێده‌فكرێن و پرسیار ده‌كه‌ن،وه‌ك (سوهراب) واته‌نی ” چاومان ده‌شۆن و به‌جۆرێكی كه‌ دونیامان پیشانده‌ده‌نه‌وه‌” به‌ڵام به‌بڕوای من بۆ ته‌واوكردنی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ته‌نها نوسه‌ر گرنگنیه‌و ئه‌وه‌ی ڕوناكی به‌دیوه‌ گرنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌به‌خسَێت، بوونی (خوێنه‌ر) به‌واتای وه‌رگره‌، چونكه‌ به‌بڕوای من هیچ تێكستێك چه‌ند به‌هێزیش بێت له‌ واتاو ده‌ربڕیندا به‌بێ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری وشیار هێشتا ناكامڵه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (ڕایمۆند فێده‌رمان)ده‌ڵێت” هه‌ندێك خوێنه‌ر تێكست پڕده‌كه‌ن له‌ مانا” كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌ گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی تێكسته‌وه‌ له‌ دونیا بڕوانین و تێبگه‌ین ده‌بێت هاوكێشه‌ی (نوسه‌ر+ دیالۆگ + خوێنه‌ر = ڕه‌خنه‌گر) هاوسه‌نگ بكه‌ین، چونكه‌ به‌بێبوونی ئاماده‌ی هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ مومكین نییه‌، تێكست هیچ بایه‌خێكی هه‌بێت، چونكه‌ خوێنه‌ری باش، ده‌بێته‌ ڕه‌خنه‌گری باش و دوباره‌ مانا به‌ تێكست ده‌به‌خشێته‌وه‌، لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ ژێر ڕۆشنای ئه‌و پێشه‌كییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌مه‌وێت كه‌مێك ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (مای نیم ئز له‌یلا)ی كچه‌ نوسه‌ری ئێرانی (بی تا مه‌له‌كوتی) بدوێم، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌م ساڵی (بیسته‌هه‌مین ڤێستیڤاڵی گه‌لاوێژه‌) و له‌لایان هاوڕێی وه‌رگێڕ (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌)ی یه‌وه‌ به‌ زمانێكی پاراو جوان وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی. ئه‌م نوسینه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ كتێبگه‌لێكی زۆر له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و له‌ ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردیدا به‌بێده‌نگی ده‌مێننه‌وه‌ و خوێنه‌ران كه‌ به‌بڕوای من به‌شه‌ گرنگه‌كه‌ی ڕۆحی تێكستن له‌ ئاستیاندا بێده‌نگن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش دوربێت له‌ دیواری ئه‌و بێده‌نگیه‌ ترسناكه‌،پێم خۆشبوو بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی بنوسم. چونكه‌ هاوڕام له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی ڕۆمان نووس (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ)دا كه‌ده‌ڵێت” خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ كتێبێك ده‌گرێت به‌ ده‌سته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی نوسه‌ره‌كه‌ ده‌كات شتێكی پێبڵێت، به‌ڵكو هێزێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌خشینی ماناو تێپه‌ڕاندنی ئاسۆكانی نوسه‌ردا به‌شداره‌، خوێنه‌ر ئه‌و مانایانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌له‌ سنوری خه‌یاڵی نوسه‌ر تێده‌په‌ڕن، واته‌ كه‌سێك نییه‌ ئیشی ته‌نیا وه‌رگرتن بێت، به‌ڵكو كه‌سێكه‌ خۆی به‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌فسیر و تێڕوانین ده‌بینێت”

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ چیرۆكی ژیانی مرۆڤ گه‌لێك كه‌ به‌نه‌وه‌ی بینه‌ری ساته‌كانی شكست و بێهیوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ناوده‌برێن، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه‌پاش ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كان، ئێرانیه‌كان دژی سیستمی شانشینی و هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تێكی نوێ‌ به‌هیوای باشتربوونی ژیان ئه‌نجامیاندا ،به‌ڵام وه‌ زۆرێك له‌ شۆڕشه‌كانی تری دونیا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شۆڕش و ئامانجه‌كانی بۆ زۆرێك له‌ ئێرانیه‌كان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ، ئه‌ویش دوای پێكدادانی گروپه‌ چه‌پ‌و ڕاست ڕه‌وه‌كان و له‌ سێداره‌دانی هه‌زاران لاوی ئازادیخواز به‌ناو تۆمه‌تی جۆراوجۆره‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد كۆچی به‌لێشاوی ئیرانیه‌كان بۆ تاراوگه‌ ده‌ستپێبكات و جارێكی تر نیشتمان بۆ زۆرێك له‌وان ببێته‌وه‌به‌ زیندانێكی گه‌وره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش) له‌ وتارێك ده‌رباره‌ی شۆڕش پێی وایه‌” مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ناوی شۆڕشه‌وه‌” له‌م ڕۆمانه‌شدا خانمی (مه‌له‌كوتی) باس له‌ چیرۆكی ژیانی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیه‌ ئێرانیه‌ تاراوگه‌ نشینانه‌ی وڵاتی (ئه‌مریكا) ده‌كات كه‌ خه‌م و دوریه‌كانی غوربه‌ت، هه‌ناوی كه‌رت و په‌رتكردون و یاده‌وه‌ری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون، به‌جۆرێك كه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ندێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كان له‌ خۆ ونكردن نزیك ده‌بنه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ خود كوژی ده‌كات و له‌سه‌ر پردێكه‌وه‌ خۆی هه‌ڵده‌داته‌ خواره‌وه‌و كۆتای به‌ ژیانی خۆی دێنێَت. به‌گشتی ڕۆمانه‌كه‌ یاریكردنێكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواداو هه‌وڵێكه‌ بۆ پیشاندانه‌كانی نائومێدیه‌كانی ئینسان كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا بژی.

ته‌كنیك و زمان. وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا و بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ حیكایه‌تێكی ساده‌و ساكار و ئاسایی بوو، وه‌ك زۆرێك له‌ چیرۆكی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ كه‌ڕۆژانه‌ ده‌یانبینین و ده‌یان خوێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خ و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا بونی ته‌كنیكی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌و زمانه‌ ئاست به‌رزه‌كه‌یه‌تی كه‌ بوه‌ته‌ هۆی جوان و به‌هێز داڕشتنی ڕسته‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری و بوونی شیعریه‌ت له‌ ساتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كه‌ به‌دیلۆگی (پینگ پۆنگ)ی كورت و خێرا ڕسته‌كانی داڕێژاون، ئه‌ویش به‌جۆرێك له‌كاتی خوێنه‌وه‌دا هه‌رده‌ڵێی كورته‌ چیرۆك ده‌خوێنیته‌وه‌، نه‌ك ڕۆمان. كه‌ به‌ بڕوای من ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م خانمه‌ نوسه‌ره‌ خۆی هه‌م (شانۆكارو شیعر)نوسه‌و كاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی جیهانیشی له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌ ئاسانی له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كه‌رێت، به‌تایبه‌ت چیرۆكه‌كانی نوسه‌ران (هه‌نگوای ئه‌مریكی و چیخۆفی ڕوسی) ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر (حه‌ڤده‌) به‌شی جیاوازو سه‌ربه‌خۆدا، به‌جۆرێك هه‌ربه‌شه‌ی ده‌توانرێت وه‌ك چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆی ڕوداو ئامێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، واته‌ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ هه‌ربه‌شێكه‌وه‌ بته‌وێت ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ بكه‌یت ده‌توانیت و تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ تێك ناچێت، ئه‌م ڕۆمانه‌ سێ‌ گێڕڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه‌و ده‌نگی هه‌ریه‌كێك له‌و حیكایه‌ت خوانانه‌ش سه‌ربه‌خۆو جیاوازن، به‌جۆرێك هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ به‌جۆرێكی جیاو تایبه‌ت چیرۆك و ڕوداوه‌كانی خۆی و به‌شێوه‌ی گرێچنی تایبه‌ت به‌خۆی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری تواناو لێهاتوی و شاره‌زای نوسه‌ره‌ له‌ چۆنێتی نوسینی ڕۆمان و شێوازه‌كانی له‌مڕۆدا.

سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:
بێگومان هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی چه‌ند به‌بایه‌خ و گرنگیش بێت، هێشتا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ش لایه‌نی دیكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی هه‌ندێك خاڵ لاواز تیایدا، به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ جوانیه‌كانی ئه‌ده‌ب كه‌ گۆشه‌ نیگای زۆر و جیاوازی بۆ بینین هه‌یه‌، من له‌ خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌وتم كه‌ ناكرێت بوترێت كه‌موكورتین له‌ كاره‌كه‌دا ته‌نها تێبینین و به‌بڕوای من ده‌بوو نوسه‌ر باشتر كاری له‌سه‌ر بكردنایه‌.
یه‌كه‌م: زۆرێك له‌ ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ ئاڵۆزن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری شاره‌زا نه‌بێت ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت هه‌ندێك ڕوداو كاره‌كته‌ر به‌ئاسانی بۆت جیابكرێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئالۆزی گێڕانه‌وه‌كه‌ نوسه‌ر له‌ خزمه‌ت ته‌كنیكه‌كه‌ی به‌كاری هێنابێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌رچۆنێك بیت خوێنه‌ر توشی مه‌له‌ل ده‌كات.
دووه‌م/ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ نه‌فه‌سی شانۆیی نوسراوه‌و كه‌متر نوسه‌ر توانیوێتی خۆی له‌ وێنه‌ی درامایی بپارێزێت، كه‌ ده‌كرا باشتر و له‌ ڕێگه‌ی دیالۆكی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ خۆی له‌م حاڵه‌ته‌ بپاراستایه‌ و زیاتر له‌ سینه‌ما نزیك بكه‌وتایه‌ته‌وه‌.
سێیه‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ له‌ وڵاتی فه‌ره‌نساو دوور له‌ سانسۆر چاپكراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆرێك له‌ دیمه‌نه‌ (ئیرۆتیكیه‌)كاندا، نوسه‌ر خۆی سانسۆری كردوه‌و حه‌قی ته‌واوی به‌ گێڕانه‌وه‌ی ساته‌كانی ڕووداوه‌كه‌ نه‌داوه‌و شه‌رمێكی زۆر به‌ نوسینه‌كه‌وه‌ له‌و ساتانه‌دا دیاره‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌ئاسانی هه‌ستده‌كات نوسه‌ر خۆی سانسۆرو ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م (ڕاوی) حیكایه‌ته‌كاندا. بۆ باشتر ته‌عبیركردنی ئه‌و ساتانه‌.
چواره‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ نائومێدی و نه‌هامه‌تیه‌كانی مرۆڤ به‌ هه‌ردوو ڕه‌كه‌زه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام ساته‌ تراژیدیه‌كانیش له‌م ئیشه‌دا زۆر نه‌رم و نیان گێڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ زمانێكی ته‌واو كچانه‌، كه‌ به‌بڕوای من نوسه‌ر له‌ كاتی قسه‌كردنی كاره‌كته‌ره‌ پیاوه‌كاندا نه‌ی توانیوه‌ له‌ كچ بونی خۆی ده‌ربازببێتن، بۆیه‌ له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌كڕاست به‌ر نوسین به‌ زمانی (فێمینستیان)ه‌ ده‌كه‌ویت.

ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ بیخوێنینه‌وه‌:
(هاشمی ئه‌حمه‌د زاده‌) له‌ كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا پێی وایه‌” ڕۆمان له‌جیاتی نوێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌موو جیهان، ته‌نیا ڕووناكی ده‌به‌خشێته‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ جیهان” له‌ ئێستادا و به‌گشتی مرۆڤ له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م زه‌ویه‌دا بێت و هه‌رچۆ بژی بێهیوایه‌كی گه‌وره‌ بیركردنه‌وه‌ی ته‌نیوه‌، بۆیه‌ زۆر جار به‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌وترێت چاخی مرۆڤه‌ نا ئومێده‌ گه‌وره‌كان، له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ باس له‌ ئێستای دۆخی مرۆڤ له‌ دوو جه‌مسه‌ر دونیادا بكات و بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ دوو كلتوری جیاوازوه‌، ئه‌ویش به‌ پیشاندانی ئه‌و نا ئومێدیه‌ قوڵه‌ی كه‌ له‌ ڕۆح و جسته‌ی مرۆڤدا سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتن مۆدێرنه‌ دروستی كردوون، نوسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی شۆڕش و خه‌مه‌كانی مرۆڤ له‌ ئاواره‌بون و ته‌نهای غوربه‌ت بكات، باس له‌ عیشق و ته‌نهای و جیابونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی دواتری دوای شكست، باس له‌ ونبونی مرۆڤ له‌ شاره‌گه‌وره‌كاندا ده‌كات، كه‌ چۆن جۆرێكه‌ مرۆڤ بۆته‌ ڕۆبۆتێكی گه‌وره‌و له‌ قه‌ڵباڵخترین جێگادا هه‌ست به‌ ته‌نهای گه‌وره‌ ده‌كات، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر وشیاری نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ به‌ئاسانی خۆی بدۆزیته‌وه‌، نوسه‌ر بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنی هه‌موو ئه‌مانه‌ش زمانێكی ته‌واو پڕله‌ هارمۆنیای مۆسیقی به‌كارهێناوه‌ كه‌ خوێنه‌ر په‌ره‌گراف په‌ره‌گراف به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت، بۆیه‌ به‌بڕوای من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی ئێستای ئێمه‌ گرنگه‌، چونكه‌ ڕۆمانه‌كه‌ جگه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ به‌رزه‌كه‌ی خاوه‌نی چیرۆكێكیشه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ ژیانی ئێستای زۆربه‌مانه‌وه‌ نزیكه‌، وه‌ك نوسه‌ریش خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌ڵێت” بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه‌ خۆم ده‌سوتام و وشه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ یه‌ك یه‌ك داده‌گیرسان” من به‌هیوام له‌م نوسینه‌مدا ناهه‌قیم له‌ گێڕانه‌وه‌ی تیكسته‌كه‌ نه‌كردبێت و خۆتان به‌خوێندنه‌وه‌ی چێژی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌ وه‌رگرن و ئه‌م نوسینه‌ی منیش ته‌نها وه‌ك ناساندێكی كورت چاولێبكه‌ن. سوپاس بۆ وه‌رگێڕی ئه‌زیز(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی) له‌پای ئه‌و وه‌رگێڕنه‌ جوانه‌ به‌و زمانه‌ پاراوه‌و ناساندنمان به‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌یه‌. به‌هیوام له‌ داهاتوودا به‌رهه‌می زیاتری (بی تا مه‌له‌كوتی) بخوێنینه‌وه‌.

—————————————
بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.

1- خوێنه‌ری كوشنده‌_به‌ختیار عه‌لی_ 2005
2- جیهانی ڕۆمان_ هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌_2015
3- بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌لبیرت كامۆ_وه‌رگێڕانی_پێشڕه‌و حسین.




ململانێی ئەمریکا لە پێشەنگی ئابوری جیهانی … ڕێبین نەریمان

ململانێی امریکا لە پێشەنگی ئابوری جیهانی ستراتیجیەت و ئامانجە کە بەشێوەیەکی زۆر باش توانیویەتی بازاڕ و پیشەسازی بەرەو پێش بەرێت و سەرچاوەی ووزەی جیهانی لەبەرژەوەندی ئابوری امریکادا بەکاربهێنێت .

ووڵاتی چین کە رکابەری امریکایە هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە پێشەنگی ئابوری جیهانی و ململانێیەکی توند دەکات کە بەجۆرێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نزیک دەبێتەوە لە ئامانجەکەی.
چین خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی مرۆی جیهانی و جبەخانەیەکی گەورەو پێشکەووتوی سەربازی و ئابوریەکی گەشەکردووە بۆیە ڕووبەروبونەوەو ڕاگرتنی چین کارێکی ئاسان نیە بۆ امریکا .
بازاری ناوخۆی چین پشتی بە بەرهەمی ناوخۆیی سادەو پیشەسازی بچوک بەستوە بە جۆرێک بازاری چینی داپۆشیوە پێویستی بە هیچ بەرهەمێکی هاوەردە نیە .
چین خاوەنی پیشەسازیەکی گەورەیە کە لە توانایدا بەشێکی زۆری پێداویستیەکانی جیهان لە ئەلەکترۆنیات و پیشەسازی پەترۆکیمیاوی و چەک دابین بکات ، لە ڕوی کوشتوکاڵەوە بازاری ناوخۆیی تێردەکات .
خالی لاوازی ئابوری چین ووزەیە کە سەرەکی ترینیان نەوتە کە لە رۆژێکدا ١٢ ملیۆن بەرمیل هاوەردە دەکات تەواوی بەکاردەهێنێت بێ ئەوەی بتوانێت نەوت هەڵبگرێت بۆ کاتی پێویست.

امریکا جیاوارتر لە امپراتۆرە جیهانیەکانی پێش خۆی یاری دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ڕووبەرووبونەوەی نەیارە کانی ، خۆی لە ململانێ سەربازیەکان بە دوور دەگرێت لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، فشارە ئابوریەکانی زیاد دەکات لەسەر چین بەتایبەتی لە بواری ووزەدا .
بۆیە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی نەوتی جیهانی و بەرزبوونەوە و نزمبونەوەی نرخی نەوت و تەواوی گۆرانکارییە جیهانیەکان وکێشە هەرێمایەتیەکانی ناوچەکە لە کاتی ئێستادا لەخزمەتی ستراتیجیەتی امریکایە بۆ لێدانی ئابوری چین .

لە نزمبونەوەی نرخی نەوتدا وڵاتانی بەرهەمهێن زیان لە ئابورییان دراو توشی کورت هێنانی بوودجەبوون کە امریکا رێژەیەکی زۆری نەوتی خاوی جیهانی دەکرێت کە دەکاتە ٢٢% بەرهەمی نەوتی جیهانی کە ڕێژەیەکی بەکاردەهێنێت و رێژەیەکی هەڵدەگرێت لە چاڵە نەوتە بەردینەکان و دەست کردەکانی امریکا .
بۆ لێدانی ئابووری چین امریکا لە داهاتوودا نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە بەجۆرێک کاریگەریەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئابووری چین بۆ بەدورکەوتنی امریکا لەزیانی زیادبوونی نرخی نەوت ، نەوتی هەڵگیراوی خۆی بەکاردێنێت کە بەهەرزان لەمڕۆدا دەیکڕێت .

بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێت ڕێژەی نەوتی بەرهەمهێنانی جیهانی کەمبێتەوە کە لە ئێستادا ٩٢ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا ، کە تەواوی وڵاتانی بەرهەمهێن خوازیاری بەرزبونەوەی نرخی نەوتن بەڵام کام وڵاتی جیهانی هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمێنان !!
بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت امریکا سیناریۆی زۆر خراپی ئامادە کردوە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێن کە چاوەرێی نەهامەتی زیاتر و جەنگی زیاتربین .
بەوپێیەی وڵاتانی ناوچەکە ( ووڵاتانی کەنداو عێراق ئێران ) رێژەی٣٠% نەوتی جیهانی بەرهەمدێنن و کێشەی مێژووی و ململانێ لەنێوانیاندا هەیە بە ئاسانی امریکا دەیانخزێنێتە شەرێکی کاولکارییەوە کە توانای هەناردەکردنی نەوتیان نەمێنێت کە لەهەمانکاتدا ئاسایشی اسرائیل پارێزراوتر دەبێت و نرخی نەوت بەەرز دەبێتەوە .

پێش بینی دەکەم نرخی نەوت تا چەند ساڵێکی تر بەوجۆرە بێت کە لە ٦٠$ تێنەپەرێت، تا ئەو کاتەی امریکا بەشی چەند ساڵێک ململانێی توند لەگەڵ ئابوری چین نەوتی پێوویست هەڵدەگرێت وە لەدوای ساڵی ٢٠٢٠ بچێتە زیاتر لە ٢٠٠$




سوودو قازانجی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیانه‌ی ده‌وڵه‌تان، هیچ وه‌خت باکی به‌ مافی مرۆڤ نییه‌

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
10/12/2016

ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین-دا و له‌ ئه‌فگانستان و ڵاتانی دیکه‌ ده‌گوزه‌رێ ، ‌ ملێونه‌ها خه‌ڵکی بێچاره‌ی کردۆته‌ قوربانی، که‌ به‌شی زۆریان منداڵان و ئافره‌ت و پیر و په‌ککه‌وتوانن. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا به‌ به‌رچاوه‌وه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ میدیاکان ده‌یانهێننه‌وه‌ یادمان ، سوریا و یه‌مه‌نن.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ بریتانیا به‌هۆی ئه‌و ڕاپۆرت و ده‌نگوباسانه‌ که‌ له‌سه‌ر یه‌مه‌ن ده‌گوترێت و کوشتنی خه‌ڵکانێکی زۆر و قوربانیبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ منداڵان که‌ زۆرێکی ئه‌م قوربانیانه‌ به‌ فڕۆکه‌ و چه‌کی عه‌ره‌بی سعوودییه‌ . ئاماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی گاردیان که‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی وه‌رگرتووه‌ نیشانی ده‌ده‌ن ، له‌ سه‌دا 60 ی ئه‌و2067 ی که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی له‌یه‌مه‌ن له‌ مانگی ته‌موزی پاره‌که‌وه‌، خه‌ڵکانی سیڤلن. ( که‌ ئه‌م ئاماره‌ زۆر که‌متره‌ له‌ ئاماری حه‌قیقی ) بۆ ئه‌مه‌ش سعوودییه‌ به‌رپرسیاره‌. هه‌روه‌ها له‌ مانگی جێنیوه‌ری ئه‌مساڵدا هه‌ر ڕاپۆرتی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت، که‌ 119 هێڕشی ئاسمانی کراوه‌ته‌ سه‌ر یه‌مه‌ن هه‌ر هه‌موویان مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی به‌زاندووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملێون که‌س ده‌ربه‌ده‌ربوون . ‌ هه‌موو ئه‌م هێڕشانه ‌و هۆکاری خه‌ستکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌ و کوژرانی خه‌ڵکانی زیاتر ، خودیی سعوودییه‌‌ ، چه‌که‌کانی سعودییه‌ش بریتانین ، سعودییه‌ به‌ تایبه‌تی و که‌نداو به‌ گشتی بازاڕێکی گه‌وره‌ی فرۆشتنی چه‌کن بۆ بریتانیا .

ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌نگوباسێكی گه‌وره‌ی له‌ لایه‌ن میدیای ئێره‌وه‌ ( بریتانی) دروستکردووه‌ هاوکاتیش بوووه‌ته‌ سه‌ریه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ حکومه‌تی ئێره‌ که‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ‘ تیرێزه‌ مه‌ی ‘ سه‌ره‌کوه‌زیرانی ئێره‌ چوو بۆ سه‌ردانی که‌نداو و له‌وێ پاشای سعودییه‌ و ئه‌میری به‌حره‌ینی دیت و وه‌لای بریتانیای بۆیان دووباره‌ کرده‌وه‌ .
هه‌ر له‌م کاته‌شدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ، ‘ بۆریس جۆنسۆن’ هه‌فته‌ی ڕابوردوو له‌ کۆنفرانسه‌که‌ی ‘ڕۆم ‘ پایته‌ختی ئیتالیا، باسی له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی سعودییه‌و و ئێران کرد ، که‌ له‌وێدا شتێكی جاوه‌ڕوانننه‌کراو و نه‌شیاو ، بوو، که‌ بۆ که‌سێکی وه‌کو ئه‌و که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ته‌که‌ی ده‌کات. وتی ” سیاسیی هه‌ن که‌ دین ده‌شێوێنن و به‌خراپ به‌کاری ده‌هینن، په‌ڵه‌ی جیاوازی هه‌مان دین به‌کارده‌هێنن تاکو ئامانجه‌ سیاسییه‌کانیان فراوانتر بکه‌ن . ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین گرفته‌ سیاسییه‌که‌ی هه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌ ، تراژیدیاکه‌ش بۆ من ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێره‌دا تۆ ئه‌م شه‌ڕانه‌ت به‌ وه‌کاله‌ت هه‌یه و هه‌موو وه‌ختێکیش هه‌ر شه‌ڕه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا – ئایا ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌هێز له‌ناو خودی ئه‌و وڵاتانانه‌دا نییه.” درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌داو ده‌لێت ” هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ که‌ سعوودییه‌ و ئێران و هه‌موو که‌سێک ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ و هه‌روه‌ها چه‌واشه‌کاریی ده‌که‌‌ن و کێشه‌کان ده‌شێوێنن و ڕۆڵی شه‌ڕه‌کان به‌ وه‌کاله‌ت ده‌گێڕن” ‌ ‌
گه‌رچی ‘بۆری جۆنسۆن’ ئه‌م قسانه‌ی کرد به‌ڵام نه‌ دانی به‌وه‌دا نا که‌ چۆن و سعوودییه‌ ئه‌و ئاگره‌ خۆش ده‌کات و به‌ چه‌کی کێش؟ نه‌ حه‌لێكیشی هه‌بوو و هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ ، ته‌نها وه‌کو قسه‌ ده‌رپه‌ڕاندنێك بوو، نه‌ شتێکی دیکه‌. بێ گومان ئه‌م قسانه‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی حکومه‌تی بریتانی بوو که‌ هه‌رگیز ناخوازن به‌ ئاشکرا ڕه‌خنه‌ی هاوپه‌پیمانه‌کانیان بکه‌ن ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ ” بزنس به‌رده‌وام بێت و بۆ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌دنی له‌ ته‌کیانا ئاسایی بێت” ئیدی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ندێك له‌ دانیشتوانی بێتاوانی وڵاتان ده‌کوژرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌روازه‌ی کۆمپانیا چه‌كفرۆشه‌کان دانه‌خرێن و کرێکاره‌کانمان بێ کار نه‌بن تاکو سه‌ریه‌شه‌ بۆ حکومه‌ت دروستنه‌که‌ن و جارێکی دیکه‌ش ده‌نگیان بۆ بده‌نه‌وه‌ بییانکه‌نه‌وه‌ به‌مڵۆزمی گیانی خۆیان.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا که‌ تێبینی بکرێت ، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات و کۆمپانیاکان بێ باك و بێ منه‌ت بن له‌ کوژرانی خه‌ڵکانێکی زۆر و وێرانکردنی وڵاتانی دیکه‌ و ژینگه‌که‌شیان ، به‌ڵکو هاوڕێ کرێکاره‌کانیشمان ده‌ستیان هه‌ر به‌و خوێنه‌ ، له‌ پێناوی بژێوی خۆیاندا و له‌ده‌ستنه‌دانی کاره‌کانیانا ، هه‌ر سووره‌.
کرێکاره‌کانمان که‌ له‌ ‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌‌ ده‌په‌رسترێن و ده‌یانه‌وێت جڵه‌وی شؤڕشیان بده‌نه‌ ده‌ست و بیانکه‌نه‌ مڵۆزمێکی دیکه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ ، کاتێك که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست ، هه‌میشه‌ له‌ دامێنی بێ کاران و قوتابیان و خانه‌نشینکراوان و پیر و په‌كکه‌وتوانه‌وه‌ن له‌ هه‌ڵوێستی شؤڕشگێڕییانا و په‌رۆشییان و بایاخیان بۆ شۆڕش.‌. نه‌‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش ، به‌ڵکو جاری وا هه‌یه‌ ، به‌ چه‌ند میلێکیش له‌ دوای سه‌رکرده‌ و هه‌ندێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌ ‌ چه‌په‌کانیشه‌وه‌ن.

نموونه‌ لێره‌دا، له‌ بریتانیا، زۆرن، به‌ڵام من ته‌نها هه‌ر دوو نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌‌. یه‌که‌م: ئه‌مساڵ له‌ کۆنفرانسی پارتی کرێکارانی بریتانیا که‌ ‘جێرمی کۆربن’ سه‌رۆکێتی و کابرایه‌که‌ که‌ ڕابوردوویه‌کی زۆر پاك و پڕ له‌ خه‌بات و تێکۆشانی هه‌یه‌ و زۆریش دژی چه‌کی نوه‌وی و ئوستوله‌ حه‌ربییه‌کانی بریتانییه‌‌ و هاوکاتیش دۆستی ژینگه‌یه هه‌ر وه‌کو هه‌موو وه‌ختێکی دیکه‌ی دژی نوژه‌نکردنه‌وه‌ و چالاککردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، وه‌ستایه‌وه‌.

له‌ کۆنفرانسه‌که‌ پێشنیازێکی پێشکه‌ش، کرد تاکو ‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانی حیزبه‌که‌ی دژ به‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌نگبده‌ن که‌ نزیکه‌ی 37 ملیار پاوه‌ندی تێده‌چێت و گه‌ر‌ ئه‌م پاره‌یه‌ش له‌ پرۆژه‌ی باشتردا سه‌رف بکرێت باشتره‌ . جێرمی کۆربن ویستی ئه‌مه‌ بکاته‌ بڕیارێك و یه‌که‌م: له‌ په‌ڕله‌ماندا ده‌رنه‌چێت ، دووهه‌میش: گه‌ر ده‌رچوو و جارێکی دیکه‌ که‌ حیزبه‌که‌ی ( حیزبی کرێکاران) هاته‌ سه‌ر حوکم په‌یوه‌ستی ئه‌م بڕیاره‌ بێت. به‌ڵام مه‌خابن، له‌بری پشتگیریکردنی، ‌ هێڕشێکی گه‌وره‌ی کرایه‌ سه‌ر، چونکه‌ گه‌وره‌ترین نقابه‌ی کرێکاران Unite له‌ بریتانیا، دژی وه‌ستایه‌وه‌ و که‌ گوایه‌ کرێکاره‌کانیان، ئه‌ندامه‌کانیان، بێ کار ده‌بن . دوای ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانیش به‌ جێگره‌که‌ی خۆشییه‌وه‌ ، دژی ‘جێرمی’ وه‌ستانه‌وه‌ ، له‌م حاڵه‌ته‌دا جێرمی ناچارکرا که‌ ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ئازاد بکرێت له‌ ده‌نگدانا له‌سه‌ر ئه‌و‌ کێشه‌یه‌ له‌ په‌ڕله‌ماندا و هاوکاتیش بابه‌ته‌که‌ بۆ کۆنفرانسێکی دیکه، هه‌ڵبگیرێت تاکو‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
دووهه‌م : ماوه‌یه‌کی زۆره‌ که‌ حکومه‌ت ده‌یه‌وێ پلاتفۆرمێكی دیکه‌ی هه‌ڵفڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فڕۆکه‌خانه‌ی بریتانیا، هیسرۆ ( Heathrow ) بکرێته‌وه‌ ، که‌ ئێستا هه‌ر دوانه‌ و بزنس پێویستی به‌ زیاتر ‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌م پێشنیاره‌شدا چه‌نده‌ گروپی خۆجێی له‌ دانیشتوانی ده‌و‌رو به‌ری فڕۆکه‌خانه‌که‌ دروستبوون بۆ دژایه‌تیکردنی کردنه‌وه‌ی پلاتفۆرمی نوێ، هه‌م له‌به‌ر پیسکردنی زیاتری ژینگه‌ و‌ هه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگی زیاتری فڕۆکه‌کان، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌ لایه‌ن ژینگه‌ دۆستان و ‌ چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکیسته‌کانیشه‌وه‌ ‌ پشتگیرییان لێده‌کرێت.

له‌م کێشه‌یه‌شدا ‘جێرمی کۆربن’ هه‌ر وه‌کو هه‌میشه‌ دژ به‌م جۆره‌ کارانه، ڕاوه‌ستایه‌وه‌ و ویستی ئه‌مه‌ش ببێته‌ بڕیارێك تاکو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی پارتی کرێکاران ده‌نگ دژ به‌و پێشنیاره‌ بده‌ن و نه‌بێت به‌ یاساو جێبه‌جێ بکرێت. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌مان نقابه ‌و نقابه‌یه‌کی دیکه‌ و به‌هاوکاریی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کان دژایه‌تی بڕیاره‌که‌ی سه‌رکرده‌ی پارته‌که‌یان کرا. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش که‌ پێشنیاره‌که‌ چووه‌ وتووێژی نێو په‌ڕله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر درا و بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێ ده‌کرێت . هۆکاری ئه‌وه‌ش که‌ نقابه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بوون چونکه‌ وتیان ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی زه‌مانه‌تی پاراستنی کاری کرێکاره‌کان و دانانی کرێکاری دیکه‌ش‌ . ته‌نانه‌ت له‌م کێشه‌یه‌دا هه‌ڵوێستی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانتاره‌‌که‌ی ئه‌و‌ گه‌ڕه‌که‌ که‌ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ هاتووه‌ و سه‌ر به‌ حیزبی موحافیزینیشه‌ ، چاکتر بوو له‌ نقابه‌کان ، که‌ ئه‌و له‌ دژی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پێشنیاره‌ بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێده‌کرێت ، ده‌ستی له‌کار له‌ وه‌زیفه‌که‌ی کێشایه‌وه‌.

Zaherbaher.com




چه‌ند كۆته‌ڵێكی جه‌نازه‌یی … نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
هه‌ر چیمان كرد ،
به‌شی ئاره‌زووی
شازاده‌ ته‌نپه‌روه‌ره‌كانی نه‌كرد..
هه‌ر چیمان كرد بۆ (سبه‌ی) ،
(ئه‌مرۆ) له‌سه‌ر شه‌قامه‌ خواره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی سڕ یاری پێ‌ ده‌كه‌ن…
وه‌ره‌ با په‌یمانێك له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌وته‌ كوێره‌كان مۆر بكه‌ین.
وه‌ره‌ با له‌ كۆته‌ڵی بێ‌ تارای ئه‌به‌دییه‌تدا بنووین.

(2)
ئێمه‌ ئاسمانمان ،
بۆ كۆته‌ڵی یادگاریی ئه‌وانه‌ .
ئێمه‌ خۆرمان ،
بۆ باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی ئه‌وانه‌..
ئێمه‌ مانگمان ،
ئه‌ستێره‌كانمان
بۆ مه‌داری به‌تاڵی ئه‌وانه‌ ..

(3)
به‌ره‌و من بێی
هه‌موو شتێكت ده‌ست ده‌كه‌وێ‌
هه‌موو شتێك ،
به‌ (مردن)یشه‌وه‌..
كه‌ ئه‌وه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌ شه‌ڕ به‌جێ‌ ماوه‌ !
به‌ره‌و من بێی ،
ده‌توانی به‌رامبه‌ری دابنیشی
یا له‌گه‌ڵی بئاخڤێی ..
حیكایه‌ت و سه‌ربرده‌ت بۆ بگێڕێته‌وه‌..
مه‌گه‌ر ئه‌و ته‌واوی چیرۆكی (پێشێل كردنی گوڵه‌كان)ت
بۆ باس بكا.

(5)
ئه‌و هه‌موو چاووانه‌..
ئه‌و هه‌موو گوێیانه‌..
ئه‌و هه‌موو زمانانه‌..
ده‌ستم بوو.. خواردیان .
قاچم بوو.. خواردیان .
چاوم بوو.. كۆڵیان .
ئه‌وه‌تا ته‌مه‌نی بێ‌ كڵاوڕۆژانه‌ و بێ‌ په‌نجه‌ره‌ و به‌ژواریشم .
شه‌ڕی پێدا دێته‌ خوار ..
ئاژاوه‌ی له‌به‌ر ده‌ڕوا ..
هاتبووم بڵێم :
ئه‌م دره‌خته‌ به‌شێكه‌ له‌ مێژووی
هه‌تاوو سێبه‌رمان
پێویسته‌ بمێنێ‌ .
ده‌ستم بوو ، خواردیان ..
قاچم بوو ، خواردیان ..
چاوم بوو ، كۆڵیان ..
ئه‌و هه‌موو چاوانه‌..
ئه‌و هه‌موو گوێیانه‌..
ئه‌و هه‌موو زمانانه‌..

(6)
له‌م ئه‌لبومه‌دا یادگاری مناڵیتان كوشت
لێره‌ ، له‌م سنووره‌دا :
گۆرانییه‌كانمان ،
له‌شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نابه‌رابه‌ردا تیاچوون . .
له‌ تونێڵه‌ تاریكه‌كانی ئه‌م پایته‌خته‌دا ،
شیعره‌كان ،
شینیان بۆ پاڵه‌وانه‌كانمان گێڕا ..
پێمانه‌وه‌ دیاره‌
هه‌موو فریشته‌و شه‌یتانه‌كانمان تۆراندووه‌
تا له‌ ئه‌فسانه‌یه‌كی سیلاكبوودا ده‌ركه‌وین ..

(7)
به‌داخه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یێنم :
گوڵه‌گه‌نمه‌كان پیر بوون
ده‌م و چاو لۆچ .. ماندوو ..
وه‌ك له‌شكرێك له‌شه‌ڕدا
به‌ دۆڕاوی گه‌ڕابنه‌وه‌ ..
له‌ گوێی ڕووباره‌كان كۆبونه‌ته‌وه‌
نوێژ بۆ شارای دزراو ده‌كه‌ن ..

8/1993




مامۆستایانی خواست و ئاگایی … بارزان دۆڵەڕەقەیی

لە هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بنواڕین یان لە پێشكەوتنەكانی سەراسیمە بووبین، ئەوە خاڵێك ئاماژەی پێبكرێت، رێخستنە، رێخستن پێوەندی بە زانینەوەیە، زانینیش لە رێگەی پرسیاركردن، فێركردن و گەیاندن دێتە دی، وێجا پێگەی مامۆستا گەلۆ لێرەدا بەرز و مەزن دەكەوێتەوە، لێ كەی مامۆستا لە ژوور چینەكانی تری كۆمەڵگە دەردەكەوێت؟ ئەم پرسیارە پێوەند بە ئاگایی و رەخنەگرتن لە خۆیە، ئەم خۆیە مامۆستاییە، چەندە نەخوێنەرو دەبەنگ بێت گەلحۆترو چەندەش ئاگایی لە زانست، مێژووی نەتەوەو ئەدەبیات، بەكورتی بخوێن بێت، ئەوەندەدوورنماتر و بەتەك پەروەردە، رەخنەگرتن و خۆخستە ژێر بەرپرسیارییەتییەوە،بەخەم دەبێت.

بۆیە دەبێت مامۆستا پێشەنگی كۆمەڵگە بێت، ئەم دەتوانێت وابكات رەخنە بگیردرێت و شتەكان بخاتە ژێر چنگی لێپرسینەوەوە، لێپرسینەوە وابەستەیە بە دادوەر، ئاخۆمامۆستا دادوەرە؟ سەرمەشقبوون بەسەر گشت، لە وانەگوتنەوە و چۆن راهێنانكردندایە، وانەگوتنەوە لەبەرانبەر بەیانییدایەو راهێنانكردنیش لە بەرانبەر چاودێرییكردندایە، كەواتە مامۆستا كە راهێنانكارە؛ چاودێرە، ئەم چاودێربوونەش سەرمەشقبوونە، كەواتە مامۆستا چاودێرە بەسەر راهێنانپێكراوانی دوێنێ، بۆیە بۆ وانە پێگوتراوانی دوێنێ، لە بەیانیییاندا دادوەرە، دادوەرە چونكە بەرپرسیان بووە، ئەگەر دوێنێ، خۆی نەكردبێتە بەیانیوان و چاودێر، ئەوە ئەم مامۆستایە مەحكوومو تاوانبارە،

كەسی سەرمەشقیی، درووستكاری بیری ئازادە، وابەستە نییە بەهیچكەس، زووڕنا بۆبەرژەوەندخوازان و بڕیار بەدەستانی نەخوێندەوار لێنادات و نەژەنە، نەژەنین خاوەنیبوونە بە خواست، خواستیش كۆمەڵگەی چالاك و نەوەی بەئاگا درووست دەكات،
تاكێكی كارا، كە وانەپێگوتراوێكی مامۆستای بەئاگا بووەو پێگەیێنراوێكی پڕ خواستە، ئەوە ئاگایی بەسەر خۆیەوە هەیە و دەوڵەمەندە بە ئەمڕۆ و هەست بە دوودڵی و ترس ناكات، سەر مەشقی ئەم تاكە، خودە ناسكردووەكەیەتی و ئازادیش نان و شەڕەفمەندییەتی، بۆیە لەسەر بناغەی وەها تاكێك كۆمەڵگە وەك ئەو دۆخە هیچخوازیی و بەها داڕووخاوە ناكەوێتەوە، پرس و شتەكان بەرەو بنبەست ناچن، بۆیە دوای ئەم گەشەكردنە پەروەردەییە، هزر و ئازادی لەدایك دەبن، هزر بۆ كۆمەڵگەیەكی شارەستانی و خاوەن كولتوور و ئازادیش ناسنامە.
تێكەوتنی كۆمەڵگە لە گەندەڵی و مافخووراوی، پێوەندی سەرەكی بە نەبوونی خواست و ئاگایی مامۆستاوە هەیە، چونكە مامۆستا بەرپرسیاری سەرەكی ئەم دۆخە رانەگوزەرە بەكیسەڵبووەیە، مامۆستا رێگری بەردەم گەشە و گۆڕان نییە، بەڵام زۆر بەداخەوە نەبوونی خواست و ئاگایی لە مامۆستاكانماندا ئەم دۆخەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە، دۆخێك كە گەنج و وەچەیەكی تەنبەڵ، نەخوێندەوار، ترسەنۆك و بێدەنگ لە ماف و ئازادی پێ بەخشیوین.

بێمنەتبوونی سەرۆك و ئاراستەكردنی ئەم گەلەمێگەلە بەرە و هەڵپەڕین و نەزانین بردن، پێهیچنەبوون و كۆیلە سەیركردن، هیچ شتێك نییە لەوبەرهەمە، كەبوونی وێنەی كارەكتەرێكی دۆنكیشۆتییە، كە دواجار مامۆستاكانی ئەم سەرۆكە داستان خەیاڵاوییە، مامۆستایانی بێخواست و گەلحۆ بوون.
خەساندن یان كوشتنی خواست لە تاك خوێندكارانماندا، وادەكات پاشكۆیی، كۆیلەبوون و بێدەنگی بە مافی خۆیان بزانن، باڵاكردنی هەستی خۆ پێهیچنەبوون؛ دەرەتانە بۆ ئاییندەی كۆمەڵگەو نەتەوەیەكی بێ ناسنامەو دەوڵەت.
مامۆستای بێخواست و ئاگایی، ناتوانێت خوێندكارێكی ئازا پێ بگەیێنێت، بۆیە لەم وڵاتەدا هەیمەنەی حزبیی، باڵی كێشاوە و رابەری پەروەردەیە، لەژێرهەژموونی ترساندن و و كۆیلەكردندا، مامۆستای بێخواست و ئاگایی، دەستەمۆی چارەكە موچەیەك كراوە پێشی شەرەفمەندە،نەك شەرەفمەند كرابێت پێی.
لە كۆتاییدا گەرەكە بگوترێت: دەبێت مامۆستا، گۆڕانێكی بنەڕەتی لەژیانی خۆی دەستپێبكات و پەی بە خودە رەسەنەكەی خۆی ببات و بیدۆزێتەوە، ئەمەش لەپێناو وەگەڕخستنی ئەم گەلە وابەستە بە نەریت، نەزانی و رەوێنراوە لە ماف و ئازادیی.




ئێوارە هەیە ، هەور بە دەست بەتاڵیی دێتەوە ….. نەوزاد بەندی

کورتەی هەواڵەکان ، دەست بەتاڵ ..
پەرلەمانتارانی بەغداد ، دەست بەتاڵ ..
حوکمەت مۆڕە ئەکا و
ئەڵێ : ساڵێکی تریش ،
ئەبێ هەموو ئێوارەیەک ،
بە دەستی بەتاڵ بڕۆنەوە ..
مامۆستا بە دەستی بەتاڵ ، بڕوا بۆ مەکتەب ..
جەژن بە دەستی بەتاڵ ئەڵاهو ئەکبەر ..ئەڵاهو ئەکبەر ..
موعارەزە ئەڵێ : شتمان کردووە بۆتان ،
بەس ئامۆژگاریتان ئەکەین
کە واز نەهێنن لە دەستی بەتاڵ ..
دایک لە چێشتخانە ،
بە دەستی بەتاڵەوە بە مناڵەکانی ووت :
ئەمڕۆیش نەمتوانی ئاگر بکەمەوە ..
کەمئەندامێک بە دەستی بەتاڵەوە ،
بەسەر عەرەبانەکەیەوە ،
هاتەوە بۆ ماڵەوە ..
پێیان وتبوو : لیستی موچەی ئەم مانگە ،
کەم ئەندام و مناڵی شەهیدی تیا نیە ..
شەهیدێ بە دەستی بەتاڵەوە گەڕایەوە دیوانی خوا ..
پێیان ووت : ماندوو نەبی ….
ووتی : ئێستا قووتی مناڵەکانم ،
بە دەست نیشتمانفرۆشێکەوەیە ،
کۆنکەنی پێ دەکا ..
ماندووم ..زۆر ماندووم ..
شەهید نیم ، مردووم ..
بڕوانە ..
ئەو خەڵکە هەمووی دەستیان بە تاڵە ..
بڕوانە ..درەختەکان چەند بە دەست بەتاڵیی ،
تەماشای یەکتری ئەکەن و ئەڵێن :
بڕینەوە لە دەستبەتاڵیی باشترە …
پیرەمێردێکی حەوت گەز ڕیش ووتی :
ئەزانن چییە عیللەتی پەتای دەسبەتاڵیی ؟
فرۆشتنی قووتی میللەتێکە هەر بە کاڵیی ..




زمان … پشکۆ ناکام

ئای پێڵاوی لاستیکی نەگبەت، بزانه بە ناوی تۆوە چی ئەگوزەرێ! ماوەیەکە لێرە و لەوئ ناوی تۆ بۆتە بنێشتە خۆرەی سەر زمانی چەن بازرگانێکی خۆ بە سیاسەت مەشغوڵکەرەوە کە هەر سەیری گیرفانیان کرا ، یەکسەر تۆ ئەکەن بە شایەتی ڕابردوویان وبێ دەنگ کردنی خەڵک بە جۆرێک وەک چۆن کەسانی سلکی دیبلۆماسی (حصانة) یان هەیە ، ئەوانیش ئەیانەوێت تۆ( پێڵاوی لاستیک ) بکەن بە حەصانەی خۆیان نە کەس بۆی هەبێت سەیری جانتاکانیان بکات، نە کەسیش بۆی هەبێت لێیان بکۆڵێتەوە… خۆ ئەگەر هەزار مەتر تۆ یان لە پێ کردبێت ،ئێستا سەدان هەزار دۆلاریان لە بری وەرگرتۆتەوە لەسەر پرینسیپی ” پێڵاوی لاستیک بەرامبەر دۆلار ” ، هەر چەنە گەر هەموو ڕەسمەکانی ئەو کاتانەی بە حساب تۆیان لە پێیا بوە نیشان بدەن ، دەرئەکەوێت چۆن بە ناوی تۆ وە شەرعیەت ئەیەن بە ئێستایان..چۆن بە دەم تۆ وە قسە ئەکەن بەمەش سنورێک لە نێوان زەمانی تۆ و ئێستای پێڵاوی چەرمی ئەوروپی ناهێڵن…. ………خەڵکانێک لە هەموو سەنگەرەکانیانا : کۆمەڵەبۆ ئاڵای شۆڕش ، لەوێوە بۆ زەحمەتکێشان ئینجا پێچێک بۆ ‘ کۆمەڵەی کەسکی کوردستان’ ، و لە بەنزین بڕانیشا لە ماڵە گەورەکە ! سلفەکەیان کوژانەوە بێ ئەوەی تۆ یان لە پیا بێت، ئیتر شیرین کردنی ناوی تۆ بۆ ! جا ئەگەر هەر کەسێک چەن مانگ و ساڵێک تۆ لە پێ بکا و دواتر دەڵەمەند بێ ، لام وابێت تۆ ” پێڵاوی لاستیک ” هێندە گران ئەبویت مەگەر هەر لە ئەوروپا و لە چەن کۆگایەکی تایبەت دەست بکەوتیتایە ….. ئەزانم تۆی داماو ئەی پێڵاوی لاستیک گەر’ زمان ‘ ت هەبوایە،چیت ئەووت……….




بەشی دووەم لە چاوپێکەوتنی دەنگەکان لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم چاوپێکەوتنە کلیکی ئێرەبکەن …..
————————-

دەنگەکان: یەکیک لە ئیشکالیەتە دێرینەکانی فکری سیاسی مەسەلەی دیموکراسیە.
سەرتاپای سەدەی بیست قۆناغێکی پڕ لە ململانێ بوو بۆ کۆمۆنیزم کە تیایدا هەوڵێکی هەمەلایەنەی دا ئەوە بسەڵمێنێت کە دیموکراسی، لەناوەڕۆکدا، سەرخانێکی سیاسیە بۆ دەسەڵاتدارەتیی چینی سەرمایەداری و ئەوە کۆمۆنیزمە کە لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستیەوە ” دیموکراسیی ڕاستەقینە ” دابیت ئەکات.
بەکورتی پەیوەندیی پڕ لە ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی چۆن هەڵئەسەنگێنیت؟

عەدنان کەریم :

ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی، پەیوەندیەکی پڕ لە گرێ و فرە ڕەهەندە کە من هەوڵ ئەدەم چەند لایەنی گرنگیان ، بەڕای خۆم ، باس بکەم. بۆ ئەو مەبەستەش، وەکوو هەمیشە ، ناچارم جاروبار ئاوڕ لە فکری کۆمۆنیزم واتە مارکسیەت وهەروەها پراتیک و مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بدەمەوە بۆ شایەدیی قسەکانم.
کێشەیەکی میتۆدۆلۆجیی مارکسیەت ئەوەیە کە وا نیشان ئەدا کۆمۆنیستەکان لەڕیی تیۆریەکەیانەوە خاوەنی دوایین ڕا و دروستترین ڕوانگە و ڕاستترین بۆچوون لەسەر سەرجەم کێشە و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی کۆمەڵگای مۆدرینن و سەبارەت بە دیموکراسیش تووشی هەمان دەرد بوون.
باسەرەتا پرسیاری ئەوە بکەین کە : ئایا دیموکراسی کون و کەلەبەری نیە ؟ ڕەخنە هەڵناگرێت ؟ توانیویەتی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگای مودرین بەروە چارەسەر بەرێت یا تووندوتیژتری کردوونەتەوە؟ و چەندین پرسیاری تر .
من لەوەڵامدا ، بەکورتی تەنها ئەوە ئەڵێم کە دیموکراسی تا ئەم ساتەوەختەش نەیتوانیوە کێشەکانی کۆمەڵگای مۆدرین چارەسەر بکات بەڵکە قووڵتریانی کردۆتەوە و بەئاراستەیەکی نادیار و تەم و مژاویدا بردوونی. بۆیە ڕەخنە گرتن لە دیموکراسی لەڕووی تیۆریەوە مەیدانێکی بەردەوام و درێژکراوی فکری سیاسیە. بیری سیاسیی هاوچەرخیش پێویستی بە دەستوپەنجە نەرمکردنی هەمیشەییە لەگەڵ ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیدا. بەڵام گەر مەسەلەکە بە پەیوەند بە بیروباوەڕی مارکسیەوە بەراوورد بکەین ئەگەین بەو ئەنجامەی کە مارکسیەت نەک تەجاوزی ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیی نەکرد و گرێکوێرەکانی نەکردەوە ، نەک نموونەی ئەلتەرناتیڤێکی باڵاتری لە دیموکراسی بەرهەم نەهێنا ، نەک تێزێکی مونسەجیم و مەحکەمی لەو بوارەدا دانەڕشت ، و …..تاد، بەڵکوو لەڕێی تۆماری پڕ لە ئیستیبدادی سۆسیالیزمەوە ، هەموو بەشەریەتی مۆدرینی کرد بە مێگەلێک و ناچاری کردن بەهەموو ستەم و بێدادیەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕازی بن لە ترسی بوونی سیستمێکی تۆتالیتاری سۆسیالیستیی لەو خراپترەوە.
جگە لەوەش ، بەهۆی هەڵچوون و داچوونە گەورە و گرانەکانی سەدەی بیستەمەوە، و بەتایبەتیش بەهۆی شکست و ووردوخاشبوونی سۆسیالیزمەوە ، بەهەموو فێرژنەکانیەوە، تا ئێستای سەدەی بیستویەک ، بەمانایەک ، بریتیە لە سەردەمی ئارایشدانەوەی دونیا لەژێر پەرچەمی خراپترین ترەندەکانی دیموکراسی و مەیدانداربوون و هەیمەنەی ڕەوتە دیموکراسیە ڕاستڕەو و کۆنسێرڤاتیڤەکان.

لەڕووی تیۆریەوە ئیشکالیەتی گەورە لەوێوە دەست پێئەکات کە :
یەکەم: سەردەمی حیکایەتە مەزنەکان ( السردیات التاریخیة الکبری Grand Narratives ) بەسەرچوو. ئەم بارودۆخە نوێیە تەداعیاتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە گرنگترینیان تێشکانی ئەو هەیمەنەیە بوو کە مارکسیەت وەکوو مەرجەعی جێمتمانەی فکر و کێشە تیۆریەکان سەیر بکرێت.
دووەم: ڕەوتی کۆنسێرڤاتیڤ و ڕاست بوون بە سووکان بەدەستی دیموکراسی لە ڕۆژئاوا.

سییەم : بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی خاڵی یەکەم ، فکری سیاسی و مرۆڤایەتی بە گشتی نەیتوانیوە تەجاوزی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بکات و دەستی بگات بە سیغەیەکی باڵاتر بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ناکۆکیەکانی سۆسیالیزمی پێشوو گیرسانەوەی لەدوا مەتافدا وەکوو ڕەوتێکی تۆتالیتار و سوڵتەوی کە ڕووی خراپترین دەسەڵاتە دیموکراتیەکانیشی سپی کرد. لێرەوە تا ئێستا ئەوە بەچەسپاوی ماوەتەوە کە دیموکراسی بەڵایەکی ناچاریە ( اسو‌أ الشرین ) بۆ دەسەڵاتدارەتی و خەلک لەگەڵ دەسەڵاتدا پەیماننامەیەکی مێژوویی ئیمزانەکراویان بەستووە بۆ قەبووڵکردنی ئەو هەیمەنەیە. بەشەریەتی مۆدرین عەقڵی بە کەموکوڕیەکان و ترەندە خراپەکانی دیموکراسی هاوچەرخ ئەشکێ و ئەزانێت بەناوی ئەوەوە چیی بەسەرهاتووە و چیی لەدەستداوە.

سەرجەلە و فایلی کۆمۆنیزم لەبواری دیموکراسیدا پرە لە ناکۆکی و پێشێلکاری و تەمومژ کە یارمەتیدەر بوون و بوون بەمامانێک بۆ لەدایکبوونی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بە ڤێرژینە ڕاستڕەوانەکەیەوە.کۆمۆنیزم لەوبارەوە مەسئولیەتی زۆری لەئەستۆیە. مارکسیەت ڕێک و ئاشکرا دژایەتی خۆی ڕاگەیاندوە لەبەرانبەر پلۆرالیزم ، دەستاودەستکردنی دەسەڵات ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری و سەربەخۆییان ، میدیای ئازاد، مافە بنەڕەتیە سیاسی و فکریەکان وەکوو مافی دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی ، مافی ڕەخنەکردنی دەسەڵات و گۆڕینی هەرکات زۆربەی خەڵک خوازیاربوون، و ….. لەبەرەبەیانی شۆڕشی ئۆکتۆبەروە هەموو ئەو مافانە قەدەغەکران.

مەنشەفیکەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە هەر کامەیان بەتاک بگریت خاوەنی نفوزی جەماوەری زیاتربوون لە بەلشەفیەکان لەکۆمەڵگەی ڕووسیای ئەوکاتە و گەر دەنگدانێکی ئازادانە سازبکرایە پێکەوە زۆربەی ڕەهای دەنگیان ئەهێنا ، بەناوی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاوە سەرکوتکران و چالاکیان بەتەواوی قەدەغەکرا. تەنانەت لە یەکەمین کۆنگرەی شووراکاندا کە لە نێوان شۆڕشی شوبات و ئۆکتۆبەردا، لە تەمووز دەبەسترێت، ئەو ٢ لایەنە زۆربەی زۆری دەنگەکانی نوێنەرانی شووراکان بەدەست دێنن.
حیزبی بەلشەفی نەک دیموکراسی لە ئاستی گشتی کۆمەلدا قەدەغە ئەکا و لە گۆڕی ئەنێت و لەژێر ناوی ڕیتۆریکی دەوڵەتی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا هەیمەنەی تۆتالیتاریانە و دیکتاتۆریی حیزبی بەلشەفی بەسەر سەرجەم ووڵاتدا ئەسەپێنێ ، بەڵکوو بۆ ڕەسمیەتدان بە هەیمەنەی ڕابەریی حیزب ، ساڵی ١٩١٨ ولە کۆنگرەی دەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی بەلشەفیدا ، بە پێی پێشنیارێکی لێنین ، مافی پێکهێنانی فراکسیۆن نەک لەناو حیزبدا بەڵکوو لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیشدا یاساغ و قەدەغە ئەکات. ئەوە حیزب بوو کە لە گۆنگرەکانیدا بڕیاری ئەدا لەسەر هەموو مەسەلەکانی ووڵات و دواتر بەناوی شووراکانەوە تیئەپەڕێنرا و ئەکرا بە بڕیار. ئیتر دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا جگە لە ڕیتۆریکێکی بیناوەڕۆک و درۆیەکی مێژوویی هیچی تری تیا نامێنێت.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە تێڕوانینێکی پۆزەتیف بخەمەڕوو سەبارەت بە تێزی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و بەهیچ شێوەیەک ئاشتی بکەمەوە لەگەڵ دیموکراسیدا ، بەڵکوو کرۆکی قسەکەم ئەوەیە کە بڵێم حیزبی بەلشەفی تەنانەت پەیڕەوی لەو تێزەی خۆشی ( دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا ) ناکات ودیکتاتۆریەت ودەسەڵاتدارەتیی ڕاستەوخۆی حیزب و مەکتەبی سیاسی ئەکات بە تەنها بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات لە کایە هەرە گەورەکانی کۆمەڵگەوە تا بچووکترینیان. ئەوە مەکتەب سیاسی بوو کە چاودێریی ڕاستەوخۆی بوارەکانی ئەدەب و هونەر و سینەما و شانۆ و قوتابخانە و ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئەکرد و بەناوی یەکێتیی نووسەران و هونەرمەندان و قوتابیان و لاوان و ژنانەوە دەیان ڕێکخراوی بنیات ئەنا کە مەرجەعی هەموویان تەنها و تەنها حیزب بوو نەک هیچ ئۆرگانێکی هەڵبژێردراوی تر یا چارەنووسی ڕەوت و گەشەی ئەو بزووتنەوانە و ڕێکخراوەکانی بەجێبهێڵدرێت بۆ فەنکشینی سەربەخۆ و تەفاعولاتی خۆدی خۆیان.
گەر لە ئاستێکی ترەوە تۆماری کۆمۆنیزم و دیموکراتی چاو لێبکەین باشترین بەڵگەنامە بەرنامەی حیزبی بەلشەفیە کە تا ئەم ساتەوەختەش مەرجەعێکی پیرۆز و بێجیدالە لە ناو کۆمۆنیستەکانی سەرجەم دنیادا.
دەسەڵاتدارەتیی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای حکوومەتی شوورایی دامەزراوە. بەندی ئەسڵیی بەرنامەی بەلشەفی کەسەرلەوحەی گشت بەرنامە کۆمۆنیستیەکانە ئەڵێت : ( شووراکان هەر خۆیان هەم دەسەڵاتی یاسادانان وهەم دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان هەیە – تتمتع المجالس بحق ممارسة کلا السلطتین التشریعیة و التنفیذیة) .

ئەوەی سەرەوە تێزی جەوهەریی مارکسیەت و کۆمۆنیزمە سەبارەت بە ماهیەتی دەسەڵاتی سیاسی. دژایەتیی ئەو بەرنامەیە لەگەڵ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی دیموکراسی و ئازادیدا لەوە بێپەردەترە کە هیچی لەسەر بڵێین. ئیتر لێرەوە ناکۆکیی سەرجەم ئەو تێز و باوەڕانە ئاشکرا ئەبێت کە ئەیانەوێ ئەوەمان دەرخوارد بدەن گوایە ستالینیەت پەتایەکی نامۆیە بە کۆمۆنیزم و لادانە لە ئەسڵی ئازادیخوازیی سۆسیالیستی. ئەوەی لە چین و ڕووسیا و بلۆکی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڤێتنام و کوبا و هەموو نموونەکانی تری سۆسیالیزمدا پیادەکرا و بەرهەمهات لە بواری دەسەڵاتی سیاسیدا تەرجەمەکردنی حەرفی و دەقاودەقی ئەو تێزە جەوهەریەی مارکسیەتە سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسیی سۆسیالیستی و هیچیان بە موو لەو ئەسڵە سیاسیە لایان نەداوە. ئەو مۆدێلە تەنانەت دواتر دەبێت بە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ پیادەکردنی دیکتاتۆریەت لە زۆر ووڵاتی تری جیهانی سێیەمدا لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین کە کەم تا زۆر خۆیان بەهاوپەیمانی ئەم یا ئەو دەوڵەت یا بلۆکی سۆسیالیستی ناساند وەکوو ڕژێمەکانی عێراق و سوریا و ئەسیوبیا ولیبیا و جەزائیر وئەنگۆلا و …تاد.
یەکێک لەو تێزە باوانەی کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراق ساڵەهای ساڵ لە باس و پلمیکەکانی خۆیاندا ئەیانجویەوە ئەوە بوو کە بوونی دوو حیزب یا ڕێکخراوی کۆمۆنیست لە ووڵاتێکدا ناکۆکیەکە و تەنها ئەبێ یەکێکیان هەڵگری سیفەتی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم بن. ئەوە بۆ کۆمۆنیستەکان سەختە کە بوونی دوو حیزبی کۆمۆنیست قبووڵ بکەن و دان بە بوونی یەکتردا بنێن و بتوانن پێکەوە هەڵبکەن. زۆربەی بزووتنەوە سیاسیەکانی تری وەکوو ناسیونالیزم یا ڕەوتە لیبرال و تەنانەت ڕەوتە ئیسلامیەکانیش بە قازانجی ئامانجە سیاسیە دوور و هاوبەشەکانیان ئەوە هەزم ئەکەن و ڕادێن لەگەڵ بوونی چەندین حیزب لەبەستەر و هەناوی یەک بزووتنەوەدا و تەنانەت بۆ ئامانجی تاکتیکی و سیاسیی قۆناغێک ئامادەی هاوپەیمانی و دۆستایەتیی حیزبی هاوچەشنی خۆیانن، بەڵام نموونەی پێکەوە هەڵکردن و تەبایی ، چ جای کاری هاوبەش و هاوپەیمانی لە نێوان حیزبە کۆمۆنیستەکانی یەک ووڵاتدا ، زۆر دەگمەنە.

لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا چ ئێستا یا لە مێژووی دوورتریاندا ، چەندین حیزب و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و مارکسی سەریان هەڵداوە لە یەک ووڵاتدا . ئەو دیاردەیە بەتایبەتی پاش دابەشبوونەکانی ڕیزی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە لە نێوان سۆڤیەت و چیندا واقعیەتێکی دیاربوو. هەر ئێستا لە ئێران ، تورکیا ، عێراق ، وولاتانی ئەمریکای لاتینی ، لەهەر ووڵاتەیاندا چەندین و لە هەندێکیاندا دەیان ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست هەن کە بۆ یەک یامانج یا ئامانجی نزیک لەیەک تێئەکۆشن . ئەوان دەرگیری خەباتێکی سەختن لەگەڵ ڕژیمە سەرکوتگەرەکان و ” ئیمپریالیزم ” و کۆنەپەرستیدا. زۆربەی خاڵ و بەش و بەندەکانی بەرنامەکانیان لەیەک ئەچن یا نزیکن لەیەکەوە یا جیاوازیەکی ڕواڵەتیان هەیە. بەڵام لە هیچ ووڵاتێكدا بەدەگمەنیش نابینرێت کە ئەو هێزانە لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوبەشیان لە بەرەیەک ، ئیئتیلافێک ، بلۆکێکی سۆسیالیستی ، پلاتفۆرمێکی هاوبەش و تەنانەت کاتی و مەرحەلیشدا و بە پاراستنی جیاوازیەکانیانیشەوە ، بەڵکوو ئەستەمە بتوانن پەیوەندیەکی تەندروستی سیاسی دۆستانە لە نێوخۆیاندا بنیات بنێن یا تەنانەت کۆبوونەوەی هاوبەش و بیروڕاگۆڕینەوەش لە نێوانیاندا هەبێ ، یا بتوانن بگەن بە ڕێکەوتن لەبواری بابەتی وەکووو ئازادیە سیاسیەکان ، یاسای کار ، یا تەنانەت یەک بابەتی وەکوو خەبات لە دژی ئیعدامدا و خەباتیان پێکەوە گرێ بدەن و نموونەیەکی بچووک لە گیانی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن و قووڵبووونەوەی خەباتی هاوبەش و بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتیی هاوبەش بەرهەم بێنن.

ئەو حیزبە کۆمۆنیستانەی کە دەیان و سەدان لاپەڕە ڕەشئەکەنەوە سەبارەت بە سەرکوتگەری ڕژیمە فاشی و دیکتاتۆریە ئیسلامی یا نەتەوەییەکان یا بەکرێگیراوی ئیمپریالیزمی جیهانی و شین و شەپۆڕ ئەگێڕن بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی سادەترین مافی هاووڵاتیان لە ووڵاتەکانیان، لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا ، لە کێشە ناوخۆییەکانیاندا ، لە شێوازی بەڕێوەبردنی پلمیک و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی ناوخۆی حیزب و بزووتنەوەکەیاندا، کەمترین پابەندی و پەیڕەوەی کردن لە دیموکراسی و ئازادی و بواری باس و ڕەخنە بە ئەندامان و بەتایبەتی بە کادیری ڕەخنەگر بە بیر و سیاسەت و تاکتیکەکانی خۆیان ئەدەن.

لە مێژووی دوور و ئێستای بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا، سەردەمی مارکس ، ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم ، ئەنتەرناسیونالی دووەم و کێشە لەگەڵ برینشتاین و کاوتسکی و بلیخانۆف ، قۆناغ و کێشەکانی نێوان بەلشەفیزم و مەنشەفیزم، کێشە خوێناویەکانی نێوان باڵەکان کۆمۆنیزم لە بیستەکان سەدەی پێشوو لە سۆڤیەت و قەسابخانەکانی ستالین لە سیەکاندا کە زۆربەی زۆری قوربانیەکانی نەک سەرمایەداران بەڵکوو ڕابەرانی کۆمۆنیستی وەکوو ڕادیک و زینۆفیف و بۆخارین و بریوبراجینسکی وترۆتسکی بوون ، لەشەستەکانی عێراق و لە سەروبەندی تەقینەوەی کێشەکانی لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزیی حیزبی شیوعیی عێراقدا ، لە کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەردەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئێستگا بەردەوامەکانی تا ئێستای لە ڕیزی حیکمەتیستەکان و …تاد ، ئەوەی غایب بووە تەنها باسی ئازادانەی فکری و پلمیکی ڕۆشن و شەفافی سیاسی و شێوازی دیموکراتیکی بڕینەوە و میکانیزمی مودرین و باڵای ئینسانی وەفەزای ئازادانەی ئیختیاری سیاسی بوو. هیچیەک لەو کێشمەکێشە و جیابوونەوانە کە تەمەنیان ڕێک هێندەی تەمەنی مارکسیەتە و لەگەڵ ئەویشدا هەر تەمەندرێژ ئەبن ، لە فەزای هاوڕییانە ولەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەو بزووتنەوە کرێکاریەی کە هەر یەکەیان بەتەنیا خۆی بە نوێنەری بێئەملا و ئەولا و تاقانەی ئەزانێت ، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیاسیی چینایەتی ، ڕەخنەی زاتی و چاوخشاندنەوە بە هەڵە و کەمو کوڕیەکانی خۆدا، لەبەرچاوگرتنی ئیحتیمالی یەک لەسەرسەدی گرتنەبەری شێواز و هەڵوێستی هەڵە لەلایەن خودی هەر لایەنەوە و پێویستی چاخشاندنەوە پیایاندا، لەبەرچاوگرتنی سوودمەندبوونی نەیارانی هاوبەشی بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانیان و … تاد ، و هیچیەک لەو پێوەرانە حسابێکی بۆ نەکراوە و تەنیا گیانسەختی و سووربوون لەسەر ڕەوابوونی ئەم لەبەرانبەر ئەوی تر و پێچەوانەکەی بووە بە مەنهەجی پەیڕەوکراو. جێی تێڕامانی قووڵە کە لەهەموو ئەو جیابوونەوانەی مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا ، هیچیەکیان دوای دەیان ساڵیش بە یەکگرتنەوە و پێکهاتنەوە کۆتاییان نەهاتووە بەڵکوو ئینشیقاقی دواتر و دواتر ئەوانەی پێشتری لەبیربردۆتەوە. لە مێژووی هەموو ئینشیقاقەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا یەک نموونەش بەرچاو ناکەوێت کە دواتر هەردوو لایەنی جیاوەبوو بە پاراستنی جیاوازیەکانیانەوە ، و سەرباری پێداگرتن لەسەر ڕای هاوبەش یا چوونیەک لە بواری بەرنامە و تاکتیکدا، لە کارێکی هاوبەشی سیاسی یا بوارێکی خەباتی سیاسیی هەمان ووڵاتدا لەیەک نزیک ببنەوە.

ڕەگی هاوبەشی نێوان ئەو هەموو مێژووە لە بواری فکر و پراتیکدا یەک شتە: مارکسیزم و کۆمۆنیزم ڕەوتێکە بۆ دەسەڵاتی ڕەها ودەسبەسەراگرتنی حیزبی کۆمۆنیست بەسەر کۆمەڵگەدا تێئەکۆشێت وباقی بریق و باقە تیۆری و سیاسیەکان سەبارەت بە چینی کرێکار ولەڕیشەدەرهێنانی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی و دابینکردنی کۆمەڵگای پڕ لە ئازادی و خۆشبەختی و هەموو نەعلەتەکانی لە سەرمایەداری ڕۆڵی شاردنەوەی ئەو ماهەیەتە ستەمگەرانەیە ئەگێڕن. ئەو دەسبەسەراگرتنە و ئیحتیوای کۆمەڵگە لەلایەن حیزبەوە بەمەبەستی بەرجەستەکردنەوەی بەها و ئایدیا ئایدیاڵەکانی مارکسیزم و کردنی کۆمەڵگە بە لابراتۆری سەڵماندنی ڕاستیی مارکسیزم ، بەتەبیعەت ، ئەو بیروباوەڕە ئەخاتە خاڵی بەرانبەر و جیگەیەکی ناکۆک لەگەڵ بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیدا. لەمارکسیزمدا شتێک شک نابەین بەناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە. دەسەڵات یەک جار و بۆهەتا هەتایە ئەکەوێتە دەست حیزبی کۆمۆنیستەوە و ئیتر کێشەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ یەکجاری ئەپێچرێتەوە. نیزامی سۆسیالیستی یانی نیزامی تاک حیزبی. ئیتر شوێنێک نامێنێتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و چالاکیی سیاسیی تر جگە لە چالاکی و خۆبەرجەستەکردن لە چوارچێوەی حیزبدا وەکوو تەنها کیانی سیاسیی شەرعی.
کێشەی دان نەنان بە جیاوازی و فرەیی ، فرەجەمسەری و فرەڕەهەندی لە بواری فکرو تیۆریدا، کێشەیەکی دێرینی مارکسیزمە کە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی.

چاک لە بیرمە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا لە باس و جدالە فکریەکانی ئەوکاتی بزووتنەوەی چەپ لەکوردستاندا کە ئەوکات ماویزم وەکوو ڕەوتێکی ڕەخنەگر لە سۆڤیەت و حیزبەکانی پرۆمۆسکۆ ئایدیۆلۆجی زاڵی ناو بزووتنەوەکە بوو، تێزێک لە چینەوە بڵاوبۆوە کە لە ڕستەیەکدا کورتکرابۆوە. دەقی تێزەکە بەمجۆرەبوو: ( با سەدان گوڵ بگەشێنەوە و سەدان ڕەوتی فکری بێنە مەیدانی ململانێ – دع مئة زهرة تتفتح و مئة مدرسة فکریة تتباری ). بڵاوبوونەوەی ئەو تێزە هەلایەکی زۆری لەناو مارکسیەکانی ئەوسای کوردستاندا نایەوە. هەموو چالاکوانانی مارکسیی ئەو سەردەمە پێمان وابوو کە ئەوە تێز و بۆچوونێکی نامارکسی و بگرە دژەمارکسیە. ئەوکات هێشتا ڕۆشن نەبوو کە خاوەنی ئەو تێزە خودی ماوتسی تۆنگە یان نا و ڕوانگەی گشتیمان وابوو گەر ماو وای ووتبێت هەڵەیەکی ناشیاوی گەورەی کردووە. دواتر دەرکەوت کە ئەوە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری دینگ سیاو پینگ کە سەرکردەی باڵی ڕیفۆرمیستی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو لەبەرانبەر گرووپی چوار کەسیی ڕابەریی حیزبدا کە نوینەرایەتیی باڵی دژە ڕیفۆرم و سوونەتیی ناو حیزبیان ئەکرد. سەیر لەوەدا بوو کە چەپ بزووتنەوەیەکی ساوای بێهێزی کۆەمەڵگەی ئەوکاتە بوو کە لەووڵاتێکدا خەریکی دەسپێکردنی خەباتی سیاسی بوو کە هێندەی کونەدەرزیەک ئازادیی سیاسیی تیا بەدی نەئەکرا کەچی هەر لەوقۆناغە سەرەتاییەوە چالاکوانانی هەڵگری ترەندێکی هێندە دەسەڵاتخواز و پاوانخواز و دژ بە فرەیی و چەند جەمسەری بوون لەناو کۆمەڵگە و ناوخۆی بزووتنەوەکەشیاندا.

نزیکایەتیەکی زۆر هەیە لە تێروانینی ئیسلامیەکان و کۆمۆنیستەکاندا سەبارەت بە ڕوانینیان بۆ دیموکراتیەت و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێی بەمەبەستی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن خۆیانەوە. بیری سیاسیی ئەو دوو بزووتنەوەیە پڕە لە پیداگری و داواکردنی مافە دیموکراتیکەکان کاتێک لە ئۆپۆزیسیۆندان. هەمیشە هەردوولا بەدروست پێشێلکاریەکان لەو بوارەدا ڕسوا ئەکەن و ڕژیمە سیاسیە نەیارەکانیان بەوە تاوانبار ئەکەن کە ڕێگە بە بواری یەکسان و ئازادانە بە حیزبەکانی ئەوان نادەن و ئەوان قوربانیی نەبوونی دیموکراسی و فەزای ئازادانەی هەڵسووڕانی سیاسین. بەڵام چونکە دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەو دوو ‌هێزەوە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات یا بوارێکە بۆ فراوانکردنەوەی نفوزی خۆیان ، لەگەڵ هاتنەسەرکاریاندا یەکەمین بڕیارەکانیان قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی ئازادیەکان و مافەدیموکراتیەکانە. علی بلحاج ، یەکیک لە ڕابەرانی بەرەی ڕزگاریی ئیسلامی لە جەزائیر لە سەروبەندی هەڵبژاردنە مێژوویەکەی ساڵی ١٩٩٤ ی ئەو ووڵاتەدا کاتێک کە دڵنیابۆوە لە سەرکەوتنیان ، ڕاشکاوانە ووتی ” ئەمە دواهەمین هەڵبژاردن ئەبێت لە جەزائیردا ” . لەگەڵ هاتنەسەرکاری حیزبە کۆمۆنیستەکانیش لەهەموو ووڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست جاراندا، بۆ هەتا هەتایە فایلی هەڵبژاردن پێچرایەوە و ئیتر شین و شەپۆڕی کۆمۆنیستەکانیش سەبارەت بە دیموکراسی وپێداگری لەسەر ئەو مافە و قووڵکردنەوەی هەمیشەیی وەکوو داخوازییەکی سەرەکیی قۆناغی پێش گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەوانەوە ، کۆتایی دێت. ئیتر دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەوانەوە خێری خۆی دایەوە و ئەوان بەمەرامی خۆیان گەیشتن.
ئەو ناکۆکیە لە کۆتایی سەدەی بیستدا ئەتەقێتەوە و فشارێکی ڕووخێنەر لەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیەت دروست ئەکات کە لەهەمان کاتدا ئەبێت بە دوافرسەت و هەلی واقیعی بۆ ئەو بزووتنەوە و تیۆریە و بۆ لایەنگرانی گەر بیانهەوێت جێگەیەکیان لە سەدەی بیستویەکدا هەبێت.
سەدەی بیست ، لەڕاستیدا ، بریتی بوو لە قۆناغی ڕەخسانی فرسەتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە گشت جیهاندا. وەرچەرخانە گەورەکانی ١٩١٧، بیستەکانی سەدەی پێشوو، کۆتایی شەڕی جیهانیی دووەم ، دامەزرانی بلۆکی سۆسیالیستی ، سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانی کە ئیلهامیان لە سۆسیالیزمی جیهانی وەرئەگرت ، سەرکەوتنی شۆڕشی چین بەڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و سەرهەڵدانی بلۆکێکی گەورەی تری سۆسیالیزم لە ئاسیا ….. تاد، فرسەتی مێژویی دەگمەن و مێژووساز بوون بۆ کۆمۆنیزم تا ڕاستیی ڕیتۆریکەکانی خۆی بسەڵمێنێت سەبارەت بە قۆناغی گوزار لە دیموکراسیی ” بورجوازی ” ، بەرپاکردنی دنیای پڕ لە خۆشگوزەرانیی ئابووری و بژێو، دنیایەک کە بە فیعلی ئینسان خۆی دەسەڵاتداری خۆی بێت ، دنیایەک کە قووڵپ بدات لە ئاشتی و ئاوەدانی و ڕیفاه و…. ، تاد . زۆربەی بەشەریەتی ئازادیخواز لەسەرتاسەری جیهاندا نەک چاوی ئومێدیان بڕیە سۆسیالیزم ، بەڵکوو بەکردەوە چارەنووسی خۆیان سپارد بەو بزووتنەوەیە و بوون بە لەشکری گوێڕایەڵ و پەیڕەوکەر لە پلاتفۆرمی کۆمۆنیزم. بەڵام بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەک هەر نەیتوانی ئەو خەونە بکات بە حەقیقەتێکی مادی بەرجەستە بەڵکوو هەموو ئەو ئاوات و ئامانج و خەونە مێژوویانەی کرد بە پەیژە بۆ بەرپاکردنی سیستمێکی تۆتالیتار کە نە لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و نە لەبواری مۆدێلی نیزامی سیاسیدا نەک تەجاوزی جیهانی کاپیتاڵیزمی نەکرد بەڵکوو بوو بە ڕەمزی پاشەکشەیەک لە مێژوودا کە ساڵەهای ساڵی ئەوێت تا قەرەبوو بکرێتەوە.

درێژەی هەیە ……




مافیاكانی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

گروپێكی بچوك له‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی كوردستان/عێراق، ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی نه‌وت گرتووه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی داهاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م گروپه‌ ئه‌كرێت به‌ مافیای نه‌وت ناویان بێنین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو سیفه‌ته‌كانی مافیایان تێدایه‌ .
ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ سروشت پێی به‌خشین له‌بری ئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رچاوه‌ی خۆشبه‌ختی و ئاسوده‌ی بۆخۆمان و نه‌وه‌كانمان ئه‌م گروپه‌ مافیایه‌ كردیان به‌ نه‌هامه‌تیه‌ك كه‌ خۆمان و نه‌وه‌كانیشمان ئه‌بێت باجی بده‌ین .
مافیاكانی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌یه‌كی نا ئه‌خلاقی و نا یاسای داهاتێكی خه‌یاڵاویان له‌ هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له‌كاتی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی توشی لێپرسینه‌وه‌ نه‌بن سیاسه‌تی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌وت ئه‌گرنه‌ به‌ر .
چه‌ندین كۆمپانیای وه‌همیان دروست كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ داهاته‌كانیان برده‌ ده‌ره‌وه‌ بڵێن ئه‌م داهاتانه‌ له‌ قازانجی ئه‌م كۆمپانیانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌.

زۆر جار له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیانه‌ كاری سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌كه‌كه‌ن به‌ شێكی زۆری ته‌نده‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ر ده‌گرن و له‌وانه‌شدا گه‌نده‌ڵییه‌كی بێشوومار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
یه‌كێكی تریش له‌و دیاردانه‌ی كه‌ ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت دروستیان كردووه‌ چه‌ندین كه‌سی نزیك له‌ خۆیان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كرد به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌.
ئه‌م هه‌رێمه‌ وای لێهاتووه‌ وه‌كو قاچك له‌ماوه‌ی شه‌و ڕۆژێكدا چۆن هه‌ڵه‌تۆ قێت ئاوا چه‌ندین ملوێنه‌رو ملیاله‌ر دروست ده‌كرێن كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی نا ئاساییه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ ئه‌ بن به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵك بوون نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتووی و كاری خۆیان.
كاره‌ساتی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی خۆمان و نه‌وه‌كانمانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مافیایانه‌ی نه‌وت نه‌وه‌ستێینین چونكه‌ ئه‌م مافیایانه‌ گرنگ نیه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م هه‌رێمه‌ وێران بكه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌خۆیان.

مافیاكانی نه‌وت كێن ؟…

له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ده‌ست پێكرد بۆ ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌ره‌تا هیچ زانیارییه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م نه‌وته‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستێكی ئه‌میندا نه‌بێت ئه‌بێت به‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان بۆ یه‌ هاوڵاتیان پێیان وا بوو كه‌ ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار چاوه‌ڕێیان ده‌كات .
به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ نه‌وت بۆ خه‌ڵكی نه‌هامه‌تی دێنێت و بۆ به‌ر پرسه‌كانیش خۆشگوزه‌رانی.
هه‌میشه‌ راگه‌یاندكاره‌ حیزبیه‌كانی هه‌ردوو حزبیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیاوه‌ ئه‌وه‌یان به‌ گوێماندا ئه‌دا كه‌ نه‌وت ئه‌ بێته‌ مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ چه‌واشه‌ كرا به‌شێوه‌یه‌كی نادروست رای گشتی ئاراسته‌ كرا به‌ ئاڕاسته‌ی پشتگیری كردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.
به‌تێپه‌ڕبوونی كات نه‌وت بوو به‌ نه‌هامه‌تی بۆمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گروپێكی مافیا كه‌ من به‌ مافیای نه‌وت ناویان ده‌به‌م كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتیان كرد و زۆر به‌ی داهاته‌كه‌یان خسته‌ خزمه‌تی خۆیانه‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان بێبه‌شكرد له‌ و داهاته‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نه‌وته‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
مافیاكانی نه‌وت زۆرێك له‌ به‌ر پرسه‌كانی ناو هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتن كه‌ ئه‌وانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن ئه‌مان ئه‌و داهاته‌ی كه‌له‌نه‌وته‌وه‌ ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌وتۆته‌ ناوقه‌یرانێكی دارای قورسه‌وه‌ كه‌ ڕزگاربوون لێی ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی واقعی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌م ڕۆدا هه‌موان بوینه‌ته‌ قوربانی سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی مافیاكانی نه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ مافیاكانی نه‌وت كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردووه‌له‌م هه‌رێمه‌دا.
چه‌ندین به‌ر پرس له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سایه‌ی نه‌وته‌وه‌ بوون به‌ كه‌سی ملوێنه‌ر و ملیاله‌ر ئه‌مانه‌ خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نی چاڵه‌ نه‌وته‌كان و هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین بیری نه‌وتیان هه‌یه‌.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ به‌ شێكی زۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌تاڵان ئه‌برێت به‌درێژاری چه‌ندین ساڵی ڕابردوو ئێستاش به‌ به‌رده‌ومی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت ڕیز ده‌به‌ستن به‌دوای یه‌كدا و ئاودیوی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كرێن.

شێوازی كاری مافیاكانی نه‌وت

یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ دیاره‌كانی مافیاكانی نه‌وت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێهه‌ستن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن وه‌ زۆر خۆپه‌رستن ئه‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك بۆ خۆیان بێت و رۆحی قۆرغكاری باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ریاندا .
مافیاكانی نه‌وت به‌نهێنی كاره‌كانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ناوی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵی ده‌گرن .
مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌شن كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نها بۆ سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌كانیانه‌ وه‌ هه‌ندێكی تریشیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانن كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی تاك به‌ تاكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ندێك له‌ مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی كۆمپانیای خانوبه‌ره‌ن كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو سودی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست ده‌یه‌نن یه‌كه‌م پاره‌كانیانی پێ سپی ده‌كه‌نه‌وه‌ دووه‌م قازانجی خه‌یاڵاویش له‌و پرۆژانه‌دا ئه‌كه‌ن.
ئه‌م مافیایانه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان توشی تێكشكانێكی ده‌رونی گه‌وره‌ كردوه‌ ئه‌توانین بڵێن پێویستمان به‌ چه‌ندین ده‌یه‌ ئه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی جاریكی تر بگه‌رێنه‌وه‌ حاڵه‌تی ئاسای، چونكه‌ زۆر به‌ به‌رنامه‌ كار له‌ سه‌ر تێك شكاندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كورد كراوه‌ .

چۆن مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین؟

كاتی ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین چونكه‌ به‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌مان له‌ سه‌ر كاره‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان قه‌یرانه‌كان زیاتر ئاڵۆز ئه‌بن و ئاسۆی چاره‌سه‌ر وون ئه‌بێت لێمان.
ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات مافیاكانی نه‌وت نه‌وه‌ستێنرێن ئه‌وه‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ توشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌بێت
پێویسته‌ ئه‌م مافیانه‌ هه‌وڵبدرێت له‌ناوخۆ ڕوو به‌ڕووی دادگاكان بكرێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ سازی دادگاكانیش له‌بار نه‌بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگاكانی عێراقیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێی ده‌ستوری عێراقی تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌ شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ن له‌ خاكی عێراق .
پێم وایه‌ دادگاكانی ناوه‌ند شێوازی كاركردنیان باشتره‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق چه‌ندین قۆناغ له‌ پێش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆیه‌ ئه‌كرێت له‌ ڕێگه‌ی دادگاكانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌م مافیایانه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هاتوو ئاماده‌ش نه‌بوون بڕۆنه‌ به‌رده‌م دادگاكان ئه‌وه‌ یه‌ك رێگه‌ی ئاشتیانه‌ی تر له‌ به‌رده‌مماندا ئه‌مێنێت ئه‌ویش بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و نوسه‌رو رۆشنبیرانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ئه‌ژین هه‌وڵبدرێت له‌وێ‌ په‌ڕاو له‌داگاكان بۆ ئه‌و مافیایانه‌ بكرێته‌وه‌ وه‌پاشان قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ریان لێبكرێت و ئه‌و پاره‌ی كه‌ به‌ناوی خۆیان و كه‌سوو كاریانه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ له‌ بانكه‌ كانی ده‌ره‌وه‌ بلۆك بكرێت چونكه‌ ئه‌و پارانه‌ هی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ك هی ئه‌وان.

مافیاكانی نه‌وت و كاری تیرۆر

ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌ بین ئه‌وه‌ مافیاكانی نه‌وت ئه‌مان كوژن یان هه‌وڵده‌ده‌ن بمانكڕن دیار ترین نمونه‌ی تیرۆریش بریتیه‌ له‌شه‌هیدكردنی (كاوه‌ گه‌رمیانی) ڕۆژنامه‌نوس كه‌ به‌ر له‌وه‌ی یه‌كه‌مین نه‌وه‌ی خۆی ببینێت به‌ ناشیرینترین شێوه‌ و دور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایتی تیرۆریان كرد.
شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانی بووه‌ قوربانی ئه‌و راپۆرت و كاره‌ رۆژنامه‌ نوسیانه‌ی كه‌ به‌ شێكی په‌یوه‌ندی به‌مافیاكانی نه‌وته‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌و ئه‌یویست كه‌ مافیكانی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ی خۆی به‌ ئێمه‌ بناسێنێت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی كه‌رتی نه‌وت له‌گه‌رمیان ده‌ربخات كه‌ ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی و گرنگه‌ .
ئه‌م مافیایانه‌ ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناویان بخرێته‌ لیستی تیرۆره‌ وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت بوون به‌ بێ‌ گوێدانه‌ هیچ به‌ هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردو بازر گانیان له‌گه‌ڵ كردن.
ئه‌ بێت ئه‌وه‌مان قه‌ت له‌ بیر نه‌چێت له‌كاتێكدا كه‌ داعش منداڵه‌كانی ئێمه‌ی ئه‌كوشت و سه‌ری ئه‌بڕین چه‌ندین مافیای نه‌وت كه‌ كورد بوون و له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كران ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردبوو بازرگانی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن .
به‌ داخه‌وه‌ بازرگانی نێوان مافیاكانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان و داعش نه‌بووه‌ رۆژه‌ف و ئه‌م باسه‌ زۆر گرنگی پێنه‌دراو له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.




ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئاواتی هەموو تاکێکی کوردە لە ئێستادا هەروەک لە ڕابردووشماندا، ئاواتێکە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە و بەردەوامیش بوونی دەبێت هەتا ئەو ساتەی بەرجەستە دەبێت. کۆماری مەهاباد و سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ناسنامە و پێگەی نەتەوایەتیی خۆی جێگیر بکات، وەک هەموو میللەتێکی دیکە خاوەنی ئاڵا و بوونی خۆی بێت و بێگومان کۆتایی گەشتی ئەو ناسنامەش بە دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەتێک کۆتایی دێت، لەپاش دروستبوونی دەوڵەتیش جۆرێکی دیکە لە گەشتی گەشە و پتەوکردنی ناسنامەی دەوڵەت دێتە کایەوە.

لە ئێستادا زۆر باس لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت و ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، بە شێوەیەک مێدیاکانی جیهان و هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا پشتگیری لەم دەوڵەتەی ئایندەی کوردی دەکەن، سەرکردەکانی کوردیش ئەگەر هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کردبێت، ئەوا ئێستا ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن، هەروەها باس لە گەلێک پەیمانی دەوڵەتان و پشتگیریی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بێگومان ناجێگیریی و باری شڵۆقی عێراق و کەرتبوونی بۆ چەند ناوچەیەکی مەزهەبی شیعی و سوننی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و داوای دەربازبوون بکات لە زەلکاوێکی عێراقێک، کە گەلێک ئاستەمە بزانرێت ئایندەکەی بەرەو کوێوە دەڕوات.

بەڵام با پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە ئێستادا و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێ دەپەڕێت کورد هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا چەندە؟
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە هەموو هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی جگە لە پشتگیریی زلهێزەکانی جیهان پێویستی بە پشتگیریی بەلایەنی کەمەوە “هەندێک” لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەموو کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا هاریکاریی ئەم دەوڵەتە تازەپێگەیشتووە بکرێت، وەلێ لە کۆی باری ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

1. کورد پێویستە ئەوەی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە سەرجەم نەتەوەکانی دەوروبەر (عەرەب، تورک و فارس) دۆستی کوردن، هەتا ئەو ساتەی کورد “برا بچکۆلەیە” و داوای مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە ناکات. هاوکات هزری دیموکراسی و ئازادیی مافی چارەنووس لەناو گەلانی ناوچەکەدا نەگەیشتۆتە ئاستێک، کە ئەو پرۆسەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنی ئاشتییانە سەربگرێت هەروەک ئەوەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆماری چیکۆسلۆڤاکیادا ڕووی دا و لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بوون بە دوو دەوڵەتی چیک و سڵۆڤاکیا. دەوڵەتان و گەلانی دراوسێ لەنێوان خۆیاندا لەسەر هیچ کۆک نەبن، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانێکی وەها لەلایەن کوردەوە کۆکن، هەمان شتیش لەناو عێراقدا سەبارەت بە شیعە و سوننە دەگوزەرێت، کە لە ئێستادا هەرچەندێک شیر لە یەک دەسوون، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون و دەبن.

2. دروستبوونی هەر دەوڵەتێکی کوردی واتە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی هەموو ناوچەکە. ئەم گۆڕانکارییەش ئەوە دەخوازێت بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە تێکدانی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر بەهێزتر بێت: تورکیا بە درێژایی مێژووی پاش جەنگی جیهانی یەکەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆی کردووە، ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە بۆ جیهان، عێراق و سوریا پشتگیرییان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە بە دەست دەهێنن لە هەموو هەوڵێکدا بۆ گۆڕانکاریی سنوورەکانیان. دەرهاویشتەکانی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە زۆر زۆرتر بێت، لەوەی کە لە ئێستادا چاوەڕوانی لێوە دەکرێت.

3. لەم جیهانە نوێیەدا و لە گۆرانکارییە سیاسییەکاندا گەلێک باسی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چەندین دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ڕۆڵی گەورە لە گۆڕانکاری و هەڵوێستە سیاسییەکانی جیهان ببینێت بریتییە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و هەر ئەو بەرژوەندییانەش سەنگی مەحەکن. ئەوەی لەم ساتەوەختەشدا لە سوریادا دەگوزەرێت باشترین نموونەیە، کاتێک زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانیی جەنگە شاراوەکەی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە لەناو خاکی سوریادا. هەر لە هەمان ڕوانگەوە ئەگەر کورد بەزەیی بە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بێتەوە کە گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەیە و کە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەوا هیچ شتێکی نوێ ناخاتە سەر واقیعەکە تاڵەکە چونکە دەوڵەتانی جیهان مێژووی تێکۆشانی کورد باش دەزانن و زانیاری تەواوەتیشیان لەبارەی قەبارە و پێگەی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەیە. کەواتە کورد و نەخشە نوێکەی دەوڵەتی کوردی بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و تێکشکاندنی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەتانەی ئێستا دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟

4. کەواتە کورد پێویستە شتێک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شتێکی پێشکەش بکرێت، شتێک ببەخشێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. ئەگەر باس تەنها لە نەوت و سەرچاوەی وزە بکرێت، هەرچەندە فاکتەرێکی یەکجار گەورە بێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە بە هەر شێوەیەک بێت هەروەک هەنووکە پێویستە دەربهێنرێن، بخرێنە بازاڕەوە و ڕوو لە بازاڕی جیهانی بکەن، بفرۆشرێن و لە خزمەتی وڵاتانی هەموو جیهاندا بن. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت جا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت یان دانەمەزرێت. کەواتە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بدرێت پێویستە فاکتەری پاراستن و دڵنیابوون لە (سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەوە) بۆ سەرتاپای جیهان یەکێک بێت لە فاکتەرە گەورەکانی ئەو بڕیارە. یاخود کام جەمسەرەی جیهان پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرچاوەی وزەی خۆی بکات و ئایا لە ئێستادا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو یان دڵنیا نین؟ جگە لەوەش ئایا کورد لەو بوارەدا هەتا ئێستا چی بەدەست هێناوە؟

5. سەرچاوەی نەوت و گاز: لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان بووە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهان و ئەمەش وای کرد کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕوو بکەنە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و وەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. جگە لەوەش گازی سروشتیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ دابینکردنی گاز لە بازاری جیهانیدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە: بێگومان گەلێک جار ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە لە پشت پەردەکانەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی و ئامانجی هاتنیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بریتییە لە وەدەستکەوتنی بەشیک لەو سامانە سروشتییەی، کە ئەم هەرێمە هەیەتی: لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان ئایا بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە ناکەونە ژێر مەترسییەکی نادیارەوە یاخود سیاسەتی جیهانی پلانێکی وەها دادەڕێژێت، کە ئاسایشی دەوڵەتە نوێکە و بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیایانە هاوکات پارێزراو بن؟

6. “پێشمەرگە” ئەو وشەیەیە، کە خۆی بە سەرتاپای جیهان ناساندووە، ئەو هێزەیە کە دژ بە دڕندەترین هێزی تێرۆری جیهان وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لەناو بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا سەلماندووە. هاوکات وشەی پێشمەرگە پەیامێکی دیکەی بە هەموو جیهان گەیاند، کە لە کوردستاندا هێزێکی وەها هەیە، کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و ئەم میللەتە بکات. واتە کێشەش لە هەبوونی هێزێکی پارێزەردا نییە، کە لە ئایندەدا بتوانێت سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بپارێزێت، بەڵکوو لەگەل پێکهاتەی ئەو هێزە و پێکهاتەی سیاسیی ئەو هێزەیە. ئەوەی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد دەدات بە دەستەوە (سەرباری بەهێزیی و بەتوانایی پێشمەرگە) ئەوەیە، کە بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەم ساتە وەختەش لە چوارچێوەی حیزب و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی کورددا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا کۆکرابێتەوە و “بەشێوەیەکی پراکتیکی” لەناو وەزارەتێکی حکومەتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکارێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە “لەژێر ناوی وەزارەتی پێشمەرگەدا” بەشداری جەنگی دژ بە داعش بوون، بەڵام واقیعی هێزەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتن. ئەم واقیعەش هەروەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئەگەری ئەوەمان دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئەم هێزانەی پێشمەرگە سەرلەنوێ بکەونەوە جەنگێکی براکوژی تازەوە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) بیانەوێت ڕەوشی ناوەوەی دەوڵەتە نوێکە تێک بدەن بە ئامانجی شکستهێنانی پرۆسەی دەوڵەتەکە یاخود بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بکەوێتە مەترسییەوە، کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

7. هەرێمێکی ناجێگیر و شڵۆق لەلایەنی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەوە: ئەوەیش کە خاڵی پێنجەم پشتڕاست دەکاتەوە بریتییە لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، کە حیزبە کوردییەکان زۆر بە گرانی توانیویانە کەشێکی هێوری سیاسی، گونجاندن و تێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵکوو بە شێوەیەژکی گشتی سەرجەم لەیەکگەشتن و ڕێککەوتنەکانیان بە شێوەیەکی کاتی بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبایەتی بووە: قەیرانی سیاسیی هەمیشە یان لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هەندێک جاریش گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی هێز کە ئەمەش ئاسەواری خۆی لە دروستبوونی کێشە لەنێوان دەسەڵات و حیزبەکان لەلایەک، داواکارییەکانی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکە دروست کردووە. ئەمەش لە خۆیدا دوورکەوتنەوەی حیزب و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دەسەلمێنێت. ئەمەش ئەو وێنەیە دەگوێزێتەوە، کە کۆنەبوونەی هێزە کوردییەکان لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا و نەبوونی یەکدەنگییان لەناو خۆیاندا ئەگەرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ تەقینەوەی ئەو ناکۆکییە لە هەر ساتێکدا بێت و پاشان بەکارهێنانی هێز (خاڵی شەشەم) بەرامبەر بە یەکتر، کە ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدار دەخاتە بەردەم پێشهاتەکان کە کەمترینیان بریتی دەبێت لە شڵۆقیی سەرجەم ناوچەکە و ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر، جگە لە شکستهێنانی بەردەوامبوونی دەوڵەتە دامەزراوەکە.

8. سەرجەم سەرکردە کوردەکان کاتێک لەگەڵ لایەنێک یان کەسایەتییەک باسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە یاخود باسیان لە بارودۆخی کورد کردووە، بە بەشێوەی بەزەیی باسی کورد کراوە: باس لە قوربانییەکان، وێرانکارییەکان، مێژووە ڕەشەکەمان و . . . هتد کراوە، کە هەموو جارێک بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی ئەو لایەنانە ئەم وتانەمان دووبارە کردۆتەوە، بەڵام زلهێزەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ “بەهێز”دا دەکەن، لەگەڵ هێزێک، کە “بوون و هەبوون”ی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە پێشان بدات، کە هەیەتی و کە پێی گەیشتووە، کە دەتوانێت پێی بگات و بیخاتە سەر زەمینەی واقیع.
بۆ نموونە: پێش چەند ساڵێک بارودۆخی ژیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق یەکجار خراپ بوو، جەنگی نێوان سوننە و شیعە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕۆیشت، هاوکات کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا گەلێک ئارامتر و جێگیرتر بوو، کێشەی سیاسیی نێوان حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو، کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بارێکی “ئارامتری سیاسییدا” دەژیا. لەو ماوەیەدا گەلێک جار مێدیای جیهانی باسی لە پێشکەوتنی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان لە کوردستان دەکرد، باسیان لە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی تاک دەکرد، جگە لە پێشکەوتنی باری ئابووری هەرێم، بەڵام لە ئێستادا نەک تەنها مێدیا بەڵکوو بە دەگمەن کەسایەتییەک یان لایەنێکی فەرمیش بە شان و باڵی ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی ژیانی سیاسیی ئێستای کوردستاندا هەڵ بدات، بەڵکوو ئەوەی لەسەر زمان بێت و بووبێت بە سومبولێک بۆ کوردستان تەنها وشەی “پێشمەرگە”یە کە هەموو جیهان باسی دەکات، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهانیش باس لە توانا و بەهێزیی پێشمەرگە دەکەن. ئەوەی کێشە بێت لەم خاڵەدا ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان هەتا ئێستا سەلماندوویانە کە ئەوان ناتوانن لەناو چوارچێوەی هزرێکی نیشتمانپەروەریدا کۆ و هاوڕا بن، مەخابن ڕێکەوتنەکانیان (هەروەک ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامەکانی دیکە) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەژێر ئەگەری کاریگەریی لێکپچڕاندا دەبێت. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هارێتسی ئیسرائیلی لەژێر ناونیشانی (Instead of Uniting, Kurds Are Busy Fighting Each Other – کوردەکان لەبری یەکگرتنیان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکترین) تەنها نموونەیەکە لە چەندین نموونەی ڕاپۆرت و هەواڵ کە لە مێدیا جیهانییەکان سەبارەت بە باری شڵۆقی سیاسیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە خودی ئیسرائیلەوە لێرە و لەوێ لەوانەیە دەنگێک بەرزبێتەوە، کە کورد پێویستە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

9. ئایا پاش چارەکە سەدەیەک چیمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێک هێناوە؟ بێگومان هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەکی گەلێک گەورە هەیە لەنێوان گۆڕانکاری و گەشەسەندن، چونکە مەرج نییە گۆڕانکارییە گەورەکان گەشەی گەورە لە ژێرخانی بناغەی ژیانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. کێشەکانی هەرێم لەبواری ئابووری، پلاندانان، بواری کار، تەندروستی، ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و گەلێک بواری دیکە بواری ئەو پاساوانە ناهێڵنەوە، کە هەندێک لایەنی کوردی بۆ فاکتەری بابەتی و بارودۆخی ناوچەکە بگەڕێننەوە. هەموو ئەم کێشانە وتەیەکی هاوڕێیەکی جولەکەم وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێی وتم: ئەوەی ئێوی کورد لە ماوەی ١٧ ساڵدا (١٩٩١-٢٠٠٨) بەجێتان نەهێناوە، ئێمە لە شەش مانگی پێش ساڵی ١٩٤٨ بەر لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل جێبەجێمان کرد.

دوا وشە: سیاسەتی سەرکەوتوو گەمەی یاریزانە بەهێزەکانە، مەرج نییە ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان بکرێت، بەڵام گرنگە ئەگەر هەنگاوەکان هەرچەندێک کورت و بچوکیش بن، بەڵام دروست بن. مەخابن نەتوانین و شکستهێنانی گەلێک هەنگاوی دەسەڵاتداران لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، کارکردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و نەبوونی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە حیزبییە و بەرفراوانکردنی ئەو سنوورەیان بەرەو نیشتمانێک، زنجیرەی کێشە سیاسییەکانی هەرێم و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، جێگیرنەبوونی هەرێم لە دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتووی پتەودا و دابەشبوونی هێزەکان بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هەموو ئەمانە خەسڵەتێکی نەرێنین لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا. هاوکات ناوچەکە لە گۆڕاندایە، داعش و جەنگی ناو سوریا و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تورکیا بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ناوچەکەدا تێناپەڕێت، کە ئەمەش لەوانەیە لەم نەخشە نوێیەی خۆرهەڵاتدا کوردستانیش بگرێتەوە. ئامادەبوونی هەموو ئەم نوێنەرانەی دەوڵەتەجیاوازەکانی جیهان لە کوردستاندا ڕوویەکی تری ئەرێنی پێگەی کوردستان پێشان دەدەن، کە ئەم ناوچەیە شوێن بایەخی گەلێک دەوڵەتی خاوەن بڕیارن لەناو مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا. وەلێ لەناو هەموو ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانە کام ئاراستەیان سەرکەوتوو دەبێت، کام جەمسەرەی جیهان پاڵپشتی کورد دەکات و کامیان ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم مەترسییەکانی دەبێت، ئایا سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ “پێداویستی قۆناغە مێژووییەکە” شێوازی تێڕوانین و یەکگرتویی خۆیان دەگۆڕن، ئایا حکومەتی بەغداد بە چ کاردانەوەیەک ڕووی خۆی لە بڕیارێکی وەهای سەرکردایەتی کورددا پێشان دەدات: هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هاوکێشەی قورسن، کە ئان و ساتی سیاسیی وەڵامیان دەداتەوە.




سەرنجێکی خێرا لەسەر شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتایەکی کورت لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە

ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی مرۆڤایەتی سەرتاپا دەرگیری کێشمەکێش و ململانێی بەردەوامی نێوان چینەکانە. چین و توێژە جیاجیاکانیش لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کارێک بکەن کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان بپارێزن و تای تەرازووی هێز لەم ململانێ بەردەوامە بەلای خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بشکێننەوە. وەک ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی نوێی مرۆڤایەتی دوو چین تیایدا مۆری خۆیان بەدیاردە و ڕووداوەکانەوە دەنێن. بە پێی لێکدانەوەی ماتریالیزم بۆ مێژوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە دوو چینی دژ بەیەک و ڕاوەستاو بەرامبەر بەیەک پێک دێت کە هەریەک هەڵگری تایبەتمەندی و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیەتی. لە سیستەمی سەرمایەداری چینی باڵا یان سەرمایەداری خاوەن هێز و سوپا و زیندان و دامودەزگاو حیزب و میدیای زەبەلاح و ئەدەب و هونەری خۆیەتی و تەواوی دیاردە و دەرکەوتەکان لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی بەسوود و قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت. دەرکەوتەکانی دیاردەگەلی وەک ئایین و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ستەم لە ژنان و تاد بە ئەندازەی سوود و قازانجیان بۆ سەرمایەداران، بەو ئەندازەیەش کۆت و زنجیرن لە دەست کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. چینی کرێکار لەم جەنگە چینایەتییەدا دەست بۆ گەلێ ئامراز دەبات بۆ بەگژاچوونەوەی ستەمی بورژوازی لەوانە شۆڕش و مانگرتن و خۆپیشاندان و دەرخستنی نارەزایەتی و لەهەمان کاتیشدا دەست بۆ ئەدەب و هونەری چینایەتی وەک پێویستییەکی ئەو خەباتە دەبردرێت. ئەدەب و هونەری کرێکاری بەدرێژایی مێژووی خەباتی چینی کرێکار ڕۆڵی گێڕاوە لە جۆشدانی خەبات و بەرچاوڕوونکردنەوەی ئەم چینە بنیادنەرە کە تەواوی ژیانی گۆی زەوی لەسەر ئارەق و ڕەنجی ئەم دامەزراوە. ئەدەب و هونەری کرێکاری وەک بەشێک لە پانتایی تێکۆشانی چینی کرێکار دژ بە ستەمی سەرمایەداری ناسنامەی خۆی لە خەبات و ناڕەزایەتی ئەو چینە خۆیەوە وەردەگرێت. پایەکان و بنەماکانی ئەم هونەرە چینایەتییە خۆی لە لێکهەڵپێکرانی هونەر بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بنیاد دەنێت.

تەمەنی وڵاتی کەنەدا گەرچی کەمتر لە سەد و پەنجا ساڵە، بەڵام لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەیدا گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ بنیادنراوە و ئەو کلتوور و نەریت و زانست و فەرهەنگەی لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەدا برەوی هەبووە، گەیشتۆتە ئەم وڵاتە تازەیە. مرۆڤە گواستراوەکان یان ئەوانەی ئارەزوومەندانە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە خاوەن ئاستێک لە تەوەقوع بوونە بۆ ژیان کە زۆر لە سەرووی تەوەقوعی مرۆڤە نەیتیڤەکانی (خەڵکە ئەسڵییەکان)ی کەنەداوە بوونە. وڵاتی کەنەدا پێچەوانەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپا بەو ڕێڕەوە مێژووییەدا تێنەپەڕیوە. واتە بە تونێڵی قۆناغەکانی “کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری” گوزەری نەکردووە، بەڵکو وڵاتی بەریتانیا بەهەموو توانا مرۆیی و زانستی و سەربازییەکانییەوە پایەکانی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیاڵی مۆدێرنی لەسەر ئەم خاکە دامەزراندووە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە کلتوور و نەریت و پرنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا بە ئاسانی دەگەنە کەنەدا. مرۆڤە نوێیەکانی سەر ئەم زەمینە هەر زوو حەز و خولیا و ئارەزووەکانیان لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە دەربڕیوە.

لە ڕووی مێژووییەوە چینی کرێکاری کەنەدی گەرچی لەداکبوونێکی زەحمەتی هەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی دروستبوونی ئەم وڵاتەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەهامەتی و کرێی کەم و ناتەندروستی هەلومەرجی کارو بیمەی بێکاری و بێمافی کۆمەڵایەتی و بەگشتی لەگەڵ نزمی ئاستی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی نەرمکردووە. ئەم چینە هەوڵیداوە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو کارەکتەری خۆی گەشە پێبدات و پێ بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی، ئەمیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و وریاتر بۆتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر ناسیوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی دیار و بەرچاوی باوکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری کەنەدی (دانیاڵ ئۆ دۆنیهۆ)لە یاد بکەین کە سەرتاپای ژیانی هەوڵیدا و تێکۆشا لەپێناو ڕێکخستن و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران(1). هەروەها بڵاوبوونەوەی (Labour Gazette) گۆڤاری کرێکاری یان گۆڤاری کار لەساڵی 1901 ڕۆڵیکی زۆری گێرا لە هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەنەدی.
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدی سەرەتای خۆڕێکخستن و بەرەو یەکگرتوویی چینی کرێکار بوو لەدژی چڵێسی سەرمایەداران. بورژوازی کەنەدی لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بووە و تێکۆشاوە لەم دۆخە نائینسانییەی کاردا زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بورژوازی کەنەدی و دامودەزگاکانی لەهەوڵی بەرێخستنی کەمپینێکی دژە سەندیکا دابوو، بەڵام ئارەزووی کرێکاران بۆ ڕیکخراوبوون تا دەهات پەرەی دەسەند و بۆیە دەبینین ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی کۆنگرەی کار و بازرگانی ( (Trades and Labour Congress کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاران بوو لە ساڵی 1902 بۆ 1914لە 13,000 ئەندامەوە بوو بە 80,000(2). ئەم گەشە سەندن و هۆشیاربوونەوەیە و ڕێکخراوبوونە دۆخێکی هێنابووە ئاراوە کە خوازیاری ئەدەب هونەرێک بوو کە گوزارشت بێت لە خەبات و ئامانجی خەباتکارانەیان. شانۆ هۆکارێکی گونجاو بوو کە نووسەرانی کرێکاری هەر زوو دەستیان بۆ برد و هونەرمەندانیش کاریان لەسەر کرد.
گەرچی خودی هونەری شانۆ زۆر لەو مێژووە زووتر هاتۆتە کەنەدا هەروەک” مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ بەرێز هامفره‌ی گیلبێرت و “کۆمپانیایەکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌کان” له‌ساڵی 1583دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می 1606 و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا هەرێمی نۆڤه‌سکۆشیایه‌) یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی سیستمێکه‌وه‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که ‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ده‌کرا و‌ ڕوخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی که‌ وه‌کو ڕوخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن”.(3)
سەرەتای ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە کەنەدا لەقۆناغێکی پڕ لەگەشەو بەرەوپێشچوون دا دەژیا.

بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی دانەبڕاو لە چینی کرێکار و ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕەکانی بەپشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدا هەنگاوی دەنا و ڕۆڵی خۆی دەگێڕا. ئەدەب و شانۆی چەپ لەدەیەی سییەکاندا وەک بزووتنەوەیەکی دانپیانراو و هەمەچەشن بووە و هەڵگری شوێنێکی ئیستاتیکی دیار و بەرچاو بووە لە مێژووی ئەدەبی نەتەواتەتی(میللی) لە کەنەدا((4. ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی گەرچی بەوردی لەسەر مێژوو و بزووتنەوەی شانۆ کەنەدی دواوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی باوەڕپێكراو پشتی پێدەبەسترێت، کەچی لە ئاماژە و باسکردنی شانۆی کرێکاران لەو وڵاتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و بچووکترین ئاماژەی بەو هەوڵ و کۆششانە نەکردووە کە هونەرمەندە چەپ و کرێکارەکان لەبڕگەیەکی زەمەنی و لەناو ڕێڕەوی مێژووی شانۆی کەنەدی ئەنجامیان داوە. بۆیە ئاشکرایە کە چینە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن مێژوو بشێوێنن یانیش هەر وەلای بنێنن. بۆیە ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی دەکرێ بوترێت تەنها ئینسکلۆپیدیای شانۆی چینی فەرمانڕەوا یان ئەو بزووتنەوە شانۆیەیە کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیان و داهاتووی چینی فەرمانڕەوای کەنەدا نەبووە و نییە.

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada1.jpg
ئەندامە سەرەکییەکانی شانۆی کرێکاران

بەڵام جگە لە هەوڵەکانی چینی باڵا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو، هەوڵی تر لەئارادایە کە دەیەوێت بەپێچەوانەی ویست و خواستی چینی باڵا و دەسەڵاتدار، ڕاستییەکان بگەێنێتە خوێنەر و ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو نیشان بدات. لەوانەش دکتۆر کاندیدا ڕیفکایند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی وینیپیگ، بەوردی ئیشی لەسەر ئەدەب و کلتووری وڵاتی کەنەدا کردووە بەتایبەتی ئەدەب و کلتووری نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، دەیەی بیستەکان دەیەی سەرهەڵدان و نەشونمای بیری ناسیونالیستی و ئابووری و کلتووری بوو لەکەنەدا. ئەوەبوو بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ڕەخنەگر دەستیان کرد بە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و بەریتانی. بەڵام لەساڵی 1929 بەدواوە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر کەوتنە نووسینی بەرهەمی چەپ و کۆمۆنیستی. باڵی چەپی ئەدەبی مۆدێرنیزمی کەنەدی کە دکتۆر کاندیدا لە کتێبی “کۆمۆنیستەکان و ڕەخنەگران : ژن و ئەدەب و چەپ لەدەیەی سییەکان لە کەنەدا” دا بەوردی بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت” ئەدەبی چەپی کەنەدی لەو بڕگە زەمەنییە دوو ئەرکی لەسەرشان بووە. لەلایەکەوە گوزارشتی داهێنەرانە بوو لە سۆشیالیزم و لەلایەکی ترەوە هەڵگێڕانەوەی ئەدەبی ترادیسیۆنی زاڵ بوو”(5). ساڵی 1929 مایکڵ گۆڵدی نووسەری پرۆلیتاری بەئایین جولەکە شانبەشانی هەریەک لە ئیدا ڕەوه و چۆن هوۆرد لاوسن و جاسپەر دیدەر هەوڵی دروستکردنی شانۆی کرێکارانیان داو و ناویان نا(Workers Worke Drama). بەڵام ئەفسوس ئەم هەوڵە بەناکامی مایەوە و نەیتوانی هەنگاوێکی بەرچاو بنێ لەبردنە پێشەوەی شانۆی کرێکاران.
شانۆ و بزووتنەوەی شانۆیی کرێکاران لەئەنجامی ئەو هەلومەرجە لەبارەی گۆمەڵگەی کەنەدی نەشونمای کرد و هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. مێژوونووسانی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی دەستەواژەی “بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران” یان بەو ژمارە لە شانۆی ئەزموونگەری سیاسی باڵی چەپی کەنەدی دەگوت کە لە دەیەی سییەکان هاتنە دەرهێنان و نمایشکردن. زۆربەی ئەم شانۆگەرییانە بەسپانسۆری (یانەکانی هونەری پێشکەوتووخواز)) و بەدنە(تحریض)ی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی و پشتیوانی ئەو حیزبە هاتوونەتە نمایش. لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران دوو جۆر تێڕوانین دەبینرێت کە یەکێکیان کۆمۆنیستییە و ئەویتریان سۆشیال دیموکراتە(6). یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا لەساڵی 1933 خانمە نووسەر تۆبی گۆردۆن ڕایەنە. تۆبی گۆردن ڕایەن نەک هەر بە نووسەرێکی چەپ بەڵکو بە پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی چەپ دادەنرێت.
ئەم خانمە پێشکەوتووخوازە دوای ئەوەی ئۆسکار ڕایەن دەناسێت، لەساڵی 1949 دەبنە هاوسەری یەکتر و تا مردن بەیەکەوە دەژین. تۆبی تەنها نووسەرێکە کە نووسینەکانی لەم دواییانە لەلایەن ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی گەڵف وەک تاکە مەتریاڵێک دەربارەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لەدەیەی بیستەکان کەتائەمڕۆ چنک کەوتبی و لەبەردەستدا بێت، کەڵکی لێوەرگیراوە(7). تۆبی ڕایەن کۆمەڵێ هەوڵی لەبواری شانۆی کرێکاران هەیە لەوانە : شانۆی چەپ و شانۆی کەنەدا و دەیەی سییەکان-یادەوەری جگە لەتۆبی گۆردۆن ڕایەن، هەندێ ناوی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی ئەو مێژووە دیارە لەوانە ئالن فایلود، هارۆڵد گریفن(لەشاری ڤانکۆڤەر-هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا)، جۆ زاکن(لەشاری وینیپیگ- هەرێمی مانیتۆبا)، ڕۆز کاشتان(لەشاری مۆنتڕیاڵ- هەرێمی کێبێک)، ئۆسکار ڕایەن، ئێدوارد سیسیڵ سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆڵدبێرگ و وەینو شاستەر، دۆەسی لایڤسەی، ئان ماریۆت، ئیرینا بەیرد. بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی بەگشتی و شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە کەنەدا وەک هەر جێگایەکی تر پیاو نەخشی بەرچاوی زیاتری هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان ڕۆڵی داهێنەرانەیان نەگێڕابێت لەو بوارەدا. بەچاوگێڕان بەسەر ناوە بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە ژمارەیەک ئافرەت دەبینین کە ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێڕاوە. دیارە نابێت وا بزانین کە بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بەردەوام ڕوو لەسەر هەنگاوی ناوە.

نەخێر لەساڵانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخێکی نالەبار لەدژی ئەم بزووتنەوەیە هاتە ئاراوە و لەزۆر لاوە دژایەتی دەکراو تەنانەت شانۆگەرییە چەپە توندڕەوەکان قەدەغە کران. دواتر خانمە نووسەر تۆبی رایەن تیپێکی شانۆیی تر دادەمەزرێنێت بەناوی ( Play Actor) کە کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی توێژی گەنچ دەکرد لە کۆمەڵگای کەنەدی. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر بەهەوراز و نشێوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی تێدەپەڕێت و دواجار لەسەر ئەو سەکۆیە لەنگەر دەگرێت کەپێی دەلێن شانۆی کەنەدی. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە هەر پێشڕەوییەکی شانۆیی و هەر هەنگاوێکی هونەری لەبەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی لەو سەردەمە دژ بە شانۆی بورژوازی و هونەری بورژوازی بوو.


گەی گلۆڤەری ئەکتەر لە دیمەنێک لە شانۆی ” لەچاوەڕوانی لیفتیدا”، لە فیستیڤاڵی دۆمینیۆن دراما لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەساڵی 1936

بەرهەمە شانۆییەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران

کاتێ گروپی شانۆنامەنووسانی نوێ لە ساڵی 1926 دامەزرا، ئۆتۆ خان بوو بەدابینکەری سەرچاوەی دارایی و بڕی 30,000 دۆلاری ئەو سەردەمەی خستە بەردەستیان، ئەمەش نەک هەر نووسەرانی چەپ بەڵکو نووسەرانی تریشی هێنایە ناوەوە کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری ئەوروپا بوون. جان هەورد لاوسن ئەو کاتەی لە پاریس دەبێت، هەردوو دەقی ( ڕۆجەری تازە پێگەیشتوو)لە ساڵی 1923 کە شانۆگەرییەکە دەربارەی گەنجێکە کە خەریکی خەباتکردنە لە جیهانی واقیعی، و (ئاواز و مۆسیقای نمایش) لە ساڵی 1925، دەنووسێت. دواتریش لە سەرەتای دەیەی سییەکان شانۆی کار (Theatre of Action) دێتە ئاراوە و دەرهێنەر لە شاری نیویۆرکەوە دێنن و ستافی بەردەوامی دەبێت و قوتابخانەی هاوینی دەکاتەوە گەلێ نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدات و بەرهەمەکانی دەگەنە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی دۆمۆنیۆن بۆ دراما لە شار وینیپیگ. هەرچەندە شانۆی کار خەڵاتەکەی نەبردەوە بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری گەیشتنی نمایشێکی کرێکاری بۆ ئەو پلە باڵایە. شانۆی کار سەرباری ستراکتۆری گورپیی و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و قوتابخانە هاوینییەکەی و خۆ تەرخانکردنی بۆ شانۆی کەنەدی، کەچی شانۆی کاری تۆرۆنتۆ پێشەنگێک بوو بۆ ئەلتەرناتیڤی شانۆی ئەمڕۆ(8).

یەکێک لەو کارە بەرچاوانەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران، شانۆنامەی “هەشت پیاو دەدوێن”ە کە لە نووسینی کۆمیتەیەک بوو لەوانە ئۆسکار ڕایەن، ی،سیسیل سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆلدبێرگ و تۆبی گۆردۆن دەریهێنا بۆ شانۆ. ئەم شانۆگەرییە لە ساڵی 1933 دا نووسراوە کە دەربارەی پەروەندە(فایل)ی ئەو پاسەوانەیە( کینگستۆن پەنیتێنتەری) کە ویستی لیدەری حیزبی کۆمۆنیست(تیم باک) بکوژێت. ئەم شانۆگەرییە دوای ئەوەی لە شاری تۆرنتۆ مۆڵەتی نمایشی لێ سەندرایەوە، لە شاری وینیپیگیش پۆلیس مۆڵەتی نمایشیکردنی لێ سەندنەوە و قەدەغە کرا. ئەم دەقە وەک میتا-تێکست لە ساڵی 1934 هاتە نمایشکردن لە ئاهەنگی ئازادکردنی لیدەری حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی. هەروەها “لە چاوەڕوانی لیفتی”دا بەرهەمێکی تری کرێکارییە کەلەلایەن شانۆنامەنووسی ئەمریکی “کلیفۆرد ئۆدێتس”ەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە باسی کۆمەڵێ (شوفێر) سایەق تەکسی دەکات کە بە نیازن مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەم شانۆنامەیە شەش دیمەنە و ناوەڕۆکەکەی لە واقیعی مانگرتنی سایەق تەکسییەکانی شاری نیویۆرکەوە وەرگیراوە کە لە شوباتی ساڵی 1934 مانگرتنێکی گەورەیان ڕاگەیاند، هاتە نمایشکردن.

شایانی باسکردنە ستافی ئەم شانۆنامەیە و بەڕێوەبەرانی هونەری هەموو کرێکارانی بێکار بوون. هەروەها شانۆنامەی (Stevedore- کرێکاری بارگەڵگری بەندەر) یەکێک بوو لە بەهێزترین شانۆنامە کرێکارییەکان لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم نمایشە دەربارەی ستەمی ڕاسیستی پیاوانی سپی پێست بوو دەرهەق بەو ڕەش پێستانەی کە پێیان دەوترا ڕەوەندی ئەفریقی- ئەمریکی. شایانی ئاماژەیە دۆخی جوگرافیا و کلتووری ئەمریکا و کەنەدا بەجۆرێکە کە تێکەڵییەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و سەدەها جار بەرهەمە شانۆییەکان لەسنوور پەڕیونەتەوە. بۆیە نمایشێکی کرێکاری گەرچی لەدایکبووی ئەمریکایە بەڵام لەکەنەدا دەخرێتە سەر شانۆ و بەهونەری کرێکاری کەنەدییش دێتە ئەژمار و پێچەوانەکەشی ڕاستە. جگە لەمانەش کورتە شانۆگەری “جەنگ لە ڕۆژهەڵات”، ناشتنی مردوو ساڵی 1936، ئاسنی قایم ساڵی 1938 لە هۆڵەکانی ” هارت هاوس یان مارگرێت هیتن” نمایشکراون(9). تۆبی گۆردۆن نەک هەر لە شاری تۆرۆرنتۆ ، بەڵکو لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە سەرتاسەری کەنەدا بەتایبەتی لەشارەکانی وینیپیک و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر. هەرچی ئالن فایلودە بە کتێب و نووسینەکانی ئاوڕی لەم لایەنە داوەتەوە. ئالن فایلود لە کتێبی ( شانۆی ئیلتزام، شانۆی ڕادیکاڵیزم و دەستدرێژی سیاسی لە کەنەدا)، کە کتیبێکە بەپێی بۆچوونی میشیڵ ویڵڵەر خوێندنەوەی مێژووی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدییە(10).

ئەم پرۆفیسۆرەی زانکۆی گۆیلف کە لەبوارەکانی خوێندن و دەرهێنانی شانۆدا وانەی دەوتەوە، چالاکانەش لە بوارەکانی مێژووی شانۆی کەنەدی و شانۆی ڕادیکاڵی سیاسی کاری کردووە. ئالن فایلود لە نووسینی (بەسەرمایەداریکردنەوەی شانۆی میللی)دا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ گرفت کەڕەنگە باسکردنیان لێرە پێویست نەبێت چونکە پەیوەندی بەباسەکەی ئێمەوە نییە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە بورژوازی کەنەدی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری کەنەدی بەلارێدا ببات و لە ئامانجە چینایەتییەکانی دوور بخاتەوە. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی زیاتری چینی سەرمایەداری کەنەدی و پەرش و بڵاوبوونەوەی زیاتری چینی کرێکار، بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران تا دەهات لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هونەرمەندانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە هەندێ ئاڵوگۆڕیان لەو بزووتنەوەیە پێکهێنا لەوانە گۆڕینی ناوی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری بۆ شانۆی میللی. وەک ئاڵن فایلود دەڵێ ” لە گوتاری شانۆی کەنەدی بزووتنەوەکان ناوی جیا جیا وەردەگرن، وردبوونەوەش لەمە ئەوە دەردەخات کە کرداری ناونان لە زۆربەی کاتەکاندا ستراتیژیەتی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکانە. (11)

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada3.jpg

وێنەی دیمەنێک لە کاتی نمایشی شانۆگەری هەشت پیاو دەدوێن. ئەم وێنەیە لە ساڵی 1977 گیراوە لەسەر شانۆی ستاندارد لە شاری تۆرنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا

یەکێک لە ئەو خەسڵەتانەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا پێی دەناسرێتەوە بریتییە لە یاخیبوون لە سەرجەم نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە و لادان لەهەموو ئەو نەریتانەی کە شانۆی کەنەدی شوناسی خۆی لەسەر بنیاد ناوە. هەڵگەڕانەوە لەشوناسی کۆن یان باو خۆی بە مانای گەڕانە بەدوای شوناسێکی نوێ کە هەم بونیادێکی نوێ بەشانۆ دەبەخشێت و هەمیش دەبێتە مایەی تەکان و بەرەو پێشچوون. هەرچەندە ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ بەقوڵی ڕەگیان بەناو ترادیسیۆنی کلتووری کۆمەڵگای کەنەدی ڕۆچۆتە خوارێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەگەزانە دوور لە گۆڕان و لە گۆشەیەکی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە بن. زمانی دەقەکان یان زمانی بەکارهاتوو کە زمانێکی سادەیە و بەئاسانی بینەر تێی دەگات. سادەیی زمان کەناڵێکی گونجاوە بۆ گەیشتنی پەیام و مەبەستی دەق. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی ژیانی چینی کرێکاری کەنەدا و ئاستی خوێندەوارییان دەبێ ئەو مافە بدەینە نووسەری دەق تا بەو زمانە سادەیە مەبەستەکەی دەربڕێت چونکە لەو سەردەمە واتە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتوانی کەنەدا هەشت ملیۆن و سەد و شەست و نۆ هەزار و شەش سەد و بیست و دوو کەس بووە و ڕێژەی نەخوێندەواری 4.3 % بووە(12). ئەم ڕێژەیە بۆ وڵاتێکی وەکو کەنەدا کەم نەبووە و نووسەرانی شانۆ و ئەدەبی کرێکاری کەنەدی نەیان دەتوانی چاوی خۆیان لە ئاست ئەم واقیعە بنوقێنن. ئەمەش بە پێی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت داگرتنی ئاستی هونەری نمایشەکانە بۆ ئاستێکی خوارتر، نەخوازراو ڕەتکراوەیە، چونکە لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە زمانی دەق دەبێت لە ئاستێکی باڵادا بێت. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە ناوەڕۆکی دەقە شانۆییەکان کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ناڕەزایەتی چینی کرێکارە دژ بە چینی سەرمایەدار. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە بەهەموو جۆرەکانی و لەهەموو ئاستەکانیدا لە دەقەکان و کارە هونەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. مانگرتن و داستانی پڕ لە قارەمانی و سەروەرییەکانی کرێکاران دەبوونە هەوێنی بەرهەمی هونەری. کارەکتەرەکان هەر لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵبژێردراون و ئاشنان بە خودی خەڵک. ڕەگەزە هونەرییەکانی تر بەتایبەتی ڕەگەزی شوێن بریتییە لەشوێنی کار و ژیانی کرێکاران و ڕووداوەکان هەر لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن. ڕەخنە ئەدەبی و هونەرییەکانیش لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی هەنگاویان ناوە و کارە هونەرییەکانیان شیکردۆتەوە و لێکداوەتەوە. بۆیە پێیان وابووە باشترین دادوەر بینەران خۆیانن و ئەوە گرنگ بووە کە بینەران یان گوێگران لە کوێی کارە هونەرییەکانەوەن. شانۆی ئەزموونگەری شانۆیەکی یاخییە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەو یەکێک لە پایەکانی ئەم شانۆیە پرسیارکردنە لە پەیوەندی نێوان نمایشکەران و بینەران و بەرپرسیارەتی نێوانیان و شوێنی ڕوودانی شانۆگەرییەکە و ڕێگا جیاوازەکانی حیکایەتخوان و گرنگی و بایەخی حیکایەت و پرسیاری ئەوەی ئایا کارەکتەر بوونی هەیە؟ ئەم پرسیار و سۆراخانەی شانۆی ئەزموونگەری لەمێژە لەلایەن شانۆی باوەوە پشتی تێکراوە. سەرباری ئەمانەش شانۆی ئەزموونگەری ڕووی لە هەموو ئایدۆلۆژیاو بۆچوونە جیاوازەکانە. لەم دۆخەدا شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری ڕووی دەمی لە چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە.



ڕێپێوانی بێکارانی شاری ڤانکۆڤەر لەسەر شەقامی هەیستینگز کاتێ بە بەردەم هۆڵی شانۆی ئیمپرێس تێدەپەڕن لە حوزەیرانی 1938

شانۆی میللی و پەیوەندی بەشانۆی ئەزموونگەری کرێکارانەوە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، شانۆی کرێکاری تا دەهات لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کەنەدی و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکان ئەویش بەرەو کەنارەگیر ڕۆیشت )دیارە لە ڕووی تییۆرییەوە)، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە مەیدانی چۆڵ نەکرد. گوتاری ئەو بزووتنەوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شانۆی میللی جێی شانۆی کرێکاری گرتەوە. لە دەیەی سییەکان مۆدێرنیزمی شوشیالیستی بەردەوام بوو لە گەشەکردنی خۆی بە ئیحتیکاک و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کەنەدی کە لە ساڵەکانی دواتردا ئەم دوو بزووتنەوەیە تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕێک بووە لە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵگە و جیهانبینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە کۆمۆنیست و کرێکارییەکان. بۆیە دەبینین کاتێ قورسایی بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی لەسەر شۆڕشی پرۆلیتاریایە، نووسین و خوڵقاوە ئەدەبی و هونەرییەکانیش هەمان ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاتێکیش حیزبەکان دیدگای سیاسیان دەگۆڕێت و لەبری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەیانەوێ زۆرترین ژمارە لە ئەدەیب و هونەرمەند لەناو بازنەی (خەبات لە دژی فاشیزم) کۆبکەنەوە، ئەوسا ڕەنگدانەوەی ئەم دیدە پۆپۆلیستییە بە بەرهەمەکانەوە دەردەکەون. ئیتر لەو خاڵەوە لەبری جەغدکردنەوە لەسەر میتۆدی کرێکاری لە بواری شانۆ، دەبینین جۆرێکی تر لە شانۆی سیاسی دێتە ئاراوە کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم جۆرە شانۆ سیاسییە بەشانۆی میللی ناوزەدکراوە. شانۆی میللی (Popular theatre ) لەوپەڕی پێناسەی سادەی خۆیدا یانی شانۆی خەڵک،کە بەتێگەیشتن و زمانی خەڵکەوە لە گرفت و چارەسەرەکان دەدوێت. ئەم شانۆیە شانۆی خەڵکە چونکە پەیوەستە بەهەموو خەڵکەوە نەک تەنها گروپێک لە خەڵک.
هەروەها تواناییەکانی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت و ڕەگ و ڕیشەشی لەناو ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدایە و لەهەمان کاتیشدا دەبێ واقیعی و ڕەخنەگر و ئازاد بێت (13). شانۆی میللی وەک درێژراوەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران دەرئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو لە جیهانبینی و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە لە شانۆ لەسەر کۆمەڵێ بنەما کاری دەکرد کە پوختەکەی بەمجۆرەیە : یەک : ئێمە شانۆ بۆ کۆمەڵگەکان و هەر لەناو ئەوانیشەوە شانۆ هەڵدەبژێرین. دوو: بینەران دادوەرمانن. سێ : بڕوامان بەوە هەیە شانۆ بەرینە ناو خەڵک نەک ئەوان بهێنینە لای خۆمان. چوار : دەبێ کارەکانمان وابەستەبن بە ڕۆشنبیری میللیەوە . پێنج : باوەڕمان وایە کارەکانمان لەگەڵ نمایشی شانۆگەرییەکان دەست پێناکەن و تەواو نابن. شەش : باوەڕمان وایە کارەکانمان دەبێ بەزمانی خەڵک بدوێ. حەوت : ئێمە قایلین بەوەی بەڕێزەوە بەرخورد بە شانۆی میللی کرێکاران بکەین. هەشت : ئێمە دانی پیا دەنێین کە مەرجەکانی کارکردنمان دەبێ لەگەڵ پێویستی کۆمەڵگەکان بگۆردرێن و ئێمەش دەبێ بە نەرمی وەڵامی ئەو گۆرانە بدەینەوە( 14). ئەم پرنسیپانە (بنەمایانە) نەخشەڕێگای شانۆی میللین کە شێوازێکی سیاسیانەی هەیە. لێرەدا ئێمە ئەوە بەڕوونی دەبینین کە هەم شانۆی کرێکاران و هەم شانۆی میللی لەپەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ بینەر یان جەماوەر، یان وەک پیتەر بروک دەڵێت ” شانۆی پێویست یان خوازیار ، ئەو شانۆیەیە کە یەک جیاوازی پراکتیکی هەیە لەنێوان ئەکتەر و بینەر، نەک جیاوازییەکی بنەرەتی” ( 15). هەرچەند پەیوەندییەکی ورد لە نێوان شانۆی میللی و شانۆی ئەزموونگەریدا هەیە بەڵام ناتوانین ئەم دوو جۆرە لەشانۆ لەژێر یەک سەقف و پێناسە و ناودا کۆبکەینەوە.

دواجار
شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری توانی لە دوو ئاستدا کاریگەرییەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی کەنەدی نیشان بدات. لەلایەک توانی ئاڵوگۆڕێک لە بنەما و پێکهاتەکانی شانۆ بێنێتە ئاراوە بەتایبەتی لە بوارەکانی شوێن و زمان و جووڵە و میزاج و ڕەمزو ڕەگەزەکانی تر. وە لە لایەکی ترەوە توانی لەبڕگەیەکی زەمەنی لەمێژووی کرێکاری کەنەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرا ببینێت لە بەرجەستەکردنەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری و لە هەمان کاتیشدا بەڕۆڵی خۆی کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە بەردەم گەلێ پرسیاری گەورە گەورەدایە و هێشتا نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاویان بداتەوە.

———————————————
سەرچاوەکان :

1- The story of union in Canada by Jack Williams 1975 p32
2- The Canadian Labour movement 1902-1960 by Irving Abella Ottawa 1975 p, 5.
3- مێژووی شانۆی کەنەدی نووسینی ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی http://www.canadiantheatre.com/HistoryofCanadianTheatre
4- لێکۆڵینەوەی شانۆ لە کەنەدا ڕۆبین بێڵتسکی ئێندەرس http://journals.hil.unb.ca/index.php/tric/article/view/7488/8547
5- http://www.uwinnipeg.ca/index/research-2009-rifkind-c
6- جۆوان سەنگستەر ..دووبارە ئەزموونکردنی فیمینیزم لە ئەدەبی چەپی کەنەدی ل ٢٢٠
7- شانۆی ئاکشن خوێندنەوە بۆ کتێبی شانۆی چەپ شانۆی کەنەدی لەسییەکانی سەدەی رابردوو – یادەوەری نووسینی شێڕڵ گرەیس بڕوانە سایتی ئەدەبی کەنەدیhttp://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
8- شانۆی کار نوووسینی تۆبی گۆردن رایەن ڕانانی شێڕڵ گرەیس وەرزنامەی ڕەخنەیی ئەدەبی کەنەدی بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
9- http://www.lib.uoguelph.ca/resources/archival_&_special_collections/collection_update/11/16af
10- میشیڵ ویڵڵەر یاداشکردنی دووبارە سەرنجدان لە ڕەگەکانی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدی . بۆ زانیاری زیاتر بروانە
http://rabble.ca/books/reviews/2011/11/committing-theatre

11- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf

12- زانیاری زیاتر بروانە ئەم سایتەی خوارەوە یۆنیسکۆ ئاماری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی خوێندەوار و نەخوێندەوار لەوڵاتانی جیهان.بۆ
http://unesdoc.unesco.org/images/0000/000028/002898EB.pdf

13- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
14- ناونی بزووتنەوەکان..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی سانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلود http://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
15- بۆشایی بەتاڵ نووسینی پیتەر بروک ساڵی ١٩٦٨
http://en.wikipedia.org/wiki/Experimental_theatre




بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ ؟ … ناڵە حەسەن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ … ؟ ) یان ( بۆ ناتوانین شیعر پێناسە بکەین …؟ ) ، هەروەها قسەکردن لە هۆکارەکان ، وا پێویست دەکات تێگەیشتنێکی ڕۆشن و دروستمان لەسەر شیعر هەبێت . شیعر دەتوانێ لەسەر هەموو بابەتێک بنووسێ ، یان قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات . هۆکارەکەش ئەوەیە ، شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون . ڕووبەری خەیاڵیش ، ڕووبەرێکی فراوان و بێ سنوورە . پڕۆسەی نووسینی شیعر بەم شێوەیەیە ، شاعیر لەسەرەتاوە بیر دەکاتەوە ، دواتر لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ، دەگاتە ئاستی ( ئەندێشە ) واتە خەیاڵ .
لەوێوە شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە گەڕان و داهێنانەکانی خۆی دەکات . یان لە پڕێکا بیرۆکەیەک یان خەیاڵێکی شیعریت بۆ دێت دواتر ، لە ڕێگەی بیرکردنەوە بەنێو خەیاڵەکەت قووڵ دەبییەوە و دەست بە گەڕانەکانت دەکەی ، واتە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیرکردنەوە و فیکرەوە هەیە . بە مانای ، بیرکردنەوە پردێکە شاعیر بەهۆیەوە دەگاتە ڕووبەری ئەندێشە و خەیاڵ . دەتوانین خەیاڵ بە نیشتیمانی شیعر ناوبەرین . ئەو شوێنەی شیعر تیایدا لە دایک دەبێت . شاعیر لە نێو خەیاڵدا بەهای مرۆڤایەتی و بەهای بوون و بەهای جوانییەکان و خەونەکان دەنووسێتەوە . لە نێو

خەون و نهێنییەکانی بوون ، نهێنییەکانی ژیان و گەردوون کەشف دەکات و قسەیان لەسەر دەکات . گومان و پرسیارەکان دەهێنێتە بوون ، دەچێتە نێو جەنگە دەروونییەکان و شەڕ لەگەڵ بیرە دواکەوتووەکانی نێو کەلتوورە تەقلیدییەکان دەکات ، ئەوانەی دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئازادی ژیان و تەنانەت سنوور بۆ جوانی و خەون و بیرکردنەوەکانیش دابنێن . تاکە چەکێکیش بە دەستی شاعیرەوە بۆ ئەم جەنگە ، فیکر و زمان و مەعریفەیە . چونکە شیعر لە بنەرەتەوە بە هۆی بیرکردنەوە دێتە بوون ، واتە فیکر و مەعریفە سەرچاوەی بوون و پێکهاتەی شیعرن . بیرکردنەوەش سەرچاوەی مەعریفەی مرۆڤە ، تەنانەت لە نێو ڕووبەری خەیاڵیش فیکر لە ڕێگەی زمانەوە بەردەوام کاری خۆی دەکات ، وەک سەرچاوەکی جوولێنەر یان بزوێنەر بۆ بنیاد و پێکهاتەی دەق . ئەگەر زمان بە دیوە بنەڕەتییەکەی ، هۆکارێک بێت بۆ تێگەیشتن یان سیستەمێکی ڕێزمانی یان سیستەمێکی ئاماژەیی بێت ، یان هەر مانایەکیتری هەبێت . بەڵام ، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەعریفە و پێکهاتەی مرۆڤ ، بەرهەمی بیر و مەعریفەی مرۆڤە . لە هەمانکاتیش ، پێکهاتەیەکی بنچینەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەقی شیعری . یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی زمان بەرهەمهێنانی جوانییە لە نێو رووبەری دەقدا .
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە …؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە …؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە …؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی …؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر …! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە …! ) .
بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر …! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات . هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات .
بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت .
شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین ، ئەی ژیان مانای چییە … ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە …؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە .
١ / هەموو ئەم چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان هەیە وەک ( شیعر ، عەشق ، مۆسیقا ، ژیان … ) پێناسە ناکرێن ، چونکە ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیانبینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

٢/ هەموو ئەم چەمکانەی لە ڕووبەری ئەندێشە واتە خەیاڵ لە دایک دەبن ( بەتایبەت شیعر ) ، پێناسە ناکرێن ، چونکە خەیاڵ بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێ و هەمیشە بە جۆرێکی تر دەردەکەوێت .

٣/ هەموو ئەم چەمکانەی لە سەر جوانی ئیش دەکەن یان جوانی بەشیکە لە بنیاد و پێکهاتەیان ، یان ئامانجییان بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان لە ڕێگەی جوانییەوە لەزەت بە مرۆڤ دەبەخشن ، وەک ( شیعر مۆسیقا ، تابلۆ ، سروشت ) پێناسە ناکرێن . چونکە جوانی خۆی بوونێکی ڕێژەیی هەیە ، ناتواندرێ بە شێوەیەکی گشتگیر و ڕەها ببیندرێ .

٤/ شیعر وەک مرۆڤ چەمکێکی ئاڵۆزە واتە ، بوونێکی نادیار و شێواوی هەیە و پڕاوپڕە لە نهێنی ، نهێنییەکان و دیوە شاراوەکانیش کۆتاییان نایە و هەوڵەکانیش لە شیعردا هەرگیز ناگەنە خاڵی کۆتایی ، قوڕسایی زمان لە ئاماژە و کۆدەکان چڕ دەبێتەوە . ئاماژە و کۆدەکانیش بوونێکی ئایرۆنییان هەیە ، بە داخراوی و ڕوخسار و ڕەنگی جیاواز دەردەکەون ، بۆیە هەمیشە پێویستییان بە کرانەوە و خوێندنەوەی نوێ هەیە .

نیسانی ٢٠١٦




شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمیشە زیندووبوون … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە پەیدا بووە لەگەڵ سروشت لەلایەک و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و ژیارییەکان لە لایەکی تر لە ململانێ و زۆرانبازیدا بووە، هەوڵیشی داوە بە ڕێگای جیاواز ئەو ململانێی و زۆرانبازییانە وێنا بکات و بۆچوونی خۆی لەسەریان بەیان بکات. یەکێک لە سیفەتە هەرە بەرچاوەکانی مرۆڤ ئارەزوو بووە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن، ڕەتکردنەوەی کۆن و هێنانە کایەوەی نوێ بووە لە جێگایاندا. هەرچەندە مەرج نییە هەموو ئاڵوگۆڕەکان لە بەرژەوەندی مرۆڤدا تەواو بووبێتن، بەڵام ئاڵوگۆڕە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆمەڵگە جێگایەکی بەرز و شیاویان لە پانتایی ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤدا هەبووە و هەیە کە لە پێداویستی ژیانەوە سەریان هەڵداوە یان سەر هەڵدەدەن. مرۆڤ و دەروروبەری خەسڵەتی گۆڕاویان هەیە و بەپێی یاسا گەلێکی تایبەت دەگۆڕین و گەشە دەکەن و دواتریش لەنێو دەچن یان جێگا بۆ شتگەلی تر چۆڵ دەکەن. مرۆڤ هەر زوو لە ڕێگەی گۆرانی و سەما و هونەری نیگارکێشان و ئینجا شیعرەوە گوزارشتی لە خەون و ئارەزووەکانی خۆی کردووە.

واتا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شیعر پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. مرۆڤ شیعری کردە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون و وێناکردنی ئەو واقیعەی تێیدا ژیاوە. ئەم جۆرە شیعرە، شیعری خەڵک و پەیوەست بە ژیانی خەڵک، شیعرێک بووە لەگەڵ ویست و حەز و خولیا و ئارەزووەکانی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری ژیاوە و هەناسەی داوە. لە هەر شوێنێک ئەم شیعرە گوزارشتی کردبێ لە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانەی کۆمەڵگە، ئەوا شیعرێکی شۆڕشگێڕانە بووە و لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵدا.
ئەم جۆرە لە شیعر هەمیشە لە یاخیبوون و شۆڕشەکاندا گەشەی کردووە و بەرەو پێشچووە. “بەپێی تێڕوانینی مارکسیستەکان تەنانەت ئەدەب لەخودی خۆیدا دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتییە کە ئەرکی تایبەتی ئایدیۆلۆژی بەپێی باکگراوندنی ئایدیۆلۆژی نووسەر لەسەر شانە”.(١) لێرەوە هیچ مرۆڤێک نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر بە ئایدۆلۆژی یان لەژێر سێبەری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتیدا نەبێت. تەنانەت ئەو مرۆڤانەی کە دەڵێن ئێمە هەموو ئایدیۆلۆژییەک ڕەت دەکەینەوە، لەڕاستیدا هەڵگری جۆرێک لە ئایدیۆلۆژین. ئۆجین پۆتیە و هانریش هاینە و ئەراگۆن کرۆ و پاپلۆ نیرۆدا و پرتۆڵد برێخت و نازم حیکمەت و خوسرەوی گوڵسورخی و مزەفەر نەواب و ئەحمەد مەتەر و حەبیب جالب و ڤلادیمیر مایاکۆفسکی و نێڵسن پێریی و لەنگستن هیوز وفریدریک گارسیا لۆرکا و جۆ هیڵ و نیکۆڵا ڤاپتزارۆڤ و کێنس فیرینگ و ئدوین ڕٶڵف و هۆراس گریگۆری و مایک گۆڵد و تاد، بەشێکن لەو تەیفە بەرفراوانەی ئەدیبان و شاعیرانی شۆڕشگێڕ کە بە شیعرەکانیان بەشدارییان لە خەباتی چینایەتی دژ بە ستەم و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی سەر سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانیی کردووە. خەمی ئەم شاعیرانە خەمی ئینسان بوو. دیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش تەنها چینی کرێکارە کە خەمی سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.

ئەم شاعیرانە و زۆریتر گرەوە مێژووییەکەیان لەوەدا بردۆتەوە کە ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بووە. ئەمە ئەو شوناسەیە کە جیایان دەکاتەوە لە ئۆقیانووسێک لە نووسەر و شاعیرانی تر لە کۆمەڵگەی ئینسانی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ناوی نەتەوە و ئایین و نەژاد و نیشتمانپەروەری و ڕەگەز، بەرگری لە ستەم و پاڵپشتی لە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دەکەن. شیعری شۆڕشگێرانە بە ئاسۆ و ئامانجێکی خەباتکارانەوە لەگەڵ خوێنەردا لە پرۆسەیەکدا لێکهەڵدەپێکرێن. پرۆسەیەک کە نووسەر و دەق دەیانەوێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خوێنەر لە مرۆڤێکی سادە و تەمەڵ لە بیرکردنەوەوە بگۆڕن بە خوێنەرێکی چالاک لە بیرکردنەوە. ئەمەش بە سیاسیکردنی خوێنەرە و هێنانە دەرەوەی تەیفێک لە خوێنەری بیر ڕووناکی لە هەلومەرج حاڵیبوو، کە خواستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە یەکێکە لە خواستە هەرە دەستبەجێکانی. ئەم سیاسیبوونەی خوێنەر لەڕێگەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییەوە زۆر جیاوازە لە کۆمیدیای سیاسیبوونی تاکی کۆمەڵگە لەڕێگەی حیزبە بورژوا ڕەنگاوڕەنگەکان. شۆڕشگێڕبوون و شوناسی ڕادیکاڵبوونی دەقی ئەدەبیی پەیوەستە بە ئینتمای چینایەتییەوە.. بورژوازی بەپێی گەشەی مێژوو ئەگەر لە دەورانی خەبات دژ بە پایەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی فیوداڵی شۆڕشگێڕ بووبێ، ئەوا ئیتر ئەمڕۆ هیچ شۆڕشگێڕیەتێکی نەک هەر نییە بگرە تا سەر ئێسقانیش کۆنەپەرستە. ئەو چینەی (چینی کرێکار) کە بەرژەوەندی لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی پایەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی بورژوازی هەیە شۆڕشگێڕە و ئەدەبی ئەو چینەش ئەدەبێکی شۆڕشگێرانەیە.

بەمجۆرە شیعری شۆڕشگێرانە شیعری ئەو لەشکرە لە بەرهەمهێنەرانە کە چەرخی کارگەکان دەسوڕێنن. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری کرێکارییە، شیعری جیهەتگیریی کرێکارییە. بەڵام مەرج نییە نووسەری شیعری کرێکاریی خۆی کرێکار بێت. چونکە دەشێ کرێکارێک شاعیر بێت و هەڵگری ئایدیۆلۆجی بورژوازی بێت. لەکاتێکدا دوور نییە نووسەری دەقێک کرێکار نەبێت بەڵام پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران بێت. بۆگدانۆڤ دەڵێ ” شاعیر لەوانەیە بەپێی مەوقیعیەتی چینایەتی خۆی سەر بە چینی کرێکار نەبێ، بەڵام ئەگەر بە قووڵی ئاشنایەتی کۆی ژیانی پرۆلیتاریا بێ، ئەگەر لەڕاستیدا و بە دڵسۆزی بەو جۆرە بیر بکاتەوە، بەواتایەکی تر ئەگەر ڕٶحی خۆی ئاوێتەی ژیان و خەباتی پرۆلیتاریا بکات ئەوکات دەتوانێ دەربڕینێکی هونەریی پێشکەش بە پرۆلیتاریا بکات و ڕەنگە ببێتە ڕێکخەری هێز و نەستی شێوەی شیعریی خۆی.” (٢) بۆیە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی ئەوەیە کە تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و تا چ ئەندازەیەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە دژی سەرمایەداران. شیعری شۆڕشگێڕانە گەلێ پێودانگی جیاجیای هەیە و هەر چین و توێژێک بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی ڕاڤە و پێناسەی دەکا.
چونکە چین و توێژەکان هەموویان خۆیان بە شۆڕشگێر و لایەنگری ئاڵوگۆڕ دەزانن. بەڵام لە ڕاستای ئەم نووسینە و لە ڕوانینی ململانێی چینایەتییەوە مەبەست لە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە، ئەدەبی چینی بنیادنەری کۆمەڵگەیە،واتە چینی کرێکار. واتە تەنها و تەنها ئەدەبی چینی کرێکار ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئەدەبی چینی کرێکاریش وەک شێری لینکۆن ئاماژەی پێدەدا “گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەیە کە گوزارشتن لە ژیانی واقیعی چینی کرێکار دەکەن.”(٣). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەناوی ڕووداوەکان و ململانێی چینەکاندا گەلێ توێژی کۆمەڵایەتی تر دێنە مەیدان و بە ئەدەب گوزارشت لە بیروبۆچوون و خەونەکانیان دەکەن. لەم نێوەشدا، بەرهەمی ئەدەبیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەچەشنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو و بزووتنەوەی ڕەتکردنەوەی ئایین و بزووتنەوەی دژی ئاپارتاید و بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و بزووتنەوەی دژی کاری منداڵان و بزووتنەوەی مافی پەنابەران و تاد، پشکی شێریان بەردەکەوێ و دەکەونە بەر سێبەری ئەو پێناسەیەی کە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لەخۆیدا هەڵیگرتووە.

ڕاپەرین و شۆڕشەکانی جیهان هەر لە ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕابەری سپارتاکۆس و شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، بوونە زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەی شیعری شۆڕشگێڕانە و بەتایبەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە کاریگەرییەکەی بە جۆرێک بوو کە ئەدەبی جیهانیی کرد بە دوو لەتەوە. بە گوزارشتێکی تر، وای کرد هەموو جیهان لەسەر بنچینەی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی و ئەدەبی بورژوازی هەڵوێستی گیریی بکەن.(٤)
شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی، شیعری بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..شیعری نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، شیعری هێرش و ستایشە. شیعری ڕادیکاڵی کرێکاریی لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەداری سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاریی شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. کێرڤی ڕوو لە پێشی شیعری کرێکاریی لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نا ئەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداریی و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی خەبات و ئینجا شیعری چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دادەنێ. شیعری کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی. “ئەدەبی شۆڕشگێڕانە چەکێکە لە ململانێی چینایەتی و لەسەریەتی کار لە هۆشیاری خوێنەرانی بکات بەرەو چالاکی ڕاستەوخۆ و لەوێشەوە بەرەو هەڵوێستێکی نوێ دەربارەی ژیان. بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بناسێتەوە.”(٥)
چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، سەرباری پێداویستییە سیاسییە – چینایەتییەکانی لە چەشنی ماتریاڵ و ئەبزاری خەباتکارانەی وەکو حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی و کادر و ڕاگەیاندن..تاد، پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە کە عەکس کەرەوەی واقیعییەتی خەباتی چینایەتی بێت. پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام لە جۆش و خرۆشدا بێت و هەمیشە ئیحساساتە چینایەتییەکان، داستانە نەبەردەکانی خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا بناسێت و لێرەوە وەک پێویستی سەردەم دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات.
لێرەوە بۆ ئەوەی شیعری کرێکاریی باشتر بناسین، خراپ نابێ لە گۆشەنیگای ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبیاتی بورژوازی لێی ورد بینەوە و خەسڵەتەکان و ئینجا جێ و شوێنی ئەو ئەدەبە لەئاست ئەدەبیاتی زەبەلاحی بورژوازی جیهانیدا دەست نیشان بکەین.
یەک : شیعری کرێکاریی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی ژیان و خەباتی چینایەتی چینی کرێکارە لە ململانێیی لەگەڵ سەرمایەداران و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی. شیعری کرێکاریی لە کێشمەکێش و پێکدادانە چینایەتییەکانەوە لە دایک دەبێت و ئاسۆیەک کە چینی کرێکار لەو پێکدادانە چینایەتییە هەیەتی دەبێتە ئاسۆ و ئامانجی شیعری کرێکاریی.
دوو : شیعری کرێکاریی جیهەتگیری سیاسەتی چینی کرێکار و پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە. شیعری کرێکاریی گۆرانی خەباتی ژنانی کرێکار و حەسرەت و سەختییەکانی خەبات و ئاهی پیرەمێردێک و نرکەی منداڵێکی ئیشکەر و سکاڵای دڵی کچێکی ماندووی دەستی کۆنەپەرست و شەکانەوەی ئاڵای ململانێی ناو کارگەکان و هەناسەی زیندانییەک و تاد بە هەوێنی ناوەڕۆکی خۆی دەزانێ. ئەم دیمەنانە و ڕەنگ ڕێژکردنیان بە ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی کرێکاریی ئەرکی ئەدەب و شیعری کرێکارییە.
سێ : شیعری کرێکاریی بە ئاسۆیەکی ئینسانییەوە دەڕوانێتە ژیان و تاک و کۆمەڵگە و ئینسانییەتی ئینسان وەک کرۆکی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. شیعری کرێکاریی لە بەرامبەر ئاسۆی کۆنەپەرستی مەیل و ڕەوتە چالاکەکانی لیبراڵیزم و کۆنەخوازی و ئایینی و نەتەوەییدا دەوەستێتەوە و تێدەکۆشی کرێکار لە جەنگە چینایەتییەکەی خۆیدا بە ئاسۆیەکی ئینسانی و ئەنتەرناسیونالی چەکدار بکات.

چوار : شیعری کرێکاریی ئەگەرچی لە ڕووی تەکنیک و هونەرەوە ڕەنگە لێرە و لەوێ لاوازی پێوە دیار بێت. ڕەنگە نەیتوانی بێت بەپێی پێویست تەکنیکێکی نوێ و لە ئاخرین دەسکەوتە هونەرییەکانی بەشەر سوودمەند بوو بێت، بەڵام وەک یەک ڕەوتی ئەدەبیی لە ئاستی جیهاندا بوونی خۆی سەلماندووە. چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و فیداکاری خۆی، خاوەنی جۆرێک لە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەری خۆی بووە. پێ بە پێی گەشە و بەرەوپێچوونی قۆناغەکانی خەباتی، ئەدەب و هونەرەکەشی گەشەی کردووە. لێرەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەم کە کۆهن میڵتن پێی وایە یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پرۆلیتاری ئەوەیە کە دەبێ سادە و ڕوون و ڕەوان بنووسرێت بەدەر لە ئاڵۆزی ئیستاتیکی شێوەگەرا(٦). هەرچەندە ئەم ڕایەی میڵتن بۆ دەورانێک کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو چینی کرێکار لە ئاستێکی بەرزدا بوو ڕەنگە دروست بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ کە دونیای دیجیتاڵ سێبەری خستۆتە سەر دونیای بەرهەم و ژیانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەم رایە پشتیوانییەکی زۆری نابێ. ئەو دەستکەوتە ئیستاتیکیانە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئینسان و دروست نییە بەبیانووی سادەییەوە ئەدەبی چینی کریکار لەو دەستکەوتانە بێبەش بکرێ.
پێنج : سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و کارە ئەنسۆلۆژی و سەرچاوەکانی ئینتەرنێتیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم ڕەوتە ئەدەبییە جیهانییە نەداوەتەوە و بگرە ئاگایانە و هۆشیارانە پشت گوێیان خستووە و لە خەڵک و چینی کرێکاریان شاردۆتەوە یان کەمترین زانیاریان خستۆتە بەردەست.
شەش : تەواوی ڕەوت و ڕێبازە فیکریی و هونەریی و سیاسییەکانی بورژوازی دەهۆڵی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەدەبەکەی دەکوتن و ناوی ئەدەبی کرێکاریی وەکو ئەدەبێکی بێ ئەرزش و ماوە بەسەرچوو دەهێنن. قسەکەرانی ئەم ڕەوت و ڕێبازانە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی بورژوازی هەمیشەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئەدەبی شۆڕشگێرانە بە ناشیرین و بێهێز و نا هونەریی ناودەز بکەن. ئەدەبی کرێکاریی لەسایەی ئەو تەبلیغە دژە کرێکارییە، وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی – مەزهەبی ناو دەبرێ. بورژوازی جیهانیش بۆ تەحقیر و تەخدیرکردنی کرێکاران بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات و سەدان ئۆرگان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بڵاو دەکاتەوە، ساڵانە سەدان فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و ساز دەکات و بە دەیان هەزار نووسەر و شاعیر و ئەدیب و قەڵەم بەدەستی کڕیوە و دەکڕێت و کاریان پێدەکات، تا ڕووی دزێوی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری جوان نیشان بدەن و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
حەوت : بەڵام لەهەڵ هەموو ئەمانەشدا تا چینەکان و جیاوازی چینایەتی لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ، ململانێی نێوان کرێکار و بۆرژوازی هەر دەمێنێ و ئەدەب و شیعری چینایەتی کرێکاریش هەر دەمێنێ.

شیعری شۆڕشگێڕانە لە نێوان پاشەکشە و تەکان

ئەگەر لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، خەباتی چینی کرێکاری جیهان گوڕ و تینێکی تازەی بە جەستەدا گەڕا و ئومێدێکی نوێ لە ئاسۆی خەباتی چینایەتییەوە دەرکەوت، ئەدەبەکەشی کەوتە بەردەم واقیعێکی نوێوە و دەبوایە ئەزموونێکی تازە ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدیبانی کرێکاریی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدا بوون، سەرکەوتنی شۆڕشیان لە ڕووسیا بینی، ئەمەش بووە هۆی بەرجەستەکردنەوەی زیاتری ڕۆحی شۆڕشگێرانە لە ئەدەب. گەشەی ئەدەبی کرێکاریی بە ئاقارێکدا تێپەڕی کە هەم بتوانێ بەردەوام خۆی لەگەڵ هەلومەرجە تازەکان یەکلا بکاتەوە و هەمیش تازەگەری بەرهەم بهێنێ. واتە ئەدەبی بەرگری و شۆڕشگێڕانە هەلومەرجێکی بابەتی بۆ هاتە ئاراوە تا گەشە بکات و بەرەو پێش بچێت. ئەم بەرەوپێشچوونە تا ساڵی ١٩٣٢ درێژەی هەبوو و پاشان لە کۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران لە ساڵی ١٩٣٤ لەبری وەڵامدانەوە بە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی ئەدەبی کرێکاریی، دەسەڵاتی ئەو کاتی یەکێتیی سۆڤییەت ئەو ئەدەبەی کردە قوربانی کێشمەکێش و ململانێی سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا. ئیتر لەو مێژووەوە ڕێڕەوی گەشەی ئەدەبی کڕێکاریی تووشی جۆرێک لە کەنارگیری هات. لەبری ئەدەبی شۆڕشگێرانەی کرێکاریی ئەدەبێکی تر نزیک لەو ماهییەتە بەڵام جیاواز هاتە ئاراوە کە پێی دەوترا ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی. ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی هەرچەندە لایەنگیریی بۆ کرێکار و سۆشیالیزم هەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بە تەواوەتی جێگای ئەدەبی کرێکاریی بگرێتەوە و هەروەها نەیتوانی ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی ئەدەبی کرێکاریی بە یەکجاری بکوژێت. بۆیە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم ململانێی نێوان زلهێزەکان توانی ڕەنگڕێژی ئەدەب بکات. سەرکەوتنی سیاسیی و ئابووری و سەربازی یەکێتیی سۆڤییەت بەسەر نازییەکاندا، بازێکی گەورەی بە ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی دا. جەنگی ساردیش شەقڵی خستە نێۆ ئەدەب و هونەر و جیهانی فانتازیا و ئیستاتیکای دابەشکردە سەر ڕیالیزمی واقیعی سۆشیالیستی لەلایەک و دیموکراسی و ئیندیڤجوالیزمی خۆرئاوا لەلایەکی تر.

لە ناوەڕاستی دەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو زەمینەسازییەکی لەبار هاتە ئاراوە بۆ گەشەی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و بەرگری لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام وڵاتانی سەرمایەداری خۆرئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بودجەیەکی خەیاڵی(سەدان ملیۆن دۆلار)ییان تەرخان کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی سیستەم و کلتووری مارکسیستی و شۆڕشگێڕانە لە ئاستی دونیادا. کاتێ لەسەر ئاستی جیهان ململانێی نێوان ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و ئیندیڤجواڵیزمی خۆرئاوا لە ئاستێکی بەرز و تووند دەبینرا،ئەدەبی شۆڕشگێڕانە وەک کارەکتەرێکی چالاک و بزێو لە سەرجەم کایە و بوارەکاندا ئاکتیڤ بوو، بەڵام لەژێر سێبەری ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی پۆلینبەند دەکرا. لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری بلۆکی شەرقی (بەناو سۆشیالیست)، ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەش بەرەو کاڵبوونەوە هەنگاویان نا و تەنانەت تا ئەندازەیەکی زۆر جێگەی خۆیان بۆ ئەدەبیاتی بورژوازی چۆڵکرد. فاکتەرەکانی تەریککەوتنەوە و کەنارگیری و پاشان کاڵبوونەوەی ئەدەبیاتی واقیعی سۆسیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێرانە بەبڕوای من ئەمانەن.
یەک : کاریگەری تەبلیغاتی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی ئەمریکا لەو هەڵمەتە فراوانەی خۆی دژ بە مارکسیزم و کلتووری شۆڕشگێرانەی مارکس و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر سەرجەن جیهان دژ بە ترادیسیۆنی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. دیارە هەڵمەتی ڕۆژئاوا و گوێڕایەلانیان لە ناوچەکە لەم ئەرکە قێزەوەنەیان کە تا ئێستاش بەردەوامن تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنیان بەدەست ‌هێنا. ئەم فاکتە خولقێنەری ئەو دۆخە نەخواستراوەیە کە ئەمرۆ بۆ تەرویجدانی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە بووەتە کۆسپ و ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی قورسە و وزە و توانایەکی زۆری لێمان دەوێ.
دوو : هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات و لەمەیداندا نەمانی یەکێتیی سۆڤییەت و پاشەکشەی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگیی. ئەمەش بەدەوری خۆی بووە هۆی لە مەیدان نەمانی بزووتنەوە و پڕۆژە ئەدەبی و هونەری کرێکارییەکان لە نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و جێگە چۆڵکردن بۆ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بزووتنەوە کۆنەخوازەکان.
سێ : پاشەکشەی مارکسیزم و خاوبوونەوەی خەباتی چینی کرێکار وەک چینێکی بنیادنەر و مەزن ڕۆڵی خۆی هەیە لە کەمڕەنگبوونەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە.
ئەم واقیعیەتە بەجۆرێک کاری خۆی کرد کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکاری چەند دەیە گەڕاندە دواوە و ئەدەبەکەشی دووچاری دۆخێکی تاڵی چەقبەستبوون کرد. دۆخێک کە ئەرکگەلێکی زۆری خستۆتە سەر شانی ئێمەی ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی کرێکاریی بۆ ئەوەی بتوانین لەو دۆخە چەقبەستووە دەربازی بکەین و تەکانی بۆ پێشەوەی پێبدەین.

کورد و شیعری شۆڕشگێڕانە

میللەتی کوردیش بەپێی کارەسات و ڕووداوە تراژیدیا – سیاسیییەکانی دوو سەدەی ڕابردوو هەوڵیداوە بۆ پاراستنی زمان و کلتوور و ناسنانەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر سیستەم و ڕژێمە فاشست و تۆتالیتارییەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا. کورد هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەدەبەوە مەسەلەی شوناسی نەتەوەیی و زمان بەزیندوویی ڕابگرێ. شیعری کوردیی لە مێژووی کۆن و نوێی کورددا مەسەی ئازادی و سەرفرازی کوردی کردۆتە مەسەلەی بنەڕەتی و گەوهەری. شاعیرانی کلاسیک (جگە لەو شاعیرانەی کە لە مزگەوت و خانەقاکان خوێندویانە و سەرچاوە مەعریفییەکانیان کتێبە ئاینییەکان بووە) کەم تا زۆر لایەکیان لە کێشەکانی ئینسان و بەهای ئازادی و ژیانی شارستانیایە کردۆتەوە.

ئەگەر حاجی قادری کۆیی شاعیر وەک شاعیرێکی ناسیونالیستی بە دەستپێک و پەرەپێدەری شیعری نەتەوەیی – سیاسی کورد دابنرێت (٧)، ئەوا دوای حاجی قادر سوپایەک لە شاعیر هەن کە خەمی نەتەوە و مەسەلەی ئازادی نەتەوەی کوردیان بۆ مەسەلە بووە. واتە لە دوای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم، شانبەشانی فراوانتربوونەوەی بیری نەتەوایەتی، ئەدەبی ناسیونالیستیش گەشە دەکا و دواجار لە دوای بەیاننامەی ڕوانگەوە لە ساڵی ١٩٧٠ ئیتر دەگا بە چڵەپۆپە. لەملاشەوە کرۆکی بیری چینایەتیش شانبەشانی کێشە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە گەشەی کردووە و بەرەو پێش چووە. لەم نێوەشدا گەلێ شاعیر پەیدا دەبن و بەرهەمەکانیان دەبنە ئاوێنەی باڵانومای سەردەمی خۆیان و شیعرەکانیشیان(بەتایبەتی ئەوانەی کرۆکی ئینسانیان هەیە و باس لە ئازادی دەکەن) بە شیعری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار. دواتریش لە نیوەی یەکەمی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەیفێک لە نووسەرانی چەپی نوێ دێنە مەیدان کە نەک هەر لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەبن لەگەڵ چینی کرێکاری کوردستان و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیان و خەباتی ئەو چینە دەبێ، بەڵکو لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و کۆمۆنیزم دەبن (٨). پلە و ئاستی گەشەی ئەم تەیفە لە نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییان پەیوەست بوو بە ئاستی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
چەند بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ملانێی خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرزدا بووبێتن، ئەوەندەش شیعر و هونەری شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرز و ڕەونەقی خۆیدا بووە. بەڵام دۆخەکە هەر بەو جۆرە نەما. لەلایەکەوە چوونە دەرەوەی زۆربەی کادیرە هونەری و ئەدەبییەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێرە بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەری نێگەتیڤی دانا لەسەر چەقبەستوویی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری کوردستان و لەلایەکی ترەوە شانبەشانی تەبلیغاتی جیهانیی لەدژی کۆی بیروبڕوای مارکسیزم هێرشێکی هەمەلایەنە دژ بە باوەڕی مارکسیزم و ئەدەب و کلتووری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەستی گروپی ڕەهەند و شوێنکەوتوانیان بە خەستی دەتی پێکرد.
ئەم گروپە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا و لەڕێگەی نووسینەکانیان و گۆڤاری (ڕەهەند)ەوە ناشرینترین ڕۆڵیان گێرا لە بە سووک تەماشاکردنی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و هەروەها دەرکێشانی ڕوحی شۆڕشگێرانە و چاندنی تۆوی بێئومێدی لە ناخی تاکی کورددا. ئەم گروپە لە ڕێگەی ڕستە و فرێز و دەستەواژەی بێمانای لە چەشنی” ئەدەب نابێ ئینتمای ئایدییۆلۆژی هەبێ، و سەردەمی قسەکردن بە ناوی کۆ و ئەوانی تر کۆتایی هاتووە و نووسەر دەبێ بە ناوی خۆی و تاکەوە قسە بکا و نوێنەری خۆیەتی و بەس و ئەدەبی حیزبیی و سیاسیی کوشتنی ئەدەب و خەیاڵە و… تاد” ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە کاڵکردنەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و گواستنەوەی خاڵی تێڕوانینی و فۆکسی خوێنەر و کۆمەڵگە لە ململانێی چینایەتییەوە بەرەو زات و ناخی تاک و تەرویجدان بە کۆنەپارێزییەکی بێوێنە. پروپاگەندەی ئەوەی کە نە مارکسیزم بۆ کۆمەڵکەی کوردستان گونجاوە و نە لە کوردستان چینی کرێکاری پیشەسازیمان هەیە و نە ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە بە کەڵکی کۆمەڵگەی کوردی دێ کە لە لایەن کۆمەڵێ نووسەری موهەریجی کوردەوە ئاگرەکەی خۆش کراوە و خۆش دەکرێ، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچیتر نییە.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە نەزۆکانەش هێشتا مەشخەڵی ئەدەبی شۆڕشگێرانە نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو ژیلەمۆکەی هەر بەگەشی لەژێر خۆڵەمێشی تەبلیغاتی بورژوازی و شوێنکەوتوانیان ماوەتەوە. سەرباری هەستکردن بەوەی کە لایەنگری چینی زەحمەتکێشی کوردستان لایەنگیرییە لە ئازادی و ڕزگاری ئینسان، خۆی ژیلەمۆی ئەو باوەڕەیە کە پێیوایە شۆڕشی یەکجارەکی بۆ ڕزگار بوون لە ستەم و نا یەکسانی تەنها و تەنها لەسەر دەستی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاکام دەگات. خوڵقاندنی هەر دەق و کارێکی هونەرییانەی کرێکاری ڕەوینەوەی تەمی ئەو هەوڵانەیە کە دەیانویست و دەیانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان ببێت بە کۆمەڵگەی مێگەل و خۆشیان ببن بە لایتی دەستی شوانە کوێرەکان.

دوادێڕ بەڵام زۆر بە کورتی

شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاری پێ بەپێی چوونەسەر و هاتنەخواری کێرڤی خەباتی چینایەتی بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گڕی ئەو بزووتنەوە شیعرییە خامۆش نابێت و ژیلەمۆکەی ناکوژێتەوە.تا کۆمەڵگەی چینایەتی هەبێت، ئەو ئەدەبەش هەر دەبێت و بەپێچەوانەی سەرجەم ئیدیعا و پروپاگەندەکانی زوڕناژەن و قەڵەمبەدەستانی چین و توێژەکانی تر، هەرگیز دووچاری توانەوە و فەنا نابێتەوە. بەکورتی شیعری شۆڕشگێڕانە لەگەڵ خەبات و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سیستەم و یاسا و نۆرمەکانی ژیان و کۆمەڵگە لە دایک بووە و تا مرۆڤ و ململانێ و خەبات مابێ، ئەو شیعرەش هەر دەمێنێ.

ژێدەر و سەرچاوەکان :
١- بۆ زانیاری زیاتر تکایە بڕوانە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سایتی ویکیپیدیا
http://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_literary_criticism

٢- ئەلکسەندەر بۆگدانۆڤ شیعری پرۆلیتاریی
Aleksander Bogdanov
Ploletarian Poetry The Labour Monthly
June 1923 PP.357-362

٣- شێری لێنکۆن ” بۆچی ئەدەبی چینی کرێکار جێی وردبوونەوەیە؟” بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی

Why Working-Class Literature Matters

٤- ڕیالیزمی سۆسیالیستی بەو تەوژم و ڕێبازە ئەدەبی و هونەرییە دەوترێ کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران هاتە ئاراوە و گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی ئەنتەرناسیوناڵی مەزن. گەشەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی هەر تەنها یەکێتیی سۆڤیەتی نەگرتەوە، بەلکو ئەو دەوڵەتانەشی گرتەوە کە بە دەوڵەتانی سۆشیالیست یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەناسران. ئەم ستایڵە لە بنچینەدا لەسەر کلتووری پرۆلیتاریاوە سەری هەڵداوە. کلتووری پرۆلیتاریاش لە هونەر و ئەدەب پێداگیری ئەدەبە لەسەر خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندی کرێکاران دژ بە بورژوازی و سەرمایەداران. ئامانجی ئەم ئەدەبە هەوڵدانە بۆ وێناکردنی ژیان و خەباتی ئەو چینە لە پێناو ڕزگاری یەکجارەکی لە کۆت و بەندی کۆیلەتی بورژوازی. ڕێبازی سۆشیالیستی لە ئەدەب لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و جیکسلۆڤاکیا و پۆڵەندە دامەزرا. ئەو نووسەرانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە وڵاتانی وۆرئاوا بریتبوون لە لویس ئاراگۆن و جۆهانس بێچەرو پابلۆ نیرۆدا. حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت ساڵی ١٩٣٢ بڕیاری لەسەر ڕیالیزمی واقیعی لە ئەدەب و هونەر دا و ساڵی ١٩٣٤ ئەم شێوازە ئەدەبییە لە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت کاتێ نوێنەری جۆزێف ستالین ئەندریە زدانۆڤ وتاریکی پێشکەش کرد و بە تووندی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیالیزمی سۆشیالیستی بە فەرمی بوو بە ڕێنمایی نیشتمانی کلتووری یەکێتیی سۆڤییەت. بەدەستەوەگرتنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە بە کردەوە بووە هۆی پشکردن لە ڕێبازە باوەکانی جیهان لە چەشنی ئیرۆتیک، ئایین، تەجریدگەرایی، سوریالیزم و گوزارشتخوازی. وەک وەڵامیک بەرامبەر بە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەت، لە ٢٦ و ٢٧ ی نیسانی ١٩٣٥ لە شاری شیکاگۆ و بە پاڵپشتی جۆزیف ستالین گرنگترین گۆنگرەی نووسەرانی چەپی ئەمریکا بەسترا، کە شاعیران و ڕۆماننووسان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان تێیدا بەشدار بوون. واڵدۆ دەیڤد فرانک بە پشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بوو بە یەکەمین سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەمریکا. ڕەگی مێژوویی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم.

٥- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry

٦- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry
٧- ناسیونالیزم و شاعیرەکانی – حاجی قادری کۆیی – نووسینی سلێمانی قاسمیانی (کاکە) گۆڤاری هانا ژمارە ١٦ و ١٧ ساڵی ٢٠٠١ لاپەڕە ٤.
٨- دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەدەبی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی تەنها بریتیبوون لەو بەرهەمانەی یان بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە باسی چینی کرێکار و خەباتی ئەو چینەیان کردووە. نووسەرانی سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی پشکی شێریان بەردەکەوێ. لەم نێوەشدا نووسەران و شاعیرانی سەر بە ڕێکخراوی مارکسیی – لینینیی کوردستان کەم تا زۆر چەند هەوڵێکیان لەو بارەیەوە هەیە. بەڵام لەناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان تەیفێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە کوردستان لە ژێر کاریگەری بیروڕای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ توانیان تەکان بە ئەدەبی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی بدەن و بەرەو پێشی بەرن. لەوانە موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) و سلێمانی قاسماینی (کاکە) و ئەحمەد بازگر و بەکر ئەحمەد (ئاسۆ) و بژار و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش و پەخشانەشیعرییەکانی ب.سۆلین و هونەرمەند سەردار عەبدوڵا و زۆری تر کە ئێستا لەم ساتەدا لەیادم نەماون.

کەنەدا ٢٠١٥




هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.

وەرگێڕ ئیدیت گرۆسمان پێى وایە کە (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا)، یەکێکە لە گەورەترین ڕۆمانەکانى سەدەى بیستەم.
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.
سەرچاوە: گاردیانی بەریتانی.
بەكوردی كردنی لە ئینگلیزی یەوە: سەنگەر حەسەن

______________________
1- یەکەم جار، کەى بوو کە گابرییل گارسیا مارکیزت خوێندەوە و هەستت چۆن بوو؟
-من یەکەم جار لە قۆناغى ئامادەیى بوو کە ڕۆمانى (سەد ساڵ تەنیایى)م خوێندەوەو بەتەواوى ئاوێتەى بووم. بەرلەمەو هەتا ئەو کاتیش ڕۆمانێکى لەم جۆرە نەبوو!
2- مارکیز، ڕۆمانە بەناوبانگەکانى زیاتر بە ئینگلیزى حەز لێ بوو. بەڵام ئەى لەبارەى ئێمەوە چى کە هەرگیز دەقە ئەسڵییە ئیسپانى یەکەمان نەخوێندۆتەوە؟
–ئاواتى ڕاستەقینەى من ئەوەیە هەرکەسێک لەئێوە کە دەقە ئیسپانى یە ئەسڵییەکەى نەخوێندۆتەوە، زۆر شتى لەدەست نەچووبێت.
3- کام کتێبەیت زۆر خۆش دەوێت، بۆچى؟
–ناتوانم وەڵامە ئەم پرسیارە بدەمەوە. من هەموو ئەو شتانەم خۆش دەوێت کە خوێنددومەتەوە. هەرچەندەش (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا) شوێنى تایبەتى لاى من داگیرکردووە، چوون ئەوە یەکەمین ڕۆمانى ئەو بوو کە من وەریبگێڕم. لام وایە یەکێکە لەڕۆمانە هەرە گەورەکانى سەدەى بیستەم جا بەهەر زمانێک بێت.
4- ئایا پارچەیەک وەیان چەند ڕستەیەکى هەڵبژێردراوت هەیە لە وەرگێڕانەکەت وە دەتوانى ڕوونى بکەیتەوە چۆن گەیشتیتە ئەوەى کە ئەم وشانە هەڵبژێریت؟
–واهەست ناکەم بتوانم وەڵامە ئەو پرسیارە بدەمەوە جا ئایا لەبەرئەوەیە کە من شێت شەیداى دوا وشەکانى ڕۆمانى تاعونەکەم، کاتێک کاپتنى کەشتى یەکە دەپرسێت کە ئاخۆ نیازیان وایە تا چەندەى دەریاکە بیانەوێت گەشت بکەن، وەڵامەکە بریتى یە لە “تا هەتا ”
5- ئایا هیچ کتێبێکى ئەو وەیان بەشێک لەکتێبێکى ئەو هەبووە کە زۆر لەگەڵى ماندووبووبیت؟
–وەرگێڕان هەمیشە ماندووبوونە. ئەمە بێ گوێدانە ئەو نووسەرى کە تۆ وەریدەگێڕیت. لەدەستپێک پێویستە تۆ دەقە ئەسڵیەکە گوێبیست بیت بەڕێگایەکى کاریگەر. دواتر ئەم دەنگە بدۆزیتەوە لەئەو زمانەى وەریدەگێڕى کە باشترین کاردانەوەى هەیە لۆ ئەسڵیەکە. ئەوە هەمیشە قورسە، بەرەنگاربوونەوەویەو تا ڕادەیەکى زۆریش خۆشە.
6- ئایا گریگۆر ڕاباسا دەناسیت، وە تائێستا تێبینى یەکانت بەراورد کردووە؟
–بەڵێ، چەند ساڵێک بوو ئاشناییمان هەبوو، بەڵام هەرگیز بەراوردى تێبینى یەکانمان نەکردووە لەمەسەلەى مارکیز. زیاتر لەوەى کە هەردووکمان هاوڕاین کە ڕقمان لە “ڕیالیزمى سیحرى” دەبیتەوە.
7- تۆ پێویستە زۆر ئاشنا بیت لەگەڵ نووسینەکانى مارکیز زیاتر هەر کەسێک. پێت وایە کە چۆن گۆڕانیان بەسەرداهات بەدرێژایى ئەو دوو دەیەى کە تۆ وەرتگێڕان؟
–واهەست دەکەم کە لەوانەیە لەگەڵ بەساڵاچوونى، نووسینەکانیشى کورت و چڕ دەبوونەوە. ئەو هەمیشە ڕاستەوخۆ دەچووە سەر کرۆکى بابەتەکە. وریاتر وەیان زیاتر ڕاستەوخۆتر بن.
8- چەندێک بەباشى کەسێتى ئەوت دەناسى و پەیوەندیتان چۆن بوو؟
–من هەر چەند جارێکى کەم ئەوم بینى لەنیویۆرک. لەو باوەڕەدام یەکەمین جار کاتى نانى نیوەڕۆ بوو لەگەڵ سەرنووسەرەکەمان لەخانەى (نۆپ)، وە دواهەمین جاریش کاتى قاوە خواردن بوو لە درەنگانێکى دواى نیوەڕۆ. مارکیز جوان و دڵڕفێن بوو. هەروەها هەستێکى فێڵبازانەى گاڵتەجارى هەبوو، چوون یەکسەر هەستم بە نزیک بوونەوە دەکرد.
9- چۆن بەرهەمە ئەدەبییەکانى هەڵدەسەنگێنیت؟
–مارکیز نووسەرێکى مەزن بوو. یەکێک بوو لە کەسێتیە هەرە گرنگەکانى سەدەى بیستەم. کاریگەریەکى گەورەى هەبوو بەسەر هەموو نووسەرەکان لەسەرتاسەرى جیهان دا. بەنموونە، من ناتوانم، وێناى تۆنى مۆریسۆن وەیان سەلمان ڕوشدى بکەم بەبێ گارسیا مارکیز.
10- دە باشترین ڕۆمانى ئیسپانى لاى تۆ کێن و نووسەرەکانیان کێن، کە تۆ بتەوێت خوێنەرانى گارسیا مارکیز ڕاسپێریت کە لەئەدەبیاتى ئەم دوایى یەى ئەمریکاى لاتین ئاگادارنین؟
–من ناتوانم لەهیچ زمانێک دا دە باشترین نووسەر دیارى بکەم. بەڵام پێشنیاردەکەم بگەڕێنەوە بۆ سێرڤانتس کە باوک خودانى هەموو نووسەرێکى ئیسپانى یە لەسەدەى حەڤدەوە. وە نووسەرێکى گەنج کە من زۆر حەزى پێدەکەم، سانتیاگۆ ڕۆنکاگلیۆلۆیە، ئەو خەڵکى پیڕۆیەو ئێستا لە بەرشەلۆنە دەژیت. من (گوڵانى سوور)ى ئەم وەرگێڕاوە. کە ئەمیش چەند ساڵێک لەمەوبەر خەڵاتى ئەدەبیاتى سەربەخۆى بیانى بەدەست هێنا

______________________
هاوپێچ وێنەى (گابرییل گارسیا مارکیز) لەساڵى 1975.
وێنەگر: ئیزابێل ستیف هێرنان

سەرچاوەی بابەتەكە:
http://www.theguardian.com/books/2014/apr/26/gabriel-garcia-marquez-edith-grossman-translator-interview




مردن ده‌یه‌وێ‌ عه‌بدولموته‌ڵیب … عه‌بدوڵڵا

له‌ شه‌ڕی مردن نامه‌وێ‌ ده‌ركه‌وم
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی ئه‌و چێژه‌ی كه‌ كۆنترۆڵ ناكرێ‌
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
ئه‌و ئاره‌زووه‌ نامۆیه‌ی كه‌ مردنه‌ و
مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی پیر ده‌بێ‌
چیت ده‌وێ‌
من له‌ ئاوێنه‌ داوا ده‌كه‌م
له‌ شه‌ڕ داوا ناكه‌م
ئه‌وه‌ ئاره‌زووی راسته‌قینه‌یه‌
ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی مردن خۆم به‌ دوور ده‌گرم
رزگاربوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ئاره‌زوو
كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
داوا له‌ زمان ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی مردن بمپارێزێ‌
داوا له‌ مردن ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی زمان بمپارێزێ‌
داوا له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌م له‌ مردنی زمان بمپارێزێ‌
هه‌موو ئه‌و خۆوێرانكردنه‌
ئه‌و ئاره‌زووكردنانه‌
بۆشاییه‌كی به‌تاڵه‌
خه‌یاڵ ده‌یه‌وێ‌
مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ده‌كات
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌به‌ر ئاوێنه‌ چاوم ده‌نوقێنم و ده‌ڵێم
من كێم كه‌ مردن ده‌یه‌وێ‌.

27/10/2016




لویس کارۆل کەڵەنووسەری چیرۆکی منداڵان …. رەزا شوان

لویس کارۆل، نووسەری چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و جیهان لە بواری چیرۆکی منداڵان.
(لویس کارۆل) نازناوی خوازراوی ئەدەبییەتی، هەر بەم ناوەشەوە چیرۆکەکانی و
نووسینەکانی تری بڵاوکردۆنەتەوە، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون) ە.
لویس کارۆل لە (٢٧/ یونایەر/ ١٨٣٢) لە دێی (دیرسبۆری) لە شیشیار لە ئینگلتەرا
لە خێزانێکی ئاینی لە دایکبووە، حەوت خوشک و چوار برابوون، لویس منداڵی
سێیەمی خێزانەکەی بوو.. منداڵێکی ژیر و بەهرەمەند و داهێنەر و بزیۆ بوو، کەمێک سەر زمانی دەگرت، گوێیەکی کەربوو، فێ دەگرت، دەمارگرژ بوو، بیرکزبوو، زۆر جار لەبەرخۆیەوە وڕینەی دەکرد و قسەی هەلەق و مەلەقی دەکرد، گەلێ جار شتەکان و گیانەوەرەکانی لە قەوارەی خۆیان گەورەتر یا بچووکتر دەهاتنە خەیاڵی، ئەم راستییەش لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا رەنگی داوەتەوە، ئاژەڵەکان و باڵندەکان لە قەوارەی خۆیان گەورەترن. لویس هەر لە منداڵییەوە منداڵانی خۆشدەویست و حەزی بەوە دەکرد، کە بە چیرۆک و بە قسەی خۆش دڵخۆشیان بکات.

هەر ئەمەش لای بوو بە هەوێنی حەز و خەیاڵی نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان.
لویس کارۆل لە ساڵانی یەکەمی منداڵییدا، لە ماڵەوە فێربوو، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا چووە قوتابخانەی تایبەتی، لە ماتماتیکدا زۆر زیرەک بوو.. لەبەر زیرەکی لەم بوارەدا،
خەڵات کرا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆدا درێژە بە خوێندنی ماتماتیک بدات.

لویس کارۆلی، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایەکی ماتماتیک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی.. بێجگە لە چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، چەند رۆمانێکی تریشی نووسیوە، کۆمەڵە شیعرێکی گاڵتەئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوە، چەند دەستنووسێکی دەبارەی ماتماتیک و ئەندازیاری و جەبر هەیە، کە هەندێکیان تائەمڕۆش چاپ نەکراون.. لویس کارۆل، ئارەزوومەندێکی گرتنی وێنەی فۆتۆگرافیش بوو.. بە زۆریش وێنەی منداڵانی گرتووە.
لویس کارۆل لە ساڵی (١٨٥٤) لە کۆلێژی (کریست تشیرش) لە زانکۆی (ئۆکسفۆرد) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا وەرگرت و، هەر لە هەمان کۆلیژدا بوو بە مامۆستای وانەبێژی ماتماتیک، زۆربەی ژیانی لەم پیشەیەدا بەسەربرد.
لویس کارۆل چۆن چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)ی نووسی؟
لە رۆژی(٤/ یولی/ ١٨٦٢) لویس کارۆل لە گەڵ هەرسێ کچەکەی رازگری کۆلێژەکەی (کریست جۆرج هێنری لیدڵ) کە ناویای کچەکانی (رینا:١٣ساڵ) و(ئەلیس:١٠ساڵ) و
(ئیدیس:٨ساڵ) بوون.. هەموویان سواری بەلەمێک بوون و چایان دەخواردەوە و لە رووباری (تایمز)دا گەشتیان دەکرد، ئەلیس داوای لێکرد کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، لویس کارۆل کوتوپڕ بیرۆکەی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆ هات، هەر (ئەلیس) شی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. ئەلیس داوای ئەوەشی لێکرد کە چیرۆکەکەی بۆ بنووسێتەوە.
لویس کارۆل، داواکەی ئەلیسی هێنایەدی، دوای گۆڕانکاری و زیادخستنەسەری، چیرۆکەکەی نووسییەوە و هەر خۆشی کۆمەڵێک وێنەی بۆ کێشان، لە پێشا کتێبەکەی لە ژێر ناوی ( سەرکێشییەکانی ئەلیس لەژیر زەوی) دا بوو.. لە ساڵی (١٨٦٤) دا لەجەژنی(١٢) مینی لە دایکبوونی ئەلیس، کتێبە دەسنووسەکەی پێشکەش بە ئەلیس کرد.. دواتر ناوی کتێبەکەی گۆڕی بە سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
لە ساڵی (١٨٦٥)دا سەرکێشییەکانی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، بۆ یەکەمین جار چاپکرا.. تا ئەمڕۆ زیاتر لە سەد جار ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوەتەوە، ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئینگلتەرادا و، چیرۆکی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان بوو بە وێردی سەر زاری منداڵ و گەورەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی (١٩٣٢)دا ئەم کتێبە بوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کتێبی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهاندا، یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە زۆرترین ژمارەی لێفرۆشراوە.. تا ئەمڕۆ ئەم کتێبە وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە هەشتا زمانی جیهانی.. کراوە بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراوە.. بە شێوەیەکی ئاسانتریش داڕێژراوە و بە شانۆگەری و شانۆی بووکەڵەش، بە زمانە جیاوازەکان نمایش کراوە.
ناوبانگ دەرکردنی چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) بوو بە هاندەر بۆ لویس کارۆل. ئەوەبوو کە دەستی کرد بە نووسینی بەرگی دووەمی لەژێر ناوی (روانین لە میانەی ئاوێنەوە) یا ( روانین لە میانەی شووشەوە). کە لە ساڵی (١٨٧١) دا ئەم کتێبەشی چاپکرد.. رۆمانێکیشی لەژیر ناوی( چەنەبازی) دا چاپکرد.
ئەلیس کێیە؟
(ئەلیس هێنری جۆرج لیدڵ) کەسێتییەکی راستییە، کچۆڵەیەکی گەنم رەنگی (١٢) ساڵان بوو، کچی عەمیدی کۆلێژی( کوست تشیریش) بوو، زۆر خۆی دەبردە پێشەوە و، خۆی لای لویس کارۆل شیرین کردبوو. (ئەلیس لیدڵ) لەو چیرۆکە کلاسیکییە بێ وێنە و بێ دیالۆگانە بێزارببوو، کە دایکی بۆی دەگێڕانەوە یا دەخوێندنەوە.. بێزاری ئەلیس، بوو بە هەوێنی بیرکردنەوە و خەیاڵی لویس کارۆل، ئەم بیرکردنەوەیەش لەو چیرۆکەدا بەرجەستەبوو، کە ئەلیسی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەندێشەیی فەلسەفی و لەژێر ناوی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا دایڕشت.. چیرۆکەکەش بەوە دەست پێدەکا:

ئەلیس خەریکی گوڵ چنین بوو، بۆ ئەوەی تاجەگوڵینەیەک دروست بکات و بیخاتە سەری، لەم کاتەدا کەروێشکێکی گەورەی چاومێخەکی، بەروانکەیەکی لە بەردابوو، کاتژمێرێکی لە گیرفان دەرهێنا و سەیری کرد و بەرەو کونەکەی رایکرد.. ئەلیس لە دیمەنی کەروێشکەکە سەرسام بوو، چونکە پێشتر کەروێشکی وای گەورە و سەیری نەبینیبوو.. یەکسەر بە دوایدا رایکرد و کەوتە ناو لانە گەورەکەی کەروێشکەکەوە.. کە هەستایەوە لە جیهانێکی خەیاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییەوە، گوڵ و ئاژەڵ و باڵدەکان لە قەوارەی ئاسایی گەورەتربوون وەک مرۆڤیش دەدوان، هەموو شتەکانیش جیاوازبوون.

ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێدەپەڕێت.. ئەوە دەردەخات کە ئەوەی لە خەیاڵدان لە راستیدانین.. ئەلیس لەم وڵاتەدا دەڕوا و دەگەڕێ و دەڕوانێت، شتی عاجباتی دەبینێت (داوەڵێک و شێرێک و پیاوێکی ئاسن) دەبینێت.. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، بۆ ئەوی یارمەتییان بدات.. شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنەکە دڵی دەویست، داوەڵەکە هۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان دەویست.
جیاوازی چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان):
لویس کارۆل ئیلهامی لە ئارەزووی ئەلیس و لە خودی منداڵانی ترەوە وەرگرت، کە لە چیرۆکی کلاسیکی ئامۆژگاری و پەند و تەلقین ئاسایی بێزاببوون چونکە تەنها جەختیان لەسەر رەوشت و گوێدێری و ڕێنمایی گەورەکان دەکردنەوە، یا لە یاسا و لە نەریتە باوە کۆمەڵەەتییەکان لانەدەن.. خواست و خەون و ئارەزووەکانی منداڵانیان بە لاوە نابوون.

سەرکێشییەکانی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) چیرۆکێکی فەلسەفی و فەنتازییە، ئەم چیرۆکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبی منداڵاندا، لویس کارۆل کودەتایەکی بەسەر ئەو رێباز و شێوازە کلاسیکییە چەقبستووانەدا کرد، کە منداڵان لێیان وەرست و بێزاربوون. لویس کارۆڵ جورە چیرۆکێکی جیاواز و دژەباوی نووسی، لە میانەی ئەلیسی بچکۆلەی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە.. ئەندێشە و شادی بەسەر بازوودا سەرکەوتن.. ئەم چیرۆکە متمانە و ئازادی و ئازایی بە منداڵان دەبەخشێت، کە خۆیان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان، پێویستە خۆیان چارەسەر و رێگەی سەرکەوتنیان بدۆزنەوە.
ئەلیس منداڵێکی ئاساییە و هیچ توانایەی بەدەری نییە.. بەڵام لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە پێبەندبێت بە یاسای کەسانی تر، بە تایبەتیش گەورەکان، یا ئەوانەی لەو زەبەلاحتر و بە دەسەڵاترن.
لویس کارۆل لە ڕێی ئەم شاکارە ئەدەبییە جیهانییەی بۆ منداڵان، ناوبانگی دەرکرد.
ئەمساڵ (١٥١) ساڵ بەسەر چاپکردنی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان )دا تێپەڕی، بەڵام تا ئەمڕۆش، چێژ و خۆشیی ئەم چیرۆکە کاڵ نەبۆتەوە، منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن یا دەیخوێننەوە، یا بە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و شانۆ دەیبینن.

لویس کارۆل، پێش جەژنی (شەست و شەش) ساڵەی لە دایکبوونی، تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزایەکی قورس دەبێت، سییەکانی دەگرێتە و بریندار دەبن.. هەر بەم نەخۆشییە لە
(٤/ یونایەر/ ١٨٩٨) دا کۆچی دوایی کرد.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٦




خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە … ھەژێن

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

ھەژێن*
٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

——————————————-
[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




ڕاستی … به‌ختیار محه‌مه‌د

باجی گوتنی ((ڕاستی)) یه‌كجار قورسه‌: چ له‌ لایه‌نی سیاسی، چ له‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش. هه‌ر كه‌ ڕاستیت گوت، دنیا و بنیا لێت ده‌تۆرێ: له‌ ڕووی سیاسییه‌وه،‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نادیموكراسی) ده‌بێته‌ دوژمنت؛ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دووڕووی پارێزگاری وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، نزیكترین كه‌ست (ئه‌ندامانی خێزان، خزم و كه‌س و كار، هاوڕێكانت… تاد.) لێت ده‌تۆرێ، تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی دوژمنایه‌تی و پێوه‌ندی پچڕان.
دیاره‌ ڕاستی و ڕه‌خنه‌ دوو ڕووی دراوێكن. واته‌، كه‌ تۆ ڕه‌خنه‌ ده‌گری، ڕاستی ده‌ڵێی؛ ده‌شێ، كه‌ ڕاستیش ده‌ڵێی، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ت گرتووه‌. لێره‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ و ڕاستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌‌كانی ئێمه‌دا، چ له‌ ئاستی سیاسی و چ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، دوو به‌های په‌سه‌ندكراو نین.
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گر و ڕاستی دۆستن، هه‌میشه‌ له‌ ژیانی سیاسی و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی خۆیاندا، باجی قورس ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ قوربانی: قوربانی سته‌م و نه‌زانی…
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا (ته‌نانه‌ت هه‌تا چه‌ند حه‌فته‌یه‌كیش له‌مه‌وپێش) له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تیرۆركران، ته‌نها له‌سه‌ر ڕاستی و ڕه‌خنه‌ تیرۆركراون. له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ئه‌وانه‌ی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بن و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌ون. به‌ نموونه‌، ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك (له‌ زۆربه‌ی خێزانه‌كانی ئێمه‌دا) داوای مافی میراتی یه‌كسان بكا وه‌ك براكه‌ی، ئه‌وه‌ دژایه‌تی ده‌كرێ و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێ؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار نیوه‌ به‌شه‌كه‌شی نادرێتێ؛ له‌سه‌ر ئه‌م نیوه‌ به‌شه‌شی، ئه‌گه‌ر به‌جواب بێ، ئه‌وه‌ جۆرێك به‌ر نه‌فره‌تی داب و نه‌ریت و عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێ.
لێره‌وه‌ ((ڕاستی)) تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافدا.




قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا … گۆران ڕه‌ئوف

(قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا) ناونيشانى كۆمه‌ڵه‌ چيرۆكێكه‌، نووسه‌ره‌كه‌ى گۆران ڕه‌ئوف ه‌.. يه‌كه‌مين ئه‌زموونى نووسه‌ره‌ وه‌ك چيرۆك، ئه‌م كتێبه‌ سيانزه‌ چيرۆك له‌ خۆده‌گرێت و له‌ دووتووێى 117 لاپه‌ڕه‌دايه‌، ته‌واوى چيرۆكه‌كان له‌ ساڵى 2005 تا ساڵى 2016 نووسراون، له‌لايه‌ن چاپخانه‌ى سه‌رده‌مه‌وه‌ چاپكراوه‌، ديزاينى به‌رگ: جه‌مال جه‌لال، ديزانى ناوه‌وه‌: ره‌وشت محه‌مه‌د.




ساده‌ گوتاری … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ندێك شاعیر و ئه‌دیب هه‌ن (كه‌ پێده‌چێ به‌دحاڵی بوونیان هه‌بێ له‌ مانای بوونی ئه‌ده‌ب) هه‌موو شتێكی (زانیارییه‌كی) ده‌ره‌وه‌ی گوتاری موجه‌ڕڕه‌دی شیعریی (شیعری موجه‌ڕڕه‌دی ساده‌، یان ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن شیعری بێگه‌رد) به‌ دۆگما و ئایدیۆلۆژیا و دروشم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن؛ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واویی – له‌ سیاقی خۆیدا – له‌ مانا و ده‌لاله‌تی ئه‌م چه‌مكانه‌ تێبگه‌ن.

شیعر و ئه‌ده‌ب لای ئه‌م جۆره‌ شاعیر و ئه‌دیبانه‌ كائینێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی عه‌جایبه‌: نه‌ فۆرمی هه‌یه‌، نه‌ ڕۆحی هه‌یه‌؛ هیچ كارێكی (په‌یامێكی) شی نییه‌، ته‌نیا له‌ دایك ده‌بێ. بۆ له‌ دایك ده‌بێ؟ ئه‌مه‌یان كه‌س نایزانێ! ئه‌وان هه‌ندێك جار ده‌ڵێن بۆ ئیستاتیكا له‌ دایك ده‌بێ؛ به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌وان به‌ ته‌واویی له‌ مانای ئیستاتیكاش تێناگه‌ن و زۆربه‌ی جار ده‌قه‌كانی خۆشیان به‌های جوانییان تێدا نییه‌… ئه‌ی كه‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین، ئه‌گه‌ر كرده‌ی نووسین – هه‌ر جۆره‌ نووسینێك بێ – بچووكترین په‌یامی ئه‌خلاقی و مرۆیی و ئیبداعی تێدا نه‌بێ؟

ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ئه‌م جۆره‌ شاعیر و نووسه‌رانه‌ باسی ده‌كه‌ن (به‌ ناوی مه‌سه‌ل ئه‌علای ئیستاتیكاوه‌) زۆربه‌ی جار جه‌سته‌یه‌كی زمانه‌وانی ڕووت و قووته‌: ئه‌و زمانه‌ی ئه‌وان پێی ده‌نووسن، نه‌ زمانی ئه‌ده‌بی واقیعییه‌، نه‌ زمانی تازه‌گه‌ریی و نه‌ زمانی پاش تازه‌گه‌رییشه‌؛ به‌ڵكو زمانێكه‌ (له‌ ئه‌نجامی به‌دحاڵیبووندا) له‌ زۆنگاوی بێ ناسنامه‌یی خۆیدا مه‌له‌ ده‌كا؛ ئه‌و بێ ناسنامه‌ییه‌ی، كه‌ به‌رهه‌می به‌دحاڵی بوون و كه‌م زانییه‌ له وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب و شیعر و له‌ وه‌زیفه‌ی كرده‌ی نووسیندا به‌ گشتی. پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ش لێره‌‌ ئه‌وه‌یه‌: شاعیر بۆ ده‌نووسێ و ئه‌دیب بۆ ده‌نووسێ؟ ئه‌دی له‌ چ ئاستێك و به‌ چ گوتارێك ده‌نووسن؟ ئایا گوتارێكی نامه‌عریفی و نامێژوویی ساده‌یه‌؟ یان گوتارێكه‌ سه‌رتاپاگیره؟ گوتارێكه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو بونیاده‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌با؛ ئا له‌وێشدا بیر له‌ كاری باش و بیر له‌ داهێنان ده‌كاته‌وه‌…‌




پارتی لەمەزیاتر تەنگاو مەکەن … هیوا خۆشناو

تێرۆرکردنەکانی ئەو دواییەی ناوچەی زەرد “ڕۆژنامەوان شوکری و گوتاربێژ هۆشیار” لە لایەک، چالاکیەکانی ENSK دژ بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاواشەڕی ڕاگەیاندنی “گوایە سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان” لە لایەکی دیکە، بەس بو بۆ ئەوەی بۆنی باڕوتی شەڕێکی دیکەی ناوخۆ بەری لوتمان داگیربکات کەچی ئێستا بڕیارەکەی پارلمانی بەغداشی هاتە سەر کە یەکێتی، گۆڕان، بەشێک لە یەکگرتو و کۆمەڵ ئەرێیان کرد بۆ ئەوەی مانگانە حکومەتی هەرێم٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لەڕێگای سۆمۆوە بفرۆشێت، حکومەتی عێراقیش پارەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

وەک پێشتر زۆرجار باسکراوە، چەقی کێشەکە بێ ئەملاو ئەولا لەلای پارتیە و ئەو پارتە سەرچاوەی کێشەکانە. یەکێک لەو کێشانەی کە پارتی پێی هەزم ناکرێ ئەوەیە کە نایهەوێ دیمەنی بچوکی خۆی ببینێت و خۆی گەورە نیشان ئەدات. ئەگەر دهۆکی لێ دەرخەی، پارتی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لە هیچ پارێزگایەکی کوردستاندا زۆرینە پێکناهێنێ. پارتی ئێستا شەنگال و ئێزیدیەکانی لەژێردەستدا دەرهێنراوە کە پێشتر مۆنۆپۆڵی کردبو و بەتەنیا ژمارەیەک پارلمانتاری لەوێوە دەناردنە بەغدا. ئەو ناچەیە ئێستا لەژێر دەستی PKK دایەو، ئەو لایەنە زۆربەی زۆری ئێزیدیە توڕەکانی لە ئاستی سەربازی، سیاسی و ئیداریدا ڕێکخستوە. ئەگەرچی هەواڵەکان زیاتر سەرنجمان دەدەنە سەر ناکۆکی نێوان PDK و PKK لە ڕۆژئاوا، بەڵام بە بڕوای من چەقی ناکۆکیەکە لە شەنگالە. ڕۆژئاوا بۆ تورکیا گرینگە و تورکیا خاڵی لاوازی پارتی و حەساسیەتی ئەو لایەنە بۆ شەنگال ئەزانێت و لە ڕۆژئاوا بۆ مەبەستەکانی بەکاری دێنێ، ئەگەرنا ئێستا پارتی بۆی دەرکەوتوە کە بە ٣ هەزار چەکدرای موچەخۆری ڕۆژئاوا و مێدیا پێترۆڵیەکانی ناتوانێ، جێ بە PYD لەق بکات.
پارتی لە بادینان، ڕۆژئاوا و شەنگال لەلایەن PKK ەوە تەنگاو کراوە. لە ئاستی عێراقدا پارتی بە دەرکردنی هۆشیارزێباری و ئەو بڕیارەی بودجەی پارلمان کە تایبەتە بە نەوت و ووزە لە ژێردەستی پارتی دەردێنێ، تەڵاق دراوە. پارتی ویستی لە ڕێگای زەقکردنەوەی ناوەندی بڕیار زەبرێک لە هاوپەیمانی گۆڕان – یەکێتی بدات، بەڵام گۆڕان و یەکێتی لە پارلمانی عێراق بەو شێوەیە وەڵامیان دایەوە. ئیتر پارتی چی ماوە بیکات؟؟؟
ڕاستیەکی تاڵ هەیە ئەبێ بیڵێین ئەویش: هەمومان پاشخانی پارتی ئەزانین. ئەو ڕێکخراوە ئامادە نیە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و نایهەوێ ئاستی ڕاستەقینەی خۆی ببینێ. تورکیای ئەردۆغان کە هەمان کێشەی پارتی هەیە و نەک بەتەنیا لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لە ڕوانگەکانی، ئێدۆلۆژی “کۆنسەرڤاتیڤ” سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەوە زۆر لێی نزیکە و تورکیا بەرەو سەرەمەرگ ئەبات، لە کەمینێک دایە و چاوەڕێ ئەکات ئەوڕۆ و سبەی بارزانی بکەوێتە ناو ئەو داوەی کە بۆی داناوەتەوە ئەویش بێگومان شەڕی ناوخۆییە لە ڕۆژئاوا و بادینان کە لە دواییدا سوپای تورکیاش بەشداری تێدا دەکات.

ڕاستینەی دووەم: سەرجەم هێزەکانی ڕکەبەر یان بەرانبەرەکانی پارتی جگە لە چەند مناوەڕەو گەمەیەکی سیاسی، پڕۆژەیەکی تریان نیە بۆ ئەوەی ئەگەر هاتو پارتی سوربو لەسەر کەلەڕەقیەکانی خۆی، جگە لە “یان دەستەوەستان و تەسلیمی سیاسی لە ژێرناوی سازان یانیش شەڕ” ئەلتەرناتیڤێکی دیکە بدۆزنەوە. باشووری کوردستان پێویستی بە شۆڕشێکە دژ بە سیستێمی کوردایەتی سیاسی کە لە لایەن مەلا مستەفای بارزانی و کوڕەکانیەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و ئۆپۆزیسیۆن و دوژمنەکانیشیان بەتەواوی لەو کولتورە ڕزگاریان نەبوە. ئێستا حاڵی حازر ئەو شۆڕشگێڕیە نە لەلای حیزبە سیاسیەکانی ڕکەبەری پارتی و نە لەلایەن خەڵکەوە لە غیاب غیابترە، بۆیە باشترە بیر لە چارەسەریەکی دیکە بکەنەوە و لە ڕۆژێکی وا سەختدا کە تورکیا لەسەر پەلاپیتکەیە بۆ هاتنە ناوەوەی خاکی باشوور و چاوەڕێی دوابڕیاری پارتیە، هەموویان بەیەک جار و لەیەک بەرەوە تەنگاوی نەکەن.
بێگومان تۆپەکە جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ساحەی پارتی و یەکێتی. ئایا پارتی چ یاریەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی دەستپێدەکات بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ، ئەو بڕیارەی پارلمانی عێراق نەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، نەفەسێکی کورت هەڵکێشێ و نەوتەکەی لەژێر پێ دەرنەهێنن؟ ئایا هەڵوێستی یەکێتی تا چەند جدی دەبێ و تا چەند دەچێتە ژێر باری پارتی؟
پێمان خۆشبێ یان ناخۆش، دوای ڕزگارکردنی موسڵ و نەمانی داعش لە عێراقدا، ناکۆکیە شاراوەکان لە نێوان هێزە عێراقیەکان خۆیان و هێزە کوردیەکان خۆیان، زیاتر دەتەقنەوە. لەو ڕەوشەدا بۆ ئەوەی پارتی لەو ئەزمەیە ڕزگار بکرێ لە لایەک، شۆڕشی ڕۆژئاوا نەفەسێک بکێشێ لە لایەکی دیکە و ڕێگا لە دەستێوەردانی تورکیا بگیرێ، باشترە دەستپێشخەریەکی نوێ پێشبخرێ بەڵام جیاواز لە کۆبونەوە بێ ئەنجامەکانی لایەنەکان کە پیاوەکانی پلە ٦ و ٧ تێیدا بەشدار دەبن و کات بەفیڕۆ دەدەن و دوایی بەبێ ئەنجام دەردەکەونە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان. من ئەو پێشنیارانەی خوارەوە بە گونجاو دەزانم بۆ ئەو قۆناغە ناسکە:

– کێشەکانی شەنگال:
PKK قوربانیەکی زۆری داوە بۆ شەنگال و ڕۆڵی ئەو بۆ ڕزگارکردنی دەیان هەزار ئێزیدی و دوایی ڕزگارکردنی شەنگال هەرگیز لەبیر ناکرێ، بەڵام لە ئێستادا هێزێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان یان ڕاستەوخۆ لە ژێر سێبەری ئەواندا لەوێ، لەوانەیە لە لایەن تورکیاوە خراپ بەکار بهێندرێ و مانەوەی ئەو هێزە لەوێ، جگە لە تورکیا پارتی ناڕحەت ئەکات و ئەیخاتە ناو داوی ئەنکەرە. بۆیە لە ڕێگای دیالۆگ ئەکرێ لایەنەکان بە نێوبژیوانی لایەنی سێیەم کە ئەکرێ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی باشوور و ئێزیدیەکان خۆیان بن، پڕۆتۆکۆلێک ئیمزا بکەن، تاکو دوای نەمانی داعش لەناوچەکە هیچ هێزێکی سەربازی “هێزەکانی PKK و پێشمەرگەکانی PDK” لەوێ نەمێنن. ئەکرێ لە ڕێگای ڕێفراندۆمێکەوە دەرفەت بە ئێزیدیەکان بدرێ، خۆیان ئیدارەیەکی هەرێمی سازبکەن و چارەنوسی خۆیان بۆ داهاتو دیاری بکەن.
– کێشەی سەرۆکی هەرێم:
ئەو یەکە کێشەی بنچینەیی و گرێکوێرەی نێوان لایەنەکانە. سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی لەو دواییانەدا پەیامێکی ڕاگەیاند کە ئەو ئامادەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشەی سەرۆکی هەرێم چارەسەر بکات. ئەکرێ لایەنەکان لەسەر ئەو پەیامە کار بکەن و داوا لە بارزانی بکەن زیاتر نیازەکانی ڕوون بکاتەوە، دەکرێ بۆ ئەو مەبەستە دیالۆگ و کۆبونەوەکانی پارلمان بە بەشداری سەرۆکی پارلمان دەستپێبکەنەوە بەبێ ئەوەی لایەنەکان پەنا بۆ ئیستیفزازکردن ببەن.
– کێشەکانی ڕۆژئاوا:
دوای شەنگال کێشەیەکی هەرە گەورە لەنێوان PKK و PDK لەسەر ئەو بەشەی کوردستانە. چەند ساڵێک لەسەر ئەو کێشەیە و چەند کێشەیەکی تەکنیکی دیکە کۆنگرەی نەتەوەیی بێ ئەنجام بو. بەکورتی ئەگەر ENSK بە زەقی لە سێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی تورکیا سیاسەت نەکات، هیچ بیانویەک بۆ ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێ ڕێگا لە کارەکانیان بگرێ و خەڵکیش ئەو یەکەیان لێ قەبوڵ ناکات. باشتر وایە ENSK واز لە گوتاری ڕەدکردنەوەی ئیدارەی ڕۆژئاوا بێنێت، واقیعەکە قەبوڵ بکات و وەک ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە شۆڕشدا بکات و ئەو یەکە بە یاسایی بکرێ.
– کێشەی نەوت و ئابووری:
نەخشەی نەوتی حکومەتی نێچیرڤان بارزانی گەورەترین کێشەی ئابووری و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردوە کە وابزانم زۆربەی زۆری پارتیەکانیش دانی پێدا ئەنێن. پارتی ئەبێ واز لە سیاسەتی نەوتی ئێستای بهێنێت. ئەو دەستپێشخەریەی پارلمانی عێراق کارێکی واقعیە و جگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیە. کورد لە جیاتی ئەوەی نەوت بکاتە کێشەیەک، دەبێ کاربکات بۆ دیموکراتیزەکردنی سیاسەتی نەوت لە تەواوی عێراقدا بۆ هەموو پێکهاتەکان.
بێگومان ئەو دەستپێشخەریە یان ئەو پڕۆژەیە نابێ یەکەم جار لە لایەن پیاوەکانی دەستی ٦ و ٧ گفتوگۆ بکرێ، بەڵکو دەبێ کەسانی هەری سەرەوە و بڕیاربەدەست لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەن. ئەگەر ئەو یەکە لەو ماوە کورتەدا ئەنجام نەدرێ، ئەوا دەبێ چاوەڕێی شەڕیکی دیکەی بەوەکالەت بکەین بۆ هێزە هەرێمیەکان کە لە ئەنجامدا، دەرفەتێکی سەد ساڵەمان لەدەست ئەچێ، بەڵام ئەوجارە لە سەر ئاستی تەواوی کوردستاندا.

————————————
http://www.turkiyegazetesi.com.tr/dunya/422919.aspx

https://rsf.org/en/news/syrian-conflict-leads-pdk-reprisals-against-pro-pkk-media

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0312201620?keyword=%D8%A6%D8%A7%DA%B5%D8%A7%DB%8C%20%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/051220168?keyword=PKK

http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/News/?Id=65733#Title=%0A%09%09%09%09%09%09%09%09مۆڵەتی ئەوە نادەین شەنگال ببێتە پێگەی PKK%0A%09%09%09%09%09%09%09

http://www.asteranews.net/babat/2254

http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=55176




گۆڕانی فۆڕم و وەرگێڕانی مرۆڤ خۆی … سۆران ئازاد

دیدی (کاڕل مارکس) بۆ ئامانجی ژیانی مرۆڤ و وەرگێڕانی ئەو ناوەڕۆکە هەر بە تەنیا لە پێناو مانەوە لە ژیاندا

(ئەم پارچە نووسینە بەشێکە لە پڕۆژەی کتێبێک لەژێر ناونیشانی “هێزی گۆڕینی ژیان”، کە لە ئێستادا کاری تێدا دەکەم).

چەمکی وەرگێڕان (Transformation)، (کە لە هەندێک کۆنتێکستدا وشەی گواستنەوەی و گۆڕان-یشی بۆ بە کار دەهێنم) لە ئاڕاستەکردنی هۆشیاریمان بۆ تێگەیشتن لە بونیاد و داهێنانی مرۆڤ ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. سەرەتا پێویست دەکات بزانین وەرگێڕان چییە و لە چ ئاستێکدا مامەڵە لەگەڵ بوونماندا دەکات. وەرگێڕان کرداری گۆڕینە. ئەو کردارە لە ئاستی و ئاڕاستەی جیاوازدا کار دەکات. ئێمە دەکرێت فۆڕمی شتێک بۆ شتێکی تر وەربگێڕین. وەکو ئەوەی مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵی وەرگێڕان و دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی سرووشتە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆیی پێ پڕ بکاتەوە. ئێمە دەتوانین لە دارێکدا کورسی، مێز، لاپەڕە و دەیان شتی جیاوازتر دروست بکەین. ئەو کردارە وەرگێران و دەستکاریکردنی ڕەسەنیەتی فۆڕمێکە بۆ شێوە و فۆڕمی جیاوازتر لە خۆی. پاش ئەوەی فۆڕمە ڕەسەنەکەی وەرگێڕدرا و دەستکاری کرا، هەرگیز و هیچ کاتێک ناتواندرێت بۆ فۆڕمەکەی پێشوو، کە شێوە ڕەسەنەکەیەتی، بگەڕێندرێتەوە. دارێک، کە کرا بە کورسی، ناتواندرێت بکرێتەوە بەو دارەی، کە پێش کران بە کورسی هەبوو.

بەڵام ئایا ئەو وەرگێڕانە تەنیا فۆڕم و کەرەستە سرووشتییەکان لە خۆی دەگرێت، یان مرۆڤیش دەتواندرێت وەربگێڕدرێت و هەرگیز نەبێتەوە بەوەی، کە پێشتر هەبووە؟ ئایا بە دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی دەرەوە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لەوە بپارێزێت، کە ڕەسەنیەتیەکەی لە دەست نەدات و خۆیشی بە هەمان شێوە بمێنێتەوە؟
بۆ دروستکردنی پردێک، کە نزیکمان بکاتەوە لە تێگەیشتن لەو پرسیارە، پەنا بۆ (کاڕل مارکس) دەبەین. ئەو لە پارچە نووسینی (ئایدۆلۆجیای ئەڵمانی)، کە لەگەڵ (فریدریک ئەنگڵس) نووسیویەتی، ئاماژە بە ئامانجی ژیان، کە دروستکردنی مێژووە دەدات و لە هەمان کاتدا، چی وامان لێ دەکات ئەو ئامانجە گۆڕان و لادان بە خۆیەوە ببینێت، دەخاتە بەر باس. هەر وەک لە بەشی (ڕەخنەیەک لە ئادیۆلۆجیای ئەڵمانی) دەنووسێت:

“… یەکەم مەرجی هەموو بوونی مرۆڤ و کۆتا مەرجی هەموو مێژوو ئەوەیە، کە {مرۆڤ} دەبێت لە ئاستێکدا و شێوە ژیانێکی گونجاودا بژێیت بۆ ئەوەی بتوانێت مێژوو دروست بکات. بەڵام بەر لە هەر شتێکی تر ژیان دەکەوێتە پێش هەموو شتێکەوە، خوارد، خواردنەوە، شوێنی حەوانەوە، جلوبەرگ زۆر شتی تر. یەکەم کرداری مێژوویی بەرهەمهێنانی شتومەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، بەرهەمهێنانی ژیانی ماتڕیاڵ خۆی. لە ڕاستیشدا، ئەوە کردارێکی مێژووییە و بنچینەی هەموو دۆخێکی تری مێژووە، کە ئەمڕۆ وەکو هەزاران ساڵی تر دەبێت ڕۆژانە و کاتژمێر لە دوای کاتژمێر پڕ بکرێنەوە بە تەنیا لەبەر بەردەوامیدان بە ژیانی مرۆڤ.” ل. 7

(مارکس) دروستکردنی مێژوو ناخاتە پێش پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان خۆی، چونکە بەر لەوەی ئێمە ڕۆڵی مێژوویمان هەبێت، لە بەردەم بەربەستە فیزیکییەکان داین. ئێمە لە ڕووی جەستەییەوە پێویستیمان بە بەرهەمهێنانی شتومەکە هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین بژین. ئەو خاڵە لای (مارکس) جێگەی ڕەتدانەوەیەکی گەورە نییە و نکۆڵیش لە گرنگیی پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە ناکات. ئەوەی کێشەی مێژوویی دروست دەکات ئەوەیە، کە بە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە بەربەستەکانی بەردەم دروستکردنی مێژوو کۆتاییان نایەن، چونکە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە مرۆڤ دەخاتە بەردەم هاوکێشەی ترەوە، ئەوانیش بەرهەمهێنانی پێداویستیی نوێن. کاتێک ئێمە پێویستیمان بە شتومەکێکە، بە پڕکردنەوە و تێربوون لەو شتومەکە، ویست و پێداویستیی شتومەکەی ترمان بۆ دروست دەبێت. بەرهەمهێنانی ئەو شتومەکە نوێیانە دەبن بە یەکەم کرداری مێژوویی.
ئەوەی (مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەیە، کە یەکەم کرداری مێژوویی (historical act) دروستکردنی مێژوو خۆی نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانە لە پێناو بەردەوامیدان بە ژیان. ئەوە پارادۆکسێکی گەورەی ناو ژیانە، چونکە لە لایەک ئێمە ژیانمان بۆ ئەوەیە مێژوو دروست بکەین، لە لایەکی ترەوە ئامانجی دروستکردنی یەکەم کرداری مێژویی، لە دیدی (کاڕل مارکس)، دەبێتەوە بە بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان.

یەکەم دۆخ، کە ڕووبەڕووی دەبینەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانن، دووەم دۆخ، کە هەم دۆخ (circumstance) و هەم یەکەم کرداری مێژووییە، بەرهەمهێنانی شتومەکە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە. سێیەم دۆخ، کە لە هەمان پارچە نووسین (کاڕڵ مارکس) ئاماژەی پێی داوە ئەوەیە، کە لە هەمان ئەو کاتەی مرۆڤ خەریکی بەرهەمهێنان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیەتی، وەچە دەخاتەوە و مرۆڤی تر دروست دەکات بۆ بەردەوامیدان بە وەچە و جۆری خۆی. لێرەوەیە خێزان دەبێت بە یەکەم پێباندیی کۆمەڵایەتی. زیاتربوونی پێداویستییەکان پێداویستیی نوێ لەوانە زۆربوونی دانیشتوان زیاد دەکات. بۆیە لە دیدی (مارکس) ئەوە دۆخێکی کۆمەڵایەتییە.

(خستنەوەی ژیان – production of life) لای ئەو چ لە ڕووی کار و چ لە ڕووی خستنەوە، پێوەندییەکی دوانەیی دروست دەکەن، کە لە لایەکەوە سرووشتییەوە و لە لاکەی تریانەوە کۆمەڵایەتییە. هەر ئەو بەشە کۆمەڵایەتییەیە وا دەکات پێوەندیی لە نێوان تاکەکاندا دروست بێت و پێوەندییەکانیش پاڵنەری زیادکردن (productive force) بڕیاری لەسەر دەدات و ئاڕاستەی دەکات. بۆیە مێژوو لای (مارکس) هەمیشە دەبێت لە چوارچێوەی پیشەسازی یان پیشە و گۆڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بخوێندرێتەوە.
بە خستنەڕووی دیدی (مارکس) بۆ ئامانجی ژیان بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودی ئامانجی ژیان و مێژوو وەرگێڕدراو یان گوستراونەتەوە. ئەو وەرگێڕانەی ژیان لە دروستکردنی مێژوو بۆ بەکارهێنانی مێژوو هەر بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، وەرگێڕانی ناوەڕۆکی مرۆڤ خۆیەتی. لەو کاتەی، کە پێویستە ئێمە دەست بە ژیان بکەین، ئێمە دەست بە ژیان ناکەین، چونکە ئەوەی دەمانەوێت دەستی پێ بکەین، لە خۆیدا ناتەواوە. مرۆڤ ژیانێکی پڕی نییە، چونکە بەردەوام پێویستی بە تەرخانکردنی ژیانە بۆ پڕکردنەوەی ژیان خۆی. لێرەوەیە مرۆڤ ناوەڕۆکەکەی وەردەگێڕێت. ئەو پرۆسێسی وەرگێڕانە پێمان دەڵێت، کە لە بنچینەدا مرۆڤ وەردەگێڕدرێت و ناوەڕۆکی بۆ ئامانج و ویستی تر دەگوازرێتەوە.

ئەوە چەندە لەو ڕۆڵە مێژووییە دامان دەبڕێت، هێندەش پێمان دەڵێت، کە ئێمە دەتوانین بۆ فۆڕم و ئامانج و ناوەڕۆکی تر بگۆڕێین و خۆمان بگوازینەوە.
ئەو گۆڕانە ناوەکییە دەبێت بە پێناسمان و بڕیار لەسەر کەسایەتیمان دەدات. ئێمە کاتێک پێویستیمان بە کەسایەتییە، کە لە ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانە داین و لەگەڵ ئەو کێشە بنچینەیانە مامەڵە دەکەین، بە تەنیا کەسایەتی لە یەکتر جیامان دەکاتەوە.
خاڵێکی تر، کە لەو تێگەیشتنەی (مارکس) بۆمان دەردەکەوێت گۆڕانی مرۆڤە لەو کاتەی هەوڵی گۆڕینی فۆڕمە سرووشتییەکان دەدات. کاتێک مرۆڤ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان دەستکاری شێوە و ناوەڕۆکی یەکە سرووشتییە ڕەسەنەکان، لەوانە کەرەستەی خاو (raw material)، دەکات، هەر بە تەنیا بە دەستکاریکردنی سرووشت ڕزگاری نابێت، بەڵکو بەو دەستکاریکردن و گۆڕینەی سرووشت، سرووشت و خودی خۆیشی دەگۆڕێت و شێوە و ناوەڕۆکی دەگوازرێتەوە بۆ ناوەڕۆک و ئاستی تر، کە ئامانجی ئەو گۆڕانە لەبەر ئەوەیە بە کۆمەڵێک بەربەست بەستراوینەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بژین.
(مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەی دەیکەین هەر ئەوە نییە، کە دەیکەین، بەڵکو دەرئەنجامەکانی ئەو کردنە گۆڕانی گەورە لە ئێمەدا دروست دەکە. ئەو گۆڕانە ناوەکیەش (inner transformation) ناوەڕۆکی مێژوو و بوونی مرۆڤ بەرەو ئاڕاستەی نادیار دەبەن.

—————————–
بڕوانە ئەم سەرچاوەیە

Mrax, Karl. The Germany Ideology’, part of the ‘A Critique of The German Ideology’ Book / Written: Fall 1845 to mid-1846. First. Published: 1932 (in full). Source: Progress Publishers, 1968

https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/Marx_The_German_Ideology.pdf




دیكامیرۆن؛ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر نهێنییەكان … حەسەن مستەفا

زەحمەتە میللەتێكی خاوەن زمانی زیندوومابێت بە چیرۆكەكانی نووسەری بە ناوبانگی ئیتاڵیا ( جیۆڤانی پۆكاشیۆ) لە ڕێی دیكامیرۆنەوە ئاشنانەبووبێ‌. دیكامیرۆن: واتە دەڕۆژ( دیكا واتە دە، میهرۆ واتە رۆژ) كە تیایدا سەد چیرۆك لەلایەن حەوت كچ ‌و سێ‌ كوڕەوە كە تەمەنیان لە نێوان ( 18- 25 ) ساڵدایە دەگێڕدرێنەوە. هۆكاری بەیەكگەیشتنی ئەم دەكەسەش لە كەنیسەی (نوێی سانتیا ماریا ) بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوروپای ئەوكات واتە ساڵی 1348 دووچاری پەتای تاعون دەبێت ‌وئەم پەتایە چارەگێكی دانیشتوانی كیشوەری ئەوروپای راماڵی. لە تەخمینێكدا دەڵێت: 25 ملیۆن كەس لە كیشوەری ئەوروپا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان سپاردووە. بۆیە ئەوانە لەترسی مەرگ روو لە كەنیسە دەكەن ، كە لەوێ‌ هەواكە پاكترە ‌و یەكتری دەگرنەوە ‌و بەپێی رێككەوتنێك بۆ دەڕۆژ روو لە قەسرێكی گەورەی گوندێكی نزیك شاری فلۆرەنسا دەكەن ‌و لەوێ‌ دەمێننەوە تا ئەوڕۆژانە دوور لە مۆتەكەی مەرگ بەخۆشی ‌و بەگێڕانەوەی چیرۆك بەڕێبكەن.
دروستكردنی دەروازەیەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە ئەوكاتە لەوێ‌ باوبوون یان ئەگەر روویاندابێت ‌و دەربڕینیان بەشێوەی چیرۆكی كورت لەلایەن نووسەر كە بەوپەڕی شارەزایی لە هونەری گێڕانەوە ‌و زمانی پەخشان نووسین ‌و خەیاڵی بەرفراوان ‌و نزیكبوونەوە لە واقیع ‌و گرتنی وێنەی گرنگی رووداوەكان كە سەردەمێك وێنادەكەن ‌و كۆكردنەوەیان لەچیرۆكێكدا ‌و بەو پەڕی بوێرییەوە دەریبڕیون ‌و تێكڕای چیرۆكەكان لەڕووی ناوەرۆكەوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە رۆژێكەوە لەیەكتر نزیكن چ لەڕووی فۆڕمەوە چ لە ناوەرۆكدا كە تیایاندا ئاماژە بۆ خۆشەویستی ‌و عەشق ‌و رۆحی بەرز ‌و فڕوفێل‌و گوناه ‌و سزا ‌و خیانەتی هاوسەری ‌و ئیرەیی ‌و تاوان ‌و جوامێری ‌و ئارامگرتن ‌و زیرەكی ‌و ئاگاهی ‌و ئازارچێشتن‌و كۆتایی دڵخۆشكەر ‌ودووڕوویی پیاوە ئایینییەكان ….دەردەكەوێ‌. ئەوەی گرنگە لە چیرۆكەكاندا لە سەرەتادا باسی شوێنێكت بۆ دەكات كە چیرۆكەكەی تێدا روویداوە، واتە كەم چیرۆك هەیە ئاماژەی بۆ شوێنێك .. ماڵێك.. كەنیسەیەك نەكردبێ‌ لەگەڵ بەكارهێنانی ناوی رەمزی ‌و واقیعی كەسەكان ئەگەر پێویستی كردبێ‌ . بە تایبەت نووسەر ناوی هەندێك لە نیگاركێشی ئەو سەردەمەی هێناوە ‌و تەواوی چیرۆكەكانیش بێناونیشانن.
خاڵێكی تری گرنگ لە چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ پیشاندانی رووی نادیاری ئەو كەسانەیە كە كۆمەڵگا زۆرجار وەك فریشتە لێیان دەڕوانێ‌. بەڵام لە واقیعدا بەجۆرێكی تروەك لەوەی كە هەن بەدیاردەكەون. بەتایبەت ئەو هاتۆتە سەر گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەی كە لە ئاینی ئەواندا هەندێك دیاردە هەیە حەڕامكراوە، بەڵام پەنجە خستنەسەر دیاردەكان ‌ودەستنیشانكردنی بكەرەكان كە زۆربەی پیاوانی ئاینین ‌و گێڕانەوەی لەتوێی چیرۆكەكاندا بەشێكی بۆئەوەیە بڵێت ئەوانیش وەك هەر یەكێكمان مرۆڤن ‌و پێویستیان بە ژیان ‌و رابواردن ‌و دەربڕینی غەریزەی سێكسی هەیە ، لەدیوەكەی تریش ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش قابیلی هەڵەكردنن بۆیە نابێت بە پیرۆز لێیان بڕوانرێ‌. دەربڕینی چیرۆكەكان بەمشێوازە خۆی لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیەدا یەكیگرتەوە كە هاتە سەر وادەی تەمەنی لاوێتی پۆكاشیۆ، واتە ئەوكاتەی هزر وەرچەرخانێكی مەزنی بەخۆیەوەدی بەوەی كەوتە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتە رەهاكانی كەنیسە، كە ئەوكات هەردوو دەسەڵاتە زەمینی ‌و ئاسمانییەكەی لەدەستدابوو، بەڵام بەهۆی كارئاسانییەكانی ئیمپراتۆر فریدریك ‌و گومان ‌و پرسیاری سۆفیستاییەكان ‌و پێشكەوتنی بازرگانی لەڕێی بانقەكان ‌و پێشكەوتنی زانستی پزیشكی‌و دەرچوونی ئەدەب لە قالبی ستایشی ئایینی بۆ ئەدەبێكی كراوە ‌و دەرچوون لە زمانی نووسینی باو كە ئەو زمانە پبرۆزەبوو كتێبی پیرۆزی پێنووسراوەتەوە. هەروەها تەشەنەسەندنی هونەری پەیكەرتاشی ‌و ئەناتۆمی ‌و زانستی میعماری . ئەمانە ‌و دەیان هۆكاری تر كە چینی بۆرژوای تازە لەگەڵ دەركەوتنیدا هێنانیە ئارا. لەلاكەی تریشەوە زەمینەی پۆكاشیۆ بۆ كاری ئەدەبی زۆر لەبارتربووە لە زەمینەكانی تری ئەزموونكراودا. بۆیە ئەدەبێك هاتە نووسین كە زۆرجیاوازتر لە چاخەكانی پێش خۆی .
لە چیرۆكەكاندا لایەنی هیومانیستی ‌و رۆحی بەرز زۆر بەرچاودەكەوێت، ئەگەر لە چیرۆكێكا هەق بەلای پیاواندا بشكێنێتەوە ئەوا لەهەمان رۆژدا ‌و لە چیرۆكێكی تردا هەق بەلای ژندا دەشكێنێتەوە. واتە هەتا توانیبێتی ئەو بەلانسەی راگرتووە، سەرەڕای دواكەوتنی باری كۆمەڵایەتی كە ژن كەمتر حیسابی بۆدەكرا لەچاو ئەو گەشە ‌و پێشكەوتنانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.
چیرۆكەكان ئەوەندە بە زمانێكی سادە ‌و پاراو ‌و میللی گێڕدراونەتەوە كە تەواوی چین ‌و توێژەكانی كۆمەڵگا لێی تێبگەن ‌و سوودمەنبن لێی. زۆربەی چیرۆكەكان وانە ‌و پەندیان تێدایە، واتە لەوپەڕی بێئومێدی ئومێد بە مرۆڤەكان دەبەخشێ‌. كە تیایاندا بەجوانترین شێوە كەرنەڤاڵی خۆشەویستی ‌و جوانی ‌و خۆشیی دەربڕیوە، وەك وەسفدەكرێت دیكامیرۆن سندوقی چیرۆكە نهێنییەكانە.
زۆربەی چیرۆكەكان گێڕانەوەی باری بابەتی – كۆمەڵایەتی ئەوسای ئیتالیا ‌و دەوروبەرین هەندێك جاریش دزە دەكاتە رۆژاوای وڵاتانی عەرەبی لەسەر دابونەریتەكانی ئەوانیش چیرۆكی هەڵچنیوە.،هەر بۆ نموونە لەچیرۆكێكدا زۆر ستایشی جوامێری سەلاحەدینی ئەیوبی دەكات. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چیرۆكەكانی لەدابونەریتی رۆژاوا دەدوێن ‌و رۆچوونەتە نێو وردەكارییەكانی كۆمەڵایەتی ئەوسای كۆمەڵگای رۆژاوا ‌و دیمەنەكانی كەمتر بازدەدەنە نێو كۆشك ‌و تەلارەكان ‌و رابواردنی شازادەكان وەك ئەوەی كە لە پەرتووكی عاشقە ناودارەكان بەجوانی هەڵوەستەی لەسەركراوە، كە تەواوی رووداوە ئیرۆتیكی ‌و سێكسییەكان لەنێو كۆشك ‌و تەلاری پاشایاندایە واتە بنەماڵەی لویسەكان، بەڵام چیرۆكەكانی پۆكاشیۆ لێرەو لەوێ‌ لە خەونی هەندێكیاندا نەبێت بەلای ئەم شوێنانەوە ناچن. زۆربەیان لەنێو هەژارنشین ‌و بازرگانە دەوڵەمەندەكان ‌و قەشە ‌و راهیبەكان ‌و كەنارەكانی فلۆرانس خولدەخۆن.
لەزۆربەی نووسینەكاندا ستایشی ئەم چیرۆكانەكراوە، بەڵام لەدیوێكی تریش كە تیایدا زۆرباس لە خیانەتی هاوسەری ‌و توندوتیژی دەكات ئەمانە ئەگەر لایەنە كۆمیدییەكەی لێدەركەی ئەوا قێزەونترین دیاردەن كە كۆمەڵگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێ‌ ‌و لەم پەرتوكە پانتاییەكی فراوانیان داگیركردووە، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبكەین كە ئەم چیرۆكانە 600 ساڵ زیاتر دەبێت نووسراون ‌و پارێزراون ‌و دەستاودەستیان پێكراوە ‌و زۆرجار لەناوهەندێك چیرۆكی میللی ‌و فۆلكلۆری میللەتانی تری رۆژهەڵاتیش تەوزیفكراون ‌و مۆركی خۆماڵیان وەرگرتووە. ئەمانە بەسەر یەكەوە بۆ ئیتالیا ‌و مرۆڤایەتی میراتێكی دەوڵەمەندی میللین . ئەم جۆرە هەوڵانە لەنێو زۆربەی میللەتان هەوڵی بۆدراوە، مەرج نیە لەشێوازی چیرۆكدا دەركەوتبن ‌و فۆڕمێكی ئاوایان وەخۆگرتبێت، ئەوەتا لەڕێی مامۆستای خوالێخۆشبوو علادین سجادی خەرمانێك لە چیرۆك ‌و نوكتە‌و قسەی نەستەق كۆكراونەتەوە كە تایبەتن بە كورد لە كتێبی رشتەی مرواری كۆكراونەتەوە. بێگومان بەهۆی ئەم هەوڵانەوە ئێمەش وەكو میللەت دەكرێ‌ بڵێین خودانی سامانێكی دەوڵەمەندین لە وێژە ‌و هونەر .




پارتی ئابڵوقه‌یه‌كی ئابووری توندی خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شارۆچكه‌ی شه‌نگال … عیماد عه‌لی


ده‌شێت ئابڵوقه‌ بخه‌یته‌ سه‌ر خۆت ؟

هه‌ر كه‌ گوێم له‌وه‌ بوو، یه‌كسه‌ر وتم ئه‌گه‌ر كیمیاویشمان هه‌بوایه‌ له‌دژی خۆمان به‌كارمان ده‌هێنا . به‌ڵێ، رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ له‌سه‌ر زاری لوما فه‌قیه‌ جێگری به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوه‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ( له‌وده‌ڤه‌ره‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌ده‌سته‌ و سه‌رجه‌م بازگه‌كان له‌ ژێر كۆنترۆڵی ئه‌ودایه‌ ) به‌وه‌ تاوانباركرد كه‌ ئابڵوقه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی به‌ تایبه‌تی ئابووری توندی خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شارۆچكه‌ی شه‌نگال، ئه‌م كرده‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌ژمێرێت كه‌ لێدانێكی هاوشێوه‌ی ره‌فتاره‌كانی به‌عس و داعشه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌درێت، به‌ڵام به‌ده‌ستی خودی كورده‌كه‌ خۆی .
ئه‌مه‌ هه‌واڵه‌، روداوێكی ئه‌وكاته‌ی دكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدای هێناوه‌ یادم له‌ بازگه‌یه‌كی نێوان هه‌رێم و عیراقدا، كه‌ له‌ كاتی قه‌یرانی ئابوری و ئابڵوقه‌ خستنه‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له‌ نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، چۆن له‌ بازگه‌یه‌كدا ژنێكی به‌ چه‌ند لیتره‌ به‌نزینێكه‌وه‌ گرت و هه‌ر به‌ به‌نزینه‌كه‌ی خۆی سوتاندی .
لێره‌دا جگه‌ له‌ ره‌فتاری سیاسی نابه‌جێ و به‌كارهێنانی هه‌موو ئامرازێكی نایاسای و نا مرۆڤایه‌تی و له‌ گرتن و كوشتن و برین و تیرۆر و سنور به‌زاندن له‌ دوژمنكاری له‌ ملاملانێی نێوخۆیی ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هاوزمان و هاونه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتی خۆتدا چیت بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ رقوكینه‌و دژایه‌تیدا به‌كارت نه‌هێنابێت .
ئه‌گه‌ر تۆ له‌، زیندانی كردن، كوشتن و برین و شه‌ری خۆخۆیی و براكوژی، تیرۆر، نانبرین و رێگه‌ گرتن له‌ په‌یداكردنی بژێوی ژیان، ئازاری سایكۆلۆجی و جه‌سه‌دیش، راونان و ده‌ركردن له‌ شوێن و وڵاتی خۆت، ده‌ركردن له‌ كاری ئاسایی، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك موحاره‌به‌ كردن و دژایه‌تی سیاسی ئابووری و ته‌نانه‌ت له‌ رووی رۆشنبیری و وه‌رزشیشه‌وه‌، چی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاوزمان و هاونه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتدا نه‌تكردبێت جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی كیمیاوی و ئه‌نفال كردن، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ و به‌كارت نه‌هێناوه‌ نه‌ك به‌ هۆی سڵكردنه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی و شه‌رم كردن له‌ میله‌ت .
بۆیه‌، ئه‌و قسه‌ زلانه‌ی له‌مه‌ر خۆشه‌ویستی میله‌ت و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و قوربانیدان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ ده‌كرێت، جگه‌ له‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك هیچ شتێكی تر نیه‌ . كه‌ توشی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكێكی له‌م جۆره‌ بیت و ده‌ستبه‌جێ توانای گۆرینت نه‌بیت، ئه‌ی چاره‌سه‌ر ؟
دیاره‌ كۆمه‌ڵێك حزبی سه‌ره‌كی و ده‌توانین بڵێن حساب بۆكراو له‌ نێو خه‌ڵكدا هه‌ن و، هه‌ریه‌كه‌و گیرۆده‌ی ده‌ستی بارێك بووه‌ و بارودۆخه‌ بابه‌تیه‌كه‌ رێگه‌ی پێ نه‌داون له‌ به‌رامبه‌ر تاكه‌ لایه‌نێكی ده‌سترۆیشوی ده‌سكه‌لای ده‌ستی ده‌ره‌كی و ئیستغلالكردنی ئاستی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیری خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندخوازان، توانای گۆرینی ریشه‌ییان هه‌بێت، كام رێگه‌ گونجاوه‌ بكریته‌به‌ر بۆ هه‌ر هیچ نه‌بێت كه‌م كردنه‌وه‌ی زیانی ئه‌م تاكه‌لایه‌نه‌ بوغرابووه‌ تووشبوه‌ی ده‌ستی نه‌زانی خۆی .
ئابڵوقه‌ خستنه‌ سه‌ر میله‌تی خۆت به‌ هۆكاری فشاری ده‌ره‌كی و وابه‌سته‌یی و گیرۆده‌ی نه‌زانی هه‌ڵه‌ و نه‌رجسیه‌ت و به‌رژه‌وه‌نخوازی ته‌سك و ملكه‌چ بون بۆ لایه‌نی ده‌ركی به‌ ده‌ستی خۆت، ئه‌م ره‌فتاره‌ تا چ راده‌یه‌ك به‌ موڵكی خۆت هێشتویته‌وه‌ و تا چه‌ند بریاره‌كانت زاده‌ی ده‌ست و بیركردنه‌وه‌ی خۆتن و به‌ده‌ستی خۆت جێبه‌جێی ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌كرێگیراوی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان نه‌بێت، ئه‌ی چی ده‌گه‌یه‌نێت . به‌ڵام سه‌رسورمان له‌وه‌جایه‌ كه‌ رووقایمی ئه‌م جۆره‌ لایه‌نانه‌ تا رادیه‌كه‌ كه‌ رۆژ نیه‌ باسی وڵات و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و مافه‌كانی خه‌ڵك نه‌كه‌ن، ئه‌م ئاسته‌ نزم و له‌ قورگیراوه‌ی لایه‌نی دسه‌ڵاتدار ، جگه‌ له‌ شۆرش و گۆرینی ریشه‌یی به‌ چی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت . ئه‌مه‌ش له‌ توانای خه‌ڵك نه‌بێت و به‌خۆی كۆشك ته‌لاری ئه‌مانه‌ تێك بدات، ئه‌م حزبه‌ به‌رژوه‌نخوازانه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵانه‌دا كه‌ به‌ خۆیان به‌شێكن له‌ پرۆسه‌كه‌، ناتوانن بوه‌ستنه‌وه‌ .




ئه‌ستێره‌كانی داستان بەرزان برینی‌ مرۆڤن … ئا: ئارام

ئه‌ستێره‌كان برینی‌ مرۆڤن” ناونیشانی نوێترین کتێبی شیعریی داستان بەرزانە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا لە لایەن خانەی ڕۆنانەوە بڵاوبکرێتەوە.
ئەم کتێبە شیعرییەی داستان بەرزان سیازدە دەقی شیعریی لە خۆ گرتووە و بەشی هەرە زۆری دەقە شیعرییەکان دوای کتێبی شیعریی (بووم به‌ ژێر ڕۆژه‌ خێراكانی‌ مۆدێرنه‌وه‌)ی شاعیرەوە نووسراوە و بەشێک لەم دەقانەی پێشتر لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکراوەتەوە و بەشێکی دیکەیان بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە.
داستان بەرزان لەبارەی ئەم کتێبە شیعریەیەوە گوتی: “ئه‌م شیعرانه‌ی‌ له‌م كتێبه‌دان درێژكراوه‌ی‌ ئه‌زموونێكن له‌ نووسین، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (بووم به‌ ژێر ڕۆژه‌ خێراكانی‌ مۆدێرنه‌وه‌) سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، به‌ڵام لێره‌دا به‌ دیدگای‌ نوێتر و هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ نوێتر بۆ ڕوانین، ئه‌مه‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دوو كتێبه‌كه‌دا ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌.”
شاعیر زیاتر لەبارەی ئەم شیعرانەی نێو ئەم کتێبەوە دوا و باسی لەوە کرد “کە هه‌ر یه‌كێك له‌ شیعره‌كانی‌ ئه‌م كتێبه‌ ساته‌وه‌ختێكی‌ تایبه‌تی‌ منن له‌ به‌ركه‌وتنم به‌ دونیا، ئه‌م شیعرانه‌ هه‌ڵوێستی‌ شاعیرانه‌ی‌ منن به‌رامبه‌ر ڕه‌قی ژیان، هه‌وڵێكن بۆ ده‌خستنی‌ دزێوییه‌كانی‌ ژیانێك، كه‌ خۆیمان لێده‌شارێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ ماسك و خۆئارایشتكردن فریومان بدات، كه‌ به‌ بڕوای‌ من مرۆڤی‌ هۆشیار ئه‌وانه‌ن ئه‌و فریوه‌ ناخۆن و ژیان وه‌ك خۆی به‌ ڕه‌قی و دزێوییه‌كانییه‌وه‌ ده‌بینن.”
لەبارەی ناوەڕۆکی شیعرەکانیشەوە داستان ئەوەی خستەڕوو کە “پڕۆژه‌ی‌ ئه‌م شیعرانه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دونیایه‌كی‌ پڕ له‌ بێدادی‌ و سیستماتیكی‌ وه‌ها كه‌ ڕۆژانه‌ ڕۆحمان ده‌هارێت و به‌های‌ مرۆیمان كاڵتر ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت شیعر دونیایان بۆ جوان بكات باشتر وایه‌ ئه‌م كتێبه‌ نه‌خوێننه‌وه‌.
داستان بەرزان یەکێکە لە شاعیرانی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین و خاوەنی سێ دیوانە شیعری چاپکراوە کە ئەوانیش “تۆم هەبیت-2012″، “خودێکی پەرتبوو 2012″، “بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانی مۆدێرنەوە-2013”.




ڕۆمانی مەیخانەکەی ئورتینە … نەبەز گوڕان

(عەشقەكەی شێخی سەنعان و كچەی گاور)
رۆژی ٢٢/١٢ کاتژمێر ٢.٣٠ پاشنیوەڕۆ هاوکات لە گەڵ کتێبەکانی (غەزەلنووس) بە ئامادەبوونی (نەبەز گوڕان) بڵاو دەبێتەوە.
بەخێر بێن…

ئەم ڕۆمانە بە سپۆنسەری گروپی كۆمپانیاكانی (قەیوان) و لەسەر ئەركی (غەزەلنووس) چاپ بووە.
ڕۆمانەكە ئیشكردنە لەسەر حیكایەتێكی كۆنی، لەنێوان شێخێكی ئایینی و كچێكی گاوردا. ئەو چەمكانەی لەم ڕۆمانەدا ئیشیان لەسەركراوە، بریتین لە (ئایین، ئیمان، عەشق)




نامەکانتان گەییشتوون [١] … هەژێن*

٠٤ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەی ئەوانەی کۆشتاری شیوعیەکانی کانی ماسی ١٩٦٤ و پیاسەی تاڵەبانی لە بەکرەجۆ ١٩٦٦ و ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٤ بازرانی و بەرلەشکریی ١٩٧٩ قیادە موەقەتە لە سنە و مەریوان و دزلی و شاکارەکەی یەکی ئایاری ١٩٨٣ قڕناکا و پشتئاشانی نەوشیروان موستەفا و بردنی پاسدار بۆ باباگوڕگوڕ ساڵی ١٩٨٥ (ینک) و پێشلەشکریی بۆ سەر ھەڵەبجە ١٩٨٨ (بەرەی کوردستانی) و بە ئەنفالدانی سەدان ھەزار گوندنشینی قەرەداخ و گەرمیان و بادینان ١٩٨٨ و پێشکەشکردنی پێشمەرگەکانی (حشع) بە بەعس پاش ئەنفال لەلایەن پێشمەرگەکانی (ینک) و خولی سێییەمی جەنگی نێوخۆ ١٩٩٤-١٩٩٨ و گوللەبارانکردنی خۆنیشاندانی دژی شەڕ لە ھەولێر ١٩٩٤ و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی جەنگی نێوخۆ لە ئاکرێ و ڕایات و قەڵاچوالان و ھێنانەوەی حەرەس جمھوری٣١ی ئاب و ھێنانی پاسدار بۆ کۆیەی ١٩٩٦ و ھێنانەوەی سەدان جارەی جەندرمە بۆ نێو ھەرێم و جیابوونەوەی نەشیروان بە دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گردەکەی تاڵەبانی ٢٠٠٦ و ھێنانی داعش و پێشکەشکردنی زومار و بەعشیقە و شەنگال و مەخموور و بازرگانی نەوت و گاز و لەتەك داعش ٢٠١٤ و پیاسەکردنی داعش لە کەرکووك ٢٠١٦ و ھەوڵی تەقاندنەوە و ئاژاوەنانەوە لە “ڕۆژاوا” ٢٠١٢-٢٠١٦ و تیرۆرکردنی نەزیر عومەر ١٩٩٣و ڕەئوف کامیل ١٩٩٣ و ئەلی بۆسکانی ١٩٩٢ و حەمەحەلاج ١٩٩٤و بەکر عەلی ١٩٩٦ و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و عەبدولستار تاھیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویدات حوسەین و ھەزاران و ملیۆنان تیرۆر و ڕاونان و شتی دیکە، ئەی ئەوانەی کە پاش چەند چرکە ئەو گشتەتان لەبیرچووەتەوە.

نامەکانتان بە سەری ڕەش و قەڵاچوالان گەییشتوون و ئەگەر دڵنیانین، وەرن لەنێو خاشاکی کۆشکەکان بگەرێن، ئیدی بەسە و چیدی نامانەوێت وڕێنە و دەبەنگیی ئێوە بخوێنینەوە؛ ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، مەگەر تێناگەن و دەبەنگن و نازانن، کە دەسەڵات لەپێناو مسۆگەرکردنی مشەخۆرییە و سیستەمی مشەخۆریی و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی زلهێز بواری بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێوە نادەن و ئێمە بە بارمتەگیراوین و ئەگەر مووچەی ئێوە نەبڕین و ئەگەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکان چەند قات بەرزنەکەینەوە و ئەگەر ڕێکەوتننامەکان واژۆنەکەین، بە حەب و دەرزییەك، بە خواردنێك ئێمە ژاراوکوژدەکەن و ھەزار و یەك بەڵگەی پزیشکی دەکەنە پاساوی مردنمان؛ ئێوە چین و بۆچی تێناگەن، ئەوە داخوازی و مەرجی نەزمی نوێی بازارە (نیئۆلیبرالیزمە) و ڕاگرتنی جەنگیش تەنیا لە توانای کۆمپانییەکانی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی هەیە و تاکو کارخانە و بازارەکانی چەکسازی هەبن، جەنگەکان بەردەوام دەبن و تاکو سەروەری هەبێت، چەك پێویستە و تاکو ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر” و سەرانی “پارتییە پێشرەوەکان” لەسەر کڕینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمەبیل کێبڕکێبکەن، (داعش) و جەنگ پێویستدەبن و دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان بێت، تاکو دەبەنگانی دونیا وەك ئێوە بتوانن زۆرترین بەنزین بکڕن و ئۆتۆمەبێلە پانوپۆڕەکانیان لێخوڕن. [٢]

نامەکانتان گەییشتوون، ئەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ی دەبەنگ، ئەی ئەوانەی کە لە واتای بێدەنگمانەوەی ئێمە تێناگەن و بە ھەزاران “ئەلف” تێناگەن، ئیدی لەوژە لەوژ بەسە، دەبەنگبێژی بەسە، تەرسەقولبێژی بەسە، نامەنووسین و پاڕانەوە بەسە و تێبگەن، ھەر ئاوا ئێوە لە ئاستی ئێمە بێدەسەڵاتن، ھەر ئاوا ئێمەش لە ئاستی مەرجی نێو ڕێکەوتننامەکانی دەوڵەتانی زلھێز و سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بێدەسەڵاتین و بە فیکەیەکی ئەوان تەخت و تاراجمان نامێنێت.

نامەکانتان گەییشتوون و ئێوە ناخوازن لە وەڵامنەدانەوەی ئێمە بگەن، کە ئێمەش بێدەسەڵاتین و دەسەڵاتی ئێمە لە تیرۆرکردنی ناڕازییان و ڕاگرتنی جەماوەر و پاسەوانی بیرەنەوتەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان و کڕینی چەك و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکان و قەرزکردن، هیچی یدکە نییە و ژییان و منداڵ و ھاوسەرانمان بەبارمتەگیراون. ئێوە ناتانەوێت تێبگەن؛ ئەگەر ئێمە فزەبکەین، وەك (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) [٣] نیوەشەوێك دەماکوژن . گوێرادڕین دەبەنگینە، مەگەر سەری ئێوە تەپاڵەی تێدایە، ئاوا تێناگەن و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیشتان وەك خۆتان دەبەنگکردووە؛ تێناگەن کە ئێمە ناتوانین و مافی وەڵامدانەوەمان نییە و ئەگەر وەڵامبدەینەوە، لە دوو شت زیاتر نییە، یان هەر وەك ئێوە تەنیا دەتوانین خەڵك خۆشباوەڕتربکەین، یان فیشەکێك لەنێو دەمی ناڕازییانی سەرکێش بتەقێنینەوە. دەبەنگینە ئێوە بەو نامە دەبەنگانەی خۆتان تەنەکەی خۆڵی ئێمەتان پڕکردووە و ناهێڵن خەڵکی ناڕازای بەخۆی بیربکاتەوە و لەوە تێبگات، کە ئەگەر ئێمە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی خەڵك بدەینەوە، تەمەنمان چەند چرکەیەك زیاتر نابێت و بارمتەگیراوێکی دیکەی وەك ئێمە دەخەنە شوێنمان و باری خەڵکیش وەك ئێستا هەر “چل مەن” دەبێت. بەڵام ئەگەر خەڵکی بەخۆی خۆی ڕێکبخات و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئێمە، هەم ئێمە لەم بارمتەبوونە ڕزگاردەبین و هەم سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بارمتەگیراوێکی دیکە بخەنەوە شوێنی ئێمە. ئیدی بەسە و چیدیکە نامە ئاراستەی ئێمە مەکەن و بە دەبەنگی خۆتان خەڵك خۆشباوەڕ و چاوەڕوان مە‌هێڵنەوە، با چیدیکە خەڵکی چاوەڕوانی سۆزداریی ڕۆبۆتێکی وەك ئێمە نەکات و بە تەرسەقولبێژیی ئێوەش وڕ و گێژنەبێت؛ با خەڵکی بەخۆی بیربکاتەوە و لە بێوەڵامی ئێمە تێبگات، تکایە چیدیکە نامەی تەرسەقولاوی بۆ ئێمە مەنێرن!

بۆ دوا جار لێرەدا جارێکی دیکە هەزاربارەی دەکەینەوە، ئەی دەبەنگانی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، گشت نامە خۆشباوەڕکەرەکانتان گەییشتوون و ئەمەش دوا وەڵامە و ئیدی بەسە و تێبگەن، ئەی بێهۆشترین بوونەوەرانی سەر گۆی زەمین، ئەی چڵکاوخۆرانی بەردەم کۆشكی سەر ڕەش و قەڵاچوالان و پارلەمان و گردەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبەنگی بەسە و کڕبکەون، تاکو خەڵك بەخۆی بیربکاتەوە و چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەگەرنا هەمان چارەنووسی فلیپین و ئەرجەنتین و کۆڵۆنییەکانی ئەفریکا لە پێشتان دەبێت و کاتێك کە نەوت نەما، ئیدی تەنیا باجی لەشفرۆشییەکانی “نیشتمان” دەتوانێت “ئاڵای نەتەوە” بشەکێنێتەوە. [٤]

————————————————————
[١] وەڵامێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕۆناکبیر”انەی کە پاش چارەکە سەدەیەك تاڵانی و گەندەڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، هێشتا دەبەنگانە نامە بۆ دەسەڵاتداران دەنووسن و خەریکی بزواندنی سۆزی ڕۆبۆتەکانی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ختووکەدانی خۆشباوەڕیی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات و چاوڕێهێشتنەوەی ناڕازیانن و بە نەتەوەگەرایی (ناسیونالیزم) هۆشی ناڕازییان بەنگدەکەن. لێرەدا مەبەستی من نووسەران و ڕۆژنامەگەران و “ڕوناکبیران”ی دەرباری دەسەڵات و پارتییەکان نییە، چونکە ئەوان لە خۆشباوەڕییەوە دەربارنین و ھوشیارانە لە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی دەسەڵاتداران داکۆکیدەکەن؛ مەبەستم نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ێکن، کە خۆشباوەڕانە بە “نەتەوە” و “وڵات” و “ھاووڵاتی” و “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش” و “پارلەمان و پارلەمانتاری باش” و “فەرمانداریی و دەوڵەتی باش” ھۆشی نەداران و بێدەسەڵاتانی ناڕازی ژاراویدەکەن و ڕۆژانە لەنێو کاناڵەکانی مێدیا نامە ئاراستەی دەسەلاتدارانی بۆرجوازی کورد دەکەن و خەریکی ئامۆژگاریکردنی دەسەڵاتدارانن، بۆ ئەوەی “سەرکوتگەرێکی دڵسۆز و بەسۆزی خەڵك” بن.

[٢]لەو کاتەوە کە (داعش) هاتووەتە نێو عیراق تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا نرخی بەنزین و گازوایل و گاز هەرزان بووە.

[٣] (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) پاپای ڤاتیکان بوو، ٢٦ی ئۆگوست تاکو ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٧٨، ماوەی پایپبوونی تەنیا سی و سێ (٣٣) بوو و نیوەشەوێك ناڕۆشنانە مرد. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_John_Paul_I

[٤]ساڵی دوو هەزار، لە گەرمەی شانازیکردنی خۆشباوەڕان و دەسکەلاکانی دەسەڵات بە ئاڵای بۆرجوای کوردستان لەنێو ژوورەکانی پاڵتۆك بەدیاریکراوی لەنێو ژووری “ئازادیخوازان” کە ژووری چەپ و نەتەوەگەراکان بوو، گوتم “ڕۆژێك دێت، کە ئاڵای ئێوەش وەك ئاڵای فلیپین بە باجی لەشفرۆشییەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە”.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




گفتوگۆ لەگەڵ سەڵاح بایەزیدی سەبارەت بە وەرگێڕان ….سازدانی / شاخه‌وان سدیق.


سه‌ڵاح بایه‌زیدی

قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌.
(سه‌ڵاح بایه‌زیدی) یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو دیاره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ناو دونیای وه‌رگێڕانی كوردی و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانی فارسیه‌وه‌ بۆ كوردی، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.


پ1/ (بارگاس یۆسا) ده‌ڵێت “وه‌رگێڕه‌كان شكست خواردووه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بن” واته‌ ئه‌وانه‌ی نه‌یان توانیوه‌ ببنه‌ ئه‌دیبی باش ڕوویان كردۆته‌ وه‌رگێڕان و بونه‌ته‌ وه‌رگێڕی باش، ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ بڕوای تۆ تا چه‌ند ڕاسته‌؟ تۆ بۆ ده‌ستتكرد به‌ وه‌رگێڕان؟

وه‌/ به‌ ڕای من وه‌رگێڕان تا ڕاده‌یه‌ك كۆسپه‌ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌وه‌ی ببیته‌ ئه‌دیبێكی باش، چونكه‌ ئیتر ناتوانی وه‌كوو پێویست كات بۆ نووسینی خۆت ته‌رخان بكه‌ی. له‌ نووسیندا تووشی وه‌سوه‌سه‌ت ده‌كا، چونكه‌ ئیدی به‌ هه‌ر ده‌قێك ڕازی نابی. یان ده‌نا ڕێگر ده‌بێ له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ستایلێكی نووسینی تایبه‌ت به‌ خۆت بدۆزیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان بوو به‌ خولیا، به‌رده‌وام هه‌ست ده‌كه‌ی كاری وه‌رگێڕانت زۆره‌ و ده‌كرێ بیرۆكه‌كانی خۆت وه‌ لاوه‌ بنێی و دواتر كاریان له‌ سه‌ر بكه‌ی. هه‌تا له‌ وه‌رگێڕاندا پڕكارتر بی، له‌ نووسیندا ته‌وه‌زه‌لتر ده‌بی. ئه‌و كاته‌ی كه‌ بۆ وه‌رگێڕانی ته‌رخان ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر بێت و بۆ ده‌قێكی خۆت ته‌رخان بكرێ، بێگومان چه‌نده‌ش له‌ سه‌ره‌تادا لاواز بێ، به‌ پێی ئه‌زموون ده‌گۆڕدرێ و شتێكی پوختی لێ ده‌رده‌چێ. محه‌ممه‌دی قازی و ئیبراهیمی یۆنسی له‌و دوو وه‌رگێڕه‌ پڕكاره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردانه‌ن كه‌ خزمه‌تی ئه‌ده‌بیی فارسییان كردووه‌ و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ ده‌كرا ئه‌دیبی باش بن. محه‌ممه‌دی قازی به‌ ڕۆمانی “زارا” و “بیره‌وه‌رییه‌كانی وه‌رگێڕێك” و ئیبراهیم یۆنسیش به‌ چه‌ند ڕۆمانێك وه‌ك “دادا شیرین” و “نزا بۆ ئارمێن”. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، وه‌ك چۆن كاری وه‌رگێڕان ڕه‌نگه‌ زه‌بر له‌ نووسین و داهێنان بدا، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌دیب بوون بۆی هه‌یه‌ زیانی بۆ وه‌رگێڕان هه‌بێ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌دیبێكی باش وه‌رگێڕێكی باش نه‌بێ. ستایل و سه‌لیقه‌ی خۆی به‌ سه‌ر ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا بسه‌پێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسییه‌، هاوكات له‌ ئینگلیزیشه‌وه‌ كاری وه‌رگێڕانی كردووه‌، له‌وانه‌ “قه‌له‌ڕه‌ش”ه‌كه‌ی ئێدگار ئالێن پۆی كردۆته‌ فه‌ره‌نسی، به‌ڵام به‌ ڕای زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران وه‌رگێڕانێكی بوودلێریانه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌قه‌كه‌دا بوودلیر ده‌بینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. له‌ كوردیشدا نموونه‌ی وامان هه‌یه‌، وه‌رگێڕانی شیعره‌كانی خه‌ییام له‌ لایه‌ن مامۆستا هه‌ژاره‌وه‌، وه‌رگێڕانێكی هه‌ژارانه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژار ده‌بینرێ خه‌ییام نابینرێ.
سه‌باره‌ت به‌ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شت ده‌بێ بڵێم ئه‌و حه‌زه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و ئه‌ده‌بی جیهانی هه‌مبوو خولیای وه‌رگێڕانی له‌ مندا به‌دی هێنا. یه‌كه‌م به‌رهه‌می چاپكراوم وه‌رگێڕانی كورته‌ چیرۆكێكی ته‌نز بوو له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی له‌ گۆڤاری “سروه‌”دا بڵاو بۆوه‌. دواتر به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌م به‌ كاری وه‌رگێڕان دا و له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی ڕابردوو، له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێكدا وازم لێ نه‌هێناوه‌ و لێی پاشگه‌ز نه‌بوومه‌ته‌وه‌.

پ2/ هه‌میشه‌ ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كان بگوازێته‌وه‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام هیچی له‌ نووسین كه‌متر نییه‌، بۆیه‌ش وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌ هه‌مانكاتدا نووسه‌ر بێ. به‌ڵام قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌. لێره‌دا، وه‌رگێڕ ده‌توانێ به‌رگێكی نوێ به‌ باڵای ده‌قدا ببڕێ. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوت خوێنده‌وه‌ و هه‌ستت كرد كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ جلی كوردیان له‌به‌ر دایه‌ یان فه‌زای گوند و شوێنێكی نیشتیمانی خۆت له‌ مێشكتدا وێنا بوو یان ده‌نا هه‌ست بكه‌ی كه‌سه‌كان به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ بزانه‌ ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.

پ3/ ئێستا له‌ كوردستان پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌ ده‌كرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌، وه‌رگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌كه‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا.

وه‌/ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و زمانه‌ دووه‌م و سێیه‌مه‌ كام زمانن. ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه‌ دووهه‌مه‌ زمانێكی ئه‌وروپی بێت، به‌ ڕای من گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ڕوو نادا، زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانی پشت به‌ وه‌رگێڕانێكی ئینگلیزی ببه‌ستی كه‌ له‌ هه‌نگاری یان یۆنانییه‌وه‌ كراوه‌، یان وه‌رگێڕانێكی فه‌ره‌نسی كه‌ له‌ پورتوگالی و ئیسپانییه‌وه‌ كراوه‌، چونكه‌ گۆڕانكاریی به‌ سه‌ر وشه‌كاندا نایه‌، ستروكتوری ده‌ق ناگۆڕدرێ. هه‌ڵبه‌ت دیسان ئه‌گه‌ر له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌ بێ باشتره‌، به‌ڵام هه‌ندێك زمان هه‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورددا یه‌ك دوو ئه‌دیب ئاشنای نه‌بێ، بۆیه‌ به‌ ناچاری له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ ده‌بێ وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕان له‌ لای خۆمان و جیرانه‌كانمان هه‌یه‌، لێره‌ نییه‌ یان كێشه‌كان له‌و ڕووه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراون كه‌ ئیتر نابینی باسی لێوه‌ بكرێ. به‌ڵام بۆ زمانی فارسی وا نییه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ وه‌رگێڕه‌ كورده‌كان. ناتوانی متمانه‌ به‌ هه‌ر وه‌رگێڕێكی فارس بكه‌یت. فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ له‌ وه‌رگێڕانی فارسیدا هه‌یه‌. ئیتر وای لێ هاتووه‌ هیچ سنوورێكی ئه‌خلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوی فارسیم خوێنده‌وه‌ وه‌رگێڕه‌كه‌ی وشه‌ی ”به‌راز”ی له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا كردبوو به‌ ئاژه‌ڵ، ئاژه‌ڵه‌كان. له‌ زۆر جێدا، پێش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی ئێران كاره‌كانیان سانسۆڕ بكا، بۆ خۆیان سانسۆڕی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كانیان بڵاو ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ سانسۆڕێك كه‌ وه‌رگێڕ به‌ سه‌ریدا سه‌پاوه‌ یان دڵخوازانه‌ كردوویه‌تی و زۆریش بێمانایه‌. ئیتر بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان ده‌فارسێندرێن، ئیدیۆم و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌گۆڕدرێن. هه‌ست ده‌كه‌م له‌ نێوان زمانی فارسی و عه‌ڕه‌بیدا پتر ده‌توانی پشت به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی ببه‌ستی و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ناچار بی وه‌رگێڕانێكی ده‌ستی دوو و سێ بكه‌ی، له‌ عه‌ڕه‌بییه‌وه‌ بێت كه‌موكوڕی كه‌متر بێ.

پ4/ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ چین كه‌ ده‌بێت له‌ كه‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێك به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له‌ مرۆڤ بكات توانای وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه‌ یان زانسته‌ یان هونه‌ره‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان له‌ كوردستان هێشتا نه‌بۆته‌ پیشه‌ یان زانست و زیاتر هونه‌ر یان خولیا و حه‌زێكی تاكه‌كه‌سییه‌. پیشه‌ نییه‌ چونكه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌موو وه‌رگێڕێكی كورد له‌ په‌راوێزی ژیانی ڕۆژانه‌دا كاری وه‌رگێڕان ده‌كا، بۆ بژیوی ژیان ناچاره‌ په‌نا بۆ كاری تر ببات و وه‌ختی پشوو و حه‌سانه‌وه‌ی بۆ وه‌رگێڕان دابنێ، وه‌رگێڕانی كوردی له‌ په‌راوێز و به‌ ماندوویی ده‌كرێ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ نۆره‌ی خۆی كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر كوالیتی وه‌رگێڕان هه‌بێ. نه‌بۆته‌ زانستیش چونكه‌ كۆڕ و ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان دروست نه‌بوون و وه‌رگێڕی كورد به‌ هه‌وڵی خۆی، خۆی پێده‌گه‌یه‌نێ و ده‌رچووی زانكۆ یان ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان نییه‌. دواتر به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراویش، نه‌ به‌ باش نه‌ به‌ خراپ قسه‌ی له‌سه‌ر ناكرێ و هه‌ڵناسه‌نگێنرێ.
سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانێكی باش و سه‌ركه‌وتوویش، به‌ بۆچوونی من زانین و شاره‌زابوون به‌سه‌ر زمانی ده‌سپێك و زمانی مه‌به‌ستدا مه‌رجه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌. وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌و بواره‌دا ئاگادار بێ كه‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كا. دیاره‌ ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌نته‌رنێت له‌چاو ڕابردوو ده‌رفه‌تێكی زیاتری بۆ وه‌رگێڕه‌كان ڕه‌خساندووه‌ و له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ كردوون. بۆ نموونه‌ وه‌رگێڕێك زۆر به‌ سانایی ده‌توانێ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی ناوچه‌یه‌ك یان سه‌باره‌ت به‌ ناو، شوێن، كه‌سه‌كان و زۆر شتی تر زانیاری به‌ده‌ست بێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ پێشخستنی توانا و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ور نابینێ و ته‌نیا ده‌توانێ كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكا.

پ5/ وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كتێبخانه‌ی كوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بكه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌كان، پێتان وا نییه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌كی گه‌وره‌یه‌؟
وه‌/ وه‌رگێڕان ڕه‌فه‌ به‌تاڵه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی داده‌گرێ و ڕه‌فه‌ی نوێی پێوه‌ زیاد ده‌كا، نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌نده‌ش خاوه‌نی كتێب و نووسه‌ر بێ، دیسان پێویستی به‌ وه‌رگێڕانه‌. خاڵی سه‌رنج ڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین كتێب و ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانن، زیاتر له‌وانی دیكه‌ گرنگی به‌ وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و له‌و بواره‌وه‌ چالاكترن. كتێبی وه‌رگێڕدراویان له‌ هی نووسراو پتره‌. وه‌رگێڕان، ده‌توانێ به‌ هانای كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌ بێ، ده‌وڵه‌مه‌ندی بكا و ڕه‌نگ و بۆی پێ ببه‌خشێ. ده‌توانێ له‌ داهێنان و نوێگه‌ریدا ڕۆڵێكی به‌رچاو بگێڕێ.
له‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕان به‌ زمانی كوردی هه‌وڵ و خولیای وه‌رگێڕ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌، هه‌ندێك فاكته‌ری دیكه‌ دێنه‌ گۆڕێ: هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، دۆزینه‌وه‌ی وه‌شانخانه‌، تیڕاژ و ڕێژه‌ی خوێنه‌ران. زۆر شت كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ده‌قێكدا به‌ كوردی بیری لێ نه‌كرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نه‌كردۆته‌وه‌ تا بزانم كه‌ند و كۆسپه‌كانی به‌رده‌می چین.

پ6/ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه‌ زۆر و بۆریی له‌ وه‌رگێڕاندا هه‌یه‌، كێ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ و چی بكرێت بۆ باشتربوونی؟
وه‌/ وه‌رگێڕان هه‌تا زۆر بێ باشتره‌، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌كرێ، زۆر نییه‌، هێشتا به‌ سه‌دان شاكاری كلاسیك هه‌ن بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رنه‌گێڕدراون، ڕه‌نگه‌ بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆره‌ چونكه‌ دره‌نگ ده‌ستمان پێ كردووه‌. به‌ڵام بۆربوون له‌ وه‌رگێڕاندا به‌دی ده‌كرێ، پاشاگه‌ردانییه‌ك هه‌یه‌ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌زگاكانی چاپ و په‌خش لێی به‌رپرسیارن. ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌بێ هه‌موو وه‌رگێڕانێك بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ و لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و كتێبانه‌ پێك بێنن كه‌ به‌ نیازن بڵاویان بكه‌نه‌وه‌ و له‌ بڕیارداندا هه‌ستیارتر بن. به‌ تایبه‌ت گرنگی به‌ زمانی كوردی بده‌ن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌رگێڕانی كوردی.

به‌شێك له‌ ژیاننامه‌:
سه‌ڵاح بایه‌زیدی ساڵی ١٩٨٢ له‌ شاری مه‌هاباد له‌دایك بووم. له‌وێ تا دیپلۆمم خوێنده‌وه‌ و ساڵی ١٩٩٩ له‌به‌ر هۆكارگه‌لی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانم به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووم كردۆته‌ باشووری كوردستان. چه‌ند ساڵێك له‌ شاری سلێمانی ژیاوم و له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ له‌ سویسرا ده‌ژیم. له‌ زانكۆی نۆشاتێل ساڵیك زمان و ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیم خوێندووه‌ و ئێستاش له‌ شاری نۆشاتێل نیشته‌جێم. تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌ كتێبم بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ و به‌ هۆی شاره‌زاییم له‌ زمانی فه‌ره‌نسی و توركیدا پتر گرنگیم به‌ ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسا و توركیا داوه‌.




کتێبی( التصوف رحيق دين الآنبياء) بە زمانی عەرەبی… نووسینی :عەبدالرحمان سعید زەنگەنە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




ناوی کتێب: لە دوای ئەنفالەوە نووسین: كارا فاتیح

دیزاینی بەرگ و ناوەرۆک: ئومێد محەمەد
قەبارە: ٣٧٦ لاپەڕەی نیوA4
ساڵی چاپ: ٢٠١٥
شوێنی چاپ: سلێمانی
چاپخانە: پیرەمێرد
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان
پرۆژەی ٢٧یادی تاوانی ئەنفال

————————
لەبریی ڕانان
پێشەكیی كتێبی لە دوای ئەنفالەوە
نووسینی كارا فاتیح

پێشەكیی كتێب بۆ زۆر ئامانج و مەبەست دا نراوە و دەنووسرێت، هەندێ جار وەك پێویستییەكی نووسینی ئەكادیمی سەیری دەكرێت و بە دانەنانی، توێژینەوەكان بە نوقسان و بوونی كەلێنێكی زانستیی تێیان دا دێنە هەژمار و هەندێ جاریش وەك خوو یان نەریتێكی نووسین، نووسەران لە كتێب و نووسینی توێژینەوەكانیان دا، تەنانەت هەندێ جاریش لە دیوانی شیعر و ڕۆمان و چیرۆك… هتد، گرنگیی پێ دەدەن و دەینووسن.
لە پێشەكی دا ناونیشانی كتێب یان توێژینەوە ڕوون و ورد دەكرێتەوە و پێشەكیی كتێب دەبێتە ڕایەڵی نێوان ناونیشان و ناوەڕۆك و، ئاماژە بۆ هۆكاری هەڵبژاردنی ناونیشان دەكرێت، لەوێیشەوە وردەوردە هۆكاری هەڵبژاردنی بابەت ئاشكرا دەكرێت و لە چەند خاڵێك دا هێمای بۆ دەكرێت، گیروگرفت و كۆسپی بەر دەم دەناسێنرێ و پاشان نووسەر لە گرنگیی باسەكە دەدوێ و ئەو بوار و سنوورە دەست نیشان دەكات، كە وەك ڕووبەری كاركردن هەڵی بژاردوە و ڕێباز و میتۆدەكانی كاركردنیشی بە خوێنەرانی خۆی ئاشنا دەكات، پاشان پرسیار و گریمانەكانی توێژەر و هەندێ جاریش بە شێوەیەكی سەرپێیی، مەبەست و هەوڵی كاركردن لە بەش و پارەكان دا دەخاتە بەر چاو، ئەوجا هەواڵی بوونی ئامانجی كارەكەیمان لە كۆتایی دا، پێ دەدا. ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی ناسنامەی پێشەكی بوون لە بواری ئەكادیمی دا و توێژەران و ئەكادیمیستان لە بەر ئەم هۆیانە پێشەكی بە گرینگ دەزانن، هەروەها لە كتێب و توێژینەوە نائەكادیمییەكانیشدا هەندێ جار، هەمان ئەو ئامانج و مەبەستانە بۆ نووسینی پێشەكی دەر دەكەونەوە و دیسان نووسەر بە شێوەیەكی مولتەزیم، بەو یاسا و ڕێسایانەوە پەیوەست دەبێت، بەڵام هەموو جارێكیش وەها نییە و مەرجیش نییە وا بێت، هەندێ نووسەر خۆیان لە نووسینی پێشەكی لا دەدەن، یاخود لە نووسینی دا، پەیڕەوی لەو خاڵانە ناكەن و بە شێوەیەكی سەربەستانە ئەم بوارە بە كار دەهێنن، بە شێوەیەك لای هەندێكیان وەك سڵاو و ڕۆژباشێكە و دەروازەیەكە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەر و كردنی بە ئەڵقەیەك لە نێوان خوێنەر و ناوەرۆكی كتێبەكە.
درێژكردنەوەی ئەم سەرەتایە لەوە زیاتر بە پێویست نازانم و، دوای ئەم بەهانانە بۆ پێویستبوونی پێشەكی، لێرە دا دەمەوێت زوو بگەمە مەبەستی خۆم، واتە ئەم سەرەتای پێشەكییە تەنها بەهانەیەكە بۆ ئەوەی، كە ئاشكرا بێت من چیم لەم پێشەكییەی خۆم دەوێت. پێش هەموو شتێك دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشان (لە دوای ئەنفالەوە) دواتریش كە دێین بۆ پێڕستی بابەتەكان، كە بۆ سێ بەش پۆلێن كراون و لە لێكۆڵینەوە و وتار و گفتوگۆ پێك هاتوون، ئەوەی دەیبینین جگە لە لێكۆڵینەوەیەك بە ناوی (ئەنفال و بەكارهێنانەكانی) ناونیشانی هیچ بابەت (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) ێكی تری تێدا نییە ئاماژە بێت بۆ ئەنفال و باس لە ئەنفال بكات.
وەك تێبینیی ناونیشانی زۆربەی ئەو كتێبەكانە دەكەین كە بەم شێوەیەیە پۆلێن كراون، بە زۆری لە دوو حاڵەت بە دەر نیین، ئەویش یان ناوەرۆكی هەموو بابەتی تێكڕای بەشەكان دەچنە ژێر چەتری ئەو ناونیشانەی كتێبەكەوە، یاخود تەنها یەكێك لە بابەتەكان وەك دڵخوازی نووسەر و وەك ئەوەی ڕەنگە لە ڕووی ئیستاتیكی و سەرنجڕاكێشی و هێزی گەیاندنی بە خوێنەر لە ناونیشانی بابەتەكانی تر پەسەندتر بن، بۆیە لە ناونیشانی بابەتێكەوە هەڵدەكشێن و بەرز دەكرێنەوە و دەكرێنە ناونیشانی كتێبەكە، لە كاتێك دا ڕەنگە ناوەڕۆكی بابەتەكانی تری كتێبەكە، هیچ پەیوەندییەكان بەم ناونیشانەیشەوە نەبێت.
وەك بە ڕواڵەت دەیبینین، ناونیشانی ئەم كتێبە (لە دوای ئەنفالەوە) هیچ یەك لەم دوو تایبەتمەندییەی تێدا نییە، واتە نە هەموو بابەتەكان دەچنە ژێر سایەی ئەم ناونیشانەوە و هێڵێكی ڕوون و ئاشكرا پێیانەوە دەبەستێتەوە، نە ئەو ناونیشانە خۆیشی بریتییە لە ناونیشانی یەكێك لە بابەتەكان، بەڵام لە ڕاستی دا من وەهای نابینم و پێم وا نییە بابەتەكان هیچ پەیوەندییەكان بە ناونیشانی كتێبەكەوە نەبێت، بە تایبەت كاتێك ناونیشانی كتێبێك بریتی بێت لە ئەنفال، بە مەرجی نازانم ناوەڕۆكی بابەتەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، باس لە كارەساتی ئەنفال بكەن و، لە ناو ئەو ڕووداوە دا بێن و بچن و هەوڵ بدەن مێژوەكەی بنووسنەوە، یاخود باس لە كاریگەریی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری … هتد، ی بكرێت و لە ڕەهەندی زمانی و ئەخلاقی و یاسایی و سیاسی و… هتد، ـەوە بخوێنرێتەوە و شی بكرێتەوە و بكرێت بە كەرەستەی توێژینەوە و كاركردن و گفتوگۆ، چونكە (دەكرێت دەیەها تێكست بنووسرێت و ناوی ئەنفالیشی بخرێتە سەر، بەڵام لە ڕاستی دا هیچ یەك لەو تێكستانە جگە لە پەیوەندییەكی ڕووكار و سادە لەگەڵ ئەنفال دا، هیچی دیكەیان نەبێت، بەڵام دەكرێت تێكستێك بنووسرێت بێ ئەوەی باس لە ئەنفال بكات توانای دەرخستنەوەی كاریگەریی ئەنفالی هەبێت، لە سەر ژیان و جیهانبینیمان.) مەرج نییە ئەركی نووسین، لە هەمبەر ئەنفال دا تەنها ڕاوەستان و و چەقین بێت لە ناو ڕووداوەكە دا، چونكە كارێكی وەها مەرج نییە هەمیشە خزمەت بەو دۆزە بكات ‌و، گوزارشت بێت لە هەستكردن بە لێپرسراوێتی و ئاسوودەییی ویژدان.

بە دڵنیایییەوە كارەساتی ئەنفال هێندە تراژیدییە، زەحمەتە زمان بتوانێت بە ئاسانی تەعبیری لێ بكات، یان لە ڕاستی دا زەحمەت هێزی ئەو تەعبیرە لای زمان بێت، بۆیە پێویستە زمان لە ئاست گەورەییی ئەم كارەساتە دا، واز لەو وەهمە بهێنێت، كە بە كەرەستەكانی خۆی هەر دەبێت لە ناو چەقی ئەم ڕووداوە دا بێت ئینجا دەتوانێت، لێپرسراوێتیی خۆی بەرامبەر بە ئەنفال بسەلمێنێت، چونكە لە دوای ئەنفالەوە، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی گەورە ئەوەیە، جارێكی تر و بە چەشنێكی تر ژیان ببینین و دید و ڕوانین و جیهانبینیمان بۆ سەرجەم كێشەكان بە جۆرێكی تریان لێ بێت و لە دوای ئەنفالەوە زمان ئەو ئەركە بە خۆی بدات، كە جیاواز بێت لەو ئەركەی پێش ئەنفال هەیبوە، بۆیە لەو بابەتانەی ئەم كتێبە (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) دا، كە لە سەر ئەنفال نەنووسراون و بە هیچ شێوەیەك ناوی ئەنفالیان تێدا نەهێنراوە، مەرج نییە خاڵی بن لە هەستی لێپرسراوێتیی بەرامبەر ئەنفال، چونكە پێمان وایە مەرج نییە زمان ڕاستەوخۆ لەو كارەساتە بدوێ، بەڵكو زمان لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا، جەوهەر و ئەرك و ئاراستەی تر وەر دەگرێت و بە قسەكردن و توێژینەوە لە چەندین پرس و قەیران و گرفتی تری بۆ نموونە وەك پرسگەلی (ژن، گەنج، كۆچ، ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەگەری، كتێب خوێندنەوە، دیموكراسی… هتد) زمان كاریگەریی ئەنفالی بە سەرەوە بێت، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی بە جێ گەیاندبێت، بۆیە وا هەست دەكەم، لە هەموو ئەو بابەتانەی باسی ئەنفال ناكەن، ئەگەر جیدیبوون و مۆرالی نووسین و هەستی لێپرسراوێتییان تێدا بێت، ئەوا كاریگەریی ئەنفالیان بە سەرەوەیە، كاریگەرییەك كە وا دەكات، یان توانای ئەوەی هەیە، زمانی تەعبیر لە ئاست هەموو گۆشەیەكی ژیان دا دروست بكرێتەوە و سەر لە نوێ مرۆڤ بە دیدێكی ترەوە تەماشای شتەكان بكات.

بابەتەكان (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) كۆكراوەی ئەو بابەتانەن، كە لە (15) ساڵی ڕابردوو دا (1999-2013) نووسراون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكانی كوردستانی باشوور بڵاو كراونەتەوە، كردنیان بە كتێب لە ڕاستی دا لەو بڕوایەوە، كە مەرج نییە ئەو بابەتەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك دەنووسرێت، ئیتر ماڵی ڕاستەقینەی ئەو ڕۆژنامە یان گۆڤارە بێت و، بۆ كتێب نەگوێزرێتەوە، ڕاستە زۆر بابەت بۆ هەتاهەتایە پێویست دەكات هەر لە نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بمێننەوە و نەكرێن بە كتێب، بە تایبەت ئەوانەیان كە هێز و تەمەنیان تەنها لە خوێندنەوە و كاركردن لە سەر بابەتێكی ڕۆژە، ئەو زمانەی پێی دەدوێن، تەنها زمانی ئەو ڕۆژە بێت و ئیتر بەكەڵك نەیات، بەڵام پێمان وایە، ئەو بابەتانەی ئێرە تەنها دەرفەتی چاو هەڵهێنانیان لە ڕۆژنامە یان گۆڤار دا بوە، ئەگینا لە ڕاستی دا قسەكردن نەبوون لە سەر پرس و گرفتی هەنووكەییی ڕۆژ و خۆ ئەگەر لەو بابەتانەیشیان تێدا بێت، ئەوا ئەو كەرەستەی تێگەییشتن و دونیابینی و شیكارییەیان تێدا دەبینین، كە بۆ سەردەم و كات و كێشە و گرفتی تر دەست بدەن. پاشان كردنیان بە كتێب لێرە دا، لەو گۆشەنیگایەوەیە، كە هەر لە بنەڕەت دا ڕۆحی كتێب و سیمای كتێب بە بابەتەكانەوە هەیە و دیارە، ئەگەرچی هەندێكیان وتاری كورتیشن، چونكە هەندێ جار وشە و دەربڕین لە وتاری كورتیش دا، سیحری خۆیان لە دەست نادەن و، دەكرێت هێزی مانەوەیان وەك ئەوانی تر بێت، هەرگیزیش پێمان وا نییە دۆخی ڕۆژنامەنووسی لێرە دا بە سەر ڕۆشنبیریی كتێب نووسینەوە دیار بێت، یاخود كتێب پاشكۆی ڕۆژنامەگەرێتی بێت.
لێرەیشدا بە كورتی بە سەر یەكەیەكەی ئەو بابەتانە دا دەچین، كە لە چوارچێوەی (لێكۆلێنەوە، یان وتار، یان گفتوگۆ) دا كار مان لە سەر كردوون.
لەو بابەتە دا كە لە سەر ئەنفال نووسراوە، لە ڕاستی دا باس لە ئەنفال خۆی ناكات، بەڵكو بە هۆی ڕەخنەگرتنەوە پەیوەندییەكی مرۆڤدۆستی و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ كۆمەڵێك بۆچوونی دیكە دا دەبەستێ‌، تا لە ڕێگای ئەم پەیوەندییەیشەوە، دیدگاكان زیاتر و بۆچوونەكان قووڵتربن لە سەر كارەساتی ئەنفال، كارەساتێك بە تێگەییشتنی قووڵ لێی، دەشێت بە سەرجەم پێكهاتەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی خۆمان دا بچینەوە و ئێستا و پاشەڕۆژی خۆمان بە جۆرێكی دیكە ببینین، تێگەییشتنی قووڵیش لە كارەساتی ئەنفال بەوە دەست پێ دەكات، كە بتوانین ئەنفال لە وشەیەكی ئاسان بەكارهاتوو و سادەوە بكەین بە بابەت و كەرەستەیەكی فیكری و مەعریفی و هەموو میتۆدەكانی خوێندنەوە و ڕەهەندەكانی بینینی بۆ بخەینە گەڕ.

لە لێكۆڵینەوەی (تێكستی پیرۆز و ترسی وەرگێڕان) هەوڵمان داوە هۆكارەكانی وەرنەگێڕان، یان ترس لە وەرگێڕانی تێكستی پیرۆزی لە زۆر سرووت و نەریتی ئایینی دا بۆ سەر زمانی كوردی دەست نیشان بكەین و لەم پێناوەیش دا باس لەوە دەكەین، كە بۆچی تێكستی ئایینی، كاتێك بە كورد دەگات، هەر چەند كورد بە زمانی ئەو تێكستە ئایینییە قسە ناكات، كەچی هەر بە زمانی یەكەم كاری لەگەڵ دا دەكات و ئەو تێكستە ئایینییەیش هەر بە زمانی خۆی كار لە لایەنگر و هەوادارانی دەكات. لەم باسە دا ئەوە ڕوون دەكرێتەوە كە بۆچی ماوەیەكی زۆر و بە درێژاییی چەندین سەدە، پرۆسەی وەرگێڕانی قورئان لای كورد ئەنجام نەدراوە، سەرەڕای وەرگێڕانی ئەم تێكستە پیرۆزە، بەڵام تا ئێستا هەموو مامەڵە و پەیوەندییەكی موسوڵمان لەگەڵ ئەم تێكستە دا، هەر بە زمانی یەكەمە، خوێندنی قورئان لە هەموو بۆنە و مەراسیمە جۆراوجۆرەكان دا، هەر بە زمانی عەرەبییە و بانگ و نوێژ و شایەتومان و هەندێ جۆر دووعا، بە هەمان شێوە هەر وەر نەگێڕراون و وەر ناگێڕرێن، لەمەیشەوە ئەوەی شوێنی جەختكردنەوەی زیاترە ئەوەیە، كە ئایا وەرگێڕانی تێكستی پیرۆز چۆنە؟ ئەم تێكستە پیرۆزە دوای وەرگێڕان چی بە سەر دێ و توانای وەرگێڕ لەم كارە دا چەندە و…هتد، هەروەها باس لەو دۆخە دەروونییە دەكرێت، كە خوێندنەوەی قورئان بە زمانی یەكەم دروستی دەكا و لە زمانی دوەم دا، ئەو سیحرەی نامێنێت.

لە بابەتی (چەمك و شووناس) دا هەوڵمان داوە چەمكەكانی (بیر، بۆچوون، باوەڕ، ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژیا) وەك چەمكگەلێك لە چەمكە ئاڵۆزەكان، لە ڕێگەی بەروارد و جیاكاری و جیاوازیی سەرهەڵدان لە نێوانیان دا، بكەوینە شیكردنەوە و ناساندن و لێكدانەوەیان و، بە شووناسێك ئەگەر ناجیگیریش بێت، بگەین، چونكە وەك لەم باسە دا گوتوومانە ( هەر یەك لەم چەمكانە، لە بەكارهێنان و تێگەییشتنیان دا، زەحمەتە بە ئاسانی لە چوارچێوەی پێناسەیەكی دیاریكراو دا ئارام بگرن، یان ئەو چوارچێوانەی بۆیان دا دەنرێن، یان پێشنیار دەكرێن، مەنزڵێكی ڕاستەقینە و بێخەوشی خۆیان بن.)
لە (ئاوارە بوونی عەقڵ) دا ویستوومانە خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی سۆفییزم بكەین، لە بابەتی (بەرگرینامە) یشدا باس لە ڕێكخراوێك دەكەین، كاتێك وەك وەك پەرچەكردار دروست دەكرێت، بە شێوەیەك كە جیاوازە لە دروستكردن وەك كردار، لەمەیشەوە كۆمەڵێك كار و چالاكیی ئەو جۆرە ڕێكخراوانەمان بەر ڕەخنە داوە.
لە وتاری (تراژیدیای ئامێرە تەكنەلۆژییەكان) باس لە هۆشیاریی مرۆڤی كورد دەكەین لە بەكارهێنانی هەر یەكێك لە ئامێرەكانی (كامێرا، ڕادیۆ، تەسجیل، تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ، ماشێن، سینەما، تەلەفۆن و سەتەلایت…هتد) و وەڵام بە پرسێكی وەها دەدەینەوە، ئاخۆ ئەم ئامێرانە لە ژینگەی تەندروستی خۆیان دا، چ كارێك دەكەن و داهێنەرانی هەر یەك لەم ئامێرانە، سەرەتا بە چ نیازێك و بۆ بەدەستهێنانی چۆن دەستكەوتێك ئەم ئامێرانیان دا هێناوە. پاشان لە وتاری (ڕِۆشنبیریی كوردی و كوشتنی بیركردنەوە) دا بە شێوەیەكی تیۆری باس لەو بەهەدەردانەی توانای ڕِۆشنبیری دەكەین، لە پانتاییی نا پێویست دا و خۆلادان و نەبینینی ڕووبەری هەستیار و گرینگ و كە پێویستیان بە بینین و خوێندنەوە و شیكردنەوە هەیە.

لە هەر یەك لە وتارەكانی (خوێنەران و ڕۆژنامەكان، مردنی هەواڵەكان، شووناسی ڕۆژنامەنووس، فێستیڤاڵەكان) كە بۆ یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی نووسراون، باس لە پەیوەندیی بێ هێزی نێوان خوێنەران و ڕۆژنامەكان دەكەین، لە بایەخی هەواڵەكان دەدوێین، كە پێویستە بە كەرەستەی نوێی شیكردنەوە و میتۆدێكی وردبینانەوە پاشخان و دەرەنجامەكانی ئەو هەواڵانە لێك بدرێنەوە و هەڵ بسەنگێنرێن و ئەم لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنانەیش تەعبیر لە هۆشیاریی خۆمان و كاراكتەری فیكریی خۆمان بكەن و بە زمانی ڕۆژنامەگەرییانە دەر ببڕرێن، گرینگیدان بە شیكردنەوەی سەرجەم لایەنە دیار و نادیارەكانی هەواڵەكان بناغەیەكی پتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتە دوور و نزیكەكانی خۆیشمان و بایەخێكی زۆری هەیە لە چارەسەركردنی ئەو كێشە و قەیرانانەی كە واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و… هتد، ی ئێمە بە دەستیانەوە گیرۆدەیە. هەروەها باس لە شووناسی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووس كراوە و، بۆ فێستیڤاڵەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، فێستیڤاڵ میتۆد و پرەنسیپ كەرەستەی مەعریفیی خۆی هەیە و خۆی ئەركێكە بە هیچ جۆرێك ناخرێتە شوێن و بری هیچ ئەركێكی دیكە، كەچی لای ئێمە لەپێناو سەر لە نوێ ئامادەكردنەوەی جیهانی فیكریی ئەو بابەتە و ڕامان و قووڵبوونەوە و پرسیاركردن لێی نییە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ خۆنماییشكردن.

لە وتاری (وێنە و بە دادگاكردنی كۆمەڵگا) دا باس لەوە دەكەین كە چۆن بەعس دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەی دیكتاتۆرەوە، وڵاتێك بكاتە دادگا، لەو دادگایە دا هەر ڕەفتارێك بە بۆچوونی ئەو و لە دیدی ئەوەوە شیاو نەبوو، ئەوا تاوانە و دواتریش تاوانبار دەبێت سزا بدرێت.
پاشان لە وتاری (چاودێركردن لە نێوان دیموكراسی و دیكتاتۆری دا) دا قسەمان لەسەر ئەو خاڵە جیاوازانە كردوە، لە دەزگای چاودێریكردن لە نێوان هەر دوو سیستمی دیموكراسی و دیكتاتۆری دا هەن. دواتر لە ژێر ناوی (لە كوێوە دیموكراسی دەست پێ دەكات..؟) بەو شێوەیە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە گەڕاوین، كە دیموكراسی لەوێوە دەست پێ دەكات، پەیوەندیی ناعەقڵانی و پەراوێزیی تاك بە كۆمەڵەوە هەڵ بوەشێنرێتەوە و پەیوەندییەكی عەقڵانی و سەربەخۆ بونیاد بنرێت، كە تاكێكی سەربەخۆی بە بەها و بە ئیرادە و خاوەن چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی… هتد، لە دایك ببێت.

لە وتاری (كۆچی ئەم جارە چییە؟) دا شەپۆلی كۆچ و بەجێهێشتنی وڵاتمان بە بێئومێدییەكی ترسناك لە ژیان بە هەموو مانایەك لە وڵاتە دا بەستوەتەوە، بێئومێدییەك كە تەنانەت كۆچەران بۆ ئاییندەیەكی دووریش هیچ تروسكەیەك لەم وڵاتە و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بەدی نەكەن، بێئومێدییەك كە خودی بێئومێدیی لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و بێكاریی ئەوروپایش لەم كۆچە ساردیان ناكاتەوە. (نەمزامی چۆن هەفتەیەك، مانگ، یان ساڵیك بە سەر ئەو شتە دا تێ پەڕی… باشە كوێڕا شەممە هاتەوە… فڵان شت پێنج ساڵی بە سەر دا ڕۆیی و وام زانی دوێنێ‌ بوو… نەمزانی ئەمساڵا چۆن ڕۆیی… هتد) ئەمانەیش ئەو پرسیارانەن كە لە وتاری (تەمەن لە كوردستان) دا قسەمان لە سەر كردوون. ئینجا لە وتاری (خەتای ئەوانە) دا، باس لەو دۆخە دەكەین، كە چ مرۆڤ و چ حكوومەت و، یان هەر دامەزراوەیەكی تر بێت، كاتێك شكستێك دەخۆن، دەكەونە پاساو و بیانووهێنانەوە، لەم وتارە دا دەمانەوێت بڵێین (ئەم لۆژیكە، ئەوە دەگەیەنێت، ئەوانەی هەر خەریكی بیانووهێنانەوە، لە بناغەوە شایەنی لێپرسراوێتی نیین و هەرگیزیش بۆ ئاییندەی نزیك و دووریش بە تەما نیین بە سەر ئەو شكستانە دا سەر بكەون، چونكە سەرەتای چارەكردنی هەر كێشەیەك، مەرجە دان بە هەڵە و ناتەواوییەكان دا بنرێت…هتد)

لە گفتوگۆكان دا لەگەڵ چەند نووسەر و ڕووناكبیرێك دا، ویستوومانە باس لە كتێب و كتێب خوێندنەوە بكەین و لە ڕێگەی كۆمەڵێك پرسیارەوە بەها و هەیبەتی كتێب، هۆكاری هەڵكشان و داكشانی كتێب، كەمبوونەوەیەی خوێنەر و پەیوەندیی بە بێهێزی و بێ ئامانجی و بێهزریی نووسینی كوردی، یان دونیای تەكنیك و دیجیتاڵ و ئەنتەرنێتەوە. هەروەها لە ئاستی كتێبی كوردی لە ڕووی تەكنیك و نەخشەسازی و هونەرەكانی دەرهێنانی بەرگ و ناوەڕۆكی كتێب دەدوێین، لەگەڵ گەڕان بە دوای ئەوەی، بۆچی كتێبی كوردی كەوتوەتە ژێر كاریگەریی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە، بەتایبەت لە ڕووی نەفەسی نووسین و زمان و چوارچێوەی دەربڕینەوە، لەگەڵ گفتوگۆكردن لە سەر پرسی سانسۆر و چەند لایەنێكی تر پەیوەست بە كتێب و كتێب خوێندنەوەوە.
هیوادارین سەرجەم بابەتەكان بە ڕۆحی جیدی و هەستی لێپرسراوێتی و مۆراڵی كاركردن لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا نووسرابن.




شه‌هیدی قه‌ڵه‌م – كاوه‌ گه‌رمیانی 1979 – 2013 …. ئا / سه‌باح عه‌لی جاف

كاوه‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ، ناسراو به‌ كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ووڵاتی ئێران له‌ شاری ره‌شت له‌ ئاواره‌یی له‌ ساڵی 1979 له‌ دایك بووه‌ ، پاش به‌ ریكردنی ته‌مه‌نیك له‌ ئاواره‌یی دێنه‌ باشوری كوردستان و له‌ شاری كه‌لار نیشته‌جێ‌ ده‌بن ، كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ته‌مه‌نی پێنج ( 5 ) ساڵی واتا له‌ ساڵی 1984 ده‌خرێته‌ به‌ر خوێندن و چاوه‌كانی به‌ خوێندن و خوێنده‌واری له‌ قوتابخانه‌ی (نیزال )ی پێشتر و ( مرواری ) ئێستا قوناغی سه‌ره‌تای ته‌واو ده‌كات ، له‌ قۆناغه‌كانی خوێندندا تا پۆلی ( دووه‌می ناوه‌ندی ) ده‌بڕێت و پاشتر له‌به‌ر قورسی گوزره‌رانی ژیان ده‌ست له‌ خوێندن هه‌ڵده‌گرێت و روو له‌ كارر و كاسبی ده‌كات له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ ژیان بۆ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی كه‌ باوكی كۆچی دوای ده‌كات ، به‌مه‌یش قورسای خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ و له‌و پێناوه‌دا روو له‌ چه‌ندین كار و كاسبی قورس ده‌كات و ژیانی به‌ هه‌ژاری ده‌گوزه‌رێنێت .
له‌و ده‌مه‌ی كه‌ بارودۆخی ئابوری و سیاسی كوردستان له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا رووی له‌ خراپی كردبوو ، ئه‌مه‌یش وای له‌ زۆرێك له‌ هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت گه‌نجان كرد كه‌ روو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن له‌ پێناو ژیانێكی باشتر و به‌و شێوه‌یش كاوه‌ گه‌رمیانی بۆ چه‌ندین جار رێگه‌ی هات و نه‌هاتی هه‌نده‌ران تاقی كردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیانی كولله‌ مه‌رگی كوردستان رزگاری ببێت ، به‌ڵام له‌ هه‌موو جاره‌كاندا سنورداش ده‌كرێته‌وه‌ و نه‌یتوانیه‌وه‌ به‌و ئاواته‌ی بگات و هه‌موو جاره‌كان دیته‌وه‌ نیو خانوه‌ قوڕێنه‌كه‌ی و ژیانه‌ هه‌ژارانه‌كه‌ی ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌ .
كاوه‌ گه‌رمیانی جگه‌ له‌ زمانی كوردی ئاشنای زمانه‌كانی تری ( فارسی و عه‌ره‌بی ) بووه‌ و توانیویه‌تی له‌و رووه‌ سودی لێ‌ وه‌ر بگرێت ، پێش ئه‌وه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی بێته‌ نیو دنیای رۆژنامه‌گه‌ریه‌وه‌ به‌ شیعر نوسین ده‌ستی پێ‌ كردووه‌ و خۆی به‌ شیعره‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ ، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ رێگه‌ی شیعره‌وه‌ تێكه‌ڵی دنیای مه‌عریفه‌ بووه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی 2002 تێكه‌ڵی دینای رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێت ، سه‌ره‌تای كاری رۆژنامه‌گه‌ری به‌ وینه‌گرتن ده‌ستی پێ‌ كردووه‌ واتا ( فۆتۆ جۆنالیست ) و له‌و رێگه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا وێرانی و كه‌م و كوڕییه‌كان پیشانی هه‌موان بدات ، پاشتر زیاتر له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ریدا رۆچووه‌ و چه‌ندین راپۆرات و هه‌واڵی رۆژنامه‌نوسی ئاماده‌ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ رۆژنامه‌ و سایته‌كاندا كاری كردووه‌ ، له‌ ساڵی 2007 به‌ دواوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌بێت به‌ په‌یامنێر له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( سایتی ئاوێنه‌ ) و ( رادیۆی ئازادی ) و لێره‌یشه‌وه‌ زیاتر تێكه‌ڵی كاری رۆژنامه‌نوسی بووه‌ و زۆر تر كاره‌كانی بۆ به‌دواداچوون بووه‌ له‌سه‌ر كه‌نده‌ڵی و كه‌م و كوڕییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری گه‌رمیان ، هه‌ر له‌و كاروانه‌دا بوه‌ته‌ په‌یامنێری هه‌ریه‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌كانی ( ئاوێنه‌ ، كوردستان راپۆرت ، رێگای كوردستان و گه‌رمیانی ئه‌مڕۆ ) .
كاوه‌ گه‌رمیانی رۆژنامه‌نوس بۆ زیاتر كار كردن و خۆ ته‌رخان كردن بۆ هه‌ڵماڵینی كه‌م و كوڕی و گه‌نده‌ڵیه‌كان بیری له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ له‌ سنوری گه‌رمیان كردووه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵی 2011 كتێبێكی چاپ و بڵاوكرده‌وه‌ له‌ ژێر ناونیشانی ( گه‌رمیان له‌ نێو به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌شه‌كاندا ) ، پاشتر له‌ ساڵی 2012 بوو به‌ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ( گه‌ڕان ) و درێژه‌ی به‌ كاری رۆژنامه‌گه‌ری خۆی داوه‌ ، له‌ 10/9/2012 بوو به‌ خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنوسه‌ری گۆڤارێكی تر به‌ ناوی ( رایه‌ڵ ) كه‌ تا ساتی تیرۆر كردنی توانی ( 14 ) ژماره‌ له‌و گۆڤاره‌ بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بۆ خۆی زۆر ترین كاره‌كانی به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یاند ، كاوه‌ جگه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نوسی كه‌سێكی چالاكیش بووه‌ له‌ بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌نده‌نیدا هه‌ر بۆیه‌ له‌ زۆرێك له‌ خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌تیه‌كاندا رۆڵی هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نوسی چه‌ندین جار توشی ده‌رده‌سه‌ری و هه‌ڕه‌شه‌ و گرتن و لێدان بووه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌و پێناوه‌دا ( لوتی ) له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ شكێنراوه‌ ، كاوه‌ گه‌رمیانی ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان و ئه‌ندامی فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نوسانی جیهان بووه‌ .
كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌سێكی ناسراو و هاوڕێ‌ و دۆستی رۆژنامه‌نوسان بووه‌ ، كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ 12/12/2012 ژیانی هاوسه‌ر گیری له‌گه‌ڵ خاتوونی رۆژنامه‌نوس و كه‌س و كاری ئه‌نفالكراو ( شیرین ئه‌مین ) پێك دێنێت و ژیانێكی ساده‌ و هه‌ژارانه‌ له‌ نێو خانویه‌كی قوڕدا ده‌گوزه‌رێنێت ، له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و نوسینه‌كانی مه‌خابن له‌ شه‌وی 5/12/2013 رۆژنامه‌نوس كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به‌ر ده‌ست رێژی كولله‌ ده‌درێت و شه‌هید ده‌كرێت و بۆ رۆژی پاشتر له‌ نێو ئاپۆڕای هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوساندا به‌ دروشمی ( ئازادی ، ئازادی ) له‌ گۆڕستانی ( كه‌لاری كۆن ) به‌ خاك ده‌صپێردرێت ، شه‌هید كاوه‌ له‌ پاش خۆی جگه‌ر كۆشه‌یه‌كی به‌ناوی ( ئامه‌د ) ده‌بێته‌ ئومێد بۆ هاوڕێ‌ و كه‌س و كاره‌كه‌ی ، ساڵانه‌ له‌ (5/12) دا له‌سه‌ر تاسه‌ری كوردستان و گه‌رمیاندا له‌ رۆژی شه‌هید كاوه‌دا چه‌نیدن چالاكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ، وه‌ك نه‌ریتێكش له‌ كه‌لار ساڵانه‌ بۆ یادی شه‌هید كاوه‌ چه‌ندین چالاكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ( خه‌ڵاتی شه‌هید كاوه‌ ) به‌ كه‌سێكی چالاك ده‌به‌خشرێت ، دورد بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م و شه‌هید كاوه‌ی هه‌میشه‌ رێباز زیندوو ، شه‌هید كاوه‌ پێت ده‌ڵێین ( هه‌میشه‌ له‌ یادمانی ) .




په‌یوه‌ندی …. نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
دوو لوتكه‌ی دوو كێون ..
به‌فر هات ،
ماچی
ڕووباری
شێتی كرد..
تۆلازی ڕۆما
دێن سه‌ری (ئۆڤید)ی شاربه‌ده‌ر
ده‌بڕن و
ده‌یخه‌نه‌ (ده‌ریای ڕه‌ش)ـه‌وه‌ .

(2)
زێڕوه‌شێن خه‌نجه‌ری له‌كایه‌.
بۆ ئه‌و ،
باڵی شه‌كه‌تی قه‌قنه‌س سه‌مایه‌ !!
سه‌مای ده‌سماڵان ..
زێڕوه‌شێن خه‌نجه‌ری له‌كایه‌..
(3)
دره‌ختی نایلۆنی به‌ر په‌نجه‌ره‌
چوار وه‌رز تێك ده‌كاته‌وه‌ ..
ئه‌و دره‌خته‌ ،
دارپه‌شیمانی( ئه‌پۆلۆ ) نییه‌
خه‌ونی بزڕكاوی
زیندووه‌ ، مردووه‌كانه‌
كه‌ دوو لوتكه‌ی دوو كێوی
تیا پێك ده‌گه‌ن .

10/ 1985




لە پای چی هەرێمتان شێواند …. هونەر جەمیل

ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دە گوزەرێ پیشاندانی ناشیرین ترین وێنەی حوکم ڕانیە . وەتاقی کردنەوەو ناشیرین ترین حوکم ڕانی کردنە . وە دوو نیا دیدی حیزبە کان هێندە کورت بۆتەوە کە بەردەمی خۆشیان نا بینن . سیاسەت کردن مافێکی یاسایو ئاسای تەواوی حیزبە سیاسێکانی کوردستانە ..بەڵام دەبێت ڕە چاوی بنەما گشتیو پیرۆزکانی کوردستانو تاکی کورد بکرێت .. وەنابێت کۆی ژیانی کۆمەڵگا بخرێتە چوار چێوەیەکی سیاسییەوە .. ئەویش چجۆرە سیاسەتێک ! ئەگەرچی سیاسەت کردن دەبێت لە گەڵ وڵاتانی دراوسێو دەرەوەی کوردستان بوایە دەبو بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان گرنگ ترین خاڵ بێت حیزبەکان کاری لەسەر بکەن .وەدە بێت سیاسەت بۆ پێش خستنو خزمەت کردنی تاک بەتاکی کوردستان بوایە بێ ڕەچاو کردنی ئینتمای سیاسیان ..گەر هەوڵدانە کە بۆ ئەم ئامانجە بو بێ گومان کۆی کۆمەڵگا سودمەند ئەبوو ن..بەڵام بەداخەوە ناشیرین ترین وێنە لە کوردستاندا وێنەی سیاسییەکانە ..یەکێتیو پارتی بە جۆرێک گومەکەیان شڵقاندووە مەحاڵە بە ئاسانی بچێتەوە باری ئاسای خۆی خوڵقاندنی ڕەوشێکی ئاڵۆزو سەختیان بە هۆی سیاسەتە لارەکەیانەوە هێناوەتە ئاراوە شتێک بەناوی ژیان بێت . نەیان هێشتۆتەوە بۆ هاوڵاتیان .. دوبارە کردنەوەو ئیدامە دانی ئەم ڕەوشە نا سەقام گیرانە بەردەوامە .. ئەوەی لەم ئەم چەندڕۆژە لە سنوری سلێمانی سەرنجی ڕا کێشام یەکێتیو دەزگە ئەمنییە کانی یە کێتی بون ..چونکە لەم چەند ڕوژدا ئەوانیش بون بە بە شێک لە وێنە گشتییەکە .. بەوەی چی بۆشاییەک . یە کێتی هەی بو لە گەڵ پارتی نەی هێشت وەدەیەوێت ئەویش هەمان ئەزمونو تەجروبەی ئەو دوبارە بکاتەوەو کردیشی …هەڵکوتانە سەر ماڵی مامۆستایانو گرتنیانو سوتاندنی ئۆتۆمۆبیلە کانیانو هەڕەشەی کوشتن لێیان ..ئێستا وەڵامی یەکێتییە بۆ کۆتای هێنان بە بای کۆت ..بە شەیتانی کردنی داوای ڕەوای خەڵکی ئەم هەرێمە بۆ ؟ لە کاتێکا تەواوی کێشە کان یە کێتیو پارتین بە هاوبەشی دەستیان بەسەر ئابوری ئەم هەرێمە دا گرتووە قۆرغی جومگەو شادە ماری دارای وڵاتیان کردووە نەفەسێک دەرچەیەک نییە ئەمان کۆنتڕۆڵیان نە کردبێت بۆیە وەک چۆن سەرچاوەی قەیرانو کێشەکان ئەوانن : چارە سەرەکەشی ئەوانن ..دروست کردنی ئەم ڕەوشە بە بڕوای من دو هۆکار یاخود دو ڕە هەندی هەیە . ئەوانیش( ناو خۆیو دەرە کین) ناو خۆین لەو ڕووەوە کە ئیدارە دانی ئەم وڵاتە ئیدارە دانێکی کوردییە وە ترۆکی کێشە کانیش لەمەشیانە دو هۆکاری هەیە . یەکەمینیان پەیوەندی بە پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە هەیە . دووەمینیان پەیوەندی بە گۆڕانەوە هەیە کە یە کێتیو پارتی بۆنا شیرین کردنی تەجروبەی گۆڕان ئەم بارەیا خوڵقاندووە . هۆ کاری دووەم دەرەکییە وەک وتم لە و ڕووەوە کە یە کێتیو پارتی پاشکۆی ناسیۆنالزمی تورکیو ئێرانین مە حاڵە ئەم دو وڵاتتە خواستی شتێک یان نە بێت ئەمان بیکەن ..




گروپی خۆجێی؛ ڕێکخستن، شێوازی چالاکی و ئامانجەکانی … هەژێن

گروپی خۆجێی چییە ؟
گروپی خۆجێی (لۆکاڵ گروپ) ڕێکخستن و ڕێکخراوەی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیانە، دەکرێت گروپێکی بەرھەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت، ھەر ئاوا دەکرێت گروپێکی تایبەت بە ھاریکاری و کۆمەك، کاری خۆبەخشی، ئاڵووێری زانیاریی، خۆکۆمەکیی نەخۆشان، دایکان، باوکان، کەمئەندامان، ھاوڕەگەزبازان، شارەزایانی بواری ئایتی، خۆکۆمەکیی خوێندکاران، پاکژکردنەوەی ژینگە، پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوند، فریاگوزاریی، ڕێنوێنی و گشت بوارەکانی دیکە ژییان …تد

ئامانج لە پێکهێنانی گروپی خۆجێی
گروپی خۆجێی بەخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی حەز و داخوازییە کەسیی و گشتییەکان و بەرژەوەندی نێوکۆیی دانیشتوانی گەڕەکێك، کۆمەڵە کرێکار و فەرمانبەر و خوێندکارێك یان پێگە و سەکۆیەکە بۆ ئاڵووێرکردنی زانیاریی و کۆمەك و پێداویستییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان یان بەشدارانی لەسەر پرسەکان و پێداویستییەکان و ئەرکەکان بڕیاردەدرێت.

هۆکاری پێداگریی و شەیدایی ئازادیخوازان بۆ گروپە خۆجێیەکان
وەك سەرەتا ئاماژەمدا، گروپە خۆجێیەکان بەخۆیان ئامانج نین، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانن. بێجگە لەوەش هەر هەبوونی گروپە خۆجێیەکان بە تەنیا بۆ خۆی ناتوانێت وەڵام بە شەیدایی و پێداگریی ئازادیخوازان بداتەوە، بەڵکو ئەوە ئافەرێنەربوون و ڕادیکاڵبوونی مێکانیزمەکانن، کە ئازادیخوازان دەکەنە پێداگر و شەیدای پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان و بناخەیی لەبەرچاوگرتنیان لەنێو کۆڕی تێکۆشان و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی؛ بە واتایەکی دیکە ئەوە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و چالاکی ڕاستەوخۆن، کە وەك میکانیزمی ڕێگر لە پاشکۆبوون و پڕۆ-دەسەڵاتبوونی گروپە خۆجێییەکان و سەرھەڵدانی بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسیی ڕابەران، گروپە خۆجێییە شۆڕشگێرەکان لە گروپە خۆجێیە ڕیفۆرمیست و سازشکارەکان جیادەکەنەوە و هەر ئەو هۆکارانەشن، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئازادیخوازان گرنگی و پێداویستی گروپە خۆجێیەکان بناخەیی وەربگرن و بۆ هەموو بواریك هەوڵی پێکهێنانیان بدەن.

جۆرەکانی گروپی خۆجێی

بەپێچەوانەی دابەشکردنی پرسەکان و شتەکان و کۆمەڵ بەسەر ڕەش و سپی، ئەوە تەنیا تێکۆشان و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتداران نین، کە گروپی خۆجێی دەکەنە پێداویستی، بەڵکو ئەوە وەڵامدانەوە بە هەموو لایەنەکانی ژییانەی ڕۆژانەی خەڵکە، پێداویستی ئەوان دەکاتە ناچاریی. جۆرەکانی گروپی خۆجێی بریتین لە : گروپە داخوازییکارەکان و بەرھەڵستکارەکان، گروپەکانی ئاڵووێری زانیاریی و خۆبەخشکاریی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتی، گروپەکانی پاراستنی ئاساییشی شوێنەکانی ژییان و کار و خوێندن، گروپەکانی پاراستنی ژینگە، گروپە تایبەتەکان بە پرسە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی وەك ئاڵووێری ئەزموون لەبارەی نەخۆشی، تەرککردنی سیگار و مەی و بەنگکەر و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

شێوەی ڕێکخستنی گروپی خۆجێی
هەر وەك ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئەوە ئامانجە کە شێوەی ڕێکخستنی گروپە خۆجێییەکان دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات. کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێیەکان وابەستەکردنی خەڵك بێت بە پارتییەکان یان گوێڕایەڵکردنی خەڵك بێت بۆ بڕیارەکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەوا خۆبەخۆ گروپی خۆجێی شێوەی ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی لەخۆدەگرێت و کەسانێکی دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بۆ بەدەستهێنانی مشەخۆریی یا پلە و پایەی دەسەڵاتداریی و بەرتەری لە سەرووی گروپەکەوە جێدەگرن، لەو بارەوە دەتوانین وەك نموونە بە ئەنجومەنی گەڕەكەکان ئاماژەبدەین، کە ساڵی ١٩٩٢ (ینک) وەك ئەڵتەرناتیڤی (شورای گەڕەکەکان) دروستیکردن و بەسەر خەڵك سەپاندنی. هەر ئاوا (شورای گەڕەکەکان) کە بڕیاربوو ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی خەڵك بن، هەر زوو لەلایەن ڕێکخراوە چەکانی ئەو کات لە سەرەوە پاوانکراون و کرانە بڵندگۆی ئایدیۆلۆجیی ڕێکخراوە چەپەکان. هەر ئاواش گروپە خۆجێیەکانی شوێنی کار و خوێندنی وەك (یەکێتی) و (سەندیکا) زەردەکان لەنێو کارگەکان و فێرگەکان وەك تۆڕی هەواڵگریی و ئەندامگیریی بۆ پارتییەکان بەکاربران.

بەپێچەوانەی ئەوەش، کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان بەدەستهێنانی داخوازی و یەکگرتنی دانیشتووان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران بێت، ئیدی ناچار میکانیزم و شێوازی گونجاو و خوازراوی خۆی دەدۆزێتەوە و دادەهێنێت؛ گروپێك کە ئامانجی سەپاندنی داخوازییەکانی خەڵك بێت بەسەر دەسەڵاتداران و هەڵخڕاندنی یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتیی و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت، ئیدی ناتوانێت لەتەك ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە و هەبوونی سەرۆك و وابەستەیی بە پارتییەکان و دەوڵەت بگونجێت و لە بەرانبەر ئەوانە کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و دەستەی سەرپەرشتیکردن و یەکسانی گشت ئەندامان لە ئەرك و بەرپرسیاریی و سەربەخۆیی لە هەر پارتیی و دەسەڵاتێك دەکاتە پێشمەرجی جەماوەرییبوون و سەربەخۆییبوونی خۆی؛ بە واتایەکی دیکە پێویستە ڕێکخستن و چالاکیکردن و میکانیزمەکانی تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو گروپانە بن، کە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی دەستەبژێرێك، پارتییەك یان فەرمانداریی و دەوڵەت و کۆمپانی و ئایین و ئایدیۆلۆجییەك پێکھێنراون.

میکانیزمەکانی سەربەخۆیی گروپی خۆجێی

وەك پێشتر ئاماژەمدا، میکانیزمەکانی گروپی خۆجێی سەربەخۆ تەواو پێچەوانە و دژی میکانیزمە باوەکانی ڕێکخستنە نێوەندگەرا و قووچکەییە پاشکۆکانی پارتییەکان و سەندیکا زەردەکانی سەر بە دەسەڵات دەبن لەوانە:
– کۆبوونەوە گشتییەکان
کۆبوونەوە گشتییەکان یەکەمین ھەنگاوی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و مەیدانی بڕیاردان و دیاریکردنی کەسانی خۆبەخشن بۆ ئەنجامدان و فێرگەی گێڕانەوە و پەروەردەکردنی گیانی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵاتین؛ کۆبوونەوە گشتییەکان ھەم سەکۆی مشتومڕکردنی گشت ئەندامان/دانیشتووانن لەبارەی پرسە پەیوەستەکان بە ژییان و کاریی خۆیان، ھەم مەیدانی ھەڵخڕاندنی جەماوەرین و ھەم سەنگەری تێکۆشانن و ھەم فێرگەی ھوشیاربوونەوە و ئەزموونگیریی و یەکگرتن و ھاوپشتیی جەماوەرن، ھەم شوێنی بڕیاردانن و ھەم شوێنی ھەڵبژاردنی نوێنەران و زۆر شتی پۆزەتیڤی دیکە.

– ڕێکخستنی ئاسۆیی

ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕێگە لە سەرهەڵدان و کۆپیکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە دەگرێت، کە هەردەم ئەو دووانە [ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە] ئافەرێنەر و درێژەپێدەرەوەی پێکهاتەی چینایەتی سەر و خوارن، کە گروپ و ڕێکخراوەکان دەکەنە کۆمیتە و پاشکۆی پارتییەکان و بەشێك لە دەزگەکانی دەوڵەت؛ ڕێکخستنی ئاسۆیی واتە گشت ئەندامان ڕاستەوخۆ و پێکەوەیی یان زنجیرەیی یەکدەگرن و ھەمووان ڕابەری خۆیانن و کەس بەتەنیا ڕابەر و سەرکردەی ئەوانی دیکە نییە. ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕەتکەرەوەی ھەموو پێکھاتە و ڕێکخراوەیەکی نێوەندیی و قووچکەییە و ھیچ بوارێك بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەسانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و ھەڵپەکەر و ھەلپەرست ناھێڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەوە گیانی خۆبەخشکاریی و ھەروەزیی و ھاریکاری و یەکسانی ئەرك و بەرپرسیاریی گەشەپێدەدات.

– سەرپەرشتی و ڕابەریی بەکۆمەڵ
سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و بەردەوام گۆڕاو لەنێوان کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگریی لە بەرتەریدان بە کەسەکان و پلە و پایەبەخشین و دروستکردنی پەیوەندی شوانە و مێگەل دەگرێت و گیانی بەرپرسیاریی و بڕوابەخۆبوون و بەشدارییکردن لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بۆ هەموو ئەندامان یان بەشدارانی کۆبوونەوە گشتییەکان دەگیڕێتەوە و ناهێڵێت گروپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ببنە ئامرازی دروستکردنی ئۆرۆستۆکرایی و مەشەخۆریی و ناوبانگخوازیی کەسانی هەڵپەرست و هەر ئاوا متانە بەخۆ و بە دەوروبەر بۆ نێو پەیوەندییەکانی کۆمەڵ دەگێڕێتەوە.

شێوازی چالاکی گروپە خۆجییەکان

چالاکی ڕاستەوخۆ یەکێکی دیکەیە لەو ئامرازانەی کە لە میانجیگەرایی و سازشکاریی کەسانی هەڵپەرست ڕێگەدەگرێت و ئەوە مسۆگەردەکات، کە هەموو ئەندامانی گروپەکان لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان لەسەر جۆر و ئەنجامدانی چالاکییەکان بڕیاربدەن و هەر بەخۆشیان ئەنجامدانی لە ئەستۆبگرن؛ ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆکراسیی و ئاریستۆکراسیی ڕێکخراوەیی .

شێوازی یەکێتی و یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان
بۆ ئەوەی هەر ئاوا کە لەنێو خودی گروپە خۆجێییەکان کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی/ڕابەرییکردنی بەکۆمەڵ دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستی، هەر ئاواش لە یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان و چالاکی سەرتاسەیی گشت یان بەشێکی گروپەکان لە سەرهەڵدانەوە و زاڵبوونی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستیی کەس و گروپەکان ڕێگرییبکرێت، پێویستە شێوازی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و بڕیاردان و جێبەجێکردن هەر بەو جۆرە بێت، کە لەنێو گروپە یەکگرتووەکان هەیە و پەیڕەودەکرێت؛ واتە یەکگرتنی نانێوەندیی و ناقووچکەیی، کە ئەوەش تەنیا بە یەکگرتنەوەی گروپە خۆجێیەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و هەرێمی و سەرتاسەریی مەیسەردەبێت.

هەژێن
٢ی دێسەمبەری ٢٠١٦




نامەیەكی کراوە بۆ هاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستان* …. ھەژێن پیزە قەرەچ

١ی دێسەمبەری ٢٠١٦

وەك دەزانن نزیکەی شازدە ساڵە لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕۆشنبیری دالیان** و دواتر لە بلاگی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان*** و پاشان لە سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان**** و دوا جار لە سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان***** و ھەر ئاوا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان****** بە تەواوی ئەو ساڵانە تەواوی وزە و توانای خۆمان بۆ سێ شت تەرخانکردووە:

یەکەم : بەدرۆخستنەوەی ئەو ناو و ناتۆرانەی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابوردوو بەتایبەت سەدەی بیستەم، کە بۆ ھزر و بزاڤی ئەنارکیستی ھەڵبەستراون و ڕەتدانەوەی ئەو لاساییکردنەوە دەروێشانەیە لە کوردستان و ناوچەکە … .

دووەم : ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە بنەماکانی ھزری ئەنارکیستی و مێژووی بزووتنەوەکە بە وەرگێرانی دەقە کلاسیکەکان و ھەر ئاوا نووسین و ڕەخنەگرتن لەبەر ڕۆشنایی بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم … .

سێیەم: خوێندنەوە و ھەڵوێستوەرگرتن لەسەر ڕوداوەکانی جیھان و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەبەر ڕۆشنایی تێگەییشتنی ھەر یەکە لە ئێمە لە هزری ئەنارکیزم و کۆمەڵی ئەنارکی … .

ئەم ڕۆژ بە شانازییەوە دەتوانین وردە وردە دەرکەوتنی بەرەنجامی تێکۆشانی نەپساوەی (سەکۆی ئەنارکیستان) ببینین و دەتوانین ئەم ڕۆژ پاش شازدە ساڵ کۆششکردن و ماندوونەناسین، لێرە لەوێ دەرکەوتنی دەنگ و دەستە و ھەوڵە ئەنارکیستییەکان بەدیبکەین، کە وزە و ھیوا بە ئێمە دەبەخشین و ئەوەندەی دیکە بڕوای ئێمە بە دروستی بیرکردنەوە و دیتن و ئەنجامبەخشیی کار و چالاکیمان بەھێزتردەکات.

شازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێك ئێمە بڕیارماندا دژی ھەموو جۆرەکانی سەروەری چینایەتیی، ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و ھەڵاواردن و ستەمکاریی و بەھرەکێشیی تێبکۆشین، ئەناکیزم/ ئەنارشیزم جنێوی ڕامیاریی بوون بەتایبەت لەنێو گروپ و پارتییە چەپەکان و ھەرگیز خۆمان چاوەڕێنەبووین ئاوا بەزوویی بەرەنجامی چالاکی ڕۆشنگەرانەی دەستەیەکی بچووکی وەك ئێمە بەزووی لەنێو کۆمەڵ ڕەنگبداتەوە و تەنانەت لەنێو ڕیزی ئەندامانی پارتییەکان و گروپە دەسەڵاتخوازەکان بیرۆکەی ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەڕشتیکردن و ڕابەریی بە کۆمەڵ و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و زۆر شتی دیکە سەرھەڵبدەن و ببنە دروستکەری مشتومڕ و زۆر شتی دیکە … .

ئێستا پاش شازدە ساڵ وەك دەبینین لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانش کۆڕ و کۆمەڵی ئازادیخواز/ ئەنارکی لە دەرکەوتن و پەرەسەندان و لەنێو خوێنەرانی کوردی-زمان بەتایبەت لاوان کەسانێکی زۆر ھەن، کە لە دوای سەرچاوە ھزرییەکانی ئەنارکیزم دەگەڕێن و ھاوکاتیش ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو ھەم دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و ھەم پارتیی و گروپە دەسەڵاتخوازە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ھەموو شێوەیەك کاردانەوەی ھەراسانبوونیان نیشانداوە و ھەوڵی کپکردن و بەرگرتنی دەنگی ئەنارکیستییان داوە و ھەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر.

ئەمانە ھەموو نیشانە و کاردانەوەن بە کارایی سەرھەڵدانی ئاوا بزووتنەوەیەك کە دژی ھەموو جۆرە سەروەرییەكە، دژی ھەموو جۆرە پێکھاتە و ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەییە، دژی ھەموو ھەڵاواردن و سووکایەتییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەھرەکێشییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەرتەریدانێکە بە دەستەبژێرەکان و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەسەر بنەمای یەکگرتن و ھاوپشتی و ھەروەزیی کۆمەڵایەتیی و پشتبەستن بە ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی و یەکگرتنەوەی ئازادانەی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵە ئۆتۆنۆمەکان لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتی ئامانجی بووە. ھەر ئاوا ھاوکاتی ئەوەش بە ھەموو جۆرێك ئەم ھەوڵە دژایەتیکراوە و ھەرچەندە سەرەتا بە ناونەبردنی و کەم نیشاندان و نەبوو-نیشاندانی دژایەتیکراوە، بەڵام ئێستا کە خەریکە دەبێتە کەتواری نکۆڵیھەڵنەگری کۆمەڵ و بەخێرایی بنەما ھزرییەکان و بۆچوونەکانی ئەنارکیزم لەنێو کۆمەڵ بڵاودەبنەوە و خەریکە تێگەییشتنی ھەڵەی ڕابوردوو ئاوەژوودەبێتەوە و ھۆگرانی ئەنارکیزم لە زیادبووندان و بنەماکانی هزری ئەنارکیستی کارایی دادەنێن.

بە بۆچوونی من، ئەم ساتە و لەم بارەدا ئەرکی ئێمە زیاتر و بەربڵاوتر دەبێت و ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە ناوچەکە بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان وەك ھەموو ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی ڕابوردوو لەبەردەم مەترسی کنەکردنی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازاندایە، ھەر ئاوا کە پێشتر دەسەڵاتداران بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی کۆمەڵ کاردانەوەی ئاوایان نیشانداوە و ھەوڵیانداوە ھەر بە ناوی خودی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان دژ بسازن، تاکو ھۆگران و شەیدایان و لایەنگرانی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان بەلارێدابەرن و بە پرۆسێسێکی دریژماوە دەستەمۆیانبکەنەوە و ئەوان لە ئەگەری گۆڕانی شۆڕشگێڕانە نائومیدبکەن. لەو بارەوە بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی کۆمونیستی و لیبرال ئەو تاکتیکە سەرلێشێوێنەرانە گیراونەتەبەر و ئێستاش بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئەگەری ئەوە ھەیە، کە ئەو کاردانەوانە تەنیا وەك دژایەتی ڕاستەوخۆ نەبن، بەڵکو دەکرێت بە دروستکردنی دەستە و گروپی فریودەر بەناوی خودی ئەناکیزم بێت و ھەوڵبدەن لەژێر ناوی ئەنارکیزم دژ و لێدەر دروستبکەن و بخەنەگەڕ. هەرچەندە دڵخۆشانە ئەو کەلێن و زەمینانەی [دەسەڵاتخوازیی، ناوبانگخوازیی و ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندگەرا و ھەبوونی ڕابەر و سەرۆك و قسەکەر]، کە دەسەڵات توانیویەتی لەوانەوە کنەبکاتە نێو بزووتنەوەکانی پێشتر، لەنێو ھزر و بیرکردنەوە و بۆچوونی ئەنارکیستی بوونیان نییە. بەڵام ئەوە ھێشتا دڵنیاکەری تەواو نییە و ھێشتا لە ھەرێمێك کە بۆ زۆرینە بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم ناسراو نین، ئەگەری ئەوە ھەیە، بلوێت کەسانێك یان گروپێك لە پانتایی نائاگاداریی کەسانی ناڕازی و گۆڕانخواز لەبارەی بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم، خۆیان بکەنە دایك و باوکی ئەنارکیزم و جۆرێك لە ئۆتۆریتەگەریی/دەسەڵاتگەریی و پاوانگەریی شارداوە بەسەر ھۆگران و شەیدایانی نائاگای ھزری ئەنارکیستی بسەپێنن و لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم کایە چەپەڵە ڕامیارییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.

لەسەر بنەمای ئەو دیتنە، من بەو سەرەنجامە گەییشتووم، کە لەمەودوا پێویستە ئەرك و گرنگیدانی ئێمە لە سێ ئەرکەکەی دەستپێك نەوەستن و واوەتر لەوە پێداچوونەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان بکەین و ھەم سەرنج و ڕەخنەی دەرکەوتنە تازەکان بکەین. بە بۆچوونی من، گرنگی ئەم ئەرکە لەوەدایە، ئەو بۆشاییانە پڕبکەینەوە، کە دەکرێت دەسەڵاتداران و دەربارانی دەسەڵات لەوێوە کنەبکەن. لەو بارەوە من وەك ھەنگاوی یەکەم ھەوڵدەدەم سەردەمێکی دیاریکراوی چەند مانگە بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەی بۆچوون و تێروانینی خۆمان بکەم و ھیوادارم ھەر ئاوا ئێوەش ھاوڕێیانی ئەنارکیست لە ھەر کوێ ھەن، ئەوەی بە گرنگی دەبینن و دەزانن سەرنجیبدەنێ و لەسەری کاربکەن و ڕەخنە بکەنە لەمپەرێك بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھەوڵێکی دژ و دژەخونگەر، بە بۆچوونی من ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێت، کە ئێمە لایەنگرانی تازەی ئەنارکیزم لەوە ئاگاداربکەینەوە، کە ئەنارکیزم پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتیایەتی و ڕێکخستن و پێکھاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، ڕەتکەرەوەی ناوبانگخوازیی و دەستەگەریی و دەستەبژێریی و دەسەڵاتخوازیی ھەر کەسێکە بە ھەر ناوێکەوە بێت، ئەنارکیزم دایك و باوك و مامۆستای نییە و ھەر کەس ئاوا ھەوڵ و پاگەندەیەك بکات، بەبێ گۆمان یان لە بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم تێنەگەییشتووە، یان ئامانجدارانە دەخوازێت دەرکەوتنی تازەکی ھزری ئەنارکیزم لەنێو ناوچەکە و کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان بکاتە دێوجامەیەك بۆ گەییشتن بە ئامانجە کەسییەکانی خۆی یان بۆ خزمەتکردن بە پلانی پارتیی و لایەنێکی دەسەڵاتدار.

ھاوڕێیان ھەڵبەتە ئەم دیتنەی من بەو واتایە نییە، کە ئێمە ھەموو شتێك بەلابخەین و تەنیا خەریکی ڕەخنەگرتن لە خۆمان بین و کۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکان لەبیربکەین. نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەم سەردەمە کە ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان فراوانتردەبن و دەبنە دیاردەی ھەر ڕۆژە، کارکردن لەسەر ڕێکخستن و پاگەندەکردنی ڕێکخستنی ئاسۆیی و چالاکی ڕاستەوخۆ و گرنگی گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و بانگەوازکردنی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و تێکۆشانی نافەرانی سڤیلیست (مەدەنی) و بەرەنگاریکردنی پلانی تایبەتیکردنەوەی کەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و هەر ئاوا ڕۆشنگەرییکردن لەبارەی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆ/ئۆتۆنۆم و نانێوەندییکردنەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، پێداویستی و ئەرکی سەرەکی ئەم قۆناخەی خەباتی ئێمەن و ئەگەر بیرۆکەی کۆبوونەوە گشتییەکان و گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکان و ڕزگارکردنی پەروەردە و خوێندن لە دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت و پارتییەکان و کۆمپانییەکان و بەرەنگارییکردنی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلۆبرالیزم)، نەبنە ئامانج و دروشم و داخوازیی دەستبەجێ و ھەموو ساتەکی ئێمە، بەدڵنیاییەوە ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستیش وەك ڕەوت و بزووتنەوەکانی پێشووتر دەکەونە کەناری کۆمەڵ و دەبنە دەستەیەکی ئایننگەرا و ئایدیۆلۆجیی و سەرەنجام دوکان و کۆمپانییەك بۆ قازانجی چەند کەسێك.

بە کوردی و بە کورتی، بە دیتن و بە گوێرەی ئەزموونگەریی من، ئەنارکیزم و بنەما ئەزموونیی و ھزرییەکانی بزووتنەوە و شۆرڕشی ئەنارکیستی بریتیین لە خۆھوشیاریی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی ئاسۆیی و نانێوەندیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە و بەرخودانی کۆمەڵایەتی، ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیستەم و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی پشتبەستوو بە هەرەوەزی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. بە واتایەکی دیکە بەرەنگاریکردنی هەر هەوڵ و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی، لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبژێرگەریی، دەستەگەریی، پارتیایەتی، دەوڵەت نەتەوە، دەسەڵاتداریی ئایینی و نەزمی نوێی بازار.

———————————————–
* ئامانج لە نووسینی ئەم نامەیە، نە ئامۆژگاریکردن و نە ڕێنوێنیکردنە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی هاوڕێیانە بۆ شتێك کە من ئەم ساتە هەست بە گرنگیپێدانی و بەهەندوەرگرتنی دەکەم و دەکرێت ئاواش نەبێت و من لنگاوقووچ لە پرسەکان تێگەییشتبم و وەڵام و سەرنج و ڕەخنەی هاوڕێیان لەسەر ئەم نامەیە و بابەتەکانی دیکەی من لەبارەی ئەنارکیزم یان هەر پرسێکی دیکە، دەتوانێت پشتیوانییەکی گەورە بێت بۆ من و کەسانی دیکەش. بێجگە لەوە ئامانجی من گومانخستنە سەر هیچ کەس و هیچ دەستەیەك نییە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە بۆ ئەوەی وردبینانە و ڕەخنەگرانە بۆچوون و بیرۆکەکان لە هەر کەسێك وەربگرن، بەتایبەت بابەتی پەیوەست بە ئەنارکیزم، چونکە لۆجیکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستی ئەوە پەسەندناکات، کە کەسێك دژی سەروەریی بێت و هاوکات خەریکی ناوبانگدەرکردن بێت بۆ خۆی و لە خۆی باوکێك بۆ ئەنارکیزم چێبکات؛ وەك زانراوە و دەزانین ئەنارکیزم تێز نییە، دژەتیزە، ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجی نییە، هزرە، ئەنارکیزم زادەی هوشمەندیی هیچ کەسێك نییە و بنەما هزرییەکانی (تیئۆرییەکەی) گەڵاڵەکراوی ئەزموونگەریی بزووتنەوەی سۆشیالیستیی ئازادیخوازی سەدان و هەزاران ساڵە، ئەنارکیزم ئایین نییە و هیچ ئەنجامێك بە دوا ئەنجام و پێگەییشتنی مرۆڤایەتی نازانێت؛ ئەنارکیزم ژییانە و ژییانیش هەردەم دەگۆڕێت و پێشدەکەوێت ؛ وەك پییەر جۆزیف پڕۆدۆن لەنێو نامەیەك بۆ کارڵ مارکس دەنووسێت “وەرە با وەڵامی هیچ پرسیارێك بە دوا وەڵام وەرنەگرین و هەر کات بوار هەبوو و پێویست بوو، جارێکی دیکە لە دوای وەڵامی گونجاتر و دروستر بگەرێین و سەرلەنوێ وەڵامەکان نۆژەنبکەینەوە”
** گوڤاری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی دالیان www.geocities.com/dalyan00 ، www.dalian.cjb.net بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییانە نەماون.
*** سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.sakurdistan.kurdbloger بەداخەوە دەمێکە بەهۆی نەمانی کوردبلاگەر، ئەو پێگەیە نەماوە.
**** سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان www.anarchistan.co.cc بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییە نەماوە.
***** سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.anarkistan.com
http://facebook.com/anarkistan




سینەماکارانی کورد لە سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” رێزیان لێگیرا

مەنسوور جیهانی / یۆتۆبۆری ـ سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید رێزیان لێگیرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە ئامادەبوونی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “شوان عەتووف” ئەکتەری ناوداری کورد، دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری ناوداری شانۆ، “شادان فوئاد” ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، دکتۆر “رێبوار سەعید” ڕاگریی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، “ئاسۆ دیلان” ژەنیاری بەتوانای عوود و ئەندامی گرووپی موزیکی “نەوا” و هەروەها کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو کە سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانی خۆیان بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری رێزی تایبەتیان لێگیرا.
لەم رێوڕەسمەدا لە بەشی بەرهەمە سینەماییەکاندا لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بەخشرا کە “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری شانۆی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، دوای رێزلێنانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە “تەها کەریمی” سەبارەت بەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردە گوتی: یەکێکی دیکە لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە کەسە داهێنەرەکانمان زۆر جار بە زووترین کات و بەخێرایی ئەو دنیایە بەجێدەهێڵن و یەکێک لەوانە “تەها کەریمی” بوو، “تەها کەریمی” هونەرمەندێکی چوست و چالاک و لێهاتوو و بەتوانای کورد بوو کە خەونی زۆر گەورەتری هەبوو کە ئێمە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانیمان بینیوە. خەوی “تەها کەریمی” خەویی بەدیهێنانی سینەمای کوردیی بوو کە بتوانێت مۆر و شوناسێکی کوردانەی هەبێت و بەو مۆر و شوناسەوە بڕواتە دنیای ئەوانی دیکەوە. بەڵام جێی داخە تەها بە کارەساتێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلەوە لە شاری سلێمانی دنیای بەجێهێشت و نەیتوانی خەوەکانی بێنێتەدی.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئەگەر تەها لەم دنیایە بوایە بەرهەمی زۆر جوانتر و لاوازەترمان لێدەبینی، هیوادارم رۆحی تەها بە هەموو یادکرنەوەکانی شادبێت.
هەروەها لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “عاشقەکان بە پێوە دەمرن” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەهرام مەسلەخی” بەخشرا کە “شوان عەتووف” ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر وەرگرت.
هەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی “مناڵانی دیاربەکر” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “میراز بێزار” لە شاری ئامێد گیرا کە “هەڤاڵ بایرام” بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لە بەشی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئەرەستوو مەفاخیری” و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد “شیما مولایی” بەخشرا کە “مەنسوور جیهانی” رۆژنامەنووسی سەربەخۆی سینەمایی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەری سنەیی ئەم کورتە فیلمە کوردییە وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ئاوێنە ڕەنگ بزرکاوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “سالم سەڵەواتی” لە شاری سنە بەخشرا، کە “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەر و دەرهێنەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە کورتە فیلمی “وڵاتی ونبوو” لە درهێنانی سینەماکاری کورد “هەوراز محەمەد” لە هەرێمی کوردستان بەخشرا کە “هیوا جاف” لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەهێنەر وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمەکانی “کوڕانی چیا” و “کاتژمێر 14:36 و 22:8” لە دەرهێنانی هاوبەشی “ژیرۆ ئاگا هەستیار” و “فریدریک کارلسۆن” بەخشرا کە خەڵاتەکەیان لە “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری وەرگرت.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە سەرۆکایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە هاوکاریی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری هاندەریی هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکانیان بە سەرۆکایەتی “پیتێر ئۆلف سۆن” Peter Olfsson و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرهەمی فۆتۆگرافی هونەرمەندانی کورد “ناسح عەلی خەیات”، “بابان ساڵح”، “هۆشمەند هەڵگورد” و هونەرمەندی سویدی “لاگێ بیۆرک” لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”.




حورمەت… پشکۆ ناکام

….هەر هاوار هاوارییانە، پارە یۆخ..بەلوعەی بودجە لە بە بەغاوە گیراوەتەوە..نەوت لە کەرامەتی ئینسان هەرزانتر ئەفرۆشرێت..داعش گیرفانی بڕیوین.. جگەلەوەی مووچە نیە باسیشی بکەیت وەک مەکرەمەیەکی دەسەڵاتی کوردی بە سەوز و زەردییەوە شەق ئەخۆیت و بەدەردەکەی مامۆستیانی ناڕازیت ئەبەن، لە پاڵ ئەو هەموو پاڕانەوە و فرمێسکی تیمساحاوییەوە بۆ بێ داهاتی، ئەبینین لەولاوە سەرۆکی بنەماڵە و فەرهادی عاشقی کورسیە’ شیرین’ەکە، چوار هەزار عەرەبی عەشایەری لە سەر بنەمای برایەتی !کورد و عەرەبەوە بە مووچەی نیو ملیۆن دینار بۆ هەر یەکێکیان دائەمەزرێنێت، کەسیش نوتق ناکات بڵێ کە ئێوە بنەماڵە و حکومەتە برازاکەی ، دەوڵەت نەماوە بە ناوی کوردەوە پارەی لێوەرنەگرن و کەسیش نازانێت شنەی شەماڵی کام قاسە وونی ئەکات بە کام پارە و بودجە و داهات ئەو مووچەیە دابین کراوە ؟ لە هەموویشی هەزەلی تر ئەوەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو برا عەرەبانەمان گیرفانیان گەرم ئەکرێتەوە ، پێشمەرگەی قوڕبەسەری خۆشمان تا معاشێک وەرئەگرێت :ئاشتی هەورامی ئەڵێت چەق.. جگە لەوەش سوپایەکی گەورە و زەبەلاحیان بە ناوی’ زێرەڤان’ یەوە دروست کردوە کە ڕێک کۆپی (حەرەس جەمهوریەکەی) بەعسە، بە مەرجێک فاشیل و ترسنۆک ترین هێزە کە تا ئێستا لە کوردا دروست بوبێت، ڕاکردنی نەجمە و ئەستێرە بەشانەکانیان لە ‘ شەنگار’ شایەتی بودەڵەیی ئەو هێزەیە کە بە نەزەرییەی ‘ شەڕ ڕاکردنیشی تیایە’ ناوی دەرکردوە، ئەی یەپارە و داهاتی ئەو هێزە بێ هێزە چۆن و لەکام داهات مسوگەر ئەکرێت؟ کە چەکی تازە و جل و بەرگ و ئالیاتێکی زۆر و زەبەندیشیان لەبەر دەستایە جگە لە ڕەسم گرتنی جەبهە خەلفیەکانی پشتەوەی شەڕ نەبێت لە هیچ کونێکی ترەوە دەرناکەون!..
ئەی پارە و موچەو نەسرییەی ئەو هەموو ئەو هەموو بەر پرسە لە ژماردن نەهاتوانەی کە هی وایان هەیە کاروانی سەیارەکانی حیمایاکانی لە کەژاوەی دەرزەنێک بوک زیاترە، مەکتەب سیاسی، سەرکردایەتی، ئەندامی بنەماڵە، لق ، مەڵبەند، ئەنجومەن، ناوچە، کۆمیتە، بەڕیۆەبەرەکانی پۆلیس بە هەموو بەشەکانیەوە، بە بەشی تێهەڵانی خەڵکیشەوە، ئاسایش و پراستن و زانیاری سکرتاریەت و دژە تیرۆر و کۆشک و تەلارەکانی خانەوادەی سەرۆکەکان ووەزیر و معاون و کوڕە باشەکانی حاشیەو..هتد…تا فەوجە تایبەتیەکانی بەرپرسە تایبەتیەکان ..کەس نیە بپرسێت بڵێ پارە بۆ ئەو هەموو لەشکر و هێزە چەکدارانەی حیزب بەردەوام هەبێت ،بێ پارەیی و قەیران یەک ڕۆژ ئەوان ناگرێتەوە،بەڵام مامۆستا و موچەخۆرێک چوار هەفتە بە چارەکە معاشێک بڵێ مەمنون کە ئەو چارەکەش بە چارەکە ساڵێک وەرئەگرێت..بۆ ئەو قەیرانە کۆمەڵێکی لە نیعمەتی ژیان بێ بەش نەکردوە و لە ما باقی خەڵکیش ژیانی لێ کردون بە دۆزەخ ..! سوسیال-دیموکراتی بەرپرسی وامان هەیە پارەی سەفەر و میهرەجان و کۆنفراس و مایک و دەعوەتەکانی ڕەنگە بەشی موچەی سەدان مامۆستا و فەرمانبەر بکات، ئەو مەسئولەی ووتبوی: هیچ قاتێک دوو جار لەبەر ناکەمەوە، ئەبێ بزانێ خێزانی وا هەیە دوو مانگ جارێک پڕ بەسکی خۆیان تێر ناخۆن. …
ئەو هەموو چەکانە ئەدرێن بە هەرێم و لە هەولێر’ خەشنۆش’ ئەکرێت، ئەو هەموو پارەیەی بەناوی پێشمەرگە و شەڕی داعش و ئەملا و لاوە، جگە لە ڕژێمەکەی هەولێر بۆ خەڵک و پێشمەرگە وەک جنۆکە وایە ناوی هەیە و دیار نیە ، ئەو هەموو قسەیە بە بەغا ئەڵێن و لە هەولێرەوە وەک جامانەکانیان چاو ‘سوور’ ئەکەنەوە، بەڵام کە ئەچن بۆ ئەوێ وەک مجەور و ئەوقاف یەکسەر دەست پان ئەکەنەوە، لە ئەمریکاوە و بە تەیارەی تایبەت بە حکومەت ئەکتەری جل تەنک دەعوەت ئەکرێت و کەسیش نەیزانی هاتنی ئەو ئەکتەرە بە زەوقە چ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر قەیرانی بێ پارەیی لە هەرێم ! ئاخۆ ئەو خوشکەدەرەش چارەکێکی بەخشیشەکەی خۆی وەرگرت یان سیستەمی پاشەکەوت کردن ئەوی نەگرتەوە و هەمووی وەرگرت ؟ کوڕی سەرۆکی بنەماڵە کە فڕی بەسەر میدیاوە نیە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دائەنێ کە هەقه ناوی’ ئەستەمبوڵ 24′ بوایە، بەکام پارە و کام داهات ئەوەی کردوە؟ جگە لە برازاکەی کە ئەویش ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی بۆ خۆی داناوە، ئەی پارە و موچە و داهات بۆ لەوان نابڕێت ؟ئەوترێت گوایە ئەو دوو ئامۆزایەی بنەماڵە لە ڕقی یەکتری کەناڵیان داناوە، وەزع وابڕوات ئەوەنەی تر قوڕ ئەکرێت بەسەرمانا، ئەوان کە بە قسەی خۆیان عەشیرەتێکی هەزار کەسین و لە ڕقی یەکتر کەناڵ دانێن، ها کا بوین بە ساحێبی پێنج سەد کەناڵی تەلەفزیۆنی سەر بە بنەماڵە، ئەی ئەگەر دزینی داهات و قوتی خەڵک نەبێت چۆن ئاوا یاری بە پارەوە ئەکەن ،، ئەوە بۆ قەیرانی دارایی و هەرزان بونی نەوت و شەڕی داعش بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە هەرێم ناگرێتەوە و هەر خەریکی جرت و فرتی خۆیانن ؟
دەسەڵاتی کوردی و ڕژێمەکەی هەولێر ئەبێت زۆر زۆر مەمنونی ئەو خەڵکە بن کە تەنهابە هاتنە سەر شەقام ناڕەزایی خۆی دەرئەبڕێت، دەنا قەوارە و قورسایی و کاریگەریی نا عەدالەتیەکانی مەسروفات و داهات و دەغیلەی نێوان حیزب و خەڵک لە ئاستێکایە کە ئەبوایە ئەو دەربڕینی ناڕەزایەتیە زۆر توند و فروان تر بوایە و هیچ لێبوردنێکی لە خۆ نەگرتایە، بەڵام دیارە ئەو ڕۆژەش یەت ..سبەی بۆ ئەوەی چاوەڕوانی ئەکات، نزیکە….
من بەش بەحاڵی بە دووری نازانم دامەزراندنی ئەو عەشیرەتە عەرەبانە سەرەتایەک نەبێت بۆ مسۆگەر کردنی چەن هەزار دەنگێک لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەیا، قەیچێکە، کە مردوو دەنگ بات بۆ زیندو نەیکات، هەمووی بڕیارێک و گۆڕینی چەن هەزار دەفتەر نفوسێکە، کەی لەو هەرێمەی ئێمە و لە سایەی سەری ئەو دەسەڵاتەوە ئەوە کارێکی زەحمەتە….
…..بەڕاستی لەوەتەی کورد هەیە و پێی ئەوترێت میللەت، تا ئیستا لە لایەن هیچ کەس و تاقم و ستەم کارێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە ئە ئاوا سوکایەتی و بێ حورمەتی پێ نەکراوە….بەڵام هەمیشە دەسەڵاتی دوور لە حورمەتی نیشتمانی و ئینسانی ئەڕوات و میللەت بە حورمەتی خۆیەوە ماوەتەوە و ئەمێنێت،،،،،،،،




بوژانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ لەجیهاندا … نەوزاد جەمال

برەوسەندنی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’، دەرکەوتێکە ناکرێ ئەمڕۆ لەسەرکەوتنی کاندیدە سیاسیەکاندا نادیدەبگیرێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، رۆژبەرۆژ پارتە راستڕەوە نەژادپەرستەکان لە بەهێزبووندان. گوتاری سیاسی لەهەڵبژاردندا، چەندە ئاوبکات بەئاشی نەتەوەپەرستی و سەروەری خاک و ناسنامەی میلی و بێزاندنی ئەویتری بیانیدا، ئەوەندەش ئەگەری دەرچوونی زێترە.
لەکاتێکدا زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین، سەردەمانێک وشەی ‘ناسیۆنالیزم’ جنێوێکی سیاسی ناحەزبووە. بەشێکی زۆر لەروناکبیران و سیاسییەکان خۆیان لێبەدوورگرتووە. چونکە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە یەکسانکراوە بەسەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم و راسیزم. ئەو جەنگەکاولکاری و سیاسەتە پاکتاوکردنە نەژادییەی لەژێر پێستی ئەم ئایدۆلۆجیە مەترسیدارەوە هاتۆتەدەر، پەڵەیەکی خوێناوییە لەمێژوودا.
بەڵام، زۆرمان پێمانوایە کەبیرۆکەی ناسیۆنالیزم هی سەدەیەک لەمەوبەرە. پاش لێکەوتە وێرانکارییەکانی، چووەتە خانەی مێژووەو ئەو پەڕەڕەشەی لەمێژوو هەڵدراوەتەوە. لەکاتێکدا، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوتی سیاسی و سەرکردەگەلێک دەبینین، کە هەمان تەرزی گوتاری سیاسی هیتلەرو مۆسلینی و کێ و کێیان هەیە. بەسەرنجدانی گوتاری سیاسی ‘ترەمپ’و ‘ماری لۆپین'(فەرەنسا)و ‘خێرت ڤیلدەر'(هۆڵەندا)، ‘پوتین’و ئەردۆگان و چەندان کاراکتەری سیاسی لە چین و پۆلەندا، هەنگاریاو نەمساو بەلجیکاو بەریتانیاو سویدو هندستان و هتد… خاڵی هاوبەش و لێکچوویان لەوەدادەبینینەوە کە: ناسیۆنالیزمێکی فاشیستانە لەبوژانەوەدایە.
سەرهەڵدانەوەو بەجەماوەری بوونی ئەم کاراکتەرە ناسیۆنالیستە نوێیانە، جارێکتر پرسی ئاوابوونی ناسیۆنالیزم زیندوودەکاتەوە. پاڵێوراوەکانی لیستە ناسیۆنالیستە جەماوەریەکان، لەزۆر شوێنی جیهاندا نزیکن لەگەیشتن بەدەسەڵات. لێرەوە، دەبێت سەرهەڵدانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ هۆکارو پاڵنەری خۆی هەبێت. ئاخر ناکرێت، دیموکراسی نوێنەرایەتی و دامەزراوەی سیاسی، دەستەبژێر(ئیلیتە)ی سیاسی وابەئاسانی لاوازبن. لەبەرامبەریشدا کاراکتەری پەڕگیر بەدەنگی جەماوەریی و بەهەگبەی خاڵی لەئەزموونی سیاسیەوە، جێگەیان بگرنەوە.
بزوتنەوەی بریکست-چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورپا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری سیاسەتی ناسنامە. بۆیە، زۆربەی لپارتەکان، باشترین و ئاسانترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەران، ئەمڕۆ پرسی پەنابەرو کۆچبەرو مسوڵمان بەکاردەهێنن. چونکە، باش دەزانن کۆمەڵگەو تاکی ئەورپی لەسیاسەتدا خەمساربووە. سیاسەتی بۆ دامەزراوەی فەرمانڕەوایی بەجێهشتووە. ئیدی، بۆئەوەی ئەو کارەکتەر پۆپولیستیانە بگەنە دەسەڵات، دەبێت پرسی هەستیاری ئاین و نەژاد بکەنە پەیژەی گەیشتن.
رەنگە، سەیر بێت کە چۆن سیاسیەکی فاشیست لەم سەردەمەو لەوڵاتێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانست و کولتوردا، دەنگی زۆرینە بەرێت. وەلێ، سەیرنییە کەسێتی هاوشێوەی ئەردۆگان لەژێڕ گوتاری سیاسی ‘گێڕانەوەی مەزنێتی بۆ تورکیا’ زیندانەکانی پڕبکات لەنەیارەکانی. سەرۆک ‘پۆتین’ چۆن بۆی دەچێتەسەر کە لەناوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕ لەسەر مانەوەی رژێمی ئەسەدو بەبەهانەی لێدانی داعشەوە شارو وڵات کاولبکات؟ چۆن، کەسێکی وەک ترەمپ، نەریتی دامەزراوەی سیاسی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە کاریزمایەکی سیاسی؟
بەهەمان شێوە، ئەو پرسیارەش راستە؛ ئاخۆ چۆن ‘هیتلەر’و ‘مۆسلینی’ و رژێمە تۆتالیتێرەکان بەئاسانی ملیۆنەها مرۆڤیان کردە قوربانی ئەنگیزەو بیرۆکەی فاشیستی خۆیان؟ وەڵامدانەوەی ئەوەی ئێستە کەلەجیهاندا دەگوزەرێت، ئەو رووبەرەتاریکەی مێژووشمان بۆ رۆشن بکاتەوە. بەڕای سۆسیۆلۆگی ناسراو ‘زیگمۆند باومان'(لەوتارێکدا: ‘چۆن لیبرالیزمی ریگەی بۆ ترەمپ خۆشکرد’ لەماڵپەڕی: socialeeurope.eu/zygmunt-bauman)، تێزەکەی بیرمەندنی ئەڵمانی ‘کارڵ شمید’ تیشکێک دەخاتەسەر ئەوەی چۆن سەرکردەی فاشیست، پشتیوانی جەماوەری بەدەستدەهێنێت.
لەکتێبی(Political Theology) شمید، پێناسەی هەژموونی دەسەلات/هێز بەرێسای “بڕیاردەر”(decisionist) ناودەبات. هەژموونی دەسەڵات بریتییە لەرێسای بڕیاردان و توانای یەکلاکردنەوەو سەپاندنی. ئەو سەرکردەیەی کە بە بەڵێ و سەرسامی جەماوەر دروشمی ‘یەکێتی گەل’ و ‘یەک دەوڵەت’ و ‘یەک سەرکردە’ بەرزدەکاتەوە، دەتوانێت بەئاسانی خۆی بسەپێنێت. چونکە، بەهەمان میکانیزم هیتلەر لە (1935) توانی رای زۆینە بۆخۆی بەرێت.
سەرکردەی بڕیاردەر جگەلە گوێڕایەلی جەماوەر هیچیتری ناوێت. کاتێک، بڕیارەکانی هیج رێگرو سنووریێکی بۆ نابێت، وەکچۆن لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، فەرمانڕەوایەتی وەک مافێکی خودایی-یەزدانی تەماشا دەکرا. بۆیە، سەکردەی بڕیاردەر، لە رەهاگەری نزیکدەبێتەوەو وەک خودایەک رازی نابێت کاروبارەکەی خۆی بۆ کەس روونکاتەوە. مافی پرسیارکردن و لێپرسینەوەش لەهەموو کەسێک زەوتدەکات و مافی لێپرسینەوە لەهەمووش بەخۆی دەدات. دواجار، بەئاسان باز بەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و قەزاییدا دەدات.
بیرۆکەی ‘دوژمنسازیی’ خاڵێکیترە کە ‘باومان’ جەختیلێدەکاتەوەو ئاماژە بەتێزێکی ناسراوی بیرمەندی ئیتالی ‘ئومبێرتۆ ئیکۆ’ بەناوی(Making an Enemy ) دەدات. بەڕای ‘ئومبێرتۆ’، هەبوونی دوژمن و نەیار نەک هەر گرنگ و پێویستە بۆ پێناسەکردنی ناسنامە، بەڵکو مەرجە بۆئەوەی پێورەکانی سیستمی بەهایی خۆمان تێپەڕێنین. هاوکات، بەهای خۆمان لەبەرامبەر ئەویتردا نیشانبدەین. ئێمە دوژمنمان پێویستە، تابزانین خۆمان کێین و کێش نین. زانینی ئەمەس، مەرجە بۆ خۆپەسەندیی و متمانە بەخۆ. لەبەرئەوە، ئەگەر دوژمن و نەیاریش نەبێت، دەبێت دایبهێنن و دروستکەین!
هەمیشە، دوژمن و نەیاریش ئەوانەن کەلەخۆمان جیاوازترو خاوەنی نەریتێکن کە لەهی ئێمە ناچێت! لێرەوە، ئەو دوژمنەی ئەو کارەکتەر سیاسیانە گرەوی لەسەردەکەن، ئەویتری نامۆو بیانییە. جگەلەوەش، ‘خاک و خوێن و نەژاد’ پێکهێنەری سەرەکی ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمەن. بۆیە، گۆڕانکارییەکی گەورەدەبینین کە گوتاری سیاسی لەبیرۆکەی هاوڵاتی نیشتمانیەوە، بەرەو بیرۆکەی پیرۆزی خاک دەڕوات و بەپێشمەرجی هاوڵاتیبوونیان دادەنێت. جگەلەوەی دیدیکی رۆمانسیانە بۆ باڵایی نەریتی باوان و ناسنامەی نەتەوەیی لەفۆرمێکی بەرتەسکدا کۆدەکاتەوە.
ئەمڕۆ لەئەورپاو خۆرئاوادا، ئەویتری نامۆی سەرڕەش و موسڵمان، خۆرهەڵاتی و هتد… باشترین میکانیزمی سەنگەر بەهێزکردنی ئەم گوتارە ناسیۆنالیستەیە. بۆنموونە، ‘ئەویتر’ لەسیاسەتی تورکیادا هەمیشە ‘کورد’ی ناجۆربووە. ئەمڕۆ ‘ئەردۆگان’ بەئاسانی هەست بەپشتیوانی خۆی دەکات، چونکە بەناوی لێدانی ئەویتری تیرۆریستەوە، کۆشکی دەسەڵاتی رەها قایمدەکات. بەهەمان میکانیزمیش، سەرکردە فاشیستەکانی جیهان، پاساوی پەنابەر، زۆربوونی بیانی و مەترسی هاتنی ئایینی خۆرهەڵات و خراپی ئابوری و زۆربەی قەیرانەکان دەخەنە ئەستۆی ئەویترێکی بیانیی.
لەپێناو ئەو دوژمنسازییەشدا، ناسنامەی کولتوری، نەژادو پێست و پاشخانی شارستانی دەکرێتە پاساوی رەوایەتیدان. هەڵبەت، گەڕانەوەی فاشیزم بۆ ناو کایەی سیاسەت بەو ئاسانی و خێراییە، بەڕای نووسەری هۆڵەندی ‘رۆب ریمن’ بۆ شکست و کەوتنی دەستەبژێری سیاسی، قەیرانی کولتوری و رۆحی و مایەپووچی سیستمی پەروەردە دەگەڕێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو چرکەساتەمێژووییە کە سەدەیەک لەمەوبەر لەئارادابووە کاتێک گەورە رۆماننوسی ئەڵمانی ‘تۆماس مان’ لەسییەکاندا، هۆشداری سەرهەڵدانی ‘هیتلەر’ی دا. بەڕای ئەو، زەمینە سەرکەوتنی ئەو کارەکتەرە ‘بۆشایی و کەلەبەری دەروونی’یە.
دیارە، ‘رۆب ریمن’ راکەی ‘نیتشە’ دووبارەدەکاتەوە کەدەڵێت: ‘کاتێک خوێندنوپەروەردە لەوەدا کورتکرایەوە کە تەنها بۆ ئابوری و دەوڵەت باشە’، ئیتر، بۆشایی دەروونی و قەیرانی کولتوری سەرهەڵدەدات. دواجاریش رێگەکە بۆ کەسێکی فاشیست ئاسانە کەجڵەوی دەسەڵات بگرێتەدەست. لەم سۆنگەوە وتەکەی ‘ترەمپ’ لەمانگی (٢)دا شایەتحاڵێکە کەووتی:”من کەمخوێندەوارم خۆشدەوێت”! چونکە، ئەو چینەبەرینە، پشتوپەنایەکی سەرکەوتنین.
لێرەوە، کە ‘هیتلەر’ بەئاسانی بووە جێگەی متمانەی خەڵکی. لەبەرئەوەی سەر بەدەستەبژێری سیاسی نەبوو. چونکە، خەڵی ئەم چینەی لەقەیرانەکانی ئەڵمانیا بەبەرپرسیار دەزانی. بۆیە، ‘هیتلەر’و ‘ترەمپ’ هەمیشە رەخنەیان لەدامەزراوەی سیاسی دەگرت و خۆیان بەبەشێک لەو سیستمە دانەدەنا. ئەمەش، زەمینەی جەماوەرییانی بەهێزترکرد. شایەنی باسە، کاتێک لەسالانی چلەکاندا ‘تۆماس مان’ سەمینارێکی لەبارەی هیتلەرەوە لەئەمریکا پێشکەشکرد، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە: ‘ئەگەر فاشیزم رۆژێک گەیشتە ئەمریکا، ئەوا ئەوسا بەناوی ئازادییەوە دەبێت’!
کەواتە، برەوسەندن و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی نوێ، بەشێکی بۆ سیاسی فاشیست دەگەڕێتەوە. سەرکردەیەکی رەهاخوازو ئۆتۆکراسی. هاوکات، گەمەکردن لەسەر پەتی دوژمنایەتی خۆمان و لەبەرامبەر ئەوان. و نەتەوەی خۆمان لەسەروو هەموو شتێکەوە. ئەمانە، هەموو رێخۆشکەرن بۆ ئەو بارودۆخە سیاسیەی جیهان ببێتە مەیدانی لەباری ناسیۆنالیستە نوێکان. بەئاشکرا لەزۆر وڵاتی خۆرئاوادا وەرچەرخانێک لە هاولاتیبوونی گەردوون و نیشتمانیەوە، بۆ خوین-خاک و نەژاد گۆڕاوە. هەستی نیشتمانپەروەری ئەرێنی گۆڕاوە بەنەژادپەرستی و بەهەموو بەهانەیەکی فاشیستی پاساودراوەتەوە.
ئیدی، گوتاری داخستنی سنوورەکان بەرووی بیانیەکاندا، باشترین گوێگرو بەڵێی بۆ دەکرێت. لەهەمووشی سەیرتر ئەو پارادۆکسەی ئەم ناسیۆنالیزمە نوێیەیە. بەدیوێکدا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی کۆلۆنیالیزمانە فراوانخوازە. لەلایەکیش جەخت لەسەر دەمەزرکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نەژادی خۆی بەداخستنی سنوورەکانییدا دەکات. هاوکات، دەستوەردەداتە بارودۆخی وڵاتانی پاشکەوتوو و پاڵپشتی ستەمکاری سیاسی دەکات. پێدەچێت، ئەو جۆرە وڵاتانە دژبەلێشاوی پەنابەرو کۆچبەربن، بەڵام پێیویستیان بەو زەرورەتی مانەوی ئەو مەترسیە هەیە تاوەک دوژمنی و نەیار لەنیشتمانی خۆیاندا، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەری سوودی لێوەرگرن.

سەرنج: وێنەکە ئاماژەیەک بەچەند سەکردەیەکی ناسیۆنالیستی نوێ لەجیهاندا




هزری نه‌رم و هه‌ڵاوسانی خود لای سیاسه‌توانی كورد …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

هزری سیاسی له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه‌دا هیچ كاتێك له‌ چوارچێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی نه‌ئاخنراوه‌، ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ مانا مۆدێرن و عه‌قلانیه‌كه‌ی هه‌رگیز له‌ ئه‌ستۆی جولانه‌وه‌ سیاسیه‌كانی كورد نه‌بووه‌، په‌روه‌رده‌كردن پڕۆسێسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری درێژخایه‌نه‌ و ته‌نها به‌ رۆژنامه‌یه‌ك و گۆڤارێك و رادیۆیه‌ك و دووسێ‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌یی ئه‌وسا و ئێستا نایه‌ته‌ دی.

په‌روه‌رده‌ی سیاسی ئاماده‌باشیه‌كی عه‌قڵی پێده‌وێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێك له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ له‌ بواره‌كانی تردا بڕوات، بێ‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ساغی به‌ڕێوه‌ ناچێ‌، ئاماده‌یی ده‌روونی لای هه‌ر تاكێك مه‌رجێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌ی گه‌یاندن له‌نێو هه‌ر جولانه‌وه‌ و شۆڕش و گۆڕانكاریه‌كدا به‌ نیانی ببزوێ‌، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ ڕووی عه‌قڵیه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌كراون، به‌ڵكو هه‌میشه‌ لایه‌نی هه‌ڵچوون و سۆزی نۆستالیژی و هه‌ست به‌ گوناهیان وروژێنراوه‌ و به‌ پوختی ئه‌م دۆخه‌ خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی شور و حه‌ماسه‌تی شۆڕشگێڕی و له‌ راستیشدا ئه‌م باره‌ سایكۆلۆژیه‌ نه‌ك هه‌ر باڵانس له‌ هیچ دۆخ و سه‌رده‌مێك بۆ تاك درووست ناكات، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا باڵانسی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری ده‌شێوێنێ‌.

هه‌ندێ‌ ڕه‌فتاری سیاسی هه‌ن به‌ زه‌قی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارێكی ناهاوسه‌نگی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌ن و په‌یوه‌ست نین به‌ كه‌سێتی سیاسیه‌ك یا نوێنه‌رێك له‌ بوارێكی دیاریكراوی به‌رپرسێتیدا ده‌رده‌كه‌وێ‌ یا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كا. سیاسیه‌كان له‌ بواری گشتی كاری خۆیاندا نابێ‌ به‌ته‌نها خۆیان بن، ئه‌وان هه‌ڵوێستێك یا ڕایه‌كی گشتین، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بێ‌ خه‌ڵك بن نیو ئه‌وه‌نده‌ نابێ‌ خۆیان بن، (خۆنه‌بوون) ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌سه‌كه‌ له‌ خودی خۆی بترازێ‌ و خه‌سڵه‌ته‌ سایكۆلۆژیه‌كانی خۆی وه‌ك تاكێكی سه‌ربه‌خۆ ونكات، به‌ڵكو (ئه‌وانبوون) به‌ مانا سایكۆسیاسیه‌كه‌ی جۆرێكی زۆر پێشكه‌وتووی (خۆبوونه‌) و له‌ راستیشدا ره‌فتاری دیموكراسی به‌و مانایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. كه‌سێك كه‌ له‌ پێگه‌ و پله‌ و پایه‌یه‌كی گشتیدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ دۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری هه‌واردارانی بخوێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ژیریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌نگیه‌كی ده‌روونی ساغی هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا په‌یبردنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ ورد په‌ی به‌ گۆڕانكاریه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌بات.

سیاسه‌ت له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا له‌ تایپه‌ سایكۆلۆژیه‌ هه‌ره‌ كلاسیكه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتیشی تێپه‌ڕاند كه‌ ئه‌رستۆ ناوی نابوو (چه‌وسانه‌وه‌ی ئاسیایی) و تاك تا ئه‌و ئاسته‌ ملكه‌چ بووه‌ توانای جوله‌ی لێبڕاوه‌ و قبولی ئه‌م دۆخه‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی له‌ كاتی موماره‌سه‌ی كاری سیاسی له‌ كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و بواره‌ی ده‌بینین ته‌نها و ته‌نها خه‌سڵه‌تی كه‌سێتی خۆیانن و هه‌رده‌م باره‌ ده‌روونیه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی گشتی و ده‌ركه‌وتنی ئه‌وان و دیارده‌ و ڕوداوه‌ سیاسیه‌كان ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌.
سیاسه‌توانان له‌م هه‌رێمه‌دا له‌ هه‌موو ساتو كاتێكی ژیاندا خۆیان بوون كه‌س به‌قه‌د ئه‌وان وجودیانه‌ ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی خۆیان نین، (ببه‌ به‌خۆت) دروشمێكه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ نائاگای ئه‌وان ریشه‌ی قووڵی هه‌یه‌ به‌ڵكو زۆر وریایانه‌ وه‌ك (بوون به‌ خۆ) یه‌كی فه‌لسه‌فی به‌ ناوی جۆراوجۆر پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌. بوون به‌ خۆی فه‌لسه‌فی شایه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نادات كه‌ كاراكته‌رانی سیاسی به‌ ئاگان له‌ مانا و ریشه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌فتاره‌ سیاسیه‌كانن له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ئه‌و پاڵنه‌ره‌ سایكۆلۆژیه‌ شاراوانه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ له‌ پشت هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكی ئه‌وانه‌وه‌یه‌ و ده‌ركه‌وتنه‌كانیشیان له‌و ڕه‌فتارانه‌دا ساویلكه‌یی هۆشی ئه‌وانمان بۆ ده‌رده‌خا.

یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ بنه‌ماییه‌كانی ده‌بێ‌ له‌ كه‌سێتی سیاسه‌توانی دیموكراتدا هه‌بێ‌( نیانی- flexibility)ه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێ‌ ده‌توانێ‌ هزری خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و هه‌ڵوێسته‌ جۆراوجۆره‌كاندا بگونجێنێ‌ و له‌ به‌رانبه‌ر پێشهاتێك یا پرسێكی دیاریكراودا چه‌ندین ئه‌لته‌رنه‌یتیڤی جیاجیای هه‌بێ‌، كه‌سی له‌م جۆره‌ وه‌ڵامی هه‌مه‌ڕه‌نگی هه‌یه‌ بۆ ته‌نها پرسیارێك، خاوه‌نی ئه‌م مێنتالیتیه‌ زۆر دوور ده‌بینێ‌ و زۆر قووڵ شیده‌كاته‌وه‌ و ده‌خوێنێته‌وه‌.
سایكۆلۆژیه‌تی ناهاوسه‌نگی كاراكته‌ری سیاسی ئێمه‌ له‌ ئاست خۆی نه‌وه‌ستاوه‌، بگره‌ ته‌شه‌نه‌ی كردۆته‌ جه‌سته‌ی حزب و دواتر پانتایی هه‌واداران و ئینجا وه‌ك كولتوورێك له‌ ناخی ده‌روونی تاكه‌كانمان چه‌قیوه‌. سیاسه‌ت لێره‌ به‌ سه‌رسه‌ختی و عینادیه‌كی ناعه‌قلانیانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌، عیناد وه‌ستانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌لته‌رنه‌یتیڤ و یه‌ك وه‌ڵام بۆ یه‌ك پرسیار و یه‌ك داواكاری، ئه‌وان واته‌ حزبه‌كان و سیاسیه‌كان له‌وه‌ته‌ی هه‌ن یه‌ك هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌ ئه‌ویش هه‌وڵدانه‌ بۆ یه‌كتر سڕینه‌وه‌ و جێگه‌ی یه‌كتر گرتنه‌وه‌. ئه‌م رق و نه‌گۆڕیه‌ له‌ هه‌ڵوێستی سیاسی به‌رانبه‌ر یه‌كتر چه‌سپینی خه‌سڵه‌تێكی ده‌روونی ئه‌وپه‌ڕگیره‌ و مانای ره‌قهزری و سووربوون له‌سه‌ر یه‌ك تاكه‌ ڕا ده‌گه‌یه‌نێ‌، ئه‌مه‌ له‌ سایكۆلۆژیای مه‌عریفیدا پێیده‌ڵێن Convergent Thinking واته‌ وه‌ڵامێك ئه‌وه‌نده‌ نزیك بێ‌ له‌ داواكه‌ی تۆ ڕێك ئه‌وه‌ بێ‌ كه‌ ده‌ته‌وێ‌ و به‌ هیچ وه‌ڵامێكی دیكه‌ش رازی نه‌بیت.
ئه‌م جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری سیاسی و مه‌عریفی بووه‌ته‌ خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی و سیاسیه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ی له‌ هه‌موو هه‌ڵوێستێكی دوور و نزیكیان پێ‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمیان به‌م سه‌رسه‌ختی و عینادیه‌ نێگه‌تیڤه‌ی خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌م داخرانه‌ و ده‌سته‌پاچه‌ن له‌ هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بێ‌ هه‌ناسه‌یه‌كی راحه‌ت تر هه‌ڵمژن؟.

ئه‌م عیناده‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئاڕنۆڵد توینبی له‌ “باسێك له‌ مێژوو” باسی ده‌كا و ئه‌و بوێریه‌ش نیه‌ كانت پێیوابوو بۆ گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن پێویسته‌، عیناد لێره‌دا ته‌نها مانای سه‌رسه‌ختی و وه‌ستان و چه‌قین ده‌گه‌یه‌نێ‌ و له‌ رووی مه‌عریفیشه‌وه‌ جۆرێكی ڕه‌سه‌نه‌ له‌ دۆگمی عه‌قڵی و سڕبوونی هزری. ئازایه‌تیش نیه‌ چون ئازایه‌تی جۆرێكه‌ له‌ حیكمه‌ت و توانای گه‌ڕان به‌ دوای نه‌دۆزراوه‌ و نه‌زانراوه‌كان نه‌ك وه‌ستانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی به‌رانبه‌ر مه‌ترسیه‌ بوهیمیه‌ فیزیكیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان.
بینین ته‌نها به‌ ڕه‌ش یا سپی كوێریه‌كی عه‌قڵیه‌ و ناچالاكیه‌كی زه‌ینی خوو پێوه‌گیراوه‌ به‌ درێژایی مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ به‌ وانه‌ وتراوه‌ته‌وه‌ و فێری نه‌وه‌كانمان كراوه‌، ئه‌م فێربوونی ده‌سته‌پاچه‌ییه‌ گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ ئێستا زیاتر له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌ و له‌ رووی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ریه‌ عه‌قلیه‌كانیش ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من به‌رانبه‌ری گه‌وره‌ترین گوناهی مرۆڤایه‌تیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ چجای گوناهی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی.

نیانی هزری یا باشتر وایه‌ بڵێین گونجانی هزری یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كانی سه‌ركرده‌، واته‌ ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن سه‌ركرده‌ ده‌بێ‌ و به‌ سووربوون له‌سه‌ر (ده‌بێ‌) نیانهزر بێ‌ و توانای گونجانی عه‌قڵی خۆی هه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وت و دیارده‌ هه‌مه‌جۆره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ به‌ ساغی له‌ رووی سایكۆلۆژیه‌وه‌ بڕیار له‌ باره‌یانه‌وه‌ بدات. ئه‌م توانایه‌ یا ئه‌م توخمه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هزری داهێنان پێكده‌هێنێ‌ كه‌ بۆ ئه‌ركێكی قورسی وه‌ك سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی پێویسته‌، داهێنانی هه‌ڵوێستی نوێ‌، و پلانی نوێ‌ و نه‌خشه‌ی دیبلۆماسی و كاری سیاسی نوێ‌ داهێنراوێكن پێویسته‌ زوو زوو له‌ كه‌سێتی سه‌ركرده‌ ده‌ركه‌ون. ئه‌گه‌ر سیاسی ئه‌م توانا تایبه‌ته‌ی نه‌بوو ئه‌وا ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هه‌ڵكه‌وتێكیش چووبێته‌ ئه‌و پایه‌ و پله‌یه‌ شكست ده‌هێنێ‌ و ئه‌م ناتواناییه‌ش به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ به‌ ئاسانی ده‌ناسرێته‌وه‌.

مادام دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری ئێمه‌ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆمان به‌م رۆژه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ تیایدا جۆرێك له‌ داماوی و ده‌سته‌پاچه‌یی و له‌ولاشه‌وه‌ سه‌رسه‌ختی و وه‌ستانه‌ی پێوه‌ دیاره‌، ئه‌وا ناتوانایی حزبی كوردی و كاراكته‌ری سیاسی كوردی نیشان ده‌دات به‌رانبه‌ر ئه‌و گرێ‌ و كێشه‌ ده‌روونیانه‌ی تێیئاڵاون و بڕستی لێبڕیون و ئه‌وه‌نده‌ توند به‌ خۆیانه‌وه‌ به‌ستوونیه‌ته‌وه‌، توانای ئه‌وه‌یان نه‌ماوه‌ شێوازێكی دیكه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زه‌لكاوه‌ سایكۆلۆژیه‌ ئینجا سیاسیه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌م به‌ پاڵه‌وان له‌ خۆگه‌یشتنه‌ لای سیاسه‌توان و سه‌ركرده‌ی سیاسی كوردی، دۆخێكی نادرووستی ده‌روونیه‌ به‌ر له‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی سیاسی ئاڵۆزكاو بێت. پاڕانۆید و هه‌ڵاوسانی ده‌روونی له‌ ناوه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی بردوون به‌ڕاست خۆیان لێبۆته‌ بوونه‌وه‌ری تر و خۆیان له‌سه‌رووی مرۆڤی ئاسایی ده‌بینن، به‌ڵام له‌وه‌ بێ‌ ئاگان كه‌ كه‌سی تووشبوو به‌م گرفته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا شڵه‌ژان و ناهاوسه‌نگیه‌كانی زۆر به‌ ڕوونی بۆ خه‌ڵكی ئاسایی ده‌رده‌كه‌ون و فیزیكیانه‌ سه‌یر ده‌كرێن.

هه‌ڵاوسانی ده‌روونی لای سیاسه‌توانی كوردی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی (به‌خۆعاشقبوون و چێژبه‌ری ده‌مه‌كی و هستیریای ره‌فتاری)دا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وج، شڵه‌ژانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری وڵاته‌كه‌مان زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ شڵه‌ژانی ده‌روونی سیاسیه‌كان و خه‌سڵه‌ته‌ عوسابی و سایكۆسسه‌كانیان.
ئه‌و دۆخه‌ ناهاوسه‌نگه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ داخراو نیه‌ بیخه‌ینه‌ نێو تیۆریزه‌كردنێكی خه‌مۆكیانه‌ی ئه‌وتۆوه‌ ده‌روونی خوێنه‌ری زیاتر پێ‌ بشێوێنین، به‌ڵكو ئومێد وه‌ك ستراتیژێكی ده‌روونی پۆزێتیڤ زیاد له‌ ڕێگه‌یه‌كمان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ به‌ر ده‌م. باشترین چاره‌سه‌ر لای خودی سیاسه‌توانان و حزبه‌كانیانه‌، مادام ئه‌وان زۆر به‌ زه‌قی به‌م شێوه‌یه‌ خۆیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ناساند، ئه‌وا ده‌توانن له‌ كێشه‌كانی خۆیان وریا بنه‌وه‌ و وه‌ك كارڵ رۆجه‌رز ده‌ڵێ‌ خۆیان ده‌توانن چاره‌ی خۆیان بكه‌ن.

ئه‌م دۆخه‌ به‌ گۆڕینی ستایلی بیركردنه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر خۆیان و له‌سه‌ر ئه‌وانی تر دێته‌ گۆڕین، كێشه‌كان له‌ نێو چوارچێوه‌ی هزری خۆیاندان، ئه‌وه‌ی سه‌ری له‌وانه‌ تێكداوه‌ ته‌نها شێوازی بیركردنه‌وه‌یانه‌ و به‌س، پێداچوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ عه‌قیده‌تیه‌كانیان و موتوربه‌ كردنیان به‌ میكانیزمی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بڕیارێكی ستراتیژی په‌روه‌رده‌یی و پیداگۆگی تازه‌یه‌ و بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێ‌ به‌ بنه‌مایه‌كی پته‌و، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌یانكا به‌ كه‌سی نیانهزر و flexibil و له‌ راستیشدا به‌ ته‌نها ئه‌و ستایله‌ ده‌توانێ‌ بیركردنه‌وه‌یان ڕاسته‌ڕێ‌ بكاته‌وه‌. سووربوون له‌سه‌ر ئه‌م ستایله‌ هه‌ره‌ كلاسیكه‌ دووچاری شێرپه‌نجه‌ی ده‌روونیان ده‌كات و نموونه‌ی ئه‌و مێگالۆمانیكانه‌شمان* له‌ مێژوودا زۆرن.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونی- عه‌قڵیه‌ كه‌سه‌كه‌ خۆی لێده‌بێته‌ بانمرۆڤ و به‌وه‌همی فوودراویه‌وه‌ ده‌ژی.




مارا – ساد نماییشی شۆڕشێکی تەواو نەکراو … حسن حسێن

لەگەڵ ئەوەی شانۆنامەی مارا ‌ـ‌ ساد، باس لە دۆخی دوای شۆڕشی فەڕەنسی دەکات، بەڵام وەك هەر کارێکی هونەریی و ئەدەبیی زیندوو بازنەی شوێنکات دەبڕێت و بە زمانێکی جیهانی خەم و خەونەکانی مرۆڤی دوای شۆڕش دەردەبڕێت. هەر بۆیە بە نزیکی لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە شۆڕشیان تیا کراوە، جۆرێك لە ئاوڕدانەوە و گەڕانەوە بۆ ئەم شانۆگەرییە هەبووە و هەیە. چونکە بە نزیکی دۆخی دوای هەموو شۆڕشەکان خاڵی لێکچوونیان زۆرە، هەر بۆیە نماییش کردنی بە لای هەر کۆمەڵگەیەکەوە دروستکردنی رایەڵەیەکی پەیوەندی و دۆزینەوەی خاڵە لێکچووەکانی نێوان شانۆنامەکە و دۆخی کۆمەڵایەتی دوای شۆڕشە.
جاری یەکەم کە شانۆگەریی مارا – سادم بینی لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا بوو، کە لەلایەن تیپی شانۆی ئەزمونگەری کوردییەوە نماییش کرا و هونەرمەند شەماڵ عومەر دەری هێنا بوو. ئەو کاتە زۆر لە شانۆگەرییەکە حاڵی نەبووم، ئەمەش لە لایەکەوە بەهۆی پاشخانی رۆشنبیریی خۆمەوە بوو، لە لەلایەکی ترەوە بە هۆی ئەوەی شانۆییەکە خۆی کارێکی سادە و ئاسان نییە و شانۆییەکی ئەزموونگەرییە کە تێیدا پیتەر ڤایس بە شێوەیەکی جیاواز ئایدیا هونەری و فیکرییەکانی دەخاتە روو. لە رووی هونەرییەوە شانۆییەکمان لە ناو شانۆدا بۆ نماییش دەکات و ستەیجەکەیشی نەخۆشخانەیەکی دەروونییە. لە رووی فیکریشەوە شۆڕشی فەڕەنسی دەکاتە پاساوێك تا لەو مێژووەوە بێتەوە و باسو خواسێك لەسەر شۆڕشەکانی سەدەی بیست دروست بکات و تێڕوانینە جیاوازەکان لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە بخاتە روو. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر شانۆی تۆماری (المسرح التسجیلي) و گرنگترین رووداوەکانی شۆڕشی فەڕەنسیمان بۆ دەگێڕێتەوە و بە تەکنیکی جۆراوجۆر و جیاواز لە گۆرانییەوە بۆ دیکۆر، لە جووڵەی ئەکتەرەوە بۆ رووناکی، وێنە و دیمەنەکانی شۆڕشمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئەم شانۆییە پشت بە رووداوی راستەقینە دەبەستێت بە مانای ئەوە نایەت کە نووسەر خەریکی نووسینەوەی مێژوو بێت، بەڵکو ئەم تەکنیکە دەکاتە ئامڕازێك بۆ خستنە رووی بابەتگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دروست کردنی ئیلتیزامی هونەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەك چەوسانەوەی چینایەتی، ستەمکاریی و نەبوونی ئازادی . جگە لەوە ڤایس بە بەکارهێنانی تەکنیکی شانۆ لە ناو شانۆدا دەیەوێت بینەر لەگەڵ رووداوەکاندا تێکەڵ نەبێت و لە بیری نەچێتەوە کە خەریکی سەیرکردنی نماییشێکی شانۆییە و بەمەش بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێنێت. دەرهێنەر هیوا فایەق هەر لە یەکەمین ساتەوەختی نماییشەکەدا ئەمەی بە جوانی نیشان دا کاتێك کە گڵۆپی رووناکی هەڵ دەبێت، مارکێز دوساد هاوار دەکات هێشتا دەستمان پێ نەکردووە. لە چەند دیمەنێکیتریشدا و لە رێگەی گۆڕینی دیکۆرەوە زووزوو ئەوەی بەبیر دەهێناینەوە کە ئێمە خەریکی بینینی شانۆییەکین.
ناونیشانی تەواوی شانۆییەکە بریتییە لە ( ئازاردان و تیرۆرکردنی ژان پۆڵ مارا بەو جۆرەی کە تیپی نواندىی نەخۆشخانەی چاینتۆن بە سەرپەرشتی بەڕێز دی ساد پێشکەشی کرد) و ئەکتەرەکان کۆمەڵێك نەخۆشی دەروونیین کە لە نەخۆشخانەی چاینتۆن کەوتوون. دەرهێنەری شانۆییەکە مارکێز دوسادە کە چێژێکی زۆر لە ئازاردانی مرۆڤ دەبینێت و گەلێك کتێب و نووسینی هەن کە تیایاندا ستایشی ئازار دەکات، هەڵبەتە چەمکی سادیزمیش هەر لە ئایدیا و رەفتارەکانی ئەم بیرمەندەوە داڕێژراوە.
مارکێز دو ساد و ژان پۆڵ مارا هەر بە تەنها دوو جەمسەری سەرەکی شانۆییەکە نین، بەڵکو بەرجەستەکەری دوو روانینی جیاوازن بۆ مانای شۆڕش و بەهاکانی و دەسەڵات و رەهەندەکانی. ساد روانینێکی سیاسی – سێکسواڵێتی بۆ شۆڕش هەیە (خێری شۆڕش ئەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێک نەئاڵێن)، ئەو دەسەڵاتەیشی کە وەک دەرهێنەری شانۆنامەکە پێیدراوە لە نماییشکردنی ئازار و ئەشکەنجەدان و تەنانەت ئیغتیساب کردنی یەکێك لە نەخۆشەکان(کە یەکێک بوو لە دیمەنە هەر بوێرەکانی نماییشەکەی کۆڕی شانۆی با) رەهەندێکی سایکۆلۆژی دەبەخشنە دەسەڵات و رووداوەکانی دوای شۆڕش و تەنانەت کردەی تیرۆرکردنەکەی مارا. ژان پۆڵ ماراش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی هیوا و ئاواتە بەدی نەهاتووەکانی کرێکاران و هەژاران و ئازادیخوازەکانەوە نەك وەك خوێنڕێژێك، بەڵکو وەك سەرکردەیەکی سیاسیی چەپڕەو دەردەکەوێت، کە جەماوەر چاوی ئومێدیان تێ بڕیوە و باوەڕی بەوەیە بە هێز دەتوانرێت دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیی بەدی بهێنرێن و دەکرێت لەو پێناوەشدا خوێن بڕژێت ئەمەشیان رەهەندێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی دەبەخشێتە دەسەڵات و شۆڕش.
پیتەر ڤایس لە رێگەی ئەم شانۆگەرییەوە رووداوەکانی شۆڕش و بێئومێدییەکانی دوای شۆڕشمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەمانباتەوە بۆ سەردەمی ناپلیۆن کە شۆڕش بە تەواوی سەرکوت کراوە و ناپلیۆن بە دەستێکی پۆڵایینەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. هەر بۆیە کاتێك کە ئەکتەرەکان لە دەقەکە دەردەچن و حەماسەت دەیانگرێت، کۆڵمی کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە رایان دەگرێت و داوای لێبووردن لە ئامادەبووان دەکات؛ لێرەشدا جگەلەوەی وەك بەڕێوەبەرێکی مەراییکەر بۆ دەسەڵاتی ناپلیۆن دەردەکەوێت، هەرەوەها لە تێگەیشتنە فۆکۆییەکە بۆ رۆڵی نەخۆشخانە و زیندانەکان لە کۆنترۆڵ و سزادانی نەخۆش و بەندکراوەکان نزیکمان دەکاتەوە. بەوەشدا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەمزی دەسەڵات وسیستمە، بۆیە دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی دەرچوونی ئەکتەرەکان لە ریتم و سیاقی شانۆییەکە و هەوڵی کۆنترۆڵ کردنەوەی لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە، وەك رەمزێك بۆ هەوڵ و تەقالاکانی مرۆڤ بۆ دەرچوون لە سیستم و تێپەڕاندنی و کاردانەوەی سیستمیش بەرامبەر بەو هەوڵانە، لێک بدەینەوە. بۆیە بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین ئەکتەرەکان، نەخۆشی دەروونی نین، بەڵکو ئەو شۆڕشگێڕانەن کە رژێم و دەسەڵات وەك سزایەك لە نێو نەخۆشخانەی دەروونیی توندی کردوون. ئەوە بۆیە ژان پۆڵ مارا چەندین جار حەماسەت دەیگرێت و وەك شۆڕشگێڕێك قسە دەکات و تەنانەت لە کۆتایی شانۆییەکەیشدا کاتێك لە دیمەنێکی درامی و کاریگەردا مارا دەکوژرێت ئەکتەرەکان هێرش دەبەن بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.
ئەم نماییشەی کۆڕی شانۆی با، وەک نواندن و کارە هونەرییەکانیتری وەک دیکۆر ، مۆسیقا و رووناکی ، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری تیا ئەنجام درابوو. بۆ نمونە نواندن و جووڵەی ئەکتەر ، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوون. جووڵەی جەستە جگە لە لایەنە ئیستاتیکییەکەی تەواوکەری حیواریش بوو. زۆربەی ئەکتەرەکان جەستەیەکی نەرم و جومناستیکییان هەبوو کە ئەمە هێزێکی زۆر دەدا بە کاری نواندن. مۆسیقاش، کە نەوا موکورجی بە پیانۆ ئەدای دەکرد و بەشێک بوو لە نماییشەکە، رەهەندێکی ئاهەنگسازییانەی دابوو بە نماییشەکە، هەندێکجار دەبووە حیکایەتخوانێکی رووداوەکان و هەندێکجاریش دەبوو بە ریتمێک بۆ جووڵەی ئەکتەرەکان. هەڵبەتە وەکو ئاواز و دەنگیش چێژ و جوانییەکی زۆری دابوو بە نماییشەکە.
دیزاینی گشتی سەر شانۆ، مەقسەڵەکەی لێ دەرچێت سیمایەکی وای پێوە نەبوو کە دەربڕی دۆخی شۆڕش یا فەزایەکی فەڕەنسییانە بێت. بەڵام دابەش کردنی پلیکانەکان، کە رەمزی دەسەڵات یا گەیشتنە پێی لەلای راست و قاوشی نەخۆشخانەکە، وەکو شوێنی شۆڕشگێڕە نەخۆشەکان، لە لای چەپ و ئەو رەنگە شینەی کە پێی درا بوو کە رەمزی حوزنە و پاشانیش حەوزەکە کە زیاد لەبەکارهێنانێکی هەبوو، هەموو ئەمانە ئەو لاوازییەیان شاردبووەوە کە ئاماژەم پێی کرد. لەمە زیاتر لەسەر نماییشەکە ناڕۆم و وردەکارییەکان بەجێ دەهێڵم بۆ شانۆکاران.

کورد و شانۆیی مارا – ساد

پرسیارە بەردەوامەکانی کارەکتەرەکانی شانۆییەکە ئەوەیە: شۆڕش بۆچی بە ئەنجام نەگەییشت؟ چۆن بەردەوامی بە شۆڕش بدرێت؟ ئایا شۆڕش کردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرەکییە یا زاتی و ناوەکی؟ بەڵام خۆ ئەوە بە تەنها پیتەر ڤایس و ئەکتەرەکان نین کە ئەم پرسیارانە دەکەن. بەڵکو پرسی شۆڕش و بەها و ئامانجەکانی، مەرج و ئەنجامەکانی و … هتد هەر لە ئەفڵاتون و ئەرەستۆوە تا بە رۆژگاری ئەمڕۆمان دەگات کەڵکەڵەی بیر و فەلسەفەی سیاسی بووە و بە قەولی هانا ئارنێت کێشەیەکی سەنتەریی سیاسەتە و ئەوەش کە هەتا ئێستا پرسی شۆڕشی بە گەرمو گوڕی هێشتۆتەوە هەڕەشەی قڕکردنی مرۆڤ و ئومێدی رزگاربوونە(١).
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کورد لەگەڵ ئەم دوو دەستەواژەیەی قڕکردن و رزگارییدا ئاشنایەتییەکی زۆری هەیە. هەر بۆیە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری کورد بەردەوام دەیانەوێت جووڵانەوە چەکدارییەکان وەك شۆڕش وێنا بکەن و ئەم وێنایەش لە مێشکی مرۆڤی کورددا بچەسپێنن. ئامانجی ئەمەش لە رووی سیاسییەوە دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕشدا و رەوایەتیدانە بە زاتی شۆڕشگێڕ بەچنینەوەی دەستکەوتی سیاسیی و ماددی و دروونەوەی سەرانی دژ بە شۆڕش. لە رووی سایکۆلۆژیشەوە زەوتکردنی زاتی ستەملێکراوی کوردە تا لە پرۆسەی هەڵهاتنی لە زاتی خۆیدا لە نێو زاتی فەرمانڕەوا کوردەکەیدا بتووێتەوە و نەتوانێت بازنەی ئایدیا و جیهانی فەرمانڕەواکەی تێپەڕێنێت(٢). بۆیە ئەم نوخبە سیاسییە هەر بەتەنها بە تیۆریزەکردنی ئەم روئیایەوە ناوەستێت، بەڵکو لە رێی هونەر و ئەدەبیشەوە ئەم تەماهییە لە نێوان ئەو جووڵانەوانە و چەمکی شۆڕشدا تۆختر دەکاتەوە و ئەو رەخنانەش کە لەم سیاقەدا لێی دەگیرێ، کە شانۆگەری مارا – سادیش هەر لەم سیاقەدایە، نەك هەر نیگەرانی ناکەن بەڵکو بەهێزیشی دەکەن. چونکە هەر هیچ نەبێت شکۆی شۆڕشگێڕیی پێ دەبەخشن و مێژوویەکی بۆ دروست دەکەن، مێژووی شۆڕشەکانی کورد!!، کە لە بنەڕەتەوە هەر بوونی نییە.
کاری فیکر، هەروەها هونەر و ئەدەبیش، لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا تێکدان و شێواندنی ئەو وێنایەیە کە نزیکەی یەک سەدەیە جووڵانەوە سیاسی – چەکدارییەکانی کورد لەژێر ناوی شۆڕشدا لە ئەندێشەی مرۆڤی کورددا دەی چەسپێنن. گۆڕینی رێچکە و ئاراستەکانی مرۆڤە لە گەڕان بە شوێن بەهەشتەوە بۆ پەیجووری کردنی جەهەننەم. ئەوەی کە قەشە(جاك رۆ) قاچێکی رووەو ئاسمان هەڵدەبڕێت و پەنا دەباتە بەر شەیتان تا نەك بە تەنها حوکمی جەهەننەم بەڵکو حوکمی زەویش بکات، لەبەرئەوەیە کە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان هەموو پیرۆزییەکان و خودا و بەهەشتیان داگیر کردووە و لە رێگەی ملکەچ پێکردنیانەوە بۆ خودا، لە پێناو چوونە بەهەشت، ملکەچی مرۆڤیان بۆ دەسەڵات وسیستم بە دەست هێناوە. لە رێگەی بە پیرۆزکردنی خوداوە پایەکانی دەسەڵاتیان پیرۆزکردووە. چونکە ملکەچ بوون بۆ خودا هیچ نییە جگە لە دەلالەتێکی رەمزیی بۆ ملکەچ بوون بۆ دەسەڵات و سیستم. ئەگەر بەهەشت دوا مەنزڵی مرۆڤە ملکەچ و کۆیلەکان بێت، کەوایە دەبێت مرۆڤی یاخی لە سیستم و دەسەڵات، مرۆڤێکی جەهەننەمی بێت، رێکەوتنێکی فاوستییانە لەگەڵ پرۆمسیۆسدا(*) مۆر بکات بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵ کە جەهەننەمە. شۆڕشەکان و دەسەڵاتدارەکان تا ئێستا مرۆڤیان بە ناوی رزگاری و ئازداییەوە بردۆتەوە بۆ مەملکەتی کۆیلەکان” بەهەشت”. ئەم وێنە و رێگە ئاوەژووە بەرهەمی سیستمێکی مەعریفییە کە وابەستەی سیستمێکی ئابووری ـ سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ستەمکارە. بۆیە جەهەننەم و‌ێنە راستەقینەکەی مەملەکەتی ئازادی و رزگارییە و شوینی مرۆڤی یاخی و بیرکەرەوەو ئازادە.

پەراوێز:

1. حنا ارندت، ” في الثورة” ترجمة عطا عبدالوهاب، الطبعة الاولی ، بیروت، ٢٠٠٨، ص ١٣.
2. د. مصطفی الحجازي، التخلف الإجتماعي او مدخل الە سیکولوجیة الإنسان المقهور، الطبعة التاسعة بیروت، ٢٠٠٥، ص ١٢٣.
• پرۆمسیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا بەرامبەر ئینکی لە ئەفسانەی سۆمەری و لۆسیفەر(واتە هەڵگری رۆشنایی)ی گەورەی فریشتەکانە لە باوەڕی مەسیحییەتدا، هەموویان لە فەرمانی خواوەند یاخی دەبن و دەبنە هاوڕێی مرۆڤ. لە شانۆیی ( د. فاوستۆس)ی کریستۆفەر مالرۆدا لۆسیفەر بە د. فاوست دەڵێت:” ئەگەر رێکەوتنەکەت لەگەڵماندا مۆر بکەیت، دەبمە کۆیلەت و چیت دەوێت بۆت دەکەم…”.

http://hasanhosen.blogspot.com

وێنەکە: دیمەنێك لە (شانۆیی مارا – ساد)ی کۆڕی شانۆی با




قه‌یرانی دارای ده‌رئه‌نجامی گه‌نده‌ڵییه‌ له‌داهاتی گشتی هه‌رێم … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان توشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ كرد چونكه‌ ئه‌وان فێری ئه‌وه‌ بوون له‌ یه‌ك كاتدا سه‌رجه‌م داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێكیش له‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هات به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای بۆ خۆیان به‌رن.
بۆیه‌ كاتێك كه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كان ده‌ستیان پێكرد، سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بن كه‌ قه‌یران دروست نه‌ بێت كه‌وتنه‌ دروست كردنی چه‌ندین قه‌یران ، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌رگێز پێش بینی ئه‌وه‌ی نه‌كرد بوو كه‌ گه‌نده‌ڵی سه‌ركرده‌كان گه‌شتبێته‌ ئاستێك ده‌ست به‌رن بۆ قوتی منداڵه‌كانیان و موچه‌كانیان بۆ بكه‌ن به‌ ڕوبعه‌ موچه‌و وه‌ دواترش له‌ بری مانگانه‌ بۆیان بكه‌ن به‌ چه‌ند مانگ جارێك.
كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ دروست بونی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ناشه‌فافیه‌كی زۆر له‌ داهاتی گشتی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یك گروپێكی بچوك كۆنتڕۆڵی هه‌موو شتێكیان كردووه‌ بۆ خۆیان و ته‌خشان و په‌خشانی داهاتی گشتی ده‌كه‌ن به‌مه‌ش یاری به‌ چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
به‌دروست بوونی قه‌یرانی دارای له‌ هه‌رێمی كوردستان رووی راستی پیاوه‌ سیاسیه‌كانمان بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان چه‌ند پیاوێكی بچوكن ئه‌وان هێنده‌ی بازرگانن و خه‌ریكی بازرگانین به‌ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نیو هێنده‌ پیاوی سیاسی راسته‌ قینه‌نین كه‌ له‌ خه‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیاندا بن و بیانه‌وێت خزمه‌تیان بكه‌ن.
له‌م قه‌یرانه‌وه‌ تێگه‌شتین كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌م هه‌رێمه‌ سیاسه‌ت ئه‌كه‌ن به‌كه‌ڵكی فه‌رمانڕه‌وای نایه‌ن و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی ئێمه‌ جگه‌ له‌ گروپێكی نادیموكراسی قۆرخكار زیاتر هیچی تر نین .
داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ بخرێته‌ ڕوو ئه‌وه‌ بێگومان ئه‌م داهاته‌ به‌شی سه‌رجه‌م تێچووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناشه‌فافیه‌كی زۆر له‌ داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كودستان هه‌یه‌ ، خه‌ڵكی به‌ته‌واوه‌تی بێئومێد بوون له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چونكه‌ هیچ ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بوونی نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان.

گروپێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردوه‌ و یاری به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
بۆئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یرانانه‌ رزگار بكرێن ده‌بێت ئه‌و گروپه‌ بچوكه‌ی كه‌ كۆنتڕۆڵی داهاتی گشتی ئه‌م هه‌رێمه‌یان كردوه‌و ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ر ژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن به‌هه‌رشێوه‌یك بێت دور بخرێنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات چونكه‌ به‌ به‌ر ده‌وام بونی ئه‌م گروپه‌ قۆرخكاره‌ ئه‌وه‌ قه‌یرانه‌كان هیچ ئاسۆیه‌كی چاره‌سه‌ریان نابێت و وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیش ئه‌م قۆناغه‌ تێبپه‌ڕێنین ئه‌وه‌ بێگومان توشی چه‌نید قه‌یران و نه‌هامه‌تی ترمان ده‌كه‌ن.
ئه‌م گروپه‌ی كه‌ ئێمه‌یان توشی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و قه‌یرانانه‌ كردوه‌ خاوه‌نی داهاتێكی زۆرن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای ئه‌و داهاته‌یان پێكه‌وه‌ ناوه‌ و له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵیانگرتووه‌ به‌ ناوی خۆیان و خزم و كه‌ سوكاریانه‌وه‌.
مه‌ترسی گه‌وره‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م گروپه‌ بچوكه‌ به‌ به‌ر نامه‌ كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌ژار و برسی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كۆیله‌ی خۆیان به‌ كاریان بیه‌ نن وه‌ ك چۆن مامه‌ڵه‌ به‌داهاتی گشتی ئه‌م هه‌ریمه‌ و ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانه‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن ئاواش خه‌ڵك ناچار بكه‌ن كه‌ بیان خه‌نه‌ خزمه‌تی خۆیانه‌وه‌ .
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی كاكردنیدا دوور له‌ هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌خلاق و پێوانه‌ عه‌قلانیه‌كانی زانستی سیاسی مامه‌ڵه‌ی كردووه‌چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ گروپێكی بچوك كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردوه‌ و ئه‌وان بڕیار له‌ سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ده‌ن.




کتێبی ڕەهەندەکانی مردن لە نووسینی سمکۆ محەمەد، ئێستا لە کتێبخانەکانی کوردستان دەستدەکەوێت

مردن حاڵه‌تێكی مه‌حاڵه‌ ده‌ربازبوون لێی، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ بۆ مردن وه‌كو چه‌مك كه‌ به‌ره‌و نه‌مانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نهێنی بوون و ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌، مه‌حاڵی مردنی دوای كۆتایی بوون و ژیان، ئه‌و ترسه‌یه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفه‌كان ترسیان له‌ مردنی روحی هه‌بووه‌ وه‌كو پێوه‌رێك بۆ چاكه‌كاری له‌ ژیاندا، كه‌واته‌ هه‌موو تێگه‌شتنه‌كان له‌ كۆنه‌وه‌ تائێستا ترسی دوای مردن بووه‌ كه‌ ده‌ه‌رنجامی ئه‌وه‌بوو كه‌س نه‌یزانیوه‌ چی رووده‌دات، بۆیه‌ راپرسیه‌ك له‌ ده‌یه‌ی دووه‌هه‌می هه‌شتاكان له‌سه‌ر مردن له‌ ئامریكا كراوه‌، ئه‌وكات 40% خه‌ڵك پێیانوایه‌ كۆتایی هه‌موو شتێكه‌ و 40% دیكه‌ پێیانوایه‌ سه‌ره‌تایه‌كی تری ژیانه‌ و 10% پێیانوایه‌ كۆتایی ئازاره‌كانی ژیان و 10% گوتویانه‌ نازانین و هیچ بیرۆكه‌یه‌كمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌.
ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بكرێت، ره‌نگه‌ وه‌ڵامی دیكه‌مان چنگ بكه‌وێت، هه‌ندێك ره‌نگه‌ بڵێن ئه‌مه‌ موعجیزه‌یه‌كه‌ خوا نیشانمان ده‌دات، چونكه‌ كاره‌كانمان باشه‌ی تیانییه‌، هه‌ندێك بڵێن روح هه‌ر ده‌مێنێت، كه‌واته‌ مردن به‌شێكه‌ له‌ژیانی ئه‌وانی تر، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان رێچكه‌ و رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێك وه‌كو حاڵه‌تێكی سروشتی وه‌ریده‌گرن و هه‌ندێكی ناسروشتی، چونكه‌ وه‌ڵامی دوای بوون نییه‌.
لیكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌م چه‌مكه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ بوون وه‌كو چیرۆكیكی بێ‌ به‌ها و ئه‌پستراكت كه‌ له‌ئه‌نجامی به‌ناو عه‌قلانیه‌ت و پیشكه‌وتن و سیستمی نوێی سیاسی كه‌ ژیانی دیاریكردووه‌ و ئاوهاش مه‌رگی به‌كۆی دیاری كردووه‌، بوون واته‌ ئه‌و بوونه‌ی ئێستا هه‌یه‌، كارێكی كردووه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆك له‌ده‌ستبدات و مردن بكات به‌ هه‌واڵێك و هیچی تر، له‌بارێكی دیكه‌وه‌ مردن خه‌ریكه‌ له‌به‌هاكه‌ی خۆی ده‌رده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌گشتی و له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیه‌ش خه‌ریكه‌ زۆر به‌هێمنی و به‌بێ‌ موناقه‌شه‌یه‌كی فكری و فه‌لسه‌فی ئه‌و فه‌زایه‌ی هه‌موو پێكه‌وه‌ گه‌مه‌ی تێداده‌كه‌ین به‌بێ‌ ویستی خۆمان، به‌سه‌ر ده‌چێت، له‌كاتێكدا ته‌نها بۆ په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌م نوسینه‌، زیاتر له‌ 60 كتێب و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ و سایت و فیلم و دیكۆمێنتاری جودام بینی كه‌هه‌ندێكیان كوردی بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌نێو داستان و شیعر و ئه‌فسانه‌كان، ده‌یان كه‌ناڵی دیكه‌ هه‌ن كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر شێوه‌كه‌ی دیكه‌ تێگه‌یشتن له‌ مردن ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی رۆشنبیری كوردی، له‌حاڵێكدا هیچ میلله‌تێك به‌بارته‌قای كورد ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌ مردن و نه‌مری ده‌كات، نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ نین، چونكه‌ ئه‌وان ژیان وه‌كو خۆی به‌ڕێده‌كه‌ن و به‌مه‌رامی خۆیان گه‌یشتوون و ده‌ژین وه‌كو ئه‌وه‌ی ژیان پێویستی پێیه‌تی، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م پاساوه‌ش بێت كه‌ وایكردووه‌ مردن مانایه‌كی تری وه‌ربگرێت، نمونه‌ش موباره‌زه‌ و شۆڕشی كوردستان بووه‌ كه‌ناوی پێشمه‌رگه‌ی وه‌كو سیمبول هێشتۆته‌وه‌ كه‌ له‌دونیادا نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ نه‌ماوه‌ بڵێت ده‌مه‌وێ‌ بمرم، مه‌گه‌ر به‌ڕووه‌ نیگه‌تیڤه‌كه‌ی كه‌ كرده‌ی تیرۆریستیه‌ یان بێزار بوونه‌ له‌ ژیان وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا هه‌یه‌. به‌ڵام تێگه‌یشتنه‌ فكرییه‌كه‌ خنكێنراوه‌ و مه‌سه‌له‌ی فكری به‌هه‌ر بیانوویه‌كی سیاسی بێت یان ئاینی و كولتووری له‌رووی رێساوه‌ پاكێجێكی داخراوه‌ و نابێت مانا جیاوازه‌كانی ئاشكرا بكرێت و پاكێجه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی نه‌وه‌كانی داهاتوو شاره‌زای ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بن.
ئاره‌زوو كردن بۆ مردن و خۆ كوشتن له‌داخان یان حاڵه‌تی ده‌روونی، هه‌روه‌ها كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ جینۆسایده‌ و مردنی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ به‌رئه‌نجامی حاڵه‌تی سرۆشتیه‌ و مردن به‌ نه‌خۆشی و مردن له‌رێگه‌ی شه‌ڕ و شۆڕه‌وه‌ و كوشتنی به‌مانا یاسایی و نایاساییه‌كه‌ی كه‌ هه‌ندێكجار حكومه‌ت له‌پشتیه‌وه‌یه‌تی، كوشتن له‌پێناو پاكبوونه‌وه‌ی ئه‌خلاق و شه‌ره‌ف و له‌پێناو خۆشه‌ویستی و له‌پێناو پڕنسیپێكی دیاریكراوی ئاینی و سیاسی و ئیدیۆلۆژی و هتد، هه‌مویان مردنن. به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان مانای خۆی و پێناسه‌ی خۆی و شیكردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌وێ‌. ره‌نگه‌ له‌باری ده‌روونیه‌وه‌ قسه‌یه‌ك هه‌بێت له‌باری ئاینیه‌وه‌ قسه‌یه‌كی تر، له‌باری فكرییه‌وه‌ موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرێت به‌ڵام له‌باری یاسایه‌وه‌ موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت.
خۆكوشتنی تاكه‌كان كه‌ مێژوو به‌هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه‌ تۆماری كردووه‌، به‌شێكه‌ له‌چیرۆكه‌ نه‌گێڕدراوه‌كه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌به‌ناوی خۆكوژییه‌وه‌ خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌كێش ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی مانایه‌كی هه‌بێت و ئامانجێكی هه‌بێت و ویستی گشت بێت ده‌بێته‌ بكوژ به‌ناوی خۆ كوژه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆكوژیه‌ی پێشوو یان ئوه‌ی كه‌سێك به‌ته‌نها خۆی له‌ناو ده‌بات و بێهیوا ده‌بێت له‌ژیان، كه‌ جۆرێكی دیكه‌ی مردنه‌ و بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ویست و به‌ بێزاری له‌ ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م دیارده‌ش به‌ده‌یان ستایلی هه‌یه‌ كه‌هه‌ركه‌یان مانای خۆی هه‌یه‌، خۆكوشتن له‌سه‌ر به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنی دوو خۆشه‌ویست و خۆ كوشتن له‌به‌ر بێچاری و بێده‌رامه‌تی و خۆكوشتن له‌دژی دوژمن و خۆكوشتن به‌هۆی حاڵه‌تی ناته‌ندروستی سایكۆلۆژیه‌وه‌، خۆكوشتنی سیاسی كه‌ بۆ تاك نیه‌ و بۆ حیزب و گروپی سیاسیه‌، خۆكوشتنی ئابوری كه‌ جۆره‌ دۆڕانێكه‌ له‌ سیستمی سیاسی ئابوریدا و ده‌یان شێوه‌ی دیكه‌ی خۆكوشتن، لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌م باسه‌یه‌. ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای رۆسا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندی و له‌دوتوێی 170 لاپه‌ره‌دا چاپی كردووه‌ و له‌بازاڕی كتێبخانه‌ی كوردی ده‌ستده‌كه‌وێ‌.

سمكۆ محه‌مه‌د
حوزه‌یرانی 2016




كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان واته‌ كاراكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كان نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان … نه‌جم محه‌مه‌د

زیاتر له‌ساڵێكه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان باس له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وهه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن هه‌رهه‌موو ئه‌مانه‌شیان له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و داراییه‌كانی خۆیانداده‌وێت ومه‌به‌سته‌ نه‌ك ئاڵوگۆڕی جدی و ڕیشه‌یی له‌ باروگوزه‌رانی خه‌ڵكی ونه‌ك خۆش گوزه‌رانكردنی خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌خه‌ڵكی كوردستان هه‌ربۆیه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی پۆسته‌ حكومیه‌كان وسیادیه‌كان گه‌مه‌یه‌كه‌ بۆ فریودانی خه‌ڵكی وبه‌هێزكردنی پێگه‌ حیزبیه‌كانی خۆیان له‌پێناو زیاتر فریودان وسه‌ركوتكردن وپێشێلكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ربۆیه‌ نابێت خه‌ڵكی كوردستان به‌په‌یام و كۆبوونه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كان فریوو بخۆن وباوه‌ڕبكه‌ن وخۆش حاڵو خۆش خه‌یاڵ بن ده‌بێ‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌جیا له‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان بڕیاربدات و قسه‌و داواكاری خۆیی هه‌بێت له‌سه‌رشه‌قام .
خه‌بات وفشاری مه‌ده‌نیانه‌و جاماوه‌ریانه‌ وشارستانیانه‌ فراوانتربكه‌ن و ڕیزه‌كانی خۆیان ڕێكخه‌ن و ڕێكخراوبن ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ شه‌قام به‌جیا له‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان قسه‌ی خۆی بكات وبڕیار بدات 25 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان له‌بری خه‌ڵكی بڕیارده‌ده‌ن و قسه‌ده‌كه‌ن و خه‌ڵك سه‌ركوت ده‌كه‌ن وخه‌ڵكی كوردستانیان نوقمی نه‌هامه‌تی و ڕۆژ ڕه‌شی وبێ‌ مافی كردووه‌ وهه‌رچی سه‌روه‌ت وسامانی ئه‌م كوردستانه‌یه‌ له‌نێوان خۆیان به‌شده‌كه‌ن ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و سه‌روه‌ت وسامانه‌ی كوردستان بگڕێته‌وه‌ بۆخاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كه‌خه‌ڵكی كوردستانه‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران حیزبه‌كان..نابێ‌ ئیتر خه‌ڵكی كوردستان فریووی په‌یام وكۆبوونه‌وه‌ ودانوستان و به‌ڵێنه‌ درۆ شاخدارو فریوكاره‌كانی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كانی بخوات كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ نه‌ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی نێوان حیزبه‌كانه‌ ونه‌هه‌ڵبژاردنه‌ و نه‌پۆسته‌سیادی و حكومیه‌كانه‌ .
داواكاری خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئینسان بژی وبه‌هاو شكۆی ئینسانیانه‌ی نه‌شكێنرێ‌ وبه‌هره‌مه‌ندبێت له‌خۆشگوزه‌رانی و خزمه‌تگوزاریه‌ ئینسانیه‌كان وبه‌هره‌مه‌ندبێت له‌سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان كێشه‌ی خه‌ڵك هه‌ژاری ونه‌داری و بێ‌ كاری و بێ‌ مووچه‌ییه‌ كێشه‌ی خه‌ڵك ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵیه‌ كێشه‌ی خه‌ڵك ئازادی و وئازادی بیروڕایه‌ وكێشه‌ی خه‌ڵ كێشه‌ی ژبانه‌ ژیانێكی به‌خته‌وه‌روپڕئاسایشو ئارامی هتد هه‌ربۆیه‌ دانیشتن ودانوستان وكۆبوونه‌وه‌كان وكاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان وهه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت بچووكترین داخوازی هه‌ره‌سه‌ره‌تایی خه‌ڵك چاره‌ناكات و ژیانی باشتر ناكات ونابێت خه‌ڵكی كوردستان هیچ هیواو ئومێدێك به‌م شتانه‌وه‌ گرێ‌ بدات باشه‌ خۆ 25 ساڵه‌ په‌رله‌مان كارابووه‌ وحكومه‌ت كارابووه‌ ودۆخه‌كه‌ش ئاسایی بووه‌ وده‌یان هه‌ڵبژاردن كراوه‌ ده‌یان حكومه‌ت ته‌شكیل كراوه‌ ده‌یان ده‌م وچاو گۆڕاوه‌ سه‌دان وهه‌زاران كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ وهه‌زاران به‌ڵێنی گه‌وره‌ گه‌وره‌ به‌خه‌ڵك دراوه‌ ئه‌ی بۆ بچووكترین ئاڵوگۆڕ له‌ژیانی خه‌ڵكیدا ڕووی نه‌داوه‌ ئه‌ی بۆ تائه‌مڕۆش خه‌ڵكی كوردستان ناخۆشگوزه‌رانه‌ و بێ‌ خزمه‌تگوزاریه‌ و بێ‌ مافه‌ و ئازادیه‌كانی پێشێل ده‌كرێ‌ وبرسی ده‌كرێ‌ ئه‌ی بۆهه‌رنه‌داره‌ و هه‌ژاره‌ و بێ‌ مووچه‌ و بێ‌ ئاوو بێ‌ كاره‌باوبێ‌ به‌شه‌ له‌هه‌موو مافه‌ئینسانیه‌كانی هه‌ربۆیه‌ تاقه‌ڕێگه‌و تاقه‌ ئه‌ڵته‌رناتیفی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌ربازبوون له‌م نه‌هامه‌تی و ڕۆژڕه‌شی و بێ‌ مافیه‌ ته‌نهاو ته‌نها خه‌بات وفشاریجه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیانه‌ و شارستانیانه‌یه‌ .




بۆچی ئه‌گه‌ری شۆڕش له‌ وڵاتانی ئابووریی که‌م گه‌شه‌کردوو زۆر زیاتره‌ تاکو وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوو؟ *

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
28/11/2016

پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم چه‌مکی شۆڕش لای من شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئه‌نارکیستیییه بۆ‌ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵی ناچینایه‌تی ، ناهیراشیی، نه‌ شتێکی دیکه‌ که‌ چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن .‌‌
پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری و پێنانی قۆناخی گڵۆبه‌ڵازه‌یشن، زیادبوونی ژماره‌ی کرێکاران تا ڕاده‌ی زۆرینه‌ی کۆ‌مه‌ڵ، ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابووریی که‌ به‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌د‌اریی ناسراوه‌ ، سه‌رجه‌می تیوره‌ کۆنه‌کانی، که‌ خودی ئه‌مانه‌‌ ده‌سته‌به‌ری ڕوودانی شۆڕشبن، هه‌ڵوه‌شانده‌وه . به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر شۆڕش ڕوی نه‌دا، به‌ڵکو گه‌ر زه‌مینه‌ی شۆڕشیشی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا له‌‌بار نه‌بردبێت ، ئه‌وه یه‌کجار دوای خستووه‌.
سه‌رمایه‌داریی له‌ ڕێگای ململانێی نێو توێژاڵه‌کانی خۆیی و دروستکردنی چه‌نده‌ها لقی دۆست به‌خۆی له چه‌په‌کان، سۆشیالیستان، ئازادیخوازان و فێمه‌نیستان و دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ جیهاندا بۆ که‌ره‌سه‌ی هه‌رزانبه‌ها و به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستابوونی وه‌ره‌قه‌ی ناشیوناڵیزم و نه‌ژادپه‌رستی و دینی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ریی که‌ بیانکاته‌ زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی هه‌مه‌جۆره‌ی نێوانی مرۆڤه‌کان، توانیوێتی به‌رده‌وامبێت و ده‌توانێت خۆشی نۆژه‌نبکاته‌وه. لێره‌شدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌‌لمێنێت که ‌سه‌رمایه‌داریی ” گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی” نییه ، به‌ڵکو گۆڕهه‌ڵکه‌نی ئێمه‌یه‌ و توانیویشێتی که‌ خۆی له‌ قه‌یرانه‌کان بپارێزت و به‌سه‌ر ئێمه‌یدا بدات‌.‌

نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ڵکو سه‌رمایه‌داریی له‌م وڵاتانه‌دا ئامرازه‌کانی مانگرتن و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که‌ ساڵه‌هایه‌کی دوورو و درێژ وه‌کو چه‌کێك له‌لایه‌ن کرێکاران و خه‌ڵکه‌وه‌ دژی خاوه‌نکار و سیسته‌مه‌که‌ ، به‌کارده‌هێنرێن، ئێستا‌ ماڵیکردوون و سواون و چیتر داخوازییه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی ناهێننه‌‌ دی و له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌که،‌ ده‌شکێنه‌وه‌‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وتاره‌کانی پێشترمدا به‌ درێژی له‌سه‌ر لاوازی و زه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران به‌ به‌ڵگه‌ و به‌ ئاما‌‌ه‌روه،‌ قسه‌م کردووه‌ ، ( بڕوانه‌ Zaherbaher.com ) لێره‌دا خۆم له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ ده‌پارێزم و یه‌کسه‌ر ده‌چمه‌ ناو کرۆکی باسه‌که‌مه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ دوو جۆر تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕوودان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕش هه‌یه‌ :
یه‌که‌م: شۆڕش له‌ ڕێگای پارتی پێشڕه‌وی چینی کرێکارانه‌وه، له‌ ڕێگای کو‌ده‌تای حیزبییانه‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ یاخود له‌ ڕێگای ریفۆرمی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتارییه‌وه‌، واته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ بنه‌وه‌ی‌ . که‌ هه‌موویان یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌ده‌ست. خودی ئه‌زموونه‌کانیان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماند که ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ نه‌ك هه‌ر شکستیان هێنا، به‌ڵکو کاره‌سات و بێ هیوایشیان بۆ خه‌ڵکی هێنا. دیسانه‌وه‌ ئه‌وه‌شیان ده‌رخست سه‌پاندنی چه‌مکی نێو کتێبه‌کان به‌سه‌ر واقیعدا، هه‌ڵه‌یه‌ و کاره‌سات ده‌خولقێنێ .
دووهه‌م‌: شۆڕش له‌ ڕێگای خۆڕێکخستنی ئاسۆییانه‌/ناهیراشیا‌نه‌ له‌ گروپه‌ خۆجێییه‌کانا، کۆمیته‌ و لیژنه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆکانا و له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا: کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووریی، سیاسیی ، ڕؤشنبیریی و په‌روه‌ده‌یی ، ئابووریی، ژینگه‌ و ئیکۆلۆجیی و هتد. دروستکردنیان له‌هه‌موو شوێنه‌کانی سه‌رکار و بازاڕ و خۆیندنگا و دانشگادا، خه‌ڵکی به‌ خۆیان له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ خۆیان ڕێكده‌خه‌ن. ئه‌م گروپانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئاماده‌کاریی ده‌که‌ن و خه‌باتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌ جیاجیاکانی ژیانه‌ و ڕۆڵی تاك و سه‌ربه‌خۆییبوونی به‌هێز ده‌که‌ن. دواتر هه‌وڵی به‌دیهێنانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵی، نه‌ته‌وه‌یی، وڵات ده‌ده‌ن، که‌ له‌ ڕێگای تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، ئه‌نجوومه‌نه‌کانی خه‌ڵکییه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچکه‌دا،‌ خۆیان به‌یه‌که‌و‌ه‌ په‌یوه‌ستده‌که‌نه‌وه‌ و هاریکاری کاره ‌هاوبه‌شه‌کانیان ، چالاکییه‌کانیان به‌گرتنه‌به‌ری دیمۆراسی ڕاسته‌وخۆ و له‌ ڕێگای چالاکی ڕاسته‌وخۆوه‌ ، ئه‌نجامده‌ده‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ هه‌نگاوی کاریگه‌رانه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ که‌ به‌هێزکردنی خۆو ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ و که‌وتنه‌ به‌رانبه‌ر و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانێتی. کردنی ئه‌مانه‌‌ش و‌رده‌ ورده‌ نزیکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ له‌ خودی ستراتیجییه‌ته‌که‌ی، که‌ خاڵی لابه‌کاکردنه‌وه‌یه‌.
به‌ تێگه‌یشتنی من پرۆسه‌ی شۆڕش له‌ ڕێگای دووهه‌مه‌وه‌ گریمانی زیاتری هه‌یه‌ ، کاتێك که‌ زه‌مینه‌کاری بۆ ده‌ستبه‌کارکردنی ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌، که‌ ناوی نیشتمانی لێنراوه‌، ده‌کرێت ، ئیدی هێدی هێدی ته‌ك به‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ، واته‌ ناوه‌ند ( مه‌رکه‌ز/ سێنته‌ر) ، هه‌ڵده‌چنێت. له‌م بارودۆخه‌شدا نالۆژکیانه‌ و کارێکی ناعه‌مه‌لیانه‌ش ده‌بێت، گه‌ر ڕوانینمان بۆ شۆڕشی جیهانی ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بێت.
به‌ڕای من کاتێك که‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت وه‌کو ناوه‌ندی سه‌ره‌کی، ده‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی له‌ وڵاتێکدا، هه‌یه‌، کارێکی پراکتیکانه‌ و ئاوه‌زانه‌شه‌ گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی دونیاش هه‌مان دیدمان بۆ وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشکه‌وتووه‌کانی پیشه‌سازیی وه‌کو ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و ئۆسترالیا و یابان و ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژاوا، هه‌بێت وه‌کو سێنته‌رێك ، مه‌رکه‌زێك، که‌ به‌ خۆیان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاێکی یه‌کجار زۆریان له‌ ده‌ستدایه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش تا ڕاده‌ی ڕابه‌ریکردنی سیاسی و ئابووریی سه‌رجه‌می وڵاتانی که‌مترگه‌شه‌کردوی دونیا که‌ وه‌کو چه‌ند بنکه‌یه‌كه‌ بۆیان، ده‌بینرێت. ئاله‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕوخانی ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ به‌ گوێره‌ی باوه‌ڕ به‌ تیوری ” شۆڕش له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ” هه‌ر ده‌بێت له‌ وڵاتانی ڕاگر و پارێزه‌ری گه‌وره‌ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له خودی وڵاتانی مه‌رکه‌ز، خۆیانه‌‌وه‌ . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و هه‌ندێك چالاکی ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌وره‌وڵاتاندا، ڕوونادات . به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و کۆیله‌یه‌تی و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری و جه‌نگ،بوونیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ ، هه‌ڵبه‌ته‌ دژه‌که‌شی به‌رهه‌مده‌هێنێت ، به‌ڵام کاتێك که‌ ئه‌م چالاکیانه‌ هه‌ر له‌و ئاسته‌ ڕوکه‌ش و ته‌سکه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، کاتیك که‌ خه‌ڵكی خۆی ڕێكناخات و پلانی دووهه‌می نییه‌ ، کاتێك ئه‌م ئامرازانه‌ ته‌نها بۆ حاسڵکردنی داخوازییه‌کی هه‌نووکه‌یانه‌یه‌ و کاتییه‌، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌رجه‌می چالاکییه‌کان کاردانه‌وه‌یه‌ له‌ پێناوی پارێزگاریکردن له‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون – ‌ نه‌ك هه‌رگیز ناتوانێت گۆڕانکاری گه‌و‌ره‌ به‌ده‌‌ستبهێنێت به‌ڵکو بێ هیوایی و بێچاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی باشتر، ده‌ده‌نه‌ ده‌ست خه‌ڵکی.
مانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رکه‌زه‌ به‌هێزه‌ له‌ سای مانه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کردوی یاخود که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازیییه‌وه‌یه‌، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی هه‌مه‌ جۆره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ سوودیان بۆ ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ جیهانه‌ییه‌ ده‌سته‌به‌ر کرده‌وه‌ . کاتێك که‌ پاشكۆیه‌تی ئابووریی و سیاسیی ناوه‌ند (مه‌رکه‌ز) بۆ لۆکاڵ نه‌ما و پاشكۆیه‌تی ئه‌مانیش بۆ ئه‌وان نه‌ما، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ کاتێك که‌ ده‌ستێكی ئابووریی و سیاسی بۆ‌ یارمه‌تی و هاوکاریی مه‌رکه‌ز ، کورتکرایه‌وه‌‌ ، کاتێك که‌ بناخه‌ ده‌تلیسێته‌وه‌ ، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بنیاتنراوه‌ هه‌ره‌س ده‌هێنیت.
جوتێك بنه‌مای سه‌ره‌کیی که‌ له نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سسازی پێشکه‌وتوودا ونن، به‌ڵام له‌ نێو کۆمه‌ڵی ولاتانی بێهێزی پیشه‌سازیدا، بێ هیچ جۆره‌ دوودڵییه‌ك، بۆ به‌ڕێکردنی پرۆسه‌ی شۆڕش، هه‌ن. ئه‌و دوو بنه‌مایه‌ زه‌مینه‌سازیی ئه‌و شۆڕشه‌ خۆشده‌که‌ن و ئاماده‌کاری بۆده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ش ئه‌م دوانه‌ن :
یه‌که‌م: په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی:

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رمایه‌داریی به‌ته‌واوی خۆی نه‌خزاندۆته‌ هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ تاڕه‌ده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆڤانه‌یه‌ و شمه‌کی نییه‌. ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ یارمه‌تی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی که‌ کاریان پێناکرێت به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ، یاخود هه‌ر وجودی نییه‌ یا هه‌ر وه‌کو شتێکی ڕه‌مزی وایه‌. له‌ بارودۆخێکی ئاوادا کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کان و مرۆکرده‌کان و چه‌شنه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌‌ سه‌رشانی خه‌ڵکی خۆی که‌ له‌ ڕێگای یارمه‌تی و هه‌ره‌وه‌زی و هاوکاری به‌ یه‌کدی، هه‌موو پێداویستی خۆشی و ناخۆشییه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و متمانه‌ی ته‌واو‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر خودی کۆمۆنێتییه‌که‌ زیاتر له‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگه‌ کۆمه‌كکاره‌کانی . له‌و‌ێ، هێشتا ناوکێکی مرۆڤانه‌ی سه‌رده‌می کۆمۆنێتییه‌ کۆنه‌کانی، تاڕه‌ده‌یه‌ك ژیانی به‌ کۆمه‌ڵیی، تیادا ماوه‌ته‌وه‌. قسه‌وباس له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ڕوداوه‌کانی ڕۆژانه‌ قسه‌و‌باسێکی به‌رده‌وام و نیگه‌رانییه‌کی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی. له‌ کۆمه‌ڵێکی ئاوادا به‌ستنی په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر کار، له‌ گه‌ڕه‌ك و گوند و خویندنگا و دانشگاو ته‌واوی دامه‌زاراوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه و لێدوان و مشتومڕكردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت و بابه‌ته‌ ڕۆژانه‌یه‌کان و هه‌نووکه‌ییه‌کان ئاسانه‌ و متمانه‌کردنیش به‌یه‌ك و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به کاره‌ هاوبه‌شییه‌کانی نێوانیان، به‌ ئاسانی په‌یڕه‌و ده‌کرێت. بێ گومان ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ له‌ گونده‌ بچوکه‌ دووره‌ده‌سته‌کانی لادێکان تاکو گونده‌ هه‌ره‌ قه‌ره‌باڵخه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار، له‌ شارۆچکه‌کاندا تاکو شاره‌کان ، له‌ شاره‌کاندا تاکو شاره‌ گه‌وره‌کان ، زۆر دیارتر و کرده‌تره‌ و خۆڕێکخستنیش تیایاندا ئاسانتره ‌و ده‌ستکردنیش به‌ کاری هه‌ره‌وه‌ز‌ی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و به‌ کۆمه‌ڵیی ژیان ، عه‌مه‌لی تره‌ .
دیاره‌ گه‌لێك خه‌سڵه‌تی پۆزه‌تیفی دیکه له‌پاڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن و هانده‌ر و ده‌سته‌به‌ری خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵکه‌که‌ی، ده‌کات، که‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ و ئه‌م خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ ، له‌ نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا ، یا هه‌ر ونن،‌ یا خود زۆر لاوازن‌.

دووهه‌م: لاوازی و بێ هێزی حه‌ڵقه‌ی سه‌رمایه‌داریی :

ئاشکرایه‌ پێکانی ئامانج، به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنی ئاسان به‌هاوکاری ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌و حه‌لقه‌ و شوێنانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ، لاوازه‌ . لای هه‌موانیش ئاشکرایه‌ که‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ ئه‌و شوێنانه‌یه‌ ، ئه‌و وڵات و کۆمۆنێتیانه‌یه‌ ، که‌ هێشتا ئه‌و بنه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ باسمکردن تێیاندا ، مه‌وجودن. به‌واتایه‌کی دیکه‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کرد و یا که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازین که‌ هێشتا ده‌ستی نه‌گریسی سه‌رمایه‌داریی به‌ ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتوه‌، هێشتا کاری له‌ کار نه‌ترازاندووه‌ ، هێشتا نه‌یتوانیووه‌ مرۆڤه‌کان ، له‌ مرۆیییه‌وه‌ بکاته‌ ڕۆبۆت ، ئه‌و مرۆیانه‌ی که‌ هێشتا ته‌واوی قسه‌ و باسه‌کانیان له‌سه‌ر‌ دوامۆدیڵی هه‌مه‌جۆره‌ی کاڵاکان و به‌کارهێنانیان، نییه‌ و له‌ خه‌سڵه‌تی مرۆیانه‌ی خۆیانی نه‌شۆردوونه‌ته‌وه‌ .
له‌م شوێنانه‌دا هه‌وڵدان و ئاماده‌کاریی هه‌ره‌وه‌زییانه‌ ، هه‌وڵی ژیانی به‌ کۆمه‌ڵانه، تاڕاده‌ی هاوبه‌شیکردنی ‌هه‌موو پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی ژیان، ئاسانه‌‌. له‌ شوێنێکی ئاوادا گونده‌کان ، گه‌ڕه‌که‌کان، شارۆچکه‌کان، شاره‌کان که‌متر ده‌بنه‌ وابه‌سته‌ی شاره‌ گه‌وه‌ره‌کان و شمه‌کی هه‌مه‌جۆره‌ی هاورده‌ی شاری گه‌وره‌ و که‌متریش وابه‌سته به‌ بازار-ئازاد و شاره‌وه‌ ده‌بن.
هه‌ر وڵاتێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ نێو ئه‌و بازنه‌ی سه‌ره‌وه ( بازنه‌ی وڵاتانی پیشه‌سازی گه‌شه‌ نه‌کردو) ، گه‌ر خودی خه‌ڵکی خۆی، خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی بکات ، ده‌توانن سه‌راپای پێداویستییه‌کانی ژیان و سه‌رجه‌می ئامراز و که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌کییه ساکاره‌کانی بواری کشتیاری و پیشه‌سازیی‌، دابین بکه‌ن، به‌ خۆیان ژیانی ئه‌ندامانی کۆمۆنێتییه‌کانیان مه‌یسه‌ر بکه‌ن . ئه‌و پێداویستیانه‌شی که‌ ناتوانرێت له‌ گوندێکدا، له‌ شارۆچکه‌یه‌کدا یا خود شار و ده‌ڤه‌رێکدا به‌ده‌ستبهێنرێت، ده‌توانرێت له‌ ڕێگای ئاڵوگۆڕی شمه‌كه‌کانه‌وه‌ به‌هۆی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ، یاخود له‌ ڕێگای ئه‌نجوومه‌نه‌کانی گه‌له‌وه‌ له‌و شوێنانه‌دا، به‌ده‌ستبخرێن. گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ وڵاتێك نییه‌ له‌و بازنه‌یه‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار بێت، نه‌توانێت هاووڵاتییانی ، بژێنێت . ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و‌ وڵاتانه‌ی هه‌ژار و پاشکۆ بۆ گه‌وه‌ره‌وڵاتانی جیهانی، کردووه،‌ هه‌بوونی چاوچنۆکان و ده‌سته‌بژێر و گه‌نده‌ڵان و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵ و وڵاته‌ له‌سه‌ر بناخه‌ی چینایه‌تی، هه‌ره‌می/ هیراشییه‌ت و پیاده‌کردنی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی نیولیبراڵی گه‌وه‌ره‌وڵاتان و پارێزه‌رانی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و قوچکه‌ییه‌ .
له‌م پرۆسه‌یه‌دا، پرۆسه‌ی بنکه‌نکردنی قه‌ڵاکانی سه‌رمایه‌داریی، پرۆسه‌ی ڕووتکردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌و خوانی چه‌و‌سانه‌وه‌ و زۆرداری ، پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وابه‌سته‌یی یه‌ك بۆ یه‌کدی ، پرۆسه‌یه‌کی خاو و هیواش و درێژخایه‌نه‌،‌ به‌ڵام به‌ بڕشت و سه‌قامگیره‌. سه‌رکه‌وتنی ته‌واو و به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕوودانی هه‌مان شۆڕش لانی که‌م له‌ یه‌کدوو وڵاتێکی ده‌وروبه‌ردا و هه‌روه‌ها پاڵپپشت و هاوکاری ئازادیخوازان و دژه‌ده‌سه‌ڵاتخوازانی دونیا.
ژیانی نێو کۆمه‌ڵی سته‌مکاری و نایه‌کسانی ، ژیانی نێو ونبوونی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی ئازادیی ، ژیانی نێو کۆمه‌ڵی هیراشی و چیانه‌یه‌تی ، چشتێکی دیکه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌هێڵاوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ کاردانه‌وه‌، له‌ ڕێگای: یه‌که‌م: دانیشتن و پاڵدانه‌وه‌ و خۆدانه‌ ده‌ستی قه‌زاو قه‌ده‌ر. دووه‌م: چاوه‌ڕوانی حیزبی پێشڕه‌و و کوده‌تای حیزبیانه‌ و سه‌ربازیی و هه‌ڵبژاردن، درۆ گه‌وره‌که‌‌ی مێژوو ، که‌ ئه‌مانه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێگای یه‌که‌م مه‌ترسیدارترن‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ وه‌همێكی زۆر به‌ خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و دیسانه‌وه‌ چاوبه‌ستێکی گه‌وره‌ش له‌خه‌ڵکی ده‌که‌ن. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکرا.
*هه‌وێنی نوسینی ئه‌م وتاره ده‌گه‌ڕیتیه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم له‌ ڕۆژی 08/05/2015 دا به‌یه‌که‌وه‌ کردمان بۆ ئامه‌د، باتمان ، حه‌سه‌نکه‌یف، ماردین، وان ، جۆڵه‌مێرگ و گه‌وه‌ڕه‌ له‌ باکوری کوردستان.‌

Zaherbaher.com

‌ ‌ ‌




دیکتاتۆریی ھەر دیکتاتۆرییە؛ بازارەکەی ئازاد بێت یان قۆرخکراو، داراییەکەی دەوڵەتی بێت یان تایبەتیی … ھەژێن

سەرنجێکی کورت لەسەر بابەتی ” ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن ” نووسینی زاھیر باھیر*

سەرەتا، بۆ ئەوەی خوێنەری ئاشنا و نائاشنا ئەوە بزانێت، لێرەدا وەك هەر سەرنج و ڕەخنە لە هەر کەسێکی دیکە، کەسایەتی نووسەر لە دەرەوەی بابەت ڕادەگرم و خەریکی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی بۆچوونەکەی دەبم، کە هەم دەکرێت لەم ساتەدا بۆچوونی سەدان هەزار کەس بێت و هەم بەدڵنیاییەوە پیشینەیەکی زۆر درێژتر لە تەمەنی هاوڕێ زاهیر و منی هەیە.
خوازراو یان نەخوازراو ھاوڕێ زاھیر بەو سەردێرە، ئێمەی خوێنەر دەخاتە دووڕیانی بەراوردکارییەك، کە سەرەنجامەکەی کۆیلەتی خوێنەرە بۆ گرتنەبەری ڕێگەیەکیان، ھەرچەندە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دواوە ھەیە و بەبۆچوونی من، باشترین ئەڵتەرناتیڤە و پێویستە بە نیشاندانی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان بازاری قۆرخکراو و بازار-ئازادی نیئۆلیبراڵ، دیکتاتۆریی چوار ساڵە و دیکتاتۆریی پەنجا ساڵە، خۆمان لە هۆگریی بۆ پۆزەتیڤبوونی دارایی دەوڵەتی “کەرتی نیشتمانی” بە بەراوردکردنی لەتەك دارایی کۆمپانییەکان “کارتی تایبەت” بپارێزین.
نووسەر دەنووسێت ” که‌متر باس له‌و ده‌ستکه‌وته‌ باشانه‌ ده‌که‌ن که‌ کاسترۆ بۆ کوبای کرد له‌ بواری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ریی به‌لاش که‌ تا ئێستا ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتیکدا نییه، خوێندنی به‌ڵاش ، درێژبوونه‌وه‌ی بڕی ته‌مه‌ندرێژی هاووڵاتیانی کوبا، یارمه‌تی و هاوکاریی زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی له‌ کێشه‌ی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر‌دا به‌ناردنی دکتۆرێكی زۆر ، هینانه‌ خواره‌وه‌ی بڕی مردنی ساوایان و دایکانی دووگیان به‌سه‌ر منداڵه‌کانیانه‌وه‌ ، پاراستنی ئابوریی وڵاته‌که‌ی له‌ دزی و تاڵانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپا ، باشی نیسبی ژیانی هاووڵاتیان له‌وێ …. گه‌لێکی دیکه‌.”
هەڵبەتە ئەوە بڵێم، منیش دابینکراویی بیمەی دەرمانی و خوێندن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژییان و گوزەرانی ڕۆژانە بە باشتر دەزانم، بەڵام لەتەك ئەوە ناکۆکم کە ئەوە چەپکەگوڵی دەستی ڤیدڵ کاسترۆ بێت بۆ خەڵك. بە بۆچوونی من، ئەوە بۆ پێداویستی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەگەڕێتەوە، نەك بۆ خودی کاسترۆ. چونکە تاکو ئێستا مێژووی سیستەمی چینایەتی چ لە سەرۆکایەتی خێڵ و سیستەمی فیئۆداڵی و پاشایەتی و چ لە شێوەی دەوڵەت، ئەوەی نیشانداوە، کە هیچ سیستەمێك ناتوانێت هاوکات هەم دەمی خەڵك دابخات و هەم زگی خەڵك برسیبکات، لەوێ کە دەمی داخستبێت، ناچار بووە مل بە تێری زگەکان بدات [کەرتی دەوڵەتی] و لەوێ کە زگەکان برسیدەکات، ناچارە گلەییکردن و ناڕەزایەتی ئازادبکات [کەرتی تایبەت ].
بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە ئەو ڕێژە تێرییەی زگ بە ئامانج وەربگرین، خواستە یان ناخواستە خۆمان لەبەردەم ئەم پرسیارە دەبینینەوە؛ ئەی هەڵوێستی ئێمە بەرانبەر زیندان چۆن دەبێت، کە لەوێدا هەمووان یەك جۆر پۆشاك و پۆشتە و هەمووان یەك جۆر خۆراك و تێرن؟ ئایا لەنێوان سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆرییە بەناو “سۆشیالیستییەکان” و سیستەمی زیندان هیچ جیاوازییەك هەیە؟ ئایا دەتوانین لە بەرواردکردنی نێوان بەڕێوەبەری زیندانێك و بەڕێوەبەری نووسینگەیەکی دەڵاڵی-کار بەو سەرەنجامە بگەین، لەبەرئەوەی کە لەنێو زیندان هەمووان یەك پۆشاك و هەمووان یەك خۆراکن، لە بەڕێوەبەری یان خاوەنی نووسینگەی دەڵاڵی کار باشترە، کە کرێی کرێکارەکانی جیاواز و ٨٠% داهاتی کاری کرێکارەکان بۆ خۆی دەدزێت؟
پاشان، ئایا بەو بەراوردکارییە لەنێوان فەرمانداریی تاكپارتیی و فەرمانداریی پارلەمانیی؛ لەنێوان سەرۆکی پەنجا ساڵە و سەرۆکی چوار ساڵە لە پۆزەتیڤبوونی سیستەمی پارتیی بەعس/ سەدام حوسەین نزیکنابینەوە، کە هەم وەك سیستەمەکەی کوبا خوێندن و دەرمان خۆڕایی و هەم نان هەزان و هەم سەرمایەدار و سەرمایەداری گەورە تەنیا دەوڵەت بوو؟
پاشان دەنووسێت ” هه‌ڵبه‌ته‌ من به‌رگریی له‌ ڕژێمه‌که‌ی کاسترۆ ناکه‌م و ته‌نها ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵاو ئه‌وه‌ی که‌ من توڕه ‌و بێزار ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و که‌ناڵ و ڕۆژنامانه‌ ده‌ڵێن ” به‌ ته‌مه‌نترین دیکتاتۆری جیهان مرد”. باشه‌ منیش ده‌ڵێم کاسترۆ دیکتاتۆر بوو ، به‌ڵام ئایا سه‌ر‌کرده‌ی وڵاتێك هه‌یه‌ یا ڕژێمێك هه‌یه‌ که‌ دیکتاتۆر نه‌بێت؟ ”
بە بۆچوونی من، هیچ پێویست ناکات ئێمەی دژە-سەروەر لەو هەڵایە توڕەبین، چونکە ڕاستە لە دەمی دوژمنی چینایەتی ئێمە دەردەچێت، بەڵام ڕاستییەکی درەوشاوەی تێدایە، ئەویش ڕیکۆردی درێژیی تەمەنی دیکتاتۆرە، ئیدی ئەو دەربڕینە هەر کەس بیڵێت، هیچ لە نێوەڕۆکەکەی ناگۆڕێت. هەر ئاوا ڕاستە کە سەرۆکی هەموو دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەك و خێڵ و گروپێك دیکتاتۆرە ئەگەر بۆی بلوێت، بەڵام لە ئێستادا هەمووان وەك کاسترۆ و سیستەمەکەی ئەو دیکتاتۆر نین، یان بەلایەنی کەم سیستەمەکەیان سیستەمی تاک-دیکتاتۆریی نییە.
پاشان دەنووسێت “دیکتاتۆره‌کان 3 جۆرن: جۆرێکیان به‌ کوده‌تای سه‌ره‌بازی دێنه‌ سه‌ر حوکم، جۆری دووهه‌م به‌ کوده‌تای حیزبییانه‌ دێنه‌‌ سه‌ر حوکم، جۆری سێهه‌م: به‌ یاساییکردنی دیکتاتۆرییه‌ته‌ ( به‌ شه‌رعیکردن) که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ دێنه‌ سه‌ر حوکم”
بە بۆچوونی لێرەدا نووسەر ڕێگەی چوار و پێنجەم و شەشەم لەبیردەکات، کە بە ڕێگەی بۆمانەوەی پاشایی و ڕاپەڕینی جەماوەریی و هەر ئاوا بە ڕێگەی کودەتای پارلەمانیی وەك ئاکپارتیی و ئەردۆگان دیکتاتۆرەکان بەرزدەبنەوە و بۆ جێکەوتەبوونی سیستەمەکەیان زەمینەسازیی دەکرێت. بێجگە لەوەش لەنێوان ئەو سێ جۆرە جیاوازی زۆر هەن، لەوانە شێوازی بەدەسەڵاتبوونی دیکتاتۆرییە، یەکەم بە هۆی هێز و سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ، دووەم بە پرۆسێسێکی درێژخایەنی دروستکردنی خۆشباوەڕیی ئەندامانی پارتیی بە “ڕابەری باش” و بەهۆی کارایی ئایدیۆلۆجیا و سێیەم بە پەیژەکردنی خۆشباوەڕیی خەڵكی دەنگدەر بە “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش ” و “فەرمانداریی باش” و “دەوڵەتی باش”. جیاوازی دووەمش بە هەمان شێوە دیکتاتۆریی یەکەم بەهۆی هێز و توندوتیژی و تاکەکەسییە، جۆری دووەم بەهۆی کارایی ڕاستەوخۆی سەرانی پارتییەکان لەسەر ئەندامان و ڕامکردنی ئایدیۆلۆجی و ئەویش وەك سێیەم بەهۆی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و ملکەچی زۆرینەی ئەندامانی پارتیی بۆ سەرەوە و سێیەم جۆر بەهۆی دەنگدانی زۆرینە ڕەوایەتی وەردەگرێت، کە دەکاتە دیکتاتۆریی زۆرینە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین، کە دیکتاتۆریی تاکەکەسیی و تاکپارتیی وەك کاسترۆ و پارتییەکەی ئەو، تەمەنی درێژە و تاکو ڕاپەڕینی خەڵك یان کارایی و ناچاریی فشاری ئابووریی نەبێت، وازهێهنان و کۆتابوونی ئەستەمە، جۆری دووەم، بەهۆی جیابوونەوە و دەنگدانی ئەندامانەوە ئەگەری گۆڕانی هەیە یان نەیارەکان دەتوانن بچنە دەرەوەی پارتییەکان و سەربەخۆ بمێنن یان جارێکی دیکە پارتییەکی دیکە دروستبکەن، بەڵام وەك سایەی دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ و ئەوانی دیکە لەسێدارەتنادەن و زیندانیت ناکەن یان لایەنی کەم توانای دەربازبوون لە ستەم و سزای ئەوان هەیە. جۆری سێیەمیش ئاشکرایە، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران خوازیاری مانەوەی سەرۆکی دیکتاتۆرخواز نەبن، پاش چوار ساڵ هەر بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران لادەچێت. لەبەرئەوە ناکرێت و ناتوانین ئەو سێ یان پێنج جۆرە بخەینە چەکمەچەیەکەوە و دیکتاتۆریی نێو پارتییەك و پارلەمانێك ڕەوایەتی دیکتاتۆرییەکەی لە زۆرینەوەی دەنگەوە وەردەگرێت و هەر بە دەنگدانیش ئەگەری وەلانانیان هەیە. بەڵام لە سیستەم و دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ تەنانەت شێوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی زاڵە و بیجگە لە کودەتا یان ڕاپەڕین هیچ ئەگەرێك بۆ وەڵانانی نییە.
پاشان دەنووسێت ” باشه‌ جۆرج بووش باوك و کوڕ ، ده‌یڤد کامرۆن، تۆنی بلایه‌ر دیکتاتۆر نه‌بوون که‌ بوو‌نه‌ هۆی کوژارانی سه‌ده‌ها هه‌زار که‌س له‌ عێراق و ئه‌فغانستان لیبیاو سوریا و یه‌مه‌ن و شوێنه‌کانی دیکه‌؟ باشه‌ دوو ملیۆن که‌س له‌ له‌نده‌ن له‌ ساڵی 2003 دژ به‌‌ شه‌ڕ و اگیرکردنی عێراق ‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام ‌ چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌مه‌ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌تی ، تۆنی بلایه‌ر گوێی گرت بۆیان؟ باشه‌ ئه‌مه‌ریکا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌که‌ی ده‌یه‌ها جار ویستیان کاسترۆ ئیختیال بکه‌ن ، ئه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر دیکتاتۆرییه‌ت نه‌بێت ئه‌ی چییه‌ ؟ ”
بەڵێ ئەوە جۆرێکە لە دیکتاتۆریی، بەڵام ئەوە یەکەم دیکتاتۆریی کەسێك نییە و دیکتاتۆریی پارلەمانییە و دووەم پاڵپشتی ئەو دیکتاتۆرییە زۆرینەی دەنگدەرانن، کاتێك کە لە بریتانیا دوو ملیۆن کەس دژی هێرش بۆ سەر عیراق دێنە سەر شەقامەکان، هاوکات نزیکەی شەست (ملیۆن) کەس بە بێدەنگمانەوە ڕەوایەتی بە جەنگەکە دەدەن. لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەگەر لەجیاتی دوو ملیۆن کەس، پەنجا ملیۆن کەس لەسەر شەقامەکان بوونایە، ئایا فەرماندارییەکەی (تۆنی بلەیەر) هەر بەشداری جەنگەکەی دەکرد؟ بەڵام ئەگەر هەر پازدە ملیۆن کەسەکەی عیراق کاتی جەنگی عیراق-ئێران بهاتنایە سەر شەقامەکان، ئایا سەدام حوسەین دەستبەرداری جەنگ دەبوو؟ ئایا لە ماوەی دیکتاتۆریی کاسترۆ و ئێستاش براکەی ئەگەر هەموو خەڵکی کوبا خۆنیشانبکەن، کاسترۆ دەستبەردای بڕیارێکی خۆی دەبوو یان دەبێت، ئایا خۆنیشاندانێکی ئاوا دوو ملیۆنی دژی بڕیاری فەرمانداریی لە کوبا بەبێ خوێنڕشتن دەگوزەرێت؟
پاشان دەنووسێت “هێنری کیسه‌نجه‌ر و ڕۆڵه‌که‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکای لاتینی به‌ دروستکردنی تیمی بکوژ بۆ کوشتنی چالاکوان و نقابییان و کۆمۆ‌نیستان و سۆشیالیستان دیکتارۆییه‌ت نییه، ئه‌ی ‌ چییه‌؟ ڕۆلی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگۆ ، له‌ شیلی ، له‌ ئێران ، له‌ عێراق سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم ، له‌ ئه‌نده‌نوسیا ئێوه‌ پێی ده‌ڵێن چی؟ ”
نا هاوڕێ گیان، ئەوەشیان ئاوا نییە، چونکە دیکتاتۆری شتێکە و تیرۆریزم شتێکە. کێسەنجەر هاندەری تیرۆریزم بووە بۆ پاراستنی سیستەمی دیکتاتۆریی چیلی و ئەرجەنتین و …تد، کە پێداویستی سیستەمە جیهانییەکەیە لە ئەمەرتکای لاتین و ئەفریکا و ئاسیا، وەك خۆت دەزانیت لەنێوان فاشیست و شۆڤێنیست و دیکتاتۆر و تیرۆریست جیاوازی هەیە، هەرچەندە هەموویان بۆ پاراستنی سیستەمی چیانیەتی تەواوکەری یەکدین. بەڵام ناکرێت ئێمە هەموویان بخەینە یەك چەکمەجە و جیاوازییەکان لەبەرچاونەگرین.
پاشان دەنووسێت “باشه‌ کێ‌ ده‌ستی له‌ کوشتنی خه‌ڵکیدا و وێرانکردنی وڵاتاندا و دروستکردنی تیرۆریستاندا زیاتره؟ا کاسترۆ یاخود ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشانمکردن ؟ ”
ئەگەر بڕیاربێت وەڵامی ئێمەی خوێنەر ژمارەکان و دەرکەوتنەکان بن، ئەوا بە ڕواڵەت بەراورد بە ئەوانی دیکە، کاسترۆ هەر هیچی نەکردووە. بەڵام ئەگەر کاسترۆ لەجێی ئەوان بووایە، ئایا هەر هەمان شتی نەدەکرد؟ ئایا دەتوانین ژمارە ئاشکراکان بکەینە پەردەپۆش و پاساو بۆ نەدیتنی ئەوانی دیکە؛ ئایا کاسترۆ و پارتییەکی پێش بەدەسەڵاتگەییشتن و پاش بەدەسەڵاتگەییشتن کۆمونیستانی بۆچوون جیاواز و ئەنارکیستان و لیبڕاڵان و پارلەمانخوازانی نەکوشتوون و زیندانینەکردوون؛ ئایا کاسترۆ بە کۆمەکی سەربازیی و دەرمانی و ئابووریی لە تیرۆرکارییەکانی سایەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و فەرماندارییە تاكپارتی و دیکتاتۆرییەکانی دیکەی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکای نەکردووە؟ ئەی ئەوانەی ئەو هەر هەمان تاوان نین، کە کێسینجەر و ئەوانی دیکەی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامیانداون؟ ئەی ئاخۆ هەژماری شادراوەی ئەوانەی کە لە ماوەی پەنجا ساڵی دەسەڵاتداریی کاسترۆ و هەشت ساڵی ڕابوردووش کە هەر سێبەری دیکتاتۆریی ئەو زاڵبووە، گولەباران کراون، لەسێدارەدارون، زیندانیکراون، دوورخراونەتەوە و بێسەروشوێن کراون ، چەند بێت؟
لە کۆتاییدا نووسەر دەپرسێت “بۆچی ده‌بێت ئه‌و دیکتاتۆر بێت به‌ڵام ئه‌مان وه‌ته‌نی و پیاوی باش ؟ کاتێكیش که‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ گه‌له‌که‌ی ‌کردوه‌ به‌ مه‌ندێلاشه‌وه، نه‌یانکردووه‌‌ !! ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن. ”
منیش، هەم وەك وەڵام و هەم وەك کۆتایی سەرنجەکەم، دەڵێم خۆزگە نووسەر لەجیاتی ئەو هەمووە بەراوردکردنە، کە ئەوی ئەنارکیستی خستووەتە خانەی پاساودانی دیکتاتۆریی کاسترۆ بە هەبوونی نان و خۆڕاییبوونی خوێندن و دەرمان، تەنیا هەر ئەو پرسیارەی کۆتایی بنووسیایە، کە زۆر جوان و کەم و پوخت و بێلایەنانە هەڵوێست وەردەگرێت و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە و وردبوونەوە. هەرچەندە بەداخەوە دێڕێك پاشتر جارێکی دیکە دەکەوێتە بەراوردێکی ڕواڵەتیی بازار و لەبەرچاونەگرتنی میکانیزمەکانی خۆپارێزیی هەر دوو سیستەمەکە؛ سەرمایەداریی دەوڵەتیی و سەرمایەداریی کۆمپانییەکان. لێرەدا جارێکی دیکە نووسەر هیچ گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە، کە کارەکانی کاسترۆ و پارتییەکەی، کە دیوەکەی دیکەیان شەش دەهە دەمکوتکردن و داپڵۆسینە، بە پۆزەتیڤ و خوازراو دەبێنێت. ئایا ئەوە پاساودان و پۆزەتیڤ-نیشاندانی ئەو “جەلادە دڵسۆز و خەمخۆرەی خەڵك” نییە، کە باکونین ئاماژەیدەدات؟
وەك سەرەتا گوتم و هەمیشەش دەێڵێمەوە، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن خوێندنەوەی بۆچوونەکانە نەك دژایەتیکردنی کەسێتی نووسەر و بێژەری بۆچوونەکە، هیوادارم خوێنەران و (هاوڕێ زاهیر)یش بە هەمان جۆر خوێندنەوە بۆ سەرنجەکانی من بکەن و من بە پاساودەری بەرەی بەرانبەر نەبینن، چونکە بە بۆچوونی من، ئەرکی ئێمە بەراوردکردنی “باش و خراپی” جۆرەکانی دیکتاتۆریی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی ئەوانن. ڕاستییەکەی دەمێكە، لەسەر داخوازی دۆستێك هەشت ساڵ لەمەروبەر بەتەمای نووسینێك بووم لەبارەی کوبا و ڤێنزەولا و گرفت و دەرگیری ڕۆژگار بوارینەدابووم، بەڵام کاتێك چەند خوێنەرێکی بابەتەکەی هاوڕێ زاهیر، کە ئەو بە کەسێكی ئەنارکیست ناسراوە و بەخۆیشی هەر لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت، لە من دەپرسن “بۆچوونی تۆ بەرانبەر ئەو نووسینە چییە؟ “، ئیدی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی یان ناڕۆشنی-دروستکەرەکانی نووسینەکەی هاوڕێ زاهیر دەکرێتە ئەرکێك و ناتوانم نادیدەی وەربگرم و خۆم بدزمەوە، هەرچەندە بەتەمانیم و هیچ کات ناتوانم خۆم لە ئەرکی سەرشانم بدزمەوە و سەرنج و ڕەخنەگرتنیش لە بۆچوونی خۆم و هاورێکانم بە پێویستتر و ئەرکتر دەزانم لە سەرنج و ڕەخنەگرتن لە بەرەی بەرانبەر.
* بۆ خوێننەوەی بابەتەکەی نووسەر، سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554428878084793

٢٨ی نۆۋەمبەری
٢٠١٦




کام چارەسەر گونجاوە بۆ هەرێم؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کام ڕێگا چارە گونجاوە بۆ ئەو ڕەوشەی خەڵکی هەرێمی تێ کەوتوە بەهۆکاری ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان؟
یەکەم:دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو لەلایەن پارتەکانی نێو دەسەڵات کە وەک ڕکابەر لەبەرانبەر یەکتردا وەستاونەتەوە،تابێن و هەریەکەیان لەو قەڵایە بێنەخوارەوەو عەقڵانیەت بخەنە جێگای ڕقی کوێرانەو یەکتری بوغزاندن و خۆیان واتەنی ببنەوە جێگا ئومێد بۆ گەلەکەیان و چیتر وەک تاڵانچیەک مامەڵە لەگەڵ نیشتیمان و هاووڵاتیەکانیاندا نەکەن. ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن و تاڵان چی نین،دەبێت ڕێگا بدەن بەئاڵوگۆڕ لەکۆی جومگەکانی بەڕێوەبردنی بواری ئیداری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا لەنێو خۆیانداو تاقی کردنەوە بکەنە سەنگی مەحەک بۆ شەفافیەت و دوور کەوتنەوە لە تاڵان کردنی سامانی کۆمەڵگە.
دووەم: ئەگەر هێزو لایەنە سیاسیەکان دەوڵەتانی دەرەوە هەڵیان دەسوڕێنن و ئەوان بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریان دێنن،دەبێت ئەو هێزانە زۆر بەڕاشکاوانە دان بنێن بەو ئەرکەیانداو بەکۆمەڵانی دانیشتوانی هەرێم ڕابگەیەنن کەئەوان نوێنەری دەوڵەتان وکۆمپانیا گەورەکانی زلهێزانی ئابوری بازاڕی ئازادو ناوچەکەن، نەک نوێنەری خەڵکی هەرێم. دان نانێکی ئاوا،جێگای شورەیی نیە،بەڵکو ڕاستگۆی پیشان دەدات. باشە گەر وانیە،بۆچی هەر گێژاوێک یان تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی دەبێت،ڕاستەوخۆ پەنا بۆ دەوڵەتانی چواردەور دەبەن؟ ئاخۆ ئێوەی دەسەڵاتدار دەتوانن بچوکترین دەستێوەردان بکەن لەوڵاتانی چواردەور؟ ئاخۆ گەر بڕواتان بەگەلی خۆتان هەبێت،کام هێز هەیە بتوانێت لەدەرەوە زەفەرتان پێ بهێنێت؟ ئاخۆ ئێوە لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا،کام ڕەوشتی پایەداریتان بەخشی بەهاووڵاتیەکانتان کە لەڕەوشتی هاوڵاتیەکی سەربەست و خاوەن بەها بچێت؟
سێیەم:ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کۆمەڵگە دابین بکەن،بۆچی خۆیان ئیحراج دەکەن لەبەردەم هاونیشتمانیەکانیانداو بۆنایەن ڕێگا چۆڵ بکەن تا بەرەیەک لەنێو خودی گەلەوە ڕێوڕەسمی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە بگرنە ئەستۆ. ئەگەر وەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بەشێوەیەکی گشتی وەک بەرپرسیارێتی دەبینن لەبەردەم گەلدا،بۆچی ڕێگا نادەن ئاڵوگۆڕی سیاسی بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەساو دەس بکرێت و داهاتی گشتیش بەشێوەیەکی دوور لەگیرفان پڕ کردن دابەش بکرێت بەسەر گشت دانیشتواندا.
چوارەم:ئەرکی بەرپرسیارێتی گەورە لەهەموو وڵاتێکدا دەکەوێتە سەر ئەستۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەو ئەو حکومەت و پەرلەمانەی کەهەیەتی،بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیەکانی و پارێزگاری کردنی ڕووی ئاسایش و دابین کردنی کارو بەرەو پێش بردنی ئابوری وڵات و بەرهەمهێنان.بەڵام دەڵێی هەرێمی کوردستان جیاوازترە لەگشت ڕێوڕەسمی وڵاتان،بۆیە ئەو سێ لایەنە زۆر بێ باکانەن لەبەرانبەر ئەو بەرپرسیاریەتانەی لەئەستۆیاندایە. ئاخر لەهەرێمدا،شوێنێک یان جومگەیەک نەماوەتەوە توشی شکست و داڕوخان نەهاتبێت. لەماوەی بیستوپێنج ساڵدا،دەبوا باشترین جۆری بەرهەمهێنان و برەو پێدانی بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی بواری سەنعەتی پێشوەچونی بەخۆوە بدیبایە و ڕێکوپێک کردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروست بونی هەبوایە. کەچی بەپێچەوانەوە،ساڵ بەساڵ، کۆمەڵگە توشی قەیرانی زیاتر و مەینەتی زیاتر دەکرێت. ئاخۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەو شێوەدەبێت؟
پێنجەم:ئاخۆ ئەو ڕێگا چارەیەگونجاوە کەدەڵێت نەوت بدەنە بەغدا تائەوانیش بودجە بدەنە هەرێم؟ باشە تەرح کردنی ڕێگاچارەیەکی وا نیشانەی ئەوە نیە کەحکومەت تاڵان چیەو پارەی نەوتەکە دەدزێت؟ ئیتر چۆن دەکرێت باس لەدەوڵەت دروست کردن بکەن؟ ئاخۆ حکومەت لەکێ پێک هاتوە؟ بەشی گشت حزبەکانی تێدا نیە؟
شەشەم:ئاخۆ گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەیەکی گونجاو پێشکەش بکات کە ڕەزامەندی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بێت،باشتر نیە،کەحکومەت دەست لەکار بکێشێتەوەو هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت و بەبێ بەکار هێنانی هێزو ترساندن و بەبێ مەسەلەی حزبی بوون،کەسی شیاو بخرێتە جێگای شیاوی خۆی؟
حەوتەم:ئایا گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەی گونجاو بدۆزێتەوەو ئامادەیش نەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە،ئەوکات هێز بەکارهێنان گونجاوە یان مل کەچ کردن بۆ ڕای زۆرینەی جەماوەر کە ڕازی نیە بەو ئیدارە کردنەی کەهەیە؟
هەشتەم:تاکەی کۆمەڵگە دەتوانێت بەم شێوەیە ژیانی بگوزەرێنێت کە تادێت بەرەو هەڵدێری زیاتر دەڕوات و نەبونی موچەو نەبونی خزمەت گوزاریە گشتیەکان و نەبونی هەلی کارو نەبونی هیچ ڕیانێکی هاوسەنگی چینایەتی یەخەی پێ گرتوە؟ ئاخۆ گەر جەماوەر دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەوکات دەسەڵاتداران بەچی وەڵامیان دەدەنەوە؟ بەچەک یان بەعەقڵ و مەنتیق و ملکەچ کردن بۆ مافی زۆرینە؟ بەڕاستی خەڵکی هەرێم شایانی ئەو کۆ مەینەتیە نەبوون کەدەسەڵاتدارانی بەرەی کوردایەتی بەسەریاندا هێنان. ئەوە هەر کوڕی هەژاران نیە ئێستالەپێشی جەبهەدا لەدژی داعشدا دەجەنگن؟
ئاخۆ ڕێگاچارەی تر چیە؟

تاهیر حاجی حەسەن
30/11/2016




مه‌سیحی دووه‌م ئاگری بۆ شاعیران له‌ خوداوه‌ند دزی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

چیا سینگی چل په‌رییه‌ و زه‌ماوه‌ند ڕاده‌گرین
ته‌رمی نوێژ بۆ نه‌كراوی مه‌سیحی دووه‌م
به‌ ئاوێنه‌ و مۆمی داگیرساوه‌وه‌ له‌ شاڕێی شاری ئه‌فسووناوی داده‌نێین
تیشك له‌ ناوی پشوو ده‌دا و خۆی تێدا به‌هێز ده‌كات
ده‌ست له‌سه‌ر شانی گۆڕهه‌ڵكه‌ن لاده‌دا و وزه‌ ده‌داته‌ باڵی باڵنده‌ و دره‌خت و گژوگیا
وزه‌ی باڵی باڵنده‌
تفه‌نگ و ئه‌سپی سواران ده‌لاوێنێته‌وه‌
باڵنده‌یێكی ڕه‌وانبێژ ده‌نووكی له‌ ته‌ڕایی دره‌خت و گژوگیا نا
باڵی به‌سه‌ریاندا شۆڕ كرده‌وه‌ و تێنه‌په‌ڕی
هه‌ر به‌سه‌ریاندا سووڕایه‌وه‌ و بڕوای به‌ هه‌موو شتێكی كردن
له‌ هاواریان گوێچكه‌ ماسییه‌كی هه‌ڵدایه‌وه‌ ناو ڕووبار
ده‌نگێك به‌و ناوه‌دا تێپه‌ڕی بیستم
كه‌س له‌ناو نوێندا نه‌ماوه‌
كێڵگه‌ و باخ چاوه‌ڕوانن جۆگه‌له‌كان بكرێنه‌وه‌
ته‌رمه‌كانمان چاویان له‌ كێڵگه‌ و باخ داڕێژراون
شاعیرانی شه‌رم له‌ فرمێسك كردوو
له‌ چاوه‌ڕوانیی به‌روبوومیدا دوا به‌شی كتێبی نه‌رم و نیانی شار و شانازییانه‌
له‌مه‌وبه‌دوا ده‌چنه‌ ناو خاوبوونه‌ی ڕك و ژیان بێزار و بێدار ناكه‌ن
حه‌زده‌كه‌ن له‌ كاتی نووسین و نووستندا په‌نجه‌ره‌كان كراوه‌بن
وه‌رن ئاوێنه‌ی سه‌ر ڕووی به‌ردی سڕ و خوداوه‌ندی گۆزه‌ی باڵنده‌ به‌ ده‌مه‌وه‌
له‌ چاوی ماتی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ورد ببنه‌وه‌
تا خوێن له‌ گورچیله‌ی منداڵه‌ ڕوومه‌ت داچۆڕاوه‌كانمان
نه‌بووه‌ته‌ دڵۆپه‌ی شووم و به‌ده‌م ترسه‌وه‌ نه‌نوون
له‌یلوك و ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕه‌نگ تێكچوویان بنه‌خشێنینه‌وه‌ و ڕه‌نگ
له‌ ئه‌ستێره‌ی سه‌رخۆشی به‌ره‌به‌یان بخوازین
ماچیش له‌ ده‌میان بخۆینه‌وه‌
ببینین كه‌ له‌ چیا دێنه‌ خواره‌وه‌
گه‌رد به‌ پێیانه‌وه‌ نییه‌ و به‌ گۆرانییه‌كانیان بریندارمان ده‌كه‌ن
خه‌ونم پێیانه‌وه‌ بینیوه‌ ڕووناكی له‌ سیمای ده‌دان
ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك به‌ سووكی به‌ناو ڕووناكی سیمایان هه‌ڵێنین
هیوایه‌ك بۆ شاری خاڵی و خه‌واڵوو دێته‌دی
ده‌رگای ماڵ به‌ماتی دڵ و چاو پێداخشانه‌وه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌
كڵاوڕۆژنه‌ پێش خۆیان هه‌ناسه‌یان ده‌باته‌ ژووره‌وه‌
له‌سه‌ر كه‌ل و په‌ل و سینی و پیاڵه‌ و فه‌خفووری ده‌نیشێ‌
چیا كه‌ سینگی چل په‌ریت
ماڵ ده‌زانێت باسی جۆلانه‌ و جه‌ژنی خۆی بكات
پارچه‌ گۆشتێكی گه‌رم و به‌ شه‌كر و شیر داپۆشراوه‌
له‌ تۆدا ده‌بێته‌ دڵ و ژیانی ئه‌و ده‌ژی
به‌ ناوی تۆوه‌ له‌ ئاو و ئاسۆ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ و ئاماژه‌ی زه‌مین سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێمان ده‌داتێ‌
ده‌مه‌وێ‌ وێنه‌ی دره‌ختێكی نه‌رم و نیان بۆ باڵنده‌ بكێشم
دوو ده‌ستی كراوه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ بێت
دره‌خت خۆی به‌ باڵنده‌ مه‌ست ده‌كات و ده‌مار و خوێنی فڕین ده‌ڕژێته‌ ده‌موچاوی
منیش باڵنده‌ی ده‌می گۆزه‌ ده‌هێنمه‌ سه‌رشانم و دێمه‌ ناو چیا
چرایه‌ك تانوپۆمه‌ و چاوی پاكده‌كه‌مه‌وه‌
له‌مه‌وبه‌دوا باڵنده‌ به‌رپێمان ئاوڕشێن ده‌كات و ته‌پوتۆز ده‌كوژێ‌
به‌ردێك له‌و به‌ردانه‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ بۆ كوشتنی هه‌ڵماندا
ده‌یكه‌ینه‌ ڕوخساری په‌یكه‌رمان
باڵنده‌ له‌ خوانی خودای خوارد و چه‌كی هه‌ڵگرت




حیزب و گوتاری فاشیەت نیگایەك لەسەر تایپەكانی تیرۆر… نەبەز گۆران

(1)

لێرەدا فاشییەت ناوێك نییە لە سیاقی مێژووێكی دیاریكراودا ئاماژەی پێبدەین، بەڵكو ئاماژەیە بۆ گوتارێك لەهەر چركەساتێك لە چركەساتەكاندا، لەشوێن و لە زەمەنێكی دیكەدا بەسیمای جیاجیاوە دەردەكەوێت. ئەم گوتارە یەكێكە لە مەترسیدارترین گوتارەكانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەك. بەرهەم هێنی ئەم گوتارەش كاپیتالیزم و، ڕەگوریشە ئایدۆلۆژییەكانە. مەترسی ئەم گوتارە لەویادا كۆنابێتەوە خۆی دەردەبڕێت، بە پێچەوانەوە لەپێش خۆدەرخستەكەیەوە مەترسییەكانی دەردەكەون. لەهەناوی بەر لەهاتنیدا دیوێكی جەهەنەمی خۆی مەڵاس داوە، كە هەرگیز دەركی پێناكەیت تا گوتارەكە دێتە ئاراوە. سیماكانی ئەوانەی لەژێر لەچكی ئەم گوتارەدا خۆیان داپۆشییوە، دەیانجۆر سیمایە. هەریەك لەم سیمایانە ناونیشانێك و شوێنێك و پانتاییەكی بۆخۆی داگیر كردوە. بۆیە مەترسییەكەش لە پێش خۆدەرخستنیدا دەبینینەوە، چونكە كاتی دەرخستنی برێكجار زۆر روكەشانەیە، بەڵام كاتی دەرنەخستنی جوڵە شوێنی روكەش دەگرێتەوە.
سیستەمەكانی ئەم ناوچەیە سیتەمگەلێكن خاڵی نین لەم گوتارە، لەناو سیستەمی دەسەڵاتی ئێمەشدا زۆر بەروونی رۆژانە دەرگیری ئەم فەزاییە دەبین. بەڵام یەكێك لە كێشە گەورەكانی ئەم سیستەمی دەسەڵاتەی ئێمە فرەسیما بوونییەتی. فرەسیمایی تەنها بۆ ئەوانە كێشە نییە دەیانەوێت دیوەراستەقینەكە بدۆزنەوە، بۆئەوانەش كێشەیە كە خۆیان لەناو ئاوێنەكەدان. ئەشێت لەدەرەوەی ئاوێنەكە بینەرەكان بەوردبوونەوەیەك فرەسیماییەكە ببینن، لێ‌ بوونی ئەوانەی لەناوەوەن نەخۆیان دەبینن، نە كۆی سیماكانیان لێوە دیارە. كاتێكیش سیستەمێكی فرە سیما دێتە بەرامبەرت ناچاردەبیت بەپێی كات و بەپێی دەركەوتنی یەكێك لە سیماكانی خوێندنەوەی بۆبكەیت و ناتوانی لەسەر یەك جۆر بوەستی و پێویستت بە كاتی دەركەوتنەكەیەتی بە چ جۆرێك دەركەوتوە بەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ بكەیت. ئەگەرچی رەگوریشە رۆژهەڵاتییەكە خۆی لەسەر پایەی ستەمكاریی رۆژهەڵاتی راگرتووە، لێ‌ لەپشت ئەو پایەیەوە كۆمەڵێك سیمای دیكە دێنە پێش و بە سود وەرگرتن لەو سیمایانە ڕەگوریشە ستەمكارییەكەی خۆی بەهێز دەكات. ئاشناترین سیمای دەسەڵات لە ئێستادا بەرزراگرتنی گوتاری فاشییەت و برەودانە بە جۆرەكانی تیرۆر.
بۆ ئاشنابوون لەیەكێك لەم سمایانە، لە ئێستادا تەنها لەسەر گوتارێك دەوەستین، ئەویش گوتاری ئەویتر سڕینەوە، ئەویتر تۆمەتباركردن، ئەویتر تیرۆركردن. یانی گوتاری (تایپەكانی تیرۆر،لەناو فاشییەتدا.)
ئەم گوتاری تیرۆرە بە جوڵەكانیشیەوە تەواوی ریشەكانی لەناو فاشییەت و تۆتالیتاریزمدایە. لەهەردوو سیماكەدا بە شێوەی جیاواز و ڕەنگی جیاوازەوە خۆی نما دەكات، بەڵام لەهەر خۆنماكردنێك دەبێتە دینەمۆیەك بۆ فاشییەت و تۆتالیتاریزم. حیزبی كوردیی بە راست و چەپەوە، بە ئیسلامی و عیلمانییەوە، خاوەن ئایدۆلۆژییایەكن گوتارەكەیان پانتاییەكی زۆری لەناو فاشییەت و تۆتالیتاریزمدایە. حیزبێك نادۆزیتەوە دینەمۆیەك نەبێت بۆ گەشەدان بەم گوتارە. لەپاڵ ئەواندا چ میدیای ئاراستەكراوی حیزبی، چی میدیای دەرەوەی حیزبی بوونەتە بەرهەم هێنی هەمان گوتار. دونیاكەیان بە جۆرێك بەرەنگی ئەوگوتارە ڕەنگ كردووە قۆرسە بۆ كەسی ناوەوەی ئاوێنەكە بتوانێت بە سانایی ڕەنگی دیكە بدۆزێتەوە. بەبێ‌ ئاگا و بەئاگاییەوە لەژێر چەتری دیموكراسی، ناسیونالیزم، مۆدێرنە، خەریكی برەودانن بەو گوتارە، بەر لەهەموویان دەستەی سەرەوەی حیزبەكان. ئەگەر تەنها وەك هەڵوەستەیەك لەسەر یەك وتاری یەكێك لە دەستەی سەرەوەی حیزبەكان بوەستین، ئەتوانین بە ئارگۆمێنت درەیخەین كە ئەم وتارە، جەوهەرەكەی هەمان گوتاری فاشییەتە و خزمەتە بە ئایدۆلۆژیا قوڵەكەی تۆتالیتاریزم و دەیەوێت لەرێگەی وتارەوە كە پیشەی هەمیشەیی حیزبە، جۆرەكانی تیرۆر بەزیندویی بهێڵێتەوە.

بەر لە هەموو شت،تیرۆر یەكێكە لەو جوڵانەی لە ناوەراستی سەدەی بیست و ئێستای سەدەی بیست و یەكەوە، هەمیشە خۆی دووبارە دەكاتەوە. لەو چركەساتەی حیزبی كوردی رووبەرووی ئەویتری دوژمن دەبێتەوە، لەو چركەساتەوە ئەم گوتارە لەدایك دەبێت و تائێستاش خۆی نوێ‌ دەكاتەوە. تیرۆر تەنها لە چوارچێوەی تیرۆركردنی كەسایەتی ئەویتری دوژمنا خۆی نەبینیەوە، بووە یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی حیزبی كوردی و، هەمیشە بەرامبەر ئەویتر، ئیدی ئەو ئەویترە لەناو خودی حیزب بێت یان لە چوارچێوەی دەوری حیزب بەكار هاتووە. شەڕەكانی حیزبە كوردییەكان پڕە لە باڵادەستی ئەم تایپی تیرۆرە. منداڵەكانی حیزب لەسەر ئەوە گۆشكراون، ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت كەوایە دوژمنی ئێمەیە. هەمان میتۆد كە فاشییەت و تۆتالیتاریزم خۆی لەسەر بونیاد دەنێت، حیزبی كوردیش خۆی لەسەر بونیاد دەنێت. ناوەراستی سەدەی بیست سەرەتایەكە بۆ دەركەوتنی ئەم گوتارە. كاتی جیابوونەوە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی حیزب چەكە بەهێزەكەی هەردوولا دەبێتە ئەم گوتارە. سەرەتا هەوڵی یەكتر وێرانكردن و پاشان تیرۆركردنی كەسایەتی یەكتر و پاش ئەوەش تیرۆركردنی جەستەیی دەست پێدەكات.

وێستگەیەك نادۆزیتەوە ناكۆكی حیزبی و ناكۆكی ناوخۆیی بوونی هەبێت و ئەم گوتارە دەستی بەسەردا نەكێشابێت. خەمباری لەوەداییە هەریەك لەخاوەنانی ئەم گوتارە ئەویتری پێ‌ تۆمەتبار دەكات لەكاتێكدا هەردوولا خاوەنین. لەشەڕە ناوخۆییەكاندا پانتاییەك نامێنێتەوە بۆ دەركەوتنی بۆچوونێكی جیاواز لە م گوتارە. پاش شەڕەكانیش ئەم گوتارە كاڵ نابێتەوە و هەڵدەگیرێت بۆ كاتی خۆی. هەڵگرتنەكەی بۆ پڕكردنی منداڵەكانی حیزبە.
ئەو پڕكردنەی بەردەوام منداڵانی حیزب لەسەر ئەوە پەروەردە دەكرێن رقێك لەناخیاندا بچێنرێت و رقەكە گەورەببێت تا دەگاتە ئەو ئاستەی بكەونە ژێر هەیمەنەی گوتارەكە. لەكاتی وەلاوەنانی گوتارەكە پەروەردەیەك ئامادەیی هەیە خەریكی كۆكردنەوەی زەخیرەیە بۆئەوەی هەركاتێك پێویستیكرد زەخیرەكە بە هەمان كەرەستەوە بەهێزێكی دیكە و سیمایی دیكەوە بێتەوە ناوەوە. هەندێكجار دەستدرێژی ئەم خاوەن ناخە بیمارانە ئەگاتە هەمووشوێنێك و تەنانەت ئەوانەش بەم گوتارە تۆمەتباردەكەن كە بە دیدێكی رەخنەییەوە تەماشای سیستەمەكە دەكەن. ئەوانەی لە چوارچێوەی رەخنە سەیری سیستەم دەكەن، بێگومان بەشێكیان زۆر هوشیارن و لەوە تێدەگەن نەكەونە ژێر هەیمەنەی ئەم گوتارەوە، لێ‌ منداڵانی حیزب لە ناهوشیارییان و لە خنكانیان لەناو گۆماوەكەدا بۆ شاردنەوەی گەمژەیی خۆیان لەو دۆزەخەدا، ناچارن پەنجە بۆ رەخنەگرەكانیش درێژ بكەن، ئەگەرچی زۆرێك لەو رەخنەگرانە بێ‌ هیچ وەستانێك دورن لەم گوتارەوە و، لە جیهانێكی جیاوەزەوە سەیری سیستەم دەكەن كە هیچ كات منداڵە پەروەردە كراوەكانی حیزب ناتوانن لەو جیهانەوە بۆ دونیای نوێ‌ بڕوانن. بۆ داپۆشینی ئەو نەتوانیینەیان لەناو هەژمونی گوتارە فاشییەكەدا سەرقاڵی هێنانی هەموو دەنگەكانن بۆ لای خۆیان و بەم كردەیان لەبری پشتكردن لە فاشییەت جارێكی دیكە دەبنەوە خزمەتچی فاشییەت!

(2)

-تیرۆر و رەگو ریشەكانی لەناو حیزبدا

حیزبی كوردی لێك ئاڵانێكی تەواوەتی لەتەك تیرۆردا هەیە. تیرۆر بەشێكە لە مێژووی حیزبی كوردی. ئیدی ئەو تیرۆرە تیرۆری فیكری بێت، یان كەسایەتی، یان هەركام لە تاپیەكانی تیرۆر. حیزب نییە لەناو ئەدەبیاتیدا بەشێكی تەرخان نەكردبێت بۆ تیرۆر. چركەساتی دروستبوونی حیزبی كوردی، لەگەڵیشیدا چركەساتی دروستبوونی تیرۆری ئەوانی تری دەرەوەی خۆیەتی. گەر نمونە ئەم چەنجا ساڵەی رابردووی حیزبی كوردی بكەینە وێستگەیەك بۆ وەستان. ئەتوانین بێ‌ ماندوو بوون دەیان نمونە و دەیان وێستگە دەست نیشانبكەین كە حیزب چۆن تیرۆریكردووە بە بنەمایەكی پیشەیی خۆی.
هەڵبەتە دوای ساڵانی شەستەكان ئەو دیدەی حیزب هەیبوو بۆ تیرۆر گۆرانكارییەكی ریشەیی بەسەردا دێت. ئیتر حیزب تەنها یەك دوژمنی بێگانەی نییە، دوژمنێكی ناوخۆیی هەیە، بۆیە دەبێت دیدی بۆ تیرۆر بگوازێتەوە بۆ ناوخۆ. سەرەتا تیرۆركردنەكە لە تیرۆری كەسایەتی بۆچوونە جیاوازەكانەوە دەست پێدەكات و پاشان دەگاتە سەر خێڵەكان و پاشان دەگاتە ئاستی مەترسیدار كە كۆمەڵكوژی خێڵەكەی و حیزبی تێیدا روودەدات.(ئێرە شوێنی لێكۆڵینەوەی تەواو نییە بۆ ئاشنابوون بەو كردانەی ئەنجامدراون، ئەشێت لەشوێنێكی دیكە لەسەری بوەستین.)
ساڵی شەستەكانی رابردوو ساڵای دروستبوونی كۆی نەخۆشییە گەورەكانی حیزب و كۆمەڵگەیە. ساڵی سەرهەڵدانی چەمكە مەترسیدارەكانە. ساڵی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا و بە ئایدۆلۆژیاكردنی خێڵ. ساڵی دەست پێكردنی رەش و سپی، دۆست و دوژمنی ناوخۆ، من و تۆ، ئێمە و ئەوانە، ساڵی یەكلایكردنەوەی ئەو بیمارییانەیە كۆمەڵگە لە هەناویدا هەڵیگرتووە و دێت لە رێگەی حیزبەوە ئەو بیمارییە بەشێوەی سیمای جۆراوجۆر، هەم فاشیانە، هەم ستەمكارانە، هەم تۆتالیترییانە تەحقیقی دەكات. ئەگەر شوێنێك هەبێت بۆئەوەی لەوێوە دەست پێبكەین بۆ شەنكردنی تەوای بیمارییەكانی حیزب، ئەو شوێنە ساڵی شەستەكانە. ئەو ساڵانەیە حیزب خۆی دەكات بە تارماییەك و دەچێتە ناو ژیانی كۆمەڵگەوە و دەیەوێت لە هەموو شتێكی تاك و كۆ ئاگاداربێت. لەو ساتەوەی بۆچونی جیاواز لەناو حیزبدا سەر هەڵدەدات لەگەڵ سەرهەڵدانی بۆچونی جیاوازدا تیرۆر سەر هەڵدەدات.

ناكرێت بەبێ‌ گەرانەوە بۆ ئەو ساتە مێژووییە ترسناكانە باس لە ئێستا بكەین. ئەوەی ئێستا دەیبینین بەرهەم و پێگەیاندنی ئەو چركە ساتانەی رابردووە. ئەو چركە ساتانەی كە لەشەستەكاندا پایەكانی داكوتان و ئەمرۆ بە ناوی دیكە و لە سەردەمێكی دیكەدا خۆی دەردەخاتەوە. رەگوریشەكانی تیرۆر بە تایپەجیاكانییەوە لەناو ساڵانی شەستەكانی حیزبی كوردیدایە خۆی پێگەیاندوە. سەرەتای جیابوونەوەكانی بەشەكانی حیزب، سەرەتای دەستپێكردنی دۆزەخەكەیە. دۆزەخێك كە لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك چەمكی هێنا ئەم چەمكانە بوونە نەخۆشییەك و چوونە ناو گیانی كۆمەڵگەوە و گەشەیانكرد. (خوێنەری بەرێز: ئەو مۆدێلە فاشییەی بەعسیش بەشێكی گەورەیە لەوەی نەیهێشت ئەو چەمكانە بمرن كە حیزب لە ساڵانی شەستەكانەوە هێنابوونیە ناو كۆمەڵگە، ئێرە شوێنی باسكردنی كاریگەرییەكانی بەعس نییە لەسەر كۆمەڵگە، تەنها باسكردنی كاریگەرییەكانی حیزبی كوردیی و بەرهەمە دۆزەخیەكەیەتی كە ئەمڕۆ دەیبینین.)

سەرەتا تیرۆرەكە بە تیرۆری وشەی یەكتر بەدوژمن زانین. یەكتر بە خائین زانین، یەكتر بە دژە كورد زانین، یەكتر بە خراپ زانین، دەست پێدەكات. گەر تەماشاییەكی بڵاوكراوەكان و دیداری كەسە باڵادەستەكانی ئەوكاتی حیزب بكەین، تێدەگەین روانینیان بۆیەكتر چەند فاشیانەیە. چۆن كار لەسەر نەوەكان دەكەن جەوهەریان پركەن لە پەروەردەی تیرۆری یەكتری و كەسایەتی یەكتری داماڵن تا ئەو ئاستەی دەست ببەن بۆ هەموو تۆمەتێك بۆ تیرۆركردنی كەسایەتی. تیرۆری كەسایەتی تەنها بەشێك نەبووە لە راگەیاندی حیزب، بەشێك بووە لە تێگەیشتنی سەركردە حیزبیبەكان و لە زۆر شوێندا خۆیان بەزمانی خۆیان كەسایەتی بەرامبەر تیرۆر دەكەن. لە هەندێك شوێندا تیرۆرەكە باڵدەكێشیت بۆ تیرۆری فیكری و یەك ناوچە بە گوتاری تیرۆری فیكریی دنە دەدرێت و دادەپۆشرێت.
تیرۆرە فیكرییەكە هێندە باڵادەستی پەیدادەكات لەناو هونەری گۆرانی وتن و، لەناو ئەدەبدا رەنگ دەداتەوە و، ئەو كۆمەڵە شاعیرە مشەخۆرەی لەدەوری خوانی حیزب كۆبوونەتەوە، لەژێر هەیمەنەی ئەو گوتارە فاشییەدا شیعر دەهۆننەوە بۆ تیرۆركردنی بەرامبەرەكەیان. شیعر دەهۆننەوە بۆ ستایشكردنی خۆیان و سرینەوەی بەرامبەرەكەیان. كێشەكەش لەوەدایە بەرامبەرێكی بێگانە لەئارادانییە، ئەوەی هەیە لەسەر بنەمای جیاوازی تێگەیشتن دروستبووە و جیاوازییە تێگەیەشتنەكە پەرتەوازیی لێدەكەوێتەوە و بەرەو فاشییەت هەنگاو دەنێت.

گەمژەییە تیرۆر جیابكەینەوە لە ئایدۆلۆژیایی حیزبی، ئایدۆلۆژیای حیزبی لە فەزایی كوردیدا هەمیشە تیرۆری بە تایپیە جیاوازەكانەوە بەرهەم هێناوە. ئەو مەترسیانەی لە ساڵانی شەستەكانەوە دەست پێدەكان چ لەناو حیزب و چ لەناو كۆمەڵگەدا رەگی خۆیان دادەكوتن و، لە سەردەمە جیاوازەكاندا جارێكی دیكە بەریان دەكەوینەوە. حیزبی كوردیی هەمیشە دوو دیوی هەیە، دیوێكی فریودەرانە كە لەپێشەوەیە و خۆی نمایشدەكات و زەردەخەنەی پێوەیە، دیوێكی جەهەمەنمی كە لەپشتەوەیە و لە ساتە ترسناكەكاندا دەیبینی و ژیان وێران دەكات. حزبێك نییە بەدەربێت لەم دوو دیووە.
كۆی ئەو حیزبانەش لەم دواییەوە دروست بوون لە هەمان چوارچێوەدا خۆیان رەسم دەكەن. گەرچی هەندێكیان هەر سەرقاڵی گوتارە روكەش گەراییەكەی فاشیەتن، ئەما لەبنەمادا ئەم گوتارە بیركردنەوەیەكە و بوونی هەیە. لێ‌، دوو حیزبە سەرەكییەكەی باشوور، دوو حیزبن بە ئاسانی دەتوانیت بنەما فاشییەكانیان تێدا بدۆزیتەوە و لەسەریان بوەستی و تێبگەیت لە بنەوانی ئایدۆلۆژیاكەیان.

تیرۆری جەستەیی لەناو حیزب و دەرەوەی حیزب ساڵی شەستەكان دەست پێدەكات. لەگەڵیشیدا تیرۆری فیكری و، تیرۆری كەسایەتی دەست پێدەكات. لەوێوە دێت تا دەگاتە ئەمرۆی قسەكردنی ئێمە. هەموو ئەو كارەكتەرانەی دەبنە قوربانی ئەم تیرۆرانە بریتین لەوانەی لە هێڵی بیركردنەوەی حیزبێك لایانداوە و بەشوێن دونیایەكی نوێدا گەڕاون.
هەندێك چركەسات حیزب بە ئایدۆلۆژیاكەی خۆیەوە دەگاتە ئاستێك بێباكانە هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤێكی داوە تەنها لەبەر ئەوەی بۆچونێكی تایبەتی خۆی هەبووە. تایبەتی بوون لەو فەزا ئایدۆلۆژییەدا یەكێكە لەترسە گەورەكانی حیزب.(هەرچۆن تۆتالیتاریزم تایبەتی بوون دەكوژێت و هەمووی دەخاتە چوار چێوەی جەماوەری بوون،حیزبی كوردیش لەسەرەتاوە لەسەر هەمان میتۆد برەوی بەخۆی داوە.) تەنانەت حیزب لە خودی بیركردنەوەش دەترسێت و، كەم نین ئەو قوربانیانەی لەبەر بیركردنەوە كەوتوونەتە ژێر تەوژمی تیرۆرەوە. دیارە كە گەمژەییە مرۆڤ بروا بەو دونیا روكەشە بكات حیزب لەرێگەی وتارە فیڵاوییەكانیەوە دەیدات بەرووی جەماوەرەكەیدا، ڤەلێ چونكە كۆمەڵگەی كوردی، كۆمەڵگەیەكە یادەوەری لاوازە و، زیاتر كۆمەڵگەیەكی (غەریزە)ییە، نایەوێت جەوهەری شتەكان ببینێت و شەیدای روكەشە. خۆ گەر ئەم كۆمەڵگەیە كەمێك وردتر بیری لەتەواوی ئەو مێژووە بكردایەتەوە حیزب دروستیدەكات، بێگومان فەزای ئێستای سیستەمی دەسەڵات بەم جۆرە نەدەبوو كە هەیە. كاتێك كە حیزب خۆی هەڵهاتووبووە بە شاخەكانەوە هەوڵی سڕینەوەی نەیارەكان و جیاوازییەكانی داوە، دەبێت كاتێك ببێتە دەسەڵات چی رووبدات؟ جێگای سەرسوڕمان نییە ببینین زنجیرەی تیرۆرەكان بەردەوام دەبێت و، تیرۆركرداو دیاربێت و تیرۆركەر نادیار. جێگای سەرسورمانیش نییە هەمیشە بۆ داپۆشینی كردەكە، سیناریۆییەكی بێمانا بێتە ئاراوە. ئەمە بەشێكە لە سروشت و پەروەردەی حیزبی.

گەر بەنمونە ئاخر كردەی تیرۆر وەربگرین. ئەم كردەیە جیاوازییەكی لەگەڵ سەرتاپای كردەكانی تردا نییە. دەكرێت چاوەرێی ئەوەش بكرێت سیناریۆییەك بێتە ئاراوە بۆ ئاوەژوكردنەوەی كردەكە. راستییەكەی ئەوەیە كردەكە لەناو حیزبەوە هاتووەتە دەرەوە. ئەوە حیزب و ئایدۆلۆژییایە نزیكەی پەنجا ساڵە نەوە بەرهەم دەهێنێت لەسەر جۆرەكانی تیرۆر. ئەوە حیزب و ئایدۆلۆژییایە هەمیشە كار لەسەر گوتاری فاشییەت دەكات و خەریكی ئەوەیە بە پشت بەستن بە (هەرچی و پەرچی)ییەكانی خۆی، هەوڵی لەناو بردن و تیرۆركردنی بەرامبەرەكانی بدات. ئیدی گەر لەشوێنێكیشدا حیزب بێ‌ ئاگابێت لەكردەیەكی تیرۆر، لە هەمان شوێندا دەتوانرێت دەست بۆ حیزب رابكرێشرێت، چونكە حیزب دینەمۆی دروستكردنی تایپیەكانی تیرۆرە.
بێ‌ ئاگاییە دڵخۆشبین بەوەی بكەرانی كردەكە بدۆزرێنەوە، لەكاتێكدا تیرۆر وەك چەمك و وەك گوتار هەمیشە ئامادەییی هەیە و، بەردەوام حیزب و ئایدۆلۆژیاكەی كار بۆ زیندوكردنەوەی دەكات. لەكاتێكدا دەبێت دڵخۆشبین لە كاڵبوونەوەی تایپەكانی تیرۆر، حیزب دەست لە گوتارە فاشییەكەی هەڵبگرێت و، كۆتایی بەو ریتمەی تێگەیشتن بهێنێت لە پشتیەوە دونیایەكی دۆزەخی خۆی مەڵاس داوە. چ تیرۆكردنی ئەوانەی لەسەر جیاوازی تیرۆركران، چ تیرۆركردنی ئەوانەی لە هێڵی حیزب و خێڵ لایانداوە، چ تیرۆركردنی ئەوانەی لە ئایندەدا تیرۆر دەكرێن، بریتین لەو قوربانیانەی حیزب كاری بۆ لەناو بردنیان كردووە. هەتا ئەم گوتارەش بوونی هەبێت، زەحمەتە كۆتایی بەو چیرۆكە بێت كە پەنجا ساڵە حیزب لەناو كۆمەڵگەدا ئیشی لەسەر دەكات.

نەبەز گۆران




جیهان لەچەرخی قومارسالارێک دا … نیگار نادر

ئەو ئەستێرەیی ناوزەدکراوە بە زەمین سێهەمین گەڕەستێرەی نزیک لە خۆرە ،ئەتڵەسی جیهانی سەر ئەو ئەستێرەیەی لەسەربنەما و بەدەستی سەردارانی براوەی جەنگ ، خودان هێزی بۆمبی ناوەکی نەخشەکێشراوە و هەڵبردراوە ، بەبەردەوامی سیاسەتمەداران بۆ ئاڵوگۆڕو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سەروەری ئەو جیهانە، باجی کوشندە دەدەن و جۆرەها سیاسەتبازی رێکدەخەن جۆرەها سیستەم دادەتاشن ، بەڵام دوا ئاڵوگۆڕی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێدمەئامێزانە جێگای بەسیاسەتسالاری چۆڵکردو قومارسالاری کردە ئایدیال و براوەی ئەو چەرخە .

بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی، سیاسیەکان هەمیشە گومان و ترسیان و هەبووە لەوەی نەوەک رۆژێک وسەردەمێک دابێت جڵەوی سیاسەت لەدەستیان دەربچێ و سیاسەت بکەوێتە دەست شاعیرونوسەرێک و نەخشەی ئەو جیهانە لەسەر لێبوردەی و خۆشەویستی رێکبخاتە ، یان جڵەوی ئەو جیهانە بکەوێتە دەست هونەرمەند یان ڕابەرێکی ڕووحی و نەخشەی ئەو جیهانە لەسەربنەمای دژە بەرژەوەندی و دژە جەنگ داڕێژیتەوە ،بەڵام نەخافڵبوون لەوەی لەپڕ جڵەوی سیاسەت دەکەوێتە دەست کۆنە دەڵاڵی خانووبەر و سەرمایەدارێک و ئەوان و پاڕادایمە زانستیەکان مایەپووچ دەهێڵێتەوە .

جێگای داخە مرۆڤایەتی کەوتە سەردەمێک کە دراو دەبێتە جێگرەوەی مۆڕاڵ و ئابووری دەبێتە جێگاچوڵکەربە هەموو بەهاو پێوەرەکان ، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو قوتابخانەکانی فیکری سیاسی ، فەیلەسوفەسیاسیەکان ، پرۆفیسۆرەکانی زانستی سیاسەت ،سیاسەتمەدارە بەئەزموونەکان ، سیاسەتدارێژەر کارامەکان ، شکستی خۆیان ددانپیدابنێنن و بارگەو تیراژی فیکرو تێورو کتێبە ئەکادیمیەکان کۆبکەنەوە و دەستبکێشنەوە لە پێنووسەکانیان .
هەڵبژاردنی تڕامپ نیشانەیە بۆ گۆڕێنی سیستەمەکانی جیهان بە یاریگەلێکی وەک قوماری دیجیتاڵی و بلیاردێک کە گۆی زەوی تۆپەکەیەتی ، سیگناڵێکە بۆ کڕێنی ویژدان و هەڵبژاردن و سیستەمەکان، ئاماژەیە بۆ پوچەڵکردنەوەی مۆڕاڵ و ئیتیک و ڕاستبێژی ، ستراتیژێکە بۆ برەودان بە شمەکخۆری و تایکۆنەکانی بزنس ،زەنگێکە بۆ سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان .

سەرداری سیاسەتی جیهان لەنمایشێکی هۆڵیۆدستایل دا بەخۆی و بە هاوسەرە مۆدێل ستارەکەی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە گرنگ نیە چەندو چۆن پینەکراوی گرنگ ئەوەیە پینەی جوانکاری و پینەی پارە توێژێکی جەستەو مێشکی داپۆشیبی ، گرنگ نیە چەند خاڵی بیت لە بەها بەڵکو گرنگە چەند سەرڕێژ بیت لە ژمارە ، چیتر جێی بایەخ نیە کەسایەتیت لەکامە ژمارەبەندی فیکر و مەعریفەدابیت بەڵکو ئەوەی جێی بایەخە کەسایەتیت لە کوێی ژمارەبەندی تاوەرو بۆرسەکان دابیت! .
لەداهاتوودا ترسی گەورە ئەوەیە وەختێک قومارمەدارێک دەبێتە جێنشینی سیاسەتمەدارێک ،مەترسیدارتریش ئەوەیە سەرێک دەبێتە سەروەری ئەو جیهانە کە لەناویدا هزر نا بەڵکو ماشێنەکانی قومار کاردەکەن ، ترس ئەوەیە جڵەوی دونیا دەکەوێتەدەست تاوەر بونیادنەرو تاوەر نشینەکان و سیستەمە دادپەروەریەکان دەبنە سیستەمی دراوپەروەری .

ئەی چ کارەساتە ئێمە پێدەخەینە سەردەمێک کە پارە مەحاڵەکان دەسڕێتەوە و پێنووسەکان دەنوشتێنێتەوە، سیستەمی سەرمایەداری وەکو فیلمێکی هوڵیود بەرهەمهێنراو لەچەقی کوشکی سپی ڕا ، چارەی ڕەش بەهەموو سیستەمەکانی ئەو جیهانە پیشان دەدات ، دروشمی( یان لەگەڵ ئێمەی هاوڕای یان تیرۆریستی) هەڵدەگەڕینێتەوە بۆ( یان سپی پێست و سەرمایەداری یان بێڕەچەڵەک و تیرۆریستی) .

چ خەمهێنەوە پاشەکشەکردنی عەقڵ و کورتهێنانی مۆڕاڵ ، کورتکردنەوەی مرۆڤ لە بەرخۆرێكی بچوک و ڕۆبۆتێکی تەرخانکراو قازانجکردن و بەپارەکۆکردنەوەدا ، دەبێ لێرەبەدوا چاوەڕوانکراو بێ لە ئەمەریکایەکی بەنگەشەکەری ئازادی دا، پەیکەرەکانی ئازادی و سەربەخۆیی دابگیرێن و ئایکۆنەکانی بازرگانی و فاشیۆن و پۆرنۆ و لە جێگایان بچەسپینرێن، .

ئەی لەو ئایندە تەمومژاوییەی( ئەپڵ و ترامپ و ئۆتۆم) سێ دوگمەی سەرەکی نائاسایشی جیهان بن ،سەروەری سودخۆرەکان بکارێ جۆرەها دیوار هەڵچنێت چ دیواری ڕەگەزی ، فیکری ، فەرهەنگی جۆگرافی ،ئەوەی لە سیاسەتە کۆنکرێتکراوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورەترین سۆپەر پاوەری جیهاندا چاوەڕواننەکراو بوو سەرکەوتنی فیگەرێکی پرۆفاشیستی کۆمێدی ڕەوتارو گوتار بوو بەسەر فیگەرێکی هەڵکەوتووی ئاسایشی نیشتیمانی یان مەشقپێکراو بە سیاسەتی ئەمەریکانیزم دا. .

تڕامپی مەشقدراوی ناو گازێنو و باڕە تاریکەکان هات تا بەجیهان بڵی ، ئەمەریکا هیچیتر پێویستی بە پۆشینی ماسک نیە ، ماسکەکانتان فێڕێبدەن ، ماسکی دژە تیرۆر ،ماسکی دژە نەژادپەرستی ، ماسکی نەوت بەتاڵانبردن ، ماسکی دیمۆکراسی چونکە ئێمەی ئەمەریکایی چمان گەرەک بێت بەدەستی دەهێنین بەقازانجەوە ئێوەش ئەگەر سەلامەتیتان گەرەکە بەدوامانبکەون و ئیتر تۆپی زەوی دەخەینە ژێر پێیەکانی خۆمانەوە .
زۆر بە ئاشکرا دوا ستایلی ئەمەریکانیزم نیشانی دا کە سێکسمەدارێک بەشانازیەکی نێرسالارانەوە دێت و گوزارشت لە شکاندنی شکۆی چەندین خانم دەکاتەوە وبەهەمان پێوەری قومارسازی، قوماربازی بە کەسایەتی و سۆزو شکۆی خانمانی دەوروبەرو هاوسۆزی دەکاو لەگەڵ گەنجترین ژنی خۆیدا نمایشی خێزانێکی سەرکەوتوو دەکات و جیهانیش بە چەپڵەرێزانێکی شۆکئامێزەوە پەسەندی دەکا .
جێی گومان نیە سەرەرایی سیاسەتی چەسپاوی ئەمەریکا بەڵام ئەجەندای ترامپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر و پۆست داعش جیاوازی تێدادەبێ ، جێی خۆیەتی کوردیش بە ئەزموون وبەنەخشەی پەلهاویشتوی خۆیدا بچێتەوەو لەناوچەکە بەتایبەت لەباشورو رۆژئاڤا و چاوەڕێی گۆڕانکاری و نەخشەداڕشتن و ستراتیژە تەمومژاویەکەی تڕامپ بکات ، یان بە واتایەکی تر هەموو ئەو نەخشە نوێ و پۆچڵکراوانەی لەسوڕی بۆش و ئۆبامادا بەهەویایان بوو دەبێت لەسوڕی تڕامپدا چییان لێبەسەربێت؟!.
دەبێت چاوەکانمان ڕابهێنین ئەوەی دەبینین فیلمێکی سینەمایی یان دۆکیۆمێنتاری نیە، ئەوە تڕامپە بەڕێکەوتوەو دێت بەخۆیی و بە قافڵەیەک ژنی هاوشێوەی هوڵیود سەروسیماوە بە هەلیکۆپتەرێک لەمافیاتایپی پۆپۆلیستەوە ، بە کەشتیەک لە بزنس ستایلی شۆ تایپەوە تا ستراکچەری نوێی ئەو جیهانە بەعەقڵی نەژادپەرستانەی خۆی داڕێژیتەوە .
لە کۆتایی دا هەموومان دەزانین دەشێ ترامپیزم گێژەڵوکەیەکی بازرگانی ، قومارسازی ، رەگەزپەرستی ، بانک بازی بێت کە ئەو جیهانە ترسناکانە بهەژێنێت و کاولکات ، بەڵام کەسمان توانی بەرگرتنی نیە چونکە هەر ڕووداێكی نامۆ و کەسێکی ناوازە کە ئەمەریکاسالاری پەسەندو پشتڕاستی بکا ئەوا ئەو دەبێتە سالاری ئەو جیهانە و ئەوچەرخە بەمەیلی خۆی دەسوڕێنێتەوە.!




حه‌قیقه‌تی نووسه‌ر و وه‌همی خوێنه‌ر … ڕزگار عەلی

له‌م دوو ڕۆژه‌ی ڕابردوودا هه‌ندێك له‌ پۆسته‌كانی نووسه‌رێكی كورد كۆمه‌ڵه‌ چالاكییه‌ك بوو له‌ ده‌ره‌وی كوردستانه‌ كرابوو، له‌ یه‌كێك له‌ پۆسته‌كاندا هه‌ندێك كۆمێنت نووسرابوو كه‌ به‌ قوڵی سه‌رنجی منی ڕاكێشا، نووسینی كۆمێنته‌كان بۆ نووسه‌ر ئه‌مانه‌بوو (خۆزگه‌ كچی تۆ ده‌بووم، خۆزگه‌ ژنی تۆ ده‌بووم، خۆزگه‌ …) كۆمه‌ڵێ‌ خۆزگه‌ هیوا و ئاوات نووسرابوو، كه‌ هه‌موویان ئاماژه‌بوون به‌وه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نووسه‌ر بژین، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و خوێنه‌رانه‌ بۆ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ نووسه‌ر بژین؟ ئایا نووسه‌ر به‌ چی تێگه‌یشتوون؟ ئایا چییان له‌ نووسه‌ر ده‌وێت؟ من دڵنیام ئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره‌ خۆزگانه‌یان هه‌یه‌ بچوكترین زانیارییان ده‌رباره‌ی دونیای نووسه‌ر نییه‌، ئه‌م جۆره‌ خۆزگانه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ كتێبێك، چیرۆكێك یان ڕۆمانێكی نووسه‌رییان خۆێندۆته‌وه‌ و كتێبه‌كه‌ یان یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌ بووه‌ته‌ نایه‌بترین ڕووداو لایان كه‌ چێژێكی له‌ ڕاده‌به‌ری پێبه‌خشیوون، به‌ڵێ، چێژێك و ڕووداوگه‌لێك كه‌ له‌ناو چیرۆكه‌كاندا هه‌یه‌ و له‌ واقیعدا نین، واته‌ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌یه‌وێت خوڵقاندنی ژیانێك و جیهانێكه‌ كه‌ له‌ناو جیهانی واقیعدا نییه‌، خوێنه‌ر پێی وایه‌ وه‌كو چۆن نووسه‌ر ده‌توانێت ڕووداوگه‌لێك بخوڵقێنێ له‌ناو كتێبه‌كانی كه‌ به‌دڵی خوێنه‌ر بێت ده‌توانێت له‌ناو جیهانی واقیعیشدا ڕووداوگه‌لێك بۆ ئه‌مان بخوڵقێنێت، واته‌ خوێنه‌ر له‌ناو دونیایه‌كی خاڵی له‌وه‌دایه‌ كه‌ بوونی كامڵ نه‌بووه‌ و ڕووداوگه‌لێكی ناو كتێبه‌كان وایلێده‌كات كه‌ وابزانێت نووسه‌ر كامڵبوونی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌مه‌ش وایلێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كامڵنه‌بوون لای ته‌واو بێت و بگاته‌ یۆتۆپیا نزیكبوونه‌وه‌ یان كچبوون یان ژنبوونی نووسه‌ر به‌ ئاوات بخوازێت، به‌ڵام پرسیاره‌ جدییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا به‌ڕاست نووسه‌ر ده‌توانێت له‌ناو واقیعدا جیانێكی یۆتۆپیای به‌ كچ و ماڵ و منداڵی ببه‌خشێت، یان ده‌توانێت وه‌كو چۆن حیكایه‌تێك دروستبكات له‌ناو ڕۆمانه‌كانی هه‌مان حیكاته‌یش به‌ واقیعی بخوڵقێنێت؟ یه‌كێك له‌و فیلمه‌ یه‌كجار سه‌رنجڕاكێشانه‌ی كه‌ دیدی خوێنه‌ر و خۆزگه‌كانی خوێنه‌رمان به‌رامبه‌ر نووسه‌ر بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌ فیلمی (هه‌ڵه‌ له‌ ئه‌ستێره‌كانمان) ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ كچ و كوڕێك ده‌كات كه‌ نه‌خۆشی ژێرپه‌نجه‌یان هه‌یه‌ و به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك كوڕه‌كه‌ نیشانه‌كان چاكبوونه‌وه‌ و وه‌زع باشی پێوه‌ دیاره‌، كوڕه‌ و كچه‌ تا ڕاده‌یه‌ك نزكیبوونه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ تا ئه‌وه‌ی عاشقی یه‌كتربوون، ڕۆژێك كچه‌ ڕۆمانێك ده‌خوێنێته‌وه‌ باس له‌ كوڕ و كچێك ده‌كات كه‌ عاشقی یه‌كن و هه‌مان نه‌خۆشی ئه‌مانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ وایلێده‌كات ئه‌م ڕۆمانه‌ پیشانی كوڕه‌ هاوڕێكه‌ی بدات و دوای لێبكات كه‌ بیخوێنێته‌وه‌، به‌ڵێ، كوڕ و كچه‌ به‌ قوڵی ده‌كه‌ونه‌ ناو جیهانی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، ئه‌و قوڵبوونه‌وه‌ی كوڕ و كچه‌ هه‌م هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆیان له‌ناو ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆماندا ده‌بیننه‌وه‌، هه‌م هی ئه‌وه‌یه‌ نووسه‌ر ڕووداوه‌كانی ساحیرئاسا خوڵقاندووه‌، سیحری نووسه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ئه‌وه‌یه‌ ڕووداوه‌كانی به‌ ناته‌واوی هێشتۆته‌وه‌، ئاخر به‌لای خوێنه‌ر چۆن ده‌بێت ڕووداوگه‌لێك هه‌بن كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی دیار نه‌بن، به‌لای كچ و كوڕه‌ چۆن ده‌بێت له‌ناو كتێبه‌كه‌ كۆتایی خۆیان دیار نه‌بێت، چۆن ده‌بێت نه‌زانن ئه‌و كارئه‌كته‌رانه‌ی ژێرپه‌نجه‌یان هه‌یه‌ كۆتاییان چییه‌، ئایا چاكبوونه‌ته‌وه‌، یان به‌ره‌و پیر مه‌رگ ڕۆیشتن؟ به‌ڵێ كچ و كوڕه‌ بۆ عه‌وداڵی ئه‌و پرسیارانه‌ عه‌وداڵی نووسه‌ر ده‌كه‌ون، ئیمێل له‌سه‌ر ئیمێلی بۆ ده‌كه‌ن، تا دواجار نووسه‌ر كه‌ له‌ شارێكی تر وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و به‌ داواكارییه‌كه‌یان ڕازی ده‌بێت كه‌ یه‌كتر بینینی بكه‌ن، كچه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی لێی پیس كردووه‌ و دكتۆره‌كان ئامۆژگارییان كردووه‌ كه‌ به‌ هیچ جۆرێ نابێت سه‌فه‌ر بكات، به‌ڵام كچه‌ ته‌نیا یه‌ك خۆزگه‌ی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ (نووسه‌ر) ببینێت، ئه‌م خۆزگه‌یه‌ش تاڕاده‌یه‌ك زۆر له‌و خۆزگانی سه‌ره‌وه‌ نزیكه‌، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نووسه‌ر ژیانێكی بێ عه‌یب و موته‌كاملت پێ ده‌به‌خشێت، نزیكه‌بوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ نووسه‌ر ده‌توانێت وه‌ڵامی بێكۆتایی پرسیارگه‌لێك بداته‌وه‌ كه‌ واقیع ناتوانێت بیداته‌وه‌. به‌ڵێ كچه‌ دواجار مجازه‌فه‌ به‌ ژیانی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ كوڕه‌ و دایكی سه‌فه‌ر ده‌كات بۆ لای نووسه‌ر. له‌یه‌كه‌م ساتدا له‌ ده‌رگای ماڵی نووسه‌ر ده‌ده‌ن و ژنی نووسه‌ر ده‌یكاته‌وه‌، ژنه‌كه‌ فه‌رموویان لێده‌كات بۆ ژووری نووسه‌ر، به‌ خه‌یاڵی خۆیان نووسه‌ر ده‌بێت موته‌كامل بێت، ده‌بێت له‌باوه‌شیان بگرێت، ده‌بێت ماچییان بكات، ده‌بێت به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ فه‌رموویان لێبكات، به‌ڵام چی ڕووده‌دات؟ نووسه‌ر به‌ پیچامه‌یه‌كی خه‌ت خه‌ت و بێباكانه‌، به‌ڵام بێباكییه‌كی ناوه‌كی نه‌ك دروستكراو و ڕوویه‌كی گرژ په‌رداخێك ویسكی به‌ده‌ستییه‌وه‌یه‌ و ده‌خواته‌وه‌ و لێیان ڕاده‌مێنێت كه‌ میوانه‌كانی چه‌ند (گه‌شبینن) یه‌كسه‌ر ئاماژه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ وه‌ڵامی ئیمێڵه‌كه‌ی داونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا گۆرانییه‌كی بێ مانای ڕاپ ده‌خاته‌ سه‌ر ڕیكۆرده‌ره‌كه‌ی كه‌ ته‌واو كچ و كوڕه‌ هه‌ره‌سان ده‌كات، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ نووسه‌ر به‌رزترین و به‌ به‌هاترین و به‌ ئه‌خلاقترین كه‌سه‌ به‌لای خوێنه‌ردا خاڵی ده‌بێته‌وه‌، نووسه‌ر ئاماژه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ ئێوه‌ هه‌ڵه‌ن خۆزگه‌ و ئاواته‌كانتان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی من بنیاد ده‌نێن، نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت به‌ (قه‌ولی ڕۆلان پارت) ده‌بێت ئێمه‌ بكوژن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ق له‌دایكبێت. به‌ڵێ كچه‌ به‌ شۆكێكی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌، كچه‌ باسی كۆتایی كتێبه‌كه‌ ده‌كات، نووسه‌ر به‌ هاوكێشه‌یه‌كی ئه‌وه‌ی كه‌ ((بێكۆتایی كۆتایی نایه‌ت)) وه‌ڵامی كچه‌ ده‌داته‌وه‌، كچه‌ ده‌ڵێت: ((ئایا ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌ چییان لێدێت، ئایا كۆتاییان چییه‌، ئایا داهاتووییان چۆنه‌، ئایا چی ڕووده‌دات؟ )) كچه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیارانه‌دا هاوار به‌سه‌ر نووسه‌ر ده‌كات، نووسه‌ریش هاوار به‌سه‌ر كچێك ده‌كات كه‌ موجازه‌فه‌ی به‌ گیانی كردووه‌ و هاتۆته‌ لای و ده‌ڵێت: ((هیچ ڕوونادات، ئه‌وانه‌ هه‌مووی خه‌یاڵن، دوای ته‌واوبوونی ڕۆمانه‌كه‌ بوونیان نامێنێت)) كچه‌ ده‌ڵێت: ((ئاخر نابێت)) نووسه‌ریش بێباكانه‌ دڵڕه‌قانه‌ ئاماژه‌ ده‌كات: (( ئاره‌زووه‌ منداڵییه‌كانت كێشه‌ی من نین، ڕه‌تیده‌كه‌مه‌وه‌ به‌زه‌یم به‌ تۆدا بێته‌وه‌، چاره‌نووست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشیت و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت ژیان دوای ڕۆمان بوونی هه‌بێت)). له‌وانه‌یه‌ له‌یه‌كه‌م بینینی دیمه‌نێكی واهادا بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌مان لا دروستببێت كه‌سێك ده‌بێت چه‌ند دڵڕه‌ق بێت كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كچ و كوڕێكدا بكات نه‌خۆشییان هه‌یه‌ و كاتێكی كه‌مییان ماوه‌ بۆ ژیان، به‌ڵام ڕاستی بابه‌ته‌كه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ عه‌وداڵبوونی خوێنه‌ره‌ به‌دوای ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ر، نووسه‌ر له‌ شوێنێك ده‌ژی ناتوانێت یۆتۆپیا بۆ ئه‌وانی تر بخوڵقێنێت، سیمبوڵ و دیمه‌نه‌كانی واقیعی نووسه‌ر ئه‌و ڕووئیایه‌ نییه‌ كه‌ خوێنه‌ر له‌سه‌ری بونیاد ناوه‌، بونیادنان به‌و مانایه‌ی چۆن بتوانیت كارئه‌كته‌رێك، دیمه‌نێك و شارێك بخوڵقێنێت له‌ كتێبه‌كاندا بشتوانێت هه‌مان شت له‌ واقیعدا بخوڵقێنێت، سومبول و دیمه‌نه‌كانی واقیعی نووسه‌ر كتێبخانه‌یه‌، حه‌قیقه‌تی نووسه‌ر مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی مرۆڤ نه‌ك مرۆڤێكی حه‌قیقی، ئه‌وه‌ خه‌یاڵی مرۆڤه‌ ڕووئیای مرۆڤمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌. لێره‌دا نووسه‌ر شتێك ده‌بینێت كه‌ خوێنه‌ر ناتوانێت بیبینێت، بینینی ئه‌و شته‌ بۆ نووسه‌ر لای خوێنه‌ر یۆتۆپیایه‌ و خوێنه‌ر ده‌یه‌وێت بگاته‌ ئه‌و یۆتۆپیایه‌، به‌ڵام ئه‌و یۆتۆپیایه‌ لای نووسه‌ر تراژیدیایه‌، واته‌ لای نووسه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نووسین و خه‌یاڵ ده‌بێته‌ دۆزینه‌وه‌ی دۆخی تراژیادی لای مرۆڤ، به‌ڵام كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و تراژیدیایه‌ خوێنه‌ر به‌ یۆتۆپیای ده‌زانێت. كۆمیدیاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ نووسه‌ر تراژیدیای له‌ناو خودی ئه‌وانی دیكه‌ و خوێنه‌ر ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام خوێنه‌ر ده‌یه‌وێت بگاته‌ نووسه‌ر، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت تراژیادی ناخی خۆیان پیشانی خۆیان بدات بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام خوێنه‌ر له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ كۆمه‌كی نووسه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو خودی خۆی ده‌یه‌وێت بێته‌ ناو نووسه‌ر. مامه‌ڵه‌كردنی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو ژیانی نووسه‌ر گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌، ناو خودی نووسه‌ر شوێنێك نییه‌ تا ژیانێكی یۆتۆپی بۆ خوێنه‌ر ببه‌خشێت، ناو نووسه‌ر شوێنێك نییه‌ ئارامی لێ سه‌وز بێت، به‌ڵكو شه‌ڕێكی بێكۆتایی لێ سه‌وز بووه‌، شه‌ڕێك كه‌ ئه‌و ژیانه‌ پۆپۆلیستی ده‌ره‌وه‌ ناتوانن ئاشتییه‌كی درۆزنانه‌ی پێببه‌خشن، ده‌ره‌وه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ واقیعی نووسه‌ردا بژی، نووسه‌ربوون له‌سه‌ر تۆران له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بونیاد ده‌نرێت، مامه‌ڵكردنی نووسه‌ر وه‌كو ژیانی ئاسایی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا نییه‌، به‌ڵكو ژیانی ئاسایی نووسه‌ر بونیادنانی فیكره‌ی جیاواز و ئایدیای جیاوازه‌، تۆ داوای كۆتایی چیرۆك له‌ نووسه‌ر ده‌كه‌یت له‌كاتێكدا فیكره‌ی نووسه‌ر كۆتاییهاتنه‌ به‌ كۆتاییه‌كان، كۆتاییهاتنه‌ به‌ ڕه‌هاكان، هیچ كۆتاییه‌ك و فیكره‌ی كۆتایی لای نووسه‌ر په‌سه‌ند نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ فۆڕم به‌ نووسه‌ر ده‌به‌خشێت ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌یه‌ كه‌ له‌ناو نووسه‌ردا هه‌یه‌ و هیچ كۆتاییه‌كی نییه‌، هه‌ر كاتێك نووسه‌ر گه‌یشته‌ كۆتایی، گه‌یشته‌ كۆتایی شه‌ڕی نێو ئایدیاكانی ئه‌وه‌ نووسه‌ربوونیشی گه‌یشتۆته‌ كۆتایی، كه‌واته‌ ژیانی ئاسایی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ناو خۆیه‌تی، ئه‌م شه‌ڕه‌ ناو نووسه‌ر ده‌توانێت ژیانێكی باشتر به‌ ئه‌وانی دیكه‌ ببه‌خشێت، به‌ڵام هه‌ر كاتێك خوێنه‌ر له‌ ئایدیاكان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ویستی كه‌سایه‌تی نووسه‌ر ژیانی پێببه‌خشێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌كه‌یه‌، نابێت خوێنه‌ر هه‌رگیز بیر له‌حه‌قیقه‌تی دونیای نووسه‌ر بكاته‌وه‌، نووسه‌ر خۆی وێران ده‌كات له‌ پێناو ئه‌وان، هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیاكان بكه‌ن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی ده‌كه‌ن و خۆزگه‌كانیانی له‌سه‌ر ئه‌و بونیاد ده‌نێن، كێشه‌ی نووسه‌ر كێشه‌ی (مانع و جمع) یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ جیهانی پۆپۆلیستی بێت یان له‌گه‌ڵ ئایدیاكانی، ئه‌و ئایدیانه‌ی كه‌ نووسه‌ربوونی پێده‌به‌خشن. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ نووسه‌ر پشت له‌ جیهان ده‌كات، به‌ڵكو پشت له‌ ته‌ئویل و ته‌فسیری جیهانی پۆپۆلیستی ده‌ره‌وه‌ بۆ جیهان ده‌كات، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئامرازێكمان ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زه‌مه‌ن تێبگه‌ین، به‌ڵام ئه‌و زه‌مه‌نه‌ نا له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌، وه‌كو ماریۆ ڤارگاس یۆسا ده‌ڵێت: (( له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ زه‌مه‌ن شتێكه‌ قوتمان ده‌دات))، به‌ڵكو ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه‌ ڕاسته‌قینه‌ی بونیاد ناوه‌، زه‌مه‌نی ئه‌ودیو ژیانی پۆپۆلیستی.




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی … به‌شی دووه‌م … و سێیەم… نەجمەدین فارس


بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …. بەشی یەکەم

———————————————–
بەشی دووەم….

هێزەكان و سروشتی هێزی سێهەم :

بۆ ئەوەی باس لە هێزی سێهەم بكەین , پێویستە دەستنیشانی ڕەگ و ڕیشەی پێكهاتەكەی بكەین ,ئامانج و بزاوت و سیاسەت و میتۆدی و پەیوەندی و لەگەڵ هێزەكانی دەوروبەری , بە دژ و هاوتاكانیەوە بزانین , چونكە جیهان دوو هێزی دژ بە یەك و دوو جۆر بزاوتی سیاسی تێدایە , دوو كۆمەڵەی جیاواز لە بەرژەوەندی و لە ئامانجدا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەوەی هێزی سێ‌ یەم دەست نیشان بكەین , ئایا هێزی سێ یەم هه‌یه‌ ؟! یان تەنها ناونان و ڕەنگكردنە , بە بڕوای من هێزی سێهەم نی یە ,چونكە دنیا لە نێوان زۆردار و زوڵمڵێكراو دابەش بووە , ئیتر هێزەكە لە كام ڕەنگ بێت , لە ڕەنگە جیاوازەكانی دوو باوەڵەكەن , چونكە باوەڵی ڕەنگەكانی سەرمایەداری و بۆرژوازی , ڕەنگ و ڕوخساری جیاوازییان هەیە و یەك ئامانجن , لیبراڵەكان , نەتەوەییەكان , لیبراڵە نوێكان , لیبراڵە كلاسیكەكان , دیموكراتەكان , محافزكارەكان , سوشیال دیموكراتەكان , گەلیەكان , بیرۆكراتەكان , دیكتاتۆرەكان , تەكنۆكراتەكان , علیمانیەكان یان خاوەن كارەكان ………. هتد .

ئەمانە هەموویان ڕەنگە جیاوازەكانی ناو باوەڵی سیاسیەكانی سەرمایەدار و بۆرژوازییەكانن , هەروەها ئەتوانین چەپەكانی ئێستاش بە هەمان چاو سەیر بكەین بە جیاوازییەكی ڕوكەشییەوە , لە بەرامبەریشدا , یەك هێز هەیە هێزی چینی زەحمەتكێش و كرێكارانە , ئەمەش ئەگەر بە پەیڕەو پرۆگرامێكی ماركسیستیانە و سوسیالیزمی زانستی , بیر و باوەڕ و پرۆگرامی بزاوتنەكەیان سیخناخ بوو بێت و جیهانبینیەكی واقعی و ڕاستی سەردەمییانەیان هەبێت , بە پێی پێویستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو چینە پان و بەرینەی كۆمەڵگا , ئامانج و ستراتیژیان ئاڕاستەی كۆمەڵگا و سیستەمەكەی كردبێت . واتە لە جیهان و لە ناو یەك بە یەكی ووڵاتەكانیدا , باوەڵێك لە ڕەنگ و ڕووخساری پارتایەتی و بزاوتی فكری و سیاسی هەیە و هەمووشیان یەك ئامانج و پراكتیكیان هەیە . لە ووڵاتی عێراق و لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی , ئەتوانین هەموو حیزبەكانی بخەیتە ناو ئەو باوەڵە ڕەنگدارەوە , لە بەرامبەریشدا , هێزی خەڵك و ئەگەر تێكۆشەرەكانی بزوتنەوەی كۆمۆنیستی هەبێت , لە نێوان ئەم دوانەدا هێزی سێهەم نی یە , ناونانی هێزی سێهەم , چەواشەكردنە و پاشەكشەكردنە بە هێزی ڕاستەقینەی دووەم و خۆخزاندنە نێوان ئەو دوانە لە بەرژەوەندی هێزی یەكەمە و چەواشەكارییە .

هێزی یەكەم و بە ناو سێ یەم دەكەونەیەك بەرەوە , دژی بەرەكەی تر و بنەما شۆڕشگێڕییەكانی یەتی . نابێت , ئەوەشمان لە بیر بچێت , لە سیستەمی سەرمایەداریدا , لە پێشكەوتوو دواكەوتویدا , دووبەرە هەیە , بۆرژوازی و سەرمایەداران بە حیزب و رێكخراو , و ناونیشانە جیاوازەكانییەوە , لە بەرامبەر دا بەرەیەك كە لە كرێكاران و زەحمەتكێشان و پرۆلیتاریا لەگەڵ كۆمۆنیستە زانستیەكان هاوخەباتی و ئامانجی سیاسی و چینایەتیان هەیە . تەنها ئەمانن دەتوانن بەرامبەر بە بەرەی كۆنەپەرست و بۆرژوازی بوەستێتەوە و گۆرانكاری ڕیشەیی لە كۆمەڵگا دا دروست بكات , ئەو كاتەی ووردە بۆرژوا دڵ بەوە خۆش دەكات , هێزی سێهەمە , دوو حیزب یان سیانیان دان بەودا ئەنێن هێزێك لەگەڵیاندا بە ژمارە لە دوایی خۆیانەوەیە , لێرەوە بتەوێت ڕاستی پراكتیك و تیۆری خۆت بسەلمێنیت , ئەم بیر كردنەوە و تێڕوانینە پووچ و بێ‌ مانایە ، كۆمۆنیستەكان هەڵگری ئاوا بیرێك بن . ئەوەشمان لەبیر نەچێت , هەر هێزێك لە دوای هێزی ترەوە بوو , هەوڵبدات دەوور و كاریگەری لەسەر هێزەكانی پێش و دوای خۆی دابنێت , نەك بە ووتە و قسەی لە گیرفانكراو , بەڵكو بە كردار و تیۆری كۆمۆنیستانەی شۆرشگێرانە , جێ‌ بە هێزەكانی بەرەی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری لەق بكات و ئەگەر توانرا لە ڕەگەوە دەریبهێنێت , و ئەرك و فرمانی لە بەدەست هێنانی سەروەرییەكان بۆ مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە و لە خەباتیاندا بەدەستیەوە بگرێت و بەدییان بهێنێت و بەڕەی ژێر پیێان دەربهێنێت , چونكە تەنها هێزی شۆرشگێڕ لە ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری (دیموكراسی و لیبرالی) كۆمۆنیستە زانستییەكانە , هێزەكان بە فڕوفیشاڵی تیۆریزان و سیاسەتمەدارە خەیاڵ پڵاوەكان گەورە نابێت .

ئەگەر لە واقیعدا بوونیان نەبێت , لە خۆوە و بە خەیاڵی ئەندێشمەندانە , هێزی خۆت گەورە پیشان بدەیت , وەكو فوو كردن بە میزەڵداندایه‌ , ئەبێت ڕاستی هێزی خۆت لە بەرامبەر هێزەكانی تردا بزانیت و دەستنیشانی ئەركەكانت بكەیت , بۆ ئەوەی كار و كرداری خۆت بە لێزانیەوە لە بەرامبەریاندا جێبەجێ‌ بكەیت . واتە ئەوەی كە ئەبێت كۆمۆنیستەكان بیكەن , هەڵسەنگاندنی زانستیانەی واقعییە بۆ هێزەكانی خۆیان , تا بتوانێت لە كاتە جیاجیاكاندا , ئەرك و ئامانجەكانی بە باشی وڕاستی ودروستی بباتە پێشەوە و جێبەجێ بكات .

لە ڕابردوودا چەپ , خۆی بە هێزی سێیەم ئەچواند , بەڵام لە ئێستادا قسە وباسێكی تریان هەیە , لەهەردوو سەرجەمە جیاوازەكەدا , فڕوفیشاڵ و ناڕاستی هەڵسەنگاندنەكانیان , لەگەڵ نەبوونیان یەكسانی كردوون , ئەوەی لە ڕابردوودا ئەیان بێژا , هەروەها هاوبیرەكانیان كاوێژیان دەكردەوە , لە وەهم زیاتر هیچی تری لێ‌ سەوز نەبوو, ئەوان دەڵێن “تەنانەت بە باوەڕی دوو حیزبە ناسوونالیستە سەرەكییەكە خۆشیان , هێزی سێهەم هەر ئێستا لە مەیدان دایە ئەویش (ح.ك.ك.ع)ە”(9)
لە پەرەگرافەكەدا , ئەوە دەبینرێت كە لە ڕابردوودا چەپ بە میكیالی خەون وخەیاڵ واقعیان هەڵسەنگان , ئێستاش ئەو دیدگایەی ڕابردووییان نەگۆریوە و ڕاستیان درک نه‌کردووه‌ .له‌(ح.ک.ک.کوردستان)دا،هێزی خۆیان له‌ ڕیزبه‌ندی ژماره‌ییه‌وه‌ دیاری کردوه‌. كە ئەمەش پێوان ودیدگایەكی نا ڕاستە و تەنها بە میكیالی حیزبەكانی هەرێم جێگە و ڕێگەی خۆیان دەستنیشان دەكەن , لە ڕاستیشدا هێزی چەپ لە هەرێمی كوردستاندا بە تیۆر و پراكتیكیش , بەشێكی دانەبڕاون لە سیاسەت و میتۆدی سەرمایەداری و دیوی ئەودیوی یەك دراون , حیزبە كوردیه‌کانی وەك پارتی ویەكێتی یان بە ناسیونالیست ناوزەند دەكردو كردووە , نازانم ئەمانە چ پێوەرێك و تیۆرییەكیان بەكارهێناوە و بە ناسیونالیست ئەیان ناسێنن , بەڵام لە ڕاستیدا پارتەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاینی و نائاینی و بە یەكێتی وپارتیشەوە , نەناسیونالیستین و نە نیشتمانیشن ,پێكهاتەكانیان و بیرو كرداری سەركردەكانیان , هی ووردە پۆرژوازی كۆمپرادۆرە و مشەخۆری دەكەن , چین وخێزانی ئۆلیگارشیان پێكهێناوە و بێجگە لە گیرفان پڕكردن و تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی ووڵات كارێكی ئەوتۆ بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی ئازادی وسەربەخۆیی كوردستان ئەنجام نەداوە , لە خەیاڵدانیدا وای داناوە دوو حیزبەكەی كوردستان ناسیونالیستن و بەم پێوەرەش ئەمان دەبنە كۆمۆنیست .

هەروەكو لە پێشتردا ڕوون كراونەتەوە , دووبەرە هەن , كەچی چەپ كردوونی بە سێ‌ هێز و سێ‌ بەرە , ئەمەش بێجگە لە هاوتابوونی سیاسیانەی هێزەكان هیچ هێزێكی تر دروست ناكات , سۆشیاڵ لیبراڵ بێت وەكو چەپەكان , مشەخۆرەكانیش وەكو حیزبەكانی تر , هیچ جیاوازیەك دروست ناكات . ئیتر هێزی یەكەم و دووەم و سێ‌ یەم هیچ نییە بێجگە لە درۆیەكی ڕوت , كراس بڕینە بە بەرگی شێرە بەفرینەدا , و ناونانیان بە ناسیونالیست وكۆمۆنیست , هیچ نییە لە دروستكردنی پاساو نەبێت بۆ ناونانی هێزەكان و ناتوانێت لە بازنەی چەواشەكاری دەربچێت , دەوروبەری پێ‌ لە خشتە دەبات .

ڕەوتی چەپ و حیزبەكانی تری هەرێمی كوردستان , هەڵگری دەیان بیری ڤایرۆساویی و نەخۆشی , خۆبە زل زان و یەكەم حیزب و حیزبی گەورە و دەیان ناونیشانی ترن , بە ناونیشان مۆدێرن و بە ناوەڕۆك كلاسیك و كۆن و كۆنەپەرستن , لە بەرئەوەی چەپ دنیایەكی خەیاڵیان لە ناو واقعێكی عەینیدا دروستكردووە , نەیان توانیوە كاریگەری لە سەر بیر و نەستی كۆمەڵ دابنێن و ببنە هێزی بەرامبەر , هەروەها بزاوتی كرێكاران و زەحمەتكێشانیان بە ئاڕاستەیەكی دروستدا پەلكێش نەكردووە و ئەركەكانیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوون و دیارنەكردووەتەوە , هەر بۆیە ئەو هێزە نەیتوانیوە و ناتوانێت ملیمێك بزاوتی چینایەتی بباتە پێشەوە و ڕابەرایەتی بكات . لەبەر ئەوە ئەمانیش هاوڕاز و هاوكاری بۆرژوازین و دەسەڵاتی سەرمایەداری قایم و توند و تۆڵ دەكەن , ڕەنگەكانی باوەڵە ڕەنگدارەكەن , سەردەمی ئێستا ئەوەی تێپەراندووە , كە چاو لە تۆزێك كەمو كوڕی بنوقێنیت , یان لە حساباتی خۆتدا , سەرچاوەی پوختی تیۆریی و زانستی بە هەند وەرنەگریت .

كاتێك دەڵێن لەبەر ئەوە ناتوانن ببنە هێزی یەكەم , لەبەر ئەوەی كۆمەڵگای پلورالیستی جێگیر و پەرلەمانی نییە لە هەرێمی كوردستاندا , ئەمانە هەمووی پاساوی درۆیینانەن و ناتوانێت ملیمێك لە كورتی و درێژی قوماشە سیاسیەكەیان بگۆڕێت , چونكە كۆمۆنیستەكان لە پێناوی بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خەڵك و ئامانجەكانی كرێكاران و پرۆلیتاریا , جۆری كۆمەڵگاكانی بۆ گرنگ نییە , بە پێی داخوازییەكانی و پێویستیە ڕۆژانەیی و مێژوییەكانی ئەندامانی كۆمەڵگا خەبات و تێكۆشان دەكات , ئیتر دەسەڵاتی دیموكراسی , لیبراڵی یان پلورالیستی بێت …. هتد .

ئەو دیدگایەی ئەوان ئەگەڕێتەوە بۆ خۆشباوەڕییان بە كۆمەڵگایی پلورالیستی , و پەرلەمانی , بە بڕوای من بۆ خەڵكی زەحمەتكێش و كرێكار و هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە , كۆمەڵگا جێگیر بێت یان ناجێگیر , هێزی یەكەم و دووەم و سێیەم دیاری ناكات . بەڵكو دەبێت كۆمۆنیستە زانستییەكان هێزی یەكەمی خەبات وتێكۆشان بن لە پێناوی ئامانجە دوور و نزیكەكانی پرۆلیتاریا , لە هەموو دەورانێكی سەرمایەداریدا جێگیر بێت یان ناجێگیر . لە ڕابردوودا چەپی ئێران ئامۆژگاری (ح.ك.ك.ع) ی ئەوسای دەكرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە هەمان ئاوازی ڕابردوو دەخوێنن , لە ڕابردوودا دەیان ووت “هێزی سێیەم یان دەبێ‌ ببێتە هێزی یەكەم , یان دەبێ‌ تەماشەكەری ئەوە بێ‌ كە چارەنووسی كوردستانی عێراق لانی كەم لەم دەورەیەدا , بۆرژواكانی بیكێشن ,…… “(10)
چەپ لە ڕابردوو لە ئێستاشدا ڕێگا چارەی دەربازبوونی لە زرووفی سیاسی كوردستانی عێراق , هەمان بڕوا و بۆچونیان هەیە , ئەوەش گرتنەبەری ڕێگا چارەی (UN) ەو لە رێگەی چاودێریكردنی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی كوردستانی عێراق , لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق . لە ئێستاشدا حیزبەكانی دەرەوەی چەپیش هەمان بڕوا و دیدگایان هەیە و ڕێگە چارەكە بەوە دەبنین كە لە پێشتردا باسیان كردووە , كێشەی نەتەوایەتی ناتوانرێت لە رێگەی ڕێكخراوەكانی (UN) ەو دەزگاكانی ترەوە ئەنجام بدرێت هەتا هاووڵاتیانی نەتەوەكە و هەروەها نەتەوەكانی تر یەكدەست بڕیار لەسەر جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەدەن . چونكە ئەزموونی لەوەو پێشی زۆرن , كە ڕێكخراوە جیهانیەكان ناتوانن ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرن و جێبەجێ‌ بكەن , بەم پێیە چەپ جوانترین و تۆكمەترین و نوێترین فەرش بۆ ژێر پێ‌ ی سەرمایەداری و بۆرژوازی دروست دەكات . چەپ بە هۆی سیاسەت و بڕوای هەڵەوە لە ڕابردوو ئێستادا, نەیتوانیوە جەماوەری ببێتەوە .

هه‌ربۆیه‌ ناتوانێت ده‌ورو کاریگه‌ری له‌سه‌ر زروفه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بابه‌تیه‌کان هەبێت و دابنێت . هەمان وەڵامی بۆرژوازی و سەرمایەداری و دەزگاكانی هه‌بێت. ناتوانێت چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی بكات . هەر وەكوناکارامه‌ییه‌ی که‌ چەپ هەیەتی , ئیتر هێزی یەكەم بێت , یان سێهەم , هیچ لە بابەتەکان ناگۆڕێت , چونكە ڕێگە چارەی چارەسەری كێشەی نەتەوایەتیان نی یە .

به‌شی سێهه‌م
دەوڵەتی نیشتمانی و خۆش باوەڕی ووردە بۆرژوازی :

دەوڵەت بە پێی پێناسەی سیاسی و جیۆسیاسی , پێكدێت , لە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی زەوی , یان جوگرافیایەك , كە گەلێك یان كۆمەڵێك كەس , لە ژێر سایەی سیستەمێكی سیاسیدا , تێدا دەژین , جا دەوڵەت ناوی دەوڵەتی نیشتمانی , نەتەوەیی , لیبراڵی , یان هەر ناوێكی تری هەبێت , كۆمەڵێك لە دەسەڵاتدا , كۆمەڵێكی زۆری كۆمەڵگا دەخاتە ژێر كاریگەری بیر و بڕوا و سیاسەت و ئامانجەكانی خۆیەوە , دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی ئەسەپێنێت بەسەریدا و جیاوازی چینایەتی , ئابووری , سیاسی , كۆمەڵایەتی بەرجەستە دەبێت و دوو چینی دژ بە یەك و جیاواز دروستده‌بن.

بە جۆرێكی تر ژیانی ڕكابەری و دژایەتی دروست دەبێت لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵدا , دەسەڵات لە ڕێگەی دەزگای پۆلیس و هێزی سەربازی و هەواڵگرییەوە , جەبەروتی دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانیان دەكەن و ناعەدالەتی پێ‌ بەرجەستە دەكەن .
دەوڵەتی سەرمایەداری , كرێكاری ، نیشتمانی ,یان نەتەوەیی و بە هەموو جۆرەكانیەوە , چەوسانەوە و زاڵكردنی دەسەڵاتی كۆمەڵێكە بەسەر كۆمەڵێكی تردا . بەڵام لە دەوڵەتی كرێكاریدا , لە پێناوی فەوتان و لەناوبردنی خۆی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت , و جیاوازییەكی گەورە و بنەڕەتی هەیە لەگەڵ جۆرەكانی تردا , سەرەتای دەركەوتنی دەوڵەت , دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دوو چینی جیاواز لە یەكتری , واتە “دەوڵەت بەرهەمی ململانێیەكی ئاڵۆزی چینایەتی یە”(11)
ململانێكان لە مێژوودا , بە پێی كات و سەردەمەكەی و فۆرمی دەسەڵاتەكەی دەگۆڕێت و توندوتیژی زیاتر , كەمتر ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە كە ململانێ‌ لە نێوان چینەكاندا هەیە .” دەوڵەت بەرهەم و دەركەوتەی جیاوازی چینایەتی ئاڵۆزە ,. دەوڵەت بابەتیانە دروست دەبێت , بە پێی ڕێژە و مقداری جیاوازی چینایەتی , لە حاڵەتێكدا كە ڕێكەوتن لە نێوانیاندا ئیمكانی نییە , وە بە پێچەوانەوە , بوونی دەوڵەت , بەڵگەی ئەوەیە كە جیاوازی چینایەتی ڕێكەوتن دروست نابێت لە نێوانیاندا” (12)
ڕوودانی ئەمەش پەیوەندی بە هەموو ئەو جیاوازییەوە هەیە كە لە نێوان باڵادەست و ژێر دەستەی سیستەمەكاندا دروست دەبێت , كاتێك ده‌وڵه‌ت پشتگیری خاوەن سەرمایە و زەوییەكانی دەكات لە بەرامبەر كرێكارەكان یان جووتیارەكان , یان كۆیلەكان دەكات هه‌ر لە كۆنەوە , جیاوازییەكە فراوانتر و دژایەتیەكانی نێوانیان توندتر دەبێت .
دوای ئەوەی سیستەمی كۆمۆنی سەرەتایی ووردە ووردە دەگۆڕێت بۆ کۆبونه‌وه‌و دروستبوونی هاوخوێنی و کۆمه‌ڵی بچوک وعه‌شایه‌ری وکۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت، لە هاوبەشییەوە بۆ ئیشكەر و بەرخۆر, بۆ دەسەڵاتدار و سەیركەر, بۆ خاوەن مەڕ و ماڵات و بەخێوكەری, سەرەتایی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكان, سیستەمی سیاسی و دەوڵەتی لێوە پێكدێت.
“یەكەم هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت , بە تێكشكانی پەیوەندی خێلەكی (عەشائیری) دەست پێدەكات , ئەویش بە دابەشبوونی ئەندامانی هەموو خێلێك بۆ ئەندامی باش و خراپ ( جیاواز لە ڕووی دەور و كاریگەریان بەسەر پەیوەندی خێڵەكانیانەوە) و بەم دابەشبوونە , بەپێ‌ ی ڕۆڵ و كاریگەریان , بە پێ‌ ی جۆری كارەكانیان بۆ دوو چین دابەش دەبن , ئەمەش پاڵ بە هەندێكیانەوە دەنێت , كە دژایەتی كۆمەڵێكی تریان بكات”(13)
سەرچاوەی دروستبوونی دەوڵەت , دژایەتی و لێك جیاوازی چینایەتی یە , لە كۆنەوە هەتا ئێستا , دژایەتیی و جیاوازییەكانی , فۆرمی حیاوازییان وەرگرتووە , بەڵام لە ناوەڕۆكدا كێشە و ململانێی دەسەڵاتدار و رەعیەت بووە , ئیتر دەوڵەت لە ئێستادا نیشتمانی بێت یان لیبراڵی , لیبراڵ دیموكرات , سۆشیال دیموكرات , مەسیحی , ئیسلامی , جوو و یان نەتەوەیی . هەمان پێكهاتی سیاسیان هەیە و , چەوسانەوە و بێ‌ مافیش سیمای حكومڕانیەكه‌یانە .

دەوڵەتی نیشتمانی , جیاوازی ئەوتۆی لەگەڵ جۆرەكانی تردا نییە , بەڵام دەوڵەتێك كە ئابووری و سەربازی و سیاسی باڵادەستە بەسەر دەوڵەتەكانی تردا , بێجگە لەوەی كە دەوڵەتە بچووكەكان دەكەونە ژێر هەژموونی سیاسی و ئابوورییەكەیه‌وە , مامەڵەی خاوەندار و ڕەعیەت لەگەڵیاندا دەكەن . ئەمەش قورسایی لەسەر شان و ڕەنجی چینێكی پان وبەرین لە كۆمەڵگای ئەو دەوڵەتانەدا دادەنێت , وەنەبێت ئەم قورسایی یە نه‌كەوتووبێتە سەر شانی چینی كرێكار لە ووڵاتەكانی خۆیاندا . لە نیزامی سەرمایەداریدا , لەهەر شكڵ و شێوەی هەر دەوڵەتێكیاندا بێت , خزمەت بە چینی باڵادەست و خاوەن سەرمایە دەكات .

ئەگەر مەسەلەكە كێشانی سنووری دەوڵەت بێت , ئەوا ئەمە خواست و ویستی چینی سەرمایەدارییە, جیاوازیش لە نێوان نەتەوەكاندا كە دروست دەكرێت ئەمەشیان هەر لەبەرژەوەندی ئەوان و خواستی سیاسی و ئابووری ئەوانی لەسەرە . كێشەش لەسەر لابردنی و چارەسەری مۆنۆپۆڵاتی ووڵاتانی گەورە ئیمپریالیستی بێت لەسەر سەرمایەی نیشتمانی بۆررژوازی , ووڵاتەدواكەوتووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودونیا, ئەوا دەوڵەتی نیشتمانی و بۆرژوازی نیشتمانی لە دەسەڵاتدا ناتوانێت كەمێك لە ئازارو مەینەتیەكانی كرێكاران و زەحمەتكێشانی ئەو ووڵاتانە كەمبكاتەوە, كێشە و ململانێكانی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیست و دەوڵەتە نیمچە سەرمایەدارە دواكەوتووەكان و سەرانە سینەكان, ناتوانێت لە ڕاستیی و ڕەوایی ململانێكانی ناوخۆی نێوان خاوەن سەرمایە و كرێكاران وزەحمەتكێشان كەمبكاتەوە هەروەكو لینین لە پێشەكی یەكەم چاپی كتێبی ((دەوڵەت و شۆرش))دا بۆ ڕابردووی ئەو كاتە باسی كردووە و دەڵێت “لە كاتی ئێستادا پرسی دەوڵەت , گرنگیەكی تایبەتی بۆ خۆی بەدەست هێناوە, لە لایەنی تیۆریەوە بێت, یا كرداری سیاسیەوە, جەنگی ئیمپریالیستی (مەبەست جەنگی جیهانی یەكەمە) توندی وخێراییەكی هەتا ئەوپەڕی داوە بە گۆڕانی سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی مۆنۆپۆڵی, ئەو زوڵم و زۆرە ناڕەوایەی كە بە بەری جەماوەری ئیشكەرو زەحمەتكێش دەبڕێت لەلایەن دەوڵەتەوە,كە توند و توندتر تێكەڵ دەبێتەوە لەگەڵ یەكێتیە سەرمایەدارییەكانی خاوەن دەسەڵات , تا دێت زۆرداریەكە زیاتر و زیاتر دەبێت , دەوڵەتە پێشكەوتووەكان مەبەست (ئەمانەی دواییە), بە نیسبەت كرێكارانەوە دەگۆڕێت بۆ سجنێكی سەربازی لەكاری تاقەت پڕوكێن”(14).

بۆرژوازی نیشتمانی, هیچ نییە بێجگە لە ناو نیشان و شاردنەوەی كۆمەڵێك مەرامی ئابووری و خۆپەرستی سەرمایەدارییانە نەبێت , لە ووڵاتەكانی خۆیاندا . ئەگینا هەر ململانێیەك كە لەگەڵ سەرمایەی جیهانی دەیكات , یا بە ناوی ئەوەی كە چەقۆی ئەوان لەسەر ملی هاووڵاتیانی وولاتەكەیان لادەبات , هیچ نییە جگە لە درۆیەكی باڵدار . چونكە لە ئێستادا , سیستەمی بەناو جیهانگیری , ئەو دەمامكەی ئەوانی هەڵماڵیوە و , درۆ و دەلەسەكانیانی , ڕسوای ناو سیاسەت كردووە , لەبەر ئەوەی دەستیان لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ كردووە و خزمەتی یەكتر دەكەن . ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی بەناو جیاوازییەوە , پرسەكانی وەك پرسی نەتەوایەتی, بە ئامانجی چارەسەری لە لایەن خۆیانەوە بەیان بكەن، بەڵام ئەمە جیاوازە و لە هەلومەرجی ئێستادا , ئابووری سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی و ئۆلیگارشی دارایی جیهانی , بۆ ووڵاتە دروستبووەكانی ڕابردو و ئێستا , , مانا و دەلالەتی جیاواز لە خۆ دەگرێت . لەسەردەمانێكدا ئەوروپا سەرچاوەی جیاوازی ئایینی و دژایەتی نەتەوایەتی بووە و , سەردەمانێك ئاریایی بوون و ئەوروپی بوون , یا ڕۆژهەڵاتی ڕۆڵێكی گەورەی لە دژبەری بیینیوە و جیاوازییان خستووەتە نێوان خۆیان وئەوانی ترەوە , ئێستاش ئەو جیاوازییە فۆرمی تری وەرگرتووە و بە سوود و قازانجی خۆیان بەكارییان هێناوە . دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت یان نەیتوانیوە , كۆتایی بە پرسی نەتەوایەتی بهێنێت و بەتەواوەتی بنەبڕی ئەو كێشەیە بكات . لە زۆرترین شوێن ولەكاتە جیاوازەكاندا داڵدەشیان داوە و كێشەكەیان قوڵ كردووەتەوە لە نێوان نەتەوە جیاوازەكاندا , لە ئەوروپادا بێجگە لە ووڵاتی سویسرا كە ئەویش بە هەلومەرجێك لە ڕابروودا و لە بڕیارێكی نێو دەوڵەتی لە ساڵی 1890 دا بووە ووڵاتێك كە بێلایەن بێت و لە كێشە نێودەوڵەتیەكانی دوورخرایەوە و هیچ جەنگ و ململانێیەكی نێوان دەوڵەتەكان كاریگەری لەسەردا نەنێت , هەربۆیە لەو ووڵاتەدا كێشەی نەتەوایەتی بوونی نییە لە دواتردا زیاتر ڕوونیان دەكەینەوە , ئەگینا كێشەی نەتەوایەتی لەناوخۆی ئەو ووڵاتانەی كە نەتەوەی جیاوازی تێدایە و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و یان لە ئاستی جیهانیشدا , ئەو كێشەیە بە شێوە و پراكتیكی جیاواز لە برەودایە . كرێكاران لە ئەوروپادا خۆی لە هاوچینە ڕەش پێست و , قژ ڕەش , و چاو ڕەشەكان , و لە كرێكارانی ئەفریقایی و ئاسیایی و ڕۆژهەلاتی و …. جیاواز دەبینێت .

“تەنها بەپێ‌ی بەرژەوەندی دەوڵەتەكەی ئەوان نییە , لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەوانەی كە ناو ئەبرێن بە دەوڵەتە گەورەكان, ماوەیەكی زۆرە , كۆمەڵێك لە گەلە بچووك و لاوازەكانیان كۆیلە و ژێر دەستە و وەبەرهێنان تیاداكردووە لە به‌رژەوەندی خۆیان . جەنگی ئیمپریالیستی جەنگێك نییە , بێجگە لە جەنگ لە پێناوی دابەشكردن و دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو جۆرە لە تاڵانی كە دەستیان دەكەوێت . تێكۆشان لە پێناوی ڕزگاری جەماوەری هێزی كار , لە دەسەڵاتی بۆرجوازی بە شێوەیەكی گشتی و بۆرژوازی ئیمپریالیستی بە شێوەیەكی تایبەت , مەحاڵە بە بێ‌ تێكۆشان دژی وەهم و خۆشباوەڕی هەلپەرستەكان لە پێناوی ((دەوڵەتدا))”(15).
هەروەها چارەسەری نەتەوایەتی لای ڕابەرانی كرێكار و زەحمەتكێشان كردەیەكی تاكتیكی یەو , مانایەكی به‌رجه‌سته‌ی ستراتیژی ناگرێتە خۆی , بەڵام دەبێت سیاسەت و پراكتیكێك بەرجەستە بكات ,ئەگەر ڕزگاری نیشتمانیش بێت بخاتە دەستوری كارییەوە لەو ناوچانەی كە كێشەی نەتەوایەتی هەیە , بە ئاقاری چارەسەریدا ببات , و ئەنجامی ئەرێنی بۆ ئەصلی مەسەلەی چینایەتی لێبكەوێتەوە . دەبێت ئەوە بكات كە كۆتایی بە پرسەكان بهێنێت , ئەگەر داگیركاریش نەبێت لە لایەن ووڵاتانی ترەوە و هەروەها لە ناوخۆشدا دەبێت كۆتایی بە بیرو بۆچوونی هەوادارانی بۆرژوازی نیشتمانی بهێنرێت .

لە لایەكی تریشەوە , نابێت ڕێگری لە بۆرژوازی ناوخۆ بكرێت , ئەگەر هەوڵی چارەسەری پرسەكەیان دا ,هه‌رچه‌نده‌ لەگەڵ ئەوەشدا بە باری بەرژەوەندی خۆیان كێشەكە یەكلایی دەكەنەوە , لەبەر ئەوەی دەیانەوێت لەو ڕێگاوە و لە چوارچێووەی جوگرافیایەكی دیاریكراودا , پارێزگاری لە سەرمایەكەیان بكەن وخۆیان لە هارین و لەناوچوون ڕزگار بكەن , لە ڕێگەی تاڵان و بڕۆی سەرمایەی ووڵاتەوە, زۆر جار ئەم بۆچوونانە كرێكارانی پێهەڵئەخەلەتێنن و هانیان ئەدات لە پێناوی جێبەجێ‌ كردنی میتۆدۆلۆژیەكی بۆرژوازیدا بیر بكەنەوەو کا ئیشی پێبکه‌ن , ئەمەش لە ڕێگەی ئەو بڕواوبۆچونانەی كە ووردە بۆرژوازی فەلسەفاندنی لەسەر دەكات . گوایە هەتا نیشتمانەكەی لە چنگی كۆڵۆنیالچییەكان ڕزگار نەبێت , بەها بۆ جووڵانەوەی چینایەتی پرۆلیتاریا دروست نابێت و مانایەكی دیفاكتۆی نابێت , لەگەڵا ئەوەی ووردە بۆرژوازی بە قازانجی سەرمایەداران, دەستی داوەتە خەڵەتاندنی ئەندامانی كۆمەڵ لە ووڵاتەكانیاندا , ناتوانن چارەسەری كێشەی ئابووری و سیاسی و ڕزگارییان لە وابەستە ییان بە سەرمایەداری جیهانییەوە بكەن .

لەدەستی هەژموونی كۆمپانیا فرە ڕەگەزییە گەورەكانی جیهان و مۆنۆپۆلی سەرمایەداری ووڵاتانی ئیمپریالیستی بێنە دەرەوە . چونكە ئابووری ئەو ووڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست , دواكەوتوون و ناتوانن سەربەخۆ لە ئابووری جیهانی ئەرك و فرمانی خۆیان جێبەجی بكەن , لەبەر ئەوە دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پرسەكان بێت كە بەرۆكی كۆمەڵگاكەیانی گرتووە .
“خەڵكانێك وا تێیدەڕوانن كە هەنگاوێكی گەورە چوونەتە پێشەوە , وە بە ئازایەتیەوە خۆیان لە بڕوابوون بە پشتاوپشتی پاشایەتی ڕزگاركردووە و بوون بە لایەنگری كۆماری دیموكراتی . بەڵام لە ڕاستیدا , دەوڵەت هیچ نییە بێجگە لە دامودەزگایی سەركوت كردنی چینێك لە لایەن چینێكی ترەوە, وە ئەمەش بۆ كۆماری دیموكراتیش ڕاستە , بەهەمان پلە كەمتر نییە , لەو ڕاستیەی كە بۆ پاشایەتی ڕاستە ..”(16).

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا , پرسی نەتەوایەتی كورد , لەهەر شوێنێك بێت و لە هەر كات و ساتێكدا بێت , پێویستە چارەسەر بكرێت و وەڵامێك وەرگرێت , ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازی و سەرمایەداران , بە ناونیشانی دەوڵەتی نیشتمانییەوە , بێ‌ چارەسەركردنی كێشەكان ,ئه‌یانه‌وێت كرێكاران لە ناوچەكە و دنیا لێك دابرێت . لەگەڵ ئەوەی دەبێت , بە كردەوە بۆ نزیك بوونەوە و , هەمەئاهەنگی نێوان نەتەوەكان وهه‌وڵێک بێت دژایەتی نەتەوەكان بگۆرێت بۆ دژایەتی چینایەتی , و كۆتایهێنان بەو ئازارانەی كە سەرمایەداری خستوویەتە جەستەی كرێكارانی ووڵاتە جیاجیاكانی جیهانەوە .
لێرەدا دێینە سەر پرسیارێك , ئەبێت ئەو داواكارییە چی بێت , كە ووردە بۆرژوازی بۆ پرس وخواستی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی لە كوردستاندا ده‌یکات؟!
ئایا چارەسەرەكە دامەزراندن و جێگە وڕێگەی دەوڵەتی نیشتمانیە , بۆ مافی یەكسانی نەتەوەكان؟ یان ئەمە كردنەوەی گرێیەكە لە گرێ‌ كوێرەكان ؟! بێگومان نەخێر وەڵام دەوڵەتی نیشتمانی نییە , چونكە داخوازییەكان و جێیەجێ‌ كردنی مافەكانی كرێكاران لەم دەوڵەتانەدا جێگای نییە .چونکه‌ کرده‌یه‌کی ڕزگاری به‌خشی چینایه‌تی نییه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی سه‌رچاوه‌ی جه‌نگ و هه‌موو ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تی ،سیاسی،نه‌ته‌وایه‌تی وئابورییه‌کانه‌ له‌ ناوچه‌که‌و جیهاندا .
ووردە بۆرژوازی بەم شێوەیە باس لەخواستی نەتەوەیی دەكات (وەزعیەتی ناسك و ترسناكی ئەمڕۆی كوردستانی عێراق لە پایەیترین ئاستدا بە هۆی دوو واقعیەتی بناغەییەوە , یەكەم مەسەلەی كورد وەك , مەسەلەیەكی میللی چارەسەرنەكراو نەك تەنها لە عێراقدا بەڵكو لە ناوچەكە هەموویدا , دووەم , شەڕی عێراق وئەمریكا و بە دوای ئەودا نادیار بوونی جێگەو ڕێگەی حقوقی –سیاسی وە پێناسەی دەوڵەتی (نیشتمانی) كوردستانی عێراق.)(17).

ئەم جۆرە بۆچوونە ئەوە دەگەیەنێت كە ووردە بۆرژوازی بە دوای فرسەتێكەوەیە كە پلاتفۆرمی دەوڵەتی نیشتمانی تێدا بەرز بكاتەوە , هەروەكو پێشتر لێی دواوین , بتوانێت بەو هۆیەوە پارێزگاری لە پێگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆی بكات . وە لە لایەكی تر لایان وایە جێگای باسكردن لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی , كاتێك دەبێت كە زوورفێكی دژوار لە ئارادا بێت بۆ ئەونەتەوەیە , ئەمەش بە بڕوای من نابێت مەرجی باسكردن و تێكۆشان بێت لەسەر ئەو پرسە . ئەویش لەبەر ئەوەی نا كە نەتەوەی ژێر دەستەی نەتەوەی زۆردارە , یان لەبەر ئەوەی زرووفەكەی لەبارە بۆ باسكردن چارەسەری كێشەی نەتەوەكەیە , بەڵكو دەبێت لەكاتی تریشدا , ئەو پرسە تێڕوانین و بۆچۆنی زۆر زانستیانەی لەسەر بكرێت و تاكتیكی چوونە پێشەوەی خەباتی چینایەتی چینی كرێكار بێت . ئەوە ئەو مێژوویە لە دژایەتی و بێ‌ مافی نەتەوەیەك لە لایەن نەتەوەیەكی ترەوە (( مەبەست لە دەسەڵاتدارانە)) بڕیار لەسەر خەبات لە پێناوی بە دەست هێنانی مافی نەتەوەكان دەدات , ئەركی سەرشانی كرێكاران و كۆمۆنیستەكانە , كە بە تێۆر وپراكتیك وەڵامی بنج بڕ بدەنەوە بە پرسەكە . بەپێ‌ی بوون وكاتی كێشەی نەتەوایەتی , ڕێگە چارەی تەواوەتی بۆ دەدۆزرێتەوە , وە بە پێ‌ی پێویستی چارەسەرییەكەیە , دەست بۆ هەڵوەشانەوەی كێشەی نەتەوایەتی دەبرێت .
“دەوڵەتێكی میللی (الشعبیە) ئازاد گۆراوە بۆ دەوڵەتێكی ئازاد , لەو حاڵەتەدا دەوڵەتی ئازاد , بە پێی مانای زمانەوانی ئەو دوو وشەیە , دەوڵەتێكی ئازادە بەرامبەر داننیشتوانەكەی , دەوڵەتێكە لە ئەنجامدا حكومەتێكی سەركوتكەری تێدا دروست دەبێت” (18).

بە پێ‌ی بۆچونەكانی ووردە بۆرژوازی بێت , كە بە ناوی ئینسان دۆستی , كاوێژی یاسا و ڕێساكانی مافی مرۆڤ و سیاسەت و ئامانجی لیبراڵی دەكەنەوە ,ناتوانن دڕ بە سەردەمی ڕابردوو بدەن و سەردەمێكی نوێ‌ بهێننە ئاراوە . نەتەوەی كورد , لەسەردەمەكانی ڕابردوودا و لە هەلومەرجی ئێستای ڕژێمەكانی عێراق و توركیا و سووریا و ئێراندا , ژیانێكی سروشتی مرۆڤانەیان بەسەر نەبردووە , ئەگەر لەمە ولەوێ‌ شتێكی بچووكی ممارەسەی كەلتوری و زمان و هەندێك عادات و تەقلیدیان كردبێت , ناكاتە مافێكی سیاسی نەتەوە و ئازادی سیاسیان هەبووبێت , بە بڕواو بۆچونی ماركسیانە , هەلومەرجی ژیانی نەتەوەكان , شایەنی ژیانی ئازادی سیاسی و پرۆسیسكردنی ئەرك و مافەكانی دەوڵەتدارییە , ئیتر هەلومەرجەكانی هەر چۆنێك بێت , دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان و شۆرشگێرەكان شیعاری (دروشمی) چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی هەڵبگرن و چارەی بنەڕەتی بكەن , نەوەكو بۆرژوازی بەناو نەتەوەیی و حیزبەكانیان , ناونیشانی چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی , بۆ مەرامی سیاسی و ئابوری خۆیان بیكەنە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان و , ڕەوتی ڕزگارییەكە بە قوربانی چەردەیەك پارە و بازرگانی پێوە بكەن . ئەگەر كێشەی نەتەوایەتی هەبوو , پێویستی بە لابردن و چارەسەری هەیە , ئەگەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازیشی لێبكەوێتەوە , چونكە ” هەموو دەوڵەتێك بریتیه‌ له‌ {هێزێکی تایبه‌تی سه‌رکوت کردن}ی چینی سته‌ملێکراو.

له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێک نە ئازادە و نە میللی یە “(ئەئكیدەكان هی لینینە)(19).
هەر لەبەر ئەوەیە پرسی ڕزگاری نیشتمانی , مەسەلەی فێڵ و تەڵەكەی بۆرژوازی نەتەوەیی ژێردەست و وابەستەی ئابووری كارتێل و ترۆستە داراییەكانی جیهانە و ناتوانێت لە سیاسەت و ئابووری ناوخۆی ووڵات ، دەست لە چەوسانەوەی كرێكاران هەڵبگرێت و سەرمایەگوزاری لە هێزی كارییان نەكات , ناتوانێت دەست لە هەموو ئەو پەیوەندنامە كۆنەپەرستانەی كە لەگەڵ سەرمایەدارانی نەتەوەیی لەسەر دەسەڵات و ئیمپریالیزم بەربدات . لەبەر ئەوە داواكارییان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی , داواكاری بۆرژوازی و ووردە بۆرژوازی كۆمپرادۆری نەتەوەی ژێر دەستە , چونكە دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت تەواوی گرێی ئەو كێشە گەورەیە بكاتەوە , كەكێشەی چەوسانەوەی كرێكارانی خۆ ووڵاتی یە . تەنها یەك لایەنە مافەكانی بە جێدەگەیەنێت , ئەویش ڕزگاری نەتەوەیه‌كە لە ژێر دەستی دەسەڵاتدارانی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات . ئەمەش تەنها دەبێتە هەنگاوێك بۆ ئامانجێكی تری فراوانی چینایەتی
دەوڵەتی نیشتمانی , كە جەنابانی ڕیفۆرمیستەكانی پرسی نەتەوایەتی ووردە بۆرژوازی كۆمپرادۆر و حیزبەكانیان داوای دەكەن , ناتوانێت بۆ تەنها ساتێك دەستی زوڵم و زۆری دەسەلاتداران لە رێگەی “سووپا و پۆلیس كە دوو دار دەستی سەرەكین بۆ هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت”(20). لەسەر خەڵك و بە تایبەتی لەسەر كرێكاران لاببەن.

ناوەڕۆكی دەوڵەت گۆرانی بەسەردانایەت , چونكە دەستی دەوڵەت كۆتا ناكرێت لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی , كۆمەڵایەتی نەتەوەكان , كە دەوڵەتیان پێكهێناوە , ناوەڕۆكی دەوڵەتی نیشتمانی كە یەك نەتەوەی تیادا ئەژێت , لەگه‌ڵ ناوەڕۆكی دەوڵەتێكی تری نیشتمانی كە چەند نەتەوەیەكی تێدایە , جیاوازییەكی ئەوتۆ دروست ناكەن , بۆرژوازی نیشتمانی , یان بۆرژوازی بێگانە یەك ئامانج و بڕوای ئابووری سیاسییان هەیە .

“لە لایەن هەموو فەیلەسوفەكانی مافی دەوڵەت , بۆچوونەكانیان لە بنیاتنانی دەوڵەت سەرچاوە دەگرێت لە غەریزەوە – بۆ نموونە , ئاوات , خۆشگوزەرانی , یان تەنانەت لە عەقڵەوە , بەڵام لە عەقڵی كۆمەڵایەتیەوە نا , بەڵكو لە عەقڵی تاكەكەسەوە. بەڵام فەلسەفەی نوێ‌ , كە پەیوەستە بە بۆچوونی تیۆری زیاتر نموونەیی و قوڵتر , ئەوا بنیاتنانی دەوڵەت لە بیری گشت (الكل) سەرچاوە دەگرێت , كە لایان دەوڵەت بریتییە لە ئەندامێتیەكی مەزن , كە پێویستە ئازادی ماف و ئەخلاق و سیاسەتی تێدا بێتە دی , بۆ زانیین ئەو هاووڵاتیەی ملكەچ دەبێت بۆ یاساكانی دەوڵەت , ملكەچی یاسا سروشتیەكان دەبێت , بە تایبەتی یاساكانی عەقڵی خۆی , یاساكانی عەقڵی مرۆڤایەتی.”(21).

چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی , بەهرەمەندبوونی كرێكارانی نەتەوەكانە ,لە سیستەمی سوسیالیستی زانستی ,لەبەر ئەوەی وەڵام بە هەموو لایەنەكانی ژیانی كرێكاران دەداتەوە , یەكسانی و بەهەرەمەندبوون لە توانای ئابووری و بەدەست هاتووەکانی وهاومافی و دادپەروەری , پێشخستنی ژیان لە هەموو ڕوویەكییەوە .
چونكە ئەگەر دەوڵەتیش بۆ نەتەوەكانی ژێر دەست دروست بێت , كە كارێكی خراپ نییە, هێشتا پرسی نەتەوایەتی و ملمڵانێی ناوچەیی و جیهانی نەتەوەكان , بەهۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە كۆتایی نایەت , بەهۆی دروستكردنی سەرچاوە و بەرژەوەندی ئابووری جیاوازی جوگرافیا جیاوازەكانی ئابووری سەرمایەداری بنجبڕ نابن. واتە دەوڵەتی نیشتمانی دەوڵەتی خۆشباوەڕی ووردە بۆرژوازییە , لەبەردەم ڕێگە چارەی پرسی نەتەوایەتیدا , لەگەڵ ئەوەی هەوڵێكە بۆ چوونە پێشەوەی هەنگاوێك لە كۆی داخوازییەكانی كرێكارانی نەتەوەیەكی ژێر دەستە بە ئاڕاستەی جارێكی تر بیر نەكردنەوە لە كێشە و ململانێی نەتەوەیی لە ناوخۆی ووڵاتەكەیانەوە , بەهۆی ئەوەی “جارێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ شوێنەی كە دەستمان پێكرد , ناوەندێتی بریتی یە لە بنەڕەتی دەوڵەت , لەگەل ئەوەشدا بە شێوەیەكی حەتمی پەیوەستە بە دیسپلینی ناوەندەوە , ناچاریدەكات , دەوڵەت لە چوار چێوەكەی خۆی دەربچێت , خۆی ئەچەسپێنێت بە شێوەی گشت و باڵا و كۆتا . خۆی وا دەردەخات كە ڕاستە , ئەم هەلومەرجەش تەنها تایبەتە بە مێژوەوە , وەكو دەخوازرێت دەوڵەت ئازادی ڕەها بە دینا هێنێت ؛ لەم حاڵەتەدا , ئەو دیالێكتیكەی كە پێشتر ئاماژەی پێكراوە , بۆ تێگەیشتنی دەوڵەت كرداری نییە , دەوڵەت تەنها ئازادییەكی بابەتییە , ئازادی ڕاستەقینە ی خود ,كە هاوتای ئازادی ڕەهایە , لە پێناوی جێبەجێكردنیدا پێویستی بە شێوازێكی تر هەیە بێجگە لە دەوڵەت”(22).

——————–
سه‌رچاوه‌کان؛

9 ـ مه‌نسوری حیکمه‌ت،له‌به‌رگریکردنداله‌داخوازی سه‌ربه‌خۆی کوردستاندا،گۆڤاری بۆپێشه‌وه‌،ژماره‌(21)،27ی ئاب 995.
10 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل5.
11ـ لینین،‌‌الدولة‌والثورة،دارالتقدم،موسکو،طبع في الاتحادالسوفیتي،ص6.
12ـ لینین،هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ص8.
13ـ مارکس،آنجلس،مختارات في أربعةأجزا‌‌ء(الجزءالثالث)،اصل ألعائلة و ألملکیة ألخاصة و ألدولة ، دارألتقدم ، موسکو ،1970 ،ص322.
14ـ لینین ، ألدولة و ألـثورة ،هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل3.
15ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل4.
16ـ مارکس ، ألحرب ألاهلیة في فرنسا ، (مقدمة من قبل انجلس ، عام 1891) ، دار التقدم ، فرع طشقند ،طبع في الاتحاد السوفیتي ، ص19 .
17ـ مه‌نسوری حیکمه‌ت ، له‌ به‌رگریکردندا له‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا ، گۆڤاری بۆپێشه‌وه‌ ، ژماره‌(21) ، 27 ئابی 1995 ، ل 5 .
18ـ مارکس ، انجلس ، رسائل مختارة (1844ـ 1895 ) ، رسالة من انجلس الی بیبل ، 18 ـ 27 آزار 1875 ، دار التقدم ، موسکو ، طبع في الاتحاد السوفیتي ، 1982 ، ص 215 .
19 ـ لینین ، الدولة و الثورة ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص 24 .
20 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص 12 .
21 ـ مارکس ، انجلس ، بصدد الدولة ،{ من افتتاحیة ( KOLNISCH E ZEITUNG ) العدد 179 ، کتب بین 29 حزیران “یونیو” و 4 تموز “یولیو” 1842 .} ، ترجمة الیاس شاهین ، الاعداد و الترجمة و الفهارس ـ دار التقدم ، طبع في الاتحاد السوفیتي ، 1986 ، ص 28 .
22 ـ مارکس ، انجلس ، بصدد الدولة ، ( من مقالة ، المرکزة و الحریة ، کتب في النصف الاول من ایلول “سبتمبر” 1842 ) ، ترجمة الیاس شاهین ، الاعداد و الترجمة و الفهارس ـ دار التقدم ، طبع في الاتحاد السوفیتي ، 1986 ، ص 33 .




گه‌نج ونوسین – شیعرنوسین وه‌ك نمونه‌یه‌ك … ن: شاخه‌وان صدیق

“مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت شیعرێكی جوان بنوسێت ده‌بێت ڕۆحی پیربووبێت” (به‌ختیارعلی)

هه‌میشه‌ له‌دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا شتێك كه‌زۆرترین قسه‌‌و باسی ده‌رباره‌ ده‌كرێت نووسینه‌ (به‌تایبه‌ت لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تاكانی هه‌نگاوناندایه‌ به‌ره‌و دنیای ڕۆشنبیریی) بۆیه‌ده‌بینی زۆرترین ڕه‌خنه‌كان له‌م ناوه‌نده‌دا ڕووبه‌ڕوی ئه‌مان ده‌بێته‌وه‌ تاده‌گاته‌ ئه‌وئاسته‌ی كه‌هه‌ندێك جار بپرسین كه‌ ئایا ئێمه‌نوسینی گه‌نجانه‌مان هه‌یه‌ ؟ كێن ئه‌ونوسه‌ره‌ گه‌نجانه‌ی ده‌نوسن و؟ چی ده‌نوسن ؟ هه‌چه‌نده‌ هه‌ر جۆرێك وهه‌رچۆنێك بێت، ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌زمون كردنی خوێنه‌وه‌و نوسیندان، به‌ڵام ده‌بێت هۆكارو مه‌دلوله‌كانی پشت سیاقی واتای نوسینه‌كان بخوێرێته‌وه‌و شرۆفه‌ بكرێت. من له‌م نوسینه‌ كورته‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌پێی ئه‌زمونی خۆم كه‌مێك ده‌رباره‌ی شیعر نوسین لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌پێی ده‌وترێت گه‌نج ونوسینی گه‌نجانه‌ بوه‌ستم وباسی بكه‌م ، چونكه‌ پێم وابێت زۆرترین ڕێژه‌ له‌ گه‌نجانی ئێمه‌ كه‌ ده‌نوسن به‌شیعر ده‌ست پێده‌كه‌ن وبۆخۆشی شیعریه‌ت سه‌ره‌تای چونه‌ ناو ده‌روازه‌كانی بیركردنه‌وه‌و نوسینه‌.

چونكه‌ شعر تاكه‌ ئامڕازێكه‌ له‌ ژیاندا كه‌ ده‌توانێت ڕاستیه‌كانی ناخی ئینسان ده‌ربڕێت وهه‌موو ئه‌و نهێنیه‌ شاراوانه‌ی ناوه‌وه‌ كه‌شف بكات كه‌ له‌كاتی ئاسایدا هه‌ستی پێناكرێت، له‌ڕوی ئه‌ركیشه‌وه‌ هه‌میشه‌ وه‌زیفه‌كه‌ی له‌ ژانه‌ره‌كانی تری ئه‌ده‌ب قورسترو گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ڕووداوه‌كان بگێرێته‌وه‌ یان واقیع كۆپی بكات، به‌ڵكو ئه‌ركی ئه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ییه‌ كه‌ده‌شێت ڕووبده‌ن ، ئه‌وه‌ شیعره‌ كه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ ده‌توانێت گه‌مه‌ی خه‌یاڵاته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی تیابكات وهه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌له‌ واقیع جێبه‌جێ‌ نابێت له‌ودا دروست كردن وداڕشتنه‌وه‌ی هه‌میشه‌ كارێكی ئاسانه‌، بۆیه‌ده‌بینی گه‌نج كاتێك شعرده‌نوسێت چه‌نده‌ ده‌یه‌وێت ته‌عبیرله‌و هه‌موو شته‌كه‌بت كراوانه‌ی ناوناخی بكات ئه‌وه‌نده‌ش ده‌یه‌وێت خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش باشترین هاوڕێ وده‌ربڕی ئه‌ون هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك جار ئه‌م جۆره‌ شعرنوسینه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی ئه‌ده‌ب دوورده‌كه‌وێته‌ وه‌و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی به‌تاڵ بوونه‌وه‌ له‌كێشه‌ زاتیه‌كان وه‌ ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ لای زۆر له‌ گه‌نجی ئێمه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌وبڵاوكراوه‌ شعریانه‌ بكه‌یت كه‌ لێره‌و له‌وێ گه‌نجان چاپی ده‌كه‌ن هه‌ست به‌و ڕاستیه‌ ده‌كه‌یت كه‌ گه‌نج چی ده‌نوسێ‌ و بۆده‌نوسێت ؟
هه‌ئه‌مه‌شه‌ به‌بڕوای من وای كردوه‌ به‌م سه‌رده‌مه‌ بوترێت سه‌رده‌می لێشاوی شعری ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا شیعر بۆ خۆی وه‌ك ژانه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب كۆمه‌ڵێك یاساو بنه‌مای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ناكرێت به‌ته‌واوه‌تی بوترێت ئیحساس وهه‌سته‌.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی ئینسانه‌ به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ شیعر ده‌بێت له‌ مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵ وله‌ باگراوندێكی ئه‌ده‌بیه‌وه‌ هاتبێت چونكه‌ (ئه‌رستۆ) واته‌نی (هارمۆنیاو كێش ڕه‌گه‌زی جه‌وهه‌ری شعرن، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی له‌نێوان شعرو مۆسیقاو هونه‌ره‌كاندا دروست ده‌كات ) چونكه‌ شعر به‌ته‌نها لاسای كردنه‌وه‌نه‌ نیه‌، به‌ڵكو هارمۆنیاو ئیستاتیكاش له‌هۆیه‌ سروشتیه‌كانیه‌تی، هه‌رئه‌مه‌شه‌ ئه‌و گرنگیه‌ ده‌دات به‌شیعرو له‌ مێژووی جیاده‌كاته‌وه‌ ، چونكه‌ شیعر شتی گشتی ده‌ڵێت، به‌ڵام مێژوو شتی تاك وپاچه‌ر یه‌كی تایبه‌ت ودیاری كراو مێژوو ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ ڕووی داوه‌، به‌ڵام شیعر شتێك ده‌ڵێت كه‌ده‌شێت ڕووبدات.

چونكه‌ له‌ِڕاستیدا شیعر هه‌وڵدانه‌ بۆ كه‌شف كردنی لایه‌نه‌كانی تری دنیا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ جێگای پرسیارو له‌سه‌روه‌سانه‌ی له‌شیعریه‌تی ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا له‌قاڵب دان وته‌سك كردنه‌وه‌یه‌تی بۆكێشه‌یه‌ك وبچوككردنه‌وه‌یه‌تی بۆمه‌سه‌له‌ی ئیحساس وشتی هه‌ستیو زاتی وپاڕانه‌وه‌ كه‌ده‌شێت هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بوونی باگراوندی مه‌عریفی وشاره‌زانه‌بوونبێت له‌ ده‌نیای ئه‌ده‌ب دا چونكه‌ مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی بنوسێت پێویستی به‌وه‌یه‌ بخوێنێته‌وه‌و له‌ چۆنێتی نوسین وخه‌سڵه‌ته‌كانی نوسین به‌تایبه‌ت شعرتێبگات چونكه‌ (به‌ختیار )واته‌نی ( هیچ شاعیرێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌شیعرنوسینه‌وه‌ ده‌ست پێناكات، هه‌میشه‌ شعرخوێنه‌وه‌ پێش شیعرنوسین ده‌كه‌وێت ) چونكه‌ شعرشتێك نیه‌ مرۆڤ فێری بێت، به‌ڵكو دۆخێكی زهنیه‌ تێیدا ده‌ژین وكه‌جێمان هێشت جگه‌له‌تارمایی جوانیه‌كی وه‌سف نه‌كراو هیچی ترمان له‌یاد نامێنێت.
ڕاسته‌ مرۆڤ ده‌توانێت له‌شیعردا ئه‌ودنیایه‌ دروست بكات كه‌خۆی ئاواته‌ خوازیه‌تی به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا له‌قاڵبدان وبه‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی یه‌كێكن له‌وپه‌تایه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ شیعریه‌ت به‌تایبه‌ت لایگه‌نجی ئێمه‌ توشی بووه‌ بۆیه‌له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نوسراوی شیعر لای گه‌نج ته‌نها و ته‌نها جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌ستێكی عاتفیانه‌ی دوورله‌ پرۆسه‌ی عه‌قڵانی كه‌پتكراو زیاتر هیچی ترنابینیت، كه‌ ڕه‌نگه‌ وه‌زیفه‌ی نوێ لای ئه‌مانه‌ ته‌نها نه‌بوونی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر بێت .
كه‌ به‌بوون وهاوڕێیه‌تی كردنی ئه‌وڕه‌گه‌زه‌ش هه‌مووشتێك ده‌وه‌ستێت وكۆتای دێت، له‌كاتێكا له‌سه‌ر وه‌ختی نوسینی ئه‌م به‌ناو شیعرانه‌دا گه‌وره‌ترین پاساولای ئه‌وان به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئیحساسی تاكه‌كه‌سیه‌ وده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی شعره‌وه‌خه‌ونه‌كانیان ببینین له‌كاتێكا شیعر به‌ته‌نیا ئه‌مه‌نیه‌ وپڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو عه‌قڵانیه‌ به‌ختیار واته‌نی (بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌شیعر خه‌وببینین ده‌بێت بتوانین به‌شعر بیربكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام شعرنوسین بریتی نیه‌له‌ نوسینی بیر به‌شیعر، به‌ڵكو پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌شعر، شاعیر كه‌سێكه‌ كه‌به‌شیعر بیرده‌كاته‌وه‌ نه‌وه‌ك بیربكاته‌وه‌ دواترشعر بنوسێت ) به‌ڵام من هه‌ندێك جاری دیكه‌ وای ده‌بینم كه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌خۆشمه‌وه‌ شیعر وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو عاتیفی وسۆزداری سه‌یرده‌كه‌ین كه‌ ته‌نهاو ته‌نها له‌خزمه‌تی پڕۆسه‌كی حه‌زین دابێت هه‌رئه‌وه‌ی كه‌لای ئێمه‌ پێی ده‌وترێت به‌هه‌ڵه‌ عه‌شق كه‌به‌ بڕوای من هه‌مووشتێكه‌ ته‌نها ئه‌شق نه‌بێت وه‌ك ده‌بینیت له‌كرداردا پڕۆسه‌ی عه‌قڵانی و گه‌ مه‌زمانیه‌كان ون ده‌بن و ته‌نها وته‌نها عاتیفه‌ سه‌رانسه‌ری پانتای نوسینه‌كان داگیرده‌كه‌ن، به‌ڵام من دیسانه‌وه‌ هاوڕاده‌بمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا كه‌ده‌ڵێت ( شیعر عاتیفه‌ی مرۆڤ نیه‌ كه‌ قسه‌ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ عاتیفه‌یه‌ كه‌زمانی تێكده‌چێت وته‌عبیر بچوك به‌شی ناكات و مانا ئاماده‌كات له‌ به‌رده‌میدا ته‌سك بێته‌وه‌، شیعرزمان نیه‌ ،به‌ڵكو شیعر گه‌ڕانی زمانه‌ له‌ناو خویدا بۆزمانێكی تر . به‌م تێڕوانینه‌شه‌وه‌ له‌شیعر به‌بڕوای من ده‌توانین شیعرێك به‌رهه‌م بهێنین كه‌ بچێته‌ خانه‌ی ژانه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ .

—————————–

سه‌رچاوه‌كان:
ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی شیعر، ن: به‌ختیار عه‌لـی
شیعرییه‌ت لای ئه‌دۆنیس.




شه‌ڕ له‌سه‌ر پایته‌خته‌كان … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئێمه‌ پێمان سه‌یره‌، كه‌ فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و یه‌كیه‌تی ده‌نگیان به‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای ئاپۆره‌ی میللی (حه‌شدی شه‌عبی) داوه‌: ئایا ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ی ململانێی حزبایه‌تی و ئیقلیمییه‌؟ باشه – ئه‌گه‌ر وا بێ -‌ ئه‌وه زانیمان، كه‌ یه‌كیه‌تی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا جه‌مسه‌رگیره‌؛ به‌ڵام ئه‌دی بۆ گۆڕان چ بڵێین؟ خۆ ئه‌و هه‌میشه‌ دژی ئه‌م جۆره‌ جه‌مسه‌رگیرییانه قسه‌ی كردووه‌!…‌

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ (27 / 11 / 2016) به‌ڕێز هۆشیار عه‌بدوڵڵای سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی موسه‌ننا ئه‌مینی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو، كه‌ گوتبووی پارتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانیان به‌ جێ هێشت و یه‌كیه‌تی و گۆڕانیش ده‌نگیان به‌ یاساكه‌ دا، هه‌ندێك ڕوونكردنه‌وه‌ی دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ناگۆڕێ، كه به‌ گومانه‌وه‌ ده‌بێ بپرسین:‌ ئاخۆ گۆڕانیش وه‌ك پارتی و یه‌كیه‌تی بۆته‌ به‌شێك (كاره‌كته‌رێك) له‌ ململانێی ئیقلیمی نێوان جه‌مسه‌ره‌كان؟ واته‌ جه‌مسه‌ری: (پارتی و توركیا…/ سوننه‌ و پارتی و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان) له‌ لایه‌ك؛ جه‌مسه‌ری‌: (ئێران و یه‌كیه‌تی/ شیعه‌ و یه‌كیه‌تی و {گۆڕان؟}) یش له‌ لایه‌كی دیكه‌؛ خۆ گریمان ئه‌مه‌ واش بێ، به‌ڵام به‌ ڕوواڵه‌ت پێناچێ بۆ گۆڕانیش شتێكی سه‌یر بێ، به‌و پێیه‌ی، كه ئێستا‌ ململانێی نێوان پارتی و ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ لووتكه‌دایه، هه‌ربۆیه‌ش ده‌شێ گۆڕان ببێته‌ به‌شێك له‌و لایه‌نه‌ی، كه‌ دژی پارتییه‌ (ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م ململانێیه‌ به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كۆتایی پێ بێ؛ ئه‌مه‌ داخوازی ئێمه‌ی هاووڵاتییانه؛ ئێمه‌ی هاووڵاتییانی، كه‌ نامانه‌وێ ململانێی سیاسی و نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵیی و پاوانكردنی سه‌روه‌ت و سامان له‌ ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كی‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌ماڵه‌یی ئۆرۆستۆكراتی… وڵاته‌كه‌مان وێران بكا و چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌شمان ڕه‌ش بكا).

به‌هه‌رحاڵ‌ كۆمه‌ڵ له‌ به‌غدا (له‌م پرسه‌دا)، كه‌ هه‌ڵوه‌ستی له‌گه‌ڵ پارتی جووته‌؛ چونكه‌ هێزێكی ئیسلامیی سوننه‌یه‌، كه به‌ ته‌بیعه‌تی حاڵ‌ حه‌زی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ نییه‌؛ یه‌كگرتووش هه‌ر هه‌مان عوزر و به‌هانه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی، كه‌ له‌ كوردستانیش پێوه‌ندی و میانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی باشتر و خۆشتره‌ له‌ كۆمه‌ڵ. هه‌رچی یه‌كیه‌تیشه‌ ماوه‌یێكه‌ له‌ ئاست ڕووداوه‌كاندا، وه‌ك هێزێكی ته‌ماشه‌كه‌ری بێلایه‌ن له‌ كوردستاندا دێته‌ به‌رچاو؛ به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ به‌غدا لایه‌نێكی چالاكی ته‌وه‌ری شیعه‌ (به‌غدا) -ئێرانه‌.

ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌ ڕووی واقیعی مێژووییه‌وه‌ شتی ئاسایی و سروشتین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ له‌ ڕووی پره‌نسیپه‌وه‌ شتێكی سروشتی نییه‌، گۆڕان ده‌نگ به‌ یاسایی بوونی هێزێكی مه‌زهه‌بی (میلیشیایی) بدا؛ له‌ كاتێكدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌، كه‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ ئاینده‌دا چۆن چۆنی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و كه‌مینه‌ و مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌دا ده‌كا. هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ ماده‌م ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب دامه‌زراوه‌، پێناچێ چاوه‌ڕوانی شتی باشی لێ بكرێ؛ به‌ڵكو ئه‌م هێزه‌ (با له‌ چوارچێوه‌ی یاساشدا ڕێك بخرێ) ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی باڵای شیعه‌كان ده‌پارێزێ.

ئه‌رێ گه‌لۆ، ئه‌دی بڕیار وا نه‌بوو، كه‌ گۆڕان‌ دژی هه‌موو جۆره‌ ڕێكخستنێكی سه‌ربازیی میلیشیایی بێ؟




لەپشت ئەفسانەی بێدەنگی منەوە …. مەهدی ساڵح ميجید

((ده قی ئه م ووتا ره بۆ به شێک له خوێنه ره کا نی ده ڤه ری گه منیان و
له شاری که ڵا ر،به تایبه تی ها ته پێش که ش کردن له قاوه خا نه ی که لتووری میلله ت)) .
ئێواره تان باش،

به ر له هه موو شتێک وهه ر ده سپێکێک، ده خوازم لێره وه، له م ده ر فه ته وه پێم خۆشه سه ری سووجده م بۆگیانی به رگری و ته حه دای پێشمه رگه دا بنه وێنم و، ئیکلام له به رده م هه یبه ت وشکۆ ی گه وره یی و شانازیی ئه واندا بکێشم ، ئه وان بێجگه له وه ی که ناسنا مه ی به رگری میلله تێکن له بنده ستی ،ئه وان نا مووسی سه ربه رزی و غیره تی کوردن که به درێژایی مێژوو وو توویه تی نا بۆ زۆرداری.
((له‌ بیابانی عه‌ره‌بی به‌فر وه‌ک ئێره‌‌ هه‌ر به‌ته‌نیا به‌سه‌رئه‌یاسۆفیدا نابارێت،بگره‌ به‌سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کانیشدا ده‌بارێت.
لێره‌،دوور له‌ گشت شه‌ڕو ڕوداووه‌ سه‌روبنه‌کان،هه‌موو شتێک ڕوو له‌ کۆتاییه‌،به‌ر له‌به‌رپابوونی قیامه‌تیش هه‌ر بێده‌نگییه‌کی له‌و جۆره‌ دێته‌ ئارا‌وه‌.))

ئۆرهان پامووک
– له دڵمه وه،جا رێکی تریش فره به گه رمی به خێرها تنی هه موو لایه کتان ده که م وهه تاڕاده ی سوکنایی هاتن و هێور بوونه وه ی په له وه رێکی ته ریووی سه ر هه ڵگرتوو له دارستانێکی دوور و، داڵده دانی وه ڵه ئاسکێکی هه ڵاتوو له بێشه ڵانێکی چڕدا، خۆشحاڵی و خه نی بوو نی خۆم ده رده بڕم و، به دیداری زۆرێک له ئێوه که شانتان خستۆته ژێر باری عه زیه تی هاتن له م ئێوا ره نا وه خته داو، دورژانگه دان به دیار چیرۆکی له گێڕانه وه نه ها تووی دڵی ئه و پیاوه ی که ووڵاته که ی بێجه له حیکایه تی ده رده داری و ئێشی سه خت و سزای هه تا قا می قیامه تی ئه نفال و، ئه نفالی بارزانیه کان و هه ڵه بجه و شه نگا ل، هیچ حیکایه تێکی تری شانازیی نییه بۆ باس کردن.
هه ڵبه ت هه روه ک و ئێوه به ڕێزان لێتان عه یانه و پرسیا ر گه لێکی عه یا مێکی دوورو درێژیشه له دیارنه مانی من که له پشت بێده نگییه کی سا ردی ئاسنینی ده یان دیواری کۆنی هه زار ساڵه یی قووڵه وه وه ک به شێک له حیکا یه تی کاره ساته کانی ئه م ووڵاته ،به سه بری ئه یووب و سه نگینی به رد ،دا نیشتووم وماجه راو ئه فسانه ی ئه م بێده نگییه شم ، نه له لای هیچ دره ختێکی کۆنه ساڵی به ر نسرم و و نه هیچ گوێ ئا گردانێکی ئه م زه مانه به سانا یی بۆ له گێڕانه وه نا یه ت، هه تا جا ڕس بوونی به ردیش له بێده نگی وهه ڵچوونی ئاوو له ڕۆیشتن و ڕاوه شاندنی سه ری ناڕازی دره ختی به ر ماڵه که مانیش و وه ده نگ هاتنی به شێک له ئێوه و له خوێنه ره کانی ترم لێره و له وێ ،له وانه ش که یه کێک له وبه ڕێزانه ی به ناوی ( ئارام نادر) ه وه له ده ڤه رێن سلێمانی ، ،ده ڵێت:
(..رێک سیانزە ساڵە ئێمە لیسا دەخوێنینەوەو بۆمان خەتم ناکرێت، سیانزە ساڵە پرسیار لە لیسا دەکەین و وەڵاممان دەستناکەوێت.. ماوە یه کی زۆرو تاقەت پڕوکێنە، ئێمە بەدوای دیوەکەی دیکەی لیسادا دەگەڕێین و سۆراغی نییە ) به رواری ئه م نا مه یه ساڵی ( 2013 ) یه…..
ڕه نگه که م ته رخه می زه ما نه و پشتگوێ خستتنی ڕه نگی من و شاردنه وه ی سیما ی زوڵاڵی و ئاده می من له نێو هه موو ڕه نگه کا نی تردا و ، بێ ده ر به ستیی ڕۆژگارێکی سه یری بێ ئینسافیش له حاست ئه ده بی من و عیزه ت به رزی و شکۆی خۆ نه پێشه وه بردن هۆکا ر گه لێکن له ئه سڵی دیا ر نه ما نی من……. ئه من سا ڵه ها ی ساڵی دوای ئه م هه موو دیا ر نه ما نه ، ئه م هه مووه له قه ستی فه را مۆ شی و پشتگوێ خستنه ،نه هیچ ڕوو یه کی ئه وتۆم ها تووه له خۆ پیشا ندانی خۆم و نه دادی شکایه تی ئه م گله ییا نه شم بۆ چووته به رده می حوکمی ڕه وای خه لافتێکی ئاده می یان هه ر میرینیشنێکی تری عه داله ت.. ئه مه هه مما ن ئه و گلییه یه که( سه عدی) نه یکرد، مه حویش نه یکرد، (حا فز) یش نه یکرد، ئه منیش نا یکه م، هه ر وه ک و حافز ده ڵێت:

حا فز ڕسرار ڕلهی کس نمی داند خموش
از که می پرسی که دور روزگاران را چه شد.

یەشار کەماڵ کە من زۆرم خۆش دەوێتن، لە ڕۆمانی ( آگر مار را بکوشند، ئەگەر مارەکەیان بکوشتایە)دا، کە پاڵەوانی دەقەکە ناوی حەسەنە(ئه گه ر دروست زه ینم وه بیری بێته وه). حەسەن کوڕێژگەیەکی منداڵ کارەو لە گووندێکی دوورەدەستی ئەم دوونیایەدا دەژی و لە ژێرباری قوورسایی ستەمە گەورەکاندا کە بەزەییان بە مێردمنداڵی حەسەندا نایەتەوەو ڕجای دادێک ناگرن، حەسەن ڕوو دەکاتە مەملەکەتە دوورەکانی بێدەنگییەکی قووڵ وسەر دەخاتە سەر دڵئێشاوی خۆی و هەرگیز هیچ قسەیەک ڵەگەڵ هیچ بەنی بەشەرێکی خوادا ناکات ،خەڵکی هە موو گووندەکە پێیان وایە زمانی لاڵە، ڕۆژێک وەک هەموو ڕٶژێکی تری تێپەڕینی ئاسایی بایەکی خێرا بە لای دارستانێکی چڕداو، هه ڵفڕینی به په له ی باڵنده یه ک و، ده نگی خشپه ی به ئاسته می هه ڵوه رینی گه ڵایه کی له ناکاو و، دەوروبەری چێشتەنگاوێکی گەرمی گووندەکەی حەسەن و لە نێزدیکی مزگەوتی دێیەکەدا،ئالەو کاتەدا پیرە پیاوێک کە بۆ مزگەوتەکە دەڕوات و لە پشتەوە ڕا بانگی حەسەن دەکات کە بە نێو گووندەکەدا شۆڕدەبێتەوەو بەو ئاقارەدا تێدەپەڕێت، ‌حەسەن ئاوڕێک دەداتەوەو دەڵێت:
-بەڵێ….
پیرەمێردەکە له هیک ڕا دەڵێت باشە حەسەن ، ئه تۆ قسانیش دەکەێت….!
حەسەن دەڵێت: بەڵێ، ئەگەر کەسێک گوێم لێ بگریت، ئەمنیش قسان دەکەم.
هه ڵبه ت کۆمه ڵگا ی کوردی به سه رده می ما نیفاکچه دا ( Manufacture ) تێده په ڕێت و، هیچ عه یبه و عارییه کیش له ما نیفا کچه بوو ندا نییه، به و پێیه ی هه موو پیشه وه ره کانی وه به رهه م هێنا ن و پێوه ره له پێشینه کا نی ئا بوو ری کۆ مه ڵگا گۆڕانکا ری ڕیشه ییان به سه ردا دێت و ڕێگه بۆژێرخا نێکی ئا بوو ری نوێ خۆش ده که ن ،کۆمه ڵگا به هه موو یه که جیا وا زییه کا نییه وه ده باته نێو قه یرا نی توند وتا ئه ندازه ی شڵه ژا نی تا ک ، له خۆی و ده وروو به ری و گوو ما ن و تێڕوا نینی تازه ی له بوو نی په یوه ندییه نوێیه کا نیدا له گه ڵ بوو ن و (Material)،مه تریاڵه نوێیه کا نی ده ورو به ریدا،ئا له م سه رو به نده دا ڕه ووتی کۆمه ڵایه تی سه رخا نی ئا بووری کۆمه ڵایه تی نوێ ده خوازێت و ڕێخستنی سیستماتیکی سه رخانی سیاسی و ده سه ڵا ت و مه رجه عی ده سه ڵات ده خوازێت. ئه گه ر چی ئه مه با به تێکی سیاسی ئا بوورییه و قسه و باسی دیکه ی ده وێت، به ڵام ئیتر کۆمه ڵگای کوردی به م هه موو ناو و نیشانه ی قه یرانه وه نا کرێت کۆمه ڵگایه کی پڕله قه یران و کریز نه بێت وکێشه ده روونیه کانی بشارینه وه،ئه مه بێجگه له سه ربارو کاریگه رییه قوو رسه ده ره کیه کانی ووڵاتانی ده ورو به رو ، Recessionی ئا بووری سیاسی ڕۆژئا وا،هه ڵبه ت ئه ده به که شی و هوونه ره که شی هه ر به شێکن له قه یران و ڕه نگدا نه وه ی ئه م قه یرانه ن. کورت و مه خله س لێره وه من له گۆشه ی سه نگینی و په راوێزخرا ویی به ئه ده ب و بێده نگی قوورسیی خۆمه وه هیچ گله ییه کی ئه وتۆم نییه بیکه م.ئه گه ر گله ییه کیش بکه ین ڕووی ده می گله ییمان بکه ینه کوێ یا ڕه بی؟. هه ر وه ک و حا فز ده ڵێت:

قانع به خیالی ز تو بودیم چو حافز
یارب چه گدا همت و بیگانه نهادیم .
((حافز)).

ده ربه ده ری و ده روه زه کردن له ده رو دۆی ووڵاتاندا، مرۆڤ ده باته ژێر باری فه رمانی ناڕه واو سه ختی نا دادی ڕۆژگارێکی سه یرو بێ ئینسافی زه مانه یه ک که ناچاری ده کات شان بداته به ربای فه رمایشتی زه بری ژیان و بێده نگی قووڵ و ڕۆچوویی خۆی.
-(گه یبرێڵ گارسیا مارکیز) ده ڵێت: دوای بردنه سه ری ڕۆژا نێکی دژوارو سه خت له (پاریس)دا بێکا رو موفڵیس ده سووڕامه وه و، دوای سێ ڕۆژ برسێتی تینی بۆ هێنام و ناچار بووم له ناو میترۆکانی (پاریس)دا ده ستم پان کردده وه و ده سته سڕی سواڵکردنم ڕاخست. ئه وپیاوه فه ره نسییه ی که بۆ یه که مین جا ر چه ند (فرانک)ێکی خسته ناو ده ستمه وه، وویستم پێی بڵێم من سواڵکه رنیم،من(گه یبرێڵ گارسیا مارکیزی نووسه ری ئاراکاتاکای کۆڵۆمبیام)،
بەڵام ئه و گوێی له من نه گرت.
له چێشتخا نه یه کی هه وروپایدا وه ک شاگردێکی به رده ستی و خزمه تکار،کرێکاریم ده کردو بێجگه له خاریجی وهه وروپایه کا ن و منیش، شاگردو وه ستای کوردی دیکه ی تێدا بوون. ئه من له دونیای خوادا هه رکه ی سه رو دڵم ده گیرێت و خوڵقم ته نگ ده بێت ،له به رخۆمه وه وه ک بۆڵه بۆڵ حه زده که م هه میشه به یتی غه زه لێکی سه عدی، یان حافز، عه تار،مه حوی ،ئا یه تێکی قورعان،په ره گرافێکی ئینجیلی ممه تا،لۆقا،دار، به رد،چووزانم ،هه رچی شتێک بێت به ده ممدا هه ر له به رخۆمه وه ده یخوێنمه وه و ده یڵێم ، ئیتر ئه گه ر که س گوێم لێ بگرێت یان نه یگرێت گرینگ نییه بۆ من .
له ناو ئیشه که مدا که به ڕێکه وت ،زۆر جاران که به یتی غه زه لێکی گه وره شاعیره کانم ده خوێنده وه یه کێک له و کوڕه کوردانه ی که خه ڵکی ده ڤه ری( سلێمانی ) بوو به دا خه وه که نا وه که یم له بیر چوویته وه ،ده هات و زۆ به شرینی گوێی ده گرت و داوای لێ ده کردم غه زه له که ی بۆ شه رح بکه م.

ڕوژگاری فانی به تێپه ڕینی کاوه خۆ و،له سه ره خۆی بێ منه ت ده ها ت وت و ده چوو،کوڕێژگه ی یارۆ که باسمان کرد ڕۆژێکیان ،ها وه ڵێکی گه نجی تری خۆی ها ورد بۆچێشتخانه که، که هه م قووتا بی زانکۆو هه م خوێنه رێکی شێلگیری سه ر راست بوو به منی ناساند،که زۆر به داخه ناوه که ی ئه ویشم له بیر چووه ته وه:
دوایی خۆش و دش و، من باش و تۆ باش،قه یه رێک به حس و خواسی ئه ده بی و فیکری درێژ دادڕمان کردو من له داستۆیه ڤسکی و،شێرزاد حه سه ن ومه حوی و کاڤکا و عه تاروه مشتم لێ گرتبوو، که ئه و له هیکڕا ڕووی ده می پرسیاری کرده من و گوو تی :

_قووربان، ئێوه مه هدی ساڵح ده ناسن؟.
_گووتم، نه خێر قووربان،مه هدی ساڵح سه رو سه کووتی کوێیه ؟.
_گووتی ئاخر چۆن ده بێت، ئێوه ئه وهه موو کتێبه تان خوێندبێته وه وقه سیده ی لیسا نه ناسن؟.
من درۆیه کی با ریکم بۆی کردو، گووتم ئه وکا برایه ی که ئێوه باسی ده که ن کتێبی نییه، ئه گه ر کتێبێکی هه بێت حه تمه ن من ده مخوێنده وه.(له پڕ درۆکه ی من سه ری گرت و)، ئه و گووتی ڕا سده که یت ئه م ده قه چاپ نه کراوه، منیش به ده ست نووس په یدام کرددوه:
کوڕه لاوه که ڕێک به شێک له قه سیده ی لیسای که له به ربوو، خوێندییه وه. وه ختێک که گه یشته ئه و به یته ی که مرۆڤ بریندار ده کات و ده ڵێت:
لایه ک له دیواری ته مه نم ڕوخا و،پیرێتیم که وته ده شته وه.کاریگه ری له سه ر منیش داناو،زۆر بێده نگ بووم.
_گووتی، وا دیا ره ئێوه ش بێتاقه ت بوون، ئه گه ر حه زده که ن نوسخه یه کتا ن بۆ ده هێنم.
_گووتم ئێستا ئه وکا برایه، مه هدی ساڵح، له کوێیه؟.
_ئه و گووتی،لێره نه ماوه،وا بزانم مرددووه.
_گووتم خوا عافوی بکات. هه تا قه ده رێک هه ردووکمان بێده نگ بووین و، زۆر به ئه سپایی و به ڕێزه و ته ماشای یه کتریمان ده کرد به ڵام هیچمان نه گووت.
قه سیده ی لیسا من و کوڕه لاوه که و براده ره که ی کرده هاوڕێ و دواتر منیان به پێڕێک له هاوڕێکانی خۆیان ناساند که له (Take away) ێکدا کا ریان به یه که وه ده کردو،هه موویان له هه وادارانی (لیسا) بوون و زۆریان به سه ر یه کدییه وه هه بوو.زۆربه یان خه ڵکی شاره کانی سلێمان وده ڤه ری گه رمیان و، خه ڵکی ڕۆژهه ڵاتی کوردستانیشیا ن تێدا بوون.
من که زۆر جار دره نگانی شه و دوای ته واو بوونی کارده چووم بۆلایان، ده مبینی ئه وا ن که قه سیده ی لیسایان ده خوێنده وه هه ندێک جار بێتاته قه ت ده بوون له گه ڵ هه وای ساردی غه ریبی و مه شروب خواردنه وه و کووڵا نه وه ی برینی ده ر به ده ری سه ردڵی خۆیان و،به ئه و په ڕی په ستییه وه تووڕه ئه بوون له خۆیان وله هه موو دونیا وجنیویشیان به مه هدی ساڵح ده دا.منیش بێده نگ ته ماشایانم ده کرد و هیچم نه ده گووت.
ئه وان ئیتر به شێکن له هاوڕێ خۆشه ویست و له بیر نه چووه کانی من.

به ر له دوماهی:
وه کی کورمانج د بێژن ، مه گه له ک که یف خۆش و سه ربلند بویم دڤێرێدا و بهه ڤڕاو د خزمه ت وه دا، ئا ن دا خویانی وهه ڤپیڤین ها ته دارخستن و چێ کرن، هه روه سا مه گه لێک که یف خۆش بوویم ب دیتنێ وه و، چه عڤێ مه پڕ ڕه وشن بووی، لێره وله گه رمیان، زێدی ئه نفال و باوانی گه وره ی به شێک له کا ره سا ته کا نی کوردو، سه رده می گرانی و نه بوونی ویه کتری کوشتنی براکان و گووڵه وه چنه کردنی که س و کا ری ئه نفال کراوان و شان شۆڕکردنی گه وره پیاوانی ئه م ووڵاته له ئیدا ره دا نی ئه وا ن و مه یسه ر نه کردنی ژیا نێکی شایسته به وان، به شێکن له بیره وه رییه تاڵه کانی من و دۆعا ی هێشتا گیرا نه بووی مه غریبانی سه ر به رما ڵی دایکانی کۆسکه وتی نێو کاره سا ته کا نی کوردن.
لێره وه بێجگه له سووپاسگوزاری بێ قسوورم سه با ره ت به ئه رک و زه حمه تکێشانی ئێوه، حه ز ئه که م ئه وه بێژم که ئه من هه میشه گووتوومه خوێنه ره کانم به شێکی قووڵن له ها وڕێیه تی ڕاستگۆیانه ی دووره په رێزی من. ئه من له م ته نهاییه دووره ده سته ی خۆمه وه ئه وانم خۆشده وێت به هه موو ڕه نگه کانیانه وه،به هه موو ئینسافێکی سا ف و سایه قی شینایی ئاسما ن و گه رمایی پڕ له سه وزایی تێری به ها رو ماریفه تی شکۆفه کردنی گووڵ له ئینجا نه ی سه نگینی داخراوی په نجه ره دا. زۆرێک له وا ن له زۆربه ی شا ره کابی کوردستاندا، له خۆشه ویستیاندا بۆ ده قی (لیسا) نا وی منداڵه کا نی خۆیا ن ناونا وه( لیسا) ، ئه من له حه قیقه تدا ئه وان به خاوه نی خۆشم و لیسا ده زانم.
جا رێکی تریش زۆر به گه رمی به خێرهاتنی هه موو لایه کتان ده که م و ده سته کانتان به گه رمی ده گووشم.

بچووک و ئه ز به نیتان

November،11th/2016




!چەند دەستڕۆیشتووە، منداڵیی … ڕێباز مەحمود

منداڵیی شۆفێرێکە
لە لۆفەکانی کارەساتیشا
فریای ئەوە دەکەوێ
لە پەنجەرەکەوە
ژیان ببینێ و
نەهێڵێ بەتەواوی وەرگەڕێێن .. !

لە بناری گوندێکا ،
منداڵیی هەمیشە ئەستێرێکی پڕە
لە سەتان هەورو
چەندەها سوچی ئاسمانەوە
بەرەدەوام ڕێژنەی سەرسامی و
لێزمەی بارانی تێدەڕژێ ..
گەر تەنانەت
جەنگ فەزای گشتیشی
داگیرکردبێ و
ڕەهێڵەی ئاگرو ئاسن ببارێ !

تەنیا لە منداڵیدا
شریخەی دەستڕێژ و
زرمەی ناپاڵم
بە گرمەی هەورو
چەهچەهەی بولبول و
خوڕەی قەڵبەزەی قاقا ناگەنەوە ..

دەستی منداڵیی هێندە چاپووکە
دەتوانێت چنگ بکات بە قاسەی زەمەندا و
ساڵێک دەربێنێ و
هەمووی هەڵڕێژێتە ،
ناو مشتەکانی ڕۆژێکی جرپنەوە …
ڕۆژێک ،
کە فریای هەموو شتێک بکەوێ …
بۆ نموونە سەر لە کازیوە بدات و
وەرزێک لای بمێنێتەوە .
چەندین هەفتە
لە ئاست بزەی ڕژاوی خۆر
لە سیمای چێشتەنگاوا
بەسەربەرێ و
هێشتا زۆر زوو بێت بۆ نانی نیوەڕۆ …!

ئاه .. ئەگەر ئێمە ،
هەگبەیەکی پڕ منداڵیمان پێ نەبوایە ..
لاوێتیمان
مەرەکەبی ڕەنگاوڕەنگی
نامەکانی وەفا و
دێڕە تەڕەکانی ئەڤینداری ،
لە کوێوە دەست بکەوتایە ؟!


ڕێباز مەحمود




بۆ… نەوشیروان مستەفا بێدەنگە …؟ … بەختیار شارەزوری

نەوشیروان مستەفا وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر ئامانجەکانی ناو بزوتنەوەکەی کرد ، بەوەی لەم زەمەنەدا ژینگەی گشتی ناوچەیی لەبارە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لەو کۆت و بەندە مێژوییە بێتە دەرێ و درێژکراوەی ستراتیژی وڵاتان نەبێت ، کاری ئەم پیاوە دژی هیچ کەسایەتیەک نەبوە ، هێندە نەبێت کاری لەسەر بڕینی ئەم ڕەگەی (مێژوو کردە) کردوە ، بەوەی ببینە خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆمان ، ئەو کات وڵاتانی ناوچە وەک دراوسێ ناچار دەبون کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمێکی سەربەخۆی خاوەن ستراتیژ بکەن ، نەک وەک پاشکۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ، نەوشیروان مستەفا دەیویست یەکێتی و پارتی ناچار بکات بە دەست بەردان لە ڕێکەوتنی ستراتیژی و کار بۆ بە نیشتمانی کردنی کۆی پرسەکان بکەن ، لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی هێندە ڕێککەوتنێکە لە نێوان تورکیا و ئێراندا ، هێندە ڕێکەوتنێک نیە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا تەنها بە وەکالەت نەبێت ، ئەم پیاوە ویستی دەستی پارتی و یەکێتی لە پاشکۆیەتی دەربهێنێت و بیانکاتە خاوەن سیستم و ستراتیژی خۆیان و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بکاتە نەریت ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی سەرانی پارتی و یەکێتی بەستراوە بە ڕێکەوتنی ستراتیژیەوە ، وە بۆ ئێران و تورکیاش قازانجە کە کەلتوری خێڵ حکوم بکات ، تا سەرەک خێڵ بگرن کۆی هەرێم بگرن، ئەم پیاوە کە زانی نە پارتی و نە یەکێتی ئەو ئیرادەیان نیە و دروشمەکانیان جگە لە سیناریو و ماکیاج هیچی تر نیە ، چونە ناو دەسەڵاتەوە تا گوشاریان زیاتر بێت ، بەڵام تورکیا بە تایبەت (چونکە تورکیا لە عێراقدا بەس پارتی بە دەستەوەیە وەک کارت و سونە پەراوێز خراوە… بەڵام ئێران ناوەندی عێراقی بەدەستەوەیە بۆیە نەیان هێشت ئەم ئامانجە بکرێتە کردار ) ، داواجار بە ناچاری گەڕایەوە بۆ یاریەکی تر ، کە هاوسەنگی هێز بو ، بەڵام هەر زوو بە پلانی تورکیا کار بۆ دوکەرت کردنی یەکیتی و یەکگرتو کراو نەیان هێشت ئەم هاوسەنگییەش سەر بگرێت و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە کە ئێستا هەمو حیزبەکان پاشکۆن تێیدا ، تاکە هێزێک لە بەرامبەر پاوان خوازی پارتیدا گۆڕانە و بەردەوامیش لە ململانێدایە ، وە نەوشیروان مستەفا دەیزانی کە ئەم یارییە یارییەکی ناچارییە ، وە ئەوەشی دەزانی لە سایەی حکومڕانی ئەم دو حیزبەوە ئەم دۆخە دەبێت ، بۆیە وەک ساڵی ١٩٩٠ چاوەڕێ ی گۆڕانێکی ناوچەییە ، وەک گەردەلولی بیابان و ڕاپەڕین ( ئەگەر تەمەن باقی بێت ) کە لە ئێستادا دەکاتە پڕۆسەی موسڵ و دوای موسڵ ، ئەم پیاوە دەزانێت کە دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان توانای گۆڕانیان نیە بە ئاراستەی ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ، هەموی بەستراوە بە گۆڕانکارییە دەرەکییەکان و بە تایبەتی تر گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە ، بۆیە ئەم پیاوە هەر کات زانیبێتی دەتوانی یاری خۆی بکات و کاریگەری دەبێت ، ئەوا یاری خۆی کردوە ، هەر کاتیش زانیبێتی هەر یارییەک بکا یاریچیەکی گەورەتر هەیە لە دەرەوە ، ئەوا یارییەکەی خۆی وەستاندوە ، لە ئێستادا وەک ١٩٩١ چاوەڕێ ی دوای موسڵە ، ئەوەش دەزانێت کە تورکیا بۆ بەرژەوەندی سەرانی (ئاکەپە) توند تر دەبن لە دژایەتی کردنی ناتۆ و ڕوسیا ، ئەمەش نزیکی دەکاتەوە لە کەناری بچوک بونەوە بە تایبەت دوای ئەوەی کە نەیتوانی بەشداری موسڵ بکات وەک هێزێکی کاریگەر ، بگرە لەوەش بچوک تر هەڕەشەکانی بۆ سەر تەلعەفەر سفر بویەوە ، لە بەرامبەردا ئێران لە هەر چوار لاوە لە فراوان بوندایە ، بە جۆرێک وڵاتانی خلیج بە سوعدەیشەوە ترسی هاتنی حشدی شعبیان هەیە بۆ ناو سوریا ، کە بە ئاشکرا ئێران دەڵێت دەچینە ناو سوریا ، بێگومان بە گڵۆپی سەوزی ناتۆ و ئەمریکا و ڕوسیاوە ، چونی مسعود بارزانی بۆ ئیمارات هەر لەم چواچێوەیەدایە ، وە دابەزینی بۆ پرسی هەڵبژاردن هەمان کاریگەری گەورە بونی ئێران و بچوک بونەوەی تورکیاییە ، نەوشیروان مستەفا کە بێدەنگە چاوەڕێی ئەم گۆڕانکاریانەیە ، ئیتر دوای ئەم گۆڕانانە یاری سێیەمی نەوشیروان مستەفا دەست پێ دەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە ئاراستەکەری نەوەی سێیەم وەک ساڵی ١٩٩١ ، ئەم پیاوە بۆیە بێدەنگە چاوەڕێ ی یاری یارچیەکانی ناو گۆڕەپانەکەیە و دوای دۆڕانی یەکێکیان ئەم دێتە ناو گۆڕەپانەکە و یاری سێیەم دەست پێ دەکات ، بێگومان بە تێگەیشتن لە تاکتیک و فێڵەکانی یارچیەکانی بەرامبەری ، وە ئێستە لە دورەوە سەیری دەکات و باش لە فێڵەکانیان تێدەگات ، ئەو کات نەوشیروان مستەفا بە کردار دێتە دەنگ.




بۆ یادی نووسەری ڕئالیست، بیرمەندی هزرڤان “حەسەن قزڵجی !”…. ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی

پردەکانی جوانی !

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی، نووسەرێکی ڕئالیست، ژیر بێژ، و بیرمەندێکی هزرڤان و چیرۆک نووس و کوردی زانێکی شارەزا و ، خاوەن بیری چەپ ، سیکۆلار و ئەندیشەی ئەنترناسیونالیستی بوو . کورتە چیرۆک و بەرهەمە جوان و ناسکەکانی ڕەنگین و لە بواری ئەدبی کلاسیکدا داهێنەرانە بوو . حەسەن قزڵجییە داهێنەری لیهاتووی “پردەکانی جوانی” بوو . لە نیوان بەرهەمەکانی ” گی دی موپاسان” و حەسەن قزڵچی وێک چونێک هەیە. حەسەنی قزڵجی کارناس ، لێزان و شارەزای وشەی کوردی، ئیستێتیک، خاڵبەندی، ڕێنووس ( ئوڕتۆگرافی ) و دیاردەکانیی ڕێزمانی وەک: مۆرفیم ، سینتاکس و فۆنیم بووە . ئەگەر چی بیر و بوچونی بەلای حیزبی توودەدا شکابوەوە ، ئەمما لە پلورالیزم ، فرە چەشنی و بیر جیاوازەکان ڕێزی گرتوە. ئەندامی کۆمەڵەی ژێ – کاف بووە و، لە زمانی کوردی ، فارسی ، تورکی ، بولغاری و عەرەبی فرە شارەزا وبە توانا بووە . لە گەڵ بەڕێزان : هەژار، هێمن و زەبیحی خزمەتی گەورەیان بە ئەدەبی کلاسیک و زمانی کوردی کرد و،لە گۆڤارەکانی جمهوری کوردستان ڕەچەیەکی بەرزیان لە بەستێنی هۆنراوەشیعر، چیرۆک و پەخشانی زمانی کوردی شکاندوە .


جاڕ بدەن وە ناو کوچەی شاران دا ،
وە عیبرەتم کەن جە بازاڕان دا ،
شەرت بۆ هەر ساعەت مەیلت زیاد کەم ،
خاتر هەر وە عەشق باڵاکەت شاد کەم !

( خانای قوبادی )

ساڵی ١٩١٣ زاینی لە گوندی قزڵجەی هەرێمی بۆکان لە دایک بووە. ساڵی ١٩٤٢ ی زاینی ئەندامی کۆمەڵەی ژێ – کاف بووە . ساڵی ١٩٨٤ی زاینی لە زیندانی کۆنەپارێزان و حکومەتی توتالیتری جمهوری سێدارەی ئیسلامی گیانی بەخت کرد . ئەمما کار بەدەستان ، رێبەران و حکومەتی سوڤیەت ، نە بۆ مەرگی جەناب حەسەنی قزڵجی و نە بۆ بیرمەندان و ئازادیخوازانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەورانێکی دوور و درێژ لە سیاسەت و ڕێبازی سوڤیەت پشتیوانیان کردوە ، هەڵویستێکی مرۆڤدۆستانە، ڕادیکاڵ، عەدالەتخوازانە و ئیعترازی یان نە گرتوە و، وەک جاری جاران سکوتیان کردووە .

* * * * *

زمانی کوردی خۆم فێر بووم و لە ڕاستیدا گوڵاڵە سوورە بووم و لە سەر بەردی ڕەق ڕوام . هیوادارم خوێنەرانی خۆشەویست و زۆر بە ڕێز بە چاوی لیبوردون و لوتفەوە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانم چاو لێ بکە ن و ،لە کانگای دڵمەوە سپاستان دەکەم . هەنگ ئاسا ئارەزووی مژینی شیلەی وتارەکانی حەسەن قزڵجیم و، لە کاتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی جۆرە هەستێکی نادیاری حورمەت و ڕێز گرتن دامدەگرێت. لە یادی سەدویەکەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی
نووسەر، تەنیا دەتوانم لە گەڵ ئەم وتارە ، دەستەچینەیەک پڕ لە گوڵە بۆنخۆشەکانی داوێنی کویستانەکانی هەورامان و پێدەشتەکانی مەریوان پێشکەش کەم .

پۆلبەندی شاکارەکان :

١- بواری ساتیر، ئێرۆنی و ئیستعارە
ڕێزدار حەسەنی قزڵجی لە پێش ڕۆژگار و قۆناغی خۆێ هەنگاوی نا و، یاسا شکین ، سوننەت شکین و داب و نەریت شکین بوو . لە نوسراوەکانیدا ، زۆر بە جورئەتەوە ، لە ئامێری ساتیر بە شێوەیەکی شارەزایانە کەڵکی وەر گرتوە . نووسراوەکانی خیاری گوڵ بەدەم و ناسک و جوانن و تێکهەڵشێلانی کارەساتەکانی دڵگیرانە کردووە . چیرۆکرکان یەک لە یەکتر ناسکتر و جوانترن . نووسراەکانی قزڵجی بەرەوژوور، تا ئاستێکی بەر دڵگر بەرەو چڵە پۆپەی جوانی هەڵکشاون و ئامانجیان پێکاوە . نمونە: بازار هەمووی بۆسە، کەمین و حەشارە بە تەنیشت یەکەوە ، لە هەر حەشارێکدا ڕاوکەرێک دەستی داوەتە چەکی نیوگەز، یا تەڵەی تەرازووی ناوەتەوە و یا خۆی مات داوە . نێچیر وەک لافاو لەم سەرەوە بە ساغی دێن و، لەو سەرەوە کە دەر دەچن هی وایان هەیە نیو گەز گیرفانی دڕیوە و، هی واشیان هەیە کیسەکەی بە تەڵەوە بووە ! هەڵبژاردنی سەر وتارەکان ، لە قاڵبی ئیستعارە و ساتیردا ئاوینەی بالا نوێنی هێژایی و هوشیاری ئەو نیشان دەدەن . لە شیوازی دیالۆگ و قسە و باسی ئاژەڵان زۆر مەبەست و گرفتی کۆمەڵایەتی باس دەکات . نووسەر تەنها لە دوو دانە لە چیرۆکەکانی یانی عادەتی بازار و سەر فیترە باسی ناکۆکی و ئانتاگۆنیزمی شار دەکات . ئەمە بۆ نووسەرێکی ڕئالیست ، کە ناکۆکیەکانی شارۆمەندانی شاری کەمتر لە بەرچاو بووە خاڵی پۆزیتیڤ نیە . دەبوا بەستێنی شار ، کەرەسەیەکی چاک بۆ نووسینی چیرۆکی گرانبەها بوایە. دیاردەی کۆچی ڕەنجبەران بەرەو دڕەندەکانی بازاڕی شارەکان، لە چیرۆکەکانی پێکەنینی گەدا و شەهیدی زۆڵمە ، لە چلەپۆپەی دەسەڵاتی زمانەوانیدا باس کراوە . تەنز و ساتیر وەسیلە و ڕێبازێکی تیژ و چەقۆی لە هەساندراوی نووسەرە ، کە جار ناجار حیکایەتەکانی پێ دەڕازێنێتەوە . بۆ نمونە لە داستانی خەمڵی پەموو کاراکتیری شەخسیەتەکانی ئاوا دەناسێنێت : سۆفی قادر بەرپرسی بانگی مزگەوتە،سۆفی نامیق جووتیارە، خانقا بۆ تەهلیلە و خەتم تەرخان کراوە، شێخ بێکار و خەریکی تەزبیح گێڕانە ، مەلال جەلال کرێکاری دینیە و میرزاعەلی ڕەشایی لەشکرە . ئەگەر کورد خاونی حکومەتی خۆی دەبوو و ، حەسەن قزلچی لە ژێر چەتری ئاڵای وڵاتی سەربەخۆی کوردستان و ستاتوسی حکومەتەکەی بژیبا ، لەئاستی نووسەرانی تری جیهان وەک : سالتیکۆف شچدرین ، عەزیز نسین ، مەلا نەسرەدین*، یولماز
گونای ، عوبید زاکانی، سەمەد بیهڕەنگی و کی دی موپاسان لە ئاستی نێونەتەوییدا دەناسرا و نوسراوەکانی بە چەندین زمانی زیندووی جیهان تەرجومە دەکرایەوە . شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە هۆنراوە و شیعرەکانیدا ، پەنای بۆ ئامێری ساتیر بردووە .
لازمە بۆ شێخ سبەینان گورگە خەو –
تابڵێن شێخ عابیدە و نانوێ بە شەو !

٢- بواری پەخشان :

ڕیزداران : حەسەنی قزڵجی ، ئیبراهیم ئەحمەد * ، شوکور مستەفا ، پشکۆ نەجمەدین،
فەرهاد شاکەلی ، ڕێواس ئەحمەد ، عەبدوللا ی حەسەن زادە ، ناسری حیسامی، عەلائەدین سەججادی و عەبدولڕەحمان زەبیحی لە مەیدانی پەخشاندا، ڕەچەیەکی بەرزیان شکاندووە . ئاسۆی بیر کردنەوەیان سنورەکانی تێپەڕاندووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی چۆڕاوەی مێشکیان هەرگیز وەڕز وماندوو نابێت . نووسراوەکانی قزڵجی بە زمانێکی ڕێک و پێک ، ڕەوان، سادە وهەموار نوسراوە و، هەموویان شەقڵی ساتیر و تەوسیان پێوە دیارە . حەسەن قزڵجی زمانەوان و شارەزای هەموو شێوە دیالکتەکانی کوردستان بووە و، وەک گەنجینەیەکی زمان، کەڵکی لێ وەر گرتون .
سەرجەم نووسراوەکانی بە دیالکتی موکریانی نوسیوە و ، دیالکتەکانی هەورامی ، سنە یی و شارەزوریش لە نوسراوکانیدا بەرچاو دەکەون . ئەم زمانە وەک جۆگە و ڕووبار بەرەو دەریا ملی ناوە و بە هێز و بلاوینە . شێوە و قاڵبی نووسینی هەندی جار بەرەو ستیل و داڕشتنی ئیستعارە و ئیشارە هەنگاو دەنێت . قاڵبەکان نووسینەکانی حەسەن قزڵجیان دیاری نە کردووە ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ،دڵسۆزی و کاری نووسەر قاڵبەکانی دیاری کردووە . قارەمانی داستانی شەهیدی زوڵمە ، کفن و شۆردنی ناوێ ،جووتیارێکە ناوی هەباس ە . نووسەر ئەم قارەمانە، لە هەموو کارەساتە تاڵەکان بەشدار دەکات و برسێتی ئەوەندە زۆری بۆ دێنێت کە ، خۆی لە مزگەوتێکدا دەبینێتەوە . خادمی مزگەوت ، پرسیاری لێدەکا و هانی دەدات مزگەوت بەجێ بێڵێت . ورزێر، لە ناچاری مزگەوت جێ دێڵێت و لە تاو برسێتی لە قەراخ شار گیانی لە دەس دەدات . نووسەر بەشێوەیەکی لێزانانە و پسپۆڕانە، قارەمانەکەی تا ئاسوی ئەوسەر نادیاری ئومێد و هیوا پەروەردە دەکات ، بەشکم لە برسا نەمرێت ، بەڵام نووسەر بە پەیامێکی مێژوویی، دور لە ئارەزوو و مەیل و خواستی خۆی ناچارە قارەمانەکەی بکوژێت . ئەو مرۆڤانە کە ویجدانێکی ئاگایان هەیە ، بۆ تراژیدی مەرگی وەرزێر( هەباس ) فرمێسک لە چاوانیان دێتە خوار و هەست بە پەژارەیەکی بەر فراوان و قووڵ دەکەن . لە پێکەنێنی گەدا قارەمانی داستانەکە “حەمە ڕەش ” کەرامەتی لە لایەن سیستەمی تالان کەری جیهانی، داگیرکاران و دەرەبەگایەتیەوە برێندارو شکێندراوە . حەسەن قزڵجی لە شکڵی مێتولۆژی بۆ هەندی لە چیرۆکەکانی کەڵکی وەر گرتوە و خزمەتی گەوەرەی بە فولکلوری کوردیش کردووە .

٣ – بواری چیرۆک :
سەر لە بەری چیرۆکەکان ، تژی لە هیوا و ئومێدە و نووسەر تەسکبین نیە . بوار و مەیدانی وتە بە نرخ و گرانبەهاکانی ، لە شێوازی داستان ( ئێپۆس ) ، بۆ سەردەمی دەورانی فیئودالیزم دەگەڕێتەوە . ئەگەر ژێرخانی ئابوری خولقینەری سەرخانی ئابوریە، حەسەن قزلجی ، ئازایانە ، لیهاتوانە لەو بوارەدا، چیرۆکی جوان و ناسک و دڵگێری بە زمانی “دڵ” نوسیوە . چیرۆکەکان خۆیان لە کاناڵی ئیدئولۆژی چینی هەژار دەبینەوە . لە هەڵسەنگاندنی نووسەر ” حیزب و ڕیکخراو” ئامێری خەباتە و لە پێناو دەستە بەر کردنی بەرژەوەند و مافی چینی ڕەنجبەر تەفسیر و تەرجومە دەکرێنەوە . کورتە چیرۆک ئامێری دەستی نووسەر بۆ خەباتی چینایەتی بووە .
لە چیرۆکی بێهێنەو ناوی مەبە ،پێڤاژە و پڕوسەی تێپەڕ بوونی کۆمەڵگای کوردستان لە فیئودالیزمەوە بەرەو سەرمایەداری بانگە واز دەکات . ڕاسپاردەکەی بە ساتیرێکی پڕ مانا ،خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە وهەرس هێنانی قۆناغی دەرەبەگایەتی جاڕ دەدات . دوو نووسەری پایەبەرزی کورد ، بەڕێزان : ئیبراهیم ئەحمەد بە نووسین و بڵاو کردنەوەی دوو ڕۆمان بە ناوی کوێرەوەری وژانی گەل و حەسەن قزڵجی بە نووسین و بڵاوی کردنەوە پێکەنینی گەدا و پشکۆ نەجمەدین بە نووسینی ” ئەزمون و یاد ” ڕەچەیەکی فرە بەرزیان لە قۆناغی ئەدەبیاتی کوردیدا شکاندووە و خزمەتێکی گەورەیان بە زمانی ستانداردی کوردی کردووە . لەم چیرۆکانەدا قزڵجی باسی کۆنە پارێزان ، مێمڵەکان و پاڕازیتەکان و چەوسێنەرانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری دەکات و ، هەڵویستی ڕەوا و مێژوویی دەگرێت و لە بەرهەم هێنەران و خولقێنەران یانی جووتیاران و ڕەنجدەران پشتیوانی دەکا و بە خوێنەرانی دەناسێنێت .
قزڵجی لەم ئاخرانەدا دوو چیرۆکی بە ناوەکانی چەکمە ڕەق و بێچوە قەل نوسیوە . بێچوە قەل بۆ جل و بەرگیکۆنەپارێزان و دماگرژەکان تەرخان کراوە . هاوکات لە گەڵ زیندانی کردنی ‌ نووسەر ئەو دوو چیرۆکەیش بزر و گوم بوون . پەیمانی دوولایی ناوی هۆنراوەیەکی قزلجیە: واسیلیوچ گوگول روسیا ( ١٨٥٢-١٨٠٩ ) ئانتوان چیخۆف روسیا ( ١٩٠٤-١٨٦٠) گی دومو پاسان فەرانسا ( ١٨٩٣-١٨٥٠) کاترین منسفیلد ئینگلیزی ، ویلیام فاڵکنەر ئامریکائی ، ئیوان توڕگیئۆف روسی، تولستوی روسی، ماکسیم گورکی روسی، گابریل گارسیا مارکز کولومبیایی، ئیڕنست هەمینگۆی ئامریکایی ، خۆرخە لوئیز بورخس ، عەزیز نسین تورکیا، سەمەد بیهرەنگی ئازربایجان، ئەحمەد خودا داد کرماشان، لە بواری کورتە چیرۆک ناو بانگیان هەیە و لە مێژوودا ناسراون . مێژووی ڕۆمان و داستان لە ئوروپا ٣٠ سێ سەد ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێش ترە .

٤- دەوری شانۆ :

هەندی لە نوسراوەکانی حەسەنی قزڵجی ، بەرەو سنووری شانۆگەری ملیان ناوە . چەندکەس قسە دەکەن و بیر و باوڕی خۆیان لە لابەلای وشەکاندا دەر دەبڕن . تاج و تەختی کوێخا هومەر و خەمڵی پەموو . نمونەی چاکی مەیدانی شانۆگەرین . چیرۆکی بێهێنە و ناوی مەیە ، شیوازی کومیدی هەیە وشانۆیەکی سەرکەوتوانەیە. لەم وتارانەدا چارە ڕەشی وەرزێر و، پێگەی کۆمەڵایەتی و ستاتوسی ڕەنجبەران بە شێوەیەکی سیحرئاوی ، و بە چاکی شی دەکاتەوە و سەرنجی بێنەر رادەکێشێت .

٥- کێشەی ژنان و هەڵویستی نووسەر :

لە چیرۆکەکانی “نەدیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت ” و ” نووشتەکەی ئامینە خان ” هەلویستی ڕیزدار حەسەنی قزڵجی لە جڵەپۆپەدا نیە و لە جێگای خۆیدا نین . کاتێک بۆ بایز قارەمانی داستان ، بە فێڵ و زمان لووسی حاجی، ژنی دووهەم ( زیبا خانم ) لە سابڵاغ مارە دەکەن . ژنە شاریەکە لە ڕادە بەدەر فەخر و لووت بەرزی بە نیسبەت ژنە گوندیەکە ( خەزاڵ ) نیشان دەدات و بە چاوی سووک و تەحقیرەوە پێ دەڵێت ژنە کرمانج . لە وڵامی بایزدا ، دەڵێت : خۆ من کارکەر و قەرەواش نیم بە ژنە کرمانجەکەت بڵێ! ئەگەرچی فەزای داستانەکە وا دەخوازێت ، ئەمما جێگای خۆی و شیاو بوو ، کە لە دەست ڕەنگینی وڕەنج و ئازاری خەزاڵ باسێک کرابا . خەزاڵ وەک ژن ، ڕۆڵەی ڕەنج و کارە و لە داوێنی مەینەت و ژیانی دژواری گوند پەروەردە بووە و ، فەرامۆش کراوە .
لە چیرۆکی نووشتەکەی ئامینە خان ، نووسەر هێچ ئیشارە و زانیارییەک سەبارەت بە ئامینە خان بە خوێنەر نادات و دوورە پەرێزە . لە حاڵێکدا ئامینە خان کچێکی گەورەساڵە ، ژیان و گوزەرانی بە مانای واقیعی تراژیدێکی لە تاڵ تاڵتر وڕاستەوخۆ بوتە قوربانی نیزام و سیستەمی فیئودالی . لە بەرهەمەکانی قزڵجی تەنیا یەک جار ” ژن ” قارەمانی داستانەکانە . لەم داستانەدا نووسەر تا رادەیەکی بەر چاو خۆی لە خەم ، پەژارە،ناهومێدی، باری نالە باری ژیانی ئامینەخان بواردووە و لە ڕاستیدا هەر بەجارێک ئامینە خان کە خۆی قارەمانی داستانەکەیە لە بیر کراوە . دەبوا نووسەر دەرد ، مەینەت ، هەژاری و هەرس هێنانی باری سایکۆلۆژی ئامینە خان و برینی ساڕێژ نە بوو و ساڕێژ نەکراوی باس کردبا و زانیاری کامیلی بە خوێنەران پێشکەش کردبا . خۆزگە نووسەرانی کورد سەبارەت بە تراژیدیای ” ئاسکە ون بوەکانی” دەشتی گەرمیان ، کە نزیکەی هەژدە کەنیشکی ناسکۆڵە بوون و ، بەعس ئەسیری کردن و لە وڵاتانی عەربی وەک کۆیلە فرۆشران و ئیستا ژیانیان تاڵ تر لە کەکرەیە، چیرۆکیان نوسیبا.

٦- داگیرکاران و ژیانی نووسەر:

بەرژەوەندی و پێلانی زلهێزەکان لە سەر قەڵاچوی میللەتی کورد و نەمانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد،جێ بە جێ کرا . حکومەتی پاشایەتی ، فیکری نوێ و تازە و قەڵەمی سانسور کردبوو و ، هاو بیرەکان ئیجازەی نوسینیان هەبوو و، بەرهەم و نووسینی دژ بیرکان بە توندی سانسور دەکرا. ئامێری گیوتین* بۆ سەر پەڕاندنی ئازادیخوازان و دژبیرەکان ئامادە کرا و کەوتە کار . بە قەولی هێژا و نووسەر کاک فەرهاد شاکەلی ، کۆماری مەهاباد جوانەمەرگ کرا و ، لەو هەموو تەقەمەنی و چەکە، هیچمان بۆ نە ماوەتەوە ، ئەمما بەرهەمەکانی هێمن ، هەژار، زەبیحی و قزلجیمان هەر بۆ ماونەتەوە . ئازادیخوازان و عەدالەتخوازان ناچار دەبن، ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بێڵن و بەرەو باشوری کوردستان کۆچ کەن . دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان ژیانی نووسەرانی دەورانی کۆمار، تراژیدیای پڕ و تژی لە مەرگەسات و کارەسات بوو . حەسەنی قزڵجی یەکێک لەو ئازادیخوازانەیە ، کە ژیانی ئاوارەگی بەرەو پیری دێت . ناچار دەبێت بۆ بەڕێوە بردنی ژیانی رۆژانە ، تووتنەوانی، کرێکاری، چایچی گەری، وێنەگری،،جووتیاری و میرزایی ناو دوکانی تاجرەکان بکات . قزڵچی وەک کوردێکی ” دیاسپورا ” لە بولغارستان بەرهەمی جوانی پێشکەش بە گەلی کورد کردووە .

٧- نووسەر و گۆڤارەکان:

هەوراز و نشێوی ژیان ، زیندان ،ژیانی ئاسایی ، ئاوارەگی و هەڵات هەڵات ، ژیانی نووسەری دیاری کردووە و سەنگەر و حەشارگەی زۆری گۆڕاوە . و هەر کات دەرفەتێک و موڵەتێکی گونجاوی دەست کەوتوە، بیر و ئەندیشەی لە وتارە کاندا کۆ کردوەتەوە و لەم گۆڤارانەدا بڵاو بونەتەوە . کۆڕی زانیاری کورد ، هەڵاڵە ، نووسەری کورد، بەیان ، ڕۆشنبیری نوێ، ڕێگا، کوردستان، ئاوات، نیشتمان، هیوا، ڕۆژی نوێ. کاتێک گەڕاوە بۆ کوردستان لە ڕۆژنامەی خەڵک ( مردم- ئوڕگانی ناوەندی حیزبی توودەی ئێران ) وتاری نوسیوە و کاری تەرجومەی کردووە.

٨- ژیانی رەنجبەران و ستەمی تۆخی نەتەوایەتی : لە سیا ساڵەکان ناسیونالیزمی پاوان خواز و ڕەگەز پەرستی داگیرکاران دەیان لوراند و ئەمنیە و پولیس ، گیرفان بڕی هەژارانی کوردستان بوون . دەزگای داپلۆسێنەری کەم هاوتا ، ڕەنجی شانی ڕەنجبەرانی هەڵدەلوشی. سیستەمی سەرکوتگەری داگیرکاران ،تۆزقاڵێکێش لە نامەردی و دڵ بەردی خۆیان نە دەبوارد . بێ گومان ستەمی نەتەوایەتی ئازاری میللەتی کورد دەدات ولێی بێزارە. میلان کوندێرا* ١٩٢٩ زاینی سەبارەت بە زمان دەڵێت : هەوەڵین هەنگاو بۆ فەوتاندن و لە ناو بردنی نەتەوەیەک ، سانسور وسڕینەوەی فەرهەنگ ، زمان وکولتوریەتی . لە ئاسۆی بیرو باوڕی نووسەر گزیر، ئاغا، شێخ ، سەید، بەگ ، کوێخا لە پڕۆسەی بەرهەم هێناندا نین . ئەگەریش هەبن فرە کز و لاوازن و، وەک مێمڵ لە سەر بەرهەمی ڕەنجی شانی کرێکاران ، ڕەنجدەران و وەرزێران دەژین . حسین قولی کە ژاندرمەیە دەڵێت: من پیاوی حکومەتم و، دەبێ دەستور و فەرمانی دەوڵەت بەجێ بگەیەنم . لە مەلای ئاوایی کە جل و بەرگی ” کوردی” لە بەر کردووە، پەڵپ و بەهانە دەگرێت، بۆ جل و بەرگی” فەرەنگی” لە بەر نە
کردووە ؟ پێنج تمەن پارە داوا دەکات . سێ تمەن کۆدەکرێتەوە و لە باتی دووتەمەنەکەی تر ، لە مەلا داوا دەکات ، قورئان بۆ دایکی مردووی بخوێنێت . لەم دوو ڕەستەدا ، ئاماژە بە دڵڕەقی کاربەدەستانی حکومەت و تێنەگەیشتوویی ژاندارەکە کراوە و، پەردەر لە سەر ئاستی بەرزی ستەمی نەتەوایەتی لا دەبا . لە داستانی چایی دیواخان، خاوەن مال شڵەژاوە و دڵەراوکی گرتویەتی ، کە ڕەنگە ژاندارەکان لە تەویلە و ئاخۆڕی ئەسپەکان ، لە ناو کادێن ولە کونەدیوارێک فیشەک قایم کەن و بشارنەوە .
و گێچەڵ و پەڵپی پێ بفرۆشن و فیشەکەکان بدۆزنەوەو ناچاریان کەن تاوانی قورس و جەریمە بدەن . ٩- لایەنگری راستەوخۆ لە عەدل و داد : کاتێک حکومەتی نیڕویژ دیاری و خەڵاتی نوبیل بە هینری کی سینجر وەزیری دەوەوی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دەبەخشێت ، هاواری نووسە بەرز دەبێتەوە . ئەمە لە بارودۆخێکدایە کە چاوی راست لە چاوی چەپ، دەستی ڕاست لە دەستی چەپ و هەنگاو لە ڕێگا و قەلەم لە کاغەز دەترسێت وئەم هەڵویستە شەهامەت و خۆبەخشیی دەوێت . پاش شکستی بزووتنەوەی کورد لە ١٩٧٥ی هەتاوی کی سینجر لە دیدار لە گەڵ ڕۆژنامەوانەکانی جیهانیدا وتی: ئێمە پشتی کوردەکانمان بەر دا . سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە کوردەکان بێ ڕەوشتانە بوو . وازمان لە کوردەکان هێنا ، تا عێراق دەستی بۆ لێدانی سووریا ئازاد بێت . کەواسا نووسەر هینڕی کیسێنجر بە شیاوی ئەو خەڵاتە نازانێت . نیکسون سەرۆک کۆماری ئامریکا داوا لە عێراق و ئێران دەکات کە بزووتنەوەی کورد سەرکوت و ناکۆکییەکانی خۆیان چارەسەر کەن و شۆڕشی کوردیش بە ” سەرەتان ” ناو دەبا . قزڵجی بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی فەرانسا و ئامریکا دەگرێت . ڕەخنەکان لە دیالۆگیکدا کە کاراکترکان بەراز، گورگ، ورچ، چەقەڵ وکەروێشکە ، باس دەکات.

١٠- تەرجومەی شاکارەکان :

ڕێزدار حەسەنی قزلچی ، هەندی لە شاکارە جوان و ناسکەکانی نووسەرانی جیهانی بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە . تەرجومەکان بەرەو لووتکە بەرزەکانی خەیاڵ هەنگاو دەنێن . دوای ئاوا بوونی کۆماری کوردستان ١٩٤٧-١٩٤٦ ی زاینی دەنگی ئازادیخوازانی نرخناس، ڕووناکبیرانی مرۆڤدۆست کپ کرایەوە . و لەو بار و دۆخ و سە ردەم و خولە تەم و مژاوی و تاریکەدا و، لە تاراوگە و هەندەران دیسان مەشخەڵی ڕووناکبیری و نوێخوازی و بیرمەندی هەڵگرتوە . قزڵجی بۆ پلورالیزم و فرە چەشنی ڕێزی هەیە . ئەم ساڵانە هەندی کتێب لە باشوری کوردستان، لە لایەن تاقمێک ” زڕە نووسەر” کاڵ فامانە تەرجومە کراوەنەتەوە ،هەر گیز ئەمانەتداریان نە کردووە و تەرجومەکان لە دارێکی زڕ و بێ بەر و ، لە تاڵاو و خومێکی حەوت ڕەنگ دەچن . لە واقیعدا تەم و مژ تەرجومەکانی داگرتوە و ، ئەوپەڕی سوکایەتی بە فەرهەنگی کورد، خوێنەری کورد و زمانی کوردی کراوە .

تەرجومەکانی قزلجی:

* مەرگی فەرمانبەر هئ ئانتوان چیخۆف بووە.
* چارە ڕەشەکان (چیرۆک ) هی ویکتور هۆگۆ بووە .
* پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا هی عەزیز نسین بووە .
* بەرهەمەکانی شولۆخۆف ، ماکسیم گورگی و ئی- هانری ئامریکایی
* ئەڤین – عیشق- هی نووسەری بولغاری بە ناوی دیمیتر نیڤانۆڤ بووە دیمیتر نیڤانۆڤ زۆر تر بە ناوی ئێلین پێلین ناسراوە .
* خۆکوشتن هی ئانتوان چیخۆف بووە .

١١- کاراکتری قزڵجی لە ماسمێدیا :

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی ماوەیەک بەر پرسی بەرنامەی فارسی و کوردی ڕادیو پەیکی ئێران بووە . ئاسۆی بیر کردنەوەی جیهانگەرایی* و سێکۆلار* بووە . لەم ماسمێدیاوە چەندین بەرنامەی عیلمی سەبارەت بە ماکسیزم و لنینیزم ئامادە کردووە و بلاوی کردوەتەوە . سوسیالیزم ، ماتریالیزمی مێژوویی، خەباتی حیزبایەتی،ئیستراتژیک ، دیالکتیک ،شۆڕشی کۆمەڵایەتی،ماتریالیزمی فەلسەفی، سەرمایەداری ، پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ، چینەکانی کۆمەلگا ، دەوڵەت ، تیئوری و پراکتیک و شێوە کاری نهێنی گرینگترین وتارەکانی بووە .

١٢- ئاسۆی بەرهەمەکانی نووسەر:

نووسەرێکی ڕئالیست و پێشکەوتوو بۆ زۆربەی هەرە زۆری شارۆمەندان دەنوسێت و، نووسراوەکانی لە خزمەت بەرژەوند و ئامانجەکانی ڕەنجبەراندایە .
لە ڕوانگەی نووسەری ڕئالیست دیواری حیزبی و ئامانجە بەرتەسکەکانی تاکە کەس و ڕێکخراوە هەرگیز نابێت پیرۆز، تاپۆ و موقەدەس بێت . لێرەدا لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندم ، هەرگیز کەم ڕێزی بە نووسەر نیە .
یەک ١: بەرهەمەکانی نووسەر بە گشتی سەبارەت بە ڕەنجدەران و “خۆش نە ژین ” ە کانی دێهاتی کوردەواری نوسراون . دەردەکان، برسێتی، نەخۆشی و نەخوێندەواری، ئازار و کوێرەوەری ڕەنجدەرانی گوندەکانی کوردستانی زەق کردوەتەوە و بۆ زۆربەیان ڕاسپاردەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانەی پێشنیار کردووە . ئایا ژیان و گوزەرانی هەژاران و قەراخ نشینەکانی شار ، لە گەڵ مەینەت و کوێرەوەری تێکەڵ نە بووە ؟ ئایا چینی تازە پێگەیشتوی بوژوازی بە نیسبەت نەداران و قەراخ نشینەکانی شارەوە، دلۆڤان و میهرەبان بووە؟ ئەگەرچی سەنعەت و پیشەسازی گەورە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بورژوائاسا هێشتا لە بەستێنی شار کز و لاوازە، ئەمما ناکۆکیەکانی ژیانی شاری و مەدەنی لە نووسراوەکانی قزڵجیدا لە ئاستێکی بەرزدا نیە و کەمتر باس کراوە و ڕەنگی داوەتەوە . لە واقیعدا بەشی ڕەنجدەرانی شار لە لایەن نووسەرەوە زۆر کەمە . پارادوکسی ناو شار و کێشە کەڵەکەبوەکانی کەمتر باس کردووە . قزڵجی لە شار ژیاوە و شار ناسە . خودی نووسەر شار بە دەری دەستی سیستەمی بورژوازی ئێرانە کە وەک کادرێکی پەڕیوە و ئاوارە، لە هەرێمی کامیاران گیرساوەتەوە . ئایا دەتوانین ئەم دیاردەیە لە خانەی ڕەخنەدا پۆلبەندی کەین؟
دوو٢ : لە چیرۆکی ” کەشکۆڵی جادوویی ” ئەگەرچی زۆر بیر و ئەندیشەی پێسکەوتووی تێدایە ، ئەمما خۆزگە نووسەر لە سەر شیواز و قاڵبی سیمبۆل و هێما داستانەکە ی نوسیبا. هەموو بەستین و زەمینەکان واقیعی و ڕئالیستین ، پاشان بەرەو ئەفسانە ی خورافی هەنگاو دەنێت . ئایا نووسەر لە ئاستێکی بەرز و شارەزایی زماندا نە بووە ، کە داستانەکە لە بەستێنی هێما و سیمبۆلدا مەترح دەکات ؟ قارەمانی داستانەکە کوڕێکی ئازا و ماندوویی نە ناسە کە ناوی وەیس ە . وەیس لە تاڵی ژیان و زەحمەتی نان بەدەس هێنان وەڕز، ئاوارە و سەرگەردان دەبێت . پێرەمێردێک چارەی دەردی دەکات . کەشکۆڵی جادوویی بە وەیس دەدات . وەیس پێ وایە و بەو قەناعەتە گەیشتوە کە لە هەموو ڕەنج و مەینەت و برسێتی ڕزگاری دەکات . ئایا کەشکۆڵی جادوویی دەتوانی چارەی دەردی دەیان میلیون هەژار وەک وەیس بکات ؟ ئایا هەڵویستی نووسەر لەم چیرۆکەدا، عیلمی و لۆژیکە ؟ ئایا نووسەر پەنای بۆ دیاردەی میتولۆژی نە بردووە؟ ئایا بیری پێشکەوتوانە ومودێڕن و عیلمی لێرەدا بزر و گوم نیە ؟
سێ٣ : لە داستانی خەمڵی پەموو ، نووسەر بە ڕاشکاوی دەور و نەقشی سەید، شێخ ، مەلا،کوێخا وگزیر کە ئامێری دەستی بەگ و فیئودالەکانن نیشان دەدات و دژی تاقمی مێمڵ و بێکارە کەبازرگانیان بە ئاین و ئاین زاکانەوە کردووە قسە دەکات. نووسەر بە ڕاشکاوی دژی هەڵسوکەوتی شێخ، بەگ، مەلا و کوێخا بووە و، هەمیشە بە چاوی گاڵتە، تەوس پەردەی لە سەر بیر و باوڕیان لا بردووە . لە یەک کەلامدا نووسەر دژی داب و نەریتی کۆن و داڕزیو و خورافی ناو کۆمەڵگا یە . بە ڕاشکاوی لە جووتیاران ، پاڵە و ڕەنجبەران دیفاعی کردووە . سۆفی نامیق ‌ قارەمانی چیرۆکەکە، هەڵویستێکی ئازایانە دەگرێ و لە گفت و قسەدا قەولی بەرخودان دژی چەوسێنەران دەدات .
ئایا سۆفی نامیق لە حاست خاوەن زەوی و دەست و پێوەندەکانی بەرخودان و ئیعترازی کرد؟ لەم پیڤاژەدا هێچ شتێک ڕوون و دیار نیە و قارەمانی داستان،کە لە داخان دەهری بووە پەیمان شکینە و لە گفتی پاشگەز بوەتەوە وسکوتی کردووە.
بۆ قارەمانی داستانەکە تۆلەی خۆی نەکردەوە ؟ پەیام و ڕاسپاردەی ئەم چیرۆکە لێڵ و مژاویە . چوار٤ : لە داستانی عادەتی بازاڕ ، چەوسێنەر و خاون کار پێش ئەوەی نهێنی و ڕازەکانی ئاشکرا بێت ، مێرزا و کاتب دەر دەکات . خۆزگە نووسەر وای گونجاندبا کە کاتب خۆی دەستی لە کار کێشابا و وازی لە کارەکە هێنابا . ڕاسپاردە و پەیامەکە لە جێگای شیاوی خویاندا نین ! پێنج ٥ : لە چیرۆکی چایی دیواخان ، قارەمانی داستانەکە یەک کاراکترە . میرزا ڕەحمان بازرگانە و لە شاردا دەژێت . پلە و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆی نزم دەکاتەوە و دەبێ بە ئاغا میرزا ڕەحمان و بەرەو ژیانی گوندنشینی ، شار بە جی دێڵت ولەم پڕوسەیەدا جێگای چینایەتی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە فیئودال . یانی جێگای چینایەتی خۆی لە بورژوازی ناو شارەوە بۆ فیئودالی ناو دێهات دەگۆڕێت . بە پێ ئوسول ، مەنتیق، قازانج و ئامانجی ئابوری باشتر وا بوو جێگۆڕکی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا مەنتیقی و لۆژیک بن .
مەسەلەن ڕەحمان ئاغا ی فیئودال بەرەو شار ڕویشتبا و ببوایە بە میرزا ڕەحمانی بازرگان . لیرەدا بوچونێکی نا ئاسایی و ئاوەژوو لە ستاتوسی بورژوازی بۆ دەرەبەگایەتی هاتوتە ئاراوە . ئەم خەسڵەت و عادەتانە لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئاوارتە و دەگمەنن . لە پێوانە ئابوری و ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵگا ،کۆچی فیئودالی دەوڵەمەند بەرەو شار و هەڵبژاردنی شوغڵی بازرگانی ئاساییتر، عادی تر و گونجاو ترە . چونکوو لافاوی گۆڕان ، هەمیشە دیاردە کۆن و بەسەر چوەکان ڕادەماڵێ . ئایا دەکرێ ئەم دیاردەیە لە یانەی ڕخنەدا پۆلبەندی بکرێت؟ مەنتیقی بیرەحمی ئابوری بە پێچەوانەی ئەم جێگۆڕکی قسە دەکات و هەڵویست دەگرێت . دەبوا فیئودالەکە ، بەرەو ژیانی شاری ڕۆیشتبا و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆی گۆڕیبا. لە نمونەی چیرۆکی نەدیداری حاجی و نە خەوی مزگەوت . نووسەر سەرکەوتوانە ڕەوتی جێگۆڕکی چین و توێژەکان نیشان دەدات . بایز قارەمانی داستانەکە لە پێگە و ستاتوسی جووتیاریەوە بەرەو دووکانداری ( وردە بورژوازی ) ناو شار ملی ناوە و نووسەر ئەم جێ گۆڕکی و کۆچە ی شارەزایانە و سەرکەوتوانە باس کردووە .

* * * * *

کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک نیشتمانە ! ئێمە لە ناو ساتە تاریکەکانی مێژوودا تێپەڕ دەبین . ئایا متمانە بە خۆ لە مێشکی ڕووناکبیرانی کورددا ، سەقامگیر بووە ؟ داگیرکاران تەنیا بە چەک و کیمیا باران ، کۆچی زۆرەملی، قەڵاچۆ، زیندان وگازی شیمیایی و لە سێدارەدان، شەڕ لە گەڵ گەلی کوردا ناکەن ، بەڵکوو بە ئامێری ماسمێدیا لە گەڵ فەرهەنگ ، کولتور و زمانی کوردیش شەڕ دەکەن . کوردستان داگیر کراوە ، کە وایە سەرخان و ژێر خانی ئابوری و هەل و مەرجی مێژوویی ئیستای کوردستان بۆ خەباتی چینایەتی گونجاو نیە . گەلی کورد ئیستا لە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی چینە جیاوازەکانیدا نیە ، بەڵکوو لە قۆناغی شەڕی ڕزگاری نیشتمانیدایە . وەرچەخانی مێژوویی و شنەی گۆڕان ، پڕۆسەیەکی کتوپڕ نیە . هەندی فاکتور و بنەمای کۆمەڵایەتی لەئاکتیڤ و پاسیو بوونی ڕوداوەکان دەوریان هەیە . بە خاتری سکوتی ئازادیخوازان و مرۆڤە ڕادیکاڵەکان و نە بە خاتری سیستمە خراپەکان ، جیهان پڕە لە جەنایەت و بێ عەدالەتی . تەرجومەی شاکارەکانی ئەدەبیاتی جیهان* بۆ سەر زمانی کوردی، دەتوانی، پردی پەیوندی بێت و زمانی کوردی لە گەڵ ئەدەبیاتی جیهانیدا گرێ بدات . مرۆڤ سەری سورماوە بۆ حەجمی بەرهەمی شاعیرانی کوردستان لە حەجمی پەخشانی نووسەرەکان زۆر ترە ؟ نووسەرانی تر بەرهەمی چاکیان نوسیوە و ،کاتێک بە بیرخانەی مێشکم دا چوومەوە ناوەکانیانم وە بیر نەهاتەوە . بە باوشێکی تژی لە خۆشەویستی بۆ ئەو نووسەرانە هیوادارم دڵمەند نەبن و دڵنیام لە بیر چوونی ناوکانیان لە گەورەییان کەم ناکاتەوە .
———————————- ———- تەواو

زانیاری پێویست :

١- ئەحمەد خودا داد(١٩٥٥-١٨٨٢ ) یەکەم چیرۆک نووسی کوردە ، لە گوندی دینەوەری ناوچەی کرماشان لە دایک بووە ، کتێبی- روزگار سیاە کارگر- ی نوسیوە کە جەناب عەبدواللەی مەردۆخ بە ناوی چارە ڕەشی وەرزێر کردوویە بە کوردی . ساڵی ١٩٢٧ ی زاینی بۆ یەکەم جار بە زمانی فارسی لە کرماشان چاپ و بڵاو کرایەوە . ساڵی ١٩٣٠ زاینی لە لایەن ئەلف – شەهری یەوە بە زمانی روسی تەرجومە و لە مۆسکۆ بڵاو کرایەوە . وساڵی ١٩٣٥ ی زاینی دیسان لە تاشکەندیش چاپ کرایەوە .
٢- ئێبراهیم ئەحمەد : سەر نووسەری گۆڤاری گەڵاوێژ چەندین چیرۆکی ئینگلیزی بە زمانی کوردی تەرجومە کردوە و،لە گەڵ کورتە چیرۆکەکانی خۆی لەم گۆڤارەدا بلاوی کردونەتەوە . ئیبراهیم ئەحمەد شیعری ” یاران ” کە هی خۆی بووە بە بۆنەی لە سێدارەدانی قازی موحەمەد و شیعری ” ئەی نائومێدی” پیرە مێردی بە بۆنەی ڕوخانی کۆماری کوردستان لە گەلاوێژدا بڵاو کردوەتەوە . ٣- ساتیر : هەمان ئێرۆنی ، گاڵتە،تەنز و توانجە . کە نووسەر بۆ دەربڕینی ڕاسپاردە، پەیام و مەبەستەکانی، پەنا بۆ ئەم گەنجینە هونەریە دەبا. ٤- ژێ – کاف : ڕێکخراوەیەکی نهێنی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو . کە ڕێزدار و هێژا جەناب عەبدولرەحمان زەبیحی ، . لە ئاستێکی بەرزدا، ڕێبەری ئەم ڕێکخراویەی دەکرد . لە ئەساسدا ناوی ڕێکخراوەکە، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بووە .
٥ – دیاسپورا : وشەیەکی یونانیە و، لە جڤاک ناسی هاوچەرخدا بە پرژ و بڵاو بونەوەی جولەکە لە جیهاندا، دیاسپورا دەڵێن . پێم وایە ئەم تەعبیرە بۆ کوردی هەندەرانش لۆژیک و گونجاوە.
٦- مەلا نەسرەدین : گەورەترین هونەرمەندی سوڕیالیست بوو . ئیستاش چەند ولات و لە وانە: تورکیا، ئێران ، کوردستان ، سوریا ، عیراق مەلانەسرەدین بە نووسەری خۆیان دەزانن . ئایا زمانی دایکی مەلا چ بووە و بە چ زمانێک قسەی کردووە ، هیشتا مەعلوم نیە . ٧- بەڕێزان: ئیبراهیم یونسی و موحەمەدی قازی دوو وەرگێڕی پایەبەرزی گەلی کورد، شاکارە جوانەکانی ئەدەبیاتی جیهانیان بۆ سەر زمانی ” فارسی ” تەرجومە کردوەتەوە و ، پردی پەیوەندی نێوان کولتور، فەرهەنگ و زمانە جیاکانی جیهان بوون . هاو کات خزمەتی گرانبەهایان لە بواری تەرجومەدا تۆمار کردووە.
٨- ئەحمەدی خانی( ١٧٠٧-١٦٥١ زاینی) مەم و زین ی نوسیوە کە لە واقیعدا ڕمئو و ژولیت ی گەلی کوردە .
٩- دوکتور گیوتین : خەڵکی فەرانسا بوو و، ئامێری سەر بڕینی دروست کرد و تەنانەت خودی دوکتوریش لەم ئامێرە ترسناکە ڕزگاری نە بوو و، سەری خۆیشی پەڕاند و داپاچی .

( Satir , Ironi ) , Orthography,Globalization,Secularism,Milan Kundera,Diaspora

ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی
ئوکتوبری ٢٠١٦ سوید




“گومان نیەکەم فڵانی” *…. هەژێن

سەرنجێكی کورت لەسەر بابەتی “چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم” نووسینی ئەحمەد ڕەزا.

بەرایی: ئەگەر نووسەر پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نەکردایە و ناکۆکبوونی ئەو بۆچوونە لەتەك بنەماکانی ئەنارکیزم نەبووایە، کە بە زیانی بزووتنەوەی (گاگۆڵێکەری) ئەنارکیستی لە هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، منیش ئەو بۆچوونەی نووسەرم وەك بۆچوونی هەر وردە-بۆرجوازییەکی ناڕازی دیکە وەردەگرت، کە چاوەڕێی “حکومەتی باش و سەرۆکی باش و پارلەمانتاری باش” دەکات.

هەر ئاوا لەبەرئەوەی نووسەر لێرە و لەوێ لەبارەی هزری ئەنارکیستی خەریکی کۆڕگێڕانە و خۆی بە ئەنارکیست دەناسێنێت، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن لەم بابەتەی بە ئەرکی ئەنارکیستانەی خۆم دەزانم و بە بۆچوونی من ئەو هەمووە پاگەندە بۆ “ڕوناکبیربوون” و تێرکردنەی نارسیزم سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەنارکیستبوون و ڕەفتار و ئەتوار و گوفتاری ئەنارکیستەکانە و بێجگە لەوەی کە بۆچوون و نێوەڕۆکی کۆڕەکانی سەرنج و ڕەخنەیەکی زۆر هەڵدەگرن، کە سەرنجدان لەبارەی ئەو کۆڕانە بۆ بوارێکی دیکە هەڵدەگرم.

نووسەر هەر لە تایتڵی بابەتەکەیەوە، گومان لەوەدا ناهێڵێت، کە ئەوە بڕوای تەواوی خۆیەتی و ئاوا بیردەکاتەوە و ئەوە ئەڵتەرناتیڤی ئەوی ئەنارکیستە :”چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم”

پێش هەموو شت، بە پێویستی دەزانم، کە لە نووسەر و زۆربەی ئەوانەی کە واژەی “ڕاستەقینە” بەکاردەبەن، بپرسم مەبەست لە ڕاستەقینە چییە؛ بنەڕەتی، تەواو، دوا هیوا و ..تد؟ ئێمەی خوێنەر چۆن بتوانین لەنێو دەریای پاگەندەی “ڕاستەقینەکان” بزانین کامە دانە ڕاستەقینە و کامانە ناڕاستەقینەن؟ پاڵنەر و هێز و وروژێنەری ئەو هەمووە “یەقینە” چییە و کامەیە؟

ئایا دەکرێت بزانین ئەم بابەتە بێجگە لە “دەوڵەتی باش و فەرمانداریی باش و پارتیی باش و دەسەڵاتی باش و سەرۆکی باش” ھەر بەو جۆرەی کە سەران و لایەنگرانی گشت پارتیییەکان بەتایبەت پارتییەکەی (نەوشیروان موستەفا) پاگەندەی دەکەن، چی دیکە دەکاتە ھەتوانی بیرینەکان؟

پاشان، ئەگەر خاڵی یەکەم و دوو خاڵی کۆتایی، کە بە زۆردارەکی و بۆ جوانکردنی خۆشباوەڕیی خاڵەکانی دیکە بەو بابەتەوە لێندراون، لابدەین، بێجگە لە ڕیفۆرمکردنی سەروەریی چینایەتی چی لێ دەمێنێتەوە؟

بێجگە لەوە “دەستبەردار بوون لە سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ.” واتای چییە؛ خاڵی یەکەم بە ھەندوەربگرین یان خاڵی دووەم ؟ من کوردی نازانم یان نووسەر خەریکە سەر لە ئێمەی خوێنەر دەشێوێنێت؛ دەستبەرداربوون واتە وازهێنان لە شتێك، ئایا داخوازییەکەی نووسەر، داخوازیکردنی وابەستەبوون و پابەندیی “ڕامیاریی ئابووریی سەربەخۆ” ؟ ئەی ئابووریی سەربەخۆ چییە، ئایا مەبەست لە سەربەخۆیی ئابووریی کۆمەڵە ئازادەکانە یان شێوازێکی ئابووریی نوێیە و بە گوێی ئێمە نەکەوتووە؟

ئایا ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵانەی کە نووسەر دیاریکردوون،
…. ” * دوورکەوتنەوە لە گزی و فرت و فێڵی هەڵبژاردن.
* دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی زەعامەت.
* دوورکەوتنەوە لە ڕۆشنبیریی بازاڕیی، کە دەسەڵاتی هەرێم پشتیوانیی زۆری لێ ئەکا.
* دەستبەردار بوون لە مەحسوبییەت.
* پیادەکردنی سیاسەتێکی ڕۆشن. * موحاسەبەکردنی دزو مافیاکان بە ئاشکرا ..”
جێبەجێبکەن، ئیدی تاکی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھیچ گرفتێکی نامێنێت و ” وڵات خۆی ئەبێ بە شامی شەریف.” و نووسەریش لەتەك سەروەریی چینایەتی گرفتی نامێنێت؟ ئەی پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نووسەر لەپێناو چییە و ئەنارکیزم لای ئەو چی دەگەیێنێت؟ ئایا ئەنارکیزمێك کە نووسەرلەنێو ئەو نووسینەی پێشنیاریدەکات و پاگەندەی دەکات، بێجگە لە هەمان “بۆچوونی وردەبۆرجوازییانە” کە مارکسیستەکان تۆمەت دەیدەنە پاڵ هزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی، چی دیکە دەتوانێت ببێت؟

ئەی لە کام سەردەم و کام گۆشەی جیھان لە سایەی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتی ڕویداوە ” زامنکردنی ئازادیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. ” مسۆگەربکرێت، تاکو لە سایەی سەروەریی بۆرجوازی کورد پەرجووی ئاوا ڕوبدات ؟

دوا جار دەکرێت “ڕوناکبیری ئەنارکیست” بە ئێمەی خوێنەر بڵێت، کە ئەو بێجگە لە پێکھاتەیەکی قووچکەیی و نێوەندگەرای دەوڵەتیی و فەرمانداریی لە ” بەکانتۆن کردنی ناوچەکانی هەرێم لە ناوخۆداو گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم.” چ تێگەییشتنێکی دیکەی ھەیە؟

بە گوێرەی بۆچوونەکانی پڕۆدۆن تاکو بۆکچین، کە وەك ئەنارکیستێك لەبارەی خۆبەڕێوەبەریی و فێدراڵیزم زۆرترین قسەیان کردووە، کاتێك کە ناوچەکان بکرێنە کانتۆن، واتە بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکان بەسەر کانتۆنەکان و لەنێو کانتۆنەکان بەسەر ڕێکخراوە و هەروەزییە کۆمەڵایەتیەکان دابەشدەکرێت و پێکهاتەی نێوەندییانە و قووچکەییانەی بەڕێوەبردن ڕەتدەکرێتەوە و بەڕێوەبردن ئۆتۆنۆمیانە دەبێت و لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ ڕێکدەخرێت.

ئیدی “گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم” چ داھێنانێکە و دەکرێت بزانین لە کوێی ھزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئاوا بۆچوونێك بۆ فێدرالیزم و پێکھاتە و ڕێکخستنی فێدرالیستی ھەبووە و ھەیە و کامە بنەمای ئازادیخوازیی ئەنارکیزم پشتیوانی لە ئاوا بۆچوونێکی وردەبۆرجوازییانە ** دەکات؟

—————
* “گومان نیەکەم فڵانی” : پەند و دەستەواژەیەکی کەلهوریی ناوچەی کرماشانە.

** وردەبۆرجوازی : مەبەست ڕێفۆرمکردنی بەڕێوەبردنی نێوەندگەرا و قووچکەیی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتییە، هەر بۆچوونێك کە لەتەك هەبوونی سەروەریی چینایەتی، ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا و بەرتەریی دەستەبژێر و هەبوونی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەت و بازاری کڕین و فرۆشتن گرفتی نەبێت.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە لەسەر فەیسبووك : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554854234708924

*** خوێنەری هێژا بۆ خوێندنەوە و بەراوردکردن دەتوانێت لەم لینکەی خوارەوە بابەتەکەی نووسەر بخوێنێتەوە:
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=323852451327486&set=a.107045833008150.1073741828.100011082004129&type=3

٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦




به‌ڵگه‌نامه‌کان له‌سه‌ر هاوکاریکردنی داعش! …. نوری به‌شیر

جه‌نگی موسڵ له‌شه‌شه‌مین هه‌فته‌ی خۆیدا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌. رۆژانه‌ هه‌واڵه‌کان که‌منین له‌ تراژیدیای ئینسانی جۆراوجۆر له‌م جه‌نگه‌دا رووده‌ده‌ن، له‌وه‌ی که‌داعش به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ژن و منداڵ و پیر ئه‌نجامی ده‌دات، ‌له‌به‌کارهێنانی خه‌ڵکی موسڵ وه‌ قه‌ڵغانی به‌شه‌ری، به‌کارهێنانی مناڵان بۆ خۆته‌قانده‌نه‌وه‌، به‌رده‌وامی له‌ئازاردان و ئه‌شکه‌نجه‌ خه‌ڵكی شاره‌که‌، گوله‌بارانکردن، ترساندن و کۆیلایه‌تی جنسی ژنان. هه‌روه‌ها گیرخواردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌داو له‌ژێر ره‌حمه‌تی شه‌ڕی زه‌مینی و ئاسمانیدا. بینینی ئه‌و ڤیدۆ و وێنه‌ دزه‌پێکراوه‌ که‌مانه‌ی ناو جه‌نگه‌که‌ که‌ ویژدانی هه‌موو مرۆڤێکی ئینساندۆست ده‌هه‌ژێنێت، له‌وه‌حشیگه‌ریه‌ک هه‌ردوو لایه‌نی جه‌نگه‌که‌ له‌و جه‌هه‌نمه‌ی که‌بۆ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی موسڵیان دروستکردوه‌ بێوێنه‌یه‌ له‌‌رۆژانه‌ی جه‌نگی کۆنه‌په‌رستانه‌ی به‌ره‌ی تیرۆرو دژه‌ تیرۆردا. به‌ره‌ی دژی تیرۆر له‌ژێرناوی ئازادی موسڵ و رزگاری خه‌ڵکی موسڵدا و تیرۆریستانیش له‌ژێر ناوی به‌رگری و پیاده‌کردنی سه‌وابته‌کانی ئیسلامدا، هه‌موو شتێکی ئینسانیان ژێر پێناوه‌و هه‌روه‌ها سیمای شارستانیه‌تیان به‌و کۆمه‌ڵگاو شاره‌که‌وه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ماسمیدیای بۆرژوازیه‌وه‌ بڕوانین و به‌شێک له‌هه‌وڵه‌کان ببیستین و ببینین که‌هێشتا ئه‌حصایی ته‌واو له‌کوشتار و پێشێلکاریه‌کان ناده‌نه‌ ده‌ست، ته‌نها له‌مانگی ئۆکتۆبه‌ردا به‌پێی قسه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌کۆی 1792 کوژراو له‌عێراقدا 1120 ی مه‌ده‌نیه‌، ته‌نیا له‌و جه‌نگه‌ی موسڵداو له‌وماوه‌یه‌دا 566 مه‌ده‌نی کوژراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ر به‌پێی به‌شی په‌نابه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌له‌م جه‌نگدا چاوڕێی یه‌ک ملیۆن ئاواره‌ن، له‌ کۆی ئه‌و یه‌ک ملیۆن و نیوه‌ که‌ له‌نێو به‌رداشی ره‌حمه‌تی ئاگری هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌دان له‌موسڵ، سه‌د هه‌زاری تێپه‌ڕاندوه‌. ئه‌م گۆشه‌یه‌ له‌هه‌واڵه‌کان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که رۆژانه‌ ‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌ده‌ست ئه‌و هێزانه‌وه‌ چیان به‌سه‌ر دێت و چی کاره‌ساتێکی ئینسانی ده‌خولقێت. جه‌نگی موسڵو جه‌نگی سوریا و لیبیاو یه‌مه‌ن له‌ژێر ناوی دژی تیرۆردا، هه‌مووی په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌زارین به‌نێوچه‌وانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازیه‌کانیانه‌وه‌‌.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌روخساری مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا و ژێرخانی کۆمه‌ڵگا چی به‌سه‌ر هاتووه‌‌، داعش له‌دوو ساڵی رابردوودا به‌تێكدانی روخساری مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا و پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ژێر ناوی ‌ئه‌وانه‌ روخساری کوفرن و له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلامدا نایه‌نه‌وه‌، مۆری خۆی داوه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌. ئه‌وه‌ی که‌ماوه‌ به‌لێدانه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یماننانی ئه‌وه‌نده‌ی تر وێران ده‌کرێن. هه‌واڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئاخرین پردی سه‌ر روباری دیجله‌ به‌ناوی پردی‌ فه‌یسه‌ڵیه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، ئه‌مه‌ ئاخرین پرده‌‌ له‌کۆی‌ پێنج پرد که‌ چواره‌که‌ی تر پێشتر ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌‌، ئه‌م پردانه‌ به‌سه‌ر روباری دیجله‌وه‌ن که‌شاری موسڵ ده‌کات به‌دوو به‌شه‌وه‌و پرده‌کان ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شاره‌که‌ی به‌یه‌کیه‌وه‌ به‌ستبووه‌وه‌، پرده‌کان رێگای هاتووچۆی ئه‌مبه‌رو ئه‌و به‌ر بوو، ته‌قاندنه‌وه‌ی پرده‌که‌ له‌ژێر ناوی دابڕانی داعش له‌یه‌کتر له‌به‌ری رۆژئاواو رۆژهه‌ڵاتی موسڵدا، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵکی موسڵ دروستده‌کات. هه‌روه‌ها وێرانکردنی ناو شاره‌که‌یش له‌خانووبه‌ره‌و بیناکانی ده‌وڵه‌تی له‌قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌… به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌روخساری مه‌ده‌نیه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ به‌پێوه‌ نه‌ماوه‌. به‌جیا له‌وه‌ی که‌هه‌ر هێزه‌ که‌داعش له‌ناوچه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌ن و خۆیان جێگره‌وه‌ی ده‌بن، به‌پێی مه‌رام وسیاسه‌تی خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌وناوچه‌یه‌دا کاربکه‌ن و سیاسه‌تی خۆیان پیاده‌ بکه‌ن و خۆیان ده‌رخه‌ن؛ لایه‌نێک که‌نیسه‌کان ده‌کاته‌وه‌و ئه‌وی که‌مزگه‌وت و ئه‌وی که‌یان ئاڵای تایفی و قه‌ومی له‌سه‌ربانه‌کان به‌رزده‌کاته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌دا، له‌خودی دانپیانانی میدیاو ماسمیدیای رۆژانه‌ هه‌واڵی بۆرژوازیدا، به‌ڵگه‌نامه‌ی نوێ له‌سه‌ر هاوکاری داعش له‌لایه‌ن به‌ره‌ی دژی تیرۆرو دژی داعش که‌له‌م جه‌نگه‌دا به‌شدارن ئاشکرا ده‌بێت. که‌هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێکی ئینساندۆست و لایه‌نێک که‌مه‌سه‌له‌ی ئینسانی بۆ ئه‌صڵ بێت ده‌بێت خۆشباوه‌ڕی به‌و هیزانه‌ی هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌ نه‌مێنێت‌‌، به‌هه‌موو هێزه‌کانی به‌شداربووانی و و هه‌موو جۆره‌ ره‌نگه‌ دینی و قه‌ومی و تایفیه‌کانه‌وه‌، زه‌روره‌ که‌ ریسوا بکرێن.
‌ئاخرین به‌ڵگه‌نامه‌کان له‌هه‌واڵه‌کانی کۆمه‌ك و هاوکاریکردنی داعش و رێکه‌و‌تنه‌کان له‌سه‌ر به‌شداری له‌م جه‌نگه‌دا ده‌رده‌که‌ون‌. له‌لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌دا که‌له‌ 22ی نۆڤه‌مبه‌ردا و له‌لایه‌ن بی بی سی یه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، واته‌ چه‌ند رۆژێک له‌ مه‌وبه‌ر به‌ناونیشانێکی گه‌وره‌ پرسیار کراوه‌، ‌ئایا داعش چۆن یارمه‌تی و کۆمه‌كی و ته‌قه‌مه‌نی پێده‌گات، له‌رونکردنه‌وه‌که‌‌دا ده‌ڵێ له‌رێگای ئه‌مه‌ریکاو سعودیه‌و وڵاتانی ئه‌و‌روپاو تورکیاوه‌ هاوکاری ده‌کرێت. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ رونکردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌ده‌ن و ده‌ڵێ له‌وکاته‌ی که‌چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له‌وڵاتانێکی ئه‌ورپاوه‌ ده‌کڕرێت له‌ماوه‌ی دوو مانگدا ده‌گاته‌ ده‌ست داعش. جه‌یمس بافیان و ده‌سته‌ پشکنه‌ره‌که‌ی و وه‌ک ده‌سته‌یه‌کی رۆژنامه‌نوس، که‌ده‌چنه‌ شارۆچکه‌ی قه‌ره‌قوش له‌‌نزیک ‌موسڵ له‌پاش ده‌رکردنی هێزه‌کانی داعش له‌و ناوچه‌یه‌و به‌جێمانی که‌لوپه‌ل و ته‌قه‌مه‌نی هه‌موو شته‌کان ده‌بینن. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ که سه‌ر به‌رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆن و بنکه‌یان له‌به‌ریتانیایه‌، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ده‌که‌ن له‌ئاستی دنیادا، ئاشکرایان کردوه‌ که‌ئه‌م چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ به‌ره‌سمی ئه‌مریکاو سعودیه‌ له‌وڵاتانێکی ئه‌وروپا کڕیویانه‌ به‌حساب بۆ ئۆپۆزسیۆنی پرۆ ئه‌مریکایی له‌سوریا که‌دژی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دن نێرراوه‌ته‌ تورکیا، به‌ڵام دیاره‌ له‌رێگای ده‌وڵه‌تی تورکیاوه‌ و به‌پێی رێکه‌وتنی ژێربه‌ژێر، به‌زویی گه‌یه‌نراوه‌ته‌ هێزه‌کانی داعش له‌سوریا و ‌عێراق. به‌تایبه‌ت به‌شێکی ئه‌و هاوکاریانه‌ی داعش‌ له‌ته‌قه‌مه‌نی که‌نیوه‌ ئاماده‌ن بۆ به‌کارهێنان، مارکه‌کانی سه‌ری تورکین.
هه‌ر له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هێزه‌کانی به‌شداربوونی جه‌نگه‌که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ئه‌مریکا، تورکیا، ئێران، هێزه‌ چه‌کداره‌کانی بارزانی، حه‌شدی شه‌عبی و هێزی سه‌ربازی و پۆلیسی عێراقی به‌به‌رنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناو جه‌نگه‌که‌و به‌شداری ده‌که‌ن و ئاماده‌کاری به‌شی خۆیان له‌موسڵی دوای داعش ده‌که‌ن. به‌دانپیانانه‌کانی ئه‌مریکاو حکومه‌تی عێراقی، له‌وه‌ی بارزانی و پێشمه‌رگه‌ پاره‌یان وه‌رگرتوه‌ بۆ به‌شداری له‌م جه‌نگه‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ به‌دوای قسه‌کانی مه‌سعود با‌رزانیدا له‌به‌عشیقه‌دا دێت،‌ که‌وتی دوای ده‌کردنی هێزه‌کانی داعش له‌موسڵ ئێمه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ناكشێنیه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو یه‌کسه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی عه‌بادی و تاکیداتی ئه‌مه‌ریکای لێکه‌وته‌وه‌ که‌پێشتر رێکه‌وتوون له‌سه‌ری ئه‌وه‌ی که‌هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شداری ئه‌م جه‌نگه‌ پێده‌که‌ن به‌دوای ده‌رکردنی داعش له‌موسڵ ده‌بێ بکێشێننه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا بڕی 415 ملیۆن دۆلاریان داوه‌ته‌ بارزانی‌. هه‌ر بۆیه‌ با‌رزانی زوو له‌قسه‌کانی پاشگه‌زبۆوه‌.
هه‌روه‌ها به‌جیا له‌وه‌ی که‌هه‌رزوو هێزه‌کانی هاوپه‌یمان تاکیدیان له‌هێشته‌وه‌ی رێگا بۆ ده‌رچوونی هێزه‌کانی داعش کردوه‌و هه‌واڵه‌کان ئه‌مه‌‌ پشت راستده‌که‌نه‌وه‌ که‌ 200 داعش به‌ره‌و سوریا ده‌رچون په‌یوه‌ندیان به‌داعشه‌کانی سوریاوه‌ کرده‌وه‌و له‌وی ده‌جه‌نگن، ئه‌مه‌ به‌جیا له‌و داعشانه‌ی که‌ده‌وترێ له‌ رێگای هێزه‌کانی حکومه‌تی تورکیاوه‌ که‌له‌ده‌وری موسڵن به‌ڕێکراون و نه‌جاتدراون.
هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌گۆشه‌یه‌کی بچوکن ‌له‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ماوه‌یه‌ی جه‌نگدا که‌ئاشکرابوون، به‌ڵام زۆری تر ماوه‌که‌ له‌دریژماوه‌ی جه‌نگه‌که‌و دوای جه‌نگه‌که‌دا له‌هاوکاری داعش و ‌به‌ڵگه‌نامه‌و پێشێلکاریه‌کان ده‌رده‌که‌ون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێ سه‌رنجی بدرێ ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌کی پێشوه‌ختی و به‌ڵگه‌نامه‌کان له‌هاوکاری لایه‌نه‌کانی دژه‌ تیرۆر له‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی له‌م جه‌نگه‌دا نه‌ک دژه‌ ئیسلامی سیاسی، سه‌ره‌تاکانی دیاره‌ که‌دوای ده‌رکردنی هێزه‌کانی داعش له‌موسڵ، ده‌بێ خه‌ڵکی موسڵ چی به‌ڵایه‌کی خراپتری به‌سه‌ربێت له‌وه‌ی که‌ئێستا هه‌یانه‌، به‌ده‌ست ده‌سته‌جاتی ئیسلامی‌ سیاسی ترو هێزی قه‌ومی و تایفیه‌وه له‌جه‌نگ و کوشتارو هه‌ژاری و بیخانه‌و لانه‌یی و چه‌ندبه‌ره‌کی که‌به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێت‌. که‌ کاریگه‌ری ئه‌وانه‌ هه‌موو خه‌ڵکی موسڵ و کوردستان وعێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ترسێکه‌و واقعیه‌و ده‌بێ به‌جدی وربگیرێت، که‌ ته‌نیا به‌هێزی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش، کۆمۆنیسته‌کان و به‌ره‌ی ئازایخواز ده‌توانرێت به‌ری پێبگیرێت.

27/11/2016




دڵ بۆته‌ پشیله‌ …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ راستیدا باوه‌ڕم به‌ هیچ نییه‌
تازه‌ دنیا خۆش ناكاته‌وه‌
به‌ڵام وا خۆم نیشان ده‌ده‌م
وازم له‌ خه‌مان هێناوه‌
ئه‌وه‌ منم
رێك پێچه‌وانه‌ی مردن دڵم چاوه‌ڕوانی ده‌یبا
به‌ڵام باوه‌ڕم به‌ هیچ نییه‌
ده‌زانم دڵ نائارامه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێ‌ له‌ ده‌رگا بدا و بڵێ‌
له‌ خه‌و هه‌ڵسه‌ دنیا ده‌ڕوا
قاچه‌كانم له‌ هیچ ده‌ئاڵێن
ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه‌ پشیله‌یه‌ك ده‌میاوێنێ‌
گوێ‌ له‌ پشیله‌ ده‌گرم
وه‌ك ئه‌وه‌ی گوێ‌ له‌ دڵ بگرم
ده‌ڵێم هیچ نییه‌
تازه‌ دڵ خۆش ناكاته‌وه‌
ده‌زانم ناتوانم واز له‌ خه‌مان بێنم
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ وا خۆم ده‌رده‌خه‌م هیچ نه‌بووه‌
دڵ له‌بن خه‌مان ده‌ناڵێ‌
چاوی پشیله‌ له‌بن تاریكی ده‌تروسكێ‌
تازه‌ خه‌یاڵ خۆش ناكاته‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێم بڕوام به‌ هیچ نییه‌
خه‌و ده‌مباته‌وه‌
له‌ خه‌ونمدا دنیا ده‌ڕوا
رووم له‌ تاریكی وه‌رگێڕاوه‌
نازی پشیله‌ ده‌كێشم
ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه‌
رێك پێچه‌وانه‌ی تاریكی دڵ ده‌میاوێنێ‌
ده‌ڵێم هیچ نییه‌
دڵم بۆته‌ پشیله‌

16/10/2016




مەرگی کاسترۆ و هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان !! … سەردار عەبدوڵا حەمە

ئایا کاسترۆ کۆمۆنیست بوو؟کاسترۆ دیکتاتۆر بوو ؟ کوبا سۆشیالیست بوو ؟پروپاگەندەی ئیمپریالیزم و دۆستەکانی لە جیهاندابۆ ناساندنی کاسترۆ چەندە ڕاستە ؟ئایا کوباییە پرۆ غەربیەکان بۆ ئاهەنگیان گێڕا بۆ مەرگی کاسترۆ؟ کۆمۆنیستە ئەنتی ئەمپریالیستەکان کێن ؟ ئایا بۆچی زۆرێک لە هاورێیانی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک چەپی ئەنتی ئیمپریالیست باسیان لە مەرگی کاسترۆ کرد؟. ئەمانە زۆر پرسیاری تر لە دوای مەرگی کاسترۆ وەڵام درانەوە . منیش لە ڕوانگەی خۆمەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەمەوە.
مەرگی کاسترۆ بۆ من جێگای نیگەرانیە وەک ئینسانێک . کەسانێک لە فلوریدای ئەمەریکا بە ناوی بەرهەڵستکارانی کوبا ناسێنران هاتنە سەر جادە و خۆشحاڵی خۆیان بۆ مەرگی کاسترۆ دەر ىڕی دیارە ڕاسیستەکانی ئەمەریکا لە پشتی ئەمەوە بوون ، بە بڕوای من خۆشحاڵی دەر بڕین بۆ مەرگی هەرکەسێک سەرچاوەکەی فاشیزمە ، ئەوەش بەرهەمی دیموکراتیەکەی ئەمەریکایە . ئەگەر مەرگی هەرکەسێک بە ئاوات بخوازی نیشانەی بێتوانایی خۆتە لە سەلماندنی بیرو راکانی خۆت لە بەرانبەریدا ،تۆ ئەگەر دژی کەسێکی فاشیست و دیکتاتۆریش بیت دەبێ هەوڵ بدەی عەقلە فاشیەکەی ودەسەڵاتە فاشیەکەی بکوژی نەک خاوەنەکەی. ئەو شادی دەربڕینە ئەوەندە شەرم ‌هێنەر بوو سەرۆکی گەورەترین هێزی ئوپۆزسیۆنی کوباش دژی ڕاوەستا.
ئەگەر بێمە سەر کۆمۆنیست بوونی کاسترۆ و سۆشیالیست بوونی کوبا دەڵێم ئەگەر پێوەری ڕابەڕی کۆمۆنیست ئەوە بێت وەک پێشڕەوەی چینی کرێکارو سازماندانی ئەم چینە بۆ شۆرشی کۆمەڵایەتی وسۆشیالیزم چاو ی لێ بکەین ، وە هێزی سەرەکی شۆرش چینی کرێکار بێت ڕابەری کردنی ئەم چینەش بۆ شۆرش ئەرکی ڕابەڕی کۆمۆنیستی بێت ئەو کات ناتوانین بڵێین کاسترۆ ئەو رابەڕە کۆمۆنیستە بوو چونکە هێزی سەرەکی شۆرشەکەی توێژی ووردە بورژوازی بوو بە ڕادەی سەرەکیش رۆشنبیران بوون وەلە شۆرشی کوبادا چینی کرێکار و تەنانەت جوتیارانیش هێزی سەرەکی نەبوون وە سیاسەتی ئەو شۆڕشە کرێکاری نەبوو. ئەو سۆشیالیزمەی کە کاسترۆ وجەنگاورەانی کوبا کە ئەو کاتە چیکڤاراشیان لە گەڵدا بوو لە سەرەتای شۆڕشدا بانگەوزایان بۆ دەکرد جگە لە سۆشیالیزمی یۆتۆپی ووردە بورژوازی هیچی تر نەبوو بۆیە سیستەمەکە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش نەیتوانی ببێتە سۆشیالیستی وە نەیتوانی لە سەرمایەداری دەوڵەتی زیاتر بڕوات . بۆ پاراستنی ئەم جۆرە سیستەمەو بۆ مانەوەی خۆی لە بەرانبەر هێزە بۆرژوازیەکانی لایەنگری بازاری ئازاد چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە پێویستی بە سەرکوت بووە و جۆرێک زەبروزەنگ کە یەکسانە بە دیکتاتۆریەت
هەر لە ساڵی ١٩٥٩ وە کە شۆرش سەرکەوتنی بە دەست هێنا ‌تا ئێستاش لە کوبا سۆشیالیزم دانەمەزراوە لەم ووڵاتەدا بۆچی؟ یەکەم لە هەر وڵاتیکدا کە شۆرشی سۆسیالیشتی تێدا ئەنجام بدرێ ئەرکی شۆڕش هەڵوەشاندنەوەی کاری بە کرێ و خاوەنداریەتی تایبەتیە تەنانەت بە خاوەنداریەتی دەوڵەتیشەوە ئەم کارە نەکراوە لە کوبا، ‌ دووەم هەڵبژاردن لە ڕێگای کۆبونەوە گشتیەتەکان و شوراکانەوە نەکراوە لەو ووڵاتەدا ، نەدەبوو سەرۆک کۆماریش خودی کاسترۆ بێت بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ بە بێ هەڵبژاردن.
ئەگەر کوبا سۆشیالیشت نیە ئەی چیە؟ بە بڕوای من کوباسەرمایەداری دەوڵەتیە ،سەرمایەداری دەوڵەتی وەک مارکس دەڵێت هەنگاوێک لە پێشترە ، ئەمە بۆ وایە چونکە ئابوری لە دەست دەوڵەت بێت باشترە تا لە دەست چەند دەوڵەمەندێک بێت ،چوکە دابەش کردنی سامانی ووڵات زۆر ناعادیلانە تر دەبێ. لە سەرمایەداری دەوڵەتیدا بەشێک لە سامان تەرخان دەکرێ بۆ خەڵکی کەم دەرامەت کۆمەڵیک دەسکەوت هەیە کە زۆربەی خەڵک سوودی لێ دەبینێت وەک خۆڕایی کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی وخوێندن و بیمەی بێکاری و بیمەی پەککەوتەو بە ساڵاچوەکان وخانە نشینی لە سەرمایەداری دەوڵەتیدا دەسەڵات ئەریستۆکراتیە ،هێزی سوپاو پۆلیس ودەزگا هەوالگریەکان و ئەمن لە خزمەتی مانەوەی ئەم دەسەڵاتەدایە ، کوبا وابوو.
جا ئەگەر لایەنێک دەیەوێ ئەم بارودۆخە تێک بدات وبیەوێ سیستەمی بازاڕی ئازاد لەجیاتی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دا بنێ ئەوا زەبرو زەنگێک پێویستە ئەم زەبروزەنگە لەلایەک بەقازانجی مانەوەی دەسەڵاتە کە چینی بورژوازی ئەریستۆکراتی سودی لێ دەبێنیت لە لایەکی تریش بە قازانجی زۆربەی خەڵک چونکە ئەو دەسکەوتانە لە دەست دەدەن کە سەرمایەداری دەوڵەتی بۆی دابین کردوون ،لە هەمان کاتدا سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەکرێ بە ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیستیەوە بێت یا بە ناوی قەومی ونیشتمانیەوە بێ ، وەک دەوڵەتەکەی جەمال عەبدوالناسر لە میسر و بەعس لە عێراق سوریا وقەزافی لە لیبیا ،(ئەوەش لە بەر چاو بگرن کە کاسترۆ دۆستی سەدام و قەزافیش بوو بەڵام وەک ئەوان دڕەندە وفاشیست نەبوو) .
لە سەرمایەداری بازاری ئازاددا ئەو خزمەت گوزاریانە وەک تەندروستی و خوێندن وئاو وکارەبا هەمووی دەبنە کاڵاو خەڵكی دەبێ بە پارە بیانکڕێ جا ئەوەی پارەی نەبێ یا کاری نەبێ لێ یان بێبەش دەبێ ئەمەیە جیاوازی نێوان سیستەمی بازاری ئازاد وسیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی ، ململانێی هێزی دەرەکیش بە تایبەتی ئەمەریکاو ووڵاتانی ڕۆژائاوا لە گەڵ کوبا هەر لەسەر ئەم بنچینەیە یە ، واتە کوبا چۆک دانادا بۆ سیستەمی بازاڕی ئازاد کە کە دەیانەوێ کوبا و ئەو ووڵاتانەی لە ژێر کاریگەری کوبان بکەنە بازارێک بۆ خۆیان وهەژمووونی خۆیان بە سەریاندا بسەپێنن قازانج و سوودیان بەرەو باڵاتر ببەن لە کاتێکا سەرمایەداری دەوڵەتی لە یەکێتی سوڤیەت و بلۆکی بە ناو سۆشیالیشتی ئەورپا چۆکی دادا بۆیان.
کۆمۆنیستەکان ناتوانن بە کوبا ویەکێتی سۆڤیەتی جاران بڵێن دەوڵەتی سۆسیالیستی لە بەرانبەر پڕوپاگەندەی سەرمایەداری بازاری ئازاد و دیمکراسیەکەیدا ناکرێ وەک دەوڵەتێکی سۆشیالیست دیفاع لە کوباش بکەن وە ناتوانن وەک ڕابەڕێکی کۆمۆنیشتیش دیفاع لە کاسترۆ بکەن . .وەک ئەرکی کۆمۆنیستەکان دەبێ پشتیوانی بکەن لە کوبا سەبارەت بە ریفۆرمەکانی نەک بە ستراتیجیەکەی چونکە ستراتیجەکەی سۆشیالیزم نیە ، ستراتیجی کۆمۆنیستەکان سۆشیالیزمە نەک ریفۆرم .
کۆمۆنیستەکان زۆر بە شەفافیانە دەبێ بیرو ڕای خۆیان ڕابگەیەنن وئەو چرایەی ‌هەڵیان گرتوە بۆ ڕۆشنایی بیری کۆمەڵانی خەڵکی ستەم دیدە نەهێڵن کز بێت ،دەبێ هەمیشە ڕووناک بێت. کاتێک دیفاع لە کوبا وکاسترۆ دەکەن وەک خۆی بیکەن زیاتر نا ، هەمیشە ئەو پرسیارە لە بەردەم خۆیان دابنێن ئایا کوبا سۆشیالیست بوو یا سەرمایەداری؟ ئەمە بکەنە پێوانە بۆ دیفاع کردنەکەیان .
بەڵام ئەوەی من بینیم لەم ماوەیەدا و بە دوای مەرگی کاسترۆ پشتیوانی و دیفاع لە کاسترۆ و لە کوبا لە ئاستی خۆی زیاتر بوو بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بە ڕابەڕی کۆمۆنیستی کرێکاری دەزانن . کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبێ دیفاع بکات لەو دەسکەوتە ریفۆرمانەی لە کوبا بۆ خەلکی ستەم دیدە بە دەست هاتون ولە دژی ئەو گەمارۆی ئابوریەی ئەمریکاو رۆژائاوا بن دەبێ شێلگیرانەلە بەرانبەریدا ڕابوەستن ، دەبێ ئەوە بووترێ کە ئەمە دڕاندانە ترین سیاسەتێکە کە ئەمەریکاو سەرمایەداری بازاری ئازاد ئەنجامی دەدەن لە دژی کوبا وخەڵکەکەی.
دەبی دیفاع لەخەڵکی کوبا بکرێ هەوڵ بدرێ لەوێدا شۆڕشی سۆشیالیستی ئەنجام بدرێ نەک لەوەی کەئێستا دەسەڵاتدارە هەروەک چۆن لە بەرانبەر سەرمایەداری بازاری ئازاد تەنها ئەلتەرناتیڤ سۆشیالیزمە بۆ ئەویش هەروایە وە لەبەرانبەر پروپاگەندەی دیکتاتۆر بوونی کاسترۆ ئەو ڕاستیەیش بڵێین کە ڕژێمی ئەمەریکاو لایەنگرانی بازاڕی ئازادیش دیکاتۆرن ، هەڵبژاردنی ڕاسیستێکی وەک ترامپ وفاشیستێکی وەک ئوردوغان و ئەو هەموو دیکتاتۆرەی کە دیموکراتی و بازاڕی ئازادەکەی ئەمەریکا هەر لە لە سعودیە وخەلیج و پاکستانەوە بگرە تا دروست کردنی قاعیدە و داعیش بەرهەمی ‌هێناوە ، دیکتاتۆریەکەی کاسترۆ هەر هیچ نیە لە چاو ئەوانەی ئەودا .ئەگەر کاسترۆ ٤٧ ساڵ سەرۆکە لە ئەمەریکاش هەر ٤ ساڵ جارێک سەرۆکێک هەڵدەبژێن جیاوازیان نیەهیج کامایان سۆشیالیزمیان دانەمەزراندووە بۆ خە لکی ووڵاتەکەیان بۆ جیهان ، لە کاتیکا ئەمەریکا ڕیژەی تاوانیشی زۆر زیاترە ،هەر لە هێرۆشیماو ناکازاکی وجەنگی ڤیەتنامەوە بگرە تاجەنگی عێراق و سوریا و لیبیا ویەمەن بە سەدان ملیۆن بوونە قوربانی سیستەمی دیمکراتییەکەی ئەمەریکا. لە ئەمریکا دیموکراتی بۆ خەلکەکەی نیە بۆ ئەقلیەتێکی بورژوازیە هەر کاتێ کرێکار توانی هێزی کاری خۆی نەفرۆشێت و کاری بە کرێ ی نەکرد بۆ ئەوەی بژی ئەوە دیموکراتیە.
هەموو دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئەگەر چی سەرمایەداری دەوڵەتی بێت یا سەرمایەداری بازاری ئازاد بێت دیکتاتۆریە ئەگەر لێرەو لەوێ هەندێک دەسکەوت و ڕێفۆرم هەیە ئەوە بەرهەمی خەبات و ڕەنجی هێزی چینی کرێکار وچەپ و ئازادیخوازەکان ورادیکالیزمی کۆمەڵگایە نابێ مۆرکی دەوڵەتە بۆرژوازیەکانی لێ بدرێ ببێتە خەسڵەت سیفاتی ئەم دەوڵەتانە وە وەها نیشان بدرێ دەسکەوتی دیموکراتیەکەی ئەوانە .
نابێ کۆمۆنیستەکان وەک چەپەکانی ئەنتی ئیمپریالیست هەڵویست بگرن لە سەر کوبا، چەپی ئەنتی ئیمپریالیست جگە لەوەی کوبا بە سۆشیالیست ناو دەبات هەر هیزێکی تریش لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکا بجەنگێ بە شۆڕشگێڕ ناوی دەبات بە ئیسلامی سیاسی جۆری ئێران وحزب اللەو تەنانەت هەندێکیان القاعدە و داعشیش بە شۆڕشگێڕ ناو دەبەن. دەبێ کۆمۆنیستە کرێکاریەکان خۆیان لەم جۆرە هەڵوێست گرتنە بپارێزن کە بەداخەوە ئەوەی بینم لە تۆڕە کۆمەڵایە تیەکان هەندێ لە کۆمێنتی کۆمۆنیستەکان ناشەفاف بوو ، زۆر تر کوبایان وەک سیستەمێکی سۆشیالیست ناساندووە لە باشترین حالەتیاندا هەندێکیان دەڵێن کوبا سۆسیالیشت نیەو و کاسترۆش کۆمۆنیست نەبوو بەڵام لەوەدا ناشەفاف بوون کە ناڵین بۆچی وایە ؟ کە زیاتر لە هەڵوێستی چەپێکی ئەنتی ئەمریکایی و ئەنتی ئەمپریالیستی دەچێت چونکە بە هەموو شێوەیەک وەسفی کوبا دەکەن . ئەگەر هەرکەس چاویان لێ بکات جیایان ناکاتەوە لە چەپە ئەنتی ئیمپریالیستەیەکان لە کاتێکا کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دوای خەباتێكی تیۆری دوورودرێژ توانی سنوری خۆی دیاری بکات لە گەڵ ئەم جۆرە چەپە.

سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٧/١١/٢٠١٦




چەند سەرنجێك سەبارەت بە خۆپیشاندان … کارا فاتیح

یەكەم: خۆپیشاندانی مەدەنییانە یان نامەدەنییانە

بەو پێوەر و تێگەییشتنەی دەسەڵاتدار و دارودەستە و (ڕۆشنبیر!)انی چواردەوریان، بۆ مەدەنیەت و مەدەنیبوون هەیانە و وشەكەیشان خستوەتە سەر زاری خەڵكی تر و كردوویانەتە دەمامكی كەستێتییەكی عاقڵ و ڕۆشنبیر و خاوەن ڕەفتاری شارستانییانە و دوور لە هەڵچوون و توندوتیژی، هێشتا هەموو ڕەفتار و سیاسەت و پلان و ڕووبەڕووبوونەوەكانی دەسەڵاتداران و یاسا و بنەماكانی فەرمانڕەواییان نامەدەنییانەیه‌، (بێ گومان وەك گوتمانبە پێوەری خۆیان بۆ مەدەنیەت، دەنا دەزانین ئەم بۆچوونە دەقیق نییە) لەوێشەوە بە شۆِربوونەوەی بۆ ژیانی تاكەكان، لە ئاستی ڕێزگرتن لە منداڵ، پیر، ژن، باڵندە، ئاژەڵ، زانست، زەوی، ئاو، كارەبا، هاتوچۆ و خاوێنی و هەموو مافێكی تاك و گشتی نوقمی ژیانێكی نامەدەنین، كەچی دەسەڵاتدار و ڕۆشنبیرانی چواردەوری لە سەروەختی خۆپیشاندان، داوای خۆپیشاندانی مەدەنییانە دەكەن، ئەم ئاوازەیشیان خستوەتە سەر زاری هەموو هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆن و خوێندەوار و بە ناو ڕۆشنبیرەكان و گێل و گەمژەكەی خوارەوەی كۆمەڵگایش بێ ئاگا لەوەی دەسەڵاتداران بۆ چ مەبەستێك ئەم ژەهرە بڵاو دەكەنه‌وە، دەیڵێنەوە و دەیڵێنەوە و لە واقیعیشدا پراكتیكی دەكەن، كەسێك ناپرسێت، ئەی دەسەڵاتداران كە ژیان لە ژێر سایەی ئێوەدا هەموو چركەیەكی نامەدەنی و تەنانەت وەحشیگەری بێـت و هەرچی گیاندار و بێ گیانە لە ڕێز و بەها خاڵی كرابنەوە، ئیتر بۆچی تەنها دەتانەوێت، خۆپیشاندان مەدەنی بێت، كە دیارە كاتێك دەڵێن با خۆپیشاندان مەدەنییانە بێت، مەبەستیان ئەوەیە شتێك بە ناوی خۆپیشاندان بێ هیچ مەترسییەك و تەنانەت بێ هیچ وەڵامدانەوە و حسابكردنێك بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران بەڕێوە بچێت و دۆخی باڵادەست وەك خۆی بمێنێتەوە، دەنا خۆ دیارە سەدان جار هیچ شتێكی وەك تەقەكردن و سوتاندن و توندوتیژی و پەلاماردانیش ڕووی نەداوە، بەڵام دەسەڵاتداران بەردەوامن لە ڕفراندن و تیرۆر و ئەشكەنجە و تۆقاندن و دەركردن.
بۆیە پێویستە لە ئاستی تیۆری و پراكتیكدا ڕووبەڕووی دەستەواژەی خۆپیشاندانی مەدەنییانە ببینەوە و نەهێڵێن و لە ژێر ئەم ماسكەدا تەنها ئومێد، كە خۆپیشاندانە لە بار ببرێت و خۆپیشاندەران ببنە گاڵتەجار و مەزەی حاكیمان و هیچ شتێك لە دۆخەكە نەگۆڕێت.
بەڵێ دەبێت خۆپیشاندان نامەدەنییانە بێت، بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو سیمای نامەدەنی و وەحشیگەریی دەسەڵاتداران بهێنێت و ژیانی مەدەنی بۆ هەموو كۆمەڵگا و زیندەوەر و بێگیانان بگێڕێتەوە.




کۆستەڵە… …پشکۆ ناکام

…..هەر وەک لە ناو خەڵکا باوە و باس ئەکرێت، هەر کاتێک پارتی پاترییەکەی زەعیف بوو، ئیتر کێچ ئەچێتە کەوڵی خودی سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی وئەیانەوێ بە هەر شێوەیەک بێت رۆڵی ‘ کوڕی باش’ ببینن، بە تایبەتی دوای ئەو شکستانەی سەرۆکی بنەماڵە لەسەر ئاستی هەرێم و عێڕاق تووشی بووە و دواتر تێوەگلانی زیاتر و زیاتری ڕژێمەکەی هەولێر لە گەندەڵیە ئابڕوبەرە ئابوری و ئیداری و ئەخلاقیەکان، وەک نە بایان دی بێ نە باران داوا لە حیزب و لایەنەکان ئەکات: نوقتە سەری دێڕ ، لە ئەوەڵەوە دەست پێ بکەنەوە !لەوانەیە بنەماڵە و پارتی گاڵتە بە ئەقڵی حیزبە کلاسیکەکان بکەن، بەڵام گاڵتە کردن بە هەست و کەرامەتی کۆمەڵانی خەڵک کارێکی هەروا ئاسان نیە گەر مەحاڵ نەبێت ، گەڕانەوە بۆ سەری دێڕ بئ تێڕوانین و موحاسەبە دادگایی کردنیش لە ڕووداوەکانی دێڕەکانی پێشوو ناکرێ و ئەو یارییە هەرزانەی دەسەڵاتی هەولێر بێ باج دان گوزەر ناکات .. ئەگینا خێرە لەو هەموو هەڕەشە و لوت بەرزی و غرورەی سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی لەپڕ وا عال و سال خۆی ئەهێنێتە پێش چاو ! گەر سەیری تەوقیتی سەری دێڕەکەی ئەمجارەیان بکەین بە ئاسانی تێئەگین بۆچی جارێکی تر قەوانە سواوەکەی’ دانیشتن ‘ لێ ئەیەنەوە :
– پاش ئەوەی سەرۆکی بنەماڵە لە باشیک لەدەمی دەرچوو کە هێزی پێشمەرگە لە دوای ئازاد!کردنی موسڵ ناکشێتەوە، هەر زوو عێڕاق و ئەمریکا هێنایانەوە هۆش خۆی کە ئاگادار بێت لە ڕێککەوتنە ژێر بە ژێرەکان(هەرچەندە ئەو 423 ملیۆن دۆلاری پێشەکی لە بری قوربانیەکانی پێشمەرگە خستۆتە گیرفانەکانیەوە ) ، ئەوەبوو بو ناوی سەرۆکایەتی کورسییەکەی ڕاستی کردەوە و ئۆباڵەکەی خستە پاڵ کڵۆڵی لە زمان و تەرجەمەی قسەکانی لە لایەن میدیا عەرەبییەکانەوە..! بەمەش ئیتر مەودایەک نەما سەرۆکی بنەماڵە لە ڕێککەوتنەکانیا خۆی بدزێتەوە کارتەکانی کەوتنە ڕوو..
– وەزع و کار و باری تورکیای دۆستە ستراتیجییەکەی ڕژێمەکەی هەولێر، باش نیە و لە چەند لایەکەوە تێکەوتوە، ئەمەش ئوتوماتیکی کاری کردۆتە سەر خودی پارتی و تا وەزعی تورکیا خراپتر بێت (کە هیوادارین وا بێت ) وەزعی پارتیش باش نابێت بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هاوکاری ئابوری ‘ نەوت’ و سەربازییەکانەوە ‘ لێدانی گەریلاکانی باکور ‘ ەوە هەیە، ئەم جوڵەیەش هەوڵێکە بۆ دانانی دەروازەیەک گەر وەزعی تورکیا زیاتر ڕوو لە داماڵین بکات تا بە خشپەیی لێوەی بێنە دەرەوە..
– دوای پینە و پەڕۆ کردنی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ئێستا بۆ سەرۆکی بنەماڵە زەحمەتە خەیاتێکی وەک ئەوانەی پێشوو بدۆزێتەوە دەستیان لە پینە کردنا هەبێت و جارێکی تریش بیخەنەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم..
– ناڕەزایەتیەکانی خەڵک تا بێت فراوانتر ئەبێت و گەر ‘ گۆڕان’ ڕێگری نەکردایە دەمێک چووبوە فۆرمی بە گژاچوونەوەی چەکداری، ئەمەش ترسێکی ئەوتۆی لای بنەماڵە و ڕژێمەکەی هەولێر دروست کردوە کە ئایا تا کەی لەو فۆرمەی ئێستای ئەمێنێتەوە و فۆرمێکی تری ‘ ڕاپەڕین ‘ ئاسا وەرناگرێت ؟ ئەو کاتە پارتی وەک تاکە هێز ئەکرێتە ئامانج ، چونکە ئەوە هێز و کەسانەی ئێستاش لەگەڵ پارتیا سەرەتاتکێ یانە کە زانیان خەڵک ڕوو لە ڕاپەڕین ئەکات ،بەپەلە گێڕ ئەگۆڕن و ئەچنە پاڵ خەڵکی ناڕازی، ئەو کاتەش خەڵک خۆی هەڵوێستی ئەزانێت..
– سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی دوو ساڵ زیاترە هاوار هاواری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم ئەکەن و بۆیان دەرکەووتوە کە کۆمەڵانی خەڵک جگە لە نوکتە دروست کردن لە سەریان ، هیچ پێشوازیەکی تریان نەبوە، چونکە مێژووی بنەماڵە و پارتی پڕە لەو سیناریۆ یانە و کەس قەناعەت بەوە ناکات دەوڵەت بەکەس وحیزبێک دروست بکرێت کە میللەتەکەی خۆی برسی بکا و حسابی بنەماڵەیەک لەسەروو هەموو حساب و ئیعتیبارێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بێت..
– ئەگەر کەسێک هێندە نەفام بێت و پێی وابێت ئەو پێشنیازە بە ناوەڕۆک کۆن و بە دەربڕین تازەیەی سەرؤکی بنەماڵە هەمووی لوغمە ، با باش بزانێت پێش دانانیان لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە و بە تەجرەبەی لوغمەکانی زەمانی بەعسەوە، پووچەڵ کراونەتەوە..
….ڕەنگە ئەمجارەیان بۆ بنەماڵە و حیزبەکەی قورس بێت وەک هەموو جارێک و دوای هەموو بەزم و سکانداڵێک ، دیسانەوە وەک هەڵماتێن هەر کەسە و موشەکەی خۆی بەرێ و ‘ کۆستەڵە ‘ .. واتا یارییەکی تازە…




بۆدە بێت ناڕەزاییەکان فراوان تر بکرێن …. هونەر جەمال

. زیاتر لەدوساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە تاک بەتاکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە گیرۆدەو وابەستە کراون بە کۆمەڵێک ئەزمەوە ..وە بۆهەریەک لەو ئەزمەو قەیرانانەش حوکو مەت دو بیانوی هەیە ..یەکە میان کێشە کەی بۆ دابەزینی نرخی نەوت دە گێڕنەوە ..چونکە بەرپرسانی حوکومەت تەکید لەوە دەکەنەوە داهاتی هەرێم لەسەدا نەوەت پشتی بەنەوت بەستووە ..وەدابەزینیشی ڕاستەو خۆ کاری گەری لەسەر کەم بونەوەی داهاتی هەرێم هەیە ..بیانوی دووەمیان کە حوکومەتو بەرپرسانی هەرێم تەکیدی لێدەکەنەوە شەڕی داعشو خەرجیە کانی جەنگن ..من وەک خۆم هاق دەدەم بە هەردو بیانوکە کە حوکومەت هەیەتی چونکە هەروڵاتێک ئابوریەکەی ئاڕاستەی یەک کەرت یاخود پشتی بەیەک سەرچاوە بەست ئاساییە توشی قەیران ببێت ..بۆنمونە بەشێک لەوڵاتانی خۆر ئاوای ئاسیا کە داهاتە کانیان بە شێوەیەیەکی گشتی پشتی بەیەک سەرچاوە بەستووە کەئەویش کشتوکاڵە توشی هەمان قەیران ئەبن چونکە هەنێ ساڵ بە هۆی لافاوەوە بێت یاخود کەمی باران بارین یاخود نە خۆشییەوە بێت توشی ئەم قەرانە ئەبن.. وە گومان لەوە دانییە جەنگی دژە تیرۆر یاخود جەنگی داعشو ئاوەرە کانیش بارگرانێکو بەربەستێکی تری ئابورین بۆ ئەم حوکومەتو ئەم هەرێمە .. تائێرە ڕەوایەتی دانی من بو بۆحکومەت بەڵام دەبێت دەست نیشانی خاڵە دیارە کانی کێشە کانیش بکەین کە بەرپرسانی یەکێتیو پارتی بەرپرسی ئەساسین لە ڕودانی ئەم قەیرانە ..چونکە ئەم دو حیزبە بە دیاری کراوی پارتی بەرپرسی یەکەمە لە بەفیڕودانی داهاتی ئەم وڵاتە لە ماوەی ۲۵ ساڵ حوکومەتو حوکم ڕانی کردنیاندا ..کەم نە بون ئەو هێزو لایەنانەی وەک دە هۆڵ دەیان دا بە گوێی یەکێتیو پارتیدا تا بە ئاگایان بێننەوە لەسەر ئیدارە دانو بە فیڕۆدانی پارەوسامانی ئەو وڵاتە ..زۆرمان وتو گوێیان بۆنە گرتین .. بەرپرسانی هەرێم ئەزمونو تەجروبەی هیچ وڵاتێکیان لەبەر چاو نە گرت لە ڕوی ئابورییەوە بێ ئاگا بون لەوەی داهاتی نەخینەی یاخود ئابورییەکی تۆکمەو دامەزراو زامنی ئاسایشی نەتەویشە ..وەک ئەوەی بڵێیت ئەم لەم وڵاتەدا بەس بەرپرسانی یەکێتیو پارتی ئەژین ..بەردەوام لە ناو خۆیاندا لە کێبڕکێیەکی توندا بون بۆدزینو بە هەدەر دانی پارەی وڵات گەر لە ساڵی ۲۰۰۳ بکەین بە پێوەر بۆحکومەتی هەرێم بێ لەداهاتی ناو خۆ زیاتر لە ۸۰ ملیار دۆلا ر هاتۆتە کوردستان ..گەر سیستمێکی بانکی باشو سیستمێکی رێخستنی موچە ی باش هەبوایە دەکرا موچەش بدرێو پارەیەکی زۆریش ..ئاڕاستەی کەرتە جیاوازە کان بکرایا تا کو ڕووەو وەبەر هێنان ئاڕاستە بکرێت ..تاکو بڕبڕەی ئابوری پتەو بۆکوردستان زامن بکرێت ..ئەویش بە وەبەرهێنان لە کەرتی پیشە سازیدا ..دە کرا بەو پارەیە سەدان کارگەی بچوکو گەورە دا بمەزرێنرێت ..دەکرا کەرتی گەشتیاری بە باشترین شێوە لەسەر نەخشەو دیزاینی نوێی سەردەم وەک وڵاتانی سەنگافورەو تایلەندو مالیزیا ببوژێنرێتەوە ..چونکە بەر پرسانی هەرێم خۆیان ساڵانە داتاو ژمارەی گەورە دەدەن لە سەر زۆری ژمارەی گەشتییا کە سەردانی کوردستانیان کردووە ..ئەمانە جگە لەوەی دەبونە سەرچاوەیەکی باشی داهات ..وەڕێژەی بێکاریشی کەم ئە کردەوە لە پاڵیشیا ژێرخانی ئابوریشی بە خێرایەکی باش دە بوژاندەوە ..یەکێتیو پارتی جگە لەوەی هیچ یەکێک لەم کارانەیان نە کرد کە بە بڕاوای فەیلە سوفو ئابوری ناسانی جیهانی نوێ ئابورییەکی پتەو زامنی ئاسایشی نەتەوەیشە ..بونەتە ڕێگر تا کو بازرگانو وەبەر هێنەکان بە چەن ئەرکێکی ئابوری هەستن …بۆیە هاقی خۆیەتی سەرجەم توێژەکان دەنگی ناڕەزای بەرز بکەنەوە لەپاڵ داوا کردنی مافە داراییەکانیان داوای دادگای کردنی بەر پرسانیش بێننە نێو داوا کانیان چونکە نا کرێت لە ڕابردودا تۆ ئەم هەمو پارەیەت هاتۆتە دەست ..بۆهیچ بوارێکی بنیات نانی ئابوری سەرفت نە کردووە.. یاخود کەرتێکی تری ئابوریت بنیات نە نا بێت تاکو لە حاڵە تێکی لەم شێوەیەدا کە نرخی نەوت نزمە یاخود جێگیر نییە سود لەم کەرتانەی تر وەر بگریت ..تا لە کاتی کورت هێناندا .. ئیدامە دانی وڵات توشی نشوستی نە بێت




چاوپێکەوتن لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق


– کۆمۆنیزم؛ ئایدیۆلۆجی و دۆگما یا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی؟
– هۆکارە فیکریی و سیاسییەکانی بنبەست و پاشەکشەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا.

عەدنان کەریم(یا ئەحمەد موعین) پێشتر یەکێک بوو لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا. عدنان یەکێکە لە کادیرە ناسراوەکانی قۆناغە سەرەتاییەکانی بزوتنەوەی چەپ لە کوردستاندا. وێڕای تەمەنی گەنجیی ئەو لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، یەکێک بوو لە کادیرە چالاکەکانی رێکخراوە چەپەکانی ئەوکات بوو. سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەکەی لە یەکێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە نزیک بوون و دوو برایشی لە ریزەکانی( ی.ن.ک) دا گیانیان لەدەست داوە کەچیی چەندین جار لەلایەن قیادەی باڵای کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە، هەوڵی لەناوبردنی دراوە و و ساڵانێکی زۆر سەرباری ئەوەی لەلایەن ڕژێمی فاشیی بەعسەوە وەکوو زیندانیەکی سیاسی دووبارە لەدەستگرتنی دەزگاکاکن ڕژیم هەڵهاتووە بەڵام لەهەمان کاتدا تووشی ڕاونان و گرتن بۆتەوە لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە بەهۆی چالاکیی سیاسی و هەڵسووڕانیەوە، تا کار گەیشت بەوەی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ( دێهاتەکانی کوردستان)ەوە بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەعس و بە مەخفیی( خۆحەشاردان) بۆ ماوەی ١٠ ساڵ درێژە بە ژیانی سیاسیی بدات و لە تێرۆری یەکێتیی دوور بکەوێتەوە.

لە ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانییدا هاتووە” ژیان، بەهۆی ئاگاییەوە، رەنگڕێژ ناکرێ، بەڵکو ئاگایی بەهۆی ژیانەوە، رەنگڕێژ دەکرێ…” ئەم بۆچوونە، وێڕای لایەنە ئەدەبیی، ئێثێتیکیی و بگرە کۆمەڵایەتییەکەیشی، زۆر واقیعییەتی سیاسیی، فەرهەنگیی و کولتووریی تێدایە، بەڵام چادرێکی گەورەی ئایدیۆلۆژییشی بەسەرەوەیە.
ئایدیۆلۆژیا لە دیدی مارکسیزمەوە، ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و دیدگای چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگە یە. لێرەشەوە، چینی چەوساوە و چەوسێنەر، مەغز و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژییانەی مارکسیزم لەسەر تەواوی کێشەکانی جیهان، بەیان دەکرێت. عەدنان کەریم، وەکو کەسێک کە تەجاوزی عوقدە ئایدیۆلۆژیی و عوقدە سیاسییەکانی ئەو دونیا ئایدیۆلۆژییە ئەبستراکتەی سیاسەتی کردووە، بە بەرچاوڕۆشنییشەوە، رەخنە لەو جوغزە ئایدیۆلۆژییە فەندەمێنتالیستییانە دەگرێ کە هێشتا پێیانوایە، کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی جیهان، بە چرای ئایدیۆلۆژیی چینایەتیی، چارەسەر دەبن.
لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی چەپدا بگەڕێیت، لەناو حیزبی شیوعیی عێراقییەوە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاریی و بۆ چەپەکانی ئەم سەردەمە، زۆر بە دەگمەن کادیرێک، رابەرێکیان دەبینیت کە وازی لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزب و گرووپانە هێنابێت و بە جورئەتەوە رەخنە لەو دیدە دۆگماییەی سیاسەت بگرێ. زۆربەی ئەوانەی لە دۆخی رەخنەکردنی فیکرییدا بوون، وردە وردە سەری خۆیان کز کرد و لە پەناوە دانیشتن، تا مەرگیش بردنیەوە، بچووکترین رەخنەی جدیی و ریشەییان لە رابردووی فیکریی و سیاسیی خۆیان نەبوو. عەدنان کەریم، بە نووسین، بە کردار و بە ئاشکرا، بۆچوونەکانی خۆی بەیان دەکات کە بۆچی دەسبەرداری کۆمۆنیزم بووە و بۆچی ئەم ئایدیۆلۆژیایەی وەکو پرەنسیپێکی سیاسیی، چیتر قبوڵ نییە. وێڕای ئەو وازهێنانەیشی لە فیکر و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، ئەو هێشتا خۆی بە چالاکوانێکی سیاسی دەزانێت کە لایەنگری داوکارییە رەواکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و نەیاری سەرمایەدارییە وەکو سیستەمێکی سیاسیی و ئابووریی زاڵ بەسەر دونیاوە.

بۆ روونکردنەوە وراڤەکردنی بۆچوون و تێڕوانینی عەدنان کەریم لەسەر کۆمۆنیزم، مارکسیزم و بزوتنەوەی چەپ لە کوردستان، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی کرد و وەڵامی داینەوە.

——————–
لێرەدا بە خوێنەرانی بەڕێز ڕادەگەیەنین هەرکەسێک پرسیاری هەیە لە چوار چێوەی ئەم باسەدا، دەتوانێت لە ڕێی دەنگەکانەوە ئاراستەی کاک عەدنانی بکەین بۆ وەڵامدانەوە، دیارە کاک عەدنان لە کۆتاییدا ئازادە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە یان وەڵامنەدانەوەی. دوا ڕۆژی وەرگرتنی پرسیارەکان کۆتایی مانگی یازدەیە. ( دەنگەکان)

—————————————————-

دەنگەکان :
یەکێک لەو سکۆلارە رەخنەگرانەی کە ئایدیۆلۆژیا دەداتە بەر رەخنە و لە دونیای هاوچەرخدایە و لەژیاندا ماوە، مایکڵ فریدن ( Freeden)ە. ئەو پێیوایە کە رەخنەی هاوچەرخ لە ئایدیۆلۆژیا دەبێ لەو ترادیسیۆنە باوە کە ستاتۆکەی سیستەمەکانی باوەڕگەریی(belief systems )ە، بهێنرێتە دەرەوە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سێمانتیکی( مەعناناسیی= semantic ) مودێرن، بۆ چەمکی ئایدیۆلۆژیا، رێک وەکو زمانە. بە واتایەکی تر، چۆن زمان گەشە دەکات، ئایدیۆلۆژیاش گەشە دەکات؟
ئایا پێتوایە هەژموونی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم لە داکشان و هەڵسانەوەکانیدا، لە کوردستان و ناوچەکەدا، بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ، شکاوەتەوە؟

عدنان کریم :
ئایدۆلۆجیا خۆی بریتییە لە سیستمێکی شەتەکدراو لە بیروبۆچوون سەبارەت بە دیاردەکانی سروشت و کۆمەڵگە واتە هەموو گەردوون. تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیا لەوێدا بەرجەستە دەبێتەوە کە بۆ سەلماندنی راستیی بیروبۆچونەکانی سیستەمەکەی پێویستی بە ئیستیدلالی زانستی نیە یا بەمانایەکی تر ئەوە بە پێویست نازانێت کە بەئیستیعارەی بەڵگە لە بوارێکی تری زانست ، ڕاستیی چەمکەکان و میتۆدی بیروباوەڕەکەی بقبووڵێنێت یا خود بسەلمێنێت. ئەوە تەنها خەسڵەتی مارکسیزم نیە وەکو ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیزم بەڵکو سیمای هاوبەشی گشت ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکانە. مارکسیزم گەر تایبەتمەندیەکی هەبێت لەوبوارەدا ئەوەیە کە ئەو پەتایەی گەیاندە چڵەپۆپە و بەتایبەتی لەسەردەمی لینین بەدواوە سواری سەری مارکسیزم دەبێت و ئیتر لەگیانی دەخات.

گەورەترین وەهم ئەوەیە کە ئایدیۆلۆجیا بە بونێکی سەربەخۆ بزانین وئەوە لە سایەی لیبرالترین سیستمی سیاسیشدا هەر وەهمە. جگە لەوەش هەر لەوکاتەدا کە ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان ئەبن بە پیگە بۆ بەهێزبونی ڕەوتە سیاسییەکان بەلام هەر ڕەوتیکی ئایدیۆلۆجیش بەپێی نزیکایەتی و تەبایی لەگەل سیستمە سیاسیەکاندا بواری لەبارتری بۆ گەشە و هەڵدان بۆ دەڕەخسێنرێ یا بە پێچەوانەوە. لەسایەی ڕژیمە دیموکراتی و پەرلەمانیەکاندا بواری زیاتر بۆ فکری لیبرالی دەڕەخسێنرێ و تەنگەبەری زیاتر بۆ فکری سۆسیالیستی پێکدێت و بەپێچەوانەشەوە لە ڕژیمە سۆسیالیستەکاندا جگە لە مارکسیزم هەمو ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکانی تر نەک تەنها تەنگەبەر بەڵکو قەدەغە ئەکرێن و تەنها مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجیی ڕەسمی ئەناسرێت.

پوختەی قسەکەم ئەوەیە کە ئەوە خۆشباوەڕیی توان دووە چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە بۆ ناسینی ماهیەتی دیاردەکان ( سیاسی ، فکری، ئابووری ، کۆمەڵایەتی ، کەلتووری و .. تاد ) ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان بەشێوازێکی سەربەخۆ یارمەتیمان بدەن. بۆنمونە لیبرالیزم کە ئێستاشی پیوەبێت یەکێکە لە بەهێزترین و بەنفووزترین ڕەوتە فکریەکانی دنیا ، نەک سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی زاڵی سەرمایەداریی وەکوو خۆی پیناسە نەکرد بەڵکو ڕۆڵی کاریگەری بینی لە شاردنەوەی تایبەتمەندیەکان و جەوهەری ئەو سیستمە و ڕازاندنەوەی لەژێر ناوی ئازادی و یەکسانیی حقوقیدا. مارکسیزمیش لەبەرانبەردا ڕیک هەمان ڕۆڵی گێڕا و بگرە زۆر زیاتریش لە لیبرالیزم واوەتر چو لە شاردنەوەی ماهیەتی سۆسیالیزم وەکوو سیستمێک کە نە هەژاری لەناوبرد و نەیەکسانیی بەرهەم هێنا و نەئازادیشی کرد بەدیاریی بۆ پرۆلیتاریا ( کە ئەوانە تێزی ماهەویی مارکسیزم بوون ) و بەپێچەوانەی هەموو ئیدیعا ئایدیۆلۆجیەکانیەوە تۆتالیتاریانیزمی کرد بە سیستمی زاڵ بەسەر نزیکەی نیوەی جیهان و دانیشتوانی گۆی زەوەی. لێرەدا چێی خۆیەتی ئەو ڕاستیە نەشارینەوە کە تەجروبەی تاڵی سۆسیالیزم بەهەمو مۆدیلەکانیەوە، زۆرترین خزمەتی بە سەرمایەداری کرد و تۆماری ڕەشی ئەو مۆدێلە جیاوازانەی سۆسیالیزم و شکستی سەرتاسەریی هەر هەمویان ، بو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشەریەت بەناچاری هەموو ناعەدالەتیەکانی سەرمایەداری بۆ دەورانێکی دریژ قبووڵ بکات چونکە ئەلتەرناتیڤێک کە لە جێی ئەو دامەزرا بەشێکی زۆری ماف و دەسکەوتەکانی ئینسانی لەسایەی هەمان سەرمایەداریدا کردە سەرەڕمی هێرشی خۆی و دانیشتوانی وڵاتانی سۆسیالیستی ناچارکرابوون کە نەک تەنیا خەو ببینن بەو ژیانەوە کە کرێکاران لە ئەمریکا و ئەورووپای سەرمایەداری لێی بەهرەمەندن بەڵکو ژیانی خۆیان بخەنە بەر مەترسیی زۆر گەورە و بە شەپۆل بەسەر کۆسپەکانی وەکوو دیواری بەرلیندا بپەڕینەوە بۆ دنیای بەناو ” سەرفرازی و خۆشگوزەران ” .ئەوە باشترین خزمەت بوو کە سۆسیالیزم بە سەرمایەداریی کرد و بۆ قۆناغێکی نادیار صەکی شەرعیەت ومانەوەی بەخشی بەو نیزامە.

گەر ئایدیۆلۆجیا بەوەندەش ڕازی بوایە کە تەنها وێنەی شتەکان و دیاردەکان بکێشێت بەڵام ئەو مافەی بۆئێمە جێ بهێشتایە کە بەخۆمان حوکم بدەین و ئەنجامگیری عە‌مەڵیی خۆمان بکەین ، شتێکی تر بو بەڵام کاتێک کە ئایدیۆلۆجیا سەرەتا وێنەیەکی لێڵ وگومانکراوی شتەکان ئەکێشێت و حوکمی خۆشی لەسەریان دەرکردوە، ئیتر تەنها بوارێک بۆ ئێمە بمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەو حوکمانە وەکو تێزی پیرۆزی زانستی قەبوڵ بکەین. ئەرکی ئیستیدلال لای مارکسیزم ( بۆ نمونە ) ، کە ئەو پەتا ئایدیۆلۆجیە دەگەیەنێتە چڵەپۆپە ، ئەوە نیە کە ڕاستیی حوکمەکە شەون وکەو وبکات وبیگۆڕێت بە بابەتی گفتوکۆ بەڵکوو ئیستیدلال لە مەنهەجی مارکسیەتدا ئەرکەکەی سەڵماندن یا پێسەڵماندن یا قبولاندنی ئەحکامە جێگیرەکانی خۆیەتی. لەم حەلقەیەوە سنوورێک لە نێوان وەهم و زانستدا نامێنێتەوە و ئیتر فەرەزیاتی زیهنی جێی مەعریفە و مەنهەجی زانستی دەگرێتەوە.

ئایدیۆلۆجیا تەنها کۆکراوەی کۆمەڵێک میتۆد و ئامراز و ڕێسای بێلایەن نیە بەڵکوو لای هەمو ڕەوتێکی فکری لە پشتی هەمو ڕواڵەتەکانیەوە هەوڵێک هەیە بۆ پاڵپێوەنانی ڕەوتی ڕوداوەکان و دیاردەکان بە ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیی دیاریکراودا کە خزمەت بە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زۆر دیاریکراو ئەکەن.

لای کۆمۆنیستەکان ئەوە بڕاوەتەوە کە مارکسیزم ، وەکو تیۆریی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، تاکە سەرچاوەی حەقیقەت و مەعریفە و زانستە، سەرەتا و کۆتایی عەقڵە و بەوپێیە تەنها کلیل و کۆدی ناسینی هەموو دیاردەکانی سروشت و کۆمەڵگای بەشەری لای کۆمۆنیستەکان هەیە. لای ئەوان ئەوە ڕەواترین کارە کە ڕەخنە لە هەر تێز و ئایدیا و باوەڕێک بگیرێت وەیا چەسپی نازانستی بوون بدرێت لە تەوێڵی گشت بیروباوەڕە نامارکسیەکان و هەمو بیروباوەڕ و تیۆریە سیاسی و ئایدیۆلۆجیەکانی تر بکرێن بە مەیدانی ڕمبازێن و ڕەخنەی قوڵی مارکسی و بگرە هەموو شتێک بکرێت بە مەشروعێک بۆ ڕەخنەلێگرتن تەنها مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەبێت.

مارکسیزم چونکە زیهنی ترین ڕەوتی ئایدیۆلۆجیە پێیوایە کە مێژو شتێک نیە جگە لە دوبارەبونەوەیەکی میکانیکیی سواوی خەڕەکی خەباتی چینایەتی. ئەمە نەک بەرهەمی ئیشتیقاقێکی زانستی نیە بەڵکو بەرهەمی تێڕامانێکی زیهنیی سەرسەرەکیە بۆ مێژوی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای مرۆیی چونکە ڕەوتی ڕوداوەکانی مێژوو زۆر لەوە ئاڵۆزتر ، جیاوازتر ، پڕپێچ و دەورتر ، قوڵتر و چەند سەرە و چەند جەمسەرترن.
لێرەدا، بەوهۆیەوە کە ئەوە کرۆکی بابەتی گفتوگۆکەمانە ، گەر مارکسیزم بە نمونە بهێنینەوە ، وردتر ئەو تایبەتمەندیانە دەرئەکەون.

مارکسیزم ڕەوتێکی ئۆثۆریتێریان ( سلطوي ) یە. ناکرێ ئەم تیۆریە بەو شێوازە بناسینەوە کە لایەنگرەکانی پێناسەی ئەکەن بۆی. گەر وا بکەین و هەر ڕێبازێکی فکری بەپێی پێناسی خاوەنەکانی یا لایەنگرەکانی بناسینەوە تووشی هەڵدێر دەبین و ئەوکات ئەبێ بڕوامان وابێت کە ئاینەکان بۆ” هیدایەتی ” مرۆڤ و نیشاندانی ڕێگەی ڕاست هاتون و ئیسلام ئاینی خۆشەویستی و ئاشتی و ئارامشە وئامانجی بەرزی لیبرالیزم بریتیە لە ڕیزکردنی هەمو مرۆڤەکان وەکو بونەوەری یەکسان و …. تاد ، چونکە ئەوانیش بەو تایبەتمەندیانەوە پێناسەی خۆیان کردوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، ئایا قۆناغی هەیمەنە و ڕەواجی ئایدیۆلۆجیا بەسەرچوە؟ من پێموایە سەرباری پاشەکشەی سەرسوڕهێنەری مارکسیەت لەچاو سەدەی بیستدا بەڵام خودی ئەو ڕەوتە فکریە بچووکترین چاوپیاخشاندنەوەی بەسەردا نەهاتوە و سەرباری ئەو گورزە کاریگەرانەی خواردویەتی سەرسەختانە ، گەرچی لە مەوقیعیەتێکی پەراویزخراوەوە، درێژە بە پێداگری لەسەر ئەرکان و بنەما زیهنیەکانی ئەدات.
بەڵام ئەوە وەهمە کە واتێبگەین کە ئەوە تەنها ئەحزابی سیاسیی عەقیدەتیی چەپی و کۆمۆنیستیە کە پارێزەری سەرسەختی ئەو دنیابینیە تەسکە ئایدیۆلۆجیەیەن ، بەڵکو ، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ، ئایدیۆلۆجیا بە تایبەتمەندیە ڕاستڕەویەکەیەوە ، هەیمەنەیەکی فراوانتری هەیە بەتایبەتی بەسەر بوارەکانی ئەکادیمی و میدیادا .

ڕۆژگاری ئەمڕۆ ، بەپێچەوانەی زۆربەی پێشبینیەکانەوە ، بەتایبەتی پێشبینیی ڕەوتە لیبرالەکانی ڕۆژئاواوە، سەردەمی پووکانەوە و پێچرانەوەی مەلەفی ئایدیۆلۆجیا نیە، بەڵکو ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان گەرچی بە تین و تاوێکی کەمترەوە لەچاوجاران، درێژە بەتەمەنی خۆیان ئەدەن و لە قاڵب و فۆرمی نوێ و لە بەرانبەر تەحەدیاتەکانی ئەم سەردەمەدا دێنە مەیدان و مەوجی تازەی بزووتنەوەی ڕاسیزم و ناسیونالیزم و کۆنسیرڤاتیڤی ڕۆژئاوایی و ئیسلامی سیاسی تەنها چەند نمونەیەکن.
ئەوەندەی بگەڕێتەوە سەر کوردستان و ناوچەکە نابێ لە بواری باسکردنی ئایدیۆلۆجیای مارکسیزمدا ٢ شت لەیاد بکەین :
یەکەم : ئەوە نوسخە و ڤێرژینە ئەسڵی و دەستی یەکەمەکەی ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم نیە کە لە سیەکان و چلەکانی سەدەی بیستەوە بەرەبەرە بڵاوئەبێتەوە بەڵکوو ئەوە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزمە بەڕیوایەت و تەفسیری ستالینییەوە ، وەکو مەرجەعی سەرەکیی مارکسیزم و کۆمۆنیزم لەو قۆناغەدا.
دوەم: بڵاوبونەوەی هەر ئایدیۆلۆجیایەک لە هەر شوێن و کاتێکدا زەمینە و پێویستیی تایبەتی خۆی هەیە. دەستبردن بۆ مارکسیزم و کۆمۆنیزم ( شیوعیەت ) لەو قۆناغە سەرەتاییانە لە عێراق ( ١٩٢٠ – ١٩٣٠ ) و لە کوردستاندا ١٩٣٠ – ١٩٤٠ لەسەر بناغەی پێویستیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بو کە بریتی بو لە دابینکردنی پێویستیەکانی ڕوکردنە مۆدرنیتە و پەیوەست بون بە ڕەوتی کۆمەڵگای جیهانیی ئەوکاتەوە کە شتێک نەبوو جگە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریی جیهانی.

بەڵام بەوهۆیەوە کە عێراق بە کوردستانیشەوە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا بو بۆیە بەتەبیعەت ئەو پرۆسەیە مۆدێلی دژی کۆلۆنیالیستی و قاڵبێکی چەپیی بەخۆوە گرت. لەو سەردەمەی عێراقدا ڕزگاربون لە کۆتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و ئەنجامدانی پرۆسەی سەربەخۆیی سیاسی بۆ عێراق، ڕیگەی پەیوەست بون بوو بەڕەوتی مۆدیرنیزمەوە لە سایەی مۆدێلی بزوتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیدا کە تیۆریزانە مارکسیەکانی ئەوکاتەی سۆڤیەت سەبارەت بە چارەنوسی وڵاتانی ژیردەستی کۆلۆنیالیزم دایانڕشتبوو. هەڵبەتە ئەوە تەنها مۆدێل نەبو بەڵکو لەپەنای ئەوەدا مۆدێلێکی تر هەبوو کە چینی ناوەنجیی تازە سەرهەڵداوی ئەو جۆرە ولاتانە پەیڕەویان لێئەکرد کە پێی وابو کە هەمان پرۆسەی مۆدیرنیزم لەپەنای وڵاتانی ڕۆژئاوا و هێزە کۆلۆنیالیستەکاندا باشتر و بێدەردیسەرتر دێتە دی وەکو نموونەی ئوردن یا ئێرانی ئەوکاتە. لەڕستیشدا ئیستە پاس ٨٠ ساڵ دەرکەوت کە ئەرکی مۆدیرنەکردنی ئابوریی وڵات و پیادەکردنی مۆدێلێکی داینامیک لە ڕوانگەی دوەمەوە دابین ئەبێت و بەپێچەوانەوە ئەوانەی مۆدێلی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیان پەیڕەوکرد سەرەنجام تووشی داڕووخان و بنبەستی گەورەبون. نمونەکانی ئیمارات، کوەیت ، قەتەر، بەحرەین ، مەغریب لەلایەک کە پرۆسەی گەشەی ئابووری وپەیوەست بون بە ئابووری گڵۆباڵیزەکراوی سەدەی بیستویەکیان دابینکرد و تیایدا جێگیر بون و جۆرێک لە ئیستیقراری سیاسی تیایاندا جێگیربووە ، لەبەرانبەریشدا نمونەکانی لیبیا و میسر سوریا و عیراق و یەمەنی خوارو هەن کە جگە لە داڕووخانی هەیکەلیی ئابوریان بوونە بە مەڵبەندی نائارامی سیاسی و تیرۆر و ئەزمەی قوڵی کۆمەڵایەتی.

من وتم مارکسیزم لەسەر بناغەی زەمینە و پێویستیە تایبەتەکانی خۆی سەرهەڵئەدات واتە پێویستیەک وادەکات کە لەدرێژەی پرۆسەیەکی سیاسیدا بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سیاسیدا چینە نوێکان بەتایبەتی ئەوانەی کە هەست ئەکەن کە بەئەندازەی پێگەی کۆمەڵایەتیی نوێیان بەهرەمەند نین لە پێگەی سیاسیی شیاو لەگەڵ ئەو ئەو پێگە کۆمەڵایتیادا ،و لێرەوە مارکسیزم بە فیعلی ئەو ڕۆڵە ئەبینێت. لێرەشدا بە پێچەوانەی ئیدیعائاتی شیوعی و کۆمۆنیستەکانەوە ، ئەو توێژە نەک کرێکاران بەڵکوو چینی ناونجیی شار و ڕۆشنبیرانی هاوتیرازی ئەوانن و وەکو هەمیشەش مەرام و تەماحە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان لەژێر بەرگی بەرژەوەندی چینی کرێکاران و جوتیاراندا ئەخەنەڕو نەک بێن و ڕاستەوخۆ بەناوی چینایەتیی خۆیانەوە ئەو پەیامە ڕابگەیەنن.

لەکوردستاندا ئەم پرۆسەیە ، بەهۆی خاویی دینامیزمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئەوکاتە و ڕکوودی ئابووری و فکریەوە ١٠ ساڵێک پاش باقی عێراق ئەکەوێت. بۆیە ئەو قۆناغەی چرۆکردنی مارکسیزم ، بەتایبەتیش بەهۆی لاوازیی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردەوە و هەروەها پێگەی لاواز و نەخەمڵیوی چینی ناوەنجیی کۆمەڵ ، هیچ تایبەتمەندی و ڕەنگوبۆیەکی تایبەتیی کوردستانیی پێوەنیە بەڵکو درێژکراوەی ڕاستەوخۆی پرۆسەی سەرهەڵدانی مارکسیزمە لەبەشی عەرەبیی عێراقدا ، بەهەمان تایبەتمەندی و لەسەر بناغەی هەمان پێویستی و بەهەمان میتۆد و لەقاڵبی هەمان ئەو تێزە سیاسیانەدا ( سەربەخۆیی عێراق ، گەشەپێدانی ئابوریەکەی ، ئازادیی خەڵکەکەی لە کۆتی وابەستەیی بە بەریتانیاوە، هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە ناڕەواکان کە بەریتانیا سەپاندونی بەسەر عێراقدا ، ئەندامەتیی عێراق لە ئەنجومەنی گەلان و… تاد ) ، لە کوردستانیش مارکسیزم بە ١٠ ساڵ تاخیرەوە سەرهەڵئەدات.

لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر خاڵێکی مانادار بکەمەوە. بڵاوبونەوەی ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی هەر لەسەرەتاوە و تا ئێستاش تەنها و تەنها وەکو ئامرازێکی ڕاستەوخۆی خەباتی سیاسی وەیا وەکو عەقیدەیەک و بەدیاریکراویش وەکو ئامرازی بەرجەستەکردنەوەی تموحاتەکانی چینی ناوەنجیی تازە سەرهەڵداوی کۆمەڵ دەرکەوتوە نەک وەکو ڕەوتێکی فکری و کەلتووری کە بوارەکانی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و نوسین بگرێتەوە یا گەر لەوبوارانەشدا هەر بروزاتێکی مارکسیزم ببینرێت ئەوە هەر بە پەیوەند بە چالاکیی حیزبی و سیاسەتەوەیە کە پریشکەکانی لەوبوارانەشدا و بۆ خزمەت بە ئامانجە سیاسی و حیزبیەکە دەرکەوتون.

هەیمەنەی جیهانیی فکری مارکسی و داینامیکیەتی ئەو ئایدیۆلۆجیایە و تەداعی بونەوەی بە ڕزگاربونی گەلانی ستەملێکراوی ڕووسیا و ڕۆژهەڵات بەگشتی و خەسڵەتی نوێی ئەو بیروباوەڕە بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتدا و لە مەحەکنەدانی تا ئەوکاتەی و لەئارادانەبونی نمونەی شکستخواردویی ئەو ئایدیۆلۆجیە خاڵی بەهێزبون و خزمەتیان بەگەشەسەندنی ئەکرد. لەولاشەوە پوچ دەرچونی بانگەوازەگانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیەکانی ڕۆژئاواو بەتایبەتی بەریتانیا و پرەنسیپەکانی ویلسون و بەڵێنەکانیان سەبارەت بەئازادیی گەلانی ژێردەستە لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی کە ببو بە مۆتەکەیەک بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە، لەگەڵ چەندین هۆکاری تردا کە بواری ڕیزکردنیان نیە ، وایان کرد کە ئەو تموحاتە سیاسیانەی چینی ناوەنجی لەپەنای ئیمپراتۆریی تازە سەرهەڵداوی سۆڤیەتی و لەقاڵبی چەپی و سۆسیالیستیدا بەرجەستە بکرێن . ئیتر تایتڵی گەورەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و مەقوولاتی هاوشانی ئەوان لەو بەستەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا و لەو ململانێ واقیعی و ڕاستیەدا سەرهەڵئەدەن و مانا پەیدا ئەکەن نەک خەباتی چینی کرێکار لە دژی سەرمایە و بورجوازی ، کە وجوودێکی دەرەکیان نەبوو ، یا لەچاو بزوتنەوەی یەکەمدا بەبەراورد نەدەهات. بەڵام هەروەکو لەپێشەوە وتم ئیتر ئایدیۆلۆجیا و بەتایبەتیش لەپرۆسەی تەمەنی خۆیدا و لە ئەڵقەکانی دواتردا ئەوانە ئەکات بە بەدیهیاتی فکری. لیرە بەدواوە ماتریالە ڕاستەقینەکە لەگەڵ وێنەکەیدا جێگۆڕکێیان پێئەکریت و بابەتە ئەسڵیەکە وەکو ڕەنگدانەوەی وێنەکە نیشان ئەدریت و بەتێپەڕینی ڕۆژگار ئیتر ئەوە ئەبێت بە ڕیوایەتی ڕاست. هیچ شتێک ناتوانێت شتەکان ئاوا سەرەوقنگ نیشان بدات جگە لە سیحری ئایدیۆلۆجیا.

بەوپێیە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم لە عێراق و کوردستانەکەیدا هەر لەسەرەتاوە ڕەنگ و بۆیەکی تەواو حیزبی و سیاسیی هەبوە و کەمتر وەکو میتۆدێک خراوەتەگەڕ بۆ ناسینی کۆمەڵگا و چینەکان و ڕەوتە فکریەکانی تر و مێژوی ئەو وڵاتە و پێکهاتە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکەی. ئێمە لێرەدا ڕوبەڕوین نەک لەگەڵ ئایدیۆلۆجیا بەمانا مەعریفیە پان وپۆڕەکەی ( بەبەراورد لەگەڵ ئەو دەسکەوتە فکری و مەعریفیانەی کە مارکسیزم لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەدەستیان دیێنێت لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی وهونەر و ئەدەب … تاد ) بەڵکو لەگەڵ ئایدیۆلۆجیا بەمانا لەقاڵبدراو و بەرجەستەکراوەکەی لەچوارچێوەیەکی شەتەکدراوی تەسکی سیاسی و گروهی و حیزبیدا.


دەنگەکان:
لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا و لە کۆپلەیەکدا ئاواتان نووسیوە، (مارکسیزم چونکە زیهنی ترین ڕەوتی ئایدیۆلۆجیە پێیوایە کە مێژوو شتێک نیە جگە لە دووبارەبوونەوەیەکی میکانیکیی سواوی خەڕەکی خەباتی چینایەتی.)
ئایا پێتان وایە مارکسیزم وەکو تیۆر (زهنگەراییە) یاخود، لایەنگرانی ئەو میتۆدە فکرییە ئاوا لەگەڵیدا کار دەکەن؟ ئەی ئەگەر پێت وانییە مێژوو لە ژێر هەژموونی خەباتی کارو سەرمایەدا دەچێتە پێشەوە، ئەی چیترە؟

عدنان کریم:

مانیفێستی کۆمۆنیست ، کە بە حەق ناونراوە ئینجیلی کۆمۆنیزم ، یەکەمین پەرەگرافی گوزارشت لەو مانا مەفهوومیەی Conceptual ) ) مارکسیزم ئەکات بۆ خەباتی چینایەتی و ئەڵێت : مێژووی تا ئێستای مرۆڤایەتی ( جگە لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی ) ، شتێک نیە جگە لە مێژووی خەباتی چینایەتی.
لێوەهەڵسانی قسەکانی من لەسەر مارکسیزم واتە خودی ئەو تیۆریەیە کە مارکس و ئەنجلز بناغەکانیان داڕشت و دواتر لینین لەسەرەتای سەدەی بیستەوە تەکمیلی کرد. تیۆریی خەباتی چینایەتی لای مارکس ( بەتایبەتی لە ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی نۆزدەدا ) زیاتر ڕەهەندێکی سۆسیۆلۆجیی هەبو بەلام لای لینین ڕەهەندێکی تەواو ئایدیۆلۆجی و سیاسی بەسەریدا زاڵ ئەبێت.
پێداگریی جەوهەریی مارکسیزم لەسەر ئەوەیە کە مێژووی بەشەریەت شتێک نەبوە جگە لە مێژوی خەباتی چینە ژێردەستەکان لە دژی چینە دەسەڵاتدارەکان کە دواترینیان بریتیە لە ململانێی بێ ئەمانی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداری و چینی بورجوازی و هەموو چینەکانی تری کۆمەڵ کە کەم تا زۆر سودمەندن لە نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری. تیۆریی مارکسیزم پێ لەسەر ئەوە دائەگرێت کە سەرمایەداری خۆی گۆڕ هەڵکەنی خۆی واتە چینی کرێکار دروست و پەروەردە ئەکات . بەوپییەش ناکۆکیە حەتمیەکانی ئەو نیزامە تا دێت قوڵتر ئەبنەوە و سەرەنجام چینی کرێکار و پێشڕەوانی ئەو چینە واتە کۆمۆنیستەکان لە دڵی ئەزمە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم نیزامە و لەسەرپایەی ناڕەزایەتیی گشتی و سەرتاپاگیری چینی کرێکار و هەمو توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری پاراوتر و موجەڕەب تر ئەبن.

ئەم تەفسیرە دواتر ئەگاتە جێ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی و پێداگری لەسەر ئەوە ئەکات کە کۆمۆنیستەکان بەدامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیست ڕیزی سەربەخۆی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بەدی دێنن و چینی کرێکار ساز و ئامادە ئەکەن تا لە ڕێگەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە سەرمایەداری لە گۆڕنێت و لەجێی ئەو دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا وەکو یەکەمین پێویستی و هەنگاو بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆسیالیستی بسەپێنێت و تا لەوێوە مڵکدارێتیی گشتیی ئابووری بەرقەرار بکات و هەنگاوی یەکجاری بنێت ڕوەو نەمانی چینەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگای بێ چین و بێ دەوڵەتی کۆمۆنیزم. لێرە بەدواوە چیدی شتێک نامێنێت بەناوی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە و ئازادی بەمانا ڕەهاکەی لەسایەی کۆمۆنیزمدا ئەگات بە چڵەپۆپەی خۆی و خۆشگوزەرانی هەموو سوچێکی کۆمەڵ ئەگرێتەوە.
بەڵام مارکسیزم بەلەحنێکی نیمچە دینی هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە ئەکات و بەبیرمان دێنێتەوە کە مەرجی یەکەمی سەرجەم ئەو پرۆژە گەورەیە پەیڕەوەی کردن لە سۆسیالیزمی زانستی ( واتە مارکسیزم ) ودامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستە.
ئەو وێنەیەی سەرەوە دەسکردی من نیە، بەڵکوو ئەوە جەوهەری مارکسیزمی ئەرتەدۆکسە کە جێی هاوڕایی تەواوە لەناو باڵە جیاوازەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا لە کۆنەوە تا ئێستا.
تیۆریی مارکسی سەبارەت بە خەباتی چینایەتی لێوانلێوە لە وەهم. ئەم تیۆریە تایبەتمەندیەکی هلامیی هەیە . زۆر سەییالە و هیچ نادات بەدەستەوە. دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی ناکۆک و جیاواز بخرێتەگەڕ.

مەقولەی خەباتی چینایەتی و فۆرمۆلەی خەباتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری مەقولەیەکی زانستیی سەربەخۆ و بێلایەن و بێمەرام نیە لەچاو زۆرێک لە مەقولات و تێرمی تری بواری سۆسیۆلۆژی. ئەم تێزە بۆ مەبەستی سیاسیی زۆر ڕۆشن داتاشراوە و لەململانێ لۆکاڵی و جیهانیەکانی یەک سەدە و نیوی ڕابوردودا چەکی دەستی بزوتنەوەیەکی سیاسی دیاریکراو بوە بە ئامانجی تایبەتی خۆیەوە کە ناوەکەی لێکەیتەوە ، لەناوەڕۆکدا، چینی کرێکار قازانجێکی لێ نەبینیوە.
کریکارانی وڵاتانی سۆسیالیستی و بەتایبەتی لەسەردەمی لینین و ستالیندا ، ژێردەستەترین بەشی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە و گشت سیستمە سۆسیالیستیەکان بون. بارودۆخی کرێکاران لە کۆریای باکور و باشوور یان لە ئەلمانیای ڕۆژهەڵاتی جارانی سۆسیالیست و ئەڵمانیای سەرمایەداری لە ڕۆژئاوادا بەراورد ناکرێن. لەکۆریای باشوردا چینی کرێکاری بەهرەمەندە لە مافی مانگرتن ، ڕێکخراوبون، پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان، و لە باکورەکەیدا هیچیەک لەو مافانەی نیە گەرچی سیستمەکە نازناوی ئەو چینەی پێوەیە و بەناوی ئەوەوە زیندانێکی گەورە دروستکراوە. لە ساڵی ١٩٦٢ بەدواوە حکومەتی ئەڵمانیای سۆسیالیستی ( شەرقی ) دیواری بەرلین دروست ئەکات بۆ ڕێگرتن لە هەڵاتنی کرێکاران و خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ ” دۆزەخی ” ئەڵمانیای فیدرالی سەرمایەداری ئەوکات!!!!. گەیشتن بەئاستی گوزەرانی کریکارانی ئەمریکا و ئەو مافانەی لێیان بەهرەمەندبون، هەر لە سەردەمی لینینەوە، خەونێکی دێرینی کرێکارانی سۆڤیەتی جاران بو.

بەکورتیەکەی ، چینی کریکار کە بابەتی ئەسڵیی کۆمۆنیزمە هیچ خێروبێرێکی ئەو هەمو ڕیتۆریکە لەفزیەی مارکسیزمی بەرناکەوێ سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتدارەتیی کرێکاران و ….تاد و بەپێچەوانەوە کۆمۆنیزم خزمەتێکی گەورە ئەکات بەسەرمایەداری لەڕێ بنیاتنانی سیستمێکی تۆتالیتارەوە کە چینێکی نوێی حیزبی – ئایدیۆلۆجی تیا فەرمانڕەوان. سیستمێکی تاک حیزبی و تاک ڕەهەندی لەهەموو بوارەکانی ژیاندا کە جگە لەوەی ئازادی لە خەڵک و لەپێشیانەوە لە کرێکاران زەوت ئەکات دژوارترین بارودۆخی ئابوریش بەسەریاندا ئەسەپێنێ و ئێستاش قات و قڕیەکان و مەرگەساتەکانی ژیان لەسایەی سیستمی سۆڤیەتیدا لەیادەوەری خەڵک و مێژوی ئەو وڵاتەدا بە زیندویی ماونەتەوە . بەوجۆرە کۆمۆنیزم گەورەترین هەڵمەتی ڕزگاریبەخشی ئینسان لەسەدەی بیستدا لە دژی سەرمایەداری ئەکات بەقوربانیی ڕیتۆریکە فکری و ئۆتۆریتانیزمە سیاسیەکەی خۆی وسەرەنجامە مەئساویەکانی بلۆکی سۆسیالیستی لە جیهاندا بۆ قۆناغێکی دورودرێژ خەونی ڕزگاری لە کۆتی چەوسانەوەی سەرمایەداری و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، لە ناخی ئەواندا ئەمرێنێت.
لێرەدا ئەوە گومانی تیا نیە کە لە ئەمریکا و کۆریای باکور و ئەڵمانیای فیدرالی ئەوکات ، ئەوە سیستم و نیزامی کاپیتالیستیە کە زاڵ بوە و زاڵە و ئەو نیزامەش لەسەر بناغەی ناعەدالەتیی ئابووری ونایەکسانیی فرسەت بۆ چینەکان و چەوسانەوەی چینایەتی و دەسەڵاتدارەتیەکی سیاسی بنیاتنراوە کە پارێزگاری لەو سیستمە ئەکات ، بەڵام هێشتا چینی کرێکار ، لەچاو هەموو جۆرەکانی سۆسیالیزمی تا ئێستادا ، بەهرەمەندە لە ژیانێکی باشتر.

ڕەنگ بێ کەسانێک پەیدا بن و بڵێن کە هیچیەک لەو سیستمانەی تا ئێستا لە میژوودا بەناوی چینی کرێکار و سۆسیالیزمەوە دامەزراون ، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە نەبوون!!! . ئەم جۆرە دەربڕینانە ئیتر لە بواری جەدەل و پلمیکی فکری دەرئەچن ومن پێموایە ئەو ڕیتۆریکە ڕۆمانسیە سیاسیانە لەهیچ شوێنێکی دنیا کڕیارێکیان نەماوە و کەس ئەو جۆرە هەڵوێستانە بەجدی وەرناگرێت. ئەو سیستمانەی بەناوی سۆسیالیزمەوە لە ڕوسیا ، چین ، ئەوروپای شەرقی، ڤێتنام ، کوبا، کەمبودیا ، لاوس و چەندین وڵاتی تری جیهانی سێیەم دامەرزران ، کتومت و هەریەکەیان بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان پەیڕەویان لە تیوریی مارکس ولینین کردوە. لەڕوسیا لینین خۆی ئەندازیاری ئەو سیستمە بو و بنەماکانی دامەزراندنی سیستمی پڕ لە ستەم و چەوسانەوە لەلایەن خودی ئەوەوە بنیاتنرا.
بەو مانایانە مەقولەی خەباتی چینایەتی و ململانێی چینی کرێکار لە دژی سەرمایەداری شتێک نیە جگە لەڕەوتێکی فکری- سیاسی تری کۆمەڵگای مودرین و بەرهەمێکی تری مودرنێتە کە بەرپرسیارە لە بەدیهێنانی ئەو دنیا پڕ لەستەمە.
گەر سنورەکانی ئەو ئیدراکە عاتیفی و ڕۆمانسیە ببەزێنین کە تان و پۆی کۆمۆنیزم پێکدێنێت و دیاردەکان هەروەکوو خۆیان هەن نەک بەوجۆرەی کە پێویستە هەبن ، ببینین، ناواقیعی بونی ئەو تێز – جەوهەرە مارکسیە دەرک پێئەکەین.

با نمونەی مێژوی ئەوروپا بە بیر بهێنینەوە. ئایا بەڕاستی لەسەدەکانی زایین بەدواوە مێژوی ئەو ناوچەیە میژووی خەباتی چینایەتی بوە و ئەو خەباتە ڕەنگڕێژی کۆمەلگا و دیاردەکانی کردوە وسیماکانی دیاریکردوە؟ بێگومان نەء . شەڕەکانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی ، کێشەکانی نێوان مەزهەبە جیاوازەکانی کریستیانیەت ( پرۆتیستانت و کاتۆلیک و ئەرسەدۆکس واتە کەنیسەی شەرقی ) ، ڕۆڵێ کەنیسە و قەشەکان ، شۆڕشی پیشەسازی ، ڕێنیسیانس، مەزهەبە ئابوریە پەیڕەوکراوە جیاوازەکان و ئاکامەکانی پەیڕەوکردن لەهەر یەکێکیان ، شۆڕشەکانی جوتیارانی ئەڵمانیا و پۆڵۆنیا و چیک لە دژی فیۆدالەکان ، پەلامارەکانی عوسمانیەکان بۆ سەر ئەوروپا و بەرەنگاریی ئەوروپا لەبەرانبەریاندا، سەرهەڵدانی ئیسلام و دواتر شەڕی سەلیبیەت، و دەیان کارەسات ودیاردەی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی ، فکری ، ڕۆشنبیری ، ئەدەبی و هونەری تر ڕۆڵیان هەبوە لە سازدان و خەمڵاندن وپێشڕەوی مێژووی واقیعیدا. ئەوانەن توخمە پێکهێنەرە ڕاستەقینەکانی مێژوی کۆنی ئەوروپا تا دەگەن بە شۆڕشی پیشەسازی و قۆناغی داهێنانی ئامێری هەڵم و شۆڕشی فەرەنسا و ئیسلاحاتی دەستووریی بەریتانیا. بەو مانایە کورتکردنەوەی ئەو میژووە فرەجەمسەر، پڕگرێ و گۆل، دەوڵەمەدند ، قوول و پانوپۆڕە لەتەنیا ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیدا کە ڕەهەندی خەباتی چینە ژێردەستەکانە لە دژی چینە دەسەڵاتدارەکان، بریتیە لە ئاوەژوکردن و ڵێڵکردنی ئەو مێژوە نەک ڕونکردنەوەی لاپەڕە تاریکەکانی.

بەڵام دیسانەوە ئەوەش جێی سەرنجێکی قووڵترە کە بکەر و پاڵەوان و پێشڕەوی ئەو ئەو ئاڵوگۆڕانە و بەتایبەتی لەوەرچەرخانە گەورەکانیدا چینی ناوەڕاست بون و ئەوان بون کە چینە ژێردەستەکانیان مۆبەلایز، هوشیار و ڕابەری کردوە بەشۆڕشی ئوکتۆبەریشەوە. ئەوە چینی ناوەڕاستە کە ئاراستەی دیاردەکان و ئاڵوگۆڕەکان دیاری ئەکات. ئەو چینەیە کە ئاسۆی سیاسی و فکریی قۆناغەکان ڕەسم ئەکات و هەر قۆناغە و لەهەر شوێنەش ناوێکی لێئەنێت و یا بە شۆڕشی گەل ، بزووتنەوەی خەڵک ، ڕاپەڕینی جەماوەر، هەستانی برسیەکان یا شۆڕشی کریکاری و سۆسیالیستی ناوزەدیان ئەکات. ناونانەکە و نازناوە هەڵبەستراوەکە زەمان و باوبونی ئایدیۆلۆجیەکان و گیرابونی بیروباوەڕە جیاوازەکان دیاریی ئەکەن. شۆڕشی فەرەنسا لەژێر چەتری ( برایەتی و یەکسانی و ئازادیدا ) بەرپائەبێت بەڵام شۆڕشی ڕووسیا لەژێر نازناوی سۆسیالیزم و ڕزگاریی چینایەتی و لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریدا. گەر ئەو ٢ نموونەیە لەهەموو شتێکدا جیاواز بن ، کە حەتمەن جیاوازی زۆریان هەیە ، بەڵام لەوەدا یەکسانن کە ڕابەر ، دیاریکەری ئاسۆ سیاسیەکەی ، و سودمەند و سوکان بەدەستەکەی هەمان چینی ناوەنجیی کۆمەڵە.

بەلام ئایا ئەوانە لەسایەی چ سیستمێکی چینایەتیدا ڕوئەدەن و قۆناغی تەمەنی خۆیان تێئەپەڕینن و میژو دروست ئەکەن؟ بێگومان لە جەرگەی سیستمێکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی چینایەتیدا ( فیۆدالی و پاشان سەرمایەداری) . هەرلێرەوەش ناسکی و ئیشکالیەتی سەرەکی باسەکە سەرهەڵئەدا کە مارکسیزم تیکەڵێەکی سەیر ئەکات لە نێوان جیاوازی چینایەتی و خەباتی چینایەتی و لەئەڵقەی دواتریشدا ئیتر خەباتی چینایەتی لە دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە ئەگوێزێتەوە بۆ دنیای ئایدیۆلۆجی و تەوتەم و تابۆیەکی ئایدیۆ – سیاسیی تەمام عەیاری لێ ساز ئەکات.
مرۆڤی سەدەی بیست هەمو شێواز وباڵەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزمی تاقیکردەوە بەڵام هیچیان نەک ڕیشەی چەوسانەوەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەویان هەڵنەتەکاند بەڵکوو ئەو تاڵاوەی لەسایەی ئەو سیستمەدا چەشتیان لە تاڵاوی سەرمایەداری خراپتر بوو.
لێرەدا ئەبێ ئەوە دووبارە بکەمەوە کە ئاژیتاسیۆن لە دژی ستەمی کاپیتالیزم خۆی لە خۆیدا هیچ شەرعیەتێک و ڕەوابوون نادات بە کۆمۆنیزم. ئەمە بەپێچەوانەی سەرەتای سەدەی بیست واقیعیەتێکی دنیای ئەمڕۆیە و تایبەتمەندی جیهانی ئێستای ئێمەیە کە کۆمۆنیستەکانی ئەم سەردەمە دەرکی ناکەن و ئەوە نادیدە ئەگرن کە جارێکی تر زەحمەتە کۆمۆنیزم بەو ڕابوردوە تاڵەیەوە ببێتەوە بە پەرچەمی ڕزگایی چینی کرێکار یا گەلانی ژێرستەم یا پەرچەمی ناڕەزایەتیی هیچ بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئینسانیی ئەمڕۆ. ئەمڕۆ هاتنەوە مەیدانی کۆمۆنیزم تەنها لەژێر ئاڵای پەردەهەڵماڵین لەستەمی سەرمایەداری و پاکنەکردنەوەی پاشەڵی کۆمۆنیزم لەو پۆخڵەوات و ” گەوڕی ئۆجیاس” ەی کە ڕابوردوی کۆمۆنیزمی پیس کردوە نەک هەر مەحاڵ بگرە وەهمێکی گەورەشە. ناکرێ ئەو پاشخانە خوێناوی و پڕ لەستەمەی کۆمۆنیزم بە هیچ پاساوێک بخرێتە ئەستۆی هیچ لایەنێکی دەرەکی و نەیار و ئەنتی کۆمۆنیست و لادەر بەڵکو جورئەتی سیاسی و فکری لەوەدایە کە ڕێک دان بەو ڕاستیەدا بنێن کە ئەوە کۆمۆنیزم و مارکسیزمە کە لێپرسراوی ڕاستەوخۆی ئەو تراجیدیانەیە کە لە سایەی سیستمی سۆسیالیستیدا خوڵقاون نەک ڕیتۆریک داتاشینی وەکو جۆرەکانی سۆسیالیزمی بورجوازی و وردە بۆرجوازی و تێزگەلی وەکو سەرمایەداری دەوڵەتی و چی و چی.

ئەمڕۆ هەڵگرانی ئاڵای خەباتی چینایەتی ، واتە کۆمۆنیستەکانی سەدەی بیستویەک لەبەردەم ئەرکێکی سیاسی و فکری و ئەخلاقیی گەورەدان و ناچارن وەڵام بدەنەوە بەدەیان پرسیار وکێشەی سەردەم یا کێشەکانی پەیوەندیدار بە مێژوی کۆمۆنیزمەوە ئەگینا پرۆسەی پەراوێزبونیان بەردەوام ئەبێت. ئایا ئەوان بڕوایان بە هەڵبژاردنی ئازاد هەیە یان نا ؟ فەلسەفەی پلۆرالیزمیان قەبووڵە؟ لەسەر دیموکراسی چی ئەڵێن ؟ چۆن ئەڕواننە مەسەلەی مافی مرۆڤ ؟ ئایا بەکارهێنانی کارتی مافی مرۆڤ لێرە و لەوێ لەلایەن غەرب و ئەمریکاوە بۆ مەرامی سیاسی ئەتوانێ ببێت بە بیانوویەک بۆ سوکایەتی و کایەکردن بەبایەخی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە؟ ئایا تەنیا کەمپەینکردن لە دژی شەڕ، هێرشی سەرمایەداری بۆسەر مافەکانی کرێکاران، تەسکردنەوەی بوارەکانی ماف و ئازادیەر گشتیەکان ، پەرەسەندنی ڕاستڕەوەی یا وتنەوەی قەوانی ” ئەزمەی سەرمایەداری ” … تاد، ئەتوانێت کۆمۆنیزم لەو گۆشەگیری و پەراویزکەوتویی و بێئایندەییە ڕزگار بکات ؟ ئایا تەنها بەوەندە ئەستۆیان پاک ئەبێتەوە بڵێن تاقیکردنەوەکانی سۆڤیەت، چین ، کوبا، ڤێتنام ، ئەوروپای شەرقی ، و …..، تاد کۆمۆنیست نەبوون و ئەوانە ناوزەد کرێن بە لادان و پیادەنەکردنی دروستی مارکسیزم ؟ ئایا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی مارکسیزم بووە یا ” بدعە ” یەکی ستالین و ماو یا ئەنوەر خۆجە و هۆنیکەر بووە؟ تا ئێستای بەشەجۆراوجۆرەکانی کۆمۆنیزم لە جیهان و ناوچەکەی ئێمەدا ( ترۆتسکیستەکان ، چەپی نوێ ، مارکسیە ڕادیکالەکان ، لایەنگرانی ئەنتەرناسیونالیزمی چوار ، کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئێران …تاد ) وەڵامێکی ڕون بەوانە و بەدەیان پرسیاری تری چارەنووسساز نادەنەوە کە یەخەیان گرتوون و دەیان ساڵە تەپاون بەسەریەکدا و ئوباڵی خۆیان بەوە پاک ئەکەنەوە کە ئەوڕەوتە فکری و سیاسیانەی تا ئێستا و دەولەتانی بلۆکی سۆڤیەت و سەرجەم نیزامە سۆسیالیستەکانی تا ئەمڕۆی جیهان هیچیان نوێنەرایەتیی میراتی مارکس و لینین ناکەن و تەنیا ڕێگەش گەڕانەوەیە بۆسەر تیۆری و ڕێنماییەکانی ئەوان.
گەر ١٠٠ مێژووی ١٠٠ ساڵی رابووردووی کوردستان ( عێراق ) بەهەمان پێودانگ تاوتوێ بکەین ئەگەینە ئەنجام و دەسکەوتێکی چوونیەک.

بەدوای شەڕی جیهانی یەکەمدا سەرمایەداری وەکوو فەرماسیۆنێکی ئابووری ، زیاتر لەدەرەوە و بەڕادەی یەکەم لەڕێی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیا و لکاندنی بازاڕی ئابوری و بازرگانیی ئەم ولاتەوە بە بازاڕی سەرمایەی جیهانی ، پاشانیش لەڕێگەی ئەو گەشە ئابوریەوە کە ڕوئەکاتە ووڵات ، چەکەرەئەکات و کوردستانیش ڕائەکێشرێتە ناو ئەو گۆڕانکاریانەی کە دینەپێش. ئەوانە سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکالبوون لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستاندا.
لە کۆتایی سیەکانی سەدەی پیشودا ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم لەکوردستانی عێراقدا نەشونمائەکەن. ئەم قۆناغە هاوکات ئەبێت لەگەڵ هەڵچونی خێرای نازیەت و فاشیەت لە ئیتالیا و ئەڵمانیا کە ڕەنگدانەوەیان لە عێراقدا زۆر ئەبێت و وجگە لەوەی کە توێژاڵێکی سیاسی ناسینالیزمی عەرەبی لە عێراقدا ئەکەونە ژێر هەیمەنەی فاشیەتەوە بەڵام شیوعیەکانی عێراق زیرەکانە ئەکەونە گەڕ بۆ هەڵخراندنی بیروڕای گشتی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان بە ئاراستەی پەیڕەوی لە سیاسەتی هاوپەیمانان واتە سۆڤیەت و بەریتانیا لە دژی دەوڵەتانی میحوەر واتە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هاوپەیمانەکانیان کە لە ١٩٣٩ – ١٩٤٤ هەمو جیهان ئەبێت بە مۆڵگەی شەڕی جیهانی ئەم ٢ قوتبە.

گەشەی شیوعیەت و مارکسیزم لەم قۆناغە لەکوردستاندا ، لەسایەی نەبونی سونەتەکانی ململانێی فکری و سیاسیی دیموکراتیک و عەقلیەتی جدلی بیروباوەڕەکان ، فەزای گشتیی ئازادیی دەربڕین و گفتوگۆی ئازاد و هەڵبژاردنی ئازادانەی بیروباوەڕ و جدلی نێوان ڕەوتە فکریەکان بەتووندی ئەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بەئاراستەی هەیمەنە وکپکردنی دەنگی جیاواز کارئەکات تا ڕادەی تەخوین و تەکفیری سیاسی وفکری و تێرمەکانی “وردەبورژوا ‘ و ” کۆنەپەرست ” و ” فاشیست ” بەکاردەهێنن بۆ ناوزەدکردنی نەیارانی سیاسی و فکریان. لەو قۆناغەدا هەردو باڵی شیوعیەت و ناسیونالیزمی کوردی ژیانی سیاسی و فەزای فکری داگیر ئەکەن و لەقاڵبی ئەدەن و بەتوندی ئەیخەنە ژێرگوشارەوە ئیتر هەر زۆر زوو جدلی ناو بزوتنەوە سیاسی و ڕەوتە فکریەکان قاڵبێکی ڕادیکال و توندوتیژ وەرئەگرێ و ڕێچکەی ئازادی بیروباوەڕ و پلمیکی ئازاد تیایدا بزر ئەبێت.

کوردستان لە سەردەمی پاشایەتیدا بارودۆخیکی چونیەکی هەبو لەگەڵ باقی عێراقدا. داخوازی و شیعاری سیاسی و ئامانجی خەڵک یەک بو. هەمو وڵاتەکە لەلایەن ڕژیمێکەوە بەڕێوە ئەبرا کە دەسنیشاندە و جێپەسەندی بەریتانیا بو و بەجەندین پەیماننامەی زیللەت ئاوەر بەسترابۆوە بە بەریتانیاوە. جگە لەوە ناسیونالیزمی کورد پایگایەکی سیاسیی بەهێزی لەناو خەڵکدا نەبو. بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەهێز لەکوردستانیشدا وەکو باقی عێراق لەئارادابو کە زیاتر بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی دیموکراتی بو. ئەم بزوتنەوەیە لەلایەن حیزبی شیوعیەوە ڕابەری ئەکرا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو مەددە ئازادیخوازە چەپیە ئەوپەڕی هەوڵی ئەدا کە بۆیەی چەپی وپێشکەوتنخوازی بدا لە سیاسەتەکانی.

حیزبی شیوعیی عێراق لەقۆناغی ڕابەریی فەهد و سەلام عادلدا حیزبێک نەبو خۆی لەناو قاڵبە فکری و سیاسیە تەسەکەکانی مارکسیزمی کلاسیکدا قەتیس بکات. ئەوان عەقلانی تر و بەشێوازێکی سیاسیی باڵاتر ئەیانڕوانیە مەیدانەکانی خەباتی سیاسی ونەدەبون بە ئەسیری تێزی خەباتی چینایەتی و هیچی تر. بزوتنەوە واقیعیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوڕۆژگارەی خۆیان پیکەوە گرێئەدا بۆ دەرهێنانیان لە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەریدا. بزوتنەوەی جوتیاران لەپێناوی زەوی ، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بەکرێکارانیشەوە بۆ بژیوی ڕۆژانە و خۆشگوزەرانی ، بزوتنەوەی دژ بە ڕژیمی پاشایەتی و پەیماننامە زەلیلەکانی لەگەڵ بەریتانیا، بزوتنەوەی ژنان و قوتابیان و لاوان و هەمو ناڕەزایەتی و جموجۆڵەکانی تری کۆمەڵگا و چاوەڕوانی ئەو وەهمە نەبون کە چینی کرێکار ببێت بەفریشتەی نەجات و هەمو کۆمەڵگا و وڵات ڕزگار بکات.
چەپ لەم قۆناغەدا کە حیزبی شیوعی نوێنەرایەتی ئەکرد ڕەوتێکی واقیعیی دانەبڕاو لە کۆمەڵگا بو. بە عەینەکی ئایدیۆلۆجی نەیدەڕوانیە جموجۆڵ و کێشەکانی کۆمەڵ و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بۆیەش ببو بە هێزی سیاسیی سەرەکی گۆڕەپانی وڵات.
ئەم بزوتنەوەیە لەو قۆناغەدا بێئەوەی شیعاری قەبە و گران هەڵگرێت ناسیونالیزمی کورد و عەرەبی خستبوۆە پەراوێزەوە.

لەنیوەی دوەمی حەفتاکانەوە ڕەوتێکی چەپی نوێ لەکوردستاندا سەرهەڵئەدات کە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان نوێنەرایەتی و سیمبولیەتی. ئەم ڕەوتە لەجەرگەی بنبەستی حیزبی شیوعی و شکستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی پارتی و بزوتنەوەی چەکداری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا زۆر خێرا گەشە ئەکا و لەماوەیەکی کەمدا ئەبێ بە هێزی یەکەمی گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و چەکداری لەدژی ڕژیمی بەعس.

ئەم ڕەوتە گەرچی خۆی بە هێزێکی مارکسی – لینینی دەناساند بەڵام ڕیکخراوێک بو کە پێی لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی کوردستان و مقاوەمەتی ئەوان لە دژی سیاسەتە شۆفینیەکانی ڕژیم و باڵی ناسیونالیستی کورددا قایم کردبوو.
کۆمەڵە هێزێکی چەپی و نیشتیمانیی ئازادیخواز بوو کە لەهەمو بوارەکانی کۆمەڵی کوردستانی ئەوکاتەدا تەشەنەی کرد. ئەم ڕێکخراوە ڕوانگە و پراتیکێکی زۆر داینامیکی پەیڕەو دەکرد سەبارەت بە مەیدانەکانی خەبات . ئەو وەکو ڕێکخراوێکی مارکسی نەدەهات چاوەڕوانی ئەوە بکات کەی بزووتنەوەی کریکاری دێتە سەر شانۆی سیاسەت تا ئەم ڕابەری بکات. کۆمەڵە نەبزی دڵی کۆمەڵگای ئەگرت و لەناو زۆربەی چین و توێژەکانی کوردستاندا نفوزی گەورەی پەیداکرد.

خۆ ئەسیر کردن لەناو ڕیتۆریکی خەباتێ چینایەتی و بە دیاریکراوتر لەناو قەفەزی مەقولەی خەباتی چینی کرێکار لەدژی چینی سەرمایەدار سەرچاوەی ئەو سیاسەتە پاسیفیستی و نەزۆکانەن کە چەپی ئەمڕۆی کوردستان وبەدیاریکراویش کۆمۆنیستەکان دەرگیری بوون. ئەو پێداگریە لەسەر ئەولەویەتی ڕۆڵی بزوتنەوەیەک کە لە دنیای واقیعدا بروزێکی ئەوتۆی نیە یانی بێدەنگە کردن لەسەر ڕەوەند و شەڕێکی ڕاستەقینە کە لە کوردستاندا زۆر بە تووندی لەئارادایە. ئەمڕۆ چی لەوە گومڕاکەر ترە کە تۆ لەبەرانبەر دەسەڵاتدارەتیەکدا کە تەڕ و وشکی وڵات بەتاڵان ئەبات و دەیان ملیاردێری حیزبی تیا پەیدابوە بێیت و بەناوی کۆمۆنیزمەوە بڵێیت سەرمایەداری سەرچاوەی کێشەکانی ئەم وڵاتەیە وهەموو کێشەکانی ئەم ووڵاتە لە ڕێی چینی کرێکارەوە چارەئەبێت و تەنها ئەو ئەتوانێت وەکو پاڵەوانی ڕزگاری ووڵات دەرکەوێت؟ ئەوە سیاسەتی هیچ نەکردنە بەناوێکی زۆر قەبە و ڕادیکالەوە. لە کوردستانی ئەمڕۆدا دەیان مەیدانی خەباتی سیاسی و ئابوری درێژەیان هەیە و ئەوەی کە تیایدا چالاک نیە چینی کرێکارە و دەلیلی ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری زۆر بنەڕەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی لەم وڵاتەدا ئیتر دانیشتن و چاوەڕوانی بەدیار هاتنی فریشتەیەکی ڕزگاریبەخشی وەهمی کە خۆی ئەو حسابە لەسەر تواناکانی خۆی ناکات لەخۆشباوەڕی زیاتر هیچی لێ شین نابێت. ئەبێ خاوەنەکانی ئەو تێزە نیشانمان بدەن کامانەن بەرەکانی شەڕی فیعلیی ئەو چینە ؟ ڕێکخراوبونی چۆن و لە فۆرمێکدا بەرجەستە بۆتەوە؟ پلاتفۆرمی سیاسیی ئەو چین و بزوتنەوەیە کامەیە؟ ڕابەران و قسەکەرانی کێن ؟ دەرکەوتنی خەباتەکەی و بزوتنەوەکەی بە چی شێوازێکە؟ قورسایی لە تەرازوی هێزدا چیە؟ سیاسەتی ئەم هێزە لەسەر کێشە ڕۆژانەکان و دەرگیریە ڕاستەقینەکانی ئەو هەموو توێژ و جەماوەرە فراوانەی کوردستاندا لەگەڵ دەسەڵات و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا چیە؟ لەسەر دەها کێشەی وەکو مادەی ١٤٠ و ڕیفراندۆم و دزینی سامانی نیشتیمانی و پەیوەندی بەغدا و هەریم و دەیان گیروگرفت و ململانێ و دەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەیان پرسیار و ئیشکالیاتی فکری تردا ئەو بزوتنەوە کرێکاریە چی نیشانی خەڵک ئەدات و چ ئاسۆیەک ئەخاتە بەردەم وڵاتێک کە لە لیواری داڕوخانی گشتیدایە؟
هەڵگرانی تێزی خەباتی چینایەتی بریتین لە ڕاکردوان لە بەرەکانی خەباتی فیعلی و پیاهەڵگوتن بە خەباتێکی زیهنی و فەرەزی و هیچی تر و کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو ووڵاتەش بێخەبەرترین بەشی کۆمەڵن لەو هەموو ریتۆریک و نازناوانەی لەوان نراون.
هەڵگرانی ئەو دیدگایە دابڕاوترین لایەنی سیاسیین لە واقیعی کوردستان و کەمترین کاریگەریان بەسەر ڕەوتی ڕوداوەکانەوە هەیە و دەسەڵاتیش پێیخۆشە هەمو نەیارەکانی لەهەمان قیافەت و بچمدا دەرکەون .


درێژەی هەیە ……




ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆکی پارتی … نه‌جمه‌دین فارس

ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ حکومه‌ته‌کاندا ، سه‌رۆکایه‌تی به‌تایبه‌تی ، به‌پێی سیسته‌مه‌کان ده‌گۆڕێت . هه‌ر له‌ سیسته‌می په‌رله‌مانیه‌وه‌ هه‌تا سه‌رۆکایه‌تی به‌ مه‌جلیسی و دوانه‌یی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانییه‌وه‌ ،به‌نده‌ به‌ په‌یڕه‌وکردن یان نه‌کردنی ئه‌م سیسته‌مانه‌ ، له‌ سه‌ربه‌خۆکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێکردن ، یاسا دانان ودادوه‌ری . په‌یڕه‌وکردنی کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی ده‌ساوده‌سکردنی ده‌سه‌ڵات ، به‌پێی به‌ده‌ستهێنانه‌کانی هه‌ڵبژاردن . چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م دامووده‌زگایانه‌ ، سه‌ربه‌خۆنه‌بن ، ئه‌وا به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات ، ‌‌‌فۆڕم و ئاکارێکی تر ئه‌گرێته‌به‌ر . هه‌ر وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ هیچ داموده‌زگایه‌کی له‌ جێگای خۆیدانیه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و ئابوری دوو ده‌سه‌ڵاتی گرنگی جێبه‌جێکردن و هێزن له‌ حوکومه‌ت و ده‌وڵه‌تدا ، له‌ ده‌ستی حیزبدان ، نه‌بونه‌ته‌ ده‌زگای نیشتیمانی و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ خاوه‌نی په‌یامه‌که‌ ، له‌ هه‌رێمدا ، به‌شێک له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یان له‌ به‌ر ده‌ستدایه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش هێشتویانته‌وه‌ که‌ ئه‌م ده‌ستاوده‌ستکردنه‌ ڕوونه‌دات . هه‌ر بۆیه‌ په‌یامه‌که‌ ، له‌ دایکبون و مردنیشی له‌ یه‌ک کاتدایه‌ . ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و ئابوری دووانه‌یه‌کن له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانیت ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو جوومگه‌کانی تری ده‌وڵه‌ت و حوکومه‌تدا بگریت . ئه‌گه‌ر تۆزێک چاو کراوه‌ بین ، هێزه‌کانی 70 ، 80 ی یه‌کێتی و پارتی ، دوو ده‌زگای دژه‌تیرۆروو ، دوو ده‌زگای ئاسایش ، دوو ده‌زگای هه‌واڵگری پاراستن و زانیاری له‌ پێناوی چیدایه‌ ؟! ئه‌مانه‌‌ش وایکردووه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌ی ئابوریشدا بگرن . له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ خێزان و چینێکی ئۆلیگارشی له‌ هه‌رێمدا پێکهێناوه‌ . که‌ به‌ هه‌وه‌سی خۆیان ، له‌ پێناوی مانه‌وه‌یاندا ، په‌یوه‌ندی هه‌رێمایه‌تی جیاواز جیاواز ، ، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌دا ده‌به‌ستن . هه‌موو هێزه‌کان له‌ژێر هه‌ژموون و فرمانی دوو پارته‌که‌ی هه‌رێمدایه‌ ، به‌پێی ئه‌جندای سیاسه‌ت و بڕیاروو ویستی خۆیان ، هه‌ڵسووکه‌وتی پێده‌که‌ن . هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێک له‌ هه‌رێمدا ، ناتوانێت ، کاریگه‌ری یاسایی و جێبه‌جێکردنی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت ، ئه‌گه‌ر دوانه‌ هێزی ئابووری و سه‌ربازی له‌ ده‌زگایه‌کی تایبه‌تی نیشتمانی ڕێکخراودا ڕێکنه‌خرێن . کۆمه‌ڵێک حیزب و داموده‌زگای به‌ناو ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی ، له‌ده‌وری خۆیان کۆکردوه‌ته‌وه‌ ، گوایه‌ هه‌رێم بڕوای به‌ فره‌ حیزبی هه‌یه‌ ، له‌م هه‌رێمه‌ پرۆسیسی دێموکراسی ده‌کرێت . ئه‌مانه‌ هه‌موویان جارێک قسه‌وو باسی توند ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات ، له‌ شه‌و ڕۆژێکی دواتردا ده‌ستخۆشی په‌یامه‌کان ده‌که‌ن و به‌ هه‌وڵێکی جدیی ئه‌چوێنن . ئه‌مانه‌ هه‌موویان شه‌ریکه‌ به‌ش و تاڵان و بڕۆکارن له‌م ووڵاته‌ ، بێ پێناسه‌دا،پاشکۆو مشه‌خۆرن به‌پێی سه‌نگ و قورساییان ، دزانی سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌کانن . کارێکی خراپیان کردوه‌ته‌ سه‌ر ده‌رکه‌وتن و سه‌ر هه‌ڵدانی ڕه‌وت و بزوتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخواز له‌م ناوچه‌یه‌دا . ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و دابه‌ش کردنه‌ی کۆمه‌ڵ به‌سه‌ر چه‌ند بیرو بۆچونی کۆنه‌په‌رست وخێڵه‌کیانه‌ .
ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی هێزو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و دراون ، توانیویانه‌ به‌پێی خواست و ویستی خۆیان ، نایاسایی به‌ یاسا و دۆڕاندنی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ براوه‌ بچوویه‌نن . له‌ به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئۆلیگارشیدا ، ده‌ساو ده‌سکردنی ده‌سه‌ڵات کارو کردارێکی زۆر گران و زه‌حمه‌ته‌ ، مه‌گه‌ر شۆڕش ده‌ره‌قه‌تی بێت . له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، په‌یامه‌که‌ی به‌رزانی ، ناتوانێت تۆزێک له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری له‌مه‌و پێشیان بگۆڕێت . چه‌ند پرسیارێک قووت ده‌بنه‌وه‌ ، ئایا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیه‌کی نوێ ی په‌رله‌مان ده‌توانێت گۆڕانکاری به‌سه‌ر جۆری لێپرسینه‌وه‌و چاودێریکردنی حوکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێکردندا بکات ، ئه‌ندامانی ئۆلیگارشی حیزب و خێزانه‌کانیان له‌ به‌ه‌ده‌م یاسادا ڕابگرێت ؟! بێگومان نه‌خێر . ئایا ڕازی ده‌بن به‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی دارایی و هێزی سه‌ربازی بخه‌نه‌ به‌رده‌ستی حکومه‌تی نوێ ، ئه‌گه‌ر له‌ خۆشیان نه‌بێن ؟! بێگومان نه‌خێر . چونکه‌ هه‌مویان ترسی لێپرسنه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو تاڵان و بڕۆیه‌ی که‌ کردویانه‌ . ئایا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئێستای به‌ ناو سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که‌ هه‌یه‌تی ڕاده‌ستی سه‌رۆکی نوێ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌ خۆشیان نه‌بێت ؟! بێگومان ئه‌مه‌شیان نه‌خێر .
له‌م ڕۆکه‌ی ژیانی جه‌نگه‌ڵستانه‌دا ، هێزی سه‌ربازی و دراو لای کێ بوو ، ده‌سه‌ڵات و قسه‌ ڕۆیشتووشه‌ . ناتوانین بڵێین ، ئه‌و فره‌حیزبییه‌ ، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ، به‌وو ده‌لیله‌ی هه‌تا ئێستا حیزبه‌کان ئه‌و بوجه‌یه‌ی بۆیان دانراوه‌ ، تۆزێک که‌می نه‌کردوه‌ ، بۆیان پاشه‌که‌وت و ناکرێت به‌چاره‌ک . ئه‌مانه‌ به‌ناو پشتگیری له‌ داواو و ناڕه‌زایه‌تی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران ده‌که‌ن ، به‌ڵام ماف و داخوازیه‌کانیان پێڕه‌وا نابینن . هۆی چییه‌ ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن و خه‌ڵکیش هه‌ژارو که‌م ده‌رامه‌ت ده‌بن ، له‌م به‌ ناو ئه‌زمه‌یه‌دا .؟! له‌م ووڵاته‌دا خێزان و کۆمه‌ڵێکی ئۆلیگارشی گه‌وره‌ دروست ده‌بن ، له‌هه‌مان کاتدا کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌و زۆریش له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌ژارو هه‌ژارتر ده‌بن ، له‌به‌رئه‌وه‌ ئۆلیگارشیه‌کانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ناتوانن ده‌ستبه‌رداری هێزو ده‌زگا سه‌ربازیه‌کانی تایبه‌ت به‌ خۆیان ببن . چونکه‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌ی ، پارێزگاریکردنه‌ له‌ خۆیان و سه‌رمایه‌کانیان . له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌یامه‌که‌ نان و ئازادی بۆ کۆمه‌ڵگا ناهێنێت ، ئاشتبونه‌وه‌ی ملیاردێره‌کانه‌ . ته‌نها چاره‌سه‌ر گۆڕینی سیسته‌م و ناوه‌ڕۆکی به‌ڕێوه‌ بردنی سیاسی و ئابووری ئێستای کۆمه‌ڵگایه‌ .

23/11/2016
نه‌جمه‌دین فارس




تیرۆری جه‌سته‌ له‌دوای تیرۆری فیكر … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك خه‌ڵكی ئازادیخواز (یان حه‌قبێژ) تیرۆر بكا، ده‌سه‌ڵاتێكی فاشییه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی (یان حزب و لایه‌نه‌ی) له‌ ده‌نگی دلێرانه‌ی ڕای جوداواز (یان ڕه‌خنه‌گر) ده‌ترسێ، ده‌سه‌ڵاتێكه‌ تیرۆریست و نابووده‌ و هێواش هێواش مه‌رگی مێژوویی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
له‌ ڕاستیدا تیرۆر له‌ پشت په‌رده‌دا، كارێكی یه‌كجار ترسنۆكانه‌یه‌. خه‌ڵكی بوێر ڕوو به‌ ڕووی ئه‌وی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌؛ به‌ڵام ترسنۆكه‌كان (ئه‌وانه‌ی فۆبیایان له‌ ڕه‌خنه‌ هه‌یه‌) له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر ده‌وه‌شێنن.
ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز ئیمانیان به‌ دیموكراسییه‌ت نییه‌، تیرۆر ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره‌ تیرۆره‌ ترسنۆكانه‌یه‌ زۆر قێزه‌ونتره‌ له‌ تیرۆره‌كانی ڕێكخراوێكی وه‌ك داعش: داعش له‌گه‌ڵ خۆی ڕاستگۆیه‌، به‌ڵام هێزی تیرۆریستی دووفاق له‌ پشت په‌رده‌ تیرۆر ده‌كا و له‌ سه‌ره‌وه‌ش ئیدیعای دیموكراسییه‌ت ده‌كا.
هه‌ڵبه‌ته‌ دیاره‌ تیرۆركردنی كه‌سێكی وه‌ك مه‌لا هۆشیار تیرۆركردنێكی سیاسییه‌: ئه‌و كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ واقیعی باو و له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ، تیرۆر ده‌كرێ.
×××
تاوانی كوشتنی كه‌سێكی وه‌ك ئه‌م مامۆستایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ كه‌سێك له‌ ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ تیرۆر ده‌كرێ و كۆتایی به‌ ژیانی ده‌هێندرێ؛ به‌ڵكو تراژیدیای ئه‌م جۆره‌ تیرۆره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ماڵێك (ژیانی چه‌ند كه‌سێكیش له‌ خێزانه‌كه‌ی) وێران ده‌بێ؛ گه‌وره‌ترین تاوان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ منداڵه‌كانی له‌ سه‌رپه‌رشتی و سۆزی باوكیان بێ به‌ش ده‌بن؛ به‌ڵام ئایا كارای (ده‌سه‌ڵات و حزب و لایه‌ن و سه‌ركرده‌ی) فاشی و دیكتاتۆر، باكی به‌ ژیانی مرۆڤ هه‌یه‌؟ هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌خێر! ‌




هەموان لەگەڵ داوای ڕەواكانی خەڵكدان … کارا فاتیح

ئەم ڕستەیە لە ڕواڵەتدا جوان و نزیك بە ئازاری خەڵك و بە قەولی خاوەنانی ڕستەكە دیموكراسیخوازانەیە، بەڵام گەر تۆزێك هەڵی بتەكێنێت، بە ئاسانی ناوەرۆكی قێزەون و فاشییانەی دەبینیت و نەبرەیەكی دژ بە دەنگی خەڵكی تێدا دەبیستی:

1- ئەوانەی دەڵێن، (لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكداین) واتە مەبەستییانە بڵێن ئاگامان لێیە خەڵك لە چ ئازار و مەینەتییەكدا دەژی، ئەوان تەنها ئاگایان لێیە، واتە خۆیان وا نیین و تەنها سەیر دەكەن و دەبینن، بۆ ئەوەی خەڵكیش ئەوان بە سەرچاوەی ئەو ئازار و مەینەتییانە نەزانن، دێن بە ئامرازی (لەگەڵ) خۆیان بە نزیك لەو ئازار و مەینەتییانە دەناسێنن، بەڵام هێشتا بەشێك نیین لەو ئازار و مەینەتییانە، بەڵكو بەشێكن (ئەگەر هۆكاری سەرەكی نەبن) لە دروستكەری كەشی ئەو ئازار و مەینەتییانە.

2- ئەوانەی دەڵێن، (لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكداین) لە واقیعدا خۆیان خەڵك نیین و لە شوێنێكی تری سەروو خەڵكەوە قسە دەكەن، شوێنێك كە ئازار و مەینەتیی خەڵكی مافخوراو و زەحمەتكێشی تێدا نییە، بەڵام بۆ درۆ و چەواشەكاری و مەبەستی سیاسی دەڵێن، لەگەڵ داوای ڕەواكانی خەڵكداین، بەڵام هێشتایش ڕستەكە ڕوونە، لەگەڵیدان نەك لە ناویدا، جیاوازیی لەگەڵ و لەناویش… ئاشكرایە كە زۆرە.

3- ئەوانەی دەڵێن (لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكداین) واتە ئێمە تێ ناكۆشین و خەبات ناكەین بۆ ئەم داوایانە، تەنها لە دوور و بە قسە لەگەڵیدان، هەر كاتێك خەباتی خەڵك بۆ ئەم داوایانە گەییشتە خاڵێك، ئەو كات دەتوانن بە هۆی ئەوەی دەڵێن (لەگەڵ داوای ڕەواكانی خەڵكدان) هەم خۆیان لە تووڕەییی خەڵك بپارێزن و هەم سوار شەپۆلی ناڕەزاییەكان بن و هەموو دەورێك بۆ ئەوان بێت.

بۆیە هۆشیاریی ڕاستەقینەی خەباتی خەڵك دەبێت لەوێوە دەست پێ نەكات، كە سوود لەو هێزانە وەربگرێت كە دەڵێن (لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكدان) بەڵكو سەرەتا دەبێت سەری ئەو هێزانە پان بكاتەوە، یان لانی كەم بێ دەنگیان بكات.




مردن بە بێ وەسێت چەند وشەیەک بۆ مەرگی (تەها و ئومێد و هاوڕێ) … کارا فاتیح

وەسێت دوا پەیڤی مرۆڤە بۆ ژیان، بەڵام ئەم مەرگە دوا پەیڤمان ناداتێ، نەك تەنها بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بڕوا بە ڕوودانی نەكەین، بۆ ئەوەیش هەمیشە گوێیەك هەبێت لە ژیاندا دەنگی ئەوان ببیستێت.
وەسێت پێچانەوەی بارگەوبنەیە لە ژیان و بە ناچاری ڕۆیشتنە بەرەو پیری مەرگ، بەڵام ئەمان بارگەوبنە ناپێچنەوە و بێ وەسێت دەڕۆن، چونكە نایانەوێت سینەما و ئەكادیمیا بە جێ بهێڵن و لە داهێنان و تۆماركردنی چركەكانی ژیان بوەستن.

وەسێت ناكەن و دەڕۆن، چونكە ناتوانرێت خاڵی كۆتایی بۆ ژیانی ئەمان دابنرێت، ئەمان لە ناو هونەر و داهێنان و سەركێشییەكاندا دەژین، نەك لە ناو تەقلیدیەت و ڕۆتینی كۆمەڵایەتی و بەهای باو.
وەسێت ناكەن و دەڕۆن، نایانەوێت وەك دیاردەیەكی بایۆلۆجی و فیزیكی مانا وەربگرن، بەڵكو وەك فیكر و ئەندیشە و بیركردنەوە ڕەنگ دەگرن.

وەسێت ناكەن و دەڕۆن، چونكە ناخوازن داوایەكیان لەوانەی دوای خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی شتێك بكەن یان ڕێچكەیەك بگرن، چونكە باوەڕیان بەوە نییە ئەو ڕووبەرە جێ بهێڵن كە تێیدا كار دەكەن و سێبەری داهێنانیان بە سەر ئەو ڕووبەرانەوە هەر دەم دەمێنێت.

دوا جار ئەوە ئێمەین كە دیسان نابێت وەسێتیان بۆ دروست بكەین.




من زەعیفە نیم خەبات بۆ سڕینەوەی پلە دوویی پێویستی بە بەشداری یەکە بەیەکەی ژنانە … لاوژە جەواد

کۆمەڵگای کوردستان وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەلگایەکی پیاوسالارە، هەڵاواردنی جنسی و چەوساندنەوەی ژنان بۆتە بەشێک لە هەویەتی بنەڕەتی دانیشتوانەکەی، سەر تا پای کۆمەڵگا بە پیاوسالاری پۆڵین کراوە لە ئەدەبی ئاسایی قسەکردنی ڕۆژانەوە تا دەگاتە سیستەمی پەروەردە و سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگا و شێوازی ڕێکخستنی بازار و شوێنی کار و .. هتد. پیاوسالاری لە عەقڵی گەورە و بچوک، ژنان و پیاوان چەقی بەستووە و ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەرجەم هەڵسوکەوتماندا، هیچ کوڕێک نیە خۆی بە زیاتر و باشتر نەزانێت لە کچ وە هەروەها بە پێچەوانەشەوە ئەو عەقڵیەتە جۆرێک ژنانی ڕام کردووە کە هیچ کچێک نیە خۆی بە کەمتر نەزانێت لە کوڕ.

کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتی ژنان تەنها دوو ڕێگایان لە بەردەم دایە، ڕێگای یەکەم ئەوەیە تەسلیمی ئەم واقێعە تاڵە بین و هەتا هەتایە گۆرانی “دونیا هەر وابووەو هەر واش دەمێنێ” بڵێینەوە و داماو و کنەفت و کۆیلە بەم دەردەوە بناڵێنین یان ڕێگای دووەم هەڵبژێرین و ڕاپەڕین کەین دژی ئەم پلە دوییە، ڕاستە وەها بووە بەڵام نابێت وەها بمێنێت، ئەوە ئینسانە زیندووەکانی ئەمڕۆن دیاری دەکەن سبەینێ دەبێت چۆن بێت. نابێت شەپۆلی پیاو سالاری هەتا هەتایە ئەمبەر و ئەوبەر بمانبات، دەڵێن ماسیە زیندوەکان ئەوانەن کە بە دژی شەپۆلەکانەوە دەجوڵێن نەک ئەوانەی کە شەپۆل لەگەڵ خۆی دەیانبات.
زۆربەی ژنان ڕێگای خۆپاراستن لە کێشە و خۆ گونجاندن لە گەڵ واقێع و تەسلیم بوون بە هەلومەرجەکەو پیاوسالاریان هەڵبژاردووە، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی درێژ بونەوەی تەمەنی سیستەمی دژە ژنە. خۆ سانسۆر کردن بۆ خۆپاراستن لە بارگرژی ملدانە بە دۆخی دەرەجە دوویی.

خەبات بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان سەرەتایی ترین هەنگاوە بۆ هەر ژنێک کە بیەوێت وەک ئینسانێک و کائینێکی سەربەخۆ پێ بخاتە دونیای بونەوە، بۆ هەر ژنێک کە بیەوێت لە هەر بوارێکی تردا خەبات بکات، ئەگەر ژن لەمافی ئینسانی بەهرەمەند نەبێت چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت دوێنێ ناسیۆنالیزمی عەرەبی حاکمیەتی کردووە ئەمڕۆ ناسیۆنالێزمی کورد. دەڵێن: “ڕۆژێک لە چۆڵەوانێەک دز و جەردە دووای مەلای مەشهورە دەکەون مەلا بە کەرەکەی دەڵێت خێرا غاردە با نەمان گرن، کەرەکە لە وڵامدا دەڵێت بە قوربان خەمی خۆتت بێت و خۆت قوتار دە، من کە بارم چل مەن بێت چە جیاوازی تۆ و ئەوان هەیە بۆ من.”
ژن نیە ڕۆژانە پریشکی نیزامی پیاوسالاری بەرنەکەوێت و ئازار نەبینێت، زۆربەی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیان جارێک یان چەند جار توشی حاڵەتی وەها دەبن کە لە مێشکی خۆیان بڵێن ئەگەر ژن نەبونایە جۆرێکی تر هەڵوێستیان دەگرت. هەمو ژنان یەکێک کەم و یەکێک زۆر ڕۆژانە هەست بە پلە دوویی ژن بوون دەکەن.

ژنانی کوردستان دەبێت کۆمەڵێک پرسیار لە خۆیان کەن و بە دووای وەڵامی پرسیارەکان کەون. ئایا دۆخی ژنان لە سەرجەم کۆمەڵگای بەشەری ئەم کۆیلایەتیەیە؟ سەرچاوەی ئەم هەڵواردن و چەوساندنەوەیە لە کوێوە هاتوە؟ ئەزەڵی و ئەبەدیە؟ بۆچی ماوەتەوە؟ چۆن خەباتی بەرانبەر کراوە؟ کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان چیانکردووە لە گەڵ ئەم کێشەیە؟ شەڕی یەکسانی چیە؟ یەکسان لەگەڵ کێ؟ یەکسانی لە چی؟ شەڕ لەگەڵ کێ؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری تر، ئەگەر جەختیان لە سەر کەین ڕۆشنایەک دەخاتە بەردەم خەباتمان.
بە درێژایی مێژو دەسەڵاتداران و پاوەندخوازان هەوڵیان داوە، جیاوازی سروشتی، جوغرافیایی و جیاوازی باوڕ بکەنە ئامرازێک بۆ بەشبەش کردن و دابڕاندن ئینسانەکان لە یەکتر، لەم ڕێگایەوە ئاگری ناکۆکیان خۆش کردووە و شەڕیان ناوەتەوە. ئەم میتۆدە لە دینەکان زۆر بەرجەستەیە و بە ئاشکرا دەڵێت لە ناو گیانداراندا بەشەر پلە وپایەی بەرزترە، لە تەورات خێڵی بەنی ئیسرائیل، لە ئینجیل تایفەی مەسیح و لە قورئان ئۆمەتی ئیسلام باشترین و تایبەتن، لە هەر سێ دینەکەش تێکڕا بە هاو دەنگ ژن خراپ و سەرچاوەی شەڕن.
شەڕی مافەکانی ژنان، شەڕی سەلماندنی هەویەتی ئینسانی ژن شان بە شانی پیاوان، شەڕی رزگارکردنی ژنان لە کۆیلایەتی و ژێر دەستەیی و هەڵواسراوی، شەڕی ئەوەی کە ژنان خاوەن جەستە و بڕیاری خۆیان بن، شەڕی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ نیە، ئەم شەڕە بەربەرەکانێی کەلتور و سروشتی سەرەتایی ئینسانە، سروشتی سەرەتایی ئینسان وەک هەر حەیوانێکی تر لاشعور و دڕندە بووە، هەرچی زەمان تێدەپەڕێت ئینسان بە جیاواز لە بونەوەرەکانی تر بە هۆی عەقڵ و هۆشیاریەوە تەکوینی ژیانی خۆی دەکات و لەو سروشتە وەحشیە دور دەکەوێتەوە، بەشەر بە پێی ئەزمون و داهێنانی نوێ ڕۆژانە کەلتوری خۆی ئابدەیت دەکات. ئاستی کەلتوری دیاری دەکات بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە چەندە لە سروشتی سەرەتایی فاسیلەی گرتوە و چەندە توانیویەتی یاساکانی جەنگەڵ بگۆڕت و بە پێی زانستی سەردەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئابدەیت بکات.

هەر لە سەر ئەم تیئۆریە شەوەیە کە دەڵێت شەڕی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بەرەنگاری کەلتورە لەگەڵ سروشتی سەرەتایی ئینسان دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە، هەڵسوکەوتکردن لە گەڵ ژنان دەتوانێت پێوەر بێت بۆ دیاریکردنی ئاستی پێشکەوتن و دەوڵەمەندی کەلتوری.
سروشتی سەرەتایی ئینسان بەشێک بوە لە یاسای جەنگەڵ، بە پێی قاعیدە و قەواعید هەرکام عەزەڵەی زیاتر بێت دەبێت بە سوڵتان و لەم ڕوانگەیەوە دەسەڵات و ماف دابەش دەکرێت. ئێستاش زۆر جا گوێمان لەوە دەبێت، سروشت ژنانی لاواز دروست کردووە و دروشمی یەکسانی بە مانا و بێ سودە. ڕاستیەکەی خاوەن ئەم جۆرە بیرکردنەوانە تەنها ئەوە دەسەلمێنن کە هێشتا مەودایەکی زۆریان نە بڕیوە و عەقڵ و تێگەیشتنی لانیکەم هەزار ساڵ دەبێت پایدەر لێبدات.
لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان
لە سەر لاپەڕەی یەکەم یاسا بنەڕەتیەکان زۆربەی وەڵاتە پێشکەوتوەکان نوسراوە “ڕۆشنگەری و هۆشیاری بەردەوامی تەنها ڕێگای تەکوین و پاراستنی مافەکانمانە”
ئەگەر یاساو ڕێسا بەردەوام بە زانستی کۆمەلایەتی دەوڵەمەن نەکرێت، ئەگەر ساڵ بە ساڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە گەڵ زانستی سەردەم هەنگاو نە نێت، کە واتە زانستی کۆمەڵایەتیمان بۆچیە؟ کۆمەڵگای ئێمە سەرقاڵە بەوەوە چوار ژنە یان زەواجی مسیار. ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە خاوەن کەلتورێکی کۆنەپەرەست و پەرپوت و وێرانین کە لە هەزار ساڵ پێش ئێستاوە چەقیوە.
لە وڵاتی ئێمە ڕێک بە پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتوەکانەوە لە یاسا بنەڕەتیەکانمان جەخت لەوە دەکرێت کە هیچ بڕگەیەک نابێت ناکۆک بێت لە گەڵ دەورانی کۆیلایەتی و دەقەکانی ئیسلام. ئەگەر لە ڕوانگەی پیاوسالاریەوە سەیری کەلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەند بکەین، خاوەن دەوڵەمەندترین و کامل ترین کەلتورە لە جیهاندا، لە چ وێرانەیەکی تر دا پیاو بۆی هەیە وەک بازرگانی مەڕ و ماڵات چوار ژنی هەبێت.
خەبات بۆ مافە ئینسانیەکانی ژنان شەڕی ڕەگەزی نێر و مێ نیە، شەڕی نێوان کوڕان و کچان نیە هەروەک جۆن خەبات دژی ئاپارتاید و ڕەگەز پەرەستی بانگەوازی شەڕ دژی سپیپێستەکان نەبووە، خەبات دژی نیزامی کۆیلایەتی بانگەوازی شەڕ دژی خەڵکی ئازاد نەبووە، خەبات بۆ ڕەفاهیاتی خەڵکی خاوەن پێداویستی بانگەوازی شەڕ دژی خەڵکانی ئاسایی نیە، خەبات بۆ مافەکانی منداڵان شەڕ دژی گەورەکان نیە و خەبات بۆ مافەکانی ژنانیش خەبات دژی پیاوان نیە بەڵکۆ خەبات دژی سیستەمی پیاوسالاری و دژی ئەوکەسانە کە قازانج لەم ژێردەستەیەی ژنان دەکەن.

لە هەرکام لەم نمونانەی سەرەوە داستانی چەوساندنەوەی بەشێک لە ئینسانەکانە لە لایەن داب و نەریتێک کە تەنها لە بەرژەوەندی گروپێکی دیاریکراو و نادادپەروەردایە. لە سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەز پەرەستدا تەنها کۆمەڵێک سەرمایەدار و پاوەندخواز قازانج دەکەن نەک خەڵکی ئاسایی ڕەگەزەکانی تر، لە سیستەمی کۆیلایەتی تەنها کۆیلەدار و لە چەوساندنەوەی ژنانیش تەنها داب و نەریتێک قازانج دەکات کە بەرهەمی حکومڕانی ئێستا وپێشو بووە.
چەوساندنەوەی ژنان حاسڵ و بەرهەمی سیستەمی چینایەتیە لەو ڕۆژەوەی کە مرۆڤ دەستی کرد بە کشتوکاڵ و بەکارهێنانی زەوی، لە ماوەیەکی کورت دا ئەوە عەرزی منە و ئەوە هین تۆیە، دیاردەی مڵکداری هاتە کایەوە و بە تێپەڕینی زەمان مۆری خۆی لە هەمو شتێک داوە، لەم پەیوەندیەدا ژنانیش وەکو کالا دەکرێن بە مڵکی پیاو بەم شێوەیە لە قۆناغە یک لە دوای یەکەکان لە پاشکۆیەتی دەمێنێتەوە دەتوانین بڵێن لە سەرجەم داگیرکاری و شەڕ و سنور دانان و دەسەڵاتداری و یاسا دانان و هێنانی ئاین ژنان ڕۆڵی سەرەکیان نەبووە و بۆ سەرجەم وێرانکاریەکانی مێژو پاوەندخوازی پیاوسالاری تاوانبارە.

سەرەڕای ئەوەی کە ژنان لە گەشەدان و بەردەوامبونی مرۆڤایەتی پشکی شێریان بەرکەوتووە، بەڵام هەمیشە لە سەنتەری بڕیاردان هیچ جێگاو ڕێگەیەکیان نەبووە، واتە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی لەناوەند و لە ماف و بڕیاردان لە پەراوێز بوون.
ئەم هاوکێشەیە کە سەرێکی ئەرک و سەرەکەی تری دەسەڵاتە، دەبێت لە بنەماوە دەستکاری بکرێت، ژنان لە سەنتەری بڕیاردان نزیک ببنەوە و بەشێک لە ئەرکەکانیشیان کەم بکرێتەوە.
دۆخی ژنان پێویستی بە شۆڕشێکی هەمە لایەنە هەیە، بەشداری یەکە بە یەکەی ژنان لەم شۆڕشە دا پێشمەرجە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ژیانێکی ئاسودە، تەجروبەی وڵاتانی پێشکەوتو نیشانی داوە تەنها گۆڕینی یاسا و چاک کردنی شوێنە فەرمی و گشتیەکان کافی نیە، پێویستە ژنان هۆشیار و شارەزابن بە مافەکانیان و لە هەر کوێ هەستیانکرد غەدریان لێکراوە بوێربن هاوار بکەن. ئەگەر بەشێکی بەرچاو لە ژنان بەشداربن لە مەیدانی خەباتی ڕاستەقینە دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەن و دەستکەوتی باش بەرهەم بێنن بەڵام هێشتا پێویستە یەکە بە یەکەی ئەو ژنانەی کە لێرە و لەوێ ڕوبەڕوی توندو تێژی دەبنەوە خودی خۆیان هەنگاوی یەکەم هەڵگرن بۆ ڕزگار بوونیان. خەبات بۆ مافەکانی ژنان شەڕێکە کە هیچ ژنێک ناتوانێت بێ لایەن و لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بێت، هەر تاکێک دەبێت بە مافەکانی خۆی شارەزا بێت و بتوانێت گوزارشت لە دۆخی خۆی بکات.

لە کۆمەڵگای ئێمە بە ژنان دەڵێن زەعیفە و زۆربەشمان بە کردەوە قبوڵمان کردووە یان لانیکەم بێدەنگین، وشەی زەعیفە لە کۆمەڵگای ئێمە کراوەتە هەویەتی ژن و دراوە لە نێوچەوانمان. پێش ئەوەی ناوی عایشە و فاتمەمان لە سەر دانێن ناوێکی گشتی مان هەیە و پێمان دەڵێن زەعیفە، هەژمونی ئاینی ئیسلام بەسەر کۆمەڵگاکنی ئێمە و تێڕوانینی بۆ ژن وایکردوە کەلتوری ژێردەستەیی ژن بمێنێتەوەو ڕۆژانە دەمەزەرد بکرێتەوە.
لە ژێر هەژمونی ماشێنی پەروەردەی پیاوسالاری ژنان خۆشیان پەسەندیان کردووە ئاساییە بە زەعیفە ناوببرێن لە هەمانکاتدا ئەم زەعیفەییە وای کردوە کە ورەی بەرەنگاری لەلایەن کەم بێت و داڕمانێکی دەرونی گەورەیان لا دروست بکات.
لەبەر ئەوەی زەعیفەیەن دەتواندرێت بڕیارمان لەسەر بدرێت بەرشەق بدرێین ئێمەش قبوڵی بکەین و بیشارینەوە، لەسەر جادەو شەقامەکان تەحەروشمان پێبکرێت و هاتو هوتمان بۆ بکێشرێت، لە بەرامبەردا خۆمان زیاترو زیاتر داپۆشین و لە شوێنە گشتیەکان دەرنەکەوین. لاوازی دەرونی لای ژنان یەکیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی توند و تیژی لە کۆمەڵگا.

بەڵام ئایا ناکرێ ژنان زەعیفە نەبن؟
ئەگەر بەوردی سەیرێکی بارودۆخی ئێستای جیهان بکەین دەبینین ژنان لەم بارەیەوە زۆر پێشکەوتوون و زۆر هەنگاویان ناوە و ڕۆلێکی بەرچاویان هەیە لە بەڕێوەبردنی جیهان، لەناو هەموو سێکت و پۆستەکاندا دەبیندرێن، هاتنە میدانی ژنان پاڵنەرێکی بەهێز بوون بۆ گەشەپێدانی وەڵاتە پێشکەووتوەکان.

بەشداری ژنان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیابو بە هۆی ئەوەی، تەنها چەند مانگ دوای شۆڕش قانونی یەکسانی ژن و پیاویان دەرکرد و توانیان پێشبڕکێ لە گەڵ ڕەوەندێکی ٢٠٠ ساڵەی ڕۆژئاوا بکەن.
لە بواری بەرەنگاری و چەکداریشدا وەک بوارەکان تر ژنان توانیویانە ئەزمونی تۆمار بکەن و ڕەوڵی کاریگەریان بێت، لە جەنگی جیهانی دوەم کاتێک ژنان و پیاوانی ڕوسیا بەیەکەوە چەکداربون لە لنین گراد توانیان بەر بە هێرشی فاشیستی هیتلەر بگرن و ستۆپی کەن. لە کاتێکدا ڕوسیەی پێش شۆڕشی ١٩١٧ یەکێک بوو لە دواکەوتو ترین کۆمەڵگاکانی جیهان.

هەمومان قارەمانیەتی ژنانی کۆبانێمان بینی، ژنان و پیاوان بەیەکەوە هاتنە مەیدان و شاکاریان نواند، ناوی خۆیان خستە مێژو. تەنها بە تەنها ئەوان بوون بە جدی و بە کردەوە توانیان بەر بە هێزی تیرۆرستی داعەش بگرن. هەر ئەم هاتنە مەیدان و قارەمانیەتەشیان وایکرد کە نەخرێنە پەراوێزەوە و یاساو مەرسوم لە بەرژەوەندیان بهێنێتە دەرەوە. ئایا نمونەی ژنانی کۆبانێ بەس نییە بۆ ئەوەی ژنانی کوردستان بێنە دەرەوەو بڵێن ئێمە زەعیفە نین و ئینسانی تەواوین؟
ئاستی بەشداری ژنانی کوردستان لە سەرجەم کایە سیاسی ، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان بەرچاو نیەو ئا ئێستاش نەیتوانیوە لە پۆستە چارەنوس سازکان نزیک بێتەوە، ئەم دۆخەی ژنان ئاماژەیە بە چەوسانەوە و ئاساری ئەو چەوسانەوەیە وەکو دێوزمەیەک بوەتە بەشێکی حاشا هەڵنەگر لە ناخ و کەسایەتی یەکە بە یەکەی ژنان.

ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت و هیچ کەسێک نازانێت ئەو سەرەکەی چی دەبێت. بەڵام گرنگە ژنان بێلایەن نەبن و بە بەشداری بەرچاویان دەتوانن مۆری خۆیان بدەن گۆڕانکاریەکان.
ئێستا کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر حەساسدا تێدەپەڕێت، بارودۆخی خەڵک گەیشتۆتە ئەوپەڕی خراپی. بێموچەیی بێ خزمەتگوزاری، شەڕ بەرامبەر داعەش و خوێن ڕشتن. ژنان لەم نێوەدا پشکی شێریان بەرکەوتوەو باجێکی گەورە دەدەن من لە وتاری ترمدا لە مانگی مارسی ئەمساڵ بەوردی ئیشارەتم بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و کاریگەری لەسەر ژنان کردووە. بۆیە لێرە نایەمەوە سەری.
بەڵام بەگشتی لە ئێستادا بارودۆخی کوردستان بانگامندەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و بیرکردنەوە لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر کە ئەویش بەرەو خۆبەڕێوەبردن و پێکهێنانی شوڕاکانە لە گەڕەک و ناوەندەکانی کار. دەبێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ڕوبدات لە دەستی کۆمەڵێک دز و مفیا دەربهێندرێت و بکەوێتە دەستی خەڵک خۆیەوە. هەر ئێستا نارەزایەتی و ئیعترازێکی بەرفراوان لە کوردستان هەیەو دەبێت ئەم ناڕەزایەتیانە هەوڵبدرێت لە بەرژەوەندی خەڵک کۆتایی پێبهێندرێت. بۆ ئەمەش پێویستامان بە هێنانە مەیدانی ئیرادەو خۆ رێکخراوکردنمان هەیە. ئەم کارەش پیویستی بە ئینسانی بەهێزە و بە زەعیفە ناکرێت.

ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان ئەگەر بەهێزو تەوژمەوە نەیەنە مەیدان و شان نەدەن لە شانی پیاوان لە گۆڕەپان نەوەستن و دەستیان نەبێت لە نەخشاندنی ئەم ئاڵۆگۆڕانە بە دڵنیایەوە داهاتو بە قازانجی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی نابێت. هەربۆیە زەرورەتی هەیە ژنان بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و ئەم هاوارە بکەن کە ئێمە زەعفە نین ئێمە توێژێکی کاریگەری کۆمەڵگاین و بەهێزین دەتوانین شانبەشانی پیاوان کۆمەڵگا بگۆڕین.
دڵنیاتان دەکەمەوە تا خۆمان نەیەنە مەیدان و هێز لە خۆمان نیشان نەدەین، ئەو قودرەتە نەدەینە خۆمان ئەم شۆڕشە بەسەر ناخی خۆمان نەکەین کە ئێمە زەعیفە نین هیچ کەس ئەوەمان بۆ ناکات. تەنها خۆمانین دەتوانین ئەم کۆت و بەندە بشکێنین کاریگەری ڕۆڵی خۆمان لە کۆمەڵگا نیشاندەین، ئەگەر ئێمە نەتوانین هاوار کەین بۆ سڕینەوەی ژێردەستەیی خۆمان؟ چۆن دەتوانین وەکو دایک نەوەیەکی نوێی بەهێز پەروەردە بکەین و بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست، ئەگەر منێکی مامۆستا زەعیفە بم چۆن دەتوانم نەوەی نوێ فێربکەم، ئەگەر منی پەرستار زەعیفە بم چۆن دەتوانم ئاگاداری و چاودێری نەخۆشێک بکەم، ئەگەر منی دکتۆر زەعیفەبم چۆن دەتوانم ژیانی نەخۆشێک ڕزگار بکەم؟
ئەگەر ئێمە گوڕو تین بدەینە بەر خۆمان و بە کۆمەڵگاشی نیشانبدەین و ڕۆڵی کاریگەرمان هەبێت لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیەکان. هیچ هێز و حکومەتێک ناتوانێت ئەم تواناییەمان بخاتە پەراوێزەوە و ناچارن لە یاسا دانان حسابی ئینسانی تەواومان بۆ بکەن و دەتوانین جەخت بکەین لە سەر گۆڕینی ڕێڕەوی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن لە پیاوسالاریەوە بۆ ڕێڕەوی یەکسانی وە هەر وەها پاڵنەر بین بۆ ڕۆشەنگەری گشتی لە کۆمەڵگا.
وەرن با هەمومان بەیەکەوە هاورکەین ئێمە زەعیفە نین، پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز پستگیرمان بکەن و لەگەڵمان هاوارکەن، کە دایک، خوشک هاسەر مامۆستا….. ی ئێوە زەعیفە نین بۆ ئەوەی کە بتوانین ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگادا بەدیبهێنین.




تیرۆركردنی مامۆستا هۆشیار مه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ناكۆكی فكری … عیماد عه‌لی

له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ و له‌ زۆرێك له‌ مه‌لا و پێشنوێژه‌كانه‌وه‌ له‌ مینبه‌ری مزگه‌وت و هه‌ندێك راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، گوێم له‌ راوبۆچونی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بوو له‌سه‌ر كه‌یسی تیرۆركردنی دوكتۆر هۆشیار، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێرامان و سه‌رسورمانه‌ كه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ ناكۆكی سیاسیی و كرده‌وه‌ی موخابه‌راتیه‌وه‌ دوور بخرێته‌وه‌ و بخرێته‌ ئه‌ستۆی ناكۆكیه‌ فكری و فه‌لسفه‌یه‌كان و له‌دژی عه‌لمانیه‌ت و چه‌پ و دیموكراتخوازی به‌كاری بێت و به‌ پێی كردار و ره‌فتاری هاورده‌كراوی رێكخراوه‌ ناوچه‌ییه‌كان خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكرێت . ئه‌مه‌ش زۆر شتی مه‌به‌ستداری خه‌ڵكی یاریكه‌ری ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌رزی كوردستان ده‌رده‌خات .
جگه‌ له‌وه‌ی زۆر پێویسته‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر ئه‌ستۆپاكی خۆی بسه‌لمێنێت له‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كرێت كه‌ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌تی میتی توركیا چه‌ند له‌م كاره‌ به‌مه‌به‌ستكراوه‌ قازانج ده‌كات .
ئه‌وه‌ی زۆر روونه‌ كه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك كرده‌وه‌ی تیرۆركردن ئیدانه‌ ده‌كه‌ن، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت و دژ به‌هه‌ر كه‌سێك بێت، ئه‌گه‌ر تیرۆركراو خاوه‌نی هه‌ر بیروبۆچنێك بێت و هه‌ر پشتخانێكی فكری و فه‌لسه‌فیی هه‌بێت . هه‌موو خه‌ڵكیش باش ده‌زانن كه‌ كێ خاوه‌نی مێژووی تیرۆر و تۆقاندنه‌ چ له‌ زه‌مانی كۆنی كۆنه‌وه‌، یان له‌م سه‌رده‌مه‌دا و به‌ كاره‌ تیرۆریستیه‌كانی كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ رۆژنامه‌نوسان و خه‌ڵكی سیاسی و خاوه‌ن راوبۆچونی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت تیرۆركران، له‌وسه‌روبه‌نده‌دا، كه‌س ئاماژه‌ی به‌ هیچ لایه‌نێكی راستره‌و و ئاینیی نه‌كرد و هیچ فكر و ئایدیۆلۆجیا و فه‌لسفه‌یه‌كی تۆمه‌تبار نه‌كرد جگه‌ له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی خرایه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، كه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ ده‌ستی پشتی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌ ده‌ربخات و بۆ خه‌ڵكی ئاشكرا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌ تیرۆریستیه‌ نێوخۆییه‌كانی كوردستان دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ كران، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان، بونی زۆر لایه‌نی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی به‌ ناوی ته‌نانه‌ت هه‌ڵگری ئاینی ئیسلامیشه‌وه‌ گومانی ئه‌م كرده‌وانه‌یان لێده‌كرێت، كه‌چی وا ئێستا له‌ تیرۆركردنی پیاوێكی ئاینیدا، بۆ ئاوه‌ژوكردنی مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ به‌ناو خه‌ڵكی عه‌لمانی، به‌ روونتر چه‌پی كلاسیكی ده‌برێت . ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر یاریه‌كی قێزه‌ونی هه‌ر لایه‌ك بێت، ته‌نانه‌ت به‌ده‌زگا موخابه‌راتیه‌ ده‌ره‌كیه‌كانیشه‌وه‌، زه‌ره‌ری گه‌وره‌ له‌ كه‌یسی تیرۆره‌كان و به‌لارێبردنی پرسه‌كه‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی ده‌ره‌كی یان ناوه‌كیش له‌ پشت ئه‌م جۆره‌ بۆچونانه‌وه‌ بن و بیانه‌وێت راستیه‌كان ئاوه‌ژوبكه‌ن .
دیاره‌ ده‌رخستنی تاوانباران و روون كردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌كان به‌ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ به‌ملاو ئه‌ولادا نابێت، ئه‌گه‌ر توانا و بوێریی ده‌ستبردنتان نیه‌ بۆ خه‌ڵكی گومانلێكراو زۆر شه‌رمه‌ له‌ پێناو بۆچونێكی ئایدیۆلۆجی ئه‌م هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ و باسی راست و چه‌پ بكه‌ن و بۆ مه‌رامی تایبه‌تی حزبی و ئایدیۆلۆچی ئه‌م كه‌یسه‌ به‌كار بێنن و به‌ بێ شه‌رمی فكر و فه‌لسه‌فه‌ی چه‌پگه‌رێتی تۆمه‌تبار بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ دڵی تاوانباران خۆش ده‌كات و ئارامیش به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دات كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ته‌كان، زۆر پێده‌چێت ئه‌م قسه‌وبۆچونانه‌ش ئیستیغلال بكات . چه‌پ و عه‌لمانیه‌كان زۆر له‌وه‌ پاكترن په‌نا بۆ شتێكی قێزه‌ون ببه‌ن كه‌ له‌ شیمه‌ت و سیه‌فتی ئه‌وان نیه‌ و له‌ خه‌سڵه‌تی دژه‌كانیانه‌ .
كوردستان خاڵی نیه‌ له‌ ده‌زگا سیخوریه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌زگا سیخوه‌ریه‌كانی نێوخۆیی، هه‌ریه‌كه‌و ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و رۆژ نیه‌ پیلانی تایبه‌تی خۆیان به‌وردی جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، كه‌چی خه‌ڵكی مێزه‌رله‌سه‌ر و مه‌لای مزگه‌وت و پێشنوێژه‌كانیش باسی كاری سیاسی ده‌كه‌ن و به‌ناوی راوبۆچونه‌وه‌ تۆمه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه‌ و، ده‌یانه‌وێت به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و دژایه‌تی ئه‌ویتر له‌م كه‌یسه‌دا ده‌نگی خۆیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ . ده‌سه‌ڵاتی ده‌سترۆیشتو به‌رپرسه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی سه‌رجه‌م تیرۆركراوان له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووانیش مامۆستا هۆشیار، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌سته‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك روون بێته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك وه‌ك شته‌كانی تر نانوپیازی پێوه‌ نه‌خۆن و به‌مه‌به‌ستی كاری سیاسی رووت به‌كاری نه‌هێنن و تۆمه‌ت به‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ی خه‌ڵكی تر نه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و فكره‌ی كه‌ ئه‌و مه‌لا تۆمه‌تبه‌خشانه‌ هه‌ڵیان گرتووه‌ پره‌ له‌ تیرۆر نه‌ك چه‌پی كلاسیك و چه‌پی توندره‌و، وه‌ك ئه‌و مه‌لایانه‌ له‌ ترسدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ راسته‌رێگه‌ و حه‌قیقه‌ته‌كه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌، به‌ راستوچه‌پ و به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو راوبۆچون و خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ و دوور له‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌م پرسه‌، باس له‌و باره‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ره‌فتاری حزبه‌چه‌پ و كلاسیكیه‌كانی به‌ناو عه‌لمانیه‌ته‌، كوایه‌ ئه‌م ره‌فتارانه‌یان لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت تۆمه‌ته‌كه‌ له‌خه‌ڵكانێكی ناوه‌كی دوور بخه‌یته‌وه‌، بۆ ته‌وزیف كردنی فكرو بیروبۆچونه‌كانیان ئه‌م تۆمه‌تانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگیان له‌ داردا دۆزیبێته‌وه‌ . ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ ئه‌مرۆ له‌كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ كار له‌سه‌ر ململانێی شه‌خسی و حزبی وئایدیۆلۆجی ده‌كرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك لایه‌نه‌كان پابه‌ندنین به‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی حزب و رێكخراوی راسته‌قینه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر گوناحه‌ له‌ پێناو قازانجی حزبی و ئایدیۆلۆجیدا، هۆكاری تیرۆركردنی مامۆستا هۆشیار بخرێته‌ ئه‌ستۆی ده‌رئه‌نجامی ناكۆكیه‌ فكریه‌كان .




پەرلەمانی ئەوروپا: دەنگدان بۆ سڕکردنی گفتوگۆکانی بەئەندام بونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا

چاوەران دەکرێ ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/11/2016 ،ئەندامانی پەرلەمانی ئەووپا دەنگ بدەن بۆ هەڵپەساردن و سڕکردنی گفتوگۆکانی بەئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش ئاراستەکردنی ئاماژەیەکە بۆ تورکیا کە هەڵمەتی دەسگیرکردنی کوێرانەو فراوانy دەس پێ کردوە لە پاش هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتوەکەی تەمووزی ئەمساڵ.
زۆربەی لایەنە بەشدارەکانی پەرلەمانی ئەووپا هەوڵێکی یەکگرتویان وەگەر خستوە بۆ سڕکردنی دانوستانەکانی نیوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا، واتە بەشێوەیکی کاتی گفتوگۆکان سڕ دەکەن ، هاوکات ئەگەر تورکیا سزای لەسێدارەدان بهێنێتەوە بواری جێ بەجێ کردن ، کە چەند مانگێک لەمەوە پێش باسی لێوەکراوە ، ئەوا پەرلەمانی ئەوروپا هەموو دەرگاکانی گفتوگۆ و قسەکردن داددەخات بەڕووی تورکیادا.
وا بڕیارە ئەمرؤ سەرلەئێوارە دەەنگدانێکی سەرەتایی بکرێت لەو بارەوە کاتژمێری دوانزەی شەو، ئەگەر بەزۆرینەی دەنگ بڕیارەکە بدرێ ئەوا کۆمسیۆنی ئەوروپا کە سەرپەرشتی ئەوە پرۆسەیە دەکات ،هەڵدەستێ بە جێ بەجێ کردنی بڕیارەکە.
تورکیا بەفەرمی لەساڵی 2005 وە داوای بون بەئەندامەتی کردوە لەیەکێتی ئەوروپا ،بەڵام لەبەر نەبونی سیفەتەکانی ئەندامەتی و پابەند نەبونی بەیاساکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ و یەکتی ئەوروپا تائیستا وەرنەگیراوە، چاوەروان دەکرێ لەپاشەڕۆژدا داواکاری ئەندامەتی بەتەواوەتی ڕەت بکرێتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەری 24.ae

د.ناجح گولپی 24/11/2016




پێشەکی کتێبی ” شوێنێکی تری جەنگ ” … دڵشاد عەبدوڵڵا

باخچەیەک لە تاریکیدا !

شیعر کۆکردنەوەی پاشماوەکان نییە

لێم مەپرسن، چیم دەوێ؟ هێشتا لافاو نەنیشتۆتەوە
مەپرسن، دەچمە کوێ؟ لە ناوەڕاستی زەریادام.
سەت هێندەی وڵاتی خۆم غەریبم!
چل ساڵە دەئەزموونێم کەچی دەڵێی تازە لەدەرگا گاڵەدراوەکان دەدەم؛ بیکەنەوە.
ڕەخنەگر و ئەکادیمیاکان، کێ بەئاگایان دێنێ؟
چل ساڵە و هەمان دەستەواژەم لەسەر ژوورەکەم هەڵواسیوە : ” کەمینە گرنگە ” !
چل ساڵە فەرهادی قوڵنگ وەشێنی کێوی زمانم، کەچی هێشتا نیگەرانیم نەنیشتۆتەوە لەگەڵ هاوزمانم!
بەو نیگەرانییەوە دەگەڕێم بۆ کەسێکی گەردوونی!
کەسی گەردوونی کێیە؟ نووح یان ئەوانەی لەناو کەشتیەکەدان ؟
ئەوانەی گەیشتنە سەرزەوی و ژیانێکی نوێیان دروستکرد، بێ ئەوەی باکڕاوندێکیان لەبارەی ئەو شوێنەوەهەبێ کەلێی نیشتنەوە، یان نووح کەڕاستی لافاوی دی بەرلەوەی ڕووبدا؟
گەردوونیبوون جیهانبینی و بەرپرسیارەتییە .
چل ساڵەو دەیان جار گلاوم بۆ هەستانەوەیەک.
چل ساڵەو دەیان خاچ هەڵیواسیوم و باوەشێک نەیهێنامە خوار.
دەیان لافاو هەڵیبڕیوم، شەپۆلێک نەیگەیاندمە کەنار.
باخچەیەک لە تاریکیدا، ئەوە منم! هەمیشە سەرئامەد بە شیعر و بەس.
*
ناتوانی ژیانی شاعیر لەبەرهەمەکانی دەرهاوێژیتە دەرەوە، هەرچەند شیعر سیفەتی ئاوێنەی نییە بەڵکو مەوشوورییەو ئەوەی تێیدا دەردەکەوێ ئەوە نییەکەهەیە. بەو تێگەیشتنەوە شیعرم گواستەوە بۆ ( ناکەس) . بەو واتایەی لەڕاستەوخۆیی دوورکەوتمەوە بۆ قووڵایی، قووڵایش بە هەموو بایەک ناجووڵێ .
ماوەیەکی زۆری ژیانم لەگەڕەکێکدا دەژیاین کە زۆربەی خەڵکەکەی لەچینی مامناوەند بوون، هەر خێزانەو لەناوچەیەکەوە هاتبوو، بەشێکیان خۆشناوبوون، حەزم لە شێوەئاخاوتنیان بوو. دایکم ڕەگەکی لەوانە، بەڵام خێزانی ئێمە شارستانە وگوێی نەداوەتە هۆزوعەشیرەت. ماوەیەک بیرم لەوەدەکردەوە بەو شێوەناوچەییە شیعر بنووسم، ئەم بیرکردنەوەیە سەرچڵی نەبوو، ئەو ئاسانکارییەی لەشێوە ئاخاوتنی ئەواندا هەیە ڕەنگە بۆ ئاهەنگی شیعر جوان بکەوێتەوە. جگە لەمەش ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە پەرچەکردارێکی نەستیی بووبێ لەبەرانبەر ئەو ڕیتمە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. خوێنەری کورد لەڕووی ئەزموونەوە کەمتوانایە بۆیە هەر دەرچوونێک وەکو دژایەتی لێک دەدرێتەوە، ئەم هۆیە بەربەست بووە لەبەردەم زۆر پڕۆژەی ئەدەبیدا. هەرچەند دڵنیام ئەگەر خۆم زۆر مکوڕبام وا بەئاسانی دەستبەرداری بیرکردنەوەکە نەدەبووم . لەشیعرەکانی بەراییمدا بە سنوورداری ئەم هەوڵە ڕەنگی داوەتەوە. لە لاوک و حەیراندا هەمان زمان هەیە. دواتر هێمن وهەندێک نووسەری کوردی ڕۆژهەڵات شێوەی موکریانیان هێنایە ناو نووسین و بەشێک لەئەدیبانی ناوچەی سلێمانی بەکاریشیان هێنا. لای میللەتانیش ئەم جۆرە ئەزموونە هەیە، چما ڕامبۆ بەزمانی ستاندار شیعری نووسیوە؟
گەرەکەکەمان زۆربەی خەڵکەکەی خۆپاریزبوون، ژنێک هەبوو جلی کورت وبێقۆڵی دەپۆشی و سەربەستانە لەبەردەرگای ماڵەکەیان دەوەستا، لەناو هەموو ژنەکاندا جێگەی سەرنجم بوو ، نەمدەزانی بۆ؟ دواتر تێگەیشتم کە جوانی ئەوژنە و جیاوازییەکەی ئەو ئازادییە بوو کە لەشێوەی جلپۆشینیدا هەبوو. ئەدەبیش جیاوازییە بەڵام لەئەدەبدا جیاوازی بەتەنیا بەس نییە ئەگەر تەکنیک وزمانی جیاوازی لەپاڵدا نەبێ. دەرچوون لەپۆل مەرجی ئەفراندنە دواتر شتی تر بەدوای خۆیدادێنێ.
هەمووجار کەبیر لەپڕۆژەی تازە دەکەمەوە دەڵێم ، مەسیح بە تەنیا لەسەر سێدارەبوو!
واتا تاک هەردەم پێشڕەوە و کۆمەڵ دوای دەکەوێ، بەڵام دەرکەوتنی مەسیح لە بۆشاییەوە نەبوو، زەمینەی فیکریی و کۆمەڵایەتی هەبووە.
چل ساڵ پێش ئێستا کەدەستم بەنووسین کرد، سەرەتایەکی ئاساییم هەبوو وەکو هەر گەنجێک کە خولیاو حەزێکی دیاریکراو دەیبا بۆ لای شیعر. بەڵام کاریگەری خوێندنەوەی زۆر زوو دەربازی کردم لەو سەرەتایە. دوای چەند ساڵێک بێدەنگی لە بڵاوکردنەوە، دەمویست لەڕێی دەقی قورسەوە خۆم بناسێنم. قەسیدەی ” گورگ ” کە دواتر بوو بە هەوێنی قەسیدەی ” سووتانی ڕەنگەکان ” بوو بە سەرەتای ئەو ناساندنەم . لەوێ بەشێک لەزمانی جوداو ڕیتمی جوداو هەناسەی شیعری جودا هەیە. ئەم هەوڵەم دەرچوون بوو لەو ڕیتمە باوە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. قەسیدەی پەخشان کە پێشتر هەندێک هەوڵی تر هەبوو بەو ئاراستەیە، بۆ من بوو بەو چوارچێوە هونەرییەی شیعری خۆمی تێدا نیشان بدەم. ڕستەی شیعری چڕ و ئاوێتەی فرەمانا، چڕکردنەوەی وێنەکان لەڕێی بەکارهێنانی ئەفسانە بۆ قووڵکردنی ساتەکانی ئێستا، بە پێچەوانەشەوە ئێستا بۆ دوورایی ئەفسانەیی. لەم ئەزموونەدا هەموو هەوڵێکم بۆ شیعرییەت بوو، چونکە شیعر ئەگەر شیعرییەت لەدەست بدا بۆ هەر مەبەستێک با زۆرگرنگیش بێ کلۆر دەبێ.
پێش شیعر هیچ شتێکی ترنییە، بەو مانایەی شیعر لەبیرۆکەی ئامادە دروست نابێ، هەموو ئەو شیعرانەی کە بۆ هەر بیروباوەڕێک خیانەت لە شیعرییەت دەکەن ژیانیان کورتە. شیعرییەت سنوور بەزێنە.
*
شیعر لای میللەتان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەشێکی کتێبە ئاینییەکان بەشیعر هۆنراونەتەوە، گاتاکان و کتێبی یارسان نموونەی ئەوجۆرە کتێبانەن. سەرەتای شیعری کوردی ئەگەر وەکو شێوە ئاخاوتنی جوان و دەربڕینی بیروباوەڕی ئاینیش بچێتەوە سەر ئەم دوو کتێبە، بەڵام شیعری کوردی وەکو دەقی هونەریی لە بابا تاهیری هەمەدانییەوە یان لەمەلای جزیرییەوە دەستپیدەکا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئاراستەیەیە کە گەشەی تێداکردووەو بۆتە ناسنامەی، ئەویش ئەو شیعرەیە کەبەشێوەزای کرمانجی ناوەڕاست نووسراوە. ئەم ئاراستەیە وانەبێ کارێکی ناتەندروست بێ بە پێچەوانەوە ئەدەبی هەموو میللەتان هەر ئەوها گەشەیان کردووە، کێماسی وخاڵی لاواز ئەوەیە کە پەردەی داداوە بەسەر شێوەزارەکانی تر ولێیان دوور کەوتۆتەوە. ئەم حاڵەتە خوێنەری دابڕیوە لەیەک وکاری نێگەتیڤی کردۆتە سەرنووسەران خۆیان وئەدەبەکەش، بەهەموو بارێکدا وای بۆدەچم کە پاشماوەی سیستمی خێڵەکی ئیمارەتەکان بێ بۆمان مابێتەوە .

*
تازەگەریی یەک مێژووی هەیە، هەر میللەتەو بە شێوەیەک وەریگرتووە و نەخشی خۆی پێداوە. کورد نە ئاوەزی ڕەخنەگرانەی هەبووە، نە بۆرجوازیشی شۆڕشی هەڵگیرساندووە، نە ( کانت ) و ( رۆپسپیر )ی هەبووە ( بە وتەی ئۆکتاڤیۆ پاز کە لە بارەی تازەگەری ئیسپانیاوە نووسیوویەتی ) و نەناوەندی بازاڕێکی بەهێزێشی هەبووە. سەرەڕای ئەمانە، هەژموونی بزووتنەوەی چەکداری درێژخایەن و فشاری داگیرکەرانی هەمەجی، بەیەکەوە شیعری تازەیان هاڕیوە.
مەرج نییە هەوێنی تازەگەریی لەناوخۆوە بێ، ئەوە ئەزموونی ئەدەبی میللەتان، کێ لە ناوەخۆوە هێناویەتی؟ بۆدلێر خۆیشی دەڵێ تازەگەریم لە ئەدگار ئالان پۆی ئەمەریکایی وەرگرتووە، ئیلییەت لە شاعیرانی سیمبولیزمی فەرەنسایی وەرگرتووە، گۆران لە شیعری نوێی تورک. مەرج ئەوەیە کەسێک هەبێ توانای وەرگرتنی هەبێ، یان بەمانایەکی تر ئامادەیی هەبێ لەسەر ئاستی شاعیردا وەک مەنشوری تیشک وەرگر.
ئەزموون ئیسفەنجە و تەڕایی هەڵدەمژێ، عەیب نە لە ئیسفەنجە و نە لەتەڕایی.
*
لە بۆدلێرەوە تا جیسواف میوۆش خوێندنەوەی ئەزموونی هەریەکێک لەمانە گەواهی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئەزموونەکان فرەو هەمەڕەنگن ولەکرۆکدا یەکن، پوختەکەی ئەوەیە کەشیعر لە وشە دروست دەکرێ و وشەش جوانی بەرهەمدێنێ، جفرەی جوانیش مرۆیە. شیعر ئەگەر ئەو جوانییە مرۆییەی تێدا نەبێ وەکو گوڵێک وایە زوو بپوکێتەوە.
ساڵانێکی زۆر قەسیدەم دەنووسی، پێم وابوو ئەوها دەتوانم دنیای پانوبەرینی موعانات کۆ وەکەم، ئێستا شتێکی تردەگوزەرێ لە دنیادا، شیعریش گۆڕاوە، چڕی و پوختی هەردەم خاسییەتی شیعربووە ، هەنووکە کورتیشی هاتۆتە پاڵ.
شاعیر وەستای دانا نەبێ بە وەسپی ئەزراپاوەند فریای ئەو هەموو مەکرە ناکەوێ، شیعر چییە ئەگەر تەکنیکی پەنادانی بیرۆکەی شیعریی نەبێ؟! شیعری تازە ئۆرکسترایەکە بە ئامێرێک دەژەنرێ!
خێرا بیژەنە بە دڵ، وەکی ئەوەی هەموو دنیا کەوتبێ بەسەر تارەکانتەوە. خێرا بیژەنە!
بە ئێسقان، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەغمەی هەر پارچەیەک شوێنێکی لەش برینداربێ، بەو زامەوە بڕۆ بانگی باڵندەکان بکە بۆ سەفەری دوور، بڕۆ بانگی جوانییەکان بکە بۆ مەستی بێ سنوور، بڕۆ شووشەی پیاڵەکان بە نەشئەی بادەی وشە بڕەنگێنە، بڕۆ باخچەی ناو تاریکی ڕووناک بکەوە، بڕۆ مەوەستە.
” کەمینەی زۆروزەوەند ” خوان ڕامون خیمینیز.
” کەمینەی بەختەوەر ” ستاندال.
ڕیتم و ئاوازی دنیا هەمیشە کەمینە گۆڕیویەتی.
*
ئەم نووسینە ناچێتە خانەی ئیعترافەوە، تانە گرتنە، لە کێ؟ خوێنەر؟ لەو کەسەی خۆی دەدۆزێتەوە کاتێک لە ئاوێنەی ئەم دێڕانەدا تارمایی خۆی دەبینێ.
دەمێکە شیعر فریای نەسلی ئەو قەومە کەوتووە کە لە خوار زاگرۆسەوە ژیان بەسەر دەبا، ئەو نەبا نە زمانمان دەما نە ناویش، واتا شیعر هەر تەنیا تەعبیر نەبووە لە ناخ بەڵکو شوورەی پاراستنی نەتەوەش بووە، کەسیش جێگەی شاعیر ناگرێتەوە. کەچی هەندێک هەرزە هێشتا خەونی ئەفلاتوونی دەبینن بۆ دەرکردنی شاعیر لەم مەملەکەتە خۆڵەپۆتە.
دەرکەوتنی مەسیح چەندە گرنگ بوو بۆ مرۆڤایەتی، ئەزموونی شیعریی بۆدلێر ئەوەندە گرنگ بوو بۆ تازەگەری.
بۆدلێر جوانییەکی شازی لەبێزاریی وئازار وتاریکی وبەدکاریەوە هێنا کایەوە، ” گوڵی خراپە” دۆزینەوەی جوانی لە خراپەدا، سەرسوڕهێنترین گوڵی ناو فەرهەنگی شیعرە،گوڵێک شەڕانگێزی دروست بکا. شاعیری قەدیسیش گونجاوترین وەسفە بۆ ئەم شاعیرە.
لەشیعری سیمبولیزمی فەرەنسایی فێری زمانی تاراپۆشی بووم، شیعرێک لەیەکەم سەرنجەوە خۆی نەدا بە دەستەوە، سیحر و جوانی شراوەی هەر بمێنێ.
*
تازەگەریی پێویستییەکی شیعریی بوو، لەڕووی ناوەرۆک و تەکنیک و زمانی دەربڕینەوە. هەوێنی تازەگەریی لە شیعری کوردی ئەزموونی شاعیرانی تورک بوو لەیەکەم قۆناغدا و ئەزموونی شاعیرانی عەرەب بوو لە دووەم قۆناغدا ، ئەزموونی سیمبولیزمی فەرەنساییش بوو لە قۆناغی سێیەمدا، تا ئاستی لاسایی کردنەوە ! ئەگەرچی ماوەیەکی زۆریش کاریگەر بووم بە ئیلییەت و تیۆرە شیعرییەکەی و هەندێکجار لاسایی ئەزموونی نووسینی ئەویشم کردووەتەوە. ئیلییەت خۆیشی تێگەیشتنی تازەگەریی لە کەلەپووری ئینگلیزەوە وەرنەگرت بەڵکو لە بۆدلێر و لافۆرگ و کۆربێری وەرگرت.
ئەوەی تایبەتە بە قۆناغی سێیەم ئەو لەیەکنەگەیشتنەیە کە لەنێوان شیعر و خوێنەردا دروست بوو، کە تا ئەمڕۆش بۆتە بەشێک لە کێشەی جیدی نێوەندی ئەدەبیمان. مۆدێرنیزم هاتۆتە ناو بواری ژیانمانەوە، بەڵام لێکنەگەیشتن لەگەڵ شیعری مۆدێرنیزمی کوردی هێشتا لە قۆناغی نێگەتیڤ دایە، واتا بەدحاڵیبوون هەیە. هۆیەکەی بۆ هەڵوێستی خراپی ئەکادیمیا( زانستگا )و نەبوونی ڕەخنەی جیدی دەگەڕێتەوە لەلایەک و بۆ بەرزەفڕی مەیلەو تەجریدی ئەزموونەکە خۆشی دەگەڕێتەوە . ئێستا کە تەماشای ئەو کاتانەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەکەم، کە سەرەتای ئەو سەرهەڵدانە تازەی شیعر بوو، هەست بەو جیاوازە زۆرە دەکەم کە لەنێوان خەونی بەرزی شاعیرانی ئەم تەوژمەو ئاستی نزمی خوێنەرو ناوەندی ئەدەبی کوردیدا هەبووە، سەرەڕای ئیرهابی دەسەڵاتی دەوڵەت کەبە ئاشکرا ئەم تەوژمەی بە تێکدەر وترسناک وەسف دەکرد.
*
من نەهاتووم شوێنەوارەکان لە شیعری خۆمدا بپارێزم، هەوڵمداوە ئەو شتگەلەی هەمە بیانکەم بە شوێنەوار تا ناسنامەی خۆمیان پێ ئاشکرا بکەم. هەموو نووسەرێک ڕۆژانێکی پێویستە تا سنووری ناسین ببەزێنێ و ببێ بەهێما بۆسەردەمێک کە نەک تێیدا ژیاوە، بەڵکو چالاکی خۆی تێیدا پەرە پێداوە بۆ گەیشتن بە لوتکە. ئەوانەی لە ڕێگای بەرەو لوتکەدا دەمرن، ئەوانەن کە تەواوی ژیانیان بۆ ئەفراندن تەرخانە. گەیشتن بە لوتکە ئامانج نییە هێندەی تەرخانکردنی ژیانە بۆ ئامانجێکی قووڵتر و لەزەت بەخشینێکی بێ سنوورە لە خوڵقاندنی جیهانێکی سفتی ئینسانی لێوانلێو لە خۆشەویستی. بە کورتی نووسین سەفەری هات ونەهات نییە، هێندەی سەفەری چنینەوەو کەڵەکەکردنی داهاتووە، ئەوەی نەشمتوانیوە بینووسم دەبێ بە ورووژێنەری خەیاڵی خوێنەر. داوا دەکەم خوێنەرم لێم زوێر نەبن کە نەمتوانیوە هەموو هەستەکانم بنووسمەوە، ئەوە قەدەری مرۆیە لە ئەزەلەوە کە نەتوانێ ببێ بە کەسێکی کامل، کێماسییەک هەر دەمێنێ بۆ ئەوەی خوێنەر لەوێوە دەست پێ بکا بۆ پەرەپێدانی ئەزموونێکی تر.
ئەوەشم بە ئەنقەست و بەرنامەو پلان نەکردووە، تواناو هێزی نووسینم هەر هێندە بووە، ئەگینا کێ لە داهێناندا هەمان خەونی گلگامیشیی نەبووە ! کەلێن وکەلەبەریش بەشێکە لەئەزموونی نووسین . خۆشبەحاڵی ئەوانەی کەمترین کەلەبەر لە ساختومانی ئەزموونیاندا هەیە. چ بکەم زمان و ئەزموونم هەر هێندە فریای من کەوتووە؟! کەلێنی هەر دەقێک مەرج نییە لەسەرەتاوە بۆ خوێنەر دەربکەوێ، دوای چەندین خوێندنەوە، یان هەڵکشانی ئەزموون وکەڵەکەبوونی ڕۆشنبیریی ئەوجا ئەو توانایە دێتە ئاراوە. بەڵام ئەو دۆزینەوەیە مەرجە بۆ خوێنەری داهێنەر.
*
گێڕانەوە مەرج نییە زیان لە شیعر بدا، بەڵام مەرجە شیعرییەت لە پلەی ئەفراندن نەهێنێتە خوارەوە. هەندێک خوێنەر لە ڕێی کاریگەریان بە شیعری فارسییەوە ڕەخنە لە ئەزموونی گێڕانەوەی شیعری کوردی دەگرن، گۆیە کاری شیعر چەخماخەدانە نەک گێڕانەوە، هیچ گومانی تێدا نییە چەخماخەدان ڕوحی شیعرییەتە. بەڵام شیعری تازەی دنیا کار لەسەر بیرۆکەی شیعری دەکا، بیرۆکەی شیعریش شێوەی گێڕانەوە وەردەگرێ. سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆری بەرهەمی شیعری دنیا لەکۆنەوە لەڕێی گێرانەوەبوو، ئەوە کۆمیدیای دانتی و بەهەشتی ونبووی ملتۆن و لە پێش ئەوانیش ئەلیازەو ئۆدیسە.. تاد. ئەگەرچی هەر سەردەمەو شێوە دەربڕینی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ڕابردوو ئەوە نییە کە لەیاد بکرێ بەڵکو ئەوەیە بژی لەگەڵ خەونە تازەکانماندا.
ئەی شیعر! لەگەوارای خۆت بێبەشم مەکە. بێ تۆ هیچم نییە .
تۆ زمانی منی، تۆ تەڕایی ژیانی منی.
ئەی خوێنەر! تۆش خیانەتم لێ مەکە، خۆشەویستی یەک لایەنە بەسە .
*
شیعر بە قیاسی خۆم دەنووسم ، شیعر منی وا گرواندووە، بەڵام خوێنەرێکی زیرەک لە بنی ناخمدا ئامادەیە .
تاریکی بۆتە بەشێک لەئەزموونم، زانستی ڕوح بۆتە ئەکادیمیام، بەکورتی ژیانم بەو بەرهەمانە دەکێشرێ کە دەینووسم. لە ئوستوورەی گلگامیشدا گیای نەمری هەیە لە ژیانی مندا شیعر.” پڵنگیک لەناومانەوە بازبدا بۆ ناو ڕووناکی” بە تەعبیری گیسواف میوۆش ئەوهایە شیعرنووسین. شیعر ئومێدی ژیانە ئەگەر لە ئەوپەڕی نائومێدیشدا بنووسرێ.
ئەوانەی شیعر دەخوێننەوە کەمینەن، بەڵام هەمووان پێویستیان بە ئومێدە. زۆرینە شیعر
ناناسێ، بیناسێ دەستبەرداری نابێ. زیندوو شیعر دەخوێنێتەوە، بەڵام شاعیرەکان دوای مردنیش هەمیشە دەخوێندرێنەوە. مەرگی شیعر مەحاڵە! مەزەندە دەکەم مردووش پێویستی پێیەتی بۆ شەوی ئەبەدی، شاعیرەکان ئەو ڕاستییە دەزانن.
بەینی مەرگ و ژیان هێندە زۆر نییە، لە زۆر ساتدا بەیەکەوە دەژین، بۆیە لە خەیاڵی شیعریدا وەکو یەک شت دەبینرێن. شاعیر جوانی دەدۆزێتەوە، جوانیش لە هەموو شوێن و شتێکدا هەیە، شێوەی دەربڕین ئاشنامان دەکا پێی وەک ئەوەی تازە بیبینین، ئەگینا بابەتە ئینسانییەکان لە ئەزەلەوە هەن. بەشێکی ئەزموونی شیعرییم ئەو پەیوەندییەی پاراستووە و ئەوانەی مردوون تەنیا بەجەستە دوورن لێمانەوە، ئەگینا لە گەڵماندا دەژین. هەر ئەوەش وای کردووە لە زۆر دەقمدا ئەوان ئامادەبن، نۆستالجیا نییە زیاتر زیندوویەتی ئەوانە لە ژیانی مندا ( نالی، دانتی، مەولەوی، خەیام، بۆدلێر، واڵت ویتمان ….).
من ژیان بەو مەودا فراوانییەوە دەبینم کە مەحاڵە لە شوێنێک و لە کەسێکدا تەواو بێ. بازنەیەکی بەردەوام لە خولانەوەدایە چەشنی سروشت، زستان دواتر بەهار… پایز، بێ بڕانەوە، ئەوە گەڵاکانن دەوەرن!
ترسی مردن نیو بە قەت ترسی ژیان نییە. ئێمە ئەگەر مردووەکان بدۆڕێنین، مەحاڵە ژیان فریامان بکەوێ بەو کەمەی بەرمان دەکەوێ. گرنگ ئەوەیە تا چەند مەودا فراوان دەکەین، ژیانمان بەو مەودافراوانکردنە دەپێورێ.
چۆن من ئەوان دەخوێنمەوە ئەوها ئەوان من دەخوێننەوە تا ئەبەدی ئابدین.
بۆ پێشەکی ئەم کۆمەڵە شیعرەم، پێویست دەکا پاتەی بکەمەوە، هێشتا سوورم لەسەر ئەوەی شیعر موڵکی سەردەمێک و جۆرە ژیانێک و کۆمەڵێک نییە موڵکی هەموو بەشەرە،
لەوەش هەورازتر موڵکی گەردوونە، ئەوەنییە خواکانیش بە زمانی شیعر لەگەڵ پێغەمبەرەکان لەبارەی گەردوونەوە دواون!
ماوەتەوە بڵێم،کەئەم کۆمەڵە شیعرەم بەرهەمی دوو ساڵی نووسینمە هەر لە ناوەڕاستی ٢٠٠٣ تا ناوەڕاستی ٢٠١٥ ، جگە لە شیعری ماکۆکین کەزووتر نووسیومە بەڵام نازانم بۆ نەمخستۆتە ناو هیچ کتێبێکمەوە . هەندێک لەشیعرەکان پێشتر بڵاوبوونەتەوە لەڕۆژنامەو گۆوارەکاندا ، ئەمەی لێرەدایە دوا داڕشتنیانە.
هەڵبژاردنی ناونیشانیش بۆ من هەردەم مایەی دڵەڕاوكێیە، من تەواو قەناعەتم بەو بیرکردنەوەیەی ئیمبرتۆ ئیکۆ هەیە کە دەڵی، ناونیشان دەبێ بیروبۆچوونەکان تێک بدا نەک بیانکا بە قاڵبی کانزایی. سەرەتا وتم، کێوی بێدەنگان، دواتر گۆڕیم و کردم بە ماکۆکین، کە ناوی ئەو دەقە شیعرییەیە کە لەناو کۆمەڵەکەدایە و ساڵی ٢٠١١ نووسیومە. ماکۆک چیایەکە بەسەر بێتواتەوە. بەڵام دواجار لەسەر ئەم ناوەی ئێستا گیرسامەوە ، دەشێ هێماو تەشقی کۆی شیعرەکان نیشان نەدا، چونکە تەشقی شیعری تریفەخانەکان بۆ نموونە جیاوازە، بەڵام جەنگ گەیشتۆتە زۆر شوێنی دووری زمان وخەون و ژیانمان، ، دۆخێکی بەردەوامە لەهەڕەشە وخەریکە مێژووی بەشەر هەمووی لەبنوبۆتکەوە بسڕێتەوە.




یوسف عزه‌دین له‌دایالۆگێكدا …. سازدانی: ئه‌فشین غوڵامی

ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه‌ سه‌ره‌تاكانی نووسین له‌ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌، له‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات؟

یوسف عزه‌دین: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكان و ڕۆچوونه‌ نێو موعه‌ماكانی مێژووه‌وه‌، كارێكی سه‌خته‌و هه‌ندێك جارانیش چه‌واشه‌كار و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌، به‌تایبه‌ت له‌ساغكردنه‌وه‌ ئه‌ركیۆلۆژییه‌كاندا، جا چ نیازپاكانه‌و خۆڕسكانه‌ بێت، یان به‌ئه‌نقه‌ست و ده‌ستێك له‌پشته‌وه‌ گه‌مه‌ به‌حه‌قیقه‌ته‌كان بكات.
به‌جیاكردنه‌وه‌ی مێژووی نووسین و مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی كه‌دوو بواری جیان، وه‌ك زانراوه‌ مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی به‌جیاوازی بگره‌و به‌رده‌ی ساڵانی نووسینی، به‌ڵام تا ئێستا هه‌مووان كۆكن به‌ئه‌ژماركردنی داستانی گلگامش به‌كۆنترین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو و دواتریش پاش چه‌ندین سه‌ده‌ش ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه‌-ی هۆمیرۆس و جودایی و جیاوازی گلگامش-ش له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو داستانه‌ی دیكه‌ی هۆمیرۆس-دا كه‌مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت نۆسه‌د یان هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایین گوترابێت و له‌حه‌وت سه‌د ساڵی پێش زاینیشدا له‌لایه‌ن كه‌س و كه‌سانێكه‌وه‌ نووسرابێته‌وه‌، هه‌ر بۆ خۆی جیاكه‌ره‌وه‌ی دوو دنیای جیاوازه‌ له‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مه‌عریفی و فه‌لسه‌فیدا.

ئه‌فشین غوڵامی: بێگومان زمانی سانسكریتیش به‌شێكی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ كۆنه‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: ڕاسته‌ و وه‌ك گوتم، ساغكردنه‌وه‌ی ئاسان نییه‌و ره‌نگیشه‌ له‌ئاینده‌دا نووسراوی دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن دۆزینه‌وه‌ی داستانی گلگامش رێكه‌وت بوو. ده‌گوترێت داستانی رامایاناو ماهابهاراتا وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی زمانی سانسكریتی پێش زایین به‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك نووسراوه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: ده‌بێت رۆژئاوا له‌سه‌رده‌مانی خۆیدا ئاگاداری ئه‌م تێكسته‌ سانسكریتیانه‌ بوو بێت، یان هه‌ر ئاگاداری ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه‌ی هۆمیرۆس بووه‌؟

یوسف عزه‌دین: ده‌بێت له‌خۆمان بپرسین كه‌ئاخۆ هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی به‌كارهێنانی سانسكریتی له‌نووسیندا، له‌ماوه‌ی مۆریاو گۆپتا-دا كه‌ له‌هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایینه‌وه‌ بۆ دوو سه‌د ساڵی پێش زایینی خایاندووه‌، هیچ كام له‌تێكسته‌كان نه‌گه‌یشتبێته‌ رۆژئاوای ئه‌و ده‌م، بێگومان ده‌بێت گه‌یشتبێت.. یان تۆ بڵێی نه‌گه‌یشتبێت؟!.. ده‌گوترێت كتێبی “مردووانی میسری” گوایه‌ هه‌زار و هه‌شت سه‌د ساڵا، یان هه‌ن ده‌ڵێن دوو سه‌دو په‌نجا ساڵا له‌ پێش زاییندا نووسراوه‌.. به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌داو پاش كه‌شفكردنی جفره‌كانی “به‌ردی ره‌شید” توانرا بخوێنرێته‌وه‌، به‌ڵام ئاخۆ له‌سه‌رده‌می نووسین و دانانی به‌ردی ره‌شید-دا كتێبی “مردووانی میسری”و چه‌ندین تێكستی دیكه‌ نه‌خوێنراونه‌ته‌وه‌؟ بێگومان خوێنراونه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵا چه‌ندین مه‌عریفه‌ی دیكه‌ی تریشدا گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ رۆژئاوا.

ئه‌فشین غوڵامی: بابگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر یه‌كه‌مین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو؟

یوسف عزه‌دین: داستانی گلگامش چ وه‌ك كۆنترین تێسكتی نووسراو كه‌ تائێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌و چ وه‌ك ئه‌و قووڵاییه‌ی كه‌هه‌یه‌تی سه‌رسووڕهێنه‌ره‌، به‌شێوه‌یه‌كی باڵاو كامڵا پرسیاره‌ كه‌ونیی و ئه‌نتۆلۆژییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌گوترێت دوو هه‌زار ساڵا پێش زایین نووسراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌مووشی سه‌یرتر ئیمزاو ناوی كه‌سێكی له‌سه‌ره‌ به‌ناوی ” شین ئوقی ئونینی” كه‌نه‌زانراوه‌ ئاخۆ نووسه‌ری داستانه‌كه‌یه‌ یان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌نووسیویه‌تییه‌وه‌. داستانه‌كه‌ باس له‌گلگامش ده‌كات كه‌ پاشای “ئۆرك-وه‌ركا”یه‌و دایكی خوداوه‌نده‌و باوكی له‌توخمی مرۆڤی فانییه‌و به‌مه‌ش ئه‌ویش ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی فانی.. تاكڕه‌وانه‌ حوكمی كردووه‌و له‌تاو زوڵم و زۆری، خه‌ڵكی “ئۆرك” په‌نا بۆ خوداوه‌نده‌كان ده‌به‌ن تا چاره‌سه‌رێكیان بۆ بدۆزنه‌وه‌، یه‌كێك له‌خوداوه‌نده‌كان كه‌ناوی ئۆرۆرۆ-یه‌ پیاوێكی به‌رایی و به‌هێزی سه‌ره‌تایی توكنی بۆ دروست ده‌كات كه‌له‌نێو ئاژه‌ڵاندا وه‌ك ئه‌وان ده‌ژی به‌ناوی “ئه‌نكیدۆ”و پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك ئاژه‌ڵان له‌ته‌ڵه‌ی ڕاوچییان رزگارده‌كات و ده‌بێته‌ مایه‌ی كۆسپ بۆ خه‌ڵكی، خه‌ڵكه‌كه‌ په‌نا بۆ گلگامش ده‌به‌ن و شه‌كوای حاڵی خۆیانی بۆ ده‌كه‌ن.. گلگامش-یش فێڵبازانه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێوازێكیش كه‌به‌درێژایی مێژوو به‌كارهاتووه‌، مێینه‌یه‌ك بۆ ته‌فره‌دانی ده‌نێرێت.. له‌داستانه‌كه‌دا یه‌كێك له‌كاره‌كه‌ره‌كانی په‌رستگه‌ی عه‌شتار به‌ناوی”شمخات” ده‌نێرێت بۆ ده‌سته‌مۆكردنی دڕندایه‌تی “ئه‌نكیدۆ” و رابواردن له‌گه‌ڵی تا ئاژه‌ڵان لێی بته‌رنه‌وه‌و ببێته‌ كه‌سێكی رامكراو و مه‌ده‌نی.. ئیتر فێری جل له‌به‌ركردن و خواردنه‌وه‌ی شه‌راب و كه‌یف و سه‌فاو شت گه‌لێكی له‌و چه‌شنه‌ی ده‌كات.. ئینجا پاش ئه‌و گۆڕانه‌، ئافره‌ته‌ نێردراوه‌كه‌ غیره‌ی “ئه‌نكیدۆ” ده‌بزووێنێت و باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات چۆن غه‌ریمێكی هه‌یه‌ كه‌ناوی گلگامش-ه‌و یه‌كه‌مین شه‌وی په‌رده‌ی هه‌موو كچانی مه‌مله‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌و به‌مه‌ش “ئه‌نكیدۆ” هار ده‌بێت و مه‌یدان له‌ گلگامش ده‌گرێت، بۆ زۆرانگرتن و ململانێ‌.
هه‌ردووكیان زۆر به‌توندی به‌گژ یه‌كتردا ده‌چن و هه‌رچه‌ند له‌ هێزدا یه‌كسانن و به‌رانبه‌ر ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ددان پێداهێنانی “ئه‌نكیدۆ” به‌هێز و توانای گلگامش-دا.. گلگامش به‌سه‌ركه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئیتر به‌مه‌ ده‌بنه‌ دوو هاوڕێی زۆر خۆشه‌ویست و له‌درێژه‌ی داستانه‌كه‌دا “ئه‌نكیدۆ” له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ گلگامش، كاتێك خوداوه‌نده‌كان گای پیرۆز بۆ كوشتنی گلگامش ده‌نێرن، په‌لاماری قۆچی گای پیرۆز ده‌دات تا گلگامش زه‌فه‌ری لێبهێنێت و بیكوژێت، به‌كوشتنی گای پیرۆزیش ئه‌نجومه‌نی خوداوه‌نده‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و بڕیار ده‌ده‌ن ئه‌نكیدۆ بكوژن، ئیتر تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌كه‌ن و پێی ده‌مرێت..ئه‌مه‌ش وا له‌ گلگامش-دا ده‌كات ده‌یان پرسیار له‌باره‌ی بوون و نه‌بوون به‌مێشكیدا گوزه‌ربكات و نغرۆی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی هێجگار قووڵا ببێت و عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی بوون و فه‌نا بوون ببێت، له‌م پێناوه‌شدا ده‌ست ده‌كات به‌سه‌فه‌ركردن و له‌درێژه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌شیدا ده‌گاته‌ لای ئه‌و كه‌سه‌ نه‌مره‌ی كه‌ناوی “ئوتنابشتم”ه‌و پاش رزگاربوونی له‌تۆفانه‌ مه‌زنه‌كه‌.. خوداوه‌نده‌كان نه‌مری هه‌تا هه‌تاییان به‌خۆیی و ژنه‌كه‌ی به‌خشیوه‌. پاش هه‌وڵێكی زۆری گلگامش بۆ رازیكردنی “ئوتنابشتم” تا نهێنی نه‌مری پێ بڵێ‌.. ئه‌و زاته‌ نه‌مره‌ مه‌رجی شه‌ش رۆژ و حه‌وت شه‌و نه‌خه‌وتنی بۆ داده‌نێت، تا پێی بڵێت.. ئه‌مه‌ش به‌گلگامش ناكرێت و پاش بێدارییه‌كی زۆر ده‌خه‌وێت و هه‌لی به‌ده‌ستهێنانی نه‌مری یان زانینی نهێنی نه‌مر بوون له‌ده‌ست ده‌دات.. ژنی “ئوتنابشتم” به‌زه‌یی به‌گلگامش-دا دێته‌وه‌و نهێنی گه‌نج بوونه‌وه‌ی پێده‌ڵێت و پاش به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و گیایه‌و ده‌رهێنانی له‌نێو ده‌ریادا، ئه‌ویش له‌غه‌فڵه‌تێكدا مار ده‌یخوات، ئیتر مایه‌پووچانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌گاته‌ ئه‌و یه‌قینه‌ی چاره‌نووسی هه‌موو مرۆڤێك مه‌رگ و فه‌نا بوونه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌به‌ڕوونی له‌فه‌لسه‌فه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و دنیای سۆفییه‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: به‌ڵێ‌ ته‌نانه‌ت كاتێك گلگامش سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی نه‌مر بوون و مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی، جلی پاشایه‌تی داده‌كه‌نێت و جلی وه‌ك هی سۆفییان و ده‌روێشان ده‌كاته‌ به‌رو له‌ڕێگه‌ش به‌قسه‌و هه‌وڵا و ته‌قه‌للاكانی خوداوه‌ندی خواردنه‌وه‌و شه‌راب”سیدوری” هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت، كه‌پێی ده‌ڵێت دنیا بۆ خواردنه‌وه‌و رابواردن كراوه‌و له‌جێی عه‌وداڵبوونت به‌شوێن وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا خۆت له‌چێژبینین و رابواردندا غه‌رق بكه‌.. به‌ڵام ئه‌و گوێ‌ له‌و قسانه‌ ناگرێت و درێژه‌ به‌سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌دات.

ئه‌فشین غوڵامی: ئه‌ده‌بیاتیش بۆ خۆی سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه‌، پێتان وانییه‌ هه‌ر ئه‌م پرسیارگه‌لانه‌یه‌، ئه‌ده‌بیات سه‌رقاڵییه‌تی؟

یوسف عزه‌دین: به‌ڵی ئه‌مه‌ لای سه‌رجه‌م ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ له‌نووسه‌ره‌ جدییه‌كانی دنیا وایه‌، ئه‌وانه‌ی حه‌وسه‌ڵه‌و توانا و تاقه‌تی قووڵبوونه‌وه‌و تێپه‌ڕكردنی ئاسته‌ سه‌تحییه‌كانیان هه‌یه‌، وه‌ك كافكا و ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس و ژماره‌یه‌ك له‌نووسه‌ره‌ جدییه‌كانی دنیا.

ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌و شتانه‌ی واقیعی ئه‌ده‌بی له‌دنیای نووسینداو واقیعی حه‌قیقی له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه‌ كامانه‌ن؟

یوسف عزه‌دین: پرسیاره‌كه‌تان فره‌ڕه‌هه‌نده‌و گه‌لێك وه‌ڵام هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ك ده‌ڵێن یه‌كێك له‌جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌ده‌بیات له‌واقیعی حه‌قیقی میتافۆره‌، به‌ڵام به‌ڕای جۆرج لاكۆف و جۆنسۆن میتافۆر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌گوزارشته‌ زمانه‌وانییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌بیركردنه‌وه‌و كردار و هه‌ستكردنه‌كانمانه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌فۆڕمۆڵه‌بوونی رایه‌ڵه‌ی چه‌مكه‌كان له‌به‌ڕێوه‌بردنی كرده‌وه‌ مۆڕاڵییه‌كانمانه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ له‌خودی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانین و دنیابینی و ته‌نانه‌ت فڕوفێڵا و كاروكرده‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كانی مرۆڤیشدا، میتافۆر حزووری هه‌یه‌. ئیتر به‌شێك له‌به‌ره‌و پێشچوونه‌ شارستانییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌میتافۆره‌وه‌ كه‌پاش دروستبوونی زمانێكی تایبه‌ت، به‌چه‌شنێك له‌چه‌شنه‌كان له‌نێو هه‌ناویدا و هاوتا له‌گه‌ڵا به‌كارهێنانی به‌رده‌وامیدا دێته‌بوون. ئه‌گه‌ر كه‌مێك زیاتر قووڵبینه‌وه‌ ده‌بینین بیستن رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌قسه‌كردن و ئاخافتن و په‌ره‌پێدانیدا.. هه‌روه‌ك “مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی” ده‌ڵێت: ( هه‌ر وه‌ڵامێك له‌ڕێی گوێوه‌ بچێته‌ دڵه‌وه‌، چاوت پێت ده‌ڵێت، وازی لێ‌ بهێنه‌و گوێڕادێری من به‌.. بزانه‌ گوێ‌ بازاڕییه‌.. به‌ڵام چاو ئه‌هلی ویساڵه‌.. چاو ساحێبی حاڵه‌.. به‌ڵام گوێ‌ ئه‌هلی مه‌قامه‌و له‌گوێگرتندا سیفاته‌كان ده‌گۆڕێن.. به‌ڵام له‌بینیندا زات ده‌گۆڕێت).

ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته‌ دنیای عیرفان و سۆفیگه‌ری و نووسینه‌كانیان له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتی جیدییه‌وه‌ نزیكه‌و وه‌ك چۆن توانیووتانه‌ له‌سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانتانداو به‌تایبه‌تیش له‌رۆمانی” وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ گریمانكراوه‌كان”دا رایه‌ڵه‌یه‌كی نهێنی و ئه‌فسوونئامێزانه‌ له‌نێو ئه‌و دوو دنیایه‌دا دروست بكه‌ن، واته‌ ئه‌ده‌ب و عیرفانتان كردۆته‌ دوو دیوی یه‌ك تێسكتی ئه‌ده‌بی؟

یوسف عزه‌دین: تۆ بڕوانه‌ دنیای ئه‌و عاریفانه‌ هێنده‌ قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌نده‌، هه‌یانه‌ جگه‌ له‌ده‌یان كتێبی فیكری و فه‌لسه‌فی و عیرفانی، له‌ئه‌ده‌بیاتیشداو به‌تایبه‌تیش له‌ بواری گوتنی شیعردا به‌یت و پارچه‌ شیعری زۆر كاریگه‌رو سه‌رسامئامێزیان هه‌یه‌، یان ته‌نانه‌ت دیوانه‌ شیعریان هه‌یه‌و هه‌شیانه‌ ته‌نها به‌شیعر هه‌موو ئه‌زموونه‌ ناوه‌كییه‌ قووڵه‌كه‌ی خۆی خستۆته‌ڕوو.. ئه‌وانه‌ی زۆر بێده‌نگ و ته‌ریكیش بوون، زمانی حاڵ و ده‌ربڕینیان هه‌ر شیعر بووه‌..له‌گه‌ڵا بوونی ئه‌و جه‌زب و راكێشانه‌ی كه‌ته‌نها له‌دنیای عریفاندا هه‌یه‌و رۆحی بنیاده‌م تووشی هه‌ژان و سه‌رسامبوون ده‌كات، له‌پشت هه‌ر به‌یتێكیاندا دنیایه‌ك مانای زۆر قووڵا له‌باتن و زاهیردا حزووریان هه‌یه‌.
سه‌یركه‌ من و تۆ چیمان لێدێت به‌رانبه‌ر ته‌نانه‌ت به‌یته‌ شیعرێكی فه‌ریده‌دینی عه‌تتار و حافزی شیرازی و حه‌للاج و ئیبن عه‌ره‌بی و مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی كه‌خودی ئه‌و زاته‌ ده‌رحه‌ق به‌”عه‌تتار” ده‌ڵێت:( عه‌تتار سه‌فه‌ری به‌هه‌ر حه‌وت مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی عیشقدا كردو كه‌چی ئێمه‌ له‌سه‌ره‌ڕێگه‌ی شه‌قامێكی عیشقدا چه‌قیووین).. هه‌روه‌ها هه‌موو توانسته‌ شیعرییه‌كانی خۆی ده‌باته‌وه‌ بۆ “عه‌تتار”و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت:( هه‌ڵه‌كانیشم هه‌ر له‌ عه‌تتار-ه‌وه‌ فێر بووم).. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌ده‌ب و ره‌وشتی ئه‌هلی عیرفان كه‌به‌ده‌ر له‌مل شكاندنی یه‌كتر و حه‌ساده‌ت، پێكه‌وه‌ كار له‌خوڵقاندنی دنیای مه‌جازیدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا مه‌ولانا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هێنده‌ كاریگه‌ری عه‌تتار-ی له‌سه‌ره‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌كانیشی هی ئه‌ون، به‌ڵام له‌واقیعی ئه‌ده‌بیات و نووسینی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی تۆ بۆخۆت كه‌شفت كردووه‌و زاده‌ی شه‌ونخوونی و ئه‌زموونی مه‌عریفی و رۆحیته‌، كاتێك ده‌یخه‌یته‌ڕوو، لێره‌و له‌وێ‌ ئه‌وه‌ی پێی گه‌یشتوویت، به‌لاسایی كردنه‌وه‌ یان بردنی ده‌بێته‌ بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تگه‌لێكی بڵاوكراوه‌، له‌ڕوو هاوشێوه‌و له‌ناوه‌خندا كاڵوكرچ و دزێو.. ئیتر چی له‌وه‌ ترسناكتر هه‌یه‌ له‌واقیعێكی ئاوادا هه‌بیت و بنووسیت و دڵنیابیت ئه‌وه‌ی تۆ گوتووته‌و له‌ڕووكه‌شدا بێده‌نگی لێكراوه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بینرابێت و نه‌خوێنرابێته‌وه‌، كه‌چی له‌ڕاستیداو به‌بێده‌نگی و له‌تاریكیدا كار بۆ فامكردن و راڤه‌كردنی كراوه‌و پاش ماوه‌یه‌ك لێره‌و له‌وێ‌ ئاوه‌ژوو یان به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌ به‌ناوی كه‌س و كه‌سانێكی تره‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌؟!

ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته‌ تێكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی عاریفان، ئه‌ده‌بی راسته‌قینه‌و جدین؟

یوسف عزه‌دین: له‌ڕاستیدا رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان توانیان سه‌رتاپای ئه‌ده‌بیات و فیكر و بیروبۆچوونی رۆژئاوا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بگۆڕن، به‌وه‌رگێڕان و گه‌یاندنی ده‌یان تێكستی ئه‌ده‌بی و فیكری و مه‌عریفی و زانستی و عیرفانی رۆژهه‌ڵات.. زۆریان ته‌مه‌نی خۆیان بۆ كه‌شفكردنی نهێنی و په‌نهانی عیرفان و دنیای سۆفییان ته‌رخانكرد، له‌وانه‌ “لویس ماسینیون”ی فه‌ڕه‌نساییه‌، بابه‌تی ده‌رحه‌ق به‌”سه‌لمانی فارسی”و “ئیبن سه‌بعین”و “حه‌للاج”نووسیوه‌، به‌تایبه‌تیش نزیكه‌ی سی ساڵا له‌ته‌مه‌نی خۆی بۆ ناساندنی به‌رهه‌م و ژیانی “حه‌للاج” ته‌رخانكردووه‌، “ئازاره‌كانی حه‌للاج ” ناونیشانی كتێبێكی تۆكمه‌و جوانی ئه‌و زاته‌یه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: دووباره‌ راڤه‌كردنی مێژوو و خوڵقاندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێشی، له‌هه‌موو رۆمانه‌كانتاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، سه‌رباری بینینه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك له‌وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و بابه‌تی ره‌خنه‌یی و وه‌رگێڕانه‌كانیشتاندا، هۆكاری گرنگی دانتان به‌مێژوو بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: وه‌ك وه‌بیرم دێت و ته‌نانه‌ت پێش فامكردنی ته‌واویشم بۆ دنیا، باس و خواس و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كان زیاد له‌گه‌مه‌و یاریكردن سه‌رنجیان راده‌كێشام، به‌بێده‌نگی به‌دیار به‌ساڵاچووه‌كانه‌وه‌ داده‌نیشتم بۆ گوێ‌ بیستی ئه‌و حیكایه‌ته‌ مێژووییانه‌ی كه‌نازانم بۆ هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه‌ له‌واقیعی ژیان جوانتر و به‌تامتر ده‌هاته‌ پێشچاوم و بێزار نه‌ده‌بووم له‌هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی كه‌ساڵا له‌دوای ساڵا منیان ئالووده‌و شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی مێژوو كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو خه‌یاڵا و خه‌ونه‌كانمدا ببێته‌ به‌سه‌رهات و ماجه‌راو و داستان و حیكایه‌تگه‌لێكی جیاواز له‌وه‌ی كه‌له‌واقیعدا هه‌بووه‌و روویداوه‌…گێڕانه‌وه‌ مێژووییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیم، ئه‌وه‌نده‌ی گوێبیستیان ده‌بووم، هه‌ستم به‌سامی وشه‌كان و قووڵاییه‌كانی زه‌مه‌ن ده‌كرد، زه‌مه‌نێك كه‌بۆنێكی تایبه‌تی هه‌بوو.. بۆنێك بوو، وه‌ك بۆنی خودی به‌ساڵاچووه‌كان.. ده‌مزانی ئه‌و كه‌سانه‌ی حیكایه‌ته‌ مێژووییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ر یه‌كێكیان چه‌ند جیاوازن له‌ كه‌سێكی تریان، له‌گێڕانه‌وه‌ی هه‌مان به‌سه‌رهات و ماجه‌رای مێژوویدا.. كاتێك باسی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنییان بۆ ده‌كردم و دواتر له‌شوێنێكی تره‌وه‌ باسی زولقه‌ڕنه‌ین-یان بۆ ده‌كردم و ئیدی كاتێك لای یه‌كێكیان جیابوون و لای یه‌كێكی تریشیان هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك بوون، زۆر سه‌رسام و حه‌یران ده‌بووم، به‌و توانسته‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ عه‌جایبه‌ی، كه‌دنیایه‌كی جیاوازی وای ده‌هێنایه‌ پێشچاوم، كه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵا یه‌كێكیان بم و لایه‌نگری ته‌سه‌وراتی بم، دژ به‌وی تریان.. یان پێچه‌وانه‌ی هه‌ردووكیان بم و هه‌موو ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ مایه‌ی چه‌ندین پرسیاری بێكۆتا، كه‌هه‌م رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌م ده‌كرده‌وه‌ كه‌حیكایه‌ت و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانیان بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌و هه‌م له‌كه‌سانی تریشم ده‌پرسی، ئیدی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌پرسیار و نایه‌قین بوونمه‌وه‌ ده‌رحه‌ق به‌وه‌ی ده‌یبیستم، هاتمه‌ نێو دنیای به‌سه‌رهات و ماجه‌را مێژووییه‌كانه‌وه‌، به‌گومانه‌وه‌ كه‌وتمه‌ روانین و سه‌رنجدانی سه‌رجه‌م دیارده‌و شته‌كان.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر بۆیه‌ ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیت به‌شوێن مێژووی نه‌نووسراو و نه‌گوتراوی شته‌كاندا؟

یوسف عزه‌دین: ئێمه‌ هه‌موومان چ له‌ئێستادا له‌نێو مێژووداین و چ پاش مه‌رگیشمان له‌نێو مێژوودا ده‌مێنینه‌وه‌.. به‌كه‌سه‌ ناسراو و نه‌ناسراوه‌كانیشه‌وه‌..ئیتر ئه‌گه‌ر مێژووی نووسراویش نه‌بێت، ئه‌وه‌ مێژووی شه‌فه‌هی ده‌توانێت كه‌سه‌ نه‌ناسراوه‌كان بهێڵێته‌وه‌و ده‌ماو ده‌م به‌سه‌رهاتی ژیانیان بگێڕێته‌وه‌. بۆیه‌ بوونی من و تۆ له‌مێژوودا، چه‌نده‌ بابه‌تێكی حه‌قیقی و واقعییه‌و وه‌ك خۆی و له‌خۆیدا بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بابه‌تێكی ئه‌بستراكت و جیاوازه‌.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چۆنیه‌تی بینینی ئه‌ویتر بۆ من و تۆ. بۆ نمونه‌ “هیتله‌ر” لای من و تۆ، ته‌نها دیكتاتۆرێكی خوێنڕێژ و ماڵوێرانكه‌ر و تاوانباره‌، به‌ڵام لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی تا دوا دڵۆپی خوێنیان به‌رگرییان لێكردو له‌پێناویدا جه‌نگان شتێكی تره‌. “هیتله‌ر” له‌تێڕوانینی بیرمه‌نده‌كانیشدا جیاوازه‌، بیرمه‌ندێكی داهێنه‌ری وه‌ك”هایدگه‌ر” یه‌كێك بووه‌ له‌حه‌یران و موعجیبه‌كانی، كاتێك پێی ده‌ڵێن چی له‌و پیاوه‌ سه‌تحییه‌دا ده‌بینیته‌وه‌، وا هێنده‌ پێی موعجیبیت؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، ته‌نها جووڵانه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌! واته‌ بۆ گۆڕینی كه‌ساتییه‌كان و هێنانه‌ ژێر باریان..ئیدی “هایدگه‌ر” به‌كۆڵێك ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك هیتله‌ر له‌ناخه‌وه‌ ده‌یهه‌ژێنێت؟!
” ئۆشۆ” له‌كتێبی “له‌كۆیلایه‌تییه‌وه‌ به‌ره‌و ئازادی”دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ( كه‌ئه‌ڵمانیا وڵاتی كانت و هیگڵا و فیورباخ و كارڵا ماركس و فرۆیدو مارتن هایدگه‌ر-ه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا كه‌سێكی سایكۆباتی پله‌ سێی وه‌ك “ئه‌دۆلف هیتله‌ر” توانی میلله‌تێكی ئاقڵی وه‌ك ئه‌ڵمان به‌لای خۆیدا رابكێشێت) ده‌ڵێت( به‌ڕای من ئه‌گه‌ر به‌شه‌رییه‌ت هیچ له‌مه‌وه‌ فێر نه‌بێت، ئه‌وه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌…ناچێته‌ ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌یه‌كێك له‌ناودارترین فه‌یله‌سوفه‌كانی چه‌رخی بیسته‌م، كه‌سێكی وه‌ك “مارتن هایدگه‌ر” ببێته‌ هه‌وادار و لایه‌نگری هیتله‌ر. هیتله‌ر بووه‌ سه‌رۆكی ئاقڵترین وڵاتی دنیا، هه‌موو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان چوونه‌ پاڵا پیاوێكی نه‌خوێنده‌وار و گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی فاشیستی له‌دنیادا دروستكردو ده‌ ملیۆن ئینسانی كوشت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پشتگیری لایه‌نگرانی له‌ده‌ست بدات ).

ئه‌فشین غوڵامی: پێتان وایه‌ كاری ئه‌ده‌به‌ به‌دووی ڕاستییه‌كاندا بچێت و هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كانی مێژوو بدۆزێته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: “سیباڵد”ی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ر و رۆماننووسه‌ جدییانه‌ی كه‌به‌بێده‌نگی ساڵانێك خه‌ریكی كه‌شفكردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێگه‌ریانه‌و جیاواز بوو بۆ مێژوو.. تا مه‌رگی له‌ناكاوی له‌ساڵی 2003-دا به‌ڕووداوی هاتوچۆ له‌به‌ریتانیا، پرۆژه‌ی زۆر تایبه‌ت و ناوازه‌ی نووسینی ئه‌و پیاوه‌ی وه‌ستاندو پاش مه‌رگی ئینجا ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌توانایه‌یان بیركه‌وته‌وه‌و خه‌ڵاتی “ئیندیپێندت”ی چیرۆكیان به‌خشی به‌یه‌كێك له‌رۆمانه‌كانی به‌ناوی”ئۆسترلیز”و به‌گشتی رۆمانه‌كانی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ڕیپۆرتاژ و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و چیرۆك و تانه‌ت هه‌ندێك جار كتێبه‌كانی وێنه‌ش له‌خۆ ده‌گرن. شێوازێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌خستنه‌ڕووی ڕووداوه‌كانداو كاتێك رۆمانه‌كانی ده‌خوێنیته‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ده‌ر له‌سۆز و عاتیفه‌ی موزه‌یه‌فانه‌، ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قوربانیانی جه‌نگدا بكات. له‌ڕۆمانی “ئۆسترلیز” واقیع و خه‌یاڵ تێكه‌ڵا ده‌بێت و باس له‌دروستكردنی هۆڵۆكۆست و كلتووری شیوه‌نكردن و یاده‌وه‌ری ده‌كات و سه‌رباری خوڵقاندنی شێوازێكی نوێی نووسین. ئه‌تمۆسفێری ده‌قه‌كانی كافكاو ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس-مان بیرده‌خاته‌وه‌. له‌ساڵی 2008-دا له‌دایالۆگێكمدا كه‌له‌گۆڤاری رامان بڵاوبۆته‌وه‌ ئاماژه‌م به‌رۆمانی”مه‌داره‌كانی ساتوورن”ی “سیباڵد”كردووه‌و گوتوومه‌:
( زه‌مه‌ن بۆ خۆی نه‌فی دۆگماو وه‌ستان ده‌كاته‌وه‌و بێكۆتا بوونی زه‌مه‌نیش، وامان لێده‌كات لێكچوون و هاوشێوه‌بوونێكی زه‌مه‌نی له‌نێوان دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێدا ببینینه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ڕۆمانی مه‌داره‌كانی ساتوورن-ی سیباڵدا ده‌بینرێته‌وه‌. له‌میانی گه‌شتێك به‌نێو زه‌مه‌ندا، به‌ئامانجی گه‌یشتنه‌ حه‌جی مه‌سیحیان، تاقیبی رێگه‌ی قه‌ره‌جان و گه‌ڕیده‌كان ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی سه‌ردو مه‌نه‌لۆگه‌وه‌، رووداوو و كاره‌سات و ساته‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی مێژوو زیندوو ده‌كاته‌وه‌، به‌چه‌شنێك كه‌هه‌ر ده‌ڵێی له‌ئێستادا روو ده‌دات و خوێنه‌ر ناچار ده‌كات بپرسێت.. سیباڵد وامان لێده‌كات بكه‌وینه‌ پرسیاركردن، سه‌باره‌ت به‌چه‌قۆ ئاساییه‌كانی نێو مووبه‌قه‌كانمان، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و چه‌قۆ ئاساییانه‌ بوون كه‌له‌دووهه‌مین جه‌نگی جیهانیدا، سه‌رله‌به‌ری خه‌ڵكانی شارۆچكه‌یه‌كی پێ‌ سه‌ربڕدرا ). سیباڵد له‌ جۆره‌ نووسه‌رانه‌یه‌ كاتێك گه‌شت به‌نێو مێژوودا ده‌كات و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانمان بۆ وێنا ده‌كات، خۆی له‌قه‌ره‌ی خستنه‌ڕووی گوتاره‌ سیاسی و تێڕوانینه‌كانی خۆی نادات و ته‌نها به‌وه‌ی ده‌یخاته‌ڕوو پرسیارمان لا دروست ده‌كات.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌رچه‌ند پرسیاری ترمان زۆره‌، به‌ڵام هه‌ڵیده‌گرین بۆ ده‌رفه‌تێكی تر و به‌نیازی به‌رده‌وامیتان.

یوسف عزه‌دین: سوپاستان ده‌كه‌م




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ …. 57 …. كه‌ریم كاكه‌

….شووشه‌ی عه‌ره‌قی ده‌ستی مه‌ستان ئه‌له‌تریك بوو، كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه‌ی رووناكده‌كرده‌وه‌
57

تێكچوونی دنیا ده‌كه‌وێته‌ شه‌وێ، به‌ڵام نیشانه‌ی سه‌ر له‌ ئێواره‌ ده‌رده‌كه‌وێ، نیشانه‌یه‌كی كاولبوونی دنیام، له‌ رووخساری بابم دیته‌وه‌، ره‌نگی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، ده‌ستی له‌ بن چه‌نه‌گه‌ی ناوه‌، روو له‌ دیوار دانیشتووه‌، چاوی له‌ شتێك بڕیوه‌ كه‌ من نایبینم و نازانم چیه‌، بابمم هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌دیتووه‌..
زوو نیشانه‌ی كاولبوونه‌كه‌ی له‌ رووی خۆی ره‌وانده‌وه‌، كاتێ هه‌ستیكرد ئێمه‌ ده‌ورمان داوه‌ و ترسمان لێنیشتووه‌، پێكه‌نی و گوتی:
هیچ نیه‌، هیچ نابێ…
قسه‌ی خۆشی مێوژیی بۆكردین، دوای كه‌مێك له‌ رووخساریدا راستیی قسه‌كانیم خوێنده‌وه‌ و تۆ بڵێی دنیا كاول نه‌بێ، درۆم له‌ بابم نه‌دیوه‌، له‌ خودا پاڕامه‌وه‌ ئه‌و قسه‌شی راست ده‌رچێ و درۆ نه‌بێ، گوێم لێیه‌ ده‌ڵێن:
شار بارگه‌ و بنه‌ی تێكناوه‌، كۆچ ده‌كات..
وایه‌، رێی سه‌رێ رێی سه‌ید مارف و باداوه‌ ناپسێته‌وه‌،پێشترێ كۆچی گوندم دیتبوو، به‌ڵام شار! شاریش كۆچ ده‌كات! ئه‌و رێیه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ هێنده‌ مرۆڤه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیتووه‌، وا بڕوا شار پیاوی تێدا نامێنێ، باشه‌ بۆچی ته‌نها پیاوه‌كان ده‌ڕۆن؟ ئه‌و پرسیاره‌م له‌ خۆم كرد و كه‌س وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، هه‌ندێ له‌ خزمانی سه‌یداوه‌ هاتنه‌ ماڵی ئێمه‌، پیاوه‌كان، كوڕه‌كان رۆیشتن و ژن و منداڵ مانه‌وه‌، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ش هاته‌وه‌، له‌بیرمچوو بڵێم وه‌رزی پێش وه‌رزی كاولبوون كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ رۆیی و بووه‌ بووكی ماڵی هه‌قایه‌تبێژ، ته‌مه‌نیشی گچكه‌ بوو، سه‌ره‌تا به‌ رۆیشتنی وی زۆر تێكچووم، نیگه‌رانی دایگرتم، به‌ڵام حه‌فته‌ی شه‌وێك ده‌هاته‌وه‌ و هه‌ندێ هه‌قایه‌تی تازه‌ی هه‌قایه‌تبێژی بۆمان ده‌گێڕایه‌وه‌، ئاسایی بوومه‌وه‌، له‌ خۆشیی هه‌قایه‌تان نیگه‌رانیم نه‌ما.. ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌ش له‌ ماڵمانه‌، گوڵی كۆسارانی نه‌نكم كه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ر رۆخی تێكچوون، به‌ڵام له‌ هه‌ندێ قسه‌ و باس له‌ جاران جوانتر قسه‌كانی به‌ دڵدا ده‌چوون، ده‌ڵێته‌ بابم:
تۆ ده‌بێت، بڕۆیت، ئه‌و كوڕه‌ش له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، عه‌ره‌ب به‌دمه‌زه‌بن، ئه‌وه‌ی كیرمیز بێت ده‌ستی لێناپارێزن،
گوڵی كۆساران مه‌به‌ستی من بوو، ترسام، ده‌مویست بڵێمه‌ بابم، با زوو بڕۆین..
دایكم ده‌ڵێ:
پیاوه‌كه‌، حه‌ره‌س قه‌ومیت له‌بیرچوو؟ ئه‌وانه‌ی ئێستاش گوجیله‌ی كۆڵیتی وان نین؟!
بابم ده‌ڵێته‌ دایكم ونه‌نكم:
ئێوه‌ بۆ وا ده‌ترسن، هیچ نیه‌، من ناڕۆم و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌مێنمه‌وه‌، مه‌ترسن كه‌س نایه‌ته‌ سه‌ر ئێمه‌، زراوی منداڵه‌كان مه‌به‌ن..
قسه‌و باس زۆر كرا، چی وام له‌بیرنه‌ماوه‌، ده‌زانم بابم دایه‌ لاملی و چه‌ندی هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دا له‌ ماڵێ نه‌بزووت، گوتی، به‌و پیاوانه‌ی گوت كه‌ به‌ ژن و منداڵه‌وه‌ هاتبوونه‌ ماڵی مه‌:
ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵه‌ به‌ سه‌ر كێدا به‌جێبهێلم! ئێوه‌ بڕۆن، من ده‌مێنمه‌وه‌..
باپیریشم زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵی دا كه‌ بڕوات، به‌ قسه‌ی نه‌كرد، گوتی:
بابه‌، به‌بیرمنایه‌ قسه‌ی تۆم شكاندبێت، به‌ڵام له‌وه‌یان به‌ قسه‌ت ناكه‌م..
پیری سوارچاكان گوتی:
ته‌واو، به‌ دڵی خۆت بكه‌..
دێته‌وه‌بیرم خۆم خسته‌ بن ساقۆ درێژه‌كه‌ی و ملم درێژكرده‌وه‌ لای شانی و به‌ ده‌نگێك هه‌ر من و ئه‌و بیستمان، گوتم:
بابه‌، عاره‌ب نامانكوژن؟!
ده‌ستی به‌ سه‌رمدا هێناو گوتی:
كوڕم، عاره‌ب گووی خوارد ده‌مانكوژێت، له‌ منت نه‌كه‌وێ، ده‌ترسی؟ ئه‌دی له‌ كن بابی خۆت نیت، وه‌ره‌ له‌ بن ساقۆی بابی خۆت بخه‌وه‌، سبه‌ی وه‌ك رۆژانیش ده‌چیه‌ مه‌كته‌ب و هیچ له‌ گۆڕێ نیه‌…
تۆ بڵێی وا بێت، ئێ خۆ درۆم له‌ بابم نه‌دیتووه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌، شه‌وێكه‌ هه‌موو نیشانه‌كانی كاولبوونی دنیای تێدا ره‌شده‌چێته‌وه‌، چ پێناچێ له‌وه‌یان قسه‌ی بابم راست ده‌رچێ! ئه‌دی هه‌ر خۆی باسی كاولبوونی دنیای نه‌ده‌كرد، ئه‌و كاولبوونه‌ی كه‌وته‌ ئه‌وشۆ..
ئه‌و شه‌وه‌ چ شه‌و بوو!
شار به‌و به‌ری كه‌ندێدا به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا رێی چیای گرتبوو، چه‌كدار و بێ چه‌ك، پێشمه‌رگه‌، پۆلیس، پیر و جحێل، رێچه‌كه‌یان به‌ستووه‌، كه‌س نه‌ما، شار پیاوی تێدا نه‌ما، دێته‌وه‌ بیرم شاتكه‌ شێت، به‌زۆر فیشه‌كه‌ شێته‌ی مێردی به‌گه‌ڵ شار دا، هه‌ر به‌ پاڵ پاڵی پێوه‌نا، دواتر بیستمه‌وه‌ گوتبووی:
زوو بڕۆ شێتوشوور، تا ئه‌ستێره‌ت نه‌ڕژاوه‌ و به‌ ده‌ستی خۆم له‌ سه‌ید مارفم نه‌ناشتووی..
من قسه‌ و له‌ خۆهه‌ڵدانه‌كه‌ی فیشه‌كه‌ شێته‌م له‌ چاوه‌، دیمه‌نێكه‌ شۆڕش ره‌شبێته‌وه‌، ئه‌و ره‌شنابێته‌وه‌، ته‌نه‌كه‌ی زبڵی خستۆته‌ بن هه‌نگڵیه‌وه‌، شه‌كرشكێنی به‌ ده‌سته‌وه‌، ته‌ق ته‌ق وه‌ریگه‌ڕاوه‌تێ، ده‌ڵێی دمكچیه‌ و شایی ده‌گێرێ، زۆری گۆ، لێ من هه‌ر ئه‌و رسته‌یه‌م به‌بیردێتۆ:
ئه‌وه‌ی گونی هه‌یه‌ ده‌بێت بڕواته‌ سه‌رێ، ئه‌وشه‌و حوكمه‌ت گونان ده‌گرێ..
وای ترسام، ده‌ستم بۆ گونی خۆم برد، چ دوور نیه‌ گوتبێـم: خودایه‌ بۆ گونت دامێ!
له‌و ساته‌ بوو شاتكه‌ شێتی ژنی پاڵی پێوه‌نا، خۆی به‌ دیوار گرته‌وه‌، ده‌بێت شاتكه‌ له‌ بن لێوانه‌وه‌ رسته‌كه‌ی گوتبێ، چوونكه‌ من دواتر و له‌ زاران بیستمه‌وه‌:
ئه‌گه‌ر وایه‌ با كه‌ڵه‌بابه‌كه‌ له‌ باتی تۆ بچێته‌ سه‌رێ..
هه‌ندێ دیمه‌نی ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ن له‌بیرناچنه‌وه‌، خۆ دیمه‌نی ماچه‌كه‌ تا ئێستا له‌ بیناییم ده‌بریسكێته‌وه‌، مێردی ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌، ماچێكی روومه‌ته‌ خڕوخه‌پانه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ی كرد، من ماچی ئه‌وهام نه‌دیتبوو، له‌وه‌ شه‌وه‌ چ پیاوێ ژنه‌كه‌ی خۆی ماچ نه‌كرد، ماچم نێوان ژن و مێردم نه‌دی، جگه‌ له‌و ماچه‌ كه‌ ده‌تگوت شتێك به‌ر مانگ كه‌وتووه‌!
له‌ شه‌وی كاولبوونی دنیا له‌ ماڵی ئێمه‌، له‌ كۆڵانی ئێمه‌، له‌ رێی چیای ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، به‌ ئه‌لبووم وێنه‌ هه‌ن، هی نیشاندانه‌وه‌ن، به‌ ده‌فته‌ر قسه‌ هه‌ن، هی گێڕانه‌وه‌ن، به‌ڵام كوا بۆ وێنه‌كێشێكی چیرۆكخوانی بێ و سه‌ره‌دێرم له‌ ده‌ست وه‌رگرێ و بڵێ: لێره‌وه‌ من ده‌یگێڕمه‌وه‌، تۆ گوێرادێره‌، حه‌یف، نیه‌..
حه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ندێ كه‌س (قه‌دۆ)یه‌كیان له‌ گه‌ڵ ده‌گۆ و هه‌ندێكیش سێوێ، بابیشم كاكه‌ حه‌مه‌ی ده‌گۆتێ، دواتریش فرۆِكه‌شی پێوه‌ نووسا و دره‌نگ لێیبۆوه‌، فڕۆكه‌كه‌ با بۆ دوایی بێ، ئه‌و كاكه‌ حه‌مه‌یه‌ له‌ ناو ئاگریش با له‌ قسه‌ی خۆشی خۆی نه‌ده‌كه‌وت، روو له‌ بابم:
ده‌روێش، ئه‌و ژنانه‌ له‌ ماڵی تۆ ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌موویان حه‌ڵالی تۆن، له‌ پێش هه‌موویان ژنه‌كه‌ی من..
بابم شتێكی وای گوت:
(به‌سێ)یه‌كم به‌سه‌، به‌ (سێ) تۆ بڵێ به‌(سی) هه‌یه‌
دایكم نابێت گوێی لێبووبێت، ده‌نا له‌ شه‌وی كاولبوونی دنیا سووكه‌ شه‌ڕێ ده‌كه‌وته‌ ماڵێ…
ئه‌وه‌ شه‌وه‌ گۆزه‌شكێنیشم له‌ ماڵی خۆمان دیت، ئه‌و پیاوه‌ له‌ دوورایی زۆر دووره‌وه‌ نیشانه‌ی له‌ گۆزه‌ی سه‌ر شانی ژنان ده‌گرت، زۆر كه‌س دیتبوویان گۆزه‌ بۆته‌ ورده‌ به‌رد وخۆڵ به‌ به‌ژنی ژندا هاتۆته‌ خوارێ، ژنه‌ش له‌ گۆزه‌ی پێش نیشانه‌ و گولله‌ ساغتر، وا بزانم خه‌ڵكی لای ئه‌و بێستانه‌یه‌ بوو كه‌ دواتر خه‌ڵك ده‌سته‌ ده‌سته‌ له‌ شاره‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز و به‌هاران روویان تێده‌كرد، بابم به‌ گاڵته‌وه‌ گۆتیه‌ گۆزه‌شكێن:
ئه‌و ده‌ست و تفه‌نگه‌ی تۆم هه‌با، بن كێلێكی سه‌ید مارفم ده‌كرده‌ سه‌نگه‌ر..
گۆزه‌شكێن:
كار له‌ كارترازاوه‌، ئێستا من بوومه‌ته‌ گۆزه‌كه‌، نابێت خۆم نیشانبده‌م..
پیری سوارچاكان كه‌وتبووه‌ په‌نا، كه‌س نه‌یده‌زانی له‌ ماڵێیه‌، له‌ ناو چڕه‌ دووكه‌ڵی جغاره‌ رۆچووبووه‌ ته‌نیایی و بێده‌نگیه‌كی هێند قووڵه‌وه‌، ده‌مگوت به‌ردی پیرۆز بێته‌ گۆ، له‌مه‌ودوا گوێیێ ده‌نگی پیری سوارچاكان نابیستێـته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ كۆڵانێ قسه‌وه‌، دێته‌وه‌ ماڵێ، شتێكی كه‌مم له‌ قسه‌كانی له‌بیرماوه‌، دیاره‌ به‌ داڕشتنه‌وه‌ی تازه‌وه‌:
كورد فێره‌ هه‌ڵاتن بووه‌، هه‌ڵاتنی ناوێ، هه‌ر كه‌سه‌ی له‌ جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ فیشه‌كێ دوو بهاوێ، هه‌ر چه‌كداره‌ی فیشه‌كێ دوو بته‌قێنێ، عاره‌ب ئینگلیز و رووسیشی له‌ پشت بێت، هێڕشه‌كه‌ی تێكده‌شكێ و ناتوانێ بستێ بێته‌ پێشێ.. پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ڵاتنی گرتووه‌، خه‌فه‌ت له‌وه‌ ده‌خۆم ئه‌وشۆ بێ ته‌قه‌ و شه‌ڕ قه‌رات چۆلده‌كات، شار راده‌ستی حكوومه‌ت ده‌كات، پاشی دوو سێ شه‌وی دی هه‌وڵده‌دات به‌ شه‌ڕ بێته‌وه‌ كۆڵانێكی شار، تێناگه‌م، من له‌و مه‌لا مسته‌فایه‌ تێناگه‌م چی له‌ دڵه‌ و ده‌یه‌وێت چی بكات! به‌ راست ئه‌و ئاگای له‌و هه‌ڵاتنه‌ی شار هه‌یه‌؟!..
پیری سوارچاكان زۆری گۆت و من كه‌مم له‌بیره‌، دێته‌وه‌بیرم گوڵی كۆساران قسه‌یه‌كی نزیك له‌وه‌ی كرد:
حاجی ده‌ڵێی خه‌ره‌فاوی، ئه‌وه‌ چی ده‌ڵێی تۆ! ده‌ته‌وێ له‌گه‌ڵ عاره‌بان شه‌ڕه‌به‌رد بكه‌ین، ده‌زانی تۆ له‌ سه‌ر خۆت نه‌ماوی، پیری سوارچاكان، سوارچاكی به‌سه‌رچوو! ته‌یاره‌، ته‌یاره‌، سبه‌ینێ ده‌بینی، ئاسمان پڕده‌بێت له‌ ته‌یاره‌، عه‌ردیش پڕ له‌ وه‌له‌كه‌ عاره‌ب..
پیری سوارچاكان جغاره‌یه‌كیدی به‌ دارجغاره‌كه‌یه‌وه‌ كرد، ئاگری گه‌یشتێ و نه‌گه‌یشتێ به‌ مژێكی قووڵ، ئاگری گه‌یانده‌ بن دارجغاره‌، نه‌مدیتبوو، دواتریش نه‌مدیت جغاره‌ به‌ مژێك ته‌واوبێت، هێنده‌ی دوو لووله‌ی سۆبه‌ی دار، له‌ كونه‌كه‌پوویه‌وه‌ دووكه‌ڵی هێنایه‌وه‌ و گوتی:
ده‌ی، خودایه‌، شه‌و و رۆژێك جحێلم بكه‌وه‌..
دیاره‌ داواكاریه‌كه‌ی كه‌متربۆته‌وه‌، پێشتر ناوه‌ ناوه‌ رووی له‌ ئاسمان ده‌كرد:
خودایه‌ ته‌نها سێ رۆژ جحێلم بكه‌وه‌..
قه‌دۆ ده‌ڵی:
خاڵه‌، خۆ شه‌وێك هه‌ر به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات بچیته‌ گه‌رماوێ و ئاره‌قه‌ و چڵكی پیرێتی له‌ خۆت بكه‌یته‌وه‌ و…
پیری سوارچاكان رێی نه‌دا قه‌دۆ قسه‌كه‌ی ته‌واوبكات:
به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات خۆم بگه‌یه‌نمه‌ سه‌ر مناره‌ی چۆلی و له‌وێوه‌ ره‌وه‌ عه‌سكه‌رێكی عاره‌ب بكوژم..
شاتكه‌ شێت پێكه‌نی:
دیاره‌ خودا شێت بووه‌ تۆ بۆ عاره‌ب كوشتن جحێل بكاته‌وه‌!
شاتكه‌ شێت وا بزانم بۆ یه‌كه‌م جار و دواجاریشه‌ به‌ چپه‌ بدوێ، من له‌ هه‌مووان لێی نزیكتربووم هه‌ر ئه‌وه‌تا بیستم:
تێناگه‌م، پیرێژن شێته‌ یان پیره‌مێرد! كامیان شێته‌كه‌یه‌؟
ئه‌و شه‌وه‌ جگه‌ له‌ پلكه‌ به‌ندبێژ و قه‌دۆ له‌ قسه‌ی گه‌وره‌ و گچكه‌ڕا دیار بوو شێته‌كه‌ پیری سوارچاكانه‌، قسه‌كانی بابیشم له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان هێنده‌ دژنه‌ده‌كه‌وتنه‌وه‌، له‌ شاتكه‌ شێتیش نه‌گه‌یشتم كامیان شێته‌كه‌یه‌، پلكه‌به‌ندبێژیش به‌ به‌ندێك كه‌ ده‌مێك بوو زاری به‌ندی پێدا نه‌هاتبوو، حه‌یف، من زوو له‌بیرمچوو، كه‌سیشم نه‌دیته‌وه‌ به‌نده‌كه‌م به‌ بیربهێنێته‌وه‌..خوایه‌ تۆبه‌! كاوێس كه‌ف یان گه‌فیش چووه‌ به‌ره‌ی پیری سوارچاكانه‌وه‌، ئه‌و كاوێسه‌ هه‌ر له‌ هیچ و خۆڕا گه‌فی ده‌كرد، گه‌ف له‌ ده‌رۆزه‌كه‌ر له‌ مریشك، له‌ سه‌گ و مشك و ئه‌و شتانه‌، ئا، به‌گژ شتێكدا ده‌چوو ده‌ستنه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ به‌ گژ حوكمه‌تدا چوو، له‌ كاتی گه‌فكردنیش ده‌تگوت كه‌رته‌ سابوونی له‌ زاریه‌، به‌ لالێویدا كه‌ف ده‌هاته‌ خوارێ، هه‌ر له‌وه‌شه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س به‌ كاوێس كه‌ف و هه‌ندێ به‌ كاوێس گه‌ف ناویان دێنا، كاوێس كه‌ف و گه‌ف ده‌یگۆ:
وه‌ڵلا عه‌یبه‌، خه‌ڵك هه‌ڵدێن، حوكمه‌ت چیه‌؟!
حه‌مه‌د مه‌ستان ئه‌و پیاوه‌ی له‌ كه‌لایانێ كاتێ كه‌لاكه‌ی كه‌مێ دوور ده‌ڕۆیشت هێزی هێنانه‌وه‌ی نه‌بوو، به‌ منی ده‌هێنایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ شووشه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێك خستبوویه‌ ناو جه‌مه‌دانی وده‌بێت مله‌كه‌ی دیاربووبێت، هات و قسه‌یه‌كی به‌ گوێی بابمدا چپاند و رێی سه‌رێی گرت، شاتكه‌ شێت گوتی:
حه‌مه‌د ئه‌وشووشه‌یه‌ بایی چه‌ند رۆژ ده‌كات؟
حه‌مه‌د پێده‌چوو تازه‌ گرتبێتی:
شاتكه‌، ئه‌وه‌ مه‌تاره‌یه‌ و زوو ته‌واو نابێت، ده‌ستی پێوه‌ده‌گرم..
شاتكه‌ شێت:
مه‌تاره‌ی شووشه‌ش په‌یدابووه‌، مه‌ستانی ژنت بێ بنێشت هه‌ڵبكات، تۆ بێ شووشه‌ هه‌ڵناكه‌یت، تۆ و شۆڕشیان نه‌گوتووه‌..
حه‌مه‌د مه‌ستان:
من و شۆڕشیان گوتووه‌، بڵێ شۆڕشیان بێ عه‌ره‌ق نه‌گوتووه‌..
حه‌مه‌ قه‌دۆ هه‌ڵیدایێ:
حه‌مد مه‌ستان، ده‌زنوێژی هه‌یه‌ و به‌ رۆژووشه‌، عه‌ره‌قاوی مه‌كه‌…
ئه‌رێ (مه‌ستان)ی حه‌مه‌د كام مه‌ستان بوو؟ مه‌ستانی ژنی یان (مه‌ست)انی عه‌ره‌ق، چ دوور نیه‌ هه‌ردوو مه‌ستانه‌كه‌ بووبێت، مه‌ستانه‌كه‌ هه‌ر مه‌ستانێ بێ، به‌ رۆیشتنی وی هیچ گومانم نه‌ما كه‌ دنیا كاولده‌بێ، ئاخر ئه‌و پیاوه‌ ته‌په‌ حورچه‌ هی رۆیشتن نه‌بوو، كه‌لای پێنه‌هێـته‌وه‌، به‌ گژ تۆپ و فڕۆكه‌دا دێته‌وه‌! رۆیشتنی حه‌مه‌د مه‌ستان ترسناك بوو، به‌ڵام له‌و ترسناكتر هه‌ڵكه‌ندنی بن ئاخوڕی هۆده‌ی چێڵه‌كه‌ بوو، دیاره‌ هۆده‌ی چێڵ كه‌وتبووه‌ دیوی كه‌ندێ، ئاگام لێیه‌ بابم وا به‌ دووده‌و بن ئاخوڕ هه‌ڵده‌كۆڵێ، ئاخوڕه‌كه‌ بنی بۆش بوو، رێك له‌ مێزی نانخواردن ده‌چوو، چێڵ مێزی هه‌بوو! ده‌بینم ته‌نه‌كه‌یه‌ك، نا، پتر، فیشه‌كی خسته‌ قۆرته‌كه‌وه‌ و سه‌ری به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ ریخ داپۆشی، شه‌یتانیش شكی بۆ ناچێ، ئه‌و هه‌ڵكه‌ندن و شاردنه‌وه‌یه‌ له‌ چاوی منه‌وه‌ نازانم بۆچی له‌ ژێراوژووربوونی دنیا ده‌چوو..
رۆیشتن، هه‌موو رۆیشتن، شار باریكرد، به‌وه‌ی خۆشه‌ بابم لێره‌یه‌ و ساقۆ درێژه‌كه‌ی په‌نامه‌، بابم تا دوادوایی به‌هار ساقۆی فڕێنه‌ده‌دا ئه‌و ساقۆیه‌ی بۆ من په‌نابوو، له‌ سه‌رما و گولله‌ و فڕۆكه‌ ده‌یپاراستم، به‌ڵام تۆ بڵێی له‌ كاولبوونی دنیا بمپارێزێ، به‌ڵێ من گه‌یشتبوومه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و شۆ دنیا كاول ده‌بێ، ئاخر بابم باسی كاولیی دنیای كردووه‌، باپیریشم بۆ من وه‌ك قه‌ڵات بۆ هه‌ولێر وابوو، ئاخر دواتر دێرێكی گۆرانیم وا ده‌گوته‌وه‌:
قه‌راتی هه‌ولێر پشتم دا پێوه‌
قه‌راتم رووخا پشت ده‌م به‌ كێوه‌
قه‌راته‌كه‌ پیری سوارچاكان بوو، من ئه‌وشۆ پشتم به‌ پیری سوارچاكان و بابم قایمه‌، تۆ بڵێی پشتقایمی ده‌روه‌ستی كاولبوون بێ!
له‌ خه‌ون روونتر له‌بیرمه‌، بابم ساقۆكه‌ی خۆی پێمدادا و داوای لێمكرد بخه‌وم و له‌ چ نه‌ترسم و چ ناقه‌ومێ، من به‌ بیری بابمم هێناوه‌ كه‌ دنیا كاول ده‌بێ، بابم هه‌وڵیده‌دا بۆم روونبكاته‌وه‌ كه‌ كاولبوونه‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ دنیا هیچی به‌ سه‌ر هیچه‌وه‌ نامێنێ، ده‌یویست تێمگه‌یه‌نێ كه‌ ژیان به‌رده‌وام ده‌بێ، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ گۆِرانكاری رووده‌دا…
ده‌بێت خه‌وتبم، ئاخر به‌ بانگی ده‌روێش برایم راپه‌ڕیم، ئۆخه‌یه‌ش، ده‌روێش ماوه‌ و نه‌ڕۆیشتووه‌، راستی بانگدانی ده‌روێش ئاهێكی به‌ به‌ر هێنامه‌وه‌، پێموابوو تا ده‌روێش برایم له‌ شار بێت و بانگی بگاته‌ گوێ، دنیا كاول نابێت…
چ رۆژێكی تاساوه‌، گه‌ڕه‌ك ده‌ڵێی خۆڵ و دۆی به‌ سه‌ردا كراوه‌، جگه‌ له‌ بابم و پیری سوارچاكان و دوو سێ پیاویدی گه‌ڕه‌ك پیاوی تێدا نه‌ماوه‌، یه‌ك له‌و پیاوانه‌ مێردی ژنه‌ ده‌لینگ سۆره‌كه‌ بوو، له‌ولایه‌وه‌ پیاوه‌ بلۆكبڕه‌كه‌، شفتیفرۆشه‌كه‌ش ده‌رنه‌چوو، پێكه‌وتم كۆمۆنیسته‌كان شاریان به‌جێنه‌هێشتووه‌، مه‌لا سدیقیش په‌یدابۆوه‌، دێته‌وه‌بیرم بابم له‌و رۆژه‌وه‌ هێنده‌ رووی نه‌ده‌دانێ، چه‌ند رۆژێ دواتر بابم قسه‌یه‌كی كرد، پیری سوارچاكان ئه‌شهه‌دو بۆ كرد:
شوعی ده‌بێت وه‌ك عه‌لی مه‌ولوود بێ..
ئه‌و پیاوه‌ كۆمه‌نیست بوو، به‌ڵام به‌گه‌ڵ شۆڕش كه‌وتبوو..ئێ، با بچمه‌وه‌ قوتابخانه‌، له‌وێ (ئه‌ی ره‌قیب) و (ئازاد) منیان تاساند، ئه‌ی ره‌قیب با بۆ دوایی بێ، ئازاد ومن سێ ساڵه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌كتر داده‌نیشین، هێند براده‌رین كاتێ قسه‌ دێته‌ سه‌ر براده‌رایه‌تی مامۆستا ئه‌لیاس ئێمه‌ به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌.. سێ ساڵه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م وانه‌یه‌ من له‌ ناو پۆلێ ته‌نیشتم چۆل بێ، ده‌ڵێی له‌ بیابان دانیشتووم، چ چۆله‌وانیه‌كه‌ پۆل، وانه‌ی یه‌كه‌م ته‌واوبوو، چاوه‌ڕێ بووم له‌ دووه‌م ئازاد بێت و بیابان بكاته‌وه‌ پۆل، وانه‌ی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م.. رۆیشت و بیابان نه‌بۆه‌وه‌ پۆل، رۆژی دواتر و حه‌فته‌ی دواتر و مانگی دواتر هاتن و چوون ئازاد په‌یدا نه‌بۆوه‌، ئای ئازاد، منت له‌ قوتابخانه‌ چه‌ند ته‌نیا كرد، ده‌مویست براده‌رێك ببینمه‌وه‌ جێی ئازاد بگرێته‌وه‌، نه‌مدیته‌وه‌..
به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ی ره‌قیب، چه‌ند گرته‌یه‌كی گچكه‌ی دوای شه‌وی كاولبوونی دنیا هه‌یه‌، نیشانیاننه‌ده‌مه‌وه‌، (ئه‌ی ره‌قیب)م بۆ ناگوترێته‌وه‌:
ئه‌و پۆلیسه‌ی كه‌ ژنه‌كه‌ی شه‌وێك نا شه‌وێك زیزده‌بوو، له‌ زیزبوون و هاتنه‌وه‌ش خۆی بوخچه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵده‌گرت، دیتم، به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا هاته‌وه‌، لنگه‌ پێلاوێكی له‌ پێ بوو، لنگێك به‌ ده‌سته‌وه‌، بێریه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ گۆریه‌كه‌ی خستبووه‌ ناو پێڵاوه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه‌، له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
ناكرێ، به‌ چیاكه‌وتن به‌ من ناكرێ…
پیاوه‌ پاقڵاوه‌ فرۆشه‌كه‌ ئه‌وه‌ی رسته‌یه‌ك له‌ خر پاقڵاوه‌فرۆشانی جیاده‌كرده‌وه‌، پاقڵاوه‌فرۆشان به‌:
((پاقڵاوه‌ به‌ شیلاوه‌
حه‌یاتی منداڵی ساوا)) منداڵیان له‌ خۆیان خڕده‌كرده‌وه‌، هه‌رچی ئه‌وه‌:
((پاقڵاوه‌ به‌ شیڵاوه‌
حه‌یاتی ژن و پیاوه‌)) هه‌ندێ كه‌ڕه‌تیش ده‌یگوت: نه‌یخۆیت نابیه‌ زاوا..
ئه‌و پاقڵاوه‌ فرۆشه‌ كه‌ كاكه‌ لاوه‌یان ده‌گۆتێ، به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا گه‌ڕایه‌وه‌ و دواتر منداڵ كه‌ به‌ سنیی پاقڵاوه‌وه‌ ده‌یاندیت، ده‌یانگوت:
پاقڵاوه‌ به‌ شیلاوه‌
هه‌ی هه‌ی له‌و كاكه‌ لاوه‌
نه‌گه‌ییه‌ پشت باداوه‌
لاقی چه‌قی و بایداوه‌
كاكه‌ لاوه‌ به‌و به‌ندوباوه‌ زۆر تووڕه‌ ده‌بوو، جارێك گه‌یشته‌ كونه‌ كه‌پووی و سینیی پاقڵاوه‌ی تێهه‌ڵداو و گوتی:
وه‌رن خڕیكه‌نه‌وه‌ و دیاره‌ قوزی داكتان شیلاوی ده‌وێ..
ئیدی كه‌س كاكه‌لاوی له‌ گه‌ڕه‌ك نه‌دیته‌وه‌..
ئه‌و پیاوه‌ش كه‌ له‌ دیرۆكی به‌لاشاوه‌ یه‌كه‌م جاشه‌، ماڵیان نزیك نانه‌واخانه‌كه‌ بوو، كۆنترین نانه‌واخانه‌ی به‌لاشاوه‌، ئه‌و پیاوه‌ دواتر ناوی به‌ (جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه‌) رۆیشت، ئێ، جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه‌ كه‌ هه‌موو به‌نده‌كانی پلكه‌ به‌ندبێژی له‌ به‌ر بوو، هه‌میشه‌ ده‌یگوتنه‌وه‌، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ كاتی جاشایه‌تی به‌ندێكی به‌ سه‌ردا هه‌ڵگۆتبوو، پێشیگوتبوو، شه‌رممه‌كه‌و ئه‌و به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ به‌ندان بڵێوه‌:
دوونێ ئه‌تو هۆری هۆری
هاتیه‌وه‌ سه‌ر كیره‌ بۆری
ئه‌وڕۆ جاشی له‌ ناو جاشان
قوزی داكتت لۆ وا نه‌خشان..
به‌نده‌كه‌ درێژبوو، حه‌یف، له‌ به‌ختی جاشی به‌لاشاوه‌ هه‌ر هێنده‌م له‌بیرماوه‌..
هه‌ر كێ ده‌هاته‌وه‌، گه‌ڕه‌ك له‌ سیله‌ی سواربوون و دابه‌زینه‌كه‌وه‌ ده‌یڕوانیێ، به‌ڵام حه‌مه‌د مه‌ستانی له‌وه‌ هه‌ڵاوارد، چ چاوێ له‌و سیله‌یه‌وه‌ ته‌ماشای مه‌ستانی نه‌كرد، گه‌ڕه‌ك مه‌لای دۆزه‌خێی به‌گه‌ڵ مه‌ده‌ هه‌ر هه‌موو به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ستان دڵخۆش بوون، گوناه نه‌با، شووشه‌ی عه‌ره‌قیان به‌ دیاری بۆ ده‌برد، حه‌مه‌د مه‌ستان راسته‌ مه‌لای دۆزه‌خ گۆته‌نی:
شه‌یتانیش هێنده‌ی وی عاره‌قی نه‌خواردۆته‌وه‌
به‌ڵام شاتكه‌ شێت مه‌ستانی له‌ ریزی ئه‌و چوار به‌لاشاوه‌ییه‌ دانابوو بێ راوه‌ستان و پرسیار به‌ دوای یه‌كترله‌ ده‌رگای به‌هه‌شتێ ده‌چنه‌ ژۆرێ، چوار كه‌سه‌كه‌ی وا ریزكردبوو: بابم، پلكه‌ به‌ندبێژ، حه‌مه‌د مه‌ستان، بابی جۆته‌ خوشك..
جۆته‌ خوشكیش دێنه‌ ناو باس و خواسه‌وه‌، به‌ڵام هه‌نكه‌، قسه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانه‌، ئه‌و پیاوه‌ تا پوونگینه‌ی پشت بنه‌سراوه‌ی بن زوورگ رۆیشتبوو، له‌وێ له‌ سه‌ر مه‌زاری وه‌یسه‌ قه‌ره‌نی لێی دانیشتبوو، ئه‌وجا ئێوه‌ له‌ زمانی خۆیه‌وه‌ نه‌تانبیستووه‌ چۆن ده‌یگێڕایه‌وه‌:
((له‌ ده‌و جۆگه‌ی پوونگینه‌ ده‌سكێ پوونگه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌، له‌ بن كێلی چاكه‌كه‌ ئه‌وه‌ی ژنی دنیای دێنه‌ سه‌ری، چوار مه‌شقی دانیشتم، له‌ پێكی یه‌كه‌م و دووه‌م، شار ورد و درشت، به‌ به‌ر ده‌ممدا رووه‌و زوورگ، رووه‌ و چیا هه‌ڵده‌كشان، له‌ پێكی چوار، كۆچ به‌ره‌واژبۆوه‌، دنیا رووی له‌ شار كرد، له‌ پێكی پێنج و شه‌ش، ته‌قه‌ی بڕنۆ هات، زانیم حوكمه‌ت رووخاوه‌، پێكێكم به‌ سه‌ر په‌ڕۆكه‌ كه‌سكه‌كه‌ی وه‌یسه‌ر قه‌ره‌نیدا رژاند و گۆتمێ:
موتفه‌ركی عه‌ره‌قاوێ یه‌كاویه‌كه‌ لۆ هه‌موو ده‌ردو به‌ڵایه‌ك..
هاتمه‌ سه‌ر رێ، به‌ پێكه‌وه‌ ده‌ستم له‌ پیكابێ راگرت..))
لێره‌وه‌ له‌ سه‌ر زاری شوفێره‌كه‌وه‌، سه‌ربرده‌ی هاتنه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان ببیستن:
(( ناسیمه‌وه‌ حه‌مه‌د مه‌ستانه‌، قۆخه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی سوار بێت، فرێكی لێدا و چۆڕبڕی كرد، تێگه‌یشتم چایه‌ نیه‌ و تاڵه‌كه‌یه‌..پرسیم:
+ حه‌مه‌د، چیه‌؟ چ ده‌كه‌ی لێره‌؟
– هاتم چیا له‌ به‌غدا ببڕم، وه‌یسه‌لقه‌ره‌نی ده‌ستمی گرت و نه‌یهێشت..))
حه‌مه‌د مه‌ستان كه‌مدوو بوو، به‌ڵام بۆ گه‌ڕه‌ك ئاوه‌دانی بوو، بێزم له‌ عه‌ره‌ق ده‌بۆوه‌، به‌ڵام هه‌ستمده‌كرد شووشه‌ی ده‌ستی ئه‌له‌تریكه‌ و كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه‌ رووناكده‌كاته‌وه‌..




كتێبی (وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) مانیفیۆستۆیه‌كی نوێ‌ بۆ ژنان …. ئا:شۆڕش محه‌مه‌د

كتێبی (Lean in) واته‌ (وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕفرۆشترین كتێبه‌كانی ئه‌مریكا، له‌لایه‌ن رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن له‌شاری سلێمانی كراوه‌ته‌ كوردی.
(وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) شێریڵ ساندبێرگ نووسیویه‌تی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چالاكیه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌ ‌و پێشتر جێگری سه‌رۆكی به‌شی فڕۆشتنی نێوده‌وڵه‌تی ئۆنلاین ‌و چالاكییه‌كانی گوگڵ ‌و سه‌رۆكی دیوانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌، شێریڵ رێكخراوی(لین ئن)ی دامه‌زراندووه‌ كه‌ رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌ ‌و هانی ژن ده‌دات له‌ ئاره‌زووه‌كانیان ‌و ئه‌و كاره‌ خێرخوازییانه‌ی كه‌ یارمه‌تی ژنان ده‌ده‌ن بچنه‌ پێشه‌وه‌.

پاسار شێركۆ عه‌بدوڵا كتێبه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ و نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، پێشه‌كی چاپه‌ كوردییه‌كه‌ی نووسیوه‌.
نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: كوردستان له‌ گه‌شه‌كردن ‌و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامدایه‌، بارودۆخی ژنانیش گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، به‌ڵام تا گه‌یشتن به‌ ئامانجی یه‌كسانی ته‌واوی ژن ‌و پیاو رێگه‌یه‌كی زۆر ماوه‌ بیبڕین.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: ئه‌م كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌ ده‌توانێت رێنماییه‌كی زۆر باشمان بكات، ژنی كورد له‌ئێستا ‌و له‌رابردوودا به‌شداریی ‌و كاریگه‌ری خۆی له‌مه‌یدانه‌ جیا جیاكاندا سه‌لماندووه‌، له‌كاتی ئه‌نفال ‌و كیمیاباران ‌و كۆڕه‌ودا ژنانی كورد جار له‌دوای جار توانا ‌و كاریگه‌ریی خۆیان سه‌لماندووه‌، له‌دوای راپه‌ڕینیش ژنی كورد له‌ بواره‌كانی وه‌ك (كارگێڕی، ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، راگه‌یاندن، ئابوری ‌و كه‌رتی تایبه‌ت، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) خۆیان سه‌لماندووه‌.
سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ :شێریڵ داوا ده‌كات ژنان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی بده‌ن و له‌وێوه‌ كار بكه‌ن بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانی نێوان ژن‌و پیاو.
كتێبه‌كه‌ له‌ 11 به‌ش پێكهاتووه‌‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن ژن ببێت به‌ سه‌ركرده‌ و هانی ئه‌وه‌ش ده‌دات. زۆربه‌ی زۆری بابه‌ته‌كانی ناو كتێبه‌كه‌ چیرۆكی ژیانی شێریڵ خۆیه‌تی كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ و كه‌ خۆی چۆن بووه‌ له‌ كاركردن وه‌ك ژنێك و دواتر چۆن توانیویه‌تی ببێت به‌ ژنێك كه‌ هه‌موو كه‌س بیناسێت.

شێریڵ له‌باره‌ی ئه‌زمونی كاری خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: من به‌و بڕوایه‌وه‌ چومه‌ مه‌یدانی كاره‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌كه‌ی من به‌رپرسیارێتی‌و هه‌لی یه‌كسانی ده‌بێت‌و به‌و شێوه‌یه‌ش بو. ژنان زیاتر بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ستده‌هێنن‌و بڕوانامه‌ی باڵای زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنن‌و ده‌چنه‌ هه‌مو ئاستێكی مه‌یدانی كاره‌وه‌.

به‌ڵام له‌هه‌موو پیشه‌سازییه‌كدا ژنان %15، %18 یان %20ی پله‌ باڵاكان پێكده‌هێنن. ژنان به‌هۆی زۆر شته‌وه‌ رێگرییان لێكراوه‌. به‌هۆی لایه‌نگرییه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی نه‌رمونیانیه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بونی هه‌له‌وه‌. ئێمه‌ خۆشمان رێگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین. ناچینه‌ سه‌ر مێزه‌كه‌، ده‌ستمان به‌رز ناكه‌ینه‌وه‌، ده‌نگمان وه‌كو پێویست هه‌ڵنابڕین.

یه‌كه‌م رۆژم له‌بیره‌ كه‌هاتم بۆ كۆمپانیای فه‌یسبوك، به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌مه‌وه‌ ده‌هاتم بۆ ئه‌م كاره‌ تازه‌‌و سه‌خته‌، دڵنیا نه‌بووم بتوانم سه‌ركه‌وتوبم، بیر له‌و هه‌مو ساتانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بڕوام به‌خۆم نه‌بو.
هه‌مو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی دڵنیابوم خه‌ریكه‌ شكست ده‌هێنم، هه‌مو كاره‌كان دڵنیانه‌بوم ده‌توانم ئه‌نجامی بده‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بینیم ئه‌و هه‌موو ژنه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن‌و پاش ئه‌وه‌ی خۆمم بینی كه‌ به‌راستی خه‌ریكه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌م له‌م هه‌لانه‌، ئه‌و كاته‌ بو كه‌ شێوازه‌كه‌م بینی‌و ده‌ستمكرد به‌باسكردنی. كه‌س پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌ده‌ست ناهێنێت به‌وه‌ی له‌سوچێكدا دانیشێت نه‌ك له‌سه‌ر مێزه‌كه‌.

ئه‌م كتێبه‌ بۆ ژنانه‌ له‌هه‌موو ته‌مه‌نێكدا، كچه‌ گه‌نجه‌كان كه‌بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌بێ‌ داهاتویان چی بێت؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ مه‌یدانی كاریان به‌جێهێشتبێت‌و بیر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كارده‌كات‌و ده‌یه‌وێت بێته‌ پێشه‌وه‌‌و به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تی هه‌نگاوبنێت.
هاندانێكه‌ بۆ ژنان بۆ ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌خۆیان هه‌بێت‌و یارمه‌تیدانیانه‌ له‌دروستكردنی جیهانێكی یه‌كساندا.

من بڕوام وایه‌ جیهان شوێنێكی باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر نیوه‌ی كۆمپانیاكان‌و نیوه‌ی وڵاته‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی بكرێن‌و ماڵه‌كانمان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێن. مه‌سه‌له‌كه‌ بریتییه‌ له‌بڕوا به‌خۆبوون.
هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌چاپدانی كتێبه‌كه‌ رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن دانیشتنێكی بۆ كتێبه‌كه‌ ئه‌نجامدا و له‌و دانیشتنه‌دا نزیكه‌ی 300 كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد و تائێستا نزیكه‌ی 1500 دانه‌ی لێدراوه‌ به‌ زۆر كه‌س‌و شوێن‌و لایه‌ن‌و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كیشی لێ‌ فڕۆشراوه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمدا له‌چه‌ند شوێنێك ده‌ستده‌كه‌وێت وه‌ك :قاوه‌خانه‌ی كلتوری‌و كتێبخانه‌ی سلێمانی، ئاسیا تێل و ماڵی وه‌فایی‌و كتێبخانه‌ی كامبریج و كتێبخانه‌ی ئه‌مازۆن له‌شاری هه‌ولێر‌و كتێبفڕۆشی ره‌نج له‌رانیه‌‌و كتێبخانه‌ی هه‌ژار موكریانی له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.
رێكخراوی “هیوا فاونده‌یشن” رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌ ‌و له‌مانگی ئازاری ساڵی 2013 له‌ شاری سلێمانی دامه‌زراوه‌، ئه‌م رێكخراوه‌ ته‌نها هاوبه‌شی فه‌رمییه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی (Lean in) له‌ كوردستان ‌و عێراق، رێكخراوه‌كه‌ بڕوای وایه‌ له‌ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی خێزانه‌وه‌ ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر دروست بكات، به‌مه‌ش پێیانوایه‌ داهێنان به‌ده‌ست ده‌هێنن.
تائێستا رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن چه‌ندین كتێبی به‌نرخی جیهانیان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی ‌و كتێبخانه‌ی كوردییان پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌.




كه‌ش و هه‌وا
نه ژاد عزیز سورمێ

(1)
ئه‌سپه‌كان ته‌راتێنیانه‌..
گه‌رده‌لوولی سمه‌كانیانم لێ دیاره‌
گێژه‌نێكی سه‌ره‌وژووره‌ ؛
گیزه‌ی به‌فر ،
له‌ هه‌ناسه‌ی سواری ڕێبواران وه‌رده‌دا..
كۆستی ماری ئاره‌زووشكێن ،
دێ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌فسانه‌ و
به‌یانیی مێژوو به‌رده‌دا..
(2)
چ ئه‌ستێره‌ له‌ ئاسمانێدا نه‌ڕژا بوو
چ كیژێ پرچی نه‌بڕیبوو ..

نه‌ ئه‌و مه‌لی بێ مه‌فته‌ن بوو ،
نه‌ ئاشیانه‌ی توره‌كه‌ڕێژ..
به‌یداخه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كان چۆن هه‌ڵدران ؟
مێرگی سۆته‌ڵ و ئه‌رخه‌وان
ئه‌و هه‌موو شیعره‌ جوانانه‌ی چۆن لێ ڕوان ؟

(3)
ئاسكه‌كانم تارماییان دی و
تێیان ته‌قاند..
خوایه‌ هه‌رگیز
ئاگرودوویان له‌ ماڵێدا نه‌كرێته‌وه‌
ئاسكه‌كانمیان ڕاچڵه‌كاند .

(4)
گوڵه‌كان هاتن ؛
پێچه‌كی بارانییان له‌سه‌ر نابوو..
به‌ چل ئاواز ده‌یانخوێندو ده‌یانگێڕا
به‌ڵام ئه‌وان باران شۆر بوون ، ڕانه‌چه‌نین
گریان..
پێكه‌نین..
گریان..
به‌ نه‌ورۆز كه‌وتن..
خه‌ونیان دی :
ڕووبارێ زێڕ ،
به‌ ناو تاسه‌ی تینوویه‌تییان ڕێی گرتووه‌
كولێره‌ی سووری پێدا دێ ..
گریان..
پێكه‌نین ..
به‌ نه‌ورۆز كه‌وتن ..
باران شۆر بوون ڕانه‌چه‌نین
به‌رده‌وام بوون له‌ خه‌وبینین..
6/1987




مرۆڤ بۆ هەیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئاخۆ ئەو هۆکارو دەرئەنجامە چی بوو کەمرۆڤی کردە سەرداری گشت ئاژەڵەکان؟ ئاخۆ ئاستی ژیریەتەکەی بوو یان ئاستی دڕندایەتی و خۆپەرستیەکەی؟ ئاخۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان و گەردون بەرهەمی ڕێکەوتێک بوون یان بەرهەمی پێویستی بوون لە بوندا؟ ئایا مرۆڤ گەر ژیریەتیەکەی بەرەو دڕندایەتی نەبردبایە دەیتوانی درێژە بەژیانی بدات و بیگەیاندایەتە ئەم قۆناخەی ئێستای و قۆناخەکانی داهاتویشی که دیار نیە بەکوێی دەگەیەنێت؟ ئاخۆ ئەوە تەنها پرسی خۆپەرستی و داگیرکاریەکانیەتی مرۆڤی ئاوا کردوە بەدوو بەشەوەو دابەشی کردوە لەنێوان چینەکاندا؟ ئاخۆ گەر مرۆڤ بەگشتی ژیرایەتیەکەی دوا پێناسەو دوا جیاوازیەکەی بێت لەبەرانبەرکۆی ئاژەڵاندا،هێشتا وانایەتە بەرچاو کەمرۆڤ ناشیرینترینی جۆری ئاژەڵەکانە؟ ئاخۆ سروشت و گەردون هیچ دەورێکیان هەیە لەم گێژاوەی مرۆڤی ژیر دەرگیری بوە؟ بەڕاستی گەر مرۆڤ نەبوایە سروشت جوانتر دەبو یان ئەوکات تەنها وێرانەیەک دەبوو؟ بەڵام کێ چوزانێت گەر ئێمەی مرۆڤ نەبوینایە کام جۆری ئاژەڵەکان دەبوون بەسەردار؟ یان ئاخۆ سروشت و گەردون و ئاژەڵەکان پێویستیان بەسەردار دەبوو؟ بەڕاستی مرۆڤ دیاردە سەیرەکەیە لەنێو مێژووداو لەنێو گەردونیشدا؟ ئاخۆ مرۆڤیش تەنها لاسای کەرەوەی پێش نەوەکانی خۆیەتی،گەر وایە بۆچی لەئاژەڵەکان جیاوازتر دەبینرێت،لەکاتێکدا ئەوە ئێمەین دەڵێین ئاژەڵەکان خاوەن ژیرایەتی نین و تەنها غەریزەیەکی خۆڕسکانەیە دەیان جوڵێنێت؟ ئاخۆ زانستیانەترین وەڵام بۆ جیاوازی مرۆڤ و کۆی ئاژەڵەکان لەوێدا نیە کە مرۆڤ توانای گۆڕان و بەکار هێنانی سروشتی هەیە لەپێناو خۆیدا،لەکاتێکدا ئاژەڵەکان بەناچارانە خۆیان لەگەڵ سروشتدا ڕادەهێنن یان خۆیان دەگونجێنن؟ مرۆڤ دیاردە نامۆکارو دیاردە کەم وێنەکەی بەرهەمی سروشتە.

ڕەنگبێت،وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەو هەزاران پرسیاری دیکەی لەمەڕ مرۆڤ و ئاستی تواناو ئاڵوگۆڕ پێکردنەکانی سروشت لەپێناو خودی مرۆڤ خۆیدا،هەروا کارێکی ئاسان نەبێت و یان بڵێین بتوانین لەدوو توێی بابەتێکی کورتدا وەڵامی زانستی و واقعی و دروستی بدەینەوە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی سەرسوڕهێنەرترینی جۆری ئاژەڵەکانە کەتوانای ئەوەی هەیە کۆی پەنهانەکانی سروشت و گردون شیکار بکات و لەپێناو پەی بردن بەدوا پەنهانیەکانی گەردوندا دەستە وەستان نەبێت و بەردەوام خولیاکانی و ئەندێشەکانی بخاتە گەڕ تادەگاتە دوا دەرئەنجام. پێشکەوتنە زانستیەکان و ئەو پشکنینانە بەردەوام و ئەو گەڕانە بەردەوامانەی لەپێناو داهێنانی نوێیدا تەنها دەرخەری ئەو واقیعەن کە مرۆڤ دەیەوێت بگات بەو خواستەی کەخۆی لەگەردون بەبەرزتر بزانێت!ئەم سروشتە نامۆییەی مرۆڤە لەبەرانبەر بێ کۆتایی گەردوندا،دەرئەنجامێکی وای بەم ئاژەڵە ژیرە داوە کە هەرچی لەتوانایدا هەیە بیخاتە گەڕ تادەگات بەمەبەستەکەی،یانی خۆ سەردار کردنی بەسەر سروشت و گەردون و کۆی ئاژەڵەکاندا؟ ئاخۆ ئەم کارەی مرۆڤ لەترسیدایە یان لە کیبریا بونیدایە؟ چونکە زۆرجار ترس دەرهەستێک پێک دێنێت مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەی بەهێزترینیاندا دەست بۆ کوشتنی ئەوی لاواز دەبات ئیتر چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵە دڕندەکان بێت، دەوری کیبریا بونی مرۆڤیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کەلەقەزەم بوونی خۆی گومان دەکات و خۆی بەگەورەتر لەبەرانبەر گەردون دێتە پێش چاو.

مرۆڤ بۆ هەیە؟ ئاخۆ دەبێت بۆ ئەم پێناسیە بگەڕێینەوە بۆ لێکدانەوە ئاینیە جۆراو جۆرەکان،یان پەنا ببەین بۆ پێش ئەو لێکدانەوانەو پەی بەقوڵای ترسی خودی مرۆڤ ببەین لەبەرانبەر بێتوانایەکەی بۆ خۆناسینی خۆی و خۆناسینی خودی سروشت و چواردەورە بێ کۆتاییەکەی سروشت؟ ئایا دەکرێت گومانمان هەبێت لەمرۆڤە سەرەتاکان لەوەی بۆچی خودایەکیان دروست کرد بۆخۆیان یان دەکرێت بڵێین ئەو بیناکردنەی مرۆڤ بۆ خودای کرد لەو قۆناخەدا تەواو لەجێی خۆیدا بوە؟ گەر بڵێین ئاخۆ مرۆڤ لەو سەردەمە سەرەتاییەیدا کە ئاوەزی لەبەرانبەر چواردەوری و سروشتدا زۆر سەرەتاییانە بوو لەوەی بتوانێت خۆی و بونەکەی خۆی بناسێت پەنای بۆ دروست کەرێک برد و ناوێکی بۆدانا کەلەخۆی نەچێت مافێکی هەق خوازیانەی بوە،کەوایە بۆچی لەسەردەمی ژیرایەتیەکەیداو لەسەردەمی ئاڵوگۆڕ کردن بەسروشت لەپێناو خۆیدا هێشتا وازی لەو دروست کەرە بان سروشتیە نەهێناو بگرە پتەو تری کردەوە؟ ئاخۆ ئەمە بوغزو کینەو ناژیریەتیەکەی مرۆڤی بەهێزو فێڵباز نەبوو لەپێناو هەمیشە مانەوەی خۆی وەک گەورەترین سەردار بەسەر لاوازەکانی لەخۆی چوی کەناوی مرۆڤە تادەگات بەملکەچ کردنی ئاژەڵەکانیش بۆ ژێر دەستی خۆی؟ ئالێرەوە بناخەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دەست پێ دەکات و قۆناخ بەقۆناخ درێژە بەم تەمەنە ناشیرینەی خۆی دەدات.

مرۆڤ لەلایەک بەتواناترینی جۆری ئاژەڵەکانەو لەلایەکیتریش درندەترینی جۆرەکانە.چونکە ئەوە تەنها بونیەتی مرۆڤە توانای ئاڵوگۆڕی سروشتی هەیە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا،بەپێچەوانەوە ئاژەڵەکان هەمیشە خۆڕسکانە لەگەڵ سروشتدا خۆیان دەگونجێنن.بەڵام جوانیەکانی ئاژەڵەکان ڵەوێدایە کەبێ بیرکردنەوە دەژین و بەپێی تێر کردنی گەدەیان برەو بەبونەکەیان دەدەن،بەپچەوانەوە مرۆڤ بەژیرانەو بەپلان و داڕشتنەوە دەژی و تەنها بیری لای تێر کردنی گەدەی نیە بۆ ئەمڕۆ،بەڵکو بیر لە هەزاران سبەینێیشی دەکاتەوە،ئەم جیاوازیەیشە مرۆڤی لەنێو خۆیدا دوو کەرت کردوەو لەگەڵ کۆی ئاژەڵەکانیشدا بەجیاوازترینیان دەبینرێت. بۆیە دەڵێم:مرۆڤ دیاردە سەیرو سەر سوڕهێنەرەکەیە؟ مرۆڤ تەنها گیاندارێکە کەتوانای بەرهەمهێنان و جوانکردنی سروشت و ناشیرینکردنی سروشت و ناشیرین کرنی خۆیشی هەیە. مرۆڤ گەر کۆتای بەخۆپەرستیە ناسروشتیەکەی خۆی نەهێنێت،هیچ کات ناتوانێت بڵێت من باشترینی جۆری ئاژەڵەکانم!!؟ ئاخۆ دەشێت ڕۆژێک بێت مرۆڤایەتی کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیەکانی نێوان بەهێزو لاوازەکان بهێنێت؟ ئاخۆ بۆنابێت مرۆڤەکان لەکاتێکدا بەژیرانەترینی جۆری ئاژەڵەکان دێتە ئەژمار،نەتوانێت کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیە چینایەتیەی بهێنێت؟ ئایا مرۆڤەکان گەر کۆتاییان بەخۆپەرستی و جیاوازی چینایەتی هێنا،ئیتر ژیان دەوەستێت یان دەتوانرێت ژیان هەزار هێندەی تر جوانترو بەپێزترو بەچێژتر بکرێت؟ کێ دەتوانێت بڵێت:گەر لەسەردەمی کۆیلایەتیدا باسێکت لە قۆناخی دەرەبەگایەتی یان قۆناخی سەرمایەداری بکردایە،مرۆڤەکانی ئەو قۆناخە زۆر بەشتێکی سەرو خەیاڵ نەیان دەبینی؟ کەوایە مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەم قۆناخە دڕندایەتیەی چینی دەسەڵاتدری چەوسێنەری خۆپەرستی بەشێک لەمرۆڤەکان تێ پەڕێنێت و ژیانێکی بەمانا شایستە بەمرۆڤ و شایستە بەسروشت وشایستە بەگەردون و شایستە بەئاژەڵەکانیش دروست بکات و بەمانا بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ژیرایەتیەکەی مرۆڤ و بۆ ئەو جیاوازیەی مرۆڤیش کەلەچاو گشت ئاژەڵەکاندا هەیەتی و ئەوکاتیش مرۆڤ دەتوانێت سەربەرزانە بڕوا بەبونە قەزەمە بەتواناکەی خۆی بهێنێت لەبەرانبەر گەردون و ئەم ئەستێرەیەی لەسەری دەژین و بەرهەمی هێناوین! ئاخۆ مرۆڤ بەم کۆ داهێنان و ئاڵوگۆڕەی لەسەروشتدا ئەنجامی داوە ناتواێت ژیانێکی بێ چەوسادنەوەی چینایەتیش پێک بهێنێت و ژیرانەتر درێژە بەبونی خۆی بدات؟ ئاخۆ گەر مرۆڤایەتی توانایەکی وای نەبێت کە گشت بەهرەمەندبن لەتواناکەی ئیتر مانا جوانەکەی مرۆڤ یان جیاوازیەکەی مرۆڤ لەبەرانبەر ئاژەڵەکان لەکوێدا دەبێت؟ دەکرێت خۆمان نەخەڵەتێنین و خۆمان خافڵگیر نەکەین بەلێکدانەوە نازانستیەکانەوەو دەکرێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوە هەر ئێمەی مرۆڤین دەتوانین ژیانێکی یەکسان و بێ چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بنیات بنێین.
کارێکی وامەحاڵ نیە،بەڵکو دەست بردن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە دەتوانێت مرۆڤایەتی ڕزگار بکات لەو خۆپەرستیە چینایەتی و لەو چەوساندنەوە بێ ڕۆحمەی کەیەخەی بەزۆرینەی کۆمەڵگەکان گرتوە. مرۆڤایەتی لەم سەردەمی بەکۆیلە بونەیەدا لەهەرکام لەسەردەمەکانی پێشوتری زیاتر هەست بەبێزار بونیەکەی دەکرێت.چونکە بوەتە کۆیلەی کۆی ئەو ئامرازانەی خۆی بەرهەمی هێناوە. ئاخۆ جوانیەکان و توانا گەورەکەی مرۆڤایەتی لەکوێدایە گەر نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیدا؟ گەر مرۆڤایەتی نەتوانێت بگات بەدەرئەنجامێکی وا،وەنەتوانێت ژیانێکی بێ چەوساندنەوەی چینایەتی بونیات بنێت،مافمان نیە بڵێین:مرۆڤ بۆ هەیە؟ یان ئامانج لەبونەکەی چیە؟ ئاخۆ مرۆڤ بەڕێکەوت دروست بوو تەنها لەبەر ئەوەی هەست بەئازاری خۆی و ئەوەکانیتر بکات کەلەخۆی ناچن؟ ئاخۆ مرۆڤ خۆی خوداو خۆی دڕندەترین و خۆی داد پەروەانەتینی جۆری ئاژەڵەکان نیە گەر بیەوێت دەست ببات بۆ کارێکی وا؟ مرۆڤ بۆهەیە،گەر نەتوانێت شایستە ترین نەبێت لەچاو گشت زیندەوەرەکاندا؟

تاهیر حاجی حەسەن
21/11/2016




دیدار لەگەل ئێدی هوپشمید بەرهەم هێنەری فلیمی یۆڵی یەلماز گۆنای

دیدار لەگەل بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەڵماز گۆنای براوەی خەڵاتی کان ئێدی هوپشمید
یۆڵ رێگەیەک بەرەو تەراوگە.!

سەرەتای ناسینی بەڕێز ئێدی هوپشمید

کات نزیک بە دووی دوای نیوەڕۆیە ڕێککەوتی- ٢٠- ١٠-٢٠١٦- ڕۆژی پێنج شەم، شوێن ستاندی کوردستان، پیاوێکی بەتەمەن تورەگەیەکی لەبن هەنگڵی بوو، گووتی: دەمەوێ شتێکت پێ نیشان بدەم.
فەرمووم لێکردوو دام نیشاند، کتێبێکی لە تورەگەکەی دەرهێناو خۆی ناساند کە ئەوە بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەلماز گۆنایە و باسی خۆی پەیوەندییەکانی خۆی و کاری هونەری کرد.
منیش بانگی هاورێیانم کردوو پێم ناساندن
گووتی: دەمەوێ ئەو کتێبە بە کوردی چاپ بکرێت.
قسە وباسێکی زۆرمان کرد، تێم گەیاند کە وەزعی سیاسی و ئابووری کوردستان زۆر خراپە، شەڕێکی سەخت وماڵ ویرانکەر یەخەی گرتووین، دواتر پێم گووت دەتوانێ لای کێ لە ئەورووپا کتێبەکەی چاپ بکات بەکوردی و هاوکاری بکات.

یەکێک لەم بەرێزانەی ئامادەی دانیشتن و گفتو گۆکە بوو ئەندامی شاندی کوردستان بوو، بەڕێز کامەران سوبحان گووتی: کاک یووسف بزانە دەکری دیدارێکی لەگەڵدا بکەین؟
منیش قسەم لەگەلی کرد گووتم ئەگەر کاتت هەبێت ئەو بەڕیزە دەیەوی دیدارێکت لەگەڵدا بکات؟
ئیدی هوپشمید گووتی : دەبێ ئێستا بڕۆم ، بۆ بەیانی کاتێک دیاری بکەین.

منیش گووتم بەیانی سەعات دووازدە چۆنە؟
ڕەزامەندی پیشاندا، ئەوەبوو بەیانی کاتژمێر دووازدە لەیەکێک لەکافتریاکانی بوخ مێسە دانیشتین، من سێ قاوەم هێناو دانیشتین بەدەم قاوە خواردنەوە قسەو باسمان کرد.
من وەکو وەرگێرو هەمیش لە ڕێکخستنی پرسیارەکان و فۆرمولە کردنی وەلامەکانیش بەشدار بووم، بە کامێراکەی خۆشم چەندین وێنەمان گرت، ڕۆژی پێشووش هەر بەکامێراکەی خۆم چەندین وێنەمان گرت.
ئیدی هوپشمید لەم دوو ڕۆژەدا لەستاندی کوردستان زۆر کەیف خۆش بوو، لەکۆتاییدا چەند کتیبێکمان بەدیاری پێدا.
ئەم نووسینەو وێنەیەکم لەهەمان ڕۆژ لە پەیجی فەیسبووکی خۆم بڵاوکردەوە:
(بەرهەم هێنەری فلیمی یۆل ـ ڕێگای ـ یەلماز گۆنای بۆ یەکەم جار دەردەکەوێت
بەرهەم هێنەرئێدی هوبشمید
لەسەردانیدا ئیمڕۆ بۆ ستاندی کوردستان ، لەهگەبەکەیدا کتێبێکی پێشانداین، سەبارەت بە ژیانی هونەرمەندی کورد یەلمازگۆنای ، چۆنییەتی دەرهێنانی فلیمی یۆل، سەرەتای دیداری لە زیندان، کاری دەرهێنانی فلیم، ئەکتەرەکان، نمایشکردنی، وەرگرتنی خەلاتی کان ، بەرهەمەکانی یەلماز گۆنای، تا مەرگ و مەراسیمی ناشتنی هونەرمەند یەلماز گۆنای لە گۆڕستانی پێر لاشێ ی پاریس.
ئەو بەڕێزە دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی دەوێت ئەم کتابە بە کوردی چاپ بکات، لەمانگی یانوەری داهاتوو بە ئەلمانی چاپ دەبێت).
ماوەیەک بەر لە ئێستا کاک کامەران دیدارەکەی بۆ ناردم، منیش پێدا چوونەوەیەکم کرد و هێندەک زانیاری کە نەنووسرابوو زیادم کردو بە خەتی سۆر بۆم ناردەوە بە ڕێزەوە.
دیدارەکە ئەوەی خوارەوەی لێ بەرهەم هات ، دوا پرسیار سەبارەت بە ستاندی کوردستان و چاپکردنی کتێبەکە، زیادە، چوونکە ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەخراپی وەزعی کوردستان کرد، بەرێز ئیدیش تێ گەیشت بۆیە ئەو بەدووای ڕێگەی تردا دەگەڕێت، موراعاتی وەزی کوردستانی لەبەر چاو بوو، :

دیدار- کامەران سوبحان
وەرگێرو فۆتۆ- یووسف منتک

* چۆن بوو پاش چەندین ساڵ لە کۆچی دوایی (یەڵماز گوینای) بیرت کردەوە جاریکی تر بگەڕێیتەوە بۆ لای وێنە و یادەوەرییەکانی ئەو فیلمساز کوردە و کاریکی دیکۆمێنتەریی لەسەر بکەیت؟
– ئەوە بەسەرهات و مێژوویەکی دورودریژە، بەڵام لەوێوە دەست پیدەکەم کە ساڵی ڕابردوو هەمو وێنە و دیکۆمێنتەکانم کۆکردەوە کە پەیوەندی بە (یەڵماز گیونای) هەبوو، بە پێی کات و شوێن و بەرواری وێنەکان هەمویانم ڕێکخست. لە کۆمپانیاکەم لەگەڵ نووسەرو سیناریستێکی ئینگلیز کارم دەکرد ناوی (پیتەر پالینسن) بوو. پێکەوە دانیشتین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باسی یەڵماز گوینایم بۆ کرد. چۆن بوو؟ چۆن کاری دەکرد؟ ستایلی فیلەمەکانی چۆن بەرهەم دەهێنا؟ ژیانی من چۆن بوو لەگەڵی؟ ئەوە بۆ دووەم جار بوو لەگەڵ دانیشم، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠١ بیرۆکەی ئەوەم بۆ باسکرد کە فیلمێکی دیکۆمێنتی لەسەر ژیان و کارکردنی خۆم لەگەڵ (یەڵماز گوینا)ی پێکەوە درووست بکەین. ئەو نووسەر و سیناریستە بیرۆکەکەی زۆر بەدڵ بوو، لەبەر ئەوەی (یەڵماز گوینای) سینەماکارێکی بەناوبانگی جیهانییە. بۆیە بۆ دەستپێکی ئەو فیلمە من ڕۆژانە چیرۆکە جیاوازەکانی خۆم لەگەڵ ئەو فیلمسازە کوردە بۆ ئەو دەگێڕایەوە، ئەویش هەمو قسەکانی منی تۆمار کرد. بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە فیلێمێکی دیکۆمێنتاری گرنگ درووست بکەین. پاشتر من گەڕامەوە بۆ (زیوریخ) بۆ ئەوەی دەرفەت بدەم بە (پیتەر پالینسن) دەست بە نووسینی سیناریۆی دیکۆمێنتەرییەکە بکات. دوای ماوەیەک بۆی باسکردم لە کوێوە و چۆن دەست بە دەستپێکی فیلەکەمان دەکەین و بیرۆکەکە گەیشتە سەر پەڕە و دەست بکەین بەکاری جێبەجیکردن. کۆمپانیای فیلم (C. Film)بڕیاریدا بەرهەمهێنەری فیلمەکە بێت.

*لە کوێی ژیانی خۆت و یەڵماز گوینای، دەستان بە فیلمە دیکۆمێنتییەکە دەکرد؟ واتە فیلمەکە چۆن دەست پێدەکات و بە چی کۆتایی دێت؟

– بەپێی سیناریۆیەکەی ئێمە، ئەو دەرهێنەرە مەزنەی کورد لە زیندانی (ئەنقەرە) لە ساڵی ١٩٧٦ دەست پێدەکات. کە دادوەرەکە بڕیاری دادگا لە هۆڵی دادگا دەخوێنیتەوە، بڕیاری ١٩ ساڵ زیندانی بۆ (یەڵماز گوینای)دەرچووە.! دوای ئەوەی بە فیلمی (یۆڵ) لەساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی (کان)ی سینەمایی وەرگرت، من وەک بەرهەمهێنەر و ستافی فیلمەکەش هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد ئەو خەڵاتە گەورەیە وەربگرین. پاش خەڵاتەکە من گەڕامەوە بۆ زیوریخ و ئەو گەڕایەوە بۆ پاریس. ئەو ڕۆژە بۆ سەرجەم بەشداربووان ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە سەرجەمیان کەرەستە و فیلمەکانیان دەپێچنەوەو پاش چەندین ڕۆژ نمایشی فیلم و پێکەوە بوون و دیالۆگ هەر کەس بەرەو شار و وڵاتی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەمەش کۆتایی فیلمە دیکۆمێنتییەکەی من و (پیتەر پالینسن) بوو.

*تۆ چۆن یەکەمجار (یەڵماز گوینای)ت بینی و لە کوێ بینیت؟

– ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەمینجار، فلیمی مێگەڵیی (یەڵماز گوینای)م بینی لە ڤیستیڤاڵی کان. ئەو ساڵە لەگەل شەریکەکانم لە کۆمپانیاکەمان پێکەوە چووینە ڤیستیڤاڵی (کان) و فیلمی (مێگەل)مان بینی. دوای کە گەراینەوە ویستمان ئەو فیلمەی یەڵماز میوانداری بکەین بێتە سویسرا و لەوێ نمایش بکرێت، برادەرێکم لەگەڵ بوو، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆیشت بۆ شاری(ئیسپارتە) لە تورکیا و سەردانی (گوینای) کرد و گرێبەستێکی لەگەڵ کرد بۆ هێنانی فیلمەکە بۆ سویسرا. پاشتر لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٠ سەردانی یەڵماز گوینایمان کردەوە لە تورکیا، بەداخەوە ئەو کات ئەو لەناو زیندان بوو.! ماوەیەک لە ژێر چاودێری پۆلیسدا لە زیندان لەگەڵی دانیشتین و باسی ئەوەمان لەگەڵ کرد چۆن پێکەوە بتوانین لە داهاتوودا کاری سینەمایی پێکەوە بکەین؟ ئەو کات ئەو زۆر بێ تاقەت و بێ ئومێد بوو. بەڵام بڕیارەکەی ئێمەی پی خۆش بوو. بەدەر لە فیلمی (یۆڵ و مێگەل) فیلمی (دووشمان) لە تورکیا درووست کردبوو. هەرچەندە یەڵماز گوینای خۆی زۆر دڵی بە فیلمی(دووشمان) خۆش نەبوو، چونکە کارە هونەرییەکانی بە خراپ کرا بوو. بەڵام ئێمە پێمان وت هەمو ماتڕیاڵەکانی ئەم فیلمە بنێرە خۆمان کاری دەنگ و مونتاژ و ڕەنگی بۆ دەکەینەوە. ئەوەبوو ناردی بۆمان و مۆنتێرێکمان هەبوو ناوی (کاترین) بوو، سەرلەنوێ ئەو فیلمەی مونتاژ کردەوەو کارێکی ناوازە دەرچوو.

* قۆناغەکانی کارکردنی خۆت و یەڵماز گوینای چۆن بوو؟

– من بە دیاریکراوی لەساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٤لەگەڵ یەڵماز گوینای کارم کردووە. ئەو ١٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو. من ئەو کات گەنجێکی بە گوڕ و تین بووم و جۆش و خرۆشم زۆر بوو بۆ کاری سینەمایی. بێگومان ئەو ئەزمونێکی زۆری لەو بوارەدا هەبوو. کە نزیکەی ١٠٠ فیلمی سینەمایی هەبوو وەک (ئەکتەر و دەر‌هێنەر و سیناریست). بەڵام من ئەو کات تەنها چەند ئەزمونێکی کەمم هەبوو. ئیدی لەم سەرەتایەوە دەستمان کرد بە کاری هاوبەشی هونەریی. لەسەرەتاشدا هەمو کەرەستە و سیناریۆی فیلمی (یۆڵ)مان لە تورکیاوە هێنا بۆ سویسرا. ئەو کاتە فڕۆکەخانە زۆر توند بوو، بەڵام ئێمە توانیمان دەربازی بکەین و بیگەیەنینە سویسرا. هەر لەو سات و قۆناغەشدا بەهۆی ئەوەی زۆر نیگەران بوو، پڵانمان هەبوو خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین و بگاتە ئەوروپا.! ئەمە لای ئێمە پلانێکی گەورە بوو. زۆرمان بەدڵ بوو. بۆیە بە وردی کار و نەخشەمان بۆ دانا بۆ ئەوەی لە زیندانی تورکیاوە خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین بۆ ئەوروپا.

*چیرۆکی دەربازکردنی لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا چۆن بوو؟ لەکاتێکدا ئەو لە زینداندا بوو ئەو کات؟

– (بە پێکەنینەوە) ئەوەش داستانێکی درێژە.! بڕیارەکەمان پێ خۆش بوو، لە مانگی ئابی ١٩٨٠ کە لە زیندان چەند ڕۆژێک وەک پشوو بەبۆنەی جەژنەوە مۆڵەت درابوو بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، ئەمەمان بە دەرفەت زانی توانیمان خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەکەی بە شێوازی جیاواز ڕزگاریان بکەین لەیەک ڕۆژدا، خۆی لە ڕێگەی دەریاوە یانی بەحری ئیجە، خێزان وهەردوو مناڵەکەی بە سەیارەی ڕەقەمی سویسری. لەکاتی گەیشتن بە سویسرا، ڕۆژی دووایی کارمان لە فلیمی یۆڵ کرد بەڵام گرفتێکمان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو یەڵماز گوینای لە پۆلیسی ئینتەر پوڵ بڕیاری گرتنی هەبوو، دەبوو لەبەر ئەم هۆکارە زۆر بە نهێنی کار بکەین، لە رێگەی ڕۆژنامە نووسانی تورکەوە ئێمەیان دۆزییەوەوە ناچار خۆمان وون کرد و درێژەمان بە کارەکانمان دا .! لێرەدا باسی ناکەم، کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک لە تورکیا دەربازمان کرد. لە فیلمەکە دیکۆمێنتییەکەم و لەم کتێبەشدا بە وردی ئەوەم باسکردووە، با تامی گێڕانەوەکە بۆ خوێنەران و بینەران جێ بێڵین.!

*گەیشتە ئەوروپا و لە تورکیا دەربازی بوو، قۆناغی یەکەمی کارکردنتان چۆن دەستی پێکرد؟
-هەر لەو ڕۆژە سەرەتاییانەی گەیشتە سویسرا، دەستمان بە وێنەگرتن و کارکردن لە فیلمی (یۆڵ) کرد. بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی میدیا. بەڵام ڕۆژنامەنووسانی تورک لە ئەوروپا ئێمەیان دۆزییەوە. خۆمان نەدەدا بە دەستەوە و خۆمان لێ دەدزینەوە و بە پچڕ پچڕ کارمان دەکرد. لە مانگی ١٠ی ١٩٨١ بۆ مانگی ٥ی ١٩٨٢ کارە هونەرییەکانی فیلمەکەمان تەواو کرد.

* با بێینەوە بۆ سەر فیلمە دیکۆمێنتەرییەکەت لەسەر (یەڵماز گوینای) چ بەسەرهات و گەیشت بە کوێ؟

-پاش چەندین ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ پەیداکردنی بودجە و کەرەستەی پێویست، لە ڕاستیدا نەتوانرا ئەو فیلمە دیکۆمێنتییە بەرهەم بهێنرێت، لەبەر بڕی پارە و بودجەی پێویست، بۆیە بیرمان لە ڕێگەی تر کردەوە، منیش بڕیارم داوە هەر دەبێت شتێ لەسەر (یەڵماز گوینای) بەکەم. بۆیە بەناچاری بیرۆکەکەم گۆڕی لەبری ئەو فیلمە بە کتێبێک ئەو مێژووە بگێڕمەوە. بۆیە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کتێبەکەم تەواو کردووەو ناوم ناوە (یۆڵ رێگەیەک بەرەو تاراوگە.!)

*بۆ بیرتان لەوە نەکردەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بازرگانی ئەو فیلمە دیکۆمێنترەییە درووست بکەن، بەتایبەت کۆمەڵێ بازرگانی گەورەی تورک و کۆمەڵیک فیلمسازی بەناوبانگی تورک ئێستا لە ئەوروپا دەژین؟
– لەڕاستیدا هەمو رێگەکانمان تاقی کردەوە، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت.! هەمو هەوڵەکانی خۆمان خستە کار لە وڵاتانی (فەڕەنسا و سویسرا و ئەڵمانیا) بەدوای پارە و بودجەدا. لە زۆربەی شوێنەکاندا ڕەفز کراین. چونکە لەگەڵ ناوەرۆکی فیلمەکە نەبوون. بە ناچاری ئێمە بە پێی ئەو گرێبەستەی لە نێوانماندا بوو بڕی(٨٠ هەزار فرانک)مان دا بە (پیتەر) کە سیناریۆی بۆ نووسیبووین. دیسانەوە بە ناچاریی بەهۆی نەخۆشییەکەوە من لە فیلمەکە هاتمە دەرەوەو وازم لێهێنا. بەڵام رۆژێک ئەم بەسەرهاتەی من لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی فیلمی (یەڵماز گوینای) لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاوبوویەوە. دەرهێنەرێکی بەڕەگەز تورک بەناوی (فاتیح ئاکین)پەیوەندی پێوە کردم وتی من لەو سیناریۆیە کار دەکەم. منیش بۆم نارد و بڕیار بوو وەڵامم بداتەوە، لەو ڕۆژەوە بۆم ناردووە تا ئێستا بێ دەنگە و هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوتووەتەوە.!

*تەواو لێرەدا ئەو چیرۆکەت کۆتایی پێ دێت؟
– نەخێر، پار ساڵ ئەم بیرۆکەیە هەر لە مێشکمدا بوو، بۆیە جارێکی تر گەڕامەوە بۆ ئەو ئەرشیف و یادەوەرییانەی لەگەڵ(یەڵماز گوینای) هەم بوو. لە نێوان ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتی؟ یان کتێبێکی مێژوویی و وێنەیی لەسەر بڵاو بکەمەوە؟ بۆیە دووەمیان هەڵبژارد و لە ئەرشیفی خۆمدا نزیکەی هەزار وێنەم دیاری کرد هی کاتی وێنەگرت و کارکردن لەگەڵ (یەڵماز گوینای) بۆ ئەوەی کات و مێژووی وێنەکە و چیرۆکەکانی بنووسمەوە. لەو ژمارەیەش جارێکی تر نزیکەی(٨٠) وێنەی زۆر تایبەت و نەبینراوم هەڵبژارد. دەتوانم بڵیم ٨٠ وێنە و ٨٠ چیرۆک و٨٠ بەسەرهات لەو کتێبەدا لەدایک بوو. ڕۆژانە بەردەوام کارم لەم پرۆژەیەدا دەکرد. تا بەڕێکەوت نووسەر و سیناریستێکم لە زیوریخ ناسی کە لە (فلیکس ئەپڵ)وەک ڕاوێژکاری سیناریۆ کار دەکات. باسی ئەو پڕۆژەیەی خۆمم بۆ کرد، پەیمانی دامێ هاوکاریم بکات، منیش هەمو کاتێ کە بەشێکم دەنووسی بۆم دەنارد و سەرنجی خۆی بۆ دەنووسیم و دەسکاری دەکرد و بۆی دەناردمەوە. تا لەمانگی نیسانی ٢٠١٦ هەمو کتێبەکەی پێکەوە بینی. لەمانگی ٩ی ئەمساڵ کتێبەکە تەواو بوو بە هەمو وردەکارییەکانییەوە دەزگای بەناوبانگی چاپەمەنی کتێب لە سویسرا (Publishing Partuers Gw 6 H) بڕیارە لە مانگی ١ی ٢٠١٧ بە زمانی ئەڵمانی بڵاوی بکاتەوە، لە ٢٨- ١- ی ٢٠١٧ لەپاریس لە ئەنیستووتی کوردی لای کەنداڵ نەزان سیمینارێک بۆ کتێبەکەم ئەنجام دەدرێت .

*گۆڕینی سیناریۆی ئەم فیلمە دیکۆمێنتییە بە کتێبێک گرنگی لە چی دایە، ئایا دەتوانێت هەمان ئامانج بپێکێ کە تۆ بیرت لێکردبوویەوە؟

– نەخێر ناتوانێ، بەڵام بە ناچاری ئەم کارەم کرد، بەڵام ئەم کتێبەکە کە (وێنە و نووسینە) دەمەوێت بە هەر سێ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و کوردی چاپ بکرێت. بایەخی ئەم کتێبە لەم ڕۆژگارەدا لە سێ لایەنەوەیە:
یەکەم: گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو مێژووەی تورکیا، بۆ ئەوەی بڵێم لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا لە بارەی ئازادییەوە لە تورکیا چ ڕوودەدات.!
دووەم: ئەو قۆناغەی تورکیا کە یەڵماز گوینای تێدا بووە، لەگەڵ ئەم ڕەشەی ئێستای تورکیا کە ماوەکەی نزیکەی ٣٠ ساڵە هەمان مێژووە بە ڕووخسار و کەرەستەی جیاوازەوە.
سێیەم: ساڵی٢٠١٧ دەبێتە یادی ٨٠ ساڵەی لەدایک بوونی یەڵماز گوینای، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کتێبەکە سەرەتا بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بێتەوە.
* چۆن بوو هاتی بۆ پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی کتێبی فرانکفۆرت؟
*کەزانیم پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی فرانکۆرت هەیە و لەو پێشانگەیەشدا بەشی کتێبی کوردی هەیە، هاتم ویستم بزانم ئایا دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی هەیە بتوانێت ئەم کتێبە مێژووییە لەسەر بەشیکی وونبووی مێژووی سینەما و کولتووری نەتەوەکەیانە چاپی بکەن؟

ئەوە زێدەیە
(ئەی هیچ دەزگایەکی چاپەمەنی کتێبی کوردیت بینی، تا ڕێکبکەون و ئەو کتێبە وەر بگێڕن بۆ زمانی کوردی و چاپی بکەن؟
-بەداخەوە کە هاتمە ستاندی کورد، بینینیم بەشیکی زۆر هەژار و چۆڵ و لاوازە. کە قسەم لەگەڵ هەندێ کەس لەو بەشە کرد، وتیان بەهۆی تەنگەژەی ئابورییەوە لە هەرێمەکەمان نەماتوانی لەوە زیاتر بەشداری ئەم چالاکییە جیهانییە بکەین. هیچ دەزگایەکی کوردیش نەبوو، ئامادەبێت ئەم کتێبە ئەڵمانییە بگۆڕێت بۆ کوردی و بڵاوی بکاتەوە.!).

برای خۆم ئەوانەش زیاد بکە :
یەڵماز گۆنای خۆی پۆلیسی ئەنتەر پۆل بە دوایەوەبوو بۆی دەگەڕا. بۆ بەشداریمان لە ڤیستیڤالی کان، بەڕێوەبەری ڤیستیڤاڵ گووتی: من دەتوانم تەنها ڕۆژانی ڤیستیڤاڵ یەڵماز گۆنای بپارێزم ، ئەوەبوو ئەوەشی کرد.
*ئەی باشە دوایی چۆن توانی ژیانی خۆی و خێزانی مسۆگەر بکات؟
– ئەوەبوو دوواتر دۆسییەکەمان گەیاندە فرانسوا مێتران و چەندین سیاسەتمەداری

فرانکفۆرت




کتێبی گولستانی مە ولانا … وشیار جەمال

گولستانی مەولانا یە کێکە لەوکتێبە سودبە خشانەی کە بە رهەمی ناوەندی(سایە)یە.چاپی یەکەمی لە ساڵی( ٢٠١٦)کراوە ،بە دیزاینێکی زۆرجوان بڵاوکراوە تە وە.کە بە رهە می کۆمە ڵێ نوسەرە و تێروانینی خۆیان لە سەر مە ولانای رۆمی خستۆتە ڕووری. کە لە لایەن وەرگێری بە توانا موسعە ب ئە د‌هە م کراوە بە کوردی.
ئە م کتێبە خنجیلانە یە بە ڵام پرواتاوگرنگ کە قسە لەسەرئەزمونی ژیانی مەولاناو بە رهەمەکانی دە کات.لەپێشەکیداوەرگێر،، مەولانای خواداپەرست وعاریف دە ناسێنێت.وەک ئەستێرە یەکی درەوشاوەی نێوئیسلام،وتە یەکی (د.علی شەریعە تی)دێنێتەوە
کەدە ڵی:مەولانا پیاوێکە لەئاسمانی ئێمەداهێشتاش لە هیا‌‌هوی ئە و دە لە رزین.دواتر دێتە سەر باسی ژیانی مە ولانا لە سالی
(٦٠٤)ی کۆچی لە دایک بووەو لە سالی (٦٧٢) کۆچی ماڵ ئاوایی لە ژیان کردوە.بۆیە بە مە ولانای رۆمی ناو بانگی دەر کرد
چونکەبۆماوە یە کی درێژ لە شاری قۆنیە ژیاوە هەر لەوێش نێژراوە.مەولانا لەم سالانی دوایدابەرهە مەکانی لەسەرانسەری دونیا
وبە تایبەت ئە مریکاو بەریتانیازۆرچاپ و بڵاوبۆتە وە .دیوانە شیعریە کەی پڕفڕۆشترین دیوان بووە.ڕۆژنامەی واشنت پوست .دەڵێ:(سرودە کانی سەرچاوەی ئیلهامە بۆخەلکی ئە مریکا)شیعرە کانی بە دە نگی خوێنە رە کانی لە سەر سیدی بە ئاوازە وە دە خوێنتێتە وەمە ولانا زۆر تیشکی خستۆتە سار مرۆڤ دۆستی و پە یامی ئاشتی هە ڵگرتوە.بە ڵام مروف دۆستی لایی مە ولانابە وشێوە یە بوە کە خودا سە نتەر بێت،بە پێچە وانەیی مروڤی ڕوژئاوای کە مرۆڤی خستۆتە جێگای خودا.والە ئێستادائە نجامە کەی
دەردە کەوێت کە کۆمە ڵگاکانیان توشی چە ندین هە ڵوە شاندنی خێزانی بوون و بە ردە وامی هە یە
بەرهە مە کانی مە ولانادوو بەشن .بە شیکیان ‌غە زە لیات کە نزیکە ی پە نجا هە زار بە یتە شیعرە.وە مەسنەوی کە لە شە ش دە فتەر پێکهاتوە و کۆتادەفتەریان تەواو نە کراوەکە زیاتر لە بیست وپێنج هە زار بە یتە،چوارینە کانی کە زیاتر لە سێ هە زار
بە یتە.وە کێبێکی تر بە ناوی( فیهی مافیهی )کە ئە م کتێبە کۆ مە ڵێ دەست نوسی کورتی مەو لانان کە لە کۆر ودانیشتنە کان دا باسی کردون.نوسراوە کان( مە کتوبات).ئە م بەرهە مە ش لە شێوەی نامەدان کە زۆربە یان ئامۆژگارین وکۆی نامە کان زیاتر لەسە د نامە یە . .
مە ولانا لە یە کێک لە کتێبە کانی دا باسی داستانێک دە کات.ودە ڵێت لە جێگایەکدا ئاگرێکیان کردبۆوە وئاوێکیشیان ئامادە کردبوو مە ولانا دە ڵی خە ڵکی بە ‌گشتی ئاویان هە لبژارد،بێ ئاگا لەوە ی ئەو کە سانەی دە چنە ناو ئاوە کە وە لە وسەرە وە لە ئاگرە وە
دەردە چێت.وە بە پیچە وانە وە ئە وانە ی دە چونە ناو ئاگرە وە سەریان لە ئاوە کە دەردە هێنا،مەولانا دەڵی کاری ئە م جیهانە کاری پێچەوانە یە،وە ئە وجێگایانەی تاڵن،کۆتایە کانیان شیرین نە.بە ڵام ئەوشوێنانە ی شیرینن کۆتایە کە یان تالە.بە ڵام لە بەر
ئە وە ی مرۆڤ نزیکبینن ڕوکە ش بێت وئە وەی لە سە رە تادا بە تامی دڵیان خۆشە،هە ڵی دە بژێرن سەر ئە نجام تاڵی دە چیژن،.مە ولاناعیشقی زۆرلاگرنگ دە بیت دە ڵی مروڤ دە بێت بە عیشق دەست پێدە کات و بە عیشق کۆتایی دێت.وە




وەڵامێکی کورت بۆ بابەتە درێژەکەی موحسین کەریم … سەردار عەبدوڵا حەمە

دوا بابەتی هاورێ موحسین کەریم سەبارەت بە شەڕی موسڵ بە ناوی ” شەڕی موسڵ و هەڵوێستە جیاوازەکان ‘ بوو وەک خۆشی لە فەیسبووک تاکیدی لەوە دەکردەوە پێش بڵاو بوونەوەی ووتارەکە دەیوت وتارەکە درێژە هیوا دارم وەختان هە بێت بۆ خوێندەوەی ، منیش وەختم بۆ داناو خوێندمەوە .
لە گەڵ ئەوەدا ئەم هاوڕێ یە کۆمەڵیک زانیاری تازەی کردبووە ناو بابەتەکەیەوە و خۆ ی ماندووە کردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو زانیاریانە کەجێگای دەست خۆشیە وهیوای ماندوو نەبوونی بۆ دەخوازم بەڵام سەرەنجام هەر هاتەوە سەر هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان سەبارەت بە شەڕی موسڵ بەڵام ئەمجارە ڕەخنەی لە حەمیدی تەقوایی و ڕەحمانی حسین زادەش گرت ( کە من ناچمە سەر ئەم لایەنە ) ، وکۆمەڵی فاکتی لە نوسینەکانی مەنسور حیکمەتی هێناوەتەوە بۆ سەلماندنی دروستی هەڵوێستەکەی خۆی و یەکلا کردنەوەی هەڵوێستەکان سەبارەت بە شەڕی موسڵ.(من دەچمە سەر ئەو لایەنە لە نوسینەکەی ).
ئەوەی من لەو فاکتانە تێگەیشتم سەلماندنی نادروستی هەڵوێستەکەی خۆی و حککع وحکک (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ) بوو من هەوڵ دەدەم هەر لەو فاکتانە ئەو نادروستیە بدۆزمەوە پاشان دێمە سەر هەندێ گۆڕانکاری نوێ کە بووەتە هۆی ئەو هەڵوێتسگیریەیان.
موحسین دەڵێ:”لەجەنگی ئەفغانستاندا مەنسوری حکمەت داوای وەستانی جەنگی نەکرد ؟بەپێچەوانەی جەنگی ئەمریکاوە لەدژی عێراق لەساڵی ١٩٩١، لە جەنگی ئەفغانستاندا مەنسوری حکمەت داوای وەستانی شەڕی نەکرد” هەر خۆی هۆکاری ئەمەی ووتووە وە دەڵێت :چونکە بە پێچەوانەی عێراقەوە کە هیچ جەنگێکی لەدژی ئەمریکا ڕانەگەیاندبوو، قاعیدە هێرشێکی تیرۆریستی لەناو خاکی ئەمریکا خۆیدا ئەنجام دابووکە هەزاران کەسی مەدەنی و بێتاوانی کردبووە قوربانی..”
باشە ئەگەر ئەمە هۆکار بێت بۆ ئەوەی مەنسوری حیکمەت داوای وەستانی ئەو جەنگەی نەکرد لە دژی تاڵیبان ئەی بۆ مەگەر داعش هێرشی نەکردوە بۆ سەر خەڵکی ئەمریکاو ئەمجارە بگرە زۆر فراوانتریش هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی لە ئەمریکاو کەنەدا وزۆربەی ئەوروپاش کەوایە ئەگەر مەنسوری حیکمەت بمایە لە ژیاندا دەیگووت ئەم شەڕە دەبێ بوەستی لە کاتێکا هەمان هۆکار بۆ ئەمڕۆش لە ئارادایە. من دەزانم مەنسور حیکمەت ئەم شەڕەی کە ئەوکاتە لە ئارادا بوو بە شەڕی دوو قتبی تیرۆریستی ناساند پێویستە هێزی موتەمدینی دنیا و بزووتنەوەی دژی جەنگ بێت ئە و شەرە ڕابگرێ بە شێوەکی مەبدەئی بەڵام کاتێک هێرشە سەربازیەکەش کرا یە سەر ئەفغانستان ئەو نەیووت شەڕەکەتان بوەستینن چونکە هێزی دژی جەنگ نەیتوانی بێتە مەیدان لەو سەردمەدا شەڕەکە ڕاگرێ وەک بەدیلی سێیەم خۆی بچەسپێنێ ئیتر لە ناو بردنی تاڵیبان ئەوەندە پێویست بوو هێرشە سەربازیەکەی مەحکوم نەکرد کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی کردیانە سەر ئەفغانستان بەڵام ئەو لە گەڵ بۆمبارانی خەڵکی مەدەنیدا نەبوو . بە بەبڕوای من ئەمڕۆ خەتەری داعیش زۆر لە خەتەری تاڵیبان وقاعیدەی ئەوسا زیاترە ئەو هێزی سیێەمەشمان نیە لە مەیداندا ئەی چی بکەین‌هێرشی سەربازیش دەستی پێ کردووە ؟ ئایا دەکرێ بلێن با ئەم شەڕە بوەستێنن تا ‌هێزی خەڵک ئامادە دەکەین هەر چەند کاری زۆری دەوێ؟کۆمەڵگای بەشەری دوو دوژمنی گەورەی هەیە لە لایەک داعیش وئیسلامی سیاسی تیرۆریست لە لاکەی ترەوە هێزە ئیمپریالیستەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا وجەمسەرکانی روسیا وئێران وچین. ئەم جەمسەرانەی دووەم دەیانەوێ لە دژی داعیش هێرشی سەربازی بکەن دروستە بڵێین ئێوە ئەم شەڕەتان ڕاگرن چونکە هەردووکتان دوژمنی خەڵکن ، ئەوە وەک ئەوە یە ماڵەکەت ئاگری گرتووە و بەهۆی دراوسێیەکەتەوە کەچی دراوسێیەکەی تر کە هەر دۆستت نیە دێت ئاگرەکە خامۆش بکا پێی بڵێی تۆ هەقت نەبێ دۆستەکانمان دێن بۆ کۆمەکەم ئێستا خۆ تۆش دۆستم نیت!،ئاخر ئەمە ئاگرە هەرکەسێ دەیەوێ بیکۆژێنێتەوە با بیکۆژێنێتەوە دواتر کاری خۆم لە گەڵ ئەودا یەکلایی دەکەمەوە ، دەقیقەن ئێستاش وایە. داعیش خەتریەکەی لەوەدایە کە دەیەوێت یاساو رێسای ١٥٠٠ ساڵ پێش ئیستا بە سەر کۆمەڵگای جیهاندا بسەپێنێ لە ڕێگای داگیر کردنەوە ئەوەی دژی بوەستێت ئاگری تێبەردەدات وقەتل وعامی دەکات ئایا هەرکەسێ لە دژی ئەم ئاگرە بێت خراپە؟ نەخێر.. زۆر جار قسەیەکی باو هەیە دەڵی لە نێوان خراپ و خراپتر کامیان هەڵدەبژێری تۆ ناکرێ بڵیێ هیچ کامیان لە کاتێکا هەر ئەو دوو هەڵبژارەیەت دەداتێ تۆ ناتوانێ بڵێی باشم دەوێ لە کاتێکا باش لە هەلبژاردنەکەدا نیە ئەمە مەنتیقە، بەڵام ئەگەر پێیان ووتی لە نێوان خراپ و باش کامیان هەڵدەبژێری بێ گومان دەڵێی باش هەڵدەبژێرم . ئەمەریکا سەرجەم جەمسەرکان بە وەکیلەکانیانیشەوە لایەنە خراپەکەن مەرامی خۆیان هەیە لەم شەڕەدا بەڵام داعیش خراپترەکەیە ، لایەنە باشەکەش بەرەی سێیەمە واتە هیزی دژە جەنگ خەڵکی موتەمدینی دونیا بەڵام بە داخەوە ئەم بەرەمان ئەو هێزەی نیە کە بتوانێ لە ئیستادا لە بەرانبەر خراپ و خراپترەکەدا سەنگ و قورسایی هەبێت ببوبێتە هەلبژاردەیەک یا لەوانەیە ئەم بەرەیە شەڕ لە دژی داعیش بە کارێکی خراپ نەزانێ . من ئەوەش دەزانم کە جەنگ درێژەی سیاسەتە ، جەمسەرەکان بە دوای ئامانجی خۆیانەوەن کە دابەش کردنەوەی سەرلە نوێ ناوچەکە وجیهانە بەڵام ‌ئێستا لە بژاردەی خراپەکەیە مەنسوری حیکمەت لەم مەنتیقەوە بوو داوای وەستانی شەڕەکەی دژی تاڵیبان وقاعیدەی نەکردچونکە هێزی سێەم بژاردە باشەکە نەیتوانی کاری خۆی ئەنجام بدات من لە گەڵ ئەوەشدام تەنها ئەم ‌هێزە دەتوانێ کۆتایی بە تیرۆرزم بێنی بە یەکجاری بەڵام دەبێ کاری بۆ بکرێ .
موحسین خۆی پەرەگرإفێکی مەنسور حیکمەت دەهێنێتەوە دواتریش قسەی خۆی لە سەر پەرەگرافەکە دەکا وەک ئەو دەڵیت: “کۆمەک بە باسەکەمان دەکا”ئەمەش پەرەگرافەکەی مەنسورحیکمەتە”هەڵوێستی مەبدەئی بەشداریکردنە لەهاوشانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشڕەوی ئەفغانستان بۆ روخاندنی تاڵیبان لەجەرگەی هەلومەرجی ئێستا و بەرقەرارکردنی دەوڵەتێکی هەڵبژێردراوی خەڵکە لەم ووڵاتەدادەبێ ئەمە بەسەر رۆژاواو ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکاندا بسەپێنرێ
کاری یەکەم و مەبدەئیی کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی بەرەنگاریی جەماوەری ئازادیخوازی دنیا ئەوەیە کە لەپاڵ ئۆپۆزیسیۆنی پێشڕەوو ئازادیخوازی ئەو ووڵاتەدا بوەستێ و بجەنگێ بۆ روخاندنی تاڵیبان .هەروەها هەوڵیش بدات ئەمە بەسەر ئەمریکاو رۆژاوادا کە شەیپوری جەنگێکیان بەناوی جەنگی دژی تیرۆرەوە راگەیاندبوو بەسەر نەتەوە یەکگرتوەکاندا بسەپێنێ .ئەنجا موحسین خۆی دەڵیت : “کەواتە سەرەتا مەنسوری حیکمەت هەڵوێستی مەبدەئی ومەتلوب وەکو بژاردەی یەکەم پێشنیار دەکا. پاشان بژاردەی دووەم دەخاتە ڕوو کە هێرشی سەربازیە بۆ سەر تالیبان وئەفغانستان”.
دەی باشە هەر ئەمە پێچەوانەی هەڵوێستی ئێوە نیە هاورێ موحسین ؟ بەوەی ئێوە تەنها بژاردەی یەکەمتان هەلبژاردوە لە شەری موسڵدا یا ئەم بژاردەیە یا وەستانی شەڕ بەوەی دەڵین ئەم شەڕە بوەستێ لە کاتیکا مەنسوری حیکمەت دوو بژاردەی هەبوو نەیووت ئەو شەڕە بوەستێ لە ئەفغانستان ، هەر ئەم پەرەگرافەی مەنسور حیکمەت بەڵگەیە بۆ ڕاستی قسەکەی من کە دەڵیت: “شەڕ راگه‌ياندنى هيچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت ئه‌مريكاو رۆژاواش، له‌دژى تاڵيبان ناكرێ مه‌حكوم بكريت”
موحسین کەریم لە جێگایەکدا بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە بارو دۆخی ئەوکاتەی ئەفغانستان جیاواز بوو ،تا بتوانێ پاساوێک بێنێتەوە بۆ هەڵوێستەکەی ئێستای خۆیان ، باشە من دەپرسم ئەگەر بارودۆخەکەت پێ جیاوازاە بۆچی ئەم هەموو پەرەگرافەی مەنسور حیکمەت دهێنیتەوە تا لەو رێگەیەوە بتوانی حەسمی هەڵوێستەکەی خۆتانی پێ بکەیت ئە م سەرئێشەیە بۆچی ؟
موحسین دەڵێت :”ئەوەی ئەمریکاو ناتۆ لە ئەفغانستاندا کردیان و هێشتاش بەردەوامن، روخاندنی کۆمەڵگاو مرۆڤ و ئیرادەی خەڵکی ئەفغانستان بوو لەپاڵ لابردنی تاڵیبان و قاعیدە لەسەر کورسی حوکم کە خۆیان دایان نابوون و هێنانی کۆمەڵێك تاڵیبان وقاعیدەی تر بۆسەر حوکم ” هاورێ موحسین پێشبینی ئەوە دەکا دوای شەڕ ، موسڵیش وەک ئەفغانستانی لێ دێ . بۆیە داوای وەستانی ئەم شەڕە دەکات . بەڵام من دەپرسم ئەفغانستانی ئێستا باشترە یا ئەفغانستانی سەردەمی حوکمی تاڵیبان ؟ لە کاتێکا سەردەمی حوکمی تاڵیبان وەک سەردەمی حوکمی ئێستای داعش وایە لە موسڵدا ، چاو لە ئەفغانستانی دوای حوکمی تاڵیبان بکە چەندە جیاوزاترە ؟! ڕاستە هێشتا شەڕ هەیە و کوشتار هەیە ، ڕاستە چەندین حیزبی کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی هەیە بەڵام لەولاشەوە چەندین ڕێکخراوەی سیاسی هەیە زۆریشیان چەپ و ئازادی خوازن ، زۆر رێکخراوی مەدەنی ورێکخراوی ژنان هەن کە زۆر جەسورانە بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن دەکەن بە ئازادانە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە دژی کوشتنی ژنان ولاقەی ژنان بەشێوەیەکی گەورە بەڕی دەخەن ، لە سەر پێشێل کردنی ئازادی سیاسی خەلکی ناڕەزایەتی دەکەن ، میدیای سەربەخۆ لەوێ کاردەکەن ، رەخنە لە دەسەلاتی ئێستا دەگرن … کوا ئەمانە هەبوون لە سەردەمی حوکمی تاڵیبان . بۆ من ئەگەر بارودۆخەکە ی موسڵ لە دوای شەڕ وەک ئیستاێ ئەفغانستانی لی بێت باشترە لە بارودۆخی ئێستای ژێر حوکمی داعش بۆیە ناکرێ ئەم تەجروبەی ئەفغانستان ببێتە بەڵگە بۆ داوا کردنی وەستانی شەڕی ئێستای موسڵ .
چاوکەن موحسین دەڵێت :” شەڕێك مەحکوم نیە کە لەپاڵ کوشتنی هەر تیرۆریستێکدا چەندین مناڵ و خەڵکی مەدەنی نەکوژرێن و دەیان هەزاریان لەژێر مووشەکباراندا گەمارۆ نەدرێن و لە سەرەی مەرگدا چاوەڕێی چارەنوسی خۆیان نەکەن ماڵ و گەڕەك و خوێندنگاو خەستەخانەو وێستگەکانی ئاوو کارەبا خاپوور و وێران نەکرێن “. لێرەدا ئەو ڕاستیە بڵێم موحسین زۆر هیومانیستە زۆر دڵگرانە بە کوشتنی خەڵکی سیڤیل بە ڕادەیەک هیومانیستە کە تەنها بۆ ئەو خەڵکە دڵگرانە کە لە شەرەکەدا دەکوژرێن بۆیە داوای وەستانی شەڕ دەکات بەڵام هیومانیست نابێت کاتێک داعش تا بمینێ زۆر لەوە زیاتر خەڵک دەکوژێ بە خۆ تەقاندنەوە و بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بە پە لاماری وەحشیانە بۆ سەر خەلكی مەدەنی بە ئاگر تیێبەردانی خەڵکی سیڤیل بە کەنیزە کردنی ژنان وئەو هەموو کوشتن سەر بڕینە ،هیچ رێزیک بۆ یاسا ورێسای ئینسانی دانانێت حوکمی یاسا قورەیشیەکان بەسەر سەرتاپای ئەو کۆمەڵگایاندا دا دەسەپینێ کە سادە ترین ماف بۆ ئینسان بە ڕەوا و بە رەسمی ناناسێ ( دیارە من ناڵیم موحسین وای وتووە بەڵام تاکتیکی وەستانی جەنگ ئە ومانایە دەبەخشێ )، مەنسوری حیکمەت لە بەر ئەوە بوو داوای وەستانی هێرشی سەربازی نەکرد بەڵام داوای وەستانی بۆمبارانی خەلکی مەدەنی دەکرد کەچی ئێوە لە بەر بۆمبارانی خەلکی مەدەنی داوای وەستانی شەڕ دەکەن. لێرەدا هەقمە بپرسم هاورێ گیان بۆچی ئێوە زۆر ستایشی کۆبانی دەکەن ؟مەگەر لە کۆبانی خەڵکی سیڤیل نەکوژرا و شار خاپور نەکرا هەر خودی فرۆکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان شاریان تەخت نەکرد زیاتریش لە ئێستا ی شەڕی موسڵ ؟بۆ هەر ئەو کاتە پێشمەرگەی پارتی ویەکێتی نەچوون بۆ کۆمەک و شەرکردن ؟ یەپە ژە و یەپەگە مەگەر شەڕیان نەکرد ؟خۆ ئەمانە شەڕی وەکالەتیان دەکرد ؟بۆ ستایشی ئەو شەڕە تان کرد و داوای وەستانیتان نەکرد ؟ یا بۆ داوای وەستانی شەڕەکانی تری وەک شەڕی رومادی و تکریت وفەلوجەومەنبەج تان نەکرد ؟خۆ لە شەری کۆنترۆل کردنەوەی ئەو شارانەدا هێزی خەڵک لە مەیداندا نەبوو جگە لە کۆبانی ئەو هێزە هەبوو ئەویش ئەگەر بۆمبارانی هاوپەیمانان و پیشمەرگە نەبوایە ئەویش کۆنترۆل دەکرا لە لایەن داعشەوە ، لە کاتێکا جەمسەری شەڕکەرەکان هەر ئەوانەن ئەمڕۆ شەڕی موسڵ دەکەن بە ڕاستەو خۆ یا بە وەکالەت ،ئەمەیە دەڵین بانێکە و دوو هەوا.!!!
من پێم وایە ئەمجۆرە هەڵوێستانە پاسیفیستانەیە و هێزی هەردوو حیزبی حککع وحککەی زەعیفتر دەکات بەوەی ژمارەیەکی تر لە کادران ئەندامانی ئەم حیزبانە وچەندین کادیر ولایەنگری تری کۆمۆنیزمی کرێکاری دەرەوەی هەردوو حزب کە دڵیان بەو حیزبانە خۆش بوو کەوتنە بەرەیە کی تری بەرانبەر هەردوو حیزبەوە متمانەیان کەمتر بووەتەوە پێ یان کە سەرجەم بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لیی زەرەرمەندە . وەک چۆن ڕابەرانی (حیزبی حیکمەتیست_ خەتی رەسمی) هەمان هەڵوێستی حککع وحککەیان هەیە کە پێشتریش لەم جۆرە بۆچوون و هەڵوێستانەیان بووە کە دیارە بووە هۆی زیاتر بچووک بوونەوەیان و ئێستا لە پەراوێزدان هیچ سەنگ وقورسایەکیان نەماوە بە سەر ڕووداوەکانی ئێران و وناوچەکەوە ئەم جۆرە هەڵوێستانەش هەردوو حیزب بەرەو ئەو مەنزەڵگایەی ئەوان دەبات بە داخەوە.

سەردار عەبدوڵا حەمە
• ٢٠/١١/٢٠١٦




گەورەبونی شەقام و بچوک بونەوەی حیزب… بەختیار شارەزوری

ئەگەر کۆمەڵگا پانتاییەک بوبێت و حیزبەکان هاتبێتن هێڵی دەسەڵاتی خۆیان کێشا بێت و هەر حیزبە و پانتاییەکی بۆ خۆی داگیرکردبێت ، ئەگەر پێشتر حیزب جێ ی متمانەی بەشێك لە کۆمەڵگا بوبێت و باوەڕی تاک وا بوبێت کە بتوانن کار لەسەر دروشمەکانیان بکات ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە ئەو دروشمانەن کە حیزبەکان هەڵیان گرتبو ، ئەگەر پێشتر تاک پێ ی وا بوبێت کە بە دەنگی دەتوانێت دەسەڵاتەکان بگۆڕێت ، ئەوا ئێستە لەساییەی دو حیزبی بێ ئەرزش دەنگی تاک هیچ ناکات جگە لە یارییەکی بێ تام ، ئەگەر پێشتر تاک باوەڕی بە دەنگدان بوبێت بە ئۆپۆزسیۆن ، کە کار لەسەر دامەزراوەیی بونی کۆی دەزگا نیشتمانییەکان بکات ، ئەوا لەسایەی تاکتیک و سیناریوکانی ئەم دو حیزبەوە ، ئەو ماکیاجەی بۆ خۆیان کردبویان ، هەمان ماکیاجیان بۆ ئۆپۆزسیۆنیش کرد و ڕەنگی خۆیانیان کردە بەری ، ئەگەر هەوڵێک بوبێت لەلایەن گۆڕانەوە بۆ گۆڕێنی ئەم دۆخە و جێ ی هیوای شەقام بوبێت ، ئەوا لەسایەی جاشایەتی و پاڵپشت بە هێزی بێگانە هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش خرایە کۆڵانێکی داخراوەوە ، ئێستە شەقام چی تر ئەو شەقامە نیە کە پێشتر حیزبەکان کەرتیان کردبو ، ئێستە لە سایەی حکومڕانییەکی مافیاوە دۆخێک خوڵقاوە ، کە نەهامەتییەکان هەمو تاکێکی گرتوەتەوە ، گەیشتوەتە ئاستی بژێوی تاک ، بە جۆرێک کۆی کۆمەڵگا توشی داڕمانێک هاتوە ، چیتر شەقام خۆی هەڵدەسێت خەتی دابەشکاری حیزبەکان لەسەر جەستەی خۆی دەسڕێتەوە ، هەر شەقام خۆی دێت ، دەموچاوی ناشیرنی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دەر دەکات ، چونکە نەیان توانی کلتوری دەستاودەستکردن و سەروەری یاسا گەورەتر بکەن لە منداڵدانی حیزب ، بە ڕیگایەکدا ڕۆشتن کە ڕێگای شکستی ئەم جۆرە مۆدیلە بو لە حیزب ، تا ئێرا دەتوانین ناوی بنێن ململانێ ی شەقام و حیزب ، لە داوی دەرکەوتنی کاریگەری دەرئەنجامەکانی شکستی ئەم دو حیزبە لە ڕوی حکومڕانییەوە ، دوای داکەوتنی دەمامکی دەموچاویان و خراپی بژێوی تاک ، دواجار تاکەکان هیچ شوێنێک بە گۆڕەپانی خۆیان نازانن تەنها گۆڕەپانی شەقام نەبێت ، بە جۆرێک کوڕانی حیزب حاشا لە حیزبەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە لای دایکی شەقامیان ، ئەمەش پشکی شێر بەر پارتی و یەکێتی دەکەوێت ، لەبەر ئەوەی گۆڕان خۆی لە شەقامەوە دروست بوە ، زوتر کوڕانی گۆڕان دەچنەوە ناو باوەشی شەقام ، ئەگەر چی گۆڕان دەیویست یاساکانی گشتی بۆ هەمو تاکێک بێت بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ ، بۆیە دەبینین کوڕانی گۆران ناتوانن لە شەقام هەڵبین ، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی دەنگی شەقام ئەو حیزبانەن کە خاوەنی دەستەڵات بون و ئەم شکستەیان بەرهەمهێناوە ، دەرئەنجام شەقام زۆر گەورەتر دەبێت لە حیزب و دەبێتە یەک دەنگ ، ئەگەر پێشتر ناڕەزایەتیەکان داینەمۆی بزوێنەری چەند حیزبێک بوبێت ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی گەڵتەجاڕییە هەمو حیزبەکانن ، ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی خەڵک ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ببێتە کوڕی شەقام دەبێت لەوە گەورەتر بێت کە ئێستە هەیە ، دەیانەوێت گۆڕان ببێتە فشار بۆ دو حیزبی گەندەڵ ، بەڵام کاتێک دەبینن لە ئاستی دۆخی دەست تێوەردانی دەرەکی و جاشایەتی ئەم دو حیزبەدا و جوڵاندنیان بە کۆنتڕۆڵەکانی تاران و ئەنقەرە هیچیان بۆ ناکرێت ، ئەوا شەقام خۆی دێتە قسە و دەکەوێتە جوڵە .
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا دەرئەنجامی حوکمڕانی ئەم دو حیزبە بوتە هۆی داڕمانی دۆخی بژێوی تاک لە دەنگ دەرانی خۆشیان ، زۆر خوڕسکانە شەقام لە داواکارییەکانی مامۆستایانەوە بوتە شەقامێکی توڕە و شوێنێک بۆ ڕیسواکردنی حیزب ، ئەوەی گرنگە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەیەکی بچوکدا قەتیس نەکرێت ، دەبێت چوارچێوەی داواکارییەکان گەورەتر بکرێت بۆ مافە یاسای و گشتیەکان ، تەنها لە چوارچێوەی موچەی مامۆستایاندا نەبێت ، سنوری موچە ببڕێت بۆ هەمو ئەو داواکارییانە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم حکومەت و دەستەڵاتە بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی چاودێری کراو ، پێویستە لەوە بگەین ئیتر ئەوە حیزب نیە دەچێت بە قەڵەمێکی سور هەندێ لە جەستەی حیزب بۆ خۆی داگیر دەکات ، چی تر شەقام خۆی دەتوانێت سنوری متمانە و دەسەڵاتی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دیاری بکات ، دەبێت لەوە تێ بگەین کە دەسەلاتی شەقام باڵا ترە لە هەمو ئەو سیناریو و گەڵتاجاڕییانە کە ئەم دو حیزبە دیکەن ، گەورەترە لەوەی شەقام گوێ بۆ گۆرانی درۆزنەکان بگرێت ، گەورەترە لەوەی بە دروشم ڕوی ڕەشی خۆیان سپی بکەنەوە.




سەندنەوەی ئەخلاق لە ئاین … هەرێم هادی

لێرەدا دەتوان ڤیدیۆی قسەو باسەکانی توێژەر هەرێم هادی گوێلێبگرن لە ژێر سەردێڕی:
سەندنەوەی ئەخلاق لە ئاین کە لە کۆڕێکدا لە شاری تۆرۆنتۆ پێشکەشی کرد. ئامادەکاری کۆڕەکە لە لایەن دەنگەکانەوە کرابوو.
13/11/2016

https://www.youtube.com/watch?v=lx3vNgCglSI&feature=youtu.be




كوردو وڵاتانی دەوروبەرمان لە كوێی سیاسەتەكانی ترەمپ-دا دەبن؟ … زوبێر رەسول

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هیچ ولاتێك لە جیهاندا ئەوەندەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا جێگای گرنگی پێدان‌و چاودێریكردن نیە. بۆیە دەرچوونی دۆنالد ترەمپ بۆ چوار ساڵی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەنگدانەوە جیهانیەكانی كەمتر نەبوون لە دەنگدانەوە ناوخۆییەكانی، بە تایبەت لەبەر ئەو گوتارە سەرنجراكێش‌و رادیكالیانەی كە لە كەمپینی هەلبژاردنەكانیدا پەنای بۆ دەبردن. ئەوەی نیگەرانیە دەرەكیەكانی تۆختر كردۆتەوە ئەو نادڵنیایەیە بەرامبەر سیاسەتەكانی ولاتێكی زلهێز كە كاریگەری بەسەر زۆربەی سیاسەتەكانی جیهاندا هەیە، بە تایبەت كە سەرۆكی تازە هیچ باكگراوندێكی سیاسی نیەو گوتارەكانیشی زۆر نا دبلۆماسیەنەبوونە تا ئێستا، بۆیە ئاساییە گەر جێگای گومان بن. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەو بابەتە كورتەدا، پێشبینی كردنی سیاسەتەكانی دۆناڵد ترامپە بەرامبەر وڵاتانی دەروبەرمان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە كاریگەرییان بەسەر پرسی كورد‌و ئاییندەی كوردەوە هەیە لە ناوچەكە، لامان گرنگە بزانین سەرۆكی تازە چۆن لە ئێمەو دەروبەرمان دەڕوانێت، چونكە تێگەیشتن لە دیدی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە بە تایبەت لە چوار ساڵی داهاتوودا بۆ كورد زۆر گرنگ دەبێت، پێدەچێت سەرەتایی گۆرانكاریێكی گەورەش بەدوای خۆیدا بێنێت، نەك تەنیا لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەرمان بە ڵكو لە تەواوی رۆژهەلاتی ناوین، كە بە دڵنیاییەوە كێشەی كوردیش بەشێك دەبێت لەو دۆسیە ئاڵۆزانە.
پێشبینی دەكرێت سەرۆكی تازە هەلبژێردراو تا ئاستێكی زۆر پشت ببەستێت بە راوێژكارەكان‌و سەنتەری توێژینەوە ستراتیژیەكان، بە تایبەتیش سەنتەری بەرژەوەندی نیشتمانی Center of National Interest كە بارەگاكەی لە واشنتنە پێدەچێت رولێكی باش بگێرێت لە مەشورەت پێشكەشكردن بە سەرۆكی تازەی ئەمریكا، ئەوەی تێبینی دەكرێت روئیاكانی بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەو ناوەندە روئیای پراگماتی‌و ریالیستین بەرامبەر رۆژهەلاتی ناوین، بە تایبەتیش دهەمبەر كێشەكانی سوریاو عیراق. بۆ نموونە، ئەگەر روئیایی ریالیستانەی كەسێكی وەك روبەرت كاپلان وەرگرین كە كەسێكی نزیكی ئەو ناوەندەیە دەكرێت تا ئاستێكی باش سیاسەتەكانی ترامپ‌و كۆماریەكانمان بۆ روونبكاتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا. لە دیدی كاپلانەوە پرەنسیپێكی سەرەكی ریالیزم ئەوەیە كە فەوزا خراپترە لە ستەمكاری، چونكە ستەمكاری ئاماژەیەكە بەوەی كە جیهان جیهانیكی ئایدیالی (مپالی) نیە، بەڵام فەوزار ئەوە دەگەیەنێت كە بۆ هیچ كەسێك دادپەروەری لە ئارادا نیە. ئەگەر ئەم بیرۆكە ریالیستیە لەسەر ئەو دۆخەی سوریا جێبەجێ بكەین ئەوە دەگەیەنێت: كە راستە دۆخی سوریا خراپە بەڵام بوونی ئەو هەموو هێزە توندرەوە لە مەیدانی شەر پێدەچێت بە رۆشتنی ئەسەد دۆخێك لە فەوزا بێنێتە كایەوە كە زۆر خراپتر بێت لەوەی كە لە ئێستادا لە ئارادایە.
لە روانگەی ئەو دیدگایەی ئاماژەمان پێدا دەكرێت بلێین كە خاڵی سەرەكی سیاسەتی ترەمپ بریتی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق‌و سوریاو، نەك لە ناوبردنی ئەسەد، بەڵكو هێشتنەوەی ئەسەد بەلاوازی لە بەشێك لە ناوچەكانی ژێردەستی، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێدەچێت ئەمریكا پەنا بەرێتە بەر هەماهەنگی لەگەل روسیا. دوور نیە بۆ ئەم مەبەستە یارمەتی هیزە كوردیەكانی رۆژئاواش بدات، بە تایبەت كە ئەوان رولێكی باشیان هەبوو لە لاوازكردنی داعش‌و كێشەی كەمتریشیان لەگەل رژێمی ئەسەددا هەبووە بە بەراورد بە هێزە توندرە ئیسلامیەكانی تری سوریا. هەڵبەتە دۆخەكە هەروا ئاسان نابێت بۆ سیاسەتەكان سەرۆكی تازە، بە تایبەت شەڕی سوریا، شەری چەند هێزیكی دەوڵەتی‌و نا-دەولەتیشە، راگرتنی بەلانسی هێزی ئیقلیمی بە تایبەتیش لە نێوان ئێران‌و توركیاو ولاتانی كەنداو، كارێكی یەكجار سەخت دەبێت بۆ ئەمریكان بە تایبەت وەك دیارە هەر هێزەو خاوەن چەندەها میلیشیان كە لە مەیدانی شەردا وەك كارتی سیاسی‌و عەسكەری هەر هێزێك دەتوانێت بەكاری بهێنێت.
دەكرێت بوترێت ئەو چەند سالەی سیاسەتی ئوباما لە رۆژهەلاتی ناوین بریتی بووە لە دوو دلیێكی زۆر لە تەدەخولكردن بە تایبەت بەكارهێنانی هێز لە یەكلاكردنەوەی كێشەكاندان، هەلبەتە بێجگە لە تەدەخولكردنی راستەوخۆ لە شەری دژی داعش، سیاسەتەكانی ئەمریكا بریتی بوون لە پشت بەستن بە بەكارهێنانی هێزەكانی تر لە ناوچەكە، بۆ نموونە كورد لە سوریاو عیراق، یاخود یارمەتیدانی بەشێك لە ئوپۆزسیۆنی سوریا، یان حكومەتی عەبادی لە عیراق. لە راستیدا ئەم جۆرە سیاسەتە ئەگەر چی سیاسەتیكی ریالیستی بێ زیانی گیانیش بووە بۆ ئەمریكا بەڵام لە هەمان كاتدا سیاسەتێكی یەكلاكەرەوەو حاسم نەبووەو جۆرێك لە بۆشایی هێزی دروستكردووە لە ناوچەكەدا كە لە لایەن چەند هێزیكی ترەوە پركراوەتەوە، بە تایبەت لە لایەن روسیا، ئێران، توركیا هەروەها میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئیران.
ئەم هێزانەی باسمان كردن گەشەكردنیان تا ئاستێكی زۆر بۆ نا ئامادەیی ئەمریكا دەگەرێتەوە لە ناوچەكەدا، كە لە راستیدا ئەوەندەی تر بوونەتە سەرچاوەی ئالۆزبوونی كێشەكان‌و دەرچوونیان لە دەست ئەمریكاش. ئەرشیفی سیاسەتی جمهوریەكان ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەوان حەزیان لە تەماشكردنی رووداوەكان نیەو خۆیان بەپیر كێشەكانەوە دەچن، چونكە بەشێك لە كێشەكان بە فەرامۆشكردنیان گەورەتر دەبن‌و لە دەست دەردەچن، دواجار لەبەرژەوەندی هێزی تر بەكار دەهێنرێن، چونكە كێشەیەك كە خۆت بەكاریبهێنیت چارەسەری ئاسانترە لەو كێشەیەك كە جلەوی لە دەست خەڵكێكی تردا بێت. وەلی نەصر راوێژكاری ریچارد هوڵبروك ( نێردەی ئۆباما بۆ ئەفگانستان‌و پاكستا) لە كتێبە دانسقەكەیدا (The Dispensable Nation: American Foreign Policy in Retreat) ئاماژە بەوە دەكات كە هەر بۆچونێك كە پالپشت بووبێت بە ئۆپشنی شەڕ دژی ئیران لە لایەن ئیدارەی ئوباما رەتدەكرایەوە، ئەمە دلنییایێكی تەواوی دا بە ئیرانیەكان كە بە هێمنی كار بكەن لە سەر بە هیزكردنی پێگەی ئیران لە ناوچەكەدا، ئوباما هەوڵی زۆریدا كە كار لەسەر ئێران بكات وەك بەدیلێك بۆ ولاتە شانشینەكانی كەنداو. ئەمەش نیگەرانیێكی زۆری بە تایبەت لای شانشینی سعودیە دروست كرد. بە جورێك ئوباما كاتێك لە 2009 سەردانی شای سعودیەی كرد بە مەبەستی قسەكردن لەسەر كێشەی فەلەستین بەلام ئوباما دەلێت شا عبداللە یەك سەعات تەنیا باسی مەترسی ئێرانی بۆ كردم.
ئەوەی بە ئاشكرا لە وێبساتی كەمپینەكەی ترامپ دیدۆزیتەوە ئەوەیە كە ترامپ دژی ستراتیژی بونیاتنانی-نەتەوەو گۆڕینی رژێمەكانە nation-building and regime change'” وەك پێدەچێت ترامپ ئەفزەلیەت بداتە سەقامگیری لەسەر حسابی دیموكراسی، كە ئەمەش لە راستیدا جورێك لە نادلنیای دێنێتە كایەوە، كەیسی میسر دەكرێت یەكێك لەو نموونانە بێت. هەرچەندە كاتی خۆشی كە جورج بوشی كوڕ ئەو رەخنەیەی لە كلینتن گرت ‌و ووتی كە ئەو واز لەم جۆرە سیاسەتانە دینێت، بەلام ئێمە بینیمان لە سەردەمی بۆش بەرێژەیێكی زیاتر سیاسەتی بونیاتنانی نەتەوەو گورینی رژیم‌و ناردنی دیموكراسی بۆ رۆژهەلاتی ناوین جێبەجێكرا. بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆكی تازە بەر لەوەی كەسێكی سیاسی بێت خاوەن لوجیكێكی ئابوری‌و بازرگانیە بۆیە من بە دووری دەبینم ترامپ ئەم جۆرە دەستیوەردانانە بكات، چونكە دووبارە بونیاتنانەوەی دەولەتەكان تێچوونیكی یەكجاری زۆری دارییان دەوێت، ئەمە بێجگە لە تێچوونی گیانی.
هەرچەندە دونالد ترامپ رەخنەی لە سیاسەتی ئوباما گرت بەرامبەر ولاتانی كەنداو بە تایبەتیش شانشینی سعودیە، كە زیاتر زمانیكی هەرەشە ئامیز بوو، بەڵام من وای نابینم كە كێشەیەك هەبێت لە سیاسەتی نوێ ئەمریكا بەرامبەر وڵاتانی كەنداو، بە تایبەت كە ترامپ وەك بازرگانیك شارەزاییكی باشی هەیە لەو ناوچەیە تا دەگاتە پرۆژەی هاوبەشی بازرگانی لەگەل شازادەكانی كەنداو. پێگەی بازرگانی‌و سیاسی‌و ئەمنی كەنداو ئەستەمە رێگا بە ترامپ بدات پێچەوانەكەی بسەلمێنێت.
ئەوەی تایبەت بێت بە كورد، لەبەر ئەوەی ترامپ پێناچێت پشت ببەستێت بە دەستێوەردانی راستەوخۆو ناردنی هێزە ئەمریكیەكان بۆ ولاتانی وەك سوریاو عیراق، بۆیە پیدەچێت پشت ببەستن بەكارتی كوردی یەكێك لەچەكە كاریگەرەكانی ترامپ بێت نەك هەر لە سوریاو عیراق بەڵكو لە ئیران‌و توركیاش بە تایبەت لەكاتی گوشار خستنە سەر ئەو وڵاتانە. دوو خال رولی سەركیان هەبوو لە ڤالاكردنی پێگەی كورد لە سیاسەتی ئەمریكاو رۆژئاواش لە ناوچەكەدا. یەكەم، شەری داعش سەلماندی كە كورد هێزێكی كاریگەرو یەكلاكەروەن لە بورای سەربازیدا دەتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت. دووەم،بە پێچەوانەی زۆربەی لاینە ئۆپۆزسیۆنەكانی بەهاری عەرەبی، یاخود عیراق‌و سوریا، كە بریتی بوو لە بالادەستی گروپە ئیسلامیستە رادیكالیەكان، بە شیعەو سوونەیانەوە، گروپە كوردیەكان گروپی سیكۆلارو چەپ رەون، زیاتر جێگای متمانەی ئەمریكاو رۆژئاوا بوونە لە ناوچەكەدا، بە پێچەوانەی گروپە سوونیە رادیكالەكان یاخود میلیشیا شیعە توندرەوەكانی سەر بە ئێران، كە دژی سیاسەتەكانی ئەمریكاو رۆژئاوان. كەواتا كورد وەك كارتێكی بەهێزی ئەمریكا دەمێنیتەوە بۆ بەرانگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەداو لە هەمان كاتیشدا گوشار دروستكردن لەسەر ولاتەكانی تری ناوچەكە. بەڵام بێجگە لە نادڵنیابوون لە سیاسەتەكانی ترامپ وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، توركیا وەك هاوپەیمانی كلاسیكی ئەمریكاو دووەم گەورترین هیزی ناتۆ لەمپەرێكی گەورە دەبێت لەبەردەم هەلكشانی فاكتەری كودری لە ناچەكەدا بە تایبەت لە باكورو رۆژاڤا، بەڵام پێدەچێت سەركێشیەكانی ئەردوگان و كێشمەكشێەكانی لەگەڵ ئەمریكاو رۆژاوا دەرفەتێك بۆ پالپشتی كورد بهێلێتەوە لە ناوچەكەدا. بەڵام لە هەمان كاتدا نابێت پیچەوانەكشی بە نادیدە وەربگرین، واتا پشت كردن لە كورد لە كاتی تەواوبوونی ئیشیان بە كورد لە ناوچكەدا، یاخود لە بەر گوشاری ولاتانی ناوچەكەی وەك توركیاو عیراق، بۆیە سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێت هەردەم پلانی بەدیلی لە بەرچاو بێت، بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت بوونی روسیا لە ناوچەكە یەكێك بیت لەو پلانانە، هەرچەندە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد ئەوەمان پیدەلێت كە روسیا هەرگیز جێگای متمانە نیە بۆ كورد، بەڵام ئەمە بەو واتایە نیە كە كورد نەتوانیت یاری سیاسی لەگەڵ روسیا بكات، وەك ئەوەی كوردەكانی رۆژاڤا كردیان. بۆ هەرێمی كوردستان وا باشترە پێوەندیەكانی لەگەل بەغدا ئارامتربكاتەوە، چونكە ئاراستەی سیاسەتەكانی ترامپ پێدەچێت دەستگرتن بێت بە دەوڵەتە كلاسیكیەكانەوە، چونكە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت سیاسەتی نێودەولەتی ترسێكی زۆر هەیە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی ستراكچەری دەوڵەت‌و گۆرینی رژێمەكان، لە راستیدا بەشێكی زۆر دابەشبوونی دەوڵەتەكان بە ناسەقامگیری ناوەخۆی‌و هەرێمی كۆتایی هاتوون، بۆیە پێدەچێت لە چوار ساڵی ئاییندەشدا رێگای سەربەخۆی هەرێم هەر بە بەغداوەدا بڕوات نەك بە ئیدارەی سەرۆك ترامپ.

…………………………………………………………………………………………………. زوبێر رەسول




ململانێی عه‌قڵ‌و شێتی ناو ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌)ی به‌یان سه‌لمان

شاخه‌وان سدیق

)هه‌ركاتێك مرۆڤ پێی وایه‌ شێت نییه‌. ئه‌وا به‌دیوێكی تردا شێتێكی بێ‌ ئاگایه‌(
باسكال

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك ڕۆمانی كوردی ‌و بیانیم خوێنده‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ بۆخۆیان خاوه‌نی جۆرێك تایبه‌تمه‌ندێتی له‌ چیرۆك‌و ته‌كنیك‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا بوون. ئه‌گه‌رچیش هه‌ریه‌كه‌یان هی نوسه‌رێكی جیا له‌ وڵاتێك‌و له‌ كلتورێكی جیاوازه‌وه‌ نوسرابوون، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی تاموچێژی تایبه‌تی خۆیان بوون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام ‌و به‌بڕوای من شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستان بوو. ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌)ی نوسه‌ر (به‌یان سه‌لمان)بوو، ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ قه‌باره‌ی نیو ئه‌ی فۆڕو له‌دوتوێی (332) لاپه‌ڕه‌دا‌و له‌لایان به‌رێوبه‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانیه‌وه‌ چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بۆخۆشی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ناو (قه‌ڵا)یه‌كدا‌و نوسه‌ر ناوی ناوه‌ (به‌رزایی شوراكان) كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ كچێكی شێته‌ به‌ناوی (زه‌كییه‌) كه‌ له‌منداڵیدا دایك و باوكی دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن شێته‌و ته‌واو نییه‌ فڕێی ده‌ده‌ن كه‌ دواتر ژنێك به‌ناوی (میم خونچه‌) ده‌ی دۆزێته‌وه‌و ده‌یكاته‌ كچی خۆی، پاشان ئه‌م كچه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی ڕۆژ گه‌وره‌ده‌بێت، باڵق ده‌بێت‌و سنگ ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ببێته‌ جێی سه‌رنج‌و دواتر نێچیری پیاوه‌ هه‌وازبازه‌كان‌و به‌شێوه‌ی جۆراو جۆرو ناشیرین ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌سه‌ر، سكی پڕده‌كه‌ن‌و كۆمه‌ڵێك منداڵی پێده‌خه‌نه‌وه‌، به‌بێئه‌وه‌ی كه‌س خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت، دواتر پیاوێك به‌ناوی مامۆستا وه‌ردی هه‌وڵی پارێزگاری كردن له‌م كچه‌ شێته‌ ده‌دات، به‌ڵام بێسود ده‌بێت‌و له‌یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كاندا‌و له‌لایان بكوژێكی نه‌ناسه‌راوه‌وه‌ (زه‌كییه‌) ده‌كوژرێت، ئه‌م ڕوداوه‌ كار له‌ مامۆستا وه‌ردی ده‌كات‌و پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ست ده‌كات به‌ فرۆشتنی ده‌رمانی شێتی ‌و وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك ته‌واوی دانیشتوانی ناو قه‌ڵا به‌ ڕێگای جۆراوجۆر شێت ده‌كات. هه‌موو ئه‌م به‌سه‌رهاته‌نه‌ش له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا بۆ چه‌ند به‌شێك له‌ ڕێگای بیره‌وه‌ری كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ دابه‌ش كراوه‌.
بابه‌ت‌و چیرۆك له‌ پانتای ڕۆمانه‌كه‌دا :

هێڵی گشتی ڕۆمانی (به‌رزای شوراكان) له‌سه‌ر دوبنه‌مای سه‌ره‌كی كارده‌كات، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ چیرۆك وه‌ك بابه‌ت بۆ گێڕانه‌وه‌ ‌و هونه‌ری ته‌كنیك بۆ ڕێكخستنی كاره‌كه‌. كه‌ به‌كاركردن له‌سه‌ر هه‌ردوكیان هێڵی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌. ڕۆمانه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵانی (شه‌ست‌و حه‌فتاكان)ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ نوسه‌ر به‌ گێڕانه‌وه‌ی چپرۆكه‌كه‌ی ده‌مانباته‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه‌ كه‌ ئاگاداری ته‌واوی ڕووداو به‌سه‌رهاته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌ندێك شوێندا ڕێگه‌ به‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان دراوه‌ خۆیان ببنه‌ ڕاویی‌و ڕووداوه‌كان بگیڕنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر چیرۆك خوان خۆی جڵه‌وی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست‌و وه‌ك شاهیدێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كان له‌ زمانی ئه‌وه‌وه‌ ده‌بیستین. ده‌ستپێكیش خاڵی جه‌وهه‌ری‌و سه‌رنج ڕاكێشی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌ كه‌وا له‌ خوێنه‌رده‌كات په‌لكێشی ناو ڕوداو له‌دوای ڕوداوی چیرۆكه‌كه‌ ده‌ببێت، به‌بڕوای منیش ده‌سپێك كلیل‌و سه‌ره‌تای چونه‌ژوره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه‌، كه‌ دواتر به‌ ئیستاتیكاو ته‌كنیكی كاره‌كه‌مان ئاشنا ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر (بابه‌ت‌و ته‌كنیك)یش دوولایه‌نی سه‌ره‌كی به‌هێزی داڕشتنی ڕۆمان بن، ئه‌وا ده‌ستپێك به‌بڕوای من ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت نوسه‌ر به‌وردی ئیشی له‌سه‌ر بكات، به‌یان سه‌لمان له‌م ڕۆمانه‌دا ئاقڵانه‌ ئیش له‌سه‌ر ده‌ستپێك ده‌كات‌و له‌ دێڕه‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانیدا ده‌كات، ئه‌ویش به‌وه‌ی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ی به‌ دوو ڕوداوی تراژیدی ده‌ستپێده‌كات، كه‌ یه‌كه‌میان (ده‌ركه‌وتنی حه‌وێز قه‌سابه‌ به‌خۆی‌و كێردێكی گه‌وره‌‌و تیژی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ كه‌ هه‌رله‌ویا گۆلكێك سه‌رده‌بڕێ‌و خوێنی كیاندارێك ده‌ڕێژێت، دووه‌م پێدانی هه‌واڵی كوشتنی كچێكی شێت به‌ناوی (زه‌كیه‌) كه‌ دواترو له‌ درێژه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا نوسه‌ر به‌گه‌مه‌ی زمان‌و له‌ڕێگه‌ی گرێچنینێكی وردو به‌ تكنیگی سه‌رنج ڕاكێش له‌ گێڕانه‌وه‌دا وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات كه‌ گومان بكات ئه‌م دوو ڕووداوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و پێده‌چێت بكوژی (كۆلكه‌كه‌ هه‌مان بكوژی كچه‌كه‌ (زه‌كیه‌)بێت له‌كاتێكدا خۆی ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان‌و ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز وانه‌بێت. چونكه‌ له‌ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌دا كه‌سی بكوژی زه‌كیه‌ دیارنیه‌و ونه‌. ئه‌مه‌ش هه‌وڵی ئاقڵانه‌ی نوسه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كوشتنه‌كه‌ به‌كراوه‌ی بهێڵته‌وه‌و هه‌مووان وه‌ك به‌شێك له‌ تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه‌ بزانێت. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(86)دا به‌م جۆره‌ باس له‌ كوشتنه‌كه‌ ده‌كات
ئه‌و ڕۆژه‌ی زه‌كیه‌یان به‌كوژراوی دۆزییه‌وه‌،نۆ چه‌قۆی زلی لێدرابوو، كونی لێدانه‌كان هێنده‌ گه‌وره‌بوون به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م خوێنی له‌ به‌ربڕییبوو، زه‌كییه‌ سارد، بێ‌ خوێن، ڕه‌نگی سووری كراسه‌ سورمه‌كه‌ی ‌و خوێنه‌كه‌ی تێكه‌ڵاو بوبون، بۆیه‌كه‌م جار چاوی داخست بوو، به‌ئاگاركردنه‌وه‌ی مامۆستا وه‌ردی به‌په‌له‌ شه‌رواڵێكی له‌پێكردوو له‌ماڵه‌وه‌ ده‌رچوو، وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی دی چووه‌ سه‌ر شوێنی ڕوداوه‌كه‌، له‌لاشه‌كه‌ چوه‌پێشێ‌‌و ته‌ماشای كرد، له‌خۆیی‌و له‌وانه‌ی به‌ده‌وریدا وه‌ستانبوون ده‌یپرسی: كێ‌ كوشتویه‌تی؟؟ كاممان ئه‌مه‌ی كردووه‌
به‌یان سه‌لمان وه‌ك ڕۆمان نوسێك:

)فارگاس یۆسا) له‌ كتێبی (نامه‌ بۆ ڕۆماننوسێكی لاو)داو له‌ به‌شی (نامه‌ی دووه‌مدا) سه‌باره‌ت به‌ نوسه‌ری ڕۆمان ده‌ڵێ‌” ڕۆماننووس ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌پشكنێ‌ ‌وبه‌شوێن پایه‌و پێگه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا چیرۆك دابهێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌نییه‌ ئه‌و كه‌س‌و ڕووداوو دیمه‌نانه‌ دووباره‌بكاته‌وه‌ له‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی بۆی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌نێو دانیشتوانی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ پێویستێتی تا ئه‌و پرۆسه‌ درێژو قورسه‌ كه‌ داڕشتنی ڕۆمانه‌ به‌سه‌ر كه‌وتن كۆتایی پێبێت” (به‌یان سه‌لمان)یش یه‌كێكه‌ له‌و نوسه‌ره‌ وردوو دیارانه‌ی بواری نوسینی ئێمه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بابه‌ته‌كانی جێگای سه‌رنجی منه‌، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵبژاردن‌و وردبونه‌وه‌ له‌و بابه‌ت‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ بۆ ڕۆمانه‌كانی هه‌ڵیان ده‌بژێرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌میشه‌ وه‌ك نوسه‌رێك زۆربه‌ی بابه‌تی ڕۆمانه‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی ژن داده‌ڕێژێت‌و زۆرێك له‌ ناشیرینیه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كانی به‌ پیاو ده‌به‌خشێت‌و كه‌م جار هاوسه‌نگی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان ڕاده‌گرێت، به‌ڵام هێشتا من وه‌ك پیاوێك چێژێكی زۆری لێده‌به‌م، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ندی ئامانجی ئه‌و پیشاندانی لایه‌نه‌شاراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌ندی مه‌به‌ستی له‌ دروستكردنی دیواری جیاكاری نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان نییه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ئێمه‌ به‌ر كه‌سایه‌تی مامۆستا (وه‌ردی) ده‌كه‌وین كه‌ پیاوه‌و كه‌سایه‌تی دووه‌می ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌، كه‌ دواتر ده‌بێته‌ فرۆشیاری شێتی، ئه‌م پیاوه‌ ڕۆحێكی فریشته‌ئاسای پاكی هه‌یه‌و هه‌میشه‌ پارێزه‌ری (زه‌كیه‌)یه‌، كه‌ ڕۆڵه‌كه‌ی به‌ته‌واوی مانا ئینسان دۆستیه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات تێبگه‌ین كه‌نوسه‌ر پێمان ده‌ڵێت(په‌نجه‌كانی ده‌ست) وه‌ك یه‌ك نین‌و ده‌كرێت هه‌میشه‌ كه‌سانی چاك‌و خراپ هه‌بن. به‌یان سه‌لمان له‌ شوێنێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ ئیشده‌كات كه‌ ڕاسته‌خۆ كار له‌ هزرو بیركردنه‌وه‌مان ده‌كات، له‌و شته‌وه‌ كه‌ زۆر نزیكه‌ لێمانه‌وه‌و فه‌رامۆشمانكردوه‌، له‌و مرۆڤ‌و هاو ڕه‌گه‌زانه‌مانه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ بری هاوكاریكردنیان به‌ (شێت) ناویان ده‌به‌ین‌و بۆ سه‌رگه‌رمی‌و ڕابواردنه‌كانی خۆمان به‌كاریان ده‌هێنین، ئه‌و جارێكی كه‌ ده‌مانخاته‌وه‌ ژێر پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ داخۆ ڕۆژێك هه‌ریه‌كه‌مان بیرمان له‌ ئازارو ژیانی شێتێك كردۆته‌وه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و شێته‌ (میینه‌)ش بوو،چی؟؟ به‌راست له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا مرۆڤ نه‌توانێت ڕێز له‌ مێینه‌ بگرێت ئه‌ی چۆن ده‌توانێت ڕێز له‌ شێتێك بگرێت كه‌ ئه‌و مێینه‌یه‌ له‌ ڕووی ئه‌قلیه‌وه‌ ناته‌واو شێت بێت؟؟!!

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری چیرۆك و هه‌ڵبژاردنی بنه‌ماكای چه‌مكی(شێتی یان عه‌قڵ) وه‌ك تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكان) بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌م خانمه‌ خه‌می گه‌وره‌و پرسیاری سه‌ره‌كی نوسه‌رانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بپرسێت”له‌و دنیا جوانه‌ی هه‌موان بانگه‌شه‌ بۆ باشتر بونی ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌موو ناشیرینیه‌ چییه‌ مرۆڤ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌رهه‌می ده‌هێنێت” هه‌ر وه‌ك چۆن (سادقی هیدایه‌ت) ده‌ی وت ” بۆ به‌دۆزه‌خ كردنی جیهان، به‌هه‌شت باشترین بیانووه‌”

هه‌ڵبژاردنی چه‌مكی شێتی وه‌ك تێمای سه‌ره‌كی كاره‌كه‌:
تێمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌) برتییه‌ له‌ به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی (عاقڵی + شێتی) نوسه‌ر به‌م دوانه‌وه‌ هێڵی گشتی ڕۆمانه‌كه‌ داده‌ڕێژێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگای كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌وه‌ كه‌ كچێكی شێته‌ به‌ناوی (زه‌كیه‌) له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی عاقڵدا، كه‌ له‌ جوگرافیایه‌كی دیاری كراودا ده‌ژین به‌ناوی (ماڵه‌كانی ناو قه‌ڵا) یان ماڵه‌كانی ناو (به‌رزایی شوراكان). ئه‌مانه‌ مرۆڤ گه‌لێكن له‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان‌و به‌ناوی جیاجیاوه‌ كه‌ سه‌رگه‌رمی ئیش‌و كاری جیاجیان، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان له‌دوو كه‌سایه‌تی به‌ماسك داپۆشراودا، كه‌ له‌كه‌سایه‌تی یه‌كه‌مدا وێناو ته‌مسیلی چاكه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌وه‌ی دووه‌میشدا ‌و له‌ژێر په‌رده‌وه‌ به‌نهێنی تاوان به‌رامبه‌ر به‌ خۆیان‌و ئینسان‌و هاوڕه‌گه‌زه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ناوی عاده‌ت‌و پاراستنی كلتور، كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مانه‌ نه‌ك پارێزه‌ری كلتوری چه‌ق به‌ستووی خێڵه‌كی نین، به‌ڵكو ئه‌وان قوربانی ده‌ستی كلتور‌و عاده‌تن‌و هه‌رده‌بێت واش ته‌ماشایان بكرێت، هه‌ر بۆیه‌ نوسه‌ریش له‌ ڕێگه‌ی پرسیاری (شێت كێیه‌؟ عاقڵ كێیه‌؟ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت‌و كۆمه‌ڵگاش ده‌خاته‌ به‌رده‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسه‌وه‌ ‌و ده‌پرسێ‌ خودی شێتی واتای چییه‌؟ ده‌كرێت چۆن ئێمه‌ سه‌یری مرۆڤی شێت بكه‌ین، ئایا قه‌د بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ بۆ شێتن؟؟ به‌ڕاست شێت بوون چ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كه‌‌و ده‌بێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه‌دا بكه‌ین؟؟ ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌مه‌ش واباشبێت ئێمه‌ گه‌شتێكی خێرا به‌ مێژووی شێتی له‌ دنیادا بكه‌ین‌و بزانین له‌ كۆنه‌وه‌ چۆن سه‌یری ئه‌م جۆره‌ له‌ مرۆڤ كراوه‌، بۆخۆشی ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی شێتی بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین: شێته‌كان ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه‌ توانای تێگه‌یشتنی عه‌قلیان كه‌مه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی‌و بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان ناتوانن وه‌ك پێویست خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مانه‌ مرۆڤن ‌و هه‌رده‌بێت واش سه‌یریان بكرێت. ڕه‌نگه‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (میشێل فۆكۆ) (شێتی‌و ناعه‌قڵ) باشترین یارمه‌تیده‌ربێت بۆ تێگه‌یشتن له‌م مێژووه‌. فۆكۆ: مێژووی به‌ریه‌ك كه‌وتنی كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا دابه‌ش ده‌كات بۆ سێ‌ به‌ش‌و سه‌رده‌م، كه‌ ئه‌وانیش سه‌رده‌می (كلاسیك‌و ڕۆشنگه‌ری‌و ڕێنسانسه‌) پێشی وایه‌ جگه‌ له‌ (ڕێنساس) هیچ سه‌رده‌مێك نه‌ی توانیوه‌ له‌نرخ‌و به‌های شێته‌كان تێبگات، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می كلاسیكدا شێته‌كان كۆده‌كرانه‌وه‌و به‌ كه‌شتی ده‌بران‌و ده‌خرانه‌ ده‌ریاوه‌‌و پێیان وابوو ئه‌وانه‌ كه‌سانی بێكه‌ڵكن، سه‌رده‌می ڕۆشه‌نگه‌ریش سه‌رده‌می به‌ره‌وپێش چوونی داهێنانبووه‌‌و بۆ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ عه‌قڵ‌و عاقڵێتی هیچ شتێكی تر بایه‌خی نه‌بووه‌، ته‌نها به‌هاتنی ڕێنیسانس شێت وه‌ك مرۆڤ سه‌یركراوه‌و حاڵه‌ته‌كه‌شیان وه‌ك نه‌خۆشی ئه‌ژمار كراوه‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش (فۆكۆ) ڕه‌خنه‌ له‌كۆمه‌ڵگای كلاسیكی فه‌ره‌نسی ده‌گرێت‌و پێی وایه‌ ئه‌وانیش نه‌یان توانیوه‌ مامه‌ڵیه‌كی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌دا بكه‌ن. فۆكۆ بۆ خۆشی ماوه‌یه‌كی زۆر دوچاری نه‌خۆشیه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ شێتبون نزیك ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ دواتر پێی وایه‌” شێتی وه‌ك عه‌قڵ ڕاستی هه‌ڵگره‌‌و گشت عه‌قڵێ‌ بڕێك شێتی تیا به‌رجه‌سته‌یه‌” خۆئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵگا سونه‌تیه‌كان بكه‌ین ئه‌وا توشی نائومێدیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بین له‌ بینینی چۆنێتی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ زۆربه‌یان باروه‌ڕدارن‌و به‌پێی خودی ئاین(شێته‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ هیچ ئه‌ركێكی ئاینی نایان گرێته‌وه‌و له‌هه‌موو شتێك به‌خشراون) به‌ڵام هه‌میشه‌ لای ئه‌مانه‌ شێت یان له‌ماڵه‌كاندا به‌سراوه‌ته‌وه‌و زیندانی كراوه‌، یاخود بۆته‌ هۆكاری سه‌رگه‌رمی‌و ڕابرواردنی كه‌سانی تر له‌ بازاره‌كاندا. بۆیه‌ به‌هه‌موو دیوه‌كاندا شێته‌كان كه‌سانی قوربانی بوون له‌ مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا. هه‌ربۆیه‌ به‌یان سه‌لمانیش له‌ لاپه‌ڕه‌ (200) ئه‌م ڕۆمانه‌دا‌و له‌زمانی مامۆستا وه‌ردیه‌وه‌ ده‌ڵێت ” بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شێت تێبگه‌ین ده‌بێت شێتبین” خۆ ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ مێژووی ده‌ست درێژی مرۆڤ بۆ سه‌ر مرۆڤ بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێت بۆ مێژووی دورو درێژی ژیاری مرۆڤایه‌تی بگه‌رێینه‌وه‌، چونكه‌ به‌ سروشت مرۆڤ گیاندارێكی توندوتیژه‌و ئاره‌زوی داگیركاری‌و ده‌ستدرێژی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م جۆره‌كانی ده‌ستدرێژی سێكسی دا بوه‌ستین ئه‌وا به‌ر چه‌ندین جۆر له‌ شێوازی ده‌ستدرێژی ده‌كه‌وین له‌وانه‌ش ده‌ستدرێژی به‌زۆری ناچاری مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زی خۆیدا واته‌ (نێر له‌گه‌ڵ نێر)دا یان گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی یاسایدا، یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ كه‌سانی نوقسان‌و كه‌م عه‌قڵدا. كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ به‌هه‌رجۆرێك له‌ جۆره‌كان حاڵه‌تی ناشازو نایاساین‌و ئه‌نجامده‌رانیان ده‌كرێت وه‌ك مرۆڤی ناته‌ندروست له‌ڕوی دینی‌و یاسایی‌و ئه‌خلاقیه‌وه‌ سه‌یر بكرێن. ئه‌گه‌ر نوسین. به‌تایبه‌ت ڕۆمان جگه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئیستاتیكیانه‌ی ئه‌ده‌بی جۆرێكیشبێت له‌ په‌یام‌و ئایدیا بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی گه‌رانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ بوون، ئه‌وا له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م دوو بابه‌تی گرنگ بۆ پیشاندانی دیوه‌ شاراوه‌كانی تاوان له‌ كۆمه‌ڵگادا ڕاده‌گرێت ئه‌وانیش (شێتی‌و مینه‌)بوون، كه‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی‌و به‌رائه‌تن به‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری وه‌ك كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. ئه‌م ڕۆمانه‌ بیرخستنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێكه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه‌ مێژویه‌كیان ئه‌وانیش (پیاوسالاری، كوشتنی ژنان، سێكسی ناته‌ندروست یان نادروست ، خیانه‌ت) كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆكارن بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ ده‌ستدرێژی ڕه‌گه‌زایه‌تی‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی بنه‌ماكانی خۆشه‌ویستی له‌نێوان تاك‌و خێزانه‌كاندا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كپته‌ گه‌وره‌ جنسیه‌ی كه‌ له‌كۆنه‌وه‌ تائێستا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی گرتۆته‌وه‌، به‌جۆرێك جنس كردن به‌ته‌ندروستی بۆ چێژ وه‌رگرتن له‌ چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستیدا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامدانی حاڵه‌تێكی ئاژه‌ڵانیه‌ كه‌ ئاماج لێی یان به‌تاڵبوونه‌وه‌ یان سه‌لماندنی پیاوه‌تی نێرینه‌كانه‌. ئه‌وه‌تا له‌لاپه‌ڕه‌ (76)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌نوسێت” كه‌سمان نه‌بوو زه‌كییه‌ وه‌ها ته‌ماشا نه‌كات، كه‌ هه‌رچی هێزی باڵایه‌ له‌ناو لنگیدایه‌”

ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ گرنگه‌:

)ئێزرا پاوه‌ند) له‌ وتارێکدا ده‌رباره‌ی نوسه‌ر باش ده‌ڵێت” نووسه‌ره‌ باشه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن زمانێكی چالاك به‌كار ده‌هێنن، واته‌ زمانێكی ووردو ڕوون‌و ئاشكرای بێ‌ گرێ‌و گۆڵ ” لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌میشه‌ نوسین به‌لای منه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ به‌زمانێكی ساده‌بتوانیت پرسیاری گه‌وره‌ بخیته‌ڕوو، هه‌روه‌ك چۆن له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) وای كردووه‌، هه‌ندێك جار نوسین له‌ دنیای ئێمه‌دا بۆته‌ بابه‌تێكی وشك‌و بێزراو ئه‌ویش به‌هۆی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك له‌ زاراوه‌ی بیانی كه‌ ڕه‌نگه‌ تێگه‌یشتنیان بۆ نوسه‌ره‌كه‌شی بڕێك قورس بێت، به‌ڵام من له‌ كۆی ئیشه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌دا به‌ر جۆرێك له‌ ساده‌ نوسین ‌و قۆڵ ده‌ربڕین ده‌كه‌وم كه‌ به‌بڕوای من بۆ نوسه‌ری باش ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌، بۆ منیش ئه‌م ڕۆمانه‌ی وه‌ستان بوو له‌به‌رده‌م پرسێكی قۆڵی ئینسانیدا كه‌ جارێكی كه‌ به‌تێڕوانینێكی كه‌وه‌ له‌ مرۆڤانێك بنواڕم كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێت ئه‌ژمارده‌كرێن، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ یه‌كێك بوو له‌و شته‌ چێژبه‌خشانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌م جار مرۆڤ بتوانێت شانسی به‌ده‌ستهێنانی هه‌بێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ جوانی چیرۆكه‌كه‌و ساده‌ی له‌ ده‌ربڕیندا به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خودی به‌رائه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ (زه‌كییه‌) چونكه‌ ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌گه‌رچی شێت بوو، به‌ڵام له‌ ژیان‌و مردنیشدا خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوانه‌ كه‌ ده‌كرێت وه‌ك نمونه‌ی مرۆڤی زوڵم لێكراو ته‌ماشای بكه‌ین. هه‌ر وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ (226)ی ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه‌.” پاش مردنی زه‌كییه‌ مێژووی بۆخۆی نوسیه‌وه‌. كه‌س له‌ قه‌ڵادا مێژووی له‌ دوی خۆی وه‌ها جێ‌ نه‌هێشت. ئه‌و كه‌ به‌شێتیی به‌های له‌لایان نه‌بوو، ئه‌وه‌تا له‌ مردنیدا به‌های بۆخۆی دروست كرد، بووه‌ ئه‌و عاقڵه‌ی كه‌ به‌ته‌نها میژوو بۆ خۆی ده‌نووسێته‌وه‌، كه‌س له‌ جه‌سته‌ی مردوویه‌ك شێتیی‌و ئاقڵیی نابینێ‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ لاشه‌یه‌كه‌، ئه‌گه‌ر زه‌كییه‌ له‌ قه‌ڵا نه‌كوژایه‌و له‌ هه‌رچ كوییه‌كی دی فڕێیان بدایه‌‌و بدۆزرایه‌ته‌وه‌، كه‌س نه‌ی ده‌زانی ئه‌مه‌ جسته‌ی شێته‌ یان عاقل، بۆیه‌ جسته‌ی زه‌كییه‌ له‌مردنیشدا هه‌ر براوه‌بوو.
به‌هیوام ئه‌م نوسینه‌ ته‌نها وه‌ك سه‌رنجێكی كورت سه‌یربكرێت‌و له‌ ئاینده‌دا چه‌ندین نوسینی تر به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چونكه‌ دڵنیام گه‌لێك لایه‌نی شاراوه‌ی تر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ده‌كرێت شرۆڤه‌‌و ئاشكرا بكرێت.

——————————————————-
بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌.
ئێزرا پاوه‌ند …له‌شیعردا بلیمه‌ت‌و له‌سیاسه‌تدا دۆڕاو. هاشم ساڵح . وه‌. هه‌ورامان وریا قانع.
نامه‌ بۆ ڕۆماننوسێكی لاو (فارگاس یۆسا) وه‌. شیرینز ك
دیداری (به‌یان سالمان) له‌ پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاودێر سازدانی ئارام سدیق.
Shaxi83@yahoo.com
www.facebook.com/shaxi.shafiq

شاخه‌وان سدیق




كێشه‌كانمان له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ین یان وپاره‌ و پۆست … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ ڕوو به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ زۆر شتی بۆ ڕونكردینه‌وه‌ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ بریتی بوو له‌ كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ.
سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان ئێمه‌یان به‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ گه‌ڵ به‌غداد له‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ و ئه‌وان تا دوا هه‌ناس ده‌جه‌نگن له‌ پێناو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و به‌ دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد.
به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ده‌ستی سه‌ركرده‌سیاسیه‌كانمان كه‌شف بوو كه‌ ئه‌وان بۆ پاره‌ و پۆست له‌وێن مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك و بیفرۆشنه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.
بۆیه‌ له‌ (2003 ) ه‌وه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك ناوچه‌ی جێناكۆكیش نه‌توانراوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و یه‌ك پرسی نه‌ته‌وه‌یش نه‌توانراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببرێت.
سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان له‌ به‌غداد نمونه‌یه‌كی ناشیرینیان پێشكه‌ش كرد چونكه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ،یان حیزبه‌كه‌یان له‌وێ‌ بوون نیو هینده‌ بۆ خه‌می هاوڵاتیان نه‌چوبوونه‌ به‌غداد.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كورد له‌ به‌غداد خه‌ریكی پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ست هێنانی پۆست بوون له‌ ناو خۆشیاندا هه‌میشه‌ له‌ ململانێیه‌ كی سه‌ختدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی زۆر ترین پاره‌ و پۆست به‌ده‌ست بیه‌نن بۆیه‌ نه‌توانرا ئامانجی نه‌ته‌وه‌ی به‌ده‌ست بیه‌نرێت له‌ به‌غداد.
ئه‌ گه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ عه‌قڵیه‌تێكی واقعی و دور له‌ خۆپه‌رستی خۆیان و حیزبه‌كانیان بچونایه‌ته‌ به‌غداد ئه‌وه‌ بێگومان پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیانی به‌ هێز ده‌كرد و ده‌یان توانی سود له‌ وداهاته‌ زۆره‌ی عێراق وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئابورییه‌ كی به‌هێز درست بكه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی كورد له‌ سه‌ره‌تای چونه‌ به‌غدادیانه‌وه‌ له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ داهاتوو پۆستی گرنگیشیان به‌ ده‌ست هێنا نه‌یاتوانی پرسی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رقی گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ بوو بوون.
كاتێك كه‌ بوین به‌ به‌شێك له‌ عێراقی فیدراڵ زۆر پۆستی گرنگ و پاره‌مان به‌ ده‌ستهێنا به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مانتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی عاقڵانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین پێیانه‌وه‌ ئه‌و پۆست وپارانه‌ بونه‌ مایه‌ی ماڵوێرانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌پاڵ ئه‌وه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ چونه‌ به‌غداد خه‌ڵكیان كرده‌ قوربانی چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامی كاریان له‌ سه‌ر چه‌واشه‌كاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ده‌ست كه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی چونه‌ته‌ ئه‌وێ‌ .
كاتێك عه‌ره‌به‌كان به‌ سونه‌و شیعه‌وه‌ تێگه‌شتن كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد سه‌ركده‌یه‌كی خۆپه‌رستی گه‌نده‌ڵن كه‌وتنه‌ په‌راوێز خستنی هه‌ریمی كوردستان ، به‌مه‌ش پێگه‌مان لاواز بوو و ئه‌و سه‌نگ و قورسایه‌ی كه‌ هه‌مان بوو له‌ده‌ستماندا.
ئه‌وه‌ پیاوه‌ سیاسیه‌نه‌ی كه‌ له‌دوای رووخانی حكومه‌تی به‌عسی عێراقیه‌وه‌ چونه‌ به‌غداد وه‌ك نماینده‌ی كورد نه‌یان توانی سیاسه‌تێكی دروست بكه‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌ت كردنبێت به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ به‌دێهێنانی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
بۆیه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش كرانه‌ قوریانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گروپێكی بچوك له‌سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ زۆر نه‌هامه‌تیان توشكردین.
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وڕاستیه‌ی كاتێك كێشه‌مان له‌ گه‌ڵ به‌غداد بووه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌كانمان له‌ سه‌ر پۆست و پاره‌ بووه‌ نه‌وه‌ك له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ی ، هه‌میشه‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌كار هێنراون له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمانه‌وه‌.




مه‌ترسیه‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان … ژیلوان شۆڕش محمدصاڵح

چه‌مكی ئیسلامی سیاسی نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌ له‌مه‌و پێش بوو به‌ زاراوه‌یه‌كی باوی نێو میدیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ندێك جار ئه‌م چه‌مكه‌ بۆ ئیسلامی به‌سیاسی كراو یاخود شرۆڤه‌ی سیاسی بۆ ئیسلام به‌كار ده‌هێنرێت و وا وێنای ده‌كه‌ن كه‌ ئیسلام له‌ بنچبنه‌دا سیاسی نیه‌و ره‌هه‌ندی سیاسی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.
له‌ڕاستیدا ڕای جیاوازمان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی هه‌ندێك بنه‌ڕه‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می خه‌لافه‌ت.
زاراوه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ك ووشه‌ دوای نه‌مانی ده‌وڵه‌تی ئالی عوسمان و دروست بوونی ئیخوان موسلیمین هاته‌ نێو فه‌رهه‌نگی نوێی سیاسیه‌وه‌ به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ تێكه‌ڵ كردنی دین و سیاسه‌ت مێژووه‌كه‌ی زۆر كۆنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می حكومڕانی خه‌لیفه‌ له‌ جیهانی ئیسلامدا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌لیفه‌ حاكمی باڵاده‌ست و به‌ڕێوبه‌ری هه‌موو بواره‌كانی ژیانی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابوری خه‌ڵك بووه‌ ئه‌و مه‌رجه‌عی دینی و دونیای بووه‌
ڕایه‌كی ترمان هه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ ئیسلامی سیاسی وه‌ك فكرو رێباز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆتای سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م
ئیسلامی سیاسی وه‌ك فكرو ڕێباز وو بزوتنه‌وه‌ له‌كۆتای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی ناكۆك و دژ به‌رامبه‌ر به‌فكرو كه‌لتورو مه‌عریفه‌و شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا له‌ جیهانی ئیسلامیداو كارلێك كردنیان له‌ سه‌ر جیهانی ئیسلامی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و كه‌وتۆته‌وه‌ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌یه‌یان له‌م ڕووه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی له‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌وچه‌مكه‌ ڕۆژئاوایه‌نه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌ ئه‌و چه‌مكانه‌یان له‌ جیهانی ئیسلامیدا به‌نامۆ و شاڵاوی دڕندانه‌ی كه‌لتورو مه‌عریفه‌ی ڕۆژئاوای به‌سه‌ر كه‌لتورو مه‌عریفه‌و شارستانیه‌تی ئیسلامدا ناساندووه‌ ئیسلامی سیاسی وه‌ك دیارده‌یه‌كی فیكری له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌و دیارده‌یه‌كی سیاسی له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا پێویستیه‌تی مێژووی خۆی له‌ پاراستنی ناسنامه‌و كه‌لتورو مه‌عریفه‌ی ئیسلامیدا نیشانداوه‌.
ئیسلامی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ له‌گه‌ڵ بزاوته‌ ئیسلامیه‌كان دروست بووه‌ من لیره‌ دا پێم باشه‌ كه‌ باسی ئیسلامی سیاسی بكه‌م له‌ دوای ڕاپه‌رین كه‌ ئه‌و كات چه‌ندین حیزبی سیاسی ئیسلامی ده‌رده‌كه‌ون و رۆڵ ده‌گێڕن له‌ ڕاستیدا ئه‌و كاته‌ له‌ به‌ر بوونی شه‌ری ناوخۆ مه‌ترسی ئه‌م حیزبه‌ ئیسلامیه‌نه‌مان نه‌ ئه‌زانی به‌ڵام دوای 2003 ئه‌و راستیه‌ مان ده‌وركه‌وت كه‌ ئه‌م حیزبانه‌ تیرۆر دروست ده‌كه‌ن و مه‌ترسی گه‌وره‌ن.
ئه‌م حیزبانه‌ له‌لایه‌ن ووڵاتانی توركیاو ئیران و سعودیه‌ و ئیمارات و چه‌ندین وولاتی تره‌وه‌ هاوكاری ده‌كرێن كه‌ ئه‌م ووڵاتانه‌ بنه‌مای دروست بوونی تیرۆرن .
حیزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان لیره‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ن له‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بۆنمونه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی سه‌ركرده‌ باڵاكانی به‌ شان و باڵی توركیا دا هه‌ڵده‌ده‌ن ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ توركیا به‌ به‌رده‌وامی گه‌نجانی كورد ده‌كوژێت و مه‌ترسین بۆ سه‌ر بابه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
هه‌ندێكی تر له‌ پارته‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كان بوونه‌ته‌ هۆی دروست بوونی تیرۆرو چه‌ندین نمونه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پارتانه‌ كادره‌كانیان په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌ و به‌ره‌ی نوسره‌ و داعش و چه‌ندین گروپی تر هه‌یه‌.




” ئێمە هەمومان مرۆڤ بووین” کورتە شێعرێکی ” سادق هیدایەت”


و: سەعید ئەمانی

لە ڕاستیدا
ئێمە گشتمان مرۆڤ بووین!…
تا ئەوەی کە
ڕەگەز!
پێوەندیمانی هەڵبڕی!!
ئاین!
ئێمەی لەیەکتر دابڕی!!
سیاسەت!
دیواری خستە نێوانمان!! و
سەروەت!
چینی لێ دروست کردین!!

هەموان ئازادیان دەوێت
بەبێ ئەوەی بزانن کۆیلایەتی چییە!

کۆیلایەتی بەو میلانە نییە
کە دەوری جەستەتی داوە
بەو حەسار و دیوارەیە
کە ئابلۆقەی بیر و ئەندێشەتی داوە.
—————————————————————————————
صادق هدایت
در حقیقت
ما همه بشر بودیم!…
تا اینکه
نژاد!
ارتباطمان را برید!!
مذهب!
از یکدیگر جدایمان ساخت!!
سیاست!
بینمان دیوار کشید!!
و ثروت!
از ما طبقه ساخت
همه آزادی میخواهند بی آنکه بدانند اسارت چیست!
اسارت به میله های دورت نیست.
به حصارهای دور تفکرت است!




شاراوه‌ی پێشێلکاریه‌کان له‌جه‌نگی موسڵدا …. نوری به‌شیر:

هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگی موسڵ له‌لایه‌ک داعش که‌له‌ناو شاری موسڵدایه‌و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ زیاتر له‌دوو ساڵی ڕابردوو به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی سڤێڵی موسڵ ئه‌نجامیداوه‌و بۆ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی شاراوه ‌نیه‌ و خۆشی ئینکاری لێنه‌کردوه‌و رایگه‌یاندوه‌ که‌به‌پێی یاساکانی ئیسلام که‌له‌سه‌ری ده‌ڕوات کاریانکردوه‌. به‌ڵام ئێستا له‌م جه‌نگه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا، ئه‌وه‌ی میدیای بۆرژوازی سه‌ر به‌م که‌مپه‌ که‌ئیدعای ده‌که‌ن و ده‌ریانخستووه‌، داعش قه‌ڵغانی مرۆیی به‌کاردێنێت له‌جه‌نگه‌که‌دا، له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی لاشه‌یه‌کی زۆر له‌کوژراوانی مه‌ده‌نی به‌ده‌ستی داعش و ده‌ڵێن گویا پارچه‌کانی له‌شیان ده‌رهێنراون و بازرگانیان پێوه‌ کراوه‌. ئه‌م هه‌واڵانه‌ هێشتا نه‌میدیای بۆرژوازی و نه‌ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌کانی به‌شداری به‌ناو دژه‌ داعشی ئه‌م جه‌نگه‌ وه‌ک کاره‌ساتێکی مرۆیی که‌داعش ئه‌نجامی ده‌دات زۆر گه‌وره‌ی ناکه‌ن و ده‌ریناخه‌ن وه‌ک کارنامه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق و شام ( داعش ). ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن که‌کاریان پێیه‌تی، واته‌ له‌چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکدا ته‌بلیغاتی بۆ ده‌که‌ن و له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کدا که‌دایانڕشتووه‌ چی بکه‌ن له‌گه‌ڵ داعشدا!.
لاکه‌ی تری به‌ره‌ی جه‌نگه‌که‌‌، واته‌ به‌ره‌ی ئه‌وانه‌ی ئیدعاکه‌رانی ئازادی موسڵ رزگارکردنی خه‌ڵکی موسڵه‌، له‌ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانه‌ شه‌ست ده‌وڵه‌تیه‌که‌ی له‌جیهانداو له‌ناوچه‌که‌دا تورکیا که‌به‌ئاشکرا مۆڵگه‌ی خۆی له‌ده‌وری موسڵ دامه‌زراندوه‌، هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق به‌سه‌ربازی و پۆلیسه‌وه‌و عه‌شایه‌ره‌ ئیسلامیه‌کانی تره‌وه‌، حه‌شدی شه‌عبی به‌هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ له‌ناویاندا، هێزه‌کانی سه‌ر حزبه‌کانی ناسیونالیزمی کورد… میدیاکانیان ته‌نیا پێشڕه‌وی و کاره‌ پاڵه‌وانیه‌کانیان له‌ڕزگارکردنی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری موسڵ و ناو موسڵ نیشانده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن و ته‌بلیغی بۆ ده‌که‌ن.
به‌ڵام شاراوه‌یه‌ک که‌میدیای گوێ له‌مستی بۆرژوازی، به‌هۆی سیاسه‌تێک که‌ئه‌م هێزه‌ به‌ناو نه‌جاتده‌رانه‌ی خه‌ڵکی موسڵ و ئازادی موسڵ لێره‌وله‌وی دزه‌ده‌کات، له‌کارنامه‌ی ئه‌م هێزانه‌ی نۆکه‌ری ‌ئه‌مریکا له‌به‌ره‌کانی جه‌نگی ئازادی و رزگاریان، ئه‌گه‌رچی هێشتا دڵۆپێکه‌ له‌ده‌ریایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و کوشتارو ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و سوکایه‌تیه‌ی به‌ئینسان ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ژێنه‌ره‌و ئینسانی ده‌وێت بتوانێت به‌دڵێکی ئینسانیه‌وه‌ سه‌یریان بکات و هه‌موو له‌شی رانه‌چڵه‌کێت و موچوڕکی ئازار به‌گیانیدا نه‌یه‌ت. ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆ که‌مانه‌ی له‌به‌ره‌کانی جه‌نگه‌وه‌ ‌دزه‌ ده‌که‌ن. ئایا ئه‌وه‌ ماهیه‌ت و کارنامه‌ی ئه‌و هێزانه‌و دیموکراسیه‌تی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داریه‌کانیان ده‌ناخات، هه‌روه‌ها واقعیه‌تی پڕوپاگنده‌ی رزگارکردنی خه‌ڵکی موسڵیان پوچه‌ڵ ناکاته‌وه‌ کاتێک هێزه‌کانیان مناڵێک ده‌گرن و دوای ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر و کوشتنی، لاشه‌که‌ی به‌ده‌بابه‌ راده‌کێشن. ئه‌مه‌ چ وه‌حشیه‌تێکه‌ جیا له‌ دیوێکی تری داعش ئاسا. له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ مناڵه‌و که‌وتۆته‌ به‌رده‌ستیان، بۆ ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن، بۆ ده‌یکوژن، دوایی بۆ لاشه‌که‌ی به‌ده‌بابه‌ راده‌کێشن، ئه‌مه‌ چ تۆڵه‌یه‌که‌ له‌مناڵێك که‌قه‌راره‌ ئه‌م هێزانه‌ی ئازادی موسڵ و رزگارکه‌ری خه‌ڵی موسڵ که‌له‌ده‌وری ئه‌مریکا کۆبوونه‌وه‌ته ئه‌نجامی ده‌ده‌ن‌. ئه‌وان قه‌راربوو ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌مناڵ و ژن و پێر له‌ده‌ست داعش و په‌روه‌رده‌ی داعش ده‌ربێنن و رزگاریان بکه‌ن. ئایا ئه‌مه‌ ناکاته‌ ئه‌وه‌ی به‌جیا له‌و پێشێلکاریانه‌ به‌دوای ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر موسڵدا چه‌ندین جۆری داعش به‌ناو و په‌رچه‌می جۆراوجۆری ئیسلامی و قه‌ومی تره‌وه‌ قوتنه‌که‌وه‌ که‌ئێستا زۆریک له‌نمونه‌کانی ده‌رکه‌وتوون. ئه‌مریکا له‌ 2003 دا له‌عێراقدا هه‌ر ئه‌مه‌ی کرد و چه‌ندین دیکتاتۆری له‌عێراق و کوردستاندا کرده‌ نسیبی خه‌ڵک، که‌سه‌د جار سه‌دامیان خه‌جاڵه‌ت کردوه‌ له‌ مامۆستایی دژی ئینسانی بوون و دیکتاتۆر بونیاندا.
دزه‌کردنی ئه‌و پێشێلکاریانه‌ له‌رۆژه‌کانی یه‌که‌می هێرشه‌کان له‌دێهاته‌کانی ده‌وری موسڵه‌وه‌ ده‌رکه‌وتن، له‌وه‌ی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی زۆرێک له‌و ئه‌سیرانه‌ چ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌ناوی داعش و داعشه‌کانی که‌ئه‌سیر ده‌کران، چ جۆر هه‌ڵسوکه‌وتێکی غه‌یره‌ ئینسانیان له‌گه‌ڵ ده‌کردن. که‌منه‌بوون ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌هێزه‌کانی تورکیا زۆرێک له‌سه‌رانی داعشیان له‌موسڵ ‌ به‌ره‌و تورکیا و سوریا ده‌رکردوه‌و نه‌جاتداوه. ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌ئه‌مریکاو تورکیا به‌ فڕۆکه‌ داعشه‌کانیان له‌ده‌وروبه‌ری که‌رکوک دابه‌زاندووه‌ بۆ داگیرکردنی موسڵ. که‌م نین ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌میلیشیاکانی ئه‌حزابی ناسیونالیزمی کورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سیره‌کان ده‌که‌ن و به‌شه‌ق له‌ده‌موچاویان ده‌ده‌ن. که‌م نین ئه‌و هه‌زاران ئاواره‌ی که‌قه‌راربوو ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوخۆییه‌کان پێش جه‌نگ دایاننابوو که‌رزگاریان بکه‌ن، به‌ڵام له‌بیابانێکدا خۆیان چاڵیان هه‌ڵکه‌ندوه‌و به‌تانیان داوه‌ به‌سه‌ریاندا و مناڵیان له‌به‌ر بێخۆراکی و بێئاویدا ده‌مرن. ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌ئه‌مریكای نه‌جاده‌ری خه‌ڵکی موسڵ و ئازادی موسڵ هێزێکی زۆری هێناوه‌ته‌ ده‌وری موسڵ و به‌رنامه‌یه‌کی نادیار بۆ دوای داگیرکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌چنگی داعش داناوه‌. هه‌واڵه‌ شاراوه‌کانی مه‌سعود بارزانی و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌کرێ شه‌ڕی موسڵ بکه‌ن و 415 ملیۆن دۆلاری له‌به‌رامبه‌ردا وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها رێکه‌وتنی ژێربه‌ژێری حزبه‌کانی کوردایه‌تی و مه‌سعود به‌رزانی له‌گه‌ڵ عبادی که‌ئه‌مان پاره‌یان له‌ئه‌مرێکا وه‌رگرتوه‌ به‌شه‌رت و ئه‌وه‌ شه‌رتی عه‌بادیشه‌ که‌به‌دوای گرتنه‌وه‌ی موسڵدا هێزه‌ چه‌کداره‌کانی حزبه‌ کوردیه‌کان بکشێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌و مه‌رجه‌ رێکه‌وتون و پاره‌یان داونه‌تێ. هه‌موو ئه‌مانه‌ ناکاته‌ رێکه‌وتنی هه‌موو ده‌سته‌جاتی قه‌ومی و ئیسلامی بۆرژوای ده‌وری ئه‌مریکا له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵکی موسڵ و ئاینده‌یان، له‌ئاخردا هه‌ر ئێستا ئه‌و پێنج هه‌زار که‌سه‌ی له‌خه‌ڵکی سیڤێڵی خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی حه‌زه‌ر که‌له‌نێوان هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا هێزه‌کانی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی و له‌لاوه‌ هێزه‌کانی داعشدا گیریان خواردوه‌و ئاینده‌ی نادیار چاوه‌ڕێیان ده‌کات له‌کوێی سیاسه‌تی ئه‌مریکاو هاوپه‌یماننانیدا جیگای ده‌بێته‌وه‌ له‌رزگارکردنیاندا.
رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ به‌شێک له‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌دزه‌یان کردوه‌، ده‌خاته‌ روو و سه‌رزه‌نشتیان ده‌کات. به‌ڵام پێشێلکاریه‌کان و کوشتاره‌کانی ئه‌م دووبه‌ره‌ی جه‌نگه‌ له‌وانه‌ زۆر زۆرترن که‌میدیای بۆرژوازی په‌نهانیان ده‌کات که‌هه‌مووی نیشانه‌ی هه‌واڵی ناخۆش و هه‌ژێنه‌رن و هه‌مووی په‌یامی ترسناکه‌ بۆ داهاتویه‌کی ره‌شی خه‌ڵکی موسڵ و ناوچه‌که‌. ‌ئه‌مانه‌ هه‌مووی راستی به‌رنامه‌یه‌که‌ که‌ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌یانه‌. ئه‌مریکا دایانناوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای موسڵدا له‌سوریادا بتوانێت له‌جه‌نگی له‌گه‌ڵ روسیادا ته‌وازنی به‌رێته‌ سه‌ره‌وه، که‌ هه‌موو هێزه‌ میلیشیاییه‌ عیراقی و کوردیه‌کانی بۆ ئه‌مه‌ سازداوه‌، ئیتر خه‌ڵکی موسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ چ چاره‌نوسێکی خراپیشی له‌ئاینده‌دا به‌سه‌ر دێت جێگای بایه‌خیان نیه‌.

20/11/2016




کوردایەتی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتی سیاسی و ستەمکاریەکی ڕووت … ئەحمەد ڕەسوڵ


کوردایەتی چیە و چی بوو؟!

کوردایەتی و بزوتنەوەی سیاسی کوردی لێک جیاناکرێنەوە و هەمان شتن. کاتێک دەڵێین کوردایەتی، بزوتنەوەی کوردایەتی یان بزوتنەوەی سیاسی کوردی ڕێک و ڕاستەوخۆ حزبە سیاسیەکانی مێژووی سیاسی کورد دەگرێتەوە.
نابێت وێنەی خەیاڵی لە کوردایەتی دابتاشین، نابێت تێزە و تیۆرەی وەهمی لە کوردایەتی بخەینە ڕوو. کوردایەتی واتا ئەوەی هەبووە و هەیە. واتا یەکێتی و پارتی و هیزەکانی کە لەفەلەکی ئەم دوانەدا دەسوڕێنەوە. کوردایەتی لەوە زیاتر ناتوانێت ببێت کە هەبووە و هەیە. هەم سادە هەم قوڵ تێگەیشتن، ئەوەیە کوردایەتی وەک لاکە تۆپیوێک جگە لە زەرەر و بۆگەن هیچی تری نیە و نابێت و بۆمان. بزوتنەوەی کوردایەتی لە ڕابردوودا خەڵکی ئیدمان کرد، هەروەک مەوادی موخەدیر، بە ئەوهام و خەیاڵات. هەڵبەت بۆ خەڵکێک لانی کەمی قوڵایی لە بینین و تێگەیشتنیدا هەبووبێت لەمیژە دەرکی ئەو حەقیقەتەی کردووە و جەوهەری هەم بزوتنەوەی کوردایەتی ناسیوە هەم تاک بە تاکی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک خۆیان تێگەیشتووە.

وێناکردنی پێکەوە ژیانی تەیفە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی وەک کوردایەتی جگە لەوەی تێنەگەیشتنە لەهیچ یان بە نائاگاوە بەشێکبوونە لە کوردایەتی و داکۆکیکردنە لێی بەمەبستی تایبەتی هەروەها هەوڵێکی ئاست نزمی مەعریفیشە بۆ تێکەڵکردنی چەمکەکان و دروستکردنی تەپوتۆزە بە دەوری چەمکەکەدا بە مەبەستی ئاڵۆزکردن و شێواندنی. ئەو پڕۆژە فاشیستیەی کە ناوی کوردایەتیە نەک هەر توانای بەرهەمهێنانی ئازادی و مرۆڤدۆستی و تۆلێرانسی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبووە بەڵکو بە توندی هەم لە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوامدا بووە لە ئاستیاندا و هەم بەرهەمهێنی تەفرەقەی قەومی و دینی و ئیتنیکی و ناوچەیی بووە ئەمە سەرەڕای بونیادنانی ڕۆحێکی دەستەمۆی سەرکز و ملکەچ و سایکۆلۆژیایەکی خەسیو و شکستخواردوو لە نێو گروپ و ئەندامانی حزب و نێو کایەی سیاسی و ئیداریدا بە تایبەتی و لە نێو تاک بە تاکی کۆمەڵگادا بەگشتی.

هێشتا دەیانەوێت بە ئەوهام و سەفسەتەی کوردایەتی وەڵامی یەئس و بێزاری کوشندەی ملیۆنەها ئینسان بدەنەوە.

کادێرە نەخوێنەوارە حزبیەکان و زوڕناژەنە “نوسەر و میدیاکارە” توتیئاساکانیان، کە موچەی مفت و زۆری لە ئینسان کەوتنیان دەخۆن، ئێستاش بە گوتاری پفدراو و قاندراوی کوردایەتی و دەوڵەت، خەبات و شۆڕشگێڕی، جەنگ و داعش، دوژمنان و ئەزمونەکەمان، سەربەخۆیی ئابوری و ئەمنیەت…هتد و دەیان زاراوە و قسەی پووچی تر و دەیان مەقولەی بۆش و بەتاڵی تر بۆ چەندەمین جار بێسەوادی و بەئامێربوونی خۆیان دەسەلمێنن.
کوردایەتی هەر ئەوەبوو کە بینرا و ئەزمون کرا، تێنەگەیشتن و کاڵفامیە هێشتا چاوەڕوانیەک لە کوردایەتی لەگۆڕی بێ.

کوردایەتی، پڕۆژەی تەماشاکردنی تەواوی کۆمەڵگایە وەک بوویەکی هەمیشە قوربانی لە پێناو نوخبەیەکی زۆر بچوکی هەمیشە سەردەست و ئاوساو هەم بە غروری خۆ بەشت زانین و هەم بە گرێی هەستکردن بە کەمیی.
ئەوەی ئێستا پێیگەیشتوین، جگە لەوەی ئەنجامێکی سروشتی کوردایەتی و بەرهەم و تێگەیشتن لە حەقیقەتی بەربەریەتی ئەم هێزانەیە هیچی دی نیە. هیچ ڕیگەیەکی دی نەماوەتەوە جگە لە ڕیشەکێشکردنی کوردایەتی، ئەگەر نا سەرەتانێکە و هیچی تر.




هیچ سەرکردە و حزبێک فریشتە نیە! … نەوزاد عەلی ئەحمەد

ئەگەر بە گوێرەی لێدوان و گوتار و نووسینی ناو رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان بێت، کوردستان بەسەر هەردوو بلۆکی فریشتە و دڕندە دابەشکراوە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی مەیدانی نیگا بۆ ناخ و کردەوەی سەرکردە و حزبەکان هەڵبخەین، خانەی فریشتە جۆرێک خاڵییە شتیک دیارە نیە لە فریشتە بچێت، زۆربەی هەرەزۆریان ئەوەندە دڕندە و رەفتار دڕندەن ئەم نیشتمانە بە گوفەک و ئەم گەلەش بە مێگەل تێدەگەن! دیارە دڕندەکان تێناگەن تەواوی شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی دنیا بە خەباتی درێژخایەن و تێکۆشانی کۆنکرێتکراو هاتوونەتە دی، بەڵام بە راپەڕین و جۆش و خرۆشێکی کورتخایەن شتێک نامێنێت بەناوی کورسی و پیرۆزییەکانی دەسەڵات. باشترین نموونە راپەڕینەکانی ١٩٨٢، مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥، ئەی خۆ راپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ مێژووییەکی ئەوەندە دوور نیە زۆر کەس دەیووت بەعس دوو فەیلەقی گەورە و پڕ چەکی لە کوردستان دابەستاوە” فەیلەقی پێنج لە هەولێر، فەیلەقی یەک لە کەرکوک” بەڵام کە کڵپەی جەماوەر تاوی سەند بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی دووکاتژمێردا فەیلەقی پێنج بە جۆرێک توایەوە تا ئێوارە ئاسەوارێک نەما بەناوی ئەو فەیلەقە.. دەکرێت بەرامبەر بە هێزی جەماوەر و هێزی حزب، دەیان، بگرە سەدان نموونە ریز بکرێن.
ئەوەی جێگای دۆشدامان و هەڵوەستە بۆ کردنە، تەنیا لەماوەی ١٢ کاتژمێری رابردوودا، ٨ گوتار، بەیاننامە، روونکردنەوە، وەڵام و وەڵامکاری لە لایەن دوو حزبی ئێرە ئاراستەی یەکتر کراون و دەرخواردی جەماوەر دراون!
من بە بەڵگە و داتا هەمووتان بە تاوانبار دەزانم، جارێ پێم بڵێن کامەتان سامان و داهاتی گشتیتان بۆ پێگەی شلوقی حزبەکانتان بەکارنەهیناوە؟ ئەگەر ئازان با یەک حزبی گەورە یاخود حزبێکی تاک نەفەری پێم بڵێت من پاکم! منیش پێی دەڵێم فەرموو ئەمە لیستی دزی و گەندەڵی و دەستی رەشی تۆش، هەر تەنیا وەک نموونە حزبێک هەیە پێش ٢٢ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، سەری زمان و بنی زمانیان ئێمە حزبێکی دادپەروەر و ریفۆرمخوازین، کە سەیری لیستی وەزیرە خانەنشینکراوەکانی ئەو حزبەم کرد، هیچی کەمتر نەبوو لە لیستی وەزیرانی خانەنشینی پارتی و یەکێتیی، وەزیریان هەیە تەنیا شەش مانگ وەزیر بووە کەچی کاکم مانگانە بە شەش ملیۆن دینار خانەشین کراوە، حزبێک هەیە تەنیا شانازی بە گوندێک دەکات، ناوە، ناوە خۆی تەسلیم بە دەرگای پارتی یان یەکێتیی دەکات، کەچی وەرە سەیری لیستی ئەو پارانە بکەن کە لە داهاتی گشتی وەریانگرتووە! خەڵکیش هەیە تەواوی قیادەکانیان لەسەر داهاتی گشتی خانەنشین کراون و خەڵکیان لەبەر گەندەڵی ناوێرێت بۆ نیشتمان بگەڕێتەوە کەچی دەڵێن ئیمە تازەین! لەگەل هەزاران بەڵگەی هاوبەشی نێوان یەکیتیی و ئەو حزبە تازە بابەتە! نامەوێت تەواوی حزبەکان وەک دەنکی تەزبیح بژمێرم و باس لە گەندەڵییەکانیان بکەم.
بۆئەوەی شەقام هێوربکرێتەوە، تکاتان لێ دەکەم بەیان و بەیانکاریی و گوتاری نابەرپرسانە بەرامبەر بە یەکتر رابگرن، چونکە جارێکی تر ناتوانن رایگشتی چەواشە بکەن، ئەگەر لە ساڵانی رابردوو بە دروشمی بریقەدار خەلکتان چەواشە کردبێت، بەڵام ئەوە دوو ساڵە نەک درووشم فاڵ و سیحر و هەقیقەتەکانیشتان بەتاڵ کراونەتەوە و رووی راستەقینەی دەسەڵاتدارێتی ئێوە کەشف بووە! تکایە داوای لێبووردن لە خەڵک بکەن، ئەگەرنا کە شەقام راپەڕی هیچ شتێک فریاتان ناکەوێت. ئەگەر شەقام جووڵا هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت من فریشتەم و ئەوانی تریش دڕندەن. کە شەقام راپەڕی بەڵگەنامەکانیش بسووتێنن و لەناویان ببەن، وڵات و دراوسێ دۆستەکانتان ئەمجارە وەک جارانه پێشوو پشتیوانی لە جەماوەر دەکەن و بەڵگەکان هەرزان فرۆش دەکەن! تا کار لە کار نەترازاوە داوای لێبووردن لە خەلکی هەژار و کرێکار و بەش مەینەتی کوردستان بکەن. داوای لێبووردن لە خەڵکی خۆتان بکەن باشترە، نەک لە دەرگای داگیرکەرانی کوردستان بدەن.

نەوزاد عەلی ئەحمەد
هەولێر
2016-11-18




دوکەڵی جەنگ … جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە بەرهەیوانی ماڵی باپیرم
چای ژیانم دەخواردەوە
جەنگ لە دەرگای شاریدا
تەنها هاوڕێیەکم مابوو
لە کاروانی ئەنفال گەڕابوەوە
جەنگ لەگەڵ خۆی بردی
بۆ سبەینێ
لەگەڵ گۆرانی دوانیوەڕۆدا
تەرمەکەی فڕێدایە
ناو کەلاوەی مێژوومەوە

من سەرقاڵی شکاندنی
قەفەزی باڵندەکان بووم
گوێم گرتبوو
لە سکاڵای کانی
لە گۆرانی قومری
جەنگ لە دەرگای شاریدا
بارەگای دینی کردەوە
پێشەوای مەزهەبەکانی
کرد بە کۆمۆنیست
مەیفرۆشەکان بە ئاخون
سەعات فرۆشەکان بە سەرکردە
شاعیرەکان بە جەلادی مێژوو
دارستان بە کەلاوە
ژێر زەمین
بە شوێنی سەما و خواردنەوە

من لە جەنگ هەڵهاتم
ڕوم کردە ماڵی ئاو
تەنیایم خستە سەر شانم
غەریبی بە هاوڕێی سەفەر
چ کارەساتێ ڕویتێکردم
دو ئۆقیانوس دەبڕم
بۆنی دوکەڵی
جەنگ دەکەم

جەلال عەبدوڵا ساڵح




درۆکانی ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری زیندانستان لە پاکستان.. رەزا شوان

رۆژی چوارشەممەی رابردوو (١٦ی/نۆڤەمبەر/٢٠١٦) دیکتاتۆر رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری زیندانستان (تورکیا) سەردانی کۆماری پاکستانی کرد، لە وتەیەکیدا لە بەردەم پەڕلەمانی پاکستاندا، هەر وەکو ئەوەی کە کەس نەیناسێت کە چ دەسەڵاتدارێکی درۆزن و دووڕوو و ستەمکار و خوێنڕێژە، زۆر بێشەرمانە کۆمەڵێک درۆی گەورەی شاخداری هەڵڕشت.. لە میانەی قسەکانیدا وا خۆی دەردەخست کە سۆڵتانی هەموو گەلانی ئیسلامە و بە ناوی ئەوانەوە قسەدەکات.. لە راستیدا هیچ خەسڵەتێکی پاکی ئیسلامی و خواپەرستی بە راستی لە ئەردۆگاندا بەدی ناکرێ، ئاینی ئیسلامی کردووە بە پەردەپۆشی و مزایەدەی پێوە دەکات.. چونکە تاوانە قێزەوەنەکانی دژ بە گەلانی ئیسلام، بە تایبەتیش ئەو تاوانانەی کە دژی گەلی کوردمان ئەنجامی دەدا، پەردە لەسەر درۆکانی هەڵدەماڵن. لە سایەی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی ئەردۆگان و پارتە نادادپەروەرەکەی، تورکیا بووە بە گەورەترین قەڵای فاشستی و بە زیندانی ئازادیخوازان، بەڵکو باشتر وایە لەسەر نەخشەی جیهاندا ناوی تورکیا بگۆڕن بە (زیندانستان) ئەردۆگان لە جیاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچە و ستادیۆمی وەرزشی، و پرۆژەی ئاوەدانی و چاکسازی لە باکووری کوردستانی پەراوێزکراو لە خزمەتگوزاری و لە ئاوەدانی و لە خوێندن.. کەچی نیازی وایە کە (٢٤٠) زیندانی گەورەی تازە دروست بکات، کە بەشی شێری ئەم زیندانانە لە شارەکانی باکووری کوردستاندا دەکرێنەوە، چونکە لە زیندانەکانی ئێستایان جێیان لێ نەماوەتەوە و، پڕیان کردوون لە ئازادیخوازان، بە تایبەتیش لە رۆڵە تێکۆشەر و ئازادیخواز و ئاشتیخوازەکانی گەلی کوردی قارەمانمان لە باکووری کوردستاندا.
ئەردۆگان لە میانەی قسەکانیدا، وڵاتانی رۆژئاوای تاوانبارکرد، بەوە تاوانباری کردن کە وڵاتەکانیان بوونەتە پەنای تیرۆریستان و، چەک بۆ داعش دەنێرن.. بێگومان مەبەستی ئەردۆگان روونە، کە مەبەستی لەم قسەیەی رەوەندی کوردمانە لە وڵاتانی ئەورۆپا کە لەو تاوانانەی کە رۆژانە ئەردۆگان لە باکووری کوردستاندا ئەنجامی دەدات، لە هێڕشی فراوانی گرتنی پەرلەمانتانی (هە دە پە) و زیندانی کردنی هاوسەرۆکارانی (سەلاحەدین دەمیرتاش) و(ڤیگەن یوکسەداغ) و گرتنی سەرۆکەکانی شارەوانییەکانی شارەکانی باکووری کوردستان، کە کوردن و خوشک و برای ئێمەن، بێدەنگ نابن و خۆپیشاندنی ناڕەزەیایی بەرانبەر بە کردەوە سەرکوتکارییەکانی ئەردۆگانی دیکتاتۆری رەگەزپەرست سازدەکەن، ئەمەش لە وڵاتانی ئەورۆپا مافێکی سروشتی و رەوایە و پۆلیسی ئەم وڵاتانە پارێزگاری لە خۆپیشاندەران دەکەن، نەک وەکو پۆلیسەکان و میتی بێڕەوشتی تورکیای ئەردۆگانی کە تەقە لە خۆپيشاندەران دەکەن و دەیان گوژن و دەیان گرن.. مەبەستی ئەردۆگان لە چەک ناردن بۆ داعش، تیرۆریستانی داعشی دروستکراوی خۆی نییە، بەڵکو مەبەستی لە شەڕڤانە قارەمانەکانی کوردمانە لە رۆژئاوای کوردستان، کە بوونەتە چقڵی چاوی ئەردۆگان.. ئەگەرچی زۆر بە کەمی ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی رۆژئاوا، بە چەکی سادە و کلاسیکی یارمەتی شەرڤانان دەدەن.. کەچی ئەردۆگان بە ئەوپەڕی توانایەوە یارمەتی لۆجستی و چەک و دەرمان و سیخوڕی و جۆرەها یارمەتیی تر، بە تیرۆریستانی داعشی دا و، دەدات.. کە (موراد سابنجو) سەرنووسەری رۆژنامەی(جمهوریەت)ی تورکی ئەم راستییەی ئاشکراکرد، ئەردۆگان بە توومەتی ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت، تاوانی ناپاکییان خستە پاڵی و خستیانە زیندانەوە و بەڵکو بەڕێوەبەر و زۆربەی رۆژنامەنووسەکانی سەر بەم رۆژنامەیەیان گرتن.. لەم بارەیەوە (کەمال کیلکچدار ئۆغڵو) سەرۆکی پارتی گەلی کوماری ئۆپۆزسیۆن، رووی دەمی لە ئەردۆگان کرد و پێی وت:”کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر تووڕەن.. دەتەوێ چی بکەیت؟.. دەتەوێ تورکیا بکەیت بە وڵاتێک ئەوەی تێیدا لە زینداندابن؟.. رۆژنامەی جمهوریت چی کردووە؟.. ئایا لە چ شوێنێکدا بۆمبی چاندووە؟” جا جەنابی ئەردۆگان، ئەی خەلیفەی راستیی داعش، لە سایەی جەنبتان تا ئەمڕۆش تورکیا دڵنیاترین پشووگەی داعشەکانە، گومانی ئەوەش دەکرێت کە ئەبو بەکر بەغدادی ی هاوپەیمانت لە تورکیادا بێت و لە لایەن میتی تورکیاوە بپارێزرێ.. ئەورۆپا پەنای تیرۆریستان نییە، ئەورۆپا زیندانیش نییە، بەڵکو ئەورۆپا قەڵای ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤە.. ئەگەر ئەورۆپا بە پەنای تیرۆریستان دەزانیت.. ئەی بۆ داوا لە سێ ملیۆن تورک ناکەیت کە لە باوەشی ئەورۆپادا گۆشکران و پەروەردە بوون.. بۆ داویان لێناکەیت کە بگەڕێنەوە و بۆ کۆماری زیندانستانەکەی تۆ..؟ کە گەورەترین پەنای تیرۆریستانی داعشە و، گەورەترین زیندانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کورد و ئۆپۆزسیۆنی تورکیشە؟.. رۆژ لە دوای رۆژ تورک نەک کورد لە ترسی ستەم و چەوسانەوە و سەرکوتکردنی تۆی دیکتاتۆر، تورکیا بەجێدەهێڵن و داوای پەنابەرێتی لە ئەوروپا دەکەن..؟ چونکە ئەوانەیی کە چەپڵە بۆ درۆکانت و تاوانەکانت لێنەدەن لەلای تۆ و پارتە شۆڤێنییەکەت ناپاکن و دەبێ بدرێنە دادگا و سزابدرێن.. بەڵی ئەوەی هاوار نەکات و نەڵێ ( یەشا سوڵتان ئەردۆگان) بە هاوڵاتییەکی ناپاکی دەزانیت؟! ئەی لە راستیدا کێ بە چەک یارمەتی تیرۆریستانی داعش دا و دەدات..؟؟ ئەورۆپا، یا تۆی خەلیفەی داعشەکان..؟! تۆ دەتەوێت پۆشێک لە چاوی خەڵکیدا بەدیبکەیت، کەچی راژەیەک لە ناو چاوت دایە و دنیا دەیبینن.. بە پەنجەی خوێناویتەوە ئاماژە مەکە.
ئەردۆگان وەکو ئەوەی هیچ تاوانێکی نەکردووبێت، وتیشی:”ئەم پیاوکوژانە لە خوێنڕشتنی خوێنی ئیسلامەکان زیاتر نازانن”.. پیاوکوژی راستی تۆێ.. بە هەزاران ئافرەت و منداڵی کوردتان کوشت و دەکوژن.. بڕواناکەم لە جیهاندا نەتەوەیەک هەبێت، کە وەکو کورد بە دڵسۆزی و بە پاکی فەرزەکان و رێورەسمی ئاینی ئیسلامی وا بە جدی و پیرۆزی جێبەجێ بکات.. بەڵام بە داخەوە هەر لە لایەن نەتەوە بە ناوە ئیسلامەکانەوە، ژینۆساید و ئەنفال و کیمیابارانی ئێمەی کورد کراین.. کەواتە ئێوەش راست ناکەن کە ئیسلامێکی راستی بن.. ئێوە رەگەزپەرستن نەک ئیسلامپەرست.. ئێوە لە سەر ئەوە ئێمەی کورد دەکوژن، هەر لە بەر ئەوەی کە کوردین نەتەوەیەکی جیاوازین و تورک نین و نابین بە تورک.. دەتانەوێ بە زۆرداری ناسنامەی نەتەوەییمان بسڕنەوە..؟! ئەمەیە ئایدیۆلۆژیای بۆگەن و پرانسیپە رەگەزپەرستییەکانتان..؟ بۆ ئیسلام بە لای ئێوەوە وایە..؟؟ بۆ بانێکە و دوو هەوایە..؟! یا بە دوو پێوەری جیاواز راستییەکان دەپێون..؟! ئەردۆگانی لە مرۆڤ بەدەر، پیاوکوژ و خوێنڕێژی راستی تۆی لە خۆبایی و رژێمە فاشتییەکەتە.. کە بە خوێنی کوردی بێتاوان دەستەکانتان سوورن.
ئەردۆگانی بەناوە ئیسلام، لە سایەی مودێرزمی ئیسلامی تۆدا، لە ئەستەنبول و ئەنکەرەدا، نزیکی هەر مزگەوتێک دیسکۆیەک یا مەیخانەیەک، یا شوێنێکی ئاشکرای لەشەفرۆشی هەیە.. ژمارەی نوێژکەرەکانیشتان لە ژمارەی مزگەوتەکانتان کەمترن.. جا مزایەدەی چی بە ئیسلامەوە دەکەی..؟!
ئەم قسەیەتیش مایەی پێکەنینە:” لەسەرمانە کە هەموو شێوازێکی چەوسانەوە لەناوبەرین، لە سەروی هەموویانەوە جیاوازی نەتەوەیی و تایفی..” ئەم قسانەت درۆی گەورەن و، بازاڕیان نییە، چونکە تاوانە قێزەوەنەکانتان و کردەوە ناشیرینەکانتان، رەگەزپەرستیتان، نایەکسانیتان و جیاوزی کردنتان، چەوسانەوە و کوشتنی کورد.. هەموو ئەمانە بە پێچەوانەی ئەم قسانەتەوەیە.. تۆرکیای ئێوە، فاشسترین دەوڵەتە لە جیهاندا.. لە دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانی باپیرانتانەوە، تا دەگاتە حوکمڕانی تۆی دیکتاتۆر.. فاشستی و رەگەزپەرستی و کۆمەڵکوژی بۆتە ناسنامەی تورکیا.
ئەردۆگانی درۆزن و دووڕوو، کە تووشی نەخۆشی شێتی دەسەڵات و کورسی و تاکڕەوی بووە دەڵی:” گوێم لەوە نییە، کە ئەوروپا پێم دەڵێن دیکتاتۆر..” ئەگەر کەمی شەرمی بە خۆی هەبێ و رێز بۆ خۆی دابنێت، ناڵێت بێباکم لەوەی کە بە دیکتاتۆر یا ستەمکار ناوم بەرن.

تا ئێستا لە فەرهەنگی تورکیادا، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەرئ، مافەکانی مرۆڤ، ئاشتی، یەکتری قبوڵکردن، رێزگرتن، ویژدان، مافەکانی نەتەوەکانی جگە لە تورک، بوونیان نییە.. سەرجەم مێژوویان خوێناوییە، کوشتن و سەربڕین و دزی و تاڵانکردن و کاولکردن، دیارەیەکی رەسەن و زەقی کولتووری رەگەزپەرستی و بۆگەنیان، ئەوی نەشیاوە و ناشێت بە کورد و ئەرمەنییەکانیان کردن، کە تا هەتایە پەڵەی قێزەوەن بە تەوێڵی تورکیای ئەردۆگانییەوە.
جا تورکیای ئەردۆگانی بەم هەموو پاشەڵە پیس و بۆگەنەیەوە.. داوادەکات کە بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وەریبگرن..؟! تا ئەردۆگان و هاوکردارەکانی ئەردۆگان، بە ئاگر و بە ئاسن لە تورکیادا حوکمڕانی بکەن.. مەحاڵە کە تورکیا ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.. مەگەر هەر لە دوورەوە ئەوە بڵێن:”ئەم نانە بە ئەو رۆنە”




بارزانی و هەڵپەڕاندن… هیدایەت مەلا عەلی

ئازیزان ئەوەی هەڵمانئەپەڕێنێت تەنها فاشیزمی (بارزانیزم) نیە، ئەوەی نیگەرانە لەوەی کە (بارزانی) وەک سەرۆکی میلەتێک قسە ناکات و نابەرپرسە، بەبڕوای من نەدەتوانێت (بارزانی) بناسێت و نەدەتوانێت شیکاری بۆ (بارزانیزم) بکات، ئەم نیگەرانیە هەردوو قاچی لەناو وەهمی کوردایەتی چەقیەوەو فرمێسک هەڵدەڕێژێت بۆ هەڵوەرینی باوەڕی خەڵک بەم گاڵتەجاڕیە کە ناوی کوردایەتیە، لەکاتێکدا کوردایەتی لەهەناوی خۆیدا ئایدۆلۆژیای چەوساندنەوە و بازرگانی و وەهم بەخشینەوەیە.
(بارزانی) زادەی زەمینەیەکی سیاسیە بەهەموو ڕەفتار و کردار و وتەکانیەوە، (بارزانی) پاڵەوانی بێشان و شەوکەتی ناو گەمەیەکی نائینسانیە کە چەپڵەلێدەرەکانی تەنها (پارتیەکان)نین.
فاشیزمی (بارزانیزم) بەبێ مۆڵگە و گۆڕەپانی تاکی گوێلەمست و بەڵێ گفتار نایەتە بەرهەم، وتەکانی (بارزانی) ڕەنگ و شێوەی کۆمەڵگایەکی ناهاوسەنگە کە دەتوانێت زمانی (کوڵە دیکتاتۆرێکی) وەک (مەسعود بارزانی) بپژێنێت و ئەوەی دەیەوێت بیڵێ قووتی نەداتەوە، (بارزانی) بەوپەڕی وریایی و تێگەشتن و بەرژەوەندیخوازیەوە قسەکانی دەکات، ئەگەر کەسێک وەهمێکی ماوە با بەباشی بیپێچێتەوە و بۆنی بکات، بەبڕوای من بەشێک لەو هۆکارانەی کە (بارزانی) دەکاتە هەڵپەڕێنەر ئەمانەن.
یەکەم: ئەوەی هەڵمانئەپەڕێنێت و مۆڵەتی یاریکردن بە چارەنوسی کۆمەڵگایەکی وەک مەدالیایەکی زێڕین داوە لە یەخەی (بارزانی)!!!!!!، (ی ن ک)ە شەریکە عەیار و مەکربازەکەی (بارزانی)، شەریکی دابەشکردنی قووتی خەڵک و بێبەهاکردنی کەرامەتی ئینسان، ئەو شەریکەی لەسەر ترامپۆلینی بۆنی نەوت و قسەی سواوی پەرلەمان و سەرکردە خۆشخوانەکانیان سەرمەوقولات ئەدەن.
دووەم: ئەوەی هەڵمانئەپەڕێنێت تەنها عاشقە و ماشقە بوونی بارزانی نیە لەگەڵ (سەدام و ئۆردۆگان) و هێزە سەرکەتگەرەکان، ئەوە (گۆڕان)ە، ئەو هێزەی کە گەشتنە (بارزانی) شاهیدی دەیان کۆبونەوەی ژوری تاریک و بەڵێنی ٤ ساڵی ئارامی بووین، ئەو بزوتنەوەیەی کە دوای کۆتایهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی (بارزانی) بە قەولی خۆیان، بەڵام وەزیری (پێشمەرگەکەیان) بەدووی (بارزانی) دەکەوت و میوانداری وەفدەکانی خاوەن شکۆی دەکرد، لەژێر ناوی پیاوی دەوڵەت و شەڕی داعش مایەوە تاکو دواتر (بارزانی) لەگەڵ هاوڕێ وەزیرەکانی، مۆڵەتێکی بۆکردن و بۆ پشوو ڕەوانەی کردنەوە بۆ ماڵەوە.
سێیەم: ئەوەی (بارزانی) کردە ژمارەیەکی لێکدرا و دابەشکراو، مێژووی لە خوێن هەڵکیشراوی ئەم زاتە نیە، ئەوە ئەو (یەکگرتووەیە) کە لە یاری دۆمینە و تاوڵەی پەرلەمەنتارەکانی، لەکاتی فریودانی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی پێنج بە پێنج لەبەرژەوەندی (سەرۆک بارزانی) لە یاری تاوڵە و دۆمینەکەدا یەکسان بوون.
چوارەم: ئەوەی (بارزانی) کردە کابوسی ئازادی و خۆڵی مردوی کرد بەسەر دەنگی ئازاد و ناڕازی بەشێکی فراوان لە جوگرافیای کوردستان، ئەوە (کۆمەڵی ئیسلامیە)، ئەو کۆمەڵەی لەسەر وتارێک و نوسینی کتێبێک، یان بۆ بەرگری لە ئیسلامیەکانی (میسر) شمشێر ڕائەوەشێنن و چوار پەنجەی پشتیوانی بەرز ئەکەنەوە، بەڵام بۆ بەرگری لەخەڵک و ناڕەزایەتیەکانیان ئەڵێی کورسیەکی پەرلەمانیان لە (هەولێر) نەهێناوە.
پێنجەم: ئەوەی (بارزانی) دەکاتە کارئەکتەری سەر میمبەر و شانۆکان، لەشکرێک لە نوسەر و ڕۆشنبیری دەغیلە ئاسایە، کە بیر و ئەندێشە و هزریان بۆتە بۆتەی پارە و سەیارە و شوقە، ئەوە تیپێک لە هەلهەلەکێشە کە زمانیان بێجگە لاواندنەوە و شەرعاندنی تاوانەکانی (بارزانی) ئیتر زمان و ویژدانیان لاڵە.
شەشەم: ئەوەی (بارزانی) کردە بونەورێکی پەنجە ڕاوەشێنەر، ئێمە بووین (چەپەکان) کە لە ٢٥ ساڵدا نەمانتوانی ببینە هێزێک کە هەر ئینسانکوژ و ملهوڕێک پەنجەی ڕاوەشاند لە جێگای خۆی چیچکانی پێبدەینەوە.
ئەوەی کە (بارزانی) مۆڵەتمان ئەدات هەڵپەڕین و هیچ سانسۆرێکی لەسەرمان نیە بە شوکرانە بژێریەوە، کۆمەڵگایەکە کە تاکو ئێستاش کۆمەڵێک هەلپەرست و زمان لووس، ئەتوانن لەسەر ڕەنج و ماندبوون و ناڕازیەتیەکانیان ببن بە (پەرلەمانتار و وەزیر و بەڕێوبەری گشتی).
بەبڕوای من دەبێت وەڵامی هەموو ئەم فاکتەرانە بدەینەوە، کە (بارزانی) دەکاتە سەرچۆپی کێشی شایەکە و کۆمەڵگاش بەگاوان و دڵیشی گەردێک ناگرێت، وەڵام بەم هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداریەتیە (بارزانی) دەکاتە تەیرەکەی مەلای مەشهورە و کوردایەتیش دەچێتە دۆخی گازی ئەسیتلین.

هیدایەت مەلا عەلی




سیاسەت پاشدەرچونی ‘ترەمپ’: خوێندنەوەیەکی ئەفلاتونی … نەوزاد جەمال

لەکاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، مەلایەک لەوتاری هەینیدا دەیوت: ‘هیلاری’ بێ یا ‘ترەمپ’، زۆرانبازی گوێدرێژو فیلەکەى باخچەی ئاژەڵەکان بەئێمەچی! لەبازاڕيشدا کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕێکەی ماچکرد كاتێ بیستى ‘ترەمپ’بردویەتةوە! بەڕای ئەو, کاندێکی سەرسەختە کە لەباتی پەیمانی ئەتۆمی، گورزی بەزەبر لەرژێمی ئێران بوەشێنێت!

لەم دوونموونەوە دەردەکەوێت کە هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهاندا کاردانەوەی خۆی هەیە. ئەگەرچی بەدرێژایی ئەمساڵ، لەو هەموو وتارەی ئەگەرەکانی دەرچوونی دووکاندیدەکەی لێکدەدایەوە بێزاردەبوويت. بەڵام. پێدەچێت چیرۆکەکە لەئەنجامەکانی دەنگدانەکەدا کۆتایی نەیەت، بەڵکو لەکاردانەوە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا درێژەی هەبێت، بەتایبەت کە ‘ترەمپ’ پێدەنێتە نێو کۆشکی سپیەوە.
پرسیارە جەوهەریەکەش ئەوەیە: ئایا شتێک دەمێنێتەوە بەناوی سیاسەتکاریی وەک پیشەیەکی خاوەن دسیپلین و بنەمای بابەتی و خۆیی؟ رەنگە، تێزەکانی سۆسۆلیگی ناسراو ‘ماکس ڤیبەر’ لەم ساتەوەختەوە بڕواتەوە مێژووەوەو زیاتر ‘ئەفلاتون’ و لێکدانەوە مێژوویەکەی ‘مارکس’ (لویس بۆناپارت “لەهەژدەی برومیردا) روونتر وەڵاممان بدەنەوە. لێرەدا جەخت لەتێزەکانی ‘ئەفلاتون’ سەبارەت بەفەرمانڕەوا لەکتێبی ‘کۆمار’دا دەکەمەوە.

بەدەرچوونی ‘ترەمپ’ ئیتر شتێک بەناوی بنەمای خۆیی و بابەتی وەک پێشمەرجی سەرکردەی سیاسی نەمایەوە. هەلومەرجی مێژوویی و کولتوری و سیاسی جیهان و بارودۆخی ئابوری، خوازیاری کاراکتەرێکی ترە. بەدەر لەم راستییەش، لەمێژووی فەرمانڕەوایەتییدا دەرچوونی ئەو كەسە شتێکی سەیرو دانسقەش نییە. تەنانەت، لەفیلمکارتۆنى ناسراو “خێزای سیمسن” لەساڵی (٢٠٠٠) باسی دەرچوونی ترەمپ دەکات وەک گاڵتەجاڕییەکی سیاسی!
بەهەمان نەفەس، پاش بردنەوەى زۆرینەی دەنگەکان، لەلایەن ترەمپەوە کۆمەڵێک راوبۆچوونی جیاواز لەمیدیاکانەوە باس لەدیاردەیەکی نوێ دەکەن لەسیاسەتی ئەمریکادا کە ئەویش کۆتاییهاتنی دامەزراوەی سیاسەت (Establishment) و کۆتایی سیاسەتی دیمۆکراسى. لەبەرامبەردا، سەرهەڵدانی توندڕەوەی و ناپیشەیی و پۆپلیزم و راسیزم و شۆڤینیزم و هتد دەبێتە شتێکی ئاسایی. ئیدی، سەرکەوتنی ترەمپ ساتەوەختی تەقینەوەی پشێویی نەژادی و کاردانەوەی ترە کە بەداویدادێت.
بۆیە، زۆرێک دەپرسن: ئایا هۆکاری سەرکەوتنی کەسێکی وەک ترەمپ چییە؟ ئایا لەروانگە سایکۆلۆیجیەکەوە, دەربڕی دەروونێکی نووستوی ئەمریکایە؟ ئایا دەربڕی ئەو دەنگانەیە کە لەجیهان دابڕاون و بەمجۆرە نموونەی خۆیان لەترەمپدا دەبیننەوە؟ ئایا، ترەمپ کاراکتەرو کەسێتی و جیهانبینی ئەمریکییە کە هێزو پارەو توندرەوییە؟

بێگومان، ترەمپ هەم تۆخبوونەوەی دیاردەی سەرکردەی پۆپۆلیست و هەم کەسێکی بەرەفتارو وتار رادیکاڵ و زبرە. لەکۆنەستی جەماوەری ئەمریکادا هاولفی و هاوشانی “پوتین”ە كە ئەمريكا لەو نەرمەلیقەیی “سیاسەتی کۆریکتە”ى ئۆبۆما رزگارکات. گێڕانەوەی شکۆ بۆ ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی لەجیهاندا وەک پۆلیسە ئازاکەو تەرەزانی گەمەنێودەوڵەتییەكان.
ديارە, سەرمایەی ترەمپ سەرمایەی مەعریفەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و پیشەی سیاسەت نییە، بەڵکو سامان و دەموزمانە زبرو قسە سەیروسەمەرەکانیەتی کە بەشێکی باشی شەقامی ئەمریکی سەرسامدەکات. ياريكردن بەسياسەتى ناسنامە(Identity Politics)، وروژاندنى ترس و زەقكردنەوەى سپی و مەکسیکەیان و دەرکردنیان و فریودان، زەمینەی سەرکەوتنیەتی.

سەرباری ئەم خەسڵەتانە، بۆ وڵاتێکی وا دێرین لەدیمکوراسی و خاوەنی شۆڕشی گەورەو دەستزامار بەجەنگی ناوخۆیی، چۆن رێیتێدەچێت کەسێتیەکی وا بودەڵە دەربچێت؟ ئایا کەلەبەرێک لەسیستمی سیاسی و دیومکراسی ئەمریکیدایە؟ یاهەژانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەیە؟ یا لێکەوەتەی قەیرانێکی سەرتاپاگیرە؟ یا ترەمپ دەرهاویشتەی دەنگدەرگەلێکە کە نوێنەرایەتی سیاسی ماف و خواستەکانی وونکردووە؟
بەڕای من دوو هۆکار دەتوانن وێنەیەکی روونترمان لەسەر دەرچوونی ئەو کاراکتەرە بدەنێ: هۆکاری خۆیی ئەمریکا. هۆکاری دەرەکی لەسەرئاستی جیهان. دەکرێت سەرەداوی هۆکارە ناوخۆیەکە لەتێزەکانی ‘ئەفلاتون’ەوە هەڵبگۆزین. هەڵبەت، ئەگەرچی ‘کۆمار’ کتێبێکی پەروەردەی سیاسی و مەدەنیە، دەستنیشانی جۆرەکانی فەرمانڕەوایی لەشارەدەوڵەتدا دەکات. چونکە، ئەفلاتون لێکچوونێک لەنێوان فۆرمی فەرمانڕەوایەتی و کەسێتی مرۆڤەکاندا دەکات.
پێیوایە ‘دەوڵەت وەک مرۆڤەو بەهەمان کاراکتەرو کەسێتی مرۆڤ پەرەدەسێێت’. لەزاری ‘سۆکرات’ەوە، ئەفلاتون دەستنیشانی هۆکارەکانی داتەپینی فەرمانڕەوا لەئاستێکی باڵاو نموونەیەوە بۆ زۆنگاوی گەندەڵی رەوشتی دەکات. لەو سۆنگەوە، بەراوردێکی نێوان شارو ڕۆح دەکات. لەبەرئەوە، هەموو جۆریکی فەرمانڕەوایەتی رەنگدانەوەی کەسێتی فەرمانڕەوایەو سیتمی حوکمڕانی بەهۆی ئەو ئامانجانەی کەبەدیدەهێنن پێناسەدەکرێت.

ئیدی، جۆرەکانی فەرمانڕەوا ئەو ئامانج و خواستە دەهێننەدی کە لەپێناویدا دامەزراوە. بۆنموونە، مۆدێلی ئۆلیگارشی(ساماندارەکان) جەخت لە سامان و پارە دەکەنەوە. لەمۆدێلی دیموکراسیدا، ئازادی بەرزترین چاکەیە. بەڵام، لە ستەمکاریدا(tyranny) بەدیهاتنی ویستی ستەمکار سەرتۆپی فەرمانڕەوایەتییە. ئاشکرایە، ئەفلاتون هەرسێ مۆدێلەکەی فەرمانڕەوایەتی رەتدەکاتەوە. چونکە، هیچیان لەپێناو دادوەری و چاکەی باڵادا نەهاتوونەتەدی. بەڵام، کێشەی رژێمی ئۆلیگارشی لەوەدایە کە دەوڵەمەندو پارەدار خاوەنهێزو دەسەڵاتەو هەژارەکان وەلادەنرێت. قەیرانی دیموکراسیش لەوەدایە کە ئازادی زۆرینە دەبێە هێزی خەڵکی. هاوکات، مەترسی رژێمی ستەمکاری ئەوەیە کە لەلایەن تاکەکسێکەوە کە نەدادپەروەرە، نەخاوەن خەسڵەتی پێویستی فەرمانڕەوایەتییە،بەڕێوەدەبرێت.

لێرەوە، گرفتەکە لەوەدایە چۆن وڵاتێکی دیموکراسی وەک ئەمریکا بەرەو لێواری شێوان و فەرمانڕەوایەک کە زەنگی جەنگی نەژادی دەڕوات؟ چۆن دەکرێت ستەمکارێک لەهەناوی دیموکراسیەوە بێتەدەر؟
بێگومان، وەڵامی ئەفلاتون ئەوەیە کە دیموکراسی ‘فۆرمێکی سەرنجڕاکێشی فەرمانڕەوایەتییەو پڕە لەفرەیی و نارێکوپێکی و پێدانی جۆرێک لەیەکسانی بۆ هاوشانەکان و نایەکسانەکان وەک یەک’. هەربۆیە، بەدەربڕینی سۆکرات دیموکراسی جۆرێکە لەئەنارشیزم-بێسەروبەری خوازراو. ئیدی، لەم فەرمانڕەوایەتیەوە ، ستەمکار بەئاسانی سەردەرهێنێت. وەکچۆن، رێیتێدەچێت لە دیموکراسیەوە ستەمکار بکەوێتەوە، ئاوەهاش دیمکوراسی لە ئۆلیگارشیەوە بکەوێتەوە. حەزو مەیلی ناهاوسەنگ بۆ دەرفەتی ئازاد، جۆرێک لەستەمکاری دەخوازێت.
لێرەدا، لۆجیکێک هەیە کە چۆن دینامیکیەتی گۆڕان لە ئۆلیگارشیەوە بۆ دیموکراسی و لەوێشەوە بۆ ستەمکاریی ئاسانە. چونکە، هەر رژێمێکیان وەک پەرچەکرداری رژێمەکەی پێشوترەو دەرهاویشتەیەتی. ئیدی، گواستنەوە لەدیموکراسی بۆ ستەمکاری رێیتێدەچێت؛ لەبەرئەوەی کەڵەکەبوونی ئازادی، دەستەوگروپی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەهۆشیەوە، فرەیی دیدگە دەکەوێتەوەو هەریەکەشیان گیرۆدەی بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیانن.

کەواتە، ستەمکاری لەدیمکورکاسی دەرپەڕیو، لەڕێگەی تەڵەکەبازی هێزدەگرێتەدەست. چونکە، ساماندارەکان، وەک کەسێکی ئاسایی خۆی بەخەڵکی دەناسێنن. وەک ئەفلاتون دەڵێت، لەرۆژانی یەکەمی دەسەڵاتگرتنەدەستدا ستەمکارو ئۆلیگارشەکان پڕن لەبزەوخەندە، سڵاو لەهەموو کەسێک دەکەن. بەڵێن بەجەماوەر دەدەن و قەرزدارەکان لەقەرزەکانیان رزگاردەکەن و زەوی بەسەر خەڵکی و دەستوپێوەندیدا دابەشدەکەن تا وەک میرخاس دەرکەون!
بۆیە، دەرچوونی ترەمپ سەیروسەمەرەنییە. جگەلەوەی کە هۆکاری دەرەکی، رەوشی جیهان و جەنگ و کێشەکانی ئەمڕۆ لەبەرژەوەندی دەرچوونی کاندیدی رادیکاڵ و پۆپیلیستدایە. کەواتە، بەدەرچوونی ترەمپ ئەگەر ئێمە پێنەنێنە سەردەمێکی تری سیاسەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە، ئەو فۆرمە رادیکاڵە پۆپولیستەی سیاسەتمەدارو سەرکردە وەک نەریتێکی زاڵ لەجیهانی ئەمڕۆدا دەچەسپێت. چونکە، دەرچوونی کاراکتەرێکی وەها، ئەڵقەیەکی گرنگە لەزنجیرەی وڵاتەزلهێزەکان کە ‘پۆتین و سەرۆکی کۆریای باکورو ئەردۆگان و زۆریتریش تەوایدەکات. وەک هەندێک چاودێریش دەڵێن کاراکتەری ‘ترەمپ’بۆ وڵاتانی وەک روسیا، چین، کۆریاو زۆر وڵاتیتر لەبارە بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵیدا.
لێرەوە، وەک فەیلەسوفی فەرەنسی ‘بادیۆ’ لەسەمیناریکی (٩/١١/٢٠١٦) ووتی: جێگەی سەرنجە کەترەمپ بێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام دەشبێت بەرەوڕووی ئەو راستییە بینەوە کە لیبرالیزمی سەرمایەداری لەلێواری تیاچووندایە.




بایکۆت چییە و چۆن ئەنجامى دەبێت … ڕزگار عەلى

یەکێک لەو ڕێگا مەدەنیانەى کە هاونیشتمانانى هەر وڵاتێک دەیگرنەبەر نارەزایەتییە بەرامبەر دۆخێک کە تێیدەکەون، چا دەبێت بپرسین ئەو ناڕەزایەتییە چۆن خۆى مانفێست دەکات؟ لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان کاتێک کە فەرمانبەران یان کرێکارانى سێکتەرێک یان کارگەیەک لە دۆخى خۆیان ناڕازین هەڵدەستن بە مانگرتن، یەکەم ئیشى مانگرتن نەچوونە سەر کارەکانیانە، بەمەش ئەو شوینە ئیفلیج دەبێت، یان بە شێوەیەکى تر ئاماژەى پێ بکەین، لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان ئەو شوینەى کە ئیفلیج دەکرێت بەهۆى مانگرتنى کرێکارانەوە کاریگەرى بە تەنیا لەسەر خودى شوینەکە نابێت، بەڵکو کاریگەرى دەخاتە سەر تەواوى وڵات، بەمەش لە وڵاتە ڕۆژئاوایەکان ئیفلیجکردنى تەواوى وڵات دەتوانێت بە سێکتەرێک یان بە بەشێک یان بە سکەى قیتارێک دەستپێبکات، ئەمە لەبەر ئەوەى هەم ئەو وڵاتە وڵاتێکى بە دامەزراوەییە و هەموو شوێنە زیندووەکانى وڵات پەیوەندى بەیەکەوە هەیە، هەم دەتوانین بڵێن لە وڵاتان سیاسەت پەیوەستە بە هەموو دامەزراوەکانى وڵات و بۆیە پیویستە لە خزمەتى هەموو دامەزراوەکانى وڵاتیشدا بێت، ئەگەر لە وڵاتان دامەزراوەیەک پەکی بکەویت راستەوخۆ شکستى سیاسەتە، چونکە سیاسەت بەو دامەزراوەیە بوونى هەیە. با ئێستیک بکەین بۆ کوردستانى خۆمان و بزانین ناڕەزایەتى دەبێت چۆن چۆنى بێت؟ لە کوردستان چونکە سیاسەت بە دامەزراوەیی نییە، هیچ کارێک و پەیوەندییەکى بە دامەزراوەکانیشەوە نییە، لێرە سیاسەتمەداران و حوکمڕانان چونکە ئیشیان لە مافیابوون و ڕوتکردنەوەى هاوڵاتیان زیاتر هیچى تر نییە، بۆیەش تەنیا پێویستییان بە یەک سێکتەر هەیە ئەویش ئەو سێکتەرەى کە مافیابوونیان دەپارێزێت، بێگومان ئەو سێکتەرەش سەرباز و ئاسایش و کۆمەڵە جەتەگەراییەک کە دەچنە خزمەتى خۆیەوە، ئەم پەیوەندییەش کە ئەم جۆرە مافیایە بە سیکتەرەکانى ترەوە دەبەستێتەوە تەنیا ئەوەیە خزمەتى مادى بکەن، واتە ئەم دەوڵەتە مافیایە تەنیا بۆ مادە ئەم سێکتەرانەى هێشتۆتەوە کە هەیە، ئەوەشى کە مادەى لێ نییە، هیچ پەیوەندییەکى بە ئەم حوکمڕانە کوردییەوە نەماوە، ئایا لە جۆرە سیاسەتکردنێکى مافیایی ئەوهادا دەبێت سیکتەرەکان، مامۆستایان، قوتابیان، فەرمانبەران و تەواوى چینەکان چۆن نارەزایەتییەکانیان مانفێست بکەن؟ لەوەها دۆخێکى وەهادا دەبێت نارەزایەتییەکان، مانگرتن، بایکۆت شیوازى نوێ لە خۆى بگرێت، لە دۆخێکى وەهادا بایکۆت نابێتە ناڕەزایی، لێرە بایکۆت ناتوانێت دەسەڵاتداران بخاتە سەر خەت، ئەو بایکۆتەى کە ئێمە دەیکەن و دەچینەوە ماڵەوە دادەنیشین سێکتەرەکانى پەروەردە، خوێندنى باڵا، تەندروستى پێ ئیفلیچ دەکەین دەسەڵاتى پێ ئیفلیج ناکرێت، چونکە وەکو گوتمان ئەم دەسەڵاتە کوردییە ئەم سێکتەرانە بە هی خۆى نازانێت، تەنانەت نەک بە هى خۆشى نازانێت جەوهەرى ئەم دەسەڵاتە کوردییە لەسەر کوشتنى ئەوانە ئیش دەکات، ئەم جەتەگەراییەى کە هەیە هەموو دامەزراوەکانیش پەک بخەیت کێشەى نییە، ئەو تەنیا پیویستى بە سوپایەکە بیپارێزێت کە هەیەتى، بۆیە دەبێت بایکۆت بە ناڕەزایەتى نەزانین، بەڵکو بایکۆت بە دەرفەتێک بزانین کە کۆمانیکردۆتەوە و کاتی زیاترمان دەداتێ بۆ ناڕەزایی، واتە ئەو کاتەى هەمانە بەشى هاوارەکانمان ناکات، بەشى (نەخێر)کانمان ناکات مەجبوور دەبین کات لە بایکۆت قەرز بکەین، بۆ ئەوەى شەو و ڕۆژ کۆمانبکاتەوە لەسەر شەقام، لەناو خۆمان بمانهێڵێتەوە و لەسەر داواکارێکانمان سورترمان بکات، فکرەى تازەمان بداتێ تا ناڕەزایەتییەکانمان زووتر بگاتە ئەنجام، کەواتە ئێمە دەبێت واز لەو جۆرە بایکۆتە بهێنین کە دەمانباتە ماڵەوە و بە خواردنى فاسۆلیا و برنچ و قسەى (بەتەماى خواى) خەریکی کردووین، بەڵکو دەبێت بچینە قۆناغى یاخیبوونەوە لەهەمبەر دۆخێکى نەجوڵاو و ستەمکار، دەبێت هەوڵبدەین قیڕەى هاوارەکانمان بچێتە ئەوپەڕى ئاسمان، دەبێت وابکەین لەو پاشاگەردانییە رزگارمان بێت، دەبێت داواى گۆڕان بکەین گۆڕانێکى ڕیشەیی و بەهادار، دەبێت سەنگەر لە ستەمکارى بگرین، تاوەکو مافى ئەوەى نەبێت ستەممان لێ بکات، دەبێت بێڕێزیکردن بووەستێنین، دەبێت کۆشش بکەین بۆ دۆخێکى مرۆیی بەهادار کە هیچ نەبێت کەرامەتى مرۆیی پارێزراو بێت.




هۆکار و پەیامەکانی هەڵبژاردنی ترامپ! حەمید تەقوایی

کەیوان جاوید: ترامپ بە پێچەوانەی تەواوی ڕاپرسیەکان بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵبژێردرا، هۆکاری ئەمە چییە؟

حەمید تەقوایی: ترامپ کەسیێکە کە ڕاستڕەوترین سیاسەت و ڕاسیسترین بۆچۆن دژ بە ژنان و پەناهەندە و ڕەشپێستەکان نوێنەرایەتی دەکات وە هەر بەم دەلیلە جێگای بێزاری زۆربەی زۆری خەڵکی ئەمریکایە و ڕاپرسیەکان وایان نیشاندەدا کە هەڵنابژێردرێت. بەپێی رێژەی دەنگدەرانی سەراسەری کلینتۆن دەنگی زیاتری هێنا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەپێی سیستیمی هەڵبژاردنی بازنەیی و ژماری نوێنەرانی ویلایەتەکان دیاری دەکرێت لەسەر ئەم بنەمایە ترامپ هەڵبژێردرا. بەڵام تەنانەت لەسەر ئەم ئاستەش کەسانێک کە دەنگیان بە ترامپ دا لە بنەڕەتدا دەنگیان نەداوە بە ڕاسیزم و بابەتە دژە ژنی و دژە بیانیەکانی ئەو. ترامپ بە ناونیشانی نوێنەر و هۆکاری ئاڵوگۆر خۆی پێناسەکرد. لە پڕوپاگەندە و بابەت و قسەکانیدا دژ بە سیستیمی حکومەتی خۆی نیشاندەدا، بە وتەی خۆی دژی “زەلکاوی واشنگتۆن” و دژ بە سیاسەتمەدارانی کۆنەکار بوو لە هەردوو ڕابەرایەتی حیزبی دیموکرات و کۆماریەکان و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم لەدەرەوەی سیستمەکەیە، کاری سیاسی نەکردوە و پلەوپایەکی سیاسی نەبوە و بەم پێیە دەتوانێت سیستم بگۆڕێت و “زەلکاوەکە وشک بکات” و چەندانی تر. بەبۆچونی من دەنگدان بە ترامپ یەک دەنگدانی سلبی ونێگەتیڤ بوو کە ناڕەزایەتی و بێزاری بەرفراوانی خەڵک لە وەزعی ئێستا نیشاندەدات. ئەمە هۆکاری بنەڕتی هڵبژارنی ترامپ بوو.

کەیوان جاوید: هەروەک ئاماژەت پێکرد ترامپ ڕخنەی لە سیستمی فەرمانڕوا دەگرت، ئایا لە ڕاستیدا ترامپ دەتوانێت وە یان دەیەوێت ڕوبەڕوی سیستمەکە بێتەوە؟

حەمید تەقوایی: ڕوبەڕوبونەوەیەک لە ئارادا نییە بەڵام دیارە ترامپ دەیەوێت ئاڵوگٶڕێک لە سیاسەتاکانی ئێستادا بکات. ئەم ئاڵوگۆڕانە لە بەرژەوەندی یەک دەرسەدیهای دەسەڵاتدارە نەک ئاڵوگٶڕێک کە خەڵک چاوەڕێیەتی وە یا ئەو خۆشخەیاڵیەیان هەیە کە ترامپ جێبەجێیاندەکات. سیاسەتەکانی ترامپ هەمان ئەو سیاسەتانەی ڕاستی توندڕەو و نیوکۆنسەرڤەتیڤەی سەردەمی ڕێگان و تاتچەرە بە ئیزافەی پاراستنی ئابوری (پرۆتێکشن) لە جۆری “بریگسیت” لەسەر بنەمانی پێشگرتن و برگرتن بە ناردنەدەرەوەی سەرمایەکان و پێشگرتن و بەرگرتن بە هاتنی پەنابەران و کرێکارانی بیانی و چەندانی تر. ئەمانە تێکەڵەیەکن کە ترامپ ڕایگەیاندوە. ئەم سیاسەتانە تا ئەوشوێنەی بە پاراستنی ئابوری دەگەڕێتەوە کارێکی مەحاڵە، لە سەردەمی بە جیهانیبونی سەرمایەکاندا ئەمە ئیمکانی نییە. خودی ترامپ سەرمایەدارێکە کە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا سەرمایەگوزاریکردەوە. لیرەدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە ئیمکانی هەیە، وەکو لێدان و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، ئەم سیاسەتانە بە تەواوی لە خزمەت و بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداردایە. ترامپ تەنانەت بەو ئاستە لە ڕیفۆرم کە حکومەتەکەی ئۆباما جێبەجێیکرد نەیارە و بە ناونیشانیی نمونەیەک دەیەوێ ئەو بیمە دەرمانیانە یا “ئوباماکیر” – کە مۆڵەتی دا بە نزیک لە بیست ملیۆن کەس کە لە بیمە دەرمانیەکان بێبەش بون بەهرەمەند ببن – هەڵوەشێنێتەوە و دەستی کۆمپانیاکانی بیمە و دەرمان دروستکردن لە دەستکردن بە گیرفانی خەڵکدا بەتەواوی ئاواڵابکات. ئەمانە ئەو ئاڵوگۆڕانەن کە ترامپ لە ژێر ناونیشانی ئاڵوگٶڕ لە سیستەم وشککردنی زەلکاوی واشنگتون یان ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ سیاسەتمەدارانێکدا کە دەیان ساڵە لەسەر کارن و کارێکیان بۆ خەڵک نەکردوە و ڕەخنەگرتن لە ئەحزابی حکومەتی و چەندانی تر باسیان لێوە دەکات. واتە جۆرێک لە پڕوپاگەندەی عەوامفریودەرانە و پۆپۆلیستیانە کە بەتایبەت فاشیستەکان بەم جۆرە پڕوپاگەندانە خەڵک بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن. ترامپ بەم جۆرە پڕوپاگەندانە توانی دەنگی خەڵک بەدەستبهێنێت.

کەیوان جاوید: مٶڵەت بدە قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بکەین، ئایا ترامپ دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بوشیزم و سەردەمی زلهێزی ئەمریکا لە دەیەی دوای ڕوخانی سۆڤیەت؟

حەمید تەقوایی: ترامپ ئیدیعایەکی لەم جۆرەی هەیە. کاتێک باس لە “گەڕاندنەوەی گەورەیی ئەمریکا” دەکات مەبەستی زیندوکردنەوەی هەمان ئەو زلهێزیەی ئەمریکایە. بەڵام ئەم مەسەلەیە بە ئیدیعا بەدینایەت. زلهێزی ئەمریکا بە تایبەتیش لە دەیەی دوەمی ئەم سەدەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو شوێنێکی دنیا بەرەو ئاوابون و لاوازی چووە. ئەمە ئاکامی سیاسەتەکانی ئۆباما نەبوو. بوشیزم و میلیتاریزم و شەڕەنگێزی حکومەتی ئەمریکا بە واقعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستیخوارد. ماشێنی سەربازی ئەمریکا شکستیخوارد و لە لایەکی ترەوە لەدوای قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ وە چیتر حکومەتی ئەمریکا لە ڕوی ئابورییەوە هەم توانا و ئیمکانی درێژەدانی بە سیاسەتە میلیتاریستیەکانی نەما. هەموو ئەم هۆکارنە بونە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی میلیتاریستی جێگای خۆی بدات بە سیاسەتی تر لەسەر بنەمای دیبلۆماسی کە ئۆباما نوێنەرایەتی دەکرد. ترامپ بە ناونیشانی ڕەخنەگری دۆخی ئێستا بە سیاسەتەکانی دەروەی ئۆباما نەیارە بەڵام لە ڕوی ئامانج و پراتیکییەوە ئیمکانی نییە کە دوبارە زلهێزی ئەمریکا لە سەردەمی جەنگی سار و تەنانەت سیاسەتە ملیتاریستیەکانی دەورەی بۆش زیندوبکاتەوە. ئەمجۆرە لە بانگەشەکردن بە مانای ئەوەیە کە لە مەیدانی سیاسەتی دەرەوەدا ترامپ هەوڵدەدات سیاسەتی هێرشبەرانەتر و خۆسەریانەی زیاتر، بەوجۆرەی کە لەدەورەی بۆشدا هەبوو، پەیڕەوبکات. هەر بەم شێوەیە کە سەبارەت بە ناتۆ هەم خەت وسنوری کێشاوە و مەرج وبەندی داناوە. بەڵام بە عەمەلی تەنانەت لەو ئاستە سنوردارەشدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.

کەیوان جاوید: سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چۆنە؟ ئایا سیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت؟

حەمیدی تەقوایی: تا ئەو شوێنەی کە بە بەرئەنجام و ڕێکەوتنی ئەتۆمی پەیوەندیدارە ئەم رێکەوتننامەیە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و بە ئیمزای نەتەوەیەکگرتوەکانە و کارێکی سادە نییە کە ترامپ بیەوێت یەکلایەنە هەڵیبوەشێنێتەوە. بەڵام ئەوە ئیمکانی هەیە کە گەمارۆی زیاتر بەشێوەی تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بە بیانوی پێشێلکردنی چەند بەندێکی ئەو ڕێکەوتننامەیە جێبەجێبکرێت. لە لایەکی ترەوە وا دێتە پێش چاو کە ترامپ دەیەوێت پەیوەندیەکی گەرمتر و نزیکتری لەگەڵ ڕوسیا هەبێت وە بەم پێیە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ بلۆکی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لەو بلۆکە، میانڕەوتر دەبێێت. بەڵام بەهەرحاڵ بە بۆچونی من سیاسەتگەلێک کە ئەمڕۆ حکومەتی ئەمریکا لە پەیوەند بە کۆماری ئیسلامیەوە لە عێرا ق و سوریا دا گرتویەتیەپێش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەرنایەت. تەنها دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە تا ئەوکاتەی بە ڕێکەوتننامەکەوە پەیوەندە سیاسەتێکی سەختتر بچێتە دەستورکاری حکومەتی ئەمریکاوە.

کەیوان جاوید: وەک دواین پرسیار ڕێگای ڕزگاری خەڵکی ئەمریکا لەم بارودۆخە چییە؟

حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من ئەم هەڵبژاردنە جارێکی تر ئەوەی نیشاندا کە دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ خەڵک هەر چوار ساڵ جارێک چەندە پوچە و لە سندوقەکانی دەنگدانەوە دەتوانرێت چ لیخن و بۆگەناوێک بێتەدەرەوە. لە سندوقەکانی دەنگدانەوە دەتوانرێت ڕاستڕەوترین و دژە مرۆییترین بابەت و سیاسەتی ڕاسیستی و سێکسیستی، و دژایەتیکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان و هەر جۆرە باشتربون و پێشڕەویەک لە ژیانی مرۆڤەکاندا بێتەدەرەوە. ئەم تەجروبەیە جارێکی تر، هەروەک چۆن بزوتنەوەی داگیرکردنی واڵستریت ڕایگەیاند، نیشانیدا کە ئازادی لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نایەتەدەرەوە. ناتوانرێ چاوەڕوانی ئاڵگۆڕی بنەڕەتی بین لە هەڵبژاردنەکاندا. بە بۆچونی من ڕێگاچارە لە دەستی بزوتنەوە چەپ و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکاندایە. جوڵانەوەیەکی لەوجۆرەی کە لە بزوتنەوەی داگیرکردنی واڵستریت بینیمان. وە سیاسیتر و حیزبیتر و بە نوێنەران و کەسایەتیە سیاسیە بەرجەستەکانیەوە. زەمینەکانی ئەم جوڵانەوەیە هەر ئەمڕۆ لە خودی ئەمریکادا دەبینین. ناسراوبونی کەسێکی وەک بێرنی سنادرز کە بۆ یەکەمیجار لە کەمپینێکی هەڵبژاردندا لە ئەمریکا خۆی بە سۆسیالیست پێناسەدەکات و خۆشەویست دەبێت وە یان ناسراوبونی کەسێکی وەک جێرمی کۆربین لە بەریتانیا، سەرهەڵدانەوە و ڕەنگدانەوەی یەکجۆر لە چەپی کۆمەڵایەتییە. ئەم کەسانە سیاسەتمەدارانێکن کە لەژێر فشاری چەپی کۆمەڵایەتیدا هاتونەتەپێشەوە. ئەم چەپە پێویستە دەسەڵات بگرێت، بەهێزتر ببێت، بەتایبەتیش خۆی ڕیکخراوبکات لە حیزبدا. بە بۆچونی من خاڵی پێشڕەوەی ئەم بزوتنەوەی چەپی کۆمەڵایەتیە لە گرەوەی ڕەخنەگرتندایە لە سەرجەم دۆخەکە و تەواوی سیستمی ئێستا.

١١/١١/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد
ئەم گفتوگۆیە چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی کەناڵ جەدیدە لەگەڵ حەمید تەقوایی




له‌ شیعری ژاپۆنییه‌وه‌ – كه‌ جوانتربووم


شیعری: خاتوو نۆریكۆ – ئیباراكی
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه ژاد عزیز سورمێ

كه‌ جوانتربووم ،
زۆر شار داڕمان و
ئاسمانی شین
له‌ شوێنێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا ده‌ركه‌وت ..
*

كه‌ جوانتر بووم ،
كه‌س دیارییه‌كی به‌سۆزی نه‌دامێ
پیاوان له‌ سڵاوی سه‌ربازییان زیاتر نه‌ده‌زانی
ده‌ڕۆیشتن و نیگا جوانه‌كانییان به‌جێده‌هێشت ..
*
كه‌ جوانتربووم ،
سه‌ر به‌تاڵ و
دڵ خاچ بوو
ته‌نێ ئه‌ندامی جه‌سته‌م
ئه‌سمه‌رییان لێ ده‌دره‌وشایه‌وه‌..
*
كه‌ جوانتربووم ،
وڵاته‌كه‌م له‌ شه‌ڕدا شكا
شتێكی بڕوانه‌كرده‌
قۆڵی كراسه‌كه‌مم هه‌ڵكردبوو
به‌ناو شاری زه‌لیلدا سووڕامه‌وه‌ ..
*
كه‌ جوانتربووم ،
ڕادیۆ یه‌ك به‌خۆ
مۆسیقای جازی په‌خش ده‌كرد
هه‌ڵملووشی..
ئه‌و مۆسیقا ڕۆژئاواییه‌ جوانه‌م هه‌ڵلووشی..
سه‌رم سوڕا ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی
پاش وازهێنانێكی زۆر
بۆ جگه‌ره‌ گه‌ڕابمه‌وه‌ ..
*
كه‌ جوانتربووم ،
ده‌به‌نگ و به‌دبه‌خت بووم
زۆر خه‌مۆك ..
بۆیه‌ بڕیارمدا (ئه‌گه‌ر بتوانم)
زۆر بژیم
وه‌ك (ڕۆئۆ) ، باپیره‌ی فه‌ڕه‌نسی
كه‌ له‌ پیریدا ،
تابلۆی نایابی كێشان .

—————————-

ئاماژه‌ : له‌ چاپی دووه‌می (سفینه‌ الموت – انگولوجیا الشعر الیابانی الحدیپ)ـه‌وه‌ به‌ وه‌رگێڕانی (محمد عقیمه‌ و كاورو – یاماموتو) بۆ عه‌ره‌بی ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای (التكوین) – دیمه‌شق ، كراوه‌ به‌ كوردی .




هاكا نیشتمانیش كۆچی كرد … زیاد ڕه‌شاد قادر

سه‌ر له‌ ئێواره‌یه‌ك نیشتمانیش دیار نامێنێ‌
ئه‌ویش ئێره‌ به‌جێدێڵێ‌
سه‌ر له‌ ئێواره‌یه‌ك نیشتمانیش مشتێ‌ له‌ خۆڵی كه‌ركووك و
پارچه‌یه‌ك له‌ پشدێنه‌كه‌ی عومه‌ر خاوه‌ر و
چه‌ند په‌ڕه‌یه‌كی زه‌ردباوی كتێبی شه‌ره‌فنامه‌
ده‌ئاخنێته‌ نێو ده‌سرۆكه‌یه‌ك و
سه‌ری خۆ هه‌ڵده‌گرێ‌ بۆ سه‌ر زه‌مین و كیشوه‌رێكی دوور دوور
***
نیشتمان به‌دوای شه‌وی ئارام و
ژیانی سه‌قامگیر و
كاره‌بای هه‌میشه‌یی و
پارك و موچه‌ و مه‌عیشه‌تی خۆیدا ناگه‌ڕێ‌
نیشتمان له‌ داخی نه‌خۆشكه‌وتنی كوردایه‌تی و
زامداربوونی ئینیتیما و
بیماریی هه‌ست و هه‌ڵوێستی ڕۆڵه‌كانی و
بێ‌ شه‌هامه‌تیی هه‌ندێ‌ له‌ ئاغاكانی سه‌ر هه‌ڵده‌گرێ‌
ئه‌و له‌ ده‌ستی چه‌ته‌كان هه‌ڵدێ‌
كه‌ ڕه‌ز و كێڵگه‌ و باخه‌كانی ده‌سووتێنن
ئه‌و له‌ چنگی ئه‌و قومارچییانه‌ ڕاده‌كا
كه‌ ڕۆژ تا ئێواره‌
جوانییه‌كانی وڵات ئه‌تك ده‌كه‌ن
نیشتمان له‌ خه‌فه‌تی ئه‌و نه‌خوێنده‌وارانه‌ كۆچ ده‌كات
كه‌ زمان و كلتوور و یاسا و ژینگه‌ و سه‌راپای وڵات
وێران ده‌كه‌ن…
***
چه‌ند ڕۆژێ‌ دوای دیار نه‌مانی نیشتمان
هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجوومه‌ن و ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌كان
دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و
خوێندنی باڵای وڵات و یه‌كێتی زانایان و
پاش قسه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆستانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی
له‌ مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا
مه‌راسیمێكی زۆر زۆر گه‌وره‌دا
كه‌ هه‌موو میدیای دونیای تێدا بانگهێشت كراوه‌
واژو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی
بودجه‌یه‌كی ته‌رخانكراوی تایبه‌ت ده‌كه‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی
بڕیار بده‌ن
له‌ ماوه‌یه‌كی نێزیكدا كۆببنه‌وه‌ و
چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكبَێنن
سه‌باره‌ت بۆ هۆكار و ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕه‌ڤینی نیشتمان
پێده‌چێ‌ ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌تانه‌
تاوتوێی ئه‌وه‌ بكه‌ن
له‌ ئاینده‌دا
ئاینده‌یه‌كی زۆر دوور نا
بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن
نیشتیمانێكی ئه‌لته‌رناتیف
له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكه‌ن
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش
پێده‌چێ‌ كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ڕابسپێرن
زێتر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌
كه‌ پله‌ یه‌ك و تایبه‌تن و
ڕابردوویه‌كی سپی سپییان هه‌یه‌ و
ڕۆڵی گه‌وره‌یان دیوه‌
له‌ وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاتدا
تا ئه‌گه‌ر گونجا
نیشتمانێك بۆ خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان بێنن و
پێشبینییش ده‌كرێ‌
نیشتمانه‌ هاورده‌كراوه‌كه‌
له‌ جۆری ئۆرگیناڵ بێ‌ و
به‌رگه‌ی ئاهی گه‌رم و هه‌ناسه‌ی سه‌ردی به‌له‌نگازه‌كان بگرێ‌ و
به‌ هه‌ڵكشان و داكشانی دزی و درۆزنی و گه‌نده‌ڵی
دڵی تێكنه‌چێ‌ و ڕه‌نگی هه‌ڵنه‌بزركێ‌
ئه‌وه‌نده‌ش شه‌رمبه‌خۆ بێ‌
تا ماوه‌ی گرێبه‌ستی مانه‌وه‌ی ته‌واو ده‌بێ‌
نه‌ڕوات و خه‌ڵكی به‌هه‌ڵوێست و
مه‌سئوولی پڕ به‌پێست و
دونیای ئۆف و عوتڵه‌ و ڕێست
به‌جێنه‌هێڵێ‌…

زیاد ڕه‌شاد قادر
هه‌ولێر، پاییزی 2016




کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران نمایشکران

مەنسوور جیهانی ـ کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکران.

کۆمەڵێک فیلمە چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی، فیلمە ئەزموونی و ئەنیمەیشنی لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراجۆرەکانی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تارانی پێتەختی ئێران نمایشکران، کە بریتین لە:

لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”:

ـ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی “زالزالەک” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “ئیرەج محەمەدی رەزینی” بە ماوەی 6 خولەک لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 9:30 شەوی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “چمدان خیس” واتە “جانتای خووساو” لە دەرهێنانی سینەماکاری بانەیی “ئەشکان ئەحمەدی” بە ماوەی 11 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی گرووپێک لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کە بەرەو ئەورووپا بەڕێدەکەون و … لە کاتژمێر 5:30 دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 7:30 ئێوارێی رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “ماجرای نیمروز” واتە “رووداوەکانی نیوەڕۆ” لە دەرهێنانی سینەماکاری شنۆیی خاتوو “ماریا ماوتی” بە ماوەی 15 خولەک لە کاتژمێر 7:30 ئێوارێی رۆژی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 5:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 پەردیسی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “اینەهای پریدە رنگ” واتە “ئاوێنە رەنگ پەڕیوەکان” لە
دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “سالم سەڵەواتی” بە ماوەی 16 خولەک لە کاتژمێر 10ی شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “خانە سفید” واتە “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرەستوو مەفاخری” بە ماوەی 20 خولەک لە کاتژمێر 7:35 ئێوارێی رۆژی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 6ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی “تابلوهای نقاشی” واتە “تابڵۆ شێوەکارییەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری مەهابادی خاتوو “باران محەمەد ریحانی” بە ماوەی 7 خولەک لە کاتژمێر 4 دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 9:45 شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “ساختمان شمارە 13” واتە “ماڵی ژمارە 13” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “ئەمیر غوڵامی” بە ماوەی 11 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی پەردیسی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “مریم فسل اخر” واتە “مریەم دوایین وەرز” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی خاتوو “تەیبە بابایی” بە ماوەی 30 خولەک لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 7:30 رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “هەستی” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “کەماڵ پڕناک” بە ماوەی 10 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی ئەزموونی “21 و 21” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “سادق
سامریی” بە ماوەی 14 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “بازی روی ماە” واتە “یاریی لەسەر مانگ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “سامان ئارایان پوو” بە ماوەی 9 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی پێنجشەمە 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەکە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی”:

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “هەستی” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “کەماڵ پڕناک” بە ماوەی 10 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 4ی دونیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “بازی روی ماە” واتە “نیشتمانی ونبوو” لە دەرهێنانی سینەماکاری هەرێمی کوردستان “هەوراز محەمەد” بە ماوەی 9 خولەک لە بەشی پێشبڕکێی “ئیسلام و ئاشتی جیهانی” لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 8ی شەوی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “اینەهای پریدە رنگ” واتە “ئاوێنە رەنگ پەڕیوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “سالم سەڵەواتی” بە ماوەی 16 خولەک لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کاتژمێر 9:45 شەوی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

هەروەها کورتە فیلمی چیرۆکی “در کنار تو” واتە “لە تەنیشت تۆدا” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “لوقمان خالیدی” بە ماوەی 15 خولەک لە بەشی “وێنەی 32” واتە فیلمە سەرکەوتووەکانی سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی
تاران لە کاتژمێر 7:45 ئێوارێی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 2ی
کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” نمایشکرا.

هەر لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاراندا کورتە فیلمی چیرۆکی “سکوت” واتە “بێدەنگ” لە دەرهێنانی سینەماکارانی ئێرانی خاتوو “فەرنووش سەمەمی” و “عەلی عەسگەری” بە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئیتاڵیا بە زمانی کوردی زاراوەی بادینی سەبارەت بە چیرۆکی ئافرەتێکی کورد لەگەڵ کچەکەی کە لە وڵاتی ئیتاڵیا نەخۆشە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی” ئەم فیستیڤاڵە لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” نمایشکرا.

هەروەها کورتە فیلمی چیرۆکی “کچ” لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی “مێهرداد حەسەنی” بە ماوەی 14 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی بەرخۆدانی سەرڤانانی کورد لە جەنگ دژی گرووپی تیرۆریستی داعش لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” و لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” چووە سەر پەردەی سینەماکان.

هەر لەم فیستیڤاڵەدا کورتە فیلمی چیرۆکی “از حسکە با عشق” واتە “لە حەسەکە بە ئەڤینەوە” لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی “محەمەد فەرهانی” بە ماوەی 9 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی کچە کوردیی شاری حەسەکە کە لە ئابڵۆقەی گرووپی تیرۆریستی داعشدایە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” و لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”

سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە سەرۆکایەتی “فەرید فەرخوندە کیش” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”، بەشی پێشبڕکێی “وڵاتانی ئاسیایی”، چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران.




ئاگاداری سەبارەت بە سایتی هانا و دەرچوونی گۆڤاری هانا

“گۆڤاری هانا” هاتەدەر!

“گۆڤاری هانا”، بە دەرچوونی ژمارەی ١ ی خولی دووهەمی، لەمڕۆڕا دەست بە کاردەکاتەوە. “سایتی هانا” ش بە فۆرم و ناوەرۆکێکی نوێ دەکەوێتەوە کار.
“هانا” دڵی بۆ دونیایەکی یەکسان و ئازاد لێدەدا، دونیایەک بێ چەوساندنەوە، بێ هەڵاواردنی مرۆڤەکان، دنیایەک کە بەردی بناغەی رێز و حورمەت و کەرامەتی مرۆڤە، دنیایەک کە تێیدا کەس لە کەس سەرتر نییە و دەسەڵات راستەوخۆ لە دەستی هەموو شاروەندان دایە، دنیایەک کە لە سێبەری تاریکی ئایین و بۆگەنی رەگەزپەرستی و نژادپەرستی بێبەرییە. ئێمە هەمووی ئێوە کە وەکوو ئێمە دڵتان بەو دنیایە دەگەشێتەوە بانگەواز دەکەین کە “هانا” بە ئی خۆتان بزانن، پشتی بگرن، بە دوست و ئاشناکانتانی بناسێنن و بەرهەمی بۆ بنیرن.
ئادرەسەکانی ئێمە ئەوانەن:
www.hana.se
info@hana.se
govaryhana@gmail.com

لە گەڵ رێزەوە
سلیمان قاسمیانی
سەرنووسەری ‌”هانا”
2016-11-15




زریوەی رۆحم بكوژێنەوە … ستار ئەحمەد

نەمزانی …هەور لەخۆت دەپێچێت و
دوای هەناسەی ( با) دەكەوی .
دەبیتە پەلكی ئەستێرەو
نایەیتەوە بۆ سەر زەوی .
ئەو ساتانەی ….
هەناسەم دەبووە شیعرو
پارچەی شكاوی دەروونمی ”
بەشەماڵا بۆ دەناردی .
نەمدەزانی …
وردە ئەشكی لوتكەی چیای ”
وەكوو بەفراو مات و ساردی.
شەوانێكی عاشقانەو
ئەلبوومێكی وشەی جوانی .
گەڵای سێوێكی وردیلەی ..
چوون ئاورێشم نەرم و نیانی .
برینی ناخم خوێن رێژە ..
پەنجەكانت …!!
پێنج گێلاسی رەنگاورەنگن .
پێنج مۆمی كز داگیرساوو .
پێنج هۆنراوەی هەڵرژاوی.
پەڕەی شیعرێكی بێدەنگن.
بیرت دەكەم …
لەگەڵ هوزاری ئاسمان و
رەوتە سەمای نیگای خۆرا .
ئەو كاتانەی زەمین دەگری ،
ئاسمان بۆ دابڕانی تۆ ..
ئەستێرەكانی هەڵوەری و
خوێنی هەناوی داچۆڕأ .
وەرەوە گەر بۆ ساتێك بێت ..
لە ژوانگەم بمێنەوە .
لەگەڵ داگیرسانی جگەرەیەكا ،
زریوەی رۆحم بكوژێنەوە.

• DSC01216




چی له‌هه‌گبه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ دایه‌ ؟ … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینی زۆر به‌ی ئه‌و توێژه‌رو مامۆستایانی زانكۆ وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێیان وابوو هیلاری كلنتۆن ده‌ڕواته‌ كۆشكی سپی ،دۆناڵد تره‌مپ هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و كۆشكی سپی نا.

دیموكراسیه‌تی ئه‌مریكی
ئه‌مریكا سه‌لماندی نه‌ك ته‌نها ووڵاتێكی دیموكراسی خوازه‌ بۆ ناوخۆی ووڵاته‌كه‌ی خۆی بگره‌ یه‌كێكه‌ له‌و ووڵاتانه‌شی كه‌ نمونه‌یه‌كی جوانی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ قبوڵكردنی جیاوازیه‌كان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما بنه‌ڕه‌تیه‌كانی دیموكراسییه‌ .
دۆناڵد تره‌مپ ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ ئێستا كاتی كاركردنه‌ ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌رچه‌ند له‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان كه‌ هیلاری كلنتۆن سه‌رۆكایتی ئه‌كرد زۆر جار لۆمه‌كردن و تۆمه‌تبار كردنی یه‌كتر بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتای هات و ده‌ست له‌ناو ده‌ست ئه‌ بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌كی به‌هێز دروست بكه‌ن .
تره‌مپ ئاماژه‌شی به‌وه‌شدا كه‌ كار بۆ یه‌كگرتووی ناوخۆی ئه‌مریكا ده‌كات له‌ نێوان دیموكرات و كۆماری و سه‌ربه‌خۆكان به‌م په‌یامه‌ی ئه‌وه‌ی پشت راستكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌رۆكێكه‌ بۆ هه‌موو ئه‌مریكیه‌كانه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ كۆماریه‌كان ئه‌مه‌ش جه‌وهه‌ری راسته‌ قینه‌ی دیموكراسی ئه‌مریكیه‌كانه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كانیان به‌یه‌ك چاو سه‌یری پێك هاته‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسسیه‌كانی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نها نماینده‌ی پارته‌كه‌ی خۆیان یان ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵیانبژاردوون .
دۆناڵد تره‌مپ به‌ شانازیه‌وه‌ سوپاسی هیلاری كرد بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ی كه‌ به‌ ئه‌مریكیه‌كانی كردووه‌ ئه‌مه‌ پێمان ده‌ڵێت سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی ئه‌مریكا هه‌رچه‌ند ناكۆكی و جیاوازی ئایدیا له‌ نێوانیاندا هه‌بێت به‌ڵام ئاماده‌ن كه‌ دان به‌وه‌ دا بنێن كه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان كاری باشی كردووه‌.
له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو جوانیانه‌ی دیموكراسی ئه‌مریكی له‌ناوخۆدا ، ئه‌كرێت ئه‌مریكا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ وه‌ له‌ ده‌روه‌ی ووڵاته‌كه‌ی كار بكات بۆ به‌ دیهێنانی ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كانی.

سیاسه‌تی ئابوری دۆناڵد تره‌مپ

ئه‌مریكیه‌كان له‌ چه‌ندین قه‌یرانی ئابوریدا ئه‌ژین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قه‌یرانانه‌ رزگاریان بێت پێویستیان به‌ سه‌رۆكێكه‌ كه‌ شاره‌زای له‌ سیاسه‌تی ئابوری و بازرگانی هه‌بێت نه‌ك سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌نگیان به‌ تره‌مپ دا له‌ بری هیلاری .
له‌ سیاسه‌تی ئابووریدا تره‌مپ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ گۆڕانكاری ریشه‌ی ئه‌كات له‌ ئابوری ئه‌مریكا له‌ پێناو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا بكاته‌وه‌ به‌ مه‌زنترین وولاتی ئابوری جیهانی .
بۆ باشكردنی باری ئابوری ناوخۆی ئه‌مریكا تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌كار له‌ پێناو ره‌خساندنی زۆرتین هه‌لی كار ده‌كات، به‌مه‌ش بازاری ئه‌مریكی زیاتر چالاك ئه‌بێت له‌ناوخۆدا، له‌ یه‌ك كاتدا هاوڵاتیانی ئه‌مریكی ئه‌توانن سود مه‌ند بن و هه‌روه‌ها ئه‌مریكاش زیاتر هه‌نگاو به‌ره‌و دروستكردنی ئابورییه‌كی یه‌هێز بنێت.
سیاسه‌تی ئابوری تره‌مپ ئاینده‌ی ئه‌مریكا دیاری ده‌كات یان ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌ره‌و لوتكه‌ ئه‌باته‌وه‌و له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ و ئه‌یچه‌سپێنێت یان ئه‌مریكا توشی شكستی ناوخۆی ئه‌كات و پێگه‌ی لاواز ده‌بێت .
ئه‌مریكیه‌كان وا سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌كه‌ن له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا قازانجیان بێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ حاڵه‌تی یه‌كه‌م حكومی جیهان ده‌كه‌ن به‌ هۆی بوونی ئابوریه‌كی به‌هێزه‌وه‌.
له‌ حاڵه‌تی دووه‌میش كه‌ شكسته‌ زۆرێك پێیان وا یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ئه‌بێت شكست بیه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر خۆی بونیاد بنێته‌وه‌ و به‌ هێزێكی گه‌وره‌ تره‌وه‌ له‌كایه‌ی جیهانی ده‌ربكه‌وێت .
مێژووش زۆر نمونه‌ی پێداوین له‌ سه‌ر شكستی هه‌ندێك ووڵات كه‌ دواتر توانیویانه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ و ببن به‌ به‌هێزترین ووڵاتی جیهانن دیارترین ووڵات ئه‌ڵمانیای دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مه‌ كه‌ كه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر جه‌م بواره‌كان به‌خۆوه‌ بینی به‌ڵام كاتێك كه‌ هه‌ستایه‌وه‌ توانی كه‌ ببێته‌ سوڕێنه‌ری ئابوری و سیاسی ئه‌وروپا وله‌سه‌ر ئاستی جیهانیش رۆڵی كاریگه‌ر ببینێت.
یه‌كێك له‌وكارانه‌ی كه‌ تره‌مپ كه‌ گرنگی پێده‌دات لایه‌نی ئابوری وویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ ، پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ ئه‌مریكا به‌هێز بكات،دور نیه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌نگده‌ری ئه‌مریكی ئه‌ویان له‌ هیلاری پێپه‌سه‌ند تربوو ئه‌وه‌ بێت كه‌ بیانه‌وێت له‌و كێشه‌ ئابوریانه‌ رزگاریان بێت كه‌ له‌ناوخۆی ئه‌مریكا هه‌یه‌ ، چونكه‌ تره‌مپ ئه‌وه‌نده‌ی بازرگانێكی لێهاتووه‌ پیاوێكی سیاسی نیه‌.

سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپدا
ستراتیجیه‌تی ئه‌مریكا بۆ ده‌ره‌وه‌ گۆرانی به‌سه‌ردا نایات ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گۆڕێت بریتیه‌ له‌ئامڕازه‌كانی به‌ دیهێنانی ستراتیجیه‌تی ئه‌مریكی ئه‌كرێت كه‌ دیموكراته‌كان ئه‌وكاتانه‌ی كه‌له‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وای بوون سیاسه‌تی نه‌رمیان گرتبێته‌ به‌ر بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڵام كۆماریه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
كۆماریه‌كان بڕوایان به‌ وه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی ستراتیجیه‌تی ئه‌مریكا ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ سنوری ووڵاتانی تر ببه‌زێنرێت بۆیه‌ ئاساییه‌ جارێكی تر تره‌مپ ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری زیاتر بكات.
ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ له‌ سیاسه‌تی تره‌مپ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و به‌ڕاستی مه‌به‌ستێتی داعش له‌ موسڵ و ڕه‌قه‌ تێك بشكێنێت بۆ یه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ كه‌ ئه‌م دوو ئۆپه‌راسیۆنه‌ خێراتر بكرێن.
هه‌موان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سه‌رده‌ستی دۆناڵد تره‌مپ ژماره‌یه‌ك شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان به‌ڵام دور نیه‌ ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌ هه‌ڵه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌مووان پێش بینی هیلاری كلنتۆنیان ده‌كرد بڕواته‌ كۆشكی سپی .
دروست بوونی شه‌ڕ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می تره‌مپ چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ به‌شداری تیادا كردووه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆماریه‌كان بووه‌.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌توانین سود مه‌ند بین له‌ سه‌رده‌می تره‌مپ چونكه‌ ئه‌و دیدگایه‌كی پۆزه‌تیفی هه‌یه‌ بۆ پرسی كورد به‌ڵام خاڵكی گرنگ كه‌وتۆته‌وه‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵیدا.
ئێمه‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ستراتیجیه‌تی ئه‌مریكا گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت له‌ سه‌رده‌می تره‌مپ به‌ڵام ئامڕازه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ئه‌گۆڕێت.




گفتوگۆ لەگەڵ ئەنوەری ڕەشی عەوڵا …. ئا/ شاخه‌وان سدیق

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا
“به‌داخه‌وه‌ تێڕامانی ئێمه‌ هێنده‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ و كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵمان نه‌سپاردووه‌ به‌ بواری جوانناسیانه‌ی ئه‌ده‌بی”

ئا/ شاخه‌وان سدیق

(ئه‌نوه‌ر ڕه‌شید عه‌بدوڵا) یه‌كێكه‌ له‌ شاعیرو نوسه‌رو ناوه‌ دیاره‌كانی ناو دنیای ئه‌ده‌بی كوردی و له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا جگه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێكی شیعری خۆی ڕۆمانێكیشی به‌ناوی (په‌رتگا) بڵاوكردۆته‌وه‌، بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی تێڕوانینیان بۆ ئه‌ده‌ب و كاره‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

شاخه‌وان سدیق/ شیعر یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین و كۆنترین ئه‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بیانه‌ی كه‌ به‌درێژای مێژوو له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ژیاوه‌، (كازانزاكی)ش ده‌ڵێت( شیعر ئه‌و خۆییه‌ كه‌ ناهێڵێت جیهان بۆ گه‌ن بكات) به‌بڕوای ئێوه‌ ئه‌م گرنگیه‌ی شیعر له‌ چییه‌وه‌ هاتوه‌؟ بۆ تۆ ده‌ته‌وێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییه‌؟
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌وه‌ته‌ی یادوه‌ریی هه‌یه‌، شیعر.. عیشق.. خودا؛ ئه‌و سێ رێگایه‌ن ناچنه‌وه‌ سه‌ر هیچ! به‌شێكن له‌ سێكۆچكه‌ی پیرۆز. چه‌ند بیانهێنیت و بیانبه‌یت به‌ زانینه‌كانی ئه‌قڵ و ئه‌قلانییه‌تدا، كه‌چی ره‌گیان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر نه‌زانین. مه‌حاڵن و چاره‌ی مه‌حاڵیشمان بۆ ده‌كه‌ن. گه‌رچی هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت، هیچ بۆشاییه‌ك پڕناكه‌نه‌وه‌، كه‌چی ناتوانین فڕێشیان بده‌ین. بۆ فڕێداراون.. بێنه‌وایان.. بێناسنامه‌كان، بێمنه‌ت مه‌لهه‌مێكی روحین. رۆشناین بۆ ده‌هالیزه‌ ئه‌نگوسته‌چاوه‌كانی نێو ده‌روون و ته‌نیاییه‌كانمان. گشت ئه‌و شتانه‌مان بۆ ده‌دوێنێننه‌وه‌، كه‌ بۆ دواندن نه‌ده‌بوون. گشت ئه‌و شتانه‌مان بۆ ده‌بیننه‌وه‌، كه‌ نابینرێن. گشت ئه‌و شتانه‌مان پێده‌بیستێ، كه‌ نابیسترێ.. یانی له‌ یه‌ككاتدا ده‌توانێ هیچ و هه‌موو شتێكیش بێ! له‌ لوغزه‌كان ده‌دوێ و خۆیشی به‌ لوغز ده‌مێنێته‌وه‌. توخنی نهێنییه‌كان ده‌كه‌وێ و خۆیشی به‌ نهێنی ده‌مێنیته‌وه‌. ناڕۆشنه‌ و رۆشنت ده‌كاته‌وه‌. چون موعه‌ممایه‌ له‌ ناو موعه‌ممادا. شیعر هه‌روابووه‌ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌!

شاخه‌وان سدیق / ئه‌گه‌ر له‌م تێڕوانینه‌ی به‌رێزتانه‌وه‌ بۆ شیعر سه‌یری كه‌سایه‌تی شاعیر بكه‌ین ده‌توانین چۆن له‌ شاعیر، یان كه‌سی شیعر نووس تێبگه‌ین( ماغوت) له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت”شاعیره‌ ڕاسته‌قینه‌كان شاعیری ژیانن، ئه‌و شاعیرانه‌ن مه‌رگی باڵنده‌یه‌ك و لێڵ بوونی جۆگه‌یه‌ك، هێنده‌ی مه‌رگی مرۆڤێك نیگه‌رانیان ده‌كات” ئه‌م تێڕوانینه‌ تا چه‌ند له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیكه‌ له‌ كاتێكدا زۆرێك له‌ شاعیران ته‌نها له‌كاتی نوسینی شیعردا شاعیرن.

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌م نه‌خشه‌ و هێڵه‌ به‌یانییه‌دا؛ به‌ ستوونی و شاقوڵی دابه‌ش كراوه‌، بۆ نووسه‌ری راسته‌قینه‌ و نووسه‌ری ساخته‌ و موزه‌یه‌ف. ده‌كرێ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، گه‌ر تێكست نه‌بێ، خوێنه‌ر و نووسه‌ر چ نرخ و مانایه‌كیان ده‌بێ..؟ گه‌رچی هه‌تا ئێستاشی له‌سه‌ر بێت، لای ئێمه‌ تێكست نه‌ناسراوه‌، چون به‌ مانای وشه‌، پوخت له‌دایك نه‌بووه‌. تێڕامانی ئێمه‌ هێنده‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ و كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵمان نه‌سپاردووه‌، به‌ بواری جوانناسیانه‌ی ئه‌ده‌بی. گه‌رچی دنیای نووسینیش به‌ جیاوازی لێكدانه‌وه‌كانه‌وه‌، نیشانیداوین، تێكست و نووسه‌ر و خوێنه‌ر سێینه‌ی پیرۆزن. بێ یه‌كتریی نابن و خۆ ناگرن و نوقسانن!
داخوا وابه‌سته‌یی سلڤادۆر دالی به‌ فرانكۆوه‌، عه‌زرا پاوه‌ند به‌ فاشییه‌كانه‌وه‌، هایدیگه‌ر و نازییه‌كان، سه‌ر به‌ كولتووریی ئێمه‌ بونایه‌، له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا دامانبنابان و جێمان بكردنایه‌ته‌وه‌..؟ مه‌گه‌ر هاوبڕوا به‌ به‌هانه‌ی هه‌ڵوێسته‌وه‌، به‌ گومڕاییه‌وه‌ سه‌نگه‌سارمان بكردنایه‌ و دامانبشۆرینایه‌ و له‌ به‌های هونه‌ریی و فیكرییان كه‌م بكردنایه‌ته‌وه‌ و به‌ خۆزلزانییه‌كه‌وه‌ بمانگوتبا: چیتر تابلۆ و گوتاره‌كانیان به‌ پولێكی قه‌ڵپ ناكڕین! رێونكه‌رانه‌ چاوه‌ڕوانی خودایه‌تیمان له‌ نووسه‌ر و ئه‌هلی هونه‌ر هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌ویش به‌ گۆشت و ئێسقانه‌وه‌ مرۆڤه‌ و، مرۆڤیش مه‌حكومه‌ به‌ وێستگه‌ و قۆناغه‌ جوداكانی گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌یی و مانه‌وی، مه‌حكومه‌ به‌ هۆرمۆنه‌كانی. مرۆڤ پێچیده‌ترینی نێو بوونه‌وه‌ره‌كان بێ، چۆن بتوانین كورتی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ یه‌ك ره‌هه‌ند، یه‌ك به‌ها و یه‌ك هه‌قیقه‌ت..!؟ یاخود.. نا، مرۆڤ و به‌هاكانی، پۆڵین بكه‌ین به‌سه‌ر باش.. و باشتر.. و باشترییندا..؟ ئه‌مه‌ و گه‌لێك رێگه‌ی ترتاقیكراونه‌ته‌وه‌، هه‌موو شتێكیان پێنه‌وتین و رستێك گرێی ترمان رووبه‌روو بوه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ن نووسه‌ر هه‌یه‌، كه‌ تێكستی ده‌خوێنینه‌وه‌ به‌ سیحر و جادوی خۆشه‌ویستی سه‌رسامت ده‌كات و له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیرییشدا له‌ باشترینه‌كانه‌. كه‌چی له‌ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆڕی یاراندا، بێڕۆح دیاره‌ و خاڵییه‌ له‌ خۆشه‌ویستی..؟ ئیتر بڵیین ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ درۆزن و مونافیقه‌ و نووسینه‌كانیشی ناخوێنینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م حوكمه‌ ئاسان و حازر به‌ ده‌سته‌یان له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵی ئێمه‌ی داخراودا له‌ باوترینه‌كانێتی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كتریی. گه‌ر ئه‌مانه‌ نا، ئه‌ی چی..؟ ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌، پێمان ده‌ڵێته‌وه‌ ده‌بێ له‌ شوێنی تره‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان نووسه‌ر و تێكست. چون هه‌یه‌ له‌ هونه‌ری نووسین و خه‌یاڵكردنه‌وه‌دا كه‌سێكی به‌ ده‌ربه‌سته‌ و حیسابی ورد و درشتی خۆ ده‌ربڕینه‌كانی به‌ هه‌موو ئه‌و پێودانگانه‌ ده‌پێوێ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی نووسیندا تووشی دێت. كه‌چی له‌ هونه‌ری هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تییدا، بێخه‌یاڵ و بێده‌ربه‌ست و خه‌مسارد و بگره‌ خۆپه‌رستیشه‌. ئه‌م گرفته‌ش ناچارمان ده‌كات، درشته‌ خودی مرۆڤ وه‌ك كۆیه‌ك وه‌ربگریین، كه‌ ده‌ره‌نجامی كارلێكی ورده‌ خوده‌كانێتی: خودی كۆمه‌ڵایه‌تی، خودی روحی، خودی ئیستاتیكی، خودی سیاسی، خودی فه‌لسه‌فی.. تاد ده‌شێ ئه‌م ورده‌ خودانه‌ی من ناوم بردن، پێپلیكانه‌ی ژێر پێی یه‌كتریی بن، ئه‌و درشته‌ خوده‌ی چاومان لێیه‌وه‌یه‌تی پێی بگه‌ین. هه‌یه‌ خوده‌ ئیستاتیكییه‌كه‌ی له‌ به‌رزترین پله‌دایه‌، كه‌چی خوده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له‌ پێپلیكانه‌ی خوارتردایه‌. هه‌یه‌ خوده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له‌ بڵندتریندایه‌، كه‌چی خوده‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی نه‌ویترینێتی! روانین و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ له‌م خودانه‌، زاده‌ی تێگه‌یشتن و نرخاندنه‌كانمانه‌. گه‌ر به‌ هه‌ره‌میانه‌ و په‌یژه‌ییانه‌ چاو لێبكه‌ین، به‌ ده‌رئه‌نجامێكی جیاواز ده‌گه‌ین.
ئه‌گه‌ر.. نا، ئه‌ویتر هاوسه‌نگیه‌كه‌ی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شتێكدا بازنه‌یی و هێشووییه‌و گشت ورده‌خوده‌كانی ناوخۆی، هه‌موویان هارمۆنییكیه‌تیان له‌ نێواندایه‌. ئه‌زموونه‌كان پێمانده‌ڵێن: گه‌ر ئه‌مه‌ نایابتریینیان بێ، بۆ چاوه‌ڕوانییه‌ك كه‌ نووسه‌ر لامان دروست ده‌كات یاخود بۆی دروست ده‌كه‌ین، ئه‌م جنسه‌ له‌ كه‌مینه‌كان بوون و ده‌بن. بیرمان نه‌چێت جوانیش هه‌میشه‌ كه‌م بووه‌ له‌ هیچ ده‌ورانێكی مێژووی به‌شه‌رییه‌تدا، زۆر نه‌بووه‌. جا گه‌ڕان و عه‌وداڵ بوون و به‌ مه‌راقگرتنی ئه‌وه‌ش: داخوا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌یكات..؟ ده‌كرێ پێدرێژی و زماندرێژی و پێ خستنه‌ ناو ژیانی تایبه‌تی نوسه‌ره‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ ره‌گی به‌ فزولیه‌تی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌رجه‌كانی نووسین خۆیه‌وه‌ نییه‌! له‌ ناوه‌ندی ئێمه‌دا نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ جۆرێك دایڕزاندوین و ترسناكه‌، جار هه‌یه‌ حه‌ز له‌ ستایڵی نووسینی كه‌سێك ناكه‌یت، یاخود ئێره‌یی پیده‌به‌یت. به‌مه‌وه‌ ناوه‌ستێ و دڵی ئاو ناخواته‌وه‌. نه‌ك له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خۆشی پێینایه‌ت، ده‌یبوغزێنێ، به‌رهه‌مه‌كانی بێ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه‌ به‌ كه‌م ده‌گرێت، به‌ كوردییه‌كه‌ی به‌دویژدانییانه‌ خراپه‌كارییه‌وه‌ لێیده‌خوێنێ. ئالێره‌دایه‌، ئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌كان پۆڵێن ده‌كات، چێژی ئه‌ده‌بی و سه‌روسه‌ودای جوانییه‌كانیان نیین، به‌ڵكو پێشداوه‌ری رق و بوغزو گرێ ده‌روونییه‌كانن. بۆیه‌ له‌و زه‌مینه‌دا، ئاسایی ده‌بێ ناو و ناتۆره‌ی سه‌یر سه‌یر دابتاشرێ و پێوه‌بلكێنرێت. گشت ئه‌م ورده‌ پرسیار و ورده‌ وه‌ڵامانه‌ نه‌مانبه‌نه‌ به‌ر درشته‌ وه‌ڵامێك كه‌ بڕوا به‌ هه‌موومان بهێنیت. كه‌وابێ مه‌رج نییه‌، نووسه‌ره‌كان كه‌ وه‌سوه‌سه‌ و خه‌ونی ئیلاهییانه‌یان هه‌یه‌، ده‌بێ خۆشیان خوداوه‌ندێك بن..؟ مه‌رج نییه‌، چون ئه‌ده‌ب خۆی پڕه‌ له‌و پارادۆكسیانه‌ی ده‌بنه‌ بیناسازی تێكسته‌كه‌. بۆ ده‌بێ ئه‌م پارادۆكسه‌ش نووسه‌ره‌كه‌ نه‌گرێته‌وه‌..؟ له‌ كاتێكدا نوسه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌بونایه‌تیدا له‌ ناكۆكیدایه‌، بۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆیشیدا ناكۆك نه‌بێ..؟! ئایا مرۆڤ به‌و هه‌موو لێكدژییانه‌ی خۆیه‌وه‌، چۆن رێده‌كات و چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌ و له‌ رێی خود نووسینه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، چ ره‌هه‌ندێكی ترمان له‌ خوده‌ ئیستاتیكییه‌كه‌ی پێده‌به‌خشێت..؟ بۆ من له‌ سه‌روو هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌كانه‌وه‌یه‌. نووسین و به‌خششه‌ ئه‌ندێشه‌ییه‌كانی بۆ من و خۆی بۆ خۆی. ئیتر ئافه‌ریده‌كردنی دوژمنێكی وه‌همی، دوورخستنه‌وه‌مانه‌ له‌ دنیای نووسین به‌ گشتی و ئه‌ده‌بی به‌ تایبه‌تی!


شاخه‌وان سدیق/ زۆر جار ده‌وترێت پرۆسه‌ی نوسین به‌سه‌رهاتی ته‌واو نه‌بووی هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌یه‌، یان كاتێك مرۆڤ ده‌ستی به‌ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی ناگات په‌نا بۆ نوسین ده‌بات وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لییش له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت” مرۆڤ كاتێك له‌ هه‌موو شته‌كاندا فاشیل ده‌بێت ڕوده‌كاته‌ نوسین و ده‌بێت به‌ نوسه‌ر” به‌ڕاستی نوسه‌ر بوون دواكارتی فشاری مرۆڤه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ ژیان، یان نوسین بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی مرۆڤه‌ به‌ ئاشنابوون به‌ دیوێكی كه‌ی ژیان و كه‌شف كردنی دونیا یه‌كی نوێیه‌؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌مناڵێتییدا هه‌موو شتێك به‌ گه‌وره‌ ده‌بینیت، كه‌ گه‌وره‌ ده‌بیت.. هه‌موو شته‌كان بچكۆله‌ ده‌بنه‌وه‌! ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ توانای به‌ گه‌وره‌ نیشاندانه‌وه‌ی شته‌كانی هه‌یه‌، هێشتا.. مناڵه‌! نووسین گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و مناڵێتییه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆڵانه‌كانی خه‌یاڵكردنه‌وه‌دا به‌ خه‌به‌ردێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌ش بێ، نوسه‌ره‌كان چه‌ندێ ئاینده‌خوازیش بن، ناتوانن بێ رابردووه‌ ( كه‌ مناڵیتیی له‌وێیه‌) ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێنه‌وه‌. چون نووسین گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و رابردووه‌یه‌ به‌پێ وچاوی مناڵێتییه‌وه‌. به‌وه‌ده‌چێ ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تیتر بۆ كرده‌ی نووسین ” دیسان خه‌ڵقكردنه‌وه‌” بێت. خه‌ڵقكردنه‌وه‌، هه‌ر له‌ وشه‌یه‌ك و مناڵێتی خۆته‌وه‌، هه‌تا مرۆڤه‌كانی تریش. سروشت، گه‌ردون ده‌گرێته‌وه‌. گرتنه‌به‌ری ئه‌م پرۆسێسه‌ش زڕبێ یاخۆ به‌ردار، هه‌ر به‌ زمانه‌و له‌ رێی زمانیشه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرینه‌وه‌ و ساغ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین..؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێت، ده‌توانین رێ به‌ خۆمان بده‌ین، كه‌ نووسین ” میمیسیس/ ته‌قلید و لاساییكردنه‌وه‌” نییه‌، به‌ڵكو خۆی خودی ژیانه‌. به‌ڵام ژیانكردنێكی تاك و ته‌نهایانه‌یه‌، له‌ رێی فه‌نتازیاوه‌، ژیانكردنێكه‌ توێشه‌به‌ره‌كه‌ی ئه‌ندیشه‌كردنه‌. هه‌تا نزیكبونه‌وه‌ له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ ته‌نها تۆ نیت له‌ ژیاندای، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ژیانیشه‌، له‌وێدا ” له‌ نوسیندا” هه‌ناسه‌ ده‌دا و ده‌ژێته‌وه‌. نوسین لێی ده‌وه‌شێته‌وه‌، ببێته‌ جێكه‌وته‌ و له‌ بری ژیان خۆی نیشان بداو بنوێنێته‌وه‌. گه‌ر وا نه‌با، هه‌ندێ نوسه‌ر ئیره‌ییان به‌ نوسینه‌كانیان نه‌ده‌برد. كه‌ ژیانی تێكسته‌كانیان له‌ ژیانی خۆیان نه‌مرتر و درێژتره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسین به‌ سروشت بزۆز و بزێوه‌ بۆ گۆڕان، به‌و پێیه‌، ناتوانین مه‌رجێكی نه‌گۆڕ بۆ كرده‌ی نوسین دابمه‌زرێنین و هه‌موومان وه‌كو یه‌ك رازی بكات. چونكه‌ نوسین له‌وه‌ سركتره‌ له‌ قه‌فه‌زی مه‌قوله‌ و ستایڵێكدا زیندانیی بكه‌ین. ئه‌وه‌ كوشتنی پێكهه‌ڵپژان و كارلێكی جیاوازییه‌كانیشه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ژیانیشدا نه‌گۆڕه‌، ناتوانی ژیان به‌ یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك مۆدێل ببینی.. ناتوانی به‌ یه‌ك ده‌نگ بیبیستی.. یه‌ك بۆن و یه‌ك تامی هه‌بێت. مادام ماكی ژیان فره‌ ده‌رگا و فره‌ رێگایه‌. كه‌وابێ هه‌ركه‌س ده‌توانێ له‌و رێگایه‌ بدوێ كه‌ فه‌نتازیا یان واقیعییانه‌ رۆیشتووه‌ پیایدا. هه‌یه‌ نوسین به‌و شاده‌رگا و ده‌روازه‌یه‌ ده‌بینێ كه‌ لێوه‌ی ده‌چێته‌ ناو قه‌ڵای هه‌بوونایه‌تیه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ راستن، چون به‌ڕاستی له‌ رێی نوسینه‌وه‌ خۆیان گێڕاوه‌ته‌وه‌. واتا كرده‌یه‌ك خۆتی تیا ده‌گێڕیته‌وه‌، به‌ڵام به‌م هه‌موو كرده‌ و كۆشانه‌شه‌وه‌، هه‌رگیز ناگه‌یت به‌ دوا مه‌نزڵ. گه‌رچی نوسین ناخودئاگایانه‌ چاو له‌ دووی ئه‌و مه‌نزڵه‌یه‌ كه‌ كه‌س پێی تێ نه‌ناوه‌، هه‌رگیز پێی ناگات. به‌ڵێ وێستگه‌ی جیا جیا هه‌یه‌، كه‌ پێی تێناوه‌. ئه‌ویش ئه‌و تێكستانه‌ن ده‌یخوێنینه‌وه‌. ده‌شێ بتوانین ناوی بنێین ورده‌ مه‌نزڵه‌كان. نووسین گه‌ڕیده‌یی بوونه‌ به‌ نێو توێی دڵی ئه‌و ورده‌ مه‌نزڵانه‌دا! ئا له‌وێدا نوسه‌ر مارشاڵی فه‌شه‌له‌كانی خۆی و دنیایه‌! دۆنكیخۆته‌ مارشاڵی فاشیله‌كان بوو. له‌ ئه‌ده‌بدا” ئه‌م جیهانه‌ باڵایه‌ و به‌ركه‌ماڵه‌ ده‌رونییه‌” قبوڵكراوه‌ مارشاڵی فه‌شه‌له‌كانی خۆت بیت، لێ له‌ ژیانی واقیعییدا كه‌ ته‌وقدراوه‌ به‌ سه‌دان ته‌لبه‌ندی سه‌لماندن و به‌ڵگه‌ و مه‌رجی لۆجیكیی نه‌گۆڕ و ئه‌قڵانی، جێی توانج و ته‌شه‌ر و تانووت لێدانه‌. گرنگ نییه‌ فاشیله‌ یان سه‌ركه‌وتوو، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ پرسیار له‌ باره‌ی به‌های شتێكه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نووسینه‌! وه‌ك بڵێی: ئه‌و په‌رستگایه‌ی له‌ سوجده‌بردن و نوێژی وشه‌كانه‌وه‌، له‌سه‌ربه‌رماڵی په‌ره‌یه‌كدا، بگه‌یت و وه‌سڵ به‌ پرته‌وی خودای مانا و ئه‌ودیوو ماناكان! گه‌رچی دوا گه‌یشتنیش نییه‌..

شاخه‌وان سدیق/ زۆرجار ده‌وترێت كاری ئه‌ده‌ب ده‌رخستنی ناشیرینیه‌كانی ژیانه‌، به‌ هێنده‌ی باسكردنبێت له‌ جوانییه‌كانی، به‌ڕاستی ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئه‌ده‌ب و تێكستی ئه‌ده‌بی بۆ كاری ڕه‌خنه‌گرتنن له‌ ژیان، یان ئه‌ده‌ب خوڵقاندنی دونیایه‌كی نوێیه‌ له‌و دیو ژیانی واقیعیه‌وه‌، به‌گشتی په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب به‌ ژیانه‌وه‌ چۆن ده‌بینن؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / ئه‌وه‌ی به‌ هیچ كلۆجێك. ناهێڵێ، ژیان له‌ میكانیكیی بوونه‌وه‌دا په‌ژمورده‌ ببێ، به‌ره‌و مرداره‌وه‌بوون بچێ، په‌یبردن و دینامكییه‌ته‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌. له‌ به‌رئه‌وه‌ی هه‌رچیه‌ك بۆ ملپێكه‌چكردنی مه‌رامه‌كانی خۆی، بیه‌وێ روحی بڵندی ژیان وه‌ده‌ربنێ و سه‌رفی بكات، ئه‌ده‌ب له‌ نێو دڵی بانگه‌وازه‌كانی خۆیدا كه‌ ” گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی هه‌تا هه‌تاییه‌” ئه‌و شته‌ سه‌رفكراو، فه‌رامۆشكراو، كه‌نه‌فتبوو، هێزلێبڕاوه‌ی ژیان، له‌ خۆیدا، له‌ دۆخێكی تردا، هه‌ڵده‌بژیرێ و به‌ به‌رزتریین شێوه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنیته‌وه‌. به‌و له‌ونه‌ش به‌رجه‌سته‌ی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ لێوانلێو زیندوێتیی لێبچۆڕێنێته‌وه‌. به‌ راده‌یه‌ك گه‌ر ژیان بده‌یته‌وه‌ ده‌ست خۆی، له‌وه‌ی له‌و واقیعه‌ فه‌وتێنه‌رانه‌دا هه‌بووه‌ و به‌سه‌ریدا هێنراوه‌، له‌و به‌ فه‌نتازییادا كرنه‌یدا خۆی ناناسێته‌وه‌. وه‌ك بڵێی له‌ په‌یمانێكی نوێدا بێت، خودایه‌كی تر، به‌ بونیادی سیسته‌مه‌ به‌هاییه‌كانی، به‌ په‌یام و مه‌كتوبه‌ ئیستاتیكییه‌كانی خۆی ئافه‌ریده‌ی كردبێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سیحر و جادووه‌ سه‌رمه‌دیی و بێسنووره‌ش، بێ هیچ زیاده‌ڕه‌ویی و گومڕاییه‌ك، جودا له‌هه‌ر بوارێكی تر، له‌ خاسڕه‌ویی ئه‌ده‌ب و هونه‌رێكی باڵا ده‌وه‌شێته‌وه‌!

شاخه‌وان سدیق/ كاتێك به‌ر نوسین یان ده‌قێكی تۆ ده‌كه‌وین له‌گه‌ڵیدا به‌ر زمانێكی جیاواز له‌ ده‌ربڕین ده‌كه‌وین، ده‌مه‌وێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچه‌ند بۆ نوسه‌ر گرنگه‌؟ ئایا زمانی جیاواز مه‌رجه‌ بۆ پرۆسه‌ی داهێنان؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / هه‌ر وه‌ك چۆن تۆوێك له‌ هه‌موو خاكێك و كه‌ش و هه‌وایه‌كدا ناتروكێ و شین نابێ. ئه‌و زه‌مینه‌ی نوسه‌ریش له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، بووه‌ته‌ پێگه‌ی و لێیه‌وه‌ ده‌ڕوانێت، وه‌ك وێڵگه‌ردێك بۆ خۆی و بوون و دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت، تۆوی زمانیشی پشتبه‌ستوو ده‌بێ به‌ ریشه‌داكوتانی ئه‌زمون و تێرامانه‌كانی، هه‌ر به‌و ماته‌رانه‌شه‌ له‌ ده‌ستی دێت خۆی فۆرمۆله‌ و شێوه‌باز بكات. تۆ بڕوانه‌.. له‌ چل و شه‌ش كرۆمۆسۆمی دایكمان باوكمان پێكهاتوین، كه‌چی ئێمه‌ ئه‌وان نین، ته‌نها خۆمانین. نه‌ك په‌نجه‌ مۆری دڵ و رۆحمان، شه‌پۆلی بینین و هه‌ناسه‌دانیشمان له‌وان ناچێت. منیش هه‌روا چاو له‌ زمان ده‌كه‌م. زۆر ساده‌، شێوازی به‌یانكردنی تۆ كه‌سایه‌تیی تۆیه‌، له‌و بوار و ئه‌تمۆسفێره‌دا كه‌ خۆتی پێده‌رده‌بڕیت. بۆچی ئه‌و زمانه‌ی كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی پێ نوسراونه‌ته‌وه‌، له‌ زمانی گشتی ناچێت..؟ چون میتافیزیك و سوپه‌رناچوڕاڵیه‌ت و روحانیه‌ت سه‌رپه‌نایه‌تی. له‌ ئینجیلدا هاتووه‌: شه‌رابی تازه‌ نابێ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌ هه‌تا نه‌دڕێ! ئه‌فكار و بیركردنه‌وه‌ی تازه‌ش، ناكرێ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی زمانه‌ كۆنه‌كه‌وه‌. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی لای زۆربه‌ی ئێمه‌ ئیدامه‌ی هه‌یه‌ و له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن و سه‌روكارییان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ به‌رگریی لێده‌كه‌ن. لێ نوسه‌رێكی تر كه‌ نادڵنیابێت، به‌رامبه‌ر، ئه‌و زمانه‌ مێگه‌لییه‌ی هه‌موو له‌سه‌ری راهاتوون و كاوێژی ده‌كه‌نه‌وه‌، چون پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ ( صراگ مستقیم ) ه‌و نوسین ده‌بێ هه‌ر وه‌هابێت. بۆیه‌ هه‌موو له‌ ده‌وری سه‌ری به‌رده‌ره‌شه‌كه‌ی زمان بگه‌ڕێین و شه‌یتانی له‌عینیش به‌ خڕكه‌ به‌ردی به‌دنیازی، مه‌رام و بوغز و گرێ ده‌رونیی و نابووتی و نادانیه‌كانمان سه‌نگه‌سار بكه‌ین. من به‌ دوعای ئاوا ناڵێم ئامین! خۆ جوله‌كه‌ و كریستیانیتی و ئیسلامیش، له‌ شیكڵدا جیاواز دیارن، لێ جه‌وهه‌ری هه‌رسێكیان له‌ ئه‌سڵی یه‌ك خاك و خۆڵه‌وه‌ هاتوون و هه‌ڵقوڵاون. بۆیه‌ زمانی ناوكۆیشیان هه‌ر ده‌توانێ سه‌روسه‌ودایان له‌وه‌ زیاتر نه‌بێت: له‌ خۆڵه‌وه‌ هاتوین و ده‌چینه‌وه‌ بۆ خۆڵ. ناخودئاگا، هه‌ر به‌و پێودانگگه‌له‌ زۆرینه‌مان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زماندا ده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌ڵێ.. هه‌موو ئیلاهه‌كانی زمان، ده‌بێ، له‌به‌رده‌م یه‌ك شازمانی خودای مه‌زندا هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌، خه‌سڵه‌تی ئایینی ته‌وحیدییش له‌مه‌ زیاتر نه‌بووه‌ و نییه‌. بۆمنیش، وته‌بێژه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردیی به‌ یه‌ك شاشه‌قامی زماندا رێده‌كه‌ن، به‌ جیاوازی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چ بڵێن، هاوڕا و هه‌مڕه‌نگ و هاوره‌گه‌ز و هاوئاهه‌نگن له‌یه‌ك په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ ده‌بێ زمان وه‌ك كۆرسێك پیایدا بڕوات و ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ بێت. یه‌عنی دامه‌زراندن و به‌ ستانداردكردنی یه‌ك فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی گشتی، كه‌ ده‌بێ هه‌موو پێڕه‌وی لێبكه‌ین، و ته‌عمید و غوسڵی خۆمانی تیا ده‌ربكه‌ین، هه‌تا له‌ لایه‌ن دژبه‌ره‌كانه‌وه‌ تووشی بێئیمانی، رۆح پۆخڵی، فه‌وزای زمان نه‌یه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌م كۆڕاڵ و رێكه‌وتنه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌ش لابدات، وه‌ك لادانێتی له‌ ئایینی ته‌وحیدیی، كه‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و كافر و زه‌ندیق ناوزه‌د ده‌بیت، و به‌م رێكه‌وتنه‌ گشتی و مێگه‌لیانه‌ش بێت، هه‌ركه‌س ده‌توانێ فتوات له‌سه‌ر بدات و خوێنت حه‌ڵاڵ بێت. جا ئه‌م تایبه‌تییه‌ته‌، ئه‌م خۆڕاپسكانانه‌ی باس و خواسه‌كان له‌ ئه‌سیریی، ئه‌م گیان ره‌هابونه‌ی زمان، كه‌ له‌ قوڵایی دڵی ئه‌زمونه‌كانمه‌وه‌ سه‌ر ڕاستانه‌ گه‌ره‌كێتی خۆی بخوڵقێنیته‌وه‌، لاوازییه‌ یاخود هێزه‌.. خۆدۆزینه‌وه‌یه‌ یاخود ونبوون.. پوكانه‌وه‌یه‌ یاخود داهێنان نازانم..!؟ گه‌ر هه‌قی ئه‌وه‌م پێ بدرێت، منیش خوداوه‌ندێكی بچكۆلانه‌م له‌ خۆمدا كه‌شف كردووه‌، كه‌ له‌ خودای گشتی ناچێت، ئه‌مه‌. ئه‌وه‌ له‌ مندا به‌ پیت و وشه‌ و ئایدیاكانی خۆیه‌وه‌ ده‌ئاخفێ و منیش ده‌یژنه‌وم. به‌ڵێ بۆ من، ئه‌مه‌ ته‌نها ماڵ جیایی “ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری” ستایڵی منه‌، له‌م مێگه‌لستانه‌ به‌ ره‌سمی كراوه‌ی زمانی كوردیدا! ئه‌و ئاوه‌ گه‌وره‌كان رشتویانه‌، من چیتر پێی لێناخه‌م. وه‌ك مناڵێك ئاوس به‌ فه‌نتازیاكانی سه‌رقاڵی خۆڵه‌به‌تانێ و یارییكردنم له‌ نێو ورده‌ هه‌قیقه‌ته‌كانی خۆمدا..!

شاخه‌وان سدیق/ ڕه‌خنه‌گری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی (مارسێل ڕایخ ڕاینسكی) ده‌ڵێت” ده‌بێت ڕۆمان چێژمان پێببه‌خشێت، چێژی خوێندنه‌وه‌و كات به‌ سه‌ربردن” تاچه‌ند پێتان وایه‌ ئه‌ده‌ب به‌ تایبه‌ت ڕۆمان بۆ چێژو كات به‌ سه‌ر بردن بێت، ئێوه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌تاندا (په‌رتگا) تاچه‌ند ڕه‌چاوی چێژی خوێنه‌رتان كردوه‌، بۆ له‌ دوای ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌ كاری ترمان نه‌دی؟ دوای (په‌تگا) ڕۆمانی تری تۆ ده‌خوێنینه‌وه‌؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / من به‌رگدروو نیم، هه‌تا كه‌ته‌لۆگێك بده‌مه‌ ده‌ست خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گره‌كان و بڵێم: هه‌ڵبژێرن به‌ ئاره‌زووی قه‌ڵه‌وی و بنسێتی و كوڵه‌بنه‌یی و به‌ژن زراڤی ( چێژ و مه‌عریفه‌ی) خۆتان. بڵێم هه‌تا ده‌ڵب و ته‌سك و تروسك نه‌بێت، بفه‌رموون.. چۆنچۆنی بنوسم، به‌ دڵی ئێوه‌ رێ بكه‌م، بیربكه‌مه‌وه‌ و خۆم ده‌ربڕم، هه‌تا كه‌یفخۆش بن و ئاره‌زووه‌كانتان تێر بكه‌م . ئاخر نوسه‌ر سوزانیی نییه‌، هه‌تا به‌ پێی حه‌ز و شه‌هوه‌تبازیی موشته‌رییه‌كانی خۆی ئارایش بكا. دوكان و بازاڕ دانانی سیاسیش نییه‌ هه‌تا نان بكڕێ و بفرۆشێ به‌ نرخی رۆژ، وه‌ له‌ خه‌می ئه‌ودا بێت بزانێ لایه‌نگریی زۆره‌، له‌وێوه‌ ئه‌و دڵنیاییه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات كه‌ راستی و دروستی موباره‌زه‌ كردن و خوێندنه‌وه‌كانی بۆ واقیعی حاڵی حیزب و كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌ چ ئاستێكدایه‌. داخوا مه‌به‌ست له‌ هه‌ستی چێژبینین ده‌بێ چی بێ..؟ چێژی ئازادی، چێژی ئه‌قڵی، چێژی ئیستاتیكیی. لای بودا هیچ چێژێك نییه‌، وه‌ك چێژی ئازادیی. ده‌رهه‌ق به‌ رۆمانی په‌رتگا بانگه‌شه‌ی هیچ به‌هره‌مه‌ندییه‌كم نه‌كردووه‌، ته‌نها له‌وێدا من موماره‌سه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ بوداییه‌م كردووه‌ و هیچی تر. هه‌یه‌ ده‌ترسێ رووبه‌رووی لاوازییه‌كانی خۆی ببێته‌وه‌ و روحی هه‌لاهه‌لابووی خۆی به‌ رووتی و په‌رتبوویی ببینێته‌وه‌. په‌رتبوون له‌ نێوان خولیا جه‌سته‌یی و رۆحییه‌كان. په‌رتبوون له‌ نێوان وه‌هم و واقیعدا.. په‌رتبوونی له‌ نێوان مه‌نفا و نیشتماندا.. په‌رتبوونی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ بیڵێیت و كه‌چی زمانێك نادۆزیته‌وه‌، كه‌ پڕاوپڕی ئه‌و له‌تبوونانه‌ بێت. ئاله‌وێدا، به‌ قه‌ولی ماریا فارگاس یۆسا: ” راوی نادیار، ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌سێتییه‌كی شیزۆفیرییانه‌ی هه‌یه‌، وه‌كو خه‌یاڵپڵاوێك هه‌روا بۆ خۆشی ده‌كرێته‌وه‌ و شت ده‌دركێنێ و قسه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆی ده‌كات، له‌ كاتێكدا رووی ده‌می له‌ خوێنه‌ره‌. ئه‌و بازدان و جێگۆڕكێیانه‌ی راوی مایه‌ی سه‌رلێتێكدانه‌ “. ده‌ی هه‌یه‌ چێژ له‌مه‌ نابینێ. له‌ كاتێكدا لای كانت ” له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاماژه‌كردن، به‌ هه‌ستی خوده‌وه‌، جوانی و چێژ خۆی له‌ خۆیدا هیچ نییه‌” گه‌ر به‌و پێوانه‌ كانتییه‌ بێ ” ئه‌و خودێتییه‌ كێیه‌، كه‌ توانای پێناسه‌ و حوكمدان و فتوای هه‌یه‌ به‌سه‌ر قه‌شه‌نگی – بوونی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییدا- ..؟ ” كه‌چی لای شۆبنهاوه‌ر كه‌ ده‌چێته‌ ناو لۆچه‌كانی هه‌بونایه‌تیمانه‌وه‌، پێیوایه‌: خواستی خۆپه‌رستیی، چێژێكه‌ كه‌ بۆ مرۆڤ له‌ هه‌ر چێژێكی تر باڵاتره‌. ئه‌م چێژه‌ش ته‌نها له‌ رێگه‌ی به‌راوردكردنی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا دێته‌دی. ده‌بێ ئه‌و تواناییه‌ له‌ كوێوه‌ بهێنیت، له‌ كۆمه‌ڵێكی نه‌خۆش و دڵ و ده‌روون كرمه‌ڕێزبوی وه‌ك ئێمه‌دا، مه‌رزی ئه‌و هه‌موو راز و نیازه‌ ده‌رده‌دارانه‌یه‌ ببه‌زێنیت، كه‌ له‌ ژێرپه‌رده‌ و به‌ ناوی جوانناسییه‌وه‌ شه‌ڕی عوقده‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌بێ دڵیكی خودایانه‌ت هه‌بێ، هه‌تا به‌رگه‌ی پێوه‌دانه‌كانیان بگریت و به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ لێشیان قبوڵ بكه‌یت..؟ به‌ڵێ دوای په‌رتبوونی مرۆڤی ئێمه‌ له‌ په‌رتگادا. بۆ دوو ساڵیك ده‌بێ، مژۆڵی رۆمانیكی تر بووم، كه‌ باس له‌ سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ ده‌كات بۆ بیبینه‌وه‌ی ماڵێك كه‌ ببێته‌ سه‌رپه‌نای روحی، به‌ ناوی ( ماڵیخۆ)، له‌ رێكخستنه‌وه‌ و پاكنووس كردنیدام.




ڕۆمانی کرێمستی … نووسینی: کەریم کاکە

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرە بکەن ……




گۆڤاری شیکار ژمارە 14

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 14ی گۆڤاری شیکار کلیکی ئێرەبکەن …….




شتێك له‌ نووسین … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

1

زۆر نییه‌ له‌ناو ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا ناونیشان وه‌ك بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و گرینگ، به‌های پێبه‌خشراوه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. له‌ هه‌موو بار و بواره‌كانیشدا ناونیشان و ناوه‌رۆك ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك ماك و بنه‌ما، ئه‌ویش ناوه‌نده‌. واته‌: ده‌قه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ناونیشان داهێنانبێت، ده‌بێته‌ هه‌ستگه‌رمی و سرووشێك، داهێنانێكی تر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. هه‌ڵبژاردنی له‌سه‌ر بنه‌ما و بیرۆكه‌ی: ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوون هه‌ڵبژاردنێكی هۆشمه‌ندانه‌ و داهێنه‌رانه‌یه‌، له‌ وێنه‌ و سرووش و ده‌ربڕیندا به‌ده‌رده‌كه‌وێت و وزه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، كه‌ له‌ ناوه‌رۆكدا به‌دواداچوون و هه‌نگاو هه‌ڵێنانه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی تاڵه‌ تیشكه‌كان و وزه‌ی ڕاسته‌قینه‌ و هه‌وێنی شیعره‌كه‌. له‌ ناوه‌رۆكدا ده‌قی نوێبه‌خش یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی تێدا نییه‌، چونكه‌ ژیان پارچه‌ پارچه‌ بووه‌ و جۆرێك هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك جار پارچه‌كان لێك دوورن و هه‌ندێك جاریش لێك نزیك. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ردوو بار و بواری لێك نزیكی و لێك دووری پارچه‌كان هه‌ره‌م و ده‌ربڕینی ژیانن و بنه‌مایه‌كی په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌. هه‌ست به‌ پچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان ناونیشان و ناوه‌رۆك ناكه‌ین. ئه‌م دوو بار و بواره‌ی لێك نزیكی و لێك دووری دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دوو خاڵدا:
خاڵی یه‌كه‌م: ئه‌و ده‌قه‌ی، كه‌ ده‌قێكی نوێبه‌خشه‌ یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی تێدا نییه‌، ناونیشانه‌كه‌ ده‌بێته‌ تاڵه‌ تیشكێك له‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌دا.
خاڵی دووه‌م: ئه‌و ده‌قه‌ی، كه‌ ده‌قێكی ئاسایییه‌ یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی تێدایه‌، ناونیشانه‌كه‌ ده‌بێته‌ ڕامانی سه‌ره‌كی و به‌ ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌قه‌كه‌دا شۆڕده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێت به‌ ڕایه‌ڵ و تانوپۆ، له‌ ناونیشانه‌وه‌ش درێژه‌ به‌ شیعره‌كه‌ ده‌دات ناونیشانه‌كانی من وه‌ك تاڵه‌ تیشكێكن بۆ مانا و ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كان. نه‌ك وه‌ك ڕامانی سه‌ره‌كی به‌ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌قه‌كه‌دا شۆڕبووبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها تاڵه‌ تیشكه‌كان له‌خۆیدا كۆ ده‌كاته‌وه‌.
ناونیشان ناتوانێت ڕایه‌ڵ و تانوپۆی ناو ده‌ق ڕێكبخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خۆی هه‌وڵده‌دات به‌ زمانێكی نه‌رم له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌ز و توخمه‌كان په‌یوه‌ندی دروست بكات و هاوگونجان په‌یدا بكات، له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كاندا: (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) زێدی خۆی: (زه‌ردك) بۆ ناونیشانی كۆشیعرێكی به‌كارهێنا. ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌ری و دیارده‌یه‌ك بوو له‌ ناونیشانی كۆشیعری كوردی، زۆریش به‌جوانی گه‌یشتووه‌ به‌ ناوه‌ندی خۆبوونی داهێنان.
به‌شێك له‌ناونیشانی كۆشیعری كوردی به‌لامه‌وه‌ وردبوونه‌وه‌ و مه‌ودایه‌كی هونه‌ری و دۆخگۆڕن و سه‌رسامبوومه‌ پێیان، نه‌شمتوانیوه‌ سه‌رسامی خۆم به‌رانبه‌ریان بشارمه‌وه‌، ئاستێكی باڵایان به‌ده‌قه‌كان داوه‌ و هۆكارێك بوونه‌ له‌ هۆكاره‌كانی داهێنان و گه‌لێك پنتیش له‌ ناوه‌رۆكدا ڕوونده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌رسامیان كردوون ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: سه‌مای به‌فری ئێواران – ی جه‌لال به‌رزنجی.
دووه‌م: سووتان له‌به‌ر باراندا – ی ڕه‌فیق سابیر.
سێیه‌م: ته‌مه‌ سپییه‌كانی ڕۆح – ی كه‌ریم ده‌شتی.
چواره‌م: هێلانه‌ی نغرۆ – ی مارف عومه‌ر گوڵ.
پێنجه‌م: تاڤگه‌ی مه‌ند – ی نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌.
شه‌شه‌م: كاتێ‌ قامیش به‌ئاگا هات بووبووه‌ بلوێر – ی سامان دزه‌یی.
ناونیشان به‌لای منه‌وه‌ به‌سه‌ر سێ‌ دۆخ و ئاستدا دابه‌شده‌بێت و تێده‌په‌ڕێت: ئه‌وه‌ی لێره‌دا وه‌ك بار و بوار و دۆخگۆڕین، به‌جۆش و ئه‌مه‌كه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م. ناونیشانی: (خه‌ون واخۆی گێڕایه‌وه‌)یه‌. سرووشی ئه‌م ناونیشانه‌م به‌جۆش و سرووشێكی دووربه‌دووری ناونیشانی: (زه‌رده‌شت وا دوا)ی نیتشه‌وه‌ لا دروست بووه‌ و له‌ داڕشتنیدا هاوگونجانێكم به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها ناونیشانی: ( كاتێ‌ قامیش به‌ئاگاهات بووبووه‌ بلوێر)، له‌ سروشت و سرووشی دێره‌ شیعرێكی: (مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی ڕۆمی، له‌ سروودی نه‌ی) وه‌رگیراوه‌. ئه‌وه‌ی من گه‌رموگوڕییه‌كی زۆر شاراوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر خۆم ئه‌م گه‌رمی پێبه‌خشینه‌ی ئه‌زموونی خۆم نه‌هێنمه‌ به‌رباس، كه‌س هه‌ستی پێناكات و خاڵێكی هاوده‌قی لێ‌ نادۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ زۆر به‌ ئاگایییه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی ناونیشانه‌كه‌ی نیتشه‌وه‌ به‌هره‌م وه‌رگرتووه‌ و چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، یان ناونیشانه‌كه‌ له‌ سه‌رسامیی خۆی وه‌ستاندوومی و به‌ڕێی خستوومه‌وه‌ بۆ دروستكردنی سه‌رسامی خۆبوونی خۆم. هه‌رچی سامان دزه‌یییه‌ له‌ ناوه‌ندی دێڕه‌كه‌ی رۆمی نه‌چووته‌ ده‌ره‌وه‌ و ماوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، واشبزانم ئاگایییه‌كی ڕوون و وردم له‌ شیعری نوێی كوردیدا هه‌یه‌. وشه‌ی (ئاو)، وه‌ك ناونیشان یه‌كه‌م جار: (سامی شۆڕش) له‌ ژماره‌ (1)ی بڵاوكراوه‌ی (نۆبه‌ره‌)، ساڵی 1970 به‌كاریهێنا، شیعرێكی تێدا بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی: (بووكی ئاو). ئه‌م ناونیشانه‌ بۆ سه‌ره‌تای حه‌فتایه‌كان ناونیشانێكی دۆخگۆڕ و كاریگه‌ر بوو، پاش چوار ساڵی: (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان وه‌ریگرت، یان گواستییه‌وه‌، كردی به‌ ناونیشانی نامیلكه‌یه‌كی به‌ناونیشانی: (ئاو). جا نازانم ئه‌م شێوازی وه‌رگرتنه‌ ده‌چێته‌ چ خانه‌یه‌ك، وه‌رگرتن، یان گواستنه‌وه‌، یان….. تاد، به‌ڵام هه‌ندێك ناونیشان هه‌یه‌. ده‌قاوده‌ق وه‌رگیراوه‌، یان گواستراوه‌ته‌وه‌، یان….. تاد، (به‌فری گه‌رم – الپلج الحار) له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناونیشانی ڕۆمانێكی: (یوری بونداریف)ه‌، (غائب نعمه‌ فرمان) وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) له‌ ساڵی 1992، ده‌قاوده‌ق وه‌ریگرتووه‌، یان گواستوویه‌تییه‌وه‌، یان….. تاد، كردی به‌ ناونیشانی كۆشیعرێكی خۆی.
من هه‌روا به‌ ساده‌یی ناونیشان وه‌رناگرم و به‌ قووڵی و وردبینییه‌وه‌، فه‌زای زاڵی ده‌خوێنمه‌وه‌ و جێگای بایه‌خمه‌، ناونیشانی دۆخگۆڕ واتای جیابوون و جیاوازییه‌. له‌و دۆخه‌وه‌ خوێنه‌ری نموونه‌یی تێده‌گات نووسه‌ر قووڵبینه‌، یان ڕووكه‌ش.
ویستم له‌ ناونیشاندا كارێكی تایبه‌تمه‌ند پێشكێش بكه‌م، له‌ جێگای پیت و ده‌نگدا وێنه‌بكێشم. واته‌: ئه‌گه‌ر ناونیشانی شیعرێكم: (باڵنده‌ی مه‌له‌وان) بێت. له‌ شوێنی ناونیشان وێنه‌یه‌كی ماسیگره‌، یان قورینگ….. تاد، بكێشم. له‌یه‌ك كاتدا هه‌م شێوه‌ی وێنه‌ و هه‌م نیشانه‌ی نووسین بدات. ئه‌و ویست و هه‌وڵه‌م ته‌نیا وه‌ك بیركردنه‌وه‌یه‌ك مایه‌وه‌ و جێبه‌جێم نه‌كرد، پێكهاته‌ی شێوه‌ كاركردنه‌كه‌شم بنیاد نابوو. جێبه‌جێ‌ نه‌كردنه‌كه‌شم ته‌نیا له‌به‌ر ناكارایی و ئاستی شاره‌زانه‌بوونی نه‌خشه‌ سازه‌كانی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان بوو.
ساڵی 1993 له‌ ژماره‌ ( ) له‌ ( ) هه‌وڵێكم له‌ شێوازی ناونیشان پێشكێش كرد. شیعرێكم به‌ ناونیشانی: (سه‌باح) له‌ (پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ)دا بڵاوكرده‌وه‌. مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ چوار توخمه‌كه‌ی بوون، وه‌ك پێكهاته‌ی گه‌ردوون و جه‌سته‌ی خۆم كردبوو. (با، خۆڵ، ئاگر، ئاو). له‌ هه‌ر به‌شێكی سه‌ربه‌خۆدا ناوی توخمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌كه‌م وه‌ك ناونیشانی لاوه‌كی له‌ژێر به‌شه‌كه‌ دانا بوو، نه‌خشه‌سازی ڕۆژنامه‌كه‌ هونه‌رمه‌ند: (هه‌ڵگورد جوندیانی)، ئه‌م شێوازی ناونیشانه‌ی به‌ ڕیزپه‌ڕ و نامۆ زانی، به‌نابه‌دڵی كاری تێدا كرد، ئه‌نجام هه‌وڵه‌كه‌ی منی به‌ ته‌واوی نه‌گه‌یاند. له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌یدا، بۆم ئاشكرا بوو ئه‌م شێوازه‌ سووریالییه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیان پێشكێشیان كردووه‌. ئه‌م هه‌وڵه‌شم وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك مایه‌وه‌ و لێی دووركه‌وتمه‌وه‌، به‌ڵام ناونیشان به‌وێنه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی دواخراو لام ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆشیعرێكم تا بۆم بكرێت و بتوانم پێشكێشی ده‌كه‌م، ده‌شزانم له‌ شێوه‌ كاركردنه‌كه‌مدا به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕۆم و چ هێڵ و هێمایه‌ك ده‌كه‌م به‌ ناوه‌ند.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

2
له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا هیچ سه‌رچاوه‌ و وزه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی به‌ ئاستی شیعر نه‌بووه‌ته‌ بنه‌مای په‌یوه‌ندی و مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیركردنه‌وه‌ی چالاك. واته‌: ئه‌ندێشه‌ی چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك. هه‌روه‌ها به‌و پایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌ش په‌سند نه‌كراوه‌ و نه‌دره‌وشاوه‌ته‌وه‌.
گیانی زمانی ده‌ربڕینی كوردیش، تا ئێستا هه‌ر به‌ ته‌نیا له‌ناو پرۆژه‌ شیعرییه‌كاندا زیندووه‌، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هه‌ستیاریی شیعری زۆر به‌هێزه‌، تواناكانی خۆی تێدا تاقی ده‌كاته‌وه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی وه‌ری ده‌گرێت و ڕه‌وایی به‌ به‌رده‌وامبوون و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌دات، داهێنان به‌ وه‌رگرتنی قووڵایییه‌كانی ژیان به‌رهه‌م دێ‌، له‌م به‌رهه‌مهێنانه‌شیدا ژیان ده‌خاته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینێكیش له‌ فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییه‌وه‌ دانه‌چۆڕابێته‌ ناو بوون و زه‌مینه‌ی ته‌واوی ده‌ربڕینه‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌ و كه‌شوهه‌وایه‌ك ناتوانێت نوێبه‌خش بێت و بێته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
بۆ شاعیری نوێبه‌خش وه‌رگرتنی قووڵایییه‌كانی ژیان زیندووبوونه‌وه‌ی زمانه‌، زمانی دۆزینه‌وه‌ش زمانێكی یه‌ك ئاراسته‌یی نییه‌، به‌پرسیاری زۆره‌وه‌ له‌ ئاسته‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی خۆی ده‌كۆڵێته‌وه‌، قووڵایییه‌كان هێزی وشه‌ و ئه‌زموونی تێدا نوستووه‌، له‌ ده‌ربڕیندا ئه‌م هێزه‌ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و دێته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی نوێبه‌خشی له‌ ژیان و بیر و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وتووه‌ و هه‌نگاوی بۆ نراوه‌، بنه‌ماكانی گۆڕان به‌ره‌و پێداویستییه‌ هاوچه‌رخه‌كان ‌و هۆشیاری ده‌بێته‌ پێوه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها نوێبه‌خشی هۆ ‌و ئامانجه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ چالاكییه‌كانی ژیانه‌وه‌، به‌شێك، به‌شێكی لابه‌لاش نییه‌ له‌ ژیان. ڕاسته‌وخۆ ناوكی ژیانه‌، مرۆڤ له‌ بار و بواری به‌خته‌وه‌ریدا وه‌ك خوداوه‌ندێكی ڕاسته‌قینه‌ ده‌ژێنێت، ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونێكی واشی تێدایه‌ گیان و جه‌سته‌ له‌ بڵندی بحه‌وێنێته‌وه‌.
بابه‌ت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هه‌ستكردنه‌ به‌ چركه‌ زیندووه‌كانی ژیان ‌و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ناو ناواخنی سروشت ‌و له‌دایكبوونی وه‌رزه‌كان و گونجان و ته‌بایی نێوانیان. واش به‌رانبه‌ر ڕابهێنێ‌ هه‌ست به‌م شۆڕبوونه‌وه‌ و گونجان و ته‌بایییه‌ی نێوانیان بكات.
هه‌ستی نووسینیش به‌ ساته‌وه‌ختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێده‌په‌ڕێ‌. تێڕوانینه‌كان ئاڵوگۆڕیان تێ‌ ده‌كه‌وێ‌ ‌و ده‌ڕسكێن.
شیعری ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن جیهانبینی، كه‌ خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه‌، له‌ ژیری و په‌ند و سۆز و تاسه‌ و ترپه‌ی گه‌رمی دڵ ‌و خه‌ونی ڕۆمانسییانه‌ به‌ده‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر شیعریش ڕووت كرایه‌وه‌ له‌ ژیری و په‌ند و سۆز و تاسه‌ و ترپه‌ی گه‌رمی دڵ و خه‌ونی ڕۆمانسییانه‌ به‌ هیچ جۆرێك ڕاسته‌قینه‌ ‌و خاوه‌ن جیهانبینی نییه‌، كه‌ خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه‌.
شاعیری نوێبه‌خش هیچ كاتێك چاوه‌ڕوانی هاندان ‌و ستایش ناكات، هه‌ر كاتێكیش چاوه‌ڕوانی هاندان و ستایشی كرد، ئه‌وه‌ بڕوای به‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نووسیویه‌تی خۆبوونی و داهێنان بێت. ده‌ربڕینی نایاب به‌هۆی كرداری گه‌یاندن و هۆشیاریی زمانه‌وه‌ له‌ ئاستی ئاسایی ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی ئێستێتیكا و خۆبوونی، ده‌بێته‌ خاوه‌ن پرسیار له‌ نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا، شێواز و ئه‌دگاری خۆی له‌ ده‌ربڕینكردن ‌و ده‌ربڕینه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ش گیان، گیانی جه‌سته‌یه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی دیاریكراوی چركه‌ زیندووه‌كانی بۆ ژیان و نه‌شونما دۆزیوه‌ته‌وه‌، شێوازیش ناوه‌ند ‌و گیانی نووسه‌ره‌، هیچ گیانێكیش بۆ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رناگیرێت.
شێواز ‌و شیعرییه‌ت ‌و زمان، ئه‌زموون بۆ دیارده‌كانی ژیان و وێناكردنی كۆمه‌ڵگا پێشنیازیان ده‌كات، دیارده‌كانی ژیان و وێناكردنی كۆمه‌ڵگاش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موویانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شدارین له‌ چالاككردن ‌و به‌ڕێوه‌بردنی، په‌یامی هونه‌ریی مرۆڤگه‌لێكه‌، كه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ و له‌به‌ینبردنی ئه‌و شتانه‌ نادات، كه‌ ژیان ده‌خه‌نه‌ بار و بوارێك به‌رگری له‌ به‌ ژیانبوون ‌و ئازار و ئازادیی خۆی ده‌كات.
ژیان ‌و بوون ‌و دنیاش له‌ناو شیعری نایاب ‌و ئێستێتیكی و خۆبوونیدا نوێن، له‌ناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبه‌خشی هێشتان به‌ ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئاخاوتن له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌را و زه‌نا، پێویسته‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رنجی كه‌مه‌یه‌كی كه‌م، به‌ ئاستێكی دیكه‌وه‌ بخرێنه‌ ناو ئاخاوتنه‌وه‌.
ئایه‌ ئاخاوتنه‌كانمان له‌ خودی نوێبه‌خشیی ده‌قه‌وه‌ ده‌رچوونه‌، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه‌ وه‌رگیراون و له‌ جه‌سته‌ی ته‌نك و ناسكی ده‌قدا پراوه‌ی پێ‌ ده‌كه‌ین، كه‌ جه‌سته‌ی ته‌نك و ناسكی ده‌ق هیچ پراوه‌یه‌ك وه‌رناگرێت جگه‌ له‌ پراوه‌ی گیان نه‌بێت.
نووسینێك گه‌یشتبێت به‌ ئاستی ده‌ق، په‌یوه‌ندیی ئاستداری چاره‌نووسسازی به‌ ئێستێتیكا و خۆبوونییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕوون، هێزێكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌، به‌ره‌نجامی خودێكی هه‌ژاو ‌و هۆشمه‌ند ‌و وریایه‌. به‌شێكیش له‌ خودی هه‌ژاو ‌و هۆشمه‌ند ‌و وریا گه‌یشتوون به‌و هه‌قیقه‌ته‌، كه‌ شیعر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو سۆز ‌و هه‌ست ‌و ڕوونی ‌و ئاشكرایی له‌ ده‌ربڕیندا، ئه‌مه‌ش وه‌ك دیارده‌یه‌ك پێویسته‌ بخرێته‌ ناو ئاخاوتنه‌وه‌. زۆر جاران گۆڕانكارییه‌ ڕه‌چاونه‌كراوه‌كان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ‌و بیر ‌و ده‌ربڕینی تاكی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌بێته‌ بابه‌تی نووسینه‌كانیان، به‌ڵام نابێته‌ مانای ڕوون ‌و دیار، بگره‌ له‌ چێژدا ده‌بێته‌ سرووشی مانا ‌و چالاكیی وێنه‌، سرووشی مانا و چالاكیی وێنه‌ش شاعیر له‌وه‌ نزیك ده‌خه‌نه‌وه‌ بچێته‌ ناو جیهانبینیی ته‌سه‌وفه‌وه‌ و له‌و جیهانبینییه‌وه‌ په‌ی به‌نهێنییه‌كان ببا و به‌ هه‌قیقه‌ت بگات. واته‌: شاعیر په‌یبه‌ر و شیعریش په‌یپێبراو.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

3
پانتایی جیاكارم له‌ به‌رهه‌مه‌كانمدا خوڵقاندووه‌، له‌ پانتایییه‌كدا ده‌ستنیشان ناكرێم. ئه‌رێ‌ له‌ پانتایییه‌ شیعرییه‌كاندا، ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر چ پانتایییه‌كی خۆ تایبه‌تیكردن. تایبه‌تكار بۆی هه‌یه‌ ته‌واوی هه‌بووه‌كانی، كه‌ توانای كاریگه‌رییان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، ڕاكێشێته‌ ناو بیركردنه‌وه‌ی چالاكی، كه‌ به‌رده‌وام هێما و هێماپێكراو به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له‌ یه‌ك كاتیش له‌ناو هه‌موو پانتایییه‌كاندا كار بكات و ده‌ستیان بۆ ببات.
به‌رانبه‌ر به‌ ئاگایی خۆم جه‌نگاوه‌رێكی مه‌شقكردوو و ئه‌هلی زیندووێتی دڵ ‌و یه‌كێـتیی ئه‌شقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونه‌وه‌م له‌ ژیانمدا هه‌ڵبژاردووه‌، ده‌مه‌وێت به‌ ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هه‌ستیار بكه‌م، هه‌ستیاریی ته‌واوی زمانی كوردی له‌ شیعری كلاسیكیماندا تواوه‌ته‌وه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه‌. كاتێك شیعری كلاسیكی ده‌خوێنمه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م ته‌واوی زمانی كوردی ڕووبه‌ڕووم وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ده‌مباته‌ ناو جیهانێك، كه‌ قسه‌ی له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ و چركه‌ زیندووه‌كانی بوون كردووه‌، نه‌ك گێڕانه‌وه‌. خه‌ون و ناوه‌ندی وشه‌: هه‌وڵدانن بۆ خۆناسین. له‌ ماڵی گه‌وره‌ی شیعردا هه‌موومان پێكه‌وه‌ داوای شیعرییه‌ت زمانێكی و نه‌رم ده‌كه‌ین، ئه‌و داوایه‌ وزه‌ی گه‌شه‌كردنی كرۆكیجوانی ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌قیقه‌تی گیانی و درامای ژیانه‌. نه‌رمیی زمان له‌ نه‌رمیی ئه‌و كه‌ره‌سته‌وه‌ دێت، كه‌ ده‌ربڕینی لێ‌ ده‌كات، زمان شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه‌ له‌ جه‌سته‌ و پێكهاته‌ی مرۆڤ له‌ گۆڕانی دید و په‌یوه‌ندییه‌كاندا.
جیاییی تاقیكردنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه‌: جیهانی پارچه‌ پارچه‌ ده‌خوڵقێنم و په‌یوه‌ندیی هێما و هێماپێكراویش ده‌پچڕێنم و ده‌ستنیشانیان ناكه‌م. سه‌رچاوه‌كانی نووسین و ئاسته‌كانی ده‌نگ ‌و تێبینیكردن ‌و سه‌رنجدانم، له‌ جوانیی بێگه‌رد و بێ‌ هاوتای ژیان وه‌رده‌گرم، ده‌گمه‌ن و تاقانه‌ ده‌بن به‌ هێما ‌و هێماپێكراو.
شیعر چه‌ند بچێـته‌ ناو ژیان ‌و دنیای خودایی و هه‌قیقه‌تی ڕۆژگاره‌وه‌، هێنده‌ی دیكه‌ گیانی تا هه‌تایه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كا ‌و ده‌یپارێزێت و ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوون له‌خودی خۆیه‌وه‌ بره‌و پێده‌دا.
شتێك له‌ نووسین، كه‌ وه‌ك ئه‌زموونێك پێشكێشم كردبێـت، به‌كاربردنی زمانی خه‌ونه‌ بۆ زمانی نووسین ‌و ڕاچه‌ناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی ‌و یاده‌وه‌ری. دواجار تواندنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی بیر له‌ هه‌ستیاریی نووسیندا.
چامه‌ی درێژی فره‌ ده‌نگ و ئاستدار، پڕۆژه‌یه‌كی كامڵه‌ و له‌سه‌ر ئاستی بوون و كرانه‌وه‌ی به‌رده‌وام ڕاده‌وه‌ستێت، سروشتی دایكی هه‌سته‌كانمه‌، ئاسۆیه‌كی ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوون ئاسایییه‌، ناتوانم لێی ده‌ربازبم، به‌ كامڵترین فۆرمی شیعریی ده‌زانم و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م، له‌ ڕایه‌ڵ و تانوپۆی ڕسته‌كانیدا توانای جووڵاندنی فره‌ ده‌نگی و فره‌ په‌یوه‌ندی ده‌ڕسكێت. مانا و زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ئاستدارییه‌ی هێزی نووسین ئاشكرای ده‌كات ‌و ده‌یهێنێته‌ گۆڕێ‌. واته‌: قووڵبوونه‌وه‌ به‌ ناخی بیندراو ‌و شه‌پۆلی كات و شوێن سیمای بوون.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

4
ڕوانینی گه‌ردوونی بار ‌و بوار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی شیعر ده‌ڕه‌خسێنێت، ببڕای ببڕ په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشی گه‌یاندن و فۆرمه‌كانییه‌وه‌ نییه‌. خه‌یاڵ ‌و ئه‌و ئاسۆیه‌ی جیهانی به‌هۆیه‌وه‌ وێنا ده‌كه‌یت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كاری شیعرییه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، له‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن: ده‌ست واڵا ‌و دیموكراسین، سه‌رسامیی خۆشیان به‌ نه‌شونمای نوێبه‌خشیی گیانی ژیان ناشارنه‌وه‌.
ده‌توانین له‌وه‌ دڵنیابین، كه‌ شیعر هه‌موو سه‌نگایی ساته‌ ورده‌كانی به‌ ته‌نیا خسته‌ سه‌ر هه‌ڵقوڵانی خه‌یاڵ، وه‌ك به‌رزایی و ناوه‌ندی كاریگه‌ر چووه‌ ناوی و كرۆكی ژیانی به‌ هۆیه‌وه‌ وێنا كرد. بێگومان له‌ بار و بوارێك نزیك ده‌بینه‌وه‌، شیعری تاك ده‌نگی ده‌بێته‌ خۆنیشاندانێك و ده‌ربڕین له‌و بار و بواره‌ بێهێزه‌دا.
ده‌كرێ‌ له‌ بچووكبوونه‌وه‌ی دنیا له‌ بینینی شاشه‌دا، یان هه‌ر فۆرمه‌كی گه‌یاندنه‌وه‌، شیعری فره‌ ده‌نگ له‌ چنین و ڕایه‌ڵ و تانوپۆی توند و تۆڵی ببێـته‌ جێگره‌وه‌ی خه‌یاڵ، وه‌ك به‌رزایی ‌و ناوه‌ندی كاریگه‌ر.
له‌ شیعری فره‌ ده‌نگیدا خه‌یاڵ ڕه‌گه‌زی سوودبینینه‌، به‌رزایی و ناوه‌ندی كاریگه‌ر نییه‌. نیشاندانی باوه‌ڕ و گیانی كراوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌م شێوازه‌، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ چیرۆك و شانۆنامه‌ ‌و ڕۆمان و داستان و ئه‌ده‌بی په‌خشاندا به‌ ئاشكرایی ده‌گاته‌ لووتكه‌ی بینین و تێگه‌یشتنی ڕوون.
له‌ شیعری درامیدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ست و ئه‌قڵی خوێنه‌ر و شاكه‌س ‌و كه‌سایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كان داده‌مه‌زرێنێت، هاوتایییه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌ له‌باری نووسیندا په‌یڕه‌وی ده‌كات. له‌ پێكهاته‌ و بنه‌مای منی شیعریدا پێكدێت و ده‌بیندرێت، خۆی له‌ منی تاكه‌ كه‌سی شاعیر ده‌كشێته‌وه‌، ڕۆڵ و ئاستی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ جۆرا و جۆره‌كان و چێژێك ده‌گه‌یه‌نن، چێژی ئاراسته‌كراوی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كان و واتاناسی.
زۆرێك له‌ شیعری ئیمڕۆمان، له‌سه‌ر سیستمی تاكده‌نگی منی شاعیر وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی كارپێكه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌م شێوازه‌ش وه‌ك هونه‌ر هه‌رچی پێبوو به‌خشی، چاوه‌ڕوان ناكرێت هونه‌رێكی كاریگه‌ری پێ‌ مابێت بۆ به‌خشین و سه‌رسامی، چونكه‌ هیچ شتێك ڕوونادات قسه‌كه‌ر یه‌ك قسه‌كه‌ره‌ ‌و پانتایی نووسینه‌كه‌ی داگیركردووه‌، هه‌روه‌ها بوونی شیعریش وه‌ك شێواز و شێوه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌ كارایی و زیندوویی و هێز دووری ده‌خاته‌وه‌، كه‌ كارایی و زیندوویی ‌و هێز بار و بوارێكن هه‌میشه‌ زیندوومان ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رن.
یه‌كه‌مین كرده‌ی هه‌ستیاركردنی زمان، ڕسته‌كان به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ چاوگه‌ ده‌نگییه‌كان درێژ ده‌كاته‌وه‌، چاوگه‌ ده‌نگییه‌كانیش هه‌میشه‌ ئاگایی زمان تێیدا ده‌بێته‌ بار و بواری ڕاسته‌قینه‌ی نووسین و وزه‌ی ترپه‌ و ئاواز، له‌م بار و بواره‌یه‌وه‌ هه‌ستیاری زمان ڕوو ده‌دات. چه‌ند ترپه‌ و ئاوازێكی لێ‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ناو خۆیدا دووباره‌ په‌خش ده‌بێته‌وه‌، جۆراوجۆریی ترپه‌ و ئاواز: خه‌سڵه‌ت و مۆرك و ماكی ناسینی ئه‌م چه‌شنه‌ن، پشت به‌ وێنه‌هێنانه‌وه‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌كیش نابه‌ستێت، زیاتر گێڕانه‌وه‌ ده‌كاته‌ خۆبووژانه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتن و ئاراسته‌ وه‌رگرتن.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

5
ده‌قه‌كانم، ئه‌وانه‌ی چاپم كردوون و ئه‌وانه‌ی چاپیشم نه‌كردوون، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر مێزی كاركردن ده‌ستیان بۆ ده‌به‌م، هه‌ر چه‌ند ڕسته‌یه‌كیان ده‌ستكاری ده‌كه‌م و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیان ده‌خه‌مه‌ سه‌ر و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیشیان لێ‌ لاده‌ده‌م. تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. ئه‌و هونه‌ر و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی ده‌ستكاریكردنه‌ش له‌ كاركردنی بێ‌ وچانی كاتژمێر، گواسترایه‌وه‌ ناو بار و بواری ده‌روونیی شاعیریه‌تیی من.
كاتژمێر ته‌كان ده‌دا به‌ره‌و ناو ده‌قی كات. ده‌قی كاتیش هه‌میشه‌ ئه‌و چركه‌یه‌ی جوانه‌ تێیدا چاوه‌ڕوانیت، كه‌ هێز ده‌خاته‌ ئه‌و چركه‌یه‌ی بۆی ده‌ڕوات، ڕۆیشتنی منیش هه‌میشه‌ به‌ره‌و ده‌قی شیعرییه‌. هه‌موو شته‌كانی كاریگه‌رییان به‌ نه‌شونمای ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ زه‌ینمدا ئاماده‌یان ده‌كه‌م و ده‌یانكه‌م به‌ به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌م. ده‌ستكاریی به‌رده‌وامیش كارێكی دروسته‌ بۆ نووسه‌ری پڕ توانا و ئه‌زموونی په‌ڕینه‌وه‌، بۆ ناو پرسیاره‌كانی، كه‌ بوون به‌یه‌ك جۆر ده‌ستنیشان ناكه‌ن، به‌رگری و ده‌ربڕین له‌ داهێنان ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر جارێك، كه‌ ده‌ستكاریی ده‌كات، به‌و نیازه‌ به‌ ته‌واوی ژیان له‌ناو ده‌قه‌كه‌یدا ببینێت، یان ژیان به‌ ته‌واوی بهێنێـته‌ ناو ده‌قه‌كه‌یه‌وه‌ و بیگه‌یه‌نێت به‌ ئاستی خه‌ونی نووسین. ئه‌ویش یه‌ك له‌ مه‌حاڵه‌كانی نووسینه‌، نووسین هه‌وڵده‌دات بۆ مه‌حاڵ، مانه‌وه‌ش له‌ناو ئه‌و مه‌حاڵه‌ سووربوونی نووسه‌ره‌ بۆ بینینی ژیان به‌ ته‌واوی له‌ناو ده‌قی بێگه‌رددا.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

6
شاعیر، سه‌ر گه‌رمییه‌كانی خۆی له‌ سنووری بیركردنه‌وه‌ و جیهانبینییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و گیان و هه‌سته‌كانی چالاكه‌ به‌گشت جوانییه‌ هاوبه‌شه‌كان. ئاراسته‌ی ئاڵۆزكردنی جوانییه‌ هاوبه‌شه‌كان نییه‌. ساده‌كردنه‌وه‌یه‌تی، به‌رپرسه‌ به‌رانبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییه‌ت و جووڵه‌ی ئاخاوتن له‌ زماندا، په‌یوه‌ستیشه‌ به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جوانی و فۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی په‌ره‌پێدان و په‌ره‌پێدراو وه‌ربگرێت.
كاری گوتار دامه‌زراندنیش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ بكاته‌ وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌زموونكراوی هه‌قیقه‌ت و به‌های مرۆڤ. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ تواناكانی ده‌ربڕیندا به‌رزیان بكاته‌وه‌ ناو ڕایه‌ڵ و تانوپۆی ڕسته‌ و ترپه‌ و ئاوازی ویژدانیان، لێیه‌وه‌ وه‌ك نیشان و نیشانه‌ پیشانیان بدات، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی هه‌ستیاریشی به‌سه‌ر ئاشكراكردنی چاره‌نووسی جوانی له‌ شێوازی نادیاردا، پشتگیر و پاڵپشت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ و به‌هێزكردنی و داكۆكی له‌ مانه‌وه‌ی بكات.
ته‌وه‌ره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌ون بخاته‌ گه‌ڕ بۆ هێشتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی چێژی گیانی. جوانی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی چالاك و بنیادنه‌ر، له‌ پێكهاته‌ی ده‌قدا بكاته‌ ناوه‌ندی به‌یه‌كگه‌یشتنی په‌یوه‌ندییه‌كان و باوه‌ڕهێنان به‌ هه‌قیقه‌ت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاسته‌قینه‌ی له‌ناو ده‌وروبه‌رێكی بێ‌ هێز له‌ هۆشیاریی فیكریدا، ئاكار دابڕێژێت. به‌دواداچوونی مێژووی گیان و ئه‌وانی دیكه‌ و چاونه‌ترسیش به‌ره‌و ڕووی ئه‌م ئاكار داڕشتنه‌ بكاته‌ ماڵی هه‌ر هه‌موومان و گه‌وهه‌ر و ناوكی هونه‌ری مانا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌كان له‌ چركه‌ زیندووه‌ ده‌گمه‌نه‌كان هه‌ڵداته‌وه‌.
كرده‌ی نووسین وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی هه‌میشه‌یی و خاڵه‌ یه‌كتربڕه‌كانی كات و شوێن بپارێزێت. به‌ فراوانییه‌كی ئاستدار و كاریگه‌ریش بانگه‌وازی لایه‌نداریی ته‌واوی ڕابگه‌یه‌نێت، دواجار به‌ ئاستی به‌های مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئه‌رێ‌ ئاستدارییه‌كانی شیعر و مرۆڤ چین، له‌ واقیعدا جێبه‌جێیان بكات و جێی په‌سندی بن. تا چه‌ند توانیویه‌تی جوانی و هونه‌ر بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ژیان و دركاندن و به‌های مرۆڤ.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

7
وشه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگدا به‌ یه‌ك مانایی سنووردار و پابه‌نده‌، بار و بواری هه‌ڵكۆڵینی نه‌ماوه‌ و چه‌سپاو و جێگیر و نه‌گۆڕه‌، له‌سه‌ر ئاستێكی چه‌سپاو و جێگیر و نه‌گۆڕیش په‌یوه‌ندی بۆ ده‌ستنیشان كراوه‌. واته‌: له‌ناو ژیان و بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشچوون كار ‌و چالاكی لێ‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و خانه‌نشین و لا كه‌ناره‌ و ئاستداری لێ‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
شاعیر له‌ وشه‌كانی ناو ژیاندا ده‌چێته‌ كه‌شی زاڵ و ڕۆشنی خۆیه‌وه‌، وشه‌ له‌ ساتێكی ورده‌كارانه‌دا له‌ ژیان ئه‌زموون ده‌كات. شیعریش، هێز له‌ خودی زمان وه‌رده‌گرێت، به‌زمانی ناو ژیانیش شیعرییه‌تی ده‌ڕژێتێ‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ جیهان ده‌به‌ستێته‌وه‌، كار ‌و چالاكیی وشه‌ گه‌رمه‌كانی ناو ژیان، وشه‌ بێ‌ هێزه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگیان له‌ خه‌یاڵگه‌ی نووسه‌ری خود وریا ده‌ربه‌ده‌ر كردووه‌. هه‌ست به‌ نائومێدییه‌كی ترسناك ده‌كه‌م له‌و وشانه‌ی له‌ناو فه‌رهه‌نگاندا وه‌نه‌وز ده‌ده‌ن. دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ ناو ڕسته‌ی شیعریی كتوپڕ خه‌وی دووباره‌كردنه‌وه‌ی لێ‌ ده‌كه‌وێت. له‌باری دووباره‌كردنه‌وه‌شیاندا، بچووكتر ده‌بنه‌وه‌. ده‌سته‌واژه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگدا خۆشباوه‌ڕ ‌و بێ‌ ئومێده‌، به‌یه‌ك مانایی دڵی داكه‌وتووه‌ ‌و فۆرمه‌كانی كۆتایی پێهێناوه‌.
شاعیریش له‌ناو فه‌رهه‌نگدا سڕ ده‌بێت و وێناكانی كورت ده‌هێنێت، نه‌ك سه‌رسام. له‌ وشه‌كانی به‌رده‌ست و زه‌ینی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و ئاسۆی هاندان و فه‌زای زاڵ ده‌بێت. ڕۆشنبیرانی ئه‌كادیمی و فه‌رهه‌نگنووس و زمانه‌وان له‌ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگدا كار و چالاكییه‌كانیان به‌رهه‌م دێنن. له‌ فه‌رهه‌نگدا ئاستی جیاكاری زمان نییه‌. هه‌موو داهێنانێكی زمان له‌ ئه‌ده‌بدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ ڕووده‌دات، ده‌قی نایابیش له‌ كرۆكدا له‌ په‌یوه‌ندیی زمانه‌وه‌ هێز و سه‌ركه‌وتن وه‌رده‌گرێت، ئاسۆیه‌ك هانده‌ریه‌تی، ئاسۆی ئاستداری و پێكهاته‌ و پێكهاتن.
له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بدا، ئه‌ده‌بێك نییه‌ له‌ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنابێت، بۆیه‌ فه‌رهه‌نگ لای من بووه‌ ته‌لیسمێكی بكوژ، زوو خۆم له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنا. ژیان فه‌رهه‌نگی شیعره‌، هه‌ر شاعیرێكیش هانا بۆ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ ببات، نامۆیی و ده‌سته‌پاچه‌یی خۆی به‌ شیعر ئاشكرا ده‌كات. مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌ی ئاماده‌كراوه‌، بایه‌خی ساته‌ هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له‌ ده‌ست داوه‌. واته‌: ڕۆڵی به‌كارهێنانه‌وه‌ی له‌بیرچووه‌ته‌وه‌ و هه‌ست به‌ كاریگه‌ریبوونی ناكات. ئه‌گه‌ر نووسینێكی ئه‌ده‌بیش ساته‌ هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی نووسه‌ر، خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نه‌بووبێت. ده‌قێكی به‌تاڵه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوون و هۆشیاریی نووسین.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

8
وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ ببێته‌ پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئه‌زموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنه‌وه‌، په‌نجه‌مۆر و ڕوانینی تایبه‌تیی نووسه‌رن، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی خه‌مڵیو و ئه‌زموونێكی ڕاسته‌قینه‌وه‌ به‌رانبه‌ر نووسین و ئاسۆی چاوه‌ڕوانی نووسین. بۆ نووسین و گه‌ڵاڵه‌كردنی، به‌ قووڵی سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانی خۆم به‌ توانای گۆڕان له‌ ژیان و هونه‌ر، هێنایه‌وه‌ ناو زه‌ینم. له‌ مه‌ودای خاڵی لاوازی، تا خاڵه‌ سه‌رسوڕهێنه‌كانی ئه‌زموونم وه‌رگرت، به‌وپه‌ڕی هۆشمه‌ندی جیاكاریی هه‌ستكردن له‌ مه‌وداكانی مامه‌وه‌ و تێفكریم، تا بووه‌ پرۆژه‌ی باش بیركردنه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌كی ڕۆشن. بنه‌ماكانیم له‌ شه‌وق و كاكڵه‌ و ناخی ئه‌و مه‌ودایانه‌ دۆزییه‌وه‌، كه‌ له‌ واقیعی نووسیندا هێناومه‌ته‌ گۆڕێ‌. ئه‌و واقیعه‌ی چۆنیشی بیر لێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یجووڵێنم.
پێش نووسین بیر له‌ مانا ناكه‌مه‌وه‌، دوای نووسین مانا ده‌دۆزرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بیر و ڕاكانی ڕامگه‌یاندوون، هه‌موویان له‌ ده‌قه‌كاندا شوێنی ژیربێژی و ئه‌و ئاماژه‌ ‌و نیشانانه‌ی تێیدا به‌رهه‌م هاتوون، ئاشكران. چاره‌سه‌ری هه‌ندێك له‌ هه‌سته‌ ڕۆمانسییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانیشم كردوون، هێڵم به‌ ژێر دێڕِه‌ لاواز و سه‌رسوڕهێنه‌كانی كێشاون. خه‌ونم كردووه‌ به‌ فۆرمی ده‌ستپێكردن و دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیعێكی دامه‌زراوی خه‌ونی.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

9
شیعر وه‌ك درێژبووه‌وه‌ی قۆناخی پێشتری وه‌رناگیرێت، له‌ هه‌ندێك ڕه‌گه‌زدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، له‌ زۆر ڕه‌گه‌زیش ته‌واو ئاستیان ده‌كه‌وێـته‌ نێوان، دژی قۆناخ و ڕێباز و قوتابخانه‌ و دابه‌شكردنم، ده‌قی داهێندراو به‌سه‌ر ته‌واوی ژیاندا دابه‌ش ده‌بێت.
ژیان و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداو و دیارده‌كان به‌یه‌ك ئاراسته‌ نایه‌ن، به‌ جیاكاری بیری یاخی و كه‌ره‌سته‌كانی شیعری له‌ كه‌شی شێوه‌ گۆڕیندان، ئاستیش به‌ره‌و گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرن. هیچ قۆناخێكیش ناتوانێت قۆناخی پێشه‌خۆی ته‌واو له‌ناو خۆیدا ون بكات، داهێنانه‌كانی له‌ گۆشه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ر گه‌مارۆ بدات. جیاكارییه‌كان سروشتین. جیاكارییه‌كانی ئه‌و قۆناخ و ئه‌زموونانه‌ی له‌ داهاتووشدا ده‌بنه‌ هۆ و مایه‌ی گفتوگۆی گۆڕانكاری هه‌مدیس هه‌ر سروشتی ده‌بن.
شیعر له‌ زماندا ڕه‌ونه‌قی شیعرییه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنێت، زمانیش به‌ ئاراسته‌ی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرێت.
ئایه‌ زمانی قۆناخه‌كانی ژیان درێژه‌پێده‌ر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی یه‌كن. به‌ جیاكاریی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ هونه‌رییانه‌ی له‌ ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی بیر و پێویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌كان ئه‌زموون كراون و دامه‌زراون، یان بابه‌ت و مه‌به‌سته‌كان شێوازیان ده‌گۆڕێن و نیشانه‌كانی هه‌ست پێده‌كرێن. زمانی شیعر، شیعرییه‌ت له‌ زمانی قۆناخێكی دیاریكراو وه‌رناگرێت. واته‌: زمانی شاعیرێك، له‌ زمانی شاعیرێكی تره‌وه‌ ده‌ست پێناكان، هه‌موو سه‌رده‌م و مه‌وداكان ڕاده‌كێشێته‌ ناو بازنه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خۆی، هێز ده‌ڕژێنێته‌ ناو ته‌كانه‌كانی بۆ به‌كاربردن و ئاماژه‌ ژیربێژییه‌كان.
هیچ قۆناخێك نابیندرێت، داهێنان تاجی له‌سه‌ر هێمایه‌كی دلێری نه‌نابێت و ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌رهه‌م نه‌هێنابێت. نموونه‌: قۆناخی كلاسیكی تاجی داهێنانی خسته‌ سه‌ری: (نالی). قۆناخی یه‌كه‌می نوێبه‌خشی، تاجی داهێنانی خسته‌ سه‌ری: (گۆران). له‌ قۆناخی دووه‌می نوێبه‌خشیدا، ئاستێكی تر دێته‌ گۆڕێ‌ و ناتواندرێت داهێنه‌رێك وه‌ك تاك و ئه‌ستێره‌ ده‌ستنیشان بكرێت و هه‌موو هونه‌ره‌كانی تێدا كۆبووبێته‌وه‌.
نموونه‌: هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) هه‌یه‌. لای: (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د) نییه‌. هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێركۆ بێكه‌س) هه‌یه‌. لای ئه‌وانی تر نییه‌، یان هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فه‌رهاد شاكه‌لی) هه‌یه‌. لای هیچێكیان نییه‌. كه‌واته‌: له‌م قۆناخه‌دا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعری په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و ئاستی كۆی وه‌رگرتووه‌، تاك وه‌ك ئه‌ستێره‌ و هێمایه‌ك وه‌رناگیرێت. فره‌ هێمایی هاتووه‌ته‌ ناو داهێنانی شیعری كوردییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ قۆناخی كلاسیكی و قۆناخی یه‌كه‌می نوێبه‌خشیدا، هه‌موو هونه‌ره‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌: (نالی و گۆران)دا كۆببوونه‌وه‌. بۆیه‌ تواندرا وه‌ك تاك و ئه‌ستێره‌ ده‌ستنیشان بكرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش قوتابخانه‌ و قۆناخ و ڕێباز و ته‌وژم….. تاد، له‌ناو ده‌چن. ته‌نیا شیعر، شیعری بێگه‌رد. به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌. درێژه‌پێدان و مێژوویی نین. هه‌ندێ‌ باری قووڵی سه‌رسامی ته‌سه‌وف له‌ شیعری ئه‌مڕۆ ده‌بیندرێن و ده‌ربڕین له‌ ژیان ده‌كه‌ن.
سیماكانی له‌ قۆناخی كلاسیكی ڕه‌ونه‌قیان بیندراوه‌، وه‌ك پێویستییه‌ك له‌مڕۆدا ئه‌زموون ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌و پێویستییه‌ ونبوونی نوێبه‌خشی نییه‌ له‌ناو كلاسیكدا، ئه‌و شتانه‌ی له‌ ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا به‌ره‌و به‌ ئه‌ده‌ببوون ده‌چن، شته‌كانی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا ئه‌ده‌بن و ئه‌وانی تواناشیان تێدایه‌ ببنه‌ ئه‌ده‌ب، ده‌قئاوێزان به‌ جیاكاریی، بنیادی دامه‌زراندنه‌. هێڵی ڕوونی ڕوانینه‌كان بخاته‌ باری قووڵبوونه‌وه‌ و سیما هاوبه‌شه‌كان بناسێنێت. زمانی جیاكار، ترپه‌ و ئاوازی جیاكاری لێ‌ ده‌بێته‌وه‌. شێوه‌كانی ده‌ربڕینیش له‌ ترپه‌ و ئاواز وه‌رده‌گرێت. وه‌ك فۆرم و پێكهاته‌ی ڕسته‌ به‌ندیش جیاكارییه‌كان به‌ره‌و چه‌ندان ئاراسته‌ی جیاكار ڕامانده‌كێشن و به‌ كارامه‌یی به‌ گه‌ڕمان ده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ دوانه‌خستنی ژیان، كه‌ ژیان خۆی كرده‌یه‌كی دواخراوه‌. خاوه‌ن فۆرم و توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنیشه‌.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

10
من چێژ له‌ سه‌رده‌می خۆم. واته‌: چركه‌ زیندووه‌كانی ئێستا وه‌رده‌گرم و به‌ ئاسۆ و دوورییه‌كی گه‌رم و ئاسووده‌ی ده‌زانم، ڕۆژ و ڕۆژگاره‌كانی تێدا به‌ناویه‌كدا ده‌چن و به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، خۆم فریو ناده‌م به‌ ڕابردوو و داهاتووه‌وه‌، ئه‌مه‌ منی دوورخسته‌وه‌ له‌وه‌ی شیعری خۆسووركردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی دروستكراو بنووسم. ئه‌ده‌بێكی به‌ كاكڵ و زیندوو، له‌ گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووه‌وه‌ به‌رهه‌م نایه‌ت. له‌م لێوردبوونه‌وه‌وه‌ هه‌ستم بۆ ژیان و هه‌ڵبژاردنی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر، پێكهێنان و شیكردنه‌وه‌ هه‌ڵوێستی وه‌رگرت. شه‌پۆلی هۆشیاری له‌ ناخمدا خۆی هه‌ڵاوێشت و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پیشان دا، له‌ ناختدا په‌یامبه‌رێك خوڵقاوه‌ پێویستی به‌ ده‌ربڕین و نووسینی كتێبێكه‌ بۆ هه‌مووان، كتێبی بۆ هه‌مووانی من شیعره‌، شیعری بێگه‌ردیش په‌یامی نییه‌، به‌ڵام مانا و سرووشی هه‌یه‌. واته‌: هه‌ست بكه‌یت شتێك هه‌یه‌ و بیرت پێده‌كاته‌وه‌.
له‌و خرۆشانه‌ی خه‌ون و واقیع و ژیان داوایان له‌ گیانم كرد، پێویسته‌ كۆمان بكه‌یته‌وه‌، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنمان شیعره‌. فه‌زای زیندووی په‌یامبه‌ریه‌تی له‌ بوونم ڕسكا. گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له‌ ڕوانینه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانم به‌رپا بوو، به‌ڵام له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی گیانیی یه‌كه‌مین ئاماده‌بوونی نووسین له‌ سه‌لیقه‌ و چێژمدا چه‌خماخه‌ی دا. خۆی وه‌ك كاتێكی به‌رجه‌سته‌ له‌ بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مه‌رگم له‌ناودا كرده‌ سه‌رمه‌شقی پایه‌داربوون.
سروشتی ده‌ربڕینیش ده‌گۆڕێن، هه‌ندێ‌ جار واقیع و ژیان جێده‌هێڵم و ده‌چمه‌ ناو خه‌ون. هه‌ندێ‌ جاری دیكه‌ش خه‌ون جێده‌هێڵم و ده‌چمه‌ ناو چركه‌ زیندووه‌كانی واقیع و ژیان. ئه‌م جێگۆڕكێكردنه‌ بیركردنه‌وه‌ و گفتوگۆ و بینین و ده‌روونم ئازاد ده‌كه‌ن و ده‌چمه‌ ناو كه‌شی نووسین. واته‌: دۆزینه‌وه‌ی واقیعی نووسین. نووسینیش له‌ هه‌موو شوێنێكدا هه‌یه‌، له‌ هه‌ندێك شوێندا به‌ڕوونی و ساده‌یی، له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی تردا به‌ نیمچه‌ ڕوونی، له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی تریشدا به‌ شاراوه‌یی. تا له‌ بۆشایییه‌كانیش پێویسته‌ شاعیربم، له‌ مردنیشدا وه‌ڵامی پێداویستییه‌ شیعرییه‌كان بده‌مه‌وه‌. سوپاس بۆ خودا چاره‌نووسی له‌دایكبوونم له‌ وڵاتێكدا بووه‌، شیعری تێدا شتێكی جه‌وهه‌ری و خۆشه‌ویسته‌.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

11
نووسین له‌باره‌ی ده‌قه‌كانم ڕێكخراون، ئایه‌ بوونه‌ته‌ هۆیه‌ك له‌ دید و دیدگایانه‌وه‌ به‌ خۆمدا بچمه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ ئامرازێكه‌ بۆ باش تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ده‌ب، جۆره‌ سه‌رلێشێوانێك بۆ خوێنه‌ر به‌دی ناهێنێت. سه‌ربه‌خۆیی ده‌ق و خوێنه‌ر گرینگه‌، كرده‌یه‌كی شارستانی و زانستییه‌، ڕۆشنبیر سه‌داسه‌د خۆشحاڵه‌ پێی، به‌ڵام له‌و ڕه‌خنانه‌ی وه‌ك مه‌به‌ست ڕایده‌كێشمه‌ ناو ئه‌و نووسینه‌وه‌ یه‌كێكیانم بۆ ده‌ستنیشان نه‌كرا پسپۆڕانه‌ له‌ناو ده‌قێكم به‌ پرۆگرامێكی ئه‌كادیمی، یان خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه‌ كاری كردبێت و به‌شێك له‌ كرده‌ی ڕه‌خنه‌یی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. كه‌م ئه‌زموونی و كه‌م و كورتیی ده‌قی منی خستبێته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشانه‌وه‌، یان خوێنه‌ری خستبێته‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه‌، كه‌ پشت به‌ میتۆده‌كانی ڕه‌خنه‌گر ببه‌ستێت.
ئه‌و دیاردانه‌ وامان لێ‌ ده‌كه‌ن بپرسین، ئه‌رێ‌ ئه‌م نووسینانه‌ بۆ ڕێكده‌خرێن. هه‌قیقه‌ت له‌ كوێیه‌. ئایه‌ هیچ له‌و نووسه‌رانه‌ی، كه‌ ڕۆشنبیریی خۆیان ئاماده‌یی له‌ نووسینه‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا نه‌بینیوه‌، توانیویانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌قه‌كانم بخوێننه‌وه‌ و خۆیان تێیدا ئاماده‌ بكه‌ن بۆ كارێكی زانستییانه‌، كه‌ توانای مانه‌وه‌ی هه‌بێت، خاڵێك، یان چه‌ند خاڵێكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر بخاته‌ ناو گفتوگۆوه‌، كه‌ مه‌ترسی بێت بۆ ئه‌و بیروڕا هونه‌رییانه‌ی من پێشكێشم كردوون، ئاراسته‌ و بڕوای ئه‌ده‌بیی منیان پێكهێناوه‌.
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌كادیمی و خه‌یاڵ داهێنه‌ریش، توانیویانه‌ پانتایییه‌كی هه‌میشه‌ ئاماده‌ی ئه‌زموونم پیشان بده‌ن. هه‌ستیارییه‌كی قووڵی تێدابێت له‌ناوی ئاسووده‌ بیر بكه‌مه‌وه‌ و په‌یوه‌ست بم به‌ خه‌ونی نووسین. هه‌میشه‌ بڕوایه‌كی پته‌ویشم به‌ جیهانی منداڵییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌و هه‌سته‌ پاكه‌ی له‌ گیانی منداڵیه‌تی په‌روه‌رده‌ كراوه‌. هه‌مان هه‌ستی پاكیش له‌ سروشتدا ده‌جووڵێت. منداڵی و سروشت ناوه‌ندێكن له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بۆیان ده‌چم.
له‌ په‌یوه‌ندییه‌ براده‌رییه‌كانم به‌ هه‌موو هه‌سته‌كانمه‌وه‌ ڕێز له‌به‌رانبه‌ر ده‌گرم، كه‌چی زوو له‌وه‌ حاڵی ده‌بم به‌رانبه‌ر پێویسته‌ وه‌ك گوێزێكی پووچ له‌ لێژاییدا فڕێ‌ بدرێت. چۆله‌كه‌ پشت و پێش و ته‌نیشتی خۆی ده‌بینێت. خاوه‌نی بینین و مه‌ودایه‌كی بێشوماریشه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی چۆله‌كه‌ یه‌ك ئاراسته‌ی بینینم بۆ ژیان هه‌یه‌. ئاراسته‌ی بینینی هه‌قیقه‌ت و به‌رزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، په‌یڕه‌ویشی ده‌كه‌م. چ زیانێكیش به‌و هۆیه‌وه‌ پێم بگات پێی زه‌ره‌رمه‌ند نابم.
دیارده‌ی بێزراو له‌ ئه‌زموونی شاعیریه‌تیی من بیندراوه‌، هه‌بووه‌ به‌ نووسینێك بردوومیه‌ته‌ كه‌شكه‌ڵان، دوای ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتیش هه‌ر خودی هه‌مان كه‌سی خاوه‌ن ئاراسته‌ی كه‌شكه‌ڵان، بوونی ئه‌ده‌بیمی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ماوه‌ ئێجگار كورته‌ ناتواندرێت وه‌ك گۆڕان و ئه‌زموون له‌ دید و دیدگا ته‌ماشا بكرێت.
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی له‌ ئه‌نجامی ئه‌زموون و كاركردنی له‌ناو ئاماژه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا گه‌یشتبێت به‌و دوو ئاراسته‌یه‌ی كاركردنه‌ و هاتبێته‌ سه‌ر ڕۆشنایی باوه‌ڕێك، وه‌ك ئاكامی وه‌رچه‌رخانێك بیر له‌ ئاسته‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌ و پێی خۆشحاڵ ده‌بم. ئه‌گه‌ر مایه‌ی سوودوه‌رگرتن بێت، سوودیشی لێ‌ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژه‌كانم ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی كردبێته‌ داو و هێڵێك و كرده‌ی نووسینی به‌دوادا ببات، له‌وانه‌یه‌ بتوانێت له‌ ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتدا به‌ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌شدا كێش و نیشانه‌ و ئاراسته‌كردن وه‌ربگرێت. كاری ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر ئه‌م پایه‌ ده‌وه‌ستێت سه‌نگی ئه‌ده‌ب له‌ ڕۆشنبیریی كوردیدا ده‌ربخات. هه‌ندێك نووسین له‌ ئاستی هه‌ره‌ به‌رز ڕایانگرتووم. بێگومان ئه‌مه‌یان زێده‌ڕۆیی تێدایه‌. هه‌شه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دایپڵۆسیوم له‌ نزمترین ئاستی ئه‌ده‌بی دیاریكراوی كردووم. ئه‌مه‌شیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایه‌.
خۆشم له‌و دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كه‌ باش حاڵیم، داهێنان له‌و پاداشته‌ نییه‌، كه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گر، یان هێزی باڵاده‌ستی سیاسی وه‌رده‌گیرێت. خورپه‌ی دڵ فه‌رمانڕه‌وایی به‌رده‌وامیی داهێنانه‌. دیارییه‌كه‌ خودا و زمان ئه‌و خورپه‌ی دڵه‌مان ده‌ده‌نێ‌ و ئاشكرای ده‌كه‌ن.
هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌باره‌ی نووسینێك نامدره‌وشێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ست و ده‌روونی نووسه‌ره‌كه‌ی تێیدا ئازاد نه‌بێت، تا سه‌ر ئێسكان گیر بخوات له‌ خوڵقاندنی دوو دیوی و كلكایه‌تی، له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسینێكدام، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه‌دا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسه‌ت تێیدا ده‌سته‌ڵاتدار بێت. ئه‌و نووسینانه‌ هۆشیاریی ڕه‌خنه‌یان تێدا به‌كار نایه‌ت. زیاتر چاودێریی نووسین و هه‌ڵكووتانه‌ سه‌ر و په‌لاماردانن. ئه‌م جۆره‌ ڕه‌تكردنه‌وانه‌ش ته‌نیا شكست بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی تۆمار ده‌كه‌ن. شكستییه‌كه‌ش ده‌بێته‌ بابه‌تی لادانی ڕه‌خنه‌ له‌ میتۆده‌ ڕه‌خنه‌یییه‌كان و ئه‌م و ئه‌و ڕازیكردن له‌سه‌ر ڕه‌نجی ئه‌و ده‌قانه‌ی خاوه‌نی هه‌قیقیترین بنه‌مای شیعرییه‌تن.
هه‌ندێك له‌ نووسینی بێزراو، یه‌ك له‌وانه‌ له‌ ژماره‌(126)ی هه‌فته‌نامه‌ی: (پاشكۆی عێراق–28/2/1990)، به‌ناونیشانی: (عاجباتی هه‌شته‌م له‌ جیهانی ئه‌ده‌بی كوردی)، به‌ شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه‌ ئاماژه‌یان به‌و وێنه‌ شیعرییه‌: (شه‌مه‌نده‌فه‌ر گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی مێژوو ده‌كرتێنێت) داوه‌.
له‌ ئاینده‌شدا گاڵته‌كردن به‌ ئه‌زموونی سه‌ركێشان به‌رده‌وام ده‌بێت. پێش منیش گاڵته‌ به‌ ئه‌زموونی سه‌ركێشانی دی كراون، دواتریش بوونه‌ته‌ هێمایه‌كی ڕوون و زۆر دره‌وشاوه‌. نموونه‌: گۆران، كه‌ توانیویه‌تی سیمای داهێنانی تاقانه‌ی خۆی ده‌ربخات، چووه‌ته‌ ناو هه‌ندێك كۆڕ و كۆمه‌ڵ، نیمچه‌ ڕۆشنبیری كه‌م ئه‌زموون و ناڕۆشن به‌: (هه‌لوور به‌لوور ته‌كامه‌- زه‌رد و سوور و شه‌مامه‌) تانه‌یان لێداوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیان ده‌رهێنا و كردی به‌ ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتایییه‌كیشی بۆ خوێنه‌ری نموونه‌یی جێهێتشت. ئه‌م ده‌ربڕینه‌یان وه‌ك به‌هانه‌یه‌ك ده‌هێنایه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌ خۆماڵییه‌ سیماكانی شیعری كوردی ده‌رخستووه‌ و به‌ كارامه‌یی و وردی هه‌وڵی تێگه‌یشتنی كێشه‌ خۆماڵییه‌كانی داوه‌، من لێره‌دا سه‌رنجه‌كانم ده‌رخستووه‌ و لێم نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌. واته‌: ئه‌م ده‌ڕبڕینه‌م ته‌نیا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ . به‌هه‌رحاڵ ئه‌رێ‌ ئه‌و ڕێزدارانه‌ كێ‌ بوون و له‌ مێژوودا چییان پێكرا. له‌مڕۆدا ئێمه‌مانان چه‌ندیان ده‌ناسین، وه‌ك ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش په‌یوه‌ندییه‌ نادیاره‌كانی خه‌یاڵكردن و بیركردنه‌وه‌مان لێك ئاشكرا بكه‌ن. له‌ لێكجیابوونه‌وه‌ و پێكه‌وه‌بوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بده‌ن، یان له‌ پانۆرامای داهێنان له‌ كوێنده‌ر ده‌ستنیشانیان بكه‌ین. ئه‌وانه‌ی هه‌قیقه‌تی داهێنانی مه‌زنیان زانیوه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانن، كه‌ (گۆران) توانی دیوانی نوێبه‌خشی شیعری كوردی بنووسێت، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ڕۆژگار پێگه‌ و ناوبانگ و شاعیرییه‌تی زیاتر بدره‌وشێته‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ خۆی له‌ ژیاندا مابوو، هه‌یبوو. كه‌واته‌: به‌رهه‌مهێنانی شیعری بێگه‌رد ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان و به‌گه‌ڕخه‌ری هێزی ژیانه‌. لێكدانه‌وه‌ی شیعر، یه‌ك له‌و گوناهانه‌یه‌، كه‌ لێخۆشبوونی بۆ نییه‌، له‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونی ئێستێتیكای به‌شێك له‌ نووسینی كوردی، له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌ شیعرییه‌م، به‌دڵ داوای بووردن له‌ گیانی به‌هێزی ئه‌م گوناهه‌ ده‌كه‌م، ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر هه‌ندێك جار تێگه‌یشتنی بۆ ده‌ق بگاته‌ ئاستی تێگه‌یشتنی نووسه‌ره‌كه‌ و قووڵتریش بچێت.
ده‌قی من كه‌م تا زۆرێك هۆشیارییه‌كی جیاكاری هێناوه‌ته‌ گۆڕێ‌ و له‌ناو كولتووری كوردییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م، ڕه‌نگه‌ هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌بێت ویستبێتم له‌ناو ئه‌م كولتووره‌دا هه‌وڵ بۆ خۆبوونی خۆم بده‌م. ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌رهه‌می بیری گه‌رمی منه‌، خه‌یاڵی شاعیرییه‌تیم له‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی منداڵی تاقی كردووه‌ته‌وه‌.
یه‌ك له‌ جه‌ژنه‌كانی حه‌فتایه‌كان، جه‌ژنانه‌كانم په‌نجا فلس بوو، له‌گه‌ڵ یه‌ك له‌ كوڕه‌كانی مامم چووین په‌نجا فلسه‌كه‌مان خسته‌ سه‌ر هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌و نیازه‌ی، كه‌ به‌سه‌ریدا بڕوات په‌نجا فلسه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و فۆرمی سه‌د فلسی وه‌رده‌گرێت. به‌ ئه‌نجامی ئه‌و كرداره‌ ده‌توانین چێژ زیاتر له‌ جه‌ژن وه‌ربگرین. كه‌چی به‌ شێوه‌یه‌كی وا هه‌ردوو دیوی په‌نجا فلسه‌كه‌ی سڕییه‌وه‌ شوێنه‌وار و نیشانه‌ی پاره‌ی پێوه‌ دیار نه‌ما. جا شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ چێژی جه‌ژنێك بێبه‌شی كردووم و چێژی ساتێك له‌ منداڵیی كوشتووم و نه‌فه‌سبڕ دنیای ئه‌فسووناوی ده‌ستكاری كردم.
له‌م وێنه‌یه‌دا سڕینه‌وه‌كه‌م وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك كار پێكردووه‌ و جووڵاندوومه‌. به‌لای زۆرێك شه‌مه‌نده‌فه‌ر هۆی گه‌یاندن و گه‌شت و خۆشحاڵی و بڵاچه‌ی ئاواته‌، به‌ڵام له‌ دید و دیدگای ئه‌و كاتی من وه‌ك دڕنده‌یه‌كی ترسناك ته‌ماشا ده‌كرا، هه‌روه‌ها وه‌ك وێنه‌یه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و گرژبوون به‌كار براوه‌. شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاوتا كراوه‌ به‌ كه‌سایه‌تیی دیكتاتۆر و جووڵێندراوه‌، كه‌ نه‌شونماكردنی ژیان و زمان و نیشانه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و ده‌وروبه‌رێكی ناله‌بار و به‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن.
هێزی خود له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتداره‌، ده‌قئاوێزانییه‌كی نیشانه‌ ناسیشم له‌ نێوان هێزی نووسین و هۆشمه‌ندیی كۆمه‌ڵگادا دۆزیوه‌ته‌وه‌. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قئاوێزانییه‌ له‌ كێشی ڕه‌خنه‌نووسێك نییه‌، كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌ نه‌بێت.
كات و شوێن و هێما و هێزی خودی چالاك له‌ ده‌ربڕینه‌كانمدا وێنه‌یان زۆره‌، به‌ڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هه‌مه‌چه‌شنی مرۆڤ و شێوه‌ و شێوازی ته‌قینه‌وه‌ی خێرا.
له‌بارخراپیی كێشه‌ و گرفتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی پێش خۆم و نه‌وه‌ی دوای خۆمی گوێڕایه‌ڵیان، به‌هه‌وڵی گرووپێكی لێك نزیك، نووسینم له‌باره‌ ڕێكده‌خه‌ن. به‌ ئاشكراش كار بۆ ئه‌م هاوكارییه‌یان ده‌كه‌ن. گرووپ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری خێڵایه‌تییه‌، به‌هه‌مان جۆر و ده‌ستووری سه‌له‌فییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. هه‌ر خه‌وندیده‌یه‌ك ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوون و ناوه‌ندێكی زاڵ و كاریگه‌ره‌ له‌ نووسیندا، ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆنخوازانه‌ی بڕوایان به‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وی دی نییه‌. ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ وه‌ك عه‌لیشیشی گیڤبووه‌وه‌ ده‌یانباته‌وه‌ ناو قه‌باره‌ی سروشتیی خۆیان. كه‌واته‌: دژایه‌تیكردنه‌كه‌ به‌ سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئه‌وی دی وه‌رده‌گرم. نووسه‌ر بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنی، بووه‌ كۆنترۆڵكردنی ئه‌وی دی، له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆی گه‌ییوه‌ته‌ كۆتایییه‌كی بێزراو. نووسه‌رێكیش له‌گه‌ڵ خودی خۆی گه‌یشته‌ كۆتایی، گوڕنه‌ته‌ڵه‌ و چه‌نه‌باز و منگه‌منگكار و ده‌عبای په‌لوپۆ شكاو و مردۆخه‌، پێویسته‌ بچێت داوا بكات له‌ خانه‌ی پیر و په‌ككه‌وتووه‌كان ناونووس بكرێت. بگره‌وبه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی نییه‌، بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنم له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆمدا، هه‌میشه‌ له‌ ئه‌زموون و نیشانه‌ ناسیدایه‌. گرووپ ده‌ستكردی ده‌سه‌ڵات و هێزی باڵا ده‌ستی سیاسییه‌. كار پێكردنیشی به‌ نیازی ڕێ‌ پێ‌ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئه‌وی دی، خۆی ترسێكی كه‌مه‌رشكێنه‌ له‌ ئه‌زموونی پڕ شایه‌ن به‌ ئاماژه‌، باوه‌ڕ پته‌ویشم به‌هێزی خه‌ونبینیم بۆ نوێبه‌خشی، وا ده‌بینم یه‌ك یه‌ك ده‌گلێن و ڕووبه‌ڕووی داهێنان شه‌رمه‌زار و چاو به‌ره‌وژێر ده‌بن. خاوه‌ن پرۆژه‌ش ده‌بێت به‌ خاوه‌نی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ بێده‌نگه‌ی كه‌ ده‌قه‌، هه‌روه‌ها جیاكاریی نه‌وه‌ جیاكاره‌كانیش به‌ دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌زانم و ڕێزی لێ‌ ده‌نێم، به‌ڵام بێز له‌و باره‌ ناسروشتییه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر بنیادی ڕوانین دروستی ناكه‌ن و ئیره‌یی و حوكمی پێشینه‌ی بێ‌ سوود به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به‌ هیچ جۆرێكیش بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ هێڵی هاوبه‌شی خۆم له‌ شیعری كوردیدا جیا بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌مخواته‌وه‌، كه‌ هه‌نگاوێكی چوست و بنچینه‌یی دیكه‌بم له‌ ئه‌زموونی قه‌ناعه‌ت پێهاتووی خۆم. له‌ هه‌موو ناوه‌ندێكی به‌ گێچه‌ڵیش دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌، سه‌رگه‌رمی به‌دیهێنانی خه‌ونی نووسین ده‌بم، جۆشێكی خۆڕسك و له‌خۆوه‌ و باشم بۆ خوێندنه‌وه‌ و نووسین لا په‌یدا بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش: سه‌رجه‌م ئه‌زموونی هیچ شاعیرێكی كوردم به‌دڵ نه‌بووه‌، به‌ڵام شیعری تاك تاك و هه‌ڵبژارده‌م به‌دڵ بووه‌ و ماچم كردووه‌. ئه‌م باره‌ی خۆم بۆ ئه‌زموونی ئه‌وانی دی، به‌هه‌مان چه‌شنیش لای ئه‌وانی دی بۆ ئه‌زموونی خۆم به‌ ڕه‌وا ده‌زانم.
له‌ سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانیشدا ئاراسته‌یه‌كی خه‌ونیم، یان نیمچه‌ خه‌ونیم ده‌ربڕیوه‌، خه‌ون سرووش و سروشتی پێغه‌مبه‌رانه‌، خودا ده‌یدات به‌ كه‌سی په‌یامدار. من وه‌ك كه‌سایه‌تی، خه‌ونێكم له‌ شیعره‌وه‌ به‌رهه‌مهاتووم، خه‌ونیش ڕاده‌گه‌یه‌نم. نادیارییه‌ك له‌ خه‌وندا هه‌موو گه‌مارۆكانی شكاندووه‌، نووسین ڕاوی ئه‌و نادیارییه‌یه‌. خه‌ون دره‌وشانه‌وه‌ی واقیعه‌، زمان له‌ ده‌قی خه‌ونیدا ئامرازی گه‌یاندن نییه‌، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنه‌ و ناسینی ڕه‌نگه‌كانه‌. ئاسانه‌ بگه‌یت به‌ ئه‌وی دی، به‌ڵام ئاسان نییه‌ بگه‌یت به‌ خودی وریای خۆت، كه‌ گه‌یشتی به‌ خودی وریای خۆت، ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وی دی به‌لاته‌وه‌ ده‌بنه‌ شتێكی لاوه‌كی، یان زۆر لاوه‌كی. گه‌یشتووم به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ڕه‌هایه‌، ته‌مه‌ن و كات هه‌ر هێنده‌ بار و بوار و ماوه‌م ده‌ده‌ن بزانم من چیم له‌ ژیان ده‌وێت، به‌ گرینگیشی نازانم، بزانم ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وی دی چییان له‌ من ده‌وێت.
ئیلتیزامم به‌ بڕوا هونه‌رییه‌كانی خۆمه‌وه‌ هه‌یه‌، كولتووری نیمچه‌ تایبه‌ت به‌ خۆشم هه‌ڵبژاردووه‌ و كاری پێده‌كه‌م. هه‌ستیش ده‌كه‌م كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ چووه‌ته‌ ناو نه‌ریت و ڕابردوووه‌وه‌، پێویسته‌ ده‌ربهێندرێت، مانه‌وه‌ی توانا و ئه‌زموونی هه‌ڵده‌بزڕكێنێت و زیان به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌گه‌یه‌نێ‌ و خه‌مڵینی دوا ده‌خات.
له‌و هه‌موو گێچه‌ڵانه‌ی پێم كراون، ته‌نیا وه‌ك نموونه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌: تیشكێك له‌ یه‌كێكیان وه‌رده‌گرم و مه‌ودایه‌ك داده‌مه‌زرێنم: له‌ 6/3/1985 له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر، یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد – لقی هه‌ولێر، كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێك شاعیر ڕێكخست، ڕێكخه‌ر و كۆڕگێر: (محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود) بوو، من به‌شی پێنجه‌می (زێوان)م خوێنده‌وه‌. كۆپله‌یه‌ك له‌م به‌شه‌ی خوێندمه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌:
(من كه‌وتنی خۆم خۆش ده‌وێ‌
باوه‌شمی تێوه‌ردێنم) زێوان: ل41
كۆڕگێڕ به‌م كۆپله‌یه‌ كاریگه‌ر بوو. تاسه‌ی به‌رده‌وامیشی بۆی هه‌بوو، هه‌ر چه‌ند جارێك یه‌كتریمان ده‌بینی باسی ئه‌م كۆپله‌یه‌ی ده‌كرد. ویستی كۆچیرۆكێك چاپ بكات. داوای لێ‌ كردم ئه‌م كۆپله‌یه‌ وه‌ك كلیل به‌كار بهێنێت و ناونیشانی كۆچیرۆكه‌كه‌ی بكاته‌ (كه‌وتن)، له‌ كاتێكدا ئاماده‌بوو هه‌موو ده‌ربڕینی ڕۆحی خۆی له‌ژێر كۆپله‌یه‌كی زێواندا ناودێر بكات. دواتر ساردییه‌ك كه‌وته‌ نێوانمان و زێوانیش وه‌ك كتێب چاپكرا. له‌ ژماره‌ (15)ی ڕۆژنامه‌ی: ( ئاسۆ – 14/11/1989)، نووسینێكی له‌باره‌ی زێواندا نووسی به‌ناونیشانی: (ده‌قی مردوو: زێوان= جل و به‌رگ=.)، كارێكی به‌ زێوان كرد، مه‌گه‌ر ڕه‌شه‌با به‌ داری به‌ری كردبێت.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

12
شێوازی خوێندنه‌وه‌ به‌شێك له‌ به‌های چێژی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌م گواستنه‌وه‌ی چێژه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وه‌ك ده‌ق، شیعر وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌. دوو یه‌كه‌ن له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ په‌ره‌یان نه‌گرتووه‌.
وه‌ك ده‌ق ده‌سه‌ڵاتی جوانی و بیركردنه‌وه‌ له‌ چێژدا دروست ده‌كات.
وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌ش، ده‌نگ و جووڵه‌ و ئاوازی پیت و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسار، ڕۆڵی جوانی و بیركردنه‌وه‌ ده‌گێڕن و دروستی ده‌كه‌ن.
ئه‌زموونی شیعر خوێندنه‌وه‌ی ناو هۆڵ و به‌ر میكرۆفۆنم هه‌یه‌، به‌ڵام شێوازی خوێندنه‌وه‌ و ده‌نگ و جووڵه‌ و ئاوازی پیت و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسارم په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ گوێگر نادۆزێته‌وه‌، نه‌توانینی گواستنه‌وه‌ی مانا و جوانی له‌ نائاگاییم ده‌جووڵێت و مه‌وداكانی بیركردنه‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ مه‌وداكانی چێژی گوێگر سه‌رچاوه‌كانیان تا ڕاده‌ و ئاستی ڕژانه‌ ناویه‌ك لێك نزیك نابێته‌وه‌.
له‌ 15/9/1985: (ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی) نووسینگه‌ی هه‌ولێر، كه‌: (مه‌حموود زامدار) به‌رپرسی بوو، كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێك شاعیر له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر ڕێكخست، من شیعری: (دابارین)م تێدا خوێنده‌وه‌. (حوسێن عارف) سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (كاروان) بوو، دوای ته‌واوبوونی كۆڕه‌كه‌ ئه‌م گه‌وره‌یییه‌ی نواند و به‌ بزه‌یه‌كی باوكانه‌وه‌ شیعره‌كه‌ی لێ‌ وه‌رگرتم و له‌ ژماره‌ (43) گۆڤاری كارواندا بڵاوی كرده‌وه‌. ئامۆژگاریشی كردم، شێوازی شیعر خوێندنه‌وه‌م باش نییه‌. ئه‌م ئاره‌زووه‌ له‌ناخی خۆم بمرێنم، كه‌ له‌به‌ر میكرۆفۆن ده‌ربكه‌وم و بناسرێم. پێی گوتم: میكرۆفۆن بۆ گۆرانیبێژ سه‌كۆی تاقیكردنه‌وه‌ و خۆپێشكێشكردنه‌، تۆ شاعیری و به‌ره‌و شیعری جیهانبینی ده‌ڕۆی. له‌م چوار شاعیره‌ی تر، كه‌ شعریان خوێنده‌وه‌ جیابووی. له‌م بار و بواره‌دا زمان و شێوازت به‌ هونه‌ری جۆراوجۆری قووڵبوونه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبكه‌. دوای ئه‌م گه‌وره‌یی نواندنه‌ی هه‌میشه‌ وه‌ك داهێنه‌رێك و مرۆڤێكی گه‌وره‌ ته‌ماشام كردووه‌ و ڕێز و شكۆیه‌ك له‌ نێوانمان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
شیعر شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی گرتووه‌. چڕبوونه‌وه‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای كوردیش له‌ شیعردا بووه‌ته‌ ناوه‌ند. هیچ هونه‌رێكی دی هێنده‌ی ئه‌م به‌شه‌ په‌روه‌رده‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای نه‌كردووه‌. هه‌ندێك خورپه‌ی بزربووی ناخ هه‌ن، ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی نایدۆزنه‌وه‌. ته‌نیا شیعر له‌باری دره‌وشانه‌وه‌یدا ده‌توانێت بیاندۆزێته‌وه‌. نووسین و هونه‌ر ئاراسته‌یان به‌ره‌و ژیان و چێژه‌، به‌ڵام كرده‌ی داهێنانی په‌تی، ستایشی ژیان نییه‌ له‌ پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ‌ له‌باره‌ی ژیان و چێژ ده‌خوڵقێنێ‌ و ده‌یكاته‌ قه‌ناعه‌تی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبه‌خش و به‌خشنده‌ش ڕازه‌كان ده‌دۆزێته‌وه‌.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

13
به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوام به‌ تێپه‌ڕاندن نییه‌، بگره‌ بڕوام به‌گۆڕان و جیهانبینیی جیاكار هه‌یه‌. تا ئێستاش نه‌متوانیوه‌ بڕوا به‌وه‌ بهێنم: (نالی)، (باباتاهیر)ی تێپه‌ڕ كردووه‌، هه‌روه‌ها: (گۆران) جه‌سته‌ی شیعری كلاسیكی به‌ته‌واوی جێهێڵاوه‌. ئێمه‌مانانیش خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌هامان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێش خۆماندا نابێت. ده‌قئاوێزانییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌موو نه‌وه‌كاندا ئاشكرایه‌ و له‌وانه‌ی دوای ئێمه‌مانانیش به‌رده‌وامی ده‌مێنێت. وا ده‌بینم هه‌ر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینیی خۆی به‌سه‌ر كه‌سی خاوه‌ن جیهانبینیی ڕۆشنكار و هێمای هه‌مه‌چه‌شن ده‌سه‌پێنێ‌. وه‌ك چۆن هه‌موو وه‌رزێك به‌ فراوانی سه‌یری ئاو و هه‌وای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات و ده‌یسه‌پێنێتیش، ئه‌م ئاو و هه‌وایه‌ش كه‌م و زۆرێك كاریگه‌ری به‌ بارستی خۆی به‌سه‌ر نه‌شونمای دره‌خته‌كان جێده‌هێڵێت. ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌ ستوونی ژیانیان هێنایه‌ ناو شیعر و ئه‌زموونیان كرد. ئێمه‌ ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی ژیان و خه‌یاڵ و خه‌ونمان هێنایه‌ ناو شیعر و فراوانتر ئه‌زموونمان كرد و دره‌وشاوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ناساندمان.
نه‌وه‌ی دوای ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك جیهانبینیی زیاد ده‌كه‌نه‌ سه‌ر قۆناخی شیعری ئێمه‌. ئه‌مه‌ یاسای ژیانه‌ و ده‌بێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ ناوه‌ندێكی چه‌سپاوه‌ له‌ بڕوابه‌خۆبوون و هه‌قیقه‌ت بینین و دیارده‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ چییه‌تی بوونه‌وه‌.
پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنم نییه‌، زیاتر خه‌وندیده‌ی پێكهێنانی هێڵ و هێماكانی خۆمم، شیعرییه‌ت سیمای ڕوونی گشت نه‌وه‌كانه‌ و شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه‌ له‌ جه‌سته‌ و پێكهاته‌ی مرۆڤدا.
ده‌قئاوێزانی ده‌تگه‌یه‌نێت به‌ فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنه‌وه‌ی چالاك و ده‌تدره‌وشێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرییه‌ك ده‌قئاوێزانی له‌گه‌ڵ گیانی به‌هێزی ڕۆشنبیریی دنیا نه‌هێنێته‌ ئاستی هه‌ست پێكردن، نه‌یتوانیوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا، ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌ك: بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه‌. ڕۆشنبیرییه‌كیش نه‌توانێت ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌ك. زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه‌، له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیادا خه‌یاڵی باش به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌.
له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی هێڵی هونه‌ری ده‌توانێت له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشته‌جێ‌ بێت و له‌ گه‌ڕان بۆ بنه‌ڕه‌تیش چالاك و به‌رهه‌مدار بێت، خه‌سڵه‌ت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێته‌وه‌. چركه‌ساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چركه‌ساتێكی گه‌رم و ئاسووده‌ و چڕه‌ له‌ ژیاندا.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

14
له‌ دامێنی هه‌ر ده‌قێكم، مێژوویه‌ك تۆماركراوه‌، بڵێی بڕوام به‌وه‌ هه‌بێت نووسین هه‌ڵچوون و كاتی تایبه‌تییه‌، یان به‌هره‌ و سرووش ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به‌رده‌وام به‌شدار و هاوكارم بن له‌ نووسینی به‌شه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌ق. له‌و ته‌مه‌نه‌ی نووسینمدا، كه‌ نزیكه‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌كامی دڵ له‌ناو سنووره‌كانی له‌ هاتوچۆدام، ژیان هانده‌ر و هۆكاربووه‌ بۆ وزه‌ی خرۆشان. ڕاوی چه‌ند ده‌قێكم كردوون، ئه‌وانه‌ی نووسیویشمن هێشتان له‌ نووسینیان ته‌واو نه‌بوویمه‌ و نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. بڕواشم وایه‌ به‌هره‌ و سرووش كار له‌ ئاماده‌بوونی نووسه‌ر ده‌كه‌ن بۆ كه‌شی خرۆشان، به‌ڵام وه‌ك هانده‌ر و هۆكار و خورپه‌یه‌كی شاراوه‌ نه‌ك شتێكی بنه‌ڕه‌تی و ته‌واوكه‌ری بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین، له‌ نووسیندا زیاتر تێڕامان و خه‌ون و ئێستێتیكای ویژدانی، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌ری و به‌شداریی به‌رده‌وامیم ده‌ده‌نێ‌. ناخی وریام ئاماده‌ی بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تاكانی نووسین له‌ هۆشیاری و یاداشت و خه‌ونمدا ئاماده‌ ده‌بێت. چاوه‌ڕوانی كه‌شی نووسین ده‌كات. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كه‌شه‌ چێژبه‌خشه‌ شكۆ و به‌هره‌ و سرووشی نووسین بێت و بنه‌ماكانی به‌ڕێوه‌ ببات، كه‌ ژیان و سروشت و دڵبه‌ر وه‌ك تۆیه‌كی گه‌ردوونی ببینێ‌ و مامه‌ڵه‌ی ئێستێتیكی له‌گه‌ڵدا بكات. تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش نووسین پێویستی به‌ ژیری هه‌یه‌، تا ده‌ستت به‌سه‌ر ئامرازه‌ هونه‌ریه‌كانیدا بشكێت، ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونی نووسین به‌هۆی به‌هره‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كراودا به‌جێ‌ بهێنێت.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

15
له‌ناوه‌وه‌ی خۆم، به‌ بۆچوون و تێگه‌یشتنی زاهیدێك ژیانم هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌ چاوی ده‌مار و خوێن و پشت سه‌یری ته‌واوی شیعری كوردی ده‌كه‌م، شیعری: زمان و ئێستێتیكی و مرۆڤدۆستانه‌شم خۆشده‌وێت، شیعر وه‌ك توانا و ئه‌زموون هه‌ڵگری وزه‌ی ژیانه‌. له‌ناو شیعریشدا ژیان دووچاری نه‌سره‌وتن و هه‌ندێك جه‌نگی پێویستی كردووم. بوێرییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌ له‌ناوچووندا ده‌بن به‌ هه‌ست، كتێبی ده‌گمه‌نن. هه‌وڵ ده‌ده‌م تێیان بگه‌م، دواجاریش بیاننووسم، ئه‌و ژیانه‌م لا جوان و په‌سنده‌، هه‌ست و خه‌ون له‌ناو ده‌قی شیعریدا ده‌یكه‌نه‌ ئاماژه‌ و ئاخاوتن. له‌ ئاخاوتندا له‌ خاڵی هاوبه‌ش نزیك ده‌بینه‌وه‌، یان ده‌گه‌ین به‌ وه‌ڵامێك بۆ ئاخاوتن. خه‌ون و یاده‌وه‌ری له‌ سێبه‌ریدا به‌ یه‌كتری ده‌گه‌ن و ده‌بن به‌ واقیعێك له‌ واقیعه‌كانی بوون. له‌ نێوان په‌سندكردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خوێنه‌رانی هۆشیار و خوێنه‌رانی ئاساییدا، نووسین له‌كوێ‌ خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌. جیاكاریی نێوان خوێنه‌ری زۆر و جه‌ماوه‌ر ئاشكرایه‌. قۆناخی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنه‌ره‌، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری نییه‌.
ئه‌و مشتومڕه‌ له‌ نهێنیی ئه‌و ده‌قانه‌دا به‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش پێویستمان به‌خوێندنه‌وه‌یانه‌. په‌یوه‌ندییه‌كی دڵخۆشكه‌ریان له‌گه‌ڵ مووچڕك و ته‌زوو و خورپه‌ی شاراوه‌ی ناخ پێكهێناوه‌.
من یه‌ك به‌باری خۆم، كه‌ په‌ستی دامده‌گرێت و له‌ هه‌موو دنیا بێ‌ ئومێد ده‌بم په‌نا بۆ دیوانی: مه‌حوی، یان دیوانی: حاجی قادری كۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان، یان دیوانی: ئه‌حمه‌د تاقانه‌….. تاد، ده‌به‌م. له‌ شیعری كوردیدا ئه‌مانه‌ نموونه‌ی ده‌گمه‌نن. ئاماده‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ گرینگیدان به‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان، یان ده‌گه‌مه‌ فۆرمی گه‌یشتن به‌ هه‌موو شته‌كان و ناخی خۆم. هه‌ر هه‌موو ئاستێكیش ڕێز له‌ ژیان ده‌نێـت و هه‌وڵی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردن و گه‌شه‌سه‌ندن و بیركردنه‌وه‌ی باشتر ده‌دات، هه‌ریه‌كیش به‌ تێگه‌یشتنی خۆی چێژی لێ‌ وه‌رده‌گرێت. نووسه‌ریش له‌سه‌ر بنه‌ما و فراوانبوونی مه‌وداكانی زمان و هێشتنه‌وه‌ی به‌ زیندووێتی ئه‌و متمانه‌یه‌ی ده‌بێته‌ خه‌ونێكی به‌دیهاتوو، له‌ خه‌ونه‌وه‌ش ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. من خه‌ونم هه‌یه‌، له‌ خه‌ونه‌كانمدا ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌چمه‌ ناو مه‌وداكانی بیركردنه‌وه‌ و نووسین.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

16
وشه‌ی: خه‌ون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم ده‌جووڵێنن و لام دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێت له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا قسه‌م له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت و چوارچێوه‌یه‌كیان بۆ بگرم، فه‌زا و ڕه‌گه‌زی ئه‌م وشانه‌ دیدگای منیان دیل نه‌كردووه‌، زیاتر به‌لای خۆیاندا به‌كێشیان كردووم. له‌ناو مندا ڕه‌گیان وریایه‌ و به‌گه‌شه‌كردنم ناساندوون، كه‌شوهه‌وان بۆ ئه‌زموونی خه‌ونیم، له‌ شیعردا ئیلتیزامم به‌ فه‌زای بوونه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك فه‌زا و ڕه‌گه‌زی هانده‌ر و هۆكار. بوون له‌ ده‌قدا ده‌بێته‌ شه‌پۆلی مانا و جوانی و شیعرییه‌ت. شیعری من مه‌به‌ستی مێژوویی تێدا نییه‌. داڕشتنێكی بوونی و گه‌ردوونی و خه‌ونییه‌. كار له‌ناو خه‌ون ده‌كه‌م بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خه‌ون و منداڵی و مردن پرسیاری ئه‌زه‌لین، نه‌كراوه‌ وه‌ڵامێكی ڕه‌ها بۆ پرسیاره‌كانی ئه‌زه‌لییه‌ت بدرێنه‌وه‌، هه‌ر وه‌ڵامێكی ده‌بێته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه‌ بۆ ئازادكردنی واقیع. دووباره‌ نیاز و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ئازادیی ده‌ربڕین و هۆكاری گۆڕاو، خه‌ون و خه‌یاڵ و توانا و ئه‌زموونمان ده‌جووڵێنێت، ده‌كرێت ئه‌م پرسیاره‌ دوابخرێت بۆ دوای كۆتایی زه‌وی، یان دوای دۆزینه‌وه‌ی بزه‌ی مۆنالیزا و به‌ختیاری تا هه‌تایی، بڕوا به‌ به‌ختیاری تا هه‌تایه‌، كاریگه‌رترین و به‌پیتترین ناوه‌رۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوه‌.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

17
به‌لامه‌وه‌ گرینگه‌ هه‌موو ئاستێك ببێته‌ لایه‌نگری ده‌قه‌كانم، یان نا. به‌های ده‌ربڕینی ئازاد شوێنی نووسینی له‌ جیهان دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ ته‌واوی مانای ئازادی، ئازادیم له‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ و هونه‌ره‌ جوانه‌كان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووه‌، ئازادی له‌ناو هه‌ستیاریی نووسین ده‌توێنمه‌وه‌، كه‌سی دووه‌میش به‌هه‌مان ئازادی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. منی وه‌ك نووسین به‌لاوه‌ گرینگه‌، یان نا. ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شی لا وێنا ده‌كه‌م به‌ هه‌موو توانای گیانی و هێزی ئه‌قڵیمه‌وه‌ ئاماژه‌كان به‌ ده‌ربڕین و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان بگه‌یه‌نم، بارێكی گیانیش له‌ناوه‌ندی نووسین چێژی هاندانم ده‌گه‌یه‌نێته‌ پله‌ی توانه‌وه‌ و تێكه‌ڵاوبوون به‌ زۆرێك له‌ شته‌كان. هه‌وڵیش ده‌ده‌م ژیانی چێژدار و به‌جوانی په‌یوه‌ست بخزێنمه‌ گیانی گه‌ردوون و ئاده‌میزاده‌وه‌. گه‌ردوون و ئاده‌میزادیش بگه‌ڕێنمه‌وه‌ باری یه‌كه‌مین فڕین. ئێستێتیكای هاوبه‌ش و ڕۆشنایییه‌كانی ناو ده‌ق ده‌كه‌مه‌ هونه‌ری لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ی ڕۆشنایییه‌كانی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی وه‌رگر. وابه‌سته‌ی كولتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئه‌و كولتووره‌ی په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌. به‌رهه‌می هۆشمه‌ندییه‌تی، كه‌واته‌: ئێمه‌ ناوه‌رۆكی گشتیی كولتوورین. تێكۆشانێكی سه‌خت ده‌كه‌م، ناوه‌رۆكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ پیت و فه‌ڕ بم.
كولتوور به‌و باره‌ زیندووه‌ی خوڵقاندوویه‌تی، به‌ناوبانگترین جۆری ده‌ربڕینی ڕۆشنبیرییه‌. تا پاشه‌ڕۆژێكی دووریش هه‌ر به‌و شێوه‌ چالاكه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌. مامه‌ڵه‌ی من له‌گه‌ڵ نووسیندا مامه‌ڵه‌ی ئیمانداره‌ له‌گه‌ڵ خودا و سه‌رچاوه‌. خودا و سه‌رچاوه‌ش ده‌بنه‌ پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار له‌ چییه‌تی بوون و نه‌بوون و شوێنه‌زا و گه‌ردوون. دواجاریش ده‌مه‌وێت بزانم ئه‌و دۆزینه‌وانه‌ چین، كه‌ پێیان گه‌یشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونه‌ته‌ یه‌كانگیربوونه‌وه‌ی ئاسۆكانی ناوه‌ند و نووسینیان لێوه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

18
جوانی له‌ ساده‌یی و قووڵبینییه‌وه‌ ده‌خوڵقێت. لێڵیش شته‌ ساده‌كان له‌ناو ده‌با و دڵی جوانی تێدا هێور ناكرێته‌وه‌، شته‌ جوانه‌كان به‌ ساده‌یی ده‌وترێن. له‌ به‌شێك له‌ به‌رهه‌می هه‌شتایه‌كانم له‌ بنیادی قووڵی ته‌مومژدا كارم كردووه‌، ته‌مومژ له‌ ئه‌نجامی جوانیی زمان دروست ده‌بێت، لێڵیش له‌ ئه‌نجامی بنیادی ڕووكه‌ش و هه‌ڵه‌ی زمانه‌وه‌.
نموونه‌: بێزمانێك. واته‌: لاڵێك ده‌چێته‌ لای مرۆڤێك، داوایه‌ك ده‌خاته‌ ڕوو. بێزمانه‌كه‌ لای خۆی مانا و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ داواكه‌ی هه‌یه‌ و ده‌زانێت چی ده‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوونیی زمانی نییه‌. ناتوانێت داواكه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نێت.
شاعیر هه‌ن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییه‌. له‌ ده‌روون و هه‌ستی یه‌كئاستیی خۆیان مانایه‌كیان بۆ نووسینه‌كه‌یان داناوه‌، به‌ڵام ناتوانن ئه‌م مانایه‌یان به‌ شێوازێكی ڕوون له‌ به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن، لێڵی ئه‌م نه‌گه‌یشتنه‌یه‌. ژیان خۆی پڕه‌ له‌ شێوازی گۆڕان و جموجووڵ و هاندان و هۆكار، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی سروشتیش گۆڕان له‌ خودی خۆی په‌روه‌رده‌ ده‌كات. دره‌خت له‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كی بچووكدا كه‌شوهه‌وای نه‌شونما وه‌رده‌گرێت، هه‌موو ساڵێكیش گه‌ڵاكانی خۆی له‌ناو ده‌دا و هێمای ڕوون و شێوازی گه‌ڵا نوێیه‌كانی ده‌كاته‌ كرده‌یه‌كی ڕاست. یه‌ك شێوازیش له‌ ئه‌زموونی خه‌وندیده‌ و وێڵی دۆزینه‌وه‌ی ژیانی به‌ پیتدا، ده‌سه‌ڵاتدار نابێت. مانه‌وه‌ و كاركردنیش له‌ناو شێوازێك ڕایه‌ڵ و تانوپۆی داهێنان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، هه‌موو سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌لكێشیش زه‌وت ده‌كات، گیانی به‌رده‌وامبوونیش داده‌ڕزێنێت. ئه‌و شێوازه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كانه‌وه‌ ئه‌زموونم كرد، هه‌وڵم دا له‌و ئه‌زموونه‌دا كار له‌ناو مانای زمان بكه‌م و مانای بابه‌ت بمرێنم.
ئه‌زموونێك بوو، ویسته‌ هونه‌ری و كه‌لكێشییه‌ زمانه‌وانییه‌كانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئه‌م پێشكێشكردنه‌ش خواستی گۆڕان له‌ناوه‌وه‌ هه‌ژاندمی، هه‌ستم كرد كارێكی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ كردن، دنیایه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌ بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا به‌خۆم ده‌ده‌م ئه‌زموونێك واز لێ‌ بێنم و سه‌رگه‌رمی ئه‌زموونێكی دیكه‌ بم، دیاره‌ وه‌ك ئه‌زموون گه‌یشتوومه‌ته‌ دوا ئاستی و لام ته‌واو بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناویشیدا بمێنمه‌وه‌ دووچاری خۆدووباره‌كردنه‌وه‌ و پێكوته‌ دێم، خۆدووباره‌كردنه‌وه‌ و پێكوته‌ش كه‌شی نووسینم له‌به‌رچاو داده‌خه‌ن، له‌و بار و بواره‌دا هێزی خود و ڕسته‌ كاریگه‌ره‌كانی مرۆڤی نوێبه‌خشیش بۆ جوانی و ژیان، بێ‌ كاریگه‌ر ده‌بن.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

19
ڕاگه‌یاندن كه‌ناڵ و ناوه‌ندێكی خزمه‌تگوزاره‌ بۆ كرده‌ی ڕۆشنبیری. له‌ناو ڕۆژنامه‌وانیی كوردیدا گه‌یشتووم به‌ ئه‌زموونی به‌پیتی زۆرێك له‌ نووسه‌رانی كورد و سوودمه‌ند بوویمه‌ به‌ بیر و بۆچوون و فۆرمه‌كانیان. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هێنده‌ی له‌ به‌شێك له‌ ڕۆژنامه‌وانی به‌ ناهه‌ق له‌باره‌ی منه‌وه‌ نووسراوه‌، هێنده‌ به‌هه‌ق له‌باره‌ی ئه‌هریمه‌نه‌وه‌ نه‌نووسراوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به‌بێ‌ هیچ هۆیه‌ك به‌ مه‌به‌ست و هه‌ڵه‌ی ئه‌نقه‌ست ناوم له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌سڕنه‌وه‌. به‌شێك له‌ ڕۆژنامه‌وانیی كوردی هه‌وڵی تێدا دراوه‌ هه‌قیقه‌تی شیعری من بشێوێنێت. له‌ ڕۆژگاری ژیاندا ئه‌وانه‌ی له‌ چێژی باوخوازه‌وه‌ ته‌ماشای ڕسته‌ كاریگه‌رییه‌كانی ژیان ده‌كه‌ن تاوانكارن، نوێبه‌خشه‌كانیش قوربانیی ئه‌و هێزه‌ باڵاده‌ستانه‌ن، كه‌ تاوانكاران ده‌جووڵێنن و ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆ به‌جێهێنانی مه‌رام و تاكتیكه‌ سیاسی و شكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیان، دیمه‌نه‌ ساده‌ و كاریگه‌ره‌كانی ژیان وه‌رده‌گرم به‌ تێكه‌ڵاوكردنی فۆرمه‌كانی گه‌یاندن چه‌ند ئاستێكی زمانه‌وانیی شیعرییه‌تی تێدا ده‌كه‌مه‌ ستوونی تایبه‌تكردن و دره‌وشانه‌وه‌. وه‌ك ده‌قی به‌ ئه‌ده‌ببوو ده‌یخه‌مه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشان و پرسیار، شته‌ ساده‌كانیش به‌رده‌وام له‌ سرووتی تایبه‌تی و دانایی له‌ناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گه‌رمایی هه‌سته‌كانن. بوونمان له‌ناو خۆیاندا له‌پێناو ژیان و جیهانبینییه‌كی باشتر به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، تا له‌ ژیان كاریگه‌ری و كرده‌وه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

20
بێده‌نگی له‌ قووڵایی نه‌زاندراودا په‌یوه‌ندیی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و بوون و گه‌ردوون ده‌دۆزێته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ساردبووه‌كانیشی له‌گه‌ڵ واقیع زیندوو ده‌كاته‌وه‌. هه‌ندێك شت له‌ واقیع وه‌رده‌گرێت، له‌ بیركردنه‌وه‌ی ڕێكی ده‌خاته‌وه‌ و ئاماده‌ی گوتنی ده‌كات. پێكهاته‌ی سرووتی كه‌سایه‌تیم له‌ نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر زه‌مین بۆ خۆ گونجاندن له‌ناو سه‌رچاوه‌كانی ژیان وا هه‌ڵكه‌وتووه‌. ئاخاوتن له‌ناو ده‌ق دروست ده‌كه‌م. له‌ قسه‌كردندا خودی ئاماده‌كراو دێته‌ پێشه‌وه‌، له‌ ئاخاوتنی ناو ده‌قیش ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونی خودی وریا و هۆشمه‌ند. ئه‌گه‌ر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوه‌وه‌م ده‌كوژێت و بنیادی ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیی نووسینم ده‌شڵه‌ژێ‌، ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونی خودیشم به‌تاڵ ده‌بێت. زۆر دوان ته‌نیا بۆ كه‌سی سیاسی گونجاوه‌، بار و بوار بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی دروست بكات، نووسه‌ریش بار و بوار بۆ تێڕامانی تاكییه‌تی و هه‌سته‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. خۆم به‌ تێگه‌یشتن له‌ كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووه‌، پرۆژه‌كانم به‌هۆی زمان و ئه‌فسانه‌ و ئه‌فسوونه‌وه‌ په‌ره‌ پێده‌ده‌م، نازانم ئه‌وه‌ی نووسیومه‌ باشه‌، یان نا. به‌ڵام به‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتووم پێویسته‌ له‌ هه‌وڵی تێڕامان و بێده‌نگی به‌رده‌وامبم، كه‌ ده‌قی بێگه‌رد بێده‌نگییه‌كی به‌رده‌وامه‌.
بێده‌نگی لای من مانا قووڵه‌كانی خه‌ون و گه‌ردوون ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و پرسیاری ژیان و بوونی هه‌یه‌ و ده‌یكات به‌ توانا و ئه‌زموون.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

21
هه‌میشه‌ خۆم له‌ گفتوگۆ و دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان به‌دوور گرتووه‌، ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌ بار و بواری شیعره‌وه‌ به‌ ده‌ستم هێناون، ده‌كرێ‌ بكرێـنه‌ جێگره‌وه‌ی هه‌موو گوتن و نووسینێكی دیكه‌. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییه‌ له‌ دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان بیكه‌م به‌ ناوه‌ندی ده‌ربڕین و دركاندن. هه‌موو ساته‌ هۆشیاری و نهێنی و هه‌ستكردنه‌كانی ڕایه‌ڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم، له‌ هه‌ناوم خۆیان ڕاپسكاندووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌قه‌كانم دركاندوومن. خۆ ته‌رخانكردنیشم بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق به‌لاوه‌ گرینگ و ناوه‌نده‌. ده‌ق بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كان جوان و فراوان ده‌كات، فۆرمه‌كانی ده‌روونیش ده‌گۆڕێت. سه‌ره‌تا شته‌ گشتییه‌كان ده‌دۆزمه‌وه‌. دواتر گیانی بزێوی شته‌كان ده‌نووسمه‌وه‌ و هه‌ستی تێدا ده‌خوڵقێنم.
نووسین و قسه‌كردن له‌باره‌ی شیعر به‌ كرده‌ی دۆزینه‌وه‌ تێ‌ ناگه‌م، زیاتر گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنه‌. هه‌وڵ ده‌ده‌م خۆمی لێ‌ بپارێزم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو بابه‌تێك پتر، تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی شاعیرانی به‌ ئه‌زموون و ژیننامه‌ی كه‌سایه‌تییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونه‌وه‌ش له‌ شیعردا ده‌مانباته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می له‌دایكبوونی یه‌كه‌مین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت له‌باره‌ی یه‌كه‌مین مرۆڤ ڕسته‌یه‌ك، ته‌نیا ڕسته‌یه‌ك به‌هێز بكات، ته‌نیا له‌رزه‌ی گیان ده‌توانێت له‌ناویدا وردبێته‌وه‌ و بگات به‌باری تێڕامانی یه‌كه‌مین مرۆڤ.
سه‌نگێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.




هیچ بیانویەک ڕەوا نیە بۆ برسی کردنی خەڵك ! … سەردار عەبدوڵاحەمە

جەنگ لە گەڵ داعش ئەو بیانووەیە کە خەڵکی کوردستانی پێ دەترسێنرێ و دەکرێتە بیانوو بۆ برسی کردنیان و مووچە بە کرێکاران و مامۆستایان فەرمانبەران وپێشمەرگە وپۆلیس وخێزانی شەهیدان وخانە نشینان نادرێ یا نیوە مووچە وچارەکە مووچەیان پێ دەدرێ . دەسەڵاتدارانی سەرمایە لە هەموو کاتێکدا بیانوویەک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش تەنانەت توێژەناوەندەکانی کۆمەڵگا وەک مامۆستا وفەرمانبەر برسی بکەن نانیان ببڕن و بکە بیانخەنە ناو لەشکری برسیەکانەوە. بیانووی شەڕ لە گەڵ داعش یەکێکە لەو بیانوانە کە دەسەڵاتدارانی موفتە خۆری بورژوازی کورد بە کاری د‌‌ێنی بۆ ئەم مەبەستە.
خەڵکی کورستان زۆر لەوە هۆشیاترن باوەر بەم درۆ شاخدارە بکەن کە دەسەڵاتدارانی سەرمایە لە کوردستاندا بە کاری دەهێنن بۆ فریدانیان وە چاک لەوە گەیشتوون سەروەت و سامانی کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە هەم شەڕی داعشی پێ بکرێت وهەم مووچەشی پێ بدرێ ، داتاکانی خۆیان سەبارەت بە دەسکەوتی بەرهەمی نەوت و گومرگ و باجەکانی سەر خەڵک ڕۆژانە ڕاستی ئەو بۆچونەمان پێ دەڵێن ، ئەوەمان پی دەڵین ئەو هەموو پارەیە کە بەدەست دێت ئەگەر بەیەکسانی دابەش بکرێ باشترین ژیان بۆ خەڵک دابین دەبێ و باشترین شەڕیشی پێ دەکرێ لەگەڵ داعشدا .. ئاشتی هەورامی ووتی : ئەگەر نرخی١بەرمیل نەوت ببێتە ١٠٠ دۆلاریش ئەم بارودۆخە هەروا دەبێت ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئەو پارەیە بۆ گیرفانی بازرگانە سیاسیەکانی دەسەڵات دەچێت بۆیە بارودۆخەکە هەروا دەمێنیتەوە ، هەروەها نیچیرڤان بارزانیش ووتی : ئەوەی ئێمەو بە سەر ئەم میللتەماندا هێنا لە شوێنێکی تر بوایە شتی زۆر خراپ ڕووی دەدا . ئایا ناکرێ ئەم قسانە سەلـمێنەری ئەو ڕاستیە بن کە ئەم دەسەڵاتە خۆیشی دەزانێ تاوانبارە بەرانبەر بە خەڵک؟ برێخت ڕاستی ووت : هەرکەسێ لە ڕاستی تێ ناگا گەمژەیە ئەوی تیێ دەگاو خۆی لی لا ئەدا تاوانبارە . دەسەڵاتی کوردی خۆی لەو ڕاستیە گەیشتووە کە تاوانبارە بەڵام ئەوانەی دەوروپشتیان وکۆیلەکانیان تێ نەگیشتوون دەنا دەبووئەمڕۆ ئەوانیش لە ڕیزی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا بوایەن و داوای سزادانی ئەو تاونبارانەیان بکردایە نەک بۆ ئەو دەسەڵاتە بپاڕێنەوەو بکڕوزێنەوە .
ئایا دەکرێ شەڕی داعش ببێتە پاساو بۆئەم تاوانەیان ؟داعشێک کە خۆیان ودۆستەکانیان لە ئیمپریالزمی ڕۆژئاوایی دروستیان کردوە دەستیان گرتووە و هێناویانە ئەم ناوچەیەوە تا بتوانن رێگا خۆش بکەن بۆ ئەم تاوانە گەورەیە ی بەرانبەر بە خەڵک ئەنجامی دەدەن وە تەمەنی دەسەڵاتەکەیانی پێ درێژ بکەنەوە . مێژوو نیشانی داوە ئەو جۆرە پاساوە و جۆرێکی فریوکاریە و ناکرێ تا سەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر وەکو دەڵین پەتی درۆ کورتە بەزۆریش درێژ ناکرێتەوە . خۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیەش ئەوەیان نیشان دا کە چیتر مامۆستیان و کارمەندان و کرێکاران باوەر بەم پاساو و درۆیانە ناکەن . خەڵکی کوردستان تەجروبەی حیزبی بەعسیان لەلایە کە کاتی خۆی لە ساڵەکانی هەشتاکاندا شەڕی ئێران و عێراق هەبوو وە شەڕی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی هەبوو هەمیشە لە لای پروپەگاندەکانی سەدام وبەعس ئەو شەڕانە دەکرانە بیانوو وە پاساو بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق هەموو نەهامەتیەک قبوڵ بکەن لە بەرئەوەی ووڵات لە حالەتی شەڕدایە ونیشتمانمان لە مەترسیدایە و دەیانگووت ناڕازی مەبن و بێ دەنگ بن. کەچی دوای شکستی ئەو ڕژێمە وە پاش ڕووخانی دەرکەوت کە سەدام وکوڕەکانی و بنەماڵەکەی چەندە سامانیان کەڵەکە کردبوو ، چەندە کۆشک ڤێلایان لە بن دەستدا بوو چەندە ئاڵتوون ودۆلاری سەفتە کراویان لابوو .
زۆر جار هتلەر وسەدام وخومەینی و بەشار ئەسەد وقەزافی و بن عەلی وعەبدولاسالح و پاشای سعودیەو وئەمیرەکانی خەلیج دەبنە نموونە لە جیهاندا بۆ زاڵم بوونیان وە دەخرێنە تای تەرازووەوە تا سەرکردەکانی تریان پی بپێون کە من باوەرم وایە سەرکردەکانی کورد ئەگەر بەم ترازووە بپێورێن کێشی تاوانەکانیان کەمتر نابێ لەتاوانی ئەو دیکتاتوروفاشیستانە لە بواری گەندەڵی دزی کردندا.
ئەگەر بە خەڵکی دەڵین ئارام بگرن ئێمە لە شەڕداین لە گەڵ داعش ئایا خۆیان ئارامیان گرتووە ؟ ئایا کە نانی ئەو خەڵکە دەبڕن بەم پاساوەیان لە خۆشیانی دەبڕن ؟وەڵامەکەی ئەوەیە نەک خۆیان ئارام ناگرن و نانی خۆشیان نابڕن بەڵکو بە بیانوووی ئەو شەڕەەوە بەرپرسەکان سەفتە ی دۆلارەکانیان بەرزتر وبەرزتر دەکەنەوە بازار بۆ بانکەکەکانی تورکیاو ئەوروپاش زیاد دەکەن بەهۆی کەڵەکەی سەرمایەکانیانەوە لەو بانکانەدا . مێشکی خەڵکیان بردووە بەوەی دەڵین ئێمە لە حالەتی جەنگداین دەبی وەزعەکە قبوڵ بکەین وە فریوکارانە لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە فریوی خەڵک دەدەن ، وەک نێچیرڤان بارازانی ووتی : ئێمە مەمنوونی خەڵکی کوردستانین کە تەحەمولی ئەم وەزعەیان کردووە ……بەڵام ئایا خودی نێچیرڤان ودەسەڵاتدارانی تر ئەو تەحەمولەیان کردووە و مووچەیان وەرنەرگرتوە وسامانیان کۆ نەکردوەەتەوە وە بەردەوام لە خۆشترین ژیانی شاهانەدا نەبوون ؟!.
هەموو مەترسی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ وەیە واتە ٢ ساڵە بەڵام دزین و بە تاڵان بردنی سامانی کوردستان و سیاەسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان و گەندەڵی ٢٥ ساڵە دەستی پێ کردووە بۆیە بیانووی شەڕلە گەڵ داعش بۆ برسی کردنی خەڵک بیانوویەکی پووچە مەگەر تەنها کەسانی بێ ئاگا باوەڕیان پێ بهێنن.
تاکە هۆیەک بووەتە هۆی ئەوەی ٢٥ ساڵە ئەم دەسەڵاتە ئەمەی بۆ بچێتە سەر نەبونی بەدیلێکی سیاسی شۆڕشگێڕە کە لە هەوڵی ڕێکخستنی خەڵکدا بێت بۆ بە دەست هێنانی دەسە ڵاتی خۆی کە سامانی کۆمەلگا بداتەوە بە کۆمەڵگا و بەیەکسانی دابەش بکرێ وە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لێ ی بەهرەمەند بێت ، وا هەست دەکەم ئێستا خەڵک خەریکە بەو ئاکامە دەگات کە تەنها خۆرێکخستن لە دەرەوەی بازنەی حیزبەکانی دەسەڵاتدا ڕێگا چارەیە ، وە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا ئەو تروسکەی ئاسۆیە دەبینرێ بەڵام هێشتا پێویستی بە کاری زیاترە بۆ هەڵهاتنی و بۆ ڕزگار بوون لە دەست ئەم جانەوەرانەی دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستان.

سەردار عەبدوڵاحەمە
١٢/١١/٢٠١٦




بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێت … مەنسوور جیهانی ـ

بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 41 وڵاتی جیهان سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێت.
سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە سەرۆکایەتی “فەرید فەرخوندە کیش” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان لەوانە: ئیتاڵیا، تورکیا، ئەرمەنیستان، کۆریای باشوور، چین، ژاپۆن، هیندستان، قرقیزستان، عێراق، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئەمەریکا، ئەڕژانتین، سویسڕا، سوید، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، یۆنان، رووسیا، شیلی، ئێکوادۆر، بڕازیل، پۆڵەندا، دانیماڕک، قیبرس، ئۆرۆگۆئە، ئەندونیزی، پڕۆ، ئیرلەندا، هەنگاریا، زیلاندێنۆ، ڤییەتنام، ئێران و هەروەها هەرێمی کوردستان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” لە لقەکانی فیلمە چیرۆکییەکان، فیلمە دیکۆمێنتارییەکان، فیلمە ئەزموونییەکان و فیلمە ئەنیمەیشنییەکان، بەشی پێشبڕکێی “وڵاتانی ئاسیایی”، چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەی فیستیڤاڵدا، هەروەها ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی”، کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی “سینەما و یەک ڕوانین” لە لایەن چەندین دەرهێنەری بەرچاویی ئێرانی لەوانە: “ئیبراهیم حاتەمی کیا”، “ئەحمەد ڕەزا دەرویش”، خاتوو “نازەنین موفەخەم”، “مێهدی کەرەم پوور” و “محەمەد عەلی حوسێن نیژاد”، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە چەندین سینەماکاری کورد و ئێرانی، لەوانە: “خوسرەو سینایی”، خانمە ئەکتەری کورد “مریەم بووبانی”، سینەماکاری کورد “هووشەنگ میرزایی”، “مەجید بەرزگەر” و “مستەفا ئاڵی ئەحمەد”، کۆڕیی “یوکا ـ پێکا لاکسو” Jukka-Pekka Laakso بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تامپێرە” Tampere لە وڵاتی فینلەندا، کۆڕیی “یۆتا ویلە” بەرپرسی بەشی کورتە فیلمی وڵاتی ئەڵمانیا، کۆڕیی “سایۆکۆ کینۆشیتا” Sayoko Kinoshita بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هیرۆشیما” Hiroshima لە وڵاتی ژاپۆن، نمایشی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە لایەن “خوسرەو سینایی” دەرهێنەریی بەئەزموونی ئێرانی، چەندین ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانە لە لایەن: “فەرهاد تەوحیدی” ـ سیناریۆنووسی، دکتۆر “ئەحمەد ئەلەستی” ـ بنەمای کورتە فیلم، “ئەمیر مێهران” ـ تیتراژ لە سینەما، “کریستۆف رەزاعی” ـ موزیکی فیلم و “بێهرووز شەهامەت” ـ جوانناسی دەنگ، بەشی “کتێب و سینەما”، سیمیناری نێودەوڵەتی کورتە فیلم (رابردوو، ئێستا و داهاتوو)، چاوخشاندنێک بە کورتە فیلمەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو فیلمە ئەڵمانیانەی کە براوەی خەڵاتی ئۆسکاربوون، بەشی “ڤیدیۆ ئاڕت”، فیلمەکانی ئیسلام و ئاشتی جیهانی و چەندین بەشی دیکە لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بریتین لە: “خوسرەو سینایی” دەرهێنەر و سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئێران، خاتوو “ژولیت دۆرێت” Julliete Duret بەرپرسی هونەریی لە وڵاتی بەلژیکا، “یوکا ـ پێکا لاکسو” Jukka-Pekka Laakso بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تامپێرە” Tampere لە وڵاتی فینلەندا، خاتوو “شوبرا گوپتا” Shubhra Gupta نووسەر و ڕخنەگری سینەما لە وڵاتی هیندستان و خاتوو “ئانا هێنکێل ـ دۆنێرسمارک” Anna Henckel-Donnersmarck دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: دکتۆر “ئەحمەد عالەمی” ـ مامۆستای زانکۆ، سینەماکاری دیکۆمێنتاری، ڕخنەگر، نووسەر، وەرگێر و سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “محەمەد رەزا هونەرمەند” ـ دەرهێنەر، “رەزا میرکەریمی” ـ دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر، “موحسین ئەمیر یۆسفی” ـ دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر و “داوود خەیام” ـ دەرهێنەر.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە یەکێک لە فیستیڤاڵە گرینگ و بەرچاوەکانی کورتە فیلم لە ئاستی دنیا دێتە ئەژمار و لە نێوان دەرهێنەرانی کورتە فیلمی دنیادا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەموو ساڵێک فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان بەرهەمەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی ئەم فیستیڤاڵە رەوانە دەکەن.

بۆ زانیاریی زیاتر:
www. tisff.ir

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران.




سەرنجێک لەسەر شەڕی دژی داعش لەموسڵ و جیاوازی هەڵوێستەکان لەناو چەپدا ! … عەبدوڵا ساڵح

جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە وەک لینین دەڵێ ، ئەگەر ئەم شەڕەی موسڵ بەو پێوانەیە هەڵسەنگێنین ، ئەوا سیاسەتێک کە لەپشتی ئەم شەڕەوە وەستاوە سیاسەتێکێ تەواو کۆنەپەرستانەیە لە هەردووک لایەنی شەڕەکە ، ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە هێزە ناوخۆیەکان و ئیقلیمیەکان و نێو دەوڵەتیەکان ، ئەوانەی هۆکارێک بوون بۆ سەرهەڵدانی داعش وەک نوێترین و دڕەندەترین نوسخەی ئیسلامی سیاسی ، ئەمڕۆ کە ئەم نوسخەیە ماوەی بەسەرچوەو هێڵەسوراکانی ئەوانی بەزاندوە ، ئیتر کارێکیان پێ نەماوەو بەدوای نوسخەیەکی تازەترەوەن بۆیە قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ لەناو بردنی ، لێرەوە ئاشکرایە کە لەناوبردنی سەربازی داعش لەلایەن ئەو هێزانەوە لەبەر خاتری چاوی کاڵی کەس نیە.

تەرەفی ئەولاتر کە داعشە بۆ بەرگری لەخۆیی و بەردەوامی بردنە پێشەوەی ئامانجەکەی کە بریتیە لە ” بەجێگەیاندنی شەرعی خوا لەسەر ئەرز ” شەڕی مان و نەمان دەکا . هەر بۆیە لەهەردووک لاوە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە .
ئەم شەڕە دەبێ هەرئێستا ڕاوەستێ ! ئەوە داخوازی حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێڕاقە و حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستانیش بەهەمان شێوە بەڵام بە دەربڕینێکی جیاواز ، ‌هەندێک لە هێزە چەپەکانی دیکە وەک حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری ئێران / حیکمەتیست بەپێچەوانەوە دەڵێن ئەم شەڕە جێگای موخالەفەتی ئێمە نیە ، لێگەڕێن با ئەوانەی داعشیان دروست کرد هەر خۆشیان لەناوی بەرن ، ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازە بۆتە مایەی باس و جەدەلێکی توند لەناو هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا لە نێوخۆی عێراق بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی .
بەرلەوەی بچمە ووردەکاری باسەکە دەمەوێ بڵێم من لەگەڵ ئەوەدام ئەم سەرەتانە لەجەستەی مرۆڤایەتی دا هەڵکەنرێ ، بەدەر لەوەی کێ هەڵیدەکەنێ ، بەتایبەتی ئەو هێزانەی خۆیان خوڵقێنەری بوون . ئەگەرچی باوەڕی تەواوم هەیە بەوەی ئەم شەڕە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە ، ئەگەرچی بەشێک لە قوربانیانی خەڵکی سڤیلن و دەبێ فشارێکی زۆر بخرێتە سەر لایەنی پەلاماردەر بەتایبەتی کە هەرچۆنێک بۆی لواوە خۆی بەدوور بگرێ لە شۆێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و شۆێنە گشتیەکان لەلایەک ، وە لەلایەکی دیکەوە شۆێنی حەوانەوەو نێشتەجێبونی پێویست بۆ ئاوارەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دابین بکرێ ، هەروەها باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەم شەڕە بەتەواوی داعش لە ڕوی سەربازیەوە لەناو نابا ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر تێک شکانی داعش لەموسڵ بەراورد بکەین بە تێک نەشکانی و مانەوەی ، دەبینین ، بە بڕوای من ، لابردنی ئەم مۆتەکە شومەی ئیسلامی سیاسی و دەرپەڕاندنی لە موسڵ لە قازانج و بەرژەوەندی خەڵک دایە تاکو مانەوەی ،هەرچەندە ئەم بۆچونەی من ڕەنگە وەک مەسەلەیەکی محەلی چاوی لێبکرێ ، بەڵام من خۆم بەواقعی دەزانم ئەوێش لەبەر هۆ گەلێکی یەگجار زۆر کە من لێرەدا هەندێکیان دەژمێرم :
1 / خۆزگە هێزە چەپ و پێشکەوتوخوازەکان ئەوەندەیان لە توانا دابایە ، کە لەتوانایاندا نیە ، جەماوەری ئەسیرکراوی دەستی داعش لە موسڵ ڕابەری بکەن و بە پشتیوانی ئەو هێزە جەماوەریە داعش لەموسڵ وەدەرنێن و حەماسەیەک بخوڵقێنن لە شێوەی حەماسەی کچان و کوڕانی خەباتکار و قارەمانی کۆبانی ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەرەی پێشکەوتوخواز و موتەمەدنی دنیا هاتبانایە دەنگ و پشتیوانیان لەم حەماسە جەماوەریە بکردایە هەر وەک چۆن لە جەنگی بۆش و بلێر بۆ داگیرکردنی عێراق کردیان لە شوباتی ساڵی 2003 ، بەڵام داخەکەم نە ئەویان هەیە و نە ئەمیان ! ئەوەتا لەسەر ئاستی جیهاندا دەبینین چۆن هێزە ڕاستڕەوەکان مەیدانداری دەکەن ، هەڵبژاردنی ترامپ و دەرچونی بەریتانیا لە ئیتحادی ئەوروپی دوو نمونەی زیندوی ئەم حاڵەتەن .

2 / لەماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەی حوکمی داعش لە موسڵ پرۆگرام و پرۆسەی خوێندنیان بە جۆرێک بە ڕێوە بردوە کە زەین و هۆشی منداڵ و مێرمنداڵ و گەنجانیان وا شستو شۆ کردوە کە فەریکە داعشی زۆر توندڕەو تر لەخۆیان بەرهەم بێنێ ، قوربانیانی دەستی داعش هێنراونەتە قوتابخانەکان و بەربەرچاوی قوتابیانەوە ئیعدام کراون و تەنانەت زۆر جاریش ئەرکی جێبەجێکردنەکەیان بەوان سپاردوە !
3 / ژنان کە نیوەی کۆمەڵن بە نیوە مرۆڤیش حیسابیان بۆ نەکراوە ، جیا لە پۆشینی جل و بەرگی تایبەت و مەقنەعەو ئەسیر کردنیان لە کوونی ژوور ، ڕێگا چونە دەرەوەشیان لێقەدەغە کراوە مەگەر لەگەڵ مەحرەم ، خۆ باسی سەبایا و کچە یەزیدیەکان هەر ناکرێ !
4 / ئەم چوارچێوە جوغرافیایەی داعشی تێدا حاکم بووە لە کۆمەڵگای بەشەری دایان بڕاندوە و وەک لە ئەستێرەیەکی تر بن ، هەرکەس سەرپێچیشی کردبێ شەلاق ی کوشتن حازر و ئامادە !
5 / عێڕاق کە خۆی لە بارێکی ئابوری زۆر خراپدایە ، ئەی دەبێ دانشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە موسڵ حاڵیان چۆن بێ ؟
6 / چەکدارانی داعش خۆیان دادگاو خۆیان دادوەر و خۆیان جێبەجێکارن ، حوکمی شەرعی ئیسلام لە هەمان چرکەساتەکەدا بەجێدەگەیەنن !
خۆ باسی ئازادی تاک و مافەسەرەتایەکانی مرۆڤ هەرناکرێ، تەنانەت جگەرە کێشانیش قەدەغەکراوە ! ئەمە چ دۆزەخێکە و چ مۆتەکەیەکە بەسەر سینگی بەشەریەتەوە ؟
مەنسوری حیکمەت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئەنتەرناسیونالی هەفتەگی ژمارە 77 بەرواری 26 / 10 / 2001 دا لەباسی دنیا دوای 11 ی سیپتامبەر ئاوا باسی تالیبان دەکا : ( ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن هیچکەسێکەوە ، تەنانەت ئەمریکاو ڕۆژئاواش ، بەدژی تالیبان ، ناکرێ مەحکوم بکرێ ، تالیبان دەبێ بڕوا ، لە کۆتاییدا دەبێ بەزەبر بڕوا و بەکردەوەی سەربازی بڕوا، دوژمنی ڕۆژئاوا بۆ تالیبان باشترە لە دۆستایەتیەکەیان . هیچکەس ڕێگر نابێ لەبەردەم پێچانەوەو داخستنی لاپەڕەی ئەو ئینسان کوژانەی کە ڕۆژئاوا خۆی هێناونیە سەر کار ) لێرەدا دەبێ بڵێم تەئکیدیش لەوە دەکاتەو کە جیاوازی هەیە لە نێوان جەنگ و تیرۆر ، ئەمە ڕاستە ، چونکە ئەوکات تالیبان لە چیاکانی تۆرا بۆرا خۆی حەشار دابوو و ئەمریکاش ئەو ناوەی بەسەر سەری دانیشتوانی دا خاپور دەکرد گوایە شەڕی تالیبان دەکا ، وەک چۆن دەڵێن دەریاچەکە ووشک بکە تاکو ماسیە بۆگەنەکە بکوژی ! کە ئەمەش تیرۆریزمێکی حاشا هەڵنەگرە . بەڵام ئەمڕۆ داعش پانتایەکی زۆری خاک بەدانیشتوانەکەشیەوە لەژێر چنگ دایە ، دەوڵەتی ڕاگەیاندووە ، با دەوڵەتێکی موتەعارەفیش نەبێ ، کۆمەڵگا بەڕێوە دەبا بەتەمایە سیکەی پارە لێبدات ، سوپای هەیە ، کەواتە ئەمە شەڕی نێوان دوو لەشکرە .
با بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی باسەکە ، ئەو کێشە سیاسیەی نێو چەپ دەربارەی شەڕی موسڵ . بوونی جیاوازی بیرو ڕا دەربارەی مەسەلەیەکی سیاسی و تەنانەت مەسەلەیەکی فکریش لەنێو بزوتنەوەیەکدا یاخود لە نێو حیزبێکی سیاسیشدا شتێکی زۆر سروشتیە ، هەروەها بوونی باس و جەدەل لەسەر ئەو بابەتانە حاڵەتێکی تەندروستە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە وون بوونی ئاسۆی سۆسیالستی لە هەندێک لەو باسانەدا و پابەند نەبوونی تەرەفەکان بە ئوسۆڵ و پرەنسیپی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە بە جۆرێک کە کەشو هەوایەکی سالمی سیاسی فەراهەم بێنێ بۆ بردنە پێشەوەی ئەم باس و جەدەلە ، نەک تەنیا ئەوە بگرە پەنابردنی هەندێک لایەن بۆ هەمان شێواز و ئوسوڵی حیزبە بۆرجوازیەکان بە وەشاندنی تانەو تەشەری سیاسی و تەنانەت شەخسیش بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکۆنەکان لەسەر یەکتر !؟ ئایا ئەمە کوێی کۆمۆنیزمی کرێکاریە ؟ ئایا نەدەکرا ئۆلگۆیەکی ئوسوڵی کۆمۆنیستی وا بدەینە دەست لەم جۆرە خیلافاتانەدا کە دەرسێکیش بێ بۆ هێزەکانی تری دەرەوەی بزوتنەوەی چەپ لەبری گەیاندنی کارەکە بە شۆێنیك کە برینەکانی وا بەئاسانی ساڕێژ نەبن ؟ ئایا ئەمە خزمەتە بە بزوتنەوەکە یاخود بە نەیارانی ؟
ئەمڕۆ هەموو هێزەکانی مەیدانی سیاسی لە عێراق خەرێکی خۆ ئامادەکردنن بۆ قۆناغی دوای داعش چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ شەڕەکە ئیدامەی هەیە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە ، بمانەوێ و نەمانەوی داعش لەڕوی سەربازیەوە بەرەو شکست دەڕوا ، چۆنیەتی خۆ سازدان بۆ قۆناغی دوای داعش ئەرکێکی بێئەملاو ئەولای گشت هێزە سیاسیەکانە، حیزبە بۆرجوازیەکان لەو بارەوە بێخەم نین ، بەڵام کۆمۆنیستەکان ، بەداخەوە ، وەک لە ئەجیندایاندا نەبێ وایە ! وادیارە ئەمڕوداوە تێپەڕدەبێ و ئەوانیش لەتەماشاچی بەولاوە چیتر نەبن !
کاکڵەی باسەکە بە وتەیەکی لینین دێنمەوە لە باسی سۆسیالیزم و جەنگ کە دەڵێ : ( هەرگیز ناتوانرێ جەنگ لەناوببرێ بەبێ لەناوبردنی چینەکان بەبێ دامەزراندنی سۆسیالیزم ) .

12 / 11 / 2016




ڕێژەى نەگۆڕ …..!؟ … برهان ئەحمەد

دەمانچە لە من بەختى باشترە , تفەنگ لە تۆ خەونى زیاترە
کانییەکان دەدەیتە بەر دەستڕێژى وشکایى , پەینى خەزان دەخەیتە سەر ڕەگى شەوبۆ, ڕوومەتى پوونگە بەشةمزين ئاوپرژێن دەکەى , ئاگرت لە باران بەرداوە , جۆگا دەترسێ .
خەریکى رووتکردنەوەى زەویت , جلت لە بەر بەهاردا نەهێشت ,بزر بووى لە نێوان هاتن و چوون , پەنجەرەت خەڵتانى ڵێڵى کردووە , ڕۆشنایی تووشى کەمخوێنى هاتووە , تاریکیش خوێن بەربوون .
ئەى ئینسان ,
هەموو شتێکى جوانت قفڵدا , زنجیرت خستە گەردن مامزوو باڵدارانەوە , لەبەر بێباکیت , باخچە دەپژمێ , تووشى هەڵامەتى دڵەڕاوکێ بووە .
جریوەى ئەستێرە بە کلى تەڵخى دەرێژى , پەتووى تەم دەدەیتە سەر خەیاڵى فڕیوى پەپوولە , ناوکى وەسواسیت , لەسەر ڕێگاى کوکوختى و خاڵخاڵۆکەکاندا چاند , دەستدرێژى دەکەیتە سەر کبریاى گردوو تەپۆڵکە , هەیبەتى شاخ و چەمت هەڕاج کرد , مەلوولى دەگوازیتەوە نێو روحى گیا , دڵتەنگى دەگەیەنیتە نێو دەمارەکانى ئاو , نێو ئێسک و پروسکى هەور .
رەز لەرزوتا دەیگرێ , شێڵڵۆیى تەرازوو لاسەنگ دەکات , هەنگوینى کەم و کووڕى وتارخوێنى یەکسانییە , میوەى درەختى زمان بەکاڵى دەچنیتەوە .
ئەى ئینسان ,
لە ترسى تۆ , لە ناو هاوارێکى کپ , دەنگێکى خامۆش , قیژەیەکى خەواڵوودا خۆم گرمۆڵە کرد , لەناو خۆم هەڵکوڕمام , لە ناو گلێنەى مانگێکى نووستوودا ئەڤین و شەیداییم شاردەوە , خۆشەویستیم بۆ هەتا هەتایە پاراست .
ئیتر لەوە تێگەیشتم ئەمە ئەرکە سەرەکى و راستەقینەکەى منە .
هەرچى بەختیاریم هەبوو , هەرچى خەندەم کۆکردبووەوە , ئارەقەى مەچەک و بازوو , دیدگاى تەماشاو بینین و وردبوونەوەم , سپاردە دەستە بەهێزەکانى ئەستێرەیەکى مردوو , سەعاتى سپێدەکانم بەخشییە تەرمى زیندووى شەوێک , کاتە ئاڵتوونییەکانى خەیاڵ و بیرکردنەوەم لەناو هەستى ترساوى تابووتێک دامنا .
تۆش ئەسپە ڕەسەنەکەت بە دیارى بۆ سوڵتانێک برد , لە با سووکتروو لە پووش پووچتر بوو , هەنگوینە بەتامەکەى بەهەشتى ئایندەى زەردەخەنەى نەوەکانت لە ژوورى مێشەکاندا هەڵگرت , لە هۆڵى مشکەکاندا دەرگات لەسەر زەخیرەو دانەوێڵەکان داخست , قاسپەى کەوەکانت سپاردە خەیاڵى راوچییەک .
منیش ناچاربووم
لە ناو کفنى بێ ئۆقرەییدا ڕابکێشم ,
بۆ ئەوەى دێڕ بەدێڕى گریان توڕ هەڵدەم , بەدەفتەرى فرمێسک و حەسرەتەکانما چوومەوە .
مردن ,
خۆرى بانگەوازێکە نادیار, لە هەنیەى مەنارەى ژیانەوە هەڵدێ , ڕووداوى سەعاتێکە ژەنگ ناگرێ , بەرهەمى گۆرانییەکە ئەزەلى , سەرئەنجام هەموو کەس دەیچڕێ , تامى دەكات و دەيچێژێ , بەرووبوومى باخێکە پیربوون ناناسێ , ئاوازى کەمانێکە ئەبەدى , دەنگى مۆسیقاى پەنهانییە لە زایەڵەى روونیدا , کردارى تامکردن و لە بیرچوونەوەیە .
شەهیدبوون , ئەزموونى فڕینى هەڵۆى میهرەبانییە لە ئاسمانى بەرزى ستەمکاریدا
ئازادى بکەوێت , خۆشەویستيش دەمرێت
ئەمە حیکمەتى نووسراوى سەر سینەى کچە گەریلایەکە .
مردن ,
بەردەوام تۆڕى گەمارۆدانى ئێمەى هەڵگرتووە , هەمیشە بەڕێى کڕینى دەزوولەو خامەوەیە , بەردەوام تێکستى تەڵقینى لە گیرفاندایە , هەمیشە سەرقاڵى ئاوەدانکردنەوەى گۆڕستانەکانە , خوولیاى ئابڵوقەدانى هەردووکمان , ئارەزووى ئەوەى پێکەوە سەردانیمان بکات , پێکەوە ئاهەنگمان بۆ بگێڕێت , لەگەڵماندا دووا قاوەى نەبوون بخواتەوە .
ئەى مرۆڤ ,
تۆ , لەپێناو دەست بەسەراگرتنى چەند دۆنمێک لەزەت و شەهوەت
لەبەر خاترى هەندێ وەهمى جوان
ونببوون و سەرگەردانى و بیرچوونەوەت داهێنا , هەرچى وەفادارى مانگ هەبوو بۆ شەوى وێڵى عاشقان , چى چاکەى تریفە هەيە بەسەر هەنگاوى رێبوارانى رێگاى ئەوینەوە , لە ناو تەنەگەیەکى خۆڵدا ناشتت
دەشێ ڕوونەداو ڕووداو بێت
کۆتر دەستى لە کوشتنى خۆیدا هەبێت
دەشێ لە تەقینەوەیەکدا , چاوێکم لە ماڵى دراوسێیەکدا بدۆزرێتەوە , دەشێ ئەم سەرە پڕەم لە ڕەنگ و لە بۆن , بکەوێتە بەردەم دوکانێکى عەتر فرۆشەوە , دڵم لە حەوشەکەى ( ……….. ) بە جێبمێنێت .
واى کە دڵم دڵى خۆشە ئێستاکە …!!!!
چون بە کۆڵانەکەى ئێوەدا تێپەڕى , وەکو چۆلەکەیەک ڕێى کەوتۆتە بەر پەنجەرەکەى تۆ .
دەشێ دەستێکم ئارامى ئارایشتگایەکى خانمان تێکبدات , قاچێکم بکەوێتە گۆڕەپانى قوتابخانەیەکى کچانى سەرەتاییەوە .
دەشێ قەسابێکى دڵرەقى شار سى و جگەرى من و مەڕێکى پیرى بەسزمانى لێبگۆڕێت بەڕێکەوت گورچیلەیەکم فڕێبدرێتە بەردەست پشیلەیەکى تەماحکارى گەڕەکەکەمانەوە
ئەى ئینسان …؟
ئەوەى لە سینەتدا دەگوزەرا , ئەوەى لە خوێنتەوە فوارەى دەکرد , بەتاڵى دەکەیتە نێو فەخفوورى ئاودەستخانەیەک
ئەو باڵندانەى لەسەر شان و ملتدا دەنیشتنەوە
سەرت بۆ کردن بە قەفەس و دەستەکانت بە داو
ئیتر چۆن لێت نەترسم ئەى مرۆڤ …؟
چما لە چى گومانم نەبێ لێت ….؟
چیت ماوە زراوم نەبات …؟
بۆچى شتێکت ماوە نەمتۆقێنێت ….؟
دەشێت و …. دەشێت و …. دەشێت
ئەمانە ڕووداو بن
روویانداو
ڕوو بدەنەوە
بەڵام ئەوەى جێگیرە , ئەوەى مەحاڵە ڕووداو بێت .
ڕێژەى نەگۆڕى ئەم ڕووداوانەیە .
مردنى من , چیرۆکى هەزاروو یەک شەوەى ئازادییە
مردنى تۆ , پێ خزانى سەرخۆشێکە لەجادەکانى ئەستەموڵ
کەوتنى هیپییەکە لە پاریس
خلیسکانى تلیاک کێشێکە لە تاران .
مردنى من
هەڵهاتنى خۆرێکى ترە لە قەندیل , درەوشانەوەى خوێنى ڕژاوى پێشمەرگەیەکە لە شنگاڵ .
مەرگى تۆ
دۆزینەوەى تەرمى چیچانییەکە لە تەللوەرد . دانەوەى قەرزێکى کۆنە بە زەوى .
ئەى مرۆڤ ….. ئەى گەشتیارى بێ شوێن …؟
کەى , لە گۆڕماڵ , لە خانووە نوێکەت , لە کۆشکە لمییەکەت , پشوویەک دەدەى ,کەى ئارام دەگرى , کەى ڕادەکشێی ….؟
ئەى مرۆڤ ……………..

برهان ئەحمەد
مانگى _١ ى _ ٢٠١٦ کەرکوک




گۆڕان بەرەو بەغداد … ئاسۆکمال

بۆچی گۆڕان دەیەوێ خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەرەو بەغدا ڕوی وەرگێڕێ، لەکاتێکدا حکومەتی سلێمانی بەدەست خۆیانەوە و داهاتەکەی بەدەست یەکێتی شەریکە ستراتیژیەکەیانە؟
ئەم بزوتنەوەیە دوای ئەوەی لە ڕێگەی بەڕیوەبەری پەروەردەکەیەوە خۆپیشاندانەکانی بە فەوزای چەند حزبێک ناوبرد و ڕۆژی دوایی دەنگی هەزاران خۆپیشاندەر وەڵامی دان شکێنی بەم هەڕەشانەی کاربەدەستەکەی گۆڕان دایەوە، ئەمجارە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقی دەیەوێ بەڵای خۆپیشاندان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە بەوەی بەرەو بەغدا ڕوی وەرگێڕن.
خەڵکی خۆپیشاندەر ئەگەر دوای گۆڕان بکەون بۆ بەغدا چیان دەست دەکەوێ؟
دەڵێن یاسایەکی دادپەروەرانە هەیە لە عێراق موچە لە بەرامبەر تەسلیمی داهاتدا دەدات .ئایا کێشەی ئێستا ئەوەیە کە داهاتی سلێمانی هەمووی تەسلیمی پارتی دەکەن بۆیە موچە نادرێ؟ ئەی یەکێتی لەو حکومەتە هاوبەشەدا داهاتی ئەمبەری دێگەڵەی بەدەستەوە نیە؟ ئەگەر داهاتی سلێمانی لەژێر دەستی یەکێتیدایە چۆن عەبادی موچە بە پارێزگای سلێمانی دەدا تا داهاتی سلێمانی تەسلیم نەکەن؟
ئایاگۆڕان دەتوانێ داهاتی سلێمانی لە یەکێتی بسەنێ و تەسلیمی عەبادی بکا؟
نەبونی موچە شکستی حکومەتە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکانە، نەک حکومەتی عێراق. حکومەتی عێراق ئەگەر لەگەڵ پارێزگاکانیشدا بەجیا مامەڵە بکات ،پارێزگای سلێمانی داهاتەکەی هەر لەژێردەستی یەکێتیدا دەمێنێتەوە و گۆڕان بەڕێوەبەری دەبێ. ئەوکات حکومەتی بەغدا لەگەڵ یەکێتی مامەڵە دەکا و یاسای “داهات بەرامبەر بەموچە” جێبەجێ دەکا. ئایا یەکێتی خۆی ناتوانێ لە داهات موچە بدات وا داوا لە بەغدا دەکا داهاتی بۆ بگۆڕێ بە موچە؟ ئەگەر لەجیاتی پارتی بەغدا سەرپەرشتی سلێمانی بێت دزی یەکێتی کەم دەبێتەوە؟ ئایا یەکێتی دەستبەرداری حکومەتە هاوبەشەکەی دەبێ لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕان هەرێمی سلێمانی سەر بە عێراق دروست بکا؟
ئەگەر گۆڕان کێشەی موچەی خەڵکی سلێمانی هەیە،بۆچی لە حکومەتە خۆجێیەکەی سلێمانی لە داهاتی سلێمانی موچە دابین ناکا؟ بۆچی بڕیاری پاشەکەوتی موچە هەڵناوەشێنێتەوە لەم پارێزگایەدا؟ ئەنجامی ڕێکەوتنی لەگەڵ یەکێتی بۆ گۆڕینی سیستەم ئەوەیە کە لەژێر گوشاری وەزیری پەرەوەردەی پارتیدا ناڕەزایەتی مامۆستایان بەفەوزا ناودەبا و نوێنەرانی مانگرتوان لە باجەکانی سلێمانی دەگوێزیتەوە و لە سەر دزیەکانی یەکێتی لە سلێمانیدا فزە ناکا.
ئاشکرایە گۆڕان دەیەوێ وەزیفەی بەڕیوەبەری ئەم حکومەتە خۆجێیەی سلێمانی بەم چون بەرەو بەغدایە بپارێزێ ، ئەمجارەیان بەناوی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانەوە لەبەغدا. گۆڕان دوای شکستی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیدا و مردارەوەبونی هاوپەیمانێتی لەگەڵ باڵێکی یەکێتیدا ئێستا دەیەوێ لەگەڵ شەیاتیش ڕێک بکەوێ تا چیتر سەرەولێژنەبێتەوە.
خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندانەکانیان شکست دەهێنن ئەگەر دوای ئەم عێراقچێتیە دیماگۆگیەی گۆڕان بکەون و سەرکەوتن تەنیا لە فشارهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلیمانی و حکومەتی هەرێمەکەی پارتی و یەکێتی کە لەداهاتی کوردستان موچە دابین بکا و چیتر تاڵانی و دزی لەم مافەی خەڵک نەکرێ بەناوی پاشەکەوتی موچەوە. ئەم کارە خەڵک لەڕیگای دروستکردنی ڕیکخراوی جەماوەری و دەستبردن بۆ کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان دەبێ لەلایەن ئەم خەڵکە ڕیکخراوەوە نەک بە ڕووەرگێڕانی ناڕەزایەتیەکان بەرەو تەسلیم بوون بە بەغدا.
ئەم پیلان و هەنگاوەی گۆڕان بۆ گۆڕینی قاڵبی ناڕەزایەتیەکانە لەوەی چیتر داوا لە دەسەلاتدارانی یەکێتی و گۆڕان نەکەن کە موچە بدەن و بڕیاری پاشەکەوتی موچە لە سلێمانی هەڵوەشێننەوە ،وە داوای خەڵک بکەن بە داوای گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئاراستەکردنی ناڕەزایەتیەکان لە موچەوە بۆ پشتیوانی گۆڕان بەرامبەر بەپارتی تا وەک ١٧ شوبات خەڵک خوێن بدات و ئەوانیش بچنەوە دەسەڵات.

ئاسۆکمال




ئافره‌ت خۆی خۆی خستۆته‌ گیزاوه‌ی پیاوساﻻری … ئانیا ئەحمەد پور

ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناویك نییه‌ له‌ نرخی ئافره‌ت كه‌م بكاته‌وه‌ یاخود تاوانبار بینوینی به‌لكو راستیه‌كی شاراوه‌یه‌ و ده‌رخه‌ری زۆر له‌و كیشانه‌یه‌ كه‌ ره‌نكه‌ بیاوكرابیته‌ كوناهبار له‌كاتیكدا ئافره‌ت خۆی خۆی خستۆته‌ زیر حوكم و كۆمه‌لكه‌یه‌كی توندره‌و. مایه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ جۆن مرۆف بتوانی خۆی بخاته‌ ری وشوینی وا كه‌ بۆ جه‌ندین سه‌ده‌ كاریكه‌ری بمینی به‌ﻻم ئه‌سته‌م نیه‌ وه‌كو كوتراوه‌ مرۆف خاوه‌ن كه‌سایه‌تی بی هیج بونه‌وه‌ر و هیج شتیك ناتواتی له‌ به‌هاكانی كه‌م بكاته‌وه‌ ئه‌ی كه‌واته‌ جی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئافره‌ت ببیته‌ زیرده‌سته‌ و مامه‌له‌ی نه‌شیاوی له‌كه‌لدا بكری؟ یان جۆن بون به‌ كﻻبون ده‌خریته‌ ئه‌ستۆی خۆی؟ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بیكه‌ی به‌رز و بوونی ئافره‌ت له‌ ئه‌ده‌بیات و نوسیندا زۆرترین بابه‌ت و بیری كۆمه‌ﻻیه‌تی داكیركردوه‌ و زۆربه‌ی كیشه‌ كۆمه‌ﻻیه‌تیه‌كان خراونه‌ته‌ بال ئه‌و ره‌فتاره‌ نه‌شیاوانه‌ و سه‌ركۆنه‌كردن به‌نامرۆفایه‌تی دز به‌ كه‌وره‌یی ئافره‌ت لیقه‌له‌م دراوه‌ هونه‌رمه‌ندان له‌ ریكه‌ی هونه‌ر و هۆنراوه‌ به‌جه‌ندین شیواز به‌سه‌ریاندا هه‌لكوتون و وه‌ك فریشته‌ وه‌سفیان كردون هه‌له‌یه‌ كه‌ر بوتری وه‌سفی كه‌وره‌یی ئافره‌ت دوره‌ له‌ راستی به‌لكو ئه‌مه‌ راستیه‌كی رونه‌ له‌هه‌مان كاتدا هه‌له‌یه‌ كه‌ر بوتری هه‌مو ئافره‌تیك فریشته‌یه‌كه‌ و دوره‌ له‌تاوان له‌م باسه‌دا به‌رده‌ هه‌لده‌مالین له‌سه‌ر جه‌ند راستیه‌ك كه‌ شاراوه‌ و ونه‌ به‌ رونكردنه‌وه‌ی هۆی بونی ئافره‌ت به‌ كیشه‌ی كۆمه‌لكه‌

ره‌فتاره‌كان مرۆفه‌كان ده‌نوینن مه‌به‌ست لیره‌دا ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تی ﻻوازن و ناتوانن بونیان بسه‌لمینن به‌بیجه‌وانه‌وه‌ توانای ئافره‌ت زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ وینا ده‌كری كه‌وایه‌ جی واده‌كات ئافره‌ت به‌ بونه‌وه‌ریكی ﻻواز سه‌یربكری؟ئه‌مه‌ ده‌كه‌رینمه‌وه‌ سه‌ر بیرورایه‌كی هه‌له‌ له‌مه‌ر جوانی و بیاهه‌لكوتن ره‌نكه‌ به‌شیك له‌ ئافره‌تان لییان وابی كه‌ نواندنی ﻻوازی یاخود نواندنی میهره‌بانیه‌ك كه‌ له‌سنور ده‌ربجی و ببیته‌ هۆی سه‌یركردنیان وه‌ك بونه‌وه‌ریكی بیده‌سه‌ﻻت ئه‌وا جوانی و ئافره‌ت بونیان ده‌سه‌لمینن ئه‌مه‌ش بۆخۆی هۆكاریكه‌ كه‌ هه‌ستی زالبون ﻻی بیاو دروست بكات هه‌مان هۆكاره‌ كه‌ جیاوازی ره‌كه‌زی له‌ناو خیزانه‌كان دروست ده‌كات له‌كاتی كرتنه‌ ده‌سه‌ﻻت له‌ﻻیه‌ن بیاوه‌وه‌
ئاره‌زوی بساوان به‌ ویستی رۆلی باریزكاریكه‌ر و كه‌وره‌ و سه‌روه‌ر به‌هیزترو زیاتره‌ له‌هه‌ر ئاره‌زویه‌كی تر بروایان وایه‌ كه‌ زنان به‌بی بونی بیاوه‌كانیان توانای كوزه‌راندنی زیان و باریزكاری له‌خۆیان و خیزانه‌كانیان نیه‌ و رقیان له‌ زنانی خاوه‌ن هیزه‌ ته‌نانه‌ت رقیان له‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌ت كاربكات. به‌كشتی ئه‌و ئافره‌تانه‌یان ده‌وی كه‌ وه‌ك مندال هۆكری بیاوانن.رۆل كیرانی ﻻوازی و مندالیكی هۆكر له‌ﻻیه‌ن ئافره‌ته‌وه‌ ریكایه‌كی ئاسانه‌ بۆ به‌ره‌بیدانی ئه‌و زالبونه‌ی بیاوهاومیشه‌كه‌ هه‌میشه‌ راسته‌وانه‌یه‌ به‌هه‌مان راده‌ی زیادبونی جوانی و هه‌لسوكه‌وتی ئافره‌ت وه‌كو میهره‌بانیك ریزه‌خۆبه‌سه‌ندی و كاریكه‌ربونی بیاو له‌كۆمه‌لكه‌ به‌رزده‌بیته‌وه‌

جكه‌ له‌مانه‌ كرتنه‌وه‌ی ئافره‌ت له‌و رۆله‌ ﻻوازه‌ و كیرانی رۆلیكی به‌هیزتر و جه‌سباندنی كه‌سایه‌تیه‌كی توانادار جه‌ند كاریكه‌ریه‌كی له‌سه‌ر بیاوان له‌كۆمه‌لكه‌ به‌كشتی و بیاوان له‌به‌رامبه‌ر خیزان به‌تایبه‌تی دروست ده‌كات یه‌ر له‌هه‌مو شتیك بیویسته‌ ئه‌وه‌ بزانری ﻻوازبونی رۆلی بیاو وه‌كو سوكایه‌تیه‌ك سه‌یرده‌كری له‌كاتیكدا ﻻیان ئاساییه‌ له‌و جۆره‌ سوكایه‌تیه‌ی كه‌ خۆیان قبولی ناكه‌ن به‌رامبه‌ر ئافره‌ت بكری
بیاوان ده‌كری بۆلین بكرین بۆ دو كروب. كروبی یه‌كه‌م ئه‌و بیاوانه‌ن كه‌ بیروباوه‌ری مه‌زهه‌بی توندیان هه‌یه‌ و خۆیان ئاماده‌كردوه‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی كیشه‌ی كۆمه‌ﻻیه‌تی ئه‌مانه‌ زیاتر له‌و بیاوانه‌ وینا ده‌كری كه‌ له‌سه‌ده‌كانی رابردو و به‌ر له‌ بیری رۆشنبیرین له‌ﻻیه‌ن ئه‌م جۆره‌ ئافره‌ت وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی داخراو و زیاتر وه‌كو خزمه‌تكاریك مامه‌له‌ی له‌كه‌لدا ده‌كری بروایان به‌حوكم كردن له‌خیزان و بونی خیزانی كه‌وره‌ بجوك ده‌كریته‌وه‌ له‌جۆری ئه‌م كروبه‌ له‌ بیاوان له‌ ئیستادا ریزه‌ی كه‌متره‌ به‌ﻻم كۆمه‌لكه‌ له‌م جۆره‌ بیاوانه‌ به‌تال نیه‌ ئه‌م كربه‌ بروای به‌كاركردنی ئافره‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ نیه‌ زۆرجار باوكانی ئه‌م به‌شه‌ كجه‌كانیان له‌خواروی 18سالیه‌وه‌ به‌شو ده‌ده‌ن بروایان وایه‌ كه‌ ئازادی ده‌ربرین ﻻی ئافره‌ت یاخود میهره‌بان بون و نه‌رمی نواندن به‌رامبه‌ر ئافره‌ت جا ج خیزانه‌كانیان یاخود منداله‌كانیان جۆریك له‌ سوكایه‌تیه‌ مامه‌له‌كردن له‌كه‌ل ام جۆره‌ بیاوانه‌ ئه‌سته‌مه‌ جونكه‌ به‌روه‌رده‌كردنیان له‌خیزانی

داخراوه‌ كروبی دوه‌م ئه‌م بیاوانه‌ن كه‌ به‌هیج شتیكه‌وه‌ بابه‌ند نین تاقه‌تی روبه‌روبونه‌وه‌ی كیشه‌ی كۆمه‌ﻻیه‌تیان نیه‌ ئه‌م حۆره‌ له‌بیاوان له‌سه‌رده‌م و كات و ساتی ئیستادا به‌ریزه‌یه‌كی زیاتر له‌كروبی یه‌كه‌م به‌رجاو ده‌كه‌وی ئه‌م جۆره‌ به‌راده‌یه‌كی باشتر له‌كروبی یه‌كه‌م كراوه‌ترن خۆكونجاندنیان له‌كه‌ل كۆمه‌لكا و سه‌رده‌می ئیستا هیستی بیاوساﻻری و توندره‌وی تاراده‌یه‌ك كه‌متره‌ وه‌ك له‌ بیاوانی كروبی یه‌كه‌م ئه‌مانه‌ بروایان به‌كاركردنی ئافره‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ و ئازادی ئافره‌ت هه‌یه‌ به‌ﻻم نه‌ك مامه‌له‌كردنیان شیاو بی به‌رامبه‌ر ئه‌و ئازادیانه‌ به‌لكو له‌هه‌ولی زه‌وتكردنیانن له‌ریكه‌ی جه‌ند دیارده‌یه‌ك زه‌قترینیان
1–ده‌ست به‌سه‌ر داكرتنی بله‌كان و زیادی ریزه‌ی دامه‌زراوانی بیاو
2–حوكم كردنی خیزان و توندره‌و بون
3–جه‌سباندنی كه‌سایه‌تی
له‌كاتی قبولنه‌كردنی ئافره‌ت بۆ ئه‌م زه‌تكردنه‌ ئازادیانه‌ی له‌ﻻیه‌ن ئه‌م دو كروبه‌ی كه‌ باسكراون ئه‌وا بیاوان زیاتر ده‌كه‌ونه‌ زیركاریكه‌ری هه‌ست كردن به‌كه‌م بون یاخود ﻻوازبونی ده‌سه‌ﻻتیان له‌ریكه‌ی ئه‌م هه‌ست كردنه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌ هه‌مان ده‌رئه‌نجام كه‌هاوسه‌نكبونی ده‌سه‌ﻻتی بیاو و ئافره‌ت له‌ كۆمه‌لكه‌دا بجه‌سبی
هۆكاری تر كه‌ واده‌كات ئافره‌ت وه‌كو كاﻻیه‌ك مامه‌له‌ی له‌كه‌لدا بكری زیادبونی دیارده‌ی له‌شفرۆشیه‌ یاخود به‌یوه‌ندی جنسی ئافره‌ت له‌كاتی ئه‌و دیاردانه‌ هه‌مان

رۆلی ﻻاوزبون ده‌كیری ئه‌وه‌ی بیاوان هان ده‌دا بۆكۆنترۆلكردنی كۆمه‌لكه‌ ئاسانی به‌ده‌ست هینانی ئاره‌زوه‌كانیانن سه‌باره‌ت به‌ زنان به‌زیادبونی كاﻻكردنی جه‌سته‌ی ئافره‌ت به‌ده‌ست هینانی ئاره‌زو ﻻی بیاوان ریكایه‌كی ئاسان ده‌بی لیره‌شدا هاوكیشه‌كه‌ راسته‌وانه‌یه‌ به‌هه‌مان راده‌ی كاﻻبونی ئافره‌ت بیاوساﻻری به‌رزده‌بیته‌وه‌ ره‌نكه‌ به‌دامه‌زراندنی كه‌سایه‌تی بته‌و ﻻی ئافره‌ت ببیته‌ فاكته‌ریك بۆ هه‌نكاو به‌هه‌نكاوی له‌ناوبردنی جیاوازی ره‌كه‌زی به‌ﻻم به‌راده‌ی زیادبونی هۆكاره‌كانی ئیم ره‌كه‌زبه‌رستیه‌ كه‌ خودی ئافره‌تانن كۆمه‌لكه‌ به‌ره‌و لیشاویك له‌كیزی و ناهاوسه‌نكی ده‌جیت و روبه‌روی كیشه‌ی كۆمه‌ﻻیه‌تی زیاتر ده‌بیته‌وه‌ به‌سه‌رنجدانی ریزه‌ی زۆربونی ئه‌م ناهاوسه‌نكیه‌ ده‌كری هۆكاره‌كه‌ی بكه‌ریته‌وه‌ بۆ ئافره‌ت به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ریكای شیاو بۆ خه‌لسوكه‌وت و جه‌سباندنی خود نادۆزیته‌وه‌ به‌ﻻم كه‌ر بتوانری ئافره‌ت ئه‌و هاوكیشانه‌ بیجه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ ریكا خۆشكه‌ر گه‌بی بۆ جه‌سباندنی ده‌سه‌ﻻتی ئافره‌ت له‌كۆمه‌لكه‌ و كۆتایی بیهینانی ئه‌م جیاوازیه‌ ره‌كه‌زییه‌




سەندنەوەی ئەخلاق لە ئاین ناونیشانی سیمنارێکە ماڵپەڕی دەنگەکان بۆ توێژەر: “هەرێم هادی ” ڕێکیدەخات


سەندنەوەی ئەخلاق لە ئاین
ناونیشانی سیمنارێکە ماڵپەڕی دەنگەکان بۆ توێژەر: “هەرێم هادی ” ڕێکیدەخات

کات:
1:30 PM – 4:30 PM

Albert Campbell Library
496 Birchmount Rd, Scarborough, ON M1K

بۆ پەیوەندی:
416-529-5517

چەند دێڕێک دەربارەی هەرێم هادی:
هەرێم هادی، توێژەر
بە کالیرۆس لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە زانکۆی کوردستان. ماستەر لە کارگێری کار و رابەرایەتی، لە زانکۆی ئەمریکی. وەرگێران و بڵاوکردنەوەی کتێبی “رێبەرێک بۆ بیرکردنەوەی رەخنەی”. وەرگێرانی کتێبی “بنەماکانی فەلسەفەی ئەخلاق” (بڵاونەکراوەتەوە). سازدانی چەند سیمینار و بڵاوکردنەوە چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی دوونیابینی نادینی.

Kor- Harem




بێدەنگیی نەوشیروان موصطەفا لە نێوان، وەهم و واقیعدا … کامیار سابیر

لە سیاسەتدا، واقیعییبوون و عەقڵانییبوون، دوو پارادایمی سەرەکیین بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دونیای سیاسەت. لە واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، بەهۆی هەژموونی گۆڕان و قورسایی سیاسیی ئەم حیزبەوە، تا ئێستاش هەموو هەوڵەکانی تر بۆ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی نوێ، لە جوغزی بچووکدا، ماونەتەوە و توانای ئەوەیان نییە گەشە بکەن. بە واتایەکی تر، گۆڕان، بووە بە بەنداوێک بۆ پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان، دژ بە دەسەڵاتی میلیشیایی دوو حیزب کە بیزنسە سیاسییەکەیان لە بیزنسی قاچاغچییەتی نەوت و دزیینی سامانی نیشتمانییدا، خەست کردووەتەوە. راستە دەیان هەزار گەنجی کوردستان، چەندین توێژ و چینی بەرینی کۆمەڵایەتیی، بە هۆی سیاسەتی مافیاکانی کوردایەتییەوە، بە گاڵە هاتوون، بەڵام جگە لە چەند دەنگێکی ناڕازیی لێرە و لەوێ، یان چەند حیزبێکی بچووک و چەند تەکانێکی ئایدیۆلۆژیی ئەم گرووپی چەپ و ئەو گرووپی راست، هێزێک نییە کە مۆبەڵایزی ئەم ناڕەزایەتییانە بکات. لێرەوەیە کە رەخنەکان، پێویستە ئاراستەی گۆڕان و شەخصی یەکەمی حیزبی گۆڕان، بکرێ.

تۆڕێکی گەورەی مافیای سیاسیی، تیجاڕیی، مورتەزیقە و پرۆکسیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە( بەتایبەت تورکیا) لە کوردستاندا دروست بووە. بڕیار بوو ئەو قسە قۆڕەی ناوی نرابوو شۆڕشی نوێی گەلی کورد( دوای ئاشبەتاڵ)، کۆتایی بەو مەحسوبییەتە بنەماڵەیی و کۆنترۆڵکردنە سیاسییە بهێنێت، ئەوەی پاترۆنەیجی سیاسیی (Political patronage ) پێدەگوترێ. دوای ئەوەی بەهۆی کەیدی سەکردە موخەضرەمەکانی کوردایەتییەوە، شەهید ئارام، کۆتایی بە ژیانی گەنجانەی هێنرا، ئیتر رێگەکان تەختبوون بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە چەپە- کۆمەڵەی رەنجدەران( بەهەموو کەموکوڕییەکانییەوە)، ببێ بەچەترێک بۆ ئەوەی بنەماڵەیەکی تێکهەڵکێشی سیاسیی نوێ ( تاڵەبانیی+ئەحمەد)، کۆنترۆڵی یەکجاریی یەکێتیی و بەشێکی بەرین لە کوردستانی عێراق بکەن. ئەوانەی دوای ئارام، بە دەستوری تاڵەبانیی و بەئەجێندای ئایدیۆلۆژییەوە، سووکانی کۆمەڵەیان بەدەستەوە گرت، رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لەم بەبنەماڵییکردن و مەحسوبییەتە سیاسییەدا بینی. ئەم پاترۆنەیجە سیاسییەش( لە هەردوو حیزبی تاڵانچییەوە- پارتیی و یەکێتیی) لە کوردستاندا، درێژەی دەبێت ئەگەر راچڵەکاندنێکی سیاسیی جەریئانە، ئەم دۆخی دزیی و تاڵانییە، بە جورئەتەوە نەخاتە ژێر پرسیارەوە و پلان و نەخشەیەکی عەقڵانیی، جەریئانە و واقیعیی دانەڕێژێت.

فەشەلی رائیدبوون و فەشەلی بە سەرکردەبوون، فەشەلی سیاسیی، ئابووریی، مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتیی گەورەی بەدواوەیە. فەشەلی سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا، فەشەلی دراماتیکیی نەوەکانی ئاییندەیشی بە دواوەیە. ئەم پارادایمی پاترۆنەیجە سیاسییەی کوردستان، درێژەی هەبێت، کوردستان، بۆ دەیان ساڵی تریش، نووزەی تێدا نابێت و ئاییندەی چەندین نەوەی نوێ، وێران دەبێت. پێویستە، سیاسەتێکی جەریئانە، خاوەن فیکر و روئیا، بە سیاسەتێکی ئەخلاقیی باڵاوە، دڕ بەم دۆخەی کوردستان بدات. ئەوەی زمانناسی مەعریفیی(cognitive linguist) جۆرج لەیکۆف( لاکۆف=Lakoff )لە کتێبی سیاسەتی ئەخلاقییدا( Moral poltics)، باس لە دوو مۆدێلی تێگەیشتنی( کۆنسێپچواڵ- conceptual ) ئەخلاقیی جیاواز لە سیاسەتی ئەمێریکییدا دەکات( لیبراڵیزم و کۆنسێرڤەتیزم)، دەکرێ بۆ سیاسەتی کوردیی Kurdish politics، وەکو پارادایمێکی سیاسیی، لەکولتوورێکی سیاسیی فاشیلدا، کەڵکی لێوەربگیردرێت.

فەلسەفەی سیاسیی و چنگەکڕێی مەعریفیی مرۆڤ، ئەو بەرچاوڕۆشنییەمان پێدەدات کە سیستەم و میتافۆری تێگەیشتنمان بۆ وردەکارییەکانی سیاسەتی مۆدێرن، لە پیاوی مۆدێرن و سیاسیی جەریئدا، باشتر و چالاکتر ببینین. لەیکۆف پێیوایە” ئەم هۆکارە فیکریی و مۆراڵییانەش، هۆکاری میتافۆریین، بۆ ئەوەی مرۆڤ، کەیسی ئایدیال، سێنتراڵیی، هەستیار و سۆسیۆسیاسیی، لە نموونەیەکی بەرجەستەدا(salient exemplar) پراکتیک بکات((Larkoff, 2002:9)) . هەرچی هەڵدەستی و دادەنێشێت، دەڵێ دۆخی سیاسیی کوردستان، چەقبەستووە. باشە ئەگەر ئەمە پێودانگی سیاسەتی ئەخلاقیی –کوردیی بێت، خۆ دەبێت ئەم کەیسە ئایدیال و نەخۆشە، تەشخیص بکرێ و پارادایمێکی نوێی سیاسەت بگیردرێتە بەر. پارلەمان و حکومەتی هەرێم، وێڕای فیاسکۆیەکی( فەشەلی گەورە) زۆر کارەساتبار، بەرهەمی دوو حیزبی میلیشیایی و چەتەگەریین. سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتیی، قەڕصەنە و چەتەگەریی لەمشێوەیەی بە ئابووریی نیشتمانەوە نەبینیەوە. هەر هەوڵێك بۆ چاککردنی سیستەمی سیاسیی کوردستان، بەهەدەردانی کاتێکی زۆر و بە فیڕۆدانی توانای چەندین نەوەی نوێشی بەدوادا دێت، وێڕای ئەوەی سامانی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەبەد دەدزرێ و دەدۆڕێندرێ. ئەم سیستەمە دەبێ بڕوخێنرێ و سەرلەبەر بنیات بنرێتەوە.

گۆڕان، بەهۆی هەندێ پارادایمی سیاسیی و ئەخلاقییەوە، بووە بە حیزبی ژۆرناڵیستەکان، بووە بە حیزبی ئیخوانییە فاشیلەکان، بە حیزبی یەکێتییە تۆراوەکان و بووە بە حیزبی ئەکادیمیستە بێفیکر و گیرفان قووڵەکان. سەرەنجامیش بووە حیزبی نوخبە هەزیل و موهەڕیجەکان، لە سیاسییەوە بیگرە تا بە ژۆرناڵیست دەگات. ئەم تێکەڵیی و پێکەڵییەی گۆڕان، ئەم پۆپۆلیزمە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە فرەڕەنگ و فرە ئاراستەیە، بەبێ شەخصی نەوشیروان موصطەفا- رێکخەری گشتیی گۆڕان( رێگشگ)، توانای ئەوەیان نییە بە کۆرس، شیعرێکیش بخوێننەوە. هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن. لە گۆڕاندا، ئەکادیمیستی ناسیۆنالیست و کادیری نەژادپەرستی وای تێدایە، لە ناو پاسۆک و کاژیکی جارانیشدا، وەحشی نەژادیی و راسیستی دەمارگیری وا نەبووە. کادیری ئیخوانیی-مەذهەبیی-طائیفیی و سوننیگەریی وای تێدایە، بیست ساڵی تریش، یەکگرتوو، یەق بکاتەوە، مەخلوقی وای بۆ دروست ناکرێ. هاوکات، چەپ و کۆمۆنیستی مورتەدیشی تێدایە، هەموو مێژووی حیزبی شیوعیی عێراقیی و کۆمۆنیستە رەنگاوڕەنگەکانی تر بگەڕێی، هەلپەرست و ماستاوچیی وات بۆ نادۆزرێتەوە.
وێڕای ئەوەی لەشکرێک لە نوخبەی ئەکادیمیست، ژۆرناڵیست، موحەلیل، موهەڕیج و شەعبەویی( پۆپۆلیست)ی تێدایە کە بەس بەهۆی بیرکردنەوە لە گیرفانی خۆیان و ژیانی خۆیان، سواری ئەم شەمەندەفەرە پۆپۆلیستییەی گۆڕان بوون. کاتێ گۆڕان ئەوە واقیعە سیاسیی و کولتوورییەکەی بێت، جگە لە ( رێگشگ)، ئێخەی کێ دەگریت؟ لەهەمووی کارەساتبارتر، زۆربەی ئەمانە، هێزی یەدەکی کوردایەتییەکەی پارتیین و لە هەر پێچێکدا، لە هەر نووزانەوەیەکی نەژادیی و قیڕەقیڕی دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەدا، هەموویان داکۆکیی لەسیاسەتی حەکیمانەی! سەرۆکێکی طائیفیی، ناشەرعیی، ناقانونیی ، نادەستوریی و عەمیلی موخابەراتی تورکە نیۆعوثمانییەکان( میت) دەکەن.

هەمیشە، زۆرینەی هاووڵاتییان، لەکاتی قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەکاندا، چاویان لە حکومەت و سەرکردە سیاسییەکانە کە چۆن قەیرانەکان تێپەڕێنن، یان لای کەم کۆنترۆڵی بکەن. ئیدارەکردنی( مانیجمێنت) قەیرانی سیاسیی، ئەرکی ئەو سیاسییانەیە کە تەحەدای واقیعی (سیاسیی و ئابووریی ) دەکەن و بەشوێن چارەسەری خێرا، کورتخایەن و درێژخایەنەوەن. پێویستە بڕیاری قورس بدەن، تەنانەت ئەگەر چارەنووسی سیاسیی و شەخصیی خۆیشیان بکەوێتە مەترسییەوە. لە حیزب و دەسەڵاتی سیاسییدا، بڕیاردەر، دەبێ کەسێ بێت کە جورئەت بکات، بڕیار بدات، بەرچاوی رۆشن بێت، روئیای هەبێت و خەڵکیش جورئەت بکات پاڵپشتیی بکات (The Politics of Crisis Management: Public Leadership Under Pressure ).

سەرکردەی سیاسیی، بۆچی سەرکردەیە؟

لە کاتی قەیرانەکاندا، بەتایبەتیی ئەو قەیرانانەی کە پێوەندییان بە ژیانی بەرینی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و زۆرینەی کۆمەڵگە، دووچاری قەیرانی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت نەمانی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە، دەبێت سەرکردەی کاریزما، خاوەن روئیەیەکی گەش و روئیایەکی بەرین بێت و لەسەروو هەموویشیانەوە، جورئەتی سیاسیی و توانای تەحەداکردنی واقیعی سیاسیی تێدا هەبێت. ئارامی رابەڕی کۆمەڵەی کۆتایی حەفتاکان، بەو گەنجییەتییە لە فیکری سیاسییدا و تەنانەت بەو هەرزەکارییەی تەمەنیشی، وێڕای کەم تەجرەبەیی، ئەم جورئەت و روئیایەی کەم تا زۆر هەبوو کە کۆمەڵەیەک زەبری قورسی بەعثییەکانی بەرکەوتبوو، قیادەکانی تێداچوون، بخاتەوە سەرپێی خۆی، بەڵام کۆمەڵەی دوای ئەو، بوو بە رێکخراوێکی عەسکەرتاریی- میلیشیایی، وردە وردە فیکر و روئیای سیاسیی تێدا نەما، تا سەر پلێت نەژادیی بووەوە و لەگەڵ کوردایەتییەکەی پارتییدا، هیچ جیاوازییەکی نەما.
بەتایبەت ئەو کاتانەی پیاوی وەکو فەرەیدون عەبدولقادر، تەنظیری بۆ دەکرد. ئەوانەی لە هەشتاکاندا، سەرکردایەتیی شەڕی میلیشیاکانی شاخیان دەکرد، سەرپەرشتیی حیزبەکەی خۆیان( یەکێتیی) و شەپۆلێک لە راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستانیان دەکرد، توراثی کوردایەتیی مۆدێرنیان داهێنا، بەڵام لەهەمان مەعدەنی کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە. ئەو توراثە سیاسیی و عەسکەرییانە، ئەو توراثە میلیشیاییانە، بەدەردی گەنجانی ئەمڕۆ و هەلومەرجی سیاسیی ئێستا ناخۆن و سەروەرییەکانی پێرێ و دوێنێش، بەرهەمهێنەری ئەم چەتەگەریی و مافیاگەرییەی ئەم قیادانەی کوردایەتییە.

سەرکردەی سیاسیی کە خاوەنی جورئەت بێت، دەبێت لە سەرکەوتنەکاندا، کەمترین کرێدت بە خۆی رەوا ببینێت و زۆرترین مەسئولییەتی شکست و داکشانەکانیش لە ئەستۆ بگرێت. تەنانەت ئەگەر بە بۆچوونە کلاسیکییەکەی ناپیلیۆنیش سەیری بکەین، سەرکردە، ئەو دەڵاڵەیە کە عەوداڵی دۆزینەوەی “ئومێدە” و ئاسۆ، پێشانی گەلەکەی دەدات. لە کاتێکدا، پتر لە ساڵێكە رێگشگ، بە باش و بە خراپ، نە لەسەر صەفقە ئاشکرا و نهێنییەکەی نێوان داعش، تورکیا و پارتیی لەسەر شەنگال، دەنگێکی لێوە هات، نە لەسەر ئەو هەموو سووکایەتییەی پارتیی و چەتەکانی کوردایەتیی بە سیستەمی سیاسیی و دامودەسگا شەرعییەکانی هەرێمیان کرد، حەرفێکی گوت، نە لەسەر ئەو هەموو عەمالەتەی دەوڵەتی کوردیی و مانیفیستۆی کوردایەتیی بۆ دەوڵەتی نیۆعوثمانییەکانی دەکات، قسەیەکی کرد! لەسەروو هەمووشیانەوە، فرۆشتن و هەڕاجکردنی سامانی سروشتیی ئێستا و نەوەکانی ئاییندە، برسییکردن و زەلیلکردنی خەڵکی کوردستان، بە رەسمیی و روو بە خەڵک، ناڕەزایەتییەکی دەرنەبڕی؟ هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، بێئاسۆیی، بێئومێدیی باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا و تەنانەت حیزبەکەی خۆیشی( گۆڕان)، لەوپەڕی بێچارەیی سیاسییدا رۆژگار بەڕێ دەکات. ئەم دۆخە، چەند مافیا دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیی( پارتیی و یەکێتیی) لێی بەرپرسن، ئەوەندەش شەخصی رێگشک، لێی بەرپرسە؟

تەقدیری ئەوە دەبێ بگیردرێ کە رێگشگ، تەمەنی هەیە، ناساغە و باری تەندروستیی، پێویستی بەچاودێریی پزیشکیی هەیە. پێویستی بە پشوودان و ئارامیی هەیە، بەڵام خۆ کەس زۆری لێنەکردووە کە درێژە بە پۆستی شاغیری گەورەترین و حەساسترین پۆستی سیاسیی لە کوردستان بدات کە سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی جاران و رێکخەری گشتیی حیزبێکی گەورەیە، نزیک بە نیو میلیۆن دەنگدەری ناڕازیی لە هەردوو حیزبە مافیاکەی کوردستان، دەنگیان پێیداوە. ئەگەر پێیناکرێت، باشترە خۆی یان حیزبەکەی بە ئاشکرا رایبگەیەنن کە کاری ئەویش ( تمام شد). ئەگەر نا، ئەم بێدەنگییە زۆر و دوورودرێژە، جوبران ناکرێتەوە و خەڵکی کوردستان بە گشتیی و شارەکانی سلێمانیی و کەرکوک( ئیمارەتی نیللیی و سەوز) باجێکی زۆریان دا و پێویستە ئەم گۆمە بشڵەقێنرێت. ئەم هەلومەرجە سیاسییە، پێویستی بە سەرکردەیەکی جەریئو خاوەن روئیای سیاسیی و فیکریی هەیە.

یەکێک لە گەلۆرترین سیاسییەکانی دونیا، دۆناڵد ترامپە، لەم کەمپەینی هەڵبژاردنەی ئەمێریکادا، تەعبیرێکی جوانی لەسەر رۆڵی سەرکردە باسکرد. بە باوەڕی ئەو، سەرکردە هەر بیربکاتەوە، بۆچی بیرکردنەوەی گەورە( Think big ) بەخەیاڵیدا نەیات. ئەو پێیوایە بۆ ئەوەی شتە گەورەکان بە ئاکام بگەیەنیت(accomplish big things ) زۆر ئەساسییە کە روئیەیەکی جەریئانە و روئیایەکی روونت هەبێت. ئەم روئیایە، ئەم دیدە سیاسییە جەریئانەیە، لای رێگشك، سەرلەبەر و لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا، بوونی نەبووە. لە سیاسەتدا، بێدەنگیی و بێڕوئیایی، سەرکردە بەرەو فەنابوون دەبات. ئەوەی تا ئێستا ئەم پیاوەی هێشتووەتەوە، ئەو پۆپۆلیزمە سیاسییەیە کە هەر لەتەنکاوەکاندا قسەی کردووە و نەچووەتە ناو وردەکاریی ریشە سیاسیی و فیکرییە جۆراوجۆرەکانەوە. بە قەولی گەنجی ئەم رۆژگارە، ئەم پیاوە هەمیشە لە عمومیاتدا، قسەی کردووە و نەچووەتە ناو تەفاصیڵەوە. ئەمەش پۆپۆلیزمی سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییە. لە کاتێکدا مرۆڤی سیاسیی خاوەن دید و روئیا، دەبێ بە جورئەتەوە بچێتە ناو قووڵایی و تەفاصیڵەکانەوە، رێنمانیی حیزبەکەی خۆی و جەماوەریش بکات.

سەرکردە و تەحەدای سیاسیی

کاتێ سەرکردەی سیاسیی، مەیدانی تەحەداکردنە سیاسیی و ئابوورییەکان، تەنگی پێهەڵدەچنن، پلانەکان و بەرنامەی حیزبەکەی تووشی سستیی و خاوبوونەوە دەبن، کاتێ دەزانێ جەماوەر لە حیزبەکەی دووردەکەونەوە و بەر رەخنەی دەدەن، دەبێ کۆمەڵێ هەنگاوی کرداریی، ثیۆریی و فیکریی بنێت بۆ ئەوەی مۆبەڵایزی خەڵک بکاتەوە. لە رێگەی تۆڕە فراوانەکانی حیزبەکەیەوە، بەهاوکاریی کەسانی پسپۆر و شارەزا، لە چالاکوان و گەنجانی تازە پەیدابوو، تۆڕێكی گەورە دروست بکات و تۆڕە کۆنەکان هەڵبوەشێنێتەوە. تیمە کۆنە لاوازەکان، بەرکەنار بخرێن و تیمی نوێ دابڕێژرێنەوە. ستراکتۆری ئۆرگانە حیزبییەکان، سەرلەنوێ بنیات بنرێنەوە. ئاراستە و ستراتیژی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستبەرداری ئەو قیڕەقیڕەی فاشیزمی کوردایەتیی و فاشیزمە ئابوورییەکەی دەوڵەتی کوردیی ببن و فیکری سیاسیی نوێ، لەناو خەڵکدا مۆبەڵایز بکەن .
رێگشگ، دەبێ گۆڕانی سەرەکیی لە بونیادی حیزبەکەیدا بکات. مۆبەڵایزی مەعریفەی سیاسیی و توانای گەنجان بکات و سوودیان لێوەربگرێت و پیروپەککەوتەکان، ئەوانەی نە زمانی قسەکردنیان هەیە و نە توانای نووسینی بەیاننامەیەکیان هەیە و نە جورئەتیش دەکەن، دڵی حیزبەکانی تر بڕەنجێنن، هەموو شتێک لای ئەوان، بەرژەوەندیی ماددیی خۆیانە… ئەمانە، دەبێ پەراوێز بخرێن. لەسەروو هەمووشیانەوە، ئەوانەی بە حەشیشی کوردایەتیی، بە فاشیزمی طائیفیی و مەذهەبیی مودمینن و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچنەوە ناو پرۆژە طائیفیی و پرۆکسییەکانی ئەردۆغان و کاسبییەکەیان دەچێتەوە، ناو ئەجێنداکانی تورکیا و پارتییەوە، دەبێت تا رادەی بەرکەنارخستنی یەکجاریی، دووربخرێنەوە… وێڕای دەیان تەحەدای تر.

“نفوذ”ی سیاسیی لەسەر کۆی کایە سیاسییەکان، کاریگەریی زۆر زیاترە لە دەسەڵاتداریی و هەیمەنەی دەسەڵات. ئەوە نفوذە، ئەوە روئیای سیاسیی روونە کە پلاتفۆرمی سیاسیی رەنگڕێژ دەکات. هەر سەرکردەیەک، پلاتفۆرمی سیاسیی بۆ حیزبەکەی و بۆ جەماوەر پێ نەبێت، بەشێنەیی کۆتایی بە ژیانی سیاسیی دێت. پلاتفۆرمی گۆڕان، لە ئێستادا، ئەوپەڕی سەرگەردانیی سیاسیی پێوەدیارە و کەس بەکەس نییە. ئانارشیزمێکی سیاسیی پەیدا بووە، هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت. دونیای سیاسەتی کوردیی، بە شیعری حەماسیی، بە وتاری عاطیفیی ، بە چەلەحانێی کوردەنامووسیی و خورافییاتی کوردایەتیی، بەڕێوە ناچێت.

نەتەوەییە نەژادییەکانی ناو گۆڕان، چەند توند بن لە گەڵ پارتیی و چەند حەماسیان هەبێت؟ لە بچووکترین پێچەڵێ سیاسییدا، گومانی ئەوەیان لێدەکرێ، بەهۆی عاطیفەسازیی و حەماقەتی کوردایەتییەوە، بەهۆی رەیعی نەوتەوە، لە دواجاردا، خزمەتی پرۆژە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەردۆغانیزم و کوردایەتییەکەی پارتیی بکەن. دەیان دۆکیومێنت و بەڵگە، مێژووی سیاسیی ئەمجۆرە کادیرانە، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی پارتیی و یەکێتیی، نەوت دەفرۆشن، پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام ئەمە هەر خەتای ئەوان نییە، بەڵكو خەتا سەرەکییەکە، وەهمی گۆڕان بوو بە پرۆژەی فاشیلی ئابووریی سەربەخۆ، بە بیزنسی دەوڵەتی کوردیی، بە حەتحەتۆکەکان و لوعبە موخابەراتییەکانی تری نێوان ئەردۆغان و بارزانیی.

عوقدەی کورد و ئێرانییە صەفەوییەکان

لەناو سکۆلارە مێژوونووسەکاندا، لەسەر رەچەڵەکی صەفەوییەکان، دوو بۆچوون هەن و هیچیان بە دۆکیومێنت پشتڕاست نەکراونەتەوە و هەردوو بۆچوونەکەش ئارگیومێنتی خۆیان هەیە. بۆچوونێکیان پێیوایە کە صەفەوییەکان، بە رەچەڵەک لە تورکە ئۆغوزەکانن کە لە سەرەتای چەرخی ١٠ و ١١ ەوە، کۆچێكی بەرینیان لە ئاسیاوە ( لە مەنگۆلیا و قیرقیزستانی ئێستاوە) کردووە. بۆچوونێکی تریش دەڵێ رەچەڵەکیان تێکەڵەیەکە لە کورد، قزڵباشیی و ئێرانییە دێرینەکان، بە کوردستان و تورکمانستانیشەوە. ئەوەی کە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان و موئەریخەکان ساغیانکردووەتەوە، عوثمانییەکان بەتایبەتیی لە جوغزی زمانناسیی و ئایدێنتیتی، کولتوور و زمانەوە، هابیتۆسی تورکە ئۆغوزەکانیان وەرگرتووە و درێژەیان پێداوە.

لەم نێوەدا، تیرە و هۆزە کێوییەکانی کورد، لەسەرەتادا خۆیان بە ئێرانیی زانیوە ( بە میزۆپۆتامیای جارانیشەوە) و داکۆکییان لە ئێرانییبوون و لە صەفەوییەکان کردووە. ئەم دوو ئیمپراتۆریایە، دوو ڤێرژنی جیاوازی شیعیی و سوننییان بۆ برەودان بە قەڵەمڕەوییەکانیان، بەکار هێناوە. بەهۆی گەشەکردنی حیقدی طائیفیی و مەذهەبیی لەنێوان عوثمانییە سوننەکان و ئێرانییە صەفەوییە شیعەکاندا، بەهۆی فڕوفێڵ، لە گیرفانکردن و بەڵێندانی سیاسیی و ئابوورییەوە، زۆرینەی رەهای سەرۆک هۆز و تیرە کوردییە شاخاویی و شوانکارەییەکان، لایەنگرییان لە لەشکری عوثمانییەکان کردووە و بەیعەتیان داوە. ئەم خۆساغکردنەوەیەی زۆرینەی کوردەکان بەلای عوثمانییەکاندا، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی تورکە عوثمانییەکان بەسەر ئێرانییە صەفەوییەکاندا، لەشەڕی چاڵدێراندا، یەکێکیشە لەو فاکتەرانەی کە کورد، لە پرۆژەی دەوڵەتداریی و سەربەخۆیی دوور بخاتەوە.
ئێستا، پاش تێپەڕبوونی پتر لە پێنج صەد ساڵ بەسەر ئەو شەڕە گەورەیەدا کە باڵادەستیی عوثمانییەکانی لێکەوتەوە و کوردستانی ئێستای عێراق و بەشێکی زۆر لە جیۆگرافیای ناوچەکە، بەتەواویی کەوتنە ژێر قەڵەمڕەویی عوثمانییەکانەوە، بە درێژایی ئەو مێژووە، هەمیشە ئەم باوباپیرانەی ئێمەی کورد، بەهۆی دەمارگیریی طائیفیی و مەذهەبییەوە، بە ڤێرژنی جیاواز و بە میثۆدی جیاواز، رقیان لە ئێرانییەکان و لە شیعە بووە و هەمیشە عەمالەت و نۆکەرایەتییان بۆ تورکە عوثمانییەکان کردووە. وێڕای هەموو ئەو مێژووە دێزەی باووباپیرانمان، ئەو هەموو وەلائو رەعییەتەی بۆ ئیمپراتۆریای عوثمانییەکانیان پێشان داوە، ئەگەر بە قەبارە و بە چەندایەتیی ئەژماردی بکەیت، لە پێنج صەد دانە ساڵدا، بە ئەندازەی ئەم پێنج ساڵەی دواییان نەکردووە کە رائیدەکانی دەوڵەتی کوردیی و مافیا ئۆریجناڵەکانی کوردایەتیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانیی و ئەردۆغانیان کردووە.

ئایا ئەم ویلایەتە لەعنەتییە کوردییە و ئەم شێخنشینییە نەوتییەی ئەردۆغان و ئۆغلو کە بەڵێینان بە شێخەکانی کوردایەتیی داوە، تا کەی دەبێ لێی نەدرێ و بە جورئەتەوە، تەحەدای نەکرێ؟ تا کەی رێگە بدرێ گەلی کورد، کێشە سیاسییەکەی و کێشەی نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، کێشەی خودی ژیان و برسییەتیی، بۆ شاردنەوەی گەندەڵیی و دزییەکانی رابەرانی کوردایەتیی، بکرێ بە کێشەیەکی طائیفیی و مەذهەبیی؟ بەڵێ، لێسەندنەوەی ئەم بیرە نەوتانە و ئەم قاچاغچییەتەی نەوت لە تورکیا ، لە پارتیی و لە شەریکە دزەکانی پارتیی( یەکێتیی)، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێ بە جورئەتەوە دەستی بۆ ببردرێ. ئەمەش بەبێ لێدان لە سەری رزیوی کوردایەتیی و لە سیمبۆڵەکانی کوردایەتیی، مەیسەر نابێت.

گۆڕان، دەیتوانی لای کەمی ئەمە بکات و لە رێی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە بیکات، بەڵام بەهۆی کارتە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییەکانی پارتییەوە، بە هۆی ئەوەی مەعدەنی ئەصڵیی گۆڕان، لە ئاسن، پلێت و بورغووەکانی کوردایەتییەوە، تەجمیع کراوە، توانای تەحەداکردنی نییە و ناسیۆنالیزمە نەژادییەکە و خورافاتەکانی کوردایەتیی، کۆتی عەقڵی گۆڕانیان کردووە. گۆڕان، شەهامەتی سیاسیی و فیکریی تێدا نییە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە مەعدەنی قیادیی و کادیرەکانی، هەمان مەعدەنە نەژادییە-طائیفییەکەی پارتییە و پارتییش، زۆر بە باشیی تەشخیصی یەک یەک دەمارە نەژادیی و دەمارە طائیفییەکانی سەرجەم حیزبە کوردییەکانی تری لە کوردستانی عێراقدا، کردووە.
چەندین ساڵە، نیۆعوثمانییەکان، لە رێگەی کۆمەڵێ مورتەزیقەی کوردایەتییەوە، لە رێگەی کۆمەڵێ قائیدی دزی کوردایەتییەوە، بە خەیاڵاتی خۆیان خەریکی راژەنینی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصڵ و لکاندنەوەین بە تورکیاوە کە زۆربەی کوردستانی عێراق( بە کەرکوکیشەوە) لە خۆ دەگرێ. لەلایەک، بەهۆی ئەم حەشیش و کۆکایینەی کوردایەتیی بۆ تەخدیرکردنی رای گشتیی و بزواندنی حەماقەتی نەژادیی، گوایە کورد، دەبێ بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ؟ ی خۆی و نەوتەکەیشی بۆ خۆی؟! دەبێت، بازاڕێکیان لە حەماقەتی سیاسیی دروست کردووە کە زۆرینەی کادیر و سیاسیی حیزبەکانی تریش، بە کۆرس دەیانقیڕاند.

لە لایەکی تریشەوە، هەرکەسێ بچووکترین رەخنەی هەبووایە، خێرا و لێکدا لێکدا، تەخوینیان دەکرد و بە پیاوی ئێران و شیعەیان لە قەڵەم دەدا. لە کاتێکدا خۆیان نۆبەرەی جاسوسیی و مورتەزیقەییان بۆ ئێرانییەکان( شاهەنشاهیی و ئیسلامیی) دەستپێکردووە. سەرگرتنی ئەم هەموو شەپۆلە لە تەخوینکردن و بازاڕگەرمیی ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رائیدەکانی کوردایەتییە عادییەکە، شەهامەتی سیاسییان تێدا نەبووە لە جوغزی فیکریی و سیاسییەوە، بەرەنگاری ئەم فاشیزمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و کولتوورییە، ئەم فاشیزمە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییە، ببنەوە. بە پێچەوانەوە، زۆرجار خۆیان کەمپەینیان بۆ کردووە.

کاتێ پارتیی بە عەنتەرییاتی کوردایەتیی، پارلەمان و پرۆسێسی سیاسیی لە کوردستاندا لەکار دەخات، رێک لەو ئەکتە سیاسییەی ئیتیحاد و تەرەقیی سەردەمی سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەم دەچێت کە دەستوریان هەڵپەسارد و بە ” مەشروطییەت” هەمووانی ناچارکردەوە کە روو لە بابولعالیی ( طۆپ قاپیی) گەنجە تورکەکان، بکەن. ئێستا بابولعالییەکە، یان طۆپ قاپییەکە، ئەو موئەسەسە فاشیل و فاسیدەیە کەناوی نراوە( سەرۆکایەتیی هەرێم) و شەخصی سەرۆکی پارتییش، رۆڵی میرە کوردێکی ناشەرعیی دەگێڕێت.
کاتێ گۆڕان لە طۆپ قاپیی کوردایەتییەوە، فەتوای دەرکردنی لە پارلەمان و لە حکومەت دەدرێ، لەبەرامبەردا، گۆڕان لەو ماوە زۆرەدا، جورئەت نەیگرت و شەهامەتی ئەوەی نەبوو، بەبەرچاوڕۆشنییەوە لەم حکومەتە مورتەزیقە، لەم حکومەتە فاشیل و فاسیدە بێتەدەرەوە. ئێستاش دەیان کادیر، پارلەمانتار و راوێژکاری ساقیطی کوردایەتییان هەیە، چاویان لەوەیە لە طۆپ قاپیی پایتەختی کوردایەتییەوە، لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکەن و بگەڕێنەوە دونیای غەزوبەزی دەوڵەتە کوردییە موخەڕیب و عەمیلەکە.
باووباپیرانی ئێمە، پتر لە پێنج صەد ساڵ نۆکەرایەتیی و عەمالەتیان بۆ تورکە تۆرانیی، عوثمانییەکان( تا بە نیۆعوثمانییەکان دەگات) و فاشیزمی ( تورکیی-سوننیی- مەذهەبیی و میللییگەرایی مورتەزیقە) کردووە. ئایا دەکرێ نەوەی نوێ، نەوەکانی ئاییندەش، هەر درێژە بە حەماقەتی ئەم باجدانە طائیفیی، مەذهەبیی و نەژادییە بدەن؟ هەموو ساڵەکانی تر بەلاوە بنێ، باشە، پێنج ساڵ بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بە خۆی بڵێ سیاسیی و قسە لەچارەنووسی گەل و نیشتمانێک بکات، فێی کوردایەتیی و خوزیعبەلاتەکانی دەوڵەتی کوردیی بەری نەدات و بە شەهەماتەوە، شەق لەم صەنعەتە زەلیل و لەم هەڕاجە سیاسییەی فاشیزمی کوردایەتیی نەدات.

گۆڕان و پرسی کورد!

لە تازەترین دەرکەوتنی رێگشگ، لە لەندەن، داوا لە کادیرەکانی گۆڕان دەکات، گۆڕان، لەبەردەم گفتوگۆیەکدایە کە لەم هەلومەرجە سەختەدا، چیی بکات؟ هەروەها پێیوایە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی گۆڕان چیی بکات؟ بەڵام هەموویان لە روانگەی دڵسۆزییەوە بۆ پرسی کورد و بۆ بزوتنەوەی گۆڕان…سەرچاوە دەگرن… تاد. باشە بەڕاستیی، گرفتی گۆڕان، گرفتی کێشەی سیاسیی گەلی کوردە ( ئەوەی ناو نراوە پرسی کورد)؟ ئایا بەڕاستیی، گۆران لە کوێی ئەم پرسەدا وەستاوە؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ورد و پانوپۆڕی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، دەبێ ئاوڕێک لە مێژووی سیاسیی بزوتنەوە سیاسییەکانی کورد و ئەو مەرجەعە سیاسییانە بدرێتەوە کە ئەم بانگەوازە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەم کێشەیە یان ئەم پرسە، دەزانن.
روانگەی دڵسۆزیی، بەدەر لەوەی تەعبیرێکی زۆر عاطیفیی و لاواندنەوەیە، لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە پارادایم و مۆدێلە سیاسییەکانی کێشەی گەلی کوردەوە نییە. سەرەڕای ئەوەی لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی عێراقدا، لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی ئەو وڵاتانەی جیۆگرافیای کوردستانیان تێدایە، هیچ کاتێ وەکو ئێستای عێراق، پرسی سیاسیی کورد، کاڵ نەبووەتەوە. شتێک هەیە بەناوی پرسی چەند حیزبێکی مورتەزیقە و پرۆکسییەوە کە کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کامیان زۆرترین خزمەت بە وڵاتانی ئیقلیمیی بکەن و کامیان لە پاداشتی ئەم مورتەزیقەییەدا، زۆرترین تاڵانیی و چەتەگەرییان لە سامانە سروشتییەکانی کوردستان، بەردەکەوێت؟ هەروەها، کامیان لە دزیینی دارایی ئەم نیشتمانەدا، پشکی باشتریان دەبێت.

راستییەکەی جگە لەو کێشانەی کە ناونراوە، ناوچە جێناکۆکەکان، ئەگەر روئیای نیشتمانیی لەناو حیزبە کوردییەکاندا هەبووایە، چارەسەرکردنیان ئاسان دەبوو. لە راستییدا، چونکە حیزبە کوردییەکان، ئەجێندای دەرەکیی و ئیقلیمیی جێکەوت دەکەن، خۆیان موخەڕیبن و زۆرترین زیانیان لە پرسی سیاسیی کورد و جیۆگرافیا سیاسییەکەی داوە( پارتیی بۆ نموونە، هەرگیز نەیویستووە کەرکوک بەشێک بێت لە کوردستان، بەڵام نەوتەکەی دەوێت). هەرگیز نایانەوێ پرسی کورد، کۆتایی پێبێت، بەڵكو دەیانەوێ ئەم تیجاڕەتی کوردایەتیی و دزیینی دەیان ملیارد دۆلارییە، درێژەی هەبێت.
ئێستا، دوو پارادایم و دوو مۆدێلی سیاسیی بۆ پرسی کورد لە ئاستی کوردستانەکان و ناوچەکەدا هەن. ئەم دوو روئیایە لە دوو کامپی جیاوازەوە، مەرجەعییەتی سیاسیی و فیکریی وەردەگرن و لە پراکتیک و لە دیدی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییشەوە جیاوازییان هەیە و بگرە کۆنترادیکتی( موتەناقیض) یەکترییشن.

1- پارادایم و مۆدێلی پەکەکە، خۆی لە هەدەپە، پەیەدە، یەپەگە و هەموو لقوپۆپەکانی auxiliaries نزیک لە پەکەکەدا، دەبینێتەوە. ئەم پارادایمە، لەسەری سەرەوە، تەجاوزی ناسیۆنالیزمی نەژادیی- کوردیی و کوردایەتیی کردووە. مۆدێلێکی نیشتمانیی، مۆدێلی پێکەوەژیانی نەژاد، نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی پێشکەشکردووە و کاری لەسەر دەکات. وێڕای ئەوەی فاشیزمی تورکیی و مەذهەبیی، فاشیزمە طائیفییەکەی تورکیا و میحوەری ئەهریمەنی سوننیی، نەیاری ئەم پارادایمە پڕ لە تۆلێرانسەن، بەڵام، لە چاو کوردایەتییدا، پارادایم و مۆدێلی سەرکەوتووترە، وێڕای ئەوەی زۆر گەنجتر و جەوانترە لە پیرەخەڵەفاوی کوردایەتیی. هەموو ئەمانەش بۆ جورئەتی سیاسیی و عەقڵانییەتی شەخصی یەکەمی ئەم پارادایمە دەگەڕێتەوە کە ئۆجەلانە.
2- پارادایم و مۆدێلی موئەسەسەی ئۆریجناڵی کوردایەتیی، وەکو مەرجەع، خۆی لە( مەلا موصطەفا بارزانیی و پارتیی) دا دەبینێتەوە. هەروەها، بەهەموو ئەوانەی لە فەلەکی ئەودا دەسوڕێنەوە( یەکێتیی بەهەموو ڤێرژنەکانیەوە، حدکا و حدک-ئێران، یەکگرتوو، سەلەفەییەکان، ئیخوانییەکان، چەپە نەژادییەکان… لەگەڵ ئەکادیمیست و نوخبە بەیعەتچییەکانی کوردایەتییدا…تاد)، لەخۆ دەگرێت. هاوکات، مورتەزیقە هاوبەشەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی لە هەردوو کوردستانی تورکیا و سوریادا، لەخۆ دەگرێت. فەشەلی ئەم مۆدێلە تاڵانییەش، فەشەلی راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، عەصابەکانی کوردایەتیی و مەرجەعە سیاسیی و ئابوورییەکەیانە( کوردایەتییە چەتەگەرییەکە).

لەدەرەوەی ئەو دوو مۆدێل و ئەو دوو پارادایمە، بیرکردنەوە لە پرسی سیاسیی کورد، بەئەندێشەی ئەوەی روئیایەکی جیاواز نیشان بدەیت، بێئەملاوئەولا، دەچێتە خانەی یەکێکیانەوە، جا بەهۆی نزیکایەتیی بیروبۆچوونەکانەوە بێت، یان بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانەوە بێت. بە واتایەکی تر، بەهەدەردانی وزەی گەنجان و دەستخەڕۆکردنی نەوەی نوێیە، لە ئێستای کوردستانی عێراقدا، پرسی کورد بەو میکانیزم و میثۆدانەی کوردایەتیی ، هەڵبەسنگێندرێ و باس لە کێشەی سیاسیی کورد بکرێ. هەر ئەمەشە وایکردووە کە مەرجەعی کوردایەتیی، هەموو دەنگە جیاوازەکانی کوردایەتیی، بە یار و نەیارەوە، لە بەرژەوەندیی خۆیدا، مۆبەڵایز بکات و بیانکات بە دەستمایەی سیاسیی و بازرگانییان پێوە بکات و تاڵانیی زیاتریش بە ئابووریی کوردستانەوە بکات.
لە ئێستادا، بەشێکی زۆری رێکخستنەکانی گۆڕان، کادیرە عەسکەریی و سیاسییەکانی گۆڕان، پارلەمانتارە حەپەساو و راوێژکارە نەژادییەکان، تا رادەی پاڕانەوە و لاڵانەوە لە رێگشگ دەپاڕێنەوە کە قسەیەکیان بۆ بکات، رێگەیەکیان لەم هەموو گومڕاییە سیاسییەی قاچاغچییانی کوردایەتیی و ملیاردێرە سیاسییەکانی کوردایەتییدا پێشان بدات، وەکو منداڵی بێ سەرپەرشت، داوای لێدەکەن تەحەدای ئەم واقیعە سیاسییە تاڵە بکات، بەڵام ئەو بێدەنگە و خۆی داوا لە گۆڕان و قاعیدەکەی دەکات، چیی بکەن؟

وەهمی قائیدی ضەرورە و ئیجماعی کوردیی

ئەوەی پارتیی و ویلایەتە رەیعییە قۆنتەراتچییە کوردییەکەی کردووە بەم سەرەطانە سیاسییە و وەلائێکی زۆری بۆ تورکیا هەبێت و وەکو داگیرکاریش مامەڵە لەگەڵ سامانە سروشتییەکان، ئابووریی کوردستان و نەوەکانی ئاییندەدا بکات، شەریکە دزیی یەکێتیی، جەبانیی، داوەشاویی و بێسەرەوبەرەیی ئەم حیزبە فاشیلەیە. ساڵی پار لە توێژینەوەیەکدا( مەترسییە ستراتیژییەکانی ویلایەتی رەیعیی)، بە درێژیی باسم لە نەهامەتییەکانی ئەم ویلایەتە قاچاغچییەی بارزانیی و شەریکە دزەکانی( یەكێتیی) کردووە. کارەساتەکە ئەوەیە ، گۆڕان و “رێگشگ” تێڕوانێکی مەبدەئیی جیاوازتریان لە ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییەکەی پارتیی و یەکێتیی، بۆ ئاییندەی کوردستان و مامەڵەکردن لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا( یان لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا) نییە. بە واتایەکی تر، دی ئێن ئەی DNA فیکری سیاسیی و بەتاڵیی مەغزی سیاسییان، هیی هەر هەموویان هەر دەگەڕێتەوە سەر خێڵی جامبازە سیاسییەکانی کورد( کوردایەتیی).

پارتیی، بەهۆی باڵادەستبوونی بەسەر ویلایەتە نەوتییەکەدا، ئەردۆغان و فاشیزمی ( تورکیی-عەرەبیی- سوننیی) لەگەڵ حیلفە طائیفییە مەذهەبییەکەیاندا، وەکو وەلەدی شەرعیی، مامەڵە لەگەڵ بارزانیی و عەشیرەتەکەی دەکەن. پارتیی، بە دەیان میلیارد دۆلاری لە بانکە حیزبیی و شەخصییەکانیدا کۆکردووەتەوە. ئەم حیزبی پێ دەکڕێ و ئەو سیاسیی پێ لە خشتە دەبات و ئەخلاقی زۆرینەی حیزب، سیاسیی و نوخبەکانی کوردستانی شڕ کردووە. هەروەک چۆن خۆی، هەموو بەها و ئەخلاقێکی سیاسیی، ئینسانیی و کوردبوونیشی شڕ بووە. ئێستا قیادەکانی یەکێتیی، جگە لەوەی کۆمەڵێ لەعابەی سیاسیین، ئەرکانەکانی پارتیی، بە رۆبۆتی ویلایەتە نەوتییەکە، دەیانسوڕێنن. لە دوور و نزیکەوە، پێوەندییان بە حیزب و بە پرەنسیپی سیاسییەوە نەماوە. بەهۆی پەتای لەعنەتییەکانی کوردایەتیی، پارەی گەندەڵیی و مەعاشی ژێربەژێری ویلایەتە رەیعییەکە و گەندەڵییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییەوە، بزانن بە مایکرۆسکۆپیش کادیرێکی یەکێتیی دەدۆزیتەوە لەناو هەزاران کادیری دەرەجە باڵادا کە رەخنەیەک لە سیاسەتی حیزبەکەیان و پاشکۆبوونەکەیان بگرن؟ بە پێچەوانەوە، بۆ شەڕی باڵە تاڵانیی و چەتەگەرییەکانی نێو خۆیان، هەر یەکێکیان بگریت، ژیژەکێکی ( فەیلەسوفە سلۆفاکییەکە) زۆر بڵێیە.

ئەگەر گرووپی “ناوەندی بڕیار” یان ناوەندی کڕدراو، وێڕای ئەوەی کە زۆربەیان لە دزە گەورەکان و میلیاردێرەکانی کوردایەتیین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، یەک دروشم، یەک هەنگاویان نییە، بە مووش لەگەڵ سیاسەتەکانی پارتیی و بارزانییدا، بەریەک بکەون. ئەمە رێکەوت نییە! بەڵکو زۆر بە بەرنامە کراوە. بە پێچەوانەوە، ئەوان، ئەگەر راستیان دەکرد، دەبووایە، پێش ئەوەی دژایەتیی دزەکانی ناو ماڵی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد بکەن، دژایەتیی دزە هەرە گەورەکانی ماڵی بارزانیی و مورتەزیقەبوونی ویلایەتە رەیعییەکەیان بکردایە. بە باوەڕی من، ناوەندی بڕیار، ناوەندێکی مورتەزیقەن ( بەدەستی سێ و چوار) دەڵاڵی سیاسەتەکانی پارتیین و پلانی ( A )ی پارتیی بوو، بۆ تێکشکاندنی ئەو رێککەوتنە هەشاشەی نێوان رێگشگ و ماڵی تاڵەبانیی.
پلانی( B ) ی پارتیی، ئەو سەرکردانەی یەکێتیی لە خۆ دەگرێت کە مەلەفی حەساسی ئیستیخباراتیی و تەنانەت سکانداڵی ئەخلاقییان هەیە، یان بە پارەی رەیع، بە شەریکایەتیی نەوت و بە دزینی صەدان میلیۆن دۆلار لەگەڵ ئەرکانەکانی پارتییدا شەریکن( لە دەرەوەی شەریکایەتییەکانی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی). هەر رۆژەی گارەگارێکی کوردایەتییمان لەمانەوە گوێ لێ دەبێت. یەکێکیان لە موئەسەسەی فاسیدی “مێری”ەوە، لە کەڕەنای کوردایەتییەوە، دەقیڕێنێت و یەکێکیان لە کەرکوکی کۆکتێلەکەی( قودس و دڵ) ی کوردستانەوە، سیاسەتەکانی پارتیی جێکەوت دەکات و هەندێکی تریشیان، وەکو کارتی یەدەک، بۆ رۆژی خۆیان و تەوقیتی هەڵبژێردراوی( ئەجێنداکانی پارتیی ) دانراون.
ئەگەر پارتیی، فشاری بۆ بێت، ئامادەیە پلانی ( C )یش جێکەوت بکات و ئەوانەی لەم پلانەشدا، جێکەوت دەبن، کوڕە فاشیلەکەی تاڵەبانییە( قوباد) کە ئەوەندەی وەلائی بۆ ماڵباتی بارزانیی و سیاسەتە فاشیلەکانی نێچیرڤان هەیە، یەک لەسەر دەی ئەوەش وەلائی بۆ دایکی و بنەماڵەکەی خۆی نییە. هەموو ئەمانە بە زەبری پارەی ئێجگار زۆر دەکرێن. ئەم پارە زۆرەی دەستی ماڵی بارزانیی و پارتیی کەوتووە، دەستی تورکیای فاشیست و ئەردۆغانی سایکۆ کەوتووە، بەهۆی حەماقەتەکانی کوردایەتیی، دەوڵەتی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییەوەیە کە پارتیی زۆربەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و زۆرینەی نوخبە موهەڕیجەکانی پێ لغاو کردووە. سیاسەتێک کە چەندین ساڵە، کەمپەین بۆ شەڕی طائیفیی نێوان نەژادی کورد و شیعەی عەرەب ، کوردی سوننیی و عەرەبی شیعیی دەکات و پرۆژەی سیاسیی کوردیشی خستووەتە خزمەت سیاسەت و ئەجێندا پانتورکیی و پاننیۆعوثمانییەکانی ئەردۆغانەوە.

بارزانیی: قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی

ئەوەی ئەمێریکا، رۆژئاوا، ئێران و دەوڵەتی عێراقیش مامەڵە لەگەڵ رائیدە فاشیلەکانی دەوڵەتی کوردیی و ماڵی بارزانییدا دەکەن، لێهاتوویی بارزانیی و ئەمری واقیعی سیاسیی نییە، بەڵکو پاشکۆبوونەکەی یەکێتیی، تەنازولاتەکانی تاڵەبانیی، بێدەنگییەکانی نەوشیروان موصطەفا، پرۆکسییبوونەکەی یەکگرتوو بۆ تورکیا… و وەهمی ئەو هەموو سیاسییە زۆرگۆیانە و ئەو هەموو موهەڕیجە ئەکادیمیست و نوخبە هەزیلانەیە کە حەماقەتەکان، فشەکان و درۆکانی کوردایەتیی، لغاوی کردبوون. بە لوقاحی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بە نەعرەتەی وەهمی طائیفیی، بە دەستوری ناسیۆنالیزمە دینیی و مەذهەبییەکەی ئەردۆغان و دروستکردنی ویلایەتێکی رەیعیی سوخرەکێش، نەک هەر تەفرەیان خواردبوو، بگرە رۆڵیان لەو هەموو گەڵەگاییەشدا هەبوو کە پارتیی و والیی ویلایەتەکە، قەڵەمڕەوییان پێوەی گرتبوو.
ئەوەی کە مالیکیی وا دەکات هێرش بکاتە سەر گەلی کورد لە عێراقدا، ئەوەی وا دەکات کە سیاسییەکانی عێراق، بارزانیی بەو هەموو موکەسارەتە سیاسیی و ئابوورییانەشەوە هەر بە واجیهەی سیاسیی کورد بزانن، هەر خەتای ناسیۆنالیزمە عێراقیی و ناسیۆنالیزمە شیعییە-مەذهەبییەکەیان نییە، بەڵکو خەتای سەرەکیی ئەوەیە کە گۆڕان و لەعابەکەی دەستی پارتیی( یەکێتیی)، لە ئاستی عێراق و کوردستاندا، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی جیاوازتر لە پارتیی، نیین. ئەوە گۆڕانە وەهمی بە ئابوورییە تاڵانییە سەربەخۆکەی ئەردۆغان-بارزانیی هەبوو، ئەوە کادیر و نوخبەکانی گۆڕان بوون، خورافەی ئیجماعی کوردیی( کەرایەتیی کوردیی) یان تەخشان دەکرد و فوویان لە پشکۆی ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی پارتیی دەکرد و خورافاتی کوردایەتییان هەڵدەقوڕاند.
ئەوە راگەیاندنی گۆڕان، یەکێتیی، ئیسلامییەکان و دونیای هەزیلی ئەکادیمیستە نەژادییەکانی کورد بوو کە نەعرەتەی شەڕی طائیفییان لە دژی شیعە و حەشدی شەعبیی لێدەدا و پەیتا پەیتا، رەنگڕێژی سیاسەتە طائیفییەکانی حیلفی ئەردۆغان و پارتییان دەکرد. بارزانیی و حیزبەکەی، زۆر باش دەزانن، چۆن و لە کەیدا کارتی ئەحمەقکردنی ئینسانی کورد، بەناوی دەوڵەتمەداریی و خۆماڵییکردنی نەوتەوە بەکاربهێنن؟ ئەوە عەقڵییەت و مێنتاڵیتیی گۆڕانە، هێشتا هەمان بیرکردنەوەی میلیشیا مرۆڤکوژەکان و کوردکوژەکانی کوردایەتیی شاخی هەیە و لە دونیای بیزنس، سیاسەت و ئابووریی، لە دونیای گەنجانی نوێی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق، کوردستان و ناوچەگە تێناگات و تا ئەم ساتەش، هەر بە “ربە”کانی کوردایەتیی، دانەوێڵەی سیاسەت، دەپێوێت.

گۆڕان و رێگشگ، دەتوانن چیی بکەن؟

کشانەوەی رەسمیی لە حکومەتێک کە دەرکراون، لە پارلەمانێک کە بەسەریاندا داخراوە، هیچ حەکیمێکی سیاسیی ئەم دەردەدڵییەی گۆڕان و ئەم موناجاتەی سەرکردەکەی نازانێ، جگە لەوەی وەهمیان بە پرۆژە بەتاڵەکانی کوردایەتیی هەیە. گۆڕان، ئەگەر خۆی لەم عوقدە سیاسیی، فیکریی و ئایدیۆلۆژییەی دەوڵەتی کوردیی و موشتەقاتەکانی رزگار نەکات، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە، هیچی پێناکرێت. گۆڕان و رێگشک، بۆ ئەوەی جورئەتی سیاسیی پەیدا بکەن و بۆ ئەوەی بەرچاوڕۆشنیی خۆیان بۆ خەڵک بەیان بکەن، دەبێ بەعەزم و ئیرادەی سیاسییەوە بەرەنگاری ئەم دەماغسزییەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادییە مورتەزیقەکەی بارزانیی ببنەوە.
لە ئێستادا، ئەوە حکومەتی عێراق و شیعەکان نیین کوردیان ریسوا کردووە، ئەوە کوردایەتییەکەی دەوڵەتی کوردییە کە گەورەترین تەحقیری سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە گەلی کوردستان، ئاییندەی نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، دەکات. ئەوە سەرەطانی کوردایەتییە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤی کورد، لەوپەڕی سقوطی سیاسیی و فیکرییدا رابگرێ و بەم هەموو دزیی و تاڵانییەی مافیاکانی کوردایەتیی، هێشتا مووی لەشی راست نەبێتەوە. ئەوە مەرجەعی ئۆریجناڵی کوردایەتییە کە پارەی نەوت و غازی کوردستان، لە قوڕگی ماشێنە جەنگییەکەی فاشیزمی ئەردۆغانیی دەکات و گەلی کورد و گەلانی سوریای پێ تیرۆرایز دەکات. ئەوە عوقدەی کوردایەتییە، وەکو گەورەترین لووی سەرەطانیی بەلاشەی شینهەڵگەڕاوی سیاسەتی کوردییدا، بڵاوبووەتەوە. تا ئەم سەرەطانە، بنبڕ نەکرێ، تا دەوڵەتی کوردیی مورتەزیقە، وەکو خیانەتێکی عوظما دەرهەق بە ئێستا و ئاییندەی گەلانی کوردستان، نەناسێنرێت، ناتوانرێت، سەرئێشە بۆ مافیاکانی کوردایەتیی دروست بکرێت و سنوورێک بۆ تیجاڕەت و پرۆکسییبوونە ئیقلیمییەکانی دابنرێت.

نەوتی کوردستان، دەبێ لە رێگەی دادگا باڵاکانی عێراقەوە، لە رێگەی پارلمانی عێراق و دەستوری عێراقەوە، لە پارتیی و لە شەریکە دزەکانی( یەکێتیی)بسەندرێتەوە. ئەمە باشترە پێش ئازادکردنی موصڵیش دەستی بۆ ببردرێ. پێش ئەوەی پرۆکسییەکەی ئەردۆغان، خۆی لەگەڵ هەلومەرجەکەدا بگونجێنێت، دەبێ گۆڕان و رێگشگ دەستپێشخەریی بکەن. گرینگە، گۆڕان، ترسی لە تەخوینە بەتاڵەکانی پارتیی نەبێت لە کاتێکدا، سیاسەتە پرۆ تورکیاییەکانی پارتیی، بە تەنیا، کووانوی خیانەتە عوظماکانە. گۆڕان دەبێ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان و عێراقدا، لەگەڵ حکومەتی عێراق، هاوکاریی بکەن و مەلەفی نەوت و غاز لەدەست ئەم عەصابە و میلیشیا دزانە بسەننەوە. ئەم جەرائەتە سیاسییە، هەزاران جار، لەوە شەریفترە نەوتی کوردستانی عێراق بە تاڵانیی و بە موفت بدرێ بە ئەردۆغان و فاشیزمی تورکیی، گەلی کورد و گەلانی سوریای پێ قەتڵوعام بکرێ و خەڵکی کوردستانیش برسیی بکرێت. هەموو ئەوانە کاتێک دەکرێن، بە روئیایەکی سیاسیی روونەوە، بە فیکری باڵاوە، سەرقاپی ئەم زێرابی کوردایەتییە دابخرێت. دەبێ مەلەفی کورد و ئابووریی کوردستان، لە رێگەی حکومەتی عێراق، بەهاوکاری هێزە نیشتمانییەکانی تر، تەنانەت لە پارچەکانی تری کوردستان و کۆمیونیتییە نێودەوڵەتییەکاندا، لەدەست ئەم لۆبییانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت.

پاش ئازادکردنی موصڵ، ئەگەری زۆر هەیە پارتیی بە دەستور و بە ئەجێندای تورکیا، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، شەڕێکی طائیفیی و نەژادیی لەگەڵ شیعەی عەرەب و ئێراندا ساز بکەن. کادیرە عەسکەرییەکانی باڵی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکەمین کارتن ئەم کارەیان پێ دەسپێردرێ و زۆر بە وەلائیشەوە، زۆر بە حەماسی ئیستیحماری کوردایەتییشەوە، دەیکەن. بە هۆی شەرعییەتی کوردایەتیی ، بەهۆی نەخۆشیی نەژادپەرستیی و بە ناوی کوردبوونەوە، کورد جارێکی تر دەخرێتە شەڕێکی طائیفیی گەورەوە کە ئەوسەری ئەم تۆنێلە دەیان ساڵی تر دەکێشێت، تا رۆشناییەکی تێدا بەدی بکرێ. کاتی ئەوە هاتووە ئەم گوتارە ئەنتی عێراقیی و ئەنتی شیعییە تێک بشکێندرێ.
کاتی ئەوەش هاتووە ئەم گوتارە پرۆ تورکیی Pro-Turkish، پرۆ داعشیی، پرۆسوننیی، پرۆ ئیخوانیی و پرۆ ئەردۆغانییە، بەر نەقیزە بدرێت. سەرەنجامیش، ئەم وەهمەی قائیدی ئەوحەد و ضەرورەی کوردستان، ئەم وەهمە ئیستیحمارییەی ( ئیجماعی کوردیی) دەبێ بخرێنە ژێر پێی نەوەی نوێوە. خەڵکی کوردستان، دەیانەوێ، نیشتمان، ژیان و ئازادییان هەبێت نەک موستەعمەرەیەکی مورتەزیقەی سەر بە تورکیا و ئەردۆغانیان بۆ چێبکرێت. ئەم بێدەنگییەی گۆڕان و “رێگشگ”یش، خۆشخەیاڵیی و وەهمە بە پرۆژە فاشیلەکانی کوردایەتیی و جۆرێکە لە تەخدیرکردنی رای گشیی و گەڕانەوە بۆ ناشیرینترین چەمکی سیاسەتی کوردیی” ئیجماعی تاڵانیی- کوردیی”.

کۆتایی
Larkoff, G. (2002). Moral politics. Chicago: University press




گه‌ڕان به‌دوای بوون له‌شیعره‌كانی ناشاد دا … وریا مه‌عروف

له‌ساڵی هه‌شتایه‌كانه‌وه‌ سیروان ناشاد ده‌ستی دواوه‌ته‌ نووسین و شیعر ئه‌زموونێكی له‌مێژینه‌ی له‌وبواره‌دا هه‌یه‌ و چه‌ندین كتێبی چاپ و بڵاوكراوه‌ی هه‌یه‌ لێره‌دا من باس له‌ شیعر ده‌كه‌م جیا له‌ نووسینه‌كانی تری، شیعر جیاواز لەژانرەکانی تری ئەدەب، پێویستی بەخوێندنەوەیەکی کەمێ تایبەت و وردترە له‌بارێكى هزرى ئارامدا ده‌توانى بگه‌ى به‌ بەکۆدە شاراوەکانی نێو دەقێکی دیاریکراو ناکرێ وەك خوێندنەوەی هەواڵێك لەڕۆژنامەیەكدا شیعر بخوێندرێتەوە.

ئه‌زموونى شيعرى ناشاد فراوانه‌ و خاوه‌نى چه‌ندين كتێبى شيعريه‌ به‌ڵام زياتر ده‌وه‌ستمه‌ سه‌ر تێكسته‌كانى كتێبى (عه‌وره‌تى گه‌ڵا) ئه‌و هه‌ميشه‌ له‌ هه‌وڵدايه‌ بۆ تاقيكردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ و شێوازى نوێى نووسينى ده‌ق و قه‌تيس نه‌بوون له‌سه‌ر ته‌نها ڕێچكه‌يه‌ك، به‌دۆزينه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌يه‌ك نه‌وه‌ستاوه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ به‌ره‌و تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دیكه‌ و دۆزینه‌وه‌ی زمانی دیكه‌ بۆ ده‌ربڕین، به‌وه‌ خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات هه‌ميشه‌ په‌نا ده‌بات بۆ كه‌شفكردنى ڕێگه‌ى ديكه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ئازاره‌كانی مرۆڤ، خوێنه‌ر حه‌زده‌كات بكه‌وێته‌ دواى شعره‌كانى، وه‌ك زنجيره‌ك تا كۆتاييه‌كه‌ى بڕوات و ببينێت،. فۆرمى شعيرى ناشاد فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و‌ زۆربه‌ى شيعره‌كانى شيعرى درێژن قه‌سيده‌ن، گێڕانه‌وه‌ى تێدايه‌ ڕووداوى تيدا باسكراوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك چيڕۆكى ناو مێژوو، هه‌وڵێداوه‌ له‌ ڕێگاى گێرانه‌وه‌ى رووداوه‌كان گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكى شيعره‌كه‌دا بكات. له‌و شاعیرانەیه‌ كە دەخوازن مامەڵەیه‌كی جیاواز لەگەڵ وشەدا بكەن و خەمی دۆزینەوەی ڕێگا و وێنەی نوێیان هەیە، تاڕادەیەك خاوەنی تام و بۆنی تایبەتی شیعری خۆیه‌تى و دەتوانرێت سیمای شیعری بناسرێتەوە.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ده‌قه‌كانی ناشاد بده‌ين زیاتر په‌یامی وشیارییان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌خوازێت مرۆڤ خۆی ڕیگه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت به‌ره‌نگارى هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بێت دێنه‌ ڕێگه‌ی، شیعره‌كانى هه‌وڵدانه‌ بۆ شكاندنی موقه‌ده‌س و ڕۆنانی دونیایه‌ك به‌بێ موقه‌ده‌س. لێرەوە دەمەوێت به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌رباره‌ى گه‌ڕان به‌دواى بووندا له‌ناو شیعرەكانی شاعیری كورد (سيروان ناشاد) بدوێم له‌ كتێبى شيعرى (عه‌وه‌ره‌تى گه‌ڵا) كه‌ كۆمەڵێك شیعری له‌خۆ گرتووه‌، هەوڵ دەدەم دنیابینی خۆم دەربارەی شیعره‌كانى بنووسم كە بۆ من جگە لە مایەی چێژ بەخشین، جێگای لە سەروەستانیش بوو، چونكه‌ ده‌قه‌ شيعريه‌كانى ناشاد ڕێگايه‌كن بۆ ده‌رچوون له‌ ناشادى، كۆمه‌ڵناسانه‌ و ده‌روونناسانه‌ ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر برينه‌كان و ژان و مه‌ينه‌تيه‌كانمان نيشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ره‌چه‌يه‌ك له‌خۆمان بده‌ين و بێينه‌وه‌ هۆشخۆ, هه‌روه‌ك له‌ شیعری سه‌وڵدا ده‌ڵێت:-

خودایه‌
تازه‌ دڵی چۆله‌كه‌یه‌كمان پێ ئاشت ناكرێته‌وه‌
به‌لێواری گوێسه‌بانه‌كه‌وه‌ بوو به‌ چلووره‌
ئیدی فرمێسكی ئه‌و منداڵه‌ لێمان خۆش نابێ
بێ گوناه له‌ ڕه‌حمی زه‌مه‌ندا مه‌یی
نوزه‌ی ئه‌و مێرووله‌یه‌ نابڕیته‌وه‌ به‌گه‌وره‌یی پێمان لێنا
شه‌وكوێربووین له‌ هاوه‌ڵی (یوسف) و گورگان خوارد چووین
خودایه‌
چ حیكمه‌تێكه‌ ئه‌م بوونه‌
چ سڕێكه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌
واین له‌ لووتكه‌ی ئۆرگازمی ته‌نهایی
به‌ چڵه‌پۆپه‌ی ژانه‌وه‌
كۆتایی چ مه‌رگه‌ساتێكمان به‌شبوو
هه‌ر له‌مان شیعردا ده‌ڵێت:-
به‌م قیبله‌ نوما ژه‌نگاوییه‌وه‌ چۆن له‌ تاریكستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵچووه‌ ڕێ ده‌ركه‌ین
به‌م جه‌سته‌ سووتاوه‌وه‌ ڕۆژ چۆن ده‌كرێته‌وه‌

ناشاد له‌هه‌موو شيعره‌كانيدا باس له‌ بوونى مرۆڤ ده‌كات و ئامانجى سه‌لماندنى وجوديه‌تى تاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وێته‌ دواى گشت و له‌ هه‌ژموونی كۆ ڕزگارى بێت و پێگه‌ى خۆى ديارى بكات له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا جگه‌ له‌ گه‌ران به‌دواى بووندا شاعير له‌ شعره‌كانيدا باس له‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و نيشتمان و هاوڕێيه‌تى…هتد ده‌كات به‌ڵام ئه‌وه‌ى من لێره‌ ئامانجمه‌ و باسى لێوه‌ بكه‌م گه‌ڕانه‌ به‌دواى بوون، كه‌هەر كەڕەتێک دەیخوێنيتەوە، تێدەگەى ئینسان پڕە لە شکۆ و پێويسته‌ شكۆى خۆى نه‌خاته‌ مه‌ترسيه‌وه‌ به‌هۆى ترس و شه‌رمێكه‌وه،‌ وات لێده‌كات ئاسمانێكى نۆێ بۆ فڕين بدۆزيته‌وه‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌يه‌كى ديكه‌وه‌ بڕوانيت، ڕه‌هه‌ندى ڕۆحى له‌ خوێنه‌ردا فراوان ده‌كات و واى لێده‌كات ديدگاى به‌رانبه‌ر شته‌كان بگۆڕێت و به‌جۆرێكى تر سه‌يرى دنيا و ژيان بكات، له‌م كۆپله‌يه‌ى خواره‌وه‌دا له‌ قه‌سيده‌ى عه‌وه‌رتى گه‌ڵادا ده‌ڵێت:
ناچمه‌وه‌ نێو دارستانه‌ چڕه‌كانى تاريكى و هه‌نگاوه‌كانم
به‌ غه‌يبانييه‌تى ڕێگا ناسپێرم
تخووبه‌كان هه‌ناسه‌ سڕه‌كانم ڕام ناكه‌ن
به‌گريان هاتم بێده‌نگ ناچم
ئه‌مه‌ گوزارشته‌ له‌وه‌ى مرۆڤ پێويسته‌ گه‌شه‌ بكات و گۆڕانكاري له‌خۆيدا بكات بۆ ئه‌وه‌ى ژيان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ڕابردوو هه‌رچه‌ندە ناخۆش و تاريك بێت ده‌كرێ سه‌ره‌تايه‌كى نوێ ده‌ست پێبكه‌ين و ببێته‌ وانه‌يه‌ك و هێزمان پێ ببه‌خشێ، پێویستە له‌ڕێگا دووباره‌كان لابدەین و سه‌يرى ئه‌و ڕێگايانه‌ نەکەین كه‌ بۆیان دياریكردووین‌ بێ ئه‌وه‌ى خۆمان بمانه‌وێ، لە دەقەکانیدا پێمان دەڵێ دەبێت نەچێنه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ى كه‌س و ئه‌و سنوورانه‌ بشكێنین کە تیایدا بەندکراوین، ئيتر لەوێیوە ده‌كه‌وێنه‌ دواى خوسته‌كانى خۆمان و بوونى خۆمان ده‌سه‌لمێنین، پێویستە مرۆڤ ئه‌و ڕێگايانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ڕۆحى ده‌توانێ پشووى لێ بدات.

له‌وانه‌يه‌ ناشاد ئازاره‌كانى خۆى به‌يان بكات له‌ تێكسته‌كانيدا، خوێنه‌ريش كه‌ ده‌يخوێنێته‌وه‌ خۆى له‌ناو شيعره‌كه‌دا ده‌بينێته‌وه، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى ڕێژه‌ى زۆرينه‌ى وه‌ك يه‌ك ژياوه‌ هه‌مووى ئازاره‌كانى له‌يه‌ك ده‌چێت،‌ (فرۆید) ده‌ڵێت: ((شاعیری ڕاستەقینە ئه‌و كەسه‌يه‌ كە دەزانێت چۆن خەون و خەیاڵاتەكانی دەكاتە بەرهەمی هونەری یان حەقیقەتێكی هەستپێكراو)). شيعره‌كانى ناشاد شيعرى درێژن له‌ ده‌قێكدا چه‌ندين لايه‌نى له‌خۆگرتووه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌رد و كێشه‌ مانيفيست ده‌كات، كه‌ له‌ ناخى زۆربه‌ى تاكى كورد دا هه‌يه‌ و په‌نگى خواردۆته‌وه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌يدا هۆکارە‌ شاراوه‌كانى غه‌مگينى تاكى كوردت بۆ ده‌ره‌ده‌كه‌وێ، له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ و ڕۆچوون و تێگه‌يشتن له‌ ده‌قه‌كان‌ وێنه‌ى شكانه‌كانى خۆتت ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاو و به‌خۆت ده‌ڵێيت تيمارى بكه‌ و ئه‌م خوێنه‌ ڕاگره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ سه‌رله‌نوێ كه‌سێك بژيێنيته‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ست به‌ هه‌نگاونان بكاته‌وه‌، له‌ ڕابردووی نه‌زانی و بێته‌ده‌ر و ڕێگای خۆی بگۆڕێ و ده‌ستی ئه‌وانی تر بگرێ، هه‌روه‌ك له‌ شیعری (به‌رده‌كانی گومان و په‌نجه‌ره‌كانی یه‌قین)دا ده‌ڵێت:
گه‌وره‌بووین و وه‌چه‌یه‌ك شه‌رم و ڕیسوایی له‌گه‌ڵماندا گه‌وره‌بوو
شه‌رم له‌و مناڵه‌ی تنۆكێك فرمێسكیمان نه‌كرده‌ یاقووتی گه‌ردانه‌ی مێژوو
شه‌رم له‌و خوشكه‌ی ئێستاش خوێنه‌كه‌ی له‌ قۆرتێكدا
نیگاری پاكیزه‌یی ده‌نه‌خشێنێ
شه‌رم له‌و ڕێزه‌خاڵانه‌ی له‌چه‌ناگه‌ و مه‌چه‌كی ته‌مه‌ن كوتامان
شه‌رم له‌كانی سۆزی چاوی ئه‌و لاوه‌ی له‌دوا هه‌ناسه‌یدا ده‌یگووت
كاشكێ ده‌مزانی بۆ ده‌مكوژن…؟!
شاعير له‌ شيعره‌كانيدا ئه‌وه‌ مانيفيست ده‌كا كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ و ده‌بێت خۆى بێت و به‌ ڕێگاى خۆيدا بڕوات، مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌قه،‌ پێويسته‌‌ به‌ره‌نگارى ئه‌وانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ كردويانه‌ به‌ كۆيله‌ و بوونيه‌تى خۆى لێ ده‌سه‌ننه‌وه‌ پێویسته‌ وشیاربێته‌وه‌ و هه‌قى خۆيه‌تى كۆت و به‌نده‌كانى بشكێنێت و بپچڕێنێت و ياخى بێت، كامۆ له‌باره‌ی روودانی كاتی یاخیبوونه‌وه‌ ده‌نوسێت: “یاخیبوون كاتێك رووده‌دات، كه‌ مرۆڤی یاخی هه‌ست بكات له‌ شوێنێك به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه”.




به‌ بۆچونی من سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌ له‌ به‌شداری کردنی هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا هه‌ڵه‌یه‌ … زاهیر باهیر

وه‌ك چۆن پێشتر له‌ گرتنی ‘ مه‌نبه‌ج’ پێشبینی هه‌ڵه‌ی به‌شداریکردنی په‌یه‌ده‌م کرد ، ئێستاش پێشبینی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌یه‌ده‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا ده‌که‌م. به‌ڕای من شه‌ڕڤانانی ڕۆژاوا نابێت به‌شداری له‌ هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه، بکه‌ن‌:
• ده‌بێته‌ هۆی قوربانیدانێکی زۆر و شه‌ڕیش له‌ پێناوی ” شه‌ر دژی داعش ” ( که‌ قسه‌ی صاڵه‌ح موسلیم له‌ ستۆکهۆڵم ) هه‌ڵه‌یه‌ ، که‌ له‌ کاتێکدا کردنی شه‌ڕ‌ی داعش له‌ ئێستادا بۆ ئێمه‌ ، زه‌روور نییه‌.
• له‌ ئێستادا هێزه‌کانی ڕؤژاو ده‌بێت کار له‌سه‌ر به‌هیزکردنی خۆسه‌رییه‌کانی ناوخۆ بکه‌ن ، به‌تایبه‌ت کارکردن له‌ بواری بیناکردنه‌وه‌ی کۆبانی و هه‌ره‌وه‌زییه‌ ئابورییه‌کاندا، تاکو گه‌شه‌ به‌ ئابوری ڕۆژاوا بدرێت و که‌متر ببێته‌ پاشکۆی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئه‌وروپا.
• شه‌ڕ به‌ گشتی و شه‌ڕی داعشیش به‌تایبه‌تی پێداویستییه‌کی یه‌کجار زۆری ده‌وێت‌، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ توانای هێزه‌کانی ڕۆژاوادا نییه‌ و ده‌بێت ئه‌مریکا و ” وڵاتانی هاوپه‌یمان” بۆیان دابین بکه‌ن . ئه‌مه‌ش یانی نزیکخستنه‌وه‌ی زیاتریان له‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، که‌ لێره‌شدا زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن وه‌ك له‌وه‌ی سوودبه‌خش، بن .
• به‌رده‌وامبونیان له‌ شه‌ڕدا ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونیان ، که‌ ئه‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌کی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، ده‌هێنێته‌دی . وه‌کو زانراوه‌ و تێبینی کراوه‌ ، لاوازبوون ده‌تخاته‌ بارێکی خراپ و ناهه‌مواره‌وه‌ تا ڕاده‌ی قایلبونت به‌ مه‌رج و به‌نده‌کانی دوژمن و ناحه‌زانت.
• ‌هێڕشکردنه‌ سه‌ر ‘ ڕه‌قه‌ ‘ له‌ کاتێکدا که‌ هێشتا موسڵ نه‌گیراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ تاکتیکی جه‌نگدا کارێکی سه‌رکه‌وتوانه‌یه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی جه‌نگ له‌ دووژمنت ده‌که‌یته‌وه‌ تاکو هێز و توانای دوژمن، که‌رت که‌یت. به‌ڵام ئه‌م تاکتیکه‌ سه‌ره‌نجام به‌ زیان له‌سه‌ر ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ تورکیا و بارزانی و هه‌تا ئه‌مه‌ریکاو ڕه‌نگه‌ عێراق و ئێرانیش بیانه‌وێت ، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هێزی داعش ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ناو ناچێت بیانکه‌نه‌وه‌ به‌ سوریادا، به‌تایبه‌ت به‌شه‌ کوردستانییه‌که‌ی . ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا کاتێك که‌ به‌شێکی زۆری شه‌ڕڤانان به‌ شه‌ڕی ڕه‌قه‌وه‌ هیلاك و سه‌رقاڵن، بۆ هێزه‌ په‌رته‌وازه‌کانی داعش ئاسانه‌ که‌ ئه‌وه‌ی بۆیان پلانکراوه‌ له‌ ڕۆژاوادا ، بیکه‌ن .
• ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌ ڕه‌چاوی کێشه‌ی کورد له‌ ڕۆژاوا ده‌کات و نه‌ نێتی باشیشی سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ریکا که‌ له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت شه‌ڕ دژی داعش بکات هیچ هێزێکی باشتر و کارامه‌تری له‌ شه‌ڕڤانان، له‌ سوریادا، بۆ ئه‌م کاره‌ ده‌ستناکه‌وێت . هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تورکیادا سازشبکات تاکو ئه‌و هێزانه‌ به‌شداری شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ بکه‌ن . ئه‌مه‌ریکا هیچ وه‌خت پشتی تورکیا و عێراق و هه‌تا ئێرانیش بۆ کورد نادات له‌ زه‌وی . دوای گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌’ گریمانێکی زۆر هه‌یه‌ که‌ نۆره‌ی شه‌ڕی دژ به‌ شه‌ڕڤانان بێت ، ئا له‌م حاڵه‌ته‌‌شدا بارودۆخه‌که‌ زۆر خراپ ده‌بێت و تاکه‌ ڕێگایه‌ك که‌ بمێنێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م په‌یه‌ده‌دا، بۆ مانه‌وه‌ ، سازشکردنه‌ له‌ته‌ك ئه‌مه‌ریکاو و بارزانیدا،‌ داخوازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و بارزانیش له‌سه‌ر داوای توکیایه‌ . ڕودانی ئه‌م گریمانه‌ش ‌ دژ به‌ هزر و ستراتیجییه‌تی ئۆجه‌لان و که‌مینه‌یه‌کی که‌می نێو په‌که‌که‌یه‌.
• دوژمنایه‌تی نێوانی خێڵه‌ سونییه‌ عه‌ره‌به‌کان و کورد به‌ گشتی و شه‌رڤانانی ڕۆژاوا خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ قازانجی ناحه‌زان و دوژمنانی ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ، نه‌ك خودی ڕۆژاوا خۆی .

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
09/11/2016




پێك …. فازڵ عه‌ززاوی


و: نه ژاد عزیزسورمێ

————————————-

هه‌رچه‌نده‌ من ، مه‌ست و خه‌مبارم و
توانای په‌یڤینم نییه‌
ده‌ستوورم پێ‌ بده‌ن بۆ دواجار
پیاڵه‌ به‌رزكه‌مه‌وه‌ و بخۆمه‌وه‌ :

پێكی ئه‌و كوێره‌ی له‌ تاریكیدا ده‌بینێ‌
پێكی ئه‌و لاڵه‌ی له‌سه‌رچیا ، له‌گه‌ڵ خوادا ده‌ئاخڤێ‌
پێكی ئه‌و كه‌ڕه‌ی گوێ‌ له‌ مۆسیقای ئه‌به‌دیه‌ت ده‌گرێ‌
پێكی ئه‌و شاعیره‌ی ئاگر له‌ خوداوه‌ند ده‌دزێ‌
پێكی خوا ، كه‌ جاری دادێ‌ دونیایه‌كی چاتر دروست ده‌كا
پێكی شه‌یتان كه‌ گره‌و ده‌دۆڕێنێ‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆزه‌خ
پێكی دایك كه‌ به‌ هه‌شتی له‌ژێر پێدایه‌ .
پێكی ئه‌و براده‌ره‌ی ،
گه‌ر كه‌ڵه‌شێر سێ‌ جارانیش بخوێنێ‌ خۆیمان لێ‌ نه‌بان ناكا
پێكی شه‌یتان كه‌ واسواسی ناخاته‌ دڵی خه‌ڵكی
پێكی ئه‌و سێداره‌یه‌ی ،
سه‌ر بۆ له‌سێداره‌دراو داده‌نوێنێ‌
پێكی ئه‌و جه‌للاده‌ی ،
خۆی ده‌داته‌ به‌ر قامچییان !
پێكی ئه‌و قوربانییه‌ی ،
له‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی خۆی ڕاده‌په‌ڕێ‌ ..
پێكی ئه‌و پاسارییه‌ی قه‌فه‌زی به‌جێ‌ دێڵێ‌
پێكی تاراوگه‌ ، كه‌ وره‌ی پێ‌ به‌رنه‌داین
پێكی ئه‌و نیشتیمانه‌ی ڕووباری به‌ بندا ده‌ڕۆن
پێكی ئازادی تا هه‌تایێ ..
پێكی دونیای مڵكی هه‌مووان
پێكی ئه‌و حوكمدارانه‌ی له‌ مۆزه‌خانان
به‌ پاسه‌وان دایانده‌مه‌زرێنین ..!
پێكی ئه‌و دره‌خته‌ی ،
ڕه‌گی له‌ قووڵایی خاك دایه‌
پێكی مانگ ،
كه‌ گوێ‌ له‌ شكاتی عاشقان ده‌گرێ‌ ..
پێكی خۆر له‌ سڕه‌ی سه‌رمای شوباتدا
پێكی ئه‌و هه‌سارانه‌ی هه‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌گرمێنن .
پێكی به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین
پێكی دۆزه‌خ ،
كه‌ ده‌رگای به‌ چیمه‌نتۆ داده‌خه‌ین ..
پێكی ڕابردوو، بیره‌وه‌ریه‌كانیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌
پێكی ئێستا وه‌ك ڕووبارێ‌
له‌ شه‌قامان هه‌ڵده‌قوڵێ‌ ..
پێكی ئه‌و ئاینده‌یه‌ی ،
بێ‌ په‌یژه‌ ، بۆی
سه‌رده‌كه‌وین ..
پێكی ئه‌و ژیانه‌ كورته‌ جوانه‌ .

—————————
له‌ كۆشیعری ( فراشه‌ فی طریقها الی النار )ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.
بڕوانه‌: ( فراشه‌ فی طریقها الی النار )، ده‌زگای (المدی)، چاپی یه‌كه‌م – 1998




راپرسیه‌كانی ئه‌مریكا راست ده‌رنه‌چون !! … عیماد عه‌لی

بیركردنه‌وه‌ و بارودۆخی گه‌لی ئه‌مریكا، له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانیه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، كه‌له‌ زانینی مه‌رام و نیازی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ و ته‌نانه‌ت كۆی گشتی ئه‌و گه‌له‌ش بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، به‌ پێی چینه‌كان، جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری تاكی كۆمه‌ڵگایه‌كی تردا به‌ روونی دیاره‌ . به‌ واتایه‌كی تر، وزعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی دیار به‌سه‌ر چینه‌كاندا دابه‌شبون و ده‌توانرێت به‌ جوانی جیاوازیه‌كانیان دیاری بكه‌یت، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی كه‌ چینی چه‌وساوه‌ و ناوه‌راست و باڵاكان به‌ شێوه‌یه‌ك مه‌ودای نێوانیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌داری تریشدا به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ش راستی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تاكه‌ وڵاتێك گه‌یشتبێته‌ جه‌وهه‌ری ژیانی سه‌رمایه‌داریانه‌، به‌ پێی زانستی قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری و سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌، له‌ئه‌مریكادایه‌ و له‌وێدا به‌رقه‌راره‌ . له‌مه‌شدا بێگومان چینی نه‌دار و پرۆلیتاریای راسته‌قینه‌ وه‌ك خۆی له‌وێدا ده‌ركه‌وتون .
ئه‌م چینه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌ جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ونیتردا هه‌یه‌، له‌ لایه‌نی سیفه‌ته‌ ئه‌رێنیه‌كانه‌وه‌ بێت یان نه‌رێنیه‌كانه‌وه‌ و، له‌وه‌شدا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌ شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن، تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌ . ئه‌گه‌ر واقعی سه‌رجه‌م چینه‌كانیش بخوێنیته‌وه‌، له‌ په‌یوه‌ندی و پابه‌ندبون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانیاندا، ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چینی ناوه‌راست زیاتر له‌ ته‌ماسدان وه‌ك چینه‌كانی خواره‌وه‌ و، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ژارو نه‌دار، واته‌ یرۆلیتاریا زیاتر مه‌شغولی باری تایبه‌تی و ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ رووی ئاستی به‌رێوه‌بردنی ژیانیان رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ناگه‌نه‌ باروگوزه‌رانی پرۆلیتاریای وڵاتانی سه‌رمایه‌داری تر، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كه‌ و به‌شداریان له‌ ئالیه‌ته‌كان تاوه‌كو پێش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و رۆژگاری ئه‌مرۆ زۆر كزبووه‌ .
ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ هۆكاره‌كانی هه‌ڵه‌كه‌وتنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی راپرسیه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی خولی چل و پێنج بكه‌ین، كه‌ له‌ نێوان هیلاری كیلنتۆن و رۆناڵد ترامپدا به‌رێوه‌چوو، ده‌بینین هۆكار گه‌لێكی خودیی تایبه‌ت به‌ چۆنێتی به‌رێوه‌چونی پروپاگه‌نده‌و بانگه‌شه‌كان و فكر و بیركردنه‌وه‌ی چینه‌كان، وای كردووه‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌زگا زانستیه‌كان له‌و راپرسیه‌دا به‌هه‌ڵه‌دا بكه‌ون، بۆچی ؟
*گرنگترین هۆكار، بۆ ده‌رنه‌خستنی ناخی هاوڵاتی و گیرۆده‌بونی به‌ كێشه‌ ژیانیه‌كان و قورسایی ژیانی خۆیه‌وه‌ و باوه‌رنه‌بونی به‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌و راپرسیانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لایه‌ك و، نه‌بونی راستگۆیی و به‌ راستی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ سمپڵه‌كه‌ بۆ پرسیاره‌كانی دام و ده‌زگا راپرسیه‌كان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، راستی و دروستی ده‌رخستنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی والێكرد . له‌م جاره‌دا چینی پرۆلیتاریا له‌ بژارده‌ی نێوان هه‌ردوو كاندید و هه‌ڵبژاردنیان، تا دوا ساته‌كان رارابون و، ئه‌وه‌ی یه‌كلاییش بوه‌وه‌ راستیه‌كانی بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ وه‌ك خۆی ده‌رنه‌خست، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌ پێشیانه‌وه‌ش :
1- بڵاوبونه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و ناكۆكی له‌ نێوان خۆیاندا له‌و باره‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خێزانه‌ هه‌مه‌ ره‌نگ و ره‌گه‌زجیاوازه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی بێ پێشینه‌ له‌یه‌كتر، كه‌ به‌م رێژه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژادنه‌ پێشووه‌كانی تری ئه‌مریكادا رووی نه‌داوه‌ .
2- ململانێی نێوان ره‌گه‌ز و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان و نیگه‌رانیان له‌ ترامپ و راوبۆچونه‌كانی له‌ لایه‌كه‌وه‌ و په‌یمانه‌كانی بۆ باشتر كردنی وه‌زعی نێوخۆیی ئه‌مریكا له‌سه‌ر حسابی گرنگی نه‌دان به‌ سیاسه‌ت و تێچوه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، وای كردبوو تا دواساته‌كانی ماوه‌ی هه‌ڵبژاردن خۆیان یه‌كلایی نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌زگا راپرسیه‌كانی خسته‌ ته‌ڵه‌ی باوه‌ربون به‌ زاڵبونی چینی ناوره‌است و پشتب سه‌تن به‌ زانیاریه‌ كۆنه‌كان له‌ یه‌كلایی بونی ولایه‌ته‌كان بۆ حزبه‌كان و نه‌خوێندنه‌وه‌ی جاده‌ به‌ شێوه‌ تازه‌كه‌ی و نه‌زانینی بری خه‌ڵكی رارا له‌و باره‌وه‌ .
3- روحی گۆرانخوازی له‌ نێو نه‌وه‌ی تازه‌ی چینه‌ چه‌وساوه‌كانی ئه‌مریكا و ئاواته‌كانیان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گۆرانی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن ئه‌م كه‌ڵه‌ سه‌رمایه‌داره‌وه‌ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو و، له‌ لایه‌كه‌ وه‌ ده‌ترسان و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دڵخۆش ده‌بوون به‌ ئه‌گه‌ری قازانج كردنیان له‌رووی بژێوی و باروگوزه‌رانیان بنمیچێكه‌وه‌ .
* به‌شداریكردنی رێژه‌یه‌كی باشی بێ پێشینه‌ له‌ ژماره‌ی هاوڵاتیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌شدارنه‌بون، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ به‌درۆخستنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كردنی ده‌زگاكانی راپرسی .
* شاردنه‌وه‌ و نه‌دانی زانیاری و نیازی راست ودروستی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بۆ چه‌ندین خوله‌ ده‌نگیان نه‌داوه‌ و بێ ئومێد بوون، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌وانه‌ش، ترس له‌ خه‌ڵكه‌ ركابه‌ره‌كانیان و ئه‌وانه‌ی جیاوازن له‌گه‌ڵیاندا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ لایه‌ك و، جیاوازی له‌ بۆچونی ره‌گه‌ز و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان له‌ نێو خۆیاندا له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ناكۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ نێوانیاندا روویداوه‌ .
* به‌شداریكردنی خه‌ڵَكی لادێكان و دووره‌ ده‌ست به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان و به‌رزبونه‌وه‌ی روحی خودپه‌رستی و ره‌گه‌زپه‌رستی سپی پێسته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ترامپ كه‌وته‌وه‌ . كه‌چی ده‌زگاكانی راپرسی به‌ زۆری و له‌ ماوه‌كانی پێشودا پشتیان به‌ چینی ناوه‌راست و له‌ شاره‌كان و شوێنه‌ نزیكه‌كان ده‌به‌ست و، دوور بون له‌ خوێندنه‌وه‌ی راو بۆچون و چۆنێتی به‌شداریكردنی فراوانی خه‌ڵكی لادێ دووره‌ ده‌سته‌كان زیاتر له‌ خه‌ڵكی ناوه‌ندی شاره‌كان، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانی گۆڕی و راپرسیه‌كانی به‌درۆ خسته‌وه‌ .
ئه‌مانه‌ و، جگه‌ له‌ روانینی خه‌ڵك بۆ دوو كاندیده‌كه‌و سڵ كردنه‌وه‌ له‌ باسكردنی زۆر له‌ دید و بۆچونه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كه‌ له‌وانه‌ و تێكه‌ڵاوی له‌ نێوان مرۆڤدۆستی و ره‌گه‌زپه‌رستی و بیری ته‌سكی نوێی سه‌رهه‌ڵداو، كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكادا ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌و چه‌نده‌ها رووداوی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ . له‌به‌رامبه‌ردا ده‌زگاكانی راپرسی به‌ هه‌مان شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا ده‌كرد، بێ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری كاریگه‌ریه‌كانی ره‌فتار و لێدوانه‌كانی ترامپ بۆ خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ و، له‌به‌رامبه‌ردا، بڵاوبونه‌وه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌كانی هیلاری به‌ پێی ئاشكرایی ژیانی سیاسی زۆرتری له‌ ترامپ و،له‌به‌رده‌ست بونی زانیاری سیاسی وردی زیاتر له‌سه‌ر هیلاری لای سه‌رجه‌م چینه‌كان و هه‌ندێك هه‌ڵه‌ و به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌شیوه‌، له‌گه‌ڵ نارازیبون له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئۆباما كه‌ به‌سه‌ر هیلاری دا شكایه‌وه‌ و ده‌زگا راپرسیه‌كان گرنگیه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نه‌دا، له‌گه‌ڵ نه‌خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌ری ترامپ له‌سه‌ر عه‌قڵ و بیری نه‌وه‌ی نوێ و به‌شه‌ زۆره‌ به‌شداره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی دوور له‌ شار و، گۆرینی مه‌یلی چینی ناوه‌راستیش له‌مه‌ر ئۆباما .




دژی پاگەندەیەک دوای بردنەوەی ترامپ … دژی پاگەندەیەک دوای بردنەوەی ترامپ

بۆرژوازی ئەمریکی بە هەموو بەشەکانییەوە، بۆرژوازی ئەوروپی و جیهانیش هەموو بەشوێنیدا، بە هاوکاری ماسمیدیای نۆکەر بە چڕوپڕی سەرقاڵی ئەوەن، بە بۆنەی بردنەوەی کایەی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە، ئێمە حەواڵەی حەماقەت و سەرشێتییەکانی دۆناڵد ترامپ بکەن، تا لەم ڕێیەوە ڕوخساری دژی ئینسانی و بەڕبەڕییەتی سەرمایەداری و گشت نوێنەرانی کاپیتاڵیستی ئەمڕۆ، هەر لە فاشیزمی قەومییەوە تا شۆڤێنیزمی ئیسلامی، ناسیونالیزم، لیبڕاڵیزم و دیموکراسیزم تا بە فڕوفیشاڵ و پاگەندەی دیکە داپۆشن و بیشارنەوە لێمان!

ڕاستە ترامپ سەرڕاستتر لە ئۆباما ڕەنگە جیهانی ئێمە پاڵ پێوەنێت بۆ نێو جەنگ و کێبەرکێیەکی توندتری تەقسیمکردنەوەی جیهان و برسێتی و هەژارییەکی زیاتر بکاتە نسیبی دەیان ملیۆن ئینسان، وە ئێستاو ئاییندەی مرۆڤایەتی نغرۆی قازانپەرستی و چاوچنۆکی سەرمایەو سەرمایەداران بکات زیاتر لە ڕابردوو، بەڵام ئەو حەقیقەتە نابێت لەیاد بکرێت کە هەموو ئەم تاوانکارییانەو ئەم فریوکرایانەی چینی بۆرژوازی ئەنجامیئەدات لە ترسی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار ئەیکات، لەترسی هاتنەمەیدانی هیزی گەورەی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیزم ئەیکەن.

چونکە چینی بۆرژوازی باشتر لە هەر کەسێک درکیان بە مەترسی چینی کرێکارو هێزی ژێروژوورکەری ئەو بۆ گۆڕینی ئەم جیهانە کردووە بە جیهانێکی باشترو شاییستەتر. ڕژێمی سەرمایەداری تەنهاو تەنها لەلایەن کۆمۆنیزم و هێزی پرۆلیاریاوە ئەتوانریت بگۆڕڕیت بە سیستەمێکی سۆشیالیستی کە ئینسان تیایدا ئەسڵ و سەرەکییە. بۆیە هەمیشەو هەموو ڕێگایەک دەگرنەپێش‌و لە تێکۆشاندان بۆ بەرگرتن بە هاتنەمەیدانی ئەم هێزە شۆڕشگێڕو ئاڵوگۆڕ بەخشە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکێک لەو ڕێگایانەیە. واتە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی جیهان بۆ لای دیموکراسی و هەڵبژاردنی پارلەمانی و چی و چی کە نموونەکەی لە ئەمریکا هەر ٤ ساڵ جارێک نماییش دەکرێت!

مرۆڤایەتی نابێت چیتر فریوی ئەم گەمەیەی چینی بۆرژوازی ئەمریکا بخۆن و تەسلیمی چارەنووسێک ببن کە ئەوان و هاوڕێکانیان لە ئاستی دنیادا بۆ ئینسانییەتی ئێمەیان داڕشتووە. ئێستاو ئاییندەی ئێمەو جیهانی ئێمە بەندە بە خەباتی چینی کرێکارو بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە. ڕێگا خۆشکەن ئەم هێزە بێتەپێشەوەو هەموومان پێوەی پەیوەست ببین. سەقامگیریی و ئاشتی و ئاساییش لە سەدەی بیست و ئێستاشدا بۆرژوازی بە جەنگە جیهانییەکانی سەلماندوویەتی پێی بەرقەرارناکرێت. ئیتر سەردەمی کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو ئازادیخوازانە جیهان بەدەستەوەبگرن.

حەمە غەفور

١٠نۆڤەمبەر٢٠١٦




نامەیەک بۆ هاوڕێ (ڕەحمانی حسێنزادە) لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران_حیکمەتیست … هیدایەت مەلا عەلی

هاوڕێی ئازیز سڵاو
ئەم کاتەت باش و هیوادارم ساغ و تەندروست بیت
بەڕێزم: لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی هێزە هاوپەیمانەکان و سوپاسی عێراق و پێشمەرگە بۆسەر شاری (موسڵ)، لەلایەن حیزب و هەڵسوڕاو باڵە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، لێکدانەوە و شیکاری و هەڵوێستگیری جۆراو و جۆر و جیاواز دەبینین و دەبیستین، هەموو ئەمانە دیاردەیەکی سروشتیە و بەپێچەوانەوە نەبوونی جێگای تێڕامانە.
لەڕاستیدا من نامەوێت لەسەر ئەو ئۆپراسیۆنە و کاریگەری و ئامانجەکانی لێرەدا قسەیەک بکەم، بەڵام ئەگەر تەمەن بواریدا ئەوا لە فرسەتێکدا لەم بارەوە بۆچوونەکانی خۆم لە وتارێکدا لەژێر ناوی (چەپ و ئۆپراسیۆنەکانی موسڵ)ڕادەگەیەنم، هۆکارێک کە وایلێکردم ئەم نامەیە بۆ بەڕێزتان بنوسم بەشێک لە وتارێکی هاوڕێی ئازیز (سامان کەریم)ە لە (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق) لەژێر ناونیشانی (شەڕی موسڵ و نێوەندگیری ڕاست و چەپ)، ئەم وتارە لە ماڵپەڕی هاوپشتی بڵاوکراوەتەوە.
هاوڕێ (سامان کەریم) لەو بەشەی وتارەکەیدا هەندێک پرسیار ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکات و داوای وەڵامتان لێ دەکات، لەڕاستیدا من وەک خۆم کە ڕۆژگارێک لەگەڵ هاوڕێیانێکی وەک بەڕێزتان لە حیزبێکدا پێکەوە کارمان کردوە، ئامانج و ئاسۆیەکی ئینسانی و مارکسیستانە پێکیەوە بەستبووین، ناتوانم بێدەنگی هەڵبژێرم و دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەی هاوڕێ (سامان کەریم) لە تۆ نەکەم، بەچاوپۆشی لەوەی پرسیارەکانی هاوڕێ (سامان کەریم) چەندە دروستن یان نا، من بۆخۆم تاکو ئەم چرکەساتە بڕوام بەو پرسیار و ئەگەرانە نیە کە هاوڕێ (سامان کەریم) خستوویەتیە بەرچاوتان و داوای وەڵامتان لێ دەکات، جا نازانم من هەڵەم یان دنیا زۆر گۆڕاوە و من ئاگادارنیم.
بەکورتیەکەی هاوڕێ (سامان کەریم) دەڵێت: لەدوای هێرشی (داعش) بۆسەر شاری (موسڵ)و گەڕانەوەی وەفدێکی ئێوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوە نەبووە لەگەڵ هەردوو (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان) کۆبونەوە بکەن، ئیوە دەتانەوێت مۆرێکی کۆمۆنیستانە لەسەفەرەکەتان بۆ کوردستان بدەن، هاوڕێ (سامان کەریم) واپیشاندەدات و پرسیارەکان بەجۆرێک دەوروژێنێت، کە ئامانجی سەفەری ئێوە بۆ کوردستان بۆ ئەوە بووە لەگەڵ (پارتی) بەسەرۆکایەتی(مەسعود بەرزانی) کۆبونەوە بکەن و هەندێک پارە و پول چنگبخەن!!!!!، هەر بەقەولی هاوڕێ (سامان کەریم) دوای ئەوەی کە (جەلال تاڵەبانی) نەخۆش دەکەوێت و لەو حیزبەوە وەڵامی نێگەتیڤ وەردەگرن، بە پرسیار و قسەکانی هاوڕێ (سامان کەریم)دا وادەردەکەوێت کە داوای پارە و پولتان لە (یەکێتی) کردبێت!!!!؟؟؟؟؟، ئەمەو چەندین پرسیاری تر لەمبارەوە، کە گرنگ نیە من لێرەدا بینوسمەوە و دەکرێت لە وتارەکەی هاوڕێ (سامان کەریم)دا بخوێنرێتەوە.
لەوای خوێندنەوەی وتارەکەی هاوڕێ (سامان کەریم)وە، چەندین جار ئەم پرسیارانەم لە خۆم کردوە، چۆن هاوڕێیانێک کە ڕۆژگارێک بەشێکبوون لە ڕابەری حیزبەکەمان و سیاسەتەکانیان داڕشتووە، ئێستا دەڕۆن و داوای پارە و پول لە (پارتی و یەکێتی) دەکەن؟؟؟؟؟، چۆن ڕابەرانێک تاکو دوێنێ سەرکردایەتیەکی هاوبەشیان لەگەڵ ئیوە پێکهێنابوو، ئێستا دەڵێن ئێوە دەتانەوێت لەڕێگای (پارتی و یەکێتی)یەوە پارە و پول چنگبخەن؟؟؟؟، (پارتی و یەکێتی) ٢٥ ساڵە یاری بە چارەنووس و کەرامەتی خەڵکی کوردستان دەکەن، موچەی خانەنشین و کەمئەندام و سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکاران پێشمەرگە نادەن، بەڵام خێرە ئیستا دوای پارە و پول لە (پارتی و یەکێتی)بکرێت؟؟؟؟، من دەزانم وەک ئەوەی (چەپ و کۆمۆنیزم) هێزێک نیە لەناو هاوکێشە سیاسی و ڕووداوەکانی ئێستادا، بەداخەوە هەمانکات شانسی ئەوەشمان نیە لانی کەم پلیمێکی مۆدێرن و تەندروست بکەین و لەو بارەوە زۆر هەژارین و مەجبورین بەکاری لاوەکیەوە خۆمان سەرقاڵ بکەین.
هاوڕێ ڕەحمانی ئازیز….
ماوەیەکە کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران، هەڕەشە دەکات لەوەی کە وڵاتی (سعودیە) خەریکی پیلانڕێژیە لە دژیان، کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران ناڕاستەوخۆش لە ڕێگای بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانیەوە، هەڕەشە لە (پارتی)دەکات وەک ئەوەی وڵاتی (سعودیە) سەفارەت و ئۆرگانەکانی لە (هەولێر) بۆ ئەم ئامانجە بەکار بهێنێت، بۆ پەیوەندی کردن بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە، من نابمە وەکیل و قاوەگرەوەی لێکدانەوە و مەبەستی پرسیارەکانی هاوڕێ (سامان کەریم)، بەڵام ئایا پرسیارەکانی هاوڕێ (سامان کەریم) بەم واقیعە سیاسیەوە پەیوەست دەبێت و هیچ حەقیقەتێکی هەیە کە ئاڕاستەی تۆی بەڕێزی کردوە؟؟؟؟.
باشە ئەگەر وەک گریمانەیەک لە جەمسەربەندیەکدا (وڵاتی سعودیە و پارتی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی) بەرژەوەندیەکی هاوبەشیان لەدژی کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران هەبوو، ئێوەش خۆتان وەک بەشێک لەو جەمسەربەندی و شەریکە هاوبەشە زانی، کە من بۆ خۆم ناچێتە ئەقڵمەوە کە ئێوە کارێکی وابکەن و هیوادارم وانەکەن، بەڵام داواکردنی پارە و پول لە (یەکێتی) بە قەولی هاوڕێ (سامان کەریم) کە لە وتارەکەیدا پەنجەی بۆ ڕاکێشاوە، چ مانایەکی هەیە لە کاتێکدا (یەکێتی) هاوپەیمانێکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێرانە لە ناوچەکەدا، بۆیە باسی هەردوو وڵاتی (ئێران و سعودیە)م کرد و کەمێک لێکدانەوەم بۆ کرد بۆ ئەوەی کەمێک هاوکاری بەڕێزتان بکات، ئەگەر ویستان وەڵامێک بە نامەکەم یان وتارەکەی هاوڕێ (سامان کەریم) بدەیتەوە.
هاوڕێ ڕەحمانی ئازیز….
سەرەڕای هەر دابڕانێکی حیزبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، من تاکو ئێستاش لە ڕووی ئینسانی و وەفا و خۆشەویستی ڕابوردوەوە، بۆم گرنگە هاوڕێکانم لە دیاردەیەک کە قورسای سیاسی گەوەرەی هەیە بەئاگابهێنمەوە و نامەیان ئاڕاستە بکەم بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، وەک ئەوپرسیار و ئەگەرانەی هاوڕێ (سامان کەریم) ئاراستەی تۆی کردوە، بەبڕوای من بۆ هەر حیزبێکی سیاسی یان گروپێک یان هەڵسوڕاوێکی سیاسی، بێدیقەتی سیاسی، لێکدانەوە و شیکاری ناواقیعی، هەڵوێست و جیهەتگیری ناعەمەلی و تەنانەت هەڵەش، کارێکی ئاسایی و ڕۆتینیە و هەموومان کردومانە، بەڵام دیبایت و پلیمی سیاسی و مۆدێرن و شارستانی و پاراستنی ئینسانیبوونی یەکتری، بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی سەرشانی هەموومانەو هیوادارم کە بتوانین هەموومان پڕنسیبیەکانی بپارێزین.

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستم
هیدایەت مەلا عەلی
٩/١١/٢٠١٦




وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ -(2)…. دکتۆر جەبار قادر

کەمالییەکان لەو ڕاستییە گەیشتبوون، کە بە بێ پشتیوانی کورد، کە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵیان پێکدەهێنا، دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ویلایەتەدا کارێکی مەحاڵە، بۆیە هەر کە بزووتنەوەکەیان لە خەم ڕەخسا پیاوەکانیان دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی فراوانی پڕوپاگەندە لە نێو هۆز و خێڵەکانی کوردستاندا. جموجوڵ و چالاکی پیاوانی مستەفا کەمال تەنها ویلایەتی مووسڵیان نەدەگرتەوە، بەڵکو پەیوەندییان لە گەڵ سەرەک هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرت. لە گەڵ کەسایەتی و سەرکردە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا پەیوەندی توند و تۆڵیان گرێدایەوە. بنەماڵە ناودارەکانی کەرکوک بە تایبەتی بنەماڵە تورکمانەکان لقێکی ” کۆمەڵەی پاراستنی مافی ویلایەتەکان”یان لە چەشنی ئەوانەی ئەنادۆڵ دامەزراندبوو و هەندێ کەسایەتی کوردیش تێیدا ببوون بە ئەندام. لەو ڕۆژانە کورد لە سەرگەردانیدا بوو، نەیدەزانی بەکێ باوەڕ بکات و ڕوو لە کێ بکات.

بە بریتانیانییەکان کە لافی ئەوەیان لێدەدا، گوایە بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵات لە کوت و بەندی عوسمانییەکان هاتوون، بەڵام هەڵس و کەوتیان لە گەڵ کوردا تەواو پێچەوانە بوون. نوێنەرانیان وەک هەموو داگیرکەرێکی کۆڵۆنیاڵی بە توندرین شێوە خەریکی ئازاردن و سەرکوتکردنی دانیشتوان بوون. گفت و پەیمانیان لە بارەی دەوڵەتی کوردییەوە هیچی لێ سەوز نەبوو. هەوڵدانیان بۆ بەزۆر لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە کوردی ئەوەندەی تر تۆرانبوو. نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە درۆوە نوزەی تێدا مابوو، گفتی خۆبەڕێوەبردنیان بە کورد دەدا و پەیماننامەی سێڤریان ئیمزا دەکرد. بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو و سوڵتان هیچی پێ نەدەکرا. چواردە بەندەکەی ویڵسن، کە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان بە هۆی کێبڕکێ و ململانێی ئەمێریکا و بریتانیاوە لە بەشە نەوتی مووسڵ و کێشە دروستکردن بۆ بریتانیا، ڕاگەیاندرابوون، هەندێ کوردیان بە خۆیانەوە سەرگەرم کردبوو. شۆڕشی ئوکتۆبەر و ڕاگەیاندنی مافی گەلانی ڕووسیا و پەیامی بەلشەفییەکان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و ئاشکراکردنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نهێنییەکانی وڵاتە ئیمپریالییەکان لە پشتی گەلانەوە، بەر لە هەموویان ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ، هیوایەکی لە لای کورد بە ڕووس (عروس و مسقۆف بە وتەی ئەو سەردەمەی کوردان)پەیدا کردبوو. ئەمانە هەمووی بە لایەک و پەیمانەکانی مستەفا کەمال و هاوڕێکانی بە “برایانی قارەمانی موسوڵمان و فیداکار لە پێناو نیشتمان و خیلافەتدا”، کە باسیان لە تورکیایەکی پڕ لە برایەتی و بەختەوەری بۆ کورد و تورک لە دوای دەرکردنی داگیرکەرانی بیانی دەکرد، بە لایەکی تر.

لەو سەردەمەی مێژوودا کاریگەری ئاین و گوتاری ئاینی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە بەهێزتر بوو. هۆشیاری نەتەوەیی زۆر لاواز بوو و تەنها لە نێو بژاردەیەکی بەرتەسکی خوێنەواراندا بەدی دەکرا. بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕەبەقدا لە دەسەڵاتی سوڵتان و خەلیفەی موسوڵمانان بەولاوە شتێکی دیکەی نەبیستبوو، ئاسان نەبوو بیر لە جۆوڕێکی دیکەی فەرمانڕەوایی بکاتەوە. خەڵکێکی زۆر بە گوناهیان دەزانی کەسێکی دیکە جێگەی سوڵتان بگرێتەوە. ئەو پەیمانانە بە سەر کوردا وەک بارانی بەهار دەبارین، سەریان لە سەردارانی کورد شێواندبوو و هەر یەکەیان بەلایەکدا ڕایدەکێشا. کۆمەڵێکیان باسیان لە ئۆتۆنۆمی دەکرد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە ئەو بۆ خۆی لە پەل و پۆ کەوتبوو و دوا ڕۆژانی بەسەر دەبرد و نەیدەتوانی خۆی ڕزگار بکات، چجای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابین بکات. کۆمەڵێکی تریان بیریان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر مەندەیتی بریتانیا یا تەنانەت ئەمێریکا دەکردەوە، یەکەمیان پۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد پێ نەبوو و دووەمیشیان ئەوەندە ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتدا نەبوو، ئەرکێکی وا گران بخاتە ئەستۆی خۆی. گروپێکی بچووکی سەردارانی کورد ئەوەندە بێ ئاگابوون لە بارودۆخی دونیا و هەرێمەکە باسیان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئێراندا دەکرد، کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی بێ هێز و دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی و نیمچە کۆڵۆنیای بریتانیا بوو. ڕاستە کورد ئەو دەمە سەردار و ڕابەری زۆری هەبوو و هەموو باسیان لە کوردستان دەکرد، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیریان نەبوو لە چەشنی میساقی میللی کەمالییەکان. کەسیشیان خاوەن کاریزمایەکی وا نەبوو هەموو کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هیچ یەکێ لەو پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییانەی کورد ئەو کاتە و ئێستاش هەموو کوردستانی نەگرتوەتەوە. دەکرێت مرۆڤ گومانی زۆری لەم بۆچوون و لێکدانەوانە هەبێت، لێ دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا، ئەوەی سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هەڵس و کەوتی سەردارانی کورد و پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییەکانیان بکات، باوەڕ بەم قسانە دێنێت.

ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد باری گشتی کورد بوو. بارودۆخی کوردی ویلایەتی مووسڵ لەوە باشتر نەبوو. دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی جارێک باسی قەوارەیەک یا چەند قەوارەیەکی بۆ کورد لەو ویلایەتە دەکرد و گوایە چاوەڕوانی ئەوە بوو کورد لە نێوخۆیاندا ڕیکبکەون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکات. نە ئەو بە ڕاستی بوو و نە کوردیش لە نێوخۆیاندا ڕێکدەکەوتن، بۆیە ئەم پرۆژانە هیچیان لێ سەوز نەبوو. لە لایەکی ترەوە هەوڵی ئەوەی دەدا ژێرخانێکی پەیوەندی ئابوری و کارگێڕی لە نێوان کوردستان و عیراقی عەرەبیدا دروست بکات، بە جۆرێک ئەرکی لکاندنی ویلایەتی مووسڵی بە عیراقەوە بۆ ئاسان بکات. لە هەمان کاتدا پرۆژەی دروستکردنی قەوارەیەکی لە سەر خاکی کوردستان هەبوو بۆ ئەو ئاسورییانەی لە هەکاری و ورمێوە ڕایانکردبوو و هێنابوونیە عیراق و هێزی لێڤی لێ دروست کردبوون. دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرباری هەندێ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سەدەی نۆزدەهەمدا، هێشتا زۆر جیاواز بوو و بەراورد ناکرا لە گەڵ دەسەلاتی دەوڵەتێکی پێشکەوتووی وەک بریتانیا. کورد بە بێ سەروبەری عوسمانیان ڕاهاتبوو، بۆیە زۆر زوو لە دەسەڵاتی توند و تۆڵی کۆڵۆنیاڵی بریتانی بێزار بوو و لە دژی ڕاپەڕی. مانگ نەبوو دەڤەرێکی باشوری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی ڕاپەڕینێک بەخۆوە نەبینێت. بە لێکدانەوەی ئینگلیزەکان زۆر لەم ڕاپەڕینانە لە ئەنجامی پڕوپاگەندەی تورکەکان ڕوویاندەدا، کە ئەوە بەشێکی کەمی ڕاستییەکە بوو.

هەڵبەتە بارودۆخێکی وا ئاڵۆز و پڕ لە کێشە ژینگەیەکی باش بوو بۆ پڕوپاگەندەی کەمالییەکان، کە داوایان لە کوردی باشوری کوردستان دەکرد جارێکی تر دڵسۆزی خۆیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان دووپات بکەنەوە. ئاخر کەمالییەکان تا دوا ڕۆژی شەڕی ڕزگاریخواز لە دژی داگیرکەران گوتاری سیاسی جیاوازیان ئاراستەی خەڵک دەکرد. بۆ گەلی تورک ئەوان بزووتنەوەیەکی ڕزگایخوازی نیشتمانی بوون کە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان و سەروەری گەلی تورک شەڕیان دەکرد. بۆ برایانی موسوڵمانی کورد، عەرەب، لاز و چەرکەز …تادیش، ئەوان لە جەنگێکی پیرۆزدا بوون بۆ ئازادکردنی خەلیفە و پایتەختی موسوڵمانان لە داگیرکاری دەوڵەتانی کرستیان و بۆ پاراستنی شکۆی ئیسلام. بۆ شۆڕشگێرانی بەلشەفی و دونیای پێشکەوتنخوازانیش ئەمان کەسانی پێشکەتنوخواز بوون، لە دژی داگیرکاری دەوڵەتانی ئیمپریالی و کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی دواکەوتووی عوسمانی دەجەنگان. لە پرۆسەی هۆنینەوەی تەونی پەیوەندیدا لە گەڵ کوردی ویلایەتی مووسڵدا کەمالییەکان پەنایان دەبردە بەر هەموو پیلان و ڕێگە و ئامرازەکان. هەندێ لە بڵاوکراوە پڕوپاگەندەییەکانی کەمالییەکان لە کوردستان، کە ئێدمۆندز لە کتێبکەیدا ” کورد و تورک و عەرەب” بڵاوی کردوونەتەوە، پڕن لە گوتاری ئاینی توند و بانگەواز بۆ جەنگی پیرۆز لە دژی گاوران و کۆیلە موسوڵمانەکانیان لە چەشنی فەیسەڵ و هاوڕێکانی.

پیاوانی مستەفا کەمال لە نێو هۆز و خێلەکانی کوردستاندا خەریکی پڕوپاگەندە و پەیوەندی دروستکردن بوون لە گەڵ سەرەک هۆز و پیاوە ئاینییەکاندا. زنجیرەی ناڕەزایی و راپەڕینەکانی کورد لە دژی داگیرکاری بریتانی هیوای ئەوەی پێیان دەبەخشی ویلایەتی مووسڵ بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئێدمۆندز بە دوور و درێژی باسی هەوڵ و تەقەلای مستەفا کەمال و هاوڕێکانی لە باشوری کوردستان دەکات، زانیاری زۆریش لە سەر پەیوەندی هۆزە کوردییەکان بە تایبەتی لە ڕەواندز، پشدەر، چەمچەماڵ و زۆر شوێنی دیکە لە گەڵ کەمالییەکاندا تۆمار دەکات. هەڵبەتە باسی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود و کەسایەتییە دیارەکانی کوردیش لە گەڵ کەمالییەکاندا دەکات. هەرچەندە زانیارییەکانی ئێدمۆندز، وەک نوێنەرێکی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆڵۆنیالی، نابێت وەک خۆیان و بە بێ تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە وەرگرین، لێ ئەوە دەرئەخەن کە پیاوانی مستەفا کەمال زۆر چالاک بوون لە نێو کوردی ویلایەتی مووسڵدا. بەشێک لە هۆزەکان لە ڕەواندز و پشدەر داوای هاوکارییان لە کەمالییەکان دەکرد، شێخ مەحمود و مەحمود خانی دیزلی نامە و نامەکارییان لە گەڵ مستەفا کەماڵدا هەبوو. کوردناسی ئەرمەنی هەسراتیان باس لە ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان کەمالێیەکان و حکومەتی شێخ مەحمود دەکات، کە بە پێی بەندەکانی کەمالییەکان ئامادە بوونە دانی پێدا بنێن و کاری لە گەڵدا بکەن. سەرچاوە تورکییەکانیش باس لە کۆنگرەی سلێمانی دەکەن، کە گوایە بە بڕیارنامەیەکی دە خاڵی کۆتایی هات. خاڵەکان باسیان لە هاوکاری و هاوپەیمانی هەردوو بزووتنەوەی کوردی و کەمالی دەکرد و چارەسەرکردنی دۆزی کوردیان لە چوارچیوەی میساقی میللی کەمالییەکان و کۆنگرەکانی بەرگری لە مافی ویلایەتاکاندا دەبینی.

دوای ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان و شەڕ لە ئەنادۆل بە قازانجی تورک شکایەوە، هەڵمەتی کەمالییەکان لە باشوری کوردستان زیاتر پەرەی سەند، یەکێ لە پیاوەکانی خۆیان کە ناوی ڕەمزی بەگ بوو کرا بە قایمقامی ڕەواندز و پەیمانی ئەوەیان دا هێزی سەربازی بنێرنە ڕەواندز بۆ دەرکردنی ئینگلیز لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر. ئەو هێزە سەربازییە کە نێردار بە سەرکردایەتی عەلی شەفیق بوو کە بە ئوێزدەمیر ناسراوە. ئوێزدەمیر ئەفسەری خۆبەخش بوو و لە عێنتااب سەرکردایەتی هێزێکی میلیشایی خۆبەخشی دەکرد و لە ڕیزی هێزی میللی “قەوای میللیە” لە دژێ سوپای فرەنسا شەڕی دەکرد. هێزێکی پێکەوە نا نزیکەی سەد ئەفسەر و سەربازی گرتبووە خۆ و لە فەرماندەی سوپاوە لە جەزیرە فەرمانی وەردەگرت. ئەرکی سەرەکی فەرماندەی جەزیرە کارکردن بوو بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی مووسڵ. ئوێزدەمیر دوای ئەوەی پارەی پێویست بۆ هەڵمەتەکەی دابینکرا(پازدە هەزار لیرە) و ڕێنمایی پێویستی وەرگرت لە بارەی دیسپلینی هێزەکەی، گرێدانی خەڵکی ئەو ناوە بە حکومەتی تورکەوە، چۆنێتی هەڵس و کەوت لە گەڵ دانیشتواندا و ڕاوێژکردن بە سەرۆک عەشیرەتەکان، بەرەو ڕەواندز کەوتە ڕێ. لە دوای گەشتێکی درێژ و بڕینی ڕێگەیەکی سەخت، لە ٢٢ حوزەیران گەیشتە ڕەواندز. لە بەر ئەوەی کۆنفرانسی لۆزان لە پێش بوو و تورکیا و بریتانیا پەیمانیان بەیەک دابوو پەنا بۆ چەک نەبەن و هەوڵبدەن کێشەی مووسڵ لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، داوا لە ئوێزدەمیر کرا بە ناوی حکومەت و سوپای تورکەوە قسە نەکات و وەک خۆبەخشێک کە لە دژی دوژمنانی ئیسلام شەڕ دەکات خۆی بە خەڵک بناسێنێت. ئەو زۆر پابەندی ئەم داخوازییە نەبوو، چونکە ئەگەر وای پێشاندایە دەوڵەتی بەدواوە نیە، کەم کەس دوای ئەکەوتن. یەکێ لەو کوردانەی کەمالییەکان زۆر ڕقیان لێبو مستەفا پاشای یامولکی بوو، کە کاتی خۆی فەرمانی لە سێدارەدانی لە دژی مستەفا کەمال دەرکردبوو و تورکەکان بە نەمرود مستەفا ناویان دەبرد، بۆیە ئامۆژگاریان بۆ ئوێزدەمیر ئەوە بوو کە لە دانیشتنەکانیدا لە گەڵ کوردەکاندا لە دژی یامولکی و کۆمەڵەکەی لە سلێمانی قسە بکات و بە خزمەتکاری ئینگلیز ناویان ببات.

ئوێزدەمیر و هەندێ ئەفسەری تری تورک ئاژاوەی زۆریان لە ڕەواندز، کۆیە، پشدەر و گەلێ دەڤەری تری باشوری کوردستان نایەوە، سەرئێشەی زۆریان بۆ دەسەڵاتی بریتانی لەو ناوانە دروست کرد. لە کۆتاییدا بە هۆی هێڕشی ئاسمانی ئینگلیزەکانەوە خۆیان پێنەگیرا و ناچار کران ئەو ناو چۆڵ بکەن و بۆ تورکیا بکشێنەوە. ئێدمۆندز وردەکاری زۆری لە بارەی سەرکێشییەکانی ئوێزدەمیرەوە نووسیوە. تورکەکانیش لە لای خۆیانەوە گرنگییەکی تایبەتییان پێداوە. وەک هەمیشە شێواندنی ڕووداوەکانی مێژوو ئامانجی سەرەکییان بووە، هەوڵدراوە ئوێزدەمیر و یاوەرانی وەک پاڵەوان وێنا بکرێن و پیشانی خەڵک بدرێن و هەموو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی کورد لە باشوری کوردستان لە دژی ستەمی ئینگلیز بۆ ئازایەتی و چالاکی ئەوان بگێڕنەوە. کتێبی تایبەتییان لە بارەی مسیۆنە سەربازییەکەیەوە نووسیوە و بۆ چەندین جار چاپکراوەتەوە و ناونیشانێکی سەیریان بۆ هەڵبژاردووە” چارەسەری مودافەعەی حقوق بۆ پرسی کورد – مووسڵ، هەڵمەتەکەی ئوێزدەمیر و کۆنگرەی سلێمانی ” کە لە لایەن موراد گیۆزتۆکڵوسووە نووسراوە و وێنەی چاپی پێنجەمینی بەرگەکەی لە گەڵ ئەم وتارەدا بڵاودەکەینەوە.
فاکتەرێکی تری گرنگی کێشەی مووسڵ کە تورکەکان زۆر پێیان لە سەر دادەگرت پرسی پێکهاتەی دانیشتوان و ژمارەیان بوو. وا لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو.

ناکۆکی توند لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵەوە لە نێوان بریتانیا و تورکیا لە ئارادا بوو. تورکەکان بە پێچەوانەی فاکتە مێژوویی و جوگرافییەکانەوە هەمیشە باسیان لە زۆرینەیەکی تورکی لەو ویلایەتە دەکرد. کاتێک ڕاستییەکەیان بەروودا دەدرا، کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن، یەکسەر وەڵامیان ئەوە بوو کە کورد و تورک خزمن و لە یەک ڕەچەڵەکن. ئەم پرسە بگرەو بەردەیەکی زۆری لە سەر کرا و تەنها کورد تێیدا بێ پشت و پەنا بوو. لە کاتێکدا لایەنی تورکی ژمارەی دانیشتوانی تورک “تورکمان”ی بەرز دەکردەوە و ژمارەی عەرەبی دادەگرت، بریتانیا و عیراق بە پێچەوانەوە ژمارەی تورکیان کەم دەکردەوە و ژمارەی عەرەبیان زیاد دەکرد. لە قازانجی هیچ لایەکیان نەبوو ژمارەی کورد بەرز بکەنەوە، بۆیە هەموو ناچار بوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن. هەرچەندە ویلایەتی مووسڵ تا چەند ساڵێک بەر لە کۆنفرانسی لۆزان بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی و بەم پێیە دەبوایە ئەو ژمارانەی تورک پێشکەشی دەکردن لە ڕاستییەوە نزیک بوونایە، لێ نا واقیعی ئەو ژمارانەی ئەوان پێشکەشیان دەکرد مایەی گاڵتەو پێکەنین بوون. کەس نەیدەتوانی باوەڕ بەو ژمارە و ئامارانە بکات کە ئەوان دەیاندا بە لێژنەکە. تەنها بۆ نموونە لایەنی تورکی باسیان لە زیاتر لە ٣٢ هەزار تورک دەکرد لە سلێمانی، کە لە دواییدا دەرکەوت هیچ کاتێک ڕێژەی تورک لەو لیوایە لە سفر لاینەداوە. وردەکاری ئەم پرسەم لە وتارێکی تایبەتیدا لە ژێر ناونیشانی “چیرۆکی سی و دوو هەزار تورکەکەی سلێمانی” خستۆتە ڕوو و لە چەند شوێنێک بڵاوکراوەتەوە.

باشترە ژمارەکان بۆ خۆیان باسی ئەو ناکۆکی و درۆ زلانە بکەن کە لە ئامارەکانی هەردوولادا بەدی دەکرێن. ئەو ژمارانەی لایەنی بریتانی پێشکەش بە لێژنە تایبەتەکەی کێشەی مووسڵی کرد کە کۆمەڵەی گەلان پێکیهێنابوو بەم شێوەیە بوون: ژمارەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٤٥٤٧٢٠ کەس بوو، بەرامبەر بە ٦٥٨٩٥ تورکمان، ١٨٥٧٦٣ عەرەب، ٦٢٢٢٥ کرستیان و ١٦٨٦٥ جوو. واتا ٧٨٥٤٦٤ کەس کۆی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بوون. ئەم ئامارانە ژەمارەی ئەندامانی خێلە کۆچەرەکانیشیان لە ویلایەتی مووسڵ دەگرتە خۆ کە بەشێکی زۆریان کورد بوون. لە بەرامبەر ئەم ئامارانەدا ، ئەو ئامارانەی تورکەکان پێشکەشیان کرد بەم شێوەیە بوون: ٢٨١٨٣٠ کورد، بەرامبەر بە ١٤٦٩٢٠ تورک، ٤٣٢١٠ عەرەب و ٣١ هەزار کەسانی ناموسوڵمان. کۆی گشتی دانیشتوان بە پێی ئامارە تورکییەکان دەیکردە ٥٠٣ هەزار کەس. ئەم ئامارانە ئەندمانی خێڵە کۆجەرەکانیان نەدەگرتە خۆ کە بە ١٧٠٠٠٠ کەس دەخەمڵێنران. پێدەچێت تورکەکان بە مەبەست باسیان لە هۆزە کۆچەرەکان نەکردبێت، بەو پییەی لە نێو کۆچەراندا هۆزی تورک تورکمان نەبوون، ئەگەر هەشبووبێتن ئەوا ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.

ئینگلیز و ئەندامانی لێژنەکە گۆمانی زۆریان لە ئامارەکانی تورک هەبوو. ئەوان پێیان وابوو ئەو ئامارانە تەنها پەیوەندییان بە سەربازی و وەرگرتنی باجەوە هەبووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە ترسی بردنی کوڕەکانیان بۆ سەربازی و لە پێناوی باج نەدان یا هەر خۆیان ناونووس نەدەکرد، یان زۆر شتیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی دەشاردەوە. تورکەکانییش سەر زمان و بن زمانیان ئەوە بوو کە ئەوان چەندین سەدەیە ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبەن و لە هەموو کەسێک باشتر دەزانن ڕەوشی شتەکان چۆنن. لە لایەن خۆیانەوە ئینگلیزیان بەوە تۆماتبار دەکرد، کە ژمارەی عەرەب بە مەبەست زۆر دەکەن چونکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە بوونە بە هاوپەیمانی ئینگلیز و لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵگەڕاونەتەوە و لە دژی ڕاپەڕیون، ئێستاش ئینگلیز پیاو چاکیان بۆ دەکات و قەرزەکەیان دەداتەوە. کاتێ لایەنی تورکی تەنگەتاو دەکرا، ئەو دەمە باسی کورد و تورکیان پێکەوە دەکرد و دەیانوت بە هەردوولاوە ٨٥% هەموو دانیشتوان پێکدێنن. لەو کاتەدا کە ئینگلیز و تورک گومانیان لە ژمارەکانی یەکتر دەکرد، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵی سەر بە کۆمەڵەی گەلان گومانی لە هەموو ژمارەکان دەکرد. لێژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا ژمارەی تورکمانەکان زۆر دەکات، حکومەتی بریتانی دەڵێت ڕێژەیان تەنها ٨% دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، حکومەتی عیراقی رێژەیەکی لەوەش کەمتر پێشکەش دەکات کە تەنها ٥ %. بە هەمان شیوە لە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبدا لە نێوان هەردوولادا جیاوازی زۆر هەیە، لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی حکومەتی تورکی کەمتر لە ٩% پێکدێنن، بە پێی ئاماری ئینگلیزەکان دەبنە ٢٤ % و ئەمە لەو ڕێژەیەش زۆرترە کە خودی حکومەتی عیراق داوێتی کە ٢١%. هەموو ئەمە لە کاتێکدا بوو کە جیاوازی لە ئامارەکانی تایبەت بە کورد، جیاوازییەکە بەو جۆرە گەورە نیە. بە پێی ئامارەکانی تورکیا ڕێژەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٥٦.١% دانیشتوان بوو، لە کاتێکدا بە پێی حکومەتی عیراقی ڕێژەیان دەگەیشتە ٦٥.١% و بە پێی لایەنی بریتانیش ٥٧.٩% هەموو دانیشتوان کورد بوون.

ڕێژەی پێکهاتەی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بەپێی ئاماری لایەنەکان (*)

نەتەوە ئامارەکانی تورکیا ئامارەکانی بریتانیا ئامارەکانی عیراق
کورد ٥٦.١ ٥٧.٩ ٦٥.١
عەرەب ٨،٦ ٢٣.٧ ٢٠.٩
تورکمان ٢٩.٢ ٨،٤ ٤.٨
کرستیان ٦.١ ٧.٩ ٧.٧
جوو – ٢.١ ١.٥
کۆی گشتی ١٠٠ ١٠٠ ١٠٠

(*) ئەم ئامارانە لەو کتێبەم وەرگیراوە کە بە ناونیشانی: (قضایا کردیة معاصرة: کرکوک. الأنفال. ترکیا والکرد، أربیل ٢٠٠٦)

سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵ دیپلۆماتی سویدی ئەینار ڤیرسن لە دوای نزیکەی بیست ساڵ لە بیرەوەرییەکانیدا کۆمەڵێ ئاماری لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی و ئاینی دانیشتوانی مووسڵەوە بڵاوکردەوە، کە جیاوازن لەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. ڤیرسن ژمارەکانی لە کتێبكدا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ” لە بەڵکانەوە تا بەڕلین”، کە لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی ١٩٤٣ بە زمانی سویدی چاپ کرا. پێموایە ئامارەکانی ڤیرسن جێگەی متمانەن، چونکە لە دوای یەکلاکردنەوەی کێشەی مووسڵ بە نزیکەی بیست ساڵ بڵاوی کردوونەتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە تازە نە لە بەرژەوەندی کەسدا بوون و نە زیانی بە هیچ لایەک دەگەیاند. ئەو بۆ خۆی هیچ پلە و پایە و ئەرکێکی فەرمی لەو کاتەدا نەبوو و کۆمەڵەی گەلانیش دەمێک بوو خۆری ئاوا ببوو و لە بەین چووبوو. ئامارەکانی ڤیرسن بەم شیوەیەن: کورد ٢٩١٠٠٠، عەرەب ١٦٩٠٧٥، تورکمان ٣٩٠٠٠، کرستیان ٦١٥٠٠ و جوو ٨٤٥٥٠. کە هەموویان دەکەنە ٦٤٥١٢٥، ئەگەر ژمارەی کۆچەرەکانیان بخەینە سەر ئەوا لە هەشت سەد هەزار زیاتر دەبن. جیاوازی گەورە لە ژمارەی تورکمان و جووەکاندا لە ئامارەکانی ڤیرسن سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن، کە لای ئەم یەکەمیان بۆ نیوە کەمی کردووە و دووەمیشیان زیاتر لە چوار جار زیادی کردووە.
لە ئەنجامی لێکدانەوەی ئامارانەکاندا دەگەینە ئەم ئەنجامانە:
– کورد زیاتر لە پێنج لە هەشتی هەموو دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵی پێکدەهێنا. ئەگەر ئامارەکان بێلایەنانە و دوور لە مەبەست بخرابایانە بەردەست ئەوا ڕێژەی کورد زیاتر دەبوو. لە کاتێکدا لایەنەکان ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکانی دیکەیان بە پێی بەرژەوەندییەکانیان بەرز و نزم دەکردەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی کەسیان نەبوو ڕێژەی کورد بەرز بکەنەوە.
– لە کاتێکدا تورک باسی ئەوەیان دەکرد کە تورکمان گەورەترین پێکهاتە پێکدێنن، بەڵام بۆ خۆیان باوەڕیان بەوە نەبوو و دەیانزانی کە ڕێژەی تورکمان نەیدەکردە چواریەکی دانیشتوان، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئامارێکی نوێیان پێشکەش کرد و بیست هەزار کەسێکیان لە ژمارەی تورکمانەکان کەم کردەوە. بە پێی ئاماری تورک پێکهاتەی سێیەمیان پێکدەهێنا، بەڵام بە پێی ئامارەکانی تر دەبوونە چوارەم و پێنجەم پێکهاتە لە دوای کرستیان و تەنانەت جووەکانیش و ڕێژەیان نەدەگەیشتە ١٠% دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ و ٢% کۆی دانیشتوانی عیراق.

لە دوای کۆچی هەموو جووەکان بۆ ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، پرۆسەی بەعەربکردن لە ماوەی سەد ساڵدا، کۆچی بەکۆمەڵی مەسیحییەکان لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاری گەورە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ڕوویانداوە چ لە مووسڵ و چ لە دەڤەرەکانی دیکەی باشوری کوردستان. وا دەبێتە زیاتر لە نیو سەدەش سەرژمێرییەکی دروست و دوور لە مەبەستی سیاسی و ڕەگەزپەرستی لە عیراق ئەنجام نەدراوە، بۆیە کەس نازانێت ژمارە و ڕێژەی پێكهاتەکان لەم کاتەدا چۆندە و چۆنە. کێشە و ململانێی ئێستا زیاتر ئاینی و مەزەبین. ئەوەی تورکیاش باسی دەکات لە بارەی مووسڵ و کەرکوکەوە تەنها قسەی پووچ و بێ واتان.




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا … (شاخه‌وان سدیق)

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا
(خوێنه‌وه‌ی قه‌سیده‌ی هیوا قادر، چێژی پاڵكه‌وتنه‌ له‌ سه‌ربوونی ئاو)
(ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین)

—————

هه‌میشه‌ پێم وا بووه‌، قورسترین شت ئه‌وه‌یه‌ ئینسان بتوانێت قسه‌ له‌ سه‌ر ئیحساسی كه‌سێكی كه‌ بكات، چونكه‌ بۆ خۆی دروست بوون‌و هێنانه‌ دنیای به‌رهه‌مێكی نوێ‌ هه‌ڵگری چه‌ندین هۆكارو ئامڕازه‌و ده‌شێت له‌ پشت هه‌موو ووشه‌كانه‌وه‌ فره‌ مه‌به‌ست‌و فره‌ بۆچوون ئاماده‌یان هه‌بێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ته‌نها كه‌سی نوسه‌ر خۆی بتوانێ‌ تێیان بگات، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئیحساسی ئه‌وه‌ به‌پانتای ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌و دواجار به‌و شێوه‌یه‌ ته‌عبیریان له‌ خۆیان كردووه‌. به‌ڵام له‌ خوێنه‌وه‌ی شیعری هیوا قادردا من كه‌متر به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئه‌كه‌وم‌و هه‌میشه‌ پێم خۆش بووه‌ بگه‌ڕێم به‌شوێن نهێنیه‌كانی پشت دێڕه‌كانیدا، ئه‌ویش ڕه‌نگه‌ پیوه‌ندی به‌و زمانه‌ ساده‌یه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ زمانی قسه‌كردن‌و زمانی شیعری هیوا بووه‌ له‌ نوسین‌و ئاخاوتندا، یان ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و هه‌موو ئینسان دۆستیه‌ی هیواوه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی خۆیه‌وه‌ وه‌ك شاعیر هه‌ستی پێكردوه‌و ده‌ریبڕیوه‌، بۆ من چه‌ند گرنگه‌ كه‌ ده‌قه‌ كه‌ چۆنه‌و جوانه‌. ئه‌وه‌ندش ڕاستگۆیی نوسه‌ره‌كه‌ی گرنگ‌و پێویسته‌ له‌ سه‌یركردنی بۆ دنیاو ئه‌وه‌ی كه‌ وتویه‌تیو ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوای پێیه‌تی، كه‌ هیوا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر شیعریش نه‌نوسێت له‌ زۆرێك له‌ شیعرنوسه‌كانی كه‌ پێم شاعیرتره‌، چونكه‌ شیعریه‌ت له‌ ناوه‌وی هیوادایه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌و كاتی نوسیندا، فروخ واته‌نی ” ڕقی دنیام له‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌به‌س له‌ كاتی نوسینی شیعرا شاعیرن” ئه‌وه‌تا هیواش له‌ دیدارێك دا به‌م جۆره‌ باس له‌ چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی شیعریخۆی ده‌كات. ( شیعری من دنیای خۆم‌و خه‌ون‌و ته‌مناكانی خۆمه‌، بۆمن گرنگ نیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆم تۆ چۆن ته‌عریفی من ده‌كه‌یت، چونكه‌ من تۆی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌خه‌مه‌ ناو به‌ شیعریكردنی دنیاوه‌، تۆ یاقبوڵم ده‌كه‌یت یان نا، ئیدی ئه‌وه‌ تۆیت دواتر ته‌عریف بۆ من داده‌نێیت له‌ ڕێی تێگه‌یشتنی خۆت‌وخوێنه‌وه‌ی خۆته‌وه‌، بۆ شیعره‌كانم نه‌ك من” لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌م گه‌ڕیده‌یه‌ی شیعرو جوانی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی به‌دوای به‌شه‌ ونبوه‌كانی خۆیدا بگه‌ڕێت، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی نیه‌ لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شكاته‌وه‌ به‌ناوی نوسینی شیعره‌وه‌. بۆیه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك له‌ سه‌ر نوێترین قه‌سیده‌ی هیوا بوه‌ستم كه‌ له‌ ژماره‌ (121) پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا له‌ به‌رواری (23/6/ 2008) بڵاوكرایه‌وه‌. به‌ناوی( به‌ قوڵپه‌ قوڵپی ئاوت ده‌سپێرم) من ئه‌م كاره‌ی هیوا كه‌ ئه‌زموونێكی نوێیه‌ له‌ شیعرنوسینی، جیاوازتر له‌ هه‌موو قه‌سیده‌كانی كه‌ی وه‌ك ( دوعایه‌ك بۆ ته‌نهای، ته‌رمیناڵ، سێوی سور، ژیان له‌ كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، مردن له‌ دوو كۆڵان ئه‌ولاتر،و ، ئه‌وڕۆژه‌ی ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات) كه‌ پێشتر نوسیونی ده‌بینم، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و حه‌زه‌ هه‌میشه‌ییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هیوا ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی شتی نوێی تیابكات، له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ پرسیاره‌ فكریه‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ شاعیر كاری له‌ جوانكاری‌و ئستاتیك دا نه‌كردووه‌، چونكه‌ به‌بڕوای من شاعیر په‌یامێكی هه‌یه‌ له‌م كاره‌یدا په‌یامێك كه‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كان ده‌توانێت تیایدا كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی بۆ ساده‌ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م كاره‌ی له‌ كاره‌كانی تری جودا كردۆته‌وه‌، ئه‌زمونی شیعری هیوا له‌ ڕابردوودا ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئه‌و چۆن له‌ شیعر‌و ئه‌ده‌ب له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی ئه‌ڕوانێت‌و هه‌میشه‌ش وای كردوه‌ ئێمه‌ش له‌م سه‌فه‌ركردنانه‌یدا له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌ به‌شداربین. كه‌ ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێكی گرنگی تری شیعریه‌ له‌ هیوادا هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش له‌ كتێبی شیعر چیه‌دا ده‌ڵێت ” بوونی ئه‌ده‌ب، بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی به‌رجه‌سته‌یه‌، به‌رجه‌سته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ بۆته‌ وێنه‌یه‌كی چڕو به‌رچاو، ئه‌ركی ئه‌و ئه‌مه‌نیه‌ له‌ باره‌ی ئه‌زمونه‌وه‌ بدوێت، به‌ڵكو ئه‌م ئه‌ركه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌تی به‌شداری خه‌یاڵی له‌ ئه‌زمونمان پێببه‌خشێت” هیوا جیاواز له‌ كاره‌كانی كه‌ی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مكی (لێبورده‌ی‌و گوناه) ده‌كات له‌ ڕێگای زمانێكی چڕوپڕ له‌ واتادا، به‌ڵام ساده‌ له‌ ده‌ربڕیندا ئه‌ویش به‌بڕوای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێڕوانینه‌ی كه‌ شاعیرهه‌یه‌تی ده‌رباره‌ی ژیان‌و له‌ ئه‌زمونی ئه‌ویتره‌وه‌ هه‌ست به‌و گوناهانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌شێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژانكردبێتی هه‌روه‌ك ده‌ڵێ‌”
تۆ ده‌مبه‌خشیت
به‌ ڕۆژه‌شینه‌كانم ده‌سپێرم،
له‌گه‌ڵ ژماره‌ی لێدانه‌كانی دڵتا،
له‌ هه‌ورازی عومرا،
له‌ تونێتی ژیانا من له‌یاد ده‌كه‌یت.

زمان له‌م ده‌قه‌ی هیوادا تا ئاسێكی باڵا گه‌ڕانه‌ به‌دوای خۆ دۆزینه‌وه‌ی واتادا نه‌ك به‌دوای وێناندنی فۆڕمێكی ئیستاتیكی جێگیردا كه‌ به‌ هۆی میكیاج كردنه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ده‌قه‌كه‌دا به‌ئاراسته‌یه‌كی تر بگۆڕێت. بۆیه‌ ده‌بینی له‌م ده‌قه‌دا وه‌ك (مالارمێ‌) ده‌ڵێت ” زمان قسه‌ده‌كات نه‌ك نوسه‌ر، چونكه‌ نوسین گه‌یشتنه‌ به‌و پنه‌ته‌ی كه‌زمان دێته‌گۆ نه‌ك من” لێره‌وه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگای وتنی داوای به‌خشینه‌وه‌ له‌ویتر جه‌ده‌لێكی ناكۆتا له‌گه‌ڵ ژیان‌و بووندا دروست ده‌كات، كه‌ ڕه‌نگه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌و ترسه‌ هه‌میشه‌ییه‌ی نوسه‌ربێت كه‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌تی له‌ له‌بیركردن‌و له‌ بیر چوونه‌وه‌ی هه‌روه‌ك چۆن له‌ قه‌سیده‌ی (ئه‌وڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات)دا ده‌ڵێت ” ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم منداڵان له‌ كۆڵاندا خه‌ریكی هه‌لوكێنن” شاعیر به‌و هه‌سته‌ ئینسانییه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ مردن شتێكی حه‌تمیه‌‌و گرنگترین سیفاتی ئینسانیش له‌ بیركردنه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌مرێت‌و دواتریش له‌ بیرده‌چێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ پێش هه‌موویان ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆی بێت جا شاعیرده‌یه‌وێت پێش ئه‌م مه‌رگ‌و له‌بیركردنه‌ داوای به‌خشین له‌ گوناهه‌كانی بكات له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ لای ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جوانییه‌كانبێت له‌ ژیاندا، چونكه‌ ئه‌وه‌ شیعره‌ كه‌ده‌توانێت هه‌موو دژه‌كان له‌ ناو خۆیدا كۆبكاته‌وه‌ به‌ گه‌ناه‌و لێبوردنیشه‌وه‌ هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش ده‌ڵێت” جودایی نێوان شیعرو جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ته‌نیا جودایی پله‌یه‌، شیعر گوشراوترین‌و چڕترین شێوه‌ی ئه‌ده‌به‌ كه‌ زۆرترین شت له‌ كه‌مترین وشه‌دا ده‌رده‌بڕێت” پرسیاركردن وه‌ك به‌شێكی گرنگی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ڕێگایه‌كی فراوانه‌ كه‌ نوسه‌ر لێیه‌وه‌ ڕامانده‌كێشێته‌ ناو بابه‌ته‌ فكریه‌كانی، ئه‌و له‌م سه‌رده‌می زبری ته‌كنه‌لۆجیایه‌دا له‌ناو ئه‌و مۆدێلی به‌ڕۆبۆت بوونی دڵی ئینسانه‌كاندا به‌دوای شته‌وردوو له‌ بیركراوه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، شتانێك كه‌ له‌ ئێستادا پرسیاركردن ده‌رباره‌یان ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئامێرێكی ته‌كنه‌لۆجی قورسبێت له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، من هه‌میشه‌ وتومه‌ ئه‌م كابرایه‌ به‌م هه‌موو ناسكیه‌وه‌، چۆنده‌توانێت له‌ ووڵاتێكی قه‌ڵباڵغی ته‌كنه‌لۆجی وه‌ك سویدا بژی، به‌ڵام گه‌ر به‌هه‌ڵدا نه‌چووبم مه‌سه‌له‌ فه‌لسه‌فییه‌كان یارمه‌تی ده‌رێكی باشی ئه‌ون له‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كانیدا كه‌ سه‌ره‌نجام هێزی ئیراده‌ی پێده‌به‌خشن‌و هه‌ستی بینینی جوانی تیا دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك له‌ زانایانی سایكۆلۆجی مێشكی مرۆڤ دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر سێ‌ هێزدا، ” هێزی بیركردنه‌وه‌: كه‌ ڕێگه‌ی گه‌یشتنه‌ حه‌قیقه‌ت نیشانی مرۆڤ ده‌دات. هێزی ئیراده‌: كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ ڕێگای خێر ئه‌دۆزێته‌وه‌، هێزی هه‌ستپێكردن: كه‌ مرۆڤ فێرده‌كات چۆن له‌زه‌ت له‌ جوانی وه‌ربگرێت.
” بۆ هیواش گه‌ڕان به‌دوای جوانیداو پرسیاركردن لێیان به‌وڕاده‌یه‌ ئه‌وشتانه‌ن كه‌ دڵنیایه‌ ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆشی بۆی جێگای له‌سه‌روه‌ستان‌و تاڕاده‌یه‌ك بڕوا پێنه‌بوونه‌ بۆیه‌ دووباره‌ به‌ویتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” به‌ منداڵه‌كانت ده‌ڵێیت، ئه‌و گێژه‌لوكه‌یه‌ك بوو به‌ فرمێسكه‌كانم خه‌واندم، ئه‌وپیاوێك بوو به‌ عه‌یاری سه‌رده‌مێك خه‌ونی ده‌بینی كه‌له‌ قوتووی هیچ عه‌تارێكدا نه‌بوو، ئه‌وچی بوو كه‌نه‌ی توانی بێت به‌چۆله‌كه‌یه‌كی ته‌نهاو بفڕێت، ئه‌و پیاو بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ك ژن.” یاده‌وری به‌ شێكی كه‌ی گرنگی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌، من له‌ هه‌موو كاره‌كانی تری هیوادا به‌ ڕۆمانه‌كانیشه‌وه‌ هه‌ستم به‌م حاڵه‌ته‌ی نوسینی كردووه‌ كه‌ تاچ ئاستێكی زۆر له‌ ناو یاده‌وه‌ریدا ڕۆچووه‌، هه‌سته‌كه‌م یه‌كێك له‌وشتانه‌ی كه‌ هه‌ستی گوناهیان لادروست كردوه‌و وای كردوه‌ هیوا داوای به‌خشین بكات بوونی یاده‌وه‌رییه‌ زۆره‌كانیه‌تی كه‌ نزیكترین هاوڕێن بۆی‌و تاكه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كیشن كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌ده‌به‌وه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵیاندا بژێته‌وه‌و ته‌عبیریان لێبكاته‌وه‌ هه‌روه‌ك به‌ختیار عه‌لیش ده‌ڵێت” له‌ ئه‌ده‌بدا ڕابردوو له‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نیا ڕابردوو بێت‌و ده‌بێت به‌ بابه‌تێك بۆ ئه‌به‌دیه‌ت، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌تایی‌و ماده‌یه‌كی خاو بۆبوونێكی جاویدی، یاده‌وه‌ری ناتوانێت به‌بێ‌ ئه‌ده‌ب ‌و هونه‌ر شه‌ڕی دژبه‌ بیرچوونه‌وه‌ بباته‌وه‌” بۆیه‌ ده‌بینی بونی ئه‌و یاده‌وه‌ریه‌ زۆرانه‌ ئه‌ده‌بێكیان به‌ هیوا به‌خشیوه‌ كه‌ دووباره‌ ژیانیان تیا دروستكردۆته‌وه‌، به‌ڵام ژیانێكی جیاواز كه‌ هیوا خۆی خوڵقێنه‌ریه‌تی بۆیه‌ دووباره‌ به‌ختیار ده‌ڵێت” یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات، ئه‌ده‌بیش هێنده‌ یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات” ئه‌وه‌تا هه‌رله‌م ده‌قه‌دا نوسه‌ر له‌ڕێگای یاده‌وریه‌وه‌ ئه‌ویتر ناچارده‌كات كه‌ له‌ گوناهه‌كانی بیبه‌خشێت وه‌ك ده‌ڵێت” ده‌م به‌خشیت، بڵێ‌ ده‌م به‌خشیت، بۆئه‌وه‌ی له‌ شه‌وێكی مانگه‌ شه‌ودا خۆم نه‌كوژم.

بچۆره‌ برینه‌كه‌ی خۆته‌وه‌و هاواركه‌ ده‌تبه‌خشم، تێر تێر بگری، منیش ده‌چمه‌ حه‌وشه‌ی ته‌نهایی خۆمه‌وه‌و چۆله‌كه‌ له‌ خۆم ده‌رده‌كه‌م، وه‌ك دارتوویه‌ك سنگی خۆم ده‌كوتم‌و زه‌ڕنه‌ قووته‌ له‌ خۆم ده‌وه‌رێنم، هێلانه‌ له‌خۆم ده‌رده‌كه‌م، مار قه‌ف قه‌ف ده‌ئاڵێنم له‌ خۆمه‌وه‌، تاپڕێك به‌دڵما ده‌ته‌قێنم، تا خودا سواڵ له‌ من نه‌كات” جگه‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌شێكی كه‌ی كاركردنی هیوا به‌ بڕوای من خه‌ونه‌، چونكه‌ مرۆڤ چۆن له‌ هێنانه‌ بیری یاده‌وه‌ریه‌كانیدا ئازاده‌ ئاوهاش له‌ خه‌وبینیندا ئازاده‌ به‌جۆرێك كه‌ هه‌ندێك جار له‌ خه‌وندا مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ دووره‌ ده‌ستانه‌ی كه‌ هیچ كات مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستی پێیان بگات، بۆیه‌ ده‌بینیت هه‌میشه‌ خه‌ونیش وه‌ك یاده‌وه‌ری له‌پێشینه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی شاعیره‌ له‌كاتی نوسیندا هه‌روه‌ك فرۆیدیش ده‌ڵێت” شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت چۆن خه‌ون‌و خه‌یاڵه‌كانی ده‌كاته‌ به‌هه‌می هونه‌ری، یان حه‌قیقه‌تێكی هه‌ست پێكراو، هیوا له‌م دوو دێڕه‌دا خه‌یاڵه‌كانی چڕده‌كاته‌وه‌و خه‌ون ئاسا به‌ئه‌وتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” وه‌ك چرایه‌ك له‌ به‌رده‌م ئه‌شكه‌وتێكدا له‌ره‌له‌ر به‌كزی ده‌له‌رزم‌وده‌گریم، تۆمه‌گری، عه‌یارانه‌ پێبكه‌نه‌، له‌ سه‌ر قوڵپه‌ قوڵپی ئاو دڵت میقاتكه‌” ئه‌م پڕۆسه‌ی به‌خه‌ونكردنی خه‌یاڵه‌ لای هیوا به‌بڕوای من سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی واقیعیی بۆ مه‌به‌سته‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی‌و ئه‌نجام دانی كرداری گۆڕینی (نامه‌ئلوفه‌ به‌ مه‌ئلوف) ئه‌ویش له‌ سه‌ر بنه‌مای دووباره‌ بنیات نانه‌وه‌ی دنیابینیه‌كانی له‌ ڕێگای زمان‌و كه‌ره‌سته‌ ڕۆحیه‌كانیه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بینین لای فرۆیدیسته‌كان شاعیر ئه‌وكه‌سه‌یه‌” داخوازییه‌ ناواقیعیه‌كان ده‌گۆڕێت به‌چه‌ند ئامانجێكی جێبه‌جێكراو، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و بڵندبوونه‌وه‌ی كه‌ غه‌ریزه‌كان ده‌كات به‌ شتی ڕوحیی،” هیوا هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌نهایی خۆی‌و بۆشاییه‌ ڕۆحیه‌كانیدا هه‌بووه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌زمونه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هیوا له‌ مه‌نفا پیایدا تێپه‌ڕیوه‌ بۆیه‌ دوباره‌ ده‌ڵێت” من زۆر ته‌نهام، تۆز له‌ ته‌نهایم هه‌ڵده‌ستێ، غه‌ریبی له‌ ڕوخسارم، شڵه‌ژاوی له‌ چاوم، من هێنده‌ شاعیرم، تازه‌ شیعر یارییه‌م نایا، هێنده‌ عاشقم خۆكوشتن فریام ناكه‌وێت، هێنده‌ دێوانه‌م كه‌س ڕووی نایه‌ت وه‌ك شێت دوام كه‌وێت” ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ دوای (زمان،واتا، مانا)وه‌ شیعر چێژه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ناو شیعردا به‌دوای بابه‌تدا بگه‌ڕێن، بابه‌تێك كه‌ به‌شێك له‌ خۆمان‌و جوانیه‌كانی دنیایی تیا بدۆزینه‌وه‌، به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی نوسین لای نوسه‌ر به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ منداڵی نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نوسه‌ر هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت قه‌رزه‌كانی منداڵی بداته‌وه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ له‌ كیسی چوون‌و بۆی نه‌لواونبیانكات، بۆیه‌ به‌بڕوای ده‌رونزانه‌كان كه‌سایه‌تی نوسه‌رو هونه‌رمه‌ند هه‌رله‌ قۆناغه‌كانی منداڵیدا دیاره‌و ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌تا هیوا له‌ باسكردنی مناڵی خۆیدا ده‌ڵێت” من مناڵێكی تابڵێی موته‌حه‌ریك بووم له‌ به‌رده‌م هه‌موو شتێكدا، ئاسایی بوو ڕۆژێكی دوورودرێژ دوای مێرووله‌یه‌ك بكه‌وم بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م بزانم چی ده‌كات، سه‌رسام بووم به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌رم له‌ قۆناغی منداڵیمدا تا ئه‌و ئاسته‌ گه‌یشت كه‌ ده‌تووت به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ ده‌ڕۆم كاتێك خۆم ده‌دایه‌ ده‌ست خه‌یاڵاته‌كانی خۆم‌و بۆدوورترین شوێن ده‌ڕۆیشتم، من زۆر له‌زه‌تم له‌ خه‌یاڵكردن‌و به‌فه‌نتازیاكردنی دنیاوه‌ ده‌بینی، دنیام سه‌رله‌نوێ‌ له‌ خه‌یاڵی بێگه‌ردوو بێگوناهی خۆمدا دروست ده‌كرده‌وه‌، له‌ دڵی خۆمدا بۆئه‌و گه‌ورانه‌ ده‌گریام كه‌ توڕه‌ ده‌بوون‌و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا شه‌ڕیانده‌كرد، وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی بچكۆله‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هیچی نییه‌ خه‌یاڵی خۆی نه‌بێت، ده‌مویست هه‌موو دنیا جوانكه‌م” لێره‌وه‌ تێگه‌یت كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه‌می نوسین لای هیوا منداڵیه‌، ئیتر ئه‌و منداڵیه‌ چۆن به‌چ شێوه‌یه‌ك گوزه‌راوه‌ ئه‌وه‌ خۆی‌و یاده‌وه‌ریه‌كانی ده‌زانن، به‌ڵام هه‌رچۆن بێت هیوا خاوه‌نی خه‌یاڵێكی به‌رفراوانه‌ بۆیه‌ ده‌بینین زمانیش له‌م ده‌قه‌ هیلاكه‌ی دا فره‌واتاو ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ جارێك خوێنه‌وه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك شیلله‌ریش ده‌ڵێت” زمان له‌ توانایدا هه‌یه‌ ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌كان بكات، به‌ڵام به‌ پێوانه‌ی خه‌یاڵ.

شیعر پێویستی به‌ خه‌یاڵ هه‌یه‌، به‌ڵام زمان پێویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌” ڕۆشبیری ‌و مه‌عریفه‌ به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ گه‌لێكی گرنگن له‌ ئاستی سه‌ركه‌وتن‌و نه‌مری هه‌رده‌قێكدا، چونكه‌ به‌بڕوای من مه‌عریفه‌ی شعر به‌سراوه‌ به‌ مه‌عریفه‌ی شاعیره‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌م دێڕانه‌ی هیوادا هه‌ست به‌ بوونی مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵ ده‌كه‌یت كه‌ به‌بڕوای من خاڵی به‌هێزی‌و جوانی ئه‌م ده‌قه‌یه‌ كاتێك به‌وی ترده‌ڵێت” من له‌وێ‌ نیم، من تازه‌ له‌وێیه‌ك نابم له‌ نێوان دوو سنه‌وبه‌ردا ماچێكم به‌یتێ‌، تازه‌ من لای ته‌ڕی چیمه‌نێك نابم به‌ پێی په‌تیی من‌و تۆ ختوكه‌ی بێت، لای فواره‌یه‌ك ئاونابم، به‌ بینینی من‌و تۆ بگاته‌ ئۆرگازم، من زیخێك له‌ پێم ده‌ردێنم كه‌ هه‌زاران هه‌زار ساڵ له‌وه‌و به‌ر كچێكی پێ خه‌به‌ركراوه‌ته‌وه‌ بۆ واده‌ی ژووان” ڕه‌نگه‌ قسه‌كردن‌و شیته‌ڵكردنی به‌ش به‌ش‌و دێڕ به‌ دێڕی ئه‌م قه‌سیده‌ نوێیه‌ی هیوا قادر زۆر زیاتر له‌مه‌ی بوێت هه‌رچه‌نده‌ من نه‌م ویست به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی بنوسم‌و بۆچوونی خۆم بڵێم، به‌ڵكو پێم خۆش بوو له‌ سه‌ر منداڵی‌و بۆچوونی چه‌ند كه‌ سێكی تر ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌و ئه‌زمونی شیعری هیوا قسه‌ بكه‌م، چونكه‌ ئه‌م ده‌قه‌ زمانێكی فره‌ واتایه‌و ده‌كرێت له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ به‌بڕوای من جیاوازترین ئه‌زمون‌و ده‌قی هیوایه‌ كه‌ نوسیبێتی، كه‌من خۆم زۆر چێژم لێبینی‌و به‌ ئه‌زمونێكی نوێ‌و سه‌ركه‌وتوشی ئه‌زانم وه‌روه‌ك چۆن ( ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین) له‌ نوسینێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ڵێت” ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی هیوا قادر نه‌ك هه‌ر داهێنه‌رانه‌یه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك، به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ وه‌رچه‌رخانی شیعر به‌ سه‌رقه‌ڵبوونه‌وه‌ی له‌ نێو وورده‌كاریدا” Shaxi83@yahoo.com

——————————-

سه‌رچاوه‌كان
كتێبی شیعر چیه‌؟ن/ لۆرانس پیرن/ وه‌/ ئه‌بوبكر خۆشناو
كتێبی شیعرو فه‌لسه‌فه‌. ن/ مه‌جید مه‌حمود /وه‌/ فوادی مه‌جید میسری
وتاری له‌ودیو كورسیه‌كانه‌وه‌ چی ده‌بینین / به‌ختیارعلی گۆڤاری هه‌نار
دیداری هیوا قادر / ئا/ زمناكۆ بورهان قانع / كوردستانی نوێ‌
قوتوی خه‌یاڵی قه‌سیده‌/ ن/ ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین/ ڕه‌خنه‌ی چاودێر




ناسنامه‌كان تاوانن … به‌ختیار محه‌مه‌د

سته‌مكار له‌ هه‌موو شوێنێك یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌یه‌ و سته‌ملێكراویش له‌ هه‌موو شوێنێكدا یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌یه‌.
سه‌رمایه‌داریی له‌ هه‌موو شوێنێك یه‌ك ماهیه‌تی نامرۆڤانه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ژارانیش له‌ هه‌موو شوێنێكدا یه‌ك ماهیه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌یان هه‌یه‌.
سه‌رمایه‌داریی‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا خوێنمژه‌: زه‌رووه‌ و خوێنی هه‌ژاران ده‌مژێ. سه‌رمایه‌داریی سته‌م (نادادپه‌روه‌ری و سته‌می چینایه‌تی…) ده‌كاته‌ شتێكی ڕه‌وا؛ هیچ باكی به‌ ئێش و ئازاری مرۆڤ (مرۆڤی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش) نییه‌.

×××

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رده‌میكدا ده‌ژین، كه‌ هه‌موو فاشیسته‌كان ئازادیخوازان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن (ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌مه‌ له‌ شه‌رعیه‌تی خه‌باتی ئازادیخوازیی بده‌ن). ئه‌ردۆگان یه‌كێكه‌ له‌م فاشیسته‌ قێزه‌ونانه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر جه‌هه‌ری فاشیزم خۆی له‌ خۆیدا تیرۆر و تیرۆریزم بێ، ئه‌وه‌ ئه‌ردۆگان و حزبه‌كه‌ی و داروده‌سته‌ و حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌، نموونه‌ی هه‌ر دیاری تیرۆر و تیرۆریزمن؛ دیاره‌ ده‌وڵه‌تێك به‌ هه‌موو ده‌زگاكانیه‌وه‌، كه‌ مافی خه‌ڵكانی دیكه پیشێل بكا و‌ نه‌سه‌لمێنێ، ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌گه‌زپه‌رست و سته‌مكاره‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریسته‌؛ ئایا ده‌وڵه‌تی تورك وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر، هه‌موو ئه‌م سیفه‌تانه‌ی تێدا نییه‌؟
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌ پشت ئه‌م تیرۆره‌ شێتگیره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه‌یه‌‌، ڕای گشتی (فریوخواردووی؟) زۆرینه‌ی توركه‌؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كوردانه‌ی، كه‌ خۆیان به‌ ئاكپارتی و فاشیه‌تی تورك فرۆشتووه‌.
ئێستا ئه‌ردۆگان ئیلهام له‌ باخچه‌لی (پێده‌چێ ئه‌و ئێستا وه‌ك ڕاوێژكاری بێ) وه‌رده‌گرێ: ئه‌وی كردۆته‌ نزیكترین هاوپه‌یمانی ناوه‌كی خۆی. هه‌ر بۆیه‌شه‌‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ستی توركپه‌رستیی وه‌ها به‌ جۆش و خرۆش بووه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ك باخچه‌لی توركێكی ره‌گه‌زپه‌رستی ڕه‌سه‌نه‌: له‌م دواییه‌ش‌ ده‌مامكه‌كه‌ی خۆی به‌ ته‌واوی فڕێ دا و ڕووی ڕه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌ هه‌موومان نیشان دا؛ به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی، كه‌ له‌ دژی كورد یارمه‌تی داعشی دا: ئایا ئه‌مه‌ لووتكه‌ی فاشیزم و ڕق ئه‌ستووری سه‌ركرده‌یه‌ك نییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر مافی سروشتی بوونی نه‌ته‌وه‌یێكی دیكه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی دیكه‌ بۆ خۆی له‌سه‌ر خاك و ئاو و وڵاتی خۆی به‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی و دڵنیایی بژی؟…‌

×××

سه‌رئه‌نجام: له‌ لای سه‌رمایه‌داریی، خه‌بات (خه‌باتی چینایه‌تی) بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری، تاوانه‌. له‌ لای داگیركه‌ریش، خه‌بات (خه‌باتی گه‌لان) بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، تاوانه‌؛ كه‌واته‌ سه‌رمایه‌داریی (ئیمپریالیزم) و داگیركه‌ر (كۆلۆنیالیزم) هاوپه‌یمانن و سیستمێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی سته‌مكار له‌ جیهاندا پێك ده‌هێنن.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌…56 …. كه‌ریم كاكه‌

56

به‌ر له‌ كاولبوونی دنیا زۆر سه‌رهات هه‌ن و حه‌ز به‌ گێڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌م، نازانم به‌ چه‌ندیان راده‌گه‌م، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت (مه‌م و زین)ه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی بخوێنمه‌وه‌، بۆ من زۆر گرنگه‌ پێش كاولبوونی دنیا بیخوێنمه‌وه‌، ئێ، وه‌رز زستانه‌، تۆ بڵی به‌فرانباره‌، ئێواره‌یه‌، دنیا له‌ سه‌ر تاریكبوونه‌، له‌گه‌ڵ بابم له‌ باخچه‌كه‌ی شێخ ته‌ها سه‌ركه‌وتین و گه‌یشتینه‌ سه‌ر جاده‌، ئه‌و جاده‌یه‌ی له‌ باژێڕه‌وه‌ به‌ سه‌ر پردی سێیه‌مدا دێ و به‌ پێش به‌نزینخانه‌ و به‌رده‌م ده‌رگای رۆژهه‌ڵاتی باخی گڵكه‌ند و لای شاره‌وانی و ده‌گاته‌وه‌ فلكه‌ی (زه‌عیم)، ئه‌گه‌ر راست بڕۆیت ده‌چیته‌ پردێ و كه‌ركووك، گوتم پردی سێیه‌م تۆ بڵێ پردی ته‌عجیل، هه‌ینێ له‌ هه‌ولێرێ من سێ پردم دیتبوو، پردی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ له‌ شه‌ستمه‌تریه‌ و هه‌ندێك پیانده‌گوت پردی سێتاقان ئاوی رووباری گڵكه‌ند وه‌رده‌گرێ و ده‌ینێرێ بۆ پردی دووه‌م كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سیمه‌تری، پێشتر پردی گامێشه‌وانانیشیان پێده‌گوت، دواتر هه‌ر به‌ پردی سه‌یداوه‌ ناوی رۆیشت، ئه‌و پرده‌ دوو رووباری ده‌كرده‌ یه‌ك و به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌یگه‌یاندنه‌ پردی سێیه‌م، رووباری گڵكه‌ند و رووباری به‌لاشاوه‌، ئێ، بابم و من گه‌یشتبووینه‌ سه‌ر جاده‌كه‌ پاسكلێك له‌ لای بازاڕه‌وه‌ له‌ لای پرده‌وه‌ تیژ زۆر تیژ ده‌تگوت ماتۆڕه‌ ده‌هات، له‌ پێشه‌ مه‌ شتێكی لێكه‌وت، بابم بانگیشی كرد:
كاكه‌، شتێكت لێكه‌وت..
وا بزانم له‌و ساته‌ ترومبێلێ هات و نه‌یهێشت ده‌نگی بابم بگاته‌ گوێی پاسكلسوار، تا ده‌نگی ترومبێله‌كه‌ش نه‌ما، كابرا زۆر دووركه‌وتبووه‌وه‌، كیسه‌ كاخه‌ز بوو، بابم هه‌ڵیگرته‌وه‌، گوتی:
ده‌ڵێی كتێبه‌، ها بزانه‌ چیه‌؟
وه‌رمگرت، كتێب بوو، به‌ڵام بۆم نه‌خوێندرایه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌ هۆی تاریكیه‌وه‌ بووبێت، هاتین هاتین له‌ نزیك هۆلی گه‌ل ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م شانۆگه‌ریم له‌وێ دیوه‌، له‌ پێش رووناكایی ده‌رگای ماڵێك سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه‌:
مه‌م و زین..
بابم گوتی:
مه‌م و زین هه‌قایه‌تێكی خۆشه‌، مام ره‌زا زۆر شه‌وان ده‌یگێڕێته‌وه‌، گوێت لێینه‌بووه‌؟
وا بوو، من له‌ هه‌قایه‌تبێژه‌وه‌ مه‌م و زینم بیستبوو، ده‌زانن چه‌ند رقم له‌و (به‌كرۆكه‌) ده‌بۆوه‌، هه‌ركاتێ هه‌قایه‌تبێژ ناوی ده‌هێنا، حه‌زمده‌كرد پێیبڵێ به‌كرۆكه‌ی تۆڕی و خوێڕی، هه‌قایه‌تبێژ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مه‌م و زین تا بڵێی زمان شیرین بوو، ئه‌و هه‌قایه‌تبێژه‌ بێه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی قورس وشه‌یه‌كی ناشیرین وه‌ك توێڕی و كه‌رباب و ئه‌و شتانه‌ی به‌ زاریدا بێت، به‌كرۆكه‌ی ره‌زا قورس نیشانده‌دا، ئه‌و پیاوه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ هونه‌ركاریه‌كی ده‌كرد مه‌گه‌ر ته‌نها كازانتزاكی و دیستۆڤسكی و یه‌شار كه‌مال و ماركیز و خانییه‌كه‌ی كورد بتوانن وا بگێڕنه‌وه‌، سه‌رسامم به‌ ئه‌حمه‌دی خانی، یه‌كه‌م كتێبی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لفبێی كوردی و ماتماتیك و ئه‌و شتانه‌ یه‌كه‌م كتێب كه‌ خوێندبێتمه‌وه‌ كتێبه‌كه‌ی خانی بووه‌، ئه‌و خانییه‌ی پێناچێ له‌ سه‌رده‌می خۆی كه‌س ناسیبێتی! دیاره‌ ئه‌و ساڵه‌ی من مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانیم بۆ دایكم و بابم و پیری سوارچاكان و و گوڵی كۆساران و كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ خوێنده‌وه‌، شتێكی وا له‌و شاكاره‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئاخر من پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی بووم، زستانی ساڵی( 1974) بوو، زۆری نه‌مابوو دنیا كاول بێت، لۆوه‌ی باشتر تێكبگه‌ین و له‌ مه‌م و زینیش بگه‌ین، مه‌م و زینه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ژار كردبوویه‌ موكریانی یان سۆرانی، واته‌ به‌ زاری بۆتانی نه‌بوو، دره‌نگ زۆر دره‌نگ ئه‌حمه‌دی خانیم به‌ به‌ زاری خۆی خوێنده‌وه‌..
ئه‌و ئێواره‌یه‌ به‌ توور و مه‌م و زینه‌وه‌ هاتینه‌وه‌، هه‌موو ئێواران ده‌سكه‌ تووری ناسكی ده‌هێنایه‌وه‌، راسته‌ قرپی توور ناخۆشه‌، به‌ڵام خواردنی خۆشه‌، ئه‌و ئێوارانه‌ی ساوه‌رمان ده‌بوو، توور به‌ تامتری ده‌كرد، ئه‌و ئێواره‌یه‌ مه‌م و زینیشی هاته‌ سه‌ر، هه‌ندێكیم به‌ ده‌نگ لێ خوێنده‌وه‌:
سه‌رنامه‌ به‌ ناوی تۆ خوایه‌
چی بێ ئه‌مه‌ پیت و پێزی نایه‌
سه‌ردێری په‌ری ئه‌وین په‌رستان
جێ ناز و نیازی خۆشه‌ویستان…
هه‌مووان گوێیان هه‌ڵخستبوو، ده‌بێت بڵێم له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێشه‌وه‌ نه‌ مه‌م نه‌ زینمان نه‌دیته‌وه‌، پێده‌چوو به‌ هه‌ڵه‌ مه‌م و زینی به‌ سه‌ره‌وه‌ بووبێت، بۆیه‌ بابم گوتی:
كوا! ئه‌و كتێبه‌ باس له‌ مه‌م و زین ناكات..
دوای چه‌ند لاپه‌ڕه‌یێ ده‌ركه‌وت هه‌ڵه‌ نیه‌ و بابه‌ته‌كه‌ مه‌م و زینه‌، به‌ڵام جودا له‌و كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌ی هه‌قایه‌تبێژ بۆی گێڕابووینه‌وه‌، پیری سوارچاكانیش حه‌زی چووه‌ مه‌م و زینێ، زۆر ئێواران دوای نان خواردێ مه‌م و زین له‌ ژووره‌كه‌ی پیری سوارچاكان خڕیده‌كردینه‌وه‌، ده‌یگوت:
ده‌ی كوڕم به‌ ده‌نگی بڵند شتێكمان له‌ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زین بۆ بخوێنه‌وه‌..
دیسان كه‌ نواندی جه‌ژنی نه‌ورۆز
له‌ گوێره‌ی رێ و شوێنی پیرۆز
گشت ورد و درشتی ناو جزیرێ
بیگره‌ له‌ شوانێ تا وه‌زیرێ
……
پۆل پۆل ده‌گه‌ڕان له‌ كێو و ده‌شتێ
خه‌میان ده‌په‌ڕاند له‌ سه‌یر و گه‌شتێ…..
ده‌مخوێنده‌وه‌، مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه‌، ده‌بێت بڵێم زۆر وشه‌ هه‌بوون، تێیاننه‌ده‌گه‌یشتم، بابم و پیری سوارچاكان و دایكم و گوڵی كۆسارانیش تێینه‌ده‌گه‌یشتن، لێ كه‌س نه‌یده‌پرسی: ئه‌رێ…
ئه‌ز دووم ته‌واوكردووه‌ و سێم تێنه‌په‌ڕاندووه‌، شێخی خانی ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌و خانییه‌ی دواتر زۆر دواتر ناسیم و زانیم چ كانیاوێكی سازگاره‌، هه‌ر كه‌سێ لێی بخواته‌وه‌، چه‌ند ناسك بێت، ناسكتر ده‌بێته‌وه‌، به‌ درۆ كه‌س ناتوانێ لێی بخواته‌وه‌!‌
}رێك له‌و ساته‌ی كه‌ ئه‌و چه‌ند دێره‌ ده‌نووسم ، پێكێك ویسكیم تێكرد و كه‌مێك ده‌نگم دایه‌ ته‌له‌فزیۆن، چ ببیستم! سه‌رۆكی توركان ئه‌و پیاوه‌ی به‌ هه‌ردوو شمشێری عوسمانلی و و ئه‌تاتوركی ده‌یه‌وێ كورد ببڕێته‌وه‌، قسه‌یه‌كی وای كردووه‌، گوایه‌ حیزبه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ ئه‌حمه‌دی خانی خواردۆته‌وه‌، ده‌بێ بڵێم شه‌كرت شكاند! تۆ ئه‌گه‌ر له‌ میزی ئه‌ویشت خواردبایه‌ته‌وه‌، هێنده‌ له‌ شێخی خانی ده‌گه‌یشتی كه‌ سووكایه‌تی پێنه‌كه‌یت، تۆ سووكایه‌تی به‌ میلله‌تێك ده‌كه‌یت كه‌ خاوه‌نی باباتایه‌ری هه‌مه‌دانی و مه‌لای جه‌زیری وئه‌حمه‌دی خانی و مه‌وله‌وی و نالی و هێمن و په‌شێوه‌، گه‌مژه‌یی وایه‌{
ئێ، من مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه‌، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، گوڵی كۆساران هورده‌ فرمێسكانی هه‌ڵده‌وه‌راند، به‌ڵام نه‌مزانی بۆ مه‌مه‌، یان بۆ زین، ئه‌ها، زین روو له‌ مۆمی داگیرساو:
فرمێسك له‌گه‌ڵ مندا ده‌ڕێژی
چۆن وا ده‌بێ هیچ شتێ نه‌بێژی
مه‌م له‌ دیجله‌ ده‌پرسێ:
كێت هێنده‌ له‌ ناو خه‌یاڵ و بیره‌
گرتووته‌ هه‌مبێزی خۆت جزیره‌…
پیری سوارچاكان دوو دێری مه‌م و زینی له‌به‌ركردبوو، دوو دێری پێشه‌كی زوو زوو له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوته‌وه‌:
كوردیش كه‌ ببایه‌ یه‌ك دڵ و ده‌ست
ده‌ستیانده‌كه‌وت ژیانی سه‌ربه‌ست
رۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م سه‌روبه‌ر
بۆ ئێمه‌ به‌نی ده‌بوون و نۆكه‌ر
جارێك گوتی:
ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریم هه‌با ئه‌و قسانه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌، به‌ردی پیرۆز ده‌نه‌خشاند..
هاته‌ سه‌رم له‌ جیاتی پیری سوارچاكان ئه‌و ئیشه‌ بكه‌م، ئه‌و خوێنده‌واریی نیه‌، خۆ من هه‌مه‌، به‌ڵام نه‌مده‌زانی چۆن و به‌ چی ئه‌و هه‌موو وشه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ جێ بكه‌مه‌وه‌، بیستبووم، به‌ڵام له‌بیرمنیه‌ هه‌ینێ دیتبووم یان نا كه‌ هه‌ڵكۆڵین له‌ سه‌ر به‌رد هه‌یه‌، خودایه‌ چۆن ئه‌و دوو دێره‌ی خانی له‌به‌ر خاتری پیری سوارچاكان له‌ سه‌ر به‌ردی پیرۆز بنه‌خشێنم، حه‌یف چه‌ندی مێشكی خۆم گوشی و بیرمكرده‌وه‌ شتێكم نه‌دیته‌وه‌ شیعر له‌ سه‌ر به‌رد هه‌ڵكۆڵێ، به‌ قه‌ڵه‌م ده‌منووسی دیار نه‌ده‌بوو، زوو ده‌سڕایه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاڕم دا له‌ سه‌ر دیوار له‌ نزیك ده‌رگای حه‌وشه‌ به‌ دیوی ژۆرێدا هه‌ڵیانكۆڵم، گه‌یشتبووینه‌وه‌ ده‌مه‌و پایز، دیواریان سواخده‌دا، پێش وشكبوونه‌وه‌ی قوڕ، خانیم له‌ سه‌ر دیوار هه‌ڵكۆڵی و گۆتمه‌ پیری سوارچاكان:
باپیره‌، قسه‌كانم لێره‌ نووسیوه‌ته‌وه‌.
پیری سوارچاكان چاوی پێدا گێڕا، سه‌ری گۆپاڵه‌كه‌ی به‌ كه‌لێنه‌كان، به‌ پیته‌كاندا ده‌گێڕا، ده‌تگوت به‌ گۆپاڵ شیعره‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، گوتی:
ئافه‌رین كوڕم، خۆزگه‌ ده‌مزانی بیانخوێنمه‌وه‌..
ئێ، به‌ر له‌ كاولبوونی دنیا، با كه‌مێكیتر له‌ كن مه‌م و زین بمێنینه‌وه‌، دێته‌وه‌بیرم، چوونی به‌كرۆكه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕی دڕكی مه‌م و زینان بۆ به‌هه‌شتێ، هه‌رای نایه‌وه‌، خانی به‌كرۆكه‌ ده‌نێرێته‌ به‌هه‌شتێ! له‌وێ له‌و كۆشكه‌ هه‌شت قاتیه‌ی كه‌ خودا داویه‌تیه‌ مه‌م و زین، قاتێك به‌ر به‌كرۆكه‌ كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌ڵێ:
هۆی من بوو به‌وان درا به‌هه‌شتێك
دایانمێ ئه‌ویش له‌ هه‌شتێ مشتێك
گوڵی كۆساران تووڕه‌ ده‌بوو، له‌ سه‌ری خۆی ده‌دا و ده‌یگوت:
های له‌و قسه‌یه‌! كاكه‌ مه‌م و خاتوو زین به‌ هۆی به‌كرۆكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ به‌هه‌شت؟! من باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكه‌م، خودا شتی وا ناكات..
دایكم و تووڕه‌تر:
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ راست بێت، خودا باش و خراپی تێكه‌ڵ كردووه‌
بابم هه‌ڵده‌داتێ:
وای له‌ به‌سێ، به‌ گژ خوداشدا ده‌چێ، كچێ، ده‌ست له‌ كاری خودا وه‌رمه‌ده‌، تۆ چ له‌ نهێنی ئه‌و ده‌زانی؟!
دایكم ده‌ڵی:
كوو به‌ گژیدا نه‌چم!
دایكم پێیوابوو ئه‌گه‌ر به‌كرۆكه‌، به‌كرۆكه‌ی دڕكی مه‌م و زینان گه‌یشتبێته‌ به‌هه‌شت، هه‌رچی سه‌گ و سوار و گه‌جه‌ر و گوجه‌ر و جڕوجامشت هه‌یه‌ هه‌موو ده‌چنه‌ به‌هه‌شتێ و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌هه‌شت نایه‌ته‌وه‌، هه‌رچی بابم بوو، وای بیرنه‌ده‌كرده‌وه‌، پێیوابوو ئاساییه‌ نه‌ك به‌كرۆكه‌، به‌ڵكو كه‌سی له‌و به‌دره‌فتارتریش ره‌نگه‌ به‌ هۆی چاكه‌یه‌كه‌وه‌، خودا لێی خۆش بێت و هه‌ڵیداته‌ ناو به‌هه‌شتێ، بابم ده‌ڵێته‌ دایكم:
تۆ باش له‌وه‌ نه‌گه‌یه‌شتی كه‌ خودا بۆچی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕی برده‌ به‌هه‌شتێ..
روو له‌ من ده‌كات:
ده‌ی كوڕم ئه‌و جێیه‌ بۆ دایكت بخوێنه‌وه‌ كه‌ زین باسی چاكه‌ی به‌كرۆكه‌ ده‌كات:
كتێبه‌كه‌ ده‌هێنم و ته‌واوێك ده‌گه‌ڕێم تا لاپه‌ڕه‌ی پاڕانه‌وه‌ی زین بۆ به‌كرۆكه‌ ده‌بینمه‌وه‌:
گه‌ر پیسی وه‌كو به‌كر نه‌بووبا
هیچ دوور نه‌بوو ئابڕووی مه‌ چووبا
….
گه‌ر ئه‌و نه‌ده‌بوو به‌ له‌مپه‌ری مه‌
گومرایی ده‌بوو به‌ رێبه‌ری مه‌
وا ده‌رنه‌ده‌چووین له‌ شه‌رمه‌زاری
پیرۆز نه‌ده‌بووین له‌ كورده‌واری
مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی له‌ زۆر جێیان له‌گه‌ڵ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ، هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌ نه‌ده‌هاته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ دڕكی مه‌م و زینان، له‌وه‌ی هه‌قایه‌تبێژ، كاتێ براده‌ره‌كه‌ی مه‌م به‌كرۆكه‌ له‌ خوێن ده‌گه‌وزێنێ، دلۆپێ له‌و خوێنه‌ پیسه‌ ده‌په‌ڕێته‌ نێوان گۆڕی زین و مه‌م، یه‌كسه‌ر ده‌بێته‌ دره‌ختێكی ناحه‌ز، دره‌ختێك چ دره‌ختێ به‌ دره‌ختی نازانێ، ئه‌و خوێنه‌ دره‌خته‌ ره‌گ له‌ نێوان هه‌ر دوو گۆڕ داده‌كوتێ و ناهێلێ زین و مه‌م له‌ ناو گۆڕێش بگه‌نه‌ یه‌ك، كه‌چی له‌وه‌ی شێخی خانی له‌ سه‌ر راسپارده‌ی زینێ، گۆڕی به‌كر ده‌كه‌وێته‌ دامه‌نی گۆڕی مه‌م و زینێ و هه‌ر ئه‌ویش بۆی ده‌پاڕێته‌وه‌و…
له‌ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ چ هه‌واڵێكی وا له‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه‌ نایه‌، به‌ڵام هه‌موو ده‌زانن جێی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕ بنه‌بانی دۆزه‌خه‌، كه‌چی له‌ مه‌م و زینی شێخی خانی له‌ رێی پیاوچاكێكی چیا نشینه‌وه‌ هه‌واڵ دێ كه‌ به‌كر له‌ به‌هه‌شتێ له‌ ناو كۆشكی مه‌م و زینێ له‌ خزمه‌تی وانه‌..
جیاوازی گه‌له‌كن له‌ نێوان خانی و هه‌قایه‌تبێژ، بۆیه‌ به‌كرۆكه‌ هه‌ر له‌ جزیره‌ و بۆتان نا، له‌ هه‌ولێرێش له‌ ماڵی مه‌ش كێشه‌ی ده‌نایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ كێشه‌ی سووك، كێشه‌ی مه‌یله‌و پێكه‌نیناوی، گوڵی كۆساران به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر راست بێت، به‌كر له‌ به‌هه‌شت بێت، خه‌ڵك له‌ كه‌تن و دوو دڵ لێكردن سلناكه‌نه‌وه‌.
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
كچێ هه‌مین، به‌هه‌شت به‌ به‌كر پیس نابێ، تۆ له‌وه‌ بترسێ ترك پێی بكه‌وێته‌ به‌هه‌شتێ!
ئیدی كتێب له‌ ماڵی ئێمه‌ به‌زمی خۆشی نایه‌وه‌، مه‌م و زین نه‌نه‌ خان و كچه‌كه‌ی مام جه‌له‌بوان و ژنێكی حه‌ساره‌كه‌ و ژنه‌ شه‌له‌ جوانه‌كه‌ و مه‌ریه‌م و كه‌ویاریشی له‌ ده‌وری من خڕده‌كرده‌وه‌، له‌و ساتانه‌ی مه‌م و زینم به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، ده‌مخوێنده‌وه‌، وا هه‌ستمده‌كرد جێی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌م گرتۆته‌وه‌، هه‌مووان چاویان له‌ زاری من بڕیوه‌، شام به‌ خۆم ده‌هات، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌یگوت:
ده‌ڵێی بوویه‌ ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌ی كه‌ قه‌ره‌جه‌كه‌ گۆتی!
}لێره‌، له‌و دوا رسته‌یه‌، چه‌ند رۆژێك له‌ گێڕانه‌وه‌ وه‌ستام، هه‌ستمده‌كرد شت ماوه‌ و له‌بیرمچووه‌ته‌وه‌، چوومه‌وه‌ كۆڵانی منداڵی و كن دایكم و بابم، باسی كتێبه‌كه‌م بۆیان كرد، دایكم دیار بوو له‌بیری مابوو، به‌ڵام شتێكی وای بۆم نه‌گێڕایه‌وه‌ شتێك بخه‌مه‌ سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌م، جگه‌ له‌ فریشته‌ و پیازه‌كه‌، بابیشم دیتنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی من و شتێك له‌ به‌كرۆكه‌ی له‌بیر مابوو، جگه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی كتێب كه‌ بۆ من ده‌لاقه‌یه‌كی له‌ گێڕانه‌وه‌ كرده‌وه‌{
وابوو له‌ ماڵی ئێمه‌ له‌ ژوورێ، دیاره‌ تا دره‌نگ ئێمه‌ یه‌ك هۆده‌مان هه‌بوو، هۆده‌ی دانیشتن، هۆده‌ی نان خواردن، هۆده‌ی نووستن، هه‌ر یه‌ك هۆده‌ بوو، دوای وه‌ی من و براكه‌م چووینه‌ قوتابخانه‌، بابم چه‌ند ده‌لاقه‌یه‌كیتری له‌ دیوار كرده‌وه‌، ده‌لاقه‌كه‌ی من هه‌ر له‌ پشت سه‌رم بوو به‌ بڵندایی تا پشتێنی خۆم، كتێبه‌كانم له‌وێ داده‌نا، دایكیشم په‌رده‌یه‌كی جوانی له‌ ره‌نگی كه‌واكه‌ی خۆی پێدا شۆڕكردبۆوه‌، به‌ڵام نه‌ به‌ ده‌لاقه‌ی من نه‌ به‌هی براكه‌میان نه‌ده‌گۆت ده‌لاقه‌ی كتێب، ده‌لاقه‌كان له‌ ژماره‌ی خێزان پتر بوون، هه‌ر كه‌سه‌ و شتی خۆی لێدانابوو، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ناوی خۆی ده‌ناسرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی بابم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی دایكم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی كه‌ریم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی رادیۆ…دوای دیتنه‌وه‌ی مه‌م و زین و خوێندنه‌وه‌ و سه‌رسامبوون به‌و كتێبه‌، بابم له‌ بڵندایی به‌ژنی خۆی له‌ ته‌نیشت ده‌رگا، ده‌لاقه‌یه‌كی گچكه‌ی كرده‌وه‌، ده‌لاقه‌یه‌ك بڵندایی هه‌ر بستێك ده‌بوو، به‌رینیشی له‌ بست و قولانجێك تێنه‌ده‌په‌ڕی، ئه‌و تایبه‌ت بوو به‌ مه‌م و زینی شێخی خانی، دایكم به‌رگێكی جوانی بۆ مه‌م و زین دووریبوو، له‌ شێوه‌ی به‌رگه‌ بالیف، تۆ بڵێی له‌ شێوه‌ی تووره‌گه‌، كتێبه‌كه‌مان ده‌خسته‌ ناویه‌وه‌، هاته‌وه‌بیرم بابم گوتی:
بۆوه‌ی خه‌ڵك به‌ قورئانی تێنه‌گات با ره‌نگی مه‌م و زین كه‌سك نه‌بێت..
ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ره‌نگی به‌رگی مه‌م و زین له‌ چاومه‌، شینێكی ئاسمانی بوو، رێك له‌ سوخمه‌ی چه‌ند ساڵێك دواتری كه‌ویار، ره‌نگه‌ هه‌ردووكیان له‌ یه‌ك تۆپه‌ كوتاڵ بڕابن! دێته‌ بیرم جارێك ژنێك گۆتیه‌ دایكم:
ئه‌رێ، به‌سێ، قورئانی ماڵان به‌رگی كه‌سكه‌، هینگۆ لۆ شینه‌؟
دایكم گۆتی:
كچێ بابانت، ئه‌وه‌ قورئان نیه‌، هه‌قایه‌تی كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌
ژنه‌كه‌ گۆتی :
كچێ، فڕێیده‌ له‌ جێی وی قورئان دانێ، ده‌نا فریشته‌ سه‌ر به‌و ماڵه‌ داناگرێ!
دایكم تووڕه‌بوو:
وه‌ی پیاز، ئه‌گه‌ر به‌ هۆی كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌وه‌ فریشته‌ نه‌یه‌ته‌ ماڵی ئێمه‌، با هه‌ر نه‌یه‌ت.
ناوی ده‌لاقه‌ی كتێب له‌ زاری مه‌لایه‌كه‌وه‌ گۆڕا بۆ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین، دیته‌وه‌ بیرم مه‌لایه‌ك هه‌بوو، سه‌ردانی ده‌كردین، كاتێ زانی كتێبی ناو ده‌لاقه‌ كه‌ به‌رگێكی جوانی تێگیراوه‌، مه‌م و زینه‌، به‌ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین ناوی هێنا، له‌ زاری ویه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌، ئه‌و مه‌لایه‌ سه‌رچیخ نه‌چووبم كۆمۆنیست بوو، بیستبووم له‌ دوای نوێژی هه‌ینیان پاره‌ی بۆ كۆمۆنیستان خڕده‌كرده‌وه‌، من له‌ بابمم بیستووه‌: ئه‌گه‌ر هه‌موو شوعیه‌كان وه‌ك مه‌لا سه‌دیق و حاجی كه‌ریمی حاجی وسوو بان، منیش ده‌بوومێ..
دێرێكی مه‌م و زینم بۆ مه‌لاكه‌ خوێنده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ی له‌ ده‌ستم وه‌رگرت، سه‌ری به‌ سه‌ردا گرت و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی لێ هه‌ڵدایه‌وه‌، چه‌ند دێرێكی به‌ ده‌نگ خوێنده‌وه‌، هه‌ستمكرد له‌ خوێندنه‌وه‌ لاسایی ئه‌و پیاوه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ رادیۆوه‌ ده‌نگیم بیستبوو، دواتر زانیم ناوی شوكروللای بابانه‌، له‌وه‌وه‌ منیش ده‌مویست ده‌مه‌لاسكه‌ی شوكروللای بابان بكه‌مه‌وه‌، مه‌لاكه‌ قسه‌یه‌كی كرد هه‌رچه‌نده‌ چ بڕی تێنه‌گه‌یشتم به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ بایه‌خدار بوو، بۆیه‌ هه‌وكه‌ش پێوه‌ به‌ ئاوازه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ گوێم ماوه‌:
ده‌بوو وه‌كو گوڵستان و بوستان له‌ حوجران خوێندرابا..
خوێندنه‌وه‌ی مه‌م و زین منی به‌ قسه‌ هێنا، ماڵێ مه‌ هه‌موو كه‌مدوو بوون، به‌ڵام ئه‌وان له‌ چاو من ده‌كه‌ونه‌ چێوه‌ی زۆربڵێكانه‌وه‌، من قه‌تقه‌تۆكێ سه‌ری قسه‌م نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كوو ده‌نا له‌ قسانم هه‌ڵنه‌ده‌دایێ، باگۆی پرسیارانیشم به‌كورتی ده‌دایه‌وه‌ كه‌م وا بووه‌ له‌ (ئا، نا، نازانم، وایه‌) هێوه‌تر ده‌چوو، كه‌چی ئه‌وه‌تا مه‌م و زینی خانی منی كردۆته‌ جێنشینی هه‌قایه‌تبێژی سه‌یداوه‌، هه‌موو قڕوقه‌پ و ته‌نێ خۆم قسه‌ ده‌كه‌م و شیشه‌ شین و سۆره‌كه‌ی مه‌لاشم بۆ نایه‌!
قسه‌ده‌كه‌م و هه‌موو ته‌ماشای زاری من ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ له‌ من به‌ ده‌م و دووتره‌، ئاخر ئه‌و بێ كاخه‌ز ده‌توانێ تا زاری شل ده‌بێ قسه‌ بكات، به‌ڵام من كاخه‌زم له‌ پێش نه‌بێ هه‌ر دوو سێ رسته‌م له‌ باردایه‌، كۆتایی دێت و قسه‌م بۆ نایه‌، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ له‌ هه‌مووان باشتر ئه‌وه‌ ده‌زانێ، له‌بیرمه‌ گوتی:
تۆ هه‌قایه‌تبێژی سه‌ر كاخه‌زی..
كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ هه‌ینێ نه‌یده‌زانی بنووسێ و بخوێنێته‌وه‌، ویستی فێری بكه‌م، هه‌وڵمدا، به‌ڵام دیاربوو نه‌مزانی، له‌بیرمه‌ جارێك خه‌تخه‌تۆكه‌یه‌كی كرد، پرسی:
ئه‌وه‌ی نووسیومه‌ چیه‌؟
پێیپێكه‌نیم و گوتم:
هیچ..
به‌ سه‌ر خۆیدا شكایه‌وه‌، ئیدی باسی خوێندنه‌وه‌ و نووسینی نه‌كرده‌وه‌، پاشترێ له‌ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ساڵێكی نه‌برد هێند جوانی ده‌نووسی، ئیره‌ییم به‌ خه‌تی وی ده‌برد، مه‌م و زینم دایێ و گوتم:
ها، ئێستا خۆت بیخوێنه‌وه‌
گوتی:
نا، تۆ بۆت خوێندمه‌وه‌، جوانت خوێنده‌وه‌..
دنیا له‌ سه‌ر كاولبوونه‌، مه‌م و زین با هه‌ر له‌ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین و له‌ ناو به‌رگه‌ شینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كاولبوونی دینا تێدانه‌چوون، تێدا نه‌چووین، دێمه‌وه‌ دیداری..
دنیا به‌ به‌ریه‌وه‌ نه‌ما، سه‌ربرده‌ ما، به‌ڵام ناپرژێمه‌ سه‌ریان، سه‌رێ له‌ هۆلی گه‌ل ده‌ده‌م، تاوێ به‌ دیار شانۆگه‌ریه‌كه‌وه‌ داده‌نیشم، دێمه‌وه‌ و ئیدی ته‌واو، خزمێكی ماڵی فازیل رێحانه‌، هه‌ردووكمانی به‌ دوای خۆی دا، من له‌ سه‌ر قسه‌ی رێحانه‌ چووم، ئه‌و دیتبووی، له‌ ریزه‌كانی ناوه‌ندێ دانیشتین، یه‌كه‌م جارمه‌ بێمه‌ ئێره‌، له‌ سینه‌ما ناچێ، له‌ باتی شاشه‌ی دیوارێ، له‌ زه‌وی جێیه‌ك هه‌بوو وه‌ك سه‌كۆ، له‌پڕ ده‌نگێك له‌ گوێی من له‌ ده‌نگی دێو! ده‌چوو، هۆڵه‌كه‌ی خسته‌ له‌رزه‌، چاوده‌ده‌مێ پیاوێكی گچكه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر سه‌كۆیه‌كه‌، چما ئه‌و ده‌نگه‌ دێویه‌ له‌و پیاوۆكه‌وه‌ هاته‌ ده‌رێ! یه‌كه‌م شانۆگه‌ریی دیتم ئه‌وه‌ بوو، نایه‌ته‌وه‌بیرم چی بوو..
دنیام به‌ ده‌ستێ راگرتبێ ناهێلم بكه‌وێ تا تۆڵه‌ی كه‌ویار له‌ زه‌نگه‌زۆران نه‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ راوه‌ش له‌ بابمه‌وه‌ فێربوومه‌، له‌ كه‌ندی به‌ر ماڵان كۆلكه‌دارێ هه‌یه‌ وه‌ك بڵێی له‌ سه‌ر ته‌نیشت راكشاوه‌، كه‌می له‌ ده‌رێ و پێده‌چێ زۆری له‌ بن زه‌وی بێ، چ پێناچێ سه‌ر به‌ ئاوماڵك بێ، ئاو كۆلكه‌ی وا گه‌وره‌ی پێنایه‌، ره‌نگه‌ به‌ ره‌گه‌وه‌ ئێره‌ زێدی خۆی بێ، هه‌رچی بێ، له‌گه‌ڵ خاك مه‌یله‌و ته‌خته‌ و بۆته‌ شاری زه‌نگه‌ زۆره‌، نیوه‌ی زه‌نگه‌زۆره‌ی شار له‌و شاره‌وه‌ سه‌رده‌كه‌ن و به‌ گه‌ڕه‌ك و شار وه‌رده‌بن، زه‌نگه‌زۆره‌ی گه‌وره‌، دڕ، چۆته‌ ناو جۆڕكێ و به‌ئێستری داوه‌ كلكی پێ ره‌پ كردووه‌، به‌ سه‌ر سه‌بكه‌وه‌ هه‌ڵنیشتووه‌ و به‌ سه‌گی داوه‌ سه‌بكه‌ی له‌ پێش چاو خستووه‌، زه‌نگه‌زۆره‌ی ناو كۆلكه‌دارێ له‌ قاشوانێش ناگه‌ڕێنه‌وه‌، قاشوانێ دوو به‌رده‌، كه‌مێك له‌ ناری ئێستر پانترن، له‌ سه‌بكه‌ی سه‌گیش ته‌نكتر نه‌بن ئه‌ستوورتر نین، به‌ڵام تا راوی زه‌نگه‌زۆره‌یان پێنه‌كه‌یت هه‌ر به‌ردن و نابنه‌ قاشوانێ، من ئه‌وه‌ نه‌بووم بچمه‌ شه‌ڕی قاشوانێ، به‌ڵام كاتێ چاوی كه‌ویار فرمێسكی ده‌باراند و جێگه‌سته‌ی زه‌نگه‌زۆره‌م به‌ سه‌ر روومه‌تیه‌وه‌ دیت، بڕیارمدا بچمه‌ شه‌ڕی زه‌نگه‌زۆره‌وه‌ و تۆڵی كه‌ویار بكه‌مه‌وه‌:
كۆلكه‌ دار كونێكی تێدایه‌ گچكه‌، مشكی پێوه‌ ناچێ، زه‌نگه‌زۆره‌ قل قل لێیه‌وه‌ دێنه‌ده‌رێ و به‌ كۆڵانێ وه‌رده‌بن و تووشی هه‌ر چی بن پێوه‌ی ده‌ده‌ن، ئێ، چاودێ، راوه‌ زه‌نگه‌زۆره‌، قاشوانێ ببینه‌:
له‌ سه‌ر زگ راكشاوم ده‌ستم به‌ به‌رده‌وه‌ له‌ سه‌ر كونی زه‌نگه‌زۆره‌یه‌، ئێستا كون كه‌وتۆته‌ نیوان دوو به‌رد، دووبه‌ردی روو له‌ یه‌كتر، دوو به‌ردی سوار، سوار بۆ به‌ر یه‌ك كه‌وتن، له‌و ساته‌ی زه‌نگه‌ زۆره‌ سه‌ر ده‌رده‌هێنێ، قاشوانێ ده‌ستپێده‌كات، شه‌ق! به‌رده‌كان به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون و زه‌نگه‌ زۆره‌ ده‌فلیقێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕه‌و شاری بده‌یت، زۆرم كوشت، به‌ قه‌د دڵۆپه‌ فرمێسكه‌كانی كه‌ویار پتر، ئه‌و ناوه‌ ده‌بێته‌ كوشتارگه‌، مێرووله‌ رێچكه‌ ده‌به‌ستن و لاشه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌، قاشوانێ ده‌ستوبردی ده‌وێ، خاوخلیچك بی ده‌بیه‌ خۆراكی زه‌نگه‌زۆره‌، قاشوانێ له‌ شه‌ڕه‌ بڕنۆ ده‌چێ، له‌ فیشه‌ك تێكردنه‌وه‌ و پڕكردنه‌وه‌ ده‌ستت سووك بێ، كه‌س په‌نجه‌كانت نه‌بینێ!
سه‌نگه‌ر چۆلكردنیش هونه‌رێكه‌ له‌ ده‌ستی هه‌موو كه‌س نایه‌، نه‌ڵێی به‌رده‌كه‌ بكه‌ سه‌رقاپی شاره‌كه‌ و ته‌واو، نا، پاڵه‌په‌ستۆی زه‌نگه‌زۆره‌ زۆره‌و به‌رد هه‌ڵده‌داته‌وه‌، تۆ ده‌بێت هێند گورج قیتبیه‌وه‌ و یه‌كپێ هه‌ڵێی گولله‌ی بڕنۆ نه‌تگاتێ..




وەڵامێک بۆ نووسەری ئەسحابی کەهف – ڕێبوار کەریم وەلی … کامەران چروستانی

لە ماڵپەڕی ڕووداو ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم بابەتێکی بەناوی (قسەیەكیش بۆ ئەسحابی كەهف (پەكەكە)) سەبارەت بە سیاسەتی ئەسحابی کەهف (پەکەکە) و هەدەپەی تورکیا بڵاو کردۆتەوە، کە تیایدا ڕەخنەی لە سیاسەتی عەسکەرتاری پەکەکە گرتووە، لاوازبوونی پێگەی هەدەپەی خستۆتە ڕوو و جگە لەوەش ئەو پرسیارەی خستۆتە بەردەم کورد، کە کورد لە باکوری کوردستان چ قازانجێک دەکەن، ئەگەر بێتوو ئەردۆغان لە دەسەڵات لاببرێت.

خاڵێکی ئەرێنییە ئەگەر هەر تاکێکی کورد تەماشای ڕابردووی کورد لە دیدێکی شیکارانەوە ئەنجام بدات و یادگەی مێژوویمان درێژخایەن بێت، چونکە ئەگەر تەماشای مێژووی سی ساڵەی ڕابردووی باشووری کوردستان بکەین و بگەڕێینەوە بۆ دوورتر بەرەو مێژووی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و قازی محەمەد و ئەگەر چاوێک بەو بارودۆخەی ئەو سەردەمەدا بخشێنین، ئەوا دەتوانین ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە: بە چ ئامانج و هیوایەک شۆڕشی کوردی لە سەرەتای سەردەی ڕابردوودا داگیرسا، پاشان بە چ ئامانجێک قازی محەمەد کۆماری مەهابادی دامەزراند و پاشتر لە ساڵی هەفتاکاندا شۆڕش هەڵگیرسا و بۆچی ئەو سەرکردانەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەشتاکاندا بەردەوامییان دا بە شۆڕشەکە. ئایا ئەو سەردەمە سەرکردەکانی کورد پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان دەکرد، ئەگەر ڕژێمەکەی سەدام بکەوێت ئایا چ گەرەنتییەک هەیە کە بارودۆخی کورد بەرەو باشتر بڕوات؟ ئەی بەڕێزی نووسەر دەتوانێت شیکارییەک ئەنجام بدات سەبارەت بە ئەگەری هێرشنەکردنی سەدام بۆ سەر کوێت و هەڵنەگیرساندنی جەنگی کەنداوی دووەم، چ ئاسەوارێکی لەسەر شۆڕشی کوردی دەبوو؟
بێگومان کاکەی نووسەر لە یەکێک لە باڵەخانە ئارامەکانی شاری هەولێرەوە و لە تێڕوانینی بۆ ژیانی هەنووکەیی هەرێم ئەو بابەتەی نووسیوە، ئەوەشی لەیاد کردووە کە هەموو شۆڕشێک بریتییە لە هەوڵدان و تێکۆشانێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا بە کۆمەڵێک ئامانج لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەکان. بەڵام ئەوەی ڕەوتی ئەو سیاسەتە دیاری دەکات ئامانجە سەرەکییەکانە، نەک تەنها هەژمارکردنی دەستکەوت و زیانەکان. وەک وەبیرهێنانەوەیەک بۆ کاکەی نووسەر: هەر ئەو بنەما شۆڕشگێرییە بوو بۆ ئەوەی شۆڕشی کوردی بەردەوامی هەبێت سەرباری گواستنەوەی سەرجەم شار و شارۆچکە و دێکانی سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چونکە سەرجەم هەوڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمەکەی سەددامدا، هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و چەکداری هیچ بوارێکی دیکە بۆ کورد نامەبۆوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی پەکەکە بریتییە لە بەردەوامبوون لە نوێکردنەوە و بەشدارکردنی نەوە نوێکە لە سەرجەم چالاکییەکانی پارتەکە. خۆ ئەگەر کەسێکیش سەردانی قەندیلی نەکردبێت، ئەوا وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو پارتە باشترین بەڵگەن لەسەر ئەو بۆچوونەم. جا نازانم بە چ پێوەرێک و بنەمایەکی ژمێریاری کاکەی نووسەر باس لەوە دەکات، کە (بەشێكی زۆری ئەوانەی ئێستا پەكەكە ئاراستە دەكەن، لە ساڵی 1980 وە كە توركیایان جێهێشتووە، جارێكی دیكە پێیان لە خاكی كوردستانی باكوور نەناوەتەوە! و كەمترین زانیارییان لە بارەی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی كوردستانی باكوور هەیە) یاخود لەوانەیە نووسەر مەبەستی لەوە بێت کە ئەو گەریلایانە لە هەشتاکاندا لە قەندیل لەدایک بوون یان هەر لەوێ فێری قسە بووبن و پێیان گرتبێت؟ یاخود دایک و باوکیان لەوێ هاوسەرگیریان کردبێت؟
کاکەی نووسەر دەبووایە بەر لە نووسینی ئەو بابەتە دوو خەسڵەتی گرنگی ڕووداوەکانی تورکیا لە یاد نەکات: یەکەمیان بریتییە لە ڕۆحی ڕەگەزپەرستی لە هەرە زۆرینەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا، کە هەمیشە هەڕەشەیەکن بۆ پێگە و هەبوونی نەک تەنها کورد بەڵکوو سەرجەم هەر پێکهاتەیەکی دیکەی جگە لە ڕەگەزی تورک لەناو تورکیادا. هەر ئەو ڕۆحە ڕەگەزپەرستییەشە وای کردووە، کە نەک مافە نەتەوایەتییەکان، بەڵکوو هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای تورکی جگە لە تورک خاوەنی ئازادییە کلتورییەکانیش نین. دووەمیان بریتییە لەو هزرەی کە تێکۆشانی چەکداری-سیاسیی پەکەکە بەڕێوە دەبات، کە هەمان حکومەتی کەمالیزمەکەی تورکیای ناچار کرد ئەگەرچی کەمێکیش بێت بەڵام دان بە هەبوونی کورد وەک نەتەوەیەکدا بنێت لە تورکیا، هەروەها ئەو دەسەڵاتەی ناچار کرد کە لەگەڵ گەریلا (تێرۆریستەکانی) پەکەکەدا دابنیشێت و داوای ڕێکەوتن بکات، ئەگەرچی شکستیشی هێنا.

بێگومان کاکە ڕێبوار لە بەندە باشتر دەزانێت، کە تەقینەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گرتنی سیاسەتمەدارانی کورد و هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکان لەلایەک هەمان ڕۆحی ڕەگەزپەرستی تورکییە و سەرلەنوێ سەری هەڵداوەتەوە بە ئامانجی سنووردارکردنی گەشەی تێزی کورد لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لە لایەکی دیکەش گوزارشت لە تینیوێتی ئەردۆغان دەکات بۆ دەسەڵاتێکی تاکڕەوییانە، کە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە لێدانی کورد هەست و سۆزی لایەنە سیاسییە ڕەگەزپەرستەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەگەرچی هیچ خاڵێکی هاوبەشی ئایدیۆلۆجییان لەگەڵ ئاکەپەدا نەبێت تەنها ئەوە نەبێت، کە لە سەر ڕەوتی لێدانی کورد کۆک بن.
هەروەک هەموو پارت و لایەنێکی سیاسی هەرچەند بڕیارێکی هەدەپە دروست نەبووبێت، بەڵام پێگەی ئەو حیزبە و سووربوونی جەماوەرەکەی لاواز نەبووە، بگرە هەڵەکانی ئەردۆغانە وای کردووە، کە هەر یەکێک لەو بەندکراوانە ببن بە ئۆجەلانێکی نوێ، تاکی کوردیش لە تورکیادا ئاستەمە جارێکی دیکە سەر بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی ئەردۆغانی دانەوێنێت. ئایندەش ئاشکرای دەکات، کە ڕەوتی سیاسەت لە تورکیادا لە بەرژەوەندی کورد دەبێت، هەرچەندە لەوانەیە قوربانییەکان زۆرتر بن لەوەی کە چاوەڕێی دەکەین، بەڵام لەلایەن ئێمەی کوردستانیانی باشوور ئەمەش شتێکی نامۆ نییە و زۆر باش پێی ئاشناین، چونکە ئەگەر خاوەنی هیچ قوربانییەک نەبین، ئەوا خاوەنی هەڵەبجە و ئەنفالین.




ژیاننامه‌ بیۆگرافیا (Biography) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(وریا بن، تف به‌ڕووی بادا مه‌كه‌ن)
“نیتشه‌”

ژیاننامه‌ گێڕانه‌وه‌ی تاكه‌، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاكه‌ به‌ قه‌ڵه‌می خۆی. بیۆگرافیا خود ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شفی جوله‌ دیار و نادیاره‌كانی ژیان و ده‌روون بكات و ئاستی مه‌عریفه‌ و ئاگامه‌ندی تاك بگه‌یه‌نێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌چنه‌ توێی ئه‌ده‌بی خودگه‌راییه‌وه‌، له‌ پشت ئه‌ده‌بی خودگه‌راییدا بڕوایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خود سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر خۆی تیوار و شه‌فافه‌… نووسینه‌وه‌ی خود كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام ده‌خاته‌ روو، له‌وانه‌ش كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا و كپكراوه‌كانی نه‌ست و هه‌ڵوێست و ئازادی و چالاكی و بوێری تاك… ژیاننامه‌ شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌بێت: سه‌ربرده‌، یاده‌وه‌ری، یاداشتی كه‌سی، یاداشتنامه‌ی رۆژانه‌، یاداشتی رۆژانه‌ی سۆزداری، نامه‌ی ئه‌ده‌بی، سه‌فه‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی… هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ش له‌ نێو خۆیاندا جیاوازییان هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بیۆگرافیا له‌ زمانی كوردیدا به‌ (ژیاننامه‌) ناو به‌رین، كه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ (السیره‌) ناو ده‌برێت… چه‌مكی ژیاننامه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌… وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ له‌ زمانی كوردیدا یاده‌وه‌ری، بیره‌وه‌ری، میمۆری (memoirs) بكه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر (مژكرات)ی زمانی عه‌ره‌بی. چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ یادگه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی ژیاننامه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك په‌سنی ئه‌و رووداوانه‌ ده‌كات و ئه‌و هه‌ڵوێست و سه‌رهاتانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و شی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ (منی نووسه‌ر)ی تێیدا ژیاوه‌ و بینوویه‌تی و رۆڵی تێدا گێڕاوه‌… هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رنامه‌ و نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و یاداشتی رۆژانه‌، نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون، واته‌ (یومیات) كه‌مه‌كێك جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه‌.
له‌ نێو كورداندا ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئاگامان له‌ سه‌ربورده‌ی تۆ نییه‌… به‌و مانایه‌ش ره‌نگه‌ بتوانین بۆ (السیره‌ الژاتیه‌ –autobiography) ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربرده‌، سه‌رگوزشته‌ به‌ كار بهێنین… له‌ ژیاننامه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام بكه‌ر ونه‌، وه‌ك زه‌مه‌ن ئاسۆیی خۆی ده‌نوێنێ‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌بێته‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم شوێن و زه‌مه‌ن له‌ (ژیاننامه‌- Biography) و (سه‌ربرده‌- autobiography)دا دیاریكراو و سنورداره‌! به‌ڵام نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون به‌ دانانی مێژووی رۆژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆرێك له‌ یاداشتی كه‌سی و به‌ یاداشتی رۆژانه‌ (الیومیات) ناو ده‌برێت. كه‌واته‌ سه‌ربرده‌ هه‌موو ئه‌وه‌یه‌، یان به‌شێكه‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، یان له‌ باره‌ی ئه‌ویدیكه‌وه‌… بێ‌ ئه‌وه‌ی چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكات! یاده‌وه‌ری، یان بیره‌وه‌ری به‌ گشتی له‌ سێ‌ ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ (كرده‌)، (بیركردنه‌وه‌)، (سۆز) تا سنورێكی زۆر چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری كراوه‌ بۆ نموونه‌: یاده‌وه‌ری سیاسی، مێژوویی، دیكۆمینتاری، رۆشنبیریی… وه‌ك چۆن له‌ خانه‌ی یاده‌وه‌ریدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) هه‌یه‌، ته‌واو ده‌كه‌وێته‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی و مێژووی خودگه‌رایی سه‌ربرده‌وه‌. ده‌شێ‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌ شێوه‌ی یاداشتی رۆژانه‌ش بنووسرێته‌وه‌، یان ساڵه‌ و ساڵ بنووسرێت…

له‌ زمانی كوردیدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) له‌ سه‌ربرده‌وه‌ (السیره‌ الژاتیه‌) نزیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكیان دوور ده‌خاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یاده‌وه‌ری و به‌ تایبه‌تی یاداشتی كه‌سییدا گێڕه‌ڕه‌وه‌ فیكر و ده‌روونی خۆی به‌یان ده‌كات، هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و بیریش له‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ‌ له‌ داهاتوودا روو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵه‌كانی سوود وه‌ربگرێ‌. به‌ڵام له‌ سه‌ربرده‌دا سه‌رهات و هه‌سته‌كان و هیواكانی تێدا ده‌گێڕێته‌وه‌.*
یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كانی جۆره‌كانی ژیاننامه‌ به‌ گشتی به‌ بینراو و رووداو و كه‌سه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌، چۆن بیركردنه‌وه‌كان و هه‌سته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن! دووه‌م، فره‌ ره‌نگكردنی پانتاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و ئاستی مه‌عریفی گێڕه‌ڕه‌وه‌ و بایه‌خی گێڕانه‌وه‌ و ئه‌زموون… هه‌موو ئه‌وانه‌ جیاوازی تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن. سێیه‌مین جیاوازی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هێزی بیرهاتنه‌وه‌ و راستگۆیی و پاراستنی هاوسه‌نگی و راشكاوی له‌ كه‌شفكردن و چه‌پێنراوه‌ ده‌روونی و فیكرییه‌كاندا. چواره‌م جیاوازی به‌ ئاستی هونه‌رییه‌وه‌ به‌نده‌، په‌یوه‌ندی به‌ توانای گوزارشتكردن و شاره‌زایی (منی نووسه‌ر)ه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگا و ده‌سته‌واژه‌ و گونجاندن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هۆكار و ده‌رئه‌نجامدا… واته‌ بونیادنانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.

به‌ گشتی له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌دا هه‌میشه‌ درۆكردن و زیاده‌ڕۆی و له‌ ده‌ستدانی هاوسه‌نگی وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی (منی نووسه‌ر) ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ش زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان جه‌خت له‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش راستگۆییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و یاداشتی كه‌سی. ئایا گێڕه‌ڕه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی چه‌ند راستگۆییانه‌مان له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بۆ ده‌كێشێ‌؟ كاتێ‌ چه‌پێنراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانی خۆی كه‌شف ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ چیمان پێبڵێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌، ده‌بێ‌ بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی كلاسیك و رۆمانتیك و مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌دا به‌سه‌ر خود و (منی نووسه‌ر)دا هاتووه‌… له‌ قۆناغی كلاسیكدا منی نووسه‌ر منێكی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وه‌ك (باسكال) ده‌ڵێت منێكی به‌دبه‌خت بوو! به‌ڵام له‌ رۆمانتیكدا منێكی تاك و ته‌نیایه‌ (رۆسۆ له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌توانم بڵێم من به‌ هیچ كه‌س ناچم) تا ده‌گاته‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی من و خود، ئیتر گومانكردن له‌ خودی سێنترال (منی نووسه‌ر) هاته‌ ئاراوه‌… ئه‌ده‌بی ژیاننامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌را و منی نووسه‌ر له‌ مێژووی گێڕانه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ باره‌ی خودی سێنتراڵ و منی نووسه‌ر، كه‌ له‌ كلاسیك و رۆمانتیك له‌ ئارادا بوو، له‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و له‌ دوای هه‌ستكردن به‌ هیچگه‌رایی و پووچگه‌رایی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیزمه‌وه‌ (وه‌ك هابرماس بڕوای پێیه‌تی)* گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێنته‌راگه‌رایی به‌ره‌و په‌راوێزگه‌رایی و ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی نا… ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌ی سارته‌ر “من ئه‌وه‌م كه‌ من نیم، به‌ڵكو ئه‌ویدیكه‌م” كاریگه‌ری زۆری نواند*. (فوكۆ) منی ره‌تكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی به‌رهه‌م بهێنێ‌ ‌و له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ بیخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بری به‌ پیرۆزكردنی منی نووسه‌ر ده‌ق ببێته‌ موڵكی ئه‌ویدیكه‌، ئه‌ویدیكه‌ ده‌ق دابنێته‌وه‌، ئیتر لێره‌وه‌ من هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ ‌و له‌ شوێنی ئه‌و منه‌ سێنتراڵه‌ چه‌ندان (من) هاتنه‌ قسه‌كردن… (لاكان) له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆجیتۆی (دیكارت)یدا ده‌ڵێت “من له‌و شوێنه‌ نیم كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ شوێنێ‌ كه‌ نیم”… لێره‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی خود، ره‌تكردنه‌وه‌ی خودگه‌رایی، ره‌تكردنه‌وه‌ی منی نووسه‌ریش ده‌نوێنێ‌، به‌و مانایه‌ش منی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو ژیاننامه‌ له‌ پاڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌ (خه‌ون و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و خه‌یاڵ و مه‌نه‌لۆگ و ئاماژه‌كردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌) خۆی ورد كرده‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئیتر له‌ مۆدێرنیزمه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی، خودگه‌رایی فه‌رامۆش ده‌كات!
ده‌قگه‌رایی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ فیكری مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌ پێیوایه‌ خاوه‌ندارێتی له‌ رێگای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی كه‌ڵه‌گایی ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به‌ پێی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، زه‌روره‌تێكی ئاسمانی بوو، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان به‌ پیرۆزكرا، وه‌ك چۆن نووسه‌ر له‌ رێگای بوون به‌ خاوه‌نی ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، دواجار چه‌مكی خاوه‌نداریه‌تی بووه‌ ئایدۆلۆژیا ‌و یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كرد.

بیۆگرافیا
خاڵی یه‌كتربڕینی خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌* وه‌ك نموونه‌ی ده‌قگه‌رایی
“گۆته‌”ی فه‌یله‌سوف به‌ڕاستی به‌شێكی زۆر له‌ حیكمه‌تی نواند كاتێك بیۆگرافیای (Biography) خۆی به‌ ناونیشانی (شیعر و حه‌قیقه‌ت) ناونا، حیكمه‌ته‌كه‌ هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ به‌های ژیانی كه‌سێتییه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا و جۆره‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێكی بكه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵ و به‌شێكی به‌ڕاشكاوییه‌وه‌ به‌ندبێ‌.* لێره‌ له‌و نێوانه‌دا ناونیشانه‌كه‌ی “گۆته‌” حیكمه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێ‌. دكتۆر جۆنسن ده‌ڵێ‌: ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیۆگرافیا بنووسێته‌وه‌ خودی كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی، چونكه‌ هه‌موو مرۆڤێك بۆخۆی راستییه‌كانی ژیانی خۆی باشتر ده‌زانێ‌، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوێ‌ خستن و له‌بیركردنه‌ بێ‌ مه‌به‌سته‌كانیش… به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ویستی به‌ راشكاوی رووی ناوه‌وه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌، له‌ هه‌موو كه‌س زێتر پاڵنه‌ره‌كان و وڕوژێنه‌ره‌كان و شاراوه‌كان باشتر یاد ده‌كاته‌وه‌.*

خودگه‌رایی/ده‌قگه‌رایی
بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌ی ژیانێكی دیاریكراوه‌، مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی ماهیه‌ت و مانا و ئه‌و ئه‌رزشانه‌ پێشكێش ده‌كات، كه‌ ده‌قی پێ‌ دیاری ده‌كرێ‌. به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافیا پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفییه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی لێوردبوونه‌وه‌ی ژیانی كه‌سییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێ‌.
كه‌واته‌ بیۆگرافیا خۆ نووسینه‌وه‌یه‌، به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌، یان نووسینه‌وه‌ی كۆی چالاكییه‌كانی خودی كه‌سێكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌. بێگومان په‌سنی له‌و جۆره‌ش له‌ ئه‌ده‌ب نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی خود به‌ ته‌واوی خۆی په‌سن ناكات، یان ناگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و چالاكییه‌ و نه‌خشه‌ و نووسین و پانتاییه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه‌ ده‌شێ‌ به‌ ده‌قگه‌رایی ناو ببرێت. له‌كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێت خۆم به‌و تێزه‌ بسپێرم كه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌قگه‌راییه‌.
ده‌شێ‌ پرسیاری سه‌ره‌كی بیۆگرافیا له‌نێو ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌بێ‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیۆگرافیا به‌ ماڵێك بۆ حه‌سانه‌وه‌ دابنێین، به‌و مانایه‌ی كه‌ ماڵ دڵنیایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وه‌ بیۆگرافیا وه‌ك دركاندن و گێڕانه‌وه‌ی نێو ئه‌و ماڵه‌، تێگه‌یشتنمان رووبه‌ڕووی ماڵ دووچاری له‌ق بوون ده‌كات. كه‌واته‌ ته‌رجه‌مه‌كردنی بیۆگرافیا وه‌ك ده‌ق و به‌رجه‌سته‌كردنی وه‌ك فه‌زایه‌كی جیاواز، تێگه‌یشتنێكی ساخته‌كارانه‌مان له‌باره‌ی دڵنیاییه‌وه‌ بۆ ده‌نووسێته‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بێ‌ فه‌زایه‌، به‌ڵام (ده‌قگه‌رایی) بیۆگرافی تۆبۆسه‌.*
بیۆگرافیا نه‌ شوێنه‌ نه‌ بابه‌تێكه‌ بۆ توێژینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ خاڵی یه‌كتربڕینی هه‌ردووكیاندا دێته‌وه‌ یه‌ك. تۆبۆس فه‌زای گوتاره‌ به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ له‌ جوگرافیاوه‌ وه‌ری ده‌گرێت و له‌ ره‌وانبێژی به‌ده‌ستی ده‌هێنێ‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش پانتاییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته‌ شوێنی كاركردن، چونكه‌ فه‌زای گوتار له‌ هه‌مان كاتتدا فه‌زای دیاركردنی ده‌ق و كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ده‌قه‌كانی دیكه‌دا.*
كه‌واته‌ له‌لایه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بیۆگرافیا له‌ شوێن و ته‌ماشاكردنی فه‌زا وه‌ك جیاوازی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ سنووری بیۆگرافی ئه‌و شوێنه‌ گونجاوه‌یه‌ كه‌ دانه‌ر وه‌ك تاك تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من”ه‌وه‌ پراكتیزه‌ ده‌كات. گێڕانه‌وه‌ش له‌ رێگای قسه‌كه‌ر و دابڕانی “من”ی ده‌ق، له‌ “من”ی دانه‌ر ته‌عبیر له‌ راشكاوی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌ بیۆگرافیا وه‌ك شێوازی چالاكیه‌كی زه‌مه‌نی ده‌قێكه‌ به‌وه‌ په‌سن ده‌كرێ‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو شه‌پۆلی ژیانه‌وه‌. بێگومان گێڕه‌ڕه‌وه‌ ده‌توانێ‌ رووداوێك به‌ زانیاری پێشتر پڕ بكاته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك نه‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریكردن، یان نهێنییه‌ك، یان بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتن و ناسینی ده‌كرێ‌. نووسه‌ری بیۆگرافیا وه‌ك “مۆنتانی” و “رۆسۆ” ده‌ڵێن: هه‌موو شتێك ده‌ڵێ‌، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی رابردوو، داهاتوو بچنێ‌.* كه‌واته‌ بیۆگرافیا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت زه‌مانییه‌.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كات له‌ بیۆگرافیادا هه‌موو شتێ‌ نییه‌، وه‌ك چۆن شوێنگه‌راییه‌كی جیاواز داده‌مه‌زرێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: بیۆگرافیا له‌خاڵی لێكدابڕانی زه‌مانی رووت و مه‌كانی رووتدایه‌. زه‌مانی رووت ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ری بیۆگرافیایه‌، به‌ڵام مه‌كانی رووت وه‌سفكردنی كۆمه‌ڵێك فه‌زایه‌ كه‌ ژیان تیایاندا شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان وه‌رده‌گرێ‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی بیۆگرافیا جیا ده‌كاته‌وه‌ تێكه‌ڵكردنی زه‌مان و مه‌كانه‌.*

حه‌قیقه‌ت/خه‌یاڵ

راسته‌ گێڕانه‌وه‌ ئامرازێكه‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی وه‌سفكردن، گوتارێكه‌ پشت به‌ چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام سنووری گێڕانه‌وه‌ وه‌ك چۆن به‌سه‌ر په‌خشاندا كراوه‌یه‌، به‌سه‌ر شیعریشدا كراوه‌یه‌، كه‌واته‌ پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌موو كاره‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا هاوبه‌شه‌. بۆ نموونه‌ شیعر هه‌مووی وه‌سف نییه‌، هه‌تا له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ نابێ‌ پشتگوێی بخه‌ین و نكۆڵی لێبكه‌ین، په‌خشانیش هه‌مووی گێڕانه‌وه‌ نییه‌، هه‌تا پێچه‌وانه‌ی په‌سن بكه‌وێته‌وه‌. لێره‌وه‌ حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ، یان پرسی گه‌یاندن/جیبه‌جێكردن، بڕیاردان/ئاماژه‌كردن، شیكردنه‌وه‌/وێناكردن… هتد و كۆی پرسه‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر زانست بیه‌وێ‌ خه‌یاڵنه‌كردن بێ‌، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێوانه‌ بدات، پاراستنی شوێن بێ‌ له‌ پانتایی كه‌شفكردندا، ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ب وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: خۆی وه‌ك گوتارێك له‌ درۆ پێشكێش ده‌كات. یه‌كه‌میان مه‌عریفه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆخۆی ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام دووه‌میان مه‌عریفه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ كه‌ زمانی قسه‌كردنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. له‌ نێوان شیعر و گێڕانه‌وه‌، خه‌یاڵكردن و خه‌یاڵنه‌كردن بیۆگرافیا ده‌كه‌وێته‌ دوورترین هه‌وار… به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ سنووری خه‌یاڵنه‌كردندا خه‌یاڵ ده‌نێته‌وه‌، له‌ سنووری خه‌یاڵكردنیشدا بانگه‌شه‌ی ده‌قگه‌رایی بیۆگرافیای خه‌یاڵنه‌كراو ده‌كات. به‌مانایه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی بیۆگرافی به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ به‌نده‌ و ئه‌و راناوه‌ش ده‌چێته‌ نێو بیركردنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ش توانای خه‌یاڵكردن ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌شێ‌ بڵێین بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌یه‌كه‌ ناتوانرێت به‌دواداچوونی زانستی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆ نموونه‌ له‌ بیۆگرافیادا قسه‌كردن له‌باره‌ی سرووشت، جوگرافیا یان كشتوكاڵ…. ناتوانێ‌ توێژه‌رێكی كشتوكاڵی رازی بكات. به‌ڵام ده‌شێ‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر تێبگات له‌ شاره‌زاییه‌كان و قه‌ناعه‌ته‌كان و مه‌عریفه‌كانی…
گێڕانه‌وه‌ به‌ راناوی “من” راشكاوییه‌، له‌وێوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ وه‌ڵامی هه‌ندێ‌ پرس بداته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌زۆر كاتتدا گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت و بڕیاردان له‌خۆ ده‌گرێ‌، له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و گوتارێكی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌وه‌ زاڵبوونی “من” ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه‌ كاتێك ده‌قی بیۆگرافی ده‌خه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بینین نه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی خه‌یاڵكردن نه‌ به‌خه‌یاڵنه‌كردنه‌وه‌ ده‌لكێ‌، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات بڵێین ده‌قی بیۆگرافی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه‌… به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافی هه‌ر ته‌نها په‌سنی رابردوو و داهاتووی دوور ناكات، به‌ڵكو داهاتووی نزیكیش ده‌گرێته‌وه‌. كه‌واته‌ بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازه‌یه‌، واته‌ ده‌قێكه‌ به‌گشتی خوازه‌ پێكده‌هێنێ‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت بیۆگرافیا نموونه‌ی ژیانێكی دیاریكراو نییه‌، چونكه‌ كاتێك ده‌بێته‌ خوازه‌ بۆ ژیانێكی دیاریكراو ئه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو كۆپێیه‌كی دیكه‌ی ژیانی ناوبراو پێشكێش ده‌كات.

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ “

له‌ نێوان توانا و تێگه‌یشتن
له‌ “سفری ته‌كوین 3: 22” ده‌گوترێ‌: ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له‌ ئێمه‌ شه‌ڕ و خێر ناس ده‌كات. ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” ئاماژه‌یه‌ بۆ مه‌سیح و مه‌سیحییه‌كان ده‌ڵێن خوا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا مه‌لائیكه‌ته‌كان ده‌دوێنێ‌ و ده‌ڵێ‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ كتێبی خێر و شه‌ڕدا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه‌. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرنه‌ “فریدریك نیتشه‌” ده‌یه‌وێ‌ له‌ رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” تواناكانی خۆی نیشان بدات.
له‌ كۆی ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی كه‌سێكه‌، نووسراوه‌ته‌وه‌. یان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا ئه‌و نووسراوه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كه‌سێك ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌. به‌ڵام كتێبی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ چوارده‌ به‌ش پێكهاتووه‌ و له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من” له‌كۆی ئه‌و كتێبه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌شه‌كانی: بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ دانام، بۆچی هێنده‌ من زیره‌كم چ شتێك وام لێده‌كات كتێبی باش بنووسم… ته‌نها ده‌یه‌وێت ماهیه‌تی خۆی نیشان بدات، كه‌متر ئاماژه‌ به‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ به‌شی دووه‌م بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ زیره‌كم ده‌ڵێ‌: له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا كه‌ هێشتا حه‌وت ساڵان بووم تێگه‌یشتم كه‌ هیچ قسه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ نییه‌ بتوانێت بێته‌ ناوه‌وه‌م، باشه‌ كه‌سێك بینی من به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵك لوتفم هه‌یه‌، بگره‌ رێزی خه‌ڵكی زۆر ساده‌و ساكاریش ده‌گرم، ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك پێشاندانی گه‌وره‌یی و فیز نییه‌، كاتێك رقم له‌ كه‌سێك ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه‌ رقم لێیه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ من بێمه‌ شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خوێنیان بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه‌ بێزار و تووڕه‌ بن.* ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و به‌خۆداهه‌ڵدانه‌ ده‌چێته‌ میانی په‌سن و گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی زنجیره‌ئامێزی زه‌مه‌نی نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕوای خودی نیتشه‌یه‌ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و بڕوایه‌ش به‌تایبه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر “فاكنه‌ر”ی مۆسیقی زۆر كه‌سییه‌ و راسته‌وخۆ به‌ په‌یوه‌ندی نێوانیانه‌وه‌ به‌نده‌. نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا له‌ بری ژیانی تایبه‌تی جگه‌ له‌و به‌شانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناوم بردن له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریی خۆی به‌ هۆی ناوهێنانی كتێبه‌كانییه‌وه‌ به‌ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته‌ نیتشه‌ له‌ رێگای راناوی “من” ده‌ق ده‌خاته‌ روو، بۆیه‌ له‌و بیۆگرافیایه‌دا جگه‌ له‌ ده‌قی ژیانی نیتشه‌: باوكم له‌ ته‌مه‌نی (36) ساڵی كۆچی دوایی كرد…ل19. من ئه‌ڵمانییه‌كی دژ به‌ سیاسه‌تم……ل20. دایكم بێگومان یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی زۆر ئه‌ڵمانییه‌..ل21. من له‌ رێكه‌وتی (15)ی ئۆكتۆبه‌ری 1844 له‌ دایكبوومه‌… هیچ په‌سنێكی دیكه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت. كه‌چی (سارته‌ر) له‌ كتێبی (وشه‌كان) ورده‌كاری ژیانی دوانزه‌ ساڵه‌ی خۆی له‌ زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام نیتشه‌ زێتر ئاماژه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی دیكه‌ی خۆی ده‌كات و له‌و رێگایه‌وه‌ خۆشی له‌ شوێنگه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ نیتشه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك شوێنی پرسیار به‌رز بكاته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانی وا نیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نووسراوه‌یه‌ شوێنی ده‌قی بیۆگرافیا نییه‌.
به‌كورتی نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا روو له‌ رابردوو ده‌كات، وه‌ك چۆن په‌ی به‌ داهاتووش ده‌بات، له‌ هه‌ردوو باریشدا ژیانی ده‌قی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌قی سه‌ره‌كی له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ ده‌شێ‌ ئه‌و بیۆگرافیایه‌ وه‌ك ساته‌وه‌ختێك له‌ ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان رابردوو و داهاتوو. دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌و كتێبه‌ ده‌شێ‌ وه‌ك داڕژانی شیعریی و كۆمه‌ڵێك پڕشنگی ئیستێتیكی سه‌یری بكه‌ین، واته‌ به‌شێكی زۆری جوانی ئه‌و كتێبه‌ راسته‌وخۆ به‌ پڕشنگ و داڕژانه‌ نه‌ستییه‌كانی نیتشه‌وه‌ به‌نده‌، وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی به‌ كۆی ئه‌و دید و زانیاری و سه‌رنجانه‌وه‌ ده‌لكێ‌، كه‌ له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ روو. نابێ‌ له‌بیریشمان بچێ‌ كه‌ وه‌رگێڕی كوردی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل) به‌ زمانێكی نزیك له‌ ده‌قی نیتشه‌یی توانیویه‌تی ئه‌و داڕژان و پڕشنگانه‌ بۆ زمانی كوردی بگوازێته‌وه‌.

——————————————
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

1- هێلكاری گێڕانه‌وه‌ی خودگه‌رایی، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاك به‌ قه‌ڵه‌می خۆی، به‌ (ژیاننامه‌- السیره‌) ناو به‌رین و (سه‌ربرده‌- السیره‌ الژاتیه‌) به‌ ژیاننامه‌ گرێ‌ بده‌ین و (یاده‌وه‌ری- مژكرات) له‌ سه‌ربرده‌ نزیك بكه‌ینه‌وه‌ و (یاداشتی كه‌سی- مژكرات الشخصیه‌) بخه‌ینه‌ خانه‌كانی یاده‌وه‌ری و (یاداشتی رۆژانه‌- الیومیات) له‌ یاداشتی كه‌سی هه‌ڵگرینه‌وه‌.
2- وشه‌ی سه‌رهات مانای رووداو ده‌دات، وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ی 444 هه‌نبانه‌ بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار هاتووه‌.
3- د. لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقد الروایه‌، دار النهار للنشر، بیروت- لبنان، گ1 2002، ص 13-14.
4- هابرماس پێیوایه‌ پۆستمۆدێرنه‌ درێژكراوه‌ی مۆدێرنه‌یه‌.
5- فریدریك نیچه‌، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ، وه‌رگێڕانی: رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چ1، 2009.
6 – به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گران فیۆگرافیا و شیعر به‌شیاو نازانن، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی فیۆگرافی له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی تاك پشت به‌ حه‌قیقه‌ت و راستگۆیی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام شیعر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی درۆ نه‌بێ‌، ئه‌وه‌ پشت به‌ وێناكردن و خه‌یاڵ و زیاده‌رۆیی و راستگۆیی هونه‌ریی ده‌به‌ستێ‌. كه‌سانێكی دیكه‌ی سێیه‌م تێكه‌ڵكردنی ره‌گ و ریشه‌یی فیۆگرافیا و شیعر به‌ لایانه‌وه‌ ئاساییه‌.
7 – أوجه السیره‌، اندریه‌ موروا، ترجمه‌: ناجی الحدیپی، وزاره‌ الپقافه‌ و الاعلام_بغداد، گ1 1987، ص109.
8- تۆبۆس- Tobos: وشه‌یه‌كی گریكییه‌ به‌ مانای شوێن دێت، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌ب به‌ بابه‌ت، یان فیكره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌یر ده‌كرێت.
9- بڕوانه‌: ج.هیو. سلفرمان، نصیات، ترجمه‌، حسن ناڤم، علی حاكم صالح، المركز الپقافی العربی، دار البیچا‌و-المغرب، گ1 2002، ص141.
10- ه. س. پ. ل146_147.
11 – ه. س. پ. ل147.
12 – ئه‌وه‌یه‌ مرۆ، ه.س.پ. ل88.




جەمال خەزنەدارو خەرمانێکی تر … ئیسماعیل تەنیا

جەمال خەزنەدار، یەکێکە لەم کەسانەی کە بە عەشقەوە، خەریکی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. جاران، لە بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی بەغدا، وەک سکرتێری نووسین یان نووسەر، دەست بەکار بووە.ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ بێت و سەرنجی ڕاکێشابم؛ کاری ( کۆکردنەوە،دووبارە چاپکردنەوە، لێکۆڵینەوەو لەسەر نووسین،ساغکردنەوەو بەدواداچوون )ە لای ناوهاتی… لە هەمووشیان گرنگ و بەرچاوتر؛ کۆکردنەوەو پۆلین و ئەرشیف کردنی ئەو هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەن کە ناوبراو زێتر لە نیوەی تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.لەسایەی ئەم هەوڵانەشیدا، بۆتە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندو دەگمەن، کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، بەسامانێکی نەتەوەیی گران بەها، حسێبی بۆ دەکرێت. ئەوەندەی من لە نزیکەوە ناوبراو بناسم، لەپای ئەم تەمەنەیشییەوە، هێشتان بەگوڕترو عاشقانە تر، نموونەی گەنجێکی (٢٠-٢٥) ساڵی لە تێکۆشان و نەسرەوتندایە. خۆشەویستی بۆ ئەم کارەی، وایکردووە کە لەسەرف کردنی پارە نەسڵەمێتەوە…هەر لەبەر ئەم خۆشەویستییەشی، زۆر جاران کۆنە گۆڤارو ڕۆژنامان دووبارە کۆپی دەکاتەوە لەکاتێکدا لە ئەرشیفەکەی خۆیدا ژمارەی ئۆرگینالی هەیە. خانوویەکی گەورەی خۆی لەشاری هەولێر، لە قەبەر ئەرشیفخانەکەی کردووە، کە تاکە ژوورێکی بەتاڵی تێدا نابینیتەوە. ئەو لەبری بەکرێدان و خەمی گیرفان پڕکردن؛ لەخەمی دابینکردنی شوێنێکی شیاوو گونجاودا بووە بۆ پاراستنی دیکۆمێنتە کۆکراوەکانی. سەرەڕای خەریک بوون بە پرۆژە گەورەکەی؛(ئینیسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی)، کە تاوەکو ئێستاکە تەنها بەرگی یەکەم (پیتی ئەلف)ی لێ بڵاوکردۆتەوەو بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە، لەپاڵ ئەم کارە تاقەت پروکێنەشدا، ناوە ناوەش لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئەوروپا کۆڕ دەبەستێت، یان وتارو لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی،بڵاودەکاتەوە.
تازەترین کاری چاپکراوی ئەو،کتێبێکە بەناوی؛( لەبابەت مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە)یە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە سێزدە بابەت و لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوە، کە پێشتر بەشێکیانی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکاندا یان کۆڕو سیمینار،بڵاوکردۆتەوە،یان پێشکەشی کردوون. (٢٥٥) لاپەڕەی قەوارە گەورەیە. لەسەر حسێبی خۆی چاپی کردووە. لەم ڕۆژگارە کەسادو بێ هەڕمێنییەی بازاڕی (کتێب،گۆڤار،ڕۆژنامە)ی کوردیدا، ئەو هاتووە چەندین گۆڤارو ڕۆژنامە و تێمای ساغکردۆتەوە- هەڵبەت بێبەریش نین لە کەم و کورتی- و بە نەوەی تازە هەڵچووی دوای ڕاپەڕینی ئاشنا کردوون. ئەو پاش سەرئێشەو ماندوو بوون وهەڵگێرو وەرگێڕ کردنی ئەم کۆنە بڵاوکراوانە، مێژووی بەکارهێنانی وشەی گۆڤار(کۆوار)و ڕۆژنامەمان لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بۆ ساغ دەکاتەوە. بەهەناسەیەکی ساردەوە، دووبارە خەمەکانی ( حوسێن حوزنی موکریانی و ئیبراهیم ئەحمەد)مان بۆ دەگێڕێتەوە. لە خوێندنەوەو ورد بوونەوەی خەمەکانی ئەواندا دەگەینە ئەو قەناعەتە؛ کە تا ئێستاکەش بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کەسادەو ( کاڵا بەقەد باڵا)،نییە.
حوزنی، هەشتاو یەک ساڵ لەمەوبەر، لەسەروبەندی دەرکردنی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕووناکی) لە (٢٤/١٠/١٩٣٥)دا، باسی ئەو گیروگرفتانە دەکات کە ویستوویانە وەک ئاستەنگ بیخەنە پێش کاروانەکەی. هەر کەسێک ئەو چیرۆکە واقیعییەی حوزنی بخوێنیتەوە، لەوە تێدەگات کە جیلی یەکەمی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چ مشەقەتییەک کاروانەکەیان بەسەلامەتی بەڕێکردووە.
( ئیبراهیم ئەحمەد)یش لەسەربردەی دەرکردنی گۆڤاری (گەلاوێژ) لە کانوونی یەکەمی (١٩٣٩)دا، لە حوزنی باشتری نەهاتۆتە ڕێگا.ئەو دڕکانەی لەپێی حوزنی ڕاچوونە، بەپێی (ئیبراهیم ئەحمەد)یش چەقیون. هەقە نەوەی تازە، بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن، ئەم دوو سەربردە پڕ لە ناسۆرە بخوێننەوە، ئەوجا بە هزرێکی ساردەوە، لە چوارچێوەی زەمەنی خۆیاندا، لە باڵای بەرزی ئەم کۆڵەگانە ڕابمێنن و بە ویژدانەوە، هەڵیانسەنگێنن.
جەمال خەزنەدار، عەشق و خەمخۆری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بەهەند هەڵگرتنیانی،لەم کۆڵەگانەوە خواستووە.بۆیە؛ سەرەڕای گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەو ئەندامەکانی جەستە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی.
بابەتێکی تری نێو کتێبەکەی ناوبراو؛(ڕۆژنامەی ئازادی١٩٤٥-١٩٦٠ و گۆڤاری شەفەق ١٩٥٨-١٩٦٣ )یە. هەرچەندە تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، زۆر پسپۆڕی بواری لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وای بۆ دەچن کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ئازادی ( زوبانی حزبی شیوعی عێراق-لقی کورد)، لەساڵی (١٩٤٥)دا،دەرچووە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر تایتڵی ڕۆژنامەکەیان(ڕێگای کوردستان)دا دەنووسن؛ یەکەمین ژمارەی بە نێوی (ئازادی)یەوە لە نیسانی (١٩٤٤)دا، دەرچووە.
جەمال خەزنەدار،لەبەر بەردەست نەبوونی ئەو ژمارانەی کە ( گوایا لەساڵی ١٩٤٤)دا دەرچووینەو تا ئێستاکەش هەر گومانن، هاتووە بە دوو بەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارە(١)ی ئازادی بەنهێنی لەساڵی (١٩٤٥)دا، دەرچووە نەک لە ساڵی (١٩٤٤)دا.
لەم ڕانانە سەرپێیەدا، هەندێک سەرنج و پرسیارم لا دروست بوون، حەز دەکەم لێرەدا بیانخەمەڕوو؛-
(١) لەلاپەڕە (١٢٦)دا، باسی گۆڤاری (ڕووناکی) ساڵی (١٩٣٥)ی حوزنی موکریانی دەکات.دڵنیام نووسەر هەر یازدە ژمارەکەی- ئەگەر نەشی بێت – ئەوا،بینیویەتی.مادام بابەتەکەی ناوبراو لێکۆڵینەوەیە دەکرا زۆر فراوانتر لەسەر گۆڤارەکە بینووسیبایە.ناوەرۆکی بابەتەکانی دەستنیشان بکردایە،وەک؛ ڕووناکی زیاتر بایەخی بە بڵاوکردنەوەی چ بابەتێک داوە( شیعر، چیرۆک، بابەتی مێژوویی،هەواڵ، لێکۆڵینەوە،….)؟.لێکۆڵینەوەکە (٢٩) لاپەڕەی گرتۆتەوە،لەم (٢٩) لاپەڕەیە تەنها بە پێنج لاپەڕەو نیو تەواوی لایەنەکانی ڕووناکی خراوەتەڕوو، بیستو دوو لاپەڕەو نیوەکەی تر تەنها بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی سەربردەکەی ( حوزنی موکریانی)یە، کە باسی لەم گرفتانە کردووە،کە هاتوونەتە ڕێگای مۆڵەت وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی ڕووناکی. ئەم کورتە نووسینەی نووسەر کە بە باڵای (ڕووناکی)دا بڕیوە،دەکرا لە شوێنێکی وەک ڕابەر یان بیبلۆگرافیا،ئاماژەیان پێ بدات نەک لە لێکۆڵینەوەدا.
(٢) لە لاپەڕە (١٥٣)و بابەتی؛ گۆڤاری گەلاوێژ (١٩٣٩-١٩٤٩) ئاوێنەی پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی وسیاسی کوردستانی باشوورە!!. نووسەر دیسان بەهەمان شێوەی (ڕووناکی)، زۆر بەکورتی باسی (گەلاوێژ)ی کردووە.هەموومان دەزانین کە گەلاوێژ لەسەردەمی خۆیدا،چ ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تازەکردنەوەی زمانی کوردی و ڕێنووس و گرنگیدان بە چمکەکانی ئەدەب.دەکرا ناوبراو، زێترو گرانتر هەروەستەی لەسەر ئەم گۆڤارە بکردابووایە،هەر بەم کورتە زانیارییە بیبلۆگرافیا ئامێزە دڵی ئاوی نەخواردابووایەوە.دەکرا؛ ناوی ئەم نووسەرانەمان بۆ دەست نیشان بکات کە لە (گەلاوێژ)دا نووسیویانە،هەر هیچ نەبێت نووسەرە بەردەوامەکانی.دەکرا وەڵامێکی بۆ ئەم تەوەرانە پێبووایە؛-
– ڕۆڵی گەلاوێژ لەتازەکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی و بژارکردنی لە وشەی بێگانە.
– گەلاوێژو بەیەخدان بە چیرۆکی بێگانە.
– گەلاوێژو ڕەخنەی کوردی.
– ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژدا……تاد.
مادام بابەتەکەی نووسەر لێکۆڵینەوەیە،دەکرا سیماکانی لێکۆڵینەوەی تێدا بەدی بکرایە.ئەم بابەتەش (٢٨) لاپەڕەی کتێبەکەی دەقەبەر کراوە.گەر (٢٥) لاپەڕەی سەربردەی دەرکردنی گەلاوێژ لەلایەن (ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە لێدەربکەین،ئەوا تەنها سێ لاپەڕە دەمێنێتەوە،کە ناوبراو نووسیویەتی. زانیارییەکانی ئەم سێ لاپەڕەش زانیاری بیبلۆگرافیا ئامێزن نەک لێکۆڵینەوە.
(٣) لەبابەتی گۆڤاری (نیشتیمان)ی ساڵی (١٩٤٣-١٩٤٤)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردەمی کۆمار،لەدوا دێری لاپەڕە (١٨٨)دا، جەمال دەنووسێت؛(هەر لەم بارەیەوە غەنی بلووریان، بە پێچەوانەوە لە نامەیێک لە بەرواری ئاپریلی ساڵی ١٩٩٥دا بۆ عەلی عەسکەری دەنووسێ….). نازانین نووسەر زانیارییەکانی بەهەڵە گواستۆتەوە، یان (غەنی بلووریان)،هەڵەی کردووە؟! چونکە ئاشکراو ڕوونە کە لە ئاپریلی ساڵی (١٩٩٥)دا،عەلی عەسکەری لە ژیاندا نەماوە،بگرە (١٧) ساڵیش بەسەر شەهید بوونیدا تێپەڕیوە.
(٤) لە لاپەڕە (٢٥٠)و بابەتی؛ ( گۆڤاری ڕۆژ،مەهاباد،١٩٦٦،گۆڤارێکی بێدەنگ لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا). جەمال تەنها بە سێ لاپەڕە باسی ئەم گۆڤارە بێدەنگەی کردووە.لەم سێ لاپەڕەشدا،شتێکی ئەوتۆی لەسەر (ڕۆژ) نەنووسیوە.مادام ئەم گۆڤارە بێدەنگەو کەس لەسەری نەنووسیوە،ئەمیش ژمارە دووی ئۆرگیناڵی لەبەردەستدا بووە،دەکرا هەر هیچ نەبوایە،باسی بابەتەکان، ئاڕاستەی سیاسی گۆڤارەکەی، ڕوون بکرادابوایە.
لەم ڕانان و نمایشکردن و خستنەڕووی ئەم سەرنجانەوە،لە دوا جاردا- کە هیوادارم دواجار نەبێت-، دەستخۆشی لە خاوەنی پرۆژەی ( ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی) دەکەم،لەگەڵ هیوا خواستن بۆ تەندروستییەکی بەردەوام وتەمەن درێژی. روی ئەوەشی لێدەنێم کە پەلەش بکات لە نووسینەوەی یاداشتەکانی،چونکە بە گوێرەی ئەم یادەوەریانەی کە من ڕۆژانە لێی دەبیستم،دڵنیام خرار(خەروار)ێکی مشت لە ڕووداو و بیرەوەری گران بەهای لە زەین تۆمارکراوی لایە، کە پێم وایە حەیف و مخابنە هەر لای خۆی بیانهێڵێتەوەو نەیانخاتەڕوو.

هانۆڤەر




قەلە ڕەش … پشکۆ ناکام

…….چارلی چاپلن/ی مەزن ئەڵێت : دوژمنی گەورەی من ‘ کات ‘ ە ، خواست و بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ ئینسانیەت ، نازانم کات ڕێگە بە هێنانە دی چەنیان ئەیات ..
ئەمە ووتەی کەسێکی خەمخۆری خەڵکی غەیری خۆیەتی،ئەو لە خەم و هەست کردن بە ئازارەکانی کەسانی ترەوە ئەو پەندەی ووتوە، کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی هرڵوێست و بۆچونی دەسەڵاتدارانی ڕژێمەکەی هەرێمی کوردستانە، فەرمانڕەوا تێر و تەسەلەکانی بنەماڵە و حاشیە و کەس و لایەنە پاشکۆکانی لەو هەموو قەیران و تەنگ و چەڵەمانەی هەرێمی تیا غەرق بوە، مێش میوانیان نیە و لەسەر ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامن وەک ئەوەی هیچ لە ئارایا نەبێ ، کاتێک گرفت و خەلەل چواردەوری کەسێک ئەگرن ،مێشک بەو گرفتانەوە مەشغوڵ ئەبێ و ڕێ بە بیرکردنەوەی لاوەکی نایات و تەرکیزی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرەکان و دوانی تر ئەبێت ، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانە، کەسێک لە بای باڵی خۆی نەکەوێ و هەر خەریکی بەزم و هیوایەتەکانی خۆی بێت، دیارە ئەو کەسە ناکەسە نەخۆشە و لە شوێنی شایستەی خۆی نیە و هەرچی سیفاتی هاووڵاتی و ئینسانیەت بوونە لە مەزەبیا نیە ، ئەگەر بێ ئیشی نەبێت چۆن لەو بارە ناهەموارەی هەرێمی تیایە سەرؤکی بەناو حکوەمەتی هەرێم مەشغوڵی دەعوەت کردنی ( پاڵەوانێکی فلیمی سێکسی ئەمریکی ) ئەبێ و لەسەر حسابی ئەو بودجەیەی قوڕی کردوە بەسەری ئەو عالەمەیا بە تەیارەی تایبەتی شەوێک یەت و ‘ضیف شرف ‘ ی هەولێر ئەبێت !!(لەوانەیشە ئەو دەعوەتە پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتە کووردییەکەوە هەبێت – بەشی سینەمای بێ جلەکان..)
ئەمە مانای ئەوەیە ئەو کەسە یەک سانیەش لە فکری خەڵک و قەیرانەکانی خەڵکا نیە و هێندە بێ ئیشە کاتی خۆی بە دەعوەت کردنی خەڵکی بەزەوق و سەفا لە ئەمریکاوە بەسەر ئەبات ! جا ئیتر کۆمەڵانی خەڵکیش چی بەسەر یەت جار بە جەهەنەم … بەسەر بردنی کات بەو جۆرە و لەم وەزعەیا خیانەت و تاوانە لە بێ خەمی بێ بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە میللەت لە کاتی پێویست تەنگانەیا، ،،،،،
بە ناشکوریش نەبێت ، حیزبەکانیش هەر خەریکی تاوتوێ کردنی ! وەزعەکەن و دوان لێرە و دوانی تر لەولا لەبەردەم مایکەکاناچەن ساڵێکە بەدوای چارەسەرا ئەگەڕێن ،تەنانەت هەیە لە تارانەوە دەماری ملی ئەئاوسێ و داوای چارەسەری ‘ ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە ‘ ئەکات..لەولاشەوە فەرمانڕەوا بێ ئیشەکانی ڕژێمەکەی هەولێر تەراتێن ئەکەن و خەریکی کات بەڕێ کردنن بەو جۆرەی خۆیان ئەیانەوێت نەک بەر پرسیارێتێکەیان چی فەرز ئەکات بە سەریانا، ئاخر بێ ئیشی نەبێت سەرۆکی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم کەی ئیشی ئەوەیە ڕایگەیەنێت ‘ بغدادی’ لە موسڵە یان نا ، ئەوە ئیشی کاربەدەستێکی ئیستخباراتی سەر بە هێزی چەکدارە، بەڵام ئەو داماوەش چی بکات ، ماوەیەکە بێ ئیشە تا سەر لە نوێ سەرۆکەکەی (وەک حەمەی بەرید )ئەینێرێتەوە لای حیزبەکان هەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ! لەو هەموو قەیران و نەبونی و بێ داراییەوە حاشیەکانی بنەماڵە خەریکی میهرەجانی شاجوانی قەیرانەکانی کوردستانن، کە هەقە ناویان بنایە’ چارەکە جوانی هەرێم’ سەبارەت بە سیستەمی چارەکە موچەی فەرمانبەران ، …….
هەر کەسێک لە بیرکردنەوەی میللەتا بوو، دەستەویەخە لە شەڕایە لەگەڵ کات و چاوی لەوەیە چەن بەزوویی بیرکردنەوەی ئەبێتە بەرهەم و کاری ئەو خەڵکەی پێ مەیسەر بکات، بەڵام کەسی دز و جەردە چاوی هەر لە قاسە و دەستی لەسەر گیرفانێتی لای ئەو دەقیقە د ۆلار و سەعاتیش قاسەیە ….
ڕەفتار و بیرکردنەوەی فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی ڕژێمەکەی بنەماڵە وەک ئەو پەندە عەرەبیەیە کە ئەڵێت :
و اذا کان دلیل القوم غراب…
واتا : کە قەلەڕەش ڕێ نیشاندەری خەڵك بوو …………….هتد….




گورگەبۆر … فەرەیدوون سامان

سەرمەستن بە بۆنی خوێن
بەھەڵدانەوەی قەتما‌غەی برینەکانی مێژوو
برسی بە گۆشت وئێسک و پروسکی کۆرپەی ناو نوێن
ھاتن دیسان گورگەبۆر
کەڵبەی ژەھراوی بخەنە سەر دڵی سمۆرە ی دیل و
چناری زیندانیکراوی ئەم نیشتمانە…
شەوی گورگانە و
تینوو بەخوێنی رژاوی شەھیدێک
کە لەبەرتریفەی مانگەشەوێک بەجێماوە
لەبەر پەنجەرەی کام سەدەی تاوان
سەدەی نکۆڵی و سەربڕین ھاتوون
لەکام زۆنگاوی دڕندەیی ھەڵتۆقیون
بە زمانی نێزە و شمشێر
بە شێرپەنجەی تەور
بە دینامییتی درۆ و ریاکاری
چامەکەی نالی ، خانی و عوریان
دەخەنە نێو مەنجەنیقی تاوانەکانتان…
سەرمەستن بە بۆنی خوێن
تا لەمانگەشەوی پڕ لەتریفەوە
دەنگێک ھەبێ
لە پێدەشتی گەرمیانەوە
لەسەر ترۆپکی قەندیلەوە
زایەڵەی نەڕەیەک دێ…
ئێمەین پڵەنگی مەرگ بەزێن
ھەورە بارانین تەرمی شەھید دەشۆینەوە
لە سەر گۆنای نەخۆشی مافەکانی مرۆڤ
جێی چڕنووکی گورگەبۆری بیابان سارێژ دەکەین
بەرماڵەکەی خەلیفە دەنێرینەوە
بۆ شوێن پێی پۆستاڵی بکوژان،
کە دەنگی تۆ درەوشانەوەی نیگایەکە
بە ڕۆحی زامداری ئاسمان
ئێی ھەورەکان …ھەورە سەرکەشەکان
تۆ بۆچی ئاسمانی نیشتمانی ئێمەت لەبیر کردو‌وە
ڕوخساری زێڕینی مانگی پڕی ئێمەت داگیرکردووە
گیانی وەبەردبووی خەو ڕاچڵەکێنە
کە بە بیابانە قات و قڕەکاندا
سەر ھەڵدەبڕێ
چۆن شەھید لەسەر بست بە بستی ئەم خاکە راکشاوە…
خۆر لەقەندیلی سەرکەشەوە چاو بۆ ئازادیت دادەگرێ

هەولێر،باشووری کوردستان
۲۵.۱٠.۲٠۱٦




گرنگییەکانی ئازادی لە پەروەردەکردنی منداڵان… رەزا شوان

ئازادی تەنها وتنی وشەیەکی سەرزارەکی و راگوزاری نییە، ئازادی ئەو هەوا پاک و بێگەردەیە کە
هەڵیدەمژین.. ئازادی ئەو هەست و نەستە جوان و پیرۆزەیە، کە هەمیشە لە هۆش و لە ناخی دڵ و
دەروونماندایە.. ئازادی بناغەی ژیانە و، مافێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە مافەکانی هەموو کەسێک، لەگەڵیدا لەدایک دەبێ و لەگەڵیدا دەژی.. ئازادی شیرینترین و پێویسترین شتە لە ژیاندا.. ژیان بەبێ
ئازادی زیندانێکی تاریک و تەنگە و، هیچ واتایەکی نییە.. چونکە ژیان و ئازادی یەکن، دوو گیانن لە یەک جەستەدا.. ژیان بەبێ ئازادی لەشێکە بەبێ گیان.
(جان جاک رۆسۆ) دەڵێ: “وازهێنان لە ئازادی.. وازهێنانە لە ژیان..” ئازادی مافێکی سروشتی مرۆڤە.. کەس بۆی نییە ئازادی لە کەسێکی تر زەوت بکات.. ئەگەر بە دروستی ئەم مافەی خۆی بەکاربهێنێت و، دژی ئازادی و مافەکانی هیچ کەسێکی تر نەبێت.
(میخایل نەعیمە) دەڵێ: “ئـازادی بەنرخترین شتە.. بۆیە نرخی گـرانە”
(نووسەرێکی رۆژئاوایی) ش دەڵێ: “گەر تۆ هەموو شتەکانت لەدەست بدەیت، تەنها ئازادی نەبێت، تۆ هێشتا دەوڵەمەندیت”
(ئەبراهام لینکۆڵن) یش دەڵێ: “کەس حەزی بە پێوەن نییە، گەر لە زێڕیش بێت”
ئازادی چەکێکی دوو دەمە، ئازادی پێویستییەکی بەسوودە، ئەگەر بێت بە راستی و بە دروستی بەکاری بهێنن.. بەڵام ئەگەر بە هەڵە لە چەمکی ئازادی تێبگەین و، بە خراپی بەکاری بهێنین..
زیان بە خۆمان و بە کاسانی دەوروبەرمان دەگەیەنین.. بۆ نموونە: تۆ ئازادی کە لە ماڵەکەی خۆتاندا تەلەفزیۆنەکەتان هەڵبکەیت دەنگی بدەیتێ و گوێی لێبگری.. بەڵام ئازاد نیت، کە دەنگی تەلەفزیۆنەکەت زیاد لە پێویست بەرزبکەیت و هاوسێکانت بێزاربکەیت و پێشێلی ئازادییان بکەیت.
بێگومان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، ئازادییەکی رەها نییە.. لە هەموو وڵاتێکدا ئازادی سنووردار و
کۆنترۆڵکراوە، بە پێی دەستوور و یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتە و، بە پێی پرانسیپەکانی ئازادی.. چونکە ئازادی بەرەڵایی و ئاژاوەگێڕی و بێسەرەوبەرەیی و پێشێلکردن نییە.. ئازادی بەرپرسێتییە.. بەبێ بەرپرسێتیش ئازادی بوونی نییە.. تۆ تا ئەو کاتە ئازادی کە پێشێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکەیت.. کەواتە مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە ئازادی خۆی و کەسانی تریش دەگرێت.. ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و، لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، لە رەوشتە جوانەکان و، لە بەها بەرز و پیرۆزەکان دەگرێت.
ئازادی هۆکارێکی گرنگ و رێگایەکە، بۆ بەستنی پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی تردا.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە گرنگییەکان و کارتێکردن و کاردانەوەی ئازادییە لە پەروەردەکردن و، لە بنیاتنانی کەسێتی و لە رەفتارەکانی مندڵان دا.
شارەزایانی بواری پەروەردە و دەرووناسی و گەشەکردنی منداڵان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی ئازادی دەربڕینی منداڵان دەکەنەوە.. چونکە ئازادی پێویستییەکی زۆر گرنگە و، رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەری هەیە لە گەشەکردنی هۆش و زەین و زیرەکی و توانا و داهێنان و بەهرەکانی منداڵان.
پێویستە منداڵەکانتان سەرکوت و پەراوێز نەکەن و، بەری ئازادییان لێمەگرن، با بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن و.. ئەوەی لە دڵیاندایە دەریبڕن.. با بە کامی دڵیان یاری بکەن و راکەنن و پێکەنن، با ئازادبن لە هەڵبژاردن دا، بە ئارەزووی دڵی خۆیان رەنگەکانی جلوبەرگەکانیان هەڵبژێرن.. با لە گفوگۆ و بڕیارەکانی خێزانیتان بە تایبەتیش لەوانەی کە پەیوەندییان بە خودی منداڵان هەیە، را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان فەرامۆش مەکەن، بەڵکو هانیان بدەن کە را و هەڵوێستیان هەبێت.. هەموو شتێکیشیان لێمەکەن بە بڤەیە، با خۆیان شتەکان تاقیبکەنەوە.. تێکیان بدەن و، پێکوەیان بنێنەوە، گەر هەڵەشیان کرد، لۆمە و سەرکوێریان مەکەن، تا هەڵە نەکەن راستیش فێرنابن، لە هەڵەکانیان و لە سەرنەکەوتنەکانیان وانە و پەند وەردەگرن.. ئئێمە و ئێوەش، ئەگەر قۆناخەکانی منداڵیمان بە بیری خۆمان بهێنینەوە، رەنگە بە دەیان هەڵەی بێمەبەستمان کردووبێت بە دەیان شتمان شکاندووبێت و بە دەیانیش شتمان لێکهەڵوەشاندووبێتەوە.
منداڵ مرۆڤێکە و مافی ئازادی هەیە.. ئازادیش پێویستییەکی گرنگی پەروەردەی ئەم سەردەمەیە.. سەردەمی لێدان و چاوسوورکردنەوە و شەقزالە و گوێڕاکێشان و فەلاقەکردن و دەمگرتنی منداڵان بەسەرچوو.. بۆ ئەوەی منداڵان بە دەروون دروستی و تەندورستی پێبگەیەنین و بە شادی و خۆشی مەست و خەنیان بکەین، پێویستە بەپێی قۆناخەکانی تەمەنی منداڵییان ئازادییان هەبێت.. ئازادیشیان بە رێنمایی جوان و بە چاودێری شوورەبدرێت.. چونکە هێشتا پێویستییان بە ڕێنمایی و بە چاودێری و بە ئاراستەکردنی دروست هەیە.. هێشتا پێویستییان بە یارمەتیدانی خێزان و قوتابخانە هەیە.
راستر ئەوەیە کە منداڵەکانتان لە نێوان خۆشەویستی و کارڕاستیدابن، نەک کارڕاستی و توندوتیژی.
گرنگییەکانی ئازادی دەربڕین بۆ منداڵان:
١ـ منداڵی ئازاد، کەسێتییەکی سەربەست و ئاسایی و رەفتاردروست و بەهێزی لێدێتە کایەوە، دوور لە شەڕخوازی و توندوتیژی دەبێت، ژیر و ئازا دەبێت، گەشبین و رووخۆش و گوفت شیرین دەبێت، رێز لە خۆی و لە کەسانی تر دەگرێت، هەست بە خۆشی و شادی دەکات، هەست بە گرنگی بەهاکانی ژیان دەکات.. بە شێوەیەکی راستیش لە چەمکی ئازادی دەگات.. چاکخوازیش لە ناخیدا دەڕویت.
٢ـ ئازادی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکات، گەشەش بە زیرەکی منداڵ دەکات، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێشکەوتن و باڵابوونی لە خوێندن و بەدەستهێناندا.. بوراێکی زیاتریشی بۆ دەڕەخسێنێت بۆ حەزی دۆزینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنان و گەشەکردنی ئارەزووەکانی و دەرخستنی تواناکانی.
٣ـ ئەو منداڵەی ئازادییەکی زیاتری هەبیت، بڕوایەکی زیاتری بە کەسێتی خۆی و بە تواناکانی دەبێت.. بڕوابەخۆبوونیش، هاندەر و پاڵنەرە بۆ کۆشش و خۆراهێنان و تاقیکردنەوە و داهێنان و بەرهەمهێنان.. بەمەش کۆمەڵگا خێراتر پێشدەکەوێت و، داهاتووشی گەشتر و خۆشتر دەبێت.
٤ـ لە بواری رەوشتیشدا، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە منداڵی ئازاد لە قوتابخانەدا، لە سایەی توانا و بڕوابەخۆبوونی، بە شێوەیەکی راست و دروست رەفتار لەگەڵ هاوڕێکانی و مامۆستاکانی دەکات.. وەکو چۆن بەرژەوەندی خۆی دەوێت، ئاوهاش بەرژەوەندی هاوڕێکانی دەوێت.. رێز لە ئازادی هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە یاساکانی قوتابخانە دەگرێت.
٥ـ پرانسیپەکانی ئازادی زامنی ئەوەن، کە منداڵی ئازاد هەست بە بەرپرسێتی بکات، لەوەش دەگات کە ئازادی بەبی بەرپرسێتی بوونی نییە.. بەزاندنی سنووری ئازادیش.. دژی پرانسیپەکانی ئازادییە.
٦ـ ئازادی، ئازایی و بوێرییەکی زیاتر بە منداڵ دەبەخشێت.. هاندەرە و پاڵنەریشە، بۆ ئەنجامدانی کاری سەرکێشی.. بۆ پەند و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی و لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنەکانی.. ئەو هەستەشی پێدەبەخشێت، کە لە داهاتوودا زیاتر خۆڕاگربێت و بتوانێت بەرگەی گرفت و شکستییەکان بگرێت و کۆڵ نەدات.. زیاتریش درێژە بە کۆشش و هەوڵدان و پێشکەوتنەکانی بدات.
گرفتەکانی نەبوونی ئازادی دەربڕینی منداڵان:
گەر بێتو بەر لە ئازادی ماف دەربڕینی منداڵ بکەین و، لە سەربەستی بێبەشی بکەین و، دەمی پێدابخەین و، نەتوانێت گوزارشت بکات و رای خۆی دەربڕێت و رەخنە نەگرێت، وەکو ئامێرێکی لێدێت کە فەرمان و داواکان جێبەجێ دەکات و، دەبێتە پاشکۆی گەورەکان و لە ناو جغزێکدا خۆی بەدی دەکات.. بێگومان زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ، دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدا نی گەلی گرفتی جەستەیی و دەروونی لە منداڵدا، گەلێ کاردانەوەی نەرێنیشی لێدەکەوێتەوە.. بە کورتی باس لە چەند گرفتێکی نەبوونی ئازادی منداڵ دەکەین:
١ـ رێگرتن لە ئازادی منداڵ، ئاسەوارێکی نەرێنی زۆری لێدەکەوێتەوە، دووچاری کێشە دەروونی و رەوشتییەکانی دەکات، وەکو: خۆبەکەمزانین، دوژمنخوازی، دزی، گۆشەگیری، شڵەژان، خەمۆکی، دڵڕاوکێ، بڕوابەخۆنەبوون، بێ هیوایی، رقئەستووری…هتد. پێویستە پێش ئەوەی کە کەسێتی منداڵ تێکبچێت و بڕووخێت و، دووچاری چەندین نەخۆشی دەروونی بێت، چارەسەری گرفتەکانی بکرێن.
٢ـ زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ و پەراوێزکردنی، وای لێدەکەن کە خۆی بە کەسێکی بێ دەسەڵات و بێتوانا بزانێت، واش هەست دەکات خۆشەویست نییە ،و رێزی لێناگرن و بە هەندی نازانن.. ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی کە ئاستی بە دەستهێنانی لە خوێندندا لاوازبێت.. لە ژیانیشیدا سەرکەوتوو نەبێت.
٣ـ خەفەکردنی ئازادی منداڵ وای لێدەکات کە هەست بە جوانییەکان و بە خۆشییەکانی ژیان نەکات و، بە رەشبینییەوە لە ژیان بڕوانێت.. ئەمەش لە ئەنجامەی لۆمەکردنێکی زۆر و، سەرکوتکردن و سەرکوێرکردنی لە لایەن خێزانەکەیەوە، لەسەر ئەو هەڵە بێمەبەستانەی کە دەیکات.. بڕواشی بە تواناکانی خۆی نامێنێت و پشت بە کەسانی تر دەبەستێت و، غیرەتی بڕیاردانیشی لە ژیانیدا نابێت.
٤ـ پەروەردەی سەپێنراو، کە بوارێک بۆ ئازادی بۆ منداڵ ناهێلێتەوە، وا لە منداڵ دەکات کە ببێت بە ئامێرێکی گوێدێر و جێبەجێکەر، گفتوگۆ هیچ رۆڵێکی نییە، گوێش لە را و بۆچوونەکانی ناگرن.
٥ـ زەوتکردنی ئازادی و سەربەستی لە منداڵ و، پەروەردەکردنێکی نادروست و سەقەت لە لایەن خێزانی نابەڵەدەوە.. هۆکارێکە بۆ لاوازی هاوبەستەبوونی منداڵ بۆ خێزانەکەی، چونکە وا هەست دەکات کە خۆشیان ناوێت و رقیان لێیەتی.. هەر وەکو ئەوەی کە ئەندامێکی خێزانەکەی نەبێت و، کەسێکی نامۆبێت لە ناویاندا.. بواری ئەوەشی نادەنی کە بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە را و لە هەڵوێست و لە بۆچوونەکانی بکات.. هەستکردنی منداڵیش بەم پشتگوێخستنە، گەلێ کێشە و رەفتاری خراپ و نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وەکو: شەڕخـوازی، ملهـوڕی، گۆشەگـیری، یاخیبوون، گـرژ و مۆنی، رقایەتی، قسەهەڵبزکان، جوین دان، نەبەستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، لاوازی پەیوەندی هاوڕێتی، تێکەڵاونەبوون، شکستهێنان لە خوێندندا.
بێگومان خێزان ناوەندێکی گرنگی پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵە.. بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش
لە ناو هەندێ خێزانیدا، پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ، پەیوەندیەکی میلیتارییە، پەیوەندی
(سەرکـردە و سەربـازە) واتە پێویستە منداڵ تەنها گوێدێربێت و، فەرمانەکانی خێزانەکەی ( باوک و دایک)ی جێبەجێ بکات.. چاوەڕوانی چی لە منداڵێکی وا بکەین کە لە خێزانێکی وادا پەروەرببێت؟
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین، کە تا ئەمڕۆش لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمدا،
پرۆگرامەکانی خوێندن و شێواز و ڕێبازەکانی وانە وتنەوەی ماوستاکانمان، کۆن و کلاسیکین و، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان لێبەدی ناکەین.. تا ئەمڕۆش ماموستای وانەبێژ، تەوەری سەرەکی وانەیە و، زۆرترین کاتی وانەکە ئەو لەپۆلدا قسەدەکات.. بواری پێویست بە منداڵان نادەن، کە بە راشکاوی و بە ئازادی رای خۆیان دەربڕن.. ئەمەش بە پێچەوانەی پەروەردەی نوێ و، شێوازی و رێبازەکانی تازەی وانە وتنەوەیە.. کە منداڵان (قوتابیان) تەوەری سەرەکی وانەن لە پۆلدا، بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گفتوگۆ دەکەن و، دەپرسن و، رەخنەدەگرن و .. گوزارشت لە رای خۆیان دەکەن.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٦




ئه‌ڵمانیا و توركیا پێكه‌وه‌ زیندانی چه‌پ و دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاند هه‌واڵی ده‌عوه‌تكردنی جێگری سه‌فیری توركیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بڵاوكردووه‌. له‌به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ناوبراو هاتووه‌: (شتاینمایه‌ر پێی وایه‌ ئه‌و ده‌ستگیركردنانه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌رله‌نوی بارودۆخه‌كه‌ قه‌یراناوی بكاته‌وه‌ له‌ توركیا و هاوكات دووپاتی كردووه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ مافی خۆیه‌تی به‌شێوه‌ی یاسایی رووبه‌ڕووی هه‌ر كارێكی تیرۆرییستی و لێكه‌وته‌كانی كوده‌تا خوێناوی سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ ببێته‌وه‌. هه‌روا داوای روونكردنه‌وه‌ی كردووه‌ له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كان.)
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ 3/11/2016، له‌م مانگه‌ ده‌یان چالاكوانی سیاسی كوردستانی به‌ تومه‌تی تیرۆر(مادده‌ی 129) دادگایی ده‌كرێن. له‌ بانگه‌وازه‌كه‌یان هاتووه‌:
(كوردستان بانگەوازی هەموو هێزە دیموكراسییەكان دەكات بۆ هاوپشتی لەگەل زیندانییە سیاسییەكان لە ئەڵمانیا
لەم كاتە چەندین سیاسەتمەداری كورد لە زیندانەكانی ئەڵمانیان. هه موومان دەزانین كە هەموو ئەو دادگاییكردنانە نایاسایین. بۆ ئەوەی هاوپشتیمان لەگەل چالاكوانە كوردەكان پیشان بدەین كە بەتۆمەتی تیرۆر، پەرەگراف129دادگایی دەكرێن، داوادەكەین لەكاتی دادگاییكردنیان لە مانگی 11، لەبەردەم دادگاكان ناڕەزایەتی دەرببڕن.)
له‌ بانگه‌وازه‌كه‌یاندا ناوی زیندانییه‌كنا و شوێن و كاتی دادگاییكردنه‌كانی دیاری كردووه‌: شوێن و كاتی دادگاییكردنەكان:Ahmet Ç E L I K, OLG Düsseldorf
alle Verhandlungen in Düsseldorf-Hamm, Kapellweg 36
Freitag, 4. November, 13.oo Uhr
Dienstag, 8. November, 9.30 Uhr (Fortsetzung seiner Prozesserklärung vom 4. 10.)
Mittwoch, 16. November, 9.30 Uhr
Dienstag, 22. November, 9.30 Uhr
Dienstag, 29. November, 9.30 Uh
Ali Hıdır D O Ǧ A N, Kammergericht Berlin-Moabit
Eingang Wilsnacker Str. 4, Saal B129
alle Termine 9.00 Uhr
Freitag, 4. November
Freitag, 11. November
Freitag, 18. November
Dienstag, 22. November
Freitag, 25. November und
Dienstag, 29. November
Hasan D U T A R, Hanseatisches OLG Hamburg, Sievekingplatz 3 , Saal 288
Alle Termine 9.00 Uhr
Mittwoch, 2. November
Freitag, 4. November
Dienstag, 8. November
Freitag, 11. November
Mittwoch, 16. November
Freitag, 18. November
Muhlis K A Y A , 6 Strafsenat des Oberlandesgerichts Stuttgart, Olgastr. 2, Saal 4
E r ö f f n u n g des Hauptverfahrens:
Dienstag, 22. November 2016, 9.15
Donnerstag, 24. November, 9.15 Uhr
Dienstag, 29. November, 9.15 Uhr
به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ڵمانیا بۆ پشتیوانی له‌ حكومه‌تی(AKP) به‌ زیندان و تۆقاندن و پشكنینی بنكه‌ و سه‌نته‌ره‌ سه‌ندیكا و كلتوورییه‌كانی چالاكوان و هێزی چه‌پ و شوعییه‌كانی توركیا له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامده‌دات. بۆ نموونه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ سیاسه‌تی تۆقاندنی كۆنفدراسیونی كرێكارانی توركیا له‌ ئۆروپا(ATIF)جێبه‌جێ ده‌كات و هه‌ر یه‌ك له‌(Müslüm Elma, Erhan Aktürk, Haydar Bern, Musa Demir, Deniz Pektaş, S. Ali Uğur, Sami Solmaz, Mehmet Yeşilçalı, Dr. Sinan Aydın, Dr. D. Banu Büyükavc) به‌ تۆمه‌تی تیرۆریزم زیندانی كردووه‌.
لێدوانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و هاوكاری و پێكه‌وه‌كاركردنی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ل توركیا به‌ چه‌كفرۆشتن و بێده‌نگی له‌ ئاستی تۆقاندنی سه‌ندیكایی، رۆژنامه‌نووس، سیاسه‌تمه‌داری پارتی گه‌لانی دیموكرات و هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ، رووی تری سیاسه‌تی ئیمپریالیستی ئه‌ڵمانیا دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان و رۆژهه‌لاتی ناوین ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌راستی خه‌می پرۆسه‌ی دیموكراسی، ئاشتی و ئازادی و مافی گه‌لی كوردستانی هه‌یه‌، ئه‌وا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ و ده‌بێ ئه‌م ئه‌ركانه‌ جێبه‌جێ بكات:
1- زیندانیە سیاسییە كورد و چه‌په‌كان لە زیندانەكانی دەستبەجێ ئازاد بكات و هێرش و توقاندن دژیان رابگرێت.
2- بڕیاری بە تیرۆر ناساندنی پ.ك.ك هەڵوەشێنێتەوە.
3- سوپا و فرۆكەكانی تۆرنادۆ لە ئەنجەرلیك بكشێنێتەوە.
4- چیتر چەك بە توركیا نەفرۆشێت.
5- رێككەوتنی بازرگانی لەگەل توركیا بە چارەنووسی پەنابەران نەكات.
ناكرێت حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا سیاسه‌تی تۆقاندن و ده‌ستگیركردن دژی سیاسه‌تمه‌داره‌ چه‌پ و كوردستانیه‌كان به‌رپابكات و هاوكات لافی “مافی مرۆڤ و دیموكراسی”مان پێبفرۆشێت.

————–
لە راگەیاندنێكی پارتە چەپەكانی ئۆروپا هاتووە:
پارتی چەپەكانی ئۆروپا پێكەوە لەگەل خەڵكی كورد و تورك رادەوەستێت و داوادەكەین دەستبەجێ هەردوو بەرپرسی(HDP) و 11 ئەندام پەرلەمانەكانیتر ئازادبكرێن و داوا لە یەكێتی ئۆروپا دەكەین لە دژی رژێمی ئۆردوغان بەشێوەی سیاسی و ئابووری هەڵویستوەربكرێت كە بە راگەیاندنی باری نائاسایی لەدژی ئۆپۆزیتسیونەكانی، هێرشێكی روون و ئاشكرا دەكات و دیموكراسی و ئاشتی بەرەو روخان دەبات.

ئامادەکردنی: سەلام عەبدوڵڵا




ئەفسانەی کۆپتەرە نەناسراوەکە ! … ڕزگار عومەر

ئەمساڵ ؛ چەند جارێك دەستەواژەی ” کۆپتەری نەناسراو ” دووبارە بوو ، جارێك بۆردومانی هەڕەمەکی شوانە کوردەکان دەکا ، جارێك و دووجار بۆردومانی باخچەو بێستان و ٦ هەزار دۆنمی ئاغجەلەر دەکا، جارێکیتر تەقە لە ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایش لە تەقتەق دەکا ، هەندێ جار خواردن و تەقەمەنی بۆ داعش فڕێ دەدا ، ئەوا ئەمجارەش دیسان کۆپتەری نەناسراو بە پێ ی هەواڵەکە کە لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریەوە وەریان گرتووە ! بێجگە لەوەی ٥ سەعات بۆردومانی هەرەمەکیان کردووە دواترهەندێ لە سەرکردەکانی داعشیان لە ناوچەی ساری تەپە لە پارێزگەی کەرکوك گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی نادایار !

لێرە ، میدیا و سەرچاوەی هەواڵ (جا هەوڵگری بێت یان سەربازی بێت) خەریکی هەمان یارین کە بریتیە لە یەك وشە ئەویش ” گەوجاندن ” ، بەڵام گەوجاندنێك کە ڕەنگە تەنیا بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان و خوێنەرانی پێ قەناعەت بکەن . لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازیەوە ، لە رووی بارودۆخی هەستیاری سەربازیەوە ، سوپای زلهێزەکان لە ناوچەکە ، سوپا ئقلیمیەکان ، هەرچوار ئاسمانی عێراق و سوریا و تورکیان خستۆتە ژێر تەرکیزێکی سیستیماتیك دایەو ئاگایان نەك تەنیا لە کۆپتەرو موشەکی یەکترە بەڵکو ئاگایان لە کۆلارەی منداڵانیشە !

هەتا بڵێ ی گەمژانەیە ، کە ” ڕادار” ە هەرە سەرەتاکانی جەنگی دووەمی جیهانی دەیتوانی دەست نیشانی ئەوە بکا فڕۆکەی دوژمن یان دۆست لە ئاسمانە ، کەچی هێزەکانی ناتۆ لە هەولێر و سلێمانی ، سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هەموو موتەحیر ماون لە دەست ئەم کۆپتەرە نەناسراوانە !! کە بێچگە لەوەی بە ئارەزووی خۆیان سەرەکردەی داعش دەگوازنەوە ، پێچ سەعاتیش بۆردومانی هەڕەمەکی دەکەن یەك ڕادەریش کەشفیان ناکا ؟؟

ئەم درۆیە هەتا بڵێ ی هەم لە ڕویی سەربازی ، هەم لە ڕووی سیاسیەوە زۆر منداڵانەیە ! دەزانن بۆ ؟ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە کە کاتی خۆی UN لە سەرەتای نەودەکان بە بڕیارێک دژ بە رژێمی سەدام دەریکرد وەکو ناوچەی ” دژە فڕین ” . لە نەوەدەکان ئەوان لە ڕێگای ڕادارەکان بە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە لە وڵاتی عێراق دەیانزانی کە فڕۆکەی عێراقی هەڵساوە یان نا ، ڕیکۆردی ئەوسای ناتۆ و یو ئێن پڕە لەو ئینزارانەی کە داوایانە بە ڕژێمی عێراق لەسەر هەڵفڕین و جموجۆڵی هێزی ئاسمانی عێراق لە سەردەمی نەوەدەکان ، ئەی خێرە ئێستا هەر لەم ناوچەو ئەم وڵاتانە ئەم هەموو تەکنۆلۆژیە سەربازیە حەیران ماوە بە دەست ئەم فڕۆکە نەناسراوانەی ئاسمانی کوردستان کە ماڵی بەرپرسی ئەمنی گولەباران دەکان ، باغ و باغات دەسوتێنن ، ٥ سەعات هەر بۆ تەرح بۆردومانی هەرەمەکی دەکەن و دوایش هەر بۆ خۆشی تەواو کردنی ئەم یاری و گەمژاندنە سەرکردەکانی داعش بۆ ناوچەیەکی نادیار دەگوازنەوە !

ڕاستی ئەوەیە لە ئێستای ئەم ناوچەیە، جموجۆڵێکی سەربازی نییە جا چ لە زەوی بێت چ لە ئاسمانەوە بێت زانراو نەبێت ! بەڵام ، ئەوە بەرژەوەندی موخابەراتی و ستراتیژیە کە وا دەکات تەنانەت جموجۆڵە ناسراو و موسبەتاکنیش بە جۆرێك لە تامی ئەفسانە موتوربە بکرێن ، دەستەواژەی ( نەناسراو و نادیار )بەشێکە لە بێ ئیرادە کردن ی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەو زاڵ کردنی حەقیقەتی حەیابەرو سکانداڵ بە تامی ئەفسانەو غەیب . لە هەر ئەفسەرێکی سوپایەکی ناتۆ بپرسی ؛- لەکاتی جەنگدا رادار لە سەر وشکایی یان لە ژێر دەریا یان لە ئاسمان ئەگەر تەنێکی بە دی کرد ئەگەر هی خۆمان نەبوو هی کێیە ؟ بێ گومان وەڵامەکەی ئەوە دەبێت هی ” دوژمنە ” و دەبێ بخرێتە خوارەوە یان نقوم کرێت یان تێک بشکێنرێت . لە کوردستان هەتا ئێستا یەک بەرپرسی ئەمنی جورئەتی نییە لێدوانێك لەسەر ئەم فڕۆکە ” نەناسراوانە ” بدات ! ئەرێ ئەم فڕۆکانە ئەگەر دۆستن بۆ باغ و باغاتمان لێ دەسوتێنن و یارمەتی داعش دەدەن ؟ ئەگەریش ” دوژمنن ” بۆ پیاوێك نیە گولەیەکیان تێ بگرێت ؟

هێلیکۆپتەری نەناسراو ژمارەیەک سەرکردەی داعش بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازێتەوە
http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=2484&Jor=1
کۆپتەرێکی نەناسراو تەقە لەماڵی بەڕێوەبەری ئاسایش دەکات
پێنج شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2016 16:37
http://www.kurdiu.org/index.php/ku/news/kurdistan/23977
چەند کۆپتەرێکی نەناسراو شەش هەزار دۆنم زەوی دەسوتێنن
Aug 28, 2016
https://www.youtube.com/watch?v=Myq1nC-d1Dc




له‌ شیعری هاوچه‌رخی کوردیه‌وه‌: به‌ 3 زمان …. ده‌ق: نیگار نادر

——————
1
مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری
نه‌وه‌ک هه‌ر کاڵاو خواردن له‌ قوتووان ده‌کا،
که‌ره‌سته‌ی پارێزگاریکار له‌ پاڵ ده‌کاو
مێژووی به‌سه‌رچوونی له‌سه‌ر ده‌نووسێ،
به‌ڵکو کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌کا
مرۆڤیش له‌ قوتووان بکاو
مێژووی به‌سه‌رچوونی له‌سه‌ر بنووسێ…
2
هه‌موو شتێك له‌ کارتۆن و له‌ قوتووان ده‌کرێ
تا پیس نه‌بێت
ته‌نها عه‌قڵ نه‌بێت
3
ئه‌وڕۆ هه‌موو کاڵایه‌ك ده‌بێت
به‌ (کۆنترۆڵی جۆری) دا تێپه‌ڕ بێت
لێ ژنه‌کان نا…
4
دیموکراسی
ئه‌و زیندانه‌ گه‌وره‌یه‌ی
تا ئێستا گه‌وره‌ترین دروشمه‌
5
پرسی یه‌کسانی ئافره‌ت
وه‌کو یاری تۆپی پێ
پڕ گرێ و گۆڵ و پڕ جه‌ماوه‌ره‌
6
ژنه‌کان
ئه‌گه‌ر به‌ گولله‌ی ره‌شیش بپێکرین
خوێنی ره‌نگاوره‌نگیان له‌به‌ر ده‌روا.
7
هه‌ر مرۆڤێك به‌ رووناکی کتێب داگیرسێ
هه‌رگیز به‌ ره‌شه‌بای هیچ دوژمنێك ناکوژیته‌وه‌

Modern Kurdish Poetry:
(My Copy Right is not reserved)

By: Nigar Nadr
1
Modern Capitalism
Is not only Canning –
Goods and food،
with putting some preservatives
then printing the expiry date on it.
but trying to can human being as well
then writing the expiry date on it..
2
Every thing could be canned
to keep clean
apart from the mind
3
Today every thing has to pass
Qulaity Control checking
But not women!
4
Democracy
Is a big prison
Til now still a slogan and an emblem
5
Female rights complicated
such a football game
Full of tricks and audience
6
When assassinating a woman
even by a black bullet
She is bleeding with a colourful blood
7
Any mankind shined with a light of book
He would never be extinguished
with a wind of any enemy

الشعر الكردي المعاصر من
(حقوقي النشر ليست محفوظة)
بقلم: نيکار نادر
1
الرأسمالية الحديثة
ليست فقط تعلب
السلع والمواد الغذائية
و توضع معها بعض المواد الحافظة
ثم تطبع عليها تاريخ انتهاء الصلاحية
ولكن تحاول ان تعلب الانسان ايضا
ثم تکتب عليها تاريخ انتهاء صلاحيتها….
2
يمكن ان تعلب كل شيء
و يحتفظ بها نظيفة
الا العقل
3
اليوم
كل شيء تمر
بنقطة فحص النوعية
الا المرأة!
4
الديمقراطية
ليست الا سجن كبير
الی الآن و ما تزال فقط شعارا
5
حقوق الإناث معقدة.
کلعبة كرة القدم
مليئة بالحيل والجمهور
6
عندما يغتال امرأة
حتى ولو برصاصة أسود
فانها تنزف دما ملونة
7
اذا تألق أي انسان بضوء الكتاب
لا يمکن اخماده
برياح أي عدو

* * *

————————–
kurdipedia.org/?q=20160424092416131408&lng=8 المصدر/

————————–

( مافی چاپکردنه‌وه‌م نه‌پارێزراوه‌)




هەڵوێست سەبارەت بە شەڕی دژ بە تیرۆر و قەتیس مانەوەی ڕیفۆرمیستەکان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بۆرژوازیدا !

و. صابر

………………

ستراتیجییەک و تاکتیکێک کە ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا خستیانە بەردەم کۆمەڵانی خەڵک لە جیهاندا کە تائێستاش هەر نەگۆڕدراوە ، ئەویش ئەوەبوو کە شیعاری ( یان لە گەڵ ئێمە ئەبیت ..یان لە گەڵ تیرۆریزم ) ئەمەش بە دووای تەقینەوەی ووڵستریت لە ۱۱ سبتەمبەری ساڵی ۲٠٠۱ دا ڕووی دا.. ئەم ستراتیج و تاکتیکە لە بەرامبەر چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکاندا هێنایانە کایەوە کە هیچ جۆرە ڕێگە چارەیەکی تر ی سێ یەم لە دنیادا کارانیە و ناشبێت بەبێ ئەم دوو ئەڵتارناتیڤە ئیمپریالیستی یە ….
وە ئەم ئاڵتەرناتیڤە دەستبەجێ لە لایەن ڕیفۆرمیزمی میللی گەرایی ستالینی و شەعبەویانەیان ( لە چەشنی ح.ش.ع ) دەستبەجێ پشتیوانی لێکرا و پاڵپشتی خۆیان بۆ سیاسەتە ئیمپریالیستی یەکانی جیهان و ئەم ستراتیج و تاکتیکە دژ بە کۆمۆنیستی یە ڕاگەیاند ….
لە لایەکی ترەوە باڵی ڕیفۆرمیزمی کرێکاری جیهانی و حیزبە سۆسیال دیمۆکراتیکەکانیشی لە تەواوی دنیادا هاتنە پاڵ ئەم سیاسەتەی ئەمریکاو بە هەر هەموویان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئاڵتەرناتیڤی سێیەم لە ئارادا نی یەو ناشبێت بوونی پەیدا ببێت کە (کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی ڕاستەوخۆی بەرەنگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکە ستەمدیدەکەیە)..
لە قۆناغی ئێستادا وە بەهۆی نەبوونی ئەم بزوتنەوەیەو و ئاڵتەرناتیڤی سێیەم وەک ئۆرگانێکی سیاسی نەک وەک ئیدیاو باوەڕی کۆمۆنیستانە ..بزوتنەوەی حەقخوازانەی ڕۆژئاوا هەنگاوێکیان بەرەو چەپ هە ڵهێنا لە پێناو سازدانی بزووتنەوەی ڕاستەوخۆی بەرەنگاری لاوانی کچ و کوڕی کرێکاران و زەحمتکێشان لە کۆبانی …
نمایەندەی ئەم ڕەوەندە ڕیفۆرمیزمە کرێکاری یە لەناوچەکەداحیزبەکانی ( کۆمۆنیزمی کرێکاری ) یە.. وێڕای سەرگەردانی یەکی زۆر کە ئەم چەپی کۆمۆمۆنیزمی کرێکاریە تێی کەوتووە…سەبارەت بە هەڵوێستگیریان بەرامبەر شەڕی داعش و بەتایبەت لە شاری موصڵ ….ئەم سەرگەردانی یە بنەماکەی ئەگەڕێتەوە بۆ بازنەیەکی داخراوی بەرنامەیی کە تیایدا هەر لە سەرەتاکانی پەیدا بوونی ئەم ڕەوتە ووردەبۆرژوازی یەی دەرگیری چەندین شکست و هەڵوێستی ڕیفۆرمستیانە بوون لە خەباتی چینایەتیدا بەهۆی ئەم بەرنامە ڕیفۆرمیستی یە لە ڕێکخستنی خەباتی سیاسی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا .. وە متمانەی بەشی هەرە زۆری تێکۆشەرانی ناو چینی کرێکار بەم ڕەوندە ڕیفۆرمیستی یە هەر لەسەرەتاوە لاواز بووە ..وە ئەوەشی کە هەبوو لە دەستیان دا…ئەم بازنەی ڕیفۆرمیزمە کە لەگەڵ بەرژەوەندی یە چینایەتی یەکانی ووردەبۆرژوازیدا ئەگونجێت ئەوەیەکە ….
شۆڕش بە مەرجی بەدەستهێنانی ڕیفۆرم ئەسپێرن … و ڕیفۆرم وەک ئامرازێک بۆ ڕێخستنی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی دائەنێن .. هەر بۆیە جارێکی تر ئەبینین کاوتسکیزم بە شێوەیەکی تر و زۆر پشتئەستورانە داکۆکی لە م سیاسەتەی ئیمپریالیستەکان و ئەو ستراتیجی یە کۆنەپەرستانەیە ئەکەن .. وە بەهەمان شێوەی حیزبی شیوعی عێراقی ئەچنە پاڵ ( حشد الشعبی) وئەمریکاو ڕوسیابۆ لێدانی داعش ….. ئەوەی شایانی باسە ئەو ئاڵتەرناتیڤە سێیەمە چەند جار لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق و سوریا و ڕۆژئاواو کۆبانی و خانقین و کرکوک لەم دوایانەدا خۆیان نیشانداوە.. کە خۆی لە خۆیدا بریتین لە ناوکۆکەی خەباتی چینایەتی سەربەخۆی خەڵکی ستەمدیدە ، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕابەرایەتیەکی شۆشگێڕانەی کۆمۆنیستی کە تائێستا وجودی نییە کە لەتوانایدا بێت ئەم ئەئاڵتەرناتیڤەو ئەم ناوکۆکە چینایەتی یە نەگەیشتۆتە ئاستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری ڕێکخراو و سەرتاسەری…
ڕاو بۆچوونی جیاوازو دژ بەیەک ناو ئەم ڕەوتە ڕیفۆرمیستی یە ئەوە ڕەتناکاتەوە کە هەر هەموو باڵەکانیان بە جۆرێکی جیاواز ئەکەونە خزمەت کلکایەتی و پشتیوانی ئاڵتەرناتیڤی ئیمپریالیستەکان .. هەر ئەو باڵە ی ناو کۆمۆنیزمی کرێکاری یە کە پێشتریش و ئێستاش خەڵکی ئەو ناوچەیە بە سیاسەتەکانی یوئێن و نەتەوەیەکگرتووەکان خۆش ئەکات ونا مەو تکاو رەجا لە سەرانی ئەم ڕێکخراوە ئیمپریالیستی یە ئەکەن … وە ئەو دەسەڵاتداری یەتەی کە بە شوێنی یەوەن لە کوردستان گوایە دەسەڵاتدارییەتی شورایە بەڵام ئەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا بنێت و بە ڕەوای بناسێت ، و لە ژێر چاودێری ئەواندا ئەم دەسەڵاتداریە تە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەڕەسمی بناسێنرێت … …!
ئێمەی کرێکران و زەحمەتکێشان و تێکۆشەرانی کۆمۆنیست وێڕای ئەوەی کە تا ئێستا خۆمان سازمان نەداوە .. کە تائێستا ئۆرگانێکی سیاسی شۆشگێڕانەمان نی یە کە بەرەنگاری هەموو جۆرە تیرۆریزمێکی ئیسلامی و بۆرژواکان بوەستێتەوە …
هەڵوێستی مارکسیستیانەو و لێنێنیانەی ئێمە لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە ئەگەر ئیمکانیاتی واقیعیمان نەبوو ، ئەو کات ئەبێ دوای ئاڵتەرناتیڤی بۆرژواکان بکەوین ، و ئاڵتەرناتیڤی سێەمی خۆمان بیر بکەین و بخەینە لاوە ، لەهەلومەرجێکی جیهانیدا کە بەسەر پاشەکشەی مارکسیزمدا هاتووە دوای شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و برەودان بە سۆسیالیزمی پۆپۆلیستی و شەعبەویانەی ستالینی و ڕیفۆرمیزمی کرێکاری سۆسیال دیمۆکراتەکان ، نابێت چۆکمان پێ دا بدات و بمانخاتە باوەشی سیاسەتەکانی بۆرژوازی جیهانییەوە ، بەڵکە هەر ئێستا ئەبێ کار و تەبلیغاتی خۆمان بە بەردەوامی پەرەپێ بدەین و لەهەوڵی کۆکردنەوە ڕێکخستنی ئەو هێزە جەماوەری یە شۆشگێڕو بەرەنگارە بین لە پێناو هێنانە مەیدان و دروستکردنی ئاڵتەرناتیڤی سێیەم و بەرەنگاری جەماوەریانەی خودی خەڵک دژ بە بۆرژوازی و ڕێکخراوە تیرۆریستی یەکان بە هەر ناوێکەوە بێنە ئاراوە ، وە بە جیا لە دەستیوەردانی حیزبە قەومی و دینی یە عەرەبی و کوردی یە کان و نەتەوەکانی تر …. وە دژ بە هەموو سیاسەتی ئیمپریالیستی جیهانی ..چونکە ئەم شەڕە بە ڕواڵەت وادەر ئەکەوێت کە شەڕیکە لە بەرامبەر هێزێکی چکدار ی تیرۆریستیدا ئەکرێت ..
بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە شەڕێکە دارودەستەی کۆمپانیا زلهێزەکانی دنیا کە ئەیانەوێت ناوچەکە هەر لە شەڕ و نائارامی و دواکەوتووی برسی یەتی و بێ خزمەتگوزاری و کرێ ی کەم و بێکاری ئاوارەیی و ترس و تۆقاندندا بهێڵنەوە … کەهەر هەموو ئەم دەردەسەری و نەهامەتیانە و کارەساتە کۆمەڵایەتی و ئابووریانە لە پێناوبردنە سەری بەژەوەندی یەکانی خۆیان بە وجود ئەهێنن..
سەرکەوتووبێت خەباتی ڕاستەوخۆی جەماوە ری ستەمدیدە …
ڕیسوایی بۆ ئۆپۆرتۆنیزمی کاوتسکی یە نوێکان …..

…..
6. 11. 2016

و. صابر




چ پەیوەندیەک لە نیوان ئازادی بێقەید و مەرجی بیروباوەڕو ڕەخنە لە بیروباوەڕی مەزهەبی بونی هەیە؟

چ پەیوەندیەک لە نیوان ئازادی بێقەید و مەرجی بیروباوەڕو ڕەخنە لە بیروباوەڕی مەزهەبی بونی هەیە؟ ئایا ئەمانە لەگەڵ یەکدا ناکۆک نین؟

حەمید تەقوایی: ئازادی بێقەید و مەرجی بیروباوەڕ تا ئەوە ڕادەیە بۆ ئێمە گرنگە کە خەبات لە دژی مەزهەب وەک یەک بیروباوەڕهەیەتی. سەیرکەن ئازادی بێ قەیدو مەرج لە مێژودا کاتێک هاتوەتە مەیدان کە ئاتەئیستەکان ویستیان بە ئاشکرا ڕەخنە لە خوداو مەزهەب بگرن و ڕەتیبکەنەوە. ئەگینا ئاخوندەکان و ئایندارەکان بەدرێژایی تەمەنیان ئازاد بون، قسەی خۆیان کردوە، لە پاپای فاتیکانەوە بیگرە تا کڵێسای ئەرتۆدۆکس تا یەهودیەکان و بوزیەکان و ئەوانی تر بە پیرۆزیەکانیان دنیایان لەسەر سەری خۆیانداناوە. تەواوی بیرو هۆشی خەڵکیان ژەهراوی کردوە و هەمیشە هەر ئازاد بوون و هەمیشە پیرۆزیش بوون، بەردەوام دەمارگیر و دوگم بون وهەمیشەش دەوڵەتەکان و میدیاکان وفەرهەنگی فەرمیش بەرگری لێکردون. چینی کرێکار کاتێک ئەڵیت ئازادی بێ قەید ومەرجی بیروڕا لەبەرئەوەیە کە دژە ئاینەکانیش بتوانن قسەی خۆیان بکەن. ئازادی بێ قەیدو مەرج لە ڕویی میژوییەوە بەکردەوە واتە ئازادی خەباتکردن لە دژی مەزهەب، واتە ئازادبونی دژە ئاین بون، وەئەگەرنا ئەوانەی تر هەمویان هەر هەبون. خۆ باسی ئازادی ڕادەربڕین سەبارەت بە ئاو هەوا نەبووە! یان سەبارەت بەمەسەلەی پیرۆزنەبون وتاپۆ نەبون نەبوە. ئازادی سەبارەت بەو بابەتانە هەمیشە هەبووە .کێشەکە لەبنەڕەتدا سەبارەت بە ڕەخنەگرتنە لە ئاین. منی ئاتەئیست و دژی ئاینیان هەمیشە سوتاندوە، زمانیان بڕیوم وە لە داگای “پشکنینی بیروباوەڕ” دا لە داردراوم لەبەر ئەوەی کە بۆ نمونە وتومە زەوی بەدەوری خۆردا ئەسوڕێتەوە! ئەوەشی کە باوەڕی بە پێچەوانەی بابەتەکە بووە بۆئەوە بوە کە ویستویەتی پاپای فاتیکان و مەسیحیەت وەک ناوەندی جیهان بمێننەوە و بڕیاربدەن کە من بەزیندویی بسوتێنن!
خودی ئازادی بێ قەید ومەرجی بیروباوەڕ لە بەرژەوەندی کۆمۆنیستەکاندایە. لیرەدا ئیتر بزوتنەوەی ئێوە ئیجابییە و ئەبێت بڕۆی ڕەخنە لە بیروباوەڕێک وەک یەک بیروباوەر بگری و بێبەهای بکەیت، ڕێگاکەی ئەوە نییە کە ئەو قەدەغە بکەیت ! ڕێگاکەی ئەوەیە خۆتان ئازاد بکەن، ئەوە ئێوە بون کە ئازاد نەبون نەک ئەو! ئەگەر ڕاستی لای ئێوەیە وە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەدەستی ئێوەوەیە، ئەرکتانە وبەرپرسن لەوەی کە هەموان ئازاد بکەن. لە بەرژەوەندیتانە کە هەموان ئازاد بکەن.هاوڕێ یەکمان ئەیوت ئایا ڕێگا ئەدەین کە قورئان چاپ بکەن؟ ئاشکرایە کە ڕێگا ئەدەین چاپی بکەن. هەرچەندە لەناو قورئاندا بێڕێزیش بەزۆر کەس کراوە، بەڵام ئەبێ ڕێگا بدەین چاپی بکەن. بنەمای ئازادی بێ قەیدو مەرجی بیروباوەڕو دەربڕین- دەربڕین بەمانای گشتی ووشەکە واتە خۆنمایشکردن (ئێکسپرێشن) وە نەک تەنها قسەکردن – واتە تۆ ئەبێت بتوانیت نمایش بکەیەت وە بتوانیت کۆمدیا بنوسیت وە فلیم دروست بکەیت و کتێب و ڕۆمان بنوسیت. مەزهەبیەکان کە ئێمەیان سەرکوت کردوە، لە ڕۆمانەکاندا هەن. لە سینەمادا هەن. لە شانۆدا هەن وە لە هەمو شوێنێکدا هەن. ئەوە ئێمەین کە ڕێگایان پێنەداوین لە شوێنێکدا هەبین! ئەگەر ئەو ئازادیەمان هەبێت و ئەو کاتە لە سەدا بیستی مەیدانەکە بدەن بە ئێمە ئەوە سەد دەرسەدەکەی لە دەستیان دەرئەهێنین! بەڵام نەک بە دەوڵەت و بەقانون، بەڵکو بەبەڕەسمیەت ناسینی ئازادی هەموان! بەبەڕەسمی ناسینی ئازادی بێقەید ومەرجی بیروباوەڕ. تۆ وەرە قسە بکە منیش دێم قسە دەکەم. جیاوازی کۆمەڵگای سوشیالیستی ئەوەیە کە کتێبێکی وەک کتێبەکەی سەلمان ڕوشدی بەلێشاو ئەنوسن وبڵاوی ئەکەنەوە وئەیخوێنەوە. ڕاستەوخۆ کۆمیدیکارانیک پەیدا ئەبن کە محمد لە دراویکدا دروست ئەکەن وحەسەن و حسێنیش لە دراوێکی تردا. هەر لەو ڕۆژەدا کە دەوڵەتی سۆسیالیستی موڵەت بە گێڕانی مەراسیمی تاسوعا وعاشورا دەدات لە هەمان ڕۆژ یان ڕۆژی دواتر لەهەمان شاردا کەرەنەڤاڵی هاوڕەگەزبازەکان بەرپا دەکات. ئەبێت بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت چونکە تا ئێستا ئازادی منیان زەوتکردوە و ڕێگایان نەداوە قسە بکەم. سەیرکەن ئەوان ئازادن کە بێن نمایشی پرسەی مەزهەبی خۆیان بکەن، زۆر باشە ئەتەوێت گریان بکەیت وەرە بگری، ئیستا دەکرێت ژمارەیەک لە ناو شەقامدا بگرین وە ژمارەیەکی تر پێبکەنن، باشە ئەو کاتە ڕیگا بدە با ببینین خەڵک کامیان هەڵدەبژێرێت. ئایا تۆ پێتوایە ئەگەر من کەرنەڤاڵێکی وەک ئەوەی کۆمەڵگای بەرازیل بەڕێبخەم خەڵک دەڕۆن بۆ پرسە؟
ئەمەوێت بڵێم کە ئەگەر ئەتەوێت مەزهەب لەکاربکەوێت ئەوە ڕێگاکەی ئەوەیە کە ئاتەئیستەکان ئازادبکەیت، زانست ئازاد بکەیت، مۆسیقاو سەما وخۆشی ئازاد بکەیت، ڕاستی ئازاد بکەیت، وە ئەو کاتە بیروباوەڕو دەربڕین “ئێکسپریشن” بۆ هەموان ولەناوشیاندا ئایندارەکان ئازاد بکەیت، ئەو کاتە ئەبینیت کە چۆن مەزهەب ئەبێتە دوکەڵ!
بەرخوردی یاسایی لەگەڵ ئاین بە ناونیشانی یەک بێروباوەڕ وەک ژەهر وایە. نەک تەنها لە ڕوی تاکتیکیەوە دروست نییە بەڵکو لە ڕوی ئامانج وستراتیجیشەوە دروست نییە. کۆمەڵگایەک کە بەو شێوەیە بێت ئازاد نیە. کۆمەڵگای ئازاد کۆمەڵگایەک نیە کە خەڵکانێک کە وابیردەکەنەوە کە خودایەک هەبێت لە ترسا ناوی نەبەن چونکە شەو پاسەوان (حەسحەس) ئەیانگرێت! کۆمەڵگای ئازاد کۆمەڵگایەکە کە لە بنەڕەتدا کەسێک وابیرناکاتەوە کە خودایەک هەبێت. گەشت ئازادە بەڵام کەس ناچێت بۆ حەج. تۆ ئازادیت کە بۆ ئیمامی حسێنت یا هەرچیەکی تر کە باوەڕت پێی هەیە گریان وشیوەن بکەیت بەڵام کەس بەدەورتدا کۆنابێتەوە. بە بۆچونی من کاتێک ئێمە دەلێین مەزهەب بە ناونیشانی یەک بیروباوەڕ ئازادە پێویستیشە بە ناونیشانی یەک بیروباوەڕ ڕوبەڕوی ئەو ببیتەوە، وە بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بیروباوەڕێکدا تۆ ئازادیت و ئەرکتانە و رێگاکەی ئەوەیە کە خەباتی هزری (فکری) لەگەڵدا بکەیت نەهیچ خەباتێکی تر. وە پێویستە هەرئەمرۆ ئەمە بە کۆمەڵگا بوترێت.
سەیرکەن ، تەنها ئاتەئیستەکان دەتوانن ئازادی بۆ ئاینیش بهێنن، ئازادی بدەن بە مەزهەب، وە ئازادی ویژدان و ئازادی ئاکار بدەن بە کۆمەڵگا هەروەها ئازادی دەربڕین لە دونیا بەهەر شیوەیەک و هەرکەس چۆن پێیخۆشە. لەوانەیە کەسێک وا بیربکاتەوە کە گۆی زەوی درێژە وە یەکێکی تر وا بیربکاتەوەکە پانە وە یەکێکی تر پێی وابێت لە شێوەی سێگۆشەیەدایە! لێبگەڕێ با هەرچی ئەتوانن بیڵێن وبیربکەنەوە. ئەگەر شتیک خورافەیە وە ئەگەر شتێک ڕاست نیە بەدڵنیایەوە ئەوکاتە کەس ناچێ بەلایدا. کۆمەڵگای ئینسانی کۆمەڵگایەکە ئەوە زامندەکات کە تۆ ئازادیت هەر تێڕوانیکت سەبارەت بە ژیان وجیهان و هەرچیەکی تر هەبێت و پڕوپاگەندەی بۆ بکەیت.
لەکوێدا مەسەلەکە سیاسی ئەبێتەوە؟ لەکوێدا کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە؟ کاتێک کە مەزهەبیەکان وباوەڕدارەکان لەگەڵ خورافاتەکانی تردا بیانەوێت لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانیان لە ژیانی ئەوانی تردا دەخالەت بکەن. لێرەدا ئەبێت بە هێزی یاساو دەوڵەت لە بەرامبەریاندا بوەستین. کاریشمان بەوە نیە کە کام ئاخوند وقەشە و سەرچاوەیەک وتویەتی کە وابکەن، ئەگەر کارەکانتان لەگەڵ مافی خەڵک ولەگەڵ یاساکانی کۆماری سۆشیالیستیدا ناکۆکە ڕیگاتان پێنادەین. بەڵام لە چوارچێوەی بیروباوەڕو بۆچون و دەربڕینی بۆچون پەیوەندی بەدەوڵەتەوە نیە وە ئەگەر قسەی کەسێک ئەوە بێت کە سوکایەتی و بێڕێزی بە پیرۆزیەکانی کراوە وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئازادی بیروڕامان هەیە و پیرۆزیەکانمان نیە، لەلایەن هیچ کەسێکەوە. نە ئاتەئیسزم پیرۆزە بۆ ئێمە وە نە خوداپەرستی. پیرۆزیەکانمان نیە. هەموان ئازادین کە بێین و لەبەرچاوی کۆمەڵگەدا گفتوگۆ بکەین وسەیربکەین بزانین کێ باوەڕ بەکێ دەهێنێت.
وەرگێڕانی لە فارسیەوە :کاوە عومەر
پێداچونەوەی:هیوا ئەحمەد.




لە بری بەغدادی ، ئەردۆگان ! … عەبدوڵا ساڵح

دوا پەیامی بەغدادی بە ئاشکرا پێوەی دیارە کە ، لەلایەک باری ناوخۆی داعش ڕو لە لێژیە و لەلایەکی دیکە بانگەوازێکە بۆ هاوپەیمانانی کە ئەگەر ئاڵاکە کەوت ئێوە بەرزی بکەنەوە . تورکیای ئەردۆگان ئەوساش و ئێستاش بە گەورەترین و بەهێزترین هاوپەیمانی داعش لە ناوچەکە هەژمار دەکرێ ، دژایەتی ئەردۆگان لە پەیامەکەی بەغدادی دا جگە لە خۆڵ کردنە چاو بەمەبەستی بەڕیدالابردن ناتوانێ چیتر بێت ، من گومانم هەیە کە ئەگەر ئێستا بەغدادی لە تورکیا نەبێ ، ئەوا دوای گرتنەوەی ڕەققە ، ئەگەر بە زیندویی مایەوە ، هەر لەتورکیاوە بەرەو مەنزڵی تازەی گوزەر دەکا ، ڕەنگە لەژێر چاوپۆشی دەوڵەتدا ئەم سات و سەودایە ئەنجام بدرێ ! . ئەوەی پێی وایە بەغدادی ئەردۆگانی خستۆتە نێو زائیدی قەناسەکەیەوە ، یا فری خواردوە، یا لە ئەجیندای ئیسلامی سیاسی کەمتر ئاگادارە . ئەم ئەجیندایە، کە ئاڵا هەڵگرەکەی لە ئێستادا داعشە، وەک ڕادیکاڵترین هێزی ئەو بەرەیە . زۆرن ئەو هێزە ئیسلامیانەی ئەمڕۆ لەمەیداندا وەک هێزی میانە ڕەو خۆیان وێنا دەکەن تاکو هەل و مەرجیان بۆ لەبار بێ ئەمجا حەقیقەتی خۆیان بۆ کۆمەڵگا دەرخەن کە نمونەیەکی دیکەی داعشن ! ئەمریکاو ڕۆژئاوا زۆریان بە باڵی ئاک پارتیدا هەڵدا کە نمونەی ئیسلامی میانە ڕەوە ، ئێستا راستی ئەو ” میانەڕەویە ” لەسەر دەستی ئەردۆگان دەرکەوت !
پەلاماری هاو سەرۆک و ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە جگە لەوەی پەلامارێکی دڕندانەیە بۆ سەر مافی ڕەواو بێئەملاوئەولای دانیشتوانی کورد زمانی تورکیا ، جگە لەوەی پەلامارە بۆ سەر حیزبێک کە لەسەر ئاستی تورکیا شەش ملیۆن دەنگی هێنا ،جگە لەوەی دیمۆکراتیەتەکەی ئەردۆگان بەبادا دەبا ، ئاڵقەیەکە لە زنجیرەی جێبەجێکردنی ئەو ئەجیندایە ، ئەڵقەکانی پێشوتر بریتیبون لە ، دەستگیرکردنی ڕۆژنامە نوسان، داخستنی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان ، ڕاپێچانی نەیارانی ئەردۆگان بە بیانوی جۆراو جۆر ، لەسەرکار لابردنی دەیان هەزار کارمەند ، پەلاماری هێزە چەپ و کرێکاریەکان ، شەڕ لە دژی پەکەکە، وێرانکردنی شارەکانی کوردستانی تورکیا و ترس و تۆقاندن و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کوردزمان ، ئەمانەو گەلێکی دیکە لە ڕەفتاری فاشیستیانەی ئەردۆگان لەسەر ئاستی ناوەوە . هاوکاری و پشتیوانی ئاشکرای داعش ، پەلامار و دآگیرکردنی خاکی سوریا ، هاتنە ناو خاکی کوردستانی عێراق ، شەڕو ئاژاوە نانەوە لەگەڵ ئەرمینیا ، پشتیوانی لە بەشە نا شەرعیە تورکیەکەی قبڕس ، دوژمنایەتی لەگەڵ یۆنان ، ئیپتیزازی ئەوروپا و بەکارهێنانی کارتی پەنابەران بۆ دەسکەوتی سیاسی لەسەر ئاستی دەرەوە . ئەمانەو گەلێکی دیکە لە ڕەفتاری فاشیستانە ، ئەو ڕێبازەن کە ئەردۆگان گرتویەتەبەر بۆ وەلانانی نەیارانی خۆی لەسەر ئاستی ناوەوەو تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی حیزبەکەشی بەرەو جێبەجێ کردنی ئەو سراتیجیەتە درێژ ماوەیە کە دوا ئەڵقەی بریتیە لە زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و سەپاندنی یاساکانی شەریعەت بەسەر کۆمەڵگادا .
هەر هەڵوێستێک بە مەبەستی دەڕبڕینی ناڕەزایەتی و نیگەرانی تا دەگاتە ئیدانە کردنی ئەم سیاسەتە ، بەتایبەتی لە پەیوەند بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ڤیگەن یۆکسیکداغ ،لە هەر کەس و لایەنێکەوە بێت جێگای تەقدیرە ، بەڵام ناکرێ بیرمان بچێ کە هەڵوێستی ” ژێر لێو ” لەژێر فشاری شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەردا ڕوون و ئاشکرایە و ماهیەتی خاوەنەکەی و سات و سەودای ، چ ئابوری سیاسی و چ ئایدۆلۆژی ، لەگەڵ ئەو ڕژێمە فاشستیە دەردەخا .
بێشک دەست کۆتا کردنی ئەو دیکتاتۆرە کاری بەتەنیا دانیشتوانی کوردستانی تورکیا نیە ، دەخوازێ کە هەموو قوربانیانی دەستی ئەم سیاسەتە لەسەراسەری تورکیا بە هەموو چین و توێژو نەتەوەو ئاینەکانەوە ، کرێکاران و زەحمەتکێشان ، لاوان و قوتابیان خەباتی یەک دەنگ و یەک ڕیزی خۆیان پتەو بکەن بەمەبەستی پوچەڵ کردنەوەی ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە ، بەم کارەیان خۆیان و وڵاتیان و ناوچەکەش لەو سەرکێشیانەی ئەردۆگان و هاوپەیمانانی ڕزگار دەکەن .
5 / 11 / 2016




تورکیا و سەربەخۆیی کوردستان … شێرکۆ کرمانج

لە ٢٠١٢ ـەوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە بازاڕی قسەکردنی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گەرمکردوە بەزەقی هەڵوێست وەرنەگرتنی تورکیایە لەو دەنگەدەنگەی کە لە هەرێم دەبیسترێت. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە تەمەنی حکومەتی هەرێم، وادەردەکەوت کە تورکیا هەرێمی کوردستانی وەک واقعێک، ئەگەر تاڵیشبێت، قەبوڵکردوە.
هەندێک لە کوردەکان ئەوەیان وادەهاتە بەرچاو کە لەوانەیە تورکیا کوردستانێکی سەربەخۆشی هەر قەبوڵ بێت. دیارە لەبەرابەردا کەسانێک هەبوون پێیانوابوو کە بێدەنگییەکەی تورکیا لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ جدی نەبوونی هەوڵەکان لە باشور. هەندێکیش پێیانوایە هەر هەوڵێکی هەرێم بۆ سەربەخۆیی دەبێتە مایەی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەگەڵ داخستنی سنورەکانی بەڕوویدا.

سەرەڕای نادیاریی هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڵام هەندێک پێشهات‌و هۆکار هەن کە ئاماژەن بۆ جۆرێک گۆڕان لە دیدو تێگەیشتنی تورکیا، لەوانە:
یەکەم، تورکیا چاکدەزانی کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەهێندە کێشەی کوردەکانی خۆی لێ قوڵترو ئاڵۆزتردەکات.
دووەم، تورکیا لەوانەیە ئەو توانایەی هەبێت کە هەرێمی کورستان داگیربکات، بەڵام وەک چۆن ئەمریکا حکومەتەکەی سەدامی لە چەند حەفتەیەکدا ڕوخاند کەچی زەحمەتێکی زۆری دیت لە کۆنترۆڵکردنی عێراق‌و دواجاریش پاش هەشت ساڵ بە پەلەپروزکێ عێراقی جێهێشت. چارەنوسی تورکیاش لە هاتنی بۆ هەرێم لەوە باشتر نابێت.

سێیەم، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرێم ئەوە ئەگەرەکانی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە لە ئاکامی داگیرکردنی قوبرس تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتوە، هێندەی دیکە دوادەخات.
چوارەم، گۆڕانکارییەکان لە دیدو تێگەیشتن‌و ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای گیرانی سەرۆکەکەیان، عەبدوڵا ئۆجەلان، وانیشاندەدەن کە کوردەکانی تورکیا کەمتر مەیل بە سەربەخۆیینەو زیاتر داوای خۆسەری دەکەن. ئەمەش لەوانەیە هەڵوێستی تورکیای لەبەرابەر سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق هێورترکردبێتەوە.

پێنجەم، قەبەیی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم‌و تورکیا، کە لە ٢٠٠٩ دا گەیشتبوە ١٠ ملیار دۆلارو لە ٢٠١٥ دا خۆی لە ١٢ ملیار دۆلار دەدا، لەوانەیە وایکردبێ تورکیا لەهێرشکردن بۆ سەر هەرێم سڵکاتەوە. لە سەرەتای ٢٠١٢ دا ژمارەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێم گەیشتبوە ١٠٢٣ کۆمپانیا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ٩٠% ی ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەفرۆشرێن تورکین. ئەمەش ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر هەرێم کەمتردەکاتەوە.

شەشەم، دروستبوونی پەیوەندییەکی شەخسی‌و بازرگانی‌ لەنێوان بنەماڵەی بارزانی‌و هەندێک لە سەرکردەکانی پارتی عەدالەت‌و گەشەپێدان (ئەکەپە).
حەوتەم، ئێستا قسە لەسەر جێگرتنەوەی ڕوسیا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە لە دابینکردنی غازو نەوت بۆ تورکیا، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو گرژیانەی لەنێوانیاندا هەیە لەسەر هەڵوێستیان لەپەیوەند بە سوریا. ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیای بردە ئاستێکی دیکە.

هەشتەم، لە ٢٠١٢ ـەوە پەیوەندییەکانی عێراق‌و تورکیا هەڵبەزو دابەزی زۆری بەخۆوەدیوەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتربووە. تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغدا، لێکنزیککەوتنەوەی ئەنقەرەو هەولێری لێکەوتۆتەوە.
ئەو فاکتەرو گۆڕانکارییانە دەکرێت وامانلێبکات بڵێین لەوانەیە تورکیا دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێم قەبوڵبکات بەڵام ئاماژەکانی دوای دروستبوونی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە کوردستانی سوریا پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. هەڵوێستەکانی تورکیا لەگەڵ بەهێزبوونی ڕۆژاڤا زۆر گۆڕاوە. بۆیە لەو پەیوەندە بەبنەما لەسەر گۆڕانکارییەکان، بەتایبەتی ئەو داوایەی کە ئەردۆگان لە بارزانی کرد لەو سەردانەی کە بۆ تورکیا کردی لە ئابی ٢٠١٦ دا کە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت بڵێین ئەگەری قەبوڵکردنی دەوڵەتێکی کوردی هاوسێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا زۆر دوورە مەگەر ئەو دەوڵەتە وەک قوبرسی باکور هەر بەناو سەربەخۆ بێت‌و تەواو ملکەچی ئەنقەرە بێت.

ئەم بێدەنگیەی تورکیا لەبەرابەر پەیام‌و وتەکانی مەسعود بارزانی‌و میدیاکانی نزیک لە پارتی هێندەی مەبەست لێی بەستنەوەی هەرێمە بە تورکیا وەک پارێزراوێک (محمیة) ئەوەندە مەبەست لێی قەبوڵکردنی تورکیا نییە بە دەوڵەتێکی بەمانا کوردیی‌و سەربەخۆ.
ئەوەی ڕاستیبێت، ئەو هۆکارانەی پێشوتر هەڵوێستەیان لەسەر کرا تاکە هۆکار نەبوون بۆ نزیکبوونەوەی حکومەتی هەرێم‌‌‌و تورکیا بەڵکو بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە بەغدا، بەتایبەتی دوای دەرچونی ئەمریکییەکان لە عێراق لە ٢٠١١ دا زیاتر هانی تورکیایدا لە هەرێم نزیکبێتەوە.
لەئەنجامی باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق‌و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پۆلینبەندیی ناوچەکە لەسەر بنەمای مەزهەبیی، شیعە لەدژی سوننە، تورکیا قەناعەتێکی لادروستبووە کە بەیەکپارچەیی مانەوەی عێراق لەوانەیە زەحمەتبێت، بۆیە هێندەی دیکە خۆی لە هەرێم نزیکدەکردەوە بەمەبەستی ئەوەی کە زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. بەمانایەکی دیکە، لەجیاتی ئەوەی تەواوی عێراقی لەدەستبچێت با بەشێکی لەدەستبچێت، بەوەی کە هەرێم لەژێر باڵی ئەودا بمێنێتەوە جا ئەگەر سەربەخۆش بێت.

تورکیا زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ پرسی هەرێم لە عێراق دەکات. ئەو دەیەوێت هەرێم ئەگەر سەربەخۆ بوو نەک هەر نەیاری ئەو نەبێت بەڵکو دەستکەلای ئەو بێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی جێگەی هەرێم بکاتەوە لەژێر باڵی تەوەری سوننە لە ناوچەکە. بێدەنگیی تورکیا لەو وتانەی کە بارزانی‌و هاوبیرەکانی لەپەیوەند بە سەربەخۆیی دەیکەن تەنیا دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوریاو پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، کە هەردووکیان وەک حکومەتی شیعیی ناسراون، لەبەرابەریشدا پشتیوانیکردنی تورکیا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بە هەندێک گروپی تیرۆرستیشەوە، تورکیای هێندەی دیکە لە حکومەتی مەرکەزی دوورو لە حکومەتی هەرێم نزیککردەوە.

ئەگەر هەرێم پشتیوانی، یان لانیکەم بێدەنگی تورکیا مسۆگەر بکات، کە ئاماژەکانی زۆر ڕون نین، ئەوە ئەوکات زۆر سەختدەبێت بۆ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا ڕێگری لە جیابوونەوەی کوردەکان بکات. بەواتایەکی دیکە، جیابوونەوەی هەرێم ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەنقەرەوە هەیە ئەوەندە پەیوەست نییە بە هەڵوێستی بەغدا.

هەرچۆنێک بێت، ساڵانێکە زۆر کەس دەڵێن کە جیابوونەوەی کوردستان پرسی کاتە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە بەڵام شکستی حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی سەربەخۆی نەوت‌ لەگەڵ نغرۆبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات تا بنەقاقای لە گەندەڵی‌و دزی سامانی گشتیی وای لەزۆر کەس کردوە کە تا ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستبن دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە خەونێک بۆ گەل‌و گەمەیەک‌و موزایەدەیەکی سیاسی قێزەون لەلایەن نوخبە سیاسییەکەوە هیچی دیکە نییە.




وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ – بەشی یەکەم … دکتۆر جەبار قادر

لە هەوڵی تێگەیشتنماندا لەو هەموو ئاڵۆزییەی لە بارەی مووسڵەوە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کێشەی مووسڵ لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کارێکی پێویست و بەجێیە. بێ لێکدانەوەی ئەو پاشخانە مێژووییە ئاڵۆزە، ئەستەمە مرۆڤ لەم هەموو کەین و بەینە سەر دەربکات.

لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە سەر کەشتی ئاگەمەمنون Agamemnon لە بەندەری مۆدروس Moudrosلە دورگەی لێمنۆسی Lemnos عوسمانی ئەوجا و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە، ئاگربەستی مۆدروس لە نێوان هاوپەیمانان و عوسمانییەکاندا ئیمزا کرا. لە سەر ناوی دەوڵەتی عوسمانی ڕەوف بەگ وەزیری دەریاوانی و لە سەر ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەدمیراڵی بریتانیSomerest Arthur Gough- Calthorpe ئیمزایان کرد. ئاگربەستی مۆدروس، کە تورکەکان بە موتارەکەی موندرۆس (Mondros Mütarekesi) ناوی دەبەن، کۆتایی بەشەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا هێنا. لەو ساتەدا هێزە سەربازییەکانی بریتانیا ١٢ مایل (نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر) لە باشوری شاری مووسڵ بوون. بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە جێگەی خۆیان ڕاوەستن و جووڵەیان پێ نەکرێت.

بریتانییەکان زۆریان مەبەست بوو شاری مووسڵ داگیر بکەن، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک تورکەکانیان ناچار کرد شارەکە چۆڵکەن . بریتانیا وەک هێزێکی ئیمپراتۆری مەزن و لە شەڕدا سەرکەوتوو، زۆر ئاسان بوو بۆی خواستەکانی خۆی بەسەر لایەنی دۆڕاودا بسەپێنێت. پاکانەی بریتانییەکان بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندەکانی ٧ و ١٦ی ئاگربەستەکە بوون. بەندی ٧ ئەو مافەی دەدا بە هاوپەیمانان کە هەموو ئەو خاڵە ستراتیژیانە داگیربکەن لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکانیان. ئەم “باری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکان” سەد لێکدانەوەی هەڵدەگرت. خاڵی ١٦ش لایەنی عوسمانی ناچار کردبوو، هەموو بنکە سەربازییەکانی حیجاز، عەسیر، یەمەن، سوریا و میزۆپۆتامیا ڕادەستی نزیکترین فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، هێزەکانیشی لە کیلیکیا بکێشێتەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستن، وەک لە خاڵی ٥ مدا باسی لێوە کراوە. کەس باوەڕی بەوە نەبوو سوپای عوسمانی لە پەل و پۆ کەوتوو توانای ئەوەی مابێت هەڕەشە لە سەر هێزی هاوپەیمانان دروست بکات. حکومەتی عوسمانی لە ئەستەموڵ، لە دوای ئەویش حکومەتی کەمالی لە ئەنقەرە داگیرکردنی مووسڵیان بە کردەوەیەکی ناقانونی دانا، چونکە لە دوای مۆرکردنی ئاگربەستەکە و بە لێکدانەوەی ئەوان لە دژی بنەما سەرەکییەکەی بوو. ئا لێرەوە کێشەیەک بە ناوی کێشەی ویلایەتی مووسڵ (کێشەی مووسڵ) لە نیوان بریتانیا و عیراقی ژێردەستەی لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە پەیدا بوو.

بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە ویلایەتی مووسڵ، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پێکۆ دانی بەوەدا نابوو کە بەشی هەرە زۆری بدرێت بە فرەنسا، بەڵام بەشە گرنگەکەی، کە کەرکوک بوو بۆ خۆی دابڕیبوو. لەو نەخشەیەی ناوچەکانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و دەڤەری باڵادەستی (هێژیمۆنی – نفوذ)ی بریتانیا و فرەنسای لە سەر دیار کراون و لە گەڵ ڕێکەوتننامەکەدا هاوپێچ کراوە، تا زێی بچووک بە شاری کەرکوکەوە کرابوو بە ناوچەی باڵادەستی بریتانیا.

دواتر لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ کە لە ئیتالیا لە(١٩ – ٢٦ نیسانی ١٩٢٠) بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس – پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەست کەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەدەکران. لەم سان ڕیمۆ دەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بڕێار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بدەن. لێرەدا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیدا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی مەندەیتیان داهێنا و فلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ، بریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسادا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ -٢٥ نیساندا دان و سان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجامدا ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی دەدا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.

هەر لەو کاتەدا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) ڕووداوی گەورە دەقەومان. مستەفا کەمال لە مایسی ١٩١٩ەوە دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی لایەنگران بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە لە گەڵ داگیرکەراندا. دوو کۆنگرە لە ئەرزەڕۆم (٢٢ تەمموز – ٧ ئاب ١٩١٩١) و سیواس (٤ – ١١ ئەیلول ١٩١٩) بۆ ئەو مەبەستە بەستران. لەو کۆنگرانەدا پرۆژەی پرۆگرامێکی سیاسی گەڵاڵە کرا. یەکێ لە داخوازییە سەرەکییەکانی کۆنگرەی سیواس ئەنجامدانی هەڵبژراردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی( مجلسی مبعوثان). حکومەتی سوڵتان ناچار کرا ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە زۆربەی ویلایەتەکان لایەنگرانی مستەفا کەمال سەرکەوتن. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و دەسپێکی ١٩٢٠ لە مستەفا کەمال و دەستەی نوێنەرایەتیدا (هیئەی تمثیلیە)، کە لە کۆنگرەی سیواس وەک دەستەیەکی جێبەجێکار هەڵبژێردرابوون، ئەندامانی نوێی پاڕلەمان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا پرۆژەی پەیمانێک گەڵاڵە کرا، کە تورکەکان بە مانیفێستۆی شەڕی ئازادی ناوی ئەبەن. پەیمانەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو و بە بۆچوونی کەمالییەکان داخوازییە سەرەکییەکانی گەلانی تورکیای دەگرتە خۆ.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان مستەفا کەمال بە خۆی ڕەشنووسەکەی نووسی و ئەوانی تر ئیمزایان کرد. ئەم پەیمانە برا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ١٢ کانونی دووەمی ١٩٢٠ دوا خولی خۆی لە ئەستەمووڵ دەسپێکرد. دوای کردنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پاڕلەمان، گفتوگۆکان لە بارەی پرۆژە پەیمانی نیشتمانییەوە، کە ئەو کاتە بە ناوی عەهدی میللی نێوی دەبرا، دەستیان پێکرد. لە ٢٨ هەمان مانگدا و لە دانیشتنێکی نهێنیدا بڕیاری لە سەر عەهدی میللی درا. ئەم پەیمانە بە ناوی جیاواز لە مێژوودا باسکراوە، (عهدی میللی، میثاقی میللی و لە زمانی تورکی هاوچەرخدا بووە بە ( (Ulusal Ant, Milli Misak, Milli Yemin، کە هەموویان هەمان واتا دەبەخشن، کە دەکاتە پەیمانی نیشتمانی. لە بڕیاڕنامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا هەشت خاڵەکەی مستەفا کەمال کران بە شەش خاڵ بە تێکەڵکردنی هەندێ لە خاڵەکان. لە ١٢ شوبات بڕیاڕنامەکە ئاشکرا کراو و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان تەواو لە دژی ئەو سیناریۆیانە بوو کە هاوپەیمانان خەریکی داڕێژانی بوون لە بارەی دوا ڕۆژی ئاسیای بچووکەوە، بۆیە هێزەکانی بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ١٦ مارتدا ئەستەموڵیان داگیرکرد. لە ١٨ مارتدا ئەنجومەنی نوێنەران دوا کۆبوونەوەی خۆی کرد و لە ژێر فشاری داگیرکەرانا لە ١١ نیسانی ١٩٢٠ بە یەکجاری دەرگاکانی داخرا. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن دەستگیر کران و لە ولات دوورخرانەوە و بە شەکەی تریان خۆیان گەیاندەوە ئەنقەرە. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ پاڕلەمانێکی نوێیان لەوێ بە ناوی ئەنجومەنی مەزنی میللی تورکیا ((Türkiye Büyük Millet Meclisiدامەزراند. لێرەوە لە تورکیا دوو حکومەت هاتنە کایەوە: حکومەتی ئەستەموڵ و حکومەتی ئەنقەرە. یەکەمیان لە پەل و پۆ کەوتبوو و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا پێگەکانی خۆی لە تورکیا لە دەستدەدا. ئەوی تریان حکومەتی ئەنقەرە بە پێچەوانەوە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی ئازادیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێو خۆی تورکیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیگەی بەهێزتر دەبوو.

ئەوەی لە پەیمانی نیشتمانیدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە خاڵی یەکەمێتی کە باس لەو ناوچانە دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانیان بە وتەی ئەوان عەرەبن و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون، دەبێت خەڵکەکەی بە ئازادی بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. لێرەدا مووسڵ و هەتای (ئەسکەندەرۆنە) خراونەتە چوارچیوەی سنوورەکانی پەیمانەکەوە وەک لەو نەخشەیە دەرئەکەوێت کە هاوپێچ کراوە. لەوێدا هەموو باشوری کوردستان خراوەتە سەر نەخشەی تورکیا، هەتای لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٣٩ بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ فرەنسا خرایە سەر تورکیا، پێشتریش پرسی قارس و ئارتڤین لە گەڵ ڕووسیای سۆڤیەتیدا بە قازانجی تورکیا بڕابووەوە.

ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانان لە پاریس پەیماننامەی سێڤریان لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا مۆر کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت. کورد زۆری بە سەر سێڤردا هەڵداوە، کە لەوە زیاتر وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە مافەکانی کورد دەکات، هیچ بەهایەکی لە سەر ئەرزی واقیع نەبوو. دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمزای کردبوو هەر ئەو کاتە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئاسیای بچووکدا نەدەڕۆیشت، کەمالییەکان لەوێ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە بوون و ئەمان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک دان بە سێڤردا بنێن. کەس خۆی نەکردە خاوەنی پەیماننامەی سێڤر، هاوپەیمانان چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر ئیمزا کردنیدا، کاتێ ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانیدا بچنەوە و کەوتنە بازرگانی لە گەڵ کەمالییەکاندا. بێجگە لە ئیتالیا هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیدا ئیقراری نەکرد. ئەو سێ خاڵەی سێڤریش کە بۆ باسی مافەکانی کورد تەرخان کرابوون، ئەوەندە مەرج و ئەگەریان بۆ دانرا بوون، ئەگەر مرۆڤ بە وردی و دوور لە سۆز لێکیانبداتەوە، ئەوا دەبینێت ئاکامەکەی دەکاتە هیچ و نزیکدەبێتەوە لە سفرێکی گەورە. لە سێڤردا باسی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکرا، وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. ئەو کوردستانەشی کە لە نەخشەکەی سێڤردا بە کورد ڕەوا بینیرا، زۆر لەو کوردستانە بچووکترە کە کورد بە خاکی نیشتمانی خۆی دەزانێت. ئەم بابەتە پێویستی بە باسێکی تایبەت هەیە.

لە ئابی ١٩٢٢ هێزەکانی تورکیای کەمالی سەرکەوتنێکی بێ وێنەیان بە سەر سوپای یۆنانیدا بەدەستهێنا، لە ١١ ئوکتۆبەری هەمان ساڵیشدا ئاگربەستی مودانیا لە نێوان حکومەتی ئەنقەرە لە لایەک و نوێنەرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا لە لایەکی ترەوە ئیمزا کرا و لە ١٣ هەمان مانگیش یۆنان پێوەی پابەند بوو و ئیمزای کرد. لێرەوە ئیتر ئەنقەرە خۆشی بەوەدا نەدەهات باسی ئاگربەستی مۆدروسی لە گەڵدا بکرێت، ئەو داوای ئەوەی دەکرد کە بە پێی ئاگربەستی مودانیا قسەی لە گەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەر واش کرا، تورکیا تەنها دەوڵەتی دۆڕاو بوو لە شەڕدا کە وەک هاوتایەک هەڵس و کەوتی لە گەڵدا دەکرا. ئاشکرایە دەوڵەتی شکستخواردوو لە شەڕدا هەموو بڕیاڕەکانی لایەنی سەرکەوتوو بێ یەک دوو جێبەجێ بکات. زوو زوو عیسمەت ئینەنۆ بە بیری نوێنەرانی هاوپەیمانانی دەهێنایەوە کە ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو شەڕی دۆڕاند، بەڵام ئەو بە سەرکەوتوویی لە گۆڕەپانی شەڕەوە هاتووە، بۆیە دەبێت وەک هاوتا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت نەک وەک لایەنی دۆڕاو. مەرجەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان بە پێی ئاگربەستی مۆدانیا، دەبوایە لە کۆنفرانسی لۆزان، کە جاری یەکەم لە (٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٢ تا ٢٤ شوباتی ١٩٢٣) و جاری دووەمیش لە (٢٣ نیسان تا ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣) بەڕێوە چوو، بڕیاریان لێ بدرایە.

پێش ئەوەی باسی کێشمە کێشی نێوان هەردوو شاندی تورکیا و بریتانیا لە لۆزان بکەین، کە کێشەی مووسڵ بابەتی هەرە گرنگیان بوو، دەبێ ئاوڕێک لە هەوڵی کەمالێیەکان لە باشوری کوردستان بدەینەوە، کە لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و ناوەند خەریکی پیلانگێڕان بوون بۆ گێڕانەوەی ئەم بەشەی کوردستان بۆ ژێر چەپۆکی تورک. ئەمەش بابەتی بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارە دەبێت.




گێڕانەوەی “مەرگی مەیموون”ی ماردین ئیبراهیم … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

————
ئێستا لەوێ لەنێو تابووتی نارنجی خۆرنشینی شارەكەما
چل مناڵم، چل جگەرم، هەشتا چاوم، هەشتا گوێچكەم…
هەشتسەت پەنجەی هەردوو دەست و هەردوو قاچم
بەیەكەوە هەڵئەوەرێن.
قەسیدەی سوتماك “شێركۆ بێكەس”

————-

گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق (بە هەموو ژانرەكانییەوە) ئەو زەمەنەیە، كە هێشتا نەهاتووە و رووی نەداوە. هەڵبەتە ئێستای دەقی “مەرگی مەیموون” ئێستای خوێنەری جیاوازە، بەڵام لە بیرمان نەچێ هیچ خوێنەرێكی نموونەیی دڵنیایی لە دەقەوە بە دەست ناهێنێ و هیچ دەقێكی ئیبداعیش لە دڵنیایی بەخشین بە خوێنەر كورت ناكرێتەوە، چونكە زمان لەسەر ئامادەیی (مانا) ناوەستێ، بەڵكو پرۆسەیەكە لەسەرەخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات، (مانا) بۆ ئەوەی لە نێو (ئامادەیی بونیادی دەق) جێگایەك بۆ خۆی داگیر بكات، دەبێ بچێتە نێو سیستمی دەلالەتەوە! بەو مانایەش دەقی ئەدەبی هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەری جۆراوجۆر دایە، وەك چۆن خوێنەریش هەمیشە لە چاوەڕوانی دەقێكی دیكەی ئیبداعی دایە، چونكە لە دنیادا دەقێك نییە هەڵگری بۆشایی نەبێت، دەقی تەواو بوونی نییە.. لێرەدا دەكرێ بڵێم ئێستای دەقی گێڕانەوەی چل منداڵی گوللەبارانكراوی كوردی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم لە رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و زەمەنی گوتنی بەهجەت یەحیا بە چێژی جۆراوجۆر نەخشەی بۆ كێشراوە.

بێگومان هەموو دەقێك هەوڵدەدات ئەوەندە چێژ و هونەر بنوێنێ، تا بگاتە خوێنەری نموونەیی خۆی، چونكە هیچ دەقێك بێ خوێندنەوە بوونی نییە، دەق هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەردا دەژی، بە مانایەكی دیكە هەندێجار بۆ ئەوەی بە خوێنەری نموونەیی خۆی بگات، پێویستی بە چاوەڕوانی زۆر هەیە، بۆ نموونە “بلیك” نزیكەی (150) ساڵ چاوەڕوانی كرد، هەتا بە (فرای) نۆرسرۆب فرای -رەخنەگر و تیۆریستی كەنەدی- گەیشت.. (ئەلبرتۆ مانگۆیل) لە كتێبی (هونەری خوێندنەوە)دا سێ جۆر لە خوێنەری نموونەیی لێكجیا دەكاتەوە: یەكەمیان ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە چێژ وەردەگرێ، بێ ئەوەی دەق هەڵسەنگێنێ. سێیەم ئەو خوێنەرەیە كە دەق هەڵدەسەنگێنێ بێ ئەوەی چێژی لێوەربگرێت. جۆری ناوەند ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە لە كاتی هەڵسەنگاندن چێژ وەردەگرێ و لە كاتی چێژ وەرگرتن دەق هەڵدەسەنگێنێ.. ل 233.

زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم، زەمەنی بە بیرهێنانەوەی چل منداڵی گوللە بارانكراوە، واتە زەمەنی بە بیرهێنانەوە بە شێوەیەكی هونەری لە زەمەنی مەرگی منداڵێك بە ناوی مەیموون دەنەخشێنێ: چل منداڵ بوون لەو ئێوارە كەڕ و بێدەنگەی شارەدا تیرباران كران، بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان، بەڵام ئەوان هەندێكیان هێشتا بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستان خۆیان تەڕ دەكردـ هەندێكیان هێشتا ئەگەر كۆلارەكانیان لە ستوونی كارەبا یان درەختی بەرز بگیریایە، دەگریان، هەندێكیان گەورەترین دڵخۆشییان ئەوە بوو لە كاتی پایسكل لێخوڕیندا دەستەكانیان بەربدەن….

كەواتە سوتماكی (شێركۆ بێكەس) و رۆمانی مەرگی مەیموونی (ماردین ئیبراهیم) و فەزای دەنگی پڕ سۆزی (بەهجەت یەحیا) مەرگی ئەو چل مناڵەمان بیر دەخەنەوە، كە لە ساڵانی بەعس، خیانەتكارێكی كوردی پێش راپەڕین و لێپرسراوی گەورەی دوای راپەڕین.. ئەو چل مناڵە بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان رادەستی بەعس دەكات و بەعسیش بێ بەزەییانە گوللەبارانیان دەكات.. شێركۆ بێكەس بە قەسیدە جوانەكەی (سوتماك) لاواندنەوەیەكی جوانی هونەری و پڕ لە هەست و مرۆییانەی بۆ ئەو چل مناڵە كرد، بەشێكی زۆرمان ئەو دنیا بە سۆزەمان لە فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا وێناكردووە.. دەتوانم بڵێم قەسیدەی سوتماكی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا لە رووی هەستی مرۆییەوە دنیای ئازار و سادەیی رەنگ دەكەن..

ناوەڕۆكی رۆمانی مەرگی مەیموون باسی منداڵێك دەكات كە لەبەر خۆشەویستی پێی دەڵێن مەیموون (ماردین ئیبراهیم) لە توێی هونەری گێڕانەوەیەكی مۆدێرن ئەو كارەساتەی كردووە بە بابەتی رۆمان و لەوێوە باسی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانە دەكات، كە ئەندامانی خێزان و كەسانی دەوروبەری تێیدا دەژین، واتە لە رێگای مەرگی مەیموونەوە باسی مێژووی سیاسی هەشتاكان و بارودۆخی ژیانی سیاسی ستەمدیدەی كوردی و ئازارە مرۆییەكانی رۆژهەڵات بە گشتی دەكات، ئازارەكانی ژیانی سەردەمی بەعس ئەو قسەیەی “نیتشە” تۆخ دەكاتەوە كە دەڵێ ژیان هەڵقوڵاوی خۆشییە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. بەعس هەموو كەناڵەكانی ژیانی ژەهراوی كردبوو.. لەو رۆمانەدا كاراكتەرێكی قوربانیی بە ناوی (ئەردەلانی)یەوە مەرگی مەیموون لە ناخەوە زامداری دەكات، بەڵام دوای ئەوەی دەزانێ پاشاگەردانی دەسەڵاتی كوردی، دوای ئەوەی دەزانێ هێشتا كەناڵەكانی ژیان هەر ژەهراوییە، هێشتا گەڕان بە دوای دادپەروەری شكست دەهێنێ، بۆیە ئەردەلانی پاڵەوان بە دەستی خۆی تۆڵەی ئەو چل منداڵە بە كوشتنی خیانەتكاری كارەساتەكە دەكاتەوە و خۆی دەخاتە زیندانی هەتا هەتاییەوە، ماردین ئیبراهیم لە رێگای بەدواداچوونی حەقیقەتەوە پێمان دەڵێت: لێرە ژیان زیندانێكی هەتا هەتاییە!

ئەردەلانی بەهای حەقیقەت لە بەهای ئازادی بە گرنگتر دەزانێ، ئەوە ئەگەرچی وێناكردنێكی ئازاراوییە، بەڵام وێناكردنێكە راستەوخۆ بە مەرگی منداڵە سادە و پاكەكانەوە بەندە، راستەوخۆ بە ونبوونی هەستی مرۆڤایەتی و ونبوونی حەقیقەتەوە بەندە! ئەردەلانی پاڵەوانی ماردین ئیبراهیم (ئەنتیگۆنا ئاسا) پێیوایە رۆحی دەمێكە لە ونبوونی حەقیقەتەوە ونبووە، دەمێكە لە نێو ئەو هەموو ژەهرەدا مردووە، دەمێكە لە نێو ئەو زیندانەدا بەندە.. چونكە ئەگەر بمانەوێ حەقیقەت بدوێت، دەبێ بە كردەی كەشفكردن هەڵبسین، راڤەكردنی حەقیقەت بە مانا حەرفییەكەی لای ئەردەلانی واتای “پەردە لادان” دەگەیەنێت.. پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو تاوانە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو ژەهرە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو زیندانە.. ئایدیای تەماشاكردنی مرۆڤ وەك قوربانی حەقیقەت، بیركردنەوەیەكی شۆڕشگێرانەیە و لە ماركسییەتدا بە ترۆپك دەگات.. قەسیدەكەی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگی غەمگینی بەهجەت یەحیا رۆحی منداڵەكان (مەسیح ئاسا) بەرجەستە دەكەنەوە، ژیان دەكەنەوە پاشكۆی ئازادی. بەڵام زمانی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم حەقیقەتی لەسەر بونیاد دەنرێت ودەیەوێ لە رێگای دووبارە گێڕانەوە كەشفی حەقیقەت بكات.

ئەو رۆمانە بە تەكنیكێكی سادە و شەفاف و خۆشپێكهاتە نووسراوە و سوودی لە گەڕانەوەی ئازاد و تێكەڵكردنی زەمەنەكان و پارچە پارچەكردنی گێڕانەوەكان وەرگرتووە، دواجار وەك بابەتێكی (كۆمەڵایەتی- سیاسی) بە بیر خوێنەرانی دەخاتەوە، كە نیشانەكانی قوربانیی لەو كوردەدا زۆر لە نیشانەكانی تاعون ئاشكراترە، ماردین ئیبراهیم پێماندەڵێ ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، حەقیقەتیش پشتگوێ دەخات، ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، سورێژەیشی لێ بێت هەستی پێناكات. دواجار لە نێوان (بەهای ئازادی) و (بەهای حەقیقەت)دا رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و فەزای دەنگی بەهجەت یەحیا دەچنینەوە.




ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە …. كارا فاتيح

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە… چۆن كۆمان دەكاتەوە، یان بۆ دەبێت، ئاسیاسێڵ كۆمان بكاتەوە، لە كاتێكدا خۆمان (ناتوانین، نامانەوێت، نازانین، ناهێڵن، سەرناپەرژێین یان بواریان بۆ نەهێشتووین) كۆ ببینەوە، كەواتە ئاسیاسێڵ لە ئاستێكی شاراوەدا دەڵێت، دوور بكەونەوە، هەر زۆر دوور بكەونەوە، بێ خەم بن لە ڕێگەی تۆڕەكەی منەوە پێك دەگەنەوە.
بەڵام چۆن پێك دەگەینەوە، (دەقیقەیەك بە 60 دینار) لێرەوە هەموو پەیوەندییەك بە جیا لەوەی لە ئاستێكی مەعنەوییەوە دێتە سەر ئاستێكی مادی، هاوكات هەموو پەیوەندییە زیندوەكانی مرۆڤبوون بۆ كۆمەڵێك تەلەفۆنی پێویست و هەواڵپرسی و هەواڵزانین كورت دەكاتەوە، قورسایی هەستكردن بە بایەخی مەعنەویی مرۆڤ دەهێنێتە سەر كورتەنامەیەك یان خەبەر و مەوعیدێك (بێ گومان ئەوەش لە ئاستێكی زۆر كەم و سنوورداردا، بە هۆی ئەوە هەموو چركەیەك نرخێكی مادیی هەیە)
بۆیە مژدەكەی ئاسیاسێڵ (ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە) ڕاستییەكەی تاڵی تێدایە، ئێمە هێندە دوور كەوتووینەتەوە، لە خەسڵەتێكی (هاودەردی، بەهاناوەچوون، تەگبیركردن، ڕاوێژكردن، پێویستی، كەیف و سەرگەرمی…هتد) شۆراوینەتەوە، ئەوەش بەڵێنی بەیەكگەیشتمان پێدەدا، بە نرخێكی مادیی زۆر و لە ئاستێكی سنووردار و لە چوارچێوەی خەبەر و پێویستییەكی ناچاریدا ئەوەمان بۆ دەكات.

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە، واتە خۆمان با هەر دوور بین، زیاتریش دوور بكەوینەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە خەسڵەتی مرۆڤبوون بكەوین، ئیتر بە كەڵكی توندوتۆڵیی كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی سیاسی نەیەین، نەبینە مەترسیی بۆ سەر فەرمانڕەوایان ئەوانەی نرخ لە بچووكترین پەیوەندیی مرۆڤایەتیی دادەنێت…
ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە…
وشەیەك لەم ڕیكلامەدا پەڕیوە: پارە (ئاسیاسێڵ پارەكانمان كۆ دەكاتەوە)، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی بیریان چووبێت، بەڵكو هێندە ئامانجێكی مەزنە، بە نەنووسینیشی هەر بە زەقی دەبینرێت…(بێ گومان ئاسیاسێڵ تەنها وەك نموونە و بۆ كۆمپانیاكانی تریش هەمان قسە)




سزادان کولتوری حیزبی (بەعس)ە …. کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، دەسەڵاتداران لە بری وەڵامدانەوە بە داخوازی و داواکارییەکانی سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، وەک پیشەی هەمیشەیان ڕێگای سەرکوت و ترس و توقاندن بەکار دەهێنن.
ڕۆژی ٢٤/١٠/٢٠١٦ هێزێکی ئاسایشی سلێمانی هەڵدەکوتنە سەر (کۆمەڵگای باجەکانی سلێمانی)، چوار کەس بە ناوەکانی (هاژە سالار، بڕیار سالار، ئاسۆ خەلیل، دڵشاد عومەر) دوای لێدان و سوکایەتی پێکردن ڕاپێچی ئاسایش دەکرێن و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستەبەسەر دەکرێن و داوای پاکانە پڕکردنەوەیان لێ دەکرێت.
دەسەڵاتداران و حکومەتە لەرزۆکەکەی هەرێمی کوردستان، هەر بەوەوە ناوەستێت کە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر سفرەی خەڵکی دەستەنگ و ستەمدیدەی کوردستان، هەر ڕۆژە و یاسا و بڕیارێکی دژی ئینسانی و دوور لە هەر بەهاو پڕنسیبیە مەدەنیەکانیان بەسەردا دەسەپێنێت، لەسەر و هەموو ئەمانەوە دەستی بۆ سزادان و گرتن و گواستنەوەی نوێنەرانی فەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی دەبات لە فەرمانگە و شوێنی کارەکانیان.
بۆ پاشەکشێ و ترساندنی هێزە ناڕازییەکان، ڕۆژی ٢٦/١٠/٢٠١٦ لەلایەن (بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان) لە هەولێر، بڕیاری گواستنەوە و دورخستنەوە بۆ (١٤) کەس لە (فەرمانگەی باجەکانی سلێمانی) دەرکراوە، ئەم هەنگاوە نمونەیەکی زیندووە بۆ نیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، وەڵامدانەوە بە داواکاری و خواستەکانی جەماوەری ناڕازی.
نابێت رێگا بدەین کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگای گرتن و گواستنەوە و دورخستنەوەی نوێنەرانی خۆپیشاندەران و فەرمانگە و جەماوەری ناڕازی، فەزای ترس و تۆقاندن بکێشێت بەسەر کۆمەڵگادا، ئەم هەنگاوە دەبێت وەڵامی جدی و ڕاستەوخۆ وەربگرێتەوە، نابێت ڕێگا بدەین ئەم پیلانە نەگریسەی حکومەت و دەزگا سەرکوتگەرەکانیان جێبەجێ ببێت.
ئێمە لە (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک)، پشتیوانی سەرجەم داواکاری و داخوازییەکانی جەماوەری ناڕازی دەکەین و، بەتوندی ئیدانەی ئەم هەوڵە نەزۆک و دژی ئازادییەی دەستەڵاتداران دەکەین، داوا دەکەین بەزوترین کات ئەم بڕیارە هەڵوەشێرنێتەوە، هەمانکات داوا دەکەین ئازاردان و دەسگیرکردن و سزادانی جەماوەری ناڕازی و نوێنەرەکانیان وەک هێڵی سور سەیر بکرێت و، قبوڵی ناکەین یاری بە چارەنوسی خەڵکەوە بکرێت.
تەنها ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکان و زامنکردنی پاراستنی ئاسایش و گیانی نوێنەرانی ناوەندە ناڕازیەکان، ڕیزی سەربەخۆی جەماوەر و ڕێکخراوبونە لە دەوری خواستەکانیان.


کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

٣١/١٠/٢٠١٦




نەهەنگی جەنگ … جەلال عەبدوڵا سالح

پاپۆڕ هەنگاو دەنێت
شەو ئەستێرە دەژمێرێت
شەپۆل کەفی مردوی ئاو ڕادەماڵێت
من لەقاتی یەکەمی پاپۆڕەکە
تەنیایی نیشتمانمە
بیر لە مەرگی لقێ گیاو
تەنایی مانگ دەکەمەوە
بۆنی شەرابی پیر دەکەم
لای گۆشەی چەپی دیواری شووشەی چینی
نێرگەلەی ئەفغانی
چاوەڕێی پیاوێکی ئەمەریکی دەکات
دووکەڵی چێشتخانەی مەغریبی
دەڵێی ڕاوی دەنێن
ڕادەکا بەدوای درزی پەنجەرەیەکی شکاودا
پیرە مێردێکی ئەفریقی
گۆچانی تەمەن ڕادەژەنێت
ژنێکی سۆمالی
كڵاوێکی ڕووسی لەسەردایە
سەیری بازدانی ماسی یە خوێناویەکان دەکات
من بەدوای تەنیایی خۆم دا دەگەڕێم
کەس نابینم
دەڵیی مرۆڤەکان لە ڕەگەزی من نین
خەڵکی وان لە شایی بەختەوەریدا
هەموو مەستن
بە کۆمەڵ دەڕشێنەوە
بەسەر بەرکۆشی بیرەوەری ژیاندا
بەپەلە هەنگاو دەنێم بۆ قاتی دووەمی پاپۆڕ
لە ناو حەوزی ژوور سەری ئاسمانی شین
تێکەڵاوە ڕەنگی پێستی
گەنم ڕەنگ و
ڕەش و سپی
تەماشا ژیان چەند مەستە بە مەلەی مانەوە
ئافرەتێکی ئێرانی
دەگری بۆ ڕەفتەی با بردوی هەنگاری
شەرابی فەڕەنسی
لەسەر کۆشی مێزێکی ئیتالی دانیشتووە
بیر لە لێوی کچێکی مەکسیکی دەکاتەوە
لاولاوێکی ڕۆمانی
هەڵزناوە بە سنگی پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتتدا
بۆنی عەتری مەمک و قژی دەکات
ژیان تامی بادەمی تاڵ دەدا
چاو دەگێڕم جگە لە خۆم کەس نابینم
دەزانم تەنیایی جوانترین نیشتمانی منە
لە پڕ دەنگ دێ
کاپتنی پیر هاوار دەکات
کەوتینە جەنگی نەهەنگەکان
بەرەو ڕۆژئاوای
ئۆقیانووسی خوێناوی ڕێگا دەبڕین
مەرگ لە دەرگای ژیانمان دەدا
پاپۆڕ تەکاندەدا
خەڵکی ئارامیان دەشڵەقێت
باڵندەی ژوور سەری پاپۆڕی بریندار
باڵ لێک دەنێ بۆ باوەشی نووری هەتاو
بێباك لە مەرگی مرۆڤی لەناکاو
من هیچم نییە بیدۆڕێنم
هیچ لە دەست نادەم
ئاسمانی تەنییایم ڕەنگی ئاو دەگرێت
چارەکی بوێت بۆ مەرگ
دەبم بە خۆراکی جوانترین نەهەنگ

……

جەلال عەبدوڵا سالح




تاڤگه‌ی مه‌ند …. نه ژاد عزیز سورمێ

( نامه‌كانتم خوێنده‌وه‌.. په‌یام بوون..
به‌ڵام شتێك له‌ هیجی ئه‌م دونیایه‌ی نه‌ده‌كرد،
ناكاو گۆله‌ فرمێسكی په‌نگ خواردووی دیده‌می سمی..
له‌و ساوه‌ بیناییم كوێر بووه‌..
له‌و ساوه‌ نه‌ده‌تبینم و نه‌تێت ده‌گه‌م.
ئه‌مه‌ چڵێكی ئه‌و تروسكاییه‌یه‌ تا دوێنێ‌
به‌ر پێی خۆمم پێ‌ ده‌ده‌ی.)

1
دونیا شه‌و بوو
كیژۆڵه‌یێ‌ گۆنای گوڵی سپێده‌بوو.
كیژۆڵه‌یێ‌ چاوی گه‌شی
هێشتا ئاشنای تۆز و گه‌ردی غوربه‌ت نه‌بوو
له‌ شه‌وستانه‌وه‌ ده‌هات ،
دڵی گه‌وره‌ی
خه‌می گه‌وره‌ی
دابووه‌ كۆڵ و
بۆ شاری چراخان ده‌چوو..

دونیا شه‌و بوو
من بێ‌ ئاو ده‌نگ ، بێ‌ مه‌ئوا
شه‌ویش له‌به‌ر گۆنای ئاڵی ئه‌م كچه‌دا
بێ‌ په‌نا بوو..
( ڕێگای سه‌ختی غه‌ریبی خۆی گرتۆته‌به‌ر
نازانێ‌ له‌م دونیایه‌ بێ‌ ئه‌نوایه‌
بێ‌ ده‌نگی ده‌بێ‌ به‌ په‌نای بێ‌ په‌نایان..
نازانێ‌ كه‌ ڕێگای سه‌ختی
غه‌ریبی خۆی گرتووه‌ته‌ به‌ر
دوای سێبه‌ری خۆی كه‌وتووه‌!)

چ سوود كه‌ شار
ده‌بێ‌ به‌ ده‌ریای چراخان؟
چ سوود كه‌ كه‌س ئاگاداری
سووتانی دڵی كه‌س نییه‌؟
چ سوود كه‌ تۆ
له‌ سپییه‌ڕۆژێكی وادا
دوای سێبه‌ری خۆت ده‌كه‌وی؟
چ سوود .. چ سوود..؟

2
من ده‌مدیتن
گوێم لێیان بوو..
من نه‌مدیتن له‌ باڵه‌خانه‌ی خه‌سره‌ودا
هه‌ڵئه‌تووتێن..
من ده‌مدیتن پێكی خه‌مه‌كانی فه‌رهاد ده‌خۆنه‌وه‌
(هه‌زاره‌ زیله‌ی مێرووله‌ن
به‌ ته‌لانی شیعره‌كانم هه‌ڵده‌گه‌ڕێن )
من ده‌مدیتن دونیای ڕوونیان لێ‌ كردین
به‌ شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاو و
ده‌رگای سێبورییان به‌ستین..
من ده‌مدیتن.. گوێم لێیان بوو،
له‌ ترسانا:
چاوی زه‌ق و
ده‌ستی قامچی و
زمانی جوێن و
زاری تف بوون..

( به‌چی چووه‌ و
به‌چی ده‌چێ‌؟
مێژوو له‌ ڕۆژگاری تاڵ و
شه‌وگاری خۆشه‌وه‌ به‌ده‌ر
چی تیابوو؟
به‌چی چووه‌ و به‌چی ده‌چێ‌؟)
كیژۆڵه‌یێ‌ گۆنای گوڵی سپێده‌ بوو
هه‌وازه‌ده‌ی سه‌مای نێرگزی كوێستان بوو..
بۆ شاری چراخان ده‌چوو..
به‌چی ده‌چێ‌؟
شاری چراخان له‌ گوڵ ده‌ترسێ‌..
شاری چراخان خامۆشه‌ خامۆش
چووه‌ته‌ ژێر باری خه‌وی دێوه‌وه‌
پاماڵی كه‌نیزه‌كانی
حه‌ره‌مسه‌رای سوڵتانه‌.

به‌چی ده‌چێ‌؟
كه‌سێ‌ ڕێگای غه‌ریبی خۆی بگرێته‌به‌ر..
دوای سێبه‌ری خۆی بكه‌وێ‌؟

3
مه‌زڵم.. هه‌وارم, سێبه‌ری په‌ڵه‌ هه‌وری
به‌هارێكی قات و قڕ بوو!
تاكه‌ په‌نای غه‌ریبی و غوربه‌تیم تۆ بووی
تۆ مێرگی سه‌وزی كوێستان بووی
من بێزار بووم ،
تۆش په‌نام بووی..
( له‌م به‌هاره‌یش قات و قڕتر؟
له‌م ڕووخۆشیه‌ش تووڕه‌تر؟
له‌م هه‌رایه‌ش كڕو كپ تر؟)

ڕێگای سه‌ختی غه‌ریبی خۆتت گرتووه‌
تۆ دوای سێبه‌ری خۆت كه‌وتووی
بۆ
چی
ده‌گری؟
ئه‌م شۆره‌زاره‌ به‌ فرمێسك ناڕوێته‌وه‌.
مێژوو له‌ ڕۆژگاری تاڵ و شه‌وگاری خۆشه‌وه‌ به‌ده‌ر ،
چی تیابوو؟!
تۆ كه‌ له‌م سپییه‌ڕۆژه‌دا
دوای سێبه‌ری ڕه‌شه‌وه‌بووی خۆت كه‌وتووی
بۆ، چی، ده‌گری؟

سه‌رهه‌ڵئه‌گرم.
ده‌ڕۆم به‌دوای په‌نجه‌ره‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێم
سه‌رهه‌ڵئه‌گرم.
جارێكی دی ناچمه‌وه‌ ژێر
لێفه‌كه‌ی خه‌وی مناڵیم…
ده‌ڕۆم به‌دوای كولانكه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێم
ده‌ڕۆم.. ده‌ڕۆم.. سه‌ر هه‌ڵئه‌گرم
ئه‌م شۆڕه‌زایه‌ به‌ فرمێسك ناڕوێته‌وه‌..

6/1983




زەمیننامە، بە تامی شیعر … پێشەوا کاکەیی


«پڕۆژەی دووەم»

———————————-

زەمین، سەد جار: لە ئێمەی مرۆڤ عاشقترە.
زەمین، کە دڵی شکا: بە بورکانیش ناوەستێت.
زەمین، کە چاوی بە خودا دەکەوێت:
لە حەوتەمین پلەی فەنابوونی خولانەوەی خۆیدا، ڕادەچڵەکێت.
کەچی ئێمە، لە هەواڵەکان وەهای دەبیستین:
کە ئەمە عەردهەژێنە و، حەوت پلەی ڕێختەرە!.
***

زەمین، لە داخی ئێمە، لە پشتی هەورەکانەوە: مانگ دەدوێنێت.
نامە دەگەڵ هیچ ئەستێرەیەکدا ناگۆڕێتەوە: بۆ وەی چاوباشقاڵی بکات.
ئەو کە دێوانە دەبێت: لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆ ناشارێتەوە.
ئەو کە مەست دەبێت: بە شەپۆلی زەریاکان خۆ ناشواتەوە.
ئەو بە نووری خۆر، ناسووڕێتەوە: قژی، وەک دەروێش بهێڵێتەوە.
خەنجەر لەسەر ملی کات دابنێت و، چرکە، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
ئەو هەر عاشقە و، دە نێو کاکێشانی ڕێگای شیرییدا’١’: دەخولێتەوە.
***

مرۆڤ، بە نێوی خۆشییەوە: پۆز بە مەریخەوە لێ دەدات.
دەیان جار، بە بیانووی شەوی هەنگوینییەوە:
ژن، داوا لە پیاو دەکات، ڕەوانەی سەر مانگی بکات.
دەیان جار، مرۆڤ بە بیانووی پیسیی ژینگەوە: زەمین بە نەفرەت دەکات.
دوا جار، هەر مرۆڤیشە: بۆ مردن، خۆی بە قوربانی چەند بستێکی خاکی زەمین دەکات.
***

گەر مرۆڤ لە زەمین بکەیتە دەرەوە، چ ڕوو دادات؟
ئایین، نامێنێت.
ئاژەڵیش، دیین وەکار ناهێنێت.
ئەو هەموو تەفسیرە بۆ خودا ناکرێت.
هیچ کەسێك نامێنێت، وشەی دڕندە، بە شێر و پڵنگ و بەور، بڵێت.
مێروولە، واز لە هەڵگرتنی دەنکە گەنم دەهێنێت.
دەی لەبەر کێ: زەیتوون و هەنجیر، سوێندی پێ بوخرێت.
ماسییش، لە دەستی مرۆڤ دەحەسێتەوە، هێندەی تۆڕی بۆ دابنێت!.
***

زەمین، گەر لەبەر مرۆڤ نەبوایە: حەزی لێ بوو، شیعرێکی ڕووت بێت.
چیدابوو لە کێش و سەروا، ترێفەی مانگ و تیشکی خۆر، دە شیعرەوە بگلێنێت.
چیدابوو لە بڕگەکردنی: دەشت و تەپۆلکە و چیا و دۆڵ، بۆ وەی پێوەی ڕازاوە بێت.
باوبژ، چاوی هیچ عاشقێکی کوێر نەدەکرد: گەر حەزی بە تراویلکە نەهاتبێت.
باوبۆران، بە ڕەگەوە داری دەرنەدەهێنا: گەر ئێمە دەستمان پێی فێر نەبووبێت.
چ بولبول بوو، دە قەفەزمان کرد و لەبەر پەنجەرەمان دانا: بەس بۆ وەی بخوێنێت.
دەبێت مەمنوونی کۆتر بین، گەر ڕەمزی ئاشتی نەبێت: هەموو ڕۆژێکمان شەڕ دەبێت!.
***

گەر زەمین نەبێت، کام هەسارە: ئەو هەموو تاوانکارە وە خۆ دەگرێت.
چ کانزایە، لێی دەردەهێندرێت، دواتر هەر مرۆڤیشە: خۆی پێ لە نێو دەبات.
نەوت، وەک خوداوەندێکی شلەمەنی سەیر دەکرێت، کەچی وەک تێزاب دامان دەپڵۆخێنێت.
ئاو، گەر بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تام نەبوایە: قەت نەدەچۆوە سەر خۆی، هێندەی مرۆڤ بیشێوێنێت.
ئاو، گوتی:
گەر من نەبام/ کێ هەڵمی دەناسی/ کێ دەیزانی هەور چییە/ کێ دەیزانی باران و بەفر و تەرزە چییە؟
گەر من نەبام/ هەور بوونی لە کوێ بوو/ کێ دەیزانی تنۆکی باران چییە/ ئەی کێ دەیزانی چەتر چییە؟
گەر لێزمەی باران نەبوایە/ گەڕەک و کۆڵان و کووچە، ئاشنا نەدەبوون بە سێڵاو/ خانوو، دەرگای لێ نەدەکردەوە؟
گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئاسمان، چۆن بەرگەی گرمەگرمی هەور دەگرێت/ لە دوای چی، پەلکەزێڕینە دەروست دەبێت/ گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئەی کێ ئەڵماس دەردەهێنێت؟
***

لە بەرد، نەرمونیانترم نەدیوە. لە ڕەقی دەستەوە، ڕاڤەی بۆ مەکە: ئەوە ڕۆحتە، لە پاشەکشەی میهرەبانییدایە!.
با هەموومان سەیری بکەین:-
بەرد: هەمیشە لە چاومانەوە، سووڕەتی ڕەقی دراوەتە پاڵ، بێئەوەی ڕۆحمان بەر ئەو بکەوێت.
بەرد: کە مردین، لەسەر تەپڵی سەرمان قیت دەبێتەوە، ئەوسا دەزانین تا ئەبەد حزووری دەبێت.
بەرد: هێندە ڕۆحسووکە، کە چاوی بە منداڵ دەکەوێت، خواخوایەتی بێتە کەلا و گەمەی پێ بکرێت.
بەرد: فەیلەسووفێکە، سەرقاڵی سروشتگەرییە/ حەز دەکات، زمانی قەوزە بخوێنێتەوە/ وەختێک وەک پردەباز، لە نێو چۆمێکدا پاڵ دەکەوێت/ تا بزانێت، چۆن لە پێی مرۆڤ دەڕوانێت/ دەچێتە نێو قووڵایی ئاوەوە، بزانێت چۆن چۆنی بێسەروشوێن دەبێت/ دەبێتە خیز، تا دڵمان بەر شۆرین بکەوێت/ هەندێک جار، وەک گاشەبەرد دەردەکەوێت/ تا لەسەر ترس ڕامان بێنێت/ هەندێک جاریش، وەک تاشەبەرد لێی دەخەوێت/ تا حەقیقەتی چاومان ببزوێنێت!.
***

چاڵ: هەر بۆڵەبۆڵی ئێمە نییە، بۆ ئازاردانی ڕۆح، بۆ کونکردنی دڵ/ هەر هەڵکەندنی بیرە نەوت نییە، لە ژێر گڵ/ چاڵ: دۆزینەوەی حەقیقەتێکی دیکەیە، کە لەسەر شوێن پێ بێت/ هەڵدانەوەی مێژوویەکی دییە، کە دایناسۆڕ پێیدا ڕۆیشت بێت/ هەڵبەز و دابەزی مەیموون نییە، مرۆڤ پێی قەڵس بێت/ کەوتنی نێزەکێکیش نییە، لە ئاسمانەوە بەر زەوی کەوتبێت/ چاڵ: وردنەبوونەوەی چاوە، کە ئاسمان سەرنخوون دەبینێت!.

دۆڵ: دێڕێکی شیعریی نییە، خۆی بە دوو تەپۆلکەوە هەڵواسێت/ شاعیر، بە مەمکی بچووێنێت و، تک تک… ئارەقەی پێدا شۆڕ بێت/ دۆڵ: دەنگدانەوەی شەڕەشمشێری سەربازی ونە/ کە بە درێژایی مرۆڤایەتیی، جەللادەکان ئاڕاستەیان دەکەن و دەکوژرێن/ ئەسپیش، وەک کەلاکێکی ڕەقوتەق بەجێ دەهێڵدرێت/ هەتاکوو، بۆنی بە نێو دۆڵدا بڵاو ببێت/ دۆڵ: بۆنی پونگ و ڕێحانە و نەعنا و گوڵەوەنەوشەی لێ نایەت/ بۆنی دەستی خوێنی مرۆڤی لێ دێت/ هەرگیز، مرۆڤ بەبێ بۆن جێی ناهێڵێت/ هەتاوەکینێ، زەمین: لە داخی وێران نەبێت!.

بیابان: ڕاگواستنی ئێمە نییە، بۆ بە غەریبکردن/ دڵشکانی دڵی خۆتە، لە تراویلکەدا: بۆ دووبارە بینین/ بیابان: هێندە غەمگینە، بە بێدەنگیی دادەنیشێت/ کەس نییە بیشوات، گڕوێ دەبێت/ کەس نییە بە لایدا بچێت، ئیدی وەکوو مەنگۆلێک تەماشا دەکرێت/ کەڕەتی وا هەیە، لەبەر بێ ئاوییان، چاوی بە تەمتومان دەشوات/ جاری واش هەیە، “با” دەکاتە لفەکە و، پشتی پێ دەشوات!.
.
دەشت: بۆ ڕاکەڕاکی ژیان نییە، بە گاجووتێک بیکێڵیت/ قووڵبوونەوەی ڕۆحە، تاوێک تێیدا بخەویت.
شاخ: هەتیو نییە، لەبەر هەتاو کەوتبێت/ شاخ: بەس دەستی فێر بووە بە هەورەکان و، بیاندۆشێت.
گردۆچکە: هەڵبەز و دابەزی ئێمە نییە، بۆ پشوودان/ بینینی گوڵەهەڵاڵە و نێرگزە، بێ دەست لێدان.
***

هەمیشە دوو ئەشکەوت هەیە: ئەویش، ئەشکەوتی دڵ و زەمین/ وەختێک، لە دڵماندا، تەنیاییەکی وەها دەبینین/ کە هێندە چۆڵەوانە، هەست بە تاریکیی و داوی جاڵجاڵۆکە دەکەین/ هەست بە ئاڵۆزیی و دەنگی تاسکەچەڵە’٢’ دەکەین/ زەمین، وەها نییە، کە ئێمە لە ترسان، بە شوێنی خۆحەشاردان سەیری دەکەین/ ئەشکەوت: جار جار، بە کوارتز’٣’ دەڵێت: ئەرێ کەی شیعرم لێ دەتکێت/ چەند جارێکش، بە کۆتر دەڵێت: کەی گۆرانییم بۆ دەڵێیت/ بە دەگمەن، هەست بە چێلەمێ’٤’ دەکەین، بۆچی پاسەوانی دەکات/ بۆچی باڵخەنجەرە، ورتەورت دەگەڵ پلیزرک’٥’ دەکات/ قالۆچەش، بە نهێنی سەرگوزەشتەی گشت گەناورەکان’٦’، بە هەردوو زمانی خشۆکیی و باڵەفڕێ تۆمار دەکات!.
***

دارستان: بێ بولبول، هیچ سیحرێکی نییە، لە جوانی ڕەنگ و خۆشی دەنگدا/ ئەفسانەیەکە بێ شێر، قەڵافەتی سپیندار، چییە لە شەودا/ زاڵەی’٧’ قەلەڕەشە، چییە لە ئاسماندا، گەر مەچەکت نیشانی هێز بێت/ ئەو شیوەن بۆ من ناگێڕێت، تەنیا دەڵێت، بۆ دەبێت هەر ئیشی مرۆڤ بێت/ مامز، چ لە بەور و پڵنگ بکات، گەر ترسی ڕاوی ئێمەی لەسەر بێت/ ئەو لە ڕاکردندا، هێندە جوانە، بەس پرسیاری ڕۆح، چی لێ بەسەر دێت/ گوێدرێژ، هەر تاوێك دەزەڕێنێت، ئەویش لە داخی بارگرانی نییە/ ئێمە کە نەبووینەتە بارگرانی بەسەر زەوییەوە، بۆ نابێت بزانین حیکەمەتی زەڕین چییە!.
***

زەلکاو: هەر دەمێکە، دوای غەمی باران، یان پەستبوونی ڕووبار، بەرۆکمان بەردەدات/ چ لە زۆنگاو دەکەیت، کە ئەبەدیییە و، دەبێت بوونمان دەگەڵیدا هەڵباکات/ زەلکاو: وەک دڵشکانی دوو عاشق دەچێت، هەر کەفوکوڵێکە، دێت و دەڕژێت و دەبڕێت/ زۆنگاو: بۆ بە نامۆیی لێی بڕوانین، هیچ نەبێت، وەک شمشاڵ، دڵمان دەژەنێت/ چیتەڵان: کە ناهێڵێت، مرۆڤ بە تەنیایی پێیدا تێپەڕ بێت/ مەبەست لە سمسکبوونی’٨’ نییە، نایەوێت کەس، دڵی بە قالۆر بچێت/ لیتە: پێش قەڵسبوونی، هەرچی پەڵاش بێت دە خۆیدا وەردەدات، تا پێی بگوترێت: لیتاو/ کەچی گڵ: گەر دەستی تێ وەرنەدەرێت، بە بێنووی گریانەوە، بە چی دەبێتە قوڕاو/ ئاو: گەر ڕوونێتی لێ نەستێندرێت، لە خۆوە هانا بۆ ئاوڕوونکەرەوە نابات، بۆ وەی قوتاریی بکات لە زیچاو’٩’/ لم: هەموو ڕۆژێك یادەوەریمان دەنووسێت/ گەر شەپۆلیش نەبێت، کێ ئەو هەمووە تاڵییەی دەروونمان دەشوات!.
———————————————-
١ / ٩ / ٢٠١٦- ١٨ / ٩ / ٢٠١٦
قەڵادزێ
——————————————–

فەرهەنگۆک:-
‘١’. ڕێگای شیری: یەکێکە لە کاکێشانەکانی گەردوون، کە بۆشاییەکی بەرینی هەیە و، کۆمەڵەی خۆر بە تەواوی ئەستێرە و هەسارەکانی تێدا دەخولێتەوە و، زەمینیش ئەندامێکە تێیدا.
‘٢’. تاسکەچەڵە: سسارک، سمسارک، سیسارکەکەچەڵە، سیسالەک، سەرگەڕ، سیسارک، کەرگەز، کەپەنەکداڵ.
‘٣’. کوارتز: بەردەئەستی، یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرد. جۆری بەردی ڕەقە. بریتییە لە ماکی سیلیکا بە تۆکمەیی. لە بنەڕەتدا: وشەیەکی فەڕەنسییە.
‘٤’. چێلەمێ: شەمشەمەکوێرە، شەمشەمە، شەمشەڵە، شەمەلە، شەوکوێرە، قەڕناقووچ.
‘٥’. پلیزرک: پەڕەسوێلکە، پڕەسوێلک، پەڕەسلێرکە، پلیسرک، تەڕنەبابیلە، حاجی ڕەش، سێ پرسک، مەقسوک، هاج ڕەشک، پلوسگرد.
‘٦’. گەناور: زیندەوارە، گەناوەر، دەعبا، جڕ و جانەوەر، حەشەرە. دەستەیەک لە گیانەوەرانی وشکەژین، وەکوو: مێش، مێشوولە، مێروولە، کوللە، پەپوولە، هەنگ، زەرگەرتە، دووپشک، جاڵجالۆکە و… کە زۆربەیان خاوەنی دوو جووتە باڵ و جووتێک شاخەکیلە و سێ جووتە پای بڕکە بڕکەن و، لەشیان لە سێ بەشی جیاوازی سەر و سینگ و زگ پێکهاتووە.
‘٧’. زاڵە: دەنگی قەلەڕەش.
‘٨’. سمسک: شووم، قدۆش، کۆچکڕەش، هوم، گوناتە، کۆدقەلین، دۆبڕ، بەدوم، بەد، بەدودم، نێوچاوان پیس.
‘٩’. زیچاو: لێڵ، لێخن، لیخن، لیخناو، شێلو، شێلوو، شیلۆ، غەور خەور، لێڵایی.




ترسی ون بوون، پرسی جوانی له‌ قه‌سیده‌ی عه‌شقی یاسین عومه‌ردا

(مرۆڤ بۆیه‌ عاشق ئه‌بێت، هه‌تا ته‌نها نه‌بێت) — (به‌ختیار علی)
——————–

شاخه‌وان سدیق

————————————————————–
هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی شیعر له‌دوای (زمان، مانا، خه‌یاڵ)ه‌وه‌ (چێژه‌)، ئه‌گه‌ر بڕواشمان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ كاری سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت شیعر گه‌ڕانه‌ به‌دوای جوانیدا ‌و بۆخۆشی هونه‌ری شیعر هونه‌ری دروستكرنی ئیستاتیكایه‌، ئه‌وا ده‌بێت له‌ نه‌زموئیقاعی شیعریه‌وه‌ چێژ كاری سه‌ره‌كی خۆی ده‌سپێده‌كات، به‌جۆرێك خوێنه‌ر په‌لكێشی ناو دنیای ده‌ق بكات تا له‌ناو تێكسته‌كاندا دنیابینیه‌كانی نوسه‌ر له‌ پێكهاته‌ی وێنه‌كانه‌وه‌ بگاته‌ خوێنه‌ر، چونكه‌ په‌یامی نوسه‌ر وورد بونه‌وه‌یه‌ له‌ واتاو وێنه‌كان له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ كه‌ دواجار كارله‌ گۆڕینی بیركردنه‌وه‌و دنیابینی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن تا ئاستێك سه‌یركردن‌و وێناكردنه‌وه‌ بۆ بوون‌و نه‌بوون كه‌ پێناسه‌یه‌كی نوێ‌ له‌ فۆڕمێكی جیاوازدا وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ك ڕۆلان بارت ئه‌ڵێت ” ئێمه‌ ناتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی كه‌ بنوسین ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ نوسین مانای ڕێكخستنی دنیایه‌” له‌ ناو ئه‌م ڕێخستنه‌شدا شیعر وه‌زیفه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌كات، كه‌ تۆماركردن‌وخوێنه‌وه‌ی وێنه‌ جیاوازه‌كانی دنیایه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌دۆنیس ده‌ڵێ‌” شیعر كه‌شف ده‌كات وێنه‌ ناگرێت ” چونكه‌ خوڵقاندنی وێنه‌ له‌ ده‌قێكدا وه‌ستاندنی خودی چركه‌یه‌ك له‌ بوون یان ژیان نیه‌، به‌ڵكو خوێنه‌وه‌ی دووباره‌ی وردكراوه‌كانی ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ی ژیانه‌، چونكه‌ شیعر هونه‌ری لاسایكردنه‌وه‌ی سروشت نیه‌، به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خوڵقێنه‌ر‌و دۆزه‌ره‌وه‌ی چركه‌ ئیستاتیكیه‌كانی ناو سروشته‌، مادام كاری سه‌ره‌ی شیعر گه‌ڕان‌و كه‌شف كردنه‌ كه‌واته‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تێما له‌ تێكستی شیعریدا پرسیاره‌، بۆیه‌ كه‌سایه‌تی شاعیر هه‌میشه‌ گوماناویی‌و ئاڵۆزه‌، ئه‌م گومان‌و ئاڵۆزیانه‌ش هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌ون به‌وپێیه‌ی خوڵقاندی ده‌ق دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ی جوانیه‌كی خوازراوه‌ كه‌ له‌ حه‌زه‌ تایبه‌تیه‌كانی شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر لێره‌وه‌ به‌خێرای سه‌یرێكی قه‌سیده‌ی عه‌شقی(یاسن عومه‌ر) بكه‌ین به‌سانایی هه‌ست به‌ ڕاستێتی ته‌واوی پێناسه‌كانی سه‌ره‌وه‌مان ئه‌كه‌ین، كه‌ چۆن شاعیر له‌ ڕێگای هه‌ڵژاردنی تێمای عه‌شقه‌وه‌ ترس‌و گومانه‌كانی خۆی له‌مه‌ڕونبون‌و فه‌وتاندنی جوانی ئه‌خاته‌ ڕوو كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها مه‌عریفیه‌كانه‌ بۆ چه‌مكێك كه‌ به‌درێژای مێژووی بوون مرۆڤ ئالوده‌ی بووه‌‌و هه‌ر له‌ پێناو ئه‌وه‌شدا چه‌ندین قوربانی داوه‌ شاعیر له‌م ده‌قه‌ی دا ده‌ڵێ‌”
ئه‌گه‌ر ئه‌سپی كاروانچه‌كان عه‌شق بوایه‌
نه‌ ون ده‌بوون نه‌ سه‌رگه‌ردان
گوناهی خۆمانه‌ كه‌ ئاوی حه‌یات نادۆزینه‌وه‌
چوونكه‌ به‌ بێ‌ عه‌شق ده‌گه‌ڕێین
ئه‌وه‌ی موسای برد بۆ “توور” بۆ بینینی خودا
عه‌شق بوو
ئه‌و ئه‌سپه‌ی موحه‌مه‌دی برد بۆ ئاسمان بۆ پاڵ عه‌رش
“بوراق ” نه‌بوو عه‌شق بوو
ئه‌و داره‌ی كه‌ عیسای گه‌یانده‌ مه‌له‌كوتی باڵا
خاچ نه‌ بوو عه‌شق بوو ….عه‌شق….

به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ پرسیار كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه‌می شاعیره‌ له‌ ڕێگای گه‌مه‌زمانیه‌كانیه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ ناوجه‌نجاڵیه‌كاندا ترس‌و فه‌وتانی جوانی له‌ ژیاندا ترس‌و نه‌مانی واتا شاراوه‌نی پرۆسه‌ی دنیا بینیه‌ لای شاعیر، بۆیه‌ له‌ زمانی یاسین دا شیعر كه‌ره‌سته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها له‌ ده‌ست چوووه‌كانه‌ بۆ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پیرۆزیه‌كان پێی، چونكه‌ ئه‌وه‌ جوانیه‌ هه‌میشه‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ری چێژه‌ واده‌كات مرۆڤ به‌رده‌وام به‌سه‌ر شكسته‌كانیدا زاڵبێت، شاعیر له‌م ده‌قه‌دا پرۆسه‌ی به‌ پیرۆزكردنی جوانیه‌كان هاوته‌ریب ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی جوانیه‌كانی مێژوودا بۆیه‌ لای ئه‌و ئه‌وه‌ حه‌زكردن له‌ جوانیه‌ هه‌موو سنوری تواناكان ده‌برێت واله‌ مرۆڤ ده‌كات هه‌میشه‌ قوربانی بۆ بدات بۆیه‌ دووباره‌ ده‌ڵێ‌”

تۆ ئه‌ی عه‌شق
ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شكسته‌كانمان
ئه‌ی سه‌ره‌تای هه‌موو ئومێدێكمان به‌ ژیان
هه‌میشه‌ ستایشت ده‌كه‌ین هه‌میشه‌ زه‌م
ده‌زانین گه‌رتۆ نه‌بیت به‌ ته‌واوه‌تی وێڵده‌بین
تۆ ڕێگایت‌و تۆشیت ده‌لیل
هه‌ندێك جار هه‌ر خۆشت كاروانیت
چونكه‌ هه‌میشه‌ بێكه‌س‌و
له‌ به‌رئه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیایت

له‌ شیعری یاسین دا به‌رده‌وام وێنه‌كان خۆیان نوێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ جۆرێك هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ تێمای كاركردنی ئه‌ون فره‌ ڕه‌هه‌ندو فره‌واتا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، بۆیه‌ شاعیر هه‌میشه‌ گرنگیه‌كی زیاد له‌ پێویست ده‌دات به‌ جوڵاندنی عاتیفه‌ی خوێنه‌ر‌و واده‌كات له‌ گه‌ڵ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانیدا بتكاته‌ به‌شێك له‌ كاره‌كته‌ری ئه‌كتیف له‌ پانتای ده‌قه‌كه‌یدا‌و ناچارت ده‌كات ببیته‌ به‌ شێك له‌ كه‌سی پرسیاركه‌ر له‌ دنیای ناو ده‌قه‌كه‌یدا، بۆیه‌ زمان لای یاسین ئه‌وه‌نده‌ ئیش له‌ سه‌ر خوێنه‌ر ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵنادات فۆڕمه‌كان له‌ قاڵبێكی دیاری كراودا ڕێكبخات هه‌روه‌ك به‌ختیار عه‌لیش ده‌ڵێ” شعر عاتیفه‌ی مرۆڤ نیه‌ كه‌ قسه‌ ده‌كات،به‌ڵكو ئه‌وه‌ عاتیفه‌یه‌ كه‌ زمانی تێكده‌چێت‌و ته‌عبیری بچوك به‌شی ناكات ‌و مانا ئاماده‌كان له‌ به‌رده‌میدا ته‌سكده‌بنه‌وه‌ ” بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین شێوازی گه‌مه‌زمانیه‌كان لای یاسین هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت بوون‌و گه‌یاندنی پرسیاره‌كانیایه‌تی ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ بوونی باگراوندێكی شیعری‌و مێژووی كه‌ له‌م ده‌قه‌یدا سه‌فه‌رێكی خێرایه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو له‌ ڕێگای فلاشباكه‌وه‌ ڕاگوزه‌رێكی ته‌نهایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ مێژووی بونیدا كردونی، كه‌ سه‌ره‌نجام بوونه‌ته‌ هۆی نه‌مان‌و فه‌وتاندنی جوانی، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ یاده‌وه‌ری شاعیردا ترس و نیگه‌ران به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ به‌ بۆچوونی ئه‌و ئه‌وه‌ عه‌شقه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێت بێت‌و ژیان له‌ هه‌موو پۆخڵه‌ واته‌كانی پاك بكاته‌وه‌ هه‌ر عه‌شقیشه‌ كه‌ مرۆڤ پرده‌كات له‌ تواناو ئومێد تا بێ ئومێدی‌و بێ هیوای نه‌ی كوژێت بۆیه‌ هه‌ر له‌م ده‌قه‌ی دا ده‌ڵێت ”

ئه‌ی عه‌شق ….
گه‌رتۆنه‌بیت ئێمه‌ چۆن ده‌توانین
ئه‌م هه‌موو سه‌ده‌یه‌ خوێن تا ئێره‌ كۆڵ بكه‌ین
گه‌ر تۆ نه‌بیت ئێمه‌ چۆن ده‌ توانین
پاش دروست كردنی ئه‌م هه‌موو دۆزه‌خه‌
هێشتا به‌ شوێن به‌ هه‌شته‌وه‌بین
گه‌رتۆنه‌بیت پاش بینینی ئه‌م هه‌موو غه‌زه‌به‌
چۆن تا ئێستا به‌ نیازی خوایه‌كین میهره‌بان
چۆن تا ئێستاش به‌ نیازی یارێكین نازه‌نین
چۆن تا ئێستاش به‌ نیازی دنیایه‌كی
باشترین………..

Shaxi83@yahoo.com
https://www.facebook.com/shaxi.shafiq




شکستهێنان بە تەفسیری سەرکەوتن … کامەران چروستانی

هەموو تاکێکی کورد دەزانێت بە درێژایی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو لە کوردستاندا چی گوزەراوە و باڵادەستترین دوو هێزی سیاسیی کێ بوون، کە لە سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەتا ئەم ساتە وەختەش دوو هێزی بڕیاردەر و بەهێزی هەریمن. جگە لەوەی هێزی سەربازی و دارایی ئەو دوو حیزبە بە هێزی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستان بەراورد ناکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی پاش ڕێککەوتنە ستراتیجییەکە کوردستان و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و دەسەڵاتیان وەک برا لەنێوان خۆیاندا فیفتی فیفتی دابەش کرد.
سەباری هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەی ئێستای کۆمەڵگا و پاش بەڕێکردنی تەمەنی نەوەیەک ئەگەر کۆی وتەکانی سەرکردەی هەردوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ باری ئێستای کوردستان کۆبکەینەوە، ئەگەر لە ڕستەی ئەم سەرکردە و بۆچوونی ئەو پسپۆر و هەڵسەنگاندنی بەرپرسێی دیکە بکۆڵینەوە، ئەگەر ورتەورتی ئەم ئەندامی سەرکردایەتی سەبارەت بە گەندەڵی و چرپەچرپی ئەوی دیکەیان سەبارەت بە دانانی پلانی هەڵەی ئابووری، لەولاوە حساباتی کۆتایی وەزارەتی سەرچاوە مرۆییەکان کۆبکەینەوە، ئنجا ئەگەر توێژینەوەیەک بۆ بواری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و پلانی بازاڕی کار ئەنجام بدەین و لە کۆتاییدا هەموو ئەمانە کۆبکەینەوە و دەسەڵاتی کوردی بخەینە ژێر هەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوەی تەمەنی ئەم بیست و پێنج ساڵە، ئایا چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
بێگومان هیچ کەسێکی ژیر نکوڵی لەوە ناکات کە کوردستان نەگۆڕاوە، پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە کاتێک باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی کوردی تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکات، ئەوا بە بێگومانەوە پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە کۆمەڵێک لاوی تازەپێگەیشتووی بەتوانا بەو هەموو سەرچاوەی داراییەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی کورددا هەبووە و بە تایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئەگەر لەوە زیاتریان نەکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەوە کەمتریان ئەنجام نەدەدا. خۆ ئەگەر تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، ئەوا ئەگەر چاوێک بە (گۆڕانکارییەکانی) دوانزە ساڵی پێشووی هەر وڵاتێکی هەژاریشدا بخشێنین ئەوا (گۆڕانکاری) هەر ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە: ئایا گۆڕانکارییەکان لە چ بوارێکی ژیانی تاک – خێزان – کۆمەڵگادا کاریگەریی خۆی هەبووە و ئەرێنییانە ئەنجام و دەرهاویشتەکانی درک پێ دەکرێن؟
کاتێک باس لە بار و دۆخی ئێستا و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردی دەکرێت خودی ئەوانەیش کە لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا لەناو مەیدانی سیاسەتی کوردیدا یاریزانێکی گەورە و کاریگەر بوون یاخود لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدا پەتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕادەکێشن، خاوەنی سکاڵا و ڕەخنەیەکی زۆرن و دان بەوەدا دەنێن، کە دەسەڵاتی کوردی بەردەوام بە هەمان کێشەوە دەناڵێنێت، کە چەندین ساڵە پێوەی ناڵاندوە. واتە هەر خودی ئەو یاریزانانەن دان بە (سەرنەکەوتنی) بەڕێوەبردن و پلان و ئەرکەکاندا دەنێن و باس لەوە دەکەن، کە پێویست وا بوو لەم بوارەدا یان ئەو بوارەدا کۆمەڵگا لە ئێستادا لە ئاستێکی دیکەدا بووایە. واتە هەمان کۆمەڵە کەس، هەمان جۆرە بیکردنەوە، هەمان بۆچوون و هەمان ئاستی زانستی، هەمان ڕەوتی ئابووری و هەمان سیاسەت کە بە درێژایی بیست و پێنج ساڵە ئەم هەرێمە (بەڕێوە دەبەن) و هەتا ئەم ساتە وەختەش هەر باس لە (خزمەتکردن و بەڕێوەبردنی) کۆمەڵگا دەکرێت و شانازیی بە (سەرکردایەتی) هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت! بەڵام ئایا جگە لە پیاهەڵدانێکی شاعیرانە چ ڕۆژێک بە داتا و زانیارییەکی ورد باسی لە پێشکەوتنی جۆری و چەندیی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی کراوە، ئایا ڕێژەی بێکاری واقیعی باسی لێوە دەکرێت؟ ئایا باس لە ڕیزبەندیی زانکۆکانی کوردستاندەکرێت لەناو لیستی زانکۆ جیهانییەکاندا؟ ئایا باس لە گەندەڵی سیستمی تەندروستی و بازرگانییەکانی ئەو بوارە دەکرێت؟
لە هەمووی گرنگتر ئایا کەس هەیە باس لە کرۆکی پرۆسەی گۆڕانکاری دەسەڵاتی وڵاتە دیموکراسییەکان بکات: کە ئامانجی گۆڕانکاری هەموو چەند ساڵەی هەر حکومەتێکی لەم جیهانەدا بریتییە لە هێنانی هزرێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ ئەوەی تەوژمێکی نوێ بدرێت بە ژیانی کۆمەڵگا نەک تەنها مەبەست گۆڕانکاری دەموچاو و کەسایەتییەکان بێت، بەڵام لەلای ئێمە بیست و پێنج ساڵە ئەو (هزری بەڕێوەبردنە) لەنێوان کۆمەڵێک کەسایەتیدا قەتیس ماوە، گۆڕانکارییەکان لەنێوان خۆیاندا دەکەن، بەڵام خودی خۆیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
دەگەڕێمەوە بۆ هەمان پرسیاری پێشووم: لە هەموو ئەم خاڵانەدا وەک تاقیکردنەوەیەک چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
کاتێک خودی سەرکردەکانی کورد بە نەرێنی باس لە ئاستی شادەمارەکانی ژیانی ئێستای کۆمەڵگا بکەن، کاتێک دان بەوەدا بنێن، کە لە سەرەتاوە پلانە ئابوورییەکان و پرۆسەی دامەزراندنی بەلێشاوی هاووڵاتیان هەڵە بووبن، کاتێک بواری تەندروستی و پەروەردە لەناو گێژاوێژی چەقبەستوودا خۆی بەدی بکات، لەولاشەوە بەرهەمی ماشێنی خوێندنی باڵا بەم هەموو بڕوانامە بەدەستەوە بازاڕێکی کار بەدی نەکەن، کاتێک بەرپرسان بە بەردەوامی گلەیی و گازندە لە گەندەڵی بکەن و خۆزگە بخوازن بەوەی کە بریا ئەوە نەکرایە و ئەوە نەوترایە، ئەی ئایا کەی ئەو بوێرییە لە ناخی سەرکردایەتی کورددا دەتەقێتەوە کە دان بە (شکستهێنانی) بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگایەدا بنێن؟ پاش بیست و پێنج ساڵ ڕۆحی تەبایی و نیشتمانپەروەریی بەرەو داڕۆچوون ڕۆیشتووە و دەیان هەزار لاوی وڵات لەبەر نەبوونی ئاواتێک بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی لەبار وڵاتیان بەجێ هێشت. ئەگەر نەتوانرێت هەموو ئەو هەڵە و قەیران و کێشانەی لە ژیانی (تاک-خێزان-کۆمەڵگا) و زۆرینەی دامودەزگاکانی حکومەتدا بوونیان هەیە، لەناو دەستەواژەی (شکستهێننان)دا کۆبکرێنەوە، ئایا لە فەرهەنگی بەڕێوەبردندا چ جیاوازییەک دەبێت لەنێوان (شکست و سەرکەوتندا)؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە جیاوازی لەنێوان (گۆڕانکاری و پێشکەوتن)دا بکەین؟ دەستنیشانکردنی پێناسەی ئەو دەستەواژانە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییانەمان دەکەنەوە، کە سەرباری هەموو گۆڕانکارییەکان، سەرباری ئەو پێشکەوتن و بەرەو پێشچوون لەم بوار یان لەو بوارەدا بەدی بکرێت، بەڵام کاتێک شادەماری کۆمەڵگاکەمان ئابووری، پەروەردە و تەندروستی لەناو کێشە و قەیرانێکی قوڵدا بژین، ئایا جگە لە شکستهێنان چ دەستەواژەیەکی دیکەی گونجاو بتوانرێت بۆ ڕەوتی ئەم دەسەڵاتە بەدی بکرێت؟




زمان و بیرکردنەوەی شیعری … حەکیم مەلاساڵح

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن …..

Hakim Mala Salih




تەنها ئاشتی هەورامی ڕاستی وت … عەلی مەحمود محەمەد

دانیشتنەكانی دەزگای میری لە رۆژانی رابردوو لە شاری هەولێر,باوەڕم وایە یەك هۆكار بۆ رێكخستنی هەبوو , ئەویش بابەتەكەی ئاشتی هەورامی بوو , باقی بابەتەكانی دی و سەرو سیمای سیاسەتەمەدارانی بەشدار بووی , تەنها بۆ مكیاجی بابەتەكەی ئەو بوو , ئاشتی هەورامی زۆر بە جوانی داهات و خەرجییە فەرمییە ئاشكراكانی دیاریكرد , ئەوەی گرنگ بوو لە بابەتەكەی , وە ئەوەی دەیەویست بیڵێت و روحی پەیامەكەی بوو, ئەم ڕستەیە بوو كە وتی ((20 ملیار دۆلارمان سوتاندووە)) , مەبەستی ئەو پارەیە بوو لە كەرتی كارەباو كەرتە گشتیەكانی دیكە خەرج دەكرێت و پشتیوانی حكومەتە لەو كەرتانە , وتی تا ئەم 20 ملیارە بەردەوام بێت لە خەرج كردن , نەوت ببێتە 100 دۆلاریش موچەمان پێ نادرێت , واتا چاك بونەوەی موچە پەیوەندی بە نەهێشتنی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتییەوەیە نەك نرخی نەوت ئەمە تەنها قسەی ئاشتی هەورامی نییە , بەڵكە ئەوەی كەمترین هوشیاری زانستی ئابووری هەبێت دەزانێت ئەمە پەیامی سندوقی دراوی جیهانی و بانگەشەی نیولیبرالیزمە لە جیهان و پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتەكانی پێك هێنەری كابینەكەین , ئەی ئەوە نییە وا كەرتی كارەبا دەكرێتە تایبەتی ؟؟ بۆ ئەوەی ئیتر ئەو 20 ملیارە نەسوتێنرێت, نرخی بلێتی نەخۆشخانە گشتییەكان كراوەتە 3 هەزار دینار و پشتیوانی لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان كەم كراوەتەوە , لە دوا پەیامیشدا هەردوو لیستی سەوزو نیلی مامۆستایان داوای 25 دینار كریێی خوێندنی مانگانە لە قوتابیان دەكەن .
لە سەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆشی باوك و كلنتۆن دەستەواژەیەك باو بوو دەوترا (( ئەمە ئابورییە ئەحمەق)) , ئابوری جۆرج بۆشی باوكی ئەحمەقی لە كۆتادا دۆڕاند , سەركەوتنەكان بەسەر سەدامدا دادی نەدا و فریای نەكەوت و نەبووە فریاد رەسی كورسییەكەی, بەڵێ ئەمە ئابوورییە و ئاشتی هەورامی راستی وت پەیامی سستەمێكی نەگریسی گەیاند كە دەسەڵاتی كوردی 25 ساڵە ئەزمونی دەكات, ئێستا لە هەنگاودایە بۆ سەندنەوەی تەواوی دەستكەوتەكانی رابردوو لە گەل كە بە خەباتی دەیان ساڵەی چەپ و كرێكاران و زەحمەتكێشانی ئەم وڵاتە بەدەست هاتووە , لە غیابی چەپی كاریگەرو ساندیكای بەهێزی كرێكاریدا , وا دەكات ئیتر ئاشتی هەورامی و حكومەتە نەگریسەكەی و پارتە سیاسییە باڵادەستەكان لە بری ئەوەی پارەی داهاتی كوردستان بۆ خزمەتگوزاری گشتی بسوتێنێت , پارەی گیرفانی رەنجی شانی هەژاران دەسوتێنێت .




داعش لەهەناوی شەریعەتی ئیسلامەوە لەدایک بووە ….. ئاراز شاد

ئاینی ئیسلام، شتێکی هەیە هاوشیوەی دەستوری وڵاتان، ئەویش قورئانو شەریعەتە. لێ جیاوازیەکە ئەوەیە ئەو یاساو ڕێسایانەی زیاتر لەچواردە سەدە بەر لەئێستا پێغەمبەر دایڕشتوون هیچ کەسێک ناتوانێت کەلیمەیەکی لێ زیاد یان کەم بکات. سەوابتن و سەردەمەکان دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵیان. هەروەها بەشێوەیەکی مەتاتی و فراوان نوسراون. واتا بەگوێرەی یاساکانی ئیسلام شوێنکەوتووان دەتوانن موسوڵمانی میانڕەو، ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆستبن. هەر بەهەمان یاساش دەتوانن تیرۆریست، وێرانکارو توندڕەوبن. چونکە لەناو کتێبەکانی ئیسلامدا دەق هەیە موسوڵمان هاندەدات کە ڕێزو خۆشەویستی ببەخشێت بەمرۆڤەکانیتر، لەبەرامبەردا دەیان تێکست هەیە موسوڵمان هاندەدات کە خەڵک بکوژێت لەپێناوی خودادا. لێرەدا من هەوڵدەدەم ڕووی ئیسلامی داعشئاسا دەربخەم، موسوڵمانان ئینکاری ئەوەدەکەن کە کارەقێزەونەکانی داعش لەناو دەقەکانی ئیسلامدا بوونیان هەبێت، ئەوان بەشێکیان لەئیسلام تێنەگەیشتوون، بەشێکیشیان هەوڵدەدەن ڕووی ناشیرینی ئیسلام داپۆشن. منیش دەمەوێت ئەم دەمامکە لادەم. بەبەڵگەی قورئانیی و حەدیسیی سەحیح دەیسەلمێنم کە ئەوەی داعش دەیکات گشتی لەئایینی ئیسلامدا حەڵاڵە، بەڵام لەپێناو پوختکردنەوەی بابەتەکە ئایەتو حەدیسە عەڕەبیەکان نانوسم، تەنها تەرجەمە کوردیەکانیان وەکو خۆی ئاماژەپێدەکەم. لەحەدیسێکدا پێغەمبەر دەڵێت: من نەنێردراوم وەكو خوا سزا بدەم، بەڵكو نێردراوم بە لەملدان و توند بەستنەوەیان! جا ئەگەر پێغەمبەر خۆی بڵێت من هاتوم بۆ لەملدان، داعشیش شتێکی نەکردووە قێزەونتربێت لەوە! کەواتە داعش بەشوێن پەیامبەرەکەی خۆیدا ڕێدەکات. بابڕوانینە ئەم ڕووداوە، وەكو له سیرەی ابن هشام و رحیق المختوم گولاوی سەرەمۆردا هاتوه: كافرێك هەبوو له مەككه به شیعرەكانی زۆر كافرانی هان دەدا بۆ شەڕ له دژی ئیسلامو جنێوی ئەدا. بۆیه پێغەمبەر فەرمووی به هاوەڵەكانی، كێتان هەیه بڕوات بۆ كەعبی كوڕی ئەشرەف و لەناوی ببات؟ ئەوەبوو موحەمەدی كوڕی مەسلەمه هەڵسایه سەرپێ و فەرمووی: من یارسول الله، ئیتر چوو كوشتی و كاتێ گەڕایەوە سەحابه بینیان دەستیان كردە اللەاكبرو سەری كەعبی كوڕی ئەشرەفی بڕی بوو و فرێیدایە بەردەستی پێغەمبەرو پێغەمبەریش سوپاسی خوای كرد لەسەر كوشتنەكەی! کەواتە سەربڕین شتێکی نامۆ نییە لەکلتوری ئیسلامداو نە شتێکی تازەشە. بەڵکو تیرۆریستەکانی ئێستا کردەوەی سەربڕینیان لە ڕێبەرانی پێشوویترەوە بۆ ماوەتەوە. هەروەها ناردنی کەسێک بەفەرمان، بۆ کوشتنی کەسێک و هێنانەوەی سەری کوژراوەکە، ئەمە کردەوەیەکی تەواو تیرۆریستییەو تیرۆریستەکانی ئەم سەردەمە ڕێک کۆپین و کردەوەکانیان و تەربیەتەکەیان لە سەحابەکانەوە فێربوون. زۆر بەکورتی ئەمانەش چەند فەرمانێکی پەیامبەری ئیسلامن بۆ سەربڕینی خەڵک، بەتایبەتی نوسەرو ڕۆشنبیران: مەحەمەدی کوڕی مەسلەمە، سەری کینانەی کوڕی ڕەبیعی یەهودی بڕی بەفەرمانی پێغەمبەر. عبدوڵای کوڕی مەسعود سەری ئەبو جەهلی بڕی لەغەزای بەدرو هێنای بۆ پێغەمبەر. ئەبو دووجانە کەسەحابەی دەستەڕاستی پێغەمبەربوو، سەری جابری کوڕی عەبدوڵای بەشمشێر پەڕاند. فەیروز سەری ئەسوەدی عەنەسی لێکردەوە کاتێک وتی بوومەتە پێغەمبەرو سەرەکەی هێنا بۆ پێغەمبەر. علی کوڕی ئەبی تاڵب سەری عەزوەکی یەهودی بڕی و فڕێیدایە بەردەم پێغەمبەر، پەیامبەریش مژدەی بەهەشتی پێدا. ئەوانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرمانێک، بەڵگەی ڕوونیشن کە سەربڕین بەشێکی دانەبڕاوبووە لە کلتوری ئیسلام و ئیسلامیش بەزەبری خوێنو شمشێر بوونی خۆی سەلماندووە. تەنانەت ئیسلام پێیوایە لەڕووی زانستی پزیشكیشەوە، بڕینی مل بەڕەحمترین جۆری كوشتنە، چونكە كەسی كوژراو هەست بەهیچ ئازارێك ناكات! لەبەرئەوەی خانەی بەرپرسیار لەهەست كردن بەئازار لەمێشكدایە، وە بڕینی دەمارەكانی مل بە خێرایی، ناهێڵێت ئازارەکە بگاتە مێشك! بۆیە داعش کۆمەڵێک بیدعەکار نین، بەڵکو تەمسیلی ڕاستەقینەی مۆدێلێکی ئیسلام دەکەنو وەفادارو شوێنکەوتووی پێغەمبەرنو شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ دەکەن. وە بەڕای من داعش، قاعیدە وحیزبە ئیسلامیەکانی ناو حکومەت هەریەکێکن و گشتی لەیەک مەنهەجو سەرچاوەوە بیروڕاو فیکریان هەڵدێنجن، ئەویش شەریعەتی ئیسلامە. حزبە ئیسلامیەکان بەژداری هەڵبژاردنی دیموکڕاسیانە دەکەن و لەناو پەڕلەمان و حکومەتدانو باسی ئازادی و بەیەکەوەژیان دەکەن. ئەوان هەتاکو ئەوکاتەی دەوڵەتو دەسەڵاتی ئیسلام بەتەواوی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکات ئەو ڕووخسارە میانڕەویە نیشان دەدەن، ئەگینا گەر دەمامکەکەیان لادەی بۆت دەردەکەوێت کە هیچ جیاوازیەکیان نییە لەگەڵ داعش و هەمان فیکرو تێڕوانینیان هەیە، سەبارەت بە شەریعەت و یەک بەیەکی بڕگەو ماددەو یاساکانی ئیسلام. بەڵام ئەوان جیهادی قیتالیان بۆ داعش جێهێشتووەو خۆشیان لەناو کۆمەڵگادا وردەوردە کۆمەڵگا بەئیسلامی دەکەن و دەیانەوێت هەموو ژنان حیجاب ببن و مەیخانەکان دابخرێن و لەهەموو کۆڵانەیەکیشدا مزگەوتێک بونیاد بندرێت. حزبی ئیسلامی تیرۆری فیکری دەکەن و داعشیش تیرۆری فیزیکی. ئەوان عەقیدەی ئیسلام بە دیدە تەکفیرییەکەی دەرخواردی مێشکی خوشک و براکانی ئێمەمانان دەدەن و داعشیش فیشەک و شمشێر ئاراستەی مل و دەمی برا پێشمەرگەکانمان دەکات.
ئەوان هەردوکیان بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام ئەرکیان تیرۆرە، جا یەکێکیان تیرۆری فیکری و ئەویتریان تیرۆری فیزیکی. ئیسلامیەکان ئازادیە تاکەکەسیەکانی وەکو جلوبەرگ، قسەکردن، خۆشەویستی و هەڵبژاردنی ئایین لەناودەبەن، تەفکیری ڕۆشنفکران دەکەن، سنور بۆهەموو چالاکیەکان دادەنێن کەیەکانگیر نەبێت لەگەڵ شەریعەت. دواتر شوێنکەوتوویەک بەرهەم دێنێت هەموو شتێکی بەرامبەرەکەی پێ ڕەفزە. تاکە پێوەری مرۆڤی باش لای ئەو، گەنجێکە ئەهلی مزگەوتەو خوشکێکی باڵاپۆشە. کەواتە لەجەوهەردا هیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان ئەم دووانەدا. بەڵام لەڕووکەشدا ئاڵاو لۆگۆ و دروشمیان جیاوازە. لەزاهیردا ئیسلامیەکان موجامەلەی هەوادارانی خۆیان دەکەن و ئایینی ئیسلام بەجۆرێکی تر تەفسیر دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیان بێت و موتوربەیەک بێت لەگەڵ بارودۆخەکەی ئێستایان، لێ لەباتیندا فەڕقێک لەگۆڕێدانییە لەنێوان موعتەدیلەکان و موتەشەدیدەکاندا. هەمووئەوانە چ ناوێکیان هەیە گرنگ نییە، چونکە هەموویان ئەو مناڵە دڕندەیەن کە لەدامێنی شەریعەتی ئیسلام لەدایکبوون. ئەم دامێنەش مناڵ دوای مناڵ فڕێدەدات، بەعس و داعش هەردووکیان لەژێر ڕۆشنایی سوڕەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردیان بەزیندوویی خستە ژێر گڵەوەو ژنەکانیشیان کردن بەکۆیلەو لەلایەن جەنگاوەرەکانی خودای ئیسلامەوە دەستدرێژی سێکسیان کرایەسەر. لەقورئاندا ئایەتی نیسان دەڵێت: ئەو ژنە ناموسوڵمانانەی لەجەنگدا بە ”غەنیمە” بەتاڵانی دەکەونە دەستتان بۆتان حەڵاڵن و دەتوانن سێکسیان لەگەڵدا بکەن بەبێ ڕەزامەندی خۆیان. یانی ئەوەی داعش لەشەنگال دژی ئێزیدیەکان کردی ڕێک جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکانی قورئان بوو. کاتێک سێ هەزار ژنیان ڕفاند، کە زۆربەیان لەبەر چاوی خۆیان کوڕ، مێرد یان باوکیان کوژرابوو، ئینجا خۆشیان هەتککران و هەندێکیان تەنها بە بڕی ٢٠٠ دۆلار دەفرۆشران. ئەم دیمەنە قێزەونە لەقورئاندا هاتووە نەک قسەی گیرفانی خۆم بێت. هەروەها هەتائێستاش هەموو عولەمایانی ئیسلام لە سەرانسەری جیهاندا نەیانتوانیوە بڵێن داعش پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام کاردەکات.
لەتازەترین نمونەدا ئیسماعیل سوسەیی، کە وتارخوێن و ئیمامێکی بەناوودەنگە دەڵێت: چونکە پێشمەرگە لەبەرەی ڕۆژئاوایەو بەرگری لەسیستەمێکی عەلمانی دەکات شەهید نییەو ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام مادام داعش بانگەوازی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و جیهاد لەپێناوی خودایا دەکات ئەوان شەهیدن و دەچن بۆ بەهەشت. ئەوئیمامە لەگەڵ خوای ئیسلام ڕاستگۆییەو
داعشیش یەک زەڕە لە ڕێگای پێغەمبەرو هاوەڵەکانی لایان نەداوەو فتوحات یان ڕوونتر بڵێین داگیرکاریەکانی ئیسلام بەهەمان شێوەی ئێستای داعش بوون، کافران بکوژن، ماڵو سەروەتەکەیان بەتاڵان ببەن و ژنەکانیان لاقەبکەن و بەگوێرەی شەریعەت بۆتان حەڵاڵن و دەبن بە کۆیلەو خزمەتکارتان، چونکە ”غەنیمە” دەسکەوتی جەنگن. داعشەکانی ئێستاش ڕێک سەحابەکانی پێشوون، یانی وامەزانە سەحابەکان فریشتەئاساو پیاوچاکو میهرەبان بوبن، بەڵکو ڕێک وەکو داعشەکانی ئێستا دڕندەو تینوی خوێن بوون. کاتێکیش کوردستانیان داگیرکرد هەزاران ژنی کوردیان کردە کۆیلەو هەزاران لەباووباپیرانی ئێمەییان سەربڕی. بۆیە عەقڵانیەت نییە، کەسێک موسوڵمان بێت و دژی داعش بێت. کەواتە تۆی موسوڵمان ئەگەر داعشت پێ ڕاست نییە و بەتیرۆریستی دەزانی یان لەئیسلام تێنەگەیشتووی یان لەداعش! ئەگەر وەکو گریمانەیەکی لاوازیش گومانت لەگووتەکانی من هەیەو پێتوایە من ڕەخنەگرمو زیادەڕەویم کردووە، دەی خۆناکرێت قسەی ڕێبەرەکانی خۆشت پێڕاست نەبێت. عبدڕەحمان سەدیق بانگخوازو شارەزای فیکری ئیسلام، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: هەموو ئەوەی داعش دەیکات لەناو قورئان و کتێبەکانی ئیسلامدا هەیە. لە دەستبڕین، سەربڕین، ڕەجمکردنی ژن بەبەرد و هەڵدانەخوارەوەی خەڵک. (مەبەست بەرزاییە) تەنانەت دەڵێت: لەسوتاندنی فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەشدا بەگوێرەی ئایەتەکانی ئیسلام سوتاندیان. هاوکات ئەڵێت: دوای داعش ئێمە شۆڕشێکی فیکری گەورەمان لەبەردەمدایە کە دەبێت پێداچونەوە بە کتێبەکانی ئیسلامدا بکەین و شتی قێزەون و ناشیرینی لێدەربێنین، بۆئەوەی لەداهاتوشدا شتێکی هاوشێوەی داعش دروست نەبێت و بڵێت لەسەر بنەمای ئەم ئایەت و بەڵگانەی قورئان من سەردەبڕم. هەروەها دەڵێت: داعش بەڵگەی قورئانی هێناوەتەوە کە، پێغەمبەر شیشی سوروەکراوی کردووە بەچاوی دوژمن و بەئاگر سوتاندوونی، بۆیە ئەوانیش فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەیان سوتاندووە..

araz_shad@hotmail.co.uk
ئاراز شاد/فینلەند




چۆلەكەكانی بەهەشت بۆ ئەوەندە ناشیرینن … كارا فاتيح

دەڵێن منداڵان بەو پێیەی گوناهیان نییە، تاوانێكیان نەكردوە، ئەوان دەبنە چۆلەكەی بەهەشت و لە سەر لقی درەختەكانی فیردەوس چڵاوچڵ دەكەن، ئەم بۆچوونە لە سەر منداڵ، تا سەر ئێسك نامرۆیی و دژ بە منداڵە و ئەخلاقی مرۆڤانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش بەوەی وێنەی مردنی منداڵ ناشیرین دەكات، لە لایەك شیوەنێك بەرپا دەكات، كە ئەو سەری دیار نەبێت لەبەر هەڵوێستی ڕووتی سۆزگەرا و پەرچەكرداری ڕۆمانسییانە، تا دەگاتە هەرەس و هەڵچوونی ناعەقڵانی و دەروونی، لە لایەكی تر لافاوی شین و فووغان بەوە دادەمركێنێتەوە و سەبووریی بە دڵ دا دەهێنێت، كە ئەوان دەبنە چۆلەكەی بەهەشت، لە سەر خونچەی گوڵ و گوڵزاری باخی ئیرەم دەنیشنەوە، ئەوە ناخی بەكوڵ و جەرگی داغبوو تەسكین دەدات، كە ئەوان بۆ هەمیشە لە میوەی ئەفسانەییی بەهەشت دەخۆن، لە ئاوی حەیات دەنۆشن.

نامرۆیی و ناعەقڵانیی ئەم بۆچوونە لەوە دایە، مردن وەك مەزنترین ڕووداوی ژیان دەكاتە پرۆسەیەكی هێندە پاسیف و نابەرهەمهێن، كە تەنها چەند هەڵوێستێكی عاتیفی و دەربڕینی ڕۆمانسییانەی لێ سەوز بێت. ئەكتیڤیی ڕووداوی مردن ئەوەیە، كە كاریگەرییەكانی تەنها پەرچەكرداری لە وێنەی هۆنهۆن گریان و شیعری خەمناك و گۆرانیی شیوەنئاسا و ئەدەبی ماتەمینی نەبێت، بەڵكو ئەو كاریگەرییانە لە سەر ویژدان و خەون و دونیابینی شوێنیان هەبێت. ئەوانەی مردن پاسیف دەكەن، ناڕاستەوخۆ پەیامێك دەنێرن، با ئەم مردنە بەردەوام بێت، با بۆمبەكانی كیمیایی بەربدرێنەوە، با ئەنفال دوایی نەیەت، با قوڕی مەرگەساتی كۆچ و ئاوارەیی خەستتر ببێتەوە، با ئالان بخنكێت، گرینگ ئەوەیە من مەستی شین و فووغانی خۆم، پیاوی هەڵوێستی ڕۆمانسی بم، ئیلهامی شیعرم نوێ ببێتەوە، گۆرانیم بەسۆزتر، سوێ بخەمە هەناوی ئەوانی ترەوە، ئەمەیش هیچ نییە جگە لە بەشدارییەك لەو تاوانە دا، ئەمە كۆرسێكە لە بكوژ و تاوانبار، كە لە پشت بەرپرسی یەكەمی تاوانە وەستاوە و دەیەوێت كارەكەی بۆ تەواو بكات… ئەمانیش بە شێوەیەكی تر بكوژن.

منداڵێك لە غەریبی دەمرێت، وێنەكەی جیهان دەهەژێنێت، بیر لە پێداچوونەوە بە ویژدان و ئەخلاق دا ناكرێتەوە و دەستكاریی هەستی ئیستاتیكی ناكرێت و لەم وێنەیەوە جۆرێك تر لە، بۆ نموونە (تـریفـەی مـانـگ، پرشنگی هـەتـاو، نەشئەی شەوان، نەسیمی دەریا، شەپۆلی دڵفڕێن… هتد) ناڕوانرێت، ئەوانەی لای ئێمە ئەم وێنەیە دەبینن، ناتوانن قەشەنگیی بیرەوەرییەكان تێك بدەنەوە، شاجوانی یادەوەرییەكان بهێننە خوار و فریشتەی خەیاڵەكان ئاسایی بكەینەوە. سەر لە نوێ وێنەی ئالان دەبێتە هۆی ڕەنگكردن و زیندووكردنەوە و چالاككردنەوەی هەموو ئەو وێنانە و جارێكی لە پانتاییی هونەر و ئەدەب و هەڵوێستی مرۆیی و ویژدانی دا ڕۆڵ دەبیننەوە، جارێك وێنەی ئالان كڵپە دەدا بە گڕی خامۆشی سۆز و هەڵوێستی عاتیفی توند دەكاتەوە، جارێكی تر بە بیانووی بێگووناهی و ئاوەڵاییی دەروازەی بەهەشت بۆ ئالان و ئەوانی تر، ئەم ڕووداوە و ئەم كاراكتەرە گرینگە، قورستر و تراژیدیتر لە ڕووداوی خنكان، بە مەرگ دەسپێررێت و خەون و پرسیاری ئالان، كە دەبوو لە ویژدانی هەموومان دا تا ئەبەد بژین، بەم ڕۆمانسیەتە لە هەڵوێست و غەیبانیەتە لە بیركردنەوە دەكوژرێ و هەرگیز بە جیدی دەنگی ئالان لە ناخ و گەرووی ئێمەوە بەرز نابێتەوە بڵێ (خودایە، جەنگاوەرەكانت بۆ وا دەكەن؟)




کۆمۆنه‌کان و بۆرژوازیه‌ت* … نووسینی: العفیف الاخضر


وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

—————————-

له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا، خامۆشی و سستیوسڕی، ئه‌وروپای ڕۆژئاوای ته‌نیبوو، له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و خامۆشی و سستیوسڕییه‌دا، له‌ شاره‌ ده‌ره‌به‌گییه‌کاندا جموجووڵی بازرگانی خه‌به‌ری بووه‌وه‌ و وروژا. ئه‌وده‌مه‌ به‌ده‌ر له‌ باوبوونی پیشه‌کاری ده‌ره‌به‌گی، پیشه‌سازی به‌ سه‌ربه‌خۆیی، له‌و جموجووڵه‌ بازرگانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، پیشه‌کاری دێهاتی تایبه‌ت بوو به‌ چاکسازیی ئامێره‌کانی پیشه‌کاری و که‌لوپه‌لی نێوماڵ و چه‌کسازی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، پیشه‌سازی به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌و پیشه‌کارییه‌ دێهاتییانه له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و دوو ڕووداوه‌دا، ئۆردووگا نوێیەکانی نیشته‌جێبوون و بازاڕه‌ نوێیەکان سه‌ریان هه‌ڵدا، به‌ به‌راوردکردن له‌ته‌ك شاره‌ ده‌ره‌به‌گییه‌کاندا، گه‌شه‌کردووتر و زیندووتر بوون. شاره‌ ده‌ره‌به‌گییه‌کان له‌ کۆشکی سه‌روه‌ر و کڵێسه‌یه‌ک و به‌ندیخانه‌یه‌ک و به‌نده‌رێک و چه‌ند خانوبه‌ره‌یه‌کی پارێزگاری و ده‌ستپێوه‌گرتنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌، زیاتر تێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد، ئۆردوگاکان و بازاڕه‌ نوێیەکان ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یان به‌زاند و ناوچه‌یان گرته‌وه. دانیشتوانی شاره‌وانییه‌کان، که‌ بریتیبوون له‌ بازرگانه‌کان و پیشه‌کاره‌ نوێ شارییه‌کان، ئه‌وانه‌ له‌ کۆیله‌کان و پابه‌ندکراوه‌کانی بواری ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گییه‌وه هاتبوون، به‌ڵام هیچ نه‌یده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌و ڕه‌چه‌ڵه‌که‌وه‌‌‌. دانیشتوانی شاره‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان، قه‌راغ شاره‌ نوێیەکان، واته‌ بازرگانه‌کان، پیشه‌کاره‌کان )بۆرژوازییه‌کان( تووڕه ‌و ڕقئه‌ستوورو به‌بیانوو بوون له‌ قه‌رزه‌ ده‌ره‌به‌گییه‌کان، به‌ تایبه‌تی باج و سوخره‌کێشی، چونکه‌ کۆسپی مه‌زن بوون له ‌به‌رده‌می پێشکه‌وتنی جموجووڵه‌ شارستانییه‌ نوێیەکاندا. ئه‌و ڕقوکینه‌یه‌ بووه‌ هەوێنی خه‌باتێکی پۆزه‌تیڤ، بۆ سه‌ربه‌خۆیی شاره‌کانیان و ڕزگارکردنیان له‌ ژێرده‌ستی ده‌ره‌به‌گه‌ عەلمانی و ئاینییه‌کان، ئا به‌و چه‌شنه‌ له‌ سه‌ده‌ی یازده‌دا، بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنه‌کان سه‌ریهه‌ڵدا.
بۆرژوازییه‌کان، نه‌ك له‌به‌ر خاتری جه‌ماوه‌ر، به‌ڵکو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، چه‌ند داوایه‌کیان خسته‌ڕوو، وەک مافی هاتوچۆکردن له‌نێوان هه‌رێمه‌کاندا، مافی فرۆشتن، مافی قه‌رزو سوسه‌له‌م، مافی دادی، تا خۆیان به‌ خۆیان به‌پێی یاسای گونجاو چاره‌ی گیروگرفت و جیاوازییه‌کانیان بکه‌ن. مافی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌کانیان، مافی خۆبه‌رگری له‌ که‌سه‌کانیان و داراییه‌کانیان، مافی کۆکردنه‌وه‌ی باجی پێویست بۆ به‌رگریکردن له‌ شار، مافی دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ ئاره‌زووی خۆیان، له‌ته‌ك دۆسته‌کانیان، یان کێبڕکێکه‌ره‌کانیاندا، سه‌روه‌ران ئه‌و داوایانه‌یان ڕه‌تکرده‌وه‌، چونکه‌ له‌و داوایانه‌دا، که‌مبوونه‌وه ‌و له‌ده‌ستدانی ئیمتیازه‌کانی خۆیان ده‌بینی، جگه ‌له‌وه‌ش ده‌ستدرێژی بوون‌ بۆ سه‌ر دابونه‌ریته‌ عیلمانی و ئاینییه‌کان. به‌ڵام بۆرژوازییه‌کان هه‌ر سووور بوون له‌سه‌ر به‌جێگه‌یاندنی دواکارییه‌کانیان، له‌ پێناوی ئه‌وه‌شدا، به‌ چه‌ند ڕاپه‌ڕینێکی خوێناوی هەڵسان، به‌ تایبه‌تی له‌و شارانه‌دا که‌ سه‌ر به‌ کڵێسه‌ بوون و داواکارییه‌کانی بۆرژوازییه‌کان، به ‌بێوه‌فایی ناوبران و ڕه‌فزکران، ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌، ڕووداوه‌ ڕاست و ڕاشکاوه‌کانی، ململانێی چینایه‌تیی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، سه‌ده‌ی یازده‌ و سه‌ده‌ی دوازدە‌ بوون، له‌م وڵاته‌وه‌ ده‌گوێزرانه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵات، ساڵی ١٠٣٠ له‌ ئیتالیاوه‌ ده‌ستی پێکرد، دواتر ئه‌ڵمانیا، باکووری فه‌ره‌نسا، هه‌روه‌ها هۆڵندا و تاد.
هه‌ر زوو ده‌ره‌به‌گه‌ عەلمانییه‌کان و ئاینییه‌کان و پاشاکانی فه‌ره‌نسا، له‌و مه‌ترسییە‌ تێگه‌یشتن، مه‌یلی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به‌ کۆمۆنه‌کان زیاتر بوو، لەسەر ئەوە یەکڕا بوون کە دەبێت تا ڕەگیان دانەکوتیوە و تەشەنەیان نەکردووە لەناوببرێن و نه‌هێڵرێت به‌ هیچکلۆجێك )به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئازادی، مواثیق الانعتاق( بفرۆشرێن به‌ بۆرژوازی شار. به‌و چه‌شنه‌ کۆمۆنه‌کان گۆڕدران. ئه‌وه ‌بوو کۆمۆنه‌کان په‌نایان برده‌ به‌ر چاره‌سه‌ری ناوه‌ڕاست، له‌ته‌ك سه‌روه‌راندا. له‌ فه‌ره‌نسا ژماره‌ی ئەو کۆمۆنانه‌ی، که‌ به‌ شێوازێکی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌ربه‌خۆ مانه‌وه‌، ٢٩ کۆمۆنه‌ بوون، کۆمۆنه‌کانی دیکە، ڕێککه‌وتنیان هه‌ڵبژارد. ئه‌و کۆمۆنه‌یه‌ی که‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌ربه‌خۆ ده‌بوو، ده‌بووه‌ خاوه‌نی خۆسه‌ری سیاسی، ئازادییه‌کانی که‌سایه‌تی و ئابووری سنووردار بوون، لێبخۆشبوونی باج و نرخی پسووله‌ی هاتوچۆ و خزمه‌تی سه‌ربازی و هه‌ندێک جاریش دادگای تایبەت.
ناهاوسه‌نگیی هێزی بۆرژوازییه‌کانی شار و سه‌روه‌ران کاری کردبووه‌ سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئازادی، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ هاوچه‌شن نه‌بوون، به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئازادی به‌ یه‌کسانی هه‌موو که‌سێکی نه‌ده‌گرته‌وه‌، زیاتر خاوه‌نداراییه‌کانی ده‌گرته‌وه‌، له‌وانه‌ که‌ به‌رده‌وام نیشته‌جێی شار بوون. ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژاران بوو. به‌ڵگه‌نامه‌ی ئازادی بریتی بوو، له‌و مافانه‌، که‌ سه‌روه‌ر ده‌یبه‌خشی به‌ پیاوماقوڵانی شار، واته‌ بۆرژوازییه‌کان. به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، کۆمه‌ڵه‌ پیشه‌ییه‌کان باجیان نه‌ده‌دا و مافی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی گیروگرفته‌کانیان هه‌بوو به‌ یاسای تایبه‌ت، مافی خۆبه‌رگری و تاد. زۆجار که‌ کۆمۆ‌نه‌ ئازاد ده‌بوو، ده‌بووه‌ خاوه‌ن ئاڵا و پاره‌وپوولی تایبه‌ت به‌ خۆی، جگه ‌له‌وه‌ مافی جه‌نگکردن و واژۆکردنی ئاشتیان پێده‌درا. هه‌روه‌ها خۆبه‌هێزکردن و په‌رژینکردنی شار به‌و چه‌شنه‌ چینی سێیه‌م دروست بوو، واته‌ بۆرژوازی. ئه‌ویش وه‌ك چینێك، له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئیمتیازاتی ده‌رەبه‌گیدا، بووه‌ خاوه‌نی ئیمتیازه‌ تایبه‌ته‌کانی خۆی، ئه‌و چینه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، باش به‌وه‌ هۆشمه‌ند بوو، که‌ ده‌بێت هه‌ر خۆی به‌ ته‌نیا حوکمڕانی شاره‌که‌ی بکات، نابێت به‌ هیچ کلۆجێك بواری کرێکاران و پاشماوه‌ی کۆیله‌کان و جووتیاره‌ ئازاده‌کان بدات به‌شداری له‌ به‌ڕێوه‌بردنی شاردا بکه‌ن.
ژماره‌ی ئه‌نجومه‌نی کۆمۆنه‌ ١٠ ئه‌ندامی هه‌ڵبژێراو بوو. به‌ فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی پیران، ئه‌و ١٠ ئه‌ندامه‌ هه‌ڵده‌بژێردران بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ. کۆمۆنه‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی پیران کۆنگره‌ی ده‌به‌ست. ئه‌نجومه‌نی پیران خۆی پێکهاته‌ی خه‌ڵکه‌کانی گه‌ڕه‌ک و کۆمه‌ڵه‌ پیشه‌ییه‌کان بوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی باڵای نه‌بوو. ده‌سه‌ڵاتی باڵا، لای ئه‌نجومه‌نی گشتی )په‌رله‌مان( بوو. ئه‌نجومه‌نی گشتی به‌ مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌کانی کۆمۆنه ‌و ئه‌نجومه‌نی پیران ساڵی جارێک کۆ ده‌بووه‌وه‌. ئه‌نجومه‌نی پیران دابونه‌ریتێکی ڕۆمانی بوو، له‌ فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌ندا ئه‌و جۆره‌ ئه‌نجومه‌نه‌ نه‌بوو. پیاوماقوڵی ڕیشسپیی شار ده‌بووه‌ سه‌رۆك ئه‌نجومه‌نی شار. ئه‌نجومه‌نی داد و ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن پێکه‌وه‌ کۆ ده‌بوونه‌وه‌. ئه‌نجومه‌ی شار زووزوو کۆ ده‌بووه‌وه.‌
به‌ درێژایی سه‌ده‌کانی نوێ، سه‌ده‌ی چوارده‌، به‌تایبه‌ت سه‌ده‌ی پازده‌، پێشکه‌وتنی ئابووری و سیاسی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، وێنه‌ی )خانزادەکان ( کۆمۆنه‌کانیشی کرده‌ قوربانی، ئه‌وده‌مه‌ پله‌ی پێشکه‌وتنی ئابووری و سیاسی پێشکه‌وتوو به‌رز بوو، بڵاوبوونه‌وه‌ی پاره‌وپوول و گه‌شه‌کردنی بازرگانی ده‌ره‌وه‌ و بەرجەستەبوونی ده‌وڵه‌ته‌کان، به‌ پشتیوانی دادگا تایبه‌ته‌ پیشه‌یی و سوپا به‌کرێگیراوه‌کانیان ڕێچکه‌یان به‌ست به‌ ئاڕاسته‌ی ناوه‌ندیبوون، ئابوورییه‌ پیشه‌ییه‌کان خۆیان بۆ ڕانه‌گیرا، له ‌به‌رده‌می هاوپه‌یمانی نێوان سه‌رمایه‌داریی ئازاد و ده‌وڵه‌تدا، ناچار چۆکیان دادا. ته‌نیا ئه‌و کۆمۆنانه‌ مانه‌وه‌، که‌ ئابووری کاڵایی نوێان په‌سه‌ند کرد. له‌ ئیتالیا هه‌ندێك له‌ شاره‌ بۆرژوازییه‌کان، به‌ ڕازیبوون، یان به‌ زۆره‌ملێ، گۆڕان به‌ ئیماره‌ت و ده‌وڵه‌ت، کۆمۆنه‌ هاوسێکانیان په‌یوه‌ست بوون پێیانه‌وه‌. به‌ڵام له‌ فه‌ره‌نسا به‌و جۆره‌ نه‌بوو، پادشاکان زوو په‌یمانیان به‌ست له‌ته‌ك کۆمۆنه‌کاندا، چونکه‌ کۆمه‌نه‌کانیان به‌ هاوپه‌یمانێکی به‌نرخ ده‌زانی، بۆ ده‌سته‌مۆکردنی نه‌بیله‌ یاخیبووه‌کان. له‌ سه‌ده‌ی چوارده‌ و پانزه‌دا، ئه‌وروپا، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرت بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ زه‌به‌لاحه‌کان. کۆمۆنه‌کان که‌ پێشانده‌ری قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ئابووریی خودکیفایه‌تی بۆ ئابووریی کاڵایی هاوچه‌رخ بوون، ئه‌و کۆمۆنانه‌ توانه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نه‌ته‌وه‌یی فه‌ره‌نسی ئینگلیزییه‌کاندا، ته‌نیا ١٥ کۆمۆنه‌یان مایه‌وه‌، ئه‌وانیش وازیان هێنا له ئابوورییه‌ پیشه‌ییه‌کانیان و تێکه‌ڵی ئابووریی سه‌رمایه‌داریی نوێ بوون، بۆ نموونه‌ شاری )ئه‌نڤیر( که‌ له‌ ساڵی ١٤٨٧ یه‌که‌م بۆرسه‌ی بازرگانیی جیهانی تێدا دروست بوو.
به‌ڵام له‌ ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، له‌به‌ر نه‌بوونی شاره‌ بۆرژوازییه‌کان، نه‌بیله‌کان به‌هێزتر بوون له‌ پادشاکان و په‌یوه‌ندییه‌ کۆنه‌ باوه‌کان مانه‌وه‌. به‌و جۆره‌ ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، هێڵی پێشکه‌وتنی ئه‌وروپای ڕۆژئاوای نه‌گرته‌به‌ر. شاره‌ بۆرژوازییه‌ سه‌ربه‌خۆکان، له‌ سه‌ده‌ی چوارده‌دا، ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینی له‌ پێشکه‌وتنی ئه‌وروپای ڕۆژئاوادا.
له‌ ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات به‌ بێهێزی مایه‌وه‌، هه‌روه‌ها پرۆلیتاریاش. ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی دواکه‌وتنی شۆڕشی بۆرژوازی ڕادیکالی و جێگه‌ی چۆڵ کرد، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشه‌ بیرۆکراتییه‌کانی سه‌ره‌وه‌، که‌ توانی له‌ ڕووی پیشه‌سازییه‌وه‌، خۆی گرێ بدات له‌گه‌ڵ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی نوێ.

سه‌رچاوه‌: البیان الشیوعي، في اول ترجمة غیر مزورة – العفیف الاخضر- ص٢٩٥-٢٩٨




ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لە چی جیهانێکدا دەژین، پێوستە ئیمپریستی بین یان ڕاشیۆنالیستی؟

نوسینی؛ محەمەد مەنسور

گەر بێت و جیهانی هەر کۆمەڵگایەک دیاری بکەین، ئەوا لەو ڕوانگەیەی من ئەمەوێت شیکاری بۆ بکەم، دابەش دەبێت بۆ دوو جیهانی دژ بە یەک و جیاواز کە لێرەدا من ناوی دەنێم؛ «جیهانی حەقیقەت و جیهانی ساختە». جیهانی حەقیەت بریتیە لەو کۆمەڵگایانەی دەبنە جیهانی حەقیقەتی شتەکان، مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانە مرۆڤ گەلێکن عاشقە حەقیقەتن و لە ناو پڕۆسەی ئاشکراکردنی حەقیقەت و جەوهەری شتەکاندان، مرۆڤ گەلێکن لە ئێستادا دەژین و کارەکتەری ڕابردوو نین و مێژوو نمایش ناکەنەوە، مرۆڤگەلێکن تەریب بە زەمەنن و لە ناو گەشەی «بوون»ی خۆیاندان. بە پێچەوانەوە جیهانی ساختە بریتیە لەو کۆمەڵگایانەی دەبنە جیهانی ساختەی شتەکان، مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانە مرۆڤ گەلێکن عاشقە وەهمن و لە ناو پڕۆسەی حەقیقەت پۆش و پڕۆسەی «دروستکردن»دان. تەناتەت ساختەیی ئەم کۆمەڵگایانە مرۆڤەکانیشی وەک بوونەوەرێکی ساختە دەگرێتەوەو دەکەونە هەمان جیهانەوە. ئەوەی لەم جیهانەدا دەژی «منێک»ی گەورەیە کە خۆی لە زۆرینەی کۆمەڵگادا دەبینێتەوە، واتە «من»ی مرۆڤەکانی ئەم جیهانە «منێک»ی کۆمەڵایەتییەو لە کۆمەڵگاوە وەرگیراوەو لە مرۆڤەکانیدا چێنراوە. نەک «منێک»ی گەشەکردووی مرۆڤەکان کە هەر تاکەو دەرئەنجامی گەشەی بوونی خۆی بێت.
گومان هەڵناگرێت کاتێک لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بکۆڵینەوەو بە میتۆدێکی «سوکرات»یانە شیکاری بکەین؛ ڕۆژهەڵات جیهانێکە بە هەموو مانایەک جیهانێکی ساختەیە. مرۆڤی ئەم جیهانە مرۆڤگەلێکی ساختەن و هەر لە چرکەساتی لە دایکبوونیانەوە پێ دەخەنە جیهانێکی ساختەوەو وەک دەفرێکی بەتاڵ لێوان لێو دەکرێن لە وەهم، تا ڕادەیەک کە ئیتر مرۆڤێک دێتە بەرهەم که ئیدی وەهم دەبێتە خۆراکێکی پێوست بۆ پڕکردنەوەی فشارێکی غەریزەیی. ئەگەری گۆڕانی حەقیقەتەکانیش لەم جیهانەدا هەمیشە ئەگەرێکی داخراو و نامومکینە. دەرئەنجامیش مرۆڤێک لەم کارگە کۆمەڵایەتییەدا دروست دەبێت بە هەموو مانایەک عاشقە وەهم و ساختەیی حەقیقەتەکانن.- بە تکا لەوە بنواڕن کە دەڵێم «دروست دەبێت». واتە لەم جیهانەدا مرۆڤەکانی نایەنە «بوون»، بەڵکو لە کارگەی کۆمەڵگادا وەک ئامرێک دروست دەکرێت- مرۆڤێک کە کۆمەڵگا «من»ی خۆی وەک سیسەتمێک لەناودا دەیچێنێت. «منێک» کە مرۆڤەکانی هیچ دەسەڵاتێکیان لە هەڵبژاردن و چاندنیدا نەبووە. لەم کۆمەگایانەشدا ئەوەی غائیبەو بەرهەم نایەت فەردانیەتە(زاتیەت). ئەوەشی بەرهەم دێت چەند گروپ و تاقمێکی مێگەلگەراو جەماوەرییە کە جیهانی ساختە وەک بوونەوەرێکی ساختەو سەناعی دەیانگرێتە خۆی.
لێرەشەوە ئیتر داتاشینی پەیکەری حەقیقەتەکان(حەقیقەتە ساختەکان) دەستپێدەکات، لێرەوە بە ڕێکەوتێکی گشتی ڕێکدەکەون لەسەر تاشینی پەیکەری حەقیقەتەکان، گەر کەمینەیەکیش هەبن بیانەوێت شێوەی ئەم پەیکەرانە دەستکاری بکەن، یاخود گومانی بکەنە سەر، ئەوا حوکمی زۆرینە هەوڵی مل کەچکردنی ئەم کەمینانە دەدات، یاخود زۆر کات وەک شەیتانێکی نەفرەت لێکراو کۆمەڵگا فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی و پەڕاوێزی دەخات، چونکە هەموو گومان خستەنە سەرێک، لێدانە لە قازانج و بەرژەوەندی زۆرینە، کە کراوەتە پێوەرو قاڵبی حەقیقەتەکان. لێرەشەوە دەگەینە دەرئەنجامێکی مەترسیدارتر، کە دەرئەنجامی هەمان ئیشکالی شیکارییەکەی سەرەوەیە، ئەوەی کە لەم کۆمەگایانەدا هاوکێشەی «حەقیقەت هێزە» دەگۆڕێت بۆ «هێز حەقیقەتە». واتە ئەوەی حوکم دەکات و حەقیقەتی خۆی دەسەپێنێت هێزە، نەک بە پێچەوانە کە ڕاستەکەیەتی. ئەم هێزەش بریتیە لە زۆرینە، واتە لێرەدا ئەوەی هێز دەگرێتە دەست زۆرینە، نەک ئەو نوخبەیەی حەقیقەتیان لایە. دەرئەنجام ساختەیی شتەکان بەتەواوی کۆمەڵگاکاندا ڕۆدەچێ و کۆی کۆمەڵگاکانیش دەچێتە ناو ئەم جیهانە ساختەیەوە.
لێرەدایە کە گرنگە بپرسین کاتێک ئێمە دەکەوینە جیهانێکی ساختەوە، ئایا چۆن و بە چی ڕێگەیەک دەتوانین بگەینە حەقیقەتی ڕاستەقینەی شتەکان؟ چۆن و بە چی ڕێگەیەک خۆمان لەم جیهانە ڕزگار بکەین کە نەمانکاتە بەشێک لە ساختەیی خۆی؟ بە کورتی گرنگە لە جیهانێکی ساختەی وەهادا، پێویستە ڕاشیۆنالیستانە بۆ حەقیەقەتەکان بگەڕین یاخود ئیمپریستیانە؟
بێگومان بە تێگەشنی تەواو لە هەر جیهانێک کە ساختەیی هەموو کون و قوژبنێکی ئەو جیهانەی تەنی بێت، هەرگیز ناتوانین ئیمپرییستیانە بگەینە حەقیقەتە ڕاستەقینەکان. واتە ناتوانین لە ڕێگەی هەستەکانماوە درک بە ڕاستی و دروستی و حەقیقەتەکان بکەین. ئیمپرییست بنچینەی خۆی لەسەر هێزو توانای هستەکانەوە دادەێژێت و لە ڕێگەی هەستەکانیشەوە هەوڵی تێگەشتن و گەشتن بە حیقەقەتەکان دەدات و بانگەشەی بۆ دەکات. هۆکاری جەوهەری ئەوەی ئێمە لە جیهانێکی وەهادا، ئمپریستیانە ناتوانین بگەینە حەقیقەتە ڕاست و دروستەکان، ئەوەیە کە هەستەکانیشمان خۆنەویستانە دەچنە ئەم جیهانە ساختەیەوە. لە بنەڕەتدا کاتێک ئێمە لە جیهانێکی ساختەدا دەژین، بەتەواوی مانا هاوشێوەی مێرووەکانی داروین، بوونمان بە تەواوی هەستەکانیشمانەوە خۆی لەگەڵ ئەو جیهانە سەختەیەدا دەگونجێنێت و ساختەیی شتەکان هەستەکانیشمان دەگرێتەوە، ئیدی لەوە دەکەوین بە هۆی هەستەکنمانەوە بتوانین ساختەیی و حەقیەتی دروستی شتەکان درک پێبکەین.
لێرەدا بە بڕوای من، بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو پێکهاتە ئاڵۆزەو ڕزگاربوونمان لەم جیهانە، تەنها دەتوانین لە ڕێگەی «عەقڵ»ەوە بگەینەوە ڕاست و دروستی شتەکان. بە مانایەکی تر لەم ئێستایە و لەم جیهانەی تێکەیووتووین، لە هەموو چرکەساتێکی مێژوویی زیاتر پێوستە ڕاشیۆنالیست بین و لە ڕێگەی (ڕاشیۆ ـ هزر)مانەوە لە دیاردەو پێشهاتەکان، لەو دونیایە بڕوانین و دەست بۆ ئەو داهۆڵانەبەرین کە وەکو حەقیقەتی ڕاست و دروست خۆیان نمیاش دەکەن. لە هەموو ئامارێزێکیش گرنگتر، لەم جیهانە ساختەیەدا، هەڵگرتنی نەشتەرەکەی فەلەسوفی ڕاشیۆنالیستی فەڕەنسی «ڕێنێ دیکارتە» نەشتەری (گومانبردن). گومان لای دیکارت تیژترین نەشتەرێکە بۆ دەم و چاوی هەموو حەقیقەتە ساختەکان، بۆ دەم و چاوی هەموو ئەو بوکەڵانەی بە درێژایی زەمەنێکی دوورودرێژ لەو ئەشکەوتەی فڕێدراوینەتە ناویییەوە، خۆیان وەک حەقیەقەتی دروست دەنوێنن. کۆمیدیاشە وا تێبگەین کاتێک باس لە چەمکی گومان لای دیکارت دەکەین، مانای ئەوە بێت گومان لە هەموو شتێک بکەین، بەڵکو گومان لای دیکارت دەرچەیەکە بۆ تاقیکردنەوەو کەشفکردن و دەست لێدانی ئەو حەقیقەتە سەختانەی وەک حەقیقەتی ڕەها و ڕاستەقینە باوڕمان پێیهێناوە، بۆ ئەکتیڤ کردنی هێزی حەقیقەتەکان لە خۆیاندا. بۆ زیاتر ڕۆشنبوونەوە، لێردا لەبارەی گومانی دیکارتەوە بە نمونەیەکی سادەوساکار کۆتایی بەم نوسینە دەهێنم.(وا دابنێن بەردێک لەسەر مێزێک دانراوەو کەسیش دەستی لێنەداوە، کەسێکیش بانگەشەی ئەوەی دەکات کە خاسێتی ئەو بەردە ڕەقەو بە دەست لێدانی هیچ لە فۆڕمی بەردەکە ناگۆڕێت. ئەوەی دەبێتە شایەدی ئەم حوکمەش هەستی بینینی هەمووانەو کاتێک دەڕوانن، بڕوا بەوە دەهێنن کە بەڵێ ئەوەی کەسەکە دەیڵێت حەقیقەتی ڕاست و دروستە. دیکارت لێرەدایە گومان دەبات، لێرەدایە فریوی هەستەکانی ناخوات، لێرەدا هەڵدەسێت بە دەست لێدان و فشار خستنە سەر بەردەکە، تا بگاتە یەقینی تەواوەتی. دەرئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیەش لە دوو ئەگەر تێناپەڕێت؛ ئەگەری ئەوەی یان بەردێکی ساختەیەو بە دەست لێدانی فۆڕمەکەی دەگۆڕێت، یاخود بەردێکی ڕاستەقینەوەیەو هێزی بەرگری ئەکتیڤ دەبێت و فۆڕمەکەی دەپارێزێت، لە هەردوو ئەگەرەکەشدا دیکارت دەگاتە حەقیقەتی تەواوەتی. لێرەدایە کە ئیتر گومان دەوەستێت و ئیتر یەقین بۆ حەقیقەتەکان سەرهەڵدەدات).




وەستانی ئەم جەنگە ” تاکتیکێکی ” دروست نیە هاورێ سامان کەریم … سەردار عەبدوڵا حەمە

هاوڕێ سامان کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە وەڵامی چاوپێکەوتنێکی هەفتەنامەی “کمونیست ” لە گەڵ هاوڕێ ‘ فاتیح شێخ” ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری _ حیکمەتیست دا ،دیسانەوە وەک بەیانی حیزبەکەی تاکید لە سەر وەستانی ئەم جەنگە دەکاتەوە وەک تاکتیکێکی واقییعی و دروست .
بەڕای من بۆ هەر هێزێکی سیاسی تاکتیک بۆ هەلومەرجێکی دیاریکراو موشەخەسە کە لە سەر بنەمای هێزو هاوسەنگی ئەو هێزە سیاسیە لەمەیدانی کێشمەکێشەکاندا دا دەنرێ. حیزبێکی سیاسی خاوەن ئۆتۆریتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێز ناتوانێ هەمان تاکتیکی هێزێکی سیاسی کەم ئۆتۆریتە ویا حاشیەیی هەبێت ، تاکتیکی سیاسی دەبێ ئیمکانی چێ بە جی کردنێ هەبێت ئەنجا دابڕێژڕێ ئەگەر ئەو ئیمکانەی نەبوو تەنها لە سەر کاغەز یا بڵێم بۆ ئەمرۆ تەنها لە سەرپەیجی ئینتەرنێت دەمێنێتەوە .
سامان کەریم دەڵێ :”کەواتە باسەکە باسی تاکتیکە جیاوازەکان، باسی تاکتیکی چینە جیاوازەکانە، باسی ڕوانگە چینایەتیە جیاوازەکان و مێسۆدە جیاوازەکانە، باسی قۆناغیکە لە مێژوو، باسی ڕوداوو جەنگێکە کە مۆر لە ئایندەی ئێمەو نەوەکانی داهاتوشمان دەدات”،( هێڵی تاکید هی منە ) باشە لە قۆناغێکی مێژوویی وەک ئەمڕۆدا تا چەندە دەکرێ ئەو تاکتیکەی سامان کەریم و حیزبەکەی دروست و واقیعی بیێت ، چۆن ئەم تاکتیکە واتە “وەستانی جەنگ ” عەمەلی دەکرێتەوە لە ژێر ئە و فشارەی کە سامان و حیزبەکەی باسی دەکا هێزی ئازادیخوازو ئینسان دۆستی جیهانە لە کاتێکا ئەمڕۆ ئەو هێزە ئینسانیە ئەو جەنگە رەد ناکاتەوە لە دژی داعش ئەگەر وانیە ئەم هێزە بۆ نایەتە مەیدان نەک نەڕژانە سەر شەقام وەک ساڵەکانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣تەنانەت نەمان بینی و نەمان بیست ئەم شەڕەش مەحکوم بکەن لە هەمان کاتدا بەرەی ئازادیخاوزی جیهان ئەوە دەزانێت کە ئەو هێزانەی ئەمڕۆ پەلاماری داعش دەدەن لە دەورانێکیدا خۆیان داعشیان دروست کردووە وە خۆیان بەرژەوەندیان هەیە لەم جەنگەدا . یا با ئەوە بڵیین تۆ خۆت چەندە ‌هێزت ئامادە کردوە و چەندە توانیوتە هێز هەڵخڕینی بیخەیتە مەیدانەوە بۆ ئەو مەبەستە خۆ حیزبەکەی خۆشت لە هیج شوێنێک هەڵنەستا ناڕەزایەتیەک دەرببڕێ دژی ئەم جەنگە بۆ؟. سامان خەمی نەوەکانی ئایندەیەتی بۆیە ئەم تاکتیکەی هەڵبژاردووە ، من پێم وایە ئەگەر چاوەڕی ی ئەم تاکتیکە بین ئەوا داعش لە دەرگای ئەو ماڵەی سامان کەریمیش دەدات وە داوای بەیعەتی لێ بکات.
سامان کەریم باس لە شەڕەکانی سوریا و یەمەن و لیبیا دەکا پێی وایە دەبێ لە بەرانبەر هەموو ئە و شەڕانەدا هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان یەک شت بێ ئەویش وەستانی ئەو شەڕانە بێت چونکە کۆمۆنییزم ومارکسیزم لۆکاڵی نیە . منیش دەڵیم وایە کۆمۆنیستەکان لۆکاڵی نین وجیهانین وە قسەی خۆشیان هەبووە لە سەر ئەو جۆرە شەڕانە ، وەک مەنسورحیمکەت کردی لە بەرانبەر تاڵیباندا. کۆمۆنیستە کان بەرچاو ڕوونن ودەزانن کام ‌هێز مەترسی گەورەیە و کام رێگا نزیکە بۆ دەست کۆتا کردنی ئەو هێزە لە سەر ژیانی خەڵک ئەو ڕێگایە مەحکوم ناکەن. باشە من لە خۆت دەپرسم ڕووداوی داعش لەموسڵ لۆکالیە یا جیهانیە ؟ئەوە هەموو جیهان وەک خۆت دەڵێ ی بەشدارە لەم شەڕەدا ئیتر کۆێ ی لۆکالیە! ئەگەر لۆکالی بێت من پێم وایە مەنسورحیکەمتیش بەم پێوەرەی تۆ دەبێتە لۆکالی کاتی لە بەرانبەر تالیباندا هەمان هەڵوێستی ئێمەی گرت کە پێی وابوو نابێ لە بەرانبەر هێرشی سەربازیدا بۆ سەر تالیبان ” نا ” بووترێ لە کاتێکا تەنها هەڵوێستی لە بەرانبەر تاڵیباندا گرت بەو شێوەیە . من پێم وایە دەبێت لە بەرانبەر هەمان ئەو شەڕانەی لەو وڵاتانەی باست کردوە هەمان هەڵوێستمان هەبێت هیچ هێڕشێکی سەربازی بۆ سەر تاڵیبان و القاعیدە وداعش مەحکوم نەکەین داوای ڕاگرتنی نەکەین من پێم وایە مەنسور حیکمەت ئەگەر لە ژیاندا بوایە هەروای دەکردو ڕەخنەی لە ئێوە دەبوو وەک چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕابەری ئەوکاتەی ئێوە گرتوە لە کاتی ژیانیدا . من دەڵیم ئەم هێزانە ئیتر مەترسی گەورەن لە سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە شێوەیەک دڕندەن کە هیچ بنەمایەکی مرۆڤ دۆستی قبوڵ ناکەن ئەمانە وەک پەتایەکی کوشندەن وەک چۆن جاروبار ڤایرۆسێکی کوشندە بڵاو دەبێتەوە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێش هەموو شتێک دەبێ ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە بێتەوە بە تایبەتی بۆ لە ناو بردنی بە خێرایی ، ئەم ‌هیزە تیرۆریستانەی ئیسلامی سیاسیش بەو شێوەن . هەر ڕێگایەکی زۆر نزیک دەبێ قبوڵ بکەین بۆ لە ناوبردنیان . من دەزانم ئەو شەڕانە قوربانی دەوێ لەوانەیە خەڵکی تیا بچیت ، ئاوارە بێت بەڵام مانەوەی ئەو هێزە تیرۆستانە ی ئیسلامی سیاسی وە داعش زیانەکەی گەورەترە ، خۆشبەختانە ئەمڕۆ هێزی ئازادیخواز و ئینسان دۆستی جیهانیش ئەوەی سەپاندوە بەسەر ئەو هاوپەیمانان وهێزەکانی پەلامەردەردا کە خۆیان دوور بگرن لە بۆمبارانی خەڵکی سیڤیل و مەدەنی تا ئێستاش هیچ قوربانیەک باس نەکراوە لەم شەڕەی موسڵدا بە هۆی بۆمبارانەوە بیچگە لە ئاوارە بوونی خەلك نەبێت کە دەکرێ ئێمەیش لەم بوارەدا فشارەکانمان زیاتر بکەین . .
چ سامان کەریم چ بەیانی حیزبەکەشی ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم شەڕە بۆ لە ناردبردنی داعش نیە بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکە و جیهانە بە سەر جەمسەرەکاندا منیس هاورام بەڵام ئەگەر ئەوەش بکەن زیانەکەی کەمترە لە بوونی داعش وە ئەگەریش بە نیاز بوون جەنگی جیهانی هەلگیرسێنن خەڵکی ئازادیخواز و ئینسانی دۆستی جیهان و ئێمەش هەڵوێستێکی ترمان دەبێت .وە پێمان دەڵین لە وانەیەهێرش بەرەکانی سەر موسڵ خۆیان داعشێکی تر دروست بکەنەوە ئەمجارە بێ ڕیش بن نموونەشیان هێزە سوونی شیعەکانی ترە لە وانەیە ئەوان بەردەنە گیانی خەڵكی موسڵ من پێم وانیە هیچ کام لەم هێزانە وەک داعش بن ئەگەر واقعیانە بیر بکەینەوە ئەمانەش ڤایرۆسن بەڵام یەکسان نین بە داعش ئەمانە ناچن خۆیان بتەقێنەوە بە جارێک سەدان وهەزاران کەس بکوژن لە خەلكی بێ گوناهی سەر جادەکان و لە کارگە ومەیدانی کرێکاراندا و لە قوتابخانە کان وخەستەخانە ومزگەوتەکاندا ئەمانە ناچن کچ و ژنی یەزیدی ومەسیحی بکەنە کەنیزە ولە بازاردا کڕین و فرۆشتنیان پێ بکەن یا لە ناو قەفەسدا ئاگریان تێبەردەن ، ئەمانە ناچن ،وەک داعش هاورەگەزبازەکان و بێدینەکان و ئازادیخاوازان بکوژن وسەریان ببڕن لە وانە یە ئەمە بکەن لیڕەو لەوێ بەڵام بە پێ ی قانون نایکەن وەک داعش دەیکا ، ئەمانە تەنها مەترسی ئەوەەیان لێ دەکرێ کە شەڕی تایفی هەڵگیڕسێنن بەڵام ئێستا هەموو فشارێک لە ئارادیە بۆ ڕوونەدانی ئەم کارەساتەش ، هەرچۆنێک بێت ئەمانە دەسەڵاتێکیان پێ باشترە لەو دەسەڵاتەی داعش کە دەسەڵاتێکی ئەوپەری تۆندڕەوەی میلیتانتنی و عەسکەری و وەحشیە ئەمانە دەسەڵاتێکی پەرلەمانیان قەبوڵە هەرچەندە بە لای ئێمەوە دەسەڵاتی پەرلەمانی ناتوانێ جواب دەرەوە بێت بە خواستی کۆمەڵگای بەشەری ودەسەڵاتی ئەقلیەتی کۆمەڵگایە کە دەسەڵاتی بورژوازیە . بەڵام وەک مەنسوری حیکمەت دەڵێ من دەسەڵاتی پەرلەمانیم پێ باشترە لە دەسەڵاتی میلیتانتی و سەربازی .
هەر لەسەر ئەو بنەمایانەی باسم کرد پێم وانیە تاکتیکێکی دروست و واقیعیتان هەڵبژاردبێ هاوڕێ سامان کەریم.

سەردار عەبدوڵا حەمە
٣٠/١٠/٢٠١٦




فەرھەنگی ڕق …. چالاک ئـاغجەلەری

بە بڕوای من ڕق ناشیرینترین دەستەواژە و لێکدانەوەیە مرۆڤەکان بەرامبەر یەکدی لە پەیوەند بە نەفی کردنی کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ھزری و تا ئـەندازەی بایولۆژی بەکار دەربرێت، کێشەی دوینا ئـەگەر بەلایەکدا خواستی بەرژەوەندی ئـابوری ، سیاسی و فیکری بەشێکی دانەبڕوای ھەڵچونەکان بێت لە ھەمبەر بە کەس ،کۆمپانیا، دەوڵەت و ئـایدیا بە دیوێکی تردا ڕقێکی چەقبەستو لە دونیای سایکۆلۆژیەتی بەشەرەکاندا پاڵنەرێکی بەھێزە بۆ خاڵی کردنەوەی ئـەو ھەستە شەڕانگێزییەی لە ناخدا چەکەرەی کردوە ، ھەرچۆنێک کەلێنکی لەبار ئـامادەبێت بۆ ئـاوێتەبوونی مەبەستەکەی ، پەلەپیتکەی نیشان ماسولکەکانی لە گرژبوون و ئـامادەباشی بە دۆخی ئـارامی و پێکان دەسپێرێت، ئـەنجام بەلادانی گوڵبێنەی نەفەس بۆ جۆشدانی کورە سایکۆلۆژیەکەی و چاوەڕوانی ھەرچی زووتری برژاندنی نانێکە کە مەبەستێتی بیکاتە ژمەخۆراکی خەڵکانێکی برسی کە چاوەڕێی نانی کورەکەیین.

ھەرچی پەیوەندی بەژیانی ئـێمە و تاکەکانمانەوە ھەیە ئـەم موفھومە لە ئـامادەگیەکی بەردەوامدایە بۆ ھەرچی ناشیرین کردنی نەیارەکەی و مکۆمکردنی قەڵای ڕق و سەلماندی خۆی بە دونیایەک کە ڕوکەش بۆتە ئـامانج و لەو دونیایەدا گرنگ نی یە ناوەخنت چەندە شێوەی بە نەوتە ڕەشەکەی ژێر ووڵاتەکەیان بچێت، گرنگ بزەی سەر لێو و وێردی درۆینەی ڕۆژگار و ڕێک پۆشی سەر شاشەی تەلەفیزۆنەکانە.

کارەسات لەو ساتەوە کاروانی بەڕێدەخات تۆ بەردەوام بیت لە جۆشدانی شەمندەفەرێک بەڵام بێئـاگا بیت لە دوا وێستگەی کاروانەکەت.
دونیای ئـێمە تەژی و پڕە لەم ئـاراستە و تێرمە، خەڵکانێک تا دواساتی ھەڵوێست و ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر نادادی ژیان ، لە کاتێکدا بە چەندین بەرزی و نشێودا ھاوەڵی یەک بوونە ، ئـەمڕۆ بێباکانە ھەڵەکانی دوێنێ دەکەنە ئـەستۆی ھاوڕێی ڕۆژانی سەخت ، خەتاباری دەکات بە ساتەوەختێ کە زۆر جیاوازە لە دونیای ئـەمڕۆ ، بۆ منی بینەر و خوێنەر گرنگە بزانم ھەڵوێست و دونیا بینی تۆ چییە بۆ ئـەمڕۆ و سبەی !!، دوێنێ واتە مێژوو گرنگە وانەی دوبارە نەکردنەوەی ھەڵەکانی لێوەرگرم ، بەمن چی ئـەمڕۆ لە پێکادانێکدا لە گەڵ ھاوڕێی ڕۆژانی کولەمەرگی یەکتر تەخوین دەکەن بەکارێکی قێزەوون ، تۆ پێش ئـەوەی پێناسی بەرامبەرت بکەیت خۆتناساند ، لە کۆتاییداتێگەیشتنی من بەرامبەر نەیارەکەت ھەمان بابیشە بۆ تۆی جاڕدەر.

خەیاڵ پڵاوی و سوڕانەوە بە خولگەی گەڕانەوە بۆ ساتی دەستپێکت پەیامێکە ناکرێت سایکۆڵۆژیەتی فەرھەنگی ڕقی دەسەڵات ھەروا بە ئـاسانی بیبوێرین ، تەماشا ڕقی جەلالی و مەلایی کە جۆش دەدرێت چی فەزایەکی ئـاوەژووی لە ژیانی ئـێمەدا خوڵقاندوە !!، ئـەم تێرمە لە ڕق گەورەترین دەسکەوتی فەراھەم کردوە بۆ دەستە و تاقمێک ، بە دیوێکی کەدا شوێنکەوتوانی ئـەم دوو دژە وەکو داری تەنور دەسوتێن و بەرھەمەکەشی بە پێش چاوە زەقەکانمانەوە دەبینرێت کێ گەز و بەزی پێدگرێت!!.

ئـەگەر یەک پلیکانێ بێنە خوارەوە سەرکردەکانی یەکێتی سەردەمی شاخ و شار بە نموونە وەرگرین ، بێباکانە یەکتر تاوانبار دەکەن لە کاتێکدا بیریان چۆتەوە ئـەو کەسەی تۆ پەنجەی تاوانی ئـاراستە دەکەیت ھەر ئـەو ڕۆژانەش ئـامادە بوو خۆی بداتە بە تیری دوژمن بۆ گەڕانەوەی گیانی تۆ، ئـەم پەیامەقێزەونانەی ئـێوە پێمان دەڵێت شک لە خشەی مار و مێرو تەنانەت سێبەرەکەشتان بکەین، دیارە ئـەم حاڵەتە بۆ تەواوی سیاسەتخانەکانی گۆڕەپانی کوردی ڕاستە بە کەمتر یان زۆرتر.

ھەر بۆیە تێرمی ڕق بەشێکی دانەبڕوای ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی ( شەڕی عەشیرەت بە نموونە) ئـێمە، بۆ ئـەوەی دەربازبین لەم نەخۆشیە دەبێت بە ئـاگا بێنەوە و درک بەم نەخۆشیەبکەین بێشەرەم سەردانی سایکۆلۆژیست بکەین بۆ ھەرچی گەیشتن بە مرۆڤێکی تەندروست وئـاکام فەراھەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست ئـامادەگی دەبێت.

لە کۆتاییدا مرۆڤ بۆ بەدەستھێنانی نان بونەوەرێکی شەڕانگێزە پێش ھەر شتێکی تر بەڵام ئـەوەی تۆ جایادەکاتەوە لە ئـەوانی دی ھۆشە ، پێویستە پەی پێ ببەیت و ھۆکار بێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانت دوور لە فەرھەنگی ڕق ، ئـاکام دوور لە ھەستی تۆ پرشنگی ھۆش ئـایندەیەکی جوان بۆ خەڵکانی دوای تۆ بەرھەم دێت ، وە ھەرورھا!!.




ماجه‌رای دختۆر كاكۆی سه‌گه‌وان … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

له‌ شه‌ڕی ناوه‌خۆی كوردستان، كه‌ حیزبه‌كان هیچ نه‌ما به‌ یه‌كتری نه‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت دڕنده‌یی هه‌ندێك له‌ چه‌كدارانی كورد به‌رانبه‌ر یه‌كتر، گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی گه‌ر یه‌كێكیان به‌ دیل له‌لایه‌ن حیزبه‌ ڕكابه‌ر و دوژمنه‌كه‌ی گیرابا، له‌و دیلانه‌ هیی وایان تێدا بوو كه‌ به‌ پرێمز گونیان ئاگر ده‌درا، ئه‌م ئازاره‌ وه‌حشییانه‌یان له‌ناو خۆیاندا ناو نابوو (گونته‌قێنی)، زۆر له‌و دیله‌ داماوانه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ گۆڕبزر كران و ئێستاش داكوبابیان چاوه‌نۆڕی هاتنه‌وه‌یانن، ته‌نانه‌ت جاری وا بووه‌ زه‌لام به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ له‌ جاده‌ ده‌گیرا و دواتر تا هه‌تایه‌ شوونبزر ده‌كرا، ئه‌و ڕۆژانه‌ بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ من پیاوی چه‌كداری و شه‌ڕوشۆڕ نیم، بۆیێ واچاكه‌ چاره‌سه‌رێكی خۆم بكه‌م و به‌و بڕه‌ دۆلاره‌ی گلمداوه‌ته‌وه‌، خه‌مێكی پیاوانه‌ له‌ خۆم بخۆم و باشترین چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات تێیته‌قێنم و خۆم له‌و شه‌ڕه‌سه‌ و سه‌گوه‌ڕه‌ی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان قورتار بكه‌م، تا ئه‌وكاته‌ی لایه‌ك به‌ لایه‌ك ده‌بێ، چجای من كه‌ له‌ حیزبێكم له‌ دونیادا پایدۆسی كردووه‌ و مۆدێلی له‌ هیچ قوژبنێكی گۆی زه‌ویدا نه‌ماوه‌. ئه‌و حیزبه‌ی من لێیم، جاران به‌ یه‌ك فیكه‌ ده‌یتوانی به‌ ملیۆن له‌ لایه‌نگر و هاووڵاتییان بێنێته‌ جاده‌، كه‌چی ئه‌مڕۆ به‌ هه‌زار ناری عه‌لی پێی ناكرێ پازده‌ كه‌س كۆكاته‌وه‌. بیرم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا قه‌توقه‌ت به‌هۆی حیزبه‌كه‌مه‌وه‌ ناگه‌مه‌ هیچ.. ئه‌وه‌بوو بۆ ڕۆژی دواتر خۆم و پاییزه ‌ی هاوسه‌رم بڕیارماندا سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرین و بۆ ئه‌وروپا هه‌ڵێین. چه‌ند ڕۆژ دواتر هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی ماڵه‌وه‌مان ته‌حس و نه‌حس كرد و به‌شێكیانمان هه‌رزانفرۆش كرد و هه‌ندێكیشیانم به‌خشی، كتێبه‌كانیشم ته‌سلیمی ماڵی خه‌زوورم كرد و له‌ هه‌وره‌بانی ماڵه‌وه‌یان شوێنێكی ته‌قه‌تیان بۆ كردنه‌وه‌. هه‌فته‌ی پاشتر گه‌یشتینه‌ سه‌ر سنوور و چه‌ند ڕۆژ دواتر به‌و پاره‌یه‌ی هه‌مانبوو، به‌هۆی قاچاخچییانه‌وه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت گه‌یشتینه‌ ئه‌وروپا. له‌ ڕێگاكه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ پێ ڕۆیشتبووم، پێڵاوه‌كه‌م هه‌لا به‌ هه‌لا ببوو، ڕۆژانی سه‌ره‌تا كه‌ له‌ به‌لجیكا گیرساینه‌وه‌، هه‌ستم به‌ نامۆییه‌كی كوشنده‌ ده‌كرد و باری ده‌روونیم خه‌ریك بوو مێشكم تێكوپێك بدات، لا كولانه‌یه‌كیان دابووینێ و تێیدا ده‌ژیاین، سه‌گ به‌ حاڵمان نه‌بوو، ناز و نیعمه‌تی هه‌ولێر له‌كوێ و ئێره‌ له‌ كوێ! هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌م له‌ كوردستان زۆری په‌شیمان كردمه‌وه‌. بیرم ده‌كرده‌وه،‌ باشه‌ من بۆ وا له‌خۆم تێكدا؟ چما له‌وێ لای خۆمان كێماسییه‌كم هه‌بوو؟ ئه‌ندامێكی به‌رزی حیزب و خاوه‌ن پاسه‌وان و ماڵوحاڵێكی ئاوه‌دان و تا ڕادده‌یه‌ك له ناز و نیعمه‌ت.
ڕۆژ هه‌بوو خه‌ریك بوو له‌ ده‌رده‌سه‌رییان بته‌قم. نیوه‌ڕۆیه‌ك دوای ئه‌وه‌ی به‌ حاڵ توانیم پاره‌ی پێڵاوێكی ئاسایی په‌یدا بكه‌م و له‌و ده‌وروبه‌ره‌ ئه‌و خه‌مه‌شم له‌ كۆڵ كرده‌وه‌، خۆم و جلی شڕ و وڕ و پێڵاوی تازه‌م له‌ گه‌ڕه‌كی جامخانه‌كان خه‌ریكی گه‌ڕان و سووڕانی بێهوده‌ بووم، ئه‌و جامخانانه‌ی كه‌ ژنانی ڕووتیان تێدا ڕاكشاوه‌ و چاوه‌نۆڕی موشته‌ریی به‌زم و ڕه‌زمی سێكسین، من پاره‌یه‌كی وام پێ نه‌مابوو كه‌ به‌شی ئه‌وه‌ بكا حه‌زی گڕگرتووی ئاگردانی نێوگه‌ڵم دامركێنمه‌وه‌، به‌ڵام زۆرجاران له‌نێو ئه‌و كوچه‌ و كۆڵانانه‌ بۆخۆم نه‌فه‌سێكی پڕ چێژم وه‌رده‌گرت. ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ له‌ لاكۆڵانێكی كشوماتدا ئه‌سعه‌دی براده‌رمم ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، كه‌ له‌ مه‌كته‌ب پێمان ده‌گوت (ئه‌سعه‌د چلودوو چلودوو). ئه‌سعه‌دم له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ نه‌بینیبوو، ئه‌و كوڕی پیاوێكی خواپێداو بوو و له‌ ژیانیدا ساردی و گه‌رمیی نه‌چه‌شتبوو، زۆریش شاره‌زای ئه‌م وڵاته‌ بوو و زمانه‌كه‌یشیانی به‌ ته‌واوی ده‌زانی، ئه‌و ساڵانێكی زۆر بوو هاووڵاتیی ئه‌وێ بوو. شه‌وه‌كه‌ی له‌ مه‌یخانه‌یه‌كی شه‌ومه‌ستان ده‌عوه‌تی ئه‌و بووم و به‌یه‌كه‌وه‌ خۆشمان ڕابووارد و تا مڕ بووین هه‌ڵمانقوڕاند. ئه‌سعه‌د بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بێ پاره‌یی و بێكاری و لاتوپاتییه‌م‌ ڕزگار بكات، ئه‌لهه‌قی پیاوانه‌ هاته‌ ده‌ست و توانیی به‌ هانامه‌وه‌ بێت. ئه‌و ده‌یزانی كاتی خۆی من له‌ مه‌كته‌ب چه‌ند زیت و زرنگ بووم، بۆیێ چه‌ند پێشنیازێكی بۆ كردم كه‌ یه‌كێكیان خوێندنی دوكتۆرا بوو و یه‌كی تریشیان پاسه‌وانیی سیفێكی پڕ له‌ سه‌گ بوو به‌ مانگانه‌یه‌كی باش، ساحێب سیف ده‌وڵه‌مه‌ندێكی توركی براده‌ری خۆی بوو. كۆڵێ خۆشحاڵ بووم به‌ دیتنه‌وه‌ی ئه‌سعه‌د و خه‌ریك بوو كه‌مێك له‌ خه‌مۆكییه‌كه‌م داده‌مركا، بۆیه‌ ده‌موده‌ست پێشنیازی دووه‌میانیم په‌سه‌ند كرد و بۆ ڕۆژی دوایی بوومه‌ پاسه‌وانی سه‌دان سه‌گی جۆراوجۆر، تووتكه‌ سه‌گ و سه‌گی لمووز به‌رانانی و دێڵه‌سه‌گ و سه‌گی سیفه‌ت تاژی و گه‌ماڵ و گۆرده‌ی گوێ شۆڕ و قه‌پۆز ته‌شووله‌یی و سه‌گی قژن و سه‌گی كلك خه‌نه‌یی و سه‌گی سه‌روگوێلاك پر مۆڕه‌ و سه‌گی كلك قوت و ده‌یان جۆری تر، جار‌ی وا بووه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌كه‌وتمه‌ قرووسكه‌ قرووسك و كتومت وه‌كوو ئه‌وان ده‌حه‌پیم، ئێستاش باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س هه‌بێ وه‌كوو من جوان بقروسكێنێ، حه‌پینه‌ك ده‌حه‌پیم گه‌ر ته‌ماشات نه‌كردبام و ته‌نیا گوێت له‌ ده‌نگم بگرتبا، هه‌ر كتومت حه‌په‌ی گه‌مبۆڵه‌كانی پشده‌ر، ئه‌وه‌نده‌ متووی سه‌گ ببووم كه‌ زۆرجاران له‌گه‌ڵیان به‌ قسه‌ ده‌هاتم و ده‌متوانی له‌ هه‌موو مه‌به‌ست و حه‌ز و خولیایه‌كیان بگه‌م. زۆرجار له‌وێ به‌ ته‌نیا لاسایی سه‌گه‌كانم ده‌كرده‌وه‌ و ده‌گه‌وزیم و یاریی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كردن. ئێواره‌یه‌كی كۆتایی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كاره‌كه‌م له‌ گۆڕه‌پانی سیفه‌كه‌ و له‌نێو سه‌گاندا ده‌خولامه‌وه‌، ئه‌سعه‌دم لێ به‌ژوور كه‌وت و باسوخواسی خوێندنه‌كه‌می له‌گه‌ڵ هێنایه‌ گۆڕێ، منیش ڕام وابوو كه‌ ناتوانم بخوێنم و كار بكه‌م، تاقه‌تی خوێندنم نه‌بوو و پرۆژه‌كه‌یم به‌لاوه‌ چیایه‌كی هه‌زار به‌ هه‌زار بوو، پاشان دووئیشیم به‌لاوه‌ زه‌حمه‌ت بوو. ئه‌و سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بخوێنم و بۆ هه‌ندێش زانكۆیه‌كی بۆ دۆزیمه‌وه‌ كه‌ نه‌ خوێندن و خۆ هیلاككردنی ده‌ویست، نه‌ پاره‌ و پوولێكی وا كه‌ نه‌توانم ده‌سته‌به‌ری بكه‌م، وه‌عدیشی دامێ كه‌ هه‌ر كات پێویست بكات، هاوكاریم بكات. ئه‌وه‌بوو یه‌كشه‌ممه‌ی دواتر چووینه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌ك له‌و زانكۆیانه‌ی كه‌ ئێستا لێره‌ ناویان ناون زانكۆی علووج، ئه‌وكات لێره‌ له‌م جۆره‌ زانكۆیانه‌ نه‌بوون، كه‌چی هه‌نووكه‌ پڕه‌ له‌ زانكۆی ئه‌هلی و علووج كه‌ قوتابییانی تێدا ساقیت نابن و شتێكیشی لێ فێر نابن، ئه‌ی نابینی خه‌ریكه‌ له‌ كووچه‌ و كۆڵانانیش كۆلیژ و به‌شه‌كانی قانوون هه‌ن؟ چما نه‌تبیستووه‌ كۆلیژی قانوون له‌ به‌حركه‌ش هه‌یه‌؟ هه‌مووجار حاجی حه‌میدی ئامۆزام، شه‌كره‌ عه‌نتیكه‌كانی ده‌شكاند و ده‌یگوت به‌ شه‌ره‌فم شه‌ق له‌ ته‌نه‌كه‌ و حاویه‌ی زبڵی به‌ر ده‌رگای هه‌ر ماڵێك و ته‌نانه‌ت له‌ قوونی كه‌ر هه‌ڵده‌ی، خه‌ریجی قانوون ده‌رده‌په‌ڕن، جا چتۆ خه‌ریج؟ خه‌ریج به‌ شه‌رتی كڵۆڵی له‌ قانوون. كۆڵه‌وار و نه‌زان.
سه‌رۆكی زانكۆكه‌ زۆر پیاوانه‌ پێشوازیی لێ كردین و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ناوی خستمه‌ نێو لیستی وه‌رگیراوان له‌ یاسای نێوده‌وله‌تی، ئاگاداریشی كردمه‌وه‌ كه‌ چاوێكم لێیان بێت و ناوه‌ناوه‌ به‌سه‌ریان بكه‌مه‌وه‌، من له‌وه‌ نه‌گه‌یشتم، پاشان ئه‌سعه‌د تێیگه‌یاندم كه‌ پێویسته‌ مانگێ یه‌كدوو جار دیارییه‌كیان بۆ ببه‌م. هه‌فته‌ی دوو ئێواران بۆ ماوه‌ سێ سه‌عاتان ده‌چوومه‌ زانكۆی گۆرین، هه‌فته‌ی سێیه‌می ده‌وام كردنم بوو كه‌ پرۆفیسۆری سه‌رۆك به‌ش به‌دوایدا ناردم و تێیگه‌یاندم كه‌ پێویسته‌ ناوونیشانێك بۆ تێزی دوكتۆراكه‌م دیار بكه‌م ، ڕۆژی دواتر له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌سعه‌د، ئه‌م ناوونیشانه‌م ته‌سلیم كردن (بارودۆخی دابه‌شكردنی كوردستان به‌ده‌ست كۆڵۆنیالیزمه‌وه‌)، مانگێك دواتر پرۆفیسۆرێكی گه‌نجی ناو زانكۆكه‌میان بۆ كردم به‌ سه‌رپه‌رشتیاری تێزه‌كه‌م كه‌ له‌ ژیانیدا ناوی كوردستانی نه‌بیستبوو، ئه‌سعه‌د چاكه‌ی ئه‌وه‌شی به‌سه‌رمه‌وه‌ بوو كه‌ هاوكارێكی هه‌ولێریی خۆی ڕاسپارد كه‌ ده‌ستی نووسینی هه‌بوو تا تێزه‌كه‌م بۆ بنووسێت. له‌گه‌ڵ هاوڕێ سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌م، زۆرجاران به‌یه‌كه‌وه‌ پیاسه‌مان ده‌كرد و ته‌نانه‌ت جارجاره‌ له‌ گه‌شت و سه‌یرانان به‌یه‌كه‌وه‌ تا مڕ ده‌بووین ده‌مانخوارده‌وه‌ و من نه‌مده‌هێشت ئه‌و به‌ خه‌ونیش هه‌ست به‌ ته‌نكبوونه‌وه‌ی گیرفانی بكات، بۆیه‌ بوو به‌ هاوڕێیه‌كی گیانی به‌ گیانی و وای لێ هات كه‌ زۆر هاتوچۆی ماڵه‌وه‌شی ده‌كردم، پێوه‌ندییه‌كه‌مان هیی مامۆستا و قوتابی نه‌بوو، هه‌ردووكمان شاره‌زای سڕ و تڕی یه‌ك بووین، ئێستاش جارجاره‌ وه‌ك دۆستیكی دێرینی كورد و كوردستان له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌، وه‌ك میوانێك پێشوازیی لێ ده‌كرێت، هه‌ركه‌ به‌ میوانیش دێت، ئاگاداری منیش ده‌كرێته‌وه‌ و به‌شداریی دانیشتنه‌كانی ده‌كه‌م. ئێوارانیش له‌ناو سه‌گه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم تا دره‌نگانی شه‌و و تا نۆبه‌ته‌ پاسه‌وانیم ته‌واو ده‌بوو، خۆم ده‌خافڵاند. ئه‌مه‌ بوو به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی ژیانم تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ سڕه‌ی دوكتۆراكه‌م هات، بۆیه‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كه‌م خه‌ریكی شتێك بووین، ناوماننا تێز. قه‌تم له‌ بیر ناچێته‌وه‌، شه‌وی به‌ر له‌ به‌خشینی دوكتۆراكه‌م كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و جۆره‌ زانكۆیانه‌ به‌خشینی بڕوانامه‌كانیان بێ جه‌لسه‌ی گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئیمزا و میمزا، به‌ڵكوو ئێواره‌كه‌ی له‌ ئاهه‌نگێكی كێك و میوه‌ خواردن و سه‌ما و مۆسیقادا بڕوانامه‌كان به‌ كۆمه‌ڵ ده‌به‌خشرێن و دوای فیكه‌ و چه‌پڵه‌ لێدان ده‌بیت به‌ دوكتۆر و ئاوێ بێنه‌ و ده‌ستان بشۆ. شه‌وی دواتر كه‌ دوكتۆرام وه‌رگرت، له‌ سیفه‌كه‌دا له‌ناو سه‌گاندا ئه‌وه‌نده‌م قرووسكاند خه‌ریك بوو ده‌نگم ده‌نووسا، ته‌نانه‌ت سه‌گه‌كان ناوه‌ناوه‌ به‌ سه‌رو ڕوخساری سوڕماوه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كردم كه‌ قه‌تیان وا نه‌بینیبووم. بیرمه‌ ئه‌و شه‌وه‌ی بوومه‌ دوكتۆر، شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیم هاته‌ خه‌ونێ و زۆری قه‌شمه‌ری به‌ تێزه‌كه‌م كرد و ئامۆژگاریی كردم كه‌ مێژووی به‌رباد و شێواوییه‌كانی ناویی چاك بكه‌مه‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌، تێزه‌كه‌م بشارمه‌وه‌ و تا دونیا دونیایه‌ نه‌یده‌مه‌ ده‌ست كه‌س و نه‌یه‌لم حه‌شته‌بای خواش بیبینێ و قه‌توقه‌تیش چاپی نه‌كه‌م، بڕواش ناكه‌م كه‌سێ له‌ كوردستان زمانی نووسینی تێزه‌كه‌م بزانێ تا بتوانێ وێرانه‌ و قه‌شمه‌ڕجارییه‌كانی ناویی ئاشكرا بكات. لێگه‌ڕێ با بڕوا و له‌ وڵاتی ئێمه‌ دوكتۆرا یه‌عنی دوكتۆرا و بڕایه‌وه‌، ڕۆژه‌كه‌ی بیرم كرده‌وه‌ و به‌ خۆمم گوت هه‌ی ئه‌حمه‌ق، بۆچی خۆت به‌ خه‌ون و خه‌یاڵان خه‌ریك ده‌كه‌ی؟ هه‌ی گه‌مژه‌؟ چما هه‌ر كاتێ بچییه‌وه‌، به‌ دوكتۆر بانگ ناكرێی؟. ئێواره‌كه‌ی ته‌حسینی برام ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و له‌ هه‌واڵی بڕوانامه‌كه‌می پرسییه‌وه‌ و گوتی هه‌ڤاڵانی حیزب و هه‌موو خزم و دۆستان عه‌وداڵی هه‌واڵه‌كه‌ن. ئه‌رێ چیت به‌سه‌ر هاته‌وه‌؟ پێیم ڕاگه‌یاند كه‌ تێزه‌كه‌م وه‌كوو خۆی و به‌ پله‌ی نایاب په‌سه‌ند كراوه‌، ته‌حسین داوای زانیاریی زێتری لێ كردم تا هه‌واڵه‌كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كان وه‌ك ڕووداوێكی مه‌زن و وه‌رچه‌رخێنه‌ری بارودۆخ بڵاو بكاته‌وه، ئه‌وه‌بوو هه‌فته‌ی دواتر هه‌موو ڕۆژنامه‌كان به‌ وێنه‌ی ڕه‌نگینی خۆمه‌وه‌ باسیان له‌ گرنگیی تێزه‌كه‌م بۆ دواڕۆژی كوردستان و ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌رتاپای گۆی زه‌وی كردبوو. بڕواتان هه‌بێ كه‌ ته‌حسین وێنه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ ناردم و دواتر كه‌ خوێندمه‌وه‌‌، ئیستێكم كرد و هۆپه‌كم له‌خۆم زانی! چما من ئه‌وه‌م كه‌ میدیاكانی وڵاته‌كه‌م باسم ده‌كه‌ن؟ بۆیێ بڕیارمدا دوو ده‌سته‌ قاتی پێركاردن و ده‌سته‌یه‌ك بۆینباخی نایاب و چه‌ند قۆنده‌ره‌ی پڕ باقوبریق و بۆنێ ماركه‌ی جیهانی و كه‌لوپه‌لی تر بكڕم و سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوول بگه‌ڕێمه‌وه‌ و كارێك بكه‌م به‌ بایه‌خه‌وه‌ پێشوازیم لێ بكرێ. به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م به‌ مانگێك دانه‌یه‌كی مۆركراوی بڕوانامه‌كه‌مم به‌ هاوڕێیه‌كمدا بۆ ته‌حسین نارد تا ته‌سلیمی به‌شی بڕوانامه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای بكات، بۆ ئه‌وه‌ی مۆری بكه‌ن و به‌ ڕه‌سمی پشتڕاستی بكه‌نه‌وه‌ و بڕوای پێ بهێنن، مانگێك دوای ئه‌وه‌ ته‌حسین ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ بڕوایان به‌ دوكتۆرانامه‌كه‌م نه‌هاتووه‌. به‌ویان ڕاگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و زانكۆیه‌ی بڕوانامه‌كه‌ی داوه‌، زانكۆی جه‌ڵه‌بی و بێ بڕوا و متمانه‌ن. كه‌ ئه‌مه‌م بیست، له‌ داخان مووی سه‌رم ڕه‌پ ڕاوه‌ستان و چاوم چووه‌ پشتی سه‌رم. بیرم كرده‌وه‌ كار وا بڕوات، ڕیسه‌كه‌م لێ ده‌بێته‌وه‌‌ به‌ خوری، ڕۆژی دواتر ته‌له‌فۆنم بۆ یه‌ك له‌ برا به‌رپرسه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ كرد و ماوه‌ی سه‌عاتێك مشتومڕمان بوو و دواجار بڕوایان نه‌هات كه‌ دوكتۆراكه‌م ته‌واوه‌. سه‌روبه‌ندی ڕێككه‌وتننامه‌ی واشنگتۆن بوو له‌ نێوان هه‌ردوو زلهێز و هه‌ردوو لا به‌ڵێنیان به‌ هه‌ڤاڵانمان دابوو كه‌ بۆ پێكهاته‌ی حكوومه‌تی تازه‌، لایه‌ك له‌ ئێمه‌ش بكه‌نه‌وه‌، بۆیێ كاروباره‌كانی خۆم ڕێكخست و ده‌ ڕۆژ دواتر بلیتی ئه‌سته‌نبۆڵم بڕی تا له‌وێوه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ وڵات. هه‌واڵم نارده‌وه‌ كه‌ سبه‌ی سه‌عات چواری ئێواره‌ ده‌گه‌مه‌وه‌ سه‌ر سنوور. ئه‌وه‌بوو له ‌گه‌ڕانه‌وه‌مدا هه‌ڤاڵێكی زۆری خۆمان له‌سه‌ر سنوور له‌ پێشوازیمدا بوون و كه‌ چاوم به‌م هه‌موو دۆسته‌ ئازیزه‌ كه‌وت، ماندووێتیم له‌بیر چۆوه‌ و ڕۆژی دواتر شه‌واهه‌نگێكی سه‌رمه‌ستانه‌یان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌م و به‌ده‌ست هێنانی دوكتۆراكه‌م له‌ كۆشكی قه‌ڵا بۆ ڕێك خستم و تا دره‌نگانی شه‌و له‌گه‌ڵ حه‌شاماتی هه‌ڤاڵان ماینه‌وه‌. چه‌ند ڕۆژ دواتر بڕیاری به‌رپرسێتیی ڕێكخستنی حیزبیان بۆ ده‌ركردم و ناوم له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو نووسراو و بڵاوكراوه‌كاندا به‌ پێشگری (د.) ده‌نووسرا و له‌وه‌وه‌ كه‌س به‌ ناوی خۆمه‌وه‌ بانگی نه‌ده‌كردم. دوكتۆر، دوكتۆر كه‌ری نێر نه‌یده‌كێشا.
ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆرم هه‌وڵدا بڕوانامه‌كه‌م به‌ ڕه‌سمی هاوتا بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام دوكتۆرێكی به‌ته‌مه‌نی خوێندنی باڵا لێم له‌ ڕك ڕاچوو و سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و زانكۆیه‌ی دوكتۆرای داومێ، ناوی له‌ هیچ لیستێكی زانكۆ بڕوا پێكراوه‌كانی دونیادا نییه‌، به‌ كورتی تێیگه‌یاندم كه‌ من بڕوانامه‌م له‌ دوكاندارانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، ئیتر ده‌ستم له‌و كاره‌م شووشت. له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌ڵكانێكی زۆڵی زۆرزان به‌و حاڵه‌یان زانیبوو و ناسیاویشم بوون و هه‌ر بۆ فشه‌ پێكردنم له‌ مه‌جلیسان به‌ دختۆر نه‌ك دوكتۆر ناوزه‌دیان ده‌كردم و منیش له‌ مه‌رام و فیته‌یان ده‌گه‌یشتم، به‌ڵام ناچاری خۆ له‌ گێلیدان بووم.
وه‌زعه‌ سیاسییه‌كه‌ خه‌ریك بوو ئارام ده‌بووه‌وه‌ و شه‌ڕی ناوه‌خۆ كه‌ ده‌یگوترایێ براكوژی، خه‌ریك بوو تا ڕادده‌یه‌ك له‌ بیر ده‌چووه‌وه‌، ڕۆژێكیان له‌ سه‌ركردایه‌تی ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم و گوتیان بڕیارمان داوه‌ سبه‌ی ئێواره‌ كۆبینه‌وه‌ و چه‌ند هه‌ڤاڵێكیشم پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ پشكێكی وه‌زاره‌ت به‌ر حیزبمان بكه‌وێ و ئه‌وان لای خۆیانه‌وه‌ منیان ده‌ستنیشان كردبوو بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ و دایاننابوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا بابه‌ته‌كه‌ بێننه‌ گۆڕێ، ئه‌و شه‌وه‌ له‌ خۆشییان خۆم و پاییزه‌ خه‌ومان نه‌چووه‌ چاو. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئێواره‌كه‌دا باسم له‌ گرینگیی به‌رپرسیارێتیی تاك كرد له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا و جه‌ختم له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ تاكی به‌رپرس له‌ نێو ئێمه‌دا به‌ر له‌ هه‌موو شت له‌ خه‌مه‌كانی هاووڵاتیاندا بێت و له‌ خزمه‌تیاندا ڕاستگۆ بێت و كار بۆ چه‌سپاندنی دیمۆكراسییه‌ت و ئازادی بكات و خۆی له‌ منمنۆكێ و خۆپه‌رستی به‌ دوور بگرێت و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی دوور له‌ ناپاكی و خیانه‌ت به‌جێ بێنێت. قسه‌ و باسه‌كانم بوونه‌ مایه‌ی سه‌رسامیی هه‌ڤاڵانی میم سین، پاشان كه‌ قسه‌ هاته‌ سه‌ر به‌شداریی كردنمان له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن و هاتنه‌ سه‌ر كاندید كردنی یه‌كێكمان بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد له‌ وڵاته‌كه‌مان، تێكڕای هه‌ڤاڵانم به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ منیان هه‌ڵبژارد و منیش دوای منگه‌منگێكم كه‌ وام كرد كه‌س تێمنه‌گات چیمه‌، پاشان ڕه‌زامه‌ندی داواكه‌یان بووم. چه‌ند ڕۆژێك دواتر كه‌ناڵه‌كانی ڕادیۆ و تی ڤی و فه‌یسبوك و ڕۆژنامه‌كان لیستی كاندیدكراوانی كابینه‌ی بنكه‌ فراوانیان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ناوی به‌نده‌شیان تێدا بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ سه‌دان كه‌س به‌ نامه‌ و ته‌له‌فۆن و سه‌ردانی ماڵه‌وه‌م پیرۆزبایییان لێ كردم و خۆشحاڵییان بۆ ده‌ربڕیم، خه‌ڵكی وام ده‌هاتنه‌ سه‌ردانێ كه‌ قه‌ت بیرم بۆیان نه‌ده‌چوو، له‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی داد زه‌لامی مله‌ستوور مله‌ستوورم لێ به‌ ژوور ده‌كه‌وت، جێگا نه‌مابوو گوڵی جۆراوجۆری هۆڵه‌ندی و گوڵی باغه‌ی تێدا دانێم، چه‌ند ڕۆژ دواتر چه‌ندینیانم به‌سه‌ر دراوسێكاندا به‌خشییه‌وه‌. له‌ وڵاته‌كه‌ماندا فرۆشتنی پله‌ و پایه‌ له‌ چركه‌سات دایه‌، بۆیه‌ منیش ترس و نیگه‌رانیی فرۆشتنه‌وه‌م و ده‌ركێشانم له‌ لیسته‌كه‌دا، هه‌ناوی هه‌ڵكۆڵیبووم و خه‌و و خۆراكم ببووه‌ بیركردنه‌وه‌ و ڕاڕایی و مه‌رگه‌مووش، ئه‌گه‌رچی شتێكیشم له‌ كارگێڕی و قانوون نه‌ده‌زانی، به‌ڵام بیرم ده‌كرده‌وه‌ و ته‌ماشای ناوی كاندیدكراوان و وه‌زیره‌كانی پێشووم ده‌كرد، خۆمم لا به‌ ئه‌فڵاتوون ده‌هاته‌ به‌ر چاو، بڕواتان هه‌بێ خه‌ڵكی وایان تێدا بوو توانای به‌ پێشه‌خۆدانی دوو سه‌ر مه‌ڕ و بزنێكیشی نه‌بوو.
دیسانه‌وه‌ به‌خته‌كه‌م هێنای و ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئاگادار كرامه‌وه‌ كه‌ سبه‌ینه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ بۆ سوێند خواردن له‌ په‌رله‌مان بۆ ڕاگه‌یاندنی كابینه‌ی تازه‌‌ ئاماده‌بم كه‌ تیایدا به‌نده‌ پۆستی وه‌زاره‌تی دادی ده‌درێتێ. خۆم و قۆنده‌ره‌ی زرۆقی و قاتی به‌ باقوبریقی شه‌و ئوتووكراوم و بۆینباخی ماڕۆنیم، به‌ پیكابه‌كه‌م به‌ره‌و په‌رله‌مان ڕۆیشتم و له‌وێ پۆلیسه‌كان ڕێگرییان له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌م كرد، هه‌وڵمدا تێیان بگه‌یه‌نم كه‌ من كاندیدی حیزبم بۆ بوونه‌ وه‌زیر، كه‌چی هه‌ر گوێیشیان پێ نه‌دام و تێیانگه‌یاندم كه‌ بردنه‌ ژووره‌وه‌ی پیكابه‌كه‌م كارێكی ڕێگه‌ پێ نه‌دراوه‌، ته‌نیا ڕێگه‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی خۆمیان دا، به‌ڵام ناسنامه‌كه‌شیان لێ گێڕامه‌وه‌. دوای ڕێوڕه‌سمی سوێند خواردن به‌ قورئانی پیرۆز كه‌ یه‌كه‌مجارم بوو له‌ ژیانمدا ده‌ستم به‌ر قورئان بكه‌وێ، نیوه‌ڕۆكه‌ی ده‌عوه‌تی شاهانه‌ی نانخواردنی سه‌ره‌كوه‌زیران بووین و دوای ته‌واو بوون، ته‌له‌فۆنێكم بۆ سمكۆی ئامۆزام كرد كه‌ به‌ دوامدا بێت و دواتریش هه‌ر خۆی، پیكابه‌كه‌ و ناسنامه‌كه‌ی بۆ هێنامه‌وه‌. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بوو سمكۆ گه‌یاندمیه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ و حه‌شاماتێكی زۆر له‌به‌ر ده‌رگا له‌ پێشوازیمدا بوون، ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ یه‌كه‌یان كرد و به‌ره‌و نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ڕێنیشانیان كردم و ئه‌و ڕۆژه‌ به‌هۆی زۆریی میوانانه‌وه‌ تا ده‌وام ته‌واو بوو هیچم بۆ نه‌كرا، هه‌فته‌ی دواتر سه‌رۆكی حكوومه‌ت چوار ئۆتۆمبیلی به‌رزی تازه‌ مۆدیل و دوو شوفێر و شه‌ش پاسه‌وانیشی بۆ ناردم و هه‌موویان به‌ كڕنووش و ده‌سته‌وه‌ستانه‌وه‌ له‌ خزمه‌تمدا بوون و مانگێك دواتریش كلیلی خانووێكی نوێی دوو دۆنمیی پڕ له‌ كه‌لوپه‌لی گه‌ڕه‌كی وه‌زیراوایان بۆ ناردم كه‌ شوێن و ماڵوحاڵی سه‌رجه‌م وه‌زیران و به‌رپرسه‌ نه‌قۆڵاكانی حیزبه‌كان بوو، منداڵه‌كانیشمیان له‌ قوتابخانه‌ی شووه‌یفاتی نێوده‌وڵه‌تی دانا به‌ر خوێندن، ژیانم كه‌وته‌ ڕه‌وتێكی تازه‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌ونیش بیرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو ئه‌وه‌ من بم. یازده‌ مانگ بوو ببوومه‌ وه‌زیر كه‌ ڕۆژێكیان به‌رپرسی كارگێڕیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، زه‌نگی بۆ لێدام و پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ به‌ هۆی گه‌شتێكی یه‌ك مانگیی جه‌نابی وه‌زیری خوێندنی باڵاوه‌ بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، به‌ بڕیاری جه‌نابی سه‌ره‌كوه‌زیران، ئێوه‌ ئه‌و مانگه‌ كاروباره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، ڕۆژی پاشتر به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌كه‌م نووسراوه‌كه‌ی بۆ هێنام: ( به‌ هۆی سه‌فه‌ركردنی ڕێزدار مه‌غدید حه‌وێز سمایلاوه‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا، بڕیارماندا به‌ڕێز دوكتۆر كاكۆ حووجان ترپه‌سپیان وه‌زیری داد، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی و به‌ وه‌كاله‌ت پۆستی وه‌زیری خوێندنی باڵاش وه‌ربگرێت. ئیمزا: س. وه‌زیران)
ئه‌وه‌م زۆر به‌ دڵ بوو و ڕۆژی دواتر له‌ خوێندنی باڵا ده‌ست به‌ كار بووم و ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌م له‌وێ به‌سه‌ر برد و كۆبوونه‌وه‌یه‌كم به‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی كرد و تێمگه‌یاندن كه‌ ئه‌ركی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و پێشخستنی وڵاته‌كه‌مان له‌ ڕووی زانست و ته‌كنۆلۆجیا و هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به‌ ژیانی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگاكه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، زۆر پیرۆزه‌، بۆیێ پێویسته‌ هه‌ر یه‌كه‌مان لای خۆیه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی لێبوورده‌یی و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، ماندوونه‌ناسانه‌ كار بكات، تكایه‌ به‌رده‌وام دژی دزێوی و گه‌نده‌ڵكاری بووه‌ستنه‌وه‌ و ئێمه‌ش وه‌كوو سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ته‌ ساواكه‌مان‌ سه‌ربه‌رزین به‌ یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌تان.. ئیتر بۆ پێشه‌وه‌.
ڕۆژێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بڕوانامه‌كانم هاته‌ لا كه‌ بڕیار بوو خۆم به‌ دوایدا بنێرم، دوای به‌خێرهێنانی، به‌ر له‌وه‌ی قسه‌ بكات و داواكاری و ئیشه‌كه‌یم بۆ باس بكات، شوفێره‌كه‌مم تێگه‌یاند كه‌ جانتا دیبلۆماسییه‌كه‌م بۆ بێنێ و تێزه‌ بیست لاپه‌ڕه‌یییه‌كه‌م و بڕوانامه‌كه‌مم لێ ده‌رهانی و به‌ سۆفته‌ سه‌وزه‌كه‌م ئه‌م په‌راوێزه‌م نووسی: (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بڕوانامه‌كان.. تكایه‌ به‌ په‌له‌ و بێ دواخستن ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ هاوتا بكه‌ن.. ئیمزا: و. خ. باڵا)
شوكور بۆ خوا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بیداته‌ لیژنه‌ و میژنه‌، بڕوانامه‌كه‌ی به‌ نووسراوی هاوتاكراوه‌وه‌ دایه‌وه‌ ده‌ستم.




مادییەتە عەقڵانییەکەی هۆبز … ئاراس وەهاب

——————————
چی لە مرۆڤێک دەکەیت، هەوڵی بەچوارگۆشەکردنی بازنە بدات؟!!

لە نێو ئینگلیزەکاندا ساڵی (ئارامادا – Aramada) بە (ئەو ساڵەی فیلۆسۆفە گەورەکەیشمان لە دایک بووه‌)، ناسراوە، کە بریتییە لە ساڵی ١٥٨٨ی زایینی. لە (٥)ی نیسانی ئەو ساڵەدا و لە گوندی (وێستپۆرت)ی سەر بە شارۆچکەی (مالسبری) منداڵێک پێش وەختی خۆی، واتە پێش ئەوەی نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەکە تەواو بکات لە دایک دەبێت. ئەو ڕێکەوتە، لەدایکبوونی ئەو منداڵە و نزیکبوونەوەی پاپۆڕی زەبەلاح (Giant)ی ئیسپانی (ئارامادا) بە ساڵێکی شووم لە نێو ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا ناسراوە. (هۆبز) خۆی لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێت: دایکم لەو ڕۆژەدا دووانه‌یەکی دەبێت، یەکێکیان منم و ئەوی تریان ترسە. لە سەرگوزشتەکەی خۆیشیدا نایشارێتەوە، کە هەر ئەو ڕۆژە شوومە بووە کاریزمایی پێ بەخشیوە. ترس لای (هۆبز) ڕاستەقینە بووە، پێی وا بووە، سروشتی مرۆڤ سروشتێکی دڕندانه‌ی هەیە، برا دەتوانێت برا بکوژیت، گێلێک دەتوانێت لەسەر چەند پاوەندێک بتکوژێت. (هۆبز) ئه‌و ترسه‌ی هه‌ر لە سکی دایکییه‌وه‌ لای دروست بووە. (ئارامادا) کەشتیی بارهەڵگری گەورە، کە توانای گواستنەوەی هەشتسەد پاپۆڕی بچکۆلە و نەوەتهەزار سەربازی هەبووە، لەلایەن پاشای ئیسپانیا (فیلیپ)ی کاتۆلیکیی ئەو سەردەمەوە ڕەوانەی کەنارەکانی بەریتانیا کراوە بۆ چاوترساندنی (لیزبێس)ی پرۆتستستانی، شاژنی بەریتانیا. ئەو ڕووداوە ترسێکی زۆری خستووەتە دڵی ئینگلیزەکانەوە. هاوڕێکانی سەردەمی خۆی و فیلۆسۆفەکانی تری دوای خۆیشی دەڵێن، (هۆبز) بۆیە توانیویەتی نزیک بە سەدەیەک بژی، لەبەر ئەوەی زۆر ترساوە. (هۆبز) هەرچەندە لە ژیاندا زۆر ترساوە، بەڵام پەنجا ساڵی دووه‌می تەمەنی تووشی شەڕی زۆر قورس بووە، کە نەک هەر بەرگەی گرتووە، بەڵکو تێیشیاندا زۆر سەرکەوتوو بووە، بۆیە بووە بەو فیلۆسۆفە بەناوبانگەی ئێستا ئێمە پێی سەرسامین. شەڕەکانی (هۆبز) فیکری و فەلسەفی بوونە. بیرمەندێکی پڕشنگدار، چاونەترس و سه‌رکێش (adventurer) بووە. دکتۆر (رفائیل) دەڵێت، (هۆبز) لە بڵاوکردنەوەی بیرە فەلسەفی و سیاسییەکانی خۆیدا زۆر چاونەترس بووە، لە زۆر حاڵەتدا سوور زانیویەتی هەردوو دەستەڵاتی کڵێسا و پاشایەتی دژی هەڵدەستن، بەڵام لێیان نەسڵەمیوەتەوە. هەرچ کاتێک ئەو فیلۆسۆفە چووبێتە نێو شەڕی فیکرییەوە، بە زمانێکی زۆر توند، بە وزەیەکی بەرز و بڕوایەکی بێئەندازەوە دەریبڕیون و هیچ هەستی بە ترسیش نەکردووە. په‌لاو (challenge)ەکانی ئەم فیلۆسۆفە، بەرانبەر بە دەستەڵاتی کڵێسا و فەلسەفەی ئەرەستی ئەو سەردەمەی قوتابخانەکانی ئنگیلزەکان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە دوژمنی سەرسەختی خوا و مەسیحیان لە قەڵەم داوه‌. هەروەها فەرمانی سووتاندنی کتێبەکانیشی دەرکراوه‌. (تۆماس هۆبز) پێش ئەوەی فیلۆسۆف بێت، زانایەکی بەناوبانگی بواری ماتماتیک بووە. کتێبی تۆماسی ماتماتیکی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی فێرکردنی ئەو زانستە لە زانکۆکاندا. لە تیۆرییە ماتماتیکییەکانیدا خاوەنی تۆماری شەڕێکی فیکریی ٢٠ ساڵەیە لەگەڵ زانکۆی (ئۆکسفۆرد)دا. شەڕی فیکریی (جەبر و ئه‌ندازه‌)ی ئەم فیلۆسۆفە لە سەردانی دووه‌میدا بۆ پاریس دەست پێ دەکات بە تایبەت کاتێک، کە چاوی بە کتێبکەی (ئەقلیدس) دەکەوێت. هەر ئەم کتێبە بوو فیلۆسۆفی گەورەی گەیاندە ئەو باوەڕەی، ئەوەی (ئەقلیدس) لە (جەبر و ئەندازه‌)دا پێی گەیشتووه‌، ئەمیش دەتوانێت لە فیکر و فەلسەفە و سیاسەتدا بیگاتێ، لەوێوە بیرۆکەی کتێبی (لیڤایته‌ن – Leviathan) بۆ یەکەمجار لە دایک دەبێت. ئەم کتێبە بە بەناوبانگترین تیۆرییەکانی ئەم فیلۆسۆفەلە بواری سیاسەت و دەوڵەتداریدا هەژمار دەکرێت، تێیدا بنەماکانی پاسادانکردنی یەکسانیی هێزە سیاسییەکانی لە ڕووی (ئەندازه‌)ەوە وەکو زانستێکی ماتماتیکی سەلماندووە. هاوشێوەی (دێکارت)، (هۆبز)یش پێی وا بووە زانستی (ئه‌ندازە) تاکە زانستی پڕلۆژیکە، کە خوای سروشت بە مرۆڤایەتیی بەخشیوە. لە زانستی ماتماتیکیدا گومان هەیە، بۆیە خستنەبری هەیە. گومان و خستنەبری بووە وایان لە (هۆبز) کردووە، کە داوا لە مرۆڤایەتی بکات و بڵێت، باوەڕ بەوە مەکەن لە ئارادایە و گوتراوە، بەڵکو گومانەکان زۆرن و پێویستییان بە خستنەبری هەیە، پێناسەکان بەردەوام دابڕێژنەوە پێش ئەوەی بە کاری بهێنن. دانانی خاڵ (Full stop) ئەو بنەمایەیە (ئه‌ندازه‌)ی لێوە دروست دەبێت. لێرەوە ئەم فیلۆسۆفە دەچێتە قوڵاییی جووڵەوە و بنەما ئەرەستۆییەکانی پێ پووچەڵ دەکاتەوە. ئەم مرۆڤە بە شێوازێک عەشقی (ئەندازه‌) بووه‌، هەوڵی بەچوارگۆشەکردنی بازنەی داوە. لەبارەی ئەو هەوڵانەیەوە کۆمەڵێک ڕەشنووسی لە پاش بە جێ ماون، کە دواتر کۆپییەکەی دەخەینە پاشکۆی ئەم نووسینەوە. شەڕی ئەم بیرمەندە لەگەڵ بازنەدا زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە، کاتێکیش وازی لێ هێناوە تاکو مردنی چەندین جار ویستوویەتی بۆی بگەڕێتەوە، بەڵام بۆی نەکراوە. بیرۆکەی بەچوارگۆشەکردنی بازنە لای (هۆبز) بەرهەمی ئەو یادگاری و ئەزموونە ناخۆشەیە، کە بیرمەند لە ژیانی زانکۆیدا لە (ئۆکسفۆرد) تێیدا ژیاوە. ئەو تاکو سەر ئێسک دژی سیستێمی خوێندنی ئەو سەردەمەی بەریتانیا بووە. زانکۆکانی لەبەر ئەوەی خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری لاهووتیی بوون، بە کڵێسای تاریک ناوی بردوون. زانستی (جەبر) و (ئه‌ندازه‌) لە زانکۆکاندا بە جادوو و هونەری شەیتان لە قەڵەم دراون. ڕادەی ڕقی خەڵکی بەریتانی لە فیلۆسۆفی ناوبراو لە ژێر کاریگەیی دەوڵەتی کاتۆلیکیی ئەو سەردەمەدا گەیشتووەتە ڕادەیەک، نەخۆشییە تاعونیەکەی ساڵی ١٦٦٥ و هه‌ڵگیرسانی ئاگره‌ گەورەکەی لەندەنی ساڵی ١٦٦٦ خراوەتە پاڵ شوومیی ئەوەوه‌، گوایە باوەڕی بە خوا نەبووە. لە دوای ئەو دوو ڕووداوەوه‌ بڕیاری سووتاندنی پەڕتووکەکانی بە ناوی کتێبەکانی ئاتایست (الملحد)ەوە دراوە.
لە سەفەرێکیدا بۆ پاریس، ئەم فیلۆسۆفە ڕاهیبێکی کڵێسای بە ناوی (مارن مرسن) ناسیوە و لەوێوە لە ئەڵقەیەکی ئەکادیمی نافەرمییەوە لەگەڵ بەناوبانگترین زانا و بیرمەندی جیهانیی ئەو سەردەمەدا یەک دەگرن و زانست دەگۆڕنەوە. یەکەم شت، کە (هۆبز) لەوێدا بۆ ئەو گروپەی دەکات، پێشکەشکردنی ئەندێشەکان و بیرکردنەوەی قووڵییەتی لەبارەی بینین و هەستەکانی مرۆڤەوە. لەوێوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرا ڕێچکە فەلسەفییەکەی خۆی لەسەر سێ کۆڵەکە دادەڕژێت:
١- دیدگای میتافیزیکیی بوون بە گشتی.
٢- سایکۆلۆژیای مرۆڤ و پێوه‌ستبوونی بە فزیۆلۆژیاوە.
٣- سیاسەت و مۆڕاڵ.

لە سەرگوزشتەکەی خۆیدا (هۆبز) وای باس لێوە دەکات، کە زۆر بە ئاواتەوە بووە کتێبێک لەبارەی ئاییینه‌وه‌ لەسەر ئەو ڕیزبەندییە بنووسێت، بەڵام تێکەڵبوونی بە سیاسەت و زانستی سروشتی بواری به‌دیهێنانی ئه‌و خەونەی نه‌داوه‌. گەشتی فیلۆسۆفی ناوبراو بۆ فرەنسا ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو جۆرێک بووە لە (Self-imposed exile). واتە مەنفای هەڵبژاردە بووه‌.
(هۆبز) پێوه‌ندییەکی بەتینی لەگەڵ خێزانی (جاڤیندیش – Cavendish)دا دروست کردووە، کە ڕەچەڵەکێکی دێرینیان لە نێو کۆمه‌ڵگه‌ی بەرتیانیدا هەبووە. زۆرینەی بیرمەند، فیلۆسۆف و پیاوە سەربازی و دەستەڵاتدارەکانی ئینگلیزی ئەو چەند سەدەیە لەناو ئەو خێزانەوە هاتوون. ئەو پێوه‌ندییە دەرفەتێکی باشتری بۆ درێژەپێدان بە شەڕە فیکرییەکانی ئەو فیلۆسۆفە ڕه‌خساندووه‌. لە پاڵ ئەوەیشدا (هۆبز) لە ژیانیدا سێ گەشتی گەورەی ئەوروپیی کردووە. گەشتی یەکەمی بە یاوەریی قوتابیی یەکەمی، کە ئەندامی خێزانی (جاڤیندیش) بووە، کردووە. لە سەردەمی گەشتەکانیشیدا بەخت یاوەری بووە، ئەو سەردەمە بووە، کە (کێپلەر) زانستی فەلەکی داڕشتەوە و (گالالەیۆ)یش تازە گەڕابووەوە بۆ (تۆسکانی) و لە ڕێگه‌ی تەلسکۆبە نوێیەکەیەوە توانیبووی هەسارەی (نیپتۆن) بدۆزێتەوە. لە گەشتەکەیدا هەردووکیانیشی بینیبوو.
شەڕە فیکرییەکانی ئەم فیلۆسۆفە، لە گەشتەکەی پاریسەوە چەکەرە دەکات، بە دیاریکراوی لە دوای خوێندنەوەی کتێبەکەی دێکارت بە ناوی (An article about the curriculum)، واتای بابەتێک لەبارەی ڕێچکەوە. ڕاستییه‌که‌ی گەشەی عەقڵیی ئەم فیلۆسۆفە بەروبوومی گەشتەکانی بوو بۆ ئەوروپا. لە دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکانی ئەوروپا، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەی زۆر خراپ شڵەقاوە. ئەو شڵەقاندنە وای کردووە، کۆمەڵێک دەستنووسی دانسقە لەبارەی سروشتی مرۆڤایەتی، بنەماکانی سیاسەت و دەسەڵاته‌وه‌ بەرهەم بهێنێت.
هەر لە سەرەتای بەریەککەوتنییەوه‌ لەگەڵ فەلسەفەدا (هۆبز) دەست بە دابەشکردنی فەلسەفە بەسەر سێ لقدا دەکات: لە لەشدا، لە مرۆڤدا و لە هاوڵاتیدا. یەکەمیان گوزارش لە سروشت و پشت سروشت دەکات. دووه‌میان سایکۆلۆژیای مرۆڤ بە غەم وەردەگرێت و سێیه‌میشیان ئاکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمه‌ڵگه‌ شیتەڵ دەکاتەوە. لە نێو کایەی مرۆڤدا کێشەی گەورەی بۆ فەلسەفە خوڵقاندووە. لەوێدا ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە کاتێک باس لە مرۆڤ دەکەیت دەکرێت باس لە دوو هۆشی جیاواز بکەیت: یەکێکیان ئەو هۆشەیە، کە پێی دەگوترێت ئیدراک و لە ڕێگه‌ی هەستەکانەوە بەرهەم دێت. ئەوی تریشیان هۆشی ناو بەشی یادەوەریی (الذاکرە)ەیە. ئەمەی دووه‌هەمیان ئاژەڵانیش هاوبەشن تێیدا. فەیلوسەفەکانی سەردەمی خۆی (ڕۆبرتسۆن) و (هۆڤدنج) پێیان وابووە (هۆبز)یش وەکو (ئەرەستۆ) دژایەتییەکی لە نێوان ئەو شتەی پێێ دەگوترێت فەلسەفە، یاخود زانست لەگەڵ ئەو شتەی پێی دەگوترێت تاقیکردنەوە، یاخود ئەزموون دروست کردووە. ئەوان پێیان وایە ئێمە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوە و ئەزموونەوە لە چییەتی (ماهیە)ی شتەکان تێ دەگەین، بەڵام فەلسفە و زانست هۆکارەکانیمان پێ دەڵێن، هەر لە ڕێگەی ئاگاداربوونمان لە هۆکارەکانی پێشووه‌وه‌ ئێمە دەگەینە ئەو شتەی پێی دەگوترێت “ئاکام / نتیجە”. واتە بەو پێیە بێت فەلسەفەکەی (هۆبز) دژایەتیی هەستە ئیدراکیەکا ن(perceptuel) دەکات. کاتێکیش دژایەتیی لاهووتی کردووە، پێی وا بووە فەلسەفە، یاخود زانست بە پێچەوانەی دەرککردن و یادەوەری (الاحساس والذاکرە)ەوەبە ته‌نیا لەسەر ڕووکەشیی دیاردەکان ناگیرسێتەوە، بەڵکو هەوڵی شیتەڵکردنی هۆکارەکانیشیان دەدات. ئەم تێڕوانینە ئاماژەیەکی ڕۆشنە بۆ ئەوەی (هۆبز) زۆر دوور بووە لە ڕێچکەی تاقیگەرییەوە، بەڵکو ڕێچکەیەکی عەقڵانیی پەتیی هەبووە. ئەم لە ڕێگەی ماتماتیکەوە بەروبوومی عەقڵی (ratiocination)مان بۆ ڕوون دەکاتەوە و کۆکردنەوە، لێدەرکردن، لێدان و دابەشکردن، ئەمانە هەموو فیکرن پێش ئەوەی بەرجەستە بن. ئێمە لە ڕێگەی فیکرمانەوە دەزانین چی دەبێت کۆ بکرێتەوە و چی دەبێت لێک دەربکرێن، یاخود دابەش بکرێن. هەرچی لاهووتە ئەو پێی وایە، مادام قسە لەسەر خوایەکی فانی دەکات، کە نە ڕەچەڵەکی هەیە و نە شوێنێکی دیاریکراوی هەیە، نە جێگەی پێ لێژ دەکرێت و نە حیساباتیشی لەسەر دەکرێت، کەواتە بەروبوومێکی عەقڵی نییە، بەڵکو ته‌نیا باوەڕە، بۆیە دەبێت لە پۆلی فەلسەفە دەربکرێتە دەرەوە. کایەی فەلسەفی لای (هۆبز) بۆ ئەو بابەتانە بەرتەسکە و هیچ جێگای ئەوانەی تێدانابێتەوە، کە بەروبوومی عەقڵی نین. لەوێدا وەکو نموونەیەک تیۆری خواپەرستیمان بۆ دەهێنێتەوە، کە پێی وایە خواپەرستی بەروبوومێکی عەقڵیی فیکریی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو کاریگەریی پلانی کڵێساکانە وا لە مرۆڤەکان دەکات بەو ئاراستەیە بیر بکەنەوە. لەسەر هەمان بنەما (هۆبز) فەلسەفە لە مێژوویش دادەبڕێت و پێی وایە، مادام مێژوو پشت بە ئەزموون و تاقیکردنەوەکان دەبەستێت و ئەوانەیش بەروبوومی فیکریی عەقڵی مرۆڤ نین، بەڵکو لە ڕێگه‌ی ئیدراکه‌کانەوە دێن، بۆیە فەلسەفەی مێژوویی دەکاتە خانەی دەرەوەی فەلسەفەوە وەکو زانست.
گەر بمانەوێت بڕێک لە بارەی (مێتۆد)ەوە بدوێین، دەبێت لەوێوە دەست پێ بکەین، کە چەرخی حەڤدەیه‌م، ئەو چەرخەی ئەم فیلۆسۆفەی تێدا پەروەردە بووە، سەردەمی گەشەی مێتۆد بووە. هەندێک لە فیلۆسۆفەکان دەیگێڕنەوە، کە لەوێوە، واتە دوای گەشەی (مێتۆد) عەقڵی مرۆڤایەتی گەشەی نوێ و جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە. لەم تێزەدا (هۆبز) پێی وایە، مرۆڤ دەتوانیت بگاتە ئەو ڕاستییانەی بە شوێنیاندا دەگەڕێت بەو مەرجەی (مێتۆد)ێکی دیاریکراوی هەبێت. پێش ئەو سەردەمە، مرۆڤایەتی وا لە (مێتۆد) تێگەیشتبوو، گوایە لە هەناوی کەلتوور و ڕابردوودا خۆی حەشار داوە، بەڵام ئەوە (هۆبز) و هاوڕێکانی بوون ئەوەیان سەلماند، کە هەر مرۆڤێک بە (مێتۆد)ێکی تایبەت بە خۆی دەیەوێت بگاتە ڕاستی. هەر (مێتۆد)ی ماتماتیکی و ئەندازه‌یش بوو وای لەم فیلۆسۆفە کرد عەشقی فەلسەفە ببێت. کاتێکیش بە (گالالیۆ) دەگات و (مێتۆد)ەکەی لە بواری کۆزمۆلۆژیدا دەبینیت، پێی سەرسام دەبێت. شیکاری و پێکەوەنان (ترکب والتحلیل) ئەو ڕێچکەیە بوو ئەم فیلۆسۆفە گرتبوویە بەر لە مەیدانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئەو سەردەمەدا. ئەو دەهات وەکو تیۆرییە ماتماتیکییەکانی شیکردنەوەی دەکرد، پێکهاتەی تازەی دەکرد و ئاکامەکانی بەیان دەکرد. (دێکارت) بە هەمان شێوەی *(هۆبز) (مێتۆد)ی ماتماتیکیی کردووە بەو ڕێچکەیەی فەلسەفە عەقلانییەکەی خۆیی لەسەر دامەزراندبوو. (هۆبز) بە حوکمی ئەوەی لە خێزانی دەستەڵاتدارانی هەم بەریتانی و هەمیش فره‌نسییەوە نزیک بووە، توانیویەیتی ئەو تێزانە پتەوتر بکات. (هۆبز) پێناسەکەی (دێکارت)ی بۆ شوێن (مکان) پێ قەبووڵ نەکراوە. ئەو پێی وا نییە، کایەی جیۆگرافی کایەیەکە درێژ دەبێتەوە، بێکۆتاییە و شتێکە سەربەخۆیە لە زه‌ین (ذهن). لای ئەم فیلۆسۆفە کایەی جیۆگرافی نە ماتەرە و نە درێژبوونەوەیە، بەڵکو وێنەیەکی زه‌ینییە و بەبێ بوونی زه‌ین ئەو بوونی هەیە. لەم میانەیەدا پرسیارێکی زۆر جەوهەری لەم فیلۆسۆفە کراوە، ئەویش ئەوە بووە: ئایا مادده‌ بوونی هەیە لە دەرەوەی فیکری ئێمە یان نا، خۆ گەر وایە فیکری ئێمەیش بەرهەمی مادده‌ین، کەواتە دوو ماددەمان هەیە هەردووکیان لە دەرەوەی فیکری ئێمە بوونیان هەیە. ئەم فیلۆسۆفە تا سەر ئێسک خۆی بە ماددی زانیوە و لە نووسینەکانیشیدا، بە تایبەت لە (لیڤایته‌ن)دا ئاماژەی پێ کردووە، کاتێک، کە قسە لەسەر دەروون، گیان و مەلاک دەکات، کە هەر یەک لەمانە جێگایەک لە بۆشایدا داگیر دەکەن، کە هیچ پێوه‌ندییان بە زه‌ینی ئێمەوە نییە، بەڵکو لە حەقیقەتدا بوونیان هەیە. کێشەی (هۆبز)، کە خۆی ددانی پێدا ناوە، جەوهەری ماددە بووە. ئەم کێشەیەیشی کاتێک بۆ دروست بووە، گەر پیاوێکی لاهووتی ویستوویەتی لەبارەی گیان و دەروونەوە قسەی لەگەڵدا بکات و تیۆرییەکانی پووچەڵ بکاتەوە. کێشەی (هۆبز) لەمە گەورەتر بووە، بەڵکو ئەویش تووشی هەمان گرێکوێرەی (هیگڵ) بووە، کە پێی وا بووە، جەوهەری مادده‌ لە دیاردە (مظهر)وە سەرچاوە دەگرێت و دیاردەیش لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە، کەواتە جەوهەری ماددەیش لە گۆڕاندایە. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵە بووە، هەردوو فیلۆسۆف لە سەردەمەکانی خۆیاندا دەرگیریی بوون. لێرەوە بووە کێشەی مادییەتی عەقڵانیی (هۆبز) لای خەڵک دروست بووە. خەڵکی دەپرسن و دەڵێن: ئایا دەشێت مادده‌ و عەقڵ لە ڕێچکەیەکدا یەک بگرنەوە؟

لەبارەی جووڵەوە، ئە فیلۆسۆفە پێی وابووە، کە گەردوون هەمووی لە تەنی جوڵاو پێک هاتووە. لە نێوان زەوی و ئاسماندا، لە گەردیلەیەکی دەنکە لمێکی بیابانەوە تاوەکو گەورەترین تەنی نێو مەودای بینین، مرۆڤ، ئاژەڵ و تەواوی پێکهاتەکانی تری ناو ئەم گەردوونە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. کێشەی (هۆبز) لە جووڵەدا هەمان کێشەی (گالالیۆ) و (کێپلەر) بووە، کە باوەڕیان وا بووە تەنەکان لە خۆیانەوە لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر بێ هۆکار ناجووڵێن. ئەو هۆکارە بووه‌ گرێکوێرەی ئەم فیلۆسۆفە. لەم مەیدانەدا، کاتێکە (ئەرەستۆ) دەڵێت دەبێت هۆکارێک هەبێت بۆ ئەو هێزی جووڵێنەرە، ئیتر لێرەوە بیرۆکه‌ی بوونی زاتێکی گەردوونی دروست دەبێت و (هۆبز) ناچار دەبێت شەڕی لەگەڵ بکات. چه‌سپاو (سکون) لای (هۆبز) بوونی نییە. ئەم تێزە لە میانەی باوەڕبوون بە زاتێکی گەردوونی، کە ئایین بە خوای ناو دەبات، ئەوەندی تر ئەوی تووشی گرفت کردووە. بۆ ئەوەی لە گرێکوێرەی ئەم فیلۆسۆفە تێبگەین، ناچار دەبین نموونەیەک بهێینیەوە: کاتێک مرۆڤ پارچەلیمۆیەک دەبینێت، یاخود باسی لیۆمی بە وردی بۆ دەکەیت، شتێک، کە ڕوو دەدان لە جەستەی ئەو مرۆڤەدا ڕشتنی گلاندە. ئەم گلاندە (هۆبز) و تەواوی فیلۆسۆفە مادییەکانی تر بە پەرچەکرداری ماددیی لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام بەربەستی گەورەی ئەوان لەم تێزەدا ئەوە بووە: ڕاستە ئەو گلاندڕشتنە پەرچەکردارێکی ماددییە، بەڵام گەر ئەو مرۆڤە هەرگیز لیمۆی لە ژیانی خۆیدا نەبینیبێت و تامی نەکردبێت ئەو پەرچەکردارە ڕوو نادات، گەر ئەوەش ددان پێدا بنێین ئەو کات ئیتر ئیدراکی ئیحساسیمان بۆ زیندوو دەبێتەوە، کە (هۆبز) ڕەتی دەکاتەوە و لە خانەی فەلسەفەی کردووەتە دەرەوە. گلەییی فیلۆسۆفەکان لە دوای ئەو پێناسە و چەمکە نوێیانە لەم فیلۆسۆفە گەورەیە ئەوە بووە، گوتویانە، گەر (هۆبز) ئەوەندە (ئیستینباطی) بێت، ئیتر ماددییەت لە کوێدا دەمێنێتەوە.
هێزە مەعریفییەکانی ناو مرۆڤ، کە جێگەی باسی ئێمەیە، (هۆبز) بە (imaginative) یاخود (conceptive)، بە واتای بینینی شتێک لە خەیاڵدا، یاخود به‌ هێنانه‌به‌رچاو و وێناندن ناویان دەبات. ئەمانە ئەو هێزانەن، ئەم فیلۆسۆفە کاری لە سەر کردوون و مرۆڤی لە ئاژەڵی ناعاقڵ پێ جیا دەکاتەوە. بەپێی ئەو تیۆرییانە، ئەم وای بۆی چووە، سەرەتاکانی هەموو مەعریفەیەک بە دروستکردنی وێنەیەک لە خەیاڵدا، لە زه‌یندا دەست پێ دەکات. هەرچی هەست لە مرۆڤدایە، لە ڕێگه‌ی کارتێکردنەوە دەوروژێت. ئەو کارتێکردنە دەشێت دەستلێدان، بۆنکردن، چونەژوورەوەی تیشک بۆ ناو چاو، هتد سەرچاوە بگرێت. ئەمانە هەموویان لە ڕێگه‌ی جووڵەوە دەخوڵقێن و کاتێکیش کاریگەریی خۆیان لەسەر هەستەکانی ئێمە دادەنێن دەبنە هۆی دروستکردنی جووڵە لەو دەرمارە و نیۆرۆگلیانەدا، کە ئەو وێنانەمان پێ دەڵێن. جووڵە لای (هۆبز) هەمیشە جووڵەی تر بە دوای خۆێدا دێنیت، ته‌نیا ئەو جوڵانەیشن وێنەکان لە خەیاڵماندا دروست دەکەن، کە دەبنە سەرچاوەی مەعریفەی ئێمە. بیانووی (هۆبز) بۆ پێناسکردنی ئیدراکه‌ە هەستییەکان ئەوەیە، گوایە ئێمە لە ڕێگه‌ی ئەو کاریگەرییانەوە ناتوانین جەوهەری شتەکان بناسین، بەڵکو ته‌نیا هەست بە بوون و ڕووکەشیان دەکەین. لێرەوەیە بە (وێنە لە خەیاڵدا) ناویان دەبات. لەم تێزەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، تەنەکان وەکو ڕاستیی دەرەکی دەرناکەون، مادام ڕاستەوخۆ جەوهەرەکانیان نازانین، بەڵکو لە ڕێگه‌ی بەروبوومی عەقڵییەوە دەیانناسین و تێیان دەگەین. لە درێژەی ئەم باسەیدا (هۆبز) دەڵێت، بەروبوومی هەستەکان هەمیشە وێنەن، وێنەکانیش زۆرن و لە هەلی جیاجیادا و بە هۆکاری جیاوازەوە لە ڕێگه‌ی ئیدراکەکانمانەوە بۆمان دروست دەبن. ئەم وێنانە کۆپییان لە ناو زه‌ینماندا دەمێنێتەوە، کە دواجار دەبنە سەرچاوەی مەعریفیمان. لە هەمان باسدا ئاماژەیش بەوە دەکات، کە تەنانەت دوای چاوداخستنیشمان ئەو وێنانەی لە دوا چرکەی بینینەکانماندا دروست دەبن، هەر دەبیننین و دەیشیانناسینەوە چ تەنێکی سەربەخۆن لە دەرەوه‌ماندا. لەم تێڕوانینەوە دەچێتە سەر قسەکردن لەبارەی جنۆکە (goast)ەوە و دەڵێت ئەو کۆپییانەی ئۆبجێکتەکانە وامان لێ دەکەن باوەڕمان بە تارمایی (شبح) هەبێت. لەباره‌ی خەویشه‌وه‌ (هۆبز) بێدەنگ نەبووە، بەڵکو قسەی خۆیی هەیە و دەڵێت خەو بەروبوومی جووڵەی پێکهاتەکانی جەوهەریی ناوەکیی دەماغی بوونەوەرەکانە. خەو هیچ نییە جگە له‌ وروژاندنی مێشک و دواجار بەرهەمهێنانی ئەو وێنانەی وەکو خەو دەیانگێڕینەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی خەوبینین، کە تاکو ئیستا مرۆڤایەتی و زانست نەیانتوانیوە دەرک بە هۆکارەکەی بکه‌ن ئەوەیە ئێمە لە خەوماندا، تەواو پێمان وایە لە واقیعداین و هەرگیز دەرک بە واقیعیی خودی خەوبینینیەکە ناکەین. لە خەونەکانماندا مردووەکانمان دەبینینەوە، لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت دەکەین، دەخۆین، دەخەوین و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئارەزوومان لێیەتی، دەیانکەین، بەڵام هەرگیز هەست بەوە ناکەین ئەوە خەوە. لە واقیعدا پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەویش ئەوەیە واقیعی خەو ڕەت دەکەینەوە و گاڵتەی پێ دەکەین. مرۆڤی سەرەتایی بیرۆکەی خاڵق، ڕۆح، جنۆکە، زیندووبوونەوە و نەمرییان بە هۆی خەوبینییەوە بنیات ناوە، لەبەر ئەوەی هیچ ڕاڤه‌یه‌کیان بۆی نەبووە. هەستکردن و ئەزموون، کە سەرچاوەی کەڵەکەبوونی خەزێنەی مەعریفی ئیمەن، بە ته‌نیا نیشانەی ناسینەوەی فیلۆسۆفی تاقیگەری (التجریبی) نین، بەڵکو فیلۆسۆفی عەقڵانیشیان پێ دەستنیشان دەکرێت. ته‌نیا جیاوازییەک لە نێوانیاندا ئەوەیه‌ جۆری یەکەمیان، باوەڕیان بە دابەشبوونی مەعریفە نییە بەسەر دوو بەشدا، لە کاتێدا پۆلی دووەمیان، باوەڕیان وایە مەعریفە دوو سەرچاوەی هەن، یەکەمیان، ئیدراکەکانمانە، مەبەست لە پێنج هەستەکەیە و دووەمیشیان بەروبوومی عەقڵمانە. فەلسەفەی تاقیگەری لە هەستەوە دەست پێ دەکات و لەوێیشدا کۆتاییی دێت، بەڵام فیلۆسۆفی عەقڵانی لەسەر یەقینی ماتماتیکی کار دەکات و بە پاساودانی عەقڵی کۆتایی پێ دەهێنێت. فیلۆسۆفە عەقڵانییەکان، کە (هۆبز) وەکو ڕابەرێکی ئەو ڕێچکەیە هەژمار دەکرێت، کاتێک دژی هەستەکانمان دەوەستنەوە، هەروا بێ هوودە نییە، بەڵکو باوەڕیان وایە هەستەکانمان درۆمان لەگەڵ دەکەن، هەڵماندەخەڵەتێنن و بە لاڕێماندا دەبەن. لەم بارەیەوە نموونەی زۆریش هەن، بەڵام ئێمە لە نێویاندا ته‌نیا نموونەیەک دەهێنینەوە: کاتێک لە شوێنێکی تاریکەوە دەڕوانینه‌ دەروازەیەکی ڕووناک، جا ئەو دەروازەیە پەنجەرەی ژوورێکی تاریک، یاخود کونێکی بچکۆلەی شوێنێکی ئەو ژوورە تاریکە بێت، گەر بۆ چەند چرکەیەک سەیری ئەو دەروازە ڕووناکە بکەین و لە ناکاو چاومان دابخەین، دەبینین، کە وێنەی ئەو دەروازەیە بە تەواوەتی لە چاوماندا چاپ دەبیت و تا چەند چرکەیەکیش دەمێنیتەوە. عەقڵ لای (هۆبز) دوو ئامانجی هەیە: دەسنیشانکردنی هۆکارە مەرجییەکانی ئاکامه‌ دیاریکراوەکان، ئامانجی دووه‌میش دەسنیشانکردنی ئاکامەمەرجییەکانی هۆکارە دیاریکراوەکان.

زمان ڕۆڵێکی گرنگی لە فۆرمۆڵەبوونی فەلسەفە عەقڵانییەکەی (هۆبز)دا بینیوە، تەنانەت هەندێک لە فیلۆسۆفەکانی سەردەمی خۆی پێیان وا بووە، فەلسەفەی (هۆبز) پێشەنگی فەلسەفەی زمان و شیکارییە. گرنگیدانی ئەم فیلۆسۆفە بە زمان بە ئامانجی هەڵوەشاندەوە و ڕیسواکردنی گرفتە ساخته‌ و درۆیینەکانی فیلۆسۆفی چەرخەکانی ناوەڕاستە. لە کتێبی (لیڤایته‌ن)ەکەیدا بە ڕۆشنی ئاماژە بە پێویستیی ژیانی مرۆڤایەتی بۆ زمان دەکات، کە لە ڕێگه‌یەوە پێناسەکان دادەڕێژین، ناوەکان دەنێین و گوزارش لە عەقڵمان ده‌کەین. ئەم پێی وا نییە، کە ئەوە ته‌نیا عەقڵە جڵەوی زمان دەگرێتە دەست و کۆنتڕۆڵی دەکات، بەڵکو پێچەوانەکەیشی ڕاستە. بە واتایەکی تر زۆر کات زمان عەقڵمان کۆنتڕۆڵ دەکات و بەپێی جۆری گوزارشی ئەو زمانە عەقڵمان هەڵسوکەوت دەکات و فکر بەرهەم دەهێنێت. لە (لیڤایته‌ن)ەکەیدا ئاماژەیەکی ڕۆشن بەوە دەدات، کە ئەوەی چاپەمەنیی دۆزیوەتەوە زۆر پاڵەوان نەبووە، بەڵکو ئەوە پاڵەوان بووە، کە پیتی داهێناوە. زمان لای ئەم فیلۆسۆفە شتێکی فیکریی زۆر سەیر و سەمەرە نییە، بەڵکو بەرهەمی مرۆڤایەتییە، لە ئاکامی پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤەکانەوە لە بەریەککەوتنیاندا لەگەڵ یەکتردا سەرچاوەی گرتووە. دواجار (هۆبز) زمان به‌ ڕاستیییه‌وه‌ (الحقیقە) دەبەستێتەوە. لای ئەو ڕاستی تەواو پشت بە ڕیزبەندییەکی دروستی وشەکان دەبەستێت، ئەوەیشی بیەوێت بە دوای ڕاستیدا بگەڕێت، دەبێت وشە بە وشە بیری بێت چی دەڵێت، چۆن ڕیزیان دەکات، ئەگینا وەکو خۆڕاپسکان دەبێت لەناو تۆڕێکدا، کە ئەوەندەی تر تۆڕەکەی لێ ئاڵۆز دەبێت.
(هۆبز) وەکو سۆسیۆلۆژێکی شارەزا گفتوگۆی فراوانی لەبارەی مۆڕاڵ و ویژدانەوە هەبووە. لە دیدگایەکی سایکۆلۆژیەوە مۆڕاڵی شرۆڤە کردووە و قسەیەکی زۆری لەسەر سۆزەکان و هەڵچوونە فسیۆلۆژییەکانی مرۆڤ هەبووە. ئەو پێی وا بووە یاسا سروشتییەکان جێگیرن و گۆڕانیان بەسەردا نایەت. ئەوانەی قەدەغەن، هەرگیز ناتوانرێت ئازاد بکرێن و ئەوانەیشی ئازادن هەرگیز ناتوانرێت قەدەغە بکرێن. لەوبارەیەوە لە (لیڤایته‌ن)ەکەیدا دەیان نموونە لەسەر ئارەزوو و ئاره‌زووه‌ نەستییەکانی مرۆڤمان بۆ باس دەکات و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی دەرەکییەوە. ئەو بنەما سایکۆلۆژییانەی (هۆبز) تێڕوانینە مۆڕاڵییەکانی خۆیی پێ دەخاتە ڕوو بریتین لە بەراوردکرنی (خێر/ باشە) بە (لەزەت)، (شەڕ) بە (ئازار)، … هتد. بە بۆچوونی ئەو، هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ وەکو ئارەزوو سەیریان دەکات، ناوی ناون (خێر/ باشە) و هەموو ئەو شتانەیشی جێگای ڕقن بۆی ناوی ناون (شەڕ / خراپە). بەم پێیە، چەمکەکانی (شەڕ) (خێر) و هاوشێوەی دەلالاتەکانی خۆی لەو کەسانەوە وەردەگرێت، کە بە کاریان دەهێنێت، لەبەر ئەوەی شتێکی ڕەها و سەربەخۆ نییە ناوی (شەڕ) یاخود (خێر) بێت. لێرەوە (هۆبز) ڕێژەییی مۆڕاڵمان بۆ پێناس دەکات و مادامیش (خێر)ەکانمان گوزارشمان لە هەموو ئەو شتانە بۆ دەکەن، کە بۆمان باشن و (شەڕ)ەکانیشمان گوزارشمان لەو شتانە بۆ دەکەن، زیانبەخشن، کەواتە دەتوانین بڵێین، (خێر) بنەمای مۆڕاڵی کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتی پێک دەهێنیت. ئەوانەی باسیان لێوە کرا، بە ئەنگێزە خودییەکان ناو دەبرێن، کە مرۆڤایەتی توانیویەتی بۆ مانەوە و درێژەدان بە بوونی خۆی پێناسیان بکات و مامەڵەیان لەگەڵ بکات. لە بەرانبەردا، (هۆبز) پێی وایە، کاتێک ئێمە گوزارشت لە (سندوقێکی چوارگۆشە) دەکەین، ئەم گوزارشتە هیچ ئەنگێزیەکی خودیی تێدا بە دی ناکرێت، بەڵکو خه‌سڵه‌تێکی ڕەهایە و لە دەرەوەی خودی مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە.

لە تیۆرییەکانیدا لەبارەی سیاسەتەوە، (هۆبز)دەڵێت: هیچ کەسێک نایەوێت ملکەچی یاسا و ڕێساکانی ژیان بێت، مەگەر لە سزا بترسێت. هەروەها کاتێک مامەڵە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌یەک دەکەین، دەبێت هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بکەین، کە خەڵکانێک قووت دەبنەوە، گەر هەڕەشەی سزایان لێ نەکەین یاسا پێڕۆیی ناکەن. یەک لەو تێزانەی (ئەرەستۆ) لە میانەی پێناسی مرۆڤدا (هۆبز) نکووڵی لێ دەکات، ئەوەیە (ئەرەستۆ) پێی وایە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی چاکەکارە بۆ کۆمه‌ڵگه‌. (هۆبز) دژی ئەو تێزە یۆنانییە کۆنانەیە، پێیان وایە مرۆڤ بە سروشت شارستانییە لەو بارەیەوە دەڵێت: زۆرینەی زۆری فیلۆسۆف و نووسەرە کۆنەکان پێمان دەڵێن، مرۆڤ بە سروشت شارستانییە، وەکو ئەوەی دامەزراندنی دەستەڵاتێکی تۆکمە و بەهێز، بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاساییش پێویستی بە کۆنتراکتی مرۆڤەکان لەسەر کۆمەڵێک مەرج، کە دواجار پێی دەگوترێت یاسا، نەبێت. ئەم تێڕوانییەی خۆی بەوە کۆتا دێنێت: (دامەزراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی پرۆژەیەکی زۆر لەوە گەورەترە ته‌نیا بڵێین مرۆڤ بە سروشت شارستانییە. لە ناو شارستانییەتدا ناکۆکییەکان، هێزە سروشتییە شاردراوەکانی مرۆڤ، ئەنگێزەکان و تەواوی توانا و ویستەکانی مرۆڤ دەوروژێن و دەکەونە گەڕ). (هۆبز) پێی وایە، لە سروشتدا شارستانییەت نییە، دەوڵەت، که‌لتوور، زانست و دەیان بەرهەمی تری مرۆڤایەتی بوونیان نییە، بەڵکو هەموویان لە باوەشی بەشارستانیبوونی مرۆڤدا لە دایک دەبن. (سکستۆس ئیمبریکس) نووسەرێکی کۆنی لاتینییە لە نووسراوەکانیدا نموونەیەکی مامەڵەکردنی فارسە کۆنەکانمان لەمەڕ هەڵبژاردنی پاشای نوێدا لە دوای مردنی پاشای هەنووکەیی بۆ باس دەکات و دەڵێت: کاتی خۆی، فارسەکان، که‌ پاشاکەیان ده‌مرد، ڕاستەوخۆ پاسایه‌کی دیکه‌یان هەڵنەده‌بژارد، بەڵکو ٥ ڕۆژ چاوه‌ڕییان ده‌کرد. لەو پێنج ڕۆژەدا ئاژاوە و پشێوی سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە، کوشتن، بڕین، دەستدرێژی سێکسی و هەموو ئەنگێزە ناشیرینە وەحشییەکان ئاکتیڤ بوون‌. لە دوای ئەو پێنج ڕۆژە کاتێک هەرچ کەسێکیان بە پاشا دەستنیشان کردبیت، ئەوا خەڵکی ڕاستەخۆ ملکەچیی خۆیانیان پێشان داوە و پاڵپشتییان لێ کردووە. ئەم نموونەیە، کە (هۆبز) بۆمان دێنیتەوە بۆ ئەوەیە پێشانمان بدات، لە دوای هەموو ئاژاوە و پشێوییەک مرۆڤەکان ملکه‌چی (وەلاء)یان بۆ یاسا و دادپەروەری زۆرتر و زۆرتر دەبێت.
کتێبی (لیڤایته‌ن)ەکەی (هۆبز) بە کتێبێکی زۆر سه‌یر تێڕوانینی بۆ دەکرێت. وشەی (لیڤایته‌ن) وشەیەکی عیبرییە و بە مانای دڕندەیەکی دەریایی دێت، کە زۆر گەورەیە و لە ڕێگه‌ی شەڕەوە بەسەر هەموو گیانلەبەرە ئاوییەکانی تردا زاڵ دەبێت و مەملەکەتەکەیان داگیر دەکات. لەم کتێبەیەوە (هۆبز) دەیەوێت دەوڵەتێکی بەهێز و تۆکمە دابمەزرێنێت، کە توانای تێکشکاندنی پشێوی، فیتنە و شەڕەناوخۆییەکانی هەبێت. کەواتە (لیڤایته‌ن) دەوڵەت بووە، نەک فەرمانڕەوا و پاشا. (هۆبز) ئەم کتێبەی کردووە بە چوار بەشی سەرەکییەوە، لە بەشی یەکەمدا باس لەو کەرەستانە دەکات، کە دەوڵەتێکی بەهێزیان لێ دروست دەبێت. گرنگترینی ئەو کەرەستانەیش بە مرۆڤ ناو دەبات. لەوێوە فیلۆسۆفی ناوبراو دەوڵەت بە کۆمه‌ڵگه‌یەکی سیاسی لە قەڵەم دەدات، کە پێکهاتەکەی مرۆڤە و دەوڵەتیش داهێنانی خۆیەتی. لە بەشی سێیه‌می کتێبەکەیدا، ناوبراو باس لە بنەما دینییەکانی دروستبوونی دەوڵەتی مەسیحی دەکات و هەموو ئەو بنەمایانەیش دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە. لە بەشی چواره‌میدا باس لە تاریکیی ڕۆح دەکات، کە تێیدا گوزارش لە خراپ وەرگێڕانی کتێبی مەسیحی دەکات و باوەڕبوونیشی بە جنۆکە و ڕۆح ئەو شتانە دەچوێنێت بە ئایینی بتپەرستیی کۆن.
لە بەشی گرێکۆمەڵایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتەکەیدا (هۆبز) باس لە هەردوو مافە سروشتییەکان (حقوق الطبیعیە) و یاسا سروشتییەکانمان بۆ دەکات. مافە سروشتییەکان بەسەر چوار بەشدا پۆڵین دەکات:
– ئەو مافانەی لە پێناو مانەوەی خوددادا هەن.
– ئەو مافانەی که‌ره‌سته‌ی ئەو مانەوەیە مسۆگەر دەکەن.
– ئەو ماڤانەی ئامانج دەستنیشان دەکەن.
– ئەو مافانەی خاوەندارێتی دەسنیشان دەکەن.
بۆ یاسا سروشتییەکانیش ئەم فیلۆسۆفە پێی وایە ئەو بنەما و بیرۆکانەن لە ڕێگه‌ی عەقڵەوە دەدۆزرێنەوە، تاکو بەربەستەکان لە بەردەم بەردەوامبوونی ژیاندا وەلا بنێت. ئەم یاسایانە، لەگەڵ ئەوەیشدا سروشتین، بەڵام دواجار لەبەر ئەوەی لەلایەن عەقڵەوە دەدۆزرێنەوە بە عەقڵیش پێناسیان دەکات، پێیان دەگوترێت یاسا عەقڵییەکان، یاخود یاسا مۆڕاڵییەکان، کە پێشتر ئاماژەمان پی کرد. (هۆبز) پێمان دەڵێت هیچ بیانوویەک بۆ تێنەگەیشتن و خۆگێلکردن لە یاسا سروشتییەکان نییە. نەزانی (جهل) بۆ یاسا سروشتییەکان لە سێ ئاستدا خۆی دەبینێتەوە: نەزانی بەرانبەر بە یاسا (دەستوور)، نەزانی بەرانبەر بە دەستەڵات و دواجاریش نەزانی بەرانبەر بە سزا. دەربارەی سروشت، ئەوەی لە (ئەرەستۆ)ەوە بۆمان ماوەتەوە و بە ڕادەیەکی زۆریش کاریگەریی لەسەر (هۆبز) داناوە، ئەوەیە دەڵێت: سروشت هەندێک بوونی دروست کردووە تاوەکو فەرمان بدەن و هەندێک بوونی تریشی دروست کردووە، تاکو ملکەچ بن، سەرباری ئەمان هاوسەنگی و بەرابەرییەکیشی داناوە. لە درێژەی باسەکەیدا (ئەرەستۆ) دەڵێت، خۆ ئەگەر سروشت توانی مرۆڤەکان نابەرابەر بخوڵقێنێت ئەوا هیچ هێزێک نییە بتوانێت ئاشتییان لە نێواندا بۆ دابین بکات.

(هۆبز) تێڕوانینی تایبەت، بەڵام جیاواز لە سەردەمەکه‌ی خۆیی بەرانبەر بە ئایین هەبووە. کەسانێکی زۆر لە سەردەمی خۆیدا (هۆبز)یان بە ئاته‌ئیست (ملحد: خوانەناس) بە خەڵک ناساندووە، بەڵام ئەوەی زۆر باش (هۆبز)ی ناسیوە و توانیبێتی تێڕوانینی کەسایەتیی شی بکاتەوە ئەو کەسانە بوون، کە هاوڕێی نزیکی بوون و گفتوگۆیان لەگەڵ کردووە. (جون ئۆبری) یەکێک بووە لەو کەسانە، هاوڕێیەتیی نزیکی لەگەڵ فیلۆسۆفی ناوبراو هەبووە. (جون) پێی وا نەبووە، کە (هۆبز) خوانەناس بووبێت. هەندێکی تر لە هاوڕێ نزیکەکانی پێیان وابووە، (هۆبز)، نەک هەر ئاتایست
بووە، بەڵکو ئاتایزم کرۆکی فەلسەفەکەی بووە و بنەمایەکیش بووە بۆ دارشتنە تیۆرییە سیاسییەکانی. لێرەدا ناکرێت ڕای پیاوانی ئایینیی سەردەمەکەی خۆی لە یاد بکەین و قسەیان لەبارەوە نەکەین. زۆربەی پیاوانی ئایینیی ئەو سەردەمەی کۆمه‌ڵگه‌ی بەریتانی (هۆبز)یان بە خوانەناس لە قەڵەم داوە. لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی باوەڕ لە مەعریفە، لە ژیانی فەلسەفیی خۆیدا (هۆبز) هەوڵی جیاکردنەوەی لاهووتی لە فەلسەفە داوە. لە میانەی سەرهەڵدانی دینەوە، ئەم فیلۆسۆفە پێی وایە مرۆڤ خۆی ئاژەڵیکی دیندارە و دین لای هیچ بوونەوەرێکی تر بوونی نییە، مادام بەرهەمەکانی دینداریی ته‌نیا لای مرۆڤ بەرچاو دەکەویت. سروشتی مرۆڤ بەوە لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە، کە حەزی بە بەدواداچوون (Curiosity)ە. هۆکاری هەموو مەینەتییەکانی ژیان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە مرۆڤایەتی بە دوای هۆکارەکان (علل)دا دەگەڕێت و تا نەیاندۆزێتەوە واز ناهێنیت، تاکو دەگاتە ئەو شوێنەی بۆ هەندێک هۆکار، کە ناتوانێت هۆکاری پێشتری بۆ بدۆزێتەوە، ئیتر لەوێدا دەوەستێت و دەیخاتە پاڵ (خوا)، مادام پێی وایه‌ ئەزەلییە. ته‌نیا مرۆڤە دەتوانیت دەرک بە سەرهەڵدان و گومبوونی شتەکان و دیاردەکان بکات. لەوێوە ئەو بیرۆکەیەی بۆ دروست بووە، شتێک، کە سەرەتای هەبێت دەبێت هۆکارێکیش هەبێت بۆ دروستبوونی. ئاژەڵەکانی تر ئاسوودەیی ته‌نیا لە ئەنگێزەکانی خواردن، سێکس و نەبوونی دوژمندا دەبیننەوە، بەڵام لای مرۆڤ پێچەوانەیە. مرۆڤ هەست بە بەختیارییەک دەکات، کە لە ئاییندەدا دەتوانێت دروستی بکات. یەکێکی تر لە خه‌سڵه‌تەکانی مرۆڤ لای (هۆبز) ترس و دڵەڕاوکێیە. ترس و دڵەڕاوکێ لە کاتێکدا دێنە ئاراوە، کە مرۆڤ هۆکارەکانی دیاردەکانی لا گوم دەبن و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات. ئەو چەمکانەی باسیان لێوە کرا، ئەوانەن (هۆبز) سەرهەڵدانی دینی لای مرۆڤ پێ شرۆڤە کردووە. نەزانین (جهل) لای (هۆبز)، کە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دینە، نەزانییە بەرانبەر سەرچاوەی دیاردەکان. ترس لای مرۆڤ یەکێکی ترە لە بنەماکانی دروستبوونی دین. کۆمه‌ڵگه‌ سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی کاتێک بەر یەک کەوتوون پێویستیان بە سیستمێکی حوکومڕانی بووە بۆ ڕێکخستنی ژیانی خۆیان و مسۆگەرکردنی ئاساییشی مانەوەیان. بۆ دابینکردنی ئەو مسۆگەرییەیش پەنایان بردووەتە بەر ترساندنی مرۆڤ لە ئەشکەنجە و ئازارەکانی هێزە شاردراوەکان. بۆ هەر هێزێکی سروشتیی نادیاریش مرۆڤ توانیویەتی وێنەیەکی لە مێشکی خۆیدا بۆ بخوڵقێنیت و توانیویەتی پەیکەرێکیشی بۆ دروست بکات. سەرەتاییترین دین دینی بتپەرستی بووە، هەر بتێکیش سیومبوڵێک بووە بۆ هێزە سروشتییە نادیارەکان، هیزی شەیتان، هێزی چاکە و خێر، هیزەکانی ئاگر و هەورەگرمە و ،،،،، هتد. زۆربەی فیلۆسۆفەکان و لە نێویشیاندا (هۆبز) پێیان وایە، عەقڵی مرۆڤ توانای هێنانه‌به‌رچاو و تێگەیشنی بێکۆتایی (ما لانهایە)ی نییە. لەبەر ئەوەی خوایش لەو پۆڵێنەیە، وێنەیەکی ڕۆشنی ماتەریی خوا لای مرۆڤایەتی دەست ناکەوێت.

بابەتی عەقڵی فەلسەفی لای ئەم فیلۆسۆفە تەنێکە، ئێمە دەتوانین وێنای بکه‌ین، ڕەچەڵەکەکەی دەستنیشان بکەین و دەیشتوانین بڵێین شتێکە قابیل بە هەڵوەشاندنەوە و فۆرمەڵکردنەوەیە. بەڵام کاتێک قسە لەسەر خوایەکی ئەزەلیی بێسەرەتا دەکەین، کاتێک قسە لەسەر خوایەک دەکەین، کە قابیل بە هەڵوەشاندنەوە و دووبارە فۆرمۆڵەکردنەوە نییە، ئەوا ئەو خوایە لای (هۆبز) دەکەوێتە دەرەوەی خانەی فەلسەفەوە. ئەوەی بە لای ئەوەوە پڕۆبلێماتیکی فەلسفەییە ئەوەیە، سروشتی خوا خۆی ئاڵۆزە، قابیل بە جێگەگرتنەوە نییە، ناتوانرێت دەرکی پێ بکرێت، ناتوانین لە دەستەلاتێکی ڕەهای خوایی تێبگەین. خوا دوا هۆکاری بوونە، هێزی یەکەمی کۆکردنەوەی هەموو هێزە شاردراوەکانی ترە، هۆکاری یەکەمی کۆکردنەوەوەی هەموو هۆکارەکانە. خەسلەتە نەرێنییەکان هەمووی لە خوادا کۆ بووەنه‌تەوە، بێکۆتایی، نەبوونی سەرەتا و هەتاتاییی سەردەمەکەی. بە بۆچوونی (هۆبز) مرۆڤەکان هەموویان لە بەرانبەر ئەو دیاردانەی دەستەڵاتیان بە سەریاندا ناشکێت ناچار دەبن خوایەک بۆ خۆیان دروست بکەن، تاکو هێزە بێکۆتاییەکانی ڕادەست بکەن. لەبارەی دین و دەوڵەتەوە (هۆبز) پێی وایە مرۆڤ ناتوانێت دوو گەورەی هەبن، یەکێکیان، ڕۆحی بێت و ئەوی تریان زەمەنی، بەڵکو ته‌نیا دەتوانێت گوێ لە یەک گەورەی زەمەنی بگرێت. دەوڵەتی دینی مەملەکەتێکە خوا پاشاکەیەتی و مرۆڤەکان تێیدا ملکەچیی خۆیانیان پێشان دەدەن.

ئەم نگارانەی خوارەوە ڕەشنووسی هەوڵەکانی هۆبزە بۆ بەچوارگۆشەکردنی بازنە:

null

…………………………….

پەراوێز:

*جێگەی سەرنجمە، کە لەم فیلۆسۆفە، لەم باسە قوڵە عەقڵییەدا یاریی شەترەنجی باس نەکردووە. یاری شەتڕەنجیش یەکێکیە لەو کارە فیکرییانەی (ڕێچکه‌)ێکی تایبەتی خۆیی هەیە و ناکرێت بەروبوومی زه‌ینیی مرۆڤ نەبێت. لە ڕووبەرێکی بچووکدا و بە هۆی ٣٢ داشەوە نزیک بە دە ملیۆن پێکهاتە(combination)ی زه‌ینیمنان بۆ دەخولقێنێت. فەزایەکە تێیدا جگە لە فیکر هیچ شتێکی تر جێی نابێتەوە. بەزاندنی بەرانبەر لە ڕێگه‌ی فیکر و قووڵبوونەوەوەیە نەک لە ڕێگه‌ی ئیدراکەوە.
سەرچاوەکان:
١- د. إمام عبدالفتاح إمام ……… توماس هوبز والفلسفة العقلانية
٢- اللفياثان الأصول البيعية والسياسية للدولللة…….توماس هوبز




بیری ماركس دەكەم … كارا فاتيح

1- ماركس دەیگووت: لە بنچینە دا پەیوەندییە مەتریالییەكانی ناو كۆمەڵگا، شێوەی بیركردنەوەمان دیاری دەكەن، ئەو پێی وا بوو ئەو پەیوەندییە مەتریالییانەش ڕۆڵی سەرەكییان لە گەشەكردنی مێژوو دا هەیە.

ئێستا دەبینم پەیوەندییە ماتەریالییەكانی كۆمەڵگای كوردی، خۆرسك نیین، چالاكیی ناوەكییان سستە، ئاراستەكراون، دواكەوتوون، لە بەر ئەوە بیركردنەوەمان، لە پاش، كۆڵ، وێرانە و، لە ئاست واقیعە جیاجیاكاندا بەزیوە.
2- ماركس دەیگووت: گۆڕانكارییە ماتەریالییەكان، پەیوەندییە ڕۆحییەكان بەرەو دۆخی تر و ئاستی تر دەبەن.

ئێستا دەبینین لە بەر ئەوەی گۆڕانكارییە ماتەریالییەكانی ئێمە، ناتەندرووست، ساختە، نازانستی و نامرۆیی بوون، بۆیە پەیوەندییە ڕۆحییەكانمان، بیمار، ماندوو، بەرەو ئەو دەچن هەپروون بە هەپروون بن.

3- ماركس دەیگووت: سەرخانی كۆمەڵگا، ڕەنگدانەوەی ژێرخانەكەیەتی. ئەو بە پەیوەندییە مەتریالی و ئابوورییەكانی دەگووت ژێرخانی كۆمەڵگا، جۆری بیركردنەوەی مرۆڤی لە یاسا و ئایین و مۆراڵ و هونەر و فەلسەفە و زانست.. هتد بە سەرخانی كۆمەڵگای دانا بوو، ماركس پێی وابوو پەیوەندییە مەتریالییەكان بیركردنەوەی كۆمەڵگایان لە سەر بونیاد نراوە.

ئێستا سەرخانی ئێمەی كورد، لە وێنە ئایین، هونەر، فەلسەفە، زانست، مۆراڵ، ئەدەب… هتد، شەل و ئیفلیج و نابینایە، بڵێی ماركس ڕاست نەكات، ئەویش بۆ ئەو ژێرخانە ئیفلیج و نابینایە نەگەڕێتەوە كە گوزارشتە لە پەیوەندییە مەتریالی و ئابوورییەكانی ئێمە.

4- ماركس دەیگووت: شێوازی بەرهەمهێنانی كۆمەڵگا، شێوەی بیركردنەوەی سیاسی ئایدیۆلۆژیی ئەو كۆمەڵگایە دیاری دەكات.

ناهەق نییە بیركردنەوەی سیاسی و ئایدۆلۆژیی ئێمە هێندە دەردەدارە، باشە كوا شێوازی بەرهەمهێنان لە كۆمەڵگای ئێمەدا.

5- ماركس دەیگووت: بەزۆریی چینی دەسەڵاتداری كۆمەڵگا پێوەرەكانی مۆراڵ دەستنیشان دەكات، چونكە پێكهاتەی مێژوو ململانێی چینەكانە، لەم مێژوە دا دەسەڵاتدار خاوەنی ئامێری بەرهەمهێنانە.

باشە ئەوە نییە هەموومان حەزمان لە شێوەی ژیان و حەزی دەركەوتن و گەندەڵی و زوو دەوڵەمەندبوون و قسەكردن و خۆگۆڕین و ڤێللا و سەیارەكانی چینی دەسەڵاتدارانە.

6- ماركس دەیگووت: شێوەی كار لە سەر ئاگایی كاریگەریی هەیە و ئاگاییش ڕەنگدانەوەی خۆی لە سەر شێوەی كار هەیە.
بەڵام ئەوەتا ئێمە بە پێوەری سەعاتی دەوامكردنەكانمان نا، بەڵكو بە پێوەری بەرهەم تەواو تەواو بێكارین، بێكاریین بۆیە ئاگاییمان وڕ و تەمبەڵ بوە. ماركس ئەوەی لە هیگڵەوە وەرگرتبوو، كە كاركردن بە هەموو نایەكسانییەكانییشەوە هەر پۆزەتیڤە، چونكە بوونی مرۆڤی لە سەر بەندە، ئەوەتا ئێمەیش لەم بێكارییە (بێ بەرهەمییە) دا دوور نییە بڵێین بوونمان وەك مرۆڤ لە قەیران\ مەترسییدایە.

7- ماركس دەیگووت: لە كۆمەڵگای سەرمایەداریدا كرێكار بۆ خۆی كار ناكات، واتە كارەكەی دەبێتە شتێك كە لە دەرەوەی حەز و ویست و خەون و ئامانجی خۆی، ئەمەیشی بە تەعبیری هیگڵی بە نامۆبوون لە كار تەفسیر دەكرد، كە دەبوە هۆی نامۆبوونی كرێكار لە خۆیشی و هەقیقەتی مرۆڤ بوونی خۆی دەكەوتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوا دەبینین ئێمەیش بۆ خۆمان كار\دەوام ناكەین، حەز و ویست و خەون و ئامانجمان لە پرۆسیسی كار\دەوام دا ناخەینە گەڕ، ئێمەیش بە فێربوون لە ماركس و بە تەعبیری هیگڵی بە كار\دەوام نامۆین و ئەم نامۆبوونەیش لە خۆمان نامۆمان دەكات و لەوێوەیشەوە ئێستا هەقیقەتی مرۆڤ بوونیشمان لە ژێر پرسیاردایە…




یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌ …. كه‌ریم كاكه‌

دوور نیه‌ تۆش تووشی كتێبێكی وا بووبیت، كتێبێك تێدامابیت داخوا رۆمانه‌ یان یاده‌وه‌ری، دیاره‌ قسه‌ له‌و یاده‌وه‌ریانه‌یه‌ كه‌ به‌ گۆته‌ی گۆتیاران بێت هێند له‌ رۆمان نزیكبوونه‌ته‌وه‌، ده‌ستی هونه‌ركاری تخووبی نێوانیانی سڕیوه‌ته‌وه‌..
بۆئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم روونتر بگات، چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌ چه‌مكی یاداشت جیاده‌كه‌مه‌وه‌، یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌ زمانی ره‌ق و ته‌ق، یان به‌ زمانی سیاسه‌ت و مێژوو، دوور له‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ و هونه‌ركاری نووسراون، واته‌ نه‌بوونه‌ته‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی، هه‌رچی یاده‌وه‌رییه‌ وه‌ك هه‌ر ده‌قێكیتری ئه‌ده‌بی ده‌قه‌، ئه‌و جۆره‌ یاده‌وه‌ریانه‌ له‌ ناو كورد ناڵێم نیه‌، چونكێ پێڕانه‌گه‌یشتووم هه‌رچی هه‌یه‌ بیخوێنمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر ده‌گمه‌نه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ بخوێنینه‌وه‌..
به‌ پرسیارێكه‌وه‌ ده‌چمه‌ نێوان قسان و به‌ ده‌وری ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ ده‌سووڕێمه‌وه‌ و هه‌وڵی لێ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ده‌م: داخوا ده‌قێكی دیاریكراو هه‌یه‌ هه‌م رۆمان بێ هه‌م یاده‌وه‌ری؟
له‌ به‌رایی ده‌ڵێم قسه‌ی من له‌وه‌ نیه‌ رۆمان تا كوێ كه‌لك له‌ یاده‌وه‌ری وه‌رده‌گرێ، یان یاده‌وه‌ری تا چه‌ند باڵ به‌ سه‌ر پانتایی رۆماندا ده‌كێشێ، قسه‌م له‌وه‌ش نیه‌ ژانره‌كان تا چه‌ند لێكدی نزیك ده‌بنه‌وه‌، قسه‌ی من له‌وه‌یه‌ تا چه‌ند یاده‌وه‌ری وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی له‌ ناو رۆمان كه‌ ژانرێكیتره‌ ده‌توێته‌وه‌ و وه‌ك ژانرێكی جیا نامینێته‌وه‌، له‌ قسان خۆی له‌ ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت.
ئه‌وه‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكنزیك ده‌كاته‌وه‌ هه‌ندێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكن، تۆ چاودێ زمانی یاده‌وه‌ری نه‌ زمانی مێژووه‌ نه‌ زمانی سیاسه‌ت، رێك زمانی رۆمانه‌، زمانێكه‌ كه‌م و زۆر شیعرێتی تێیدا زاڵه‌، به‌ ئاگا له‌وه‌ی شیعرێتی له‌ رۆماندا رێژه‌ییه‌، به‌ ئاسایی وه‌رگره‌ زمانی یاده‌وه‌ری له‌ زمانی رۆمان سه‌رتریش بێ، ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئاستی یاده‌وه‌رنووسه‌كه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ رێی زمانه‌وه‌ ئه‌و دوو ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌ لێك جیا بكه‌یته‌وه‌، كاری نه‌كرده‌یه‌..
له‌ یاده‌وه‌ریدا خه‌ون هه‌یه‌، یاده‌وه‌رنووس به‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی و گرێدانه‌وه‌ی به‌ سه‌ربرده‌كانی جوانیه‌كی وا به‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌دات رۆماننووسیش له‌ رۆماندا هه‌ر هێنده‌ی له‌ ده‌ستدێ له‌ خه‌ونه‌وه‌ جوانیی وا به‌ ده‌ستبێنێ، خه‌ون ره‌گه‌زێكی یاده‌وه‌ریه‌ و لێی نابێته‌وه‌، یاده‌وه‌ری له‌ خه‌یاڵرۆشتنیش هاوشانی رۆمان ده‌روات، خه‌یاڵرۆیشتنێكی وا له‌ كتێبی سیاسه‌ت و مێژوو جێی نابێته‌وه‌، ئه‌دی شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ناخ و خوێندنه‌وه‌ی ترس و شه‌رم و رارایی له‌ سیمای كه‌سه‌كانه‌وه‌، ئه‌دی…
تۆ له‌ ده‌ستپێك، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پاشێ، خۆدواندن، گفتۆگۆ و گرێچن و یه‌كانگیری و چاره‌سه‌ر و ئه‌وانه‌ وردبه‌وه‌، ده‌ڵێی رۆمان له‌ یاده‌وه‌ریی خواستوون، خوێنه‌رێك ئه‌گه‌ر به‌ ناو كتێبی بیره‌وه‌ری و یاداشته‌ ره‌ق وته‌قه‌كاندا هاتبێ، له‌پڕ بكه‌وێته‌ سه‌ر كتێبێكی یاده‌وه‌ری، ئاساییه‌ به‌ رۆمانی تێبگات، ئاخر ئه‌م هونه‌ركاریانه‌ پتر به‌ هونه‌ركاریی رۆمان ناسراون، به‌ راست ئه‌و ره‌گه‌ز و ته‌كنیكانه‌ی هه‌وكه‌ له‌ چیرۆك و رۆمان به‌كاردێن، پێشترێ پێش رۆمان له‌ یاده‌وه‌ری به‌رچاوناكه‌ون؟ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، یاده‌وه‌ری و چیرۆك و رۆمان و هه‌قایه‌تان، دیاره‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ جغزی ئه‌و نووسینه‌ جێی نابێته‌وه‌.
به‌ گشتی هه‌ندێك ته‌كنیك و ره‌گه‌ز هه‌ن له‌ رۆمان و یاده‌وه‌ری به‌كاردێن، هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌ر دڵی رۆماننووسان گرانه‌ به‌ڵام پێمخۆشه‌ بڵێم رۆماننووس و یاده‌وه‌رنووس له‌ یه‌كودووی ده‌خوازن، لێره‌وه‌ رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكدی نزیكده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ئاسایی وه‌رگره‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێك هه‌بێ دوای لێبوونه‌وه‌ له‌ كتێبێك بڵێ:
ئه‌رێ ئه‌وه‌ی خوێندمه‌وه‌، یاده‌وه‌ری بوو یان رۆمان؟
تا ئێره‌ كه‌م شتێك بوو له‌ باره‌ی لێكنزیكی و وێكچوونی رۆمان و یاده‌وه‌ری، لێ كاتێ جیاوازیی نێوانیان دێته‌ گۆڕێ وێكچوون چه‌ندێ زۆر وبته‌و بێ، ره‌نگه‌ خۆی له‌ به‌ر جیاوازیه‌كان نه‌گرێ و به‌ دوو ژانری سه‌ربه‌خۆ بمێننه‌وه‌، ئاخر یاده‌وه‌ری له‌ سه‌ر دوو ستوون هه‌ڵده‌نرێ: راستگۆیی، جوانگۆیی، هه‌رچی له‌ رۆمانه‌ راستگۆیی به‌و واتایه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریدا هه‌یه‌، بوونی نیه‌، یاده‌وه‌رنووس له‌ ئاست كه‌س و رووداو و جێ و ده‌م، ده‌ستی به‌ستراوه‌، به‌و واتایه‌ی ناتوانێ جێگۆڕكیان پێبكات، یاده‌وه‌ری نووسینه‌وه‌ دیتن و بیستنه‌، ئه‌گه‌ر كتومتیش وه‌ك خۆی نه‌بێ، هێنده‌ دوورناكه‌وێته‌وه‌ كه‌ كه‌سه‌ راسته‌قینه‌كان له‌ خۆیان بكه‌ونه‌ گومان و به‌ زه‌حمه‌ت خۆیان بناسنه‌وه‌، ناكرێ كه‌سی زیاده‌ش قیتبكرێته‌وه‌، له‌ یاده‌وه‌ری سه‌ربرده‌كان روویانداوه‌، یاده‌وه‌رنووس وه‌ك خۆی ده‌یانگێڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌ستی هونه‌ركاریان ده‌گه‌یه‌نێتێ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ك نا كه‌سه‌كان سه‌ربرده‌كان نه‌ناسنه‌وه‌، له‌ یاده‌وه‌ری جێ و ده‌می دیار هه‌یه‌..
دیاره‌ رۆمان به‌و شێوه‌یه‌ وابه‌سته‌ی هیچ كام له‌وانه‌ نیه‌، له‌ كاتێك ئه‌گه‌ر سه‌رهاتێكی راسته‌قینه‌ش بابه‌تی رۆمانه‌كه‌بێ، گه‌مه‌ی وای تێده‌كات، له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دایده‌ڕێژێته‌وه‌ نه‌ناسرێته‌وه‌، یان له‌ جێ جێ له‌گه‌ڵ سه‌رهاته‌ راستینه‌كه‌ دێته‌وه‌ و شتێكی لێ ده‌ناسرێته‌وه‌، رۆماننووس ئازاده‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، له‌ خه‌یاڵكردنی بێ كۆتا، له‌ سه‌راوبنكردنی سه‌ربرده‌كان، رۆماننووس ده‌شێ دنیایه‌كت بداتێ كه‌س پێی نه‌خستبێته‌ ناوی، یان بڵێین دنیایه‌كی نوێ، دیاره‌ دنیای یاده‌وه‌رنووس دنیای رابردووه‌، دنیایه‌كی كۆنه‌، به‌ڵام هێزی گێڕانه‌وه‌ جوانی ده‌كات، وه‌ك دنیای رۆمان جوان. ئه‌و دوو جوانیه‌ به‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ن، تۆ بڵێی تێكه‌ڵ نه‌بن و نه‌بنه‌ یه‌ك؟ ئاخر هه‌ندێك پێیانوایه‌ رۆمانه‌ یاده‌وه‌ریش هه‌یه‌، ره‌نگه‌ گیروگازیه‌ك له‌وه‌ هه‌بێ، له‌ سه‌ری ناڕۆم..
من وای ده‌بینم یاده‌وه‌ری ژانرێكی ئه‌ده‌بیی سه‌ربه‌خۆیه‌، وه‌ك رۆمان سه‌ربه‌خۆیه‌، یاده‌وه‌رنووس هاوشانی رۆماننووسه‌ و له‌ جوانگۆیی جێی یه‌كتر ناگرنه‌وه‌، وه‌ك چۆن شاعیر جێی رۆماننووس، رۆماننووس جێی چیرۆكنووس ناگرێته‌وه‌، یاده‌وه‌ری هیچی له‌ رۆمان كه‌متر نیه‌، بۆیه‌ بۆ پیاهه‌ڵدانی یاده‌وه‌ریه‌ك ناكرێ به‌ رۆمانی هه‌ژمار بكه‌یت، ئه‌گه‌ر واتكرد له‌ یاده‌وه‌ریت كه‌م كرده‌وه‌، پێموایه‌ یاده‌وه‌ری هه‌یه‌ به‌ هه‌ندێ ده‌سكاریه‌وه‌ ده‌بێته‌ رۆمان، دیاره‌ ده‌سكاریه‌كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ راستگۆییه‌كه‌وه‌یه‌ و یاده‌وه‌ری له‌كه‌دار ده‌كات، هه‌ینێ له‌ یاده‌وه‌ری ده‌رده‌چێ، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم یاده‌وه‌رنووس ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بێ یاده‌وه‌ریه‌كه‌ی ده‌كاته‌ رۆمان، كه‌ نایكاتێ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ یاده‌وه‌ری هاوشانی رۆمان راده‌گرێ، ره‌نگه‌ سه‌رتریش، وای ده‌بینم یاده‌وه‌رنووس هه‌ر كاتێ حه‌زبكات رۆماننووسه‌، به‌ڵام بۆ رۆماننووس به‌و ئاسانیه‌ نیه‌ ببێته‌ یاده‌وه‌رنووس، ئاخر بته‌وێ به‌ خه‌یاڵدا بفڕی و ده‌ستبه‌رداری راستگۆییش نه‌بیت، زه‌حمه‌تتره‌ له‌وه‌ی له‌و سه‌ری خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ چی گوتن و راستگۆیی بگه‌ڕێیته‌وه‌..




باخەوانێك لەم شارەیە … نەبەز گۆران

_(1)_

كەهاتم…
بۆئەوەی گەرمی ئەم ڕۆژگارە نەم سوتێنێت
بەژێر سێبەری قەڵەمەكەی(قوبادی)*ییەوە هاتم.
كاتێك هاتم…
خۆم لەگورگێك ئەچووم بچێت بۆ پەچەی مەڕەكان
بەهەرشوێنێكدا تێدەپەڕیم، بۆنی غەریبییەكەم دەیناساندمەوە.
نە قەڵەمم پێبوو نە كتێب
بارەكەی من، باری قوڵنگ و خەنجەربوو!
بەوێنەی جوتیارێك
زەوییەكەی خۆمم كێڵا و، تۆوی خۆم چاند و، ئەوسا هاتم.
تۆ پەرژین دروستكەر…
كەخۆت سێبەریت، داهۆڵ بۆ كێڵگەكەی من دروست مەكە لێگەڕێ‌ با چۆلەكەكان بە ئازادی بەرهەمەكەم بخۆن.
تۆ كە خۆت تۆوێكی گەنیویت
كە خۆت هیچ بەرهەمێكت نییە، بۆ ئەتەوێت لە خەرمانەكەی من بخۆیت؟!
كە خۆت ناتوانی زەویەك بكێڵی، بۆ تۆوی خۆت بەسەر زەویەكەی مندا دەپژێنی؟!
كە خۆت وەك داهۆڵێك سەرت پڕە لەپوش
بۆ دەتەوێت بەو سەرە پوچەی خۆتەوە چۆلەكەكانی من بترسێنی؟!
نابینی؟! من دوای هەڵگەڕان بە لێرەوارەكاندا بیرم لە بەرزایی كردەوە
دوای لەت لەت بوونم، بیرم لە كۆكردنەوەی پارچە شكاوەكانی خۆم كردەوە
دوای خاڵی بوونەوەی پەیمانەكەی دەستم، دیسانەوە ساقیم بانگكرد
دوای شكانی گۆزەی ئومێدەكانم، قوڕی نائومێدیم كۆكردەوە
ئەم روناكییەی لەمندایە، بە ڕەشەبای هیچ كەسێك ناكوژێتەوە
كەخۆم تیرێك بم لە كەوانێك دەرچووبم، ئیتر تۆ تیر لەچی دەگری؟!
شەوگەڕ خەریكی چیت؟
دەست بۆ خەرمانی من مەبە،
من بۆیە بەرهەمەكەی خۆمم لە خەرمانێكدا كۆكردەوە، تابیسوتێنم و كێڵگەكەمی پێ ڕوناك بكەمەوە.
كەهاتم…
بەرلەوەی تیرەكان ڕوم تێكەن، خۆم بەخەنجەر بەر بوومە خۆم
بەرلەوەی منداڵەكان بەردم تێبگرن، پەنجەرەم بەخۆمەوە نەهێشت
بەرلەوەی بكەومە ناو باخچەی نازی كچانەوە، خۆمكرد بە تۆپەڵێك دڕك
بەرلەوەی خۆبادەران بمبەنە هەوای خۆیانەوە، سەمام لەبیر خۆم بردەوە
بۆئەوەی تا مردن نەناسرێمەوە
خۆمكردە دونیا و، دونیام لەناو خۆمدا ونكرد
خۆمكردە درەخت و گەڵام بەخۆمەوە نەهێشت
خۆمكردە تەنیایی و، لەتەنیایدا بۆ پارچە ونبوەكانم گەڕام.
میوانی درەنگ وەخت…
تۆ بەم پەنجە ناسكانەتەوە كەی هی ئەوەی زەوی بكێڵی
بەم رۆحە تەنگەتەوە كەی هی ئەوەی لەناو گۆڕستاندا بخەوی
بەم قاچە باریكانەتەوە، رێگای كێوەكان ڕێگای تۆ نییە
ئەی هاوەڵی كتێبە مردوەكان
هێشتا تامی برینی وەشەت نەچەشتووە
هێشتا وێرانی دڵ و، وێرانی ماڵت بۆ جیاناكرێتەوە
ئیتر چۆن دەتوانی ببیتە شوانی پەچەی مەڕێك، لەبەردەم گورگێكی وەك مندا؟!
بیرت نەچێت:
((من گورگەكانم خۆشدەوێن، چونكە بێ‌ مێشكەكان دەخۆن.))
من كەهاتم…
بەپێی پەتی هاتم
(نەك بۆ ئەوەی هەست بەبەرزیی و نزمی زەوی بكەم)**
بۆئەوەی ژێر پێكانم ببن بەبرین و تێبگەیت ئەوەی هاتووە
هەتا خەنجەری زیاتری لێدەیت، زیاتر ڕوناكیەكەی دەردەكەوێت.

* * *

ئەو چاكەتەی لەبەر مایە
هی خۆم نییە! هی (باستامی)ییە.***
ئەو خەمەی لە دڵمایە، بچوكترە لە دونیا و گەورەترە لە مرۆڤ.
دەزانی…
ئەو ژنە لای من مرد
بەقسەی دوو غەریبەی بیابان،
جوانییەكەی خۆی شاردەوە و بوو بە تارمایی.
دەزانی…
ئەو پیاوە لای من مرد
مەیخانەی لێ‌ بووبوویە باوەشی ژن.
ئەو رۆحە لای من مرد
مۆمی خانەقایەكی كوژاندەوە تا چرای مزگەوتێك داگیرسێنێت!
ئەو شاعیرە لای من مرد
خۆی لە رۆژئاواوە بە قەفەز دەیانهێنایەوە و، لێرە نەفرەتی لە فڕینی چۆلەكەكانی نیشتیمان دەكرد.
لەناو خۆمدا، لەناو دونیاكەی خۆمدا
ئەو شاعیرەم وەدەرنا
ژنی وەك مەمكدانێك بەسەر تەنافی شیعرەكانییەوە هەڵواسیی
یەكێكی دیكەشم لەخاچ دا، چونكە لەگەڵ پاسەوانەكانی پەرژینە كۆنەكان جیا نەدەكرایەوە
یەكێكی دیكەم بە خۆڵ داپۆشی، تا بۆنی وشە كۆنەكانی دونیا نوێكە پیس نەكات
ئەو شاعیرەم دەربەدەركرد، سەری شیعری بە هاتووهاوار سپیكرد
بێ‌ ئەوەی بەخۆم بزانم، بومە بوكوژی سەردەمەكەی خۆم.
كاتێك سەرۆك هەموو سەگەكانی خۆی بەردابوو
كاتێك چواردەورم خاڵی بوویەوە و خۆم بەتەنیا بینیەوە
بانگی خۆم دا
بانگی من بزمارێك بوو، وێنەیەكی تازەی بە دیوارە كۆنەكانەوە هەڵواسی
بانگی من دەنگی غەریبەیەك بوو لەناو هەموو ئاشناكاندا
(نەم دەویست بتە بچوكەكان بشكێنم و، قوڵنگەكەم بدەمە دەست بتە گەورەكە)****
نەمویست لەناو تەپوتۆزی شەڕەكاندا، بۆ پەناگەیەك بگەرێم بیباكانە سەنگەری خۆم هەڵكەند و،
شەڕی خۆم هەڵگیرساند.
ئەوساتانەی تۆ خەوتبوویت، بەیانیان وەك نۆكاو فرۆشێك ئاگایم دەفرۆشت
ئەو رۆژانەی تۆ دەستت خستبوویە سەر نێوچاوانت تا حەقیقەت نەبینی،
من لەسەر دەرگاكان دەمنووسی: حەقیقەت مەرگ نییە،
حەقیقەت دەرگایەكە كەسێك دەتوانێت بیكاتەوە پەنجەرەی ئومێدێك لە ژیانیدا نەبێت.
هیچ شتێك دڵی منی نەشكاند
ئەوەی دڵی منی شكاند دڵخۆشبوونی ئێوەبوو بە چرای كزی ئومێد
هیچ شتێك منی وێران نەكرد
ئەوەی منی وێرانكرد، وێرانی ئێوە بوو لەبەردەم وێرانیدا.
كەی وتومە شاعیرم؟!
من تەنها دەنگیكم…
دەنگی من دەنگی زەنگی كەنیسەیەكە خۆتت بە بیر دەهێنێتەوە
بەلەمێكم ئەتوانم تا قوڵایی نائومێدی بڕۆم
دۆزەخم، گەر حەز لەتامی سوتاندەكەیت لێم نزیك بەرەوە
برین نووسێكم، هەتا برینێك هەبێت من هەم.
چیرۆك نووسێكم، پاڵەوانەكانی ئێوە دەكوژم و، پاڵەوانی دڕكاوی دەخەمە ناو گۆمە مەنگەكەی ژیانەوە
پالەوانەكانی من لەسەردەمێكدا دەناسرێن دەنگی حەقیقەت لەسەر منارەكانەوە
بگەرێتەوە ناو مرۆڤ.

_(2)_

كێڵگەكەم بێ‌ پەرژینە
ئەو دەسماڵەی لەملمدایە، خەونی تیایە
هی خۆم نییە، دەسماڵەكەی (بێساران)ییە.*****
لەو رۆژەوەی كەوەكانم بینی لەناو قەفەزدا دەیانخوێند، باوەڕم بە قسەكردن نەما.
لەو ساتانەی لەناو ماڵەكەی خۆمم، زیاتر هەست بە غەریبی دەكەم
لەو بەیانیەوەی هاتومەتە ناو شار، تا ئێستاش بە دوای لەتێكی خۆمدا دەگەڕێم
یەكەمجار كە شارم بینی، كاڵبونەوەی مرۆڤ دایپۆشیم!
نەمویست وەك كوڕە باشەكان، دەنكی تەزبیحە كۆنەكان بژمێرم
نەمویست لە باوەشی ژنێكدا، لە باوەشی كتێبێكدا ژیان بمباتەوە
نەمویست بەو رێگایەدا بڕۆم ئێوەی بەسەریدا رۆیشتبوون
هیچ سەرسام نەبووم بە كۆترەكان، بە سنەوبەرەكان، بە روناكی گڵۆپەكان
چونكە لەوێوە، لە گوندەكەمانەوە كەهاتم هەموو ئەو شتانەم لەخۆمدا سڕیەوە ونم دەكەن.
كە ئێوەم بەو جۆرە بینی تەنبورەكەم دا بەسەر شانمدا و گۆرانییەكی تازەم وت:
لەناو شارەكاندا
لەچەندین شوێنەوە پەچەی مەڕەكان رێی رۆیشتنی لێ‌ وندەكردم!
لە چەندین شوێنەوە چەتەم بینی بە سیمایەكی منداڵانەوە
هەر شەوێك باسی روناكیم بكردایە، چەتەكان خەویان لێنەدەكەوت
هەتا سەرۆك زیاتر سەگەكانی خۆی لێم بەردا، مانگەكەم زیاتر دەدرەوشێتەوە
هەتا دڕك و داڵی سەر رێگاكان زیاتر لە قاچەكانم بچەقن، ئاگرەكەی ناخم زیاتر كڵپە دەكات
لەو كاتەیدا خەنجەرەكان گەمارۆمدەدەن، خەیاڵی فڕین دەدا لەسەرم
بەچاوی خۆم ئەوانە دەبینم لە ڕوناكی دەترسن!
بەچاوی خۆم چۆلەكە دەبینم، چیرۆكی پەڕو باڵكردنی خۆی بۆ ڕاوچی دەگێرێتەوە
بەچاوی خۆم قەساب دەبینم، بەخوێن شیعر بۆ دڵدارەكەی دەنووسێ!!
لەناو شارەكاندا
شوێنی زۆر گەڕام،
كۆڵان، شەقام، بازار
بەڵام، مرۆڤێكم نەبینی برینی ماڵئاوایی چرای دڵی كز نەكردبێت
مرۆڤێكم نەبینی، دوریی لە ئازیزێكی تاریكیەكەی ناخی روناك كردبێتەوە.
ئەو جوانییەی لەگەڵ خۆم هێنام لەترسی پیس بوون لەناخمدا شاردمەوە.
ئەوەی لە شارەكاندا بینیم
لەتێكی كردمە سەرباز و
لەتێكی كردمە كوژراوی دەستی ئەو سەربازە.

* **

ئەو قەڵەمەی بەدەستمەوەیە
قەڵەم نییە!
بزمارێكە وێنەی بەئاگایەكی بە خەوی نوستوێكدا پێ هەڵدەواسم
ئەو قەڵەمەی بە دەستمەوەیە
قەڵەم نییە!
گسكی دەست كەناسێكە، لەبری شەقامەكان ناخە پیسەكانی پێ‌ پاك دەكەمەوە.
ئەو قەڵەمەی بە دەستمەوەیە
قەڵەم نییە!
خەنجەرێكە لەسینەی ئەوانەی دەچەقێنم ونبوون لە خودا
ناچار بۆئەوەی دەنگیان بگاتە خودا منارە دروست دەكەن!
هەتا نەبینم جوتیارەكان خەونی نوێ‌ دەكێڵن، دەست لە زەویەكەی خۆم بەرنادەم.
لەبیرمە… باش لە بیرمە
دەمەو عەسرانێك،
لە پێچی كۆڵانی ژنێكدا
كەوتمە ناو جۆگەیەك ئاوی خۆشەویستیەوە و
تا ئێستاش وشك نەبوومەتەوە.
دڵێكم هەیە، وەك دڵی هەموو سەربازەكان، دەنگی شەڕی لێوە دێت
دڵێكم هەیە، وەك دڵی هەموو باخەوانەكان گەرمە
دڵێكم هەیە، وەك دڵی چۆلەكەیەك بەو هەموو بچوكییەوە فێرە فڕینت دەكات
دڵێكم هەیە، وەك دڵی باوكم گەورە، وەك دڵی دایكم پاك
بەخۆم و ئەم دڵەمەوە
لە گۆشەیەكی ژورەكەمدا، خەریكی پاككردنەوەی پەنجەرە پیسەكانی دونیام.

_(3)_

سەیری دەستەكانم كە
دەستەكانم لە نیشتیمان دەچن
بەم دەستانەی خۆم، باری نائومێدیم لەم مرۆڤەوە بردوە بۆ ئەو مرۆڤ
بەم دەستانەی خۆم، لەسەر سینیەك دانە دانەی خۆشبەختی دڵی مرۆڤەكانم تەكاند
بەم دەستانەی خۆم، شەنی ئەو وشانەم كرد لە خەرمانەكۆنەكاندا كەوتبوونە ژێرەوە
بەم دەستانەی خۆم، پەتی سێدارەكەم پچراند و
ڕێكۆتەكەی(قازی)یم كردە بەرم و هاتم بۆ شار.******
لە هیچ كاروانسەرایەك لام نەدا
چونكە خۆم مەستبووم، روم لە مەیخانەكان نەكرد
چونكە خەو نەیبردبوومەوە، دەنگی منارەكان رای نەچڵەكاندم
چونكە رۆحم پاك بوو، رێژنەی بارانەكان تەڕی نەكردم
چونكە تێگەیشتبووم ئێرە شوێنی من نییە، لە ناشوێندا بۆ بوون دەگەڕام
هەموو شەوێك رۆحێك باگم دەكات و
پێم دەڵێت:
بەرلەوەی خەوی ئەبەدی بێت، لەسەر دڵی مرۆڤەكان نیگاری ژیان بكێشە
بەرلەوەی مەرگ بانگت بكات، ئاگرەكەی خۆت داگیرسێنە
بەرلەوەی لەناو مرۆڤەكاندا ونبیت، گۆشەیەكی تەنیایی بۆ خۆت بهێڵەرەوە
ئەو دەنگی بانگی من دەكات، دەنگی حەقیقەتە
لە ئاوێنە شكاوەكەی حەقیقەتدا پارچەیەكم دۆزیەوەتەوە، لەو پارچەیەدا بۆ بوون دەگەڕێم.
هەركاتێك توانیم گەردون بكەم بەخالێك بەسەر گۆنای جوانی ژیانەوە،
ئەوكاتە پێتان دەڵێم:
شاعیرێك بەڕێوەیە
شاعیرێك بەڕێوەیە، پەرژین شكێنە
شاعیرێك بەڕێوەیە، لە ترپەكانی دڵی زەویدا ژیان ئەچنێت.

* * *

نەهاتووم سەبەتەكەم پڕبێت لە سێوی خۆشبەختی
نەهاتووم ڕەنگی كێوەكانم لە خۆم بسڕمەوە و، گوندیی بوون لە خۆما دەركەم
نەهاتووم چاوەكانم پڕكەم لە جوانییەكانی شار و، ناخیشم خاڵی بكەمەوە لە فڕین
هاتووم نائومێدی لە كێڵگەی دڵی ئێوەدا بچێنم
هاتووم هەموو ئەو پەنجەرانە بشكێنم، لەنێوان كۆنو نوێدا بیبنین تەڵخ ئەكەن
هاتووم هەموو ئەو دەرگایانە قفڵكەم، كراونەتەوە بەڕوتاندا تا بتانبەنەوە سەر خەوە كۆنەكە.
چۆن هاتووم ئاواش دەڕۆمەوە
وەك گوڵێك تۆ بەس جوانییەكەم دەبینی
بەڵام، نازانی كە دڕكێكم چەقی بە پەنجەیەكتا ئەوكات ئازارەكەم جوانیەكەمت لە بیر دەباتەوە.
تۆ بەس هێمنیەكەم دەبینی
بەڵام نازانی، كە ڕەشەباكەی ناخم هەڵیكرد، كەپری هەموو ئومێدەكانت تارومار دەكات.
چۆن هاتووم ئاوا دەڕۆمەوە
بۆئەوەی دڵنیابی رێگاكەم ونناكەم،
سەیری ڕوناكی ئاگرەكەم بكە.

نەبەز گۆران

———————————————-

پەراوێزەكان:

-*(قوبادی) مەبەست لە شاعیری سەدە كۆنەكان (خانای قوبادی)ییە، كە یەكێكە لە شاعیرە كوردەكان بە شێوە زاری هەورامی و بە سەبكێكی كوردی شیعری نووسیوویەتی.
-**(..) ئەم دێرە، پیچەوانەی دێڕێكی شاعیر(سوهرابی سپهری)ییە، كە پێی وایە/ داكەندی پێڵاوەكان و رۆیشتن بە پێی پەتی، بۆ هەستكردنە بە كەند و لەندەكانی زەویی.
_***(باستامی) مەبەست لە بناغەدانەری تێگەیشتنی نوێیی دونیای سۆفیگەری (بایەزیدی باستامی)ییە.
_****(..) ئەم دێرە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە ئاینیەوەیە، كە (ئیبراهیم)پەیامبەر، بتە بچوكەكانی شكاند و قوڵنگەكەی دا بەدەست بتە گەورەكەوە. بەڵكو لەبری ئەوە، لەم رۆژگارەدا پێویستە بتە گەورەكە بشكێنرێت و قوڵنگیش نەدرێتە دەست هیچ بتێكەوە.
_*****(بێسارانی) مەبەست لە بێسارانی شاعیرە. ئەو شاعیرەی بە سەبكێكی كوردی و بە شێوەزاری هەورامی شیعری دەنووسی و، ئەم كۆپلە شیعرە كورتانەی ئێستا ئێمە دەیانووسین، بناغەدانەرەكەی ئەم شاعیرە بووە.
_******(قازی) مەبەست لە قازی محەمەدی گەورەیە، ئەو پیاوەی خۆی لە سێدارەدا، بۆئەوەی رۆحە زیندوەكەی كورد هەمیشە بە ئاگابێت.




فرمێسکی گیا …. جەلال عەبدووڵا ساڵح

ئاسمان بۆ تەنیا یە؟
کراسی گڕی هەتاوی هەیە
کەی سەرمای بوو لەبەریەکات
تریفەی مانگ
هەمیشە سەمای بۆ دەکات
هەور لە ئامێزی دەگرێت
مەل هەڵدەفڕێت بۆ باوەشی
عەتری باخی پێش کەش دەکات

دەریا بۆ بێزارە ؟
شەپۆلێکی سیحری هەیە
شەوان گۆرانی بۆ دەڵێت
بۆق بە قۆڵی شکاوەوە دەیلاوێنێت
زەریان لە لای دەستی چەپی
تۆفان لە بەشی ڕاستی یەوە
دڵنەوایی دەداتەوە

من گوندێکی شان شکاوی
تەنیشت ڕووبارێکی وێل بووم
ژەنڕاڵی جەنگی سەدەکان وێرانی کردم
کانییەکی ژێر سێبەری
دارگوێزێکی ئێوارە بووم
نیوەشەوێ
تاشەبەردی ڕێکەوتێکی ڕۆژهەڵاتی سەری بڕیم
نیشتمانێکی گەنم ڕەنگ بووم
وەک نانی کۆشی هەتیوو
سەگەکانی سەر سنوور ڕفاندمی
هاوڕێی شاعیرێک بووم لە ڕەگەزی تاوس
یەکێ لە عەشیرەتەکانی کەڵەشێر
ئێوارەێێ لەسەر ماچی کچێ کوشتی

….

بگەڕێوە بۆ لام
ئەی زەنگیانەی ژێر بارانی حەوزی تەنیا
ئەی هەناسەی شیعری غوربەتی نیوەشەو
ئەی سروودی ڕێی نەبڕاوەی سەفەری دوور
ئەی ڕێحانەی بیرەوەری ناو تاقی نوور
لە هەموو شوێنێک بۆنی بارووت و
دوکەڵی جەنگی دێت
تەنها بەرهەیوانەکەی من
ڕەنگی بەفرە و
پڕووشە سەمای تیا دەکات
باران گۆرانی بۆ دەڵێت

بگەڕێوە بۆلام
ئەی گێلاسی ڕژاوی کۆشی باخ
لە هەرشوێنێ ڕەنگ دەبینم
پرسیاری تۆی لێ دەکەم
عەسری پایز
گیرفانی بات بۆ دەگەڕێم
ئێوارەی زستان
پاڵتۆی زریان

کە گەڕایتەوە پێم بڵێ
چۆن تاشەبەردی
ئەم سەدەی دابڕانە خوێناوییە بجوڵێنم
هەزار سەرباز بە چەکەوە
لەسەر شانی ڕاوەستاوە

بگەڕێوە بۆ لام
ئێستا لە ڕێحانە بێهێزترم
تەنها ئاو دەناسم و
لەگەڵ چەمێک ڕیگا دەبڕم
قۆڵی شیعرێکم گرتووە
نازانم دەمبا بۆ کام کەلاوەی
خەیاڵی بیرەوەری

بگەڕێوە بۆلام
ئەی هەناسەی گوڵ
ئەی دڵی دەریا
نە ماسی گرم قولاپم هەبێ
نە تفەنگم گولە
نە ژانڕاڵم سووپا

مرۆڤێکی ماندووم
ئەژیم و دیواری زەمەناکن ڕەنگ دەکەم
چرکەی دڵی شەمەندەفەرەکان دەژمێرم
بگەڕێوە من لەسەر سەفەرم
ماڵ ئاوا
ئەی دوکەڵی کۆڵیتی سووتاوی بیرەوەریم
ئەی ئاڵای شەکاوەی غوربەتی ڕێی دوورم

بەیانی زوو بگەڕێوە
پێش ئەوەی نیوەڕۆ هێرش بێنێ
هەنگاوێکی ماندووم
نامۆم بە سەفەر و ڕێگا
جۆگەیەکم هەر دەڕۆم و
ناگەم بە باوەشی دەریا
مرۆڤێکم ماڵم ئاوە
بیرەوەریم
فرمێسکی گیا

جەلال عەبدووڵا ساڵح




ئایا ڕێگایەکی تر بۆ بەدەستهێنانی موچە هەیە؟ … ئاسۆکمال

“حکومەت وەڵام ناداتەوە ڕێگاچارە ئەوەیە یان درێژە بەمانگرتن و کار راگرتن بدەین یان لیژنەیەکی ١٥٠ کەسی پێکبێنین و لەداهاتی خۆمان موچە دابین بکەین و زیادەکەی بنێرین بۆ سەروی خۆمان. ”
ئەمە قسەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی بۆ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی. ئەم وەڵامە پڕبەپێستی حکومەتی ئەم دوو مافیا گەنجەیە کە بڕیاریان داوە سفرەی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستای ئەم هەرێمە خاڵی بکەنەوە تاکو دڵی بانکی نێودەوڵەتی ڕازی بکەن بۆ قەرزوەرگرتن و پارەی داهاتی نەوت و وەزارەتەکانی ئەم هەرێمە لە حسابی شەخسی خۆاین لە بانکەکانی دەرەوە و ژێرزەمینەکانی ناوەوەی کوردستاندا تا بن دیوار هەڵچنن. ئەم هۆکاری ئەم کەمکردنەوەی موچەیەیە بەناوی درۆی پاشەکەوتەوە. هەربۆیە نە بەرزبونەوەی نرخی نەوت و نە تێپەڕبونی قەیران کۆتایی بەم بڕیارەی حکومەت ناهێنێ و تاکو داهات لەژێردەستی ئەمانەدا بێت بەشی خەڵک دەبێتە نێچیری دەستی ئەم ڕاوچیانەی موچە.
بێگومان ئەم وەڵامەی فەرمانبەران ،کە خۆیان داهاتی فەرمانگەکان دابەش بکەن ،بێ قوربانی نابێ و هەربۆیە دوای زیندانی کردنی بەشێک لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ئێستا بڕیاری تەرحیلیان داون.
کرێکار و فەرمانبەر زۆر جار توشی شەڕی سەختی لەم جۆرە دەبنەوە. ئێمە کۆمەڵێک کرێکاری کارگەی ساردەمەنی گوڵزار بوین لە هەشتاکاندا مانمان گرت و خاوەن کار دەرگای کارگەی لێ داخستین و ناردینیەوەبۆ ماڵەوە. کاتێ بەم بڕیارە ڕازی نەبوین چوینەوە ناو کارگە و وتمان خۆمان کارگە ئیش پێ دەکەین و موچەی خۆمان پەیدادەکەین ، خاوەن کارگەی کورد ئەوکات وەک ئەم بەڕیوەبەرانەی باج بەم بڕیارە بوێرانەیەی ئێمە شێت بوون و پۆلیسی بەعسی بۆ هێناین و زیندانیان کردین و توانیان دەرمان بکەن. ئەمە پیشەی هەموو دەسەڵاتێکی سەرمایەدارە، جا خاوەن کارگەیەکی بچوک بێت یان خاوەن حکومەتێکی گەندەڵ، بەعسی بێت یان یەکێتی و پارتی. ئەم پیشەیە بریتیە لە دزی و پاوانی داهات و هەڕەشەی گرتن و ترحیلی کریکار و کارمەند و مامۆستا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم چەند نوێنەر سزا دەدا و ترحیل دەکا. ئایا بە ترساندنی چەند نوێنەرێک دەتوانێ کۆتایی بەم مانگرتن و بایکۆت و ناڕەزایەتیانە بهێنێ؟
بێگومان ناڕەزایەتیەکان لەوە بەرفراوانترن کە بەم جۆرە هەڕەشە و سزایانە تەواو بن و کۆتاییان پێ بێت بەڵام نابێت ڕێگە بەم حکومەتە بدرێ کە سەرەڕای نەدانی موچە هێرش بکاتە سەر نوێنەرەکانمان. ئەمڕۆ دیفاع کردن لەم نوێنەرانە دیفاعە لە موچە و مافی مانگرتن. دەبێ خواستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ترحیل و سزادانی کارمەندانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ببێتە داوای ئەو تۆڕە سەراسەریەی لە دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دروست بوە و بەرامبەر بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی وپیشەسازی و حکومەتی هەرێم بوەستنەوە. ئەمە شەڕی دیفاعە لە سەنگەرێکی ئەو جەبهەیەی کە ئەمڕۆ بەدرێژایی شاروشارۆچکەکانی کوردستان کارمەندان و مامۆستایان و خەڵکی هەژار دژ بە بڕیاری حکومەت بۆ برسیکردنی خەڵک ڕاوەستاوە.
سەرەڕای ئەم پشتگیریە لە فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی گرنگە ئەو داخوازەی ئەوان بۆ سەرپەرشتی داهات لە فەرمانگە و کارگە و وەزارەتەکاندا ببێت بە خواستی ناڕەزایەتیەکان. ئەگەر ئەو سەدان هەزار کارمەندەی کوردستان داوابکەن کە پێویستە لیژنەی کارمەند و مامۆستا و کرێکار پێک بێت بۆ سەرفکردنی موچە لەداهاتی وەزارەتەکان و فەرمانگەکان ئەوا ئەم دۆخەی ئێستا بەرەو باشتر دەگۆڕێت کە حکومەت زۆرباکی نیە بە وەستانی کەرتی خوێندن و خزمەتگوزاریەکان و دەیەوێت خەڵک خۆی بەناچاری و بەبێ دەستکەوت کۆتایی بە مانگرتن و بایکۆت بهێنێ.
ئەمڕۆ ئەم پێشنیارەی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی کە با خۆیان سەرپەرشتی داهات بکەن پێویستە هێزی هەمو دەستە و گروپەکانی ڕێکخەری ناڕەزایەتیەکانی لەدەور کۆببێتەوە و ڕێگای چۆنیەتی بەشداری کارمەندان پەیدا بکەن لە ئیدارەی داهات و وەرگرتنی داهات لە حکومەتی مەرکەزی و ناچارکردنی بەڕیوەبەرایەتیەکان بە دابینکردنی موچە لەداهاتەکان . ئاشکرایە کە ئەمە شەڕێکە دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی مافیا و دەزگا سەرکوتگەریەکانی بکرێ بەڵام لەگەڵ ئەم حکومەتەدا نابەرپرس و گەندەڵەدا تەنیا ڕێگای دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و ڕانەوەستانی خوێندن و خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و گشتیەکان شەڕە لەسەر ئەوەی خەڵک چۆن دەبێ خۆی دەوری هەبێ لە سەرپەرشتی داهاتی کوردستاندا. لەگەڵ حکومەتێکدا کە مانگرتن بە لەکٶڵ بونەوەی مەسرەف دەزانێ ڕێگاچارە دەستبردنی ڕاستەوخۆ و فشار دروستکردنە بۆ لێسەندنەوەی داهاتی خەڵک. ئەمە تەجروبەی ٢ ساڵی ڕابردوی بایکۆتە کە لە حاڵەتی پاسیڤەوە دەیکاتە جوڵانەوەیەکی ئاکتیڤ بۆ بەدەستهێنانی موچە. ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەکمان بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی ئیرادە و هێزی یەکگرتوی کارمەندان و مامۆستایان و کرێکاران نیشانی ئەم دەسەڵاتە سەرمایەدارە مافیاییە بدەین. نیشانی بدەین کە ئێمە لەوان باشتر دەتوانین ئیدارەی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین و دەتوانین لەداهاتی کوردستان نەک هەر موچەی تەواو بەڵکو خۆشترین گوزەران و پێشکەوتن دابین بکەین. ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە خەڵکی کوردستان ئەم دەنگ و ئیرادەیە ببیستێ ئەگینا لەسەر سیاسەتی برسی کردن و کۆیلەکردنی کردنی خەڵک بەردەوام دەبێ.

ئاسۆکمال




ئومێدی ئۆج ئالان کۆتای هێنانە بەچەمکەکانی دەوڵەت نەتەوە …. تاهیر حاجی حەسەن


ئومێدی ئۆج ئالان کۆتای هێنانە بەچەمکەکانی دەوڵەت نەتەوە،ئاخۆ پێکاکا بەشوێن هەمان ئومێدەوەیە یان دەوڵەت نەتەوە تۆختر دەکاتەوە؟

هەرکەسێک مانیفێستۆی شارستانی دیموکراسیەتی خوێندبێتەوە ئەوا تێدەگات لەوەی ئۆج ئالان بۆچی خۆی هیلاک کردوە بەنووسینەوەی ئەو پەرتوکە پێنج بەرگیەوە لە نێو زیندانی ئیمراڵیدا.
کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە لەماوەی یەک سەدەی ڕابردودا هەڵگری پێگەی پاراستنی دەوڵەت نەتەوە بوون.چونکە پاراستنی ئەو پێگەیە بۆخۆی لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیەکاندا بوە. یانی پاراستنی پێگەی چینایەتی چینی دەسەڵاتداری چەوسێنەر لەژێر دروشمی دەوڵەتی یەک نەتەوەو دەوڵەتی یەک زماندا. لەم نێوەندەیشدا ئەوی سوود مەند بوو کۆی گشتی کۆمەڵگە نەبوە،بەڵکو تەنها ئەو چینە دەسەڵاتدارە بوە کە کۆی جومگە ئابوریەکانی لەژێر دەست نابوە. بەم پێوەرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی دەوڵەت نەتەوە بەهیچ شێوەیەک پارێزەری بنەما دیموکراسی و بنەما یەکسانیخوازیەکان نەبوە،بەڵکو لەژێر ئەو دروشمەدا پەرە بەقورسترین شێوازەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دراوە. بەکارهێنانی چەمکی نەتەوەپەرستی،بەغەیری هێنانی قازانج بۆ چینی دەسەڵاتدار هیچ ئاکامێکی سوود بەخشی بۆ چینوتوێژەکانی ژێرەوە نەهێناوە. پرسیار ئەوەیە:ئاخۆ بۆچی ئۆج ئالان دێت و ئەو چەمکە ڕەت دەکاتەوە؟ ئایا تەنها لەبەر ئەوە بوە کە نەتەوەی کورد لەو نێوەدا هیچ سوود مەندیەکی بەدەست نەکەوتوە یان لەبەر ئەو هۆکارە بوە کە ویستویەتی یان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کەچەمکی دەوڵەت نەتەوە تەنها لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداردایە،ئیتر سەر بەهەرچ نەتەوەیەک بێت؟ ئەو چینەی کە ژێرخانی ئابوری قۆرخ کردوە،بەهەمان شێوەیش توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر سەرخانە کۆمەڵایەتیەکانیشدا.
مارکس کاتێک دێتە مەیدانی سیاسیەوە،ڕاستەوخۆ دەستی بۆژێرخانی مادی ئابوری برد،لەو ڕێگایەوە هات و شیکردنەوە زانستیەکانی خۆی پێش خست و دیاردەو ململانێ چینایەتیەکانی دایە بەر ڕەخنەو شیکردنەوەی زانستیانەی بۆکرد. سەرکەوتنی مارکس و هاوڕێی هەمیشەیی ئەنگڵس لەوێدا بوو کە هاتن و لەو ژێرخانە ئابوریەوە سەرخانی کۆمەڵگاکانیان ڕوون کردەوە یان بەر ڕەخنەی زانستیاندا،ئەگەر بهاتباو بەپێچەوانەوە شرۆڤەکانی خۆیان پێش بخستایە،ئەوکات نەیان دەتوانی بەسەرکەوتنی زانستیانە بگەن.گەڕانەوە بۆ لێک تێگەیشتنی بنەما جەوهەریەکانی مارکس دەتوانێت ڕاستی ئەو ڕستەیە یەکلا بکاتەوە. ئۆج ئالانیش دوای ئەو خەباتە سەخت و بێ وچانەی دەستی دابویە،گەر شارەزاییەکی باشی لە مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتی وەچنگ نەخستبایە،ئەوکات نەی دەتوانی بگاتە ئەو قۆناخەی کە وەرچەرخانێک بهێنێتە مەیدانەوە،گەرچی لەڕوی تیئۆریکیشەوە بوبێت.
بەپراکتیک کردنەوەی چەمک و تێزەکانی ئۆج ئالان پەیوەستە بەڕەت کردنەوەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریەوە. ئەم تێزە گەلێک گرنگە،بەڵام ئاخۆ پراکتیزەکەرانی هاتوون بەجدی کار لەسەر ئەو چەمکە بکەن،یان خافڵ گیرانە کەوتونەتە نێو تۆڕی جاڵ جاڵۆکە ئاسای مەدی برەو دان بەچەمکی پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئەم پرسیارە لەڕوی مادییەوە پێویستی بەهەڵوێسته کردنی جدی هەیە. ئێستا ئۆج ئالان بەقورسترین شێواز لەلایەن پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریەوە کۆی دەرگاکانی زیندانەکەی، بەپۆڵاینترین جۆری قوفڵەکان کڵۆم کراوە،ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی هەڵگرانی ڕێبازەکەی ئەو سەریان لێ بشێوێت کە سەرۆکەکەیان چی لەوان دەوێت؟ ئۆج ئالان خوازیاری ئەو چەمکە نیە کە ئەو بکرێتە ئەفسانەو چیتر کەس نەتوانێت وەک ئەو بێتە مەیدانەوە،بەپێچەوانەوە،ئەو مرۆڤە خاکیە لەیەک کاتدا ئانارکیست و سۆسیالیستە خوازیاری ئەوەیە،هەرکەسێک ئۆج ئالانێک بێت،بەڵام بەو مەرجەی بتوانێت هەڵگری ئامانج گەلێکی یەکسانیخوازانەو ئازادیخوازانە بێت. من ئاوا لەئۆج ئالان تێگەیشتووم،ئەویش لەڕێی پەرتوکەکانیەوە،گەرچی هێشتا لێڵیەکی تێدایە لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژێرخانی کومەڵگاوە. لێرەدا ئۆج ئالان وەک مارکس ڕوون و ڕەوان ناڵێت دەبێت بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەلایەن چینی کرێکارەوە بێت،گەرچی ناوی پارتەکەی ئۆج ئالان بەکرێکارەوەیە،ئەم گومانە لێکدانەوە زۆر هەڵدەگرێت. لەلایەک ئۆج ئالان لەنووسینەکانیدا دیار دەبێت کەبڕوای بەسۆسیالیزمی زانستی هەیە وە لەلایەکیتر بڕوای بەخەبات و ڕەنجی پێغەمبەرەکان هەیەو لەلایەکی تر ڕەخنەی لەکۆی فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەیە کەبۆچی نەیان توانی هەڵوێستی پۆزەتیفیان هەبێت لەبەرانبەر ئەو مێژووەی کەسەرەتاکەی لە میزۆپۆتامیاوە سەر چاوە دەگرێت؟ لەلایەکیتر دەبینین ئۆج ئالان بڕوادارە بەنیتشە کە لەسەر زەردەشت هاتوەتە دەنگ و پەنا بۆ فەلسەفەکەی دەبات.
ئۆج ئالان خاوەن جیهانبینیەکی تایبەتەو کرداریکردنەوەی فەلسەفەکەی پێویستی بەشرۆڤەی دەقیقتر هەیە.بەڵام هەرچۆنێک بێت،ئەو مرۆڤێکەو ناتوانێت هەم لەنێوەندی بۆشای ئاسماندا بێت و، وەهەم لەسەر زەویش بێت،مەگەر ئەوکاتەی دەرفەت هەبێت و ئەم پرسە ڕووبەڕوی خودی خۆی بکرێتەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان تەنها خەمی لای گەلانی ڕۆژهەڵاتە تا بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەدەستی کاپیتاڵیزمی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا یان دەبێت چ شارەزاییەک هەبێت لەپشتی وەلاوە نانی چەمکی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئاخۆ بەرپاکردنی کونگرەی نەتەوەیی کوردی هەڵگری هەمان چەمکی پان ناسیۆنالیستی نابێت کە مێژوویەکە ئێمە شاهیدین لەناوچەکەدا؟ ئاخۆ دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لەهەمان چینی بۆرژوا نەتەوەپەرستی سەردەست نین کە بەکرداری لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا نیشانیان داوە؟ ئاخۆ کۆنگرەی نەتەوەیی گەر بەئەنجام بگات،دەبێت کام بەرژەوەندی چینایەتی تێیدا زاڵ بێت یان دەبێت هیچ بەرژەوەندیەکی چینایەتی بونی نەبێت؟ ئاخۆ کارێکی وا ڕێی تێدەچێت کەلەدەرەوەی پێشخستنی بنەما چینایەتیە زاڵەکان بتوانرێت ئەڵتەرنایڤێکی جیاوازتر پێشبخرێت؟ گەر وایە،ئەو ئەڵتەرناتیڤە چیە؟ ئایا تەنها بەرو پێشبردنی مۆدێرنێتەی خۆسەری دیموکراتیانە نیە؟ ئاخۆ لەکاتێکی وادا بەرەی بۆرژوازی باشور ئامادەیە واز لەو بەرژەوەندیە چینایەتیانەی خۆی بهێنێت؟ یان لەم نێودا خودی ئۆج ئالان و پێکاکا دێن و هەم خۆیان دەخەڵەتێنن و هەم چینە بەرهەمهێنەرە زەحمەتکێشەکەش دەخەڵەتێنن؟ ئەم ناڕونیە بۆخۆی دەبێتە مایەی دەردی سەری بۆ خودی پێکاکاو خودی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمانیش. ئێستا کۆی گشتی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمان وا لە ئۆج ئالان تێگەیشتوون کە ئەو باشترین سەرۆکی نەتەوەپەرستی کورد زمانە.چونکە دژی تورکە بەگشتی؟ ئاخۆ ئۆج ئالان بەم شرۆڤە ڕاسیستیە ناسیۆنالیستیە ڕازیە؟ یان ئۆج ئالان تەنها بوە بەهێمایەک و چیتر کار بەفەلسەفەکەی ناکرێت،بەڵکو تەنها بۆ خرۆشاندنی جەماوەری زەحمەتکێشی کورد زمان بەکار دەهێنرێت تا لەدژی ناسیۆنالیزمی چواردەور وەگەڕ بخرێن؟
دەوڵەتی ئاک پارتی بەڕێبەرایەتی ئەردۆغان،لەهەرە جۆری شۆفێنیستە تێکەڵەکەی ناسیۆنالیزم و مەزهەب گەرایدایە،وەپارێزەری تەواوی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە ناسیۆنالیستە بۆرژوازیە پارێزەری بنەماکانی دەوڵەت نەتەوەیە،یانی برەودان بەچەمکەکانی ڕەگەزپەرستی و شۆفێنیزمی قەومی. ئاخۆ گەر لایەنی دژی ئەم چەمکە بخوازێت ئەو فەلسەفەیە نابووت بکات دەبێت دژی ئەو فەلسەفەیە خەبات بکات یان خۆیشی ببێتە هەڵگری هەمان چەمک؟بۆرژوازیەتی باوی ناوچەکە،هەڵگری ئەو چەمکانەی دەوڵەت نەتەوەن،جا چ تورک زمان بن یان فارس زمان یان عەرەب زمان یان کورد زمان. پارێزەرانی چەمکی دەوڵەت نەتەوە پێک هاتەیەکن لەبەشی چینی سەرداری ئەو کۆمەڵگیانەو لەڕووی هەلومەرجی زاڵەوە کۆی ئیمکانیاتی مادیان لەژێر دەستدایە،کەواتە لەم ساتەدا چ جیاوازیەک هەیە لەوەی پێکاکا بەرگری لەبنەماکانی کوردایەتی بکات لەگەڵ ئەو پێگانەی پان عەرەبیزم کەبەرگری لەنەتەوەی عەرەب دەکات،یان تورکیزم بەرگری لەنەتەوەی تورک دەکات یان فارسیزم بەرگری لەنەتەوەی فارس دەکات؟
لەدوای شکست دان بەشۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی 1979 وە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت،وەپێشتریش،کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەژێر هەیمەنەتی بنەما بەرژەوەندیخوازیەکانی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداریدایە.کۆی ئەو دەسەڵاتانەی تا ئێستا لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیه،هەر لەکاتی هاتنە سەر حوکمیان تا ساتی وەدەر خستنیان بەئەندازەیەکی زۆر پەیوەست بوە بەخواست و ململانێی نێوان بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی جیهانەوە.
لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی ڕژێمەکەی سەدامەوە،ناوچەکە تادێت بەرەو جەنگ و ماڵ وێرانی زیاتر دەچێت و کۆی هاوکێشەکانی سەردەمی دوو قوتبی بەرەو لێک هەڵوەشاندنەوەی یەک جاری دەبرێت. ئەو ئامانجەی دەوڵەتی زلهێزی سەرمایەداری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەشوێنیەوەن لەناوچەکە،جێگیر کردنی ئابوری بازاڕی ئازادە،یانی کۆتای هێنان بەو شێوە دەستکەوتەی مێژووی پێش ئەو جەنگەو کۆتای هێنان بەو چەمکانەی دەوڵەت لەئەستۆی خۆی دەگرت.
ئەم لێک هەڵوەشاندنەوەیە،گەر بێت و لەژێر خواستی ئیرادەو هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینە چەوساوەکەدا نەبێت،ئەوا دیسان گەلانی ئەو ناوچەیە مەحکومن بەلەدەستدانی کۆی ئازادیەکانیان و ئەو جورە ژیانەی هەیان بوە. زاڵ کردنی چەمکەکانی لیبراڵزمی ئابوری بازاڕی ئازاد،نەک ناتوانێت ببێتە مایەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و وەگەڕخستنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی،بەڵکو لەقۆناخێکی واسەختدا،دەبێتە مایەی لوشدانی خودی کۆمەڵگەیش.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی وەک یەکێک لەئامانجە گرنگەکانی جێ بەجێکردنی نێو مانیفێستۆکەی ئۆج ئالانە لەڕووی کرداریەوەیە،وە دەتوانین بڵێین زۆرترینی ئازادیخوازانی جیهان و بەرەی چەپی سۆسیالیستی سەرمەستن بەگرەوی سەرکەوتنەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە لەزۆرترین لایەنیەوە،چونکە ئەو شۆڕشە هەڵگری بنەماکانی بوژاندنەوەی ئیرادەی سیاسی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی گەلانی ناوچەکەیەو لەهەمان کاتدا پێگەی ژنان بۆ ئازاد بونیان دەخاتەوەشوێنە ئەسڵیەکەی خۆی،یانی گەڕاندنەوەی بەهای مرۆڤ بونەکەی. وە لەلایەکی تر، کۆتای هێنانیەتی بەشۆفێنیزمی قەومی و مەزهەبی و دینی. ئەم چەمکانە،لەنێو خودی مانیفێستۆدا ئاماژەی پێکراوە.
دەوڵەتی ئەردۆ داعش،قۆناخێکە لەنێو قەیرانی دارای و قەیرانی ئابوری و قەیرانی سیاسیدایە،بۆخۆ دەرباز کردنیش لەو کۆ قەیرانە،خۆش کردنی مەیدانی جەنگی قەومیانەو ناسیۆنالیستێانە باشترین دەرفەتە بۆی.چونکە کاتێک دەوڵە نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکانیدا،ئەوا دێت و پەنا بۆ بەرپاکردنی جەنگ یان گێژاوێک دەبات،بۆ ئەردۆ داعشیش،باشترین وەڵام بەقەیرانەکانی وەگەڕ خستنی جەنگی ناسیۆنالیستیانەی شۆفێنیستیەتی بوو لە دژی گەلی کورد و پێکاکا. ئەو دەوڵەتە ملیاردەها دۆلاری بەخەرج کردن دا،تا لایەنی بەرانبەر پەل کێشی نێو ئەو جەنگە ڕەگەز پەرستیە بکات و خۆی ڕزگار بکات لە بەرپابوونی شۆڕشی کومەڵایەتی. من وادەزانم،بەرەی پێکاکا،نەیتوانی لەئامانج و کۆدەکانی ئۆج ئالان تێ بگات و خۆی خستە نێو گەمەکەی ئەردۆ غانەوەو،وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداریەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان خوێندنەوەی دروستی بۆ واقیعە ماتەریاڵیەکە نەبوەو تەنها وەک کەسێکی خەیاڵاوی لە واقیعی ڕوانیوە. ڕەنگە نەتوانین ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارەی کۆتای بدەینەوە ئەگەر بێت و چاوەڕوانی ئاراستەی ئاڵوگۆڕەکان نەبین. بەڵام دەتوانم بڵێم،کەتێکەڵاو کردنی خواستەکانی چینوتوێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکان و ئازادیخوازان لەنێو شەقامی تورکیا،(یانی ڕێگە خۆش کردن بۆ بەرپاکردنی ڕژانە نێو شەقامەکان لەکۆی ڕەگەزەکانی ناو تورکیا،بۆ وەستاندنەوەو بەرپەرچ دانەوەی ئامانجە گڵاوەکانی سەرانی دەوڵەت،کە خواستیان جیاوازی خستنە نێو چینوتوێژە هەژار کراوەکان بوە تا لەو ڕێگایەوە پەرە بەڕاسیزم و شۆفێنیزمی قەومی بدەن،گەرچی بۆیشیان کراوە بەتایبەت لەدوای کوداتە گوماناویەکەی 15/ئ07/2016 وە،دەستی دەوڵەتی ئەردۆ داعش واڵاتر بوە بۆ جێخستنی بنەماکانی دەوڵەتێکی توتالیتاری) دەیتوانی بەقازانجی گشت بەرەی ڕزگاریخوازو ئازادیخواز بەخش و یەکسانیخواز بشکایەتەوە،نازانم بۆچی هەڤاڵانی پێکاکا پەنایان بۆ ئەو ئەڵتەرناتیڤە نەبردو، لەبری ئەوە جەنگی نێو شارە کوردیەکانیان درێژە پێدا؟ کەچی ئاکامەکەی وا دەردەکەوێت کەلەبەرژەوەندی خواستەکانی دەوڵەت نەتەوە تەواو ببێت؟! ڕاستی گەر خوێندنەوەیەکی ماتەریاڵانە بۆ هەلومەرجە واقعیەکان نەکرێت،ئیتر لەهەرچ سات و کاتێکدا بێت،دەکرێت باجی گەورەیش بدرێت، کەهەستانەوە بۆ قۆناخێکیتر دوادەخات. لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،بەبێ بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەکۆی بوارەکانی ژیاندا،زۆر زەحمەتە ڕێگا چارەیەکی تر هەبێت بۆ ڕزگار کردنی چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکان،کەوەک چینوتوێژێکی بەرفراوان لەنێو کۆمەڵگەدا بونیان هەیە. خودی ئەو چینە بەرفراوانە،تا ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت،لەلایەن سەرانی دەوڵەت نەتەوەی بۆرژوا قەومی و مەزهەبیەوە دەچەوسێنرێنەوە. ئیتر مەعلومە ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە،ناتوانێت بێتەوە مەیدان لەژێرناوی ڕزگار کردنی گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکەدا.

تاهیر حاجی حەسەن.
28/10/2016




ئەو سەردەمەی سەرم دەمنابێ تێیدا! … نیگار نادر

من چ بکەم کە سەری من دەمنابێت لەچەرخێکدا کە هەمووان سەردەمیبوون بە مەکینەی پینەو درۆیەکانی سیاسەت و سەرڕێژبوون بە وێنەکانی تەکنۆلۆژیا و ڕیزبەندی نیشتیمانی، سەرقاڵ بوون بە ئەزبەرکردنی ناوی ترۆمبێل و ناوی براندەکان، زۆربەی زۆریان بوونەتە هاندەری پێی یاریکەرە ناسراوەکانی تۆپی پێی جیهانی، لەکاتێکدا تۆپی زەمین لەتەنگژەدایەو تۆپی سەری مرۆڤەکانیش، لەمەیدانەکانی جەنگ و کۆچبەری و قەیرانگەلەکاندا تۆپ تۆپێنی پێدەکرێ.
چ سەرێک هەیە مایەی خۆی بپارێزێ، کاتێک هەمووان سەرگەردانی بازاڕی ئازاد کردوونیەتە تۆپەڵێک ئازار و تا سەر ئێسقان ئالوودەبوون بە ناوی بۆرسەو کۆمپانیاکان، رۆژانە هەر نرخی نەوت و برێنت و زێڕ بەرەو بەرزی هەڵدەکشێن نرخی مرۆڤیش کەمدەکا، تۆپی ئەو زەمینەش لە یاریگای ئەو سەرمایەداریەدا بەبەر شەقدەدرێ و بەناوو سیستەمی هەمەجۆرەو بەدەڵ دادەڕێژرێتەوە.
ئەی چەندە سەختە لە سەردەمێک دا بژی کە زۆرسەرسوڕهێنەربێ سەرفراز و سەربەخۆ بیت، ژنێک بی هەم هونەرپیشە هەم گیانباز، هەر لەیەک کاتدا بتەوێ ژنێکی چەلەنگ و پیاوێکی جەسوور بی، لەو ژیانەدا خواستت بێت ژنانە نەرمنەرم پێ لەسەر زەوی دابنێ و پیاوانە بێژی نا! ئەی خودایە چەند ئەستەمە ڕاستگۆ بیت و سەلامەت دەرچی! ئەی چ هونەرە لەو ژیانەدا هەم بتەوێ بەتەنیا ڕابمێنی و هەم لەنێوانی پۆلە هاوڕێیەکانیشتدا قاقا لێبدەی، هاوغروری چیایەکان بی و وەک خاک سادە بمێنیتەوە، پیاوانە کار بکەی بۆ نیشتیمان و ژنانە کتێب بنووسی بۆ ژیان، بیرمەندانە وشەکان بپارزنی و شاعیرانە لەگەڵ با سەرهەڵگری، منداڵانە یاری بە دونیا بکەی گەورانەش بڕیاری تێدا بدەی..
لاسەنگی من بە تۆش هاوسەنگ نابێت هاوڕێ، لەو جیهانەدا کە هەموو دەخوازن لە ژیاندا سەربکەون، من خواخوامە تەنها سەرگیر بم لە ژیان، سەر لەسەری خۆم دەرکەم چونکە سەری من نە عەوداڵی سەرمایەداریە نە بەسەرهەڵگەڕانە نە بەسەرکەوتن، نە سەرکورسی نە سەرۆک بوون نە سەروەزیران نە سەر مێزی سیاسی و نەسەرقەپاغ و نەسەرقافڵەیی دەخوازێ، بەڵکو تاکە سەودای سەر سینگی ئەو ئەستێرەیەیە کە منداڵانە دیتویەتەوەو ژنانە لە ئامێزی گرتووە.
تۆ سەیری چاوەکانم بکە، لەیەککاتدا چۆن بتوانن ژنانە گەرم بمێننەوە و پیاوانە ساردبڕوانن، ئەی چەندە دەستەوەستانم لەنیوان سەری ڕاستم و دڵی چەپمدا! نازانم چۆن لەنیوەی ڕێگادا پاشگەزببمەوە ؟ کە وەک رووباڕ ڕۆیشتووم چۆن دووبارە بۆ سەرچاوەکەم بگەڕێمەوە، چۆن بتوانم ژنانە سەربەرزبم و پیاوانە سەرباز، ژنانە ئاڵا هەڵدەم و پیاوانە دەستبکێشمەوە.
نازانم چۆن ژنایەتیم لە ٦٧ کیلۆ گۆشت کێش و نزیکەی ٢٠٠ بوتڵ خوێن و ١٨٠سم بەرزایی بەژندا دەحەجمێ؟ ئەو سەرە بەهەزاران سەوداوەو ئەو دڵە بەسەدان درزەوە و ئەو زمانە زینکراوە بە شیعرو ئەو سەدان چیایە لە نەسرەوتنە چۆن لە جێگایان تێمدابۆتەوە، ئەی چ تێکەڵەیەکی دژ بەیەکم و لە مەشقی فڕیندا چەندین جار سەربەرەوخوار خلۆر بومەتەوە، ئەی لەو ژیانەدا چەند هێدمەئامێزە ژنانە لەتاو دەردەسەری سەربپێچی و پیاوانەش لەسەرپێچی نەسڵەمیتەوە، ژنانە چۆک دانەدەی و پیاوانەش چەک ڕادەست کەیتەوە، ئەی چ هونەرە لەیەککاتدا ژنانە سەرت ژان بکاو پیاوانەش سەر بۆ نالەبارییەکانی ئەو ژیانە بلەقێنی، ژنانە قەره‌بوو بکەی و پیاوانەش قوربانی بدەی.
هاوبیری من.. تۆ دەزانی کاسەی سەری من کاسەیەکی جێگیر نییە بەردەوام چەرخ دەدا و دەسوڕێتەوە، ئەو کاسە دەم هەیە پڕپڕە لەشەراب دەم هەیە پڕپڕە لە مەرەکەب، دەم هەیە نغرۆ دەبێ لە وشەدا، دەم هەیە سەدان ئاڵای تێدا دەشەکێتەوە، هەر ئەو سەرە دەمی واهەیە بەندەرێکی قەرەباڵغە، دەمی واش هەیە هیچ یەک لە کەشتییەکانی ناگەڕێنەوە، ئەو کاسەسەرە دەمی واهەیە هێندە پڕ دەبێ لە ژیان تا لەسەریەوە دەڕژێ، دەمی واش هەیە لە هەرچی ژیان و مرۆڤە خاڵی دەبێ و بەتاڵ دەمێنێتەوە..
تۆ دڵنیابە ئەو کاسەسەرە هیچ جۆرە سەودایەکی لەسەر نییە، چونکە ڕێچکەی هیچ ئایدۆلۆژیایەک چڵەپۆپی هیچ ئاین و ئاینزایەک، ڕەگی هیچ نەژادپەرستیەک لەناویدا پەلی نەهاویشتوەو ڕۆنەچووە، ئەو سەرە ژنانە بەها دابەشدەکات و پیاوانەش نرخ مەزەندە دەکات، ئەو سەرە پڕە لە خەیاڵی خامخام، لە کیشوەری نوێ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەستێرەی نەدۆزراوە، لەمانگی دەستکرد، ئەو سەرە لەساحێبی خۆی بترازێ هیچ جەستەیەکی تر بەخۆیەوە وەکو پایە ڕاگیری ناکا، نە بەهیچ نرخێک دەفرۆشرێ نەبەهیچ بەهایەک دەقرسێنرێ، ئەو کەلە هێندە سەربەستانە سەخت پەسەندە، پێی گرنگ نیە ئەگەر دە ئەوەندەی دی ئەو جیهانە بە دەستی پیاوانەوە ئابڵۆقە بدرێ..
ئەو کاسەسه‌رە چۆن لەجێ دەرناچێت کە رۆژێ ژنانە شەڕ لەگەڵ تۆز دەکا و پیاوانە بەرد دەهاڕێت بۆ ژیان، هەموو سپێدان زوو، ئەو کاسەسەرە ژنانە دەخوازێ بە ئاوو کەف چ پیسی و دزێوی و خاشاکی ئەو جیهانە هەیە بیشواتەوە و هەموو ئاڵۆزییەکانی ڕێکبخاتەوە، پیاوانەش هۆشیاری لانەدان لەخەتەکانی ترافیک بێت و بەنداوانەش بەهەدەردەدان گلداتەوە!
ئەی ئەگەر دەزانی چ لەو کەلەیه‌دا دەگوزەرێ؟! بڕوانە چۆن بێ پەروا و ژنانە دەست بە وشەکانەوە دەگرێ و مێرانەش پاشەکشێ ڕەتدەکاتەوە، ئەی چ سەختە ژنانە هەڵچنی و پیاوانە بیڕوخێنیتەوە، لەگەڵ ئاوێنەکان لە ململانێ دابی و هاوکات بەپێش پیاوان بدەیتەوە، ژنانە هاوار لە گەرووتدا قەتیس بکەی پیاوانەش دەنگ بەرزبکەیتەوە، وەک گێژەڵوکە پێچ بدەی تا ژنانە هەرچی درزەکانی ئەو ژیانە هەیە بە ئەسپایی پێکیانەوە بنوسێنتەوە، وەکو لقه‌ درەختی بەربارانیش بەرامبەر عەشق هەڵلەرزی، هاوکات توند پێی لەکەوشەکانی خۆت دا بچەسپێنی و وەکو کێو هەرگیز سەر نەنوشتێنیتەوە هەتا ئەگەر هەموو ئەو گۆی ئه‌و زەمینەش دەرئەنجامی سەر لەسەری پیاوان بقاڵێتەوە.
سەرکێشی من بە تۆش کێش ناکرێ هاوڕێ، من لەو ژیانەدا ژنانە هەنگاو هەڵدەنێم و پیاوانەش دەپەڕمەوە، ژنانە پێ دەچەقێنم و پیاوانەش بازدەدەم، دارستانانە بەرگەی شەختە دەگرم و کڵۆشەکرانە لەتفتی دا دەتوێمەوە، ئەی چ ئاستەنگە لەیەک کاتدا ژنانە بەربەرەکانی لەگەڵ تەمەن بکەی و پێشبڕکێ لەگەڵ باڵندەکان، ژنانە بەبێ زیان لە کودەتایەکان قوتاربی و پیاوانەش بەبرینەکانتەوە دووبارە بچیتەوە دانوساندنەکان! ژنانە ڕاستی دەستنیشان بکەی و پیاوانە پاساو بۆ چەوتی بهێنیتەوە.
سەربەستی من بەهیچ شتێک و بە کەس سست ناکرێ هاوڕێ، دە تۆ بوێرە لێمڕامەمێنە بەڵکو باوەڕم پێبهێنە، باوەڕبهێنە کە سەری من دوورگەیەکە نغرۆ نابێت و لووتکەیەکە بەدەستەوە نادرێت، باوەڕبهێنە کە دڵی من پورە هەنگێکە کەم کەس دەوێرن نزیکی ببنەوە و پارچە ئاوریشمێکە کرمەکان پاش چنینی دەمرن، باوەڕبهێنە کە ئەو کەللەسەرە ژنانە ڕەقەو پیاوانەش سەخت، دانی پێدابنێ کە ئەو سەرە ئاڵای خاکێکی بێ دەوڵەتە زۆر ئەستەمە بۆ تاکە جارێکیش داگیرێ.
ئەی چەند زەبربەخشە، ژنانە هێوربی و هاوکات بەناو هاوکێشەکانی ژیانیشدا ورد تەی بکەی، ژنانە هەمیشە لە پێوانی کەوچکی شەکرو کەوچکی خوێ وریابیت و بێ پێوانەش خۆشەویستی ببەخشی، بێ ڕاوەستان بەسەربکەوی و بەتەقیەوە ببزووی نەوەک بتکەن کەوی، ئەی چەند قورسە ژنانە ئازارەکان ڕەنگ بکەی و بێدەنگانە زامەکان داپۆشی، ژنانە سەرکزبی و پیاوانەش سەرەڕۆ، ژنانە هۆگربی و پیاوانەش هەڵپەرست.
دیدەی ڕەوان، ئەو کاسەسەرە، لەیەککاتدا ژنانە خەیاڵ وەکو پۆلە پەپوولە هاتوچۆی تێدا دەکا و پیاوانەش ڕەگ لە ژیاندا چەسپ دەکا، بەبێ ترس ژنانە بە تەقەتەقی قۆندەرەکانی ڕکابەری ڕەقی زەوی دەکا و پیاوانەش ستوونی لەسەر قایم دەکا، ئەی چ ئەستەمە لەو ژیانەدا پاک دەرچی! چ دژوارە خاوەن سەرێک، دڵێک، پێنووسێکی بێخەوش و نەبەز بی! گەواهی دەدەم بەو دڵە گەرمەی تۆو بە ساردی ئەو ژیانە، ئەگەر چۆن بە پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووباردا مەلەوانی دەکەی، ئەوها ژیان نەکەی ئەوا هەرگیز سەربەرزناکەیتەوە.
بڕوانە لەو جیهانگیرییە فریودەرەی هەر جیهانی بچووک نەکردۆتەوە بەڵکو مرۆڤ و بەهایەکانیشی گچکە کردۆتەوە، ژنەکان بەرەبەرە قەبارەی ئەندامەکانی جەستەیان گەورە دەکەن و لەکاتێک دا قەبارەی مێشکیان بچووک دەبێتەوە، بە هەزاران پاڵەوان و ئەستێرەی ساختە نمایشی جوانی سەرکەوتن بەسەرهەموواندا دەکەن، چاوچنۆکی و شمەکخۆری ئاسایشی ئەو زەمینەی خستۆتە گەورەترین مەترسییەوە.
ئەی چ نەفەسبڕە ژنانە وەکو دەرخت لە ژیاندا بلاژێیتەوە و هاوشێوەی درەختیش پێشبینی بکەی کتوپڕ یا دەتبڕنەوە یا دەشکێی یا لەجێی خۆی وشک دەبێ و بەردەبێتەوە، هەمیشەش هەر بە پێوە سەوز بچیتەوە! چ ئاستەنگە گەر بتەوێ هەموو شتێک دروست لەسەر جێگای خۆی دابنێی، دەستهەڵگری بێ ئەوەی ڕەگ هەڵقەنی، ئەی چ قوڕسە لەیەککاتدا ژنانە سێبەری خۆت بپارێزی و پیاوانەش ببیتە سایە! ژنانە بەرپرسیار بی و پیاوانەش لێپرسراو، ژنانە سەرسامبی و پیاوانەش سامەرستۆ، ئەی چەند زەحمەتە هەموو بۆشاییەکان بەسەرڕاستی بە سەربەستی بە سامانی بێ خەوش پڕ بکەیتەوە. جا تۆ وەرە حاڵیم بکە بۆ هەتا سەرڕاستتر بیت ئەو ژیانە پتر لێت دەچێتە بەری چەپەوە!.
سەرسەختی من بەتۆش کەوی ناکرێ هاوڕێ، من تا ئێستاش نازانم نە ژنم نە ڕووبار؟ دەستم هەن یا باڵ! هەرگیز نا کەومە ژێر خشتەو هێڵکارییەکانی کات و شوێنی ئەو جیهانە، ئەو کەللەم چۆنی مەبەست بێت وا جوگرافیا دەبەزێنێ و بەناودەکەوێ، بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و ڕەگەز و کات و سات، کوێی مەبەست بێت سەری پێدا دەکا، جارجار جێگۆڕکێ دەکا لەگەڵ کەلەی قەندێک و جارجارەش وەک کەلە بەفرێک بەستەڵەک دەکا.
من چ بکەم کە ئەو کەلەسەرە هێندەی بە قاقای پێکەنینی خۆشەویستێک گەرم دەبێ هێندە بە هەموو سامان و دارایی ئەو جیهانە گەرم نابێ، هێندەی بە شیعرێکی جوان دێتە جۆش بەهەموو زانست و تەکنۆلۆژیای ئەو جیهانە نایەتە خرۆش، بێوچان لەبری ژمارەکان وشەکان کۆگا دەکا، ئەو سەرە هێندەی دڕدۆنگی و پرسیارەکانی منداڵێک لەبارەی ئەو ژیانە سەراسیمەی دەکا، سەدان پەیام و هوتافی سیاسیەکان بۆ گۆڕینی ئەو جیهانە شلوێی ناکا.
ئەی چ ئاستەنگە ژنانە هۆگرببی و پیاوانەش هەڵپەسێری، ژنانە بە وشە سەروەری تۆمار بکەی و پیاوانەش بە هێما سەروەری پێشێل بکەی، بەدڵ هەموو جۆرە جێنشینێک ڕەتبکەیتەوە و لەڕیز و سەرەکانی ژیانیشدا چاوەڕوانی بکێشی، چەند سەختە لەیەک سەردا ژنانە هەڵە بکەی پیاوانەش هەل بقۆزیتەوە، ژنانە ئازاربکێشی و پیاوانەش ئازاربنۆشی، ژنانە ڕەزامەندبی و پیاوانەش ڕازگر، ژنانە بڕەویەوەو پیاوانەش بەردەوامبی، ژنانە فریونەخۆی و پیاوانەش فەرمان بدەی.
تۆ بزانە، سەردەردی من تەنها دەرەنجامی تێکئاڵانی وردە دەمارو ڕەقهەڵاتنی خوێنبەرەکانی ناو سەرم نیە، هەڵئاوسانی کۆدەماری مێشک و گرژبوونی ماسولکەکانی نیە،دەردە سەری من دەرئەنجامی چەوتانە دابەشکاری پشکەکانی ئەو جیهانەیە، لێکهەڵبڕینی بەشەکانی ئەو نیشتمانەیە، نەخشەکێشانی ئەو سنوورە سیاسەت کردانەیە، کورتهێنانی ئاسایشی ئەو هەسارەیەیە، پێگەبەندی ئەو کۆمەڵگایانەیە، ئەوسەرە لە ژانی ئەوە پەستێوراوە چونکە ئەو چەرخە هەر بەچەپدا دەسوڕێتەوە، هەرچەندە لە ژیان دا ژنان دووبەرابەر سەربازن بەڵام تۆپی ئەو زەویە هەرلەژێرپێ و لەسەردەستی پیاوان دەخولێتەوە.
ئە‌‌ی لەو رۆژگارەدا ژن بوون چ هونەرێکە و ژن مانەوە چ جۆرەهونەرمەندیەکی پێویستە،ئەگەر ژنێکی خۆڕسک بیت چەند ئەستەمە چاوەکانت جیاوازیان نەبێت لەگەڵ ووشەکانت، لێوەکانت پێچەوانە نەبزوون لەگەڵ هەستەکانت، دڵت سپی و خاو بپارێزی وەکو شیری پاکت، پەنجەکانت دژ نەبن لەگەڵ تێهزرینەکانت، پێکەنینەکانت پەرچەکردار نەبن لەگەڵ گریانەکانت، سەرت دڕدۆنگ نەبێت لەگەڵ دڵت، دەنگت تێکەڵ نەبێ لەگەڵ ڕەنگەکانت.
لێرەبەدوا سەرم لە هیچ سوڕنامێنێ چونکە باش دەزانم کە ئەو سەردەمە،سەردەمی سەرپشککردنی سەرمایەداریە و بە جۆرەها تەڵەو تۆڕ سەرهەڵدانی مرۆڤەکانی خەفەکردوە،سەردەمی سیخوڕی دێجیتاڵی،تەکنەلۆژیای بریقەدار و ئەدەب و هونەری تژی لە زڕە بانگەشەیەو ڕەسەنایەتی هەراسانکردوە، گێگاو مێگابایت پێشبڕکێیانە تا جێگای سەرت بگرنەوە و زەینت کوێرکەنەوە، ئیمێل، ئێسئێمئێس، ڤایبەر و سۆشیال میدیاکان وەک قولاپ لەسەرت گیربوون هەر هەتا لەسڵاوێکی لەدڵڕا و لە ڕامان لە چاوی ئەزیزێک دوورمان بخەنە، ئەو سەردەمە سەردەمی ئەوەیە سەری خۆت بکەیتە مایە بەس بۆئەوەی زیندوو بمێنیتەوە!
بەهەرحاڵ هاوچەرخە ئەزیزەکەم نیگەران مەبە، چونکە ئەو سەرە ئەگەر دەمیش نەبێ لەگەڵ ئەو سەردەمە دڵنیابە بەخۆڕسکی سەربەخۆیە، نە نزم دەبێت بۆ هیچ تاجێک نە دەچێتە ژێر هیچ جۆرە کڵاوێک نە دادەنەوێ بۆ هیچ دەستێک، نە شۆڕ دەبێ بۆ هیچ دەسەڵاتێک نە هیچ سەودایەک دەیگرێتەوە، ئەگەر دەهێندەش تراژیدتر ئەو جیهانە لە سایەی سەری پیاواندا لاسەنگ ببێ و شەڕی تێدا نەکوژێتەوە.




كوا كار و ئه‌رك لای ئێمه‌؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د

پتر له‌ 2000 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، له‌ ئیمپڕاتۆڕیه‌تی ڕۆمانیدا، یاسایه‌ك به‌ ناوی (كۆرنێلیا) له‌ بواری پزیشكیدا هه‌بووه‌، سزای توندی ئه‌و پزیشكانه‌ی داوه‌، كه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشدا له‌ ئاكامی نه‌زانیی یان كه‌مته‌رخه‌میدا هه‌ڵه‌یان كردووه‌ و بوونه‌ته‌ هۆی مردنی نه‌خۆش؛ ده‌وڵه‌ت خۆی له‌ ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه‌ به‌ ناوی (ئه‌كویلیا) سه‌رپه‌رشتی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌. (ول ديورانت, قصة الحضارة, ت: محمد بدران, المجلد الخامس 9/ 10, ص 195).

له‌ دوای پتر له‌ 2000 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، كایه‌ی پزیشكیی و سیستمی ته‌ندروستی، وه‌ك هه‌موو كه‌رته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، له‌به‌رچاوی یاسا و به‌ پاڵپشتی یاسا (ده‌سه‌ڵات)، تاوانی گه‌وره‌ی له‌ حه‌ق نه‌خۆشدا تێدا ئه‌نجام ده‌درێ، كه‌چی نه‌ك هه‌ر كه‌س سزا نادرێ و هه‌رگیز كه‌س سزا نه‌دراوه‌، به‌ڵكو ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ كه‌موكوڕیی و تاوانه‌كان پتر ده‌بن.

كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كاتێك ده‌ستڕۆیشتووانی ناو ده‌زگای ته‌ندروستی هه‌ڵه‌یێك (تاوانێك) بكه‌ن، هیچ یاسا و ده‌سه‌ڵاتێك نییه‌ چاودێر بووبێ و لێیان بپێچێته‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكا؛ له‌مه‌شه‌وه‌ نه‌خۆش بێ پشت و په‌ناترین ڕه‌گه‌زی پاسیڤی (بێ ویستی) ناو ده‌زگای ته‌ندروستییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا. دواجار كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی ناو ئه‌م ده‌زگایه‌ و ده‌زگاكانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی (حكوومه‌تی) ئێمه‌ كه‌سانی سه‌ربه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدارن و ڕاسته‌وخۆ حزب دایانده‌مه‌زرێنێ و پله‌ و پایه‌یان پێده‌به‌خشێ؛ له‌مه‌وه‌ هیچ هێزێك و هیچ یاسایه‌ك نییه‌، كه‌ بتوانێ كاربه‌ده‌ستی به‌رپرس و هه‌ڵه‌كار سزا بدا و لێ پێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكا. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ هه‌موو ئاستێكدا دووچاری داته‌پینی ئه‌خلاقیی بووه‌: هه‌ست به‌ به‌رپرسیارییكردن گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی یه‌كجار خراپ و نزم.

له‌ ئاكامی ئه‌وه‌ش، كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ڕووی پێدانی مافه‌وه‌ جوداوازی له‌ نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كا (به‌ پێی ئینتیمای حزبایه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی…)، ئه‌مه‌ وا ده‌كا كه‌ كه‌سی حزبیی پتر به‌رانبه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی خۆی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌رك بكا؛ كه‌سی بێلایه‌ن و ناحزبییش، یان ئه‌ندامی حزبی دیكه‌ی ناده‌سه‌ڵاتدار، له‌ ئه‌نجامی كه‌م مافیدا خۆی له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی دوور بخاته‌وه‌ (ده‌بێ بزانین زۆربه‌ی جار كه‌سه‌ بێلایه‌نه‌كان باشتر ئه‌ركی خۆیان جێ به‌ جێ ده‌كه‌ن و پتر هه‌ست به‌به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌ن له‌به‌رانبه‌ر كاره‌ مرۆیی و پیشه‌ییه‌كه‌ی خۆیاندا). ئه‌م دیارده‌یه‌ (به‌ درێژایی نزیكه‌ی 25 ساڵه‌) له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمدا به‌ زه‌قی و به‌ تۆخی به‌دی ده‌كرێ و هه‌ستی پێده‌كرێ؛ له‌مه‌وه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌زگاكان بۆ خزمه‌تی خۆی به‌كار ده‌هێنێ، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابی كاری خزمه‌تگوزاریی ئه‌م ده‌زگایانه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هاووڵاتییاندا.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی و یه‌كیه‌تی) به‌ درێژایی 25 ساڵه‌ی حوكمڕانییان ناهێڵن هیچ پۆستێكی بچووك یان گه‌وره‌ له‌ ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیشدا (نه‌خۆشخانه‌، قو‌تابخانه‌، زانكۆ، مزگه‌وت…) بۆ هیچ كه‌سێكی دیكه‌ بێ جگه‌ له‌ لایه‌نگران و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی خۆیان نه‌بێ (ئه‌وه‌ی لێ بچێته‌ ده‌رێ، كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ زۆنی سه‌وزدا هه‌ندێك له‌ پۆسته‌كان وه‌ك ئاكامی مافی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان گۆڕان و یه‌كیه‌تیدا به‌ش كراوه‌). ئایا ده‌كرێ حزبێك چه‌ند كورسیه‌ك له‌ په‌رله‌مان بهێنێ (با براوه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میش بێ)، به‌ڵام چی پۆستی به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌ و بچووك هه‌یه‌ له‌ تێكڕای دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌تدا بۆ خۆی قۆرخی بكا؟ به‌ڵێ، ئه‌وه‌ (25) ساڵه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كوردستاندا به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ خۆپه‌رسته‌ خێڵه‌كییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكوومه‌تدا ده‌كا؛ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئه‌دای كار و ئاستی خزمه‌تگوزاریی ئه‌م ده‌زگایانه‌ هه‌بووه‌ و هه‌یه‌… كێ هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ ئاكامه‌ خراپه‌كانی ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ له‌سه‌ر دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت و تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌ش نه‌بینێ؟ مه‌گه‌ر ته‌نها كه‌سێك گێل بێ، یان خۆی گێل بكا له‌ ئاست ڕاستییه‌كاندا…




شەڕی بە وەکالەتی بۆڕیە نەوتیەکان لە Stone ەوە بۆ Petraeus …. هیوا خۆشناو

ئۆپەراسیۆنی موسڵ ١٧/١٠/٢٠١٦ کۆتایی گەمەکە نیە بەڵکو سەرەتای هەڵکردنی ئاگرە مەترسیدارەکەیە. کۆمەڵێک نیشانە و ئاماژە گرینگن بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕوداوەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و شییان بکاتەوە، لەوانەش نزیکبونی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و شیعەکانی عێراق لەلایەک، بەشداری پێنەکردنی تورکیا یان پەراوێزخستنی لە لایەکی دیکە و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنکەرە بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی بدات کە واشینگتۆن بە بەهێزترین هێزی سەرزەوی دەزانین دژ بە داعش.
ئەگەرچی موسڵ وەک شادەماری داعش و خوێنبەری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە ببیندرێ، لە ڕاستیدا دڵی ڕوداوەکان لە سوریایە. کێ لە داهاتوی سوریا باڵە دەست ئەبێ، هەر ئەو ئەبێتە حاکمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ستراتیژی ئەمریکا ڕونە. واشینگتۆن هەوڵەکانی بۆ باڵادەستبوونی خۆی لە ئۆکرانیا بەردەوام دەکات کە هێلی سەرەکی گواستنەوەی وزەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا. کێشەکانی ڕوسیا و ئەمریکا-ئەوروپا لەسەرخودی ئۆکرانیا نیە، بەڵکو لەسەر ئەو شوێنەیە کە وزەی پێدا تێپەڕئەبێ. وزە چەند گرینگە، بەڵام هیلی گواستنەوەکەی گرینگترە. خاوەن بیرە نەوتیەکان نابێ بە بیرەکانیان سەرخۆش بن، چونکە نەوت لەدەست تۆدا نیە، بەڵکو نرخەکەی، هێڵی گواستنەوە و کڕیارەکەی لەدەست کەسانی دیکە دایە.
بۆ ئەوەی ئەمریکا دو نەیارە گەورەکانی لە جیهاندا “چین و ڕوسیا” ئیفلیج بکات، پێویستە پێشتر زەبرێک لە بڕبڕەی پشتی ئابووریەکەیان بدات، ئەوەش بەتەنیا لە ڕێگای باڵادەستبوونی واشینگتۆن لە سوریا بەرجەستە ئەبێ. ئەوە بۆچونی نیۆ-کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمریکایە و چەقی شەڕەکە لە عێراق و سوریا لەسەر ئەوەیە نەک داعش. ڕاستە هێزەباڵادەستەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵانی ٩٠ ەکانەوە ستراتیژی ڕوخاندنی ڕژێمە کلاسیکیەکانیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بازاڕەکانیان لە ڕۆژهەڵات بخەنە گەڕ. بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵات وێران بکەن و دوایی کۆمپانیاکانیان بێن دروستی بکەنەوە. بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵات سیستێمی نیۆ-لیبرالەکان بەجێ بکەن کە ئامانجیان بەتایبەتکردنی کەرتی گشتیە و لە ئەنجامدا حکومەت بچوک ئەبێتەوە و هەژاران سودمەند نابن لە خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەوەی لە سوریا ئەگوزەرێ زۆر گریگترە لەوە.
داعش سەرەتا ئامرازێک بو بۆ ئەوەی حکومەتی ئەسەد بڕوخێ و حکومەتێکی سونەی سەلەفی جێگای بگرێتەوە و دوایی هیلی وزەی وڵاتانی کەنداو لەوێوە بگەیەندرێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و ئەوروپا. ئەوەش بەتەنیا بۆ وشککردنی ئابووری ڕوسیا و چین بو.
پڕۆژەی هێلی گواستنەوەی وزەی قەطەر لە سوریاوە بۆ ئەوروپا و ڕەدکردنەوەی لە لایەن ڕژێمی ئەسەد
بەپێی یەکێک لە بەڵگەکانی ویکیلێکس ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک بەشار ئەسەد پڕۆژەکەی قەطەری بۆ سازکردنی بۆڕی نەوت و غاز لە سوریاوە بۆسەر دەریاسی سپی ناوەڕاست ڕەدکردەوە، کە پڕۆژەیەکی ئەمریکی، کەنداوی و ئیسرائیلی بو، لایەنەکان پیلانی سەرهەڵدانێکی سوننەکانیان لە ناو خاکی سوریادا داڕشت و ئامانج ڕوخاندنی ئەسەد بو. بۆ ئەو مەبەستە دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا CIAهەڵسا بە چەکدارکردنی گروپە سوننیەکان دژ بە دیمەشق.
شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ دا دەستی پێکرد لەگەڵ گەشەسەندنی بەهاری عەرەبی کە لە کۆتاییدا وڵاتانی کەندا و مێدیا زەبەلاحەکانیان دەستیان تێوەرداو و شۆڕشەکەیان لە ژێردەستی کچو کوڕە خوێندکارەکان دەرهێنا ووەک چەکێکی سوننی و تەنانەت سەلەفی دژ بە نەیارەکانیان بەکاریان هێنا. بەڵام لە ڕاستیدا شەڕەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە دەستی پێکردبو کاتێک ئەسەد پڕۆژەی قەطەری ڕەدکردەوە. تەماشای لێکۆڵینەوە بەهێزەکەی ڕۆبەرت – ف – کەننەدی بکە Robert F. Kennedy Jr. “Syria: A new pipeline war” سوریا: شەڕی نوێی هێلی بۆڕییەکان.

دوای ئەوە یاریەکە بە کوێ گەیشت

دوای ئەوەی ئەسەد هەستی کرد کە قەطەری گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ ئەوەی بۆڕی نەوت و غازی وڵاتانی سوننە بە ئۆردون، سوریا و تورکیا ببەستێتەوە و ئامانجەکەش جگە لەوەی وڵاتانی کەندا و بەتایبەتی قەطەر ئەکاتە گەورەترین هێزی ئابووری ڕۆژهەڵات، هاوکات زەبرێکی کوشندەیە لە ئابووری ڕوسیا و چیتر ئەوروپا بەدەست غازی ڕوسیا زەلیل نابێ، ئیمزاکردنی پڕۆژەکەی ڕەدکردەوە.

پڕۆژەی هێلی گواستنەوەی وزەی نێوان ئێران – عێراق – سوریا و لوبنان

پەیامنێری ئاسیا تایمز پێپ ئێسکۆبار ئەڵێ، ئەگەر هاتو ڕۆژێک لە ڕۆژان هێلی گواستنەوەی بۆری گاز لە نێوان ئێران-عێراق-سوریا و لوبنان دا تەواو بێ، ئەوکاتە شیعەکان ئەبنە گەورەترین هێزی پۆڵایین لە جیهاندا.
دوای ئەوەی هەواڵێ “هێلی بۆڕی ئیسلامی” بڵاوکرایەوە و ڕوسیا پشتگیری لێکرد کە لە ئێرانەوە دەستی پێدەکرد و لە ناو خاکی عێراق و سوریا دەڕۆیشت و دەگەیشتە بەنداوەکانی لوبنان، وڵاتانی سوننە توشی هێستریا بوون. ئەوان بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بگەیەننە تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست پێویستیان بە کوشتنی ئەسەد بو. ئیستیخباراتەکانی سعودیە، ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا کەوتنە خۆ، بەڵام ئەوەی بە گونجاویان زانی سەرهەڵدانی سوننیە سەلەفیەکان و چەکدارکردنیان بو.

مێژو دووبارە ئەکەنەوە

ئەوانەی باش لە مێژوی دوێنێ ناڕوانن، ناتوانن ببنە خاوەن ستراتیژیەکی سەرکەوتو. ئەوەی ئێستا لە سوریا ئەگوزەرێ، لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکە ڕاستەقینەیەیە کە ئەمریکیەکان و دەزگای هەواڵگیری CIA زیاتر لە پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامی داو، ئێستا دووبارەی ئەکاتەوە. لەو بارەیەوە کەننەدی وا ئەڵێ:
((ساڵی ١٩٥٠ دوايت أيزنهاور”جەنەڕاڵ” و ألين دالاس ويلز “دیپلۆمات” ی ئەمریکایی و کاربەدەست لە دەزگای CIA ، بە سیاسەتی خۆماڵی کردنی نەوتی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی زۆر توڕەبون و ئەو یەکەیان وەک “دەنگی کۆمۆنیستان دێ” لێکدایەوە. ئەو دو کاربەدەستەی ئەمریکا هەڵسان بە سازکردنی پڕۆژەی سەربازی نهێنی دژی مارکسیزمی سوڤیەتی کە وڵاتانی “سعودیە – ئۆردون – عێراق – لوبنان” یان دەگرتەوە. بۆ ئەوەش دژی ئەو دەنگانەی کە ئەوان پێیان دەگوتن دەنگی کۆمۆنیزم، پاڵپشتیان لە سەرهەڵدان و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کۆنسەرڤاتیڤی جیهادی “سەلەفی و وەهابیەکان” کرد و لەو کاتەوە کاریانکرد بۆ بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆجیای ئیخوان المسلمین. بەپێی پەرتوکی Heiliger Krieg ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٠ هاوشانی سعودیە خەریکی پەرەپێدانی وەهابیەکانە لە ناوچەکە.
یەکەمین دەستێوەردانی ئەمریکا لە سوریا ساڵی ١٩٤٩ دەستپێئەکات. دوای ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەوکاتەی سوریا “شوکری ئەل-کوەیتی” دوودڵ بو لە ئیمزاکردنی پڕۆژەی سەربازی ئەمریکا-سعودیە لە سوریا و لوبنان. دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA کودەتایەکی ئەنجامدا و حوسێن ئەل-زەعیم ی نزیک خۆی هێنا سەر دەستەڵات. ئەل- زەعیمی بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی ئەمریکا و سعودیە جێبەجێ بکات، سەرەتا پارلمانی سوریای هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای چەند حەوتویەک لە لایەن هاوڵاتیانی سوریا ڕوخێندرا. دوای ئەوە CIA سیخوڕە بەناوبانگەکەی خۆی Rocky Stoneی بە ٣ ملیۆن دۆلارەوە ناردە سوریا بۆ ئەوەی سەلەفیە سوننیەکان و جەنەڕاڵەکان بە بەرتیل و پارە هان بدەن بۆ کۆدەتایەکی دیکەی سەربازی. سوپای سوریا هەستی بەوە کرد و بۆ جاری یەکەم لە مێژووی سوریادا، سوپا هەڵیکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق و Stone یان هێنا بەردەم کامێراکان. ناوبراو دانی بەوەدانا کە ئەوان لە هەوڵی کۆدەتا و شەڕێکی نایاساییدان دژ بە سوریا. سوپا ئەوکاتە سەرجەم سیاسی و سەربازیەکانی نزیک ئەمریکا تەسفیە دەکات و بەرەو دکتاتۆریەت و دەوڵەتێکی تۆتالیتاری لە دەستی جیهازێکی ئەمنی توند و تۆڵ هەنگاو دەنێ.
خوێنەری هێژا سەرنج بدە چۆن ئەوڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە سوریادا، بەدەستی هەمان ئاکتۆر، هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە. کاربەدەستە تەمبەڵەکانی CIA لە سەردەمی دەيڤيد پتريوس لەبەر تەمبەڵی و دەبەنگی تاقەتی نوسینی سیناریۆیەکی دیکەیان نیە، بۆیە ئەو سیناریۆیەی ڕۆکی ستۆن کە زیاتر لە پەنجا ساڵە لە ئەرشیفەکەیان کەوتوە، بە تەپوتۆزەکەیەوە دەریانهێنا و لەژێرناوی ئەسەد دکتاتۆرە، داعش لەناو دەبەین!!، دیموکراستی و دادپەروەری لە سوریا بنیاد دەنێین و …هتد خەڵکی هەژاری حەلەب، شەنگال و کۆبانێ و …هتد ناوچەکەیان کردە قوربانی.

پڕۆژە شەیتانیەکەی John Kerry و شا عەبدوڵا
لە ١١ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێرری و شا عەبدوڵای سعودیە لە کەناری دەریای سور کۆبونەوە و نەخشەی پڕۆژەیەکی نهێنیان کێشا کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی نراوە “ڕێککەوتنە نهێنیەکەی کێرری و عەبدوڵا” the kerry abdullah secret deal بۆ وردەکاری پڕۆژەکە سەیری لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەی F. William Engdahl بکە.
ئەو پڕۆژەیە بریتی بو لە دابەزاندنی نرخی نەوت لە ڕێگای OPEC کە سعودیەی عەرەبی دەستەڵاتێکی بەرچاوی هەیە لەو دەزگایەدا. ئەوان واتە ئەمریکا و سعودیە ئامانجیان ئەوەبو، زەبرێکی کوشندە لە ڕوسیا و ئێران بدەن. نرخی نەوتی سعودیە بۆ ئاسیا لە جیاتی ١٠٠ دۆلار کرا بە ٥٠ دۆلار، ئەوە گرفتێکی گەورەبو بۆ ڕوسیا، بەڵام وڵاتی سین سودی لەو پڕۆژەیە بینی. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە دواییدا لە زاری بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەت و ستراتیژی نەوت ڕەشید ئابانمی بیسترا، ئامانج لەو ڕێککەوتنە نهێنیە ئەوەبو، ڕوسیا دەست لە پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد و ئێرانیش ناچاربکرێ دەست لە بەرهەمهێنانی چەکی نوکلێری هەڵگرێ.
ئەمریکا بۆ ئەوەی وەک هێزی سوپەری جیهان بمێنێتەوە ناچاربو، زەبرێک لە ڕوسیا و هەردو هاوپەیمانی سەرەکی ئەو واتە ئێران و سوریا بوەشێنێ، ئەوەش بەتەنیا لە ڕێگای یاریکردن بە سیاسەتی نەوتەوە ئەکرێ. لە بیرمان نەچێ ساڵی ١٩٨٦ ئەمریکا لە ڕێگای هەرزانکردنی نەوتی خاوی سعودیە بۆ ١٠ دۆلار، وەکو ئێستا ڕژێمی سۆڤیەت و ئابووریەکەی کردە ئامانج کە لە دواییدا سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. ئێستاکەش ئەمریکا ڤلادیمیر پوتین لە ئاسیا و ڕۆژهەڵات بە گەورەترین بەربەست دەزانێ لەبەردەم سیاسەتەکانی بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێ سیستێمی جیهانی نوێ کە ئەوروپا و ئەمریکا بەیەک بەرەوە ڕوبەڕوی بەرانبەرەکانیان ببنەوە. بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرکەوێ پێویستی بە هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ئاسیا هەیە. ڕوسیا لە چەند ساڵی دواییدا هەوڵ ئەدا ئابووریەکەی پابەند نەبێ بە سیستێمی دۆلار و ئەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی نەتەوەیی. بۆیە چاودێران پێیان وایە پیلانە شەیتانیەکەی کێرری و عەبدوڵا نەخشەیەکی گەوجانەبو. هەربۆیە دوای ئەوە ڕیاز، واشنگتۆن، دەوحە و ئەنکەرە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان پەنایان بۆ ناشەرعیترین و دڕندەترین هێز برد لە جیهاندا کە سەلەفیەکان بوون. ئێستاش هەر ئەوانن باسی لەنابردنی ئەو گروپانە دەکەن!!.
ئێران لە ناو یاریەکەدا زۆرترین شانسی هەیە
هەرچەندە ئێران بەهۆی نەبونی سنور لەگەڵ سوریا ناتوانێ تاسەر ڕۆڵێکی وا کاریگەر ببینێ. تاران هەوڵ ئەدا پشتگیری خۆی بۆ عەلەویەکانی سوریا بەردەوام بکات و بەوپێیە زنجیرەیەکی شیعە لە تارانەوە بۆ بەیروت لە ڕێگای عەلەویەکانی سوریا پەرەپێبدات کە سوپای پاسداران، سوپای بەدر، ڕەوتی سەدر، مالیکی، ئەسەد و حزب اللە ی لوبنانی سەربازی ئەو خەتە دەبن. ئەوەش جوگرافیای شیعەکانە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ستراتیژی سەرجەم لایەنە بەهێزەکانی گەمەکەی سوریا و عێراق “ڕوسیا، سعودیە- ئەمریکا” بریتیە لە شەڕێک لەسەر هێلی گواستنەوەی وزە و گاز لە ڕێگای دەریای سپی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا. لە ئێستاوە دیارە پیلانی سعودیە و قەطەر کە ڕوخاندنی ئەسەد بو لە ڕێگای شۆڕشێکی سەلەفی و وەهابی سەرکەوتو نەبوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕوسیا و ئەمریکان. ئێستا بەدەرئەکەوێ ئەمریکا لە زۆر بواردا لەگەڵ ئێران کاردەکات. شەڕی موسڵ یەکێکە لەو نمونانە. موسڵ بۆ ئێران زۆر گرینگە و تاقە پردێکە بۆ بەستنەوەی تاران و دیمەشق بەیەکەوە. ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر ماندوە، سەختە بتوانێ ڕوبەڕوی ئێران ببێتەوە. ئێرانیش بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی ئابووری گەورەی جیهانی، پێویستی بە ئەمریکا و ئەوروپایە. ئایا تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر ئەمریکیەکان لەسوریا بێهیوابوون، پەنا نەبەنە بەر ئێران بۆ ئەوەی پڕۆژە کۆنەکە واتە هێلی گواستنەوەی نەوت و غاز لە نێوان ئێران-عێراق-سوریا لوبنان زیندوبکەنەوە؟ ئەوەش ڕەنگبێ سیناریۆیەکی پێشبینی کراوبێ بۆ دابڕانی پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ئەوروپا. ئایا ئەوکاتە هەڵوێستی تورکیا-وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل چی دەبێ؟ ئەمریکا دەتوانێ هاوسەنگیەک لەنێوانیاندا سازبکات؟ ئەگەر ئێران پاشەکشە بە بەرهەمهێنانی چەکی نوکلێری و دژایەتی سیۆنیزم بکات، ئەوا ئەگەری ئەو سیناریۆیە لە ئارادایە، چونکە ئێران و ڕوسیا لە داهاتودا لەوانەیە ببنە ڕکەبەری بەهێزی یەکتر لە ناوچەکە.

ستراتیژی تورکیا لە عێراق و سوریا

وادیارە ستراتیژیەکانی تورکیا لە عێراق و کوردستاندا دیارن و ئەگەر بمانهەوێ خەتیان بەژێردا بکێشین، ئەبێ سەرەتا لەو خەونەوە دەستپێبکەین کە ئەردۆغان بە دەوڵەتی نوێی عوسمانیەوە دەبینێ. بەپێی ئەوەش کەرکوک، موسڵ، حەلەب سێ شاری دەوڵەتی عوسمانین و لەو سەردەمەدا موسڵ و حەلەب گەورەترین ناوەندی بازرگانی بوونە لە ڕۆژهەڵات. ئەنکەرە هەوڵ ئەدا خۆی تێکەڵی سەرجەم ململانێکان بکات کە پەیوەندیان بەو شارانەوە هەیە.
جگە لەوە تێکەڵاوی تورکیا لەگەڵ گروپی داعش بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەو بۆچونی گەلێک لە وڵاتان، گرینگی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە موسڵ ڕادەکەن بۆ تورکیا دیاری دەکات.
هەبوونی گەریلاکانی پکک و ملیشیاکانی نزیک ئەو ڕێکخراوە لە چیای شنگاڵ و دوایی سنوری موسڵ لەگەڵ ڕۆژئاوا، چاوی ئەنکەرەی بردۆتە سەر گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە.
بۆ وڵاتانی کەنداوی دوژمنی ئێران گرینگە کە تورکیا لە ناوچە سوننی نشینەکانی عێراق باڵادەست بێ، بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات لە داهاتودا شیعەکان ناوچەی موسڵ و ئەنبار بکەنە پردێک بۆ بەستنەوەی ئێران و سوریا بەیەکەوە.
پڕۆفێسۆر ڕۆبێرت ئۆڵسۆنی شەرازە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە “تورکیا کۆمەڵێک ستراتیژی لە عێراقدا هەیە، بەڵام بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناتوانی بەشی زۆریان بێنێتە دی”. ئەگەر تورکیا لەگەڵ ئێران نەگاتە ڕێککەوتن بەتەنیا کاریگەری لەسەر هەرێمی کورستاندا دەمێنێتەوە و ئەتوانێ سود لە شیرینیەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان وەرگرێ. ڕەنگبێ ڕێگانەدان بە بەشداریپێکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاری موسڵ، سەلمێنەری قسەکانی ناوبراو بێ کە ئێران و هێزە شیعەکان ڕۆڵیان هەبو. بۆیە واپێدەچێ تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی و هێزە سوننیە بەعسیەکان کە بەشێکیان ئێستا لەناو داعشدا دەستڕۆن بیریان لە سیناریۆی ناوچە یان دەوڵەتێکی سوننە لە عێراقی ئێستا کردبێتەوە. ئەگەر بەشێک لە بانگەشەکانی بارزانی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بەتەنیا هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بێ، بەشەکەی دیکەی بریتیە لە سازکردنی دەوڵەتێکی سوننە لە ژێردەستەڵاتی تورکیادا.
سەبارەت بە سوریا ترسەکانی تورکیا زیاترن. ئەگەرچی تورکیا یەکێک لەو هێزانەیە کە دەتوانێ لەسەر زەوی سوریا ڕۆڵێکی گەورەتر و بەکاریگەرتری هەبێ لە سەرجەم هێزەکانی دیکە، بەڵام سیاسەتی ئەردۆغان و گومانکردن لە پەیوەندیە مەترسیدارەکانی لەگەڵ داعش لە لایەک و ستراتیژی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ دەستەڵاتی ڕەهایی ئەو پیاوە، وای لە سەرجەم هێزەکانی جیهان کرد، لە ناچاری نەبێ هاوکاری نەکەن. گەورەترین کۆسپیش ئەوڕۆکە ڕۆژئاوای کوردستانە کە بۆ ئەمریکا و ڕوسیاش گرینگە. دروستبونی کوردستانێکی دیکە لە تەنیشت تورکیاهەڕەشەیە. چارەنوسی سوریا چی بەسەر دێ، کێ لە داهاتودا دەبێتە حاکمی دەریای سپی ناوەڕاست؟ سنورەکانی ئەو کوردستانە تا کوێ دەچن؟ کانتۆنەکان تا چەند و کەی یەکتر دەگرنەوە؟ ئەگەر ئەوانە نەهاتنە دی چی ڕوئەدا و پڕۆژەی بە باشوورکردنی ڕۆژئاوا سەردەگرێ یان نا؟ ئەوانە پرسیاری جدین و لە داهاتودا زو یان درەنگ وەڵامەکانیان وەردەگرینەوە.
ڕژێمی ئەسەد تا ئێستاش سەرباری ئەوەی شکست و داڕمان تا لوتی هاتوە، بەردەوامە لەسەر ئەقلیەتی شۆڤێنیزمی و دەوڵەت-نەتەوە. بەڵام وەک تاکتیکی ڕۆژانە ئەبێ لایەنی کوردی ئەوە بزانێ ئەوڕۆ ئەسەد زۆر لە تورکیا و ئەو لایەنانەی لە پەراوێزی تورکیا سیاسەت و شەڕ ئەکەن باشترە، چونکە بێهێزە و ئەو ئیرادەیەی نیە ڕوبەڕوی کورد بێتەوە.
ئێستا مۆسکۆ لەسەر سنوری سوریای دەریاسی سپی باڵادەستەو بنکەی سەربازی هەیە، بۆیە ناوچەی حەلەب و دەوروبەری بۆ ئەو زۆر ستراتیژیە کە کانتۆنی عەفرینیش ئەگرێتەوە. پەیوەندی کورد لەگەڵ ڕوسیا زۆر گرینگترە لە پەیوەندی کورد لەگەڵ ئەمریکا. ستافی ئۆباما بەتەنیا بۆ ئەوەی میراسێک بۆ دیموکراتەکان بنیات بنێ، بەر لە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، شەڕی موسڵی دەستپێکردوە، بەڵام لە سوریا چی ئەکات جارێ دیارنیە. کەچی ڕوسیا نایهەوێ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە سوریا شەڕ بکات و ئابووریەکەی ناخاتە مەترسی. ڕوسیا پەلەیەتی لە پاککردنەوەی باکوری سوریا لە ئیسلامیە جیهادیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا. ئەگەر کورد و ئەسەد ڕێکبکەون، ئەوا بەیارمەتی ڕوسیا دەتوانن سیاسەتەکانی تورکیا لە باکوری سوریا پوچەڵ بکەنەوە، ئەگەرنا ستالینگرادێکی دیکە وەک ئەوەی کۆبانێ لە عەفرین و دەوروبەری چاوەڕێمان ئەکات. ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەتەنیایە، بارەگا سەربازیە زەبەلاحەکەی ئەمریکا “ئینجەرلیک” ئێستاش لە تورکیایە. ئەمریکا لە ناوچەکە بەتەنیا تاقە ئەندامێکی بەهێزی هەیە لەناو ناتۆ ئەویش تورکیایە. سەرجەم هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وڵاتانی کەنداو سوننەن کە پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ تورکیا هەیە. تورکیا ئەوڕۆ کارتی ڕوسیا دژ بە ئەمریکا باش بەکاردێنێ. کارتی پەنابەران دژ بە ئەوروپا باش بەکاردێنێ. مرۆڤ لەوە ئەترسێ، ئەمریکا ناچاربێ لە داهاتودا لەگەڵ تورکیا لە سوریا و عێراق کاربکات و پشت لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بکات. هەڵمەتەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی ئۆگستی ٢٠١٦ لە سوریا و ئەو ناوچانەی کە لە ڕوی جیۆستراتیژی بۆ کوردەکان گرینگن و هەڵگیرساندنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا نیشانەی ئەو یەکەیە.
کورد ئەبێ باش بزانێ ئەگەر ببێتتە بەشێک لە شەڕی بۆڕیەنەوتیەکان ئەوا جگە لە سوتەمەنیەک بۆ شیعە و سوننیەکان هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایە. کورد ئەبێ لە ئاستی ناوچە ستراتیژیەکی فراوانی هەبێ. بەپێی ستراتیژی فراوانی ناوچەکە لە هەر بەشێکی کوردستان ئەبێ ستراتیژی کورد هەبێ، ئەگەرنا بەتەنیا ئەبینە سەربازی یاریەکانی هێزەکان وەک ئەوەی ئێستا لە موسڵ ئەگوزەرێ. ئەگەر کورد توانی ستراتیژی هاوبەشی هەبێ، هێزی یەکگرتوی هەبێ، خۆی لە ئەقڵیەتی سەردەمی میرەکان ڕزگار بکات، ئەوا شانسی سەرکەوتنی گەلێک زۆرە. ئەوەی ئێستا دەبینین دابەشبونە بەسەر بەرەکاندا و لەناو ئەو دابەشبونەشدا هەندێک کورد بەتەنیا دەبنە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندی ئەلیتی سیاسی داخراو. کوردی بێ فکر، بێ پڕۆژە و بێ پلان جگە لە سەربازێکی ڕوتی شەڕی بۆڕیەکان چارەنوسێکی دیکەی نابێ.

————————–
Heiliger Krieg

Turkey’s Strategy for Syria and Iraq

War Propaganda: Syria’s Destruction by the Lies of the Western Media. “Washington will Never let Go, Their Target is World Hegemony”


https://sputniknews.com/politics/201602241035279588-us-syria-conflict-daesh/
http://www.ecowatch.com/syria-another-pipeline-war-1882180532.html
http://www.informationclearinghouse.info/article40089.htm

Turkey’s Strategy for Syria and Iraq




هۆكاری هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌كانی له‌مه‌ر روداوه‌كه‌ی كه‌ركوك … عیماد عه‌لی

دیاره‌ راستگۆترین و دڵسۆزترین و خۆبه‌خترین و خۆبه‌خشترین كه‌س و به‌رگریكار له‌ كه‌ركوك به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا ده‌ركه‌وت، خه‌ڵكه‌ ره‌شوروت و كوردپه‌روه‌ره‌كه‌ی خودی شاری كه‌ركوك بوون، كه‌ به‌ هه‌موو توانا و حاڵو ماڵی خۆیانه‌وه‌ بێ سڵه‌مینه‌وه‌ و دوور له‌ یه‌ك تۆزقاڵ ترس هاتنه‌ میدان و ده‌ستیان له‌ كوشتن و له‌ناوبردن و وه‌ده‌رنانی ئه‌و جنۆكانه‌ نه‌پاراست .
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی و دڵسۆزی بۆ شارێكی كوردنشین، هیچ كه‌موكورتیه‌كی نه‌بوو، گیانیان به‌خت كرد و ئازایه‌تی و پاڵه‌وانێتیان نواند و له‌ نێو پێشمه‌رگه‌كانیشدا كورانی كوركوك قسوریان نه‌كرد و توانیان خه‌ونی زۆرێك لایه‌نی ناوه‌كی چ عیراقی بێت یان كه‌ركوكی و ته‌نانه‌ت كوردستانیش، یان ده‌ره‌كی، له‌گۆر بنێن .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرا، له‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا، زۆرێك لایه‌ن هه‌بوون هه‌ر یه‌كه‌و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌و باره‌وه‌ ده‌دوا و به‌ پشتخانی حزبی و یان ناوچه‌چێتی یان شارچێتی قسه‌ی ده‌كرد و لێدوانی ده‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی ده‌ریخست كه‌ نه‌بونی روحی یه‌كگرتووی و په‌رشوبڵاوی چه‌ند كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر بیر و ره‌فتار و ته‌نانه‌ت بۆچونی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری جێهێشتووه‌ .
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ نێوخۆیه‌ عیراقی و كوردستانیه‌كان و ده‌ره‌كیه‌كانیش له‌مه‌ر پرسی كه‌ركوك و دوارۆژه‌كه‌ی به‌ جوانی بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ركه‌وت، له‌مه‌شدا پلان و پیلانه‌كانیش روون بونه‌وه‌، كێ كه‌مته‌رخه‌م بوو، به‌ڵكو پێشیخۆش بوو كه‌ داعش له‌كه‌ركوك بێت نه‌ك كورد ده‌سه‌لاتدار بێت، كێ چاوپۆشی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كرد و پشتگوێی خست، كه‌ ده‌یتوانی ته‌نانه‌ت به‌ لێدوانێك هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ربرێت، كه‌چی قروقه‌پی لێكرد، كێ ئاواته‌خواز بوو كه‌ روداوه‌كه‌ درێژه‌بكێشێت و فشاره‌كانی سه‌ر موسڵ كه‌م بێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ورده‌ ده‌زوی پشت سیناریۆكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ركه‌وت، كه‌ له‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ هه‌ندێك عه‌سكه‌ری و سه‌رتاپا سیاسیه‌ی داعش كێ به‌ هه‌ر جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌شدار بووه‌ . ته‌نانه‌ت له‌ نێو ئه‌و هه‌موو لایه‌نانه‌دا دووبه‌ره‌كی نێوان هه‌ردوو باڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش كه‌ حزبی یه‌كه‌می دسه‌ڵاتداره‌ له‌و شاره‌دا به‌ روونی دیار بوو .
ئه‌مه‌ بۆ شارێكی زۆر گرنگ و یه‌كجار ستراتیجی بۆ كورد و پرسه‌كه‌ی و دوارۆژی به‌م شێوه‌یه‌ بێت و، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ربخات كه‌ یه‌كگرتوویی گه‌لی كوردستان له‌ چ ئاتسێكدایه‌ و ناكۆكی له‌ چ قۆناغێكدا، وا خۆی فرز كردووه‌ و پیشانی هه‌موو لایه‌كی دا كه‌ وه‌زعی كوردستان چۆن چه‌قی به‌ستووه‌ و، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوارۆژی گه‌له‌كه‌یان نه‌خوێندۆته‌وه‌ .
ئه‌مه‌ی كه‌ركوك پیلانێكی دوژمنكارانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی بوو كه‌ له‌دوارۆژێكی نزیكدا لایه‌نه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت و بۆ هه‌مووان ئاشكرا ده‌بێت و كاری پشت په‌رده‌ی لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كانی بۆ خه‌ڵك روون ده‌بێته‌وه‌ . ئه‌وه‌ی گرنگ و مه‌به‌سته‌ پلاندانه‌ر و به‌شداریكه‌ر و هاوكاریكه‌ریی پشت په‌رده‌یه‌ كه‌ بۆ خه‌ڵك به‌ جوانی ده‌ركه‌وێت .
ئه‌وه‌ی له‌م كرده‌وه‌ درندانه‌یه‌ قازانج ده‌كات به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌نقه‌ره‌یه‌ پێش داعش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی:
یه‌كه‌م : زۆر لایه‌ن به‌م كرده‌وه‌ مه‌شغوڵ ده‌كات كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی له‌ موسڵ دوور بكه‌ونه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌ و تا راده‌یه‌ك حه‌شدی شه‌عبی، تاوه‌كو بتوانێت له‌ مه‌یدانی شه‌ری موسڵ له‌ رێگه‌ی به‌ره‌كه‌ی كورد یان پارتیه‌وه‌ هه‌ر چیه‌كی بوێت بیكات و لایه‌نی زاڵ له‌وێدا واته‌ پارتی بێگومان ده‌بێت ملكه‌چی بێت، له‌به‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی كه‌ له‌ ژیر ده‌ستی توركیایه‌ و، تا ئێستا سه‌به‌ته‌ پر له‌ هێلكه‌كانی راده‌ستی ئه‌و كردووه‌ ووه‌رینه‌گرتۆته‌وه‌و وای لێهاتووه‌ كه‌ هه‌نگاوێك بێ راوێژ و رازیبونی ئه‌و نه‌روات .
دووه‌م : له‌ناو خۆی كه‌ركوكدا لایه‌نگران و دارده‌ستانی توركیا، چ له‌به‌ره‌ی سونه‌ بێت یان توركمانه‌كان، بكه‌ونه‌ حاڵه‌تێك كه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌هێزیه‌وه‌ لێدوان بده‌ن وره‌فتار بكه‌ن و بڵێن گیان و حاڵ و ماڵیان ئارام نیه‌ و شاره‌كه‌ سه‌قامگیر نیه‌ و پێویستی به‌ هێزی تری غه‌یره‌ هه‌یه‌ بۆ ئارامی شاره‌كه‌ و، له‌وه‌شدا ده‌توانن یاری خۆیان بكه‌ن و كه‌ركوكیش به‌ده‌ردی موسڵ به‌رن .
سێیه‌م : فشاری زیاتر له‌سه‌ر موسڵ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و به‌ره‌ی نوێ دروست ده‌كرێت و شه‌ره‌كه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قازانجی توركیا و پیلانه‌كانیه‌تی . له‌مه‌شدا زۆر كارتی له‌م ناوچه‌یه‌ تێكه‌ڵ ده‌كرد له‌وانه‌ش:
1 – بوار بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرایه‌وه‌ به‌ زۆری بێنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌، به‌مه‌ش ناكۆكی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك دروست ده‌بوو و توركیاش له‌دووره‌وه‌ و به‌ ده‌ستی پاشكۆكانی یاریی خۆی ده‌كرد و بواری ده‌ستێوه‌ردانی بۆ ئاسان ده‌بوو .
2 – لایه‌نگرانی توركیا بێده‌نگ ده‌وه‌ستان له‌ ئاست پشێوی و ئاڵۆزیه‌كان و به‌ڵكو ئاگره‌كه‌شیان خۆش ده‌كرد و به‌ره‌ی خۆیان قایم توند و به‌گورتر ده‌كرده‌وه‌ و، ئاماده‌باش ده‌بوون بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ توركیا به‌ پیلانه‌كانی ده‌یتوانی بیگێرێت .
3 – ته‌نانه‌ت هه‌ر هیچ شتێكیشی بۆ نه‌كرایه‌، ده‌یتوانی هاوسه‌نگی هێزی كوردی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكرتی كوردستان بگۆریت و، له‌وێوه‌ به‌ ئاسانی ده‌یتوانی فه‌رمانه‌كانی به‌و رێگه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌زه‌ره‌ر بۆ كورد و، ته‌نانه‌ت بێ ئاگاداریی خۆی بۆ پارتیش ده‌كه‌وته‌وه‌ .
4- ده‌یتوانی كه‌ركوك وه‌ك كارتێكی زۆر گه‌وره‌ بۆ كێشه‌ی موسڵ به‌كار بێنێت له‌ پاش رزگاركردنی و به‌قه‌راربونی ئاسایشی شاره‌كه‌ .
چواره‌م: هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌م كاره‌ی توركیا ده‌ستی عیراقی زیاتر له‌ كورد به‌سه‌ر كه‌ركوكدا زاڵ ده‌كرد، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ كورد باشتره‌، دیاره‌ به‌ پێی بیركردنه‌وه‌و پلانه‌كانی ئه‌و .
بۆیه‌، ده‌كرێت بڵێین كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ رۆڵی گه‌وره‌ی تێدا هه‌بێت و تا راده‌یه‌كیش رێی تێده‌چێت به‌غداش ز انیاری نهێنی هه‌بوبێت و، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی زانیبَت كه‌ ئه‌گه‌ر داعش سه‌ركه‌وتو بوایه‌، له‌دوارۆژدا به‌غدا له‌ رزگاركردنی كه‌ركوك به‌شدار ده‌بوو، به‌و شێوه‌یه‌ش كه‌ركوك به‌ ته‌واوه‌تی ده‌گه‌رایه‌وه‌ باوه‌شی ناوه‌ند و هێزه‌ پیلانگێره‌كان و، سیناریۆیه‌ نێوخۆییو ده‌ره‌كیه‌كه‌ سه‌ركه‌وتو ده‌بوو .




ئاژه‌ڵانی خوێنه‌ر … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ سێبه‌ری ئه‌و دارستانه‌ له‌به‌ر كتێبان ده‌مێنم
بیرم له‌ گه‌ڵا ئاڵاوه‌
دڵم تووند تووند وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی جێماو ده‌جریوێنێ‌
له‌به‌ر رۆناكی خه‌ریكم
ده‌گه‌مه‌ كۆتایی باران
وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم ونكردبێ‌ كتێبێكم له‌ ده‌ستدایه‌.

ئه‌و دارستانه‌ وه‌ك كتێبان ده‌خوێنمه‌وه‌
عاشقه‌كان له‌ ژێر سێبه‌ری خه‌یاڵم ده‌چنه‌ ماچان
له‌ پشته‌وه‌ هاوڕێكه‌م به‌ دوو ده‌ستان چاوم ده‌گرێ‌
له‌ پشته‌وه‌ زه‌وی به‌ بزه‌ پێمده‌ڵێ‌ دڵ ئارامه‌
هه‌میشه‌ دنیا ده‌جولێ‌ بۆ پێشه‌وه‌
كتێبێكم له‌ ده‌ستدایه‌ رێگا رۆناك ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و دارستانه‌ وه‌ك كتێبان مه‌ستم ده‌كات
ئاسمانی وشه‌م خه‌یاڵه‌، له‌ چێژی زه‌وی ناسره‌وێ‌
وڵات هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌
به‌لادا دێ‌
وشه‌یه‌ك ده‌مگرێته‌وه‌، هاوڕێیه‌كی گه‌ڵا ئاسا
باوه‌ش بۆ كتێبی ده‌ستم ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و دارستانه‌ به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ ده‌ڕوانێ‌
ئاژه‌ڵانی خوێنه‌ر ده‌ڵێن له‌به‌ر كتێبان ده‌مێنین
خوێنه‌رانی ئاژه‌ڵ ده‌ڵێن له‌به‌ر دارستان ده‌مێنین
من خه‌ریكه‌ له‌ هیچه‌وه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌
با وه‌كو گه‌ڵا ده‌مانبا
مردنیش چه‌شنی كتێبان.

1/10/2016




ئه‌م زریانه‌ شێته‌ … نه ژاد عزیز سورمێ

( 1 )

هه‌ناسه‌ی من كزه‌بایه‌ و
قژی تۆش ڕه‌وێ‌ وشه‌ی سرك
وه‌ك ڕووبارێ‌ گڕ تێبه‌ربوو،
خۆزگه‌ی لوتكه‌ به‌فرینه‌كان
ده‌وروژێنێ‌ و ناوروژێنێ‌!
(چراكان هه‌ڵایساون
شه‌قام وه‌كو چاوی ئه‌ستێره‌كان ڕوونه‌
عه‌شقی هه‌تاو
گیان له‌ خوێندا شه‌ڵاڵ ده‌كا..)
من به‌ هه‌ناسه‌م ،
قژ له‌سه‌ر ڕووتا لا ئه‌ده‌م
خوێن له‌ عه‌شقی ڕووباردا ئه‌توێته‌وه‌..

به‌ته‌لانی خه‌می خۆیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌
خلۆر ده‌بێته‌وه‌..
تل ئه‌داته‌وه‌،
تاودان..هه‌ناسه‌بڕكێ‌.. تاودان.. هه‌..نا..
سه‌..بڕ..كێ‌..تا..و…ه…نا..
نوزه‌ی لێ‌ ده‌بڕێ‌
( كێ‌ بێ‌ گوڵئه‌ستێره‌ی وشه‌
له‌ شه‌وی تاری شاعیردا بفڕێنێ‌؟ )
ئه‌مه‌ ڕووباره‌ !
تاشه‌ به‌رده‌كان وه‌ك ده‌ستاڕ
په‌راسووه‌كانت ده‌هاڕن.
هه‌موو شوێنی – سیپان – نییه‌
ژانی برینه‌ گه‌شه‌كانت، ئاوێزانی ،
سێبه‌ر و سۆزی – خه‌ج – ێ‌ بێ‌
ئاگات لێیه‌ له‌ چ گێژه‌نێك خول ئه‌خۆی؟
ئاگات لێیه‌ كه‌ خول ئه‌خۆی و ناخنكێی؟
( له‌ گه‌رمیانی دڵی به‌كوڵ گریاومدا
ڕه‌شماڵی كوێستانه‌كانت بۆ هه‌ڵئه‌ده‌م
ده‌بم به‌ چڵی هه‌تاو و
خۆم به‌ ته‌زووی
دڵی شكاوت وه‌ده‌كه‌م.)
به‌ره‌و سه‌رچاوه‌ی بناری لوتكه‌ ون بووه‌كان مل ده‌نێ‌..
وشه‌كان:
(( مرواری به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و ))ن
ده‌ست ده‌با
خۆیان به‌ كه‌فی شه‌پۆلدا هه‌ڵده‌واسن و ون ده‌بن..

كێ‌ بێ‌ ئه‌م زریانه‌ شێته‌ بخه‌وێنێ‌؟
خه‌و (شیرین)ه‌ ، ده‌بێ‌ به‌چڵێ‌ تریفه‌..
كێ‌ بێ‌ ئه‌م زریانه‌ شێته‌ بخه‌وێنێ‌
شیرین له‌ دڵی فه‌رهاد
رێی ڕووناكی هه‌ڵده‌به‌ستێ‌.
ئه‌م زریانه‌ خونچه‌ی چاوت ده‌پشكوێنێ‌.

هیچم ناوێ‌
دڵه‌كه‌م له‌ ئامێزی شه‌یدا هیچم ناوێ‌
ته‌نیا وه‌ره‌
بۆم ببه‌ به‌ خۆری شیعرێ‌ و
له‌گه‌ڵ گه‌ردی به‌یانیه‌ك
ته‌زووی ئۆخه‌م بۆ بهێنه‌.
ئه‌م جیهانه‌ بێ‌ گۆرانی ئه‌سته‌مه‌
گیانه‌ وه‌ره‌ ئاوازێ‌ بۆ ئازاره‌كانم دابنێ‌..

(2)
زه‌وی ده‌نكه‌ حه‌بێ‌ نییه‌
ئه‌ویش ئافره‌تێ‌ بێ‌ هانا، بێ‌ ده‌رده‌تان.
ئه‌مه‌ زریانه‌ كوێرایتان ده‌كاته‌وه‌..
هه‌وری گریان و گۆرانی
به‌ ئاسماناندا ده‌فڕێنێ‌ . .
ئه‌مه‌ زریانه‌ ،
(( بێ‌ ده‌نگ بن گوێم بۆ دڵم ڕاده‌دێرم ))
گوڵئه‌ستێره‌ی وشه‌ ئه‌مشه‌و به‌ڕه‌ڵڵایه‌
هه‌تاو به‌سه‌ر شه‌وه‌زه‌نگ و شه‌خته‌ی شیعردا ده‌بارێ‌..
نه‌ ْ .. دونیا به‌ باسه‌رابی ئاسۆی لێڵتان نابزوێنرێ‌..
خۆری شیعر ،
ئه‌م جوانییه‌ كوشنده‌یه‌
ده‌رزی نێو كادانێ‌ نییه‌
نیهان نادرێ‌..
( له‌ دره‌ختێكی ته‌نیا ده‌كا
به‌ پشتی شاخێ‌ ڕووته‌وه‌..
له‌ نێرگزی پشكوتووی چاوه‌كانیدا
پایز نه‌ورۆزێكی نوێیه‌.
نهێنیه‌كی شیعرئارایه‌ ،
جاری وایه‌ له‌ سێبه‌ری مێرووله‌یێك پاڵده‌كه‌وێ‌
جاریش هه‌یه‌ هه‌موو دونیا به‌شی ناكا..)
چی ناو ده‌نێی؟
ئه‌م زریانه‌ شێت و شێته‌ ،
چی ناو ده‌نێی؟
نووری خوایی
یا چه‌ند ساتی كورتخایێنی دونیایی؟
چی ناو ده‌نێی؟
باڵای شیعر
یا گۆرانیه‌كی ئاواره‌..؟
1977\1981

ئاملژه‌ : ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ له‌ ئه‌ساسدا له‌ دوو كاتی جیاوازدا نووسراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌ وه‌ ، په‌ره‌گرافی یه‌كه‌م ساڵی 1977 له‌ گۆڤاری ( به‌یان ) و په‌ره‌گرافی دووه‌م ساڵی 1981نووسراوه‌ و له‌ گۆڤاری
( كاروان ) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .




كوردستان قسمه‌ت وقه‌ده‌ربه‌ریوه‌ی ده‌بات،نه‌وه‌ك حكومه‌ت … ئانیا ئەحمەد پور

باییزی ئه‌مسال به‌روداویكی سیاسی كرنك ده‌ست بیده‌كات ئه‌م روداوه‌ بۆ كات و هه‌لومه‌رجی ئیستا نه‌ك ته‌نیا مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ده‌سه‌لاته‌ به‌لكو جیكای داخ و جۆریك له‌كالته‌جاری به‌دوای خۆی دینی جونكه‌ بۆ حكومه‌ت گه‌واهی دانه‌ به‌و شكسته‌ی كه‌ هیناویه‌تی.دوای جه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی بی سودی حزبه‌كان و تیكدانی به‌یوه‌ندی به‌ به‌غدا و جه‌نده‌ها به‌لینی كه‌وره‌تر له‌تواناكان و ئومیدی مه‌حاله‌ی ده‌وله‌تی كوردی و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دواجار توانیان له‌به‌غدا جیا ببنه‌وه‌. ره‌نكه‌ ئه‌م بریارانه‌ وا بیشبینی كرابن كه‌ پایه‌كانی حزبیك له‌هه‌ریمدا قایم بكا و سه‌ركه‌وتنی به‌دواوه‌ بیت وه‌ بتوانری كورسی ده‌سه‌لات بۆیان جیكرتر بی كه‌ روونه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كه‌یشته‌ كوی كه‌واته‌ هه‌مو جۆره‌ جاوه‌روانیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خشه‌ و ده‌وله‌تی كوردی و سه‌ركه‌وتنه‌ له‌هه‌ریمدا بیته‌دی خه‌ونیكی مه‌حاله‌
ئه‌م بۆجونه‌ی ئیمه‌ دروست كردنی كه‌شی نائومیدی نیه‌ هینده‌ی بریتیه‌ له‌ په‌یامیك بۆ ده‌سه‌لات بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌م ئالۆزییه‌ بوه‌ستی نه‌ك ئالۆزتر بروا وه‌ دۆخی نائومیدی تیبه‌رینن. سه‌ره‌رای ئه‌م هه‌لانه‌ی كه‌ ده‌سه‌لات كردونی و نه‌توانین بۆ وه‌ستان دز به‌ قه‌یرانی ساخته‌ و برینی موجه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ریم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و جه‌ندین ناكۆكی تری ئه‌م دو نیوه‌نده‌ و

به‌رده‌وامی هیرشی تیرۆرستان بۆ سه‌ر ناوجه‌كانی سنوری هه‌ریم و شكستهینانی ئه‌و به‌لینانه‌ی له‌مه‌ر ده‌وله‌تی كوردی و ریفراندۆم جكه‌ له‌وه‌ش به‌رده‌وام و رۆزانه‌ له‌ریی ده‌زكا میدیاییه‌كانه‌وه‌ باس له‌ بارودۆخی هاونیشتمانیان ده‌كری له‌به‌رامبه‌ریشیدا ده‌سه‌لات بیده‌نك و وه‌ك بینه‌ریك به‌بی هه‌لویست رۆل ده‌گیری به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كیشه‌كانی هه‌ریم رۆز له‌دوای رۆز رو له‌زیادبونن وه‌حكومه‌ت لییانه‌وه‌ به‌وردی ئاكاداره‌ و دیسته‌وسان دانیشتوه‌ جیكای سه‌رنجه‌ كه‌ له‌م ماوه‌ دورو دییزه‌دا دوای ده‌ربه‌ده‌ربونی ده‌یان هه‌زار خیزان و دوای نه‌مانی زیانی هاولاتیان و دوای بلاوبونه‌وه‌ی بیزاری له‌ده‌سه‌لات و دوای بلاوبونه‌وه‌ی كیانی وره‌ به‌ردان و بیئومیدی و دوای له‌به‌ریه‌ك ترازانی شیرازه‌ی به‌یوه‌ندی نیوان حزبه‌كان و ده‌ركردنی سه‌رۆكی به‌رله‌مان.دوای ئه‌م هه‌مو ناته‌باییه‌ی نیوان هه‌ریم و حكومه‌تی ناوه‌ند ئیستا بیشمه‌ركه‌ نیردراوه‌ته‌ موسل و شه‌ر له‌بری ئه‌وان ده‌كات ئه‌وه‌ بۆخۆی دان پیدانانیكی هه‌ره‌سهینانه‌ و بوجه‌لی كۆمه‌لیك بابه‌ت و به‌لینن.سه‌ره‌رای برینی موجه‌ و ناكۆكیه‌كان و بایكۆتی خویندن و جه‌ندین قه‌یران و كیشه‌ی جۆراوجۆر ئه‌مرۆ خه‌ریكه‌ به‌ ده‌یان مندالی كورد و بیشمه‌ركه‌ شه‌هید ده‌كرین له‌ناوجه‌یه‌ك كه‌ هیج به‌یوه‌ندیه‌كی به‌هه‌ریمه‌وه‌ نه‌ماوه‌ وه‌ ناویان ناوه‌ ئۆبه‌راسیۆنیكی میزویی ئه‌بی جۆن ئه‌م واقیعه‌ تاله‌ له‌میزودا ره‌نك بداته‌وه‌؟جونكه‌ سه‌ركرده‌كان لیره‌دا جاره‌نوسی سه‌رجه‌م گه‌ل داده‌ریزن

له‌بیناو ریبازی سیاسی و دیدی خۆیان بۆجۆنیه‌تی سه‌ركه‌وتن و به‌هه‌زاران به‌كوشت ده‌ده‌ن و گه‌لیش به‌سه‌ركه‌وتن ناكه‌یه‌نن و به‌رزه‌وه‌ندی داهاتوی كه‌له‌كه‌مان بونی نابی سه‌رباری ئه‌مانه‌ش دوباره‌ هیج كام له‌حزبه‌كان هه‌لویست و رۆلیكیان نه‌نواند به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ وه‌لایه‌نی ده‌سه‌لات جۆریك له‌بیخه‌می نیشان ده‌دا به‌لكو زیاتر سه‌رقالی كیبركی و ناكۆكیه‌ بۆ به‌ده‌ست هینانه‌وه‌ی كزرسی حوكم ئه‌مه‌ش ته‌نیا باركرزی زیاتر به‌دوای خۆیه‌وه‌ دینی.ته‌نانه‌ت ده‌سه‌لات هیج كام له‌قسه‌كانی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نین به‌ماوه‌یه‌كی كورت به‌رله‌ئیستا ده‌یكوت به‌ره‌ و ئازادی هه‌نكاو ده‌نیین جیابونه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند مانای جیابونه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ده‌وله‌ت و هاونیشتمانیانه‌ كه‌ سالانیك به‌نایان بردبوه‌ به‌ركوشتن و برینی تاكی كورد و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ میزویه‌كی خویناوی كه‌ بۆهه‌ریمیان دروست كردبو یاخود به‌ده‌ست هینانی داخوازی گه‌لیكی نه‌ته‌وه‌ی كورد و دامه‌زراندنی برۆسه‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌بیناو كوردستان كه‌جی ئیستا جوه‌ته‌ ناو بارجه‌ خاكیك و شه‌ریك ده‌كا كه‌ هیج به‌یوه‌ندیه‌كی به‌كورد نیه‌.شه‌هیدبونی به‌ده‌یان بیشمه‌ركه‌ و مندالی كورد له‌بیناوی ئه‌وانه‌ی كه‌ میزوی خوینینیان بۆ دروست كردبوین ئه‌مرۆ شتیكی جاوه‌روان نه‌كراوه‌ له‌بیناو باراستن و ئازادی ئه‌وان نه‌ته‌وه‌ی كورد بكوزرین و ببن به‌ قوربانی بریاره‌ هه‌له‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ده‌سه‌لات.دوای ماوه‌یه‌كی دورو دریزی برسی بون و

و هه‌زاری و ئه‌و باره‌ ئالۆز و دۆخی نائومیدی كه‌ میلله‌تی به‌ره‌و جه‌ندین ده‌رده‌سه‌ری برد له‌بیناو ده‌وله‌تی كوردی ئه‌مرۆ كه‌رانه‌وه‌ و شه‌ركردن بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌موی بوجه‌لكرده‌وه‌.سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ئه‌و قۆناغه‌ی بوه‌ته‌ مایه‌ی ترس و دله‌راوكیی سیاسیه‌كان به‌كشتی قۆناغی دوای شه‌ری موسله‌ كه‌ ئایا ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بی یاخود جۆریك له‌ كۆران به‌دی ده‌كری؟
له‌سه‌روبه‌ندی ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و هه‌لویستانه‌ی كه‌ هیجی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ نین و هه‌ر رۆزیك بریاریكی جیاواز ده‌دری و له‌دوای بربونی نه‌خۆشخانه‌كان به‌ بریندارانی بیشمه‌ركه‌ و بونی جه‌ندین شه‌هید به‌شیكی كورستانی باشور ئه‌وه‌ به‌ جاكتر ده‌زانن كه‌ كه‌رانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند جاكترین ریكه‌یه‌ و خۆیان وه‌ك هاولاتی عیراقی ده‌ناسینن نه‌ك كورد زۆریك له‌م ده‌سه‌لاتدارانه‌ شه‌ری دادبه‌روه‌ری ناكه‌ن به‌لكو شه‌ری به‌ده‌ستهینانی به‌رزه‌وه‌ندی شه‌خسین له‌هه‌مه‌وی تراژیدیتر جاوبۆشین و به‌ده‌نكه‌وه‌ نه‌هاتنی دوای موسل به‌رامبه‌ربه‌رده‌وامی داواكاری و بیشنیاركردنه‌كانی خه‌لك
خه‌لكیش بیویستی به‌ خزمه‌تكردنه‌ لانی كه‌م بیدانی موجه‌یه‌ك كه‌ له‌بری كاركردن وه‌ری ده‌كرن و ته‌واو مولكی خۆیانه‌ تا ئیستاش كه‌س لای رون نیه‌ ئه‌م بیده‌نكیه‌ ده‌بی به‌جی؟ جكه‌ له‌مانه‌ش جه‌رك سوتاندنی ده‌یان ئافره‌ت و خیزانی كورد كه‌وتۆته‌ بال بریار و بی ده‌نكیه‌كی تر به‌راده‌یه‌ك كه‌ خه‌لك وای ده‌بینی كوردستان قسمه‌ت و قه‌ده‌ر به‌ریوه‌ی ده‌بات نه‌ك حكومه‌ت و ده‌سه‌لات وه‌

به‌ریوه‌به‌ریكی شیاو به‌بیی یاسا و شه‌رعیه‌ت و خاوه‌ن ئه‌زمونیك كه‌ له‌به‌رزه‌وه‌ندی میلله‌ت بی نه‌ك شخسی بونی نیه‌ و رو له‌هه‌ر لایه‌ك بكه‌ی ده‌كه‌ویته‌ جالیكه‌وه‌ كه‌ حزبه‌كان بۆیه‌كتریان هه‌لكه‌ندوه‌ له‌بۆی خه‌م خواردن ه‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له‌ ده‌ارۆزی نیشتمان بیكومان دریزبونه‌وه‌ی باركرزیه‌كان یان به‌مانایه‌كی تر دریزه‌كیشانی ئه‌م بارودۆخه‌ یه‌كیكی تربو له‌و كۆره‌بانه‌ی كه‌ ده‌سه‌لات گه‌مه‌كه‌ی تیدا دۆراند جونكه‌ واده‌زانرا به‌و ئه‌جیندا ساكاره‌ ده‌توانن دوباره‌ جیكه‌ و بیكه‌یان له‌حوكم بباریزن . وا ده‌زانرا بیده‌نكبون و دوركه‌وتنه‌وه‌ یاخود خۆشاردنه‌وه‌ ده‌بنه‌ فاكته‌ری هه‌لوه‌شانده‌نه‌وه‌ی ناره‌زاییه‌كان. هه‌ر له‌و سۆنكه‌وه‌ ویستكه‌ی یه‌كه‌می شكستی ئه‌جیندای ده‌سه‌لات له‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناره‌زاییه‌كانی خه‌لك و هاونیشتمانیان
وه‌لامنه‌دانه‌وه‌ و خۆشاردنه‌وه‌ ئه‌كه‌ر له‌سه‌ریكه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی دریزكردنه‌وه‌ی ئه‌جینداكان بوبی له‌ ره‌هه‌ندیكی تره‌وه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی ئالۆزی زیاتر به‌بروای ئیمه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانیت دوباره‌ شكۆ و ریز و حورمه‌ت بۆ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ بهینیته‌وه‌ تیبه‌رین و جاككردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ ساختانه‌ و وه‌لامدانه‌وه‌ و هاتنه‌ ده‌نكی خه‌لكه‌وه‌ ده‌بی و دواجار دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ حوكم و به‌ریوه‌ بردنی كاری سیاسییه‌ه‌ساده‌كان جكه‌ له‌مه‌ ته‌نیا شه‌رمه‌زارب و روره‌شی زیاتر بۆخۆی كه‌له‌كه‌ ده‌كات




سەقامگیری بەسکی برسی نابێت … نەوزاد جەمال

سەرەتاییترین پێدوایستی مرۆڤ بریتییە لەنان و ئاسایش. بەترازانی هەریەکێکیان، ئەویتریشیان دەکەوێت. بەتایبەت، لەم سەردەمەدا ناکرێت نان و سەقامگیری لێکجیابکرێتەوە. خراپبوونی بژێویی تا ئاستی هێڵی هەژاری، راستەوخۆ دەبێتە زەمینەی یاریدەدەر بۆ پشێویی و تێکچوونی باری ئاسایشی وڵات. ئەمە، راستییەکە نەپسپۆڕیی زانستی و نەشارەزایی زۆری دەوێت، تامرۆڤ لێی تێبگات.
لەئێستەدا ئەگەرەکانی تەقینەوەی جەماوەری کە لەڕێدایە، تەنها لەفۆرمی خۆپیشاندانی رێکخراودا نییە. بەڵکو، لەبچڕانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشدا خۆی دەردەخات. لەداتەپینی دامەزراوەکاندا دەردەکەوێت کە فەرمانبەر ئەگەر بشڕواتەوە سەرکارو مانیش نەگرێت، کارەکانی وەکخۆی ناکات. جا ئەمە پۆلیسە، مامۆستایە، فەرمانبەرە کەرتەخزمەتگوزاری و پیشەییەکان و هتدە… لەبەرئەوە، دەکرێت جۆری ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان بڕۆنە ناو هەناوی فەرمانگەکانەوە. واتە، لەوێوە ببنە کارتی فشار لەڕێی بەڕێکرنەکردن و رانەپەڕاندنی ئەرک و فەرمانەکان. ئەگەر سەرنجی فەرمانگەکان بدەین، راپەڕاندنی کارەکان ئەوەندە سست و بەرەڵایە، هەستدەکەیت کە چاودێری و لێپرسینەوە تەواو نەماوە. بەش بەحاڵی خۆم، لەشێوازی هاتوچۆی شۆفێرەکاندا، ئەوە تێدەگەم کە هیچ سیستم و رێسایەک بەهای نەماوە. توڕەیی، خێرایی و پێکدادان و شەڕەنگێزیی ئاماژەیی سەرەتایی داوەشانەکانن لەم هەرێمەدا. مانایەکی راستەوخۆیە کەکەس حساب بۆ کەس ناکات، هەرکەسەو بۆخۆی و بەپێی میزاجەلێڵ و شێواوەکان!
لەبەرامبەردا، لاوازترین میکانیزمی حکومەت نەرمییە نواندنە لەچوونەسەرکاری فەرمانبەر. راهێنانی فەرمانبەر لەوەی لەهەفتەیەکدا یەکدوو رۆژ بڕواتە سەرکارو چاوپۆشیش لەنیوەدەوامێکیش. دواجار، دەکاتە ئەوەی بەبێ مانگرتن کەس نەڕواتەوە سەرکارەکەی. هەڵبەت، لەو ئاسانکارییەدا، ئامادەکردنی فەرمانبەرانە بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە. بەدەربڕیێنکیتر، حکومەت بەو میکانیزمەی ‘مانگرتنێکی نەرمی’ سازکردووە کە دواجار دەبێتە فاکت و راستییەک. واتە، بۆئەوەی مانگرتن و توڕەیی راگرێت، بەشێوازیکیتر ئەو ئامانجەیان بۆ دەستەبەردەکات!
دیارە، بەخوێندنەوەی ئاماژە جیاوازەکان، رەفتاری پیشخواردووی خەڵک، ئەمجارە تەنها لەناڕەزایی و توڕەیی و هەڵچوونێکدا ناوەستێتەوە، بەڵکو لەشەڕەنگێزی و ئامادەیی تێکدان و تۆڵەکردنەوەو پەلامارداندا خۆی دەبینێتەوە. مەرجیش نییە ئەم توندوتیژییە لەیەکڕۆژدا بێتەدی، بەڵکو هەموو زەمینەکانی تەقینەوەی گشتی ئامادەن بۆ هەڵچوون و هەژانی قوڵ. ئەمجارە، وەک هەڤدەی شوبات نییە کە ناڕەزاییەکان فۆرمێکی سیاسی و گوتارێکی ئۆپزسێۆنەیان پێوەدیاربوو. نەخێر، ئەمجارە هەژانەکان لەسەرپشتی برسیەتی تاودەسەنێت. چونکە، لەهەناوی کۆمەڵێک قەناعەتی خەڵکییەوە دەبزوێت کە قەیرانی دارای مانای نەبوونی پارەنییە، بەڵکو ئەنجامی ململانێی حزبی و سزادانی یەکترو دەستبەسەراگرتنی سەرچاوەکانە. خەڵکی باوەڕی وایە، کراوەتە دەستکەلاو قوربانی ململانێی بەرژەوەندی قازانجپەرستانە بەرپرسەکان. کۆی مەینەتییەکان ئەنجامی شکستی بەڕێوەبردنی وڵات و بەرژەوەندییە گشتیەکانە لەپێناو چینیکی دەسەڵاتداردا.
ئێستە، خەڵکی لەوباوەڕەدایە کە سیاسەت دژ بەبژێویی و گوزەرانی ئەو دەجوڵێتەوە تا ئەوڕادەی وێنەیەک لای خەڵک درووستبووە؛ باردوۆخی هەرێم بەرەو کۆتایی خۆی دەڕوات. بەرپرسەکانیش لەخەمی کۆکردنەوەی سامانەکانیان بۆ دەرچوون لەوڵات ئامادەکردووە. دەشێت، تەقینەوەی هاوڵاتیان بەجۆرێکیش بێت کە هەڵکوتانە سەرماڵی بەرپرس و ساماندارەکان و تاڵانیان دەکەن. جگەلەوەی ئێمە نازانین چ بکەرو هێزێکی هەلپەرست لەم دۆخەدا بەڕێوەیە یا لەئەنجامی بێسەروبەرییەکاندا لەدایک دەبێت.
بێدەرامەتی و گرانی و شێوانی سیستمی پەروەردەو خوێندنی باڵاو تەندروستی، شتێک نییە وابەئاسانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە پەسەندبکرێت. چونکە، شادەماری بژێوین. ئیدی، نەبوونی دەرامەتی پێویست راستەوخۆ زەبرێکە لەخێزان و هەڕەشەیەکی بوونەکیی و ژینەکییە کە پشتگوێناخرێت لەلایەن هیچ هاوڵاتییەکەوە.
کەواتە، ئەگەرچی کاربەدەستان، بێدەنگی خەڵک وەک جۆرێک لەسەقامیگیری دەخوێننەوە، بەهەڵەتێدەگەن کە تێکچوونی زۆر ئاسانە. چونکە، شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشی سیاسی و نیشتمانی ئەمڕۆ لەسەر زەوییەکی فشەڵە. ئەگەر، هۆکاری دەرەکی نەیڕوخێنێت، لەناوخۆدا بەهەزارلادا دەکەوێت.




تیرۆربه‌رهه‌می فكری توندڕه‌وی یه‌!!‏ … عبدالرحمن رسول

تیرۆریزم بزوتنه‌وه‌یه‌كی كونه‌په‌رستانه‌ودژبه‌سه‌رجه‌م جوانییه‌كانی مرۆڤایه‌تییه‌,تیرۆر هەڵقوڵاوی فەلسەفەوئایین وبیروباوەڕی توندڕەوی وڕەجحییە,تیرۆریزم دژبه‌عه‌قڵ وگه‌شه‌ی عه‌قڵ وسه‌رجه‌م به‌هره‌وتوانامرۆڤایه‌تییه‌كانه‌,تیرۆریزم هه‌مووپلان وهه‌نگاوێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ودژبه‌مرۆڤایه‌تی ده‌نێت بۆڕێگری وله‌مپه‌ردانان له‌گه‌شه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین وئازادی سه‌ماوهه‌ڵپه‌ركێ وشایی وگۆرانی وشانۆوگه‌شه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری وپه‌یكه‌رتاشی وهونه‌رووه‌رزشه‌ جۆراوجۆره‌كان كه‌ خۆشی وئاسووده‌یی وسوود به‌مرۆڤه‌كان ده‌به‌خشن,تیرۆریزم له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی له‌هه‌رشوێن وناوچه‌ووڵاتێكدائه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ناوده‌بات,هه‌موو هه‌وڵێكده‌دات تیرۆریزم بۆشكستهێنان به‌گه‌شه‌وده‌ركه‌وتنی هه‌رجوڵه‌وگه‌شه‌یه‌كی عیلمانیه‌ت وشارستانیه‌ت له‌كۆمه‌ڵگاكاندا,پلانی جۆراوجۆرڕێکدەخات بۆلەناوبردنی کەلتووروسوونەت ودابونەریتی پێکەوەگونجاندن وبەرنامەڕێژی دەکات بۆلەناوبردنی ئاشتی پێکەوەژیانی خەڵکانی خاوەن ئایین و نەتەوەوڕگەزەجیاوازەکان.ئه‌گه‌ربۆی بكرێت ئه‌م جیهانه‌ ده‌كاته‌ جیهانێك ئاوێته‌ به‌كۆنه‌په‌رستی وڕه‌جحی وگه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگابۆسه‌ده‌تاریكه‌كانی ناوه‌ڕاست وبەربەرێت وکۆیلایەتی,كه‌هه‌رچی جیاوازی فكری وئایینی وفه‌لسه‌فه‌ی زانست وزانیاری وبیروباوه‌ڕوبۆچونه‌جیاوازییه‌كانه‌ناهێلێت ته‌نهایاساوده‌ستووری كۆنه‌په‌رستی ودژه‌به‌شه‌ری ئایینی به‌زۆر به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌وپرسكردن بۆڕاوبۆچوونی خه‌ڵك ئه‌م هێزه‌كۆنه‌په‌رسته‌ ئه‌وده‌ستووره‌كۆنه‌په‌رسته‌به‌زۆر ده‌سه‌پێنن خه‌ڵكی كۆمه‌ڵاگاڕاپێچی چه‌وسانه‌وه‌وسوكایه‌تی جۆراوجۆرده‌كه‌ن.كه‌واته‌ تیرۆر وبزوتنه‌وه‌ی تیرۆریزم ته‌نها سوودله‌توندڕه‌وی وه‌رناگرێت به‌ڵكوبه‌شێكی كاریگه‌رودانه‌بڕاوی توندڕه‌وییه‌,سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی توندڕه‌وی له‌گه‌ڵا تیرۆروبزوتنه‌وه‌ی تیرۆریه‌ك سه‌رچاوه‌ویه‌ك بناغه‌ی فكری وفه‌لسه‌فییه‌ ئه‌ویش له‌ناوبزوتنه‌وه‌ی ئایینی وناسیۆنالیستی داجێگیربووه‌ وڕه‌گی داكوتراوه‌,هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌وڵه‌ته‌فاشی ودیكتاتۆره‌كان وهێزوحیزب وگروپه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ژێرپڕوپاگه‌نده‌ی پیرۆزی ئایینی ونه‌ته‌وه‌ییدا وزۆرجار ته‌یافه‌گه‌ری وعه‌شائیریدا ده‌رگاكانی توندڕه‌وی ودژه‌به‌شه‌ری به‌ره‌وڕووی كۆمه‌ڵگای خۆیان كۆمه‌ڵگاكانی تری جیهان ده‌كه‌نه‌وه‌,هه‌مووهه‌وڵێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن سڵ له‌هیچ هه‌نگاوێك ناكه‌نه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو به‌پێی قۆناغه‌كان بۆئامانجه‌توندڕه‌وی وكۆنه‌په‌رستی ودواكه‌وتوه‌كان هه‌نگاوبنێن,دووباره‌وچه‌نده‌هاباره‌فكروبۆچوونه‌دواكه‌وتوودژه‌ئینسانییه‌كان ئارایشت ده‌درێت وده‌مه‌زه‌ندده‌كرێته‌وه‌.بزوتنه‌وه‌ی كۆنه‌په‌رستی هه‌رگیز ناتوانن خۆیان داببڕن له‌ توندڕه‌وی چونكه‌ هه‌مووكات و هه‌مووقۆناغێك وهه‌مووسه‌رده‌مێك به‌هه‌رهۆكاروبیانوێكه‌وه‌بێت توندڕه‌وی وفه‌لسه‌فه‌ی توندڕه‌وی وبۆچون وبیروباوه‌ڕی توندڕه‌وه‌ی وهه‌ڵسوكه‌وتی توندڕه‌وی وگفتوگۆی توندڕه‌وی وهه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن یان هه‌ڕه‌شه‌ی …وجنێووپێچه‌وانه‌ی ته‌واوه‌به‌ مرۆڤایه‌تی ومرۆڤدۆستی وخۆشه‌ویستی وئازادی وژیانێكی سیكۆلاروشاره‌ستانی ویاساكانی دیموكراسی ومه‌ده‌نی وسه‌رده‌می یه‌.له‌مێژوویی مرۆڤایه‌تی چه‌ندین نمونه‌ی جۆراوجۆری توندڕه‌وی له‌دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدراوه‌ نه‌ك به‌رامبه‌رمرۆڤه‌كان به‌ڵكوئه‌وه‌نده‌ ڕه‌جحی ودواكه‌وتوبون ته‌نانه‌ت دژی به‌رهه‌مه‌عه‌قڵی یه‌كان وزانستی یه‌كانیش نه‌ك توندوتیژبوون به‌ڵكو سه‌رجه‌میان سووتاندن وله‌ناوبردوون ,ڕۆژی 10ی شوبات مه‌غۆله‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی هۆلاكۆ له‌ساڵی 1258زایینی كاتێك شاری به‌غدادیان داگیركرد,گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی شاره‌ستانی مرۆڤایه‌تییان له‌وسه‌رده‌مه‌دا سووتاندو وێرانكرد,چه‌ندین ڕۆژ گه‌رماوه‌كانی به‌غدادیان پێ گه‌رم كردن,مێژوونوسی فه‌ره‌نسی لۆمباردۆ له‌باسی به‌ربه‌ریه‌تی مه‌غۆله‌كاندا نووسی وێتی كه‌ڕه‌نگی ڕووباری دیجله‌له‌لایه‌ك سووربوبووبه‌خوێنی مرۆڤه‌كان وله‌لایه‌كیش ڕه‌ش بووبووله‌ڕه‌نگی مه‌ره‌كه‌بی ئه‌و كتێبانه‌ی فڕێدرابوونه‌ڕووباری دیجله‌وه‌.له‌سه‌رده‌می قۆناغی ئێستاشدا ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش ده‌ی كات له‌م سه‌رده‌مه‌دازۆر خه‌راپتره‌ له‌مه‌غۆله‌كان ,له‌دوایی وه‌رگرتنی ده‌سه‌لات له‌ شاری موسڵ وچه‌ندناوچه‌یه‌كی تری عێراق و سووریابه‌خه‌راپترین جۆروشێوازمرۆڤه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ومافه‌سه‌ره‌تایی وبنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤی پێشێلكردوئه‌وانه‌ی كه‌ خاوه‌ن ئایینی جیاوازبوون وئیسلام نه‌بوون به‌شێكی زۆریان به‌ئاشكراسه‌رده‌بڕین وئازارده‌دان,به‌شێكی زۆرله‌ژنان كچان ده‌كرانه‌جارییه‌ وخزمه‌تكاری خۆیان ,به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌بۆخواستی كچه‌یان ژنه‌كه‌ كاری جنسی وسێكسیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌دان یاخودكڕین وفرۆشتنیان پێده‌كردن,به‌شێوازی جۆراوجۆرئازاریان ده‌دان وده‌یان ده‌چه‌سانه‌وه‌,پیاوان وگه‌نجانیان سه‌ربڕیون یان ئه‌ندامی نێرینه‌یان بڕیون كاتێك پێیان گووتن وه‌رن ببن به‌موسوڵمان ئه‌وانیش ڕه‌تیان كردۆته‌وه‌,هه‌رچی شوێنی پیرۆزی یه‌زیدی ومه‌سحی و دیینه‌كانی جیاوازله‌ئیسلام هه‌یه‌ هه‌موویان وێران كرد وڕووخاند,مۆزه‌خانه‌ وشوێنه‌هونه‌ری وشانۆوپه‌یكه‌رتاش ووێنه‌ هونه‌ری یه‌كان سه‌رجه‌میان شكێندران وسووتان ووێرانكاران,ڕۆژانه‌ له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی كونه‌په‌رستانه‌ی داعش خه‌ڵك گولله‌باران كراوسه‌ربڕدرا,ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ئایدایاوفكروفه‌لسه‌فه‌ی ئیداره‌ییدابه‌ڕایخۆیان پشت به‌سه‌رچاوه‌كانی ئیسلام ده‌به‌ستن وسه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تیشیان قورئانه‌,ئه‌وجۆره‌ڕێكخراووگرووپ وحیزبانه‌ له‌هه‌رشوێنێك گه‌شه‌بكه‌ن ئه‌و ناوچه‌وكۆمه‌ڵگایه‌ نه‌ك به‌ره‌ودواوه‌ده‌گێڕنه‌وه‌به‌ڵكوهه‌رچی بنه‌مایی ئینسانی جوان وشاره‌ستانی ومرۆڤایه‌تییه‌ له‌ناوده‌به‌ن,ئه‌وه‌ی له‌ئاكاروئه‌فكاری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعیشیش نزیكه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێرانه‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌وجۆر به‌ده‌ستوورویاساكۆنه‌په‌رسته‌كانی به‌ڕاوبۆچوونی به‌رپرسانی ڕژێمی سێداره‌ی ئیسلامی ئێران بۆده‌ستوورویاساكان سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی وسه‌ره‌كییان قورئانه‌ وده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ئیسلامی یه‌ هه‌ربۆیه‌ هیچ ڕاوبۆچون وتێڕوانینی ترقبوڵناكرێت,هه‌ربۆیه‌ هاوشێوه‌ی مه‌غۆله‌كان وڕێكخراوی داعش,مرۆڤه‌كان ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌وئازارده‌دات ومافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كات,ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێرانه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی وكۆمۆنیست وئازادیخوازویه‌كسانیخوازان و ژنان و گه‌نجان ولاوان به‌تایبه‌تی زۆرخه‌راپتره‌ له‌مه‌غۆل وڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی ئیسلامی كه‌ ڕۆژانه‌ گه‌نجان ولاوان وژنان وڕۆژنامه‌نووسان وئازادیخوازویه‌كسانیخوازان به‌بیانوی جۆراوجۆر له‌سێداره‌ده‌دات,هه‌مووساڵێك ئه‌وڕژێمه‌دژه‌به‌شه‌رییه‌ به‌پێی ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ وڕێكخراوه‌مه‌ده‌نییه‌كان له‌پێشه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ولاتانه‌یه‌ كه‌یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ودژی به‌شه‌ری له‌سێداره‌دانی تێدابه‌ڕێوه‌ده‌چێت,كه‌واته‌ ڕژێمی سێداره‌ی ئیسلامی ئێران یه‌كه‌مین ولاته‌ بۆسه‌ركوتی ئازادییه‌كان وئازادی ڕاده‌ربڕین ومافه‌ئینسانییه‌كان,ئه‌وڕژێمه‌ پڕاوپڕه‌له‌یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی توندوتیژی كه‌ڕۆژانه‌به‌رامبه‌رخه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش وكرێكاروژنان وكچانی عاشقی ئازادی وهونه‌رمه‌ندوشانۆكاروڕۆژنامه‌نووس وخوێندكارومامۆستاوفه‌رمانبه‌روئازادیخوازویه‌كسانیخوازان به‌كارده‌هێنێت وزۆربێڕحمانه‌ئازاریان ده‌داوده‌یان چه‌وسێنێته‌وه‌یان به‌ره‌وزیندانه‌كان وپه‌تی سێداره‌ڕاپێچیان ده‌كات به‌ئاشكراله‌سێداره‌یان ده‌دات.ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی توركیاكه‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌حیزبێكی ئیسلامی به‌ناوی پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی توركیاده‌وڵه‌تی توركیائیداره‌ده‌دات وبه‌ڕێوه‌ده‌بات,ڕۆژانه‌مافه‌مه‌ده‌نی وئینسانییه‌كان وئازادی ڕاده‌ربڕین وئازادی ڕاگه‌یاندن له‌پاشه‌كشه‌دان له‌ئێستاڕۆژانه‌هه‌واڵی داخستنی ته‌له‌فیزیۆن وڕادیۆوڕۆژنامه‌وگۆڤارێك ئه‌بیسترێت,ته‌نانه‌ت ته‌له‌فیزیۆنی مناڵانیش داده‌خات كه‌به‌زمانی كوردی په‌خشی به‌رنامه‌كانی خۆی بڵاوده‌كرده‌وه‌,ڕۆژانه‌سوپاوپۆلیس ده‌چه‌نه‌سه‌رماڵی كه‌سانی سیاسی وڕۆشنبیروئازادیخوازویه‌كسانیخوازبه‌بیانوی جۆراوجۆرڕاپێچی زیندانه‌كانیان ده‌كات وئه‌شكه‌نجه‌وئازاریان ده‌دات,ده‌وڵه‌تی توركیایی ئیسلامی ڕۆژانه‌ هێرش ده‌كاته‌سه‌رناوچه‌كوردنشینه‌كان وگوندوشاروشارۆچكه‌كانیان بۆمبباران ده‌كات وێرانده‌كات كه‌زۆرجارچه‌ندین ژن ومنداڵ ده‌بنه‌قوربانی یان كه‌م ئه‌ندام ده‌بن وبریندارده‌بن,له‌ژێرسایه‌ی ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ئیسلامی یه‌ كۆمه‌ڵگای توركیاڕۆژانه‌ له‌پاشه‌كشه‌دایه‌له‌پرۆسه‌ی به‌مه‌ده‌نی كردن وشاره‌ستانی كردن ودیموكراسی كردندا ,یاساسیكۆلاروشاره‌ستانییه‌كان به‌پێی پلان وبه‌رنامه‌ كاری له‌سه‌رده‌كرێت بۆپاشه‌كشه‌پێكردن وگۆڕینیان به‌یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی دژه‌ به‌شه‌ری نادیموكراسییانه‌وفاشییانه‌ به‌كورتی له‌توركیادا ڕۆژانه‌خه‌ڵك توندوتیژی به‌رامبه‌رئه‌نجام ده‌درێت.كۆمه‌ڵگای عێراق به‌درێژایی چه‌ندین ساڵه‌ به‌هۆی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات وسیسته‌مێكی ناسیكۆلار ونامه‌ده‌نی,به‌هۆی هه‌بوونی سیسته‌مێكی كۆنه‌په‌رست ودواكه‌وتوانه‌ ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بۆته‌وه‌,سیسته‌م وده‌ستووری عێراق سیسته‌م وده‌ستوورێكه‌ زۆر نیزیكه‌ له‌ئێران,هه‌ی مه‌نه‌ وكاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئێران زۆربه‌باشی هه‌ستی پێده‌كرێت زۆرجار واده‌زانیت له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ویاساكانی ڕژێمی ئێران دایه‌ كۆمه‌ڵگای عێراق,هه‌ربۆیه‌ له‌عێراقدا ناتوانێت هیچ هه‌نگاوێكی شاره‌ستانی ودیموكراسی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بچێت,به‌گشتی سیاسییه‌كانی عێراق له‌ڕووی سیاسی وئایدۆلۆژێیه‌وه‌سه‌ربه‌خۆنین سه‌رجه‌م هێزوحیزبه‌كانی ناوده‌سه‌ڵات سه‌ربه‌خۆنین وناتوانن سه‌ربه‌خۆیانه‌ هه‌نگاوی ئاینده‌ی دیاری بكه‌ن,هه‌ربۆیه‌ش ناتوانن زاڵبن به‌سه‌ركێشه‌وقه‌یرانه‌ئه‌منی وئاسایشی وئابووری و…. هیتد پاش چه‌ندین هه‌ڵبژاردن تائێستانه‌تواندراوه‌ ئه‌منێتی وئاسایشی شاری به‌غداد كه‌پایته‌ختی عێراق وچه‌ندین شاروشارۆچكه‌وگوندودێهات بپارێزرێت سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی سووپاوپۆلیس وئاسایش وچه‌كداری جۆراوجۆر له‌ژێرناوی جۆراوجۆردا,ڕۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌ وكۆمه‌ڵكوژی له‌ناوبازاروشوێنه‌گشتی یه‌كانی خه‌ڵك به‌رده‌وامه‌كه‌ هاوڵاتی عێراق ده‌بنه‌قوربانی.به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس خه‌ڵكی عێراق كرایه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ قه‌ومی وناسیونالیستی یه‌فاشی یه‌كه‌ی حیزبی به‌عسی كه‌ به‌هه‌زاران كه‌س بوونه‌قوربانی وفشاری جۆراوجۆر وتوندوتیژی وجۆراوجۆربه‌رامبه‌رنه‌ته‌وه‌ی غه‌یره‌عه‌ره‌ب وئایینی غه‌یره‌ئیسلام ,واته‌ وانه‌ی خاوه‌ن ئایین نه‌ته‌وه‌ی جیاوازبوون هه‌میشه‌ ده‌چه‌وسانه‌وه‌ وسوكایه‌تییان پێده‌كرا,له‌خه‌ڵكی كوردزمان به‌هه‌زاران كه‌س ئه‌نفالكرا وبه‌هه‌زاران گوندوشارۆچكه‌ی,خه‌ڵكی ئازادیخوازویه‌كسانیخوازله‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس زیندانی ده‌كران یاخود له‌سێداره‌ وگولله‌باران ده‌كران,به‌كورتی له‌سه‌رده‌می 35ی ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وای حیزبی به‌عس كۆمه‌ڵگای عێراق زۆرترین توندوتیژی وكوشتنی تێدا ئه‌نجامدرا,له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس وهاتنه‌سه‌ركاری حكومه‌تی تازه‌ هه‌تاسه‌رده‌می ئێستا به‌هۆی خه‌راپی به‌ڕێوه‌بردنی عێراقه‌وه‌ دیسان كۆمه‌ڵگای عێراق ڕاپێچی شه‌ڕوئاواره‌یی ونائه‌منێتی وكوشتن وتوندوتیژی جۆراوجۆر كراوه‌یه‌.له‌باشووری كوردستان زیاترله‌25ساڵ ده‌سه‌ڵات وسیسته‌م له‌لایه‌ن حیزبه‌قه‌ومی وئیسلامییه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت,پاش چه‌ندین هه‌ڵبژاردن وبه‌ڵێن دان به‌خه‌ڵك كه‌چی ڕۆژبه‌ڕۆژله‌پاشه‌كشه‌دایه‌ له‌ڕووی كارگێڕی ئیداری وله‌ڕووی پاراستنی ئاسایش وئه‌منێتی ڕۆژنامه‌نووسان وچالاكوانی سیاسی ومه‌ده‌نی,به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی وپارتی به‌چه‌ندین هه‌زارله‌ژنان وكچان ڕه‌شه‌كوژكران یان سووتان وخنكێندران به‌شێكی زۆری تاوانباران هه‌ردادگایش نه‌كران,له‌هه‌رێمی باشووری كوردستان به‌چه‌نده‌ها ڕۆژنامه‌نووس وچالاكوانی سیاسی وهه‌ڵسوڕاوی كۆمۆنیست وئازادیخوازویه‌كسانیخوازتیرۆركران كه‌مترین كه‌سیش له‌تاوانباران دادگایی نه‌كراو,له‌هه‌رێمی باشوری كوردستان ڕۆژانه‌گه‌شه‌به‌فه‌رهه‌نگ وفكروسونه‌تی كۆنه‌په‌رستی ده‌درێت كه‌به‌ئاشكرا هانده‌رێكی كاریگه‌ره‌بۆگه‌شه‌ی توندوتیژی وتوندڕه‌وی وتیرۆرله‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ئێستاحكومه‌ت وسیسته‌م له‌قه‌یران وكێشه‌ی گه‌وره‌یی بێكاری ونه‌بوونی خزمه‌تگوزاری گشتی وه‌كوپێویست ونه‌بوونی گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی و..هیتدڕۆژبه‌رۆژئه‌م قه‌یران وكێشانه‌ی له‌سه‌ركه‌ڵه‌كه‌ده‌بێت,ناڕه‌زایی وبێزاری خه‌ڵك له‌وجۆره‌سیسته‌مه‌ دواكه‌وتوه‌زیاترده‌بێت به‌كورتی له‌ژێرسایه‌ی ده‌سه‌ڵات وسیسته‌م وحكومه‌تی باشووری كوردستان هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو وسات دوای سات له‌پاشه‌كشه‌دایه‌له‌چه‌سپاندنی مافه‌كانی مرۆڤ وئازادی ڕاده‌ربڕین ویاسامه‌ده‌نی وسیكۆلار ودیموكراس وشاره‌ستانییه‌كاندا .له‌سووریاش به‌هۆی به‌رده‌وامی سیسته‌می دیكتاتۆری حیزبی به‌عسی فاشی قه‌ومی كه‌بۆته‌هۆكارێك بۆبه‌رده‌وامی زیاتربوونی شه‌ڕی ناخۆو ته‌قینه‌وه‌و كوشتن وئاواره‌یی ونه‌پاراستنی ئه‌منێت وئاسایشی خه‌ڵك كۆمه‌ڵگایی سووریا وێرانترده‌بێت ورۆژانه‌ گرووپ وڕێكخراوی كۆنه‌په‌رستی توندڕه‌وسه‌رهه‌ڵده‌دات,توندوتیژی وكوشتن زیاترده‌بێت,ئه‌وه‌ی له‌رۆژئاوای كوردستان ده‌گوزه‌رێت ژیانی خه‌ڵك زۆرناله‌باره‌ خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێت شانبه‌شانی ئازادیخوازان شه‌ڕله‌دژی تیرۆریستان بكات له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت له‌خه‌می په‌یداكردنی بژێوی رۆژانه‌وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاروگونده‌كانیانبن.كۆمه‌ڵگای ئه‌رده‌ن ویه‌مه‌ن وبه‌حرێن وسعودیه‌ وولاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵاتانی عێراق وتوركیاوئێران وسووریا به‌هۆی هه‌بوونی سیسته‌می قه‌ومی وئایینی به‌رده‌وام گیرۆده‌ی گه‌شه‌ی توندوتیژی وسه‌پاندنی یاساكانی كۆیله‌یی وچه‌وساندنه‌وه‌و دژه‌ئینسانین هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌ووڵاتانه‌شدا هه‌روه‌ك عێراق وباشووری كوردستان وسووریا وتوركیا و…هیدمه‌جال وكارئاسانی گه‌شه‌ی تیرۆریزم فه‌راهه‌م كراوه‌.ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌له‌ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست هه‌ن وه‌كوده‌وڵه‌ت ناتوانن دژی تیرۆروتیرۆریزم بن له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رخۆیان ده‌رگاكانی تیرۆریزم ده‌كه‌نه‌وه‌,سیسته‌م وجۆری ده‌وڵه‌تداری وئیداره‌دانیان به‌جۆرێكه‌ كه‌به‌شێكی زۆر كاریگه‌رن بۆگه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگ وبیروباوه‌ڕوفكروفه‌لسه‌فه‌ی تیرۆروتیرۆریزم,هه‌رگیزناتوانن پاشه‌كشه‌بكه‌ن له‌م جۆره‌پابه‌ندبوونه‌یان به‌فكروسیسته‌م وئایدیای كۆنه‌په‌رستی وڕه‌جحی تیرۆره‌وه‌ چونكه‌هه‌ركاتێك ئه‌وده‌وڵه‌ته‌كۆنه‌په‌رستانه‌پاشه‌كشه‌بكه‌ن له‌مه‌بده‌ئوفه‌لسه‌فه‌ی ئیداریی ئه‌م جۆره‌ی كه‌هه‌یانه‌ ئه‌وابه‌دڵنییایه‌وه‌خۆیان تووشی ركودوهه‌ره‌سی ئیداری وحكومداری ده‌بن چونكه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌بناغه‌ی حكومدارییان له‌سه‌ربنه‌ماوفه‌لسه‌فه‌ی دواكه‌وتووكۆنه‌په‌رستی وتافه‌گه‌ری ودژه‌ئینسانی بووه‌ هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه‌هه‌رگیزئه‌وڕژێمه‌كۆنه‌په‌رسته‌وفاشی یه‌ قه‌ومی ودینییانه‌ له‌ناوه‌ڕۆكدادژایه‌تی توندوتیژی وتیرۆرناكه‌ن ئه‌وه‌ی كه‌له‌شێوازوڕاگه‌یاندنه‌كانیشداجارجارباسی ده‌كه‌ن ته‌نهاله‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌تایبه‌تی وده‌وڵه‌تی وحكومداری خۆیانه‌ ته‌واودووره‌له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئینسانییه‌كان.له‌لایه‌ن ڕژێمی ئیسلامی ئێران ڕۆژانه‌ گه‌نجان وژنان وڕۆژنامه‌نووسان وڕۆشنبیران له‌سێداره‌ ده‌درێن ئه‌ی ئه‌مه‌تیرۆرنیه‌؟ڕۆژانه‌ خه‌ڵكی ناڕازی به‌وڕژێمه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌به‌بیانوی جۆراوجۆرده‌خرێته‌زیندانه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م مافه‌ئینسانییه‌كانیش بێبه‌شده‌كرێت وئه‌شكه‌نجه‌ وئازاری جۆراوجۆرده‌درێن ئه‌ی ئه‌مه‌ توندوتیژی نییه‌؟بێگومان به‌بۆچوونی من هیچ جیاوازێك نییه‌ له‌نێوان ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش وسیسته‌می كۆماری ئیسلامی سێداره‌ی ئێران هه‌ردووكیان تیرۆریستن ,ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێران به‌درێژایی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌هه‌زاران له‌ژنان وپیاوانی كۆمۆنیست وئازادیخوازویه‌كسانیخواز ولاوان وڕۆژنامه‌نووسان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ناوخۆیی ئێران له‌سێداره‌داوه‌ یاخودله‌باشووری كوردستان وعێراق وده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وئه‌وروپاتیرۆركردووه‌, به‌شێكی زۆری ڕێكخراووحیزب وگرووپه‌ئیسلامی یه‌ توندڕه‌وتیرۆریستی یه‌كان له‌لایه‌ن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ هاوكاری كراوون وبه‌رده‌وام هاوكاری ده‌كرێن نموونه‌ زۆره‌ ناردنی هاوكاری بۆئیسلامی توندڕه‌وه‌كانی عێراق و ئه‌فخانستان وپاكستان وبه‌حرێرن ویه‌مه‌ن وئه‌رده‌ن و میسروتونس و…هیتدبۆیه‌ناكرێت جیاوازی هه‌بێت له‌گه‌ڵ تیرۆریزم.ده‌وڵه‌تی توركیابه‌هۆی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی یه‌كانه‌وه‌ وێڕایی ڕۆژانه‌درێژه‌به‌سه‌ركوت وئیستبدادوچه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌دات له‌هه‌مانكاتداله‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كۆنه‌په‌رسته‌كانی دا زۆرجارهاوكاری زۆرباشی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش ده‌كات وهاوكاری هیزه‌توندڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ده‌كات بێگومان ئه‌وهه‌نگاوانه‌ی توركیابه‌ئاراسته‌ی هاوكاریكردنی تیرۆریستان هێزه‌توندڕه‌وه‌كان به‌شێكی زۆرگاریگه‌ره‌بۆگه‌شه‌ی وه‌عشیگه‌ری ولۆمپۆلیزم وبه‌گه‌ڕخستنی قه‌سپخانه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وپاشان له‌وڵاتانی تری جیهان .هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ دژایه‌تی كردنی تیرۆروتیرۆریزمدا دژایه‌تی سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كۆنه‌په‌رست ودژه‌به‌شه‌رییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ئێران وتوركیاوسیسته‌م وده‌وڵه‌تانی تریش بكرێت ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وبه‌هه‌ربیانوێكه‌وه‌بێت چاوپۆشی له‌هه‌رهه‌نگاوپیلانی كۆنه‌په‌رستانه‌ودژه‌ئینسانی بكرێت كه‌به‌هه‌رهۆوهۆكارێك بێت هاوكاروپشتیوانی گه‌شه‌ی فكروفه‌لسه‌فه‌ی توندڕه‌وی وتیرۆرن ئه‌مه‌ش له‌پێناوی به‌رگرتن به‌سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵكوژی وته‌قینه‌وه‌وسه‌ربڕین وكوشتن وسوكایه‌تییه‌كان به‌ئینسانه‌كان.به‌پابه‌ندبوون به‌فه‌لسه‌فه‌وبیروباوه‌ڕی ئینسانی وئازادیخوازی ویه‌كسانیخوازی وسیكۆلاریستی ومه‌ده‌نی وشاره‌ستانی ده‌بێت یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌بۆدژایه‌تی كردنی توندوتیژی وتیرۆریزم,پێویست ده‌كات گه‌شه‌ به‌فه‌لسه‌فه‌ی ئینسان دۆستی بدرێت ئێمه‌ناكرێت ته‌نهاله‌ڕووسه‌ربازی وچه‌كداری دژایه‌تی تیرۆربكه‌ین ووه‌سه‌ركه‌وتوش نابین له‌به‌رئه‌وه‌له‌داهاتوودائه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی هه‌یه‌كاتێك كارنه‌كرێت وهه‌نگاونه‌درێت بۆكه‌م كردنه‌وه‌وله‌ناوبردنی بیروباوه‌ڕی توندڕه‌وی,ئه‌بێت ئه‌وه‌بزاندرێت سه‌ركه‌وتنه‌كانی سه‌ربازی وچه‌كداری كاتین.ده‌بێت هه‌مووئینسانێك ئه‌وه‌باش بزانێت كه‌ته‌قینه‌وه‌ وكوشتن وسه‌ربڕین وئاواره‌یی ووێرانكردنه‌كانی ئه‌مڕۆیی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش به‌رهه‌می تازه‌نییه‌بۆمرۆڤایه‌تی كه‌هه‌رله‌خۆیه‌وه‌دروست ببوێت وگه‌شه‌ی كردبێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی ڕابه‌ران وپێشه‌وایانی مه‌لاوعناصروموبه‌لیخانی ئیسلامی بووه‌ كه‌له‌ مزگه‌وت وزانكۆوپه‌یمانگا وخوێندنگاكان به‌ناوی كردنه‌وه‌ی به‌شی ئایینی وئیسلامی وله‌كه‌ناڵه‌جۆراوجۆره‌كانی ڕاگه‌یاندنی بیستراو وبیندراوه‌ وئازادانه‌ده‌رگایان بۆكراوه‌ته‌سه‌رپشت بۆبڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌بلیخاتی ژه‌هراوی توندڕه‌وی دژه‌به‌شه‌ری ودژه‌ئینسانی ده‌وڵه‌ت وحكومه‌ته‌كان خۆیان كارئاسانیان بۆكردوون ودامه‌زرێندراون وپاره‌ومووچه‌ی مانگانه‌یان بۆته‌رخان كردوون به‌شێكی زۆریش له‌كۆمه‌ڵگه‌دا كه‌گه‌نجان ولاوانن خوێندنی زانكۆوپه‌یمانگاكان ته‌واوده‌كه‌ن به‌ڵام بێكارن.ئه‌وه‌به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ته‌قه‌ومی وئیسلامی یه‌كانه‌ وسه‌رمایه‌داری یه‌ له‌پێناوپاراستنی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌رگابۆفه‌لسه‌فه‌وبیروباوه‌ڕی كۆنه‌په‌رستی وڕه‌جحی ودژئینسانی ده‌كه‌نه‌وه‌,ئه‌وه‌به‌رهه‌می ئه‌وكۆمه‌ڵگایانه‌یه‌كه‌تائێستائایین له‌ده‌وڵه‌ت جیانه‌كراوه‌ته‌وه‌,یان ئایین له‌په‌روه‌رده‌وخوێندن جیانه‌كراوه‌ته‌وه‌,مه‌لاوعناصرانی ئایینی به‌رده‌وام كارئاسانیان بۆده‌كرێت هه‌تاوه‌كو ته‌ده‌خول بكه‌ن له‌زۆرینه‌ی بواره‌كانی كۆمه‌ڵگاداكه‌له‌ڕاستی دا به‌گشتی سه‌رجه‌م بواره‌كان ئه‌ركی سیسته‌می حكومه‌ته‌ كه‌ به‌رنامه‌ڕێژی بكات بۆچاره‌سه‌روچالاككردنی سه‌رجه‌م بواره‌كان به‌پشت به‌ستن به‌پسپۆڕی وكارگێری ئیداری پێشكه‌وتوو.




گه‌نده‌ڵی و سته‌م … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌موو گه‌نده‌ڵكارێك سته‌مكاره‌ و هه‌موو سته‌مكارێكیش گه‌نده‌ڵكاره‌؛ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی نه‌بێ، ئه‌وه‌ دۆخی سته‌م و سته‌مكارییش دروست نابێ (گه‌نده‌ڵی و سته‌م و سته‌مكاریی ته‌واوكه‌ری یه‌كترن).
هه‌موو دیموكراسیه‌تێكیش له‌ سایه‌ی گه‌نده‌ڵیدا، درۆیه‌كی یه‌كجار ((سه‌خیف)) و گه‌وره‌یه‌؛ وه‌ك ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌: ناوه‌ڕۆكی دیموكراسیه‌تی هه‌رێمی كوردستان (كه‌ ده‌سه‌ڵات شانازی پێوه‌ ده‌كا) بریتییه‌ له‌ نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵی و سته‌م… ئه‌مه‌ دیموكراسیه‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌ (ده‌وڵه‌مه‌نده‌ چه‌ته‌ و مشه‌خۆره‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌زگای حزبی ده‌سه‌ڵاتداردا به‌رهه‌م هاتوون)، نه‌ك دیموكراسیه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و هه‌ژار.

ئه‌گه‌ر دیموكراسیه‌تێك دادپه‌روه‌ری فه‌راهه‌م نه‌كرد و گه‌نده‌ڵی له‌ناو نه‌برد، ئه‌وه‌ دیموكراسیه‌تێكی ساخته‌ و ڕووكه‌شانه‌یه‌.
بۆ كورد دیموكراسیه‌ت ئه‌ركێكی دیكه‌شی هه‌یه‌: خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی و ئینتیمای نیشتیمانی له‌ لای تاكی كورد به‌هێز بكا، كه‌ ئه‌مه‌ش – به‌ داخه‌وه‌ – له‌ گوتاری سیاسی (حزبیانه‌ی) ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێمه‌دا هه‌رگیز بوونی نه‌بووه‌؛ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه،‌ ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كوشتنی ئه‌م ئینتیمایه‌ بووه‌ (كوشتنی ئینتیمایه‌ك له‌ پێناو هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی حزبدا): ئێمه‌ هه‌موومان به‌ نیشتیمانه‌وه‌ – چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ – بووینه‌ته‌‌ قوربانی ئه‌م هه‌ژموونه‌ چه‌په‌ڵه‌ و ناشزانین له‌ ئاینده‌دا به‌ره‌ و كوێمان ده‌با؟!
ئایا ئه‌مه‌ تراژیدیای ژیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی حزب – بێ باكانه‌ – شه‌ق له‌ نیشتیمان و گه‌له‌كه‌ی هه‌ڵده‌دا و له‌ ئاكامیشدا – وه‌ك بینیمان – كاربه‌ده‌ستانمان هێنده‌ی ده‌بنه‌ دۆستی داگیركه‌رانی كورد (داگیركه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان)، هێنده‌ نابنه‌ دۆستی گه‌له‌كه‌یان (دۆستی خه‌ڵكی كوردستان)؟

***

له‌ دوای 25 ساڵ، هه‌موو ده‌سته‌كه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێم (ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كیه‌تی) بۆ خه‌ڵكی كوردستان، قه‌یرانی دارایی و بێ مووچه‌یی و زۆربوونی خۆكوشتنی هاووڵاتییه‌كانیه‌تی.

ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌ باشه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌، تكایه‌ با پێمانی بڵێ و بۆمانی بژمێرێ! به‌ڵێ ئه‌وه‌ ڕاسته‌، هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ باشه‌كان ته‌نها بۆ خه‌ڵكێكی (چین و توێژێكی) دیاریكراو بووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵك، نه‌ك هه‌ر هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌، به‌ڵكو زه‌ره‌ر و زیانی ماددی و مه‌عنه‌وی زۆریشیان كردووه‌.

ڕاستییه‌كه‌ی هیچ ده‌ستكه‌وتێك به‌ شه‌رعی و بۆ خه‌ڵكی شایسته‌ له‌ سایه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریدا نایێته‌ دی؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی دیتمان ته‌نها زۆربوونی قه‌یرانه‌كان و نائومێدی خه‌ڵك بوو؛ هه‌ژاركردن و برسی كردنی خه‌ڵك بوو… ئێمه‌ ئێستا نازانین شانازی به‌ چ شتێكی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردییه‌وه‌) بكه‌ین؟ به‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ی؟ یان به‌ حزب حزبایه‌تییه‌كه‌ی؟ به‌ دزیه‌كه‌ی؟ یان به‌ ململانێ و شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی؟ به‌ سته‌مه‌كه‌ی؟ یان به‌ دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی؟ به‌ سیفه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌كه‌ی؟ یان به‌ سیفه‌ته‌ نیشتیمانییه‌كه‌ی؟ به‌ ڕۆحه‌ خێڵه‌كییه‌كه‌ی؟ یان به‌ ڕۆحه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی؟ به‌ ڕۆحه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی؟ یان به‌ ڕۆحه‌ ناوچه‌گه‌رییه‌كه‌ی؟ به‌ زمانه‌ كوردییه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی؟ یان به‌ زمانه‌ كوردییه‌ (ناكوردییه‌) تێكشكاوه‌كه‌ی؟ به حكوومه‌ته‌‌ دوو ئیداره‌ییه‌كه‌ی؟ یان به‌ حكوومه‌ته یه‌كگرتووه‌‌ په‌رله‌مانییه هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ی‌؟…

ڕاستییه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده‌ی سه‌ر دێنم و ده‌به‌م، حكوومه‌تی هه‌رێم (ده‌سه‌ڵاتی كوردی) هیچ شتێكی (ده‌ستكه‌وتێكی) ئه‌وتۆی نییه‌، تا وه‌ك هاووڵاتییه‌كی كورد و كوردستانی شانازی پێوه‌ بكه‌م؛ زۆر به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم، پێم ناخۆشه‌، به‌ڵام چی بكه‌م؟ شته‌ ڕاسته‌كه‌ به‌ لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌یه، كه‌ له‌م نووسینه‌ كورته‌دا‌ باسم كرد.‌.. تۆ بڵێی به‌ هه‌ڵه‌دا چووبم؟




كاریگه‌ری شیعری فارسی له‌سه‌ر شیعری نوێی كوردی (فروغ و سوهراب)وه‌ك نمونه‌

ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق
—————————-
له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991)ی خه‌ڵكی كوردستان شه‌پۆلێكی وه‌رگیڕانی شیعری فارسی به‌تایبه‌ت هه‌ردوو شاعیری دیاری ئیران(فروغی فروخ زاد و سوهراب سپهری) ده‌ستی پێكرد، به‌جۆرێك كه‌ به‌چه‌ندین وه‌رگێڕانی جیاواز تا ئێستاش به‌ تیراژی زۆر چاپ ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌وخۆو هه‌ندێك جاریش ڕاسته‌خۆكاریكردۆته‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ی نوسینی شاعیران(به‌تایبه‌ت شاعیرانی گه‌نج) له‌ نوسینه‌كانیاندا، به‌جۆرێك له‌خوێندنه‌وه‌ی زۆربه‌یاندا به‌ ئاشكرا تاموبۆنی دنیانینی ئه‌و دوو شاعیره‌ ده‌بینی،بۆ قسه‌ردن ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ پێویستمان زانی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ئه‌نجام بده‌ین.
ئه‌م ته‌وه‌ره‌ بۆ…..؟

شاخه‌وان سدیق

ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ شیعری جوان ده‌بێت وه‌ك میوه‌ تام بكرێت، ئه‌وا ده‌بێت بڕواشمان به‌ جیاكردنه‌وه‌ی (هه‌ست وئیلهام) هه‌بێت له‌مه‌عریفه‌ی شیعریدا، هه‌روه‌ك چۆن مه‌رج نییه‌ هه‌موو هه‌ستێكی جوان شعربێت، ئاواش مه‌رج نیه‌ هه‌موو تێكستێكی شیعری له‌ هه‌ناویدا خاوه‌نی هه‌ستێكی جوانی شاراوه‌بێت، بۆیه‌ به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی زیندوێتی به‌ هه‌ر تێكستێكی شیعری كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی (له‌ دڵه‌وه‌ بۆ دڵ بێت) ده‌به‌خشێت. ڕاستگۆی خودی نوسه‌ره‌كه‌یه‌تی، یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆی و دووه‌م له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانی نه‌ك هیچ شتێی تر، له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوشدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگه‌ (شیعر)نوسین زیاتر بێت له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی تری ئه‌ده‌ب كه‌نوسراون، به‌تایبه‌ت لای نوسه‌رانی تازه‌ پێگه‌یشتووی گه‌نج، كه‌ ئه‌گه‌ر ناهه‌قی نه‌بێت زۆرێك له‌م نوسراوانه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ شێوازو تامی شیعری ئه‌ده‌بیاتی تر تیایاندا ده‌كرێت، به‌جۆرێك كه‌ زۆرجاران هه‌ست به‌لێچوون و ئاوێزان بوون له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی تردا ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش شیعرو ئه‌ده‌بی (فارسی) و له‌ناو ئه‌و ئه‌ده‌به‌شدا به‌تایبه‌تر هه‌ردوو شاعیری دیاری فارس(فروخ فرۆخ زادو) و (سوهراب سپهری) كه‌ ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌ك ته‌نها سه‌پك و شێوازه‌كانیان نزیكن له‌ (تقلید)و دوباره‌كردنه‌وه‌وه‌، به‌ڵكو زۆرجار ته‌نها هه‌ندێ‌ له‌ وشه‌ی ناوڕسته‌كانیان گۆڕدراون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵكو ئه‌م سه‌رسامیه‌ به‌ئه‌ده‌باتی ئه‌م دووشاعیره‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ زۆر به‌ زووی به‌شێكی زۆر له‌ تێكسته‌كانیان وه‌ربگێردرێته‌ سه‌ر زمانی كوردی و وه‌رگێڕانه‌كانیشیان بۆ چه‌ندینجار چاپ بكرێنه‌وه‌. كه‌ به‌بڕوای من هۆگری بۆ ئه‌ دوو شاعیره‌ش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دووخاڵ.
یه‌كه‌م/ شیعری كوردی له‌ پێش ڕاپه‌ڕین و له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا به‌زۆری ته‌نها شیعری شۆڕش و پیاهه‌ڵدان بووه‌ به‌ نیشتمان و ئازادیدا وكه‌متر په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر ئینسان وه‌ك سه‌نته‌رو ورد بونه‌وه‌ له‌ جوانییه‌ جوزئیان، كه‌به‌بڕوای من ئه‌م لایه‌نه‌ پانتاییه‌ی گه‌وره‌ له‌ شیعری (سوهراب) پێكدێنێت و هۆكاری په‌یوه‌ست بوونی زۆرێك له‌گه‌نجانیش به‌م شاعیره‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌م خاڵه‌وه‌ هه‌یه‌.
دووه‌م/ ڕۆحی یاخیبوون و نزیك بونه‌وه‌ له‌ مۆدێلی جۆرێك له‌ نامۆبوون وته‌نهای و عه‌به‌س یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ دیاره‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری(فروخ)و سه‌رسام بوون پێی،كه‌ ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌ شیعری خانمانی ئێمه‌دا به‌ ڕوونی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش به‌ هۆكاری نه‌بوونی ئازادی و ئه‌و هه‌موو كه‌بته‌زۆره‌ی كه‌دنیای گه‌نجانی ئێمه‌ی داپۆشیوه‌، بۆیه‌ یاخیبوون له‌ (نه‌ریت و خێزان و كۆمه‌ڵگا) كه‌ یه‌كێكن له‌ تێماكانی شیعرلای (فروخ) ده‌بنه‌ قسه‌ی گه‌رم و دڵخوازی گه‌نجان و نوسه‌رانی شیعری نوێی ئێمه‌و هۆكارن بۆ هه‌وڵدان له‌ دوباره‌كردنه‌وه‌یان.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها ئه‌م هۆكارانه‌ش نین وڕه‌نگه‌چه‌ندان هۆكاری تریش هه‌بن كه‌وایانكردووه‌ شیعری (فارسی) به‌وقوڵیه‌ كار له‌ شیعری نوێی ئێمه‌ بكات، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی دیالۆك و وه‌رگرتنی بۆچوونی جیاواز ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه‌ به‌ پێویستم زانی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ بوروژێنم وبه‌هیواشم هیچ كه‌س و شیعرنوسێكی ئه‌زیز زویرنه‌بێت و خوێنه‌وه‌ی جیاوازی بۆنه‌كرێت، چونكه‌ نه‌مه‌به‌ستمان ناو ئه‌زمونی كه‌سه‌و نه‌لێدانه‌له‌ كه‌س ته‌نها ئامانج له‌ته‌وه‌ره‌ كه‌ گفتوگۆ كردنه‌ ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆی ئه‌م بابه‌ته‌ وبه‌هیوام له‌ ئاینده‌دا ئه‌م پرسه‌ قسه‌و گفتوگۆی زیاتر به‌دوای خۆیدا بهێنێت.

_______________________________________________________
ئازاد به‌رزنجی
Azad Barznji

ئه‌م كاریگه‌ریانه‌ هه‌م لایه‌نی ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ و هه‌م نه‌رێنی، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاریگه‌رییه‌ ئه‌رینییه‌كانی زیاتر بوون.
كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی میلله‌تانی دونیا و كارلێكی كه‌لتووره‌كان هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر بووه‌ و هیچ كه‌لتوورێك نییه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا خاڵی بێت له‌ كاریگه‌ریی كه‌لتووره‌كانی تر، ئیتر چ زۆر یان كه‌م. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، ئه‌ده‌بیاتی فارسی یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ده‌بیاتانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژگارێكی زووه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌لتووری میلله‌ته‌كانی تری جیهان هه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی ته‌واو سروشتییه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ گه‌ر چاوێك به‌ ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و توركی و هیندی و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكیشدا بخشێنین، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیابینیی گه‌لێ له‌ شاعیرانی وه‌كو مه‌ولانا و خه‌ییام و حافز و سه‌عدی و فه‌ریده‌دین عه‌تتار و نیزامی و هتد… ده‌بینینه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كارلێك و كاریگه‌رییه‌ تا ئێستاش ئاسه‌واری به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مه‌ش گه‌ر ده‌لاله‌ت له‌ شتێك بكات، ئه‌وا ده‌لاله‌ت له‌ زیندوویی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تیش شیعری فارسی ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانی شیعری فارسی له‌سه‌ر شیعری كوردی و به‌تایبه‌تیش له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ ئه‌م كاریگه‌رییه‌ هه‌م لایه‌نی ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ و هه‌م نه‌رێنی، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاریگه‌رییه‌ ئه‌رینییه‌كانی زیاتر بوون.
بێگومان هه‌موو ده‌زانین كه‌ پێش ڕاپه‌ڕین بوارێكی ئه‌وتۆ نه‌بوو بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی فارسی و ئه‌و كارانه‌ی له‌ فارسییه‌وه‌ كراون به‌ كوردی زۆر كه‌م بوون، هۆكه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای ڕژێمی ئه‌و ڕۆژگاره‌، هه‌ر بایه‌خدانێك به‌ ئه‌ده‌بی فارسییان به‌ بایه‌خدان به‌ كه‌لتووری دوژمن ده‌زانی. به‌ڵام له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بوارێكی باش ڕه‌خسا بۆ بایه‌خدان به‌ كه‌لتووری بیانی و به‌تایبه‌تیش فارسی، چونكه‌ هه‌م نزیكترین بیانی بوون به‌ ئێمه‌ و هه‌م زمانی فارسی و زمانی كوردی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خێزانی زمانه‌وانی، بۆیه‌ نزیكایه‌تییه‌كی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پتر هانی ئه‌دیبان ده‌دات بۆ وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌، گه‌رچی له‌سرێكی تریشه‌وه‌، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك وه‌رگێڕ و وه‌رگێرانی خراپه‌وه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی وێرانی له‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا. به‌هه‌رحاڵ، وه‌رگێڕانی شیعری فارسی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی و به‌تایبه‌تیش شیعره‌كانی فرووغی فه‌ڕوخزاد و سوهراب سپهری، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر شاعیره‌ لاوه‌كان هه‌بووه‌ و له‌ زۆربه‌ی شیعره‌كانیاندا فه‌زا و زمان و ڕوانینی ئه‌وان ده‌بینینه‌وه‌.من بۆ خۆم هۆكاری ئه‌م كاریگه‌رییه‌ و شێوه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بینم: پێشتر و له‌ هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا، گوتاری شیعریی كوردی خۆی له‌ به‌ره‌نگاری و حه‌ماسی شۆڕشگێڕانه‌ و نیشتمان و یاخیبوونی ده‌سته‌جه‌معی و مه‌سه‌له‌یه‌كدا ده‌بینییه‌وه‌، كه‌ هه‌ر شاعیره‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك گوزارشتی لێ ده‌كرد. به‌ڵام له‌ دوای هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی سوهراب و فرووغ( كه‌ من خۆم به‌شێكی زۆریانم لێ وه‌رگێڕاون)، جۆرێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خود و بۆ یاخیبوونی فه‌ردی و ڕامان و سروشت به‌ڵام به‌ دیدێكی تره‌وه‌، لای ئه‌و شاعیرانه‌ سه‌ریهه‌ڵدا. چییتر شۆڕش و موقاوه‌مه‌ت و شیعری بۆنه‌ ئه‌و سیحر و ئه‌فسوونه‌ی نه‌ما و له‌بری ئه‌وه‌ گه‌ڕانێك ده‌ستی پێ كرد به‌دوای زمانێكی شیعریی وادا كه‌ گوزارشت له‌ وێرانبوونه‌كانی دوای شۆڕش و نائومێدی و له‌بارچوونی خه‌ونه‌كان و نامۆبوونی نه‌وه‌ی دوای شه‌ڕی ناوخۆ و تێكشكانه‌كان بكات.
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانی فرووغ، من پێم وایه‌ زیاتر له‌ شیعری خانمه‌ شاعیره‌كانی دوای راپه‌ڕیندا ده‌یبینینه‌وه‌ و ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش خۆی له‌ یاخیبوون دژ به‌ په‌تریاركییه‌ت و ده‌ربڕینی حه‌ز وخۆزگه‌ و غه‌می ژنانه‌ و جۆرێك له‌ پڕكێشی له‌ زماندا ده‌یبینین. سه‌باره‌ت به‌ سوهرابیش، ده‌رچوون له‌ ئایدیۆلۆجیا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ساته‌ پاكیزه‌كان و بۆ عاڵه‌ته‌ ڕۆحییه‌كان.له‌ڕاستیدا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییان خۆی له‌ خۆیدا پێویه‌تی به‌ باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژ و سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئه‌وه‌ی وتمان به‌ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك و هیچی تر.


ڕێبوار سیوه‌یلی

Rebwar Siwali

پێگه‌ی شاعێرێتی له‌ كولتووری ئێرانیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر كه‌ گه‌نجانی نوسه‌ر و شاعیری ئه‌مدیو، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینن وه‌ك ئه‌وانیان لێبێت
ده‌یه‌ی هه‌شتاكان ده‌یه‌ی سه‌ره‌تاكانی جوڵه‌ی كورد بوو له‌ شاره‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، به‌ تایبه‌تی بۆ ئێران. نه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵاتن له‌ شه‌ڕه‌وه‌، كه‌وتنه‌ داوی شیعری فارسییه‌وه‌، كه‌ داوێكی خۆش و به‌سوود بوو. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تیان نه‌ده‌كرد و له‌ ڕێگه‌ی خوودانه‌ ئه‌ده‌بیی كلاسیك و هاوچه‌رخی فارسییه‌وه‌، جیهانێكی نوێیان دۆزییه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت پێشتریش كه‌سانێكی وه‌ك مامۆستا عه‌بدووڵا تاهیر به‌رزنجی له‌ سلێمانی و مامۆستا گوشاد حه‌مه‌سه‌عید له‌ هه‌ولێر هه‌بوون، كه‌ جاروبار ئه‌ده‌بیاتی فارسییان ده‌كرده‌ كوردی، به‌ڵام به‌ به‌رده‌وامیی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران، نه‌وه‌یه‌ك ئاواره‌ی ئێران بوون و ئه‌وانه‌ش كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی شاعیرانی جۆربه‌جۆری فارسی نووسه‌وه‌. له‌ناو ئه‌و شاعیرانه‌دا، نیما، شاملو، فه‌رووغزاد، سپێهری و گه‌لێكیتر. له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانیی ئێرانیشدا كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كه‌وته‌ باوه‌شی كۆماریی ئیسلامییه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌كی چاپه‌نی له‌ ئارادابوو، كه‌ به‌رده‌وام به‌رهه‌می ئه‌م شاعیرانه‌ی چاپ و بڵاو ده‌كرده‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕاڤه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی دكتۆر محمدرچا شه‌فیعی كدكنی، د. ڕه‌زا براهنی و محمدی حقوقی و محمدعلی سپانلوو و چه‌ندانیتر له‌ ئارادابوو، كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر پۆلێنكردنی شاعیران و بابه‌تی شیعرییان ده‌كرده‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرنگیی و كاریگه‌ریی گۆڤاره‌كانی وه‌ك ئادینه‌ و كلك و چه‌ندانیتر، كه‌ به‌رده‌وام ڕه‌واجیان به‌ شیعر داده‌یه‌وه‌. ئه‌و كوردانه‌ی چوونه‌ ئێران، له‌ هه‌مان كاتدا خۆیان له‌به‌رده‌م چه‌ندین كه‌ناڵدا بینینه‌وه‌ كه‌ هه‌موویان ده‌یانبردنه‌وه‌ سه‌ر شیعر و ئه‌ده‌بیات.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و جمووجووڵ و چالاكیانه‌ش كه‌ ڕۆشنبیرانی كوردی شاره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دان و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌رانی كوردی ئه‌مدیو، زوو خۆیان فێری زمانی فارسی بكه‌ن و لێی سوودمه‌ند بن..
شیعری فارسی له‌ دوای (نیمایۆشیج)ه‌وه‌، به‌ تێپه‌ڕین به‌ شاملوو، ئه‌خه‌وان سالس و فروغزاد و سپێهری و ئه‌وانیتر، چ وه‌ك بابه‌ت و چ وه‌ك فۆرم بۆ كورده‌كان تازه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت پێشئه‌وه‌ی كوردی باشوور به‌ ده‌قی شیعریی فارسیی ئاشنا بێت، ئاشنای گۆرانی و مۆزیكی فارسی بوو. زۆر پێشئه‌وه‌ی شیعری فارسی وه‌ربگێڕدرێت، داریووش و سه‌تار و گووگووش، حمیرا، هایده‌، مه‌هه‌ستی و ئیره‌ج و هه‌ندێكیتر، چوارچێوه‌ی زه‌وقی باشووریان به‌لای موزیك و شیعری فارسیدا كێش كردبوو، به‌تایبه‌تیش كه‌ به‌شێكی شیعری ئه‌م ده‌نگبێژانه‌یان ده‌گوته‌وه‌. ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌كی نوێ بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێوه‌ی بڕوانیته‌ ئه‌ودیو زیندانه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌عس له‌ شیعری هاوچه‌رخی فارسیدا، شتگه‌لێكی جوان هه‌بوو كه‌سه‌رنجیان ڕاده‌كێشا. یه‌كه‌م هه‌ر یه‌كه‌ له‌ شاعیرانی به‌ناو، خاوه‌نی ستایل و شێوازی شیعریی خۆیان بوون. سیما و سه‌رووكه‌لله‌ی شاعیره‌ فارسه‌كانیش سه‌رنجڕاكێش بوو، خودی پێگه‌ی شاعێرێتی له‌ كولتووری ئێرانیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر كه‌ گه‌نجانی نوسه‌ر و شاعیری ئه‌مدیو، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینن وه‌ك ئه‌وانیان لێبێت. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌. زمانی شیعری شاعیره‌ هاوچه‌رخه‌كانی ئێران، جگه‌ له‌ ئه‌حمه‌دی شاملوو، جگه‌ له‌ یه‌دوڵای ڕوئیایی و كه‌مێكیش نیما خۆی، زمانێكی ئاسان و شیاوی ئاسان تێگه‌یشتنه‌. فه‌رووغزاد، سپێهری زمانێكی خۆشیان هه‌یه‌، ساده‌ له‌ ده‌ربڕین و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ میتافۆر و وێنه‌دا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بابه‌تی شیعری فه‌رووغ بۆ ئێمه‌ جیهانێكی نوێی زۆر تازه‌ بوو. له‌ فه‌رووغه‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ ده‌نگی ژن له‌ شیعردا هه‌مان شیعر نیه‌ كه‌ پیاو بۆ ژنی ده‌نووسێت. له‌وێدا ژنێك له‌ خۆی ده‌دوێ وه‌كئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌. ئیراده‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی و هه‌ستێك له‌ شكستدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. هه‌ندێ پۆتانشێڵ، یان توانایی له‌ تاكه‌كه‌سدا به‌ خۆی ئاشنا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ویستی نوێ و جیهانبینی نوێی بۆ ده‌هێننه‌ پێش. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی پێیده‌ڵێت: چوونه‌ جیهانێكی دیكه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر و شاعیران به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌ هه‌مان شێوه‌ سوهراب نوێ بوو، چ له‌ زماندا و چ له‌ وێنه‌سازیی و چ له‌ جیهانبینیدا. سوهراب وێنه‌یه‌كی ئێستاتیكیانه‌ی عیرفان و گه‌ردوونگه‌رایی له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، كه‌ پتر ئینسانیه‌ تا ئێرانی و فارسیانه‌. خوێندنه‌وه‌ی شیعری سوهراب ڕه‌ژووێك له‌ ناخی مرۆڤدا ده‌گه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هه‌یه‌. ستایلێك له‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی توندوتیژیی و ڕق. به‌ شیعریكردنی توێكڵی هه‌نار و جلشتنی ڕه‌عنا و خۆشاردنه‌وه‌ی خودا له‌و دیو دره‌خته‌كانه‌وه‌.. ساده‌یی و شه‌ففافییه‌ت به‌شێكی گرنگی شیعری سپێهرییه‌، ئه‌مه‌ش له‌ واقیعێكدا كه‌ ئاڵۆزیی و تاریكی باڵاده‌سته‌، گرنگیی خۆی بۆ ڕۆحیی مرۆڤ هه‌یه‌. ئه‌م شاعیرانه‌ پردێك بوون شاعیره‌ كورده‌كانیان په‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و دیو بیركردنه‌وه‌ ته‌قلیدیه‌كان له‌ شیعر و زمان. ئاسۆی خه‌یاڵ و چنینی زمانی شیعریی ئێمه‌یان گۆڕی. سۆژه‌ی ئه‌زموونكه‌ر له‌ واقیعی كوردیدا چیتر نه‌یده‌توانی به‌ زمانی باوی شیعری كوردی، خۆی ده‌ربڕێت، بۆیه‌ ئه‌م ستایله‌ له‌ شیعری فارسی وه‌ك فه‌ریادڕه‌سێك هه‌ندێ كه‌سی له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ ڕزگار كرد، هه‌ندێكیانی وه‌ك لاساییكه‌ره‌وه‌ و چه‌ندێكیشی وه‌ك ڕاگوێزه‌ره‌وه‌یه‌كی ناشیی به‌ ئێمه‌ ناساند. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، تێڕوانینی من بۆ ئه‌م كاریگه‌ربوونه‌ به‌ شیعری فارسی، خراپ نیه‌. كاریگه‌ریی به‌شێكه‌ له‌ سرووشتی شیعرنووسی و شاعیرانه‌ بیركردنه‌وه‌. شیعره‌ گه‌وره‌كان شیعرگه‌لێكن نمونه‌ به‌رزه‌كانی شیعرمان بیرده‌خه‌نه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نمونه‌ی نائومێدكه‌ر له‌ كاریگه‌ریی و لاساییكردنه‌وه‌مان زۆره‌. كۆمه‌ڵگای كوردیش كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ كاراكته‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌، بۆیه‌ شوێنكه‌وته‌یی، لاساییكردنه‌وه‌، خۆبه‌ئه‌ویترزانین، مۆده‌بازیی و فیزلێدان شتێكی ئاساییه‌ تیایدا. مرۆڤ كه‌ بۆخۆی كاراكته‌ر و شوناسی تایبه‌تی خۆی نه‌بوو، شوناسی ئه‌وانیتر ده‌كاته‌ به‌ری خۆی بۆ ئه‌وه‌ی سوودمه‌ند بێت له‌و پرستیژ و پیاهه‌ڵدانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگا، یان ده‌سته‌ و تاقمێكدا به‌ نسیبی ده‌بێت و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ پێگه‌یه‌ك بۆخۆی به‌ده‌ستده‌هێنێت. ئه‌مه‌ بۆ شاعیرانیش هه‌ر ڕاسته‌.

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

كاتێك گۆته‌ كاریگه‌ر له‌ حافز وه‌رگرێت و بۆرخیس له‌ خه‌یام، بۆ كورد له‌ ئه‌ده‌بی فارسی كه‌له‌په‌نایداو له‌ ڕوی كولتوورییه‌وه‌ زۆر نزیك ترو كاریگه‌ر تره‌ سودی لێوه‌ر نه‌گرێت.
پێش هه‌مووشتێك ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم زۆرسروشتی یه‌ شاعیران شیعری وڵاتانی تربخوێننه‌وه‌و بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریییانه‌وه‌و ئه‌مه‌ نیشانه‌ی زیره‌كی وردی شاعیرانی كورده‌و هیچ شاعیریانوسه‌رێكی سه‌ركه‌وتونییه‌ بتوانێ له‌ جوغزی داخرانی خۆیدا بمێنێته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوبیت .به‌تایبه‌ت شیعرفارسی كه‌ له‌ دنیادا ناسراوه‌و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خۆی داناوه‌ به‌ هی ئاستی باڵاو لایه‌نی هونه‌ری به‌گشتی و به‌تایبه‌ت دونیابینی قوڵ و ئینسانیی یانه‌وه‌، پێمه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌ی نه‌وه‌ ده‌كان بگره‌ نه‌وه‌ی دوای دو هه‌زارو ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا ده‌نوسن جگه‌ له‌فروغ و سوهراب كاریگه‌ری شه‌مس له‌نگرودی و گه‌روس عه‌بدول مه‌لكیان و ره‌سول یۆنان و شاعیرانی نه‌وه‌ی نوێێ ئێرانیان له‌سه‌ره‌.ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ گه‌ش و كاژفڕێدانی فه‌زای شیعری ئێمه‌و دروستبونی جیاوازی گۆرانكاری و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ دا زیاترو جۆراو جۆرتر جیوازتر ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كاریگه‌رییانه‌ ده‌بینین، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم له‌ هه‌موو كه‌سه‌كان نییه‌و ئه‌وه‌ شی كه‌هه‌یه‌ به‌ یه‌ك ئاست و وه‌ك یه‌ك نییه‌ و ئاسته‌ كان جیاوازه‌، كاتێك گۆته‌ كاریگه‌ر له‌ حافز وه‌رگرێت و بۆرخیس له‌ خه‌یام بۆ كورد له‌ ئه‌ده‌بی فارسی له‌په‌نایداو له‌ ڕوی كولتوورییه‌وه‌ زۆر نزیك ترو كاریگه‌ر تره‌ سودی لێوه‌ر نه‌گرێت.

ساڵح سووزه‌نی
Suzani

چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ ئێسته‌ به‌شێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌ده‌بی كوردین به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
دوای ده‌نگه‌ مه‌زنه‌كانی شێعری كوردی له‌ باشوور هه‌ست به‌ بۆشاییه‌ك بۆ به‌ره‌و پێش چوون و گه‌شه‌ نوێگه‌ری ده‌كرا. هه‌ر بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر په‌ل بكێشی بۆ زمانێكی دیكه‌ و هه‌وڵ بده‌ی ره‌وته‌ نوێیه‌كانی ئه‌و زمانانه‌ بقۆزیته‌وه‌. فارسی و عه‌ره‌بی و توركی نیزیك ترین و زۆرترین ئاڵ و گۆڕیان له‌ گه‌ڵ زمانی كوردی هه‌یه‌، ئاساییه‌ كه‌ سه‌ره‌تا گه‌نجان به‌ره‌و لای خۆیان ڕابكێشن به‌ هۆی تێكه‌ڵاوی زمانی فارسی و كوردی. شێعری فارسی زۆر ترین به‌رده‌نگی به‌ رێژه‌ی زمانه‌كانی دیكه‌ له‌ ناو كوردا هه‌یه‌ و یه‌كه‌م ئه‌گه‌ری كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر شێعری كوردی دوای راپه‌ڕین زمانی عه‌ره‌بی لای گه‌نجان ئیتر بڕه‌وی نه‌ما كه‌وایه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌ دا ده‌قی شاعیرانێك زێده‌تر ته‌شه‌نه‌ده‌كا كه‌ زمانێ ساكارتریان، به‌ رێژه‌ی شاعیرانی دیكه‌، هه‌یه‌ و خێراتر دێته‌فام كرن… له‌ شێعری فارسیدا ده‌قی سوهراب و فروغ زیده‌تر كه‌ڵك له‌ زمانی رۆژانه‌ وه‌ر ده‌گرن و له‌و شاعیرانه‌ن كه‌ زۆرترین كاریان له‌سه‌ر شێعری “گفت” كردوه‌/گفتار/ و هه‌ر بۆیه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و وه‌رگێڕان دا خۆش فام و خۆش ده‌ست ترن… تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگێرانیش به‌ تایبه‌ت بۆ شیعر هه‌ڵبژاردنی ده‌قی ئه‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ زمانێكی ئالۆز و پڕ كاركردیی زمانییان نیه‌… بۆیه‌ كه‌س ناچێ شێعری به‌راهه‌نی یان باباچاهی و فه‌لاح وه‌رگێڕێ بۆ زمانی كوردی … كه‌ وایه‌ باشترین ده‌ق بۆ زووتێگه‌یشتن و خێرا وه‌رگێران ده‌قی كه‌سانێكی وه‌ك سوهراب و فروغ و سه‌ی عه‌لی ساڵحی و شه‌مس له‌نگروودی یه‌ كه‌ به‌ زمانی ئاسایی روژانه‌ ده‌ووسن. شاعیرانی گه‌نج له‌و دیو زێده‌تر له‌ ژێر كاریگه‌ری “چی گوتن”ی شێركۆیی و په‌شێوی و هه‌ڵمه‌تی ..دان تا “چۆن گوتنی مه‌سیفی و سه‌ڕاچ و ……. به‌ گشتی فورمالیسته‌كانی هه‌ولێر.. هه‌ر بۆیه‌ دێنه‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و شاعیراه‌ی كه‌ له‌ شێێعر دا “چی گوتن”یان لا گرینگه‌ و ژنانه‌یی گوتنی فروغ و عرفانی گوتنی سوهراب سپێهریش دیاره‌ نموونه‌یه‌كی باشه‌ بۆ وه‌ی وه‌ دووی ئه‌وان كه‌ون و ساكار بێژی ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ر چۆن بێژی “ناو زمانی” شاعیرانی دیكه‌ی فارس دا هه‌ڵبژیرن. له‌كۆتایی دا ئه‌مه‌وێ وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك، ئه‌مه‌ ئاراسته‌ بكه‌م كه‌ ؛ شێعری سه‌رده‌م به‌دوای چی گوتن ه‌وه‌ ناڕوا و به‌دوای هاتنه‌ ئارای خوێندنه‌وه‌ نوێكانی سه‌رده‌م زمان ناسی.. نیشانه‌ ناسی .. دیارده‌ناسی و هێرمنۆتیكی نوێ … فورمالیسم و پێكهاته‌خوازی و دواتر پێكهاته‌ هه‌ڵوه‌شێنی و پاش مودێرن خوازیی… زێده‌تر به‌ لای “كاركرد و گه‌مه‌ی زمانی .. ئایرونی .. پارۆدی . چه‌ند ده‌نگی بوون و تیكه‌وتن له‌ گه‌ڵ دیكتاتۆریه‌تی زمان دا ده‌ڕوا . تا چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ. نوێتر خوازیی ئێسته‌ به‌شێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌ده‌بی كوردی به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و به‌ ئاشكرا ره‌وتێكی رووله‌ گه‌شه‌یه‌ به‌ پێی ئه‌و فورم و تێكنێكانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكرا.و ده‌یان كتێب و وتار و وتویژ و چه‌ندین سمیناری باشی به‌رێوه‌ بردوه‌ و جێی خۆیه‌تی شاعیرانی گه‌نجی باشووریش له‌و ره‌وته‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی بڕوانن نه‌وه‌ك زمانی عیرفانیی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ری سوهراب و چی گوتنی ژنانه‌یی فرووغ. چیمان پێ خۆشه‌ له‌سه‌ر عیرفان و ژنانه‌یی ده‌توانین به‌ وتاریش ئاراسته‌ی بكه‌ین . به‌لام زمانی شیعر زمانی فورم و تكنیك و ئانارشیزمی نوێخوازانه‌یه‌ نه‌ لاسایی كردنه‌وه‌.

ژاوێن شاڵی

zhawen

له‌ئێستادا ده‌یان نوسه‌ر و شاعیرمان هه‌ن به‌نه‌فه‌سی سپێهری و فه‌روخزاد و شاملۆوه‌ ده‌نووسن و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی و دنیابینی و ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ من له‌پنتێكدا خۆیان نابینم
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌مه‌وێت به‌ وته‌ كۆن و به‌ناوبانگه‌كه‌ی بارت ده‌ست پێبكه‌م كه‌ ده‌فه‌روێت : “هیچ ده‌قێك بوونی نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كان”، پێموابێت ئه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك راسته‌، وه‌لێ جیاوازییه‌كی ریشه‌یی هه‌یه‌ له‌نێوان كاریگه‌ریی و به‌سێبه‌ربوو یاخود پاشكۆبوونی كه‌سانی تردا، واته‌ له‌ناو ئه‌ده‌بدا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌ ئاگایی بێت یاخود نائاگایی خۆمان سه‌رسام بوونمان به‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ لای ئێمه‌ پێشه‌نگ و ده‌یانخوێنینه‌وه‌ و به‌شوێن نوێترین به‌رهه‌مه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێین كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر فكر و بۆچوون و هه‌روه‌ها به‌رهه‌كانیشمانه‌وه‌ جێدێڵێت، وه‌لی نوسه‌ری هۆشیار ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ركه‌س خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گری به‌رهه‌مه‌كانی خۆی بێت و به‌چاویلكه‌ی ره‌خنه‌گرێكه‌وه‌ نوسینه‌كانی خۆی بخوێنێته‌وه‌و شرۆڤه‌ بكات، ئه‌وكات له‌هه‌ر شوێنێك هه‌ستی كرد ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نزیكه‌ به‌ره‌و به‌پاشكۆ چوون و یاخود كۆپی بونی نوسه‌رانی تر بچێت دروست به‌ تێكسته‌كه‌یدا ده‌چێته‌وه‌ و له‌وانه‌شه‌ هه‌ر بیسڕێته‌وه‌ و ئاخود شه‌وێنه‌واری ئه‌و كاریگه‌رییه‌ بسڕێته‌وه‌و به‌رهه‌مێك له‌خه‌یاڵ و هزر و ماریفه‌ی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ و دروستتر بڵێم به‌ر له‌ راپه‌ڕینیش ئه‌ده‌بی كوردی كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی بێگانه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌ و دوور له‌ناوهێنان ئه‌دیبگه‌لێكی به‌ناوو ده‌نگمان هه‌ن كه‌ له‌هه‌ندێك شوێندا كۆپی په‌یستی شاعیر و نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب یان فارسیان كردووه‌ به‌ توركیشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردی پاش راپه‌ڕین به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ده‌كاندا ته‌وژمێك له‌ نوسین به‌ناوی شیعر و چیرۆكه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنراون و هه‌ندێكیشیان فاكته‌ر بوون له‌ به‌ناوبانگ بوونی نوسه‌ره‌كه‌یدا كه‌ كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی ئه‌ده‌بیاتی فارسی به‌سه‌رییه‌وه‌ ده‌بینرێت، خاڵی هه‌ره‌ ترسناك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و له‌ئێستادا ده‌یان نوسه‌ر و شاعیرمان هه‌ن به‌نه‌فه‌سی سپێهری و فه‌روخزاد و شاملۆوه‌ ده‌نووسن و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی و دنیابینی و گوزارشتی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ من له‌پنتێكدا خۆیان نابینم. وه‌لێ كاری داهێنه‌رانه‌ی نوسه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رووتی خۆی و هزر و خه‌یاڵ و ئستاتیكای خۆیمان بخاته‌ به‌رده‌م، وابكات له‌ چاویلكه‌ی ئه‌وه‌وه‌ روداو و به‌سه‌رهات و چركه‌ساته‌ شیعرییه‌كان بۆ منی خوێنه‌ر بگوازرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ زێده‌تر له‌شیعر دا ده‌بینرا وه‌لی ئێستا ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ چیرۆكیشدا بوونی هه‌یه‌ و چیرۆكت پێده‌ڵێم هه‌ر به‌ په‌ره‌گراف به‌راورد ده‌كه‌ین كه‌ سادقی هیدایه‌تی په‌یست كردووه‌ و له‌چیرۆكێكی خۆیدا و له‌زاری كاراكته‌رێكییه‌وه‌و له‌ژێر ناوی خۆی بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆخۆی ده‌چێته‌ خانه‌ی شتێكی تره‌وه‌ به‌ده‌ر له‌ كاریگه‌ریی كه‌ پێی ده‌وترێت (دزی ئه‌ده‌بی(




ئه‌زموون وه‌ك ئاخاوتنێك له‌ناو ژیان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


نوێبه‌خشی

له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا هیچ سه‌رچاوه‌ و وزه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی به‌ ئاستی شیعر نه‌بووه‌ته‌، بنه‌مای په‌یوه‌ندی و مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیركردنه‌وه‌ی چالاك. واته‌: ئه‌ندێشه‌ی چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك. هه‌روه‌ها به‌و پایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌ش په‌سند نه‌كراوه‌ و نه‌دره‌وشاوه‌ته‌وه‌.
گیانی زمانی ده‌ربڕینی كوردیش، تا ئێستا هه‌ر به‌ ته‌نیا له‌ناو پرۆژه‌ شیعرییه‌كاندا زیندووه‌، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هه‌ستیاریی شیعری زۆر به‌هێزه‌، تواناكانی خۆی تێدا تاقی ده‌كاته‌وه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی وه‌ری ده‌گرێت و ڕه‌وایی به‌ به‌رده‌وامبوون و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌دات، داهێنان به‌ وه‌رگرتنی قووڵایییه‌كانی ژیان به‌رهه‌م دێ‌، له‌م به‌رهه‌مهێنانه‌شیدا ژیان ده‌خاته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینێكیش له‌ فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییه‌وه‌ دانه‌چۆڕابێته‌ ناو بوون و زه‌مینه‌ی ته‌واوی ده‌ربڕینه‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌ و كه‌شوهه‌وایه‌ك ناتوانێت نوێبه‌خش بێت و بێته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
بۆ شاعیری نوێبه‌خش وه‌رگرتنی قووڵایییه‌كانی ژیان زیندووبوونه‌وه‌ی زمانه‌، زمانی دۆزینه‌وه‌ش زمانێكی یه‌ك ئاراسته‌یی نییه‌، به‌پرسیاری زۆره‌وه‌ له‌ ئاسته‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی خۆی ده‌كۆڵێته‌وه‌، قووڵایییه‌كان هێزی وشه‌ و ئه‌زموونی تێدا نووستووه‌، له‌ ده‌ربڕیندا ئه‌م هێزه‌ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و دێته‌ ناو پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌وه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی نوێبه‌خشی له‌ ژیان و بیر و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وتووه‌ و هه‌نگاوی بۆ نراوه‌، بنه‌ماكانی گۆڕان به‌ره‌و پێداویستییه‌ هاوچه‌رخه‌كان ‌و هۆشیاری ده‌بێته‌ پێوه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها نوێبه‌خشی هۆ ‌و ئامانجه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ چالاكییه‌كانی ژیانه‌وه‌، به‌شێكیش نییه‌ له‌ ژیان. ڕاسته‌وخۆ ژیانه‌، مرۆڤ له‌باری به‌خته‌وه‌ریدا وه‌ك خوداوه‌ند ده‌ژێنێت، ئه‌فسوونێكی واشی تێدایه‌ گیان و جه‌سته‌ له‌ بڵندی بحه‌وێنێته‌وه‌.
بابه‌ت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هه‌ستكردنه‌ به‌ جوانییه‌كانی ژیان ‌و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ناو ناواخنی سروشت ‌و له‌دایكبوونی وه‌رزه‌كان و گونجان و ته‌بایی نێوانیان. واش به‌رانبه‌ر ڕابهێنێ‌ هه‌ست به‌م شۆڕبوونه‌وه‌ و گونجان و ته‌بایییه‌ی نێوانیان بكات.
هه‌ستی نووسینیش به‌ ساته‌وه‌ختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێده‌په‌ڕێ‌. تێڕوانینه‌كان ئاڵوگۆڕیان تێ‌ ده‌كه‌وێ‌ ‌و ده‌ڕسكێن.
شیعری ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن جیهانبینی، كه‌ خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه‌، له‌ ژیریی و په‌ند و سۆز ‌و خه‌ونی ڕۆمانسییانه‌ به‌ده‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر شیعریش ڕووت كرایه‌وه‌ له‌ ژیریی و په‌ند و سۆز و خه‌ونی ڕۆمانسییانه‌ به‌ هیچ جۆرێك ڕاسته‌قینه‌ ‌و خاوه‌ن جیهانبینی نییه‌، كه‌ خودی مرۆڤ دابڕێژێته‌وه‌.
شاعیری نوێبه‌خش هیچ كاتێك چاوه‌ڕوانی هاندان ‌و ستایش ناكات، هه‌ر كاتێكیش چاوه‌ڕوانی هاندان و ستایشی كرد، ئه‌وه‌ بڕوای به‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ نووسیویه‌تی خۆبوونی و داهێنان بێت. ده‌ربڕینی نایاب به‌هۆی كرداری گه‌یاندن و هۆشیاریی زمانه‌وه‌ له‌ ئاستی ئاسایی ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی ئێستێتیكا و خۆبوونی، ده‌بێته‌ خاوه‌ن پرسیار له‌ نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا، شێواز و ئه‌دگاری خۆی له‌ ده‌ربڕینكردن ‌و ده‌ربڕینه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ش گیان، گیانی جه‌سته‌یه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ ژیان و نه‌شونما دۆزیوه‌ته‌وه‌، شێوازیش ناوه‌ند ‌و گیانی نووسه‌ره‌، هیچ گیانێكیش بۆ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رناگیرێت.
شێواز ‌و شیعرییه‌ت ‌و زمان، ئه‌زموون بۆ ئاینده‌ پێشنیازیان ده‌كات، ئاینده‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موویانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شدارین له‌ چالاككردن ‌و به‌ڕێوه‌بردنی، په‌یامی هونه‌ریی مرۆڤگه‌لێكه‌، كه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ و له‌به‌ین بردنی ئه‌و شتانه‌ نادات، كه‌ ژیان ده‌خه‌نه‌ بارێك به‌رگری له‌ به‌ ژیانبوون ‌و ئازاری خۆی ده‌كات.
ژیان ‌و بوون ‌و دنیاش له‌ناو شیعری نایاب ‌و ئێستێتیكی و خۆبوونیدا نوێن، له‌ناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبه‌خشی هێشتان به‌ ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئاخاوتن له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌را و زه‌نا، پێویسته‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رنج، به‌ ئاستێكی دیكه‌وه‌ بخرێنه‌ ناو ئاخاوتنه‌وه‌.
ئایه‌ ئاخاوتنه‌كانمان له‌ خودی نوێبه‌خشیی ده‌قه‌وه‌ ده‌رچوونه‌، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه‌ وه‌رگیراون و له‌ جه‌سته‌ی ته‌نك و ناسكی ده‌ق پراوه‌ی پێ‌ ده‌كه‌ین، كه‌ جه‌سته‌ی ته‌نك و ناسكی ده‌ق هیچ پراوه‌یه‌ك وه‌رناگرێت جگه‌ له‌ پراوه‌ی گیان نه‌بێت.
نووسینێك گه‌یشتبێت به‌ ئاستی ده‌ق، په‌یوه‌ندیی ئاستداری چاره‌نووسسازی به‌ ئێستێتیكا و خۆبوونییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕوون، هێزێكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌، به‌ره‌نجامی خودێكی هه‌ژاو ‌و هۆشمه‌ند ‌و وریایه‌. به‌شێكیش له‌ خودی هه‌ژاو ‌و هۆشمه‌ند ‌و وریا گه‌یشتوون به‌و هه‌قیقه‌ته‌، كه‌ شیعر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو سۆز ‌و هه‌ست ‌و ڕوونی ‌و ئاشكرایی له‌ ده‌ربڕیندا، ئه‌مه‌ش وه‌ك دیارده‌یه‌ك پێویسته‌ بخرێته‌ ناو ئاخاوتنه‌وه‌. زۆر جاران گۆڕانكارییه‌ ڕه‌چاونه‌كراوه‌كان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ‌و بیر ‌و ده‌ربڕینی تاكی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌بێته‌ بابه‌تی نووسینه‌كانیان، به‌ڵام نابێته‌ مانای ڕوون ‌و دیار، بگره‌ له‌ چێژدا ده‌بێته‌ سرووشی مانا ‌و چالاكیی وێنه‌، سرووشی مانا و چالاكیی وێنه‌ش شاعیر له‌وه‌ نزیك ده‌خه‌نه‌وه‌ بچێته‌ ناو جیهانبینی ته‌سه‌وفه‌وه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

جیایی
پانتایی جیاكارم له‌ به‌رهه‌مه‌كانمدا خوڵقاندووه‌، له‌ پانتایییه‌كدا ده‌ستنیشان ناكرێم. ئه‌رێ‌ له‌ پانتایییه‌ شیعرییه‌كاندا، ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر چ پانتایییه‌كی خۆ تایبه‌تیكردن. تایبه‌تكار بۆی هه‌یه‌ ته‌واوی هه‌بووه‌كانی، كه‌ توانای كاریگه‌رییان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، ڕاكێشێته‌ ناو بیركردنه‌وه‌ی چالاكی، كه‌ به‌رده‌وام هێما و هێماپێكراو به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له‌ یه‌ك كاتیش له‌ناو هه‌موو پانتایییه‌كاندا كار بكات و ده‌ستیان بۆ ببات.
به‌رانبه‌ر به‌ ئاگایی خۆم جه‌نگاوه‌رێكی مه‌شقكردوو و ئه‌هلی زیندووێتی دڵ ‌و یه‌كێـتی ئه‌شقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونه‌وه‌م له‌ ژیانمدا هه‌ڵبژاردووه‌، ده‌مه‌وێت به‌ ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هه‌ستیار بكه‌م، هه‌ستیاریی ته‌واوی زمانی كوردی له‌ شیعری كلاسیكیماندا تواوه‌ته‌وه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه‌. كاتێك شیعری كلاسیكی ده‌خوێنمه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م ته‌واوی زمانی كوردی ڕووبه‌ڕووم وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ده‌مباته‌ ناو جیهانێك، كه‌ قسه‌ی له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ و بوون كردووه‌، نه‌ك گێڕانه‌وه‌. خه‌ون و ناوه‌ندی وشه‌ هه‌وڵدانن بۆ خۆناسین. له‌ ماڵی گه‌وره‌ی شیعردا هه‌موومان پێكه‌وه‌ داوای شیعرییه‌ت ده‌كه‌ین، ئه‌و داوایه‌ وزه‌ی گه‌شه‌كردنی جوانی ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌قیقه‌تی گیانی و درامای ژیانه‌. جوانیی زمان له‌ جوانیی ئه‌و كه‌ره‌سته‌وه‌ دێت، كه‌ ده‌ربڕینی لێ‌ ده‌كات، زمان شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه‌ له‌ جه‌سته‌ و پێكهاته‌ی مرۆڤ له‌ گۆڕانی دید و په‌یوه‌ندییه‌كاندا.
جیاییی تاقیكردنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه‌: جیهانی پارچه‌ پارچه‌ ده‌خوڵقێنم و په‌یوه‌ندیی هێما و هێماپێكراویش ده‌پچڕێنم و ده‌ستنیشانیان ناكه‌م. سه‌رچاوه‌كانی نووسین و ئاسته‌كانی ده‌نگ ‌و تێبینیكردن ‌و سه‌رنجدانم له‌ جوانیی بێگه‌رد و بێ‌ هاوتای ژیان وه‌رده‌گرم، ده‌گمه‌ن و تاقانه‌ ده‌بن به‌ هێما ‌و هێماپێكراو.
شیعر چه‌ند بچێـته‌ ناو ژیان ‌و دنیای خودایی و هه‌قیقه‌تی ڕۆژگار، هێنده‌ی دیكه‌ گیانی تا هه‌تایه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كا ‌و ده‌یپارێزێت و ئه‌فسانه‌ له‌خودی خۆیه‌وه‌ بره‌و پێده‌دا.
شتێك له‌ نووسین، كه‌ وه‌ك ئه‌زموونێك پێشكێشم كردبێـت، به‌كاربردنی زمانی خه‌ونه‌ بۆ زمانی نووسین ‌و ڕاچه‌ناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی ‌و یاده‌وه‌ری. دواجار تواندنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی بیر له‌ هه‌ستیاریی نووسیندا.
چامه‌ی درێژی فره‌ ده‌نگ و ئاستدار، پڕۆژه‌یه‌كی كامڵه‌ و له‌سه‌ر ئاستی بوون و كرانه‌وه‌ی به‌رده‌وام ڕاده‌وه‌ستێت، سروشتی دایكی هه‌سته‌كانمه‌، ئاسۆیه‌كی ئه‌فسانه‌ ئاسایییه‌، ناتوانم لێی ده‌ربازبم به‌ كامڵترین فۆرمی شیعریی ده‌زانم و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م، له‌ ڕایه‌ڵی ڕسته‌كانیدا توانای جووڵاندنی فره‌ ده‌نگی و فره‌ په‌یوه‌ندی ده‌ڕسكێت. مانا و زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ئاستدارییه‌ی هێزی نووسین ئاشكرای ده‌كات ‌و ده‌یهێنێته‌ گۆڕێ‌. واته‌: قووڵبوونه‌وه‌ به‌ ناخی بیندراو ‌و شه‌پۆلی شوێن و سیمای بوون.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

فره‌ ده‌نگی

ڕوانینی گه‌ردوونی بار ‌و بوار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی شیعر ده‌ڕه‌خسێنێت، ببڕای ببڕ په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشی گه‌یاندن و فۆرمه‌كانییه‌وه‌ نییه‌. خه‌یاڵ ‌و ئه‌و ئاسۆیه‌ی جیهانی به‌هۆیه‌وه‌ وێنا ده‌كه‌یت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كاری شیعرییه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، له‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن: ده‌ست واڵا ‌و دیموكراسین، سه‌رسامیی خۆشیان به‌ نه‌شونمای نوێبه‌خشیی گیانی ژیان ناشارنه‌وه‌.
ده‌توانین له‌وه‌ دڵنیابین، كه‌ شیعر هه‌موو سه‌نگایی ساته‌ ورده‌كانی به‌ ته‌نیا خسته‌ سه‌ر هه‌ڵقوڵانی خه‌یاڵ، وه‌ك به‌رزایی و ناوه‌ندی كاریگه‌ر چووه‌ ناوی و كرۆكی ژیانی به‌ هۆیه‌وه‌ وێنا كرد. بێگومان له‌بارێك نزیك ده‌بینه‌وه‌، شیعری تاك ده‌نگی ده‌بێته‌ خۆنیشاندانێك و ده‌ربڕین له‌و باره‌ بێهێزه‌دا.
ده‌كرێ‌ له‌ بچووكبوونه‌وه‌ی دنیا له‌ بینینی شاشه‌دا، یان هه‌ر فۆرمه‌كی گه‌یاندنه‌وه‌، شیعری فره‌ ده‌نگ له‌ چنین و ڕایه‌ڵی توند و تۆڵی ببێـته‌ جێگره‌وه‌ی خه‌یاڵ وه‌ك به‌رزایی ‌و ناوه‌ندی كاریگه‌ر.
له‌ شیعری فره‌ ده‌نگیدا خه‌یاڵ ڕه‌گه‌زی سوودبینینه‌، به‌رزایی و ناوه‌ندی كاریگه‌ر نییه‌. نیشاندانی باوه‌ڕ و گیانی كراوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌م شێوازه‌، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ چیرۆك و شانۆنامه‌ ‌و ڕۆمان و ئه‌ده‌بی په‌خشاندا به‌ ئاشكرایی ده‌گاته‌ لووتكه‌ی بینین و تێگه‌یشتنی ڕوون.
له‌ شیعری درامیدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ست و ئه‌قڵی خوێنه‌ر و شاكه‌س ‌و كه‌سایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كان داده‌مه‌زرێنێت، هاوتایییه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌ له‌باری نووسیندا په‌یڕه‌وی ده‌كات. له‌ پێكهاته‌ و بنه‌مای منی شیعریدا پێكدێت و ده‌بیندرێت، خۆی له‌ منی تاكه‌ كه‌سی شاعیر ده‌كشێته‌وه‌، ڕۆڵ و ئاستی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ جۆرا و جۆره‌كان و چێژێك ده‌گه‌یه‌نن، چێژی ئاراسته‌كراوی شاكه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كان و واتاناسی.
زۆرێك له‌ شیعری ئیمڕۆمان له‌سه‌ر سیستمی تاكده‌نگی منی شاعیر وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی كارپێكه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌م شێوازه‌ش وه‌ك هونه‌ر هه‌رچی پێبوو به‌خشی، چاوه‌ڕوان ناكرێت هونه‌رێكی كاریگه‌ریی پێ‌ مابێت بۆ به‌خشین و سه‌رسامی، چونكه‌ هیچ شتێك ڕوونادات قسه‌كه‌ر یه‌ك قسه‌كه‌ره‌ ‌و پانتایی نووسینه‌كه‌ی داگیركردووه‌، هه‌روه‌ها بوونی شیعریش وه‌ك شێواز و شێوه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌ كارایی و زیندوویی و هێز دووری ده‌خاته‌وه‌، كه‌ كارایی و زیندوویی ‌و هێز بارێكن هه‌میشه‌ زیندوومان ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رن.
یه‌كه‌مین كرده‌ی هه‌ستیاركردنی زمانه‌، ڕسته‌كان درێژ ده‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ چاوگه‌ ده‌نگییه‌كان، چاوگه‌ ده‌نگییه‌كانیش هه‌میشه‌ ئاگایی زمان تێیدا ده‌بێته‌ باری ڕاسته‌قینه‌ی نووسین و وزه‌ی ترپه‌ و ئاواز، له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوو ده‌دات. چه‌ند ترپه‌ و ئاوازێكی لێ‌ ده‌بێته‌وه‌، جۆراوجۆریی ترپه‌ و ئاواز: خه‌سڵه‌ت و مۆرك و ئاماژه‌ی ناسینی ئه‌م ژانره‌ن، پشت به‌ وێنه‌هێنانه‌وه‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌كیش نابه‌ستێت، زیاتر گێڕانه‌وه‌ ده‌كاته‌ خۆبووژانه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتن و ئاراسته‌ وه‌رگرتن.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

ده‌ستكاریكردن
ده‌قه‌كانم، ئه‌وانه‌ی چاپم كردوون و ئه‌وانه‌ی چاپیشم نه‌كردوون، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر مێزی كاركردن ده‌ستیان بۆ ده‌به‌م، هه‌ر چه‌ند ڕسته‌یه‌كیان ده‌ستكاری ده‌كه‌م و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیان ده‌خه‌مه‌ سه‌ر و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیشیان لێ‌ لاده‌ده‌م. تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. ئه‌و هونه‌ر و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی ده‌ستكاریكردنه‌ش له‌ كاركردنی بێ‌ وچانی كاتژمێر، گواسترایه‌وه‌ ناو باری ده‌روونیی شاعیریه‌تیی من.
كاتژمێر ته‌كان ده‌دا به‌ره‌و ناو ده‌قی كات. ده‌قی كاتیش هه‌میشه‌ ئه‌و چركه‌یه‌ی جوانه‌ تێیدا چاوه‌ڕوانیت، كه‌ هێز ده‌خاته‌ ئه‌و چركه‌یه‌ی بۆی ده‌ڕوات، ڕۆیشتنی منیش هه‌میشه‌ به‌ره‌و ده‌قی شیعرییه‌. هه‌موو شته‌كانی كاریگه‌رییان به‌ نه‌شونمای ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ زه‌ینمدا ئاماده‌یان ده‌كه‌م و ده‌یانكه‌م به‌ به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌م. ده‌ستكاریی به‌رده‌وامیش كارێكی دروسته‌ بۆ نووسه‌ری پڕ توانای په‌ڕینه‌وه‌، بۆ ناو پرسیاره‌كانی، كه‌ بوون به‌یه‌ك جۆر ده‌ستنیشان ناكه‌ن، به‌رگری و ده‌ربڕین له‌ داهێنان ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر جارێك، كه‌ ده‌ستكاریی ده‌كات، به‌و نیازه‌ به‌ ته‌واوی ژیان له‌ناو ده‌قه‌كه‌یدا ببینێت، یان ژیان به‌ ته‌واوی بهێنێـته‌ ناو ده‌قه‌كه‌یه‌وه‌ و بیگه‌یه‌نێت به‌ ئاستی خه‌ونی نووسین. ئه‌ویش یه‌ك له‌ مه‌حاڵه‌كانی نووسینه‌، نووسین هه‌وڵده‌دات بۆ مه‌حاڵ، مانه‌وه‌ش له‌ناو ئه‌و مه‌حاڵه‌ سووربوونی نووسه‌ره‌ بۆ بینینی ژیان به‌ ته‌واوی له‌ناو ده‌قی بێگه‌رددا.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

شاعیر
شاعیر، سه‌ر گه‌رمییه‌كانی خۆی له‌ سنووری بیركردنه‌وه‌ و جیهانبینییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و گیانی چالاكه‌ به‌گشت جوانییه‌ هاوبه‌شه‌كان. ئاراسته‌ی ئاڵۆزكردنی جوانییه‌ هاوبه‌شه‌كان نییه‌. ساده‌كردنه‌وه‌یه‌تی، به‌رپرسه‌ به‌رانبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییه‌ت و جووڵه‌ی ئاخاوتن له‌ زماندا، په‌یوه‌ستیشه‌ به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جوانی و فۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی په‌ره‌پێدان وه‌ربگرێت.
كاری گوتار دامه‌زراندنیش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ بكاته‌ وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌زموونكراوی هه‌قیقه‌تی مرۆڤ. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ تواناكانی ده‌ربڕیندا به‌رزیان بكاته‌وه‌ ناو ڕایه‌ڵ و تانوپۆی ڕسته‌ و ترپه‌ و ئاوازی ویژدانیان، لێیه‌وه‌ وه‌ك نیشان و نیشانه‌ پیشانیان بدات، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی هه‌ستیاریشی به‌سه‌ر ئاشكراكردنی چاره‌نووسی جوانی له‌ شێوازی نادیاردا پاڵپشت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ی بكات.
ته‌وه‌ره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌ون بخاته‌ گه‌ڕ بۆ هێشتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی چێژی گیانی. جوانی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی چالاك و بنیادنه‌ر له‌ پێكهاته‌ی ده‌قدا بكاته‌ ناوه‌ندی به‌ یه‌كگه‌یشتنی په‌یوه‌ندییه‌كان و باوه‌ڕهێنان به‌ هه‌قیقه‌ت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاسته‌قینه‌ی له‌ناو ده‌وروبه‌رێكی بێ‌ هێز له‌ هۆشیاریی فیكریدا، ئاكار دابڕێژێت. به‌دواداچوونی مێژووی گیان و ئه‌وانی دیكه‌ و چاونه‌ترسیش به‌ره‌و ڕووی ئه‌م ئاكار داڕشتنه‌ بكاته‌ ماڵی هه‌ر هه‌موومان و گه‌وهه‌ر و ناوكی هونه‌ری مانا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌كان هه‌ڵداته‌وه‌.
كرده‌ی نووسین وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی هه‌میشه‌یی و خاڵه‌ یه‌كتربڕه‌كانی كات بپارێزێت. به‌ فراوانییه‌كی ئاستدار و كاریگه‌ریش بانگه‌وازی لایه‌نداریی ته‌واوی ڕابگه‌یه‌نێت، دواجار به‌ ئاستی به‌های مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئه‌رێ‌ ئاستدارییه‌كانی شیعر و مرۆڤ چین، له‌ واقیعدا جێبه‌جێیان بكات و جێی په‌سندی بن. تا چه‌ند توانیویه‌تی جوانی و هونه‌ر بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ژیان و دركاندن.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

فه‌رهه‌نگ
وشه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگدا به‌ یه‌ك مانایی سنوورداره‌، له‌سه‌ر ئاستێكی جێگیر و نه‌گۆڕیش په‌یوه‌ندی بۆ ده‌ستنیشان كراوه‌. واته‌: له‌ناو ژیان و بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشچوون كار ‌و چالاكیی لێ‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و خانه‌نشین و لا كه‌ناره‌.
شیعر، هێز له‌ خودی زمان وه‌رده‌گرێت، به‌زمانی ناو ژیانیش شیعرییه‌تی ده‌ڕژێتێ‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ جیهان ده‌به‌ستێته‌وه‌، كار ‌و چالاكیی وشه‌ گه‌رمه‌كانی ناو ژیان، وشه‌ بێ‌ هێزه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگیان له‌ خه‌یاڵگه‌ی نووسه‌ری خود وریا ده‌ربه‌ده‌ر كردووه‌. هه‌ست به‌ نائومێدییه‌كی ترسناك ده‌كه‌م له‌و وشانه‌ی له‌ناو فه‌رهه‌نگاندا وه‌نه‌وز ده‌ده‌ن. دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ ناو ڕسته‌ی شیعریی كتوپڕ خه‌وی دووباره‌كردنه‌وه‌ی لێ‌ ده‌كه‌وێت. له‌باری دووباره‌كردنه‌وه‌شیاندا، بچووكتر ده‌بنه‌وه‌. ده‌سته‌واژه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگدا خۆشباوه‌ڕ ‌و بێ‌ ئومێده‌، به‌یه‌ك مانایی دڵی داكه‌وتووه‌ ‌و فۆرمه‌كانی كۆتایی پێهێناوه‌.
شاعیریش له‌ناو فه‌رهه‌نگدا سڕ ده‌بێت، نه‌ك سه‌رسام. له‌ وشه‌كانی به‌رده‌ست و زه‌ینی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. ڕۆشنبیرانی ئه‌كادیمی و فه‌رهه‌نگنووس و زمانه‌وان له‌ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگدا كار و چالاكییه‌كانیان به‌رهه‌م دێنن. له‌ فه‌رهه‌نگدا ئاستی جیاكاری زمان نییه‌. هه‌موو داهێنانێكی زمان له‌ ئه‌ده‌بدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ ڕووده‌دات، ده‌قی نایابیش له‌ كرۆكدا له‌ په‌یوه‌ندیی زمانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن وه‌رده‌گرێت.
له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بدا، ئه‌ده‌بێك نییه‌ له‌ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنابێت، بۆیه‌ فه‌رهه‌نگ لای من بووه‌ ته‌لیسمێكی بكوژ، زوو خۆم له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنا. ژیان فه‌رهه‌نگی شیعره‌، هه‌ر شاعیرێكیش هانا بۆ وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ ببات، نامۆیی و ده‌سته‌پاچه‌ی خۆی به‌ شیعر ئاشكرا ده‌كات. مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌ی ئاماده‌كراوه‌، بایه‌خی ساته‌ هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له‌ ده‌ست داوه‌، ئه‌گه‌ر نووسینێكی ئه‌ده‌بیش ساته‌ هۆشیارییه‌كانی ناوه‌وه‌ی نووسه‌ر، خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نه‌بووبێت. ده‌قێكی به‌تاڵه‌ له‌ ئه‌فسوون و هۆشیاریی نووسین.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

مانیفێست
وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ ببێته‌ پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئه‌زموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنه‌وه‌، په‌نجه‌مۆر و ڕوانینی تایبه‌تیی نووسه‌رن، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی خه‌مڵیو و ئه‌زموونێكی ڕاسته‌قینه‌ به‌رانبه‌ر نووسین. بۆ نووسین و گه‌ڵاڵه‌كردنی، به‌ قووڵی سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانی خۆم به‌ توانای گۆڕان له‌ ژیان و هونه‌ر هێنایه‌وه‌ ناو زه‌ینم. له‌ مه‌ودای خاڵی لاوازی، تا خاڵه‌ سه‌رسوڕهێنه‌كانی ئه‌زموونم وه‌رگرت، به‌وپه‌ڕی هۆشمه‌ندی جیاكاریی هه‌ستكردن له‌ مه‌وداكانی مامه‌وه‌ و تێ‌ فكریم، تا بووه‌ پرۆژه‌ی باش بیركردنه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌كی ڕۆشن. بنه‌ماكانیم له‌ شه‌وق و كاكڵه‌ و ناخی ئه‌و مه‌ودایانه‌ دۆزییه‌وه‌، كه‌ له‌ واقیعی نووسیندا هێناومه‌ته‌ گۆڕێ‌. ئه‌و واقیعه‌ی چۆنیشی بیر لێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یجووڵێنم.
پێش نووسین بیر له‌ مانا ناكه‌مه‌وه‌، دوای نووسین مانا ده‌دۆزرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بیر و ڕاكانی ڕامگه‌یاندوون، هه‌موویان له‌ ده‌قه‌كاندا شوێنی ژیربێژی و ئه‌و ئاماژه‌ ‌و نیشانانه‌ی تێیدا به‌رهه‌م هاتوون، ئاشكران. چاره‌سه‌ری هه‌ندێك له‌ هه‌سته‌ ڕۆمانسییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانیشم كردوون، هێڵم به‌ ژێر دێڕِه‌ لاواز و سه‌رسوڕهێنه‌كانی كێشاون. خه‌ونم كردووه‌ به‌ فۆرمی ده‌ستپێكردن و دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیعێكی دامه‌زراوی خه‌ونی.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

قۆناخ
شیعر وه‌ك درێژبووه‌وه‌ی قۆناخی پێشتری وه‌رناگیرێت، له‌ هه‌ندێك ڕه‌گه‌ز یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، له‌ زۆر ڕه‌گه‌زیش ته‌واو ئاستیان ده‌كه‌وێـته‌ نێوان، دژی قۆناخ و ڕێباز و قوتابخانه‌ و دابه‌شكردنم، ده‌قی داهێندراو به‌سه‌ر ته‌واوی ژیاندا دابه‌ش ده‌بێت.
ژیان و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداو و دیارده‌كان به‌یه‌ك ئاراسته‌ نایه‌ن، به‌ جیاكاری بیری یاخی و كه‌ره‌سته‌كانی شیعری له‌ كه‌شی شێوه‌ گۆڕیندان، ئاستیش به‌ره‌و گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرن. هیچ قۆناخێكیش ناتوانێت قۆناخی پێشه‌خۆی ته‌واو له‌ناو خۆیدا ون بكات، داهێنانه‌كانی له‌ گۆشه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ر گه‌مارۆ بدات. جیاكارییه‌كان سروشتین. جیاكارییه‌كانی ئه‌و قۆناخ و ئه‌زموونانه‌ی له‌ داهاتووشدا ده‌بنه‌ هۆ و مایه‌ی گفتوگۆی گۆڕانكاری هه‌مدیس هه‌ر سروشتی ده‌بن.
شیعر له‌ زماندا ڕه‌ونه‌قی شیعرییه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنێت، زمانیش به‌ ئاراسته‌ی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكه‌ڵاوبوون وه‌رده‌گرێت.
ئایه‌ زمانی قۆناخه‌كانی ژیان درێژه‌پێده‌ر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی یه‌كن. به‌ جیاكاریی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ هونه‌رییانه‌ی له‌ ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی بیر و پێویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌كان ئه‌زموون كراون و دامه‌زراون، یان بابه‌ت و مه‌به‌سته‌كان شێوازیان ده‌گۆڕێن و نیشانه‌كانی هه‌ست پێده‌كرێن. زمانی شیعر، شیعرییه‌ت له‌ زمانی قۆناخێكی دیاریكراو وه‌رناگرێت. واته‌: زمانی شاعیرێك، له‌ زمانی شاعیرێكی تره‌وه‌ ده‌ستپێناكان، هه‌موو سه‌رده‌م و مه‌وداكان ڕاده‌كێشێته‌ ناو بازنه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خۆی، هێز ده‌ڕژێنێته‌ ناو ته‌كانه‌كانی بۆ به‌كاربردن و ئاماژه‌ ژیربێژییه‌كان.
هیچ قۆناخێك نابیندرێت، داهێنان تاجی له‌سه‌ر هێمایه‌كی دلێری نه‌نابێت و ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌رهه‌م نه‌هێنابێت. نموونه‌: قۆناخی كلاسیكی تاجی داهێنانی خسته‌ سه‌ری (نالی). قۆناخی یه‌كه‌می نوێبه‌خشی، تاجی داهێنانی خسته‌ سه‌ری (گۆران). له‌ قۆناخی دووه‌می نوێبه‌خشیدا، ئاستێكی تر دێته‌ گۆڕێ‌ و ناتواندرێت داهێنه‌رێك وه‌ك تاك و ئه‌ستێره‌ ده‌ستنیشان بكرێت و هه‌موو هونه‌ره‌كانی تێدا كۆببووبێته‌وه‌.
نموونه‌: هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) هه‌یه‌. لای: (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د) نییه‌. هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێركۆ بێكه‌س) هه‌یه‌. لای ئه‌وانی تر نییه‌، یان هه‌ندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فه‌رهاد شاكه‌لی) هه‌یه‌. لای هیچێكیان نییه‌. كه‌واته‌: له‌م قۆناغه‌دا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و ئاستی كۆی وه‌رگرتووه‌، تاك وه‌ك ئه‌ستێره‌ و هێمایه‌ك وه‌رناگیرێت. فره‌ هێمایی هاتووه‌ته‌ ناو داهێنانی شیعری كوردییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ قۆناخی كلاسیكی و قۆناخی یه‌كه‌می نوێبه‌خشیدا، هه‌موو هونه‌ره‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (نالی و گۆران)دا كۆببوونه‌وه‌. بۆیه‌ تواندرا وه‌ك تاك و ئه‌ستێره‌ ده‌ستنیشان بكرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش قوتابخانه‌ و قۆناخ و ڕێباز و ته‌وژم…..تاد، له‌ناو ده‌چن. ته‌نیا شیعر، شیعری بێگه‌رد. به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌. درێژه‌پێدان و مێژوویی نین. هه‌ندێ‌ باری قووڵی سه‌رسامی ته‌سه‌وف له‌ شیعری ئه‌مڕۆ ده‌بیندرێن و ده‌ڕبڕین له‌ ژیان ده‌كه‌ن.
سیماكانی له‌ قۆناخی كلاسیكی ڕه‌ونه‌قیان بیندراوه‌، وه‌ك پێویستییه‌ك له‌مڕۆدا ئه‌زموون ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌و پێویستییه‌ ونبوونی نوێبه‌خشی نییه‌ له‌ناو كلاسیكدا، ئه‌و شتانه‌ی له‌ ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا به‌ره‌و به‌ ئه‌ده‌ببوون ده‌چن، شته‌كانی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا ئه‌ده‌بن و ئه‌وانی تواناشیان تێدایه‌ ببنه‌ ئه‌ده‌ب، ده‌قئاوێزان به‌ جیاكاریی، بنیادی دامه‌زراندنه‌. هێڵی ڕوونی ڕوانینه‌كان بخاته‌ باری قووڵبوونه‌وه‌ و سیما هاوبه‌شه‌كان بناسێنێت. زمانی جیاكار، ترپه‌ و ئاوازی جیاكاری لێ‌ ده‌بێته‌وه‌. شێوه‌كانی ده‌ربڕینیش له‌ ترپه‌ و ئاواز وه‌رده‌گرێت. وه‌ك فۆرم و پێكهاته‌ی ڕسته‌ به‌ندیش جیاكارییه‌كان به‌ره‌و چه‌ندان ئاراسته‌ی جیاكار ڕامانده‌كێشن و به‌ كارامه‌یی به‌ گه‌ڕمان ده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ دوانه‌خستنی ژیان، كه‌ ژیان خۆی كرده‌یه‌كی دواخراوه‌. خاوه‌ن فۆرم و توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنیشه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

پێویستی
من چێژ له‌ سه‌رده‌می خۆم. واته‌: ئێستا وه‌رده‌گرم و به‌ ئاسۆ و دوورییه‌كی گه‌رم و ئاسووده‌ی ده‌زانم، خۆم فریو ناده‌م به‌ ڕابردوو و داهاتووه‌وه‌، ئه‌مه‌ منی دوورخسته‌وه‌ له‌وه‌ی شیعری خۆسووركردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی دروستكراو بنووسم. ئه‌ده‌بێكی به‌ كاكڵ و زیندوو له‌ گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووه‌وه‌ به‌رهه‌م نایه‌ت. له‌م لێوردبوونه‌وه‌وه‌ هه‌ستم بۆ ژیان و هه‌ڵبژاردنی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر هه‌ڵوێستی وه‌رگرت. شه‌پۆلی هۆشیاری له‌ ناخمدا خۆی هه‌ڵاوێشت و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پیشان دا، له‌ ناختدا په‌یامبه‌رێك خوڵقاوه‌ پێویستی به‌ ده‌ربڕین و نووسینی كتێبێكه‌ بۆ هه‌مووان.
له‌و خرۆشانه‌ی خه‌ون و واقیع و ژیان داوایان له‌ گیانم كرد، پێویسته‌ كۆمان بكه‌یته‌وه‌، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنمان شیعره‌. فه‌زای زیندووی په‌یامبه‌ریه‌تی له‌ بوونم ڕسكا. گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له‌ ڕوانینه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانم به‌رپا بوو، به‌ڵام له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی گیانیی یه‌كه‌مین ئاماده‌بوونی نووسین له‌ سه‌لیقه‌ و چێژمدا چه‌خماخه‌ی دا. خۆی وه‌ك كاتێكی به‌رجه‌سته‌ له‌ بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مه‌رگم له‌ناودا كرده‌ سه‌رمه‌شقی پایه‌داربوون.
سروشتی ده‌ربڕینیش ده‌گۆڕێن، هه‌ندێ‌ جار واقیع و ژیان جێده‌هێڵم و ده‌چمه‌ ناو خه‌ون. هه‌ندێ‌ جاری دیكه‌ش خه‌ون جێده‌هێڵم و ده‌چمه‌ ناو جوانییه‌كانی واقیع و ژیان. ئه‌م جێگۆڕكێكردنه‌ بیركردنه‌وه‌ و گفتوگۆ و بینین و ده‌روونم ئازاد ده‌كه‌ن و ده‌چمه‌ ناو كه‌شی نووسین. واته‌: دۆزینه‌وه‌ی واقیعی نووسین. نووسینیش له‌ هه‌موو شوێنێكدا هه‌یه‌. تا له‌ بۆشایییه‌كانیش پێویسته‌ شاعیربم، له‌ مردنیشدا وه‌ڵامی پێداویستییه‌ شیعرییه‌كان بده‌مه‌وه‌. سوپاس بۆ خودا چاره‌نووسی له‌دایكبوونم له‌ وڵاتێكدا بووه‌، شیعری تێدا خۆشه‌ویسته‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

ڕه‌خنه‌
نووسین له‌باره‌ی ده‌قه‌كانم ڕێكخراون، ئایه‌ بوونه‌ته‌ هۆیه‌ك له‌ دید و دیدگایانه‌وه‌ به‌ خۆمدا بچمه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ ئامرازێكه‌ بۆ باش تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ده‌ب، جۆره‌ سه‌رلێشێوانێك بۆ خوێنه‌ر به‌دی ناهێنێت. سه‌ربه‌خۆیی ده‌ق و خوێنه‌ر گرینگه‌، كرده‌یه‌كی شارستانی و زانستییه‌، ڕۆشنبیر سه‌داسه‌د خۆشحاڵه‌ پێی، به‌ڵام له‌و ڕه‌خنانه‌ی وه‌ك مه‌به‌ست ڕایده‌كێشمه‌ ناو ئه‌و نووسینه‌وه‌ یه‌كێكیانم بۆ ده‌ستنیشان نه‌كرا پسپۆڕانه‌ له‌ناو ده‌قێكم به‌ پرۆگرامێكی ئه‌كادیمی، یان خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه‌ كاری كردبێت و به‌شێك له‌ كرده‌ی ڕه‌خنه‌ییی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. كه‌م ئه‌زموونی و كه‌م و كورتیی ده‌قی منی خستبێته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشانه‌، یان خوێنه‌ری خستبێته‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه‌، كه‌ پشت به‌ میتۆده‌كانی ڕه‌خنه‌گر ببه‌ستێت.
ئه‌و دیاردانه‌ وامان لێ‌ ده‌كه‌ن بپرسین، ئه‌رێ‌ ئه‌م نووسینانه‌ بۆ ڕێكده‌خرێن. هه‌قیقه‌ت له‌ كوێیه‌. ئایه‌ هیچ له‌و نووسه‌رانه‌ی، كه‌ ڕۆشنبیریی خۆیان ئاماده‌یی له‌ نووسینه‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا نه‌بینیوه‌، توانیویانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌قه‌كانم بخوێننه‌وه‌ و خۆیان تێیدا ئاماده‌ بكه‌ن بۆ كارێكی زانستییانه‌، كه‌ توانای مانه‌وه‌ی هه‌بێت، خاڵێك، یان چه‌ند خاڵێكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر بخاته‌ ناو گفتوگۆوه‌، كه‌ مه‌ترسی بێت بۆ ئه‌و بیروڕا هونه‌رییانه‌ی من پێشكێشم كردوون، ئاراسته‌ و بڕوای ئه‌ده‌بی منیان پێكهێناوه‌.
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌كادیمی و خه‌یاڵ ساغیش، توانیویانه‌ پانتایییه‌كی هه‌میشه‌ ئاماده‌ی ئه‌زموونم پیشان بده‌ن. هه‌ستیارییه‌كی قووڵی تێدابێت له‌ناوی ئاسووده‌ بیر بكه‌مه‌وه‌ و په‌یوه‌ست بم به‌ خه‌ونی نووسین. هه‌میشه‌ بڕوایه‌كی پته‌ویشم به‌ جیهانی منداڵییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌و هه‌سته‌ پاكه‌ی له‌ گیانی منداڵیه‌تی په‌روه‌رده‌ كراوه‌. هه‌مان هه‌ستی پاكیش له‌ سروشتدا ده‌جووڵێت. منداڵی و سروشت ناوه‌ندێكن له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بۆیان ده‌چم.
له‌ په‌یوه‌ندییه‌ براده‌رییه‌كانم به‌ هه‌موو هه‌سته‌كانمه‌وه‌ ڕێز له‌به‌رانبه‌ر ده‌گرم، كه‌چی زوو له‌وه‌ حاڵی ده‌بم به‌رانبه‌ر پێویسته‌ وه‌ك گوێزێكی پووچ له‌ لێژاییدا فڕێ‌ بدرێت. چۆله‌كه‌ پشت و پێش و ته‌نیشتی خۆی ده‌بینێت. خاوه‌نی بینین و مه‌ودایه‌كی بێشوماریشه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی چۆله‌كه‌ یه‌ك ئاراسته‌ی بینینم بۆ ژیان هه‌یه‌. ئاراسته‌ی بینینی هه‌قیقه‌ت و به‌رزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، په‌یڕه‌ویشی ده‌كه‌م. چ زیانێكیش به‌و هۆیه‌وه‌ پێم بگات پێی زه‌ره‌رمه‌ند نابم.
دیارده‌ی بێزراو له‌ ئه‌زموونی شاعیریه‌تیی من بیندراوه‌، هه‌بووه‌ به‌ نووسینێك بردوومیه‌ته‌ كه‌شكه‌ڵان، دوای ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتیش هه‌ر خودی هه‌مان كه‌سی خاوه‌ن ئاراسته‌ی كه‌شكه‌ڵان، بوونی ئه‌ده‌بیمی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ماوه‌ ئێجگار كورته‌ ناتواندرێت وه‌ك گۆڕان و ئه‌زموون له‌ دید و دیدگا ته‌ماشا بكرێت.
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خۆی له‌ ئه‌نجامی ئه‌زموون و كاركردنی له‌ناو ئاماژه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا گه‌یشتبێت به‌و دوو ئاراسته‌یه‌ی كاركردنه‌ و هاتبێته‌ سه‌ر ڕۆشنایی باوه‌ڕێك، وه‌ك ئاكامی وه‌رچه‌رخانێك بیر له‌ ئاسته‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌ و پێی خۆشحاڵ ده‌بم. ئه‌گه‌ر مایه‌ی سوودوه‌رگرتن بێت، سوودیشی لێ‌ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژه‌كانم ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی كردبێته‌ داو و هێڵێك و كرده‌ی نووسینی به‌دوادا ببات، له‌وانه‌یه‌ بتوانێت له‌ ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتدا به‌ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌شدا كێش و نیشانه‌ و ئاراسته‌كردن وه‌ربگرێت. كاری ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر ئه‌م پایه‌ ده‌وه‌ستێت سه‌نگی ئه‌ده‌ب له‌ ڕۆشنبیریی كوردیدا ده‌ربخات. هه‌ندێك نووسین له‌ ئاستی هه‌ره‌ به‌رز ڕایانگرتووم. بێگومان ئه‌مه‌یان زێده‌ڕۆیی تێدایه‌. هه‌شه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دایپڵۆسیوم له‌ نزمترین ئاستی ئه‌ده‌بی دیاریكراوی كردووم. ئه‌مه‌شیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایه‌.
خۆشم له‌و دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كه‌ باش حاڵیم، داهێنان له‌و پاداشته‌ نییه‌، كه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گر، یان هێزی باڵاده‌ستی سیاسی وه‌رده‌گیرێت. خورپه‌ی دڵ فه‌رمانڕه‌وایی به‌رده‌وامیی داهێنانه‌. دیارییه‌كه‌ خودا و زمان ئه‌و خورپه‌ی دڵه‌مان ده‌ده‌نێ‌ و ئاشكرای ده‌كه‌ن.
هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌باره‌ی نووسینێك نامدره‌وشێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ست و ده‌روونی نووسه‌ره‌كه‌ی تێیدا ئازاد نه‌بێت تا سه‌ر ئێسكان گیر بخوات له‌ خوڵقاندنی دوو دیوی و كلكایه‌تی، له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسینێكدام، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه‌دا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسه‌ت تێیدا ده‌سته‌ڵاتدار بێت. ئه‌و نووسینانه‌ هۆشیاریی ڕه‌خنه‌یان تێدا به‌كار نایه‌ت. زیاتر چاودێری نووسین و هه‌ڵكووتانه‌ سه‌ر و په‌لاماردانن. ئه‌مجۆره‌ ڕه‌تكردنه‌وانه‌ش ته‌نیا شكست بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی تۆمار ده‌كه‌ن. شكستییه‌كه‌ش ده‌بێته‌ بابه‌تی لادانی ڕه‌خنه‌ له‌ میتۆده‌ ڕه‌خنه‌یییه‌كان و ئه‌م و ئه‌و ڕازیكردن له‌سه‌ر ڕه‌نجی ئه‌و ده‌قانه‌ی خاوه‌نی هه‌قیقیترین بنه‌مای شیعرییه‌تن.
هه‌ندێك له‌ نووسینی بێزراو به‌ شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه‌ ئاماژه‌یان به‌و وێنه‌ شیعرییه‌: (شه‌مه‌نده‌فه‌ر گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی مێژوو ده‌كرتێنێت) داوه‌.
له‌ ئاینده‌شدا گاڵته‌كردن به‌ ئه‌زموونی سه‌ركێشان به‌رده‌وام ده‌بێت. پێش منیش گاڵته‌ به‌ ئه‌زموونی سه‌ركێشانی دی كراون، دواتریش بوونه‌ته‌ هێمایه‌كی ڕوون و زۆر دره‌وشاوه‌. نموونه‌: گۆران، كه‌ توانیویه‌تی سیمای داهێنانی تاقانه‌ی خۆی ده‌ربخات، چووه‌ته‌ ناو هه‌ندێك كۆڕ و كۆمه‌ڵ، نیمچه‌ ڕۆشنبیری كه‌م ئه‌زموون و ناڕۆشن به‌: (هه‌لوور به‌لوور ته‌كامه‌- زه‌رد و سوور و شه‌مامه‌) تانه‌یان لێداوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیان ده‌رهێنا و كردی به‌ ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتاییه‌كیشی بۆ خوێنه‌ری نموونه‌یی جێهێتشت. ئه‌م ده‌ربڕینه‌یان وه‌ك به‌هانه‌یه‌ك ده‌هێنایه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌ خۆماڵییه‌ سیماكانی شیعری كوردی ده‌رخستووه‌ و به‌ كارامه‌یی و وردی هه‌وڵی تێگه‌یشتنی كێشه‌ خۆماڵییه‌كانی داوه‌، من لێره‌دا سه‌رنجه‌كانم ده‌رخستووه‌ و لێم نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌. واته‌: ئه‌م ده‌ڕبڕینه‌م ته‌نیا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ . به‌هه‌رحاڵ ئه‌رێ‌ ئه‌و ڕێزدارانه‌ كێ‌ بوون و له‌ مێژوودا چییان پێ‌ كرا. له‌مڕۆدا ئێمه‌مانان چه‌ندیان ده‌ناسین، وه‌ك ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش په‌یوه‌ندییه‌ نادیاره‌كانی خه‌یاڵكردن و بیركردنه‌وه‌مان لێك ئاشكرا بكه‌ن. له‌ لێكجیابوونه‌وه‌ و پێكه‌وه‌بوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بده‌ن، یان له‌ پانۆرامای داهێنان له‌ كوێنده‌ر ده‌ستنیشانیان بكه‌ین. ئه‌وانه‌ی هه‌قیقه‌تی داهێنانی مه‌زنیان زانیوه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانن، كه‌ (گۆران) توانی دیوانی نوێبه‌خشی شیعری كوردی بنووسێت، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ڕۆژگار پێگه‌ و ناوبانگ و شاعیرییه‌تی زیاتر بدره‌وشێته‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ خۆی له‌ ژیاندا مابوو، هه‌یبوو. كه‌واته‌: به‌رهه‌مهێنانی شیعری بێگه‌رد ئه‌فسوونی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان و به‌گه‌ڕخه‌ری هێزی ژیانه‌. لێكدانه‌وه‌ی شیعر، یه‌ك له‌و گوناهانه‌یه‌، كه‌ لێخۆشبوونی بۆ نییه‌، له‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونی ئێستێتیكای به‌شێك له‌ نووسینی كوردی، له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌ شیعرییه‌م داوای بووردن له‌ گیانی به‌هێزی ئه‌م گوناهه‌ ده‌كه‌م، ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر هه‌ندێك جار تێگه‌یشتنی بۆ ده‌ق بگاته‌ ئاستی تێگه‌یشتنی نووسه‌ره‌كه‌ و قووڵتریش بچێت.
ده‌قی من كه‌م تا زۆرێك هۆشیارییه‌كی جیاكاری هێناوه‌ته‌ گۆڕێ‌ و له‌ناو كولتووری كوردییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م، ڕه‌نگه‌ هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌بێت ویستبێتم له‌ناو ئه‌م كولتووره‌دا هه‌وڵ بۆ خۆبوونی خۆم بده‌م. ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌رهه‌می بیری گه‌رمی منه‌، خه‌یاڵی شاعیرییه‌تیم له‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی منداڵی تاقی كردووه‌ته‌وه‌.
یه‌ك له‌ جه‌ژنه‌كانی هه‌فتایه‌كان، جه‌ژنانه‌كانم په‌نجا فلس بوو، له‌گه‌ڵ یه‌ك له‌ كوڕه‌كانی مامم چووین په‌نجا فلسه‌كه‌مان خسته‌ سه‌ر هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌و نیازه‌ی، كه‌ به‌سه‌ریدا بڕوات په‌نجا فلسه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و فۆرمی سه‌د فلسی وه‌رده‌گرێت. به‌ ئه‌نجامی ئه‌و كرداره‌ ده‌توانین چێژ زیاتر له‌ جه‌ژن وه‌ربگرین. كه‌چی به‌ شێوه‌یه‌كی وا هه‌ردوو دیوی په‌نجا فلسه‌كه‌ی سڕییه‌وه‌ شوێنه‌واری پاره‌ی پێوه‌ دیار نه‌ما. جا شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ چێژی جه‌ژنێك بێبه‌شی كردووم و چێژی ساتێك له‌ منداڵیی كوشتووم و نه‌فه‌سبڕ دنیای ئه‌فسووناوی ده‌ستكاری كردم.
له‌م وێنه‌یه‌دا سڕینه‌وه‌كه‌م وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك كار پێكردووه‌ و جووڵاندوومه‌. به‌لای زۆرێك شه‌مه‌نده‌فه‌ر هۆی گه‌یاندن و گه‌شت و خۆشحاڵیی و بڵاچه‌ی ئاواته‌، به‌ڵام له‌ دید و دیدگای ئه‌و كاتی من وه‌ك دڕنده‌یه‌كی ترسناك ته‌ماشا ده‌كرا، هه‌روه‌ها وه‌ك وێنه‌یه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و گرژبوون به‌كار براوه‌. شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاوتا كراوه‌ به‌ كه‌سایه‌تیی دیكتاتۆر و جووڵێندراوه‌، كه‌ هۆی نه‌شونماكردنی ژیان و زمان و نیشانه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و ده‌وروبه‌رێكی ناله‌بار و به‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن.
هێزی خود له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتداره‌، ده‌قئاوێزانییه‌كی نیشانه‌ ناسیشم له‌ نێوان هێزی نووسین و هۆشمه‌ندیی كۆمه‌ڵگادا دۆزیوه‌ته‌وه‌. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قئاوێزانییه‌ له‌ كێشی ڕه‌خنه‌نووسێك نییه‌، كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه‌ نه‌بێت.
شوێن و هێما و هێزی خودی چالاك له‌ ده‌ربڕینه‌كانمدا وێنه‌یان زۆره‌، به‌ڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هه‌مه‌چه‌شنی مرۆڤ و شێوه‌ و شێوازی ته‌قینه‌وه‌ی خێرا.
له‌بارخراپیی كێشه‌ و گرفتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی پێش خۆم و نه‌وه‌ی دوای خۆمی گوێڕایه‌ڵیان، به‌هه‌وڵی گرووپێكی لێك نزیك، نووسینم له‌باره‌ ڕێكده‌خه‌ن. به‌ ئاشكراش كار بۆ ئه‌م هاوكارییه‌یان ده‌كه‌ن. گرووپ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری خێڵایه‌تییه‌، به‌هه‌مان جۆر و ده‌ستووری سه‌له‌فییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. هه‌ر خه‌وندیده‌یه‌ك ئه‌فسانه‌ و ناوه‌ندێكی زاڵ و كاریگه‌ره‌ له‌ نووسیندا، ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆنخوازانه‌ی بڕوایان به‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وی دی نییه‌. ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ وه‌ك عه‌لیشیشی گیڤبووه‌وه‌ ده‌یانباته‌وه‌ ناو قه‌باره‌ی سروشتیی خۆیان. كه‌واته‌: دژایه‌تیكردنه‌كه‌ به‌ سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئه‌وی دی وه‌رده‌گرم. نووسه‌ر بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنی، بووه‌ كۆنترۆڵكردنی ئه‌وی دی، له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆی گه‌ییوه‌ته‌ كۆتایییه‌كی بێزراو. نووسه‌رێكیش له‌گه‌ڵ خودی خۆی گه‌یشته‌ كۆتایی، گوڕنه‌ته‌ڵه‌ و مردۆخه‌، پێویسته‌ بچێت داوا بكات له‌ خانه‌ی پیر و په‌ككه‌وتووه‌كان ناونووس بكرێت. بگره‌وبه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی نییه‌، بینینی ژیان و سه‌یری دنیاكردنم له‌گه‌ڵ ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خۆمدا، هه‌میشه‌ له‌ ئه‌زموون و نیشانه‌ ناسیدایه‌. گرووپ ده‌ستكردی ده‌سه‌ڵات و هێزی باڵا ده‌ستی سیاسییه‌. كار پێكردنیشی به‌ نیازی ڕێ‌ پێ‌ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئه‌وی دی، خۆی ترسێكی كه‌مه‌رشكێنه‌ له‌ ئه‌زموونی پڕ شایه‌ن به‌ ئاماژه‌، باوه‌ڕ پته‌ویشم به‌هێزی خه‌ونبینیم بۆ نوێبه‌خشی، وا ده‌بینم یه‌ك یه‌ك ده‌گلێن و ڕووبه‌ڕووی داهێنان شه‌رمه‌زار و چاو به‌ره‌وژێر ده‌بن. خاوه‌ن پرۆژه‌ش ده‌بێت به‌ خاوه‌نی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ بێده‌نگه‌ی كه‌ ده‌قه‌، هه‌روه‌ها جیاكاریی نه‌وه‌ جیاكاره‌كانیش به‌ دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌زانم و ڕێزی لێ‌ ده‌نێم، به‌ڵام بێز له‌و باره‌ ناسروشتییه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر بنیادی ڕوانین دروستی ناكه‌ن و ئیره‌یی و حوكمی پێشینه‌ی بێ‌ سوود به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به‌ هیچ جۆرێكیش بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ هێڵی هاوبه‌شی خۆم له‌ شیعری كوردیدا جیا بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌مخواته‌وه‌، كه‌ هه‌نگاوێكی چوست و بنچینه‌یی دیكه‌بم له‌ ئه‌زموونی قه‌ناعه‌ت پێهاتووی خۆم. له‌ هه‌موو ناوه‌ندێكی به‌ گێچه‌ڵیش دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌، سه‌رگه‌رمی به‌دیهێنانی خه‌ونی نووسین ده‌بم، جۆشێكی خۆڕسك و له‌خۆوه‌ و باشم بۆ خوێندنه‌وه‌ و نووسین لا په‌یدا بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش: سه‌رجه‌م ئه‌زموونی هیچ شاعیرێكی كوردم به‌دڵ نه‌بووه‌، به‌ڵام شیعری تاك تاك و هه‌ڵبژارده‌م به‌دڵ بووه‌ و ماچم كردووه‌. ئه‌م باره‌ی خۆم بۆ ئه‌زموونی ئه‌وانی دی، به‌هه‌مان چه‌شنیش لای ئه‌وانی دی بۆ ئه‌زموونی خۆم به‌ ڕه‌وا ده‌زانم.
له‌ سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانیشدا ئاراسته‌یه‌كی خه‌ونیم ده‌ربڕیوه‌، خه‌ون سرووش و سروشتی پێغه‌مبه‌رانه‌ خودا ده‌یدات به‌ كه‌سی په‌یامدار. من وه‌ك كه‌سایه‌تی، خه‌ونێكم له‌ شیعره‌وه‌ به‌رهه‌مهاتووم، خه‌ونیش ڕاده‌گه‌یه‌نم. نادیارییه‌ك له‌ خه‌وندا هه‌موو گه‌مارۆكانی شكاندووه‌، نووسین ڕاوی ئه‌و نادیارییه‌یه‌. خه‌ون دره‌وشانه‌وه‌ی واقیعه‌، زمان له‌ ده‌قی خه‌ونیدا ئامرازی گه‌یاندن نییه‌، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنه‌ و ناسینی ڕه‌نگه‌كانه‌. ئاسانه‌ بگه‌یت به‌ ئه‌وی دی، به‌ڵام ئاسان نییه‌ بگه‌یت به‌ خودی وریای خۆت، كه‌ گه‌یشتی به‌ خودی وریای خۆت، ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وی دی به‌لاته‌وه‌ ده‌بنه‌ شتێكی لاوه‌كی، یان زۆر لاوه‌كی. گه‌یشتووم به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ڕه‌هایه‌، ته‌مه‌ن و كات هه‌ر هێنده‌ بار و بوار و ماوه‌م ده‌ده‌ن بزانم من چیم له‌ ژیان ده‌وێت، به‌ گرینگیشی نازانم، بزانم ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وی دی چییان له‌ من ده‌وێت.
ئیلتیزامم به‌ بڕوا هونه‌رییه‌كانی خۆمه‌وه‌ هه‌یه‌، كولتووری تایبه‌ت به‌ خۆشم هه‌ڵبژاردووه‌ و كاری پێده‌كه‌م. هه‌ستیش ده‌كه‌م كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ چووه‌ته‌ ناو نه‌ریت و ڕابردوووه‌وه‌، پێویسته‌ ده‌ربهێندرێت، مانه‌وه‌ی توانای هه‌ڵده‌بزڕكێنێت و زیان به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌گه‌یه‌نێ‌ و خه‌مڵینی دوا ده‌خات.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

خوێندنه‌وه‌
شێوازی خوێندنه‌وه‌ به‌شێك له‌ به‌های چێژی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌م گواستنه‌وه‌ی چێژه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وه‌ك ده‌ق، شیعر وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌. دوو یه‌كه‌ن له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ په‌ره‌یان نه‌گرتووه‌.
وه‌ك ده‌ق ده‌سه‌ڵاتی جوانی و بیركردنه‌وه‌ له‌ چێژدا دروست ده‌كات.
وه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌ش، ده‌نگ و جووڵه‌ و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسار ڕۆڵی جوانی و بیركردنه‌وه‌ ده‌گێڕن و دروستی ده‌كه‌ن.
ئه‌زموونی شیعر خوێندنه‌وه‌ی ناو هۆڵ و به‌ر میكرۆفۆنم هه‌یه‌، به‌ڵام شێوازی خوێندنه‌وه‌ و ده‌نگ و جووڵه‌ و هێماكانی ده‌ست و ڕوخسارم په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ گوێگر نادۆزێته‌وه‌، نه‌توانینی گواستنه‌وه‌ی مانا و جوانی له‌ نائاگاییم ده‌جووڵێت و مه‌وداكانی بیركردنه‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ مه‌وداكانی چێژی گوێگر سه‌رچاوه‌كانیان تا ڕاده‌ و ئاستی ڕژانه‌ ناویه‌ك لێك نزیك نابێته‌وه‌.
شیعر شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی گرتووه‌. چڕبوونه‌وه‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای كوردیش له‌ شیعردا بووه‌ته‌ ناوه‌ند. هیچ هونه‌رێكی دی هێنده‌ی ئه‌م به‌شه‌ په‌روه‌رده‌ی چێژی كۆمه‌ڵگای نه‌كردووه‌. هه‌ندێك خورپه‌ی بزربووی ناخ هه‌ن، ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی نایدۆزنه‌وه‌. ته‌نیا شیعر له‌باری دره‌وشانه‌وه‌یدا ده‌توانێت بیاندۆزێته‌وه‌. نووسین و هونه‌ر ئاراسته‌یان به‌ره‌و ژیان و چێژه‌، به‌ڵام كرده‌ی داهێنانی په‌تی، ستایشی ژیان نییه‌ له‌ پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ‌ له‌باره‌ی ژیان و چێژ ده‌خوڵقێنێ‌ و ده‌یكاته‌ قه‌ناعه‌تی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبه‌خش و به‌خشنده‌ش ڕازه‌كان ده‌دۆزێته‌وه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

تێپه‌ڕاندن
به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوام به‌ تێپه‌ڕاندن نییه‌، بگره‌ بڕوام به‌گۆڕان و جیهانبینیی جیاكار هه‌یه‌. تا ئێستاش نه‌متوانیوه‌ بڕوا به‌وه‌ بهێنم (نالی)، (باباتاهیر)ی تێپه‌ڕ كردووه‌، هه‌روه‌ها (گۆران) جه‌سته‌ی شیعری كلاسیكی به‌ته‌واوی جێ‌ هێڵاوه‌. ئێمه‌مانانیش خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌هامان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێش خۆماندا نابێت. ده‌قئاوێزانییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌موو نه‌وه‌كاندا ئاشكرایه‌ و له‌وانه‌ی دوای ئێمه‌مانانیش به‌رده‌وامی ده‌مێنێت. وا ده‌بینم هه‌ر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینیی خۆی به‌سه‌ر كه‌سی خاوه‌ن جیهانبینیی ڕۆشنكه‌ر و هێمای هه‌مه‌چه‌شن ده‌سه‌پێنێ‌. وه‌ك چۆن هه‌موو وه‌رزێك به‌ فراوانی سه‌یری ئاو و هه‌وای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات و ده‌یسه‌پێنێتیش، ئه‌م ئاو و هه‌وایه‌ش كه‌م و زۆرێك كاریگه‌ری به‌ بارستی خۆی به‌سه‌ر نه‌شونمای دره‌خته‌كان جێ‌ ده‌هێڵێت. ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌ ستوونی ژیانیان هێنایه‌ ناو شیعر و ئه‌زموونیان كرد. ئێمه‌ ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی ژیان و خه‌یاڵ و خه‌ونمان هێنایه‌ ناو شیعر و فراوانتر ئه‌زموونمان كرد و دره‌وشاوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ناساندمان.
نه‌وه‌ی دوای ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك جیهانبینیی زیاد ده‌كه‌نه‌ سه‌ر قۆناخی شیعری ئێمه‌. ئه‌مه‌ یاسای ژیانه‌ و ده‌بێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ ناوه‌ندێكی چه‌سپاوه‌ له‌ بڕوابه‌خۆبوون و هه‌قیقه‌ت بینین و دیارده‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ چییه‌تی بوونه‌وه‌.
پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنم نییه‌، زیاتر خه‌وندیده‌ی پێكهێنانی هێڵ و هێماكانی خۆمم، شیعرییه‌ت سیمای ڕوونی گشت نه‌وه‌كانه‌ و شانه‌یه‌كی زیندووی زۆر قووڵه‌ له‌ جه‌سته‌ و پێكهاته‌ی مرۆڤدا.
ده‌قئاوێزانی ده‌تگه‌یه‌نێت به‌ فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنه‌وه‌ی چالاك و ده‌تدره‌وشێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرییه‌ك ده‌قئاوێزانی له‌گه‌ڵ گیانی به‌هێزی ڕۆشنبیریی دنیا نه‌هێنێته‌ ئاستی هه‌ست پێكردن، نه‌یتوانیوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا، ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌ك بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه‌. ڕۆشنبیرییه‌كیش نه‌توانێت ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌ك. زانستی ژیان كۆ بكاته‌وه‌، له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیا خه‌یاڵی باش به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌.
له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی هێڵی هونه‌ری ده‌توانێت له‌ناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشته‌جێ‌ بێت و له‌ گه‌ڕان بۆ بنه‌ڕه‌تیش چالاك و به‌رهه‌مدار بێت، خه‌سڵه‌ت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێته‌وه‌. چركه‌ساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چركه‌ساتێكی گه‌رم و ئاسووده‌ و چڕه‌ له‌ ژیاندا.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

به‌هره‌
له‌ دامێنی هه‌ر ده‌قێكم، مێژوویه‌ك تۆماركراوه‌، بڵێی بڕوام به‌وه‌ هه‌بێت نووسین هه‌ڵچوون و كاتی تایبه‌تییه‌، یان به‌هره‌ و سرووش ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به‌رده‌وام به‌شدار و هاوكارم بن له‌ نووسینی به‌شه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌ق. له‌و ته‌مه‌نه‌ی نووسینمدا، كه‌ نزیكه‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌كامی دڵ له‌ناو سنووره‌كانی له‌ هاتوچۆدام. ڕاوی چه‌ند ده‌قێكم كردوون، ئه‌وانه‌ی نووسیویشمن هێشتان له‌ نووسینیان ته‌واو نه‌بوویمه‌ و نه‌گه‌یشتووم به‌دوا داڕشتنیان. بڕواشم وایه‌ به‌هره‌ و سرووش كار له‌ ئاماده‌بوونی نووسه‌ر ده‌كه‌ن بۆ كه‌شی خرۆشان، به‌ڵام وه‌ك هانده‌ر و خورپه‌یه‌كی شاراوه‌ نه‌ك شتێكی بنه‌ڕه‌تی و ته‌واوكه‌ری بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین، له‌ نووسیندا زیاتر تێڕامان و خه‌ون و ئێستێتیكای ویژدانی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌ری و به‌شداریی به‌رده‌وامیم ده‌ده‌نێ‌. ناخی وریام ئاماده‌ی بنیادی به‌رده‌وامیی نووسین ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تاكانی نووسین له‌ هۆشیاری و یاداشت و خه‌ونمدا ئاماده‌ ده‌بێت. چاوه‌ڕوانی كه‌شی نووسین ده‌كات. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كه‌شه‌ چێژبه‌خشه‌ شكۆ و به‌هره‌ و سرووشی نووسین بێت و بنه‌ماكانی به‌ڕێوه‌ ببات. تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش نووسین پێویستی به‌ ژیری هه‌یه‌، تا ده‌ستت به‌سه‌ر ئامرازه‌ هونه‌رییه‌كاندا بشكێت و ئه‌فسوونی نووسین به‌هۆی به‌هره‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كراودا به‌جێ‌ بهێنێت.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

خوێنه‌ر
له‌ناوه‌وه‌ی خۆم به‌ بۆچوون و تێگه‌یشتنی زاهیدێك ژیانم هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌ چاوی ده‌مار و خوێن و پشت سه‌یری شیعری كوردی ده‌كه‌م و شیعری: زمان و ئێستێتیكی و مرۆڤدۆستانه‌شم خۆشده‌وێت، شیعر هه‌ڵگری وزه‌ی ژیانه‌. له‌ناو شیعریشدا ژیان دووچاری نه‌سره‌وتن و هه‌ندێك جه‌نگی پێویستی كردووم. بوێرییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌ له‌ناوچووندا ده‌بن به‌ هه‌ست، كتێبی ده‌گمه‌نن هه‌وڵ ده‌ده‌م تێیان بگه‌م، دواجاریش بیاننووسمه‌وه‌، ئه‌و ژیانه‌م لا جوان و په‌سنده‌، هه‌ست و خه‌ون له‌ناو ده‌قی شیعریدا ده‌یكه‌نه‌ ئاماژه‌ و ئاخاوتن. له‌ ئاخاوتندا له‌ خاڵی هاوبه‌ش نزیك ده‌بینه‌وه‌، یان ده‌گه‌ین به‌ وه‌ڵامێك بۆ ئاخاوتن. خه‌ون و یاده‌وه‌ری له‌ سێبه‌ریدا به‌ یه‌كتری ده‌گه‌ن و ده‌بن به‌ واقیعێك له‌ واقیعه‌كانی بوون. له‌ نێوان په‌سندكردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خوێنه‌رانی هۆشیار و خوێنه‌رانی ئاساییدا نووسین له‌كوێ‌ خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌. جیاكاریی نێوان خوێنه‌ری زۆر و جه‌ماوه‌ر ئاشكرایه‌. قۆناخی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنه‌ره‌، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری نییه‌.
ئه‌و مشتومڕه‌ له‌ نهێنیی ئه‌و ده‌قانه‌دا به‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی چێژبه‌خش پێویستمان به‌ خوێندنه‌وه‌یانه‌. په‌یوه‌ندییه‌كی دڵخۆشكه‌ریان له‌گه‌ڵ مووچڕك و ته‌زوو و خورپه‌ی شاراوه‌ی ناخ پێكهێناوه‌.
من یه‌ك به‌باری خۆم، كه‌ په‌ستی دامده‌گرێت و له‌ هه‌موو دنیا بێ‌ ئومێد ده‌بم په‌نا بۆ دیوانی: مه‌حوی، یان دیوانی: حاجی قادری كۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان…..تاد، ده‌به‌م، ئاماده‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ گرینگیدان به‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان، یان ده‌گه‌مه‌ فۆرمی گه‌یشتن به‌ هه‌موو شته‌كان و ناخی خۆم. هه‌ر هه‌موو ئاستێكیش ڕێز له‌ ژیان ده‌نێـت و هه‌وڵی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی و ئاینده‌ی باشتر ده‌دات، هه‌ریه‌كیش به‌ تێگه‌یشتنی خۆی چێژی لێ‌ وه‌رده‌گرێت. نووسه‌ریش له‌سه‌ر بنه‌ما و فراوانبوونی مه‌وداكانی زمان و هێشتنه‌وه‌ی به‌ زیندووێتی ئه‌و متمانه‌یه‌ی ده‌بێته‌ خه‌ونێكی به‌دیهاتوو، له‌ خه‌ونه‌وه‌ش ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. من خه‌ونم هه‌یه‌، له‌ خه‌ونه‌كانمدا ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌چمه‌ ناو مه‌وداكانی بیركردنه‌وه‌ و نووسین.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

وشه‌
وشه‌ی: خه‌ون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم ده‌جووڵێنن و لام دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێت له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا قسه‌م له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت و چوارچێوه‌یه‌كیان بۆ بگرم، فه‌زا و ڕه‌گه‌زی ئه‌م وشانه‌ دیدگای منیان دیل نه‌كردووه‌، زیاتر به‌لای خۆیاندا به‌كێشیان كردووم. له‌ناو مندا ڕه‌گیان وریایه‌ و به‌گه‌شه‌كردنم ناساندوون، كه‌شوهه‌وان بۆ ئه‌زموونی خه‌ونیم، له‌ شیعردا ئیلتیزامم به‌ فه‌زای بوونه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك فه‌زا و ڕه‌گه‌زی وشه‌. بوون له‌ ده‌قدا ده‌بێته‌ شه‌پۆلی مانا و جوانی و شیعرییه‌ت. شیعری من مه‌به‌ستی مێژوویی تێدا نییه‌. داڕشتنێكی بوونی و خه‌ونییه‌. كار له‌ناو خه‌ون ده‌كه‌م بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خه‌ون و منداڵی و مردن پرسیاری ئه‌زه‌لین، نه‌كراوه‌ وه‌ڵامێكی ڕه‌ها بۆ پرسیاره‌كانی ئه‌زه‌لییه‌ت بدرێنه‌وه‌، هه‌ر وه‌ڵامێكی ده‌بێته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه‌. دووباره‌ نیاز و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ئازادیی ده‌ربڕین، خه‌ون و خه‌یاڵمان ده‌جووڵێنێت، ده‌كرێت ئه‌م پرسیاره‌ دوابخرێت بۆ دوای كۆتایی زه‌وی، یان دوای دۆزینه‌وه‌ی بزه‌ی مۆنالیزا و به‌ختیاری تا هه‌تایی، بڕوا به‌ به‌ختیاری تا هه‌تایه‌، كاریگه‌رترین و به‌پیتترین ناوه‌رۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

لایه‌نگر
به‌لامه‌وه‌ گرینگه‌ هه‌موو ئاستێك ببێته‌ لایه‌نگری ده‌قه‌كانم، یان نا. به‌های سه‌ربه‌ستی شوێنی نووسینی له‌ جیهان دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ ته‌واوی مانای سه‌ربه‌ستی، سه‌ربه‌ستیم له‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ و هونه‌ره‌ جوانه‌كان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووه‌، سه‌ربه‌ستی له‌ناو هه‌ستیاریی نووسین ده‌توێنمه‌وه‌، كه‌سی دووه‌میش به‌هه‌مان سه‌ربه‌ستی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. منی وه‌ك نووسین به‌لاوه‌ گرینگه‌، یان نا. ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شی لا وێنا ده‌كه‌م به‌ هه‌موو توانای گیانی و هێزی ئه‌قڵیمه‌وه‌ ئاماژه‌كان به‌ ده‌ربڕین و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان ده‌گه‌یه‌نم، بارێكی گیانیش له‌ناوه‌ندی نووسین چێژی هاندانم ده‌گه‌یه‌نێته‌ پله‌ی توانه‌وه‌ و تێكه‌ڵاوبوون به‌ زۆرێك له‌ شته‌كان. هه‌وڵیش ده‌ده‌م ژیانی چێژدار و به‌جوانی په‌یوه‌ست بخزێنمه‌ گیانی ئاده‌میزاده‌وه‌. ئاده‌میزادیش بگه‌ڕێنمه‌وه‌ باری یه‌كه‌مین فڕین. ئێستێتیكای هاوبه‌ش و ڕۆشنایییه‌كانی ناو ده‌ق ده‌كه‌مه‌ هونه‌ری لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ی ڕۆشنایییه‌كانی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی وه‌رگر. وابه‌سته‌ی كولتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئه‌و كولتووره‌ی په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌. به‌رهه‌می هۆشمه‌ندییه‌تی، كه‌واته‌ ئێمه‌ ناوه‌رۆكی گشتیی كولتوورین. تێكۆشانێكی سه‌خت ده‌كه‌م، ناوه‌رۆكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ پیت و فه‌ڕ بم.
كولتوور به‌و باره‌ زیندووه‌ی خوڵقاندوویه‌تی، به‌ناوبانگترین جۆری ده‌ربڕینی ڕۆشنبیرییه‌. تا پاشه‌ڕۆژێكی دووریش هه‌ر به‌و شێوه‌ چالاكه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌. مامه‌ڵه‌ی من له‌گه‌ڵ نووسیندا مامه‌ڵه‌ی ئیمانداره‌ له‌گه‌ڵ خودا و سه‌رچاوه‌. خودا و سه‌رچاوه‌ش ده‌بنه‌ پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار له‌ چییه‌تی بوون و نه‌بوون و شوێنه‌زا. دواجاریش ده‌مه‌وێت بزانم ئه‌و دۆزینه‌وانه‌ چین، كه‌ پێیان گه‌یشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونه‌ته‌ یه‌كانگیربوونه‌وه‌ی ئاسۆكانی ناوه‌ند و نووسینیان لێوه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.


شێواز

جوانی له‌ ساده‌یی و قووڵبینییه‌وه‌ ده‌خوڵقێت. لێڵیش شته‌ ساده‌كان له‌ناو ده‌با و دڵی جوانی تێدا هێور ناكرێته‌وه‌. له‌ به‌شێك له‌ به‌رهه‌می هه‌شتایه‌كانم له‌ بنیادی قووڵی ته‌مومژدا كارم كردووه‌، ته‌مومژ له‌ ئه‌نجامی جوانیی زمان دروست ده‌بێت، لێڵیش له‌ ئه‌نجامی بنیادی ڕووكه‌ش و هه‌ڵه‌ی زمانه‌وه‌.
نموونه‌: بێزمانێك ده‌چێته‌ لای مرۆڤێك، داوایه‌ك ده‌خاته‌ ڕوو. بێزمانه‌كه‌ لای خۆی مانا و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ داواكه‌ی هه‌یه‌ و ده‌زانێت چی ده‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوونیی زمانی نییه‌. ناتوانێت داواكه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نێت.
شاعیر هه‌ن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییه‌. له‌ ده‌روون و هه‌ستی یه‌كئاستیی خۆیان مانایه‌كیان بۆ نووسینه‌كه‌یان داناوه‌، به‌ڵام ناتوانن ئه‌م مانایه‌یان به‌ شێوازێكی ڕوون له‌ به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن، لێڵی ئه‌م نه‌گه‌یشتنه‌یه‌. ژیان خۆی پڕه‌ له‌ شێوازی گۆڕان و جموجووڵ، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی سروشتیش گۆڕان له‌ خودی خۆی په‌روه‌رده‌ ده‌كات. دره‌خت له‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كی بچووكدا كه‌شوهه‌وای نه‌شونما وه‌رده‌گرێت، هه‌موو ساڵێكیش گه‌ڵاكانی خۆی له‌ناو ده‌دا و هێمای ڕوون و شێوازی گه‌ڵا نوێیه‌كانی ده‌كاته‌ كرده‌یه‌كی ڕاست. یه‌ك شێوازیش له‌ ئه‌زموونی خه‌وندیده‌ و وێڵی دۆزینه‌وه‌ی ژیانی به‌ پیت و ده‌سه‌ڵاتدار نابێت. مانه‌وه‌ و كاركردنیش له‌ناو شێوازێك ڕایه‌ڵ و تانوپۆی داهێنان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، هه‌موو سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌لكێشیش زه‌وت ده‌كات، گیانی به‌رده‌وامبوونیش داده‌ڕزێنێت. ئه‌و شێوازه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كانه‌وه‌ ئه‌زموونم كرد، هه‌وڵم دا له‌و ئه‌زموونه‌دا كار له‌ناو مانای زمان بكه‌م و مانای بابه‌ت بمرێنم.
ئه‌زموونێك بوو، ویسته‌ هونه‌ری و كه‌لكێشییه‌ زمانه‌وانییه‌كانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئه‌م پێشكێشكردنه‌ش خواستی گۆڕان له‌ناوه‌وه‌ هه‌ژاندمی، هه‌ستم كرد كارێكی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ كردن، دنیایه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا به‌خۆم ده‌ده‌م ئه‌زموونێك واز لێ‌ بێنم و سه‌رگه‌رمی ئه‌زموونێكی دیكه‌ بم، دیاره‌ وه‌ك ئه‌زموون گه‌یشتوومه‌ته‌ دوا ئاستی و لام ته‌واو بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناویشیدا بمێنمه‌وه‌ دووچاری خۆدووباره‌كردنه‌وه‌ و پێكوته‌ دێم، خۆدووباره‌كردنه‌وه‌ و پێكوته‌ش كه‌شی نووسینم له‌به‌رچاو داده‌خه‌ن، له‌و بار و بواره‌دا هێزی خود و ڕسته‌ كاریگه‌ره‌كانی مرۆڤی نوێبه‌خشیش بۆ جوانی و ژیان بێ‌ كاریگه‌ر ده‌بن.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

ڕاگه‌یاندن
ڕاگه‌یاندن كه‌ناڵ و ناوه‌ندێكی خزمه‌تگوزاره‌ بۆ كرده‌ی ڕۆشنبیری. له‌ناو ڕۆژنامه‌وانیی كوردیدا گه‌یشتووم به‌ ئه‌زموونی به‌پیتی زۆرێك له‌ نووسه‌رانی كورد و سوودمه‌ند بوویمه‌ به‌ بیر و بۆچوون و فۆرمه‌كانیان. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هێنده‌ی له‌ به‌شێك له‌ ڕۆژنامه‌وانی به‌ ناهه‌ق له‌باره‌ی منه‌وه‌ نووسراوه‌، هێنده‌ به‌هه‌ق له‌باره‌ی ئه‌هریمه‌نه‌وه‌ نه‌نووسراوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به‌بێ‌ هیچ هۆیه‌ك به‌ مه‌به‌ست و هه‌ڵه‌ی ئه‌نقه‌ست ناوم له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌سڕنه‌وه‌. به‌شێك له‌ ڕۆژنامه‌وانیی كوردی هه‌وڵی تێدا دراوه‌ هه‌قیقه‌تی شیعری من بشێوێنێت. له‌ ڕۆژگاری ژیاندا ئه‌وانه‌ی له‌ چێژی باوخوازه‌وه‌ ته‌ماشای ڕسته‌ كاریگه‌رییه‌كانی ژیان ده‌كه‌ن تاوانكارن، نوێبه‌خشه‌كانیش قوربانیی ئه‌و هێزه‌ باڵاده‌ستانه‌ن، كه‌ تاوانكاران ده‌جووڵێنن و ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆ به‌جێهێنانی مه‌رام و تاكتیكه‌ سیاسی و شكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیان، دیمه‌نه‌ ساده‌ و كاریگه‌ره‌كانی ژیان وه‌رده‌گرم به‌ تێكه‌ڵاوكردنی فۆرمه‌كانی گه‌یاندن چه‌ند ئاستێكی زمانه‌وانیی شیعرییه‌تی تێدا ده‌كه‌مه‌ ستوونی تایبه‌تكردن و دره‌وشانه‌وه‌. وه‌ك ده‌قی به‌ ئه‌ده‌ببوو ده‌یخه‌مه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نیشان و پرسیار، شته‌ ساده‌كانیش به‌رده‌وام له‌ سرووتی تایبه‌تی و دانایی له‌ناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گه‌رمایی هه‌سته‌كانن. بوونمان له‌ناو خۆیاندا له‌پێناو ژیان و جیهانبینییه‌كی باشتر به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، تا له‌ ژیان كاریگه‌ری و كرده‌وه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

تێڕامان
بێده‌نگی له‌ قووڵایی نه‌زاندراودا په‌یوه‌ندیی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ژیان ده‌دۆزێته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ساردبووه‌كانیشی له‌گه‌ڵ واقیع زیندوو ده‌كاته‌وه‌. هه‌ندێك شت له‌ واقیع وه‌رده‌گرێت، له‌ بیركردنه‌وه‌ی ڕێكی ده‌خاته‌وه‌ و ئاماده‌ی گوتنی ده‌كات. پێكهاته‌ی سرووتی كه‌سایه‌تیم له‌ نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر زه‌مین بۆ خۆ گونجاندن له‌ناو سه‌رچاوه‌كانی ژیان وا هه‌ڵكه‌وتووه‌. ئاخاوتن له‌ناو ده‌ق دروست ده‌كه‌م. له‌ قسه‌كردن خودی ئاماده‌كراو دێته‌ پێشه‌وه‌، له‌ ئاخاوتنی ناو ده‌قیش ئه‌فسوونی خودی وریا و هۆشمه‌ند. ئه‌گه‌ر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوه‌وه‌م ده‌كوژێت و بنیادی ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیی نووسینم ده‌شڵه‌ژێ‌، ئه‌فسوونی خودیشم به‌تاڵ ده‌بێت. زۆر دوان ته‌نیا بۆ كه‌سی سیاسی گونجاوه‌، بار و بوار بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی دروست بكات، نووسه‌ریش بار و بوار بۆ تێڕامانی تاكییه‌تی و هه‌سته‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. خۆم به‌ تێگه‌یشتن له‌ كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووه‌، پرۆژه‌كانم به‌هۆی زمانه‌وه‌ په‌ره‌ پێده‌ده‌م، نازانم ئه‌وه‌ی نووسیومه‌ باشه‌، یان نا. به‌ڵام به‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتووم پێویسته‌ له‌ هه‌وڵی تێڕامان و بێده‌نگی به‌رده‌وامبم.
بێده‌نگی لای من مانا قووڵه‌كانی خه‌ون ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و پرسیاری ژیان و بوونی هه‌یه‌.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.

گفتوگۆ
هه‌میشه‌ خۆم له‌ گفتوگۆ و دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان به‌دوور گرتووه‌، ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌ بار و بواری شیعره‌وه‌ به‌ ده‌ستم هێناون، ده‌كرێ‌ بكرێـنه‌ جێگره‌وه‌ی هه‌موو گوتن و نووسینێكی دیكه‌. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییه‌ له‌ دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان بیكه‌م به‌ ناوه‌ندی ده‌ربڕین و دركاندن. هه‌موو ساته‌ هۆشیاری و نهێنی و هه‌ستكردنه‌كانی ڕایه‌ڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم له‌ هه‌ناوم خۆیان ڕاپسكاندووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌قه‌كانم دركاندوومن. خۆ ته‌رخانكردنیشم بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق به‌لاوه‌ گرینگ و ناوه‌نده‌. ده‌ق بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كان جوان و فراوان ده‌كات، فۆرمه‌كانی ده‌روونیش ده‌گۆڕێت. سه‌ره‌تا شته‌ گشتییه‌كان ده‌دۆزمه‌وه‌. دواتر گیانی بزێوی شته‌كان ده‌نووسمه‌وه‌ و هه‌ستی تێدا ده‌خوڵقێنم.
نووسین و قسه‌كردن له‌باره‌ی شیعر به‌ كرده‌ی دۆزینه‌وه‌ تێ‌ ناگه‌م، زیاتر گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنه‌. هه‌وڵ ده‌ده‌م خۆمی لێ‌ بپارێزم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو بابه‌تێك پتر، تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی شاعیرانی به‌ ئه‌زموون و ژیننامه‌ی كه‌سایه‌تییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونه‌وه‌ش له‌ شیعر ده‌مانباته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می له‌دایكبوونی یه‌كه‌مین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت له‌باره‌ی یه‌كه‌مین مرۆڤ ڕسته‌یه‌ك، ته‌نیا ڕسته‌یه‌ك به‌هێز بكات، ته‌نیا له‌رزه‌ی گیان ده‌توانێت له‌ناویدا وردبێته‌وه‌ و بگات به‌باری تێڕامانی یه‌كه‌مین مرۆڤ.
زه‌برێك هه‌یه‌ ناوی مێژوو، هه‌موومان وه‌ك شیر ده‌كوڵێنێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندمان هه‌وێن ده‌بین و چه‌ندیشمان هه‌ڵده‌بزڕكێین.




کۆیلایەتى لە ئێستا و ڕابردوو … ڕزگار عەلى

دۆخى کۆیلایەتى ئەو دۆخەیە بە درێژاى مێژوو بیریاران و هزرڤانانى زانستى سیاسى بە خۆیەوە خەریک کردووە، هەریەکەیان جیاوازتر لەوەیتر تەفسیرى ئەو دۆخەیان کردووە کە مرۆڤ تێدەکەوێت، ئایا بەڕاست بۆچى مرۆڤ دۆخى کۆیلایەتى هەڵدەبژێرێت؟ ئایا بۆ دەیەوێت ببێتە بە کۆیلە؟ یان ئایا مرۆڤ بۆچى لە ئازادى هەڵدێت؟ ئایا کۆیلە چۆن ئازادى بەدەستدەهێنێتەوە؟ فەیلەسوفى ئەڵمانى (هیگل) لە کتێبى گرنگەکەى (فینؤمینۆلۆجیی هۆش) بە گەڕانەوە بۆ بە ڕابردوو لە هەمانکاتدا دۆخى سروشتى لاى مرۆڤ، ئاماژەى گرنگى بە دۆخى کۆیلایەتى کردووە، ئەم تێکستە بە گرنگترین و بە بەهاترین نووسراو دادەنرێت کە ڕۆچووتە ناو قوڵایی پەیوەندى نێوان ئاغاو کۆیلە، هیگل لەم کتێبە و لە پەیوەندى نێوان ئاغاو کۆیلە باسى (مرۆڤى یەکەم) دەکات، ئەوەى مرۆڤى یەکەم لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ تەنیا ئارەزووى لە شتە ڕاستەقینە پۆزەتیڤەکانى نییە وەکو ساقۆ، جل و بەرگ یان شوێنى مانەوە و مانەوە لە ژیان، بەڵکو ئارەزووى لە هەندێک شتى نائامادەش هەیە، نائامادە بەو مانایەى کە هێشتا ئەو شتە کە دەبێت ئەم خاوەنى بێت خاوەنى نییە، بۆیە بەردەوام حەزى لە شتێکە کە لەبەردەستیدا نییە، حەزى کۆنتڕۆڵکردنى ئەوشتەى کە ئەو خاوەنى نییە دەیەوێت ببێتە خاوەنى مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، واتە ئەوەى مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە کە مرۆڤ تەنیا بؤ مانەوە ناژى بەڵکو دەیەوێت (ئیعتراف) و ڕێزى ئەوانى تریش بەدەستبهێنێت، ئەمەش بە بیانووى ئەوەى مرۆڤ بە تەنیا ناژى بەڵکو لە مامەڵکردندایە لەگەڵ هاوچەژنەکانى خۆی و بەمەش بوونێکى کۆمەڵایەتى دەبێت، هەر ئەمەشە وادەکات کە مرۆڤ نەتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەوانى تر خۆى ڕزگار بکات، بۆیە مرۆڤ لە پاڵ (مانەوە)دا لە ژیان شەڕى ئەوەش دەکات کە ئەویتر بکاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە و بەمەش ئیعترافى ئەویتر بەدەستدەهێنێت کە ئەم زیاتر بوونەوەرێکى بەهادارترە لەویتر. کاتێک ململانێى (مرۆڤى یەکەم) لەگەڵ کەسانى تردا دەستپێدەکات، هەر ڕکابەرێک هەوڵدەدات ئەویتر بکاتە ژێردەستەى خۆى، هیگڵ ئاماژە دەکات کە ئەم شەڕە کە دەیکەین بۆ ئەوەى ئەویتر بکەینە ژێر دەستەى خۆمان سێ دەرئەنجامى لێدەکەوێتەوە.
یەکەم: لەوانەیە ببێتە هۆى مردنى هەردووکیان ئەم حاڵەتەش ژیان تێیدا کۆتایی دێت، واتە هیچ مرۆڤێک نامێنێتەوە لە ژیان.
دووەم: لەوانەیە ئەم جەنگە ببێتە هۆى مردنى یەکیک لە ڕکابەرەکان ئەمەش ئەو حاڵەتەیە کە ئەوەى ماوەتەوە لە ژیان ناڕازییە چونکە هیچ کەس لە ژیان نەماوەتەوە تاوەکو بیکاتە ژێر دەستەى خۆى و ئاغابوونى خۆى بەسەردا بسەپێنێت، واتە تەنیایبوونى مرۆڤ دادى نادات چونکە ئەو کاتە دەبێتە مەخلوقێک کە دەبێت ڕۆژەکانى مانەوە لە ژیان بەسەر ببات و چاوەڕێى مەرگ بکات، واتە ئارەزووکردنى مرۆڤ لێرەدا هەمان ئارەزووى ئاژەڵە و لە ئاژەڵ جیاناکرێتەوە.
سێیەم: ئەم دەرئەنجامى گرنترین دەرئەنجامە چونکە ئەمجارەیان هیچ لە ڕکابەرەکان نامرن و هەردووکیان بە زیندووى دەمێننەوە، دەرئەنجامى ئەو زیندووبوونەوەش پەیوەندى نێوان ئاغاو کۆیلە دێتە کایەوە، لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا ئەوەى سەرکەوت دەبێت ئاغاو ئەوەى ژێرکەوت دەبێتە کۆیلە، بەمەش کۆیلە دێتە کایەوە. ئەم دەرئەنجامەى هیگڵ ئاماژەى پێ دەکات دۆخێکى سروشتییە، واتە هێشتا نە حوکمەت و نە دەوڵەت و نە یاسا بوونى نییە، بەڵکو ئەوەى هەیە هێزى بازووە، واتە ئەوەى تەحەکەوم دەکات بیرکردنەوە نییە، بەڵکو ئەوەى بەهێزتربیت ئەوە باڵادەستە. ئەوەى بووەتە کۆیلە بە زۆردارى بووەتە کۆیلە، واتە کۆیلە خۆى دۆخى کۆیلایەتى هەڵنابژێرێت، وە حەزیش بەو دۆخە کۆیلایەتییە ناکا، بەڵام ناچاربووە بووەتە کۆیلە، یان دەتوانین بڵێن لە ترسى مەرگ بووتە کۆیلە. کۆیلە لێرەدا هەست دەکات کە کۆیلەیە، ناڕازیشە کە کۆیلەیە، بەڵام لە ژێر ستەمکارى ئاغاکەیەتى، ستەمکارى لێرەدا ستەمکارییەکى دڵڕەق و سادیزم و نا عەقڵانییە، ئەم تەسەورەى هیگڵ تا دۆخى سەرمایەدارى تیوێرێکى سەرتاپاگیربوو، بەڵام لە دواى هاتنە ئاراى سیستەمى کەپیتالیزم تەفسیرى (کۆیلە و ئاغا) گوڕانکارى بنچینەیی بەسەردا هات. هێربێت مارکیۆز لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا کاتێک تێزى (مرۆڤى تاک ڕەهەند)ى داهێنا، ئاماژەى کرد ئەو زۆردارەى لە سیستەمى کەپیتالیزم هەیە زۆردارییەک نییە کە نالۆژیکى و نا عەقڵانى بێت، بەڵکو ئەو زۆردارییەى کە ئاغاکانى کەپیتالیزم دەیگرنە بەر لەسەر بنەمایەکى عەقڵانێتێکى تەواو بە حساباتێکى ورد و داڕێژراوە، مارکیۆز لە پاڵ دۆخى ئاغاکانى کەپیتالیزم دۆخى کۆیلایەتیشمان بۆ ڕووندەکاتەوە و ئاماژە دەکات، کە دۆخى کۆیلایەتى ئێستا قبوڵکراوە، واتە کۆیلە بە کۆیلایەتى ڕازییە، نەک ڕازییە بەڵکو سوریشن لەسەر ئەوەى کە دۆخى کۆیلایەتییان هەبێت و بەرگریشى لێ دەکەن. دواى نزیکەى نیو سەدە زیاتر لەو تێزەى (مارکیۆز) جێگەى خۆیەتى جارێکى تر ئێستێک بکەین و لەسەر ئەو پەیوەندییە و بپرسین، دەبێت دۆخى کۆیلایەتى لە ئێستادا چۆن بێت؟ ساتى مارکیۆز ئەو ساتەیە کە ئاغا کۆیلەکەى خۆى دەخاتە ناو بارودۆخێکەوە کە بیکاتە (کاڵا) و دەرئەنجامیش بەو کاڵایە ڕازى بێت، واتە هەڵبژاردنى کۆیلە لە لایەن ئاغاوە دەبێت و ئاغا پەیوەستى دەکات بە شتێک بۆ ئەوەى خزمەتى بکات، لەو دۆخەدا وەکو گوتمان کۆیلایەتى قبوڵکراوە، واتە ئاغا بە پێچەوانەى تێزى هیگل کە بە زۆر کۆیلەى دەکردە کۆیلە ئێستا بە زۆر کۆیلە ناکاتە کۆیلە بەڵکو بە ئارەزووى کۆیلە خۆى دۆخى کۆیلایەتى هەڵدەبژێرێت، بەڵام لە ئێستادا کۆیلە قبوڵنەکراوە، ئاغا کۆیلە قبوڵناکات، واتە ئەوە کۆیلەیە بە دواى ئاغاکەى دەگەڕێت و ئاغاى خۆى هەڵدەبژێرێت، گەورەترین بەهاش ئەوەیە کە ئاغاکەى قبوڵی بکات کە بیکاتە کۆیلەى خۆى، لە ئێستادا ڕێک پێچەوانەى تێزى هیگل ئاغاکان کۆیلەکانیان قبوڵناکەن، کۆیلە لە ئێستادا هەموو حەز و تاسە و ئارەزووى ئەوەیە کە ئاغاکەى قبوڵی بکات، لە حاڵەتى قبوڵنەکردنى کۆیلە، کۆیلەکان کۆمەڵێ کردارێک دەکەن بۆ ئەوەى خۆشەویستى ئاغاکەیان بەدەستدەهێنن، ئەمەش لە ڕێگەى ئەوەى بزانن ئارەزووى ئەو ئاغایە چییە کە ئەمى وەکو کۆیلە قبوڵ نییە، واتە بێ ئەوەى ئاغاکەیان ئەرک بخەنە سەر شانیان ئەمان بەردەوام ئەو شتەى کە ئاغا دەیەوێت ئەمان دەیکەن، لە دۆخى ئێستاى کۆیلایەتی گەورەترین کردارێک کۆیلەیەک دەیکات بۆ ئەوەى کۆیلەبوونى لاى ئاغاکەى قبوڵ بێت ئەوەیە کە ڕووبەڕووى ئەو فەزا (ئازادە) ببێتەوە کە نایەوێت کۆیلە بێت، واتە کۆیلەکان کۆیلەبوونیان دووپاتدەکەنەوە بێ ئەوەى کۆیلە بن، کۆیلەکان لە ئێستادا بەرگرى تەنیا لە کۆیلەبوونیان ناکەن، بەڵکو بەرگریش لە ئاغاکانیان دەکەن هەرچەند وەکو ئاغاش قبوڵینەکردوون، بۆیە لە ئێستا پێچەوانەى تێزى هیگڵ کە کۆیلە کۆیلەبوونى قبوڵناکات و ڕۆژاگارێکیش دێت شەڕى ئەوە بکەن کە لە کۆیلایەتى ڕزگاریان بێت، بەڵام لەم دۆخەدا کۆیلە گەورەترین شەڕى ئازادیخوازان دەکات تا هەم ئازادیخوازان وەکو خۆى کۆیلە بکات، هەم بۆ ئاغاکەى بسەلمینێت کە شایستەى ئەوەیە کۆیلەى بێت، واتە شەڕى ئێستا مرۆڤایەتى ئەوەیە کە کە کەسانێک خۆیان لە خوارووى کۆیلە دەزانن و دەیانەوێت ببنە کۆیلە، بەمەش ڕووبەڕووى کەسانێک دەبنەوە کە بەهایەکى ئازادییان هەیە و سیستەم ناتوانیت بیانکاتە ژێر کۆنتڕؤڵى خۆیەوە و دیسپلینیان بکات، ئاغاش وەکو تەماشاکەرێک هەرگیز بەهاى کۆیلەبوون ناداتە ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت ببنە کۆیلە بۆ ئەوەى بەردەوام شەڕى ئازادیخوازانییان پێ بکات.




حه‌مید تەقوایی لەستایشی ئۆپه‌راسیۆنی “ئازدی موسڵ”دا … رێبوار ئەحمەد

لە گفتگۆیەکدا کە تەلەفزیۆنی کەناڵی جەدید لەگەڵ حه‌مید تەقوائی دەربارەی ئۆپه‌راسیۆنی “ئازادی موسڵ” رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیداوە، حەمید تەقوائی ڕاشکاوانە هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆسەر موسڵ بەکارێکی “موسبەت-پۆزەتیڤ” هەڵسەنگاند. بەم جۆرە مۆری تەئیدی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی ئێرانی دا لەم جەنگە. ئەو دەڵێ:
” هەر ئاڵوگۆڕێک کە ببێتە هۆی ئەوەی موسڵ لەدەستی داعش دەربچێت ئاڵوگۆڕێکی موسبەتە. هەم لە ڕووی ئینسانی و هەم لەڕووی سیاسیەوە. لەڕووی سیاسیەوە لەبەر ئەوەی داعش ئێستا هێزێکی سەرەکی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامیە نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەمە زەربەیەکی تێکشکێنەر دەبێت لە داعش ئەگەر داعش موسڵ لەدەستبدات. بە گرتنەوەی موسڵ بەڕای من رەوتی نزولی داعش دەست پێدەکات. لەڕووی ئینسانیەوە رەنگە گرنگیەکەی زیاتر لەم ڕووەوە بێت، چونکە ئێستا دوو ساڵە ئەو تاوانانەی داعش لە موسڵ ئەنجامیداوە لەمێژوودا بێوێنەیە…….”. هێلی تەئکید من دامناوە
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم هێزانە چۆن دەتوانن هەنگاوێکی موسبەت بۆ ئینسانیەت ئەنجام بدەن دەڵێ:
“بەدەر لەوەی ئامانجی ئەم هێزانە چیە ئەگەر ئەنجامی کارەکەیان ببێتە هۆی ئەوەی کە داعش لەموسڵ دەرکەن ئەوە موسبەتە بەرای من…ئەمە حەرەکەتێکی موسبەتە بەدەر لەوەی کێ و بۆ چ ئامانجێک ئەنجامی دەدات” هێلی تەئکید من دامناوە
لە میانەی ئەم گفتگۆیەدا تەقوایی چەندین جار ئەم هێرشەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە موسبەت پێناسە دەکات، بەبێ ئەوەی بۆ یەکجاریش بە یەک وشەش هیچ رەخنەیەک لە هیچ لایەنێکی ئەم هێرشە بگرێت. هەر وەکو بڵێی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وەکو دەرهێنانی تەڵە مویەک لە ماست دەربهێنرێت، موسڵ لە دەستی داعش دەردەهێنن. تەنانەت تەقوایی هیج جۆرە سەرنجێکی لەسەر بۆمباران و کوشتارو خاپورکردنی ژێربینای کۆمەڵگاش نیە. پاساوەکەی حه‌مید تەقوایی تا ئەو جێگایەی کە بە داعش و لەناوبردنی داعش دەگەڕێتەوە هیچی جیاواز نیە لەپاساوی بارزانی وعەبادی و ئۆباما و ئەردۆگان ..و…بەڵگەشی بۆ ئەم تەئیدکردنەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئەوەیە کە ئەڵێ:
“ئەگەر لە هەرکەسێکی ئاسایی لەسەر شەقام بپرسی کە ئایا ئازادی موسڵ بە باش دەزانی؟ دەڵێ موسبەتە چونکە دەزانم خەڵکی موسڵ لە چ جەهەنمێکدا دەژین” هێلی تەئکید من دامناوە
ئەمە کوتومت لۆجیکی مام جەلال و ئەحمەد چەلەبی بوو بۆ پاساوی میلیتاریزم و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣دا. ئەوانیش دروست دەیانگوت لە هەرهاوڵاتیەکی عێراق بپرسی کە سوپا و فرۆکە و بۆمبەکانی ئەمریکا دێن سەدام لەناودەبەن، دەڵێ بەخێربێن و بە گوڵ پێشوازیان لێدەکەین. بەڵام کاتێک ئاستی لێکدانەوە و شرۆڤەی سیاسی سیاسەتمەداران دابەزی بۆ ئاستی بۆچونی هاوڵاتیەکی سادەی سەر شەقام کە لەبەردەم هەڕەشەی بەربەریەتی داعشدا قەراری گرتوەو تەبلیغاتی میدیای نۆکەریش جگە لەهەڵبژاردن لەنێوان تیرۆریزمی داعش و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکادا هیچ هەڵبژاردنێکی تری بۆی نەهێشتبێتەوە، بێگومان وەکو تەقوایی ناچارە بە بەڵێ و “موسبەت” وتن ستایشی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بکات، کە بەپێی ئاخرین ئاماری رابەرانی ئەم ئۆپه‌راسیۆنە لانی کەم یەک ملیۆن و نیو خەڵکی سڤیڵ لەم شارە و لەژێر رەحمەتی بۆمباراندا گیریان خواردوە.
بەڵام لەڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە بەشەریەتی ئازادیخوازو پێشکەوتوو، بەڕێبوارانی سەرشەقامیشەوە، ناچار نین لەنێوان میلیتاریزمی ئەمریکا و فاشیزمی ئیسلامیدا یەکێکیان هەڵبژێرن. ئەرکی کۆمۆنیزم ئەوەیە وەڵامێكی جیاوازو سەربەخۆ، ئاڵای سەنگەرێکی جیاوازو خەباتێکی پێشڕەوانە بداتە دەست ئەم بەشەریەتەوە. ئەرکی کۆمۆنیزمە کەڕۆڵی پێشڕەوانەی خۆی بگیڕێ بۆ هێنانەمەیدانی ریزی سەربەخۆی بەشەریەتی ئازادیخواز دژی پێشبڕکێی تیرۆریستی ئەم جەمسەرە کۆنەپەرستانە. بۆ ئەم کارەش ناچار نیە وەکو تەقوایی و ئەو رێبواری سەرشەقامەی ئیلهامی بەو بەخشیوە کردەوەی تیرۆریستی لایەکیان بەموسبەت پێناسە بکات. کاری کۆمۆنیزم ئەوەیە کە سەنگەرو مەیدانی نەبەردێکی جیاوازو سەربەخۆ بۆ بەشەریەت نیشانبدات و پێشڕەوایەتی بکات. لەبەر ئەوەی تەقوایی ئەم جۆرە هەڵوێستگیریە بەناوی کۆمۆنیزمی کرێکاری و پێڕەوی لە ڕێبازی منصور حکمەت، دەرخواردی گوێگرانی دەدات. بۆیە لە وەڵامدانەوە بە بۆچونەکانی لەو جێگایەی پێویست بکات چەند بڕگە لە نوسراوەکانی منصور حیکمەت دەهێنمەوە بۆ نیشاندانی دوری و بێگانەبونی هەڵوێستگیریەکەی تەقوایی لەگەڵ رێبازی منصور حکمەت. لەم بارەیەوە ئەگەر سەرنجێک لە تێڕوانینی منصور حکمەت بدەین بەرامبەر پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، کە چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە بەراورد لەگەڵ ئۆپه‌راسیۆنی ئەفغانستان زۆر کارەساتبارتر بێت، لە نوسراوەی دنیا دوای ١١ی سەپتەمبەردا دەڵێ:
” راستييه‌كه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌مريكا بو رزگاركردنى ئه‌فغانستان پێنانێته‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌. خويان تاليبانيان هێنايه‌ سه‌ركار. ئه‌مجاره‌ ره‌نگه‌ لاوازى بكه‌ن، به‌ڵام وه‌كو ئه‌مرى واقع بوونى قبووڵ بكه‌ن. قه‌وليان به‌ موشه‌ره‌ف داوه‌ كه‌ حكومه‌تى ئاينده‌ى ئه‌فغانستان ديسانه‌وه‌ جێگه‌ى ره‌زامه‌نديى پاكستان بێت. قه‌راره كومه‌ڵێك جانه‌وه‌ر لابه‌رنوو هه‌ر له‌و قوماشه‌ كه‌سانێكى ديكه‌ له‌جێگايان دابنێن. هه‌ڵوێستى مه‌بده‌ئى به‌شداريكردنه‌ له‌هاوشانى ئۆپۆزیسيۆنى پێشڕه‌وى ئه‌فغانستان بۆ روخاندنى تاليبان له‌جه‌رگه‌ى هه‌لومه‌رجى ئێستاداو به‌رقه‌راركردنى ده‌وڵه‌تێكى هه‌ڵبژێردراوى خه‌ڵكه‌ له‌م وڵاته‌دا. ده‌بێ ئه‌مه‌ به‌سه‌ر غه‌رب و ئه‌مريكاو نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا بسه‌پێنرێت. هه‌رجۆره‌ هێرشێكى هێزه‌كانى ئه‌مريكاو هاوپه‌يمانه‌كانى بۆسه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ئه‌فغانستان و روخاندنى شارو لادێ و ژێرخان و ئامرازه‌ ماددييه‌كانى ژيانيان ده‌بێ مه‌حكوم بكرێت. هه‌رجۆره‌ به‌ندوبه‌ستێك له‌نێوان ئه‌مريكاو پاكستان و ئێران و باقى ده‌وڵه‌تاندا بۆ سه‌پاندنى داروده‌سته‌يه‌كى تر به‌سه‌ر خه‌ڵكى ئه‌فغانستاندا مه‌حكومه‌. به‌ڵام روخاندنى تاليبان له‌لايه‌ن سوپا ده‌ره‌كييه‌كانه‌وه‌ خۆى له‌خويدا مه‌حكوم نييه‌.” هێڵی تەئکید من دامناوە.
دواتر دەچمە سەر ئەوەی کە چ جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان شەڕی ئەفغانستان و ئۆپەراسیۆنی موسڵ. بەڵام سەرباری ئەوە، هەر لەم برگەیە لە نوسراوەکەی منصور حکمەتدا دەبینین پێش ئەوەی بە یەک رستە بڵێت “روخاندنى تاليبان له‌لايه‌ن سوپا ده‌ره‌كييه‌كانه‌وه‌ خۆى له‌خويدا مه‌حكوم نييه” پەردەی لەسەر ئامانج و مەرامەکانی ئەمریکا لەو شەڕەدا لاداوەو رەخنەی قوڵی ئاراستەکردوە. ئەو باسی ئەوە دەکات کە هه‌ڵوێستى مه‌بده‌ئى به‌شداريكردنه‌ له‌ هاوشانى ئوپوزیسيۆنى پێشڕه‌وى ئه‌فغانستان بۆ روخاندنى تاليبان له‌جه‌رگه‌ى هه‌لومه‌رجى ئەوکاتەی هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و هەوڵدان بۆ به‌رقه‌راركردنى ده‌وڵه‌تێكى هه‌ڵبژێردراوى خه‌ڵك. دوای ئەوەش هه‌رجۆره‌ هێرشێكى هێزه‌كانى ئه‌مريكاو هاوپه‌يمانه‌كانى بۆسه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ئه‌فغانستان و روخاندنى شارو لادێ و ژێرخان و ئامرازه‌ ماددييه‌كانى ژيان مه‌حكوم دەکات. ئەم هەڵوێستە لەگەڵ بە موسبەت پێناسەکردن و بەم جۆرەش ستایشکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانەکان بۆسەر موسڵ نەک تەنیا جیاواز بەڵکو ناکۆکە.
باسی حەمید تەقوایی روون و راشکاو، ئومێدەوارکردنی خەڵکە بۆ ئەوەی دەستەو ئەژنۆ دانیشن و چاو ببڕنە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی تا بەم پێشبڕکێ تیرۆریستیە و جەنگی وێرانکارانە مژدەی “ئازادی موسڵ”یان پێبدەن. لە کاتێکدا کاری کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە راستیەکانی پشت ئەو شەپۆلە گەورەیە لە درۆو ریاکاریی کە دنیای داگرتووە روون بکەنەوە. ئەمە مەرجی سەرەکیە بۆ رێکخستن و هێنانەمەیدانی ریزێکی سەربەخۆی بەشەریەتی ئازادیخواز لەبەرامبەر گشت ئەو پێشبڕکێ تیرۆریستیەی کە ئۆپەراسیۆنی موسڵ تەنها ئەلقەیەکێتی و کەس نازانێ تا کەی درێژەی دەبێت. لەم بارەیەوە دەرباری شەڕی ئەفغانستان لە هەمان نوسراوەدا منصور حکمەت دەڵێ:
” دەرک کردنی ئەوەی کە ئەم جەماوەرە فراوانەی خەڵکی بەشەرەف و بە ویژدانی جیهان لەم شەڕی بۆش و بن لادنەدا، ئەم دوو دۆستە قەدیمی و دوژمنەی ئەمڕۆ، لەگەڵ هیچیاندا نین، هۆشێکی زۆری ناوێت. ئەم بەشەرییەتە شارستانیە لە ژێر کەلاوەی پڕوپاگەندەو مێشک داشۆرین و تۆقاندندا لە غەرب و شەرق بێدەنگکراون، بەڵام دەکرێت بە رۆشنی ئەوە ببینرێت کە ئەم تەڵەکەبازیانەی قبوڵ نەکردووە. ئەمە هێزێکی مەزنە. دەتوانێ بێتەمەیدان. لە پێناو ئایندەی بەشەریەتدا دەبێ بێتە مەیدان”.
ناکرێت بەناوی کۆمۆنیزمی کرێکاری و پێداگری لەسەر خەتی منصور حکمەت بەشەریەتی ئازادیخوازی بەدەنگهاتوو لەدژی بەربەریەتی ئیسلامی، گیرۆدەی خۆشباوەڕی و ستایشکردنی میلیتاریزم و تیرۆریزمی ئەمریکا بکرێت. تەقوایی لە جیاتی بەرچاو رۆشکردنەوەی خەڵک کە نابێ بەربەریەتی هیچ لایەکیان قبوڵ بکرێت، میلیتاریزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە موسبەت هەڵدەسەنگێنێ. بەڵام منصور حکمەت بە پێچەوانەوە لەو نوسراوەیەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە:
“بۆ بنیاتنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری سەربەخۆ لە بەرامبەر ئەم رووبەڕووبوونەوە بێوێنە و مەرگبارەی جەمسەرە عەسکەری و تیرۆریستیە نێونەتەوەییەکان، دەبێ راستیەکانی ئەم گۆڕانکاریانە لە پشتی راگەیاندنی جەنگی و پاساوەکانی ئۆردوگا دژبەیەکەکان دەربکێشرێنە دەرەوەو ببرێنە ناو خەڵک”.
لەڕوانگەی منەوە وەکو رای شخصی خۆم نابێت بەر بەنەفسی هیچ جەنگێک لەدژی داعش بگیرێت. هەر هێزو لایەنێک بیەوێ سەری داعش بکوتێتەوەو تەفروتونای بکات، بەدەرلەوەی چ ئامانجێک لەپشتی ئەم سەرکوتانەوەیەدا خۆی حەشارداوە، نەفسی شەڕ لەدژی داعش مایەی مەحکوم کردن نیە، من پێشتر لەوتاری “جەنگی ناشێلگیرانە دژی داعش-٢سەپتەمبەری ٢٠١٤”، هەروەها لەباسی “ئۆپەراسیۆنی موسڵ یان جەنگی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان-ئۆکتۆبەری ٢٠١٦” ئەمەم باسکردوە. بەڵام یەکەم؛ مەحکوم نەکردن بەمانای پشت کردن لەو ئەرکە نیە کە دەبێ راستیەکانی پشتی ریزبەستنە ئایدۆلۆژی و تەبلیغاتیە چەواشە کارەکان بۆ خەڵک رونبکرێتەوە. دوەم؛ مەحکوم نەکردنی نەفسی شەڕ دژی داعش مانای ئەوە نیە کە لایەنە کارەساتبارەکانی ئەم شەڕە بەتوندی مەحکوم نەکرێت و بەشەریەتی ئازادیخواز بۆ وەستانەوە لە دژی بانگەواز نەکرێت. سێیەم؛ جیاوازی و ناکۆکی زۆر هەیە لە نێوان مەحکوم نەکردنی نەفسی شەڕ دژی داعش لەگەڵ ستایشکردنی و بە موسبەت پێناسەکردنی. چوارەم؛ هەڵوێستی مەبدەئی ئەگەر مەحکوم کردن بێت یان مەحکوم نەکردن، تۆزقاڵێک لەوە ناگۆڕێ کە کۆمۆنیزم دەبێ پێشڕەوی هێنانەمەیدانی ریزی سەربەخۆی بەشەرەیەتی ئازدیخواز بێت، نەک بە موسبەت پێناسەکردنی لایەک و بەم جۆرەش خۆشباوەرکردنی خەڵک بەو لایە. بۆ کۆمۆنیستەکانی پەیڕەوی مارکس و حکمەت نە تەنیا ناکرێت بە “موسبەت” وتن بە شەڕ دژی داعش ئەو شەڕە ستایش بکەن، بەڵکو نابێ رێگابدەن خەڵکی ئازادیخواز دووچاری خۆشباوەڕیبن بەهیچ هێزولایەنێک کە بەناوی “شەڕی دژی داعش و تیرۆریزم” ژەهراو دەرخوادی خەڵک بدات و سیناریۆیەکی تەڵخی دیکەی چنیبێت بۆ ئەوەی لەجێگای سیناریۆی کارەساتباری داعش بەرپایبکات. ئەرکی کۆمۆنیزمە بەشەریەتی ئازادیخواز لەدەوری وەڵامی سەربەخۆو لەڕیزو سەنگەری سەربەخۆدا رابگرێت. وەکو منصور حکمەت لە هەمان نوسراودا دەڵێت:
“بزووتنه‌وه‌ى مقاوه‌مه‌تى خه‌ڵكيى له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگى تيروريسته‌كاندا ته‌نها ده‌توانێ له‌ده‌ورى وه‌ڵامه‌ ئيسپاتييه‌كان به‌گرفته‌ سياسی و ئابوورييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى سه‌رده‌مى ئێمه‌و له‌ده‌ورى هه‌ڵوێستێكى چوستوچالاك نه‌ك بۆ پاێزگاريكردن له‌ دوخى ئێستا، به‌ڵکو بۆ گۆڕينى دۆخى ئێستا، رێكبخرێت. ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ى كه‌ به‌م رووداوانه‌ به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ى باكورو باشوور، مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين، مه‌سه‌له‌ى عێراق، مه‌سه‌له‌ى ئيسلامى سياسى، مه‌سه‌له‌ى ئه‌فغانستان و ئێران، مه‌سه‌له‌ى ميليتاريزم و زلهێزيى ئه‌مريكاو ناتۆ له‌ سيستەمى نوێى جيهاندا، مه‌سه‌له‌ى راسيزم، مه‌سه‌له‌ى قه‌ڵاى ئه‌وروپاو تاد به‌رنامه‌كارى سه‌ربه‌خۆو وه‌ڵامى سه‌ربه‌خۆى خۆمان بووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێ ببێته‌ به‌رنامه‌كارو وەڵامى بزووتنه‌وه‌ى مقاوه‌مه‌تى خه‌ڵكيى له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگى تيروريسته‌كاندا. ئه‌مه‌ جياوازى ئێمه‌يه‌ له‌گه‌ڵ ئاراميخوازيى تاليبان و ئه‌و پاسيفيستانه‌ى كه‌ كەڵێن و كێشمه‌كێش و نائارامييه‌كانى دنياى پيش ١١ى سەپتەمبه‌ر نابينن، يان به‌لايانه‌وه‌ گرنگ نييه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ر له‌هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ به‌رنامه‌يه‌كمان بۆ گۆڕينى جيهان بووه‌، بناغه‌ى هه‌ڵوێستگيرييه‌كى مه‌بده‌ئى له‌ هه‌لومه‌رجى ئێستاشدا ده‌بێ بردنه‌پێشه‌وه‌ی هه‌مان به‌رنامه‌كار بێت له‌م هه‌لومه‌رجه‌ تازه‌يه‌دا. ئێمه‌ به‌نيازنين كه‌ ئه‌فغانستان له‌ژێر ده‌ستى باندى ئينسانكوژى تاليباندا بهێڵينه‌وه‌، ئێمه‌ به‌نياز نين له‌سايه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مريكاى ده‌ست به‌ مووشه‌كدا بژين، ئێمه‌ به‌نياز نين ئيسلامى سياسی و حكومه‌ته‌ ئيسلامييه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ته‌حه‌مول بكه‌ين، ئێمه‌ به‌نياز نين به‌ بێوڵاتيى خه‌ڵكى فه‌له‌ستين و سه‌ركوتى هه‌موو روژه‌يان رازیببين. ئێمه‌ تيرۆريزممان نه‌ئه‌ويست، چ ئيسلامی و ئينتحارى و چ له‌لايه‌ن سوپاو كه‌تافيه ‌پۆشه‌وه‌ بێت، ئێمه‌ ئه‌م هه‌ژارييه‌ له‌ نيوه‌ى جيهاندا قبوڵ ناكه‌ين، ئێمه‌ سه‌ربازگه‌ى چوارده‌وره‌ى ئه‌روپامان ناوێت، ئێمه‌ مل به‌ راسيزم و قه‌ومپه‌رستى ناده‌ين. نه‌ تاوانكاريى ١١ى سەپتەمبه‌رو نه‌ ئه‌و جيهاده‌ى ناتۆ كه‌ به‌م زووانه‌ له‌ هيندوكش رووئه‌دات، نابێ له‌ بزووتنه‌وه‌يه‌كى چوستوچالاك بۆ گۆڕينى جيهان، ریزێكى خێرخوازو ئاراميخوازى بێره‌خنه‌و بێئه‌رك دروست بكات.” هێڵی تەئکید من دامناوە
منصور حکمەت بەدروست پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەدەرلەوەیس دوژمنایەتی ئەم دووبەرەیە باشترە لە دۆستایەتیان، وە بەدەر لەوەی کە نابێ شەڕی کەس لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی مەحکوم بکرێت، لە هەمان کاتیشدا نابێ و ناکرێ بە بەهانەی بەربەریەتی هیچ لایەک لەم دووبەرە تیرۆریستیە چاوپۆشی لەبەربەریەتی لایەکەی تریان بکرێت، یان بواربدرێت جەماوەری خەڵک بەهۆی نەفرەت لەلایەکی ئەم دوو جەمسەرە تیرۆریستیە خۆشباوڕ بێت بەلایەکەی تر. ئەگینا دەڵێ؛
“به‌شه‌رييه‌تى شارستانى مه‌يدان بۆ تيرۆريسته‌ غه‌ربی و شه‌رقييه‌كان چۆڵده‌كات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئاينده‌يه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا به‌نده‌ به‌په‌يدابوونى به‌رنامه‌كارێكى چالاك، ئازاديخوازانه‌و پێشڕه‌وه‌وه‌ له‌ريزى پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكيدا. ئه‌مه‌ كارى كۆمۆنيسته‌كانى ماركسه‌. ئه‌مه‌ كارى ئێمه‌يە”.
پێداگری لەسەر ئەم مەسەلەیە بە تایبەت لە هەلومەرجی ئێستای دنیا و ناوچەکەدا لە هەموو کات پێویسترە. چونکە بەهۆی نیگەرانی و نەفرەتی لەرادەبەدەری خەڵک لەتیرۆریزمی ئیسلامی لەلایەکەوە، پڕوپاگەندەی فراوانی چەواشەکارانەی میدیای نۆکەرو هێزە قەومی و ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاش لەلایەکی ترەوە، بیروهۆشی خەڵکی ناوچەکەو جیهانی بەتوندی لەژێر گوشاری ئەوە داناوە کە میلیتاریزم وبەربەریەتی غەربی بەڕابەری ئەمریکا وەکو فریشتەی نەجاتی بەشەریەتی شارستانی لەمەترسی تیرۆریزم وێنا بکرێت و بەشەریەت دوچاری پاسیفیزم و تەسلیم بوون بە ئاسۆو ئاڵای ئەم بەرەیەتە بێت. تا رادەی ئەوەی لە خودی غەربیشدا بزوتنەوە نارەزایەتیەکان بێدەنگکراون.
حەمید تەقوایی کە لەو گفتوگۆیەدا چەندین جار لە یەک وشەدا ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بە “موسبەت” هەڵدەسنگێنێ و ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەڕێگایەک پێناسە دەکات کە:
” زەربەیەکی تێکشکێنەر دەبێت لە داعش ئەگەر داعش موسڵ لەدەستبدات. بە گرتنەوەی موسڵ بەرای من رەوتی نزولی داعش دەست پێدەکات”
بەڵام رۆژگارێک لەمەوپێش مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە بەڵگەنامەیەکدا کە رەنگە هەر لەلایەن خودی تەقواییەوە نوسرابێت، لە ٢٥ی ئابی ٢٠٠٥دا ، بە ناوی “چۆن دەتوانرێت تیرۆریزمی ئیسلامی نابوت بکرێت” لێکدانەوەیەکی تەواو پێچەوانە بەیان دەکات. لەویدا هاتووە:
“… بۆ نابوت کردنی تیرۆریزمی ئیسلامی دەبێ دەست بۆ ریشەکەی ببرێت. “رێگاچارەکانی” ئێستای دەەوڵەتانی غەربی چەندیدن جار شکستی خۆی سەلماندوە. لەشكر كێشی و ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی فراوان نەک هەر وەڵام نیە، نەک هەر هۆکارێک نەبووە بۆ بەرتەسک کردنەوەی سنوری(دامەنە) تیرۆریزمی ئیسلامی، بەڵکو خۆی زەمینەسازکەر و ئەڵقەیەکی بەرینکردنەوەی کردەوەی تیرۆریستیە. خۆی نموونەیەکی زیندوی کردەوەی تیرۆریستی دەوڵه‌تیە”. هێڵی تەئکید من دامناوە.
دەبێ ئەم دوو بۆچونە ناکۆکەی لە پاڵ یەک دابنێین و بیخەینە بەردەم تەقوایی تا خۆی پێمان بڵێت کام لەمانە راستن؟
موسڵ دوای داعش
حه‌مید ته‌قوائی لەو گفتوگۆیەدا خاترجەممان دەکات لەوەی کە موسڵ دوای داعش باشتر دەبێت و هەلومەرجێکی گونجاوتر دەخوڵقیت بۆ بوژانەوەو بەگڕکەوتنی ئیرادەی خەڵک و بزوتنەوەی چەپ و پێشکەتوانە. لەم بارەیەوە دەڵێ:
“من ئومێدەوارم بە ئازادی موسڵ لە دەستی داعش و لاوازبونی داعش، بزوتنەوەی سیکیولاریستی، ئەم بزوتنەوە دژی ئیسلامی و دژی مەزهەبیە بوارێکی باشتر پەیدا دەکات و دێتەپێشەوە. یەکێک لە ئەنجامە موسبەتەکانی ئەم وەزعە بەڕای من ئەوەیە کە هێزە کۆنەپەرستەکان خۆیان زەربە لە خۆیان دەدەن….هەر وەکو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەوڵەتی تزاری لاوازبوو وە خەڵک راپەڕین و شۆڕشی سۆسیالیستیان کرد. بۆیە هەر ئەم جەنگەی نێوان هێزە کۆنەپەرستەکان، هەرکامیان زەربە بخۆن، بوار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هێزە چەپ و پێشکەوتوەنەکان بێنەپێشەوە. وە من ئومێدەوارم بە زەربە خواردنی داعش لە موسڵ ئەم ئیمکانە بکرێتەوەو هێزە چەپ و پێشکەوتوانەکان زیاتر مەیدانداربنەوە”
لەم بەشەدا ئیتر زۆر ئاشکرایە کە لێکدانەوەی تەقوایی لەوە دەرچووە کە باسەکە مەحکومکردن یان نەکردنی نەفسی شەڕ بێت لە دژی داعش. ئەو تا ئەو رادەیە بەم شەڕە ئومێدەوارو خۆشبینە کە پێی وایە دەکرێت ئەم پێشبڕکێ تیرۆریستیە وەکو جەنگی جیهانی یەکەم زەمینە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی بخوڵقێنێ! با لەو باسە گەڕێین کە ئایا جەنگی جیهانی یەکەم ئەم رۆڵە باشەی گێڕاوە یان لێکدانەوە ئاوەژوەکانی تەقوایی ئەم رۆڵەی بۆ دادەتاشێ؟ لە پێشدا گرفتەکەی تەقوایی تێگەیشتنێتی لە سۆسیالیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی. ئەو بەهەر جۆرە خرۆشانێک بەدەر لەوەی چ ئاسۆیەکی سیاسی بەسەریدا زاڵە و بەرەوکوێی دەبات بە شۆڕش لە قەڵەم دەدات، وا دیارە شۆڕشی سۆسیالیستی جێگا مەبەستی ئەویش، هەر جۆرێک بێت لەم بابەتە.
بێگومان بەربەریەتی داعش جەهەنمێکی واقعی بۆ دانیشتوانی هەموو ئەو ناوچانە بەرپاکردوە کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتیەوە، بێگومان داعش دەبێ تەفروتونا بکرێت، وە بێگومان نابێ سەرزەنشتی هیچ هێزو دەوڵەت و لایەنێک بکرێت لەبەر ئەوەی شەڕ لە دژی داعش رادەگەیەنێ، بەڵام هەموو ئەمانە نابێتە پاساو بۆ ستایش و بە موسبەت لە قەڵەمدانی هەر ئۆپه‌راسیۆنیک کە لەژیر ناوی جەنگ دژی داعشدا بەڕێوەببرێت. لەوه‌ش خراپتر خۆشباوەڕکردنی خەڵکە بەو ئۆپەراسیۆنە و بە باشتربوونی دۆخی دواتر. بەپێچەوانەی ئەو هەموو خۆشبینی و ئومێدەواریەی حەمیدی تەقواییەوە کە خەریکە پردێک لە نێوان ئەم شەڕەو بوارکردنەوە بۆ هاتنەمەیدانی چەپ و سیکیولاریزم و تەنانەت شۆڕشی سۆسیالیستی دروست دەکات، لەڕاستیدا یەکێک لەمەترسیە گەورەکانی بەردەم نەشونمای چەپ و هەر بزوتنەوەیەکی پێشکەوتوانە لەم ناوچەیەدا، بریتیە لە تەراتێنی ئەمریکاو ناتۆو دەوڵەتانی غەربی لە ناوچەکەدا. هەر بەم پێیەش یەکێک لە مەرجەکانی بەسەمەرگەیشتنی هەر شۆڕشێک وەدەرنانی ئەم هێزانە و کورتکردنەوەی دەستیانە لە ناوچەکەدا. خەڵکی ئازادیخواز نابێ وەکو حه‌مید تەقوایی دڵنیابن لەوەی ئەم جەنگە ئەو زەمینە لەبارانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ پەرەسەندن و هاتنەپێشەوەی بزوتنەوەی چەپ و سیکولاریستی و جەماوەری. لەڕاستیدا ناکرێت مایە لەسەر بۆچون و لێکدانەوەکانی ئەو دابنرێت. چونکە ئەو پێشتر بە هەمانشێوە ئومێدەواری بەخشانەوەو هەمان کاری کرد بۆ ستایشی بۆمبارانی ناتۆ لە لیبیا و خاپورکردنی ئەو کۆمەڵگایە. ئەوکاتیش ستایشی بۆمبارانی ناتۆی بەوە پاساودا کە کۆمەک بە شۆڕش دەکات. لەم بارەیەوە لە ستایشی دەخاڵەتی ناتۆ و بۆمبارانەکانیدا ووتی:
” بەهەرحاڵ بە هەر مەبەستێکەوە دەخالەتیان کردبێت، لەم روانگەیەوە مۆڵەتیدا کە شۆڕشی لیبیا بەردەوامی پەیدابکات…..لەم ماوەیەدا هەم بە بۆمبارانی ئاسمانی، کۆمەکەکانی تر، ناتۆ لە دژی قەزافی چالاک بوو. بەڵام یەک خاڵی گرنگ لێرەدا هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەم جۆرە دەخالەتگەریە بە هیچ جۆرێک لە بابەتی لەشکرکێشی بۆ عێراق و ئەفغانستان و شوێنەکانی تر نەبووە. ئێستاش خەریکین ئەنجامەکانی دەبینین”
تەنها ئەم رستەیەی کۆتایی لەو بڕگەیە لە قسەکانیدا بەڕاست دەرهات، واتە ئێستا دەتوانین ئەنجامەکانی دەخاڵەتی ناتۆ لە لیبیا، کە تەقوایی بە ناوی هاوکاری و هۆکاری بەردەوامی شۆڕش ستایشیکرد، بەباشی ببینین. ئەگەر تۆزقاڵێک ماف و مەدەنیەت و شارستانیەت لە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرانەی قەزافی توانیبێتی خۆی نەجات بدات، ئەوە بەدەستی ناتۆ و شۆڕشگێڕانی جێگا مەبەستی تەقوایی خاپور و وێران کراوە. کوشتارێکی بیشومار لە دانیشتوانی لیبیا کرا، ئەوانەشی کە توانیان گیانیان دەرباز بکەن بە لێشاو ئاوارەی وڵاتان بوون، یان بوون بە خۆراکی شەپۆل و ئاژەڵە دڕندەکانی دەریا، کۆمەڵگای لیبیاش بوو بە مەیدانی تەراتێنی باندی کۆنەپەرست و تیرۆریست.

تەقوایی لە هەمان گفتیدا لە بارەی سوریاو لە ستایشی دەخاڵەت و بۆمبارانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتە، ووتی:

“لایەنێکی تر ئەوەیە کە لە چەند مانگی ئەم دواییەدا بە تایبەتی دەبینین کە دەوڵەتە غەربیەکان، هەروەها ئەو هێزانەی کە لە سوپای ئەسەد جیابونەتەوە وە هێزە ئیسلامیەکان چالاک بونەتەوە. ئەمانە چالاک بونەتەوەو هەر ئێستا ئەو روبەڕووبونەوانەی لە دیمەشقدا لە ئارادان. ئیتر بە شێوەی خۆپیشاندان و ریزبەستن و راپەڕینی سەر شەقام نیە بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارەکانە. ئەم رووداوە لە چەند مانگی رابردوودا رویداوە ئەمە خۆی رەنگدانەوەی شۆڕشی خەڵکە لەئاستی سەرەوەو لە نێوان هێزە کۆنەپەرستەکاندا. بەهەرحاڵ ئەنجامی گشت ئەم هەلومەرجە بەو جێگایە دەگات کە بەشار ئەسەد دەروخێ بە روخانی ئەسەدیش بە تەواوی قۆناغێکی تازە لە سیاسەت لە سوریا هەروەها وەکو تۆ وتت لە ناوچەکەدا دەست پیدەکات. تا ئەو جێگایەی کە پەیوەستە بە سوریاوە فەزایەک دەکرێتەوە کە دۆخیکی تازە پێکدەهێنێت و ئارایشی هێزەکان دەگۆڕێت. خەڵکی سوریا هێزی سەرەکی چارەنوسسازی ئەم ئاڵگۆڕە بوون- گفتوگۆی ئەصغەر کەریمی لەگەڵ حه‌مید تەقوایی بە ناونیشانی دوای “ئەسەد نۆرەی جمهوری ئیسلامیە” کە لە بڵاوکراوەی ئەنتەرناسیۆنال ژمارە ٤٦٢دا بڵاوکراوەتەوە. هێلی تەئکید من دامناوە
هەر لەم بارەیەوە حه‌مید تەقوایی لە گفتوگۆیەکدا لە ١ سەپتەمبەری ٢٠١٣ بە ناوی “سوریه به کام باردا دەڕوات” لەگەڵ سەزەنشت کردنی بزوتنەوەی دژی جەنگدا، دەڵێ:
” دوای روخانی ئەسەد بەرای من هەلومەرج لە سوریادا بە تەواوی دەگۆڕێت، شەترەنجی سیاسی دووبارە رێکدەخرێتەوە و لەوێدا دیسان بەرای من دەرفەت دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هێزە شۆڕشگێڕو ئازادیخوازەکان بتوانن بێنە پێشەوە بتوانن رۆڵیان هەبێت و دەخاڵەت بکەن و کاریگەری دابنێن لەسەر هەلومەرجی سیاسی. تا کاتێک ئەسەد هەبێت ئەم دۆخە نیە” هێلی تەئکید من دامناوە
بەڵام واقعیەت بە تەواوی پێچەوانەی بۆچونەکانی حەمید تەقوایی نیشاندا. بینیمان کە دەخاڵه‌تی ئەمریکاو غەرب و بۆمبارانەکانیان ئەو کۆمەڵگایەی خاپورو وێران کرد، بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی حەمیدەوە نەک ئیرادەی خەڵک نەبوژایەوەو نەک بوار بەڕووی هاتنەمیەدانی خەڵک نەکرایەوە، بەڵکو ئیرادەی خەڵک بە تەواوی وردکراو بوار بەڕووی جۆرەها باندو دارودەستەی کۆنەپەرستانە و تیرۆریستی ئیسلامی و قەومیدا کرایەوە کە داعش تەنها یەکێکە لەوان. سەدان هەزار لە خه‌ڵکی سڤیلیش کوشتارکران و بە ملیۆنەها ئاوارەو دەربەدەری ناوچەکە و جیهان بوون.
هەر بەپێی ئەم دیدگا ناسراوەی حه‌مید تەقوایی، بەر لەوەی ئەمجارە لەبارەی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵەوە دەستداتە پەخشانەوەی ئومێدەواری و دووپات کردنەوەی خۆشبینیەکانی، ئەوە بە تەواوی چاوەڕوانکراوبوو کە هەرکات بێتە قسە دەکەوێتە ستایشی ئەم ئۆپه‌راسیۆنە و باسی فەزاکرانەوە بەڕووی شوڕش و چەپدا. چونکە لەم چەند ساڵەدا ئەو هەمیشە چاوی بەدوای موشک و فرۆکەکانی ئەمریکاو غەربەوە بووەو هەر جێگایەکیان بۆمباران کردبێت، ئەو وتویەتی ئەمە موسبەتە و دەروازە بەڕووی ئاڵوگۆڕو فەزا بۆ هاتنەپێشەوەی چەپ و خەڵک ئاوەڵا دەکات. ئەمجارەش بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی حەمیدی تەقواییەوە، هێزە دەخیلەکانی ناو ئەم ئۆپه‌راسیۆنە و دەوڵه‌تانی بۆمبارانکەر سیناریۆیەکی کۆنەپەرستانەی ئەوتۆیان بۆ موسڵی دوای داعش چنیوە، کە مەترسی جدی ئەوە لە ئارادایە موسڵی دوای داعش چ لەڕووی کارەساتی ئینسانی و چ لەڕووی سیاسی و باڵکێشانی فەزای کۆنەپەرستیەوە، رەنگە کەمتر نەبێت لە نەهامەتیەکانی ئێستای ژێردەستی داعش. مەترسی جدی ئەوە لە ئارادایە کە موسڵ ببێتە مەیدانی شەڕو خوێنڕێژی تایفی و قەومی ئەو هێزانە کە ماوەیەکی درێژ هەتا ئۆپه‌راسیۆنەکەیان لەسەر ئەوە دواخست کە ناکۆکی و کێشەی توندیان هەبوو هەیە لەسەر بەشی خۆیان لە موسڵی دوای داعشدا. چەندین میلیشیای قەومی و تایفی تەیارو چەکدارو ئامادەکراون بۆ بەرپاکردنی ئەم سیناریۆ کارەساتبارە. لەگەڵ ئەوەشدا کە دیسان دەیڵێمەوە هێشتا ئەمەش ناتوانێ بەڵگەیەک بێت بۆ گرتنی دەستی هیچ هێزو دەوڵەتێک کە بیەوێ سەری داعش بکوتێتەوە، بەڵگەیەک نیە بۆ مەحکومکردنی نەفسی شەڕ دژی داعش، بەڵام ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گەورەی کۆمۆنیزم و هەموو لایەنێکی ئازادیخوازە کە لەم بارەیەوە جەماوەری خەڵک بە ئاگابهێنێ، ئەم مەترسیە بخاتە‌ بەرچاویان و ئامادەیان بکات و هەر لە ئێستاوە هێزی ئازادیخوازی بهێنێتە مەیدان بۆ روبه‌ڕووبونەوەو پوچەڵکردنەوەی. حەمید تەقوایی رێک پێچەوانەی ئەمه‌ دەکات و خەڵک خۆشباوەڕ دەکات بۆ ئەوەی بکەونە ناو ئەم کەمینە پر مەترسیەوە.
لەم بارەیەوە تەقوایی بە تەواوی سیاسەتی ئینتزار تیۆریزەو پەیڕەو دەکات. ئەنجامگیری لە بۆچونەکانی تەنها دەکاتە ئەوەی کە کۆمۆنیزم و خەڵکی ئازادیخواز چ لە ئاستی ناوخۆیی وچ لە ئاستی جیهانیدا، بەدیار یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی داعش لەلایەن بەرەی تیرۆرستی دەوڵەتیەوە، دەست لە ئەژنۆ دانیشن. تاوەکو تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ کە هەم باری موسبەتی سیاسی و هەم باری موسبەتی ئینسانی هەیە، داعشیان لەموسڵ بۆ دەرپەڕێنێ. چەپ و سیکیولاریزم لەم قۆناغەدا جگە لە چاوەروانی و ستایشی لایەنە موسبەتەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە هیچ ئەرک و کارێکی تریان نیە. بەڵام کە شەڕ تەواوبوو تەپ و تۆز نیشتەوە، ئیتر ئەمریکاو میلیشیا قەومی و دینیەکان بە رێزەوە فەرموو لە چەپ و سیکیولاریزم دەکەن بۆ ئەوەی بێنەمەیدانەوە. بەڵام لەم بارەیەشەوە دروست بە پێچەوانەی بۆچونەکەی تەقواییەوە، ئەگەر چەپ و سیکیولاریزم شانسێکیان بۆ مەیدانداری لە دۆخی دوای داعشدا هەبێت، ئەوە دروست بەندە بەوە کە هەر لە ئیستاوە، هەر ئەمڕۆ لەم دۆخە زۆر هەستیارەدا چ رۆڵێکیان دەبێت؟ رۆڵی چەپ و سیکیولاریزم دروست لێرەوە هەر ئەمرۆ دەست پێدەکات. بە گرتنەبەری سیاسەتی رادیکاڵی کۆمۆنیستی و ئازادیخوازانە، بە گرتنەبەری هەڵوێست و سیاسەتی سەربەخۆ بەرامبەر هەردوو قوتبی تیرۆریستی ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا، وە بە راگرتنی بەشەریەتی پێشکەوتنخوازی جیهان لە پشتی ئەم هەڵوێست و سیاسەتە سەربەخۆیە، دەتوانێت هەر لەم قۆناغەدا رۆڵی هەبێت هەم بۆ بەرگرتن لە لایەنە کارەساتبارە ئینسانیەکانی ئەم بەرامبەرکێیە و هەم بۆ لێدان لەو ئاسۆ سیاسیە کۆنەپەرستانە کە قورسایی لەسەر بیرهۆشی خەڵک دەکەن و هۆکارن بۆ داسەپاندنی ئایندەیەکی تەڵخ . تەنها لە ئەنجامی ئەمە و بە زەبری ئەمە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی دەتوانێت کاریگەری لەسەر رەوتی ئاڵوگۆرەکان بەو بارەدا دابنێت کە بوار بەرووی مەیدانداری چەپ و ئازادیخوازی لە دۆخی دوای داعشدا بکرێتەوە.

جیاوازی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لەگەڵ شەڕی ئەفغانستان

جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان هەلومەرجی جیهانی سەردەمی جەنگی ئەفغانستان و هەلومەرجی دنیای ئێستا، جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان هەلومەرجی دوو کۆمەڵگای عێراق و ئەفغانستاندا، وە هەروەها جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان تایبەتمەندیەکانی شەڕێک کە دژی تالیبان کرا لەگەڵ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ. هەر بەو پێیەش ناکرێت هەڵوێستی کۆمۆنیستی بەرامبەر شەڕی ئەفغانستان بۆ روخاندنی تالیبان، کۆپی بکرێت بۆ هەڵوێستگرتنی کۆمۆنیستی و ئازادیخوازانە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی “ئازادی موسڵ”. سەردەمی شەڕی ئەفغانستان هێشتا دنیای تاک جەمسەری بەڕابەری ئەمریکا باڵی بەسەر دنیادا کێشابوو، ئەو جەمسەرە بە تەنیا خۆی پەلاماری دەسەڵاتی تالیبانی دەدا و مەترسی ئەوە لە ئارادا نەبوو کە نە پرۆسەی جەنگەکە و نە دۆخی دوای جەنگ پێکدادانێکی دیکە لە نێوان هێزە جیهانی و ئەقلیمیەکاندا بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەڵام هەلومەرجی ئێستا هەلومەرجی دەرکەوتنی چەند جەمسەریە، هەرچەند هێشتا دنیای چەند جەمسەری بالانسی چەسپاوی وەرنەگرتووە، بەڵام لە کێشمەکێشێکی توندو هەمەلایەنەی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی فراواندان لەگەڵ یەکتری. مەیدانێکی گەرمی ئەم کێشمەکێشەیان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست و بە دیاریکراوی جەنگی سوریایە کە ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ درێژکراوەو بەشێکە لەوە. وە خودی “جەنگی دژی تیرۆریزم” بووە بە مەیدانێکی کێشمەکێشی ئەم جەمسەرانە. هەموو جەمسەرەکان راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان خستووەتە ئەم شەڕەوەو مەترسی ئەوە لە ئاردایە دوای دەرهێنانی موسڵ لە دەستی داعش ئەم شەڕو کێشمەکێشە بە شێوەی تر بەردەوامی پەیدابکات و ناوچەکە بخاتە بەردەم مەترسی روبەڕووبوونەوەی خوێناوی و شەڕی نەبڕاوەوە.
جیاوازیەکی تر هەلومەرجی جیاوازی دوو کۆمەڵگای ئەفغانستان و عێراق وە بە دیاریکراوی موسڵە کە ئێستا بووەتە مەیدانی شەڕی سەرەکی. لەم بارەیەوە دەکرێت زۆر فاکتۆری وردو درشت باس بکرێت بەڵام من تەنها بەڕوونکردنەوەی یەک فاکتۆر ئیکتفا دەکەم، کە بایەخی گرنگی هەیە بۆ هەڵوێستگرتن لەم شەڕە. کاتی خۆی منصور حکمەت لە هەڵوێستگرتن بەرامبەر شەڕی ئەفغانستان ئەوەی لەبەرچاوگرت کە ئەو وڵاتە لەسایه‌ی دەسەڵاتی تالیبنادا هیچ سیمایەکی مەدەنی پێوە نەمابوو، تەنانەت باسی ئەوەی کرد کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی نیگەرانی ئەوەن کە لە ئەفغانستاندا سیمایەکی شارستانی و تەنانەت پردو رێگاوبان و ساختارێکی ئەوتۆ نابینن تا وێرانی بکەن. بەڵام موسڵ لەڕووی ساختاری رێگاو بان و بیناسازیەوە شتێکی ئەوتۆی لە بەغدا کەمتر نیە، مەڵبەندێکی گەورەی ژێرخان و پیشەسازی و نەوت و ناوەندی کرێکاری گەورەو هەر بەم پێیەش لە مێژووی عێراقدا یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بووە، مەڵبەندێکی رۆشنبیری و شارستانی و خویندنی باڵا … بووە. ئێستا ئەوەی لەم مەڵبەندی شارستانیەتەدا لە دەستی داعش نەجاتی بوبێت، لەبەردەم مەترسی وێرانی و خاپوربوونی یەکجاریدایە. بەشەریەتی ئازادیخوازو کۆمۆنیزم ناتوانێ بەرامبەر بە وێرانکاریە بیدەنگ و بێدەربەست بێت.

لە هەمووهی گرنگتر خودی هەلومەرجی شەڕەکەیە. خەڵکی ئەفغانستان لانیکەم رێگای ئەوەیان لێنەبەسترابوو کە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەم جۆرە هەرچۆنیک بێت گیانی خۆیان لەژیر بۆمباران دەربازبکەن. بەڵام لەموسڵ دۆخەکە تەواو بە پێچەوانەیە. بەپێی ئاماری خودی لایەنەکان و دەوڵەتانی هێرشبەر، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو خەڵکی سڤیڵ لەم شارەدا بە دیل گیراون و هیچ رێگایەکی دەربازبوونیان لەبەردەم نەماوە. لە ناوەوە داعش جەهەنمی بۆ هەڵخستون و ئەگەر بشتوانن لە چەقۆی داعش ملی خۆیان دەربازبکەن، هێشتا گیانیان لە مەترسیدایە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کە دەوری موسڵیان گرتووە. ئەوان تەجروبەی فەلوجەو رومادیان لەبەرچاوە کە چۆن خەڵکی مەدەنی تەنها بە تاوانی سونی مەزهەب بوون لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کۆمەڵکوژکران. میدیای ناسیۆنالیستی کورد هەر ئێستا رۆژانە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ خەڵکی عەرەبزمانی ئەو ناوچانە بە “عەرەبی داعشی” چاولێدەکات و بەم جۆرەش ئاشکرایە کە دەبێ چۆن لەگەڵیان رەفتابکرێت. رۆژی ٢٢-١٠-٢٠١٦ بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ چەندین کەناڵی میدیایی دەربارەی هێرشەکەی هەمان رۆژی داعش بۆ سەر ئەو شارە، ررون و راشکاو وتی هۆکاری ئەم دزەکردنەی داعش ئەوەیە کە ٦٠٠ هەزار ئاوارەی عەرەب لەم شارەن کە هەر هەموویان داعشن! هەرچەند دواتر هەوڵیدا قسەکەی بگۆرێت و رتوشی بکات و وتی مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ١٠٠ کەسیشیان داعش بێت هەر زۆرە!
دەوڵەتانی بۆمبارانکەر بەوپەڕی دڕندەییەوە، بەپێی راپۆرتی میدیا کوردی و عەرەبیەکان ملیۆنەها “خۆیان دەڵێن حەوت ملیۆن” بەیاننامەیان بەسەر ئەم خەڵکه‌دا باراندووە، تاقە رێگایەک کە لەو بەیاننامەیەدا خستویانەتە بەردەم خەڵک بۆ خۆپاراستن لە موشەک و بۆمبە کۆکوژەکانیان، ئەوەیە کە بانگەوازیان دەکەن لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە! با ئەوە بهێنینە بەرچاومان کە ملیۆن و نیوێک خەڵکی سڤیڵ کە سەدان هەزاریان منداڵن، دەبێ لە ماڵەکانی خۆیاندا لەژێر بۆمباران بمێننەوەو چاوەڕێی مەرگی خۆیان بکەن. هەر ئەمە پێش ئەوەی یەک کەسیان خوێن لە پەنجەیەکی هاتبێت، لە ئێستاوە کارەساتێکی گەورەیە. ئەمە مەسەلەیەک نیە کە کۆمۆنیزم و بەشەریەتی ئازادیخواز زەق زەق تەماشای ئەم کارەساتە بکەن و خۆیان دانابێت بۆ ئەوەی کەی مەرگی ئەم جەماوەرە گرفتارە تەحقیق بوو، ئینجا بەیاننامە بۆ مەحکوم کردنی دەربکەن. ئەمە کارەساتێک نیە کە چاوەڕوان بکرێت رووبدات. هەر ئێستا کارەساتەکە روویداوە و بەردەوامە. بەدەر لەوەی کە چ لێشاوێک لەم خەڵکە سڤیڵە دەبن بە قوربانی و چەندیان بەختیان دەبێت زیندوو بمێننەوە، خودی مانەوەیان لە ماڵەکانیاندا لە ژێر بۆمباران و هێرشی موشەکە کۆکوژەکاندا، خۆی کارەساتێکی ئینسانیە. کۆمۆنیزم ناتوانێ تەنها بە دوڕستەی لەم بابەتە ئەم کارە بەڕێبکات:

“ئاشکرایە کە بۆمباران و تۆپبارانی شاری موسڵ و وێرانکردنی شوێنە گشتیەکان و جێگای ژیانی خەڵکی موسڵ و ئەو شارو دێهاتانەی کە مەیدانی فراوانترین جەنگە، دەبێ بە توندی مەحکومە بکرێت و رابگیرێت-بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حیکمەتیست ١٩-١٠-٢٠١٦ ”
دەرپەڕاندنی ئەم چەند رستەیە لە پاڵ ئەو هەموو ئەژیتاسیۆنەی دژی بەربەریەتی داعش و پێویستی هەڵپێچانی داعش بەم جەنگە کراوە، هیچ بایەخێکی نامێنێتەوە بۆ بەرگرتن لەو بەربەریەتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە هەر ئێستا بەرپایان کردوە. لایەنە کارەساتبارەکانی ئەم جەنگە، وە بە دیاریکراوی داخستنی رێگای دەربازبوون بەڕووی ملیۆن و نیوێک خەڵکی سیڤڵ و بانگەوازکردنیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکانی خۆیان لەژێر بۆمباران و موشەک باراندا چاوەڕێی مەرگی خۆیان بکەن، تاوانێکی گەورەی جەنگیەو هەر ئێستا لە حاڵی روداندایە. ئەم کارەساتە مەسەلەیەک نیە کە خۆبەخۆ و دوور لە ئیرادە رووبدات، بەڵکو سیاسەتێکی دژی ئینسانی راشکاو و بە ئەنقەستی لە پشتە. دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کورد راشکاوانە رایگەیاندوە کە ئەگەر ئەو خەڵکە دەربازو ئاوارەبن، ئەوان ناتوانن پێشوازیان لێبکەن و پەنایان بدەن، بە پاساوی ئەوەی کە “قەیرانی دارییان هەیە و ناتوانن جێگاو رێگاو پێداویستی ژیانیان بۆ دابین بکەن” یان بە پاساوی کۆنەپەرستانەی ئەوەی کە “دیمۆگرافی کوردستان دەگۆڕێت، هەروەها لەبەر ئەوەی کە “رێگا دەکاتەوە بۆ دزەکردنی داعش”! میلیشیا شیعەکان مەبەستیانە ئەو خەڵکە کە بەزۆری سونی مەزهەبن کۆمەڵکوژیان بکەن و تۆڵەیان لێبکەنەوە. لە فەلوجە و رومادی و ئەو شارانەی تر کە لە دەستی داعش دەرهاتون ئەم کارەیان کرد. ئەوان سەدجار پێیان باشترە کە ئەو خەڵکە کوشتارو موسڵ خاپوربێت نەک موسڵی دوای داعش لە هاوکێشەی سیاسیدا ببێتە مەڵبەندێکی دەسەڵاتی سونی نێو هاوکێشەی سیاسی عێراق و ناوچەکە. بەم جۆرە هەموو لایەنەکانی هێرشبەر بەوپەڕی بێدەربەستیەوە لەسەر ئەوە پێکهاتون کە چاوپۆشی لەو کارەساتە ئینسانیە گەورەیە بکەن. ئەوان نەیانشاردوەتەوە و خۆیان دان بەوەدا دەنێین کە بە تایبەت بەهۆی ئەم مەسەلەیەوە، ئۆپەراسیۆنی موسڵ کارەساتێکی ئینسانی گەورە دەبێت. بەڵام دەیانەوێ بیرو هۆشی بەشەریەتی ئازادیخواز بەوە بشۆرنەوە کە ئەم کارەساتە ئینسانیە چارەهەڵنەگرەو دەبێ لە پیناو نابوتکردنی داعشدا قبوڵ بکرێت. کۆمۆنیزم و هیچ هێزێکی پێشکەوتوانە ناتوانێ بە بەهانەی موسبەتبونی لێدان و هەڵپێچانی داعش چاو لەم کارەساتە بپۆشێت و بێدەنگی لێبکات. ئەگەر دەیانەوێ داعش نابوت بکەن و هەڵیپێچن، با بیکەن و کەس نابێت دەستیان بگرێت، بەڵام کۆمۆنیزم و بەشەریەتی پێشکەوتنخواز ناتوانێ و نابێ بەم پاساوە ئەم کارەساتە قبوڵ بکات و بێدەنگی لێبکات. هاتنەمەیدان دژی ئەم کارەساتە کاری هەر ئێستایە. هەر ئێستا و بێدره‌نگ پێویستە بەشەریەتی ئازادیخواز گوشاری توند لەسەر دەوڵەتانی هێرشبەر دروست بکات بۆ بەرگرتن لە بۆمبارانی کوێرانە و وێرانکارانە، بۆ مەیسەرکردنی رێگای دەربازبوونی ئەم خەڵکە، بۆ بەستنی دەستی ئەو میلیشیا قەومی و دینیانەی کە هەڕەشەن لەسەر ژیانیان، بۆ دابینکردنی جێگاو رێگاو پێداویستیەکانی ژیانی ئاوارەکان. نابێ بوار بدرێت دەوڵەتانی هێرشبەر بە هیچ پاساوێکی پڕوپوچ خۆیان لەم بەرپرسیارێتیە بدزنەوە.

جیاوازیەکی تر ئەوەیە کە لە ئەفغانستان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دەسەڵاتی تالیبان دەڕوخا و هەر دەسەڵات و دۆخێکی تر دەهاتە کایەوە لە کارەساتی ژێردەستی تالیبان خراپتر نەدەبوو. بەڵام لە موسڵی دوای داعشدا تەنانەت لایەنەکانی شەڕ خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە کە لە ئەنجامی بەرامبەرکێی هێزە قەومی و تایفیەکان و دەخاڵەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرست، لەدوای وەدەرنانی داعش مەترسی کارەساتی گەورە لە ئارادایە. ئەو کارەساتە نەک هەر لەڕووی سیاسی و زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستیەوە، بەڵکو لەڕووی ئینسانیشەوە رەنگە لە کارەساتی دەسەڵاتی داعش کەمتر نەبیت.
سەرئەنجام بە پیچەوانەی ئەوەی حەمیدی تەقوایی پێشبینی دەکات کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپه‌راسیۆنەدا فەزا بۆ هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی جەماوەری و چەپ و پێشکەوتنخواز بکرێتەوە، هەر ئێستا ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەی لە کوردستان لەئارادایە، لە ژێرباری فەزای ئەم جەنگەدا دووچاری گوشاری گەورە بووەتەوە. لە کوردستاندا دەسەڵات هێرشێکی تەبلیغاتی توندو پڕ سوکایەتی لە دژی خەڵکی ناڕازی بەرپاکردوە. دەڵێن پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا سنگی ناوە بە گولەوە، کەچی خەڵکانێکی نەفس نزم لەم دۆخی شەڕەدا خەریکی ناڕەزایەتی و گرفت دروستکردنن بۆ دەسەڵات کە گوایە سەرقاڵی لەبەینبردنی مەترسی تیرۆرو گێڕانەوە و ئازادکردنی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانە. ئەم گوشارە تا ئێستا کاریگەری نێگەتیفی زۆری داناوە لەسەر بزوتنەوەی جەماوەری و فەزای کۆمەڵگا لە دژی هەڵدەخڕێنێت.
پێویستە لە کۆتیادا ئەوە بڵێم کە کاتێک وتم ناکرێت هەڵویستی کۆمۆنیستی لەسەر شەڕی ئەفغانستان کۆپی بکرێت بۆ هەڵوێستگرتن لە ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، مانای ئەوە نیە کە حەمید تەقوایی هەتا هەڵوێستێکی وەکو هەڵوێستی منصور حکمەتی بەرامبەر شەڕی ئەفغانستانی وەرگرتوە لە بەرامبەر ئەم شەڕەدا. بەو هەموو جیاوازیەوە کە هەیە و چەند لایەنێکیم باسکرد، هێشتا منصور حکمەت لە شەڕی ئەفغانستاندا ستایشی هێرشی ئەمریکای نەکرد و بە موسبەت “پۆزەتیڤ” لە قەلەمی نەدا. ئەو وتی:
“شه‌ڕ راگه‌ياندنى هيچ كه‌سيك، ته‌نانه‌ت ئه‌مريكاو غه‌ربيش، له‌دژى تاليبان ناكرێ مه‌حكوم بكرێت. تاليبان ده‌بێ بڕوات و سه‌ره‌نجام ده‌بێ هه‌ر له‌ڕێگاى زه‌بروزه‌نگو كرده‌وه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ بڕوات. دوژمنايه‌تى غه‌رب له‌گه‌ڵ تاليباندا باشتره‌ وه‌ك له‌دوستايه‌تى تائێستايان. هيچ كه‌سێك به‌ر به‌پێچانه‌وه‌ى ده‌ورودوكانى ئينسانكوژانێك ناگرێت كه‌ غه‌رب خۆى هێناونييه‌ سه‌ركار. به‌ڵام له‌نێوان جه‌نگو تيروردا جياوازى هه‌يه‌. كرده‌وه‌كانى ئه‌مريكاو به‌ريتانيا له‌ ئه‌فغانستان تيرۆريستييه‌. بۆمبارانى شاره‌كان و ناوچه‌ سه‌كه‌نيه‌كانى ئه‌فغانستان ده‌بێ مه‌حكوم بكرێت و رابگيرێت. ئه‌فسانه‌ بێسه‌روبه‌ره‌كان له‌باره‌ى تواناى سه‌ربازيى تاليبان و مێژووى به‌چوكداهاتنى زلهێزه‌كان له‌ ئه‌فغانستان خزمه‌ت به‌ درێژه‌پێدانى ئه‌م شێوه‌ تيرۆريستييه‌ ده‌كات. موجاهيدینى ئه‌فغان له‌جه‌نگى دژى سوفێتدا ريزى خه‌تى پێشه‌وه‌ى جه‌بهه‌ى ئه‌مريكاو غه‌رب بوون. تاليبان باندێكى گانگسته‌ريى تاوانو به‌رهه‌مهێنانو دابه‌شكردنى مادده‌ سڕكه‌ره‌كانه‌ كه‌ غه‌رب خۆى به‌ هاوكارى پاكستانو سعوديه‌ دروستى كردووه‌. ده‌توانن له‌ سويچه‌وه‌ بيكوژێننه‌وه‌و له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌يه‌كدا بيپێچنه‌وه‌. به‌ڵام تيرۆريزمى ئاسمانيى سه‌لامه‌ت تره‌، به‌رچاوتره‌، بۆ خه‌ڵكى ناڕازيى جيهان به‌عيبره‌ت تره‌، زلهێزانه‌تره‌. ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوه‌ دژى ئينسانييه‌دا رابووه‌ستين.”
هەمان ئەو کارەی کە منصور حکمەت دەڵێ دەکرا بەرامبەر تالیبان بکرێت بۆ ئەوەی لە سویچەوە بکوژێتەوە، دەکرا بۆ لە سویچەوە کوژاندنەوەی داعشیش بکرایە. بەلام دیسانەوە ئەوە ناکەن دیسان لەبەر ئەوەی تيرۆريزمى ئاسمانيى سه‌لامه‌ت تره‌، به‌رچاوتره‌، بۆ خه‌ڵكى ناڕازيى جيهان به‌عيبره‌ت تره‌، زلهێزانه‌تره‌.

منصور حکمەت نەک هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئەفغانستان بە موسبەت پێناسە نەکرد، بەڵکو بەشەریەتی ئازادیخوازی بانگەوازکرد بۆ هاتنەمیەدان بەڕیزێکی سەربەخۆ لە دژی هەردوو لایەنی ئەو بەرامبەرکێ تیرۆرستیە و پلاتفۆرمی ئەم بەرەیەشی روونکردەوە. ئەمە کارێکە کە ئەمڕۆ دەبێ لەوکاتە زیاتر ببێتە جێگای پێداگری کۆمۆنیزم و بەشەریەتی ئازادیخواز. ئەم بەرەیە لەگەڵ ئەوەی کە ناکرێت نەفسی شەڕو پەلاماری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژی داعش مەحکوم بکات، بەڵام پێویستە زۆر چالاکانە دژی لایەنە کارەساتبارەکانی ئەم شەڕە بێتەمەیدانەوە. دەبێ لایەنە هێرشبەرەکان بخاتە ژێرگوشاری توندەوە بۆ ملکەچ کردن بەرامبەر پلاتفۆرمی بەرەی ئازادیخواز، دەبێ لە جیاتی خۆشباوەڕکردنی خەڵک، هۆشداری جدی و رۆشن بە خەڵک بدرێت لە ئاکامە کارەساتبارەکانی ئەم شەڕو بەرامبەرکێ تیرۆریستیە، دەبێ ئاسۆی سیاسی ئەم هێزانە بدرێتە بەر رەخنەی کۆمۆنیستی و پەراوێز بخرێن، دەبێ بەشەریەتی ئازادیخواز پلاتفۆرمی خۆی هەبێت بۆ ناکام کردنەوەی مەترسی کارەساتی دوای داعش و چۆنیەتی سازدانەوەی هەلومەرجی دوای داعش بە قازانجی ئازادی و مەدەنیەت و دەسکۆتاکردنی هێزە قەومی و دینیەکان. بە کردەوە دەرهێنانی هەموو ئەمانە کاری کۆمۆنیزمە.

٢٤ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦




هێرش بۆسەر موسڵ و گرنگی و پەیامەکانی! … حەمید تەقوایی

گفتوگۆی کەناڵ جەدید لەگەڵ حەمید تەقوایی..
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: هیوا ئەحمەد

—————————————

کاظم نیکخواە: ئەمرۆ باسێکمان هەیە دەربارەی هێرشی سەربازی کە بۆسەر موسڵ دەستیپێکردوە لە لایەن سوپای عێراق و هێزەکانی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرانسا کە لە ڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە بەشدارن. هەروەها دەوترێت دەوڵەتی تورکیاش هێزەکانی بۆ دەوروبەری موسڵ ڕەوانە کروە کە تەنگژەی لە گەڵ حکومەتی عێراقدا بەدوایخۆیدا هێناوە. ئەم ئۆپراسیۆنە ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی لەبارەوە کراوە و لێرەدا دەمانەوێ لەگەڵ حەمیدی تەقوایی لەمبارەیەوە گفتوگۆیەک بکەین.
حەمیدی تەقوایی بە بۆچونی ئێوە ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازیە کە پڕوپاگەندەیکی بەرفراوانی لەبارەوە کراوە چ گرنگییەکی هەیە و تا چەند دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؟
حەمید تەقوایی: پێموایە گرنگی ئەم هێرشە ڕۆشنە چونکە کاتێک داعش ئەم ناوچانەی داگیرکرد و بە ناونیشانی یەک دەوڵەت خۆی نیشاندا، هۆکارێکی سەرەکی لەبەریەکهەڵوەشاندنی ناوچەکە و ئەو تاوانە بێوێنانە بوو کە هێزە ئیسلامیەکان ئەنجامیانداوە. وە ئەمە تەنها بە عێراق سنوردار نابێتەوە. لە سوریا و لیبیا هێزەکانی داعش لە جوڵدان و پێیان نابێتە هەر شوێنێکەوە جگە لەتاوانکاری و کارەسات هیچیتریان ئەنجام نەداوە. یەکێ لە پێگە هەرەگرنگەکانی داعش شاری موسڵە، وە لە واقعدا ئەوەی مۆڵەت دەدات بە داعش کە خۆی وەک دەوڵەتی ئیسلامی ڕابگەیەنێت لە بنەڕەتدا داگیرکردنی موسڵ و بەڕێوەبردن و سەپاندنی دەسەڵاتیەتی بەسەر ئەم دومین گەورەشارەی عێراقدا. ئەوە بۆماوەی دوو ساڵە ئەم شارە بەدەستی داعشەوەیە. کردەوە سەربازیەکان و جەنگێک کە دەستیپێکردوە ئەگەر بتوانێت بەسەر داعشدا سەربکەوێت و بتوانێت شارەکە بەدەستبهێنێتەوە، کە بە گریمانەیەکی زۆرەوە بەم شێوەیە دەبێت، لەسەر هەلومەرج و هاوسەنگی سیاسی و پێکهاتەی هێزەکانی کە لە ناوچەکەدا لەبەرامبەردا ڕیزیان بەستوە کاریگەری زۆری دەبێت. بەم هۆیەوە تا ڕادەیەک هەموو هیزەکان لەم ئۆپراسیۆنەدا دەرگیر و بەشدارن و هەریک لەوهێزانە هەوڵدەدات بەدەست باڵا پەیداکردن لەم ئۆپراسیۆنەدا لەدوای شکستی داعش لە موسڵ جێگاوڕێگایەکی بەهێزتر پەیدابکات. دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بە بونی داعش و بەتایبەتیش دەسەڵاتی بەسەر موسڵدا بە جۆرێک دەتوانیت ئایندەی هێزەکان و هێزهاوسەنگی نێوان ‌هێزە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا ببینیت و بەم پێیەش گرتنەوەی موسڵ لەدەستی داعش ئەم هەلومەرجە هەمووی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.
کاظم نیکخواە: ئاماژەت بە تاوانکاری و کارکردی کارەساتباری داعش لە ماوەی دوو ساڵدا کرد، ئایا ئێوە هێرش بۆسەر داعش و دەرکردنی لە موسڵ بە هەنگاوێکی پۆزەتیڤ لێکدەدەنەوە؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من هەر ئاڵوگٶڕێک کە ببێتە هۆی ئەوەی کە موسڵ لەژێر دەستی داعش بێتەدەرەوە ئاڵوگٶڕێکی ئیجابییە، چ لە ڕوی سیاسی و چ لە راوانگەی مرۆییەوە. لە ڕوی سیاسیەوە بەهۆی ئەوەی کە داعش یەک هێزی سەرەکی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامییە نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و هەموو جیهانیشدا. لە دەستدانی موسڵ گورزێکی گەورەیە بەر داعش دەکەوێت. بە بۆچونی من بەگرتنەوەی موسڵ ڕەوەندی ڕوو لە خواری داعش دەستپێدەکات. وە بەم پێێە سەرجەم بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی پاشەکشە دەکات. بەپێی ئەم هۆکارانە شکستی داعش لە موسڵ یەک ئاڵوگۆڕی سیاسی ئیجابییە. لە ڕوی مرۆییەوە بەهەمانشێوە ئاڵوگۆڕێکی گرنگە، وە شایەد بنەمای گرنگی گرتنەوەی موسڵ لەم خاڵەوە بێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ داعش تاوانگەلێکی لە موسڵ ئەنجامداوە کە لە مێژودا کەم وێنەن. لە کوشتاری یەزیدیەکانەوە وە بەگشتی هەموو ئەو کەسانەی کەباوەڕیان بە ئیسلامی لە جۆری داعش نییە تا هەلومەرجێکی دژوار کە بۆ ژنانی هێناوەتە ئاراوە – لەوانە جیهادی نیکاحیان بەڕێوەبرد، ژنانیان بە ناونیشانی کەنیزەک و کۆیلەی سێکس دەفرۆشت یان دەیانخەنە ئیختیاری شەڕکەرانی داعش و ژنانێکیش کە مل نەدەن بەمە ئەوا دەستە دەستە لە سێدارەدەدرێن – و تا مل پەڕاندن و بە زیندویی سوتاندنی مرۆڤەکان ئەمانە نمونەگەلێکن لە تاوانکاری و کارەساتەکان کە ئێمە تەنها لە بەشێکیان ئاگادارین. بەڵام هەر ئەم ئەندازەیە لە تاوان نیشاندەری یەکێ لە دڕندەترین کوشتارەکانی مێژوی هاوچەرخە. خەڵکی موسڵ زیاتر لە دوو ساڵە بەمانای وشە لە جەهەنەمێکدا ژیان بەسەر دەبەن و رزگاربونیان لەم جەهەنەمە لە ڕوی مرۆییەوە زۆر گرنگە. لەم ماوەیەدا ژمارەیکی زۆر کوژراون، ژمارەیەکی زۆر لە شار هەڵاتون و ئاوارە بون و ئەوانەشی کە زیندوماونەتەوە و نەیانتوانیوە لە شارکە هەڵبێن لە ژێر جۆرەها فشار و زۆرداریدان. بۆ نمونە ئەو پیاوانەی کە ڕیشیان دەتاشن ڕوبەڕوی شەلاق و لێدان بونەتەوە. ئەم هەلومەرجە کارەساتبار و ترسناکەیە کە زیاتر لە دوو ساڵە خەڵکی موسڵ ڕوبەڕویبونەتەوە. بەبێ دودڵی لە ڕویی مرۆییەوە شکستی داعش بەهەمانشێوە کاریگەری ئیجابی هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی شارەکە.
کاظم نیکخواە: ئەو هێزانەی کە بڕیارە موسڵ ئازاد بکەن، لانی کەم هێزە سەرەکیەکانیان وەکو ئەمریکا و حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا، بەپێی بەڵگە و ئاماژەی زۆر خۆیان بەرهەمهێنەر و دروستکەری داعش بون و هەلومەرج و کەشێکیان هێنایەئاراوە کە ببێتە هۆی شکڵگرتنی داعش. ئێستاش لە نێوان خودی ئەم هێزانەشدا جەنگ و بەرامبەرکێ و کێشمەکێشمێک بونی هەیە کە ڕۆشن نییە چ ئایندەیەک بەخۆیەوە دەگرێت. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیییە؟
حەمید تەقوایی: ئەوە ڕۆشنە کە ئەو هێزانەی کە هێرشیان بۆسەر موسڵ دەستپێکردوە هیچکامیان لەبەر خاتری ئامانجی مرۆیی وە یا بەخاتری ڕزگارکردنی خەڵکی موسڵ نییە. هەریەکەیان ئامانج و سیاسەتگەلێک پەیڕەودەکەن کە تەواوەن کۆنەپەرستانیە. ئەو خاڵەی کە ئاماژەت پێدا بە تەواوی دروستە و ئێمە چەندین جار وتومانە و ڕۆشنمانکردۆتەوە و بەڵگەمان نیشانداوە کە حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە دروستکردنی هێزە ئیسلامیەکان و لەوانەش داعش نەخشیان هەبوە. لە ڕوی سیاسیەوە لە ئاستێکی گشتیدا داعش و هەموو هێزە ئیسلامیەکانی کە ئێستا لە ناوچەیەکی لەبەریەک هەڵوەشاودا کەوتونەتە گیان خەڵک و هەروەها کەوتونەتە گیانی خودی خۆشیان هەمووی ئاکامی هەلومەرجێکە کە لە دوای یانزەی سێپتەمبەرەوە بە هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر ئەفغانستان و عێراق دەستیپێکرد. بەدوای ئەم هێرشە سەربازیەدا ئەم هێزە ئیسلامیانە سەرەتا لە عێراق و دواتریش لە ناوچەکانی تر، لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سەریان بەرزکردەوە و بە پەرچەمی دژی ئەمریکا و شەیتانی گەورە و جۆرێک لە زوڵملێکراوی هاتنە مەیدان. داعش لە زەمینەیەکی لەم جۆرەدا شکڵیگرت. ئەگەر کەمێ بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو دەبینین تەنانەت لە دروستکردنی تاڵیبان لە ئەفغانستان و هاتنەسەرکاری خومەینی و حکومەتی ئیسلامی لە ئێران دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا نەخشی ڕاستەوخۆیان هەبوە. لە ئێراندا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ خومەینیان بە ناونیشانی ڕابەری شۆڕش ڕاگەیاند و لە ئەفغانستانیش بۆ ڕوبەڕوبونەوە بە هەژمونی سۆڤیەتی ئەوکات تالیبانیان دروستکرد. دەمەوێ بڵێم کە لە ڕوی مێژوییەوە تەنانەت ڕیشەی سەربەرزکردنەوەی هێزە ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخشەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بویەتی لە دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزدا بەدەوری سۆڤیەتدا. دواتر هەم بە هێرشی بوشی باوک و بوشی کوڕ بۆسەر ناوچەکە زەمینەیەک دروست بوو بۆ هاتنەمەیدانی جۆرەها هێزی ئیسلامی. لەم هەلومەرجەدا و لە ئاکامی بۆشاییەکدا هێزێکی وەک داعش شکڵیگرت و گۆڕدرا بە فاکتەرێکی گرنگ لە بلۆکبەندی ناوچەکەدا – لەلایەکەوە عەرەبستانی سعودی و تورکیا و قەتەر وە لە لایەکەی تریشەوە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا و ڕوسیا -. بەشێوەیەکی تایبەت داعش ئاکامی شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا بوو لە ناوچەکە و هەروەها بۆشاییەکی دەسەڵات کەلە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە. ئەو هێزانەی کە ئێستا هێرشیان کردۆتە سەر موسڵ هەمویان لە هەلومەرجێکی لەوجۆرەدا هاتونەتەپێشەوە.
کاظم نیکخواە: هێزی لەم جۆرە چۆن دەتوانن یەک هەنگاوی ئیجابی بە قازانجی مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن؟
حەمید تەقوایی: سەبەخۆ لەوەی کە ئەم هێزانە ماهیەت و ئامانجیان چییە ئەگەر ئەنجامی کارەکەیان ئەوە بێت کە لە موسڵ پاشەکشە بە داعش بکەن ئەمە بەو دەلیلانەی کە ئاماژەم پێدا ئاڵوگٶڕێکی ئیجابییە. سیاسەت وئامانجی ئەم هێزانە بە دڵنیاییەوە ئازادی خەڵکی موسڵ نییە و خەڵکی ئەم شارە لەدوای چونەدەرەوەی داعش یەک کۆمەڵگای ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانیان نابێت. گومانێک لەمەدا نییە. تەنانەت لەوانەیە جەنگی دیکە لە نێوان هێزە سەرکەوتوەکان بەسەر داعشدا لەسەر دەسەڵاتدارەتیان بەسەر موسڵدا ڕوبدات و بە گریمانەیەکی زۆرەوە بەمشێوەیە دەبێت. گرتنەوەی موسڵ لە دەستی داعش تەنانەت بە مانای کۆتایهاتنی جەنگ نییە لە نێون ئەم هێزانەدا. تازە دەورەیەکی نوێ لە جەنگ و کێشمەکێشم دەستپێدەکات. بەڵام باس لەسەر ئەمە نییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە هەر ئەمڕۆ ئەم جەنگ و کێشمەکێشمە هەیە و دەیبینین. بەو جۆرە نییە کە گوایا بە هێرش بۆسەر موسڵ ئەم هێزانە هاتونەتە پێشەوە و لەبەرامبەر یەکتردا قەراریانگرتوە. بانگەشەکانی کە حکومەتی تورکیا دەیکات، ڕیزبەندیەک کە عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر یەکتردا هەیانە، جەنگێک کە لە نێوان ئیسلامی شیعی و سونیدا بەرپابووە، جەنگێک کە داعش لە سوریا دەرگیریەتی ئەم فاکتەرانە هەمویان هەر ئێستا لە ناوچەکەدا بونیان هەیە. جیاوازی هەلومەرجی ئەمڕۆ لەگەڵ هەلومەرجی دوای شکستی داعش لە موسڵ ئەوەیە کە خەڵکی موسڵ چیتر لە جەهەنمێکدا ناژین کە دوو ساڵە تاقیدەکەندوە. لەوانەیە هێزی ئیسلامی دیکە بێنە پێشەوە. لەوانەیە دەرگیری لە نێوان تورکیا و حکومەتی عێراقدا پەرە بسینێت. بەڵام ئەمە مەسەلە و کێشمەکیشمێکی تازە نییە. هەلومەرجێکی لەم جۆرە هەر ئەمڕۆ بونی هەیە. ناوچەکە لە گڕی ئەم درگیریانەدا دەسوتێت و لە دڵی ئەم هەلومەرجەدا وە بەمپێیە زیاتر لە یەک ملێۆن کەس لە یەک شاری ژێر دەستی دڕندەترین هێزێک کە میژوی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیوە خەریکن هەر رۆژە جەهەنەمێک تاقیدەکەنەوە. کۆتایهێنان بەم جەهەنمە بەهۆی هەر هێزێکەوە بێت ئاڵوگۆڕێکی ئیجابییە.
لە ڕوی سیاسیەوە هەر بەوشێوەیەی کە وتم گرتنەوەی موسڵ گورزێکی کوشندەیە لە یەکێ لە تاوانبارترین هێزە ئیسلامیەکان. بە بۆچونی من داعش دوای لەدەستدانی موسڵ نەک هەر جێگاوڕێگای پێشوتری ناماێنێت بەڵکو بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ هێزێک کە لانی زۆر کردەوەی زیانبەخشی تیرۆریستی ئەنجام دەدات وەکو قاعیدە و هێزە ئیسلامیەکانی تر. گرنگ ئەوەیە کە پەرچەمی دەوڵەتی ئیسلامی دەشکێنێت و دەیخاتە کەنارەوە. گەرچی هێزەکانی هێرشبەر بۆسەر موسڵ ئامانجی کۆنەپەرستانەیان هەیە بەڵام ئەمرۆ ئەگەر ئێوە بۆچونی هەرکەسێک کە لە موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی جەهەنەمی داعشدا ژیان دەکات سەبارەت بە هێرشی ئەم هێزانە بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە شار بپرسی ئەم کارەی ئەوان تەئید دەکات. ئەوەی کە دواتر چی دەبێت مەسەلەیەکە کە دواتر دەبێت بەرخوردی پێبکرێت. هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت لێگەڕێ با داعش لە موسڵ بە تاوانکاریەکانی درێژە بدات چونکە ئەوانی تر هەر کۆنەپەرستن! ئەم لۆجیکە هیچ مانایەکی نییە.
مۆڵەت بدە یەک خاڵی تر باس بکەم. ئەوە دروستە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا هەموو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هۆکار بون بۆ ئەوەی هێزی لە جۆری داعش سەربەرزبکەنەوە بەڵام تاوانکاری هەر هێزێک لە پای خۆی دەنوسرێت. لە هاتنەسەرکاری خومەینی هەم دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نەخشی زۆریان هەبوو، بابەت و بڕیارەکانی کۆنفرانسی گوادولۆپ هەموو دەزانین، لە دوای ئەو کۆنفرانسە و دوای ڕێککەوتنیان، دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپایەکانی نەخشی زۆر چالاکیان هەبوو لەوەی کە خومەینی قەبە بکەن و بە ناونیشانی شۆڕشگێڕترین پیاوی دنیا بە خەڵکی ئێرانی بفرۆشن و ئەو بەڵایە بەسەر سەری شۆڕشی ١٩٧٩ دا بهێنن کە هەموو دەیزانین. بەڵام هەر کەسێک تەنانەت ئەگەر کەمێک بە سیاسەت ئاشنا بێت و لۆجیکیانە بیربکاتەوە ناتوانێت تاوانەکانی خومەینی و کۆماری ئیسلامی بە پای دەوڵەتی ئەمریکا و کۆنفرانسی گوادۆلۆپ بنوسێتەوە. دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی لە بەدەسەڵاتگەیاندنی کۆماری ئیسلامی نەخشیان هەبوو بەڵام تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی تاوانکاری خودی خۆیەتی. تاوانکاری داعش بەهەمانشێوە تاوانکاری داعش خۆیەتی. داعش یەکێ لە تاوانکارترین ئەو هێزانەیە کە دنیا بەخۆیەوە دیوە و هەر هێزێک بە هەر نەخشێك کە لە شکڵگیری داعشدا هەیبوە ئەگەر ئێستا دەستی داعش لە موسڵدا ببڕێت سەربەخۆ لەوەی کە بە چ ئامانجێک ئەو کارە دەکات کارێکی ئیجابی ئەنجام دەدات.
کاظم نیکخواە: هەمان ئەو هێزانەی کە ئاماژەت پێدان وەک تورکیا و ڕوسیا و ئەمریکا و عێراق و کۆماری ئیسلامی سەرئەنجام لە ملمملانێکانیاندا ڕێکخراوەکانی وەک داعش و حەشدی شەعبی کە ئەمیش هەر وەک هێزی داعشە و سونییەکان دەکوژێت دروستکرد و پشتیوانیان لێدەکەن. مەبەستی من ئەوەیە بەهەمانشێوە کە خۆتان ئاماژەتان پێدا هەر ئێستا ئێمە شاهیدی کێشمەکێشمی ئەمانەیان لە ناوخۆیاندا : ململانێی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی و لە لایەکی ترەوە عەرەبستانی سعودی و هەروەها لە لایەکی ترەوە ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوانی تر. دەکرێ پێشبینی ئەوە بکرێت کە لەناو جەرگەی ئەم کێشمەکێشم و ململانێیانەدا هێزێکی تری وەک داعش دروست بکەن ئەگەر داعش بەپێوە نەما. پرسیار ئەوەیە کە پێویستە چ کارێک بکرێت؟ خەڵک دەتوانن چی بکەن؟ کاتێک داعش لە موسڵ دەکرێتە دەرەوە و فەزایەکی ئارامتر لە ناوچەکە هاتە ئاراوە و هەلومەرجێکی لەبارتر دروست بوو.
حەمید تەقوایی: ئەو مەسەلەیەی کە خەڵک چۆن دەتوانن ڕزگاریان بێت و دەتوانن شەڕی ئەم هێزانە بەسەر سەریانەوە کەم بکەنەوە کاری خودی خەڵک خۆیەتی. ئەمە بە دیبلۆماسیەت و جەنگ و هێزهاوسەنگی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە وە یان رۆژئاوا و ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوانی تر ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت. تا کاتێک کارەکە بەدەستی ئەم دەوڵەت وهێزانە بێت و ئەمانە شکڵ بە سیاسەتی ناوچەکە بدەن و دەچنە ناو بلۆکبەندیە جیاوازەکانەوە و ئەمیان لەدەستەیەک هێزی ئیسلامی پشتیوانی دەکات و ئەوی تریان لە دەستەیەکی تر، بارودۆخەکە لەمە باشتر نابێت و وە تەنانەت خراپتریش دەبێت. بەمپێە لە کۆتایدا رێگاچارە ئەوە نییە کە ببینین چ هاوپەیمانیەتیەک لەسەر سەری خەڵکەوە شکڵدەگرێت و ئایا ڕوسیا سەرکەوێت باشترە یان ئەمریکا وە یان ئەسەد بمێنێتەوە باشترە یان بڕوات. ڕیگاچارەی کۆتایی ئەمانە نییە. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک رزگارکردنی موسڵ لە ژێردەستی داعشدا بە یەک هەنگاوی ئیجابی دادەنێن ئەمە بە بەراورد بە بارودۆخی ئەمرۆیە نەک بەو مانایەی کە خەڵکی موسڵ ئازاد دەبن وە یان دەستی مەزهەب لە موسڵ دەبڕدرێت. هێزی ئیسلامی تر دێنەپێشەوە وە بە وتەی ئێوە ئەم هێزهاوسەنگی و پەیوەندیانە لەوانیە داعشی تر دروست بکەن. هەموو ئەمانە مومکنن. لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا لە کۆتایدا ڕێگەچارە شکڵگرتن و چالاکبونی بزوتنەوە مەدەنیە چەپ و ئازادیخوازەکانن کە جەماوەری خەڵک بتوانن لە ناویاند دەور ونەخشیان بگێرن. نمونەی ئەم بزوتنەوانە خۆشبەختانە دەبینین . هەر لەو عێراقەدا لە ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەیەکی تا ڕادەیەک بەرفراون شکڵی گرت بە دروشمی “نە شیعی نە سونی وە بە خواستی یەک کۆمەڵگای مەدەنی و حکومەتی سکولاریستی” و ئەم دروشمە بە فروانی لە شەقامەکاندا دەوترایەوە. یان لە کوردستانی عێراقدا بزوتنەوەیەکی بەرفراوان شکڵیگرتوە لە پێناو ڕزگاربونیان لە شەڕی هێزە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و هێزەکانی هەرێـمی کوردستان کە دەستێکیان لە دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەدایە، بەشێکیان لە دەوڵەتی تورکیا نزیکن و بەشێکی تریشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. خەڵکی کوردستانی عێراق هاتنە مەیدان و دەڵێن ئەوانەمان ناوێت. یان ئەو ئاڵوگٶڕانەی کە لە کوردستانی سوریا ڕویاندا، کانتۆنەکانی ئەو ناوچەیە و دەورو نەخشێک کە خەڵکی کۆبانی لە پاشەکشەکردن بە داعش نواندیان و بەیانامە ویاسای مەدەنی کە لەوانە لە پەیوەند بە مافی ژنان و لابردنی یاسا ئیسلامیەکان لەم پەیوەندەدا لە کانتۆنی جەزیرە ڕاگەیەنرا. یان نمونەی ئەفغانستان کە ژنان دژ بە یاساکانی دژی ژن و جیاوازیە ڕەگەزیەکان هەتنە مەیدان. هەروەها ئێران کە هەم جێگاو ڕێگای خۆی دیارە . بزوتنەوەیەکی بەرفراوان دژ بە ئیسلام و ئیسلامیزم و دژ بە کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە لە ئێران شکڵیگرتوە و لە ئارادایە. ئەم بزوتنەوانە ئەو تروسکە و کڵاوڕۆژنە ئومێدبەخشانەن بەرەو ئایندە، بەرەو ئازادی و ڕزگاری. هێزی سیاسی وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و هێزە مۆدێرن و شۆڕشگێرەکان کە دەیانەوێ کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنن دەبێت و پێویستە حیساب لەسەر ئەم بزوتنەوە و جوڵانەوە ناڕەزایەتیانەی خەڵک بکەن و ئەوانە ڕێکخراو بکەن. لە لایەکی ترەوە فاکتەرێکی گرنگی ترلەسەر ئاستی جیهانی هەڵخڕاندنی خەڵکی شەرافەدمەندی جیهان و بیروڕای گشتی وە هەڵخڕاندنی هێزە مۆدێرن و چەپ و سکیۆلار و ئازادیخوازەکانی دنیایە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامزەدە و ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتێک کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی دەیبەنەپێشەوە و بۆتە هۆی شکڵگرتنی جڕوجانەوەری وەک داعش و هەموو هێزە ئیسلامیەکان. چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و لە خودی عێراق و دەوڵەتانی ئیسلامزەدە دا وە چ لە سەر ئاستی جیهانی پێویستە حیساب بکرێت لەسەر هێزە ئازادیخواز و مەدەنی و خوازیارانی خۆشگوزەرانی و یەکسانی، کە دەتوانی بڵێیت زۆرینەی خەڵکی جیهان – نەوەد و نۆ لە سەدیەکان – بەمشیوەیەن، پێویستە ئەمانە هەڵبخڕێنرێن و ڕێکخراو بکرێن. پێویستە لە بەرامبەر دەوڵەتەکان و هێزە ئیسلامەیەکان و پشتیوانیکەرانیاندا ئەم هێزە بێتە مەیدان. دەزانیت کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێزە ئیسلامیەکان بە باش و خراپ دابەش دەکەن بۆ نمونە حکومەتێکی وەک عەرەبستانی سعودی کە لە سیاسەتە ناوخۆییەکانیدا لە داعش کەمتری نەکردوە لە ڕوانگەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە بە بەشێک لە هێزە ئیسلامییە “میانەڕەوە” کان ئەژمار دەکرێت! ئەم جۆرە کلکایەتیکردنە بۆ هێزە ئیسلامیەکان پێویستە لەسەر خەڵکی جیهان کە قبوڵی نەکەن و لەبەرامبەریدا بوەستنەوە. هێزی ئیسلامی باش و خراپ نییە. پێویستە شەڕی هەموو ئەوانە بە سەر سەری خەڵکەوە کەمبکرێتەوە. لەپەیوەند بە هەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق بە بۆچونی من چالاکبونی ئەم هێزانە و بزوتنەوە مەدەنیەکان یەکلاکەرەوەیە وە من ئومێدەوارم کە بە ڕزگارکردنی موسڵ لەژێر دەستی داعش و لاوازبونی داعش ئەم بزوتنەوە سکۆلاریستی ودژی ئیسلامییە دەروازەیەکی باشتر لە پێناو پێشڕەویکردنیدا پەیدابکات. هەر گورزێک کە کۆنەپەرستی بیخوات، تەنانەت ئەگەر کۆنەپەرستان خۆیان گورز لەیەکتر بوەشێنن، بە قازانجی خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکانە – وەکو کاتێک دەوڵەتی تزاری ڕوسیا لە شەڕی جیهانی یەکەمدا لاواز بوو وە زەمینەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر فەراهەم بوو – ئەمرۆ لە جەنگی نێوان کۆنەپەرستاندا دەروازەیەک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هێزە چەپ و مەدەنیەکان بێنەپێشەوە وە من ئومێدەوارم کە بە بەرکەوتنی گورز بە داعش لە موسڵ ئەو ئیمکانە پەیدا ببێت کە هێزە چەپ و مەدەنیەکا زیاتر خۆیان بنوێنن.
کاظم نیکخواە: ئێووە ئاماژەتان کرد بە ئامانجی دەوڵەتان و ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بەم هێرشە داعش پاشەکشە پێبکەن، وەکو دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیا و ڕەوتە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان. هەندێ ڕەوتی سیاسی هەن کە بەهەمان دەلیل هێرش بۆ سەر موسڵ سەرکۆنە دەکەن، بۆچونتان لەو پەیوەندەدا چییە؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من کەسێک کە هێرش بۆسەر موسڵ مەحکوم بکات بەشێکە لەو گروپە پەراوێزیانەی کە خۆیان بە “دژە ئیمپریالیست” دەزانن و تەوەر و تایبەتمەندی سیاسیان دژایەتیکردنی ئەمریکایە، هاوشێوەی دژە ئەمریکایی کۆماری ئیسلامی. ئەمانە کە لەم مەسەلەیەدا زۆر هاوڕا و پەیگیرن لە کۆتایدا، وەکو ڕێکخراوی ئێس دەبلیو پی لە بەریتانیا، دەگەن بە بەرگریکردن لە حەسەن نەصروڵا وە یان بەرگریکردن لە ئەحمەدی نەژاد و چەندین جار شاهیدی ئەم هەڵوێستگیریانە بوین لە لایەن ئەم “دژە ئەمریکایانەوە”. بە بۆچونی من ڕیشەی ئەم هڵوێستگیریانەیان سەبارەت بە هێرش بۆسەر موسڵ نزیکایەتیانە بە دژە ئەمریکایی هێزە ئیسلامیەکان. ئەگەرلە سەر شەقام بۆچونی هەر مرۆڤێکی ئاسایی سەبارەت بە گرتنەوەی موسڵ بپرسیت پێت دەڵێت کە بەم هەنگاوە خۆشحاڵە چونکە دەزانێت خەڵکی موسڵ لە چ جەهەنەمێکدا ژیان بەسەر دەبەن. یەک بیانوی ئەم چەپە حاشیەیانە ئەوەیە کە دواتر لەوانیە بارودۆخ خراپتر ببێت. لەوانیە ببێت و لەوانەشە نەبێت بەڵام ناکرێ بە خاتری گریمانەکانی دواتر مل بدرێت بە هێزێکی تاوانکاری وەکو داعش. لە کۆتایدا مانای ئەم مەسەلەیە ئەوەیە کە لێگەڕێ داعش لە موسڵدا کاری خۆی بکات. ئەمەش بەو مەسەلە تەواو زهنیگەریەوە کە گوایا خەڵک دەبێ بێنە مەیدان و دژی داعش ڕاپەڕین بکەن. باشە ئێمە دەزانین کە لە ئێستادا هەلومەرجێکی لەو جۆرە بونی نییە و بە تایبەتیش ئەو هێزانەی کە ئەم مەسەلە زهنیگەریانە باس دەکەن بچوکترین دەخالەت و کاریگەریان لە سەر هەر ئەو بزوتنەوە و جوڵانەوە ناڕەزایەتیانەی کە ئاماژەم پێدان نییە. هەرکەسێک سەروکاری ڕیکخستنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بێت باش دەزانێت کە لە موسڵی بە بێ داعشدا خەڵک و ‌هێزە جەماوەریەکان شانس و هەلی زیاتر و یارمەتیدەری باشتریان دەبێت بۆ ناڕەزایەتی دەربرین و خۆنیشاندان وەک لە موسڵی ژێر دەسەڵاتی داعشدا. هەروەک لەساڵی ڕابردودا لە کاتێکدا تیرۆر و تۆقاندن لە موسڵدا بێدادی دەکرد لە بەغداد و سەرجەم شارەکانی تری عێراقدا بزوتنەوەی سکۆلاریستی پێیگرت و بە دروشمی ” نە شیعی نە سونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی” هاتە ناو شەقامەکانەوە.
هەندێک لەم هێزانە لە مەسەلەی ئاشتیخوازیەوە نەیاری خۆیان بە هێرش بۆسەر موسڵ ڕادەگەیەنن و خوازیاری وەستاندنی شەڕن، گویا لە دوو ساڵی ڕابردودا لە موسڵ ئاشتی وئارامی بەرقەرار بوە! ئەم مەسەلەیە بەکردەوە جگە لە پاراستنی دەسەڵاتی داعش و ویڵکردنی جەماوەری خەڵک لە جەهەنمێکدا کە داعش دروستیکردوە هیچ مانایەکی تری نییە. بەهەر حاڵ ئەم جۆرە هەڵویستگیریانە لەپەیوەند بە دنیای واقعی و ئاڵوگۆری سیاسی جیهان زۆر بێ پێوەندن و تەنها نیشانەی زهنیگەرایی، وە دوری و بەپەراوێزبونی خاوەنەکانیانە لە سیاسەت و ژیانی واقعی خەڵکدا.

٢٠/١٠/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: هیوا ئەحمەد




سەرکەوتن بە سەر داعش دا خواستێکی جیهانیە! … سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەو کاتەی شاری(مەنبەج) لەسوریا بە ڕێگای سەربازی و لەلایەن هێزەکانی سوپای سوریای دیموکراتی( یەپەکە ویەپەژەوچەندین هێزی عەرەبی ومەسییحی ویەزیدی) ئازاد کرا خەڵك لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان بڵاو کردەوە سەبارەت بە خەڵکی شارەکە کە چەندە تینووی ئازادین چەندە پێویستیان بە کەش و هەوایەکی ئازادانەیە کە لایەن داعشەوە لێیان زەوت کرابوو ، بینیمان چۆن ژنان وکچان جلوبەرگی ئیسلامی داعشیان فڕێ داو بینیمان ئەوانەی ئارەزووی جگەرە کێشانیان بوو چۆن جگەرەکانیان دادەگیرساند.
دیارەخەڵکی شاری موسڵێش هەمان بارودۆخیان هەیە ئایا دەکرێ بەو خەڵکە بڵێین دانیشن ئەو هێزانەی ئەمڕۆ گەمارۆی موسڵیان داوە هێزی ئەو جەمسەرانەن کە خۆیان داعشیان دروست کردووە وە نایانەوێ داعش لە ناو بەرن درۆ دەکەن ئەوە نیە سەرکردەکانیان دەنێرن بۆ رەقە؟ . ئایا دروستە بڵێین دەبێ پەلاماری سەربازی موسڵ ڕاگیرێ؟ یا دروستە ئەوەبڵێێن تەنها هێزی خەڵکی موسڵە دەتوانێ کۆتایی بە تیرۆزیزمی داعش بهێنی ؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە نەخێرە ، ئەو خەڵکە دەیەوێ ئازاد بێ لەو زەلکاوەی داعش ڕزگاری بێ ئیتر ناپرسێ ئەوە کێ یە ڕزگاری دەکا هەرکەسێ دەستی بگرێ ئەو ڕازیە هەروەک ئەوەی لە مەنبەج و رومادی و تکریت و جەلەولا وکۆبانی ڕووی دا، ئایا کارێکی خراپ بوو ئەم شارانە ئازاد کران بێ گومان نەخێر کارێکی خراپ نەبوو . ئەگەر خەڵک لەو قەفەسی بەندیخانە لەوقەسابخانە ی ئینسان سەربڕین وکوشت وکوشتارەی داعش بێتە دەرەوە و ژنان حیجابی ئیجباریان فڕێ بدەن، پیرەکان جگەرەکانیان بکێشن وگەنجەکان گوێ لە مۆسیقاو گۆرانی بگرن و سەتەلایتەکانیان دانێنەوە و لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکاندا پەیوەست ببنەوە بە گەنجانی جیهانەوە کارێکی خراپە؟ بێ گومان نەخێر ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆیان جا هەرکەس ئەمەیان بۆ بکات گرنگ نیە کێیە . خۆ ناکرێ ئێمە چاوەڕیی ئەوە بکەین خەڵک خۆی خۆی ڕزگار بکا بوەستێ تا ئیرادەی خۆی دروست دەکا ئایا چ کاتێک ئەم ئیرادە و هێزەی خەلک دروست دەکرێ ؟ دیار نیە! تا ئایندەیەکی نادیار . ئەمە قسەی بەیانی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستانە . کە یەکێکیان داوای ڕاگرتنی ئەم شەڕە دەکا یەکێکیشیان هیچ ئومێدیکی بەم هێرشە سەربازیەی ئێستا نیە تەنها ڕێگا بە هاتنە مەیدانی ئیرادەی خەلکی موسڵ و عێراق و کوردستان دەزانێ بۆ لە ناوربردنی داعش ، واتە ئەویش بە ناڕاستەوخۆ هەر دەڵێت ئەم شەڕە ڕاگیرێ و بوەستێ.
من باوەڕم بە ئیرادەی خەڵک زیاترە لە هەر هەوڵێكی تر . هیچ هێزیک بەرگەی ئەم ئیرادەیە ناگرێ وەک ئەوەی لە کۆبانی و کاتی خۆی لە لینین گراد هەبوو . نە تۆپ نە تەیارەو نە ساروخ نەهیچ چەکێکی پێشکەوتوو ناگاتە ئیرادەی یەکگرتووانەی خەڵک بە ڵام بە داخەوە بە هەر هۆیەکەوە بێت ئەم ئیرادەیە ئێستا لە مەیدان دا نیە بەڵام ئەمە ئیتر بە و مانایە نیە هیچ ڕێگایەکی تر پەسەند نەکەین تا ژیانی خەڵکی ئەگەر کەمێکیش بگۆڕێ ، هەروەک لە خەباتی ئابوریدا باوەڕمان بە خەباتی سەندیکاکانیش هەیە ئەگەر دەسکەوتێ بۆ چینی کرێکار بە دەست بێنێ . لە باری ئەمنی وئارامیشەوەدەبێ باوەڕ بە هەر ڕێگەیەکی تریش بکەین کە بتوانێ ئەمە دابین بکا جا ئەگەر لە سەداسەدیش نەبێ بە هەر ڕادەیەکیش بێت لە ئاست سفرەوە بەرەو ژوورتر بێت .
من پێم وایە تیرۆیزمی ئیسلامی بە تایبەتی داعش بەم هێرشە سەربازیە دەستی کۆتا دەکرێ لە سەر ژیانی خەڵكی موسڵ و دەوروبەری ، خەڵک ئەو هەموو سەرکوت و سەربڕینەی داعشی لە کۆڵ دەبێتەوە شاری موسڵ وەک شارەکانی تر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆلی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و کوردستانەوە واتە خەڵکی شاری موسڵ بە هەموو بیرو باوەڕە دینی و غەیرە دینی وقەومیەکانیەوە دەتوانن پێکەوە ژیان بکەن وەک خەڵکی شارەکانی بە غداو بەسرەو کەرکوک و هەولێرو سلێمانی ، ئەنجا کێشەی خەڵکی شاری موسڵ وەک هەمان کێشەی خەڵکی ئەم شارانە دەبێ لە گەڵ دەسەڵاتدا . کەمن ئەمە بە ئاستێکی بەرزتر دەبینم بۆ ژیانی خەڵک تا ئەوەی داعش بمێنیتەوە بە سەر ژیانی ئەو خەڵکەدا کەنە مەسیحی نە یەزیدی نە کاکەیی نە کۆمۆنیست نە شوعی نە ئازدیخوازان ونە سکۆلاریستەکان بۆیان نیە لە ژیڕ دەسەڵاتی داعشدا بژین ژنەکانی ئەمانە یاسەر دەبڕدرین ئاگریان تێ بەر دەدرێت یالاقە دەکرێن یا کڕین وفرۆشتنیان پێ دەکرێ ، لانی کەم ئەم جۆرە دیاردەو تاوانانە لە دەسەڵاتەکە ی بەغداو هەولێردا نابینین .
ناکرێ ئێمە داوای ئەوەبکەین ئەم شەڕە بوەستێ دەبێ داوا بکەین ئەم شەڕە بەردەوام بێت تا سەرکەوتنی بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ داوا بکەین بۆمبارانی خەڵکی بێ گۆناه بوەستێ لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان و سوپای عێراق و پیشمەرگە یا پەکەکە ویەپەکە و هەر هێزێکی ترەوە بێت ، تەنانە دەکرێ ناڕەزایەتی دەربڕین بچینە سەر جادە بۆ ڕاگرتنی بۆمباران و کوشتاری خەڵکی سیڤیل.
بە ناراستەوخۆ هاورێ یانی حککع و حککا کەوتونەتە ئەو هە ڵەیە وە کە ئەم شەڕەیان بەراورد کردوووە بە شەڕی ئەمەریکا و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتیکا ئەو شەڕە کە بۆ هەژموونی ئەمەریکابوو بە سەر جیهاندا لە دوای ڕووخانی بلۆکی شەرق ( یەکێتی سۆڤیەت ) وە لە نێوان دوو دەوڵەت بوو یا بڵێم لە نێوان ٣٠ دەوڵەت و حکومەتی بەعسدا بوو بەڵام ئەم شەڕەی ئێستا لە گەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی و فاشیستیدایە کە نەک تەنها مەترسیە بۆ سەر خەڵکی موسڵ و عێراق بەڵکو مەترسیە بۆ سەر کۆمەڵگای بەشەری ، لەناوبردنی ئەم رێكخراوە بووەتە خواستێکی کۆمەڵگاکانی ئەم گۆی زەویە ، سەدام ئەم مەترسیەی نەبوو بۆ خەڵکی جیهان تەنها مەترسی بوو بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان کە پێویستی نەدەکرد ٣٠ ووڵات بێن پەلاماری بدەن دەبوو خەڵکی عیراق هان بدرایە بۆ شۆڕش و ڕووخانی ئەو ڕژێمە . وە من پێم وایە ڤایرۆسی بەعس ئەوەندەی ڤایرۆسی داعش کوشەندە نەبووە ، من پێم وایە ئەگەر ئەم شەڕەی لەگەڵ داعشدا دەکرێ وەک شەڕی ٢٠٠٣ بوایە دیسانەوە خەڵکی ئازادیخواز وئینسان دۆست و سیکۆلاریستی جیهان دەهاتنە سەر جادەی شارەکانی ئەوروپا وئەمەریکاو ئوسترالیا ویابان و سەرتاسەری جیهان وەک ئەو کاتانە ی ناڕەزاییان دەر دەبڕی بە دژی ئەم جەنگەی ئێستای دژی داعشیش ناڕەزایەتیان دەر دەبڕی ، وەک ئەوەی ئێستا هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان داوای دەکەن دەڵێن با خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێنە دەنگ بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕ و کوشتارە کە نەک خەڵکی جیهان تەنانەت خۆشیان لە هیچ شوێنێک نەهاتنە دەنگ ونەهاتن ناڕەزایەتیەک یا خۆپیشاندانێ لە دژی ئەم شەڕەی موسڵ بکەن . ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە لە ناوبردنی داعش بووەتە خواستێکی جیهانی هیچ کاتێ خەڵک نایەوێ بێتە سەر جادە داوای ڕاگرتنی ئەو پەلامارە سەربازیە بکات بۆ سەر هێزیک کە مەترسیە بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی جیهان هیچ کەس ویژدانی قبوڵ نەکا داوای ئەوە بکا کە تاوانبارانی کوژارانی ڕۆلەکانیان و کەسو کاریان کەلە شارەکانی نیویۆرک وپاریس و لەندەن و جنیف و ئۆتاوا و بەغدا وهەولێر ومەنبەچ و موسڵ و رەقە و حەلەب و شارەکانی لیبیا و یەمەن بە سزای خۆیان نە گەن ، بۆیە هەڵەیەکی مێژوویە کە هیچ کەس و لایەنێک داوای ڕاگرتنی ئەم پەلامارە سەربازیە بکا، هەر بۆیە هاورێ یانی حککع و حككا خۆشیان ناتوانن بە کردەوە ئەو قسەیەی خۆیان بەرنە سەرلە شوێنێک کۆببنەوەو گرد بوونەوە بکەن و خۆپیشاندان بکەن لە دژی ئەم شەڕە چونکە ئەم هەڵوێستەیان مەقبول نیە خۆشیان ئەوە دەزانن کە بەداخەوە ئەم هەڵویستەیان زیاتر بەرەو تەریک بوونە وەیان دەبات تا جەماوەری بوونەوەیان کەمن زۆر نیگەرانیشم چونکە من خۆم سەر بە هەمان بزووتنەوەکەی ئەوان بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەزانم بە هیوام دان بەم هەڵەیدا بنێن و لە جیاتی هەنگاوێ بۆ دواوە بنێن دوو هەنگاو بۆ پێشەوە بڕۆن .

سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٣/١٠/٢٠١٦




بڕیارێكی رەگەزپەرەستانە و زیان بەخش … سەلام عەبدوڵڵا

ئێستا ئاگاداركرامەوە كە كۆبوونەوە بە هەموو(موختار)ەكانی خانەقین كراوەو ئاگاداركراون كە دەبێ هەرچی ئاوارە هەیە لەناو ماڵەكانی شارەكەمان بڕۆن بۆ ناو كەمپی ئاوارەكان یان بۆ ئاواییەكانیان خۆیان بگەڕێنەوە.
قیادەی كوردی بەخۆی بازرگانی نەوت و گازیان لەگەل داعش كرد و ئۆتۆمبیلی تۆیۆتۆیان پێفرۆشت و فەرمانیان بە پێشمەرگە دا هێرش بۆ تەنكەرەكانی نەوت گواستنەوە نەكەن و داڵدەی هەندێ كەسایەتی نزیك لە داعش دا.
لەو رۆژەوە ئاوارەكان بۆ شاری خانەقین هاتوون، كارێكی تیرۆریستی ئەنجام نەدراوەو خەڵك، رێكخراوە جیهانی و ناوخۆیەكان و حكومەت تا ئەو رادەیە توانایان هەبوو، هاریكاریان كردووە. هەروا لە هەموو شار و ئاواییەكانی كوردستان نزیكەی ملیون و نیوێك ئاوارە و خەڵكی ناوەڕواست و باشووری عیراق هەیە. ئێستا ئەم بڕیارە هەموو رووە ئینسانیەكەمان لە كیس دەدات.
زۆرێك لە ئاوارەكان لەناو ماڵان و هەیكەلەكان دەژین و بە خۆڕایی یان كرێی خانوو دەدەن، منداڵەكانیان لە قوتابخانەكان دەوام دەكەن یان كاردەكەن و هەندێكیشیان مەڕو ماڵاتیان هەیەو ئێستا بەهۆی ماڵوێرانی و نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری نە دەتوانن بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە و نە لە كەمپەكان بژین.
ئایا فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریكا، ئەسپانیا، سوید عەرەب و ئیسلامەكانیان لە وڵاتەكانیان دەركرد كاتی داعش وەحشیگەرییەكانی ئەنجامدەدا؟!
هیوادارم حكومەت لەم بڕیارە پاشگەزببێتەوە، رێگەوشوێنی تر بگرنەبەر و نەڕۆنە ئاستی دیپۆرتكردنی بە كۆمەڵی ئاوارەكان، رووە گەشەكانی هەموو كارە مرۆییەكانمان پوچەڵ ببێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی نامەکەی قایمەقام کلیکی ئێرەبکەن ….
نامە




شەڕی موسڵ و پلانی دووەمی تورکیا لەکەرکوک عومەرمحەمەد

لە ٢٧ی ئابی ئەمساڵدا وتارێکم بەناوی (وانەی جەرابلس و سیناریوی گرتنەوەی موسڵ) لەبەشی بیروڕای ماڵپەری (N.R.T) بڵاوکردەوە، تیایدا پێشبینی ئەوەم کردبوو، لە گرتنەوەی موسڵدا هێزەکانی کورد سنوری بەشداریکردنیان دیاریکراو دەبێت، هەڵبەت ئەوەشم لە وردبوونەوە لە قسەکانی ئەردۆگان وبن عەلی یڵدرم و روداوەکانی دوایی و گرتنی جەربلوس هەڵهێنجابوو.
هەژارییە کە بە گرتنەوەی موسڵ چاوەروانی ئارامی بین، ڕاستە ئەوە پێویستیەکی ئەم قۆناغەیەو هەردەبێ تێپەڕێت، بەڵام ئەنجامی شەرەکە ئارمی و ئاشتی ناهێنێ، بەڵکو هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی شەڕی دی دێنێتە ئاراوە کە لەبەرژەوەندی کورد نابن. رێگری کردن لەگەریلای داعش شکێن، هەروا خواستێکی لە خۆڕایی تورکیا نیە، بەڵکو ئامانج لێی دەربازکردنی داعشە، شەری موسڵ مەترسیدار دەبێ و دوای ئەوە کاڵەک بە ئەژنۆشکاندنی هەندێک لایەنیش دەبینین” چونکە بەشداری گەریلا دەستی تورکیا لە هاوکاری کردنی داعش و دەربازبوونیان بۆ رۆژئاوا کورت دەکاتەوە، جەختکردنەوەی تورکیا بۆئەوەی پەکەکە بەشداری شەری موسڵ نەکات بۆئەوەیە داعش بەشەڕە تەقەیەک دەربازی ڕۆژئاوا بکەن و ئەو هێزە بەربدەنە گیانی یەپەگەو یەپەژە، تورکیاو هاوپەیمانەکانیشی هەرچیان ویست بۆ هاوکاری داعش بیکەن، دەنگۆی ئەوەش هەیە کەوا لە ئێستادا سەربازی تورک لەیەک کاتدا دوو دەست جلی سەربازییان پێیە، یەکێک بۆخۆیان و ئەوی تر بۆ چەکدارانی داعشە کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی تورکیا دەکەن بۆئەوەی بیانشارنەوە.
هەر زوو تورکیا رایگەیاند ئەگەر رێگە نەدەن بەشداری گرتنەوەی موسڵ بکەین ئەوا پلانی دی چیبەجێدەکەین کە بەپلانی (B)ی ناسراوە، هەتا ئێستا رێگە بە تورکیا نەدراوە، بەشداری شەڕی موسڵ بکات، بۆیە دەستی بۆ پلانەکەی برد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو ( رەنگە ویستبێتی هەوڵێک تاقیبکاتەوە بزانێ دەتوانێ بەرەیەکی تری جەنگ بکاتەوە ئەگەر لە کەرکوک سەرکەوتوبونایە و جومگە هەستیارەکانیان بگرتایە ئەوا کەرکوک دەبووە مەیدانی جەنگ و شەری موسڵ دوا دەکەوت) مادام سەرنەکەوت ئێستا دەیەوێت بە کوردەکان بڵێت: دەتوانم لە کەرکوک گێچەڵتان بۆ بنێمەوە، بۆئەوەی هەرهیچ نەبێت بتوانێ بەهۆی مەترسی سەر کەرکوکەوە هەندێک لە گەریلاو هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بکشێنەوە بۆ کەرکوک و بەرەی جەنگی ئازادکردنەوەی موسڵ چۆڵ بکەن، چونکە ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە ئازادکردنی گوندو ناحێکانی دەوروبەری موسڵدا کە لە میانەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژە تیرۆردا بە سەرکردایەتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
لە ئێستا دەتوانین بڵێین هێرشی تورکیا بۆسەر کەرکوک پەیامێکی سیاسی بوو، بەلای کەمەوە ئەوەیە کە ناهێڵێت داعش لەناو بچێت، بۆئەوەی وەک هەرەشەیەک بیانهێڵێتەوەو لە عێراق شەری بۆ بکەن ئەگەر لە موسلیش نەمێنن ئەوا لەشارەکاندا دەتوانن بڵاوببنەوەو هێرشبەرن،کورت و کرمانج ئەوەی لە کەرکوک رویدا هەم پەیامێکی سیاسی بوو، هەم پەلامارێکی سەربازی ئامانجدار بوو، بەڵام تیرۆرستان نەیانتوانی بەو هێزەوە کەرکوک داگیر بکەن، بەڵام توانیان پشێوی بنێنەوەو خەڵک بکوژن، بەداخەوە میدیای کوردی رۆڵێکی خراپیان لە گەورەکردنی تاقمە تیرۆرستیەکەدا گێرا کە هاتبوونە ناوکەرکوکەوە.
تورکیا ئامانجی گەورەتری هەیە، ئامانجی ویلایەتی موسڵ وگەراندنەوەی ئەو ویلایەتەی هەیە بەکەرکوکیشەوە، هەمووان شاهیدی لێدوانەکانی ئه‌ردۆگان و به‌رپرسه‌ باڵاكانی توركیان کە هەڕه‌شه‌ی ئه‌وەیان دە‌كرد ” ‌ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان پێ نه‌درێت به‌شداری گرتنەوەی موصڵ بكه‌ن ، ئه‌وا (پلانی B ) جێبەجێ ده‌كه‌ن ! بێگومان پلانەکەیان گەراندنەوەی ویلایەتی موسڵە بۆسەر تورکیا، ئەوەی کردیان و پلانه‌كه‌یان شكستی خوارد. بەشێکی بچوکی ئەو هەوڵەیە، بەڵام ئەمە دواهەوڵ و دوا پلانی تورکیاو ئەوانی دی بەتایبەتی عەرەبی سوننە مەزهەب نابێت، ئیدی تاکە رێگەی سەنگ وپێگەی کوردی باشور لەم دۆخە مەترسیدارو پڕ لە ئاست تەنگەدا بەخۆداچوونەوەو خۆکۆکردنەوەیە بە ئاقاری یەکگرتوویی، نەک دابەشبوون بەسەر وەهمی سوننەو شیعەدا، رێککەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان . بەلای کەمەوە لە داهاتوودا شەڕ لەگەڵ یەکتری نەکەن، ئەفسوس ئەمە خەونێکەو پێناچێت بێتەدی، چونکە هێشتا ماویەتی پارتە کوردییەکانی باشور پەند لە رابوردوو وەربگرن، ئەمەش لەبەر یەک هۆکاری سەرەکی، کە ئەوان خەونی سەربەخۆییان نیەو دەستەو گروپی جیاوازن و بە دوای کیشەی سیاسی کوردەوە نین، بەڵکو کێشەی ڕەوای کوردیان کردووەتە کارت بۆ بەرژەوەندی حزب وکەسایەتی و بنەماڵەکانیان. بەڵام ئیدی دەبێت سەرکردایەتی حزبەکان لەوە تێبگەن کە ئەم سەردەمە ئاڵۆزو جیاوازترە لە سەدەی رابوردوو. ئەگەرچی مێژوویەکی دورودرێژیشیان لە کڵاولەسەر نان وقۆڵبرین و دەست چزان بەئاگردا هەیەو دەیان جار پشتتێکردنی هێزە ئقلیمی ونێودەوڵەتیەکانیان ئەزموون کردووە، بۆیە هەقە ئیدی پەندێک لە ئەزموونی پێشووتر وەربگرن، شەڕی کوردان جا هی پارتی و پەکەکە بێت یان هەر دوو هێزیکی تر لە دژی یەکتر، ئەگەر بەفیتی تورکیاو ئێرانیش نەبێ دەچێتە خانەی بەرژەوەندی ئەوانەوە، ئەگەر کورد بەقوڵی بیر لە ئایندەی خۆی نەکاتەوە یەکەم زیانلێکەوتوی جەنگەکە دەبێت، بەتایبەتیش لە دوای ئەوەی داعش موسڵ بەجێدەهێڵێت، چونکە زۆر هاوکێشە دەگۆڕێن و هاوکێشەو بەرژەوەندی تر دێنە گۆڕێ، بەتایبەتیش لەنێوان تورکیاو ئەمریکاو ئێران وعێراق و روسیاو سوریادا، ئیدی دۆخەکە تێرامانی قوڵی دەوێ و هەتابڵێی ئاڵۆزەو بۆکورد پڕئاستەنگە. چونکە نە دەوڵەتە ئیقلیمیەکان ونە هێزە هاوپەیمانەکان، باکیان بە زیان و کۆمەڵکوژی کوردان نەبووەو نییە.
ئەوەی لە وتارەکەی دوو مانگ پێش ئێستامدا نووسیومە، تەنها پێش بینی بوو، بەڵام ئێستا واقعێکی تاڵە، ئەوسا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بانگهێشتی تورکیا کرا، سەردانە کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی تورکیاو گرتنی جەربلوس، لەوکاتەدا کەناڵە فەرمییەکانی پارتی و میدیاکانی سەر بەو حزبە وایان بڵاو دەکردەوە کەوا سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا بۆ پرسی دەوڵەتی کوردی و پرۆسەی چارەسەری کوردو تورکیایە ! بەڵام هێشتا بارزانی لە تورکیا بوو کە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ئەوەی ژێربەرەشی خستە سەر بەڕەو شتێکی پێچەوانەی خستەڕوو کە مەبەست لەم سەردان و کۆبونەوە دوو سەعاتیەی بارزانی لەگەڵ ئەرۆدغان بۆ شەڕە .! نەک بۆ ئاشتی .
ئەرێ تورکەکان چ پێویستیان بەدەوڵەتی کوردییە ؟! ئەوان لەکەناڵەکانیانەوە رایانگەیاند کە بە ڕاشکاوی بە مسعود بارزانیان گوتووە لەگرتنەوەی موسڵدا سنوری تۆ دیاری کراوەو نابێت بچیتە ناو موسڵەوە. هەرواش بوو، رایانگەیاندووە بارزانیش وەک ئێمە دژی پەکەکەیەو پێمانگوتووە سنورەکان توندبکات و رێگەنەدات پەکەکە هێز بگەیەنێتە رۆژئاوا (بن علی یلدرم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا گوتی) ئەمەش کارقایمی تورکیایە بۆ شەری داهاتووی رۆژئاوا، ئەردۆگان بەراشکاوی رایدەگەیەنێ (کەوا دژی هەرقەوارەیەکی کوردە) ئێرانیش بەهەمان شێوەو ئەوانی تریش عێراق و سوریا هەروەها دژن، سەیرە ! نەیارانی کورد بەئاشکرا رای خۆیان لە دژی کورد دەڵێن و سەرانی حزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی باشوریش بەئاشکرا دەڵێن تورکیاو ئێران دۆستن ! بۆیە ئەگەر ئەحزابی کوردی ئەو راستیە لەبەرچاو نەگرن کە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دۆست نین، زەرەر دەکەن، بەلای کەمەوە هەتا ئەوکاتە دۆستن کە دژی خواستەکانیان نەبن، دەنا ئەوانە زیاتریان دەوێ بۆنمونە تورکیا هەتا ئەو ئاستەی شەری رۆژئاواو یەپەگەو پەکەکەی بۆ بکات دۆستی پارتیە،ئەمە بۆ یەکێتی و ئێرانیش هەر راستە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە مەگەر داعش وتورکیا خۆیان توانیویانە شەری یەکلایی کەرەوە لەگەڵ پەیەدەو هێزە شەرکەرەکانی بکەن ؟ ئەگەر ئەوان سەرکەوتوو بونایە چ پپێویستیان بە بارزانی دەبوو ؟ ئایا کوردەکان یەکتر بکوژن چ ئازارێک بەئەردۆگان وئێران و سوریا دەگات ؟ بەپێچەوانەوە کورد دەڵێت : چ بابێت چ باران هەر لەبەفر کەم دەبێتەوە.
هەمیشە گریمانەی ئەوە هەیە دەوڵەتە ئیقلیمیەکان لە دژی کورد یەک بگرنەوە، ئەمە خاڵێکی هاوبەش و ستراتیژی مێژوویی نێوانیانە، لەم دۆخەشدا رەنگە یەکێک لە بژاردەکانی تورکیاو ئێران ئەوەبێت کە لەسەر موسڵ وئایندەی عێراق ڕێک بکەون، لە ئێستادا پێشمەرگە بەشێوەیەکی سنوردار بەڵام کاریگەر بەشداری شەڕی موسڵ دەکات و رێگە بەگەریلای پەکەکەش نادەن بەشداری شەڕی موسڵ بکات، هاوکات تورکیاش لە رۆژئاوا رێگەی پێدراوە هێزەکانی پەیەدە بۆردومان بکات، هەندێک سەرچاوە لە زاری ئەمریکیەکانەوە بڵاویان کردەوە کەوا فەرماندە باڵاکانی داعش موسڵیان بەجێهێشتووە، داعشەکانیش هەروا دەکەن ڕیشیان دەتاشن وجل وبەرگیان دەگۆڕن، وەک چۆن لە جەرابلس کردیان دەچنە بن باڵی تورکیا، بەڵام جیاوازی ئەوەیە وەک جەرابلس موسڵ لەبن دەست و هەژموونی داعشدا نامێنێتەوە، خۆ ئەگەر تورکیاو عێراق لەسەر بەشداری تورکیا لەشەری موسڵدا بگەنە ڕێککەوتن ئەوا تورکیاو ئێران دەتوانن سیناریۆیەکی هاوشێوەی جرابلس داڕێژن،هەموو ئاماژەکانیش وا نیشان دەدەن کە تورکیاو عێراق ڕێک دەکەون، بێگومان ئێستا دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا باڵادەستە، بۆیە بەبێ ئۆکەی و بەرژەوەندی ئێران هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیادا ناکەن. دوای رێککەوتنیان موسڵ ڕادەستی عێراق دەکرێتەوەو زۆربەی چەکدارانی داعشیش دەچنە ناو رۆژئاواوەو بەشێکیش وەک مەترسی لەسەر کەرکوک دەهێڵدرێنەوە، ئەمەش نە زەرەری بۆ پەزەکانی تورکیا هەیەو نەبۆ ئێران و نە بۆ سوریاش . بۆ عێراقیش سودی ئەوەی دەبێت کە بەبیانوی بونی تیرۆرەوە بێتەوە کەرکوک سەرباری هەرناکۆکییەکیان ئێران وتورکیا و سوریا لە دژایەتی پرسی کورددا هاوبەش و هاوهەڵوێستن. ئەمەش مێژوویەکی درێژی هەیە. ڕێکەوتنی عێراق و تورکیا و بەشداری کردنی تورکیا لە جەنگی موسڵدا دۆخێک دێنێتە پێشەوە بەگشتی بۆ کورد لە باشورو رۆژئاوا مەترسیدار دەبێت، چونکە لەوەها حاڵیکدا ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکانیش بێ باک دەبن لە و خوێنەی لەکورد دەرژێ لەم جەنگەو ئەوەشی لەدوای گرتنی موسڵدا رودەدەن .

———-

٢١/١٠/٢٠١٦ – سلێمانی




منداڵ‌و جوانی- هونه‌ر‌و نهێنی له‌ ڕۆمانی هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌م دا

(ئه‌ده‌بی منداڵان جێیه‌ك له‌ناو دنیادا ده‌به‌خشێت به‌منداڵ، له‌ناو منداڵیشدا جێیه‌ك ده‌به‌خشێت به‌ دنیا.) (لیگیا بۆین

(شاخه‌وان سدیق)
————————-
ڕه‌نگه‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو دنیای ڕۆشنبیری ئێمه‌دا، ده‌یان‌و سه‌دان جار گوێ بیستی ئه‌وه‌بین كه‌ بۆچی خه‌ڵكی ئێمه‌ ناخوێنێته‌وه‌؟ یان بۆچی خوێنه‌وه‌ نه‌بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ كلتوری ئێمه‌؟ كه‌ بێشك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت‌و دنیایه‌ك هۆكاری خۆی هه‌یه‌، كه‌ به‌بڕوای من سه‌ره‌كی ترین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی خێزانی له‌ قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵیدا. چونكه‌ پێم وابێت په‌روه‌رده‌كردنی منداڵێك به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست دواجار نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا دروست ده‌كات، خوێنه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌وشێوازی په‌روه‌ده‌كردنه‌ ڕۆڵ‌و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ له‌و قۆناغه‌ی ژیانی تاك له‌م ووڵاته‌دا ته‌ندروست‌و ئاسایی نه‌بووه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بینین ئێستا ئه‌م لایه‌نی ژیانمان بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی تیایه‌و بێشك بوه‌ته‌ گرفتێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م ڕاهاتنمان له‌ سه‌رخوێنه‌وه‌و بووه‌ته‌ هۆی دروست بوونی لاوازی چێژ له‌ كه‌سایه‌تی تاكی ئێمه‌دا. چونكه‌ منداڵان له‌ووڵاتی ئێمه‌دا نه‌ك فێرنه‌كراون‌و نه‌یان توانیوه‌ كتێب‌و ئه‌ده‌بی منداڵان بخوێنه‌وه‌، زۆربه‌ی زۆریشیان له‌ خوێندن بێبه‌ش بوون‌و شانسی خوێنده‌واربوونیان له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌ر وه‌ك (هیوا قادر) وه‌رگێڕی ئه‌م كاره‌ له‌ پێشه‌كی ئه‌م نۆڤلێته‌دا ده‌ڵێت” منداڵ له‌ ئه‌ده‌بی مۆدێرنی كوردیدا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی نه‌زان‌و بچكۆله‌ ته‌ماشا كراوه‌، بونه‌وه‌رێك كه‌ هه‌قی هه‌ڵبژاردنی نیه‌و هه‌میشه‌ش ده‌بێت گوێ‌ ڕایه‌ڵبیت له‌ به‌رده‌م وه‌زع ونه‌سیحه‌تی ئه‌وئه‌ده‌به‌ی كه‌وه‌ك كاریگه‌رییه‌ك كاری كردوه‌ بۆ زوو گه‌وره‌كردنی منداڵان، وه‌ بێگومان وه‌ك ده‌بینین له‌ ئێستادا چۆن ئه‌م هۆكاره‌ گاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ڕه‌نگی له‌ ئاستی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا داوه‌ته‌وه‌”. ڕه‌نگه‌ به‌ شێكی كه‌ی هۆكاری ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ دنیایی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا كه‌متربایه‌خ به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان دراوه‌‌و له‌‌و بواره‌دا كه‌متر تێكست‌و ده‌ق بۆ دنیای منداڵ نوسراو وه‌رگێڕاوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی كه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بینی هه‌موو ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی منداڵی یان مێرد منداڵی‌و نه‌وجوانیدا به‌هۆی كه‌ سێكی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ شانسی ده‌ستكه‌وتنی كتێبیان هه‌بوه‌وه‌ خوێندویانه‌ته‌وه‌ به‌ناچاری ئه‌ده‌بی گه‌وره‌كان بووه‌‌و هه‌موو كتێبه‌ گشتیه‌كانیان خوێندوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هاوكێشه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه‌مان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان هاوسه‌نگ بكه‌ین‌و كلتوری خوێنه‌وه‌ دروستكه‌ین، ده‌بێت بگه‌ڕینه‌وه‌ لای منداڵان‌و ئاوڕێك له‌م به‌شه‌گرنگه‌ی ناو ئه‌ده‌ب بده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان ناسراوه‌. چونكه‌ ئه‌ده‌ب له‌ ڕێگای فه‌نتازیاوه‌ زیاتر كار له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و دنیابینی منداڵ ده‌كات‌و زیاتر خه‌یاڵیان فراوانتر ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ ئاینده‌دا خوێنه‌رێكی جدی‌و پڕچێژی به‌ئاگا دروست بكات، چونكه‌ ئه‌ده‌بی منداڵان خاوه‌ن تایبه‌ت مه‌ندێتی خۆیه‌تی هه‌م له‌ ڕووی جیهانه‌ ساده‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌م له‌ ڕووی فراوانی خه‌یاڵ و فه‌نتازیا تێیدا له‌ ڕێگه‌ی گه‌یاندنی جوانی ئیستاتیكی به‌رامبه‌ر به‌ ژیان‌و دنیابینی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناویدا ده‌گوزه‌رێت. هه‌روه‌ك چۆن بێكه‌س له‌ شیعرێكیدا كه‌ بۆ منداڵانی نوسیوه‌و له‌ ڕێگای زمانێكی ساده‌وه‌ باس له‌ هاتن‌و گرنگی فڕۆكه‌ ئه‌كات‌و ئاشنای ده‌كات به‌منداڵان ‌وده‌ڵێت”
شتێكی بێخوێن‌و گیان ئه‌فڕێت ئه‌چێته‌ ئاسمان
ناویان ناوه‌ ته‌یاره‌ زۆر مه‌حكه‌م و به‌كاره‌
له‌ شه‌ڕا موسیبه‌ته‌ له‌ ئاشتیا نیعمه‌ته‌
له‌ سایه‌ی عیلمه‌ت‌و فه‌ن شتی وا دروست ده‌كه‌ن
لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت باس له‌ و هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌ به‌كه‌م كه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ لێره‌و له‌وێ‌ خه‌م خۆرانی ئه‌م بواره‌ داویانه‌ به‌ نوسین‌و وه‌رگێڕانی چه‌ندین چیرۆك‌و شیعرو بابه‌تی منداڵان له‌ ڕێگای ده‌ركردنی چه‌ندین كتێب‌و گۆڤاری تایبه‌ت به‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ی ناو ئه‌ده‌ب، یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ش وه‌رگێڕانی كتێبی (هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌م)ی نوسه‌ری به‌ڕازیلی (لینگا بۆینگه‌)یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نوسه‌رو وه‌رگێڕی به‌توانا (هیوا قادره‌)وه‌ له‌ سویدییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی، كه‌ نۆڤلێتێكه‌ به‌قه‌باره‌ی (77) لاپه‌ڕه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌ كوردییه‌كه‌یدا. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌ سه‌ربه‌ كلتوری واقیعی سیحری ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتینه‌. شێوازی نوسینه‌كانی واله‌ خوێنه‌رده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كانیدا بڕوات‌و ببێته‌ به‌شێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانی. ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ زمانێكی ساده‌و به‌ ده‌ربڕینێكی قوڵ كاری تیاكراوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ بۆ منداڵێك‌و گه‌وره‌یه‌كیش خوێنه‌وه‌ی ئاسان بێت. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان ئه‌ژمارد كراوه‌و له‌ ساڵی (2004) نوسه‌ره‌كه‌ی خه‌ڵاتی (ئه‌سترید لینگرێت) پێبه‌خشراوه‌، كه‌ خه‌ڵاتێكی سویدیه‌‌و تایبه‌ت به‌ نوسینه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵان‌و مێردمنداڵاندا كه‌ گه‌وره‌ترین خه‌ڵاته‌ له‌ جیهاندا‌و خه‌ڵاته‌كه‌ بڕی( پێنج ملیۆن كرۆنی سویدیه‌، كه‌ نزیكه‌ی 655هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كات). هه‌رچه‌نده‌ نوسه‌ر خۆی له‌ چاوپێكه‌وتنیكدا ده‌ڵێت ” من خۆم وه‌ك كه‌سێك ده‌بینم كه‌ زۆر شه‌یداو عاشقی ئه‌ده‌بی منداڵانم. به‌ڵام من بۆ كه‌سێكی تایبه‌ت یان بۆ ته‌مه‌نێكی تایبه‌ت نانووسم كه‌ ته‌مه‌نی ده‌ساڵ یان سی ساڵ یان چل ساڵبێت بۆ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانم بخوێنێته‌وه‌، خوێنه‌ره‌كانی من له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ته‌مه‌ندان”. نوڤلیتی هاوڕێی نیگاركێشه‌كه‌م یه‌كێكه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خوێنه‌وه‌یدا ڕوبه‌ڕووی چه‌ندین پرسیاری ساده‌، به‌ڵام گرنگ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌شێت به‌شێك بێت له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موومان. سه‌ره‌تا چیرۆكه‌كانی ئه‌م كاره‌ له‌ ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و له‌ یه‌كه‌م دێڕی ده‌سپێكه‌كه‌دا ڕوبه‌ڕوی ئه‌و پرسیاره‌ت ده‌كاته‌وه‌. كه‌ ئایا هه‌رگیز تۆ سه‌یری ڕه‌نگه‌كانی چوارده‌ورته‌كه‌ی؟ ئه‌ی ئه‌م ڕه‌نگانه‌ هیچ شتێك له‌ كه‌سایه‌تی تۆ داده‌گۆڕن؟ له‌ كاتێكا له‌ تیۆری ده‌رون ناسیدا ڕه‌نگ په‌یوه‌ندیه‌كی گرنگی به‌ ئاستی مه‌زاجی ئینسانه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ندێك جار ده‌توانرێت كه‌سایه‌تی مرۆڤ له‌ ڕه‌نگه‌كانی به‌ری‌و چوارده‌وره‌كه‌یه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌كان بۆخۆیان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندین‌و هه‌ریه‌كه‌یان ئامڕزو خوێنه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ك له‌ چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ڵێت” هاوڕێكه‌م پێی ووتم بێگومان تازیاتر بچیته‌ ناوڕه‌نگه‌كانه‌وه‌ زیاتری لێوه‌ به‌ده‌ست دێنیت” به‌گشتی ئه‌م كاره‌ له‌ واتا ساده‌كه‌یدا ئاشنابوونی خوێنه‌ره‌ به‌ نهێنی چه‌ند ڕه‌نگێك كه‌ بۆ كه‌سی پاڵه‌وانی ناو چیرۆكه‌كه‌ واتاو مه‌غزای گرنگیان هه‌یه‌، چیرۆكه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ هاوڕێه‌تی دوو كه‌س كه‌ یه‌كێكیان كه‌سی ڕاوی چیرۆكه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌خوێنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندی خۆی‌و هاوڕێ‌ نیگاركێشه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ جیاوازییه‌كی زۆری ته‌مه‌ن له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. لێره‌دا به‌بڕوای من نوسه‌ر مه‌به‌ستێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌ نێوان ئه‌م دوو كه‌سه‌ جیاوازه‌دا‌و به‌كارهێنانی هونه‌ر، به‌تایبه‌ت هونه‌ری وێنه‌كێشان وه‌ك ئامڕزێك بۆ گرێدان‌و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو كه‌ سایه‌تیه‌ ئه‌ویش ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات وه‌ك دوو ته‌واوكه‌ری گرنگ‌وبڕیارده‌ر له‌ ژیانی تاك دا. نوسه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگای دنیای منداڵانه‌وه‌ جه‌ده‌لێك له‌ نێوان توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌كات. به‌وپێیه‌ی نوسه‌ر له‌ ووڵاتێكدا ژیاوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پڕبوه‌ له‌ توندوتیژی‌و ژاوه‌ژاو تاڕاده‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ناڵاندویانه‌. نوسه‌ر له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ده‌ست سانسۆر كردن ڕزگاریان بوه‌ ده‌ڵێت” ئاخر كه‌س بڕواناكات له‌ چیرۆكی منداڵاندا من باسی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان بكه‌م، كتێبه‌كانی من له‌ سانسۆر ڕزگاریان ده‌بێت، چونكه‌ جه‌نراڵه‌كان كتێبی مناڵان ناخوێنه‌وه‌. به‌شێكی گه‌وره‌ی كاركردنی نوسه‌ر له‌م كاره‌یدا برتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌ویش له‌ ڕێگای (كلاودیۆ) پاڵه‌وان‌و گێڕه‌ڕه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ نیگاركێشه‌كه‌یدا ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(24) به‌زمانێكی زۆر ساده‌ یاده‌وه‌ریه‌كی قوڵ ده‌گێڕێته‌وه‌ كاتێك منداڵه‌كه‌ دوای مه‌رگی هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌ی پاكه‌تێكی له‌ ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی هاوڕێكه‌یه‌وه‌ كه‌ ناوی(كلاریس)ه‌ به‌ده‌ست ده‌گات‌و له‌سه‌ری نوسراوه‌” بۆ ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ تاوڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرد” كه‌ ئه‌ویش مه‌به‌ستێكی تری نوسه‌ره‌ له‌ فراوانكردنی خه‌یاڵی خوێنه‌ره‌ مناڵه‌كانی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌. چونكه‌ وه‌ك به‌ختیار علی ده‌ڵێت” ئه‌ده‌ب ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه‌ كه‌ تیایدا یاده‌وه‌ری شه‌خسی‌و یاده‌وه‌ری ده‌سته‌ جه‌معی له‌ هه‌ر شوێنێكی تر زیاترله‌ یه‌ك نزیك ده‌بنه‌وه‌، یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات، ئه‌ده‌بیش هێنده‌ یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات”. نوسه‌ر له‌م كاره‌ره‌دا هه‌وڵێكی زۆری داوه‌ كلتوری پرسیار دروست بكات، به‌تایبه‌ت لای منداڵان كه‌ له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كاندا ئه‌م مافه‌یان لێئه‌سه‌نرێته‌وه‌. هه‌میشه‌ وایان فێرده‌كرێت كه‌ پرسیاركردن ده‌رباره‌ی زۆر شت كاری ئه‌وان نیه‌. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(32) ئه‌م نۆڤلێته‌دا كاتێك (كلاودیۆ) منداڵی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌باره‌ی مه‌رگی هاوڕێكه‌ی بپرسێت دایكی زوو وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه‌و پێی ده‌ڵێت” بۆت نیه‌ ئیتر له‌وه‌ زیاتر بیرله‌مه‌ بكه‌یته‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نی تۆدا بیر له‌ ژیان ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ك مردن. خۆتۆ هاوڕێی تریشت هه‌یه‌….” ئه‌م چیرۆكه‌ چه‌نده‌ شاكارێكی ئه‌ده‌بیه‌ ئه‌وه‌نده‌ یاساو ڕێنماییه‌. به‌تایبه‌ت بۆ خوێنه‌ره‌ منداڵه‌كان كه‌ مه‌به‌ستێكی گرنگی نوسه‌رن، ئه‌ویش له‌ ڕێگای پرسیاره‌ جدییه‌كانیه‌وه‌، پرسیار گه‌لێك ده‌رباره‌ی ( خه‌ون، هاوڕێیه‌تی، هونه‌ر، عه‌شق، مردن) هه‌روه‌ك چۆن له‌ لاپه‌ڕه‌(51)دا منداڵه‌كه‌ ده‌ڵێت” هه‌ندێك ڕۆژ هه‌یه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌‌و ده‌ڵێم تۆ بڵێیت بتوانم زیاد له‌ یه‌ك هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌م هه‌بێت” هێڵی گشتی ئه‌م نۆڤلێته‌ كركردنه‌ له‌ سه‌ر زه‌مه‌ن به‌و پێیه‌ی نوسه‌ر ڕوداوه‌كان دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر ڕۆژه‌كانی دوو هه‌فته‌دا‌و بڕێكیش خێرا ڕووداوه‌كان تێده‌په‌ڕن. ئه‌وه‌ش له‌م كاره‌دا كه‌ زۆر سه‌رنجی منی ڕاكێشاو نوسه‌ر وه‌ك نهێنی ناو چیرۆكه‌كه‌ به‌كاری هێناوه‌ بوونی (زه‌نگی كات ژمێری) هاوڕی َنیگاركێشه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ركاتێك ئه‌م زه‌نگه‌ لێده‌دات منداڵه‌كه‌ هه‌ست به‌ بوونی هاوڕێ‌ كه‌ی ده‌كات. ئه‌م چیرۆكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕامانده‌كێشێته‌ ناو دنیایه‌كی پڕله‌ جه‌نجاڵ‌و پڕكێشه‌، له‌ دواجاریشدا له‌گه‌ڵ دنیایه‌ك له‌ پرسیاردا جێمان ده‌هێڵێت هه‌روه‌ك له‌ كۆتای چیرۆكه‌كه‌دا له‌ زمانی (كلاودیۆ)وه‌ پێمان ده‌ڵێت” من پێم وایه‌ له‌ ئێستاوه‌ ده‌توانم به‌رده‌وام هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌م خوشبوێت كه‌ له‌پڕقوتده‌بنه‌وه‌، تا له‌ كۆتایدا بتوانم یه‌ك به‌یه‌ك له‌ هه‌موویان بگه‌م. به‌گشتی ئه‌م شاكاره‌ ده‌كرێت زیاد له‌ جارێك بخوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌ بوونی زمانه‌ ساده‌كه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌دا زاڵ بوون‌و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای چه‌ندین نهێنیه‌‌و كردنه‌وه‌ی گرێی چه‌ندین كێشه‌شه‌ كه‌ ده‌شێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پرسیاری هه‌موومان بووبێت بۆیه‌ له‌ دواجاردا (لینگا بوینگا)ی نوسه‌ری ئه‌م شاكاره‌ ده‌ڵێت ” من هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا قسه‌ ده‌كه‌م، به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌و ئینسانانه‌ قسه‌ده‌كه‌م كه‌ ده‌یان خوڵقێنم، ئه‌مه‌ شتێكی نا ئاساییه‌!!! كاتێك كه‌ مناڵبووم به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ خۆم قسه‌م ده‌كرد، خه‌ڵكی ده‌یان ووت: گوێی لێمه‌گرن منداڵه‌:، ئێستاش خه‌ڵكی به‌هه‌مان شێوه‌ی جاران ده‌ڵێن گوێی لێمه‌گرن پیربووه‌:!! به‌ڵام نووسین سیحره‌، من هه‌رگیز تائێستا نازانم كاتێك كه‌ ده‌نوسم من كێم.

Shaxi83@yahoo.com
www.facebook.com/shaxi.shafiq




زۆربڵێیه‌كان … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌مڕۆ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا خه‌ڵك هه‌موو هه‌ر قسه‌ ده‌كا، كردار كه‌مه‌. تۆ ته‌ماشای زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانمان بكه‌، ڕۆژانه‌ چ زۆربڵێیی و زۆڕه‌وییه‌ك به‌رپا ده‌كه‌ن! قسه‌كردنی زۆر بۆته‌ به‌دیلی كرده‌وه‌ و كردار (ته‌نانه‌ت كرده‌وه‌ و كرداری كه‌میش).
هه‌مووان بوونه‌ته‌ گوتاربێژ و وه‌عزده‌ر و ئامۆژگاریكه‌ر؛ كه‌واته‌ نازانین خراپه‌كان كێن، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌بێ ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێ و كه‌م و كوڕییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانیان به‌ده‌ر بخرێن؟ ئه‌دی باشه‌ ئه‌وان له‌ كوێ خۆیان شاردۆته‌وه‌؟ ناودژه‌ (موفاره‌قه‌) سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ زۆربه‌ی خراپ و گه‌نده‌ڵكار و درۆزنه‌كان بوونه‌ته‌ وه‌عزده‌ر و ئامۆژگاركه‌ری هه‌موو میلله‌ت و خۆیان به‌ بێ تاوان و گوناه نیشان ده‌ده‌ن: ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌شێكن له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام دێن له‌ پشت په‌رده‌ی وه‌عز و درۆ خۆیان ده‌شارنه‌وه‌ و ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر شاشه‌كان به‌ شیكپۆشیه‌وه‌ خۆیان ڕاده‌نوێنن و خۆیان نماییش ده‌كه‌ن (ئه‌مانه‌ ده‌ججاله‌ زۆربڵێیه‌كانن، كه‌ ده‌نگیان له‌ تێریه‌وه‌ دێ و هه‌رگیز هه‌ست به‌ ئازاری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك ناكه‌ن)؛ ئه‌مانه‌ زۆربه‌یان پیاوی زه‌لیلی ده‌سه‌ڵاتن و له‌ناو به‌رگی دووڕووییدا خۆیان شاردۆته‌وه‌ و ده‌شیانه‌وێ به‌ ئێمه‌ بڵێن: ئێمه‌ خه‌مخۆری ئێوه‌ین.

ئه‌مانه‌ ئه‌و هه‌لپه‌رسته‌ هیچ و پووچانه‌ن، كه‌ موزایه‌ده‌ به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ كوڕی شه‌رعی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵن و ده‌سه‌ڵاتیش باوكێكی شه‌رعی دڵسۆزی ئه‌وانه‌. ئه‌مانه‌ ڕۆژانه‌ ژه‌هری درۆ ده‌ڕێژن، ده‌یانه‌وێ ئێمه‌ش باوه‌ڕیان پێ بكه‌ین. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئێمه‌ به‌ هه‌موو سته‌مێكی ده‌سه‌ڵات ڕازی بین، تا ته‌نها خۆیان له‌م نێوه‌دا سوودمه‌ند بن (چونكه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ به‌رگریی له‌ سته‌می ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن)؛ هه‌ر بۆیه‌ش له‌ هه‌موو شوێنێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ژه‌هری درۆ ده‌ڕێژن.

ناوه‌ ناوه‌ش ده‌بینین هه‌ندێك له‌و زۆربڵێ و زۆڕه‌وانه‌ سه‌نگه‌ری خۆیان – بۆ ده‌ستكه‌وتی ماددی ناشه‌رعی زیاتر – له‌م لایه‌ن بۆ ئه‌و لایه‌نی ده‌سه‌ڵات ده‌گوازنه‌وه‌. هه‌ندێك له‌مانه‌ به‌ناو ڕۆشنبیری (ڕۆژنامه‌ڤان و میدیاكاری) كوشنده‌ن: تاكه‌ وه‌زیفه‌یه‌كیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێ، به‌رگریی له‌ تاوانه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن. وه‌ك تووتی ڕۆژ تا ئێواره‌ چه‌ند درۆیه‌ك ده‌جوون و ده‌ڵێنه‌وه‌ و دڵی به‌رپرسانی خۆیانیانی پێ خۆش ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ هه‌موو شتێكدا ڕای گشتی فریو بده‌ن…

ئه‌مانه‌ بڕیاریان داوه‌ ته‌نها له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا، ته‌نها درۆ و ده‌ڵه‌سه‌ و قسه‌ی باق و بریق بكه‌ن و خۆیان بكه‌نه‌ كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵات و زه‌لیلی حزب و ده‌ستی به‌رپرسانیان: ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ش مرۆڤی زه‌لیلی وای ده‌وێ، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌ی ئه‌م زه‌لیلانه ئه‌مڕۆ‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر بووینه‌.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ …55 …..كه‌ریم كاكه‌

55….

دنیا له‌ سه‌ر كاولبوونه‌، له‌ لێوار له‌ناوچوونه‌، ده‌ستوبردی لێده‌كه‌م، هه‌ندێ بزگوڕی یاده‌وه‌ریم قوتارده‌كه‌م، نامه‌ی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ و هه‌ندێ بزگوڕیدی، كوڕێكی قۆز هه‌یه‌، پرچی له‌ بن تیشكێ رۆژێ بریسكه‌ی دێ، به‌ گۆته‌ی گۆتیاران به‌ رۆنی تایبه‌ت چه‌وری ده‌كات، ئه‌و كوڕه‌ ماڵیان له‌ كۆڵانی پێنجه‌مه‌، له‌ رێزی ماڵی ده‌روێش خه‌جیجه‌، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ كوشته‌ی كچێكه‌، ماڵیان له‌ كۆڵانی پشت ماڵی كه‌ویاره‌، كوڕه‌ له‌ خوێنده‌واری هێ له‌ بێ ده‌رناكات، كه‌چی هه‌میشه‌ په‌ندانێكی جوانیشی له‌ سه‌ر به‌ڕكه‌، لێ كچه‌ وا دیاره‌ خوێنده‌واره‌، كوڕه‌ به‌ كاخه‌ز و په‌ندانه‌وه‌ دێت و ده‌ڵێ:
+ تۆ ده‌زانی كاخه‌ز بنووسی؟
– ده‌زانم
+ باش ده‌زانی؟
– ده‌زانم هه‌موو شته‌ك بنووسم.
+ ده‌ی بنووسه‌، به‌ڵام به‌ كه‌س مه‌ڵێ چیم نووسیوه‌.
نووسیم، به‌ په‌ندان نووسیم، پیت له‌ خۆی پتر كشا، وشه‌ خشا، رسته‌ خۆی نه‌گرته‌وه‌، یه‌كه‌م جارمه‌ به‌ په‌ندان بنووسم، تا ئه‌و ساته‌ هه‌ر به‌ پێنووسی دار نووسیبووم، نه‌ به‌ وشك نه‌ به‌ ته‌ڕ نه‌منووسیبوو، گۆتمه‌ كوڕی قۆز:
من نازانم به‌و قه‌ڵه‌مه‌ی تۆ بنووسم، هی خۆم دێنم..
هێنام، نووسیم، لاپه‌ڕه‌ و شتێكم بۆی نووسی، لێ ئێستێ ته‌نێ رسته‌یه‌كم له‌بیره‌(( دایكی حه‌فت كوڕانیش بیت هه‌ر به‌ ته‌ماتم))..
كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ درهه‌مێكی ده‌رهێنا، چه‌ندی كردی لێم وه‌رنه‌گرت، رۆیی، رۆژی دوایی هاته‌وه‌:
+ تۆ ده‌زانی كاخه‌ز بخوێنیه‌وه‌؟
– ئا، ده‌زانم هه‌موو شت بخوێنمه‌وه‌.
+ ئێ، وام زانی ته‌نها ده‌زانی بنووسی، ده‌ی ئه‌و كاخه‌زه‌م بۆ بخوێنه‌وه‌.
نامه‌یه‌كی دوو لاپه‌ڕه‌یی دا ده‌ستم، به‌ جارێك و دوو تێنه‌گه‌یشت، من واتێگه‌یشتم تێناگات، بۆیه‌ هێنده‌ پێم دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، شه‌ش حه‌فت جار بۆیم خوێنده‌وه‌، دوایی زۆر دره‌نگ تێگه‌یشتم چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌، له‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌یه‌ نه‌ك تێنه‌گه‌یشتن، یه‌ك دوو رسته‌ی نامه‌ی كچه‌كه‌م له‌ یاده‌ (( یان بۆ تۆ ده‌بم، یان بۆ گڵ، بابی حه‌فت كوڕانیش بیت هه‌ر به‌ ته‌ماتم..))
كوڕه‌ دوای تێكچوونی دنیا تێداچوو، هه‌واڵی مه‌رگیم له‌ رادیۆوه‌ بیست، دوای ئه‌و هه‌واڵه‌ تاڵه‌، هه‌واڵێكی تاڵ له‌ كۆڵانی كچه‌وه‌ به‌ گه‌ڕه‌ك بڵابۆوه‌:
كچه‌كه‌ی مام… شێت بووه‌.
وا بزانم ته‌نێ من هۆی شێتبوونه‌كه‌یم ده‌زانی، كچه‌ به‌ كۆڵانێ كه‌وت، له‌ پڕ بزربوون، دواتر بیستمه‌وه‌ به‌ شێتی بن ترومبێل ده‌كه‌وێت، نه‌مزانی چ گۆڕستانێكی به‌ركه‌وت..
شاییه‌ك هه‌یه‌ هه‌ر ده‌بێت بیگێڕمه‌وه‌، ئاخر ئه‌و كچه‌ی بۆ كوڕه‌ شێت بوو، ره‌نگه‌ هه‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ كوڕه‌ش خۆی خستبێته‌ بن تایه‌ی ترومبێله‌وه‌، ده‌زانی له‌و شاییه‌ چ شاییه‌كی كرد، ئێستاش له‌رینه‌وه‌ی سینگ و به‌رۆكی له‌ نیگامه‌ كه‌ هه‌ینێ له‌ جوانییه‌كی ساده‌ی منداڵانه‌ چ جوانیه‌كیدیم له‌و له‌رینه‌وه‌یه‌ نه‌دی، ئێ، له‌ سه‌ره‌وه‌ی حه‌سار، له‌و گۆڕاییه‌ی ته‌نیشت ماڵی عه‌باس، ئه‌و عه‌باسه‌ی حكومه‌ت هه‌موو ددانه‌كانی ده‌رهێنابوو- له‌ بیرنه‌كه‌م، سه‌رهاتی عه‌باس دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌- له‌وێ له‌و گۆڕاییه‌ گه‌وره‌یه‌ شاییه‌كه‌ نه‌ سه‌ری دیاره‌ نه‌ بنی، به‌لاشاوه‌ شایی وا گه‌وره‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، دیاره‌ له‌ دوای یازده‌ی ئازاره‌وه‌ یان ئه‌و رۆژه‌ی دنیای به‌ باری خۆشیدا هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ تا رۆژی كاولبوونی دنیا، به‌لاشاوه‌ چه‌ند زه‌ماوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌، زۆر جار مام دێوانه‌ به‌ زوڕناكه‌ی هه‌موو گه‌ڕه‌كی هه‌ڵپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام هیچیان له‌ یاده‌وه‌ریی من وه‌ك ئه‌وه‌یان به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ خۆ نیشانناده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌تا كوڕه‌ ره‌شتاره‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كۆڵانی دۆمان منی ئاشنای ده‌ف كرد، ئه‌و كوڕه‌ی ده‌نگێكی هه‌یه‌ له‌ گوێی من بارانییه‌، له‌گه‌ڵ كوڕێكی سووركه‌ڵه‌، وه‌ك ده‌ڵێن چاوی نابینێ، له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌و دووه‌ به‌ دوو قۆڵی شاییان گه‌رم كردووه‌، ئه‌و هه‌ولێری و كه‌ركووكیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن نایڵێنه‌وه‌، له‌وان گه‌ڕێ، با ته‌ماشای كچه‌كه‌ بكه‌ین، وه‌ی وه‌ی چ شاییه‌ك ده‌كات، له‌ هه‌موو كچان، له‌ هه‌موو ژنان جوانتر خۆی دێنێ و ده‌با و باده‌دات ، باشه‌ من به‌و منداڵیه‌ به‌ چی شاییی جوان له‌ نا جوان جیاده‌كه‌مه‌وه‌! نازانم، له‌ره‌ی سینگ و به‌رۆكی له‌ نیگام ناچێته‌وه‌، ئه‌وه‌شم له‌بیرناچێته‌وه‌، منداڵ له‌ پشته‌وه‌ كه‌لانگوچكی ژنانیان لێكدی گرێ ده‌دا، منیش كه‌لانگوچكی كچه‌كه‌م له‌ هی ژنێك گرێ دا، دیاره‌ پیاوێكیان نێوان بوو، هه‌ینێ هه‌موو شاییه‌كانی به‌لاشاوه‌ ره‌شبه‌ڵه‌ك بوون، كه‌م پیاو هه‌بوو دۆی له‌ ده‌ست نه‌بێ، به‌زمی گرێدانی كه‌لانكوچك درێژه‌ی ده‌بێت، دوایی ده‌چمه‌وه‌ لای، ئه‌رێ كچه‌ له‌ ده‌ستی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ نه‌بوو!
ره‌نگه‌ چیدی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ نه‌بینمه‌وه‌، بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌م پێشتر له‌ كوێم دیوه‌ و چی كردووه‌ به‌ بیری خۆم بهێنمه‌وه‌، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ براده‌ری قادری شۆڕه‌بی بوو، جاری یه‌كه‌م له‌ سه‌ره‌وه‌ی به‌راوی پیری سوارچاكان دیتم، جه‌مه‌دانی نا هه‌وریی به‌ستابوو، له‌ یاده‌وه‌یی من كۆنترین و جوانترین هه‌وریی پیاوان هه‌وریی سه‌ری كوڕه‌ قۆزه‌كه‌یه‌، رانكوچۆخه‌یه‌كی خاكی له‌ به‌ر بوو، پشتێنێكی قه‌فقه‌فیی وه‌ك پشتێنی بابم، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌ بوو، به‌ڵام نازانم بۆ چه‌ك و ره‌ختی شانی خۆی نیشانی نیگام ناداته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌بیرناچێته‌وه‌ كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ی نزیك كۆله‌، كۆلی ئاوێ، جوان دێـته‌وه‌بیرم، له‌بیرناچێته‌وه‌، سیمای كۆلی ئاوی بزنان و حریته‌ی كچان و ده‌نگ و ره‌نگی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ له‌بیرناچنه‌وه‌..
له‌ خوار بیره‌كه‌ ئه‌و بیره‌ی دۆتمامه‌كه‌ی منی شێت كرد، له‌ بن داربیه‌كان ئه‌و داربیانه‌ی ره‌گیان نازانم له‌ كوێی عه‌ردێ و چڵه‌پۆپه‌یان له‌ هه‌ورێیه‌، له‌وێ كۆلی ئاوێ هه‌بوو، چه‌ند كۆلێ به‌ دوای یه‌كه‌وه‌ بزنه‌گه‌لیان لێ ئاوده‌دا، درێژیی هه‌ر كۆلێ به‌ژن و نیوێكی سێبه‌ری كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ ده‌بوو، سێبه‌ری ئه‌و ساته‌ی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌م له‌ خه‌یاڵ ماوه‌، نازانم له‌ چ كاتی رۆژ بوو، لێ ده‌زانم سێبه‌ره‌كه‌ كۆلێ كورتتر له‌ نیو كۆلیش درێژتر بوو، به‌رینی كۆل هه‌ر هێنده‌ی كالانی خه‌نجه‌ره‌كه‌ی پیری سوارچاكان ده‌بوو، وه‌ی چ كالانێكی جوانی هه‌بوو، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ ده‌یگوت:
كالانێك ده‌ بڕنۆی پێبده‌ی قازانجته‌
قووڵایی كۆل هه‌ر بستێ ده‌بوو، كۆله‌كانیان به‌ بڵندایی به‌ژنی بزن كه‌مێك نزمتر له‌ سه‌ر كۆلكه‌ دار دانابوو، ده‌بێت بڵێم ئاخوڕه‌كانیشان هه‌ر ئه‌و بڵنداییه‌یان هه‌بوو، واته‌ بزنه‌گه‌ل به‌ پێوه‌ ئاو و ئالیكیان ده‌خوارد و پێویستی نه‌ده‌كرد خۆ بچه‌مێننه‌وه‌، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ ده‌یگوت:
له‌ دختۆرێكم بیستووه‌: مرۆڤ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ی بزن نان بخوات، له‌ بزنه‌وه‌ فێربێت..
منیش له‌ كۆلی بزنان ئاوم خوارده‌وه‌، كوڕی سابیری ده‌ستاڕ له‌ من باخۆشتر بوو، یارمه‌تیدام له‌ ئاو خواردنه‌وه‌، زانی من كێشه‌م له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی زاركی كونده‌ هه‌یه‌، زانی له‌ كاتی چۆك دادانه‌وه‌ش بۆ كانی جاروبار ده‌ستم له‌ سه‌ر به‌رد ده‌ترازێ و ده‌واوده‌و ده‌كه‌ومه‌ ناو ئاوێ، تێیگه‌یاندم باشترین جێ بۆ ئاو خواردنه‌وه‌ كۆلی بزنانه‌، یه‌ك دوو جار له‌گه‌ڵ بزنان و له‌ كۆلی بزنان ئاوم خوارده‌وه‌، جارێك دیاره‌ كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ چاوی لێده‌بێ، ئاگام لێبوو ده‌ستێك نه‌رم پشت ملی كراسه‌كه‌می گرت و به‌ ئه‌سپایی سه‌رمی له‌ سه‌ر كۆلی بزنان به‌رزكرده‌وه‌:
+ ئه‌وه‌ چ ده‌كه‌ی كوڕه‌؟!
– ئاو ده‌خۆمه‌وه‌
+تامی خۆشه‌؟
– هه‌نده‌ك بۆنی بزنی لێدێ..
كه‌ زانی فیتی كوڕی ده‌ستاڕه‌، ده‌ستی گرت و پێیگوت:
خوات به‌ قوربانی …. بكات، ده‌نا شه‌رتبێ میزی بزنم ده‌رخوارد ده‌دایت..
كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ تێیگه‌یاندم كه‌ ئاوی كۆل پیسه‌ و نابێت بیخۆیته‌وه‌ و ده‌ستتی پێبشۆیت، رووی له‌ كوڕه‌ كرد:
باشه‌ ئه‌گه‌ر خاوێنه‌، وه‌ره‌ خۆت بیخۆوه‌.
به‌راست ئه‌و كوڕه‌ له‌و ئاوه‌ی نه‌ده‌خوارده‌وه‌، ئه‌دی جاری یه‌كه‌م سه‌ری به‌ سه‌ر كۆله‌كه‌دا نه‌گرت و نه‌یگوت:
ئه‌ها، وه‌ك من بخۆوه‌..
تێگه‌یشتم خۆی نه‌یخواردبۆوه‌، فێلی له‌ من كردبوو..
كوڕی سابیری ده‌ستاڕ ویستی فێڵی حه‌ولوای سه‌ر پنچكانیشم لێبكات، له‌وێش هه‌ر كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ فریام كه‌وت، كوڕی ده‌ستاڕ گوتی:
حه‌لوایه‌ك هه‌یه‌، ناوی حه‌لوای سه‌ر پنچكانه‌، حه‌لوایه‌كه‌ زۆر خۆشتر له‌و حه‌لوایه‌ی له‌ ناو ته‌نه‌كه‌ی ناو تێڕكه‌كه‌ی قه‌ره‌نی به‌قاڵه‌
گوتم:
له‌ حه‌لوای ناو قه‌یسه‌ریش خۆشتر؟
گوتی:
خۆشتر، با بچین، ئه‌و حه‌لوایه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر پنچكان هه‌یه‌، بیبینه‌ و بیخۆی
رۆیشتین، به‌ره‌و لای كانی ژنان رۆیشتین، پنچك پنچك له‌ دووی حه‌لوای سه‌ر پنچكان ده‌گه‌ڕاین، دیتمانه‌وه‌، له‌ سه‌ر پنچكێ كه‌مێك حه‌لوامان دیته‌وه‌، شێوه‌ی حه‌لوا لووله‌یی بوو، هه‌ر هێنده‌ی ئه‌و پارووه‌ نانه‌ ئه‌ستوور بوو كه‌ گوڵی كۆساران به‌ ته‌ڕه‌ پیاز بۆی ده‌كردم و به‌ دۆوه‌ ده‌مخوارد، پارووی باریك، كوڕی ده‌ستاڕ، نیشانی دام و گوتی:
ئه‌وه‌ش حه‌لوای سه‌ر پنچكان، هه‌ڵیگره‌ و بیخۆ
گوتم:
تۆ ناخۆی؟
گوتی:
نا ئه‌وه‌ تۆ بیخۆ، من حه‌لوایدی ده‌بینمه‌وه‌..
حه‌لوام له‌ سه‌ر پنجك هه‌ڵگرته‌وه‌، حه‌ڵوایه‌كی وشك، ره‌نگی جوان نه‌بوو، به‌ڵام دیاره‌ تام به‌ ره‌نگ نیه‌، ده‌مویست بۆ زارمی ببه‌م، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ له‌ سه‌ر سه‌رم په‌یدابوو، گوتی:
كوڕه‌، ئه‌و چیه‌ به‌ ده‌ستته‌وه‌؟
گوتم:
حه‌لوای سه‌ر پنچكانه‌
گوتی:
به‌ ته‌مای بیخۆی! هه‌ی گێله‌، زوو فڕێیده‌، ئه‌وه‌ گووی سه‌گه‌، به‌ ته‌مای گووی سه‌ بخۆی؟ زانی ئه‌وه‌ش كوڕی ده‌ستاڕ پێمیكردووه‌، كه‌وته‌ دوای، گوتی:
ده‌ستی خوشكتم شكاوه‌، ده‌نا ده‌زانم چیت لێده‌كم..

نایه‌ته‌وه‌بیرم، حه‌لوای سه‌ر پنچكانم پێش ئاوی كۆلێ به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، یان ئاوی كۆلێم زووتر خوارده‌وه‌، به‌ هه‌رحاڵ به‌ ئاگرێك دوو جار ده‌ستم سووتا، ئاگری كوڕی ده‌ستاڕ، به‌ڵام له‌ ئاگری سێیه‌م خۆم پاراست و تێنه‌كه‌وتم، له‌ خوارێ، له‌ خوارێی به‌راوه‌كه‌ی پیری سوارچاكان، ئه‌و به‌راوه‌ی له‌ كانی پیاوانه‌وه‌ ئاوی بۆ ده‌هات، هێسترێك تۆپیبوو، دالاشی دنیایێ له‌ سه‌ری نیشتبوونه‌وه‌، وابزانم هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ ئه‌و قسه‌یه‌م بیست و ئیدی له‌بیرم نه‌چووه‌وه‌( له‌ هه‌ر شوێنێ داڵاشت دیت ئه‌وه‌ كه‌لاك هه‌یه‌)، ئێ، كه‌له‌شی هێستر كه‌وتبووه‌ نزیك كه‌ندڕێ، كه‌ندڕیش به‌ قه‌لقه‌لاشك داپۆشرابوو، كوڕی ده‌ستاڕ، هاته‌ بن گوێم:
بڕۆ، له‌ بن ئه‌و قه‌لقه‌لاشكانه‌ خۆت بشاره‌وه‌ و پێی دوو داڵاش بگره‌
گوتم:
یه‌كه‌م جار ئه‌تو وا بكه‌، ئه‌من دوایی..
زۆری گوت و نه‌مسه‌لماند، وه‌ڵلا به‌ سه‌ری تو، دیتم، چووه‌ ناو كه‌ندڕێ و خۆی خسته‌ بن قه‌لقه‌لاشكان، ئه‌رێ ئه‌نگۆ ده‌زانن قه‌لقه‌لاشك چیه‌؟ ده‌زانم قسه‌تان له‌ باره‌ی قه‌لقه‌لاشكه‌وه‌ بیستووه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ( قه‌لقه‌لاشك له‌ خۆی به‌ شك) به‌ڵام من له‌ نزیكه‌وه‌ قه‌لقه‌لاشكم دیتووه‌، ئێوه‌ش هه‌وڵده‌ن له‌ نزیكه‌وه‌ بیبینن، تا پتر له‌ شكه‌كه‌ تێبگه‌ن، ئێ، كوڕی ده‌ستاڕ چووه‌ بن قه‌لقه‌لاشكان و خۆی بۆ داڵاشان دانووساند، من له‌ دووره‌وه‌، دوورایی سێبه‌رێكی عه‌سرانیی به‌ژنی خۆم، ئه‌وه‌تا داڵاشه‌كان به‌ دندووكه‌ گه‌وره‌كه‌یان پشك پشك گۆشت له‌ له‌شی كه‌لاكه‌كه‌ ده‌پچڕن و خێرا خێرا قووتیده‌ده‌ن، وه‌ی چه‌ند ده‌ترسم، ده‌مه‌وێ بزیڕێنم و هه‌ڵێم ده‌نگم ده‌رنایه‌، قه‌ده‌مم شكایه‌، ئیدی به‌ دیار ئه‌و دیمه‌نه‌وه‌ ئه‌بله‌ق ماوم دیمه‌نی هێستری تۆپیو و دندووك داپچڕینی داڵاش و كوڕی ده‌ستاڕی بن قه‌لقه‌لاشكان، وه‌ی چیم دیت! به‌ سه‌ری هه‌ر هه‌موومان دیتم، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، كوڕی ده‌ستاڕ پێی به‌ زه‌ویه‌وه‌ نه‌ما، به‌رزبۆوه‌، دوو داڵاش له‌ باڵیاندا و به‌رزیانكرده‌وه‌، كوڕی ده‌ستاڕ ده‌سته‌كانی به‌ پێی دوو داڵاشه‌وه‌، پێیه‌كانی به‌ژنێك به‌ژن و نیوێك پتر، له‌ عه‌رد بڵندبۆته‌وه‌، له‌و ساته‌ سه‌رهاتی (ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی)م بیركه‌وته‌وه‌، كه‌ له‌ زاری خاڵم بیستبووم، به‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهاته‌كه‌، با بزانین كوڕی ده‌ستاڕ له‌ كوێ كه‌وته‌وه‌، له‌و ساته‌، ئه‌و ساته‌ی دوو داڵاش و كوڕی ده‌ستاڕیان بۆ ئاسمان ده‌برد، منیش له‌ سه‌ر زه‌ویه‌وه‌ به‌ حه‌په‌ساوی ته‌ماشامده‌كردن، ده‌نگی كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ هات:
كوڕه‌ زوو پێی یه‌كیان به‌رده‌..
كوڕی ده‌ستاڕ به‌ قسه‌ی كرد، داڵاشێكیان چووه‌ ئاسمان و داڵاشێكیش له‌گه‌ڵ كوڕی ده‌ستاڕ هێواش هێواش به‌ره‌و زه‌وی، به‌ره‌و نیشتنه‌وه‌، پێی گه‌یشته‌وه‌ زه‌وی، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ گوتی:
به‌ریده‌، ئه‌وه‌یش به‌رده‌
به‌ریداو فڕی، كوڕی ده‌ستاڕ، ره‌نگی وه‌ك په‌لكه‌ پیازی لێهاتبوو، پێنه‌ده‌چوو خوێنی تێدامابێ، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ پرسی:
تۆ به‌ مردنی خۆت نامری، كه‌تنی سه‌یر ده‌كه‌یت..
كوڕی ده‌ستاڕ، كه‌تنه‌كه‌ی به‌ مل مندا هێنا، كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ هه‌ر هێنده‌ی گوت:
ده‌ستی خۆش، تۆڵه‌ی سه‌رده‌رێ و به‌ر ده‌رێی لێكردیه‌وه‌..
ده‌ستی منی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام زۆر به‌ خۆم نازیم، زوو زوو ده‌مگوته‌ كوڕی ده‌ستاڕ:
ئه‌وهات لێده‌كه‌م، حه‌لوای سه‌ر پنچكانم ده‌ده‌یتێ!
ئێ، با له‌ زاری خاڵمه‌وه‌ شتێك له‌ سه‌رهاته‌كه‌ بگێڕمه‌وه‌:
((مامتان رۆژیك ویستی به‌ ده‌ردی ئه‌و كوڕه‌م ببات كه‌ داڵاش بردی، ده‌یویست له‌ نزیك كه‌لاكێ خۆم دانووسێنم و پێی دوو داڵاش بگرم و بفڕمه‌ ئاسمان، مامتان گوتی:
فڕین به‌ ئاسماندا زۆر خۆشه‌، من زۆر جار فڕیوم، بڕۆ پێیان بگره‌ و پیاسه‌یه‌ك به‌ ئاسماندا بكه‌، هه‌ر كاتێ ده‌سته‌كانت ماندوو بوون، پێی داڵاشێكیان به‌رده‌، ئه‌ویدی به‌ نه‌رمی ده‌تهێنێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی..
من به‌ قسه‌م نه‌كرد، ئاخر سه‌رهاته‌كه‌م بیستبوو، له‌و به‌ستی شه‌رغه‌یه‌ كوڕێك دووربێ له‌ ئاوزه‌ی تۆ، له‌ نزیك كه‌لاكێ، خۆی له‌ بن قه‌لقه‌لاشكان داده‌نووسێنێ، پێی دوو داڵاش ده‌گرێ، ده‌فڕێ، له‌گه‌ڵ داڵاشان ده‌چێته‌ ئاسمانێ، له‌ بڵندایی زۆره‌وه‌، نازانم داڵاشه‌كان ده‌ندووكی لێده‌ده‌ن، یان خۆی له‌بیرده‌چێ كه‌ نابێت پێی هه‌ردووكیان به‌ردا، ئیدی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێته‌ خوارێ و له‌ ناو به‌ستێ زرمه‌ی لێوه‌دێ و كه‌س به‌ سه‌ری ڕاناگات، له‌و رۆژه‌وه‌ بابی بڕنۆی له‌ شانی كردووه‌ و له‌ زگی ژن و منداڵی خۆی ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ فیشه‌كی ده‌دا، داڵ و سیساركه‌ كه‌چه‌ڵه‌ و ئه‌و شتانه‌ ده‌كوژێ، ئه‌گه‌ر هێنده‌ گولله‌ی به‌ داڵاشه‌وه‌ ناوه‌، به‌ حكومه‌تیه‌وه‌ نابا، حكومه‌ت بێ سه‌رباز ده‌مایه‌وه‌، ده‌زانن چه‌ند داڵاشی كوشتووه‌! جاری وابووه‌، به‌ یه‌ك گولله‌ پێنج شه‌شێكی په‌له‌واژ كردۆته‌وه‌، به‌ستی شه‌رغه‌ ناوی له‌و پیاوه‌ نا(داڵاشكوژ)، ناویان له‌ كوڕه‌كه‌شی نا( ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی)، له‌ ژیانه‌، هێشتا داڵاشكوژ له‌ ژیانه‌، به‌ڵام زۆر پیره‌ و چاوه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ نابیناییش ته‌قه‌ له‌ داڵاشان ده‌كات..))
منیش ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رهاته‌م نه‌بیستبا و به‌ قسه‌ی كوڕی ده‌ستاڕم كردبا، دوورنه‌بوو سه‌رهاتی ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی دووباره‌ بێته‌وه‌..
له‌گه‌ڵ كوڕی ده‌ستاڕ پڕ سه‌رهاتم، تا دنیا كاولنه‌بووه‌، با پێكه‌وه‌ سه‌ردانی تركزاده‌ بكه‌ین، پشیله‌یه‌كمان هه‌یه‌ جوانی چ پشیله‌یه‌كی گه‌ڕه‌ك شان له‌ شانی نادا، له‌ ترسنكۆكیش بای له‌ خڕ پشیلان بڕیوه‌، جووجكه‌یه‌ك بۆی بێ تا پێی تێدایه‌ هه‌ڵدێ، كێشكه‌ له‌ بن كلكی گه‌مه‌ ده‌كه‌ن ناوێرێ ئاوڕیان لێداته‌وه‌، پیری سوارچاكان پێده‌چوو له‌به‌ر جوانیه‌كه‌ی بێ به‌ تایبه‌تی چاوه‌كانی ناوی نابوو تركزاده‌، من چ پشیله‌یه‌كه‌م نه‌دیوه‌ چاوی جوان نه‌بێ، به‌ڵام چاوی تركزاده‌ جوانیی هه‌می چاوه‌كانی تێدا ده‌دره‌وشایه‌وه‌، شه‌وان ده‌تگوت لایتی قه‌ڵه‌من، زۆر جار بابم ده‌یگوت:
ئه‌گه‌ر رێ تاریكه‌ تركزاده‌ پێش خۆتان بده‌ن..
تركزاده‌ ماڵیی ماڵی ئێمه‌ ببوو، نه‌ده‌چووه‌ چ ماڵان، ئه‌گه‌ر چووباش زوو ده‌هاته‌وه‌ و نه‌ده‌مایه‌وه‌ ئاخر ده‌زانی بابم چ نازێكی ده‌كێشا، خۆی برسی كردبا، پشیله‌ی برسی نه‌ده‌كرد، سبه‌ینان تا قاپه‌ ماستی له‌ پێش تركزاده‌ دانه‌نابا، خۆی ده‌وی لێنه‌ده‌دا، به‌ چاوی خۆم دیتوومه‌، پشكه‌ گۆشتی به‌شی خۆی له‌گه‌ڵ تركزاده‌ كه‌رتكردووه‌، من دره‌نگ پێكه‌وتم هۆگریی بابم بۆ پشیله‌ له‌ چیه‌وه‌یه‌، وای گێڕایه‌وه‌:
پێشتر دێڵه‌ سه‌یه‌كی به‌ بام به‌ هه‌زار پشیله‌ نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، نه‌مده‌هێشت لێم نزیكبكه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام له‌و جاره‌ی كه‌ دوو پشیله‌ هاتنه‌ سه‌ر رێم، یه‌كیان ئامبازم بوو، ملمی گرت، زارمی كرده‌وه‌ و ئه‌و پارووه‌ گۆشته‌ی هێشتا قووتمنه‌دابوو، به‌ په‌نجه‌ نینۆكیه‌كانی ده‌ری هێناو خستیه‌ زاری خۆیه‌وه‌، پشیله‌كه‌یدی كلكی له‌ لوولاقم ئاڵاندبوو، به‌ به‌ستنه‌وه‌ به‌ستبوومیه‌وه‌، پیشیله‌ هاتنه‌ زمان، یه‌كیان ده‌یگوت: من گونی ده‌خۆم…ئه‌ویدی: منیش كه‌پووی..
زۆر ترسام خۆم راپسكاند، راپسكانێ ئه‌گه‌ر پێم به‌ زنجیری حه‌فت لۆ له‌ چیاش ببه‌سترێته‌وه‌، زنجیریش نه‌پسێ چیا له‌ دووم دێ، خۆ راپسكاندنه‌كه‌ نه‌با له‌و خه‌ونه‌ بێ گون و كه‌پوو ده‌مامه‌وه‌، ئیدی له‌و خه‌ونه‌وه‌ من بوومه‌ دۆستی پشیله‌..
تركزاده‌ له‌ پاكوته‌میزی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ گوڵی كۆساران ده‌كرد، به‌ ده‌سته‌ گرمۆله‌ جوانه‌كانی هێند جوان ده‌موچاوی خۆی ده‌شووشت، گوڵی كۆساران گوته‌نی: بووك بیبینێ حه‌زی ده‌چێته‌ ده‌موچاوشووشتنێ..ئه‌و قسه‌یه‌ی دایكم زۆر جار به‌ ئێمه‌ی ده‌گوت:
جوان ده‌موچاوتان بشۆن، هه‌ر پشیله‌شۆری نه‌كه‌ن.
ئه‌و قسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تركزاده‌ نه‌ده‌هاته‌وه‌، خۆ له‌ ته‌مه‌نی خۆشی پیسایی نه‌ له‌ ژوورێ نه‌ له‌ حه‌وشه‌ نه‌ده‌كرد، ده‌چووه‌ ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، یان بن ئه‌و دارتێله‌ی ماوه‌یه‌ك ماڵی مه‌ریه‌می رووناكده‌كرده‌وه‌ و دواتر له‌ تاریكی گرت، له‌وێ قۆرتی هه‌ڵده‌كه‌ند و ده‌یكرد و ده‌یشارده‌وه‌، جارێ چووم هه‌ڵمدایه‌وه‌، ویستم له‌وه‌ بگه‌م كه‌ ده‌ڵێن: ره‌نگ نیه‌ بڵێی پشیله‌ گووت به‌ ده‌رمانه‌…تێینه‌گه‌یشتم، ئۆی گۆڕی پشیله‌ چه‌ند دووركه‌وته‌وه‌، بمبوورن، له‌ هه‌ندێ سه‌ربرده‌ چیڕه‌م زۆر درێژه‌..ئه‌وه‌تا دوو سه‌گ نازانم له‌ كوێوه‌ په‌یدابوون، پێشتر له‌گه‌ڕه‌ك نه‌مدیتبوون، سه‌ریان له‌ دووی تركزاده‌ ناوه‌،پشیله‌ یه‌ك رێی له‌ پێشه‌، ئه‌ویش دیواری پشته‌وه‌ی ماڵی عه‌لی خان، هیچ چار نیه‌ ده‌بێت هه‌ڵگه‌ڕێ، هه‌ڵگه‌ڕا، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم دوو ریز یان سێ مابوو بگاته‌ سه‌ر ستاره‌ و له‌ چنگی سه‌گ رزگاری بێت، سه‌رنه‌كه‌وت و كه‌وت و كه‌وته‌ ناو زاری سه‌گ، به‌ گریانه‌وه‌ هاوارم بۆ بابم برد، تا گه‌یشت كه‌لوپه‌ل بووبوو، دوا هه‌ناسه‌ی بوو، بابم ته‌رمی پشیله‌ی خسته‌ گوشێكه‌وه‌، به‌ دوو ده‌وێكه‌وه‌ له‌ كه‌ند په‌ڕیه‌وه‌، منداڵه‌ ورتكه‌ وه‌ دووی كه‌وتن، له‌ ده‌و رێی سه‌ید مارف قۆرتێكی قووڵی لێدا، پشیله‌ی خسته‌ ناویه‌وه‌، له‌ كاتی پڕكردنه‌وه‌، ده‌یگوت:
چ بكه‌م، خۆ خوێن به‌ خوێن ناشۆمه‌وه‌، بچم هه‌ردوو سه‌ له‌ خوێن بگه‌وزێنم…
دێته‌وه‌بیرم، من و فازیل رێحانه‌ و كوڕی پۆلیسه‌كه‌ و كه‌ویارو…. دوو به‌ردی گه‌وره‌ی پانمان له‌ سه‌ری چه‌قاند،ئا، دوای رۆیشتنی بابم، هه‌ندێك ده‌سكاری گۆڕه‌كه‌مان كرد، ئه‌وه‌ی بابم خڕو خڕ بوو، ئێمه‌ وه‌ك گۆڕه‌كانی سه‌ید مارف درێژووكانیمان كرده‌وه‌، به‌ پێنووسی دار له‌ سه‌ر به‌ردێكیان نووسیم:
(ئه‌وه‌ گۆڕی خوالێخۆشبوو تركزاده‌ی پشیله‌) دیاره‌ چاوم له‌ سه‌ر كێله‌كانی گۆڕستان كردبوو، به‌ڵام هه‌ر زوو رێحانه‌(خوالێخۆشبوو)ه‌كه‌ی ره‌شكرده‌وه‌ و گوتی:
هه‌تیم ئه‌وه‌ مه‌نووسه‌ ده‌نا، خودا ده‌وت خوارده‌كات..
به‌ چوار ده‌وریا غه‌ره‌ به‌ردیشمان هه‌ڵدایه‌وه‌، نازانم كێبوو پارچه‌ په‌ڕۆكێكی كه‌سكیشی به‌ دارێكه‌وه‌ كرد و له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی چه‌قاند، حه‌مه‌د مه‌ستان گوتبووی:
دوای چه‌ند ساڵێكیتر، گۆڕی پشیله‌ ده‌بێته‌ مه‌زاری پیرۆزی ئه‌سحابه‌یه‌ك و ژن له‌ بنی دنیاوه‌ دێنه‌ سه‌ری و ده‌پاڕێنه‌وه‌: قوربانی جدت بم، ده‌بمه‌ سه‌گی به‌ر قاپیه‌كه‌ت، به‌ هانامه‌وه‌ وه‌ره‌..
حه‌یف، بابم زوو گۆڕه‌كه‌ی ته‌خت كرد، نه‌یهێشت ببێته‌ مه‌زاری ئه‌سحابه‌، هه‌رچه‌نده‌ دوو سێ هه‌وڵدرا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌، به‌ڵام سه‌رینه‌گرت…




گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، یاخود چه‌واشه‌کردنی خوێنه‌ر … زاهیر باهیر

دووهه‌فته‌ له‌مه‌وپێش برا و دۆستی 44 ساڵه‌م له‌ په‌ناو بیانوی پۆستێکمدا* که‌ ‌ لینکه‌که‌ی له‌ خواره‌وه‌ داده‌نێم، هێڕشێکی زۆری کردۆته‌ سه‌ر خۆم و هاوڕێیانی سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردزمان و هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌سه‌رده‌می جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا . له‌و وتاره‌دا ئه‌نارکیسته‌کانی کردوه‌ به‌ مرۆڤکوژ و وێرانکار و فاشی ڕه‌فتار.
پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم گه‌رچی شتێکی وا گه‌وره‌ نه‌بووه‌ له‌ نێوانی من و ئه‌ودا من تێناگه‌م که‌ ئه‌م دۆسته‌ی من بۆ ” شه‌ڕی ئه‌و دۆڵه‌ ده‌هێنێته‌ ئه‌م کۆڵه‌” به‌ ڕاست و به‌ چه‌پدا، که‌وتۆته‌ به‌خشینه‌وه‌ی ‌ تۆمه‌ت و کردنی پاگه‌نده‌ی خراپ‌.
من له‌م کورته‌ وه‌ڵامه‌دا ، سه‌باره‌ت به‌ خۆم و نوسینه‌کانم ، خۆم له‌ هێڕشکردن ده‌پارێزم و به‌رگریش له‌ خۆم ناکه‌م، به‌ڵكو ده‌یهێڵمه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی که‌ حوکمی خۆیان بده‌ن . من هیچ وه‌خت نه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێ و براده‌ر، به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که‌ نایانناسم شه‌ڕی که‌سی ناکه‌م. دونیای خه‌باتی من که‌ دژی ئه‌م سیسته‌مه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌که‌دایه‌، نه‌ك تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ سه‌رکرده‌کانیشه‌وه‌. به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌ با له‌ شتێکدا ڕاستی بکه‌مه‌وه‌ ، گه‌ر چی ئه‌و کوردییه‌کی زۆر باشده‌زانێت به‌لام نوسیوێتی ئه‌و ” موراقه‌به‌ ناکات ، چاودێری ده‌کات ” به‌ڵام هه‌ردوو وشه‌که‌ هه‌ر یه‌كشتن ، یه‌که‌میان عه‌ره‌بییه‌ و دووه‌میان کوردییه‌ .
…. بابه‌ ئیشته ‌‌ که‌س گوتوویه‌تی**:
ئیشته‌ که‌س گوتوویه‌تی ئه‌نارکیزم له‌گه‌ڵ ئایندا دێته‌وه‌، که‌س گوتوویه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وێ وایان کردوه‌ یا نه‌ ، که‌س گوتویه‌تی سه‌کۆی ئه‌نارکیستان شانیان وایه‌ و باڵیان وایه‌، ئیشته‌ که‌س گوتویه‌تی ……؟
ئه‌م دۆسته‌ی من ڕكوکینه‌که‌ی به‌رامبه‌رم به‌و ڕاده‌یه‌یه‌ ته‌نها به‌ ته‌سه‌وراتی خۆی له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی من قسه‌ده‌کات‌. فه‌رموون با خوێنه‌ر کرته‌ی لینکی پۆسته‌که‌ی من بکات و بیخوێنێته‌وه‌ و بۆخۆی حوکم بدات. من خۆم چه‌ند جارێك پۆسته‌که‌مم خوێنده‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ی ئه‌ودا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کم بۆ نه‌به‌سترا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو گه‌ر خوێنه‌ر دیقه‌تی لێبگرێت بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ من به‌ناوی ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ ناوی ‘سه‌کۆ’ شه‌وه، قسه‌م نه‌کردووه‌.‌ من نوسیومه‌ “..له‌ دیدی منه‌وه‌ …” چونه‌ک من ئه‌وه‌ ده‌زانم نه‌ ئه‌نارکیزم ئایدۆلۆجییه‌ تاکو خاوه‌ن ده‌ق بێت و حوکم بدات ، نه‌ ده‌شکرێت له‌سه‌ر هه‌موو شت وه‌کو حیزبی و ئایدۆلۆجیسته‌کان ، ئه‌نارکیسته‌کان یه‌ك ڕایان هه‌بیت یا هاوڕابن، هاوکاتیش که‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ مافی ئه‌نارکیستبوون و نه‌بوون ببه‌خشێته‌وه‌.
لێردا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم من مافی خۆمه‌ له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بنوسم که‌ ده‌مه‌وێت‌، ئه‌وه‌نده‌ی: یه‌که‌م خوێنه‌ر چه‌واشه ‌نه‌که‌م و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بدوێم. دووهه‌م وتاره‌کانم ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و ڕه‌یسیستانه‌ ‌ نه‌بێت، بۆیه هه‌تا ئیرهابی فکریشم له‌سه‌ر بێت،‌ من هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر نوسین. ‌.
ئه‌م دۆسته‌ی من واچاوه‌ڕوان ده‌کات که‌ من و هاوڕێکانم شتێك بنوسین که‌ ده‌قاو ده‌ق له‌گه‌ڵ نوسینی بیریاره‌ کۆنه‌کانی ئه‌نارکیزمدا، بێته‌وه‌. جوانی ئه‌نارکیزم و فراونبیریی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وه‌دایه‌ ، که‌ ئه‌مان جیاوازن له‌ مارکسییه‌کان و کۆمۆنیسته‌کان یاخود موسڵمانه‌کان ، بۆ ئه‌وه‌ی پاش نزیکه‌ی 180 ساڵ ئه‌نارکیسته‌کان بێن بۆ حه‌لی کێشه‌کانی ئێستا دوو توێی کتێبه‌کانی که‌سانێك که‌ ئێسقانیشیان نه‌ماوه‌، بگه‌ڕێن ، یا وه‌کو موسڵمانه‌کان پاش ئه‌م هه‌مو ساڵانه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ بێن قورئان بکه‌نه‌ ده‌ستوری تاك و به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵ. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌نارکیزم ئایدۆلۆجی نییه،‌ به‌ڵکو هزره‌ ، هزریش به‌ به‌رده‌وامیی‌ له‌خۆ تازه‌کرنه‌وه‌دایه‌ .
به‌ ڕیش نییه‌ به‌ ئیشه‌ :
ئه‌و دۆسته‌م نوسیوێتی که‌ ” ئه‌م براده‌رانه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن” من نازانم ئه‌و به‌ چ پێوه‌رێك و به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ فڕێ ده‌دات . ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت هه‌موو خوێنه‌ر بیزانێت ، که‌ ئێمه‌ خۆشمان نازانین ‘ سه‌کۆ ‘ چه‌ند که‌سی له‌ ده‌وره‌. هۆکاری ئه‌مه‌ش ڕون و ئاسانه‌ ، چونکه‌ ئێـمه‌ نه‌ حیزبین و نه‌ ڕێکخراوین و نه‌ ئابوونه‌ ده‌ده‌ین و نه‌ سجلی ئه‌ندامان‌ و پاڵێوراوان و لاینگرانمان هه‌یه ‌و نه‌سه‌رکرده و‌ به‌رکرده‌ش. دوای ئه‌وه‌ش ئیمه‌ یه‌ك که‌س بین و هه‌زار که‌س مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه‌ چونکه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌یارێکی هزرین. زیاتریش له‌مه‌، بانگه‌وازی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و پاگه‌نده‌ی ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵمان نه‌کردوه‌ تاکو که‌سێك پێمان بڵێت، ئێمه‌ هیچین یا هیچنین.
ئێمه‌ خۆمان فشنه‌کردۆته‌وه‌ و خۆشمان باشده‌ناسین، ده‌زانین کاری هه‌نووکه‌یی ئێمه‌ کاری ڕۆشنگه‌ریییه‌ ، داکۆکی و ناساندنی هزری ئه‌نارکیزمه‌ له‌ کوردستاندا ، که‌ بێ هیچ زیاده‌ڕه‌وییه‌كیش ده‌ڵێم ڕۆڵێکی که‌م تا زۆرمان هه‌ر بینوه. ‌ بۆ نموونه‌ له‌ته‌ك زه‌مینه‌ی‌ زاتی و بابه‌تییه‌کانی کوردستان‌، هه‌ند‌ێك له‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ باشوور، خۆیان به‌ ئه‌نارکیزم ئاشناکردووه‌ و کار له‌سه‌ر ناساندنی زیاتری ده‌که‌ن. ئێستا به‌ ده‌گمه‌ن به‌رگوێت ده‌که‌وێت که‌ ئه‌نارکیزم وه‌کو جاران به‌ فه‌وزه‌وی یا فه‌وزا ناوببرێت. ئه‌مه‌ش له‌ سای هه‌وڵی هاوڕێیانی ‘سه‌کۆ’ و هاوڕێیانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ‘سه‌کۆ’ یه.‌‌
باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هیچ نین بۆچی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری پاره‌که‌وه‌ ئه‌کاونتێکی ‘سه‌کۆ’ داخراوه‌ و هه‌موو به‌ڵگه‌ داواکراوه‌کانیش ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌می تیمی فه‌یسبووك که‌چی هێشتا ئاماده‌نین بیکه‌نه‌وه‌؟ باشه‌ بۆچی ناو به‌ناو له‌ لایه‌ن فه‌یسبووکه‌وه‌ تیرۆری فکری ده‌کرێین، هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا دوو په‌یجی دیکه‌ی ‘سه‌کۆ’ و ئه‌کاونتی دوو هاوڕێ تیرۆرکران؟ باشه‌ بۆچی ئه‌و خۆی خه‌ڵکیمان لێ هانده‌دات که‌ گوایه‌ ئێمه‌ مه‌ترسین؟

تا خاوه‌نماڵ دزی گرت ، دز خاوه‌نماڵی گرت:
به‌ڕاستی جێی سه‌رنج و هه‌ڵوێست ‌و پرسیاره‌ ، کابرایه‌ك خۆی 5 ساڵ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ” گۆڕاندا” بوو ، ئاگه‌داریشم له‌ نزیکه‌وه،‌ که‌ پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆریشی له‌و ڕێگایه‌دا سه‌رف کردبێت، که‌ له‌ کاتێكدا که‌ مه‌ترسی گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ لای ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان ئاشکرا بوو ، که‌ چۆن سواری کۆڵی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌بێت و ده‌یقۆزێته‌وه‌. من یه‌که‌م که‌س بووم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ‌ وتارێکم له‌ژێر تایتڵی ” نه‌وشیروان موسته‌فا پێشئه‌وه‌ی خۆی له‌ گوناهه‌کانی پاکبکاته‌وه‌ ، داوای به‌یعه‌تمان لێده‌کات!!” . ئه‌و دۆسته‌م ‌ خۆی ئاگه‌داره‌ و داوای لێکردم که‌ نه‌ینێرم بۆ بڵاوکردنه‌وه‌. سه‌مه‌ره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دۆسته‌ی من زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌ ‌ ‌ به‌ مافی خۆی و به‌ ڕه‌وای ده‌زانێت که‌ به ‌خه‌ڵکی بڵێ ئه‌مانه‌ مه‌ترسیدارن و بووه‌ به‌ خێرخوازێك تاکو له‌و مه‌ترسییه‌ به‌ئاگایان بهێنێته‌وه‌ و بیانپارێزێت.
ده‌بێت مه‌ترسی له‌ هزرێكدا ، له‌ که‌سانێکدا یاخود له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کدا، که‌ دژی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و پله‌و پایه‌ و هیراشییه‌ت بێت و بۆ ‘کۆمه‌ڵێکی’ به‌تاڵ له‌وانه‌ خه‌بات بکات، چی بێت؟!!. مه‌ترسی له‌ حیزبایه‌تیدایه‌، له‌و بزوتنه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نه‌ك خۆی بۆته‌رخانکردبوو به‌ڵکو ده‌نگیشی له‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی که‌ دژی بوون ، دابڕیبوو، یا ساردبوبووه‌وه‌.
ئه‌وه‌ حیزبه‌کان و بزوتنه‌وه‌کانیانه‌ که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و خودی کۆمه‌ڵ دروستده‌که‌ن، نه‌ ئه‌نارکیزم و نه‌ ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان.
ئه‌و دۆسته‌م ماڵی ئاوا بێت ، بڕوانامه‌ی ‘ نیازپاکیمان’ ده‌داتی به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌ی کرده‌وه‌ که‌ هه‌ر ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ش‌ به‌ حیزبیه‌کان وڕابه‌ره‌کانی وه‌کو لینین و ڕه‌نگه‌ چه‌کداره‌ ئاساییه‌کانی داعشش ، ببه‌خشێت . بۆ نموونه‌ باسی له‌ لینین کرده‌وه که‌ ‘ نیازپاك’ بووه‌ و که‌ به‌ڕای ئه‌و ئه‌‌وه‌شی لێده‌رچوو ‌ که‌ بینیمان . ئه‌زموونه‌کان وانیشانی ده‌ده‌ن که‌ به‌ گشتی، ئه‌ندامانی حیزبه‌کان ، ڕابه‌ره‌کانیان و بزوتنه‌وه‌کانیشیان ‘نیاز پاك ‘ نین، هۆکاره‌که‌شی ڕونه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ داخوازی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و بۆگرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت خه‌بات ده‌که‌ن ، هه‌ر هه‌مووشیان لێره‌دا دوو شت ده‌زانن . یه‌که‌میان: له‌ سه‌رکه‌وتنی حیزبیانا پایه‌ و پله‌ به‌ده‌ستده‌هێنن. دوو‌هه‌میش هه‌موویان پێشوه‌خت ده‌زانن که‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان ده‌وێت ، ئه‌وه‌شیان لاڕونه‌ که‌ نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی و ده‌رده‌سه‌رییان ، سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته و پایه‌‌کانی مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌ش زوڵم و زۆر و کوشتن بڕین و ڕاو و ڕووته‌ ‌.

• وتنه‌وه‌ی قسه‌ی دووژمنانی ئه‌نارکیزم و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی: ‌
له‌م خاڵه‌دا من زۆر له‌سه‌ری ناڕۆم ، چونکه‌ یه‌که‌م: ئه‌و دۆسته‌ی من ‌ که‌ باس له‌ ڕه‌فتارفاشێتی ئه‌نارکیسته‌کانی سه‌رده‌می جه‌نگی ئیسپانیا ده‌کات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رچاوه‌کانی نه‌خستۆته‌ به‌رچاو، گه‌رچی ئه‌وه‌ زۆر ئاسانه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ خراپتریشی بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبه‌ستووه‌. دووهه‌م: من لێره‌دا نامه‌وێت قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵك بکه‌م که‌ قسه‌کانی ئه‌و دۆسته‌ی من ناڕاسته‌، گه‌ر که‌سێك به‌هه‌ر بارێکیاندا ئه‌و پرسه‌ی مه‌تڵه‌ب بێت ، ده‌توانێت له‌ چه‌ند خوله‌کێکدا پشکنینێك له‌ گووگڵدا بکات. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ‌ جۆرج ئۆرێڵ سه‌رچاوه‌یه‌‌کی ناسراو و ئه‌مینه‌ و خۆشی له‌ ته‌ك ئه‌نارکیسته‌کاندا به‌شداری شه‌ڕی دژ به‌‌ فاشییه‌کانی فرانکۆ و ستالینی کردووه‌. په‌رتوکێكی له‌و باره‌وه‌ له‌ژێر ناوی The Homage to Catalonia نوسیوه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ عه‌ره‌بیش وه‌رگێڕرابێت، گه‌ر که‌سێك بخوازێت، ده‌توانێت چاوێکی پیادا بخشێنێت. سێیه‌م: ئه‌و باس له‌ 80 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌کات که‌ دونیایه‌کی دیکه‌ بوو، نه‌ك هه‌ر له‌ ئیسپانیا به‌ڵکو له‌ هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا، من دڵنیام که‌ ئه‌و زۆر باشده‌زانێت که‌ قه‌شه‌ و که‌نیسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پایه‌یه‌کی گه‌وره‌ و به‌هێزی ده‌وڵه‌ت بوون، که‌نیسه‌ و ده‌وڵه‌ت وا ئاوێته‌ بووبوون که‌ ڕۆڵیان له‌ دژی هه‌ژاران و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشدا، له‌ یه‌کدی جیا نه‌ده‌کرانه‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا به‌ گوێره‌ی قسه‌ی جۆرج ئۆرێڵ و نوسه‌رانی دیکه‌ش ئه‌و که‌نیسانه‌ی که‌ له‌به‌رده‌م ده‌بابه‌و تۆپه‌کانی ستالین و فرانکۆدا ، هیشتا به‌پێوه‌ مابوون، ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتون و وه‌کو باره‌گای شؤڕش له‌ بواری داڵده‌دان و چاره‌سه‌رکردنی خه‌ڵك و چێشتخانه‌ی هه‌ره‌وزیی، به‌کاریانهێناون.

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
20/10/2016
‌……………………………………………………………………………
لینکی پۆسته‌که‌ی من:

http://www.penusakan.com/Article-2456

**هاوڕێیه‌کی که‌رکوکیم گێڕایه‌وه،‌ ‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ کوردایه‌تی له‌ بره‌ودا بوو، له‌ شۆڕیجه‌ی که‌ركوك که‌ زۆربه‌ی دوکانداره‌کان تورك بوون، خۆپیشاندان به‌ سرودی “ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه‌ ده‌کرا …..که‌س نه‌ڵێت کورد مردووه‌” . ئه‌مه‌ جارێ نه‌بوو به‌ڵکو به‌رده‌وام بوو که‌ خۆپێشانده‌ران به‌به‌رده‌م دوکانه‌کاندا ده‌هاتن و ده‌چوون و ئه‌ی ڕه‌قیبیان ده‌وته‌وه‌. ڕۆژێکیان حاجییه‌کی دوکانداری تورکمان ده‌گاته‌ تینی و خوای نامێنێت ، هه‌ڵده‌سێته‌‌ سه‌ر پێ و ده‌ستی ده‌خاته‌ به‌ر که‌له‌که‌یی و به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێت ” بابه‌ ئیشته‌ ‌ که‌س گوتوویه‌تی کورد مردووه‌؟”




مەسعودبارزانی گەورەترین مافیا لەمێژوودا دژی خەڵکی کوردستان..! … سەروەرکەریم

هەمووخەڵکی کوردستان ئەوەیان لەبیرماوە کاتێک خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی بڕستی ،لەمەسعودی مافیابڕی بوو ،شەوان خەولەچاوانی تۆرابوو ،چاوەڕوانی کەوتنی خۆی دەکرد ،هێزە پاشکۆکانی بەوەکالەت کەوتنە سەرکوتی خۆپیشاندەران و دڵیان دایەوە و ،لەکەوتن و دادگای خەڵکی کوردستان ڕزگاریان کرد .
هێزە پاشکۆکانی گەرەمافیا بەپلەی یەکەم بنەماڵەی مافیای تاڵەبانی و بەدوای ئەویشدا چەند حیزبۆکەیەک ،کەدووکانی سیاسیان داناوەو ،لەسەرگیرفان و قوتی خەڵکی کوردستان خەریکی بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردنن .کاتێک گەورەمافیا بۆی ئاشکرابوو ،کەئەمجارەش لە ڕووخان بەسزاگەیاندن ڕزگاری بوو ،کەوتە درۆکردن و گەوجاندنی خەڵکی کوردستان بەناوی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان ،ئەوەش بەڕاگەیاندنی پەیامێک لەبەهاری ٢٠١١،گوایە ئەو خائینە بەماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دەوڵەت ڕادەگەیەنێت و میدیاکانیش بۆ لابردنی فۆکس لەسەر روومالی خۆپیشاندانەکان ،کەوتنەبەشان و باڵ هەڵدانی گەورەمافیاو لەبیربردنەوەی داخوازیەکانی خەڵک و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی .
کاتێک ئەو درۆوهەرایەی ڕاگەیاندن ،بۆ کۆتایی هێنان بەخۆپیشاندانەکان سەمەرێکی بەگەورەمافیا مەسعود بەرزانی نەدا،شەریک و هاوڕێ هەمیشەییەکەی ،مافیا جەلال تاڵەبانی هێزی گاردی کوماری هێنا بۆسەرکوتی مەیدانەکانی ئازادی ،لەشارو شارۆچکەکان و ترس و بیمی مەسعودی شەریک و هاوڕێ لەڕووخان و دادگایی کردن ڕەواندەوە ،هەڵبەت ئەوهەنگاوی تاڵەبانی مافیا ،چەند لەبەر مەسعودی مافیا بوو ئەوەندەش لەبەر مانەوەی خۆی و دەسەڵاتە تیرۆریستیە هاوبەشەکەیان بوو.
لەداوی ١٧ی شوباتەوەو هەمووساڵێک مەسعودی مافیا دێتە سەر تەلەفیزیۆن و بە درۆی دەوڵەتی کوردی خەڵکی کوردستان فریوو دەدات و خۆیی و بنەمالە کەی خەریکی بەتاڵانبردنی سەرزەمین و ژێرزەمینی کوردستانن .
ساڵ دوای ساڵ سامانی هەدووبنەمالەی مافیای کوردوشەریک هاوکارەکانیان زیاترو زیاتر دەبێت و ژیان و گوزەرانی خەلکی کوردستانیش بەرەوخراپتر دەچێت ،تائەو ئاستەی لەساڵی ٢٠١٤ وە خەلکی کوردستانیان دووچاری نەهامەتی یەکی گەورەکردوەو خەڵکی کوردستان موحتاجی نانی ڕۆژانەبوون .
سەرانی مافیای بزووتنەوەی کوردایەتی بەهەمووباڵەکانیانەوە بۆئەوەی فۆکس لەسەر دزی و تاڵانی وکارە تیرۆرستیەکانیان لابەرن رێگا خۆشکەربوون بۆهاتنی داعش و داگیرکردنی شەنگال و مەخمورو چەند شوێنێکی ترو بە جینۆسایدانی یەزیدیەکان .دەبێت ئەوەشمان بیر نەچیت کاتێك تیرۆرستانی داعش موسڵیان داگیرکرد .گەورەمافیا مەسعود ڕایگەیان بۆئێمە جیاوازنی یە مالکی دراوسێمان بێت ،یان داعش ،چونکە خەریکی بازرگانی بوون لەگەڵ ئەوهێزە تیرۆرستە لەسەرحسابی خەلکی کوردستان .
کاتێکیش هیزەکانی سەربەمەسعودی مافیا ،لەڕێکەوتنێکی تورکیا قەتەر سعودیەو مەسعودا شەنگالیان تەسلیم بەتیرۆستانی داعش کرد ،نەک مەسعودی مافیای بۆی گرنگ نەبوو ،کەهەزارن ژن و کچی یەزیدی کرانە کەنیزەک و جاریەو لەبازاڕەکاندا کرێنی فرۆشتنیان پێوە دەکرا ،بەلکو لەجیاتی سزای هیزە هەڵهاتوەکەی بدات خەڵاتی کردن .هەڵبەت هیزەکانی تریش تاوانبارن بەرامبەر بە جینۆسایدی یەزیدیەکان ،چونکە ئەوانیش بێدەنگ بوون و شوێن فەرمانەکانی مەسعودی مافیاکەوتن و پاساویان بۆ دەهێنایەوە .
لایەنێکی تری بەردەوام بوونی دەسەڵاتی مافیایانەی بنەماڵەی بارزانی دەگەڕێتەوە بۆبێدەنگی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەهەمووتاوانەکانی ئەوبنەماڵەیەو نەهاتنە دەنگیان ،لەسەر ماف و ئازادیەکانیان ڕێگا خۆشکەری جدی بوو بۆئەوەی ئەو بنەماڵەمافیایە بێ باکانە پەلاماری هەردەنگ وڕەنگێک بدات ،کەدژی ئەو بنەماڵەیەو تاوانەکانی بێت .بەدیوێکی تریش دا تەواوی بەناو حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی شەریک و هاوکاری گەورەمافیاو بنەماڵەکەی بوون تاتەواوی تاوانەکانی بۆ پەردەپۆش بکەن ،بەناو یەکڕیزی خەڵکی کوردستان ..تائێستاش روون نی یە بۆ خەڵکی کوردستان ئەم شەریکانەی بنەماڵەی مافیای بارزانی مەبەستینا چی یە لەیەکڕیزی خەڵکی کوردستان ،خۆمەعلومە خەڵکی کوردستان یەکڕیزن بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانیان ،بەلام ئەویەکڕیزیەی شەریکە دزەکان و تیرۆریستەکانی بنەماڵەی مافیای بارزانی باسی دەکەن یەکڕیزی و شەراکەتی خۆیانە دژبەهەموو خەڵکی کوردستان و مانەوەی خۆیان و دزی و تاڵانی و داوێن پیسیەکانیان .
هەربۆیە هەرکاتێک دەنگی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی کوردستان چڕدەبێتەوەو بەرەو گۆڕانکاری کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی مافیاگەری هەنگاو دەنێت ،تەواوی حیزبەمافیاکانی بزووتنەوەی کوردایەتی سیناریۆیەک دەخوڵقێنن و والەخەڵکی کوردستان دەگەیەنن ،کەئەوان کێشەیان لەگەڵ بنەماڵەی مافیای بارزانی هەیە لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئیتر حەملەی ڕاگەیاندن دەست پێدەکەن و هەرخۆشیان بەناوی خەڵکی کوردستان و داوای هێرشی ڕاگەیانن و کۆبوونەوە دانیشتن دەکەن و دەیانەوێت بسازێن و دەکەونە کۆبوونەوەی چەندقۆڵی و هەریەکەیان لەئاوازێک دەخوێنن و ماوەک خەڵکی کوردستانی پێ فریوو دەدەن بەناوی کۆبوونەوە ،دواتر دەڵێن بنەماڵەی مافیای بەرزانی ئامادەنی یە تەنازول لە هیچ شتێک بکات .لەکاتێک دا داواکاری ئەو حیزبانە هیچ پەیوەندی بەماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نەبووەو نی یە ،شەڕیانە لەسەر بەشەکانیان .
نوکتەی کاراکردنەوەی دیوەخانەکەی سەرانی مافیای کوردو ئەفسانەی مافەکانی خەڵک و نەبوونی مووچەو بەستنەوەی بەپەکخستنی دیوەخانەکەیان ،وەک ئەوەی ئەوکاتەی دیوەخانەکەیان لەکاردابوو داکۆکی کاری مافەکانی خەڵکی کوردستان و بکوژانی خۆپیشاندانەکانی ماوەی دەسەڵاتی سەرانی مافیای کوردو خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی و بکوژانی رۆژنامەنوسانیان بەدادگا گەیاندبی ،یان ئەوانەی شەنگالیان تەسلیم بەداعش کردو هەزاران کچ و ژنی یەزیدیان دایە دەست دڕندەکانی داعش و ئەوانیش دەستدرێژیان کردەسەریان و کردیاننە کۆیلەو لەبازاڕەکانی رەقەو سعودیەو تورکیا کڕین و فۆشتنیان پێوەدەکرێت ،یان داهاتی دزراوی نەوتیان گێڕایەوە دزەکانیان سزادا .جگەلە وسیناریۆیانە شەڕی ڕزگارکردنی موسڵ وبەرزکردنەوەی کێرڤی گەورەمافیاو هاوکارەکانی بەوەی ئەوان خاوەنی حیکمەتی سەرکردایەتی کردنی ڕزگارکردنی شاری موسڵن و سەرپەرشتی گشتی ئەو پڕۆسەیەدەکات ،لەکاتێکدا زۆر بەڕوونی ئەمریکا و عێراقیش ئەوەیان ڕاگەیاند ،ئەوەی سەرپەرشتی ڕزگارکردنی موسڵ دەکات عەبادیە ،نەک مەسعودی مافیا .ئەوەی زوڕناژەنەکانی بنەماڵەی مافیای بەرزانی ،لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بەخەڵکی کوردستانی دەفرۆشن و دەیانەوێت وانیشانی بدەن ،کە هەموو شتێک بەخواستی سەرۆکە ئێکسپایەرەکەیان دەڕوات ،جگەلەگەوجاندن و لەبیربردنەوەی نەبوونی مووچەو ئەوکارەساتە ئابوریەی ئەو بنەماڵەمافیایە بەسەرخەڵکی کوردستانیاندا هێناوە هیچی ترنی .
ڕوون و ئاشکرایە ئەو بنەماڵەیە بەدرێژایی مێژوویان ،نەخەباتکاربوون و نەئامانجیان خزمەتکردن بووە بەخەڵکی کوردستان ،ئەوبنەماڵەیە هەمیشە ،لەسەر نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان خەریکی بازرگانی دزی بوون بۆبەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان ،بەشداری کردنی دووربەدوور لەشەڕی مووسڵ و سازاندنی زوڕنایەکی ڕاگەیاندن ،بۆ ئەوەیە پەردەپۆشی تەسلیم کردنی شەنگال لەبیری خەڵکی کوردستان بەرنەوەو بشتوانن دەست بەسەر ئەوبەڵگانەدابگرن ،کەپەیوەندی بە هاوکاری ئەو بنەماڵەیەوە هەیە بۆ تیرۆرستانی داعش .
بۆیە هەموو ئەو قسەکردنانە جگە لەسیناریۆکانی سەرانی مافیای بزووتنەوەی کوردایەتی گەمژاندنی خەلکی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە کۆتایی هێنان بەدەسەلاتی سەرانی مافیای ڕەنگاوڕەنگی کوردستان هیچی ترنی یەو خۆبەستنەوە بە کێشەی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی ئاسۆئامانجەکانی خەڵک کوردستان بۆگەیشتن بەماف و ئازادیەکان زیاتر دووردەکەوێتەوە و برسیکردن و ناهەمواریەکانی ژیان و چڕبوونەوەی دیکتاتۆریەت بەرەولوتکە هەنگاودەنێت .
ئەوەی خەڵکی کوردستان دەبێت کاری بۆبکەن خۆپیشاندانی بەئاشتیانەنی یە ،بەلکو هەنگاو نانە بۆ خۆڕێکخستن و دروسکردنی هێزی سەربەخۆ بۆ شۆڕش و گۆڕینی تەواوی سیستمی ٢٥سالەی سەرانی مافیای بزووتنەوەی کوردایەتی .خۆپیشاندانی ئاشتیانە هیچ ناگۆڕێت ،چونکە ئەو دەسەڵاتە مافیاگەریەی بەهیزی چەک خۆی سەپاندوە هیچ باوەڕی بەئاشتی نی یە و،لەبۆسەدایە بۆ هەرهێزێک کە دژیان بێت ،بۆیە خەڵکی کوردستانیش دەبێت بەهێزی ڕێکخراوی خۆی ڕووبەڕوویان ببێتەوە .
هەروەک گیڤارا دەڵێت من ناچمە خۆپیشاندانێک ئەو بەچەک ڕووبەرووم بێتەوە ومنیش بەبێ دەسەڵاتی دانیشم .بۆیە کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەهەمان شێوەی سەرانی مافیای بزووتنەوەی کوردایەتی وەڵامیان بداتەوە.

هۆڵەندا




پێشمەرگە و شەڕ بۆ” نیشتمان ” … عەبدوڵا ساڵح

شەڕ لە دژی داعش لە موسڵ دەستی پێکرد، لەناوبردنی ئەم ڤێرژنە لە سوپەر وەحشیەتی ئیسلامی سیاسی بە شەڕی سەربازی، ویستی بەشەریەتی مودێرنە لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە ، ئەم سەرەتانە دەبێ لە جەستەی مرۆڤایەتی دەربهێنرێ ،بۆیە هێزە بەشدار بوەکان لەو شەڕەدا، هەرناسنامەو شوناسێکیان هەبێ بەلای منەوە گرنگ نی یە .
زۆر ئاشکرایە هێزە بەشداربوەکانی ئەم شەڕە هەر ئەوان بوون داعشیان خوڵقاندو پارێزگاریان کرد، ئەمڕۆش شەڕی لەناوبردنی دەکەن، ئیتر بە هەر هۆیەکەوە بێت، کە گرنترینیان ئێکسپایەر بوونی ڕۆڵی ئەم ڤێرژنە یەو گەڕانە بە دوای بەدیلی تردا . لەگەڵ هەموو ئەمانە ،ئەگەر لە ژنە یەزیدیە یەخسیرەکانی ژێر دەستی داعش بپرسی: هێزێک هاتوە دەیەوێ داعش لەناو بەرێ ڕاتان چی یە ؟ ئەوان بێشک شوناس و ناسنامەی ئەو هێزەیان مەبەست نیە ، ئێمەش ئەگەر لەبری ئەو ژنانەو وەک ئەوان بیر بکەینەوە دەبێ هەمان هەڵوێستمان هەبێ .
پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لەو شەڕە ، ئێمە لێرەوە دەستخۆشیان لێدەکەین و دەزانین ئەوان ، وەک ‌هێز، دەوری ڕاستەوخۆیان لە گەشەو پەرەگرتنی داعشدا نەبوە ، بەڵام ئەو بازرگانە چاوچنۆکانەی لەژێر باڵی مەسئولە حیزبیە گەورەکاندا هەڵتۆقین و بە چاوتروکانێک بوونە ملێۆنێر و ملیاردێر، ژێر بەژێر سات و سەودایان لەگەڵ داعش هەبوو، ئەم دۆسیە کە ئێستا پەردەپۆش کراوە دەبێ ڕۆژێک ئاشکرا بکرێ.
قەڵەم بەدەستەکانی ئەحزابی کوردی دەسەڵاتدار چەند ڕۆژێکە بۆقی ئەوە لێدەدەن کە ” پێشمەرگە موڵکی گەلە و هیچ حزبێک نابێ خۆی بکا بە خاوەنی “، منیش دەڵێم سەد خۆزگە وا بوایە ، بەڵام کاتێک ئاوڕێکی خێرا لە ڕابردوو دەدەینەوە، پێچەوانەکەیمان بۆ دەردەکەوێ کە خۆی لەبن چەند ڕاستی یەکدا حەشار داوە :
ئەم هێزە پێکهاتە سەرەکیەکەی ڕۆڵەی خەڵکی کرێکاروزەحمەتکێشە کە بە ئیستلاحی هەندێک لە حیزبە کوردیەکان بە ( پێشمەرگەی سادە ) ناویان دەبەن ! ئەوانە خۆراکی سەرەکی هەر شەڕ و ئاڵۆزیەکن کە ڕووبدا ودواتریش کە گیان لەدەست دەدەن کەس و کارو منداڵەکانیان دەبێ بپاڕێنەوە تا لەتە موچەیەکیان دەدرێتێ. تەلەفزیۆنە کوردیەکان و میدیاکان شاهیدی ئەم ڕاستیەن .
سەرکردەکانی پێشمەرگە ، بەتایبەتی باڵاکان ، هەمان ئەو پێخەفە گەرمەو هەمان ئەو پاروە چەورەو هەمان ئەو لاف و گەزافە لێدەدەن کە بەر لە قەیرانی ئابوری و شەڕی داعش لێیانداوە ، بەڵام شەیپوری سەر کەوتن کە بەخوێنی ئەو پێشمەرگانەی بەرەی شەر هاتۆتە دی، دەبێ بەدەست باڵا دەستەکانەوە بێ و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانەکانیان بەرامبەر میدیای جیهانی و ناوخۆیی وەک پاڵەوانی مەیدان دەرکەون ! هەر ئەو سەرکردانە بە دووربینی دوور ئەنگێو و بەدووری چەندین کیلۆمەتر لەبەرەکانی شەڕەوە دەردەکەون و وێنەیان دەگیرێ کە گوایە فەرماندەهی و ڕابەری شەڕکە دەکەن و دڵۆپە خوێنێکیشیان لێ بێ ئەوا تەلەفزیۆنە حیزبیەکانیان هات و هاواریان نابڕێتەوە !.
دووبارە دەڵێم سەد خۆزگە قسەی قەڵەم بەدەستەکانی حیزبە کوردیە دەسەڵاتدارەکان ڕاست بایەو پێشمەرگە سەر بە حیزب و تاقم نەبوایە ، بەڵام داخەکەم کاتێک دەبینم ئەو ڕاو ڕوتەی دەکرێ لە کوردستان ، ئەو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانە ، ئەو خەفە کردنی دەنگی ئازادە ، ئەو پێشێلکاری کردنەی سەرەتایی ترین مافی مرۆڤە ، ئەو تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نوسانە ، ئەو برسیکردنی خەڵکە و دەیان ئەوی تر…… لەژێر سایەی لولەی تفەنگی هەمان ئەو پێشمەرگانەدا دەکرێ کە ئەو بەناو نوسەرانە ئەمڕۆ بیریان کەوتۆتەوە زەزمزەمەی” نیشتمانی ” بوونیان بۆ دەڵێن.
نامەوێ کارەساتی ساڵکانی 1995 / 1996 بیری خەڵک بێنمەوە کە زامەکەی لەجەستەی ئەواندا چەندە قوڵە ، ئەم ‌هێزانەی ئيمڕۆ ئەو زەمزەمەیان بۆ دەگوترێ لەلایەن هەمان ئەو قەڵەم بەدەستانەوە، ئەو کات چ ئەرکێکیان خرابوە ئەستۆ !؟
پێشمەرگە کاتێک شەڕبۆ نیشتمان دەکا کە لە ژێر سایەی سیاسەتی ئەم حیزبانە بەواقعی بێتە دەرێ ، دابەش نەبوبی بە یەکەی حەفتاو هەشتا ، ئامادە نەبێت لولەی تفەنگەکەی بە کۆنترۆڵی دەستی سەرانی حیزبەکان بسوڕێ، دوای سەرکەوتنیش سک هەڵگوشێ. دەسکەوتەکانی ئەم شەڕە و شەڕی دواتریش لە پێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی خۆی و کۆمەڵگادابێت، کۆمەڵگایەک کە جەماوەری خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانەوە ئیرادە بکەن حوکمی خۆیان بگرنە دەست خۆیان، هێزی پێشمەرگەش ببێتە هێزی ئەو خەڵکە ، ئەو کات پاڵەوانەکانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان ناتوانن لەژێر سایەی ئەوان دا لاف و گەزاف ڵێدەن ، ئەمجا دەردەکەوێ ئەو گەورە بەرپرسانە دابڕاو لە لولەی چەکی پێشمەرگە لە پیاوی ڕەشۆکی بەولاوە هیچیتر نێن.

22 / 10 / 2016




ڕەنگە ئاگایی بچێتەوە سەر عەدەم … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەگەر بتوانین بە ناو سوپای سیسرکەکاندا تێپەڕ ببین
لەوانەیە لەوسەر بەشێک لە حەقیقەتمان چنگ بکەوێت.
ئەگەر بتوانین بەناو ئەم هەموو وەهمە ڕژاو و
ئەم هەموو بزمارە چەقیوانەی سەر ڕێگادا بڕۆین
لەوانەیە لەوسەر شتێک لە ئاسودەیمان بەربکەوێت.
ئینجا ئێستا پرسیار ئەوەیە:
من چۆن بێمەوە بۆ لای خۆم؟
ئەی تۆ چۆن ئەگەیتەوە بە خۆت؟
ئەگەر گرەوی خۆشبەختی لە ناو ئەم ئاگرەدا بێت
ئەی بۆ دووکەڵ لە دەممانەوە دەهاتە دەر
ئەی بۆ پشکۆ لە خوێنمانا بوو
بەڵام مەراق لەسەرمانەوە فوارەی دەکرد؟!
ئەوەش بزانە:
نیشتەجێیە لە ناو دڵما کەمێک حەقیقەت.
لە ناو سەریشما یەک دنیا خۆشەویستی.
شتێکی گرنگ کە ئەمەوێ بیڵێم:
هەمیشە کاتێک بە نێو کۆڵانەکانی یادەوەریما تێپەڕ ئەبم
بەر هەموو شتێک ئەکەوم جگە لە خۆم،
لە یادەوەریما زۆر غەریبم.
من ئەمە وەک ڕاستییەک ئەڵێم:
لەوانەیە هەموو تەنیاییەک بچێتەوە سەر ئاگایی
ئاگایی بچێتەوە سەر عەدەم،
بۆیە ئەو خەڵکە هێندە پێکەوە نوساوە.
ئەگەر نەیەینە سەر شەقامەکان و
دەستبەرز نەکەینەوە و هاوار نەکەین
ڕەنگە لە شوێنی خۆماندا بڕوێینەوە.
بەڵام ئەبێت دان بەوەدا بنێم:
من زەمەنم بەرەو پێشەوە ناڕوات.
ئەگەر بتوانین بە ناو ئەم جادوگەرانەدا تێپەڕ ببین
لەوانەیە شتێک لە ئەفسونی زیندەگیمان بۆ بگەڕێتەوە
ئەگەر بتوانین بە ناو ئەم هەموو خەسیوانەدا تێپەڕببین
لەوانەیە شتێک لە شکۆمەندیمان بۆ بگەڕێتەوە.
———————–
ئەحمەد ڕەسوڵ – سلێمانی
ئۆکتۆبەری ٢٠١٦




جێ پێکانی مەکوژێننەوە…. سمکۆ ئەحمەد

ئەو مناڵە حەزی لە چاوشارکێ یە
لە خەنەکی سلیمانی پالاسا
فیری وانەکانی عەشق بووە
مناڵە بیدەنگەکەی مەکتەبی ئەردەڵان
گەورە بوو نەك دوو دار
سێ جەنگیشی بینی
لە نێو تۆزو خۆڵەمێشی جەنگەکاندا
وێڵ بوو بەدوای گوڵی شین دا دەگەڕا
قوتابیەکی یافیع بوو
سەوزی لە بەهار دەردەکرد و
چاوی لە زەڵم جێ مابوو
جێ پێکانی مەکوژێننەوە
چی کۆڵان و گردۆڵکەی ئەم شارەیە
شەوانە گوێبیستی شیعرە مەستەکانی ئەون
چی باخچەو داری مل رووتە
چاوەڕێی دوا کۆپلەی ئەون

کێ ئەیووت عیرفان ؟
حەسیب ساڵح و خەنەکی یاری مناڵیت
دوا مەنزڵگەی ووشەکانت بن؟
ئەوانە کوا لە خەمی ئاسك و
گوڵەکانی لا ڕی دەگەن
عیرفان کە گەڕامەوە ئەمجارە
نەمدۆزیتەوە
ژێر گوڵە دەمەشێرەکانی حەووشەکەش گەڕام بۆت
نەمبینیتەوە
تەنها دار هەنارەکان بۆنی جارانیان لێدەهات
ژێر پرچی سنەوبەرە حەزینەکەش گەڕام بۆت
نەمدۆزیتەوە
شیعرە هەتیوەکانت بە فرمێسك
دێرەکانی خۆیان تەواو دەکرد
پوورەی هەنگی بیرەوەریم درزی بردو
هەنگەکانی بۆ شیللەی وووشەکانت
هانایان برد
تکام کرد لە باران
جێ پێکانت لە کوچەو کۆلانەکانی شاردا نەکوژێنیتەوە
تۆ بڕۆو ئاوڕ مەدەرەوە
ئەم شارە زۆر تەسك بووە
چیتر جێگات ناکاتەوە
کات بۆ ماڵئاواییەکیش نەماوە
وەك ڕیشۆڵەکانی سلێمانی
بێ ئاوڕدانەوە بڕۆ
خۆت و پێکە شەرابەکەت
وا بایەکی وەشت بردی
خۆت ووتەنی پیاو بە مەستی جوانە
بۆیە تۆش بە جوانی مردی؟




باخی خەیاڵ … بەندی عەلی

من هەوارێ .. پێدەزانم
بێ شەقام و بێ تولەڕێ
بێ دیوارو بێ پەنجەرەو
بێ دەروازەی بەرزی پۆڵا
بێ پەرژینی چنراو لەدڕك
بێ بەربەست و پردی سەرزێ
پڕپڕە لەجوانی و ئەڤین
لەپەیڤین بەزوبانی چاو ،
بەجوڵەی لێوی بێ وشە
پڕ ، لەڕەنگەکانی هەتاو
وەلێ .. لەوێ
نەزارت گەرەکە ، نەپێ
بۆ هاموشۆ بەنێویدا
بەتەنها دوو باڵت دەوێ
لەگەڵ مشتێ خۆشەویستی و
چەند قومێك لەنازی ژنێ ..

…………………………………….
بەندی عەلی – ٢٠١٦




بۆب دیلان و نوبڵێكی پۆپۆلیستانه‌! … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

(سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی نۆبل ٢٠١٦ )

١

بۆب دیلان Bob Dylan لەشه‌ستەکانی سەدەی بیستدا لەنێو بزوتنەوەی ١٩٦٨ی دژ به‌جه‌نگی ڤێتنام و ڕێفۆرمی خوێندكارانی چه‌پی ئه‌ورووپادا وه‌ك (ڕۆک ستار) ده‌ركه‌و‌ت، له‌هه‌مانكاتیشدا شیعره‌كانی خۆی ‌كرده‌ گۆرانی بۆ جه‌ماورێكی پان و به‌رین، به‌مانای پۆپ دیلان هه‌ڵگری (كولتورێكی پۆپۆلیسستیه‌ ) به‌دیووه‌ چه‌په‌كه‌یه‌وه‌. پۆپۆلیستیه‌ك كه‌ نیولیبرالیزم ئه‌مڕۆ به‌دیووه‌ شمه‌كخۆری و فاشیۆنه‌كه‌ی سوودی لێده‌بینێت وده‌یكاته‌ فاشیۆنی جه‌ماوه‌ری میدیایی له‌دژی كولتوری كلاسیكی خوێندنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ. لێره‌وه‌ به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ (بۆب دیلان) به‌ڕای من، پشتگیركردنێكی كولتوری پۆپۆلیستیه‌، كه‌ئێستا ڕێگه‌خۆشكاره‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ترامپی و باڵی ڕاستی كۆنزه‌ڤاتیڤ و نیو لیبرال له‌دونیادا.

گەر ئەم خەڵاتە لەحەفتاکانی سەدەی بیستدا ببەخشرایە بە (شاعیر و ڕۆک ستارێک) ئەوا ماناکانی شۆڕش و ڕادیکاڵیەتی له‌به‌رامبه‌ر سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و (كولتوری دژه‌ جه‌نگ) و (دژه‌ چه‌ك فرۆشتن ) قوڵترده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام دوای زاڵبوونی كولتوری فاشیۆن و میدیای هه‌رزان و پۆپۆلیزم به‌سه‌ر ماناگه‌وره‌كانی سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ ب و فیكردا، به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ك به‌خشینی مه‌دالیایه‌كه‌ به‌جه‌نگاه‌رێك كه‌سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه‌.
دیاره‌ دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ و دوای ڕووخانی بلۆكی سۆسیالزم به‌هه‌موو هه‌ڵه‌كانیه‌وه‌، دونیا نه‌بوو به‌و به‌هه‌شته‌ی نیولیبرالیزم بانگه‌شه‌ی بۆده‌كرد. ئه‌وان ده‌یانگووت گه‌ر هاتوو خێوی شۆڕشگێڕه‌كان، خێوه‌كه‌ی ماركس كه‌له‌مانفێستدا باسیده‌كات به‌رۆكی دونیا به‌رده‌ن، ئه‌وا دونیا ده‌بێته‌ به‌هه‌شتێكی ڕاسته‌قینه‌. له‌دوای ڕووخانی بلۆكی سۆسیالزم نیولیبرالێكی وه‌ك (فۆكۆیاما) بانگه‌شه‌ی كۆتایی مێژووی ‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت؛ دوا قۆناغی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی له‌ نیولیبرالیزم و ئه‌مریكانزمدا خۆی ده‌بینیێته‌وه‌! له‌دوای ئه‌و گه‌وجێكی تری وه‌ك (سامۆیل هینگتۆن) هات ئاینی كرده‌ كولتور و ئه‌م دووچه‌مكه‌ی پێكه‌وه‌ گرێدا، كولتوری له‌ڕه‌هه‌نده‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و كه‌له‌پوری و بیناسازیه‌كه‌ی دابڕی و هه‌مووی له‌ئایندا كۆی كرده‌وه‌ و گووتی ؛ شه‌ڕی دونیای تازه‌ شه‌ڕی كولتوره‌كانه‌ كه‌مه‌به‌ستی شه‌ڕی ئاینه‌كان بوو! له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌ ئه‌مریكانزم كه‌وته‌ پاڵپشتی بزواته‌كانی وه‌ك قاعیده‌ و تاڵیبان و شوناسه‌ مه‌زبه‌هی و ئاینینه‌كانی تۆخكرده‌وه‌، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی فیگوری ترامپی لێده‌رچوو‌ وه‌ك دیارده‌یه‌ك بۆ ئه‌م كولتوره‌ نیولیبراله‌. ‌به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ به‌ (بۆب دیلان ) به‌خشینی خه‌ڵاته‌ به‌لایه‌نه‌ پۆپۆلیستی و كولتوری ئاهه‌نگسازیه‌ پۆپۆلیستیه‌كه‌ی (كولتوری دژه‌ جه‌نگ) و ڕه‌وتی دژه‌ نایه‌كسانی ‌ له‌دونیادا، به‌مانای زه‌قكردنه‌وه‌ی پۆپۆلیزمه‌ له‌مێژووه‌ دووره‌كه‌یدا .

‌دیاره‌ له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا هێشتا هیوایه‌ك هه‌بوو كه‌ئه‌وروپا به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو بنێت، ئه‌مه‌ش وه‌هایكرد كه‌زۆر له‌ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا له‌ژێر فشاری بزوتنه‌وه‌ی ١٩٦٨ سوستێمی سۆسیال یاخود بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان جێگیربكه‌ن. ڕیفۆرمیان له‌ كارو كرێی كرێكار و مافه‌كانی ژنان و منداڵان و پیراندا كرد. مافی په‌ناهه‌نده‌یی و زۆریتریش ده‌رئه‌نجامی خه‌باتی شه‌سته‌كان بوو به‌چه‌پ و سۆسیال دیموكرات و فیمینست و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ له كۆتایی ‌سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا ‌ له‌پاشه‌كشێدایه‌. ده‌بینین له‌كۆی ئه‌وروپادا ئه‌م ده‌ستگرتنه‌ به‌كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی بیمه‌ی كۆمه‌لایه‌تی و مافی بێكاری ومافی په‌ناهه‌نده‌یی و خوێندن و ته‌نانه‌ت ئازادی ڕاده‌ربڕن له‌به‌رده‌م شه‌پۆلی نیولیبرالیزمی ئه‌مریكایی و ئه‌مریكانزم له‌‌پاشه‌كشێدایه‌. كۆی ده‌وڵه‌تی سۆسیال له‌به‌رده‌م هێرشی نیو لیبرالیزم و كولتوره‌ فاشیۆن و پۆپۆلیزمه‌كه‌یدا، له‌مه‌ترسی پووكانه‌وه‌دایه‌.

٢

نكوڵی له‌گه‌وره‌یی (بۆب دیلان) ناكرێت، به‌ڵام قسه‌كردنم له‌سه‌ر پشته‌ وێنه‌ی كه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌یه‌، قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌پشت په‌رده‌كانه‌وه‌ چی ڕووده‌دا. بۆب دیلان ده‌رهاویشته‌ی نه‌وه‌ی شۆڕسگێڕی شه‌سته‌كانه‌ موزیكی ئه‌و به‌تایبه‌ت گۆرانی (هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌بادا – Blowing In The Wind) ناوبانگێكی گه‌وره‌ی بۆ دیلان فه‌راهمه‌كرد. گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ دیلان شاعیرێكی باشه‌، به‌ڵام به‌پله‌ی یه‌كه‌م ڕۆك ستاری مۆدێلی نه‌وه‌یه‌كی ڕادیكاڵی شه‌سته‌كاندا . لێره‌وه‌ بۆیه‌ زاڵه‌كه‌ی سه‌ر ڕوخساری دیلان ، بۆیه‌ی پۆپ ستاریه‌كه‌تی ، نه‌ك شاعیرێتی. (بۆب دیلان) ده‌نگی بیستراوه‌ له‌گه‌ڵ گیتاردا، نه‌ك وشه‌ی خوێندراوه‌ له‌نێو كتێبدا، كولتوری نمایشكاریه‌، نه‌ك كولتوری ڕاوه‌ستان و بیركردنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌نێو شیعردا. لێره‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم؛ كه‌‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ زاڵكردنی كولتوری فاشیۆن و پۆپۆلیستیه‌ ‌ له‌ڕێگه‌ی به‌ڕابوردووكردنی كولتوری شۆڕشگێڕی‌ له‌ڕێگه‌ی پۆپ ستاركردنی شیعر، له‌ڕێگه‌ی به‌ئایكۆنكردنی شیعر له‌ ‌كایه‌ی ڕابوردوویه‌كی ‌به‌سه‌رچوودا ، له‌م باره‌دا ده‌كرێت ئێستا مه‌دالیای نۆبل وه‌ربگرێت.‌

٣

بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕوونبكه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێم؛ به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌نیو سه‌ده به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی شه‌ست و هه‌شت ‌ به‌پۆپ ستارێكی نیوه‌‌ شاعیرێكی ئه‌مریكایی، وەک ئەوە وەهایە بگوتریت؛ کە کولتوری خوێندنه‌وه‌ی شیعر ‌ كۆتایی پێهات، شۆڕشکردن و چووە مۆزەخانەی مەدالیاکانی نۆبڵەوە، ئه‌مریكانزم به‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كانیه‌وه‌ ته‌نانه‌ت به‌ڕابوردووه‌ ناخۆشه‌كه‌یه‌وه‌ جێگه‌ی قبوڵه‌! ئه‌م قبوڵكردنی ئه‌ویتر به‌ڕابوردووه‌ وه‌ك (ژان پۆل سارته‌ر) ده‌ڵێت ؛ ده‌یانه‌وێت بڵێن سه‌ره‌ڕای ڕابوردووه‌ پڕكێشه ‌به‌ندیه‌كه‌ی قبوڵمانه!

سارته‌ر له‌دژی ئه‌م لۆجیكه‌ (سه‌ره‌ڕای ڕابوردووه‌ پڕكێشه ‌به‌ندیه‌كه‌ی قبوڵمانه!) ، له‌ئۆكتۆبه‌ری ١٩٦٤ خه‌ڵاتی نۆبڵی ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ گه‌ر بیكردایه‌ وه‌ك قبوڵكردنی مه‌رحه‌مه‌تێكی گه‌وره‌ی دونیای كاپیتالیزم بوو به‌پیاوێكی وجودی كه‌له‌گه‌ڵ یه‌كسانی و سۆسیالزمدامدا بوو. گه‌ر قبوڵی بكردایه‌، سارته‌ر گووته‌نی ‌ ده‌یانگووت؛ سه‌ره‌ڕای ڕابوردووه‌ پڕكێشه‌كه‌ی قبوڵمانه‌…سارته‌ر ئه‌م خۆشبه‌ختیه‌ی پێنه‌به‌خشین، چونكه‌ ده‌یزانی كه‌كۆی ئه‌م لۆجیكه‌ ڕامكردنی ئایدیاكانی ڕادیكالیه‌ت و شۆڕشكرن و دژایه‌تی سوستمی كاپیتاڵه‌ له‌ په‌رژ‌ینی مۆزه‌خانه‌یه‌‌كی ئۆرستۆكراتدا، كه‌ناوی خه‌ڵاتی نۆبڵه‌.

ڕسته‌ی نه‌گوتراوی پشت ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ (بۆب دیلان) و نه‌به‌خشینی به‌چه‌ندانی وه‌ك (یه‌شار كه‌مال) یان (ئه‌دۆنیس) یان (سه‌لیم به‌ره‌كات) و (سه‌لمان ڕوشدی) و (شیركۆ بێكه‌س) ته‌نانه‌ت ژنه‌ ڕۆماننوسێكی وه‌ك ( ئیزابیلا لێندی) كه‌ له‌ خانه‌واده‌ی ( سلڤادۆر ئالندی) سه‌رۆكی چه‌پی ئه‌رجه‌تین بوو‌، كه‌ له‌ساڵی ١٩٧٣ ‌ ژه‌نراڵێكی وه‌ك (ئاوگستۆ بینۆشێت) به‌پشتگیری ئه‌مریكیه‌كان له‌ڕێگه‌ی هەواڵگیری CIA كۆدێتایان به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رۆكه‌ خاكی و گرنگه‌ی ئه‌رجه‌نتیندا كردو كوشتیان. سه‌یر له‌وه‌دابوو، هه‌ر خێرا له‌هه‌مانساڵدا ١٩٧٣ ئاكادیمیای سویدی خه‌ڵاتی دا به‌ (پاپلۆ نیرۆدا) ی پیر كه‌له‌ژێر نه‌خۆشی سه‌ره‌تاندا ده‌یناڵاند، بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیركردنی سیای ئه‌مریكی له‌هاتنه‌ سه‌رحوكمی پیاوێكی خوێنڕێژی وه‌ك (بیۆشێت) داپۆشن، ئیدی سه‌رنجه‌كان بۆ شوێنێكی تر چوون. له‌وه‌ش نامۆتر ئه‌وه‌یه‌، ‌ له‌هه‌مان ساڵدا (ئیزبێلا ئالندی) ژنه‌ ڕۆماننوس و شاعیر و فیمینست كه‌ سلڤادۆر مامی گه‌وره‌ی بوو، ناوی چووه‌ لیستی تیرۆری سیای ئه‌مریكیه‌وه‌ ، بۆ ماوه‌ی سیانزه‌ ساڵ له‌ڤه‌نزوێلا په‌ناهه‌نده‌ و خۆشارده‌وه‌ بوو له‌ ده‌ست ئه‌مریكیه‌كان به‌تۆمه‌تی تیرۆر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌یر نه‌بوو كه‌فه‌رامۆشبكرێت له‌ خه‌ڵاتی نۆبل و زۆر خه‌ڵاتی دیكه‌. مه‌گه‌ر ئێستا ئاوڕی لێبده‌نه‌وه‌ وه‌ك سارته‌ر ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای ڕابوردووه‌ پڕ كێشه‌كه‌ی!

ئه‌م خه‌ڵاته‌ی ئه‌مساڵ ٢٠١٦ به‌ڕای من لێدانه‌ له‌ڕۆحی ‌شیعر، چونكه‌ ناكرێت (ئه‌دۆنیس) هه‌بێت و (شێركۆ) و (سه‌لیم به‌ره‌كات) هه‌بێت خه‌ڵاتی شیعر بدرێت بۆب دیلان. گه‌ر بۆ (شه‌ڕی وشه‌ی ئازاد) بێت، ده‌بێت دونیا ئه‌م شاعیرانه‌‌‌ بناسرێت، بێگومان گه‌ر هاتوو لیژنه‌كه‌ له‌خه‌وی قوڵدا نه‌بێت، بێئاگا له‌وه‌ی چی له‌هه‌ناوی میلله‌تانی ده‌ره‌وه‌ی كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌گوزه‌رێت وه‌ك چۆن له‌كاتی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ (ئالفریده‌ یانلیك ) ژنه ڕۆماننوسی نه‌مساوی ‌، ڕۆماننوسه‌كه‌ خۆی ئه‌وه‌نده‌ شۆك بوو به‌جۆرێك كه‌خۆی له‌ژێر پاساوی نه‌خۆشیدا نه‌چوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌. سه‌یر له‌وه‌دابوو یه‌كێك له‌لیژنه‌كه‌ دوای ماوه‌یه‌ك بێئاگایی خۆی له‌كۆی كاره‌كانی ‌ (ئالفریده‌ یالنیك) ده‌ربڕی.

لێڕه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ چۆن خه‌ڵاتی داینامێت دروستكه‌رێكه‌، ئاوه‌هاش سیاسه‌ت گه‌مه‌ی خۆی تێدا ده‌كات، ئه‌مجاره‌یان كولتوری گوێگرتن له‌شیعرێك له‌نێو موزیكدا ده‌بێته‌ ئه‌ده‌ب، ئیدی شیعر له‌م كه‌ناڵه‌ ئه‌مریكانیه‌ ڕۆكن ڕۆڵه‌یه‌وه‌ خه‌ڵات وه‌ر‌ده‌گرێت، به‌مه‌ش كۆی ئه‌ده‌بی جیدی ده‌چێته‌ خانه‌ی فه‌رامۆشكردنی سیاسه‌تی نیو لیبرالیزمه‌وه‌.

‌ ئێستا نیو لیبرالیزم لەدژی كولتوری ( دژه چه‌كفرۆشتن) و (دژه‌ جه‌نگ) ‌ کاردەکات. دونیای ئه‌مریكانیزم له‌هه‌موو شوێنێك جه‌نگی به‌رهه‌مهێناوه‌‌ و له‌هه‌موو شوێنێكدا ڕێكه‌و‌تنی سیاسیه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ده‌ستی ئه‌م بۆ ئه‌ویتر، ترۆپكی ئه‌م ناشرینیه‌ ئێستا له‌سوریادا گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ یه‌كێك له‌كاره‌كانی ئه‌قڵیه‌تی نیولیبرالزم ده‌ركردنی مانایه‌ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به‌ها ده‌ده‌ن ژیانێكی یه‌كسان و ئازاد بۆ مرۆڤ. ئازادی لای ئه‌وان كولتوری دژه‌ جه‌نگ و دژه‌ چه‌كفرۆشتن نییه‌، به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ ئازادی ساده‌كاری و شمه‌كخۆری و فاشیۆنی بێمانا و پۆپۆلیزمی و خۆپه‌رستی‌. ئاوه‌ها پشته‌وێنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبل به‌ (بۆب دیلان) ترۆپكی ‌ نیو ‌لیبرالیزم كردنی شیعره‌ به‌هونه‌ری سه‌ر شانۆیه‌كی پۆپۆلستی به‌سه‌رچوو، هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ هێرشی میدیای فاشیۆن بۆ سه‌ر كولتوری خوێندنه‌وه‌ی قووڵ، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌ له‌دووتوێی كتێبێكدا.

به‌مشێوه‌یه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ سیاسه‌ت ڕۆڵێكی ناشرین ده‌بینێت له‌ به‌خشینی نۆبڵ ، دیاره‌ نۆبل خۆی به‌دیوێكی تردا، هه‌ستكردنه‌ به‌تاوانی (ئالفرێد نۆبل) كه‌ دینامێتی داهێنا و هه‌موو كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م دونیا له‌پشت ئه‌م داهێنانه‌ ترسناكه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، هه‌ستكردنێكه‌ به‌تاوان له‌داهێنانێك ڕۆژانه‌ قاچ و ده‌ست و سه‌ری مرۆڤ ده‌په‌ڕێنێت، خه‌ڵك به‌ملیۆنه‌ها ئاواره‌ و برسی و بێ لانه‌ و ماڵ ده‌كات. ناشبێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه‌له‌دوای خۆی، خانه‌واده‌كه‌ی نۆبل و نه‌وه‌ی دووهه‌م كه‌سه‌رپه‌رشتی خه‌ڵاته‌كه‌ده‌ ده‌كه‌ن له‌ڕووی ماڵیه‌وه‌، كۆمپانیای نه‌وتیان هه‌بوو له‌ئازه‌رباینجان. به‌مانایه‌كی تر نه‌وه‌ی دووهه‌می نۆبل خه‌ریكی دزینی نه‌وتی خه‌ڵكانی هه‌ژار بوون له‌ شارێكی وه‌ك باكۆی ئازه‌رباینجان.

٤

كۆی مێژووی ئه‌م خه‌ڵاته‌ پڕه‌ له‌دژبه‌یه‌كی و سیاسه‌ت بۆ نمونه ‌ فه‌یله‌سوفی بوونگه‌رایی وه‌ك (ژان بۆڵ سارته‌ر) له‌ڕۆژنامه‌ی لۆفیگارۆ Le Figaro فه‌ڕه‌نسیدا له ٢٣ ئۆكتۆبه‌ری ١٩٦٤ دووهۆكار ده‌هێنته‌وه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌كه‌ یه‌كه‌میان كه‌سیه‌ و دووهه‌میان بابه‌تیه‌ . له‌یه‌كه‌میاندا (سارته‌ر) نایه‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌ڵات بكرێت له‌لایه‌ن هیج ده‌زگایه‌كه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ببێته‌ ئه‌ندام له‌ده‌سته‌ی كۆلێژدۆفرانسی فه‌ڕه‌نسی. به‌ڕای سارته‌ر قبوڵكردنی خه‌ڵاتێك ماننای ئه‌وه‌ی كۆی هه‌ڵوێست و كاره‌كانی ئه‌و ده‌چێته‌ پاڵ ناوی ده‌زگایه‌ك كاتێك ده‌نوسرێت ؛ سارته‌ر هه‌ڵگری نۆبڵ یان فڵان خه‌ڵات، پشتگیری ئه‌م ده‌سته‌ یان ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمه‌ ده‌كات! سارته‌ر له‌وبڕوایه‌دایه‌ نوسه‌ر تاكگه‌رایه‌كه، بونگه‌رایه‌‌ له‌هه‌ڵوێست و دونیابینی خۆیدا، وه‌ك خۆی نایه‌وێت خه‌ڵاته‌كان به‌دووی كاره‌كانیه‌وه‌ بن و ڕه‌واخوازی بكه‌ن ، به‌ڵكو خۆی وه‌ك لێره‌بوونی نوسه‌رێك و كاره‌كانی نوێنه‌ری خۆیانبكه‌ن.

دووهه‌م هۆكار كه‌ سارته‌ر به‌ (هۆكاری بابه‌تی) له‌ساڵی ١٩٦٤ له‌گوتاره‌كه‌یدا ده‌ستنیشانیده‌كات ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌دونیا دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر دوو سه‌ربازگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا. سۆسیالزم و كاپیتالزم، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ سۆسیالزمه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و له‌خێزانێكی بۆرژوازیه‌وه‌ هاتووه‌ و له‌ڕۆژئاواش ده‌ژی. له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ ئه‌و باشتره‌ ناوی هیچ خه‌ڵاتێك نه‌خاته‌ شه‌ڕه‌ فیكری و ململانێ و هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت؛ گه‌ر خه‌ڵاتی لینینم پێ به‌به‌خشن هه‌مان هه‌وڵوێستم ده‌بێت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی به‌ڕای ئه‌و كۆی ئه‌م خه‌ڵاته‌ فه‌رامۆشكردنی گه‌وره‌ی نوسه‌رانی وه‌ك (لویس ئارگۆن) و (بۆریس باسترناك) ته‌نانه‌ت (نیرۆدا)یه‌.

دیاره‌ له‌و زه‌مه‌نه‌دا كاپیتالیزم نه‌یده‌ویست نوسه‌ره‌ شۆڕشگێڕه‌كانی وه‌ك (باسترناك) یان (نیرۆدا) زه‌قبكاته‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سارته‌ر مرد و نه‌یبینی كاتێك سیاسه‌ت وه‌رچه‌خا، بۆ داپۆشینی ناشرینی كوشتنی (سلڤادۆر ئالندی) خه‌ڵاته‌كه‌ به‌خشرا (پاپلۆ نیرۆدا ) ی پیر، هه‌رچه‌نده‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌، له‌لایه‌ن دیكتاتۆرێكی وه‌ك (بنیۆشێت) له‌ماڵه‌كه‌یدا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و ده‌رئه‌نجامی ده‌رزی لێدانێك ده‌مرێت، كه‌له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ڕاپۆڕته‌كان باس له‌كوشتنی ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌رزیه‌وه‌. (ئانتۆنیۆ ساكرامانتا) ی ڕۆماننوس و هاوڕێی نیرۆدا له‌ڕۆمانی (له‌گه‌ڵ سه‌برێكی سوتێنه‌ر ) دا به‌جوانی له‌ڕێگه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی باس له‌ڕۆژانی كۆتایی نیرۆدا ده‌كات.

ئاوه‌ها سیاسه‌ت له‌م ئاكادیمیایه‌دا گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات، ده‌نا كه‌سانی وه‌ك (یه‌شار كه‌مال) یان (سه‌لمان ڕوشدی) و (بێكه‌س) زۆر ده‌مێكه‌ له‌پێش كه‌سانی وه‌ك (ئالفریده‌ یالنیك) یان (پاتریك مۆدیانۆ) و زۆریترن. دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌و نوسه‌ره‌ ئازیزانه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌هه‌مان لۆجیكی سارته‌ر قسه‌بكه‌ین ؛ كۆی ئه‌م (هه‌ڵاوێرده‌یه‌)‌ ڕۆژ به‌رۆژ ساده‌تر و سیاسیتر ده‌بێت .

فه‌رامۆشكردنی نوسه‌رێكی وه‌ك (یه‌شار كه‌مال) كه‌چه‌نده‌ها ساڵه‌ ناوی له‌لیسته‌ی خه‌ڵاته‌كدا بووه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت له‌كوێدا سیاسه‌تی نیولیبرال پێویستی به‌تیشك خستنه‌ سه‌ركه‌سێك بووه‌ بۆ هۆكاری سیاسی، ئه‌م ئاكادیمیه‌ زۆر یان كه‌م خه‌ڵاته‌كانی به‌و پێوه‌ره‌ به‌خشراوه‌، دیاره‌ له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنی عه‌ره‌ب و ئیسرائیلدا خێرا (نه‌جیب مه‌حفوز) یان بیركه‌ته‌وه‌، ده‌نا له‌وبڕوایه‌دا نیم گه‌ر ئه‌م ڕێكه‌و‌تنه‌ سیاسیه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌وان بۆ خودی جوانی ئه‌ده‌بی مه‌حفوز ئاوڕبده‌نه‌وه، كه‌بێگومان مه‌‌حفوز به‌بێ نۆبلیش هه‌ر ڕۆماننوسه جوانه‌كه‌ی ئه‌ده‌بی دونیایه‌‌ . دیاره‌ گه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌ی ئێمه‌ بێت له‌ئه‌ده‌بدا، ئه‌وا سه‌یر له‌وه‌دایه‌ له‌خه‌ڵاتی ئاشتیدا دراوه‌ به‌گه‌مه‌كرێكی سیاسی وه‌ك هێنری كیسنجه‌ر و ئه‌نوه‌ر ساداتی دیكتاتۆر. نابێت پێناسه‌ ناوازه‌كه‌ی ب سادات له‌بیربكه‌ین كه‌ده‌یگووت؛ دیموكراتیه‌ت كه‌ڵبه‌ی هه‌یه‌!

به‌خشینی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌ب به‌ ڕۆك ستارێك له‌ژێر ناوی ئه‌وه‌ی شیعری هه‌یه‌ و شیعره‌كانی له‌سه‌ر شانۆی ڕۆكن رۆڵ و پۆپ ستاردا به‌رجه‌سته‌ده‌بن، ئارگومێنێكی لاوازه‌، چونكه‌ نازانین دراوه‌ به‌ (پۆپ ستاریه)‌كه‌ی یان به‌ شیعره‌كانی، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی تر كه‌ده‌ڵێن له‌پێناو شه‌ڕی پۆپ دیلان بۆ ئازادی ده‌ربڕین پێبه‌خشراوه‌، ئه‌مه‌ش دیسان ناچێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌له‌شه‌سته‌كاندا چوونه‌ سه‌رجاده‌ له‌دژی جه‌نگی ڤێتنام، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ ئه‌م به‌خشینه‌ ده‌یه‌وێت بیانخاته‌ خانه‌ی ڕابوردوو و مۆزه‌خانه‌ی كولتورێكی به‌سه‌رچووی ئه‌مریكانیه‌وه‌.

————————-


چه‌ند په‌راوێزێك ‌:

١.بڕوانه‌ گوتاری سارته‌ر به‌ ئینگلیزی:
http://www.nybooks.com/articles/1964/12/17/sartre-on-the-nobel-prize/

٢. بڕوانه‌؛ ده‌باره‌ی كوشتنی نیرۆدا له‌لایه‌ن بینۆشێت گاردیان؛
https://www.theguardian.com/books/2015/nov/06/chile-admits-pablo-neruda-might-have-been-murdered-by-pinochet-regime

٣. بڕوانه‌؛ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ (ئیزابیل ئالندی) ده‌رباره‌ی زه‌مه‌نی بینۆشێت به‌ئینگلیزی؛

https://www.amnesty.org/en/latest/news/2013/09/life-under-pinochet-isabel-allende-day-we-buried-our-freedom/

٣. بڕوانه‌؛ ڕۆمانی (له‌گه‌ڵ سه‌برێكی سوتێنه‌ردا) ئانتۆنیو ساكرامنتا به‌ئه‌ڵمانی ؛

Antonio Skármeta, Mit brennender Geduld: Roman Piper Veralg ß Taschenbuch – 1. Mai 1998.

٤. گۆرانی هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌بادا Blowing in the wind ؛ بڕوانه‌ یوتوب;
https://www.youtube.com/watch?v=vWwgrjjIMXA

٥ .بۆ
٥.بۆگوێگرتن له‌گۆرانیه‌ گرنگه‌كانی بۆب دیلان بڕوانه‌ گاردیان:

https://www.theguardian.com/books/live/2016/oct/13/nobel-prize-in-literature-2016-liveblog




داوای ڕاوەستانی جه نگی ئێستا له موسڵ، لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت دیفاعە لە مانەوەی داعش

حەمە غەفور

————————-

هەڵوێستی سەرڕاست‌و کۆمۆنیستی بەرانبەر بە “ئۆپە راسیۆنی ئازادکردنی موسڵ” کە ئامانجی ڕاستەوخۆی پاککردنەوەی شاری موسڵ لە داعش‌و ڕزگارکردنی دانیشتوانەکەی لەژێر دەست‌و چنگاڵی ئەم دەستەو تاقمە خوێنڕێژو ئینسانکوژە ڕاگەیەنراوە، بەتایبەتیش لەلایەن ئەو دەوڵەت‌و‌ هێزانەی ئەم جانەوەرە ئیسلامیانەیان پێگەیاندو بەریاندانە گیانی خەڵکی ناوچەکەو جیهان، هەرگیز ناتوانێت بە پاساوی قەومانی کارەسات‌و وێرانبوونی شارەکە، بەرزکردنەوەی دروشم‌و داوای ڕاگرتنی شەڕ بێت. هەوڵوێستێک کە بە داخەوە ڕابەری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و عێراق‌و هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد گرتوویانە. چونکە هەر ئێستا دانیشتوانی موسڵ‌و دەوروبەری لەنێو کارەساتی ڕۆژانەو سەربڕین‌و ئیغتیسابی ژنان‌و ووردکردنی کەسایەتی‌و پیرۆزیی ئینسان‌و لەنێو زیندانێکی گەورەی ترس‌و تۆقاندن‌و قەسابیکردنی ئینساندا ژیان دەگوزەرێنن، دۆزەخێکی بیلفیعل کە داعش زیاد لە دوو ساڵە گەورەو بچووکی دانیشتوانی ئەم شارو ناوچەیەی تێدا دەسوتێنێت. ئەم داوایە دوورو نزیک پەیوەندی نییە بە هەڵوێستێکی کۆمۆنیستی‌و مارکسیستییەوە، بگرە لە هەڵوێستی دەستەوسانی‌ گروپێکی سیاسی زیاتر نییەو دەبێت لەلایەن کۆمۆنیستە کرێکارییەکانەوە ڕەخنەباران بکرێت‌. وە کارێک بکرێت ڕابەرایەتی هەردوو حزب‌و ڕێبوار ئەحمەدیش، تا ئەو کاتەی بانگەشە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکەن، ئەم هەڵوێستە بگۆڕن‌و هەڵوێستی کۆمۆنیستی بگرنەپێش. هه ڵوێستی ئێستای ڕابه ری دو حزب‌و هەنگاوێکی بەمجۆرە پاسیفیزمێکی تەواو ئاشکراو چاوەڕووانییەکی خەیاڵی‌و پادەرهەوا نیشانئەدات‌، وە جگە لە شەرمەزاربوون لەبەردەم مێژوودا بۆ کەسانێک هێشتا خۆیان بە کۆمۆنیستی کرێکاری دادەنێن، هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت! بۆچی؟ چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە هەموو حاڵەتێکدا وەک چۆن لە ڕێگای زەبرو زەنگەوە هاتووە، هەر ئێستاو بە خێرایی تەنها دەبێت لەڕێی گورزی سەربازییەوە ملیبشکێنێت‌و دووربخرێتەوە. دروست بەهەمان شێوەی هەڵوێستی (مەنسور حکمەت) لە سەروبەندی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دەسەڵاتی نەگریسی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفگانستان، کە ووتی؛ “شه‌ڕ ڕاگه‌ياندنى هيچ كه‌سيك، ته‌نانه‌ت ئه‌مريكاو غه‌ربيش، له‌دژى تاليبان ناكرێ مه‌حكوم بكرێت. تاڵيبان ده‌بێ بڕوات‌و سه‌ره‌نجام ده‌بێ هه‌ر له‌ڕێگاى زه‌بروزه‌نگ‌و كرده‌وه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ بڕوات. دوژمنايه‌تى غه‌رب له‌گه‌ل تاليباندا باشتره‌ وه‌ك له‌دۆستايه‌تى تائێستايان. هيچ كه‌سێك به‌ر به‌ پێچانه‌وه‌ى ده‌ورودوكانى ئينسانكوژانێك ناگرێت كه‌ غه‌رب خۆى هێناونييه‌ سه‌ركار. به‌ڵام له‌نێوان جه‌نگ‌و تيرۆردا جياوازى هه‌يه‌. كرده‌وه‌كانى ئه‌مريكاو بەريتانيا له‌ ئه‌فغانستان تيروريستييه‌. بۆمبارانى شاره‌كان‌و ناوچه‌ سه‌كه‌نيه‌كانى ئه‌فغانستان ده‌بێت مه‌حكوم بكرێت‌و ڕابگيرێت”. بەمپێیە ئەم هەڵوێستەی ڕێبوار ئەحمەدو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و عێراقیش، واتە “داوای ڕاگرتنی شەڕ بە پاساوی وێرانسازی‌و قەومانی کارەسات‌و قووڵتربوونەوەی کێشەکان” بخوازن یان نەخوازن دەچێتە چوارچێوەی بەرگری لە مانەوەی خودی داعش بەسەر سەری شاری موسڵ‌و دانیشتوانە ئەسیرکراو و بەبارمتەگیراوەکەیەوە. لە هەمان کاتیشدا دەچێتە خزمەتی درێژکردنەوەی ژیانی سیاسی داعش هەم وەکو مەترسییەکی گەورە بەسەر خەڵکی ناوچەکانی تری عێراق‌و کوردستانەوە، هەم دەبێتە هۆکاری درێژەی تیرۆرو کردەوەی تیرۆریستی لە عێراق‌و ناوچەکەو جیهانیش. سەرباری ئەوانەش هەڵوێستی پاسیسفیستی‌و محافەزەکارانەو لایەنگری لە ئارامش‌و تونترنەبوونەوەی کێشەکان، ڕازیبوونە بە هەلومەرجی ئێستا (واتە مانەوەی داعش!) کە هەموو خەڵکی عێراق‌و ناوچەکەو جیهانیش لێی بێزارو نیگەرانن وە خوازیاری ئاڵوگۆڕن لە بەرژەوەندی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی داعش. جگە لەمانەش هەڵوێستگیرییەکی لەو چەشنە کردەوە داعشییەکان زیاتر دەکات‌و تیرۆرو تیرۆریزم پەرەدارتر دەکات. لێ گەڕێن با هەر ئەو هێزو دەوڵەتانەی کە داعشیان دروستکردو قەڵەویانکرد، وە ئیستا بۆتە مڵۆزمی سەر ڕێگایان خۆیان بڕۆن‌و بە وەشاندنی گورزی سەربازی پەڵەی نەنگی‌و شەرمەزاری نێوچەوانیان، یانی داعش بسڕنەوە. هیچ نەبێت لە موسڵ‌و دەوروبەری دەستکۆتایان بکەن‌و دۆزەخێکی ڕاستەقینە کە بەدەستی داعش‌و دارو دەستە خوێنڕێژەکانی بۆ دانیشتوانی شارێکی چەند ملیۆنی دانراوە کۆتایی بهێنرێت!

ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە تازەترین ووتاری لەژێر ناوی “ئازادی موسڵ یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان؟!”دا ئەو هەڵوێستە پاسیفیستی‌و محافەزەکارانەیە بەرانبەر “جەنگی ئازادکردنی موسڵ” تیوریزەدەکات‌. لەڕێی کۆپیکردنی ئارەزوومەندانەو میکانیکیانەی باس‌و هەڵوێستە مارکسیستییەکانی مەنسور حکمەت سەبارەت هێرشی تیرۆریستی ١١ی سێپتێمبەرو کارو کاردانەوەکانی دواتری، پاساوی تەحلیلی‌و ئایدیۆلۆژی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە نامارکسیستی‌‌و ڕاستڕەوانەیە دەهۆنێتەوەو هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و عێراقیش بەداخەوە بەشوێن ئەودا بەکێش بوون بۆ وەرگرتنی هەمان هەڵوێست لە دوو بەیاننامەی جیاجیادا. (لە پەرواێزدا لینکی ووتارەکەی ڕێبوار ئەحمەدو هەردوو بەیاننامەکە دادەنێم). لەم بڕگەیەی ووتارەکەیدا بە جوانی هەڵویستەکەی ڕێبوار دەردەکەوێت:” ئەگەر بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک کێشەیان لەگەڵ تیرۆریزم هەیە، با زەحمەتی شەڕو قارەمانبازی و وێرانكاری کۆمەڵگا و کوشت و کوشتار نەکێشن، لە جیاتی ئەوە زەحمەتبکێشن خۆیان بپێچنەوە و ملیانبشکێنن و لە ناوچەکە برۆنەدەرەوە. لە جیاتی شەڕی داعش گوێی نۆکەرەکانیان راکێشن با چەک و تەقەمەنی و پارە لە داعش ببڕن و ئاسانکاری بۆ نەکەن. بەم جۆرە داعش لە سویچەوە دەکوژێتەوە و خەڵکی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی داعشی تیایە هەر بە شەق و بەرد داعش راودەنێن.” هەروەها ئەم بڕگەیەش لە ڕاگەیاندنەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کە لە ژێر تایتڵی”با بەر بەکوشتاری خەڵکی موسڵ و وێرانکاری بگرین” هاتووە؛ “پێویستە بەرامبەر بەم کارەساتەی ئێستا کەبەناوی “ئازادکردنی موسڵەوە” لەئارادایە بێدەنگی بشکێندرێت. وه‌لانان و وه‌ده‌رنانی داعش و هاوشێوه‌کانی له‌و جێگایانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ خواستێکی هەموو بەشەریەتی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهانه‌، بەڵام ئەمە کاری خودی خەڵکی ناوچەکەیە بەپشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان. ئەم کارە بەتیرۆریزمی دەوڵەتی و بۆمبارانی کوێرانە و خاپورکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ماڵ و حاڵی خەڵک وکوشتاری خەڵکەکەی ناکرێت.” پێماندەڵێت، هێرشەکان بۆ لێدان لە داعش‌و دەرکردنی لە موسڵ با ڕاوەستێت! دیسان لە بڕگەی یەکەمی بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەناوی؛ “الحملة العسكرية على الموصل حرب اقطاب رجعية،يجب ايقافها فورا” بە زمانی عەرەبی هەمان هەڵوێست دوپاتکراوەتەوە؛ “الحرب الارهابية الدائرة بين الاقطاب الامبريالية العالمية وحلفائها الاقليميين والمحليين وبين داعش ليست الا حربا بين قطبي الارهاب العالمي لا علاقة لها بمصالح جماهير العراق والبشرية المعاصرة وآمالها في التخلص من براثن داعش والارهابيين. ان الحملة العسكرية الحالية لما يسمى بتحرير الموصل من ايدي داعش، تشكل حلقة خطيرة من حلقات هذه الحرب الدموية الجارية في العراق والمنطقة مع ما تتمخض عنها من ماسي انسانية كبيرة لسكان الموصل وتهديدات لحياة وامان الطبقة العاملة والجماهير.”
لەکاتێکدا لەهیچ جێیەکی ووتارەکەیدا ڕێبوار باسی ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆریزمی داعشی وەکو قوتبێکی تیرۆریستیی ناوچەیی‌و جیهانیی خوازیاری دەسەڵات ناکات‌. باسی ناکات کە چۆن لە کێشەو جەنگێکی سیاسیدایە لەگەڵ ڕۆژئاواو ئەمریکا لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نەک لە شەڕیکی سەرو ماڵی‌و مان‌و نەماندا بێت لەسەر ئیسلام‌و بەهاکانی، یاخود جیهاد بێت لە دژی دیموکراسی‌و بەها ڕۆژئاوایی‌و شارستانییەکان کە وەکو سەرچاوەی ستەمی سەر خەڵکی فەلەستین‌و زوڵمی ئیسرائیل لە خەڵکی موسڵماننشینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لێکیانداوەتەوەو هێزی لێ دەگرن. داوایەکی لەم چەشنە کە ڕێبوار ئەحمەد ئاراستەی دەکات، لە گۆشە نیگای هەڵوێستگیرییەکی مارکسیستییەوە نییە، بەو دەلیلەی هێزهاوسەنگی ئێستای جیهان‌و دەرکەوتنی ئاستی ناکۆکی‌و بەریەککەوتنەکانی جیهانی سەرمایەداری، خۆی لەپێناو بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی تازەو سەقامگیرییەکی نوێی ئیستسمارو سەرمایەگوزاری مۆنۆپۆڵی لە ووڵاتانی زۆنی هێزی کاری هەرزاندا ئەم کێشمەکێش‌و لەشکرکێشی‌و جەنگ‌و تیرۆریزمە دەوڵەتی‌و ئیسلامییەشی هێناوەتەئاراوە. ئەم ڕیزبەستنە سیاسی‌و سەربازییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لەمێژە شکڵیگرتووەو ئامانجی ستڕاتیژی خۆی هەیە. خودی پەیدابوونی دیاردەی داعش‌و کەوتنی موسڵ‌ بۆ ژێر دەستی داعش‌و جەنگی سوریاو ئێستاش هەوڵی وەدەرنانی داعش لە موسڵ درێژکراوەو دەرئەنجامی هەمان دەخالەت‌و ملهوڕی ئەمریکایە لە ناوچەکە بۆ سەپاندنی ڕۆڵی پۆلیسییانەی خۆی بەسەر ناوچەکەو جیهاندا پاش داڕمانی بلۆکی سۆڤێت. بۆیە داوایەکی لەو جۆرە بەرانبەری گەلێک نامارکسیستی‌و بەولاوەتریش ساویلکانە دێتە پێش چاو. ڕێبوار تیرۆریزمی ئیسلامی تەنها وەکو ئامڕازی دەستی ئەمریکاو دەوڵەتە هەرێمییەکان تەماشادەکات‌و بەشێوەی ستاتیک لەم دیاردە ئاڵۆزکاوەی تیرۆریزمی ئیسلامی دەڕوانێت‌و لە فۆڕمۆڵەکردنی ووتارەکەیدا بەکاریدێنێت، تا پێمانبڵێت؛ “ئەم شەڕەی ئازادکردنی موسڵ درۆیەکی گەورەیەو بۆ لەناوبردنی تیرۆریزمی ئیسلامی نییە”! هەموو کەس دەزانێت شەڕەکە بۆ تەمبێکردنی ئەو باڵە یاخی‌و هەوسارپچڕاوانەی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسییە کە زیاد لە حەد پێیان درێژکردووە. بەڵام باشە مادام هەنگاوێکی بەم شێوەیەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەکردەوە تەوقی داعش بشکێنێت‌و لە موسڵ وەدەریبنێت، بۆ دەبێت داوای ڕاوەستانی بکرێت! کەوایە بۆ چەند مانگ لەمەوپێش لە شەنگاڵ‌و ڕومادی‌و فەللوجە داوای ڕاوەستانی ئەو شەڕەتان نەکرد؟! پرسیار ئەوەیە، ئایا بە ڕاستی لە شەنگاڵ‌و ڕومادی‌و فەللوجە تا ئێستا داعش بمایە باشتر بوو؟! ئایا مەحکومکردن‌و بەرزکردنەوەی دروشمی ڕاوەستانی شەڕ لەنێو ڕای گشتی جیهان‌و ناوچەکەو عێراقیشدا بڕشت‌و ئاسەوارێکی هەیە یاخود دەیبێت؟! ئایا داوای وەستانی شەڕێک کە بەگوێرەی پێناسە هەموو خەڵکی جیهان بە تاسەوە چاوەڕوانی ئاکامەکەی دەکات، یانی کەوتنی داعش، سەرپەڕی‌و لاکەوتەیی‌و خۆفریودان نییە؟!

ئاشکرایە کە نە ئامانجی شەڕەکەی ئێستای موسڵ‌ بۆ لەبەینبردنی تیرۆریزمی ئیسلامییە، نە جەنگی سەردەمی ١١ی سێپتێمبەریش لەژێر ناوی ڕاونانی بنلادن‌و لێدان لە تاڵیبان‌ ئامانجێکی وەهای بووە، وە نە سەرتاپای کێشمەکێشەکانیش لەگەڵ قوتبی ئیسلامی سیاسی بۆ لەناوبردن یاخود تەنانەت کەمکردنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی بووە. ئامانجی ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە شەڕیان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی بە گشتی‌و ئەو تیرۆریزمە ئیسلامییەی لەنێو داعشدا بەرجەستەبووە، بە دیاریکراوی لەم جەنگەی موسڵدا، کۆتاییهێنانە بەو پەڵەی نەنگییەو نەفرەت‌و ناڕەزایەتییەک کە بەهۆی یاخیبوونی داعشەوە بەرانبەر ئەمریکاو کردەوە قێزەونەکانییەوە لەنێو ویژدانی ڕای گشتی جیهان‌و خەڵکی ناوچەکەشدا دروستبووە. بە تایبەتیش کە ئێستا داعش وەکو ئامڕازێکی شوێنگرتنی ئامانجەکانی ئەمریکاو لایەنەکانی دیکە ڕۆڵی کۆتاییهاتووە. بەهۆی سیاسەتی داعشیانەو سەربڕینەکان‌و قەسابیکردنە ئیسلامییەکانییەوە ناڕەزایەتییەکی گەورەی جیهانی شارستانی لێ کەوتۆتەوە بەرانبەر بە سیاسەتی سەپاندنی هەیمەنەی ئەمریکاو دابەشکردنی ناوچەکانی نفوز لە جیهان. هەڵوێستی واقعبینانەو مارکسیستی لێرەداو لەم هاوکێشەیەی ئێستای نێوان بزووتنەوەی کۆمۆنیستی‌و جیهانی شارستانی‌و سەرمایەداری جیهانیدا ئەوەیە؛ لێگەڕێین ئەم پەڵەی نەنگی‌و شەرمەزارییەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا خۆیان زەحمەتی لەناوبردنی بکێشن. بێگومان لە هاوشانی مەحکوم نەکردنی لێدان لە داعش‌و دەرپەڕاندنی لە موسڵ، بۆردومانی شوێنی ژیانی هاوڵاتیان‌و کاولکردنی پردو ڕێگاوبان‌و ماڵ‌و مەدرەسەو خەستەخانەکان، وە کوشتاری هاوڵاتیانی بێ‌دیفاع‌و سڤیل کردەوەیەکی تیرۆریستییەو مەحکومەو دەبێت ڕابگیرێت.

سەبارەت ئاکامەکانی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ‌و کاردانەوەو ڕێزبەستنە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و حزبییەکان، زۆر ڕۆشنە ئێمە دەبێت خوازیاری ئەوە بین خەڵکی خۆیان چارەنووسی خۆیان بەدەستەوەبگرن‌و دانیشتوانی شاری موسڵ بەبێ جیاوازی لەگەڵ یەک بژین. ڕێگانەدەن بە هەڵاواردنی قەومی‌و مەزهەبی‌و باوەشێنی ئەم جۆرە ئەحساساتە شەڕو پێکدادان‌و نائەمنی باڵبکێشێت بەسەر ژیانیاندا. هەروەها زۆر مەسەلەی وەک شەڕی تائیفی لە عێراق‌و ناوچە کێشە لەسەرەکان‌، قازانج‌و زیانی دەوڵەتانی ناوچەکەو لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق، ڕۆڵی ئێستاو داهاتووی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان‌و هاوپەیمانانیان، داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و عێراق‌و کوردستان‌و مەسەلەی دەوڵەت لە کوردستان‌و مەسەلەی قەیرانی ئابوری کوردستان‌و قەیرانە سیاسییەکان‌و پرس‌و بابەتەکانی دوای ئازادکردنی موسڵ لەدەستی داعش، لە کات‌و شوێنی خۆیاندا دەبێت هەڵوێستەیان لەسەر بگرین‌و بە تایبەت هەڵوێستگیری لەبارەیانەوە بەڕای هەموو لایەک دوای کۆتایی پرۆسەی موسڵ ئەبێتە کارێکی ئێجگار فەوری‌و چارەنووسساز.

لە کۆتاییدا لەنێو هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و عێراقیشدا، پێویستە ئەم هەڵوێستەی ڕابەرایەتی هەردوو حزب بە چڕی ببرێتە ژێر ڕەخنەوەو کادران‌و ئەندامان‌و تەنانەت هاوسۆزان‌و لایەنگرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری‌ ڕابەرایەتی هەردوو حزب ناچاربکەن بەم هەڵوێستەیاندا بچنەوەو هیوادارم ڕابەرایەتی دوو حزبی کوردستان‌و عێراق ئەم هەنگاوە هەڵگرن. ئومێدەوارم لە ڕیزی هەردوو حزبدا ژمارەیەکی زۆر لە کادران‌و ئەندامان نه چنە ژێر باری ئەم سیاسەتەو ئەم هەڵوێستە پاسیفیستییەی ئێستای ڕابەرایەتییەوە. بە شوێن ڕاگەیاندنی ئەم هەڵویستە نامارکسیستی‌‌و زیانبارەی ڕابەرایەتیی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان‌و عێراقدا، ئه رکی کۆمونیستی ئه وه یه شەپۆلێک لە ڕەخنەو جموجووڵی دیفاع لە مارکسیزم‌و باوەڕە کۆمۆنیستییەکان لە ناوەوەو دەرەوەی هەردوو حزب بێتەئاراوە.

حەمە غەفور
١٧
ئۆکتۆبەر٢٠١٦

لینکی ووتارەکەی ڕێبوار ئەحمەد: ئازادی موسڵ یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان؟!
لینکی ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان: با بەربەکوشتاری خەڵکی موسڵ و وێرانکاری بگرین
لینکی ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق:
https://www.facebook.com/kamil.ahmed.3956/posts/10155373139349488




خوێندنەوەیەکی ماتریالیستانە بۆ 27 ی سێپتێمبەری 2016 …. نادر عبدالحمید


یەکەم: ئەڵقەیەك لە زنجیرەیەکی نەپساوە، چرکە ساتێك لە پڕۆسەیەك.

1. ئەم دیاردەیەی هاوکات مانگرتن و خۆپێشاندان، کە لە 27ی سێپتێمبەری 2016 لە زۆرێك لە شار و شارۆچکەکانی زۆنی سەوزی ژێر دەسەڵاتی (یەکیەتی و گۆڕان) لە کوردسانی عێڕاقدا خۆی خستەڕوو، بەردەوامی زنجیرە ناڕەزایەتیەکی نەپساوەیە و لەم چرکە ساتە دیاریکراوەدا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستای و لەم شکڵەدا خۆی دەرخستوە. هەروەك بەردەوامی هەر ئەو زنجیرە ناڕەزایەتیانە، پێشووتر لە ئۆکتۆبەری ساڵی پاردا لە شکڵێکی تردا خۆی خستبوەڕوو.
2. بەم پێیە ئەم دیاردەی سێپتێمبەری ئەمساڵ (2016) و ئۆکتۆبەری ساڵی پار (2015)، بەردەومی یەکتر و کامڵکەری یەکترین، دوو شکڵ و شێوازی جیا، دوو ئاستی پەرەسەندن لە ڕەوتی بزوتنەوەیەک نیشان دەدەن. بزوتنەوەیەك کە بە چەندین چرکەساتی بەرزونشێوی، پێشڕەوی و پاشەکشە، کۆکردنەوەی هێز و لەدەستدانی هێز، هەروەها بەدەستهێنانی ئەزمون و ئاگاهی سیاسی لەگەڵ حزب و ڕەوتە سیاسیەکاندا، تێپەڕیوە تا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستای.
3. ئەم چرکە ساتەی سێپتێمبەری ئەم ساڵ، لە چاو تەقینەوەی خۆبەخۆیی جەماوەری توڕە و ناڕازی ئۆکتۆبەری ساڵی پار (2015)دا، نەك هەر لە ڕووی شکڵ و شێوازی ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێکخراوەیی و بەرفراوانی و بەشداری توێژگەلێکی زۆرتر لە کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێش و ئەهلی کەسەبەی ناو بازاڕەوە (بە مانگرتن و دوکان داخستن)، بەڵکو لەڕووی سیاسی و ناوەڕۆکیشەوە، لە فۆڕمی خواست و شیعاراتەکانیشەوە کامڵبونێکی پێوە دیار بوو.
4. نەك هەر ئەمە بەڵکو حزبەکانی کۆنە ئۆپۆزیسیۆنی دەورانی پێشوو، واتا (گۆڕان) و حزبە ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی کە وەختی خۆی بەئاسانی سواری شەپۆلی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەی 17ی شوباتی 2011 بوون، چانسێکیان هەبوو کە سواری شەپۆلی خۆپێشاندانەکەی ئۆکتۆبەری پاریش (2015) ببنەوە، بەڵام لە ئێستادا لەڕووی بابەتیەوە بەهۆی مانەوەی قاچیان لەناو دەسەڵات و هەڵوێستی ڕەزیلانەیان بەرامبەر (پارتی) لە یەكساڵی ڕابردوودا، ئەو هەلەیان لە دەست خۆیاندا کە بەو ئاسانیە بتواننەوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی 27ی سێپتێمبەر(ی2016) ببن. ئەمەش نە بەومانایەیە کە ئەو مەترسیە کۆتایی هاتووە، وە نە بەو مانایەشە کە ئەم بزوتنەوەیە تەواو هاتۆتە دەرەوە لەژێر باری ئاسۆی ئەو حزبانە، بەڵکو بەو مانایەی کە زەمینەیەکی مادی و بابەتی سیاسی ڕەخساوە بۆ وەلانانی ئەو ئاسۆ و مەترسیە.
5. گەرچی ئەم دیاردەیە لەم شکڵە لە دەرکەوتنیدا تەنها زۆنی سەوزی گرتۆتەوە، و بەهۆی سەرکوت و ترۆر، خەفەقانی سیاسی و داپڵۆسێنەرانەی دەزگای سیخوڕی “پاراستن”ی (پارتی)ەوە، نەیتوانیوە لە زۆنی زەردیشدا خۆی نمایش بکات، بەڵام لەژێرەوە لە ناو دڵی کۆمەڵگەدا لەو ناوچانەشدا زیندوە و وەك مەنجەڵە ئاوێکی سەر ئاگردان دەکوڵێت و لە ژێرەوە قڵپ دەدات، ئەوە پلەیەك لە بەهێزی ئیستیبدادی (پارتی)ە، کە لەم چرکە ساتەدا، وەك سەرقاپێك ڕێگرە لە هاتنەدەرەوەی. ئەمە لەلایەك و لەلایەکی تریشەوە خودی ئەم دیاردەیەی 27 ی سێپتێمبەر گوزارش لە خواست و ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هاوڵاتیان دەکات لە تەواوی کوردستاندا بەهەردوو زۆنی سەوز و زەردیەوە، وە لە شکڵدا ڕووی لە حکومەتی هەرێم و لە ناوەڕۆکدا بەپلەی یەکەم دژی (پارتی)، حزبی قۆرخکاری دەسەڵات و سەروەتە لە کوردستاندا.
6. ئەم هاوکێشەیەی خاڵی پێنجهەمە، وای کردوە تا حزبەکانی تری غەدرلێکراو و بەشخوراو لە کێکی دەسەڵاتی حکومەتە بنکە فراوانەکەیان، لە لایەن (پارتی) ەوە، ئەو هەلەیان بۆ بڕەخسێ تا بە زمانلوسیەوە هاوسۆزی درۆینەی خۆیان بۆ ناڕەزایەتیەکان دەرببڕن و بیانەوێت شانی خۆیان دەرکێشنەدەرەوە لە ژێر باری بەرپرسیارەتیەك و سیاسەتێکی هاوبەشیان کە بارودۆخی هەرێمەکەی بەم ڕۆژ ڕەشیەی ئەمڕۆ گەیاندوە. بۆیە ڕوویەکی تری ئەم هاوکێشەیە بۆتە ڕێگریش لەبەردەم هەرچی زیاتری ڕادیکاڵ بوون و سیاسی بوونەوەی ئەم بزوتنەوە و ڕاماڵینی دەسەڵات لە زۆنی سەوز و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیەك لەم زۆنەدا لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەوخۆی ئیرادەی هاوڵاتیان لەڕێگەی بەرپا کردنی ڕێکخراوە شۆرایی و کۆمیوناڵەکانەوە.
7. بەم پێیە، پڕۆسەیەك لە دەرونی کۆمەڵگەی کوردستاندا لە ئارادایە، کە ڕەوتی ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوڵاتیانی کوردستانە بەگشتی، نەك هەر دژی دەسەڵاتی حزبەکانی حکومەتی بنکە فراوان، بەڵکو دژی هەموو دامەزراوەی سیاسی و حزبی هاوئاسۆ و ئامانجیش لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەوانەشەوە کە لەدەرەوەی پەرلەمان و حکومەتن.
ئۆکتۆبەری ساڵی پار و سێپتێمبەری ئەم ساڵ دوو چرکەساتی بەرجەستەی ئەم پڕۆسەیەن، بەڵام ڕۆژانەش ئەم پڕۆسەیە لە دەرکەوت و دەرهاویشتەی جیاجیادا خۆی نمایش دەکات و لە ئایندەشدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی وەك دیاردەیەکی بەرفراوان، ڕادیکاڵتر و بەهێزتر لە شکڵ و شێوازی تردا لە ئارادایە.
ئەم بزوتنەوەیە کە لەم شکڵ وشێوازانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیدا خۆی دەخاتەڕوو گوزارشێکی چڕوپڕ دەکات لە خەباتێکی چینایەتی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانی زەحمەتکێشان دژی بارودۆخێکی سەرمایە و دەسەڵاتی حزبە بورژوا قەومیەکانی کوردستان.
8. ئەوەی کە لە ئایندەدا ئەم بزوتنەوەیە لە چ شکڵ و شێوازێکی تردا وە لە چ ئاستتێکی بەرین و بەرفراوان و چ پلەیەك لە بەهێزیدا خۆی دەردەخات، وە بە چ کەناڵێکی سیاسیدا شۆڕدەکرێتە خوارەوە و تا چ ئەندازە ڕادیکاڵ دەبێتەوە، پەیوەستە بە شکڵگرتنی ڕابەرایەتیەك بۆ ئەم بزوتنەوەیە.
9. هەر ئێستا لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا هاوشانی بەشداری بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی، بە حزب و ڕێکخراو و گروپ و دەستەجاتی جۆراوجۆرەوە، بە خەتی سیاسی و ئاڵتەرناتیڤی جیاجیاوە، بەڵێ هاوشانی چەپ و کۆمۆنیزم هەڵسوڕان و ئاڵتەرناتیڤی ناسیونالیزمێکی چەپی ڕادیکاڵیش لە ئارادایە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. بەم پێیە هەر لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە بۆ شکڵگیری ڕابەرایەتیەك (لە دەرەوەی بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن) لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا لەئارادایە و کاریگەری ئاسۆی فکری چەپی ناسیونالیزم و ئاڵتەرناتیڤە سیاسیەکەی هەر لە ئێستاوە بەسەر بەشێکی گەرچی کەمیش لە چەپی کۆمۆنیستەوە دەبینرێت.
10. بەم پێیە لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە، بزوتنەوەیەکی یەك دەست نیە، بەڵکو سەنتێزی بەیەکگەیشتن و ڕووبەڕووبونەوەی گرایش و مەیلە جۆراوجۆرە فکری و سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقە. ئەم بزوتنەوەیە گەرچی بە پلەیەك لە مەترسی هەژمونی ڕاستەوخۆی سیاسی (بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن) هاتۆتە دەرەوە، بەڵام هێشتا لە ئاسۆی سیاسی ناسیونال لیبڕاڵ جیا نەبۆتەوە. بەجیا لەوەش، لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە، نەك هەر سەنتێزی بەیەکگەیشتنی گرایش و مەیلە جۆراوجۆرەکانی چەپی کۆمۆنیست و کێشمەکێشی ئاڵتەرناتیڤە جۆراوجۆرەکانیەتی، بەڵکو سەنتێزی ڕووبەڕووبونەوەی چەپی کۆمۆنیستیشە لەبەرامبەر چەپی ناسیونالیستیدا، هەم لەسەر دابینکردنی جۆری ڕابەرایەتی بۆ بزوتنەوەکە و هەم لەسەر ئاڵتەرناتیڤ و ئەلگۆ سیاسیەکەی. بۆیە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایتیە، بزوتنەوەیەکی ساف و سادەی دژی دەسەڵات نیە، بەڵکو مەیدان و مەڵبەندی کێشمەکێشێکی فکری و سیاسی جدی نێوان ئاسۆی چینایەتی جیاواز و ئاڵتەرناتیڤی سیاسی جۆراو جۆرە.
11. لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، تێگەیشتن لەم بزوتنەوەیە و لە چرکە ساتی بەرجەستەی 27 سێپتێمبەر، وەك مەڵبەندی بەیەکگەیشتنی ڕەوت و گرایش و مەیلە جۆراوجۆرە دژ بەیەکەکان و بونی بە سەنتێزێك بۆ یەکلاکردنەوەی کێشمەکێشی ئاسۆ و ستڕاتیژ و سیاسەتەکانیان، بەڵێ تێگەیشتنێکی ئاوا هەنگاوی یەکەمە لە وەلانانی دیدگایەکی پۆپۆلیستی بۆ هەڵسەنگاندن و بینینی بزوتنەوەکە تەنها لە چوارچێوەی ڕواڵەتی دژایەتی دەسەڵاتدا، کە لە هەوڵی ئەوەدایە ڕیزە سەربەخۆ و یەکگرتووەکەی بپارێزێت، لە حاڵێکدا لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، مەسەلەکە چۆنیەتی ئاسۆدار کردنیەتی بە سیاسەت و ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستانە لە ڕێگەی وەدەرنانی ئاسۆ و ئاڵتەرناتیڤەکانی ترەوە.
هەر ئەم تێڕوانینە واقعیە ماتریالیستیەشە کە کۆمەگی دەکات بە زاڵبون بەسەر پڕشوبڵاوی و پەرتەوازەیی چەپی کۆمۆنیست و دەرهێنانی دەستپێشکەری لەدەست چەپی ناسیونالیست و هەوڵدان بۆ دابین کردنی ڕابەرایەتیەکی ڕادیکاڵ، پێشرە و شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی بۆ بزوتنەوەکە، کە زەمانەتە بۆ وەدەرنانی ئاسۆی ناسیوناڵ لیبراڵ و وەلانانی یەکجارەکی مەترسی دوبارە گەڕانەوەی هەژمونی سیاسی ڕاستەوخۆی حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی بەرەی کۆنە ئۆپۆزیسیۆن و حزبی تری لەو چەشنانەش کە لەوانەیە لە ئایندەدا لەژێر ناوی تردا بێنە ئاراوە.
دووەم: دابڕان لە 17 ی شوباتی 2011
ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا کە لە دوای ساڵی 2012 وە لە حاڵەتی شکڵگیریدایە، بە هەموو چرکەساتەکانیەوە چ پێش ئۆکتۆبەری 2015 و چ دوای سێپتێمبەری 2016ش، دابڕانە لە بزوتنەوەکەی 17ی شوباتی 2011، و بەردەوامی ئەو بزوتنەوەیە نیە.
1. 17ی شوبات، چڵەپۆپەی ڕەوەندێکی مێژوویی بوو لە ناڕەزایەتی جەماوەری، لە بارودۆخێکی پەرەسەرندنی ئابوری و گەشەی کۆمەڵایەتی و بوژانەوەی فکری و سیاسی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 بەدواوە.
ناڕەزایەتیەکان ئەگەر نەشڵێین ڕۆژانە بەڵام هەمیشە بەردەوام بوون لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیە زەروریەکانی ژیان لە چەشنی ئاو و کارەبا و نەبوونی جادە و ڕێگاوبانی قیرتاوکراو، نەبوونی باڵەخانەی تەواو بۆ قوتابخانە و خەستەخانەکان …. ناڕەزایەتی بۆ دابین کردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت (کەم ئەندام)، خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیایی ڕژێمی پێشوو وەیا قوربانیانی جەنگی ناوخۆی نێوان “پارتی” و “یەکیەتی”، زیندانیانی سیاسی ڕژێمی پێشوو، دادگایی کردنی موستەشارە سەربازیەکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان کە بە “سەرۆك جاش”ەکان ناسرابوون … هتد.
بەڵام بەجیا لەو ناڕەزایەتیانەی کە ڕۆژانە لە ئارادابوون، چەند چرکە ساتێکیش هەبووە کە ئەو ناڕەزایەتیانە یا تیا تەقیوەتەوە، یان قاڵب و چوارچێوە، ڕێڕەو و شکڵێکی دیاریکراوی گرتۆتەخۆ، کە گوزارشی لە پلەیەك لە پەرەسەندن کردوە لەوانە؛ A- ئۆگۆستی 2006 وەك تەقینەوەیەکی خۆبەخۆیی بەڕووی دەسەڵاتداران. B- تەموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی و کەناڵێزە بوونی ناڕەزایەتیەکان و دەستەمۆکردنی لەلایەن (گۆڕان) و لیبڕاڵەکانی کوردستانەوە، C- تا جارێکی تر هاتنەوە مەیدان لە “بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان” و D- دواجاریش گەیشتنە چڵەپۆپەی خۆی لە بزوتنەوەکەی 17 ی شوباتی 2011 دا و بون بەدەستمایەی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی بۆ سەودا و مامەڵە و وەرگرتنی ئیمتیاز لە دەسەڵات و بون بەخاوەن پشک لە حکومەتی بنکە فراواندا.
بەم شێوەیە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کە لە دوای 2003 وە دێتە ئاراوە و ڕۆژانە بەردەوامە و بە چەندین ئاست و پلەی خۆیدا تێدەپەڕێت تا لە ساڵی 2012 کۆتایی دێت. بەم مانایە شەپۆلی 17ی شوبات دوا شەپۆلی زنجیرە هەڵچون و داچونێکی ناڕەزایەتیەکان و کۆتایی بە تەمەنی بزووتنەوەیەك هێنا، ئەمەش لەڕووی بابەتیەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زەمینەی واوەتر ڕۆیشتن لە 17ی شوبات دێتە ئاراوە.
2. ئەم ڕەوەندە مێژووییە (ی ساڵانی 2003 – 2012) ڕەوەندی گەشە و کەڵەکەی خێرای سەرمایە بوو لە کوردستان.
ڕەوەندی کەمبونی دەستی هێزی کار و هاوردەکردنی کرێکارانی بیانی، ڕەوەندی هەڵڕژانی پوڵ و پارە، دامەزراندنی “بن دیوار” و موچە بەخشینەوە، ڕەوەندی زەویوزار دابەشکردن و لێدانی چاڵە نەوتیەکان و تەخشانوپەخشان کردنی دۆلار و سەرهەڵدانی ملیۆنلەر و ملیاردێرەکان، ڕەوەندی هەڵهەلە لێدان و ئاهەنگەکانی جەژن و شایی دەسەڵات بوو.
ڕەوەندی هاوپەیمانەتی ستڕاتیژی هەردوو حزبی ناسیونالیست و یەکخستنی ماڵی کورد و دابەشکردنی پۆستە حکومی و ئیداریەکان بوو چ لە بەغدا و چ لە هەرێم، ڕەوەندی سازان و ماڵی کردنی ئیسلامی سیاسی بوو بۆ ناسیونالیزمی کورد، چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزیسیۆندا.
ڕەوەندی کردنەوەی زانکۆکان و گەشەی میدیا و ڕۆژنامەگەری، ڕەوەندی ڕوو هێنانی ڕۆشنبیرانی کوردستان بوو بۆ فکری لیبرالیزمی جیهانی و پۆست مۆدێرنیزم، ڕەوەندی پشت کردنە سۆشیالیزم و سەرکۆنەکردنی کۆمۆنیزم و شۆڕش بوو، ڕەوەندی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی ناسیونال لیبراڵی دژی دەسەڵات و ڕەوەندی موتوربەکردنی کوردایەتی بوو بە لیبرالیزمی جیهانیەوە.
ڕەوەندی هەژموون و باڵادەستی کۆکتێل و ئاوێتەی سێ توخمی کیمیای سیاسی کوردستان؛ ناسیونال لیبڕاڵی ئیسلامی بوو بەسەر بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانەوە. شیعاردانی “ئەڵلاهو ئەکبەر”ی نوسەرێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵ بە دەنگی بەرز لە بەردەرکی سەرای سلێمانی (مەیدانی ئازادی) و لەناو بزوتنەوەکەی شوباتی 2011دا، نمونەیەکی سمبۆلیك بوو لەو ئاوێتە کیمیاییە سیاسیە و لەم واقعەتە مێژووییەی کوردستانی ئەو قۆناغە.
بەڵام لە ساڵی 2013 وە، بارودۆخێکی ئابوری-کۆمەڵایەتی و سیاسی-فکری تازە هێواش هێواش خەریکی شکڵ گرتنە، کە کوردستان دەباتە ناو ڕەوەندێکی مێژوویی ترەوە کە قەیرانی دارایی و ئابووری و لەگەڵیشا قەیرانی سیاسی و تێکچونی ماڵی بورژوازی کوردە، ڕەوەندێك کە تیایدا هیواش هیواش مەزاجی بەشێکی بەرچاوی ڕۆشنبیرانی کوردستان وەردەچەرخێ ڕووەو هاوسۆزی بۆ چەپ و شۆڕش و مارکسیزم و بەم پێیە نەوەیەکی تازەی چەپ و کۆمۆنیستیش خەریکی شکڵگیریە. تەواوی ئەو توخم و دیاردە ئابوری-کۆمەڵایەتی و سیاسی-فکریانەی کە ڕواڵەتی قۆناغی پێشوی (2003-2012)ی مێژووی کوردستانیان شکڵپێدا بوو تەواو پێچەوانە بوونەتەوە یان لە ڕێگەی ئەوەدان پێچەوانە ببنەوە. بەم مانایە زەمینەی مادی بۆ دوبارەبونەوەی 17ی شوباتێکی تر لە ئارادا نەماوە، بە پێچەوانەوە، زەمینەی واوەتر ڕۆیشتن لە 17ی شوبات، هاتۆتە ئاراوە.
ئەو ناڕەزایەتیانەی دوای ساڵی 2012، نەك بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانی قۆناغی پێشوو بەڵکو هەڵقوڵاوی وەیا ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە نوێیە یا ئەم ڕەوەندە مێژووییە تازەیەن کە لە شکڵگیریدایە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
3. ئەوە ڕاستە کە بەدرێژایی چارەکە سەدەیەك (25 ساڵ لە) دەسەڵاتدارەتی حزبە بورژوا قەومیەکان، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی لە ناڕەزایەتی نەکەوتوون، بەڵام لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە ئەوە ڕەوەندێکی مێژوویی وەیا قۆناغێكی دیاریکراوە، لە بارودۆخێکی تایبەتی ئابوری کۆمەڵایەتی و فکری سیاسی، کە دەبێتە چوارچێوە بۆ شکڵگرتنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان لە هەر سەردەمێکدا. بۆیە ناکرێت ناوەڕۆکی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، لە ئێستادا (لە دوای ساڵی 2012 بەدواوە)، وەکو ناوەڕۆکی ناڕەزایەتیەکانی قۆناغی 2003 بۆ 2012، یان قۆناغی پێشوتری (1991 بۆ 2003)، لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بەهەمان پێوانە هەڵبسەنگێندرێت.
4. ئەوەی لێڕەدا دەمانەوێت پێ دابگرین لەسەری بریتیە لە دەستنیشان کردنی ڕەوەندێکی مێژوویی دیاریکراو کە کۆمەڵگەیەك پیا تێدەپەڕێت، کە ئایە ڕەوەندی گەشە و کەڵەکەی سەرمایە و توانای بورژوازیە بۆ مانۆڕ و سازش و ڕیفۆڕم هەم لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و هەم لە نێوان ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی خۆشیدا، وەیا ڕەوەندی ڕوو لە قەیران و تێکچونی یەکیەتی ناو ماڵەکەی و بێتواناییەتی لە مانۆڕ و سازش و ڕیفۆڕم لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا، وە ناچارە هەرچی زیاتر فشار بۆسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان بهێنێت و ئەو دەسکەوتانەش کە لە قۆناغی گەشە و پەرەسەندا بەدەستیان هێناوە لێیان دەستێنێتەوە و بۆ ئەم کارەش دەست لە سەرکوت نەپارێزێت. بەم پێیەش زەمینەی مادی و بابەتی بۆ هەرچی ڕادیکاڵ بونەوەی زیاتر و واوەتر ڕۆیشتنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانە لە دێتەئاراوە تا لە چوارچێوەی خواستە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕیفۆڕمە سیاسیەکان دەرباز ببن و چەکدار بن بە ئاسۆ و ئامانجێک کە دەسەڵات و دەوڵەت بباتە ژێر پرسیارەوە و دەست بۆ هەڵتەکاندنیان بەرێت ژێڕەوەڕا؟. بەڵێ ئەم ڕەوەند و سەردەمە جیاوازانەن وەك چوارچێوە وەیا بارودۆخێکی تایبەت ئەو توانا و زەمینە مادیە بابەتیانە دیاری دەکەن کە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان تیا شکڵ دەگرن، و ئەو بزوتنەوانەش ناچار بە وەڵامدانەوە دەکات بەو بارودۆخە.

nadr1506@yahoo.com
ماویەتی …..
سێهەم: 27 ی سێپتێمبەر لەنێوان بەرداشی سیاسەت و ئابووریدا.
چوارەم: بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و ئاسۆی پێشڕەوی ئەم ناڕەزایەتیانە




له‌یه‌که‌م رۆژی جه‌نگی موسڵدا: زه‌روره‌تی هاوپشتی به‌ره‌ی ئازادیخواز له‌دنیادا!… نوری به‌شیر

ته‌نیا 12 کاتژمێر تێپه‌ڕی به‌سه‌ر هێرشی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی بۆسه‌ر موسڵ، که‌سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 17ی ئۆکتۆبه‌ر به‌هێرشه‌کانیان ‌ئاسمانی شاری موسڵیان کرده‌ ئاگرباران به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵکه‌که‌یدا. ته‌نیا له‌رێگای ماسمیدیای بۆرژوازی خۆیانه‌وه‌‌‌ له‌ئاستی ناوه‌و و ناوچه‌که‌ و جیهاندا، هێنده‌ی چه‌ند مانگی رابردوو که‌ته‌پڵی ته‌بلیغاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنی موسڵیان ده‌کوتاو هه‌ر دوایان ده‌خست، ئامانج و سیاسه‌ته‌کانیان له‌ئاست هێرشی موسڵدا بۆ خه‌ڵک ڕۆشنتر بۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ئێمه‌ کۆمۆنیزمی کرێکاریی، له‌بایننامه‌و نوسینه‌کانماندا ئیشاره‌مان پێکردوه‌ و قسه‌مان له‌سه‌رکردوه‌ و رامانگه‌یاندوه‌ که‌ئه‌م جه‌نگه‌ دوورو نزیک هیچ په‌یوه‌ندی به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ریکه‌ زیاتر ناوه‌رۆک و به‌رنامه‌و سیاسه‌تی ئه‌مریکاو ئه‌و هێزانه‌ی ده‌وری‌ بۆ خه‌ڵک رۆشن ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ راگه‌یاندن و میدیکان ده‌ریانخست که‌ هێزه‌کانی داعش له‌موسڵدا له‌نێوان 3500 تا 5000 هه‌زار چه‌کداره‌‌، که‌ CNN تاکید ده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ته‌نیا سوپای عێراقی 54.000 هه‌زار و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی ئاماده‌کراو خۆی له‌ 40.000 هه‌زار که‌س ده‌دات، وه‌ تاکید له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا نزیکه‌ی 5000 هه‌زار سه‌ربازی به‌چه‌کی ته‌واوه‌وه‌ دانابوو بۆ ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردودا 600 سه‌ربازی تری پێ زیاد کردوه‌و به‌شداره‌ له‌م جه‌نگه‌داو هاوکاری ئه‌و هێزانه‌یه‌. له‌په‌یامی ده‌ستپێکردنی جه‌نگ له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ حه‌یده‌ر عبادی له‌وه‌ی ته‌نیا هێزه‌کانی سوپای عێراق و پۆلیس شه‌ڕ ده‌کات و ده‌چێته‌ موسڵه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌مه درۆیه‌ی ئاشکرا بوو له‌رێگای راگه‌یاندنی خودی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ و هه‌روه‌ها تاکیدی میدیای جیهانی که حه‌شدی شه‌عبی ‌به‌تازه‌ترین چه‌که‌وه‌ به‌شداری جه‌نگی موسڵیان کردوه‌‌. هه‌روه‌ها ئاشکراکردنی به‌شداری عه‌شایه‌ره‌ سونه‌کان. ئه‌وه‌ به‌شداری و حزوری هێزه‌کانی ئوردوگان و حکومه‌ته‌ ئیسلامیه‌که‌ی ئاشکرایه‌و خۆیان و که‌سیش حاشای لێناکات.
هه‌روه‌ها به‌جیا له‌نمایشه‌کانی به‌ره‌ی جه‌نگ، له‌سه‌ران و ئه‌فسه‌رانی حکومه‌تی عه‌بادی، که‌له‌وه‌ی ئاگاداری هه‌موو حه‌ره‌که‌یه‌کی داعش هه‌ن له‌ناو موسڵ، وه‌ تاکیدکردنه‌وه‌ له‌وه‌ی زۆرێک له‌دێهاته‌کان له‌داعش پاکرانه‌وه‌و ته‌نها له‌سنوری پێشمه‌رگه‌ 9 دیهات له‌ده‌ست داعش ده‌رهاتووه‌و پێشمه‌رگه‌ کوژراو و برینداریشی هه‌یه، که‌ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌ قسه‌یان کرد که‌جیا له‌چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌کی سه‌یاره‌ی بۆمب ڕێژکراوی داعش، قسه‌یان له‌مقاوه‌مه‌تێکی به‌رچاوی داعش نه‌کرده‌وه. ژماریه‌ک له‌کادرو سه‌رانی حزبه‌ کوردیه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌یه‌کیتی و پارتی سه‌ردانی‌ شکڵی و نمایشی به‌ره‌ی جه‌نگ و سه‌ردانی برینداره‌کانیان کردوه‌. هه‌ر هه‌موو هێزه‌کان به‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌‌داعش توشی شکستی گه‌وره‌و راکردن له‌موسڵ بوه‌و به‌ناو شاردا بانگه‌وازی هێزه‌کانیان کردوه‌ بۆ ده‌رچوون له‌موسڵ. هه‌روه‌ها پیته‌ر کۆکی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا تاکیدی کردۆته‌وه‌ که‌ 70 هێرشی ئاسمانیان کردوه‌. وه‌ له‌هه‌واڵه‌کاندا تاکید له‌کوژرانی ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانی داعش ده‌کرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی هه‌واڵه‌کاندا چه‌ندین مه‌له‌ف که‌ده‌بوو پێشتر ئاشکرایان بکردایه‌ به‌وردی، له‌ئێستا ده‌ریده‌خه‌ن که‌‌هاوکاری داعش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و سه‌رانی ده‌وڵه‌تی عێراق و ‌حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیاوه‌ کراوه‌، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ ناردنی 60.000 هه‌زار سه‌یاره‌ی تویوتا بۆ داعش له‌لایه‌ن سعودیه‌، قه‌ته‌ر، ئیمارات، ئه‌رده‌ن و دانی پاره‌ پێیان له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌.
هه‌روه‌ها فایلی هاوکاریه‌کانی هاشمی و ئه‌سیل نجێفی له‌گه‌ڵ داعش، که‌قه‌راره‌ نجێفی له‌ده‌وره‌ی دوای پاکردنه‌وه‌ی ‌موسڵ له‌داعش ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی سونه‌کان و به‌تایبه‌ت له‌موسڵ بێت و پێشتریش پارێزگاری موسڵ بوو. که‌هه‌واڵه‌کان له‌سه‌ر نجێفی و هێزه‌کانی تورکیا هه‌یه‌، که‌به‌شێک له‌و داعشانه‌ ریشه‌کانیان ده‌تاشن و ده‌بنه‌ هێز له‌گه‌ڵ نجێفی و بۆ ده‌سه‌ڵاتی دوایی پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش و تاکید له‌په‌یوه‌ندی نجێفی و ئوردوگان ده‌کرێته‌وه‌. تا به‌هێزی حکومه‌تی تورکیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گوایه‌ به‌جلی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌چنه‌ موسڵ و هه‌روه‌ها بۆیه‌ هێزه‌کانیان له‌وێن که‌هێزێکی زۆری داعشی تورک به‌ ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌وه هه‌ن و تورکیا رزگاریان ده‌کات.
هه‌روه‌ها هه‌وڵی پاشه‌کشه‌و شکستی داعش و چۆڵکردنه‌ی له‌دێهاته‌کانی ده‌ورو به‌ری موسڵ و هه‌تا چۆڵکردنی به‌شی رۆژه‌هه‌ڵاتی موسڵ و رۆشتنی هێزی داعشه‌کان به‌ره‌و به‌شی رۆژئاوا، ده‌لیلی ئه‌وه‌یه‌ داعش له‌پاشه‌کشه‌دایه‌ و ره‌نگه‌ به‌زوویی هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی بچنه‌ موسڵ و ئه‌گه‌ر داعشی تێدا مابێت و شه‌ڕ بکه‌ن ئه‌وا جه‌نگی ناو شه‌قام و کۆڵانه‌کان ده‌ست پێبکات. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌کاتێکدا هه‌واڵه‌کان له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ و میدیاکانه‌وه‌ ئاوایه‌، ئه‌مریكا له‌رێگای وته‌بێژی پنتاگۆنه‌وه‌ ده‌ڵێت پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش زۆر ده‌خایه‌نێت!. ئایا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌رنامه‌یه‌ک که‌ئه‌مه‌ریکا به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌تی خۆی و رێکخستنی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ قه‌ومی و تایفی و دینیانه‌وه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ و رێکخستنی قوتبه‌که‌یان له‌به‌رامبه‌ر بلۆکی به‌رامبه‌ردا ” روسیاو ئێران و سوریادا” ده‌بێت شتێکی تر بێت، بێئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌وه ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زاره‌ی که‌له‌موسڵدان له‌به‌رچاو بگرن؟. ئایا ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌ک نیه‌ که‌خه‌ڵکی موسڵ‌ له‌و وه‌زعه‌ تراژیدیایه‌دا راگرن بۆ درێژه‌دانی جه‌نگه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ببن و په‌ره‌وازه‌یان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا هیچ بیرێک له‌ژیانی باشتر نه‌که‌نه‌وه‌و رازی بن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌ریاندا له‌نموونه‌ی نجێفی؟.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌واڵانه‌و سه‌دانی که‌دا، له‌کاتێکدا که‌له‌سه‌عاته‌کانی یه‌که‌مدا ئاسمانی موسڵ کرایه‌ ئاگر به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌دا، له‌رێگای هێزه‌ ئاسمانیه‌کانی ئه‌مریکاو تۆپ و هاوه‌نه‌کانیانه‌وه‌ و پاشه‌کشه‌ی داعشی به‌دوادا هات، که‌خۆشیان به‌و خێراییه‌ چاوه‌ڕوانیان نه‌ده‌کرد، ئه‌گه‌رچی به‌پێی چه‌ند هه‌واڵی پێشوتر که‌ئۆردوگان رێگاچاره‌ی ده‌رچونی داعشه‌کانی بۆ سوریا ته‌رح کردبوو. به‌پێی هه‌واڵه‌کان به‌به‌رچاوی هێزه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌وری ته‌له‌عفه‌رو به‌عشیقه‌وه‌، ‌داعشه‌کان به‌ره‌و سوریا به‌رێکه‌وتوون. هه‌موو ئه‌م هه‌واڵانه‌ له‌میدیای جیهانی و ناوچه‌ییه‌وه‌ تاکیدی لێکراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیارو سه‌رسوڕمانه‌ یه‌ک وشه‌ش له‌سه‌ر وه‌زعی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌وری موسڵ و ناو موسڵ نه‌وترا، که‌ئایا ئه‌و ملیۆن ئینسانه‌ی له‌ژێر ئه‌و تۆپبارانه‌ تونده‌ی ئه‌مڕۆدا بوون چیان به‌سه‌ردا هاتووه‌؟ چه‌نده‌ کوژراو ژماره‌ی برینداره‌کانیان چه‌نده‌، ژماره‌ی هه‌ڵاتوو و سه‌رگه‌ردان له‌به‌رداشی جه‌نگی نێوان ئه‌م هێزانه‌و هێزه‌کانی داعشدا چۆنه‌ و چه‌ندین پرسیاری تر له‌سه‌ر وه‌زعی ئه‌م خه‌ڵکه خۆی ده‌رده‌خات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ شوێنی سه‌رنجه‌‌ هیچ یه‌ک له‌و هێزانه‌ی هاوپه‌‌یمانی ئه‌مریکا وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگی به‌گوێیاندا هه‌ڵدابیت و ئه‌مریکا تفی کردبێته‌ ده‌می هه‌موویان، قسه‌یه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ دیلکراوه‌ی ژێر ده‌ستی داعش نه‌کرد، که‌خۆیان شاره‌که‌یان لێکردن به‌دۆزه‌خ. له‌کاتێکدا خودی نوێنه‌رانی یوئێن و ئه‌مریکا له‌تراژیدی ئینسانی جۆراوجۆری ئه‌م جه‌نگه‌ له‌په‌یوه‌ند به‌خه‌ڵکه‌وه‌ پێشتر تاکیدیان کردۆته‌وه‌.
ئه‌مانه‌ ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خات که‌ئۆپه‌راسیۆنی به‌ناو رزگارکردنی موسڵ، هیچ نیه‌ جگه‌ له‌جه‌نگێکی دژی ئینسانی و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانی نه‌بێت له‌ژێر ناوی جه‌نگ دژی داعش و تیرۆریزم، ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌که‌ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و جه‌مسه‌ره‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ده‌وری بۆ سازدانه‌وه‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیانه‌ له‌عێراق و ناوچه‌که‌و ته‌وه‌هوم دان به‌خه‌ڵک و رای گستی جیهان، که‌هیچ نزیکایه‌تی و به‌رژوه‌ندیه‌کی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی موسڵ و ناوچه‌کانی تری عێراق و کوردستاندا‌ نیه‌. ئه‌مه‌ هه‌مان سیناریۆ و هه‌نگاوێکی تره‌ له‌راستای ئه‌وه‌ی که‌ دوو ساڵ و چوار مانگه‌ داعشیان راگرتوه‌و بوو بوو به‌خێرو به‌ره‌که‌ت بۆیان، بۆسه‌رکوتی خه‌ڵکی سه‌رتاسه‌ری عێراق و نه‌دانی موچه‌و تاڵان و بڕۆی خۆیان و سات و سه‌و‌داکردن له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌تی کۆمه‌ڵگا. ئێستاس ئه‌مه‌ به‌رنامه‌و سیاسه‌تی ده‌وره‌ی داهاتووه‌ بۆ هه‌موویان. به‌و رێگاچاره‌ دژی ئینسانیه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی ئه‌گه‌ر رێگای پێنه‌گیرێت، کاردانه‌وه‌ی خراپی نه‌ک له‌سه‌ر خه‌ڵکی موسڵ به‌ڵکو کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌بێت. بۆیه‌ هه‌ر یه‌ک له‌و هێزانه‌ له‌چه‌ندین مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ خۆیانی بۆ ئاماده‌ ده‌که‌ن، بۆ سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و نفوزیان له‌عێراق و ناوچه‌که‌دا. له‌قسه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، نێچیره‌وان بارزانیدا هاتووه‌ که‌وتوویه‌تی ‌ئه‌زمه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌بوونی داعشه‌وه‌ نیه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت که‌درێژه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان بده‌ن له‌سه‌ر حسابی برسیکردن و سه‌رکوتی خه‌ڵکی کوردستان به‌دوای داعشدا.
بۆ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی باڵی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ش هه‌ر وایه‌، کێشه‌کانی ئاینده‌ی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سونه‌ که‌موسڵ ده‌بێته‌ مه‌رکه‌زو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمدا گه‌مه‌ی به‌رنامه‌ی قه‌ومی و تایفی و دینیه‌وه له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ وه‌ک به‌ڵا به‌دژی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش‌، بزانین چ کاره‌ساتێک ده‌خولقێنن. یاریکه‌ره‌کان ئه‌و هێزه‌ گوێ له‌مشتانه‌ی ئه‌مریکان و تۆپه‌که‌ش خه‌ڵکی سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌ به‌کورد و عه‌ره‌به‌وه‌.‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌سیاسه‌تی ئه‌مریکا بڕواته‌ پێشه‌وه‌ خه‌ڵکی موسڵ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م ده‌بن وه‌ک ئه‌وه‌ی کردیانن به‌دیلی ژێرده‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌ڵافه‌تی ئیسلامی داعش و ئیراده‌یان لێسه‌ندنه‌وه‌ که‌خۆیان بڕیار بده‌ن و داعش له‌ناو به‌رن.
به‌ڵام له‌نێوان ئه‌و یاریکه‌رانه‌ی جه‌مسه‌ری ئیمپریالیزمی ئه‌مریکادا، که‌بۆخۆیان له‌ئه‌زمه‌دان، شکستی سه‌ربازی و سیاسی ئه‌مه‌ریکا دوای ئه‌فغانستان، له‌عێراق و سوریا درێژه‌ی هه‌یه‌و وه‌ک زلهێزی یه‌که‌م و ته‌نیا قوتبی نه‌ماوه‌. هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سونه‌و شیعه‌ له2003 وه‌ که‌له‌ده‌سه‌ڵاتدان و حزبه ناسیونالسیته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و ئیسلامیه‌کانیش ‌زیاتر له‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌کی ‌ده‌سه‌ڵاتیاندا، مۆری بۆرژوازی تاڵانچی و سه‌رکوت و مافییان داوه‌ له‌مێژووی خۆ‌یان و به‌ختی خۆیان تاقیکردۆته‌وه‌ که‌خۆشخه‌یاڵی پێیان که‌مبۆته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ رێگایه‌کی که‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا مه‌وجوده‌ که‌زه‌مینه‌که‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌زمه‌گرووتی عێراق و کوردستانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مافیا قه‌ومی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی دینییه‌کاندا، که‌ده‌توانن هێزی خۆیان بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌. رێگاچاره‌یه‌ک که‌خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش ده‌بێ بۆ خۆی دیاریبکات، له‌هێنامه‌یدانی هێزو ئیراده‌ی رێکخراوی خۆیان‌، به‌تایبه‌ت له‌موسڵ که‌ئه‌مه‌ رێگایه‌که‌ ئیمکانی هه‌یه‌ و نموونه‌که‌‌ی له‌ کوبانی بینرا، ده‌بێت ده‌ستی بۆ ببرێت.
به‌ڵام بۆ ئێستایه‌ک به‌ڵای شه‌ڕو مه‌ئه‌ساتێک به‌سه‌ریانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ پێویستی به‌هاوکاری و هاوپشتی هێزی جیهانی و به‌ره‌ی ئازایخوازو ئینساندۆسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ئێستا ئه‌و جه‌نگ و بۆمبارانی کوێرانه‌ی ‌ناو موسڵ ده‌بێ بوه‌ستێت که‌به‌عه‌مه‌لی داعش شکستی خواردوه‌و و ده‌کرێ رێگای تر جیا له‌جه‌نگ و کوشتاری دژی خه‌ڵكی بگیرێته‌ به‌ر، ئه‌گه‌رنا به‌و هێزانه‌و هێزی ئه‌مریکا داعش بنه‌بڕ ناکرێت، به‌پیچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریکا سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه‌ی داعشه‌. ئه‌وه‌ هێزی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و به‌ره‌ی ئازادیخوازو کۆمۆنیست و رادیکالی کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌توانێت داعش بنه‌بڕ بکات بۆ هه‌میشه‌. ئه‌و به‌ره‌ جیهانیه‌یه‌ ده‌توانێت به‌هانای ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ بن و به‌ڵای شه‌ڕی دژی ئینسانی ئه‌مه‌ریکا بوه‌ستێنێت. فشار بهێنرێت به‌هانای ئه‌و خه‌ڵه‌که‌وه که‌له‌موسڵدا ماون‌ بچن و پێداویستیه‌کانیان بۆ دابینبکرێت، وه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ئاواره‌ بوون له‌شوێنی گونجاوو پێداویستیه‌ ئینسانیه‌کان له‌داوو ده‌رمان و خوارده‌مه‌نی به‌هه‌ره‌مه‌ند بن و حورمه‌تی ئینسانیان بپارێزرێت. ئه‌م هاوپشتیه‌ جیهانیه‌ رێگا ده‌کاته‌وه‌ بۆ هاتنه‌مه‌یدانی ئیراده‌ی خه‌ڵکی موسڵ بۆ ده‌سه‌ڵات و خۆبه‌ێوه‌بردن که‌نموونه‌که‌ی ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی تری عێراق و کوردستان. حزبه‌کانی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراق له‌م رێگایه‌دا ده‌ست به‌کارن و چاوه‌ڕوانن‌ هه‌موو حزب و لایه‌ن و که‌سایه‌تی ئازادیخواز، ئینساندۆت، کۆمۆنیست و چه‌پ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی موسڵ و باقی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی تردا بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر به‌شدارو هاوکاربن.
17/10/2016

Noori Bashir
Email: nooribashir1@yahoo.com
Mob: 0044 (0) 74 7620 4121




لەبەر ڕۆشناییی ڕۆحگەراییەوە … ڕۆژ هەڵەبجەیی و پێشەوا کاکەیی

————

-١-
قرژاڵ، کە ئاو ماندووی دەکرد:
پاڵی دەنا بە نیوەڕۆ و،
لە عەسرێکی فێنکدا،
بە دوای تراویلکەدا دەگەڕا!.
—————————
قرژاڵ، نیوەڕۆیان دەعوەتی کیسەڵ بوو،
بەس هێندە بە خاووخلیچکی چێشتی حازر دەکرد:
دەبوو بە عەسر.
لە داخی گەرما:
قارچکی دەکردە کەپر!.

-٢-
سیسرکە، بە فڕینێکی شەلەوە:
دەگاتە قوژبنی دیوارەکان.
بێئاگا لە مرۆڤ،
هەموو دیوارەکانی بە ژەهر قیرتاو کردووە!.
—————————————
سیسرکە، دەبێت بگەڕێتەوە نێو حەقیقەتی خۆی،
لە پەیڤی نەشیاوی مرۆڤ دوور بکەوێتەوە.
مرۆڤ، وەها بە دوایدا بگەڕێت:
هیچ ئاوازێک لەو خۆشتر، نەچووبێتە گوێچکەیەوە!.

-3-
گیا، ئەوەندە بە سەوزی زیکر و تەهلیلە دەکات:
تا، تای لێ دێت و، زەردهەڵدەگەڕێت.
دواتر، لەسەر بەرماڵی با:
شۆڕشی نوێژ بەرپا دەکات!.
—————————-
گیا، دوای تەواوبوونی زیکری، لە ژێر پێی مرۆڤ:
وەک دەروێشێک، خەنجەر هەڵناکێشێت و،
بیدات لە تەپڵی سەریی و،
لە بەرچاوی هەموواندا: خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
گیا، لە تاو پەلکێکی، کە زەردهەڵدەگەڕێت:
لە ژێر پێشدا، هەر سەرقاڵی نوورە!.

-٤-
قوتابخانەی بەرد، دەچێتەوە سەر شۆڕشی سپیی.
ئیدی هەموو ئاقڵەکان، لەوەوە:
فێری تێزێک دەبن،
ئەویش، ئەفسانەی بێدەنگیی!.
———————
بەرد، قوتابخانەیەکە: دەچێتەوە سەر شۆڕشی فیکری.
لە هێزی سوور نییە و، سپیخوازە*.
گەر ئەقڵ نەچێتە نێو دەستەوە:
حەز بە سەری کەس نکات، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە!.
…………….
* سپیخواز: ئاشتیخواز

-٥-
ڕێوی، هەرچەندە فێڵباز بێت:
ناگاتە فێڵی مرۆڤەکان.
دان بۆ مریشکەکان ڕۆ دەکەن:
دواتر، جەللادن بۆیان!.
——————————
ڕێوی، بیانووی دەمی مرۆڤە:
بۆ فێڵکردن خوڵقابێت.
ئەو، لەبەر چەقەڵ سەری لێ شێواوە:
کە زۆر لە خۆی دەچێت!.

-٦-
پەپوولە، تەنیا وەرزێکی هەیە بۆ ژیان:
بۆنی هەموو گوڵێکی کرد و، عیشقی پێ نەکرد، بۆ خۆی.
دوا جار، لە حیکمەتی چرایەکدا:
بۆ عیشق بووە قوربانی!.
—————————–
پەپوولە هێندە دڵتەنگە، ناگاتە وەرزێکیش:
وەک پەککەوتەیەک، بەسەر چڵی نێرگزێکەوە، سەردەنێتەوە.
وەک خۆی نا، لە داخی ئەو شاعیرانەی، دەیخەنە نێو ڕستەیەکی شیعریی:
کە جگە لە دڵەڕاوکێ بۆ مەرگ، هیچ ترووسکایەکیش بۆ ژیان ناهێڵنەوە!.

-٧-
تابلۆی سەر دیوارەکە:
چیرۆکێکە لە ئەفسانە.
ورچێکە، لە نێو بەفردا گەمە دەکات:
مناڵێک، قاپێک لە پێکەنینی پێشکەش دەکات!.
—————————————-
ورچ، هێندە ناشیرین کراوە بە ڕێنووسی قەڵەویی:
ژن و پیاویش، هەمیشە ڕکابەرێتییانە لەسەر کزیی.
کەچی دونیای منداڵیی، ئەوەندە پاک و جوانە، کە ورچ دەبینێت:
دەڵێت: بە دەم چیرۆک خوێندنەوەوە، لە باوەشمدا دەخەوییت!.

-٨-
گورک، هەڕەشە لە گیا ناکات: کە سەوزایی حونجە دەکات.
مرۆڤ، برێک جار ئێرەییەکانی کۆ دەکاتەوە: تا لە ماڵی ئەو بێت.
مەگەر لە ماڵی گورگ و مرۆڤدا، چ شتێک هەیە:
گەر گۆشت لە نێوانیاندا، هاوبەش نەبێت!.
——————————————–
گورگ، لە ڕەونەقیی تیژی ددانەکانییەوە مەڕوانە: هێزت بەرێت.
بۆنی وەهاشی پێ مەبەخشە، کە بە گۆشتتەوە: ئێسقانیشت بهاڕێت.
تۆ کە ئێرەیی نابەیت بە ڕۆح و، بتەوێت ئەویش لەتەکتدا بخەوێت:
بە هێزی خۆتدا بچۆوە و، هێندەش بۆن مەکە: گورک قەڵس ببێت!.

-٩-
مرۆڤ چەند سەیرە، بە تەنز: مرواوی، دەدەنە بەر لێشاوی دەمارگیریی.
هەرچەندە بڕواتە قووڵایی پێڵاوەکانی گۆم و ڕووبار:
مەرحەمەکانی تەڕبوون ناناسێ.
مرۆڤ چەند سەیرە، تەنزەکانی دەسڕێتەوە:
بە دەستنووسی چەقۆیەک، پەیامی ئاشتەوایی بۆ دەنێرێ!.
—————————————————
مراوی، شیکاری چڵپاوخۆریی و، زێرابەکانی بۆ مەکەن؛
بارێك کە لە نێو زگتاندایە، بە قەبزیی بۆی ئاودیو دەکەن،
چ دەکەن، دوایی بۆ گۆشت، بە چەقۆ ئەنجن ئەنجنی دەکەن!.

-١٠-
لە کوچە و کۆڵانەکانی پشیلەوە:
دەچمەوە سەر دووڕیانی خۆشەویستیی و جوانی.
لە دەریای چاوەکانی پشیلەوە، کە مەلەوانەکان هاتنەوە،
وتیان: پشیلە خوویەکی نییە، بێ نمەکی.
ئەوە بیرچوونەوەی هزرە، بۆتە گرێیەک لە سەنتەری سمێڵەکانی!.
———————————————
پشیلە، هەرچی خووی بێ نمەکی هەیە، وەها داویانەتە پاڵی:
بە ئاستەم لە ئێمە جودا بێت، کە سمێڵمان سپیی بووە بە ماستی.
کەچی ڕەچەڵەکی شێر و پڵنگ، دەچنەوە سەر جوانیی وی!.

٩ – ١٨/١٠/ ٢٠١٦
تێچنین// بەشی یەکەمی شیعرەکە: ڕۆژ هەڵەبجەیی، بەشی دووەمی شیعرەکە: پێشەوا کاکەیی




گۆڕان، کوردەنامووسیی، بۆ پارتیی دەکات بەشی سێیەم و کۆتایی لە یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپێشاندان لە هەولێر


گۆڕان، کوردەنامووسیی، بۆ پارتیی دەکات
بەشی سێیەم و کۆتایی لە
یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپێشاندان لە هەولێر

کامیار سابیر

لە بەشی دوودا، باسی دزیی و تاڵانییەکانی ماڵی تاڵەبانیی ،ئیبراهیم ئەحمەد و ناوەندی بڕیارمان کرد. ئەگەر سەرانی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی، دەیانەوێ بەدەردی رژێمەکەی شاوشیسکۆ نەچن، یەک رێگەیان لەبەردەمدایە و دووەمیان نییە. دەکرێ بە هاوکاریی خەڵک و ئەو هێزە سیاسییانەی دەتوانن بە بێ پارتیی, ئاو بخۆنەوە، شەفافانە و جەریئانە, دەستبەرداری پرۆژە نەوتییە زەبەلاحەکان و بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارەکانیان بن و ئەوەی دزییویانە و بردوویانە، با لێرەدا بیوەستێنن و کەمێک کەرامەت و شەهامەتی سیاسییان بجوڵێت کە چییتر ئەم گەلە هەژار و برسییکراوە، تەحەمولی ئەم هەموو جەور، ستەم و چەتەگەرییە ناکات؟ بەداخەوە مێژووی زۆربەی هەموو سیاسیە شەرقیی و تاجیرە گەورەکانی سێکتی نەوت، بە تراژیدیا کۆتایی هاتووە و دەستبەرداری نازونیعەتی دزیی و تاڵانیی نەبوونە. ئەوە ماڵی تاڵەبانیی و ئەحمەدە کە دەتوانن چارەنووس و ئاییندەی سیاسیی خۆیان، دیاری بکەن و خەڵکی زۆنەکەی خۆیشیان تا سەر، ئەمەیان لێ قبوڵ ناکات و بۆیشیان ناچێتە سەر.

پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ و خەڵکی کوردستان، تاویان لێ بدەن، دەتوانن بە جورئەتەوە، شەفافانە، روو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری دزییکردن و تاڵانکردنی سامانی سروشتیی کوردستان ببن و لەگەڵ گۆڕان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا رێکبکەون و سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان سەرلەبەر، هەڵبوەشێننەوە. لای کەم، سلێمانیی و کەرکوک لە دەست پارتیی و تورکیا دەربکەن و سیستەمی کانتۆن، سیستەمی بەهەرێمبوونی پارێزگاکان بکەن بە دیفاکتۆی سیاسیی و خەلانۆچکە و باڵەخانەی گەندەڵییەکان لە هەولێر، سەرلەبەر هاڕە پێبکەن و هەموو لینکەکان بپچڕێنن. لێرەدا ئەگەر گرفتی باڵی ناوەندی بڕیاریش بێتەوە پێشەوە، بەڵام ئەگەر موئەسەسەی رەسمیی یەکێتیی( ماڵی زاوا و خەزوور- تاڵەبانیی و ئەحمەد) بە جدیی بیانەوێ لە دوایین ساتەکانی ژیانیاندا خزمەتێک بکەن، هەر بە عەصیانی مەدەنیی دەتوانن، ئەو باڵە بپوکێننەوە و دواتریش کۆنگرەی خۆیان ببەستن.

هەرهیچ نەبێ، گۆڕان و یەكێتیی، با لە بارزانییەوە فێری سیاسەت و موراوەغە بن. پارتیی، هەموو یەکێتیی، گۆڕان و نووسەرە حەرەس قەومییەکانیانی لە کون نابوو بەناوی تەخوینکردن و خزمەتکردنی ئەجێندای ئێران و شیعەوە، بەڵام کاتێ خۆی رادەسپێردرێ بچێ بۆ بەغداد و تاران، یان هەست دەکات باڵانسی بەرژەوەندییەکانی تێک دەچێت، یاخود دروستتر، کاتێ بەرژەوەندییە حیزبیی و بنەماڵەییەکانی، وا دەخوازن کە بارزانیی، موغامەرە و موراوەغە بکات، بە جورئەت و بەرچاوڕۆشنییەوە، دەیکات و کۆمەڵێ سیاسیی ئەحمەقی یەکێتیی و حیزبەکانی تریش، لەگەڵ خۆیدا دەبات و گێرەیان پێدەکات.

یەکێتیی و گۆڕان، لەگەڵ هێزەکانی تر، دەبێت دەستبەرداری ئەو وەهمە طائیفیی و نەژادییەی پارتیی ببن کە بە فیتی تورکیا و حیلفی ئەهریمەنی سوننیی، کوردیان بە گژ خورافاتپەرستەکانی شیعە و ئێراندا دەکرد و دانەجیڕەی کوردایەتییان لە میلیشیای حەشدی شەعبیی دەکرد. دەبێ بە جورئەتەوە، دڕ بدەن بە تەخوینکردنەکانی بنەماڵەی بارزانیی و لە مەوقیعی دیفاعەوە بچنە سەنگەری هەڵکوتانە سەر مورتەزیقەبوونی ویلایەتە رەیعییە تاڵانییەکە و پرۆکسییبوونی پارتیی بۆ تورکیا، لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، ریسوای بکەن.

خەڵکی کوردستان، زۆربەی خێزانەکانی هەرێم، ژیان و نانیان دەوێت، دەیانەوێت ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی خۆیان و خێزان و نەوەکانیان دابین بکەن. قسەی قۆڕی دەوڵەتی کوردیی، بۆ زۆرینەی خەڵكی کوردستان جگە لە قومارخانە و کلاواتی کۆمەڵێ مافیای کوردایەتیی و هەندێ خوزیعبەلاتی رانتخۆرانی ناو میدیای ئەهلیی و حیزبیی زیاتر، هیچی تر نییە. ئیستیحماری دەوڵەتی کوردیی و ئیستیحماری ریفراندۆم، جگە لە حەماقەتی ئایدیۆلۆژیی، ئابووریی، سیاسیی و کولتووریی، هیچ شتێکی تر نییە و زۆرینەی رەهای خەڵكی کوردستان، جڕت بۆ ئەم چەتەگەریی و تاڵان و بڕۆیە لێدەدەن.

ئەم بیزنسە، دەبێ کۆتایی پێ بهێنرێ و لەرێگەی پارلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵەوە، دەتوانن، نەوت دزەکانی کوردستان( بەشێک لە خۆیشیان دەگرێتەوە)، مافیاکانی کوردستان، ئەوانەی شەنگالیان بە ئێثنۆساید، دا و ئابووریی کوردستانیان تاڵان کرد، بە دادگا بسپێرن و لێپێچینەوەیان لێ بکرێت. ئەمانە، نە شەڕی دەوێت و نە تەقوتۆقی تێدەکەوێت، تەنیا و تەنیا جورئەتی سیاسیی، بەرچاوڕۆشنیی ،فیکری سیاسیی ساغڵەم، شەهامەتی فیکریی و عەقڵانییەتی دەوێت. لەپێش هەمووشیانەوە، بە جورئەتەوە دەبێ واز لە کوردەنامووسیی، واز لە کەرایەتییەکانی بیزنسی ویلایەتی رەیعیی، ئابووریی سەربەخێڵ و سەربەعەشیرەت بهێنرێت. هاوکات، پێویستی بە (روئیە و روئیا) ی سیاسیی دوورمەودا، هەیە.

گۆڕانی بێڕوئیە و بێڕوئیا

لە سیاسەتی کوردییدا، بەتایبەتیی لە سیاسەتی کوردایەتییدا، ئابووریی، بە فۆرمە کلاسیکییەکەی بەرهەمهێنان و مامەڵەکردنە، سیاسەتیش جگە لە چەمکی چەتەیی ، تاڵانیی و راوڕووت (Plunder ) ئەوەش لە فۆرمێکی میلیشیایی و عەصابەییدا( پێشمەرگایەتیی)، هیچ شتێکی تر نییە. گۆڕان، ئەوەی پێیدەگوترێ ڤیژن( روئیە- دید) و ئەوەی پێیدەگوترێ روئیا( خەون و پرۆژەی سیاسیی) لەسەر کەلاوەکانی سیاسەتی کوردیی، نییەتی.

گۆڕان، بە کۆمەڵێ شیعاری عاطیفیی، حەماسیی و شاعیرانەوە ، لەچەشنی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بە دامودەسگاییکردنی دامەزراوەکان، یەکگرتنەوەی وەزارەتەکانی دوو حیزبی میلیشیایی، رەشبەڵەکی ئیجماعی کوردیی، تێکەڵاوکردنی نوێنەرایەتییەکان و کۆدەنگیی نیشتمانییەوە، گرتبووی و خۆی سەرمەست کردبوو. سەرەنجامیش، کەڵەگایی پارتیی، شەرعییەتدان بە دزیی و تاڵانییەکانی نەوت، کۆنتراکتەکانی نێوان مافیا ئۆریجناڵەکانی کوردایەتیی و تورکیای لێکەوتەوە. لەم نێوەدا، ئەگەر هەلاهلهێلەی کوردایەتیی و بەیعەتدان بە ناسیۆنالیزمە نەژادییەکەی لێدەربکەیت، چوار دێڕ، لە فیکری سیاسیی، لە روئیەی ئابووریی و لە روئیای ئابووریی سیاسیی، لەناو کادیران و قیادەی گۆڕاندا، نییە.

لە هەموو مێژووی ئابووریی سیاسییدا، نموونەیەکی ئابووریی فاشیل، ساقیط و چەتەگەریی وەکو ئەوەی کوردستان نادۆزیتەوە کە سەرلەبەری ئەم فەشەلانە، بەهۆی کەرایەتیی سیاسییەکان و حەماقەتەکانی ناسیۆنالیزمەوە،بووبن. ئابووریی، لەهەموو دونیادا، ناوبەناو، تووشی گەندەڵیی، داکشان و قەیرانی قووڵ دەبێت. پارەیەکی زۆر دەشۆردرێتەوە و چەندین بانک، دەسگای دارایی ونەقدیی گەورە، یان کۆمپانیای زەبەلاح، هەرەس دەهێنن، ئیفلاس دەکەن و سەرجەم ستراکتۆری ئابووریی تووشی رکود دەبێت.

ئەمەی لە کوردستان هەیە، تەنیا و تەنیا بەهۆی فەشەلی وەحشەکانی کوردایەتیی و کەرایەتیی سیاسییەکانی کوردایەتیی و ئیستیحمارییەکانی ئەو ئابوورییناس، ئەکادیمیست و نوخبانەوەیە کە ناسیۆنالیزمی نەژادیی، طائیفییبوون، پرۆکسییبوون و بەرژەوەندیی شەخصیی، رەشمەی لەسەر نابوون و جڵەوی مەغز، عەقڵ و ویژدانیانی کردبوو. بەشێکی زۆر لە کادیرانی باڵای گۆڕان، لەم پێڕە خەڵەفاو، نەتەوەییە ئەحمەقانە و پێڕە ئیستیحمارییانە، بوون و هەن.

گۆڕان، بەهۆی تەخدیری ئابووریی سەربەخۆوە، یەکێک لە قۆڕترین کارەکانی کردبێتی، مۆبەڵایزکردنی یەکگرتنەوەی دوو وەزارەتی دارایی دوو حیزبە میلیشیاییەکە بوو. لە هەموویشی مەترسییدارتر، بەهۆی مۆتیڤی ناسیۆنالیزمی نەوتەوە، لەسەردەمی سەرۆکی پارلەمانەکەی ئەودا، شەرعییەتی دا بە پارتیی کە نەوتی کوردستان هەڕاج بکات و قاسەی پارەکانیشی، بە دەستە ئەمینەکان ( دزەکانی کوردایەتیی) سپارد. راستە پێشتر یەکێتیی و پارتیی، بە ئاشکرا و لە ژێرەوە، نەوتیان دەدزیی و بە قاچاغ دەیانفرۆشت، بەڵام ئەو نوشتە ناسیۆنالیزمییەی گۆڕان بۆ پارتیی نووسی و لەپارلەمانەوە شەرعییەتی بە ناسیۆنالیزمی تاڵانیی نەوت دا، شکستێکی گەورەی سیاسیی و ئابوورییە کە گۆڕان دەبێ دانی پێدا بنێ و داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکات.

سەرەنجام، حیزبی کوردایەتییە عادییەکە( یەکێتیی)، وەزارەتەکەی تەسلیمی کوردایەتییە ئەصیڵەکە( پارتیی) کردەوە. پارتییش، لەرێگەی صەفەقاتە ئابووریی و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا، وەزیری دارایی گۆڕانی کردبوو بە رۆبۆتێک، هەر بۆ پێڕابواردن و قەشمەرییپێکردن، وەکو هیچ نەدیتە، دەیانبرد بۆ تورکیا و هەندێ دۆکیومێنتێ فۆتۆشۆپیان پێ نیشان دەدا، بێئەوەی توانای جوڵاندنی هیچ پارەیەکی هەبێت. ئەم یەکگرتنەوەیەی وەزارەتەکان و تێکەڵکردنەوەی ئەو پارانەی لە بەغدادەوە بە جودا، بۆ سلێمانیی و هەولێر دەهات، گۆڕان، کردی بە شانازییەکی نەژادیی و پۆزی ئیستیحماری کوردایەتیی، پێوە لێدەدا و سەرەنجامیش، برسییکردنی خەڵکی لێکەوتەوە. ئەمەش میکانیزمێک بوو، پارتیی بە ئاسانیی بتوانێ، سەرجەم خەڵکی کوردستان، بە ئەنقەست و بە ئەجێنداوە، بۆ بیزنسە سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی، تەجویع( برسییکردن) بکات.

گۆڕان، بە چوونە ناو دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانییەوە، گەورەترین شکستی سیاسیی خۆی چنییەوە. سەیر ئەوەیە تا ئێستایش، بەشێکی زۆریان دەستبەرداری ئەو بێعەقڵییی و ئیستیحمارییە نابن کە تەویلەکانی پارلەمان کارا بکرێتەوە. لەکاتێکدا لەسەردەمی زێڕینی گۆڕان لە دەسەڵاتدا، جگە لە پێشکەشکردنی کۆمەڵێ وەزیری گوێڕایەڵ و سەرلەقێن بۆ سیاسەتەکانی پارتیی، هیچ حیکمەتێکی سیاسیی و ئابوورییمان لە کادیرەکانی گۆڕان، نەدیت. گەورەترین شەرمەزاریی مۆراڵیی، سیاسیی و عەسکەریی لەسەر دەستی میلیشیاکانی زێڕەڤانیی و پێشمەرگەی کوردستان، لەسەردەمی وەزیر دیفاعەکەی گۆڕاندا، دەرهەق بە ئێزیدییەکان و بە سەبایاکردنی ژن و کچەکانیان کرا.

فیغان لە کونە رەشەکانی کاکێشانەوە هاتبێت، لە ستراکتۆری گۆڕانەوە نەهات. بە پێچەوانەوە، کادیر و راوێژکاری لەبرسامردووی زۆریان هەبوو، بەهۆی ئیستیحماری کوردایەتیی و بەهۆی نەفسنزمییان بۆ پارەی رەیع، فاشیستانە و راسیستانە، داخی خۆیان بە نەژادی ئێزیدییەکان و بە دینی ئەوان دەڕشت و تەبریریان بۆ رێککەوتنەکەی نێوان ( پارتیی، داعش و تورکیا) دەهێنایەوە و دەیانگوت، ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەڕێوەیە، سایکس-پیکۆ تەواو و سەردەمی دروستبوونیی دەوڵەتی کوردیی لەسەردەستی مەئمورەکەی ئەردۆغان( بارزانیی)، تەنیا مەسەلەی کاتە.

دەیان کادیرمان بینی، لە میدیای فاشیزمی کوردایەتییەوە( رووداو) بۆ چەند هەزار دۆلارێک، بووبوون بە باشترین موهەڕیجی دەوڵەتی کوردیی و شەڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەمان مونەظیری پرێستیژ و پڕ لەوەلائی سیاسیین بۆ دەوڵەتە لەعنەتییە کوردییەکە و بۆ ئابوورییە فرۆشراوە( سەربەخۆ!) پرۆکسییەکە. تەفسیری خەونەکانی بارزانییان دەکرد و خەونە ئەهریمەنەکانی موئەسەسەی خێڵێان ریوایەت دەکرد. لە میدیا و راگەیاندنەکانی گۆڕاندا، هاوکاریی میدیا فاشیستەکەی پارتییان دەکرد و کێشەی سیاسیی گەلی کوردیان لە کێشەیەکی طائیفیی و مەذهەبییەوە دەپێچایەوە و وەکو پرۆکسییەکانی ئەردۆغان، مامەڵەیان دەکرد و دڵی دونیایان بە کردنەوەی بازاڕی نەوت لە رێگەی تورکیاوە خۆش بوو. ئەوەندە سەنای تورکیا و ئابووریی سەربەخۆیان کرد، مرۆڤ لێی تێک دەچوو ئایا ئەوانە گۆڕانن یان پارتیی و مورتەزیقەی تورکیان؟

یەكێتیی و گۆڕان: برسییکردنی خەڵک

ئەم برسییکردنەی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و خەڵکی ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیان، بەتایبەتیی، کەمترین بەرپرسیارییەتیی پارتیی تێدایە، چونکە ئەگەر پارتیی بە ئیستیحماری کوردایەتیی و بە کەرەکەری ئابووریی سەربەخۆ، درێژە بە دزیین، تاڵانیی و چەتەگەریی دەدات، ئەی ئەوە چەندین ساڵە، یەكێتیی، شەریکە دز و گۆڕانی تەخدیرکراو لە کوێ خەوتوون؟ ئەم ترسی تەخوینکردنە بۆچی ناتوانن بڕەوێننەوە؟ ئەم بێ ذەخیرەییە لە فیکر، لە روئیە و لە روئیادا، بە غەیری کانیاوەکانی ئیستیحمار و حەماقەتی کوردایەتیی، لە هیچ شوێنێکی ترەوە هەڵدەقوڵێت؟ لەکاتێکدا ئەگەر چەمکی خیانەت و درێغیی مانایەکی هەبێت، لە هەموو مێژووی سیاسیی کورددا، دزیین و تاڵانییکردن لە سامانی نیشتمانیی، برسییکردن، نانبڕینی خەڵک و مورتەزیقەبوونی پارتیی بۆ تورکیا، خیانەتی شەرمهێنەرتر نییە؟

لە واقیعدا، ئەم برسییکردن و سووکایەتییکردنە بە ئینسانی کورد بە گشتیی، ئەگەر بۆ یەکێتیی، بیزنس و تیجاڕەتی دەیان میلیارد دۆلاریی بێت لەگەڵ ئاغەکەیدا( پارتیی)، ئەوە بۆ گۆڕان، جگە لە حەماقەتی نەتەوەیی ، کەرایەتیی ناسیۆنالیزم، وەهم بە کاراکردنەوەی خەلانۆچکەی پارلەمان و خورافییاتی بە دامودەسگاییکردنی حکومەتێکی فاشیل و فاسید، شتێکی تر نییە. سەیرێکی خێرای دواوە بکەن، سەیری حەماقەتەکانی شێخ مەحمودی هەمیشە مردوو( نەمر) بکەن کە نزیک بە صەد ساڵ لەمەوبەر چۆن بەهۆی مۆتیڤە سوننییە-ئیسلامییە- طائیفییەکانییەوە، چۆن بەهۆی نۆکەرایەتییەکانییەوە بۆ تورکیا، شەڕی بە ئینگلیز فرۆشتووە و شاری سلێمانیی بە وێرانکردن داوە؟

کۆنە مەلیک، بووبوو بە قومسێر(commissioner) ی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئەجێنداکانی ئەوانی دژی دەوڵەتی عێراق، دژی ئینگلیز، دژی رووسەکان و دژی ئێران جێبەجێ دەکرد. ئەم هەموو مورتەزیقەییەشی بۆ تورکیای ئەوکات، بەناوی خەباتکردن بۆ کێشەی سیاسیی گەلی کورد، لەبازاڕ دەخست؟ جیاوازیی ئاگایی ئەوکاتی خەڵکی سلێمانیی لەگەڵ ئێستادا، ئەوەبوو، ئەوکات جڕتیان بۆ شێخ لێدەدا و بە سەبەبکاری وێرانبوونی سلێمانییان دەزانی و تەنانەت کەسوکاری شێخیش، بایەخیان بۆ قسەکانی دانانا.

سلێمانیی ئێستا، دەیان حەرەس قەومیی پارتیی( لە ریزەکانی یەکێتیی و گۆڕاندا)، لە ئاستی باڵادا، هەمان ئەو حەماقەتانە دەکەن کە مەلیکی ئێکسپایەری ئەوکات بۆ تورکیای پۆست عوثمانییەکانی دەکرد. ئێستا ئەمانیش بۆ سەرۆکی ئێکسپایەر، ناشەرعیی و ناقانونیی هەرێمی دەکەن. هێشتا کۆنە مەلیک، باشتریش بوو، لای کەم بەدەستی یەک بۆ تورکیای ئەوکاتی دەکرد، بەڵام ئەم نەتەوەییە-نەژادییە لاژگانەی ناو یەكێتیی و گۆڕان، بەدەستی سێ و چوار بۆ پارتیی دەکەن کە پارتیی خۆی لەعابە و “پرۆکسی”ی دەستی تورکیایە.

چارەسەری خێرا چییە؟

گۆڕان، ئەگەر راست دەکات، پێش هەموو شتێ دەبێ بە راشکاویی و بەجەرائەتەوە، لە حکومەتی عەصابە سیاسییەکانی کوردایەتیی بکشێتەوە. دەبێ جڵەوی هەموو ئەوانە بکات کە وەهمیان بە دەوڵەتی کوردیی، خورافاتەکانی ریفراندۆم و قومارخانەی ئابووری سەربەخۆ هەبوو، دەبێ دەموقەپۆسیان دابخات. دەبێ فشاری راستەقینە بۆ یەكێتیی بهێنێت، لە حکومەتی دز و مافیای هەرێم، بکشێنەوە. دەبێ بە جەرائەت و بەرچاوڕۆشنییەوە، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا بکەن و ئیمتیدادی ئیمپراتۆرییەتی تورکیای ئەردۆغانیی تێکبشکێنن. ئەم وەهمی حکومەتی هەرێم و پارلەمانەی کوردستان، رۆژێک زووتر بپێچرێتەوە، سامانی نیشتمانیی کوردستان، رۆژێک زووتر لەدەست دزەکانی کوردایەتیی و تورکیا دەردەهێنرێت. رۆژێک هەرێمی نایەکگرتووی کوردستان، دیسێنترەڵایز بکەیت، رۆژێک زووتر، ئامادەیی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا، ئینتیگرەیشن بکات.

بە کانتۆنکردنی کەرکوک( دوور لە ئەجێندای موعتەمەدەکانی پارتیی و تورکیا) و سلێمانیی، بە دیسێنترەڵایزی کوردستان، یۆتۆپیای دروستبوونی خۆپێشاندان لە هەولێر کۆتایی پێدێت و هەولێر و دهۆکیش بەناچاریی و وەکو دیفاکتۆ، دوای کەرکوک و سلێمانیی، بەرەو هەرێمێکی سەربەخۆ دەڕوات. هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ساڵی رابردوودا، ئەفسانەی ئێنتیگرەیشنی بەخۆیەوە نەدیوە. تا دزەکانی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردایەتییش بمێنن، نایبینێت.

ئەگەریش هەر لەچەمکی خیانەت و تەخوینەکانی والییەکەی ئەردۆغان( بارزانیی ) دەترسێن و بە جاشی دەوڵەتی عێراقتان لەقەڵەم دەدات و بە زمانی شەعبیی، بە عێراقچییەتیی تەخوینتان دەکات، ئەوە وەکو واقیعی سیاسیی، هەموومان عێراقیین( جگە لەو ئەحمەقە ناسیۆنالیستانەی لە ئەندێشەی ئیستیحمارییدا، خۆدەگەوزێنن) و خزمەتکردنی وڵاتی عێراق و پێکەوەژیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، زۆر زۆر شەریفانەتر و عەقڵانییترە، وەکو لەوەی تورکیاچییەتیی و ئەردۆغانچییەتیی بکەیت و مورتەزیقەی حیلفی شەیطانیی( تورکیا، سعودییە و قەطەر) بیت. زۆر عەقڵانییترە مامەڵە لەگەڵ دەستوری عێراق و حیزبە عێراقییەکاندا بکەیت، بەراورد بەوەی خزمەتی فاشیزمی ئەردۆغان، فاشیزمی پانتورکیی، فاشیزمی ئیخوانیی، فاشیزمی داعش و سەلەفیزم بکەیت.

گۆڕان، دەستبەرداری وڕێنە نەتەوەیی و نەژادییەکانی پارتیی نەبێت، دەستبەرداری ئەو کوردەنامووسییە نەبێت کە راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ بۆ پارتیی کردووە، بە جورئەت و شەفافییەوە، بە عەقڵانییەت و بەرچاوڕۆشنییەوە، سیاسەت لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەکات و ئەم برسییەتیی و قاتوقڕییەی خەڵکی کوردستان درێژە بکێشێت، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکات، خۆیشی بپلێشنرێتەوە. ئەوکات، وەکو دزە گەورەکانی کوردایەتیی، لای کەم وەکو لەمپەرێک لەبەردەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا، بەر هەڵمەتی بێ نانیی و بێ ژیانیی خەڵک دەکەوێت، سەرەنجامیش، بەر نەفرەتی توڕەیی گەنجان دەکەوێت.

خەڵک، دابینکردنی ژیانی دەوێت، نان و کار و ویقاری ئینسانیی دەوێت، دەیەوێت کەرامەتی مرۆیی پارێزراو بێت و دەست بۆ قووت و بژێویی نەبەن. لەولاشەوە، کەرایەتییەکانی کوردەنامووسیی، ئیستیحمارییەکانی دەوڵەتی لەعنەتی کوردیی و حەماقەتی ئابووریی سەربەخۆ، کۆمەڵێ ئاودەستن کە خەڵک، پیساییان تێدەکات و بەدەردی واقیعی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە ناخۆن. بەیەک دێڕ، گۆڕان، ئەگەر روئیەی سیاسیی و روئیای ئابووریی، عەقڵانیی و جەریئانە بێت، دەتوانێ نەک هەر هاوکێشەکانی کوردستان بگۆڕێت و هەژموونی پارتیی کەم بکاتەوە، بەڵكو دەتوانێ لە ئاستی عێراقیشدا، کاری گەورە بکات. ئەگەر ئەوانەش ناکات و هەر لە زبڵخانەی کوردەنامووسییدا، دەیخولێنێتەوە، ئەوە قۆناغی پۆست گۆڕان، وردە وردە، دەستی پێکردووە.

———————
بەشی یەکەم …..

بەشی دووەم ……




بۆب دیلان: ئەزموونێک لە شیعری گوێ … هەندرێن

تێنگەیشتنی موفەکیرانی کورد لە بەخشینی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی ئەمساڵدا

راستت دەوێ، من وەک تەیبعاتێکی سروشتیی، حەز و حەوسەڵەی ئەوەم نییە قسە بکەم لەسەر زۆرێک لەو بەزمانەی کە رۆژانە یان دەمنادەم، وەک حیکایەتی مێشێ یان وەک سکچوون، کە کەسیش لە هۆکاری بەکتریایەکانیان نازانێ و نایشەوێ بزانێت، لە زار و زمانی حەشاماتی کوردییدا، دەگوترێنەوە و تووشییان دەبین. لێ ئەمجارە ناچارم سەبارەت بە خەڵاتی نۆبێلی ئەمساڵ، هەرنا بۆ کەسانێک کە دەخوازن لەو ناوکۆییە ئەدەبییەدا تێبگەن، بە ئاماژەگەلێک لە تێگەیشتنی دۆخی پۆستمۆدێرنیزمی ئەدەب و تێگەیشتن لە رای دەمڕاستی ئەکادیمیی سوێدیی، روونکردنەوەی خۆم دەرببڕم.

وەک هەمیشە ئەمساڵیش نووسەری کورد خەریکی فەلسەفاندنی دۆخی ئەدەب، چاکە و بەدی بەخشینی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبییە بە بۆب دیلان (Bob Dylan)، کە شاعیر و سترانبێژێێکی رۆک (rock) میوزیک و پۆپکولتووریی (popkultur)ێکی ناسراوی شەست و حەفتایەکانی ئەمەریکییە. (بەینی خۆشمان بێت، دەڵێن لە رەچەڵەکدا کوردشیە. کەواتە دەبێت ئێستا خورشتی نووسەری کوردییش بۆ کوشتەی “بەجیهانبوونی ئەدەبی کوردیی” دابمرکێتەوە!)

لەوەش بترازێ، بەشێک لە نووسەر و بخوێنی کوردیی، لە نووسەری عەرەب و دونیایش زیاتر، خۆی لەسەر پێنەبەخشینی ئەو خەڵاتە بە ئەدۆنیسی شاعیری عەرەب، دەڕنێتەوە و بەشێکیش داخ لەوە دەخۆن، کە دەبوو ئەمساڵ هەندێ رۆماننووس ئەو خەڵاتە وەربگرن. کۆی ئەو قسانە، هی مێشکی کورد نین، بەڵکە وەک هەمیشە لاساییکردنەوەی رای نووسەرانی غەیرە کوردن. راستییەکەی نووسەری کورد، چونکە لە بیرکردنەوەی ئەو دامەزراوانە و واقیعی سیاسیی و کولتووری ئەوروپا و خۆیشی تێناگات، بۆیە سەبارەت بە هەموو رووداوە ئەدەبیی، سیاسیی و جڤاکییەکانەوە، قسەیەکی خۆیەکیی نییە.
بۆ ئەوەی قسەی خۆمان هەبێت، دەبێت دۆخی دونیا و خۆیشمان تێبگەین و هەرس بکەین، ئەوجار دەبین بە خاوەن بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆمان.
جێگەی سەرنجە، ماوەیەکە هێدی هێدی رۆشنبیریی کورد بووە بە رۆشنبیریی گوێ، تیڤیی و رادیۆ. بە واتەیەکی دیکە، خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی و هزرییمان لە کوردستاندا لە ئاوابووندایە، کەچی نووسەری کورد پرسیار و بەرتەکێکی بۆ هۆکاری دیاردەی نەمانی کتێب و کولتووری خوێندنەوە نییە. کەچی وەک دەبینن، نووسەری کورد خەریکی رەخنەگرتنە لە ئەکادیمیای سوێد کە دەبوو ئەو خەڵاتە بە گۆرانبێژێکی وەک بۆب دیلان نەدا، چونکە بۆب دیلان گۆرانبێژە نەک نووسە لە کاتێکدا دوای چەندین رۆژ لە راگەیاندنی ئەو خەڵاتەش، بۆب دیلان، وەک ئەوەی ئاگایشی لێ نەبێت، کاردانەوەیەکی بۆ ئەو خەڵاتە نییە. ئەمەش رەنگدانەوەی ناوەڕۆکی هۆنراوە و رووحی ئەنارشیی، یاخیبوونی بۆب دیلانە. بەڵام نووسەری کورد لەناو ئەو کۆلەوارییەی کە خۆیی و کۆمەڵگەکەی تێیدا دەژین، وەک ئەوەی موختاری گوند بێت، خەریکی پێوەراندنی ئەدەب و نووسەرانە.
بەهەمە حاڵ، بۆ ئەوەی رای خۆمان هەبێت لەسەر چۆنییەتی ئەو خەڵاتە ئەدەبییە، گەرەکە بەر لە هەموو تشت، لە بیرکردنەوەی لێژنە و دەمڕاستی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی سوێدیی تێبگەین. بۆ ئەوەش لەوان تێبگەین، گەرەکە بیزانین کە سکرتێری هەمیشەی ئێستای ئەکادیمیی سوێدیی، سارا دانیوس (Sara Danius)، چۆن و بۆچی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی ئەمساڵییان بە گۆرانیبێژ بۆب دیلان بەخشیوە و وێجا بە کەمێک تیڕامانەوە بڕیاری خۆمان بدەین، نەک بێ زانیارییەکی دروست، تەنێ بە قسەگەلێکی لە قتووکراو و حازر بەدەستەوە، بە گۆترە بوەعزێنین. ئێستا من هەوڵدەدەم بە گوێرەی تێگەیشتنی ئەکادیمیای سوێدیی، بەخشینی خەڵاتی ئەمساڵ بە بۆب دیلان لێکبدەمەوە، کە مەرج نییە ئەو لێکدانەوەی من دوا راستیییش بێت، لێ، بە گوێرەی بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ ئێستای ئەدەب و دونیا، بەدەریش نییە لە راستییەکی لۆژیکیی.

سارا دانیوس ئەوها لەسەر بۆب دیلان رادەگەیەنێت:

“خەڵاتی نۆبێل بە بۆب دیلان دەبەخشرێت، کە دەربڕینێکی شیعریی نوێی لە نێو نەریتی گەورەی گۆرانی ئەمەریکدا هێناوە”. سارا لە بەردەوامی قسەکانییدا جەخت دەکاتەوە، کە:
“بۆب دیلان لەناو نەریت (ترادیسۆن)ی زمانی ئینگلیزییدا، لە Milton و Blakeەوە تا دەگاتە بە ئەوانیت، شاعێرێکی مەزنە. یەو شاعیرە نەک هەر ترادیسیۆنی نووسراو بەرجەستە دەکاتەوە، بەڵکە ترادیسیۆنی ترادیسۆنی زارەکییش بەرجەستەدەکاتەوە، کە ئەمەش ئەو دەکا بە سەرنجڕاکێش،
چڕینە تۆمارکراوەکانی بە نێو تەواوی رێگەکەوە بەرەو بیبیل (کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان)، لەویشەوە بۆ ڤەرلین و ریمبۆ (رامبۆی شاعیر) تا دەگاتە سترانبێژە فۆلکلۆرییەکانی زنجیرە چیایەکانی (Appalacherna) و سترانی کۆنی بلوز (Deltablues) رەگئاژۆن…
بوب دیلان شانە یان خانەیەکی سەربەخۆیە کە خاشاکی خۆی دەخوا و تشتێکی نوێ لێ دەسازێنێت. ئەو خۆی بە دووبارە بەکارهێنانەوەی ترادیسیۆنەوە، خۆی دەدۆزێتەوە”. دواجار سارا داینوس سەبارەت بە ئەزموونی هونەریی و شیعریی بۆب دیلان دەڵێ”هۆنراوەکانی ئەو شیعری گوێن، مرۆڤ نابێت بە بێدەنگی بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە. بەڵێ بیر لە هۆمیرۆس بکەوە کە بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ شیعری گوێی نووسی کە هەمیشە بە ئامێری میوزیک پیشکەشی دەکرد…”
ئەو گوتنانەی سەرەوە، پووختەی تێگەیشتنی ئەکادیمیای سوێدییە بۆ بایەخی هونەریی و ئەدەبیی بۆب دیلان.

کەواتە لەو ناکۆییەوە ئەوەی گەرەکە بیڵێین ئەوەیە، کە ئەمڕۆ ئەدەب و هونەر بە گشتیی وەک ئەوەی لە مۆدێرنیزم، کە رەتدەکردەوەی نەریتی باو و داهێنانی نوێ یان قسەکردن بوو لە “داستانە مەزنەکان”، سەیر دەکرا، مانای نەماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەدەب و هونەر و کولتوور لە روانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە دەخوێنرێتەوە. لەو دۆخە پۆستمۆدێرنەدا دونیای رۆژئاوا داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی، بە مانایەکی سادە، لە کۆکردنەوەی کۆی رابردوو و ئێستادا دەبینێتەوە و هاوکاتیش سازاندنی خودە لەناو ناوکۆیی خودیی زمان، ئەدەب و هونەری خۆیەکیی و جیهاندا. بۆیە دەکرێ تێگەیشتنی پۆستمۆدێرنیی بۆ شێوازی ئەدەبیی و هونەری، لە چەند خاڵدا چڕ بکەینەوە، کە ئەگەر سەرنجبدەیت، ئەکادیمیای سوێدیی لەو تێگەیشتنەوە سەیری بۆب دیلان دەکا. ئەو خاڵانەش بریتین لە:
١/ مینیمالیزم: هونەرمەند و ئەدەبنووس لە دەقەکەی یان تابلۆ و سترانەکانیدا، کەمترین دەربڕین لە کەسایەتی خۆیدا نیشاندەدات، بە شێوەیەکی سادە دەنووسێ و تابلۆ دەکێشێتەوە و دەچڕێت.
٢/ مەسیمالیزم: نووسەری پۆستمۆدێرن بەرهەمەکەی بە ناڕێکخراوی، ئاسایی، وردەکارییەکی زۆرەوە دەنووسێت.
٣/ریالیزمی جادوویی: نووسەر رووداوەکان لە دەقەکەیدا بە سەختیی و ناواقیعی دەهۆنێتەوە. سەرنجبدە، گوایە رۆمانی ئێستای کوردیی، جادووییە.
٤/فیکشن، خەیاڵاندن: نووسەر دەقەکەی بە رووداو و بابەتی واقیعیی و خەیاڵیی تێکهەڵکێش دەکا، بە بێ ئەوەی ئاماژەش بەوە بکا کە کامە واقیعییە و کامەشییان خەیاڵییە.
٥/ هاوئاست بوون لەگەڵ خوێنەردا: نووسەر یان هونەرمەند هەمیشە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ خوێنەر و بینەر نهێنی کەسایەتییان و وێنەکان ئاشکرا دەکا.
میتافیکشن (سەرووی خەیاڵ): نووسەر هەوڵدەدات وا لە خوێنەر بکا ئاگای لەو دەقە بێت کە دەیخوێنێتەوە.
ئینترتێکستوالیتێت: نووسەر چەندین دەقی تر، کۆن و نوێی بەر لە خۆی وەردەگرێت و دەقێکی نوێی لێ بەرهەمدەهێنێت، هەروەک ئەوەی کە ئاکادیمیای سوێدیی سەبارەت بە بۆب دیلان، ئاماژەی پێدەکات. بە خۆت خەسڵەتەکانی تری ئەدەب و هونەری پۆستمۆدێرن، بژمێرە.
کەواتە ئەدەب و هونەر بە گشتیی، بۆ ئەوەی ئەفرێنەر یان تشتێکی نوێ دابهێنن، گەرەکە هەناسە و خۆراکی لە رەگی زمان، ناخی خاکی نەرتێکی خۆیەکیدا وەربگرێت.

هەڵسەنگاندی شیعر و سترانەکانی بۆب دیلان، پەیوەندی بەو خەسڵەت و شێوازانەی هونەری پۆستمۆدێرنەوە هەیە، بۆیە خەڵاتەکەیان پێبەخشییوە، وێڕای پەیام و هەڵوێستە سیاسیی و جڤاکییە سەرکێشەکانی لە ستران و هۆنراوەکانی بۆب دیلاندا کە لەگەڵ روانگەی باوی سیاسیی هەنووکەی سیاسیی پۆستمۆدێرنیتە هاوکۆکن، کە هەڵگری غەمی مرۆڤ و بێکاریی و فەقیر و فەقیراتن.
لەو روانگەیەوە، سترانی کوردانی باکوور، بە مانای داهێنان لە ئیستادا، داهێنانن، ئەمما زۆرینەی هونەر و ئەدەبی لای خۆمان، باشوور، لەبەر نەزانی لە دۆخی پۆستمۆدێرنیزمدا، هەلیت و پەلیتن.
دیارە زۆرینەی نووسەر و هونەرمەندی باشووریی سەبارەت بە مۆدێرنێزم و پۆستمۆدێرنیزم زانیارییان هەیە، لێ چونکە زانیارییەکانیان بێ ناوکۆیی، ناسیستەماتیکیی و گوتە و گواستنەوەن؛ وەک پەروەردە و فێرکاریی نایانخوێندووە، بۆیە سەبارەت بە خشینی خەڵاتی نۆبێل بە بۆب دیلان و بابەتەکانی ئەم رۆژگارەوە، ناتوانن لە ناوکۆیی (کۆنتێکست)ەکان تێبگەن. ئەگەر سەیری ژیانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئەدەبی کۆمەڵگەی کوردستان بکەیت، ئەو وێنە عەنتیکەی پۆستمۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیتە دەبینت، کە لە لایەکەوە دەبینی ئەو خەڵکە لە شێوە و رواڵەتدا پۆستمۆدێرنن، کەچی لە ئەقڵ و ئەخلاقدا، نە مۆدێرن، نە پۆست و نە نەریتیشن، بە واتایەکی روونتر، رواڵەت یان لایەنی ماددیی پۆستمۆدێرنیزم و مۆدێرنیتە، کە بریتییە لە مەکینە و کاڵا، ئێمەی داگیرکردووە، کەچی بە هەموو شێوەیەک دژی لایەنە مەعنەویی، هزر و کولتوورییەکانین. بۆیەشە تووشی ئەو ئاژاوەیە بووین کە ئێستا تێیدا دەژین.

ئەمەش چونکە نووسەر و بخوێنی گشتیی کوردیی هێشتا لە ناوکۆیی (کۆنتێکست)ی کۆن و مۆدێرنیزمدا وێڵ و سەرگەردانە، بۆیە هەر بە هەمان تەرازووی حەفتا و هەشتایەکانەوە سەیری دونیا و ئەدەب دەکا. لەوەش گەڕێ، هەندێک موفەکییری سیاسیی و فەلسەفییمان بۆ دروست بوون، پێیان وایە، لە دونیای زانست و ماریفەی پیشکەوتوودا، ئەدەب و شیعر، مانایان نەماوە، هەر کوردە کە دەستییان لی بەرنا بێت. کەواتە شێلانی ئەو قوڕەی کورد سانا نییە.
کەواتە دەکرێ لە لایەکەوە لە روانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە لە بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بۆب دیلان تێبگەین، کە ئەو هونەرمەندە، وەک هۆمیرۆس، هونەری بە رێگەی میوزیکەوە هۆنراوەکانی لە گوێوە گواستەوە بۆ چاویش. لە لایەکی تریشەوە، بە گەڕانەوە بۆ نەریتی هۆنراوە و گورانییەکانی بەر لە خۆی، خودە پچڕ پچڕەکەی خۆی دۆزییەوە و داهێنایەوە.

٢٠١٦.١٠.١٤
————————————–

تێبینی: ئەگەر دەتەوێ زیاتر لەسەر مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم بخوێنیەتەوە، سەیری”زمان ئاسۆیەکە لە نێوان ئاسمان و زەوییدا” بکە، کە هی نووسەری ئەم دێرانەیە.
لەم دوو لینکەد، راگەیاندنی ئەکادیمیای سوێدیی بخوێننەوە یان گوێی لێبگرە و پاشانیش گوێ لە بۆب دیلان بگرە.
http://www.dn.se/dnbok/nobelpriset-i-litteratur-2016-till-bob-dylan/

https://www.youtube.com/watch?v=PZ2-J0Gg_04




كوا لۆژیك؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ قبووڵ ناكه‌ن دیكتاتۆرن. دیكتاتۆرییه‌ت هیچ نییه‌، ته‌نها قبووڵ نه‌كردنی ڕه‌خنه‌یه‌؛ له‌مه‌وه ڕه‌خنه‌‌ قبووڵكردن جه‌وهه‌ری دیموكراسییه‌ته‌.

كه‌واته‌ له‌ ڕووی لۆژیكه‌وه‌ هاوكێشه‌كه‌ زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاڵۆز و قورسه‌ سروشتی مرۆڤه‌: ئه‌و سروشته‌ی زۆربه‌ی جار شه‌ق له‌ لۆژیك هه‌ڵده‌دا و به‌ دوای خورافه‌ و ئه‌فسانه‌ و شه‌ڕانگێزیی ده‌كه‌وێ و ده‌یانكاته‌ ڕاستییه‌كانی ژیانی خۆی و له‌ پێناویاندا ده‌جه‌نگێ و كوشتارگه‌ ده‌خوڵقێنێ و جیهان وێران ده‌كا.

مرۆڤ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كۆیله‌یی خۆی بۆ خوا یان سه‌ركرده‌یه‌ك بسه‌لمێنێ، ئه‌وی دیكه‌ ده‌كوژێ و تاوانی گه‌وره‌ گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌دا. گرفته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا، كه‌ بیركردنه‌وه‌ و كاری لۆژیكانه‌ شتی یه‌كجار قورسن، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ و كاری ناعه‌قڵانی شتی یه‌كجار ئاسانن. به‌ نموونه‌ زۆربه‌مان زۆرخۆری ده‌خه‌ینه‌ پێش ته‌ندروستیمانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ده‌شزانین زۆرخۆری خراپه‌، به‌ڵام قه‌ت گوێ به‌ لۆژیكی عه‌قڵانیی ته‌ندروستی خۆمان ناده‌ین. له‌ مه‌سه‌له‌ی بیر و باوه‌ڕیش هه‌ر هه‌مان شته‌: ئێمه‌ ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و تایفیی و ناوچه‌گه‌رییمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر حیسابی دیموكراسییه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیان و لێبوورده‌یی؛ ئێمه‌ له‌ پێناو ئه‌م ده‌مارگیریانه‌دا ئه‌وی دیكه‌ ده‌كوژین و تاوانی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ین؛ هه‌میشه‌ش (به‌ بڕیاری ناعه‌قڵانیی ) پاساو بۆ تاوانه‌كانمان ده‌هێنینه‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی به‌ گوێی عه‌قڵ (لۆژیك) بكا، به‌ گوێی غه‌ریزه‌ شه‌ڕانگێزه‌كانی ده‌كا. هیتله‌ر، كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ له‌ناو بردنی جووله‌كه‌ كرد و ئه‌مه‌ی كرده‌ به‌شێك له‌ په‌یامی ئایدیۆلۆژیای نازیزم، زۆربه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا پاڵپشتیان كرد. پاشان بینیمان ئه‌م وه‌همه‌ گه‌وره‌یه‌ی نازیزم چی به‌سه‌ر جیهان و مرۆڤایه‌تیدا هێنا. ئه‌مڕۆش هه‌مان سیناریۆی تاوان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا به‌دی ده‌كه‌ین: هه‌موو فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان به‌ ناوی ((ئه‌منی قه‌ومی)) و خوا و ئایین و مه‌زهه‌به‌وه‌ سته‌م له‌وانی دیكه‌ (خاوه‌ن حه‌ق) ده‌كه‌ن و تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئایا خورافه‌ی (وه‌همی) ڕاسیزم هه‌مان خورافه‌ی (وه‌همی) ئه‌و ئیمانه‌ ئایینییه‌ نییه‌، كه‌ پێی وایه‌ ئیمانه‌كه‌ و ئایینه‌كه‌ی ئه‌و به‌ ڕه‌هایی له‌ هه‌موو ئیمان و ئایینێكی دیكه‌ ڕاستتره‌؟ ئا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ (بنه‌مای وه‌همی ڕاسیزم) داگیركه‌رانی كوردیش شه‌ڕی كورد ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئه‌م گه‌له‌ و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ (توركمان، ئاشوور، كلدان…) هه‌ر له‌ بن ده‌ستیدا بمێننه‌وه‌؛ داعشیش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (چوارچێوه‌ی ڕاسیزمی مه‌زهه‌بیی و ئایینییدا)، شه‌ڕی دڕندانه‌ی هه‌ر هه‌موو جیهان ده‌كا.




ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! ئاوابونی خوێناوی “سیستەمی نوێی جیهانی”ئەمریکا! … سامان کەریم

جەنگێک کە لە سوریادا لە ئارادیە جەنگێکی جیهانی یە. ئەوەی ئەمرۆ لە جەنگی سوریا و بەرە جیاوازەکانی شەڕ لە عێراق و لیبیاو یەمەندا دەگوزەرێت، لە لایەن دوو ‌زلهێزی سەرەکی جەنگەوە، بەشیوەی ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆ، ‌ئەوەندە شەرم هێنەرە تا ئاستی ئەوەی کە شیوازی تیرۆریزمی دەوڵەتی لەم جەنگەدا، کردۆتە مۆدێلی زاڵ. هەردوو لا لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، منداڵان و پیرساڵان، کاولکردنی خەستەخانەو قوتابخانە، وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری، درێخیان نەکردوە. ئەمریکا، نەک تیرۆریزمی دەوڵەتی خۆی بەڵکو ناچارە تیرۆریزمی ئیسلامی دەستگیرۆیی و هاوکاری بکات، لەوەش زیاتر لە کاتی تەنگانەدا ڕزگاریان بکات لە ژێر ناوی “کۆمەکی مرۆیی” کردنەوەی ” کۆریدۆری ئامن”دا. ئەمرۆ دەهۆڵکوتی ماس میدیای جیهانی ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی بۆتە ئاراستەی سیاسی و ڕاگەیاندنی باو. دووڕووی سیاسی ، هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکان و پێکەوەنانی درۆو نیفاق نیشاندانیان وەک واقع کاری سەرەکی و بەردەوامی میدیاکانیانە. روسیا وچین لە بەرانبەردا، پڕوپاگەندەکانیان ڕووی لە فرمێسک هەڵڕشتنە بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و بڕیارەکانی شورای ئاسایش، کارکردن بە یاسا نیونەتەوەیەکان، پاراستنی سنوری ووڵاتان و ئیدانەکردنی دەخاڵەتی پێش وەختەو دەخاڵەتی ” نامەشروع” لە ووڵاتاندا بە بێ پرسکردنی حکومەتەکانیان بەکورتی” گێڕانەوەی شەرعیەت و هەیبەت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیارەکانی” ، مەسەلەی سەرەکی ئەم لایەنە ئەوەیە کە شەری سیستەمێکی چەند قوتبی دەکەن لە ئاستی جیهانیدا . جەنگ و ململانێو کێبەرکێیەکی توندو تیژو خوێناوی لەسەر زەوی ووڵاتانی دیکە، لە سایەی پرۆسێسێکی ڕاگەیاندن و میدیایی سەرسامهێنەری درۆزنانەو ڕیاکارانەو شاردنەوەی ڕاستیەکان و سەرنج لادانی خەڵک لەسەر کیشە واقعیەکان، لە نیوان ووڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری دونیادا دەگوزەرێت، جەنگێک بە ئامانجی یەکلایکردنەوەی ” سیستەمێکی نوێی جیهانی”. ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت مانەوەی خۆیەتی وەک ڕابەری بێ مونافسی سەرمایەداری جیهانی و هاوپەیمانی رۆژئاواو مانەوەی دامو دەزگاکانی، بەرەی بەرانبەریش چین و روسیا … سیستەمێکی جیهانی نوێی چەند قوتبی.
لە واقعدا بەرەکانی ئەم جەنگە دوو بەرەن، دوو بەرەی سەرمایەداری زلهێزی سەربازی ئەمریکاو ڕوسیا و هاوپەیمانەکانیان. بەلام هەم دوو بەرەیەو هەم لەهەمانکاتدا چەندین ‌هێزی دیکە لە نیوانیاندا دێتە پێش چاو، کە هەریەکەیان بە دوای دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیەوەیەتی. بەلام ئەو دوو‌هێزەی کە لەم قۆناغە مێژوویەدا ئەم ململانێ و کێبەرکێ یە یەکلادەکاتەوە دوو بەرەی ئەمریکاو روسیاو هاوپەیمانەکانیان.
هێزەکانی دیکەی نیوان ئەم دوو قوتبە، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لە ووڵاتانی زلهێزی ناوچەیی وەک –ئیسڕائیل، تورکیا، سعودیەو ئیران” دا خۆی دەبینێتەوە، لەگەل ‌هێزگەلیکی تیرۆریستی وەک داعش و نەسرەو و ئەوانی دیکە وچەندین میلیشایی گەورەی شیعی وەک حزب اللە و حوسیەکان و حەشدی شەعبی….لە ڕاستیدا ئەم ڕیز بەندییەی دوایی چ ووڵاتانی ناوچەکە وە چ ‌هێزە تیرۆریستیەکان، پێگەیەکی تاڕادەیەک مۆلەق و ناجیگیریان هەیەو بەپێی هێز هاوسەنگی ئەو دوو بەرە سەرەکیەی سەرمایە پێگەیان دەگورێت لەم قۆناغە ئینتقالی یەدا، و زۆرجار دەرگیر دەبین لە ئالوگۆری سیاسی گەورەو تەنانەت بادانەوەی گەورەی سیاسی، واتە گۆڕینی ئیستراتیژ لە پێناو گەیستن بە هەمان ئامانج. لەمبارەوە نمونەی بادانەوەی یان نزیک بونەوەی تورکیا لە قوتبی ڕوسی لەم چەند مانگەی دوایی دا لەم چوارچیوەیەدا لێک دەدڕیتەوە. هێزە تیرۆریستیەکانی وەک داعش و نەسرەو”فەتح ئەلشام” ئەحراری شام و ڕیکخراوی ئەنساری شەریعە وڕێکخراوی ئۆزبکستانی ئیسلامی ئیگۆرییەکان….هەموو ئەوانە بەپێێ پێگەی خۆیان و ولە ڕوانگەی گەیشتن بە ئامانجی سیاسی خۆیان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی ” ئیسلامی سوننی”دا هەم سود لە ململانیو قەڵشتی نێوان دوو بەرەی جەنگەکە دەکەن وەهەم بەگشتی لە سایەی سیاسەتی گشتی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا شەری خۆیان پەرە پیدەدەنو لە بارەی مێژویشەوە ئیسلامی سیاسی لە بەرەی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا بوە. هەروەک لە باسێکی پێشوودا سەبارەت بە تیرۆریزم ئاماژەم پێداوە و نوسیومە:” بەگشتی و بەجیا لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە لەهەردوو بارەکەیدا دەبینرێت واتە هەم لەباری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەمریکادا و هەم لە باری هاوشانی و هاوکاری و نزیکایەتی لەگەڵیدا، بەڵام هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە باری ئامانجی سیاسی یەوە لەگەڵ ئەمریکادا جووتە. واتە لەباری ئەوەی کە دەوڵەتێک پێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا ئەویش دەولەتی ئیسلامی سوننی بێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وهەروەها ئیسلامی سیاسی لە ئیخوانەوە بگرە تا داعش و ئەوانی دیکە لەسەر ئەم ئامانجە سیاسیەیان مکوڕن. “( پەتای تیرۆریزم و چونیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!) میلیشایی شیعەکان بەگشتی لە چوارچیوەی سیاسەت و ئیستراتیژی ئێراندان و بەم پێ یە لەم ئێستادا لە بەرەی روسیادان لە بەرانبەر ئەمریکادا.

بۆ تێگەیشتن لەم بارە ئالۆزەی ئەم هەلومەرجە پیویستە لە قۆناغی مێژووی ئەمرۆ تێبگەین “قۆناغی ئینتقالی” کە بەشێوەیەکی فراونتر لە باسی ” پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!”داباسم کردوە. لیرەدا زۆر بەکورتی ئەم بڕگەیە لەو نوسراوەیە دەهـێنمەوە:” لەنێوان سیستەمی تاکڕەوانەی داڕووخاوی ئەمریکاو بنیات نانی سیسستەمێکی جیهانی چەند قوتبیدا قۆناغێک هەیە کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە، قۆناغی ئێستا. ئەم قۆناغە واتە سیستەمی پێشوو ئاوا نەبوەو ڕازی نیە بەوەی لە ئێستادا ئاوابێت و بچێتە ناو تاریکایی مێژوەوە، لە هەمانکاتدا جیهانی چەند قوتبی وەکو جیهانێک کە جێگای ڕێکەوتنی گشت زلهێزەکان بێت تا ئێستا فەراهەم نەبوە. بەم پێ یە لەم قۆناغەدا ‌هیچ دیاردەو دەستورو یاساو بڕیارێکی جیهانی کە لەسایەی نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە… بە پێی لۆجیکی ئەم ڕێکخراوە جیهانیانە ناچێتە پیشەوە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیانە خۆیان لە ژێر پرسیاردان و ئالوگۆڕی گەورەیان بەسەردادێت. بەمانایەکی دیکە بورژوایی گەورەی دونیا نەگەیشتۆتە ئاستێک لە ڕیکەوتن ودابەشکردنی بەشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا. جا بەجەنگی ڕاستەوخۆ بیت یان بە دانوسان و جەنگە ناراستەوخۆکانی ئێستا.”

ئەم جەنگە جەنگێکی جیهانی یە بە هەموو مانایەک. تەنها ئەو هێزانەی کە دەرگیرن لە مەیدانەکانی شەڕی حەلەب “ئەلیبۆ” لە سوریادا بە ڕۆشنی ئەوە دەردەخات کە جگە لە سوریاو روسیاو ئەمریکا ووڵاتانی تورکیاو قەتەرو ئێرانو فەرەنساو بەریتانیا و عیراق و لوبنان و دانمارک و کەنداو ئوسترالیا ونیوزلاند و ئەردەن و لە موسڵیش بەهەمان شیوەیە …. چەندین ووڵاتانی دیکە بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن. ئەمە نیشانەی جەنگێکی جیهانی گەورەیە بە وەکالەت لەسەر زەوی ووڵاتی سوریاو ووڵاتانی دیکەی وەک عیراق و لیبیاو یەمەن. جەنگێک کە هەردوو بەرەی جەنگەکە ڕوسیاو ئەمریکا لە سەر زەوی خۆیان ناجەنگن، وە هەردوولایان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێزی سەربازی پیادەی خۆیان بەکارناهێنن، وە هەردوو لایان لە ژێر ناوی دژی تیرۆردا پاساو بۆ کارەکانیان دەهێننەوە. بەلام لەم نێوەدا گەورەترین تیرۆریزمی دەوڵەتی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە.
سەنتەرو مەیدانی سەرەکی ئەم جەنگە جیهانیە لە ئێستادا ووڵاتی سوریایە، بەلام بەرەکانی شەرەکە ‌فراوانترەو سەرجەم وولاتانی ناوچەکە و گەڵیك جێگای دیکە لە جیهاندا دەگرێتەوە. بەرەکانی جەنگ کە هەرئێستا شەر تیایدا گەرمە : عێراق و لیبیا و یەمەن و بە ئاستی جیاوازو کەمتر بەحرەین و میسرو فەلەستین و ئیسڕائیلە… بڕیارە جەنگی سوریا چارەنوسی کۆی ئەم شەڕانەی ناوچەکە دیاری بکات و بەمانایەکی دیکە ” سیستەمی نوێی جیهانی لە سوریاوە دەست پێدەکات” سەرکەوتنی هەر بەرەیەک لە سوریادا، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر یەکلایکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی بە قازانجی ئەو قوتبە سەرکەوتوە.
باسەکە ئەوەیە ئەمریکا لێرە لە سوریا ڕوبەرووی ڕوسیا بۆتەوە، لە سوریا بۆ یەکەمجار بە ئەمریکا وترا نەخێر و تا ئێستا ٥ ڤیتؤ بە ڕووی دا دراوە لە لایەن ڕوسیاوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی لە سوریادا. لێرەوە لە سوریاوە روسیا هەوڵی دا وەک زلهێزێک بگەڕێتەوە نێو سیستەمی جیهانی ئەمرۆو ڕێگری دروست بکات بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا. ڕوسیا بەهۆی هێز نیشاندانی لە سوریاوە و بەتایبەت بە دابەزینی ڕاستەوخۆی بە هێزی فرۆکە جەنگیەکانی لە پایزی ٢٠١٥وە توانی پەل بهاوێت و کاریگەری هەبێت لەسەر هەلومەرجی عیراق و یەمەن و لیبیا و ئێستا لە هەموو ئەم ووڵاتانە ‌هێزگەلێک هەن کە پشت بە ڕوسیا دەبەستن ئەمە بەجیا لەوەی کە تا ڕادەیەکی زۆر وولاتی میسری لە ژێر پەلی نفوزی ئەمریکا دەرکێشاوەو ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا وەک دەوڵەتێک لە سایەی ئۆتۆریتەی سیاسی رؤژئاواو ناتۆدا نەمێنێت” لە ئیستادا ئەمە دور دێتە پیش چاو”… خاڵی بەهێزی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستو جیهانی عەرەبدا سوریایە. ئەمریکا دەیەوێت لێرە بیشکێنێت، وەلە ئێستادا تەنها لێرەوە دەشکێ. بە هەمان شێوە روسیا دەیەوێت لێرە لە سوریا لە خاڵی بەهێزی خۆیەوە شان بە ئەمریکا دابدات. بەم پێیە سەنتەری ململانێ و جەنگەکە ئەمرۆ لە سوریایە. نەک لە بەرئەوەی گوایا سوریا ووڵاتێکی هێجگار جیۆپۆلتیک و گرینگە، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی کە ڕوسیا لیرەیەو لێرەوە بەهێز دەبێت یان دەشکێت. بەڵام وەک هەر جەنگێکی تر، ئەمە مانای ئەوەنیە کە بەرەکانی دیکەی شەرەکە کاریگەریان نەبێت بۆسەر جەنگەکە و سوریا. هەر هانگاوێکی سەرکەوتوی هەر لایەکیان لە بەرەکانی جەنگدا، حەتمەن کاریگەری دەبیت لە سەر هەلومەرجی سوریاو گشت جەنگەکە. جەنگی عیراق و بەتایبەت شەڕی موسڵ کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر سوریاو بەرەکانی دیکەی جەنگەکە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دواکەوتنی شەڕی موسڵ تا ئێستا ئەم پەیوەندییە کە ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەیانەوێت بە قازانجی خۆیان لە سوریا یەکلایی بکەنەوە. دەنگۆی ڕێکەوتنی سعودیە و ئەمریکا بۆ کردنەوەی ڕیگایەکی ئامن بۆ داعشەکان لە موسڵەوە بە ئاراستەی سوریا هەر چەند وەک پروپاگەندەیەکی جەنگی پیویستە سەرنج بدرێت بەلام لەهەمانکاتدا بێ هۆ نیە، گریمانەیەکە پیویستە لە بەرچاو بگیرێت وە حسابی بۆ بکرێت.
سەنتەری جەنگەکە سوریایە، بەڵام ئەو مەسائیلانەی کە بڕیارە بەهۆی ئەم جەنگەوە یەکلای بکرێنەوە، کێشەو مەسائیلەکانی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەدارین. چارەنوسی ئەم جەنگە یان شکستی تەواوی ئامانجی ئەمریکا دەبێت بۆ بەدیهێنانی سیستەمی نوێی جیهانی بەڕابەری خۆی، بەم پیێە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری دەگاتە سیستەمێکی چەند قوتبی یان هەنگاوێکی گەورەیە لەم ڕاستایەدا. باسەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا پاش دۆراندنی لەم ناوچەیە مل دەدات بە دابەش بونەوەی نەخشەی ناوچەکە لەسەر پایەی جیهانێکی چەند قوتبی؟! یان دەرگیر دەبیت لەگەڵ چین و کێشەی کوریای باکور گەورە دەکات و ئیسلامیەکانی ئاسیای ناوەراست زیندو وە گەورە دەکاتەوە و بەکورتی شوێنی جەنگەکە دەگورێت. لە هەمانکاتدا ئایا ڕوسیا چین ئەگەر سەرکەون لە سوریادا ئایا بەوەندە ڕازی دەبن ومل دەدەن بە بەشی گەورەتری ئەمریکا؟! وەلامی هەردوو پرسیارەکە مەنفی یە. ئاراستەی ڕوداوەکان لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو دا نەک تەنها لە سوریادا بەلکو لە ئاستی جیهانیدا، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمریکا ناتوانێت، وەک تاکە هێزی باڵا دەستی دونیا بەردەوام بیت. هەروەک ئاماژەم پیکرد ناوەڕۆکی کێشەکە لە دوا لێکدانەوەدا دەگات بەوەی کە ئایا ڕێکەوتنێک دەبیت لەسەر دوبارە دارشتنەوەی ناوچەکانی ‌دەسەلاتو نفوز؟! ئەگەر ببێت ئەوە دەکرێت هەر ئێستا ئەوکارە بکرێت بەلام سەرمایەداری تا دوا هەناسە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا دەجەنگێ و لەم نێوەشدا هەزارەها هتلەرو بۆش و بلیرو ئۆباماو پوتینی هەیە. بەهەرحاڵ هەم ڕوداوەکانی مێژووی چەند ساڵێ ڕابوردوو، وە هەم فەشەلی سیاسەتەکانی لە عیراق و ئەفغانستان و پاشان لە پڕۆسەی ” بەهاری عەرەبیدا” و هەروەها پێگەی لاوازی ئابوری بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەدەدا، ئەوە نیشان دەدەن کە شکستی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا ملی ڕێگای گرتوەوە سەر بەرەو خوارە. ئایا ئەم هەلومەرجەو ئەم کێبەرکێ تیرۆریستی یە گەورەیە بە وەکالەت دەگاتە جەنگێكی جیهانی ڕاستەوخۆ؟! قانونمەندی بزوتنەوەی سەرمایە لە مێژودا نەفی جەنگی جیهانی سێهەم ناکاتەوە، وە نەفی بەکارهینانی بۆمبی ئەتۆمی ناکاتەوە، هێرۆشیما لە یادی هەموو ئینسان دۆستێکدایە.
یان ئەوەتا ئەمریکا شکست بە ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی دەهێنێت و وبەم پێ یە نەک ڕابەری بۆ سەرمایەداری رۆژئاوا تازە دەکاتەوە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا ڕابەری سەرمایەداری جیهانی ئەمرۆ مسۆگەر دەکات. کە لەڕوانگەی منەوە ئەم گریمانە فەشلی هێناوەو ماوەی بەسەرچوە. هەوڵەکانی ئەمریکا لە روانگەی منەوە، دواین پەلەقاژەیە بۆ مانەوەی خۆی. پەلە قاژەو هەوڵیک کە بە کوشتنی سەدان هەزار کەسی و بگرە زیاتر ، کاولکردنی تەواوی ژیر بینای ئابوری و تەنانەت شوێنی ژیانی خەلک تەواو دەبیت. چۆن دوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی پێشودا پەلاماری عیراقی دا بە قەولی مەنسوری حیکمەت ” سەرهەڵدانی خوێناوی نەزمی نوێی جیهان” دەستی پێکرد”، ئاوابونی ” تاک قوتبی ئەمریکا ونەزمەکەی” نەک تەنها زۆر خوێناوی ترە و بەرەکانی جەنگەکەی زۆر فراونترەو کاولکاری و وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری ووڵاتان گەڵیک گەورەترە، بەڵکو لە هەمانکاتدا سەدان هێزی‌‌ گەورەو بچوکی تیرۆریستی لە دونیادا بۆ بەرهەم هێناوین و بیرو ئاراستەی کۆنەپەرستی و دواکەتووی لە ئاستی جیهاندا کردۆتە مۆدێلی باو و زاڵ. “سەرمایەداری خۆێنمژی کۆمەلگای بەشەرییە”.
جەنگی ئەمریکا دژ بە عێراق دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩١دا، لە ژێر ناوی ” گێڕانەوەی حاکمیەت بۆ کوەیت” و” جیهانی موتەمەدن” و ” دیموکراسی” و “لێدانی دیکتاتۆرەکان”. بەهەرحاڵ بەزمو سەفای مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەوکات لەزەت بەخش و سەرنج ڕاکێش و مۆدێلێکی باو سەراسەری و جیهانی بوو… مۆدێلیک کە لەسەر مەرگی ” کۆمۆنیزمی سۆڤیەت” تەپڵی بۆ دەکوتراو ژونالیزمی نۆکەرو کۆمپانیاکانیان”میدیای ئازاد” خەریکی گەرمکردنی فریوکاری و گەوجکردنی رەئی گشتی بوون. بڵێسەی سیستەمی نویی جیهانی یان مانەوەی ” باڵادەستی” ئەمریکا بۆ جیهانی سەرمایەداری ئەوکات، لە عێراقەوە چەخماخەیەکی خوێناوی لێداو دەستیپێکرد. هەر ئەوکات وئیستاشی لەگەڵدا بیت ئامانجی سەرەکی ئەمریکا مانەوەی بوو وەک ڕابەری رؤژئاوای سەرمایەداری و یابان و ئوستراڵیاو لێک نەترازانی ئەم هاوپەیمانیە بە ڕابەڕی خۆی و مانەوەی دامو دەزگاکانی لە ناوتۆە بگرە تا دەگاتە بانک و سندوقی پولی جیهانی ئەوانی دیکە. مەیدانی شەڕەکە عیراق بوو، بەڵام بڕیار بوو مەسائیل و کێشە گەورەکانی نیو خودی رۆژئاوا یەکلایی بکاتەوە وە لە ڕوانگەی منەوە ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو ئامانجەی ئەمریکای پێکاوە. تا ئێستا ئەوروپا بەبێ ئەمریکا ناتوانێت هەنگاو بنێت و پارێزگاری لەخۆی بکات. وە تا ئێستا توانیویەتی قڵشتی نیوان ڕوسیا و ئەوروپا فراون بکاتەوە، بەم پێیە ڕێگا لە نزیک بونەوەیان بگرێت.
لە سایەی هەمان ئامانجی سیاسی و جیهانی دا ئەمریکا گەڵێک ئیسترتیژاژی جیاوازی گرتەبەرو بە شیوەیەکی پراتیکی پیادەی کرد.. لە جەنگی دژی تیرۆرەوە بگرە بەتایبەت دوای ١١ی سێبتەمبەر بە میکانیزمی ” جەنگی پێش وەختەوە” تا دەگاتە بە کارهێنانی هێزی نەرم ” سۆفت پاوەر” کە لە پرۆسیسی ” بەهاری عەرەبی”دا بە کارهێنراو هەروەها لە ڕیگای بەکار‌هینانی ڕاستەوخۆی تیرۆرریزمەوە وەک لە سوریاو لیبیا دەیبینین. عێراق لە ووڵاتێکی تاڕادەیەک ئاسایش و بە ئاستێکی گونجاو موتەمەدن، بۆتە یەکێک لە ترسناکترین و خەتەرترین ووڵاتانی دونیاو کۆنەپەرستی و تەراتێنی تێرۆرو ملیشیا ئیسلامی ونەتەوەییەکان مۆنگ دەخوات تیایدا. ووڵاتێک کە دیاردەی تائیفی سیاسی و دابەش بوونی کۆمەلایەتی لەسەرپایەی تائیفە زۆر تیایدا لاواز بوو، ئەمڕۆ تائیفەگەری بۆ دیاردەیەکی فراوانی سیاسی و کۆمەلایەتی خەتەرناک، ووڵاتێک لە خوێن و ترس، پڕ لە بێکاری و هەژاری و برسێتی. سوریا کە یەکێک بوو لە ووڵانانی موتەمەدنی عەرەبی و وتیایدا نەک تەنها تائیفەگەری دینی بەڵکو تەنەنات ئیسلام بە گشتی هێجگار لاواز بوو تیایدا، چەند ساڵە وە ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەوڵێکی فراوان و گەورەی جیهانی و ناوچەیی هەیە بۆ لێکترازانی” خەلكی” سوریا بەپێی تائیفەو دینی جیاواز. سوننە و شیعە کەس گوێبیستی نەبوو ئیستا عەلەوی وسوننە و دورزو مەسیحی بۆتە سەر دیری گۆڤارو رۆژنامە وماس میدیای گەورە سەرمایەی دونیا… لیبیایەک کە ڕادەی هەژاری تیادا تاڕادەی سفر بوو ئیستا خەڵکەکەی لە برسا کۆچ دەکەن. هەموو ئەم کاولكاری و نا ئەمنی و برسێتی و کاولکاری و ئاوارەیی ودەربەدەری وکوشتارە، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە پێداویستی دابینکردنی سیستەمە نوێکەی بوون. بەڵام مایەپوچ ماوەتەوە، لایەنی کەم تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپیكێت. وە نایپێکێت.

پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت!

ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی کورتر بۆ کۆبونەوەی پیشووی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری عیراق نوسی. کە لە ناوەراستی مانگی ڕابوردوو “ئەیلول”دا بەسترا. ئەوکات لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی عیراقەوە لە ژێر ناوی باسی ” چەند سەرنجێک لەسە هەلومەرجی سیاسی و گشتی عێراق و کاری کۆمۆنیستی”. بەڵام ئەمڕۆ لە چوارچێوەیەکی تازەدا دارێژراوەتەوەو بە شیوەیەکی فراونتر. ئەم جەنگە جەنگێکی جیهانی گەورەیە ، ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران ئینسان دەکوژرێن یان بریندار یان ئاوارەو دەربەدەر دەبن. ئەمە بەجیا لە بڵاوبونەوەی ژەهری کۆنەپەرستی و فەرهەنگی تائیفی و جیهادی خۆکوژی و مۆدێلی جۆراوجۆری بیرو فەرهەنگی دارزیوی وەها کە لە قولایی تاریکستانی مێژودا پەیدا نابن . پێش هەر مەسەلەیەک وە هەر کێشەیەکی دیکەی گەورە و لەوانە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر یان وەستانەوە دژ بەداعش نابێت بەهیچ شێوەیەک لە هەلومەرجی ئێستادا، مەسەلەی سەرەکی ئەمڕۆ و سیاسەتی ئەم قۆناغە مێژوویەمان لە بەرچاو وون یان تەنانەت لێل بکات. سیاسەت و ئامانجی وەستانی ” ئەم جەنگە جیهانی یە”. سیاسەتی مارکسستی لەم هەلومەرجەدا بە وەستانەوە دژی داعش و تیرۆریستەکان مەیسەر نابێت.
سیاسەتێک ئەمرؤ دەتوانێت وەڵام بە خواستی ملیارەها خەلک بداتەوە لە ئاستی جیهانیدا کە بەر بەم نەزیفی خوێن و کاولکاریی و نائەمنیەتە بگرێت. سیاسەتی مارکسستی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە: ” پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت”. بۆ هێزێکی کۆمۆنیست و مارکسیست شۆرشی کرێکاری لەم قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا لەم کەناڵەوە دەگوزەرێت. تاکتیکی کۆمۆنیستی لەم قۆناغەدا لەم ڕێگایەوە جێبەجێدەبیت.
پێویستە جەنگ بوەستێت” تەنها بەمانای وەستانی” تەقە” نیە. بەڵکو بەمانای نەمانی تەواوی کەشتی یە جەنگی و سەربازییەکانی ئەمریکاو ڕوسیا و ووڵاتانی دیکەیە لە ناوچەکە و دەریای سپی ناوەراست و تەواوی پێگەو بنکە سەربازییەکانیان. جیهانی ئەمرۆ نە پێویستی بە بارچاوەشی ئەمریکایە وە نە بە حەیتەی ڕوسیا. هەروەها بەمانای وەستانی ناردنی ” جیهادییەکان” و وەستانی فێرکردن و پەروەردەکردنیانە، وەستانی کۆمەکی مالی و مرۆیی و، هەواڵگری و سەربازییە بەم هیزانە، بڕینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندیانە لە کەناڵە ئاسمانیەکانەوە بگرە تا دەگاتە فەیسبوک و تویتەرو لە هێزە تیرۆرسیتەکان و فەتواچیەکانیان. قەدەغەکردنی موتلەقی رەوانەکردنی چەکە بۆ ڕێکخراوو هیزو گروپە تیرۆر یست و میلیشیا جیاوازەکانیان. جەنگ دەبیت بە فەوری بوەستێت. هەموو دونیا تەنانەت ئەوانەش کە زۆر گوێندانە بیستنی هەوالەکان یان ئەوانەی کە ئاگری شەڕەکانیان زۆر لێدورە لە نیوزلاندەوە بگرە تا دەگاتە ئالاسکا… لە جیهانێکی ئامن و ئارامدا گوزەران ناکەن. وەستانی جەنگ بەرژەوەندی هەموو ئەوانەش دابین دەکات چ جا بگات بە ملیارەها ئینسان کە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب و ئەوروپاو روسیاو ئەمریکا دەژین. واتە ئەوانەی لە ناوجەرگەی جەنگ و دەوروبەرەکەیدا گوزەران دەکەن، یان وولاتەکانیان دەرگیرە لەم جەنگەدا.
سەرەتا دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت. بەلام وەستانی واقعی جەنگی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە بەرانبەر روسیاو هاوپەیمانانیدا…واتە وەستانی واقعی جەنگی بە وەکالەت. کە ئیتر بەرەی نەسرەو داعش و جەیش ئەلئیسلام و هەموو جند اللە و مەقدەسەکان و ڕیكخراوی تورکمەنستانی یە ئیگۆریەکان و حکومەتی سوریاو پیویستە تەقە ڕابگرن وەک هەنگاوی یەکەم. کە دەلێم پیوسیتە تەقە ڕابگرن، مەسەلەکە ئەوەیە وە پێم وابێت دوای شەرو قەیرانی شاری ئەلیبۆ بۆ هەموو کەس ڕۆشنە کە ئەو هێزانە بە ئەمری سعودیەو ئەمریکاو قەتەر و تورکیا سیاسەتی تیرۆریستی خۆیان پیادەکەن. بەهەمان شیوە سوریاو حزب اللە و میلیشیاکانی دیکە بە ئەمری روسیاو ئێران. مەسەلەی سەرەکی سەرەتا وەستانی جەنگە لە سەنتەری کێشەی ناوچەکەدا سوریاو بە دیاریکراوی لە ” حەلەب” ئەلیبۆدا. لە حەلەبەوە چارەنوسی بەرەکانی دیکەی جەنگ و مەیدانە جیاوازەکانی شەڕ یەکلا دەبێتەوە، لە یەمەن و لیبیاو عیراق… وە تەنانەت هەلبژادنەوەی سەرۆکی تازە بۆ لوبنان کە دووساڵ زیاترە ستۆکە. شەڕی موسڵ مەیدانیکە بەلام هێجگار ‌هێمن تر دێتە پیش چاو بە بەراورد لەگەڵ ” ئەلیبۆ”دا. تەنانەت دواکەوتنی شەڕی موسڵ تا ئێستا بە ئاستێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ یەکلای نەبونەوەی حەلەب. بەمانایەک پێکەوە بەستنەوەی گرتنەوەی موسڵ بە خواردنی بەرژەوەندی نەک تەنها لە عیراقدا بەڵکو پێش ئەوە لە سوریادا وە دابینکردنی ئەم ئامانجە، ئامانجێک کە پێم وانیە لە دوا لێکدانەوەدا سەر بگرێت بە تایبەت بۆ ئەمریکاو سعودیە. شەڕی موسڵ گرینگە، بەڵام لە پیشەوە ڕۆشنە کە بە قازانجی کام بەرەی ئەم جەنگە جیهانیە تەواو دەبێت. بۆیە کیشە و قەیڕان و شەڕی موسڵ پێش ئەوەی شەرەکە دەست پێبکات ئەنجامەکەی ڕۆشن بوەو کاریگەرییەکی یەکلایکەرەوەی نابێت بۆسەر جەنگەکە لە ناوچەکەو تەنانەت بۆیەکلایکردنەوەی مەسەلەی دەسەلات لە عێراقدا.
پرسیار دەکریت و دەوترێت ئەی شەڕی دژی داعش و هێزە تیرۆریستیەکانی دیکە چۆنە و چی بەسەر دێت؟ ئەوە نیە موسڵ بە دەست داعشەوەیە، ئەی نابێت رزگار بکریت؟! ئەی نابێت سوریا و حەلەب لە جەبهەی نوسرەو” جەیش ئەلفەتح” تیرۆریستەکانی دیکە پاک بکرێتەوە؟! ئەی ئەگەر ئەمریکا دژی تیرۆریزم کار ناکات و درۆ دەکات ئەی روسیا ئەوە نیە لە تیرۆریستەکان دەدات؟! ئەی نابێت حسابی خۆمان لەگەل هێزێکی تیرۆریست و دڕندەی وەک داعش یەکلا بکەینەوە؟! وە پرسیار گەلێکی دیکەی لەم بابەتە.
“شەڕ دژی تیرۆر” ی نێوان ووڵاتانی زلهێز یەکێکە لە درۆ گەورەکانی میژووی ئەم سەردەمە. بەشداریکردن لە هەرشەڕێکدا بە قازانجی لایەکی شەرەکە لە دوا لیکدانەوەدا بە قازانجی قوتبێکی جیهانی تەواو دەبێت. لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت دژی ” داعش” بجەنگیت لە بەرەکانی شەڕدا بەلام سەر بەلایەک لە لایەنەکانی ئەم جەنگە فراوانە نەبیت. ” یەدەپە” لە سوریا زۆر هەوڵی دا کە وانیشان بدات کە هێزێکی سەربەخۆیە، ئێستا ڕۆشنە لە پاڵ کێدا دەجەنگێت. لە بناغەوە مەسەلەکە ئەوەیە، کە جەنگ و شەری ئێستا جەنگ نیە دژ بە تیرۆرو تیرۆریزمی ئیسلامی داعش و نەسرەو ئەوانی دیکە. دەرکەوتن وبەهێز بوونی هەموو ئەو‌ هێزە تیرۆریستی و ملیشیاکانی دیکەی وەک حەشدو حۆسیەکان و …لە بناغەوە بە هۆی ئەم جەنگە گەورەیەوە بوە لە ناوچەکەدا. بە نەمانی داعش لە موسڵ و بەرەی نەسرە لە ئەلیبۆدا جەنگە کۆتای پێ نایەت ئەگەرچی هەریەکەیان ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی لایەکی جەنگەکە.
پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت. هەر هێزو کەس و لایەنێک بە واقعی خەباتکارە دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەیەوێت باری گرانی ئەم بزوتنەوە سیاسی یەو تیرۆرەکەی بەسەر شانی خەڵکی ناوچەکەو جیهانەوە نەهێلێت پیویستە ‌لایەن و هێزێک بێت دژ بە جەنگ و خەباتی خۆی فراوانتر و ڕیکخراوتر بکات لە پێناو وەستانی جەنگدا، بۆئەوەی پێگەو هێزو نفوزی تیرۆریزم و هێزە تیرۆریستەکانی وەک داعش و نەسرە، ناکام بێ کاریگەر بکرێنەوەو دواتر لە پرۆسەیەکەی دواتری دوای جەنگدا بە کاری سیاسی و فکری و سەربازی بەتەواوی رۆل و پێگەی ئەم هێزانە نابوت بکرێت.
بەهیچ شیوەیەک نابێت تیڕوانین و بیرۆکەی دژی” تیرۆر” یان دژ بە “ئیسلامی سیاسی” سایە بکشێتە سەر بیرکردنەوەو هەنگاوە عەمەلی و سیاسەکاندا. بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە بناغەوە بزوتنەوەی دژ بە ئیسلامی سیاسی و هیچ بزوتنەوەیەکی دیکە نیە، بەڵکو بزوتنەوەیەکە دژ بە سەرمایەو سەرمایەداری. ئیمە ناتوانین بە فعلی دژی تیرۆر بین و لە هەمانکاتدا ئەلیبۆو موسڵ و …. بسپێرین بە نادیار، بسپێرین کە هەموو هیزێک دەتوانیت دژ بە تیرۆر بێت یان ناتوانین ڕێگایان پێ بگرین. پیویستە جەنگ بوەستێت، بۆ ئەوەی فعلەن ڕیگایان پێ بگرین کە نەتوانن دەخاڵەت بکەنو ئاگری جەنگەکە فراوان بکەنەوە. فراوان بونەوەی جەنگەکەو مەیدانی شەڕەکان تا زۆر تربن و دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزو کۆنەپەرستانی سەرمایەداری ناوچەکەی تیدا بێت بەهەمان ئاست ئێمە لە بنەبرکردنی تیرۆرو هێزە تیرۆریستەکان دور دەکەوینەوە. موسڵ بە هیچ شیوەیەک بەجەنگی ئەو هیزانە پاک ناکرێتەوە لە تیرۆریزم، بەشیکی زۆری تیرۆریستەکانی ئەم شارە خەڵکی موسڵن و کۆنە بەعسین و چەکەکانیان دادەنێن و لەوێ دەمێننەوەو دەبن بە داعشی مەدەنی. لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە وەبەتایبەت کە بەندو بەست و ڕیکەوتنی نهێنی لەم نێوەدا ڕۆڵی خۆی دەگێرێت، وە بەتایبەت کاتێک کە ئەمریکاو سعودیە چاویان بڕیوەتە بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا. بۆیە دەستەواژەی” دژی تیرۆر” “distraction –الهاء- یەکی سیاسی گەورەیە کە هەموو میدیای ” ئازادی” جیهان تیایدا کارایە. واتە تەنها بۆ بەلاڕیدا بردنی خەلک و رەئی گشتی دونیایە. ئەگەر نا لەم قۆناغەدا تا ئەو ‌هێزانە لێی بدەن تیرۆریزم گەورەتر ئەبێت. ئەفغانستان سەرەتاکەی بوو، ئەگەر چی ئەوکات چوارچیوەی گشتی سیاسەت و پێگەی هێزەکان زۆر جیاوازی هەبوو، روسیاو چین بێ هیز بوون و ئیدعایەکی گەورەی وەکو ئێستایان نەبوو، ئەمریکاو هەر بۆ خۆی بوو. بەڵام بە لیدانی تالیبان و قاعیدە لەوێ، لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو ئەنجامەی هەیە کە ئێستا دەیبینین. ئەوکات سیاسەتی بزوتنەوەی ئێمە سیاسەتێکی ناکارا بوو.
هەر بزوتنەوەو جوڵانەوەیەکی دیکە لە پێناو مافە سیاسی و مەدەنیەکاندا، ئەگەر توانای سەرهەڵدان و گەشەسەندنی هەبیت لەم هەلومەرجەدا پێویستە لەم ڕاستایەدا بەگەر بخرێت. تەنانەت چارەسەری برسیتی و هەژاری لەم قۆناغە دیاریکراوەدا مێژوویەدا بەستراوەتەوە بە وەستانی جەنگەوە.
” پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت” میکانیزم و هەنگاوە پراتیکیەکانی جێبەجیکردنی ئەم ئامانجە، کارێکی گەورەو ماجستیانەی پیویستە لە ئاستی ناوخۆی ووڵاتانی زلهێز وئەو وولاتانەی کە دەرگیرن لە گەڵ جەنگداو وە هەروەها لە ئاستی جیهانیدا. لیرەدا ئەم خاڵە گشتیانە دەخەمەڕوو.
یەکەم: بەگەرخستنی بزوتنەوەی دژی جەنگ لە ئاستی جیهانیدا: ئەمکارە لە هەلومەرجی ئێستادا. کارێکی سەخت و بەردەوام وڕێکخراوی پێویستە. خەڵک وە رەئی گشتی جیهانی بەگشتی زۆر چۆتە دواوەو لەدوای ٢٠٠٣ ەوە کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بزوتنەوەی دژی جەنگی ئەمریکا بۆ سەر عیراق دوبارەنەبیتەوەو. ڕؤژئاوا لەم کارەیدا سەرکەوتوبوە. میدیای ئازادی نۆکەر ڕۆڵی کاریگەرو بەرچاوی هەبوە لە جێخستنی ئەم دیاردەی پاشەکشەی ڕەئی گستی و خەڵكی ئەوروپا بە قازانجی بورژوایی ووڵاتانی خۆیان و تێڕاونینی ئەوروپا- سەنتەر. هەڵقەی سەرەکی ئەمکارە کۆمۆنیستەکانن. بەفەوری پیویستە دەست بەمکارە بکرێت. کەسایەتیە ئازادیخوازو چەپ و ڕابەرانی کڕیکاری و هەوڵدان بۆ دەرکەوتن و گەیاندنی ئەم سیاسەتە بەهەر شیوەیەکی گونجاو و سود وەرگرتن لە فەیس بوک و تویتەر… دەکەونە چوارچیوەی ئەو کارانەوە کە پیویستن. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە دژی جەنگەو بەم پێ یە جێگای هەموو کەس و هێزو لایەن و ڕێکخراو سەندیکاو …یەکی تیدا دەبێتەوە کە دژی ئەم جەنگە جیهانی یە، بە هەر بۆچون و تێڕوانینێکەوە کە هەیانە. ئەمکارە لە هەر ووڵاتیکەوە دەکرێت دەست پێ بکرێت: ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، سوریا، عێراق، هەر ووڵاتێکی دیکە. لە هەر ووڵاتێکدا دەکرێت وەک سەرەتایەک ” کۆمیتەکانی دژی جەنگ” پێک بهێنرێت لە چەند کەسایەتی و حزب ولایەنێک.
دووەم: لەناوخۆی ئەو ووڵاتانەی کە دەرگیرن لەگەڵ جەنگ: لە سوریا و عیراق و وولاتانی دیکە. وەستانەوە بەرانبەر بە جەنگ لەم ووڵاتانەدا هەم لەلایەن روسیا و ئەمریکاو سوریاو عیراقەوە وەهەم لەلایەن میلشیا جۆراوجۆرەکانەوە میدیای ئازادی نۆکەر وای نیشان دەدات کە بزوتنەوەی لەم چەشنە لەگەڵ تیرۆریستەکانە. بۆیە لەمبارەوە پیویستی بەکاری زیاترە. کاری زیاترو چرتر لە پەیوەند بە ڕیسواکردنی ناوەرۆکی ئەم جەنگە، ئاشکراکردن و ڕیسواکردنی سیاسەتەکانی تەواوی لایەنەکانی ئەم جەنگە. هێنانە مەیدانی بزوتنەوەی فراوان بەرانبەر بە جەنگ. ڕۆشنکردنەوەی فراوانی ئەوەئ کە دژ بە جەنگ بوون وە وەستانی جەنگ لە باری واقعیەوە بەمانای دژی تیرۆرو هێزە تیرۆریستەکانە، خەباتکارانی سەرەکی دژی تیرۆر، خەباتکارانی سەرەکی دژی جەنگن. ئەم بزوتنەوەیە لە سەرەتاوە دەبیت بە ڕۆشنی مەوقعیەتی خۆی بناسێت و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا بۆ پێشەوە هەوڵ بدات خۆی چەکدار و رێکخراو بکات. پشتگیری هەر بزوتنەوەو ناڕەزایەتیەکی جەماوەری وکڕیکاری لە پێناو مافە سیاسی و ئابوریەکاندا ئەگەر هاتە بەرەوە. هەر ئیستا لە کوردوستان جولانەوەیەک بۆ موچە لە ئارادایە، لەمبارەوە پیویستە پشتگیریی بکریتو هەوڵ بدرێت بۆ بە دەستهێنانی خواستەکانیان” دابینکردنی موچە”. بەڵام کاری کۆمۆنیستەکان لەوە زیاترە.
سێهەم: دەرکێشانی بەیانێکی هاوبەشی کۆمۆنیستی نێوان هیزە کۆمۆنیستی یەکان: لەمبارەو مەبەست لە نوسینی بەیانیکی هاوبەش نیە بەتەنها. بەڵکو کاری هاوبەش لە ئاستی دەرەوەو هەر جێگایەک کە گونجاوە. هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هێزە کۆمۆنیستەکان لەسەر پایەی سیاسەتی دژی ئەم جەنگەو دروشمی” پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت”. هەنگاوئ دووەمی ئەمکارە ڕوکردنە هەموو لایەنو هێزیكی دیکەی سیاسی چەپ، و دەست پێکردنی کەمپینێکی سیاسی فراوان لە نێو رێکخراوە کریکاری و ئەحزابی چەپدا. بەشیکی ئەمکارە پڕوپاگەندەیە بۆ برەودان و بلاوکردنەوەی ئەم سیاسەتە وبەشێکی دیکەی بۆ کۆکردنەوەی هێزە.

١٥ئوکتۆبەر٢٠١٦

Saman.karim5@gmail.com




کە من موسەیەر بم و مەخەیەر نەبم، بۆ دەبێ تاوانبار بم؟ … ده‌رسیم

لە ئیسلامدا بەگوێرەی قورئان و ئایینەکەیان، هیچ مرۆڤێک موخەیەر نییە و بەڵکو تێکڕا موسەیەرن.
موخەیەر، واتە مرۆڤەکان بەبێ ناچارکردن و بەئارەزووی خۆیان ڕێگای ژیانی خۆیان هەڵدەبژێرن و بڕیار لەسەر چۆنێتیی ژیان و ڕەفتاری خۆیان دەدەن، کە چی بکەن و چی نەکەن. بەڵام موسەیەر پێچەوانەی موخەیەرە، واتە مرۆڤەکان خۆیان بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێک بەخۆیان بۆ خۆیان هەڵنابژێرن و بڕیار لەسەر ژیان، چارەنووسی خۆیان و چۆنێتیی ژیانیان نادەن، بەڵکو ئەوە خوداکەی محەمەدی عەبدوڵڵای هاشمی-یە کە شتەکان بۆ مرۆڤەکان هەڵدەبژێرێ، بڕیار لە چارەنووسیان دەدات و هەموو شتێک بەزۆر بەسەریاندا دەسەپێنێ بەبێ ئەوەی خۆیان ئارەزووی بکەن! نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو هەر بەڵایەک تووشیان بێ، ئەوە خوایە بەسەریان دێنێ نەوەک خۆیان هۆکار بن!
یەکێک لە خۆشەویستترین مرۆڤەکانی نزیکم بەناوی (شاژن)، کە لەسەر باوەڕو بۆچوونەکانم هەمیشە منی بە کافر ناودەبرد، هەروەها هەرگیز و بۆ تەنیا جارێکیش ئامادە نەبوو لەسەر جیاوازی بیرکردنەوەو باوەڕمان بە ئایین گوێم لێبگرێ و بۆی ڕوونبکەمەوە کە مادام موسەیەر بم و موخەیەر نەبم، هیچ تاوانانێکم نییە! بەدرێژایی ماوەی سێ ساڵ، ڕێگەی نەدام پێی بڵێم، مادام خواکەت بە بڕیاری خۆیی و بەبێ ئارەزووی خۆم کردوومی بە بێباوەڕ و بەقسەی تۆ (کافر)، بۆ دەبێ گلەییم لێبکرێ و بە تۆمەتبار ناوببرێم؟
سەرەڕای ئەوەی کە (شاژن)، هەرگیز قورئانی نەخوێندبووەوە، خۆ ئەگەر بشیخوێندایەوە عەرەبییەکەی هی ئەوە نەبوو بەجوانی تێی بگات، هەروەها نوێژی نەدەکرد و ڕۆژووشی نەدەگرت، کەچی ئامادەنەبوو گوێ لە بۆچوونەکانم بگرێت، یان هۆکاری باوەڕ نەبوونم بە هیچ ئایین و خوایەک بۆ ئەو ڕوونبکەمەوە، کە لە ئەنجامی خوێندنەوەی قورئان و سەدان سەرچاوەی ترەوە گەییشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە بێباوەڕی ئایینی بۆ خۆم هەڵبژێرم!
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوورکەوتنەوەی (شاژن) لێم و بەیەک نەگەیشتنمان، هۆکاری ئایینی و بێباوەڕیم بوو، بەچەشنی (لیدیا)، کە ئەویش تاکە هۆکاری دوورکەوتنەوەی لێم ئیسلام و بێباوەڕیم بوو! کە هەردووکیانم زۆر خۆشدەویست، بەڵام (شاژن) زیاترو تا ڕادەی پەرستن، خۆ ئەگەر بیگوتایە (من خوام)، باوەڕم پێی دەهێنا، نوێژم بۆی دەکرد، ڕۆژووم بۆی دەگرت و حەج و تەوافم بەچوار دەوری بەژن و باڵا بەرزەکەی دا دەکرد!
هەر بۆیە، ئەم نووسینەم دەکەمە دیاری بۆ (شاژن) و هەموو (شاژن)ە کوردەکان کە جیاوازی بیروباوەڕو ئایین پەسەند ناکەن و لە ترسی ئایین، ئاگری دۆزەخ و سزاکانی نێو قورئان، دەستبەرداری خۆشەویستەکانیان دەبن و خۆیان هەڵدەگرن بۆ خۆشییەکانی بەهەشتێکی خەیاڵاوی کە محەمەدی قورەیشی بە ئەقڵی خورافیاتی (١٤٣٧) ساڵی بەر لە ئێستای خۆی دروستی کردووە، کە دڵنیام دوای مردنی هەموومان نە ئەوان (شاژن و لیدیا)، نە هیچ ژنێک و مرۆڤێکیش ئەو بەهەشتە خەیاڵییە نابینن!
فەرموون، بەگوێرەی ئەو ئایەتانەی خوارەوە، کە لە قورئانی محەمەد وەرگیراون، مرۆڤەکان موسەیەرن و موخەیەر نین، مادام موسەیەریش بن، کەواتە هەرچیەک بکەن هیچ تاوانێکیان ناکەوێتە ئەستۆ، خۆیشم وەکو کەسێک لەوانەی کە موسەیەرم و هەموو شتەکان بەزۆر بەسەرمدا سەپێنراوە، هیچ گوناهێکم نییە، سەرەڕای ئەوەی باجی گران و قورسی خۆمم لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی و ئایینیم داوە:

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٩٦)ی سورەتی (یونس)، مرۆڤەکان نەک هەر موخەیەر نین، بەڵکو لە موسەیەریش خراپترن و بوونەتە گاڵتەجاڕی خوا و ئەو وەکو بەراز ڕەفتار و بەرخودیان لەگەڵ دەکات.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (إِنَّ الَّذِينَ حَقَّتْ عَلَيْهِمْ كَلِمَتُ رَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ ٩٦).
واتە: (کەسانێک کە خوادا غەزەبی لێگرتوون، باوەڕ ناهێنن).
دەبێ ئەوە چ خوایەک بێ، کە بەمشێوەیەو هەر لەخۆڕا غەزەب لە خەڵکەکە بگرێ و کەڕو کوێریان بکات لە ئاست دۆزینەوەی ڕێگەی ڕاست و هەر خۆی گومڕایان بکات و سەریان لێ بشێوێنێ، لەکاتێکا خوا بە بەزەیی، دڵفراوان، بەخشندە و لێبووردە ناوی دەرکردووە؟ بەگوێرەی ئەم ئایەتە، ئەوە خوایە، پێشەکی لە قورئاندا باسی ئەوەی کردووە، کە کەسانێک باوەڕ ناهێنن، چونکە خوا غەزەبی لێگرتوون، کە منیش یەکێکم لەم غەزەب لێگرتووانە!

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٥)ی سورەتی (الأنعام)، بۆمان دەردەکەوێ کە خوا چرای باوەڕی هەندێک کەسی پڤ تێکردووە و بەهیچ شێوەیەک تروسکاییەک باوەڕی لێ بەدی ناکرێت و تەنانەت گوێچکەکانیشی کەڕ کردوون بۆ ئەوەی گوێیان لە بانگەوازی بەناو هەقی قورئانەکەی محەمەد نەبێ.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَجَعَلْنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ أَكِنَّةً أَن يَفْقَهُوهُ وَفِي آذَانِهِمْ وَقْرًا ۚ وَإِن يَرَوْا كُلَّ آيَةٍ لَّا يُؤْمِنُوا بِهَا ۚ حَتَّىٰ إِذَا جَاءُوكَ يُجَادِلُونَكَ يَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَٰذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ ٢٥).
واتە: (ئێمە پەردەمان بەسەر دڵیاندا کێشاوە تاوەکو تروسکایی باوەڕیان لێ هەڵنەیەت و گوێچکەکانی ئەوانمان کەڕ کردووە تا وشەی هەق نەبیستن).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٩٣)ی سورەتی (النحل)، مرۆڤەکان موسەیەرن، واتە وەکو مێگەل لەلایەن خواوە دەهاژورێن، نەک خۆیان ئاراستەی ژیان و باوەڕی خۆیان دیاری بکەن!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَٰكِن يُضِلُّ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن يَشَاءُ ۚ وَلَتُسْأَلُنَّ عَمَّا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ ٩٣).
واتە: (خۆ ئەگەر خوا بیویستایە دەیکردن بە یەک نەتەوە، بەڵام هەرکەسێ خوا بیەوێت گومرای دەکات و هەرکەسێ بیەوێ دەیخاتە سەر ڕاستەڕێ، بێگومان لێتان دەپرسن کە ئێوە چیتان کردووە).
ئەو پرسیارە نالۆژیکە چییە کە دەپرسێ: (ئێوە چیتان کردووە)؟ خوا کە منی موسەیەر کردبێ و مەخەیەری نەکردبم، با هەر خۆیشی وەڵام بداتەوە، کە من چیم کردووە! ئەمە وەکو ئەوەیە، کە تۆ لەنێو ئۆتۆمۆبیلێک لەتەک شوفێرەکە دانیشتبیت و دەست، قاچ و چاوەکانت بەسترابێ و شۆفێرەکە خۆی هەڵدێرێنی، کەچی تۆ بە تاوانبار دابنرێیت!

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (١١٨)ی سورەتی (هود)، بۆمان دەردەکەوێ کە خوا نەیویستووە هەموو مرۆڤەکان سەر بە یەک نەتەوە بن، باشە ئەگەر خوا لەتوانای دابایە هەموو مرۆڤەکان بکات بە یەک نەتەوە، هەر خۆیشی نەیدەتوانی بە تەبایی بیان گونجێنێ و بێکێشە بژین؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ ١١٨).
واتە: (خۆ ئەگەر خوا بیویستایە دەیکردن بە یەک نەتەوە، بەڵام بەردەوام هەر ناتەبا دەبوون).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (١٢٥)ی سورەتی (الأنعام)، دیسان مرۆڤەکان موسەیەرن، واتە خوا مرۆڤەکانی وەکو ڕەشەوڵاغ داوەتە پێش خۆیی و هەچەمان لێ دەکات! خوا کێی بوێ سنگی دەکاتەوەو ڕێگای ڕاستی پیشان دەدات و کێی نەوێ وازی لێدەهێنێ و گومڕای دەکات! کەواتە بۆ گلەیی لە من بکرێ، کە بەگوێرەی ئەو ئایەتە (گومڕا بوویمە)؟ ئێ باشە خۆ ئەوە خوایە سنگی منی نەکردۆتەوە بۆ ئیسلام و ویستوویەتی گومڕابم، کەواتە گلەیی لە خوا بکەن نەک لە خۆم! بۆ هەم دەبێ گلەییم لێبکرێ و هەمیش سەبارەت بە خۆشترین خۆشییەکانی ژیان کە خۆشەویستی، سۆز و دڵخۆشییە، سزا بدرێم و لێیان بێبەش بکرێم.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (فمن يرد الله أن يهديه يشرح صدره للاسلام، ومن يرد أن يضله يجعل صدره ضيقا حرجا كأنما يصعد في السماء كذلك يجعل الله الرجس على الذين لا يؤمنون ١٢٥).
واتە: (هەرکەسێ خوا بیەوێت هیدایەتی بدات، ئەوە سینەی ئامادە دەکات بۆ ئیسلام، ئەو کەسەش خوا بیەوێت گومڕای بکات، ئەوە دڵی دەگوشێت و سنگی توند دەکات و هەناسەی سوار دەبێت، هەر وەک ئەوەی بەرەو ئاسمان بەرز بێتەوە، ئا بەو شێوەیە خوا گومڕایی و پیسی هاوەڵگەری لەسەر دڵی ئەوانە دادەنێت کە باوەڕ ناهێنن).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (١٣)ی سورەتی (السجدة)، مرۆڤەکان نەک هەر موخەیەر نین، بەڵکو لە موسەیەریش خراپترن و گاڵتەجاڕی خوان، ئەو بۆ سەیرانی خۆی وەکو مەیمون مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و هەر دەبێ دۆزەخ بە مرۆڤەکان پڕ بکاتەوە.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَلَوْ شِئْنَا لَآتَيْنَا كُلَّ نَفْسٍ هُدَاهَا وَلَٰكِنْ حَقَّ الْقَوْلُ مِنِّي لَأَمْلَأَنَّ جَهَنَّمَ مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ أَجْمَعِينَ ١٣).
واتە: (بێگومان ئەگەر بمانوویستایە هەموو کەسێکمان هیدایەت دەکرد، بەڵام بڕیاری من ئەوەیە دۆزەخ هەر بە جنۆکە و مرۆڤی تێکڕا پڕ دەکەم).
دەبێ ئەوە چ خوایەک بێ، کە پێشتر بڕیاری خۆی دابێ سەبارەت بەوەی کە هەر دەبێ دۆزەخ بە مرۆڤەکان پڕ بکاتەوە؟ کەواتە خوا بەگوێرەی کردەوەی مرۆڤەکانیش پاداشتی مرۆڤەکان ناداتەوەو هەر بە ئارەزووی خۆی و بۆ خۆشی خۆی ڕەوانەی دۆزەخیان دەکات!

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٧)ی سورەتی (الرعد)، تەواوی مرۆڤەکان موسەیەرن و هیچ شتێکی بێ بایەخیش تەنانەت ئەگەر بەقەد دەرزییەکیش بێ بە ئارەزووی خۆیان نییە! هەمووی خوایە بڕیار لەسەر چاکەو خراپەی مرۆڤەکان دەدات، هەرکەسێکی بوێ بەرەو چاکەی دەبات و هەرکەسێکی نەوێ سەری لێدەشێوێنێ و وای لێدەکات خراپە بکات! کەواتە چاکە و خراپە بەدەست مرۆڤەکان نییە و خوا بەهۆی مرۆڤەکانەوە ئەنجامیان دەدات! خۆ ئەگەر ئەو بەئارەزووی خۆی منی گومڕا کردبێ، دەبێ چ دەسەڵاتێکی خوام هەبێ و بۆ لەسەر گومڕابوونم کە گوایە خوا گومڕای کردووم، لەسەر زەوی بەدەستی ئەو کەسانەی کە زۆر خۆشم ویستوون و بە بەشێک لە خۆمم زانیون سزا بدرێم و لە ڕۆژی زیندووبەنەوەش دوای مردنم ئەمجارەیان بەدەستی خواکەیان سزا بدرێمەوەو فڕێ بدرێمە نێو گەرمترین و درێژترین ئاگری دۆزەخ؟ بۆ دەبێ بۆ یەک هەڵە یان تاوان دووجار سزا بدرێم، سزای یەکەمم مەدەن و با دوای مردنم سزا بدرێم، کە بەدڵنیایی بەرگەی ئەو سزایە دەگرم، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەرگەی سزای (شاژن) ناگرم، کە ئاگرێکی سەختترە لە ئاگری دۆزەخ و بەتەواوی سووتاندوومی؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَيَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا أُنزِلَ عَلَيْهِ آيَةٌ مِّن رَّبِّهِ ۗ قُلْ إِنَّ اللَّهَ يُضِلُّ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي إِلَيْهِ مَنْ أَنَابَ ٢٧).
واتە: (ئەوانەی بێباوەڕن، دەبێژن، بۆچی بەڵگەیەکی لە خواوە بۆ نەهاتووە، بڵێ خوا هەرکەسێکی خۆی ئارەزوو بکا گومڕای دەکاو هەرکەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە ڕاستەڕێی دەکا).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٣٩)ی سورەتی (الرعد)، خوا بەئارەزووی خۆی هەندێک شتی کەسانێک لە (لەوحی مەحفوز) دەسڕێتەوە، یان بۆی دەنووسێ و زیادی دەکات! باشە ئەی کوا دادپەروەری، بەزەیی، بەویژدانی، دانایی و ژیری خوا، کە ئەو بە ئارەزووی خۆی شت بسڕێتەوەو شتی دیکەی لە جێگە بنووسێ؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (يَمْحُو اللَّهُ مَا يَشَاءُ وَيُثْبِتُ ۖ وَعِندَهُ أُمُّ الْكِتَابِ ٣٩).
واتە: (خوا بە ویستی خۆی شت دەکوژێنێتەوە و لە جێی دادەنێ و دایکی هەموو کتێبانیش لای ئەوە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٧٩)ی سورەتی (النساء)، مرۆڤەکان نەک تەنیا موسەیەرن، بەڵکو هەر چاکەیەک بکەن ئەوە خۆیان نین کە چاکەکان دەکەن، بەڵکو ئەوە خوایە چاکەکان دەکات، بەڵام مرۆڤەکان هەر خراپەیەک بکەن ئەوە خۆیانن ئەنجامی دەدەن و خواش لە چاکەکردن گەرەنتی داوەتە خۆی کە چاکەکانی مرۆڤ هی ئەون و گەرەنتیشی بۆ خراپەکردن داوەتە مرۆڤەکان کە خۆیانن هەر خراپەیەک بکەن! ئەوە ڕێک وەکو ئەو عەربەیە کە لەگەڵ کوردێک دەچنە ڕاو و ئاسکێک و کەروێشکێک دەگرن و لەکاتی دابەشکردندا عارەبەکە بە کوردەکە دەڵێ: (چ دەڵێی ئاسکەکە بۆ من و کەروێشکەکە بۆ تۆ، یان کەوێشکەکە بۆ تۆ و ئاسکەکە بۆ من)؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (مَّا أَصَابَكَ مِنْ حَسَنَةٍ فَمِنَ اللَّهِ ۖ وَمَا أَصَابَكَ مِن سَيِّئَةٍ فَمِن نَّفْسِكَ ۚ وَأَرْسَلْنَاكَ لِلنَّاسِ رَسُولًا ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ شَهِيدًا ٧٩).
واتە: (تووشی هەرچی چاکەیەک ببی لە خواوەیە، تووشی هەرچی خراپەیەکیش ببی لە خۆتەوەیە، تۆمان ناردووە بۆ سەر خەڵکی بە پێغەمبەرایەتی، ئەوەندەش بەسە کە خوا ئاگادارتە).

بەگوێرەی ئایەتەکانی ژمارە (٦-٧)ی سورەتی (البقرة)، خوا بە محەمەدی بەناو پێغەمبەری خۆی دەڵێ: (ئەوانەی بێباوەڕن ئاگاداریان بکەیتەوە یان نا هەر وەکو یەکە و باوەڕ ناهێنن)، ئێ ئەگەر ئەو پێشتر مۆری خۆی بەسەر دڵ و گوێچکەیاندا نابێ و پەردەی بەسەر چاوەکانیاندا هێنابێ، چۆن باوەڕ دەهێنن؟ ئەی کەواتە محەمەدی بۆچی ناردووە کە نەتوانێ باوەڕ بە بەشێک لە مرۆڤەکان بهێنێ؟
لێرەدا ئایەتی ژمارە (٦)، ڕێک پێچەوانەی ئەم ئایەتانەی سەرەوەیە کە لە هەموویاندا باسی ئەوە دەکرێ کە خوا خۆی بڕیاردەرە و شتەکانی بەزۆر بەسەردا سەپاندوون و بەئارەزووی خۆی کەسانێکی گومڕا کردووەو کەسانێکی تریش ڕێگای ڕاستی پیشان داون، کەچی لەم ئایەتەدا خوا باسی ئەوە دەکات کە هەوڵدان لەگەڵ بێباوەڕان کارێکی بێسوودە و ئەوان هەرگیز باوەڕ ناهێنن! بەڕاستی لەم کارەی خوا دانا، بەتوانا، زانا، بەدەسەڵات، دادپەروەر، بەزەیی و بەسۆزە تێناگەم؟ ئەی خوا بەگوێرەی ئەم هەموو ئایەتە ناڵێت: (ئەگەر بمویستایە واو وام دەکرد)، ئەی بۆ نایەوێت کارێکی وابکات کە نە مرۆڤەکان تووشی ئەم هەموو هەڵە، سەر لێشێوان و تاوانە بکات و نە خۆیشی تووشی دەردەسەری لێکۆڵینەوەو سزادان بکات لەگەڵ مرۆڤەکان؟
ئەم دوو ئایەتە دەڵێن: (إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا سَوَاءٌ عَلَيْهِمْ أَأَنذَرْتَهُمْ أَمْ لَمْ تُنذِرْهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ ٦، خَتَمَ اللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ وَعَلَىٰ سَمْعِهِمْ ۖ وَعَلَىٰ أَبْصَارِهِمْ غِشَاوَةٌ ۖ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ ٧).
واتە: (بەڕاستی ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون ئاگاداریان بکەیت یان نەکەیت وەکو یەکە بۆیان، باوەڕ ناهێنن. خوا مۆری ناوە بەسەر دڵ و گوێیانداو پەردەی بەسەر چاویاندا هێناوە، هەر بۆیە سزایەکی سەخت چاوەڕێیانە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٢)ی سورەتی (الحدید)، مرۆڤەکان نەک بەتەنیا موسەیەرن بەڵکو هەر تاوانێک بەدەستی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێ، هیچ تاوانێکی ئەوانی تێدا نییە، چونکە خودا پێشتر لای خۆی لە لەوحی مەحفوز هەمووی دیاری کردووە کە چی دەکەن و چی ناکەن! بەگوێرەی ئەم ئایەتە، خودا دەرهێنەرێکی بێویژدان و مرۆڤەکانیش ئەکتەرن و بەگوێرەی ئەو دەقەی کە خوا بۆی دیاری کردوون نمایشی خۆیان لەسەر شانۆ (زەوی) پیشان دەدەن!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا ۚ إِنَّ ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ ٢٢).
واتە: (هەر بەڵایەک ڕوودەدا لە زەویدا یان بەسر خۆتان دێ، کە لە لەوحی مەحفوز تۆمارمان نەکردبێت پێش ئەوەی ڕووداوەکە بەسەرتان دا بێت، ئەو کارەش بۆ خوا زۆر ئاسانە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٣٩)ی سورەتی (الأنعام)، مرۆڤەکان موسەیەرن و هیچ دەسەڵاتێکیان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردەو چارەنووسی خۆیاندا نییە، چونکە تەنیا خوایە هەرکەسێکی بوێ ڕاستەڕێی دەکات و دواتر ڕەوانەی بەهەشتەکەی محەمەد و خۆی دەکات، هەرکەسێکیشی نەوێ گومڕای دەکات و فڕێی دەداتە نێو ئاگرە هەمیشەییەکەی دۆزەخ!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَالَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا صُمٌّ وَبُكْمٌ فِي الظُّلُمَاتِ ۗ مَن يَشَإِ اللَّهُ يُضْلِلْهُ وَمَن يَشَأْ يَجْعَلْهُ عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ٣٩).
واتە: (ئەوانەی کە ئایەتەکانی ئێمەیان بە درۆزانی، کەڕو ڵاڵن و لەناو تاریکیدان، بێگومان ئەوەی خوا بیەوێت گومڕای دەکات و ئەوەش کە بیەوێت دەیخاتە سەر ڕێبازی ڕاست و ڕەوان).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٥٦)ی سورەتی (القصص)، مرۆڤەکان موسەیەرن و هیچ دەسەڵاتێکیان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردەو چارەنووسی خۆیاندا نییە، نەک ئەوان محەمەد-یش ناتوانێ ڕێگای ڕاست پیشانی هیچ کەسێک بدات کە خۆشی دەوێ، بەڵکو هەموو دەسەڵاتێک بەدەست خودا خۆیەتی! کەواتە ناردنی محەمەد وەکو پەیامبەرێکی خوا بێسوودە و ناردن و نەناردنی وەکو یەکە!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَن يَشَاءُ ۚ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِين ٥٦).
واتە: (تۆ ناتوانیت ئیمان و باوەڕ ببەخشیت بەو کەسەی خۆشتدەوێت، بەڵکو خوا هەرکەسێکی بوێت دەیخاتە سەر ڕێگەی ڕاست و ئیمانی پێدەبەخشێت، خوایش ئاگادارە بەوانەی کە ڕێبازی ).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٧٢)ی سورەتی (البقرة)، هەم دیسان مرۆڤەکان موسەیەرن و هیچ دەسەڵاتێک لەدەست خۆیاندا نییە بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردەو چارەنووسیاندا! خودا لێرەدا دووبارە محەمەد ئاگادار دەکاتەوە کە سەبارەت بە ڕاستەڕێ کردنی مرۆڤەکان هەموو دەسەڵاتێک لای خۆیەتی و محەمەد بۆی نییە دەست تێکەڵ بکات لە کارەکانی ئەودا.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (لَّيْسَ عَلَيْكَ هُدَاهُمْ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَن يَشَاءُ ۗ وَمَا تُنفِقُوا مِنْ خَيْرٍ فَلِأَنفُسِكُمْ ۚ وَمَا تُنفِقُونَ إِلَّا ابْتِغَاءَ وَجْهِ اللَّهِ ۚ وَمَا تُنفِقُوا مِنْ خَيْرٍ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنتُمْ لَا تُظْلَمُونَ ٢٧٢).
واتە: (هیدایەتکردنی ئەو خەڵکە لەسەر تۆ نییە، بەڵام خوا هیدایەتی ئەو کەسە دەدات کە دەیەوێ، هەر خێرێکیش بکەن، ئەوە قازانجەکەی بۆ خۆتانە، ئێوە هیچ شتێک نابەخشن مەگەر بۆ ڕەزامەندی خوا نەبێت و هەر خێرێکیش بکەن پاداشتەکەیتان دەست دەکەوێتەوە، ئەوسا ئێوە هەرگیز ستەمتان لێناکرێت).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٩٩-١٠٠)ی سورەتی (یونس)، مرۆڤەکان موسەیەرن و هەموو کارێک بەدەستی خوا خۆیەتی و تەنانەت محەمەد ناتوانێ باوەڕ بەهیچ کەسێک بهێنێ، ئەگەر خوا خۆی ڕەزامەندی لەسەر نەبێ! ئەی باشە محەمەدی بۆ نارد، ئەوە ئەگەر ئەو ناردبێتی؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَن فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا ۚ أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ ٩٩، وَمَا كَانَ لِنَفْسٍ أَن تُؤْمِنَ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ ۚ وَيَجْعَلُ الرِّجْسَ عَلَى الَّذِينَ لَا يَعْقِلُونَ ١٠٠).
واتە: (ئەگەر خودای تۆ بیویستایە، هەموو دانیشتوانی سەر زەوی باوەڕیان دەهێنا، ئایە تۆ دەتەوێ زۆر لە خەڵکی بکەی بۆ ئەوەی بڕواداربن؟ هیچ کەسێک بەبێ ڕەزامەندی خوا بڕوا ناهێنێت، خوا پیسی بۆ ئەو کەسانە بڕیارداوە کە ژیر نابن).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٨)ی سورەتی (فاطر)، مرۆڤەکان موسەیەرن و دیسان خودا ئاگاداری محەمەد دەکاتەوە کە ئەو دەست نەخاتە نێو کاروباری ئەوەوە، چونکە ئەو هەر خۆیەتی خاوەنی دەسەڵات و بڕیاڕەکان!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (أَفَمَن زُيِّنَ لَهُ سُوءُ عَمَلِهِ فَرَآهُ حَسَنًا فَإِنَّ اللَّهَ يُضِلُّ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن يَشَاءُ ۖ فَلَا تَذْهَبْ نَفْسُكَ عَلَيْهِمْ حَسَرَاتٍ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ بِمَا يَصْنَعُونَ ٨).
واتە: (ئایە ئەو کەسەی کە کردەوە ناشرینەکانی بۆ ڕازێنراوەتەوە و بە چاک دەیبینێت؟ بەڕاستی خوا بیەوێت هەرکەسێ گومڕا بکات دەیکات، هەرکەسێکیش هیدایەت بدات دەیدات، نەکا تۆ بە خەمی ئەوانەوە تیادا بچی، خوا دەزانێ ئەوان چ کارێک دەکەن).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٣)ی سورەتی (الزمر)، مرۆڤەکان موسەیەرن و تەنیا خودایە هەندێک لە مرۆڤەکان هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی ڕاستەڕێیان پیشان بدات و دواتر بۆ بەهەشت، ئەوانەی دیکەش گومڕا دەکات و دواتریش ڕەوانەی دۆزەخیان دەکات! خۆم کەسێکم لەوانەی کە ئەو گومڕای کردووم و دواتریش بۆ ئاگری دۆزەخ. کەواتە ئەوە بڕیاری خوداکەتانە بۆ دەبێ گلەیی لە من بکرێ لەسەر ئەوەی کە بێباوەڕم؟ ئەی کە خوا پێشەکی سزای بێباوەڕی بۆ دیاری کردووم کە سووتانە لە ئاگری دۆزەخ، باشە (شاژن) بۆ تۆش بۆ جاری دووەم بە ئاگری خۆشەویستی خۆت بەشێوەیەکی بێویژدان و بێبەزەییانە دەمسووتێنی، کە سووتانم بە ئاگری ئەوینت لە سووتانم بە ئاگری دۆزەخی خوا بە سەختتر، قورستر، بەئازار و بەژانتر دەزانم، لەکاتێکا کە هەموو ئاواتێکم ئەوپەڕی شادی، دڵخۆشی، خۆشگوزاران کردن و حەسانەوەی تۆیە.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (اللَّهُ نَزَّلَ أَحْسَنَ الْحَدِيثِ كِتَابًا مُّتَشَابِهًا مَّثَانِيَ تَقْشَعِرُّ مِنْهُ جُلُودُ الَّذِينَ يَخْشَوْنَ رَبَّهُمْ ثُمَّ تَلِينُ جُلُودُهُمْ وَقُلُوبُهُمْ إِلَىٰ ذِكْرِ اللَّهِ ۚ ذَٰلِكَ هُدَى اللَّهِ يَهْدِي بِهِ مَن يَشَاءُ ۚ وَمَن يُضْلِلِ اللَّهُ فَمَا لَهُ مِنْ هَادٍ ٢٣).
واتە: (خوا باشترین فەرمایشتی ناردۆتە خوارەوە، پەرتووکێ کە بابەتەکانی لەیەک دەچن، هەندێک باسیشی بەشێوازی جیاواز تیادا دووبارە بۆتەوە، کە تەزوو دەهێنێت بە گیان و پێستی ئەوکەسانەدا کە ترسی خوایان لە دڵ دایە، پاشان پێست و دڵیان بۆ یادی خوا نەرم دەبێت، ئا ئەوە هیدایەتی خوایە، کە هەرکێی پێخۆشبێ، بەرەو هیدایەتی دەبا، هەر کەسیش کە خوا گومڕای بکا، کەسی دیکە هیدایەتی ناکات).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٨٨)ی سورەتی (الأنعام)، مرۆڤەکان موسەیەرن و هیچ شتێک لەدەستی خۆیاندا نییە و هەر خوایە مرۆڤەکانی کردۆتە دوو بەرەی دژ بەیەک و بەشێکیان کە خۆی ویستی لەسەرە ڕاستەڕێی کردوون و بەهەشتیان پێ دەبەخشێ و بەشەکەی تریش گومڕای کردوون و لە ئاگری دۆزەخ دەیانسووتێنێ! ئێ من چارم چییە و چی بکەم، کە خوداکەتان مەیلی لەسەر نەبێ و بەبێ ئارەزووی خۆم منی خستبێتە بەشی دووەم و سەری لێ شێواندبم و دواتریش بۆ تەپانی بنی دۆزەخ و ئاگرە لەش پڕوکێنەکە فڕێم بدات؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (ذَٰلِكَ هُدَى اللَّهِ يَهْدِي بِهِ مَن يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ ۚ وَلَوْ أَشْرَكُوا لَحَبِطَ عَنْهُم مَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ ٨٨).
واتە: (ئەو هیدایەت کردنە لەلای خوایە، کە هیدایەتی هەرکەسێ لە بەندەکانی خۆی پێ دەدات کە مەیلی لێ بێ، خۆ ئەگەر هاوبەش بۆ خوا پەیدا بکەن، کردەوەکانیان هەمووی بەفیڕۆ دەچێ).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (١٧٨)ی سورەتی (الأعراف)، مرۆڤەکان موسەیەرن و تەنیا خوایە هەموو شتێکی بە بڕیارێکی تاکڕەوانەی خۆی داوەو دەبێ ئەو دۆزەخەی کە خۆی دروستی کردووە پڕی بکاتەوە بە مرۆڤەکان و لەوێ مرۆڤی سووتاو، سورەوەکراو، لە شیش دراو و برژاو ببینرێ! دیارە خودا خۆی زۆر ماندوو بووە بە دروستکردنی دۆزەخ، خۆ ناکرێ دوای ئەم هەموو ماندووبوونەش بەکاری نەهێنێ و کەسی فڕێ نەداتە ناو؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (مَن يَهْدِ اللَّهُ فَهُوَ الْمُهْتَدِي ۖ وَمَن يُضْلِلْ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ ١٧٨).
واتە: (ئەوەی خوا هیدایەتی بدات ئەوە ڕێگەی ڕاست دەگرێتە بەر، هەر کەسێکیش گومڕا بکات، ئەوە هەر ئەوانن کە زیان پێگەییشتوون).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٤)ی سورەتی (إبراهیم)، سەرجەم مرۆڤەکان موسەیەرن، لە هەمان کاتیشدا خودا بەگوێرەی قورئان باسی ئەوە دەکات کە بۆ هەر نەتەوەیەک پێغەمبەرێکی بە زمانی خۆیان ناردووە! بەڵام بەگوێرەی ئەو ئایەتە و سورەتە بێت، محەمەد کە عەرەبە و بۆ ئەوە نێردراوە تا ئایینی ئیسلام بڵاوبکاتەوە لەنێو عەرەبدا، کەواتە ئیسلام و محەمەد هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَمَا أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ ۖ فَيُضِلُّ اللَّهُ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن يَشَاءُ ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ ٤).
واتە: (هیچ پێغەمبەرێکمان نەنارد مەگەر بە زمانی گەلەکەی خۆی، تا هەموو شتێکیان بۆ ڕوون بکاتەوە، خوا هەرکەسێکی ویستبێ گومڕای دەکا و کێشی بوێ هیدایەت (ڕاستەڕێی) دەکاو هەر خۆی خاوەن دەسەڵات و دانایە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٩)ی سورەتی (النحل)، سەرەتا مرۆڤەکان موسەیەرن و موخەیەر نین، دواتریش خوا بە هیچ شێوەیەک نەیویستووە هیدایەتی مرۆڤەکان بدات، یان ڕێگەی ڕاستیان پیشان بدات، بەڵکو هەر بۆ خۆشی خۆی وای کردووە کەسانێکی زۆر گومڕاو سەر لێ شێواو بن و دواتریش ئاگری دۆزەخ بە جەستەی ئەو کەسانە گەشترو گەرمتر بکات.
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَعَلَى اللَّهِ قَصْدُ السَّبِيلِ وَمِنْهَا جَائِرٌ ۚ وَلَوْ شَاءَ لَهَدَاكُمْ أَجْمَعِينَ ٩).
واتە: (خوا هەر ئەوەندەی لە سەرە ڕێگەی ڕاستتان نیشان بدات. ڕێگای چەوتیش هەیە، ئەگەر خوا بیویستبا، هەر هەمووتانی هیدایەت دەدا بەگشتیی).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٤٦)ی سورەتی (النور)، مرۆڤەکان موسەیەرن و هەرگیز موخەیەر نین، خوا چۆنی بوێت ئاوا بەشێوەی کەر و ڕەشەوڵاغ لێمان دەخوڕێ! ئەوە جارێک و دووان و دەیان نییە، کە لە قورئاندا نووسراوە، کە خوا ویستی لەسەر هەرکەسێ بێ هیدایەتی دەدات و ڕاستەڕێی دەکات و ویستی لەسەر هەرکەسێکیش نەبێ گومڕاو سەر لێ شێواوی دەکات و فیلمی دەسووتێنێ! کەواتە بۆ گلەیی لە مرۆڤەکان دەکەن کە باوەڕ بە خودا ناهێنن، بۆ گلەیی لە خودا ناکەن کە بۆ بەمشێوەیە سەری لە مرۆڤی وەکو من تێکداوەو ڕێگەی لێ گۆڕێوە؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (لَّقَدْ أَنزَلْنَا آيَاتٍ مُّبَيِّنَاتٍ ۚ وَاللَّهُ يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ٤٦).
واتە: (چەندان بەڵگەی ڕوونمان دابەزاند، خوا ئەو کەسە ڕاستەڕێ دەکات کە ویستی لە سەرە بۆ ڕێبازی ڕاست).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٨٤)ی سورەتی (البقرة)، بۆمان دەردەکەوێ کە مرۆڤەکان نەک تەنیا موسەیەرن بەڵکو هەر هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و هەموو شتێک لەلایەن خواوە بەسەریاندا سەپێندراوەو ئەوان تەنیا بڕیارەکانی خوا جێبەجێ دەکەن، ئەوەی خوا فەرمانی پێدابێ چاکە بکات، چاکە دەکات و ئەوەش کە فەرمانی پێدابێ خراپە بکات، یان باوەڕی بە قورئان و خوا نەبێ ئەوە بەگوێرەی فەرمانەکەی خوا ڕەفتاری کردووە! مادام خۆیشم دەبێ یەکێک بم لەوانەی کە بە فەرمانی خوا باوەڕم بە خۆیی و ئیسلام نەهێناوە، کەواتە دەبوایە (شاژن) و کەسانی دیکەش گلەییان لە خوا بکردایە، کە بۆ منی بەمشێوەیە دروست و سەرگەردان کردووە!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (لِّلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ وَإِن تُبْدُوا مَا فِي أَنفُسِكُمْ أَوْ تُخْفُوهُ يُحَاسِبْكُم بِهِ اللَّهُ فَيَغْفِرُ لِمَن يَشَاءُ وَيُعَذِّبُ مَن يَشَاءُ ۗ وَاللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ٢٨٤).
واتە: (هەرچی لە ئاسمان و لە زەویدا هەیە خوا خاوەنیانە، ئەگەر ئەوەی لە دڵ و دەرونتاندا جێگیر بووە، دەری بخەن، یان بیشارنەوە خوا دەربارەی لێتان دەپرسێتەوە، ئەوسا لە هەرکەس بیەوێت خۆش دەبێت و هەرکەس بیەوێت سزای دەدات و خوایش دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (١١)ی سورەتی (التغابن)، دەردەکەوێ مرۆڤەکان موسەیەرن و هەر شتێک کە تووشیان دێ لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیانە و ئەوە خوایە کە تووشی ئەو هەموو بەڵا، گرفت و کێشانەیان دەکات! هەر بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێم، ئەو بەڵایانەی کە بەسەر هەرکەسێک یان مرۆڤەکان دادێت، ئەوە بە فەرمانی خوایە و کەس تێیدا بەرپرس نییە جگە لە خوا خۆی! ئەوەی کەسێک دەکوژێ، ئەوەی دەستدرێژی دەکاتە سەر کیژۆڵەیەکی شەش حەوت ساڵان و دەیکوژێ، ئەوەی دزی دەکات، ئەوەی چەند کەسێک یان بنەماڵەیەک بەشەڕ دەهێنێ، ئەوەی قوتی خەڵک داگیر دەکات، دەبێ هەموویان بێتاوان بن مادام خوا پێیکردوون! باشە ئەی بۆ هەرکاتێ کەسانێک بەگوێرەی ئەو تاوانانەی کە لە سەرەوەدا باسم کردوون، دەگیرێن، دەڵێن (شەیتان پێی کردووم)، باشە بۆ ناڵێن (خوا پێی کردووم)، مادام هەموو بەڵایەک بە فەرمانی خوا بەسەر مرۆڤەکان دادێ؟ هیوادارم هیچ کەسێک پاساوی ئەوە نەهێنێتەوە کە هەر بەڵایەک هۆکارێکی هەیە و مرۆڤەکان خۆیان هۆکارن، چونکە بەدڵنیایی و بەگوێرەی ئەم ئایەتەو چەندان ئایەتی دیکەش خوا بەڵاکانی ناردووە بۆ مرۆڤەکان و هەر خۆیشی هۆکارەکانیان بۆ دروست دەکات.

ئەم ئایەتە دەڵێ: (مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ ۗ وَمَن يُؤْمِن بِاللَّهِ يَهْدِ قَلْبَهُ ۚ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ١١).
واتە: (کەس هیچ بەڵایەکی بەسەر نایە، مەگەر خوا فەرمان بدا، ئەوەی باوەڕی بە خوا هەبێ، خوا دڵی ڕاستەڕێی دەکات و خواش بە هەموو شتێک دەزانێ).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٥١)ی سورەتی (التوبة)، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گشت بەڵایەک لەلایەن خواوە بۆ مرۆڤەکان دەنێردرێت و مرۆڤ توانای ئەوەی نییە بەڵاکان لەخۆی دووربخاتەوە. خوا بە مرۆڤەکان دەڵێ: (سەرەڕای ئەوەی کە هەموو بەڵایەک خۆم بۆتانی دەنێرم و هۆکارەکەشی هەر خۆمم، کەچی دەبێ سوپاس گوزاریش بن، کە ئەو هەموو بەڵایەتان بەسەر دێنم!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ ٥١).
واتە: (بڵێ: ئەوەی خوا بۆی نەنووسیوین توشمان نایەت، هەر ئەو سەروەرمانە و پێویستە بڕواداران هەر پشت بە خوا ببەستن).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٣٨)ی سورەتی (المدثر)، مرۆڤەکان موخەیەر نەبووینە و موسەیەرن، بۆیە هیچ شتێک بەخواستی خۆیان ناکەن و بەپێچەوانەوە پێیان دەکرێت، پێکردنەکەش لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی خۆیانە، چونکە خوایە شتە خراپەکان و تاوانەکانیان پێدەکات!
خوا، باسی دەستکەوت دەکات، دەستکەوتی چی؟ ئەو کە تووشی سەدان بەڵاو کێشەم بکات، خۆی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسم بدات، دەستکەوت کەی لەدەستی خۆم دایە؟ تۆ خۆت کێت بوێ گومڕای بکەیت و کێی دیکەشت بوێ ڕاستەڕێی بکەی، کە من لە گومڕاکان بم، بۆ دەبێ سزام بدەی؟ ئەی خۆت گومڕات نەکردووم بەبێ ئارەزووی خۆم؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ رَهِينَةٌ ٣٨).
واتە: (دەستکەوتی هەموو شتێک لە دەستی خۆت دایە).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٣)ی سورەتی (المائدة)، کە یەکێکە لەدوا ئایەتەکانی سورەتی مائیدە و قورئان و لێرەدا گوایە قورئان تەواو بووە! باشە ئەگەر ئەمە دوا ئایەتی نێردراوی خوا بێ کە لەم سورەتەدا هاتووە، بۆ دەبێ پشت بە فەرموودە (أحادیث)ی محەمەدی بەناو پێغەمبەری خودا ببەسترێ بۆ تەواوکردنی شەریعەی خودا؟ ئەی ئەوە نیە خودا لەم ئایەدا باسی ئەوە دەکات، کە ئایینی ئیسلامی بەتەواوی تەواو کردووەو کۆتایی بە ناردنە خوارەوەی ئایەت و سورەتەکانی قورئان هێناوە؟ ئاخر پشتبەستن بە فەرموودەکانی محەمەد و کارکردن پێیان، مانای ئەوە دەگەیەنێ کە قورئان ناتەواوە، ئەگینا بۆ پەنا بۆ وتەکانی محەمەد دەبردرێ؟
ئەم ئایەتە دەڵێ: (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ٣).
واتە: (ئەمڕۆ ئایین و بەرنامەکەتانم بەکۆتایی گەیاندو نازو نیعمەتی خۆمم بۆ تەواوکردن و قایلم بەوەی کە ئیسلام ببێتە ئایینتان).

بەگوێرەی ئایەتی ژمارە (٢٤)ی سورەتی (النساء)، ڕێگە بە هاوسەرگیری سیغە (المتعة) دراوە و لە سەردەمی محەمەدی بەناو پێغەمبەر و ئەبوبەکری سدیق پیادە کراوەو ڕێگەی پێدراوە، بەڵام دواتر عومەری کوڕی خەتاب بە بڕیاری تاکڕەوانەی خۆی قەدەغەی کردووە! باشە بۆ تا محەمەد لە ژیاندا مابوو قەدەغەی نەدەکرد؟ باشە بۆ بەشێکی موسڵمانەکان کە شیعەن تا ئێستاکەش باوەڕیان بەم هاوسەرگیرێتییە هەیە؟ باشە بۆ حزبە ئیسلامییە تیرۆریستە سوننەکانی وەکو (القاعدة، داعش، جند الإسلام، بۆکۆ حرام، جماعة النقشبندیین و چەندانی دیکە) تا ئێستاکە باوەڕیان بە هاوسەرگیری موتعە (زواج المتعة) هەیە و ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ جیهادی نیکاح؟ باشە بۆ ئەم ئایەتە لە قورئان لانەدراوە و وەکو خۆی ماوەتەوە؟ هەر سورەت و ئایەتێک لە قورئاندا مابێتەوە، بەدڵنیایی و بەگوێرەی بەرژەوەندییە هەنوکەییەکان کاری پێدەکرێ! لە ئێستادا بەشێک باوەڕی پێی هەیە و پیادەی دەکات، هەرکاتێکیش دەسەڵات بگرنە دەست ئەوکاتە تەواوی موسڵمانەکان کاری پێدەکەن! بەگوێرەی ئایەتی (٢٤)ی سورەتی (النساء)، هاوسەرگیری چێژوەرگرتن (زواج المتعة)، بۆ ماوەی ڕۆژێک، هەفتەیەک، مانگێک یان چەند ساڵێک ڕێگە پێدراوەو تەنانەت پیاو بۆی هەیە و دەتوانێ ئەو کرێیەی کە لەگەڵ ژنە سیغەکراوەکە لەسەری ڕێک کەوتوون، دواتر لێی پەشیمان بێتەوەو کەمتری بداتێ، چونکە ئەوە هەر خوا خۆیەتی لەم قورئانەی گوایە بۆ محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای ناردووە، دەڵێ: (هیچ گوناهیش نییە لەسەرتان لە کەمکردنەوەی ئەو کرێیەی بۆ هاوسەرگیری چێژوەرگرتن (زواج متعة) لە ژنان، لەگەڵ هەر ژنێک لەسەری ڕێککەوتبوون لەدوای دیاریکردنی)!
لەگەڵ (شاژن)دا زۆر گفتوگۆمان لەسەر ئەم ئایەتە دەکرد، کە ئەو هەردەم دژی بوو، ڕێگەی ئەوەشی نەدەدا بۆچوونی خۆمی بۆ ڕوون بکەمەوە. خۆم کە باوەڕم بە قورئان و هیچ ئایینێکی دیکە نییە، ئەگەر باوەڕم بە قورئان هەبوایە، باوەڕی تەواوم بە سەرجەم ئایەت و سورەتەکان دەبوو و دەبوومە داعش، چونکە داعش بە ئیسلامی تەواو دەزانم، کە ڕێک سەرجەم ئایەت و سورەتەکانی قورئان بەبێ هاوێرکردن و جیاکردنەوە پیادە دەکەن!
ئەم ئایەتە دەڵێ: (وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ۖ كِتَابَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَأُحِلَّ لَكُم مَّا وَرَاءَ ذَٰلِكُمْ أَن تَبْتَغُوا بِأَمْوَالِكُم مُّحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ ۚ فَمَا اسْتَمْتَعْتُم بِهِ مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً ۚ وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَاضَيْتُم بِهِ مِن بَعْدِ الْفَرِيضَةِ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا ٢٤).
واتە: (حەرامە لێتان ئەو ژنانەی کە مێردیان هەیە جگە لە کەنیزەکتان، کە خوا بڕیاری داوە لە سەرتان، جگە لەوانەی کە باسکران، حەڵاڵە بۆتان بەهۆی ماڵ و دارایتانەوە هاوسەر بگرن تا پاکداوێن بن و لە سنووری ڕەوشتی بەرز دەرنەچن، جا لەگەڵ هەر ژنێکدا چێژتان لێ بینین (فما إستمتعتم بە) ئەوە فەرزە کە کرێکەیان بدەنێ و هیچ گوناهیش نییە لەسەرتان لە کەمکردنەوەی ئەو کرێیەی لەسەری ڕێککەوتبوون لەدوای دیاریکردنی، بەڕاستی خوا هەمیشە زاناو دانایە).

دەرســــــــــیم
یەکشەممە (٢٠١٦/١٠/١٦)
دانمــــــــارک




ستانداری جیهانی شیعرو زیکری قه‌وزه‌کان … بابی ئاکرێ

به‌ گشتی پێشه‌وا کاکه‌یی خۆی پێناساندووین له‌ ڕێگای ستایڵ و بابه‌ت و بیرکردنه‌وه‌و خه‌ونه‌کانی خۆیه‌وه‌؛ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی شیعرگه‌لێکی زۆری نێو زۆربه‌ی بڵاوکراوه‌کان، ئیدی په‌یوه‌ندی خوێنه‌ر و دانه‌ریش هه‌ر له‌م ڕێیه‌وه‌ ده‌بێت و چ پێویست به‌ ناسینی شه‌خسی ناکات بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر، یان تێکه‌ڵکردنی ژیانی تایبه‌تی و ناسینی تاکه‌که‌سی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان، له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ هه‌میشه‌ ده‌بێت فاکته‌ره‌ نامه‌وزوعیه‌کان بخرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی شیعر، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی پاشکۆیه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌یکات! تا بابه‌تی خۆیان و هاوه‌ڵه‌کانیان وه‌ستا بێت بابه‌تی که‌سانی تر دانابه‌زێن، یان ته‌نانه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ی داواکراو له‌سه‌ر شیعری ساده‌ی که‌م به‌هره‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ ته‌نیا چونکه‌ شاعیره‌که‌ی لێیانه‌وه‌ نزیکه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر بشگاته‌ 6 به‌ش و 3 به‌ش.
له‌ حاڵی پێشه‌وا کاکه‌ییدا شته‌کان جیاوازترن، به‌ گشتی گه‌ر شیعره‌کانی پێشه‌وا کاکه‌یی بخوێنینه‌وه‌ ده‌بیین شتگه‌لێکی زۆری ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ره‌وتی گشتی نووسینی شیعری ئه‌مڕۆ، که‌ دوو ده‌ردی کوشنده‌ی (راسته‌وخۆیی) و (زمان ساده‌) مۆرکداریان ده‌کات، هه‌ر له‌ شیعره‌کانی:
– شیعری منداڵه‌کان (ماڵێك له‌ ئاسمان)و (ماڵپه‌ڕی قه‌ڵادزێ)
– شیعری سێ کورته‌ شیعر/ تاوڵه‌ (ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان)
– شیعری ئه‌نفال نه‌کرام (ماڵپه‌ڕی قه‌ڵادزێ)
بۆ نموونه‌ تیایدا ده‌ڵێت:
من چلۆن نه‌گریم بۆ منداڵیم
– – شیعری (منی هیچ) ده‌نگه‌کان
به‌ نموونه‌ تێیدا ده‌ڵێت:
بۆ بينينى شته‌ هیچه‌كان..
منى هیچ..
لێره‌كانێ..
منێكم هيچ،
له‌ توێکڵى توورى فساو… تاد
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ی ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ری بدوێین ( زیکری قه‌وزه) ی جیاکردووه‌ته‌وه‌و له‌ شیعره‌کانی تری و وامان لێده‌کات به‌ چاوێکی جیاوازه‌وه‌ ته‌ماشای بکه‌ین ئه‌و ستانداره‌ جیهانییه‌یه‌ تێیدا شاعیر به‌ ئه‌زموون و قه‌ناعه‌تی خۆی پێی گه‌یشتووه‌و ویستویه‌تی خۆی له‌ (باو)ی بێتاقه‌تکه‌ر رزگار بکات، که‌ ده‌توانین هه‌ندێك له‌ دره‌وشانه‌وه‌کان له‌م خاڵانه‌دا چڕ بکه‌ینه‌وه‌:
1- دوورکه‌وتنه‌وه‌ی شاعیر له‌ به‌کارهێنانی خودو موعاناته‌کانی وه‌کو پاڵه‌وانی ناو شیعره‌که‌، ته‌نانه‌ت راناو و ئاوه‌ڵناوی (من ) و (م) له‌و شیعره‌دا نابینرێت، ئه‌مه‌ش مه‌وزوعییه‌ت و به‌ جیهانیبوون و شاعیربوونی شاعیر ده‌رده‌خات، به‌وه‌ی زمانی راسته‌قینه‌ی شیعری که‌شفکردووه‌، له‌ ڕێگای زمانی شته‌کانه‌وه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سیفه‌ته‌کانی مرۆڤ و به‌خشینی به‌ شته‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو، سروشتیش له‌م باره‌دا که‌ره‌سه‌و کانێکی به‌ به‌هاو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ شاعیر.
2- به‌ جیهانیبوون له‌ ناوه‌ڕۆکی شیعره‌که‌دا ده‌ینرێت، به‌وه‌ی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانی هه‌ندێك له‌ کێشه‌و ململانێکانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی تێدا چڕ کراوه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گرێدراو بێت به‌ پارچه‌ زه‌وییه‌ك یان زمانێك یان ره‌گه‌زێکی دیاریکراو، هه‌روه‌ها به‌ زمانێکی ناراسته‌وخۆ مانایان له‌ خۆ کردووه‌، واته‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ 2 ده‌رده‌ کوشنده‌که‌ی شیعر به‌ روونی هه‌ستی پێده‌کرێت: به‌کارنه‌هێنانی( راسته‌وخۆیی) و (زمانی ساده‌).
3- تازه‌گه‌ریی له‌ دارشتن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی تر بۆ هه‌ڵقوڵینی به‌هره‌ی شیعر، وه‌ك کارکردن له‌سه‌ر توخمه‌کانی سروشت، به‌کارهێنانی قه‌وزه‌و جیهانی قه‌وزه‌ بابه‌تێکی تا راده‌یه‌ك نوێیه‌ له‌ شیعری کوردیداو لا دانێکه‌ له‌ ره‌وتی باوی زۆرینه‌.
4- وه‌ك ئامانج و مانا تا ئه‌وپه‌ڕی توانا جه‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ هێزی شه‌ره‌نگێزی ناخی مرۆڤه‌کان و دیوه‌ ره‌شه‌کانی مرۆڤایه‌تی و هاندان و تیشکخستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌کانی ده‌روونی ئارام و فه‌راهه‌مهێنانی ژینگه‌ی به‌خته‌وه‌ره‌. وه‌ك بوغزاندن و قێزه‌ونکردنی ( زمانلوسی، بوهتان، ده‌به‌نگیی، ئیره‌یی و ده‌مه‌قڕه‌…) له‌ به‌رانبه‌ریشدا قه‌وزه‌ی ناشرین لای نه‌فامان زۆر جوانه‌ به‌ کرداره‌کانی که‌ چڵک و گوناهـ و جانه‌وه‌ران و لێڵی زۆنگاو له‌ خۆ ده‌گرێت تا ئاوێکی سازگارمان پێشکه‌ش بکات شیاوی خواردنه‌وه‌ بێت.
5- له‌م شیعره‌دا شوبهاندن و هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌کارهێنراون‌، له‌ داڕشتنی وێنه‌ شیعریه‌کان به‌ هه‌ردوو رووه‌ مه‌جازی و واقیعیه‌که‌یدا، بۆ نموونه‌ ریش هێشتنه‌وه‌ی قه‌وزه‌، هه‌م له‌ واقیعدا درێژبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ دامین و چمکی قه‌وزه‌دا و هه‌م گونجاوه‌ شوبهاندنی به‌ ریش. به‌و مانایه‌ی خه‌مبارییشه‌ بۆ ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و ناجۆریه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ردا روو ده‌دات.

.




چۆن قاعیدە لە ( نوسینگەی خەبات) لە بڕۆکلینی ئەمەریکا لە دایك بوو؟! … نوسینی: هودا سالح وەرگێرانی: هەورامان عەلی

لە نیوەی یەکەمی دەیەیی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ، ئوسامە بن لادن و عەبدولا عەزام کۆمەڵەیەکی کۆکردنەوەی کۆمەکیان دامەزراند کە بنکەی سەرەکی لە پاکستان بوو. سەرەتا ناویاننا نوسینگەی خزمەتگوزاری ( مکتب الخدمات) کە دواتر بە نوسینگەی خەبات ( مکتب الکفاح) ناسرا.
لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٤ دا نوسینگەی سەرەکی خەبات چەندین بەشی لە شارەکانی ئەمەریکا کردەوە کە ژمارەیان گەشتە ٣٠ نوسینگە. یەکەمین نوسینگەیان لە شاری توکسۆن لە ئەریزۆنا بوو. لە ساڵی ١٩٨٦ ” خالید ئەبو دەهەب” یەکێك لە ئەندامانی قاعیدە و پیاوی دەستە ڕاستی سیخوری دولایەنە ” محەمەد عەلی” بەشی سەرەکی ( نوسینگەی خەبات)ی لە بڕۆکلین کردەوە ، کە دواتر بووبە گرنگترین بەشەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە ئەمەریکادا.
لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٨٧ هەریەکە لە مستەفا شلبی ، فواز دامرا و عەلی الشناوی بە فەرمی نوسیسنگەیەکیان بەناوی ( ناوەندی خەبات بۆ کۆچکردوان ) کردەوە. بنکەی سەرەتایی لە مزگەوتی فاروقدا بوو کە پێشنوێژەکەی ” فواز دامرا ” بوو ، دواتر لە پەنا مزگەوتەکەدا بارەگایان کردەوە. مستەفا شلبی کە هاوڵاتیەکی ئەمەریکی بە ڕەگەز میسری بوو ، بویە لێپرسراوی ئەو نوسینگەیە لەگەڵ دوو جێگر: محەمەد ئەبو حلیمە کە ساڵی ١٩٩٣ بە تێوەگلان لە پلانی تەقاندنەوەی ناوەندی بازرگانی جیهانی تۆمەتبارکرا . لەگەڵ سەید نەسیر کە لە ساڵی ١٩٩٠دا هەستا بە ترۆرکردنی یەکێك لە کەسایەتیە جولەکەکان لە شاری نیۆیۆرك.

هاندان و ڕێکخستنی جەنگاوەران بۆ جەنگی ئەفگانستان

نوسینگەی خەبات لە بڕۆکڵین دەستی دایە ڕێکخستن و هاندانی عەرەبە کۆچکردوو و عەرەبە ئەمریکیەکان بۆ جەنگی ئەفگانستان ، تەنانەت ئەم هەلمەتە لەدوای پاشەکشەی یەکێتی سۆڤیەتیش لە ساڵی ١٩٨٩دا بەردەوام بوو. بەپێی بەڵگەنامەکان ئەم نوسینگەیە ٢٠٠ جەنگاوەری ئامادە و ڕەوانەی ئەفگانستان کردووە. ئەم نوسینگەیە کارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزا و کرینی بلیتی سەفەر و خەرجی مانەوە وهەروەها ڕێنوێنی پێویست بۆ پەیوەستکردنیان بە نوسیگەی خەبات لە پیشاوری پاکستان و پەیوەستکردنیان بە گروپ و تاقمە چەکدارەکانی ئەفگانستان بە ڕابەرایەتی ( عەبدڕەب ئەلڕەسول سیاف و قەلبەدین حکمەتیار) ەوە دەگرتە ئەستۆ.
ئوسامە بن لادن
بەپێێ یەك لە نامەکانی ڕێکخستنی قاعیدە ” بەتار ٢” کە تۆڕی ( السحاب ) بلاویکردوەتەوە هاتووە:
لە ناوەندی خەبات بۆ کۆچبەران ( هەمان ئەو بینایەی مزگەوتی فاروقی لە بڕۆکلین لێیە ) هەریەکە لە مەحمود ئەبو حەلیمە و سەید نەسر هەستاون بە ڕاهێنانی برایان لەسەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیکردنی مەیدان و هونەری جەنگی.
بەپێی راپۆرتێ سیخورێکی نوسینگەی لیکۆلینەوەی فیدرالی و یەکێك لە ئەندامانی بالوێزخانەی ئەمریکا لە کابوڵ” ماك ولیامز” ئەمەریکا لە هاندان و رێکخستن و ناردنی جەنگاوەرە عەرەبەکان بۆ جەنگی ئەفگانستان لە ڕێگەی چەندین تۆڕی هەواڵگری لە ناوخۆی ئەفگانستاندا ، تێوە گلاوە. ئەرکی ڕێکخستنی ئەم کارانە لە ئەستۆی فەلەستینی عەبدوڵا عەزام بوو . بۆ ئەم مەبەستە ناوبراو سەرپەرشتی نوسینگەی خزمەتگوزاری دەکرد کە ئامانجی کۆکردنەوەی جەنگاوەرەکان و کۆمەكکردنیان و گرتنە ئەستۆی خەرجی هاتوچۆیان بوو. لای ئەمریکیەکان ئەم نوسیگەیە بە نوسیگەی ” ماك” ناسرا بوو. ماك ولیامز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عەبدولا عەزام چەندین جار سەردانی فەرمی بۆ ولایەتە یەکگرتوەکان کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوە و رێکخستنی موجاهیدەکان لە ژێر دروشمی ( جیهاد لە دژی سۆڤیەتیەکان) . هاوکات هاوکاری نێوان عەزام و ئەمەریکا لە ڕێگەی( نوسیگەی خزمەتگوزار) لەژێر چاودێر و نەخشەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ( سی.ئای.ئەی) دا بوو.

کردنەوەی ” نوسینگەی خزمەتگوزاری” لە نیۆیۆرك

بەپێی لێدوانەکانی یەکێك لەو کاسێتە ڤیدیۆیانەی عەبدولا عەزام لە کاتی سەردانێك لە سەردانە زۆرەکانی ساڵانی سەرەتایی هەشتاکان بۆ ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ، کە بە بۆنەی کردنەوەی نوسینگەی خزمەتگوزاری بۆ کۆچکردوان لە نیۆیۆرك و کردنەوەی ژمارە بانقیەك بۆیان . لەو تۆمارە ڤیدیۆیەدا هاتووە:
ژمارە بانقیەکمان لە بانقی ” ئاندباندس” دا کردوەتەوە و هەروەها براما مستەفا شلبی لێپرسراوی نوسینگەیە ، بەیارمەتی خودای گەورە لە واشنتۆنیش نوسینگەیەك دەکەینەوە. لە ئیسلام ئابادیش ژمارە بانقیەکمان لە بانقی ” ئاوف ئەمەریکا” کە پێمان وایە باشترین بانقە ، کردوەتەوە. چونکە هەندێك لە بانقەکان یاری بە سەرمایەکان دەکەن گەر چاودێری نەکرێن. هەرکەسێك چەکێك بنێرێت ، دەبێت ژمارەحسابیەکە و ناوەکەمی لەسەربێت و لە گۆڤاری جیهاد لە پیشاوەر تۆماربکرێت.
عەبدوڵا عەزام لە سیاتێڵ
عەزام وتی:
هەرنامەیەکمان بۆ بێت دەگات بە دەستی شێخ تەمیم ئەلعدنانی کە بەرێوەبەری نوسینگەی خزمەتگوزاریە، هەرنامەیەکیش چەکی پارەی تێدابێت ڕاستەوخۆ دێت بۆ من ، هەرنامەو چەکێکتان نارد ونەگەشت پێمان مانای وایە فەوتاوە ، جاری وا هەیە چەکەکان لە لایەن کارمەندانی پۆستەوە دەدزرێت.

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی .ئای .ئەی ) لە کۆمەك و هاوکاری (عەرەبە ئەفگانیەکان) گلابوو. هەروەك لە یادەوەریەکانی عەبدولا ئنس ( لەدایكبونی عەرەبە ئەفگانیەکان جیرۆکی عەبدولا ئنس لە نێوان مسعود و عبدلا عەزام دا) دا هاتووە.
(عەبدولا ئنس ناسراو بە ئەبو جومعە لە ساڵی ١٩٥٨ لە جەزائیر لە دایك بووە، ڕۆلێکی گەورەی لە نێو عەوبە ئەفگانیەکاندا گێرا، ئەو یەکێکە لە سەکردە ناسراوەکانی بەرەی ڕزگاری ئیسلامی جەزائیریە ، کچێکی عەبدوڵا عەزام باوکی عەرەبە ئەفگانیەکانی هێناوە و چوار منداڵی هەیە) عەبدولا ئنس دەبێژێت:
عەبدولا عەزام ڕۆڵی پر بایەخی ( نوسینگەی خزمەتگوزاری ) لە کۆکردنەوە و رێکخستن و ناردنی عەرەبەکان بۆ جیهادی ئەفگانی بۆ باسکردم . نوسینگەی خزمەتگوزاریەکان لەلایەن کۆمەلێك کەسایەتیەوە دامەزرا کە لەنێویاندا ئوسامە بن لادن هەبوو. ئامانجی ئەم نوسینگەیە جگە لە کۆمەك و هاوکاری موجاهیدەکان ، رێکخستنی عەرەبەکان بوو تا لە گێژاوی ئەفگانستاندا ون نەبن و سەربە خۆیی خۆیان بپارێزن و لەگەڵ لایەنێك دژی لایەنێکی تر بەکار نەهێنرێن. ئەمە ئاماژەیەك بوو بۆ ناکۆکیە نێوخۆیەکانی ئەفگانستانیەکان وبەرگرتن بە کاریگەری دانانی ئەو ناکۆکیانە لەسەر عەرەبەکان .
بە بۆچونی عەبدولا ئنس بیرۆکەی دامەزراندنی ( نوسینگەی خزمەتگوزاریەکان ) لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ و سەرەتایی ساڵی ١٩٨٥دا سەری هەڵدا ،کە لە سێ بواردا کاربکریت ” کۆمەك و هاوکاری ، چاکسازی و بانگخوازی” ئەوە بوو سەرتا بە کردنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئاینیەکان لە نێو ئەفگانستاندا ، پاشان کردنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئاینیەکان بۆ ئەفگانیە ئاوارە و هەلهاتوەکانی جەنگ کە ژمارەیان زیاتر لە ٣ ملیۆن ئاوارە بوو. هەروەها زاواکەی عەبدوڵا عەزام لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت :
لێپرسراوی پۆستەکانی نوسینگەی خزمەت گوزاریەکان هەموو ڕۆژێك کە دەرۆشت بۆ پۆست لە گەڵ خۆیدا دەیان نامە و چەکی پارەی دەهێنایەوە کە بە دەیان هەزار دۆلار کۆمەكی تێدا بوو.

عەبدوڵا عەزام
هەروەها عەبدوڵا ئنس دەنوسێ :

عەبدوڵا عەزام هەموو سالێك چەندین جار سەردانی ئەمەریکای دەکردو لە کۆنگرەی موسولمانەکانی ئەوێدا وتاری دەدا و هانی موسولمانانی ئەوێ دەدا بۆ بەشداری جیهادی ئەفگانستان . هاوکات نوسینگەی موجاهیدەکان ، نوسینگەی حکمەتیار و باقی ئەوانی تریش لە زۆر شوێنی جیهانی خۆرئاوادا ، بلاو بوبونەوە.
جێگە سەرنجە بارەگای عەبدولا ئنس زاوای عەبدوڵا عەزام لە لەندەن گیرسایەوە دوای جێهێشتنی پیشاوەری پاکستان. دوای ئەوەی مافی پەنابەری سیاسی پێبەخشرا لە کۆتایی نەوەدەکاندا بویە خوێندکار لە زانکۆی “ویست ماینستر” لە لەندەن.
روداوەکانی ساڵانی جیهاد، گەشتی عەرەبە ئەفگانیەکان
لە گەواهی دانێکی تردا سەبارەت بە کۆکردنەوەی پارە و رێکخستنی موجاهیدەکان لە ئەمەریکادا ، لە کتێبی ” روداوەکانی ساڵانی جیهاد، گەشتی عەرەبە ئەفگانیەکان” لە نوسینی ڕاگەیاندنکاری مسری محەمەد سەلاح دا هاتووە :
خالید ئەبو دەهەب کە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەفسەرێکی پێشوی سوپای مسری عەلی ئەبو سعود ( کەسایەتی نزیکی ئوسامەبن لادن و ئەیمەن زەواهیری) پەیدا دەکات لە ساڵی ١٩٨٤دا . ئەو دواتر رەگەزنامەی ئەمریکی بەدەست دەهێنێت و ئێستە لە ئەمەریکا زیندانیە دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا کەلە تەقینەوەکانی بالوێزخانەی ئەمەریکا لە نایرۆبی و دارسەلام، دەستی هەبووە. جێ وەبیرهێنانەوەیە ئەبو سعود ساڵی ١٩٨٤ وازی لە سوپا هێنا و کۆچی بۆ ئەمەریکا کرد و بە بەردەوامی پەیوەندی گەرمی لەگەڵ ئەبوو دەهەب هەبوو ، لە ساڵی ١٩٨٦دا هات بۆ لای بۆ ئەمەریکا.
لە فرۆکەخانەی هوزیەی ولایەتی کالیفۆرنیا بەیەكگەشتنەوە . ئەبودەهەب لە شوقەی هاوڕێیەکیدا سێ هەفتە مایەوە ، دواتر لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی بە ناوی تریسا هاوسەرگیری کرد، بەڵام هەر زوو جیابونەوە دوای ئەوەی بەبێ ڕەزامەندی ئەو سکی پر بوبوو. دواتر زوو زوو سەردانی مزگەوتی نوری دەکرد لە سانتاکلارای نزیک لە سانفرانسیسکۆ و پەیوەندی لەگەڵ زۆرێك موسلمانانی رەگەزنامە جیاوازی ئەوێ، دامەزراند.
ئەبو دەهەب لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا نا، کە لەسەرەتایی ساڵی ١٩٩٠دا ئەبوو سعود پێی راگەیاندووە کە پەیوەندی بە مسریەکانی نیشتەجێ ئەفگانستانەوە هەیە و ڕێکەوتن کە ئەبو دەهەب بە مەبەستی کۆمەککردنیان سەردانیان بکات ، بە مەرجێك پێشتر فێری فڕۆکەوانی ببێت ، ئەوە بوو ئەبو دەهەب لە پەیمانگەیەکی تایبەتی فرۆکەوانی دەستی دایە مەشقێکی چڕو پر و پێش ئەبو سعود کەوت لە پەیوەستبونی بە جەنگاوەرەکانی ئەفگانەوە.
کۆکردنەوەی کۆمەك و پارەی زەکات
دوای ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی بە ژمارەیەكی بەرچاوی موجاهیدی عەرەب لە سەر هونەری فرۆکەوانی کرد ، ئەبو دەهەب گەڕایەوە ئەمەریکا. سەرکردەکانی ڕێکخراوی قاعیدە داوایان لێکرد بە سود وەرگرتن لە تەکنیکی نێو تۆڕی تەلەفۆنەکانی ئەمەریکا پەیامەکانیان بگەیەنێت بە ئەندامەکانیان لە مسر و ولاتانی تردا. هەووەها وتی:
هاوکاری و یارمەتیەکانم بۆ ڕێکخستنی قاعدە لە گواستنەوەی پەیامەکان واوەتر چوو، کۆکردنەوەی کۆمەك و زەکات و ناردنی بۆ ئەو شوێن و کەسانەی سەرکردەکان بۆیان دیاری دەکردم، زیادیکرد . لەو ماوەیەدا بڕی ١٠ هەزار دۆلارم ناردووە بۆ یەمەن ، پاکستان ،مسر ، ئەردەن و سودان . هەروەها ئەو پاسپۆرت و بەڵگەنامە فەرمیانەی ڕێکخراو لە پاکستان ، یەمەن و سودانەوە بە پۆستی خێرا بۆیان دەناردم ، دەمنارد بۆ ئەو کەسانەی دەبوو پێیان بگات.

هەروەها لە دانپیانانێکی تردا وتی:
لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٤دا ئەیمەن زەواهیری بە مەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەکی مالی هات بۆ ئەمەریکا لە ناوچەی سانتاکلارا نیشتەجێ بوو کە لە ولایەتێکی ترەوە هاتبوو. ئەوە یەکەم جارمان بوو لە نزیکەوە چاومان بەیەکتری بکەوێت. پێشتر لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیمان هەبوو، پێش گەیشتنی داوای لێکردم نرخی ئەو تەلەفۆنانەی بۆ بزانم کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە مانگە دەسکردەکانەوە هەیە. لەو ماوەیەدا کەلە سانتا کلارا بوو توانی ٢٥٠٠ دۆلار لە نوێژکەرانی مزگەوت کۆکاتەوە ، هەروەها لە ئەبوو سعود تورە بوو ، چونکە زەواهیری پارەیەکی زۆرتری لە ولایەتەکانی تردا کۆکردبویەوە.
شایەنی ئاماژە پێکردنە لە ڕاپۆرتە ئەمریکیەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەبو سعود لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاوە نێردراوەتە نێو بونیادگەراکان ، ئەو پێشتر خۆی داوای کردبوو ئامادەیە هاوکاری (سی .ئای. ئەی) بکات . زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەبو سعود دوای ئەوەی وازلە سوپای مسر دێنێت لە ڕیزەکانی سوپای ئەمەریکادا کاردەکات و بەشداری مەشق و ڕاهێنان بەو میسریە ئیسلامیانە دەکات کە دانیشتوی ئەمەریکان و دواتر بەوە تۆمەتبارکران کە دەستیان لە تەقینەوەکەی ١٩٩٣ی ناوەندی بازرگای جیهانی لە نیۆیۆرك دا هەبووە و دەستگیر کران . هاوکات ئەو مافی کارکردنی لە نێو سوپای ئەمەریکادا پێ درابوو ، سەفەری ئەفگانستانی کردو بەشداری مەشقپێکردنی عەرەبە ئەفگانەکانیشی کرد.

دامەزراندنی ماڵی پشتیوانان ” بیت ئەنسار”
بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی دامەزراندنی ” نوسینگەی خزمەتگوزاری کۆچبەران ” و” نوسینگەی خەبات ” لە برۆکلین لە شەقامی ئەتلەسی ، کە لێرەوە پێشەنگی نەخشەدارێژەر و ڕاهێنەرەکانی ڕێکخراوی قاعیدە سەریان دەرهێنا، لە ساڵی ١٩٨٤دا هاوکات ئوسامە بن لادن لە پیشاوەری پاکستان ” ماڵی پشتیوانانی” دامەزران کە وێزگەی بەیەکگەشتنی هەموو ئەو کەسانەبوو لە چوارگۆشەی جیهانەوە دەهاتن تا بە جیهادی ئەفگانەوە پەیوەستبن. لەوێ رێنوێنی و مەشقی پێویستیان پێ دەکرا. بەڵام لە سەرەتاوە هیچ لیژنەیەکی سەربازی تایبەت بە خۆی نەبوو، هەروەها هیچ ژێرخانێکی سەربازی و سەربازگە و کەلوپەلی سەربازی پێویستی نەبوو، بۆیە زۆربەی کات جەنگاوەرەکانی دەنارد بۆ لای یەکێك لەو کۆڕوکۆمەڵە سەربازیانەی لە ئەفگانستان لە شەردا بوون. ئەم هەلومەرجە بەردەوامبوو تا دروسبونی هاوکاری تۆکمەی نێوان نوسینگەکەی عەبدوڵا عەزام و ماڵی پشتیوانانی ئوسامە بن لادن.
بەپێی ڕێکەوتنی هاوکاریەکە ، نوسینگەکەی عەبدوڵا عەزام ئەرکی ڕاگەیاندن و پروپاگەندە و کۆکردنەوەی کۆمەک و خەرجی پێوستی کەوتە سەرشان و ئەوەی بن لادنیش لایەنی سەربازی ، ئامادەکردن و پێشوازکردن لە جیهادیەکان ، مەشق و ڕاهێنای پێویست و ئامادەکردنیان بۆ مەیدانەکانی جەنگ . ئەوان یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوەیان لەو کاتەدا ، بە بەرژەوەندی خۆیان نەدەزانی .
دوای بەهێزبونی بونیاتگەرایی ئیسلامی لە نێو جەنگاوەرە ئەفگانیەکاندا بەتایبەت لە نێو عەرەبەکاندا و پاش هەشت ساڵ جەنگ و پاشەکشەی یەکێتی سۆڤیەت و هاتنە ئارای جیهادی جیهانی و دەرکەوتنی ڕێکخراوی قاعیدە ، لێپرسراوە ئەمریکیەکان زۆر بە وشیاری و ئاگاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن و پەیوەندیکردنی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بەم دارودەستانەوە مەسەلەیەکی زۆر هەستیار بوو.
بەپێی بیرەوەریەکانی ڕۆبەرت گێیتس بەرێوەبەری دەزگای هەوالگری لە ساڵی ١٩٩١ دەڵێت:

ئاژانسەکە پارێزگاری لەمەودای لەنێوان خۆی و موجاهیدە عەرەبەکان کردووە …
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە :
بەدواداچونمان کردووە بۆ شێوازی فراوانکردنی بەشداری کردنیان لەشێوەی لیوایەکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا چونکە جیهادییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو لەتەواوی جیهانی عەرەبییەوە ڕویان کردە ئەفغانستان.




ئەردۆگان لە پشتی پەردەکەوە چی لەهەگبەدایە !؟…. عەبدوڵا ساڵح

وورد بینی زۆری ناوێ بۆ ئەوەی لەو ڕاستیە تێبگەین کە شادەماری داعش هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ حکومەتی تورکیا بووە .
هاوکاری و کردنەوەی سنورەکانی تورکیا بۆ چەکدارانی داعش چ بۆ ئاودیو بوون ، چارەسەری بریندار ، گەیاندنی چەک و تەقەمەنی و پارەی قەتەر و سعودیە تا دەگاتە بازرگانی کردنی نەوت و کەل و پەلی دیکە . ئەم هێزە دڕندەیە لەکاتێکدا بە چەقۆ سەری ڕفێندراوە ڕۆژئاوایەکانی دەبڕی، بارمتە کانی قونسوڵخانەی تورکیای لەموسڵ ئازاد دەکرد ! ئەم کەین و بەینە هەمووی بەبەر چاوی ئەمەریکاو هاوپەیمانانیەوە ئەنجام دراوە بێ ئەوەی مێشێکیان میوان بێ !
بەبەر چاوی سەربازانی تورکیا خەڵکی کۆبانی پەلامار دەدران و دەکوژران لەسەر دەستی داعش ئەوانیش چاوەڕێ شکستی شەڕڤانان بوون، مەگەر ئەو داعشەی ئەوکات هەر ئەو داعشەی ئێستا نیە کە گوایە تورکیا پەلاماری دەدات !؟
گرتنەوەی شارۆچکەی دابق دوێنێ لەلایەن ” سوپای سوریای ئازاد ” بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی تورکیا بە ماوەی کەمتر لە ڕۆژێک ، تەنانەت وەک باس دەکرێ کەمتر لە کاتژمێرێکیش، ئەو شارەی پیرۆزیەکی تایبەتی لای داعش هەیە ، پێشتریش شاری جەرابلوس و چەند شارۆچکەی دیکەش لەلایەن هەر ئەم دوو هێزە بە جۆرێک کە لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا 2000 کیلۆمەتر دوجایان ” ئازاد ” کردوە ، پرسیارێکی جدی دێنێتە گۆڕێ ، تۆ بڵێی داعش ئەوەندە بودەڵە بێت لە شارە پیرۆزەکەی خۆی بەو ماوە کورتە و تەنانەت بێ تەقە ئەوێ چۆڵ بکا ؟ لە کاتێکدا سوپای سوریای دیموکرات نزیک بە دوو مانگی ویست تاکو شاری مەنبەجیان لەچنگ داعش رزگار کرد بەسەدان شەرڤان گیانیان لەدەستدا !؟
ئەم سینارێۆیە ڕوون ئاشکرایە وڕێکەوتنی پێش وەختی لەپشتە ، هەمان ئەوچەکدارە ڕیشنانەی کە بێتەقە دابقیان بۆ سوپای تورکیاو هاوپەیمانەکانی چۆڵکرد، دەبرێنە تورکیا ودیکۆری دەم و چاویان دەگۆڕدرێ و بەناوی چەکداری سوپای ئازادی سوریا دەکرێنەوە بەودیودا بەتایبەتی ،تورکمان و عەرەب زمانەکان، و بەبەر چاوی کامێراکانەوە دەست دەکەنەوە بە نوێژی جەماعەت ، نوێژی سەرکەوتن!
پێداگری تورکیا لەسەر هێشتنەوەی هێزە سەربازیەکەی لە باشیک، ئەگەر لە دوورماوەدا بەمەبەستی دروستکردنی بەربەست بێت لەبەرامبەر نفوزی ئێرانی شیعە و دواتر خەونی ویلایەتی موسڵ، ئەوا لە کورت ماوەدا هەوڵی فریاکەوتنی هاوپەیمانە داعشەکەیانە لەشەڕی بەناو ڕزگارکردنەوەی موسڵ ئەمەش بەساتو سەودا لەگەل هێزەکانی هاوپەیمان کە ئێستا منەتی لەناوبردنی داعشمان بەسەردا دەکەن و حیزبەکانی کوردایەتیش پێشمەرگەی برسی تێدا بەکوشت دەدەن . چ گەمەیەکی چەپەڵە لالۆ !!
17 / 10 / 2016




دەرکەوتە و سیناریۆکانی ڕزگارکردنی موسڵ … بەختیار شارەزوری

بڕیاری ڕزگارکردنی هەر یەک لە ڕەقە و موسڵ ، ئەوەندەی بڕیارەکە لای ووڵاتانی زل هێزە ، ئەوەندە لای ووڵاتانی ناوچەیی نیە ، تەنها ئەوەندە نەبێت لە داڕشتنی ئەم نەخشەیەدا تا چەندێ دەتوانرێت ئەم وڵاتانە و ئەم هێزانە بخرێنە خزمەت ئەو ئامانجە ، کە وڵاتانی زل هێزی وەک ڕوسیا و ئەمریکا دایان ڕشتوە ، کە بە جۆرێکە هەتا فەرەنسا و بەریتانیاش هەندێ نیگەرانیان هەیە ، بەوەی کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمریکا و ڕوسیا ئامادە نەبون نهێنی هێرش کردنە سەر ڕەقە و موسڵ ئاشکرا بکەن ، لەم نێوەندەدا ئەمریکا و ڕوسیا لە کاتی ئەم پڕۆسەیەدا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکەن و کێ پێشتر بوەتە هێزی خێر بۆ ئەم دوانە ، ئەوا دەکەوێتە چوار چێوەی بەرژەوەندی ئەم دو زل هێزەوە ، ئیتر وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا هەر یەکەیان دەیانەوێت بە پێ ی بەرژەوەندی خۆیان بچنە ناو ئەم نەخشەیەوە ، ئێستە لەسەر و بەندی ئازاد کردنی موسڵدا تورکیا دەیەوێت داعشەکانی ناو موسڵ و ڕەقەی دەست بکەوێت ( کە پێشتر خۆی ناردبونی ) بۆ ئەو شەڕەی کە تورکیا پێ ی وایە دوای ڕەقە و موسڵ توشی دەبێت ، ئەوەی تورکیا لێ ی دەترسێت بە پلەی یەکەم پشک نیە لە موسڵ و ڕەقە ، بەڵکو ترسی کوردی هەیە دوای ئەم شەڕانە لە پلانی ئەمریکا و ڕوسیادا ببێتە کیانێک لە چوارچێوەی فیدڕاڵیدا لە وڵاتانی سوریا و عێراقدا وە دوایش ئەم داوایە لە تورکیا بکرێت ، بۆیە دەیەوێت هەر چۆنێک بێت داعشەکان بباتە ناو تورکیا بیان کات بە جەندرمە و میت بۆ شەڕی کورد دوای ئەم شەڕانە ، لە ئێستادا خەونی ئیمپراتۆری عوسمانی نەک کۆتایی پێ هاتوە ، بەڵكو دەیەوێت تورکیا بە مانا جوگرافییەکەی لەدەست نەچێت ، لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەش سعودیە و قەتەریش وەک پێویستی بەرژەوەندی تورکیا نایەتەوە ، بۆیە تورکیا ئەوەندەی شەڕی دژی کورد دەکات و شەڕی پاراستنی سنورەکانی دەکات ، ئەوەندە شەڕ بۆ فراوانخوازیەکەی ناکات کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات ، بە کورتی تورکیا دەیەوێت هەرچۆنێک بێت پاشماوەی داعش بکاتە کارتێک بۆ پاشەڕۆژی خۆی بۆ دژی کورد ، لە ئێستاشدا کە ئێران و ئەمریکا و ڕوسیا تەنها کێشەی بچوکیان هەیە ، بەڵام لەسەر دۆسیە گەورەکان ڕێکن ، ئەمەش دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیایە .
لە شەڕی موسڵدا و لە ئێستادا پێشمەرگە لە سنورێکدا دوەستێت و ڕۆڵی عێراق دەست پێ دەکات وەک حشدی شعبی و هێزی سەربازی عێراق ، دوای ئەوەش ڕۆڵی پەکەکە دەست پێ دەکات ، کە ئەمە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانیە ، چونکە نەک تورکیا ڕۆڵی پێ نەدرا بەڵکو دژەکانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن ، بە هەمو دیوەکاندا تورکیا لەسەر مێزی داڕشتنی ڕزگارکردنی موسڵ بە قەد پەکەکە نابێت ، بۆیە تورکیا ئەگەری ئەوەی هەیە لە بەرامبەر بەرگریکردن لە پاشماوەکانی داعشدا توشی شەڕێکی دۆڕاو بێت ، خۆ ئەگەر پلانی B وC بەکار بێنێت دور نیە پەکەکە شەڕ بەرێتە قوڵایی تورکیاوە ، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک سیناریو هەیە کە ئەگەر کاریان پێ بکات دور نیە توشی دۆڕانێکی گەورە بێت ئەویش لە ڕێگەی پارتی و کۆنە بەعسیەکان و سونەکانەوە هەوڵی ڕزگارکردنی داعشەکان بدرێت و بۆ مەبەستی خۆی بەکاریان بهێنێت ، ئەوەی دەمێنێتەوە دوای موسڵە کە پێ دەچێت تورکیا لە عێراق دەربکرێت و کوردیش لە باشور بگەڕێتەوە ناوەند و گڵۆپی سەوزیش بۆ لایەنگرانی ئێران هەڵبکرێت لە عێراقدا ، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو ڕاستیەیە کە دوای موسڵ کار لەسەر وەدەرنانی تورکیا دەکرێت و عێراقێکی فیدڕاڵی دروستبکرێت بە ڕەزامەندی وڵاتانی ڕوس و ئەمریکا و ئێران ، بۆ دوای موسڵ و چۆنیەتی ئیدارەدانی موسڵ سیناریۆیی ئاشکرا نەکراوی ئەمریکا و ڕوسیا ئەبێتە ئەجێندای بەڕیوەبردنی موسڵ ، ئەویش کردنی بە چوار پارێزگا و وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئیتر ئەو سیناریویانەی کە لەلایەن کورد و سونەکان و عێراقەوە خراوەتە ڕو پێ ناچێت هیچیان کاریان پێ بکرێت .




ده‌رارخانه‌ی سیاسی … دڵشاد تاقانە

گه‌لۆره‌کان ده‌راری به‌کاربه‌ری بازاڕێکی شکاون هه‌ڕاجی هه‌موو شتێکی تێداده‌که‌ن به‌هادار بێ به‌ها و بێ به‌هاش به‌به‌هایه‌! به‌رده‌ستیان پڕه‌ له‌گه‌لحۆ و محۆ له‌قوزکێشیدا ئه‌نیشک وه‌ژه‌نی خۆڕه‌پێش و ملشکێنی ده‌وروبه‌رن! لۆ ده‌رمانی به‌رهه‌مهێنه‌کیان تێدا هه‌رناکه‌وی.

به‌هاری ڕووزه‌رد..

مه‌له‌مه‌لی سنوری ده‌سه‌ڵاتی فارسی دوای وه‌رینی چوزه‌ره‌ په‌لکی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌عێراقی عه‌ره‌بیدا ئێستا له‌وپه‌ڕیه‌تی، داعشکاری سونه‌چیه‌کان به‌توانستی کۆماندۆی تورکی گۆشاوگۆش سه‌ربڕین و سوتاندن به‌ئاگری لێکه‌وته‌وه‌. ئێستا ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی شڵۆق و په‌ککه‌وته‌یه‌ له‌سێگۆشه‌وه‌ بوو به‌دووگۆشه‌ی فارس و تورک عه‌ره‌بیان فت کرد. که‌ئێران عێراقی عه‌ره‌بی داگیرکرد به‌شێکی کوردستانیشی لێ گرێداوه‌، سیسته‌می ئایه‌توڵاداریه‌.

لیستی قازه‌که‌..

خاکی خێڵه‌کی میر و پاشای کوردی به‌درێژایی ته‌مه‌نی میتسۆپۆتامیا له‌گه‌ڵ به‌گله‌ری تورکی و ئاغای فارسی له‌ته‌شتۆکه‌یه‌کدا نان ده‌خۆن. عه‌ره‌بووچکه‌ پێشڕه‌وه‌ی بیر و ئاینی به‌ده‌سته‌ به‌ڵام له‌کورد سه‌رلێشێواوترن وه‌ک میزی حوشترکانیان به‌ره‌و دواوه‌ن! کورد سه‌دان به‌شه‌ حیزب حیزبێنه‌ له‌وپه‌ڕیه‌تی ئێستا حیزبیش به‌مافی دیموکراتی له‌ده‌ست عه‌شایه‌ر و ئیسلامیسته‌کانه‌! چۆن که‌سێکی ڕۆشه‌نبیر ده‌نگ ده‌هێنی ئه‌گه‌ر په‌نجا بنعامی نه‌عامه‌ ده‌نگ بۆ قازپیاوێک بده‌ن هاوده‌نگ قیڕه‌یان بێ له‌لیستی قازه‌که‌.

ده‌هۆڵی شه‌ڕ خه‌ڵک ده‌یکوتێ..

هیچ کاتێ سه‌رکرده‌کانی مێژوو ئه‌م ده‌هۆڵیان نه‌کوتاوه‌ ئه‌وه‌ خواستی خه‌ڵکه‌ شه‌ڕخوازی له‌خوێنیاندا له‌گه‌ڵ ترپه‌ی دڵیان زرمه‌ی دێ، ئه‌وان خاوه‌نی سه‌ره‌کی و ڕاسته‌قینه‌ی شه‌ڕن، خۆیان کۆیله‌ی به‌دواگه‌ڕاوی سه‌رۆکن، بوده‌ڵه‌یه‌ک ده‌که‌ن به‌دیکتاتۆر به‌ڕیشی مه‌ردانه‌ی قه‌سه‌م ده‌خۆن. هه‌رخێڵبازه‌کانن ئاغا و هه‌رده‌روێشه زه‌رگ وه‌شێنه‌کانن شێخ دروست ده‌که‌ن تا ئه‌وانیش به‌دوای ئه‌وانه‌وه‌ بن ئه‌و سیسته‌مه‌ عه‌شایاریه‌ ناگۆڕێ مه‌گه‌م.

کوڕه‌ ئاغایه‌ک..

یا شێخێکی به‌وێژدان وه‌ک بیسمارکی ئه‌ڵمانی بێ هه‌موو هه‌رێمه‌ خێڵه‌کیه‌کان یه‌کخاته‌وه‌ سیستمێکی سۆسیالگه‌را بێنێته‌ کایه‌وه‌ به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و ئاغه‌له‌ که‌ی بێ؟ ئه‌رێ ئێستا له‌داکی بووه‌؟ به‌کوڕه‌ هه‌ژار و ڕۆشه‌نبیر ناگۆڕی چونکه‌ ئه‌م زه‌لکاوه‌ هه‌رمیکرۆب تێیدا ده‌ژی.

مه‌نجه‌ڵی شه‌ڕی ناوخۆ..

قوڵپ ده‌دا بڵقه‌کانی چێشتوه‌ره‌کان داخ ده‌کات. چزه‌ی ئازاره‌کان ده‌گاته‌ دڵی دایکی گه‌شمه‌رگه‌ پێشمه‌رگه‌کان هه‌مووان ڕاده‌چه‌نێ. ئای که‌ حه‌زیان لێنانی هه‌رکه‌س شیوه‌قوله‌ی خۆیتی و به‌شی یه‌کترنه‌ده‌ن له‌باج و نه‌وت و گاز له‌بن ته‌نکێشی خۆیانی قایم بکه‌ن ڕه‌بی له‌برسان مرن به‌ساری هه‌رزانیه‌.

شه‌ڕه‌کان له‌هاوین ده‌وه‌ستا!

کاتی شه‌ڕی ناوخۆی نه‌وه‌ته‌کان مانگی نۆ و ده‌ ته‌قه‌ ده‌ستی پێده‌کرد هه‌ر قۆپک و شیوێک به‌چه‌ند ده‌فته‌رێک ده‌گیرا تا مانگی چواری ساڵی داهاتوو دیسان شه‌ڕ ده‌وه‌ستا و که‌سیش نه‌یده‌زانی گفتوگۆ ده‌ستی پێده‌کرد تا دروونه‌ و خه‌له‌ و خه‌رمانی جوتیارانی کورد هه‌ر ده‌گیرا و له‌سوتان ده‌پارێزرا جاره‌کی دی له‌ مانگی نۆوه‌ ده‌ستی پێده‌کرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لماند شه‌ڕ شه‌ڕی کوردی جوتیار بوو نه‌ک.

حیزبۆچکانی!

زرمه‌زلانێی سێڕیزکانێی حیزبانێ ئه‌وه‌ت ڕیز ئه‌وه‌ت نه‌یکا دڵسۆزه‌کان داشی دامه‌ی خوراون، سه‌ربازی شه‌تره‌نجێکی مه‌لیکتڕێن به‌عه‌قڵی تورک و فارسی به‌ڕێوه‌ده‌برێن، یه‌ک شیعه‌باز و یه‌ک سونه‌باز له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بێکی کۆنه‌ ئه‌نفالچی ئه‌گه‌ر ده‌ستیان هه‌بێ ئه‌وان ئه‌نفالی دایکی خۆشیان ده‌که‌ن! مێژووێکی ده‌باره‌ی حه‌ره‌س قه‌ومی و جه‌یشی شه‌عبی و حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی نیشتمانیشی هاته‌سه‌رێ هیچیان له‌ده‌عوشی که‌متر نیه‌ هه‌رهه‌موویان پێکوڕه‌ی بیرکرمیه‌کی تڵوخاوه‌ن.

ئه‌دی چاره‌؟

وه‌ک لێکدانه‌وه و شیکاری چاودێره‌ سیاسیه‌کانی کورد که‌هه‌رگیز چاره‌ نادۆزنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رێین: کێشه‌ دوێنی و ئه‌وڕۆ نیه‌ به‌ڵکو کێشه‌ سبه‌یه‌ که‌ سیاسیه‌کانی ئه‌وکاتیش ده‌رچووی هه‌مان ده‌رارخانه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆ ده‌بن هه‌رکوڕی نابه‌رپرسه‌کانن!

Dlshadtakana@yahoo.com




ئه‌ردوگان له‌ رزگاركردنی موسڵ پلانی ( بی ) به‌كاردێنێت ؟ … عیماد عه‌لی

دیاره‌ پلانی ئه‌ی بۆ ئه‌ردوگان نوچووه‌ سه‌ر كه‌ بریتی بوو له‌ به‌شداریكردنی هێزه‌كانی توركیا له‌ به‌عشیقه‌ و چه‌ندین سه‌ربازگه‌ی تر له‌ ده‌وروبه‌ری و، حه‌شدی نیشتیمانی سه‌ر به‌ ئه‌سیل نوجه‌یفی شێخی به‌رماڵی ئه‌ردوگان له‌ شه‌ری رزگاركردنی موسڵ. به‌ڵام وا ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هیچ بوارێكیان به‌م پلانه‌نه‌داوه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نئه‌مریكاوه‌ رێگه‌یان لێگراوه‌ كه‌ به‌ تاكه‌ جه‌ندرمه‌یه‌كیش به‌شداری بكات له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه‌، به‌ڵام دواتر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك و ناوێكیش بێت خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌م ئامانجه‌ی ده‌دات .
بۆیه‌، وه‌ك خۆی پێشتر رایگه‌یاند، ئه‌ردوگان پشت به‌ پلانی ( بی ) ده‌به‌ستێت، كه‌ به‌و پێیو و هه‌ندێك ناوه‌ندی ستراتیجی جیهانی بڵاویان كردۆته‌وه‌، ده‌یه‌وێت شوێن پێیه‌ك بۆ داعش له‌ به‌شێكی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ یارمه‌تی هێزی توركیا بهێڵێته‌وه‌ و دواتر به‌ هه‌مان شێوه‌ی سوریا و به‌ جوڵه‌یه‌ك له‌ قۆناغێكی دیاریكراو له‌ كتوپرێك و به‌ زه‌مینه‌سازی بیه‌وێت زۆنی ئارام به‌ قسه‌ی خۆی له‌ باكوری عیراقیش بسه‌پێنێت به‌ تایبه‌تی به‌ پاساوی هێرشكردنی په‌كه‌كه‌وه‌، له‌مه‌شدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو جموجوڵه‌كانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ بێت موسڵ له‌ سوریا دابرێت و بتوانێت كۆنترۆڵی په‌یوه‌ندی و هاتوچۆی نیوان به‌شه‌كانی كوردستان بكات و، ته‌نها مه‌به‌ستی لێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كورده‌ له‌ و ناوچانه‌دا . بۆیه‌ پلانی ( بی ) خۆی له‌ پشتگیری هێزه‌كانی داعش ده‌بینێته‌وه‌ به‌ نهێنی و به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت له‌گه‌ڵ هێزی به‌ناو حه‌شدی نیشتمانی له‌ روبه‌رێكی گونجاودا هاوكاربن، كه‌ دواتر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ مه‌به‌ستی خۆی جێبه‌جێ بكات . زۆرینه‌ی چاودێران له‌وباوه‌ره‌دان كه‌ شوێنه‌ توركمان نشینه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ بۆ ئه‌و پلانه‌ قێزه‌ونه‌ی به‌كار بێنێت و باشترین جێگاش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارهێنانی شاری ته‌له‌عفه‌ر و ده‌وروبه‌ری و چه‌ندین ورده‌ شارۆچكه‌ و دێهاتی تره‌ كه‌ له‌وێوه‌ پلانه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، سه‌ره‌تا به‌ توانا و ئیماكنیاتی مادی خۆی و بیروعه‌قڵ و ره‌فتار و كرده‌وه‌ی داعش و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی و، دواتر مه‌رجه‌كانی خۆی فه‌رز بكات له‌سه‌ر هه‌مووان له‌وانه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان و پاڵنانی بۆ هاوكاری له‌ شه‌ركردن دژی په‌كه‌كه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوانی گه‌وره‌ی ئاماده‌كراودا . بۆ جێبه‌جێ كردنیئه‌و پیلانه‌ی به‌ پاساوی بونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌م ناوچانه‌وه‌ تاوه‌كو ته‌نانه‌ت ده‌یه‌وێت ده‌ست درێژی بكاته‌ سه‌ر قه‌ندیلیش . له‌و باره‌وه‌ پارتی چه‌ند هاوكاری ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارتی وه‌ستاوه‌ كه‌ چه‌ند وابه‌سته‌یی به‌ توركیاوه‌ ده‌مێنێت و دوور ده‌بێت له‌ لایه‌نه‌ عیراقی و كوردستانیه‌كان، ئه‌مه‌ش رۆژگار بۆمان ده‌ریده‌خات .به‌ڵام پێویسته‌ له‌م باره‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردستانیه‌كان به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌ هێشتنه‌وه‌ی پارتی له‌ بازنه‌ی كوردستان بخه‌نه‌گه‌ر و زیاتر پاڵ به‌ پارتیه‌وه‌ بنێن كه‌ له‌ ناوه‌ندی عراقه‌وه‌ نزیك بێت و په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ زیاتر ملكه‌چ نه‌بون بۆ توركیا و هاوكارری نه‌كردنی بۆ وه‌ستان دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی كورد، له‌گه‌ڵ قازانجه‌ ئابوری و سیاسیه‌كان بۆ كوردستانی باشوریش له‌م وه‌زعه‌یدا كه‌ قه‌یرانی ئابووری جوڵه‌ی له‌كوردستان بریوه‌ .
بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووان له‌م كاته‌دا هه‌ر هیچ نه‌بێت پارتی ناچار بكه‌ن كه‌ له‌ جێبه‌جێ كردنی پلانی (بی ) ی توركیا هاوكار نه‌بێت ئه‌ویش به‌ :
*هه‌وڵدان بۆ نزیككردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ومانه‌وه‌ی له‌ روبه‌ری كرودستانی و دورخستنه‌وه‌ی له‌ ره‌فتاری پاشكۆیه‌تی ته‌واو بۆ توركیا و، بواردان بۆ هێشتنه‌وه‌ی له‌م پێگه‌یه‌ی كه‌ له‌ گرێژنه‌ ده‌رنه‌چووه‌ له‌ ره‌فتاره‌كانیداتاوه‌كو ئه‌م ساته‌ش .
* هه‌وڵدان و یارمه‌تیدانی بۆ نزیككردنه‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدادا، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ توركیا به‌ راده‌یه‌ك تاوه‌كو به‌یه‌كجاری خۆی نه‌خاته‌ باوه‌شی و ، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ملكه‌چی داواكاری و فه‌رمانه‌كانی نه‌بێت و به‌ ئاسانی یارمه‌تی جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كانی نه‌دات و خۆی له‌ پلانی ( بی ) ی توركیا دوور بخاته‌وه‌ .
* له‌ پرسه‌ نێوخۆییه‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت له‌ پێستی خۆی ده‌رنه‌چێت و، به‌هه‌ر جۆرێك بێت ناچارنه‌كرێت ره‌فتاری نابه‌جێ و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر و خیانه‌تی له‌ جۆری 31 ئاب دووباره‌ بكاته‌وه‌ .
هه‌وڵێكی هه‌مه‌گیر بدرێت بۆ نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان، پارتی و یه‌كێتی و گۆران بۆ خستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌ر سكه‌ی خۆی هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌كه‌موكورتیه‌كانی پێشویه‌وه‌ تاوه‌كو له‌م قۆناغه‌ به‌ سه‌لامه‌تی ده‌په‌رینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ یارمه‌تی و نه‌رمی نواندنی گۆران و یه‌كگرتویی به‌ك بریاریی یه‌كێتی ده‌بێت له‌م كاته‌دا .
بۆیه‌ له‌م كاته‌دا به‌ خوێندنه‌وه‌ی پێشهاته‌كان و مه‌رامه‌ درنده‌ییانه‌كانی توركیا، ئه‌ركی زۆر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م هێزه‌كانی كوردستان به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌كانیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی هێزه‌كانی كوردستانی باشوور و په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌، كه‌ چاو له‌ زۆر به‌رژه‌وه‌ندی بچوكی حزبی داخه‌ن و ئه‌م قۆناغه‌ و پێداویستیه‌كانی بخوێننه‌وه‌ و به‌ له‌ خۆبردووی له‌هه‌ڵه‌ی یه‌كتر خۆشبن كه‌ گه‌وره‌ییه‌ بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌رژه‌وه‌دی میله‌ت بخاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ نه‌ك ته‌نها به‌ لێدوان و بانگه‌شه‌، ئه‌گینا ته‌نها توركیا و وڵاتانی داگیركه‌ر قازانج ده‌كه‌ن و به‌س .




ئەرنست بلوخ و هەڵگیرسانى شۆڕش ڕزگار عەلى


یەکەم/ دەروازەیەك بۆ ناسینی ئەرنست بلوخ (1885_1977)

بلوخ لە ساڵی 1885 لە شاری (لودفیگر) كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمان لەدایكبووە، لە ئەسڵدا جولەكەیە، باوكی ماكس بلوخ لە سكەی ئاسنین كاریكردووە، بلوخ هەر لەسەرەتای تەمەنی دەستی كردووە بە خوێندنەوەی فەلسەفەی سیاسی و هەریەكە لە (فشتە و هیگڵ و شلینگ) كاریگەرییان لەسەری بەجێهێشتووە. بلوخ لە بواری ئەكادیمیش لە ساڵی 1905 لە زانكۆی مونیخ گەیشتۆتە پلەی دكتۆرا، نامەی دكتۆراكەی بلوخ بەسەرپەرشتی فەیلەسوفی و زانای دەروونی (ئەوزفلد كولبە)بووە، بابەتی نامەكەش لەسەر فەیلەسوف (هیزیش ریكرد1863_1936) بووە كە لەسەر فەلسەفەی مێژوو كاریكردووە، دواتر بلوخ ماڵی دەگوازێتەوە بەرلین، لە بەرلین جۆرج زمیل(1858_1918) دەناسێت، پاش جۆرج لەیەكێك لە هۆڵەكانی وانەوتنەوەی فەلسەفەی لەگەڵ فەیلەسوفی ماركسی جۆرج لۆكاش ئاشنایەتی پەیدا دەكات، لە ساڵی 1912 بلوخ دووردەخرێتەوە بۆ شاری _گارمیش_هایدلبر) هەمان ئەو شارەی كە لۆكاشی لێیە، لەو شارە نزیكایەتی تەواوی بلوخ و لۆكاش دەسپێدەكات. قۆناغی هاورێیەتی لۆكاش قۆناغێكی زێڕینی بلوخ بووە، چونكە لەگەڵ لۆكاش كەوتونەتە ناو مناقشەیەكی قوڵی فیكر و ئەدەبیاتەوە، تەنانەت هەندێك جار بووەتە شەڕیان، بەڵام هیچ كاتێك ئەم شەڕە كاریگەری لەسەر هاوڕێیەتییەكەیان دروست نەبووە، تەنانەت بلوخ ئەوندە بایەخی بە لۆكاش داوە كە كتێبەكەی (كێشەی مادییەت) پێشەكەش كردووە. هەر لەو شارە بلوخ ئاشنایەتی دروست دەكات لەگەڵ فەیلەسوفی سۆسۆلۆژی ماكس فیبر(1864_1920) بەڵام بەهۆی ئەو ناكۆكییە فیكرییەی كە لە نێوانیان هەبووە ئەو ئاشنایەتییە درێژە ناكێشێت. بلوخ لە ساڵی 1913 ژیانی هاسەرگیری لەگەڵ ئەلیزا شترنسكی پێك دەهێنێت، بەڵام لە ساڵی 1921 ئەلیزا كۆچی دوای دەكات، كۆچی ئەلیزا كاریگەری دەروونی گەورە لەسەر بلوخ بەجێدەهێلێیت، تەنانەت ئەم كاریگەرییە لە كتێبی (ڕۆحی یۆتۆپیا) بە ئاشكرا دەردەكەوێت. بلوخ دوای مەرگی ئەلیزا دەبێتە گەڕیدەیەك لە نێوان (ئیتالیا و سویسرا و تونس) ئەمەش وایلێدەكات كە ئاشنایەتی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی دروست بكات، پاشان ئەم گەڕانە لە كتێبی (پرنسیبەكانی ئومێد) كە تێكەڵەیەك لە كەلپوری یەهودی مەسیحی مانفێست دەكات، بلوخ دەگەڕێتەوە بەرلین و تا ئەو كاتەی كە نازییەت دەسەڵات دەگرێتە دەست لەوێ‌ دەمێنێتەوە، باش گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن نازییەت ساڵی 1933 بلوخ كۆچ دەكات بۆ سویسرا و باش ئەوەی جەنگی دووەمی جیهانی كۆتایی دێت دەوڵەتی ئیشتراكی دەسەڵات دەگرێتە دەست زانكۆی لیبزج دەعوەت نامەیەكی بۆ دەنێرێت و كورسییەكی فەلسەفەی پێشەكەش دەكەن، بلوخ لە ساڵی (1954_1955) هەردوو بەرگی (پرنسیبەكانی ئومێد) بڵاودەكاتەوە، كە بە كاریگەرترین كتێبی بلوخ دادەنرێت. هەرچەند هەندێك ڕا هەیە كە هیچ شتێكی هاوبەش لە نێوان ماركس و بلوخ نییە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە بلوخ بە كاریگەرترین فەیلەسوفی سەدەی بیستی ماركسی هەژمار دەكرێت، چونكە ئەوەی بلوخ و ماركس كۆدەكاتەوە ئاڕاستەكردنی شۆڕشە بۆ گۆڕینی جیهان، ئەمەش لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئازادی و دەرچوونی مرۆڤە لە كۆیلایەتی …

_دیارترین كارەكانی بلوخ:
1. ڕۆحی یۆتۆپیا 1918 (پەڕینەوە بۆ جیهانێكی نوێ)
2. تۆماس مونتسر 1921(شۆڕشی لاهوت) (خوێندنەوەیەكی نوێی ماركسييانه بۆ مێّژوو)
3. شوێنەوار 1930 (گێڕانەوەی ژیاننامە)
4. میراتی ئەم زەمەنە 1936 (ڕەخنەگرتن لە فاشیزم و بورجوازییەتی ئەڵمانی)
5. ئازادی و سیستەم 1946 (كاریگەری ئوميَد لەسەر بیركردنەوەی مرۆڤ)
6. پرنسیبەكانی ئومێد

لە گرنگترین كارەكانی بلوخ هەژمار دەكرێـت، بلوخ لەم كتێبەدا وێنەی جوڵینەری مرۆڤمان بۆ شیدەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە سوبێكت كۆتایی نەهاتووە و نایەت، تەنانەت لەو كاتانەش كە هەموو دەرگاكان لەسەرمان قفڵ دەدرێت هێشتا دەتوانین وێنە و ڕووداوەكانی پشت دەرگاكان ببینین و بیجوڵێنین و ئاراستەی بكەین، بلوخ لەم كارەدا بۆ ئەوەی جوڵینەرمان بجوڵێنێت دەمانگەڕێنێتەوە سەر پرسیارەی ئەوەی: ئێمە كێن؟ لە كوێوە هاتووین؟ بۆ كوێ دەڕۆین؟چاوەڕێی چی دەكەین؟ چاوەڕێی چی دەكەن؟ بلوخ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە ڕەخنەگرتن لە مەشروعێكی شارستانی پەیوەست بە (ئومێدە)وە دەداتەوە… ئێمەش لەم نووسینەدا زیاتر دەچینە ناو شیكردنەوەی ئەم كتێبە، بەڵام بێ ئەوەی تەفسیراتەكانی تری بلوخ و كتێبەكانی تری فەرامۆش بكەین…

دووەم/ ئاشنابوون به چەمکە سەرەکییەکانى بلوخ

کاتێک مرۆ دەست بۆ ئیشێکى فەلسەفى دەبات، یەکەم پرسیار ڕووبەڕووى دەبێتەوە ئەوەیە: ئایا فەلسەفە چییە؟ ژیل دۆلۆز(١٩٢٥_١٩٩٥) وەڵامى ئەم پرسیارەمان دەداتەوە کە فەلسەفە بریتییە: (( لە هونەرى پێکهێنان و داهێنان و دروستکردنى چەمک))، ئەى چەمک چییە؟ بۆ ئێمە زمانمان نییە؟ تۆ بۆ دەتەوێت زمانى ئێمە سەقەت بکەیت؟ نەخێر هاوڕێ گیان زمانى فەلسەفى زمانێکە وەکو زمانەکانى تر، ئەویش پێویستى بە فێربوونە ، پێویستى بە شەونخونییە، بەڵام یەک جیاوازى هەیە لەگەڵ زمانەکانى تر ئەویش ئەوەیە زمانى فەلسەفى بۆ ئەوەى بمێنێتەوە دەبێت بەردەوام بخوڵقێرێت، واتە نابێت دواى پاپیرى پاپیرت بکەویت، بە پێچەوانەوە دەبێت پاپیرى پاپیرت بکوژیت، ئایا کێ ئەو کارە دەکات؟ بێگومان کەسایەتى چەمکگەرا؟ ئەى کەسایەتى چەمکگەرا کێیە؟ فەیلەسوف. بێگومان بێ ناسین و تێگەیشتنى چەمکەکان و زمانى بلوخ تێگەیشتن لە بلوخ کارێکى نەکردەیە، بلوخ کۆمەڵێک چەمکى داهێناوە کە لە ڕێگەى ئەو چەمکانەوە دەمانباتە ناو پەیوەندى (بوون و ماهییەت) لەناو بوونى واقیعى ئەم جيهانه‌. ئەم چەمکاتە کە بلوخ بەکاریهێناوە دەلالەتن لە بوونى هەبوونێک کە کارایە لەناو جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەحاڵ، هەبوون لێرەدا ئاماژەیە بە ناکۆکى، ناکۆکى دەربارەى خۆ، دەربارەى ئەوەى کە (هێشتا نەگەیشتووە). یان هەبوون هێشتا لە ڕێگایە بۆ ئەوەى بگات. دەبێت بزانین کارکردنى بلوخ و داهێنانى چەمک لاى بلوخ تەسەورێکى مەعریفى ناداتە دەستەوە، بەڵکو داهێنانى چەمک ڕێگایەکى خەلاقە بۆ شێوەیەکى نوێ و بینینێکى نوێ بۆ جیهان. به هەرحاڵ هەموو ئەو چەمکانەى کە بلوخ ئاماژەى پێدەکات و دایهیناوە تەعبیرە لە بوونێک کە هێشتا نەگەیشتووە. ئایا ئەو چەمکانە چین؟ ئایا مانایان چییە؟

١. هێشتا_ نەبوو (not- yet)

هێشتا_نەبوو کاریگەرترین و سەرەکیترین چەمکە لاى فەلسەفەى ئەرنست بلوخ، هێشتا_نه‌بوو ئه‌نتۆلۆژيايه‌كی مه‌حكومی سوبێكته، واته‌ هيچ سوبێكتێك نييه‌ خاڵی بكه‌يته‌وه‌ له‌ هێشتا نه‌بوو، به‌ڵاَم هێشتا_نه‌بوو په‌يوه‌ندييه‌كی سه‌ربه‌خۆ نييه‌ به‌ڵكو په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ ئوبێكت، واته‌ سوبێكت پێويستی به‌ ئوبێكته‌، ئوبێكت لێردا ده‌بێته‌ بناغه‌ی ئه‌وه‌ی كه سوبێكت كامڵ بكات، واته‌ سوبێكت له‌ بيركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ (نه‌بووه‌) يان (هێشتا -نه‌بووه‌) بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ (بوونی هه‌بێت‌). بلوخ ڕای وايه‌ هيچ كاتێك (هێشتا- نه‌بوو) پێويستی به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ نييه‌، واته‌ گۆمانی ئه‌وه‌مان لا دروست بێت كه‌ ئێمه‌ بريفێكتين و كامڵين، به‌ڵكو ئێمه‌ ماده‌م وه‌كو كۆجيتۆ ئاماژه‌ی بێده‌كات هه‌ين كه‌واته‌ ئه‌وه‌ نين ئێستا هه‌ين، يان به‌ ته‌عبيرێكی تر ئێمه‌ ماده‌م مرۆڤين شعوری ئه‌وه‌مان پێدراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ين ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت. ئه‌رنست بلوخ له‌ حاڵه‌تی (هێشتا- نه‌بوو) پرسيارێك رِووبه‌ڕوومان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ ده‌كات، مادام (هێشتا- نه‌بوو) ئه‌نتۆلۆژييانه‌ به‌ من دراوه‌، كه‌وته‌ چی ڕووده‌دات بۆمان؟ من كائينێكم بوونم هه‌يه‌، به‌لاَم هێشتا نه‌بوومه‌ته‌ خاوه‌نی ئه‌و بوونه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت كه‌ ماهييه‌تی جيهان بۆ من كراوه‌يه‌، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌م، تێبكۆشم و بجوڵێم، گواستنه‌وه‌ی كۆجيتۆ بۆ ناو چه‌مكی (هێشتا نه‌بوو)ی بلوخ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ من هه‌ستده‌كه‌م بوونی هه‌يه‌، بيرده‌كه‌مه‌وه‌ و گومان ده‌كه‌م، به‌ڵاَم ئه‌وه‌ی كۆجيتۆ ئاماژه‌ی پێده‌كات كه‌ (من هه‌م) بناغه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژیی به‌ من ده‌به‌خشێت، به‌ڵاَم كه‌ (من بيرده‌كه‌مه‌وه‌) ده‌خه‌ينه‌ پاڵی و له‌گه‌ڵ (هێشتا نه‌بوو) بلوخ دا‌يده‌نێيت بناغه‌يه‌كی ئه‌نته‌رپۆلۆژيا ده‌داته‌ ده‌ست، به‌ڵاَم ئه‌نته‌رپۆلۆژيای په‌تی نا، به‌لَكو ئه‌نتۆلۆژيای ئه‌نته‌رپۆلۆژيا، به‌لاَم كه‌ به‌شێك له‌ كۆجيتۆی ئه‌نتۆلۆژی (من هه‌م) دانێين، له‌گه‌ڵ بلوخ ناكۆك دێته‌وه‌، بلوخ ته‌عبير له‌وه‌ ده‌كات كه‌: ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من نيم)) يان ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت بوونم هه‌بێت)) كه‌واته‌ لای كۆجيتۆ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (ئێستايه‌) به‌ڵام لای بلوخ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (داهاتووه‌)…

2. هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو (pre-apperrance)

هێشتا-ده‌رنه‌كه‌وتوو يه‌كێكی تر له‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كييه‌كانه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رنست بلوخ. (هێشتا -ده‌رنه‌كه‌وتوو) گه‌رِانه‌وه‌ی ئوبێكته‌ بۆ ناو سوبێكت، به‌ جۆرێك ئوبێكت هێشتا خۆی ده‌رنه‌خستووه‌، يان هێشتا خۆی بۆ ئاگايي ئێمه‌ نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست، ئه‌م گه‌رِانه‌وه‌يه‌ له‌ رِێگای داهاتوو رِووده‌دات، به‌لاَم بلوخ له‌م چه‌مكه‌دا كاريگه‌ری ئه‌ده‌بياتی پێوه‌ دياره، چونكه‌ بۆ بلوخ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتوو له‌ ڕێگه‌ی خه‌ياڵه‌وه‌ ده‌بێت، واته‌ خه‌ياڵ ده‌ورێكی گرنگ و ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كييه‌ له‌ناو چه‌مكی (هێشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو). هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو وه‌زيفه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژی كه‌ ئێمه‌ بێ ئه‌و ناتوانين بژيت، چونكه‌ ده‌رنه‌كه‌وتوو تاريكييه‌كی هه‌ميشه‌ييه‌ كه‌ ئێمه‌ی داگير كردووه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وام مه‌حكومين ڕووناكی بكه‌ينه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕووناكی نه‌كه‌ينه‌وه‌، يان ئه‌گه‌ر بۆ ڕووناكبوونه‌وه‌ی نه‌ڕۆين ئه‌وا تاريكی ده‌مانكوژێت، ده‌رنه‌كه‌وتوو به‌ ته‌نيا هيچ مانايه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ده‌رنه‌كه‌توو وێنه‌يه‌كی حه‌قيقه‌تی ڕه‌هايه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر (پێی بگه‌ين و پێی نه‌گه‌ين) عه‌ده‌مييه‌تی لێده‌كاته‌وه‌، ‌ئه‌گه‌ر پێی بگه‌ين موته‌كامل ده‌بين له‌ مرۆ ده‌رده‌چين ده‌بينه‌ خوا، ئه‌گه‌ر پێی نه‌كه‌ين عه‌ده‌مييه‌ت با‌ڵ به‌سه‌رماندا ده‌كيشێت، به‌لاَم چاره‌سه‌ری هه‌ردووكيان ئه‌و پێشگره‌ی (هێشتا)يه‌ كه‌ بلوخ دايناوه‌، هيشتا حه‌قيقه‌تی ڕه‌هاو پووچييه‌تی ده‌كوژێت و فۆڕم به‌ (ده‌رنه‌كه‌وتوو) ده‌دات و بوونێكی دايناماكی به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت، (هێشتا) له‌ عه‌ده‌م رزگارمان ده‌كات چونكه‌ هه‌م ده‌گه‌ين هه‌م ناگه‌ين، به‌ كورتی هێشتا ئومێدی به‌رده‌وام به‌ هه‌وڵی سوبێكت ده‌به‌خشێت.

٣. ئومێد (hope)

به‌ به‌هاترين چه‌مك لای بلوخ ئومێده‌، بلوخ له‌ ڕێگه‌ی (ئومێد)ه‌وه‌ دابڕانێكی مه‌عريفی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی پێش خۆی دروستكرد، هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ بلوخ خوڵقاندوونی دواجار هه‌موويان ده‌چنه‌وه‌ ناو ئومێد، ئومێد فۆڕم به‌ هه‌موو چه‌مكه‌كانی تری بلوخ ده‌به‌خشێت، ئومێد وا ده‌كات ئێمه‌ له‌ قه‌له‌قی ڕزگارمان بێت به‌وه‌ هيشتا كامڵ نه‌بووين، ئومێد پاڵنه‌ری به‌ره‌و پێشچوونی ئێمه‌يه‌. به‌لاَم ده‌بێت بزانين ئومێد كورتناكريته‌وه‌ بۆ ته‌نيا خۆزگه‌ و تكاكانمان، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری (ئومێد) تاكيدكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمه‌ كاتيك نه‌گه‌يشتووين، مانای ئه‌وه‌ نييه‌ ناگه‌ين، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و تموحێك ده‌خاته‌ پاڵمان بۆ ئه‌وه‌ی بجوڵێين، ئومێد خوڵقێنه‌ری يۆتۆپيايه‌، واته‌ پرنسيبی ئومێد پرنسيبيكی يۆتۆپياييه‌، ئه‌وه‌ يۆتۆپياشه‌ ته‌حه‌كوم به‌ هه‌موو جوڵه‌ و گۆڕانكارييه‌كانی ئيمه‌ ده‌كات….

٤. پێشه‌وه‌ front))

پێشه‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كی جه‌وهه‌ری و كۆنكريتی له‌گه‌ڵ چه‌مكی (نا) هه‌يه‌، لای بلوخ ئه‌وه‌ (نا)يه‌ كه‌ (پيشه‌وه‌) ده‌خاته‌كار، يان (نا) ياخيبوونه‌ ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی بيكوژين و بگه‌ينه‌ پيشه‌وه‌، واته‌ (نا) خوڵقێنه‌ری (پێشه‌وه‌)يه‌، يان پاڵنه‌ره‌ بۆ پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش (نا) ده‌خاته‌ كار (هێشتا- نه‌بووه‌)، هێشتا نه‌بوو حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ (نا) دروست ده‌كات، به‌ڵام (هيشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو) حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ به‌ره‌و( پێشه‌وه)مان ده‌بات.. ئه‌وه‌ی ده‌بێت بزانين چه‌مكه‌كان لای بلوخ هه‌موويان په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌، هه‌نديك جار هه‌موويان له‌ناو يه‌كدا يه‌كتری دروست ده‌كه‌ن…‌

سێیەم/ ئۆ‌نتۆلۆژيای هۆشياری

جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ له‌سه‌ر دوو پايه‌ وه‌ستاوه‌، يه‌كه‌ميان ئۆ‌نتۆلۆژيايه‌. دووه‌ميان ئه‌نته‌رپۆلۆژيايه‌، دووه‌ميان به‌شێكی سه‌ره‌كی يه‌كه‌ميانه‌ و به ‌به‌رده‌وامی له‌ناو يه‌كه‌ميان خۆی ده‌بينێته‌وه‌، لايه‌نی ئه‌نته‌رپۆلۆژی خۆی له‌گه‌ڵ (هيَشتا-نه‌بوو) ده‌بينێته‌وه، ئه‌مه‌ش ‌ كاتيَك مرۆ هه‌ستده‌كات و ئاگايی ئه‌وه‌ی هه‌يه‌ كه‌ پێويستی به‌ شتێكه‌، به‌لاَم ئه‌و شته‌ نييه‌، يان هيَشتا بوونی نييه. به‌ڵام لايه‌نه‌كه‌ی تر واته‌ ‌ئه‌نتۆلۆژيا خۆی له‌گه‌ڵ (بوون) ده‌بينێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاتيَك وجودی ده‌ره‌وه‌ ‌ پێويسته‌ بوونی هه‌بێت، به‌ڵام بوونی نييه‌. واته‌ ئه‌نته‌رپۆلۆژيا حاڵه‌تی ناوه‌وه‌ى سوبێكته‌‌ كه‌ هه‌ست ده‌كات له‌ناو خۆيدا نوقسانه ‌و بۆ ئه‌م نوقسانيه‌ش ده‌چێته‌ ناو وجودی ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگات، به‌ڵام كاتێك ناگات، په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌نته‌رپۆلۆژيا و ئۆ‌نتۆلۆژيا له‌دايك ده‌بێت، يان په‌يوه‌ندی نێوان (هێشتا نه‌بوو) له‌گه‌ڵ ( بوون) تێكه‌ڵ به‌يه‌ك ده‌بن. كه‌واته‌ له‌ ئێستادا په‌يوه‌ندييه‌ك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكت و ئوبێكت، يان له‌نێوان زاتی مرۆڤ و جيهانی سروشت، ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ واده‌كات (پرنسيبی ئومێد) بهێته‌ كايه‌وه‌، بلوخ له‌ كتێبی (ڕۆحی يۆتۆپيا) پرسيارێك ده‌كات: ئايا چۆن ده‌زانين كه‌ ئێمه‌ ئه‌و مه‌عريفه‌يه‌مان نييه‌ كه‌ ده‌بوايه‌ هه‌بێت، يان چۆن ده‌زانين نوقسانين؟ يان به‌ شێوه‌يه‌كی تر، مه‌عريفه‌ی ئێمه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا-نه‌بووه؟‌ بلوخ له‌ناو سوبێكتدا شتێك ده‌دۆزێته‌وه‌ ئه‌و شته‌ش جيهانی (ئاره‌زوو)ه. جيهانی ئاره‌زوو له‌ناو هه‌موو مرۆڤێك بوونی هه‌يه‌، ئاره‌زوو جێگه‌يه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی مرۆ بچنه‌وه‌ ناوی و له‌وێوه‌ خۆيان مانفێست بكه‌ن. لێره‌دا ئێمه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربين ده‌چينه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ڵام سايكۆلۆژيا وه‌كو ئه‌وه‌ی فرۆيد له‌ كتێبی (لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان) ئاماژه‌ی پێكردووه‌ گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ بۆ ڕابردوو، يان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ڕابردووه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ ڕۆيشتنه‌ بۆ پێشه‌وه ‌و داهاتوو، فه‌لسه‌فه‌ی فرۆيد دۆزينه‌وه‌ی كێشه‌يه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌يه‌، فرۆيد لێكدانه‌وه‌ بۆ خه‌ون ده‌كات له‌كاتێكدا له‌ خه‌وداين يان له‌ ناهۆشياريداين، به‌ڵام بلوخ لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ ده‌گات كه ‌له‌وپه‌ڕی‌ هۆشياريداين، بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ له‌ هۆشياريدا ده‌يبينين ئيراده‌ی گۆڕان دروست ده‌كات، به‌ جۆرێك ئه‌و خه‌ونه‌ خه‌ونێكی خه‌لاقه‌ كه‌ خه‌ياڵ دروست ده‌كات و بيركردنه‌وه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و بيركردنه‌وه‌ش ده‌ورێكی گرنگ ده‌بينێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری دروست ببێت. كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چالاكييه‌كی هۆشيارانه‌يه‌ و هۆشياری ده‌خاته‌ كار، به‌ڵام بلوخ به‌ پرسيارێك ئايا چالاكی هۆشياری چۆن دروست ده‌بێت؟ ديسان ده‌مانخاته‌وه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ مانايه‌ك له‌ماناكان بلوخ ئيش له‌سه‌ر (بوونگه‌راييه‌كی سايكۆلۆژی) ده‌كات، لاكان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فرۆيد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی منداڵی و له‌ ديمه‌نی قۆناغی ئاوێنه‌يی وێنه‌يی هۆشياربوون ڕوونده‌كاته‌وه‌، بلوخيش هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای منداڵ و قۆناغی هۆشياريبوونمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاڕاسته‌يه‌كی تر.
بلوخ سه‌ره‌تای هۆشياريی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ لای منداڵ و ئاماژه‌ ده‌كات منداڵ له‌ حاڵه‌تی خه‌وبينيندايه‌، واته‌ منداڵ بوونه‌وه‌رێكه‌ كه‌ ده‌توانێت خه‌و ببينێت، به‌ڵام خه‌ونه‌كانی منداڵ ته‌ڵخ و لێڵن، ئه‌و خه‌ونه‌ی منداڵ ده‌يبينێت سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ ئاشكراكردنی شته‌كان، سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌عريفه‌، هه‌موو به‌ده‌ستهێنانێكی مه‌عريفه‌ش جۆرێكه‌ له‌ ياخی بوون، ياخی بوون به‌رامبه‌رئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستين، واته‌ ياخیبوون لای منداڵ هی ئه‌وه‌يه‌ ده‌يه‌وێت بزانێت، منداڵ سوبێكتێكه‌ به‌دوای هۆشياری ده‌گه‌ڕێت، به‌ دوای ئه‌وه‌ بزانم ئوبێكت چييه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش منداڵ له‌ قۆناغی منداڵی هه‌موو شته‌كان ده‌شكێنێت، تا ئاشكرا بن، به‌ڵام ئاشكراكردن شته‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ته‌واو نابێت، ئه‌وه‌ی له‌ منداڵ بۆ فه‌له‌سه‌فه‌ی( بلوخ) گرنگه‌ ده‌رباره‌ی( ئاشكراكردنی شته‌كان ) ئه‌و به‌رده‌وامی بوونه‌يه‌ كه‌ هه‌يه‌تی، ئه‌و هه‌وڵه‌يه‌ كه‌ ده‌بێت بگاته‌ ئه‌نجام، ئه‌و (شۆڕشی ئه‌ومێد)ه‌يه‌ كه‌ هه‌ڵيگيرساندووه‌، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌يه‌ منداڵ هيچ كات ناگاته‌ ده‌ره‌ئه‌نجامێك كه‌ بيوه‌ستێنێت، هيچ كات ناگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستێك بكات، به‌ڵام بۆ بلوخ ئه‌وه‌ جێگه‌ی دڵخۆش نييه‌ چونكه‌ لێره‌دا هۆشياری ناكامڵه‌ به‌رانبه‌ر واقيع، هۆشياری مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌روو واقيع، بلوخ ده‌يه‌وێت له‌ قۆناغه‌كانی تردا وه‌كو منداڵ مامه‌ڵه‌ بكه‌ين، وه‌كو منداڵ ته‌سليم نه‌بين، وه‌كو منداڵ (شۆڕشی ئومێد) هه‌ڵگيرسێنين. بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك ئێمه‌ ده‌گه‌ينه‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی ئيتر سه‌روو واقع خۆی ده‌داته‌ ده‌ست واقيع، ئيتر مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ واقيعه‌، ئيتر هۆشياری ئێستێك ده‌كات و خۆی بۆ تێڕامان ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی منداڵ خه‌و به‌وه‌ ده‌بينێت هه‌نگاو به‌ره‌و ژيانێكی باشتر بنێت، له‌م ته‌مه‌نه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى پێشتر دونيا ئاشكرايه‌ بۆمان به‌ڵام خه‌ونه‌كانمان نائاشكرايه‌، لێره‌دا گريمانه‌ دروست ده‌بێت، گريمانه‌ به‌رانبه‌ر ڕێگاگه‌ڵێكی زۆر، به‌رانبه‌ر جۆره‌ها ژيان، به‌م گريمانانه‌وه ‌ده‌چينه‌ ناو ته‌مه‌نی حه‌فده‌ ساڵی، لێره‌دا و له‌م قۆناغه‌دا گريمانه‌كان پێكدادان دروست ده‌كه‌ن، پێكدادان ده‌رباره‌ی وێنه‌كان، ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كان، ده‌رباره‌ی ناجێگری سوبێكت بوونمان، جه‌وهه‌ری ئه‌و پێكدادانه‌ هی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سوبێكت وێنه‌ی داهاتووی لا كێشراوه‌، ئه‌م وێنه‌يه‌ وا له‌ سوبێكت ده‌كات حه‌ز بكات هه‌موو شتێك بۆ خۆی ببێت، هه‌موو شتێك خۆی خاوه‌نی بێت، بلوخ ئه‌م خه‌ونه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا به‌ خه‌ونی بورجوازييه‌كان ده‌شوپێنێت كاتێك ده‌يانه‌وێت هه‌موو شتێك بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆيان، خه‌ون بينيی بورجوازييه‌ت خه‌ون بينينه‌ به‌ داگيركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌يه‌ و ئه‌وان خاوه‌نی نين. له‌ قۆناغێكی تر كاتێك پێ ده‌خه‌ينه‌ ناو ته‌مه‌نی بيست ساڵييه‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ (نا) له‌دايك ده‌بێت و ده‌چێته‌ ناو (هێشتا-نه‌بوو)، په‌يوه‌ندی (نا) به‌ (هێشتا-نه‌بوو) په‌يوه‌ندييه‌كه‌ كه‌ گۆڕان ده‌هێنێته‌ كايه‌وه‌، يان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هيچ قۆناغێك ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ سوبێكت بير له‌ گۆڕينی دونيا ناكاته‌وه‌، له‌م قۆناغه‌ ناشيرينێكان، ڕێگرييه‌كان، تاريكيييه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌هه‌مانكاتيشدا سوبيكتبوون به‌ره‌نگاری هه‌موو شتێك ده‌بێته‌وه‌، ياخی ده‌بێت به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌. له‌ كۆتا قۆناغدا كه‌ بريتييه‌ له‌ قۆناغی (پيری) پچرانێك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكتی پير و كۆمه‌ڵگه‌، سوبێكتی پير هه‌ستده‌كات ئيتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌جيده‌هيڵێت، له‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌نده‌ (ناوه‌وه‌ی) سوبيكت ئيش ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ بير له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكاته‌وه‌، هۆشياری پير زياتر بيركردنه‌وه‌يه‌ له‌ ڕابردووی خۆی، پير خه‌ون و خۆزگه‌كانی به‌ ياده‌وه‌ری به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ ياده‌وه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی گه‌نجی، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ هۆشياريي (قۆناغی پيری) هۆشيارييه‌كی ياده‌وه‌ريانه‌يه‌ به‌رانبه‌ر ڕابردوو، يان هه‌مووی هه‌ر ڕابردووه‌، به‌ڵكو ده‌وڕێكی گه‌وره‌شی هه‌يه‌ به‌سه‌ر داهاتوو، ته‌نانه‌ت بلوخ به‌ پێگه‌يشتووترين قۆناغی ناو ده‌نێت، به‌ڕای بلوخ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌ر بيركردنه‌وه‌يه‌كی داهاتوويانه‌ سه‌ر هه‌ڵبدات ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو جوانييه‌كان و عاقڵمه‌ندی سوبێكته‌، چونكه‌ بلوخ ڕای وايه‌ ئه‌م قۆناغه‌ خاڵييه‌ له‌ غروری گه‌نجايه‌تی و پڕه‌ له‌ حيكه‌مه‌ت و ئيراده‌ی ده‌هێنه‌رانه‌. كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ هۆشياريی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌يه‌وێت له‌سه‌ر شێوه‌ی (هێشتا-نه‌بوو) خۆی مانفێست ده‌كات، جه‌وهه‌ری هێشتا-نه‌بوو ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ تاريكی رزگارمان ده‌كا، بۆيه‌ هێشتا-نه‌بوو پاڵنه‌ره‌ سوبێكته‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌يه‌نێته‌ ڕوناكی، به‌ زمانی سايكۆلۆژيا هۆشياری ده‌يه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ناهۆشياريدا بگرێت و ناهۆشياری نه‌هێڵێت، به‌ڵام لای بلوخ په‌يوه‌ندی نێوان هۆشياری به‌ ناهۆشياری په‌يوه‌ندييه‌كی ناوه‌كی نييه‌، به‌ڵكو هۆشياری له‌سه‌ر ئه‌ساسی ده‌ره‌وه‌ خۆی داده‌مه‌زرێنيت، په‌يوه‌ندی هۆشياری و ناهۆشياری لای فرۆيد ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خه‌ونه‌كانمان چه‌پينراون چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ تاريكييه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێين نه‌ست، ئه‌وه‌ی لای فرۆيد ئێمه‌ چاوه‌ڕوانين ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ زيندووبكرێنه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ خه‌ونه‌كان ناو ده‌نێت (مژده‌ی خۆرهه‌ڵاتێكی نوێ)، واته‌ هاتنه‌دی ئه‌و ئومێد و خه‌ون و خه‌ياڵه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو ده‌يبينم، به‌ڵام له‌ ئێستادا هاتۆته‌ دی، مژده‌ی به‌ره‌به‌يان هاتنی سه‌رزه‌مينێكی يۆتۆپييه‌ بۆ ناو ئێمه‌، بلوخ ئه‌و مژده‌يه‌ به‌ شۆڕشێكی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ ده‌زانێت كه‌ له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و ده‌مانگه‌يه‌نێته‌ داهاتوو.


چوارەم/ شۆڕش چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات؟

مرۆ كه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بگاته‌ شتێك، گه‌یشتن به‌ شتێك ده‌رئه‌نجامی (نا)بوونه‌ بۆ شتێكی تر، واته‌ (نا) له‌ كامڵیدا سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵكو به‌رده‌وام هه‌ست به‌ كه‌مبوون ده‌كات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ كه‌منه‌بوون، ئه‌و پاڵنه‌ری (نا)یه‌، یان ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ (نا) ئاگادارده‌كاته‌وه‌ یان (نا) له‌ حاڵه‌تی نائارامیدا ده‌هێڵێته‌وه‌ ئاره‌زووه‌، واته‌ (نا) هیچ كاتێك له‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵنادات به‌ڵكو پێویستی به‌ شتێكه‌، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی له‌به‌رده‌م نییه‌. (نا) كۆتایی سوبیكت نییه‌، واته‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی (نا) به‌سه‌رماندا زاڵه‌، ئه‌وه‌ كۆتایمان هاتووه، به‌ڵكو بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات (نا) سه‌ره‌تایی فۆڕم به‌خشینه‌ به‌ سوبێكت، واته‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین بێ نه‌فیبوونی ئێستامان بیر له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌، لێره‌دا بیركردنه‌وه‌ پێش نه‌فیبوونی سوبێكت دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی نه‌فی سوبیكت بكه‌ین ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ نییه‌. له‌گه‌ڵ نه‌فیبوونی سوبیكت به‌ره‌و نه‌فی بوونی دونیا ده‌ڕۆین، واته‌ نه‌فیبوونی سوبیكت و نه‌فیبوونی دونیا توند به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون، به‌ڵام نه‌فیبوونی سوبێكت پێش نه‌فیبوونی دونیا ده‌كه‌ویت و ده‌یه‌وێت دونیاش وه‌كو خۆی لێبكات، لێره‌دا هیچ كاتێك نه‌ دونیا به‌ نیسبه‌ت سوبێكت بێ سوبێكت هه‌یه‌ و نه‌ سوبێكتیش بێ دونیا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دونیا بگۆڕێت ده‌بێت سوبێكت بگۆڕێت، ئایا سوبێكت چۆن ده‌گۆڕێت؟ ‌ ئه‌رنست بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك (نه‌فی) بوونمان لا دروست ده‌بێت ده‌گه‌ین، واته‌ (نا) گه‌یشتنه‌، به‌ڵام گه‌یشتنیش كۆتایی نییه‌ به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سوبێكتین، ئێمه‌ هه‌ین، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ سوبێكتین به‌س نوقسانین و نه‌گه‌یشتووین، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ونمان هه‌یه‌، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان نه‌هاتۆته‌ دی. كه‌واته‌ نه‌فیبوون سه‌ره‌تایه‌ بۆ هه‌نگاونان بۆ خه‌ونه‌كانمان، سه‌ره‌تایه‌ بۆ جوڵه‌ی گۆڕانكاری. گۆڕان و (نا) له‌یه‌ك جیاواز ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سوبێكت بیرده‌كاته‌وه‌ و ده‌گاته‌ (نا) هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات له‌ فه‌ڕاغدایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و فه‌راغه‌ پڕبكاته‌وه‌ به‌مه‌ش هه‌نگاوی گۆڕانكاری ده‌نێت. كاتێك ئێمه‌ بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی ترسداین به‌ڵام وه‌كو بلوخ ئاماژه‌ی پێده‌كات كاتێك بیركردنه‌وه‌ نه‌فیبوون ئه‌خوڵقێنێت له‌ناو خۆیدا ئه‌و كاته‌ ترس ده‌كوژێت، واته‌ نه‌فیبوون كوشتنی ترسه‌ و ڕقڵێبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ترس، واته‌ ترس به‌هۆی (نا)وه‌ ده‌بێته‌ ڕق، ترس له‌ خاوه‌ن ترسه‌، به‌ڵام خاوه‌ن ترس ترسه‌ له‌ ڕقلێبوونه‌وه‌، كه‌واته‌ خاوه‌نی ترساو ئێستا خاوه‌ن ترسه‌ له‌ (نا)، یان ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌یترساندین، ئێستا به‌هۆی ئه‌و (نا)یه‌وه‌ كه‌ بۆمان په‌یدا بووه‌ لێمان ده‌ترسێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ كه‌ (شۆڕشی ئومێد) به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت و نایه‌ڵێت به‌ره‌و عه‌ده‌مییه‌ت هه‌نگاو بنێین. بلوخ ئه‌م بیرۆكانه‌مان له‌و كاته‌ پێنابه‌خشێت كه‌ ئێمه‌ له‌وپه‌ڕی هێزداین، به‌ڵكو ئه‌و بیرۆكانه‌مان ئه‌و كاته‌ پێده‌به‌خشێت كه‌ خۆمان زۆر بێ به‌ها و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌بینین، واته‌ بلوخ ئه‌و كاته‌ (ئومێد)مان پێده‌به‌خشێت كه‌ تاریكی باڵی به‌سه‌رماندا كێشاوه‌، كاتیك ته‌واو نائومێد ده‌بین، كاتێك ئیتر بڕوامان وایه‌ تاریكی ناگۆڕێت، بڕوامان وایه‌ كۆتاییمان هاتووه‌، بلوخ دێت به‌ هێزه‌ شاراوه‌كانمان ئاشنامان ده‌كات و (شۆڕشی ئومێد)مان پێ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، بلوخ پێی وایه‌ ئه‌و كاته‌ی پێمان وایه‌ كۆتايیمان هاتووه‌ ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای ئێمه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كان ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ بیر له‌ گۆڕان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ ته‌نها یه‌ك مه‌رجی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بیركردنه‌وه‌ (نا)ی نه‌فی له‌گه‌ڵدابێت، ئه‌و كاته‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین سوبێكت كاری خۆی ده‌كات. ئه‌و كاته‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ (نا)، (نا)ش له‌ بیركردنه‌وه‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو كرداری صه‌یروره‌ و خوڵقاندنی میژوو، كرداری بیركردنه‌وه‌ كاتیك ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بزانێت تاریكی چییه‌ ده‌گاته‌ كرداری صه‌یروره‌، كاتیكیش گه‌یشته‌ صه‌یروره‌ سوبیكت به‌رده‌وام له‌حاڵه‌تی صه‌یروره‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌رده‌وام بوونی صه‌یروره‌ به‌رده‌وام بوونی (نا)یه‌، واته‌ له‌ (نا)یه‌كه‌وه‌ بۆ (نا)یه‌كی تر ده‌ڕۆین، تا وای لێدێت ده‌بێته‌(نا‌)یه‌كی ده‌ینه‌ماكی، ئه‌م ده‌ینه‌ماكی نه‌فی بوونه‌ له‌ شێوازی (هێشتا-نه‌بوو)خۆی مانفێست ده‌كات، هێشتا-نه‌بوو قۆناغێكی گرنگی سوبێكته‌ چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئامانجی سوبێكت خۆی مانفێست ده‌كات، واته‌ هێشتا-نه‌بوو له‌ سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات، كاتێكیش سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات ئامانجه‌كه‌ی ته‌نیا ناژین له‌ پێناو ژیان، یان ناژین له‌ پێناو (ژیانێكی ڕووت)، به‌ڵكو ده‌ژین بۆ به‌هایه‌ك كه‌ له‌ ئه‌سڵدا ژیان بۆ ئه‌و به‌هایه‌یه‌، هه‌‌ر ئه‌و به‌هایه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌مانخاته‌ ناو قه‌له‌قییه‌وه‌، قه‌له‌قی ئه‌وه‌ی به‌ ته‌عبیری بلوخ نه‌گه‌یشتووین به‌ یۆتۆپیای بوونمان. یۆتۆپیا كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (نا) ده‌بێته‌ هێشتا-نه‌بوو، یان نه‌فی ده‌ینه‌ماكی، ده‌ركه‌وتنی یۆتۆپیا جوڵه‌یه‌كی دیالێكتی بۆ ئێمه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و جوڵه‌یه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ داهاتوو، ئه‌م عه‌ملییه‌ی صه‌یروره‌یه‌ هه‌رگیز ناگاته‌ یۆتۆپیا، به‌ڵام لای بلوخ دووباره‌كردنه‌وه‌ی عه‌مه‌لێكه‌ فۆڕمی یۆتۆپیایی وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ ئامانج ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ بگه‌ین به‌ یۆتۆپیا، ئامانج ئه‌وه‌یه‌ له‌ یۆتۆپیا خاڵی نه‌بینینه‌وه‌، واته‌ فۆڕم لێره‌دا یۆتۆپیا نییه‌ به‌ڵكو به‌ره‌و پێشچوونه‌، كه‌واته‌ سوبێكت ده‌چیته‌ ناو سه‌فه‌رێكی نادیار، سه‌فه‌ر له‌سه‌ر سه‌فه‌ر، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ سه‌فه‌رێكی كراوه‌ و نه‌بڕاوه‌ و ئه‌به‌دین، تا وای لێدێت سه‌فه‌ره‌كان، دیالێكته‌كان و نه‌فی ده‌ینه‌ماكیمان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوونمان، واته‌ نابنه‌ له‌ به‌شێك بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ين، به‌ڵكو خۆيان گه‌يشتنن، به‌ڵام گه‌يشتنێكی كۆتادار نا. به‌ كورتی فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ په‌یوه‌ندییه‌، پەیوەندی نێوان هۆشیاری و (هێشتا نەبوو) دەبنە وەزیفەیەكی یۆتۆپی و لە ڕێگای سوبێكته‌وه‌، سوبێكتیش لە ڕێگای (ئەگەرەوە) بەرەو داهاتوو دەڕۆن و دەیناسن، بەڵام بلوخ جیاوازی نێوان دوو (ئەگەر)مان بۆ دەكات. یەكەمیان: ئەگەری نەخۆشی: ئەم حاڵەتەیان بە دیاردەی (زانستی دەروونی) دەناسێت و ئاماژە دەكات كە ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی پاڵنەری دەروونی و تێكچوونی باری كەسی و عەسبێتبوونەوە ڕوودەدات، هەموو بەرەو پێشچوونێك لەم جۆرەیاندا دووبارە بوونەوەی بەرەو پیشچوونەكانی ڕابردووە لەداهاتوودا، بلوخ ئەم جۆرەیانی بە (ئەگەر)ی (گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو) ناو بردووە و بە جۆرێك كە داهاتوو بە درۆزن و هەڵخڵەتێنەر ناو دەبات. جۆری دووەمیان: ئەگەری بەرهەمهێنەر: ئەم جۆرەیان جیاوازییەكی تەواوی لەگەڵ غەریزەدا هەیە و لەكاتی مەرحەلەی گەنجێتی و كاتی هەستكردن بە گۆڕان و ڕەتكردنەوەی واقیعی ئێستادا ڕوودەدات، ئەم ئەگەرەیان بە تەواوی بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا دەكرێتەوە و هەنگاونان بەرەو ئازادی و داهاتووبوون سەرهەڵدەدات، ئەم جۆرەیان هەموو خەونەكانی ڕووی لە داهاتوویە و داهاتوو بە بەهەشت و یۆتۆپیای خۆی دەزانێت، بەڵام دەبێت بزانین خەونی بەرەو پێشچوون جیاوازە لە خەونی گەیشتن بە یۆتۆپیا، خەونی بەرەو پێشچوون ئەو خەونەیە كە داهاتوو بە باشترو جیاوازتر دەزانێت لە واقیعی ئێستا، بەڵام خەونی یۆتۆپیابوون خەونێكی خەیاڵییە و خەونە بە بوونی چیایەكی ئاڵتونی. یەكەمیان حاڵەتێكی واقیعییە و دووەمیان حاڵەتێكی خەیاڵییە، بەڵام پەیوەندی هەردووكیان بەیەكەوە پەیوەندییەكە لە سەر ئەساسی (هێشتا نەبوو) دامەزراوە، (هێشتا نەبوو) بناغەكەی ئەو (نا)یەیە كە پێشتر گوتمان، واتە ئەگەر (نا) نەبوو ئێمە ناتوانین بیر لە (هێشتا نەبوو) بكەینەوە. بەڵام پرۆسەی (نا)یش بناغەیەكی تری هەیە ئەویش هۆشیارییه‌، واتە پرۆسەكە یەك لەدوای یەك دێت و بەبەردەوامیش چونكە ناگەنە یۆتۆپیا خۆیان بە شێوازی جیاواز دووبارە دەكەنەوە، بەڵام (نا) كاتێك چەمكی (هێشتا نەبوو) دەهێنێتە ناو خۆی ئەو كاتە نابێتە كۆتاییه‌كی تەواو، واتە ئەو(نا)یە نابێتە كۆتا (نا) بۆ سوبێكت بەڵكو لەگەڵَ پرۆسەی (نا)ی یەكەم (نا) تەواو خۆی بە وجودێكی تایبەتەوە دەنووسێنێت و بەردەوام لە ڕێگای (هێشتا نەبوو)ی بەردەوامەوە (نا)ی دووبارە سەرهەڵدەدات، ئومێد لێرەدا وادەكات (نا) نەمرێت و ببێتە پرۆسەیەكی بەردەوامی ئەبەدیی بەرەو ئەو شتەی دەمانەوێت، واتە (نا) نە كۆتادارە و نە عەدەم، بەڵكو لەگەڵ شتێكی ئومێدبه‌خش لە پەیوەندیدایە. هەم ئەوەی وادەكات (نا) نەمرێت یان نەبێت عەدەم ئومێده‌ هەم (نا)بوون گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی سەرەتا یان سفر، بەڵكو هەنگاوی تازەیە بەرەو یۆتۆپیا. بلوخ ئاماژە دەكات كە (نا) لە شێوەی (هیشتا نەبوو) خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی (نا) لە شێوازی ڕابردوو نا، بە شێوازی هەمان فیگەر نا، بەڵكو بە شێوازێكی تازە، تازەبوون بەو مانایەی كە ئێمە شوێنی وامان دۆزیوەتەوە كە پێشتر نەدۆزراوەتەوە، كیشوەری وامان بینیوە كە پێشتر ئاشنای نەبووین، چیرۆكی وامان دێتە پێش كە پێشتر نامۆ بووین پێی، جیهانی وامان لێ پەیدا دەبێت كە پێشتر نەبووە، بەڵام دەبێت بڵێن ئەو شوێنەی ئێمە دۆزیمانەتەوە ئەو كیشوەرەی ئێمەی تێداین ئەو جیهانەی كە ئێستا هەیە بە بەردەوامی یۆتۆپیایەكەی ئێمە نییە و شتێكی نوقسانە.

پێنجەم/ ئیزافەی بلوخ بۆ سەر ماركس

ماركس ئیزافەی شۆڕشی بۆ پەراوێزەكان هەبوو، بلوخ ئیزافەی شۆڕشی ئومێد، ئایا بلوخ ماركسی بوو؟ ئایا بۆچوونی لەگەڵ ماركسی كلاسیك یەك بوو؟ پاش داڕوخانی ماركسییەت، بلوخ ئەندامی شیوعی نەبوو، بەڵام خۆی بە ماركسی دەزانی، بلوخ دوای ئەوەی ئاسۆیەكی داهاتووی بۆ نوێگەری فیكری ماركس بەدی كرد و مانفێست كرد، توشی ڕەخنەیەكی توندی ئەندامانی حزبی شیوعی و موفەكیرەكان بوویەوە، ماركسییە فەرمییەكانی بیركردنەوە و فەلسەفەی بلوخیان بە پێچەوانەی ڕۆحی فەلسەفەی ماركس دادەنا، لە ڕاستیدا بلوخ فەلسەفەی مادی بڕۆگرامەكانی لە ماركس وەرگرت، باوەڕێكی تەواوی بەو بیرو باوەڕانە هەبوو وەكو (بیروباوەڕێكی فەلسەفی)، بەڵام بە تەواوەتی دووركەوتەوە لە ڕۆحییەتی فەلسەفە داخراوەكەی ماركس، بلوخ هەوڵیدا دیدگای بنەڕەتی ماركس كۆبكاتەوە بەرامبەر مێژووی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و لەگەڵ رزگاربوونی مرۆڤ كە ڕەگ و ڕیشەكەی دەگەڕاندەوە بۆ كەلتوری شارستانی لەناو كەلتوری شارستانیش بۆ كەلتوری یەهودی مەسیحی.
یەكێك لەو ئیشاكالییە گرنگ و ئاڵوزییانەی كە فەلسەفەی بلوخ دەربارەی (شۆڕشی ئومێد) دەیورژێنێت (لاهوت) و مامەڵكردنە لەگەڵ ئاین، یان دەتوانین بڵێین یەكێك لەو كێشە سەرەكییانەی كە بلوخ دەباتەوە سەر ماركس بۆ ئەوەی ئێستێك بكەین لەگەڵیدا، هەڵوەشانەوەی ئاینە لای ماركس، ئایا بە جدی ئیشی بلوخ كارپێكردنەوەی ئاینە لە فەلسەفەی ماركسییەت؟ ئایا دەتوانین بڵێین (ئومێد) لە دوای (گەشت و دوور و درێژەكەی كەلتوری مرۆڤایەتی) بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام دەبێت بە مەرگی لاهوت كۆتایی بێـت؟ لە ڕاستیدا كاتێ‌ بلوخ هات ئەم كێشەیە واتە كێشەی كەلتور پەیوەست بە ئاینەوە لە گۆڕەپانێكی فراواندا خۆی مانفێست كرد، ئەمەش دەرەئەنجامی گەڕانی بلوخ بوو دەربارەی كەلتوری ڕۆشنبیری، بلوخ هات و لە كەلتور تێگەیشت و بەواتا فراوانەكەی كە مەیدانەكەی فكر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و زانست و ئاینە، هەروەها بلوخ لەسەر ئەساسی ئەم بونیادانە كە ناكرێت خاڵی بكەیتەوە لە مرۆڤ بەرنامەكەی پێشكەش كرد، بلوخ (لاهوت)ی هێنایەوە ناو ماركسییەت، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ترسی لەدوا ڕۆژ هەیە، بلوخ بۆ ئەوەی هێز بداتە ماركس و بلۆریتاریا دەیەویست ئەو جوڵێنەرە ڕۆحییە نادیارە كە ماركس فرامۆشی كردبوو ئەم زیندوویبكاتەوە، ئەوەش ترسی ئەوەی نەك ئەو شۆڕشە (عەقلییە) ی ماركس گومان لە خۆی بكات و نرخی بەهای خۆی نەزانێت، ترسی ئەوەی وەكو خۆی بڕوای بەوە هەبوو ناكرێت مەعریفە بێ (لاهوت)هەبێت، ئەو مەعریفەیەش ناكرێت بێ لاهوت بێت چونكە ئەو كاتە (بلۆریتاریا)سەربكەوێـت دەچێـتە ناو بۆشاییەكی فەلسەفییەوە.




قەیرانی دارایی، یان بازی گەورە بۆ دووركەوتنەی چینەكان … كارا فاتیح

زۆر جار دەیانەوێت، وەك موتڵەقێك ئەوە بخەنە مێشكی هەموامانەوە، گوایە ئەوەی ئێستا هەیە، قەیرانی دارایییە، لە ڕاستییدا ئەگەر شتێك هەبێت ناوی قەیرانی دارایی بێت، لەم دوو ساڵەوە دەست پێ ناكات، بەڵكو سەرتاپای تەمەنی ئەم حاكمانەی ئێستا، هەمووی هەر قەیرانی دارایی بوە، لە هەموو ساڵ و سەردەمە زێڕینەكانی ئەم دەسەڵاتەدا، هیچ كات كاری شاییستە بە ئاسانی دەست نەكەوتوە، هیچ كات دامەزراندن ئاسان نەبوە، هیچ كات هیچ خێزانێك بە تەنها مووچە و تەنانەت دوانیش ژیانێكی شاییستە نەژیاوە و، هیچ كات هۆكارەكانی خۆشگووزەرانی و سەفەر و چارەسەری نەخۆشی و … ئاسان و بەردەست و نەبوون ‌و، بۆ ئەوەی نانبڕاو نەبیت، دەبێت سەركز كاری خۆت بكەیت، گوێ بەو هەموو نادادییەی ئەو شوێنە نەدەیت كە كاری تێدا دەكەیت و هتد…، بۆیە ئەوەی وامان تێدەگەیەنێت قەیرانی دارایی هەر ئەم دوو ساڵە هەبوە و دەستی پێ كردوە و پێشتر خەڵك وەزعی باش بوە، لە ڕاستیدا یان درۆ دەكات، یان زەینی كوێرە و هیچ نابینێ و هیچی بیر نایەت.

ئەگەر تەنها حاكمان بڵێن قەیرانەكە دوو ساڵە دەستی پێ كردوە، ئەوە كێشە نییە و وەك هەموو قسەكانی تریان دەیانەوێت بە پاساو و درۆ و پینە و هەڵخەڵەتاندن كاری خۆیان بەڕێ بكەن، بەڵام ئەگەر خەڵك و قوربانییانی ئەم دۆخە وا بڵێن، ئەمەیان كێشەیە، چونكە مایەی داخە، كە ئەوان نەك هێندە چاوكز بەڵكو دیدەكوێرن، نابینن هێشتا لەم دۆخەدا دەسەڵاتداران بازرگانیی خۆیان هەر گەرمە و ئیشوكار و خۆشگووزەرانییان هەر لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدایە، كەناڵی ئاسمانی بە كوالیتیی بەرز دەكەنەوە، لای ئەوان هەر وەك جاران هیچ خەبەر نییە و سۆپەرماركێت و باڵەخانەی قەشەنگ دەكرێتەوە و كاركردن لە پرۆژەكانیان بە چركەیش ڕاناوەستێت، لە ئاستی سیاسییشدا، لە مامەڵەی شەیتانی نەكەوتوون و قومار لە سەر چارەنووسی خەڵك دەكەن و ڕق و شەڕی ڕاگەیاندن و سیاسەتی ناعەقڵانی و تەنانەت كۆمیدییش بەڕێوە دەبەن، بۆیە بێ ئەوەی پێوست بكات بڵێین، كێ و بۆچی ئەم دۆخەی خوڵقاندوە، بێ دوودڵی پێویستە، وا لەم قۆناغە تێ بگەین، كە جیا لە قەیرانە هەمیشەیییەكەی دارایی ئەوەی هەیە، بازی گەورەیە بۆ دووركەوتنەی چینەكان، بۆ هەڵتەكاندنی ئەو چینەی كە هەر هەژار بوو، بەڵام بە درۆ خۆی ناو نابوو چینی ناوەڕاست، هەر دەستكورت و نەبوو بوو، بەڵام بە سەیارەیەك و كۆمەڵێك مۆدێلاتی ناوماڵ و شوققە و خانوویەكی كۆمپانیاكان خۆی هەڵخەڵەتاندوبوو، بێ ئاگا لەوەی كە ئەو كۆمەڵگا نماییشییەی سەرمایەداریی دروستی كردوە و هەموو تاكێكی كۆمەڵگای تەنها لە سەر گۆڕینی مۆدێلات ڕاهێناوە، كۆمەڵگایەكی مێگەلییە و بۆ قازانجی خۆی درووستی كردوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە بیرخستنەوەیەكی بەرپرسانی سەرمایەدارە بۆ ئەو چینەی بە حیسابی خۆی بە كار و مووچەیەكەوە خۆش دەژی و خانووی هەیە و سەیارەی پێیە و سەفەری وڵاتان دەكات و جلی جوان دەكاتە بەر منداڵەكانی و لە خواردنی خۆش كەمی نییە، ئەوە زەنگێكی سەرمایەدارییە بۆ ئەوان، كە پێیان بڵێن، ئێمە بۆ مونافەسە و قازانجی كۆمپانیاكانمان سەیارەمان بەسەردا ساغ كردیتەوە‌و، بۆ هەمیشە كردمانیت بە خزمەتكاری خۆمان، نەك وا هەست بكەیت سەیارە خزمەتت دەكات و پێت وابێت بە ئاسانی بەنزینت دەست دەكەوێت و بە ئاسوودەیی لێی دەخوڕیت، سەرمایەداران دەڵێن، ئێمە تەنها خانوو یان شووقەیەكی پەڕپووت و ناجائیزت بە بازووی خۆت و بە ڕەنج و عارەقی هەموو تەمەنت پێ ڕەوا دەبینین، نەكەی بیر لەوە بكەیتەوە، پێی گڵاوی خۆت بخەیتە گوندی ئەڵمانی و ئیتالی و ئینگلیزی و خەیاڵی ئەوە بكەیت، دەبیتە خاوەنی ڤێللا و باخی وەك ئەوانەی ئێمە، ئێمە وەك مێگەل و بۆ قازانجی كۆمپانیاكانی خۆمان، بۆ ئەوەی هەمیشە و زوو زوو گیرفانت سفربێتەوە، بۆ یۆنان و دوبەی و قوبرس و بەیرووت و توركیا و جۆرجیا و… هتد، مان ڕەوانە كردیت و چەند دیمەنێكی ئەو وڵاتانەمان پیشان دایت، نەكەیت بە گەمژەیییەكەی خۆت وا بزانی، گەشت و گەڕانت كردوە و لەززەتی بینینی دونیات تاقی كردوەتەوە، ئێمە تەنها بۆ قازانج و جوانكردنی سیستمەكەی خۆمان، قوتابخانە و خەستەخانەمان داناوە، نەكەی تۆی پوسوپۆخڵ، توخنی قوتابخانە و خەستەخانە تایبەتەكانی ئێمە بكەویت…هتد، بە كورتی ئەوان بە چینی بەناو ناوەڕاست دەڵێن، ئەوەندە لە خۆت بگۆڕێ و ئەوەندە خۆت مەناسەرەوە، تا تەنها خزمەتكاری سیستم و تەماحەكانی ئێمە بیت، لەوەو دوا ستوپ.
ئەم دۆخەی ئێستا هەیە قەیرانی دارایی نییە، قەیرانی دارایی لە ژێر سایەی ئەم بەرپرسە تازەپیاكەتە و سەرمایەدارانە ئەزەلی و لەگەڵ تەمەنیاندا ئەبەدییە، ئەم دۆخە تەنها بازێكی گەورەیە بۆ دووركەوتنەوەی چینەكان، فەقیركەوتنی هەژارەكان تا سنووری خۆكوشتن و لە برسا مردن، دەوڵەمەندبوونی سەرمایەداران تا سنووری بوون بە خاوەنی چەكە جیهانییەكان.




ئاو دەزانێ من لە کوێم … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەمجارە کە گەڕامەوە
بمبە بۆ باخی *( عەبە ڕەزا)
لە ژێر پرچی دار گوێزەکان
چیرۆکی کوژرانی درەختم بۆ بگێڕەوە ؟
لە لای گۆلاوی
بەردەم حەوزە شان شکاوەکەی دامنێ
تا پێم بڵێ
کانییەکەی ئەو بەر
چەند ساڵ لەمەو بەر
سووپای لافاو کوشتی

کە سەردانم کردی
بمبە بۆ بەردەمی ماڵی *( خاوەر)
بزانم ڕەنگی دەرگای حەوشەکەیان نەگۆڕاوە
بزانم کۆتری سەر دیوارەکان
وەک جاران گۆرانی دەڵێن
بزانم لاولاوەکان
باوەش دەکەن بە دیواری پیردا و
زەردەپەڕ ماچییان دەکا

کە گەڕامەوە
بمبە بۆ کەبابخانەی *(حەمە گەورە)
تا پڕ بە سییەکانم
هەناسەی دووکەڵی
خەڵوز و گۆشت هەڵبمژم
زەرفێ گێلاسم بدەرێ
بۆنی دایکمی لێ بێ
لە ڕەگەزی ڕەنگ
لە سیحری قژی
ئێوارانی
تاڤگە بچێ

کە هاتمەوە
لە بەر هەیوانی ماڵی
چۆلەکەکان دامنێ
تا وەکوو جاران
گۆرانی *(غەریب مەڕۆم) بۆ بڵێن
لە ماڵی (ڕێحان)
جامێ دۆ و قەسوانی سەوزم بۆ بێنە
کە تامی ڕۆحی مەشکەی (حەلاو) ی لێ بێ
بمبە بۆ ژێر دارسێوەکەی پشتی قەڵاا
تا سەهۆڵی غەریبیم دەتوێتەوە
تێر تەماشایی زەردەپەڕ ی مناڵیم کەم

کە گەڕامەوە
گیرفانی ڕاستم پڕ کە لە چوالە و
لای چەپم لە مێوژ
ئەسپێکی تەختەم بۆ بکڕە
بە هەناسەی مەل
بە پێکەنینی کچ
بە گۆرانی بۆق
بەدەنگی برووسکە
بە فووی با
کار بکا

کە سەردانم کردی
دەستم پڕ کە لە*( نان برنجی) ژیان
قاپێ محەلەبیم لای *( فەرەیدوون )بۆ بکڕە
پڕی بکە لە شیلەی شرووبی بیرەوەری
بمبە بۆ لای *(عەبەی مەڵا)
با سێ لووقمە قازی و
بەشی دوانیووەڕۆیەک
گۆرانی غەریبیم بۆ بڵێ
هەر وەکوو جاران
دەستم بگرە بۆ ماڵی *(دادە مینا)
تا بە چاوی کزەوە
ئایندەی ژیانی پووچم
بۆ بگێڕێتەوە
با پێم بڵێ
ژمارەی بۆقە شەهیدەکانی
*(کانی کوورە) چەند

گەڕامەوە
باسی ئەسپە سپییەکانم بۆ مەکە
پێم مەڵێ
چەند جار گلاون
چ جەلادێکی سەر سنوور کوشتنی
لێم مەپرسە شیعر
خەڵکی کام ڕەچەڵەکی خەیاڵە
بۆ لە مەجلسی سیاسەت ڕادەکا
بۆ چل ساڵ لەگەڵیا ژیام
کۆتایی دەسمایەم
هەناسەی کیسەڵێکی شێت بوو
با بردی و نەگەڕایەوە
پێم مەڵێ چەند گەڵای باخ
قەمەی با سەری بڕی
کام جەلادی زریان کوشتی

گەڕامەوە
باسی سەرۆکە دزەکانی
نیشتمانم بۆ مەکە
پێم مەڵێ بەرەبەیان
سەری دووپشک و
نیوەشەو
ملی بەرانە کێوی دەپەڕێنن
پێم مەڵی وەچەکانیان
ئەسپێ مژەن
قالۆنچەی زێرابن
کرمی میووە و
مڵەی باخ و
گەنەی ئاردن

کە گەڕامەوە
بمبە بۆلای چەمێکی غەریب
تاقی درەختێ دەکەم
بە نووری ژیان
دەست دەگرم بە دیواری شیعرەوە و
پشت دەکەمە گڕی جەنگ
بەرەبەیان دەگرمە باوەشم و
بۆ ئێواران پێدەکەنم
گەر هاتی
ئاو دەزانێ من لە کوێم
نە ئازاری مەل بدە
نە تەم



جەلال عەبدوڵا ساڵح

*ناوەکان بەشێکن لە یادگاری و بیرەوەری مناڵێم.




(دێر)، یان (دێڕ) کاک ئاوات! … هەردی عەلی

خانمە شاعیری رۆژهەڵات (لەیلا وەزیریی) شیعرێکی بڵاوکردەوە لە پاشکۆیەکی ئەدەبی و هونەریی و لە ژمارەی دواتر کاک ئاوات حەسەن ئەمین شتێکی لەسەر بڵاوکردەوە. تا ئێرە ئاساییەو جێی سەرسوڕمان نییە.. بەڵام ئەوەی جێی مەخابنە ئەوەیە کاک ئاوات لە سەرەتاو بەشێکی نووسینەکەیدا نووسیویە “سه‌رنجم چووه‌ سه‌ر ناونیشانی شیعری (دێرتر له‌دێڕ)ی خاتوونی شاعیر له‌یلای وه‌زیری. بێگومان ناونیشان پانتاییه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر داگیر ده‌كات له‌ نه‌خشه‌ی ده‌قدا، ئه‌م ناونیشانه‌ش (دێرتر له‌ دێڕ) جۆره‌ چڕ بوونه‌وه‌یه‌كی به‌ مه‌به‌ستی تیادایه‌ كه‌ دواتر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ شاعیر نایه‌وێت به‌ ئاسانی خۆی بدات به‌ ده‌سته‌وه‌و ده‌قێكی ئاسایی بنووسیت.”
کاک ئاوات سەرسامە بەم ناونیشانە لە کاتێکدا ناونیشانەکەش هەڵەیە و رەنگە لە ئاکامی کەم ئاستی دەستەی نووسەرانی ئەو بڵاوکراوەیەوەو تێنەگەشتن لە شیعرەکەو ناونیشانەکە لە (دێر)ەوە کرابێتە (دێڕ).
خاڵی دووەم بۆ کاک ئاوات ئەوەیە گەر تۆ بەم باسە چووبیتە ناو نووسینەکەتەوەو خاڵی سەرنج بووبێت لات و بتەوێت شتێك لەسەر ئەو شیعرە بنووسیت بۆچی نەهاتوویت ناونیشانەکەمان بۆ شی بکەیتەوەو هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەیت؟
جوانتر وا بوو کاك ئاوات لەو نووسینەدا یەکەم شت بیکردایە ئەم هەڵەیەی راست بکردایەتەوەو لەسەر وشەی (دێر) قسەی بکردایە. ئایا مەبەست لە دێر : درەنگە وەك لە هەندێك ناوچەی کوردستان بەکاردێت یان دێری پەرستگای فەڵەکان یان مه‌به‌ست له‌ دێرینه؟ ‌تاد…… به‌ڵام دڵنیام که‌ (دێڕ) نییه،‌ چونکه‌ خۆی شاعیر له‌ تۆمارکردنی ده‌نگیدا ده‌ڵێت (دێر) پاشان له‌ رووی سیاقی گشتی شیعره‌که‌و ماناکه‌یه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌بێت گه‌ر بڵێت (دێڕ).
ئەم باسە چیرۆکی ئەو پیاوەی یاد خستمەوە کە لە جەنگدابوو و دەیویست نامە بۆ هاوژینەکەی بنووسێت و کەچی خوێندەواری نەبوو، هاوڕێکانی گوتیان چۆن نامە دەنووسیت و خوێندەواریت نییە؟ لە وەڵامدا وتی لێگەڕێن و هیچ خەمتان نەبێت هاوژینەکەم لێی تێدەگات چونکە ئەویش خوێندەواریی نییە.
ئەمەیە حاڵی دواکەوتووی کەلتوورو ئەدەب و هونەر و رۆشنبیریی کوردی ئێستا، نەتەوە بە دەست هەموو دەردەکانەوە دەناڵێنێت و لەسەروو هەمووشیانەوە (جەهل) و ئەوەش دەبێتە دەمڕاستی میللەت دەست دەکات بە جەنگان لەگەڵ مەعریفەت و بڵاوکردنەوەی جەهل، چونکه ڤایرۆس و میکرۆب لە ژینگەی نا تەندروستدا تەشەنە دەکات و دەمێنێتەوە.. راستیان فەرمووە گەر بتەوێت ئاستی پێشکەوتن و هوشیاری و شارستانی هەر میللەتێك بزانیت ئەوا بزانە ئەدەب و هونەریان لە چ ئاستێکدایە!
من قسەم لەسەر ئەوە نییە تا چەند ئەو شیعرە توانیویەتی بە دوای ئەو زمانە پەنهانەی ناو زمانی ئاسایی بگەڕێت و بیدۆزێتەوە! چەندێك پارادۆکسەکان لە شوێنی خۆیاندان یان نا؟ چەندێك تەعبیر لە موعاناتەکانی خودی شاعیرو لاوان و تاکەکانی رۆژهەڵات دەکات لە ژێر تارمایی داگیرکاریداو بزر کردنی ئازادی و ناسنامە! چەندێك وێنەی سوریالی نوێ و سەرنجڕاکێشی تێدا کێشراوە! یاخود بە دیوەکەی تردا چەندێك زمانەکە گرێیاوی و رەکیکە، یان تێکەوتنی هەڵەی ڕێزمانی وەك ئەوەی دەڵێت (قژەکانم ئاڵۆز) کە هەرگیز قژ لە زمانی کوردی و زمانەکانی تریشدا کۆ ناکرێتەوەو هەر دەگوترێت قژم- قژی – قژمان– قژیان، جا گەر یەك تاڵ بێت و یان هەموو تاڵەکان بێت. بەڵام گەر مەبەستی لە هەموو مووەکانی لەشی مرۆڤ بووایە ئەوا ئەو کات کۆ دەکرایەوەو دەگوترا مووەکانم. یان له‌ جێیه‌کی تردا ده‌ڵێت: (بێ مردووه‌ی له‌شم) له‌ بری ئه‌وه‌ی بڵێت: نه‌مردووه‌ی له‌شم..
بە هەرحاڵ من دەستخۆشی لە جیاواز نووسین و ڕوانینی شاعیرو شێوازی نووسینی شیعریی و هەروەها دەستپێشکەری کاک ئاوات دەکەم کە هەستی کرد شیعرێکی باشەو شتێکی لەسەر نووسی.
بەڵام ئەم نووسینەی شاعیری خۆشەویست کاک ئاوات روویەکی نێگەتیڤیشی هەبوو کە ڕێی لە لێکۆڵەرەوان گرت ئەوان وەك پێویست تیشکێکی بخەنە سەرو ئەکادیمیتر لێی بدوێن.




ساڵێكی سه‌خت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی سه‌قه‌ت!!! … نه‌جم محه‌مه‌د

پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا له‌ماوه‌ی 25ساڵی ڕابووردوودا پرۆسه‌یه‌كی ته‌ندروست وخاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ئینسانی نه‌بووه‌وگه‌لێك كه‌م وكوڕی و كێشه‌وگرفت و قه‌یرانی هه‌بووه‌له‌ هه‌مووڕویه‌كه‌وه‌ئه‌م قه‌یرانی داراییه‌ی ئه‌مڕۆش كه‌دووچاری ئه‌م پرۆسه‌یه‌بووه‌ هێنده‌ی تر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ناته‌ندروست ونائینسانی تركردووه‌ وهێنده‌ی تر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی وێران كردووه‌ هه‌ربۆیه‌ئه‌م ساڵی خوێندنی 2016-2017ساڵێكی ئێجگارسه‌خت و قورس وقه‌یراناوی وگران ده‌بێت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌ریمی كوردستاندا كه‌ ئه‌و دۆخه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌بێت و به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ری په‌ك كه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ به‌دوور نازانرێت.
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ خۆی ده‌ردی كه‌م نه‌بوو ئه‌م ده‌رده‌ گه‌وره‌شی هاته‌سه‌ر له‌راِبووردوودا ده‌رده‌كانی پرۆسه‌كه‌ زۆربوون بۆنموونه‌ له‌وانه‌: – بێ‌ باكی وگرنگینه‌دانی ده‌سه‌ڵات وحكومه‌ت به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن و بوونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ناپه‌روه‌رده‌یی ناته‌ندروست ونه‌بوونی فه‌زایه‌كی ئازادودیموكراسیانه‌وسه‌رده‌میانه‌ومرۆیانه‌له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن و دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا به‌رده‌وامی ئازاری جه‌سته‌ی ده‌روونی وپه‌روه‌رده‌نه‌كردنی تاكێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆوپشت به‌خۆبه‌ستوو و خاوه‌ن ماف وئیراده‌ووڕا وشكاندنی شكۆی مامۆستاو قوتابی و خوێندن بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستاوبه‌ڕێوه‌به‌روسه‌رپه‌رشتیارو به‌رپرسی په‌روه‌رده‌یی ده‌سته‌مۆوكۆیله‌و وحیزبی وپه‌یوه‌ندیه‌كی ناته‌ندروست له‌نێوان قوتابی و مامۆستا ومامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌روسه‌رپه‌رشتیارو ژماره‌یه‌كی ئیجگا رزۆری قوتابی كه‌می بینا وخراپی كوالیتی بیناو كێشه‌ی كتێب وخراپی ودواكه‌وتووی مه‌نهه‌ج نه‌بوونی دامه‌زراندن كه‌می مامۆستا چاره‌كه‌ مووچه‌ به‌سێ‌ مانگ جارێ‌ بایكۆت و ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایان زۆری پشوو ته‌زكیه‌و ئینتیمای حیزبی نه‌بوون و كه‌می كارگوزار كێشه‌ی ئاو كاره‌با وگرنگی نه‌دان به‌وانه‌كانی هونه‌رو وه‌رزش وپه‌رواوێزخستنیان دابه‌زاندنی ئاستی زانستی و نه‌بوونی داهێنانی زانستی ئه‌مانه‌و چه‌ندین كێشه‌ی تر به‌رۆكی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی گرتووه‌ .
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌لای منه‌وه‌ له‌گۆمێكی مه‌نگ ووه‌ستاوی ده‌چێ‌ كه‌وه‌خته‌ بۆگه‌ن بكات له‌هه‌مووشی سه‌یرترئه‌وه‌یه‌ هه‌ر به‌ناو پسپۆڕو كادرو به‌رپرسی په‌روه‌رده‌یی ولیژنه‌ی په‌روه‌رده‌یی دێن هه‌ریه‌كه‌وشتێك فڕێ‌ ده‌داته‌ناو ئه‌و گۆمه‌وه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌كێڵگه‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه‌ده‌چی هه‌ریه‌كه‌و ئه‌زمونی خۆی تیدا تاقی ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكیانه‌ و بابه‌تیانه‌ و واقیعیانه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ڕێك وه‌ك چێشتی مجه‌وه‌ری لێ‌ هاتووه‌ من پێكه‌نینم به‌قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ په‌روه‌رده‌یانه‌دێت كه‌ زۆر خۆش خه‌یاڵانه‌و به‌شانازی و ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌ڵێن گۆڕانكاریمان له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا كردووه‌ ئه‌وه‌ی گۆرانكاری له‌واقیعدا تیا كراوه‌ ته‌نها شێوازی تاقیكردنه‌وه‌كان باقی پرۆسه‌كه‌ هه‌رله‌جێ‌ ی خۆیه‌تی وچه‌قی به‌ستووه‌ وفه‌لسه‌فه‌یه‌كی ناپه‌روه‌رده‌یی و ناته‌ندروست باڵی به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندندا كێشاوه‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حیزبیه‌كان له‌پرۆسه‌كه‌دا جێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌كانی په‌روه‌رده‌و سه‌رپه‌ریشتیكردنیان گرتۆته‌وه‌به‌ بێ‌ پرس وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆحیزب ئه‌م دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌یانه‌ ناتوانن وبوێری ئه‌وه‌یان نیه‌ هیچ بكه‌ن گاڵته‌جاڕیه‌كی گه‌وره‌یه‌باس له‌ فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی و گۆڕانكاری په‌روه‌رده‌یی بكه‌یت هه‌ژموونی حیزبایه‌تی باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌دا كێشابێت به‌بێ‌ پرسی حیزب له‌كارگوزارێكه‌وه‌ تا وه‌زیرێك به‌فه‌رمانی حیزب داده‌مه‌زرێ‌ داده‌نرێ‌ لاده‌برێ‌ په‌تای حیزبایه‌تی سه‌راپای جه‌سته‌ی پرۆسه‌كه‌ی نه‌خۆش خستووه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ شتێكی وای له‌حوجره‌كه‌ی جاران زیاتر نیه‌ كه‌ئینسان ته‌نیا تیایا فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین و ژماره‌كان ده‌بێت كه‌من پێم وایه‌ ئینسان ده‌توانێ‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی خوێندندا له‌ خولێَكی فێركردندا زۆر به‌باشی و ئاسانی وخێرایی فێری خوێندن ونووسینی وژماره‌كان وزۆرشتی تربێت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ ته‌نها خوێنده‌واری بێت به‌ڕاسی ئه‌م پرۆسه‌ی خوێندنه‌ی هه‌رێم ڕێك له‌خولی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ده‌چێ‌ نه‌ك پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن.




کێ شارم نیشانده‌دا! … هیوا سه‌عید

کێ شارم نیشاندەدا، ئەوە پرسیارە گەورەکەی ڕەجەبە لە فیلمی هەبوو نەبوو. بەو مانایەی من کەسێکم بزربووم کێ دەستم دەگرێ و دەبێتە بینین بۆ چاوم و ده‌بێته‌ بیستن بۆ گوێم. ئەو کێیە هیچ کەسێکی تر نییە جگە لە زانین کە جه‌سته‌یه‌کی بزربوو دەدۆزێتەوە.
لەو فیلمەدا ڕەجەب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌رده‌ست ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ناچالاک و جێی گاڵتەی ئەوانی تر و مرۆڤە تەوەزەڵەیە کە توانای لێکردنەوەی قلە هەنجیریکی لە دارێک نییە، ئەو هەر دەتوانێ لە بن دارهەنجیرەکە دەمی لێک بکاتەوە بۆئەوەی هەنجیرەکە بەخۆی بکەوێتە ناو ده‌مییه‌وه‌. هەموو ئەوەش بەرهەمی ئەوەیە کە ئەو مرۆڤێک یان مادەیەکە هیچ ئاگاییەکی لە پشتەوە نییە و جەستەیەکە بەبێ عەقڵ، ئه‌گه‌رنا چۆن ئه‌وه‌نده‌ بێ ئیرادەیە و ئەوانی تر ده‌توانن وەکو کەرەستە بەکاری بێنن.
لە شانۆگەری فاوستی گۆتە دکتۆر فاوست لە نوێنەرەکەی شەیتان دەپرسێ سەرەتا وشە هەبوو یان کردار؟ ئەو فیلمەش جارێکی تر ئەو پرسە بەسەر دەکاتەوە و لە یەکەم مەشهەدی کارەکتەرێک دەڵێ سەرەتا هه‌ر وشە هەبوو واتا به‌س ئاگایی هەبوو.
بە بۆچونی هیگڵ سەرەتا مەعریفە و ئاگایی هەیە، ئەوە ئاگاییە مادە دروست دەکا. بە مانای عەقڵ وەکو ئاگایی لەخۆی دەکۆڵێتەوە یان ڕونتر کە بەشێکی عەقڵ لە بەشێکی تری خۆی دەکۆڵێتەوە بۆ نموونە لەخۆی دەپرسی ئەوە منم. لێرەوە ئەو بەشەی بۆتە بابەتی لێکۆلینەوە له‌لایه‌ن بەشەکەی تر وەکو کەرەستەیەک بەکارهێنراوە و نەفیبووه‌، له‌ دواجار دوچاری نامۆبوون دێ. بەڵام کاتێ ئەو بەشەی عەقڵ هۆشیاری بەوە پەیدا دەکا بۆتە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ بەشەکەی تری، چیدی ئەو جۆرە بوونە قەبوڵ ناکا و هەڵدەگەڕێتەوە، واتا ئەمجارە ئەم بەشە بەشەکەی تری عەقڵ نەفی دەکا. بە هەمان شێوە مرۆڤ وەکو سۆبێکتێک لە بەردەم ئۆبێکت یان کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەی کە وەکو هۆکارێک بەکاردەهێنرێ یان وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ له‌خۆی نامۆ دەبێ، پاشان کە هۆشیاری بەو دۆخە پەیدا دەکا لەلایەن ئەوانیترەوە وەکو کەرەستە بەکارهاتووە و نەفیکراوە، ئەمجارە ئه‌م ئەوانیتر نەفی دەکا بەوەی لێیان هەڵدەگەڕێتەوە و یاخی دەبێ.
بەڵام ئەو پرسیارەی لێرە سه‌رهه‌ڵده‌دا ئەگەر مادەیەک هیچ مەعریفەیەکی لە پشتەوە نەبێ یان جەستەیەک عەقڵی تێدا نەبێ ئەو هۆشیارییە لە چییەوە پەیدا دەبێ؟ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ مارکس نموونە به‌و کرێکارە دێنێتەوە کە بەهۆی زۆرکارکردن و کاری زیادەوە دەبێتە مایەی ئەوەی خاوەنکارەکە سەرمایە لەسەریەک کەڵەکە بکا، بەڵام کرێکارەکە له‌به‌ر که‌می ده‌ستهه‌قه‌که‌ی هیچی پێ پاشکەوت ناکرێ، ئیتر هەست بە چەوسانەوەیەک دەکا لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لێیده‌کرێ و پێیوایه‌ وه‌کو ئامێرێک نه‌ک وه‌کو مرۆڤێک به‌کاردێ و نامۆبووه‌. ئینجا لەو هەستکردن بە چەوسانەوەیه‌وه‌ هۆشیاری بە جیاوازی چینایەتی نێوان خۆی و خاوەنکارەکەی پەیدا دەکا. که‌واته‌ هەستکردن بە چەوسانەوەیە وادەکا مادەیەک بێ هەبوونی لە پێشینەی مەعریفە یان جەستەیەکی بێ عەقڵ هۆشیاری تێدا دروست ببێ.
بۆ تاقیکردنەوی ئەو ئەزمونە پاشای وڵاتەکەی ڕەجەب ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم کچەکەی کە ئایا ژیری گرنگترە یان سامان، مه‌به‌ست لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ عەقڵ گرنگترە یان جەستە. سەرەڕای ئەوەش ئەگەر هاتوو لە نێوان پیاو و ژندا ئەو ژیرییە وەکو یەکبوو پێویستە کامیان لیده‌ر بێ و ماڵ به‌ڕێوه‌ ببات؟ کچەکەی پاشا دەڵێ ژیری گرنگترە، له‌ هه‌مان کات ئەگەر ئەو ژیرییە لە نێوان پیاو و ژن یەکسان بوو ئەوکاتە پێویستە ماڵەکە بە هاوبەش و ڕاوێژ به‌ڕێوه‌ببرێت.
پاشای باوک چونکە بڕوای بە موتڵەقیەت و نه‌گۆڕی هەیە و لە ڕێژەیی تێناگا، جەستەی پیاو بە شیاوتر دەزانێ بۆ بەڕێوەبردن. له‌لای ئه‌و با ژن ژیریش بێ هێشتا جەستە ناسک و لاوازەکەی بۆ ئەوە ناشێ بەڕێوەبەرایەتی پێ بسپێردرێ، ئەو واده‌زانێ شتەکان ناگۆڕێن. که‌چی ناسکه نایەوێ بۆ ڕاگرتنی دڵی باوکی بڕوا به‌و بۆچوونه‌ی بکا و وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و لەخۆی نامۆ ببێ، دەڵێ شتەکان ڕێژەیین، به‌ مانای ئه‌وه‌ی مەرج نییە ئەو جەستەی ئێستا توندوتۆڵە هەروەکو خۆی بمێنیتەوە یان بە پێچەوانەوە ئەو عەقڵەی لاوازە گۆڕانی بەسەر دانێ.
لە کۆتایی ئەو ململانێیەی نێوان پاشا و کچه‌که‌ی بەوە تەواو دەبێ وەک سزایەک بۆ کچەکە کە لە بەردەم باوکی هەڵگەڕاوەتەوە پێویستە لە ڕەجەبی بێ عەقڵ مارە بکرێ، یانی ژنێکی ژیر بە جەستەیەکی لاوازەوە لەگەڵ پیاوێک کە تەنیا جەستەی هەیە و دوورە لە ئاگایی پێکه‌وه‌ بژین. له‌لایه‌کی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی ناسکه‌ کچی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدارێک بووه‌ و‌ له‌ ژیانی هه‌میشه‌ وه‌کیه‌ک و دووباره‌ی ماڵی باوکی بێ هیچ کارکردنێک هه‌ر خه‌ریکی خواردن و خواردنه‌وه‌ و نوستن بووه‌، ئه‌م جۆره‌ ژیانه‌ش ئه‌وی بێزار کردووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ که‌ له‌ناو ژیانێکی دووباره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ هه‌ست به‌بوونی کات ناکا و بوونی خۆی له‌ده‌ستده‌دا. بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی بوونیشی پێویسته‌ ژیان بکاته‌ پڕۆژه‌ و کار و داهێنانی تێدا بکا. کچه‌که‌ی پاشاش ده‌مێکه‌ خه‌ون به‌ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌زمونێکی تر له‌ ژیان و له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی شوێنێکی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه‌ ڕزگاری ببێ، به‌و بڕیاره‌ی باوکی ڕازی ده‌بێ و وه‌کو ژنێکی جه‌سته‌ لاواز به‌ڵام ژیر له‌ که‌لاوه‌که‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌بی جه‌سته‌ توند به‌ڵام بێئاگا ده‌ست ده‌کا به‌ چنینی مافور و ژیرییه‌که‌ی خۆی بۆ هونه‌ر و داهێنان به‌کاردێنێ، به‌وکاره‌ی جگه‌ له‌وه‌ی بێزارییه‌که‌ی ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و بوونی خۆی به‌ده‌ست دێنێته‌وه،‌ ڕه‌جه‌بیش وه‌کو هاوبه‌شێک به‌شدار پێده‌کا یان ڕاستتر سود له‌ جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌بیش وه‌کو ماده‌یه‌ک بۆ کڕینی پێداویستی وه‌رده‌گرێ‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌کارهێنانه‌ی جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌ب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌ک له‌لایه‌ن ناسکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌پێناو چاکه‌ی ڕه‌جه‌بیش بێ دیسان بۆ ڕه‌جه‌ب هه‌ر نامۆبوونه‌ و بۆ ناسکه‌ی خاوه‌ن مه‌عریفه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌ تا ئه‌وکاته‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک ته‌ماع له‌ ناسکه‌ ده‌کا و له‌ ڕه‌جه‌بی ده‌دزێ.
ئێستا ڕه‌جه‌ب به‌بێ ناسکه‌ توشی حیرمان و له‌ده‌ستدان هاتووه‌ و که‌سێکی گۆشه‌گیر و به‌جێماو و ته‌نیاکه‌وتووه‌. هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ناهه‌قییه‌ک ده‌کا به‌رانبه‌ری کراوه‌. مرۆڤ له‌ ژیانی گۆشه‌گیری و چونه‌وه‌ناوخۆش هۆشیاری به‌و دۆخه‌ی خۆی په‌یدا ده‌کا و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و ڕه‌جه‌به‌ی که‌ جاران ده‌یپرسی کێ شارم نیشانده‌دا چیتر ئه‌و جه‌سته‌ بێ عه‌قڵه‌ نییه‌، ئیدی ئه‌و جه‌سته‌یه‌کی چالاک و یاخی و خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڵام بۆ چاکه‌یه‌ نه‌ک خراپه‌، بۆیه‌ خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک پیری زانا به‌ناو شاردا زانین ده‌به‌خشێته‌وه‌ و ده‌ڵێ وه‌ره‌ ئێره‌، وه‌ره‌ ئێره‌.. ئه‌وه‌ مام زانایه‌ لێره‌.




شوان عەتووف 4 کورتە فیلم و دوو فیلمی درێژی سینەمایی بەرهەم دەهێنێت

سینەماکاری ناوداری کورد “شوان عەتووف” چوار کورتە فیلم و هەروەها دوو فیلمی درێژی سینەمایی بەرهەم دەهێنێت.
پاش وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە یەکەمین خولی فیستیفاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” و دوای ئەوەی وەکوو ئیگۆی فیستیڤاڵەکە ناسرا، بە پێی بەرنامەرێژیەکی تۆکمە و بە هاوکاریی بەرێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی و کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” و کام پرۆدێکشنی چەند کۆمپانیایەکی بەلجیکی و میسری، سینەماکاری ناسراوی کورد “شوان عەتووف” 4 کورتە فیلم بە ناوەکانی (دەلاک و دونیا) و (ماچەکەی مریەم) و (مانگ و زیندان) و هەروەها (مینا پێدەکەنێ) لەگەڵ دوو فیلمی درێژی سینەمایی بە ناوەکانی (عیسا و شارە غەمگینەکە) و (گۆزەی شکاو) بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وەک رکابەریی کردنی باروودۆخی خراپی ئابووری و چالاک کردنی جوڵەی سینەماییە لە کوردستان.
هەروەها لە پلانی هونەرمەند “شوان عەتووف” دایە کە ئەم پرۆژانە تا سەرەتای ساڵی 2018 کۆتاییان پێ بێنێت.
سینەماکاری کورد “شوان عەتووف” لە دوو ساڵی رابردوودا نووسین و دەرهێنانی بۆ دوو کورتە فیلمی چیرۆکی “ماڵ و کلیل” Home And Key و کورتە فیلمی چیرۆکی “باخەکەی باوکم” My Father’s Garden ئەنجامداوە کە “ماڵ و کلیل” تا ئێستا لە زیاتر لە 50 فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیهان نمایشکراوە و 13 خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە و هەروەها “باخەکەی باوکم”یش لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانی نمایشکراوە لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی “گۆڵفی مۆهر” Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی ئیماڕات، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆتایی تەکساس” TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کامێڕای عەڕەبی” رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا و هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قووڵایی گۆڕەپان” DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا.




توركیا به‌ پشتیوانی بارزانی و سوننه‌ به‌عسییه‌كان ئه‌چێته‌ شه‌ره‌وه‌ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌واڵه‌كانی ناوخۆو جیهانییه‌كان باس له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی شه‌ری موسڵ ئه‌كه‌ن و عێراق داوا ئه‌كات توركیا بگه‌رێته‌وه‌و، ئه‌مریكا هه‌وڵئه‌دات هه‌ردوو وڵات له‌ سه‌ر شه‌ری موسڵ رێكبكه‌ون و رێز له‌ خاكی عێراق بگێرێت ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توركیا سووره‌ له‌ سه‌ر مانه‌وه‌و به‌شداریكردن و، پشت به‌ مه‌سعود بارزانی وسوننه‌ به‌عسییه‌كان به‌ ناوی “” حه‌شدی نیشتمانی”” ویارمه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌رو وڵاتانی كه‌نداو ئه‌به‌ستێت.
ئه‌مریكا سووره‌ له‌ سه‌ر ده‌ستپێكردنی شه‌ری موسڵ و، هه‌وڵئه‌دات جۆرێك له‌ ته‌بایی له‌ نێوان عێراق و توركیاو، حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان و، عه‌ره‌به‌ سوننه‌ به‌عسییه‌كان بێته‌ كایه‌وه‌و، ئه‌مریكا ئه‌یه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی باراك ئۆباما ماڵئاوایی له‌ كۆشكی سپی بكات، سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ری موسڵدا به‌دێبهێنێت و، ئه‌وه‌ش ئه‌بێته‌ هۆیه‌كی گرنگ بۆ سه‌ركه‌وتنی هێلاری كلێنتۆن پاڵێوراوی دیموكراته‌كان له‌ هه‌ڵپژاردنی چاوەڕوانكراوەكەی كۆتایی ئەمساڵ.
توركیا وه‌ك میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ر له‌ دروستبوونییه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی درندانه‌ كه‌وته‌ گرتن و گوشتنی گه‌لان و، بۆ نموونه‌ كوشتنی به‌ كومه‌ڵ (جینۆسایدی) ئه‌رمه‌نه‌كان و، سه‌ركوتكردنی كوردو شۆرشه‌كانی، شۆرشی شیخ سه‌عیدی پیران و، شۆرشی ئاگریداغ و تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ده‌رسیم و، له‌ سه‌ر هه‌مان سیاستدا هیچ رژێمێك له‌ رژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به‌ ئه‌ندازه‌ی رژێمی توركیای كه‌مالی خوێنرێژ هه‌وڵی پاكتاوی نه‌ژادی كوردی نه‌داوه‌و، ته‌نانه‌ت له‌ به‌عسییه‌كان زیاترو زیاتر.
توركیا له‌ دوای راپه‌رێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان و، دروستبوونی‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو جۆرێك دژایه‌تی سیاسی و ئابوری هه‌رێمیان كردو، له‌ پاش روخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی روویكرده‌ سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی كوردستان و، پێش هه‌موو شتێك یارمه‌تیدانی توركه‌كان و، كه‌مه‌ كه‌مه‌ خۆی له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم نزیككرده‌وه‌و، ده‌ستی كرد به‌ ناردنی كۆمپانیای بواره‌كانی خزمه‌تگوزاری و بیناسازی و رێگاوبان.
توركیا له گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان نزیكبووه‌وه‌و، به‌ڵام ده‌ستیكرد به‌ ئۆپەراسیۆنێكی قیزه‌وه‌ن و، سەربازه‌کانی سوپای تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان سەدان گوندو دێھاتیان وێرانكردو، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەش بە بەشداری دەیان ھەزار سەرباز، جەندرمە، پۆلیس، ئاسایش و جەردەوان ( جاش) و، بە بەکارھێنانی سەرجەم جۆرەکانی چەکە قورسەکان و تەکنۆلۆژیای جەنگ و فڕۆکە جەنگییەکان و ھەلیکۆپتەرە سەربازییەکان و تانک و راكێت و تۆپەوە بەڕێوه‌چوو.
رژێمی توركیا سوودی له‌ شه‌ری نگریسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان (پدك) و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ینك) وه‌رگرت و، بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیری پدك هێزی سوپای توركیا سنوری هه‌رێمیان به‌زاندو، له‌ پاش وه‌ستانی شه‌رو، رێكه‌وتنی واشنتۆن له‌ نێوان پدك و ینك سوپای توركیا نه‌كشایه‌وه‌و، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بڵاوه‌ی به‌ هێزه‌كانی كردو، له‌ چه‌ندین شوێن، له‌ ئامێدی و بامه‌رانی و شوێنی دیكه‌ جێگیربوون و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ تۆپ و فرۆكه‌ی جه‌نگی خاكی كوردستان له‌ قه‌ندیل و زاخۆو ئامێدی و شوێنی دیكه‌ ئه‌كوتێ و، ئه‌گه‌ر شه‌ری موسڵ ده‌ستپێبكات، توركیا له‌شكر كێشی بۆ قوڵایی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كات و، به‌ نیازه‌ بگاته‌ ئاواته‌كه‌ی به‌ داگیركردنی كه‌ركوك.
عه‌ربستانی سعودی به‌ ئاشكراو، له‌ سه‌ر زاری عادل ئه‌لجبیر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ پشتیوانی له‌ هێزه‌كه‌ی توركیا له‌ باشیك ئه‌كات، چونكه‌ سیاسه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودی له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی توركیا یه‌كئه‌گرێته‌وه‌و، هه‌ردوو په‌رۆشن و، گوایه‌ رێگه‌ ناده‌ن دیمۆگرافیای موسڵ تێکبدرێت و، به‌رامبه‌ر به‌ ئاخافتنه‌كه‌ی عادل الجبیر، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی عێراق وه‌ڵامیدایه‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ شه‌ر دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) و، له‌ شه‌ری موسڵیشدا رۆڵیان ئه‌بێت و، راشیگه‌یاندووه‌: ئاخافتنه‌كه‌ی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانی سعودی بێ نرخه‌.

توركیا هه‌وڵئه‌دات به‌شدری له‌ شه‌ری مۆسڵدا بكات و، عێراق نایه‌وێت توركیا به‌شداری بكات و، رەنگە سەرەتای شەڕەكە لە نێوان هێزەكانی حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان و، هێزه‌كانی حه‌شدی به‌ناو نیشتمانی سوننەكان دروستبێت و، بەدوایدا وه‌ك مۆدێل و دیكۆره‌كه‌ی راپه‌رینی خه‌ڵكی سوریا، هەندێك گروپی جیهادیی ئیخوان ئه‌الموسلمین و، وهابی و سه‌له‌فی كه‌ لەلایەن توركیا و عه‌ربستانی سعودی و قەتەرەوە ئاماده‌كراون دەست بەسەر هەندێك ناوچه‌دا بگرن و، هێزە شیعەكانیش دەستەوەستان نابن و هەندێك ناوچەی دیكە كۆنترۆڵ ئه‌كه‌ن.
زۆربه‌ی خه‌ڵكی موسڵ عه‌ره‌بی سوننه‌ن و، ژماره‌یه‌كی زۆریش كوردی تیایه‌و، له‌ مێژه‌وه‌ زۆران له‌ نێوان كوردو حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌یه‌و، توركیا په‌یوه‌ندی بته‌وی له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و، ئه‌یه‌وێت له‌و سونگه‌یه‌وه‌ دزه‌ بكات و، به‌شداری بێت له‌ شه‌ری موسڵداو،. بێگومان بۆ توركیا موسڵ تام و چێژی تایبه‌تی هه‌یه‌و، خەونێكی عوسممانلییه‌و، ده‌مێكه‌ هه‌وڵئه‌دات بۆ گه‌یشتن به‌و ئاواته‌.
دوور نییه‌ له‌ پرۆسه‌ی شه‌ری موسڵ، شه‌رێكی چاوه‌روانه‌كراو له‌ نێوان هێزه‌كانی توركیاو، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دروست بێت و، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌رای په‌یوه‌ندی پته‌و له‌ نێوانی به‌رپرسانی هه‌ردوولا هه‌یه‌و، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان به‌ تایبه‌ت ئێران و ئه‌مریكا ناگونجێت و، سیاسه‌تی واشنتۆن پشتگیریكردنه‌ له‌ كوردان و، له‌ به‌ر ئه‌م هۆیه‌ شه‌ری موسڵ دوائه‌كه‌وێت و، زۆر ستم و سه‌خته‌ بزانرێت ده‌سكه‌وتی توركیا له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ چییه و، له‌م كاتانه‌دا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئاماده‌یه‌ شاره‌كه‌ ئازاد بكات و، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دووپاتی ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌غدا سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵمه‌تی ئازادكردنی شاره‌كه‌ ئه‌كات و، بۆ به‌شداریكردن له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا سه‌دان راوێژكار له‌ ئه‌مریكاو وڵاتانی رۆژئاوا هاتوون و، وایان داناوه‌ پرۆسه‌كه‌ كاتێكی درێژی بؤێت.‌
توركیاو عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌رو هه‌ندێ له‌ وڵاتانی كه‌نداو به‌ پاڵبشتی عه‌ره‌به‌ سوننه‌ به‌عسییه‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌شداری بكه‌ن له‌ شه‌ری موسڵدا به‌ بیانووی پاراستنی دیموگراڤیای شاری موسڵ و،به‌لام له‌ راستیدا توركیاو عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌ستیان بۆ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان درێژ كردووه‌و، ئالووده‌ی ده‌ستێوه‌ردانن له‌ وڵاتانی دیكه‌و، له‌ ئێستادا بۆ نموونه‌ عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌ستی له‌ كاروباری یه‌مه‌ن و به‌حرین و عێراق و سوریاو لیبیاوتونس و وڵاتانی ئه‌فریقیا هه‌یه‌و، توركیا و وڵاتانی كه‌نداو پێیان ناخۆش بوو، كاتێك‌ شیعه‌كان توانیان چه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) له‌ تكریت و ئه‌نبارو فه‌للوجه‌و گه‌یاره راوبنێن و، ئه‌و ناوچانه‌ پاك بكرێنه‌وه‌و، كورزی گه‌وره‌ له‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندره‌وه‌كان و تیرۆریستان بسره‌وێنن.
ئه‌مریكا داوای له‌ توركیاو عێراق كرد دان به‌خۆیان بگرن و، قسه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و وڵامه‌كانی حه‌یدر ئه‌لعه‌بادی وه‌لابخه‌ن و، به‌ دوای چاره‌سه‌ر بگه‌رێن و، به‌ پێی وته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ له‌ عێراقدا ئه‌بێت له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێكبكه‌ون و، هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبدات دژی دوژمنی سه‌ره‌كی هاوبه‌ش بێت كه‌ داعشه‌و، وپێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگیرێت.
به‌ هۆی مه‌كرو نازی توركیاوه‌ شه‌ری موسڵ زۆر ئاڵۆز ئه‌بێت و، هه‌ره‌شه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئه‌كات و، دوور نییه‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنی شاره‌كه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعشدایه‌و، له‌م رۆژانه‌دا ده‌ستپێ ئه‌كات ببێته‌ هۆی ناكۆكی عێراق و ئێران و توركیاو، به‌ پێی پسپۆره‌ سه‌ربازییه‌كان توركیا نیازی پرۆسه‌یه‌كی وه‌ك داگیركردنی جه‌رابلوسی سوریا هه‌یه‌و،په‌ره‌ به‌داگیركردنی خاكی عێراق بدات و، ئه‌و كاره‌ش ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان عێراق و توركیا روونتر ئه‌كاته‌وه‌.
توركیا واسه‌یری موسڵ ئه‌كات به‌شێك بێت له‌ خاكی توركیاو، كاتی خۆی ویلایه‌تی موسڵ، یه‌كێك بووه‌ له‌ ویلاته‌كانی ئیمبراتۆرییه‌تی عوسمانی و، له‌ ساڵی 1921 عێراق په‌یدا بوو، موسڵ خرایه‌ سه‌ر عێراق و، له‌ ساڵی 1926 داننرا به‌ سنووری كۆتایی و، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا توركیا هه‌وڵئه‌دات موسڵی بۆ بگه‌رێته‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ خاكه‌كه‌ی و، ئێستا توركیا جێپێی له‌ خاكی عێراق قایم كردووه‌و، یه‌كینه‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌و، سوننه‌ عه‌ره‌به‌كان هاوراو هاوجووتن له‌ گه‌ڵیانداو، هه‌وڵئه‌ده‌ن ببنه‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر شاری موسڵ نه‌گرن و، به‌رپرسانی توركیا شه‌ڵه‌ژاون و، ئه‌ترسن به‌غدا به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر موسڵ بگرێت و، هیزه‌ سوننییه‌كان قاو بده‌ن و، ئه‌گه‌ری پێكدادان له‌ نێوان ئێران و توركیا له‌ موسڵ رووبدات و، هه‌ریه‌ك له‌و دووانه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ئه‌م ناوچه‌ ئیستراتیجییه كه‌ به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بخاته‌ ژێر ركیڤی خۆی.‌
به‌ پێی لێدوانی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ( موسڵ) ترسنۆكی هه‌ڵاتوو ئه‌سیل نوجه‌یفی شه‌ری موسڵ به‌بێ توركیا نابێت و، ناتوانرێت پشتگیری توركیا له‌ شه‌ری ئازادكردنی موسڵدا پشتگۆێ بخرێت و، پێوایه‌ حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان رۆڵیان له‌ شه‌ری موسڵدا نابێت و، رۆڵی سه‌ركی ئه‌مانه‌ن: سوپای عێراق، پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی “”نیشتمانی”” و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و، لێره‌شدا ئه‌م ترسنۆكه‌ له‌ باتی پێشمه‌رگه‌ ئه‌ڵێت كورده‌كان.
ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ شه‌ری موسڵ سوڵتان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان به‌ سه‌رشۆری بگه‌رێته‌وه‌ بۆ توركیا یان جوڵه‌ به‌ هێزه‌كانی نه‌كات و، چاوه‌روانی ده‌رئه‌نجامه‌كانی شه‌ره‌كه‌ بكات و، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ داعش به‌بێ شه‌ر له‌ موسڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌و، ئه‌ڵێن ئه‌مریكاو عه‌ره‌بستانی سعودی رێككه‌وتوون رێگا به‌ره‌و سوریا له‌ رووی چه‌ته‌كان بكرێته‌وه‌و، شه‌ره‌كه‌ بگۆێزنه‌وه‌ بۆ سوریا.
كورد هیوای به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ رێگر بێت له‌ به‌رده‌م هه‌وڵ و ته‌ماحی توركیاو، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵێت توركیا بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بكشێت و، تا توانایان هه‌یه‌ پاڵپشتی هێزه‌كانی سوپای عێراق بن بۆ له‌ناوبردنی داعش.
ئه‌گه‌ر توركیا به‌ره‌و دواوه‌ نه‌كشێته‌وه‌و رێگا خۆش ئه‌كات ئێران به‌ ئاشكرا بێته‌ ناو شه‌ره‌كه‌و، ئه‌و كات لافاوی خۆێن هه‌ڵئه‌چێ و به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆری تیائه‌چێ و، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان بكه‌ونه‌ شه‌ر له‌گه‌ڵ سوننه‌كانی حه‌شدی “” نیشتمانی”” و، كه‌س نازانێت ئاراسته‌كان به‌ره‌و كوێ ئه‌چه‌ن و، له‌م دوو حه‌شده‌ كامیان سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌سئه‌هێنێ و، براوه‌ ئه‌بێت.

15/10/2016




زیکری قەوزە … پێشەوا کاکەیی

قەوزە، غەمگینە.
ڕاڤەی زمانلووسی بۆ مەکەن،
چلکی ئێمەیە، وا لێی نیشتووە!.
*

قەوزە، حیکایەتخوانی نێو ئاوە.
لە داخی ئەو هەموو بوهتانەی بۆق،
بۆ کیسەڵ و ماسی هەڵبەستووە:
ڕیشی بستێک هێشتۆتەوە!.
*

قەوزە، هێندەی زیکر بکات:
ئاگای لێ نییە، ڕیشی چەند درێژ بووە.
ماسییش نازانێت،
ئەم نوورە، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە!.
*

قەوزە، وەک سۆفییەک لە نێو چەمەنزارەکاندا:
خەریکی سەڵاوات لێدانە، لەسەر دڵۆپە ئاو.
کەچی دەبەنگی وەها هەیە، دەڵێت:
ئەو وشکەسۆفییە، چ دەکات لە نێو زۆنگاو!.
*

قەوزە، ڕیشەی ناچێتەوە سەر پونگ و ڕێحانە.
بە تەنیا منداڵی ئاویش نییە:
بەرد، بە باوکی خۆی تەماشا نەکات و،
بە هەتیویی بسوڕێتەوە!.
*

کووزەڵە، هەمیشە دەمەقڕەیەتی لەگەڵ قەوزە
ئەوەچییە، ڕەنگی لەو نزیکە.
قەوزە، چ بکات لەدەست شوێن، کە کووزەڵە:
هاتووە، خۆی لە لای ئاو خزاندووە!.
*

قەوزە، حەزی لە هیچ عەترێک نییە
هێندە دڵناسکە:
هەموو ڕۆژێک دڵی دەڕەنجێت،
بە دەست بۆنی نەعناوە!.
*

تشرینی یەکەمی ٢٠١٦




لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با -2-… ڕزگار حەمە ڕەشید

بەشی دووەم
٢-٢

کاتێك چوار سندوق لە لایەن ئەم گرووپە خەمخۆرەی شانۆی ئێمەوە نمایش کرا، کۆمەڵێك گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو کە شایانی لەسەر وەستان و لێپێچینەوەیە. ئەمەش لەبەر کۆمەڵێك هۆ:
١/ بەشدارانی ئەم نمایشە بە بەشێك لە بزوتنەوەی جاددی شانۆی ئێمە ئەژمار دەکرێن.
٢/ قسەکردن لەسەر شێواز و هۆکارەکانی دەستکاریکردنی ئەم تێکستە، پەلکێشمان دەکات بۆ گفتوگۆیەکی زۆر پێویست دەربارەی شانۆو بینەر، کە ئێستا لێرەو لەوێ لەنێو شانۆکاراندا قسەی لەسەر دەکرێت و یەکێکە لە پرسیارە چارەنوسسازەکان بۆ ئێمە.
لێرەدا هەوڵدەدەم تێبینیەکانم لەو بارەیەوە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە:
١/ مێژووی با جیاواز لە چوار سندوق، بە جۆرێکیتر دەست پێدەکات کە ئەمە سەرلەبەری گوتاری کارە شانۆییەکەی گۆڕیوە. لای بەیزایی سەرەتا قسە لە کێشە و مەترسییە ئانی و پێشبینیکراوەکانیش دەکرێت، بەر لەوەی بڕیاری دروستکردنی داهۆڵەکەیان دابێت. بەڵام لە مێژووی با دا ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بەرجەستە دەکرێت و تا ڕاددەیەکی زۆر بۆ ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو دروستی دەکەن. جیاوازی بنەچەیی ئەم دوو تێڕوانینە لێرەدا ئەوەیە کە یەکەمیان نکوڵی لە بوونی کێشە مێژووییەکانی مرۆڤایەتی ناکات و لەسەر ئەو مێژووەوە دەیەوێت ئەوەی لە ڕابردوودا ماکیاژ کراوەو داهێنانی تیادا کراوە، لە شێوەو ناوی دەسەڵات و ئیتیكەکاندا بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بەڵام لە دووەمیاندا جۆرێك لە ئاسوودەیی و ئارامی بەرجەستە دەکرێت کە لەزۆر شوێندا هەستدەکەیت ئەمانە وەك یارییەك داهۆڵەکە دروست دەکەن و توانای خۆیانی تیادا تاقیدەکەنەوە. بەو پێیە، ئەمان هەڵەی هەڵبژاردنی یاریەکە دەخەنە ژێر ڕەخنەوە نەك خودی ڕوداوە واقیعیەکە. لە نمایشەکەدا ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵ وەك ژیانێکی ئاسایی و خۆشگوزەران بەرجەستە دەکرێت، بەڵام لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەدا کێشە و ململانێ مرۆییەکان بەشێکن لە ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵەکە.
shano
٢/ لە تێکستەکەدا ڕەنگەکان بەپێی کارەکتەرەکان دابەشکراون، بەڵام لە نمایشەکەدا ڕەنگەکان یەکانگیر کراونەتەوە لەگەڵ مانا لۆکاڵیە حیزبیەکاندا. لای بەیزایی کارەکتەری ڕەنگەکان هەمان واتاکانی خودی ڕەنگەکانیان هەڵگرتووە،بەمجۆرە:
سور: نوێنەری کەسێکی بازرگانی سودپەرست و سازشکار و هەلپەرستە کە بە ئاشکرا مل بۆ دەسەڵات دادەنەوێنێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکاتەوە.
سوردەڵێ: من لە بازرگانێکی بێکەڵك زیاتر هیچیتر نیم.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم هەر وەك بازرگانێکی بێکەڵك بمێنیتەوە
سور: خوایە گیان چ بەخشندەییەکە، ڕێگەم بدە دەستت ماچ بکەم. ( دواتر قاچی پێ ماچ دەکات)
کارەکتەری سەوز نوێنەری مرۆڤی ئایینی ڕیاکار و زانای درۆزنە کە ئایینی کردووە بە دوکانێك و بەرژەوەندیەکانی خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.
زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە (لینینیانە، وردەبۆرژوا) کە هەرجارەو بەجۆرێك دەردەکەون ، جارێك دژی دەسەڵاتە و جارێك لەگەڵیایەتی.خزمەتی دەکات و مەرایی بۆ دەکات. لە چوار سندوقدا زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە تا ئەو شوێنەی مەترسی لەسەر ژیانیان نییە ناڕازین، بەڵام هەر کە هەستیان بە مەترسیکرد دەگەڕێنەوە ژێرباڵی دەسەڵات بەڵام هەوڵدەدەن خۆیان ئاشکرا نەکەن. ئەوانە نەك مەترسی نین بۆ سەر داهۆڵ، بەڵکو ئەو خزمەتەی بەوان دەکرێت ڕەنگە بە دەست وقاچەکانی داهۆڵ خۆی نەکرێت. داهۆڵ بە ئاشکرا پێیدەڵێت کە خۆشحاڵە بەو ناڕەزایەتیانەی ئەو.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم دوژمنی من بیت، ئەوە غرورم تێر دەکات.

shano2

ڕەش نوێنەری حەشامات و خەڵکی بەشمەینەتی کۆمەڵگایە، هەڵبژاردنی ڕەنگەکەش بۆ گوزارشتکردنە لە چارەڕەشی خەڵکی بەشمەینەت و مرۆڤە زوڵملێکراوو بەشخوراوەکان. کارەکتەری ڕەش زمانێکی توند و تیژی هەیە و بێڕەحمانە دەسەڵات دەداتە بەر ڕەخنە. لە ڕوکەشدا گێل دیارە، بەڵام مافەکانی خۆی دەزانێت و کە دەکەوێتە سەر پێی خۆی، خاوەنی قسەی خۆیەتی، بۆیە لە تێکستەکەی بەیزاییدا بە تەنیا ئەو سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە، ڕەش: من ئێستا هەم، من ئێستا هەم. بەمەش شانۆگەریەکەی بەیزایی تەواو دەبێت.
تێکستەکە هەرچەند سیاسییەو سادە دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری چەندین پرسیاری قووڵیشە. بەڵام نمایشی مێژووی با تێکستەکەی سادەتر کردبووەوە، وەك باسمکرد هەموو مانایەکی لە ڕەنگەکان داماڵێبوو وە کردبوونی بە ڕەنگی باوی حیزبەکانی ئێرە، هەر بۆیەش ڕەنگی ڕەشیان گۆڕیبوو بە سپی، تا چوار ڕەنگە سەرەکیەکەی حیزبەکانی باشوور بخاتە ڕوو. ئەمەیە کە دەڵێم سەرلەبەری گوتاری تێکستەکەیان گۆڕیوە. ئەمە کۆمەڵێك ئیشکالیاتی تریشی بەدوای خۆیدا هێنابوو، هەموو کارەکتەرەکانیتر پیاو بوون تەنها ڕەش، نوێنەری ڕەشەخەڵکەکە نەبێت، ئەویش بە بەرگێکی پیاوانەوە. بە بڕوای من ئەم ئایرۆنیەتە لەناو کۆنتێکستی نمایشەکەدا هەنگاوێك لە تێگەشتنی باو نەچووبووە پێشەوە (لە پەیوەند بە جێگەو ڕێگەی مێینەوە لە کۆمەڵگادا)، بە مانای ستریۆتایپ، مەبەستم ئەو پێناسانەیە کە لە تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگادا سەپێنراون بەسەر مێینەدا و پێناسەی مێینەی پێدەکەن وەك بێدەسەڵات و گێل و بێ کارەکتەر و بێبڕیار و نا بەرپرسیار و..هتد ڕەشە خەڵك وەك مێینەیەك بەو پێناسانەوە دەبێتە یەکەم کەس کە بێ بیرکردنەوە سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و دواتر یەك یەك بەدوای ئەوانیتردا ڕادەکات و لێیان دەپاڕێتەوە بەجێی نەهێڵن و ئەوانیش سندوقەکانی خۆیان بشکێنن. کە یەکێکیان پەشیمان دەبێتەوە، ئەو کارەکتەرە هەڵەشەیە دۆشدادەمێنیت و دادەنیشێت و بیر لە هەڵەکەی خۆی دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکان دەشکێنن. جیاوازی ئەم هەڵوێستەی کارەکتەری ڕەش لە نمایشەکەدا لەگەڵ تێکستەکەی بەیزاییدا، پەیوەندی بەو ئیرادە ئازاد و بەرپرسیارەوە هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە لەگەڵ پێدراوە سەپێنراوەکاندا. بەیزایی هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە بەرجەستە بکات کە هیچ یەك لە چین و توێژە ئۆپۆرتۆنیستەکان کە لە بەرژەوەندی دەستکەوت و سوودە تایبەتیەکانی خۆیانەوە ڕەنگە خۆیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بکەن، تا کۆتایی نامێننەوەو لە کوێدا دەستکەوتەکانی خۆیان کەوتە ژێر مەترسیەوە لەوێدا پاشەکشە دەکەن. بەڵام لە نمایشەکەدا هەریەك لەو دوودڵی و ترس و دوورەپەرێزی و پاشەکشانە بیانووی بۆ دەدۆزرێتەوەو لە دووبارە بوونەوەو داوای بەردەوامدا ( بیشکێنە بیشکێنە…) ئەو باڵە سیاسیانە یەکدەگرن و بە هەموویان کۆتایی بە تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزم و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنن.
کێشەیەکیتری ئەم کارەکتەرە مێینەیە کە بەرگی پیاوی لەبەردایە، ئەوەیە کە زۆر هەڵسوکەوتی پیاوانەش دەکات. بوونی کارەکتەرێکی مێینە لەناو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا دەمانگوازێتەوە بۆ خوێندنەوەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا. نمایشکردنی ئەو کارەکتەرە لەو فۆرمەدا بەتەواوی لەگەڵ ئەو تێڕوانینە پاتریارکیەدا یەکانگیر دەبێتەوە کە پێیان وایە ئەگەر مێینە بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکاتەوە ئەوە لاسایی پیاو دەکاتەوە. ئەو تێڕوانینەی هەر لە شەپۆلی یەکەمی فەمێنیزمەوە ڕوبەڕووی فەمێنیستەکان دەبووەوەو وەك کۆمەڵێك ژنی تووڕە ناوزەد دەکران کە دەیانەوێت لاسایی پیاو بکەنەوە و بگەنە مەرتەبەی پیاو، ئەمە وەك نوکتەیەکی هەرزانی کۆمەڵگای پاتریارکی تا ئێستاش لە زۆر شوێندا بەردەوامە.

shano3

دواتر لە تێکستەکەی بەیزاییدا ڕەش سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و ئەوانیتر خۆیان دەخزێننەوە ناو سندوقەکان، ڕەش بە تەنیا بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێت و هاوار دەکات:
ڕەش: من ئێستا هەم، ئێستا هەم.
ئەمە بوونێکی فیعلییە. ساتەوەختێکە کە مرۆڤ بە فیعلی مومارەسەی بوون دەکات، ڕەوانە کردنیکە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی مرۆڤی کۆیلەو مرۆڤی ئازاد، ئەوەی دەڵێن مرۆڤە ئازادەکان بە پێوە دەمردن و لەسەر چۆك ناژین. ئەم ساتەی تێکستەکە ئەوەمان دێنێتەوە بەرچاو کە مرۆڤ بەبێ ئازادی، یان بڵێین بە ملکەچی، لە بووندا نییە، مردوویەکە لەناو ژیاندا چونکە کارەکتەری نییە. ئەمە پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی گرنگە لە تێکستەکەدا. مرۆڤ کاتێك دەتوانێت مومارەسەی فیعلی بوون بکات کە خاوەن کارەکتەرە، کە ئیرادەی هەیە و ئازادە و بەرپرسیارە لە هەڵوێستەکانی خۆی. ئەو کارەکتەرە ئۆپۆرتۆنیست و بەرژەوەندخواز و ڕیاکار و سازشکارانە ناتوانن سندوقەکانی خۆیان بشکێنن، ئەوانە کۆیلەکانی بوونێکی سەپێنراون. بەڵام لە نمایشەکەدا، چونکە بە لۆژیکی ئێستا و ئێرەیەکی سادە داڕێژراوەتەوە، بەو لۆژیکەی کە بۆ ئەوەی ببینەران بە شانۆ ئاشتبکەینەوە دەبێت بە پێی میزاج و داخوازیەکانی ئەوان کار بکەین! (کە ئەمە بابەتێکی گرنگە و هەوڵدەدەم لە نوسینێکی سەربەخۆدا قسەی لەسەر بکەم) هەموو ڕوداوەکانی نمایشەکەش بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکانی خۆیان دەشکێنن.
لە کۆتایی ئەم بەشەی قسەکانی خۆمدا، هیوای بەردەوامی بۆ ئەو گرووپە ئازیزە دەخوازم و هیوادارم لە پشکنین و شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی شانۆ و بینەر بەردەوام بن. بە ئومێدی ئەوەی کارەکانی داهاتوویان تیۆر و ڕەخنەی جددیتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.




گفتو گۆ لەگەڵ شاعیر بەرزان هەستیار …. ئامادەکردنی: شاخەوان سدیق

به‌رزان هه‌ستیار:”له‌ ئه‌ده‌بی هه‌موو دنیادا لێكچوون هه‌یه‌ و كه‌سیش وه‌ك هه‌ندێ نووسه‌ری لای ئێمه‌ نه‌یكردووه‌ به‌هه‌را”
ئا/ شاخه‌وان سدیق

به‌رزان هه‌ستیار یه‌كێكه‌ له‌ نه‌وه‌ی هه‌شتاكانی ده‌نگی شیعری كوردی ‌و هه‌میشه‌ به‌شیعره‌ سه‌رنج ڕاكێش‌و پرسیاره‌ جدییه‌كانی ڕامانده‌كێشێته‌ ناو دنیای تێكسته‌كانی هه‌روه‌ك (به‌ختیار علی)له‌ نوسینێكدا ده‌ڵێت” قه‌سیده‌ی دڕێژی به‌رزان هه‌وڵێكی زۆری تێدایه‌ بۆ چربوونه‌وه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مانا له‌یه‌ك وێنه‌ی خێرادا بۆ گوتنی مانای قوڵ به‌ وشه‌ی كه‌م له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ تێڕامانێكی بێوچان له‌ مردن و شكست و ته‌نیای هه‌یه‌ له‌ زۆر جێگادا خه‌مگینه‌، جۆره‌ هه‌ستێكی بینینی ته‌نیای تێدایه‌ به‌ قه‌ده‌رخۆی وه‌ك مرۆڤ، هه‌ستێكی پوچ به‌ژیان كه‌ ده‌گاته‌ پله‌ی گاڵته‌كردن به‌ زمان و به‌ ئینسانیش خه‌یاڵی به‌رزان له‌خزمه‌ت نیگه‌رانیه‌ ڕۆحیه‌كه‌یدایه‌ ئه‌و خه‌مه‌ تاریكه‌ی ناوه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌یه‌وێت ببێته‌ ده‌روازه‌ی تێڕامان و كه‌ره‌سته‌ی دروست كردنی مانا” هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستم زانی بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ دنیابینی به‌رزان ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ سازبده‌م.

پ/ هه‌میشه‌ ده‌وترت نوسین به‌ شێكه‌ له‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی شكسته‌كانی ئینسان ئه‌و شكستانه‌ی كه‌ نه‌ی توانیوه‌ به‌ سه‌ریاندا زاڵ بت یان نوسین پڕكردنه‌وه‌ی نه‌قسه‌كانی ئینسانه‌. لای تۆ نوسین هه‌ستكردن به‌نه‌قس بوو؟ یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شكسته‌كانت؟ یان هیچ كام له‌مانه‌ نه‌بوو؟ مه‌به‌ستمه‌ بڵێم دوای ئه‌مانه‌ تۆ بۆ ئه‌نوسی؟؟

وه‌/ ئه‌گه‌ر به‌وردیی له‌ پرسیاره‌كه‌ت وردببمه‌وه‌، ئه‌توانم بلێَم تا ڕاده‌یه‌كی زۆرخۆی له‌ ناوخۆیدا به‌شێكی زۆری وه‌ڵامه‌كه‌شی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ واتایه‌كیتر ده‌مه‌وت بڵێم پرۆسه‌ی نووسین لای من هه‌ندێك جار وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ قورسانه‌یه‌ كه‌ تا سه‌ر ئێسقان به‌سه‌ر خۆمدا ده‌مشكننه‌وه‌ و هه‌ندێكجاریش پێش ئه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه‌ی شكستێك ڕووبدات هه‌ستی پێده‌كه‌م و گه‌ره‌كمه‌ له‌ ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ به‌ربه‌وشكسته‌ بگرم، كه‌واته‌ چاكتر وایه‌ هه‌میشه‌ خۆم له‌ نووسین نزیك بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جۆرێكی وا، نه‌بم به‌ّژێر باری شكست و مه‌ینه‌ته‌كانه‌وه‌ كه‌ بوارێكم نه‌مێنێت بۆ هه‌ناسه‌دان. ده‌نووسم، ده‌نووسم، ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی “تا ئه‌و دووچڵ ڕێحانه‌ی ژیانه‌م بۆنیان بێت ” منیش ده‌ست له‌ دیواره‌كانی “بوون” بده‌م. ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام لاولاوی عیشقێك به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م چۆڵ نه‌كات. پێش هه‌موو شكست و دوای هه‌موو داڕمانێك ده‌نووسم، نه‌وه‌ك بێده‌نگیی لاڵم بكات.

پ/ له‌ شیعره‌كانتا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌یرئه‌بینم بۆ مناڵی و هه‌ست به‌ بوونی ترسكی گه‌وره‌ش له‌ پیری. پێم خۆشه‌ بزانم ئه‌م دوو پرسه‌ چی ئه‌گه‌یه‌نن له‌ ژیانی تۆداو ده‌ته‌وت ئه‌م دوو هاوكشیه‌ چۆن هاوسه‌نگ بكه‌یت.؟؟؟؟

وه‌/ من وای ده‌بینم كه‌ كه‌مكه‌س له‌ ئێمه‌ منداڵیی خۆی بینیبێت و یان هیچ نه‌بێت ڕێژه‌یه‌كی كه‌می له‌ خولیاو ئاره‌زووه‌كانی منداڵیی بۆ هاتبێته‌دی، منداڵیی لای من ئه‌و بناغه‌ پته‌و و سه‌نگینه‌یه‌ كه‌ دواترده‌كرێت هه‌موو كێشی ته‌مه‌نی بخرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ منداڵیی زۆربه‌ی زۆرمان منداڵییه‌كی شه‌رمن و له‌رزۆكه‌، منداڵییه‌ك كه‌ به‌ مانای ووشه‌ له‌ هه‌موو ماناكانی منداڵیی به‌ده‌ر بووه‌، به‌ كوردی و به‌ كورتیی ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك منداڵی پیرو چاوكز بووین. بیرم دێت هه‌ر كات میوانێكمان بهاتایه‌ ده‌بوایه‌ وه‌ك گه‌وره‌كان به‌خێرهاتنی بكه‌ین و به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین و له‌به‌رده‌م میوانیشدا ده‌بوایه‌”پیاوانه‌ ” خۆمان پیشان بدایه‌و گه‌رده‌میشمان بكردایه‌وه‌ ده‌بوایه‌ وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك بدوێین كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ی منداڵ زۆر سه‌خت بوو.
من ده‌ڵێم ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ منداڵ ئاسایی بووبێت، ئه‌ویش به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بابوباپیرانی ئێمه‌ خاوه‌نی ڕۆشنبیرییه‌كی ئه‌و تۆ نه‌بوون و دابونه‌ریتیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ڕێپێداون كه‌ به‌و چه‌شنه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵدا بكه‌ن.
من حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌دا شتێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌ ، ئه‌و كاته‌ی له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی پیره‌مه‌گروون بووم، ڕۆژێكیان كه‌ له‌ قوتابخانه‌ هاتینه‌ده‌رێ له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌دا كوڕێكی دراوسێی خۆمانم بینی كه‌ هاورێی گه‌ڕه‌كم بوو، هه‌ر كه‌ سڵاومان له‌یه‌ك كردپێی وتم بڕۆ بۆ ماڵه‌وه‌ باوكت پاسكیلی بۆ كڕیویت ، ئیتر من به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێبپرسم له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌وه‌ هه‌تاماڵه‌وه‌ به‌ڕاكردن ڕۆیشتمه‌وه‌و هه‌ر كه‌خۆم كرد به‌ ماڵه‌وه‌دا و خوشكێكمم له‌ حه‌وشه‌بینی وتم كواپاسكیله‌كه‌م؟ ئه‌ویش هه‌ر زۆر به‌ ساردیی وتی پاسكیلی چی؟ ئیتر من به‌و منداڵییه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتم كه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌كم ته‌نها به‌ گاڵته‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێ وتووم، من ئێستاش ڕووخساری ئه‌و هاوڕێیه‌ی منداڵییمم له‌به‌رچاوه‌ ، كه‌ له‌یه‌ك ڕۆژداتووشی دووحالََّه‌تی جیاوازی كردم، حاڵه‌تێكیان ئه‌و هه‌موو كامه‌رانییه‌بوو كه‌هه‌تا گه‌یشتمه‌ماڵه‌وه‌ خه‌ریك بوو باڵ ده‌ركه‌م، حاڵه‌ته‌كه‌ی تریش ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ گه‌یشتنه‌ ماڵه‌وه‌م و پرسیاركردنم له‌ پاسكیله‌كه‌ تووشی ناخۆشترین و تاڵتریت شكستیكردم، جا ئیتر ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ نائومێدییه‌كانی منداڵیی، بۆیه‌ هه‌رسات كه‌ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كۆڵانه‌كانی منداڵیی، نامه‌وێت ئه‌و كۆڵانانه‌ببن كه‌ پڕبوون له‌ تاریكیی، ده‌مه‌وێت منداڵیه‌ك بێت كه‌ به‌ڕاستیی تام و چێژی خۆیم پێببه‌خشێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جاریش هه‌موو كۆڵانه‌ تاریكه‌كانیم له‌ ده‌روازه‌كانی پیریی پێ خۆشتره‌.

پ/ به‌داخه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ بچوك بوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌بری باسكردن له‌ ناوه‌رۆك و ته‌كنیك و بابه‌ت و زمان له‌ ده‌ق دا باس له‌ له‌یه‌كچون ودزی و لاسایكردنه‌وه‌ ده‌كرت. تۆ پتوایه‌ هیچ ده‌قێك هه‌بێت له‌دنیادا ته‌ئسیری ده‌قێكی پێش خۆی له‌سه‌ر نه‌بێت؟ یان ئه‌م باسكردن له‌ له‌یه‌ك چوون ودزیه‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆی ئێمه‌ دا لای تۆ چی ئه‌گه‌یه‌نت؟؟؟؟

وه‌/ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و وته‌زایه‌ت بیستووه‌ كه‌ده‌ڵێت ” شێرچییه‌، جگه‌ له‌چه‌ند ئاژه‌ڵێكی هه‌رسكراو؟” ئه‌مه‌ ڕاسته‌وڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بدا ده‌گونجێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ته‌نها ده‌وروخولی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ بزانن كامه‌ دێڕی فڵان نووسه‌ر دووراو دوور ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر دێڕی فڵانه‌ نووسه‌ری ترو تا بۆیان بكرێت خۆیان له‌ هه‌موو شته‌ جوانه‌كانی ناو ده‌قه‌كه‌ به‌دوورده‌گرن و زۆرجاریش له‌ بێ سه‌وادییاندا له‌بواری ڕه‌خنه‌دا په‌نابۆ ئه‌وجۆره‌ شتانه‌ ده‌به‌ن و ئامانجیشیان ته‌نها دروستكردنی تۆمه‌تێكی بێ بنه‌مایه‌ بۆ نووسه‌ره‌كه‌، تۆپێم بڵێ كام له‌وبوختان دروستكه‌رانه‌، خۆیان، وتارێك، یان به‌رهه‌مێكی ناوازه‌یان پێشكه‌ش به‌خوێنه‌ری كورد كردووه‌؟ من نكووڵی له‌وه‌ناكه‌م كه‌ هه‌ندێ به‌رهه‌م نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ریی به‌رهه‌مێكی پێش خۆی له‌سه‌ره‌و بگره‌ هه‌ندێ جاریش گواستنه‌وه‌ی ده‌قاوده‌قی به‌رهه‌می كه‌سێكیتره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت تۆ بێیت و له‌ هه‌رشوێنێك بینیت، بۆ نمونه‌من باسی” مردن “م كردووه‌ و پێش منیش كه‌سێكی تر باسی له‌ گۆشه‌ نیگایه‌كی جیاوازتر و به‌ كه‌ره‌سته‌ی ته‌واو جیاله‌ من باسی مردنی كردبێت، ئیتر تۆ من به‌وه‌ تاوانباربكه‌یت كه‌ من ماڵی ئه‌وم تاڵان كردووه‌.
من له‌ چه‌ند جێیه‌كی تریش باسی ئه‌و په‌تایه‌م كردووه‌ و زۆریش به‌وه‌ نیگه‌رانم كه‌ ده‌بینم مه‌یدانی ڕه‌خنه‌ی كوردی زۆرێك له‌و چه‌شنه‌ نووسه‌ره‌ ده‌ستو پێ سپییانه‌ی تێ ڕژاوه‌ و ڕه‌نگه‌ سه‌رله‌ هه‌ندێك خوێنه‌ری كه‌م ئه‌زموونیش بشێوێنن.
دواجار ده‌مه‌وێت بڵێم له‌ ئه‌ده‌بی هه‌موو دنیادا لێكچوون هه‌یه‌ و كه‌سیش وه‌ك هه‌ندێ نووسه‌ری لای ئێمه‌ نه‌یكردووه‌ به‌وهه‌را و زه‌ناو تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌ری وا هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت لێكچوونێكی به‌رچاو له‌ نێوان هه‌ندێ به‌رهه‌می خۆیشیدا ده‌بینرێت، هه‌ربۆ نموونه‌، نووسه‌رێكی وه‌ك “جه‌لیل قه‌یسی” گه‌ربه‌ هه‌ڵه‌دانه‌چووبم كتێبی”ماڵ ئاوا ئه‌ی شاعیران” كه‌ چه‌ند شانۆنامه‌یه‌كی یه‌ك په‌رده‌ییه‌، كاتێك كه‌ خوێندمه‌وه‌ هه‌ستم كرد زۆربه‌ی شانۆنامه‌كانی هه‌ر له‌ یه‌ك كه‌شدا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و بگره‌ ته‌واولێكیش ده‌چن كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر لای ئێمه‌ ڕووبدات هه‌رئه‌وده‌ست و پێ سپییانه‌ی مه‌یدانی ئه‌ده‌ب ئه‌یكه‌نه‌ڕۆژی حه‌شر ونووسه‌ربه‌وه‌تاوانبارئه‌كه‌ن كه‌ كه‌وتۆته‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ وجوینه‌وه‌ی خۆی. ئیدی مادام تۆ ده‌خوێنیته‌وه‌ و سه‌ر به‌ ئه‌هلی نووسینیشیت، ئه‌وه‌ هه‌رڕووده‌دات كه‌ له‌ شوێنێكدا شتێك بڵێیت و بنووسیت و پێش تۆش ئه‌و شته‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان نزیك له‌وه‌ی تۆ وترابێت یان نووسرابێت. من وه‌ك خۆم ئه‌و جۆره‌ نووسین و نووسه‌رانه‌ هیچ كات نابنه‌ له‌مپه‌رێك له‌به‌ر ده‌ممدا و ئه‌وه‌ی بتوانم ده‌یڵێم و ده‌یبه‌خشمه‌ خوێنه‌ره‌كانم.

پ/ هه‌میشه‌ پرسی مه‌رگ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی شیعری تۆی داگیر كردوه‌. بۆ خۆشی مه‌رگ به‌درێژایی مێژوو یه‌كێك بوه‌ له‌ پرسیاره‌ جدیه‌كان ئه‌مه‌وێت بزانم ترسانته‌ له‌ مه‌رگ و ئاره‌زوو بون و ڕه‌زامه‌ند بوونته‌ له‌ ژیان. به‌رده‌وامی به‌م پرسه‌ داوه‌ لای تۆ؟ یان حه‌زكردنه‌ له‌ نه‌مری و مانه‌وه‌؟ یان تێڕامانته‌ له‌ ژیانی دوای مردن كه‌ ئه‌فلاتونیه‌كان پی ده‌ڵێن ژیانی هه‌تا هه‌تایی؟ یان مه‌رگ لای تۆ و بۆتۆ چیه‌؟؟؟

وه‌/ وادێته‌بیرم جارێكی ترو له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ترداوه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ وردیی دیقه‌تی شیعره‌كانی دیوانی “به‌ ته‌نیشت فه‌نابوونه‌وه‌” بده‌یت له‌وێوه‌به‌ ئاشكرا ئه‌م پرسی مردنه‌ سه‌ر ده‌ردێنێت و پاشانیش له‌ شیعره‌كانی دوای ئه‌و دیوانه‌ و زه‌قتریش له‌ قه‌سیده‌ی “ساڵێك له‌ نیگه‌رانیی “دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.
هه‌ر وه‌ك خۆشت ده‌ڵێیت مه‌رگ به‌ درێژایی مێژوو یه‌كێك بووه‌ له‌ پرسیاره‌جدییه‌كان، به‌ڕای منیش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌ هێنده‌ سانایه‌ ونه‌ده‌كرێت به‌ شیعرێك دوان و ڕۆمانێك و وتارێك وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ لای من ئه‌م پرسیاره‌ به‌چه‌ندین شێوه‌ وگۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌رجاره‌ وبه‌ جۆرێك سه‌نگه‌رم لێده‌گرێت.
من هه‌رگیز وه‌ك پرنسیبێكی نه‌گۆڕمه‌رگم خۆش نه‌ویستووه‌ و هه‌ڵوه‌دای هه‌ڵبژاردن و پێك گه‌یشتن نه‌بووم له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ویستوومه‌ له‌ڕێی باس كردن ولێدوان له‌ مه‌رگ، خۆمی لێ دوورخه‌مه‌وه‌ و جۆره‌ ئازایه‌تییه‌كی شاراوه‌ش له‌ خۆمدا دروست بكه‌م و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌و هه‌موو غه‌دره‌بدوێم كه‌ مه‌رگ ناغافڵانه‌ لێمانی ده‌كات.

پ/ هه‌ندك كه‌س له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانتا پیان وایه‌ تۆ زۆر ره‌ِشبینی و بێهیوای به‌رامبه‌ر به‌ژیان؟ ئایا تۆخۆت هه‌ست به‌مه‌ده‌كه‌یت؟ یان پێتوایه‌ پرسیاركردن له‌ ژیان و ئه‌وه‌ی له‌ ناویدایه‌ به‌ مه‌رگیشه‌وه‌ بۆ خۆی بوونی گه‌شبینی و پرۆژه‌ی جدییه‌ بۆ ژیان؟؟؟؟

وه‌/ نازانم تۆ قه‌ت به‌شه‌و به‌ ناو گۆڕستانێكدا یان به‌ چۆڵه‌وانییه‌كدا ڕۆیشتوویت؟ من خۆم زۆرجار له‌و شوێنانه‌دا له‌ ترساو بۆ ئه‌وه‌ی وره‌یه‌ك بده‌مه‌به‌رخۆم كه‌وتوومه‌ته‌ گۆرانیی وتن وله‌ ناخیشه‌وه‌ ترس بڕستی لێبڕیوم، ئه‌م پرسی مه‌رگه‌ش له‌ شیعره‌كانمدا زۆربه‌ی زۆری هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌,وه‌ك له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشوودا ئیشاره‌تم پێدا، ترسی مردن له‌ خۆم بڕه‌وێنمه‌وه‌، من نامه‌وێت بمرم، وه‌ك چۆن هه‌موو جار كه‌ پرسیارمان له‌ نه‌نكم ده‌كرد كه‌ بۆچی له‌ مردن ده‌ترسێت؟ ئه‌ویش ده‌یوت ئاخر به‌ ته‌نها چی بكه‌م له‌و چاڵه‌تاریكه‌دا؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی نه‌نكم ئه‌گه‌ربه‌ ڕاگوزاریی ته‌ماشای بكه‌یت، ئه‌وه‌نده‌ لای خۆی ڕاتنه‌گرێت، به‌ڵام لای من ئه‌و وه‌ڵامه‌ كۆمه‌ڵێك مانای گه‌وره‌ و سه‌یری له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌.
ڕاسته‌ له‌ هه‌ندێ شیعردا ئه‌و په‌نابردنه‌ به‌ر مه‌رگ هه‌یه‌ وبه‌ تایبه‌تیش له‌ شیعری” ئێواره‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن” دا به‌ڵام له‌ هه‌مان كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خه‌وێكی ناخۆش به‌ ئاگاهاتبمه‌وه‌، سامێكم لێنیشتووه‌ و وتوومه‌به‌س نه‌بووخه‌وبوو !
به‌ واتایه‌كیترو ڕاشكاوانه‌ترده‌مه‌وێت جارێكی تریش دووباره‌ی بكه‌مه‌وه‌ هه‌رگیز نامه‌وێت به‌و كۆڵانانه‌داڕه‌تبم كه‌ مه‌رگ بۆسه‌ی خۆی تیاناونه‌ته‌وه‌، هێشتا زۆرشتماوه‌ بمه‌وێت ده‌ستم بیانگاتێ و هه‌ست به‌له‌زه‌تیان بكه‌م و ڕۆشناییه‌كی تریان پێببه‌خشمه‌به‌ر هه‌یوانی فێنكی ژیان، هه‌ر بۆیه‌ نه‌ده‌مه‌وێت و نه‌ده‌شتوانم واز له‌و پرسیاره‌ جددی و له‌ هه‌مان كاتدا ئاڵۆزانه‌ش بهێنم، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام پرۆژه‌ی ترم ده‌بێت و ئه‌و سه‌ری توونێلی ئه‌و پرسیارانه‌شم لێ دیار نییه‌ .!!!

تیبنی/ ئه‌م دیداره‌ له‌ساڵی 2009 دا سازدراوه‌و له‌ گۆڤاری هه‌ناردا ئه‌و ده‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




مه‌سعود محه‌مه‌د وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی … پ. ی. د. فوئاد ڕه‌شید

پێشه‌كی

هزرڤان و زانایه‌كی وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌د (1919 ـ 2002) له‌ ڕووی ژیانبینی و هزره‌وه‌ خاوه‌نی ڕوانینی خۆی بوو، هاوكات له‌گه‌ڵا ئه‌م تێڕوانینه‌دا توانایه‌كی زانستی فره‌لایه‌نی هه‌بوو، به‌رهه‌مه‌ جیاوازه‌كانی گه‌واهیده‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن.
ئه‌ده‌ب و شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، بوارێكن له‌و بوارانه‌ی كه‌ (مه‌سعود محه‌مه‌د) توانای مه‌عریفییانه‌ی خۆی تێدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ندێ‌ ئه‌دگاری كه‌سایه‌تی ناوبراو وه‌كو ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی بخه‌ینه‌ڕوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسینه‌كه‌مان به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ردا دابه‌شكردووه‌.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ناساندن و خستنه‌ڕووی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ـ په‌یوه‌ندن به‌ دنیای ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌ری دووه‌مدا، هه‌وڵمانداوه‌ له‌ ڕێگای چه‌ند زاراوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌، په‌نجه‌ بخه‌ینه‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نووسینه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی مه‌سعود محه‌مه‌د.

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
نووسینه‌كانی (مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌ بواری ئه‌ده‌بناسییدا( )

* كتێبی (حاجی قادری كۆیی):
ئه‌م كتێبه‌ كه‌ له‌ سێ‌ به‌ش پێكهاتووه‌، به‌ گشتی توێژینه‌وه‌یه‌كی تێرو ته‌سه‌له‌ ده‌رباره‌ی ژیننامه‌ی شاعیری كورد حاجی قادری كۆیی.
له‌م سێ‌ به‌شه‌دا مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) به‌ وردیی قسه‌ی له‌سه‌ر وێستگه‌ جیاوازه‌كانی ژیانی (حاجی قادر) كردووه‌، وه‌ك لایه‌نی (كات و شوێنی له‌دایكبوونی حاجی قادر، گه‌شتی خوێندنی حاجی قادر، ناكۆكی نێوان حاجی و شێخ نه‌بی، گه‌شته‌كانی حاجی قادر بۆ باڵه‌كایه‌تی و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئه‌سته‌نبووڵا، خه‌باتی سیاسی و كوردایه‌تی حاجی قادر).
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێ‌ چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر هه‌رسێ‌ به‌شه‌كه‌ی كتێبی (حاجی قادری كۆیی) به‌م شێوه‌یه‌ بخه‌ینه‌ڕوو:
1ـ هۆكار و پاڵنه‌ری نووسینی كتێبی (حاجی قادری كۆیی) بریتین له‌:
أ ـ هه‌ستكردنی توێژه‌ر (مه‌سعود محه‌مه‌د) به‌وه‌ی كه‌ به‌ پێی پێویست له‌ كه‌سایه‌تی و به‌رهه‌مه‌كانی (حاجی) نه‌كۆڵدراوه‌ته‌وه‌ ((له‌و باوه‌ڕه‌دام تا ئێستا دیراسه‌تێكی ئه‌وتۆ له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ و خه‌بات و ژیانی حاجی قادر بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ قووڵی و فراوانیدا بگا به‌ڕاده‌ی گرینگی و پێویستی مه‌وزوع))( ).
ب ـ پێم وایه‌ به‌ر له‌م هۆكاره‌، هۆكارێكی ناوه‌كی به‌هێزتر هه‌یه‌ كه‌ (مه‌سعود محه‌مه‌د)ی هانداوه‌ بۆ نووسین له‌سه‌ر (حاجی قادر) ئه‌ویش سه‌رسام بوونێتی به‌ خودی كه‌سایه‌تی (حاجی قادر) وه‌كو مرۆڤێكی دڵسۆز و خه‌مخۆر و بوێری به‌ هه‌ڵوێست، سه‌رسامییه‌ك كه‌ له‌ گوزارشتكردن لێی جۆرێك له‌ زێده‌ڕۆیی پێوه‌ دیاره‌ ((ئا ئه‌م حاجی قادره‌ ده‌بێ‌ حیسابێكی تایبه‌تی بۆ بكرێ‌ له‌ ژوورووی حیسابی گه‌وره‌ و قاره‌مان و فریشته‌ كه‌ ناویان به‌سه‌ر زمانانه‌وه‌یه‌))( ).
ج ـ بوونی چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی نادروست ده‌رباره‌ی ژیان و ئه‌ده‌ب و خه‌باتی (حاجی قادر) هۆكارێكی دیكه‌ كه‌ نووسه‌ری هانداوه‌ له‌ ژیانی حاجی بكۆڵێته‌وه‌، هه‌روه‌كو له‌لاپه‌ڕه‌ (12) به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌. له‌ چوارچێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونی كه‌سانی دی، نووسه‌ر ئاوڕی له‌ چه‌ندین بابه‌تی مێژوویی و سیاسی و فیكری داوه‌ته‌وه‌.
2ـ تێكڕای ئه‌م هۆكارانه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد، وایانكردووه‌ كه‌ هه‌رسێ‌ به‌شی كتێبی (حاجی قادری كۆیی) هێنده‌ی قسه‌كردن بێت له‌ كه‌سایه‌تی (حاجی) وه‌كو مرۆڤێكی خه‌مخۆری میلله‌ت و به‌ هه‌ڵوێست، زۆر كه‌متر قسه‌كردن بێت له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی. له‌ پاڵا قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخی قۆناغ و ژینگه‌ی حاجی قادر و لێره‌یشه‌وه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه‌ نووسه‌ر، باوه‌ڕی پێنه‌بووه‌، زۆرجار نووسه‌ر له‌ كه‌سایه‌تی (حاجی قادر)یش دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و باس و بابه‌تێكی فیكری و فه‌لسه‌فی و مێژوویی تری هێناوه‌ ئاراوه‌.
3ـ جا لێره‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئایا كتێبی (حاجی قادری كۆیی) له‌ كوێی لقه‌كانی ئه‌ده‌بناسیدا پۆلین ده‌كرێت؟
ئایا ئه‌م كتێبه‌ به‌رهه‌مێكی سه‌ر به‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌؟
هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌نده‌ به‌ سروشتی نێوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ و چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی ئاماده‌بوونی ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی حاجی قادر له‌نێو هه‌رسێ‌ به‌شی كتێبه‌كه‌دا.
4ـ ئاماده‌بوونی شیعری حاجی له‌ كتێبی (حاجی قادر)دا به‌ پێی پێداویستی بۆچوونه‌ مێژوویی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، واتا لێره‌دا ده‌ق، به‌ڵگه‌ و شایه‌ده‌ له‌سه‌ر (ڕووداوێك، هه‌ڵوێستێك)، بۆ نموونه‌، له‌ ئاماژه‌كردن بۆ بێكه‌سیی و بێماڵیی (حاجی قادر) نووسه‌ر ئه‌م دێره‌ شیعره‌ دێنێته‌وه‌:

هه‌ر منم ئێسته‌ وارسی عیسا
بێ‌ كوڕ و ماڵا و بێ‌ ژن و مه‌ئوا( )

له‌ باسكردنی گه‌شته‌كه‌ی (حاجی) بۆ باڵه‌كه‌تی، ئه‌م چه‌ند دێره‌ی هێناوه‌ته‌وه‌:

به‌ بیرت دێ‌ زه‌مانی چووینه‌ باڵه‌ك
به‌ پێ‌ خاوسی نه‌كه‌وشم بوو نه‌ كاڵه‌ك( )

5ـ كه‌واته‌ ده‌كرێ‌ بڵێین كتێبی (حاجی قادری كۆیی) توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی ئه‌ده‌بییه‌، له‌لایه‌ك هه‌ندێ‌ لایه‌نی مێژووه‌ به‌ گشتی و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كاكڵه‌ی نێوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ ده‌چێته‌خانه‌ی (مێژووی ئه‌ده‌ب)ه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ژیاننامه‌ و قۆناغه‌كانی شیعری (حاجی قادر) ده‌كات( ).

• كتێبی ( ده‌ست و دامانی نالی)
ئه‌م كتێبه‌ شرۆڤه‌كردنی ئه‌و دێره‌ شیعرانه‌ی (نالی)یه‌ كه‌ به‌ بۆچوونی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، لێكدانه‌وه‌ و واتای جیاوازتر هه‌ڵده‌گرن له‌و شه‌رح و شرۆڤه‌یه‌ی له‌ دیوانی (نالی)دایه‌، كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایان (مه‌لا عبدالكریم مدرس) و (فاتیح عبدالكریم)ه‌وه‌ لێكدراوه‌ته‌وه‌. نووسه‌ری كتێبی ناوبراو ئاماژه‌ی به‌م لایه‌نه‌ كردووه‌ و نووسیوێتی ((له‌م نووسینه‌مدا ته‌نها یه‌خه‌گیری شه‌رحی ئه‌و به‌یتانه‌ ده‌بم كه‌ له‌ دیوانه‌كه‌دا هاتووه‌ و من جۆرێكی جودا په‌سه‌ند ده‌كه‌م))( ).
بنه‌مای كاركردن له‌ كتێبی (ده‌ست و دامانی نالی)دا بریتییه‌ له‌ (دیاریكردنی مانای وشه‌، ئاماژه‌كردن به‌ واتای جیاواز) له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ندێ‌ جار ئاماژه‌ به‌لایه‌نێكی (ڕه‌وانبێژی، كێشی شیعر، جیاوازیی ڕێنووس به‌ پێی بوونی نوسخه‌ی جیاواز) كراوه‌.

* كتێبی (چه‌پكێك له‌ گوڵزاری نالی):
مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌م كتێبه‌دا سه‌ره‌ڕای باسكردنی ژیانی (نالی)، زیاتر لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه‌ بۆ ده‌ستڕه‌نگینیی و كاری هونه‌رمه‌ندانه‌ی (نالی) شاعیر و جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ (نالی) له‌ شیعره‌كانیدا پتر مه‌به‌ستی ورده‌كاریی هونه‌رییانه‌ بووه‌ ، له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا (مه‌سعود محه‌مه‌د) باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ((نالی شاره‌زایی به‌ سروشت و به‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وێكڕا كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌ستڕه‌نگینانه‌ تابلۆیه‌كی هونه‌ریی ئه‌فسووناویی ئه‌وتۆ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ر دوان پێك دێنێ‌ و به‌ چه‌شنێك له‌ تابلۆكه‌دا تێكیان هه‌ڵده‌كێشێت و ده‌یانهۆنێته‌وه‌ مرۆڤ نازانێ‌ كامیان كامن))( ).
لێره‌دا تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) به‌ ڕه‌چاوكردنی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بییانه‌ی ده‌قه‌كان، ڕوانینی ڕه‌خنه‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێت.

* وتاری (كه‌یفی جوانڕۆیی)( )
ئه‌م وتاره‌ ده‌رباره‌ی ژین و ژیاننامه‌ی شاعیر كه‌یفی جوانڕۆییه‌ له‌ ( 1814 ـ 1883 ) وتاره‌كه‌ چه‌ند ناونیشانێكی لاوه‌كی له‌خۆگرتووه‌، وه‌ك: (كه‌یفی كوێنده‌رییه‌؟ كه‌یفی كه‌ی و چۆن كۆیه‌ی به‌جێهێشت؟…) له‌ كۆتایشدا نووسه‌ر له‌چه‌ند خاڵێكدا به‌راوردێكی له‌نێوان ژیانی (حاجی قادر) و (كه‌یفی) شاعیردا كردووه‌.

* وتاری (شاكارێكی ئاگرین)( )
ئه‌م وتاره‌ قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر شیعرێكی مه‌لا حه‌سه‌نی (قازیی هه‌ڵه‌بجه‌) و نووسه‌ر پێیوایه‌ ئه‌م پێنج خشته‌كیه‌ چوارده‌ كۆپله‌ییه‌، سه‌رده‌مانێك ((له‌ پایه‌ی مارسلیزی كوردی بوو…))( ) وه‌ تێكڕای دێره‌كانی ((نموونه‌ی ئه‌ده‌بی پێشكه‌وتووی ئه‌وسا و ئێستا و هه‌موو ڕۆژگارێكن))( ).
نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا پتر له‌ روانگه‌ی هه‌ستی كوردایه‌تییه‌وه‌ ، ئه‌م شیعره‌ی پێ‌ شاكارێكی ئاگرینه‌.

* وتاری (سڵاوێك له‌ شیعری نوێبابه‌تی كوردی) ( )
نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا گله‌یی له‌ ڕاده‌ی ئاڵۆزیی و ته‌مومژاویبوونی شیعری نوێی كوردی ده‌كات و پێیوایه‌ ((شیعری ئێستاكه‌ی كوردی، زۆر به‌داخه‌وه‌ پێبه‌پێ‌ تێ‌ هه‌ڵكشیوه‌ له‌ نامه‌فهوومی تاكو گه‌لێك جاران ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ له‌ خاوه‌نی به‌ولاوه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌س تێی نه‌گات)) ( ).

* وتاری (پایه‌ی شیعری كوردی له‌ ئه‌ده‌بی كوردی سه‌ده‌ی نۆزده‌مدا) ( ).
نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام هه‌رزوو به‌ به‌هانه‌یه‌كی بابه‌تی له‌م ناونیشانه‌وه‌ ده‌چێته‌سه‌ر ناونیشان و بابه‌تێكی دی، كاتێ‌ ده‌ڵێت ((كورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌مدا تاكه‌ بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی هه‌بووبێت شیعربووه‌…))( ) كه‌واته‌ ((.. كه‌ شیعره‌كه‌ش خۆی ئه‌ده‌به‌كه‌بوو دروستتر ئه‌وه‌یه‌ بزانین پایه‌ی له‌ ژیانی كورده‌واریدا چی بووه‌؟))( )
له‌ چوارچێوه‌ی پێگه‌ی شیعری كوردی له‌ ژیانی كورده‌واریدا، نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێك كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر نووسین به‌زمانی كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی خۆڕسكی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ شیعر ئاماده‌ییه‌كی زۆری هه‌بووه‌ و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ((… ئه‌گه‌ر پێشتر شاعیری كورد له‌ ئاڵقه‌ی پیاواندا ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت دواتر ناوناوه‌ ئافره‌تی كوردیشی بوو به‌ شیعربێژ)) ( ).

* وتاری (زڕه‌ خه‌ون له‌ ته‌مومژ به‌ ده‌وری مه‌حوی تۆقه‌ڵه‌وه‌) ( ).
نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی به‌ ئاست به‌رزیی پێگه‌ی شاعیرانه‌ی (مه‌حوی) كردووه‌ و چه‌ند دێره‌ شیعرێكی (مه‌حوی) لێكداوه‌ته‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ((شیعری مه‌حوی ده‌بێ‌ به‌ كێش و ته‌رازووی سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵبكێشرێت..)) ( ).
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌ی نووسه‌ر و ته‌نانه‌ت لێكدانه‌وه‌كانیشی بۆ دێره‌ شیعره‌كانی (مه‌حوی) له‌چوارچێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی كه‌سانی ترن.

* وتاری (كه‌وچكێك شه‌كر بۆ قاوه‌ی تاڵا) ( ).
ئه‌م وتاره‌ به‌ وته‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ وتارێكی نووسه‌رێكی دی تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ((شیعری نالی له‌چاو هی حاجی قادر هێنده‌ به‌رزه‌، كوردی گوته‌نی، ئاسمان و ڕێسمانه‌…)) ( ).
(مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌چه‌ند ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگری له‌ توانای هونه‌رییانه‌ی (حاجی قادر) وه‌كو شاعیرێك كردووه‌، له‌ پاڵا ئه‌مه‌شدا نووسه‌ر له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا خۆیشی ئاماژه‌ی بۆ دوو هۆكار كردووه‌ له‌ ژیانی حاجیدا (نه‌بوونی عیشقێكی سووتێنه‌ر) و… (كه‌وتنه‌ سه‌ر خولیای كوردایه‌تی) ئه‌مانه‌ هۆكاربوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ (حاجی قادر) ((زۆر گوێنه‌داته‌ خه‌ریك بوون به‌ ئارایشتی به‌یته‌كانی)) ( ). دیاره‌ مه‌به‌ستیشی له‌ (ئارایشت) لایه‌نی هونه‌ریی شیعره‌كانه‌.

ته‌وه‌ری دووه‌م:

ڕه‌نگه‌ به‌ پتر له‌ شێوازێك بتوانرێ‌ سیماكانی كه‌سایه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی (مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌نێو به‌رهه‌مه‌كانیدا دیاری بكرێت، به‌ڵام لێره‌دا پێمان وایه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م چه‌ند چه‌مك و زاراوه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ندێ‌ ئه‌دگارو سیمای كاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی ناوبراو دیاری بكه‌ین.

1ـ ئیستا تیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی:

ئاشكرایه‌ به‌ر له‌ هه‌ر كارێكی ڕه‌خنه‌یی، ڕوانین و دیدێكی تایبه‌تی بۆ ده‌قی ئه‌ده‌بی ئاماده‌یی خۆی هه‌یه‌، له‌ ڕووی جۆرو چۆنێتی ((داڕشتنی و بونیادو ئه‌رك و ده‌لاله‌تدا)) ( ) هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ چۆنێتی كاری ڕه‌خنه‌یی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به‌ جۆرو چۆنێتی ئه‌م ڕوانینه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ ده‌ربڕینێكی دی چۆنێتی تێگه‌تنیش له‌ سروشت و پێكهاته‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، وا له‌ ڕه‌خنه‌گر ده‌كات چۆن و به‌ زمان و كه‌ره‌سته‌یه‌ك ده‌قی ئه‌ده‌بی شیبكاته‌وه‌؟؟ له‌ دوو توێی به‌رهه‌مه‌كانی (مه‌سعود محه‌مه‌د)دا ده‌كرێ‌ ئاماژه‌ به‌م چه‌ند بیروبۆچوونانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان دیدی ناوبراو ده‌خه‌نه‌ڕوو، ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی شیعر وه‌كو ژانرێكی ئه‌ده‌بی:

* شیعر له‌ نێوان ته‌كنیكی هونه‌ری و بابه‌تی ناوه‌ڕۆكدا.

له‌ دوو توێی نووسینه‌ جیاوازه‌كانی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د)دا لێره‌ و له‌وێ‌ به‌ده‌م لێكدانه‌وه‌ی دێره‌ شیعره‌كان و باسكردنی توانای شاعیرانه‌وه‌، چه‌ند بیروبۆچوونێكی ڕه‌خنه‌یی به‌كورتی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ نیشانه‌ی چۆنێتی ڕوانینێتی له‌ شیعر و جۆری مامه‌ڵه‌كردنیشی له‌گه‌ڵا ده‌قی شیعریدا به‌دیارده‌خه‌ن.
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌م بیروبۆچوونانه‌ وردبینه‌وه‌:
ـ ((شیعر بابه‌تێكه‌ له‌لایه‌ن مه‌هاره‌ته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌ده‌بی په‌خشان و هونه‌ره‌وه‌… هه‌رچی بابه‌تێكی پشكی جوانی و مه‌هاره‌تی تێدا به‌رچاوبێت له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ڕوخساره‌ ئه‌وجا ناوه‌ڕۆك)) ( ).
ـ (( ئینجا كه‌ زانیمان شیعر خزمی هونه‌ره‌ هه‌قمانه‌ لێی داوا بكه‌ین جوان و ڕازاوه‌بێت كه‌ وه‌ها نه‌بێت له‌ شیعرایه‌تی ده‌كه‌وێت)) ( ).
تێبینی ده‌كه‌ین، مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) ئیستاتیكای ده‌قی شیعریی گرێداوه‌ته‌ گه‌مه‌ زمانی و هونه‌رییه‌كانی نێو خود شیعره‌كه‌وه‌ نه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ بووه‌ته‌ نێوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌. ئه‌مه‌ش له‌ دوولاوه‌ جێگای سه‌رنجه‌، له‌لایه‌ك ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ بنه‌مایه‌كی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه‌ كه‌ سه‌ره‌ داوه‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فۆرمالیسته‌كانی ڕووسیا و قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌ی نوێی ئه‌نگلۆ ـ ئه‌مریكی له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ بۆ سه‌رده‌می خۆی بۆچوونێك بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ باوه‌ی نێو ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی بووه‌، كه‌ پتر له‌ ڕوانگه‌یه‌كی سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌قی ئه‌ده‌بییات كردووه‌.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) ده‌رباره‌ی شیعرایه‌تی شیعر، له‌ ئاستی ڕه‌خنه‌ی پراكتیكیشدا ئاماده‌یی هه‌بووه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی شرۆڤه‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی كردووه‌، ئه‌مه‌ ده‌مانباته‌ سه‌ر بابه‌تی ڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی (مه‌سعود محه‌مه‌د) كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ زاراوه‌ی (ده‌قبه‌ندیی) ناویببه‌ین، به‌و مانایه‌ی ڕه‌خنه‌گر له‌ كاری ڕه‌خنه‌ییدا ته‌نها له‌نێو بازنه‌ی خودی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا كارده‌كات، نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌تا مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) به‌ ڕاشكاوی گوزارشت له‌ ڕوانینی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: ((ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ‌ له‌ شیعردا ڕێ‌ به‌ڕه‌خنه‌گر نادرێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌وه‌ ((منگق)) و فه‌لسه‌فه‌ بێنێ‌ و بیكا به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ شیعر، به‌ڵام ((منگق)ێك له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌وه‌ هه‌ڵستێ‌ و خۆی به‌سه‌ر واتاكه‌یدا بسه‌پێنێ‌ ده‌شێ‌ و ده‌بێ‌ بكرێته‌ ئه‌مرازی پێوانه‌ی شیعره‌كه‌)) ( ).
له‌گه‌ڵا ئه‌م ڕوانینه‌شدا به‌لای (مه‌سعود محه‌مه‌د)ه‌وه‌، ده‌شێ‌ ناوه‌ڕۆكیشی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ دروستكردنی به‌هاو بایه‌خی ده‌ق، ناوبراو له‌سه‌روبه‌ندی باسكردنی ناوه‌ڕۆكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات گه‌ر شیعر پیاهه‌ڵدانێكی سیاسی كه‌سێكی دیاریكراو بكاته‌ ناوه‌ڕۆكی خۆی، ئه‌وا ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌قه‌ زۆر كورت ده‌بێت و په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌و كه‌س و ڕووداوه‌ سیاسییه‌وه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ی بۆ داڕێژراوه‌( )، به‌ڵام قسه‌كردن و وێناكردنی هه‌ست و نه‌سته‌ مرۆییه‌كان جۆرێك له‌ جوانی و به‌هایه‌كی تایبه‌تی به‌ ده‌ق ده‌به‌خشن ((ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ‌ هه‌موو به‌رهه‌مێك تا وتووێژی له‌گه‌ڵا سه‌رچاوه‌ قووڵه‌كانی نه‌فسی مرۆڤدا بێ‌ نه‌مرتر ده‌بێ‌)) ( ).

2/ كرده‌ی (ته‌ئویل)كردنی شیعر:

له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی زمان له‌نێو پرۆسه‌ی شیعردا، خاوه‌ن ئه‌ركێكی ئیستاتیكییه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زمانی شیعر، زمانێكی سروشبه‌خش بێت و تاڕاده‌یه‌ك مانا نادیاربێت و پتر له‌ خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبگرێت، له‌م چوارچێوه‌دا مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) ڕای تایبه‌تی خۆی ده‌ربڕیوه‌ و نووسیوێتی ((… ڕه‌وا نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعری شاعیر واتای بۆ بخوازرێته‌وه‌ و لێی بار بكرێت. دۆزینه‌وه‌ی واتا له‌ ده‌قی شیعر جودایه‌ له‌به‌سه‌ره‌وه‌نان)) ( ). لێره‌وه‌ (مه‌سعود محه‌مه‌د) ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ باوه‌ڕی به‌ خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام نابێ‌ ئه‌مه‌ له‌ سنووری ده‌قه‌كه‌ ده‌ربچێت و ناوبراو باوه‌ڕی به‌ ته‌ئویلی بێ‌ بنگه‌))( ) نییه‌، واتا نابێت به‌ شێوه‌یه‌ك بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌كه‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌ش مانای سنوورداریی كرده‌ی ته‌ئویلكردن دیاری ده‌كات. ئه‌م بۆچوونه‌ش ته‌بایه‌ له‌گه‌ڵا ئاڕاسته‌یه‌كی نێو گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ، له‌م بواره‌دا نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری ئیتالی (ئیمبه‌رتۆ ئیكۆ) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ق ڕاڤه‌ و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام كه‌سی ڕاڤه‌كار ئازادیی ڕه‌های نییه‌ و به‌ڵكو چه‌ند بنه‌ماو پێوه‌رێك كرده‌ی ڕاڤه‌كردنه‌كه‌ی سنوور به‌ند ده‌كات( ).

3ـ بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌یی:

دوور له‌ بیروڕای تاكه‌ كه‌سیی، له‌ پێناسه‌كردنێكی بابه‌تیانه‌ی چه‌مكی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ ((بریتییه‌ له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه‌ گرنگی ده‌داته‌ پێناسه‌ و پۆلینكردن و شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانن)) ( ).
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای باسی ئێمه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاری ڕه‌خنه‌ییه‌.
(مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌ ماوه‌ی شرۆڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می وه‌ك (حاجی قادر، نالی، مه‌حوی) ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌قه‌كان و توانای شاعیرانی هه‌ڵسه‌نگاندووه‌.
(مه‌سعود محه‌مه‌د) ئه‌م كاره‌یشی به‌ به‌رچاو ڕوونیی و ڕه‌چاوكردنی بابه‌تیانه‌ كردووه‌، له‌سه‌روبه‌ندی باسكردنی توانای داهێنه‌رانه‌ی (مه‌حوی) و كێشانه‌ و پێوانه‌كردنی شیعره‌كانیدا، نووسیوێتی ((من له‌ عه‌یاره‌ی نرخ پێو هه‌رچی خاترانه‌یه‌ تێم نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌، مه‌رجه‌كانی په‌سندایه‌تی عه‌یاره‌ش له‌ بابه‌تێكه‌وه‌ بۆ بابه‌تێك ده‌گۆڕێن. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ لایه‌نی (جوانی) تێیاندا بنه‌ڕه‌تییه‌ ده‌بێ‌ له‌ پله‌ی جوانیدا ژوورووی (ناوه‌نجی) كه‌وتبێته‌وه‌ ده‌نا به‌ عه‌یاره‌ی من له‌ سه‌نگ ده‌كه‌وێ‌..)) ( ).
جێگای سه‌رنجه‌ لێره‌دا مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها، ته‌ماشای ده‌قه‌كانی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ڕه‌چاوی تایبه‌تمه‌ندێتی ده‌قی كردووه‌، ده‌قێك به‌ نیازو مه‌به‌ستی جوانی هونه‌ریی نووسرابێت و هه‌ر ئه‌م جوانییه‌ش مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی بێت، جیاوازه‌ له‌ ده‌قێك كه‌ له‌ نێو جه‌خت له‌ خه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان نه‌ته‌وه‌یی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی دروست و بابه‌تییه‌، چونكه‌ ده‌قی شیعری به‌پێی مه‌به‌سته‌ شیعرییه‌كان (الاغراچ الشعریه‌) زمان و سروشت و نێوه‌ڕۆكیان ده‌گۆڕێت.
مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌و ئاشنایه‌تی و ئاوێته‌بوونێتی به‌ ئه‌زموونی ده‌قه‌كانه‌، بۆ نموونه‌ له‌باسكردنی (مه‌حوی)دا ده‌ڵێت ((له‌ ده‌مێكه‌وه‌ به‌ دڵا و هۆش ئاشنایانم، پێ‌ به‌ پێی فراژیبوونیشم له‌ ناسینه‌وه‌ی بایه‌خ و نرخ و جوانی پتر ئۆگری ناو و شاعیریه‌تییان بووم)) ( ).
هه‌ر بۆیه‌شه‌، ناوبراو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی نموونه‌ی شیعری هێناوه‌ته‌وه‌و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌ربڕیوه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ كتێبی (چه‌پكێك له‌ گوڵزاری نالی) سه‌رتاپای ڕوونكردنه‌وه‌ی گه‌مه‌ هونه‌رییه‌ زمانییه‌كانی (نالی) شاعیره‌، ئیدی ئاساییه‌ نووسه‌ری كتێبی ناوبراو، له‌ شوێنی شیاوی خۆیدا بنووسێت ((نالی زهنێكی وه‌ها هه‌ستیاری هه‌بووه‌، هه‌ر ده‌ڵێی جامی كامێرایه‌ له‌ ترووكه‌یه‌كدا وێنه‌ی جیهانێكی به‌رینی تێدا نه‌قش به‌ستوو ده‌بێ‌… بێگومان هونه‌ركار له‌ نه‌خشه‌كێشانی ورد و قووڵدا، مه‌به‌ستی تایبه‌تیشی نه‌بێ‌، وێنه‌كه‌ی پڕ ده‌بێ‌ له‌ ناوه‌ڕۆك)) ( )
له‌ شوێنێكی دیكه‌دا هێنده‌ سه‌رسامیی خۆی به‌رانبه‌ر هونه‌ری شیعر نووسینی (نالی) ده‌رببڕێت و له‌باره‌ی سه‌رنجی خۆی له‌ ئاست شرۆڤه‌ی دێره‌ شیعرێكی نالیدا بنووسێت ((… ده‌ك ماڵت شێوێ‌ نالی بۆ كام مه‌ڵبه‌ندی بێ‌ سنووری غه‌م و ته‌می عیشقمان ده‌به‌ی…)) ( ).
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر (حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن) ڕه‌خنه‌ی له‌م جۆره‌ ده‌ربڕینه‌ گرتووه‌ و نووسیوێتی ((مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) هێنده‌ به‌ شیعری نالی سه‌رسامه‌ جاری وایه‌، به‌ (ده‌ك ماڵت شێوێ‌ نالی) هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێت كه‌ ناكه‌وێته‌ خانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بییه‌وه‌، ئاخر ئیشی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌ نییه‌، بڵێت فڵانه‌ شیعر جوانه‌، ئیشی ئه‌وه‌یه‌ پێمان بڵێت، ئه‌وه‌ چییه‌ وایكردووه‌ فڵان شیعر جوان بێت)) ( ).
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر (حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن) له‌م ڕه‌خنه‌یه‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بێت كه‌ زمانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) زمانێكی ڕه‌خنه‌یی نییه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌یان شتێكی ئاساییه‌، (مه‌سعود محه‌مه‌د) نامه‌یه‌كی ئه‌كادیمی نه‌ نووسیوه‌ و بگره‌ هه‌ر له‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌وه‌ (چه‌پكێك له‌ گوڵزاری نالی) دیاره‌ كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ ئاماده‌بوونی بیروبۆچوونی خودیی (خودی ڕه‌خنه‌گر) تیایدا شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، بیروبۆچوونی خودییش له‌نێو كاری ڕه‌خنه‌یدا ڕواڵه‌تێكی ئاسایی ئه‌م گوتاره‌یه‌، چونكه‌ ڕه‌خنه‌ خۆی به‌ر له‌هه‌ر میتۆد و میتۆدكارییه‌ك چالاكییه‌كی خودییه‌.
دواتر ئه‌گه‌ر (حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن) خودی كرداری هه‌ڵسه‌نگاندنی لا په‌سه‌ند نییه‌، چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ كاری ڕه‌خنه‌گر نییه‌، ئه‌مڕۆ زۆر له‌ لایه‌نگرانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ به‌جۆرێكی دی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڕوانن و پێیان وایه‌، هه‌ڵسه‌نگاندن بریتییه‌ له‌ ئاستێكی گرنگی دیكه‌ی كاری ڕه‌خنه‌یی( ) ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریكی ڕێنیه‌ وێڵك (1903 ـ 1996) پێیوایه‌ نه‌بوونی بڕیاری ڕه‌خنه‌یی له‌نێو كارێكی ڕه‌خنه‌ییدا، كاره‌كه‌ شكستخواردوو ده‌كات( ).
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (تۆدۆرف) كه‌ ڕه‌خنه‌گرو تیۆریزه‌كارێكی دیاری ڕه‌خنه‌ و تیۆری ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه‌ ئاماژه‌ی به‌ ئه‌ركی هه‌ڵسه‌نگێنه‌رانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه‌( ).
دواتریش مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) هۆكار و چۆنێتی داڕشتنی هونه‌رییانه‌ی شیعره‌كانی به‌ بۆچوونی خۆی لێكداوه‌ته‌وه‌، پاشان بڕیاری جوانیی ده‌قه‌كانی داوه‌ و سه‌رسامیی خۆی ده‌ربڕیوه‌.
ئه‌مه‌ش دۆخێكی دروست و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تییانه‌یه‌.

ئه‌نجام

له‌دوای خستنه‌ڕوو و تاوتوێكردنی به‌رهه‌مه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) ده‌كرێ‌ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ وه‌كو ئه‌نجامێكی ئه‌م كورته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ دیاری بكه‌ین:
1ـ ئه‌و نووسیانانه‌ی مامۆستا (مه‌سعود محه‌مه‌د) كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان سه‌ر به‌دنیای ئه‌ده‌بناسیین، ته‌نها ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نین، به‌ڵكو هه‌ندێكیان پتر ده‌چنه‌ نێو مێژووی ئه‌ده‌به‌وه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر (حاجی قادری كۆیی) ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ (مێژوو به‌ گشتی، ژیننامه‌، بیروبۆچوونی فه‌لسه‌فی و سیاسی) ئه‌و به‌ش و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌، زیاتر سه‌ر به‌ مێژووی ئه‌ده‌بن.
2ـ هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندێ‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی (مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌ بازنه‌ی ڕه‌خنه‌ی پراكتیكین، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ خاڵی نین له‌ ده‌ربڕینی بیروڕای تیۆریی ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانی ڕه‌خنه‌ و ئه‌ده‌ب و داهێنان، ئه‌مه‌ش راده‌ی هۆشمه‌ندیی ره‌خنه‌یی لای ناوبراو ده‌رده‌خات.
3ـ ڕوانینی ڕه‌خنه‌ییانه‌ لای (مه‌سعود محه‌مه‌د) له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستاتیكای خودی ده‌قی ئه‌ده‌بی دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا ڕه‌چاوی تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بییانه‌ی ده‌ق ده‌كات، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ هه‌ر ده‌قێك له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌م ڕه‌چاوكردنه‌یه‌.
4- به‌لای مه‌سعود محه‌مه‌ده‌وه‌ ، بابه‌تی ناوه‌رۆكی ده‌قیش رۆڵی خۆی هه‌یه‌له‌ پتر بایه‌خداركردنی ده‌ق و پێیوایه‌چه‌نده‌ ناوه‌رۆك پێوه‌ند بێت به‌ هه‌ستی مرۆیی قوڵایی ناخی مرۆڤه‌وه‌، هێنده‌ ده‌قه‌كه‌ نه‌مر ده‌بێت، نه‌ك ده‌ق بۆ كه‌سێكی سیاسی دیاریكراو بێت.
5ـ زۆربه‌ی بیرو بۆچوونه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی (مه‌سعود محه‌مه‌د) ته‌باو هاو ئاراسته‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخن.

پ. ی. د. فوئاد ڕه‌شید
كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی ـ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

—————–
سه‌رچاوه‌كان

1ـ مه‌سعود محه‌مه‌د، چه‌پكێك له‌ گوڵزاری نالی، چاپی دووه‌م، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2007.
2ـ مه‌سعود محه‌مه‌د، ده‌سته‌ودامانی نالی، چاپی دووه‌م، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2007.
3ـ مه‌سعود محه‌مه‌د، كه‌وچكێك شه‌كر بۆ قاوه‌ی تاڵا، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2010.
4ـ مه‌سعود محه‌مه‌د، حاجی قادری كۆیی، به‌شی (1 ـ 3)، چاپی دووه‌م، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2010.
5ـ رینیه‌ ویلك، مفاهیم نقدیه‌، ت. د. محمد عصفور، مگابع الرساله‌، الكویت، 1987.
6ـ فاچل پامر، اللغه‌ الپانیه‌، الگبعه‌ الاولی، المركز الپقافی العربی، بیروت، 1994.
7ـ د. حسین خمری، سردیات النقد، الگبعه‌ الاولی، منشورات الاختلاف، الجزائر، 2011.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ – 54 – …. كه‌ریم كاكه‌

54

هێشتا دنێ كه‌مێكی ماوه‌ كاولبێ، وا چاكه‌ ئه‌و قیچه‌ ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ستنه‌ده‌م، تاكه‌ پێڵاوه‌كه‌م كه‌ قوڕ قووتیدا ببینمه‌وه‌، خلیسكانێی سه‌ر شه‌خته‌ش له‌گه‌ڵ كه‌ویار خۆشه‌، ئه‌دی راوه‌ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌! نامه‌یه‌كی عاشقانه‌ش بۆ ئه‌و كوڕه‌ قۆزه‌ی كه‌ پرچی له‌ به‌ر تیشكی رۆژێ ده‌بریسكایه‌وه‌، ده‌خوێنمه‌وه‌..
وای، ئیره‌ییم به‌وانه‌ ده‌برد، به‌ بن باراندا ده‌هاتنه‌ قوتابخانه‌ و پشكه‌ قوڕێكت به‌ پێڵاویانه‌وه‌ نه‌ده‌دی، قوڕبه‌سه‌ری بۆ ئێمه‌مانانه‌، بایی كه‌ندووێك قوڕ به‌ پێڵاومانه‌وه‌یه‌، زۆر جار له‌ پشتێن بۆ خوارێ له‌ قوڕ هه‌ڵده‌كێشرێ، ئێمه‌ له‌ خانووه‌ قوڕه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێده‌كه‌وین و به‌ رێوبانی قوڕدا ده‌گه‌ینه‌ زێوه‌ر، به‌رێوه‌به‌ر پێنه‌ده‌چوو قه‌ت به‌ رێی قوڕدا شه‌ش شه‌قاوی هاویشتبێ ده‌یگوت:
داوه‌شێن، ده‌ڵێی قوڕكاریتان كردووه‌، پشكه‌ قوڕێكتان پێوه‌بێ، پێ ناخه‌نه‌ ژۆرێ.
خێرا خێرا به‌ ئاوی سوولاوكه‌، به‌و سۆنده‌ی له‌ به‌لووعه‌كه‌ی ناو باخچه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ سه‌ر ده‌رگا، جوان شه‌رواڵ و پیڵاومان خاوێن ده‌كرده‌وه‌، تا وانه‌ی دووه‌م و سێیه‌میش ده‌لینگ وشكنه‌ده‌بۆوه‌، نیوان ئیسكان و به‌لاشاوه‌ قوڕه‌، قوڕێك ده‌ڵێی بنێشته‌، كه‌تیره‌یه‌، پێوه‌تنووسێ، لێتنابێته‌وه‌، شه‌وێك خه‌ونێكی جاده‌ییم دیت، جاده‌ی ناو خه‌ونه‌كه‌ ئێستاش ده‌توانم وه‌ك خۆی بیكێشم و نیشانی خۆمی بده‌مه‌وه‌، له‌و خه‌ونه‌ جاده‌یه‌كی به‌رینی قیڕتاوی لووس لووس وه‌ك كه‌زیی كه‌ویار لووس، ده‌رگای ئێمه‌ی گه‌یاندبووه‌ ده‌رگای زێوه‌ر، جاده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر قوڕاویشی به‌ سه‌ردا باریبا، ئاوێكی روون روون له‌ ئاوی كوپه‌ روونتر، له‌ ئاوی چاو روونتری پێدا ده‌ڕۆیی، به‌ بن شۆسته‌كاندا جۆگه‌له‌ ئاوێك له‌ جۆگه‌له‌ ئاوی بنه‌سراوه‌ روونتر له‌ له‌لای ماڵی ئێمه‌وه‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌ نه‌رم نه‌رم به‌ پێی ئێمه‌ جۆگه‌ی به‌ستبوو، چه‌ند خۆش بوو، ده‌چووینه‌ قوتابخانه‌ و ده‌هاتینه‌وه‌، پێمان به‌ قوڕ نه‌ده‌بوو، كه‌س پێینه‌ده‌گوتین:
منداڵانی پێڵاو به‌ قوڕ..
خه‌ونه‌كه‌م بۆ هه‌مووان گێڕایه‌وه‌، دایكم گوتی:
ئاو له‌ خه‌ونێ باش نیه‌، به‌وه‌ی باشه‌ روون بوو نه‌ شێلوو، خوا به‌ خێری بٍگێڕێ..
پیری سوارچاكان هه‌ڵیدایێ:
من ئه‌و جاده‌یه‌ نابینم، به‌ڵام تۆ ده‌یبینی، رۆژێ دێ له‌ شاردا رێی خۆڵ و قوڕ نابینیه‌وه‌..
رێی زێوه‌ر له‌ ده‌شتی به‌رازگر قوڕاویتره‌، ترومبێلیش هێنده‌یدی قوڕوای ده‌كات، له‌ جێی تایه‌ جۆگه‌له‌یه‌كی قوڕاوی هه‌ڵده‌ستێ، باش بوو جۆگه‌ی خه‌ونه‌كه‌ وا قوڕاوی نه‌بوو، له‌م لا و له‌و لا چۆكێك قوڕ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، ناتوانین له‌ رێیه‌ قوڕه‌كه‌ لاده‌ین، ده‌كه‌وینه‌ سه‌ر عه‌ردێكی هێند نه‌رم و قوڕاوی هه‌ر چۆن پێت دانێی، تا چۆكان ده‌چه‌قی، خۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵكێشانه‌وه‌ی پێت، پێڵاو به‌جێبمێنێ، مه‌گه‌ر ده‌سته‌كانی كاك حووج ده‌نا چ ده‌ستێ نایانبینێته‌وه‌، ئه‌و كاك حووجه‌ پیاوێكه‌ نه‌ك تا ده‌ست هه‌ڵبڕی، به‌ڵكو تا به‌رد هه‌ڵده‌ی كه‌ڵه‌گه‌ته‌، پیاوی وا بڵند نازانم له‌و دنیا، به‌ڵام له‌ دنیای خۆمان باوه‌ڕناكه‌م كه‌س دیتبێتی، هه‌ر له‌وه‌شه‌وه‌ ناویان نا حووج، ژنه‌كه‌شی هه‌ر به‌ژنی پنچكه‌ گیایه‌كی هه‌بوو، گه‌ڕه‌ك ناویان نابوو داده‌ پنچك.. پێڵاوه‌كه‌م له‌بیرناچێ، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی جوانی كاك حووج و داده‌ پنچك با پێكه‌وه‌ به‌رێ خۆی بده‌ینێ، ماڵیان له‌ خوار ماڵی ئێمه‌ له‌ ده‌و كه‌ندێیه‌، خانووه‌كه‌یان گچكه‌ و نه‌ویه‌، له‌ داده‌ پنچكم بیستووه‌:
تا ئێستا له‌ ژوورێ پیاوه‌كه‌مم به‌ راوه‌ستاوی نه‌دیتووه‌..
له‌ كه‌س نا، به‌ چاوی خۆم دیتوومه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر بانی داده‌ پنچكم دیتووه‌، له‌ سه‌ر بانی خۆمانه‌وه‌ دیتم، ئه‌ها چاودێ، كاك حووج دانیشت، سه‌ری نه‌وی كرد، داده‌ پنچك چووه‌ سه‌ر ملی، حووج هه‌ستایه‌وه‌، پنچك ده‌ستی به‌ گوێسوانه‌كه‌وه‌، به‌ لێواری سه‌ربانه‌كه‌وه‌ گرت و سه‌ركه‌وت، حووجیش پێی خسته‌ سه‌ر ته‌نه‌كه‌ بوو، كۆسپه‌ بوو، به‌ بازێكی حووچانه‌ خۆی هه‌ڵدایه‌ ته‌نیشتی و پێكه‌وه‌ چوونه‌ ناو كوله‌كه‌ و بزربوون..
زۆر له‌ پێڵاوه‌كه‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌!
وا بزانم هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی خه‌ونه‌كه‌ بوو، سبه‌ینانێ پێشه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ جادی قیڕتاو، به‌ سه‌ر گۆمیلكه‌یه‌كدا بازمدا، بۆ نه‌چه‌قیم! پێیه‌كم تا بن چۆكم له‌ قوڕ ختم بوو، دوای هه‌ولێكی زۆر پێم بێ پێڵاو هاته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، بارانیش ده‌باری، شێوام، جێی پێڵاوم بزركرد، به‌ خۆم و براكه‌م و كوڕی شه‌كه‌راتفرۆش، له‌ بن باران له‌ ناو قوڕ ده‌ستمان هه‌ڵكردووه‌ و له‌ دووی پێڵاو ده‌گه‌ڕێین، زۆریش نه‌ماوه‌، زه‌نگ لێبدا، ئه‌ولا پێڵاو ئه‌م لا پێڵاو، پێڵاو زه‌وی قووتیدا، گۆتمه‌ وان:
ئێوه‌ بڕۆن، دره‌نگه‌..
به‌جێیاننه‌ده‌هێشتم، گوتم: بڕۆن، به‌ مامۆستا بڵێن، ئه‌و پێڵاوی بزربووه‌، دره‌نگ دێ
نه‌ڕۆیشتن، له‌و ساته‌ حووج په‌یدا بوو، قۆڵی هه‌ڵكرد، وه‌ی چه‌ند درێژ بوو، دوو هێنده‌ی قۆڵی بابم ده‌بوو، ده‌ستی گێڕا، ده‌ستی گێڕا، پێڵاوی ده‌رهێنا و گوتی:
ها، له‌ خۆڕا پێ مه‌هاوێ، بزانه‌ له‌ كوێی داده‌نێی..
چاكه‌ی حووجم له‌ بیرنه‌چوو، پاشتر شتێك له‌چاكه‌كه‌یم دایه‌وه‌..
له‌ به‌رده‌م ماڵی پنچك و حووج گۆماوێكی به‌ قه‌د جێ خانووێك هه‌یه‌، جێیه‌كی نه‌بێ، هێنده‌ قووڵ نیه‌، هه‌ر بستێك دوو بستی حووج ده‌بێ، زستانێكی شه‌خته‌ییه‌، هه‌ر سه‌ر له‌ ئێواره‌ دار و به‌رد ده‌یبه‌ستێ، سبه‌ینان به‌ ئاوی گه‌رم نه‌بێت به‌لووعه‌ نابێته‌وه‌، ئه‌و گۆمه‌ جێی گه‌مه‌ی ماستاو خواردنه‌وه‌یه‌، منداڵان به‌ردی پانی به‌قد ناوله‌پ گچكه‌تر، به‌ خۆ خواركردنه‌وه‌ و حێل به‌ گۆمه‌كه‌دا ده‌ده‌ن و سه‌ر ئاو و ئاو هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌ز ده‌ڕوا، ئیدی ده‌ژمێرین، به‌رده‌كه‌ چه‌ند جار خۆ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌خشێنێ( ماستاو ده‌خواته‌وه‌) و به‌رزده‌بێته‌وه‌،به‌رد هه‌بوو بیست ماستاوی ده‌خوارده‌وه‌، گه‌مه‌یه‌كی خۆشه‌، گه‌وره‌ش به‌شداری ده‌كه‌ن، ئا، مراویه‌كه‌م بیركه‌وته‌وه‌، به‌ردێك له‌و هه‌موو به‌رده‌ به‌ ته‌پلی سه‌ری مراویه‌ك كه‌وت، مراوی سووڕا سووڕا، ده‌ندووكی له‌ عه‌رد ده‌داو بۆ ئاسمانی ده‌برده‌وه‌، ده‌تگوت به‌رده‌ و ماستاو ده‌خواته‌وه‌، وه‌یش، كه‌وت و مرداربۆوه‌، كێ كوشتی؟ كێ كوشتی؟ بۆ به‌ ملی مندا نه‌هات! هه‌واڵ گه‌یشته‌ ژنی سه‌موونفرۆش، به‌ جوێنه‌وه‌ په‌یدا بوو:
كێ كوشتی؟ سه‌ری له‌ دوڕ قوزی دایكی ده‌نێم..
راستی نازانم من كوشتم یان نا، ئیدی بوومه‌ مراویكوژ، لۆم هات، هه‌ڵاتم، له‌و ده‌مه‌ بابم په‌یدا بوو، گوتی:
سه‌ری له‌ قوزی دایكی مه‌نێ، مراویه‌كه‌ت بقرسێنه‌ و پاره‌ی خۆت وه‌رگره‌..
قرساندی و وه‌ریگرت، زۆری نه‌برد پاره‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌، مێرده‌كه‌ی گوتبووی:
بڕۆ، پاره‌كه‌ی بۆ نه‌به‌یته‌وه‌، پێت به‌و ماڵه‌ ناكه‌وێته‌وه‌.
خۆشتر له‌ به‌رد و ماستاو خلیسكانێی سه‌ر شه‌خته‌یه‌، ناوه‌ ناوه‌ گۆم ده‌یبه‌ست، ده‌بووه‌ شه‌خته‌یه‌كی ئه‌ستوور سه‌ر سبه‌ینان خلیسكانێمان له‌ سه‌ری ده‌كرد، منداڵ ده‌هاتن، فازیل رێحانه‌، خالید چاو به‌خاڵ، كوڕی پۆلیس و كوڕی شه‌كه‌راتفرۆش و كچی مه‌ستان و كه‌ویار ده‌هاتن، چ ناسك بوو گه‌مه‌ی سه‌ر شه‌خته‌، خلیسكانێ له‌گه‌ڵ كه‌ویار، خلیسكانێیه‌كه‌ وێنه‌ی كه‌ویار و رۆیشت و نه‌مدیته‌وه‌، له‌بیرنه‌كه‌م، ئه‌و ناوه‌، سه‌ر شه‌خته‌ی جێی گه‌مه‌ی منداڵان، بڕێ جار ده‌بووه‌ شه‌ڕگه‌ی گه‌ورانیش، دوو شه‌ڕیانم وه‌ك توانه‌وه‌ی شه‌خته‌ له‌ یاده‌، ئه‌وه‌تا دوو پیاوی چوارشانه‌ به‌ مسته‌كۆڵه‌ به‌ربوونه‌ته‌ گیانی یه‌كتر، مستی وا له‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن، به‌ گا بكه‌وێ ده‌تڕێ، به‌ر دیوار بكه‌وێت به‌ لادا دێ، به‌ ده‌م شه‌ڕه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ رۆخی گۆمی شه‌خته‌، خودا هیچیان به‌ سه‌ر نه‌خات، خلیسكانێیان لێ تێكداین، شه‌خته‌ شكا، پێیه‌كان تا بن چۆك له‌ بن شه‌خته‌ن، شه‌ڕ گه‌رمه‌، گه‌رمایی شه‌ڕ شه‌خته‌ی توانده‌وه‌، گۆم ئێستا لیتاوه‌، دره‌نگ دوو سێ زه‌لام گه‌یشتنێ و لێكیان كردنه‌وه‌، له‌وێ بیستم كه‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ زۆر جاریدی به‌ قسه‌ تێكگیراون و قه‌ت ته‌با نه‌بوونه‌ و هه‌میشه‌ كێشه‌یان له‌ نێوان هه‌بووه‌، پیاوێك گوتی:
شه‌ڕی ئێوه‌ تا قیامه‌ت درێژده‌بێته‌وه‌.
ئه‌من دره‌نگ له‌ زاری بابمه‌وه‌ پێكه‌وتم شه‌ڕی ئه‌و دووه‌ له‌ سه‌ر چی بووه‌: (جه‌لال)یان مه‌لاییه‌ و (مسته‌فا)یان جه‌لالی، شه‌ڕه‌كانیشیان له‌ سه‌ر ئه‌و دوو شته‌یه‌، نازانم بۆچی ناوه‌كانیان ناگۆڕنه‌وه‌!
گۆمی شه‌خته‌ قسه‌ی زۆر له‌ سه‌ره‌، ئه‌و گۆمه‌ بێ ئاویی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌ده‌دیت، كه‌ندی پێش ماڵمان له‌ هیچ جێیه‌كی له‌ خاتووناوه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌یداوه‌ مسته‌ ئاوێكی نه‌ده‌ما، كه‌چی گۆمی شه‌خته‌ ناڵێم له‌ سه‌ری ده‌ڕوا، به‌ڵام كه‌میشی نه‌ده‌كرد، له‌ كوێوه‌ ئاوی ده‌ڕژایێ، نه‌مده‌دیت، گۆمی شه‌خته‌ له‌ پێش هه‌موو گۆمان ده‌یبه‌ست و دوای هه‌موو گۆمانیش شه‌خته‌ی ده‌تواوه‌، گۆمی شه‌خته‌ پێده‌چوو له‌ بنه‌وه‌ كانیه‌كی هه‌بێ و هه‌ڵقوڵێ، پێده‌چوو به‌ دزیی هه‌ولێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌فین، له‌گه‌ڵ كوێستانێ هه‌بێ، ئه‌وه‌ قسه‌ی داده‌ پنچكی ژنی حووج بوو..

شه‌ڕی ده‌لینگه‌كانیشم دیت، ژنه‌كه‌ی ئه‌و به‌ری كه‌ندێ نازانم چه‌ند ده‌رپێی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیستیشی هه‌بێت هه‌ر هه‌موویان ده‌لینگیان سووره‌، سوور سوور وه‌ك ته‌ماته‌ سوور، ژنێكی به‌ری پنچكه‌ گیاش كه‌ ده‌رگایان به‌ سه‌ر گۆمی شه‌خته‌وه‌ بوو جگه‌ له‌ ده‌لینگی زه‌رد كه‌س به‌ چ ره‌نگێكیدی نه‌یدیتووه‌، ئه‌و دوو ژنه‌ ده‌لینگ جوایه‌زه‌ دوژمنی بابه‌ كوشته‌ی یه‌كتر بوون، مه‌ریه‌م گوته‌نی:
هه‌وێ هێنده‌ رقی له‌ هه‌وێ نابێته‌وه‌..
شه‌ڕێك له‌ شه‌ڕه‌كانی ده‌لینگ زه‌رد و ده‌لینگ سوور كه‌وته‌ ده‌و گۆمی شه‌خته‌، له‌وێ ده‌ستیان له‌ تیتكی یه‌كتر نابوو، یه‌كتریان به‌ سه‌ر شه‌خته‌دا راده‌كێشا، به‌ كۆمه‌ڵێك ژن ده‌ست و تیتك له‌ یه‌كتر نه‌ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ زۆری ترساندم، شه‌ڕی ژنان له‌ شه‌ڕی پشیله‌ ترسناكتره‌ كه‌ پێموایه‌ له‌ شه‌ڕی ئاژه‌لان هی پشیله‌ ترسناكترینیانه‌، جارێك شه‌ڕی دوو پشیله‌م دیت، حه‌فته‌یه‌ك خه‌ونم به‌و شه‌ڕه‌وه‌ ده‌دیت و له‌ شیرنه‌ خه‌وێ راده‌په‌ڕیم و ده‌مزیڕاند، هێنده‌ی نه‌مابوو بمبه‌نه‌وه‌ ئۆمه‌رمه‌ندان، دێته‌وه‌بیرم مێرده‌كانیان به‌ دزی ژنه‌كانیان چاكوچۆنی یه‌كتریان ده‌كرد، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێ و ده‌گاته‌وه‌ ده‌لینگ زه‌رد و ده‌لینگ سۆر، باش له‌بیرمنیه‌ چ ده‌قه‌ومێ، ئه‌وه‌ نه‌بێ ئه‌و دوو پیاوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن ژنه‌كانیان ته‌ڵاق بده‌ن، به‌ڵام دیاره‌ باوه‌ڕ به‌ یه‌كتر ناكه‌ن، ترسی په‌شیمانبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا مێردی ده‌لینگ سۆر ده‌ڵێ:
ده‌ی، تۆ ته‌ڵاقی بده‌، پیاونه‌بم ته‌ڵاقی نه‌ده‌م
مێردی ده‌ڵینگ زه‌رد:
ده‌ی، تۆ به‌ردێكی ته‌ڵاق فڕێده‌، من دوو هه‌ڵده‌ده‌م
مێردی ده‌لینگ سۆر:
باشه‌، تۆ له‌ پێش من به‌ردی سێیه‌م هه‌ڵده‌ده‌ی؟
ناگه‌نه‌ یه‌ك، مه‌لای كۆمه‌نیست، وا بزانم ناوی سه‌دیق بوو، ده‌گاتێ و ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر درۆ ناكه‌ن، من رێگایه‌كتان بۆ ده‌بینمه‌وه‌، هه‌ردووكتان پێكه‌وه‌ و له‌ چاوترووكانێ ته‌ڵاقتان بكه‌وێ..
دیاره‌ هه‌ردووكیان به‌ قسه‌ی مه‌لا رازی ده‌بن، مه‌لا ده‌ڵێته‌ مێردی ده‌لینگ سۆر:
چ ده‌ڵێم له‌ دووم بڵێوه‌
له‌ دووی ده‌ڵێته‌وه‌:
هه‌ر سێ ته‌ڵاقم بكه‌وێ ئه‌گه‌ر تۆ ژنه‌كه‌ت ته‌ڵاق دا منیش ژنه‌كه‌م ته‌ڵاق بده‌م…
مه‌لا ده‌ڵێته‌ مێردی ده‌لینگ زه‌رد:
ده‌ی، ژنه‌كه‌ت ته‌ڵاق بده‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌ڵاقیشی نه‌دا، ته‌ڵاقی كه‌وتووه‌،
مێردی ده‌لینگ زه‌رد زاری ته‌ڵاقی وه‌ك ده‌ستی قووچاوه‌ و چه‌ندی ده‌كات ناكرێته‌وه‌، مه‌لا بانگی ژنه‌كان ده‌كات و پێیانده‌ڵێ:
چیدی به‌ شه‌ڕ بێن، مێرده‌كانیشتان ته‌ڵاقتان نه‌ده‌ن، ته‌ڵاقتان ده‌كه‌وێ..
(نه‌..) كۆمۆنیست بوو، (خا..) پارتی، دێته‌وه‌بیرم سه‌عید ده‌یگوت:
ئه‌مریكا و رووسیا ده‌چنه‌ شایی یه‌كتر، به‌ڵام (نه‌..) و (خا…) له‌ تازیه‌ی یه‌كتر نابینین.
ئه‌و ساڵانه‌ له‌ گه‌ڕه‌ك ناوه‌ ناوه‌ شه‌ڕه‌ ده‌ندووك له‌ نێوان پارتی و كۆمه‌نیستان به‌رپا ده‌بوو، دیاره‌ من هه‌ر وه‌ك ناو ده‌مناسین، نه‌مده‌زانی چ تشتن، به‌ڵام ده‌مزانی پیری سوارچاكان حه‌زی به‌ چاره‌ی كۆمۆنیسته‌كان نه‌ده‌كرد و ده‌یگوت:
مه‌بنه‌ شیوعی..
من كه‌ موریدی پیری سوارچاكان بووم، رقم له‌ شیوعی ده‌بۆوه‌، به‌ڵام مام عوسمان و مه‌لا شیوعیه‌كه‌م زۆر خۆش ده‌ویست، باپیریشم ئه‌و دوو كه‌سه‌ی خۆشده‌ویست، ئه‌و مه‌لایه‌ زۆر كۆمۆنیست بوو، پیاوێك كه‌ نازانم كێ (گرده‌) یان ده‌گۆتێ، كابرایه‌كی زۆر زه‌رد بوو، ده‌یگوت:
هه‌ر كه‌سێ له‌ دوای ئه‌و مه‌لایه‌ سۆره‌ نوێژ بكات، جێی چه‌قی ئاگره‌، چونكێ دوای نوێژ پاره‌ بۆ شوعیه‌ گاوره‌كان خڕده‌كاته‌وه‌..
به‌ڵام پیری سوارچاكان كه‌ تا دۆزه‌خ دژی كۆمه‌نیستان بوو، ده‌یگوت:
وا مه‌ڵێ، گرده‌ وا مه‌ڵێ، به‌ دووری مه‌بینه‌ ئه‌وانه‌ پێش تۆ بچنه‌ به‌هه‌شتێ
گرده‌ كه‌ هه‌ر هێنده‌ی باگوردانێ ده‌بوو، هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌ سه‌ر چیچكان و ناو له‌پێكی له‌ چۆكی خۆی ده‌دا:
ئه‌وانه‌! نه‌ ده‌زانن قیبله‌ له‌ كوێیه‌، نه‌ ماڵی مه‌لا مسته‌فا، ده‌چنه‌ به‌هه‌شت؟!
پیری سوارچاكان:
وه‌لڵا گرده‌، هێنده‌ی من رقت لێیان نابێته‌وه‌، به‌ڵام زۆریان ده‌زانن قیبله‌ له‌ كوێیه‌، بۆ مه‌لا سه‌دیق له‌ من و تۆ جوانتر روو له‌ قیبله‌ ناكات؟! مه‌لا مسته‌فاش په‌یوه‌ندی به‌ به‌هه‌شت و ئاگره‌وه‌ نیه‌..
بلۆكبڕه‌كه‌، ماڵیان له‌ به‌ری موفتیه‌، بابم گۆته‌نی: پیاوێكی زۆر سۆره‌. ده‌ڵێته‌ پیری سوارچاكان:
مام حاجی، كرده‌وه‌كانی تۆ، قسه‌كانی تۆ زۆر شوعیانه‌ن، به‌ڵام تێناگه‌م بۆچی هێنده‌ رقت له‌ شوعیانه‌؟!
پیری سوارچاكان:
تۆ بلۆكبڕێكی باشی، به‌ڵام چ له‌و شتانه‌ تێناگه‌ی، بڕۆ كن مه‌لا سه‌دیق با هه‌ندێكت فێربكات..
من شتێكی ئه‌وتۆم له‌و مه‌لایه‌ بیرناكه‌وێته‌وه‌، ده‌نا وه‌ك پیری سوارچاكان ده‌یگێڕمه‌وه‌، نازانم ماڵیان كه‌وتبووه‌ كوێ، جار و بار له‌گه‌ڵ بابم ده‌مدیت..
بوه‌ستن، به‌ر له‌ كاولبوونی دنیا دایكم ناوكی ئه‌و ژنه‌ش دێنێته‌وه‌، ژنه‌ قه‌ڵاتیه‌كه‌، من له‌بیرمچوو بڵێم دایكم له‌ ناوكهێنانه‌وه‌ ناوی گه‌ڕه‌ك گه‌ڕه‌ك رۆیشتبوو، ژن له‌ ته‌عجیل و ته‌یراوه‌ و ئه‌و سه‌ری شاره‌وه‌ به‌ لاكه‌ لاك ده‌هاتن، له‌ بن ده‌ستی دایكم راده‌كشان و قیت قیت ده‌چوونه‌وه‌، زۆر ژنم دیتووه‌ له‌ سه‌ر پشت راكشاون و دایكم به‌ ئه‌سپایی كراسه‌كه‌ی هه‌ڵداونه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی نیو وانه‌یێ ده‌ستی له‌ زگی ناون، ژن هه‌بوو ماوه‌ی وانه‌یه‌كی ویستووه‌، دوایوه‌ بنپیاڵه‌یه‌كی له‌ سه‌ر ناوكی داده‌نان و به‌ چه‌فیه‌یه‌ك ده‌یبه‌ست و هێلكه‌یه‌كی كوڵاوی ده‌رخوارد ده‌دان و ده‌یگوت:
هه‌سته‌، به‌ڵات لێبڕا، ئاگاداربه‌ شتی گران هه‌ڵمه‌گره‌ و هێنده‌ ترسنۆكیش مه‌به‌ به‌ تڕی گه‌وره‌ راچڵه‌كێی..
دیاره‌ به‌ قسه‌ی خه‌ڵك بێت ناوك له‌ شتی گران و راچه‌نین ده‌كه‌وێت، دایكم خۆیشی ناوكی ده‌كه‌وت، به‌ ده‌ستی خۆی ده‌یهێنایه‌وه‌، ده‌هات، به‌رده‌ جۆینێكی ده‌هێَنا، له‌ سه‌ر زگی خۆی داده‌نا، جار جاره‌ جێی ده‌گۆڕی، به‌ ده‌ستی خۆی بنپیاڵه‌كه‌ی ده‌به‌ست، جارێك ناوكی پیری سوارچاكانیشی هێنایه‌وه‌، وا بزانم له‌و سه‌روبه‌نده‌ بوو پلكه‌ شایه‌ر به‌ندێكی به‌ سه‌ر دایكمدا هه‌ڵگۆ، هه‌ر كاتێ كه‌سێ به‌بیریهێنامه‌وه‌ ده‌یڵێمه‌وه‌، ئێ، وێنه‌ی زۆر له‌و ژنانه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ی ناوك ده‌هاتنه‌ كن دایكم، هێند روون ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ هه‌ر ده‌ڵێی سیوه‌یله‌ و تازه‌ هه‌ڵاتووه‌، ژنێك له‌ سه‌ر قه‌ڵاته‌وه‌ هاتووه‌، به‌ دوو ژنان بن پیلیان گرتووه‌، كراسێكی زه‌ردی له‌ به‌ره‌، ره‌نگ به‌ به‌ریه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ره‌نگی كراسه‌كه‌یم له‌ قسه‌یه‌كی گوڵی كۆسارانه‌وه‌ له‌بیرماوه‌:
كچم، تۆ ره‌نگی كراسه‌كه‌تت گرتووه‌، یان كراسه‌كه‌ت هی تۆ؟
ژنه‌ گوتی:
پله‌ حاجی، نه‌خۆشیه‌كه‌م ده‌ستی لێ ستاندووم، چه‌ند دختۆرم كردووه‌، به‌لاش بووه‌..
دایكم هێشتا ده‌ستی نه‌گایاندبووه‌ زگی، گوتی:
له‌ گوینه‌ ناوكت بێ، كوا درێژبه‌
ژنه‌ راكشا، دایكم گوتی:
نه‌مگوت! خه‌مت نه‌بێ، به‌ ترومبێل له‌ سه‌ر قه‌راته‌وه‌ هاتی، به‌ڵام به‌ پێی خۆت سه‌رده‌كه‌ویه‌وه‌…
كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ی راسپارد، هێلكه‌یه‌كی بۆ بكوڵێنێ، ژنه‌ ده‌ڵێ:
هێلكه‌ی چی؟ به‌ خودای خواردنی ناو به‌هه‌شتێشم له‌پێش دانێن، دڵم نایبات..
دایكم ده‌ڵێ:
په‌له‌ت نه‌بێ، هه‌ر ئێستا ده‌ڵێی: چ بوو، هێلكه‌كه‌ نه‌كوڵا!
وا بوو، دوای به‌ستنی بنپیاڵه‌یه‌ك به‌ زگیه‌وه‌، هێلكه‌ی خوارد و به‌ پێی خۆی رۆیی..
من له‌ دایكمه‌وه‌ شتێ فێری هێنانه‌وه‌ی ناوك بووم، له‌ فێربوونه‌كه‌ گه‌ڕێ، ئێستا نا، پاشان ئیشم پێیده‌بێ، ئێستا قسه‌م له‌ یه‌كه‌م ده‌ست له‌ سه‌ر ناوكنانه‌، جوان وه‌بیرمدێ، ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌ له‌ بن ده‌ستی دایكم راكشابوو، له‌ جۆگه‌ بازیدابوو، ناوكی كه‌وتبوو، دایكم له‌بیریچووبوو هێلكه‌ی بۆ بكوڵێنێ، ده‌ستی خستبووه‌ ناوكی، به‌بیریهاته‌وه‌، به‌ ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌ی ده‌گۆ:
ده‌ستت توند بخه‌ ئه‌ها ئێره‌ی زگته‌وه‌..
دیاربوو ده‌ستدانانه‌كه‌ی به‌ دڵ نه‌بوو، بانگی منی كرد، وام كرد، له‌ سه‌ر بنكراسه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستم خسته‌ سه‌ر ناوكی، به‌ هێلكه‌وه‌ هاته‌وه‌، ده‌ستمی لادا و ده‌ستی خسته‌ جێی ده‌ستمه‌وه‌ و دوای كه‌مێ، گوتی:
كوڕه‌كه‌شم فێری ناوكهێنانه‌وه‌ بووه‌، ناوكت جوان هاتۆته‌وه‌، خراپیش كه‌وتبوو، به‌لای دڵتا كه‌وتبوو..
یه‌ك دوو جاریش ناوكی دایكمم هێنایه‌وه‌، ئاخر ئه‌ویش كه‌ ناوكی چه‌ند گه‌ڕه‌كی ده‌هێناوه‌ خۆشی ناوكی ده‌كه‌وت، نه‌مگوت ده‌چوو به‌ به‌رده‌ جۆین ناوكی خۆی ده‌هێنایه‌وه‌، زۆر جار ده‌ستی شل ده‌بوو، بانگی منی ده‌كرد، به‌رده‌كه‌ی بۆ راگرم، جاروباریش به‌رده‌كه‌ی لاده‌دا و ده‌ستمی ده‌خسته‌ سه‌رناوكی و فێری ده‌كردم چۆنچۆنی ده‌ستم بجوولێنم..
دایكم ده‌یگۆ:
ناوك به‌ سێ لادا ده‌كه‌وێ: چه‌پ، راست، لای دڵ، لای دڵه‌كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت دێته‌وه‌..
شاتكه‌ شێت كه‌ فشه‌ی به‌ ناوك و ماوك ده‌هات، جارێك پرسی:
ئه‌دی به‌ لای خوارێدا، به‌ لای قوزدا..
دایكم گۆتی:
ئه‌گه‌ر هی تو به‌وێدا كه‌وت، به‌ پیاوه‌كه‌ت بڵێ بۆت بێنێته‌وه‌..
راوی شه‌مشه‌مه‌ كوێران له‌ راوه‌ خۆشه‌كانه‌، گه‌له‌ك له‌ راوی جورج و مارمیلۆق گه‌له‌ك خۆشتره‌، مانگه‌ شه‌وی به‌لاشاوه‌ بڕه‌ك له‌ ئه‌ستێره‌كانی كه‌متر شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ی هه‌یه‌، ئه‌رێ كام وه‌رز بوو؟ منداڵان ناویان نابوو وه‌رزی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌! دوای شیوێ، هێشتا دوا پاروو هه‌ر له‌ زاری بوو، منداڵ به‌ كڵاوی بابیانه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ كۆڵانێ، ده‌چووینه‌ ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، گه‌مه‌ی ئێمه‌و شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ ده‌ستپێده‌كرد، زۆر جاری تا مانگ ئاواده‌بوو، گه‌مه‌ درێژه‌ی ده‌بوو، منداڵ له‌ سه‌ر عه‌رد و شه‌مشه‌مه‌ كوێر له‌ حه‌وا، به‌ڵام نه‌وی، كڵاوه‌كان ده‌یانگه‌یشتنێ، هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌ستێران، كڵاوی بابمم هه‌ڵدایه‌ حه‌وایێ، بۆ گرتنی شه‌مشه‌مه‌ كوێران، پێوه‌ نه‌بوو، پێوه‌ نه‌بوو..
شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ شه‌ڕی كڵاوی زۆر كردووه‌، چاودێ، ئه‌و هه‌موو كڵاوه‌ی بۆ ده‌چێ، سووك و هاسان به‌ كه‌لێناندا ده‌رده‌چێ، هێنده‌ی پارتیزانێ شاره‌زای شه‌ڕه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كوو، ده‌نا پێوه‌ نابێ، تا شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ك به‌ كڵاوه‌وه‌ ده‌بێ، قه‌تاره‌یه‌ك ئه‌ستێره‌ ده‌ڕژێن، دوو سێیه‌كه‌م له‌بیره‌ كه‌ له‌ نزیك دارتێله‌ ده‌لاقه‌داره‌كه‌ پێوه‌بوون، لێ وه‌بیرمنایه‌ كه‌وتنه‌ بن كڵاوی كێ، ده‌یانخستنه‌ ناو ته‌نه‌كه‌وه‌ و سه‌ریان داده‌خست، كاتێ رۆژ ده‌بۆوه‌، به‌ دڵی خۆمان ته‌ماشای ئه‌و شته‌ ناشیرینه‌مان ده‌كرد، ده‌بێ شتێ هه‌بێ له‌و ناشیرینتر، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ باره‌ی شه‌مشه‌مه‌ كۆره‌وه‌ به‌ندێكی درێژ، درێژتر له‌ كۆڵانی ماڵی كه‌ویاری خستبووه‌ سه‌ر زاری منداڵانی به‌لاشاوه‌:
قوربانت بم خودایه‌
شتی وات داهێنایه‌
په‌شیمانی له‌ دوایه‌
مه‌لاش واقی وڕمایه‌
له‌ ناشیرینی شه‌مشه‌مه‌ كۆره‌ گه‌ڕێ، خۆشمان هێنده‌ له‌و جوانتر نین، راوه‌كه‌ی خۆشه‌ و مانگه‌شه‌وی به‌لاشاوه‌ی تریفه‌ییتر كردووه‌، مه‌مكدانیشی به‌ حه‌وا ئێخستووه‌، كچه‌كه‌ی ماڵ له‌ نزیك حه‌سارێ، ئه‌وه‌ی خاڵێكی له‌ رووه‌ ده‌ڵێی له‌ وه‌نه‌وشه‌ی وه‌رگرتووه‌، وای چه‌ند جوان بوو،سوێند بخۆی لێت ناكه‌وێ، نه‌خشی كردگار نا، نه‌خشی نه‌خشكاره‌، كه‌مه‌ك جوانتر با ده‌مگوت كه‌ویاره‌! ئه‌و كچه‌ له‌ ماَلیان كڵاو نه‌بوو، بابی وه‌ك ئێمه‌ سه‌ر كۆت بوو، حه‌زیشی له‌ راوه‌ شه‌مشه‌مه‌ كۆره‌ی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و بوو، شه‌وێك ده‌یبڕێ و تاكێك له‌ مه‌مكدانی دایكی هێنا، چه‌ند جارێ هه‌ڵیدا شه‌مشه‌مه‌ كۆره‌ پێوه‌ بوو، به‌ مه‌مكدانه‌وه‌ بوو، سه‌رهاته‌كه‌ی گه‌یشتبۆوه‌ بابی كیژه‌، گوتبووی:
منیش بام پێوه‌ ده‌بووم..
حه‌مه‌د مه‌ستانیش گوتبووی:
ئه‌دی ئه‌گه‌ر ده‌رپێی ژنان هه‌ڵده‌ی داخوا چه‌ندی پێوه‌ بێ!




هەلور بلور تەکامە زەرد و سور و شەمامە …

کاتێک منداڵ بووین بۆ ئەوەی لەنێوان هەندێک هەڵبژاردەدا یەکێکیان دەستنیشان بکەین، یارییەکمان دەکرد کە لەگەڵ وتنەوەی ئەم وشانەدا دوا دانەمان هەڵبژاردەکە دەبوو:
هەلور بلور تەکامە زەرد و سور و شەمامە
ئاوە زەرێ پێ لابەرێ
مێخم کوتا مێخ هەڵبەزی
تیکەی ڕاستی ئەوەی گەزی

ئێستاش سەرجەم ناوچەکە لە بەرمیلێکی باروت دەچێت، کە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستنیشانی ئەوە بکات ئایا لەگەڵ تەقینەوەی ئەو بەرمیلە باروتەدا چی ڕوودەدات. سەرباری هەموو ئەو بارودۆخە ناسکەی ناوچەکە و سەرباری ئەو قەیران و کێشانەی ڕووبەڕووی سەرتاپای کۆمەڵگا دەبێتەوە تاکی کورد لەناو کێبڕکێ و جەنگێکی دەروونی قێزەونی ناو حیزب و لایەن و باڵە جیاوازەکانی کوردستاندا دەژی، کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاکی کورد گاڵتەجاڕی بە سیاسەتی ناسیاسییانەی پەیڕەوکراوی لایەنەکان بێت، جگە لەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باوەڕبوون بە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی لایەنەکان کەم بێتەوە.
جا لەناو ئەم گەمە سیاسییانەی کوردستاندا بۆ دەستکەوتنی وەڵامێک بۆ پرسە سەرەکییەکان لەوانەیە هیچ شتیک نەمابێتەوە بۆمان تەنها جێبەجێکردنی یاریی کاتی منداڵیمان نەبێت.

ئایا سوپاسی تورکیا لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم هاتۆتە ناو خاکی عێراقەوە؟
با دەست پێ بکەین: هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . . ئەوەی گەزی:
وتەبێژی حکومەتی هەرێم: حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگایان لەو باسە نەبووە.
حکومەتی تورکیا: ئێمە سوپای تورکیامان لەسەر داواکاری هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ مەشقکردنی هێزەکانیان بۆ هێرشەکەی موسڵ.
دەنگێک لەو لاوە: سەرۆکی هەرێمیش و عبادیش ئاگاداری ئەو پرۆسەیە بوون و بە ڕەزامەندی هەردوولایان سوپای تورکی هاتووە.
نوزەیەکی دیکە: ئەمریکا و حکومەتی عێراقی و دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشوەخت ئاگادار بوون لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکی.

ئایا موچەی فەرمانبەران هەیە یان نییە؟

دەست پێ بکەینەوە: هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . .. ئەوەی گەزی:
حکومەتی هەرێم: بەم داهاتەی ئێستامانەوە ناتوانین موچەی تەواوەتی دابین بکەین و هیچ پەیمانێک بدەین بۆ دابینکردنی و سیستمی موچەش هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نوزەیەکی حکومەت: بەڕێز قباد تاڵەبانی ئاگای لە هەموو گرێبەستە نەوتییەکان هەیە و دەزانێت داهاتی حکومەت چەندە و ئایا بەشی موچە دەکات یان نا.
بزوتنەوەی گۆڕان: حکومەت نەک بە فرۆشتنی نەوت بەڵکوو بە پاشەکەوتکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمێک لە فرۆشتنی نەوت بەبێ هیچ کێشەیەک موچە کۆنەکانیش دەتوانین دابین بکات.
یەکێتی نیشتمانی: ڕاستە ئێمە لە حکومەتداین و جێگری سەرۆک وەزیران ئاگای لە هەموو شتێکە بەڵام بە ڕاستی شتەکان ناشەفافن و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە بۆ ئەوەی قسە لەسەر مەسەلەی موچە بکەین.
یەکگرتوو و کۆمەڵ: ئەمەی ڕوو دەدات شتێکی قبوڵکراو نییە و پێویستە شتەکان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئایا بەردەوامبوونی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا یاساییە؟

یەڵڵا دەست پێ بکەین: هەلور بلور تەکامە . . زەرد و سور و شەمامە .. . . . . ئەوەی گەزی:
پارتی دیموکرات: بێگومان یاساییە و ئەوەتا ئەنجومەنی شوراش شایەتی داوە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە یاساییە.
گۆڕان: بە هیچ پێوەرێکی یاسایی مانەوەی سەرۆک لە پۆستەکەیدا یاسایی نییە.
یەکێتی: ئەمە شوێنی مشتومڕە و هەندیک لایەنی نایاسایی تێدایە و بەڵام دەبێت بە ڕێکەوتنی سیاسیی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت (بەڵام سەیر لەوەدایە کە جێگری سەرۆک هەتا ئێستا شان بە شانی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا هەر بەردەوامە سەرباری ئەو نایاساییەی یەکێتی باسی لێوە دەکات)
یەکگرتوو: نایاساییە و دەبووایە پێشوەخت بە یاسا یان بە ڕێکەوتنی یاسایی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرایە. (کەچی لەگەڵ سەرۆکدا دەچن بۆ بەغداد)

ئایا ڕێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمان ئاسای و یاساییە؟

هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . .. ئەوەی گەزی:
پارتی دیموکرات: بێگومان یاساییە، چونکە ئێمە ڕێکەوتنێکمان هەبوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵمانوەشاندەوە و دکتۆر یوسفیش دەتوانێت تەنها وەک پەرلەمانتارێکی ئاسایی بێتە ناو هەولێر (بەڵام لەخۆیان ناپرسن ئایا بۆ دانانی سەرۆک پەرلەمانێکی نوی پرۆسە یاساییەکە چۆنە، چونکە ئەگەر بۆ خولەکێکیش بێت سەرۆکی پەرلەمان هەر دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بەرێت و دوایی دەست لە کار بکێشێتەوە)
گۆڕان: بێگومان نایاساییە و دکتۆر یوسف هەتا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بە یاسایی هەیە.
یەکێتی: خۆی ڕاستە برادەرانی گۆڕان لەوانە یە هەندێک هەڵەیان لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و دانیشتنەکاندا هەبووبێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پارتی دیموکرات بەو کردارە هەڵبستایە و پەرلەمانی پەک بخستایە، چونکە ئەمە ڕێکاری یاسایی دەوێت بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕدرێت.
دەنگێکی تری یەکێتی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هی خۆمان بوو بەڵام پارتی دای بە بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستاش ئاساییە و مافی خۆمانە داوای بکەینەوە.
کۆمەڵە: بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دکتۆر یوسف دەکەین، ڕێگریی و پەکخستنەکە هیچیان یاسایی و گونجاو نین بۆ ئەو بارودۆخەی کوردستان تیایدا دەژی.

ئایا کێ زۆرترین گەندەڵی و بردنی سامانی میللەت ئەنجام دەدات؟

هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . ئەوەی گەزی:
یەکێتی: پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و گریبەستەکان لەژێر دەستی پارتیدایە و ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە. لە زۆنی زەرددا زۆرترین گەندەڵی ئەنجام دەدرێت.
پارتی: یەکێتی و سەرانی گۆڕان بێ بەش نین لەو گەندەڵییەی لە هەرێمدا ئەنجام دەدرێت، ئەوان کۆنترۆڵی هەموو سوچێکی ئابووری و دارایی ناموچەکای خۆیان کردووە و گەورەترین گەندەڵی ئەنجام دەدەن.
نوزەی مێدیایەک: هەرچەندە ڕۆژ هەتا ئێوارە باس لە گەندەڵی بەرەکەی ئەو بەر دەکات بەڵام ئەوەتا حافتا و پێنج هەزار مەتر دوجای لەسەر هاوسەرەکەی تاپۆ کردووە.
دەرپەڕینی هەواڵێک: بەڵگەنامەیەک بڵاو بۆتەوە کە ……… کە سەر بە لایەنی ………….. بڕی …… ملیۆن دۆلاری بردووە و کەچی هەتا ئێستا پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر فرمانی دەستگیرکردنی هەتا ئێستا بە ئازادی دەگەڕێت چونکە ……….. دیفاعی لێ دەکات و هێزەکانی پۆلیس ناوێرن توخنی بکەون.
دەنگی هاووڵاتیان:هەمووتان ڕاست دەکەن، هەموو ڕاستییەکانی یەکتر دەزانن، هەمووتان شەریکن، هەمووتان شەریکەن نەک حیزبن، هەموو گەندەڵن، بەڵام ڕووی بابی سیاسەت ڕەش بێت، کە ئێوەی لە سیاسییەوە کرد بە بازرگان بەسەر ئێمەوە و کەچی سواری کۆڵی سیاسەتەکەش بوون و وازی لێ ناهێنن.




خویندن به‌شیكه‌ له‌كه‌نده‌لی بی كۆتا … ئانیا ئەحمەد پور

له‌كه‌ل كردنه‌وه‌ی ده‌ركای خویندنكاكان بۆسالی2016-2017 ریزه‌یه‌كی به‌رجاوی مامۆستایان بایكۆتی ده‌وامیان راكه‌یاند بۆ به‌جیهینانی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ره‌وایه‌.مامۆستایان له‌بری وتنه‌وه‌ی وانه‌كان سه‌رقالی دابینكردنی بزیوی زیانیانن به‌ كاركردن و هه‌مو ریكایه‌كیان كرتۆته‌ به‌ر تاوه‌كو داوای موجه‌كانیان بكه‌ن حكومه‌ت و ده‌سه‌لات جكه‌ له‌ بیده‌نكی هیجی تری هه‌لنه‌بزاردوه‌ ره‌نكه‌ توانای وه‌لامدانه‌وه‌ی خۆبیشانده‌رانی نه‌بی یاخود داواكری هاولاتیان كرنكیه‌كی ئه‌وتۆی بۆیان نه‌بی.له‌كاتیكدا بۆهه‌لبزاردنی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان هه‌ر بینج حزبه‌كه‌ بانكه‌شه‌ی جاكسازی و ده‌وله‌تی كوردیان ده‌كرد كه‌ كوردستانیان به‌ره‌و ئه‌م جاره‌نوسه‌ هینا ئیستا خۆیان به‌ خاوه‌نی هه‌ریم نازانن و ته‌نیا پاكانه‌ی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن به‌ ره‌خنه‌كرتن له‌ئه‌جیندا و خه‌ریكی یه‌كتر تۆمه‌تبار كردنن به‌ كه‌یاندنی نیشتمان به‌و رۆزه‌.باسه‌كه‌ كرنكی ئه‌وه‌ ناكه‌یه‌نی كه‌ تاجه‌ند بابه‌ندی به‌لین و یاساكانن به‌لكو ئه‌وه‌ی له‌بیركراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ قوربانی ده‌سه‌لات و بایكۆتی مامۆستایان له‌م نیوه‌نده‌دا ته‌نیا خویندكاره‌ زیاتر له‌هه‌ر جینیكی تری كۆمه‌لكه‌كه‌ له‌م سات و ئانه‌دا هیج دوارۆزیكیان دیارنیه‌ ئایا ده‌كه‌رینه‌وه‌ بۆ خویندنكاكان یاخود ناكه‌رینه‌وه‌ شایه‌نی باسه‌ یه‌كیتی مامۆستایانی هه‌ولیر له‌م بارودۆخه‌شدا بروای وایه‌ كه‌ ده‌سه‌لات

ریكه‌جاره‌یه‌كی نیه‌و بالبشتی ده‌كات.هه‌روه‌ها خۆبیشاندانی مامۆستایان هه‌له‌یه‌و ده‌بی كۆتایی بیبهینری بی ره‌جاوكردنی زیانی تایبه‌تی مامۆستایان و كوزه‌رانیان به‌لكو داواكردنی ماف به‌ ناره‌وایی له‌قه‌له‌م ده‌دات به‌رامبه‌ر به‌تیاجونی خویندكاران ونائومیدیان سه‌رۆكی وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ خه‌ریكی زیادكردنی بشوه‌ نه‌ك دانانی ریكه‌جاره‌یه‌ك بۆیان.له‌ئیستادا كه‌وره‌ترین خه‌می سه‌رۆكی وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ ته‌نیا خۆبیشاندانه‌ كه‌ هیوای دامركانه‌وه‌ی ده‌خوازی له‌بری بشت كرتنی مامۆستایان خه‌ریكی دزایه‌تیكردنیانه‌.له‌ماوه‌ی جه‌ندین ساله‌ی جاكسازی له‌وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ و كرتنه‌به‌ری جه‌ندین شیوازی جۆراوجۆری خویندن مایه‌ی سه‌رسامیه‌ كه‌ ئه‌مرۆ توشی شكستیكی له‌م جۆره‌ بوه‌ته‌وه‌ له‌كاتیكدا واجاوه‌روان ده‌كرا خویندن بكه‌یه‌نریته‌ ئاستیكی به‌رز و بیشكه‌وتنیكی ئه‌وتۆ به‌خۆیه‌وه‌ ببینی به‌لكو بوه‌ته‌ ریره‌ویك بۆ شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان تاوه‌كو هه‌مو هۆله‌كانی خویندن جۆل كراون و هیج وانه‌یه‌ك ناكوتریته‌وه‌ كه‌جی سه‌رۆكی وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خویندن له‌ئاستی جاران ماوه‌ و به‌ره‌و جاكبونه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌سه‌لات جاوی به‌ستبیته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كه‌نده‌لییه‌ بی سنوره‌ بۆیه‌ له‌مه‌ر هه‌رناره‌زاییه‌ك له‌هه‌ولی به‌رده‌بۆشیدایه‌ و هه‌مو سه‌ربیجیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی قبولكردنی ئه‌م كوزه‌رانه‌ حوكمیكه‌ له‌سه‌رهاولاتی

وه‌به‌رده‌وامی بیده‌نكبونی ده‌سه‌لات و نه‌بونی وه‌لامیك بۆ ناره‌زایی له‌باشه‌رۆزدا كاریكه‌ری خرابی له‌سه‌ر قوتابیان و برۆسه‌ی خویندن ده‌بی.سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات درك به‌مه‌ترسیه‌كان و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لییده‌كه‌ویته‌وه‌ ده‌كات به‌لام تا ئیستا نه‌یانتوانیوه‌ به‌هانای داواكاریربۆ به‌كزداجونه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌نوسه‌ی كه‌ به‌ره‌و خویندكارانه‌وه‌ هاتوه‌ و مامۆستایانی ناجاركردوه‌ هۆله‌كان جۆل بكه‌ن به‌شیوه‌یه‌كی كشتی بلانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و كه‌شه‌بیدان روبه‌روی شكستیكی كه‌وره‌ هاتوه‌ و فه‌رامۆشكردنی ئه‌و باردودۆخه‌ی مامۆستایانی تیدایه‌ زیانیكی كه‌وره‌ی له‌برۆسه‌كه‌ و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خۆی داوه‌ و ئه‌و قۆناغانه‌ی جه‌ندین ساله‌ كرتویه‌تیه‌ به‌ر بۆ بیشكه‌وتن له‌ئه‌رزی واقیع هه‌ره‌سی هیناوه‌.كه‌ره‌نكه‌ به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر ئه‌م ریجكه‌یه‌ كاریكه‌ری نه‌رینی بۆ جه‌ند سالیكی تر بهیلیته‌وه‌ و نه‌توانری برۆسه‌كه‌ به‌یه‌كجاری بشت راست بكریته‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا برۆسه‌كه‌ جه‌ندین كه‌لینی تیكه‌وتوه‌ كه‌ ناتوانری هیج برۆزه‌یه‌كی واهه‌بی كاریكه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لینانه‌ هه‌بی دره‌ست بونی ئه‌م كه‌لینانه‌ ده‌كه‌ریته‌وه‌ بۆ زیادبونی خویندنكا ئه‌هلیه‌كان كه‌ دوای بایكۆتی مامۆستایان زۆر له‌خویندكاران ناجارن به‌نایان ببه‌نه‌ به‌ر ئه‌مه‌ش ریخۆشكه‌ره‌ بۆ فه‌رامۆشی زیاتری خویندنكا حكومیه‌كان و له‌كرنكی بایكۆتی ده‌وام كه‌م ده‌كاته‌وه‌. هاوشان له‌كه‌ل ئه‌و كه‌لینانه‌ ریزه‌ی موجه‌خۆران

كه‌ به‌كویره‌ی داتاكان و ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌خرینه‌ روو هه‌ریمی كوردستان زۆرترین موجه‌خۆری هه‌یه‌ له‌ ئیستادا بۆیه‌ ئه‌و خویندكارانه‌ی كه‌ بیبه‌ش نین له‌خویندن و روده‌كه‌نه‌ خویندنكا ئه‌هلیه‌كان جینی مامناوه‌ند و هه‌زار ناكریته‌وه‌ كه‌ به‌شی زۆری هاونیشتمانیانن.به‌لكو جینیكی دیاریكراو و سنوردار به‌ره‌و ئه‌م جاره‌نوسه‌ ناجن كه‌مبونی سال به‌ساله‌ی نمره‌كان هه‌مان ده‌رئه‌نجام ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ئه‌و هه‌ره‌سه‌ی وه‌زاره‌تی به‌روه‌رده‌ هیناویه‌تی مایه‌ی جاوبۆشی لیكردن نییه‌.له‌كه‌ل ئه‌وه‌شدا خه‌ریكی جه‌وسانه‌وه‌ و هه‌ره‌شه‌لیكردن له‌مامۆستایانه‌ ره‌نكه‌ له‌كاتی دیاریكردنی كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو وه‌زاره‌ت ره‌جاوی كه‌م ئه‌زمونیان نه‌كرابی به‌لكو لیره‌شدا مه‌رامی سیاسی كراوه‌ته‌ ئامانج و به‌كویره‌ی بله‌ی حزبی دیاریكراون هه‌ربۆیه‌ به‌روه‌رده‌ و برۆسه‌كه‌ به‌م رۆزه‌ كه‌یشتوه‌ كه‌ له‌بری كارئاسانی بۆ خویندكار تیكه‌وتوی جه‌ندین كه‌م و كورتین.جیكای تیرامانه‌ وه‌زاره‌تیكی له‌م شیوه‌ له‌كه‌ل ئه‌م ئاسته‌ نزمه‌ی هه‌یه‌تی و ئه‌و هه‌ره‌س هینانه‌ زه‌به‌لاحه‌ تا ئیستا كارمه‌نده‌كانی له‌كارن و له‌زیر سیبه‌ری ده‌سه‌لات خۆیان حه‌شارداوه‌ له‌كاتیكدا ئه‌وان به‌و بله‌ كه‌یشتون تاكو كه‌نده‌لی له‌ناوببه‌ن كه‌جی خودی خۆیان خه‌ریكی كرتنه‌به‌ری ریجكه‌ی كه‌نده‌لی و فه‌رامۆشكردنی مافه‌كانی مامۆستایان و خویندكارانن بی ره‌جاوكردنی دوارۆزی جه‌ندین قوتابی و خویندكار.




موعتادبوون بە بیزنس و کۆکایینی دەوڵەتی کوردیی -2 … کامیار سابیر

موعتادبوون بە بیزنس و کۆکایینی دەوڵەتی کوردیی
بەشی دووەم لە وتاری
یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپیشاندان لە”هەولێر”

کامیار سابیر
…………

ئەگەر کڕۆنۆڵۆجیای سیاسیی و چالاکییە سیاسیی و کولتوورییەکانی بەشێک لەسەرانی یەکێتیی، بەشێک لە سەکردە و کادیرەکانی گۆڕان و بەشێک لە ئیسلامییەکان لە پێنج شەش ساڵی رابردوودا لەسەنگی مەحەک بدەیت، بە باشیی ئەوەت بۆ دەردەکەوێت هەمیشە قاچێکیان، پاشەڵیان، لایەک لە لەشیان لەناو وەهمی غەزوبەزەکانی ئابووریی سەربەخۆ، دژایەتییکردنی مالیکیی و عەبادییدا بووە و زۆربەی کات، وەهمیان بە پرۆژەی والییەکەی ئەردۆغان( بارزانیی) هەبووە کە دەوڵەت دروست دەکات! موعتاد بوون بەوەی دەوڵەتی نەژادیی کوردیی بەڕێوەیە، ئابووریی سەربەخۆ لە رێگەی تورکیاوە تاکە میکانیزمە بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان بۆ گەلی کورد بێت( دیارە، بۆ مافیاکانی کوردایەتیی)، بەڕەی سایکس-پیکۆ دەپێچرێتەوە و فەرشی نیۆ-عوثمانییەکان، بۆ ویلایەتی رەیعیی-عەشیرەتیی رادەخرێ.

ئەم موعتادانە، بەتایبەتیی بەشێکی بەرچاو لە قیادەی یەكێتیی، چەندین ساڵە ئەم کۆکایینە، ئەم ئافیونە سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژییە تەخشان دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵک و خۆیان موعتاد بکەن و بیزنسە میلیارد دۆلارییەکانیان لە سێکتی نەوت و غازدا، لەگەڵ مافیا ئۆریجناڵەکانی کوردایەتییدا( پارتیی) گەشە پێبدەن و سەرمایەگوزاریی زیاتری لەسەر بکەن. لەهەمووی بەسوێتر، کۆمەڵێ کادری مەغز ناسیۆنالیستی گۆڕان، تا لووتکەی حەماقەت، کەمپەینیان بۆ ئابووریی سەربەخۆ و قەشمەرییاتی دەوڵەتی کوردیی دەکرد و مەرەوانەی ئەم بیزنسەیان، بەسەر ریزەکانی خۆیاندا، دەبەخشییەوە.

بەهۆی ئەو کولتوورە سیاسییە فاشییانەیەی پارتیی لە هەولێر، پێڕۆی دەکات، بەهۆی چاوسووربوون و ترسی لەدەستدانی( هەیبەت، دەسەڵات و بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارەکانی) پارتیی، ئامادەیە، هەموو هەولێر خەڵتانی خوێن بکات، بەس راپەڕین و پرۆتێستی گەورەی تێدا روونەدات. هێزە ئیقلیمیی و جیهانییەکانیش( ئەمێریکا)، ئارامیی و خامۆشیی هەولێریان دەوێت. ئەی چارە چییە؟ ئایا دەکرێ تەواوی کوردستان، بەهۆی هەولێرەوە، درێژە بە وەهمی حکومەتی هەرێمی چەتەکان بدات؟ ئایا دەکرێ مافیاکانی بنەماڵەی بارزانیی و مافیاکانی هەردوو بنەماڵەی( تاڵەبانیی و ئەحمەد)، لەگەڵ مافیاکانی ناوەندی بڕیار و بەهۆی کوردە نامووسیی، ناسیۆنالیستە ناعەقڵانییەکانی ناو گۆڕان و پرۆکسییەکانی ئەردۆغان لەناو یەکگرتوودا، درێژە بەم هەموو چەتەیی و دزیی و تاڵانییە بدرێ؟

ئایا دەکرێ، گەنجان و نەوەکانی ئاییندە بەم قسە قۆڕە نەتەوەییانەوە، بەنج بکەیت و ئەم نانە بۆ ئەو رۆنەی کە ئابووریی سەربەخۆ، لە “کەرە”ی مەشکەژەنینە وەهمییەکەیەوە، پەیدای دەکات، هەڵبگیردرێت؟ ئایا هیچ رێگەچارەیەکی تر نییە کە لای کەم، خەڵکی گەرمیان، کەرکوک، سلێمانیی و ناوچەکانیان، باجی عوقدەی بێدەنگیی و یۆتۆپیای خۆپێشاندان لە هەولێر نەدەن و ئازایەتیی و قارەمانییەتی خۆیان لەسەری مافیا لۆکاڵییەکانی خۆیاندا تاقیبکەنەوە و ئەوەندە تەوس و توانج لە بێدەسەڵاتیی و دۆشداماویی هەولێر نەگرن؟

ئێستا سادەترین عەوامی کۆمەڵگەی کوردیی دەزانێ، ئەم هەموو دزییە قەبارە گەورانەی لە مێژووی خەباتی ئەم گەلە و لە ئاییندەی گەلی کوردستان دەکرێ، ئەم ستەم، هەڵاواردن و ناعەدالەتییەی بەرامبەر کەرکوک، سلێمانیی و گەرمیان دەکرێ، هەر پارتیی تاوانباری ئەوەڵ و ئاخیر نییە. بەبێ دزەکانی یەکێتیی، بەبێ ماڵی تاڵەبانی( و ئیبراهیم ئەحمەد)، بەتایبەت بەبێ قوباد و نەجمەدین کەریم، بە بێ پارتییەکانی ناو یەکێتیی( ناوەندی بڕیار) و هەروەها بەبێ خۆشباوەڕییەکانی لای کەم دوو ساڵی تەمەنی گۆڕان و سەرجەم تەمەنی یەکگرتووی ئیسلامیی وەکو “مورتەزیقە”ی تورکیا و حیلفی سوننیی، سەرەنجامیش بەهۆی حەماسی نەژادیی و کەمپەینی ئەو ئەکادیمیست و نووسەرە رانتخۆر و ئەحمەقانەی کە دەیانگوت نەوتی کوردستان، کورد!خۆی دەبێ بیفرۆشێ و تەصەڕوفی پێوە بکات! ئەم بیزنسە مافیاییە بۆ پارتیی و تورکیا بەسەرەوە ناچوو.

ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، ئەوانەی دزەیان کردووەتە ناو میدیاوە و ئەوانەی حکومەتی عێراق کەشفی کردوون، تەنیا نەوتی کەرکوک، بەشی هەموو مووچەی خەڵکی کوردستان بەزیادەوە دەکات. دیارە بەو هەموو بن دیوار و ئەو هەموو گەندەڵییە زۆرەی لە لەشکری تەمەڵخانەکانی هەردوو حیزبیشدا هەن. ئینسان، ئەگەر زۆر زۆر ئەحمەق نەبێت، ئەوە بە عەقڵیدا ناچێت کە پارتیی بتوانێ نەوتی کەرکوک بەو کەڵەگاییە بفرۆشێت ئەگەر دزە گەورەکانی یەكێتیی، ئەگەر مافیاکانی نزیک لە ماڵی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد، ئاگاداری وردو درشتی ئەم هەموو دزییە نەبن؟

بۆ ئەوەی ئەم چەتەیی و مافیاگەرییە بوەستێندرێت، سەرەتا، پێویستە یەک یەک قەبرغەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە ئابوورییە( Economic Nationalism) و پەراسووەکانی ئەم مانیفێستە ئایدیۆلۆژییە( کوردایەتیی) تێکبشکێنرێن. تێکشکاندنی ئەم ستراکتۆرە تاڵانییە، دەبێ لەباری فیکریی، سیاسیی و ئابوورییەوە، خۆشە بکرێت. پێش هەموو شتێ لە حەماقەتەکانی کوردایەتیی بدرێ، لە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و ویقاری دزە گەورەکانی بدرێ. لە فیکر و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی نەژادیی و سیمبۆڵە هەرە گەورەکانی کوردایەتیی بدرێ. لە خورافییات و درۆ گەورەکانی قائیدە کۆن و نوێکانی میلیشیاکانی کوردایەتیی بدرێ. لەو چەتەگەریی و تەخریبەی شاخ بدرێ کە ناویان نابوو شۆڕشی ( ئەیلول، نوێ و گوڵان).

ئەگەر بەراوردی ناسیۆنالیزمی چەتەگەریی کوردیی بکەیت بە هەموو ناسیۆنالیزمەکانی دونیا، لە مێژووی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپییەوە تا ناسیۆنالیزمی قوڕاووچڵپاوەکانی ئەفریقا، ئەمێریکای لاتین، رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیا، هیچ ناسیۆنالیزمێک لە ناسیۆنالیزمی کوردیی( بەتایبەت ڤێرژنەکەی بارزانیی-تاڵەبانیی و ئەوانەی لە فەلەکی ئەماندان= حەماقەتەکانی کوردایەتیی) ، فاشیلتر، چەتەتر، دڕندەتر و برسییتر نەبووە دەرهەق بە ئابووریی و سامانە سروشتییەکانی نیشتمانەکەی خۆی.

٢٥ ساڵ لەمەوبەر، دزەکانی کوردایەتیی و مونەوەرەکانی( لە سیاسیی و نوخبە جۆراوجۆرەکانی)، بناغەی فاشیلترین، گەندەڵترین و ساقیطترین حوکمڕانیی لۆکاڵیی و نیمچە ئۆتۆنۆمییان لەسەر رووی ئەم هەسارەیە دامەزراند. وێڵاشی حوکمڕانیی کوردایەتیی بە دزیینی بەنداوی بێخمە، بڕدرا. ئێستاش بە دزیینی رۆژانەی یەک میلیۆن بەرمیل نەوت درێژەی هەیە. ئایا حکومەتی دز و چەتەی هەرێمی کوردستان، سوودو قازانجەکانی بۆ گەلانی کوردستان لەگەڵ زیانەکانیدا، لە هێڵەک بدرێن، زیانەکان و کۆزەری دزییەکانی چەند قات لە دانەوێڵەی بەرهەمەکانی زیاتر و قەبەتر دەردەچن؟

ئایا پشتیرەکانی پارلەمانی کوردستان، قازانجی بۆ گەلی کورد و بۆ کێشە سیاسییەکەی چیی بووە کە بووەتە چەترێک بۆ شەرعییەتدان بەم دزیی و تاڵانکارییە؟ ئەوە، جگە لەوەی، لەماوەی ئەم ٢٥ ساڵەدا، دەیان هەزار کەسیان لە ( مودیرعام، وەزیر و جێگر، ئەندام پارلەمان و راوێژکار…تاد ) خانەنشین کرد بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستانەوە، پۆزی ئاریستۆکراتیی بەسەر هەژارانی کوردستاندا لێدەدەن! هاوکات، هەر ئەو پارلەمانەی ویستی قانون و کڵێشەی دەستور، جێکەوت بکات، سەرۆکی مافیاکانی کوردایەتیی، لە رێگەی بەڵتەچییەکانی زێڕەڤانیی و میلیشیا جۆراوجۆرەکانی تری کوردایەتییەوە، دەرگەی هەموو پشتیرەکانی سەرلەبەر کڵۆم دا.

ناسیۆنالیزمە ئابوورییەکەی کوردایەتیی، هەر تۆڕێکی گەورەی مافیایی نییە، بەڵكو دەسەڵاتدارەکان، لەسەری سەرەوە، لە هەردوو حیزبە شەریکە دزەکەوە، بەشدارن لەم چەتەیی و راوڕووتەی بە ئابووریی کوردستانەوە دەکرێت. لەهیچ شوێنێکی دونیا، تەنانەت لە تۆڕە مافیاییە گەورەکانی روسیاشدا، لەو وڵاتانەی لە سۆڤێتی جارانەوە دروست بوون، شتی وا نەبووە کە مافیاکان خۆیان حاکمی موطڵەق بن، خۆیان دەسەڵاتدار بن و خۆیان حکومەت و پارلەمان، لەشکری عەسکەریی و دامودەسگا ئەمنیی و دامەزراوەکانیان لەژێر دەستدا بێت؟

دوو حیزبی مافیایی، دوو حیزبی پرۆکسی( بۆ ئەجێنداکانی تورکیا و ئێران) دوو باندی مافیایی زۆر قەبە و گەورە و رێکخراو، حوکمی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم حکومەت و دەسەڵاتە عەشیرەتیی و بنەماڵەییانە، خاوەنی بانقەکانن، خاوەنی تەواوی پرۆژە ئابوورییە زەبەلاحەکانن، تەواوی تۆڕە مافیایی و بازرگانییە گەورەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، بازاڕیان، سەرلەبەر لەسەر خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان قۆرغ کردووە. سەرەنجامیش تەواوی شارەوانیی( بلدیة) سەرجەم شار و شارۆچکە، دەشت و شاخەکانی کوردستانیان لەسەر خۆیان و ئەعوانەکانیان تاپۆ کردووە. ئەوەی عوروبە و صەدام حوسێن بە ٢٠-٣٠ ساڵ، نەیانتوانی، تەنانەت نەیانویست دەرهەق بە ئابووریی کوردستان بیکەن، ئەم دوو حیزبە دز، مافیا و چەتەیە، تەنیا بە دوو ساڵ، زۆر زیاتریان کرد و ئاییندەی چەندین نەوەی نوێی خەڵکی کوردستانیان، بۆ ئەبەد بە کارەسات سپارد.

خەڵکی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک، خەڵکی ئەو زۆنەی پێیدەگوترێ”سەوز و نیلیی”، هیچ پێویست ناکات ئێخەی ماڵی بارزانیی و پارتیی بگرن. لە یەک بەیەکی ئەم دزییانەدا، سەرە گەورەکانی هەموو باڵەکانی یەکێتیی بەشدارن. ئەصڵەن، فاشیلترین و ساقیطترین گەنجی سیاسیی( قوباد تاڵەبانیی) کە تەعین کراوە بۆ جێگری نێچیرڤان، بۆ هیچ شتێک نەبووە تەنیا بۆ ئەوە نەبێت کە پێکەوە، بیزنسی دزییەکان، ئیدارە بکەن و ماڵی بارزانیی، فێڵیان لێ نەکەن.

ئەو گرینگیینەدانەی بە سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک هەیە، ئەو پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنە، بە دەرەجەی یەکەم، سەرکزیی،داوەشاویی و خوێڕییەتیی قیادەکانی یەکێتییە. بەشێکی زۆر لە قیادە و کادیرەکانی یەکێتیی بە پارەی رەیع و دروستکردنی بەرژەوەندیی لەو چەتەگەرییەی ئابووریی کوردستاندا، کەرامەت و شەهامەت و ئەخلاقیشیان كڕدراوە. ئەو بەشەی ماویشەتەوە، شەریکە دزن و لە دزییەکانیشدا،پارتیی، فێڵی گەورەیان لێدەکات. ئێستا، وەرە بە ویژدانەوە، مێژووی سیاسیی ئەم مافیایانەی کوردایەتیی، رەدەڵ و بەدەڵ بکە:-

1. قوباد تاڵەبانیی، ئایا لە هەموو مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کەس بەئەندازەی ئەم گەنجە مودەلەل و ئاریستۆکراتییە، کەس بەئەندازەی ( مام جەلال)ی باوکی، وێڕای ئەوەی سەردەمانێک دڕی بە هەژموونی ماڵی مەلا موصطەفا و پارتیی دا، خزمەتی سیاسەتە تاڵانیی و دزییەکانی پارتییان کردووە؟ ئایا ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانیی( + کچەکانی ئیبراهیم) نەبوونایە، یان کەمترین شەرافەتی نیشتمانییان تێدا بووایە، دەیانهێشت، پارتیی و تورکیا، بەو شێوە مەترسییدارە، ئاییندەی گەلی کوردستان، ژێرخان و ئابووریی گەلی کوردستان، بەگشتیی و سلێمانیی بە تایبەتیی، بەوشێوەیە، وێڕان بکەن؟ ئەو هەموو دەیان میلیارد( بیلیۆن) دۆلارەی دەدزرێ، بە سپۆنسەریی و بە هاوکاریی و بە شەریکایەتیی ئەم قیادانەی یەكێتیی دەکرێن. هەرکەسێک، گومانێکی لەمە هەبێت، حەماقەتەکەی ئەوەندە غەڵیظە، بەس بە کەڵکی ئەوە دێت، لەناو موعتادەکانی دەوڵەتی کوردییدا، ریزی بکەیت.

2. نەجمەدین کەریم، سیاسییە جۆکەرەکەی ماڵی تاڵەبانیی، ئەم پیاوە لە ئەمێریکا ژیانێکی باش و دەرامەتێکی باشی هەبوو. لەسەرەتاشەوە، کەم تا زۆر خزمەتی بە کەرکوک کرد. کاتێ چووە ناو غەزوبەزی گەندەڵییەکانی دەوڵەتی رەیعییەوە، کاتێ پیاوەکانی ئەردۆغان و ئۆغلو، چوونە ژێر کڵێشەیەوە، ئێستا وەکو موعتەمەدی ئەردۆغان و بارزانیی، لە کەرکوک هەڵسوکەوت دەکات.

طەماح و طەماعی سیاسیی ئەم پیاوە بۆ پۆست و بۆ پارە، هەموو لۆژیکێکی لێسەندووەتەوە. ئەگەر لە ئەمێریکا، ساڵانە نزیکەی یەک میلیۆن دۆلار دەرامەتی بووبێت( دەبووایە باجیشی لێ بدات)، ئێستا لەسەر حیسابی کەرکوک و کەرکوکییەکان، لەسەر حیسابی بابەگوڕگوڕ و کێشەی سیاسیی کورد، مانگانە، تەنیا وەکو شەخصی خۆی، چەندین گوڕ میلیۆن دۆلاری کاش دەکەوێت و ساڵانەیش، دەیان گوڕ میلیۆن دۆلار دەکەوێ ئەگەر صەدانیش نەکەوێ! بێ ئەوەی سەنتێک باجیش بدات. لەهەموو مێژووی پارتیی لە کەرکوک و گەرمیاندا، بە درێژایی ٧٠ ساڵ، کەس بەئەندازەی ئەم پیاوە، لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا، خزمەتی سیاسەتەکانی ماڵی بارزانیی و تورکیای نەکردووە؟

3. کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم صاڵح، ئەم دوو پیاوە عەسکەرییە کۆن و تەکنۆکراتە نوێیە، بەهۆی ئەوەی لەباری سایکۆلۆجیای سیاسییەوە، هەرگیز رەقەمی گەورە نەبوونە لەسەردەمی تاڵەبانییدا، چونکە پرپۆڵەخۆری دەستی خۆی بوون، تەنیا بۆ ئەجێندای سیاسیی و شەخصیی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستاندا، خۆیان و ئەوانەی لەگەڵیشیان کەوتوون، بەکاری دەهێنان، ئێستا دەیانەوێ لە دارایی شاردراوەی یەكێتیی و لە حیساباتە سیاسییەکانیشدا، رەقەمی گەورە و دەنگی یەکەم بن.

پارتیی زۆر بە شێنەیی و کۆنکریتیی هەردووکیان و تەواوی ئەو کادیرانەی لەگەڵیان کەوتوون، بۆ ئەجێنداکانی خۆی بەسیجی کردوون و پرۆژەی چەندین میلیارد دۆلاریی بۆ دروست کردوون و هەرگیزاوهەرگیز ناتوانن لە خەتە سوورەکانی پارتیی دەربچن. مرۆڤی شەرقییش کە بوو بە تاجیری گەورە، ئیتر جەبان و هەلپەرست دەبێت و ئامادەیە هەموو شتێکی مەعنەویی و مۆراڵیی، هەموو پرەنسیپێکی سیاسیی و فیکریی بدۆڕێنێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ماددییەکانی پارێزراو بێت. پارتیی لە رێگەی ئەم گرووپەوە( ناوەندی بڕیار)، یەکێتیی، ئەوەندە داوەشاندووە کە دەتوانێ بە قانونەکانی کوردایەتیی ئۆریجناڵ، چۆن ناوی حیزبی زەحمەتکێشانی لە قادر عەزیر سەندەوە، بەهەمان شێوە، هەر بۆ ئەتککردن، ناوی یەكێتیی نیشتمانیی لە ماڵی تاڵەبانیی و ئەحمەد بسەنێتەوە و هەر بۆ پێڕابواردن، ماوەیەک بیدات بە ناوەندی بێ بڕیار!

4. مەلا بەختیار، وێڕای ئەوەی ئەم پیاوە قوربانیی دەستی میلیشیاکانی شاخ بوو، زیندانیی بوو لەسەر بیروڕای سیاسیی و ئازادیی لێ زەوتکرا، ئیهانەی دونیایان پێکرد و لە مەرگ گەڕایەوە، بەڵام ئێستا بووە بە باشترین موهەڕیجی بیزنسەکانی ماڵی تاڵەبانیی و بانگخوازی قەشمەرییاتەکانی دەوڵەتی کوردیی. لەناو هەموو مەکتەبی سیاسیی پارتییدا، لەناو هەموو کادیرەکانی پارتییدا، کەس بەئەندازەی ئەم پیاوە، تووشی عوقدەی ئیستیحماری” دەوڵەتی کوردیی” و فشقیاتی”ریفراندۆم” و ناعەقڵانییەتی سیاسیی نەبووە. مرۆڤ گوێ لەم پیاوە سیاسییە دەگرێ، لە دڵەوە بەزەیی پێدا دێتەوە، لە مارکسیزم و ماویزمی میلیشیاییەوە، تازە تازە هاتووە، بە موعتادیی، کەمپەین و قیڕەقیڕ بۆ عەوامی موعتادەکانی دەوڵەتی کوردیی دەکات.

لەبەشی سێیەم و کۆتاییدا، دێمە سەر بێ پرۆژەیی و خۆشباوەڕییەکانی گۆڕان، بێ ئیرادەیی دزە گەورەکانی یەكێتیی و ئاییندەی سیاسیی کوردستان، لەسایەی ئەم کەڵەگاییەی پارتییدا.




سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان لە گرەوی چی دایە؟… عەبدوڵا مەحمود

نارەزایەتی مامۆستایان و بەشێکی زۆر لە کرێکاران و کارمەندان، بەدژی سیستەمی پاشکەوتکردنی موچەو دواکەوتنی موچەکانیان، لەسەراسەری کوردستاندا، درێژەی هەیە. لە زونی سەوزو نیلیدا ئەم نارەزایەتیانە پێیان ناوەتە ئاستێکی باڵاترەوە. کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامی هەیە و تەواوی دەرگای قوتابخانەکان داخراون. بەڵام سەرباری پیداگری و سوربوونی مامۆستایان لەسەر خواستەکانیان، وەسەرباری بەردەوامی کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت، هێشتا دەسەڵاتی سیاسی ئامادە نییە وەڵام بە داوا سادەو ڕەواکانی مامۆستایان بداتەوە.
ئەوەش کە ناوی یەكێتی مامۆستایان، و رێكخراوە مامۆستاییەکانی سەر بە حزبەکانە، ماهیەتیان بە تەواوەتی دەرکەوتووە کە ئەمانە ئامرازو وەسیلەن بەدەستی حزبەوە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی حزبەکەی خۆیان و وەستانەوە بە رووی خواست و ویستی راستەقینەی داوا رەواکانی مامۆستایان و کارمەنداندا.
بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بە دیاریکراویش بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان… بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بە ئاقاری سەرکەوتندا ببڕێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی ناچار بە ملدان بەخواستە رەواکانی بکات، وە بۆئەوەی هێزو توانایی فراوانی خۆی نمایش بکات، پێویستی بە چەند هەنگاوێکی دیاریکراو هەیە.
رێكخراوبوون
هەنگاوێکی چارەنووساز کە دواخستن هەڵناگرێت رێکخراوبوونە. لە دڵی کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆتدا… لە هەر قوتابخانەو زانکۆ و پەیمانگایەکدا، پێویستە گۆرەپانەکانیان بکرێنە سەکۆی ئاڵوگۆڕی بیروراو، چ کردن و وەڵامدانەوە بەرێگریەکان و نارۆشنیەکان و گرنگی رێکخراوبوون… لە کۆبونەوەی گشتی هەر کام لەم بەشانەدا مامۆستایان پێویستە نوێنەری راستەقینەی خۆیان، کە بەرگری لە ویست و خواست و داوا رەواکانی مامۆستایان بکات هەڵبژێرن، بێ گوێدانە بیروباوەرو ناسنامەی حزبی و ئایدۆلۆژی. ئەو هەنگاوە پیویستە ببێتە ناوکۆکەی پێکهێنانی رێکخراوی سەراسەری و سەربەخۆیی مامۆستایان بە ئاسۆیەکی رۆشنەوە. رێکخراوێک کە ئیرادەی راستەوخۆی مامۆستایان لە بەرامبەر بە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی سازشکار نوێنەرایەتی بکات. نەبوونی رێکخراوێکی سەربەخۆ بە ئاسۆی رۆشنی خۆیەوە بۆ بەرگری لە خواست و مافەکانی مامۆستایان، لاوازیەکە کە توانایی و مامۆستایانی پەک خستووە و ریزەکانی شەقار شەقار کردون.
داخوازی و مافەکانی مامۆستایان، تا دەربرینی تورەیی و نارەزایەتی و کۆبونەوە و مانگرتن و بایکۆتی هەزاران مامۆستا، لە نەبوونی رێکخراوێکی سەربەخۆی خۆیاندا… توانایی مامۆستایان و هیزی بەرگری و هێرشکردنیانی سنوردارو پەک خستووە… هەر ئەمەشە وای کردووە دەسەڵات لەبەرامبەر هەلومەجی سەخت و ژیان و داخوازیەکانیاندا، لاباک و کەڕو کوێر بێت.

هاوپشتی…

بە جیا لە پێداویستی رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون و پاراستنی ریزی سەربەخۆ، بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوپشتی کرێکاران و کارمەندان و خوێندکاران و کەس و کاری خوێندکاران، بۆ خواستەکانیان، یەکێکی ترە لەو مەسەلانەی کە پێویستە بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان لێی بەهرەمەند بن. ئەگەر بەسەدان قوتابخانە دەوام تیایاندا راگیراوە، بەهەزاران هەزاران مامۆستا دەستیان داوەتە کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت. ئەوا سەدان هەزار خوێندکار لەچاوەروانی گەرانەوەدان بۆ دەوام… ئەو سەدان هەزار خوێندکارە، بە تایبەتی خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکان، لەشکرێکی زۆر گەورەن و پێویستە بچنە پشت داواو داخوازیە رەواکانی مامۆستایان و لە پاڵیاندا بوەستن. بەدەنگی بەرز پشتیوانی لە داخوازیەکانی مامۆستایان بکەن… هەروەها کەس و کاری خوێندکاران، دایک و باوک و خوشک و کەس و کاریان، پێویستە ئەمانیش بەریزی ئەم لەشکرەوە پەیوەست بن. چوونی خوێندکاران و کەس وکاریان بۆ پشت داخوازیەکانی مامۆستایان، پشتیوانیکردن لێیان چ بە وەستان لەپاڵیان بێت، یان بە شێوازی تری گونجاو، دەتوانێ دەسەڵاتی کەڕو کوێر… بخاتە ژێر گوشاری جەماوەری گەورەترو فروانترو بیانخاتە لەرزە. هەروەها پشتیوانی کرێکاران و ناوەندە کرێکاریی و بەرهەم هێنەکان لە مامۆستایان، چ بە ناردنی پەیام و دەستەی نوێنەرایەتی و چ بەدەستدانە کۆبونەوە و مانگرتن و کار راگرتن… هێزێکی زۆر گەورە دەبەخشێت بە بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی خواستەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا… پاراستنی ریزی سەربەخۆ و هەڵبژاردنی نوێنەرانی واقعی و ئازادانە کۆبونەوەی گشتی مامۆستایان خۆیاندا، تا دەگاتە بەرچاو رۆشنی لە چونیەتی بەدەستهێنانی داخوازیەکان… دەتوانێ هاوکار بێت بۆ راکیشانی پشتیوانی چینی کرێکارو توێژەکانی تری کۆمەڵگا، لە داواو ویستەکانی مامۆستایان. چینی کرێکارو رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتەکانی تر نابێ رێگەبدەن، مامۆستایان وەکو توێژیکی کۆمەڵایەتی بە تەنها بن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان…
داخوازی مامۆستایان ڕووی لە كێیە؟
مامۆستایان، وەکو توێژێکی بەرینی کۆمەڵایەتی، ئاگان بەوەی هەرێمی کوردستان دەمێکە کراوەتە دوو زون، لە ژێر قەڵەمرەوی دوو پارتی سیاسیدا. کە زونی زەردو زونی سەوزو لە ئێستادا نیلیش بەشێکە لە زونی سەوز. ئەم دوو زونە پاوانی دوو حزبی سەرەکی پارتی و یەکیتیە. کە هەر یەکەیان دەسەڵاتی بەسەر زونی خۆیدا بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەستنەوە بەسیاسەتی رۆژی زلهیزەکانی دنیادا، داسەپاندووە. بەو راستیە سادانەوە، بەرپرسی زونی زەرد پارتی و بەرپرسی زونی سەوز یەكێتیە. کە هەرکام لەم دووپارتە، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی سیاسی و ئابوری و ئیداری و ئاسایش و زونی ژێر دەسەلاتی خۆیانیان بەدەستەوە گرتووە. بەو مانایە یەکێتی بەرپرسی زونی سەوزو پارتی بەپرسی زونی زەردە. نارەزایەتی و خۆپیشاندان لە زونی زەردا دەبێ روو لە پارتی و لە زونی سەوزدا رووی لە یەکێتی و نیلی بێت. ناکرێ رێگە بدرێت یەکیتی نیشتیمانی، شانی خۆی لە داخوازییەکانی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان لە زونی سەوز خاڵی بکاتەوە و رووی نارەزایەتیە رەواکانی زونی سەوز ئاراستەی پارتی بکات. بە پێچەوانەشەوە نارەزایەتی و نەفرەتی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان لە زونی زەردا، دەبێ روو لە پارتی بێت و نابێ لەژێر هیچ بیانویەکدا ڕێگە بدرێت پارتی شانی خۆی لە داواو داخوازیەکانی خەڵکی زونی زەردا خاڵی بکاتەوە و بەرپرسیاریەتی ئاراستەی دەسەڵاتی زونی سەوز بکات. یەكێتی و پارتی هوشیارانە دەیانەوێت ئاراستەی نەفرەت و تورەیی جەماوەری بەلارێدا ببەن و شانی خۆیان خاڵی بکەنەوەو بیخەنە سەر یەکتری، تا دەسەڵاتی خۆیان لە زونی خۆیان پارێزراو بێت و لە گوشاری جەماوەری نارازی بە دووربن. داخوازیەکانی خۆپیشاندانە نارەزایەتیەکانی کارمەندان و مامۆستایان لە زونی سەوزدا، رووی لە یەکێتی نیشتیمانیی و هێزە بەشدارەکانی دەسەڵاتە لەو ناوچەیەدا. پارێزگاری سلێمانی نوێنەری یەكیتی نیشتمانیە و نوێنەری خەڵکی شاری سلێمانی نییە، تا بکرێت تەتەر بۆ گەیاندنی داخوازیەکانی زونی سەوز بە دەسەلاتی زونی زەرد، لە ژێر ناوی ئەوەی حکومەت لە هەولێرە. نە حکومەتێک لە دنیای واقعیدا بوونی هەیەو نە پەرلەمانێک… ئەمە درۆیەکی هێندە گەورەیە هەموو کەسێکی هوشیار دەیزانێت. بۆیە کرێکاران و کارمەندان و جەماوەری نارازی لە زونی زەردا، رووی داواو داخوازییەکانیان و نەفرەتیان لەپارتی و لە زون سەوزیشدا لە یەکیتی نیشتیمانییە و دەبێ ئەوان وەڵام بدەنەوە. داهات و دەسەلات و سەرکوت و بێمافی، هەر زونێک لەدەستی حزبی باڵادەستی ئەو زونەدایە.
ئۆپۆزیسیۆنی!! بۆرژوازی کوردو نارەزایەتیەکان…
ئەو حزب و رێكخراوانەی کە پێشتر و بەر لە کابینەی حکومەتی بنکەفروان!! خۆیان بە ئۆپۆزیسێۆن دەزانی… وە پاشان چوونە ناو حکومەتی بنکە فراوانەوە، ئێستا لە هەلومەرجی مایەپوچی و حکومەت و پەرلەمانەکەیاندا، کە لەکۆمپانیایەکی دابەشکردنی پۆست و سامان، زیاتر شتێکی تر نەبوو… ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەکانیان، بەهەموو تەسەلیەکی ژیانی شاهانەیانەوە، خەریکی کڕوزانەوەو خۆ هەڵواسینن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کوردستانەوە. دەچنە ریزی مامۆستایانی نارازی بۆ موچە، لەپاڵ مانگرتنی فەرمانبەراندا خۆیان غەمبارنیشان دەدەن. ئەم جەنابانە نەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، یان بۆ وەرگرتنی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا، بەڵکو بۆ ئەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکەنە دەستمایەی سیاسی بۆ گەرانەوەیان بۆ کۆمپانیای حکومەت و پەرلەمانەکەیان لە هەولێر، فرمیسکی درۆینە دەرێژن. کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، نابێ رێگە بدەن ئەم خێڵە سازشکارە، خۆیان بە ویست و خواستەکانیانەوە هەڵبواسن. ئەمانە لەهەر زونێک بن، بەشێکن لە دەسەڵاتی دزو گەندەڵ و مافیایی ئەو زونەی ئیستای بزوتنەوەی کوردایەتی. لە سنوری زونی سەوزو نیلیدا، جگە لە یەکێتی نیشتیمان هەموو ئەو حزبانە و بەپرسەکانیان بەر پرسن لە دۆخی ناهەمواری کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و نابێ رێگەیان پێبدرێت شانی خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە خاڵی بکەنەوەو خۆیان وەکو دەم راست و غەمخۆری ئۆردوی نارازیان نیشان بدەن. بێگومان لە زونی زەردیشدا بە هەمان شێوە، ناکرێت ئەو حزب و رێکخراوانەی لەو زونەدان لەو حکومەت و پەرلەمانەدا بوون، ئێستا رێگەیان پێ بدرێت خۆیان بە نارەزایەتی خەڵکی ئەو زونەوە هەڵبواسن و خۆیان لەو هەموو سەرکوت و نابەرابەری و تاڵانیە، بێ بەری بکەن….

داخوازیەکانی ئێستا چین؟

شک لەوەدا نییە… بەهۆی نابەرابەری و دزی و تاڵانی ئاشکرا و دەسەڵاتی مافیایی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی تابڵێی ترسناک و نەخوازراودایە…هەموو ئەو پیداویستیانەی بۆ تاک و کۆمەڵ و ژیان کردنێکی تەندروست پێویستن… لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە وەکو ئاو کارەباو سوتەمەنی… تا دەگات بەسەرەتایی ترین مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان… تا دەگاتە زەوتکردنی بەری رەنجی خۆیان کە موچەیە… لێیان زەوتکراوە. بۆیە داواو داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان یەکجار زۆرن… بەڵام لە ئێستادا مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە و دانی موچەکان لە کاتی خۆیدا… سەرەکیترین داخوازی بەشی هەرەزۆری کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایانی کوردستانە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەککلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم… کە هەموو حزبەکان و بە تایبەتیش ئەوانەی لە تام کردنی کێك و شیرینی دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندا!! لە نیوەی رێگادا ناردرانە ماڵەوە، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە ئەم دۆخە ترسناکەی خەڵکی کوردستان ببەستنەوە، بە پەکخستنی پەرلەمان و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، وەهەر بەو ئامانجەش هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە سواری شەپۆلی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان ببن و دەستکەوتەکانی هاتنە مەیدان خەڵکی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە و دانی موچە لەکاتی خۆیدا بکەنە رێگایەک بۆ گەرانەوەیان بۆ هەولێرو دەم ژەنینەوە لە کێک و شیرینی دەسەڵات لە پەرلەمان و حکومەتێکی ساختەدا… کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، دەبێ بە هوشیاری و چاوی کراوەوە بروانە ئەم ریزە لە سواڵکەرانی سیاسی و چاوچنۆکی سەرمایە لە کوردستاندا. نابێ رێگە بدەن داواو ویستە بەرهەقەکانی خۆیان تێکەڵ بە بەرژەوەندی جیای ئەم حزبانە ببێ، کە دورو نزیک پەیوەندی بە خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەو دانی موچە لەکاتی خۆیدا… داخوازیەکی رەواو سەرەکی ئێستای بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستانە. پێداگری لەسەریان، بە وەسیلەی رێکخراوبوون و بەرچاو رۆشنی و بە رێزی سەربەخۆیی خۆیانەوە، هەروەها بە پشتوانی بەشەکانی تری کۆمەڵگاوە، دەتوانرێ سەرکەوتنی بزوتنەوەی جەماوەری مامۆستایان، زامن بکرێت.

Oct 10,2016
abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com




ئامانجی ڕه‌خنه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌گه‌ر ئامانجی ڕه‌خنه‌ (له‌هه‌ر كایه‌ و بوارێكدا بێ) دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان نه‌بوو، نابێته‌ ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه‌. ئامانجی ڕه‌خنه‌ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی هه‌ڵه‌كانه (كه‌موكوڕییه‌كانه‌)‌؛ ئه‌و هه‌ڵه‌ وكه‌موكوڕییانه‌ی، كه‌ به‌ ده‌ستنیشانكردن و دۆزینه‌وه‌یان ده‌بنه‌ داینه‌مۆی گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتنه‌كان.

ئامانج له‌ كاری ڕه‌خنه‌دا ده‌رخستنی ڕاستی و حاڵه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌یه‌ (یان با بڵێین گریمانه‌ی ده‌رخستنی ڕاستی و حاڵه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌یه‌). ڕه‌خنه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ ئه‌وی دیكه‌ (ده‌ق، ده‌زگا، سیستم، كه‌سایه‌تی و كه‌سه‌كان…) شی ده‌كاته‌وه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ و تێبینییان له‌سه‌ر ده‌دا. به‌ كورتییه‌كه‌ی له‌ ڕه‌خنه‌دا پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌ن. ڕه‌خنه‌ شته‌كان (دیارده‌كان) به‌ واقیعی بزاڤ (بزاڤی سیاسی و ڕۆشنبیریی و فیكری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و تاد…) موتوربه‌ ده‌كا. واته‌ ڕه‌خنه‌ ویستی جووڵه‌یه (جووڵه‌یه‌كی نوێ و جیاواز)‌. هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نوێكردنه‌وه‌ و گۆڕانكاریی ده‌گه‌ڕێ. ڕاستییه‌كه‌ی ڕه‌خنه‌ هه‌موو شتێكی چه‌قبه‌ستوو ده‌جووڵێنێ؛ ڕه‌خنه‌ دژی دۆگمایه‌ (به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ڕه‌خنه‌ پێویستی به‌ كرداریشه‌؛ واته‌ له‌ تیۆره‌وه‌ ببێته‌ پراكتیك).

دیاره‌ ڕه‌خنه‌ گومان ده‌خاته‌ سه‌ر حه‌قیقه‌تی ڕه‌های شته‌كان؛ له‌مه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ جه‌وهه‌ری پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كانیشه‌ (نابێ له‌بیر بكه‌ین ڕه‌خنه‌ جه‌وهه‌ری داهێنانیشه‌). ڕاستییه‌كه‌ی هیچ بوارێكی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ به‌ بێ ڕه‌خنه‌ گه‌شه‌ ناكا و پێش ناكه‌وێ. ئینجا هیچ گومانیش له‌وه‌دا نییه، كه‌‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو هه‌بوو، ئا له‌وێشدا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزی ڕه‌خنه‌ هه‌یه‌؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ كه‌م و كوڕییه‌كان ده‌گرێ؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خه‌می هه‌ره‌ گه‌وره‌ی باشتركردنی ژیانی مرۆڤه‌. نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه‌ ڕه‌خنه‌ خۆشی لكێكی مه‌عریفه‌یه‌ (مه‌عریفه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی و سیاسی و … تاد.)؛ به‌ڵكو ئه‌و هه‌ر خۆشی ڕۆحی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌موو ئه‌م مه‌عریفانه‌ش پێكده‌هێنێ؛ كه‌واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بوونی پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌دا، ئێمه‌ نابێ باس له‌ بوونی پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌ستاندنی مه‌عریفه‌كانیش بكه‌ین.

دواجار و له‌ ئاكامدا ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌خنه‌ بگرین، هێنده‌ش ده‌مانه‌وێ له‌وی دیكه‌ (ده‌سه‌ڵات، ده‌ق، ئایین، تاك، كۆمه‌ڵگه‌…) نزیك ببینه‌وه‌ و لێی تێبگه‌ین. ئه‌وه‌ی گفتوگۆش دروست ده‌كا، ته‌نها ڕه‌خنه‌یه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌: ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی ئامانجی دروستكردنی پردی گفتوگۆی دیموكراسییه‌ له‌ نێوان هه‌موو لایه‌كدا. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ (ڕه‌خنه‌ی سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی… تاد.)، كه‌ بنه‌مای سیستمێكی سیاسی دیموكراسی و سیستمێكی مه‌عریفی پێشكه‌وتوو له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا دروست ده‌كا و به‌رهه‌م ده‌هێنێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




گوڵەستێرەکان کوژانەوە … کەریم کاکە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……

Gulasterakan




گۆپتەپە بوکی خوێناوی کەرکوک … بەیان عەسکەری

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن ……..

Goptapa




گه‌لی دڵسۆز و سه‌ركرده‌ی بێخه‌م … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌وه‌یه‌، خه‌ڵكی كورد سه‌ركرده‌كانی خۆیان خۆش ده‌وێ‌، ڕێزیان لێ‌ ده‌گرن و به‌دڵسۆزی و شانازیه‌وه‌ شوێنیان ده‌كه‌ون، له‌پێناوی سه‌رۆكی خۆیاندا گیانی خۆیان فیدا ده‌كه‌ن، هێنده‌ دڵسۆزی سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانی خۆیانن تاڕاده‌ی مردن خۆی له‌پێناوی دا به‌خت ده‌كات، چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان بیستووه‌ و بینیومانه‌، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی و نه‌هامه‌تیه‌كان، بۆ سه‌رۆكه‌كانیان خۆیان به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ كردۆته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ شه‌ره‌فخانی بدلیسی ده‌ڵێت: كورد له‌چاو دراوسێكانی هه‌ژار و نه‌دارن، هه‌رگیز گازه‌نده‌ له‌به‌ختی خۆیان ناكه‌ن، له‌پێناوی سه‌ردار و مه‌زنی خۆیان دا به‌گیان و دڵ گیانبازن و به‌تێكڕایی هه‌موویان له‌ قاره‌مانی و ئازایه‌تی و به‌جه‌رگی دا له‌لای ژوورووی هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ن، كورده‌كان ئاكارێكی ناپه‌سندیان كه‌هه‌بێ‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌سیان سه‌ر بۆكه‌س ناچه‌مێنێ‌ و هه‌روه‌ك تاكه‌ تاكه‌ بیر له‌ سه‌ربه‌رزی خۆی ده‌كاته‌وه‌، تێكرا بیر له‌ سه‌ربڵندی تێكڕایی ناكه‌ن و پشتی یه‌ك ناكرن و نابنه‌ یه‌ك.
ده‌رباره‌ی دڵسۆزی كورده‌كان بۆ سه‌رۆكه‌كانیان ڕیچ له‌ گه‌شتنامه‌كه‌ی دا ده‌ڵێت: له‌ ڕاستی دا پابه‌ندی كورده‌كان به‌سه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ شتێكی زۆر به‌هێزه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانیان له‌ حاڵێكدا ده‌بن ته‌واو ده‌ستبه‌رداری خۆیان ده‌بن، تاڵترین ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر و هه‌موو نه‌بوونی و كوێره‌وه‌ریه‌ك ده‌چێژن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی وه‌رته‌یه‌ك له‌ ده‌میانه‌وه‌ بێت، ئه‌مانه‌ به‌وه‌ ناسراون له‌ته‌نگانه‌دا به‌كۆڵ هه‌ڵگری و ئاوكێشی پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌ن، و ده‌یده‌ن به‌سه‌رۆك و سه‌رداره‌كانیان تا پێی بژین، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ پابه‌ندن سامی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری نایان ترسێنێ‌، به‌رگه‌ری هه‌رچی هه‌ژاری و نه‌بوونیه‌ك ده‌گرن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئاخ و ئۆفێك ده‌رببڕن.
چیرۆك و په‌یامی خۆش و به‌پێز لای ڕه‌فیق حیلمیه‌ بۆ هاتنه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر له‌ به‌ندیخانه‌ی ئینگلیزه‌كان له‌ هیندستان، مه‌گه‌ر هه‌ر مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی وێنه‌ی بكێشێ‌ كه‌چۆن، له‌هه‌موو لایه‌كی كوردستانه‌وه‌ پۆل پۆل و ده‌سته‌ ده‌سته‌ ئه‌هالی و عه‌شایه‌ر به‌پێیان و به‌سواری ڕێیان گرتبووه‌به‌ر ڕووه‌ و به‌غدا ده‌چوون تا ده‌وری كفری و هه‌ندێكیشیان تا نزیك به‌غدا ڕۆیشتوون، ڕێگاوبان به‌عه‌شایه‌ری پڕ چه‌ك و سیلاح ڕازابۆوه‌، ده‌گێڕنه‌وه‌ بیست هه‌زار سواری كورد ڕژابوونه‌ ئه‌و ده‌شته‌وه‌، وه‌كو مانگی جه‌ژن بۆ شێخ مه‌حمودیان ده‌ڕوانی، كاتێك شێخیش گه‌یشته‌وه‌ ناو شاری سلێمانی له‌لایه‌ك گریانی خۆشی و هه‌لهه‌له‌ی شۆڕه‌ژنانی مێخه‌ك به‌ندله‌مل و هه‌یاسه‌ له‌پشت، له‌لایه‌كی تر گوڵباران و قریوه‌ی كچۆڵه‌ خنجیلانه‌ و ئێسك سوكه‌كانی په‌نجه‌ خه‌ناوی فرمێسكی شادی به‌چاوانا ده‌هێنایه‌ خواره‌وه‌، هه‌زاران پیاو و ژن به‌چه‌پڵه‌ڕێزان و ده‌نگی هه‌ربژی، هه‌زاران قوتابی كوڕ و كچ سروودی به‌خێرهاتنه‌وه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژێك بوو سلێمانی ببوه‌ مه‌حشه‌ر.
ئه‌وه‌شمان بیستووه‌ له‌كاتی هاتنی سكۆی شكاك بۆ سلێمانی چۆن و به‌ چ شكۆ و ڕێزێكه‌وه‌ پێشوازی لێ‌ كراوه‌، هه‌ندێكیشمان هێشتا ئاواره‌یی خه‌ڵكی كوردمان له‌بیره‌ له‌كاتی كۆتایی شۆڕشی ئه‌یلول دا بۆ ئێران و ئۆردوگاكانی پڕ مه‌ینه‌ت و ده‌رده‌سه‌ری ئاواره‌ بوون و تووشی چ سه‌رگه‌ردانیه‌ك بوون، مه‌گه‌ر هه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو بینوسێته‌وه‌، كه‌چی خه‌ڵك گازنده‌یان له‌ سه‌رۆكه‌كانیان نه‌كرد، به‌ڵكو نه‌فره‌تیان له‌ سیاسه‌تی نه‌گریس و چه‌په‌ڵی دوژمنان ده‌كرد، زۆربه‌شمان پێشوازی هاتنه‌وه‌ی ته‌رمی خوالێ‌ خۆش بووان مه‌لا مسته‌فا بارزانی و ئیدریس بارزانیمان له‌بیره‌ كه‌ چ قه‌ره‌باڵغی و ئاپۆرای خه‌ڵك ڕاخزی بوو، نه‌ك هه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و بارزانی، به‌ڵكو له‌ژێر ڕێنمایی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی(ی.ن. ك) و له‌ژێر گوشار و پێداگری به‌ڕێز مام جه‌لالی حه‌كیم و ئه‌ندازیاری ئاشتی دا، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌ ده‌روازه‌ی پێنجوێنه‌وه‌ به‌زنجیره‌ وه‌ستا بوون، به‌شێوه‌یه‌ك نه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و نه‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش بیریان له‌وه‌ها پێشهاتێك نه‌ده‌كرده‌وه‌. دیمه‌نه‌ تراژیدیه‌كانی شۆڕشی نوێ‌ (ی.ن.ك)ش چه‌ندان چیرۆكی سه‌رنج ڕاكێشی تێدایه‌، ئه‌مانه‌ و سه‌دان تابلۆی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌مووی خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری كورده‌ بۆ سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانی، له‌لایه‌كی تریش كورد هێنده‌ تینوی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداری بووه‌، له‌مێژووی كورد دا ڕووی نه‌داوه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی كوردا له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا، كورد له‌ سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ڕاپه‌ڕی بێت، به‌سه‌ركرده‌ سته‌مكار و چاوچنۆكه‌كانیشه‌وه‌، كورد ڕه‌خنه‌ و گازه‌نده‌كه‌ی هێنده‌ گه‌وره‌ بووبێت، میرنشین یا ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی ڕووخاندبێت، ئه‌دی چۆنه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كورد ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانی نیگه‌رانه‌ و سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانیش هێنده‌ بێ‌ خه‌م و نه‌كاران، گوێ‌ به‌نیگه‌رانیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ناده‌ن، ئایا ئه‌م هه‌موو دڵسۆزی و له‌خۆبووردووییه‌ی جه‌ماوه‌ری كورد بۆ سه‌رۆك و به‌پرسه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ناشێت به‌خشش و پاداشتێكی هه‌بێت. سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كان ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانن جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ نیگه‌رانه‌ هیچ دوورنیه‌ به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه‌ تووشی كاری هه‌ڵه‌یان بكات، پێویسته‌ به‌ده‌نگیانه‌وه‌ بێن و گوێ‌ له‌داواكانیان بگرن، واز له‌ناكۆكی و ململانێ‌ بێنن، سوپای بێگانه‌ بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستی بێگانه‌ له‌م وڵاته‌ ببڕن، خوێندن گه‌شه‌ پێ‌ بده‌ن و وڵات پێش بخه‌ن، موڵك و ماڵی خۆیان بفرۆشن هه‌تا مووچه‌ و پێداویستی جه‌ماوه‌ر دابین بكه‌ن، هه‌روه‌كو ئه‌و وه‌زیره‌ بیانیه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ی كرد، گه‌وره‌ترین شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ سه‌رۆك و به‌پرسه‌كانی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌مڕۆ خۆی بخاته‌ ئه‌و بواره‌وه‌، ئه‌وان یه‌كه‌م سه‌رۆك و به‌رپرس بن جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌جیاتی پاراستنیان هێنده‌ لێیان نیگه‌ران بن، له‌دژیان ڕاپه‌ڕن، یان هه‌رنه‌بێت هاوكاری دوژمنه‌كانیان بكه‌ن بۆ ڕووخاندنیان، ئایا سه‌ركرده‌كانی كورد خۆیان شه‌رمه‌زاری مێژوو ده‌كه‌ن؟!.

10-10-2016




ئاوڕدانەوەیەک لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی…. ئاسۆ گۆران

گومان لەوەدا نیە فێستیڤاڵی فیلم هەنگاوێکی شارستانی و مەدەنیە، وە کاریگەریەکانی پێشکەوتنە لە هەر گۆشەیەکی دنیادا سازبکرێت، بۆیە دەکرێت وەک یەکەم هەوڵی دڵخۆشکەرو وەک یەکەم هەنگاوی گرینگی شکاندنی ڕێگریەکان و سنورەکانی بەردەم فیلمی کوردی بێتە ناسین.
پێش هەرشتێک دەستخۆشی لەسەرجەم ئەو هونەرمەندانە دەکەم کەماندوبون و شەونخونیان کردوە بۆ سازدان و سەرگرتنی ئەم فێستیڤاڵە بە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامم بۆیان.
گەرچی فیلم سازی بۆتە پێگ و ململانێیەکی گرینگی بازرگانی (business) لە دنیادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە کۆڵەکەکانی هونەر کە پڕە لە داهێنان و جوانی وسیحرو سەرسوڕمان، ئەمە جگە لەوەی گێڕانەوەی ئەو چێرۆکانەیە کە لەزەمەنە جیاوازەکاندا ڕویانداوەو ئاشناکردنەوەیەتی بە نەوەی نۆێی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جارێکیتر .
لەوەیە هیچ کاتێک بەقەد ئێستا فیلم و فلیمسازی لە پێشبڕکدا نەبوبن! ئەمەش وای کردوە تەکنیک و هونەری فیلم بەردەوام لە داهێناندا بێت.
بۆیە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سلێمانی، فیلم سازان و هونەری فیلم سازی خستە بەردەم بەرپرسیاریتێکی گەورەوە بۆ داهێنان وبەرجەستەکردنەوەی ڕۆڵی گرینگی سینەما لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
بۆیە هەر کەم وکوڕیەک لەم ساڵدا ڕویدابێت و بەجۆرێک چاوپۆشیمان لێکردوەو بەسەریا تێپەڕیوین، تەنها لەبەر ئەوەبوە کە یەکەم هەوڵی فێستیڤاڵێکی نێودەولەتی بوە وەک دەستکەوتو وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژوی ئەم شارەدا نرخاندومانە ! دەنا مومکین نیە لە ساڵانی ئاییندەدا ئەم کەم وکوڕییانە تێپەڕێنین و ئاسایی وەریبگرین.
وەک دەستپێک و یەکەم هەنگاو دەکرێت فێستیڤاڵ بەسەرکەوتو بناسێنین و یەکەمین بەردی بناغەی فێستیڤاڵ لە سڵێمانی بە مەحکەمی دانرا، زۆرێک لە هونەر دۆستان و هونەرمەندان پێی دڵخۆشبون، خەونی زۆرێکمان هاتە دی و خەیاڵی زۆرێکمان فروانتربوو.
هەربۆیە زۆر گرینگە هاوڕێیانەو هونەردۆستانە و بە سەلیقەوە هەڵسەنگاندن بۆ فێستیڤاڵەکە بکەین بۆ ئەوەی لە خولەکانی تردا تۆکمەترو هونەریترو جوانترو دامەزراوتریبکەین.
چەند سەرنج وتێبینیەک.
١-هەڵبژاردنی فیلم : ئەوی کە ئاشکرایە هەر فێستیڤاڵێک سیستەمی خۆی هەیە بۆ قبوڵکردن و جۆری فیلم من نازانم ئێوە چۆن فیلمتان هەڵبژاردوە بەس ئەوە دەزانم کە سیستەمی پلاتفۆڕم بوە کە ئەم سیستەمە ئاسانکریەکی باشە بۆ فیلم سازان بەڵام لەوەیە ئەرکی لیژنە ی وەرگرتنی فیلم قورس بکات چونکە ئاسان دەتوانرێت فیلم بنێریت زەختێکی زۆر لەسەر لیژنەکە دروست دەکات بۆیە وەرگرتنی فیلمەکانی ئەم ساڵ وردەکاری بۆ نەکرابو فیلمی زۆر خراپی وەرگرتبوو، دەکرێت ساڵی ئایندە فیلتەری بە هێزترو توندتری بۆ دابنرێت.

٢-لەبەرئەوەی هۆڵی نیشاندانی فیلم پرۆفیشیناڵ نەبو واتە سینەمای ئاسایی نەبو ئەمەش کاریگەری خستبوە سەر دەنگ بە شێوەیەکی زۆر زەق وبینەری ماندو هەراساندەکرد، تەنانەت هەندێ جاری پچڕانی خێرا دروست دەبو لە کاتی نمایشدا ئایکۆنی سەر کۆمپیتەرەکان دەهاتنە سەر شاشەی نمایش کە بەڕاستی کە نەک ئەمە نابێت رووبدات بەڵکو جۆرێکە لە بڤەو گوناح بەرامبەر بە فیلم دەکرێت.
٣- هەوڵ بدرێت دەستی سیاسیەکان لەناو کاری هونەرو فێستیڤاڵە هونەریەکاندا کەم و کورت بکرێتەوە، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت سیاسیەکانی کوردستان مەحبوب نین گەرچی کۆمەڵگای ئێمە سەراپا تێکەل و ئالودە بوە بە سیاسەت، بەڵام گرینە ڕەنگە جوانەکانی هونەرو فیلم دوربخەینەوە لە سیاسەت و سیاسیەکان.
٤- بۆ هەنگاوەکانی داهاتو ڕۆڵ ونەخشی ژن زیاترو زۆرتر دەربخەین بەتایبەتی ژنانی دەرهێنەر هەولبدەین زیاتر بیانهێنینە پێشەوە لە ناوپێشبڕکێکاندا کاریگەری و وجودیان هەبێت ، بەداخەوە لەمساڵدا لەئاستی پێویستا نەبو گەرچی من خۆم تێبینم زۆرە لەسەر دنیای بینی و خۆێندنەوەی ژنانی هونەرمەند بەڵام ڕۆڵی ژن لەسینەمادا گرینگەو کاریگەرە لەسەر تێكرای کایە کۆمەڵایەتی و هونەریەکان و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا پیشاندەدات.
٥- میوان :هەندێک میوانی زۆرهاتبون کە نەخش وکاریگەریان لەسەر تێکڕای فێستیڤالەکە نەبو! بە پێچەوانەوە ئەرکی فێستیڤاڵ و پرۆسەی بەڕێوەبردنی میوانداریان قورسترکردبو، دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا وردتر میوانداریەکان دەست نیشانبکرێت بەتایبەتی زۆری هونەرمەندانی عێراق و بەشێک لە میوانە کانی تریش تەنانەت نەدهاتنە ناو هۆڵەکانەوە ! تەنانەت کەمترین فیلمیان تەماشادەکرد.
٦-دارشتن و دابەشکردنی فیلمەکان لە هۆڵە جیاوازەکاندا من بۆخۆم زۆرترین هەوڵمدا زیاترین فیلم ببینم بەلام هێشتا زۆرێک فیلمم لەدەست چوو، جگە لە خراپی دابەشکردنی فیلمەکان ! دوو ڕۆژ کەم بو بۆ پیشاندانی فیلم ،بە هیوام لە خولی ئایندەدا وردتر بەرنەمەکان دابڕێژن لە زیاتکردنی ماوەی فێستیڤال و چ لە دابەشکردنی فیلمەکاندا.
٧- فورسەتی زیاتر دابنرێت بۆ قسەکردن لەسەر فیلمەکان و ڕوبەڕوبونەوەی بینەرو دەرهێنەر کە خاڵی گرینگی هەر فێستیڤاڵێکە جگە لە فروان کردنی دنیابینی دەرهێنەر، کەشو هەوایەکی وا دروست دەکات کە بینەرو هونەرمەندانی ئامادەبوش کەڵک لە کارو چالاکی وپڕۆژەکانی داهاتویان وەربگرن.
٨- لە ڕۆژەکانی پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵ دەکرێت میوانە بینیەکان بەرنامەی تایبەتیان بۆ دابنرێت بۆ سەردانی کردنی شۆێنە کەلتوری و مێژویەکان وەک( مۆزەخانەکان، ئەمنەسورەکە. دەربەندی بازیان، قەلای هەولێر. ئەشکەوتەکانی قزقاپان ، هەزارمێردو……هتد ) یان ئەو شۆێنانەی کە تایبەتی خۆی هەیە لە مێژوی ئێمەدا تا ئەوانیش بزانن چۆن سود لەکات وەردەگرین و گرینگی بە کەلتورو مێژوی خۆمان دەدەین ئەمە لەوەیە ببێتە پتەوکردنی لینکی بەهێز بۆ ئاڵوگۆر لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا.
٩- گرینگیدان بە ڕمزەکانی سینەماو دراماو شانۆ لە کوردستاندا کە بەشێک لە کەسایەتیە گرینگەکان فرامۆشکرابون بەتایبەتی ژنان!
١٠-بەهێزکردن و توندکردنەوەی دەستەی بەڕێوەبەر (management (خاڵی سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی هەمو فێستیڤاڵ و چالاکیەکی هونەری بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی بۆنەو چالاکی و فێستیڤالەکاندا مانیجمێنتمان بەهێزنیە تەنانەت دەکرێت کەسی تایبەتی بۆ پەیدا بکەین ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیشبێت لەوەیە هەم تێچون هەم کارەکانمان بۆ ئاسانتربکات بەداخەوە ئەمساڵ شپرزەیی هەبو لە بەڕێوەبردندا!
١١- دەکرێت بۆ ساڵێکیتر بلیت بفرۆشرێت کە ئەمە ڕۆتینترین کاری هەر فێستیڤاڵیکە جگە لەوەی دەستکەوتێکی مادی باشە بۆ فێستیڤاڵ بەجۆرێکیش ڕێگریە لەو بێسەروبەریە کە زۆرێک تەنها سەرەتای فیلمەکەیان دەبینی بە سیفەتی ئەوەی بە دڵیان نیە فیلمیان جێدەهێشت کە دڵنیام ئەگەر بلیتیان بکڕیایە وایان ناکرد گرینگە ئەوەکەسانە سەیری فیلم بکەن هەم تامەزرۆن هەم بۆیان گرینگە ئاستی فیلمەکان هەڵبسەنگێنن زۆروبۆری ئامادەبوان گرینگ نیە کوالێتی بینەرگرینگە .
١٢-دوا خاڵ کە زۆر بەلامەوە گرینگە هاتنە ژوورەوەی مناڵی زۆر بچوک لەگەڵ کەسو کارا یان خوارتەمەنی باڵقبون جگە لەوەی قانونی نیەو دروست نیە شکاندنی پرەنسیپەکانی فێستیڤالە بەتایبەتی بەبەر چاوی میوانە بیانیەکان غەریب ونەگونجاوبو.
سەرکەوتوبن چەند ڕۆژێکی خۆشمان گوزەراند بەهیوای بەردەوامی.
من ئاوا فێستیڤاڵم بینی.

ئاسۆ گۆران/ ١٠/١٠/ ٢٠١٦

نۆێنەری کۆچ فیلم/ لەندەن.




خۆیانن ده‌یانناسمه‌وه‌ … ڕەنجە

ڕەنجە/ دوورترین ژووری دونیا

خۆیانن!!
بەشوێن دەستەكانیاندا…
بە هەناسەكانیاندا
دەیانناسممەوە
پێشتر لەمێژوودا بینیومن…
با.. ناوی خۆیانیان گۆڕیبێت
با سەعالیك نەبن
داعش بن
هەرچی بن
هەر ئەوانن
لەكێوی تەهامەوە…
دابەزیوون
بۆ سەرخستنی خودا
هاتوون و
بێ خودان!!
……………………….
ئەو هەموو ڕق و كینەی
كە لە هەڵمەتەكانیاندایە
ئەو هەموو پەلامارەی
كە لەبازویاندایە
ئەو هەموو بێ شەرمییە
ئەو هەموو بێباكیە.. بێ ڕەحمیە
هی ئەوانە
پێشتر لەمێژوودا بینیومن
ئەوان قوربانین
وەك قوربانیەكانی
دەستی خۆیان!!
……………………….
خزمی تەیمورە لەنگن
بێ دڵن، بێ ئاوەزان
بەدكارن
چێژ لەكوشتن دەبینن
لەچۆڕاوەی خوێن
لەسەری بڕاو
لەهاتوهاواری.. قوربانیەكان.
نەخۆشن
………………………..
ڕق ئەستورن
ڕق لەهەموو كەس
لەخۆیان
لەو دەنگانەی
كە گڕ نین
لەو ڕەنگانەی
ناچنەوە سەر
ڕەنگی دوكەڵ
………………………..
ڕقیانە
لەڕووناكی
لەگوڵدان، لەمۆسیقاو شیعرو
پێكەنین..
له‌ پێكەوە بون
ڕق…
چەقی دڕندەیی
ئەوانە!!
……………………….
بێ خەونن، بێ خۆزگەن
بەتاڵن
هه‌وڵیان ، هونەریان
جوانیەكانی سینەیان
ئەوانەی لەئاژەڵ جیایان دەكاتەوە
مرۆڤبونیان…
تەرخانە
بۆ هەڵمەت بردن
بۆ چەپاو كردن
بوونی ئەوان
لەچەپاودایە
ئەوان
لەڕیزی مرۆڤ
دەركراون و
پێنازانن
پرسیارێ ناكەن
پرسیار بڤەیە
نابێ بكرێ!
……………………….
ئەوان لە ناوگەڵیانەوە
سەیری شتەکان دەکەن
لە ناوگەڵیانەوە
شتەکان..
جیا دەكەنەوە
لەهەرچیی.. كە دەیكەن
دڵنیان!
دڵنیایی…
نەگبەتیەكی گەورەی
مرۆڤە!!
……………………….
دەمكوت كردن
ناچاركردن
بێ بەش كردن
دەسدرێژیی…
خەسڵەتی گەرمی
ئەوانەو
هەرگیز لێیان…
نابێتەوە
ئەوان…
لەدەرەوەی بەهاكانەوە…
دەژین!
……………………….
من…
بە گۆنای شەقار شەقاری دایكم
بە چاوی سوری
خوشكەكانم
بە سەری بڕاوی
باوكم
بە گۆشەوارەی دزراوی
كچەكەم
بە هەنسكی مناڵانی
گەڕەك،،،،
بە برینە…
نەسرەوتەكانی شەنگال:
تلانەوە، تاسەكردن
ئاه و ناڵە
خۆزگەی لەئامێزگرتنەوە
كزانەوەی دەروون
ڕاچەنین و خەو زڕان
ئەوپەڕی دڵتەنگیی
هەموو سەبكێكی
گریان ،،،
گریان… بەفرمێسكەوە…
بە بێ فرمێسك
بە دەنگ و ئاوازەوە…
بە كپی، بەخامۆشی
بە قریشكە
بە تاک، بە كۆ
بە كۆرس
بە لاوانەوە، بە حیكایەتەوە
بە خورپەو ترس و…
هەترەشەوە،،،
بەو منداڵانەی
که‌ بەدەم برسێتیەوە
مردن
سوێن دەخۆم…
خۆیانن
پێشتر لەمێژوودا بینیومن
چەن جارێكی تر…
هاتوون
هەرجارێكیش..
كە دەڕۆن
بیریان ، هۆشیان ، دڵیان
لای جارێكی تری …
هاتنەوەیە !!.




بێپه‌روایی … نه ژاد عزیز سورمێ

ده‌نوویه‌وه‌ ؟
له‌ ئاژاوه‌ و سه‌رگه‌ردانی ئاسۆی لێڵ بوو و
ڕۆژگاری تووش و بابردووی
ته‌مه‌نی تارماییبه‌ند و شكۆفه‌ڕێژت..
كه‌ی له‌ شه‌وی پڕ ئه‌ستێره‌ و هێمنی وا هه‌ڵده‌نگوی ؟

ده‌نوویه‌وه‌ ؟
سبه‌ی كه‌ ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌
ئه‌م ته‌نیاییه‌ت
له‌ كوێ ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه‌ ؟
( تۆ و ئه‌ستێره‌ و دنیای كپ بوو
تۆ و گلۆپه‌ چاوزیته‌كانی سه‌ر شه‌قام
تۆ و هه‌وای خوا و
بۆنی گوڵه‌كانی به‌هه‌شت..
تۆ و خۆت و
تونێڵه‌ گوشاده‌كانی
خوێنی گڕگرتووی بێ‌ په‌روات..
تۆ و غوربه‌تی دوا نه‌هاتوو..
تۆ و تۆ و.. و.
……….
……….
……….. )
به‌ ڕۆژ له‌ كوێ؟
له‌ ئاسمانی به‌رته‌نگ و
زه‌وی هه‌وه‌سبازی سوڵتان ..
یا ڤڕه‌ڤڕی فڕه‌ی داڵه‌ زیوكفته‌كان
سمكوڵ و
سه‌ره‌سم و
تیلاكی خوار و سمێڵی بریقه‌دار
چی ده‌بینی و
چی ده‌بیه‌ی ؟!
سبه‌ی كه‌ ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌
ئه‌م ته‌نیاییه‌ت
له‌ كوێ‌ ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه‌ ؟

ده‌نوویه‌وه‌ ؟
(نووستن
مردن)
لێ ڕامینه‌ !
به‌ینیان تاڵه‌ موویێكه‌
له‌شه‌وی ئه‌م ڕۆژگاره‌دا
هه‌موو شتێك وه‌كو یه‌كه‌
مرۆڤ له‌ چۆله‌كه‌ ده‌كا
چۆله‌كه‌یش وه‌ك مرۆڤ وایه‌ ،
تنۆكێكی نه‌ڕژاوه‌
له‌چاوی ئه‌وانه‌ی ته‌نیا به‌دڵ ده‌گرین ..
لێ ڕامینه‌ !
له‌ خۆشبه‌ختی شه‌وه‌ یا
به‌دبه‌ختی ڕۆژ
گزنگی خۆر به‌سه‌ر تاوانه‌كانی شه‌و داده‌ڕژێ‌ ؟
ده‌نگ : ( كلیلی ژیانت به‌خۆته‌ پێ‌ نازانی
پێ نازانی
پێ‌
نا
زا
نی..!
له‌قسان ئاڵی زه‌نگانی
له‌ كارانیش….)
-: كار ده‌ترازێ‌
ده‌ترازێ‌..
ده‌
ترا
زێ‌….
تێر نه‌بووی..!؟
ده‌نوویه‌وه‌..
سبه‌ی كه‌ ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌
جارێكی دی
ده‌بێ له‌ خۆت جیابییه‌وه‌..
پشت له‌ ده‌رگای كراوه‌ بكه‌ی
ڕوو له‌ ڕێگایێ بێ ئاسۆ و دنیای گومان..
ده‌نگ: (كێن ئه‌وانه‌ی شه‌و به‌هیوای سبه‌ینێ‌
به‌رێ‌ ده‌كه‌ن؟
كێن ئه‌وانه‌ی ڕۆژ به‌ ئومێدی شه‌وی وا
دگوزه‌رێنن ؟
ئاپۆره‌ی شاری خامۆشان
له‌كوێرا گوریسی كورتی خه‌ونه‌كانتان
ده‌پچڕێنن؟)
ته‌نیا ون نه‌بوون به‌س نییه‌ ،
تۆ به‌ته‌مای هه‌لێكی
كه‌ نه‌ ڕه‌نگ و
نه‌ ده‌نگ و
نه‌ناونیشانی ده‌زانی !
هه‌لێ ، كه‌ دێت و نایێ..
ته‌نیا ون نه‌بوون به‌س نییه‌ .

9/1984




هاوکاری … ساز حسن … ئەدەبی مناڵان

دەگێڕنەوە خێزانێک هەبوو پێکهاتبوو لە دایک و باوک و دوو خوشک، بۆ کارکردن ڕوویان لە کێڵگەیەکی دڵگیری ناوچەی شاخاوی کرد، کە کێڵگەکە لە باپیرەیانەوە {باوکی دایکیان } بۆیان مابوەوە … ڕۆژانە باوکەکە خۆی بەکاری کیشاوەرزی و ئاژەڵەکانیانەوە خەریک دەکرد، دایکەکەش بە کاری ناوماڵ وخواردن دروست کردن هەندێکیش دان پێدان بە جووجەڵەو مریشکەکان و کۆکردنەوەی هێلکە خەریک بووهەرچی دوو خوشکەکە بوو… ڕۆژانە بەیاری ماڵەباجێنە وخۆشاردنەوە لە ناودارستانەکەو جۆلانە سەرقاڵ بوون. ڕۆژێکیان خوشکە بچوک بە خوشکە گەورەی ووت: بۆ ئێمە هاوکاری باوک و دایکمان نەدەین هەندێک ئەرکی سەرشانیان کەم بکەینەوە ؟ خوشکە گەورەش پاش کەمێک (کە دیاربوو بیری لە قسەکانی خوشکە بچووکی دەکردەوە) وتی : زۆر باشە منیش حەز ئەکەم هاوکاریان بکەین هەندێ ئەرکی سەر شانیان کەم بکەینەوە. بەڵام چۆن هاوکاریان بکەین؟! هەردووکیان کەوتنە بیرکردنەوە کە چۆن هاوکاریان بکەن… لە پڕ خوشکە گەورە وتی: سبەینێ بەیانی لەکاتی نان خواردنی بەیانی بە باوک و دایکمان دەڵێین. ئیتر ئەو ڕۆژە یان بەسەر برد ،ڕۆژی دوایی کاتی نان خواردنی بەیانی …خوشکە گەورە بەڕوویەکی گەشەوە تەماشایەکی خوشکە بچوکی کردوو ئینجا ڕووی کردە باوکی وگوتی باوکە دەمانەوێ هاوکاریتان بکەین چونکە ئێوە زۆر ماندوودەبن و ئێمەش هەر خەریکی یاری کردنین و کاتمان زۆرە… باوکی پێکەنی و وتی: کچەکانم من و دایکتان ئەرکی سەرشانی خۆمان بەجێ دەگەیەنین کە کاردەکەین و دە بێت ئێوەش بەجوانترین شێوە کە ئێمە بیزانین پەروەردەتان بکەین ، لەگەڵ ئەوەش دا ئێوە هێشتا منداڵن توانای کاری گرانتان نیە. بەڵام دوو خوشکەکە لەسەرقسەکانی خۆیانان سوربوون هەر کۆڵیان نەدا، دواتر پێشنیاریان خستە بەردەم باوکیان کە ئاوی باخی قەدپاڵەکەی ئەوبەر ماڵی خۆیان بدەن چونکە نەمامەکان بچوک و نزیک بە ماڵەوەیە.. باوکیان زانی جووتە خوشك سورن لەسەر هاوکاری کردن دەیانەوێت ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنن ، ڕەزامەندی پێشان داو ڕووی کردە دایکیان و وتی دە توانی تێشوویان بۆ بپێچیتەوە نەک لە وێ برسیان بێت با نان بخۆن.. دایکیش بە خۆش حاڵیەوە ڕزامەندی نیشاندا… دوای نان خواردن باوکیان تورەکەی تێشووی خۆی هەڵگرت و ماڵ ئاوای لێکردن چووبۆسەرکار بەجیاو ، جووتە خوشکیش تورەکەی تێشووی خۆیان هەڵگرت و ماڵ ئاواییان لە دایکیان کرد.
هەر دوو خوشك گەشتنە باخی قەدپاڵەکە و دەستیان کرد بە ئاودان و جۆگە پاککردنەوە ، ڕۆژ خەریک بوو لە نیوە ڕۆ نزیك دەبووەوە خوشکە گەورە بە خوشکە بچوکی ووت: دەڵێیت چی ..کاری باشمان کردووە و هەندێکیش هەست بەبرسێتی دەکەم .. بچین تۆزێ نان بخۆین؟. خوشکە بچوکیش داواکەی پەسەند کرد. چوونە بن دارێکی خۆش لە قەراغ گوێچەمەکە و هەندێ جێگەیان چاککردوو دەستیان کرد بەدەرهێنانی تێشووەکەی ناو تورەکەکە ، پاش تەواو بوون لە نان خواردن خوشکە گەورە وتی ماندووم دەمەوێت کەمێ بخەوم پاش کەمێک خوشکە بچوکیش خەو بردیەوە و ئەویش خەوت.
پاش تێپەڕبوونی ماوەی نزیك کاتژمێرێك، خوشکە گەورە لە خەو هەستاو بینی خوشکە بچوك لە قوڵای خەودایە ، زەردەخەنەیەکی کردوو هەستایە سەرپێ و چوو بۆ تەواو کردنی ئاودانی نەمامەکان کە چەند نەمامێک مابوو ئاو بدرێت هەربۆ ئەوەش خوشکە بچوکی بەئاگانەهێنایەوە… لە گەڵ تەواو بوونی ئاودانەکە، خوشکە گەورە دەیویست بگەڕێتەوە بۆ لای خوشکە بچوک لە پڕ بینی گورگێک لە چڕی دارستانی قەدپاڵەکەوە لە لای سەرەوە دەرکەوت!!.. ئیتر خوشکە گەورە لەترسی ئەوەی خوشکە بچوک بەئاگانەیەت!؟! بەڕاکردن بەرەو لای خوشکە بچوک ڕۆیشت .. لەو کاتەدا خوشکە بچوکیش لەخەوهەستا ، سەیری ئەم لاو ئەولای خۆیکرد ، بینی خوشکە گەورە دیار نیە!؟ وای زانی بەجێی هێشتووە!..دڵی پڕبوو دەستی کرد بەگریان بەدەنگی بەرز!؟! خوشکەگەورەش بۆ ئەوەی خوشکە بچوک نەترسێ و هەروەها لەترسی گورگەکەش بە دەنگی بەرز هاواری کرد بۆ خوشکە بچوك کە ئەو دەگەڕێتەوە بۆلای هەرلەپەسا هاواری دەکرد بەدەنگی بەرز .. گورگەکەش لەم هەموو هاوارهاوارە ترساو گەڕایەوە ناو دارستانەکە وخوشکە گەورە گەڕایەوە بۆ لای خوشکە بچوک ، خوشکە بچوک نیگەران بوو لەوەی کە بۆ بەجێی هێشتوە!؟! خوشکە گەورە پێی ووت کە کاتێ بەئاگاهاتۆتەوە ئەم لە خەوێکی خۆشدا بووەو نەیویستووە بەئاگای بێنێتەوە بەتایبەت کە کارێکی کەمیان مابوو .. ئینجا خوشکە بچوک نیگەرانیەکەی نەماو شتەکانیان کۆکردەوەو بەرەو ماڵەوە کەوتنە ڕێگە بەدڵخۆشی و پێکەنینەوە..ئینجا خوشکە گەورە لەسەر خۆو بە هێمنی باسی گورگەکەی کرد کەلە دارستانەکەوە دەرکەوت.. بۆیە ئەم هەموو هاوارەی دەکرد . خوشکە بچوک باوەڕی نەدەکرد وتی دەتەوێ لەمەو لا هەرخۆت بێیت بۆ ئاودان بۆیە من دەترسێنیت. خوشکەگەورە چەند هەوڵی دا بیسەلمێنێ بەڵام بێسوود بوو خوشکە بچوک هەردەیوت باوەڕناکەم و من وەك تۆ هاوکاری دەکەم.

ئامادەکردنی : ساز حسن




کێڵگە … ئامادەکردنی: نازحەسەن … ئەدەبی مناڵان

هەبوو نەبوو ژنێک و پیاوێکی بەتەمەن هەبوون لە کێڵگەیەکی نزیک شارۆچکەیەکدا دەژیان ، خەریک بوون بە چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی کە ڕۆژانە پیرەمێردەکە بەروبوومەکەی بەسەر پشتی گوێدرێژەکەی دەبرد بۆشارۆچکەکە و دەیفرۆشت، بە پارەکەی پێداویستی ڕۆژانەی خۆیانی لێدەکڕی و ئیتر شتێکی زیادەیان بۆ نەدەمایەوە. ڕۆژێک کە شەوی پێشووتر بارانێکی زۆر باری بوو.. بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی جۆگەکەی سەر ڕێگەی شارۆچکەکە، پیرەمێردەکە لەکاتی بردنی بەروبوومەکان بۆ شارۆچکەکە بەروبوومەکەنی کەوتە ناو جۆگاکە، کاتێک کە چوو بۆ شارۆچکەکە کەس بەروبوومەکانی لێ نەکڕی چونکە بەروبوومەکانی تەڕ بووبوون … بەڕێکەوت پیاوک بەلایدا تێپەڕی و کاتێک بینی پیرەپیاو بەروبوومی جوانی لایە پێی ووت : ئایە ئەمانە بۆ فرۆشتنە؟ پیرە پیاو لە وەڵامدا ووتی : بەڵێ بۆ فرۆشتنە ،بەڵام لەبەر ئەوەی تەڕبووە خەڵکی لێم ناکڕن !. پیاوەکە ووتی : ئەم بەروبوومە زۆر جوانە و من دەیکڕم بەچەندی دەدەی ؟ پیاوە پیرەکەش ووتی هەموو جارێک فرۆشتوومە بە ١٠ دینار ، بەڵام کەتەڕ بووە نازانم !!… پیاوەکە تۆزێ بیری کردەووەو ووتی: ئەگەر تۆ ڕۆژانە ئەم بەروبوومە جوانەم بۆ بێنیت ئەوا من ٣٠ دینارت دەدەمێ! پیرە پیاو سەرسام بوو وتی: بەڕێز دیارە هەڵە تێگەیشتووی ! چونکە من ووتم ١٠ دیناریان دەداپێم … هەر خێرا کابرای کڕیار ووتی نا مامە پیرە من باش تێگەیشتم ، بەڵام ئەم بەروبوومە جوانە و من دەمەوێت، چونکە ئەمە بەشێوەی سروشتی بەرهەمت هێناوە ! وانیە ؟ پیرە پیاویش وتی بەڵێ ڕاست دەکەی . پیاوەکەش جارێکی تر پێی وتەوە: هەر بۆ ئەوە حەزدەکەم تۆش ڕازی بیت !. پیاوە پیرەکە تۆزێ دۆش داماو ووتی من ڕازیم … دەم وچاوی پیرە پیاو دڵخۆش دیاربوو ، ئینجا هەردووکیان بەروبوومەکەیان بارکردەوە لە پشتی گوێدرێژەکە و بەڕێکەوتن بەرەو ماڵی کابرا، پاش داگرتنی بارەکە لە پشتی گوێدرێژەکە کابرا ٣٠ دیناری دا بە پیاوەپیرەکە، پاشان ماڵ ئاوایی کردوو بەرەو بازاڕی شارۆچکەکە بەڕێکەوت. .کاتێک کە چووە ناو بازاڕودوکانەکانەوە کەلوپەلی ناو ماڵ وقوماشی زۆر جوانی بەرچاوکەت هەر بۆیە بەخۆشییەکی زۆرەوە بڕیاری دا قوماشی جوان و نایاب بۆ هاوسەرەکەی بکڕێ بەبڕی ١٠ دینار وهەروەها پێداویستی ماڵیشی بە ١٠ دینارتر کڕی و لە کۆتایدا ١٠ دیناری تریشی لە گیرفان مابوو. ئینجا بەدڵ خۆشی و ڕووگەشی یەوە گەڕایەوە بۆ کێڵگەکە … کاتێک پیرە ژن چاوی کەوت بە قوماش و پێداویستی ماڵەکە زۆر دڵی خۆش بوو!؟ بەڵام!!! پرسی : ئەمە چۆن دەبێت هەمووکات تۆ توانیوتە تەنها پێداویستی ماڵەکە بکڕی !؟ ئەی ئەم قوماشە چۆن!؟!پیاوە پیرەکە وتی : بەڕێکەوت پیاوێکم بینی و ئیتر هەموو بەسەر هاتەکەی بۆ باسکردو دواتر دەستی کرد بەگیرفانیداو ١٠ دینارەکەی دەرهێنا پێشانی پیرەژنی داو، وتی لەمەو لا هەرچی بەروبوومێکمان هەبێت دەیبەم بۆ ئەو کابرا بەڕێزە چونکە ئەو پیاوە بەڕێزە زۆر بەروبوومی سروشتی بەرز دەنرخاند … بەمەش هەردووک دڵخۆش بوون و بڕیاریان دا ١٠ دینارەکەو هەر پارەیەکی لە ڕۆژانەیان زیاد بێت پاشەکەووتی بکەن بۆ کاتێک کەناتوانن کاربکەن . بۆیە بەم شێوەیە ژیانیان بە خۆشی بە سەربرد.

{کۆتایی}

ئامادەکردنی:ناز حەسەن




دوای دابرانێک ماڵپەری تایبەتی ” عەبدوڵا مەحمود” کەوتەوە گەڕ

بۆ خوێنەران و خوێنەر دۆستان، بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لەدیدی سۆسیالیستی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، بۆچوون و روانین و رێگەچارە و لێکدانەوە و هەڵوێست، لە پەیوەند بە پرسە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەوە، زیاتر ببیستن و ببینن… ماڵپەری تایبەتی من کەوتەوە گەر…
دوای دابڕانێکی نزیک بە دوو ساڵە، وا جارێکی تر ماڵپەری تایبەتی من ” عەبدوڵا مەحمود” بە دیزانێکی نوێ و بە هەوڵی بێدرێغی هاوڕێی ئازیزم” ئارام عەلی” کەوتەوە گەر. کە هەر لیرەوە سوپاسی بێ کۆتای ماندوبوون و ستایشی دەست رەنگینیەکەی دەکەم….
بابەتەکانی ئەم ماڵپەرە، لەروانگەی سوسیالیستی و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، دەڕوانێتە پرس و مەسەلە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پرسە چارەنووسسازەکانی دنیا… هیوادارم بە پێی توانایی و کاتی بەردەست، بتوانم لە دیدی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، روانین و بۆچوون و لکێدانەوەو ڕیگەچارەو هەڵوێستەکانم بە ئێوە بگەیەنم و لەو رێگایەشەوە بتوانم، بێ دابران لەگەڵتان بم… ئامانجیش لەم مالپەرەو هەوڵەکانی من بۆ تەفسیرو لێکدانەوەی دنیا نییە بە تەنها، بەڵکو هەوڵ و تێکٶشانێکی بەنەخشەیە بۆ گۆرێنی دنیا، و بنیاتنانی کۆمەڵگایەی ئازاد و بەرابەرو ئینسانی. کۆمەڵگای کۆمۆنیستی یە… سوپاسی هاوکاری و سەرنج و پێشنیاراتی تەندروستی هەموو هاوڕێ و ئازیزێک دەکەم…

عەبدوڵا مەحمود
٢٠١٦ ئۆکتۆبەری

لینکی ماڵپەر….
www.abdullamahmud.com




توركیاو یاوه‌ره‌كانی له‌ شه‌ری موسڵدا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌م رۆژانه‌دا مقۆ مقۆیه‌كی خه‌ست و سه‌خت له‌ نێوان ئه‌مریكاو توركیاو یاوه‌ره‌كانی و عێراق و پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌ ئارادایه‌و، هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ پلان و ئه‌جیندای تایبه‌تی خؤی هه‌یه‌و به‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ئه‌گه‌رێن و، ئه‌مریكا به‌ قورسایی خۆی و هه‌موو تواناكانیه‌وه‌ ئه‌یه‌وێت به‌ زووترین كات ده‌ستبكرێت به‌ شه‌ری موسڵ و، ده‌رباره‌ی بوونی توركیا له‌ ناو خاكی عێراق برێت مەكگۆڕك نوێنه‌ری سه‌رۆك باراك ئۆباما رایگەیاند، كە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەناو خاكی عێراق بەهەماهەنگی سوپای عێراق ئەنجامئه‌درێت، بەڵام ئەو هێزەی توركیا بەهۆی ئەوەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نییە، هیچ هەماهەنگییەكیشی لەگەڵ لایەنی عێراقی نەكردووە..
هۆنه‌رمه‌ندی عێراقی به‌ناوبانگ عه‌زیز عه‌لی به‌ ( مه‌نه‌لۆجیست) ناسراوه‌و، له‌ مه‌نه‌لۆجێكدا ئه‌ڵێت ( بژی و ببینه)‌ و، دیاره‌ شه‌ری موسڵ زۆر ئاڵۆزه‌و، هه‌ندێ له‌ یاریكه‌ره‌كان سه‌ركێش و گومران و، ناووناتۆره‌ی جۆراوجۆرو ناشیرین ئه‌خه‌نه‌ پاڵ یه‌كترو، له‌ لایه‌كه‌وه‌ توركیای شۆڤه‌نیستی داگیركه‌رو یاوه‌ركانی له‌ عه‌ره‌بی سووننه‌و به‌عسییه‌ هه‌ڵاتووه‌كان و ئیخوان ئه‌لموسلمین و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ حكومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان و، ئه‌وانه‌ی پشتگیریان لێئه‌كه‌ن.
شه‌ر ده‌ستیپێنه‌كردووه‌و كێشه‌ی نێوان توركیاو عێراق كه‌مه‌ كه‌مه‌ گه‌وره‌ ئه‌بێت و، بابه‌تی سه‌ره‌كی بوونی هێزی سوپای توركیاو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانه‌ له‌ سه‌ر خاكی عێراق و، توركیا ئه‌لێت به‌ ئاگاداری عێراق هاتوومه‌ته‌ به‌عشیقه‌ بۆ مه‌شقپێكردن به‌ پۆلیس و سوپای عێراق و، به‌رپرسانی عێراقیش ئه‌ڵێن بیانووه‌كانی توركیا دووره‌ له‌ راستی و، توركیا وه‌ك خاوه‌ن ماڵ ره‌فتاره‌ ئه‌كات و، خۆی كردووه‌ته‌ لایه‌كی سه‌ره‌كی و، ئه‌یه‌وێت سوننه‌ عه‌ره‌به‌كان و به‌عسیه‌ هه‌ڵاتووه‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن و، چڵكاوخۆره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ په‌لكێش بكات و، بچن به‌ گژ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان و، جێی ئاماژه‌یه‌ عێراق توركیا به‌ داگیركه‌ر ناو ئه‌بات و، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی توركیا داگیركردنی ناوچه‌كانی تره‌و، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) ناكه‌ن.
توركیا له‌ هاتنی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌ترسێ و، له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ پشتبه‌ستن به‌ سوپاكه‌ی و، چڵكاوخۆره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ و “” سوپای ئازاد”” و سوننه‌كان وبه‌عسییه‌كان هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ ئه‌كات كه‌ ته‌روو وشك ئه‌سوتێنی به‌ ناوی پارێزگاری له‌ خه‌ڵكی موسڵ و، هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ن خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه نه‌رواته‌ ناو شارو، گۆڕان به‌سه‌ر دیمۆگرافیای شاره‌كه‌دا نه‌هێنن.
بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمەریكا‌و عێراق‌و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوه‌و، ئەمەریكییەكان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی هاوڕابون لەسەر ئەوەی بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدرێت سوپای توركیا لە شەڕی موسڵدا بەشداری بكات له‌ پێناو ئه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزی دروست نه‌بێت، چونكه به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان ئاماده‌ كردووه‌ بچن به‌ گژ هێزی سه‌ربازی توركیاو یاوه‌ره‌كانی و، توركیا وه‌ك داگیركه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن.‌
عێراق له‌ به‌ربه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) تووشی كێشه‌ی زۆر بووه‌ته‌وه‌و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ری له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆیانداوه‌و، له‌ كاتی ئازادكردنی شاری فه‌للوجه‌دا شه‌رێكی گه‌وره‌ كه‌وته‌ نێوان حه‌شدی شه‌عبی و عه‌ره‌بستانی سعودییه‌و، ئه‌وه‌تا هێشتا شه‌ری موسڵ به‌رپا نه‌بووه‌و، شه‌ره‌ قسه‌له‌ نێوان حه‌شدی شه‌عبی توركیاوه‌ دروست بووه‌و، ئه‌و له‌ كاتێكدایه‌ عێراق داوای له‌ توركیا نه‌كردووه‌ هێز ره‌وانه‌ی عێراق بكرێت و، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ وڵاتانی دراوسێی عێراق كردووه‌ كه‌ رێز له‌ ( سه‌روه‌ری‌ و خاكی عێراق) بگرن و، ته‌نها عێراق بۆی هه‌یه‌ رۆڵی توركیا له‌ شه‌ری موسڵدا دیاری بكات.
وڵاتانی ئه‌وروپاو ناتۆو ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی توركیا رازی نین و، ئه‌ڵێن هه‌ر یارمه‌تیدانێكی حكومه‌تی عێراق ئه‌بێ له‌ گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بگونجێت و، ئه‌بی توركیا له‌ پێش هه‌ركارێك له‌و جۆره‌، هه‌وڵبدات ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق وه‌ده‌ستبێنێت و، برێت مەكگۆڕك نوێنەری باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، سوپای توركیا بەبێ‌ هەماهەنگی هاوپەیمانان لەناوچەی بەعشیقەی موسڵ جێگیركراون.
دوور نییه‌ به‌هۆی بار گرژی له‌ نێوان عێراق و توركیا شه‌ری موسڵ دووابكه‌وێت و، ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و پۆچوونه‌ پشتراست ئه‌كه‌نه‌وه‌و، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا توركیاو عێراق له‌ سه‌ر شه‌ری موسڵ كۆك نه‌بن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ شه‌ری موسڵ گرێی زۆری تێبكه‌وێت و، نزیگ بوونه‌وه‌ی توركیا له‌ گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودیییه‌ بارگرژی و ئاڵۆزییه‌كه‌ی نێوان عێراق و توركیا زیاتر ئه‌كات و، هه‌ڵوێستی سعودیه‌ و توركیا دژ به‌ حه‌شدی شه‌عبی روون و ئاشكرایه‌و، ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی وه‌ڵامی ئه‌و دوو وڵاته‌ بداته‌وه‌ ئاگری شه‌رێكی مه‌زهه‌بی به‌رز ئه‌بێته‌وه‌و كه‌نترۆڵكردنی كوژاندمه‌وه‌ی ئاسان نییه‌و، كه‌س نازانێت رووداوه‌كان به‌ره‌و كوێ مل ئه‌نێن.‌
عەممار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانی عێراق هەڕەشە لە توركیا ئه‌كات بەوەی تا سەر دان بەخۆیاندا ناگرن‌و هێرش ئه‌كەنە سەر سوپای توركیا لەعێراق و، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌باء كه‌ باڵێكی گرنگه‌ له‌ ناو حه‌شدی شه‌عبی به‌ هێزه‌كانی توركیا ئه‌ڵێت وڵامدانه‌وه‌مان بۆمه‌له‌رزه‌ له‌ ژێر پێتان دروست ئه‌كه‌ین و، هه‌ر له‌ سه‌ر هه‌مان ئاوازو ریتمی باڵی نوجوباء، كتیبه‌كانی حزب الله و، عه‌سائبی ئه‌هل ئه‌لحه‌ق خۆیان ئاماده‌ كردووه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی توركیا له‌ خاكی عێراقدا.
عەممار حەكیم، سەرۆكی گەورەترین هاوپەیمانی عێراقه‌ لەمیانی وتارێك رایگەیاند عێراق بەئاسانی پارێزگای نەینەوا نادات بەدەستەوەو ئەوانیش لەبەرانبەر سوپای توركیا بێدەنگ نابن و، هه‌روا راگەیاند، ئەوان ئه‌یانەوێت پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیا هەبێت، بۆیە داوای كرد بەو هەڵوێستانەیاندا كه‌ بەرانبەر به‌ عێراق هەیانە بچنه‌وه‌و، توركیاش سوورە لەسەر نەكشانەوەی ئەو هێزانەی كه‌ لەو ناوچەیه‌ جێگیركردووە.
به‌ پێی سه‌رچاوه‌ی حكومه‌تی عێراق ئه‌م لێدوانانه‌ دژ به‌ به‌ حكومه‌تی توركیا له‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌ ئێران له‌ به‌غدا سه‌ریانهه‌ڵداو، دوواتریش به‌یننامه‌و رلگه‌یاندنی هه‌ره‌شه‌ ئامێز دژ به‌ توركیاو داگیركردنی خاكی عێراق به‌رز بووه‌وه‌و، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌و، به‌ پێی سه‌رچاوه‌كان باڵوێزخانه‌ی ئێران په‌یوه‌ندییان به‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی كرد. ‌.
پێنج فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان : هەریەک لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی وحزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایانگەیاند، پێویسته‌ کوردستان نه‌یكه‌ینه‌ به‌شێك له‌ ململانێی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و، شایانی باسه‌ ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ و، داوایانکرد سوپای تورکیا بە زوویی لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە و بوونی ئەو هێزانەشیان به‌ نادەستوری و نایاسایی له‌قه‌ڵه‌مداوه‌.

10/10/2016




کورتەنامەی شیعریی … فەتاح حەسەن

بەشی پێنجەم

خۆشەویستێك و
دوو هاوڕیی راستەقینە و
پێکێك شەراب
و
لەتێك نانم هەبێت ..
ئەمن پاشام.

بەر لە، خەوتن
کە، بەخەبەردێم ..
کەسێك بە خەیاڵمدا دێت
ئەو کەسەش .. تۆی.

با هەر چوار وەرزەکە
خونچە بپشکوێ
کە، خونچەی دڵی من، نەپشکوێ ..
بەمن چی ؟!

ئەو کاتانە، زیاتر
خۆم خۆشدەوێ
کە بیر لە تۆ دەکەمەوە
ئەدی ئەتٶ؟

گرنگ نییە
خەڵك چی دەڵێ
تەنها خۆت بڵێ
هەستکردن .. ژیان
خۆشەویستی
بێ تۆ چییە؟

کە، زیزت دەکەم
رقم لەخۆم دەبێتەوە
بەخۆم دەڵێم
ئای چەن شێتم؟!

تۆ دەگرێی
چاوت پڕدەبێت لە فرمێسك
منیش رۆحم
دەبەس بگری
لێگەڕێ رۆحم .. ئاسودەبێ .

بەزەییم بەخۆمدا بێتەوە
یان .. قینم بێت
لە بێباکی تۆ
بەرامبەر بە من؟
منێک .. کە، خۆم کردە
بەردەبازی رێی تۆ

چۆن تۆ بێدەسەڵاتی
لەوەی خۆشمدەوێی
منیش
لەوەی خۆشتناوێم.

گەر ئەوە ترسنۆکیی بێت
کە نەتوانم،
دڵی کەسێك ئازار بدەم کە رۆژێك لە رۆژان
خۆشمدەویست
دەبا.. هەر، من ترسنۆك بم.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

.
.




بابه‌ی شیرین …عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

سۆز و نازی بابه‌ی شیرین
توانا و تینن
سه‌رچاوه‌ن بۆ خۆشبه‌ختی ژین
پڕ ئه‌وینن
ئه‌و كاته‌ی باوكم ده‌مدوێنێ
دڵخۆش د یارم
خه‌نده‌ و خۆشیم بۆ ده‌هێنێ
زۆر به‌ختیارم
بۆیـــه‌ به‌هێز و بـــــڕواوه‌
هه‌نگاو ده‌نێم
بــه‌ دڵی پـــــڕ له‌ هیواوه‌
ســرود ده‌ڵێم
……………….
30/1/2016




(سه‌گوه‌ڕ )له‌به‌ر رۆشنایی زاراوه‌ی پێشبینی دا … د.فوئاد ره‌شید

كورته‌ رۆمانی (سه‌گوه‌ڕ) – كه‌یه‌كه‌مین به‌رهه‌می (محه‌مه‌د موكری)یه‌ له‌بواری رۆماننووسیندا – بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ساڵی 1982 له‌ دووتوێی (102) لاپه‌ڕه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان (1) . ئه‌م تێكسته‌ تاساڵی 2015 حه‌وت جار چاپكراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كورته‌ رۆمانه‌ ده‌كرێت له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ لێیبكۆڵدرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تێكی گرنگ و زۆر هه‌ستیاری ورووژاندبوو كه‌ بریتییه‌ له‌ خستنه‌ رووی چه‌ند ئێش و ئاریشه‌یه‌كی نادیاری دۆخی نێوخۆی- ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی- بزوونته‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، بۆیه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاریدا،ناوه‌رۆكی هزریی و جیهانبینی ده‌قه‌كه‌،رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌وه‌و مشتومڕیكی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ هه‌ره‌شه‌ی كوشتن له‌ نووسه‌ره‌كه‌یشی.
له‌م كورته‌ وتاره‌دا له‌به‌ر رۆشنایی زاراوه‌ی ((پێشبینی)) سه‌رنجێك له‌ دیدو تێروانینی تێكسته‌كه‌ ده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دوێنێ‌ ئه‌م تێروانینه‌ ببووه‌ مایه‌ی سه‌رنجراكێشانی هاوڕێكانی(موكری) به‌گشتی و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ده‌وروبه‌ری به‌تایبه‌تی ، نووسه‌ره‌كه‌یشی خستبووه‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی مردنه‌وه‌ ، ئه‌وا ئه‌مرۆ ئه‌م تێكسته‌ له‌ رێگه‌ی هه‌مان تیروانینه‌كانی خۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ئاست واقیعی ئه‌مڕۆ رایده‌گریت ، جارێكی دی زیندوویی گوتاری خۆی بۆ نه‌وه‌ی نوێی كورد دووپات ده‌كاته‌وه‌و له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی جیا له‌وه‌ی دوێنێی، ده‌قه‌كه‌ خوێنه‌ر به‌ دیار خۆیه‌وه‌ راده‌گرێت و ده‌رگای گه‌نگه‌شه‌یه‌كی نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌ .
• زاراوه‌ی پێشـــــــــــبینی :
له‌گوتاری ره‌خنه‌ی رۆماندا پتر له‌ زاراوه‌یه‌ك نزیكه‌ له‌ ماناو مه‌به‌ستی چه‌مكی (پێشبینی) یه‌وه‌ .له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌نێو زاراوه‌كانی گێڕانه‌وه‌ناسیدا(علم السرد=narratology ) دوو زاراوه‌ زیاتر نزیكن له‌م چه‌مكه‌وه‌ : (prolepsis) و (foreshadow) كه‌ له‌ره‌خنه‌ی رۆمانی عه‌ره‌بیدا زیاتر زاراوه‌ی (الاستباق) به‌كار هێنراوه‌.(2)
مه‌به‌ست له‌ زاراوه‌ی ( prolepsis = الاستباق = ده‌ستپێشخه‌ری یان پێشبینی) * ته‌كنیكیكی گێڕانه‌وه‌یه‌ راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ-پێش وه‌خته‌- باس له‌ رووداویكی داهاتوو ده‌كات كه‌هێشتا كاتی خۆی نه‌هاتووه‌ ، به‌و مانایه‌ی نزیكه‌ له‌ هه‌واڵدانی پێش وه‌خت و پێشبینیكردنی رووداوی ئاینده‌ی دۆخێكه‌وه‌ یان كاره‌كته‌رێكه‌وه‌.(3)

له‌به‌رانبه‌ر زاراوه‌ی (foreshadow ) (د.عدنان خالدعبدالله) چه‌مكی (التنبۆ القصصی ) داناوه‌و به‌م شێوه‌یه‌ش پێناسه‌ی كردووه‌((پێشبینی له‌ چیرۆكدا بریتییه‌ له‌ رێكخستن و پیشاندانی رووداوه‌كان له‌ چیرۆك و شانۆدا به‌ جۆرێ‌ خوێنه‌ر ئاماده‌ بكات بۆ خوێندنه‌وه‌ی یا دیتنی رووداوی دواتر)) (4) .
لێره‌دا پێویسته‌ بڵێین مه‌به‌ست له‌ چه‌مكی پێشبینی له‌م كورته‌ نووسینه‌دا په‌یوه‌ند نییه‌ به‌ پێشخستنی باسی رووداوێك له‌ نێو پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا. به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستمان له‌م چه‌مكه‌ پێشبینیكردنی دۆخێكی یان رووداوێكی واقیعییه‌ كه‌ رۆماننووس له‌ رۆمانه‌كه‌یدا – راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ – پێشبینی به‌دیهاتنی كردووه‌ . به‌ ده‌ربرینێكی دی پێشبینیكردنی ( نووسه‌ر – ده‌ق) بۆ (ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق- واقیع).
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رچاوه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئاماژه‌ بۆ دوو جۆر پێشبینی ده‌كه‌ن:
1- پێشبینی له‌ بواری زانستیدا(خه‌یاڵی زانستی).
ئه‌م جۆره‌ له‌و چیرۆك و رۆمانانه‌ به‌دی ده‌كرێت كه‌ نووسه‌ر تیایدا پێشبینی داهێنانێكی زانستی ده‌كات جا ئه‌م داهێنانه‌ به‌رهه‌مێكی ماددی بێت یان گۆڕینی تێڕوانین و هه‌ڵوێستی مرۆڤ بێت له‌ به‌رانبه‌ر ژیان و سروشت و گه‌ردوون، به‌ گشتیش به‌م به‌رهه‌مانه‌ ده‌گووترێ‌ (خه‌یاڵی زانستی =الخیال العلمی= Science fiction ) یاخود (ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستی). له‌ پێناسه‌یه‌كی كورتی ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌(ئیزاك ئاسیمۆف 1920-1992) ده‌ڵێت((ئه‌ده‌بێكی چیرۆكئامێزه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی زانست و زانایانه‌)) (5). وه‌ك نمووه‌یه‌كی دیاری ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئاماژه‌ به‌چه‌ند چیرۆك و رۆمانێكی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی جۆن گابرییل ڤێرن(1828-1905) ده‌كرێت ، دیارترینیانیش بریتییه‌ له‌ رۆمانی (له‌ زه‌وییه‌وه‌وه‌ بۆ سه‌ر مانگ-1865).
2- پێشـــبینی لـه‌ بــواری هزرو كۆمــه‌ڵگه‌دا (خه‌یاڵی سۆسیولۆجی Sociological imagination =)**
مه‌به‌ست له‌ چه‌مكی (خه‌یاڵی سۆسیۆلۆجی) ئه‌و جۆره‌ پێشبینیكردنه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر له‌ رێگه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ له‌باره‌ی داهاتووی دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا ره‌وتێكی سیاسی ده‌یخاته‌ روو، دواتر ئه‌م پێشبینییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی واقیعی به‌دی دێت. به‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌گووترێ‌((ئاینده‌بینیی ئه‌ده‌بی= الاستشراف الادبی = prospective literary) به‌ بۆچوونی نووســه‌ری كتێبی (الاسـتشراف فی النص) تێروانینێكی قووڵه‌ ، توێكڵ و رووپۆشی سه‌ر دیارده‌و رووداوه‌كان ده‌بڕێت و هه‌وڵده‌دات تیشك بخاته‌ سه‌ر دیوی نادیاری ئاینده‌ی دۆخێك.(6)

كه‌واته‌ مه‌به‌ست له‌ زاراوه‌ی (پێشبینی) له‌ (ئا ینده‌بینیی ئه‌ده‌بی) دا ئه‌و ته‌كنیكه‌ گێرانه‌وه‌ییه‌ نییه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر پێشباسكردنی رووداوێكی نێو رۆمانێك بكات، به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌ به‌ بوونی روانینێكی هزریی یا سیاسی نێو ده‌قێك كه‌ دواتر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع دێته‌ ئاراوه‌ . ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ئه‌م جۆره‌ پێشبینیكردنه‌ ته‌كنیكی خۆی نیییه‌ و رۆماننووس هه‌مووكات راسته‌وخۆ بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕێت ، نه‌خێر پێشبینكردنی ئاینده‌ ته‌كنیكی خۆی هه‌یه‌ زمان و شێوازی خۆی هه‌یه‌ ، بۆ نموونه‌ ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی مه‌زراندنی خه‌ونبینینه‌وه‌ بێت.
وه‌ك نموونه‌ی رۆمانێك كه‌ پێشبینی داهاتووی كردبێت ، ره‌خنه‌گران -له‌ ئاستی جیهانییدا – ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین رۆمان ده‌كه‌ن، وه‌ك رۆمانی(جیهانێكی نوێی ئازا-ئالدۆس هێكسلی ) ،( 1984جۆرج ئۆریل ) ، ( توانه‌وه‌ی یه‌فر-ئیلیا ئیهرینبۆرگ ) له‌م ده‌قانه‌دا پێشبینی چه‌ندین گۆرانكاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كراوه‌ كه‌ دواتر هاتوونه‌ته‌ دی. بۆ نموونه‌ له‌ رۆمانی ناوبراروی(هێكسلی)پێشبینی جیهانگه‌رایی و هه‌یمه‌نه‌ی شاشه‌كان كراوه‌.
له‌رۆمــانی عه‌ره‌بییشدا ئاماژه‌ به‌ چــه‌ند رۆمانێك ده‌كرێت بۆ نموونه‌ له‌ رۆمانی ( یوم قتل الزعیم-1985) دا (نه‌جـیب مه‌حفوز 1911 – 2006) پێشبیتی دۆخی سیاسی میسری كردووه‌ له‌ باڵاده‌ستبوونی ره‌وتی سه‌له‌فییه‌كان. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن (نه‌جـیب گه‌یلانی 1931-1995) له‌ رۆمانی (شه‌وانی توركستان) دا پێشبینی هه‌ره‌سهێنانی كۆمۆنیزمی كردووه‌ وه‌ك سیستمی سیاسی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو.
• چه‌مكی (پێشبینی) له‌ (سه‌گوه‌ڕ)دا:
كاتێ‌ كورته‌ رۆمانی (سه‌گوه‌ڕ) ده‌خوێنینه‌وه‌ و ته‌ماشایه‌كی دۆخی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باشووری كوردستان ده‌كه‌ین، ئینجا له‌ قۆناغی دوای راپه‌رینی 1991 ه‌وه‌ پێدا وه‌ره‌ تاده‌گاته‌ ئێستا، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌( موكری) پێشبینی ئه‌م واقیعه‌ی كردووه‌و وه‌ك بڵێیت ئه‌مرۆی له‌به‌ر چاو بووه‌,
ده‌كرێ‌ كرده‌ی پێشبینییه‌كه‌ له‌ دوو دیمه‌ندا به‌دی ده‌كرێت:
دیمه‌نی به‌كه‌م:- په‌نجه‌ خستنه‌سه‌ر چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی تێو شۆرشی كوردی:
موكری زۆر وردبینانه‌ له‌ سیماو بنه‌مای بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی روانیوێتی و دروشمی سه‌ر كاغه‌زو په‌ڕۆ و وتاری حه‌ماسیی هه‌ست بزوێن ، نه‌یتوانیوه‌ راستییه‌كانی لێ‌ بشارێته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌ گۆشه‌نیگای هۆشمه‌ندیی خۆیه‌وه‌ – بوێرانه‌ – په‌نجه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ برینه‌كانی رۆح و جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ .
ئه‌م هۆشمه‌ندییه‌ به‌شێكی به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ و رۆشنبیریی خودیی نووسه‌ر خۆیه‌تی ، به‌شێكی دیكه‌یشی ئه‌نجامی بینینی ئه‌زموونێكی تاڵو دژواره‌ له‌ نێو شۆرشی كوردیدا.كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (سه‌گوه‌ر) پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵسۆز و خه‌باتكارو خاوه‌ن روانینی خۆی بووه‌ ، كه‌چی له‌به‌ر خیانه‌تی هاورێكانی خه‌باتی شاخ ، خۆی له‌ زیندانی دوژمن و له‌ ژووری له‌ سێداره‌داندا ده‌بینێته‌وه‌.((زانیت ،بۆت ده‌ركه‌وت ،ئێستا، ئه‌مرۆ،میلله‌ته‌كه‌ت له‌یه‌ك كاتدا برینداره‌و له‌خۆ چووه‌……… خۆتت هه‌ڵبژاردبه‌شداری كه‌یت له‌وه‌ی ئه‌م له‌خۆچووه‌ وه‌ئاگا بێنیته‌وه‌……..ئه‌م ره‌فتاره‌ت به‌دڵی ژ كه‌سێكی مه‌سئول نه‌بوو، ده‌یانداویان بۆ ته‌نیت …ئه‌نجام ..ئه‌وه‌یه‌ واخۆت ده‌بینی كه‌ ئێستا له‌ كوێدایت ل64-سه‌گوه‌ر)) .
موكری وه‌كو قه‌ناعه‌ت باوه‌ری به‌ نوخبه‌ی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بووه‌ و هه‌ر زوو كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی به‌ كه‌سانی هیچ له‌بارا نه‌بوو له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ (( ئای كه‌ پێكه‌نینت به‌ خۆت و به‌ قوڕبه‌سه‌ری میلله‌ته‌كه‌ت ده‌هاته‌وه‌ ، كه‌ ده‌تبینی زۆربه‌ی زۆری (سكرابه‌كه‌ سیاسیه‌كان) هه‌ر یه‌كه‌وحیزبێكی دامه‌زراند….هه‌موویش هه‌ر ده‌یووت حوكمی زاتی حه‌قیقی!له‌سه‌ر رێبازی ماركسی- سه‌گوه‌ر ل55)).
لێره‌وه‌ (موكری) له‌سه‌ر زاری كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌یه‌وه‌ ترس و خه‌می خۆی له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی نێو شۆرشی كوردی ده‌خاته‌روو ، هه‌ر لێره‌یشه‌وه‌ پێشبینییه‌كانی
ده‌رده‌بڕێت(( …خه‌میی ئه‌وه‌ت هه‌بوو دیسانه‌وه‌ پاش ئاشبه‌تاڵ و ئه‌م تێهه‌ڵچوونه‌ هه‌رعه‌شیره‌تبازی و چاو پۆشین و ئاغایه‌تی له‌گۆڕدابێ‌…دیسانه‌وه‌ رێ‌ له‌ رۆشنبیران گرتن ده‌كه‌نه‌ ئامانج! – سه‌ گوه‌ڕل63)).
ئیستا سه‌رنجی هه‌ر كێشه‌و گرفتێك بده‌یت له‌مانه‌ی كه‌ خه‌م و ترسی موكری بووه‌، له‌گه‌ڵ واقیعه‌ی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌راوردی بكه‌یت ، ده‌بینیت نه‌ك هه‌ر هاتووه‌ته‌ دی به‌ڵكو گرفته‌كه‌ قووڵتر بووه‌و لق و پۆپی جیاشی لێكه‌وتۆته‌وه‌. ته‌نها بۆنموونه‌ بابه‌تی رۆڵ و پێگه‌ی (عه‌شیره‌تگه‌رایی) له‌ ژیانی سیاسیدا.

• روویه‌كی دیكه‌ی عه‌شیره‌تبازی:-( (هه‌ڵبژاردن و په‌نا بردن بۆ خێڵ و عه‌شیره‌ت)) ماڵپه‌ری ده‌نگه‌كان 29/7/2009رووناك شوانی.
دیمه‌نی دووه‌م:- پێشبینی (موكری) بۆ شۆرشی نوێی كورد له‌وه‌دا ده‌بینرێت ، كه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (سه‌گوه‌ڕ) كۆی دروشم و گوتاری ئه‌زموونی ئه‌م شۆرشه‌ به‌ جۆرێك له‌ وه‌ڕینی سه‌گ ده‌شوبهێنێت ، بۆیه‌ وشه‌ی (سه‌گوه‌ڕ) له‌سه‌ر هه‌ر چوار لا دیواری ژووره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كۆڵێت(ل9،14 –سه‌گوه‌ڕ) وشه‌ی سه‌گوه‌ریش زۆر شتی لێده‌خوێندرێته‌وه‌ وه‌ك(ژاوه‌ ژاوی قه‌ره‌باڵغییه‌كی بێ‌ پلانی تێكچڕژاو كه‌ هیچ ئاراسته‌و ئامانجێكی روونی نه‌بێت ، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ بێ‌ مانایی و بێهوده‌یی ده‌گه‌یه‌نێت) .لێره‌وه‌ رۆماننووس دوا وشه‌یه‌ك له‌ ژووری زینداندا له‌ دوای خۆی به‌ جێیده‌هێڵێت وشه‌ی (سه‌گوه‌ره‌) ئه‌مه‌ش – هه‌روه‌كو( د.ئازاد حه‌مه‌ شه‌ریف) یش ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌ په‌یامێكه‌ ئاراسته‌ی نه‌وه‌ی دوای خۆی كردووه‌ ، كه‌ چیتر نه‌وه‌ی دوا رۆژ به‌ دروشمی سیاسییه‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن.(7)

ئه‌مرۆ به‌گشتی كه‌سه‌رنجی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك ئه‌نجامی ئه‌و ((پاشا گه‌ردانی و چاوپۆشینه‌وه‌ یه‌)) كه‌ زۆر زوو (موكری ) پێشبینی كردووه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ موكری بۆچی وشه‌ی سه‌گوه‌ر ی بۆشۆرشی كورد به‌كارهێناوه‌. له‌م لایه‌نه‌وه‌ د.ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف له‌ ساڵی (2008) وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌دیهاتنی پێشبینییه‌كانی موكری ده‌ڵێت(( ئَێستا موكری وه‌ڵامی خۆی بۆ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی ناو رۆمانۆكه‌كه‌ی پێیه‌)) (8)
ده‌توانین پوخته‌ی مه‌به‌ست له‌م دوو خاڵه‌دا :-
1- برین و نه‌خۆشییه‌كانی نوخبه‌ی سیاسی كوردی له‌ سه‌گوه‌ڕدا ده‌خوێنینه‌وه‌ واقیعی ئێستای كوردستانمان دێته‌ به‌ر چاو ، كه‌ سه‌رنجی ئه‌م واقیعه‌ش ده‌ده‌ین وته‌كانی موكریمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی زیره‌كیی و هۆشمه‌ندیی رۆماننووس ده‌گه‌یه‌نێت.
رۆمانننووسی رووسی به‌ناوبانگ ایلیا أهرنبورغ ( 1891 – 1967) ده‌ڵێت (كاتێ‌ نووسه‌ر راستییه‌ك پێش په‌نجا ساڵ یاخود به‌ر له‌رۆژێك له‌ خه‌ڵكی بدركێنێت، ره‌خنه‌باران ده‌كرێت …به‌ڵام هه‌ستێكی خۆشه‌ به‌ر له‌ كه‌سانی دی په‌ی به‌ راستییه‌كان به‌ریت گه‌ر له‌سه‌ری سه‌رزه‌نیشتیش بكرێیت) دیاره‌ موكری به‌ر له‌ زۆر كه‌س چه‌ند راستییه‌كی تاڵی دركاندووه‌ و له‌سه‌ریشی نه‌ك هه‌ر لۆمه‌ هه‌ڕه‌شه‌شی لێكراوه‌ ،
2- كاتی خۆی (چۆمسكی) سه‌رنجی دروشم و سه‌ره‌نجامی پرۆسه‌ی (گه‌رده‌لوولی بیابان) ی (ئه‌مریكا) ی داوه‌و به‌ ره‌خنه‌گرتنه‌وه‌ گوتوویه‌تی ( (ئه‌رێ‌ ئه‌مه‌ چ گه‌رده‌لوولێك بوو كه‌ هه‌موو شتێكی راماڵی ته‌نها دكتاتۆره‌كه‌ نه‌بێت؟؟!!!!)) ئێمه‌ش له‌چه‌مكی (سكرابه‌ سیاسییه‌كان) ی (سه‌گوه‌ڕ) و دۆخی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی كوردی وردبینه‌وه‌ ، ده‌بێ‌ بپرسین ئه‌رێ‌ ئه‌مه‌ چ شۆڕشێك بوو كه‌ دواتر (كۆچی گه‌نجان و تاڵانكردنی سامانی خاك و خه‌ڵك و قه‌یرانی نان و ئاوو ده‌رمان و سووكایه‌تیكردن به‌مرۆڤ و ره‌شكردنی ۆینه‌ی نیشتمانی لێكه‌وته‌وه‌؟؟!!!!! پرسیارێكه‌ ده‌بوو زۆر زووتر بكرایه‌…پرسیارێكی چاره‌نووسسازه‌، وه‌ڵامی وردو بابه‌تییانه‌ی ده‌وێت.

————————-
په‌راوێزه‌كــــــــــــان:
ـــــــــــــــــــــــــ
(1) ئازاد خانه‌قینی، مادێنا،چ1 ،چاپخانه‌ی خاك،سلێمانی،2000،ل69.
(2) بۆنموونه‌بڕوانه‌: – لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقدالروایه‌،ص15.
– محمد الفاچی (اشراف)نعجم السردیات،ص21.
(*) د . ئیبراهیم قادر له‌ نامه‌ی دكتۆراكه‌یدا(لیكۆلینه‌وه‌ی كورته‌چیرۆكی كوردی) بۆ وشه‌ی(استباق)وشه‌ی (ده‌ستپێشخه‌ری) به‌كارهێناوه‌، به‌ڵام (د.نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی) له‌ نامه‌ی دوكتۆراكه‌یدا(بینای كات له‌ سێ‌ نموونه‌ی رۆمانی كوردیدا) وشه‌ی(پێشخراو) و دواتریش وشه‌ی (پێشبینی) به‌كارهێناوه‌ .
(3) معجم مصگلحات نقدالروایه‌،ص15.
(4) د.نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی)، بینای كات له‌ سێ‌ نموونه‌ی رۆمانی كوردیدا، ل 230.
(5) ادب الخیال العلمی ، (كتاب الپقافه‌ الاجنبیه‌)، دار الشۆون الپقافیه‌، بغداد، ص14.
(**) ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ بۆچوونه‌كان و ناویشانی كتێبه‌كه‌ی (رایت میلز) ه‌وه‌ (الخیال السوسیولوجی – ترجمه‌ صالح جواد كاڤم ) وه‌رگیراوه‌..
(6) عبدالرحمن العكیمی، الاستشراف فی النص ،ص17.
(7) گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ژ(63)2008، ل19.
(8) گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ژ(63)2008، ل19.
سه‌رنج:- له‌م وتاره‌دا پشت به‌ ده‌قی (سه‌گوه‌ڕ) چاپی چواره‌م 1998،چاپخانه‌ی داناز به‌ستراوه‌ .




هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش ڕۆمانێك پڕله‌ ململانێ و ئومێدو عه‌شق … شاخه‌وان سدیق.


نوری عه‌شق تاریكی گوناه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ عه‌شق شێوازێكی نه‌ناسراوی جه‌نگان بێت”
(پاولۆ كۆیلۆ(

له‌ كتێبی (12 نامه‌ بۆ ڕۆمان نوسێكی لاو)دا (بارگاس یۆسا) ئاماژه‌ به‌ گرنگی نووسینی ڕۆمان له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت” ڕۆماننووس ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌پشكنێ‌ و به‌شوێن پایه‌ و پێگه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا چیرۆك دابهێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و كه‌س و ڕووداو و دیمه‌نانه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ له‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی بۆی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ نێو دانیشتوانی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ پێویستێتی تا ئه‌و پرۆسه‌ درێژ و قورسه‌ كه‌ (داڕشتنی ڕۆمانه‌) به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆتای پێبهێنێت”
ئه‌گه‌ر له‌م تێڕوانینه‌ی (بارگاس یۆسا) وه‌ بڕوانینه‌ ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی گرنگی ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ست به‌ژیانه‌وه‌، ئه‌وا تێده‌گه‌ین نووسه‌ر بۆ ده‌یه‌وێت ڕۆمان بنووسێت. یان ئه‌و هه‌سته‌ قووڵه‌ چییه‌ كه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كات یاده‌وه‌ری به‌گه‌ڕبخات و بیر بكاته‌وه‌، تا له‌ ڕێگایه‌وه‌ ببیستێ‌ و ببینێ‌ و بگێڕێته‌وه‌، نووسینی ڕۆمان ده‌كرێت ته‌نها وه‌ك دروستكردن و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك لێی بڕوانین؟ یان نه‌خێر له‌ودیو دیواره‌كانی ڕسته‌وه‌ نووسه‌ر به‌دوای جیهانێكی نه‌بینراوی نوێدا ده‌گه‌ڕێت و له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌یدایه‌. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌) ده‌ڵێت “كاتێك ڕۆماننووس، ڕۆمانێك ده‌نووسێت، ئه‌و جیهانێكی جیاواز و نوێ‌ ده‌ئافرێنێت، جیهانێك كه‌ دانیشتوان و داموده‌زگای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌” بۆیه‌ به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر ڕۆمان وه‌ك گرنگترین ژانری ئه‌ده‌بی سه‌یر بكرێت هه‌ڵه‌ نییه‌ و مرۆڤ له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێكدا بێ‌ ویستی خۆی به‌سه‌ر دنیایه‌كی نوێ‌ و جیاوازدا ده‌كه‌وێت، ئیتر ئه‌و دنیایه‌ واقیعی بێت یان خه‌یاڵی، گێڕانه‌وه‌ و باسكردن له‌ ڕووداوه‌كانی كۆنبن یان نوێ‌، هی كام سه‌ده‌ و وڵات ‌و نه‌ته‌وه‌بن گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ ڕۆمانێكی شیاو بخوێنیته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێك ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش)ی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) ده‌خوێنیته‌وه‌ به‌ر ئه‌م دنیا نوێیه‌ ده‌كه‌ویت و هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ڕاستی كتێبێكی ناوازه‌ و جیاواز ده‌خوێنیته‌وه‌. به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه‌ نووسه‌ر گه‌مه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانیدا ده‌ستپێده‌كات و واده‌كات له‌ یه‌كه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنتدا و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌یدا ئیتر تۆ ببیته‌ دیلی ده‌ستی ڕۆمانه‌كه‌ و به‌دوای دێربه‌دێڕی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی بكه‌ویت. (دۆما) ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌م سه‌ره‌تا سه‌رنجڕاكێشه‌ ده‌ستپێده‌كات” هه‌میشه‌ شادبه‌ و چێژ له‌ ژیانت وه‌ربگره‌، كاركردن له‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك و بوونه‌ كارمه‌ند، به‌س نییه‌ و ژیانێكی خۆشت بۆ دروست ناكات. ژیان واته‌ ئارامی و به‌خته‌وه‌ری و له‌ سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ژیان واته‌ شادیی، كه‌واته‌ به‌ڕاستی شاد به‌” (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) له‌ (24)ی ته‌موزی ساڵی (1802) دا له‌ گوندێكی نزیك شاری پاریس به‌ ناوی (ویلر كۆتره‌) له‌ دایكبووه‌، له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا جگه‌ له‌ نووسینی ڕۆمان، شانۆنامه‌نووسێكی گه‌وره‌ش بووه‌ و ناسناوی (سوڵتانی پاریسی) به‌هۆی كاره‌كانییه‌وه‌ پێبه‌خشراوه‌، (دۆما) به‌هۆی ڕۆمانه‌ پڕ ڕووداو و سه‌ركێشییه‌كانییه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی سه‌رده‌می كلاسیكی فه‌ڕه‌نسی داده‌نرێت، ئه‌و خاوه‌نی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كانی (كۆنت مۆنت كریستۆ، سێ‌ تفه‌نگدار، بیست سالا دواتر، هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش، مادام كاملیا و دڵی ژنێك)كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ساڵی (1870) كۆچی دوای كردووه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ ماوه‌ی ژیانیشیدا چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ ڕۆمان و شانۆنامه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاری هه‌واڵنێری كردووه‌ و زۆریش سه‌ركه‌وتوو بووه‌ تیایدا، ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) یه‌كێكه‌ له‌ ناسراوترین كاره‌كانی ئه‌و، ئه‌م ڕۆمانه‌ كتێبێكی (160) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ نیو (A4) و ڕووداوه‌كانی به‌پێی گێڕانه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر (33) به‌شدا كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ به‌شه‌كان خاوه‌نی ناونیشانێكی كورته‌ له‌وانه‌ (پیاوێكی خۆشحاڵ، به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی، ناردنی په‌یام، مردن له‌سه‌ر شه‌قام و ….هیتر) كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌م ناونیشانانه‌ وه‌ك كلیله‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌سپێكی چیرۆكه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌و به‌شه‌، بۆ خۆشی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی كوڕی بازرگانێكی گوندی (دۆرت) ه‌ له‌ وڵاتی (هۆڵه‌ندا) به‌ناوی (كرنلیۆز ڤان بارل) كه‌ مێژوی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ ساڵی (1672)، كه‌ كورتكراوه‌ی چیرۆكه‌كه‌ش به‌م شێوه‌ییه‌، له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا و له‌یه‌كێك له‌ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا ساڵانه‌ فیستیڤاڵێكی گه‌وره‌ بۆ نمایشكردنی گوڵی جۆراوجۆری ده‌گمه‌ن و تایبه‌ت ڕێكده‌خرێت، كه‌ پاشای وڵات خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و ئاماده‌ ده‌بێت، له‌ یه‌كێك له‌ فیستیڤاڵه‌كانی ساڵی (1672) خه‌ڵاتێكی گرانبه‌ها به‌بڕی (سه‌د هه‌زار له‌پاره‌ی زێڕ) ته‌رخانده‌كرێت بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ بتوانێت (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌رهه‌م بهێنێت، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژیشه‌وه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ به‌ ناوی (ڤان بارل) ده‌ست ده‌كات به‌ به‌خێوكردنی (خلیسكی) هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش. به‌مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (24) ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” من دڵنیام ده‌توانم هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش په‌روه‌رده‌ بكه‌م و خه‌ڵاتی سه‌د هه‌زار له‌ پاره‌ی زیڕیش ببه‌مه‌وه‌ و بۆ خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌داری خه‌رج بكه‌م. من له‌ دنیادا ئه‌ناسرێم و له‌ بیری هه‌موو به‌خێوكه‌رانی هه‌ڵاڵه‌دا ده‌مێنمه‌وه‌، ئه‌مه‌وێ‌ ناوی هه‌ڵاڵه‌كه‌م بنێم هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌شی (ڤان بارل)” به‌ڵام دواتر ئه‌م پیاوه‌ به‌هۆكاری وه‌رگرتنی نامه‌یه‌ك له‌ گروپێكی ڕێگه‌ پێنه‌دراو به‌ ناوی (برایانی دی ویته‌) و شاردنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ماڵه‌كه‌یدا، ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌ و نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ له‌ ده‌ستدانی خه‌ونی په‌روه‌رده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌ڵام دواتر زیندان چۆكی پێدانادات و گه‌وره‌ی خه‌ونه‌كه‌ی هیچ ڕێگریه‌ك نازانێ‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی كچی ده‌رگاوانی زیندانه‌كه‌وه‌ كه‌ كچێكی گه‌نجه‌ به‌ ناوی (ڕۆزا) كاره‌كه‌ی جێبه‌جێ‌ بكات. هه‌رچه‌نده‌ باوكی كچه‌كه‌ به‌ توندی دژی كاره‌كه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام كچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یارمه‌تیدانی زیندانییه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ هاوكاری كردنی ده‌ستپێده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ڵاڵه‌كان له‌ باخچه‌ی زیندانه‌كه‌دا به‌ ڕێنمونی (ڤان بارل) تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ كچه‌ عه‌شقی كابرای زیندانیكراو ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی جیاوازی ته‌مه‌نیشیان زۆره‌، له‌ سه‌ره‌تاشدا كابرا عه‌شقه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ خه‌می گه‌وره‌ و عه‌شقی یه‌كه‌می ئه‌و ته‌نها هه‌ڵاڵه‌كانه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌ویش عه‌شقی (ڕۆزا) ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا و له‌ لاپه‌ڕه‌ (65)دا ده‌ڵێت” (ڤان بارل) شه‌وان نه‌یئه‌توانی بنوێ‌، بێخه‌وی ئه‌و له‌به‌ر هه‌ڵاڵه‌كانی نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ستی ئه‌كرد خه‌می له‌ ده‌ستدانی ڕۆزا، له‌ خه‌می له‌ ده‌ستدانی هه‌ڵاڵه‌كانی زیاتره‌. كاتێكیش كه‌ خه‌وی لێده‌كه‌وت به‌رده‌وام خه‌ونی ڕۆزای له‌سه‌ردابوو”
ئه‌گه‌رچی ئه‌م چیرۆكه‌ دورو درێژو پڕ له‌ ڕوداوی خۆش و ناخۆشه‌. به‌ڵام پڕتاموچێژه‌ و له‌كۆتای ڕۆمانه‌كه‌شدا شادی و خۆشی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش دوای به‌رهه‌مهێنانی هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش و دزینی له‌لایان كه‌سێك به‌ناوی (ژانكوپ)وه‌ و دواتر گه‌رانه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌لایان پاشای وڵات و جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سه‌د هه‌زارپاره‌ی زێر به‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو عاشقه‌كه‌ كۆتای به‌ چیرۆكه‌ تراژیدیه‌كه‌ دێت و ناوی هه‌ڵاڵه‌كه‌ش ده‌نرێت، هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌شی ( ڕۆزا ڤان بارل).
ئه‌م شاكاره‌ی (دۆما) به‌ زمانێكی كوردی جوانی پاراو له‌ لایه‌ن هاوڕێی وه‌رگێر(جه‌بار سابیر)ه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی و بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ خۆشی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی دیالۆگی كورت و به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتزانه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ شێوه‌ی ڕسته‌ و ڕووداوی كورت بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر نه‌ك بێزار نه‌بێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی، به‌ڵكو هۆگری به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی بكات، من له‌م نووسینه‌مدا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر دوو ئاست باس له‌ گرنگی ئه‌م ڕۆمانه‌ بكه‌م.

یه‌كه‌م/ قووڵی تێمای چیرۆك و ئاستی به‌رزی گێڕانه‌وه‌.

به‌ بڕوای من هه‌موو مرۆڤێك گه‌ر نووسه‌ریش نه‌بێت و توانای داڕشتن و خوڵقاندنی تێكستیشی نه‌بێت، ئه‌وا خاوه‌نی چیرۆكگه‌لێكه‌ كه‌ هه‌ركات ده‌رفه‌تی بدرێت ده‌توانێت بیگێڕێته‌وه‌. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (ماركیز)یش ده‌یوت” من ده‌ژیم بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بگێڕمه‌وه‌” به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت (چی و چۆن) چیرۆكه‌كانی خۆت ده‌گێڕیته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی به‌رامبه‌ر كاغه‌ز و قه‌ڵم دۆشداده‌مێنیت و له‌ به‌رده‌م مێزی نووسینێكدا بڕیارده‌ده‌ی ببیته‌ نووسه‌ر و بنووسیت. به‌ بڕوای من له‌مه‌دا (دۆما) زۆر سه‌ركه‌وتووبووه‌ هه‌م له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی چیرۆكه‌كه‌دا و هه‌م له‌ شێوازی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌یدا. كه‌ زۆر شاره‌زایانه‌ هه‌ر دووكیانی پێكه‌وه‌ به‌ستووه‌، بۆخۆشی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ نووسه‌ری درامی پڕ ڕووداوی سه‌ركێش ناسراوه‌ له‌ كاره‌كانیدا و له‌ كه‌مترین گێڕانه‌وه‌دا زۆرترین ڕووداو ده‌خوڵقێنێت و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ بۆ خوێنه‌رن و جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش هه‌میشه‌ په‌یام له‌ نووسینه‌كانیدا هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ خۆی هه‌واڵنێربووه‌ و له‌و بواره‌دا كاری كردووه‌. بۆیه‌ كاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ خاوه‌نی چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندین و خوێنه‌ر هه‌ر زوو له‌ په‌یامی پشت ناوه‌رۆكی كاره‌كانی ده‌گات وه‌ك ئه‌وه‌ی (ئه‌دگار ئالان پۆش ده‌یوت: ” له‌ ده‌ستپێكی چیرۆكدا خوێنه‌ر تێده‌گات ئه‌و چیرۆكه‌ چی له‌ هه‌گبه‌كه‌یدایه‌ بۆ خوێنه‌ره‌كه‌ی”.

دووه‌م/ ئاستی به‌رزی زمان گرنگیدان به‌ ناونیشان.

بیگومان یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی ڕاكێشانی خوێنه‌ر بۆ هه‌ر كتێبێك به‌ بڕوای من و بۆ من دوو خاڵی زۆر گرنگ و سه‌ره‌تایین كه‌ ئه‌وانیش (ناونیشان و ده‌ستپێكن) چونكه‌ هه‌ر دوو ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌بنه‌ گرێبه‌ستی سه‌ره‌تای نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ هه‌ر كتێبێكدا. (پی.دی.جێمز) له‌ باره‌ی گرنگی ناونیشانی كتێبه‌وه‌ ده‌ڵێت” به‌بڕوای من ناونیشانی كتێب زۆر گرنگی هه‌یه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ناوی گونجاو كارێكی سه‌خته‌، من ناونیشانی كتێب، یان زۆر زوو بێ‌ هیچ گرفتێك ده‌دۆزمه‌وه‌، یان زۆر درێژه‌ ده‌كێشێت و به‌زه‌حمه‌ت ده‌یدۆزمه‌وه‌” لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌ی (دۆما)ش بكه‌ین (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) ئه‌گه‌رچی ناوێكی ساده‌یه‌، به‌ڵام زۆر سه‌رنجڕاكێش و جوانه‌ و هه‌ر زوو هه‌ستی خوێنه‌ر بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و زمانه‌ بێگروگۆڵه‌ی كه‌ نووسه‌ر به‌كاری هێناوه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا و خۆشبه‌ختانه‌ش دووباره‌ وه‌رگێڕی ئه‌م كتێبه‌ (جبار سابیر) سه‌ركه‌وتووبووه‌ له‌ زیره‌كانه‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ جوان و شیعری و پاراوه‌ی (ئه‌لكسه‌نده‌ر دۆمادا)، چونكه‌ وه‌ك (كاروان كاكه‌سور) ده‌ڵێت” زمان مه‌رجی یه‌كه‌می داهێنانه‌ بۆ هه‌ر نووسه‌رێك”

ده‌ره‌نجام:
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو بۆمن، گه‌یشتنه‌ به‌ تامی ئه‌و چێژه‌ ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ ته‌نها خۆم له‌ كاتی مژین و كرماندنی دێڕه‌كانیدا وه‌ك نوقڵ هه‌ستی پێده‌كه‌م،(هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌) له‌ كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا به‌م جۆره‌ وه‌سفی ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات” ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو تێگه‌یشتنی ئێمه‌ له‌مه‌ڕ جیهانی واقیع، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و كاریگه‌ر، قووڵتر و تیژتر ده‌كات” كه‌ ده‌كرێت بڵێم خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ی (دۆما)ش بۆ من یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كان به‌ گه‌یشتن به‌و چێژه‌ ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ ده‌كرێت هه‌ر خوێنه‌رێك له‌ دوای خوێنده‌وه‌ی هه‌ر كتێبێكی باشه‌وه‌ پێی بگات. چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ پڕه‌ له‌ وانه‌كانی (ساده‌ی، بڕوابه‌خۆبوون و كۆڵنه‌دان، ڕاستگۆیی و گه‌وره‌یی عه‌شق و گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌ گه‌وره‌كانی مرۆڤ) ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی ئیراده‌ و بڕوای به‌ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌كانی هه‌بێت. ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ وته‌یه‌كی (پاولۆ كۆیلیۆ) هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت” له‌ ژیاندا چه‌ندانجار خه‌ونه‌كانمان هه‌ره‌سیان هێناوه‌ و ئاره‌زووه‌كانمان به‌ ناكامی ده‌بینین، به‌ڵام ده‌بێت درێژه‌ به‌ خه‌ونبینین بده‌ین، ئه‌گه‌رنا ڕۆحمان ده‌مرێت و عه‌شق ناتوانێت به‌فریای بگات” ماوه‌ته‌وه‌ بڵین دووباره‌ سوپاس بۆ هاوڕێی وه‌رگێڕ(جه‌بار سابیر) بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م شاكاره‌ی (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) و ناساندنی به‌ خوێنه‌رانی كتێبخانه‌ی كوردی، به‌هیوام ئێوه‌ش پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌، وه‌ك من چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ببینن.

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.
1- 12 نامه‌ بۆ ڕۆمان نوسێكی لاو_ فارگاس یۆسا_ وه‌گێڕانی_ شیرین.ك
2- جیهانی ڕۆمان _ كۆمه‌ڵه‌وتار _ هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌
3- ستاتیكای گێڕانه‌وه‌_ لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی_ ئارام سدیق
4- حه‌كیمانه‌ _ پاولۆ كۆیلیۆ_ وه‌رگێڕان _ كارا فاتیح.




ڕۆژنامەگەری کوردی – لێکۆلینەوەو بیبلیۆگرافیا … یووسف منتک

ڕۆژنامەی سەرخۆبوون ئۆرگانی ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا
گۆڤاری کوردستان ڕاپۆرت
گۆڤاری بەرخۆدان

یووسف منتک- ئەلمانیا

١ – (SERXWEBUN – سەرخۆبوون ): کۆڵن- ئەلمانیا- ١٩٨٢:

ئۆرگانی ڕێکخستنەکانی پەکەکەیە لە ئەڵمانیا دەردەچێت. لە وڵاتانی دیکه‌ی ئەورووپایش بڵاودەبێتەوە. لە لاپەڕەی یەکەم لە بەشی سەرەوە لەژێر ناوی سەرخۆبوون درووشمی: لە سەربەخۆیی و ئازادی بە ڕوومەتتر تشتێک نینە، نووسراوه‌. بە شێوازێکی جوان و ستانداری هونەری ڕۆژنامە دیزاین و دابەشکردنی بابەتەکانی دەرهێنراوە. جێدەستی کادر و ڕۆژنامەنووسی کارامە و شارەزای پێوەدیارە. سەرەتا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەرچووە، جێگۆرکێی ناونیشانی پێوەدیارە، زیاتر لەشاری کۆڵن بووە. شوێنی چاپکردنی بەرلین بووه‌، دواتر کۆڵن. لە وڵامی پرسیارێکمدا، هەڤاڵ “هۆزان” ئەندامی کۆمەڵەی کوردی- ناوەندی جڤاتی دیموکراتی کوردان لە ئەڵمانیا گوتی: لە دوای قەدەغەکردنی چالاکی ڕێکخراوی پەکەکە لە ئەڵمانیا، نووسینگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی (سەرخۆبوون) چۆتە هۆڵەندا و ناونیشان و شوێنی چاپکردنی دیار نییە. هاوکات چەند ژمارەیەکی ئۆرگیناڵی ڕۆژنامەکەی پێدام. ئەوەیش پێدەچێت هۆکاری خۆی هەبێت، ژمارە حیسابی بانکی هەیە دواتر ئەویش نامینێت. لە فۆرمی گۆڤار و ڕۆژنامە کە بە قەبارەی (٤٧x٣١،٥سم) دەرچووە، کە قەبارەیی ئاسایی ڕۆژنامەیە. زمان : تورکی، لە هێندێک ژمارەدا لاپەڕەیەک یا دووانی بە زمانی کوردی (کرمانجی ژوروو) ئه‌لفابێی لاتینییە، لەم ژمارانەی بەردەستدا ڵاپەڕە کوردییەکان ئاماژەیان پێدەدەین. بۆ ماوەی (٣٤) ساڵە بە بەردەوامی مانگانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەردەچێت. لە هێندێک ژمارەدا تایتل و بابەتی لە ڕۆژنامە عەرەبی و جیهانییەکان، کە لەباره‌ی کورد و ڕەوشی سیاسیی کوردستان و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی تورکیا لە بەرانبەر کورددا بڵاوکراونەتەوە وێنەی وەرگرتوون و ئاماژەی پێداون.
١– ژمارە (١) لە ( کانوونی دووەمی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە و تیراژی (٨٠٠٠) دانە دەرچووە. تەنێ لاپەڕەی (١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە، تێیدا باسی کۆنفرانسی یەکەمی پەکەکە، کە لە ڕێکەوتی (١٥ تا ٢٦ ی- ٧- ١٩٨٢ ) بەستراوە، کراوه‌. نرخ یەک مارک و نیو.
٢– ژمارە (٢) لە (شوباتی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە و تیراژی (٨٠٠٠) دانە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٤و١٥) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٣– ژمارە (٣) لە (مارتی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕەو تیراژی (٨٠٠٠) دانە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٤– ژمارە (٤) لە (نیسانی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە و تیراژی (٨٠٠٠) دانە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٥– ژمارە (5) لە (مایسی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە و تیراژی (١٠،٠٠٠) دانە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٦– ژمارە (٦) لە (حوزەیرانی-١٩٨٢) بە (٢٤) لاپەڕە و تیراژی (١٠،٠٠٠) دانە دەرچووە. لاپەڕەکانی (٢٠و٢١) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە، لەم ژمارەوە نرخ بۆتە (٢) مارکی ئەڵمانی.
٧– ژماره‌ (٧) لە (ته‌مموزی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٨– ژمارە (٨) لە (ئۆگستی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە.
٩– ژمارە (٩) لە (ئەیلوولی-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەی (١٦) بە زمانی کوردی ئه‌لفابێی لاتینییە، لە دوالاپەڕەدا تەنێ شیعرێک بۆ شەهیدانی کوردستان، بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینی هەیە.
١٠– ژمارە (١٠) لە (ئۆکتۆبەری-١٩٨٢) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (٢٠و٢١) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە.
١١– ژمارە (١١) لە (نۆڤێمبه‌ری-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٤و١٥) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە.
١٢– ژمارە (١٢) لە (دیسێمبه‌ری-١٩٨٢) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٤و١٥) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە، باسی کۆنگرەی دووەمی پەکەکە تێدا هاتووه‌. لە ڕێکەوتی (٢٠- ٢٥/ ٨/١٩٨٢) بەستراوە. سەبارەت بە بەشی کوردییەکەی ئۆرگانی سەرخۆبوون، لە دیدارێکدا لە ڕێکەوتی ٢٥-٥-٢٠١٥ لەگەڵ هونەرمەند (شڤان پەروەر) گوتی: من لە ژمارە یەکەوە تا ژمارە دوازدە بەشی زمانی کوردییەکەم سەرپەرشتی دەکرد
١٣– ژمارە (١٣) لە (یه‌نیوەری-١٩٨٣) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٨و١٩) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە.
١٤– ژمارە (٢٤) لە (دیسێمبه‌ری-١٩٨٣) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧و١٨) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە.
١٥– ژمارە (٢٥) لە (یه‌نیوەری-١٩٨٤) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە. لاپەڕەکانی (١٦و١٧) بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینییە.
١٦– ژمارە (٣٦) لە (دیسێمبه‌ری-١٩٨٤) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە. لە لاپەڕە (5)دا ته‌نێ شیعرێک بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینی بە ناوی (هەی لێ دایی هەی لاۆۆ)٤-٩-١٩٨٤ ڕووبار، هه‌یه‌.
١٧– ژمارە (٣٧) لە (یه‌نیوەری-١٩٨٥) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە. لە لاپەرە (نۆ)دا تەنیا پیرۆزبایی ساڵی نوێ بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینی هه‌یه‌.
١٨– ژمارە (٤٨) لە (دیسێمبه‌ری-١٩٨٥) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە. لە لاپەڕە (١١)دا ته‌نێ شیعرێک بە زمانی کوردی، ئه‌لفابێی لاتینی هەیە. بە ناوی (حەیران لاۆ) له‌لایه‌ن “حه‌مید ئاڤاجی” لە ٤-٩-١٩٨٤ نووسراوە.
١٩– ژمارە (49) لە (یه‌نیوەری-١٩٨٦) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
٢٠– ژمارە (٣٩٦) ساڵی سیوسێیه‌م، لە (کانوونی یەکەمی-٢٠١٤) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
٢١– ژمارە (٣٩٧) ساڵی (٣٤)سیوچواره‌م، لە (کانوونی دووەمی- ٢٠١٥) بە (٢٨) لاپەڕە دەرچووە.
٢٢– ژمارە (٣٩٨) ساڵی سی وچواره‌م، لە (شوباتی- ٢٠١٥) بە (٢٨) لاپەڕە دەرچووە.

٢- کوردستان ڕاپۆرت (KURDISTAN REPORT) ئەڵمانیا- کۆلن –١٩٨٢:

گۆڤاری کوردستان راپۆرت ، گۆڤارێکی کوردییە، بە زمانی ئەڵمانی دوو مانگ جارێک، واتە ساڵی (٦) ژمارەی لێدەردەچێت. تا ئێستایش بەردەوامە لە بڵاوبوونه‌وه‌. لە کاتی خۆیدا لە سەره‌تای هه‌رساڵێک مانگی (١و٢) بە یەکەوە دەرده‌چوو، تاکو کۆتایی ساڵ شەش ژمارەی بڵاودەکرێتەوە. دواژمارەی (١٧٥) هەردوو مانگی سێپتێمبه‌ر و ئۆکتۆبەر(٩و١٠- ٢٠١٤) بە (٦٦) لاپەڕە دەرچووە. ئه‌م گۆڤاره‌ لەلایەن ڕێکخراو لایەنگرانی نێزیک لە پەکەکە وەک: ڕێکخراوی زانیاریی کوردستان لە هامبۆرگ، بڵاوده‌کرێته‌وه.‌ دەستەی نووسەرانی بە پێی ژمارەکانی ئەم دواییانه‌ی بریتیین له‌: و.شتروڤە، سی.کارابلوت، دەرویش چیمەن، ب.ڕوبرێخت، ئێ.میلیش. ژمارەی لاپەرەکانی لە سەرەتادا کەم بووە دواتر زیادیان کردووە. درووشمی گۆڤار لەسەر بەرگی پێشه‌وه‌دا نووسراوه‌: بۆ کوردستانێکی ئازاد، لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی دیموکرات. لە ئێستادا ڕێکخراوی زانیاریی کوردستان له‌ هامبۆرگ ئه‌رکی بڵاوکردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆدایه‌. لە ژمارە (١٦٤)ی مانگەکانی( ١١و١٢/ ٢٠١٢) دا یادی (٣٠) ساڵەی دەرکردنی گۆڤاری کوردستان ڕاپۆرت کراوەتەوە. سەرەتا لە ژمارە (١)ی مانگی (تشرینی دووەم /١٩٨٢) لە کۆلن لە دەزگه‌ی چاپەمەنی سەرخۆبوون دەرچووه‌. مەبەست لە دەرکردنی ئەم گۆڤارە، گەیاندنی دەنگی گەلی کورده‌ بە جیهان، وەکو: ئەو پێشێلکاریانەی، کە ڕژێمە داگیرکەرەکانی چوارپارچەی کوردستان له‌ هه‌مبه‌ر گەلی کورد و مافه‌کانی دەیکەن. هه‌وڵیکه‌ بۆ گه‌یاندنی بە ڕای گشتی جیهان. هاوکات گەیاندنی دەنگی دلێرانەی شۆڕشگێرانی کوردستان. لە ژمارە یەکدا مەبەست لە دەرکردنی گۆڤارەکەیان ڕاگەیاندووە: باس لە ژیانی کوردان و دڕندەیی ڕژێمەکانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا بەرانبەر بە گەلی کورد دەردەخات. چۆنیەتی کوشتاری لاوانی کورد لەلایەن سوپا و دەزگه‌ داپلۆسێنەرەکان و قەدەغەکردنی مافی کولتووریی و زمانی دایک.

١ – ژمارە (١) مانگی (تشرینی دووەم -١٩٨٢)، ساڵی (١)، بە (٣٠) لاپەڕە، قەبارەی (4A) دەرچووە. نرخ (٢) مارک. ناونیشان بۆ پەیوەندی: دەزگه‌ی سەرخۆبوون بۆ چاپەمەنی لە کۆلن. دوو ژمارەی حیسابی بانکی شاری کۆلنی لەسەر نووسراوە. ناونیشانی کوردستان ڕاپۆرت بەرلینی لەسەر نووسراوە.
لەسەر بەرگی پێشه‌وه‌دا: سێ وێنە هەن: وێنەی هاووڵاتیانی کورد لە دادگەیەکی تورکیادا، سەباز بە دیاریانەوە وەستاون. وێنەی دووەم جووتیارانی گوند، ئەفسەرێکی تورک بە بەرچاویانەوە جووتیارێکی خستۆتە سەر زەوی و ئەشکەنجەی دەدات. وێنەی سێیەم ژنە کوردێک منداڵێکی بە کۆڵەوەیە، ئەفسەرێک پاسەوانی دەکات.
چەند بابەتێکی ژمارە(١):- وتارێک سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی کوردستان ڕاپۆرت. وتارێک بۆ دیموکراتییەتی ئەورووپا. ڕاپۆرتێک لەسەر فاشیزمی تورک سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی باکوور. ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا وەک (Tag zeitung) ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ڕژێمی تورکیا بەرباس دەدات. ژیانی چەند کەسێک لە زیندانەکانی تورکیا. ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە گوندەکانی کوردستانی باکوور. لە کوردستان داکۆکیکردن لە ماف تێکدەشێکندرێ. ژیانی شەهید مەزلووم دۆغان لە زیندانەکانی تورکیا تا شەهید بوونی.
وێنە:- وێنەی زیندانی سەربازی تورک لە شاری دیاربەکر. وێنەی ژیانی مەڕداری کورد. منداڵێک، منداڵێکی کوردی لە باوەش گرتووە. لە بەرگی پشتەوە شیعرێک بە ناوی (فورات) هەیە .

٣ – ( BERXWEDAN – بەرخۆدان): سوێد- ئەڵمانیا- ١٩٨٣:

گۆڤارێکی کوردی سیاسی- کولتووریی بوو. تا ژمارە (٤) بە خاوەندارێتی فیدراسیۆنی دیموکراتی کۆمەڵەکانی کورد لە ستۆکهۆڵم- سوێد دەردەچوو. نووسراوە: گۆڤارێکی دیموکراتییە لەسەر پرسی پەنابەرانی کورد. لە ژمارە (٥)ەوە، لە شاری کۆڵن- دواتر لە شاری بۆن- ی ئەڵمانیا، لەژێر بەرپرسیارێتی مانگنامەی ( ڕۆژنامەی سەرخۆبوون) دەرچووە. هەردووکیان سەر بە ڕێکخراوی پەکەکەن. لە دوا ژمارەکاندا ئەدرێسی نییە، پێدەچیت لەبەر پاراستنی گیانی ستافەکە بێت. نرخ لە سوێد: پێنج کرۆنی سوێدی بووە. لە ئەڵمانیا: یەک مارک و نیو، دواتر تا دوا ژمارە دەبێتە دوو مارک و نیو.
بە گشتی (١١٦) ژمارەی لێدەرچووە. ژمارە سەرەتاییەکانی لە فۆرمی گۆڤاردا بووە، لە ژمارە (١٠)ەوە لە فۆرمی ڕۆژنامەدا بە قەبارەی ئاسایی ڕۆژنامە (3A) دەرچووە، هەر لەو ژمارەیەشدا درووشمی گۆڕاوە. درووشمی گۆڤار لە ژمارە (١-٩) نووسراوە: بەرخۆدان ژیانە. لە ژمارە (١٠)ەوە دەبێتە: هەر تشت ل بۆ ئانیا ڕزگاری نەتەوەیی کوردستان. هەموو ژمارەیەک لە کاتی خۆیدا دەرچووە. لە ژمارە (١- ٣٧) مانگانە بووە، لە ژمارە (٣٨)ەوە تا دوا ژمارە مانگی دووجار، واتە (١٥) ڕۆژ جارێک دەرچووە.
زمانی گۆڤاری بەرخۆدان: لە ژمارە (١- ٥) کوردی (کرمانجی ژوور) بە تیپی لاتینی. ژمارە (٦) بە زمانی کوردی (کرمانجی ژوور) و تورکی ئەلفابێی لاتینی. لە ژمارە (٧- ٢٨) دەبێتە هەر سێ زمانی کوردی (کرمانجی ژوور) و تورکی تیپی لاتینی لەگەڵ عەرەبی تیپی ئارامی. لە ژمارە (٢٩) دەبێتەوە کوردی (کرمانجی ژوور) و تورکی ئەلفابێی لاتینی. لە ژمارە یەکەوە تا دوا ژمارە لە هەر ساڵێک چەند ژمارەیەک وەردەگرین.
١ – ژمارە(١) لە مانگی ( نیسانی- ١٩٨٣) بە (٢٨) لاپەڕە دەرچووە.
٢– ژمارە (٢) لە مانگی ( گوڵانی- ١٩٨٣) بە (٢٣) لاپەڕە دەرچووە.
٣– ژمارەکانی (٣و٤ جمکن) بە یەکەوە بۆ هەردوو مانگەکانی (حوزەیران و تەمموزی- ١٩٨٣) بە (٢٦) لاپەڕە دەرچووە.
٤– ژمارە (٥) لە مانگی ( شووباتی- ١٩٨٤) بە (٣٨) لاپەڕە دەرچووە.
٥– ژمارە (٦) بۆ ساڵی نوێ، نووسراوە ژمارە یەک، لە مانگی ( یەنیوەری-١٩٨٥) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
٦– ژمارە (٧) بۆ مانگی (شووباتی- ١٩٨٥) بە (٣٢) لاپەڕە دەرچووە.
٧– ژمارەکانی (١٨و١٩ جمکن) بە یەکەوە بۆ هەردوو مانگەکانی (یەنیوەر و شووباتی- ١٩٨٦) بە (٤٤) لاپەڕە دەرچووە.
٨– ژمارە (٢٤) لە مانگی (تەمموزی-١٩٨٦) بە (٣٢) لاپەڕە دەرچووە. قەبارەی (3A) یە .
٩– ژمارە (٢٨) لە مانگی (نۆڤێمبەری- ١٩٨٦) بە (٣٢) لاپەڕە دەرچووە.
١٠– ژمارە (٢٩) لە مانگی (کانوونی یەکەمی- ١٩٨٦) بە (٣٦) لاپەڕە دەرچووە.
١١– ژمارەکانی (٣٠و٣١) بۆ هەردوو مانگەکانی (یەنیوەر و شووباتی- ١٩٨٧) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە.
١٢– ژمارە (٣٨) لە ڕێکەوتی (١٥ی ئەیلوولی- ١٩٨٧) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
١٣– ژمارە (٤٤) لە ڕێکەوتی (١٥- ١٢- ١٩٨٧) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
١٤– ژمارە (٤٥) لە ڕێکەوتی (٣١- ١٢- ١٩٨٧) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
١٥– ژمارە (٤٦) لە ڕێکەوتی (١٥- ١- ١٩٨٨) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
١٦– ژمارە (٦٩) لە ڕێکەوتی (٣١- ١٢- ١٩٨٨) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
١٧– ژمارە (٧٠) لە ڕێکەوتی (١٥- ١- ١٩٨٩) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە.
١٨– ژمارە (٩٢) لە ڕێکەوتی (٣١- ١٢- ١٩٨٩) بە (٢٠) لاپەڕە دەرچووە.
١٩– ژمارە (٩٣) ساڵی هەشتەم، لە ڕێکەوتی (١٥- ١-١٩٩٠) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.
٢٠– ژمارە (١١٦) دوا ژمارە بووە، لە ڕێکەوتی (٣١- ١٢-١٩٩٠) بە (٢٤) لاپەڕە دەرچووە.

ئەم بابەتە بەبۆنەی ١١٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی لە ژمارە – ٣٥-٣٦- ی گۆڤاری ڕۆژنامەنووس لەبەهاری ٢٠١٦ دا بلاوبۆتەوە.




چۆن بووم به‌ حه‌مید ڤانكووخ؟ …. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

زۆرم مه‌راق بوو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌ی پێشوو بگۆڕدرێت، كه‌چی ئێستا خه‌ریكه‌ په‌شیمان ده‌بمه‌وه‌، ئاخر ئه‌وانیش زۆریان ئه‌زیه‌تی خه‌ڵك ده‌دا و هیچ مافێكی هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر نه‌ده‌كرد، ته‌نیا متووی دزی و به‌ تاڵان بردنی داهاته‌كانی وڵات بوون و كه‌ مامۆستا بووین، حسێبی سه‌گێكی‌ تۆپیویان بۆ نه‌ده‌كردین، بۆیێ زۆرم ڕق لێ ده‌بوونه‌وه‌ و خۆشیم به‌ چه‌هره‌ی دزێویان نه‌ده‌هات، كه‌ له‌و ده‌شت و كێوانه‌ دابه‌زین، ده‌تگوت به‌رازن بیستانان ده‌ڕنن، به‌راز كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو باخچه‌، هه‌رچیی ساغه‌ به‌پێوه‌ی ناهێلێ، ئه‌مانیش وابوون، گۆریه‌ جێ په‌نجه‌ كونه‌كانی خۆیان له‌بیرچۆوه‌ و فێری ناوی ماركه‌ جیهانییه‌كانی بۆن و قات و قۆنده‌ره‌ و تیشێرت بوون، یه‌كسه‌ر كه‌روباریان كردن به‌ جوانترین مۆدیلی فۆرد و مارسیدیس و دۆج. بۆیێ ڕقمان لێ ده‌بوونه‌وه‌، ده‌نا به‌ به‌راورد به‌م ڕدێن مووچكه‌ سه‌گانه‌، خه‌ریكه‌ له‌ هۆڕژنی گریانێ ده‌ده‌م و ده‌ڵێم ئه‌ی هه‌زار ڕه‌حمه‌تت لێ بێ كفن دز.
ئاخر ئه‌و ڕدێن ته‌پشوولانییانه‌، سمێڵ قووتی ده‌لینگ هه‌ڵكشاوی ناشیرینن، ئه‌رێ بۆنی ده‌میان بۆ وا گه‌نیوه‌؟ تۆ بڵێی بزانن ددان شووشتن چییه‌؟ هه‌ر هه‌موو شتێكیان به‌لاوه‌ حه‌رام و گوناهه‌، چۆن زه‌نده‌قم لێیان نه‌چێ؟ گوتیان خواردنه‌وه‌ حه‌رامه‌، گوتمان ئامه‌ننا، ئه‌گه‌رچی زۆر خه‌مبار نه‌بووم، به‌ڵكوو ته‌نیا مانگی جارێ له‌ یانه‌كه‌ی فه‌رمانبه‌ران خۆم و چه‌ند نه‌گبه‌تێ به‌ خۆشییه‌وه‌ خه‌مه‌كانمان به‌با ده‌كرد و تا مڕ ده‌بووین هه‌ڵمانده‌قوڕاند، ئه‌وه‌شیان ڕۆیی، كه‌چی ئێستا خه‌ریكه‌ هه‌موو شتێكی جوانمان لێ ده‌ده‌نه‌ به‌ر بڕیاره‌ دزێوه‌كانیان گوایه‌ حه‌رامن.
جا ئوتووكردنی جلوبه‌رگ كه‌ی له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كاندا به‌ حه‌رامی هاتووه‌؟
ئه‌ی قژ داهێنان چ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئیرتیداد و میرتیداده‌وه‌ هه‌یه‌؟
توخوا وڵات هه‌یه‌ له‌ دونیادا شانه‌ی قژی تێدا مه‌منووع بێ؟
! زۆر سه‌یره‌ هه‌رچیی دێ ده‌مانخێوێنتێ
ئه‌وه‌ مانگێكه‌ بۆیه‌ی قژیان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، چ كون و قوژبنێكی ئه‌م شاره‌ نه‌ما بۆی نه‌گه‌ڕێم، چابوو ئه‌مجاره‌ سدیقه‌فه‌ندیی نۆغه‌رانێ به‌ هانامه‌وه‌ هات و تیووبێكی ڕه‌نگ كردنه‌وه‌ی قژی دامێ، باش بوو ئه‌مجاره‌شیان چه‌رموویی قژمم له‌كۆڵ كرده‌وه‌، ئه‌ی بۆ جارێكی دیكه‌ چیم چاره‌یه‌؟
مانگێك دواتر خه‌ریك بوو ته‌واوی قژم ڕه‌نگی به‌فر داگرێ، ئێواره‌یه‌كیان بۆی هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ تا پاكه‌تێك له‌ هه‌رجۆره‌ بۆیه‌یه‌ك بێت له‌م شاره‌ زل و زه‌به‌لاحه‌ په‌یدا بكه‌م، ئێ ئاخر ئه‌وانه‌ وا بۆ ساڵێك ده‌چێ دینارێكی خانه‌نشینییه‌كه‌یان نه‌داوینه‌تێ، زۆر سه‌یره‌، جاران ده‌مانگوت، ئه‌وان مووچه‌ ناده‌ن و ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌، ئاخر به‌ڕاستی له‌ تامێیان ده‌ركرد. له‌ ده‌ركی قه‌یسه‌ری تووشم به‌ تووشی (شه‌مه‌ دمبرلۆز)ی هاوڕێی دێرینم بوو كه‌ چه‌ند مانگ بوو نه‌مبینیبوو، شه‌مه‌ زه‌لامێكی كه‌ته‌ی وه‌رزشوان بوو و براده‌ری جارانی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانم بوو، دین و دیانه‌ت به‌لایه‌وه‌ بایه‌خێكی نه‌بوو، ئه‌و قه‌ت نه‌یده‌هێشت تاڵێكی قژه‌ بۆزه‌كه‌ی به‌لای سپیپاتییه‌وه‌ بڕوانێ، وه‌ستای ڕه‌نگكردنه‌وه‌ بوو و ناوی ئه‌نواع و ئه‌شكال بۆیه‌ی قژی ده‌زانی، كه‌چی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ به‌و سپێتییه‌ی قژیه‌وه‌ ده‌بینم. سه‌رده‌مێكی سه‌مه‌ره‌یه‌، توخوا ئاخر بۆیه‌ی قژ بۆ مه‌منووع بێ؟ ئه‌رێ هیی هه‌ندێیه‌ پیاو شه‌ش مانگی له‌ پایین پێ بچێته‌ ژووه‌ره‌وه‌؟ سه‌رم له‌بن گوێی شه‌مه‌ نا و گوتم:
شه‌مه‌، بزانه‌ قه‌ت عیلاجێكم بۆ نابینییه‌وه‌؟
گوتی: هااا مامۆستا حه‌مید چیته‌؟ من له‌ خزمه‌تتدام.
توخوا شه‌مه‌ گیان تیووبێ بۆیه‌م بۆ په‌یداكه‌، شه‌مه‌ گیان دونیا مه‌رگ و مردنه‌، قه‌ت نامه‌وێ به‌ قژی چه‌رموو سه‌ر بنێمه‌وه‌، شه‌مه‌ منت له‌ بیره‌؟ توخوا قه‌تت به‌م بێزه‌وه‌رییه‌ دیوم؟ بریقه‌ی قۆنده‌ره‌ و لووسوپووسیی جل و به‌رگ و بۆنی خۆشی منت نایه‌ته‌وه‌ یاد؟
شه‌مه‌ لێی بادامه‌وه‌ تومه‌ز عه‌قڵی بۆته‌ عه‌قڵی كێشكه‌ی سه‌ر سواندووكان. ئێ ئاخر من چوزانم، شه‌مه‌ی زه‌ندیق له‌ ئه‌سته‌غفیرولڵایێ ده‌دات و باسی حه‌رام و حه‌ڵاڵیم بۆ ده‌كا، داخێكی زۆرم لێی خوارد و هه‌ر به‌ په‌له‌په‌ل خۆیم لێ قورتار كرد.
ئه‌و بازاڕه‌ گه‌ڕام سه‌ری دۆسته‌ دوكانداره‌ نزیكه‌كانیشمم دا، كه‌چی بۆیه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت و نه‌كه‌وت. بۆیه‌ی قژیان لێ كردبووینه‌ حه‌شیشه‌ و تلیاك، به‌و خودایه‌ی بێ شه‌ریك و لامه‌كانه‌، ئه‌وانت ئاسانتر ده‌ست ده‌كه‌وت.
شه‌و له‌سه‌ر دۆشه‌گه‌كه‌م وه‌ركه‌وتبووم و داڵغه‌ی بۆیه‌ و بیركردنه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تیی په‌یداكردنی خه‌ریك بوو مێشكم كونبه‌ده‌ر بكات، هه‌ر بیرم كرده‌وه‌ و له‌ خه‌یاڵی سه‌یر ڕاده‌چووم و یه‌كسه‌ر حسقیلی حامیده‌ بنجووم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ خمچییه‌كی ناوداری سییه‌كانی هه‌ولێر بوو. به‌یانییه‌كه‌ی سه‌ردانی ماڵه‌وه‌یم كرد كه‌ كه‌وتبووه‌ به‌رانبه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی سه‌عدووناوا.
حسقیلم له‌مێژ بوو نه‌دیبوو، ئه‌و كاتی خۆی له‌ مه‌كته‌بی (ئه‌ربیل ئوولا) هاوپۆلم بوو، دواتر به‌هۆی ته‌نبه‌ڵییه‌وه‌ وازی له‌ مه‌كته‌ب هێنا و له‌گه‌ڵ بابی له‌ دوكانه‌كه‌یان له‌ناو خمچییه‌كان كه‌وته‌ كار، دواتر چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ڕاپێچ كردنی جووله‌كه‌كان، بابی له‌ دین وه‌رگه‌ڕا، ئه‌و تا ئێستاش هه‌ر خه‌ریكی خمكاری و خمچێتییه‌. گه‌رمای ئاب به‌ هانكه‌هانكی خستبووم.
حسقیل چاوی پێم كه‌وت، گه‌شایه‌وه‌ و بردمیه‌ ژووره‌وه‌ و جامه‌ ئاوێكی كه‌دینه‌كه‌ی بۆ هێنام. ئاوه‌ فینكه‌كه‌م له‌ گه‌روو ئاودیو بوو و باسی بۆیه‌ی قژم له‌گه‌ڵیدا هێنایه‌ گۆڕێ، حسقیل سه‌ری سوڕما و نه‌یده‌زانی چۆنم وه‌رام بداته‌وه‌، ئه‌و ده‌یگوت: برایێ من، ئه‌و خمه‌ی من هه‌مه‌ هیی خام و جورجێت و كوده‌ری و ئه‌نگۆره‌ و سووف و بازه‌ و چیت و كشمیر و خوری و جۆری دیكه‌ی قوماشه‌، ترسێكه‌م بڕكۆكه‌كت بده‌مێ ئه‌و قژه‌ خاوه‌ت بسۆتینی، یان وه‌ك قوماشی داڕزاوی عه‌مباران، قژت ببێته‌ عه‌مباره‌سۆت و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ته‌، ئه‌ویشت نه‌مێنێ. نا نه‌خێر چاره‌ی تۆ لای من نییه‌، به‌ڵكوو ده‌تنێرمه‌ لای یووسف یاقوو كه‌ بندیانێكی لێزانی گه‌وره‌ی ڕه‌نگ و بۆیه‌یه‌ و مامۆستای ئه‌و زانستانه‌یه‌ كه‌ پێیده‌ڵێن كیمیك.
ماڵی یووسفم له‌ كۆڵانی عاره‌بان دیته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وته‌ پشت مزگه‌وتی مه‌ردان پاشا. یووسف له‌من به‌ ته‌مه‌نتر دیاربوو، نه‌یده‌هێشت تاڵه‌ مووێكی سپیی قژه‌ گروازه‌كه‌ی سه‌رده‌رێنێ، بۆیه‌كه‌ره‌وه‌ و بۆیه‌گره‌وه‌یه‌كی مه‌علان بوو، كه‌ باسه‌كه‌م له‌گه‌ڵی كرده‌وه‌، وه‌رامی ده‌موده‌ستی هه‌بوو و به‌لایه‌وه‌ كارێكی ئاسان بوو و ڕێگه‌ چاره‌یه‌كی شیاوی بۆ دانام، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی لای كه‌س باسی نه‌كه‌م. ناردمیه‌وه‌ لای حسقیل و جۆڕكێكی یه‌ك وه‌قه‌یی پڕ خمی ڕه‌شم لای هێنا و گه‌ڕامه‌وه‌ لای یووسف و ئه‌ویش چۆنیه‌تیی گرتنه‌وه‌ی بۆیه‌كه‌ی جوان جوان بۆ ڕاڤه‌ كردم:
حه‌مید گیان گوێ بگره‌، هه‌موو كیسه‌كانم له‌سه‌ر نووسیون، پێویسته‌ قاپێكی به‌تاڵی قوڕ بێنی و دوو مست له‌ خمه‌كه‌ی حسقیلی تێبكه‌ی و پاشان ئه‌م كیسانه‌ی كه‌ مادده‌ی كیمیایی جۆراوجۆریان تێدایه‌، دێنی و بایی یه‌ك كه‌وگیر له‌م بۆیه‌ كانزایه‌ی كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ خوێی قورسی كانزا تێده‌كه‌ی، پاشان بایی دوو كه‌وگیر له‌ پارافینیلین (پی پی دی) و پاشتر یه‌ك مست سركه‌ی قورقوشمی تێكه‌ڵ به‌ كبریت تێده‌كه‌ی، به‌ برایێ خۆم بڵێم، دواتر گۆلمێك له‌ خوێی بزمۆسی تێده‌كه‌ی، ئینجا ئۆكسیدی ئاسن و كاربۆناتی مه‌گنیسیۆم و ئۆكسیدی ئامۆنیا و مه‌نگه‌نیز و كبریتاتی سۆدیۆم هه‌ریه‌كه‌یان بایی كه‌وگیرێكیان تێده‌كه‌ی، پاشان جامیلكه‌یه‌ك له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاڕاوه‌ی ڕه‌ژووی ناو پاتری و تۆزی ورد و ڕنراو له‌ تایه‌ی تڕومبێل و چنگێ له‌ ته‌نیی بن مه‌نجه‌ڵی دانووی تێده‌كه‌ی، شه‌ش جامه‌ ئاوی ته‌واو كوڵاویش دێنی و هه‌موویان ده‌گریه‌وه‌ و به‌ ده‌وه‌خاكه‌ناس تێكه‌ڵوپێكه‌ڵیان ده‌كه‌ی و بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك ده‌یانخه‌یه‌ سه‌ر ئاگرێكی كز، پاشان ده‌یهێنییه‌ خواره‌وه‌ و تا به‌یانی له‌ هه‌یوانه‌كه‌ جێی دێلی، بۆ به‌یانییه‌كه‌ گیراوه‌كه‌ ده‌خه‌یته‌ ناو شووشه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ر گیراو و پاشان ده‌توانی به‌ شانه‌ی دار، ئی جارانی خۆمان كه‌ ئێستا ده‌ست ناكه‌ون، بۆخۆت به‌كاری بێنی.
ڕوپییه‌كم دایه‌ یووسف بندیان و خۆم و زه‌مبیلی پڕ له‌ كیسه‌ كیمیام، به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه.‌ یووسف چۆنی گوت وامكرد، شووشه‌ گه‌وره‌ سه‌رگیراوه‌كانم هێنان و له‌ هه‌یوانه‌كه‌م به‌جێهێشتن. خه‌ریك بوو پاڵده‌كه‌وتم، ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر ماندوو بووبووم، كه‌ پاڵكه‌وتم، خه‌ریكی وه‌نه‌وزدان بووم و له‌ چركه‌ساتی خه‌وبردنه‌وه‌م، له‌ ده‌رگاكه‌ درا و كه‌ كردمه‌وه‌، شه‌وكه‌تی برازام خۆی په‌ستایه‌ ژووره‌وه‌ و پێیڕاگه‌یاندم كه‌ سبه‌ی بۆ ئێواره‌كه‌ی له‌ ئه‌گله‌نجه‌ی كوڕه‌كه‌ی ئاماده‌ بم، پێیگوتم به‌ دزییه‌وه‌ ده‌یكه‌ین و بۆ چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ته‌. پیرۆزباییم لێی كرد و خۆشحاڵیی خۆم نیشاندا و ڕازیبوونی خۆمم به‌ چوونه‌ بۆنه‌كه‌یان بۆ ده‌ربڕی. دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی پاشتر، خۆم به‌ بۆیه‌كردنه‌وه‌ی قژی چه‌رموومه‌وه‌ خه‌ریك كرد كه‌ به‌ڕاستی شێوازێكی هیلاككه‌ر و ئه‌ركێكی زۆر بوو بۆ من، تا لێبوومه‌وه‌، هه‌موو شانوپیلم كه‌وت، دواتر ڕوومكرده‌ باخچه‌كه‌ و به‌ چاوه‌نۆڕیی وشكبوونه‌وه‌ی بۆیه‌كه‌وه‌ كه‌وتمه‌ داڵغه‌ لێدانه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا داڵغه‌ خه‌ریك بوو ته‌واوی ژیانم بگرێته‌وه‌.
عه‌سرێكی دره‌نگ به‌ قژی قه‌ترانیمه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵی شه‌وكه‌ت هه‌نگاوم نا كه‌ ته‌واوێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بوو و له‌وێ به‌ شه‌وق و زه‌وقێكی زۆره‌وه‌ پێشوازییان لێ كردم و چه‌ند دۆستێكی خۆمم له‌وێ دیتنه‌وه‌ و شادمان بووم به‌ دیداریانه‌وه‌، حه‌وشه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ خه‌ڵكانی شارستان و دونیا دیته‌ جمه‌ی ده‌هات و نزیكه‌ی شه‌ست حه‌فتا كه‌سێك ده‌بوون، گوایه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌یان به‌ دزییه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌كا بزانرێته‌وه‌، چونكه‌ ئاقیبه‌ت خراپ ده‌كه‌وێته‌وه‌، تینی گه‌رماكه‌ش هه‌مووانی هه‌راسان كردبوو. كاریگه‌ریی گه‌رماكه‌ خه‌ریك بوو له‌ پێستی خۆمم بێنێته‌ ده‌ر، هه‌ستم كرد به‌خۆم و چاكه‌ته‌وه‌، شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌ ده‌بووم، ده‌ستێكم به‌ هه‌نیه‌م داهێنا، بینیم ڕه‌شكاوێك له‌ خم و ڕه‌ژوواو ته‌واوی سه‌ر و ڕوخساری گرتووم، به‌ره‌و لای سۆنده‌یه‌ك چووم كه‌ له‌ دووره‌وه‌ دیار بوو و كه‌مێك ده‌موچاوم دایه‌ به‌ر ئاو و گه‌ڕامه‌وه‌، هه‌ستم كرد خه‌ڵك به‌ لاچاوێكی سه‌یره‌وه‌ ته‌ماشام ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كه‌ونه‌ پسته‌پست و پێكه‌نین، ئاره‌قه‌ ته‌واوی له‌شی داگرتبووم، تك تك به‌ پشتی ملمدا ده‌چووه‌ خواره‌وه‌، ناچاری فڕێدانی چاكه‌ته‌كه‌م بووم و بینیم له‌ دواوه‌ قاقای پێكه‌نینیانه‌ و ئاوڕێكم دایه‌وه‌، هه‌ستم كرد له‌ دواوه‌ به‌ ڕه‌شایی و په‌ڵه‌ و پیسیی كراسه‌ سپییه‌كه‌م پێده‌كه‌نن، به‌سه‌رخۆم نه‌هانی و كراسه‌كه‌شم داكه‌ند و ته‌ماشایه‌كی لای پشته‌وه‌یم كرد، ببوو به‌ یه‌ك پارچه‌ ڕه‌شاوی په‌ڵه‌په‌ڵه‌داری پر له‌ خاڵی زه‌رد و مۆر، ده‌تگوت نه‌خشی گیراوه‌ی فنجانه‌ قاوه‌كانی جارانی دایكی ڕه‌حمه‌تیمه‌، ڕه‌شاو ڕوخساری نه‌هێشتبووم، ڕه‌شاوی تێكه‌ڵه‌ی مادده‌ جۆراوجۆره‌ كیمیایییه‌كان و زفت و قیڕ و هاڕاوه‌ی ڕه‌ژوو تك تك به‌ ده‌موچاومدا جۆگه‌له‌ی ده‌به‌ست، كراسه‌كه‌م كه‌وتبووه‌ ده‌ست یه‌كدوو چاوه‌ش كه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ هاتبوونه‌ ئه‌و ناوه‌ و ده‌یانڕوانیێ و خه‌ریكی پێكه‌نین و گفتوگۆ بوون و گوێم لێ بوو ده‌یانگوت نه‌خشی كراسه‌كه‌ی حه‌میده‌فه‌ندی كتومت تابلۆكانی ڤانكووخن، پێكه‌نین و قاقایان له‌ هه‌رچوار لاوه‌ ده‌بیسترا، حه‌مید ڤانكوووخ.. ڤانكوووخ، بانگیان ده‌كردم.
به‌ په‌له‌ گۆچانه‌كه‌م دایه‌ به‌ر خۆم و تا وزه‌م تێدا بوو ته‌كانمدا و ئه‌وناوه‌م جێهێشت، له‌ لاكه‌ی تره‌وه‌ خزمه‌كانیشم به‌م به‌زمه‌ قاقایان ده‌هات. سه‌رسه‌رییه‌كانی ئه‌وناوه‌ش تا له‌ چاوان بزر بووم، هه‌ر هاوار هاواری حه‌مید ڤانكووخیان بوو. له‌وێ ڕۆژێوه‌ ناوی حه‌مید ڤانكووخم به‌سه‌ردا سه‌پا. كه‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌م كرده‌وه‌، یه‌كسه‌ر خۆم له‌ گه‌رماوه‌كه‌ په‌ستا و به‌ ته‌شتان ئاوم ده‌كرده‌ سه‌ر ‌خۆم و جۆگه‌له‌ی خم و ڕه‌شكاو بنی نه‌ده‌هات و نه‌ده‌بڕایه‌وه‌.




شانۆو بوون …. نووسینی : ڕێباز محەمەد جەزا

بەكێشەنەكردنی (بوون) لە (شانۆ)دا چەند ئاستێكی هەیە و زۆر جارئەم گرفتانە بزردەبن و جاریش هەیە كە دەیدۆزینەوە زوو لێمان ووندەبێت و نادیدەدەبێت ، كێشە لەهەر ژانرێكدا هەبێت چەند گەورەبێت ئەوەندە (ئەوژانرە) گەورەدەكات و دەمانبات بۆ مانا گەورەكەو باسەكە هەستیارتر دەكات , واتا كیشەیبونو نەبونی(شانۆ)وەكو ژانرێك دروست دەبێت,بەدیوێكی تردا نەبینیی وەكوكێشەوبایەخ پێنەدان و پشت گوێخستنی دەبێتە بەشێكی تری گرفتەكە و بەهەردووكیشیان بەدوای خۆیاندا قەیران دەهێنن , بۆیەلێرەوە دەبێت بگەڕینەوە بۆ ڕۆڵە سەرەكییەكەی (شانۆ) خۆی كەگومان و قەلەقی لەسەر ئاستی (بوون ) بە دیار دەخات .
هەرچەندە مێژووی ئەم كێشەیە تازە نیە ، بەڵام بەپێی قۆناغە جیاوازەكانی مرۆڤایەتی گۆرانی بەسەردا هاتووە بۆنمونە هەندێك لە توێژەران كێشەی بوون لە ئەدەبدا وشانۆدا بۆ (هۆمیرۆس و هزیۆدو هونەری شیعری ئەرستۆ) دەگەڕێننەوە وەك دەزانین < شێوەی شانۆیی ئەم سەردەمە> كە هەبوونی مرۆڤ لە پێشەوە پڕاو پڕە لەماناو بەهرەیەك كەدەتوانێت لەدەقی جۆراو جۆرو تۆكمەی هەستیەوە، فەزیلەت یاخود بەختەوەری بگۆڕێت . (هیراكڵیتس ) دەڵێت : (شتی گۆراو شتێكی جێگیر نییە)، ئەمەش بۆ ئەم پەرێزە بەواتای ڕەهابوونی(بوون) دێت . پاشان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی ئیسلامی لای ئیبن سینا هەموو هەبوونێك واجبی بوونە لە خۆیدا یان توانای بوون خۆیەتی لای فارابی (وادادەنرێت لەگرنگترین گوتەزا فەلسەفیەكان ، ئەوەیە كە بینای فكری ڕوخسارێك بەدیار بخات بۆدۆزی چییەتی و بوون لەمێژووی گەشەی فەلسەفەی ئیسلامیدا بەڵام لەفەلسەفەی هاوچەرخدا بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا(بوون) وەكو قوتابخانەو شێوازی جۆراوجۆر مانیفێستێك دەبێت تاڕادەی جیاكردنەوەی (بون) لە(ئارایی) . كێشەكە لای ئەفڵاتون لە ئایدیاڵ دا واتە جیهانی ئایدیاڵ دەبێتە هۆو سەبەبی پەیدابوونی شتەكان. بەڵام ئەرستۆ باوەڕی وایە (مەحاڵە بوونێك لەنەبوونەوە ، بەرەو بوون پەلكێش بكرێت ) بەڵام لە ڕووی بنیات و لە جیهانی مۆدیرندا و خویندنەوە وەكو”دۆكترینیكی – عقیدە”یەكی شایان بەخوڵقاندندنی فۆڕم و شیوازی جۆراوجۆر. یان بە مانایەكی تر بەخویندنەوەی كێشەكان دەتوانین لێكدانەوەی درووست بۆ (شانۆ) بكەین، واتە كاتێك شانۆ دەبێتە كێشە و ئاوس دەبێت بە یەكەكانی فەلسەفە و تەكنیك و مێژو…هتد. ئیترلێرەوە مانا راستەقینەكانی بوونی شانۆ دەردەكەون و خوێندنەوەیش دەبێتە دیار خەری ئەو لایەن و نهێنیە شاراوانەی (دەق و نمایش )و گەیشتنە هەناوی داهێنان- لەمەوە پرسەكە بەرە و شوێن و بابەت دەڕوات. (خەمە) كەسی و هەستپێكراوەكانی تاك وەكو(نوسەر و بكەری شانۆ)بەدی دەكرێت بە هەندێك جیاكاری كە زۆرجار ڕێژەیەكی زۆر لە خەیاڵ. یەكێك لە دروشمەكانی (جۆرج باتای) ئەوە بو كە دەیگوت:”پەسەند كردنی ژیان تا سەرە مەرگ”. لەم ئاستەیدا شانۆ دەبێتە (خەم ) خەمێكی وجودی و قورس و خاڵی لە مانا سایكۆلۆژیەكەی، پەژارەیەك وەكو ئەدەب هەڵگری پەسەند كردنی خەمەكانی بوون خۆیەتی كە لە ئێستادا چەندان بابەتی گرنگ و ڕیشەیی هەن فەرامۆش كراون و پەراوێز كەوتون ، ئەدەب كە دەمانخاتە سەركەڵكەڵەی (بوون) وەكو بابەتێكی گرنگ و پڕ لە بەرپرسیارێتی، لەم كاتەدا(شانۆ) دەبێتە نمونەیەكی بەرجەستەی پڕ لە كێشە. كەواتە (شانۆو بوون ) دووانەیەكی پڕلەگریمانەو پرسیارێكی جدی ئەوهونەرەیە .




دیدارێك له‌گه‌ڵ رۆماننووس ئیزابێل ئه‌لیندی.. وه‌رگێڕانی: به‌هزاد حه‌وێزی

ئیزابێل: گشت ئه‌و شتانه‌ له‌ كاراكته‌رو رووداوه‌كان
له‌ ئانوساتی نووسینه‌وه‌ دێن و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن..
((نووسین بریتیه‌ له‌ سوسه‌كردنێكی دوورودرێژی قووڵایی ده‌روون، گه‌شتێك به‌ره‌و هه‌ره‌ تاریكترین ئه‌شكه‌وته‌كانی هۆشیاریی))ئیزابێل ئه‌لیندی
– ماوه‌ی نووسین و ئه‌نجامدانی كتێبێكت چه‌نده‌؟
+ بیروباوه‌ڕ وه‌ك تۆو وایه‌ له‌ ناخمداو پێشم وایه‌ تۆوه‌كی زۆرم لایه‌، هه‌ندێكیان له‌ ناخمدا نه‌شونما ده‌كه‌ن و بێزاریشم ده‌كه‌ن و وه‌ك هاجسێك ده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌و كات ده‌زانم كه‌ من به‌زۆری له‌سه‌ریان ده‌نووسم، لێ ((شێوه‌ی كۆتایی كتێبه‌كه‌ چۆن چۆنیه‌)) یا ((چیرۆكه‌كه‌ چۆن ده‌بێ)) ئه‌وه‌ نازانم…گه‌ر رۆمانه‌كه‌ مێژوویی بێ ئه‌وا ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵام گه‌ر هاتوو ((بیرۆكه‌یه‌كی دیاریكراو)) بێ ئه‌وه‌ له‌ (8)ی كانوونی دووه‌م بۆی داده‌نیشم و بۆ نووسین قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵم، جاروبار له‌ (8 – 14) سعات ده‌نووسم ((نووسینه‌كه‌ چه‌ند ده‌خایه‌نێ))گه‌ر هاتوو لێكۆڵینه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌كه‌ كاتێكی زۆری ویست ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت كاته‌كه‌ش حسێب ناكه‌م ده‌كرێ بڵێین له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا له‌و كتێبه‌ بوومه‌ته‌وه‌، لێ ((چه‌ند تاقه‌ت و توانام خه‌رجكردووه‌)) ئه‌وه‌ نازانم..زۆره‌.
– ئایا له‌یه‌ككاتدا كار له‌سه‌ر زیاتر له‌ پرۆژه‌یه‌ك ده‌كه‌ی؟
+ كارده‌كه‌م له‌سه‌ر نووسینی یه‌ك پرۆژه‌ له‌یه‌ك كاتدا، لێ بۆ نموونه‌ ره‌نگه‌ یاده‌وه‌ری بنووسمه‌وه‌ و له‌ هایتی دا بگه‌ڕێم بۆ نووسینی(دوورگه‌یه‌ك له‌ ژێر ده‌ریادا)له‌راستیشدا له‌ دوا كتێبم هه‌ر ئه‌وه‌م كرد، من پێویستم به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر بوو بۆ نووسینی كتێبه‌كه‌، دوو ساڵ گه‌ڕام و سووڕام وام زه‌ن ده‌كرد ئیدی من ئاماده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دركم كرد كه‌ له‌ (8)ی كانوونی یه‌كه‌م هێشتا ئاماده‌ نیم بۆ نووسین، له‌و ماوه‌یه‌دا یاداشتم نووسیه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش بووم له‌ گه‌ڕانه‌كه‌م.
– ئایا راسته‌ بۆ هه‌ر كتێبێكی تازه‌ له‌ 8ی-جه‌نیوه‌ری ده‌ست پێده‌كه‌ی؟
+ یه‌كه‌مین رۆمانم(ماڵی روحه‌كان)له‌ (8جه‌نیوه‌ری 1981)نووسی، چونكه‌ من له‌ تاراوگه‌(ڤه‌نزوێلا) ده‌ژیام، باپیره‌شم له‌ چیللی له‌ نێو پێخه‌فی مه‌رگا بوو، جا نه‌متوانی بۆ وڵاته‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ تا له‌گه‌ڵیا بم، ده‌ستم به‌ نووسینی نامه‌ كرد بۆی تا دواجار بوو به‌(ماڵی روحه‌كان)یه‌كه‌مین رۆمانم، كتێبێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، جا له‌ سونگه‌ی بیروباوه‌ڕه‌ خورافیه‌كانیشه‌وه‌ له‌هه‌مان به‌رواردا ده‌ستم به‌ نووسینی دووه‌مین كتێب كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ژیانم ئاڵۆز ده‌بێ له‌گه‌ڵ گه‌شته‌كانی بازاڕگه‌ریی كتێب و رۆژنامه‌گه‌ریی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نامه‌ی خوێنه‌رانی كچ و كوڕان، هه‌روه‌ك ده‌زانی ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ كاره‌كه‌ ئاڵۆز كه‌وته‌وه‌، ئێستاكه‌ش ده‌زگایه‌كم هه‌یه‌ و خانه‌واده‌و نووسینگه‌، جگه‌ له‌ نووسین كاروباره‌كانم هه‌ر خۆم به‌ شێوه‌یه‌كی (شیزۆفرێنی)یانه‌ ده‌یانكه‌م، ساڵ ده‌كه‌م به‌ دوو به‌ش به‌شی یه‌كه‌م كه‌ له‌ (8جه‌نیوه‌ری) ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌وه‌ كاتی تایبه‌تی خۆمه‌، كاتی نووسین، كاتی بێده‌نگی و گۆشه‌گیریی، نیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیكه‌م ده‌یكه‌م.
– كاتی رۆنیشتنت بۆ نووسین خه‌یاڵی چی ده‌كه‌ی؟
+ چیرۆك، حه‌ز له‌ چیرۆك ده‌كه‌م، له‌ نێو دووتوێی دواكتێبه‌كه‌م(دوورگه‌یه‌ك له‌ ژێر ده‌ریادا)ده‌گه‌ڕێم، لێكۆڵینه‌وه‌م له‌باره‌ی هایتی و دوورگه‌ی كاریبی ئه‌نجام داوه‌، ئه‌مه‌ش وای لێكردم به‌دوای شۆڕشی ئه‌مریكی و شۆڕشی فه‌ره‌نسی دا بگه‌ڕێم، هه‌روه‌ها چی به‌سه‌ر چه‌ته‌ ده‌ریاوانه‌كانی كاریبی داهاتووه‌وروویداوه‌، شته‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌شبه‌ش بێ، كه‌ من كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌، ئیدی له‌ (8جه‌نیوه‌ری) كاتێ داده‌نیشم له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌و((به‌شانه‌)) ده‌زانم نووسینه‌كه‌م له‌سه‌ر (ئومه‌)یه‌، ئا ئه‌وه‌یه‌ گشت ئه‌وانه‌ی بیریان لێده‌كه‌مه‌وه‌، جا به‌جۆرێك وه‌كو بڵێی من ئافره‌ته‌كه‌م دیوه‌و ده‌شزانم كێیه‌، به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چی به‌سه‌ردێ؟ چیرۆكه‌كه‌ی؟ له‌راستیدا نازانم، كاتێك كه‌ ده‌نووسم ئه‌وكات شته‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ده‌رده‌كه‌ون، جا ئه‌وكات گه‌رهاتوو كه‌سایه‌تیه‌كان كارێكی ئاوای چاوه‌ڕوان نه‌كراویان كرد سه‌باره‌ت به‌ من، ئه‌وكات ده‌زانم كه‌ چیرۆكه‌كه‌ رێره‌وی تایبه‌تی خۆی وه‌رگرتووه‌، كاراكته‌ره‌كانی دیكه‌ش چۆن دێن؟ به‌قه‌د پێویستیم پێیان، جا گه‌ر كۆیله‌یه‌كم هه‌بێ ئه‌وه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ پێویستم به‌ سه‌یدیشه‌، پێوستم به‌ خانه‌واده‌شه‌ پێویستم به‌كۆیله‌ی دیكه‌شه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكانێك یارمه‌تی كۆیله‌كان بده‌ن بۆ رزگاركردنیان له‌ كۆیلایه‌تی، هه‌روه‌ها پێویستم به‌ كه‌سێكه‌ بكه‌وێته‌ داوی خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌وه‌، گشت ئه‌و شتانه‌ له‌ ئانوساتی پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ دێن.
– داخوا ئۆفیسه‌كه‌ت چۆن چۆنیه‌؟
+ ئۆفیسه‌كه‌م وه‌ك پیتی(U) وایه‌، كۆمپیوته‌رو چه‌ندین فه‌رهه‌نگم هه‌ن، چونكه‌ من به‌ ئیسپانی ده‌نووسم و به‌ ئینگلیزیش ده‌ژیم، له‌ حاڵه‌تی دوا كتێبه‌كه‌م هه‌موو شتێك به‌ فه‌ره‌نسیه‌، چونكه‌ رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان له‌ كۆلۆنیێكی(موسته‌عمه‌ره‌) فه‌ره‌نساییه‌، ئینجا فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسایی و ئینگلیزی و ئیسپانیشم هه‌یه‌، ئیتر ئاواهی كارده‌كه‌م و ده‌ورانده‌ورم لێكۆڵینه‌وه‌كانمه‌و دیواری كتێبخانه‌كه‌شم رووپۆشكراوه‌ به‌ گشت هه‌وه‌ڵین به‌رگی بڵاوكراوه‌كانم و وێنه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خۆشم ده‌وێن له‌ زیندووه‌كان و مردووه‌كان.. ئا ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌..ئیدی ئاژاوه‌یه‌ – فه‌وزایه‌- !.

_______________________________________________
سه‌رچاوه‌: دیدارێكی ئاخاوتن له‌ youtube) )به‌ناوی(پرۆسه‌ی نووسین)