ئۆباما و پرسی کورد … کێڤن مێککەرنەن … وەرگێڕانی: ڕزگار حەمە ڕەشید

{ لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٢دا سەفیری ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئەنقەرە “فرانسیس .ج. ڕیچەردۆنیێ” لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەمریکا بەشێوەیەکی نهێنی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەوەی ستایەڵێك کە خۆیان ناویان ناوە” ستایەڵی بنلادن” پێشکەش بە تورکیا بکات بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە. ڕیچاردۆنیێ بە ڕیپۆرتەرەکانی ووت:”دوژمنەکانی ئێوە دوژمنەکانی ئێمەن، بۆیە دەمانەوێت ئەو میتۆدە مەڵتیدیسیپلینیەرە بخەینە خزمەت تورکیاوەو لە نزیکەوە بەکاری بهێنین”.
مانگێك بەسەر ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا تێنەپەڕی، سەکینە و هاوڕێکانی لە پاریس تیرۆرکران. “و.ك” }

ڕۆڵی ئیدارەکەی ئۆباما لە سەرکوتی ڕاپەڕینە درێژخایانەکەی کوردەکاندا لە تورکیا بە گەورەیی نەزانراوە. بەڵام چەند هەفتەیەك لەمەوبەر( مانگی ١٢ی ٢٠١٢، مانگێك بەر لە تیرۆرکردنی سەکینە و هاوڕێکانی. ”و.ك“) دیپلۆماتێکی ئەمریکی ئایدیایەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی درکاند. فرانسیس. ج. ڕیچاردۆنیێ سەفیری ئۆباما لە تورکیا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی ئەوەی بۆ تورکیا پێشنیار کردووە کە ، لە ڕاستیدا، پێیدەڵێن ستایڵی بن لادن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە ( پارتی کرێکارانی کوردستان) ئەو شۆڕشگێڕانەی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە شەڕ دژی سوپا ی بە ئەمریکی پڕچەککراوی تورکیا دەکەن. ڕیچاردۆنیێ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوەنیەکەی ئەنکەرە دا بە ڕیپۆرتەرەکانی ووت:” دوژمنەکانی ئێوە دوژمنەکانی ئێمەن”. “تواناو دەسەڵاتی ئەو میتۆدە مەڵتیدیسەپلینیەرە بوو کە بن لادنی گەیاندە کۆتایی، ئێمەش دەمانەوێت هەمان میتۆد بخەینە بەردەست تورکیا و لە نزیکەوە بەکاری بهێنین” . ( مەڵتیدیسەپلینیەر: تێکەڵکردنی چەندین دیسەپلینی ئەکادیمی یان پسپۆرییە پرۆفێشناڵەکان لە شێوازێکدا بەرەو ڕووی کێشەیەك یان بابەتێك)
ئەو کاتەی گوێم لەم تێڕوانینانەی سەفیر بوو، من تازە سوریام بەجێهێشتبوو، ئەو شوێنەی کە گرووپێك کوردی جیاواز خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی خۆیان دەکەن. ئەو کاتە من بە ڕێگاوە بووم بەرەو چیای قەندیل، یەکێك لە بەرزترین چیاکانی سنووری عێراق، کە کەمپی شۆڕشگێڕەکانی پەکەکەی لێیە. من بە شوێن پەرچەکردارەکان دا دەگەڕام سەبارەت بەوەی کە تورکیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا، دامەزرێنەرە ناو زڕاوەکەی پەکەکە کە ساڵی ١٩٩٩ بە یارمەتی ئەمریکا دەستگیر کرا و لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو بە بابەتێکی ناودار.

ئەم ڕاپەڕینە کوردییەی تورکیا کە تەمەنی گەیشتۆتە ٢٨ ساڵ، بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٤٠،٠٠٠ کەس ، زۆربەیان کوردن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەکەکە ی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لەقەڵەم داوە. بەڵام شارەزایان دەڵێن هەردوو لا شۆڕشگێڕەکان و سوپای تورکیا مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە. ئەمڕۆ ململانێکە سنووری سەربازی تێپەڕاندووە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە، نزیکەی ٨،٠٠٠ کوردی مەدەنی لە تورکیا دەستگیر کراون. لەناو ئەوانەدا پارێزەر و بە لایەنی کەمەوە ١٠٠ ڕۆژنامەنوسیشی تێدایە.. لە ئێران و چین زیاتر.

ئەم پاییزە، نزیکەی ٧٠٠- ١،٠٠٠ زیندانی لە تورکیا مانیان لە خواردن گرت، داواکاریەکەیان ئەوە بوو کە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تاکە کەسی لاببرێت و کوردەکان مافی بڵاوکردنەوەو خوندنیان بەزمانی خۆیان پێبدرێت و لە دەستوری تورکیادا ددان بە نەتەوەی کورددا بنرێت. تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی زیندانیەکان پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، بەڵام بەپێی هیومان ڕاتس واچ زۆربەی گیراوەکان لە ” هەڵمەتی سەر سیاسەتی یاسایی لایەنگیری کوردەکان”دا دەستگیر کراون.

ڕووهەڵماڵینەکەی ڕیچاردۆنیێی سەفیر بەرامبەر بەم پاشخانە دەستی پێکردووە: ئەو پێشنیارە گومڕایەی ئیدارەی ئەمریکی بۆ بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی کوردە شۆڕشگێڕەکان. لە کاتێکدا پەکەکە ڕێکخراوی قاعیدە نیە، هەروەها ئەمریکیەکانیشی نەکردۆتە ئامانجی نیشانەی خۆی…تورکیاش عاقڵانە ئەو پێشنیارەی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕەتکردەوە. سەرۆك وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵیدا بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە شیبکاتەوە:” بن لادن لەناو ماڵدا دەستگیر کرا، بەڵام ئەم ململانێیە لە جوگرافیای چیاکاندایە”.
پاش ڕەتکردنەوەی پێشنیاری تیرۆرکردن، تورکیا توانی سەرکەوتوانە گتوگۆ بکات و کۆتایی بە ناڕەحەتیەکانی مانگرتن لە خواردن بهێنێت، بەمەش توانی لایەنگیری ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی باشووری ڕۆژئاوای تورکیا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت ، کە زۆرترین کورد لەو ١٥ ملیۆنەی تورکیا لەوێ نیشتەجێن. بە سەرکەوتنی ئەم نەخشە بێ ئاوەزە، وا دەردەکەوێت کە ڕنگە ئەو کوشتنانە ڕای گشتی کوردەکانی دژی نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵگێڕابێتەوەو کەرەستەی بەهێزی سەربازیکردنیشی دابێتە شۆڕشگێڕەکان.

ئەمە یەکەم هەوڵی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیە بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردەکان لە تورکیا. لە ١٩٩٩دا ئیدارەی کلینتۆن بە نهێنی سیخوڕەکانی ئێف بی ئای بەکارهێنا بۆ چاودێری کردن و یارمەتی دەستگیر کردنی عەبدوڵا ئۆجالان. لەلای خۆشیەوە ، ئیدارەکەی ئۆباما ماوەیەك یارمەتی تورکەکانیدا بۆ شەڕ دژی پەکەکە بە هاوبەشیکردنی تەکنەلۆژیای سەربازی و چاودێری( سیخوڕی). بەڵام بەشداری ئەمریکا لەو ململانێیەدا زۆر سەرنجی نەچووبووە سەر تا ساڵی ڕابردوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بە هەڵە کۆمەڵێك خەڵکی مەدەنی لێ بوو بوو بە شۆڕشگێڕانی PKK و بۆردومانیکردن ، ئەو هەڵەیە بووە هۆی کوژرانی ٣٥ گوندنشین. پێشنیاری تیرۆرکردن لە کاتێکی زۆر ناسکی پەیوەندی تورکی- کوردیدا هاتە پێشەوە، لە کاتێکدا لەوانەبوو بەرزترین سەرکردەکانی پەکەکە ڕاماڵێت، ئەوە نیشاندەدات کە کۆشکی سپی ئۆباما چەند بێدەسەڵاتە لە ناسینەوەی کوردە ئاساییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ٣٠ ملیۆن کورد لەو ناوچەیەدا هەیە، بەسەر سنوورەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا دابەش بوون. بە پێچەوانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە لەو ووڵاتەدا، زۆربەی کوردەکان لەو ووڵاتانەدا پشتگیری پەکەکە و خەونە کوردیە کۆنەکە دەکەن بۆ ووڵاتێکی یەکگرتوو.

لە سوریا کە ژمارەی کوردەکان ٢ ملیۆنە،” ئاپۆ” کە بەشێوەیەکی فراوان بە ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە ناسراوە… ئێستا لە شوێنی پەرستن دانراوە. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە زۆرینەی کوردە سوریەکان سەر بە پارتی یەکێتی دیمۆکراتین (PYD) لە سوریا کە هاوپەیمانی پەکەکەیە. بەڵام هۆکاری قووڵی ئەمە ئەوەیە کە کوردە ناوخۆییەکان، بەهەمان شێوەی ئەو کوردانەی لە تورکیا و ئێرانن، بە سادەیی نەوە بە نەوە وەك هاوڵاتی پلە دوو هەڵسوکەویان لەگەڵ دەکرێت. لەگەڵ پارچە پارچەیی ئۆپۆزسیۆنە عەرەبەکانی ڕژێمی ئەسەد بە شێوەیەکی خراپ، زۆربەی کوردەکان پێیان وایە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە شەڕە ناوخۆییە خوێناویەکەی سوریا دێنە دەرەوە. لەگەڵ هەموو سەختیەکانیشدا، دەست بەو بڕوایەوە دەگرن کە ئۆتۆنۆمی.. یان “بەهاری کوردی” وەك هەندێك ناوی دەبەن، بەڕێوەیە.
لە شارێکی سوریادا، خۆم نزیکەی ٧٠٠ خۆپیشاندەرم لەسەر شەقامەکان ژمارد، گەنج و پیر، بەکوردی قسەیان دەکرد، مۆسیقای کوردییان دەژەنی و جلو بەرگی کوردەوارییان پۆشیبوو؛ زۆر کەس ئاڵای کوردستان یان وێنەی ئۆجالانیان بەرز کردبووەوە. تەنها کاتێکی کەم بەر لە ئێستا، بەهۆی هەڵسوکەوتی لەو شێوەیەوە زیندانی دەکران..یان خراپتریش لەوە.

لە ڕۆخی ڕوباری دیجلە لە کوردستانی عێراق، کە هێشتا ئابووری ئەو ناوچەیە بەهۆی داگیرکاریە بەناوبانگەکەی ئەمریکاوە لە گەشەکردندایە، ئۆجالان لایەنگرێکی زۆری هەیە. من لەناو بازار و چایخانەکاندا گوێم لە خەڵك دەبوو کە سەرکردە زیندانیەکەی یاخیەکانیان وەك “نێلسۆن ماندێلا” وێنا دەکرد..بەڵام بێگومان، هەموو کەسێك بڕوا بەوە ناکات. محەممەدی حاجی مەحموود کە پەرلەمانتارێکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانە پێی گوتم” من حەزم لە ئایدیۆلۆژیاکەی ئاپۆ نییە،”. هێشتا، ئاگاداری ئەمەریکا دەکاتەوە کە بانگەوازەکەی ئۆجالان بەکەم وەر نەگرێت، محەمەد گوتی:”ئەگەر ئاپۆ بچێتە هەڵبژاردنی سەرۆکی کوردستانی تورکیاوە، هەر بە دروشم هەڵدەبژێردرێت.”
ئەی ئێران؟ کەیسی پژاك سوودبەخشە. پژاك ئەو گەریلایانەی کوردستانی ئێران کە لەگەڵ پەکەکەدا بەیەکەوە لە چیاکانی قەندیلن. گرووپی پژاك داوای گۆڕینی ڕژێی تاران دەکەن. بەتەواوی وەك ئەوەی زۆر لە کاربەدەستانی واشینگتۆن دەیانەوێت. بەڵام شۆڕشگێڕەکان ئۆجالان وەك جەنگاوەری ئازادی تەماشا دەکەن، نەك تیرۆریست.

کاتێك لە چیای قەندیل نزیك دەبوومەوە، ڕێبەرەکەم ئامۆژگاری کردم کە باتری تەلەفۆنەکەم دەر بکەم، لە ترسی ئەوەی نەبینە نیشانەو ئامانجی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا. ئەوە کەمێك وەك پارانۆید دەهاتە بەرچاو، بەڵام وایلێکردم بیر لە ڕاپەڕینە کوردیەکان بکەمەوە…بەمەی ئێستاشەوە…کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو لەسەر ئەم خاکە ڕوویانداوە، “چارەسەر”ی سەربازی وەك ئەمەی ئێستا کە ئیدارەکەی ئۆباما پێشنیاری کردووە، لە چارەسەری پرسی کورد دا فەشەلی هێناوە، بەڵام هێشتا لەوانەیە دەرفەتێك مابێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.
جاری داهاتوو کە کوردەکان داوای ڕەوای خۆیان بەرز کردەوە، ئەمەریکا پێویستە پێشنیاری گفتوگۆ و مفاوەزات بکات، نەك تیرۆرکردن. لە ماوەی ٢١ ساڵی سەفەر کردنمدا بۆ ئەو ناوچەیە، هەرگیز ڕێکەوتی کوردێکم نەکردووە ئەمەریکیەکانی خۆش نەوێت. بەداخەوە وا دەردەکەوێت ئەو نیەتە پاکە بەزیادە بڕوات.

———————–
تێبینی:

١/ ئەم ڕاپۆرتەی کەیڤنم لە مانگی ١٢ی ٢٠١٢دا لە The World Post دا بڵاوکرایەوە و وەرمگێڕا، بە پێویستمزانی جارێکیتر لە ئێستادا بڵاوی بکەمەوە.
٢/ مانگێك بەسەر ئەو پێشنیارەی باڵیۆزی ئەمەریکادا تێنەپەڕی کە سەکینە و هەڤاڵەکانی لە پاریس تیرۆر کران.
لینکی ڕاپۆرتەکە:
http://www.huffingtonpost.com/kevin…
Kevin McKiernan is a journalist and filmmaker. He directed the PBS film Good Kurds, Bad Kurds and is the author of the book The Kurds: A People in Search of Their Homeland. His report on the Kurds in Syria appeared this month in the Santa Barbara Independent. Ps




کوردایەتیی، دەستەخوشکی فاشیزمی”عوروبە” …. هونەر تۆفیق – کامیار سابیر

ئه‌م وتاره‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژووی رێبازی کوردایه‌تیی و سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی کوردیی، وه‌کو فیکر، سیاسه‌ت و کولتوور، ته‌رخانکراوه‌. مه‌به‌ست له‌م ئارگیومێنتانە‌، نووسینەوەی مێژوو، ریکۆردکردن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی سیاسیی کورد نییه‌، به‌ڵکو خوێندنه‌وه‌ی فیکر، کولتوور و ثیۆریی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کوردییه‌، بەتایبەتییش، خوێندنەوە و کەوڵکردنی سەقەتترین ڤێرژنی کۆنەپەرستانەی ناو ناسیۆنالیزمی کوردییە( کوردایەتیی)، لە روانگەی ثیۆریی، فیکریی و مەعریفەی سیاسییەوە. لێکچوون و لاساییکردنەوەی فیکریی و سیاسیی، رێبازی کوردایەتیی بۆ فاشیزمی عوروبە( العروبة)، لەوێوە دەبێ هەڵبسەنگێندرێ کە لە دونیای “فیکر و کولتوور”ی عەرەبییدا، هەر نووسەر و سیاسییەکی عەرەب، کەمێک ویقاری فیکریی، ئەخلاقیی و سیاسیی هەبێت، چەمکی عوروبە کە لە هەموو رەهەندێکدا ئێکسپایەر بووە، بەکار ناهێنێت! مەگەر کەسانی ساقیطی وەک عیزەت دووریی و ناسیۆنالیستە جاهیلەکانی ناو ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، بەعسیزم و پانعەرەبیزم Pan-Arabism نەبێت.

سەرەکییترین مۆتیڤی کولتووریی و فیکریی لەپشت نووسینی ئەم وتارەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایدیۆلۆژیا رەخنەگرەکانی ناسیۆنالیزم، لە دونیای فیکر و سیاسەتی کوردییدا، خۆیان صەدەقەی فیکریی، کولتووریی و سیاسییان پێ دەشێت. کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم( مەبەست، لە ئیسلامی سیاسییە)، دوو ئایدیۆلۆژیای کەڕوکوێرن و لە باری فیکرییەوە، مێشک و مەغزیان لە مێشک و مەغزی ناسیۆنالیزمی کوردیی، خاڵییترە و تەقەی سەریان دێت. ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە، لە تەوهین، تەحقیر، سووکایەتیی و جوێنی سیاسیی زیاتر، شتێکی تریان بۆ گوتن و نووسین، لەهەمبەر ناسیۆنالیزمدا، پێنەبووە. دیارە لێرەدا مەبەست لەو کۆمۆنیستە( بە شیوعییەکانیشەوە) کوردانە و لەو ئیسلامییە کوردانەن کە بڕیارە خەریکی دونیای فیکر، دیبەیت و ئارگیومێنت بن. بەدڵنیاییشەوە، کوردایەتیی وەکو ڤێرژنێکی ناو ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئەم جەهلە فیکرییەی نەیارە ئایدیۆلۆژییەکانی قۆستووەتەوە و زیاتر خۆی پێوە راداوە.

پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، کوردایەتیی چییە ؟ مانیفێست، رێباز، دۆکترین، فیکر و باوەڕە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌که‌ی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا ناسیۆنالیزمی کوردیی بە ره‌چه‌ڵه‌ک بۆ سەر دۆگماکانی کوردایه‌تیی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، دوو هاوواتای سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی ،زمانیی، کولتووریی و فیکریی ئاوێتەن ؟ یان کوردبوون و کوردایەتیی، دوو رەهەندی جیاوازن، لەفیکر، میثۆدی سیاسیی و کولتووری سیاسییدا ؟

بۆچی له‌ ئه‌ده‌بیات و عه‌قڵییه‌تی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کوردییدا، ئەو کوردەی ئینتیمای بۆ کوردایەتیی نه‌بێت، بە کوردێکی خائین و نا رەسەن، وێنە( نەک وێنا) ‌دەکرێت ؟ ئایا مۆتیڤ، پلان، ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی کوردایه‌تیی و ئامانجەکانی چیین؟ هۆکاری ئه‌وه‌ چییه‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ رووناکبیری کورد، لە ئینتێلێکچواڵ و ئەکادیمیستی کورد، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی وردن و خه‌ریکی رەهەندی ثیۆریی، فیکریی و ئه‌کادیمییشن، یان سیاسه‌تمه‌داری به‌سه‌لیقه‌ و به‌دیقه‌تن، زۆر به‌ئاسانیی، چه‌مکی کوردایه‌تیی، به‌سه‌ر زاریاندا دێت و بگره‌ وه‌ک پۆزه‌تیڤی سیاسیی و سیمبۆڵی “فیکر”ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، سه‌یری ده‌کەن؟ بۆچی نووسەر، موفەکیر و سیاسیی بە دیقەتی عەرەب، پێیان شەرمە، چەمکی عوروبە بەکار بهێنن، لەکاتێکدا نووسەر، موفەکیر( کورد ئەمەیانی نییە) و سیاسیی کورد، وەکو جوینی بنێشت، هەمیشە لە دەمیاندایە و لە بەکارهێنانیدا، قەف قەف باڵای پێدەکەن؟

بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروست و تێگەیشتن لە چەمکی کوردایەتیی، دەبێت لەسەرەتاوە، پرۆسێسی خەباتی ڕزگارییخوازی کورد لە رێبازی کوردایەتیی جیابکرێتەوە. ئه‌م دوو میثۆد و چه‌مکه‌ سیاسییه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی وەکو یەک حاڵەتی نەتەوەیی و دیاردەی سیاسیی گرێدراوی یەکتر، بۆ نێو مێژووی سیاسیی کورد، هاتوون، بەڵام دەبێ لێک بترازێنرێن و بەجیا هەڵبوەشێنرێنەوە. راستە، لە زمانی سیاسەت، مێژوو و رۆشنبیریی کوردییدا، خەباتی رزگارییخوازی کورد و کوردایەتیی، کێشه‌ی سیاسیی کورد و کوردایه‌تیی، لە یەک کۆنتێکستدا، باسدەکرێن! لە کاتێکدا،ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی، سیاسیی و فیکریی‌ گەورەیە کە وەکو دووانەیەکی جمک ئاسا پێکەوە چەسپێنراون!

لە راستییدا، کوردبوون و کوردایەتیی، ته‌واو جیاواز و ناکۆکن. ئەڵبەته‌ رۆشنبیری کورد و کایەی رۆشنبیریی کوردیی، بەشدارن لە دروستکردن و گشتاندنی چەمکی کوردایەتیی بەسەر کۆی پرۆسێسی سیاسیی، نەتەوەیی، نیشتمانیی و کولتووریی کوردبووندا. ناسیونالیزمی کوردیی و کوردبوونیان وەکو میثۆدی فیکریی و باوەڕی سیاسیی، لە رێبازی کوردایەتیی جودا نەکردووه‌تەوە، کوردایەتیی و کوردبوونیان ( بە مەبەستەوه‌ بێت یان به‌هۆی جەهلی فیکریی، سیاسیی و کولتوورییەوە بێت ) بەیەکەوە گرێداوە .

لە ئەدەبیاتی سیاسیی و حیزبی کوردییدا، رۆژانە گوێمان لە دەستەواژەی کوردایەتیی و ڕێبازی کوردایەتیی دەبێت. لەهەندێک بەکارهێناندا، زۆر زیاتر لە دەستەواژە، وەکو چەمک، فیکری سیاسیی، پرینسیپی نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژیایه‌کی پیرۆز و باڵا، باسدەکرێت. هه‌ندێک له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی گوزارشتی ڕۆژانەی پێدەکرێت، ئەمانەن: بیری کوردایەتیی، قوتابخانەی کوردایەتیی، هەناوی کوردایەتیی، لە پێناو کوردایەتیی، خەباتی کوردایەتیی و رێبازی کوردایەتیی… تاد. هاوکات بە دونیایەک جەهلی فیکریی و کولتوورییەوە، بە دونیایەک ناعەقڵانییەتی سیاسییەوە، ئەمانە دەرخواردی لاوانی کورد دەدرێن.

بەردەوامیش، لەلایەن ماکینەی راگەیاندنی ناسیۆنالیزمی کوردیی و ئینتێلێکچواڵە فیکر خاڵیی و زار پڕەکانی کوردایەتییەوە، ئەم چەمکە سەقەتە، دەمەزەرد دەکرێتەوە. ئه‌م دەستەواژەیە لە کۆنتێکستی سیاسییدا، بەته‌قدیسکراویی وەکو چه‌مکێکی پیرۆز تێکەڵ بە فیکری سیاسیی کوردیی دەکرێت. کاتێ، گەنجێک، خوێندکارێک، یان توێژەرەوەیەک، بیەوێت لە مانا و مه‌غزا و بونیادی ئەو رێبازە ( کوردایەتیی) بگات و ئەدەبیاتە بەتاڵ و حەتاڵەکەی بخوێنێتەوە، نەک هەر شتێکی ئه‌وتۆی دەست ناکەوێت، تا ثیۆریی، بەرنامە، رەوت و مانیفێستی دیاریکراوی کوردایه‌تیی، روون بکاتەوە، بەڵکو زیاتر، جەهلی کوردایەتیی لە هەموو ئاستەکاندا( فیکریی، سیاسیی، کولتووریی و مەعریفیی) بۆ دەردەکەوێت!

کوردایەتیی، وەکو دروشم و ریتمێکی حه‌ماسیی، وه‌کو فه‌نتازیای شیعریی، لە سیاسەتی کوردیی، ئەدەبیاتی کوردیی، دونیای رۆژنامەگەریی و حیزبی کوردییدا، زۆرترین جار بەکاردەهێنرێت، بێئه‌وەی بزانرێت سەرچاوە و باکگراوندی فیکریی، سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئه‌م فیکرە خاڵییە نه‌ته‌وه‌ییه‌، چییە و لەکوێوە دەست پێدەکات و لە ئامانجدا دەیەوێت بەکوێ بگات؟ تەنانەت دروشمی کوردایەتیی، بەو هەموو وه‌هم و ناڕۆشنییەوە کە هەیەتی، هێشتا فیکری ناسیۆنالیزمی کوردیی، پشتی پێدەبەستێت و کۆی سیاسەتی نەتەوەیی “کورد”ی له‌هه‌ردوو کوردستانی عێراق و ئێراندا، لەسەر بنیاتنراوە! بێئەوەی بزانرێت ئەم رێبازە چۆن دروست بووە و ئەو بنەما فیکریی، سیاسیی و کولتوورییانە چیین کە وەکو مەکتەبێک، فیکری ناسیونالیزمی کوردیی( دروستتر، کوردایه‌تیی)، تێیدا پەروەردە بووه‌؟

تا بەشوێن سه‌رابی کوردایه‌تییدا بگەڕێییت، لە باری فیکریی و کولتوورییەوە، سەرگەردانتر دەبیت. ئایا ئەم فەوضا، دروشمبازیی و باوەڕە به‌تاڵه‌ له‌ فیکر، ئەم هەرا بێ ئارگیومێنت و بێ مانیفێستە، چۆن دروست بووە، کێ تەبەنی کردووە و چۆن بووەتە دروشمی هەمیشەیی زۆرێک لە قەومییەکانی( نەتەوەیی، جێگەی قەومیی ناگرێتەوە) کورد‌؟ ئەو هۆکارانە چیین کە دروشمی کوردایەتییان بە ناسیونالیزمی کوردییەوە گرێداوە و بەجۆرێک ئاوێتەی یەکتر کراون، کوردایەتیی، مانای ناسیونالیزمی کوردیی بگه‌یه‌نێت و ناسیونالیزمی کوردییش بچێتەوە سەر بنج و بنه‌وانی کوردایەتی؟ خۆشبەختانە، ئەمە تەنیا بۆ کوردستانی عێراق و ئێران، دروستە. دوو بەشەکەی تری کوردستان، ئەوەندەی لەگەڵ کوردبووندا پێوەندییان هەیە، لەگەڵ کوردایەتییدا، نێوانیان نییە. کوردستانی ئێرانیش، لەسەروبەندی پەیدابوونی ناسیۆنالیزمەوە، بەردەوام، لەباری فیکری سیاسییەوە، پاشکۆی کوردستانی عێراق و ئەم جەهلە فیکرییە، بووە.

بۆ ئەوەی تووشی هەمان ئیشکالییەتی مێژوویی نەبینەوە کە ناسیونالیزمی کوردیی، تێیدا گیری خواردووە و ناتوانێت خۆی لە دەرتەنگ و بێفیکریی کوردایەتیی دەرباز بکات، لەدەستپێکەوە دەبێت ئارکیۆلۆژیانە – archaeology تەفکیکی Dissociation چەمکی کوردایەتیی بکرێت. هەموو ئەو توێژاڵە سیاسییانەی فیکری نەتەوەیی کورد، پەڕە بە پەڕە هەڵبدرێنەوە کە لە هەستی جەماعیی و عەقڵی سیاسیی و کولتووریی کورددا ئەم چەمکەیان داهێناوە. لەوێوە دەتوانرێ بەدەر لەجادووەکانی چەمک و ڤێرژنی کوردایەتیی، ئارگیومێنتی جیاواز، سەبارەت بە نەتەوەی کورد، ناسیۆنالیزمی کوردیی و سەرەنجامیش سەبارەت بە کوردبوون، دەستنیشان بکرێن.

یەکێک لە هەرە بەربەستە سەرەکییەکانی داخستنی دەرگای گەڕان، بە نێو چەمکی کوردایەتییدا، ئەو جادووەیە کە ئەم چەمکە، لە ئینسانی “کورد”ی دەکات و هەموو کایەکانی ناسیۆنالیزم، نیشتمانییبوون، ده‌مارگیریی- نه‌ته‌وه‌یی zealotry ، فەرهەنگ، شۆرش و مێژووی کورد تا گەیشتن بە رادیکاڵیزم و شۆڤینیزم، به‌وبه‌په‌ڕی به‌رچاوته‌نگییه‌وه‌ (jingoism – جینگۆییزم) ‌ بەخۆیەوە گرێ ده‌دات. جگە لە کۆی نەتەوە، هەست و نەستەکانی ئینسانیش لەپێناو خواستە پڕ لە جەهل و نادیارەکانی خۆیدا، رام دەکات. هەروەها هەموو بوونی کۆمەڵگە بە “قوربان”ی قودسییەت، شەرعییەت، بڵندیی و مانەوەی خۆی دەکات.

چاککردنەوەی ئەم هەموو هەڵە مێژوویی، فیکریی و سیاسییەی کە چەمکی کوردایەتیی بەرهەمهێناوە، کوردایەتییش دواتر زاوزێی جەهلی فیکریی پێکردووە، پێویستی بەوەیە کە پێداچوونەوە بە کۆی مێژووی دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردییدا بکرێت. رۆچوون بە کایە سیاسیی، رۆشنبیریی، فیکریی و مه‌عریفییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی نەتەوەیی گه‌لی کورددا، زۆر سه‌ره‌داوی گرینگمان ده‌ست ده‌خات. ئەوکات جیاوازی کوردبوون وەکو ئینتیما بۆ ناسنامەی تاک و نەتەوەی کورد، وەکو ئینتیما بۆ خاکێک کە ناوی کوردستانە، لە هەمبەر کوردایەتییدا وه‌ک قالۆرێکی به‌تاڵی ئایدیۆلۆژیی، وەکو دەستەخوشکی شەرعیی و فیکریی عوروبە، باشتر ده‌رده‌که‌وێت.

سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردیی، وه‌کو فیکر

بیری نەتەوەیی کورد، یان ناسیۆنالیزمی کوردیی، تا ئێستا، بیرێکی هه‌رزه‌ی سیاسیی – حیزبیی- ئایدیۆلۆژییه‌ و نەیتوانیوە لەوە زیاتر گەشە بکات و پێبگات. هۆکاری ئه‌م راوه‌ستاویی و که‌ڕووهه‌ڵهێنان و تۆزلێنیشتنه‌ فیکریی و سیاسییه، هۆکاری ئەم موراهیقییە سیاسییە و ئەم کوڕوکاڵییە فیکرییە، بۆ بێده‌ره‌تانیی ئینتێلێکچواڵ، مونه‌وه‌ر و سیاسییه‌کانی ڕێبازی کوردایەتیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بە دیدی کوردایەتییەوە ‌ سه‌یری ناسیۆنالیزمی کوردیی و کێشه‌ی گه‌لی کوردیان کردووه‌، بە روئیای فیکریی ناسیۆنالیزم، ئاشنایەتییان نەبووە.

‌ مه‌غزی ناسیۆنالیزمی کوردایه‌تیی، نەیتوانیووە ئارگیومێنتێکی فیکریی لە مێژووی گه‌شه‌ی زمانی کوردیی و کریستاڵبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی و داخوازییە سیاسییەکانی کورددا، بهێنێتە‌ ناو تێکستی کوردییه‌وه‌! چەمکی کوردایەتیی و رێبازە سیاسییەکەی وەکو بەربەستێک لەبەردەم “فیکر”ی ناسیۆنالیزمی کوردییدا، نەیهێشتووە ئەم ناسیۆنالیزمە گەشەی فیکریی بکات و لە دروشم، فەخفەخەی هۆنراوە، قیڕەقیڕ، قیژاندن و بەخۆداکێشان، دەربازی بێت کە لەسەرەتاکانیدا شاعیرانی کورد، لە تێکستی شیعرییدا، خۆیان تێیدا هەڵشەپاندووە.

لە تۆماری مێژوونووسەکانی کورد و ئه‌ده‌بی کوردییدا ، سەرەتای بیری نەتەوەیی لەناو کورددا، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ثیۆرایز کرابێت بە سەرەتای نوسینی کوردییەوە ( شیعرنووسیی ) ده‌به‌ستنه‌وه‌. مه‌لۆتکه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردیی لەو‌ شیعر و قه‌صیدانەوە‌ پێچراوە کە له ‌منداڵدانی تێکستە شیعرییەکانەوە‌ له‌دایکبوون و‌ بێکه‌سیی و بێده‌ره‌تانیی کوردیان ‌لاواندووەتەوە‌‌. هەندێک پێیانوایە لە باباتاهیری هەمەدانییەوە بیری نەتەوەیی کورد دەست پێدەکات، بەڵام زۆرینەی مێژوونووسان و نووسه‌رانی رابردووی کورد، لەسەر ئەوە کۆکن کە لە شیعرە کوردییه‌کانی ئەحمەدی خانییەوە به‌ پله‌ی یه‌که‌م و حاجی قادری کۆییەوە، به‌ پله‌ی دووه‌م، فیکری قەومیی( القومیة) کورد، فۆرمۆڵه‌ بووه‌.

ده‌کرێ، بگوترێ که‌ حاجی قادری کۆیی یه‌که‌مین رائیدی ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردییه‌ (Ethnonationalism – ناسیۆنالیزمی نەژادیی). بە میثۆدی فیکریی، ئەو, یەکەمین کەسێکە، ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی کوردیی له‌شیعر هه‌ڵکێشاوه و لە شیعردا ثیۆرایزی کردووە‌. له‌ سه‌رده‌می حاجی قادره‌وه‌ تا هه‌نووکه‌ ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدایه‌، تا ئه‌م ساته‌ش که‌س له‌ حاجی قادری کۆیی، باشتر ثیۆرایزی ناسیۆنالیزمی کوردیی نه‌کردووه و وه‌ک فیکر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌کردووه‌‌.

بە جیا لەو فۆرمە شیعرییانەی زۆر دەمێکە هەن، ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە فۆرمی سیاسییدا له‌سه‌رده‌می کێشمه‌کێشه‌کانی نێوان عوثمانییه‌کان و صه‌فه‌وییه‌کاندا، چه‌که‌ره‌ی کرده‌وه، به‌ڵام ئه‌م چه‌که‌ره‌کردنه‌ زیاتر له‌لایه‌ن عوثمانییه‌کان یان صه‌فه‌وییه‌کانه‌وه‌، دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییەکانی یەکتر، ئاودێر ده‌کرا. به‌واتایه‌کی تر، ناسیۆنالیزمی کوردیی، به‌ شێوه‌ی ئێثنیکیی، خێڵه‌کیی،دینیی، ناوچه‌یی و ته‌ریقه‌تیی، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیی و خه‌لافه‌تی عوثمانییه‌وه‌ تەوظیف ده‌کرا. ئه‌م ناسیۆنالیزمه،‌ له‌ کۆتایی ته‌مه‌نی عوثمانییه‌کان و سه‌ره‌تای دروستبوونی تورکیای مۆدێرندا، به‌ میثۆدی ناسیۆنالیزمی سەردەمی مۆدێرنە، خۆی ثیۆرایز کرده‌وه ‌و مێژووی ئه‌م سه‌ت ساڵه‌ی له‌م نووسینه‌شدا باس ده‌کرێ، بۆ ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لەگەڵ دروستبوونی لاوانی تورک( Young Turks) یان گەنجە تورکەکان، فیکری ناسیۆنالیزمی کوردیی، جوڵەیەکی کرد. دواتر لە دروستبوونی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقییدا(1889) ، خوێندکارە کوردەکانی کۆلیژی پزیشکیی ئیستەنبوڵ لە دروستبوونیدا رۆڵیان هەبووە. ئیسحاق سکوتی و عەبدوڵا جەودەت لە دامەزراندنی ئیتیحاد و تەرەقییدا وەکو دوو کورد، لەو کۆمەڵەیەدا، دامەزرێنەری سەرەکیی بوون. لە پێکهاتەی کۆمەڵەکەدا”جەمعییەتەکەدا”، لە نێو تەواوی گەلانی سەڵطەنەتی عوثمانییدا، کورد بە رێژەی %10 ی ئەندامانی کۆمەڵەكە، بەشدارییان هەبوو. ئیتیحاد و تەرەقیی، بنکە و ئەندامی کوردیان لە زۆربەی شارە کوردییەکانی سەڵطەنەتدا هەبوو.

دروستبوونی ئیتحاد و تەرەقیی لەنێو خوێندکارەکانی کۆلیژی پزیشکییدا، پێوەندیی بەو چاکسازییانەوە هەبوو کە سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەم لەپاش هەڵپەساردنی دەستور ( مەشروطییەت ) و پارلەمانەوە لە 1878 دا کردی. بیانوی سوڵطان بۆ هەڵپەساردنی دەستور و راگرتنی نوێنەرایەتیی، ئەوەبوو کە لەنێو گەلانی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا ئاستی رۆشنبیرییان هێندە باڵا نییە کە بتوانن لە رێگەی دەستور و پارلەمانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ باب عالیی، خۆیان بەڕێوەبەرن. لەبەرامبەردا کردنەوەی خوێندنگە حەمیدییەکان لە سەرتاسەری ئیمپراطۆریاکەیدا، هەروەها دامەزراندنی سێ کۆلیژی پسپۆری لە قانوون، سوپا و پزیشکییدا وەکو بڕیار راگەیاند.

یەکێک لە سەرەکییترین مەنهەجەکانی کۆلیژی پزیشکیی، خوێندنی فیکری نەتەوەیی و پەیامەکانی شۆرشی فڕانسیی و چۆنییەتی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئاڵمانیا و فڕانسدا، بوو. خوێندکارەکانی کۆلیژی پزیشکیی کە لەگەلانی تورک ، کورد ، عەرەب ، ئەرمەن ، ئەرنائوت ، شەرکەس .. تاد بوون، کەوتبوونە ژێر کاریگەریی مەنهەجەکەیانەوە و بیری قەومچییەتییان(القومجیة) لەوێوە چەکەرە دەکات. کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیی، مۆزائیکی ئەو گەلانە بوو کە لەو کۆمەڵەیەدا بیری قەومچییەتی خۆیان تێیدا گەشە پێدەکرد. لەپاش هەڵوەشاندنەوەی ئیتحاد و تەرەقیی، هەر ئەو ئەندامە دامەزرێنەرانەی کۆمەڵەکە، بوون بە پێشەنگی ناسیونالیزمی کوردیی، عەرەبیی ، تورکیی و ئەرمەنیی، هاوزەمان، سەرەتاکانی ناسیونالیزمی سیاسییان لەنێو گەلانی خۆیاندا داڕشتووە .

هەرەسی ئیمپراطۆریای عوثمانیی :

لە پرۆسێسی هەرەسهێنانی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا 1923-1906دامەزرێنەرانی بیری نەتەوەیی هەر یەکێک لەو ئێثنیک و گەلانەی‌، دامەزرێنەر یان ئەندامی کارای کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیی بوون ( بۆ نموونه‌: ئەحمەد جەمال پاشا – تورک، ساطیع ئه‌لحوصریی”ساطع الحصري” – عەرەب و عەبدوڵا جەودەت – کورد) بە دامەزرێنەری ناسیونالیزمی ئێثنیکیی،سیاسیی و کولتووریی نەتەوە و ئێنثنیکەکەی خۆیان، ئەژمارد دەکرێن.

ئەم سێ نەتەوەیە، وەکو سێ گەلی سەرەکیی، دراوسێ و هاومەزهەبی( وەک زۆرینە) نێو سەڵطەنەت، لە دروستکردنی ناسیۆنالیزمە کولتووریی و سیاسیەکەیاندا( political and cultural nationalism) بەشی هەرە زۆری فیکر و مانیفێستی سیاسییان، لەسەر ئەو دژایەتییکردنە دامەزراندووە کە ئەم سێ ئێثنیکه‌، دوژمن و نەیاری هەمیشەیی یەکترن. فیکر، مه‌عریفه‌، کولتوور، سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمیان، لە رێبازەکانی تۆرانییەت( دواتر فاشیزمی پانتورکیی)، شۆڤینیزمی عوروبە( عروبة) و ناسیۆنالیزمی ئیڵیتی کوردیی(لە کوردستانی عێراقدا، بە کوردییەت و دواتریش بە کوردایەتیی دەگۆڕێت)، لەسەر بنەمای بە دوژمن زانینی یەکتر، بنیات دەنێن.

تورک، عه‌ره‌ب و کورد، لەگەڵ لێکهەڵوەشاندنەوەی سەڵطەنەتی عوثمانییدا، لەو لێکترازانە سیاسیی، مێژوویی و ئیدارییەوە پێویستیان بە خۆجیاکردنەوەیەک هه‌بوو لە ستراکتۆری کۆمەڵایەتیی، کولتوور، رووحیی و تێکەڵبوونی خوێنه‌وه‌، هەموو پێوه‌ندییەکیان بەیەکترەوە بپچڕێنن. لەگەڵ دابەشکردنەوەی نەخشەی سیاسیی و جیۆگرافییدا، دەبووایه‌ کاته‌گۆرییه‌ نەتەوەیی و فەرهەنگیی و مێژووییه‌کانیشیان دابەش بکەن. ئەنجامدانی پرۆسێسێکی ئاڵۆز و چارەنوسسازی له‌و چه‌شنه‌، بەهۆکاری فره‌ جیاواز، زەحمەتە بتوانرێت سانا و بێ گرفت لێک جوداببنەوە، بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک فاکتەر هەبوون کە جیاوازییەکانیان بۆ ناکۆکیی هەمیشەیی بچەرخێنێت:

یەکەم :

تورکەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی بەشی کورد و عەرەبەکان لەماوەی پێنج صەدەی دروستکردنی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، خۆیان بە میراتگری ئیمپراطۆریای عوثمانیی، ناساند. لە ئەزموونی حکومڕانیی ئیتحاد و تەرەقییدا، ئەندامە تورکەکان، باڵادەست بوون، ئەحمەد جەمال پاشا لە شام و میصر لەپێناو تورکاندنی عەرەبەکاندا ستەمێکی زۆری لێکردبوون. هاوکات بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، بریتانییەکان لە ١٩٢٢ دا سەربەخۆیی مەملەکەتی میصریان پەسەندکرد، بۆئەوەی مەلیک فوئادی پادشای میصر بە پاڵپشتی ئەزهەر، رۆڵی خەلیفە لە جیهانی ئیسلامییدا، بگێڕێت. ئەمە بۆ ئەوەبوو کە بۆشایی مەرجەعییەتی خەلافەت لە جڤاکە ئیسلامییەکاندا دروست نەبێت.

لێرەوە، عەرەبەکان خۆیان بە میراتگری مەزهەب وترادیسیۆنی دەوڵەتی عوثمانیی هەڵوەشاوە دەزانی. کورد وەکو ئەرمەن و ئەلبان و عەرەبەکان داوای بەشی خۆی، تا رادەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکرد. ئەرمەن و ئەلبانییەکان بەپێی مەرجەکانی روسیا بەسەر سەڵطەنەتی عوثمانیی، لە کۆنگرەی بەرلین 1878 دا پشتگیریی پێشوەختیان لە روسیاوە بەدەستهێنابوو. لە بەرامبەریشدا، کوردەکان لە پەیمانی لۆزاندا پرسی بەدەوڵەت بوونیان لەدەستدا. کوردستان، لە دوو پارچەی نێوان (صەفەویی و عوثمانیی) ەوە بەسەر چوار پارچەی تورکیا، سوریا ، عێراق و ئێراندا، دابەشبوون. لەو سەرەتایەی هەستی نەتەوەیی کوردییدا، ئەم دابەشبوونە ، کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ و توندی لەبیری نەتەوەیی کورددا دروست کرد. جگە لە نەفرەتی کوردیی لە سایکس-پیکۆ ، تورک و عەرەبەکان وەکو دوو نەتەوەی داگیرکار لە فیکری قەومیی کوردییدا جێگیربوون .

دووەم :

ئاگایی و هۆشیاریی نەتەوەیی، زۆر سەرەتایی بووە. ئەم ئاگاییە پرێمیتیڤە، لەژێر کاریگەریی بیری نەتەوەیی خۆرئاوا و دروشمەکانی شۆڕشی فڕانسیدا بوون. بەگشتیی، دروستبوونی دەوڵەته‌ نەتەوەییه‌کانی nation-states ئه‌وروپا، بەتایبەتی کەمپەینی یەکخستنەوەی ئاڵمانیای بیسمارکیی Otto von Bismarck و هەژموونی ئیتالییە کاربوناریاییەکان( بە واتای پشکۆی گەشاوە دێت- Carbonaria)، وەکو دوو دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ و مۆدێلێکی نمونەیی، بوون بە ئیلهمام بۆ کۆپیکردنەوەیان لەلایەن کورد، تورک و عەرەبەکانەوە. خوێندکارە هەرزەکار و حه‌ماسییه‌کانی ‌تورک، عەرەب و کورد کە سەڵطەنەتی عوثمانیی،‌‌ بۆ خوێندن، بۆ پاریس، ناردبوویانی ، بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی nation-state ، لای ئه‌مانه‌وه،‌ کۆپی و په‌یست ده‌کرا، سەرەنجامیش بۆ ناوچەکەیان هێنایەوە.

سێیەم :

جگە لە به‌شێک له‌ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی خەلافەتی عوثمانییەکاندا مابووه‌وه‌، زۆربەی جیۆگرافیای جیهانی ئیسلامیی لەلایەن فڕانس، بریتانیا و روسه‌کانه‌وه‌ داگیرکرابوون. ئەو سێ هێزە جیهانییە، هانی ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی کورد ، تورک و عه‌ره‌بیان، له‌و ناوچانه‌دا ده‌دا که‌ خۆیان لە دەوڵەتی خه‌لافه‌ت و سه‌ڵطه‌نه‌تی عوثمانیی جیابکەنەوە. به‌واتایه‌کی تر، ناسیۆنالیزمیان له‌هه‌مبه‌ر ئایدیۆلۆژیای دینیی خه‌لافه‌تێکی نه‌خۆشدا، دەبزواند‌. دیاره‌ ناسیۆنالیزمی تورکیی، ده‌یویست له‌سه‌ر لاشه‌ی سه‌ڵطه‌نه‌تی عوثمانیی، کۆشکی ناسیۆنالیزمی پانتورکیی هەڵچنێت. نه‌ته‌وه‌ و گرووپه‌کانی تر، له‌ژێر ره‌شماڵی ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و تاڕاده‌یه‌کیش پانتۆرانییدا، ئاوێزان بکات، یه‌قیان بکاته‌وه‌ و دایانبڕێت و و ئه‌سیمیله‌یشنیان assimilation پێبکات.

چوارەم:

سیستەمی-پەروەردە( پێداگۆجی- pedagogy) و زانستخوازیی، هەمان سیستەمی پەروەردەی ئایینی ( حوجرەکانی مزگەوت) بووە، رێژەیه‌کی زۆرکه‌م لە خه‌ڵک، خوێنده‌وارییان هه‌بووه‌. ناسیۆنالیزمی دینیی و کولتووری ئاینیی خۆبه‌که‌مزان له‌به‌رامبه‌ر شه‌ریعه‌ت و جه‌به‌روتی ده‌سه‌ڵاتی ئیلاهیی( خه‌لافه‌ت) دا، به‌ته‌واویی به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی سیاسیی و ناسیۆنالیزمی کولتوورییدا زاڵ بووه‌.

بەنێو ئەو تەنگژە فیکریی، مەعریفیی، کولتووریی و سیاسییانەدا، پرۆسێسی دروستکردن و بیناکردنی ناسیونالیزمی تورکیی، عه‌ره‌بیی و کوردیی دەستیان پێکردووە. لەنێو خۆیاندا، یەکەمین هەنگاوی هەرکام لە ناسیۆنالیزمی ئه‌و سێ نەتەوەیە، نوسینەوە، داڕشتنەوەی مێژوو، دروستکردنی شانازیی، سەروەرکردنی مێژووی وه‌همیی، فەنتازیا و ئه‌فسانه‌تاشین بووە. لە سەرەتای سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی ئه‌و سێ نه‌ته‌وه‌یەدا‌، دەبینین ئەو ئەرک و کارانەی، رێکخراو، کۆمەڵە و حیزبە سیاسییەکان پێی هەستاون، به‌ گێڕانەوەی مێژوو، نووسینەوە و داڕشتنەوەی مێژووی نەتەوەیی، دەستیان پێکردووە و زۆرترین کاری مێژووییشیان، دیاریکردنی رەچەڵەکی نەتەوەیی خۆیان و سەلماندنی خۆجیاکردنەوەی نەژادیی و رەگەزیی بووە. کورد، ئارییبوون- تورک،تۆرانییبوون و عەرەب، سامییبوون یان ئیسماعیلییبوونی خۆی زیندووکردووەتەوە.

لەبەر ئەوەی تورکە تۆرانییەکان دەبنە میراتگری سەڵطەنەتی عوثمانیی، جگە لە خۆجیاکردنەوە مێژوویی و نه‌ژادییه‌که‌ی لە کورد و عەرەب ، وەکو دوو نەتەوەی دژ بە عوثمانیی و میراتگرەکانی، کورد و عەرەب، دوور لە ئیرادەی سیاسیی، بە زەبری مێژوویەکی کاتیی، ناراستەخۆ دەبنە هاوپەیمانی یەکتریی و کاریگەریی به‌رچاوی فیکر و مانیفێستی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە( القومیة العربیة) و عوروبە بەسەر پەیدابوونی فیکری کوردایەتییەوە دەبێت.

لێره‌وه‌یه‌ که‌ ناسیۆنالیزمی کوردیی به‌ ڤێرژنی کوردایه‌تیی، له‌باری زمانیی، فیکریی، کولتووریی، مێژوویی و سیاسییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌باری مۆڕاڵیی و به‌های مرۆییشه‌وه‌، وەکو وەرگێرانی دەستەواژەی عەرەبییە و عوروبەی عه‌ره‌بیی(العربیة- ئه‌لعروبه‌- العروبة یان عروبه‌ت) ، داهێنەرانی چه‌مکی “کوردایەتیی” لەسەرەتادا، کوردییەت( الکردیة- به‌ چه‌مکه‌ کلاسیکییه‌که‌” کوردیه‌ت”) لەسەر وەزنی العربیة- عەرەبییەت، بەکارده‌هێنن و بەتەواویی وەکو دەستەخوشکی فیکریی، سیاسیی و کولتووریی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی( القومیة العربیة و ڤێرژنی عوروبە)، لە کایەیەکی زۆر رەزیلی فیکریی و کولتوورییدا، فاشیزمی عوروبە، لە ڤێرژنی کورداییەتییدا( کوردییەت) مۆدیفاید دەکات.

پاشتر بۆ لابردنی مه‌غزا عەرەبییەکە و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ وه‌زن و قافیه‌ی مێنتاڵیتیی شیعریی ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ ئه‌فه‌ندییه(الافندية)ی له‌سه‌رده‌می بزوتنه‌وه‌ ئه‌فه‌ندییه‌کانی تورکیای عوثمانیی و میصر و ناوچه‌که‌دا گه‌شه‌ی کردووه‌‌(زعماء وأفندية . د. سيار الجميل . عمان، 1999)، ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە دوای سەردەمی شێخ مەحمودەوە و پێش پەیدابوونی کاژیک، چەمکێکی تر دادەهێنن. کوردییه‌ت( کوردیەت، بە رێنووسی کۆن) له‌ژێر گه‌شه‌ی زمانی کوردییدا ده‌گونجێنن و چه‌مکی سەقەتی کوردایەتیی( کوردایەتی، بە رێنووسی کۆن) وەکو چەمکێکی نوێ، له‌ رووی سیاسیی، زمانه‌وانیی و فیکرییه‌وه‌، به‌سه‌ر تێکستی داماوی کوردییدا، دەسەپێنرێت‌. ئەوەی کە زۆر جێگەی ئەفسووس و داخی فیکرییە، تا ئێستاش، بەشێکی زۆر لە ئەکادیمیست و نووسەرانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی بڕیارە پسپۆری ناسیۆنالیزم بەگشتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەتایبەتیی بن، وەک زالوو ئەم فاشیزمە کولتوورییەی عوروبەیان، بە ڤێرژنی کوردایەتیی، لە مەڵاشوو چەقیوە و زۆر بێباکانە و نافیکرییانە، دەیمڵچێننەوە.
.

کوردایەتیی : سەرگەردانیی فیکریی، سیاسیی و جیۆگرافیی

کورتەیەکی ثیۆریی لەسەر ناسیۆنالیزم

لە ئەدەبیاتی سیاسیی، فیکریی و کولتووریی کورددا، زۆرجار بە نەزانیی یان بە ئاگایی، چەمکەکانی ناسیۆنالیزم و نیشتمانییەتیی(نیشتمانێتیی- پاتریۆتیزم) تێکەڵ دەکرێن. هەرچەندە مەغزای سیاسیی و فیکریی ئەو دوو چەمکە زۆر جیاوازن، بەڵام لەهەندێ رەهەنددا، تێکەڵیشیان هەیە. ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا گەیشتن بە سەردەمی گڵۆباڵیزەیشن، ئاڵوگۆڕی ریشەییان بەسەردا هاتووە.

بۆ نموونە، لەسەردەمی پۆست هۆڵۆکست و سەرەتای توندبوونەوەی جەنگی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمێریکا، دەیان سکۆلار و کەسایەتیی بوارە جیاوازەکان، لەچەشنی هانا ئارێنت، ئاینشتاین، هێڵین کاڵدیکۆت(ئوسترالیا)، نووسەری بریتانیی، صامۆئێل جۆنسۆن، بە نەخۆشییەکی پیس، نەفرەت، دەرزیی بۆ کوشتنی مرۆڤایەتیی، دیوە شاراوەکەی تری ناسیۆنالیزم، فەزیڵەتی شەڕ بەناوی نیشتمانەوە، مەئوای ئەحمەقەکان… زۆرشتی تر، وەسفی پاتریۆتیزمیان کردووە.

دیارە ناسیۆنالیزم، زۆر خراپتر، لەلایەن زۆرینەی سکۆلار و ئینتێلێكچواڵ و موفەکیرەکانەوە بەر رەخنە دراوە. هاوکات، خوێندنەوەی سەرەطانی ناسیۆنالیزم، بەو چەمکە کلاسیکیی و توێژینەوە کۆنانەی سەردەمی مارکس، وێبەر و دۆرکهایمیش، بۆ سەردەمی ئێستا، کەموکوڕیی زۆری پێوە دیارە.

لە بەرامبەریشدا، ماک-کرۆنMaCrone ، لە کتێبێ “سۆسیۆلۆجیای ناسیۆنالیزم”دا پێیوایە، وێڕای ئەو راستییەی کە سۆسیۆلۆجیا ثیۆرییەکی نوێی لەسەر ناسیۆنالیزم دانەهێناوە، بەڵام بۆ خوێندنەوەی وردی مانیفێستی ناسیۆنالیزم، دەکرێ هەرەوەزیی هەریەکە لە سۆسیۆلۆجیا، ئەنثرۆپۆڵۆجیای کۆمەڵایەتیی، سیاسەت و مێژوو لە دیسکۆرسی لێکدانەوەکان لەسەر ناسیۆنالیزم بەگشتیی، بەتایبەتییش لە ناسیۆنالیزمی کلاسیکەوە بۆ نیۆناسیۆنالیزم، ئاوێزان بکرێت( McCrone 1980). چۆن ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم ئاڵوگۆڕی ریشەییان بەسەردا هاتووە، فیکر و خوێندنەوەیشیان بەراورد بە سیی بۆ چل ساڵ لەمەوبەر، ئاڵوگۆڕی زۆر یەکلاکەرەوەیان بەسەردا هاتووە؟

بە ئەهریمەنکردنی پاتریۆتۆیزم، لەلایەن زۆرێک لە ئەکادیمیست و ئینتێلێكچواڵە جیهانییەکانەوە، مافی خۆیان بووە و ئارگیومێنتی وردیشیان بۆی هەبووە. ئەو رەخنەکردنەی پاتریۆتیزم بۆ ئەو دەرهاویشتە دەگەڕێتەوە کە فاشیزم و نازیزم، بەسەر مرۆڤایەتییاندا هێنا و ستالینیزمیش لە سیستەمی تۆتالیتاریانی totalitarian کۆمۆنیزمدا ئەوەندەی تر، مرۆڤایەتیی لە خوێندا گەوزاند. ماوەی سێ بۆ چوار دەیەیە، بەتەواویی چەمکی نیشتمانییەتیی(نیشتمانییبوون یان کەسی نیشتمانیی) ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەسەر کۆنتێکست و تەوزیفکردنیدا هاتووە. لە گڵۆباڵیزەیشندا، بۆ کۆکردنەوەی یەک قەوارە لە قەڵافەتی نیشتماندا، وڵاتی فرە کولتوور، فرە نەژاد، فرە دین، فرە زمان، فرە رەنگپێستی مرۆڤەکان و فرە بەرژەوەندیی ئابووریی، دروست بوون.

بەواتایەکی تر، گەل و وڵاتی ناسیۆنالیستیی نا، بەڵكو گەل و وڵاتی نیشتمانییان، لەسەر چەمک و کۆنتێکستی هاووڵاتییبوون، پێکەوە ناوە. لە زۆر شوێنی جیهاندا، ناسیۆنالیزم، قێزەونتر دەبێ و پاتریۆتیزم، تۆلێرانس و پێکەوەگونجان جێگەی دەگرنەوە. ئەمە بۆ هەردوو ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و تورکییش راستیی تێدایە. بەهەمان میثۆدیش، ناسیۆنالیزمی کوردییش( بەتایبەتیی کوردایەتیی) لەو پەڕی ناشیرینیی و رەزاگرانیی خۆیدایە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کەم کەس دەوێرێت، دەست بۆ ناشیرینییەکانی ئەم دیۆە دێزە بەرێت.

بۆ ئێستای دۆخی سیاسیی کورد، بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، بەدەردی کورد و کێشە سیاسییەکەی ناخوات. ناکرێت لەیەک کاتدا ناسیۆنالیست و پاتریۆتیست بیت. ئەم دوو فاقییە سیاسیی و فیکرییە، ئەم کۆنترادیکتە مۆراڵییە، لای زۆربەی سیاسیی و نووسەرانی کورد، برەوی هەیە. ئەگەر دیگۆلانەش بیر لەم دووانە بکرێتەوە، ئەوە ناسیۆنالیزم بەسانایی ئەوە دەگەیەنێت کە نەتەوەکەی خۆت خۆش دەوێ و رقێکی شاراوە یان “دیار”ت لە ئێثنیک، نەتەوە، گرووپ و جڤاکەکانی ترە. لەکاتێکدا نیشتمانییبوون،تاک تاکی خەڵکی وڵاتەکەت، نیشتمانەکەت یان قەوارەکەت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایدێنتیتیی نەتەوەیی، ئێثنیکیی و دینییان، خۆش دەوێن.

بەرگریی کۆبانێ و ستراتیژی ئەو حیزبانەی رابەرایەتیی ئەو خۆڕاگرییە مەزنەیان لەهەمبەر داعشدا کرد، ناسیۆنالیزم نەبوو، بەڵکو پرۆژەی کوردبوون و روئیای نیشتمانیی و تۆلێرانسی پێکەوەژیان بوو. لە هەموو مێژووی کورددا، ناسیۆنالیزم، جگە لە فیاسکۆ، جگە لە هەرەس و جگە لە زوخاوی فیکریی و کولتووریی، شتێکی تری بۆ کورد بەرهەم نەهێناوە! کاتی ئەوە هاتووە، وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی نەفرەتلێکراو، بە قەناعەتەوە، نووسەران و رۆشنبیرانی کورد، بۆگەنی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزم رابدەن و بیر لە ئاڵتەرناتیڤی نوێ بکەنەوە. بە باوەڕی ئەم نووسینە، ئەو ئاڵتەرناتیڤە، پاتریۆتیزمی لیبراڵ و مۆدێرنە.

دیارە کوردبوون( being Kurd)، بۆ خۆی دەردەداریی، لە بوارە جیاجیاکانی زمانیی، سیاسیی، فیکریی، مێژوویی و بایۆلۆژییدا هەیە. لایەنە بایۆلۆژیی، جیۆگرافیی و ئەنثرۆپۆڵۆجییەکەی، مرۆڤی کورد مەحکوم بە کوردبوون دەکات! هاوکات، عەرەببوون و فارسبوون و ئینگلیزبوونیش هەمان دەردەدارییان هەیە. بەواتایەکی تر، کوردبوون، زیاتر چەمکێکی داهێنراوی ئەو عەقڵییەتەیە کە ناسیۆنالیزم وەکو پەتایەکی ئایدیۆلۆژیی سەیر دەکات، بەڵام خۆی لە کێشە زمانیی، ئێثنیکیی و بایۆلۆژییەکانی کوردبوون دەدزێتەوە.

هەر بەڕاستیی، ئایا مەسخەرەیەکی سیاسیی و فیکریی دەرناچێ، لە ئەدەبیاتی کوردییدا، عەرەببوون، فارسبوون، صرببوون و کرواتبوون بنووسرێ؟ لەڕووی زانستییەوە، مرۆڤ بە کورد، عەرەب، فارس، تورک، ئینگلیز، ژاپۆنیی، ئیسپانیی و فڕانسیی دروست نەبووە. مرۆڤ، لەئەنجامی پەرەسەندنێکی مێژوویی دوور و درێژی دەیان میلیۆن ساڵییەوە دروست بووە. بەهۆی قەدەری جیۆگرافیا، کەشوهەوا، کولتوور، سروشتی گەشە و رەوی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە، ئێمەی مرۆڤی نوێ، ناسنامەی جودا، زمانی جودا و تەنانەت دینی جوداشمان، هەڵگرتووە.

بەم هەموو هەلاهەلاییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەشەوە، بەم دواکەوتنەی کورد لە لەشساغترین قۆناغەکانی چێکردنی دەوڵەتی نەتەوەییداNation-State کە هیچی بۆ بەدەست نەهات، هێشتا دەتوانێ دەردی کوردبوونەکەی خۆی، زمانەکەی خۆی و تەنانەت ئەو خاک و ئاوەی، بەشەرعییەتی ئاسمانیی و زەمینیی بە موڵکی خۆی دەزانێت، قەوارەیەکی تێدا دروست بکات، بەمەرجێک کە کورد و ئەو نەتەوە و ئێثنیک و دینە جیاوازانەی لەسەر هەر بەشێکی ئەم کوردستانە دەژیەن، خۆیان بە خاوەن ماڵ و بە هاوکار بزانن. هەموو ئەوانە، کاتێک عەقڵانییەتی تێدایە، ئەگەر تووشی تاعوونی( طاعون) فیکریی ناسیۆنالیزم نەبین، بەتایبەتییش ئایدیۆلۆژیای ” کوردایەتیی”، بە عەقڵماندا بڵاو نەبێتەوە.

ریتۆریکێکی ئایدیۆلۆژیی لەناو کورددا هەیە، گوایە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست و چەوساوە، Nationalism of the oppressed یان ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، لایەنە پۆزەتیڤەکەی ناسیۆنالیزمە، لەهەمبەر دیوە نێگەتیڤەکەی ناسیۆنالیزمی چەوسێنەراندا، یان داگیرکاراندا Nationalism of the oppressors . ئەم ریتۆریکە ئایدیۆلۆژییانە لە سەردەمی لۆکسێمبورگەوە Rosa Luxemburg لەناو ئەدەبیاتی کۆمۆنیست و چەپەکاندا دەگوترێ و دەنووسرێتەوە. کوردایەتییش، بەتایبەتیی لەسەردەمی کاژیکەوە، مۆبەڵایزی سیاسیی ئەم ریتۆریکە دەکات.

لێنین زۆر هەوڵیدا، ئەم گرێ کوێرە فیکرییەی بۆ ساغ نەکرایەوە. لێنین، ستالین وتڕۆتکسییش، بە ریتۆریکی ئەوەی کە ئەمە ئایدیۆلۆژیای سەرمایەدارییە، دەیانویست بە ئەدەبیاتی کلاسیکیی-مارکسیی، بە ئایدیۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیزم، بەرپەرچی بدەنەوە! ئەم تێڕوانینە ئایدیۆلۆژییەی لەناو ناسیۆنالیزمی کوردایەتییدا هەیە سەبارەت بەنەتەوەی سەردەست و بندەست، بنکڕی ئەو ئارگیومێنتە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانەن کە نزیکەی حەفتا بۆ صەد ساڵ لەمەوبەر، لەلایەن چەپەکانەوە،بەوپەڕی کۆڵەواریی و بێئاگایی لە فیکری ناسیۆنالیزم، کراون.

گەشەی ناسیۆنالیزم لەدوای عوثمانییەکانەوە

لە کاتی بەلوەرەپێکردنیCrystallization ناسیۆنالیزم لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، ناسیۆنالیزمی سیاسیی نەتەوەکانی تورک، عەرەب، کورد و ئەرمەن، لەگەڵ جیاکردنەوەی تایبەتمەندیی نەژادیی خۆیاندا، پێویستیان بە جیاکردنەوەی تێڕوانینی جیۆگرافیای سیاسیی و رەهەندی مێژوویی خۆیشیان هه‌بوو. گەڕانەوە بە مێژوودا تا دوورترین مەودای رابردووی رەچەڵەک و نەژادی خۆیان، جێوگرافیایەکی تایبەت بەفەنتازیای خۆیشیان وێنه‌کردبوو بۆ جێکردنەوەی ئەو یەکێتییە ناسیۆنالیزمە سیاسییە وەهمییەی دەیانویست بینای بکەن. لەو قۆناغە هەستیارەی مێژووی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەلایەک سیستەمی خەلافەت لە لێکترازاندایە و لەلایەکی دیکەوە کۆڵۆنیالیزمی بریتانیی، فڕانسیی و روسیی بە پێی نیاز و ئامانجەکانی خۆیان، پێشنیاری جیاواز و تایبەتی خۆیان، بۆ جێوگرافیا و ستراکتۆری سیاسیی ناوچەکە هەیە، پێکوڕەی ناسیۆنالیزمە جیاوازەکان، لەگەشەکردن و لەشەڕە قۆچدا بوون.

لەهەردوو رەهەندی مێژوویی و جیۆگرافییەوە، ناسیۆنالیزمی تورکیی، عه‌ره‌بیی و کوردیی، دووچاری بەریەککەوتنی فرەجەمسەر بوونەتەوە. ململانێکانیان جگە لە بەریەککەوتنیان له‌گه‌ڵ ئاییندا کە گەلان و میلله‌تانی عوثمانیی، تێکڕا ئوممەت– نەتەوەیەکی ئایینیی ئیسلامیی بوون، بەهەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، ئەو ئوممەت – نەتەوە ئیسلامییەشی پێوەهەڵوەشاوەتەوە کە قبوڵکردنی لە نێوەندە ئایینییەکانی گەلانی عوثمانییدا بەبێ رووبەڕووبوونەوە و بەیەکداشاخانی نێوان مه‌لا دینییه‌کان و مونه‌وه‌ره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به‌دی نه‌هاتووه.

دەوڵەتی عوثمانیی، هەموو پێکهاتەکانی وەک میلله‌تی جیاواز لەنێوخۆیدا قبوڵکردووە، بەڵام وەکو نەتەوە و ئێثنیک، هەریەکێک لەو گەلانەی لە ئوممەت – نەتەوەی ئیسلامدا کۆکردبووەوە و لەبری ئایدێنتیتیی( ناسنامە) نەتەوەیی، پێناسی ئایینیی- ئوممەتی عوثمانیی لە سەڵطەنەتدا بە باڵایاندا بڕیبوو. ئەو قبوڵکردنەی دەوڵەتی عوثمانیی بۆ قەوارەی ئێثنیکە جیاوازەکان (وەکو گەل و ئەقوام، نەک نەتەوە) دەگەڕێتەوە بۆ دیدی ئایینی ئیسلام کە خواوەند، گه‌ل و هۆزی جیاوازی دروست کردووە بۆ ئەوەی یەکدی بناسن ( انا جعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا)، بەڵام لە عیبادەتدا هەمووان، یەک نەتەوە – ئوممەتی یەکتاپەرستی سەر ئایینی ئیسلامن و خه‌لیفه‌ش، له ‌نه‌ژادی پانتۆراییه‌ تورکه‌کان ده‌بێت.

لە دۆخە سیۆسیۆ/سیاسییەکەشداsocio-political ، جیابوونەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی لە تورکیی و کوردیی لە هەردووکیان، وێڕای گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ کرۆکی نەژادیی و زمانیی، هاوکات، لە خەیاڵدانی نەتەوەیی خۆیاندا هەر یەک لە ناسیۆنالیزمی کوردیی، عوروبە و پانتۆرانیی ، فەنتازیای مێژوویی و جێۆگرافیای تایبەت بەخۆیان فۆرمۆڵە دەکرد. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەبوون کە بتوانن تەواوی بینای موناجات و تەجەلا نەتەوەییەکانیانی تێدا رۆبنێن.

جیۆگرافیا و مێژووی کور، لە کوردایەتییدا

دروشمی عاطیفییانەی کوردایەتیی لە ئاست جیۆگرافیادا( یان کوردستان یان نەمان )، زەمینێکە درێژکراوەی رووبەری مێژوویی و جیۆگرافیای ماد و میزۆپۆتامیایە. لەنێوان هەر چوار دەریای خەزەر، رەش، ناوەڕاست و کەنداوی پارسدایە. ئەم نەخشە جیۆگرافیی و مێژووییەی کوردایەتیی که‌ لە زیهنی خۆیدا بەردەوام نۆژه‌نی دەکاتەوە، وەک کوردستانی گەورە و چوار پارچەی کوردستانی یەکگرتوو، بێ پسانه‌وه‌، رۆمانسییانە لە خەیاڵی خۆیدا لەچاپی دەداتەوە.

له‌ کاتێکدا، بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، ده‌سه‌ڵاتێک، قه‌واره‌یه‌ک و جیۆگرافیایه‌کی سیاسیی نەبووە بەو سنووره‌ جیۆگرافیا سیاسییه وه‌همییه‌‌ی رێبازی کوردایه‌تیی، پێوه‌ی سه‌رقاڵ بووه‌ . نە مێژوو و نە جیۆگرافیایەکی وەها لە واقیعیدا بوونیان نەبووە، تا جارێکی دیکە نەتەوەی کورد، بەو شەقار شەقارە سیاسیی، جیۆگرافیی و کولتوورییەوە، بەپێی رێباز و مانیفێستی کوردایەتیی ئەنجامی بداتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیمپراطۆریا وەهمییە و سەرەنجامیش عاطیفەی بەسۆز و کەفوکوڵی گەرمی خۆی تێدا فێنک بکاتەوە.

بەستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەو رابردووە وه‌همییە نەسەلمێنراو و پەککەوتانەوه‌، قەتیسکردنی بیری نەتەوەیی لەو فۆرمە بەرتەسکە بێ فیکرەدا، هۆکاری سەرەکی پێنەگەیشتن و باڵانەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە لە رەهەندە فیکریی و کولتوورییەکاندا. ئەم ناسیۆنالیزمە ئەوەندەی لەناو شیعر و بەیاننامەی حەماسییدا، پاڵی لێداوەتەوە، ئەوەندەی وڕێنەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی دۆکترینەکەی بە رابردوویەکی نەبووەوە، بە سەروەرییەکی ئەفسانەیی و بە جیۆگرافیایەکی وەهمییەوە، دەبەستێتەوە، “یەک لەسەر دە”ش، لەهەوڵی ئەوەدا نەبووە ناسیۆنالیزمی کوردیی و دۆخی کولتووریی، فەرهەنگیی و بایۆلۆژیی کوردبوون( بایۆلۆژیا، وەک قەدەری کوردبوون) و ئەنثرۆپۆڵۆجیای( کوردبوون، مێژووی کورد، کولولتوور و زمانی کوردیی، سەرەنجامیش ئینسانی کورد) بخاتە پرۆژەی داهاتووەوە و مرۆڤی “کورد” و ئومێدی سیاسیی، لەنێوان ئەفسانەکانی رابردوو و خواستەکانی داهاتوودا، بەبەردەوامیی، توشی حەپەسان، دەم داچەقان، واقوڕمانی فیکریی و سیاسیی و کولتووریی کردووە!

جێۆگرافیا و مێژووی عەرەب لە عوروبەدا

دروشمی جیۆگرافیی عوروبە و عەرەبییەت( العربیة) و فه‌نتازیا مێژووییەکەی ‌( ئومە عەرەبییە واحیدە- امة عربیة واحدة ) یە، لە کەنداوی پارس ( فارس) و عێراقەوە تا خۆرهەڵاتی ئۆقیانوسی ئەتڵانتیک لە مەغریبی عەرەبیی، دەگرێتەوە. عەرەبە قەومچییەکان لەهیچ سەردەم و مێژوویەکدا، جیۆگرافیا و نیشتمانێکی یەکگرتووی لەو شێوەیەیان نەبووه‌ کە لەدروشمی عوروبەدا، بانگەوازی دووبارە دروستکردنەوەیان دەکرد. نەتەوەی عەرەب کە بناغه‌ی ئیمتیدادی ئوممەتی ئیسلامییە و بەتایبەتییش، خەلافەتی ئەمەوییە عەرەب نەژادەکان، تەنانەت لەسەردەمی بەهێزترین خه‌لافه‌تیشدا ( عەباسییەکان ) نەخشەیەکی ئەوەندە فراوانی نەتەوەییان نەبووە. نەتەوەیەکی ئایینیی پارچە-پارچە بوون لەنێوان خەلافەتی ئەمەویی، عەباسیی، فاطیمیی و ئەندەلوسییەکاندا، خەریکی غەزەواتی دینیی و غەزوبەزی رابواردن، بوون.

دەیان ساڵەی بانگەوازی رێبازی عوروبە جگە لە پەرتکردن و لەتکردنی جیهانی عەرەبیی، جگە لە داڕزاندنی تاک تاکی جیهانی عەرەب و بەبادابردنی خەونی گەنجانەی چەندین نەوەی عەرەب، نەیتوانیوە کەمترین ئامانج لە دروشمەکەیان (ذات رسالة خالدة ) به‌دیبهێنێت! له‌ڕاستییدا، به‌شێکی زۆری ئه‌و خاک و جیۆگرافیا سیاسییانه‌ی کە رێبازی عوروبه‌ به‌ “نیشتمانی عه‌ره‌ب”ی ده‌زانێت، هەژموونی باڵادەستیی عه‌ره‌ب به‌هۆی داگیرکارییه‌وه‌‌ له‌ڕێی دیینی ئیسلامه‌وه‌، داگیری کردووە. جیۆگرافیا و قه‌واره‌ سیاسییه‌کانی میزۆپۆتامیا، شام و باکووری ئەفریقا و زۆر شوێنی تریان به‌ر هێرش داوه و زمانی عه‌ره‌بیی، کولتووری عه‌ره‌بیی و دیینی ئیسلامیان به‌ تۆبزیی سه‌پاندووه‌‌. پرۆژەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و عوروبە، فاشیلترین پرۆژە بوو کە ویستی ئەمجادی خەلافەت، بە ڤێرژنی ناسیۆنالیزم، لەدوای داڕزینی خەلافەتی عوثمانییەوە، دەمەزەرد بکاتەوە.

جیۆگرافیا و مێژووی پانتورکیزم لە تۆرانییەتدا

تۆرانیزم لە رێگەی تەتەر و تورک-نەژادەکانی نێو ئیمپراطۆریای روسیا و ئۆراسیاوە سەرهەڵدەدات. دواتر، تورکەکانی نێو ئیتیحاد و تەرەقیی و یەنی تورکیا وەک مانیفێستی پانتۆرانیزم، تیژی دەکەنەوە. دروشمی جیۆگرافیای تۆرانییەت لە گردۆڵکەکانی ئاسیای ناوەڕاست (مەغۆلستان) ەوە دەستپێدەکات تا رۆژهەڵاتی باڵکان، دەگرێتەوە. لەدیدی تۆرانییەتەوە ئەمە زەمینی مێژووی تورک نەژادەکانە. هەر شوێنێک لە رێگەی هەڵمەتەکانی پێش و پاش جەنگیزخان، چەتەیی و راوڕووتی هۆزە مەنغۆلییەکانی( مەنگۆلییەکان) پێگەیشتبێت، ئەو شوێنانە، بە نیشتمانی تۆرانییەکان، ئەژمارد دەکەن. لە کۆنگرەی سالۆنیکی ئیتحاد و تەرەقیی، لە 1911 دا، ئەندامە تۆرانییەکان، نێوان هێڵی درێژی 26 – 46 ی گۆی زەوییان بە جیۆگرافیای پانتۆرانیزم دەستنیشان کرد. هەموو گەلانی دیکەی “نا-تورک”ی نێوان ئەو هێڵەیان بە داگیرکار و دژە تورک ناساندووە.

تاوانی پاکتاوی نەژادیی، جێنۆسایدی ئەرمەن و قەتڵوعامی ناوبەناوی ئێزیدیییەکان( بەهۆی نۆکەرایەتیی بەشێک لە کوردەکانەوە)، بە هۆی نەخۆشییە لووتبەرزییەکانی پانتۆرانیزمەوە، پاساوی بۆ داگیرکاریی و دیدە جیۆگرافیی و مێژووییەکەی دەهێنایەوە. سەرهەڵدانی زانست و لێکۆڵینەوە مێژوویی، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکانی وەکو ئەنثرۆپۆڵۆجیا، ئێثنۆگرافیا و سۆسیۆلۆجیا لە ئەوروپادا، هاندەرێکی ناڕاستەوخۆبوون بۆ بەڵگەهێنانەوەی لایەنگرانی رێبازی پانتۆرانیی و دروستکردنی پاڵپشتی مێژوویی، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکەیان.

لەکۆتایی صەدەی نۆزدەیەمدا لێکۆڵەرەوە ئەوروپییەکان لەکاتی گەڕان بەدوای ریشە و “نەژاد”ی نەتەوەکانی ئەوروپادا، بەڵگەیەکی زێرینیان بە تۆرانیزم بەخشی. بەڵگەکە ئەوەبوو کە گەلانی چواردەوری دەریای رەش لە نەژادی ئەو هۆنیانەن لەصەدەی سێیەمەوە لە باکووری چینەوە تا هەنگاریا، درێژبوونەتەوە. ئەمەش بۆ تۆرانییەکان ئەو جیۆگرافیا وەهمییە دەگرێتەوە کە رێبازی تۆرانیی وەکو سیمبۆڵی ئیمپراطۆریاری گەورەی تورک- نەژاد، نیشانە کردبوو.

وه‌ک دیدی مێژوویی و زمانناسیی، وه‌ک تێڕوانینی ئه‌نثرۆپۆڵۆجی و کولتووریی بۆ نه‌ته‌وه‌ تۆرانییه‌کان و زمانه‌ تۆرانییه‌کان، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ بگوترێ، خه‌ڵکانی تۆرانیی له ئۆراسیادا ده‌ژیا‌ن. له‌ ‌ ژاپۆن-کۆریا و مه‌نغۆلیاوه‌، به‌ناوه‌ڕاستی ئاسیادا، تا ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا( فینییه‌کان Finnic و صربه‌کان) تا به‌ تورکیای ئێستا ده‌گات، ده‌گرێته‌وه‌. لێره‌دا که‌ پانتۆرانیزم به‌کار ده‌هێنرێت، مه‌به‌ست له‌ کاره‌ زمانناسییه‌کانی زمانناسی فینله‌ندیی ماتیاس کاسترێن Matthias Castrén نییه‌ که‌ یه‌که‌مین جار ئه‌و ئه‌م چه‌مکه‌ی داهێناوه‌، به‌ڵکو پانتۆرانیزم، ئایدیۆلۆژیا سیاسییه‌که‌یه‌ که‌ چه‌مکه‌ زمانییه‌کانی ئه‌وی تەوظیفکردووه‌.

دروشمی من تورکم، سەربڵندم، فیز لێدەدات بەسەر هەموو نه‌ژاد و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا کە تورکایەتیی بە باڵاترین گەلی دونیا، وێنه‌ دەکات. هەروەک هەردوو رێبازی کوردایەتیی و عوروبەیش ، نەتوانیویانه‌ هاوشێوەی ئەو یەکێتییە وه‌همییه‌ نەتەوەییەی تۆرانییەکان،( نەتەوەی گەورەی کورد و نەتەوەی مەزنی عەرەب) به‌دیبهێنن، نە لەمێژوویشدا گەلانی بە ڕەچەڵەک تۆرانیی، یەكێتییەکی جیۆگرافیی، کولتووریی، زمانیی و نه‌ته‌وه‌یی هە‌بووه‌ کە رێبازی تۆرانییەت و پانتۆرانیزم وەک دروشم و فه‌نتازیای سیاسیی، هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی بۆ بدەن. ئەم دەردە ئایدیۆلۆژییە و ئەم تاعوونە فیکرییەی عروبەو پانتۆرانیزم، دەرد و تاعوونی کوردایەتییشە و هەمان خەونی سیاسیی بە کوردستانی گەورەوە! لە فۆرمی جیاجیادا دەبینێت.

تۆرانیزم و پانتورکیی، ویستیان، لاسایی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیی بکەنەوە. عوروبە، ویستی لە ناسیۆنالیزمی تورکیی و ئەوروپییەوە، ئایدیۆلۆژیایەکی تر کۆپی بکاتەوە. کوردایەتییش، لاسایی کوێرانەی هەردووکیانی کردەوە. دوای نزیکەی یەک صەدەی تەواو بەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، وێرانەی سیاسیی، کولتووریی و فیکرییش ئەوەیە، لەو ماوە دوور و درێژەدا، جگە لە سەرگەردانیی فیکریی، سیاسیی و کولتووریی، ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردایەتیی، نەیتوانیوە، فڕوجاوێکی فیکریی، بۆ سەر سفرەی ناسیۆنالیزم بەگشتیی و سفرەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەتایبەتیی، ئامادە بکات!

بێ فیکریی و بێ تێکستیی کوردایەتیی

– پرینسیپەکانی ویڵسن و WWI :
جەنگی جیهانیی یەکەم، وێڕای ئەوەی کە جەنگی هەژموونی ئابووریی و سیاسیی نێوان زلهێزەکان بوو، هاوکات جەنگی دروستبوونی نەتەوەکانی جیهانی نوێی پاش شۆرشی فڕانسەش بوو. لەثیۆرییە ستراتیژییەکانی کلاوسڤیتسەوە Clausewitz، جەنگ، شێوازێکی شەرەفمەندانەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان گەلانی ئەوروپا و نەتەوە تازە پێکهاتووەکانی، بووە. تا جەنگی جیهانیی دووەمیش، لە رەهەندە ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتییدا، جەنگ جۆرێک بوو لە شکۆمەندیی نەتەوەکان کە لە ئێستادا پێچەوانەکەی ( ئاشتیی )، رەهەندێکی ئەخلاقیی مرۆڤایەتییە.

لەچوارساڵی ئەو جەنگەدا، نەتەوەکانی ئەوروپا و جیهان، “فیکر”ی نەتەوەییان لە قۆناغی ثیۆرییەوە بۆ دروستکردنی فۆرمی جیۆگرافیی و فۆرمۆڵەبوونی نەتەوە بە پراکتیک، گۆڕی. “وودرۆ ویڵسن Woodrow Wilson” ی سەرۆکی ئەمێریکا 1913- 1921 لە کۆتایی جەنگدا، پرۆژەی ئاشتیی جیهانیی، لەچواردە خاڵدا، پێشکەش بە کۆنگرەی پاریس کرد کە بە پرینسیپی ئاشتیی ویڵسن ناسرا. لە خاڵەکانی نۆیەم تا چواردەیەمی ئەو پرینسیپەدا، لەسەر بنەمای مێژوویی و نەژادیی گەلانی نێو ئیمپراطۆریای عوثمانیی و بەشێک لە ناوچەکانی باڵکان، هانی مافی چارەی خۆنووسی گەلانی جیهان دەدات.

پرینسیپەکانی ویڵسن، لە جیهاندا، وەرچەرخانی گەورەی فۆرمۆڵەبوونی نەتەوەیی بوو. لە خاڵی دوازدەدا، داوادەکرێت، هەموو نەتەوە ناتورکەکانی تورکیا، مافی چارەی خۆ- نووسیانself-determination ( نەک چارەنووس کە بە مانای قەدەر- Fate دێت) هەبێت. لێرەوە، ناسیۆنالیزم و نەژادپەرستیی، برەوی زیاتری پەیداکرد. لە ئیتاڵیا، فیکری فاشیزم، وەکو بزوتنەوەیەک بۆ زیندووکردنەوەی زەویی و شکۆمەندییەکانی رۆما، بڵاوبووەوە. لە ئاڵمانیاش نازییەکان لە نەژادی ئارییەوە، دەیانویست، رەوایی، بە ئاڵمانییکردنی زۆرترین سەرزەمینی ئەوروپا، بدەن .

دوو خاڵی گرینگ لە پرینسیپەکەی ویڵسندا:-

یەکەمیان: مافی چارەی خۆنووسە کە لە خاڵی پێنجەم، شەشەم، نۆیەم و دەیەمدا جەختی لێکراوەتەوە کە دەبێت گەلانی جیهان، سەربەخۆ و ئازادبن.
دووەمیان : سەلماندنی “ئایدێنتیتی”ی نەتەوەییە لە رێگەی بەڵگەی مێژوویی، زمانیی و کولتووریەوە. بۆ ئەوەی گەلێک مافی چارەی خۆنووسی هەبێت، دەبێت، فۆرمی “نەتەوە”ی هەبێت. ئەگەر نەتەوەش بێت، دەبێت بەڵگە مێژوویی، زمانیی، ئێثنیکیی و کولتوورییەکانی، بکرێنە پێوەر، بۆ نەتەوەبوون، تا کۆمەڵەی گەلان، پەسەندی بکات.

لەو دوو خاڵەوە، هەموو نەتەوە بەشداربووەکانی کۆنگرەی پاریس، کەوتنە ئامادەکردنی ئەو بەڵگە مێژووییانەی، بەهۆیەوە دەتوانن، مافی چارەی خۆنووسیان بسەلمێنن و دەوڵەتی خۆیانی، پێ دابمەزرێنن. هەروەها سنووری جیۆگرافیی دەوڵەتەکانیانی پێ دەستنیشان بکەن. کۆنگرەکە، لە شوباتی 1919 تا سەرەتای 1920 درێژەی کێشا. نوێنەری کورد، شەریف پاشای خەندان (ئەندامی پێشووی ئیتیحاد و تەرەقیی و دامەزرێنەری کۆمەڵەی تەعالیی و تەرەقیی کوردیی- تعالی کرد و ترقی جمعیتی ) لە راپۆرتەکەیدا، بەڵگە مێژوویی و جیۆگرافییەکانی نەتەوەی کورد، لە بەردەم کۆنگرە، هەڵدەڕێژێت. لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان، مافی کورد دەخەنە بەندەکانی 62,63,64 ی پەیمانی سیڤەرەوە.

پاشتر، لەژێر هەژموونی کەمالیزمدا، لە کۆنفرانسی لۆزان 1923، دان بە بەڵگە مێژوویی و جیۆگرافییەکانی گەلی کورددا نانێن و مافی چارەی خۆنووسی کورد، لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا، پشتگوێ دەخەن. لێرەوە بە کردەوە، رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی، تووشی سەرگەردانی فیکریی و سیاسیی دەبن و تا ئەم ساتەش، ناسیۆنالیزمی کوردیی، جگە لە کۆمەڵێ هەوڵی زۆر بچووک و سەرپێییانە، وەکو فیکر و ثیۆریی، وەکو سیاسەت و عەقڵانییەت، مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، بەڵکو وەکو موناجات، پاڕانەوە، لاڵانەوە، قوڕپێوان، شیعرنووسین و رقبوونەوە لە نەژادی تورک، عەرەب و فارس، مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

کورد، پێش ئەوەی رەخنە بگرێت، لە هێزە کۆڵۆنیالیستەکان و ئەو دەوڵەتانە بگرێ کە پارچەکانیان بەسەردا دابەشکراوە، پێویستە رەخنە لە رائیدەکانی ناسیۆنالیزم و لە سەرجەم ئەو ناسیۆنالیزمە بەتاڵ، رەجاڵ و رووتە بگرێ بە درێژایی مێژوو، لە ئەوجی خۆیدا، بێ تێکست و بێ فیکر بووە و تەنیا فاشیزمی”کاژیک” و فاشیزمی کوردایەتیی، بەرهەم هێناوە. لەم ئاقارەیشەوە، هەر کەسێک بیەوێ توێژینەوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی بکات و پشت بە زمانی کوردیی ببەستێ، دەرگیری بێ تێکستیی و بێ فیکریی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەبێتەوە، هاوکات، رووبەڕووی دەیان خەرمان لە شیعر، جوێندان بە نەژاد و نەتەوەکانی تر، کەفوکوڵی حەماسیی و نەژادیی دەبێتەوە کە بەشێکیان تەڕەشوعی فاشیزمەکەیان، تا ئێستاش وشک نەبووەتەوە.

لە ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ حیزبی هیوا :

رۆشنبیرە کوردەکانی نێو ئیتیحاد و تەرەقیی، یان ئەوانەی دەرەوەی ئه‌و رێکخراوه‌، گرفتێکی گەورەیان هەبووە لە چۆنییه‌تی گرێدانەوەی مێژوو بە مانیفێستی نەتەوەیی کوردەوە؟ گرفتەکانی ئەوسای ناسیۆنالیزمی کوردیی و تەنانەت ئێستایش، زیاتر گرفتی فیکریی،مەعریفیی و کولتوورییە، پێش ئەوەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بن. هەر لەسەرەتاوە دەرکیان بەوە کردبوو کە کوردبوون وەکو نەتەوە ، تەنیا بە زمان و نیشتمان نایەتە دی، دەبێت پشتگیریی بەڵگەی مێژووییان هەبێت، بەڵام بەهۆی هەژاریی فیکریی، نەبوونی تێکست و دۆکیومێنتی مێژوویی و سەرەنجامیش بەهۆی داماویی ثیۆرییەوە، ئەمەیان بۆ ساغ نەکرایەوە.

ژمارەکانی گۆڤاری “رۆژی کورد- روز کرد ” ١٩١٣ ی کۆمەڵەی هێڤیی، بە ئاشکرا باسیان لە گرفتەکانی نەبوونی بەڵگەی مێژوویی کردووە کە عەبدوڵا جەودەت لە ژمارە “١”ی گۆڤارەکەدا دەڵێت” ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیەین، نەتەوەکان دروست دەبن، مێژووی سەربەخۆی هەر گەلێک، نەتەوەکەی دروست دەکات. بەتەنیا شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسیی بەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە بڵێین مێژوویەکی قووڵ و پتەومان هەیە”( في مجلة روز كرد 1913 : مقدمة، جمال خزنەدار – بغداد سنة 1981).
لە گەڵ دروستبوونی کۆمەڵە و حیزبی سیاسیی کوردییدا، لە سەرەتای صەدەی بیستەم و کۆتایی سەڵطەنەتی عوثمانیی و دوای دابەشکردنەوەی کوردستان، کوردەکانیش کەوتنە نووسینەوەی مێژووی خۆیان، ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبیی، عەلائەدین سەجادیی ، کۆمەڵە کوردییەکان و بڵاوکراوە کوردییەکان، زۆرترین بایەخی سەرەکییان بە دروستکردنی ئەو مێژووە دەدا. ئەم نووسەر و مێژوونووسانە، بایۆگرافیای مێژووی کوردیان، هەڵتەکاندووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، لێکدانەوەی فیکریی و ثیۆریی لەسەر ئەو مێژووە، زۆر بە کەمییش نەکراوە و بچووکترین کاونتەر( پێچەوانە) ئارگیومێنتی جیاواز، لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی نەکراوە.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا و جیهاندا، کڵپەی کرد. فاشیزم لە ئەوروپا، لە چەمک و کۆنتێکست و مەغزی نوێدا، ناسیۆنالیزمی ثیۆرایز کردەوە. فاشیزم، ناسیۆنالیزمی لە سێ فاکتی ئایینی و ئایدیۆلۆژیی و نەژادییدا فۆرمۆڵە کردەوە. لە ئایینەوە، سۆفیزمی نەتەوەییان داهێنابوو کە خاچی مەسیحییەت، سیمبۆڵیان بوو. هاوکات بیری نەتەوەییان بە باوەڕە ئایینیەکانەوە بەستەوە. لە کڵاوڕۆژنەی ئایدیۆلۆژیاشەوە، سۆشیالیزمی نەتەوەییان پەیڕەو( پێڕۆ) دەکرد. سەرەنجامیش، لە نەژادەوە، خۆیان وەکو رەچەڵەکی خاوێن، باڵادەستیی ئاریایی و رۆمیی، لە گەلانی تر جیا دەکردوە.

بەو پێوەرانە، فاشیزم، لە هەر فۆرم، مۆدێل و شوێنێکدا دروست بووبێت، مەگەر بە مۆراڵ و پراکتیکیدا بناسرێتەوە، چونکە فەلسەفەیەکی دیاریکراو و فیکرێکی جێگیری نییە. لەیەک کاتدا ئایینزا و مارکسیی، راست و چەپ، ئیسلامیی و مەسیحیی، نەتەوەیی و نیشتمانیی، رادیکاڵ و مۆدێرنە… دەتوانێ بە هەموو شێوەیەک خۆی فۆرمۆڵە بکات. کاریگەریی فاشیزم بەسەر بیری نەتەوەیی و نەژادیی لە رۆژهەڵاتدا جگە لە لاساییکردنەوەکەی، هاوزەمان، لە هەمبەر کۆڵۆنیالیزمی بریتانیی و فڕانسییدا، بەرچەکرداری نێگەتیڤانە بوو. ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردییش، هەر لەسەرەتاوە بە بەرچەکرداریی و لاساییکردنەوە، لە زمان، فیکر و پراکتیکدا، بەچاولێکەریی لە عوروبە و فاشیزمی عەرەبیی، کەشکۆڵی خۆی بەشاندا داوە.

حیزبی هیوا لە کوردستاندا، لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا1938 دروست بووە. لەو کاتانەدا هەموو جیهان، بەسەر سێ ئۆردووی کۆمۆنیستیی{ یەکییەتی( یەکێتیی) سۆڤێت}، لەلایەک، هاوکات بەرەی فاشیزم، نازییەکانی ئیتاڵیا و ئاڵمانیا، لەلایەکی ترەوە، لەگەڵ بەرەی لیبڕالەکانی بریتانیا و فڕانس، دابەش بووبوون. ئەم سێ جەمسەرە ناکۆکەی جەنگی جیهانیی دووەمیان بەرپاکرد، هەریەکەیان بەدیدی خۆی، ثیۆرایزی ناسیۆنالیزمی کردووە و کاریگەرییان لەسەر نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا، داناوە. حیزبی هیوا یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کاریگەریی ئەو سێ ڕەوتەی لەسەر بووە. دامەزرێنەرانی حیزبی هیوا، پێکهاتەیەک لە کۆمۆنیستەکان ، ناسیۆنالیستەکان و سۆفیزمی کوردیی، بوون.

ئەندامە رۆشنبیرەکانی( بە پێوەری ئەوکات) هیوا، ئەو باڵە سیاسیەی نێو ئەو حیزبەبوون کە لایەنگری کۆمەنیستەکان و دەوڵەتی سۆڤێت بوون. ناسیۆنالیستەکانی نێو هیوا، ئەفسەر و کاربەدەستە گەڕاوەکانی عوثمانییەکان بوون کە درێژکراوەی ئیتیحادو تەرەقیی بوون و لە پاشاندا بەشداریی دروستکردنی کۆمەڵە کوردییەکانی تورکیا و کوردستانی سوریا (هێڤیی ،تەعالیی و تەرەقیی ، خۆییبوون،.. تاد ) یان کردبوو . گرووپی سێیەمی حیزبی هیوا، رەوتی سۆفیزمی کوردیی و تەکییەکان، سەرپەرشتی دەکردن و پێکهاتەی پیاوانی ئایینیی و سەرۆک خێڵەکان بوون. لە پاش هەڵوەشاندنەوەی حیزبی هیوا، ئەم باڵەیان زاڵبووەوە بەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی و سیاسیی کورددا لە کوردستانی باشوور( کردستان الجنوبية) و کوردستانی ئێراندا، سواری ئەسپی ناسیۆنالیزمی کوردیی( کوردایەتیی) بوونەوە. لەوکاتەوە، تا گەیشتن بە ناسیۆنالیزمی نەوت و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی( سەربەخۆیی ئابووریی=سەر بە ئەردۆغان)، سواری سەری کێشەی سیاسیی کورد، بوونە و بەردەوامیشن.

سۆفیزمی قەومیی :

لە هەر یەکێک لەو پان نەتەوەییە – خێڵ و حیزبییانەدا، بزوتنەوەکان لە سۆفیزم و ناسیۆنالیزم، تێکەڵبوون. ئەگەر سەرنج لە کۆی بزوتنەوەی کوردایەتیی لە پارچەکانی کوردستان بە گشتیی و کوردستانی باشوور، بەتایبەتیی بدرێ، ئەوە دەبینرێ کە شێخە سۆفییەکانی کورد، عوبەیدوڵای نەهریی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمود، شێخانی بارزان، قاضیی(قازیی) محەمەد…تاد، ئەمانە، هەر مەلا و مامۆستای ئایینیی و خوداناسی مزگەوت نەبوون، بەڵکو خاوەنی تەریقەتی سۆفیزم بوون.

بەم پێودانگانە، تێکەڵییەکی سیاسیی، دینیی و کولتووریی لە نێوان سۆفیزم و ناسیۆنالیزمی کوردییدا هەبووە. ناسیۆنالیزمی کوردیی یه‌کێک له‌ قۆناغه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ژیانی، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنیه‌وه‌، به‌ ته‌ریقه‌تی سۆفیزم ده‌ستپێکردووه‌. هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی قادریی و نه‌قشبه‌ندیی، نەک هەرجێ په‌نجه‌ی سیاسییان به‌ناسیۆنالیزمی کوردییه‌وه‌ دیاره‌، بەڵکو لەسەردەمێکی دیاریکراودا، مامانی ناسیۆنالیزمی کوردییش بوونە.

ئەم وابەستە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و دینییە، ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە نازییەکان و فاشییەکانیش، سوودێکی زۆریان لە عیرفان و سۆفیزمی مەسیحیی بینیووە و لە رێگەی زیندووکردنەوەی کەسایەتیی و پاڵەوانە ئەفسانەییەکانی رۆمانیی و جەرمانییەوە، هانی هەستی نەتەوەیی و مەزهەبیی، رۆمانیی و جەرمانییان داوە. دروستکردنەوەی رایخی سێیەمی نازییەکان، بەناوی رایخی هەزار ساڵەوە، دەوڵەتی ئاڵمانیای نازییان بەرێوەدەبرد و وەکو درێژکراوەی ئیمپراطۆریای رۆمانیی پیرۆز، لە نێوان صەدەی سیازدە بۆ شازدە کە رابەرایەتی جێرمانیا و کڵێسای کاثۆلیکیی کردووە، داینەمۆی فیکریی و مۆراڵیی ناسیۆنالیزمی ئاڵمانیی بوو.
خاڵی وەرچەرخان :

دەکرێت حیزبی هیوا، بە خاڵی وەرچەرخان لە نەوەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ نەوەی بنیاتنەری رێبازی کوردایەتی دابنرێن. ئەگەرچیی بەجیا لە حیزبی هیوا ، کۆمەڵەی برایەتیی، هەر لەو سەردەمەدا، لەلایەن شێخ لەطیفی حەفید و میرزا حەمەمینی مەنگوڕی و هاوڕێکانیانەوە دادەمەزرێت، بۆ یەکەمینجار لە ئەدەبیاتی سیاسیی و حیزبیی کورددا، لەزمانی ئەوانەوە دەستەواژەی( رێبازی کوردییەت) لە کرمانجیی ناوەڕاستدا، بە کردەوە، بەکار دەهێنرێت. راستە لە گۆڤاری “رۆژی کورد”، لە سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، چەمکی “کردلک” بەکار هێنراوە، بەڵام کوردلەک( کوردلک=کوردلیک) ئەوەندەی بە لای واتای کوردبوون و ئایدێنتیتی کوردبووندا دەشکێتەوە، ئەوەندە بەلای ئایدیۆلۆژیا و مانیفێستی فیکریی و زمانیی کوردایەتیی( کوردییەت) دا ناڕوات.

حیزبی هیوا، لە نەوەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ نەوەی کوردییەت، وەکو خاڵی وەرچەرخان، بۆ سروشت و پێکهاتەکەی حیزبی هیوا دەگەڕێتەوە کە لە هەڵوەشانەوەیدا” چەپ” و “راست” لە سیاسەتی کوردییدا، تەواو توێژاڵ دەگرێت و قۆناغی حیزبی نەتەوەیی و رێبازی کوردایەتی دەستپێدەکات . میراتە فیکریی و دیسیپلینە حیزبیەکەی خۆی دەخاتە بەر ژیانەوەی کوردستان ( ژ . ک- ژێکاف) لە مەهاباد، وەکو باڵێکی ناڕاستەوخۆی حیزبی هیوا( باڵێکی ئۆرگانیی، نا) ، لە کوردستانی ئێراندا، لە ژێکافەوە، حیزبی دیمۆکراتیی کوردستان، دواتر داش ئێران، لەدایک دەبێت و لە هەناوی “حدک”یشەوە، پارتی دیموکراتیی کوردستانی عێراق 1947 ، لەسەر دەستی باڵە خوێندەوار و سۆفیزمە- نەتەوەییەکەی حیزبی هیوا، لەدایک دەبێت.

دیسیپلینی رێکخراوەیی ئەندامەکانی هیوا، لە نووسراوەکانیاندا بەتایبەتیی لە سڵاوکردنی نێوانیادا، هاوشێوەی ( های هیتلەر Hi Hitler ) دەگوترا : بژی کورد و کوردستان – بژی سەرۆکی موقەدەسی مەزن، داینەمۆی فیکرییان بوو. ئەمە لە دیدی زمانیی، مێژوویی و فیکرییەوە، لاساییکردنەوەی کولتووری فاشیزمی ئەوروپا بوو. ئەم دیسیپلینە، لە هەردوو حیزبە دیموکراتەکەی کوردستانی ئێران و کوردستانی جنوبییدا، بۆ سەرۆکی حیزب دووبارە دەکرێتەوە و سەرۆکی حیزب، صیفەتی موقەدەسی مەزنی پێدەبخشرێتەوە. ئەو قودسییەتەی قاضیی محەمەد لە ئاستێکی دیاریکراو و مەلا موصطەفای بارزانیی لە ناو پارتییەکاندا هەیەتی، بەشێکی بۆ ئەو کولتوورە دەگەڕێتەوە.

کوردایەتیی، لە دەستەواژەوە دەبێت بە رێبازێک خۆی دەکاتە سەنتەری نەتەوەیەک و هەموو کایەکانی زمان، کولتوور، مێژوو، سیاسەت و ئابووریی لە کوردستانی باشووردا لە فەلەکی ئەودا بسوڕێنەوە. شیعری ئەی ڕەقیب بە سروودی نەتەوەیی رێبازە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکەی، جێکەوت دەکات ( نووسەری شیعری ئەی رەقیب : یونس رەئوف – دڵدار، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دارکەر و دواتر حیزبی هیوا بووە ).

ئەوەی بە شۆڕشی ئەیلول ناسراوە، ئەوەی بە کولتووری فیکریی کاژیک ناسراوە کە دۆکترینی “کوردایەتییەکی پاک و خاوێن” ! ی دەبەخشییەوە، وردە وردە، پاش ئەوەی کاژیکەکان هەموویان چوونەوە خزمەت رابەری موقەدەس” موصطەفا بارزانیی”، ئیتر پارتیی، بوو بەهەڵگری دۆکترینی کوردایەتیی. یەکێتیی( بەوانەی کە گۆڕانیشن) و حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە هەشتاکاندا، کەمتر خۆیان لە قەڵافەتی ئەم فیکر و دۆکترینە” کوردایەتیی” دەدا. هاوکات، لەوەتەی بازاڕی ویلایەت سازیی و دەوڵەت چێکردن و خۆماڵییکردنی نەوت بۆ ئەردۆغان، برەوی پەیدا کردووە، ئەوانیش وەکو عەوام لە فەلەکی کوردایەتییەکەی پارتییدا دەسوڕێنەوە. پارتیی وەکو فیکر” کوردایەتیی” و وەکو پراکتیک، مەلەفی نەوت، دیپلۆماسیی و ئیدارە و ئیرادەی سیاسیی “کورد”ی لەم بەشەی کوردستاندا بەتەواویی بەدەستەوە گرتووە.

بەرەنجام:

ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە کۆتایی تەمەنی عوثمانییەکاندا، وەکو فیکر و سیاسەت، لەدەقی ئایدیۆلۆژییدا وردە وردە فۆرمۆڵەی خۆی کرد. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چاپەمەنییە کوردییەکان لە میصر و شامەوە، ناسیۆنالیزمی کوردییش دەیویست شوێنپێی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی هەڵبگرێ و خۆی لە هەژموونی عوثمانیزم و پانتورکیی، دوور بخاتەوە و فۆرمی سیاسیی و فیکریی خۆی دیزاین بکات. ناسیۆنالیزمی کوردیی لە مەلۆتکەییەوە تا گەیشتنی بە قۆناغی خەرەفاویی( کوردایەتیی_ Kurdishness )، جگە لە پەرچەکردار، بەرامبەر بە ناسیۆنالیزمی ( تورکیی و عەرەبیی) و پانئێرانیی، ئارگیومێنتی نەبووە و کاسەی سەری لە فیکر خاڵیی بووە. لە بەرامبەریشدا، جوێن، سووکایەتیی، کڕوزانەوە، خۆخواردنەوە،جەهلی کولتووریی و سیاسیی، پاڕانەوە و زۆرجاریش راسیزم و فاشیزمی، بە کارنامەی خۆی جێگیر کردووە.

لەو سەرگەدارنییە فیکرییەدا، فیکری “کوردییەت”، زیاتر لە فیکر و زمانی جورجی زەیدان، یەکێک لە رائیدەکانی دروستبوونی فیکری قەومیی عەرەبیی ( جرجي زیدان- 1861-1914) ەوە فۆرمۆڵە بووە. واتە زیدان و رائیدە قەومییە عەرەبییەکانی تر، عەرەبییە،قەومییەی عەرەبیی و عرووبەیان، لەهەمبەر جەبەروتی عوثمانییەکان و ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و هەژموونی پانتۆرانییدا، گەشاندەوە. کوردیش، لاسایی، قەومییەی عەرەبیی و بزوتنەوەی عەرەبییەی کردەوە. بە زمانی ناسیۆنالیزمی رەشۆکیی ئەوکات، العربیة بە عەرەبییەت، خوێندراوەتەوە، لەسەر هەمان ریتم( ریزمRhythm- ) ، ئایدیۆلۆژیای زمانیی Language Ideology ، روئیای سیاسیی و فیکریی، ستراکتۆری فیکریی و ئایدیۆلۆژیی (کوردییەت-کوردایەتیی) یان رۆ ناوە.

، کۆی ئەم نووسینە، زیاتر جەخت لە لایەنە ئەنثرۆپۆڵۆجی، سۆسیۆزمانەوانیی sociolinguistics ، رەهەندە کولتووریی و فیکرییەکانی چەمکی کوردایەتیی دەکاتەوە کە چۆن بە مەغزی فاشیزمی عوروبەویی، قەومییەی عەرەبیی و پانعەرەبیزم، بیری کردووەتەوە و لاسایی ئەوانیان کردووەتەوە؟ رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی، چۆن ویستوویانە شانبەشانی فیکری قەومیی عەرەبیی، فیکری قەومیی کوردیی دابڕێژن، بێئەوەی میثۆدە سیاسیی و مۆراڵیی و فیکرییەکانیشیان جیاواز بێت؟

کوردییەت، بە لاساییکردنەوە و مێنتاڵیتیی شاعیرییەوە، سەیری حوڕییەت و قەومییەت و ئیستیقلالییەت( بەهەمان ریتمی عەرەبییەت، تۆرانییەت و میلییەت) ی کردووە. کوردییەت و کوردایەتیی، زمانی کوردیی و عەقڵی کوردیی بەلای ئایدیۆلۆژیایەکدا جەڕاندووە، لە هەموو مێژووی خۆیدا کە نزیکەی٨٠ بۆ ٩٠ ساڵە، پاشخانی مێژوویی، سیاسیی و کولتووریی هەیە، چوار لاپەڕەی، بە ستاندەردی جیهانیی، بە ستاندەردی فیکریی و مەعریفیی، لەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم بە گشتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەتایبەتیی نەنووسیوە.

هاوکات، ئەگەر لە رەهەندی سۆسیۆزمانەوانیی، ئەنثرۆپۆڵۆجیای زمانیی، رەهەندی فیکریی و کولتووریی، قەومییەی عەرەبییە و پانعەرەبیزمەوە سەیری داهێنانی کوردییەت( کوردایەتیی) بکرێ، ئەوە بە دیدی زمانەوانیی، ئەگەر لاسایی “زمان”ی بکەیتەوە، لاسایی “فیکر”ی دەکەیتەوە. بەدڵنیاییەوە، لاسایی مۆراڵ و ئێثیکیشی ethic دەکەیتەوە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەو چەمکە فەلسەفییەی ڤیتگنشتاین بدرێ کە پێیوایە” طموح( بەرزخوازیی)، مەرگی فیکرە”. ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە هەموو تەمەنیدا، لەگەڵ فیکردا، کەین و بەینی نەبووە، بەڵام بە بێ فیکر و مەعریفەش، ویستوویەتی بە سەقەتیی، زۆر بە پۆز و بەرزخوازییەوە، سیاسەت، بکات.

ئەم سەرگەردانییەی رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی کە دوای بەرزخوازیی کوردیی کەوتوونە، بەڵام بە داینەمۆی فیکریی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و خۆ تەکاندن لە ناسیۆنالیزمی مڕۆمۆچی تورکیی، بەهەگبەی بەتاڵی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە، ئەم بەرزخوازییەیان بە گێڕوگەواریی بۆ زمانی کوردیی ( کوردییەت) گواستووەتەوە. بە دڵنیاییشەوە، ئارگیومێنت لەسەر بۆچوونەکەی ڤیتگنشتاین، لەوێوە دەست پێدەکات کە هەر لەسەرەتاوە فیکریی ناسیۆنالیزمی کوردیی، بە مردوویی لەدایک بووە. بەدرێژایی مێژووی مانیفێستی کوردایەتیی، بە فاشیزمی کاژیکیشەوە، چوار نوکتە و قسەی نەستەقی بە ناوی “فیکر”ەوە، بەرهەم نەهێناوە. لە بەرامبەریشدا، دەیان هەزار بەیاننامە، نامیلکەی شیعریی و قەسیدەی پڕ لە بوغز، حیقد، خۆخواردنەوە، کڕوزانەوە، لۆمەکردنی نەتەوە و گەلانی دراوسێی کورد، بڕبڕەی پشتی فیکری بەتاڵی ناسیۆنالیزم و دۆکترینی کوردایەتیی بووە و تا ئەم ساتەش، ئەم مەهزەلە کولتووریی و فیکرییە، درێژەی هەیە.

جێگەی ناسۆرییە، گەلی کورد بە چل میلیۆنەوە، تا ئێستا دوو ئینتێلێکچواڵ، دوو نووسەر، دوو ئەکادیمیست و دوو سیاسیی پراگماتیزمی تێدا پەیدا نەبووە کە رەخنەی فاشیزمی کوردایەتیی بکەن و ئارگیومێنتی پێچەوانە( کاونتەر ئارگیومێنت)، بکەن. زۆربەی رەهایان، پێیاندا هەڵداوە، یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە. هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە دونیای سۆزداریی و غەزەل لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا، ئەگەر خۆشەویستیی ئەفڵاتۆنانەیشیان نەکردبێ، بە بێدەنگیی، خۆیان داوەتە دەستی قەدەر و رەبەنیی فیکرییەوە و جورئەتیان نەکردووە ئەم پیرۆزییە پڕ لە وەهم و خورافاتە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بەر رەخنە بدەن. بە پێچەوانەوە، هەندێک نووسەر ئەگەر رەخنەی کوردایەتیشیان کردبێ، هەمیشە ویستوویانە جوانی بکەن و ئارایشتی بۆ بکەن، دەعەجانیی، دزێویی و فاشیزمەکەی بشارنەوە.

ئەگەر ئاماژەیەکیش بەو حیزبانە بکرێت کە لەسەرەتادا، کوردایەتییان بەکارهێناوە و دواتر، وازیان لێ هێناوە، ئەوە گومانی تێدا نییە، پەکەکە وەکو گەورەترین حیزب لە هەموو مێژووی کورددا، بە کردەوە دەستبەرداری فیکر، میثۆد و عەقڵییەتی کوردایەتیی بووە. لێرەدا حیزبە ئیسلامیی و دینییەکان، یان کۆمۆنیست و شیوعییەکان مەبەست نیین، چونکە ئەوان خۆیان کۆیلەی ئایدیۆلۆژیان و شتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا، جیاواز نییە.

هاوکات، پەکەک، بەتایبەتیی فیکری گەشەکردووی سەرکردەکەی ( ئۆجەلان)،دەستبەرداری ئاڵای قەومیی و ئێثنیکیی” ئاڵای کورد” و” سروودی ئەی رەقیب”، بووە. تەنانەت دەستبەرداری چەمکی بەرزخوازیی و وەهمی” کوردستانی گەورە” ش بووە. لە کاتێکدا، فاشیزمەکەی کاژیک، دەیەوێ ئاڵای کورد، کە لەسەردەمی بەدرخانییەکانەوە، دیزاین کراوە، بە ئاڵای کوردستان( وەکو ئاڵای هەر چوار بەشی کوردستان) بە تۆبزیی، بە بێعەقڵیی و بێفیکریی دۆکترینی بەتاڵی کوردایەتیی، ساغ بکاتەوە.

ئەوەی پەکەکە، توانیویەتی تەجاوزی کوردایەتیی و ئاڵای ئێثنیکیی و دروشمی ناسیۆنالیستانە ببێ، بەشێکی بۆ باكگراوندە چەپەکەی دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ زیندانییکردنی رابەڕەکەیان دەگەڕێتەوە. بە واتایەکی تر، ئۆجەلان لە زینداندا، لەباری فیکریی و عەقڵانییەتی سیاسییەوە، زۆر گەشەی کردووە. لێرەدا گرفتی سەرەکیی بۆ پەکەکە، دێتە پێشەوە، ئەم بۆچوون و کامڵبوونە سیاسیی و فیکرییانە، ناتوانن بۆ ریزەکانی خوارەوەیان یان بۆ لایەنگرانیان شۆڕ بکەنەوە. بەتایبەتیی، ئەوانەی خۆیان بە پەکەکەدا هەڵواسیوە لە هەردوو کورستانی ئێران و عێراق، ناتوانن دەستبەرداری خڵتە و پۆغەڵەواتەکانی کوردایەتیی ببن و ناتوانن خۆیانی لێبتەکێنن.

بەشێکی ئەم دەستکورتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پەکەکە تەنیا بە چەند کەسێکەوە لە سەرکردایەتییەکەیدا بیر دەکاتەوە( بەتایبەتیی ئۆجەلان)، کادیرەکانی خوارەوەیان، بەتایبەتیی لە کوردستانی باشوور، کوردستانی ئێران و لە ناو ناسیۆنالیزمی تاراوگەدا، هێشتا هەر خەریکی مڵچاندنی کوردایەتیی و ئاڵای ئێثنیکیی کوردن و هێشتا کاژیکانە لەسەردەمی رەونەقی “ئەی رەقیب”دا دەژیەن.

لە کوردستانی باشووردا، وەکو تاک، تاڵەبانیی بەکردەوە لە ساڵانی دوایی تەمەنی سیاسییدا، لە فیکر و میثۆدی کوردایەتیی، دوور کەوتبووەوە، عەقڵانییەت، واقیعیی و پراگماتیزم، بەسەر فیکر و پراکتیکیدا زاڵ بوو، بەڵام وەکو چەمک و بۆ حەماسی مۆب، هێشتا بەکاری دەهێنا. ئەمە بۆ هەندێ سەرکردەی سیاسیی تری ناو یەکێتی و ئەوانەی ئێستا گۆڕانن، هەمان شت، دروستە، بەڵام ئەوەی کە زۆر ناسۆریی فیکریی و سیاسیی هەڵدەگرێ، ئەمانە هەموویان بە ئاخیری تەمەنیان و بەو هەموو تەجروبە سیاسییەوە، دوای هەڵای کوردایەتیی ( دەوڵەتی نەتەوەیی- دەوڵەتی کوردیی) کەوتوونەتەوە و جورئەت ناکەن، بە دێڕێکیش رەخنە لەو موغامەراتە کوردایەتییە بگرن کە رۆڵی سوارەی ئەردۆغانیی( سوارەی حەمیدییە) بۆ تورکیا دەگێڕێت و فەرهودی سامانی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.

کورد، پێویستی بە جورئەتی کولتووریی و سیاسیی هەیە کە ئاوڕ لە رابردووی فاشیزمی کاژیک و فاشیزمی کوردایەتیی بداتەوە و رەخنەی لێ بگرێت. ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن ئینتێلێکچواڵ و سیاسییە عەقڵانییەکانی کورد، جورئەتی ئازاد موصطەفای پاسۆکی هەشتاکانیشیان نییە، کاتێ لە ‘ کورتە باسێکی بەرەی کوردستانیی’ دا بە دەق دەڵێ” “کاژیک لەسەرەتاوە، بە بیری بۆگەنی ( ئاریاچییەتیی و زەردەشتییزم) و دژایەتیی ئەنتی کۆمۆنیزم … و ئەنتی عەرەب و ئەنتی هەموو دونیایی، بێ سەر و بێ پا، شێواندبووی…”( موصطەفا، ١٩٨٨: لا ٨) نەبوونی جورئەت بۆ رەخنەکردنی فاشیزمی کوردایەتیی و نێگەتیڤیزمی کوردایەتیی، بارێکی قورسە بەسەر تێڕوانینی عەقڵانیی کوردەوە لەسەر ناسیۆنالیزم بە گشتیی و ڤێرژنی کوردایەتیی، بەتایبەتیی.

لە کۆتاییدا، ئاماژە بە دوو دەستکەوتی زۆر ناشیرینی کوردایەتیی بکرێ. یەکەمیان بە مانیفێستکردنی کولتووری عەشایەریی و زیندووکردنەوەی خێڵ، رەئیس عەشیرەت، شێخ و ئاغاوات، هەرێمی کوردستانی کردووە بە شێخنشین و بارمتەی هەندێ سیاسیی باکگراوند عەشایەر. دووەمیشیان، تێرۆری ژنان، بە کولتووری عەشایەریی و ئەخلاقیی، ئەوەندەی سیستەمی سیاسیی و “کولتوور”ی فاشیزمی کوردایەتیی، رۆڵیان لە ژن کوشتندا هەبووە، بەعس بەهەموو دڕندایەتییەکانیەوە، ئەوەندەی مرۆڤ، لە کورد نەکوشتووە.

بە داتا و ئامار، لە سەردەمی بەعسدا، ئەگەر کەمپەینی ئەنفالەکان و کیمیاویی بەکارهێنانی لێدەربکرێ، نە قەسابخانە و گرتووخانەکان، نە شەڕی جەیش و جاش دژ بە خەڵکی کوردستان، ئەوەندەی عەقڵییەت و فیکری کوردایەتیی، ئینسانی کوردی نە کوشتووە و نەهاڕیوە. رێژەی ژنانی تێرۆرکراو لە ٢٤ ساڵی رابردوودا، لەژێر کولتوور، فیکر و ئیدارەی کوردایەتییدا، رووی بەعسیزم و فاشیزمی عوروبە و تەنانەت ئیسلامی سیاسییشی، سپیی کردووەتەوە. کوردایەتیی لە فاشیزمە فیکریی و کولتوورییەکەیدا، دەقاودەق لاسایی دەستەخوشکەکەی خۆی” عوروبە”ی کردووەتەوە. لە کاتێکدا، عوروبە، بازاڕییترین نووسەر و سیاسیی عەرەب، لەڕوویان نایات باسی بکەن، مەگەر کەسانی ساقیطی وەکو عیزەت دووریی و صەڵاح ئەلموختار و تاد، ئەویش، ئەگەر لەڕوویان بێت چەمکی فاشیزمی عوروبە و ئەلعەرەبییە، وەکو جاران،بەکار بهێنن.
ئەم باسە، بەهەموو کەموکوڕییەکانیەوە، کۆتایی هات.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا نووسراوە.


سەرنج: بەدەر لەو سەرچاوانەی لەناو نووسینەکەدا، لەبەشە جیاوازەکاندا ئاماژەیان پێدراوە، سوودیش لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.

1. الحركة القومية الكردية – نشأتها وتطورها… تأليف: وديع جويدة … الطبعة الأولى ٢٠٠٣ دار الفارابي – بیروت
2. الجمعيات والمنظمات والأحزاب الكردية في نصف قرن ـ بغداد 1989- الدكتور عبد الستار طاهر شريف
3. بحث عن حزب ” هيوا ” الدكتور مكرم الطالباني مركز خاك للنشر والاعلام في السليمانية عام 2002
4. حزب البعث مأساة المولد مأساة النهاية – مطاع الصفدي- دار الاداب – بیروت -١٩٦٤
5. أتيلا الهوني، ملك البرابرة وسقوط روما . تاليف جون مان . ترجمة عمرو الملاح . دار الكتب الوطنية . أبوظبي 2014
6. سردشتي، یا، ٢٠١٤، جمعیة زردشت و موقف الحکومة الایرانية ١٩٢٨-١٩٢٩، جامعة السلیمانیة، السلیمانیة.
7. موصطەفا، ئا،١٩٨٨،کورتە باسێکی بەرەی کوردستانیی، دەسگای چاپەمەنیی فەرهاد، سوێد. لەم لینکەدا پێی دەگەیت:-
https://plus.google.com/109776095265726466541/posts/29A3PTzwZG3

سەرچاوە ئینگلیزییەکان
1. Thornton, T, 1998, Wittgenstein on Language and Thought: The philosophy of Content, EDINBURGH UNIVERSITY PRESS, Edinburgh.
2. WERNER Müller, J, 2007. Constitutional Patriotism, Princeton University Press, USA.
3. McCrone, D. 1998.The Sociology of Nationalism: Tomorrow’s Ancestors. London: Routledge
4. HAAS, ERNST. (1986) What Is Nationalism and Why Should We Study It? International Organization.40:707-746.
5. Gunter, Michael (2007) ‘The Modern Origins of Kurdish Nationalism’, in Ahmed, Mohammed M. A.; Gunter, Michael (eds.) The Evolution of Kurdish Nationalism, Costa Mesa, CA, Mazda Publishers, pp. 2-17.

.




شیعره‌کانی ژماره‌ (7) ی مانگنامه‌ی (هیچ) م خوێنده‌وه … میکائیل گه‌رمیانی


لێکۆڵینه‌وه/

‌‌

جاران که‌ ژیان ره‌سه‌ن بوو وه‌ختێك شیعرێکت ده‌خوێنده‌وه هه‌فته‌یه‌ك زیاتر به‌رینه‌ئه‌دایت و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیای، بگره‌ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن له‌ نه‌ستدا جێگیر ده‌بوو و جار جار ده‌گه‌ڕایته‌وه‌ لای، شاعیرانیش ناڵێم له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێنه‌ئه‌ڕین، به‌س گه‌ر مه‌به‌ستت له‌ ژماردنیان بووایه‌ ده‌توانی بیانژمێریت، سه‌نگین بوون به‌ رۆشنبیریی و خوێندنه‌وه‌و مه‌عریفه‌و ئه‌زموون و جیاوازیی ، ئه‌وه‌ی شیعرێکی بڵاوده‌بووه‌وه‌ ته‌نیا لێهاتوویی و ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌کانی خودی شیعره‌که‌ بوون خۆیان ده‌سه‌لماندو ده‌گه‌یشتنه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ران، بۆیه‌ خوێنه‌رانیش متمانه‌یان پێ بوون و ده‌یانخوێندنه‌وه، لێ ئێستا له‌گه‌ڵ کاڵبوونه‌وه‌ی تامی ژیان و ته‌زویرکردنی شمه‌ك و کاڵاکان، مه‌یدانی مه‌عریفه‌و ئه‌ده‌بییاتیش توشی هه‌مان ده‌رد بووه‌، نه‌ك ژماره‌ی بڵاوکراوه‌کان زۆربوون و که‌سانی نا ئه‌کادیمی و ئاستلاواز سه‌رپه‌رشتیان ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی عه‌قڵیان بیگرێت ده‌یهێننه‌ مه‌یدان، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ش که‌ ده‌نووسن زۆر که‌مئاستانه‌ و بێ بوونی پاشخانێکی پێویست به‌ختی خۆیان له‌ مه‌یدانه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئه‌ده‌بدا تاقیده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ك بڵێی هه‌ڵڕشتنی ئازاره‌کانی خۆیان بۆ سه‌ر کاغه‌ز تاکه‌ پاڵنه‌رێک بێت بۆ نووسینی شیعرو ئه‌و ئه‌زموونه‌ش که‌ کۆیان کردووه‌ته‌وه‌ ره‌نگه‌ ته‌نیا گوێگرتن بێت له‌ چه‌ند شیعرێك که‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن په‌خش ده‌بێت یان له‌ یوتیوب گوێی لێبگرن، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو ئه‌و ناوه‌نده‌ی به‌ ناوی (ئه‌ندێشه‌) جێی دڵخۆشی زۆر که‌سه‌، براده‌رێك چوو بوو له‌ پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌که‌یدا قسه‌ی کردبوو ، له‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا پێی گوتبوو: کتێب سه‌رف نابێت، براده‌ره‌که‌ش لێێ پرسیبوو: ئێوه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێن هه‌موو کتێبه‌کانمان سه‌رف ده‌بێت بۆ نموونه‌ کتێبه‌ شیعری (هیچ) هه‌موو نوسخه‌کانی سه‌رف بوون؟ له‌وه‌ڵامدا خاوه‌نه‌که‌ی گوتبووی: ئه‌وه‌ راسته، ئاخر هه‌ر کتێبه‌کانی ئه‌ندێشه‌ سه‌رف ده‌بن که‌ خۆمان چاپی ده‌که‌ین.. براده‌ره‌که‌ لێره‌وه‌ تێگه‌شت که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ حیزب حیزبێنه‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی، گوایه‌ دوو جۆر کتێب هه‌ن؛ ئه‌وانه‌ی ئه‌ندێشه‌ چاپیان ده‌کات جیاوازن له‌ سه‌رجه‌م کتێبه‌کانی تر.. یان ئه‌مه‌ ته‌نیا بازرگانیکردنه‌و بانگه‌وازکردنه‌ بۆ لای کاره‌کانی خۆیان؟!

نامه‌وێت زۆر درێژه‌ به‌م پێشه‌کییه‌ ئازاراویه‌ بده‌م، که‌ په‌نجه‌ ده‌خه‌یته‌ سه‌ر هه‌ر شتێك زیاتر ته‌نیایی و غوربه‌تت ده‌هروژێنێت و گۆشه‌گیرترت ده‌کات، ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات نه‌وت دابه‌ش ناکات که‌ خه‌ڵك له‌م وه‌رزه‌ سه‌رمایه‌دا زۆر پێویستیان پێیه‌تی، تا نرخه‌که‌ی هه‌رزان نه‌بێت له‌ بازاڕی ناوخۆدا، له‌کاتێکدا له‌بازاڕی جیهانیدا به‌ گواستنه‌وه‌ی بۆری و پاپۆڕه‌وه‌ نرخه‌که‌ی 50 دۆلاره‌ که‌چی نه‌هه‌نگ و گورگ و حوته‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ قاچاخچیه‌کانیانیدا به‌ 120 دۆلاری له‌ ناوخۆدا ده‌فرۆشن، باشه‌ ئه‌ی بۆ قه‌ساب سوێند ده‌خوات ئه‌و گۆشته‌ی ده‌یفرۆشێت هی ئه‌مڕۆیه‌ و که‌چی کاتێك ده‌یبه‌یته‌ ماڵه‌وه‌ بۆگه‌ن بووه‌و ره‌نگه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك زیاتر مابێته‌وه‌؟ خۆ ئه‌مه‌یان هاوڵاتییانی ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن‌ که‌ 26 ساڵه‌ کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت تا گه‌نده‌ڵ بن و به‌های مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست بده‌ن تا ئه‌وان مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن.. ئه‌م دوو نموونه‌یه‌م بۆیه‌ هێنایه‌وه‌ تا بزانین شاعیران و ئه‌دیبانی ئه‌مڕۆ له‌کوێی ئه‌م هاوکێشیه‌دان، با سه‌ره‌تا به‌ سه‌ر وتاری رۆژنامه‌ی هیچ ده‌ست پێ بکه‌ین که‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ شیعرو شیعره‌کانی ژماره‌ (7).

ئه‌وان تیایدا ده‌ڵه‌ن ( وه‌ك خۆیان نووسیویانه‌ که‌ ده‌بوو بنووسن: بڵێین نه‌ك بڵه‌ین) : له‌ ژماره‌کانی داهاتوودا لاپه‌ڕه‌ی هونه‌ر ناده‌ن به‌ شیعر.. به‌م وته‌یه‌دا دیاره‌ خۆشیان له‌ ئاستی شیعره‌کان دڵنیا نین بۆیه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ په‌شیمانن، ئێ باشه‌ که‌ی شیعری لاوان و پیران هه‌بووه‌؟ یان پیاوان و خانمان؟ کاکی برا یان شیعر هه‌یه‌ یان نییه‌.. یان به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ ستاندارو ئه‌کادیمیه‌کان باشه‌ و پێی ده‌گوترێت شیعر یان میعره‌و ده‌بێت پێش ته‌واوبوون له‌ خوێندنه‌وه‌ی بچێته‌ سه‌به‌ته‌ی یاده‌وه‌ریه‌ له‌بیرکراوه‌کانه‌وه‌. ‌

1- شیعری ( سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ت):
شیعرێکه‌ راناوی خودی شاعیر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی موخاته‌به‌ی که‌سی به‌رانبه‌ر ده‌کات، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ باوترین شێوازی شیعریی ئه‌مڕۆی بڵاوکراوه‌کان، به‌ زمانێکی راسته‌وخۆ داوای لێده‌کات جۆره‌ها کراسی بۆ بێنێت، سوورو په‌مه‌یی که‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌ش و خۆڵه‌میشین : یه‌کێکه‌ له‌ دیارترین ناته‌باییه‌کانی ناو ئه‌م ده‌قه، که‌ یه‌کیه‌تی بابه‌تیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، خوێنه‌ر سه‌ری لێتێکچووه‌ ؛ ده‌مانویست بزانین خودی بێژه‌ر شادمانه‌ یان خه‌مگین؟
له‌ لایه‌ك ده‌ڵێت:
(ئه‌و بریسکه‌ی سه‌رنجانه‌ی
لای منه‌وه‌ بۆ لای تۆ دێن)
دواتر ده‌ڵێت:
(ره‌شتر له‌ چاره‌نووسی شومم و
ئه‌و شه‌وانه‌ی بێتاقه‌تییم….)
له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ یه‌که‌م کۆپله‌دا ئه‌م خانمه‌ ده‌یه‌وێت شانازی به‌ ره‌نگی چاویه‌وه‌ بکات که‌ (سه‌وز)ه‌، له‌ لایه‌کی تریش که‌سی به‌رانبه‌ری به‌ ئاژه‌ڵ ده‌شوبهێنێت به‌وه‌ی پێی ده‌ڵێت:
(ئه‌و هه‌موو په‌لکه‌ گیایانه‌ی…
له‌ لای منه‌وه‌ بۆ تۆ دێن).
لای هه‌موومان ئاشکرایه‌ که‌ ئاژه‌ڵ‌ گیا ده‌خوات، ده‌بێت چ جوانییه‌کی تیا بێت ئه‌و وێنه‌یه‌؟ ئه‌و پاداشته‌ی له‌ جیاتی کراسی سه‌وزی دیاریی، ئه‌میش سه‌وزه‌ گیا بدات به‌و، ئایا ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی کراسه‌که‌ سه‌وزه‌و گیاش سه‌وزه‌ ده‌بێت له‌م کۆپله‌یه‌دا جێیان بکرێته‌وه‌؟؟ ئایا که‌ره‌سه‌و زاراوه‌یه‌کی گونجاوتری شك نه‌برد ؟‌
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕێنووسی (په‌مه‌ی) ده‌بوو (په‌مه‌یی ) بێت و وه‌ک کورتبڕییه‌ك و سازانی زمانی شیعریی بینووسیایه‌ ( ئه‌و بریسکه‌ سه‌رنجانه‌ی..) نه‌ك ( ئه‌و بریسکه‌ی سه‌رنجانه‌ی)
له‌ کۆپله‌ی 2 شدا ناته‌باییه‌کی تر ده‌بینینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت: ( شینتر له‌ له‌پی ده‌ستم) که‌ سیفه‌تێکی نێگه‌تیڤه‌و دێڕی دواتر سیفه‌تێکی پۆزه‌تیڤی به‌دوادا دێت که‌ ( میلۆدی ئاوی) یه‌و به‌ پیتی (و)ی پێکه‌وه‌لکان لکێندراون؟؟
من گله‌یی له‌م خانمه‌ ناکه‌م، به‌ڵکو گله‌ییم له‌ هۆکاری سه‌ره‌کی و بنه‌چه‌ی کێشه‌کانه‌، که‌ بریتیه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی بنخانی ژیان و ئه‌ده‌بی کوردی، بۆ نموونه‌ یه‌کێك له‌ خانمه‌ شاعیره‌کان که‌ زۆرترین فان و هه‌وادار ی هه‌یه‌ و فه‌رموو فه‌رمووی لێده‌کرێ و هه‌مووان حه‌ز ده‌که‌ن وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن و کتێبی بڵاو بکه‌نه‌وه‌ ، جا نازانم له‌ خۆی ده‌کرێت یان له‌ شیعره‌کانی!! ته‌نانه‌ت له‌گۆڤارۆچکه‌ی (ئه‌ده‌بی سه‌ر‌ده‌م) دا که‌ وه‌ك مانگنامه‌ی (هه‌ڵمه‌ت) گۆڕی ون بوو ، شاعیرێکی لیریکی سه‌رنووسه‌ری بوو و دوای ئه‌وه‌ی په‌ڕتووك و بابه‌ته‌کانی خۆیان له‌و ده‌زگایه‌دا بڵاوده‌کرده‌وه‌، له‌ ژماره‌یه‌کدا به‌ ته‌نیا شیعرێکی ئه‌و خانمه‌ بڵاوده‌کاته‌‌وه‌، با دیقه‌تبده‌ین ئه‌و خانمه‌ له‌ کۆپله‌ی شیعرێکیداچی ده‌ڵێت:‌ ‌
( پیاوێکی باش بە و
بێدەنگ خۆشتبوێم
با نەکەومەوە سەر خوێن) !!
به‌س ئه‌و بڕیاره‌ بۆ خوێنه‌ر جێدێڵم؛ ئایا ئه‌و زمان و وشه‌سازیه‌ چ هونه‌رو جوانییه‌کی تیایه‌؟ بگره‌ باسی حاڵه‌تێکی ئافره‌تان ده‌کات که‌ هیچ شاعیرێکی خانمم نه‌یبینیوه‌ته‌وه‌ ئه‌و زاراوه‌ بازاڕییه‌یان به‌کارهێنابێت و لایان وا بێت بۆ شیعر گونجاو بێت، که‌ سه‌لیقه‌و زه‌وقی خوێنه‌ر ده‌شێوێنێت.. هه‌رچه‌نده‌ شاعیرانی ناوداری خانم له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌ ‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن.
له‌م باسه‌دا پێم خۆش بوو؛ خوێنه‌ر بۆ زانینی گه‌نده‌ڵیی ده‌زگا ئه‌ده‌بییه‌کان به‌ نموونه‌ ئه‌م وتاره‌ بخوێنێته‌وه‌:
(سه‌رده‌م.. نمونه‌ی ده‌زگیه‌کی گه‌نده‌ڵ و بێسه‌روبه‌ر) 2 به‌ش
www.facebook.com/گەندەڵى-ئەدەبى-480013335422236/?fref=nf

2- شیعری (سه‌ده‌ی 21 یانی سه‌ده‌ی بوون به‌ رۆبۆرت):

ئه‌م شیعره‌ زۆر له‌ شیعره‌که‌ی پێشووتر کۆڵه‌وارتره‌، سه‌ره‌تا با له‌ که‌موکورتی زمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، که‌ که‌ره‌سه‌ی خاوی هه‌موو شاعیرانه‌.
هه‌ندێك له‌ هه‌ڵه‌کان:
– با له‌ ناونیشانه‌که‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین، وێڕای ئه‌وه‌ی ناونیشان ده‌رگای چوونه‌ ناو ده‌قه‌، که‌چی ئه‌م ناونیشانه‌ هه‌ر وشه‌ی ئاسایی قسه‌ کردنه، ته‌نانه‌ت هێنده‌ دروست زمانی به‌کارنه‌هێناوه‌ کاکی شاعیر بزانێت له‌ راستیدا (رۆبۆت)ـه‌ له‌ جیاتی (رۆبۆرت).
– ده‌بوو ( رۆشنایی) به‌کاربهێنێت له‌ جیاتی (رۆشنای)، ئه‌مه‌ش داده‌نرێت به‌ هه‌ڵه‌ی ڕێنووس.
– (گوێت له‌ مشتو مڕی نێوان دوو که‌ست گرتووه‌) له‌ رووی ڕێسای ڕێزمانه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و ده‌بوو بینووسیایه‌ (دوو که‌س گرتووه‌).
– (باخچه‌ هه‌وات نه‌داتێت) هه‌ڵه‌یه‌ و له‌ ڕێزمانی کوردیدا له‌ وشه‌یه‌کدا 2 ئاوه‌ڵناو به‌کارناهێنرێت و ده‌گوترێت (باخچه‌ هه‌وات نه‌داتێ).
– (به‌ مردنی مصديق!) نازانرێت مصديق کێیه‌، یان ره‌نگه‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ جیاتی (موسه‌ده‌ق شا) به‌کاری هێنابێت و نووسیبێتی.
– ( سووراوم لێومانی ئاوساند) له‌ رووی ڕێزمانیه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و راستیه‌که‌ی: (سووراو لێومانی ئاوساند).. چونکه‌ ئه‌و به‌گشتی له‌وێ باسی کۆ ده‌کات، وێڕای ئه‌وه‌ی من کارم به‌وه‌ نییه‌ ئایا خۆی سووراو به‌کاردێنێت یان نا؟!
زمانی ده‌قه‌که‌ به‌ گشتی راسته‌وخۆیه‌و داڕشتنی درێژکردنه‌وه‌ی ناپێویسته‌، جارانێکیش ده‌گۆڕدرێت بۆ زمانی چیرۆك بۆ نموونه‌ ده‌ڵێت:
(گوزه‌رانم هیچ باش نیه‌و ناشمه‌وێت له‌مه‌ زیاتر باش بم)
(بێتاقه‌تم)
( من بۆ نابێت ئاسایی بژیم)
( مه‌ هێڵه‌ ئالوده‌ی سایته‌ ڕووته‌کان بن)…

‌ئه‌م شیعره‌ (160) دێڕییه‌ گه‌ر به‌ جدی کاری له‌سه‌ربکردرایه‌و کاکی شاعیر خۆی پێوه‌ماندوو بکردایه‌ ره‌نگه‌ هه‌مان مانای له‌ 20 دێڕدا چڕ بکردایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ گشتی خوێنه‌رانی جدی تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی شیعری ئه‌مڕۆیان نییه!
له‌م شیعره‌دا هیچ ته‌کنیکی شیعریی سه‌رکه‌وتوو نابینرێت، له‌ باسێکه‌وه‌ بازدانی تیایه‌ بۆ سه‌ر باسێکی تر، زیاتر باس له‌ خۆ کردنه‌ وه‌ك له‌ هونه‌رکاریی شیعر هۆنینه‌وه‌، سه‌ره‌تا ئامۆژگاری به‌رانبه‌ره‌که‌ی ده‌کات که‌ وادیاره‌ له‌ ره‌گه‌زی مێیه‌، پاشان پێمان ده‌ڵێت خۆی حه‌زی له‌ چییه‌و له‌ چی نییه‌، دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رئامۆژگاریکردنی به‌رانبه‌ری که‌ چی بکات و چی نه‌کات و پاشتر دێته‌وه‌ سه‌ر خۆی و باوکی، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و له‌ شیعره‌که‌دا پێکه‌وه‌ گرێیان بدات. باوكه‌ شیعرو باوکه‌ ژیان و باوکی راسته‌قینه‌ تێکه‌ڵده‌کات به‌ هۆی دانه‌نانی خاڵبه‌ندی له‌ نێوان وشه‌کاندا، باشه‌ با بڵێین ته‌نیا مه‌به‌ستی باوکی راسته‌قینه‌یه‌و ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی ڕێنووسه‌، ده‌بێت چ مۆڕاڵ و داهێنانێکی شیعریی تێدا بێت که‌ هه‌ستی هه‌ڵخه‌تێنی له‌ خۆ ڕازیبوون وای لێبکات بڵێت:
‌‌‌‌( باوکه‌ تۆ ساردو گه‌رمیت وه‌ك من نه‌دیوه‌).

وه‌ك بابه‌ت ئه‌م شیعره‌ هه‌ر دووباره‌کردنه‌وه‌ی خه‌مه‌کانی ڕۆژانه‌ی گه‌نجان و مرۆڤه‌کانی ئه‌مڕۆیه‌و له‌ سه‌دان ده‌قدا ئه‌م بابه‌تانه‌ دووباره‌کراونه‌ته‌وه‌، لایه‌نی جوانکاریی و ره‌وانبێژیی زۆر لاوازه‌ گه‌ر نه‌ڵێم تیایدا نییه‌، وه‌ك مۆرکی هه‌موو شیعره‌کانی تری ئه‌م ژماره‌یه‌ بێهیوایی و خۆکوشتنمان فێر ده‌کات، وه‌ك ده‌ڵێت:
(ده‌ست بنێمه‌ بینه‌ قاقام) ، (من زۆر نائومێدانه‌ ده‌گریم) ، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك زۆر دووباره‌کراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك( من، تۆ، سووراو، سوخمه‌، سیسارك، باوك، مانگ، شه‌هره‌زاد، نائومێد، ئاو، خه‌م، مێرووله‌ ، کیسه‌ڵ….)
جگه‌ له‌مانه‌ش له‌م شیعره‌شدا بیرۆکه‌ی ناته‌با له‌ کۆپله‌کاندا ده‌بینرێت و خوێنه‌ر سه‌ری لێ تێك ده‌چێت که‌ بزانێت شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی چی بڵێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی دنیابینی له‌ هۆنینه‌وه‌ی شیعردا، بۆ نموونه‌ له‌ کۆپله‌یه‌کدا: چێژی له‌ خۆ رووتکردنه‌وه‌ی ژنێك ده‌بینێت و هه‌ر له‌هه‌مان کۆپله‌دا ئه‌و مه‌خلوقه‌ به‌ ترسناك لێك ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ سه‌رلێشێواندنی خوێنه‌ر.
له‌ کۆتایی لێدوان له‌سه‌ر ئه‌م ده‌قه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ زۆر که‌ره‌سه‌و وێنه‌و لێکدانه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ نێوان شیعره‌کاندا هه‌یه‌، نازانم چ داهێنانێکی تیایه‌ له‌م شیعره‌دا دووجار باسی بۆنی ژێر باڵ کراوه‌، وه‌ک له‌ شیعری داهاتووشدا ( تینوویه‌تی) ده‌ڵێت: (ئاره‌قی بنهه‌نگڵمان ده‌رده‌دا
یان لێره‌ باسی سوخمه‌ کراوه‌و له‌وێش مه‌مکدان!!

3- شیعری (تینوویه‌تی):
شێوازی ئه‌م شیعره‌ش دوور نییه‌ له‌ شیعره‌کانی پێشوو، به‌وه‌ی شاعیر له‌ خۆی ده‌دوێت و به‌ (من) ده‌ست پێده‌کات و به‌ (من)یش دوا کۆپله‌ ته‌واو ده‌بێت، له‌م نێوانه‌شدا جارجار (تۆ) ی تێده‌خزێنرێت، — دوو بکه‌ره‌ باوه‌که‌ی شاعیرانی ئه‌مڕۆ..‌‌-
‌ئه‌م شیعره‌ له‌ 7 کۆپله‌ پێکهاتووه‌و له‌وانی تر کورتره‌، به‌ڵام زمانه‌که‌ی که‌مێك کۆکراوه‌تره‌ به‌وه‌ی کورتره‌، هه‌رچه‌نده‌ بابه‌ته‌کان هه‌ر یه‌کن و دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ که‌ باسی سه‌ره‌تاو کۆتایی ڕۆشتن ده‌کات، به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا زۆر زاراوه‌ی لێکدووری تیا به‌کارهاتووه‌ که‌ بازدان له‌ وشه‌کاریدا ده‌بینرێت به‌حساب بۆ سوود گه‌یاندن به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی بیرۆکه‌و مه‌به‌ست!.. و لاوازیی پێکه‌وه‌گرێدانیان دیارو ڕوونه‌، بۆ نموونه‌ به‌کار‌هێنانی ( گلگامێش و ئه‌سغه‌ریی و ئایشه‌شان، کوردو ئه‌نفال، بزن، ئیخوان ، زه‌رده‌شت…) ده‌هێنینه‌وه‌، وای ده‌بینم له‌ جیاتی ئه‌م ئاڵۆسکاندن و‌ قه‌ره‌باڵغکردنه‌و تێکه‌ڵکردنه‌ و بۆ پاراستنی یه‌کێتی بابه‌ت باشتر وابوو پێش نووسینی ئه‌م شیعره‌ شاعیر زیهنی ڕوون بووایه‌ که‌ ده‌یه‌وێت چێ بڵێت و چ که‌ره‌سه‌یه‌کی بۆ به‌کاربهێنێت، وه‌ك نه‌خشه‌کێشانێك بۆ نووسین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وشه‌کانی ( توله‌ڕێ، خودا، کورد، پرسیار، تینوویه‌تی…) زۆر دووباره‌ بوونه‌ته‌وه.
ده‌توانین بڵێین له‌ جیاتی به‌کارهێنانی زمانی شیعر زمانی پرسیارکردنی لۆژیك له‌ کۆتایی زۆربه‌ی کۆپله‌کاندا به‌ کارده‌هێنێت که‌ ئه‌وانیش بۆ خۆیان بابه‌تی سه‌ربه‌خۆی ترن ، وه‌ك:
( من تاریکی ده‌سمم، لێ هۆکار له‌مه‌دا چییه‌؟)
( ئاخۆ لێکترازان و سه‌رهه‌ڵگرتن، له‌ بێناسنامه‌یی و غه‌ریبی کوردانه‌دایه‌؟)
(کۆتاییه‌کیان نه‌نووسیه‌وه‌؟) (په‌لکێشی تینوویه‌تیم ده‌که‌ن یان نه‌ ناسینه‌وه‌یان؟)…
هه‌روه‌ها وه‌ك چۆن له‌ 2 ده‌قه‌که‌ی پێشوودا جۆرێك له‌ سه‌نای خود ده‌بینرا له‌م ده‌قه‌شدا شاعیر ده‌ڵێت: (تاریکی به‌ من نه‌بێت بژار ناکرێت)
جارێکی تر و به‌ هه‌مان شێوه‌ لێره‌شدا بێئومێدی له‌ ناخماندا ده‌چێنرێت و ئه‌مه‌ش ده‌سه‌وسانی ئه‌م شاعیرانه‌ ده‌رده‌خات که‌ ئایا رۆڵی مرۆڤ چییه‌ له‌ ژیاندا؟ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ك مالیزیا بۆچی له‌ماوه‌ی 20 ساڵدا له‌ وڵاتێکی کشتوکاڵیی دواکه‌وتووه‌وه‌ ببێت به‌ وڵاتێکی پیشه‌سازی پێشکه‌وتوو، که‌چی ئێمه‌ هه‌مووان هه‌ر وشه‌ی بێ ئومێدی دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ نییه‌ شاعیر ده‌ڵێت:

( نازانم چما ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌ توشه‌، شۆره‌ك نه‌بوو له‌ بوونم! ). ئه‌مه‌ش ته‌سلیمبوونه‌ به‌ واقیع و بێ ئیراده‌یی تاك ده‌رده‌خات که‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌دح و توانای سمینی تاریکی بوو که‌ پێشتر باسی کردبوو.
خوێنه‌ر له‌م قه‌ره‌باڵغی زاراوانه‌دا سه‌ری لێ تێك ده‌چێت که‌ چۆن ئه‌و هه‌موو بابه‌ته‌ جۆراوجۆرانه‌ له‌م چه‌ند دێڕه‌دا یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ته‌قه‌ ده‌ده‌ن له‌ هزری خوێنه‌رو فیکری په‌رت و پڵاو ده‌که‌ن و جارجاریش ئاڵۆز، ئه‌وه‌تا جارێکی تر شاعیر به‌ 3 دێڕی جیاواز باسی سیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ی کوردایه‌تی ده‌کات و نازانم چۆن گونجاندوویه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی ژیان و کێشه‌ی فه‌لسه‌فی سه‌ره‌تاو کۆتایی ،و کۆچکردنی گه‌نجان. بۆ نموونه‌ ده‌ڵێت: ( چاره‌نووسی کورد، ئه‌نفالی کورد، غه‌ریبی کورد) که‌ ئه‌مانه‌ش زیاتر وشه‌گه‌لێکی ناو کورته‌ی هه‌واڵه‌کانن، یان هی ناو گوتارن نه‌ك شیعر. به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئیقاع و وشه‌سازیی له‌م شیعره‌دا لاوازه‌و زمانێکی ره‌ق به‌کارهاتووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ش له‌ که‌موکورتی زمانه‌وانی به‌ده‌ر نییه‌ وه‌ك به‌کارهێنانی (پێچه‌ڵپێچی ) له‌ جیاتی ( پێچاوپێچی) هه‌روه‌ها ( له‌ ده‌می فریایاندا) له‌ جیاتی ( له‌ ده‌می فریادا)، (به‌ قوڕ سوقدراویش) له‌ جیاتی ( به‌ قوڕ سواخدراویش).
جێی خۆیه‌تی بڵێین ؛ ئه‌م شاعیره‌ جیا له‌ دوو شاعیره‌که‌ی پێشوو چه‌ند وشه‌یه‌کی ئاوێته‌و تێکه‌ڵکراوی به‌کارهێناوه‌ که‌ جیای ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ شیعره‌کانی پێشوو وه‌ك ( بێکه‌سنیشتوو، شوێنباوه‌ش، کۆنووسینه‌وه‌، ڕێڕۆیشتن، بێندانیش، ده‌ستغه‌ڵه‌تی، بزنه‌ڕێ)..
ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم ؛ گه‌ر ئه‌و هه‌ر بیه‌وێت ده‌می کراوه‌ی پرسیار به‌کاربهێنێت و له‌م پێناوه‌شدا زۆر وشه‌ی تینوویه‌تی دووباره‌کردبێته‌وه‌، ئه‌وا با دڵته‌نگ نه‌بێت هه‌ر ئه‌و نییه‌ ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌کارهێنابێت، ئه‌وه‌تا شاعیری دواتریش له‌ شیعری ( سه‌فه‌رێك به‌ ناو تۆدا) ده‌ڵێت:
(تینوێتیی،
تینوێتیی له‌ زایه‌ڵه‌ی شکست و
تینوێتیی له‌ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ تۆ.)

4- شیعری (سه‌فه‌رێك به‌ ناو ئه‌و‌دا):‌
زاتییه‌تی ئه‌م شیعره‌ وا ته‌عبیر له‌ موعاناته‌کانی شاعیر ده‌کات ، له‌ دووریی که‌سی به‌رانبه‌ردا (ئه‌ودا) که‌ ره‌نگه‌ دڵدار بێت، توشی بێئومێدیی بووه‌و به‌ڵکه‌ ره‌نگه‌ خۆسووتان باشترین چاره‌سه‌ر بێت بۆ ئه‌و دۆخه‌ ره‌شبینییه‌، کاتێك ده‌ڵێت:
(له‌ ئاگرێك زیاتر له‌ ناو په‌نجه‌کانما ده‌بینمه‌وه‌…)
(ره‌نگه‌ ئه‌و ئاگره‌ ئه‌وه‌ بێت
که‌ دایکم به‌رده‌وام لێی ده‌ترسا تێم به‌ربێت)
ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نییه‌ بۆ شیعر، به‌ڵکو زۆرینه‌ هه‌ر ئه‌م قه‌وانه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌و وای ده‌بینێت کچێنیشی هه‌ر مه‌ینه‌ته‌ و هیچ شتێك نییه‌ خۆی پێوه‌ خه‌ریك بکات بۆیه‌ ژیان به‌ هیچ و بێماناو به‌ره‌و نه‌مانچوون ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت راشکاوانه‌تر حه‌زه‌کانی ناشارێته‌وه‌و ده‌ڵێت:
( من ده‌مه‌وێت ئێستا ماڵێکم
هه‌بێت، که‌ نیمه‌)
ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ له‌وانه‌ی پێش خۆی جیا ده‌کاته‌وه‌ هه‌وڵدانێکی تێدایه‌ بۆ ده‌ربڕین وبه‌ خولقاندنی وێنه‌ی شیعریی و هه‌وڵدان بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ راسته‌وخۆیی ده‌ربڕین، هه‌رچه‌نده‌ زۆر جار نه‌یتوانیوه‌، به‌ڵام ده‌توانین ئاماژه‌ به‌و وێنه‌ شیعریانه‌ بده‌ین که‌ ویستوویه‌تی بیانکێشێت به‌م کۆپله‌یه‌، که‌ ده‌ڵێت:
( په‌نجه‌ره‌که‌م به‌ هه‌ناسه‌ت
سواغ بده‌م و
کتێبه‌کانم له‌ گه‌رم و گوڕیت هه‌ڵکێشم)
ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم؛ به‌کارهێنانی دالی (به‌فر) چه‌ند باره‌یه‌ له‌م شیعره‌داو له‌ زۆر شیعری شاعیرانی تریشدا به‌کارهاتووه، وه‌ك لێره‌دا شاعیر سه‌ره‌تاو کۆتایی شیعره‌که‌ی پێ ده‌نووسێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت بڵێین شیعر مه‌نووسن، خۆزیا هه‌مو کورد شاعیر ده‌بوون و شاعیرانه‌ مامه‌ڵه‌یان ده‌کردو شیعری ره‌سه‌ن و جیایان ده‌نووسی، به‌ پشت به‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌کانی ئه‌زموون و مه‌عریفه‌و خوێندنه‌وه‌و رۆچوون و گرنگیدان، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ شیعرنووسین زۆر به‌ ئاسان ته‌ماشا ده‌کرێت و واده‌زانرێت هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی پێویست نییه‌و هه‌ر ختوره‌یه‌ك هات به‌ دڵدا ده‌توانرێت بخرێته‌ سه‌ر کاغه‌زو ناوی شیعری لێ بنرێت، که‌ له‌ ڕاستیدا وانییه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه‌.

له‌م شیعره‌دا تاکه‌ ناته‌بایی له‌ بابه‌تی شاعیردا که‌ خوێنه‌ر توشی سه‌رلێتێکچوون ده‌کات ئه‌وه‌یه، که‌ نازانرێت ئایا شاعیر حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاره‌که‌ی ده‌کات ؟ وه‌ك له‌ چه‌ند جێی شیعره‌که‌دا ده‌نووسێت:
( لێره‌ نا ئومێدیی به‌ گاگۆڵی ده‌رۆیشت پێش تۆ
ئێستا له‌گه‌ڵ باهۆزدا ده‌بارێت)
ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌کی تریش یان له‌ هاتنه‌وه‌شیدا هه‌ر بێزارو نیگه‌رانه‌ که‌ ده‌ڵێت:

( که‌چی من وامده‌زانی
نزیک بوونه‌وه‌ت ده‌مترسێنێ و
دوور که‌وتنه‌وه‌شت زیاتر ) ‌
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت به‌ شاعیر نه‌ڵێین به‌کاهێنانی دیوار وه‌ك ره‌مزی که‌سانی نه‌فام و به‌دکاریی ده‌وروبه‌ر له‌م شیعره‌دا شتێکی جوانه‌و وه‌ك چۆن به‌کارهێنانی وشه‌ی (عاده‌بوون) وێڕای ئه‌وه‌ی راسته‌خۆیه‌، به‌ هه‌مان جۆر ناشیعرییه‌ و ناشرینه‌.

5- شیعری: کێشی ئه‌و شیعره‌ت بۆ نادۆزرێته‌وه‌؛ بلورێنه‌ تکایه..
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ له‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی جیادا جاپکراوه‌و به‌ (موخه‌زره‌م) دانراوه‌و به‌رواری 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر نووسینی شیعره‌که‌ نووسراوه، واتا‌ 1390ی هه‌تاوی، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت منی خوێنه‌ری ئازاد سه‌رپشك نه‌بم له‌ به‌کارهێنانی پێوه‌ره‌کانی شیعر بۆ شه‌ن و که‌و کردنی ده‌قه‌که‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی و له‌کۆتایشدا بڕیاردانم به‌سه‌ریدا، ئایا تا چه‌ند خرۆشاندوومی و جیاکاریی تێدا ده‌بینمه‌وه‌؟
سه‌ره‌تا گه‌ر له‌ ناونیشانه‌که‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین وێڕای درێژیی، جۆرێك له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و گاڵته‌جاڕیی تێدایه‌، ئایا کێ بلورێنێ وه‌ك گورگ؟ ره‌نگه‌ ‌ خوێنه‌رێك بڵێت مه‌به‌ستی له‌ ده‌سه‌ڵات نییه که‌ له‌ ناو شیعره‌که‌دا پۆلیس نوماینده‌یی ده‌کات ‌و به‌ڵکو ره‌نگه‌ مه‌به‌ستی له‌ منی خوێنه‌ر بێت، ئه‌مه‌ یه‌ك… دووه‌م: گه‌ر مه‌به‌ست له‌ وشه‌ی کێش وه‌زنی شیعریی بێت ‌؟ که‌ به‌های شیعره‌که‌ داده‌به‌زێنێت و باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌میان بێت، چونکه‌ شیعره‌که‌ خۆی په‌یڕه‌وی کێشی تیا نه‌کراوه‌! ئه‌ی ده‌بێت مه‌به‌ست سه‌نگ و ماناکانی ناوه‌وه‌ی بن؟ که‌ من هه‌ست ده‌که‌م ئه‌مه‌یانه‌..

به‌ هۆی سانسۆرو نه‌بوونی ئازادیش ره‌نگه‌ شاعیر له‌ هه‌ندێك شوێندا په‌نای بۆ وێنه‌و ستایڵی سوریالی بردبێت وه‌ك ده‌ڵێت:
1- ( گورگێك..
ده‌وه‌ڕێ به‌و گوڵه‌به‌ڕۆژانه‌ی
له‌ په‌نجه‌کانی نه‌قاشێکدا ئاوا بوون)
2- (پۆلیسیش به‌ ڕێگاوه‌ فیتو لێده‌دا و
رووبه‌رووی کلوه‌ به‌فره‌کان
پێکێك هه‌ڵده‌دا له‌ ئاور)…
که‌واته‌ گورگ= پۆلیس، وه‌ڕین= فیتو، (گوڵه‌به‌رۆژه‌ی ئازادیی) نه‌قاش= به‌فر( ی سپی بێ له‌که‌)
چونکه‌ پۆلیس له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆره‌کاندا هیچ نییه‌ جگه‌ له‌به‌رگریکارێکی به‌وه‌فای سیسته‌می تۆتالیتاریی (مه‌نزومه‌ی تاڵ) ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بواری تیۆریی و ریکلامی راگه‌یاندنه‌کاندا وا ده‌خرێته‌ زه‌ینی خه‌ڵکه‌وه‌ کاکه‌ ئه‌وه‌ گورگ نییه‌، به‌ڵکو سه‌گی پاسه‌وانی به‌ وه‌فاو بێ زیانه.‌‌
‌‌به‌ گشتی ئه‌م شیعره‌ هه‌وڵده‌دات له‌م خولگه‌یه‌دا کار بکات و شاعیر توانا وێژه‌یی و زمانه‌وانیه‌کانی بخاته‌ گه‌ڕ، جارانێك پێکاویه‌تی و جیاوازییه‌کی دروستکردووه‌و جارانێکیش گۆڕینی سه‌بجێکت و بازدان له‌ ده‌سته‌واژه‌کاندا ده‌بینین و هه‌ست پێده‌که‌ین.
فه‌ره‌نسا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نییه‌ ته‌نیا ئه‌لێرکامۆو رۆلان بارت و ده‌یان سیاسه‌تمه‌دارو بیرمه‌ند تێیدا به‌ کاره‌ساتی ماشێن کۆچی دواییان کردووه‌ ، به‌ڵکو پره‌نسیس دایانا و هاوسه‌ری نه‌وه‌ی ملیاردێری ئه‌فریقایشیی هه‌ر به‌ هه‌مان کاره‌سات کۆتایی به‌ ژیانیان هات، که‌ له‌ نێوه‌ندی شیعره‌که‌دا ئه‌م نهێنیه‌ واڵا ده‌کرێت و ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌ویش بێت کرابێته‌ ره‌مزی نیشتیمانی، یان ره‌مزی هه‌موو ژنێك و ئاسۆکانی ژن . که‌ له‌ زوڵملێکراویدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌.

جێگۆڕکێکردنی وه‌ڕینی گوڵه‌به‌رۆژه‌ به‌ تاریکی و رووبه‌رروبوونه‌وه‌ی پۆلیس له‌گه‌ڵ هه‌تاودا ئه‌و گه‌مه‌ زمانه‌وانیه‌‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تا کۆپله‌دا به‌ جۆرێكی تر بوو، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی جیناسی ته‌واوی –با- و –با- که‌ یه‌کێکیان به‌ مانای ببوا و ئه‌وی تر ره‌شه‌بایه‌ له‌ کاره‌ جوانه‌کانی زمانی ئه‌م ده‌قه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی که‌سایه‌تی ( دایانا) وه‌کو بابه‌تی یاریده‌ده‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌قه‌که‌دا هه‌وڵێکی نوێ و ده‌ستپێشخه‌ریه‌کی بوێرانه‌یه‌، که‌واته‌ لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی که‌ کێشمه‌ کێشی نێوان شه‌ڕو چاکه‌ یان ئاوه‌دانکردن و وێرانکردن، جوانی و ناشرینی ، بابه‌تێکی هه‌میشه‌یی بوونی ئاده‌میزاده‌ له‌ سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا جۆرێك بنوێنێت، وێرای ئه‌وه‌ی مه‌یلو لایه‌نداریی شاعیر ناشاردرێته‌وه‌ بۆ توخم و ره‌گه‌زی مێ و کێشه‌کانیان له‌ زۆرانبازیه‌کانی ژیان و که‌لتووره‌ جیاوازه‌کانی میلله‌تان. ئایا له‌ کۆتاییدا گه‌ر پۆلیسه‌کان به باران بشۆردرێنه‌وه‌و پاك ببنه‌وه‌ له‌ تاوان له‌م مه‌دلولانه‌ تێده‌گه‌ن، یان هه‌ر کاژێر ناگاته‌ ئه‌و ساته‌ و له‌ کێشی ئه‌م شیعره‌ تێناگه‌ن؟؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌‌ دوا کۆپله‌و ده‌رگای ده‌قه‌که‌ی پێ کڵۆم ده‌د‌رێت.
له‌ کۆتاییدا چه‌ند سه‌رنجێکی کورتم هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ زاراوه‌و زمانی ده‌قه‌که‌وه‌.

– ماناکان راسته‌وخۆ خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌و شاعیر زمانێکی قورسی به‌کارهێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی بابه‌تێکی ئاڵۆزیشی تاوتوێ کردووه‌. ئه‌مه‌ش زیاتر رووی پۆزه‌تیڤی هه‌یه‌ نه‌ك نێگه‌تیڤ.
– شاعیر ده‌یتوانی له‌ جیاتی به‌کارهێنانی وشه‌ی دووباره‌کراوی (فه‌ڕز که‌ن) وشه‌ی کوردی زۆر جوان و کاریگه‌رتری به‌کاربهێنایه.
– له‌ ڕێنووسی نوێدا جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی‌ لێکدراو که‌ بۆ یه‌ك مانا به‌کاردێت سه‌ر له‌ خوێنه‌ر تێكده‌دات که‌ ده‌بوو به‌ نموونه‌ به‌م جۆرانه‌ بوونایه‌:

نزاتاندا، نه‌ك نزاتان دا/ برێزیلییان، نه‌ك برێزیلی یان/ دڵنیامکه‌وه‌، نه‌ك دڵنیام که‌وه‌… تاد

– به‌کارهێنانی هه‌ندێك وێنه‌و زاراوه‌ی لاوازو تاراده‌یه‌ك دوور له‌ کرۆکی بابه‌ته‌که‌وه‌ به‌ جۆرێك لاوازی و کرێتی ده‌به‌خشێت به‌ وێنه‌کان، وه‌ك (قه‌ڵه‌م موو)، ته‌نانه‌ت ئه‌و کۆپله‌ 5 دێڕییه‌ی ده‌ڵێت (نیو کوره‌ ئاسک) شازه‌ له‌و ده‌قه‌داو من وای ده‌بینم ئه‌م کۆپله‌یه‌ له‌شانی کۆپله‌کانی تردا نییه‌، جگه‌ له‌ به‌کارهێنانی دێڕی (نیسف و ننه‌هاری گورگ) لای منی خوێنه‌ر له‌هه‌مان کۆپله‌دا جۆرێك هه‌ڵه‌ی تیایه‌. که‌ ره‌نگه‌ لای شاعیر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌موو کۆپله‌کان به‌هێزترو به‌ پێزتر بێت. ده‌یتوانی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی که‌ له‌ داڕشتنی ئه‌م کۆپله‌دایه هاتووه‌‌ به‌ شێواز و زمانێکی تر ده‌ڕشتایه‌ که‌ زۆر سه‌رنجڕاکێشتر ده‌بوو، به‌و مانایه‌ی وه‌ك پێویست سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ گه‌یاندنی مانادا له‌کاتێکدا ئه‌م شیعره‌ به‌ زمانی کوردیه‌، ئێدی ده‌پرسین وشه‌ی بیانی بۆ؟
له‌ کۆتاییدا به‌ ئاماژه‌دان‌ به‌ جوانی و تازه‌گه‌ریی ئه‌م وێنه‌ شیعرییه‌ دوایی به‌م باسه‌ ده‌هێنم و هیوادارم چیدی (هیچ) هیچ نه‌بێت.

( گوێچکه‌یه‌کی بڕاو ده‌بینم له‌ با دا
ماندوو له‌ ده‌نگه‌کان نا.. که‌ ره‌نگیان به‌ تامترین به‌رامه‌یه‌
ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ با دا.. که‌ بێ سنوور ده‌ژی)




سیاسه‌تی برسی كردنی هاووڵاتیان له‌پێناو چیدا؟ … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ سیاسه‌تی برسی كردنی هاونیشتیمانیانی خۆی گرتۆته‌ به‌ر كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ شێكه‌ له‌ ستراتیجیه‌تی سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ پێناو ناچار كردنی خه‌ڵكی كه‌ ملكه‌چی سیاسه‌ته‌كانیان بن و كاریگه‌ری ئۆپۆزسیۆن كه‌م بكه‌نه‌وه‌.
سیاسه‌تی برسی كردن له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تێكی نا ئه‌خلاقیه‌ چه‌ندین ده‌ر ئه‌نجامی ترسناك به‌دوای خۆیدا ده‌یه‌نێت كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ جێده‌یه‌ڵێت.

ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ناساندنی سیاسه‌تی برسی كردن

سیاسه‌تی برسیكردن بریتیه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هاوڵاتیان ناچار ده‌كرێن له‌ بارو دۆخێكی ئابوری قورسدا ژیان بگوزه‌رێنن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ توانای ئه‌وه‌یان نه‌بێت بتوانن پێداویسته‌ سه‌ره‌تایه‌كانی ژیان بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن .
جاران ووڵاته‌ داگیركه‌ره‌ گه‌وره‌كان ئه‌م سیاسه‌ته‌یان ده‌گرته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه‌ داگیریان ده‌كرد ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ووڵاته‌ی كه‌ داگیریان كردووه‌ ملكه‌چی و سیاسه‌سه‌ته‌كانیان ببن.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ سیاسه‌تێكی نا ئه‌خلاقیه‌ به‌و پێیه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بنیاد نراوه‌ كه‌ سوكایه‌تی به‌ شه‌ره‌ فو كه‌رامه‌تی مرڤ بكرێت، تاكه‌كان ناچار ده‌كرێن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ درێژه‌ به‌ ژیانی ئاسای خۆیان بده‌ن چاو له‌ ناعه‌داله‌ت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی ده‌سه‌ڵات بپۆشن.
له‌ راستیدا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو ملكه‌چ كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سیاسه‌ته‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و ده‌یانه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه‌ درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی خۆیان بده‌ن.


ئامانجی پیاده‌كردنی سیاسه‌تی برسی كردن

ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ر پرسیاری سه‌ره‌كین له‌ پیاده‌ كردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ پێناو به‌ ده‌ست هێنانی زۆر ترین داهات بۆ خۆیان و پارته‌ كانیان ئه‌م سیاسه‌ته‌یان گرتۆته‌به‌ر وه‌ بۆ سه‌ر شێواندنی خه‌ڵكێش هه‌میشه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م دۆخه‌ ده‌ر ئه‌نجامی قه‌یرانی داراییه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا شتێك به‌ناوی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ بوونی نیه‌.

قه‌یرانی دارای قه‌یرانێكی دروستكراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ پێناو بردنی داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ گروپێكی بچوكی ده‌سه‌ڵاتدار
یه‌كێكی تر له‌ ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی سیاسه‌تی برسی كردن كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرێت بریتیه‌ له‌ دروست كردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ڕ ئاسا كه‌ به‌ڵی بۆ هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بكات.
به‌گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی برسی كردن له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت كه‌ خه‌ڵكی ناچار بكه‌ن جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و پارتانه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌م پارتانه‌وه‌ بتوانن هه‌ندێك داهاتیان ده‌ست بكه‌وێت بۆ درێژه‌ پێدان به‌ ژیانی ئاسای خۆیان.

ئه‌كرێت ئه‌مه‌ش به‌ خه‌یاڵێكی سیاسی ناو ببه‌ین چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵێكی دیاری بینی له‌ ووشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی (2009-2013 ) ئه‌گه‌ر به‌ قورسكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌ندێك ناچار بن په‌نا بۆ هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی ئه‌م دۆخه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ره‌ی دژایه‌تیان .

ده‌ر ئه‌نجامی سیاسه‌تی برسیكردن

زۆر جار سیاسه‌تی برسی كردن ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ دروست بوونی هه‌ندێك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ئه‌كرێت به‌ لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوی بێنین وه‌ك (له‌شفرۆشی).
هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌ لێواری ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان بڕوات وه‌ خه‌ڵكانێك ته‌نها له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ ژیانێكی ئاسای بۆ منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن ده‌ست ده‌كه‌ن به‌م كاره‌.
ئه‌كرێت ئاماژه‌ش به‌وه‌ش بده‌ین كه‌ ئه‌كرێت هه‌ر له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌وه‌ دزی كردن ته‌شه‌نه‌ بسێنێت.

جگه‌له‌مانه‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌كانیش زیاد بكات له‌هه‌مان كاتیشدا چونه‌ ناو پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری كه‌م بكات.
سیاسه‌تی برسی كردن له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جوڵه‌ی ئابوری كه‌مبكات و بازاره‌كان وه‌كو جاران مامه‌ڵه‌ی ئابوری به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان به‌خۆوه‌ نه‌بینن .
له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ حكومه‌ت و پارته‌ سیاسیه‌كان نه‌مێنێت و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌ر ببڕن به‌چه‌ندین جوڵانه‌وه‌ له‌ شێوه‌ی بزاوتی رێكخراودا .
ئه‌و بێمتمانه‌یه‌ی كه‌ له‌ ده‌ر ئه‌نجامی پیاده‌ كردنی ئه‌م سیایسه‌ته‌وه‌ دروست بووه‌ له‌ نێوان هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵات دور نیه‌ سه‌ر بكێشێت بۆ دروست بوونی توندوتیژی سیاسی ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بێت.




میدیای كوردی له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا … 4 … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

به‌شی چواره‌م و كۆتایی

ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری كورد
له‌نێوان خوێندنی ئه‌كادیمی و به‌هره‌ و شاره‌زایی تاقیكراوه‌دا

ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری سه‌ركه‌وتوو ده‌خوازێ‌ ڕۆشنبیری و به‌هره‌ی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی هه‌بێ ، ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ له‌ په‌سن كردن و نه‌كردنی له‌به‌رچاو ده‌گیرێ‌ ، به‌ واتایه‌كی دی به‌هره‌ و شاره‌زایی تاقیكراوه‌ له‌ پێش خوێندنی ئه‌كادیمیدا دێ‌.
له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و میدیای كوردیدا هه‌میشه‌ وا كه‌وتووه‌ته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ماكینه‌ی میدیایان به‌گه‌ڕخستووه‌ ئه‌وانه‌ بوون كه‌ حه‌ز و ئاره‌زوو و به‌هره‌یان تێدا بووه‌ ، كه‌م وا ڕێككه‌وتووه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ده‌سپێكی ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ده‌ناسرێ‌ ، له‌و بواره‌دا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمیی بوو بن ، ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌رچوویه‌كی به‌شی ڕاگه‌یاندن به‌ هۆی بێ به‌هره‌یی وا ڕیك كه‌وتووه‌ كاری دیكه‌ی كردووه‌ .

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌كادیمی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی تێیاندا بووه‌ كار له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسیدا بكه‌ن ، چونكه‌ خوێندنی ئه‌كادیمی دیاره‌ ده‌بێته‌ ڕێ ڕوونییه‌كی دی بۆ كاری ڕۆژنامه‌نووس و هۆیه‌ك بۆ داهێنان و وروژاندنی به‌هره‌ شاراوه‌كانی.
خوێندنی ئه‌كادیمی مشت وماڵی ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زوو و به‌هره‌یه‌ ده‌كا ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری ڕاكێشاوه‌ته‌ ئه‌و مه‌یدانه‌.

مه‌سه‌له‌كه‌ به‌داخه‌وه‌ لای ئێمه‌ له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ زۆرجار به‌پێچه‌وانه‌ كه‌وتبێته‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌م یه‌ك دوو ده‌یه‌ی دووایدا ، ئه‌وه‌ی له‌ ڕێی خوێندنی ئه‌كادیمیه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌سبه‌كار ده‌بێ، سه‌یر ده‌كه‌ی ئه‌و به‌هره‌ و شاره‌زاییه‌ تاقیكراوه‌یه‌ی نییه‌.
له‌ هه‌مان كات ددانیش به‌وه‌دا نانێنێ‌ لای شاره‌زایه‌ك ڕێنوینی بكرێ‌ ، له‌به‌رابه‌ریشدا شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ به‌ هۆی ئه‌زموونی چه‌ندان ساڵه‌یان ، ئه‌وانیش به‌رامبه‌ر به‌تازه‌ ده‌ست پێ كردووان و نه‌شاره‌زایانی كاری ڕۆژانه‌ و خۆهه‌ڵواسی به‌ زانیاری تیۆری كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رج و ئاراسته‌ی ئه‌م كه‌ناڵ یا ئه‌و كه‌ناڵ یه‌كیان نه‌گرتبێته‌وه‌ نه‌هاتبنه‌وه‌.

له‌و ڕاسته‌شدا نه‌ كادیره‌ ئه‌كادیمیه‌ تازه‌ ده‌ست پێكردووه‌كه‌ هه‌وڵی فێربوون ده‌دا ، ئه‌زمنوونداره‌كانیش له‌و سه‌ره‌وه‌ پلانه‌كانیان لێ تێك ده‌چێ‌، به‌مه‌ش زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی خودی كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌بێ ، ئینجا ڕۆژنامه‌ یا ڕادیۆ یا ته‌له‌فزیۆن یاخود سایتێكی ئه‌لكترۆنی بێ.
ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی تا ئێستاش له‌و جوغزه‌دایه‌ و ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسی به‌رپرسیاری تێیدا نه‌بێ بڕیاری بوێرانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ناڵه‌كه‌ و سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كانی بدا… چونكه‌ نووسین با له‌ ڕۆژنامه‌شدا بێ هه‌رگیز بارێك نییه‌ به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی ئینشائی بێ ناوه‌رۆكی دوور له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ و پێشبینیكراو پێك بێ.

به‌ڕوویه‌كی دی ناشێ‌ شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ خوێندنی ئه‌كادیمی نه‌خوێننه‌وه‌ و حساب بۆ كادیرانی تازه‌ ده‌ستبه‌كار بوو نه‌كه‌ن ، كه‌ پێم وایه‌ له‌ حاڵه‌تی هه‌ندێ‌ كه‌ناڵی تایبه‌تمه‌ندی وه‌ك بواری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و كولتووری (ئه‌گه‌ر ئێستاش جێی باس نه‌بووبن)، به‌ڵام ئه‌مانه‌ و هی دیش پێویستن و ڕۆژێ‌ ده‌بێ خه‌میان لێ بخورێ‌.

ده‌ڵێم له‌ حاڵه‌تی ئه‌و كه‌ناڵه‌دا ده‌خوازێ‌ ئه‌وانه‌ی كار له‌و چه‌شنه‌ كه‌ناڵانه‌دا ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای شاره‌زاییان له‌ كاری میدیایی پێویسته‌ له‌و بوارانه‌شدا شاره‌زایی و ئه‌زموونی پێویستیان هه‌بێ. كه‌واته‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌ كاری میدیایدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی داهێنان و شاره‌زایی له‌ بواری كولتووردا نییه‌.
هه‌ر لێره‌دا ته‌ماشا ده‌كه‌ین لێك ڕاستبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان خوێندكارانی ئه‌و بواره‌ ، كه‌ ده‌یه‌وێ‌ ته‌نیا به‌ هێزی تیۆری دوور له‌ ئه‌زموون و كاركردنی كارا شوێنێ‌ بگرێ‌ شایانی نییه‌ له‌به‌رابه‌ر ئه‌زمووندار و شاره‌زایاندا كه‌ به‌كردار ته‌مه‌نێكیان له‌و بواره‌دا به‌سه‌ربردووه‌.
ئه‌مه‌ش به‌ئاشكرا له‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ و سایت و ڕادیۆ و شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ هه‌ستی پێ ده‌كرێ‌ و به‌مه‌ش ورده‌ ورده‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ڕوو له‌پاشه‌كشه‌ ده‌كا و توانای خۆ نوێكردنه‌وه‌ی نامێنێ‌ نه‌خاسمه‌ ئه‌گه‌ر كادیره‌ تازه‌ ده‌ست پێ كردووه‌كان به‌ هۆی بڕوانامه‌كانیانه‌وه‌ بێ یا هه‌ر هۆیه‌كی دیكه‌ ببن به‌ كارمه‌ندی كارای ئه‌و كه‌ناڵانه‌ .

هه‌واڵ له‌ میدیای كوردیدا
چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌واڵ له‌ وه‌ختی شه‌ڕ و قه‌یراناندا

نامه‌وێ‌ لێره‌دا جارێكی دی بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سیفه‌ت و پرسیارانه‌ی هه‌واڵ (هه‌ر هه‌واڵێك)ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌نرێ‌ وه‌ك (كێ‌) و (چی) و (كه‌ی)و (له‌كوێ‌) و (بۆ) و (بۆچی)…. ئه‌گه‌رچی من خۆم وای ده‌بینم له‌گه‌ڵ به‌هه‌ند گرتنی ئه‌و پرسیارانه‌شدا له‌ هه‌واڵدا به‌ڵام له‌ باری ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی میدیا و ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن به‌خۆیه‌وه‌ی دیوه‌ ، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌ ، به‌ڕاده‌یه‌ك پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی سپاردووه‌ كاتێ‌ میدیا له‌ میدیای كاغه‌ز (نووسراو) و دره‌نگتریش (بیستراو) زیاتر له‌مه‌یداندا نه‌بوون.
ئه‌وێ‌ ڕۆژێ‌ میدیا هه‌م په‌یام بوو ، هه‌م به‌رپرسیارییه‌تی و تاڕاده‌یه‌كی نكۆڵیلێنه‌كراویش ڕاستبێژی به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ندێ‌ كه‌ناڵی به‌ناوبانگی وه‌ك ڕادیۆی (BBCی ئه‌وسا) كه‌ حسابیان بۆ ناو وناوبانگی خۆیان ده‌كرد و ڕێزی گوێگریان لا گرینگ بوو….

میدیای كوردی وه‌ك له‌ پێشدا ئاماژه‌مان پێدا له‌ ئه‌ساسدا له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ ، پاشان هه‌وڵه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی (بیستراو)یشی هاتۆته‌سه‌ر هه‌ردوو جۆریش به‌ هه‌ژاری و یا له‌سه‌ر ده‌ستی ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی بووه‌ ، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا بایه‌خیشیان به‌ سیاسه‌ت داوه‌ ، له‌وه‌ی ده‌هاته‌وه‌ ناو خه‌باتی قه‌ومایه‌تی یا چینایه‌تی ، یان سیاسیه‌كان بوون ، ئه‌وانه‌ی چ به‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵگری بیرو بۆچوونێك بوون یا له‌ ڕیزی حزبێكی سیاسیدا بوون…

ئه‌و كه‌ناڵانه‌ش وه‌ك وتمان هه‌ژاربوون و مانگانه‌ یا ناوه‌ناوه‌، ، یا زۆر زۆر هه‌فتانه‌ بوون به‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ كوردی بڵاویان كردوونه‌ته‌وه‌. تۆ هه‌رئه‌وه‌نده‌ بێنه‌ به‌رچاو، ساڵی 1974 بیر له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ ده‌ربچوێندرێ ! كه‌ زۆر دره‌نگ بوو.. به‌هه‌رحاڵ له‌ هه‌واڵدا له‌پێشترین سیفه‌ت خۆی فه‌ڕز ده‌كا، خێرایی گه‌یاندنه‌ ئه‌گه‌ر له‌پاشاندا باسی چلۆنایه‌تی هه‌واڵ بكه‌ین ، ئه‌مه‌ش دیاره‌ بۆ ئه‌وسا له‌ توانای حه‌فتنامه‌ و مانگنامه‌ و دره‌نگتر نه‌بووه‌ كه‌ ئێستا ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ش (ناڵێم ئه‌سته‌مه‌، پێم وایه‌ ده‌كرێ‌) به‌ڵام ئاسان نییه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ دا ڕۆژنامه‌ بتوانێ‌ كێبه‌ركێ‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی و سایته‌ ئه‌لكترۆنی و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكا. به‌ڵام با بزانین داخۆ ده‌نگوباسی (هه‌واڵ) به‌گشتی حاڵی حازر له‌ میدیای كوردیدا چۆنه‌.

وای ده‌بینم ئه‌مڕۆ میدیا به‌گشتی؛ به‌ میدیای كوردیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕیكلام و ده‌رهاوێشته‌ و نه‌خشه‌ بۆ دانراوه‌كانی بوون به‌ دوو ڕووی یه‌ك دراو ، هه‌ندێ جار ئه‌گه‌ر دراوه‌كه‌ هه‌ڵده‌ی زیاتر به‌دیوی ڕیكلامدا ده‌كه‌وێ‌ و ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و خانه‌یه‌ .. ڕیكلام كه‌ ئێستا به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان تێكه‌ڵی نه‌ك هه‌واڵ به‌ڵكو به‌رنامه‌كانیش كراوه‌ ، به‌مه‌ش به‌ناچاری بێ (ڕازی كردنی سپۆنسه‌ر) یا هه‌ر نیازێكی دی جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر كه‌ناڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ڕاكێشانی بینه‌ر (كه‌ من له‌گه‌ڵ پارێز وه‌رگرتنمدا ئه‌وه‌ به‌مافێكی ڕه‌وا ده‌زانم) به‌ڵام زۆرجار دوور له‌ ڕه‌چاوكردنی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ ئاراسته‌یه‌كی ساغڵه‌م و به‌رپرسیاری ڕای گشتی له‌وه‌ی نا چاوپۆشی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌كان بكرێ‌ به‌ڵكو له‌وه‌ی ئینتیما و خۆشه‌ویستی خاك و وڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژییه‌كانی له‌به‌رچاو بگیرێ‌.

هه‌واڵ له‌میدیای كوردیدا له‌چه‌ند سه‌رێكه‌وه‌ جێی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستانه‌ ، له‌لایه‌ك كه‌م وا ڕێككه‌وتووه‌ هه‌واڵ ڕای نه‌ك هه‌ر داڕێژه‌ری هه‌واڵ به‌ڵكو هه‌ندێ‌ جار باربووكه‌ریشی پێوه‌ دیارنه‌بێ به‌تایبه‌تیش له‌و كه‌ناڵانه‌ی خۆیان. (به‌ئیستلاحی خۆیان) به‌ (ئه‌هلی) و (سه‌ربه‌خۆ) و (بێلایه‌ن) ناساندووه‌.
له‌و سه‌ریشه‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ی ڕووپه‌ڕی لاسایی كردنه‌وه‌ له‌ داڕشتنی هه‌واڵێكی ناوخۆ یان ده‌ره‌وه‌ ده‌گاته‌ ڕاده‌ی كۆپی كردن ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ (بیستراو) و (بینراو)ـه‌كاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێ‌.
دیسان داڕشتنی هه‌واڵ زۆرجار مه‌رجه‌ كلاسیكیه‌كه‌یشی پێوه‌ دیار نییه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشینه‌ی خودی هه‌واڵه‌كه‌ش دیار نییه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

من سه‌یرم به‌ هه‌ندێ‌ قسه‌ دێت كه‌ له‌م لاو ئه‌و لادا ده‌كرێت به‌وه‌ی هه‌ندێ پێیان وایه‌ ، نه‌ك هه‌ر پێیان وایه‌ ، به‌ڵكو به‌ فه‌تحی قه‌ڵای خه‌یبه‌ریشی ده‌زانن كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ جاران هه‌واڵمان له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرت ئێستا خه‌ڵك هه‌واڵ له‌ ئێمه‌ وه‌رده‌گرێت.
جارێ‌ تا ئێستا ( مه‌گه‌ر له‌ سایته‌كان) گوێم لێ نه‌بووه‌ كه‌ناڵێكی باوه‌ڕپێكراوی دونیا یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ كوردیه‌كانی كردبێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌واڵێكی خۆی ، مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌ زمانێكی زیندووی وه‌كو ئینگلیزی له‌ ماڵپه‌ڕی تایبه‌ت به‌ خۆیان بڵاویان كردبێته‌وه‌.

پاشان زۆرجار وه‌رگرتنی هه‌واڵ له‌ ئاژانسێكی به‌ناوبانگ و خاوه‌ن متمانه‌ (بۆ ده‌ره‌وه‌) ڕه‌نگه‌ خه‌رجی كه‌متری بوێ‌ و باوه‌ڕپێكراوتریش بێ ، له‌وه‌ی له‌ تۆڕی په‌یامنێرانیدا خه‌رجی ده‌كا كه‌ زیاتر هه‌ندێ جار نه‌بێ كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌خودی هه‌واڵه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ده‌نا وه‌رگرتنی هه‌واڵ له‌ ئاژانسه‌ متمانه‌ پێكراوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ ناكه‌وێ‌ . جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئێستا خه‌ڵك هه‌واڵ له‌ ئێمه‌ وه‌رده‌گرێ‌ ، با گریمان به‌و جۆره‌ش بێ ، له‌بیریان ده‌چێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا كوردستان ده‌مێكه‌ بووه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵایساو ، به‌تایبه‌تیش دوای هاتنی مێرده‌زمه‌ی (داعش) وه‌ك ده‌بینین دونیای ته‌نیوه‌ته‌وه‌ و په‌لی بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاش هاوێشتووه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یدا خه‌ریكن له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ كلتووری دیموكراسیشیان بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

سیمایه‌كی دیكه‌ی میدیای ئێمه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ ڕه‌نگی پێوه‌ ده‌گرێ‌ ئه‌وه‌یه‌ میدیای هه‌واڵ و بیروڕا تێكه‌ڵ كراوه‌ یاخود لێك هه‌ڵنه‌وێردراوه‌ ، لێره‌شدا هه‌واڵ و ده‌رهاوێشته‌كانی پاشتری له‌ ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و شرۆڤه‌ی په‌یوه‌ندار له‌ میدیای كوردی دا به‌ قوربانی نووسینی جیاجیا و هه‌ندێ‌ جار ئینشائیش كراوه‌ ، له‌ ڕووی (بایه‌خی هه‌واڵ)یشه‌وه‌، ده‌بینی هه‌ر كه‌ناڵه‌ و به‌نه‌غمه‌ی خۆی ده‌خوێنێ‌ و بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ناڵه‌ حزبیه‌ ڕه‌سمیه‌كانی لێ بترازێ‌ كه‌ ڕوانینی خۆیانی تێدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ و باروبووكاریشی دیاره‌ .

له‌و ڕاسته‌دا سه‌یر ده‌كه‌ی هه‌واڵێك ڕه‌نگه‌ زۆر به‌لای خه‌ڵكیشه‌وه‌ گرینگ بێ به‌ڵام كه‌ناڵێكی دیاریكراو یان هه‌ر بڵاوی ناكاته‌وه‌ ، یا ئه‌گه‌ر بڵاویشی بكاته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنمایی سنوور بۆ دانراوی خاوه‌نه‌كه‌ی تێناپه‌ڕێ‌ ، به‌مه‌ش نیوه‌ی یا چاریه‌كی ڕاستینه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ت پێده‌گا.
پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته‌ ، هه‌واڵی بێ بایه‌خ هه‌یه‌ ، كه‌ناڵێكی دی زیاد له‌ سنووری خۆی گرینگی پێ ده‌دا و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ‌ ڕه‌گه‌زی ناڕاست یا هه‌ڵبه‌ستراویشی تێدا بێ.

جار هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌واڵی كه‌ناڵێك (كه‌ هه‌ندێ‌ جار نه‌خشه‌ بۆ كێشراویشه‌) ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی تێك بچی ، یاخود بچێته‌ خانه‌ی ده‌مگۆ (اشاعه‌) بۆ كه‌سێك یا لایه‌نێك، یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ په‌سنی كه‌سێك یا لایه‌نێكدا بێ‌..
وای ده‌بینم به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا هێشتا زۆری ماوه‌ (میدیای ئه‌هلی، سه‌ربه‌خۆ، بێلایه‌ن) له‌ناو دووكه‌وانه‌دا ده‌ربهێنرێن ، چونكه‌ میدیای كوردی پێم وایه‌ ماویه‌تی به‌تایبه‌تیش له‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هه‌واڵدا، نه‌ك هه‌ر له‌ كاته‌ ئاساییه‌كاندا به‌ڵكو له‌ وه‌ختی شه‌ڕ و قه‌یرانیشدا بێجگه‌ له‌وه‌ی پیشه‌ییایه‌تی نه‌پاراستووه‌ هه‌ندێ جار وه‌ك بینیمان و خوێندمانه‌وه‌ له‌ وه‌ختی شه‌ڕ و قه‌یرانیشدا له‌ نه‌زانی بێ یاخود به‌ پێشینه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ هه‌واڵدا به‌تایبه‌تی له‌ میدیای بینراو گه‌یشتووه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ی به‌چاوساغی كردن بۆ دژمن تۆمه‌تبار بكرێن.

هه‌ندێ‌ له‌ هۆیه‌كانی لاسه‌نگی میدیای كوردی

ئه‌گه‌ر دوێنێ‌ هه‌ندێ له‌ نه‌خۆشیه‌كانی میدیای كوردی كه‌ تا سه‌رده‌مانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیدا بوو ، یا له‌ ژێر هه‌ژموونی ئیراده‌ی خۆیدا بوو بێ ، (میدیای پێشمه‌رگایه‌تی) ئه‌ویش ئیستگه‌كانی ڕادیۆی لێ هه‌ڵبوێری كه‌ به‌خێراییه‌كی پێوانه‌یی په‌یامی خۆی ده‌گه‌یاند ، ده‌نا میدیای نووسراو له‌ ڕووی خێرایی گه‌یاندنه‌وه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی نه‌بووه‌…

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میدیای ئه‌وان ڕۆژانیش خاڵی نه‌بوو له‌ كه‌م وكورتی و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین (1991) ، له‌ باتی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ ، ته‌شه‌نه‌یان سه‌ندو و بڵاوتر بوونه‌وه‌ !
لێ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ ، كه‌م تا كورت ، باوه‌كو ڕۆژنامه‌نووسانی كورد ، ئه‌وسا له‌ بوارێكی به‌رته‌سك و هه‌ندێ‌ جار ته‌نگ و تاریك كاریان كردووه‌ ، به‌ڵام پاراستنی ئیتیكی ڕۆژنامه‌نووسیی و هه‌واڵدان بۆ به‌رقه‌راركردنی جۆرێك له‌ پڕۆفیشناڵیه‌تی له‌ كاردا و تێپه‌ڕاندنی هه‌ندێ‌ بابه‌تی فه‌رهه‌نگیی له‌ بارودۆخێكی ئه‌سته‌مدا كه‌ سانسۆر به‌سه‌ر هه‌موو بڵاوكراوه‌یه‌كدا له‌وپه‌ڕی دابوو…. دیسان تاڕاده‌یه‌ك دوورتر بوو له‌و نه‌خۆشیانه‌.
ڕه‌نگه‌ هۆیه‌كی دیكه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ وا كه‌وتبێته‌وه‌ میدیای ئه‌وسا دیاریكراو و له‌ هه‌موو حاڵه‌تێك و به‌ هه‌موو باران بڵاوكراوه‌كان ژماره‌یان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ هه‌میشه‌ به‌ سانسۆری ده‌وڵه‌تدا تێپه‌ڕیوه‌ ، بۆیه‌ كه‌می ژماره‌ی بڵاوكراوه‌كان ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌رێك بێ‌ له‌ دیاریكراوییه‌تی نه‌خۆشیه‌كانیشی….

بێگومان لێره‌دا ئێمه‌ باسی ئه‌و میدیایه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ عێراقدا بووه‌ ، ڕاستی نه‌خۆشیه‌كانی میدیای كوردی زیاتر دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ركه‌وتن و ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ك ڕۆژنامه‌نووسان كه‌ سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر بشێ‌ بگوترێ‌ تووشی (شوكی ئازادی) بوون ، له‌ دوایشدا كۆبوونه‌وه‌ی ده‌توانین بڵێین له‌شكرێك له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆژنامه‌ و كه‌ناڵگه‌لێك زۆر زیاتر له‌و سنووره‌ جوغرافیایه‌ی له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا ، به‌ڕاده‌یه‌ك وای لێ هات پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی له‌ پیشه‌ی بانگخوازی بۆ ئازادی و به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی و پاراستنی ئیتیكی پیشه‌كه‌ ، بوو به‌ هۆیه‌ك بۆ بژێوی ، هه‌ر لێره‌شڕا چاك و خراپ، زانا و نه‌زان تێكه‌ڵ بوون و له‌ دیمه‌نێكی له‌ پێشدا نه‌دیتراودا میدیایه‌ك بێته‌ كایێ ڕووكه‌ش، دوور له‌ فه‌رهه‌نگ، ماندوو، متمانه‌ پێنه‌كراو – ته‌نانه‌ت نه‌خۆشیه‌كان به‌ جۆرێك ، به‌تایبه‌تش به‌م دوادواییانه‌ په‌ره‌یان سه‌ند كه‌ زۆر له‌ كه‌ناڵه‌كان (خوێنراو – بیستراو – بینراو) ڕاشكاوانه‌ هاتنه‌ ناو ململانێ‌ سیاسیه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ كاری میدیا نییه‌.

له‌م باره‌دا ده‌كرێ‌ (هه‌ندێ) له‌و نه‌خۆشیانه‌ی له‌ میدیای ئه‌مڕۆی كوردیدا ده‌بیندرێن له‌خواره‌وه‌دا كۆبكه‌ینه‌وه‌ :
– : ئه‌وه‌نده‌ی شێوه‌ی وانه‌دانی وه‌رگرتووه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ حسابی بۆ ڕای گشتی نه‌كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ جار گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌ناڵ ڕێگایان به‌خۆیان داوه‌ جێی داواكاری گشتیش بگرنه‌وه‌ و ده‌ست له‌ كاروباری دادوه‌ریشه‌وه‌ وه‌ربده‌ن ، به‌مه‌یش له‌ چه‌ندان لاوه‌ كار بكه‌نه‌ سه‌ر ڕای گشتی و به‌ربه‌ستێك پێكه‌وه‌ بنێن (به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بێ) بۆ به‌لاڕێدا بردن یا شێواندنی ئه‌و ده‌رهاوێشتانه‌ی له‌ هه‌واڵێكی دیاریكراوه‌وه‌ دروست ده‌بن.
– : زۆرجار له‌چوارچێوه‌ی (ئازادی)دا ، میدیای كوردی غه‌دری له‌و وشه‌یه‌ كردووه‌ و زۆر جار (ئازادی) بێ (به‌رپرسیاریه‌تی) خوێندۆته‌وه‌ ، ئه‌م دیارده‌یه‌ش (كه‌ به‌ڕاستیش بووه‌ به‌ دیارده‌) گه‌لێك جار پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی یا سیاسی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وه‌ختی شه‌ڕی ناوخۆدا به‌رپا بوو.

– : به‌ گشتی میدیای كوردی هه‌ڵسوكه‌وتێكی دروست و هاوسه‌نگی له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا نه‌بووه‌ ، یا 100% له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستێكدا بووه‌ یاخود 100% دژی بووه‌ ! كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا هه‌ڵسوكه‌وتی په‌سه‌ند نییه‌ و له‌و ناوه‌شدا ڕۆڵ و كاریگه‌ریی خودی كه‌ناڵه‌كه‌ لاواز ده‌كا و متمانه‌ی خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌رانیشی به‌ تێپه‌ڕبوونی وه‌خت له‌ده‌ست ده‌دا، وه‌ك ئێستا ده‌یبینین كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌ناڵ هه‌واڵێك یا وتارێكی ڕۆژنامه‌نووسیی به‌ ڕاده‌یه‌ك قه‌به‌ ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت خوێنه‌ری ئاسایش ده‌ركی پێ ده‌كا ، دیاره‌ پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته‌…. سه‌یرایه‌تیه‌كه‌یش له‌وه‌دایه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ، به‌ كه‌ناڵی (سه‌ربه‌خۆ) و (بێلایه‌ن)و چی و چی خۆیان ده‌ناسێنن !! سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كان بێلایه‌نی له‌ وه‌رگرتنی ڕای دوو لایه‌ن یا زیاتر له‌ هه‌واڵێكی دیاریكراودا كورت ده‌كه‌نه‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ‌ جار له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌واڵه‌كه‌ ته‌نانه‌ت شایانی بڵاوكردنه‌وه‌یش نه‌بێ !
– : له‌داڕشتنی هه‌واڵدا، ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی میدیای كوردی (گوایه‌ بۆ سه‌رنج ڕاكێشانه‌)، ناونیشانێك بۆ هه‌واڵه‌كه‌ داده‌نێ‌ ، كه‌ زۆرجار هه‌واڵه‌كه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ ناونیشانه‌كه‌وه‌ نییه‌، یا ئه‌گه‌ر هه‌یشیبێ په‌یوه‌ندییه‌كی دوور به‌دووره‌.
– : له‌ڕووی زمانه‌وه‌، وای لێ هاتووه‌ هه‌ر كه‌ناڵه‌ و به‌كه‌یفی خۆی نه‌ك به‌ پێی ده‌ستوور و ڕێسای زمان وشه‌ و زاراوه‌ داده‌تاشێ‌ !

دیاره‌ مه‌سه‌له‌ی زمان له‌ كه‌ناڵه‌كانی میدیادا ده‌خوازێ‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ‌ به‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا به‌تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌ بینراوه‌كان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌ یه‌ك به‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌ناڵه‌كان ئاوه‌هایان وه‌رنه‌گرتووه‌.
زمانی كوردی جارێ‌ به‌ ناوی نوێ كردنه‌وه‌ و جارێ‌ له‌ ژێر ناونیشانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ (مۆدرێنایه‌تی)، كه‌ نه‌ ژێرخانێكی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ و نه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌ به‌ماوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ناسرێته‌وه‌ توانراوه‌ (دابڕان)ێك ڕووبدا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش دیاره‌ پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نایه‌ ئه‌گه‌رچی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌شدا بێ ئه‌ویش له‌ كوردستان نه‌ بایه‌خی پێویستی پێدراوه‌ ، نه‌ پێوه‌ی دیاره‌ وه‌كو پێویست گرینگی و هه‌ستیاریی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ پێگه‌یشتن و به‌ره‌و پێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هه‌ند وه‌رگیرا بێ.

– : زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كان (ده‌ڵێم زۆربه‌ی) هه‌رچه‌نده‌ سه‌تلایتن و به‌ هۆی مانگه‌ ده‌سكرده‌كانه‌وه‌ په‌خش ده‌كه‌ن ، یان له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر خۆماڵییه‌تیان پێوه‌ ده‌بینرێ‌، یاخود ئه‌گه‌ر بایه‌خیش به‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌واڵ و ڕاپۆرتی ده‌ره‌وه‌ بده‌ن ، ئه‌و فلیمه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رهه‌م هێنراون، ئه‌مه‌ له‌ ڕووی چلۆنایه‌تییه‌وه‌ ، له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌، ژماره‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیای كوردی خوێنراو – بیستراو – بینراو- له‌و سنووره‌ ده‌رچووه‌ كه‌ پێی بڵێن (زۆر) بێگومان پێشم وانییه‌ ئه‌و ژماره‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌مان (به‌پێی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان له‌شه‌ش هه‌زار ڕه‌ت ده‌كا بێجگه‌ له‌وانه‌یشی ئه‌ندامی سه‌ندیكانین). هه‌بێ بتوانن ئه‌و مه‌كینه‌ زه‌به‌للاحه‌ ئیش پێ بكه‌ن كه‌ خۆی له‌ سه‌تان ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ و ده‌یان ڕادیۆ و ده‌یانی دیكه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی و سایت و ماڵپه‌ڕدا ده‌بینێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌رچی پێ‌ ده‌چێ‌ هه‌ندێكیان سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی دارایی ، یا لێگرتنه‌وه‌ی سپۆنسه‌ره‌كانیان ڕاگیراون .

– : ئه‌مڕۆ (باس له‌ ئه‌مڕۆ ده‌كه‌م) زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیای كوردی لایه‌نی كلتووریان په‌ڕاوێزخستووه‌ ئه‌وه‌ی هه‌شبووه‌ پێشتر زیاتر بۆ (اسقاگ فرچ)بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵانه‌، بیر له‌ كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به‌ كولتوور نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ، هه‌مووی سیاسه‌ت، سیاسه‌ت به‌ خاوی ، به‌ كوڵاوی ، به‌ برژاوی، وای لێ هاتووه‌ تێكڕای میلله‌ت بووه‌ به‌ (سیاسی) و (چاودێری سیاسی) و (شاره‌زای سیاسی) !! ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌ میدیای كوردیدا كه‌ بچێته‌وه‌ ناو میدیای كولتووری له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی هه‌ژاری ڕۆژنامه‌ و ماوه‌یه‌كی كورت له‌ هه‌ندێ‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن ، ڕه‌نگه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕادیۆ و ماڵپه‌ڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێت باشتر بووبن.
– : كار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ ، زۆرجار كه‌ناڵه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی وه‌خت به‌رنامه‌ هه‌بووه‌ و ئاماده‌ و پێشكه‌ش كراوه‌ وه‌كو یه‌ك ، به‌مه‌ش په‌ڕاوێز جێی جیددیه‌ت ده‌گرێته‌وه‌ و كێبه‌ركێی نێوان كه‌ناڵه‌كانیش نامێنێ‌ كه‌ داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی كه‌ناڵه‌كه‌ خۆشیه‌تی.
– : تا ئێستا میدیای كوردی له‌ڕووی هه‌لی كاره‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووس و خه‌باتكاری حزبی لێك جیانه‌كردووه‌ته‌وه‌ ، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ژماره‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی پڕۆفیشینال و كارا له‌ ناو ئاپۆرای ئه‌و له‌شكره‌دا ون بێت.
– : له‌میدیای كوردیدا، نه‌ مافی تاك پارێزراوه‌ وه‌كو تاك نه‌ مافی خودی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن .. ئه‌و قانوونه‌ی كه‌ به‌ناوی قانوونی ڕۆژنامه‌نووسیش ده‌رچووه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی پڕه‌ له‌ كه‌لێن و كه‌م و كوڕی له‌ هه‌مان كاتدا له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نیا بۆ (میدیای نووسراو) دانراوه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌لێنه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی.

– : ڕه‌خنه‌ له‌میدیای كوردیدا، ئه‌وه‌ی تا ئێستا بینراوه‌ و خوێندراوه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی له‌په‌رچه‌كردار و خوولانه‌وه‌ له‌بازنه‌ی به‌تاڵی گرینگی دان به‌ ڕوخسار، دوورله‌ فیكر و هه‌ل و مه‌رجی بابه‌تی و ڕه‌چاوكردنی قۆناخی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ تاك و ته‌را نه‌بێ ڕه‌تی نه‌كرده‌وه‌. به‌مه‌ش زۆرجار ئه‌و بابه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ و ئه‌و زاراوه‌ و ئیدیومانه‌ی تیێدا به‌كار ده‌برێن سه‌یر ده‌كه‌ین له‌ زاراوه‌ و ئیدیۆمی هه‌واڵگرییه‌وه‌ نزیكترن تا زاراوه‌ی فیكری و ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و قاڵبه‌.
– : (جاڕدان ) یان (ڕیكلام ) له‌ میدیای كوردیدا به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌ك یاخود حساب بۆ كردنێك كه‌ هه‌ندێكیان چ كاریگه‌ریی پاشڤه‌بڕ دروست ده‌كا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت تێناپه‌ڕێنین ئه‌گه‌ر بڵێین زۆری نه‌ماوه‌ میدیای كوردی و ڕیكلام ببن به‌دوو ڕووی یه‌ك دراو….
ڕاسته‌ ڕیكلام بۆ هه‌ر كه‌ناڵێكی میدیا پێویسته‌ تا بتوانێ‌ گه‌شه‌ به‌ خۆی و به‌ به‌رده‌وامی پرۆژه‌كانی ئاینده‌ی بدا ، به‌ڵام زۆربه‌ی بۆ ڕازی كردنی باروبووكاره‌ كه‌ لێره‌دا وه‌ك وه‌به‌رهێن ده‌رده‌كه‌وێ‌.
كه‌ناڵی میدیایی له‌ پاڵ قازانجیش ده‌خوازێ‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ڕای گشتی بجوولێته‌وه‌ و ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانی به‌و ڕاده‌یه‌ ون نه‌كا به‌وه‌ی كێ زیاتر بدا ئه‌و له‌ پێشتر بێ.
هه‌ندێ له‌و ڕیكلامانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌یه‌ به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ له‌و كۆمپانیا و كاڵایانه‌ی ڕیكلامیان بۆ ده‌كرێ‌ ، له‌ڕووی سوود و كوالیتیه‌وه‌ زۆرجار دوور ده‌بن له‌ناوه‌رۆكی ڕیكلامه‌كه‌ ، به‌مه‌ش بێجگه‌ له‌ زیان گه‌یاندن به‌ بینه‌ر جۆرێك له‌ چه‌واشه‌كاری (حه‌ق دراوی)ی خودی كه‌ناڵه‌كه‌یشی تێدایه‌.

له‌ هه‌مووی مه‌ترسیدارتر، ڕیكلامی ناڕاسته‌وخۆیه‌، ڕیكلامی ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو ئه‌و گرینگی و بایه‌خه‌دانانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌ كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو ، یا كه‌سێك له‌ شێوه‌ی بایه‌خدان و ڕیپۆرتاژی تایبه‌تیه‌وه‌ كه‌ شێوه‌ی هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژی ئاسایی ده‌درێتێ‌ (ئه‌مه‌ له‌ میدیا پێشكه‌وتووه‌كانیشدا به‌ ڕێژه‌یه‌ك به‌ پێی ئاستی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌).
له‌ میدیای كوردیدا ئه‌م جۆره‌ ڕیكلامه‌ ناڕاسته‌وخۆیانه‌ ، زیاتر له‌ ڕێگای هه‌ندێ له‌ په‌یامنێر و ڕپۆرته‌ره‌وه‌ ده‌بێ. هه‌ندێ جاریش به‌ ڕێنمای باروبووكار یا با لێره‌دا بڵێین وه‌به‌رهێنه‌وه‌ ده‌بێ كه‌ بڕیار به‌ ده‌ستی سه‌ره‌كی كه‌ناڵه‌كه‌یه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌م دواییه‌ زیاتر له‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ میدیای سێبه‌ر ده‌ركه‌وت و بره‌وه‌ی سه‌ند.

– : میدیای كوردی (ناڵێم هه‌مووی) ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ وگرینگی له‌ سیاسه‌ت و تونێڵه‌ مارپێچه‌كانی سیاسه‌تدا چڕ كردووه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رابه‌ردا گه‌لێك لایه‌نی پێویست و گرینگی په‌ڕاوێز خستووه‌، وه‌ك ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ كاریگه‌ریی زۆری به‌تایبه‌تی به‌سه‌ر گه‌نجانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی كۆچی گه‌نج و شاره‌زا و به‌هره‌داران بۆ هه‌نده‌ران كه‌ سامانێكی گرینگی وڵاتن و بێكاری و بێكاری داپۆشراو وپرسی ئینتیما و پرسگه‌لێكی دی بایه‌خداری وه‌كو گه‌نده‌ڵی و چینی ناوه‌ڕاست كه‌ داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و خه‌ریكه‌ لای ئێمه‌ ڕه‌ش ده‌بێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و ئه‌منیه‌تی بژێوی و ژینگه‌ و كاركردن و بره‌ودان به‌ كولتووری خوێندنه‌وه‌ و…تاد

– : میدیای كوردیش به‌تایبه‌تی له‌م به‌شه‌ی كوردستان كه‌ جێی باسه‌، له‌ باتی پرسه‌ جیددیه‌كان، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی وروژێنه‌ری بێ ئامانج و لاسایی كردنه‌وه‌ی هه‌ندێ میدیای سه‌قه‌ت یان ڕووی سه‌قه‌تی هه‌ندێ میدیا نه‌ك هه‌ر دوانه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵكو بایه‌خی تایبه‌تیشی پێ داوه‌، وه‌ك ژیانی تایبه‌تی، (زۆر تایبه‌تی) هه‌ندێ‌ له‌ هونه‌ركار و سه‌ماكار و ئه‌و یاریزان، ئه‌میان چه‌ند جوانه‌ و ئه‌ویان چۆن خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ویدیان چۆن له‌پاڵ ده‌ریادا ئاوێزانی ده‌نكه‌كه‌ی ده‌بێ ، هه‌موویشی له‌سه‌ر حسابی هونه‌رمه‌ندانی به‌ڕاستی و جیددی له‌ مۆسیقازان و شێوه‌كار و ته‌لارساز و نووسه‌ر و بیرمه‌ندی ڕاسته‌ینه‌ و گرینگی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا….

– : زۆربه‌ی ئه‌و زنجیره‌ دراما و فلیمانه‌ی یا به‌دۆبلاژ و به‌ژێرنووسی كوردی له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانی و ناوخۆییه‌كان پێشان ده‌درێ‌ یا جیددی نین، یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان تاڕاده‌یه‌ك ڕووكه‌شن كه‌ شتێك به‌ بینه‌ری كوردی ناده‌ن و هه‌ستێكی هونه‌ری باڵای لا ناوروژێنن كار بكاته‌ تێگه‌یشتن و دونیابینی و ڕوانینی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌وروبه‌ر.

دراما خۆماڵیه‌كانیش له‌ ڕووی هونه‌ریه‌وه‌ خراپتر نه‌بن باشترنین به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان پیشان ده‌درێن.
– : زۆرجار كه‌ناڵه‌كان ، به‌ لێ‌ حاڵی نه‌بوون بێ یا به‌ مه‌به‌ست به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ هه‌واڵ یا بابه‌ت یان دراما، به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌ ته‌نانه‌ت ئێستای ئه‌ته‌می كۆمه‌ڵ و چین و توێژه‌كان بوونه‌ته‌ ئه‌گه‌ر بۆ هاندانی ئه‌وه‌ی به‌ (توندوتیژی)یه‌وه‌ ناسێنراوه‌، كار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌، هه‌ندێ‌ جار، هه‌ندێ‌ كه‌ناڵ جێی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش ده‌گرنه‌وه‌ و به‌پێش بڕیاری دادگاكان ده‌كه‌ون له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ندێ‌ تاوان، كه‌جاری وا بووه‌ كاری له‌ خودی ڕێڕه‌وی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی دادگا كردووه‌.

– : وای ده‌بینم میدیا ئه‌ركی ڕۆشنكردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆدا بێ، نه‌ك په‌ره‌پێدانی ڕووكه‌شایه‌تی و داتاشینی هه‌واڵ به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت، ته‌نانه‌ت په‌یامنێر و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ له‌ ئاستێكدا بن بتوانن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌ لای خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ر دروست ده‌بن.
لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌یامنێر و پێشكه‌شكار مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ هه‌ر پرسیارێكی بیه‌وێ‌ له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكا، نابێ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی وه‌كو لێكۆڵه‌ری دادگا كه‌ له‌به‌رابه‌ر تاوانبارێك دانیشتووه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكا. پێم خۆشه‌ خوێنه‌ر خۆی سه‌رپشك بێ له‌وه‌ی میدیای كوردی به‌و ئاراسته‌یه‌ چۆن بووه‌؟
– : له‌ لایه‌نی هونه‌ریدا باوه‌كو میدیای كوردی هه‌ندێ‌ هه‌نگاوی نكۆڵیلێنه‌كراوی به‌ هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌م بواره‌ هاوێشتبێ، به‌ڵام دیسان نه‌یتوانیوه‌ سیمایه‌كی ئه‌وتۆی پێ بدا تایبه‌تایه‌تی ئه‌و میدیایه‌ی ده‌رخستبێ، دوور له‌ لاسایكردنه‌وه‌ی میدیای ناوچه‌كه‌، كه‌ ئه‌وانیش كه‌م تا زۆر دوورنین له‌لاسایی كردنه‌وه‌ی میدیا پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان.

ڕاسته‌ هه‌ندێ‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی توانیویانه‌ ڕاسته‌وخۆ سوود له‌میدیای وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان وه‌ربگرن ، به‌ڵام له‌میدیای خوێنراودا هه‌وڵێكی له‌و ڕه‌نگه‌ نه‌دراوه‌ ئه‌و تایبه‌تایه‌تیه‌ی پێشان دابێ، له‌دیزاینه‌وه‌ بگره‌ تا دابه‌شكردنی وێنه‌ و بابه‌ت و تایپۆگرافیا به‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان ، هه‌روه‌ها لاپه‌ڕه‌به‌ندی و ستایل وخێرایی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌دا.

سیاسه‌تی ده‌رهێنانی هونه‌ریش له‌میدیای خوێنراودا به‌جۆرێك نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتبێته‌وه‌، له‌پاش وپێش خستنی هه‌واڵ یا بابه‌ت، یا به‌كارهێنانی تایتڵی سه‌ره‌كی و لاوه‌كیدا، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی به‌كارهێنانی ڕه‌نگیشه‌وه‌ وه‌ك ده‌لێن هه‌میشه‌ (شه‌ش ته‌قه‌ڵ و مانگه‌شه‌و) بووه‌.
كار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ هه‌ندێ جار له‌یه‌ك بابه‌ت یا هه‌واڵێكدا دوو تا سێ ڕه‌نگ به‌كارهاتووه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ وێنه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگیشی له‌گه‌ڵدا بووه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر ڕوخساری دیزاینی لاپه‌ڕه‌ ده‌شێوێنێ‌ خودی بابه‌ته‌كه‌ش ده‌كوژێ‌ ، به‌تایبه‌تی كه‌ سیسته‌می ستوون له‌ڕۆژنامه‌دا به‌كارده‌برێ‌.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كان هه‌ر له‌دێره‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌و كولتووره‌ هونه‌ریه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارچه‌كانی كوردستانی پێوه‌ گرێدراوه‌ لێره‌ له‌ كوردستانی به‌ عیراقه‌وه‌ به‌ستراو به‌ كولتووری هونه‌ری عه‌ره‌بی ، له‌ ئێران و توركیایش ئه‌وه‌نده‌ی هه‌بووبێ به‌و جۆره‌ بووه‌.
ڕاسته‌ له‌ دوادوای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌كادیمی ڕاگه‌یاندن له‌زانكۆكانی كوردستان به‌كاركه‌وت بزاڤێكی هونه‌ری دیزاین و ده‌رهێنانی هونه‌ری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا هه‌ستی پێ ده‌كرێ‌ به‌ڵام دیسان ئه‌ویش خاڵی نییه‌ له‌چه‌شنێك لاسایی كردنه‌وه‌ ، ئه‌مجاره‌ هه‌ندێ‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان به‌ هه‌ندێ‌ ده‌سكارییه‌وه‌ له‌پاڵ عه‌ره‌بیه‌كان لاسایی ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ فارسییه‌كانیان كرده‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ خوێنه‌ری به‌دواداچوودا شاراوه‌ نییه‌.

ڕادیۆكانیش، ده‌كرێ‌ له‌دوو شێوه‌دا بیانبینین، به‌شێكیان هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ڕیچكه‌ كۆنه‌كه‌دا مانه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ خۆیان خسته‌سه‌ر شه‌پۆلی FM ، دوای ئه‌وه‌ی شه‌پۆلی ناوه‌ندی MW و كورت SW ئه‌و بازاڕه‌یان نه‌ما له‌ ڕووی گه‌یاندن و كوالیتی ده‌نگه‌وه‌.
به‌شی دیكه‌یان ، نه‌خێر به‌ڕێكخستن و به‌رنامه‌ڕێژی و هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و مۆسیقا و گونجانیان له‌گه‌ڵ كاتی په‌خشدا ، هه‌روه‌ها بایه‌خ دان به‌ ده‌نگی ڕادیۆیی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و خێرایی گه‌یاندن (به‌تایبه‌تی له‌هه‌واڵ دا) و بڵاوه‌پێكردنی په‌یامنێران و به‌رنامه‌ی ڕاسته‌وخۆ ، كه‌ هه‌ندێكیان ئێستاش به‌رده‌وامن و توانیویانه‌ ڕه‌نگ و ڕوویه‌ك به‌ میدیای بیستراو بده‌ن.

ئیستگه‌كانی ته‌له‌فزیۆنیش له‌زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌حاڵی میدیای خوێنراو وبیستراو جیاناكرێنه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی سه‌ر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانن ، ئه‌وانی دی ڕه‌نگه‌ وه‌ك وتمان له‌ڕووی هونه‌ری گه‌یاندن و خێرایی و ستافی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ توانیویانه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌پێی سیاسه‌تی خۆی ، یان ڕاستتر سیاسه‌تی باروبووكاره‌وه‌ ، له‌ ژێر هه‌ر مانشێت و بانگڕاهێشتنێك بێ بینه‌ر بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و كه‌ناڵانه‌یش سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌ شاره‌زا و پسپۆڕی ده‌ره‌وه‌ دامه‌زرێنراون و ڕاهێنراون ، ته‌ماشا ده‌كه‌ی هه‌مان ئاراسته‌ی ئه‌وانیان وه‌رگرتووه‌.
كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانیش كه‌ وای ده‌بینم زۆربه‌یان زیاتر به‌ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ دامه‌زرێنراون ، هه‌مان ڕێگه‌یان گرتووه‌ و(به‌هه‌ر مه‌به‌ستێكه‌) بینه‌ری زیاتر به‌ واتا ڕیكلامی زیاتر.

میدیای كوردی
له‌بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا

نیشانه‌ به‌و ده‌رهاوێشتانه‌وه‌ ، میدیای ئێستای كوردی له‌ هه‌موو مێژووی خۆیدا ، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مڕۆ ، له‌ناو بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا گیری نه‌خواردووه‌ .. ئه‌وه‌ش وا لێك ده‌درێته‌وه‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی ئابوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ ، به‌وه‌ی زیاتر وه‌ك سه‌رچاوه‌ی بژێوی سه‌یر كراوه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌فتا و هه‌شتاكان كه‌ له‌گه‌ڵ باری ناهه‌مواری ئه‌وان ڕۆژانیش عه‌شق و خولیایه‌كی دڵسۆزانه‌ی تێدا ده‌بینرا ، به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌زمان و كولتووره‌وه‌ هه‌بوو.

دیاره‌ خولانه‌وه‌ی میدیایش له‌بازنه‌ی ئه‌و گه‌مه‌ و یاریانه‌ی سیاسه‌تی ڕووت به‌رپایان ده‌كا ، هه‌میشه‌ به‌و لایه‌یدا ده‌شكێنێته‌وه‌ كه‌ له‌بابه‌تایه‌تی و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ به‌رابه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ‌ ڕای گشتی شه‌رمنانه‌ و جێوه‌ڕێ‌ له‌ دروستكردنی متمانه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌ربكه‌وێ‌ ، كه‌ ئه‌مه‌شیان له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی وه‌كو كۆمه‌ڵی ئێمه‌ كه‌ تا ئێستاش شوناسێكی مه‌حكه‌می له‌ڕووی چینایه‌تی و قۆناخه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییه‌وه‌ به‌به‌رناگیرێ‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ‌ ، چاریه‌كی ئه‌وه‌نده‌ نابێته‌ هۆ و ئه‌گه‌رێك بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی ئینسانی دوور له‌وه‌ی وای لێ‌ بێ‌ به‌ چه‌واشه‌كاری لێك بدرێته‌وه‌ ، هه‌رگیزیش نایه‌ته‌ ڕیزی ئه‌و ئامرازه‌ مه‌عریفیانه‌ی واقیع و دیارده‌ و ئیشكالیاته‌كانی پێ شی بكرێته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ جار نه‌ك هه‌ر توندوتیژی ، به‌ڵكو هه‌ندێ كه‌ناڵی میدیایی له‌ هه‌ندێ‌ حاڵه‌تدا به‌ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌چن دژمنایه‌تی له‌نێوان ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌نی لێ بكه‌وێته‌وه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێ‌ ڕه‌خنه‌مان لێ ده‌گرت ، ئه‌مڕۆ له‌ ڕێی چه‌ند كه‌ناڵێكی میدیایی ئاراسته‌كراوه‌وه‌ خۆمان له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانیدا ، ئینجا به‌ هه‌ر ناوێك بێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ین…

هه‌ندێ جار میدیای ئاسایی تێكه‌ڵ به‌وه‌ش ده‌كرێ‌ كه‌ به‌ (سۆشیال میدیا)ناسراوه‌ و له‌ دونیایه‌ك به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌ دووره‌ له‌میدیا و پره‌نسیپه‌ دیاره‌كانی.
به‌م جۆره‌ ئه‌مڕۆ میدیای كوردی ، له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندان ڕۆژنامه‌نووسی پڕۆفیشناڵ، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌شیان كه‌م بێ له‌بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا ، تا دێ‌ له‌ پیشه‌ییایه‌تی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و په‌یامی جیددی خۆی وه‌ك پێویستی سه‌رده‌م و بۆ ڕێڕوونی به‌هۆی ته‌كنۆ ئابوورییه‌وه‌ ، به‌ قوربانی ته‌كنۆ ئابووری كردووه‌ و سه‌یر ده‌كه‌ین به‌رنامه‌ڕێژی كه‌ناڵه‌كان (خوێنراو وبیستراو وبینراو) له‌سه‌ر ئه‌و بنیاته‌دا نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه‌ و ده‌كێشرێ‌ ، به‌مه‌ش شته‌ جیددیه‌ پێویسته‌كانی سه‌رده‌م و له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی له‌ ئاكامی ئه‌و به‌رنامه‌ ڕێژیه‌دا له‌خۆیاندا ده‌چنه‌ په‌ڕاوێز…
دیاره‌ ئه‌گه‌ر به‌و ڕه‌نگه‌ش بڕوا و به‌رده‌وام ئه‌گه‌ر بشێ‌ بگوترێ‌ مه‌نتیقی ( لێخوڕه‌ ده‌شته‌ ) ی به‌سه‌ردا زاڵ بێ‌ و میدیای كوردی هه‌وڵێك به‌ ئاراسته‌ی خۆ ده‌ربازكردن له‌و بازنه‌ به‌رته‌سكه‌ نه‌دا
ڕه‌نگه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر دوور نا ڕه‌نگڕێژییه‌كی دی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ‌ ، یا خودی باروبووكار مه‌رج نییه‌ تا سه‌ر ڕێ بدا چواریه‌كی ئه‌مڕۆ حه‌قیقه‌ت و ڕاستیه‌كان بگه‌ن ، كه‌ ئه‌گه‌ر تا ئه‌وسا ، به‌ هۆی زۆر ئه‌گه‌ره‌وه‌ شتێك بمێنێ‌ به‌ناوی حه‌قیقه‌ت.

نه‌ژاد عزیز سورمێ‌
ئۆكتۆبه‌ری – 2016

————
بەشی یەکەم ….

بەشی دووەم ….

بەشی سێیەم ….




حه‌قیقه‌تی فه‌یسبووك لای ئێمه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ده‌شێ بڵێم، تۆ له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ده‌زانی، كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ چه‌ند نه‌خوێنده‌واره‌ (نه‌خوێنده‌وار به‌و مانایه‌ی، كه‌ نه‌سر حامد ئه‌بوزێد باسی ده‌كا). كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌خوێنده‌وار حه‌ز ده‌كا ته‌ماشای وێنه‌ (وێنه‌ی فۆتۆگراف) بكا، به‌ڵام حه‌ز ناكا (ناتوانێ) شت (كتێب، ده‌ق…) بخوێنێته‌وه‌؛ یانیش با بڵێین (هه‌ر هیچ نه‌بێ هه‌ندێك جار) مه‌رجی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قیش به‌نده‌ به‌ پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو فه‌یسبووكه‌وه، نه‌ك به‌ ده‌قه‌كه‌ خۆیه‌وه‌.

له‌ ڕاستیشدا لای كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدیی و نه‌خوێنده‌وار، هێمای (به‌های) پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ته‌قلیدییه‌كانی ڕۆژانه‌ی وه‌ك سڵاو و سه‌ردان و داوه‌ت و پرسه‌ و شایی و… تاد. زۆر گرنگترن له‌ داهێنان و ئه‌ده‌ب و زانست و كتێب و خوێندنه‌وه‌ (ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتێكدا تاك درك به‌ بایه‌خی ئه‌م ڕاستییانه‌ بكا و دۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتیش ئاسایی و له‌بار بێ؛ ‌ئه‌گه‌رنا دۆخی ڕۆشنبیریی هه‌روه‌ك ئێستای كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه به‌رباد و‌ خراپ ده‌بێ)؛ له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ته‌نها ئایین به‌ده‌ره‌؛ ئه‌ویش خۆی كه‌ باڵاده‌ست ده‌بێ،‌ ڕۆحی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدیی و نه‌خوێنده‌وار پێك ده‌هێنێ. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش كه‌ دواكه‌وتوو بوو،‌ له‌وێدا ئایین وه‌ك ده‌زگایه‌كی مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز ده‌بێ. واته‌ ئایین ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی هه‌موو پێوه‌ندییه‌ مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو ده‌زگاكان و نێوان تاكه‌كانیش. لێره‌شه‌وه‌ مزگه‌وت (وه‌ك ده‌زگایه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی ئایین) هه‌ژموونی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌زگا ڕۆشنبیریی و مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌. ئه‌م هه‌ژموونه‌ ده‌شێ شكستی ده‌زگا ڕۆشنبیریی و مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ مۆدیرنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاست هه‌ژموونی ڕه‌های ئایدیۆلۆژیای ئاییندا بگه‌یه‌نێ؛ ئه‌مه‌ش هۆكارێكه،‌ كه‌ كه‌له‌پووری نه‌ریتی خوێندنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئایینییه‌وه‌ نابێته‌ خوێندنه‌وه‌ی عه‌لمانی و مۆدێرن و هاوچه‌رج.

***

فه‌یسبووك هه‌رچه‌نده‌ ده‌زگایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌لیكترۆنی بێ، كه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و ئازاده‌ چۆن بۆ خۆی به ‌كاری ده‌هێنێ؛ به‌ڵام نابێ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی، كه‌ ته‌نها وه‌ك گازینۆ (گازینۆكانی لای خۆمان) بۆ كات به‌سه‌ر بردن به ‌كار بهێندرێ و براده‌ره‌كان له‌وێدا بۆ چه‌ند ساتێكی خۆش موجامه‌له‌ی یه‌كتر بكه‌ن و یاری دۆمینه‌ی لایك و كۆمێنتان ده‌گه‌ڵ یه‌كدی بكه‌ن؛ ئه‌و یارییه‌ی به‌رده‌وام تۆپینی دووشه‌شی به‌دواوه‌یه‌. به‌ڵێ فه‌یسبووك ئه‌م ڕووه‌شی هه‌یه‌ (واته‌ ڕووی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه‌)، به‌ڵام ڕووی دیكه‌ی دروستكه‌ریشی هه‌یه‌: ڕووی په‌خشكردنی ڕۆشنبیریی و زانیاری به ‌سوود (هه‌موومان ده‌زانین له‌ هه‌ندێك وڵاتدا فه‌یسبووك شۆڕشی هه‌ڵگیرساند).




ڕۆمانی “خـانــوەکـەی مـزگــەوتـێ” لەنێوان “شــۆڕشـی مـێروولـەکــان” و سەرسامیی “ئـاغـاجـان”دا

ڕۆمانی “خـانــوەکـەی مـزگــەوتـێ” ی قـادر عـەبـدوڵڵا، کە شـەفـیقــی حـاجـی خـدر لەهۆڵەندیەوە کردوویەتیە کوردی؛ ڕۆمانێکی قەرەباڵغە بەڕووداوو بەسەرهاتی جۆراوجۆر، بیری چەپگەرایی زاڵە بەسەریدا، بەڵام چەپگەلی ئیماندارن، چونکە لەخانوەکەی مزگەوتێوە تێگەیشتن وبیری چەپیان لەلا گەڵاڵە ئەبێ و، دواتر وەکو پڕۆژەی سیاسی لێدێ لەلایان، لەلایەک پێشاندانی ڕاستی دیوی ژوورەوەی خانووەکەی مزگەوتێیە، بۆ هەڵماڵینی پەردە لەسەر بزرو پەنهانیەکانی ئەوێ، کەئەمش هەم بۆ لێدانی ڕۆڵی مەلا ومزگەوتە؛ هەم بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە کە چۆن بەناوی ئایین بڕێ کەس هەلپەرستانە ژیان بەسەردەبەن وڕادەبوێرن!!..

لەلایەکی دیکە بەریەککەوتنی چەپ وڕاستی خواستی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە، بەریەککەوتنی پەیڕەوی ئاسمانی ودانراوە، هەروەها بەریەککەوتنی ڕۆژهەڵات وڕۆژئاواشە.. ئیدی دەکرێ زۆر دوانەی جۆراوجۆر هەڵێنجین کە لەناو مەنجەڵی ئەم ڕۆمانەدا پێکەوە هاڵناکەن وهەرا دەنێنەوە. هەروەک ڕۆماننوس پەنای لۆ دەقی قوڕئان بردووە هەتا بیرۆکەیەکی خۆی پێ دەوڵەمەندتر بکات لەچوارچێوەی ڕووداوەکاندا. هەروەها ڕۆمانەکە لەڕووی نوسینەوە؛ لەچەند وێستگەیەک پێک دێت بەناونیشانی جیاواز.

ڕۆمانەکە؛ بەگشتی وا دەردەکەوێ کەلەبارەی ڕەوشی سیاسی ئێرانە لەسەردەمی شای ئێران وپاشتریش، واتا سەردەمی هاتنە دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی(ئایەتوڵڵاکان) کە دەکرێت بڵێین: خانووەکەی مزگەوتێ هێماش بێت بۆ ڕۆلی دین لەدەسەڵات، مێزەری حوکمڕانی بێت لەسەردەمی ئایەتوڵڵاکان. لەلایەکی دیکە؛ ڕۆمانەکە هەم ڕۆمانە هەم ژیاننامەی نوسەر، ئەوەی کە پێی دەگوترێت دەقگەری یان “توانەوەی جۆری” واتا لێکدانی دوو ژانری ئەدەبی لەیەک دەقدا. ئەگەرچی ڕۆمانەکە سیاسیە؛ بەڵام لەگەڵ خۆشیدا ڕەوشی کۆمەڵایەتی وهەژموونی ئایینی وبەریەککەوتنی تەوژمە جیاوازەکانیش دەخاتە ڕوو.

هەرچی بێت، ڕۆمانێکی خۆش وبەجۆش وگەشکەدەرە. ڕاناوی نادیار تیایدا باڵادەستە و ڕووداوو ڕەوشی ئەو کات دەگێڕێتەوەو کەسایەتیەکان دەخاتە ڕوو دەیانناسێنێ ودەوریان پێ دەدات، بۆیە دەتوانم بڵێم: زێدەڕۆیی ڕەنگە هەبێ لەنیمایشکردنی کاراکتەرەکان وپێدانی هەر ڕۆڵێک کە گێڕەرەوە”السارد” ویستوویەتی، هەروەک ئەوەی لەوانەیە “قادر عەبدوڵڵا” خۆی بێت وپاشخانە فیکریەکەی ڕێبەری نوسینی ڕۆمانەکەیەتی. چونکە دەبینین جۆری بیرکردنەوەی ئەو زاڵە بەسەریدا، کەچەپ بووە. دواجار ڕۆمانەکە؛ وێنەیەکە لەڕووماڵی هات وهەرای نێوان مێروولە شۆڕشگێڕەکان دوای سەرکەوتنی شۆڕش؛ لەسەر شیوەو جۆری دەسەڵات، بەواتایەکی تر پیشاندانی ئیمانداریی چەپەکان ومێزەری ئایەتوڵڵاکان و بەریەککەوتنیانە.

سەبارەت بەوەرگێڕانەکە؛ دەمەوێت پەسنی ڕۆڵی شەفیقی حاجی خدر بکەم؛ لەوەی کە بۆ وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە ماندوو بووەو بەسەلیقەوە ئەنجامی داوە، زمانی وەرگێڕ ئەوەمان پێدەڵێت کە، وەرگێڕیش دەرێی بۆ خۆی ڕۆماننوسەو شارەزای بنیاتی پەیکەری ڕۆمانە. هەروەها وەرگێڕ لۆ وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە؛ گەلێک وشەو دەستەواژەو زاراوەی کوردی ڕەسەنی وەبیرهێناوینەتەوەو لەلەناوچوون دەربازی کردوون. ئەگەرچی بەدەر نیە لەهەندێ هەڵەی چاپ.

ئەمن زیاتر وەک خوێنەرێک ڕۆمانەکەم خوێندۆتەوە، ئەگەرنا خوێندنەوەی ڕەخنەیی وزانستی سەرنجی وردترو زیاتر لەجێی خۆی دەوێت، کەئەمن تەنها ویستم لێرە سەرنجێکی خێراو سەربین وتیژتێپەڕ بخەمە ڕوو، بانگهێشتی خوێنەرانیش بکەم بۆ خوێندنەوەی.
کۆتایی ڕۆمانەکە: قوله تعالی: اللَّـهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ ۖ الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ ۖ الزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوْكَبٌ دُرِّيٌّ يُوقَدُ مِن شَجَرَةٍ مُّبَارَكَةٍ زَيْتُونَةٍ لَّا شَرْقِيَّةٍ وَلَا غَرْبِيَّةٍ يَكَادُ زَيْتُهَا يُضِيءُ وَلَوْ لَمْ تَمْسَسْهُ نَارٌ ۚ نُّورٌ عَلَىٰ نُورٍ ۗ يَهْدِي اللَّـهُ لِنُورِهِ مَن يَشَاءُ ۚ وَيَضْرِبُ اللَّـهُ الْأَمْثَالَ لِلنَّاسِ ۗ وَاللَّـهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ﴿٣٥﴾ .. “النـور”

بـۆتــان لەتـیـف مـاویلــی
هەولێر- ٤/١/٢٠١٧




گه‌شتێك به‌ناو ژیانی خه‌لیفه‌كاندا … ژیلوان شۆڕش محمد صالح

(جلال الدین السیوگی)هۆی كۆ كردنه‌وه‌و نوسینه‌وه‌ی مێژووی خه‌لیفه‌كانی ئیسلام ئه‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مێژووه‌ نوسراوه‌كانی پێشخۆی هه‌ریه‌كه‌ بۆ قۆناغێكه‌ له‌و مێژووه‌,بۆیه‌ ئه‌میش به‌ پێویستی زانیوه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌و به‌رهه‌مانه‌ ته‌واوكه‌ری نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ بێت تاوه‌كو دوا ڕۆژی ژیانی خۆی كه‌ له‌ ساڵی 911 ی كۆچی,كۆچی دوایی كردوه‌,بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ مێژوه‌كه‌ی (الژهبی و ابن الكپیر و مسالك و ابنا‌و الغمری ابن الحجر) و 10 به‌رگی مێژووی به‌غداد و 57 به‌رگی مێژووی دیمه‌شق له‌ نووسینی (ابن العساكر) و گه‌لێ‌ سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ سوودی وه‌رگرتووه‌.

خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه‌ خوێناویه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ئه‌یانه‌وێ‌ له‌وه‌ بگه‌ن بۆچی ئه‌م مێژووه‌ له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ و ئه‌مڕۆشی له‌ گه‌ڵدا بێت ئاوه‌ها به‌ خوێن ڕه‌نگكراوه‌ و چۆنیش كۆتایی خلافه‌تی عه‌باسی له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی (تاتاریه‌كان)هه‌ره‌سی هێناو دوا خه‌لیفه‌شیان به‌ زه‌لیلی خۆی دایه‌ ده‌ستی تاتاریه‌كان و به‌ پێله‌قه‌و شه‌ق مه‌رگی نۆشی.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه‌ خوێناویه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی باش له‌وه‌ بگه‌ین كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ناوی ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ و به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ ئیسلام چاره‌سه‌ره‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كان,چۆن ئه‌یانه‌وێ‌ وه‌ك میراتگر بۆ ده‌سته‌ڵاتدارانێك كه‌ ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌شه‌ خوێناویه‌یان تۆمار كرد ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و دواوه‌ بگێڕنه‌وه‌ و ببنه‌ ته‌گه‌ره‌ له‌ ڕێگه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ دووچاری ئه‌م حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیانه‌ بوون.

له‌ گه‌شتێكدا به‌ناو ئه‌م كتێبه‌دا زۆر به‌ زه‌قی كێشمه‌كێش و شه‌ڕوكوشتن و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی و پاشقول له‌ یه‌كدان ئه‌بینرێ‌ كه‌ له‌ پێناو ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سته‌ڵاتدا ئه‌و ناو به‌ خه‌لیفانه‌ گرتویانه‌ته‌ به‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی گیان له‌ده‌ستدانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌شكری تاتاریه‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی هۆلاكۆ كۆتاییان به‌ خلافه‌تی عه‌باسیه‌كان هێنا به‌ داگیركردنی شاری به‌غداد .ئه‌م ڕه‌وشه‌شیان به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی پاشماوه‌كانی ئه‌م خه‌لافه‌تانه‌ له‌ میسرو ڕۆژئاوای باكوری ئه‌فریقیاو ئه‌نده‌لوس و ئه‌سته‌نبوڵ,كه‌ ئه‌مڕۆشی له‌ گه‌ڵدا بێت بوه‌ به‌ میراتێكی ڕه‌ش بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیانه‌ی كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌سته‌ڵات له‌ باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ له‌ دكتاتۆرێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ ده‌ستاو ده‌ست ئه‌كه‌ن.

كاتێ‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌ ده‌م ئازاری نه‌خۆشیه‌وه‌ گیانی ئه‌سپارد و عائیشه‌ی ژنی و فاتیمه‌ی كچی و عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب و زوبیر كوری ئه‌لعوام و هه‌ندێ‌ له‌ سه‌حابیه‌ نزیكه‌كانی تر به‌ دیاریه‌وه‌ بوون,ئا له‌و كاته‌داو دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی گیان له‌ ده‌ستدانی به‌ ناو مه‌دینه‌دا(ئه‌نساره‌كان كه‌ به‌ ڕه‌سه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ بوون)به‌ سه‌رۆكایه‌تی (سه‌عدی كوڕی عه‌باده‌)ی سه‌رۆكیان له‌ ساباته‌كه‌ی به‌نی ساعده‌ كۆبوبونه‌وه‌ به‌ نیازی دیاریكردنی سه‌عد وه‌ك جێگرێك بۆ پێغه‌مبه‌ر,كاتێكیش ئه‌و هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ قوره‌یشیه‌كان به‌ په‌له‌ و هه‌ڵه‌داوان(عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و ئه‌با عوبه‌یده‌ی جه‌راح و ئه‌بو به‌كر)ته‌رمه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ریان به‌ سه‌ر كه‌سوكاریه‌وه‌ به‌جێهێشت و خۆیان گه‌یانده‌ شوێنی كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ له‌ ده‌ستیان ده‌رچێت و هه‌ر له‌ ناو هۆزی قوره‌یشدا بمێنێته‌وه‌,له‌و پێناوه‌شدا چیان بۆكراكردیان به‌ نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان ئه‌نساره‌كانداو به‌ به‌كارهێنانی فرتوفێڵ و ترسو تۆقاندن به‌رامبه‌ر هه‌وادارانی علی كوڕی ئه‌بو تالیب بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌بو بكر وه‌ك خه‌لیفه‌ی پێغه‌مبه‌ر بچه‌سپێنن به‌ بێ‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌عدی كوڕی عه‌باده‌ و به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌نساره‌كان و عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب و هه‌وادارانی,(تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی وه‌ك عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و زوبێری كوڕی ئه‌لعه‌وام ده‌ستبده‌نه‌ شمشێر له‌ یه‌كتری,كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان له‌و 10 كه‌سه‌ن كه‌ پێغه‌مبه‌ر مژده‌ی به‌هه‌شتی بونی داونه‌تێ‌)هه‌ر ئه‌و كرداره‌شیان بوو به‌ هۆی چاندنی تۆوی دوو به‌ره‌كی و ئاژاوه‌گێڕیی له‌ناو ئیسلامدا و كه‌ تاكو ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ نێوان شیعه‌ و سونه‌دا.

ئه‌م كه‌ین و به‌ینی شه‌ڕی گرتنی ده‌سته‌ڵاته‌ی نێوان ئه‌نسار و مهاجره‌كانی ئیسلام له‌ سایه‌ی سێبه‌ری ساباته‌كه‌ی به‌نی ساعده‌ ئه‌و شه‌وه‌ی وه‌بیر خستمه‌وه‌ كه‌ چۆن دوای یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌كه‌ی كوردستانی لای خۆمان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ سوودی یه‌كێك له‌ دوو ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌مدیوو ئه‌ودیو,ده‌ستمان له‌ سه‌ر دڵمان بو نه‌وه‌ك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ردوولا ده‌ست بده‌نه‌ چه‌ك و شه‌ڕێكی خۆكوژی به‌رپا بكه‌ن,تا كو تای ته‌رازوه‌كه‌ی ده‌سته‌ڵات به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاو په‌نجا به‌ په‌نجا له‌ نێوان هه‌ردوو ئیماره‌تی سۆران و بادیناندا كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌شكران و به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی كۆتایی به‌و شه‌ڕی ده‌سته‌ڵاته‌ هات و بوه‌ هۆی چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كیه‌ك كه‌ تاوه‌كو ئێستاو ڕه‌نگه‌ تا چه‌ند ده‌یه‌ێیه‌كی دیكه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام بێت.

مێژووی خلافه‌تی ئیسلام ده‌كرێت به‌ سێ‌ به‌شی سه‌ره‌كیه‌وه‌:

به‌شی یه‌كه‌م:-مێژووی خه‌لیفه‌ ڕاشدیه‌كان كه‌ به‌ خه‌لافه‌تی ئه‌بو به‌كری سه‌دیق ده‌ستی پێكردو به‌ كوشتنی خه‌لیفه‌ عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب كۆتایی هات,(هه‌ندێكیش لایان وایه‌ كه‌ به‌ خه‌لافه‌تی حه‌سه‌ن كوڕی ئه‌بو تالیب كۆتایی به‌و خه‌لافه‌ته‌ هاتووه‌ كاتێك كه‌ حسن به‌ ناچاری و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی معاویه‌ی كوڕی ئه‌بی سوفیان ناچار بو ده‌ست له‌ خه‌لافه‌ت بكێشێته‌وه‌ بۆ معاویه‌ له‌ سه‌ر به‌ڵێنێك كه‌ دوای معاویه‌ حه‌سه‌ن بێته‌ خه‌لیفه‌,به‌ڵام پێش مردنی معاویه‌ حه‌سه‌نی كوڕی ئه‌بو تالیب به‌ فیتی معاویه‌ و به‌ ده‌ستی ژنه‌كه‌ی,به‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی كه‌ دوای مردنی حه‌سه‌ن ژنه‌كه‌ی بهێنێ‌ بۆ یه‌زیدی كوڕی و ژنه‌ش حه‌سه‌نی مێردی ژه‌هر خواردو كرد و دواجاریش معاویه‌ به‌ڵێنه‌كه‌شی نه‌برده‌ سه‌رو ژنه‌ش له‌ داخا مرد,معاویه‌ش پێش مردنی خۆی یه‌زیدی كوڕی كرده‌ وه‌لی عه‌هد,دوای مردنی باوكیشی یه‌زید بوه‌ دووهه‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌ویه‌كان).

ئه‌م قۆناغه‌ی خلافه‌تی ڕاشدینه‌ تا كوشتنی خه‌لیفه‌ی چواره‌م به‌ ده‌ستی عه‌بدولره‌حمان كوڕی مه‌لجه‌م چوار خه‌لیفه‌ تێیدا ده‌سته‌ڵاتداربون كه‌ ئه‌بو به‌كری سه‌دیق و عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و عوسمانی كوڕی عه‌فان و عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب بوون,له‌م چوار خه‌لیفه‌یه‌ سیانیان به‌ كوشتن كۆتایی به‌ حوكمڕانیه‌كه‌یان هاتووه‌.

خه‌لیفه‌ی یه‌كه‌م-ئه‌بو به‌كری سه‌دیق:-ناوی عه‌بدوڵای كوڕی ئه‌بی قه‌حافه‌یه‌,دوای مردنی پێغه‌مبه‌ر له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی كاری ژێر به‌ ژێر و ترس و تۆقاندن له‌ لایه‌ن عومه‌ری كوڕی خه‌تابه‌وه‌ و به‌ بێ‌ ئاگاداری و ڕه‌زامه‌ندی و به‌شداری عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب و زوبه‌یری كوڕی ئه‌لعه‌وام و خالیدی كوڕی سه‌عیدی كوڕی ئه‌لعاس و سه‌عد كوڕی عه‌باده‌ ئه‌لئه‌نساری و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌سحابه‌كان له‌ موهاجرین و ئه‌نسار به‌یعه‌ی بۆ كراو كرا به‌ خه‌لیفه‌.

ئه‌بو به‌كر یه‌كه‌م كه‌سه‌ كه‌ ئیسلام بوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ دڵسۆزترین دۆسته‌كانی پێغه‌مبه‌ر,له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌بو به‌كردا شه‌ڕی له‌ ناوبردنی(اهل الرده‌) ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و نه‌یانده‌ویست چیتر زه‌كات بده‌ن ئه‌نجامدرا و(هه‌ر له‌م شه‌ڕانه‌دا خالدی كوڕی ولید وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی ئازاو دوور له‌ هه‌ستی مرۆڤایه‌تی ناوبانگی ده‌ركرد).له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌بو به‌كردا ناوچه‌ی به‌سره‌ و مه‌دائینی كیسرا له‌ عێراق و به‌شێكیش له‌ شام داگیر كرا,خه‌لیفه‌ ئه‌بو به‌كر دوای حوكمڕانیكردنی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و چوار مانگ,له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

خه‌لیفه‌ی دووهه‌م,عومه‌ری كوڕی خه‌تاب:-له‌ لایه‌ن ئه‌بو به‌كره‌وه‌ كرا به‌ خه‌لیفه‌,له‌ ساڵی شه‌شه‌می بانگهێشتی پێغه‌مبه‌رایه‌تی (محه‌مه‌د)بۆته‌ ئیسلام,یه‌كێك بوه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی هۆزی قوڕه‌یش,ته‌نها كه‌س بوه‌ كه‌ به‌ ئاشكراو بێترس كۆچی كردوه‌ بۆ مه‌دینه‌,شانازی كردوه‌ به‌وه‌ی كه‌ چوار جار خواوه‌ندی گه‌وره‌ له‌ قورئاندا به‌ ویستی ئه‌و ئایه‌تی دابه‌زاندوه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیاندا هه‌ڵداوه‌ له‌ مێژوونوسانی ئیسلام و موفه‌سرین گوایه‌ زیاتر له‌ بیست جار قسه‌ی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب له‌ قورئاندا دیاره‌.

له‌ ماوه‌ی خه‌لافه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب شاڵاوی داگیركردنی وڵاته‌ دراوسێكان ده‌ستی پێكردو له‌و ماوه‌یه‌دا عێراق و شام و ئه‌هواز و خوزستان و ئه‌سفه‌هان و هه‌مه‌دان و كرمان و سجستان و فه‌له‌ستین و میسر و یه‌مه‌ن داگیركران تا له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا به‌ ده‌ستی ئه‌بو لوئلوئه‌ عه‌بدولموغه‌یره‌ به‌ خه‌نجه‌رێكی ژه‌هراوی كوژرا.

خه‌لیفه‌ عومه‌ر به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ ساڵه‌كانی وشكه‌ ساڵی(الرماده‌)به‌ لێشاو تاڵانی له‌ میسره‌وه‌ گه‌یاندۆته‌ حجاز و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ قات و قڕی ڕزگاركردوه‌ و یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ش بوه‌ پاشماوه‌ی جوله‌كه‌كانی له‌ حیجازه‌وه‌ ده‌ركردوه‌ بۆ شام و دانیشتوانی (نجران)ی گواستۆته‌وه‌ بۆ كوفه‌ و نازناوی (امیر المومنین)یشی به‌ خۆیه‌وه‌ لكاندوه‌.

خه‌لیفه‌ی سێهه‌م-عوسمان كوڕی عه‌فان:-كوڕی ئه‌بی ئه‌لعاس,له‌ كۆنه‌وه‌ ئیسلام بوه‌,دوو كچی پێغه‌مبه‌ر ژنی بوون,یه‌كێكه‌ له‌و ده‌ كه‌سه‌ی مژده‌ی به‌هه‌شتی بوونیان پێدراوه‌,له‌ ماوه‌ی خلافه‌تی ئه‌ودا قورئان نوسراوه‌ته‌وه‌,دوای ئه‌بو به‌كر و عه‌لی و زه‌یدی كوڕی حارسه‌ بوه‌ به‌ ئیسلام.
له‌ بڕیارێكدا كه‌ جێگه‌ی شكو گومانه‌ و له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی موسوڵمانانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی هه‌وادارانی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب,عومه‌ر پێش مردنی عه‌بدولڕه‌حمان كوڕی ئه‌بو عۆفی وه‌ك بڕیارده‌ر داناو(له‌ شانۆیه‌كی گوماناویدا)بڕیاریدا عوسمان كوڕی عه‌فان ببێته‌ جێگری عومه‌ر له‌ جیاتی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب.

له‌ ماوه‌ی خه‌لافه‌تی عوسماندا هێرش و داگیر كردنی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات و باكوری ڕۆژهه‌ڵاتدا بۆ خوراسان و نیسابور به‌ره‌و ڕۆژئاواش ته‌واوی باكوری ئه‌فریقیاو حه‌به‌شه‌ داگیر كراو له‌ ده‌ریاش په‌ڕینه‌وه‌ و ئه‌نده‌لوسیان داگیركرد و له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستیش دوورگه‌ی قوبرسیان داگیركردو له‌ گه‌ڵ دانیشتوانه‌كه‌یدا به‌ وه‌رگرتنی(جزیه‌ و خه‌راج)وازیان لێهێنان.
عوسمان كوڕی عه‌فان یه‌كه‌م خه‌لیفه‌یه‌ كه‌ پله‌و پایه‌ی ده‌سته‌ڵاتی به‌ سه‌ر كه‌سوكار و عه‌شره‌تیدا دابه‌شكردوه‌ بێگوێدانه‌ ڕابردوی ئه‌و كه‌سه‌ له‌وانه‌ش(وه‌لیدی كوڕی عه‌قه‌به‌كوڕی ئه‌بو معیتكه‌ برای دایكی بوه‌)كرده‌ والی كوفه‌ له‌ جیاتی سه‌عد كوڕی ئه‌بی وقاس,ئه‌م وه‌لیده‌ به‌ ڕه‌سه‌ن گومان لێكراوه‌ و به‌ ئه‌تواریش كابراێیه‌كی مه‌یخۆر و داوێنپیس بوه‌,له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌سته‌ڵاتیا له‌ پێش نوێژی نوێژی به‌یانیدا له‌ كوفه‌ به‌ سه‌رخۆشی چوار ره‌كعه‌ت نوێژی به‌ نوێژكه‌ران كردوه‌ و ئاوریشی داوه‌ته‌وه‌ و وتویه‌تی هیچیكه‌تان ناوێت…له‌ كردارێكی دیكه‌یدا عومه‌ری كوڕی عاسی له‌ والی میسر لابردو عه‌بدوڵای كوڕی سه‌عد كوڕی ئه‌بی سه‌رحی دانا له‌ جێگه‌كه‌ی,ئه‌م كابرایه‌ كاتی خۆی نووسه‌ری به‌رده‌ستی پێغه‌مبه‌ر بوه‌ و دواجار لێی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌,بۆیه‌ كاتی داگیركردنی مه‌ككه‌ پێغه‌مبه‌ر ئه‌مری فه‌رمو كه‌ ده‌بێت ئه‌م عبدالله‌ كوڕی سه‌رحه‌د بكوژرێت هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ پشتی به‌رده‌كانی كه‌عبه‌ خۆی شاردبێته‌وه‌.

سه‌عدیش بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆی له‌ كوشتن په‌نایبرده‌ به‌ر عوسمانی كوڕی عه‌فان,ئه‌ویش بردیه‌ لای پێغه‌مبه‌ر داوای لێبوردنی بۆ كردو له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌و بو به‌ موسوڵمان.
له‌ ماوه‌ی خه‌لافه‌تی عوسماندا سنوری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی زۆر فراوانبوو داهاتیشی له‌ ڕاده‌ به‌ ده‌رزیاد بو,بۆیه‌ عوسمان كه‌وته‌ ئه‌وه‌ی بێحساب ئه‌و داهاته‌ به‌ سه‌ر كه‌سوكار و سه‌رۆك هۆزه‌كاندا دابه‌ش بكات و مافدارانیش له‌و داهاته‌ بێبه‌ش بكات,تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ پێنج به‌ش به‌شێكی داهاتی باكوری ئه‌فریقیا بداته‌ مه‌روانی كوڕی حه‌كه‌م.

ئه‌م كرده‌وانه‌ی عوسمان بوه‌ مایه‌ی توڕه‌یی و ڕق و كینه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری سه‌حابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر,دژایه‌تی كردنیشی بۆ عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعودو ئه‌بی زه‌ر ئه‌لغه‌فاری و عه‌مار كوڕی یاسر و زوڵم و زۆری سه‌عدی كوڕی ئه‌بی سه‌رحیش له‌ میسر كاری گه‌یانده‌ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 700 كه‌س له‌ موسوڵمانان به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر هاتنه‌ لایی و كه‌وتنه‌ سكاڵاو داواكردنی لابردنی سه‌عد له‌ ده‌سته‌ڵات له‌میسر و محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر له‌ جێگه‌كه‌ی دابنرێت,له‌ ژێر فشاری ئه‌م هه‌ڵچونه‌ی ئه‌و سه‌حابی و موسوڵمانانه‌و پشتگیریكردنی عه‌لی و گه‌لێ‌ سه‌حابه‌ی تر بۆ داخوازیه‌كانیان عوسمان ناچار بوو داواكه‌یان قبوڵ بكات و محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر بكاته‌ والی میسر,كاتێكیش محه‌مه‌د له‌ كاتی گه‌ڕاندنه‌وه‌دا بۆ میسر لاوێكی ڕه‌ش پێستی دیت به‌ په‌له‌ به‌ په‌له‌ به‌ره‌و میسر ئه‌ڕۆیشت,ڕایگرت و كاتێ‌ كه‌وتنه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵیدا ده‌ركه‌وت نامه‌یه‌كی پێ یه‌ له‌ عوسمانه‌وه‌ بۆ والی میسر,كه‌ی محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر و فڵان و فڵان گه‌یشتنه‌ لات به‌ فێڵێك بیانكوژه‌ و له‌ جێگه‌كه‌ی خۆت بمێنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌مرم بكه‌.

بۆیه‌ محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌دینه‌و نامه‌كه‌ی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ پیشانی كۆمه‌ڵێك له‌ سه‌حابه‌كانداو له‌وانه‌ عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب و ته‌لحه‌و زوبه‌یر و سه‌عد و كه‌سانێكی دی و كه‌وتنه‌ گه‌مارۆدانی ماڵه‌كه‌ی عوسمان و داوایان لێكرد مه‌روانی كوڕی حه‌كه‌میان بداته‌ ده‌ست كه‌ شك وابو نوسه‌ری نامه‌كه‌یه‌ به‌ڵام بێ‌ سوود بوو,ئاژاوه‌كه‌ وا گه‌رم بوو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هێرش بكرێته‌ سه‌ر ماڵی عوسمان و له‌ لایه‌ن محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌بو به‌كر و دوو كه‌سی دیكه‌,له‌ سه‌ر به‌رماڵی نوێژكردن,له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بیكوژن.

به‌مه‌ش ئاگری فیتنه‌ و ئاژاوه‌ له‌ ناو ئیسلامدا به‌ ته‌واوی گڕی سه‌ندو ئا له‌م بارو دۆخه‌دا عه‌لی كوری ئه‌بو تالیب بوه‌ خه‌لیفه‌ له‌ جێگه‌ی عوسمان.

خه‌لیفه‌ی چواره‌م-عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب:-دووهه‌م ڕۆژی دوای كوشتنی عوسمان كوڕی عه‌فان كرایه‌ خه‌لیفه‌ی ئیسلام به‌ كۆی ده‌نگی هه‌موو ئه‌و ئه‌سحابانه‌ی كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ مه‌دینه‌ بوون,به‌ڵام به‌ هۆی شه‌ڕی ده‌سته‌ڵات و فتنه‌یه‌ی له‌ ژێر ساباته‌كه‌ی به‌نی ساعده‌وه‌ و له‌ كوشتنی عوسمانه‌وه‌ ڕێچكه‌ی وه‌رگرت,هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی حوكمڕانیه‌كه‌یه‌وه‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ ده‌ستی پێكرد به‌وه‌ی عائشه‌ی ژنی پێغه‌مبه‌ر هه‌ر دوو سه‌حابه‌ ته‌لحه‌و زوبه‌یر به‌ سه‌ركرده‌یی له‌شكرێك له‌ مه‌ككه‌وه‌ به‌ره‌و به‌سره‌ كه‌وتنه‌ ڕێ‌,به‌ بیانوی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی عوسمان و عائشه‌ش(كراسه‌ خوێناویه‌كه‌ی كردبو به‌ به‌یداخ)و سواری حوشترێك بوبو,بویه‌ عه‌لی كورشی ئه‌بو تالیب به‌ له‌شكرێكه‌وه‌ به‌ره‌و به‌سره‌ كوته‌ ڕێ‌ و له‌ به‌سره‌ به‌ره‌نگاریان بوو له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ به‌ شه‌ڕی (الجمل –حوشتر)ناو براوه‌ زیاتر له‌ 13000 هه‌زار كه‌سی تێدا كوژرا له‌وانه‌ش هه‌ردوو سه‌حابی ته‌لحه‌و زوبه‌یر و ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌حابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر,عائیشه‌ش به‌ دیل گیراو شه‌ڕه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌تنی عه‌لی كۆتایی هات.

دواتر موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بو سوفیان له‌ شام له‌ عه‌لی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی بۆ خۆیكرد وه‌ك خه‌لیفه‌ی ئیسلام,عه‌لیش به‌ له‌شكرێكه‌وه‌ به‌ره‌و شام كه‌وته‌ ڕێ‌ و هه‌ر دوو سوپای عه‌لی و موعاویه‌ له‌(صفین)ی نزیك(الرقه‌)له‌ سه‌ر قه‌راغی ڕوباری فوڕات به‌ره‌نگاری یه‌كبون,ووتراویشه‌ گوایه‌ ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌ی علی 120 هه‌زار كه‌س و ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌ی معاویه‌ 90هه‌زار كه‌س بوه‌ و شه‌ڕی نێوانیان ماوه‌ی 110 ڕۆژی خایاندوه‌ و 90 جاریش رژاونه‌ته‌ ناو یه‌كتری ژماره‌یه‌كی بێشومار له‌ سه‌حابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر یه‌كتریان قه‌ڵاچۆكردوه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ئه‌كرێن به‌ 90 هه‌زار كه‌س,له‌وانه‌ 25 هه‌زار له‌ سوپاكه‌ی علی و 45 هه‌زار له‌ سوپاكه‌ی معاویه‌,تا به‌ فێڵێكی عومه‌ری كوڕی عباس و به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی قورئان به‌ نووكی ڕمی ڕیزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕكه‌ره‌كانی سوپای موعاویه‌ شه‌ڕه‌كه‌ وه‌ستاو عومه‌ری كوڕی عباس وه‌ك نوێنه‌ری موعاویه‌ و ئه‌بو موسا ئه‌لئه‌شعه‌ری وه‌ك نوێنه‌ری عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب كرانه‌(حه‌كه‌م)ناوبژیكه‌ر بۆ دوا پێهێنانی ئه‌و شه‌ڕه‌,له‌ شانۆگه‌رییه‌كی گاڵته‌ جاریدا عه‌لی له‌ خلافه‌ت لابرا و موعاویه‌ خرایه‌ جێگه‌كه‌ی ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی (عومه‌ری كوڕی عاسی كوڕی النابغه‌ سه‌لمی كچی حه‌رمه‌له‌یه‌ كه‌ به‌ له‌شفرۆش له‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ككه‌ ناسرا بوو خاوه‌ن ئاڵا بوه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌بو له‌هه‌ب و ئومه‌یه‌ كوڕی خه‌له‌ف و هوشام كوڕی ئه‌لمه‌غیره‌ و ئه‌بو سوفیانی كوڕی حه‌رب(باوكی موعاویه‌)و ئه‌لعاس كوڕی وائیل ئه‌لسه‌همی,لاقه‌یانكرد له‌ یه‌ك ڕۆژدا و دوای 9 مانگ عومه‌ری بوه‌,هه‌ریه‌كه‌ له‌وانه‌ داواكه‌ری عومه‌ر بون به‌ڵام ئه‌لنابغه‌ی دایكی دای به‌ العاسی بن وائل چونكه‌ له‌وانی دیكه‌ زیاتر یارمه‌تی ئه‌دا,بۆیه‌ ناونرا به‌ (عومه‌ری كوڕی ئه‌لعاس)عومه‌ری كوڕی العاس توانی به‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ بازی ئه‌با موسا ئه‌لئه‌شعه‌ری بهێنێته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ علی و موعاویه‌ له‌ خلافه‌ت بخه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌,ئه‌ویش به‌ دڵپاكی خۆی تێكه‌وت,له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌با موسی به‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌ تره‌ پێش خۆی خست و وای كرد له‌ سه‌ر (منبر)علی له‌ خلافه‌ت بخاو كه‌ نۆره‌ش هاته‌ سه‌ر خۆی معاویه‌ی كرده‌ خه‌لیفه‌.

دوای ئه‌و شانۆ گه‌ریه‌ گاڵته‌ جاریه‌ علی كوڕی ئه‌بو تالیب كه‌وته‌ گێژاوی شه‌ڕو ئاژاوه‌ له‌گه‌ڵ (خه‌وارجه‌كان)و گه‌لێكیش له‌ سه‌حابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر لێی زویر بون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌و (ته‌حكیمه‌-ناوبژیكردنه‌)ڕازی بو چونكه‌ به‌ بۆچونی ئه‌وان(حه‌كه‌م) هه‌ر خودایه‌و به‌س.

عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب پاش ماوه‌یه‌ك و دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵ حوكمڕانیكرد به‌ ده‌ستی یه‌كێك له‌ خه‌وارجه‌كان كه‌ ناوی عه‌بدولره‌حمان كوڕی مه‌لجه‌م بوو له‌ كاتی هه‌ڵسان بۆ نوێژی به‌یانی له‌ مزگه‌وتی كوفه‌ كوژراو دوای مردنی عه‌لیش كوڕه‌كانی عه‌لی عه‌بدولره‌حمانیان زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كوشت به‌وه‌ی هه‌ر دوو ده‌ست و قاچیان بڕی و له‌ ناو سه‌به‌ته‌یه‌كدا سوتانیان.

به‌ كوشتنی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب كۆتایی به‌ خلافه‌تی ڕاشدین هات و ئه‌شوترێت كه‌ له‌ دوای عه‌لی خلافه‌ت درا به‌ حه‌سه‌نی كوڕی له‌ لایه‌ن دانیشتوانی كوفه‌و شه‌ش مانگ له‌ كوفه‌ مایه‌وه‌ و موعاویه‌ نیازی هێرشكردنی بو بۆ كوفه‌,بۆیه‌ ناچاربو وه‌ڵام بنێرێ‌ بۆی كه‌ ڕازیه‌ ده‌ست له‌ خلافه‌ت هه‌ڵگرێ‌ به‌ مه‌رجێ‌ دوای خۆی خلافه‌ته‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ حه‌سه‌ن و له‌ دانیشتوانی مه‌دینه‌ و حجاز و عێڕاق ببورێ‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشو رویداوه‌ و قه‌رزه‌كانی بۆ بداته‌وه‌,موعاویه‌ ئه‌وی مه‌رجانه‌ی لا باش بو بۆیه‌ به‌م ڕێكه‌وتنه‌ خلافه‌ت چوه‌ ده‌ستی موعاویه‌ و خلافه‌تی ئه‌مه‌ویه‌كان له‌ ساڵی 41 كۆچیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد.




کارئەکتەری ڕەفسەنجانی و ڕۆڵی لە حکومڕانی ئێراندا …. ئاگر ئەکرەم

مردنی رەفسەنجانی مردنیکی لە ناکاو بو ، هەرچەندە 82 سال تەمەنی هەبو، بەلام هیچ ئاماژەیەک بۆ نەخۆشکەوتن یاخود ناتەواوی باری تەندروستی بلاو نەکرابویەوە.
ئەگەرچی 3 ساڵ لەمەو بەر شورای پاسەوان لەبەر زۆری تەمەن رێگای بە خۆ کاندید کردنی نەدا بۆ هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ساڵی 2013 بەڵام 2 ساڵ دوای ئەوە بەشداری کرد لە هەڵبژاردنەکانی مەجلسی خبرگانی رابەری و نەک هەر خۆی بەڵکو کۆمەلێکیش لەشوێنکەوتو و هەوادارانی لە گەڵ خۆی بردە ناو ئەو مەجلیسە بەتایبەت لە بازنەی تاران ، هەرچەندە هاوڕێکانی هێندە نەبون کە بتوانن لە سەر کورسی سەرکردایەتی ئەو مەجلیسە دایبنیشینن.
گەر لە وڵاتانی تر تەمەنی 82 سالی تەمەنی خانەنشین بون لە سیاسەت حساب بکرێ ، لە کۆماری ئیسلامی بەشداری کردنی ڕەفسەنجانی لە سیاسەت شتێکی غەریب نەبو، بەو هەمو وێناکرنەی ڕەفسەنجانی لە بیری گشتی ، بەلام لە ساڵی رابردودا بە شێوەیەکی بەرچاو لایەنگر و هێزی خۆی لە دەسەلات لەدەست دابو.

سەرەتای ئەم شکستانەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەلبژارنی سەرۆکایەتی کۆماری سالی 2005 کە لە بەرانبەر رکابەرەکەی کە محمودی ئەحمدی نژاد بو شکستی خواردو بە نوسینی نامەیەک بۆ ڕابەری ئێران شێوازی هەلبژاردنەکانی بردە ژیر پرسیار، رەفسەنجانی و خامنئی نەیانتوانی ئەو کەلینە بشارنەوە تا وای لێ هات کە خامنئی بە راشکاوی لە سالی 2009 دا پشگیری لە ئەحمدی نژاد کرد و وتی :(بۆچونی ئەحمەدی نەژادم لام پەسەندترە وەک لە رەفسەنجانی.)
رەفسەنجانی باش دەیزانی کە گەرانەوەی بۆ ناو دەسەڵات نامومکینە یاخود زۆر سەختە وئاسان نیە، تەنانەت نەیتوانی ڕێگری بکا لە زیندانی کردنی کچ و کورەکانی ، لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا رەفسەنجانی ئامادە نەبو کە روداوەکانی سالی 2009 بە فیتنە ناو ببات ، ئەگەرچی نەیتوانی ببێتە سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگانی رابەری ، بەلام ئومێدی هەبو کە کاریگەری خۆی لەسەر ئەو مەجلیسە هەبێت ، نەیانهیشت بەشداری لە هەلبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بکات ، بەلام وەک سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ئێران مایەوە.

هەرچەندە لەوانەیە مەرگی رەفسەنجانی ببێتە دەستمایەیەکی باش بو راکیشانی ڕای هاولاتیان لە هەڵبژاردنەکانی سالی ئایندەی ئێران ، بەلام لە هامانکاتیشدا اصولگەراکانی پالپشتی خامنەئی ڕەنگە وەک امتیاز سەیری بکەن بەلام غافڵگیرانەیە.
بەلام هیشتا بە کومەلێ بەڵگە دەتوانین بڵێین کە هەر لە ئێستاوە خامنئی و دژەکانی رەفسەنجانی ماتەمینی تەواو دایان بگرێت و بەشداریەکی کارایان هەبێ لە مەراسیمەکانی مەرگی رەفسەنجانی دا ، بەڵگە بۆ ئەمەش لە دو دەیەی سەرەتای جێگیر بونی کوماری ئیسلامی ئەو لە هەمو ڕوداو و بڕیارە گرنگ و چارەنوس سازەکاندا ڕۆلی بەرچاو و ئەشتوانین بلیین سەرەکی گیراوە.

رەفسەنجانی هەندێ لە بیرەوەریەکانی لەم ماوەیەدا نوسیەوە، بەلام دیار نیە کە ئایا وێنەیەکی دوای خۆی جی هیلابی یاخود کومەڵێ نهێنی دوای خۆی جێ بهێڵێت و لەگەل خۆیدا کفنی بکات.
اکبر هاشم بهرمانی (رەفسەنجانی) (1934-2017) لە شاری رەفسەنجانی سەر بە پارێزگای کرمانی ئێران لە دایک بوە، رەفسەنجانی لە دەیەی یەکەم تا نیوەی دەیەی دوەمی سەرەتای کۆماری ئیسلامی بە دەسەلاتدارترین و پڕ لایەنگری کەسایەتی ئێران دوای ڕابەری شۆرش دادەنرا، لە دوای ئەوەش سەرەڕای بونی جیاوازی لە گەڵ ڕابەر بەڵام هەر یەکێک بوە لە سیاسیە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی.

رەفسەنجانی پێش سەکەوتنی شۆرشی ئیسلامی لە کاتی خوێندنی لە حەوزەی علمی قوم ، دۆستێکی نزیکی خامنەئی و خوێندکاری خومەینی بو، لەگەل دەسپێکردنی شورشی خومەینی دژی شای پەهلەوی رەفسەنجانی 7 جار گیراوەو لە زیندانی پەهلەوی ئەشکەنجە دراوە.
لە سالی 1958 لەگەل (عفت مرعشی) خێزانی پێک هێناوەو 2 کچ بە ناوەکانی فاتمە و فائزە و 3 کور بەناوەکانی محسن و مهدی و یاسر هەبو.
لە سالی 1988 کرایە جێنشینی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ئێران کە سوپاو ئەرتەش راستەوخو لە ژێر فەرمانی ئەودا بون ، مانگ و نیویک دوای ئەوە توانی کە ڕابەر ڕازی بکا بە واژو کرنی بریاری 598 کە ئەنجامەکەی راگرتن وکۆتایی هاتنی جەنگی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانی لێ کەوتەوە.

سالی 1989 کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژوەندیەکانی ئێران ، کە لە سالی 1987بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی دامەزرا ، کە یەکەم سەرۆکی ئەو دەزگایەش خامنەئی بو، لە ماوەی 8 سال سەرۆک کۆماری رەفسەنجانی دا ولاتی بەرەو ئازاد سازی و بەرەوپێش چونێکی خێرا برد لە بواری ئابوری و فرهەنگی و کرانەوە باروی دەرەوەدا، هەرچەندە هەر لە سەردەمی ئەودا هەلاوسانێکی ئابوری گەورە ڕوی دا ، کە تا ئەو سەردەمە لە ئێراندا شتی واروی نەدابو،هەر لە سەردەمی ئەویشدا بو کە وەزارەتی ئیطلاعاتی ئێران دەستی کرد بە پاکتاو کردنی نەیارەکانی ئێران لە ناوخو و دەرەوە دا زۆریانی لە ناو برد ، لەوانە سەرۆکی ئەوکاتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە شاری بەرلینی ولاتی ئەلمانیا لە ریستورانتی میکونوس لەگەل هاوەلەکانی تیرۆر کران، لە سالی 1992 دادگای ولاتی ئەلمانیا رەفسەنجانی و خامنەئی و علی فلاحیان کە وەزیری اطلاعاتی ئەو کاتە بو لە گەل علی اکبر ولایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی بە تاونبار ناساند، تا وای لێ هات ئەلمانیا زۆربەی ولاتانی ئەوروپا سەفیرەکانی خۆیانیان لە ئێران کشاندەوە.

لە کاتی هەلبژاردنەکانی سالی 1997 ئەو پشتگیری لە محمد خاتەمی کرد و سەری خست و لە سەر کورسی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران داینیشاند، لەگەل کۆتایی هاتنی 8 سال ماوەی سەرۆکایەتی کۆماری محمد خاتەمی رەفسەنجانی لەگەل احمدی نەژاد چوە هەلبژاردن و بونە دو دژی سەرسەختی یەک کە لە جەولەی یەکەمدا هەردوکیان سەرکەوتن ، بەلام لە خولی دوەمدا ئەوە احمدی نژاد بو کە لەسەر کورسی سەروکایەتی کوماری ئێران توانی دابنیشیت، لەگەل هاتنە سەرکاری احمدی نەژاد رەفسەنجانی و شوینکەوتوانی دژایەتیەکی زۆر کران ، دەست کرا بە پاکتاو کرندیان لە دامو دەزگا هەستیار و بالاکانی دەولەت دا، لە هەلبژاردنەکانی سالی 2013 رەفسەنجانی بە هۆی زۆری تەمەنەوە لە کاندید کردن رەت کرایەوە رەفسەنجانیش بە هەمو هیزو توانی خۆیەوە پشگیری لە رۆحانی کرد و سەری خست بۆ سەر کورسی سەروکایەتی کۆمار، لە سەردەمی رۆحانی دا دارودەستەی رەفسەنجانی وردە وردە گەرانەوە ناو دەسەلات لە دام و دەزگا هەستیارەکانی دەولەت دا جێیان کرایەوە.