رۆڵی ساطیع ئەلحوصریی، لە فاشیزمی عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبییدا…. کامیار سابیر


رۆڵی ساطیع ئەلحوصریی، لە فاشیزمی عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبییدا
پەند و دەرسی زۆر، بۆ نەوەی نوێی کورد

کامیار سابیر

لەسەر تێکهەڵکێشییەکانی عوروبە و کوردایەتیی، لە کاتی خوێندنەوە و گەڕان بە دوای سەرچاوەی جۆراوجۆردا، رێگەم کەوتە سەر کتێبێک( الطائفية السياسية ومشكلة الحكم في العراق) واتە طائیفییەتی سیاسیی و گرفتی حوکمڕانیی لە عێراقدا، لەناو ئەم کتێبەدا، بەشی شەشەمی، بەناوی (دور ساطع الحصري في ترسيخ الطائفية)ە، واتە رۆڵی ساطیع ئەلحوصریی لە جێکەوتکردنی طائیفییەتدا کە لە خوارەوە، وەرگێڕانە کوردییەکەی دەخوێنیتەوە. ئەم کتێبە، لە نووسینی د. عەبدولخالیق حوسێنە کە جەڕاحێکی بەصراوییە( فاو- بەصرە). ئەو، دەمێکە لە لەندەن دەژیەت و ماوەیەکی زۆریشە، خەریکی لێکۆڵینەوەی فیکریی و سیاسییە. بەهۆی ناساغییەوە، دەستبەرداری پیشەی پزیشکیی بووە .

بەوردیی و بە پەلە کە ئەم بەشەم، خوێندەوە، حەزمکرد، بە تەواویی بۆ زمانی کوردیی وەریبگێڕم، بەڵام بەهۆی بێکاتییەوە،،هەموویم، بۆ نەکرا. هەرچۆنێک بێت، ئەمە پوختەیەکی کورتکراوەی بەشی شەشەمی ئەوە کتێبەیە کە بۆ زمانی کوردیی، وەرمگێڕاوە. دەکرێ بگوترێ، نزیکەی %٨٠ی بەشی شەشەمم وەرگێڕاوە. خوێندنەوەی ئەم بەشە، ئەو حەقیقەتەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە تێکستی کوردیی، چەند کۆڵەوارە لەسەر مەسەلەی ناسیۆنالیزم بە گشتیی ، ناسیۆنالیزمی نەژادیی و ناسیۆنالیزمی طائیفیی بەتایبەتیی؟ تێدەگەیت، نووسەری کورد و سیاسیی کورد، لەگەڵ ئەوەی ناوی نراوە حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، جوعبەیان چەند خاڵییە لە تێکستی فیکریی، مەعریفیی، کولتووریی و سەرەنجامیش سیاسیی بەگشتیی و بە تایبەتییش، لەمەڕ عیللەتی ناسیۆنالیزم ومەعریفەی سیاسیی ، هەروەها لەمەڕ تێکهەڵکێشییەکانی عوروبە و کوردایەتیی کە چۆن کوردایەتیی، لە هەژموونی عوروبەوە فۆرمەڵە بووە و چۆن “کۆپی”ی ئەوی کردووەتەوە؟

بەبێ تێگەیشتن و ئاشنابوون بە فیکری ساطیع ئەلحوصریی، ناتوانین لە فۆرمەڵەبوونی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و عوروبە، بەتەواویی تێبگەین. هەروەها بەبێ تێگەیشتن لەو فاشیزمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و فیکرییەی ئەلحوصریی، ناتوانین، لینکە بەهێزەکانی نێوان کوردایەتیی و عوروبە بدۆزینەوە، بەتایبەتییش، چۆن کوردایەتیی لە ئاستانەی فیکر و روئیای سیاسییدا، بە مووش، لە عوروبە، لاینەداوە؟ تەنانەت، خودی چەمکی کوردایەتیی، چۆن لە لە کوردییەت( کردیة) ەوە کە لە عەرەبییە( العربیة) وە بیراز کراوە و بووە بە کوردایەتیی؟ هەروەها، چەند لاساییکردنەوەیەکی زمانیی، کولتووریی، سیاسیی و فیکریی زۆر جاهیلانە و ئەحمەقانەیە؟ تەنانەت ئاکاری عەشایەرییانەی مونەوەرەکانی کوردایەتیی( دارکاریی و شەقکاریی خوێندکاران، لە پۆلەکانی خوێندندا)، لە ئوستاذەکانی فاشیزمی عوروبییەوە هاتووە و لە ماستەرمایندەکەیەوە( ئەلحوصریی)، هێنراوەتە ناو پرۆگرامی خوێندنی عێراقەوە و تێکەڵ بە مۆراڵی پەروەردە وخوێندن کراوە.

ئەمەی خوارەوە، پوختەی وەرگێڕانەکەیە:-

ساطیع ئەلحوصریی( ١٨٨٠-١٩٦٨ ) لە یەکەمین رائیدەکانی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بوو. رۆڵێکی گەورەی لە جێکەوتکردنی طائیفییەتدا لە دەوڵەتی مۆدێرنی عێراقدا هەبوو. بەحەق، عەڕابی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بوو. لەبەشی پێشووی کتێبەکەدا، باسی ئەوەمان کرد لە شۆڕشی بیستدا، هەلومەرجێکی باش، بۆ نزیکبوونەوەی ئەهلی شیعە و ئەهلی سوننە، بەدیهات، بەڵام ئینگلیزەکان کە داگیرکاری عێراق بوون، ئەمە ناڕەحەتیکردن و بەشوێن تۆڵەوە بوون. هەندێک پێیانوایە کە ئینگلیزەکان ،بەتایبەتیی، ئەلحوصرییان ، بۆ مەبەستی طائیفیی، بەرەو عێراق، هێنا.
رۆڵی ئەلحوصریی، هەر بە سنوورەکانی عێراقەوە نەوەستا، بەڵکو تەشەنەی سەند بۆ زۆر بواری سیاسیی، فیکریی و پەروەردەیی، لە وڵاتانی عەرەبیی تردا.ئەو کە موفەکیرێکی پانوپۆڕ بوو، ژمارەیەکی زۆر کتێبی لەسەر فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، هەیە. پاش ئەوەی لە ١٩٤١ دا، عێراقی بەجێهێشت، بە فەیلەسوفی عوروبە، ناسێنرا. بۆ ئەوەی مافی خۆی بدەینێ، شایەنی ئەوەی هەیە کە هەڵوێستە، لەسەر رۆڵی ئەو، لە جێکەوتکردن و هاندانی نەعرەتەی طائیفیی لە عێراقدا بکەین.

لەبەر گرینگیی بۆچوونەکانی ئەلحوصریی، پاش مردنی، بوو بە بابەتی توێژەران، لە چەندین توێژینەوە و ماستەرنامەی زانکۆییدا، نەک هەر لە وڵاتانی عەرەبیی، بەڵکو لە ئەمێریکا، روسیا و چەندین وڵاتی تریش، توێژینەوەی لەسەرکرا. یەکێک لەو توێژینەوە گرینگانە، کتێبێکی بەنرخی توێژەرێکی ئەمێریکییە بەناوی ویلیام ئێڵ( L) کلیڤلاند، مامۆستای زانکۆی Princeton بە ناونیشانی( ئەلحوصریی، لە فیکری عوثمانییزمەوە بۆ فیکری عەرەبییزم) ، هەروەها کتێبێکی تری توێژەرێکی روسیی بەناوی تیخۆنۆڤا، بەناونیشانی ( ساطیع ئەلحوصریی، رائیدی رەوتی عەلمانیی، لە فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبییدا). کتێبەکەی کلیڤلاند، لەم ئاقارەدا ، بەیەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکان دەژمێردرێ.

کلیڤلاند، ژیانی ئەلحوصریی بۆ سێ قۆناغ، دابەش دەکات. قۆناغی یەکەمی لە خزمەتی دەوڵەتی عوثمانییدا خەرج کردووە. دیارە ئەلحوصریی، ویستوویەتی، بە بێدەنگیی و خامۆشیی دیزەبەدەرخۆنەی بکات. کلیڤلاند، توانیتی، رەزامەندیی حکومەتی تورکیا بەدەست بهێنێت، بۆ بەدەستهێنانی ئەو دۆکیومێنتە مێژووییانەی کە تایبەتن بە ژیانی ئەلحوصریی لەسەردەمی عوثمانییەکاندا، توێژەر، ئەم قۆناغە شاراوەیەی دۆزییەوە.

گومان، لەسەر رەچەڵەکی ئەلحوصریی، هەیە. خۆی بانگەوازی ئەوە دەکات ، گوایە لە سیلالەی ئیمامی عەلییە، نازناوی ئەلحوصرییش دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەیەک لە یەمەن، بەلام محەمەد مەهدیی ئەلجەواهیریی لە کتێبەکەیدا( یادەوەرییەکانم ج ١ ) باسی ئەوە دەکات کە پرسیاری لە زۆرێک لەو یەمەنییانە کردووە کە بینیونی، لەسەر ناوی ئەلحوصریی، ئەوان، نکۆڵییان لێیکردووە کە شوێنێکی وا هەبێت.

ئەم قۆناغی یەکەمە لە ژیانی ئەو، چل ساڵ دەخایەنێت کە قۆناغی عوثمانییەکان بوو، لە ئیستانبوڵ و پاریس، ژیاوە و لەو ماوەیەشدا، خۆی تەثقیف کرد. لەم قۆناغەدا یەکێک لەهەرە داکۆکیکیارە ناودارەکان بوو کە داکۆکیی لە فیکری عوثمانییەکان دەکرد دژی ئەو روانگانەی کە داوای دابەشبوونی دەوڵەتی عوثمانییەکانیان، لەسەر بناغەی نەژادیی و نەتەوەیی، دەکرد. ئەم دژایەتییەشی لە جوغزی دینییەوە نەبوو، چونکە ئەو هیچ کاتێ، لە ئیسلامەوە نزیک نەبووە. تەنانەت لەو قۆناغەی لە تورکیا ژیاوە، عەرەبێکی ناسیۆنالیست، نەبووە. کاتێکیش جەمال پاشا لە سوریا، ناسراو بە جەمال سەفاح، ناسیۆنالیستە عەرەبەکانی لەسێدارە دەدا، لەناویاندا عەبدولغەنیی ئەلعریسیی ، هەروەها عەبدولکەریم خەلیل کە برادەری ئەلحوصریی بوو، تەنانەت بە وشەیەکیش بۆ پرسەی برادەرەکەی بەشداریی نەکرد. خۆی لە جەوانانی تورک بوو، لەگەڵ مۆدێرنکردنی عوثمانییەکاندا بوو، دژی ناسیۆنالیزمی عەرەبییش بوو. هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی تا کەوتنی عوثمانییەکان لەجەنگی جیهانیی یەکەم کە بەشە عەرەبییەکانی لێ جیابووەوە و وڵاتانی عەرەبیی دروست بوون .

شایانی باسە، لە کۆتایی سەردەمی عوثمانییەکاندا، برای ساطیع ئەلحوصریی کە ناوی بەدیع بەگ بوو، موتەصەڕیفی لیوای ناصڕییە بوو. حکومەتی مەرکەزیی لە ئیستانبوڵەوە، پلانی تێرۆرکردنی طالیب نەقیبی داڕشت کە لە بانگهێشتکارانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بوو. پلانی ئەم تێرۆرکردنە، درا بە سەرکردەیەکی عەسکەریی تورک، لە بەصڕە، بەناوی فەرید بەگ، بەڵام گرووپی نەقیب وریاتربوون و بە فێڵەکەیان زانی. هاوکات، طالیب نەقیب، بڕیاری دا، ئەوان بکات بە خۆراکی ژەمی نیوەڕۆ، پێش ئەوەی ئەوان، ژەمی ئێوارەی پێوەبخۆن. ئەم رووداوەش، پێدەچێ کاریگەرییەکی قووڵی لە ورووژاندنی ئەو حیقدەی ساطیع ئەلحوصرییدا هەبێت کە دژی عێراقییەکان، لە هەڵسوکەوتەکانی دواتریدا، هەیبوو.

کاتێ مەملەکەتی عەرەبیی سوریی دروست بوو، ئەلحوصریی، هەڵوێستی سیاسیی خۆی گۆڕی و گەشتی بۆ شام کرد. لە ساڵی ١٩٢٠ دا، کاتێ لە چل ساڵییدا بوو، پێوەندیی بە گرووپی شەریفی مەککەوە ( ئەمیر فەیصەڵ بن حوسێن) کرد و بە مودیری مەعاریف، دەستنیشانکرا. لێرەوە قۆناغی دووەمی ژیانی دەستیپێکرد. زمانی عەرەبیی نەدەزانی، بەهۆی ئەم عەرەبیینەزانینەوە، سورییەکان، رقیان لێیهەڵگرت. ئەو تورکیی وەکو زمانی زگماک دەزانی و زمانی فڕانسیشی وەکو دووەم زمان، دەزانی.

پاش کەوتنی مەملەکەتی سوریی، بەهۆی رووداوەکەی میسلۆنەوە ، گەڕایەوە بۆ ئیستانبوڵ، دواتر بۆ ئیتاڵیا و سەرەنجامیش بۆ قاهیرە، بەدوای کارێکدا لە وانەگوتنەوەدا، سۆراغی دەکرد. بەهۆی دەستەودائیرەی ئینگلیزەکانەوە ، گوێبیستی ئەوە بوو کە پلانێک هەیە بۆ دامەزراندنی مەملەکەتی عێراق و دامەزراندنی فەیصەڵ، بە مەلیکی عێراق، لێرەوە عەوداڵی هەلومەرجی عێراق و خەڵکەکەی بوو. خۆی بە شاعیری عێراقیی، عەبدولموحسین کاظمیی ناساند کە لە قاهیرە دەژیا ( تا مردنی لە ساڵی ١٩٣٥دا، هەر لە قاهیرە بوو). هەموو ئەوەی، ئەلحوصریی، گرینگیی پێدەدا کە طائیفەیەکی بەرینی شیعە هەن و لەلایەن عوثمانییەکانەوە، دەچەوسێنرانەوە. بڕیاری دا، بە گرووپی فەیصەڵی دووەمەوە، پێوەندیی بکات ( 2)
ئەلحوصریی گەیشتە بەغداد لە ئابی ١٩٢١ دا، لێرەوە، دەستیکرد بە مەترسییترین قۆناغی ژیانی کە بەشاراوەیی لای خوێنەری عەرەب، ماوەتەوە. لە کاتێکدا قۆناغی کۆتایی ژیانی، بە وردەکاریی زۆر بەنرخ، ناسراوە . پاش ئەوەی عێراقی بەجێهێشت، لە ساڵی ١٩٤١ دا و تا مردنی، کۆمەڵێ کتێب و بڵاوکراوی گرینگی نەتەوەیی بڵاوکردەوە.

حەسەن عەلەویی دەڵێ” ئەلحوصریی، هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ هیچ تاکێکی عێراقییدا دروست نەکرد، لە ماوەی بیست ساڵ، لە ژیان و کارکردنی لە عێراق، دانی خێری بەعێراقدا نەنا، بەڵام زۆری لەسەر عەجەم نووسی. هەروەها باسی ئەوەیشی کردبوو کە دوژمنایەتییەکی زۆریان کردووە و موئامەرەی زۆری لێکراوە. لە ماوەی شەش مانگی یەکەم گەیشتنی، بە بەغداد، لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ( کۆرنۆالیس، گاربرێت، واڵمس بیڵ، دواتریش لەگەڵ سمیثدا کۆمەڵێ پێوەندیی رۆحیی و دۆستانەی بەست” ( 3)

ئینگلیزەکان، پشتیان بە ئەلحوصریی دەبەست، بۆ جێبەجێبوونی سیاسەتەکانی بریتانیا ، وەکو عەڕابی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و بەستنەوەی بە طائیفییەتەوە، سوودیان لێی بینی. ئەمەش بۆ چەوساندنەوەی ٤/٥ ی عەرەبی عێراق و بێبەشکردنیان لە مافی هاووڵاتییبوون، لە وڵاتەکەی خۆیاندا، ئەمانە هەمووی خرایە بەرنامەوە. ئەو، زۆر بەباشیی هەوڵی بۆ جێکەوتکردنی ئەم نەخشە طائیفییە دا و لەو ماوەیەی لە عێراق، مودیری مەعاریف بوو. ئەلحوصریی، هیچ ئینتیمایەکی بۆ دەوڵەتێک نەبوو کە بیست ساڵ تێیدا ژیا، هاوکات هەستی دانیشتووانەکەی دەرهەق بە مێژووەکەیان و دابونەریتەکانیان، نە بەهەند وەردەگرت و نە دانیشی پێدا دەنا.

فەلسەفەی ئەلحوصریی،
کلیڤلاند، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەلحوصریی، بەلای فیکری رۆشنگەریی چینی ناوەڕاستی( وردە بۆرژوازیی) ئەوروپییدا وەرچەرخا، نەک بەلای بۆچوونە چاکسازییەکانی جەمالەدینی ئەفغانیی و محەمەد عەبدە، رۆڵی چاودێریکی بیانیی دەبینیی کە لەبەرزاییەکانی ئەو باڵاخانە کۆمەڵایەتییانەوە ، بە چواردەوردا دەیڕوانی( ٤)…

ئەلحوصریی، کەوتبووە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی فیختە و هیگلەوە، بۆیە فیکری ئەم دوو فەیلەسوفە ئاڵمانییەی وەرگرت و بۆ فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، زیاد کرد.لەم روانگەیەوە، توێژەرێکی ئەمێریکیی ج.هایم، ئەوە باس دەکات کە ئەلحوصریی چۆن کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەوانەوە کە حەقیقەتی مەسەلەکە ئەوەیە” پێشکەشکردنی فیختە و هیگل لە وێنەی عەلامەی فیکری عەرەبیی ئیسلامییدا” لە ئەستۆ گرتووە؟ لە شوێنێکی تر، دەڵێ” پەنابردنی ئەلحوصریی بۆ داڕشتنەوەی ثیۆرییەکەی لە قاڵبگەلێکدا کە لەگەڵ ئیسلامدا بگونجێن، ئەمەش وەکو” ئەوەی لە فیختەوە وەریگرتبێت نەک لە قورئانەوە کە سەرچاوەی ئیلهامی بێت”(٦). ئەمە شتێکی نامۆ نییە بۆ ئەلحوصریی، سەرسام بە فەلسەفەی ئاڵمانیی( هیگل و فیختە) کە فاشیزم بنیات بنێ لە تەنظیرە ناسیۆنالیستییەکەیدا، کلیڤلاندیش ئەم شتە لەسەر ئەلحوصریی جەخت دەکاتەوە و دەڵێ” ئەو سیستەمەی کە ئومێدەکانمانی پێوە بەستینەوە و هەوڵی بۆ بدەین، سیستەمێکی فاشییانەیە.” (٧)

ئەلحوصریی، نکۆڵی لە هەڵوێستی خۆی لەسەر دیین و رۆڵی خۆی لە عوروبەدا، ناکات. وێڕای ئەوەی کە جەخت لە” رۆڵی مەزنی بێ وێنەی دەرکەوتنی ئیسلام دەکات لە دروستبوونی ئوممەی عەرەبیی و فراوانکردنی مەوداکانی عوروبە” لەگەڵ ئەوەشدا، راستگۆیانە گوتی” لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، وای نابینم کە توێژینەوەکانم بواری ئەوەیان نەدا و پێویستیش نەبوو کە دیین ببێ بەیەکێک لە موقەوەماتە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی”. وێڕای ئەمانەش” بزوتنەوەی ئیسلامیی، وەرچەخانێکی مەترسییداری بەسەر بارودۆخی عەرەبدا هێنا… کە بەتەواویی وابەستەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی نەما ، لەبەرئەوەی هەندێ گرووپ، تەعریب بوون، بێئەوەی ئایینی ئیسلام، وەرگرن. پێچەوانەی ئەوەش، هەندێ گرووپی تر، دیینی ئیسلامیان وەرگرت، بێئەوەی زمانی عەرەبیی وەربگرن.” ( ٨)

رۆڵی ئەلحوصریی لە “پەروەردە”دا

ئەلحوصریی، بە مودیری مەعاریف دامەزرێنرا، سەرەڕای ئەوەش راوێژکاری مەلیک بوو. لە رووداوەکانی دواتردا دەرکەوت کە قسەی لەسەروو قسەی وەزیری پەروەردەشەوە، بوو. تەنانەت هەندێجار لەسەروو قسەی مەلیکیشەوە بوو، لەبەرئەوەی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، پاڵپشتیی دەکرا، چونکە راسپێردرابوو، بەدەستوری ئینگلیزەکان، ئەرکەکەی بڵاوکردنەوەی طائیفییەت و دوژمنایەتیی شیعە بوو. هەروەها، گومانکردنە سەر عەرەببوونی شیعە و وەصفکردنیان بە عەجەمیی و شعوبیی( مەبەست لێی پۆپۆلیزمە= شەعبەوییەت- وەرگێڕ)

جێدەستی ئەلحوصریی بە پرۆگرامەکانی خوێندنەوە، لە ئاراستەکردنی خوێندکارانی قوتابخانەکان بۆ نامۆبوونی عێراقییەکان بە توراثی ئەدەبییان، لەو کتێبانەی تایبەت بوون بە ئەدەبی عەرەبیی و مێژوو، زۆر کاریگەر بوو. ئەو، ناوی یەک ئەدیب و شاعیری عێراقیی، نە لە دێرینەکان و نە لە نوێکان، نەهێناوە کە رەچەڵەکیان شیعە بووبێت. ئەمە، سەرەڕای ژمارەی زۆریان و رۆڵی گەورەیان لە خزمەتکردنی ئەدەبی عەرەبیی، لە نموونەکانیان، ئەلکومیت بن زەیدلئەسەدیی، موتەنەبیی، مەعەریی، هاوچەرخەکانیش، محەمە رەضا ئەلشەبیبیی، مەهدیی ئەلمەخزومیی، باقر ئەلشەبیبیی، فەقیهو شاعیری گەورە محەمەد سەعید ئەلحبوبیی و جەواهیریی، ئەم دۆخەش بەدرێژایی سەردەمی مەلیکیی درێژەی هەبووە. لەبەرامبەریشدا، جەختی خستبووە سەر ئەدیب و شاعیرانی عەرەب لە سوریا، میصر و وڵاتانی تر، جگە لە عێراقییەکان.

شایانی باسە، ئەوە ئەلحوصریی بوو کە سزای لێدان و دەرکردنی خوێندکارانی هێنایە ناو قوتابخانەکانەوە، ئەو سزا زەلیلەی کە زانستی دەروونناسیی سەلماندوویەتی کە شوێنەواری دەروونیی تێکشکێنەر لەسەر کەسایەتیی خوێندکار و ئاییندەی دروست دەکات و پاڵی پێوە دەنێت کە پەنا بۆ توندوتیژیی بەرێت لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا.***
***
(((بەم بۆنەیەوە، پێشنیار بۆ بەرپرسانی سیستەمی پەروەردە ،لە عێراقی نوێدا، دەکەم، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و نەوەکانی ئاییندە، بە پەروەردەیەکی زانستیی دروست، پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی لە گرێی دەروونیی و لادانی مۆراڵیی بپارێزرێن، داوا لە دەسەڵاتی تەشریعیی دەکەم کە قانونێک دەربکەن، لەهەموو قۆناغەکانی خوێندندا، قەدەغەی سزادانی جەستەیی و دەروونیی بکات.)))

رۆڵی ئەلحوصریی لە بە طائیفییکردنی دەسەڵاتدا
ئەوەی باسکرا، دەزانین رۆڵی ئەلحوصریی لە بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقی نوێدا، لەسەر بناغەی طائیفیی بوو کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، دژی زۆرینەی گەلی عێراق، لە حکومەتەکەی عەبدولڕەحمان نەقیبەوە بۆ صەدام حوسێن، بە سەختیی دەستیان پێوەگرتبوو. جگە لەو ماوەیەی حکومەتی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ کە سەکردەی کۆچکردوو، عەبدلکەریم قاسم، سوور بوو لەسەر ئەوەی مامەڵەی عێراقییەکان بە یەکسانیی بکات، دوور لە هەڵاواردنی نەژادپەرستانە، طائیفیی، عەشایەریی و ناوچەگەریی…هەربۆیە بەوپەڕی شەڕانگێزییەوە، تۆڵەیان لێکردەوە.

کەمپەینەکەی ئەلحوصریی و حکومەتی” نوخبە” گومانیان دەخستە سەر ئەوەی شیعە، عەرەب بن کە تا ئەم ساتەش، درێژەی هەیە. ئەوەی زانراوە کە عەشائیرەکانی ناوەڕاست و باشوور، لە نەسڵی عەرەبن. هەر جێگەی مەهزەلەیە، پێداویستیی ئەوە باسبکرێ کە داکۆکیی لە عەرەببوونیان بکرێ، ئەوانیش عەشائیرەکانی تەمیم، خەزاعیل، زوبێد، رەبیعە، خەفاجە، ئال فتلە، جبوور، بەنی حەجیم، بەنی ئەسەد، ئەرزیرج، بەنی کەعب، بەنی لام، شەممەر، عەنزە…و تاد. هەموو ئەوانە، تێکەڵ بوون لەگەڵ نەتەوەکانی میزۆپۆتامیادا، لە سۆمەرییەکان، ئەکەدییەکان، بابلییەکان، ئاشورییەکان و کەلدانییەکان…تاد. بە تێپەڕبوونی کاتیش ئەم رەچەڵەکە جۆراوجۆرانەی مرۆڤایەتیی، تێکەڵبوونە لە بوتەقەیەکدا کە نەتەوەی عێراقیین.

حەسەن عەلەویی، هەڵوێستەکانی ئەلحوصریی لەسەر عێراق، کورت دەکاتەوە بەمشێوەیە( ١٠)؛-

ئەنتی نیشتمانپەروەرانی عێراقیی بوو تا رادەی قین، سوننە بووبێت، یان شیعە.
ئەنتی عێراقییە شیعەکان بوو، نیشتمانپەروەر بووبن یان بەکرێگیراو
ئەنتی کورد بوو، لەهەردوو بارەکەدا

فیتنەی ئەنیس ئەلنصولیی

هەرکاتێک بریتانیا ویستبێتی پەیماننامەیەکی ناڕەوا دەرهەق بە عێراق، واژۆ بکرێ، ئیعازی دەدا بە ئەلحوصریی کە هەستێ بەکارێک، بۆ ئەوەی یەکڕیزیی نیشتمانیی تێکبدات، ئەمەش بە نانەوەی فیتنەیەکی طائیفیی بۆسەرقاڵکردنی گەل و چەواشەکردنیان بە کێشەی لاوەکییەوە، تا پەیماننامەکە، تێدەپەڕێنرا. کاتێ بریتانیا، ویستی رێککەوتننامەی نەوت، واژۆ بکرێ، ئەلحوصریی وانەبێژێکی لوبنانیی هاوردە کرد بۆ وانەوتنەوە لە عێراقدا، ناوی ئەنیس ئەلنصولیی بوو. ئەم کابرایە هەستا بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک، هێرشی کردبووە سەر ئیمامی عەلیی، بەسەر خوێندکارانی قوتابخانەکانیدا سەپاندبوو، ئەمەش کارێکی پیلان داڕێژراو بوو، تەحەدای هەستی عێراقییەکانی دەکرد و کۆمەڵێ ئاژاوەی زۆری نایەوە.

فیتنەیەکی طائیفیی تر

لە حوزەیرانی ١٩٣٣ دا، حکومەتی رەشید عالیی گەیلانیی دەرگیری کێشەیەکی طائیفیی بوو کە یەکەم بڵێسەکەی لەوێوە دەرکەوت کە کتێبێک بڵاوبووەوە بەناوی” عوروبە لە تەرازوودا”، کەسێک نووسیبووی بەناوی عەبدولڕەزاق ئەلحەصان کە لە وەزارەتی مەعاریفی عێراقیی ئیشی دەکرد و لەژێر فەرمانی حوصرییدا بوو. لە کتێبەکەیدا، باسی فیکرەیەکی کردبوو کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەبوو گوایە شیعەکانی عێراق، عەرەب نیین، بەڵکو لە مەجوسییە کۆنەکانەوە هاتوون. ئەوانەی لە عێراقیشن،ئەوە پاشماوەی ساسانییەکانن، شیعەکانیشی وا وەصفکردبوو کە وەلائیان بۆ ئێران هەیە، مێژووەکەیشیان، هەمان مێژووی شعوبییەکانە.

ئەم کتێبە، توڕەییەکی زۆری لەنێوان شیعەکاندا لێکەوتەوە، بەتایبەتیی لەشارە پیرۆزەکان، مێژوو دووبارە دەبێتەوە، کاتێ هەمان تۆمەت، بوونی هەیە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە روو لە شیعەکانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکانیان دەکرێ. ناڕەزایەتییەکان گەیەندران بە دەسەڵاتداران لە نەجەف، کەربەلا، حیللە، کوفە، شار و شارۆچکەکانی تر، هەروەها، کاری توندوتیژیی و هێرشکردنە سەر دائیرەکانی حکومەتی لێکەوتەوە. سەرەنجام، حکومەت ناچاربوو، کتێبەکە بکێشێتەوە و دادگایی نووسەرەکەی بکرێ و بە زیندان بسپێردرێ ( ١٤). دانەری نامیلکەکە( عەبدولڕەزاق) لە دەستەودایەرەی نوریی سەعید بوو، دواتر دەرکەوت کە یاسین هاشمیی لەپشتیەوە وەستاوە و بە شەخصییش، طەها ئەلهاشمیی ، پەژراندبووی( قبوڵی کردبوو).

دەردەسەرییەکانی جەواهیریی بەدەست ئەلحوصرییەوە

شایانی باسە، ئەلحوصریی، شاعیر محەمەد مەهدیی ئەلجەواهیریی، لە سێکتی خوێندن و پەروەردە، فەصڵکرد، چونکە لە یەکێک لە قەصیدەکانیدا، ساڵی ١٩٢٧ وەصفی یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی ئێرانی کردبوو. تاوانباری کردبوو بە شعوبییەت و بەوەی سەر بە ئێرانە. ئەلحوصریی سووربوو لەسەر فەصڵکردنی ئەلجەواهیریی، وێڕای ئەوەی مەلیک فەیصەڵی یەکەم، تەدەخولیشی کرد. ئەمەش مەلیکی ناچارکرد کە جەواهیری وەکو فەرمانبەر، لە بیلاط، تەعین بکات. جەواهیرییش، دەیان پەڕەی لە یادەوەرییەکانی تەرخانکردووە کە چۆن بە بیانووی طائیفییەوە بەدەست ستەمی ئەلحوصرییەوە، ئازاری چەشتووە.( جەواهیریی، بیرەوەرییەکانم ج ١)

ئەم تۆمەتی سەربەئێرانبوونە بە دوای کەسوکاری ئەلجەواهیرییەوە، مایەوە. بەشێکی زۆر لەنەوەکانیان، لە وەرگرتنی جنسییەی عێراقیی مەحروم بوون کە بێ ئەو جنسییەیە، رێگە نەدەدرا لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن یان ئیشی دەوڵەتیی وەربگرن. لەماوەی خزمەتکردنم وەکو پزیشک لە ناوچە دوورە دەستەکانی قەضای ئەبی صخێر، ساڵی ١٩٧١، ئاشنایەتییم لەگەڵ زۆرێک لەو خێزانانە، پەیداکرد کە دەگەڕانەوە سەر بنەماڵەی ئەلجەواهیریی، لەوانەش، لاوەکانیان کە دەرچووی خوێندنگە ناوەندییەکان بوون. کاتێ لێمدەپرسین بۆچی نەچوونەتە زانکۆ و خوێندن تەواو بکەن؟ وەڵامەکەیان ئەوەبوو کە دەسەڵات داواکانیانی رەتکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی دۆکیومێنتی جنسییەی عێراقیی، لەبەرئەوەی لە خزمانی گەورەترەین شاعیری عەرەب، محەمەد مەهدیی ئەلجەواهیریی، بوون.

ئایا لەوە بێدادیی زیاتر دەرهەق بە هاووڵاتییانێک کە باووباپیرانیان بەشدارییان لە شۆڕشی بیستدا کردووە، هۆکاری سەرەکیی و راستەوخۆی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بوون، هەروەها رۆڵیان هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی عەرەبیی، لە عێراق و جهیانی عەرەبییدا کە بەو شێوەیە تەحریم بکرێن لە سادەترین مافی هاووڵاتییبوون؟ هێشتا ئازار، دەمگوشێت لەسەر ئەوەی ئەو لاوە شێتگیرانەی دەیانویست زانست و مەعریفە، فێربن، طموحیان بە ئاییندەیەکی گەش هەبوو لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بەڵام پێیان رەوا نەبینرا، لەبەر هیچ نا، لەبەرئەوەی شیعە بوون و لە خزمانی محەمەد مەهدیی ئەلجەواهیریی بوون و بە بڕیاری مرۆڤێکی وەکو ئەلحوصریی کە ئەصڵەن، عێراقیی نەبوو.

هەڵوێستی ئەلحوصریی دەرهەق بە طائیفەکانی تر

قینی ئەلحوصریی تەنیا لەسەر شیعە، کورت نەدەبووەوە، بەڵکو دژی سەرجەم گەلی عێراق بوو، هەروەکو لە کارەکانی تریدا دەردەکەوێت. طائیفییەتیش شتێک نییە جگە لە هۆکارێکی کوشندە کە بەکاری هێنا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، دژ بە کاروانی ئاشتییخوازانەی گەلی عێراق، هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی مرۆڤی عێراقیی تێکبشکێنێ و باوەڕی بەخۆی نەمێنیت، بۆچوونێکی لە هەناوی عێراقییەکاندا چاند کە عێراقیی بەکەڵکی هیچ نایەت. عێراقییەکان زۆر بەزەحمەت نەبووایە، ئیشیان لە وەزارەتی مەعاریفدا، دەست نەدەکەوت. ئەو زۆر جەختی لەوەدەکردەوە کە مامۆستا لەدەرەوە، لە سوریا، لوبنان و میصڕەوە هاوردە بکات و فەضڵیان بدات بەسەر عێراقییەکاندا. لە کاتێکدا هەزاران لە دەرچووانی قوتابخانە دینییەکانی، نەجەف، کەربەلا، کاظمییە ، بەغداد و سامەڕا هەبوون، بەكەڵکی ئەوە دەهاتن کە وانەی زمانی عەرەبیی، ئەدەب، بابەتی مێژوو و بیرکاریی بڵێنەوە.

کاتێ مەلیک فەیصەڵ، فەرمانی کرد بە کردنەوەی خانەی مامۆستایان لە حیللە و لە موصڵ، ئەلحوصریی، بە توندیی دژایەتیی ئەم پرۆژانەی کرد. دواتر لە یادەوەرییەکانیدا باسیکردوو ە کە بۆچی رەتیکردەوەتەوە، لەبەرئەوەی لە حیللە، سوودی بۆ شیعەکان دەبوو، لە موصڵیش بۆ مەسیحییەکان سوودی دەبوو. بە دەقیش ئەمەی گوتووە:” من دوودڵ نەبووم لەو بڕیارەم، چونکە جێبەجێبوونی پرۆژەی خانەی مامۆستایان لە حیللە و یەکێکتی تر لە موصڵ، یەکێتیی نیشتمانیی دەخستە بەردەم مەترسییەکی مەزنەوە، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا، زۆر ئاسایی بوو کە زۆرینەی خوێندکارەکان لە موصڵ، مەسیحییەکان بن و لە حیللەش لە نەوەی جەعفەرییەکان بن.”( ١٦)

ئەو دانی بە دەرچووانی قوتابخانە جەعفەرییەکاندا نەدەنا، سووربوو لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ باوەڕنامە(نەک بڕوانامە-وەرگێڕ)ی قوتابخانە ناوەندییەکاندا، نابێ بەرامبەر بن. لێرەشەوە، داوای خوێندکارە شیعەکانی بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی حقوق، رەتدەکردەوە. کاتێ ناڕەزایەتییەکان زیادی کرد، مەلیک، ئیعازی دا کە پۆلێکی زیادە بۆ وەرگرتنی خوێندکارە شیعەکان لە دەرچووانی قوتابخانە جەعفەرییەکان بکرێتەوە. شایەنی باسە، ئەم ئیجرائاتەی مەلیک، بەرەنگاری ناڕەزایی بووەوە نەک هەر لەلایەن ئەلحوصرییەوە، بەڵكو لە بەرپرسانی تریشەوە،لە بەشی ئاییندەدە، دێینە سەری.

ئەو کتێبەی د. عەبدولخالیق حوسێن لەم بەشەدا ئاماژەی پێدەکات کە کتێبی کلیڤلاندە، ئەمە ناونیشانەیەکەیەتی بە ئینگلیزیی

The Making of an Arab Nationalist :Ottomanism and Arabism in the Life and Thought of Sati’ Al-Husri
by William L Cleveland
( بە کوردیی دەبێتە، چێکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی: عوثمانییزم و عەرەبییزم لە ژیان و فیکری ساطیع ئەلحوصرییدا)

سەرچاوەکانی بۆ ئەم بەشی شەشە، بەکارهاتوون، بە زمانی عەرەبیی، ئەمانەن:-

المصادر
1-علي الوردي، لمحات اجتماعية، ج3، دار كوفان- لندن، 1992، ص214-215.
2-حسن العلوي، الشيعة والدولة القومية في العراق، مطبوعات CEDI فرنسا عام 1989، ص 254-255.
3-حسن العلوي، نفس المصدر، ص 257
4-وليم كليفلاند، الحصري من المفكرة العثمانية إلى العروبة، ترجمة فكتور سحاب، دار الوحدة، بيروت، 1983، ص71.
5- وليم كليفلاند، نفس المصدر، ص 133
6- تيخونوفا، ساطع الحصري رائد المنحى العلماني في الفكر القومي العربي، دار التقدم، موسكو، 1985، ص14.
7- كليفلاند، نفس المصدر، ص142
8- تيخونوفا، نفس المصدر، ص53، مقتبس من أبحاث مختارة في القومية العربية، ج2، ص125-126، دار التقدم، موسكو، 1985.
9- حسن العلوي، نفس المصدر، ص 258، نقلاً عن مذكرات الحصري.
10- حسن العلوي، نفس المصدر، ص 258،
11- عبدالكريم الأزري، تاريخ في ذكريات العراق، ج1، مركز الأبجدي، بيروت، 1982، ص 30-31.
12-عبدالكريم الأزري، مشكلة الحكم في العراق، لندن، 1991، ص 237
13-د.سعيد السامرائي، الطائفية في العراق، ص 116، ط1، 1993، مؤسسة الفجر، لندن، عن ديوان الجواهري، المجلد الأول، ص 214
14- د.خالد التميمي، محمد جعفر أبو التمن، دار الوراق، لندن، 1996، ص320-321.
15- حسن العلوي، التأثيرات التركية، ص 12، دار الزوراء، لندن، 1988، نقلاً عن مذكرات الهاشمي، ج2 ص 244
16- حسن العلوي، نفس المصدر، ص 270، نقلاً عن مذكرات الحصري، ص 80.
17- تيخونوفا، نفس المصدر، ص30
18-اطع الحصري، حول القومية العربية، ص97
19- تيخونوفا، نفس المصدر، ص27
20- كليفلاند، نفس المصدر، ص 133
21- حسن العلوي، الشيعة والدولة القومية في العراق، ص 256.
22- حسن العلوي، نفس المصدر، ص 288

ئەمەی خوارەوە، لینکی بەشی شەشەمی کتێبەکەیە بە زمانی عەرەبیی

http://www.abdulkhaliqhussein.nl/index.php?news=406




ده‌سه‌ڵاتی پاره‌ .. كارڵ ماركس … وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: جه‌مال موحسن‌


ده‌ستنووسه‌ ئابوری و فه‌لسه‌فیه‌كان (ساڵی ١٨٤٤)، له‌ كۆكراوه‌كانی ماركس ئه‌نگلس، به‌رگی ٣ (لاپه‌ڕه‌كانی ٣٢٤_٣٢٦). بڵاوكراوه‌ی لۆرینس و وشه‌رت ساڵی ٢٠١٠.
ده‌سنووسی ٣، به‌شی: ده‌سه‌ڵاتی پاره

’’…. ئه‌و شته‌ی له‌ ڕێی پاره‌وه‌ بۆ منه‌، یانی‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌توانم پاره‌ی پێ بده‌م (به‌ واتایه‌كی دی، ئه‌وه‌ی پاره‌ ئه‌توانێ بیكڕێ)، ئه‌و شته‌ هه‌ر خودی خۆمم كه‌ خاوه‌نی پاره‌كه‌م. مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی پاره‌ مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی منه‌. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پاره‌ هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی منه‌، واته‌ خاوه‌نی پاره‌كه‌. بۆیه‌ به‌ هیچ جۆرێك كه‌سێتی سه‌ربه‌خۆی من دیار ناكات كه‌ من چیم و چیم له‌ توانادایه‌. من ناشرینم، به‌ڵام ئه‌توانم جوانترین ژن بۆ خۆم بكڕم. هه‌ربۆیه‌ من ناشرین نیم چونكه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ناشرینی و توانای كۆسپدانانه‌كه‌ی به‌ پاره‌ پوچه‌ڵ ئه‌كرێته‌وه‌. من، به‌ پێی سیفاته‌ شه‌خسیه‌كه‌م، شه‌لم، به‌ڵام پاره‌ ٢٤ قاچم بۆ ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات. كه‌واته‌ من شه‌ل نیم. من كه‌سێكی خراپم، ناپاكم، بێ ویژدانم، بێ مێشكم به‌ڵام پاره‌ ڕێزداره‌ و هه‌ر به‌مجۆره‌ش خاوه‌نه‌كه‌ی. پاره‌ باشترینه‌، هه‌ربۆیه‌ خاوه‌نه‌كه‌شی باشه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره‌ ناهێڵێ كێشه‌ی ناپاكیم هه‌بێ: بۆیه‌ من به‌ كه‌سێكی سه‌رڕاست دائه‌نرێم. من مێشكم له‌سه‌ردا نییه‌، به‌ڵام پاره‌ مێشكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو شتێكه‌، كه‌وایه‌ چۆن خاوه‌نه‌كه‌ی بێمێشك ئه‌بێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی پاره‌ ئه‌توانێ خه‌ڵكی زیره‌ك بۆ خۆی بكڕێ. كه‌واته‌ ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زیره‌كه‌كه‌دا هه‌یه‌، زیره‌كتر نییه‌ له‌و زیره‌كه‌؟ ئایا منێك كه‌ به‌هۆی پاره‌وه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دڵی مرۆڤ پێی خۆش بێ هه‌مبێ، خاوه‌نی هه‌موو تواناییه‌ مرۆییه‌كان نیم؟ هه‌ر به‌مپێیه‌ش ئایا پاره‌كه‌م هه‌موو ناتواناییه‌كانی من پێچه‌وانه‌ ناكاته‌وه‌؟
ئه‌گه‌ر پاره‌ ئه‌و لكێنه‌ره‌ بێ كه‌ من به ژیانی مرۆڤه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه و كۆمه‌ڵگاش به‌ منه‌وه و من په‌یوه‌ست بكات به‌ سروشت و مرۆڤه‌وه‌، ئیتر ئایا پاره‌ گرێبه‌ستی هه‌موو گرێبه‌سته‌كان نییه‌؟‌‌ ئایا له‌ توانایدا نییه‌ هه‌موو گرێكان بكاته‌وه‌ و بیانبه‌ستێته‌وه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ش ئایا هه‌روه‌ها هۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه‌ نییه‌؟ ئه‌وه‌ دراوه‌ كه‌ به‌ ڕاستی ئه‌بێته‌ هۆی جیابوونه‌وه‌ و هاوكاتیش هۆكاری سه‌ره‌كی پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌، واته ئه‌و هێزی كیمیایی كۆمه‌ڵگایه‌. (له‌ ده‌قه‌ ئینگلیزیه‌كه‌دا نووسراوه‌ كه‌ لێره‌دا وشه‌یه‌ك له‌ ده‌ستنووسه‌كه‌دا ناخوێنرێته‌وه‌ و په‌ڕیوه‌_ وه‌رگێڕی كوردی).

شكسپیر به‌ تایبه‌تی پێداگری له‌سه‌ر دوو تایبه‌تمه‌ندێتی پاره‌ ئه‌كات:

١. پاره‌ خودایه‌كی بینراوه‌، یانی گۆڕینی ته‌واوی سیفاته‌ مرۆیی و سروشتیه‌كان بۆ دژه‌كانی خۆیان، شێواندن و تێكوپێكدانی شته‌كان: شته‌ نه‌شیاوه‌كان (موسته‌حیله‌كان) به‌ هۆی پاره‌وه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌لكێندرێن.
٢. پاره‌ قه‌حبه‌ و گه‌وادی گشتی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌كانه‌. ‌

توانای شێواندن و تێكوپێكدانی ته‌واوی سیفاته‌ مرۆیی و سروشتیه‌كان، وه‌ توانای پێكه‌وه‌لكاندنی شته‌ نه‌شیاوه‌كان (موسته‌حیله‌كان)، واته‌ ده‌سه‌ڵاتی خودایی پاره‌ له‌ جه‌وهه‌ری پاره‌ خۆیدایه‌ به‌ وێنه‌ی سروشتی جۆرێتی مرۆڤی نامۆبوو و نامۆكه‌ر و خۆنامۆكه‌ر. پاره‌ توانای مرۆڤی نامۆبووه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ من وه‌ك مرۆڤێك ناتوانم بیكه‌م و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ جه‌وهه‌ریه‌ تاكیه‌كانم بێتوانا ئه‌مێننه‌وه‌، ئه‌توانم به‌ پاره‌ بیكه‌م. به‌مجۆره‌ پاره‌ هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌، كه‌ خۆیان هیچ نین، ئه‌كات به‌ شت واته‌ ئه‌یانگۆڕێت به‌ دژه‌كه‌یان.
ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌ ژه‌مێكی دیاریكراو بێ یان بمه‌وێ گالیسكه‌ی ئه‌سپ بگرم چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ هێزم نییه‌ به‌ پێ بڕۆم، پاره‌ ژه‌مه‌كه‌ و گالیسكه‌كه‌م بۆ ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات. كه‌واته‌ حه‌زه‌كانم له‌ شتێكه‌وه‌ كه‌ له‌ دونیای خه‌یاڵدایه‌ ئه‌گۆڕێ و‌ له‌وه‌وه‌ كه‌ له‌ دونیای خه‌ون و خه‌یاڵ و ئاره‌زووكردندا بوونیان هه‌یه‌ ئه‌گۆڕێ بۆ بوونێكی هه‌ستپێكراو و ڕاسته‌قینه‌، له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ ژیان، له‌ بوونێكی خه‌یاڵییه‌وه‌ بۆ بوونێكی ڕاسته‌قینه‌یی. پاره‌ له‌ ڕوودانی ئه‌م ناوبژیكردنه‌دا ده‌سه‌ڵاته‌ داهێنه‌ره‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌.

هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ داخوازیه‌كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ پاره‌ی نییه‌ له‌ ئارادایه به‌ڵام داواكردنه‌كه‌ی ئه‌و ته‌نها خه‌یاڵێكه‌ و هیچ كاریگه‌ری و بوونێكی نییه‌ بۆ من، یان بۆ كه‌سی سێیه‌م، یان بۆ كه‌سی تر. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ته‌نانه‌ت بۆ منیش وه‌ك شتێكی ناڕاسته‌قینه‌ و بێئامانج ئه‌مێنێته‌وه‌. جیاوازی له‌ نێوان داخوازیه‌كی كاریگه‌ر كه‌ له‌سه‌ر پاره‌ به‌ند بێ له‌گه‌ڵ داخوازیه‌ك كه‌ له‌سه‌ر پێویستی من، هه‌ستی من، ئاره‌زووی من و… هتد به‌ند بێ جیاوازیه‌ له‌ نێوان بوون و بیركردنه‌وه‌دا، له‌ نێوان شتێكدا كه‌ بوونی له‌ ناو مندا ته‌نها وه‌ك بیرێك هه‌یه و ئه‌و بیره‌ی كه‌ وه‌ك شتێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی من بوونی هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر پاره‌م نه‌بێ بۆ سه‌فه‌ر، كه‌واته‌ پێویستم به‌وه‌ نییه‌ سه‌فه‌ر بكه‌م، واته‌ پێویستی ڕاسته‌قینه‌ و وه‌دیهاتووم بۆ سه‌فه‌ر نییه‌. ئه‌گه‌ر بگونجێم بۆ خوێندن به‌ڵام پاره‌كه‌یم نه‌بێ، كه‌واته‌ گونجاو نیم بۆ خوێندن، واته‌ گونجانی كاریگه‌ر و ڕاسته‌قینه‌م نییه‌. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی هیچ نه‌گونجێم بۆ خوێندن به‌ڵام بمه‌وێ و پاره‌كه‌یم هه‌بێ، كه‌واته‌ گونجانێكی كاریگه‌رم هه‌یه‌ بۆی. پاره‌ وه‌ك ناوه‌ندێك و توانایه‌كی ده‌ره‌كی و گه‌ردوونی (كه‌ له‌ مرۆڤه‌وه‌ وه‌ك مرۆڤ یان له‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگا نه‌هاتبێ) بۆ گۆڕینی وێنه‌یه‌ك بۆ واقع و واقع بۆ وێنه‌یه‌كی په‌تی، ده‌سه‌ڵاته‌ ڕاسته‌قینه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤ و سروشت ئه‌گۆڕێ به‌ ته‌نها مه‌فاهیمێكی موجه‌ره‌د و به‌مجۆره‌ش بۆ ناته‌واویه‌كان و خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتووی ئازاربه‌خش. ڕێك به‌ هه‌مان شێوه‌ی كه‌ ناته‌واویه‌كان و خه‌ونه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كان، واته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ ڕاستیدا هیچ له‌بارانه‌بوون و ته‌نها له‌ خه‌یاڵی تاكه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه‌، ئه‌گۆڕێ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ڕاسته‌قینه‌كان و تواناییه‌كان. به‌مجۆره‌ پاره‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ته‌نها ئه‌م خاسیه‌ته‌یدا بریتیه‌ له‌ شێواندنی گشتی تاكه‌كان كه‌ ئه‌یانكات به‌ پێچه‌وانه‌ی خۆیان و سیفاتی پێچه‌وانه‌ ئه‌دات به‌ سیفاته‌كانی خۆیان.

به‌مجۆره‌ پاره‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تێكده‌ره‌ ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ له‌ دژی تاكیش و به‌سته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگاشه‌، كه‌ خۆیان وه‌ك قه‌واره‌ دێنه‌ به‌رچاو. پاره‌ دڵسۆزی ئه‌گۆڕێ به‌ نادڵسۆزی، خۆشه‌ویستی به‌ ڕق و ڕق به‌ خۆشه‌ویستی، چاكه‌ به‌ خراپه‌ و خراپه‌ به‌ چاكه‌، خزمه‌تكار به‌ سه‌رۆك و سه‌رۆك به‌ خزمه‌تكار، بێمێشكی به‌ زیره‌كی و زیره‌كی به‌ بێمێشكی.

له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌، كه‌ وه‌ك مه‌فهومێكی چالاكی به‌ها بوونی هه‌یه‌، هه‌موو شتێك تێكئه‌دا و ئه‌یشێوێنێ، خۆی شێوێنه‌ر و تێكده‌ری گشتی هه‌موو شته‌كانه، جیهانه‌ به‌ ژێره‌وژووری، شێوێنه‌ر و تێكده‌ری ته‌واوی سیفاته‌ سروشتی و مرۆییه‌كانه‌.
ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌توانێ ئازایه‌تی بكڕێ ئازایه‌ هه‌رچه‌نده‌ ترسنۆكیش بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ ناگۆڕدرێته‌وه‌ به‌ هه‌ر جۆرێتیه‌كی دیاریكراو، به‌ هه‌ر شتێكی دیاریكراو یان به‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی بنه‌ڕه‌تی مرۆیی دیاریكراو، بگره‌ ئه‌گۆڕدرێته‌وه‌ به‌ ته‌واوی جیهانی ئۆبجێكتیڤی مرۆڤ و سروشت له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ پێناوی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ هه‌ر جۆرێتیه‌ك ئه‌گۆڕێت به‌ هه‌ر جۆرێتیه‌ك و شتێكی تر ته‌نانه‌ت كه‌ پێچه‌وانه‌كه‌شیه‌تی: پاره‌ پێكه‌وه‌لكاندنی نه‌شیاوه‌كانه‌. پاره‌ دژ به‌یه‌كه‌كان ئه‌خاته‌وه‌ ئامێزی یه‌ك.

وای دابنێ كه‌ مرۆڤ مرۆڤ بێ و په‌یوه‌ندیه‌كه‌شی به‌ جیهانه‌وه‌ مرۆییانه‌ بێ، ئه‌و كات ئه‌توانی خۆشه‌ویستی ته‌نها به‌ خۆشه‌ویستی بگۆڕیته‌وه‌، متمانه‌ به‌ متمانه‌ و …هتد. ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌ی خۆشی له‌ هونه‌ر ببینی، ئه‌بێ له‌ باری هونه‌ریه‌وه‌ كه‌سێكی ڕۆشنبیر بی. ئه‌گه‌ر بته‌وێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دابنێی، ئه‌بێ كه‌سێكی خاوه‌ن كاریگه‌ریه‌كی بزوێنه‌ر و هانده‌ر بیت له‌سه‌ر خه‌ڵك. هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كت به‌ مرۆڤ و سروشته‌وه‌ ئه‌بێ ده‌ربڕینێكی دیاریكراو بێ په‌یوه‌ست بێته‌وه‌ به‌ ئامانجی ئیراده‌ته‌وه‌، به‌ ئامانجی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی شه‌خسیته‌وه.‌ ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی بكه‌یت به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ردا خۆشه‌ویستی وه‌ربگریته‌وه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر خۆشویستنه‌كه‌ت وه‌ك خۆشویستن خۆشه‌ویستی دوولایه‌نه‌ به‌رهه‌منه‌هێنێ وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕێی ده‌ربڕینێكی زیندووه‌وه‌ ده‌رباره‌ی خۆت وه‌ك كه‌سێكی هه‌ستناسك نه‌توانی خۆت بكه‌یت به‌ كه‌سێكی خۆشه‌ویست، ئیتر خۆشه‌ویستیه‌كه‌ت هیچ له‌بارانه‌بووه‌، به‌دبه‌ختیه‌.‘‘

* هه‌موو هێڵی ته‌ئكیده‌كان هی ماركس خۆیه‌تی (وه‌رگێڕی كوردی)‌‌




دلاوەر قەرەداغی.. زیاد لە کەسێک…! …. ئیدریس عەلی

دنیای کلتووری و ئەدەبی ئێمە، لەم پنتە داخراو و دوورە شارستانییەتەی جیهاندا کە ناوی کوردستانە، زیاتر لەو منداڵە بێکەس و هەژارە دەچێت، کە چاوەڕێی دەستێکی ڕەحمەتە تێر و پۆشتەی بکات، لە ڕووی بەرهەمی ئەدەبی و داهێنانەوە، لە چەند هەوڵێکی لێرەولەوێ بترازێت، چ شتێکی ئەوتۆ نابینرێت، ئەم حاڵەتە تەواو لە کتێبخانەکانماندا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە و دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت.

بەڵام ڕەنگە لەڕووی کاری وەرگێڕانەوە، هێشتا شانسێکی ئەوتۆمان مابێت بۆ بەرگەگرتنی دڵڕەقی ژیان و وەستانەوە بەڕووی ناشرینییە زۆرەکاندا، لانیکەم بە وێنەی وڵاتانی دەوروبەرمان هەنگاو بنێین و وزە و ژیانێک بگەڕێتەوە بۆ نێو گیانی کلتوور و ئەدەبییمان، دیسان ئەم حاڵەتەش بە ڕوونی بە کتێبخانەکانمانەوە هەست پێ دەکەین و دەبینین، پێدچێت ئەمەش جۆرە خۆشبەختییەک بێت بۆ ئێمەی خوێنەر، کە لە ناو ئەم بێکەسیی و کەس بە کەسەدا، چەند وەرگێڕێک، بەوپەڕی پەرۆشی و عەشقەوە خەریکی کاری وەرگێڕانن لە ناو زمانە جیاجیاکانی دنیادا، وەرگێڕانی شاکارە زیندووەکانی نووسەرە گەورە و دیارەکان، لە لایەکەوە بوونەتە خەزنەیەکی دەوڵەمەند و بە بەها بۆ خوێنەران، لە لایەکی دیکەوە خۆری ئاوەدانین و تیشکەکانیان کەوتوونەتە سەر کتێبخانەکانمان، ئەوان بێوچان کاری وەرگێڕان دەکەن و لەو جوانیانەی خۆیان دەیبینن بەشی ئێمەشی لێ دەدەن.

بەشبەحاڵی خۆم، وەک خوێنەرێک کە سەروکارم لەگەل کتێبە ئەدەبییەکاندا هەیە و حەز بە خویندنەوە دەکەم، ئاشنای گەلێ وەرگێڕ و بەرهەمەکانیان بووم و تا سەر ئێسک بە کتێب و جوانی قەرزاریان کردووم، ڕەنگە لە ڕابردوودا لەسەر هەندیکیان لێرەولەوێ.. لەم ڕۆژنامە و گۆڤار، قسەیەکی خێرمانکردبێ، یاخوود بە ستوونێک و چەند وشەیەکی سادە، بەڵام هەڵقوڵاوی ڕاستگۆیی ناخ و دڵ، سوپاسیکمان کردبن، بەڵام هێشتا ئەم هەوڵانەی ئێمە لە کوێ و ئەو ماندووبوون و شەوننخوونی و عەشقە گەورانەی ئەوان لە کوێ؟.

یەکێک لەو وەرگێڕکارانەی کە ئەزموونێکی جوانی هەیە ( دلاوەر قەرەداغی)ە، ناوبراو لە پەنا ئەزموونە تایبەت و هێمنەکەی شیعردا، بە عەشقێکی ئەبەدییەوە، چەندین شاکاری مەزنی جیهانیی وەرگێڕاوە و بە زمان و کوردییەکی تەواو جیاواز و جوان ئاشنای کردووین، گەر لامسەلایی و بە خێرایی چاوێک بە کتێبخانەی کوردیدا بگێڕین. مومکین نییە نیگامان لەسەر چەنین کتێبی (دلاوەر) نەگیرسێتەوە، من بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵیم کە ئەگەر ئەو نەبوایە ئێمەی خوێنەری کورد، مەگەر تەنها لە دوورەوە ناوی نووسەرەکانیان، یاخوود کتێبەکانیانمان ببیستایە.

ڕەنگە کاری ئەم نووسینە نەبێت ناوی یەک بەیەکی ئەو کتێبە گرنگانە بەرێت کە لەماوی ئەزموونی کاری وەرگێرانی دا پێشکەشی کردووین، چونکە بە دڵنیاییەوە خودی خوێنەران بۆ خۆیان ناوی سەرجەم کتێبەکانیان ئەزبەرە و بەریکەوتوون، کتێبخانەی ماڵەکانیان تژین لەو ڕۆمان و شانۆنامە و بیروەریانەی گەورە نووسەرانی جیهان، کە ئەم وەریگێڕاون، دیسان کاری ئەم نووسینە ستایش و مەدحێکی بێ بنەما و فووتێکردنێکی لە خۆوە نییە، چونکە نە نووسەری ئەم نووسینە بێ بنەما وەسف دەکات، نە ئەوەی ئەم نووسینەی لەبارەوە نووسراوە پێی خۆشە وەسف بکرێت، نە کاریشی پێیەتی، ڕازیبوونی خوێنەر لە کتێبەکانی بۆ ئەو هەموو شتێکە و پێزانینێكی خاکەرایانە سەرلەنوی دەیخەنەوە سەر نەغمەی کارکردن و ماندووبوونی لەبیر دەبەنەوە.

تازەترین کتێبی وەرگێرانی کاک دلاوەر، کتێبە بە نرخەکەی ( ئەندرێ مالرۆ)ی فەڕەنسییە، بە ناوی( نایادەوەری) ئەو کتێبە قەبەی کە ئێمە پێشتر تەنها ناویمان بیستبوو و لێرەو لەوێ باس لە گرنگی و بایەخی کرابوو، وەک خوێنەری کورد خەونمان بە وەرگێڕانییەوە دەبینی، من بیر لەوە دەکەمەوە چ ئازایەتی و عەشقێک لای دلاوەر هەیە کە دەست بەرێت بۆ کتێبێکی قەبارە گەورەی وەها؟ لە سەردەمیکدا کە دنیا بەرەو بەرژەوەندییە زۆر تایبەتییە تاکە کەسییەکان دەڕوات، ئەوە چ لە خۆبردووییەکە وا لە دلاوەر دەکات پشت بکاتە خۆی و چێژی ژیان و ڕووبکاتە خوێنەر عەزابی وەرگێران و ئازاری نووسینەوە و وەک کارگەیەکی چالاک پڕ بەرهەم بێت و جوانی پێشکەش بکات؟ لە نێوەندێکدا بە ناوی نێوەندی ئەدەبی کوردییەوە کە دەیان و زیاتریش خەریکی خۆبردنە پێشەوە و ئیمتیازات و هاتوهاوار و گیرفان گەرمکردنن، ئەو تایبەتمەندییە چییە وا لە دلاوەر دەکات بێدەنگ و بێ بانگەشە و دەنگەدەنگ، تاوناتاوی کتێبێکی نوێ و نووسەرێکی نوێمان پێ ئاشنا بکات؟ بێگوومان بوونی کەسانی وەک کاک دلاوەر و چەند هاوڕێیەکی دیکە لە نیوەندەکەدا، کتوومت لە کۆڵەکەی ئەو ماڵە هەژارە دەچن، کە شانیان داوەتە بەر ڕووخان و بە پێوە ئازار دەچێێژن بۆ ئەوەی جوانی نەکەوێت، ئەز دڵنیام ئەوەی ئەم هاوڕێ شاعیر و وەرگێرە بە تەنیا دەیکات، کاری دامودەزگایەکەی گەورەیە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر ئارام کاکەی فەلاح … سازدانی / شاخه‌وان سدیق

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح:
نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆز و په‌رش و بڵاوه‌، كتێب نه‌بێ هیچ شتێكی تر كۆی ناكاته‌وه‌

له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌داو به‌تایبه‌ت له‌ بواری نوسینی چیرۆكدا (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌دیارو ده‌نگه‌ جدیه‌كانی ئه‌و بواره‌، بۆ ئه‌م ساڵیش و له‌ چواره‌مین ڤێستیڤاڵی ئه‌ندێشه‌دا، خه‌ڵاتی چیرۆكی پێبه‌خشرا، بۆ ئاگاداربوونی زیاتر له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئه‌و نوسینه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

پرسیاری یه‌كه‌م: له‌ وتارێكدا ( شێرزاد حه‌سه‌ن) ده‌ڵێت:مومكین نییه‌ مرۆڤ پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك به‌شێك له‌ دونیا بینییه‌كانی نه‌گۆڕڕێت. به‌ڕێزیشتان له‌ نووسینێك ده‌رباره‌ی ناسینی كتێبه‌وه‌ ده‌ڵێن:ئه‌وه‌ی رۆژێ ده‌ستی بردو كتێبێكی به‌ چێژه‌وه‌ خوێنده‌وه‌، ئیدی قه‌ت وه‌ك خۆی لێ نایه‌ته‌وه‌. مه‌به‌ستمه‌ بپرسم:كتێب بۆ له‌ ژیانی مرۆڤدا گرنگه‌؟، ئه‌م سیحره‌، ئه‌م جادووه‌ چییه‌ كتێب له‌ مرۆڤی ده‌كات و ده‌یگۆرێ بۆ كه‌سێكی دیكه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: له‌ چیرۆكی (ژنی ژێر باران)دا وته‌یه‌كی ژنه‌ نووسه‌ری فه‌ره‌نسی تیایه‌ به‌ ناوی ( مادام دی سڤێنگه‌)، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا ژیاوه‌ و به‌ نووسینی نامه‌كانی، به‌ تایبه‌تی نامه‌كانی بۆ كچه‌كه‌ی، زۆر به‌ناوبانگه‌ و ده‌ڵێ: هه‌تا كتێب هه‌بێ خۆمان هه‌ڵناواسین.له‌ ڕاستیدا لای من كتێب ئه‌و ماڵه‌ ڕه‌مزییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ هه‌یه‌تی و ده‌توانێ بچێته‌وه‌ ناوی و ده‌رگاكه‌ی پێوه‌ بدات وهه‌ست به‌ ئارامیی بكات. ئه‌و ئاوێنه‌ سیحرییانه‌یه‌ له‌ جیاتی سیمای ده‌ره‌وه‌ت ده‌توانی له‌ خۆت بڕوانیت و ترس و هاوار و نائومێدییه‌كانتی تێدا بدۆزیته‌وه‌. یان دۆستۆێڤسكی وته‌نی ئه‌و نهێننیانه‌ی تێدا بدۆزیته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ته‌نانه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌گه‌ڵ خۆشیدا باسیان بكات. كتێب ئه‌و زه‌وییه‌یه‌ كه‌ ده‌توانی خه‌ونه‌كانتی تێدا بچێنی. ئه‌و سه‌فه‌رانه‌یه‌ كه‌ ناتوانی خۆت بیانكه‌یت، ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ به‌ نێو سه‌ده‌كاندا، به‌ نێو وڵات و شاره‌كاندا. ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بیانناسیت، ده‌بنه‌ به‌شێكی گرنگی ژیانت. كتێب چه‌ندێ گرنگه‌ بۆ ناسینی دونیا، هێنده‌ش گرنگه‌ بۆ ناسینی خۆت. كتێب ده‌ستكاری هه‌ندێ شوێن ده‌كات كه‌ وا ده‌كات له‌ خۆت زیاتر نزیكت بكاته‌وه‌و زیاتر به‌و مرۆڤه‌ی ناو خۆتت ئاشنا بكات. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵیان به‌ كتێبه‌وه‌ نییه‌، به‌ خۆیان زۆر غه‌ریبن. ئه‌وانه‌ی كتێب ناخوێننه‌وه‌، چونكه‌ سه‌یری خۆیان زۆر ناكه‌ن، زۆر قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ گشتی كه‌سانی زۆره‌ بڵێن.

پرسیاری دوو: زۆر جار ده‌وترێت كاتێك مرۆڤ ده‌ستی به‌ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی ناگات، په‌نا بۆ نووسین ده‌بات. به‌ختیار عه‌لیش له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت( مرۆڤ كاتێك له‌ هه‌موو شته‌كان فاشیل ده‌بێت روو ده‌كاته‌ نووسین و ده‌بێت به‌ نووسه‌ر). به‌ڕاستی نووسه‌ر بوون دواكارتی فشاری مرۆڤه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ ژیان؟ یان نووسین بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی مرۆڤه‌ بۆ ئاشنابوون به‌ دیوێكی تری ژیان و كه‌شف بوونی دونیایه‌كی نوێیه‌؟مه‌به‌ستمه‌ بپرسم تۆ بۆ ده‌نووسیت؟ نووسین وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی چ پرسیارێكی تۆیه‌ له‌ ژیان؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: نووسین وه‌ك عه‌شق وایه‌، ته‌نها ئه‌و كاته‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ی كه‌ له‌ناو زیندانه‌كه‌یدایت. له‌مه‌وه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم كه‌ نووسین بڕیارێكی پێش وه‌خت نییه‌. نووسه‌ری راسته‌قینه‌ ناتوانێ بڵێ ئیتر من له‌ به‌یانییه‌وه‌ ده‌بم به‌ نووسه‌ر، یان گه‌وره‌ بم ده‌بم به‌ نووسه‌ر. مرۆڤ كاتێ پێ ده‌زانێ نووسه‌ره‌، كه‌ ئیتر له‌ هه‌موو شتێكی تر ده‌ستی شتووه‌. رۆژێ هه‌ست ده‌كه‌ی ته‌واو به‌ ته‌نیا ماویته‌وه‌، یان له‌ناو ده‌یه‌ها كه‌سدایت و ته‌نیایت. هه‌ست ده‌كه‌ی هیچ شتێكی تر سوودی نه‌ماوه‌و كه‌س گوێ ناگرێت لاپه‌ڕه‌ سپییه‌كه‌ی به‌رده‌مت نه‌بێت. كتێب نووسین ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌یه‌ به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تییه‌كانی دونیا، به‌رامبه‌ر برین و خواروخێچییه‌كانی. ئه‌و هاوارانه‌یه‌ كه‌ كه‌س ئاماده‌ نییه‌ بیبیستێت. من ده‌نووسم، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌م به‌شێكی زۆر زۆری من به‌ نووسین نه‌بێت قسه‌ ناكات. نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆز و په‌رش و بڵاوه‌، كتێب نه‌بێ هیچ شتێكی تر كۆی ناكاته‌وه‌.

پرسیاری سێ: گوستاف فلوبێرله‌ شوێنێكدا ده‌لێ:( مادام بۆڤاری خۆمم). منیش زۆر جار له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی تۆدا، وێنه‌ی خۆت ده‌بینم و ئاماده‌ییتان وه‌ك كاراكته‌ر له‌ناو چیرۆكه‌كاندا دیاره‌، به‌ تایبه‌ت له‌ناو چیرۆكی (باوكی ناو ته‌له‌فۆن)دا. ده‌مه‌وێ بزانم تا چه‌ند بۆچوونه‌كه‌م ڕاسته‌؟ تۆ ده‌ته‌وێت چیرۆكی خۆت بنووسیته‌وه‌ یان هی ئه‌وانی تر؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: وه‌ك له‌ زۆر شوێنی تریش باسم كردووه‌، مرۆڤ ناتوانێ خۆی له‌ نووسینه‌كانی بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. كه‌ سه‌یری ژیانی گارسیا ماركیزو ئه‌و شوێنه‌ی لێی ده‌ژیا، ده‌كه‌ین،ئه‌وسا تێده‌گه‌ین كه‌ ژیانی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ چڕی له‌ناو ڕۆمان و چیرۆكه‌كانیدایه‌. من تا بیره‌وه‌رییه‌كانی ئانا دۆستۆێفسكایام نه‌خوێندبووه‌وه‌، بڕوام نه‌ده‌كرد دۆستۆێفسكی هێنده‌ له‌ناو كتێبه‌كانیدا بێت. تۆ هه‌ر سه‌یری دوو رۆمانی بكه‌،(بیره‌وه‌رییه‌كانی ماڵی مردووان هی ساڵی ١٨٦٤ و قومارچی هی ساڵی ١٨٦٦ ) ،ئینجا بۆت ده‌رده‌كه‌وێ سێبه‌ری ئه‌م پیاوه‌ له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م دوو رۆمانه‌یه‌. من له‌ پراگ ئه‌و كه‌لاوه‌و ماڵ و ژووره‌ ڕووخاوانه‌م بینی كه‌ كافكا ته‌مه‌نێكی زۆری ژیانی تێدا به‌سه‌ر بردبوو، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ لێی ده‌ژیا و ده‌نووسی، ئینجا له‌ نووسینه‌كانی باشتر تێگه‌یشتم و زانیم كه‌ زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانی باسی ژیانی پڕ برین و په‌ڕپووتی خۆیه‌تی. بێگومان ئه‌مانه‌ هه‌موویان بێ ویستی نووسه‌ر خۆی دێنه‌ كایه‌وه‌. منیش وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی تر بێ ویستی خۆم به‌شێكی زۆرم له‌ناو چیرۆك و رۆمانه‌كانمدایه‌. به‌ڵام ئه‌م باس كردنه‌، باسكردنێكی بایۆگرافی و ژیانی تایبه‌تی نییه‌، هێنده‌ هه‌یه‌ ده‌بێ له‌شوێنێكی تردا بۆی بگه‌ڕێین، ئه‌م شوێنه‌ش یاده‌ورییه‌.دوایش ئه‌م خوده‌ هێنده‌ له‌ نێوان دیڕه‌كان و ئه‌وانی تردا ده‌تووێته‌وه‌ كه‌هه‌ر باس كردنێكی خود، چه‌نده‌ها كه‌سی تر خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌.

پرسیاری چوار: له‌ دیدارێكدا خێزانی (مه‌حموود ده‌وڵه‌ت ئابادی) باس له‌سه‌ر وه‌ختی نوسینی رۆمانی( كلیده‌ر) ده‌كات و ده‌ڵێ: شه‌وێك نیوه‌شه‌و خه‌به‌رم بووه‌وه‌، مه‌حموود به‌ كوڵ ده‌گریا، پێم وت خێره‌ چی بووه‌ بۆ ده‌گریت؟ وتی یه‌كێ له‌ پاڵه‌وانه‌كانم مرد كه‌ نه‌ده‌بوو بمرێت. تۆش له‌ پێشه‌كی یه‌كێ له‌ كتێبه‌كانتا ده‌ڵێیت: زۆر به‌ وردی وچڕی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كانم ده‌ژیم ولاتان سه‌یر نه‌بێ گه‌ر بڵێم له‌گه‌ڵ نووسینی هه‌ر چیرۆكێكدا نه‌خۆش ده‌كه‌وم. مه‌به‌ستمه‌ بزانم تا چه‌ند رووداو وكاراكته‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی نووسه‌ر له‌ ده‌قدا خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: ده‌زانی گارسیا ماركیز هه‌مان چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ مارسیدیسی ژنی شه‌وێك هه‌ڵده‌ستێ و ده‌بینێ ماركیز ده‌گری و لێی ده‌پرسێ چی روویداوه‌؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ : پاڵه‌وانێكی خۆمم له‌ ناو رۆمانه‌كه‌دا كوشت. ناچار بووم، مێرسیدیسی ژنیشی تا به‌یانی لای داده‌نیشێ و دڵی ده‌داته‌وه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ له‌ كتێبێكدایه‌ كه‌ دیدارێكی دوورودرێژه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ردا و هه‌موو كتێبه‌كه‌ بۆ دیداره‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ لای من وایه‌ كه‌ له‌دوای نووسینی هه‌ر چیرۆكێك و رۆمانێك من ته‌ندرووستیم تێك ده‌چێ و نه‌خۆش ده‌كه‌وم، هاوڕێ نزیكه‌كانم ئه‌وه‌ ده‌زانن و من هه‌ندێ جار به‌ گاڵته‌وه‌ پێیان ده‌ڵێم كه‌ من دوای نووسینی هه‌ر چیرۆكیك، چوار تا پینج كیلۆ كه‌م ده‌كه‌م ونووسینی چیرۆك لای من بۆ ڕێجیم باشه‌، بۆیه‌ پیشنیار ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌زنی خۆیان دابه‌زێنن، بێن و چیرۆك بنووسن و به‌ چڕی و به‌ قووڵی له‌گه‌ڵ كاراكته‌ری ناو چیرۆكه‌كانیاندا بژین، كاتێك نووسه‌ر وا به‌ قووڵی، به‌و جۆره‌ی من مه‌به‌ستمه‌ له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌یدا ده‌ژی، ئه‌وا نووسینی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌رك و پێداویستی له‌سه‌رت زیاتر ده‌بێ و گه‌ر ئه‌وسا شتێكی واش هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ وای لێ كردی بڕیارێك بده‌ی بۆ نه‌مانی یه‌كێك له‌ كاراكته‌ره‌كان، ئه‌وسا وه‌ك ده‌بینی كاراكته‌ری ناو چیرۆك و رۆمانه‌كان وه‌ك كاراكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی تێكستی لێ دێ و نه‌مانی ئه‌وانیش ژانێكی گه‌وره‌ت پێده‌گه‌ێنێت.

پرسیاری پێنج: له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ و له‌ بڵاوكراوه‌كاندا به‌ر چه‌ندین تێكست به‌ ناوی چیرۆكه‌وه‌ ده‌كه‌وین، به‌ڵام كاتێ به‌دوای چیرۆكی جددیدا ده‌گه‌ڕێن، چیرۆكی جددیمان زۆر كه‌مه‌. به‌ بۆچونی به‌رێزتان ئه‌م زۆر و بۆرییه‌ هی چییه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: سارته‌ر له‌ ساڵی ١٩٤٧ دا كتێبێكی هه‌یه‌ به‌ ناوی (ئه‌ده‌ب چییه‌)، له‌وێدا به‌راوردێك ده‌كات له‌نێوان نووسه‌ر و دانه‌ردا ده‌ڵێ: مه‌رج نییه‌ هه‌موو دانه‌رێك، نووسه‌ر بێت. منیش له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونی سارته‌ر ده‌مه‌وێ بڵێم، ده‌بێ ئێمه‌ش به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان نووسینی چیرۆك و چیرۆك نووسدا و به‌ بڕوای من مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی چیرۆك ده‌نووسن و ته‌نانه‌ت كتێبی چاپكراویشیان هه‌یه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك به‌ چیرۆكنووس له‌قه‌ڵه‌میان بده‌ین. با بێمه‌وه‌ سه‌ر زۆر و بۆرییه‌كه‌و له‌چه‌ند خالێكدا كۆیان بكه‌مه‌وه‌. یه‌كێ له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی نووسینی چیرۆكی جوان زه‌حمه‌ته‌. هه‌ر خۆی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ كارێكی سه‌خته‌ و به‌هره‌و لێزانین و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێ و كارێكی هه‌تا بڵیی پڕووكێنه‌ره‌. دووم هۆ ئاستی خراپی ئه‌و گۆڤار و رۆژنامانه‌ن كه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن ئاگایه‌كی زۆر قووڵیان له‌ ئه‌ده‌ب نییه‌ و شایسته‌ی ئه‌و شوێنه‌ گرنگه‌ نین كه‌ ڕای خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و ژانره‌ گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌ربڕن و زۆربه‌یان زمانێكی زیندووی بیانی نازانن و ئاگایان له‌ ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانی كه‌مه‌ خوێنه‌رێكی ته‌مه‌ڵن، بۆیه‌ هه‌ر تێكستێكیان به‌ ناوی چیرۆكه‌وه‌ بۆ بێت، به‌ كارێكی ناوازه‌و داهێنه‌رانه‌ له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان لای من هۆكارێكی زیندووی ئه‌و زۆرو بۆرییه‌ن و لێپرسراوی یه‌كه‌می ئه‌و ناشرینییه‌ن. هۆكاری سێیه‌م، ده‌توانم ئه‌و گروپ چێتییه‌ی ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ستنیشان بكه‌م، كه‌ هاورێیه‌تی و پیاهه‌ڵدانی درۆ زیاتر بوونه‌ته‌ هێنانه‌ پیشه‌وه‌ی هه‌ندێ تێكستی خراپ، كه‌ ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵ و بێزارت ده‌كات و ئیتر بۆ خۆی ون ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یان لای من زۆر گرنگ نییه‌، چونكه‌ هیچ تێكستێكی خراپ به‌ مه‌دح و پیاهه‌ڵدان ناژی، به‌ڵام له‌وه‌ نیگه‌رانم كه‌ئه‌م جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ ته‌واو ئه‌ده‌بی كوردی داپۆشیوه‌و به‌خۆی و وه‌همه‌كانییه‌وه‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ی سه‌رقاڵ كردووه‌ و ئاستی چێژی ئینسانی ئێمه‌ی له‌ تێكستی جوان دابه‌زاندووه‌ و له‌سه‌دا نه‌وه‌دی خوێنه‌ری ئێمه‌ نازانێ تێكستی جوان چییه‌؟ یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م ده‌ پازده‌ ساڵه‌ی دوایش، ده‌ركه‌وتنی تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك فه‌یس بووك و ده‌ست خۆشییه‌كانێتی، نووسه‌رو خوینه‌ری وا ساویلكه‌ هه‌یه‌ كه‌ هێز و جوانی نووسین به‌ لایك و ده‌ست خۆشییه‌ درۆكانی ناو فه‌یس بووك ده‌پێوێت و به‌و جۆره‌ خۆی لێ ده‌بێته‌ نووسه‌ری چیرۆك و له‌ هه‌مان كاتدا رۆمان نووس و رۆژنامه‌ نوس و وه‌رگێرو ده‌یه‌ها شتی تر. هۆكاری تریش زۆرن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ جارێ به‌سه‌.

پرسیاری شه‌ش: زۆر جار له‌ چیرۆكه‌كانتا كۆتایی كراوه‌ هه‌یه‌، خوێنه‌ر چاوه‌رێی به‌شی تری چیرۆكه‌كانت ده‌كات.وه‌ك بۆ نموونه‌ چیرۆكی (ژنی ژێر باران). به‌ ڕاستی نه‌ده‌كرا كۆی به‌شه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌ و هه‌ندێ له‌وانی تریش پێكه‌وه‌ وه‌ك ڕۆمان بنووسرانایه‌؟ ئه‌مه‌ ویستی خۆته‌ خوێنه‌ر تامه‌زرۆ بكه‌یت و وای لێ بكه‌یت چاوه‌ڕێ بكات تا به‌شێكی تری چیرۆكه‌كه‌؟ یان بێ ویستی خۆت ئه‌مه‌ رووده‌دات؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: بێگومان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و چیرۆكانه‌ی من نووسیوومن، ده‌متوانی بیانكه‌م به‌ رۆمان و ئێستاش ده‌توانم به‌ شێوه‌ی ڕۆمان بیاننووسمه‌وه‌، تۆ باسی(ژنی ژێر باران ) ده‌كه‌یت، منیش نه‌ك ته‌نها ئه‌و چیرۆكه‌ كه‌ سێ به‌شیم لێ نوسیووه‌ و به‌شی سێیه‌میم تێكه‌ڵاوی چیرۆكی نووسینه‌وه‌ی دڕك كردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو چیرۆكه‌كانی تریشی وه‌ك (گوڵه‌كانی دۆزه‌خ، نووسینه‌وی دڕك،من و كامێراكه‌م،باوكی ناو ته‌له‌فۆن،ئه‌و كوڕه‌ی له‌ زۆر كه‌س ده‌چێت،دزینی خه‌ونه‌كان و من به‌ بووكێكی گه‌وره‌وه‌) به‌ رۆمان بنووسیایه‌، به‌ڵام ڕاستت بوێ، من هه‌ر رۆمانێك بتوانم به‌ چیرۆك بنووسم، ئه‌وا وا ده‌كه‌م و به‌ چیرۆك ده‌یاننووسم با چه‌ند به‌شێكیش ده‌رچن. ئه‌وه‌ بۆ من گرنگ نییه‌ خاوه‌نی چه‌ند رۆمان ده‌بم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بۆ من گرنگه‌ خاوه‌نی چه‌ند چیرۆكی جوانم. چیرۆكێكی جوان، به‌ ده‌ رۆمان ناگۆڕمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م رۆمانه‌ی دوایم( سیزیف، ئه‌و كوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌)به‌ چیرۆك بۆم نه‌نووسرا بۆیه‌ بێ ویستی خۆم درێژ بووه‌وه‌ بۆ رۆمان. هه‌ر چه‌ند پێشم خۆش بوو بوو به‌ رۆمان، بۆ ئه‌وه‌ش خۆم بڕیار ناده‌م، به‌ڵكو نووسینه‌كه‌ خۆی بڕیار ده‌دا، قه‌ت ئه‌و به‌شانه‌ی چیرۆكه‌كانم، كه‌ له‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌بنه‌ دووان سیان، بۆ تامی ..تامی و تامه‌زرۆیی خوێنه‌ر نایاننووسم، به‌ڵكو پێویستییه‌كه‌ی رۆحی خۆمه‌ وا ده‌كات درێژ ببنه‌وه‌ تا ناكۆتا.جۆر و كاراكته‌ری ئه‌و چیرۆكانه‌ی من ده‌یانووسم وا فه‌رز ده‌كاست تا ناكۆتا درێژ ببنه‌وه‌.، من ته‌نانه‌ت رۆمانی (سیزیف ئه‌و كوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌)، له‌ناو خۆیدا چه‌نده‌ها رۆمانی تری هه‌ڵگرتووه‌، چه‌نده‌ها به‌شه‌ رۆمانی نه‌نوسراوی تیایه‌، هه‌ر كاتێ بیه‌وێ بانگم ده‌كات تا بینووسمه‌وه‌. هیچ شتێ سنوور بۆ ئه‌و خه‌یاڵ و نوسینانه‌ی من دانانێت مه‌رگ نه‌بێ، بۆیه‌ تا من بژیم و توانای نووسینم هه‌بێ ئه‌وانیش دریژ و درێژتر ده‌بنه‌وه‌ و به‌شی تر له‌دایك ده‌بێت.

پرسیاری حه‌وت: له‌ ئێستادا ئێوه‌ یه‌كێكن له‌ ده‌نگه‌ جددییه‌كانی ناو چیرۆكی كوردی و خاوه‌ن خوێنه‌ری تایبه‌تی خۆتانن.ده‌كرێت لێره‌وه‌ به‌ خوینه‌ره‌كانتان بلێن، پڕۆژه‌ی ئاینده‌تان چییه‌ و خوێنه‌ره‌كانتان به‌م زوانه‌ چیرۆكی تازه‌تان ده‌خویننه‌وه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: به‌ڵێ ماوه‌یه‌كی تر چیرۆكێكی تازه‌م به‌ ناوی (كارگه‌ی تووڕه‌یی) له‌ گۆڤارێكی تازه‌دا بڵاوده‌بیته‌وه‌ و له‌وێدا خوێنه‌ران به‌ر ته‌كنیكێكی تازه‌م ده‌كه‌ون له‌ ناو چیرۆكدا كه‌ ده‌توانم ناوی بنێم ( ته‌كنیكی شانۆیی له‌ناو چیرۆكدا).پرۆژه‌ی نووسینی ترم زۆره‌ و رۆمانێكی تازه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و گه‌ر بۆم كرا وه‌ك چیرۆك بینووسم ئه‌وا ده‌یكه‌م، گه‌ر نه‌متوانی ئه‌وا ده‌یكه‌م به‌ رۆمان.

پرسیار: له‌وه‌ڵامی پرسیاری شه‌شدا ده‌ڵێیت(هه‌ندێك چیرۆك هه‌بووه‌ ده‌متوانی بیكه‌م به‌ رۆمان و هه‌ندێك له‌ رۆمانه‌كانیش ده‌متوانی به‌ شێوه‌ی چیرۆك بنووسم)ده‌پرسم گۆڕینی چیرۆك به‌ رۆمان و گۆڕینی رۆمان به‌ چیرۆك ئه‌وه‌نده‌ كارێكی ئاسانه‌؟ده‌توانی به‌ وردی باس له‌ جیاوازییه‌كانی چیرۆك و رۆمانمان بۆ بكه‌یت؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: بێگومان هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌ پێشدا وتم، كاراكته‌ری ئه‌و جۆره‌ چیرۆكانه‌ی من ده‌یاننووسم، به‌ پێی ئه‌وه‌ی ته‌كنیكێكی كراوه‌یان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌ تا ناكۆتا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بێنه‌وه‌ ناو ژیانی ئێستا، ئه‌گه‌ری خۆتازه‌كردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ری ژیان خۆی له‌هه‌مووی گرنگتره‌، كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێنه‌وه‌ به‌رده‌مت وهه‌ناسه‌ت لێ قه‌رز بكه‌ن و بڵێن بمانووسه‌ ئێمه‌ نه‌مردووین.من گه‌ر بتوانم ژنی ژێر باران به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناتوانم بیكه‌م به‌ رۆمان؟به‌ تایبه‌تی ژنی ژێر بارانێك كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی قه‌ت ته‌واو نه‌بێت. من گه‌ر غه‌ریب ریكۆرد به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناكرێ به‌شێوه‌ی رۆمان بینووسم به‌ جۆرێك ئه‌م كاراكته‌ره‌م هه‌میشه‌ دێته‌وه‌و ده‌چێته‌ ناو چیرۆكه‌كانی تریشمه‌وه‌؟ له‌كاتێكدا من خۆم رۆمانیش ده‌نووسم، ده‌زانی بۆ یه‌كێ نووسه‌ری هه‌ردوو جۆره‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ چیرۆك و رۆمان هێنده‌ دوو دونیای لێك جیاواز نین. ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ی كورد چونكه‌ رۆمان ته‌مه‌نێكی هێنده‌ كورتی هه‌یه‌، لامان زه‌حمه‌ت تره‌ و وا ده‌زانین چیرۆك نووسین ئاسانتره‌، به‌ڵام راستت بوێ پێچه‌وانه‌یه‌. گه‌ركه‌مێك له‌ پێوانه‌ گشییه‌كانی چیرۆك و رۆمان قسه‌ بكه‌م، ده‌توانم بلێم كه‌ چیرۆكێكی درێژ( نۆڤێل كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی ئیتاڵییه‌و له‌ نۆڤێلاوه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌مانای هه‌واڵ دێت، یان به‌ لاتینێكه‌ی پروسه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی جۆرێك گێڕانه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی تێدایه‌) ده‌توانی بۆ چل و نۆ لاپه‌ڕه‌یه‌ك درێژ بێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ ده‌كرێ له‌ په‌نجاوه‌ ناوی بنرێت رۆمانی كورت.

هه‌رچه‌ند من خۆم زۆر بڕوام به‌م جۆره‌ پێوانانه‌ نییه‌.ئیشی رۆمان ئیشێكه‌ له‌ ئاسۆیه‌كی فراوانتردا، له‌ یاریگایه‌كی فراوانتردا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ری زۆرتردا، له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ی به‌ چه‌ند به‌شێك و هه‌ر به‌شێكیش ده‌كرێ باسێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، دوایی به‌ ته‌كنیكێك ئه‌م به‌شانه‌ پێكه‌وه‌ ببه‌سرێته‌وه‌،به‌ڵام له‌ چیرۆكدا ده‌كرێ یه‌ك به‌سه‌رهاتت هه‌بێ و یه‌ك كاراكته‌ر،یه‌ك هه‌ناسه‌، یه‌ك رووداو، یه‌ك چوونه‌ ناوه‌وه‌، یه‌ك كۆتایی، یه‌ك گرێچن، یه‌ك سه‌ره‌تا، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاری نووسین ئاسانتر ناكات، چونكه‌ له‌ چیرۆكێكی جواندا ده‌بێ حیساب بۆ هه‌موو ڕسته‌یه‌ك و بۆ هه‌موو وشه‌یه‌ك بكه‌یت، ده‌بێ هیچ شتێكی زیاده‌ی تێدا نه‌بێت، له‌ كاتێكدا له‌ رۆمانێكی ئاساییدا ده‌توانی چه‌ندها لاپه‌ڕه‌ به‌ وه‌سف پڕبكه‌یته‌وه‌، ده‌توانی چه‌نده‌ها شت بڵێیت كه‌ ده‌كرێ نه‌یانڵێیت، وه‌ك سیاسییه‌ك چۆن ده‌توانی سه‌عاتێك قسه‌ بكات و هیچیش نه‌ڵێت، رۆمان نووسێكیش ده‌توانی چه‌نده‌ها لاپه‌ڕه‌ بنووسێت و هیچیش نه‌ڵێت، نه‌ك ته‌نها نووسه‌ران، به‌ڵكو خوێنه‌رانی رۆمانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ رۆمان پرێتی له‌ شتی زیاده‌، كه‌ ده‌كرێ فڕێیان بده‌یت و هیچ كارێكیش نه‌كات، له‌ كاتێكدا چیرۆكی جوان به‌ شێوه‌یه‌ك بیناكراوه‌ ده‌سكاری یه‌ك ڕسته‌ بكه‌یت ده‌ڕمێ،بێگومان ئه‌م پێوانه‌یه‌ بۆ زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆك رۆمانه‌ خراپانه‌ی ئێستا لای ئێمه‌ ده‌نوسرێن و بڵاوده‌بنه‌وه‌ ناگونجێ، پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ئه‌و سه‌رنجه‌ باوه‌ فڕێ بده‌ین كه‌ نووسینی چیرۆك ئاسانتربێ له‌ رۆمان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ چیرۆكه‌ی ئێستا ئێمه‌ ده‌ینووسین، مه‌به‌ستم چیرۆكی مۆدێرنه‌، هه‌موو ئاماده‌كاره‌ییه‌ك و هه‌موو ئه‌گه‌رێكی بوون به‌ رۆمانی تێدایه‌، من باسی ئه‌و دوو چیرۆكه‌ی خۆم كرد، بێجگه‌ له‌وان، تۆ سه‌یری چیرۆكی (من و كامێراكه‌م ) چیرۆكی (دزینی خه‌ونه‌كان)، ئه‌مانه‌ بۆ نموونه‌ وه‌ك له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌شدا باسم كردووه‌، كه‌ به‌ ته‌كنیكی مینی رۆمان نووسیومن، كه‌سانێكی زۆر كه‌م نه‌بێ، زۆركه‌س ئاوڕیان لێ نه‌داوه‌ته‌وه‌ و تێی ناگه‌ن، تێشی بگه‌ن، هێنده‌ سه‌رقاڵن به‌خۆیانه‌وه‌ دوو وشه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ناڵێن، زۆر كه‌سیش ده‌یبات و به‌هه‌ڵه‌ به‌كاری دێنێت،من ئه‌م ماوه‌یه‌ چه‌ند چیرۆكێكم خوێنده‌وه‌ به‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ی من ده‌ینووسم نووسرابوون، هێنده‌ چیرۆكه‌كه‌یانی قه‌ره‌باڵه‌غ كردبوون، یه‌كسه‌ر تێده‌گه‌ی كه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ له‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ تێنه‌گه‌یشتوون و به‌كاری دێنن.ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كرێ و هه‌ندێ جار خه‌ڵاتیشی پێ وه‌رده‌گرن.

بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕیارده‌ده‌ن له‌باره‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ پێیان بڵێین كوڕی باش! چیرۆك وا نانووسرێ، ئه‌م ته‌كنیكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووی. بۆ نموونه‌ ئه‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ یارمه‌تیت ده‌دا چیرۆكێك به‌ ته‌كنیكی رۆمان بنووسیت، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ دێت و رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌یهێنێته‌ ژێر كۆنترۆڵی نووسینه‌وه‌،بۆیه‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و قه‌ره‌باڵه‌غ نابێ، وه‌ك چۆن رووناكییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ ناو كامێرایه‌كه‌وه‌ و عه‌ده‌سه‌ی كامێراكه‌ رووناكێیه‌كه‌ت له‌ یه‌ك خاڵدا بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا په‌ڕش و بڵاو نه‌بێته‌وه‌، تا عه‌ده‌سه‌كه‌شت باشتر بێ، ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌یگریت روونتر ده‌بێت، ئه‌و ته‌كنیكه‌ش وایه‌ رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا كۆنترۆڵیان بكه‌یت و بۆ گێڕانه‌وه‌ ئاسانتر بێت، له‌چه‌ند رووداوێكه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك دوو رووداو، له‌ رۆماندا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، له‌ عه‌ده‌سه‌كه‌وه‌ جارێكی تر دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و په‌رش و بڵاو ده‌بێته‌وه‌، له‌ یه‌ك رووداوه‌وه‌ ده‌بێته‌ چه‌نده‌ها رووداو. له‌ یه‌ك كاراكته‌ره‌وه‌ چه‌نده‌ها كاراكته‌ری تر له‌دایك ده‌بێ.بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و ئه‌و چیرۆكانه‌م و كردن و نووسینیان به‌ رۆمان كارێكی هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌، وه‌ك له‌چاوپێكه‌وتنێكی تریشدا باسم كرد، كه‌ من به‌ نهێنی لابورێكم هه‌یه‌ كه‌ ته‌كنیكی چیرۆكی تێدا له‌دایك ده‌بێ، جارێ وا هه‌یه‌ له‌دایك بوونی ته‌كنیكێك چه‌ند مانگ وساڵ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی وردو قووڵی ده‌وێت، هه‌ندێ كه‌سیش ده‌یانه‌وێ به‌ دوو چیرۆك ئه‌و ته‌كنیكانه‌ به‌رن و به‌كاری بێنن بێ ئه‌وه‌ی به‌قووڵی لێی تێبگه‌ن. وه‌ك ماشێنێك بیده‌یته‌ ده‌ست قووتابییه‌كی نه‌زان لێی بخوریت، ئه‌وانه‌شی بریار له‌سه‌ر باشی ئه‌و تێكسته‌ خراپانه‌ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌و مامۆستایانه‌ وان له‌ته‌نیشت ئه‌و قوتابیانه‌وه‌ دانیشتوون وله‌به‌ر ورگ و گیرفانی خۆیان هه‌ر خه‌ریكی ده‌ستخۆشی كردنیانن به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه‌ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ ڕێگا تووشیان بوون.




نامه‌ی نێوان ئه‌دیبان (نامه‌ی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

گیانه‌كه‌م ره‌نجده‌ر: گشت رێز و سڵاو و سۆزم بۆ تۆ و دایكی خه‌ون و رۆڵه‌كانت، له‌ وشه‌ی (گیانه‌كه‌م) دا خه‌ستكردووته‌وه‌، پترم بۆ ناوێژرێت.
دوایین كۆشیعرت: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم – 2015 )، ئه‌زی به‌ شیعرییه‌تی: (پووشكین و ئیلیه‌ت و ئۆكتاڤیۆ پاز)ه‌وه‌، به‌ستایه‌وه‌ و به‌ڕاستی له‌ كۆشیعره‌كانی دیكه‌ت ترازاویت و ده‌نگت سۆزناكتر و پاراوتر و جوداتره‌ و ئومێدی داهێنانت له‌ دڵی گه‌وره‌ و به‌هێزی شیعردا دورست كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كه‌ڤاڵه‌ وشه‌یییه‌كانت و سۆفیگه‌رییه‌ شیعرییه‌كه‌ت، تۆ هه‌شتا ساڵت بۆ ته‌مه‌نت نیشانداوه‌: ( 18/11/1965 – 18/11/2045 )، كه‌ ده‌ق ده‌كاته‌ ته‌مه‌نی ئێستای من، ئایا له‌و كۆتایییه‌دا، (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)ی مامت له‌كوێ‌ ده‌بێت؟ پرسیارێكه‌ خۆی له‌ زه‌ینمدا سه‌پاندووه‌، وه‌ڵامی له‌لای (الهو)وه‌، كه‌ كه‌ڤاڵێكمه‌، به‌ڵام بێ‌ نیگاییه‌ كێشاومه‌، ببووره‌ راسته‌وخۆ ئه‌م (شه‌ته‌حاتانه‌) ده‌نووسم و له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی (ئه‌لنیفه‌ری) سۆفیدا ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ پێمی گوت: (له‌ تاریكیدا جێگیربه‌، كه‌ له‌ تاریكیدا نیشتم، خۆم بینی).

تۆ لێوڕێژی له‌ هێزی خودا، له‌م شیعرانه‌ته‌وه‌ خۆت ناسیوه‌ و جه‌سته‌ و گیانی ئۆقره‌گری خۆت ده‌بینی، به‌خته‌وه‌ر خۆت، ئارام خۆتی، نه‌ك وه‌كو به‌نده‌، له‌ به‌رزه‌خی بڕوا و نابڕوادا، له‌ لێواری گومان و یه‌قیندا گیرماوم، خه‌تای من نییه‌، خه‌تای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌ (مێشكم) و (هزرم) و (هۆشم)ی ئاوها داڕشتووه‌ و هه‌میشه‌ له‌ سۆراخی كۆن و ده‌روازه‌ و رێنمام بۆ نایدۆزمه‌وه‌؟ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌راسانی كردووم و به‌گوناحی خۆمی نازانم.

گیانه‌كه‌م: ئه‌و ئافریده‌ی، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئێمه‌گه‌لی ناچاركردووه‌ كه‌ هه‌ڵبژێرین تێم ده‌گه‌ی، كه‌وابوو، چاوه‌نۆڕی فریادڕه‌سم له‌ باوه‌شم بگرێ‌ و سوكنایی به‌ گیانه‌ ره‌وانه‌ ناشاده‌كه‌م بدات به‌ر له‌وه‌ی (خۆڵ) دامپۆشێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌رمه‌ پیس و بۆگه‌نه‌م ره‌گه‌زه‌كانی (خاك، با، ئاو) نه‌گڵاوێنێ‌، حه‌زم له‌ ئاگره‌ پیرۆزه‌كه‌یه‌، بمكاته‌ زووخاڵ و خۆڵه‌كه‌وه‌.

كتێب له‌ وه‌رگێڕاندا دووباره‌ له‌ دایك ده‌بێته‌وه‌: داهێنان له‌ مانا هه‌ره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی داوام لێ‌ ده‌كات و پڕ به‌گیان و دڵ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م كۆشیعره‌ت بكه‌مه‌ عاره‌بی، تا عه‌ره‌ب داهێنانی داهێنه‌ری كورد ببینن. وه‌لێ‌ ئاوها پرۆژه‌یه‌ك كۆتایی ئه‌و له‌ 10% یه‌ی تاكه‌ چاوێكم، ئه‌ویش چاوی چه‌پمه‌، گیانه‌كه‌م با قه‌رزبێت له‌سه‌ر ته‌ندروستی و ته‌مه‌ن. شانازی به‌وه‌ بكه‌، جیاوازی له‌وانگه‌ل، به‌ده‌ر له‌ پۆلی مه‌لانی ئاسایی، ناباو و پشت به‌ رۆحی خۆت ده‌فڕیت به‌ره‌و ده‌رباری شیعر و ئارامگه‌ی سیمرغ، له‌م كۆشیعره‌تدا به‌ته‌واوی ترازاویت له‌ پێشینه‌ی شیعری خۆت و نه‌وایه‌كی نوێ‌، كه‌ڤاڵگه‌لێكی ده‌گمه‌ن و سۆزێكی په‌رییانه‌ت به‌لاپه‌ڕه‌كاندا په‌خشاندووه‌، هه‌ست و نه‌وایه‌كی سۆفی مه‌شره‌بانه‌م له‌ نێوان دێڕه‌ ورشه‌داره‌كانت بینی، به‌چاوی ناخم و هه‌م دیدی بینایینم. ئه‌وه‌ی به‌چاكیی له‌ ڕوانگه‌ی جوانسازییه‌وه‌ له‌ فه‌یزی شه‌ته‌حاته‌كانت بنواڕی، ده‌گاته‌ ئه‌و ئاقاره‌ی كه‌ بێژێ‌: ئه‌وه‌ (سه‌باح ره‌نجده‌ر) په‌یتا په‌یتا كه‌وڵه‌ هزری و هونه‌ری و جوانكارییه‌كانی ده‌شاخێنێ‌ رووه‌و رۆحییه‌تی شیعر و ئێستێتیكا.

باوكی خه‌ون، تۆ و منی نائارام له‌ گشت جێیه‌كانی ئه‌وێ‌ و ئێره‌، ناشاد له‌ گشت سات و زه‌مه‌نه‌كانی لاوی و ته‌مه‌نداری، له‌ (زه‌مه‌ن)ێكدا به‌ڕێكه‌وت هه‌ڵكه‌وتین، كه‌ به‌نا پیرۆز ناوی ده‌به‌م، چونكه‌ راستییه‌كان ترازێندراون و جوانییه‌كان دزێو لێدراون و ….. تاد، ئه‌ده‌به‌كه‌ش پووڵبازاڕییه‌. كا ره‌خنه‌ی زانستی؟ كا جوانناس و كا رێز و كا مرۆی حه‌قشوناس. به‌لامه‌وه‌، شاعیر گرێبه‌ستیاری نێوان: زمان و مۆسقا و وێنه‌یه‌، به‌ واتایه‌كی رۆشنتر، كه‌ڤاڵه‌ زمانییه‌ وشه‌یییه‌كان له‌ سیمفۆنیای گه‌ردوون هه‌ڵده‌كێشێ‌، چونكه‌ نیگاركێشی بلیمه‌ت، كه‌ڤاڵه‌ ره‌نگییه‌كانی ئاوێته‌ی مۆسیقا و زمانێكی په‌یڤین ده‌كات، ئه‌م بۆچوون و هاوكێشه‌یه‌ بۆ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، به‌ دراماشه‌وه‌ ….. تاد، ده‌شێت ئا لێره‌وه‌ رۆحییه‌تی ده‌ق چون كانیله‌ی سازگار هه‌ڵده‌قوڵێت.

ئافریده‌كاران، هه‌ڵگری ئاگری خودایین بۆ ئه‌وه‌ی شارستانییه‌ت دروست بكه‌ن. شیعر شیله‌ی وشه‌یه‌، به‌جۆرێكی دی، وته‌ی وته‌یه‌كه‌ قۆزراوی زمانی هۆز و زمانی سه‌رده‌مه‌. تۆ بزانه‌ چه‌ند سه‌رده‌مییانه‌یه‌، پێناسه‌ی شێخ محێدینی عاره‌بی، كه‌ فه‌رموویه‌تی: (شیعر خۆ دابڕینه‌ له‌ ئاسایی باو).
بۆدلێر و رامبۆ و مالارمیه‌ و سان جۆن پێرس و رێنی شار و نالی و مه‌حوی و گۆران و ناوی دیكه‌ش. هه‌مان رێچكه‌یان گرت، به‌بێ‌ گوێدانه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌م و ئه‌وی سه‌رده‌مه‌كه‌یان، تۆش وه‌هابه‌، خۆ واتكردووه‌. من ئاسایی، كه‌ نه‌كڵۆك بین له‌ چاوی قڕێژان و گه‌مژه‌ بیران، پانتایی داهێنان به‌ ورشه‌ی سه‌رشانۆ و پیاهه‌ڵدانی درۆ، گیرفانمه‌ندی و خه‌ڵاتی په‌رژه‌وه‌ندمه‌ندان قه‌تاوته‌ت هه‌ڵناسه‌نگێندرێت. ئه‌وه‌ی له‌ (بازاڕ)ه‌كه‌دا ده‌یبینین، بازاڕی گه‌وهه‌رناسی نییه‌، به‌ڵكو بازاڕی (هه‌ڕاج) و گه‌نده‌فرۆشی و هه‌م خۆ فرۆشییه‌. ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ بخاته‌ سه‌ر زامه‌كه‌، چاره‌نووسی وه‌ك چاره‌نووسی رۆمانی: ( سلیكۆك هۆكلێر)ی من ده‌بێت، بریا سه‌د بریا به‌ر له‌ماڵئاوایی ژیانم، به‌چاوی كراوه‌وه‌، كۆرۆمانه‌كانم به‌بێ‌ هه‌ڵه‌ ده‌بینین، خۆ ده‌زگای ئاراس له‌ پرۆژه‌ دابوو ئه‌م كاره‌ بكات، به‌داخه‌وه‌ له‌ به‌ختی من ئه‌میش داخرا، ڕه‌شبین نیم، وه‌لێ‌ له‌م ڕۆژگاره‌ سه‌قه‌ته‌دا مه‌حاڵ و دژواره‌ ….. مخابن، به‌ڵام دوای مردنم ئومێدم به‌ خوێنه‌ری به‌ وه‌فا زۆره‌.

له‌ ئازار و موعانات و ئه‌زموونی پیرۆزی ره‌وتاره‌وه‌، داهێنان، ئه‌فراندن، دێته‌ ناو كایه‌ی هونه‌رییه‌وه‌، ده‌تۆ وردبه‌ره‌وه‌ له‌ ژیانی (ڤانكۆخ) بۆ وێنه‌، له‌ ژیاندا تێره‌سك نه‌بوو، كه‌چی كه‌ڤاڵه‌كانی به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار ده‌نرخێنرێت. زۆرانی تر وه‌كو ئه‌و له‌ مێژووی ژیاریدا هه‌ن. له‌ ئه‌مستردام دووباره‌ سه‌ردانی نزیكه‌ی (50) كه‌ڤاڵی ئه‌و بلیمه‌ته‌م كردووه‌ و رۆحمی چالاك كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی (1890) و له‌ ته‌مه‌نی كورتی (37) ساڵیدا گولله‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ ناوه‌، به‌ر له‌وه‌ش گوێیه‌كی خۆی قرتاندووه‌، بۆم ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ زۆرینه‌ی نوێبه‌خشان و ئافریده‌رانی به‌ده‌ر له‌باو و ئاسایی و ژیانی خۆیان نیمچه‌ شێت بوون. شێتی هونه‌ر و جوانی و داد و هه‌ق.

ئه‌مه‌ چ شێتییه‌كی جوان و پیرۆزه‌ كاكه‌ (ره‌نجده‌ر)، بێمه‌وه‌ سه‌ر ده‌ق به‌واتا جوان و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی، به‌گوێره‌ی شاره‌زایانی (زمانی ده‌ق – Text)، حه‌فت پێوانه‌ی بۆ دیار كراوه‌ له‌لایه‌ن (رۆبێرت دی بۆجوان) و (دریسله‌ر)ه‌وه‌، كه‌وا له‌زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كانی زماندا، دانیان پێدانراوه‌:

1- سه‌بك (داڕژته‌)، كه‌ ده‌كاته‌ پێبه‌ندی نه‌حوی ( گرامه‌ر – Grammar) كه‌ به‌ زاراوه‌ی (Cohesion) ده‌ناسرێت.
2- حه‌به‌كه‌ (تانوپۆ)، یان تێبه‌ندی ده‌لاله‌ته‌كان ( Coherence).
3- ئامانج، یان مه‌به‌ست له‌ ده‌قه‌كه‌ ( intentionality).
4- وه‌رگرتن (قبول) له‌لایه‌ن خوێنه‌ر و بیسه‌ر و گوێگره‌وه‌ (Acceptability).
5- راگه‌یاندن به‌ واتای (الاخباریه‌) (informatively).
هه‌ڵبه‌ته‌ خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م گرینگترن له‌ وانه‌ی دی، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌فراندن و داهێنانی ئه‌فسوونی وێنه‌ و ئه‌فسوونی زمان و چندراوی سفتوسۆڵ، ئه‌و كاره‌ی كه‌ پێشتر گوتم: شیعر واتای، یان وشه‌ی سه‌رووی واتا و وشه‌كانه‌ و بێجگه‌ له‌وه‌ش، پاڵاوته‌ی زمانی بازاڕی و فه‌رهه‌نگه‌، رۆچوون و به‌قووڵداچوونی شاعیره‌ له‌گه‌ڵ جیهانبینینی بۆ بوونه‌وه‌ری (الوجود) له‌هه‌ردوو دیوی (زاهیر و باتین). هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ مه‌نتیقی جوانكارییه‌كی ناباو و سواو بووه‌وه‌. دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌زموونی وشه‌ ئارایی و پێچراوی روئیای نیگایی و شۆڕبوونه‌وه‌ی ناخیی و ده‌روونیی، وا له‌و شاعیره‌ ده‌كا و باڵی پێده‌گرێ‌ بۆ هه‌ڵفڕین، له‌ وێنه‌یه‌كی هزرییه‌وه‌ (image) بۆ وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاخڵه‌دارتر و كانگه‌ی ورشه‌دانه‌وه‌، چوون (گیا)یه‌كه‌ی رۆمانی: (سۆناتای رۆح) و دووباره‌بوونه‌وه‌ی له‌ رۆمانی: (ئه‌ژده‌ر)دا، یان وه‌ك گیای نه‌مری گه‌لگامێش كه‌ نه‌یگه‌یشتێ‌، وه‌كی دیكه‌، كه‌ نووسه‌ره‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ی ده‌قه‌ سۆمه‌رییه‌كه‌ پێی گه‌یشت و به‌ گوماناوی نه‌مره‌.

ئه‌م هه‌موو تێپه‌ڕاندن و داهێنان و هونه‌ره‌ دانسقه‌یه‌، له‌ڕێی هێماكاری و خوازه‌ و به‌ ئه‌فسانه‌ كردنه‌وه‌، قۆزاخه‌كه‌ی ده‌تره‌كێ‌ و ئاوریشمی دانسقه‌ و نه‌بیندراو خۆی نمایش ده‌كات، له‌ چركه‌یه‌كی (ته‌جه‌للی) و زه‌ینێكی شه‌فاف و كریستاڵیی ده‌رده‌په‌ڕێ‌ وه‌ك ماسییه‌ نه‌رموشل و فسفۆرییه‌كانی هه‌ره‌ قووڵایی و په‌نامه‌كییه‌كانی ئاوه‌ بێگه‌رده‌كان.

نووسیوته‌ (سوپاس بۆ ئه‌و دڵه‌ی خۆم ــــ هه‌زار رێگای هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ناوكی رووناكی) له‌و رێیه‌ سه‌خته‌ش، له‌ ڕاماندا خۆبینین و خۆناسینه‌ وه‌ك پێشتر ئاماژیه‌كم پێداوه‌. له‌ كۆتایی ( شیعر ئه‌ی ناوی خۆم)دا، هه‌م به‌ بۆچوونی جوانسازیی ــــ به‌راوردكاریی و هه‌م ته‌ریب بوون، ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ چوار ره‌گه‌زه‌ دێرینه‌كانی گریكدا، چوار ده‌قی پیرۆزت نیشان دابا، نه‌ك (سێ‌)، بۆوه‌ی هاوسه‌نگ، هاوته‌ریب بێ‌ له‌ دیدی ئێستێتیكاییدا وه‌كو:

ته‌ورات ئاڤێستا
زه‌بوور ته‌ورات
یان
ئینجیل ئینجیل
قورئان قورئان
باوابێ‌، خۆت له‌ هه‌ڵبژاردندا ئازادی.

له‌ ڕۆمانێكمدا (له‌یادم نه‌ماوه‌ كامیانه‌) ئه‌و چوار ره‌گه‌زه‌م تاوتوێكردوون و به‌لای (ئاگر)دا شكاومه‌ته‌وه‌ و هۆیه‌كانیشم ده‌راندووه‌ بۆ؟ له‌ گه‌رمیان و كه‌ركووكدا به‌و (بزنمشكه‌)ت ئێژن (بزنمژه‌ك)، گوایه‌ گوانی بزنان ده‌مژێ‌ و له‌ كونی گواستانان ده‌ژیت.
گیانه‌كه‌م رۆحمان ئارام ئارام له‌ نێوان ته‌ونی نه‌گریسی جاڵجاڵۆكه‌كانه‌وه‌ تریفه‌ ده‌ده‌ن و بینایی گه‌نده‌ڵ ویستان لێڵ و پڕ خوێ‌ ده‌كه‌ن، حه‌زده‌كه‌م خۆت زۆر به‌و شكڵبازی و خانه‌ دامه‌یییانه‌وه‌….for mali form، خه‌ریك نه‌كه‌یت و ئه‌و چركه‌ قۆناخه‌ جێبهێڵه‌، ئه‌رێ‌ (بازنه‌) به‌و نه‌مری و پیرۆزییه‌ی بۆ له‌ لات، له‌ كۆ شیعره‌كانت نیشته‌جێ نه‌بووه‌ (0) خاڵ هه‌رچه‌ند كۆشا و ره‌نجی دا، ده‌رفه‌تی له‌و دیواربه‌ندییه‌ ــــ كه‌ سه‌ره‌تای كۆتایه‌تی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، نه‌دۆزییه‌وه‌، بۆیه‌ نافڕ هه‌ڵفڕی و له‌ چه‌قی بازنه‌كه‌دا خۆی چه‌قاند. ده‌بزانه‌ (0) چه‌ند مه‌زن و سه‌ره‌كییه‌، ئاخر گشت هێڵه‌كان : راست ــــ چه‌ماوه‌ و شكاوه‌كان به‌و خاڵه‌ موباره‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌ویش كۆتایییان دێت، له‌ ده‌قێكم له‌ یادم چووه‌ (هه‌ی هاوار له‌ ده‌ست و چنگی بیرچوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن) گوتوومه‌: كۆتایی جه‌سته‌یی سێ‌ مه‌ودای ـــ درێژی ـــ پانی قووڵایی، یان به‌رزی، به‌ڕووبه‌ر ته‌واو ده‌بێ‌، كه‌ ته‌نیا دوو مه‌ودای پانی و درێژی هه‌س. ئه‌م رووبه‌ره‌ش به‌هێڵ به‌ كۆتا دێ‌، ئه‌گه‌ریش له‌ هه‌موو جۆره‌كان هێڵ بن، (یه‌ك) مه‌ودای هه‌یه‌. كۆتایی ئه‌م جۆره‌ هێڵانه‌ش (0) خاڵی نوقته‌یه‌: ئه‌وجا بزانه‌ كه‌ خاڵ كه‌رسته‌ی هه‌موو شیعره‌ ئه‌ندازه‌یییه‌كان بوو، چون مارێك، باز كلكی خۆی مژیوه‌ و داخراوه‌، به‌سه‌ر جیهانی كامڵ و جاوید و نێرڤانای خۆیدا ئه‌مانه‌ت بیر ده‌خه‌مه‌وه‌. چونكه‌ له‌ ده‌قه‌كانمدا تاوتوێم كردوون و تیۆری خۆم ده‌راندووه‌. ئه‌مه‌ به‌سه‌ر ڕه‌نگه‌كانیشدا ده‌سه‌پێت. تۆ خۆت چاكتر له‌من ئه‌وانه‌ت له‌یاده‌ و ده‌شێن بۆ كاكڵه‌ی نامیلكه‌ی هزری هونه‌ری شێوه‌كاری – ئێستا هه‌نده‌ (شت)م دێته‌ زه‌ینه‌وه‌، كه‌چی هه‌تا یه‌كێكیان ڕاو ده‌كه‌م، ئه‌وانی تر له‌ شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن، ئای ته‌مه‌نی پاش هه‌شتایی، خۆزگه‌ سێوێك ده‌بوویت. بتخواردایه‌ و ئه‌وه‌ی تر بژیابامایه‌، كوڕه‌ نیو هه‌نده‌، قسه‌ی خۆمان بێت به‌ چاره‌گێكی هه‌شتاكه‌ش قایلم.

ڕه‌نجده‌ر گیان: هێشتا كانیله‌ی ئه‌فراندنم قوڵپ ده‌دا، غه‌درم لێكرد به‌نامه‌یه‌ك بۆ جه‌نابت – چیمه‌نتۆڕێژم كرد، ئه‌وه‌ با به‌ نامه‌ تۆڵه‌ی خۆم بكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ ئه‌و تیترواسكه‌ی بۆمی دۆنایدۆن بكاته‌وه‌ بۆ كه‌وڵی مرۆیی، به‌ڵكو تینوویه‌تیم به‌ ده‌ربڕینی بڕێ‌ وشه‌ی ڕه‌نگاڵه‌ و نیوه‌ بازنه‌ی ره‌نگینكه‌وانان به‌سه‌ر زێدداچوون، خودای ئاسمانی فیرعه‌ونی سه‌یوانێك هه‌ڵبده‌م، هه‌رنه‌بێ‌ چه‌ترۆكه‌یه‌ك.

خوداكه‌ی ناو كۆشیعری: (حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم) ی ره‌نجده‌ر، ئاده‌ی تیشكێك بۆ دیده‌م بنێره‌ و به‌سه‌ ئه‌م (حاڵ)ه‌ی كه‌ خاڵ و وێرگوڵ و كه‌وانه‌ و ته‌نانه‌ت (پیت)ه‌كانیش به‌ حه‌زی خۆیان له‌سه‌ر پانتایی كاغه‌زدا ده‌نیشنه‌وه‌ و نایانبینم، سوپاس بۆ ده‌ست و په‌نجه‌م، له‌ ئه‌زموونی زۆر و چڕه‌وه‌ ئه‌ركمان تۆزۆكه‌یه‌ك سانا و هاسان ده‌كات. چه‌ندی ده‌كه‌م بۆم ناكرێت، بۆم ناكرێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر دێڕ و لاپه‌ڕه‌كان و هه‌ڵه‌چنییان بكه‌م. ئه‌وه‌ ئه‌ركی جه‌نابته‌ پاره‌كه‌ی دڵم، باوكی: (Yad pilot/ یاد فڕۆكه‌وان). فڕنده‌ ئه‌وه‌ هه‌تا دێت، هێما و وشه‌ و دێڕه‌كان له‌ نیگامدا كاڵ و كاڵتر ئه‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ رۆژێك ئاوابن و ره‌شایی تاپۆ دایانپۆشێت، وای وای له‌م دۆزه‌خه‌م.

(ره‌نجده‌ر) ئازار ده‌نووسێت، به‌ڕه‌نگ و هێڵ ده‌كێشرێت، یان به‌ڕیتم و زایه‌ڵه‌ و سه‌دا له‌ سیمفۆنیایه‌كی نه‌مردا ده‌توێته‌وه‌، هه‌نووكه‌ له‌ناو چوار وه‌رزه‌كه‌ی (ڤیڤاڵدی)دا له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی (رووناكیی مانگی) (بێتهۆڤن)دا پێمه‌له‌ ده‌كه‌م خۆزیارم له‌ ڕه‌وتی ره‌نگه‌ راچه‌نیوه‌كانی(ڤانكۆخ)دا بخولێمه‌وه‌، دیاره‌ (وشه‌)ی بێوه‌فا به‌هانامه‌وه‌ نایه‌ت، بۆیه‌ زمانی ره‌نگ و ده‌نگم كرده‌ ئارامگه‌ی گیانم، خۆ ئه‌ز له‌ به‌رهه‌مه‌كانمدا به‌ ڕه‌نگ نووسیومه‌، به‌ وشه‌ نیگام كێشاوه‌، هێشتاكه‌ش تاسه‌م دانه‌مركاوه‌ وه‌لێ‌، ده‌وامی حاڵ مه‌حاڵه‌ وه‌ك ده‌گوترێ‌ هه‌سته‌كان له‌ كار ده‌كه‌ون و تاریكایی ئاكامه‌.

باوكی خه‌ون و یاد: ئه‌مێستا خۆم به‌ (ئه‌بو عه‌لائی مه‌عه‌ڕی) ی زه‌مانه‌ تێده‌گه‌م، چونكه‌ چاڵی چاوم بۆته‌ به‌ندیخانه‌ی نیگام، له‌شه‌ پیسه‌كه‌م بۆته‌ حه‌پسخانه‌ی گیانم و خانگه‌كه‌میش تاراوگه‌ی له‌شمه‌، گوێبگره‌:

أرانی فی الپلاپه‌ من شجونی فلا تسأل من الخبر النبیپ.
لفقدی ناڤری ولزوم بیتی وكونً النفس فی الجسد الخبیپ.

مه‌گه‌ر وه‌ك كوڕه‌ نازداره‌كه‌ی (یه‌عقووب) له‌ تاریكی بیره‌وه‌، ئه‌ستێره‌ی (بیرۆ)م لێ‌ هه‌ڵبێ‌، هه‌ڵدێ‌؟ دڵنیام هه‌ڵبووه‌، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ست و په‌نجه‌كانم به‌ ده‌نیگاوه‌ ده‌په‌یڤن، ده‌نووسن، ده‌ڕه‌نگێنن و ده‌ئاوازێنن، ئه‌وه‌ نییه‌ تاپۆ و تارمایی ده‌تارێنن، ئه‌مه‌یه‌ رووناكیی له‌ دووره‌وه‌، كه‌ تۆ جوان جوان له‌ شیعره‌كانتدا، سه‌رپۆشیان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌. له‌ ناخدا سێبه‌ر و تارمایی و ره‌شایی هه‌رگیز نییه‌، چونكه‌ ئه‌و سێیه‌ (ره‌ش ـــ تارمایی ـــ سێبه‌ر) ره‌نگ نه‌بوونه‌ و نابن وه‌كو له‌ نووسینێكمدا یه‌كاڵام كردۆته‌وه‌. ( نا… هه‌رگیز، ره‌ش و سپی ره‌نگ نین) لێره‌دا سپییه‌كه‌ واتا فزیكییه‌كه‌ی مه‌به‌ستمه‌ نه‌ك نوور و رووناكی. جا ئه‌مه‌ شكۆمه‌ندیی و جاویدیی نییه‌؟ ئه‌مه‌ بوونه‌ سه‌مه‌نده‌ر نییه‌، پاش بوونه‌ تیترواسك؟ تۆ ئاسایی نه‌ك ریخۆڵه‌ی ناوكم بووبێته‌ په‌روازه‌ی ورد چنراوی رۆخی ده‌ف، به‌ڵكو بوومه‌ته‌ ده‌ف و هه‌م ترپه‌ سۆزناكه‌كانی له‌و پیرۆزییه‌دا، له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی په‌نجه‌ی ده‌فژه‌ن و هه‌م له‌گه‌ڵ په‌نجه‌ی سه‌ر كونه‌كانی شمشاڵی: ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا)دا ده‌له‌رێمه‌وه‌، ئای خۆ: ( قاله‌مه‌ڕه‌ )م بیر چوو، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌دای شمشاڵی یه‌كه‌م له‌ شیعری: (گۆران)دا به‌ر گوێم كه‌وتووه‌. كه‌چی به‌هه‌ر شه‌ش هه‌سته‌كانم له‌ توونی كوناوكونی شمشاڵه‌ میتاڵه‌كه‌ی خاڵه‌ قاله‌دا هه‌ناسه‌ی ژیان و مردن ده‌ده‌ن، ئه‌دی به‌قا و مانه‌وه‌ بۆ كێیه‌؟ بۆ یه‌زدان و جوانی و داده‌. گه‌یشتمه‌ ئاكامێك له‌ شیعره‌كانته‌وه‌، خودا شیعره‌، كه‌ چقڵی چاوی دووپشكان و بزنمژانه‌. شیعر تریفه‌ی زبانه‌ ناخییه‌كانه‌، به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زی بێگه‌رددا ئۆقره‌ بگرێ‌ بۆ چه‌ند ساتێك، ده‌نا جیوه‌یییانه‌ ئه‌و شیعره‌ سره‌وتی بۆ نییه‌ و ….. نییه‌.
شاعیر له‌ بۆسه‌دایه‌ بۆ راوكردنی وشه‌ ورشه‌داره‌ نێچیره‌كان، به‌ تۆڕی ئاوی بووبێت، یان تۆڕی زه‌وینی. مه‌له‌وان راو بكات، یان فڕنده‌ و باڵنده‌كانی زه‌ریای رۆحی ره‌وان. خدر زیندانه‌، جۆشا و خرۆشا و خۆی له‌ كه‌ناره‌كانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ی جوانییه‌ نزیك ده‌كاته‌وه‌ و ته‌لیسمان ده‌پێكی، ئه‌وساكه‌ ره‌نجده‌ر (هه‌ڵۆ) ده‌بێته‌ (دڵ) و دڵیش ده‌بێته‌ قه‌قنه‌سی: سووتان + به‌خشین بۆ زمانه‌ پاراوه‌كه‌ت، ده‌بێته‌ مووچڕكی دیداری (دڵبه‌ر). ئه‌مه‌ شكۆیه‌ له‌ شانه‌شینی شالیاری شێوه‌ شینه‌ شاهۆی شانه‌كانی هۆشدا له‌ شه‌ققه‌ی باڵ بدات. ته‌ماشا….. ته‌ماشا، شینه‌كانی زمان له‌ دۆخی (پیت)ه‌وه‌، كراسگۆڕی ده‌كه‌ن و ناو شینایه‌تی شینه‌ ئاسمان و كووژه‌كه‌ و یاقووتی شینه‌ لاجیوه‌ردییانه‌وه‌، ئه‌و شینانه‌ شه‌رمنانه‌ شه‌پۆل ده‌ده‌ن و خۆ نیشان ده‌ده‌ن به‌ ئێمه‌گه‌ل، ئه‌مه‌شه‌ شیعر كه‌ ده‌خوازێ‌ بیكه‌یته‌ نقێمی هه‌ر ده‌ په‌نجه‌كانت بۆ دركاندنی په‌نهان و رازه‌كانی بوونه‌وه‌ری. مه‌گین ئه‌و ده‌مه‌ هێلكه‌ی دیوده‌ری دانسقه‌ی جوانیی بترووكێ‌.
ئه‌دی شوێن، بێگومان پێگه‌ی دیاری هه‌یه‌ له‌ پاڵ كاتدا، چونكه‌، یه‌كه‌م: رێگه‌ی داهێنانه‌، دووه‌م: كانگایه‌تی، سێیه‌م: رێژگه‌ و ئه‌فراندن و ئیبداعه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌بینم ئه‌و جێكاته‌ ئه‌زه‌لی و سه‌رده‌مییه‌ له‌ لات چڕ و خه‌ست بۆته‌وه‌ بۆ ناو ( خود ) و له‌وێوه‌ بڵاچه‌ ده‌ده‌یت و ده‌دره‌وشێیته‌وه‌. دڵ، ده‌روون ، ناخ له‌ كنت بۆته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی كۆستاره‌كان و یونیڤێرس universe…، ده‌ك ئافه‌رین، ئه‌و جیهانه‌ هه‌تا هه‌تایی و زه‌به‌لاحه‌ت له‌و دڵ و رۆحه‌تدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مه‌ كاری پێغه‌مبه‌ران و نوێبه‌خشانه‌، من ئاسایی، نه‌ك خۆم به‌ په‌یامبه‌ر، به‌ڵكو به‌ خوداش زانیوه‌، ئه‌ی ئه‌ڤین به‌ واتا رۆحییه‌كه‌ی وابزانم مه‌یی ناو سوراحییه‌ی جوانسازیی و خه‌ڵقاندنه‌. (خه‌مر) هه‌وێنی نوێبوونه‌وه‌یه‌ چ خودایی بوو، یان خه‌مره‌ رژاوه‌كه‌ی (خه‌یام)، چونكه‌ هه‌ردووكیان مه‌ستمان ده‌كه‌ن و ده‌مانبه‌نه‌ سه‌رووی واقیعی خۆم و خۆت و خۆیان ….. تاد، له‌وێوه‌ش و ئاره‌زووه‌ دزێو و نه‌وسنه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ پۆشاكی رۆحمانه‌وه‌ لكابن، ئاوهایه‌. ده‌خۆت راوه‌شێنه‌ و وردبه‌ره‌وه‌ له‌و تاقیگه‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه‌دا. هه‌ڵبه‌ته‌ رێچكه‌ شكاندنت و رێچكه‌ شكاندنم، قیڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی لێ‌ ورووژاندین و دیاره‌ سزامان، هه‌مان سزاكه‌ی (سینمار ) ده‌بێت.

بنیاتنانی كۆشكی گه‌وهه‌رنگینی جوانیی و هونه‌ر، چاوی ناحه‌زان و كورتبینان ئه‌بڵه‌ق ده‌كات، نایانه‌وێ‌ شانه‌شینی ورشه‌دار ببینن، ره‌خنه‌ش كه‌م ده‌ست و كۆڵه‌واره‌ له‌عاست نۆ كۆشیعری تۆ و شه‌ش كۆچیرۆكی به‌نده‌، مه‌گه‌ر ترووسكایییه‌كی كزیان به‌ركه‌وتبێت. قه‌ڵه‌مێكی بوێر لای له‌ ڕۆمانی: ( په‌رته‌وازه‌ی ئێره‌ و ئه‌وێكانی ئه‌وان) نه‌كردووه‌ته‌وه‌. كه‌ موناقه‌شه‌ی هزری فه‌لسه‌فه‌ی گریكم كردووه‌ و جیهانبینیم له‌ زۆر رووه‌وه‌ ده‌راندووه‌. كه‌وا ناچار بوومه‌ له‌ ده‌قی رۆماندا ره‌خنه‌ له‌ ره‌خنه‌گر بگرم و تیۆره‌كانی ئه‌ده‌ب شی بكه‌مه‌وه‌. میتا رۆمانییه‌تی ده‌قه‌كانم هێشتا مافی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه‌، چوون ده‌قه‌ ناوازه‌كانی جه‌نابت. چاك له‌ قه‌سیده‌ی: ( تاك و جووت) بۆی چوویته‌ ( ئه‌وانگه‌ل ) له‌ قووڵایی دڵیانه‌وه‌ تاساون، به‌ڵام ( ئومێد ) هه‌زاران باڵی هه‌یه‌. له‌ ته‌ك هه‌زاران خاڵ و تاج و باج و….. ئه‌منیش هه‌زاران پشكۆ و په‌نگر و سكڵ، كانیله‌یه‌ك له‌ هه‌ڵقوڵان دواناخه‌ن، ئێمه‌ جوانیناس و ماندوونه‌ناسین، ئێمه‌ شه‌هیدی وشه‌ی ڕاست په‌رستیی و ناسكگۆین. دیاره‌ ئاشه‌كه‌ت، له‌ دزێویدا، له‌جیاتی گه‌نم، دانه‌وێڵه‌، (نمه‌ك = خوێ‌) ده‌هاڕێ‌. ده‌بیهاڕه‌، زیخ و به‌رد و ژه‌نگی رۆژگار بچێژه‌ تامی خۆنیگاراندن و بڵاچه‌كردن و فه‌یزی سرووشان.

شیعر په‌یامی هه‌یه‌؟ وه‌ڵام: نا. خۆی له‌ خۆیدا په‌یامه‌ و هه‌م باڵاڕووانی ناخ و ده‌ر. هه‌تاكو ئێستا باسم له‌ هه‌سته‌كان كردووه‌، ئه‌ی نه‌ست و ئه‌ودیوی هه‌سته‌ ناسراوه‌كان. مه‌گه‌ر شیعرییه‌تی زمان له‌ ده‌قدا لێوه‌ی نزیك بێته‌وه‌ و وێنای بكات، بۆیه‌ زۆرجار به‌و زمانه‌ چڕ و وێنه‌كاری و هزر ئامێزه‌ ده‌گوترێت زمانی نوخبه‌ و تاكه‌ تاكه‌، هه‌قیانه‌ و زۆریش، چونكه‌ شیعر ئامراز نییه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌ڵكو ئامانجه‌، ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌كه‌ و نكۆڵی لێ‌ ناكرێ‌، واش پێشبینی ده‌كه‌م دروشمی هونه‌ر بۆ هه‌موو. له‌ ئاینده‌دا خۆی له‌ به‌رزه‌خی جوانیدا بشارێته‌وه‌. ده‌بێ شیعر جۆرێك نه‌بێت له‌ په‌رستنی خودایی؟ وێنا كردنی ئه‌م ڕۆژانه‌ جودایه‌ له‌ وێناكردنی كلاسیكی، كه‌ (لێچوو) و (لێچوێندراو) پێكیان ده‌هێنا.

شاعیری نوێنیگای ئه‌وڕۆكه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی وێناكردنه‌كه‌یان مه‌به‌سته‌ له‌ مه‌ودای بینیندا. ئه‌وه‌ته‌ وتووته‌:( سه‌ره‌ په‌نجه‌كانت گه‌رم ده‌بن ـــ ئاوازی هه‌موو گۆرانییه‌كت دێته‌ گوێ‌ ) + ( چاو چرای سه‌ری مرۆڤه‌ ) به‌نموونه‌، یان ( كێڵگه‌ی په‌راسووت پڕ شیرترین گوڵه‌گه‌نمی هه‌ست ده‌گرێ‌ ) و زۆری تریش له‌ سه‌وزگای چاوی ناخت ده‌پشكوێن و چرۆ ده‌كه‌ن، باش بۆی چوویته‌ كه‌ ( نه‌ ژیان بردنه‌وه‌یه‌، نه‌ مردن دۆڕان )، به‌ڵام گه‌مه‌یه‌كی كۆمیدی – تراژیدییه‌كی هه‌ڵنه‌هێندراوه‌ و منیش په‌یتا په‌یتا باجی ته‌مه‌نم ده‌ده‌م، به‌ كێ‌؟ خۆشم نازانم، ئا، ئا، به‌ هونه‌ر و به‌ جوانیی، تۆ بنواڕه‌، سیزیفی ئه‌فسانه‌ به‌ردی سه‌ر شانی ده‌هه‌ورازێنێ‌، كه‌چی من ئه‌و به‌رده‌مه‌ كه‌ به‌ تاوتل ده‌ده‌م و غلۆر ده‌بمه‌وه‌ به‌ره‌و نادیار. گیانه‌كه‌م، ( كه‌ڵه‌كێوی له‌ ته‌مه‌ن درێژیدا شاخی جوان ده‌بێت) ئه‌وه‌ بۆ هه‌ڵواسینه‌ به‌دیواردا گولله‌ی گڕدار سینگی ده‌پێكێ‌، خۆزگه‌م چه‌ند باره‌، به‌و جوانبینییه‌ت سه‌رسامم كه‌وا له‌ چاوه‌ڕوانیی ( به‌خششی ئه‌شق و خه‌ڵاتی دیدار و مه‌ئوای جاویدانی و خه‌رمانی خودایی)ت، به‌ واتایه‌كی روونتر به‌ ئاواتی پاداشت و قه‌ره‌بوویت. ئه‌ز، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئه‌وم له‌خۆمدا ناسی و دوور له‌ چاوه‌ڕوانیی ( گۆدۆ )ی بێهووده‌، دڵت لێم نه‌ڕه‌نجێ‌ هه‌ی ره‌نجده‌ری داهێنه‌ر و ئازاردراوی ده‌ستی رۆح پیسه‌كان، خۆت وته‌نی: پاشخاپه‌رۆكه‌كان: ده‌ گوێ‌ بۆ ئه‌م چیرۆكه‌ی: ( رابیعه‌ عه‌ده‌وی ) سۆفی هه‌ره‌ مه‌زن بگره‌. سه‌تڵێ‌ ئاو و باوه‌شێ‌ پووشی پێبوو، كه‌ كابرایه‌ك پرسیاری لێ‌ كرد: ها بۆ كوێ‌ ده‌چیت؟ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌م ئاوه‌ ده‌چم دۆزه‌خ خامۆش بكه‌م و به‌م پووش و په‌ڵاشه‌ش به‌هه‌شت بسووتێنم. كابرا واقی وڕمابوو، كه‌ گزاره‌ی كێشا: بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر په‌رستنی خودا نه‌ له‌ ترسی (ئاگر) بێت و نه‌ بۆ پاداشتی (به‌هه‌شت)ی دڵارا، ته‌نیا بۆ خودی خودایی ئه‌و بێت و به‌س.

ئه‌وه‌یه‌ مێرگی راز و هێما و شته‌ بێناوه‌كان. ئه‌م جاویدییه‌ به‌ كێ‌ ده‌سته‌مۆ ده‌كرێت، براكه‌م. له‌و ده‌مه‌ی تلاوتل له‌ناو ته‌ونی ته‌مه‌ندا ده‌توێمه‌وه‌. تۆ خاڵان بهۆنه‌وه‌ و بیكه‌ ملوانكه‌ی گه‌ردنی قه‌تێی گه‌رمه‌سێر و له‌سه‌ر باڵ و ژێر باڵی خاڵخاڵۆكاندا بخاڵێنه‌، پێشتر نه‌مگوت خاڵ پیرۆزه‌، چوون په‌لكه‌زێڕینه‌ و ئاوی به‌قا. خاڵ، خاڵبوون، خۆت، خۆم…خ خ خ، خه‌ون، خودا، خزان، خه‌زان، خۆر، خه‌ڵوه‌ت، …. ئاخ، داخ، خ خ خ تۆ به‌ تاسه‌وه‌ (سه‌مای نووسین) بگره‌ و منیش بیناییم هه‌ڵخستووه‌ بۆ ترووسكه‌یه‌كی گیانبه‌خش، موژده‌كانم بوونه‌ته‌ تۆڕی ڕاوكردنی په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌كان نه‌بادا به‌یه‌كجاری لێم ون و ئاواببن، ئه‌وسا نقوومی عه‌ده‌م و تاریكیی، بریا ئه‌م تۆزقاڵه‌ ره‌شكه‌ و پێشكه‌یه‌م ده‌رفه‌تی چه‌پكێ‌ وشه‌ی ته‌لیسمداری بۆ ده‌ڕه‌خساندم، خۆزگه‌ ئه‌م لاپه‌ڕانه‌ش دوا تۆمار نه‌ده‌بوون چاوه‌كه‌م ره‌نجده‌ری شیعر رۆشنا و ئارام.
باوكی خه‌ون و یاد، پێنج چیرۆكۆكه‌م له‌ مێشكدایه‌، ناوێرم بیانخه‌مه‌ گه‌رووی چاپخانه‌وه‌، نه‌بادا په‌یمان شكێن بم، تۆ كه‌سی یه‌كه‌می خوێنه‌ریانیت:
1- سێو و سیاسه‌تمه‌دار:
ده‌رفه‌تی گوێ‌ گرتنم نه‌بوو له‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ سه‌ر و ریش – به‌ بۆیاخ – قه‌ترانییه‌، وه‌لێ‌ له‌ رۆژنامه‌دا ده‌ستكه‌وتم ده‌یان هه‌ڵه‌ی زمان و رێنووس بوو، لێره‌ش له‌ بازاڕه‌ كراوه‌كه‌دا به‌ فرۆشیاره‌كه‌م گوت: كیلۆی (ئۆمینا/ omena) به‌ چه‌نده‌؟ گوتی: ئۆمینام نییه‌، په‌نجه‌م بۆ سێوه‌كان درێژ كرد و چاوی سه‌رسامیم لێنا، گوتی: ئا من (ئۆمێنا/omena)م هه‌یه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ داواتكرد، له‌ بازاڕان وانه‌ی زمان ده‌ڵێن.

2- شاعیرێك:
برا گچكه‌كه‌ی شاعیری به‌رهه‌ڵستكار و ئاشتیخواز شانه‌ی ده‌مانچه‌كه‌ی له‌و مێردمنداڵه‌ به‌تاڵ كرد، چونكه‌ له‌ خۆشی به‌فر، تۆپه‌ڵێكی له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان گرتبوو.

3- ده‌مانچه‌:
له‌ خواردنگه‌كه‌دا، ئه‌مینداری گشتی حیزبه‌كه‌ ده‌مانچه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ جێهێشتبوو، شاگرده‌كه‌ به‌خۆشی خۆشی و هه‌ڵه‌داوان، ده‌مانچه‌كه‌ی بۆ درێژكرد، كه‌چی پاسه‌وانانی ئه‌مینداری گشتی دایانه‌ به‌ر رێژنه‌ی كلاشینكۆف .

4- جێگۆڕكێ‌:
ژنه‌كه‌ به‌ شووه‌كه‌ی گوت: با جێگۆڕكێ‌ بكه‌ین، پیاوه‌كه‌ گوتی: شووه‌كه‌م چۆن؟ ژن به‌ خۆویستی ئاماژه‌ی بۆ سه‌رووی برۆكانی و خوارووی پێیه‌كانی كرد و به‌ ده‌نگیش گوتی: تۆ هه‌میشه‌ له‌ سه‌روو بوویته‌، ئه‌مجاره‌ گۆڕانكاری، تۆ له‌ خواره‌وه‌به‌ له‌سه‌ردابه‌كه‌دا، منیش له‌ بانه‌وه‌ ده‌چمه‌ بانه‌بان .

5- ته‌ورێكی ژه‌نگن:
نه‌مامێكی ناسكی جه‌نگه‌ڵه‌ چڕه‌كه‌، ته‌ورێكی ژه‌نگنی له‌ ڕێره‌وه‌ ته‌سكه‌كه‌دا دی، هاوار و فیغانی به‌رز بۆوه‌ و له‌شی خه‌ڵتانی ئاره‌قه‌ و له‌رزین بوو! داركاژێكی به‌ ته‌مه‌نی ئه‌زمووندار، ئاوها هێدی هێدی، هێور و ئارامی كرده‌وه‌. (( ئه‌گه‌ر تۆ و براله‌ جوانمێرده‌كانت نه‌چنه‌ كونه‌ ژه‌نگنه‌كه‌یه‌وه‌ و یاریده‌ی هه‌ڵسانی بده‌ن، هه‌رگیز ئه‌و ببڕ و بكوژ نابێت.

به‌دڵتن؟ ئاشنام بكه‌ به‌ ( نا.. و .. به‌ڵێ‌ )ت، به‌هه‌ردووكیان ئاسووده‌ ده‌بم، چونكیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ بمگوتبا، گوتم و خۆم خسته‌ سه‌ر كاغه‌ز و له‌ نه‌یار و ناهه‌ق و ناقۆڵا نه‌سڵه‌میمه‌وه‌. بێ‌ ئه‌وه‌ی چاو له‌ڕێی ئافه‌رین و (مایه‌) و (سایه‌) و (پایه‌)بم. ئه‌وانه‌یش، كه‌ لایه‌كیان له‌ حه‌رفه‌كانم كردووه‌ته‌وه‌، ویژدانیان هانیانی داون و هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌نده‌ی له‌ پاڵدا نه‌بووه‌ و ناشبێت. به‌یارمه‌تی شوانی نۆبه‌ره‌م ( ز: 1958 ) وه‌ڵامی ڤیدیۆیی كاكه‌: (عه‌بدوڵڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ)م دایه‌وه‌ و كاشكێ‌ ده‌تبینی، هه‌روه‌ها (سه‌ربه‌ست كه‌ركووكی) له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكی خێزانی هه‌بوو. وه‌ڵامی ئه‌ویشم دایه‌وه‌ به‌ڕاسته‌وخۆیی له‌ ناكارایی دیده‌مدا. ئه‌وجا شوان ده‌زانێ‌ له‌ كام فه‌یس بووك/Facebook دایه‌ .

ره‌وایه‌ گه‌ر بڵێم له‌م (80) قه‌سیده‌یه‌تدا گزینگت داوه‌، گڕت به‌رداوه‌ته‌ زیوانگه‌ و دڕكه‌جاڕی وشه‌فرۆشیی و هه‌رزه‌گۆیی و ته‌نافبازیی و پیت و فه‌ڕ زینده‌به‌چاڵكردن، زینده‌به‌چاڵكردنی جوانیی، جوانیی، جوانیی ….. تاد، ئه‌وپه‌ڕی جوانیی. مه‌ودای هه‌ڵفڕینی ژه‌نگنووسان، دووپشكنووسان، قه‌وزه‌ نووسان زۆر كورته‌ و ده‌بنه‌ خڵته‌ و ره‌شایی ژێر مه‌نجه‌ڵ، ئه‌وانگه‌ل میدۆزا و ئه‌هریمه‌نی وێژه‌ن. هه‌موو جوانناسێك تووك و نه‌فره‌تیان لێ‌ ده‌كات نا..نا.. ئیتر سكاڵا له‌ شیعر مه‌كه‌، نه‌كه‌ی.. ئه‌وه‌ نییه‌ نه‌ك (پێكی ئه‌شق، بگره‌ گۆزه‌ی پڕی بۆ هێناویت.) به‌ تارای سرووش و تاسه‌ی وێناندن و ته‌زووی خۆدۆزینه‌وه‌ دایپۆشیویت. له‌ به‌رزه‌خی بوونژیان + نه‌بوونمردندا لایه‌لایه‌ت بۆ ده‌كات. له‌و ئانه‌یدا خه‌ریكی دۆنایدۆنیت بۆ بوونه‌: (هه‌ڵۆ مێرد)ی چوون هه‌ڵۆ قژ چه‌رمووی ڕۆمانێكم، به‌خته‌وه‌ر خۆت. تاكه‌ جوانی له‌وه‌دایه‌ خۆ بناسی و گوێ‌ بۆ زه‌نگی ناخ بته‌كێنی هه‌ی به‌هره‌مه‌ندی گۆڕانكار. به‌ سه‌د و بیست و چوار هه‌زار سروه‌ت ده‌سپێرم. گیانه‌كه‌م، له‌ ده‌قێكمدا هه‌یه‌ كه‌ پێش وشه‌ جوانیی هه‌بووه‌، ئا ئه‌وه‌ جوانییه‌ بێ هاوتا و بێ مانه‌نده‌ وشه‌ی ئه‌فراندووه‌ و وشه‌ش ئێمه‌ی هاویشتووه‌ته‌ ناو كایه‌كه‌وه‌ تا وه‌ك كه‌لایه‌ك بین له‌ كریستاڵ.. ئا.. ئا.. كه‌لایه‌ك و به‌س.
له‌و گه‌مه‌یه‌دا كه‌لا ده‌بێته‌ گرۆڵه‌به‌ن و په‌یتا په‌یتا غلۆر ده‌بێته‌وه‌ هه‌تا ئه‌وسه‌ری دیكه‌ی به‌نه‌كه‌، به‌ واتای ته‌جریدabstract هه‌مان دوو خاڵه‌كه‌ی ده‌سپێك و كۆتایه‌.
ئازیزه‌كه‌م. تۆ وته‌نی: به‌تاڵ. به‌تاڵ. به‌تاڵ. به‌تاڵ ئه‌و دوو خاڵه‌.

هه‌مان دووخاڵی سه‌ر جووته‌ نوونی: (ژیان و مردن)ه‌كه‌ی: (دوا تاریكی)ته‌. ئا.. ئا.. خاڵه‌ مه‌زنه‌كه‌ی و له‌ منی بژنه‌وه‌: گشت ڕووه‌و ئه‌و خاڵه‌ ده‌چین. هه‌م له‌ خاڵه‌كه‌ش په‌یدا بووینه‌، تیۆری (Big Bang)یش وای گوتووه‌، ئه‌وجا به‌ (ڕاستی) وه‌ربگریت، یان (نموونه‌یی).
خۆ ڕاستیشه‌ وتووته‌: (جوانی هه‌موو كات هی من بووه‌) سه‌نگ و مه‌حه‌كه‌. ئه‌میش (شكۆی) په‌یامه‌كه‌ته‌.
له‌دوا ئاواتمدا ده‌خوازم له‌ به‌نده‌ زیاتر بژیت و (80) ساڵ تێپه‌ڕێنی. دێمه‌وه‌ سه‌ر كرۆكی ڕۆمان، كه‌ دامێنی ته‌مه‌نمم بۆ ته‌رخانكرد، هونه‌رێكه‌ سه‌ربه‌خۆی خۆی. ده‌ڵێم: ئامانجی نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ بڕوا به‌و عاله‌مه‌ی بكه‌ین و له‌گه‌ڵ كه‌سێتییه‌كانی بژین، به‌ڵكو ده‌شبێ‌ لایه‌نی: 1- چێژ. 2- سه‌رسامیی له‌لامان دروست بكات، ڕێگه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. 1- شه‌پۆلی ئاگایی. 2- گێڕه‌ره‌وه‌ی ناوخۆی. 3- چیرۆك له‌ناو چیرۆك. 4- ده‌قئاوێزانیی له‌ هونه‌ره‌كانی تروووو…..، چونكه‌ هونه‌ره‌كان – له‌وانیش ڕۆمان – زه‌رووره‌تی خۆی له‌ موغامه‌ره‌ی بێكۆتایی ده‌دۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك (ته‌عریف)ێكی سه‌قامگیر نییه‌ بۆ ئه‌م هونه‌ره‌ ڕوو له‌ پێشه‌. ڕه‌گه‌زه‌كانی به‌ند ناكرێن له‌ قاڵبی ئاساییدا. شێوه‌ له‌ هونه‌ردا به‌ هیچ جۆرێك پیرۆز و موقه‌ده‌س نه‌بووه‌ و نابێت به‌مه‌رجێك، ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بابه‌ت بووبێت. به‌ڵام ڕۆمان كه‌ڵكمه‌ند بووه‌ له‌ جۆر و شێوه‌ی پیته‌كان و دامه‌زراندنیان له‌ پانتایی لاپه‌ڕه‌دا، به‌كارهێنانی وێنه‌ و نیگار و قه‌رزكردنی ده‌قی تر و ….. تاد، وه‌ك ڕه‌خنه‌گر دكتۆر: ( یومنی العید) ده‌ڵێت: (خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ئاگادار له‌ په‌یكه‌ری ده‌قی نوێ‌، ده‌خوازێ‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدات له‌ چێژ وه‌رگرتن و زانینی نهێنییه‌كانی گه‌مه‌كه‌ و هونه‌ری داڕشتنه‌كان).

له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی زانستی (شێوه‌)وه‌، خوێنه‌ر ده‌گاته‌ ناوه‌رۆك و بابه‌ت و به‌هیچ پێودانگێك گه‌مه‌یه‌كی شكڵبازی نییه‌… نا، به‌ نموونه‌: جیاوازی ئۆكسجین و ئۆزۆن له‌ ژماره‌ی گه‌ردیله‌كانیاندا نییه‌، یه‌كه‌میان دوو گه‌ردیله‌یه‌ و دووه‌م سێ گه‌ردیله‌یه‌، به‌ڵكو جیاوازییه‌كه‌ له‌ (په‌یوه‌ندی ناو خۆیی ئه‌و گه‌ردیلانه‌)دایه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ زیادكردنی گه‌ردیله‌یه‌كی، ئۆكسجین نابێته‌ ئۆزۆن. ئه‌مه‌یش له‌م به‌راورده‌ماندا ده‌كه‌ین، ناشێت دوور له‌ (ناوه‌رۆك) بڕوانینه‌ ( شێوه‌)، چونكه‌ له‌ بنه‌مادا نووسین به‌رجه‌سته‌كردنی مانایه‌ و ناشكرێ‌ چڕی بكه‌ینه‌وه‌ له‌و مانایه‌دا و به‌س. كه‌واته‌: دوو ڕه‌گه‌زی پێكهێنه‌رن. دابڕاندنی ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌، به‌لامه‌وه‌ مه‌ودا جه‌وهه‌ریی و هونه‌رییه‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌چن، ده‌مێكه‌ (هینری حجی) گوتوویه‌تی: (گرینگ ئه‌وه‌ نییه‌ چی ده‌نووسیت، به‌ڵام چۆن ده‌نووسیت.) له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ (باختین) بۆچوونێكی ڕاستی ده‌راندووه‌: (ڕۆمان تاقه‌ ڕه‌گه‌زێكی ناته‌واوه‌، واش ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌زموونێك له‌ ئاستی شكڵدا به‌ره‌و پوختبوون (كمال) ده‌بات، ڕێگه‌ی دیش هه‌ن.) ئه‌مه‌ش وا له‌ خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ ده‌كات، كه‌ واز له‌ (بێ لایه‌نی)ی خۆی بێنێ و وه‌كو به‌شدارێك ڕۆبچێته‌ پێچاوپێچی ده‌قه‌كه‌وه‌، وه‌كو به‌شدارێك له‌ ته‌ك كه‌سه‌كاندا و تێهه‌ڵكێشی جێكات و (فه‌زا)كان.
حه‌زمده‌كرد دووباره‌ به‌ ئه‌زموونه‌ ڕۆحی و هونه‌رییه‌كه‌مدا بچیته‌وه‌ له‌ ڕۆمانی: (ڕه‌نگستانی ئه‌فسانه‌، یان ئه‌فسانه‌ی ڕه‌نگستان). چاوی داهێنه‌ران ماچ ده‌كه‌م و رێزم بۆ داهێنان هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی چاوی: (تۆ و ئه‌حمه‌دی مه‌لا)، هه‌ردووكتان له‌ پله‌ی باڵای داهێنانی شیعردا و (ئه‌دیب نادر) له‌ پله‌ی باڵای داهێنانی چیرۆكدا و: (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)یش له‌ پله‌ی باڵای داهێنانی رۆماندا ده‌بینم. هیوام به‌ گه‌نج زۆره‌ و نیشانه‌ی گۆڕانكارین.

تێبینی: من شێوه‌ رۆمانێكم هاویشته‌ ناو كایه‌ هونه‌رییه‌كه‌وه‌،كه‌ سه‌ربه‌خۆمه‌.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج
18/6/2016 فنلاند




گه‌رانه‌وەیەک بێریڤان … جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

فێستیڤاڵی جیهانی دوو هەزار و شانزە بۆ نمایشی فلیمی دوکومێنتی، لە شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆلندا بەڕێوەچوو،
یەکێک لەو فلیمانە، بەرهەمی دەرهێنەری کورد زەهاوی سەنجاوی (47 ساڵ) بوو، بە ناونیشانی، “گه‌رانه‌وه‌یەک The Return”
بابەتی “گەڕانەوەیەک” ئاکامە سەختەکانی کۆمەڵکوژی و ڕاونانی یەزیدییەکانە لە شەنگال بەدەستی داعش.

شوێنی دەرهێنانی ئەم فلیمە، کەمپی ئاوارەکانی یەزیدییەکانە لە با‌جد که‌ندال له‌ کوردستانی باشوور. لەم بارەوە ده‌رهێنه‌ر له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ده‌ڵێت: ” له‌ چوارچیوه‌ی هونه‌ری سینه‌ماییدا، کاره‌سات و کۆمه‌لکوژی یه‌زدییه‌کان به‌ جیهان ده‌ناسێنم، هه‌روه‌ک چۆن نوسه‌ران و مێژووناسان، مێژوو ده‌نووسنه‌وه‌، منیش ئاوا لە‌ ڕێگا‌ی کاری سینه‌مایییه‌وه،‌ واقعی ژیانی ئه‌مرۆی ئاواره‌کان ده‌خه‌مه ڕوو.”
ئه‌م فلیمه‌‌ بووە جێگەی سه‌رنجی زۆری بینه‌رانی هۆله‌ندی و خەڵکانی تری و لە پەیوەندەدا، بۆ چوار جار له‌ هۆڵی سینه‌مای جیاوازدا له‌ ئه‌مستردامدا نمایشدرا.

فلیمی” گه‌رانه‌وەیەک‌” له‌سه‌ر هەلومەرجی ژیانی پڕئازاراوی یه‌زیدییه‌کانه‌ له‌ ناوچادردا،‌ لەدوای کاره‌ساتی جه‌رگبڕی هێرشی دڕندانه‌ی
داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ناوچه‌کانی تر، ڕزگاربووانی ئەم تراجیدیایە له‌ چ بارێکی ده‌روونیدا دەژین؟ چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌؟ چۆن ده‌ڕوانن لە ژیان؟ چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن؟ تۆ دەڵیت چی؟ کاردانه‌وه‌ت چۆن ده‌بێت، کاتێک کە گوێبیستی به‌سه‌رهاتی باوکێکی لێقه‌وماو دەبیت، باسی به‌سه‌رهاتی ڕفاندنی کچه‌که‌ی ده‌کات؟ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ل ئه‌و منداڵانه چۆن ده‌بێت، که‌ له‌به‌رچاوی خۆیان دایکیان کوژران یان سه‌ربڕاون؟ ئێستاش ته‌نیا ماونه‌ته‌وه‌؟
چۆن ڕەفتار له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه ماتانە ده‌که‌یت، که لەتاو‌ دڵی پڕ ئه‌شکیان ئۆقرە ناگرن، ئه‌و ژن و کوڕه‌ گه‌نجانه‌، که‌ له ئه‌نجامی زه‌بری ده‌روونی، نائومێدی و بێئارامی و ترسی لەڕاده‌به‌ده‌ر، باڵی به‌ سه‌ر ژیانیاندا کێشاوه‌؟ کچێکی‌ گەنجی سویدی بە ڕەگەز کورد،* شیلان ئا‌تروشی (35 ساڵ)، که‌ له‌ سوید گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، پیشه‌ی په‌رستیاره، له‌گه‌ڵ دکتۆر لوقمان پێکه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌و که‌مپه‌‌ کار ده‌که‌ن، شیلان بە سەرما و بەناو قوڕوچڵپاودا، سه‌ردانی ئاواره‌کان ده‌کات، ده‌رمانیان بۆ ده‌بات، سەردانی یەک بە یەکیان دەکات و
ئه‌وانیش کاره‌سات و ڕووداوی خۆیان بۆ شیلان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئیتر شیلان به‌ گوێگرتن و کاردانەوە پیشان دان، دەبێتە هاوبه‌شی غه‌م و ئازاری کۆمه‌ڵکوژی و ڕاونانی ئەم مرۆڤانە، به‌م جۆره‌ ئه‌م په‌رستیاره‌ جارێک به‌ گوێگرتن، جارێکی تر به‌ گریان و چاوی پڕفرمێسکەوە، به‌ خه‌نده‌ و خۆشه‌ویستی باوه‌شی گه‌رم بۆ ئاواره‌کان ده‌کاته‌وه‌.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، ئه‌م خانمه‌ به‌ ڕه‌سمکردن و گۆرانی و یاری، کات له‌گه‌ڵ منداڵانی که‌مپه‌که‌ ده‌باته‌ سه‌ر. شیلان له‌ ناو منداڵاندا ڕۆلێکی گرنگ و به‌رچاوی دەگێڕێت، به‌ جۆرێک هه‌موو منداڵانی که‌مپه‌که ئه‌م په‌ستیاره‌ ده‌ناسن و دەبێتە مایه‌ی متمانه‌و دڵنه‌وایییان. کاری شیلان هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێته‌وه، که‌ ئاواره‌کان بەسەربکاتەوە، بە هانای نه‌خۆشه‌کانەوە بچێت و لە ئێش و ئازاری منداڵان کەم بکاتەوە، به‌ڵکو له‌ چادرێکدا چاوی بە حاله‌تێکی ئالۆز دەکەوێت ، ژنێک کە هەموو پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە پچڕانبدووە. ئه‌م ژنه‌ له‌ ئه‌نجامی زه‌بر و ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی خۆی لەناو چادرێکدا زیندانی کردووە، قسه له‌گه‌ڵ که‌س ناکات، شیلانیش بۆ دەرهێنانی ئەو ژنە لەو هەلومەرجەی تێیکەوتووە، دەکەوێتە گێڕانه‌وه‌ی ڕابوردووی ژیانی خۆی، کاتێک کە منداڵ بووە، چۆن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌، قاچه‌کانی باش گه‌شه‌ نه‌کردووە، ده‌رئه‌نجام که‌مئه‌ندام لێدەرچووە.
سەرەڕای ئەوەی کیشه ‌و گرفتی زۆری بۆ دروست ده‌بیت … به‌ڵام هێز دەدات خۆی و ئازایانە ئەو گیرگرفتانەی ئەم نەخۆشییە بۆی هێناوەتە پێشەوە، بەسەریاندا زاڵ ده‌بێت و ئێستاش لە دۆخێکدایە، کە دەتوانێت به‌ دڵێکی گه‌وره‌وه‌ هاوکاری ئاواره‌کان بکات. به‌م جۆره‌ ورده‌ ورده‌ شیلان دەتوانێت توانایییەک ببخشێت بەو ژنە، کە هەستێت و دەرگای ڕوو بەدەوەرە لە خۆی بکاتەوە.

شیلان له‌ کورته‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ووتی، ئه‌مه‌وێت له‌لایه‌ک بە گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆم‌، ئاواره‌کان هانبده‌م بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌ سه‌ر ژیانی خۆیاندا زاڵ بن، ‌لەلایه‌کی تریشەوە، من وه‌کو په‌رستیاری که‌مپێک هەوڵ دەدەم چیرۆک و کاره‌ساتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ گه‌لانی تر بناسێنم. هه‌ر به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تی ئاواره‌کانی که‌مپه‌که‌دابم.
و شایانی باسه‌، له‌ دوای ته‌واو بوونی فلیمه‌که‌، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی فێسیتڤاله‌که‌دا له‌ڕێگای دیمانه‌یه‌که‌وه‌، زه‌هاوی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی دا‌یه‌وه ‌و ئاماژه‌ی کرد بە ئاین و که‌لتوری یه‌زدییه‌کان. لە کۆتاییشدا، به‌ گه‌رم و جۆشوخرۆشییه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له شیلان و ده‌رهێنه‌ری فلیمه‌که‌ کرا.
شیلان ، چه‌ند ساڵیک له‌ مه‌وبه‌ر له‌ سویدەوە گه‌راوه‌ته‌وه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌ هه‌‌ولێر و هاوکات له‌ که‌مپی با‌جد که‌ندال، وه‌ک په‌رستیار کار ده‌کات.




سنوری قلیاسان و سنوری دێگەڵە ….بۆ!!؟ … ساوێن بەهادین نەسیم

ئەگەر لە ماوەی ٢٢ ساڵی حکومڕانی کوردیدا لە باشور، یەكێک لەهەرە کۆسپە گەورەکانی بەردەم هەرێم ئەو جیاکارییە بوبێت کە لە نێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوزدا هەیە ، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەمە درێژکراوەی بەرژەوندییەکانی وڵاتانی ناوچەیی بوە و لەسەر خاکی ئێمە ڕەسم کراوە ، خۆ ئەگەر ئەمە بوبێتە هۆی ئەوەی کە نەتونرا بێت ئیدارەیەکی یەکگرتو لەسەر خاکی باشوری کوردستان دروست بکرێت ، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ غیابی ئیرادەی نەتەوەیی لای سەرانی حیزبی دەستەڵاتدار ، بە واتایەکی تر بەرژەوەندی دەستەیەک لە ناو حیزبەکاندا وای کردوە هەمو پرسە نیشتمانییەکان بخرێتە خزمەت ئەو دەستەیەوە ، زۆنی زەرد و زۆنی سەوز وێنەی شکشتی ئیدارەیەکی یەکگرتوە ، خۆ ئەگەر ئەوەشمان قبوڵ بێت ئەوا هاوسەنگی نێوان ئەم دو زۆنە بەستراوە بە بونی جۆرێک لە میرنشین لەم دو زۆنەدا ، ئەوەی لای من گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە خۆپیشاندانی سپی مامۆستان ئەگەر چی توانی زۆر سنوری باش تێپەڕێنێ و هەمو چین و تۆێژەکان لە دەوری خواستی مامۆستایانان کۆبکاتەوە ، بەڵام ئەگەر مامۆستیان ویستبێتیان شەقام بکەنە پاشخانی داواکارییەکانی خۆیان ، ئەوا کاتێک نوێنەرایەتی دروست دەکەن ، دیسانەوە حیزب لە ڕێگەی دەمامکەکانیانەوە دێنەوە ناو خۆپیشاندان و بە ئاراستەی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەبەن ، ڕاستە مامۆستایان دەنگێکی حەق بێژ بو ، بەڵام کاتێک ئەم دەنگانە دەخەیتەوە ناو سەبەتەی حیزب ، ئیتر وک ئەوە وایە خۆپیشاندانەکانت بۆ بۆشایی بێت ، داواکاری مامۆستاین ڕوی لە حیزبەکان بو ، دەبو حیزبەکان بهاتنایەتە بەردەم شەقام و چۆکیان دابدایە ، نەک نوێنەرەکان بە پێکەنینەوە بچنە بەردەم حیزبێک کە کۆی ئەم قەیرانانە لە ئەستۆی ئەودایە ، بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی دەستەڵات لای ئەوە ، سەرەڕای ئەوەش دەبینین ئەم حیزبە لە سنوری قەڵەم ڕەوی خۆیدا کەس ناوێرێت فزە بکات ، وە لەوەش ناشیرین تر سنوری زۆنی زەردە کە دەبینین چۆن هەر ڕۆژەی بە بیانویەک و هەر جارەی چەند کەسێک ناهێڵن بچنە ئەو دیو سنوری دێگەڵە ئەگەر چی پارێزبەندی یاسایشی هەبێت .

ئەوەی لەم خۆپیشاندانەی مامۆستایان ١٤/١ ، بە تایبەت ئەو وێنانەی لەبەردەم پردی قلیاساندا گیراوە و نوسیویانە دێگەڵە زەنگێکی مەترسیدارە ، وە زەمینە خۆش دەکات بۆ فراوانخوازییەکانی پارتی ، بە تایبەت کە دەوترێت پردەکەی قلیاسان سنوری دێگەڵەیە ، ئەمە دەکاتە فراوانکردنی سنوری زۆنی زەرد و پارتیش خۆی ئەمەی دەوێت ، بە جۆرێکی دەیکە خۆمان سنورەکەی بۆ ڕادەکێشین بۆ ناو سلێمانی ، دەتونرا ناوێکی تری بنرێت وەک دیواری بەرلین ، یان هەر ناوێکی تر ، ئەگەر چی ئەم دروشمە لە نیەتی ڕێگریکردن و دیکتاتۆریەتەوە هاتەوە ، بەڵام دەتوانرێت بە دیوێکی تردا تەفسیری تر هەڵگرێت لە قلیاسان بەودیودا بەم دروشمە بخەیتە سەر زۆنی زەرد ، بۆیە باشتر وایە ئەم دروشەمە نەوترێتەوە تا خۆپیشاندانی مامۆستایان لە قازانجی هیچ حیزبێک نەشکێتەوە و شەقام گەورەتر بێت لە حیزب و حیزب ناچار بێت ، بێت لەبەردەم شەقامدا چۆک دابدات .




ڕێککەوتن لە پێناوو چی و یەکگرتن بۆچی ؟!!! … شکار محمد

ڕێککەوتنی ی.ن.ک و گۆڕان تەنھاو تەنھا دەرمانێکی کاتی بۆ ھێور کردنەوەی ئەو خەڵکە ، چونکە ھەردوو لا باش دەیان زانی گەر کارێکی لەو جۆرە نەکەن خەڵکی گەر لێیان ڕانە پەرێت سزایەکی زۆر باشی ئەو دولایەنە ئەدەن ، بە دەنگ و پشتیان لێ ئەکەن و ئەمەش ئەبێتە گەورەترین ترس کە ھەموو لایەنێکی سیاسی ھەیەتی و ئەم دوو لایەنە بەتایبەتی ، گۆڕان پێکھاتە زۆرینەییەکەی یەکێتیە کۆنە کانن و بەشێکی کەمی یەکگرتوو و بەشێکی زۆر کەمی پارتی و کەمینەیەکیش بێ لایەنە کان بەشێکیان ئیسلامیەکانن، یەکێتیش کە خۆی دۆخی ناوو خۆیی جێگیرنیە و مل ملانێیی توندی ناو ھەر دوو باڵەکە بە ڕوونی تا وەکوو ئەم چرکە ساتەش بەردەوامە ، سەرە ڕایی ھەندێک بیر و بۆ چوونی جیاوازیش کە لە نێو ھەردوو باڵە کەدا ھەن ، ھەر دوو لایەن ی.ن.ک و گۆڕان لە ترسی لە دەست دانی دەنگ دەرانیان و پەرت نە بوونی دەنگە کانیان بۆلای پارتی ودابەشنەبوونەوەی دەنگە کانی بۆ ئەولایەنانە ، ھاتن بە واژۆکردنی ڕێککەوتن نامەیەک کە بە بیروو ڕای من تەنھا بۆ دامرکاندنەوەی ڕقی خەڵکی زۆنی نیلی و سەوز بوو کە بەناوی هاوسەنگی هێزەوە کرا ، ھیچی دیکە لە سەرو بەندی ڕێکەوتنە کەدا دەیان وت لە ماوەی سێ مانگ دا کاریگەری ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بژێووی ھاوڵاتیان دە بێت ، من ماوەی ئە و مانگانە کە بەسەر ڕێککەوتنەکەدا تێپەڕیوە و کاریگەر یە کەی کە چەندە و چی بوە من ئە مەیان بۆ ئێوە جێ دێڵم ، ماوەیەکە بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە بەرپرسان و کادیر و ھەڵسووڕاوانی ھەردوولا دەبیستین کە بەنیازی یەکگرتنن ، جا یەکگرتنەکە بە ھەر شێوە و قۆناغێک بێت بەڕای بەندە ڕێککەوتنە کەش جگە لە ترسی دەنگدەرانیان سەرەتایەک بوو بۆ یەکگرتیان و ھەنگاوێکی سەرەتاییانەی ھەر دوو لابوو ، سەبارەت بە یەکگرتنەکەش کە دەبیستین ئەم دوو لایەنە بەنیازی یەکگرتنن ئەم ھەنگاوە یان جددیە و لە سەر ئاستی باڵای ھەردوو لا چەند کۆبوونەوەیەکی داخراو و نھێنی کراوە ، ھەموو حەدەسێکی سیاسی بەدەر نەییە لە لایەنی پۆزەتیف و نێگەتیڤ ، خۆی من لێرەدا تەنھا ئاماژە بە سلبیاتی یەکگرتنەکە ئەدەم ، دابەش بوونەوەی ئەو پێک ھاتانەی گۆڕان کە ئاماژەم پێدا بەتایبەت کۆنە ئیسلامیەکان ‘ شەڕی ناوخۆ ‘ بێ لایەنەکان ئەم توێژانەی ناو گۆڕان ڕاستەوخۆ گەر بەرھەڵستیشی نەکەن بێ گومان لەبزووتنەوەکە دێنە دەرەوە ، بۆیە من ئاماژە بەسلبیاتەکە ئەدەم چونکە لەسەر ئاستی لۆکاڵی ھەردوولا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەنراوە و بەتایبەت لەلای ڕێکخستنەکانی ھەردوولا ، لای خەڵکی دەنگدەری ھەر دوولا تا ڕادەیەک ئەم پرسە تەموومژاویەو نەزانراوە ، درووست بوونی جیاوازی لەنێوان ھەڵسووڕاوانی گۆڕان و کادیرانی یەکێتی ئەمەش گەر لەسەرەتای یەکگرتنەکە ڕوونەدات لەدوای قۆناغی سەرەتایی ڕوو ئەدات ، پیشاندانی دو دیوی لە لایەن یەکێتییەوە بەوەی لەگەڵ پارتی ڕیککەوتنی ستراتیژیان هەیە و ناتوانن لێ ی دەربچن و لەم دیویشەوە لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوتن بکەن ، ئەگەر بڕیار وا بێت پارتی قۆرخی دەستەڵاتی کردوە ئەی ئەم بێ هەڵوێستیە لە پای چی ، ئەگەر بۆ هاوسەنگی هێزیشە ، کەواتە چۆن دەبێت یەکێتی ببێتە پاشکۆ ، ئەگەر ئەجێندایەکی تری لە پشت نەبێت خۆ بە ئیستحقاقیش بێت ئەوا کورسی ئەم یەکگرتنە دەبێت زۆربەی دەستەڵاتە سیادیاکن لای ئەم یەکگرتنە بێت ، بەڵام ئەوەی کە هەیە زۆر پێچەوانەیە ، بە تایبەت خۆ حەشاردانی گەندەڵەکانی ناو یەکێتی لەژێر پەردەی ئەم یەکگرتنەدا ، گەر لێپێچینەوەیەکی تووند و تا ئاستێک یاساییانە لەگەر بەرپرسەکانی یەکێتی نەکرێت دڵنیابن گەندەڵی ھێندەو ھێندەیکە کەڵەکە ئەبێت ، بەڵام گەر خوودی کاک نەوشیروان سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بکات و چواردەور وازی لێبھێنن ئەمەیان شیکاریەکی وردی دەوێت ، لێنەپێچینەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەگەندەڵیەوە تێوە گلاون بەدرێژایی حوکمی زۆنی سەوز تا وەکو ئێستا ئەمەیان گەر بشکرێت چەن کەسێک بگرێتەوە بەڵام جددی نابن بۆ کەسانی دیکە ، قبوڵنەکردنی ئیسلامیەکان لای یەکێتیەوە ، ئەم ئەگەر و ڕووداوانەو چەندانی تر بەڵام چەند پرسیارێک دروست ئەبێت ئایا جوابی ئەم پرسیارانە تەنھا بە قسە ئەبێت یاخوود بە کردەوە؟ بۆ لەیەکێتی جیابوونەوە؟ بۆ دەچنەوە ناو یەکێتی؟ چۆن لەگەڵ دزو مافیا و چەتەی نەوتی و پیاو کوژدا ھەڵ ئەکەن؟ ئەی لە ژێر چ ناوێکدا یەک ئەگرن کە ئەم نیشتیمانەتان فێری دژە گەندەڵی کرد ئێستا چۆن گەندەڵ و دز و داوێن پیس ئەکەنە ھاوخەبات و ھاو سەنگەری خۆتان ؟ ئایا ھەر لەسەردەمی باڵی ڕیفرمدا بمانایەتەوە باشتر نەبوو لەم لێکترازان و یەکگرتنە؟




دەرک کردن بە مەترسی گەورە و هەوڵی پاراستنی ناوچەکە…. ئامانج کەریم

لەدوای ململانێی قورسی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بەرەیەک و لایەنە سیاسیەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی وەک بەرەیەک و پاشان گەشتن بەو باوەڕەی کە دەبێت هەموان لەژێر چەتری حکومەتێکی بنکە فراواندا کۆ ببنەوە و هەر لایەنە و بەرنامە و ئەجێندای خۆی پەیڕە و بکات لەو حکومەتەدا ، هەڵبەت هەر لەسەرەتای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی بەرەو بەدامەزراوە کردنی دامودەزگاکان بە دامەزراوەی نیشتیمانی بە خولی ئۆپزسێون بونەوە و دواتر وەک شەریکێکی خاوەن پشکی گەورە کە هێزی دوهەم بووە ، بەگوێرەی ئیستیحقاقی ئینتیخابی بووە شەریک لە حکومەتدا و چەند وەزارەتێکی سیادی و کاریگەری وەرگرت کە ئیرادە و ویستی چاکسازی و بە دامەزراوەی کردنی ئەو وەزارەتانە و دامودەزگاکانی سەر بەو وەزارەتانەی لەپشتەوە بو ، ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوی حکومی خۆماڵی هەمیشە لەژێر ئەجێندای وڵاتانی دراوسێدا بوەو ویستی کۆک نەبون و کەرتو پەرتی نێو ماڵی کورد ستراتیجی ئەجێندای سیاسەتی ئێران و تورکیا بووە ، بە تایبەتی و بەداخەوە هیچکام لە یەکێتی و پارتی نەیان توانیوە لەژێر ئەو فشارە سیاسیانەی دەرەکیدا دەربچن و ببنە خاوەنی بەرنامە و سیاسەتێکی نیشتیمانی کە هەر ئەمەیش هۆکار بووە بۆ نەبونی کیانێکی سەربەخۆ و ستراتیجێکی نیشتیمانی بە هێز ..

بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدا بەویستی بەدامەزراوەی کردنی دامودەزگا و حکومەتێکی بە دامەزراوەی هاتە گۆڕەپانەکە و بە هێزێکی گەورەی مەدەنیەوە کە ئەمەیش لەگەڵ ڕەگی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێدا و بەتایبەت ئێران و تورکیا نایەتەوە و هەر زوو بەزوو لە لایەن پارتیەوە لە موعادەلەی سیاسی ئاوت کرا ، بێ ئەوەی هیچ دەنگدانەوە و پەرچەکردارێکی نێو دەوڵەتی و دیموکراتی خوازی هەبێت ، کە ئەمەیش تەعبیرە لە نەبونی ویستی چاکسازی و بەنیشتیمانی کردنی دامو دەزگاو هێزی پێشمەرگە لەلایەن پارتیەوە و یەکێتیش بە هەڵبژاردنی بێ دەنگی و ەرنەگرتنی هەڵوێستی جدی لەو پرۆسە تۆتالیتاریەدا کە پارتی کردی بە مانای OK دێت بۆ پارتی و لە ئەنجامدا هەمان خاڵی پاراستنی سیاسەت و ئەجیندای دەرەکی دێتەوە لە ناوچەکەدا .. لەدوای ئەم ڕوداوانە و خۆسەپاندنی پارتی و هەڵای میدیای و نانەوەی پشێوی و تا دەستبردن بۆ قوتی خەڵکی و موچەی کەمئەندامان بۆ پەل کێش کردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو کایەیەکی سیاسی ترسناک کە سەر لەبەری بۆنی خوێن و ئاشوبی شەڕێکی تری ناو خۆی و برا کوژی لێ دێت و مەبەستی پارتی لێرەدا تۆکمە کردنی زۆنی خۆیەتی کە بەزۆنی زەرد ناوزەند دەکرێت و بارگاوی کردن و پەل هاویشتنێتی بۆ دانانی بناغەیەک لە زۆنی سەوزیشدا بە تایبەت دوای ١٢ی ئۆکتۆبەر و داخستنی گەورەترین دامەزراوە ی چاودێری و یاسادانان کە پەرلەمان بو ..

هەر بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لەم دیدەوە ڕێگا چارەی هەوڵی دۆستانە و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیدا گرتە بەر تا ئاستی ڕێکەوتن نامەیەک وەک هەنگاوی یەکەم بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بە گشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی.. مەبەستیش لەم هەنگاوانە پتەو کردنی سەنگەری بەرگری سیاسیە و هێنانەوەی سەنگی هێزە لە بەرامبەر پارتیدا و هەر لەم ڕوانگەیەشەوە پارتی هەوڵی تەواوی خستە گەڕ و بە ویستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنامەیە و دروست کردنی درز و کەلێن بۆ ئەو نزیک بونەوەیە تا لەو ڕێگایەوە ئامانجەکانی خۆی کە درێژە پێدەری سیاسەتی تورکیای عوسمانییە بپێکێت و لەم هەنگاوەیشدا دەتوانین بڵێین گەر سەرکەوتویش نەبوبێت کاریگەری هەبووە ..

هەر لەم دیدەوە و هەست کردن بە مەترسی لەسەر ناوچەکە ، لایەنە ئیسلامیەکان لە ئیستادا لە هەوڵی دروست کردنی بەرەیەکی ئیسلامیدان و پێ دەچێت لە بەردەم هەڵبژاردندا بۆ پەرتەوازە نەبونی دەنگە ئیسلامیەکان و دزە نەکردن و دا نەشکاندن بەلای لایەنەکانی تردا ، لیستێکی قەوارە گەورەی ئیسلامی دروست بکەن کە تەواوی لایەنە ئیسلامیەکان لە خۆیدا کۆ بکاتەوە .. وێڕای جێبەجێ نەکردنی خاڵبەندیەکانی ڕێکەوتن نامەکەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی پێ دەچێت لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی دوهەمی ڕێکەوتنەکە بخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە ، کە ئەویش بریتی دەبێت لە یەک گرتنی گۆڕان و یەکێتی و بەم هەنگاوەیش دەتوانرێت هاوسەنگی هێز لە نێوان دو زۆنی زەردوو سەوزدا بپارێزرێت.




به‌شی دووهه‌می مێژووی خلافه‌تی ئیسلام,مێژووی خلافه‌تی ئه‌مه‌ویه‌كانه‌,كه‌ به‌ خلافه‌تی معاویه‌ی كوڕی ئه‌بی سوفیان ده‌ستی پێكردوه‌:-

ژیلوان شۆڕش محمد صالح

موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بی سوفیان:-خۆی و باوك و دایك و یه‌زیدی برای ڕۆژی داگیركردنی مه‌ككه‌ له‌ لایه‌ن سوپای ئیسلامه‌وه‌ بون به‌ موسوڵمان,موعاویه‌ كوڕی ئه‌بی سوفیانی كوڕی ابی حه‌ربه‌,ئه‌بی سوفیانی باوكی دوژمنی خوێنخۆری پێغه‌مبه‌ر بوه‌ تا ڕۆژی داگیركردنی مه‌ككه‌ (كه‌ به‌ ناچاری بۆته‌ ئیسلام),دایكی ناوی هنده‌ و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ دوای كوشتنی حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر له‌ شه‌ڕی ئوحد به‌ پیلانێكی ئه‌م هنده‌ ناو سكیان بۆ هه‌ڵدڕیوه‌ و جه‌رگه‌كه‌ی به‌ كاڵی جوه‌ وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك بۆ كوشتنی براكه‌ی به‌ ده‌ستی حه‌مزه‌,نه‌نكی موعاویه‌ش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ قورئاندا به‌ حماله‌ الخگب فی جیدها حبل من مسد ناوی هاتوه‌.

معاویه‌ ماوه‌یه‌ك نوسه‌ری به‌رده‌ستی پێغه‌مبه‌ر بوه‌ و نزیكه‌ی 100 وته‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ ده‌می ئه‌وه‌وه‌ ده‌ماو ده‌می كردوه‌.معاویه‌ پیاوێكی زۆرزان و له‌سه‌ر خۆو فێڵباز بوه‌,گه‌لێك وته‌ هه‌ن كه‌وه‌ك ستایشكردنی بۆ ریایی دراونه‌ته‌ پاڵی به‌ڵام زۆر كه‌م پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌,خه‌لیفه‌ ئه‌بو به‌كر به‌ یاوه‌ری یه‌زیدی برای موعاویه‌ له‌ گه‌ڵ سوپای نێردراو بۆ داگیركردنی شام ناردویه‌تی كاتێكیش یه‌زیدی برای مردوه‌ بوه‌ به‌ جێگری له‌ دیمه‌شق,له‌ ماوه‌ی خلافه‌تی عمر و عوسمان والی دیمه‌شق بوه‌,دوای كوشتنی عه‌لی بوه‌ به‌ یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌ویه‌كان.كاتێ‌ كه‌ عه‌لی له‌ مزگه‌وتی كوفه‌ به‌ ده‌ستی عه‌بدولره‌حمان كوڕی مه‌لجه‌م كوژرا,دانیشتوانی شاره‌كه‌ حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لیان كرده‌ خه‌لیفه‌,به‌ڵام له‌ ژێر فشار و ترسی له‌ هێرشی معاویه‌ بۆ سه‌ر كوفه‌ حه‌سه‌ن ده‌ستی له‌ خلافه‌ت هه‌ڵگرت بۆ معاویه‌ به‌ مه‌رجێك دوای مردنی معاویه‌ خلافه‌ته‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حه‌سه‌ن و له‌ گشت دانیشتوانی مه‌دینه‌ و حجاز و عێڕاق ببورێ‌ و هه‌مو قه‌رزه‌كانی بۆ بداته‌وه‌,معاویه‌ش هه‌مو مه‌رجه‌كانی قبوڵكردو بوه‌ یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌ویه‌كان له‌ دمشق له‌ ساڵی 41 ی كۆ چی و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا مه‌روان كوڕی حه‌كه‌می كرد به‌ والی مه‌دینه‌ و زیادی كوڕی باوكیشی كرده‌ والی به‌سره‌ و كوفه‌و ته‌واوی عێڕاق نه‌نكی ئه‌م حه‌كه‌مه‌ زه‌رقای كچی وه‌هه‌به‌ كه‌ ناوبانگی بوه‌ له‌ له‌شفرۆشیدا و خاوه‌ن ئاڵا بوه‌,له‌ كۆمه‌ڵی ئه‌وسای حجازدا له‌شفرۆشه‌ به‌ناوبانگه‌كان ئاڵا به‌ سه‌ر ماڵه‌كانیاندا هه‌ڵواسراوه‌,زیادیش ناوی باوكی نه‌زانراوه‌,جارێك جارێك به‌ كوڕی عبید السقفی و جارێك به‌ كوڕی سفیانی باوكی موعاویه‌ ناوبراوه‌,دایكی زیاد ناوی سمیه‌ بوه‌ و جاریه‌ی الحارس بن كلده السقفی بوه‌,عبید السقفی گرتویه‌ته‌ خۆی,له‌ خلافه‌تی ئه‌بو به‌كردا بۆته‌ ئیسلام,له‌خلافه‌تی عه‌لیدا والی فارس بوه‌ و دوای كوشتنی عه‌لی له‌ موعاویه‌ یاخی بوه‌,معاویه‌ش له‌ یه‌كێ‌ له‌ كاره‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازیه‌كانیدا ئه‌م زیاده‌ی كرده‌ برای خۆی به‌ ئاماده‌كردنی چه‌ند شایه‌تێك سوێندیانخوارد كه‌ ئه‌بوسوفیانی باوكی موعاویه‌ كاتی خۆی لاقه‌ی سمه‌یه‌ی دایكی زیادی كردوه‌ و دوای 9 مانگ ئه‌م زیاده‌ی بوه‌ به‌وه‌ش كردیه‌ برای خۆی و وڵاتی فارسیش كه‌وته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی و زیادیش بوه‌ پشت و په‌نا بۆی.

موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بو سوفیان یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی ئیسلام بوه‌ كه‌ پێش مردنی خۆی یه‌زیدی كوڕی وه‌ك(وه‌لی عه‌هد)كردۆته‌ جێگری خۆی و به‌ فێڵ و تۆقاندن ته‌ماع و دابه‌شكردنی سامانی وڵاتانی داگیركراو به‌سه‌ر كاسه‌لێساندا ڕه‌زامه‌ندی موسوڵمانانی بۆ وه‌رگرتوه‌.
له‌ ماوه‌ی خلافه‌تی موعاویه‌دا داگیركردنی وڵاتانی دراوسێ‌ به‌ره‌و ڕۆّهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و باكور به‌رده‌وام بوه‌,موعاویه‌ ماوه‌ی 20 ساڵ میری شام بوه‌,20 ساڵیش وه‌ك خه‌لیفه‌ له‌ شام حوكمڕان بوه‌ و له‌ ساڵی 60 ی كۆچی مردوه‌ و نزیكه‌ی 77 ساڵ ژیاوه‌ و تا مردنیشی هه‌ندێ‌ تووك و نینۆكی پێغه‌مبه‌ری لابوه‌ و وه‌سیه‌تی كردوه‌ كه‌ مرد كاتی له‌ گۆڕنانی بیخه‌نه‌ ناو ده‌م و چاوی.

یه‌زیدی كوڕی موعاویه‌:-پیاوێكی كه‌ته‌و گۆشتن و تووكن بوه‌,به‌ مه‌یخۆری و داوێنپیسی ناسراوه‌,معاویه‌ی باوكی پێش مردنی خۆی كردویه‌تی به‌ وه‌لی عه‌هد,ئه‌و كرده‌وه‌یه‌شی بوه‌ مایه‌ی نا ڕه‌زایی ئه‌سحابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و كوڕانی خه‌لیفه‌كانی پێش خۆی.
موعاویه‌ پێش مردنی به‌یعه‌ی(ڕه‌زامه‌ندی)دانیشتوانی شامی بۆ بونی یه‌زید به‌ خه‌لیفه‌ له‌ دوای خۆی وه‌رگرتبو,كاتێكیش نوێنه‌ری نارده‌ مه‌دینه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی دانیشتوانه‌كه‌ی,حوسه‌ینی كوڕی عه‌لی ئه‌بو تالیب و عبدالله‌ی كوڕی زوبه‌یر به‌رپه‌چیاندایه‌وه‌ و ڕازی نه‌بون له‌ سه‌ر بونی یه‌زید به‌ خه‌لیفه‌ی ئیسلام.

حسێنی كوڕی عه‌لی ئه‌بو تالیب له‌ ژێر داواكاری دانیشتوانی كوفه‌ كه‌ په‌یتا په‌یتا به‌ نامه‌و نێردراو هه‌ر له‌ كاتی خلافه‌تی موعاویه‌وه‌ داوایان لێ‌ ئه‌كرد بێته‌ كوفه‌ و بانگه‌شه‌ی خلافه‌تی خۆی بكات و به‌ڵێنیان ئه‌دایێ‌ كه‌ پشتگیری بكه‌ن,بۆیه‌ ته‌ماعی بون به‌ خه‌لیفه‌ و گێڕانه‌وه‌ی خلافه‌ت بۆ نه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ به‌نی هاشم و ڕق و كینه‌ی له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو به‌نی هاشم و به‌نی ئومه‌یه‌ له‌ هۆزی قوڕه‌یش وایكرد كه‌ حسین به‌ ده‌نگ داوای دانیشتوانی كوفه‌وه‌ بچێت له‌ ڕۆژی 10 ژی الحجه‌ به‌ یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ پیاو و ژن و منداڵی خێزانه‌كه‌ی و هه‌ندێ‌ له‌ هه‌وادارانی له‌ مه‌ككه‌وه‌ به‌ره‌ و عێڕاق كه‌وته‌ ڕێ‌,كاتێكیش هه‌واڵ گه‌یشته‌ یه‌زید نامه‌یه‌كی نارد بۆ والی كوفه‌ (عوبه‌یدوالله‌ كوڕی زیاد)بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و كوشتنی حسین,عوبه‌یدوالله‌ سوپایه‌كی چوار هه‌زار كه‌سی به‌ سه‌ركردایه‌تی عومه‌ری كوڕی سه‌عد كوڕی ئه‌بی وه‌قاس نارده‌ سه‌ر ڕێی حسین(كه‌ ژماره‌ی قافڵه‌كه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌گه‌یشته‌ 100 كه‌س),خه‌ڵكی كوفه‌ش هه‌ر وه‌ك چۆن پشتیانكرده‌ عه‌لی باوكی و حوسه‌ین هه‌ر ئاوه‌هاش به‌ ده‌نگ حسێنه‌وه‌ نه‌چون و كاتێكیش حوسێن خۆی له‌و باره‌دا دیت,داوای له‌ سه‌ركرده‌كه‌ی سوپاكه‌ی یه‌زید كرد كه‌ خۆی بداته‌ ده‌ستیان و بیبه‌ن بۆلای یه‌زید و ده‌ست بخاته‌ ده‌ستی به‌ڵام بێ سوود بو چونكه‌ ئه‌وان بۆ له‌ناو بردنی هاتبون,بۆیه‌ له‌ شه‌ڕێكی نا به‌رامبه‌ردا حسین و هه‌وادارانی كۆمه‌ڵكوژكران و سه‌ری حسێنیان له‌ جه‌سته‌یكرده‌وه‌ و له‌ ناو ته‌شتێكدا بردیان بۆ عبیدالله‌ی كوڕی زیاد له‌ كوفه‌.

كوشتنی حسین و خاووخێزان و هه‌وادارانی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجار دڕندانه‌ ئه‌نجامدراوه‌ به‌ ده‌ستی كه‌سانێك كه‌ ڕابردویان جێگه‌ی گومان بوه‌,چونكه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ عوبه‌یدوالله‌ كوڕی زیاد بوه‌,دایكی ناوی مه‌رجانه‌ بوه‌ و كۆیله‌ی عبدالرحمان كوڕی حه‌سان بن سابت بوه‌ و به‌ كۆمه‌ڵ له‌ لایه‌ن داوێنپیسانی ئه‌و كاته‌وه‌ لاقه‌ كراوه‌ له‌وانه‌ش زیاد ئبن ابیه‌ بوه‌,مه‌رجانه‌ دوو كوڕی بوه‌ یه‌كێكیانی ناو ناوه‌ عباد و ئه‌وی دیكه‌یان عوبه‌یدوالله‌و نه‌زانراوه‌ باوكیان كێیه‌,بۆیه‌ زیاد ئبن ئه‌بیه‌ كه‌ خۆشی نه‌زانراوه‌ كێ‌ باوكیه‌تی داڵده‌ی داون و گرتونیه‌ته‌ خۆی و ناوی ئه‌ویان هه‌ڵگرتوه‌,سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عباد له‌ سایه‌ی خلافه‌تی ئیسلامدا بوه‌ به‌ والی سجستان له‌ كاتی خلافه‌تی معاویه‌ و عوبه‌یدوالله‌ش بوه‌ به‌ والی به‌سره‌ و دواتر والی له‌ كوفه‌.

ساڵی 63 ی كۆچی دانیشتوانی مه‌دینه‌ و ده‌وروبه‌ری به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدوالله‌ی كوڕی زوبه‌یر له‌ یه‌زید هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و عه‌بدوالله‌ بوه‌ خه‌لیفه‌,یه‌زیدیش سوپایه‌كی گه‌وره‌ی به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌زیدی كوڕی موسلم نارده‌ سه‌ریان و له‌ شوێنێك كه‌ پێی ئه‌وترێ‌(حره‌ راقم)دانیشتوانی مه‌دینه‌ به‌ره‌نگاری سوپاكه‌ی یه‌زید بونه‌وه‌ و ,شه‌ڕه‌كه‌ به‌ تێشكاندنی دانیشتوانی مه‌دینه‌ كۆتایی هات و 3500كه‌س له‌ مه‌والی و 1400 كه‌س له‌ ئه‌نساره‌كان و له‌ قوره‌یشه‌كانیش 1300 كه‌س كوژران كه‌ زۆریان ئه‌سحابه‌ی پێغه‌مبه‌ر بون,له‌شكره‌كه‌ی یه‌زید چونه‌ ناو شاری مه‌دینه‌و كه‌وتنه‌ تاڵانكردنی سه‌ر و ماڵی دانیشتوانی شاره‌كه‌ و فه‌سادكردنی ژن و كچانی شاره‌كه‌ و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌زار كچ بێبنكران و ساڵی داهاتوش زیاتر له‌ هه‌زار زۆڵ له‌ دایك بون.

دوای داگیر كردنی مه‌دینه‌ له‌شكره‌كه‌ی یه‌زید به‌ره‌و مه‌ككه‌ كه‌وتنه‌ڕێ‌,له‌ ڕێگا سه‌ركرده‌ی له‌شكره‌كه‌ یه‌زید كوڕی موسلم مرد و پێش مردنی خۆی یه‌كێكی دیكه‌ی كرده‌ جێگری,سوپاكه‌ش له‌ ساڵی 64ی كۆچی گه‌یشتنه‌ مه‌ككه‌و دوای گه‌مارۆدانی شاره‌كه‌ كه‌وتنه‌ بۆردومانكردنی به‌ مه‌نجه‌نیق و داروبه‌رد و خانوی شاره‌كه‌یان دا به‌سه‌ر یه‌كداو سوتاندیان و به‌رگی كه‌عبه‌ و سه‌ربانه‌كه‌ی و هه‌ردوو قۆچی به‌رانه‌كه‌ی كه‌ خودا ناردبووی بۆ ئیبراهیم كه‌ بیكاته‌ قوربانی له‌ جیاتی ئیسماعیل,به‌ ئاگری مه‌نجه‌نیقه‌كه‌ سوتان.
یه‌زید له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ره‌بیع الاولی ساڵی 64ی كۆچی مردوه‌و موعاویه‌ی كوڕی كراوه‌ به‌ خه‌لیفه‌ له‌ جێگه‌كه‌ی,عبدالله‌ی كوڕی زوبه‌یریش له‌ مه‌دینه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ خۆیكرد وه‌ك خه‌لیفه‌ له‌هه‌مانكاتدا.
موعاویه‌ی كوڕی یه‌زید:-یه‌زیدی كوڕی موعاویه‌ پێش مردنی موعاویه‌ی كوڕی كرده‌ جێگری خۆی وه‌ك (وه‌لی عه‌هد ) و له‌ مانگی ره‌بیع الاولی ساڵی 64 ی كۆچی بوه‌ جێگری باوكی,گه‌نجێكی ڕه‌وشت باش بوو له‌به‌ر ده‌رده‌داری جه‌سته‌ی خلافه‌ته‌كه‌ی له‌ دوو مانگ تێپه‌ڕی نه‌كرد له‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا كۆچی دواییكرد و پێش مردنیشی نه‌یویست جێگر بۆ خۆی دابنێت.




عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە … بەختیار شارەزوری

ئەگەر گۆڕان هەوڵێک بو بێت بۆ ئەوەی ڕەوتی مێژوی بەریەککەوتنەکان لەسەر لاشەی نەتەوەیی کورد کرا بێت و کۆتای پێبهێنرێت ، یان ئەوەی پێ ی دەوترێت ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران ، کە بە درێژایی مێژوو کورد بوتە چەکی دەستیان و کارتی دەستیان بۆ شەڕ و فرۆشتنەوەی کارتەکنایان بەیەکتر ، ئەمەش هەر لە شۆڕشکانەوە تا دەگاتە میرنشینەکان و هەر لە سوارەی حەمیدییەوە تا دەگاتە یەزدان شێر درێژ کراوتەوە ، لە ئێستاشدا خۆی بە فۆرمێکی ترەوە نمایش دەکاتەوە ، ئەگەر سەیری ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین ئەوا کار لەسەر دو ڕەهەندی سیاسی و ستراتیژی دەکات :

1. ستراتیژی سەربەخۆ : واتا هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی و ئێران و تورکیا وەک دو دەوڵەتی دراوسێ بن ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و بنەماکانی دەوڵەتی دراسێ مامەڵە بکەن ، نەک پاشکۆیەتی بۆ ستراتیژی ئێرانی یان تورکی ، بۆ ئەمەش زەمینەی گشتی لەبار بو چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی جیهانی ، بە مانایەکی تر بزوتنەوەی گۆڕان ویستی لە ڕێگەی دەنگ و کورسی پەرلەمانیەوە بە خەباتێکی بێ خوێن و پەرلەمانی قورسایی هەبێت ، کار بۆ ئەم ئامانجانەی بکات ، وە کار لەسەر دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی و یەکێتی تا ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە کە هەیە و درێژکراوەی هەمان ڕێککەوتنە مێژوییەکانی تری نێوان تورکیا و ئێرانە هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەم دو وڵاتە بکاتە ڕێککەوتنێکی تر و هەرێم خاوەنی سەربەخۆی خۆی بێت ، خۆ ئەگەر کورد لە ئێستادا بوبێتە هێزێک کە هەمو بەرەکان پێویستیان پی ی بێت ، ئەوا کورد دەتوانێت لەم کاتەدا ئەو ڕەگە مێژوییە بپچڕێت و بونیادی خۆی بنێت ، بە تایبەتی تر دوای بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعش ، کە زەمەیەن لەبار بو بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە پاشکۆیەتییەوە ببێتە هێزێکی کاریگەر و هاوپەیمانی هەمو بەرەکان .
2. بە نیشتمانی کردنی پرسەکان : لەسەر ئاستی ناوخۆیش دەیویست کار بکات لەسەر گواستنەوەی جۆری حکومڕانی و دەوڵەتداری لە ئەقڵی خێڵ و پاشایەتی و وەلی عەهدەوە بۆ سیستەمێکی پەرلەمانی پتەو و بە نیشتمانی کردنی ئەو دەزگایانەی کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە ، وەک ئەوەی تەفسیر دەکرا گۆڕان نەهاتبو بۆ ئەوەی هێزەکانی تر سفر بکاتەوە ، بەڵکو دەیویست هێزکان ناچار بکات ، کار بۆ بە نیشتمانی کردنی پرسە گرنگەکان بکەن ، تا ئامادە بن ئەم ڕەگی مێژوییە ببڕن و ئەم هەلە سیاسی و جوگرافی و ئابوری و جیۆپۆلەتیکییە لەدەست نەچێت ، گۆڕان ویستی ئیرادەیەکی وا دروست بکات کە ئەم هەلە بکاتە قۆناغی وەرچەرخانی مێژوویی .

ئەوەی جێگەی تێڕامانە پارتی و یەکێتی لەبەر بەرژەوەندی سەرانیان نەک نەیان توانی کار بۆ ئەم ئامانجانە بکەن ، بەڵکو جارێکی تر بونەوە بە پاشکۆیەکی کارتۆنی و بەردەوامیدان بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ، کە جگە لە وەکالەتی ئێرانی و تورکی هیچی تر نیە و هەمان مێژووە خۆی دوبارە دەکاتەوە ، وە بەمەشەوە نەوەستان دەستیان کرد بە دانانی سەدان سیناریو بۆ دژایەتی کردنی گۆڕان کە نەخشەکەی لە تاران و تورکیاوە بۆ دەکێشرا ، خۆ ئەگەر گۆڕان مەبەستی بو بێت نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕێت ، ئەوا ئەو گۆڕینە بو کە لە بەرژەوەندی نەتەوەییدا بو ، وە لە زەرەری بازرگانە جاشەکانی تورکیا و ئێراندا دەبو ، بۆیە هەر زو کەوتنە داڕشتنی سەدان سیناریو بۆ گۆڕان و بە تایبەتیتر نەوشیروان مستەفا ، خۆ ئەگەر ئیرادەیەکی نیشتمانی بەهێز هەبوایە ئەوا چی ئێران و چی تورکیاش ناچاردەبون بەم ڕێکەوتنە ، چونکە بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ هەرێم هەیە و وە ڕای نێودەوڵەتیش ئەو ئامادەگییەی تیا بو هاوکاری ئەم پرسە نیشتمانییە ببێت ، بەڵام کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر نەبونی یەک دەنگی نەیتوانی ئەم کارە بۆ ئامانجەکانی بکات و بە تایبەتی تر دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دروستبونی فرە دەسەڵاتی ونبونی سەنتەر لە ناو یەکێتیدا ، پارتی وەک حیزبێکی تاکتیکی توانی بە تەواوەتی یەکێتی بکاتە پاشکۆیەکی لەرزۆکی خۆی و تەواوی دەستەڵاتەکان لای خۆی کۆبکاتەوە ، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان یارییەکەی گۆڕی بەوەی نەهێڵێت هاوسنگی هێزی نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد بگۆڕێت و زیاتر پارتی فراوانخوازی بکات و گوێ بە دەنگ و ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان نەدات ، بۆیە کاری لەسەر پرسی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی کرد ، بەڵام هەر زو دیار بو کە یەکێتی ئەو یەکێتیە نیە تازە بتوانێت ئەو ئیرادەیەی هەبێت کار بۆ هاوسەنگی هێز بکات ، بەهۆی تەکتیکەکانی پارتییەوە ، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە و ئەو ناهاوسەنگی دەستەڵاتەیان قبوڵ بو کە ئێستە یەکێتی وەک پاشکۆی کارتۆنی دەبینرێت ، بە مانایەکی تر ڕێککەوتنی ستراتیژی بەشکاریە لە نێوان تورکیا و ئێراندا و پارتی و یەکێتی وەکالەتی ئەم دو دەڵەتە دەکەن ، ئیتر هەر هێزێکی تر لەدەرەوەی ئەمانە دروست بێت دەبێت ڕازی بێت بە پشک لەسەر حسابی یەکێکیان وەک یەکگرتو ، کۆمەڵ و حیزبە بچوکەکانی تر ، لە ناو ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیەدا ، ئیتر ئەوەی پێ ی دەوترێت دەنگ دان ئەنجامەکەی هەر دەبێت بچێتەوە سەر هەمان دابەشکاری پۆستەکان لە پشکی پارتی و یەکێتی ، گۆڕان هەر زوو ئەوەی دەزانی کە عیبرەت لە تاکتیک و سیناریو شوان خەڵەتێندا نیە …. بەڵکو عیبەرەت لە جێبەجیکردنیدایە … ئەگەر بزانن و دەرکی پێ بکەن .




” پێشمەرگە: پەرژین و شورەی پۆڵاینی شۆڕشە”…. سەعید ئەمانی

گەر قەندیلی قەڵای ڕاسان
هەتا ئێستا بە شکۆوە
سەربەرز و ئازاد وێستاوە

گوشاری هێزی دوژمن و
گورزی پیلان و شگردی نەیارانی
بە چۆکیدا نەهێناوە

شەقڵی بن چەکمە و پۆتینی داگیرکەران
لەسەر پشت و شان و پیلی
نە نەخشاوە

هەنگی شۆڕش
لەنێو کەندوی ئەشکەوتیدا
لە ئامێزی دارستان و
لێڕەواری سەر سەوزیدا
پوورەی داوە

بۆتە ڕووگە و ئاسۆی هیوای
چەوساوەکان
ژێردەستان و زۆر لێکراوان
لە چوار لاوە

چون دیواری شورەی ورەی
هێزی گەریلا و پێشمەرەگەی
گەلێک بەرزە و
وەک پاوانێک
بەو پەرژینە پارێزراوە.




باران تۆ لە کوێی … شیعری : نەوزاد بەندی

باران تۆ لە کوێی ؟
حوکمی کورد کوشتینی ..
سەری مانگی لە بیر چۆوە فەرمانبەر …
ئەوە کفرە یان لادان لە پێغەمبەر ؟؟؟
هەردووکیان …
یان ڕوخانی کەعبە ؟
هەرسێکیان ..
چ کافرستانێ تێ کەوتین ..خودایە !
باران تۆ لە کوێی ؟
حوکمی کورد کوشتینی ..
سەری مانگی لە بیر چۆوە فەرمانبەر …
ئەوە کفرە یان لادان لە پێغەمبەر ؟؟؟
هەردووکیان …
یان ڕوخانی کەعبە ؟
هەرسێکیان ..
چ کافرستانێ تێ کەوتین ..خودایە !
باران تۆ لە کوێی ؟
حوکمی کورد کوشتینی ..
سەری مانگی لە بیر چۆوە فەرمانبەر …
ئەوە کفرە یان لادان لە پێغەمبەر ؟؟؟
هەردووکیان …
یان ڕوخانی کەعبە ؟
هەرسێکیان ..
چ کافرستانێ تێ کەوتین ..خودایە !
باران تۆ لە کوێی ؟
حوکمی کورد کوشتینی ..
سەری مانگی لە بیر چۆوە فەرمانبەر …
ئەوە کفرە یان لادان لە پێغەمبەر ؟؟؟
هەردووکیان …
یان ڕوخانی کەعبە ؟
هەرسێکیان ..
چ کافرستانێ تێ کەوتین ..خودایە !