گۆڤاری شیکار ژمارە ١٦

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 16ی گۆڤاری شیکار کلیکی ئێرە بکەن ……..




خورافاتی یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی … کامیار سابیر

رامان، لە خورافاتە نەژادییەکانی کورد، لە ریتۆریکەکانی(rhetoric زمانلووسیی و زۆربڵێیی ) کوردایەتیی، مرۆڤی عەقڵانیی تووشی سەراسیمە دەکات. گەلێک، پاش ئەو هەموو شکستەی ناسیۆنالیزم، لە جیهان و لە دەوروبەرەکەیدا، پاش ئەو هەموو شکستە سیاسیی، ئابووریی، عەسکەریی و کولتوورییەی بزوتنەوە ناسیۆنالیستییەکەی( کوردایەتیی) خۆی و لەسەروو هەموویشیانەوە، بێ فیکریی و بێ مەعریفەیی کوردایەتیی، کەچیی هێشتا بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق و ئێران، نوخبە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەی لە ئاستێکی باڵادا، دەستیان پێوەگرتووە و تەقدیسی کولتوورە ( سیاسیی و زمانیی)ەکەی دەکەن!

یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی، چیی دەگەیەنێت؟ پێشوەخت ئەم دوو چەمکە زۆر مەطاطیین، بە حەزیای سیاسیی و بە ئیشتیهای ئایدیۆلۆژیی، دەتوانرێ رابکێشرێن و کورت، بکرێنەوە. ئەگەر تەبایی و هاودەنگیی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی کورد و تاکی کورد لەئاستی سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا، ئەژمارد بکرێت، ئەوە تێڕامان لەم تەهلوکەیە ئەوەندەی تر بەرەو هەلاکی زیاتر و شۆڕبوونەوەی زیاترت دەبات کە لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە واقیعی سیاسیی ناوچەکە، پارچەکانی کوردستان و پێوەندییە( ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکان) ەوە نییە. ئەگەریش مەبەست لێی ئەوە بێت، هەموو کوردی کوردستانی عێراق، هەموویان یەکدەنگ و یەکڕەنگ، لەبەرامبەر هێزە عێراقییەکانی تر و گەلانی عێراقدا بووەستەوە، ئەوە عوذرەکەی لە قەباحەتەکەی، خراپترە. ئەمەیان، جەوێکی شاعیرانەی نەژادیی، جۆرێک لە دەردەدڵیی، خۆڕنینەوەی عاطیفییانە، حەماسییانە و و نووسینەوەی غەزەلی شاعیرێکی راسیست ونەژادپەرستە کە وەنەوزی طائیفیی و نەژادیی، دەیباتەوە.

چۆن دەکرێ بەرژەوەندیی و مەعاناتی گەنجێکی کەلاریی و ئاکرەیی کە بەتەواویی مەحرومن لەهەموو نیعمەتەکانی نەوت، جگە لە نەفرەت، شتێکی تریان بە نصیب نەبووە، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانیی و قوباد تاڵەبانییدا کە چەندین دەیان میلیارد دۆلاریان لە نیعمەتەکانی نەوت، بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان ، قاییم کردووە، یەکبگرنەوە؟ چۆن دەکرێ پیاوێکی پیری کەرکوکیی و بەساڵاچوویەکی باڵەکایەتیی کە هەموو ژیانیان، راونان، ماڵ سوتاندن و دەربەردەریی بووە، هەموو ژیانیان، ناسۆریی و کەمدەرامەتیی بووە، لەگەڵ مافیا پیروخەڵەفاوەکانی کوردایەتیی کە لاتترینیان خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارن، خاوەنی دەیان مەزرەعە، ڤێلای مۆدێرنی گرانبەها و پاڵاسی جۆراجۆرن، هەروەها خاوەنی دەیان پرۆژەی زەبەلاحی میلیارد دۆلاریین لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان، بەراورد بکرێن؟ بەکورتییەکەی، زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان، نەک هەر مەحرومن لە نیعمەتەکانی ئەم ویلایەتە نەوتییە رەیعییە پرۆکسییە، بەڵکو ئەگەر دەرووی چوونە دەرەوەیان هەبێت، کوردستان بەجێدێڵن، ئیتر ئەم شیعاراتە ئایدیۆلۆژیی و نەژادییانە( ئیجماعی کوردیی) بەدەردی دزەکانی کوردایەتیی و تیجاڕەتە پۆغڵەکەیان نەبێت، بەدەردی کەسیتر ناخوات.

دیارە ئەم بەراوردکارییانە لە جوغزە ئایدیۆلۆژییە چینایەتییە مارکسییەکەوە نییە، بەڵكو لە جوغزی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دادپەروەرییەوە، مەبەستە. چۆن دەکرێ ژنانی مەحرومی هەڵەبجە، چەمچەماڵ و ناوچەکانی شەنگال، لەگەڵ ژنانی لۆردەکانی نەوت و کچانی تاجیرە میلیاردێرەکانی کوردایەتییدا، بەرژەوەندییە نەژادیی و نەتەوەییەکانیان یەکبگرێتەوە؟ لەکاتێکدا زۆرینە، نە نیشتمانی هەیە، نە مافیشی هەیە بۆ دەیان ساڵی تر هەر بیر لەوە بکاتەوە کە نەوتی کوردستان، دەبێ بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بێت؟ سەرەنجام چۆن دەکرێ، بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی خەڵكی سلێمانیی و هەولێر، خەڵکی کوردستانی عێراق و پارچەکانی تر، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بنەماڵە قاچاغفرۆشەکانی نەوت، لە دەباشان و سەری رەش، لەگەڵ موئەسەسەی پڕ لە عەمالەتی کوردایەتیی و موبایەعەچییەکانی کوردایەتیی لەناو حیزبەکانی تردا، هەمان شت بن؟

لە یەکچوونەکانی یەکڕیزیی کورد و وەحدەی عەرەبیی

ئەم دوو تێرمە سیاسییە ( یەکڕیزیی کورد یان ئیجماعی کوردیی) لەگەڵ وەحدەی عەرەبیی( یەکێتیی عەرەبیی) و وحدة الصف العربي( یەکڕیزیی عەرەبیی)، هەردووکیان لە دوو مانیفێستی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە، هێز وەردەگرن کە (کوردایەتیی و عوروبە)ن. جیاوازییەکە ئەوەیە، کوردایەتیی( پێشتر الکردیة- کوردییە بووە، وردە وردە بەهۆی زمانناسیی کولتوورییەوە، بۆ کوردییەت و سەرەنجامیش، بۆ کوردایەتیی، گۆڕاوە)، لەباری زمانیی، فەرهەنگیی، کولتووریی و سیاسییشەوە، لاسایی عوروبەی کردووەتەوە و شوێنپێی ئەوی هەڵگرتووەتەوە.

وەحدەی عەرەبیی، ئەو خورافاتە نەژادییە بوو کە قەومچییەکانی عەرەب، پێیانوابوو، گەلی عەرەب، نەتەوەی ( ئوممە)عەرەب و وڵاتە عەرەبییەکان، دەبێت یەکبگرن یان لای کەم، یەک هەڵوێست بن لەهەمبەر زایۆنیزم و هێزە کۆڵۆنیالیستەکاندا. بۆ ئەم ئەجێندایەش، پەنایان بۆ شیعاری وەحدەی عەرەبیی و تەلاحومی عەرەبیی دەبرد. وێڕای جیاوازیی سەردەم و ئاڵوگۆڕەکانی دونیای سیاسەت، کەچیی هێشتا بەهەمان میثۆد، بەهەمان مەغز و مێنتاڵیتییەوە، نوخبەکانی کوردایەتیی، مونەوەرە هەزیلەکانی کوردایەتیی و ئەکادیمستە قەومچییەکانی و سیاسییە خەڵەفاوەکانی، دەیانەوێ کورد، بەهەمان رێچکەی عوروبەدا ببەن کە چۆن کارەساتیان بەسەر نەتەوەی عەرەب و وڵاتە عەرەبییەکاندا هێنا؟ سیاسیی و نوخبەکانی عوروبە، ئەوکات درۆی ئەوەیان دەکرد کە وەحدەی عەرەبیی، هەر بەتەنیا، مەبەست لێی نەژادی عەرەب نییە، بەڵکو گەلانی (کورد و ئەمازیغیی، تورکمان و ئەفریقاییەکان) یش لەگەڵیاندا دەژیەن و ئەوانیش دەگرێتەوە.

ئەو درۆ گەورە نەژادییانەی عوروبە و قەومچییەکانی پانعەرەبیی، رێک هەمان قەوانی ناسیۆنالیزمی نەژادییە کە ئێستا نوخبەکانی کوردایەتیی دەیڵێنەوە و بە ئاشکرا درۆ دەکەن و دەڵێن، یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی …تاد، بۆ هەموو ئەو گەل، نەتەوە و نەژادانەن کەلەسەر خاکی کوردستان دەژیەن! لە رێگەی ئەم حەماقەتە سیاسیی و فیکرییەشەوە، دەیانەوێت بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی، ئاڵایەکی نەژادیی، سروودێکی قەومچەویی و نەژادیی وەکو ئەی رەقیب، بە زەبری کولتووری شاعیرانەی کوردایەتیی، بەسەر تەواوی نەژاد و سێکتە جیاوازەکانی کوردستاندا، تەعمیم بکەن وتەنانەت بە کەرایەتیی کوردایەتیی، دەیانەوێ گشتگیری بکەن بەسەر چوارپارچەی کوردستاندا( لە چوار وڵاتی جیاوازدا).

ئوممەی عەرەبیی، لە مانا مەجازیی و خەیاڵییەکەیدا، نزیکەی پێنجصەد میلیۆن عەرەب دەگرێتەوە، ئەگەر لەسەردەمی عوروبییەتی ئەمەوییەکانەوە پێیدا بێیت کە مەجازییانە( دوور لە لێکدانەوەی ثیۆریی ناسیۆنالیزم، بە مەغزا مۆدێرنەکەی) ناسیۆنالیزمی دینییان پێڕۆ دەکرد، تا گەیشتن بە یاخییبوونەکەی شەریفی مەککە، حوسێن بن عەلیی و تارکردنی عوثمانییەکان و سەرەنجامیش گەیشتن بە ‘حرکة القومیین العرب’ ، بزوتنەوەی ناصریی( ناصریزم) و عوروبەی بەعثییەکان( بە هەردوو ڤێرژنە صەدامیی و ئەسەدییەکەیەوە)، چییان بەسەر گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکەدا نەهێناوە؟ ئایا دەکرێ جارێکیتر، نەوەی نوێی گەلی کورد، جڵەوی عەقڵ و مەغزی خۆیان بۆ حەماقەتەکان و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی شل بکەنەوە و رێگە بدەن، کورد بەهەمان قوڕوچڵپاوەکانی عوروبەدا، راکێش راکێشی پێبکرێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، هەموو ساطیع ئەلحوصرییەکانی کورد و عەبدوڕەحمان عەزامەکانی کورد، بخرێنە کونەوە و پرۆژەیەکی نیشتمانیی، لەسەر بناغەی هاووڵاتییبوون ، چەمکی پێکەوەژیان و یەکترپەژراندن، لە دژی نەتەوەپەرستیی، نەژادپەرستیی و قەومچەوییەکانی کوردایەتیی، بهێنرێتەوە ئاراوە؟

ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە، ئەوە هاندەران و بزوێنەرانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، رائیدەکان و موفەکیرە نەتەوەییەکانی عەرەب نەبوون، بەڵکو فڕانس، بریتانیاو دەسگا موخابەراتییەکانیان بوون کە نوخبەکانی “عەرەب”یان، هان دەدا بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و وەحدەی عەرەبیی، لەهەمبەر هەژموونی عوثمانییەکاندا، بورووژێنن. بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە خەلافەتی عوثمانییەکان بەرەو بچووکبوونەوەی زیاتر بەرن. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا و شەخصی ئەردۆغان، سپۆنسەری سەرەکیی ئەم ویلایەتە کوردییە مورتەزیقەیە و موفەکیرە بەتاڵەکانی کوردایەتیی دەکەن کە بڕیارە لە ژێر پەرچەمی ناسیۆنالیزمی نەژادییدا، یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی، مۆبەڵایز بکەن. بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییش، نوخبەی لیوا و فەیلەقە بەیعەتچییەکان لەگەڵ ئەکادیمیستە مێشک قوفڵدراوە نەژادییەکاندا، وەکو قازە گێژ و عەلەشیشە( قەل) خرتەکان، قیڕەقیڕ و علیوەعلیوی بۆ بکەن.

ئەگەر، بە وردیی سەیری ئەدەبییاتی سیاسیی و فیکریی حیزبی بەعث و عوروبییەکان بکرێ، خاڵیی خاڵییە لە هەر تێکستێکی فیکریی و سیاسیی کە توانای ئەوەی هەبێت بۆ چەند ساڵێک بمێنێتەوە. هەموو ئەدەبییاتی بەعثییەکان، کۆمەڵێ وتاری میشیل عەفلەق و صەڵاح ئەلبەیطارن تا رادەیەکیش زەکیی ئەلئەرسوزیی کە بزوێنەری فاشیزمی عوروبیی و قەومچەوییەتی عەرەبیی بوون. وتارەکانی عەفلەق، حیزبە بەعثییە عێراقییەکە، کۆی کردوونەتەوە و بە کتێبی کردوون و بە سەرکردەی دامەزرێنەر( القائد المٶسس)، عەفلەقی ناساندووە. مەطاع صەفەدیی(مطاع صفدي) لە کتێبی” حزب البعث: مأساة المولد ومأساة النهاية”، لە شەستەکانی چەرخی رابردوودا، زۆر بە وردیی، باسی کارەساتە سیاسیی، عەسکەریی و کولتوورییەکانی دونیای عەرەب دەکات کە بەدەستی بەعثییە شەقاوەکان و موفەکیرە بەڵتەجییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، چییان بەسەرهات؟

ئەو پێیوابوو حیزبی بەعث، وڵاتی سوریا و عێراقی داگیرکرد و وەکو هێزێکی داگیرکار، مامەڵەی لەگەڵ حەڵەب، دیمەشق و بەغداددا کرد( لا ٣٦-٣٧ ). هاوکات باوەڕی وابوو کە ئەم حیزبە میلیتانتە ناسیۆنالیستییە، سەرچاوەی فیکریی، سیاسیی و تەغذییەی ثیۆریی نەبوو( لا 84)، هەروەها لە سەر روئیەی سیاسیی و جیهانبینیی، بەگشتیی پێیوابوو کە بەعثییەکان لەباری کولتووریی و ثەقافییەوە، ئەوەندە کۆڵەواربوون هەر بەگشتیی ثەقافەی سیاسییان نەبوو، ئەوەی هەیان بوو، کۆمەڵێ حیکایەتی سیاسیی، نەژادیی و وەهمی سیاسیی شەفەهیی بووە کە بەسەرپێوە( ارتجالي) بۆ بەعثییە لاوەکان، خوێندراوەتەوە یان بە هوتاف و دروشمی ئایدیۆلۆژیی، حەماسیان پێی بەرزکراوەتەوە( لا ١٨٤).

حیزبی بەعث و عوروبییەکان، بەراورد بکرێن بە حیزبەکانی رێبازی کوردایەتیی، وەکو مەنجەڵ و سەرقاپی یەکتر، بۆ یەک دەبن. کوردایەتیی، بەدرێژایی مێژووی بێفیکری خۆی، خاوەنی مەدرەسەیەکی فیکریی نەبووە. لە کۆماری کوردستانەوە، لە کاژیک و پاسۆکەوە بیگرە بۆ پارتیی و یەکێتیی، بۆ دێمۆکراتییەکانی Democratic ئێران، ، بۆ کۆمەڵەی رەنجدەران و ئاش، بۆ کۆمەڵە نەژادییەکانی کوردستانی ئێران، تەنانەت بۆ ئەو ئیسلامیی و چەپانەی، لە فەلەکی کوردایەتییدا دەسوڕێنەوە، جگە لە حەماسی شاعیرانە، دەردەڵیی- نەتەوەیی و موناجاتی نەژادیی زیاتر، شتێکیتر، بوونی نەبووە. هاوکات، سەرەتای پەکەکەش، تا ئەوکاتەی ئۆجەلان تێزە سیاسیی و فیکرییەکانی لەسەر ناسیۆنالیزم داڕشت و باوەڕی بە ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی نەما، پەکەکەش، لە تەپۆتۆزی پاشماوە کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی کوردایەتییدا، فیکری سیاسیی دیار نەبوو.

ئەگەر عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی وێڕای هەموو ماڵوێرانیی و کارەساتەکانیان، بەڵام بە گشتیی دەیان موفەکیر و مونەوەری باڵادەستیان لە چەشنی ساطیع ئەلحوصریی، صەڵاح ئەلبەیطار، زەکیی ئەلئەرسوزیی،قوسطەنطین رەزیق و محەمەد دروزە …تاد، هەبووبێت، ئەوە ناسیۆنالیزمی کوردیی و کوردایەتیی، هەروەها گەلی کورد، جگە لە شینوشەپۆڕی شاعیر و رەئیس عەشیرەتی نەخوێندەوار، جگە لە غوڵام و سوخرەکێشی ( عوثمانییەکان و ئێرانییەکان)، شتێکی ئەوتۆیان نەبووە. هاوکات ئەگەر عەرەب، قائیدێکی سیاسیی و عەسکەریی وەکو شەریفی مەککەیان( حوسێن عەلیی) هەبووبێ، ئەوە لە پێش سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئەم قۆناغە( تا گەیشتن بە ناسیۆنالیزمی چەتەگەریی نەوت)، یەک سیاسیی و یەک قائیدت نییە( جگە لە ئۆجەلان کە لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمدا ساغبووەتەوە)، نەک چوار دێڕ فیکری سیاسیی لەسەر ناسیۆنالیزم هەبێت و روئیای سیاسیی رۆشنی هەبووبێت، بەڵکو باشترین سیاسیی و نوخبە رۆشنبیرییەکانی، ئەو ئیڵیتە نەژادییە راسیستانەی لە هەندەرانیش دەژیەن، هێشتا لە کۆتوبەندەکانی موناجاتە نەژادییەکانی دڵدار و شیعرەکەی( ئەی رەقیب)، دەربازیان نەبووە و هەر بەو موناجاتانەشەوە، کە لەدوورونزیکەوە، خزمەتی کێشەی سیاسیی کورد ناکات، سەر دەنێنەوە.

لە راستییدا، لە ئاستی قوطرییدا( مەبەست لە وڵاتە عەرەبییەکانە، هەر وڵاتێک بە تەنیا)، واتە لە ئاستی هیچ وڵاتێکی عەرەبییدا، وەحدەی عەرەبیی و یەکڕیزیی عەرەبیی نە بوونی هەبووە و نەبوونیشی دەبێت. لە ئێران، هەرگیز وەحدەیەکی فارسیی نەبووە، بەڵکو پانئێرانیزم هەبووە( فارس، نەتەوە و نەژادە ئێرانییەکان، هەموویان دەگرێتەوە)، لە تورکیاش، جگە لە شۆڤینیزمێکی تورکیی، شتێک نییە ناوی ئیجماعی تورکیی و یەکڕیزیی تورکیی بێت. لە ناو خودی دەوڵەتی عێراقیشدا، شتێک نە بووە و نە دەبێت بەناوی یەکڕیزی عەرەب، ئەصڵەن ئەم یەکڕیزییە نەژادیی و نەتەوەییە هەر پێچەوانەی عەقڵی سەلیم، پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری توێژینەوە سۆسیۆلۆجیی و کولتوورییەکانە کە لەسەر نەژاد و نەتەوە جۆراوجۆرەکان، کراون. ئەوە لە ئاستی قەومییدا( لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیی بەسەریەکەوە)، لە ئاستی ئەو گەل و نەتەوانەی زمانیان، عەرەبیی، فارسیی و تورک نەژادن، شتێک، بەناوی یەکڕیزیی (عەرەب، فارس و تورک)، نەبوونی هەبووە و نەبوونی دەبێت. ئەوەی هەیە تەنیا بەرژەوەندییە و هەندێجاریش دەکرێ ناوی هاودەنگیی و هاوسۆزیی لێبنرێ.

ئەی بۆچی دەبێ بەهۆی ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییەوە، ئێمە ‌هێشتا بیر لە تێگەیشتنێکی نەژادیی، ناسیۆنالیستیی و نەتەوەپەرستانەی وەهمیی بکەینەوە؟ خێر و باشەی ئەم یەکڕیزییە وەهمییەی کورد، ئەم خورافاتی ئیجماعە کوردییە لە چییدایە، جگە لەوەی شەرعییەتی زیاتر بدرێ بە دزە گەورەکان و مافیاکانی کوردایەتیی، بۆ ئەوەی بیزنسی زیاتر و تیجاڕەتی باشتر و سەرمایەی زۆرتر، لەسەر حەماقەتی نەژادیی و نەتەوەیی ئێمە، کۆبکەنەوە؟ لەبەرامبەریشدا، ئەوان درۆی گەورەتر، خەیاڵی شاعیرانەتر و وەهمی ئەفسووناوییترمان بۆ ریز بکەن و باسی درۆی گەورەی دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابووریی …تاد، بۆ عەوام بکەن.

ئیجماعە کوردییەکەی کوردایەتییە ئۆریجناڵەکە، لەسەر ئەرضی واقیع، بەکردەوە ئەوەی نیشانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و جیهان دا کە خەندەق لە دژی ئیرادەی سیاسیی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا لێبدات. ببێ بەهێزێکی “پرۆکسی” ی بە دەستی ئەردۆغان و فاشیزمی تورکییەوە، دژی خەباتی سیاسیی و عەسکەریی گەلی کورد لە هەردوو کوردستانی ( تورکیا و سوریا)دا. هەروەها ببێ بە خانەخوێیەک بۆ ئەوەی پێشمەرگەی کوردایەتیی مورتەزیقە بە پارەی نەوتی دزراوی خەڵکی کوردستان بەکرێ بگرێت و وەکو مورتەزیقە، لە خزمەتی ئەجێنداکانی میتی تورکیادا دایاننێت.
ئیجماعی کوردییش لە ئاستی ناوخۆی کوردستانی عێراقدا ئەوەیە کە بووە بەبەشێک لە ئەجێندا و هەژموونی طائیفییانەی ( تورکیا، قەطەر و سعودییە)، سەلەفیزم بەهێز دەکات و بەناوی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردەوە، گێچەڵی طائیفیی بە شیعە دەفرۆشێ و شەڕی هەژموونی ئێران بۆ حیلفی سوننیی-عەرەبیی-تورکیی دەکات. بە کردەوەش، وەکو مەئموری خەلیفە ئەردۆغان، هاوکاریی داعشی بۆ ئێثنۆسایدی ئێزیدییەکان، کرد. ئێستاش بەکردەوە، رێگریی لە سوپای عێراق دەکات کە نابێ هێلانەی داعشییەکان و بەعثییەکان لە حەویجە تێکبدرێ، بگرە مانەوەی تا ئێستای حەویجە، لەژێر دەستی داعشدا، ئەو گوتارە ئیستیحمارییەی کوردایەتیی لێی بەرپرسیارە کە دەیەوێ لە پەنای شیعاری سەربەخۆیی ئابوورییەوە، لە پەنای دراوسێیەتی دەوڵەتی ئیسلامیی داعشەوە، درێژە بەم چەتەگەرییەی ناسیۆنالیزمی نەوت بدات و ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار زیاتر، بچێتە سەر حیساب و پرۆژە زەبەلاحەکانی عوظەماکان و ئەولیاکانی کوردایەتیی…

سەرەنجام، خەباتی سیاسیی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، پێویستی بە کەڕەنای نەژادیی و فاشیزمی کوردایەتیی نییە. لە عێراقدا، هیچ گەل و نەژادێکی تر،هیچ دەسەڵاتێک، ستەم لە کورد ناکات، جگە لە حیزبەکانی کوردایەتیی، پارتیی و یەكێتیی، بە پلەی یەکەم و دووەم، دواتریش حەپۆلیی و بێدەنگیی ئەو حیزبانەی کە نان و رانت( رێنت=کرێ) بە مەسەلەی سیاسیی کورد و ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە دەخۆن. لە کۆتاییشدا، ناوەڕۆکی ئەم وتارە لەم چەند دێڕەدا، کورت دەکەمەوە: پاش ٢٥ ساڵ، فەشەل بەدوای فەشەلی حیزبی کوردیی و موئەسەسەی کوردایەتییدا، پاش ئەو هەموو قەرصەنە ئابوورییەی بە سامانی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکرێ، پاش ئەو هەموو سووکایەتییەی ئەم حیزبانە و لۆردەکانی کوردایەتیی، بە گەلی کورد و خەباتەکەی کردوویانە، هەر کوردێک باوەڕی بە ئیجماعی کوردیی، بەتایبەت، بەو میثۆدە نەژادیی و حەماقەتە سیاسییانەی کوردایەتیی هەبێت، ئەوە گومانی تێدانییە، هێشتا لە ئەشکەوتەکانی ئیستیحماری کوردایەتییدا، لە خەڵوەتی نەژادییدا، یەق دەکاتەوە.

مطاع صفدي، “حزب البعث: مأساة المولد ومأساة النهاية. بيروت: دار الآداب، أكتوبر 1964




گریانی مامۆستا ناڕازییه‌كان ، هۆشمه‌ندییه‌كی تاڵ! … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

مامۆستاكان له‌دوای شكاندنی بایكۆته‌كه‌یان گریان، گریان چونكه‌ له‌پشتیانه‌وه‌ شمشێرێكی نادیار له‌سه‌ر ملی خۆیان و خانه‌واده‌كیانیان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، ده‌نا مرۆڤ كۆیله‌ نییه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر بچێت كاربكات. له‌پشت ئه‌م گریانه‌وه‌ (نائومێدییه‌كی تاڵ) ئاماده‌یه‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ناو (داڕزانی ئه‌خلاقی) گه‌وره‌دا گینگڵ ده‌دات. له‌ناو دیكادێنزی مۆڕاڵی گه‌وره‌دا له‌گه‌ڵ دوروونی خۆی و ژیانی خۆیدا خۆی كۆپیده‌كاته‌وه‌. دیكتاتۆره‌كان به‌رده‌وامی سیاسیان نابێت هه‌تاوه‌كو له‌ناو ماڵه‌كاندا، له‌قو‌تابخانه‌كاندا، له‌فه‌رمانگه‌كاندا، له‌ناو تاكسییه‌كاندا، له‌ناو ڕێكخروه‌كانی ژنان و نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و پزیشكه‌كاندا بوونیان نه‌بێت، هه‌تاوه‌كو له‌ناخی هه‌ریه‌كێكدا له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێمنی دانه‌نیشتبێت .

مامۆستا ناڕازییه‌كان له‌دژی ده‌سه‌ڵات و له‌ڕێگه‌ی داواكردنی موچه‌وه‌ ده‌یانه‌ویست دژی ئه‌و هه‌موو دیكتاتۆرانه‌ بوه‌ستن كه‌له‌هه‌موو سووچ و په‌نایه‌كدا خۆیان كۆپیده‌كه‌نه‌وه‌، له‌په‌یوه‌ندی نێوان نێرومێی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌ درێژده‌بۆته‌وه‌ تاوه‌كو گه‌یشتۆته‌ گه‌مه‌كانی سیاسه‌ت و ئه‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ پۆپۆلیسته‌ گه‌نده‌ڵ نمایشكاره‌كان .

مامۆستا ناڕازییه‌كان مه‌زنده‌یان ده‌كرد له‌وانه‌وه‌، سه‌ره‌تای (كولتورێكی دیكه‌) و (ڕیفۆرمێكی دیكه‌) و گوتارێكی سیاسی دیكه‌ ببێته‌ پشت و په‌نایان، مه‌زنده‌ییان ده‌كرد كۆی (كۆمه‌ڵگه‌ی خه‌یاڵبۆكراو) په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكات و له‌گه‌ڵیاندا ژیانیان بگۆڕن. به‌ڵام له‌كاتێكدا ژنه‌كان له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌شیش و بلۆك ده‌كوژرێن، ئیسلامییه‌كان ئۆپۆزیسێۆنن به‌خۆیان و سه‌وابته‌ ئاینیه‌كانیانه‌وه‌، پۆپۆلیسته‌كان نوسه‌ری نمره‌ یه‌ك و ئه‌كته‌ری سیاسین، بازرگانه‌كانی شۆڕش دژه‌گه‌نده‌ڵین و مێگه‌لی جنێوفرۆش كولتوری میدیای هه‌بوون … ئیدی هیچیتر نامێنته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو به‌هێزتر نه‌بێت له‌جاران .

گریانی مامۆستاكان نائومێدیه‌ك بووو له‌كۆی كۆمه‌ڵگه‌ ، پێشئه‌وه‌ی نائومێد بن له‌سه‌ركه‌تن یان تێكشكاندنی بایكۆته‌كانیان، له‌و شه‌ڕه‌ی كه‌به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ له‌دژی به‌شه‌ دیكتاتۆرییه‌كه‌ی ناوخۆی به‌رپای كردووه‌ …
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا گریانی مامۆستاكان كایه‌كه‌ی دیكه‌ی (هۆشمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی) گه‌وره‌یه‌ ، وورده‌، وورده،‌ ئه‌و هۆشمه‌نده‌ نوێیه‌ بیناده‌كات كه‌له‌داهاتوودا، سه‌ره‌تا، فاشیسته‌كانی ناو ماڵه‌كان ده‌رده‌كات، پاشان دیكتاتۆره‌كانی ناو ڕۆحی كۆمه‌ڵگه‌ فرێده‌داته‌ ده‌ره‌وه‌ . لێره‌وه‌ ئه‌م گریانه‌، ،ئه‌م هۆشمه‌ندییه‌ تاڵه‌، هه‌ڵگری ئه‌و ڕۆحه‌ نوێیه‌یه‌ كه‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی (ناخود ئاگا) لێیی ڕاده‌كات و به‌دوویدا ده‌گه‌ڕێت .

ئه‌م گریانه‌ به‌خته‌وه‌ری كردم ، چونكه‌ هه‌ڵگری ئومێدێكی گه‌وره‌یه‌، هه‌موو (هۆشمه‌ندییه‌ تاڵه‌كان) به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵگری ڕۆحێكی مه‌شقكاری جوان بوون له‌دژی داڕزانێكی گه‌وره‌ كه مرۆڤ ده‌یه‌وێت له‌ناخی خۆیدا فڕبداته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌. كۆمه‌ڵگه‌ كاتێك ده‌گاته‌ لێواره‌كانی هۆشمه‌ندی تاڵ ، ئیدی به‌دوای بوونێكی دیكه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، لێره‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ مه‌شقده‌كات له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی تاڵیه‌كانی ناو هه‌ناوی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی تاڵییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆحی فڕبداته‌ ته‌نه‌كه‌خۆڵه‌كانی مێژووه‌ وه‌. (هۆشمه‌ندی تاڵ) ئه‌و گریانه‌ بوو كه‌ئه‌مشه‌و له‌ناو مامۆستایانی ناڕازیدا سێبه‌ره‌كانی خۆی په‌رشكرده‌وه‌، وه‌ك خێوه‌كه‌ی ماركس و ئه‌نگلز وه‌هابوو ، به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا و له‌م گریانه‌دا خۆی نیشانداین .

ته‌واو

– مامۆستایانی ناڕازی له‌15.01.2017 كه‌بایكۆتیان شكاند ، له‌دوای كۆنگره‌ ڕۆژنامeوانییه‌كیان ‌ده‌ستیانكرد به‌گریان.
https://www.youtube.com/watch?v=X328EMxHyy4&feature=player_embedded




گۆڕان و كاریگه‌ری سیاسی له‌ گۆڕه‌پانی كوردستاندا …. شاخه‌وان سه‌نگاوی

كوردستان له‌ پێش به‌رواری 25/7/2009 به‌ چه‌شنێ‌ بوو كه‌ هه‌وڵدان بۆ ڕه‌خنگرتن و قسه‌كردن له‌ سه‌ر پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و ئاراسته‌كردنیان به‌ره‌و چاكسازی له‌ بواره‌كانی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی و ئیداریدا قه‌تیس مابوو له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند وتارێك كه‌ هه‌ندێ‌ جار به‌شێوه‌یه‌كی ترس ئامێزانه‌ له‌ پاكتاوكردنی گیانی نوسه‌ره‌كانی له‌ په‌ره‌ی كۆتایه‌كانی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ئه‌و ده‌مه‌دا بلاوده‌كرایه‌وه‌ .

به‌ڵام كاتێك گۆڕان هاته‌ نێو خه‌باتی سیاسی باشوره‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و ته‌وقی بێده‌نگیه‌ی كه‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك بوو هه‌ردوو پارتی ده‌سلاتدار له‌ ژێر ناوی نه‌ته‌وه‌ی مێگه‌ل په‌روه‌رده‌یان ده‌كرد … ورد و خاشكرد و وه‌ تاكی كوردی فێری ئه‌وه‌ كرد كه‌ بتوانێ‌ به‌ ده‌نگێكی بڵند قسه‌ له‌ سه‌ر چاكسازی وگۆڕانكاری و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌ كه‌له‌پچه‌كراوه‌كان بكا كه‌ ئه‌مه‌ باشترین سه‌رتا بوو . چونكه‌ گۆڕان له‌ ده‌مێكدا هاته‌ نێو خه‌باتی سیاسیوه‌ كه‌ كوردستان له‌ كه‌ناری داڕمانی سیاسی و ئیداری و ئه‌خلاقیدابوو ئه‌ویش به‌ر ئه‌نجامی ئه‌و جۆره‌ له‌ ئیداره‌دانه‌بوو كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سه‌ پله‌ باڵاكانی هه‌ر دوو پارته‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرا له‌ كۆی جومگه‌كانی حكومه‌تدار ئه‌م هه‌رێمه‌دا .

هه‌ر بۆیه‌ چه‌مكی چاكسازی و ڕیفرۆم بوو به‌ ناسنامه‌یه‌ك بۆ گۆڕان…. وه‌ گۆڕانیش باش ده‌یزانی كه‌ خواستی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ شێوه‌یه‌كی ئانی بریتیه‌ له‌ چاكسازی و ڕیفرۆم له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا وه‌ ئه‌م چاكسازیانه‌ش نایه‌ته‌ دی ئه‌گه‌ر له‌ پارته‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێنه‌كات ، چونكه‌ پارته‌كان ( حزب) باشترین وه‌سیله‌یه‌ بۆ ڕیفرۆم و چاكسازی ، چونكه‌ ترسان له‌ چاكسازی ترسانه‌ له‌ پێشكه‌وتن و له‌ ده‌ستدانی كورسیه‌كان . هێشتنه‌وه‌ی كوردستانه‌ له‌ نێو بازنه‌ی ئه‌قلیه‌تێكی پاوه‌نخوازی جه‌مسه‌ر به‌ندی . هه‌ر ئه‌مش بوه‌ پاڵنه‌رێك كه‌ وا له‌ گۆڕان بكا به‌ پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی درێژ مه‌ودا به‌ په‌رله‌مان ، هه‌نگاوی كرده‌ی بنێت بۆ ڕیفرۆم و چاكسازی له‌ سێكته‌ره‌كانی ئیداری و دارایی و سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستاندا ، والا كردنی ئه‌و ده‌رگا چاكسازیه‌ی كه‌ پارته‌كان خۆیان چاركه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ سه‌ر خۆیان كوڵمیان كردبوو چونكه‌ پارته‌كانیش پێویستیان به‌ چاكسازی ریشه‌یی هه‌بوو له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ پارت له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یدا كارابێت له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كادر . دروستكردنی هاولاتیه‌كی وشیار بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری سیاسی له‌ پیاده‌كردنی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسی هێنده‌ زوتر و زیاتر ده‌توانین كه‌ره‌سته‌ی ریفرۆم و چاكسایه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌دا بنیات بنرێت چونكه‌ حزب هه‌وێنی دروست بوونی هه‌یكه‌لی حكومه‌تداریه‌ .

كاتێك گۆڕان وه‌كو پارتێك سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌كانی به‌ ئاراسته‌ی چاكسازیی هه‌ڵده‌هێنا ، له‌ پریاسكه‌كه‌شیدا خاوه‌نی ستراتیژیه‌كی دیاری كراوبوو . وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ش ئاماده‌گی هه‌بوو كه‌ گوێی ئێمه‌ پێی رانه‌هاتبوو، چاكسازی بۆ ؟ ئامانج له‌ چاكسازی چین ؟ كه‌ره‌سته‌كانی چاكسازی چین . چاكسازی له‌ كوێ‌ و چی پله‌ و پۆستێكی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ین ؟

ئه‌ویش له‌ ڕێگایی هه‌وڵدان بۆ بنیاتنانی زه‌مینه‌یه‌كی له‌ بار بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ خۆیی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ :
یه‌كه‌م : ئاسایشی سه‌ربازی:
یه‌كێكه‌ له‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ ستراتیژیه‌ گرنگه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ویش به‌ هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیه‌كه‌ی و زۆر و زه‌وه‌ندی ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی كه‌ بۆ پاكتاو كردنی كورد كراوه‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تی دۆسته‌كانی ئه‌مڕۆمان له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌ویش خۆیی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ .
• بنیاتنانی یه‌كه‌ جۆراو جۆره‌كانی سلكی سه‌ربازی به‌ به‌رزترین ستاندارده‌ سه‌ربازیه‌ جیهانیه‌كان و هه‌نگاو نانه‌ بۆ به‌نیشتمان كردنی و پێگه‌یاندنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌رهێنانی له‌ ژێرچنگی پارت و تاكه‌كانی پارته‌كان تا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ببن به‌ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ …كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌ی له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌ سه‌ربازیه‌كانی خۆیانه‌وه‌ ده‌رده‌چوێنرێت ، وه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆیی نه‌بێت ئاراسته‌یان بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاسكی تاك و حزبگه‌رایه‌تی تا كوردستان به‌دووربگیرێت له‌ دووباره‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ، سڕینه‌وه‌ی سنوره‌كانی زۆنی سه‌وز و زه‌رد.
• جێبه‌جێكردنی سسته‌می سه‌ربازی چ به‌شێوازی تجنید یاخود به‌ شێوازی خۆبه‌خشی .
• جۆراو جۆری چه‌ك و سه‌رچاوه‌كانی دابینكردنی چه‌ك بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ‌ بوونی ئینتمای حزبگه‌رایه‌تی ….هتد .

دووه‌م : ئاسایشی ئابووری :
روون و ئاشكرایه‌ ئابووری شاده‌ماری سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئابووری كه‌ ئه‌ویش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بێت په‌یڕه‌وی ئه‌م بابه‌تانه‌ بكرێت .
• پلاندانانی ئابووری به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به‌هه‌رسێ‌ ئاستی ( كورت مه‌ودا ، مام ناوه‌ند ، درێژ مه‌ودا)
• سوود وه‌رگرتن له‌ داهات و سامان و سه‌روه‌تی سه‌ر زه‌ویی و ژێر زه‌وی به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و بایه‌خدان به‌ داهاتی تاك ، چونكه‌ ئه‌مه‌ بناغه‌یه‌ بۆ داهاتی نه‌ته‌وه‌یی ، كه‌ ئه‌میش خۆیی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ فره‌ سه‌رچاوه‌كردنی بووجه‌ی گشتی هه‌رێم هه‌وڵدان بۆ بنه‌بڕكردنی كورتهێنان له‌ بووجه‌ی گشتیدا .

سێیه‌م : ئاسایشی كارگێر و ئیداریی :
بنه‌ماكانی ئاسایشی كارگێر و ئیداری
• له‌ رێگای هه‌وڵدان بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی تایبه‌ت كه‌ خاوه‌ندارێتیه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ، مه‌رجێ‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌بێت .
• ده‌زگاكانی دادوه‌ری به‌ شێوه‌یه‌كی بێ‌ لایه‌ن كاره‌كانی خۆی ڕاپه‌رێنێ‌ ، خۆ به‌دورگرتن له‌ به‌كارهێنانی مه‌تاتیه‌ت له‌ یاساكاندا.
• ده‌زگاكانی چاودێری به‌ سه‌رجه‌م پێهاته‌كانیانه‌وه‌ كار بكات له‌ سه‌ر چاودێریی كردنی ئدای ئیداری و دارایی له‌ كۆی جومگه‌كانی حكومڕانی دا .
• زه‌مینه‌سازی بكرێت بۆ پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ پۆسته‌ شایسته‌ بووه‌كان له‌ كات وجێگای خۆیدا به‌ مه‌به‌ستی ڕێگری كردن له‌ خواستی پاوه‌ن خوازی بۆ ده‌ستلات .ئه‌مه‌ش كاتێك ده‌بێت له‌ ژێر سه‌روه‌ر بوونی هه‌یمه‌نه‌ی یاسادابێت به‌نموونه‌ش :
له‌ 23 ی حوزیراندا كاتێك په‌رله‌مان مه‌به‌ستی بوو به‌ رێكاره‌ یاسایه‌كه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار بكاته‌وه‌ به‌بێ‌ هه‌ڵوێسته‌ كردن و له‌ به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبگه‌رایه‌تی ، تا ده‌سته‌به‌رێكیش بكات بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ داخراوه‌كان له‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ت بۆ دامه‌زراوه‌كانی ته‌شریعی و یاسادانان و ته‌نفیزی ئا له‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دواوه‌ له‌ ژێر فشاری هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان ئه‌م ئیراده‌ له‌ په‌رله‌مان سه‌ندرایه‌وه‌ و به‌ جۆرێكیش سه‌ندرایه‌وه‌ كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ له‌ 12 تشرینی یه‌كه‌م ڕێگا به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌درا نه‌ك بچێته‌ بینای په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ڵكو شه‌قامێكی پایته‌ختیشه‌وه‌.

شاخه‌وان سه‌نگاوی
shaxewan.saed@gmail.com




کۆتایی بایکۆت، کۆتایی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان نیه‌! … نوری به‌شیر

ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی مامۆستایان بۆ موچه‌کانیان، خواستی بژێوی خۆیان و خێزانه‌کانیانه‌، خواستی به‌رده‌وامی سفره‌ی هه‌ژارانه‌یانه‌، خواستی داواکاری مناڵه‌ چاوگه‌شه‌کانیانه‌ که‌ له‌ خوشی و پێدوایستیه‌ ئینسانیه‌کانی کۆمه‌ڵگا مه‌حرومن، خواستی ئیدامه‌کاری مامۆستایه‌ بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ به‌قوتابیان. هه‌موو ئه‌م داواکاری و خواستانه‌ لانی که‌می پێدوایستیه‌کانی ژیان بوو، که‌ حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ته‌ بنکه‌ فراوان و حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ به‌ڕه‌سمیان ناسی و نه‌ وه‌ڵامیان پێ دایه‌وه‌.
به‌ڵام مامۆستایان و بایکۆت و خواست و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان، بووه‌ قوربانی سیاسه‌تی حزبه‌کانی کوردایه‌تی و ئیسلامیه‌کان که‌چاوه‌ڕوانی ره‌حمه‌تی پارتی ده‌که‌ن، هه‌موو ئومیدو خواستی ناڕه‌زایه‌تی رۆژانه‌ی مامۆستایان و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌یان، بووه‌ رێکه‌وتن و ساتو سه‌ودای گۆڕان و یه‌کێتی و ئیسلامیه‌کان و کێبڕکێیان بۆ شه‌ریکه‌ به‌شی پارتی و له‌ناو خۆیاندا که‌و‌تنه‌ ملشکاندنی یه‌ک، که‌ کامیان شه‌ریکه‌ به‌شی ئه‌ساسی پارتیه و جێگای زیاتر ده‌گرێت لای پارتی، دانیشتنی هه‌فته‌ی رابردووی یه‌کێتی و پارتی و راگه‌یاندنی هاوبه‌شیان هێنده‌ی تر گۆڕان و ئیسلامیه‌کانی تڕۆ کرد که‌ده‌بێ له‌ده‌وری سیاسه‌تی پارتی کۆببنه‌وه‌‌ و یه‌کێتی کرده‌ شه‌ریکه‌ به‌شی زیاتر له‌وان.

گۆڕان و ئیسلامیه‌کان کارنامه‌ی گه‌وجاندن و خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی له‌ پاشه‌کشه‌ پێکردنی بایکۆتی ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایاندا کردیان، دڵی پارتیان ڕازیکردو کردیان به‌ده‌ستکه‌وتی پارتی و یه‌کێتی و پارتی تیا باڵا ده‌ستبوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌و راستیه‌یان خسته‌ به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستان که‌ ئه‌و حزبانه‌ چه‌نده‌ کێشه‌و ململانێیان هه‌بێت‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر خواست و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکدا یه‌ک ده‌ست و یه‌ک هه‌ڵوێستن بۆ پاشه‌کشه‌ به‌دواکاری خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌ت.
بایکۆت به‌جیا له‌ته‌شخیسی دروست یان نا دروستی مامۆستایان بۆ خواسته‌کانیان، شێوه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی بوو له‌به‌رامبه‌ر حزب گه‌لێکی کوردایه‌تی و ئیسلامیدا که‌ڕۆژانه‌ پیرۆزی خاک و نیشتمان و ئاڵا و سه‌رۆک و پێشمه‌رگه‌و ماڵه‌ شه‌هید و ئایین و شه‌ره‌ف ده‌رخواردی خه‌ڵک ده‌ده‌ن، به‌ڵام موچه‌و پاروی ده‌می مناڵانی مامۆستایان و خه‌ڵکی کوردستان و هه‌تا مناڵامی ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌و ماڵه‌ شه‌هیدانه‌ی خۆیان ته‌پڵی پیرۆزی بۆ لێده‌ده‌ن، به‌ڕه‌وا نابینن و بۆیان گرنگ نیه‌.

گۆڕان، یه‌کێتی و ئیسلامیه‌کان، پاشه‌کشه‌یان سه‌پاند به‌سه‌ر ‌ناڕه‌زایه‌تی ‌بایکۆتی مامۆستایان بۆ موچه‌کانیان، به‌ڵام خواستی موچه‌ی مامۆستایان له‌جیگای خۆی ماوه‌ و وه‌ڵامی پینه‌دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ریسواییه‌کی تر چووه‌ سه‌ر کارنامه‌کانی ئه‌و حزبانه‌ی شه‌ریکی پارتی. وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ و نه‌چوونه‌ ژێر باری داواکانی مامۆستایان، ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگادا فراوان و به‌زیندویی له‌ناوه‌نده‌کانی کار و گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه‌و زانکۆکاندا ده‌هێڵێته‌وه‌. حزبه‌کانی کوردایه‌تی شه‌ریکه‌ به‌شی پارتی به‌م هه‌نگاوه‌ی بردنه‌ دواوه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بایکۆتی مامۆستایان بۆ موچه‌کانیان، وه‌ڵامیان به‌داوای پارتی دایه‌وه به‌دژی خواسته‌کانی مامۆستایان‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی پارتیدا کاره‌کانیان به‌رنه‌ پێشه‌وه‌و ئه‌گه‌رچی په‌رله‌مانه‌که‌شیان بۆ کارا بکاته‌وه‌.

ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌کوردستاندا، له‌جاران فراوانتر ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ته‌نها موچه‌ نیه‌ که‌خواستی مامۆستایان و زۆر به‌شی تری کۆمه‌ڵگایه‌، خواسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئاو، کاره‌با، خزمه‌تگوزاریه‌کانی رێگاو بان، خواسته‌کانی قوتابیان، ژنان، لاوان، کار بۆ بێکاران، وه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر تایبه‌تیکردندا که‌ نرخه‌کان ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌، هاوکات بێوه‌ڵامی حزبه‌ میلیشیاکانی کوردایه‌تی، قڵشتی چینایه‌تی فراوان ده‌کاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی کێشه‌کان کێشه‌ی خواسته‌ چینایه‌تیه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ته‌ که‌زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵگا پێکده‌هێنن له‌به‌رامبه‌ر که‌مایه‌تیه‌کی سه‌رمایه‌داری تاڵانکارو مافیاو دژی خه‌ڵکیدا، به‌ڵام ته‌جروبه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ئه‌وه‌ی سه‌لماند که‌ده‌بێ ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی کارنامه‌و سیاسه‌ت و چه‌واشه‌کاریه‌کانی حزبه‌کانی کوردایه‌تیدا بێت، که‌ئاسۆی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی زاڵه‌ به‌سه‌ریدا، که‌به‌رژه‌وه‌ندی بۆرژوازیانه‌ی له‌پشته‌وه‌یه‌. بۆیه‌ ده‌بێ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کوردستان، هاوکات که‌ ناڕه‌زایه‌تی سیاسیه‌و ده‌بێ ئاسۆی سۆسیالسیتی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت و هه‌ر به‌م دیدگایه‌شه‌وه‌ رێکخراو بێت که‌بۆخۆی دیفاعی شێلگیر له‌خواسته‌کانی خه‌ڵک ده‌کات و زامنی به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی خواسته‌کان ده‌کات.
16/1/2017