گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاسووده‌یی … ڕزگار حەمە ڕەشید

١
هه‌ڵوێسته‌ نوێکانی به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌ له‌ ڕابردوودا خاوه‌ن پرۆژه‌ی گرنگ بوون, پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ کردنێکی جددی هه‌یه‌. چونکه‌ مه‌ترسی سه‌ره‌کی به‌ته‌نیا ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ حیزبه‌کان و سیاسیه‌کان چۆن بێباکانه‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ بەرژەوەندی خۆیان به‌کار ده‌هێنن، بەڵکو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش مه‌ترسیداره‌ کاتێک ڕۆشنبیران ده‌که‌ونه‌ ناو یاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

له‌ کاتێکی پڕ له‌ شپرزه‌یی وه‌ک ئێستای ئه‌و کایه‌ رۆشنبیری و سیاسیه‌ی ئێمه‌دا، سیاسیه‌کان به‌مه‌به‌ستی له‌بارکردنی زۆرترین زه‌مینه‌ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و شتومه‌کانه‌ی خۆیان، که‌ ئێمه‌ پێیانده‌ڵێین کۆمه‌ڵگا، هه‌موو ئه‌زمونێکی دیموکراسی و نادیموکراسی تاقیده‌که‌نه‌وه‌. ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین شه‌رعیه‌ت به‌ قامچیه‌کانی خۆیان بده‌ن بۆ ڕامکردنی په‌نهانترین جیهانه‌کانی تاک وه‌ک بوویه‌کی ده‌سته‌مۆکراو. ڕۆشنبیرانیش زۆرترین نوسینه‌کانی خۆیان که‌ده‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌و ڕاڤه‌و ڕامانه‌کانیانه‌ دەخەنە پێناو ئەو سیاسیانەوە کە هیچ ئومێدێک لە کارو پرۆژەکانیاندا نادۆزیتەوە بۆ ئایندە.

کاری ئەو ڕۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەندە حیزبیانە، ئەوەندە سادەو لاوەکی نییە وەك ئەوەی دەبینرێت، یان خۆیان پێیانخۆشە نیشانی بدەن. بەڵکو زۆر کاریگەرە. لە مێژووی دوورو نزیکی حیزبەکاندا هەمیشە بینیومانە ڕۆشنبیرەکان ڕێنیشاندەرو دەستپێشخەر بوون بۆ دروستکردنی کاریزماکان، ئەو کاریزمایانەی لەئەنجامدا بوونەتە میرو ئاغاو دیکتاتۆرو هەمیشەش تێکڕای دەستکەوت و قوربانیەکانیان خستۆتە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و خانەوادەو بنەماڵەکانیانەوە. هەمیشە بە بڕیارە تاکەکەسیەکانیان گەورەترین زیانیان بە بوونی مرۆڤی ئێمە گەیاندووە. کارەساتەکە ئەوەیە، ئەم هاوڕێ ڕۆشنبیرانە، وەك سیاسیەکان، هەرگیز وانە لە ئەزموونەکانی پێشخۆیان و دەوروبەریان نابینن.

sher

سەرەتا کە دەچێتە لای “سەرۆك” یان “ڕابەر” پێیوایە کە توانای دەستکاریکردنی نەخشەی بیرکردنەوەکانی ئەوی هەیە، دەتوانێت پرۆژەکانی خۆی تێکەڵ بە پرۆژەکانی حیزب بکات و خەونە شاعیریانەکەی خۆی و هاوڕێکانیشی لەڕێگەی سەرۆکەوە بێنێتە دی. بەڵام هەمیشە ئەو ڕۆشنبیرانە بوونەتە بەشێك لە پرۆژەکانی سەرۆك و لەو پێناوەدا، نەك قوربانییان بە خەونەکانی خۆیان و هاوڕێکانیشیان داوە، بەڵکو بوونەتە پایەیەکی سەرەکیش بۆ گەشەکردنی دیکتاتۆر. زۆر جار بەناوی بێلایەنیەوە، گەورەترین گورزیان لە هەر پرۆژەیەکی سەربەخۆ وەشاندووە. بەناوی ئامانجەکانی شۆڕش و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری نیشتمانی و ترس لە پیلانی دوژمنان و…هتد دژی هەر دەنگێك کاریانکردووە کە ڕەخنەی بنەڕەتی لە سیستەم دەگرێت. بۆ ئەوان، باڵێکی خلیسکاوی ناو دەسەڵات لە هەر پرۆژەیەکی دەرەوەی ئەو باشترە. ڕازیکردنی دڵی ڕەوتە ئیسلامیەکانیان بەلاوە گرنگترە لە گوێگرتن لە گەنجێك کە تا ئاستی نەفرەت لە هەموان بێزارو ناڕازیە، کە دەستبەرداربوون و گەڕیدەبوونی ناو سنوورەکانی پێ شیاوترە لە ژیانێکی سەرشۆڕانەی بێمانا. ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی، کە قوربانییان بە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانیان داوە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتی و سیاسیەکانی خۆیان. ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی کە هەر ئەوەندەی دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا، دەنگێکی ئازاد تیرۆر دەکەن. کە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا، کۆمەڵگا لە تاریکی و بێئاسۆیی و نائومێدی و نەخوێندەواریدا نغرۆ دەکەن.

٢
هەرچەندە دواکەوتنی مووچە سووکاتیکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە ئیرادەو ژیانی یەك بە یەکی کۆمەڵگەی ئێمە، بەوانەشەوە کە مووچەخۆر نین، بەڵام مژدەی گەیشتنی مووچە سووکایەتیپێکردنێکی زۆر لەوە ڕوخێنەرترو کارەسات ئامێزترە . ئەو برادەرە لووتبەرزانەی کە لەو بانەوە فەرمانڕەوایی دەکەن، بچووککردنەوە و لووتشکاندنی هاوڵاتیانیان کردۆتە ئامانجێکی سەرەکی، چونکە ئەوە تەنیا ڕێگایانە بۆ درێژەدان بەو دەسەڵاتە نا مرۆڤانەییەی خۆیان. ئەوان بەوەوە ناوەستن کە بێشەرمانە و بەبەرچاوی هەموانەوە دزی لە پارووی سەرجەم منداڵان و هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە دەکەن، هەڵیشدەکوتنە سەر کارەکتەر و بوونی تێکڕای تاکەکان و ڕۆژانە بیریاندەخەنەوە کە لەم نیشتمانەدا لە کۆیلەو کۆتکراو زیاتر نین.

ئەم دەسەڵاتە فاشیستە، زۆرترین توانای خۆی لە ڕامکردنی تاکەکاندا بەکاربردووە. بۆ ئەمەش، پەنای بۆ هەموو شێوازەکانی سیخوڕی و سەرکوتکردن و تیرۆر بردووە. جگە لەوەی لەشکرێکی بەربادی میدیایی پێکهێناوە تا چاوبەستراوانە داکۆکی لە حیزب و فەرماندەو سەرۆکەکانی بکەن. تا خیانەتەکانیانمان بە نرخی دەستکەوت و خەبات پێبفرۆشنەوە، تا سەرلێشێواندنێك بنێنەوە کەس نەتوانێت بگاتە کرۆکی ڕاستیەکان. بۆ ئەمەش جگە لەو هەموو کەناڵ و پرێس و لینکانەی بەناوی حیزب و حکومەت و بێلایەنەوە دەستگیرۆیی دەکرێن، سیاسەتی کارکردنیان بۆ دا دەڕێژرێت و لە کاروانی کۆیلەکردنی کۆمەڵگەدا ئەرکی گرنگیان پێدەسپێردرێت؛ ئێستا ئەوەشی هاتۆتە سەر کە ئەندامەکانی خۆیان بەرداوەتە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوێش هەمان ئاژاوەیان ناوەتەوە. ئەو ئەندامە بەڕێزانەش، وەك ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان، نەك بەهای کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەهایەکیان بۆ خودی خۆشیان نەبووبێت، بێباکانە درێژە بەو یاریە دەدەن.

koyla

ڕۆژانە دەیانبینیت بە چەندین شێوە ماکیاژی خیانەت و گەندەڵیەکان دەکەن و خۆیان قوربانی سەرۆك و سەرکردە حیزبیەکانیان دەکەن، لەو لاشەوە هێرشدەکەنە سەر هەر دەنگێك کە بە ئاوازەکەی ئەوان نایژەنێت. ئەم کارەش بە زمانێکی ئەقڵانی و ڕەخنەگرانە نا، بەڵکو بە زمانێکی زبر کە تا ئاستی هۆنینەوەی جنێونامە پەلدەهاوێت، وەك ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر کۆمێنت و پیاهەڵدان و هێرشەکاندا وەریدەگرن، بە نانەوەی زۆرترین ئاژاوەی لاوەکی بپێورێت. دەست ئاوەڵاکردنی ئەو هەموو چالاکانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانداو بوونی ئەو هەموو دەزگایانەی ڕاگەیاندن، جگە لەوەی مانەوەی ئەوانی فەرمانڕەوا مسۆگەر دەکات، باشترین ڕێگەی گەیشتنیشە بە بچووکترین خانەی کۆمەڵایەتی. هەروەها ئاسانترین ڕێگایە بۆ سەرلێشواندن و لەبیربردنەوەی ڕوداوو کارەساتە گەورەو سەرەکیەکانی ژیانی ئێمە. ئەمە جگە لە هەزاران ڕێکخراوی بەناو مەدەنی و حیزبی کە لەژێر چەندین ناوی جیا جیادا ئەرکی بەرپا کردنی کەرنەڤاڵەکانیان گرتۆتە ئەستۆ، کەرنەڤاڵی گردبوونەوە بێبەرهەمەکانی وەك داکۆکی لە ژنان و ڕۆژنامە نوسان و بەدواداچوونی دۆسیەکانی تیرۆرو پێشێلکاریەکان و چەندین ناوی گرنگیتر. ئەمانە نەك بەو ئەرکەی خۆیان هەڵناستن و نایگەیەننە ئەنجام، بەڵکو لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی ئاهەنگ و کەرنەڤاڵەکاندا، ڕوداوەکە لە بارگەکانی خۆی بەتاڵ دەکەنەوە. بەمەش ڕوداوە بارگە لێداماڵراوەکە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لەیادەوەریدا دەمێنێتەوەو هیچ کاریگەریەکی لەدوا بەجێنامێنێت. لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە تا چەند ساڵێك مەراسیمی یادکردنەوەی بۆ بگیرێت و ئیتر وەك بەسەرچوویەك، وەك جەستەیەکی بێگیان، وەك مردوویەك هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

٣
ئەرکێکیتر کە ئەم دەسەڵاتە فاشیستە خستوێتیە ئەستۆی ئەو لەشکرەی میدیا، بریتیە لە داماڵینی مانا لە چەمك و زاراوە گرنگەکان، دابەزاندنی ئاستی گفتوگۆ و لێوردبوونەوەکان، بەڕووکەشکردنی بینینی دیاردەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە نزمترین شێوازەکانی گوزارشتکردن و نوسین بینیوە، چەندین بۆشایی فیکری و تێزی ناڕۆشن دەکاتە دیاردەی گرنگ و، سەرجەم کەناڵە میدیاییەکانی پێوە سەرقاڵ دەکات. چەندین ڕۆشنبیری کردۆتە لێبووك و بە نرخی داهێنان بە کۆمەڵگەیان دەفرۆشێت. لە بەرامبەریشدا چەندین سایکۆپاتت هەیە کە چێژ لە بینینی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، چونکە جگە لەوەی ئاسانترین ڕێگایە بۆ ناوبانگ، ئاسانترین شێوازی دابینکردنی بژێویشە. ئەو بەڕێزانەی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، تەنها بەوەوە ناوەستن بە باشترین شێوە داخوازی سەردارەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو داهێنانەکانی خۆشیانی تێکەڵ دەکەن. بەمەش تا ئاستی ئاوێتە بوون لەگەڵ کارەکتەرە لێبووکئاساکەیاندا دەڕۆن و دەیانەوێت درۆکانمان بە حەقیقەت پێبگۆڕنەوە. کە دەیانبینیت، پێتخۆشە بڕوا بهێنیت کە ئەوانە گێلن، کەچی وەك تلیاك تێکەڵ بە مولوولە خوێنەکانی جەستەی کۆمەڵایەتیمان دەبن ، بە باشترین شێوە گەراکانیان لەو جەستەیەدا دادەنێن.

control

بەجۆرێك ئەگەر لە ئان و ساتی خۆیشیدا کاریگەریەکانی نەبینرێت، ئەوا بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا نیشانەکانی دەردەکەون. چونکە ڕمەکانیان ڕێك بە ئاراستەی فەنتازیا و خەیاڵی لاوان و گەنجان دەهاون، ئەو ڕمانەی برەو بە ئاژاوەکانی بیرکرنەوەو سەرلێشێواندن دەدەن، تا لە ئەنجامدا یان بیانکەنە ملکەچێکی بێمێشکی دەسەڵاتە بێبەزەییەکانی ئەوان، یان ببنە موریدێکی نابینای ئیسلام و گرووپە ئیسلامیەکان. بەمەش جگە لەوەی مانایەك بۆ ئازادی و دادپەروەری و مافی تاك و هەڵبژاردن ناهێڵنەوە، هەر دەرفەتێکیش لەناو دەبەن ” ئەگەر هەبێت” بۆ شیکار و خوێندنەوەی قووڵی ژیان و بارودۆخەکان. ئەوان بە باشی ئەوە دەزانن ئەگەر بیرکردنەوە لە ڕووکەش تێپەڕێت، ئەگەر دیاردەکان هەڵکۆڵینیان لەسەر بکرێت و هەڵبوەشێنرێن و شیبکرێنەوە، ئەوا ئەو ژیانە شاهانەییەی ئەوان هەنگاوێك نزیکتر دەبێتەوە لە کۆتایی. بۆیە هەوڵدەدەن ڕێککەوتن لەگەڵ دوژمنترین و گێلترین مرۆڤەکاندا بکەن و بیانکەنە کاریزماو شیکاری بارودۆخەکانیان پێبنووسن. ئەو جۆرە لە شیکار کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکات. ئەو جۆرە لە نووسین، کە ئەگەر ڕەخنە ئامێزیش بێت، ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕەخنە بێبەها بکات. لە دووبارەکردنەوەی چەمکەکاندا بە چەندین شێوازی ناقۆڵا و بۆ چەندین جار و چەندین مەبەست، ژیان لە واتا قووڵەکانی چەمکەکان دادەماڵێت، دەیانکاتە بابەتی وتراوو کول و دووبارە. بەمەش ئەو زەمینەیە فراوان دەکات کە دیاردەکان تەنها لە ڕووکەشدا دەهێڵێتەوە، کە دەرفەتی پرسیار و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبار دەبات. ئیتر دەبێت هەمووان بەیەك چاوو لەیەك گۆشەنیگاوە بڕواننە دونیا و ڕوداوو دیاردەکان، دەبێت هەمووان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتەوە ڕەخنەو خوێندنەوەکانیان دابڕێژن.




ڕادێوی کوبانی ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم … بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

“ڕادێوی کوبانی”، یەکێک بوو لە فلیمە دۆکۆمێنتییەکانی ڤێستیڤالی جیهانی دووهه‌زار و شانزه‌ له‌ شاری ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆله‌ندا، کە به‌ باشترین فلیمی دۆکۆمێنتی هۆله‌ندی هه‌لبژێردرا و خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا. هەر لەو پەیوەنددا، ئه‌م فلیمه‌ یانزه‌ جار له‌‌ هۆلی سینه‌ماکانی ئه‌مستردامدا، نمایش درا.
ئەم فلیمە لە دەرهێنانی ڕێبەر دۆسکییە (٤١ ساله‌) و بابەتەکەی لەسەر هێرشی داعشە بۆ داگیرکردنی کۆبانی و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری خەڵکەکەیەتی لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا و ڕزگارکردنی. له‌لایه‌ک سیمای دیمه‌نی دڵته‌زێنی شارێکی وێران و کاولکراو پیشان دەدات، که‌ چۆن لاشەی شێواو و پارچه‌ پارچه‌‌ کراو له‌ناو داروپه‌ردووی ئەم شارە وێرانەدا به‌ شۆفل ده‌رده‌هێنرێن، له‌لایه‌کی تریشەوە، هێزو توانای لەبننەهاتووی دانیشتوانی بەیان دەکات، کە چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئه‌م بارودۆخه‌ پڕکارەساتە و چ هەوڵ و کۆششێکی پڕزەحمەت دەدن بۆ دەستپێکردنەوە ژیان و ئاوەدانکردنەوە‌ی شارەکە لەپاش ئەم هێرشە.

له دیمانەیەکدا بۆ ئاوێنه‌، ڕێبه‌ر دۆسکی ئاماژه‌ بەوە دەکات، “که‌ ده‌یه‌وێت لەڕێگای ئەم فلیمەوە، کۆبانی لە دوای کاره‌ساتی جه‌نگ به‌ جیهان بناسێنیت، جێگەیەک کە لەکاتی ڕوودانی جەنگەکەدا، تەواوی زۆمی کامێراکانی جیهان ڕووی تێکردبوو، سات بەسات ڕووماڵی ڕووداوە پڕ تراجیدییەکانی دەکرد، کەچی کۆبانی دوای جەنگ، کاتێک کە خەڵکەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بەوپەڕی هاوکارییە، کامێرەکان باریان کردووە و جیهان لێی بێئاگایە.”
کچێکی گەنجی کوردی تەمەن بیست و دوو ساڵ، دیڵۆڤان کۆکیی هه‌واڵنێر و بێژه‌ری وێستگه‌ی ڕادێوی کۆبانی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کیدا پرۆگرامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. ‘ڕادیوی کۆبانی’ لە زمانی ئەم بێژەرەوە، هەواڵی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی شەڕ، پێشڕەوی جه‌نگاوه‌رانی کوبانی، هەلومەرجی ژیانی ئاواره‌کان، خەڵک و جەنگاوەران دەڵێن چی، بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و جیهانی لێئاگادار دەکاتەوە و هەروەها لەگەڵ موزیک. لەپاش جەنگیش ‘ڕادێو کۆبانی’ ڕۆلی خۆی دەگێڕێت له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌ و دەبێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ یەکڕیزی وسەرەتای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ خەڵكەکەی.
دۆسكی له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کەیدا ده‌ڵیت: “له‌م فلیمه‌ دکومێنتییەدا، ژن کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییە‌، ژن لەناو جه‌نگ، ژن لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدایە لەبەرامبەر شاڵاوی سوپایەکی دڕەندە، هەروەها ژن لە ڕێزی پێشەوەی خەباتی یەکسانیخوازیدایە لەبەرامبەر کەلتووری پیاوسالاری. بەرگری لە باژێڕی کوبانی، ئیتر به‌ته‌نیا کاری پیاوه‌ جوامیر و ئازاکانی گه‌ل نییه‌. به‌ڵکوو هاوکات و هاوشان، ئەرکی ژنە‌ دلێر و نه‌به‌ردەکانیشە.

ژنانی چەکبەدەستی کوبانی بوون بە سیمبول، سیمبولێک کە هەموو ژنانی کۆمه‌ڵگایەکی پیاوسالاری‌ لە وڵاتانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، چاویان لێیەتی.”
دیڵۆڤانی کۆکیی بێژەر خەیاڵی لەلای منداڵە لەدایکنەبووەکەیەتی، بەو وشانەی کە بوون بە وشەی سەردەم، نامەی بۆ دەنووسێت و له‌ پرۆگرامی ڕادێوکەیدا ده‌یخوێنێته‌وه‌. چیرۆکی جه‌نگاوه‌ران و شەڕی خوێناوی کۆڵان بە کۆڵانی داعشی بۆ باس ده‌کات. لێره‌دا دیڵۆڤان دەبێت بە دیڵۆڤانی تەواو، ده‌روونی پڕ له‌ ناسۆر و برینداری خۆی، یاده‌وەرییە‌ پڕئازاراوییەکانی و هه‌ستی مرۆڤدۆستی به‌ جوانییەکی بێوێنە و زمانپاراوانە ده‌رده‌بڕێت. ده‌نگی هێمن و ماتی، گۆمێکه‌ پر‌ له‌ ئازار و حه‌سره‌ت، هاوکات هه‌ر هه‌مان ده‌نگه‌ که‌ ئومیدبه‌خش و کۆڵنه‌ده‌رە. پێده‌چێت له‌و رێگایەوە بیه‌وێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر بارودۆخەکەدا، ئەمەش پرۆسه‌ی هێوربوونەوەی خۆیه‌تی، له‌ یه‌ک کاتدا خۆی تیغه‌ و خۆشی برینه‌، ده‌روونبرینداره‌ و ساڕێژی برینی خۆشی ده‌کات … له‌ پرۆگرامه‌که‌یدا ڕابوردووی خۆی، مێژووی شاره‌که‌ی و چیرۆکی ڕادێوی کوبانی بۆ ڕۆڵه‌ له‌دایکنه‌بووه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌:
“ڕۆڵه‌ی من! ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم! له‌ پانزه‌ی ئه‌یلولی دوو هه‌زار و چوارده‌دا، داعشی چه‌ته‌، وه‌ک په‌ڵه‌ هه‌وڕێکی ڕه‌ش، کەوتنە گیانی شارەکەم، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بۆ درێژکردین، هه‌زارانیان لێئاواره‌ کردین. براکه‌م و باوکم له‌گەڵ هەزاران برا و باوکی تر له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدان.

“ئه‌م چیرۆکه‌، چیرۆکی من و سه‌دانی وه‌کو منه‌، هاورێی منداڵیم شیرین حه‌سه‌ن له‌ جه‌نگی بەرگری کوبانیدا، که‌وته‌ ده‌ست تیرۆریسته‌کانی داعش، سه‌ریان په‌ڕاند و له‌ مه‌یدانی جرابلس Jarablus هه‌ڵیانواسی، ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی بۆ من مرد و نه‌ما، پێکه‌نینی ئه‌و، چاوه‌کانی، قژه‌ جوانه‌که‌ی … من و شیرین به‌لێنمان به‌ یه‌کتری دابوو، کە کوبانی ئازاد کرا، بۆ چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ کوڕان بچین بۆ پارکی شار”
“ڕۆڵه‌کەم!‌ گه‌ر بێته‌ دنیاوه‌، هه‌نگاو به‌ هه‌نگای خاکی من، دڵۆپی خوێنی هاورێی منی به‌ سه‌ره‌وه‌یه … ڕۆڵه‌‌که‌م ئومێد ده‌که‌م ژیانی تۆ له‌م جیهاندا،‌‌ پڕ خۆشی و شادی بێت” .

هه‌ر چه‌نده‌ شاره‌که‌ وێرانه‌ و که‌لاوه‌یه‌، دیڵۆڤان له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا گه‌شبینه ‌و بیر له‌ داهاتوو ده‌کاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ کچێکی تری هاوڕێی سه‌ردانی پارک ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌ی که‌ ئاشقی یه‌کتر بوون، ژیانی هاوسه‌رگیری پێکدەهێنێت.
هه‌ر وه‌کو ئەوەی ڕێبەر ده‌ڵێت: “له‌م فلیمە دۆکۆمێنتییه‌دا، دیوێکی تر وێنه‌ی مرۆڤ دەبینین. چاومان بە مرۆڤێک دەکەوێت لە کۆمه‌ڵگا‌یەکدا،‌‌ که‌ له‌وپه‌ڕی سته‌مدیده‌ییشدا هه‌ستی متمانه‌ به‌خۆبوونی نه‌دۆڕاندووه‌ و بڕوای ته‌واوی به‌ خۆی و ئیراده‌ی پۆڵایینی خۆی، به‌ خه‌ون و تواناکانی‌ و به‌ خه‌بات و تێکۆشانی خۆی هه‌یه‌.”

ڕێبه‌ر دۆسکی، جیا له‌م به‌رهه‌مه‌، چه‌ند به‌رهه‌مێکی تری هەیە:

mijn geluk in auschwitz(2012)،
lokroep(2013)
4Ever(2014)
One happy day (2015)
Paardenkracht(2015)
The Sniper of Kobani(2015)
Yezidi Girls(2016)
Meryem de Commmandante (2016)




دلاوه‌ر ره‌حیمی راست ده‌کات … گوڵاڵه‌ ماجید

له‌مڕۆژانه‌دا له‌ وته‌یه‌کی نووسیارو هزرمه‌ند (دلاوه‌ر ره‌حیمی) راده‌مام که‌ بنی گۆمێکی بۆگه‌نی شڵه‌قاند، که‌ ئازاره‌کانمی توێ توێ ده‌کرد، له‌ لایه‌کی تریش که‌ خه‌نی ده‌کردم به‌ حه‌قبێژیه‌که‌ی، ئه‌و ده‌ڵێت:
” خوێنەرانی باشوور نە دەزانن ڕۆمان بخوێننەوە و بناسن و هەر دوای ناو دەکەون، نە دەزانن سەیری فیلم بکەن و فیلم بناسن…..
کە وا دەڵێم مانای نەخوێندەواری نییە. بەڵام دڵنیام نازانن ڕۆمان چییە. بە سەلیقەتاندا دیارە.. ئینجا کەسێک و دە کەس بزانن ئەوە ئیستسنایە..”
ئه‌م گوته‌یه‌ ره‌نگه‌ ته‌رمۆمه‌تری غیره‌ی هه‌ندێك که‌سانی که‌لـله بۆش بڵند بکات، وه‌کو گای ئیسپانی که‌ خۆی بۆ زۆران ئاماده‌ ده‌کات هه‌ڵم له‌ کونه‌ لوته‌کانیانه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر، به‌ڵام ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ تاڵیه‌که‌یدا دانی پێدا بنێین، گه‌وره‌یی مرۆڤ له‌وه‌دایه‌ دان به‌ ڕاستیدا بنێت ئه‌گه‌ر دژی خۆشی بێت، ئه‌وه‌ یه‌که‌م خاڵی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ ده‌بێت له‌ شۆڕشی هزرو مه‌عریفه‌ که‌ نه‌خشه‌سازی کۆمه‌ڵگایه‌کی ژیر و داددپه‌روه‌رو هوشیاری لێ به‌ ئاکام ده‌گات.

چونکه‌ ئه‌لفوبێی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ شوێنی خۆیدا نه‌ماوه‌و شێوێنراوه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ شاخ هاوه‌ڵه‌ دڵسۆزو شۆڕشگێڕه‌کانیان ده‌نارده‌وه‌ شار بۆ ئه‌نجامدانی چالاکی و له‌ولاشه‌وه‌ ڕژێمی داگیرکاریان له‌ شوێن و کاتی چالاکوانه‌که‌ ئاگادار ده‌کرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ن ئه‌مڕۆ به‌ 3 مانگ چاره‌که‌ موچه‌یه‌ك ده‌ده‌ن به‌ هاوڵاتیانی ژێر ڕکێفیان و هه‌روه‌ها ‌ له شه‌ووڕۆژێکدا 3 سه‌عات ئه‌لیکتریکیان پێ ده‌ده‌ن و له‌ولاشه‌وه‌ وه‌کو ده‌وڵه‌تێکی رۆژئاوایی که‌ مافه‌کانی مرۆڤی تیادا به‌رقه‌راره‌ و منداڵی ناو لانکه‌ش موچه‌ی هه‌یه‌، ده‌یانه‌وێت چاو له‌وان بکه‌ن و پاره‌ی ڕشتنی خۆڵ و خاشاکیش له‌ خه‌ڵکی چه‌وساوه‌و بێ موچه‌ بسێنن. ئه‌مه‌یه‌ لۆژیکی ئاغاو ده‌ره‌به‌گ، مرۆڤه‌کان به‌ جڕوجانه‌وه‌ر ته‌ماشا ده‌که‌ن و خۆشیان به‌ گیڤاراو ماوتسی تونگ.

ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر سێبه‌ری حوکمڕانی ئه‌و فیرعه‌ونانه‌دا کتێب ده‌خوێننه‌وه‌ ده‌بێ چی لێ تێبگه‌ن و چۆن هه‌ڵیبژێرن؟! فیرعه‌ونانێك کۆشکه‌کانیان له‌سه‌ر شێوه‌ی (زه‌که‌ر) دروست ده‌که‌ن و قاتی سه‌ره‌وه‌ش ده‌سوڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ سفرکردنه‌وه‌ی به‌های شارنشینانی ده‌وری که‌شکه‌ڵانه‌کانی فه‌رخه‌ فیرعه‌ونه‌کان! ئه‌مه‌یه‌ مۆدی عه‌قڵی هاوچه‌رخی کورد له‌ کوردستانی باشوور، دلاوه‌ر ره‌حیمی راست ده‌کات و گه‌له‌ کۆمه‌ی لێ مه‌که‌ن، به‌سه‌ ئیتر ئه‌و غیره‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ تووڕ بده‌ن و به‌ نه‌فره‌تی بکه‌ن، با وه‌کو باڵۆنه‌که‌تان لێ نه‌کات که‌ به‌ ده‌رزیه‌ك له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وته‌ بن پێی جوتیارێکی گوند نشینی به‌ ویژدان و پاك.

ئه‌وه‌ی چاپ ده‌کرێت و بڵاوده‌کرێته‌وه‌و ریکلامی بۆ ده‌کرێت له‌م فوتێکراوانه‌ن‌، ئه‌وه‌ش ره‌سه‌ن و جیاوازو ئه‌فرێنه‌ر بێت له‌ کونجی زیندانی ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌ وێژه‌ییه‌کاندا له‌ گیانه‌ڵای مه‌رگدا سیس و زه‌ردو بێ هه‌ناسه‌ ده‌خنکێنرێن، ئه‌وانه‌ش خاوه‌ندارێتی و سه‌رپه‌رشتی کۆمه‌ڵه‌ وێژه‌یی و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌که‌ن هه‌ر عه‌قڵیه‌ته‌ شۆڤینی و حیزبیه‌که‌ی شه‌ڕی ناوخۆیه‌و خه‌ریکن به‌ شان و باڵای یه‌کتردا هه‌ڵده‌ده‌ن و خۆیان به‌ سارته‌رو کافکاو کامۆ ناده‌گۆڕنه‌وه‌، تا مردن هه‌ر موراهیقن و باشترین ده‌ق لایان ئه‌وه‌یه‌ باسی دڵداری و پۆرن بکات، هه‌موو شتێکیش هه‌ر له‌ سۆنگه‌ی ره‌نگی خوێنی ده‌ماره‌کانی حیزب و مه‌نسوله‌کانه‌وه‌‌ ده‌بینن، هه‌ر ئه‌و نووسه‌ره وه‌همیانه‌ش خه‌ڵات ده‌که‌ن که‌ وه‌کو هه‌موو مۆده‌کانی تر زۆرترین تیشکیان ده‌خرێته‌ سه‌ر، له‌ کاتێکدا بۆ هه‌ڵبژاردنی نووسه‌رانی شایسته‌ی جیهانی بۆ هه‌ر خه‌ڵاتێك ، ئه‌وا پێوه‌ره‌ ئه‌کادیمیه‌کان وایه‌ که‌ خه‌ڵات ده‌درێت به‌و داهێنه‌رانه‌ی ته‌نانه‌ت زۆر خوێنه‌ران نایانناسن و له‌ گۆشه‌یه‌کی لا‌ته‌ریکی کوخه‌کانیاندا به‌رهه‌می ره‌سه‌ن پێشکه‌شی شارستانی مرۆڤایه‌تی ده‌که‌ن.

منیش له‌گه‌ڵ دلاوه‌ردا ده‌ڵێم ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت با خۆمان خۆمان بین ، با خۆمان فۆرمات بکه‌ینه‌وه‌،ئێمه‌ خه‌ڵه‌تێنراوین و خۆشمان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌، ئیتر به‌سه‌ کۆیلایه‌تی، با ببینه‌ هه‌ڵگری هزرێکی پێشکه‌وتوو و بابه‌تییانه‌، نه‌ك چاولێکه‌ری چه‌قبه‌ستوو، خۆ ئێمه‌ به‌رد نین.. شه‌رمه‌ ئیتر به‌سه‌، هه‌رچی شتێك ده‌مامکدار بکرێت ئه‌وا ناتوانرێت ئه‌ده‌ب و هونه‌ر کۆت و ده‌مامک و لغاو بکرێت، با بزانین خوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی جیهانی و شه‌یدایانی په‌ڕتووك و داهێنان و شاکاری ره‌سه‌ن له‌ جیهانداو له‌ ناو کۆمه‌ڵگاکانی تردا کێن و چۆنن، با چاو له‌وان بکه‌ین و ئه‌مه‌ شه‌رم نییه‌، ئه‌و چاولێکه‌ریه‌ شه‌رمه‌ له‌ پۆشاك و رووکه‌ش و شێوازی ژیاندا له‌ مه‌سئوله‌کان ده‌کرێت و قه‌دیش ناتوانن بگه‌ن به‌وان، چونکه‌ ئه‌وان تاکه‌ ئاره‌زوویان کۆکردنه‌وه‌ی ملیاره‌ها دۆلاره‌و قومارکردنی پێشبڕکێی ئوتومبێله‌کانی پێشبڕکێ جیهانیه‌کانه‌‌‌. ‌‌




کێ ناچێت بۆ دەنگ دان ؟؟!! … ئامانج کەریم

لەدوای ئەم چەند ساڵەی ڕابردو کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بەر لێشاوی قەیرانی سیاسی و قەیرانی سیاسیش دۆخی نا هەمواری ئابوری خولقاند و حیزبە کوردستانیەکان بەتایبەت پارتی لەژێر دەمامکی کوردایەتی و دروست کردنی دەوڵەتی کوردیدا بۆ درێژەدان بە حوکمی ناڕەوای بنەماڵەی بارزانی و مانەوەیان لە کورسی دەسەڵاتدا بۆ ئاچوغ کردن و دیزە بەدەرخۆنە کردنی سەروەت وسامانی نیشتیمان لەژێر زەبری قەڵەم ڕۆی حوکمڕانی و پەرژینی هێزی چەکدار بە پەکخستنی پەڕلەمان ئینتیمای تاکی کوردیان لاواز کرد بە پڕۆسەی دیموکراتی و بەتایبەت تر لە سنوری قەڵەم ڕەوی یەکێتیدا و دەرچونی کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگای سلێمانی و هێنانی ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگ و متمانەی جەماوەر بە لیستەکەو بە کاندیدەکەی کە دکتۆر (هەڤاڵ ابو بکر ) بو وە بە حوکمی چەق بەستویی سیاسی و پێداگری یەکێتی و نەدانی پارێزگاری سلێمانی بە کەسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن و پاش سازانی سیاسی و ڕێکەوتن لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا بە دووساڵ و دواتر بە بڕو بیانوی بۆشای یاسای و کێشەی کورسی سەرۆکایەتی هەرێم کەلەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە ماوە بەسەر چو ناوزەند دەکرێت کە دەبو پارێزگاری سلیمانی لە دوای تێپەڕ بونی دوساڵی یەکێتی فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەربکرێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرۆکی ماوە بەسەرچوی هەرێمی کوردستان کە مسعود بەرزانییە و لەهەمان کاتدا سەرۆکی پارتیشە بە سەرۆکی هەرێمی نازانێت دوبارە لەو نێوەندەدا مافی کاندیدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان کە دەرچوی یەکەمی پارێزگای سلێمانی بو بۆ جاری دوهەم ماف خوراو کراو نەکرایە پارێزگار لەم دیدانەوە خەڵکانێکی زۆر کە دەتوانم بڵێم بەڕێژەی دەنگەکانی پارێزگارە دەرچوەکەی هەڵبژێردراوی سلیمانی کە نەکرایە پارێزگار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و بنەماکانی دیموکراتی و ئاڵو گۆڕ کردن و دەستاو دەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات مەئیوس و نا ئومێد بون و تۆراون لە هەڵبژاردنی ئایندە لای هەموان ڕونە دابەزینی ڕێژەی دەنگدەر و بەشداری نەکردن هەمیشە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکانە و بە بەژداری نەکردنی خەڵکانی سادە و دەنگە خۆڵەمێشیەکان و دەنگە ناڕازیەکان (ئۆپوجسێون) کێرفی دەنگە کۆنکرێتیە بەستراوەکانی حیزبە دەسەڵات دارەکان بەرز دەکاتەوە و تەواوی ئەوانەی کە بەرژەوەندیان لە لایەن حیزبەوە پارێزراوە وەک موچەی حیزبی و ئیمتیازات و ڕای کردنی مامەڵەی ڕۆژانە و ڕۆتین چی و تەندەر چی حیزبی و مقاولی حیزبی و کۆمپانیای حیزب و هەمو ئەوانەی کە لەڕێگەی حیزبەوە بەرژەوەندیان پارێزراوەو بونەتە دەنگی کۆنکرێتی دەسەڵات بەشداریەکی بەرچاوی پڕۆسەکەدەکەن .. لەو نێوەندەدا دەنگی کام لایەن دا دەبەزێت ؟؟ بیر کردنەوەو ڕێگا چارە چییە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی ئەو خەڵکانەی کە وا هەست دەکەن دەنگەکانیان بە فیڕۆ چو کە داویانە بە لایەنێک و کاندیدەکەیان بۆ کردۆتە کەسی یەکەمی هەڵبژێردراو و سیاسیەکان و خاوەن بڕیارەکانی ئەو لایەنە نەیان توانی ئیستیحقاقی کەسی دەرچوی هەڵبژاردن و دەنگی هاوڵاتی بچەسپێنن ؟؟!! وەڵامەکەی بۆ سیاسیە باڵاکانی ئەو لایەنە جێ دەهێڵم




زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی وگەڕانەوە بۆخاڵی سفر …. ئەرکان محمد

وەک هەموان دەزانین لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی وپارتی وبە کوشتدانی زیاد لە (30 )هەزارهاوڵاتی وبرینداربونی دەیان هەزارکەس و بێسەر و شوێن بونی هەزارەها هاوڵاتی وئاوارە بونی هەزارەها خێزان کە تاوانیان ئەوە بوو حەزیان لەڕەنگی زەرد یاخود ڕەنگی سەوزبووە لە ژێرفشاردا پارتی لایەنگرەکانی یەکێتی ناچاردەکرد بێنە زۆنی سەوز و بە پێچەوانەشەوە ئەمەش لە پێناو داهات و کورسی و دەسەڵات, بەڵام دواجار ئەم دوو پارتە ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بەناوی ( ڕێکەوتنامەی ستراتیژی) کە بۆ هەردوو حیزب بوە هۆکاری سەرمایەداربونی سەرکردەکانی هەردوو حیزب و هەژاربونی میللەت، چونکە لە سایەی ئەم ڕێکەوتنە کەوتنە تاڵانکردنی نەوتی ژێر زەوی و دابەشکردنی دەسەڵات و دزینی داهاتی ئەم وڵاتە بە هاوبەشی و کەوتنە دروستکردنی پەیوەندی ژێربە ژێر لەگەڵ دەوروبەر بۆ بەکارهێنانیان بەرامبەر نەیارەکانیان لە هەرکات پێویست بکات ئەوەی جێگەی باسە ئەم قەیرانەی کە لە ئێستادا بونی هەیە دروستکراوەو سەپێنراوە بەسەرهاوڵاتیان وموچەخۆراندا لە ئەنجامی ئەم ڕێکوتنە شومەیە کە چەندین ساڵە کاری پێدەکرێت ئەوەشی سەیرە هەرکات سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە دەدوێنێت پێت دەڵێن “سوپاسگوزاربن کە ئێمەڕێکەوتین چونکە ئارامیمان بەرقەرارکردوو کۆتایمان بەجەنگ هێناو چیتر کوڕی خەڵک بەکوشت نادرێت” وەک منەتێکیش کۆتای هاتن بەشەڕی نێوانیان دەدەنەوە بەڕوی هاوڵاتیاندا لەکاتێکدا دەبێت داوای لێبوردن بکەن لەم گەلە لە بەرامبەر ئەو هەزارەها سوکایەتیەی لەسەردەستی ئەم جووت حیزبە بەم گەلە کراوە لە ڕابردوودا.

یەکێتی لە ڕابردوودا ویلایەتی بارزانی درێژکردەوە بەنایاسای وهێشتنەوە ی لەسەرکورسی دەسەڵات بە ناشەرعی لە ئێستاشدا لە پلانی هەردوو لایەندایە کە بۆ جارێکی دیکە بارزانی بهێڵنەوە لەسەرکورسی دەسەڵات وهەنگاونان بۆچەسپاندنی سیستەمی دیکتاتۆری لەهەرێ
یەکێتی وپارتی لە ئێستاشدا بە هاوبەشی پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بەنیازن نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی بهێڵنەوە لەسەرکورسی وەک هەمیشەش یەکێتی پاشکۆبێت وجێگری سەرۆکی هەرێم وجێگری سەرۆکی حکومەت وسەرۆکی پەرلەمان بدرێت بەیەکێتی ولە گۆڕان وەربگێرێتەوە ولەبەرامبەردا جێگیرێکی تربۆسەرۆکی حکومەت زیادبکرێت وبدرێت بەگۆڕان ئەگەر گۆڕان وەری نەگرت ئەوپۆستەئەوا دەدرت بەتورکمانەکان کەئەمەش سوکایەتیە بەگۆڕان لەساڵی ڕابردووشدا یەکێتی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڕان ئیمزاکردوپاش تێپەڕبونی هەشت مانگ بەسەرئەوڕێکەوتنەدا تائێستایەکێتی ئامادەنیەیەک خاڵی جێبەجێ بکات چونکە هەمیشە چاوی لەوەبوە بەرژەوەندیەکانی کەبریتین لەداهاتی نەوت وداهاتی ناوخۆ وداهاتی گومرگ لەگەڵ کۆنەهاوبەشەکەی بپارێزێت وسیاسەتی دووفاقی پەیڕەوکردووە لەڕابردووشدا کەواتە لەدوای ئاشکرابونی ئەم یارییەی نێوان یەکێتی وپارتی دەبێت گۆڕان چیترڕۆژوی بێدەنگی بشکێنێت وقسەی جدی هەبێت وچیترئاوابێدەنگ لەدوورەوەوەک منداڵێکی بێدەسەڵات تەماشانەکات کاتێک یاریەکەی دەستی دەشکێندرێت دەسەڵاتی نیە و بەس تەماشادەکات ودەگری.. ئێستاکەباسیڕۆژانەدەکەین کەئەو ڕێکەوتنەی تێدائیمزاکرا دەڵێن “ئەوڕۆژانەی ئەمڕۆیان وێران کردبەڵام بەم ڕێکەوتنەنوێیەدەڵێن ” ئەوڕێکەوتنەی ئومێدوهیواشی کوشت”




ئاگر په‌رستیم پلدانمه‌ … ده‌قی : نه‌جاح ئیبراهیم … وه‌رگێڕانی : سه‌ردار جاف

نكوڵی له‌ تاودانی تینوێتیم ناكه‌م
هه‌موو پانتاییه‌كان بێ ئاون
ته‌نانه‌ت ئارامیش هیشك هه‌ڵگه‌ڕا
گه‌واڵه‌ ته‌ڕی شاراوه‌ی ناخم
دڵی شه‌یدا بوونی نه‌بوو
له‌ حه‌وشه‌یه‌كدا
مه‌یله‌كانی نه‌دایه‌ به‌ر دارخورمایه‌ك
شه‌هێنیی حه‌سره‌ته‌كان ناشارمه‌وه‌
سوتانی له‌ خوێنبه‌رانه‌
( هۆما ) و رۆشنایی رۆژ
زه‌یوانی په‌نهانیم گوتی
تینوێتییه‌كی سه‌وز به‌ڕێوه‌یه‌
هه‌ر ده‌بێ بێت
له‌ بوونی هه‌ورێكی پڕ باران
ساته‌كه‌ سایه‌قه‌یه‌
ئاگر په‌رستی ترس پلدانمه‌
دانه‌ی كه‌سك شكۆ به‌ تینوێتی ده‌دا
وشكایی له‌ بوونی بۆندا ده‌كوژێته‌وه‌
ساته‌كه‌ ژیایه‌وه‌
له‌ گه‌ڵ یه‌كه‌م تێپه‌ڕبوونم
له‌ سه‌ر مه‌چه‌كی ره‌شتاڵه‌
پیاده‌ی شه‌یدایی ده‌كه‌م
ئای بۆ مناڵی ئاونگ
قامه‌تی ئه‌فسانه‌یی ئه‌رخه‌وان راست ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌ رێژنه‌ بارانی هه‌ورا
به‌ خۆدا نه‌چوومه‌وه‌ بزانم چیمه‌ !!؟
شۆڕشێك له‌ نه‌عنا
كه‌ رابوونێك له‌ ناو بوون و له‌ بۆندایه‌
له‌ مێینه‌ زینده‌ به‌چاڵكردن نییه‌
له‌ گومڕاكانایه‌
ئه‌ی بوون
چۆن ئاو ده‌كڵپێ
له‌ پاش و پێشی تینوێتی دایده‌بڕێ
ئاخۆ سه‌رگوزشته‌ی پلدانمت بۆ هات ؟
تینوێنیییییی
چه‌خماخه‌ زمانی كرده‌وه‌ ؟!




مەست بوون تاساتی بێ هیوایی..! … سەروەرکەریم

گوڵی خاش خاش زیاد بڕوێنن
تاهەموومان مەست بین.
ئەم زەمەنە هەمووی نائومێدی یە؟
لەم سەری شەقام ،تاکۆتایی و بە هەڵگەڕاوەیش
تەژیە بە ئازاری روح.
هەموو گەڕانەکان بێ هەڵوەدایە!
بستێک باخچە نابینین هەناسەی گوڵی لێ بێت
هیچ بارانێک نامانشواتەوە..
زەمەنی بارینی ئاونگ بەسەرچوک..
هیچ ڕەنگێک بۆنی ژیانی لێ نایە.
ئەستەمە نیگای زنار بکەین ،
کەچاوانمان هەمیشە تەڵخ و تاریکە.
هەموو ڕێگاکانمان بزرکردووە،
ناگەینەوە بەئاستانەی خەون.
هەموو کۆلکە هاوبەشەکان جیابوونەوە
ماتماتیکی ژیانمان بۆ تەفسیرناکرێ .
دەمێکە فیزیای ژیان ئیدمانی مەی بووە،
شیکاری هیچ گەردیلەیەکمان پێی ناکرێ.
ئەندێشەمان تەژیە بەبیری مەستبوون .
هیچ بۆنێک ناناسین مادەی هۆشبەر نەبێت .
خوێنمان خڕۆکەکانی بوون بە تلیاک و مەی!
کاسبووین وبێ مروەت هەنگاو دەنێین.
هەموو ڕیگاکان دەمانبەنەوە باخی گوڵە خاش خاشەکان.
ناوی هەموو جۆرەکانی مەستیمان ئەزبەرکردوە..
بەس نازانین چۆن بگەڕینەوە ماڵی ناخمان .
لەم زەمەنی داڕووخانی بوونەدا
چاوەڕوانی هاتنی هیچ بۆن و ڕەنگێک ناکەین .
رووحمان تەژی بکات بەئومێد.

هۆڵەندا
٢٠/١/٢٠١٧




گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایه‌تی ژنان ورێپێوانی جیهانی له‌دژی تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا! … نوری به‌شیر:

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21/1/2017 جیهان شاهیدی یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین رێپێوان و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی ژنان وخه‌ڵکی ئازادیخواز، به‌دژی تره‌مپی سه‌رۆکی ئه‌مریکا بوو. ‌دوێنێ هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌راسیمی سوێندخواردنی یاسایی تره‌مپ و ده‌ساوده‌ستپیکردنی ده‌سه‌ڵات خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌ڕووی هاتنه‌سه‌رکاری تره‌مپ 45 هه‌مین سه‌رۆکی ئه‌مریکا، ناوه‌ندی شاره‌گه‌وره‌کانی وه‌ک نیورکو واشنتۆنی گرت و وخه‌ڵکی ناڕازی جارێکیتر ده‌نگی ناوتنیان به‌ترامپ به‌گوێی کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ریدا دایه‌وه‌.‌ به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌مڕۆ زۆر بێوێنه‌و گه‌وره‌تر هاوکاتی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵکی ناڕزای له‌واشنتۆن که‌نیو ملیۆن که‌س به‌شداربوون له‌خۆی نمایشکرده‌وه‌ وزیاتر له‌ 600 شاری تر له‌ئه‌مریکاو وڵاتانی جیهانی گرته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌ژێر ناونیشانی رێپێوانی ژنان دا راگه‌یه‌نرا، به‌ڵام هاوکات پیاوانی یه‌کسانی خوازو ئازادیخواز به‌شداریان تێدا کرد.

شایانی باسه‌ خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌تیه‌کان‌، به‌جیا له‌واشنتۆن که‌نیو ملیۆن که‌س به‌شداری تێدا کرد، له‌شاره‌کانی بۆستن، نیویۆرک، شیکاگۆ و لۆس ئه‌نجلوس به‌ڕێپێوانی گه‌وره‌وه‌ ده‌رکه‌وت وه‌ له‌زۆریکی تر له‌شاره‌کانی ئه‌مریکادا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی و رێپێوان ئه‌نجامدرا. هه‌روها له‌زۆرێک له‌شاره‌کانی تری وڵاته‌کانی دنیادا رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تی سازدراو له‌م شارانه‌ی تری دنیادا به‌گه‌وره‌یی رێپیوان خۆی نیشاندا وه‌ک ” له‌نده‌ن، سدنی، به‌رلین، تۆکیۆ، پاریس و باشوری ئه‌فریقا. هه‌روه‌ها رێپێوانی له‌نده‌ن سه‌د هه‌زار که‌س به‌شداری تێداکرد که‌ له‌دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆوه‌ کۆبونه‌وه‌و رێپیوانی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ستی پێکرد تا دوای نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ 3:30 ی دوانیوه‌ڕۆ که‌خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ناوه‌ندی شاری له‌نده‌ن له‌ کاتژمیر 2 وه‌ سه‌ره‌تاکه‌ی گه‌شتبوو‌، کۆتایی رێپیوانه‌که‌ کۆتاییه‌که‌ی نه‌گه‌شتبووه‌ ناوه‌ندی شاری له‌نده‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌م رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا ده‌رکه‌وت و به‌رچاو بوو، راگه‌یاندنی رێپێوانه‌کان له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی ژنانو له‌ژیر ناونیشانی رێپیوانی ژناندا بوو، به‌ڵام به‌ملیۆن له‌پیاوانی یه‌کسانیخوازو ئازادیخوازو سۆسیالسیت به‌شداریان تێداکرد. به‌ هه‌زاران له‌ که‌سایه‌تی به‌رچاوی جیهانی له‌ئه‌کته‌رو نوسه‌رو رابه‌رانی کرێکاری و کۆمۆنیست و ئینساندۆست و فمینست به‌شدریان تێداکرد.

ئه‌مڕۆ فه‌زای ئه‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ی دنیا فه‌زای ژنانی ناڕازی به‌تره‌مپ و دنیای سه‌رمایه‌داری ده‌سه‌ڵاته‌ نا یه‌کسان و دژی ئینسانی بۆرژوازی و حکومه‌ته‌کانیان بوو، له‌وتنه‌وه‌ی شیعاره‌کانیان، به‌رزکردنه‌وه‌ی پلاکارته‌کانیان و قسه‌وباسی رابه‌رانی ژناندا له‌کۆبونه‌وه‌کانیاندا له‌ناوه‌نده‌کانی شاردا ئیشاره‌یان پێدا، که‌به‌ده‌یان هه‌زار پلاکارت به‌شیعاری دژی راسیستی و دژی ژن و دژی په‌نابه‌ری تره‌مب به‌رزکرابوونه‌وه‌.

رێپێوانی ناڕه‌زایه‌تی ژنان له‌مڕۆدا دژی تره‌مپ و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داریه‌که‌ی خۆی و سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌کانی که‌ئه‌مجۆره‌ ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئینسانیدا هێناویانه‌، ئه‌مه‌ په‌یامی به‌ره‌ی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆسته‌ به‌دژی زه‌لکاوێک له‌سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دروستیان کردوه‌، ئه‌م رێپێوانانه‌ راستی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌دنیای سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ به‌ده‌ست که‌مایه‌تیه‌کی مافیاو تاڵانچی و لۆمپێنی وه‌ک تره‌مپه‌وه‌یه‌، که‌به‌دژی زۆری زۆری کۆمه‌ڵگان، که‌ئه‌وانه دورونزیک دیفا‌ع له‌تره‌مپ ده‌که‌ن ده‌بێ بڕۆن. رێپیوان و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌مڕۆ ته‌نیا په‌یام نه‌بوو بۆ تره‌مپ و ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ریگرتووه‌، به‌ڵکو بۆ سه‌رجه‌م نیزامی سه‌رمایه‌داریه‌ که‌کۆمه‌ڵگای ئینسانی له‌شه‌ڕو کوشتارو برسێتی و کاولکاری و تیرۆردا راگرتووه‌و ده‌بێ بڕوات. رۆشتنی هه‌موو تره‌مپه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به‌ستراوه‌ به‌هێزی رێکخراوی چینی کرێکارو وشیاری چینایه‌تیه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی بیرو بۆچونی سۆسیالیزم و کۆمۆنیستیدا.




ئیشی من ئەوەیە بگەرِێمەوە بۆ رابردوو … ئازاد بەهین

1
ئیشی من ئەوەیە بگەرِێمەوە بۆ رابردوو
پشت لە رۆژە تاریكەكانی مۆدێرِنیتە بكەم
لە ماڵەكەماندا چرا هەڵبكەم
كەمتر بچمە دوكتۆر و بەر ئاوێنە
خەم كەم بخۆم، پرِتەقاڵ و بەستەنی زۆر

2
ئیشی من ئەوەیە بگەرِێمەوە بۆ مناڵی
بتوانم زیاتر هەڵە بكەم، خۆم بدەمە دەست قەدەر
زیاتر سەیری مردنی هەتاو بكەم، مرۆڤەكان كەمتر
هالآوی جەنگەكان كەمتر ببینم، ددانەكانی دونیا كەمتر بژمێرم

3
ئیشی من ئەوەیە بگەرِێمەوە بۆ رابردوو
دڵنەوایی ئەو گەلآیە بدەمەوە كە پاییز زەرد نەبوو
لەو مراوییە خەواڵوانە برِوانم كە بە لای خانووە رووخاوەكاندا تێدەپەرِین
نیگەران بم بە سەفەری گەرمێنی باڵندەكان…
نیگەران بم بە سەفەری دووری گەلآیەك لە ئاودا!

4
ئیشی من ئەوەیە بچمەوە دەشتەكان
سەیری ئارام رۆیشتنی دانە گەنمێك بە كۆڵ مێروولەیەكەوە بكەم
ئاسمان بجوڵێنم لە گۆماوەكاندا
شەوان لە سەر باقە گەنمەكانی باوكم ئەستێران بژمێرم
بە خشپەیەك كۆتایی بە جریكە جریكی سیسركەكان بێنم!

5
ئیشی من ئەوەیە بەیانیان بچمە قوتابخانە
ئێواران لە مەزرا بێمەوە
بە مەسینەیەك ئاو بكەم بە دەستە قڵیشاوەكانی باوكمدا
نەهێڵم گۆچانەكەی لە دەست بەر بێتەوە
نەهێڵم ئەو حەبانە
درەنگ بە دایكم بگەن!

6
ئیشی من ئەوەیە راهیبەیەك بم لە كەنیسە
لە گەلآی وەریوی موقەدەسات پەنجەرە بهۆنمەوە
شەو خەون بە ریشۆڵەكانی ستیانەكەتەوە ببینم
بەیانی حوكمی دەركرانم ببینم!

7
ئیشی من ئەوەیە بزانم كاتێك
پێلآوەكانم رەشە
جلەكانم رەشە
ژیانم رەشە
بیركردنەوەم رەشە،
بۆچی سەروریشم سپی بووە؟!

8
ئیشی من ئەوەیە بگەرِێمەوە بۆ مناڵی
لە مانای كات بێ ئاگا بم
لە قاتی سەدەمی خەیالأ دەستت بگرم
پەنجەی بچووكی دەستم بخەمە پەنجەتەوە
خاك بم لە گەڵت!

9
ئیشی من ئەوەیە بچمەوە جەنگ قاچەكانم بدۆزمەوە
بچمەوە سەنگەر بە دووربین سەیری بەختم بكەم
كە پێك گەیشتین نەهێڵم رێگا رۆیشتنم بیر بچێتەوە
نەهێڵم ئاوێنەكان پێچەوانە نیشانم بدەن.