ده‌رباره‌ی ڕێکخراوی “یه‌کێتیی بێکاران” (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نه‌وزاد مه‌دحه‌ت (گۆران عه‌بدوڵا)

ئامادەکردنی: سالار ڕەشید

: ئەم گفتوگۆیە لە کتێبی
مێژوویه‌ک له ‌یاده‌وه‌ریدا (دیدار سه‌باره‌ت به‌ مێژووی چه‌پ و کۆمۆنیزمی نوێ له‌ کوردستاندا)
بڵاوکراوەتەوە ……

” یه‌کێتیی بێکاران لە کوردستان ” یه‌کێک بوو له‌و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی ده‌یه‌ی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، که‌ به‌ ده‌سپێشکه‌ریی ئه‌فرادی کۆمۆنیستیی هاته‌ دامه‌زراندن و سه‌رباری هه‌ر که‌موکوڕییه‌ک که‌ هه‌یبووبێ، خاوه‌ن‌ کێش و قورساییه‌کی به‌رچاو بوو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و خاوه‌نی 20000 ئه‌ندام بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هاوکێشه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانیشدا جێگای هه‌ڵوێسته‌ و له‌سه‌ر وه‌ستان بووه‌ و له‌ ئاستی باڵای ئه‌و حیزبانه‌دا قسه‌ و باس له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا و چۆنیه‌تی پیلان دانان له‌دژی بووه‌ به‌ مه‌سه‌له‌.
بۆ تاووتێکردنی ئه‌م ڕێکخراوه‌، گفتوگۆیه‌کی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ڕابه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ “نه‌وزاد مه‌دحه‌ت” ساز ئه‌که‌ین.


پرسیار: له‌ چاوپێکه‌وتنی هاوڕێیانێکی ئاگادار له‌م ڕێکخراوه‌، باسی ئه‌وه‌ کراوه‌، که‌ ناوکی سەرەتایی “یه‌کێتیی بێکاران” لە شاری هەولێر له‌ یەکەمین کۆبوونەوە لە باخچەی گڵکەند لەڕۆژی 30. 06. 1992 دروست بووه‌، که‌ نزیکه‌ی 50 که‌سێک تێیدا به‌شدار بووه‌. واته‌، ئه‌و مێژووه‌ به‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ئاگادار بیت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ له‌ گڵکه‌ند بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ کۆ ببنه‌وه‌، بیرۆکه‌ی ئه‌م کاره‌ چۆن چه‌که‌ره‌ی کرد و کێ بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ی بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاگادار کرده‌وه‌؟

وه‌ڵام:

من بەدیاریکراوی نازانم پێش ٣٠/٦/١٩٩٢ چەند گروپ و کەسایەتی لەبارەی درووستکردنی وەها ڕێکخراوەیەک قسەیەکیان هەبووبێت یان لەو بارەوە کارێکیان ئەنجام دابێت.من بۆ خۆم لە ڕێی هاوڕێیەکەوە ئاگادارکرامەوە کەوا بڕیارە کۆبونەوەیەکی کراوە سەبارەت بە دیاردەی بێکاری ببەسترێت لە باخی گڵکەندی شاری هەولێر.
بەڵام دڵنیام لەوەی دروستکردنی هەر رێکخراوێک ، گروپێک، حزبێک یان هەر کارێکی تری بە کۆمەڵ، خەڵکانێک هەبوونە ئەگەر خاوەن بیرۆکەکەش نەبوبن، بەڵام سەرەتایەک بوونە بۆ گەیاندنی ئەو بیرۆکەیە، خەڵکیان کۆکردۆتەوە ، شوێنێکیان دیاری کردووەو…. تاد.
سەبارەت بە مێژووی ٣٠/٦ و کارەکانی پێش ئەو مێژووە، وەکوو کێشەیەک لە ئامادەکردنی یەکەمین ڕاپۆرتی یەکێتی بێکارانی هەولێر کە بۆ یەکەمین کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوەکە ١ ئامادەکرابوو . لەنووسینەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا کاک عەبدوڵڵا سلێمان ئاماژەی بەوە دابوو کەوا ئەوو چەند کەسانێکیتر خاوەنی بیرۆکەی وەها رێکخراویك بوون.هەروەها ٢/٦/١٩٩٢ وەکوو دەستپێکی ئەو کارە نیشان کردبوو، بەڵام لیژەنی باڵای یەکێتی بێکاران بە زۆربەی دەنگ ٣٠/٦/١٩٩٢ بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی بێکارانی هەولێر دایە قەڵەم. بۆیە تەئکید لە پاشناوی هەولێر دەکەمەوە چوونکە تا ئەو کاتە هیچ ڕێکخراوێکی تری بێکاران لە کوردستان دروست نەبوبو. من بۆ خۆم بروام بەوە نییە قسەو کارە لاوەکییەکانی خۆمان بکەینە بار بەسەر شانی مێژووەوە، ئەکرێت هەموو کەسێک لەو بارەوە یادەوەری و کارەکانی خۆی بنوسێتەوە ، بەڵام ئەوانە نابنە مێژووی بزوتنەوەکە، چوونکە دڵنیام کاری ترو کەسانی تریش هەبوونە قسەیەک یان کارێکیان کردبێت لەو بارەوە.

پرسیار: یەکێتی بێکاران لە کوردستان کەی و چۆن پێکهات؟

وەڵام:

پاش درووست بوونی یەکێتی بێکارانی هەولێر، لە سلێمانیش هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ درووست بونی وەها ڕێکخراوێک، ئەوەبوو لە ٦/١١/١٩٩٢ بەیانی دروست بونی یەکێتی بێکارانی سلێمانی بڵاوکرایەوە. هەردوو یەکێتێکە پەیوەندی توندوو تۆڵ و بەردەوام لە نێوانماندا هەبوو.
پاش گەشتن بەو بروایەی کە دەبێت هەردوو یەکێتێکە لە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری رێکبخرێت، لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی سلێمانی کە پێک هاتبوون لەم بەڕێزانە ( حاجی ئەنوەر، ئەنوەرساڵح ، ئەکرەم چاوشین،وەستا سابیر و دیدار) سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی هەولێر کۆبونەوە کە پێکهاتبوون لەم کەسانە( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود، گۆران عەبدوڵڵا ،وەستا محەمەد،سالار سۆفی،سیروان عەلی،یوسف بەکر، جاسم محەمەد) پاش سێ ڕۆژ لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی سەرتاسەری بونەوەی رێکخراوەکەو کارەکانی، ئەوەبوو لە ٦/١/١٩٩٣ بە هەڵبژاردنی ٩ ئەندام بۆ لیژنەی باڵا، یەکێتی بێکاران لە کوردستان پێکهات و لە ١٠/١/١٩٩٣ راگەیاندنەکە بڵاو کرایەوە.

پرسیار: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم، بنیاتنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ نه‌خشه‌ و پرۆژه‌ی هیچ سازمان گرووهێکی چه‌پ و کۆمۆنیستی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ر یه‌که‌ له‌وانه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو، که‌ نفووزی خۆی له‌نێویدا په‌ره‌ پێ بدات و به‌جۆرێک کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێ که‌ خۆی مه‌به‌ستێتی. ڕا و بۆچوونی تۆ له‌م ڕووه‌ چییه‌؟

وه‌ڵام:
گروپ و ڕێکخراوە چەپەکان وەکوو ڕێکخراو لە سەیرکرێک زیاتر نەبوون لە سەرەتادا، وەخاوەنی هێچ پرۆژەو پلانێکیش نەبوون لەو بارەوە، تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئەو گروپانە پێیان وابوو ئەوەی دەکرێت هێزوکات بە فیرۆ دانە، چونکە کەسی بێکار بەو پێیەی خاوەنی کارێک نییەو کەوتۆتە دەرەوەی پرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆیە هێزێکی بێکاریگەر و پرشو بڵاون لە کۆمەڵگەدا.
وەکوو تاکی سەربەخۆ لەهەموو گروپە چەپو کۆمۆنیستێکان بەشادارییان هەبوو. بەتایبەت رەوتی کۆمۆنیست کەلەو سەردەمەدا خاوەنی تەشکیلاتی عەلەنی خۆی بوو. ئەو کاتەی رێکخراوەکە گەشەی کردوو بوبەهێزێکی دیارو بەرچاو لە کوردستاندا، ئیتر بوبە جێگای ساغکردنەوەی هەموو ئەو تیۆرو قسەو باسانەی کە ساڵانێک بوو کرابوون، یان لە کتێبەکان خوێندرابوونەوە، ئەوە سەرباری گواستنەوەی مەحفەلیزم بۆ ناو رێکخراوەکە. بە کورتێکەی بووبە حەقلی تەجروبەی بێ تەجروبەکان.

پرسیار: ڕایه‌ک هه‌یه‌، پێی وایه‌، هاتنه‌کایه‌وه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌ به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی کرێکارانی بێکار نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌ره‌نجام به‌وه‌ بگات، که‌ ‌ پێکهێنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی نه‌بووه‌! ئایا تۆش هه‌مان بۆچوونت هه‌یه‌، وه‌یان پێت وایه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی بۆ په‌یدابوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ ئارادا بووه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌سڵه‌ که‌ کێشه‌یه‌ک له‌ئارادا بووه‌ یان نا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ نه‌گه‌ییشتبێته‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو و هه‌ستپێکراویش؟

وه‌ڵام:
ئەوە ڕاستە یەکێتی بێکاران لە ئەنجامی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بێکارییەوە کە خاوەنی دەیان خۆپیشاندان ونارەزایەتی جۆراو جۆر بوبێت نەهاتە بوون، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەوە دەڵێم دروسترین و جوانترین بریارێک کە مارکسیستە نوێیەکانی کوردستان دابێتیان لە پەیوەند بە زیندوترین و بەرچاوترین کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، دوو بریار بووە کە بە کرداریش چوونە پشتی، یەک کێشەی کوشتنی بەلێشاوی ژنان بوو، دوو کێشەی بێکاریبوو . دەکرێت وەک دوو خاڵی پرشنگدار لە مێژووی مارکسێکانی کوردستان تۆماربکرێت.
بێکاری تا ئەوپەری دڵرەقی خۆی دەستی نابووە بیناقاقای زۆربەی خەڵکی کوردستان. کۆمەڵگە هەمووی بەسەریەکدا کەوتبوو، نەک هەر کارگەکان، زۆربەی دام و دەزگا خزمەتگوزارێکان یان داخرابوون یان بە چوار پێنج مانگ جارێک مووچە دەدرایە کارمەندەکانی. دەسەڵاتی کوردی نەک هەر خەریکی چارەسەرکردنی ئەو ئەزمە قوڵە نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە قوڵکردنەوەی ،چ بە ئاودیووکردنی کارگەو ئامێرەکان، چ بەتاڵانبردنی سەروەتو سامانی گشتی بۆ پرکردنی گیرفانی بەرپرسەکان و چەکدارکردنی حزبەکانیان.

ئەگەر ئەم لەشکرە لە بێکاران خۆی رێک نەخستبوو یان پەرچەکرداری بە کۆمەڵی نەبوو، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاوبێت کە دەیەی هەفتاو هەشتاکان لە عێراقدا نەک هەر سرینەوەی شێوەکانی رێکخراوبوون بوو لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵکو سرینەوەشی بوو لە عەقڵیەتی بەشرەکان. بارودۆخێک سیاسەتی بەعس خوڵقاندبووی لە نێو خەڵکدا کە هەمیشە وەک و تاک بیر لە چارەسەرو وەڵام بە کێشەکان دەکرایەوە. یەکێتی بێکاران سەرباری ئەوەی هەوڵی خۆی خستبووەگر بۆ چارەسەرکردنی ژیانی بێکاران ، لە لایەکیتریشەوە دەیویست ئەو ئەقڵیەتی نارێکخراوبونە تێک بشکێنێت و وەسیلەیەکی نوێی خەباتکردن بخاتە بەردەستی کۆمەڵگەی کوردستان. هیچ کەسانێکی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست ناتوانێ بێدەنگ و دەستەوەستان دابنیشیت لە بەرانبەر مەرگی لەسەرخۆی کۆمەڵگەکەی. ئێمەش لەو بەرەیەبووین کە نەمانتوانی بێدەنگبین.

پرسیار: ئه‌گه‌ر ئامانجی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بریتی بووبێت له‌: “کار یان بیمه‌ی بێکاری”، ئایا له‌و بار و دۆخه‌دا که‌ حکوومه‌تی به‌عس له‌ کوردستان پاشه‌کشه‌ی کردبوو، کارگا و کارخانه‌کان له‌کار که‌وتبوون، کوردستان دوو جار له‌ژێر گه‌مارۆی ئابووریدا بوو، ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوو، یانی، به‌ره‌ی کوردستانی ژێرخانی کوردستانی تاڵان و ئاودیو ئه‌کرد… چه‌ند زه‌مینه‌ی گونجاو و له‌بار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ فه‌راهه‌م بوو؟ پاشان ده‌پرسم: ئه‌م ڕێکخراوه‌ توانی کارێک بۆ کرێکارانی بێکار بکات؟

وه‌ڵام:
کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری زۆرتر وەک دروشمێکی ستراتیژیانەی بێکاران نمایش دەکرا ، کەئەوە خواستی هەموو کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. یەکێتی بێکاران کاری خۆی لە چوار چێوەی ئەو دروشمە قەتیس نەکردبووەوە. ئێمە بۆ کەمترین دەسکەوت بۆ بێکاران دەرگای زۆرێک لەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی دەهاتنە کوردستان دەکوتا، کەم تا زۆرێک دەستکەوتمان هەبوو بۆ خەڵکی بێکار. بەڵام لە بەرانبەر ئەو هەموو خەڵکەی خۆی ناونوس کردبوو وە چاوەروا نیان هەبوو، دەتوانین بڵێین دەستکەوتەکان هیچ نەبوون.
ئێمە بۆ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بێکار لە ١٩/٦/١٩٩٣ بریاری خۆپیشاندانمان دا لەسلێمانی وە لە هەولێریش بەڕێخستنی کۆبونەوەی نارەزایەتی.

ئەو بانگەوازەمان تەواو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی سەغڵەت کردبوو، هەواڵی خۆپیشاندانەکەمان بە شێوەیەک دەنگی دابووەوە ،ڕۆژنامەی عراق لە ژمارە ٥٢٦٣ لە ١٨/٦ بە سەردێرێکی دیار نووسیبوی (سبەی یەکێتی بێکاران دژ بە پارتە بە کرێگیراوەکانی ئەمریکا لە کوردستان خۆپیشاندان دەکات) . لە سلێمانی لە رۆژەکانی ١٦ و ١٧/٦ دانیشتن لەگەڵ مەڵبەندی یەکێتی و بەرەی کوردستانی و پارێزگاری سلێمانی كاک جەمال عەبدول کرا ، مەڵبەند رایگەیاند کە مل بە داواکاری بێکاران نادات، سەرباری فشارێکی زۆر بۆ سەر ئەندامانی بێکاران ، دەستەیەک لە هاورێیانی لیژنەی باڵایان پاش دەرچونیان لای پارێزگاری سلێمانیەوە رفاندبوو،پاش ئەوەی ئاگادار کرابوونەوە کەوا خۆپیشاندانەکە ناکرێت ،لە پاش چەند کاتژمێرێک لە گلدانەوە ئازادکرابوون.

لە هەولێریش دەزگای ئاسایش تەواوی شاری چنیبوو چەندین ئەندامی یەکێتێکەمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەیانامەدا لە لایەن ئاسایشەوە دەسگیرکرابوون،لە دانیشتنمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر(کاک عەبدولموهەیمەن بارزانی) من و کاک عەبدولرەحمان وەکوو لیژنەی سەرپەریشتکەر ، پاش ٢ سەعات لە گفتوو گۆو بەڵیندان لەلایەن پارێزگارەوە، بەوەی ئەگەر گەنم مایەوە لە پاش ئەو ناوانەی کە مەجلیسی وزەرا رەوانی کردووە ئەوە بەڵێن بێت لە (١ – ٧٠٠٠) بەش بیدەم بە بێکاران، تەنانەت لە قسەکانیدا چەندین جار تەئکیدی دەکردەوە کەوا درۆ ناکات. دیارە ئامادەییەکی باش هەبوو بۆ خۆپیشاندان، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی بارو دۆخەکەوە لە دانیشتنێکدا بە ئامادە بوونی ئەم هاورێیانە ( شاپور عەبدولقادر ، قابیل عادل ، سیروان عەلی، د.ئەمین ، سەردار حەمید، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود و من )بریاری دواخستنی خۆپیشاندانەکەمان دا،دیارە پێش ئێمە هاورێیانمان لە شاری سلێمانی ئەو بریارەیان دابوو. رۆژی ١٩/٦ کۆمەڵێکی بەرچاو لەو بێکارانەی ئاگاداری دواخستنی خۆپیشاندانەکە نەبوبون لای بنکەی بێکاران ئامادە ببون.

لە درێژەی هەوڵدانمان بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری و رێگرییەکانی حکومەتی هەرێم لە پێش رێکخراوەکەمان، لیژنەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوو لە ( جەمال چاوشین ، عەبدولرەحمان و من ) دانیشتنێکمان لەگەڵ کاک کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ٢٣/٧/١٩٩٣ ئەنجام دا ، لەو دانیشتنەدا سێ داواکاریمان خستە بەردەستی کاک کۆسرەت ١- وەزیری ناوخۆ کاک (یونس مەولود ڕۆژ بەیانی) مۆڵەتی هۆڵ گرتنی پێنەدەداین بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵ ڕۆژی یەکێتی بێکاران . سەبارەت بە خاڵی یەکەم، راستەو خۆ لەبەرچاوی ئێمەدا تەلەفۆنی بۆ کاک یونس کردو مۆڵەتی هۆڵەکەی بۆ وەرگرتین. خاڵی دووەم پەیوەست بوو بە قانونی جەمعیاتەوە کە پەیوەند بو بە مۆڵەتپێدانی کاری رۆژنامەو رێکخراوەکانەوە . بۆ ئەو خاڵەش دوو هەزار دیناری پێداین بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ رۆژنامەی دەنگی بێکاران . خاڵی سێیەم کێشەی کار پەیداکردن بوو بۆ بێکاران . سەبارەت بەم خاڵە بەڵێنی گەرانەوەی(٢٣٣) کرێکاری پێداین بۆ سەرکارەکانیان کە لەسەردەمی بەعس بە بیانۆی جۆراو جۆر لەسەر کارەکانیان دوورخرابونەوە ،وە دامەزراندنی ٣٠ بێکار.( بەڵام ئەم بەڵێنانە هەر لە خانەی بەڵێن مانەوە و نە چوونە خانەی کردارەوە). هەروەها داوای ئەوەی لێکردین کەوا پێشنیاری خۆمان لە مەر کێشەی بێکارییەوە پێشکەشبکەین، ئەوەبوو لە ١/٩/١٩٩٣ عەبدولرەحمان مەولود و من یاداشتنامەیەکان ئامادەکردو لە دانیشتنێکدا بە بەشداری هاورێیانی سلێمانی (کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) پێشکەشی کاک “کۆسرەت ڕەسوڵ”مان کرد. دیارە زۆری پێباشبوو وە بەڵێنی ئەوەی دا کەوا بیخاتە بەردەستی مەجلیسی وزەرا. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت هەواڵێکمان لەو یاداشتە نەبیستەوە. ئەم کارانەو چەندین پرۆژەی ترمان خستە بەر دەستی نەک هەر دەسەڵاتدارانی کوردستان ، بەڵکوو ئەو ڕێکخراوە خێر خوازییانەی کە لە کوردستان کاریان دەکرد. بەڵام ئەنجامەکەی وەڵام نەدانەوەو خۆ دزینەوەبوو لە داخوازێکانمان.

پرسیار: زۆر جار ڕه‌خنه‌ له‌ سازمان و گرووهه‌کان، پاشانیش له‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ئه‌گیرێ، که‌ ده‌خاڵه‌تیان له‌ کاروباری ئه‌م ڕێکخراوه‌دا کردووه‌! به‌ بڕوای تۆ، سازمان و حیزبه‌کان مافی ده‌خاڵه‌تکردنیان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر نییانه‌، بۆچی؟ ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌، چۆن؟

وه‌ڵام:
وشەی دەخاڵەت خۆی لە خۆیدا مانای هێز دەبەخشێت، یان بە مانایەکیتر هەست بە وجودی هێز دەکەیت لە پشتیەوە و خۆشت لێدەبێتە ژمارەیەکی بێحیساب. ئەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە بە مافی خۆیانی دەزانن کەی و چۆن بیانەوێ دەخاڵەت لە وردو درشتی کۆمەڵگە بکەن. هەرچی شتە بە عەقڵی بەشەرەکانیشەوە لە دەرەوەی دەستێوەردانی ئەوان نییە ،دیارە ئەوکارەش لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا ئەنجام دەدەن، کۆتایەکەشی بە رۆبۆتکردنی کۆمەڵگەیە لە خزمەت ستراتیژییەکی تایبەتدا.
من بروام بە هیچ شێوەیەک لە دەخاڵەتکردن نییە ، ئەوەش نەک هەر بۆ ئەحزاب و گروپەکان ، تەنانەت بۆ دەوڵەتیش. لەهەر وڵاتێکدا کە پابەندی بنەماکانی دیموکراسیبێت ڕێ بە خۆی نادات دەخاڵەتی کاری رێکخراوەکان بکات،تەنها ئەو رێکخراوانەی کە بودجە لە دەوڵەت وەردەگرن ، دەوڵەت بۆی هەیە تەنها داوای لیستی ئەو کارانەی کە ئەنجام دروان لەگەڵ چۆنیەتی سەرفکردنی بودجەکە. بۆی نییە ئۆرگان دروست بکات و ئۆرگان هەڵبووەشێنێتەوە.

من کە رێکخراوەیەکی سەربەخۆم بۆ هیچ لایەنێک نە رەوایە و نە مافی ئەوەشی هەیە دەخاڵەت لە کارەکانمان بکات. ئەگەر خۆیان بە هاوخەبات و هاوبیر دەزانن، یان هەر نزیکایەتییەکی تری هەیە، دەتوانێت بە شێوەیەکی رەسمی و لە کەناڵەرەسمێکانی خۆیەوە کۆمەک بکات یان پێشنیارو بۆچوونەکانی خۆی بگەیەنێت. نەوەکوو بێتە ناو رێکخراوەکەت و لەژێر پەردەی یارییە دیموکراسێکاندا نەیارە فیکرییەکانی خۆی وەلابنێت. ئەگەر نا ئەوا ئەم رێکخراوە قەتیس دەمێنێتەوە لە نێوان کۆمەڵێ خەڵکی تایبەت و هاوفکردا، لە کۆتایشدا بە گوێرەی گەورەو بچوکبونەوەی گروپ و سازمانە سیاسێکە ئەمیش گەورەو بچوک دەبێتەوە ، واتە ئەو ئامانجەی بۆی دروست بووە لە بنەرەتدا ، لەدەستی دەدات.

پرسیار: زۆر جار باسی سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ئه‌کرێت، به‌ باوه‌ڕی تۆ سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ده‌بێ چۆن بێت؟ ئایا ده‌کرێ بڵێین، “یه‌کێتیی بێکاران” ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ بوو؟

وه‌ڵام:
پێم وایە وەڵامی بەشی یەکمی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشوتردا داوەتەوە. بەڵام بۆ وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکە دەڵێم ، یەکێتی بێکاران رێکخراوێکی سەربەخۆبوو لە دەسەڵات و پاشکۆی هیچ حزبێکی سیاسی نەبوو بە شێوەیەکی فەرمی. بەڵام بەو پێیەی کە زۆربەی هەڵسوراوەکانی کەسانی مارکسی و چەپ بوون بۆیە هەر زوو دەسەڵات و کۆمەڵگە ئێمەیان بە بەشێک لە رەوتی کۆمۆنیست و پاشان حککع دایە قەڵەم. دیارە دەسەڵات بە مەبەستەوە ئەو کارەی دەکرد، ئەوەش بە مەبەستی دابرانمان لە کۆمەڵگە. ئێمە سەربەخۆبوونی خۆمان لە هەموو دەزگایەک پاراستبوو بەڵام نەمانتووانی سەربەخۆیبوونی خۆمان لە دەخاڵەتەکانی حککع بە شێوەیەکی ئسوڵی بپارێزین. دیارەئەو بۆچونەی کە لەپشت دەخاڵەتکردنی کادرەکانی حککع وەستابوو دوو خاڵ بوو:
١- ئەم حزبە خۆی بە حزبی کرێکاران دەزانی، هەر بۆیە حەقی مامۆستایی بوونی خۆی بەسەر هەموو تەیفەکانی تری کۆمەڵگەدا بە رەوا دەزانی.
٢- ئەو تەسەورەی کە پێی وابوو رێکخراوە کرێکارێکان لە دەسەڵاتی بۆرژوازی سەربەخۆن نەک لە ئەحزابی کرێکاری.
لە سۆنگەی ئەو خاڵانەوە رەوایەتی بە خۆی دابوو دەخاڵەت لە وردو درشتی کارەکانمان بکات، هەر لە دروستکردنی ئۆرگانەکانمانەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنەکان و گێرانی مەراسیمەکان.
دیارە لەلایەکی تریشەوە خودی کەسە ناسراوەکانی رێکخراوەکەمان زمانی نووسین و وتاردانمان هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ وتارە سیاسییەکانی حککع.
ئەم بەد حاڵیبوونە لە سەربەخۆبوون و پایەکانی کاری رێکخراوەی جەماوەری ،لەو لاشەوە بەربەست و پلانەکانی دەسەڵات لەبەرانبەرمان و وەڵام نەدانەوە بە داخوازێکانمان، کێشەکانی ناو رێکخراوەکەی گەورەتکردەوە، تاگەیاندی بە دوولەت کردنی یەکێتی بێکارانی سلێمانی.

پرسیار: ئه‌گه‌ر کرێکارێکی بێکاری کارا و دڵسۆز، ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ کۆمۆنیست یان سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌ سازمانه‌ کۆمۆنیستییه‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بووایه‌، نه‌خشه‌ی‌ له‌ پشته‌وه‌ بۆ دانراو بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌هێنێ و نه‌توانێت بچێته‌ ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌و ڕێکخراوه‌وه‌، ساز ئه‌کرا؟

وه‌ڵام:
لە هەولێر هیچ کەیسێکی لەو بابەتەمان بۆ نەهاتە پێش، کەس هەبوو هیچ پەیوەندییەکی بە دونیای کۆمۆنیستییەوە نەبوو کەچی ئەندامی لیژنەی باڵا بوو.

پرسیار: گۆڤار و بڵاوکراوه‌کانی “یه‌کێتیی بێکاران” چی بوون؟ چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچوو؟ نووسه‌رانی کێ بوون؟ باسه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی چی بوون؟ چۆن ده‌نووسرانه‌وه‌، به‌ده‌ست یان به‌ چاپ؟ تیراژیان چه‌ند بوو؟ شێوازی بڵاوکردنه‌وه‌یان چۆن بوو؟ ئایا ئه‌وانه‌ شتێکی وه‌ک ئه‌رشیف لێ ماوه‌ته‌وه‌؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکارانی هەولێر رۆژنامەیەکی مانگانەی هەبوو بەناوی دەنگی بێکاران، یەکەمین ژمارەی لە ئابی ١٩٩٢ بڵاو کرایەوە و لە ژمارە ٧ وە بو بە زمان حاڵی یەکێتی بێکاران لە کوردستان ، ١٨ ژمارەی لێدەرچوو لەگەڵ چەند پاشکۆیەک. دەستەی نووسەرانی لەسەرەتادا ئەم کەسانە بوون ( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود ، جاسم محەمەد و من) . پاش سەرتاسەریبوونەوە هاورێیانی سلێمانیش بەشداربوون لەو هاورێیانەی کە لەیادمدا ماون فەرهاد فەرەج ، ئازاد، سەلام مارف و چەندان هاورێی تر ، بەڵام زیاتر وەک نووسین. تایپکردنی هەموو ژمارەکان لەسەر شانی من بوو. وەکوو نووسین زۆربەی هەڵسوراوانی بێکاران بەشدار دەبوون لە نووسین و دارشتنی هەواڵدا، دەکرێت لەو بارەوە بۆ زانیاری زیاتر بگەرێینەوە بۆ ژمارەکانی دەنگی بێکاران.

بەرەو ئایار:
بەناوی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایارەوە دەرمان دەکرد. لە ١٤/٤/١٩٩٣ یەکەمین ژمارەی دەرچوو، پاشان چەند ژمارەیەکی تریشی بەدوادا هات . دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە: ( یوسف ، سەڵاح ، گۆران). لە نیسانی ١٩٩٤ بەهەمان شێوەی ساڵی رابردوو بەرەو ئایارمان دەرکرد، دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە:(عەبدولرەحمان ، سەردار،گۆران).

هەواڵنامەی خۆپیشاندان:
لەلایەن یەکێتی بێکارانی سلێمانییەوە دەردەکرا، تایبەت بوو بە خۆپیشاندانی ١٩/٦ کە بریاربوو بکرێت. دڵنیا نیم چەند ژمارەی لێدەرچوو ،بەڵام یەکەمین ژمارەی لە ٢١/٦/١٩٩٣ بڵاوکرایەوە. نووسەرەکانی (سەڵاح، ئەنوەر، کاژاو، عەبدولرەحمان) دەستەی بەرێوەبردنی دیاری نەکرابوو.

ڕێگای کرێکاران:

زمانحاڵی (یەکێتی کرێکاران لە کوردستان”فدراسیۆن”) بوو، ئەم رێکخراوە لە ٨/٧/١٩٩٤ لەئەنجامی یەکگرتنی چەند رێکخراوەیەکی تری کرێکاران لەگەڵ یەکێتی بێکاران، ئەم رێکخراوەیە پێکهات. ژمارە ١-٢ی رێگای کرێکاران لە نۆڤەمبەری ١٩٩٤ بڵاو کرایەوە، بەو پێیەی ناوی دەستەی نووسەران نەنوسراوە دڵنیا نیم لەوەی دەستەی نووسەرانەکەی لە کێ پێکهاتبوو، بەڵام سەرنووسەرەکەی کاک عەبدولرەحمان مەولود بوو.

پرسیار: لایه‌نه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان چی بوون؟

وه‌ڵام:
لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ئەگەرخاوەن هێزبیت، لایەنی بەرانبەر ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆکردنی هەیە لەگەڵت. کە هێزت نەبوو دەبێت ئاستێکی باڵا لە دبلۆماسیەت لە خۆت پیشان بدەیت. ئەو کاتەی هێزمان روولەسەر بوو کۆمەڵێ دەرگا بەروماندا کرابوونەوە،چ وەک دەسەڵات ، یان حیزبە نزیکەکانی بە دەسەڵات. ئێستاش لەو بروایەدام دەکرا سودی زیاتر لەو پەیوەندیانە وەربگرین، بەڵام بەو زمان و دونیابینیەیی هەمان بوو، زۆر زوو وامان کرد دەرگاکان دابخرێن بەرووماندا، بەشێک لە کێشەکانمان ئەوە بووە نە جێگاو و رێگای خۆمان دەزانی لە نێوەندی سیاسی، نە زمانی گفتوو گۆو سیاسەتکردنمان گۆرانی بەسەردا دەهات،ئەوەندەی ببوینە کۆیلەی موفرەداتە سیاسێکان ئەوەندە زمانمان نەکردبووە ئامرازێک بۆ چوونە پێشەوەی کارەکانمان.سەبارەت بە ریکخراوە جەماوەرێکانیش بە شێوەیەکی گشتی پەوەندێکانمان باش بوو، بە تایبەتی کۆمەڵەی ئاوارەکانی کورستان لە هەولێر کە لەسەر دەستی هاورێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل تەیب ٢ و شوان داودی لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا. ئەم هاورێیانە دەورو نەخشێکی زۆریان هەبوو لە ناساندنی رێکخراوەکەمان بە خەڵکانی ئاوارەو دەوڵەمەندکردنمان بە دەرس و تەجرەبەکانی خۆیان سەبارەت بە کاری رێخراوەی جەماوەری. دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی ئاوارەکان یەکەمین رێکخراوەی جەماوەری سەربخۆ بوو لە کوردستان درووست بوو.

پرسیار: شه‌ڕی ناوخۆ بۆ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان خێری دایه‌وه‌، ئه‌ی بۆ “یه‌کێتیی بێکاران” چۆن بوو؟

وه‌ڵام:
شەڕ گەرانەوەی کۆمەڵگەیە بۆ خاڵی سفر، دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەکانی خێر و شەردا. لە شەڕدا بەشەرەکان حەوسەڵەی گوێگرتنیان نییە، تورەو خۆپەرست دەبن ، عەدالەت و عەدالەت خوازی دەبێتە مەقوەلەیەکی سواو بێناوەرۆک. دوو شت دەتوانێت لەو سەردەمەدا جێگاو ڕێگات پتەوبکات لە ناو کۆمەڵگەدا ،ئەویش چەک و پارەیە. ئێمە هیچ یەک لەوانەمان نەبوو. سەروەتی ئێمە قسەکردن و ئەو ئۆتۆریتەیە بوو کە لە ئاکامی کارەکانمانەوە لە کۆمەڵگە پەیدامان کردبوو. خێر بۆ ئێمە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵک بوو، رۆشنە لە شەردا ئەوانە نەک هەر لەدەست دەچن ، بەڵکوو بە چەند فرسەخیش کۆمەڵگە لەو ئاسۆیە دوور دەکەوێتەوە.

ئێمە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا سەرباری لە دژ وەستانەوەی ئەو شەڕە بە نووسین و کۆرو کۆبوونەوەکانمان ، بە بەشداری لەگەڵ کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، پارتی کاری سەربەخۆ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و رێکخراوەی تێکۆشان ، دوو خۆپیشاندانی شکۆدارمان دژ بە شەری ناوخۆ بەرپا کرد لە شاری هەولێر .لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکە ،زیاتر لە پێنج هەزار خەڵک ئامادەبوون و بە شێوەکی زۆر مۆدێرنانە لای بنکەی بێکارانەوە دەستی پێکرد و بەناو بازاری شێخ ئەڵڵادا تێپەری و لای کۆتری سەلام وەستا، بریار بوو هەر لەوێدا نوێنەری لایەنەکان قسە بۆ خۆپیشاندەران بکەن. پاش خوێندنەوەی ناوی لایەنەکانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکە لە لایەن لیژنەی بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکە، لە پڕ خۆپیشاندەران درایە بەر دەستڕێژی گولەی بیکەیسی و هەر لەوێدا دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (خالد خەلیل حەمەد ئەمین و حەمید حوسێن) گیانیان لە دەستدا و ( رەفعەت ساڵح ، خزر سۆفی مامەند ، جەوهەر ئەنوەر عەبدولجەبار، عومەر قاسم قادر ، مەعروف سوارە مەولود و جەوهەر جەعفەر حوسێن) بە توندی بریندار بوون. بۆ مێژوش ئەوە دەڵێم هەر لەو کاتەدا کە خۆپیشاندەران خەڵتانی خوێن کرابوون ، رادیۆی حزبی شوعی لە هەولێر و لەسەر زمانی کاک کەریم ئەحمەدەوە خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوەگێڕ لە قەڵەم دا.

پرسیار: له‌ناوچه‌ی بادینان نه‌تان توانی کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن! هۆکاره‌که‌ی چی بوو؟

وه‌ڵام:
بادینان بۆتە حەسارەکەی شێرزاد حەسەن و پارتیش دەوری باوکەکە دەگێڕێت ، وەک چۆن لە شوێنێکی ئەو رۆمانەدا باوک دەڵێت (گوێ بگرن… بۆ دوا جار… لێره‌ له‌م حه‌ساره‌ی من، نه‌ کوڕ ژن دێنێ و نه‌ کچ ده‌توانێ شوو بکا، ئه‌وه‌ی خۆی به‌ کچی من داده‌نێ ده‌بێ له‌نێو تاریکی ژووره‌که‌شی دا حورمه‌تی خۆی و من و ئه‌م حه‌ساره‌ رابگرێت… )٣ نە ئەوانەی پێش ئێمە توانیان کارێک لە دەرەوەی بەرژەوەندێکانی پارتی بکەن لە ناوچەی بادینان، وە نە ئەوانەی دوای ئێمە. پاش هەوڵ و تێکۆشانەکانی هاورێ ” نەزیر عومەر”و کۆمەڵی هەڵسوراوی تر لە دەڤەری بادینان بۆ دروستکرندی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران ،توانرا لەو بارەوە بەیاننامەیەک دەربکەن بە ناوی ” لیژنەی کاتی یەکێتی بێکارانی دهۆک” لە ٢٢/٥/١٩٩٣(بەیاننامەکە بە زمانی عەرەبی بوو). ئەوە بوو پاش ماوەیەکی کورت و لە ٢٥/٨/١٩٩٣ هاورێ نەزیر دەرفێندرێ و لە ٢٨/٨/١٩٩٣ تەرمەکەی لەسەر ڕێی سمێڵ زاخۆ دەدۆزرێتەوە. بۆیە هیچ کارێکمان لەو بارەوە نەچووە پێشەوە لەو ناوچەیە.

پرسیار: ئه‌و ده‌مه‌ “یه‌کێتیی بێکاران” له‌گه‌ڵ مام جه‌لال کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ساز کرد، ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر داوای کێ بوو؟ له‌لایه‌ن “ی. ب” کێ بوون ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان تێدا کرد؟ ئایا به‌شدارییه‌که‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بوو؟ باسه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ چی بوون؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکاران لە هەوڵی بەردەوامی خۆیدا بۆ لابردنی تەنگەژەکانی پێش کاری ڕێکخراوەکە و چاککردن و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی بێکاران، هەوڵی جۆراو جۆرمان دەخستە گر لەو بارەوە. ئێمە نامەمان بۆ زۆربەی کەسایەتی و حزبە سیاسێکان رەوان کرد، وە زۆرێکیش لەو لایەنانە لە ئاستی باڵادا دانیشتنیان لەگەڵ کردین.یەکێتی نیشتمانی پێش ئەو دانیشتنەی مام جەلال ئێمە چەندین دانیشتنی ترمان لە ئاستە جۆراو جۆرەکاندا کردبوو لەگەڵیان. لەوەڵام بە نامەکەماندا مام جەلال وەڵامی داینەوەو خۆی کاتێکی بۆ دیاریکردین. ئەم هاورێیانە بەشداربوون لە دانیشتنەکەدا( حاجی ئەنوەر، عەبدولرەحمان مەولود، ئەکرەم چاوشین، کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) قسەکانی مام جەلال بە شێوەیەکی تووند و یەکلایەنە لەسەر سەربەخۆبوونی یەکێتی بێکاران ببوو، ئەو پێیوابوو کە ئەم رێکخراوە سەبەخۆ نییەوە سەربە کۆمۆنیزمی کرێکارییە. لە قسەیەکیدا وتبووی ئەگەر ئێوە سەربەخۆبن من ئامادەم کۆمەکتان بکەم تا ئەوەی چەکیشتان بدەمێ. لای هاورێیانی ئێمەوە زیاتر هەوڵدرابوو دۆخی قسەو باسەکان بەلای بارو گوزەرانی بێکاراندا بروات، بەڵام مام جەلال کەمتر دەرفەتی بە هاورێیانی ئێمە دابوو بۆ قسەکردن.

پرسیار: سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕێکخراوه‌ دووله‌ت بوو، هۆی دووله‌تبوونه‌که‌ی چی بوو؟ ئایا کاریگه‌ریی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ یان کاریگه‌ریی عه‌بدوڵای موهته‌دی و کۆمه‌ڵه‌ بوو؟ وه‌یان نه‌خێر، ئه‌وانه‌ سه‌ربار بوون و خۆی له‌ خۆیدا زه‌مینه‌ی دووله‌تبوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ فه‌راهه‌م بوو؟

وه‌ڵام:
لە پرسیارەکەتدا، ئەو ناوو لایەنانەی وەک کاریگەری نەگەتیڤانە لەسەر رێکخراوەکە ناویانت ریز کردووە، دەبوایە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش لەو ریزەدا بووایە، چوونکە لە راستیدا ئەوانیش تەرەفێکی کاریگەر بوون لەو کێشەیە و قوڵکردنەوەی نەک چارەسەر کردنی. ئەوان تا مەنسوری حیکمەت رەخنەی توندی لە هاورێیانی حككع نەگرت بەهۆی تەرفداریان بۆ بەشێک و دژایەتی بەشەکەی تر و بە ئایدیلۆژیکردنی کێشەکان، بە نەفەسێکی درێژەوە خەریکی قوڵکردنەوەی کێشەکان بوون.

دیارە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەو خەتەی کە بەخەتی کۆمەڵەی دەزانن خەتێکی زۆر لاوازبوو پێشم وانییە توانای ئەوەی هەبوایە بێکارانی سلێمانی دوولەت بکات، بەڵام دونیای سیاسەت وایە کاتێک خۆت لە ئەزمەدا بیت دوژمنەکەت هەرچەندە بچوکیشبێت ، تۆ گەورەی دەکەیت بۆ رەوابوونی شەرەکەت، لەوکێشەیەشدا هەروا کرا. بەشێک لە کادرەکانی حککع بە لاسایکردنەوەی مەنسوری حیکمەت لە جیابوونەوەکەی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چۆن سێ هێڵی دیاریکرد لە ناو حیزبدا ئەمانیش سێ هێڵیان لە ناو “ی ب ک” دیاری کرد وەک ( ١- هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری ٢- هێڵی ناوەند ٣- ناسیونال چەپ) ئیتر دەبوایە خۆت یەکلابکەیتەوە، وەک ئەوەی کادرێکی باڵای حککع بە منی وت (تا ئێستا تۆ لەبەرانبەر کێشەی نێوان هەڵسوراواندا وەسەتییت دەبێت خۆت یەکلا بکەیتەوە لەگەڵ کام تەرەفیت!).
کاریگەری کۆبونەوەکەی مام جەلال ئەوە بوو، کاتێ لە چاوپێکەوتنی برادەرانی ئێمە لەگەڵیدا ، راستەوخۆ پێیوتبون کە ئێوە سەربە کۆمۆنیزمی کارگەرین ، ئەگەر سەربەخۆبن من ئامادەم یارمەتیتان بکەم ، ئەو قسەیە بیانوویەکی زیاتری دایە دەستی بەشێک لە هەڵسوراوانی”ی ب ک” بۆ دژایەتیکردنی “حککع”و قوڵکردنەوەی کێشەکان تا چوونە دەرەوەی بەشێکیان لە یەکێتی بێکارانی سلێمانی ٤ و دروستکردنی رێکخراوەیەکی تر بە ناوی : ” رێکخراوەی بێکاران”.

بەڵام بەڕای من هەموو رێکخراو و ئۆرگانێکی سیاسی و جەماوەری، ئەو کاتەی لە پایە کۆمەڵایەتێکەی خۆی دادەبرێت و پێشرەوی ناکات لەکارەکانی و دەکەوێتە دۆخێکی بەستەڵەکییەوە لە ڕووی پایەکۆمەڵایەتیکەیەوە، ئیتر دەکەونە وێزەی یەکترو تاوانبارکردنی یەکتر بە تۆمەتی جۆراو جۆر. کێشەو بێتەجروبەییەک لە مەر سەربەخۆبوون و ناسەربەخۆبوون و چۆنیەتی میکانیزمی رێکخستنی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران و شێوەی کارکردنی لەگەڵ دەسەڵاتدا یەخەی پێگرتبووین وای کردبوو لەشوێنێکیتر و جیاوازتر لەو سەنگەرەی کە بریار بوو لێوەی شەربکەین خەریکی شەر بوین لەگەڵ یەکتر. ئێمە بەهەمان سونەتی حزبەکانی ناو بەرەی کوردستانییەوە خەریکی دابەشکردنی کۆمەڵگە بووین لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەت. ئێمە ساڵانێکی پێشتر لەگەڵ بوونی رای جیاواز و ململانێی فکریشەوە ، چوونکە لە حاڵەتی هەڵکشاندا بووین ، جیاوازە فکرێکان دەست و پێی نەدەگرتین و کەسیش بیری لە جیابونەوە نەدەکردەوە.

پرسیار: ئه‌و به‌شه‌ی که‌ جیابوونه‌وه‌ “ڕێکخراوی بێکاران”یان پێک هێنا. ئایا ئه‌م هاوڕێیانه‌ توانییان نموونه‌یه‌کی باشتر پیشان بده‌ن؟ وه‌ سه‌ره‌نجام ده‌سکه‌وتێکی زێتر بۆ کریکارانی بێکار به‌ده‌ست بهێنن؟

وه‌ڵام:
من زۆر ئاگاداری وردەکارییەکانی کاری ئەو رێکخراوەیە نەبووم ، بەڵام وەک لۆژیک لەوە دڵنیام ئەگەر کارێکی باشتر و زیاتریان لە یەکێتی بێکاران بکردبایە ئەوا لە ١/٩/١٩٩٥ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئیعلانی یەکگرتنەوە نەدەکرا لەگەڵ یەکێتی بێکاران لە کوردستان، واتە گەرانەوەیان جارێکیتر بۆ ناو هەمان رێکخراوەی پێشوو.

پرسیار: سه‌ره‌نجام هه‌ردووک ڕێکخراو پووکایه‌وه‌! بۆچی؟

وه‌ڵام:
وەک وتم ئەو دوورێکخراوە لە ١/٩/١٩٩٥ یەکیانگرتەوە .
ئەو واقیعەتە سیاسی و ئابورییەی لەسەردەستی یەکێتی و پارتی لە کوردستان زاڵکراوە ، وەزیاتر لە دوو دەیەیە دەستیان بەسەر وردوو درشتی سەرچاوە ئابورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا گرتووە ،بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی خۆیان. کاردانەوەی کارەکانیان واقیعەتێکی نالەباری لەسەر زەمینەی کوردستان بەرهەم هێناوە ،بونی ئەو سیاسەتە نەخوازراوە وایکردووە کارکردن لەدەرەوەی بازنەی ئەو دوو حیزبە ئاسان نەبێت .یەکێتی بێکارانیش وەک دەیان رێکخراو و رۆژنامە و گروپی تر کە بە هیواو ئومێدی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکیی تەندروست و یەکسان ، بە شۆرو شەوقێکی بێ وێنەوە ،لەسەر ئەرکو ماندوبوونی خۆیان دەستیان دایەکار، کەچی دەسەڵات بەوپەری خوێن ساردییەوە مامەڵەیان دەکات ، سەرکوتیان دەکات یان پشتگوێیان دەخا. لەدەستێکی تریشەوە دەیان ڕێکخراوەی بێناوەرۆکی خۆی بە پارەو ئیمکاناتی بە تاڵانبراوی کۆمەڵگە ، بۆ بەلارێدابردنی خەڵک قوت کردۆتەوە.

پرسیار: ده‌رس و ئه‌زموونه‌کانتان بۆ بێکارانی ئێستا چین؟ ئایا پێت وایه‌، له‌ ئێستادا پێویستی ڕێکخراوێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ئارادایه‌؟

وه‌ڵام:
من بەکورتی چەند خاڵێک سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەت دەستنیشان دەکەم . پێم وایە خاڵگەلێکی گشتگیرو بنەرەتین بۆ هەموو رێکخراوەیەکی جەماوەری فرە بۆچوون و فکری جیاواز ئەم چەند خاڵە وەک بنەمایەک لەبەر چاوبگرێت لە پرۆسەی کارکردنیدا:
١- خۆپاراستن و خۆ دورگرتن لە ئایدیۆلۆژیگەرایی لە کاری رێکخراوەکەدا.
٢- هەمیشە لە سۆنگەی بەرژەوەندێکانی ڕێکخراوەکەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەو رێگرییەکانی بەردەم رێکخراوەکە بکرێت.
٣- بارنەکردنی ڕێکخراوەکە بە کارگەلێک کە ئەرکی ئەو نییە.
٤- پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لە بریارو هەڵبژاردنەکاندا.
٥- قبوڵکردنی ڕای جیاواز و گەڕان بە دوایی خاڵی هاوبەشدا لە پێناو کاری باشتر و راگرتنی یەکگرتوویی ریزی ڕێکخراوەکەدا .
٦- رێگەگرتن لە هەموو رێکخراوو لایەنێک لە دەخاڵەتکردن لە کاری رێکخراوەکەدا ،ئەوەش لە پێناو راگرتنی سەربەخۆی تەواوی رێکخراوەکە و لەبەر یەکنەترازانی.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت دەڵێم: بەو شێوازەی پێشومان نا ، بەڵام بە جیاواز لەو شێوەو میکانیزمەی لە زهنیەتی ئێمەدا بوو بۆ کاری وەها رێکخراوێک. ئێمە ئەوکاتەی ی ب ک درووستکرد، بێتەجروبەییەکی زۆرمان هەبوو لەو مەیدانەدا، چوونکە رێکخراوەیەکی لەو شێوەیە بۆ بێکاران ئەزموونێکی زۆر نوێ بوو ، نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە ناوچەکەشدا بەگشتی. هەر وەهاکوردستان لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردابوو ، چ لە رووی سیاسییەوە وە چ لە رووی ئابورییەوە.
کێشەیەک لە دونیایی بیرکردنەوەی ئێمە هەبوو، وە تا رادەیەک ئێستاش بەردەوامی هەیە ئەوەیە، هەر ڕێکخراوەیەک درووست دەکەین ، جا ئەو رێکخراوە لەهەر بوارێکدا بێت زیاتر بارگاوی دەکرێت بەکاری سیاسی ، پێیوایە دەبێت لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگە قسەی هەبێت وە گوتارەکانیشی هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ حزبێکی سیاسیدا. بۆیە ئەگەر ئەمرۆ رێکخراوەیەک بۆ بێکاران دروست بکەم لە کوردستان، راستەوخۆ پشت بە ئەزموونی وڵاتێکی وەک کەنەدا یان هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا دەبەستم کە بیمە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا جێگیرکراوە ، لەگەڵ چۆنییەتی کارکردنیان لەو بوارەدا . بوونی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران تا ئەو کاتەی کار و سەرمایە لە ئارادایە، زەرورەتێکی حەیاتییە بۆ کرێکاران و بێکاران . بێکار ئەوکاتەی بێکارە واتە کارەکەی لەدەست داوە یان تازە بەدووای کاردا دەگەرێت، لەهەردوو بارەکەدا پێویستی بە ئۆرگانیزاسیۆنێک هەیە رووی لێبکات:
١- بۆزانینی هۆی لەدەست دانی کارەکەی.
٢- دەستنیشان کردنی توواناییەکانی.
٣- ئاسانکاری لە چۆنییەتی گەران بە دووای کاردا.
رێکخراوێکی لەم چەشنەش راستەوخۆ دەبێت پەیوەندی هەبێت بەدەوڵەتەوە، بۆ کار ئاسانی کاری رێکخراوەکە و پاڵپشتیکردنی لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ نمونە کرێکار بۆ ئەوەی بیمەی هەبێت دەبێت دەوڵەت بە یاسایەک هەموو بوارەکانی کارکردن ناچار بکات کەڕێژەیەکی دیاری کراو لە کرێی کرێکار بگەرێتەوە بۆ سەندوقی بێکاری کە ڕاستەو خۆ لە لایەن دەوڵەتەوە هەم پشتیوانی لێبکرێت و هەم بەڕێوە ببرێت.

————————————-

نەوزاد مەدحەت (گۆران عەبدوڵڵا) لە ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. لەسەرەتای ساڵی 1980 دا دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پاشان ئەندامی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست. یەکێک بووە لەو دەیان کۆمۆنیستەی کە “حککع”یان پێک هێناوە و لەساڵی 2002 دەستلەکار دەکێشێتەوە.
بڕوانامەی دیپلۆمی لە ( وێب پەیج دیزاین) هێناوەو لەساڵی (2002)ەوە ماڵپەڕی دەنگەکانی دامەزراندووە. ئەندام و دامەزرێنەری ڕێکخراوی پەیوەندی کوردی دژی جینۆسایدە. ئێستاش دانیشتووی شاری تۆرۆنتۆیە لە کەنەدا.
————————————-
پەراوێز:
١-
لە ١١/١٢/١٩٩٢ یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتی بێکارانی هەولێر لە قوتابخانەی ئەیوبیەی سەرەتایی بەسترا
٢-
هاورێیان قابیل عادل تەیب و شاپور عەبدولقادر لە ٢٨/٤/١٩٩٩ لە ناو بنکەی یەکێتی بێکاران لە شاری هەولێر بەدەستی چەند چەکدارێکی ئیسلامی تووندرەو تیرۆرکران.
٣-
ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” نووسینی : شێرزاد حەسەن
٤-
یەکێتی بێکاران لە کوردستان دوولەت نەبوو ، ئەوەی دوولەت بوو یەکێتی بێکارانی سلێمانی بوو. چوونکە لە راستیدا ئەوکێشەیە بەو گەرموو گوریەی سلێمانی نەگەشتە هەولێر.




بچوكبوونه‌وه‌ی ئه‌دۆنیس وگه‌وره‌بوونی سه‌رۆك … نووسینی: یوسف عزه‌دین


( دیموكراسییه‌ت چانسی ئه‌وه‌ت ده‌داتێ‌، ببیته‌ كۆیله‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ خۆت هه‌ڵیده‌بژێریت) كاڕڵ كراوس

كرده‌یه‌كی ئاساییه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌دۆنیس-ێكی گه‌وره‌كراو، به‌ڵكو هه‌ر بابایه‌ك، ئه‌گه‌ر نه‌ناسراو و كرده‌ نادیار و كه‌م فه‌رهه‌نگ و خاوه‌نی هیچ به‌رهه‌م و عیلم و عیرفانێكی به‌رچاویش نه‌بێت، لیژنه‌یه‌كی هه‌واداری له‌به‌ر هه‌ر هۆكار و مه‌سه‌له‌یه‌ك خه‌ڵاتی پێببه‌خشن. ئه‌گه‌ر به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ش بۆ خۆی ببێته‌ مایه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یی، وه‌ك به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیاتی ساڵی 2016به‌ “پۆپ دیلان”ی سترانبێژ و گیتارژه‌ن. باشه‌ كه‌حاڵ و مه‌سه‌له‌ وایه‌، ئه‌دی بۆ به‌خشینی خه‌ڵاتی ئاشتی”ئیریش ماریا ریمارك” له‌به‌رواری 19 فێبرایری2016 به‌ ئه‌دۆنیس، هه‌ر پێشوه‌خت و پێش به‌خشینه‌كه‌یی و دواتریش زۆرترین مشت و مڕ و ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌؟ هه‌ر له‌ لێكۆڵه‌ر و نووسه‌ر “نافید كرمانی”یه‌وه‌ كه‌پێشتر ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێبه‌خشرابوو، ناقایل بوونی خۆی به‌خوێندنه‌وه‌ی وتارێك له‌مه‌راسیمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌دۆنیس-دا ڕاگه‌یاند و تا كار گه‌یشته‌ وه‌رگێڕی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌دۆنیس بۆ ئه‌ڵمانی، “شتیڤان ڤایدنه‌ر” سه‌باره‌ت به‌ ئه‌دۆنیس-ێك كه‌ساڵانێكی له‌ته‌مه‌نی خۆی بۆ وه‌رگێڕانی كاره‌كانی ته‌رخانكردووه‌، بڵێت: “پێم وا نییه‌ ئه‌دۆنیس بگاته‌ ئاست وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئاشتی، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌كانی ناسراوه‌ به‌وروژاندنی…”*

له‌لایه‌كی تره‌وه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ خاتوو “جۆزیبینا ماریا نیكولینی” سه‌رۆك شاره‌وانی دوورگه‌ی “لامبیدۆزا” ئاماده‌نه‌بوونی خۆی ده‌ربڕی، به‌وه‌رنه‌گرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی هاوكات به‌ویش ده‌درێت، ئه‌گه‌ر له‌ته‌ك ئه‌دۆنیس-دا بێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هه‌موو وتار و نوسین و دژایه‌تی و ڕێگریانه‌ی كه‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌ده‌ر له‌هه‌موو شتێكی دیكه‌، له‌ نامه‌كه‌ی ئه‌دۆنیس-وه‌ بۆ سه‌رۆكی سوریا سه‌رچاوه‌ی گرتبوو.**
ئه‌دۆنیس پێش ئه‌وه‌ی له‌به‌رواری 28یئۆگستۆس-ی2011دا خه‌ڵاتی گۆته‌-ی پێبه‌خشرێت، به‌په‌له‌پروزێ‌ و له‌نامه‌یه‌كی كاڵا و كرچی خاڵیی له‌و به‌هایانه‌ی كه‌خۆی ساڵانێك باسی لێوه‌كردبوو، به‌مه‌به‌ستی قۆزتنه‌وه‌ی هه‌له‌كه‌و سواربوونی شه‌پۆله‌كان و زیادبوونی شوهره‌ت و سه‌ركه‌وتن به‌پێپلیكانه‌كانی خه‌ڵاته‌ جۆراو جۆره‌كاندا، هات و خۆی تێكه‌ڵا به‌دنیای گه‌مه‌ سامناكه‌كان كرد.

ئیدی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌سانێك ده‌میان له‌حزوریدا ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كردو به‌شه‌وق و تاسه‌و جدییه‌ته‌وه‌ گوێبیستی هۆنراوه‌كانی ده‌بوون. نازانم چی به‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێن؟ له‌ئێستادا به‌كه‌مێك ته‌وس و جار جاره‌ بزه‌و گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ نامه‌كه‌ی ئه‌دۆنیس ده‌خوێننه‌وه‌!
نامه‌كه‌ی “ئه‌دۆنیس” به‌سه‌یدولڕه‌ئیس ده‌ست پێده‌كات و به‌حیكایه‌تی دیموكراسییه‌ت بۆ سه‌رۆك داخڵ به‌نامه‌كه‌ی ده‌بێت و ده‌ڵێت:
“دیموكراسییه‌ت له‌سوریادا، ته‌نها پاش خه‌باتێكی درێژخایه‌ن دێته‌دی، به‌پێی شه‌رت و شه‌رایت و پره‌نسیپگه‌لێك، ده‌بێت دابمه‌زرێت..ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌مڕۆوه‌، نه‌ك له‌سبه‌ینێوه‌”

له‌كاتێكدا وه‌ك كاڕڵ كراوس ده‌ڵێت:
“دیموكراسییه‌ت چانسی ئه‌وه‌ت ده‌داتێ‌ ببیته‌ كۆیله‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ خۆت هه‌ڵیده‌بژێریت” و ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دیموكراسییه‌ت چاره‌سه‌ر و شتێكی باشیش بێت، ئه‌دۆنیس له‌كه‌یداو بۆ كێی باس ده‌كات ؟!
له‌به‌شی 2-ی نامه‌كه‌یدا داوا له‌سه‌رۆكی “به‌قه‌ولی خۆی هه‌ڵبژێردراوی “سوریا ده‌كات، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ر به‌ناڕه‌زایی خه‌ڵك بگرێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ڕووی كلتووری و سیاسییه‌وه‌ له‌زه‌مه‌نی ئاسمانی و ئیلاهییه‌وه‌ بهێنێته‌وه‌ بۆ زه‌مه‌ن و زه‌مینی مرۆڤانه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا جه‌نگ و ئاشوب و ململانێی خوێناویی و ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تی و ئیعتیسامه‌كان، له‌سه‌ر زه‌مین و له‌زه‌مه‌نی مرۆڤانه‌دا ڕووده‌ده‌ن! ئه‌و سه‌رۆكه‌ی ئه‌ویش موخاته‌به‌ی ده‌كات، دواجار خوێندكارێكی مه‌دره‌سه‌كه‌ی میشێل عه‌فله‌ق-ه‌و باوه‌ڕی به‌ئایدۆلۆژیایه‌كی ئیمانیی هه‌یه‌، نه‌ك ئیمانێكی لاهوتی و ئیلاهی و ئاسمانی، هه‌ر بۆیه‌

له‌كتێبی”فی سبیل البعث”دا “عه‌فله‌ق”ده‌ڵێت:
( ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه‌ی ئێمه‌یان قبووڵه‌و كاریش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی تر، ته‌نها به‌بیستنی ده‌نگمان و ته‌ماشاكردنی جووڵه‌ ئاساییه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌مان بكه‌ونه‌گه‌ڕ. ده‌مانه‌وێت بزانین كێن ئه‌وانه‌ی به‌غه‌ریزه‌ وه‌دوومان ده‌كه‌ون…به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پێویستمان به‌به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌و زانست و سه‌لماندن و ژماره‌كان بێت…).
چۆن ده‌بێت، ئه‌دۆنیس-ێكی ده‌رچووی فه‌لسه‌فه‌و ته‌ماشاچی دوو سه‌ده‌، له‌وه‌ حاڵی نه‌بووبێت، سه‌رۆك ته‌نها پێویستی به‌وه‌لائی كوێرانه‌و ئیمانی ئایدۆلۆژی و كه‌سه‌ گه‌وجه‌كانه‌ و وه‌ك خودی میشێل عه‌فله‌ق ئاماژه‌ی پێداوه‌:
“ئیمان پێش مه‌عریفه‌یه‌”، واته‌ ئیمان به‌عروبه‌و به‌عسیزم، نه‌ك ئیمانی ئاسمانی و لاهوتی.
له‌هه‌مان به‌شدا ئه‌دۆنیس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ بیرمه‌ند و شاعیرانێكی عه‌ره‌ب هه‌بوون، ویستویانه‌ به‌ته‌واویی ئایین و ده‌وڵه‌ت لێك جوودا بكه‌نه‌وه‌؟!

له‌به‌شی 3-دا پاش ئه‌وه‌ی سه‌یدولڕه‌ئیس دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت:
( دامه‌زراندنی دیموكراسییه‌ت به‌جیاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی نێوان هه‌موو شتێكی ئایینی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریش هه‌موو شته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان ده‌بێت… ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بوو”حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتیراكی” نه‌یكرد، وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا لێی…).
دیاره‌ ئه‌دۆنیس چاوه‌ڕێی زۆر شتی ئیجابیی له‌ حزبه‌كه‌ی سه‌رۆك كردووه‌و له‌میانی نامه‌كه‌یدا ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی هێشتاكه‌ هه‌ر به‌ته‌مایه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌دۆنیس خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌ربگرێت، به‌ر له‌دوو هه‌فته‌، گۆڤاری “دێر شبێگڵا” چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵا سازكردو ئه‌نجامده‌ری دیالۆگه‌كه‌ توانی ئه‌دۆنیس له‌گۆشه‌یه‌كی كوشنده‌-دا ته‌نگه‌تاو بكات، كاتێك به‌ئه‌دۆنیس-ی گوت:
( به‌ڵام تۆ پاش ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی سوریا، به‌چه‌ند مانگێك، نامه‌ت بۆ ئه‌سه‌دد ناردووه‌و به‌شكۆمه‌ندیی و ڕێزه‌وه‌ وه‌سفی ده‌كه‌یت كه‌ئه‌و سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی وڵات و گه‌له‌، تۆ ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ی پێده‌به‌خشیت كه‌شایانی نییه‌).

——————————–

سه‌رچاوه‌كان
*http://www.aljazeera.net/news/cultureandart/2015/9/ %8A%D8%A9
**http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=263205




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر بەیان سەلمان …. سازدانی / شاخه‌وان سدیق

به‌یان سه‌لمان:
له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری گرنگی ژیانه‌

ژنه‌ ڕۆژنامه‌نووس (به‌یان سه‌لمان) یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌دیارو ده‌نگه‌ جدیه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی و وه‌رگری خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵی ئه‌ندێشه‌یه‌ بۆ ڕۆمان له‌ ئێستادا خاوه‌نی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كانی (شه‌وانی ئاده‌م و به‌رزایی شوراكان و نه‌وه‌كانی مادائی) و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی نوسینی ڕۆمانێكی نوێیه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شاری كه‌ركوك، بۆ زیاتر ئاگاداربوون له‌ تێڕوانینی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.


پ1/ (كۆڵن وڵسن) له‌ كۆندا وتویه‌تی ” كاریگه‌ری ڕۆمان له‌سه‌ر كلتوری مرۆڤایه‌تی له‌ تێكڕای تێزه‌كانی (داروین و فرۆیدو ماركس) زیاتر بووه‌. ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاو، به‌تایبه‌ت هاتنی ئینته‌رنێت، زۆرێك پێیان وایه‌، بایه‌خ و گرنگیی ڕۆمان له‌ ئێستادا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، ئێوه‌ پێتان وایه‌ تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟

به‌یان سه‌لمان/ با له‌ وته‌یه‌كی پۆل ڤالێری ده‌ست پێ بكه‌م كه‌ له‌ ساڵی 1937 وتویه‌تی ”كاتی كۆتای دنیا وا ده‌ست پێ ده‌كات.”. كه‌ ڤالێری ئه‌وه‌ی گوتوه‌، ماوه‌ی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دوو ساڵ پێش ده‌سپێكی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مه‌. ئاساییه‌ كه‌ مرۆڤ ڕه‌شبین بێت. دیاره‌ ڤالێری به‌و ڕسته‌یه‌، باس له‌ ”به‌یه‌ك ره‌نگكردنی” دنیا ده‌كات. وه‌ك یه‌ك به‌رگ، هه‌موو كه‌سێك یه‌ك بۆچوونیان ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت وه‌ك یه‌كیان لێ بێت و وه‌ك ئه‌ویان هه‌بێت. له‌ كوردستانیش، ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ به‌ بارو دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌ پابه‌نده‌. بێ گومان ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر بۆچوونی ئه‌و كه‌سانه‌شه‌ كه‌ تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نییه‌. ئه‌ده‌ب هه‌ر ده‌مێنێت. ڕۆمانیش وه‌ك به‌شێك له‌و، به‌ تایبه‌تی به‌رگریی ده‌كات، جۆرێكه‌ له‌ ”ئه‌نتی بایۆتیكی” سروشتیی، كه‌ دژ به‌ ئایدیۆلۆژیا به‌رگرییت پێ ده‌كرێت. ساتێكیش دێته‌ پێشێ، كه‌سه‌كه‌ خۆی له‌ ته‌وژمی ته‌كنه‌لۆجی بێ تاقه‌ت و وه‌ڕس ده‌بێت، ئه‌وجا ده‌ست به‌ خۆ ڕیكخستنه‌وه‌ ده‌كات. له‌ جێیه‌كدا، ته‌كنه‌لۆجیاش ده‌بێته‌ ئایدیۆلۆجی و ده‌سه‌ێندرێته‌ سه‌ر تاكه‌كان. ده‌بێ تاك دژی ئه‌و سه‌پانده‌نه‌ به‌رگریی بكات.

كێشه‌ش له‌ خودی ته‌كنه‌لۆجیادا نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌ی به‌كارهێنانێتی، له‌ چاولێكردن له‌ به‌كارهێنانی، وه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی رسته‌كه‌ی ڤالێری تێ ده‌گه‌ین. كه‌ بزانین: بۆ، كه‌ی، له‌ كوێ، به‌كاری ده‌هێنین، هیچ گرفتێك دروست ناكات و ناتوانێت وه‌ك ئامرازێك تۆ به‌كار بهێنێت، به‌ڵكو تۆ، ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر ئه‌و ئامرازه‌دا ده‌شكێت و سوودی لێ وه‌ر ده‌گریت. ته‌كنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ داهێنانیدا، له‌سه‌ره‌تاوه‌، تاكو گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌ر له‌ ئه‌مڕۆدا، ئه‌گه‌رچی زۆر ئالۆزیی جیهانی ئه‌مڕۆ و تاكێتیی و دووركه‌وتنه‌وه‌ وبگره‌ چوونه‌ كه‌نار به‌ ویستی تاك خۆی، به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، هاوكات به‌شێكیشه‌ له‌ گه‌شه‌ی ژیان. بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئاسانكاریی داهێناوه‌، كه‌سایه‌تی تاكه‌كان و ته‌نانه‌ت چه‌رخی فیكریشی گۆڕیوه‌. وێرای ئه‌وه‌ش، ئێمه‌ چیتر ناتوانین پشتگوێی بخه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت، زۆر به‌ چاكیی خۆمانی له‌گه‌ڵ بگونجێنین، به‌ باشیی كاری پێ ئه‌نجام بده‌ین، بێ ئه‌وه‌ی له‌ داهێنان و هه‌وڵی تاكێتمان كه‌م بكاته‌وه‌. به‌ تایبه‌تی نابێت له‌ دنیای ناوه‌وه‌ی خۆمان دامان ببڕێت. كێشه‌ له‌و دابڕانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خود، ئه‌گه‌ر زۆر سه‌ر بكه‌ینه‌ سه‌ر به‌كارهێنانیان. بێجگه‌ له‌وه‌ی، بۆچوون و نووسین ده‌بنه‌ ده‌ستكرد و به‌هایان نامێنێت، وه‌ك نووسینی خێرای لاپه‌ڕه‌یه‌كی فه‌یسبووكی لێ دێت. كه‌ كه‌س به‌ ڕاستیی و به‌ قوڵیی نایان خوینێته‌وه‌ و به‌ ”لایكێكی” ڕێزلێنان كۆتاییان پێ دێت!
با سه‌یری ئه‌و لایه‌نه‌ی ته‌كنه‌لۆجیاش بكه‌ین، كه‌ له‌ جێی خۆمانه‌وه‌، هه‌زاران ڕۆمان له‌ ناو به‌رزترین ره‌فه‌ی كتێبخانه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌هێنیننه‌ سه‌ر شاشه‌یه‌ك و ده‌یان خوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ ساییه‌ی گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌رو هاتنی ئینته‌رنێت هاتۆته‌ دی. گرنگه‌ كه‌سانی ”ساغ” ئه‌ندام كه‌مێك بیر له‌ ”كه‌م” ئه‌ندامێكیش بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی نابینا و ته‌نانه‌ت نه‌خه‌وێنده‌واریشه‌، ئه‌مڕۆ ده‌توانێت به‌ ئاسانیی گوێ له‌ هه‌زاران كتێب بگریت. له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌یان ڕۆمان و كتێب له‌گه‌ڵ خۆتدا بۆ سه‌فه‌ر به‌ریت، كلیلێكی (یو ئیس بی) و تابلێتێك سه‌دان كتێبت بۆ ده‌گوازێته‌وه‌. به‌ ڕاستیی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌شبیینیانه‌ نیم كه‌ به‌زۆر پێمانی ده‌فڕۆشن. به‌ كورتیی، كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. دواجار، خوێندنه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵی تاك خۆی، خۆشه‌ویستییه‌، په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ خوێندنه‌وه‌ و كتێب، په‌یوه‌ندییه‌كی ئیشقی ئه‌زه‌لیی سه‌یره‌.

پ2/ مرۆڤ به‌درێژای مێژوو له‌ ڕێگه‌ی (ئه‌فسانه‌و حیكایه‌ت و چیرۆك)ه‌وه‌ ده‌ماوده‌م شتی گێڕاوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د)یش ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد گێڕانه‌وه‌ بوو”، مه‌به‌ستمه‌ بپرسم، تۆ له‌ نوسیندا ده‌ته‌وێت چی بگێڕیته‌وه‌، یان مرۆڤ بۆ هه‌میشه‌ خه‌میه‌تی بگێڕێته‌وه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری ژیانه‌. ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ تێیدا به‌ ورده‌كاریی ڕۆژانه‌دا بچینه‌وه‌. ژیان بریتییه‌ له‌ هێماو نهێنی، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌، پڕه‌ له‌ بوونه‌وه‌ر، له‌ شوێن، له‌ ڕووداو، له‌ توندوتیژیی و له‌ جوانییش. له‌ هه‌موو چركه‌ ساتێكدا پێویسته‌ باسیان بكرێت. ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ی چیرۆك ده‌گێڕیته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كۆد له‌ ده‌وروبه‌ری بێت و ئه‌و به‌ گێڕانه‌وه‌ یه‌ك به‌ یه‌كی جفره‌كانی بكاته‌وه‌.له‌لام، ئه‌وه‌ مڕۆڤه‌ كه‌ زادی فه‌یله‌سووف و ڕۆماننووس دابین ده‌كات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌ میتۆلۆژیادا، ڕچه‌ڵه‌كی گه‌ردوون سه‌ره‌تا به‌ دروستكردنی ئاسمان و زه‌وی و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر بوو، له‌ كۆتاییدا مرۆڤ. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگای پرسیاركردن بگێڕێته‌وه‌؛ هه‌ر خودی میتۆلۆژیا كه‌ مرۆڤ دایهێناوه‌، ئه‌و پرسیاركردنه‌ ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ له‌بری سروشت و سه‌رجه‌می بوونه‌وره‌كان و گیان له‌به‌ره‌كان قسه‌ ده‌كات، پرسیار له‌ وجودی خۆی ده‌كات و ده‌یگێرێته‌وه‌. گێڕانه‌وه‌، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شتی نادیار تا بیكه‌ینه‌ دیار. هه‌ندێك جار، شتی زۆر ساده‌ و ئاساییه‌، به‌ڵام نه‌بیندراون. ده‌توانم بڵێم، ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ هه‌موومان به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌، ناشڵێم پێی ده‌گات، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌ستی ده‌چێته‌ ناو نادیار و زمانه‌كه‌ی وه‌ر ده‌گێڕێت و دووباره‌ به‌ زمانێكی تایبه‌ت كه‌ خۆی دای ده‌هێنێت، شته‌كانی پێ ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌بیرشمان نه‌چێت، كه‌ خودی زمان، ئامرازێكی هاوپه‌یوه‌ندییه‌، كه‌ به‌ نێوه‌ندی ئاماژه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه‌ كه‌ سه‌ر له‌ شته‌ نادیاره‌كان هه‌ڵ ده‌داته‌وه‌.

پ3/ به‌درێژای مێژووی نوسین جگه‌ له‌ وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه‌، چیرۆك و ڕۆمان، به‌پێی قۆناغه‌ جیاوازه‌كان ئه‌ركی جۆراو جۆریشیان هه‌بووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی (باختین) ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی كه‌ دوێنێ ئه‌ركی ڕۆماننووس بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌ركی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌” مه‌به‌ستمه‌ بپرسم، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ڕۆمان پاش گێڕانه‌وه‌ چییه‌؟ تا چه‌ند نووسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانیه‌وه‌، دیوی شاراوه‌ی واقیع ده‌گوازێته‌وه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ با له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌م كه‌ باختین ده‌ڵێت ”ڕۆمان جه‌نده‌رێكه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌ بوونه‌” به‌م واتایه‌، هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئازادییه‌ بێ سنووره‌ی ڕۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌. له‌ داهاتوودا فه‌لسه‌فه‌ له‌ ڕۆمان زیاتر، هه‌ڵسه‌نگاندن به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینیت. ئه‌وه‌ یاسای ئاڵۆزیی دنیاییه‌، كه‌ جه‌غه‌ت ده‌كاته‌ سه‌ر فیكر و هه‌ڵسه‌نگاندنی. من وشه‌ی ”كارئه‌كته‌ر” caractère به‌كار نابه‌م، ئه‌وه‌ بۆ خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كی ناو شانۆیه‌، وشه‌ی ”كه‌سایه‌تی” personnage ڕاستره‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ تیۆری ئه‌ده‌بیی فه‌ره‌نسیدا له‌گه‌ڵ ”كه‌سێك” personne جیایان كردۆته‌وه‌. لێره‌وه‌، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ده‌خرێته‌ ناو كارێكی ئه‌ده‌بیی، هه‌ڵگری بۆچوون و ڕوانینێكه‌ له‌ باره‌ی مرۆڤ و دنیا. بێ گومان هه‌رچی ده‌یزانێت، یاخود پێی هه‌ڵ ده‌سێت و به‌ نیازه‌ بیكات، له‌ ڕێگای گێڕانه‌وه‌ ئێمه‌ پێی ئاشنا ده‌بین و دیزانین. ئیدی ئه‌مه‌ له‌سه‌ر نووسه‌ر كه‌وتووه‌، چۆن چیرۆك و ڕووداوه‌كان ده‌خاته‌ به‌ر چاو خوێنه‌ر. كه‌ باس له‌ ڕاستیش ده‌كه‌ین ”واقع”، ئه‌وه‌ ڕاستی ژیان ده‌گوازینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ نێوه‌ندی داهێنانێكی خه‌یاڵیی. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ”دیوه‌ شاراوه‌یه‌ش” كه‌ له‌لای تۆ پرسیاره‌، وه‌ها شاراوه‌ نه‌بێت، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ستنیشانكراو ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ دوایه‌ ببێته‌ زمان حاڵی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژی، یاخود ببێته‌ هه‌ڵگری هه‌ستی كه‌سێك، بۆچوونی، تێگه‌یشتنی بۆ شته‌كان، مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كێشه‌ و ڕووداو و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشی.

پ4/ ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی تۆ بخوێنێته‌وه‌ زوو له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ ڕه‌گێكی گه‌وره‌ی كاركردنی تۆ له‌ناو مێژوو دایه‌و ده‌ته‌وێت هه‌میشه‌ مێژوو وه‌ك تێمایه‌كی سه‌ره‌كی له‌ناو كاره‌كانتا وجودی هه‌بێت، قسه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت “مێژوونووس مێژووی كۆمه‌ڵ ده‌نوسێته‌وه‌ نه‌ك مێژووی مرۆڤ، به‌س ڕۆمان مێژووی مرۆڤ ده‌نوسێته‌وه‌. تۆ ده‌ته‌وێت كامیان بنوسیته‌وه‌ مێژوو بۆ بۆتۆ گرنگه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ مێژوونووس ئیشی نووسینه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤیشه‌! مێژووی شارستانییه‌تێك بۆ نموونه‌، مێژووی مرۆڤه‌كانیشه‌. هیچ كۆمه‌ڵێك، شارستانییه‌تێك بێ مێژووی مرۆڤه‌كانی به‌های نییه‌. كه‌ باس له‌ شارستانییه‌تی میزۆپۆتامیا و گرێك ده‌كه‌ین، ئه‌و مێژووه‌، بێ مرۆڤه‌كانی كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیاون و ئه‌وانن كه‌ خودی شارستانییه‌ته‌كه‌یان دروست كردووه‌، بوونی نییه‌! له‌ ڕۆمانه‌كانمدا، دیوێكی مێژووم نووسیوه‌ته‌وه‌، نه‌ك هه‌موو مێژوو. تێڕامانم له‌ مێژوویه‌ك، ڕوانگه‌م له‌ ئاستی ڕووداوی ئه‌و مێژوودا هێناوه‌ته‌وه‌. مێژووی ڕاستی سه‌رده‌مێكم ده‌قاودق زیندو نه‌كردۆته‌وه‌. وه‌ك ڕۆماننووسێك، ئه‌مه‌ ئیشی من نییه‌. جاری وه‌هاشه‌، ده‌بیستم، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌ ڕۆماننووسم، پێم ده‌ڵین، هه‌موو ده‌قه‌كانی له‌سه‌ر ژنن. ڕۆمانه‌كانم باسی هه‌موو مرۆڤێك ده‌كات. پیاو وه‌ك ژن جێی خۆیان هه‌یه‌. پاشان ئه‌وه‌ پێویستیی ڕووداوه‌كانه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی ژن بێت یان پیاو، یان منداڵ. خۆ شاڕڵ دیكنز كه‌ ” ئۆلیڤه‌ر تویستی” نووسیوه‌، منداڵ نه‌بووه‌، پیاوه‌! ژاك له‌ندن ”دان چه‌رمۆ”ی نووسیوه‌، كه‌ باس له‌ ئاژه‌ڵێكی نیوچه‌ سه‌گ و نیوچه‌ گورگ ده‌كات!

پانتایی ڕۆمان بریتی نییه‌ له‌وه‌ی ته‌نها پیاو، یان ژنی تێدا به‌كار ببرێت. نووسه‌ر باس له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵێك، یاخود شارستانییه‌تێك ده‌كات، كه‌ گرنگه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆڤ و بوونه‌وه‌رێكیشی تێدا بێت. له‌ ”به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌زنه‌ مه‌ملووك” بۆچوونێكم له‌باره‌ی مێژویه‌كی كۆیلایتییه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ و كه‌سایه‌تی سه‌ركیش پیاوه‌، خودی گێڕانه‌وه‌كه‌ش به‌ زمانی پیاوه‌. له‌ ”شه‌وانی ئاده‌م” كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ئاده‌م و مه‌ردۆخ و ژینۆ و سه‌كینه‌ و بێڤه‌ره‌، كه‌سایه‌تییه‌كی نێره‌مووكیشی تێدایه‌. له‌ نه‌وه‌كانی مادایی كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكن، ژن و پیاو و منداڵ. به‌ده‌ر له‌وه‌ی، ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ر نین له‌ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و وجودیی و فیكریی، كه‌ پێویستیان به‌ چوونه‌وه‌ سه‌ر مێژووییه‌كی تایبه‌تی خه‌ڵكانێك، شوێنێك، هه‌یه‌ و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ لێكی بده‌ینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ”له‌ به‌رزایی شوراكان”دا هاتووه‌. ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌ پێوستییه‌، ده‌ستكرد نییه‌.


پ5/ له‌ ساتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی هه‌ردوو ڕۆمانی (خه‌زنه‌ مه‌ملوك و به‌رزایی شوراكان)دا زۆر به‌ وردیی كار له‌سه‌ر كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئینسانی ئێمه‌ ده‌كه‌یت. پێت وایه‌ مرۆڤی ئێمه‌ به‌رده‌وام گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك گرێی ده‌روونی تایبه‌ته‌، كه‌ خۆشی شه‌رم له‌ باسكردنیان ده‌كات؟ لێره‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكی ئێمه‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ ده‌موچاوێك و كه‌سێتیه‌كه‌و به‌رده‌وام به‌ چه‌ندین ماسك ڕوخساری داشارێته‌وه‌. ده‌مه‌وێت بپرسم، تۆ ده‌ته‌وێت چۆن له‌م بابه‌ته‌ بڕوانی؟ تا چه‌ند ڕۆمان ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤدا نه‌رم ده‌كات؟

به‌یان سه‌لمان/ مرۆڤ له‌ هه‌موو جێیه‌ك دروستكه‌ری ژیانه‌. ڕووی ئه‌ودیوی خودی ژیانه‌. كه‌ ده‌ڵێین ژیان پڕ له‌ نێهنی و هێما و كۆده‌، واته‌ مرۆڤ ڕوویی ئه‌ودیوێتی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ و زمانی ده‌ربڕینی پێیه‌. واته‌، بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه‌، خاكیترین تاك، بێ ئاڵۆزیی نییه‌. له‌لای خۆمان و له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیاش، مرۆڤ سه‌دان كێشه‌ی ده‌روونیی هه‌یه‌. جیاوازیی له‌ نێوان ئێره‌ و ئه‌وێ، له‌ جۆری شاردنه‌وه‌یه‌تی. چونكه‌ كه‌سی نه‌خۆش هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌ ده‌روونییه‌كانی بشارێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هۆشی پێیان هه‌بێت. ئه‌و ده‌مامكانه‌ی ئاماژه‌شی پێ ده‌كه‌یت، له‌و ڕاستییه‌وه‌ هاتوون، كه‌ ماده‌م مرۆڤ زمانی ده‌ربڕینی هه‌یه‌، كه‌واته‌ پێویستی به‌ ماسكه‌ و به‌كاریان ده‌بات، ده‌نا ناتوانیت ژیانی رۆژانه‌ی به‌سه‌ر به‌رێت. بگره‌ بێ ماسك له‌ دۆزه‌خدا ده‌ژی. بێگومان ده‌مامكه‌كان به‌ ڕووی ئیجابی و سه‌لبی جودان. خه‌زنه‌ ده‌مامكی شه‌رم و نه‌خوێنده‌واریی به‌كار ده‌بات، تاكو له‌ ده‌سه‌ڵاتی زۆرداران خۆی رزگار بكات. خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌مامكی چوونه‌ مزگه‌وت به‌كار ده‌بات، تاكو بازرگانه‌تێكه‌ی هه‌ر له‌ گه‌شه‌دا بێت. له‌ ”به‌رزایی شوراكان” ئه‌و كه‌سانه‌ی لاقه‌ی زه‌كیه‌ ده‌كه‌ن، گشتیان، رۆژانه‌ ماسكیان هه‌ڵگرتووه‌ و دواییش ئاسایی بۆ سه‌ر ئیشی خۆیان ده‌چن. له‌ ”شه‌وانی ئاده‌م” پیاوه‌كانی ناو كۆشك گشتیان ماسكه‌كانیان لاداوه‌، بۆیه‌ چیتر ناتوانن له‌ ناو كۆمه‌ڵ بژین و له‌ چۆله‌وانییدا جێی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌ ماسكی هه‌مه‌ جۆر ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌ر خه‌ڵك. ڕۆمان ئیشیش له‌ناو ئه‌و دوو فاقه‌ی ئاڵۆزیی كه‌سایه‌تییانه‌ ده‌كات، كه‌ كۆمه‌ڵێك پێك ده‌هێنن، یاخود تاكێكی لێ به‌رهه‌م هاتووه‌.

پ6/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كۆتای ڕۆمانه‌كانت كۆتای كراوه‌ن و هه‌میشه‌ كه‌متر خۆت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت ده‌ده‌یت، به‌جۆرێك كۆتاییه‌كان بۆ خوێنه‌ره‌كانت جێدێڵیت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌؟ ئه‌مه‌ به‌ مه‌به‌ست ده‌كه‌یت یان نا، ئه‌وه‌ ته‌نها بۆچونی خوێنه‌ره‌و كاری ڕێكه‌وته‌؟
به‌یان سه‌لمان/ من دیسان دێمه‌ سه‌ر ژیان. ده‌ڵێم به‌رابه‌ر به‌ مردن كه‌ دۆخێكی داخراوه‌، ژیان ته‌واو كراوه‌یه‌. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ ئیش له‌ ڕۆمانه‌كانم ده‌كه‌م. تا ئه‌و جێیه‌ی كه‌ ”كۆتاییه‌كانی”، هه‌ر وه‌ك له‌ ژیانی ڕاستیدا، كراوه‌ بێت و له‌ شوێنێكدا، كه‌ ئێمه‌ نازانین به‌ره‌و كوێیه‌، ناشزانین له‌ كه‌یه‌، واته‌ كاتیشی نازانین، ئه‌وه‌ مرۆڤه‌كان بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن، هه‌ر وه‌ك ڕاستیی له‌ ژیاندا. ئێمه‌ ناچین بڕیار بۆ كه‌سێك بده‌ین چی بكات. ڕۆمان چیرۆكی كۆن نییه‌، تاكو زه‌مانی شازاده‌ و كچه‌ پاشا بگێڕێته‌وه‌، كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی به‌ ”هه‌پی ئێند” ته‌واو ده‌بێت و ”هه‌موو به‌ یه‌ك شاد ده‌بنه‌وه‌”! ڕۆمان خودی پێناسه‌ی ژیانه‌، ڕۆماننووسیش به‌ زمانێكی تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی ده‌گێڕیته‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی خوێنه‌ری هه‌مه‌جۆریش ده‌گونجێت. له‌وانه‌یه‌ خواستی خوێنه‌ری زۆر ساده‌ نه‌پێكێ، كه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ر ده‌گڕێت. ده‌ بپرسین: كێ چاره‌سه‌ری ڕاستیی له‌لایه‌؟ چاره‌سه‌ر خۆی بریتیه‌ له‌ چی؟ ئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ چاره‌سه‌ر دای ده‌نات، یه‌كێكی دیكه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌ سه‌یری ده‌كات. واته‌ ئێمه‌ لێره‌، له‌ به‌رامبه‌ر دۆخێكی ڕێژه‌یین ”نسبی”.

پ7/ باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستاداو دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ڕۆمانی (شه‌وانی ئاده‌م) كار له‌سه‌ر ڕۆمانێكی نوێ ده‌كه‌یت. ده‌كرێت هه‌ندێك زانیاری گرنگ ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌كه‌و بیرۆكه‌كه‌ی به‌ خوێنه‌ران بده‌یت؟

به‌یان سه‌لمان
هه‌ڵقوڵانی نه‌وت له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌ گونده‌كانی سه‌ر به‌ كه‌ركووك، ده‌ركردنی خاوه‌ن عه‌رده‌كان، شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌ی باجه‌ و مێژووی كوردیش له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ هه‌ڵ ده‌وه‌شێته‌وه‌. له‌و ڕۆمانه‌دا، تا قوڵایی بنچینه‌ی شار و پێكهاته‌كانی ده‌چین. چۆن سه‌یری به‌رده‌وامبوون له‌ شوێندا ده‌كرێت؟ خودی شار موڵكی كێیه‌؟ مرۆڤی هۆشمه‌ند ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پله‌یه‌كی به‌رزی خوێنده‌واریی هه‌یه‌، یاخود كه‌سێكی ئه‌قڵانییه‌؟ له‌هه‌ناوی ئه‌و مێژووه‌ پڕ ئازاره‌، له‌ ڕێگای چاره‌نووسی (باجه‌ گه‌وره‌)، بێ ئه‌وه‌ی زۆر جێ گۆڕگێ بكات، چه‌رخی ڕووداوه‌كان ده‌سوڕێت. ئه‌و گه‌وره‌-كچه‌ نه‌خوێنده‌واره‌، باش ده‌زانێت، له‌ هه‌ر قۆناغێكی ژیانی، كه‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوویی و سیاسیی و فیكری كه‌سایه‌تییه‌كان گرێ دراوه‌، جڵه‌وی كه‌سایه‌تی خۆی و ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌وریشییه‌وه‌ن، بگرێته‌ ده‌ست. كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی زۆر له‌ ده‌وری (باجه‌)ن. ئیشكه‌ره‌كانی ماڵه‌كه‌، (سپارده‌)، (ده‌وڵه‌ت) كه‌ له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ له‌و ماڵه‌یه‌ و جێی متمانه‌یه‌تی، خزم و كه‌سه‌كانی، هاتوچۆكه‌رانی دیوه‌خانه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر دیوه‌خانه‌كه‌ی به‌ پێی سه‌رده‌م هه‌ر له‌ شوێن خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ دۆخی كه‌سه‌كان و ڕووداوه‌كان نییه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندان. كاتی خۆی، چوار كچ ده‌چنه‌ لای باجه‌؛ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش، چوار كچی جیاواز كه‌ پڕ په‌نهانیین و جێی گومانن ده‌چنه‌ لای. له‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مدا، ئه‌و كچانه‌ چییان له‌بن سه‌ره‌؟ ڕۆژێكیان، داستان، خوشكه‌زای باجه‌، بۆ وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و هاتنه‌وه‌یه‌ ڕووداوی زیاد له‌ نیو سه‌ده‌ زیندوو ده‌كاته‌وه‌. داستان به‌دوای خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (سپارده‌) وێڵه‌. نه‌بوونی هیچ هه‌واڵێكی، نهێنیی چی شاردۆته‌وه‌؟ قین و خۆشه‌ویستی، چ ئاكامێكیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌؟ له‌ ڕێگای باجه‌، چاره‌نووسی هه‌موو كه‌ركووك، له‌ ناو ئه‌و ڕۆمانه‌ نوێییه‌. چاره‌نووسێك، كه‌ هه‌تا بڵێی لایه‌نی به‌هێزیی ده‌ره‌خات، هاوكات ناسكییشیی، واته‌ هه‌میشه‌ جێی گره‌وه‌.




بەد وەرگێڕان … ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

لە ژمارە 235ی گۆڤاری (ڕامان) 05/12/2016 جەلال بەرزنجی دوو شیعری (دێریك واڵکۆت)ی شاعیری ترینیدادی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە. لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەو هەڵانە دەستنیشان بکەم کە وەرگێڕ تێی کەوتووەو لەگەڵ دەقی ڕەسەندا بەراوردی ئەکەم.

خۆشەویستی دوای خۆشەویستی
Love After Love

The time will come
when, with elation
you will greet yourself arriving
at your own door, in your own mirror
and each will smile at the other’s welcome,

and say, sit here. Eat.
You will love again the stranger who was your self.
Give wine. Give bread. Give back your heart
to itself, to the stranger who has loved you

all your life, whom you ignored
for another, who knows you by heart.
Take down the love letters from the bookshelf,

the photographs, the desperate notes,
peel your own image from the mirror.
Sit. Feast on your life.
وەرگێڕانەکەی جەلال:

کات دێت کە لەگەڵ خۆشییە
لە دەرگاکەت، لەناو ئاوێنەی خۆت،
پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیت
هەر یەکەو خەندەی بۆ بەخێرهاتنی ئەوەی دی دێت

لە وەرگێرانەکەی جەلال دا، بەهۆی خۆبەستنەوە بە وشە بە وشەی شیعرەکەو پشتبەستن بە فەرهەنگەوە جۆرێك لێك حاڵی نەبوون دروست بووە خوێنەر تووشی چەواشە ئەکات. بۆ نموونە؛ “لەگەڵ خۆشییە” with elation، “لەناو ئاوێنەی خۆت”in your own mirror ، “پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیتyou will greet yourself arriving..
وشەی with ی ئینگلیزی هەموو دەمێ بەمانای “لەگەڵ” نایە، بەڵکو بەگوێرەی کۆنتێکستی ڕستەکە ئەگۆڕرێ. کورد ناڵێ “لەگەڵ خۆشییە”، بەڵکو ئەڵێ “بە خۆشییەوە”.. هەروەها دێڕی at your own door، ئەبێتە “لەبەر دەرگاکەت” یان “لەبەر دەرگای خۆت” نەك لە دەرگاکەت. بە هەمان شێوە دێڕی in your own mirror ئەبێتە “لە ئاوێنەکەتدا” یان “لە ئاوێنەکەی خۆتدا”، لەبەر ئەوەی ئینگلیز لەگەڵ وشەی mirror پریپۆزیشنی in بەکار ئەهێنن، بۆ نموونە ئەڵێن: I looked in the mirror کە لە کوردیدا ئەبێتە “ڕوانیمە ئاوێنە” یان “لە ئاوێنەدا ڕوانیمە خۆم”.. هەروەها دێڕی “پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیت”، کە نازانین مەبەستی لە گەیشتنی کێیە. بەڵام لە دەقە ئینگلیزییەکەدا You will greet yourself arriving بۆمان دەرئەکەوێ کە مەبەستی لە گەیشتنی خۆتە، بەم جۆرە ئەبێتە ” پێشوازی لە گەیشتنی خۆت ئەکەیت”… دێڕی who knows you by heart کە جەلال حەرفی وەریگێڕاوەو کردوویەتی بە ” بە دڵ دەتناسێت”، واتە “ئەوەی ئەزبەری کردووی/لەبەری کردووی”، کە مەبەستی لەوەیە بەباشی ئەتناسێت. ئینگلیز ئەڵێن I knew it by heart یان I memorised it واتە ئەزبەرم کردووە.

ئۆگەستی تاریك
Dark August

So much rain, so much life like the swollen sky
of this black August. My sister, the sun,
broods in her yellow room and won’t come out.

Everything goes to hell; the mountains fume
like a kettle, rivers overrun; still,
she will not rise and turn off the rain.

She is in her room, fondling old things,
my poems, turning her album. Even if thunder falls
like a crash of plates from the sky,

she does not come out.
Don’t you know I love you but am hopeless
at fixing the rain? But I am learning slowly

to love the dark days, the steaming hills,
the air with gossiping mosquitoes,
and to sip the medicine of bitterness,

so that when you emerge, my sister,
parting the beads of the rain,
with your forehead of flowers and eyes of forgiveness,

all with not be as it was, but it will be true
(you see they will not let me love
as I want), because, my sister, then

I would have learnt to love black days like bright ones,
The black rain, the white hills, when once
I loved only my happiness and you.

باران زۆرە، ژیان زۆرە وەك ئاسمانێکی
قووت دراوی ئەو ئۆگەستە تاریکە

وەرگێڕ لێرەدا بە هەڵە وشەی swollen ی بە قووتدراو وەرگێڕاوە، پێم وایە لەگەڵ وشەی swallow دا لێی تێکەڵ بووە. وشەی swollen کە پاست پارتیسپڵ-ی وشەی swell ە واتە ئاوسان یان هەڵئاوسان. بەڵام swallow واتە قووتدان. کەواتە swollen sky واتە ئاسمانی ئاوساو.
دێڕی My sister, the sun, broods in her yellow room and won’t come out
وەرگێڕ بەم جۆرەی لێ کردووە:
رۆژی خوشکم باڵندەیەکە نایەوێت لە ژوورە
زەردەکەی بێتە دەرەوە
بە لەبەرچاو گرتنی وشەی ڕۆژ کە چەند مانایەك بەدەستەوە ئەدات؛ ڕۆژ [“یوم” و “نهار”ی عەرەبی]، هەروەها خۆر، خوێنەری کورد تووشی چەواشە ئەبێ لەوەی ئاخۆ مەبەستی شاعیر ئەو ڕۆژەیە کە خوشکم بەسەری ئەبات یان مەبەستی لە خۆری خوشکمە، کە دیسان ماناکەی ڕوون نییە. بەڵام بە چوونەوە سەر دەقی ئەسڵی بۆمان ڕوون ئەبێتەوە کە شاعیر خۆری بە خوشکی خۆی چوواندووە. جگە لەوە، وەرگێڕ وشەی “باڵندە”ی بۆ ئەو دێڕە زیاد کردووە، کە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا نییە. لە فەرهەنگی Oxford دا هاتووە:
Brood: (of a bird) sit on (eggs) to hatch them
واتە کڕ کەوتنی باڵندە لەسەر هێلکە بە مەبەستی هەڵهێنان
بەڵام ئەمە مەبەستی شاعیر نییە، بەڵکو مەبەستی لە گۆشەگیرییە، چونکە مانایەکی دیکەی وشەی بروود لە فەرهەنگی ئۆکسفد:
Brood: think deeply about something that makes one unhappy
بە قووڵی بیرکردنەوە لە شتێك کە خەمبارو دڵتەنگی کردووی. کە ئەمەیان مەبەستی شاعیرە.

Rivers overrun; still,
She will not rise and turn off the rain.
ڕووبار دەڕوا
هەڵناسێتەوە باران بکوژێنێتەوە
لە زمانی ئینگلیزیدا ئەو کردارانەی لەگەڵ ڕۆیستنی ڕووبار river بەکار ئەهێنرێن ئەمانەن: flow, run بەڵام کە بوو بە overflow, overrun ئەوا مەبەست لێیان هەڵچوونی ڕووبارە بەجۆرێك کەنارەکانی داپۆشێ.. هەرچی دێڕی دووەمە ئیحای ئەوە بە خوێنەری کورد ئەدا کە ئەوە ڕووبارەکەیە هەڵناسێتەوە باران بکوژێنێتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕاناوی She کە پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە، بۆمان دەرئەکەوێ کە مەبەستی شاعیر خۆرە نەك باران.

She is in her room, fondling old things,
my poems, turning her album. Even if thunder falls
like a crash of plates from the sky,
she does not come out.
لە ژوورەکەی ئەوە، لە شتە کۆنەکان دەگەڕێ
شیعرەکانم ئەلبوومەکەی ئەو دەگۆڕن
ئەگەر هەورە تریشقە وەك تەنێکی ناسک
لە ئاسمان چەخماخە بدات
ئەو لە ژوورەکەی نایەتە دەرەوە

وەرگێڕانە کوردییەکە هەندێ ناڕوونە نازانرێ کێ لە ژووری کییە؟، مەبەست چییە لە “شیعرەکانم ئەلبوومەکەی ئەو دەگۆڕن”؟. بەڵام لە دەقە ئینگلیزییەکەدا ئەو، کە مەبەستی لە خۆرە، لە ژوورەکەی خۆیدایە، دەست بەسەر شتە کۆنەکان و شیعرەکانمدا ئەهێنێ (نەك ئەگۆڕێ) و ئەلبوومەکەی خۆی بەسەر ئەکاتەوە. تەنانەت گەر هەورە تریشقەش بکەوێتە خوارێ (یان چەخماخە بدات) وەك شکانی قاپ و قاچاغ، ئەو لە ژوورەکەی خۆی نایەتە دەرەوە.

Don’t you know I love you but am hopeless
at fixing the rain?

نازانێ بۆ خۆشم دەوێت
لە باران چاکردنەوە بی هیوام،

وەرگێڕ وشەی fix ی بە چاککردنەوە وەرگێڕاوە، کە ئەوە تەنیا یەکێکە لە ماناکانی، بەڵام مەبەستی شاعیر لە چەسپ بوون یان وەستانی بارانە هەروەك پێشتر ئاماژەی بۆ کردووە. ئەمە سەرەڕای دێڕی یەکەم کە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا لە شێوەی پرسیار نووسراوە.
(ئەی) نازانی خۆشم ئەوێی بەڵام من بێ هیوام
لە وەستانی باران؟

But I am learning slowly
to love the dark days, the steaming hills,
the air with gossiping mosquitoes,
and to sip the medicine of bitterness,

لەسەرەخۆ فێر دەبم
بۆ ئەوەی ڕۆژیکی تاریک و
گردێکی سەر بە تەمت خۆش بوێت
بۆ ئەوەی دەرمانی بەختەوەری بخۆیتەوە

مەبەستی شاعیر:
بەڵام لەسەرخۆ فێر دەبم
بۆ ئەوەی ڕۆژە تاریکەکان و، گردە هەڵمینەکان و
هەوای پڕ لە ویزەویزی مێشوولەم خۆش بوێت و (وەرگێڕ ئەم دێڕەی پەڕاندووە)
دەرمانی تاڵیی هەڵقوڕێنم (نەك بەختەوەری)
so that when you emerge, my sister,
parting the beads of the rain,
with your forehead of flowers and eyes of forgiveness,
کە سەرنجی خوشکم دەدەیت
دڵۆپە باران دابەش دەکەیت
بە نێوچەوانێک لە گوڵ
دوو چاو لە لێبوردەیی

کاتێ، خوشکم، تۆ دەرئەکەویت و
بە نێوچەوانێک لە گوڵ و دوو چاوی لێبوردەیی
زەنگیانەی باران جیا ئەکەیتەوە

all with not be as it was, but it will be true
(you see they will not let me love
as I want), because, my sister, then
(وەرگێر ئەم کۆپلەیەی پەڕاندووە)
شتەکان وەکو خۆیان نامێننەوە، بەڵام ئەبن بە شتی ڕاستەقینە
(وەك ئەزانی لێم ناگەڕێن بە ئارەزووی خۆم
خۆشەویستی بکەم)، لەبەر ئەوەی، خوشکم، ئەوکاتە
I would have learnt to love black days like bright ones,
The black rain, the white hills, when once
I loved only my happiness and you.

وەرگێڕانەکەی جەلال:

من فێر بووم ڕۆژە تاریکەکانم وەک
پڕشنگدارەکان خۆش بووێت
بارانی ڕەش، گردی سپی
کاتێ جارێک تەنیا ئاسوودە بم و
تۆم خۆش ویست

مەبەستی شاعیر:
من فێر ئەبم ڕۆژە تاریکەکانم وەك رۆژە پڕشنگدارەکان خۆش بوێ
بارانی ڕەش و، گردی سپیم خۆش بوێ
وەک ئەو کاتەی، تەنیا ئاسوودەیی خۆم و تۆم خۆش ئەویست.

لە کۆتاییدا؛
ڕاستکردنەوەی هەندێ زانیاریی کەسیی لەبارەی شاعیر؛ ناوی دێرێك ئاڵتن واڵکۆت (بە ئەمێرکی: وۆڵکات)ە، لە سەینت لووشە (نەك سانت لوسا) لە دایک بووە، کە دوورگەیەکی سەربەخۆیە لە دەریای کاریبی. ئەو 14 خەڵاتەی بەدەستی هێناوە هەمووی شیعری نییە، بەڵکو بۆ شیعرو شانۆگەری و کتێبەکانی دی و، یاخود بۆ سەرجەم بەرهەمەکانیەتی. خەڵاتی گریفین نەك گریفنی. خاوەنی 24 کۆمەڵە شیعرە نەك 14. ساڵانی 2010 تا 2013 پرۆفێسۆری شیعر بووە لە زانکۆی ئێسیکس-ی بەریتانی.




ناسینی بوونی شیعر و خۆ ده‌ستنیشانكردن (مانیفێستی شیعری) … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بۆ عه‌بدۆڵڵا تاهیر به‌رزنجی، یه‌كه‌م كه‌س بوو، هه‌ستی به‌ گرینگی، یان ناگرینگی ئه‌م مانیفێسته‌ كرد.

1
به‌رپرسیارییه‌تیی شاعیری ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. له‌ كۆتایی حه‌فتایه‌كاندا، بووم به‌ خوێنه‌رێكی تامه‌زرۆی شیعر، شیعرپه‌روه‌ریش به‌ شێوازێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌ ژیانمدا ده‌ركه‌وت و په‌ره‌ی سه‌ند، هیچم نه‌ده‌بینی جگه‌ له‌و جوانییانه‌ی له‌ناو شیعردا ده‌كرانه‌وه‌ و جووڵه‌دار بوون، ته‌نانه‌ت له‌ ڕۆیشتنی ناو شه‌قام و دانیشتنی ناو پۆل و له‌سه‌ر خوانی خێزانیشدا، شیعر وڕێنه‌ی چێژداری پێ‌ ده‌كردم. ژیانی من، قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو به‌ پله‌ و پایه‌ی فه‌رمانبه‌ری و باڵه‌خانه‌ و خانووی گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و ….. تاد، ته‌نیا به‌ شیعر قه‌ره‌باڵغ بوو، باس و بابه‌تی سه‌ره‌كیم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم و ژیان، شیعر بوو به‌س، واش تێده‌گه‌یشتم ئه‌گه‌ر دوو دوژمنی ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوشته‌ی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری له‌ناو كرانه‌وه‌ی شیعریدا گفتوگۆ بكه‌ن، ده‌ماری گرژیان خاو ده‌بێته‌وه‌، تا ڕاده‌ی پاكبوونه‌وه‌، یه‌كترییان خۆش ده‌وێت و پشت ده‌ده‌نه‌ یه‌ك.
بنچینه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستی و پشتدانه‌ یه‌كترییه‌ش ئه‌فسوونی شیعره‌، له‌پاڵ ئه‌م بڕواهێنانه‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی شیعرنووسین ناخی به‌ توندی ڕاته‌كاندم.
بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه‌، بانگی وشه‌شم هاته‌ به‌رگوێ‌، بمهێنه‌ ناو ژیان.

هێزم تێدایه‌ خه‌ونه‌ نه‌بڕاوه‌كانت به‌ ئومێد و ناوه‌ند بگه‌یه‌نم، ئه‌م بانگكردنی وشه‌یه‌، به‌ یه‌كه‌مین و گرینگترین هۆكار و په‌یام ده‌زانم.
دوای ئه‌م ناخ ڕاته‌كاندنه‌، ناوه‌ ناوه‌ ده‌قی شیعریم ده‌نووسی و بوێرانه‌ بڵاوم ده‌كردنه‌وه‌، به‌ته‌واوی بار و بواری بیركردنه‌وه‌ش به‌دوای كه‌شوهه‌وای سه‌ربه‌خۆ وێڵ بووم و به‌ هێڵی ئه‌فسوونیدا ڕۆیشتم تا به‌ ئێستاكه‌ گه‌یشتووم، له‌ناو به‌هه‌شتی نووسین له‌ پانتایی خه‌وندا كار ده‌كه‌م.
خه‌ون كاریگه‌ری بوون به‌ شیعری تێدا به‌هێزه‌، جیهانبینیی منی لێوه‌ ڕوون بووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ په‌یوه‌ستێكی پته‌و له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی ژیان.

مرۆڤ، ئێستای له‌ نه‌ماندایه‌، ڕابردوو و داهاتووی هه‌یه‌، شیعرێك له‌سه‌ر بنه‌ما و جیهانبینیی ڕوون بنیاد نه‌ندرابێت، نه‌ به‌ كه‌ڵكی ئه‌مڕۆ دێت، نه‌ هیچ سه‌رده‌مێكی دیكه‌یش وه‌ك ده‌قی پته‌و و په‌تیی ئه‌ده‌بی قبووڵی ده‌كات.
ڕابردوو به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ژیانی نووسه‌ر پێكده‌هێنێ‌ و پێكهاته‌ی ده‌قیشه‌، چونكه‌ ئێستا، كه‌ خه‌ریكی كار و كرده‌ی نووسینی، دوای قاوه‌ خواردنه‌وه‌یه‌ك چركه‌ی كار و كرده‌ی نووسینه‌كه‌ت ده‌بێته‌ ڕابردوویه‌كی زیندوو، كه‌واته‌: ئه‌و كاته‌ی كار و كرده‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌یت ئێستایه‌، به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی پێكهاته‌كه‌ی ڕابردووه‌. ئاینده‌ ته‌نیا له‌ناو ده‌قدا ده‌بیندرێت و ئه‌ندێشه‌یه‌كی تێكه‌ڵ به‌ فه‌نتازیا به‌گه‌ڕ ده‌خات. ئه‌و ئه‌ندێشه‌ تێكه‌ڵ به‌ فه‌نتازیایه‌ بیرۆكه‌ و خاڵی تێڕوانینه‌. ژیانبینی به‌ ئاینده‌بینییه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێ‌ و به‌بێ‌ ئاینده‌بینی ناته‌واوه‌. كرۆك و دیوی نهێنیی ژیان، ئاینده‌یه‌. ئاینده‌ش خاڵی تێڕوانین و له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ چالاكتره‌، چونكه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی بۆ ده‌درێت و هه‌ستی قووڵاییی ژیانبینی سه‌ر ده‌خات. ئه‌م هه‌وڵ و ده‌ربڕینه‌ش مایه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بین.
تایبه‌تكاریی من ئه‌وه‌یه‌، شیعرم گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ خه‌ون. خه‌ونیش پاكییه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت. هه‌موو ده‌قه‌كانیشم، ده‌قی بیركردنه‌وه‌یی و درێژن، ئاسۆ و دووریی ئه‌فسانه‌یییان تێدا سه‌ربه‌خۆ و گونجاوه‌ بۆ پڕ نهێنی و ئه‌زموونكردنیان، به‌ شێوازی هه‌مه‌جۆر كارم له‌ناو كردوون، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌قه‌كه‌ ده‌خوازێت خۆی به‌كۆتایی بگه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵیدا ته‌با ده‌بم و ده‌ڕۆم.

زمانی بێده‌نگكراوم له‌ ده‌قه‌كاندا به‌ ده‌نگ هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ ئاسانیش ده‌تواندرێت هێڵه‌ جیاكاره‌كان له‌م به‌ده‌نگهێنانه‌وه‌یه‌دا ده‌ستنیشان بكرێت.
شیعر ناوه‌نده‌، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌و ناوخۆی به‌كێش ده‌كات و چاره‌نووسی ڕاسته‌قینه‌یان به‌ ڕوونی ده‌داته‌ ده‌ست، له‌ ژیانی شیعریدا سوودی گێڕانه‌وه‌ و ته‌وژمی هۆش و گفتوگۆ له‌ هونه‌ری ڕۆمان و په‌خشان و شانۆنامه‌ و ئۆپێرا و ئۆپه‌رێت و سینه‌ما و چیرۆك ….. تاد، وه‌رده‌گرم. له‌ ڕه‌گه‌زی خۆیان ده‌ریانده‌هێنم و هێزی كرانه‌وه‌ و جووڵاندنیان پێده‌ده‌م، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و سه‌یرتر و به‌پیتتریان ده‌كه‌م، له‌ ئاماده‌كردنیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌قی شیعری. ده‌قیش خوێنده‌وارانی دڵنیا ده‌كات له‌ چێژ وه‌رگرتنی شیعرییه‌ت و خواست، چاوه‌ڕوانییان ده‌هێنێته‌ دی.
من به‌رپرسیارییه‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه‌ نانووسم.

2
یه‌ك له‌ دڵه‌ڕاوكێی من ئه‌وه‌یه‌، شاعیرێك، یان گرووپێك كارێكی نایابیان به‌رهه‌م هێنابێت، هه‌وڵ ده‌ده‌م باش له‌ چۆنیه‌تی و ڕه‌گی هه‌قیقه‌تی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌یان بگه‌م.
له‌ ڕووی هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی حه‌زم نه‌كردووه‌ وه‌ك كه‌س بم، كه‌سیشم له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌، هاوڕێی هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌م، كه‌ پێش من پرۆژه‌ی داهێنانیان هه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ی هاوچه‌رخن، ئه‌وانی دوای منیش دێن و ده‌بن به‌ شاعیری خاوه‌ن پرۆژه‌.
خۆم له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا ده‌بینم، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ‌ شیعردا سه‌ر به‌ شیعری له‌ پێشتری خۆشم نیم، سه‌ر به‌ ئه‌زموون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌و شیعره‌م، كه‌ دوا شیعرمه‌ و له‌ نووسینیدام، زه‌مینه‌ی ئه‌فسانه‌یی پێش ئه‌وه‌ی له‌ هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بیدا كاری پێكرابێ‌ و هه‌بووبێت له‌ شیعردا كاری پێكراوه‌ و هه‌بووه‌.
ناچمه‌ ناو هیچ گرووپێكی ئه‌ده‌بی، خۆشم به‌ هیچ گرووپێك نه‌زانیوه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ده‌ب و داهێنان كاری تاكه‌ كه‌سییه‌، چوونه‌ ناو بازنه‌ی گرووپ، ده‌ركردن و چه‌واشه‌كردنی ئه‌م تاكه‌ كه‌سییه‌یه‌ له‌ بازنه‌ی ئه‌ده‌ب و داهێناندا.
خانه‌خانه‌یی و قۆناخبه‌ندكردن، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌، شیعر ته‌نیا به‌ گه‌یشتن به‌ باری ده‌روونڕۆشنی پێوانه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خودی وریایه‌، ده‌ق قسه‌یان بۆ ده‌كات و ده‌ق قسه‌شیان پێده‌كات.

بێوچان له‌گه‌ڵ خۆمدا له‌ جه‌نگی بێ‌ ئاماندام بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به‌ باری ده‌روونڕۆشنی تا به‌سه‌ر ته‌مه‌ن و كاتدا زاڵبم، خۆشم به‌ ته‌لیسمی لێڵیی ساخته‌وه‌ هه‌ڵنه‌واسیوه‌، هه‌وڵم داوه‌ ئاست و ئاراسته‌كانی توانا و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بم.
له‌مڕۆدا بزواندن و پێشبینیكردنی ئاینده‌ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ جیهانی خۆمدا ئارامی دروست ده‌كه‌م و بارێك ده‌هێنمه‌ به‌ر زه‌ین و تێیدا نیشته‌جێ‌ ده‌بم و ده‌نووسم، په‌یوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ سۆراخكارانی به‌رهه‌ممدا به‌رده‌وام و پته‌وه‌، ناشزانم تا كوێ‌ بڕ ده‌كه‌م، به‌ڵام خۆم له‌وه‌ دڵنیا كردووه‌ته‌وه‌ له‌ شیعره‌وه‌ به‌ره‌و ژیان و ئاینده‌ ده‌ڕۆم.
له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و ئاراسته‌كانی ژیان لایه‌نگیری گۆڕان و جێگیرنه‌بوونم، شیعری كوردی له‌ كلاسیكه‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆی گه‌یشتووه‌ له‌باری وه‌ستاو نه‌ماوه‌ته‌وه‌، بگره‌ قۆناخ به‌ قۆناخی بڕیوه‌، ئه‌گه‌ر گۆڕانی ڕیشه‌یی و داڕشتنی قووڵیشی په‌یدا نه‌كردبێت، ئه‌وه‌ بۆچوونی هاوچه‌رخ و ڕه‌سه‌نی له‌ ئاست شارستانییه‌تی وڵاته‌كه‌یدا، هێندێك ناوكی بنه‌مای دۆزیوه‌ته‌وه‌. كاری زمان و شێواز و شیعرییه‌تی قۆناخه‌كه‌ی له‌سه‌ردا كردووه‌.

چه‌ند قۆناخێكی دانپێداندراوی شیعری كوردی له‌ ئارادان و لێتۆژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌نووسرێ‌، به‌ڵام قۆناخه‌كان قۆناخی دره‌وشاوه‌ نین، بگره‌ هه‌ر یه‌ك له‌ قۆناخه‌كان ده‌نگێكی دره‌وشاوه‌ نوێنه‌رایه‌تی قۆناخه‌كه‌ی كردووه‌.
ڕه‌خنه‌ی كوردی، نه‌هاتووه‌ ته‌واوی قۆناخێك به‌ ئاستی ده‌نگه‌كان وه‌ربگرێ‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وشیاری بۆ بكات، گرینگییه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و هاوبه‌شی كاركردنیان و بنه‌ما دۆزراوه‌كانی قۆناخه‌كه‌ ده‌ربخات.
بگره‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ نوێنه‌ره‌ به‌هێز و دره‌وشاوه‌كانی وه‌رگرتوون، ئه‌م یه‌ك یه‌ك وه‌رگرتنه‌ش وای كردووه‌ قۆناخه‌كان كاركردنی هاوبه‌شیان به‌ نه‌دۆزراوه‌یی بمێنێته‌وه‌.
من ژیان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ژیانه‌وه‌ نانووسم.

3
هه‌ست ده‌كه‌م، ژیان له‌ دۆخگۆڕیندا جۆره‌ به‌رزی و نزمییه‌كی ناڕێكی تێدایه‌، ده‌مه‌وێ‌ له‌م دۆخگۆڕین و به‌رزی و نزمییه‌ ناڕێكه‌دا ڕزگارم ببێت، له‌ناو شیعری په‌تیدا بژیم و مانایه‌ك به‌ ژیان و دادپه‌روه‌ری بده‌م، شاعیر ئه‌گه‌ر خۆی خسته‌ خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسییه‌وه‌، هاوپه‌یمانی بوو، بێگومان ڕۆڵ و ئاماده‌یی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنی جیاكاری له‌ به‌ین ده‌چێت، ناتوانێ‌ توانای به‌هێزی داهێنان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له‌ هێزی شه‌ڕخوازی، جۆرێك باوه‌ڕی سیاسی هه‌بێ‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ هۆكاره‌كانی ڕوودان، چالاكییه‌كی هۆشمه‌ندییه‌ لێیه‌وه‌ كاریگه‌ریی خۆی به‌دی بهێنێ‌ و تێڕوانینه‌كانی نیشان بدات و بیانچه‌سپێنێت. چركه‌ساتی نووسین، چركه‌ساتی تێكۆشانی گیانییه‌.

شیعری داهێنراو، وشه‌كانی جه‌نگاوه‌ری سه‌ربه‌خۆییخواز و سه‌رله‌شكری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ن دژی دیكتاتۆریه‌تی به‌ زه‌بری هێز خۆسه‌پێنه‌ر، كه‌ هه‌ستم بۆ خۆشییه‌كانی ژیان جۆشا، ژیان زۆر به‌ ئاڵۆزی و گرانی خۆی پیشاندام، له‌م كاردانه‌وه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ‌ له‌ ڕێگای شیعره‌وه‌ ئاڵۆزی و سه‌ختییه‌كانی ژیان به‌تاڵ بكه‌مه‌وه‌، ژیان بهێنمه‌ ناو زمان و نووسین، بۆیه‌ ئاوا هۆگری شیعر بوویمه‌، هه‌موو ژیانی لێ‌ سه‌ندووم.

بۆ ئه‌م داوایه‌ له‌ ژیان. شیعر پێویستییه‌، له‌ چركه‌ساتی چاوه‌ڕواننه‌كراو و نه‌بیندراو و خه‌ونئامێزدا، بار و كه‌شێكی پیرۆز سه‌ر تا پێم داده‌گرێ‌ و ده‌ڵێت: خودی به‌رپرسیار به‌رانبه‌ر بزواندن، په‌یامی شیعر به‌رز بكه‌ره‌وه‌.
شیعر حه‌وشه‌ و ماڵی خودایه‌، گوناهی هه‌موومانی لێ‌ پاك ده‌بێته‌وه‌ و تێیدا ده‌بین به‌ فریشته‌ و خوداوه‌ند.

شیعر ئامانجی به‌خته‌وه‌ری و جێگای هه‌موو هیوا و خۆشادمانكردنێكه‌ بۆ من، له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌تواندرێت په‌یوه‌ندی به‌ جیهانی فریشته‌ و خوداوه‌ندانه‌وه‌ ببه‌ستی، هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كانت كۆ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش زانیارییه‌كی گشتیت له‌باره‌ی كه‌ره‌سته‌ و ئامرازه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت، ناتوانی هه‌ڵگری خه‌ونه‌كانت بیت.
من خه‌ون ده‌نووسم، له‌باره‌ی خه‌ونه‌وه‌ نانووسم.

4
بێ‌ به‌هره‌كان، به‌ چالاكی و پڕ به‌رهه‌میم جۆرێك شڵه‌ژاوییان كه‌وتووه‌تێ‌ و نائاسووده‌ و سه‌غڵه‌تن، به‌ئاشكرا و ژێراوژێر له‌ پلان و پیلاندانانن ده‌مبه‌ستم بكه‌ن و بمچه‌وسێننه‌وه‌، یان ئه‌و ڕووناكییه‌ی لێمه‌وه‌ دروست بووه‌، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت، بیكوژێننه‌وه‌، یان بیشارنه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا بیشێوێنن و گومانی بخه‌نه‌ سه‌ر.
له‌م دژایه‌تیكردنه‌دا هه‌ست به‌ هیچ زیانێك ناكه‌م، بایی ئه‌وه‌نده‌ گوێیان لێ‌ ڕاده‌گرم بزانم چی ده‌ڵێن، ئاست و ئاراسته‌كانیان چین، هێنده‌ كاتیان ناده‌مێ‌ بیریان لێ‌ بكه‌مه‌وه‌، گیانی له‌خۆبوردن و بێبایه‌خكردنی دوژمنه‌كانم له‌مندا به‌هێزه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای گیانپه‌روه‌رده‌كردنێكی به‌رده‌وام و دۆزینه‌وه‌ و خۆناسینه‌وه‌ پێی گه‌یشتووم.
شیعر بۆ من په‌یامی ڕاچڵه‌كاندن و ئه‌و ئاگره‌یه‌ قه‌ت ڕووی له‌ خامۆشی نییه‌، ته‌واو بڕوام پێی هێناوه‌ و ئه‌مه‌كدارم بۆی، دوژمنه‌كانم له‌ناوه‌وه‌یاندا له‌ ئاست ئه‌م ئه‌مه‌كدارییه‌ی من داته‌پیون، خۆیان به‌ گوڕنه‌ته‌ڵه‌ و چه‌وساوه‌ی ده‌قه‌كانم ده‌بینن، منیش له‌ شه‌ڕه‌ بێفه‌ڕه‌كان خۆم پاراستووه‌ و فه‌رامۆشیان ده‌كه‌م.
له‌ گرده‌نشینی ده‌روونی ئامانجدارم، خه‌ریكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ پیرۆزه‌ ده‌بم، كه‌ بڕوام پێ‌ هێناوه‌، بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه‌، هه‌لومه‌رج و ئارامیی ته‌واوم بۆ دابین ده‌بێت وه‌ك منداڵێك خه‌ون ده‌بینم، ژیان له‌ناو خه‌وندا مشتوماڵ بكه‌م.
شاعیری ڕاسته‌قینه‌ هه‌موو كات وه‌ك منداڵێك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، هه‌ركاتێك ڕێگای دا ئه‌و منداڵییه‌ی ناوه‌وه‌ی وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك فه‌رمانی پێبدا و هه‌ڵیسووڕێنێت، ئه‌وه‌ له‌م چركه‌یه‌دا جاڕی به‌تاڵبوونی خۆی ده‌دا، چونكه‌ گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتیدا تاكتیك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و تاكتیكیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات، داهێنه‌ریش پاكی و یه‌كڕوویی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی، پاكی و یه‌كڕووییش ته‌نیا له‌ منداڵییه‌تیدا ده‌ست ده‌كه‌وێت، له‌ پاكی و یه‌كڕووییدا ده‌گه‌یت به‌ ده‌روونڕۆشنیی خودایی.
په‌ره‌ به‌ خه‌ونبینین ده‌ده‌م، خه‌ون له‌ ده‌ربڕیندا بنه‌ڕه‌تی واقیع ون ناكات، ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتیش نابێ‌، به‌رهه‌مهێنه‌ری ترپه‌ و ئاوازی نوێیه‌ بۆ ده‌ربڕین لێكردن و به‌ڕێوه‌چوونی واقیع له‌ناو ده‌قی فه‌نتازیادا.
من پاكی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پاكییه‌وه‌ نانووسم.

5
شاعیری دامه‌زرێنه‌ری گه‌وره‌مه‌ند به‌ ڕه‌خنه‌ لێگرتنی نابه‌جێش بڕوای به‌ دامه‌زرێنه‌ری و گه‌وره‌مه‌ندی خۆی له‌ق نابێت، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و په‌تیتر ده‌بێته‌ هێمای ڕوونبوونه‌وه‌ی زمان و نووسین. مێژووی له‌ناو داده‌مه‌زرێ‌، ئه‌و بڕوا پته‌وتربوون و كاریگه‌رییه‌ و په‌تییه‌شی هێزی ڕزگاركه‌ر و ڕزگاركردنی ده‌قه‌ له‌ پاشماوه‌ جێماوه‌كان و پاشخاپه‌رۆكه‌كانی زمان و نووسین.
من ڕزگاركردن ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕزگاركردنه‌وه‌ نانووسم.

6
هیچ وشه‌یه‌ك له‌ ژیان و مردن كۆنتر نییه‌، وشه‌ش له‌سه‌ر كۆنی و نوێیی نه‌كه‌وتووه‌، بگره‌ له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی نووسه‌ر كه‌وتووه‌ چۆن به‌كاری ده‌هێنێ‌ و ئاست و ئاراسته‌ و ئاسۆی لێ‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.
نه‌مویستووه‌ جیهانی كۆن بڕووخێنم و جیهانی نوێ‌ بنیاد بنێم، تێكۆشاوم له‌ناو جیهانی كۆندا جیهانی دیكه‌ بدۆزمه‌وه‌ و بیكه‌م به‌ نموونه‌ی ڕوونی و خاوێنیی به‌هه‌شتی تا هه‌تایه‌.
شاعیر ده‌توانێ‌ كه‌ڵك له‌ ته‌واوی وزه‌ سروشتییه‌كان وه‌ربگرێ‌ بۆ بنیاد و پێكهاته‌ی شیعری.

شیعر، به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پێداگر و زیندووی ژیان ده‌زانم، هێندێك كاری سه‌ره‌تاییم ساده‌ بوون، كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا به‌ ناوه‌ندی ڕۆشنبیری كوردیم ناساندوون، به‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یان نازانم له‌ كتێبێكدا بیانهێنمه‌وه‌ ناو جیهانی زمان و نووسین، دووباره‌ پیشانیان بده‌مه‌وه‌، یان جۆره‌ یه‌كترناسینێك بوون له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی به‌ پیتی شیعر و هه‌ڵڕشتنی مانادا. كاركردن له‌پێناو مانادا له‌ناو ڕه‌گه‌زه‌ شیعرییه‌كاندا ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌یی نییه‌.
وه‌ك ده‌سپێك و زه‌مینه‌ له‌ هێندێكیاندا جیهانبینیی شیعریم سه‌ره‌تایییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هه‌موو هێز و توانای ده‌ربڕینم له‌ ته‌واوی ژیان و بوونم ڕوانیوه‌، ئه‌و ڕوانینانه‌ی لێیانه‌وه‌ ده‌گه‌ی به‌ قووڵایی ئومێده‌ په‌یامداره‌ ڕاسته‌قینه‌كان.
هه‌وڵم داوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ گیان و ناخی من جێگیر بووه‌، بیگوازمه‌وه‌ بۆ گیان و ناخی كۆی ئاده‌میزاده‌كان به‌و حیكمه‌ته‌ی شیعر پاكییه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت.
من دۆزینه‌وه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ نانووسم.

7
پێشبینی له‌ بیری مندا به‌هێزه‌، زۆر جاران شه‌و خه‌ونم بینیوه‌ بۆ به‌یانی، یان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ڕووداوی خه‌ونه‌كه‌ به‌ واقیعی هاتووه‌ته‌ ناو ژیانم و بووه‌ته‌ ڕووداوێكی بیندراو.
شیعر ده‌كه‌م به‌ ژیان، شیعریش ده‌وری ئه‌م چه‌تره‌ ده‌بینێ‌ هه‌موو چالاكییه‌كانمی له‌ سێبه‌ردا یاداشت ده‌كه‌م.
شیعر وه‌ك خه‌ون وایه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یبینم هه‌ست ده‌كه‌م وه‌ك مرۆڤ ته‌واو بوویمه‌ و شوێن و ئه‌ركم له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌.
ترپه‌ و خورپه‌یه‌كی شاراوه‌ی ناخه‌، دێت و ده‌ستم ده‌گرێ‌، ده‌مباته‌ ناو ژیانێكی جوان و به‌هه‌شتی تا هه‌تایه‌، له‌م گه‌شته‌ جوانه‌شدا به‌ نه‌رمه‌ گۆرانی گوتنه‌وه‌، شته‌ هه‌ره‌ جوانه‌كان ده‌كه‌م به‌ هاوڕێی گیانی به‌ گیانیی خۆم و ده‌یانهێنمه‌وه‌ ناو ماڵی هه‌میشه‌ دڵخۆش و فه‌رامۆشبه‌خشی زمان و نووسین.
من پێشبینی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێشبینییه‌وه‌ نانووسم.

8
شاعیر له‌ شیعره‌وه‌ هه‌ستیاری خۆی ده‌گه‌یه‌نێ‌، شاعیری داهێنه‌ریش كه‌لله‌سه‌ر و چاوی ڕوونی میلله‌ته‌، له‌ هه‌ر شیعرێكیشدا ڕاستییه‌ك له‌ كه‌لله‌سه‌ر و چاوڕوونیدا ده‌دۆزێته‌وه‌.
كۆمه‌ڵێك ده‌قی په‌تیم نووسیوه‌ له‌ پانتایی خه‌ون بوونه‌ته‌ شێواز و به‌رگری له‌ مانای جوان ده‌كه‌ن، پێناسه‌ی ئه‌ده‌بیی منیان پێكهێناوه‌، به‌ ئه‌ده‌بیاتبوونی خه‌ونم لێیانه‌وه‌ ناساندووه‌، تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاویش سه‌ر به‌ گۆبه‌ندبوونه‌ و له‌رزه‌یه‌كی نوێبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی خۆ دامه‌زراندن و گورج هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و بڕوا به‌خۆبوونم له‌ به‌رده‌وامیی به‌خشیندا كاردانه‌وه‌ و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ری و ناكه‌سبه‌چه‌یی دوژمنه‌ گوڕنه‌ته‌ڵه‌كانم گه‌یشت به‌ پله‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر ناشارستانیم لێ‌ بكه‌ن.

له‌ ده‌قه‌كانمدا سه‌رچاوه‌ ئێستێتیكییه‌كانی ژیان له‌ هه‌موو شتێك به‌رزترن، په‌یوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ شوێندا، په‌یوه‌ندییه‌كی گیانییه‌، یه‌كه‌م خه‌یاڵگه‌ی به‌پیتمه‌ هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كانم له‌ شوێنێكدا خه‌وتوون، كه‌ چاو بواری نییه‌ كۆیان بكاته‌وه‌ و بیانگرێت، مه‌گه‌ر له‌ ڕێگای خه‌ونبینینه‌وه‌ به‌ ئاگایان بهێنمه‌وه‌ و ئاوی چاوی تیشكهاوێژم بده‌م، بیانخه‌مه‌ ناو چالاكییه‌ هه‌ستی و خه‌ونییه‌كانم.

ئه‌گه‌ر ڕۆژێك به‌ هه‌ست، ده‌ستی نیانی هه‌تاوی شوێن له‌ خه‌و به‌ ئاگام نه‌هێنێت، وا ده‌زانم ئه‌و شه‌وه‌ چالاكیی هه‌ستی و خه‌ونی تێدا نه‌بووه‌.
شوێن له‌ ده‌قدا خه‌یاڵ و ڕوانین و خه‌ونی شاعیر دایده‌مه‌زرێنێ‌، جیاكاره‌ له‌و زه‌وییه‌ی ڕۆژانه‌ به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت. جیهانی خه‌ونیش به‌لای منه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشترین جیهانی شیعرییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ژیانی ته‌واو داماڵدراو له‌ فرت و فێڵ و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ری و ناكه‌سبه‌چه‌یی و ته‌واو ئازاد به‌ گشتگیری ده‌كات.
من شوێن ده‌نووسم، له‌باره‌ی شوێنه‌وه‌ نانووسم.

9
ژیانی ڕاسته‌قینه‌، ئه‌و شته‌یه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی لێی سه‌ندووین، ئه‌م لێسه‌ندنه‌وه‌یه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی ته‌نیا له‌ ڕێگای خه‌ونه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌واته‌: ژیانی ڕاسته‌قینه‌ ته‌نیا له‌ خه‌وندا هی خۆمانه‌، ئازادیی ته‌واوی لێ‌ وه‌رده‌گیرێت.
شێوازی خه‌ونیم په‌یڕه‌و كردووه‌، له‌ ده‌قی خه‌ونیدا ده‌تواندرێت خودی شاعیر بناسرێ‌ و ڕه‌نگه‌كانی ببیندرێن.
خه‌ون، یاخیبوونی به‌ جه‌رگانه‌ و ده‌نگی ناڕه‌زایییه‌ له‌كار و ڕووداوه‌ نابه‌جێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی.
له‌ خه‌وندا شاعیر پرسیار ئاراسته‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات ده‌كات، له‌ ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنه‌شه‌وه‌ ده‌گات به‌ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری مرۆڤ.
جووڵه‌ی به‌هێزی ناوه‌وه‌ی شیعر له‌ توانایدایه‌ ڕاسته‌وخۆ كار بكاته‌ سه‌ر ژیان و بیگۆڕێت.

خه‌ونی نایاب ده‌بێته‌ زمان و شێواز و بابه‌تی نایاب، ده‌قه‌كانم ده‌قی خه‌ونین، خه‌ونیش وه‌ك گیان و هانده‌ر، هه‌میشه‌ تێكه‌ڵ به‌ شیعرییه‌تی ده‌قم ده‌بێت و هه‌ستی شكۆمه‌ندی له‌ مندا ڕسكاندووه‌ و ده‌ڕسكێنێ‌.
ڕوانینه‌كانم ده‌خه‌مه‌ ناو بازنه‌ی خه‌ونه‌وه‌، خه‌ونه‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌كانیش پێویستییان به‌وه‌یه‌ دووباره‌ بیانهێنیته‌وه‌ ناو ژیان تا ڕۆڵ و كار و چالاكیی خۆیان ببینن و پته‌وتر هاوبه‌شی له‌ گۆڕان بكه‌ن.
له‌ بواری خه‌ونبینیندا پشت به‌ چاودێری و سه‌رگه‌رمیی خۆم ده‌به‌ستم له‌ پێكهاته‌ی ده‌قیشدا خه‌ون ڕۆڵی بنچینه‌یی ده‌بینێت، ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیشی له‌ ژیانی كه‌سایه‌تیمدا به‌دیار كه‌وتووه‌.
خه‌ون هه‌ڵوێست و بۆچوونی ڕوونه‌ به‌رانبه‌ر به‌ دیمه‌نی شڵه‌ژاو و دیكتاتۆریه‌تی ژیان.
من پرسیار ده‌نووسم، له‌باره‌ی پرسیاره‌وه‌ نانووسم.

10
نووسین كاتی هه‌ستیاریی ته‌مه‌نه‌، له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی شیعریی دۆنایدۆنی كه‌شوهه‌وای ئازادیی بیركردنه‌وه‌ و خه‌ونبینین ده‌بم، خه‌یاڵ و خه‌ون و چه‌مكی سه‌رله‌نوێ‌ ژیانه‌وه‌ له‌ پله‌یه‌كی ئه‌فسوونیدا یارمه‌تیده‌رمن بۆ كێشانی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ چاوم نه‌یدیبوون.
له‌ناو شیعردا ده‌جووڵێم و بارودۆخی گیانیم ئارام ده‌بێت، سه‌یری ته‌واوی جیهان ده‌كه‌م، له‌م سه‌یركردنه‌مدا هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك بوونی نییه‌، ته‌نیا ئه‌و خودایه‌ نه‌بێت، كه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ی به‌هێزه‌ و هه‌ڵسووڕێنه‌ری گیانیمه‌، ئامۆژگارییه‌ ئاسمانییه‌كان هه‌میشه‌ له‌بیرمدان و فه‌رامۆشیان ناكه‌م، هه‌ستی ئایینیم به‌رجه‌سته‌كردووه‌. نه‌ك بابه‌تی ئایینی، تا سنووری ڕه‌وا له‌ نووسه‌ره‌ گه‌وره‌كان نزیك ده‌بمه‌وه‌ و به‌هره‌ و سرووشیان لێ‌ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام ناچمه‌ ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ جیهانبینی و بڕوای ئه‌وان. خودی ساده‌ و ساكار ژیاوی مته‌سه‌ووف و سروشتخواز و خه‌ونبین وه‌ك بوونێكی گشتی ته‌ماشای ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ناو جوانییه‌كاندا ده‌توێنه‌وه‌. له‌م توانه‌وه‌ دڵئاگایییه‌دا هه‌ست به‌ شته‌كان ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ن به‌ خود و غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵا، له‌ ڕێگای ئه‌م گه‌یشتنه‌شه‌وه‌ شاد ده‌بن به‌ دوایین پله‌ی ده‌روونڕۆشنی و شینایی سه‌ره‌تا و بێگه‌ردكردنه‌وه‌ی تا هه‌تایه‌ی هه‌موو شته‌كان.
من بێگه‌ردی ده‌نووسم، له‌باره‌ی بێگه‌ردییه‌وه‌ نانووسم.

11
له‌ ده‌قی خه‌ونیدا ده‌سته‌واژه‌ له‌ ئازادكردنی مانا و بنیادی ڕسته‌دا هه‌میشه‌ له‌ سنووربه‌زاندندایه‌.
ده‌قی خه‌ونی ده‌ستكه‌وتێكه‌ له‌ ئه‌وپه‌ڕی زمان و جیهانبینیی ڕوون، ده‌ربڕینه‌ خه‌ونییه‌كان په‌نجه‌مۆری له‌سه‌ر داناون، شێوازی هه‌مه‌جۆر له‌ ده‌قی درێژدا به‌كار ده‌هێندرێ‌، جۆرێك له‌ ده‌ستكرد و دروستكردنی تێدا ڕه‌وایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشت نابه‌ستێت به‌ چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، بگره‌ زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و جووڵاندنی ڕابردوو و تێڕامانی له‌ مێژینه‌ن له‌ كه‌شی نووسین ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌ریان و جیهانبینی تێدا ده‌جۆشێت.

گونجاندن و لێك نزیككردنه‌وه‌ی شێوازی شیعری ئازاد و شێوازی په‌خشانه‌شیعر ئاست بۆ سنووربه‌زاندنه‌كان ده‌دۆزێـته‌وه‌. ماناكان له‌ هه‌ناوی زمانه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕیون، وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌كان له‌ هه‌ست ده‌چن، هه‌ندێ‌ جار خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، هه‌ندێ‌ جاری دیكه‌یش ون ده‌بن.
له‌م ونبوونه‌دا ژیان یه‌كپارچه‌ ده‌بێته‌ گومان، له‌و گومانه‌شدا شیعرییه‌ت ده‌بێته‌ خوداوه‌ندی سه‌رزه‌مینێكی لێوانلێو له‌ ڕازی نوێبه‌خش و جیهان به‌ باشی و چێژ وه‌رگرتنه‌وه‌ ده‌بینێت.
من گومان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گومانه‌وه‌ نانووسم.
12
كه‌له‌پوور بازنه‌یه‌كی نیمچه‌ داخراوه‌، داهێـنه‌ر هه‌میشه‌ پانتایییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا ده‌كاته‌وه‌ بۆ پرسیار، پرسیار دروستكردن له‌ ده‌قدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی شاعیره‌ به‌ زمان و هه‌سته‌كانی ژیانه‌وه‌.
ده‌قی خه‌مڵیو له‌ ئه‌زموونی مرۆڤی وریا له‌ ئاست چاره‌نووسدا، خۆی له‌و بیر و مانایانه‌ داده‌ماڵێت، كه‌ له‌ناو ده‌قدا یه‌قین دروست ده‌كه‌ن، دڵه‌ڕاوكێ‌ و گومان ده‌ستمایه‌ی ده‌قی ئاستدار و خه‌ونین.
كه‌له‌پوور ئه‌گه‌ر پانتایییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا نه‌كرابێته‌وه‌ بۆ پرسیار، یانی ڕابردوو، ڕابردووش وه‌ستاوه‌ و یه‌قینی تێدا زاڵه‌، به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌له‌پوور وه‌ك ڕابردوو وه‌رنه‌گرم، مه‌به‌ستمه‌ بیكه‌م به‌ خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ، خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ بم، ئه‌مڕۆ شتێكی ته‌واو بیندراو و زاندراو و وتراو نییه‌. ئاینده‌ بێئامانترین سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌مڕۆیه‌، ئه‌و ئه‌مڕۆیه‌ی ئاینده‌ تێیدا كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوه‌، ملكه‌چی توانایه‌كانمان نییه‌.
من ئاماژه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی ئاماژه‌وه‌ نانووسم.

13
نووسینی واقیعی بیندراو لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی ئارام و خۆشنوودییه‌، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی، لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی شڵه‌ژاوه‌. زه‌ینی ئارام حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ ده‌كات، زه‌ینی ئارام نووسیویه‌تی، زه‌ینی شڵه‌ژاویش حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ ده‌كات، زه‌ینی شڵه‌ژاو نووسیویه‌تی.
له‌ ده‌قی خه‌ونیدا هه‌ست ده‌دۆزرێـته‌وه‌، هه‌ستیش زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعرییه‌ت، خه‌ون كرده‌یه‌كی هه‌ستییه‌ له‌وه‌ی كرده‌یه‌كی عه‌قڵی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بنچینه‌ی خه‌ون هه‌ست و واقیعه‌، به‌ڵام واقیع به‌و شێوازه‌ نا، كه‌ ده‌بیندرێت، واقیع به‌و شێوازه‌ی هه‌ست له‌ ده‌قی په‌تیدا ئاماده‌ی ده‌كات، له‌م بار و كه‌شه‌دا خه‌ون هێزی خه‌یاڵ له‌ نووسیندا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌كات.
من شاراوه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی شاراوه‌وه‌ نانووسم.

14
ژیان له‌ هه‌موو دنیادا، جۆرێك چوونیه‌كی تێدایه‌، ده‌گونجێ‌ شاعیر نه‌ریتی هه‌موو دنیا له‌ ده‌قدا بكات به‌ هی خۆی، وه‌ك بیر و ماناش له‌ شیعردا نیمچه‌ نزیكییه‌ك له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا ئه‌گه‌ر هه‌بێت ڕه‌وایه‌، به‌ڵام شیعرییه‌ت له‌ زمانی نه‌ته‌وایه‌تیدایه‌. مانای وێنه‌ی شیعری له‌ ترپه‌ و ئاوازدا كۆ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ئه‌وپه‌ڕی زماندا ده‌ڕسكێ‌، شیعر ته‌نیا له‌ زمانی خۆیدا شیعره‌، له‌ هیچ زمانێكی تردا شیعر نییه‌. واته‌: له‌ وه‌رگێڕاندا ناوێكی تر وه‌رده‌گرێت. ئه‌ده‌بێكی جوانه‌، به‌ڵام شیعر نییه‌. له‌به‌ر هۆیه‌كی بنچینه‌یی، چونكه‌ هه‌ستی زمان و هه‌ستی شێواز و هه‌ستی فۆرم له‌ وه‌رگێڕاندا له‌ بنیادی یه‌كه‌مه‌وه‌ ناگوازرێنه‌وه‌ بنیادی دووه‌م، ئه‌گه‌ر شیعریش ئه‌م سێ هه‌سته‌ی تێدا به‌هێز نه‌بوو، شیعر نییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی شیعرییه‌.
زمان هه‌ڵگری بیر و ڕاكانی نه‌ته‌وه‌یه‌، شاعیریش له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ جوانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، نووسین به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌ ئینتیمای نووسه‌ره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌كارهێنانی زمان ده‌بێته‌ ناوه‌ند و سه‌ربه‌خۆیی داهێنان و ئینتیمابوون وه‌رده‌گرێت، زمانی دره‌وشاوه‌ و جووڵه‌دار له‌ ده‌قدا یانی گه‌شه‌سه‌ندوو و داهێندراو و دره‌وشاوه‌ و ڕسكاو.

دۆزینه‌وه‌ له‌ ڕێگای خوێندنه‌وه‌وه‌، به‌ به‌هره‌مه‌ندی نووسه‌ر وه‌رده‌گیرێ‌، من كه‌ له‌ دایك بووم و هاتمه‌ ناو قسه‌كردن، وشه‌ی مردنم نه‌ده‌ناسی و نه‌مده‌زانی واتای چی ده‌دات، له‌ خوێندنه‌وه‌دا گه‌یشتم به‌ كرۆكی واتایی و ئاسۆكانیم ناسی و به‌هره‌م لێ‌ وه‌رگرت، چوومه‌ ناخی وشه‌كه‌ و وشه‌كه‌ش هاته‌ ناو ناخی من و بووین به‌ هاوتای یه‌كتری.
ئه‌و به‌ چاوی منی ڕوانی و منیش به‌ چاوی ئه‌و جوانییه‌كانی ژیانم بژارد، دواتر له‌گه‌ڵ بینینی مه‌رگی باوكم گونجاندم و هێنامه‌ ناو زمان و نووسین.
وشه‌ی دایه‌ و بابه‌ گه‌شترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تیان تێدایه‌، واتایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رده‌وامین، ژیان به‌ ئه‌مانه‌وه‌ خۆشحاڵ و په‌یوه‌سته‌، له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كات. واته‌: له‌ شیعر خۆیه‌وه‌، ژیان خۆی جووڵێنه‌ری خودی شیعره‌.
من ناسین ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناسینه‌وه‌ نانووسم.

15
ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان له‌ ڕوانین و نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگا دروست بكات. واته‌: شۆڕشگێڕبێ‌ له‌ ڕوانین و گۆڕینی چێژ بۆ جوانی. كه‌ جوانیشی خۆشه‌ویست كرد له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، واته‌: ته‌واوی ژیانی خۆشه‌ویست و په‌سند كردووه‌.
شۆڕشگێڕیش به‌شێكه‌ له‌ ژیانی په‌سندكراو، به‌ڵام بیری توندوتیژیی ناڕه‌وا، یان سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی له‌ ده‌قی شیعریدا هۆی خنكێنه‌ری فه‌زا و هونه‌ری په‌تییه‌.
بیری توندوتیژیی سیاسی شیعری هه‌ڵچووندار به‌رهه‌م دێنێت، هه‌ڵچوونیش گرینگی به‌هۆیه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ نادات، بگره‌ ده‌یانخاته‌ ڕوو. قسه‌مان له‌ هه‌ڵچوونی گیانی نییه‌، كه‌ سووتان دروست ده‌كات و ده‌بیـَته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری شیعری ڕۆمانسیی هه‌ستی و ده‌روونڕۆشنیی ته‌سه‌وف.
شیعری تێڕامان، به‌رهه‌می بارودۆخی ئارامه‌، كه‌ جوانی تێدا خه‌مڵێندراوه‌.

شیعری هه‌ڵچووندار، به‌رهه‌می بارودۆخی شڵه‌ژاوه‌، كه‌ جوانی تێدا بزر كراوه‌.
شیعری هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كیش به‌ هه‌ڵچوونداری ناگا به‌ غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵای خۆی و مه‌زنایه‌تی وه‌رناگرێت.
من تێڕامان ده‌نووسم، له‌باره‌ی تێڕامانه‌وه‌ نانووسم.

16
هیچ ئاستێكی جیاكار له‌ نێوان هه‌قیقه‌تی گه‌وره‌ و داهێنراوی گه‌وره‌دا نابیندرێت، هه‌میشه‌ نووسراوی داهێندراو له‌ باسكردن و ڕووداوی بیندراو و بیستراو به‌هێزتر و كاریگه‌رتره‌.
به‌شێك له‌ به‌شه‌ كاریگه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه‌یه‌، ڕه‌خنه‌ش له‌ كرۆكدا هۆیه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاكامی بیری پێگه‌یشتووی ده‌ق و خستنه‌ ڕووی پێكهاته‌ زیندووه‌كانی به‌رزی شێواز، هه‌روه‌ها ناوه‌ندی كاركردنی دۆزینه‌وه‌ی داهێنانیشه‌، ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌ بیر و شێوازی ده‌قه‌كه‌دا به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت، ئاراسته‌ی ده‌قه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌ و گوتاری خۆی داده‌مه‌زرێنێ‌، ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌ی توانی گوتاری ته‌ریبی خۆی له‌گه‌ڵ كاره‌ ئه‌ده‌بییه‌ داهێندراوه‌كاندا دابمه‌زرێنێت، ده‌روونێكی بێگه‌رد و ئاشقه‌.

ڕه‌خنه‌، ده‌ق به‌ ناسنامه‌ی كراوه‌ی ڕوون له‌سه‌ر به‌رزایییه‌كی دۆزراوه‌ی ناوه‌ند ڕاده‌گرێت و پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی پێشنیاز ده‌كات، پێویسته‌ ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق به‌جێی بهێنێ‌ و كاری له‌باره‌وه‌ بكات، نه‌ك ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش.
ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق، بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا ئاشكرایه‌، سۆراخكه‌ری نووسین یارمه‌تی ده‌دا و ئامانجه‌ بۆ ئاشناكردنی.
ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش، بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا بزره‌، سۆراخكه‌ری نووسین چه‌واشه‌ ده‌كات و هۆیه‌ بۆ به‌لاڕێدا بردنی.
من پێكهاته‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێكهاته‌وه‌ نانووسم.

17
خۆمم وه‌ك خودێكی بیركه‌ره‌وه‌ له‌ناو خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ده‌قه‌كانمدا، هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌م خۆده‌ربڕینه‌شم له‌ جووڵه‌ی ده‌قه‌كانی خۆمدا دۆزیوه‌ته‌وه‌. دیتنی منی بۆ شیعر به‌ڕوونی تێدا ده‌بیندرێت، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونم وه‌ك بنیاد و جووڵێنه‌ری نووسین وه‌رگرتووه‌، زمانیش وه‌ك دامه‌زرێنه‌ر و به‌شێكی زیندووی ده‌قی ئاستدار و خه‌ونی.
هونه‌ری كۆلاژ و هه‌ڵڕشتن و به‌دوایه‌كداهێنانی وێنه‌ی جۆراو جۆر، یان هێنانه‌وه‌ی وێنه‌ له‌دوای وێنه‌ ده‌بێـته‌ هۆی ئارامی و ئاگری زیندووی گیانی و زه‌ینیی خوێنه‌ر.
جۆرێك په‌رتی و بایه‌خنه‌دان به‌ یه‌كێتی بابه‌تم وه‌ك ڕه‌گه‌زی كتوپڕی په‌یڕه‌و كردووه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ش له‌ شیعری كلاسیكی كوردییه‌وه‌ فێربووم، له‌شیعری كلاسیكی یه‌كێتی بابه‌ت نییه‌، بگره‌ یه‌كێتی دێڕِ هه‌یه‌، من ئه‌م یه‌كێتی دێڕه‌م گۆڕیوه‌ بۆ یه‌كێتی وێنه‌، لێچوون و له‌وچووشم گۆڕیوه‌ بۆ هێما و ئاماژه‌، هه‌روه‌ها مۆسیقا و ترپه‌ و ئاواز له‌ شیعری كلاسیكیدا له‌ كێش و سه‌روا و بڕگه‌وه‌ ده‌بینرێت، لای من جووڵه‌ی وشه‌ تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن. مۆسیقا و ترپه‌ و ئاواز پێكده‌هێنن.
من ڕه‌گه‌زی كتوپڕی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌وه‌ نانووسم.

18
سه‌رنجدانی هیچ شتێك بۆ به‌هره‌مه‌ند له‌ سوودوه‌رگرتن بێبه‌ش نییه‌، هه‌ر شاعیرێكیش له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا زۆربڵێ بوو، زوو سه‌رنجه‌كانی ده‌ربڕی نه‌یهێشت باره‌كانی بگه‌ن به‌ باری تێڕامان و ناخ ڕوونبوونه‌وه‌ و جیهانبینی و به‌هره‌ خه‌مڵاندن، دركاندنی. بێگومان كاره‌كه‌ی وه‌ك نووسراوی ئاسایی پڕه‌، به‌ڵام وه‌ك نووسراوی داهێندراو به‌تاڵه‌، چونكه‌ نووسراوی داهێندراو ته‌نیا به‌ تێڕامان و ناخ و ڕوونبوونه‌وه‌ و جیهانبینی و به‌هره‌ خه‌مڵاندن، مه‌زنایه‌تی وه‌رده‌گرێت. شته‌ بیندراو و هه‌ستپێكراوه‌ به‌سووده‌كان پێش ئه‌وه‌ی له‌ نووسین جێگایان بكاته‌وه‌ به‌سه‌ر قسه‌كردن دابه‌شیان ده‌كات. له‌م باره‌دا به‌هۆی قسه‌كردنه‌وه‌ هۆشیارمه‌ندیی نووسین له‌ده‌ست ده‌دات، یان به‌رده‌وام به‌په‌له‌ قسه‌ بۆ دیارده‌ سروشتییه‌كان هه‌ڵده‌ڕێژێت، كه‌ شیعر بێده‌نگییه‌كی خودایییه‌، ناهێڵێت ئه‌م بێده‌نگییه‌ خودایییه‌ ئه‌م به‌ قسه‌ بێنێ‌، یان به‌ ئاماژه‌ و نه‌رم نادوێت، بگره‌ به‌ ته‌واوی هێزی ده‌می به‌ڕه‌ڵڵا ده‌كات و باره‌كانی بێده‌ستمایه‌ی نووسراوی داهێندراو به‌تاڵ ده‌بن.
من بێده‌نگی ده‌نووسم، له‌باره‌ی بێده‌نگییه‌وه‌ نانووسم.

19
كتێبخانه‌ كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌، من وه‌ك بارستایییه‌ك هێنده‌ به‌فری كتێبم له‌سه‌ر كه‌وتوون، به‌هره‌ی ئه‌و كتێبانه‌م چۆڕاوه‌ته‌ هۆشیاری و كه‌لله‌سه‌ر، تا وه‌ك كانییه‌ك له‌ژێر گرانایی ئه‌م به‌فره‌دا، كه‌ هانده‌ری گیانه‌ ده‌ربووم و جۆگه‌له‌م هاوێشت.
له‌ دژوارترین كاتدا، كه‌ زه‌بر و زه‌نگی واقیع و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی ویژدانم ده‌ڕه‌نجێنن. وه‌ك منداڵێكی هه‌ست به‌ شاڵاوی تۆقێنه‌ركردوو، كتێبخانه‌كه‌م به‌ دڵنیاترین قه‌ڵای پارێزگاركار ده‌زانم، له‌ناویدا ئاهی پشتیوانی و به‌رگریم پێدا دێت و پشووی ویژدانم خۆش ده‌بێت، هه‌ست ده‌كه‌م پارێزراوم، هه‌روه‌ها وه‌فادارترین و جێی بڕواترین ئه‌نوا، ئه‌نوای خه‌ونه‌، هه‌ر فه‌رامۆشی ئه‌و ئه‌نوایه‌ بوو، هه‌ڵیبژاردم بۆ نووسین.

خه‌ون له‌ چاره‌نووس ده‌پرسێت، بۆ ئه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینم ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌ گرینگه‌ ببمه‌وه‌ سه‌رسامی چییه‌، یان من كێم، یان كه‌سه‌كانی ناو به‌هه‌شت و دۆزه‌خ خۆشی و ئازاره‌كانیان چین.
پتر له‌ هه‌ر كتێبێك قه‌رزاری خه‌ونبینینی خۆمم، خه‌ونبینینیشم تاكه‌ به‌شێوازی كۆ، هه‌میشه‌ له‌ نووسیندا من كاتی نووسینم، نووسین كاتی من نییه‌، كه‌ كاتێكی زۆر بزر و تایبه‌ت و هه‌ستیاره‌، به‌رده‌وام خه‌ونه‌كانم دێنه‌ ناو چركه‌كانی نووسین، فریشته‌ی په‌یامگه‌یه‌نه‌ر هاوڕوانین و هاونووسین و هاوخه‌ونبینینم ده‌بێت و ڕێنوێنی ڕژانی گیانم ده‌كات.

دوای ته‌واوبوونی یه‌كه‌مین ڕه‌شنووسیش بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ڕاده‌مێنم و بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پشوو ده‌ده‌م، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه‌ و پاكی ده‌كه‌مه‌وه‌، ناونیشانی بۆ داده‌نێم، ناونیشان وه‌ك ڕووناكییه‌كی تیژ تێپه‌ڕه‌ بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی پانتایی و بنیاد و جووڵه‌كانی ناوه‌رۆك و ناساندنی ده‌ق، چونكه‌ به‌هۆی ناونیشانه‌وه‌ نووسین و بینینی نووسه‌ر پێشكێش ده‌كرێت، واتا و كرۆكی ده‌قه‌كه‌ دێته‌ به‌ر بیر و خه‌یاڵی خوێنه‌ر.
من چاره‌نووس ده‌نووسم، له‌باره‌ی چاره‌نووسه‌وه‌ نانووسم.

20
كۆمه‌ڵێك حیكمه‌ت و گیانی په‌تی و بیر و مه‌ودای ئێستێتیكیم له‌ كه‌له‌پوور و ڕۆشنبیریی كوردی بۆ ماوه‌ته‌وه‌، نموونه‌: له‌ حه‌یراندا خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، سه‌ربه‌ند و ناوبه‌ند و كرانه‌وه‌ی دوابه‌ند هه‌یه‌. به‌ گوێگرتن و هۆشیارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ترپه‌ و ئاواز هه‌ستی خاڵبه‌ندی لای حه‌یرانناس دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌ شیعری میللیی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، په‌یڕه‌و نه‌كردنی خاڵبه‌ندی لای من نه‌زانین نییه‌، بگره‌ وه‌ك مه‌به‌ست و هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ستی سه‌ره‌تایی كوردی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی كه‌له‌پوور.
له‌ سپێتی كاغه‌ز و دابه‌شكردنی وێنه‌دا هه‌ست و نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی له‌ ئاسته‌كانی ده‌ربڕین له‌ خه‌یاڵ و زه‌ینی خوێنه‌ری خود وریا ده‌ستنیشان ده‌كه‌م.
نموونه‌: ڕسته‌ی بۆ كوێ‌ ده‌چیت. ئه‌م ڕسته‌یه‌ ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی پرسیار، یان سه‌رسوڕمانم بۆ دانا. ئه‌وه‌ بێگومان ڕسته‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌م. پرسیاره‌، یان سه‌رسوڕمان. ئه‌گه‌ریش هیچ نیشانه‌یه‌كم بۆ دانه‌نا و به‌ كراوه‌یی هێشتمه‌وه‌ له‌م بار و بواره‌دا ڕسته‌كه‌ ده‌بێته‌ ڕسته‌یه‌كی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زه‌ینی.
من زه‌ین ده‌نووسم، له‌باره‌ی زه‌ینه‌وه‌ نانووسم.

21
تێگه‌یشتن و تێنه‌گه‌یشتن هیچ له‌ ئاره‌زووی من ناگۆڕێ‌ بۆ ئه‌ده‌ب، له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی هونه‌ری خودایی و سامانی ژیان و ڕه‌گه‌زه‌كانی شێوه‌كاری ….. تاد، خه‌یاڵ ئاماده‌ ده‌كه‌م، له‌سه‌ر هه‌ر شه‌ش هه‌ست كاری پێده‌كه‌م و ده‌یخه‌مڵێنم. شێوه‌كاری به‌شێك نییه‌ له‌ سامانی جوانی، بگره‌ خاوه‌نی سامانی جوانییه‌، شێوازیشی ناوه‌ندی سرووش و ئاماژه‌ وه‌رگرتنه‌ بۆ ته‌واوی هونه‌ره‌ جوانه‌كان. هێڵ و خاڵ و بۆشایی و سێبه‌ر و ڕووناكی و دووری و نزیكی و گونجاندنی ڕه‌نگه‌كان له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی مندا دیار و نادیار ئه‌دگاریان دره‌وشاوه‌یه‌ و به‌كاربردراون.
شیعریش گه‌یشتووه‌ به‌ چڕبوونه‌وه‌ له‌ ڕۆشنایی و سه‌داسه‌د كردارێكی به‌رهه‌مهاتووی جوانییه‌، جاروبار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م باره‌ بوومه‌ته‌وه‌ له‌كاتی گه‌رمه‌ی نووسیندا مه‌به‌ست و نیازه‌كان دژوار ده‌بن، ڕوون و ئاشكرا دۆخی نووسین وه‌رناگرن، داده‌مێنم، سكێچ ده‌كێشم به‌ سرووش و ئاماژه‌ وه‌رگرتن له‌ سكێچه‌كان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ دۆخ و باری سه‌ره‌تایی نووسین. مه‌به‌ست و نیازه‌كان به‌ ڕوونی و ئاشكرا ده‌دوێنم و شێوازێك بۆ ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئامرازه‌كانی ده‌ربڕین پێشنیاز ده‌كه‌م.
من جوانی ده‌نووسم، له‌باره‌ی جوانییه‌وه‌ نانووسم.

22
له‌ تاكیدا نووسه‌ر له‌ هه‌قیقه‌تی ژیان ده‌پرسێت و سه‌ربه‌خۆیه‌، سه‌ربه‌ستی ته‌واوی له‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ و خۆ ده‌ربڕیندا ده‌ستكه‌وتووه‌، ویژدانی له‌بڕیاری گوتن و هێزی شێوازدا ئاسووده‌یه‌، سه‌رچاوه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئازادی و ئازایییه‌ی خۆی به‌ خۆی داوه‌، پرسیویه‌تی: من بیركه‌ره‌وه‌یه‌كم، شوێنم له‌ ژیاندا چییه‌. نابم به‌ داماوی هیچ شێواز و گرووپێك، سه‌رده‌می گرووپ و قوتابخانه‌ شیعرییه‌كانیش به‌سه‌رچوون، ئێستا سه‌رده‌می شاعیری تاكه‌.
من سه‌رچاوه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌وه‌ نانووسم.

23
شاعیری ئه‌زمووندار كار له‌ناو مانای ئاماده‌كراو ناكات، ئاماژه‌كان ده‌جووڵێنێ‌ تا ئاستی په‌رجوو دروستكردنیش ساده‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌ ساده‌بوونه‌وه‌یدا ده‌گات به‌خۆ ده‌ربڕین و چێژی بوون، ته‌نیا مرۆڤه‌ هه‌ستیاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا بایه‌خ به‌ شیعر و دره‌وشانه‌وه‌ی گیانی ده‌ده‌ن، هه‌ستیاره‌كان خاوه‌نی ده‌روونێكی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ئاشتی ویستن.
ده‌ڵێی به‌نده‌یه‌كی خودایی و سووتاوێكی پاكبووه‌وه‌م له‌ هه‌موو شته‌كاندا، خه‌ونی ساده‌ ده‌بینم، سروشتی كه‌سایه‌تیم وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ دانیشتندا كه‌م بدوێم، گوێ‌ بۆ گفتوگۆی ده‌وروبه‌ر ڕابگرم، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆم ئه‌و بێده‌نگییه‌م وه‌ك پلان بۆ ژیانم نه‌خشه‌ڕێژ كردبێت، خۆی له‌گه‌ڵ قۆناخه‌كانی ژیانم هاتووه‌ و له‌دایكبوون و خودا به‌خشیویانه‌.
بێده‌نگی و كه‌مدوویی بووه‌ته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ ژیانم. زۆر گرفتیشی بۆ ناومه‌ته‌وه‌، چاوناسی وام لێ‌ ڕاست هاتووه‌. دوور، زۆر دوور له‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵمدا هه‌بێت و تێكه‌ڵ به‌ كه‌سایه‌تیم بووبێت، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌م كه‌مدوویییه‌وه‌ ڕقی ئه‌ستووری لێم هه‌ڵگرتووه‌ و قسه‌ی له‌باره‌مه‌وه‌ هه‌ڵبزڕكاندووه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ بار و بوارێكی بۆ هه‌قیقه‌تیش هێشتبێته‌وه‌.
وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌ بێده‌نگیدا به‌ كرۆكی بوون ده‌گه‌م، یان بوون نهێنییه‌كانی خۆیم بۆ ده‌دركێنێ‌، خه‌ونیش به‌ ئامرازێك ده‌زانم بۆ باش حاڵیبوون له‌ هه‌قیقه‌ت و واقیع.
من كرۆك ده‌نووسم، له‌باره‌ی كرۆكه‌وه‌ نانووسم.
24
شیعری نه‌وه‌ی پێشه‌ من هه‌رچییه‌ك بووبن، به‌ڕێزه‌وه‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌مدا پاراستوومن، كه‌ زۆرینه‌شیان یه‌كبینی و یه‌ك هه‌ستپێكردن و واقیعی هه‌ڵچووندارن، به‌لای منه‌وه‌ جێگای مانه‌وه‌ن، وه‌ك نووسین و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌ شیاوی به‌ گه‌وره‌یی ته‌ماشاكردنن، ئه‌گه‌رچی له‌ بیری مندا كاریگه‌رییه‌كی وایان جێ‌ نه‌هێشتووه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ ناوه‌ند و مایه‌ی سوودبه‌خشین و جووڵاندنی یادگه‌ تا به‌رده‌وام وه‌ك خه‌یاڵی جوانی گه‌شتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لایان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌وان شیعریان ستوونی بینی، یان به‌ ئاست و ئاراسته‌ی به‌رزبوونه‌وه‌، یان به‌ ئاست و ئاراسته‌ی نزمبوونه‌وه‌، بۆ جیاكاربوون و خۆتازه‌كردنه‌وه‌ به‌ لێزیادبوونی ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی بینیم، به‌ یه‌كه‌م بینین و هه‌ستپێكردنێكی ته‌نك كه‌شی نووسینم بۆ ناڕه‌خسێ‌ و ناچمه‌ ناوی.
بینین و هه‌ستپێكردن له‌گه‌ڵ فه‌نتازیا و خه‌ون ده‌خه‌مڵێنم، دواتر وه‌ك ئه‌زموونێك له‌ هه‌ناوی گشتی سه‌ر هه‌ڵده‌دا و ده‌بێت به‌ بوونێكی خاوه‌ن قه‌باره‌ی شیاو، ته‌بایی و گونجاندن و هێز ده‌به‌خشێـته‌ كاره‌كانی دیكه‌م.
من كه‌ش ده‌نووسم، له‌باره‌ی كه‌شه‌وه‌ نانووسم.

25
شاعیرانی كلاسیكی كوردی، به‌ تێگه‌یشتنی ڕاسته‌قینه‌ی شیعر، ڕوونتر و داهێنه‌رانه‌تر له‌ شاعیرانی ئێستا بایه‌خیان به‌ ئه‌وپه‌ڕی زمان، ئێستێتیكای زمان داوه‌، ته‌ماشای هۆگربوونیان به‌ ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئێستێتیكای زمانه‌وه‌ بكه‌، گه‌یشتوون به‌ ئاستی ده‌روونڕۆشنی و تێگه‌یشتنی ڕۆڵی زمان له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.
زمانی كه‌م وێنه‌ و ده‌سه‌ڵاتداری شیعری كلاسیكی منی به‌كێشی ناوچه‌قی زه‌مینه‌ی به‌ پیت و هه‌وایه‌كی نوێ‌ كرد، ئه‌زموونی خۆی له‌ ئاماده‌بوونێكی ڕۆشن و سروشتی و پڕ ڕه‌نگتر پێ‌ تاقی كردمه‌وه‌.
كرۆكی ژیان و مردن به‌ نه‌دۆزراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها زمانی شیعری كلاسیكی كوردیش.

زمان له‌ شیعری كلاسیكیدا ئاست و ئاراسته‌ی له‌باری وه‌رگرتووه‌ به‌ ته‌واوی لایه‌نگیریم، شاعیری هاوچه‌رخ له‌ناو زمانی شیعری كلاسیكی قاڵ نه‌بووبێته‌وه‌، ببڕای ببڕ ناگاته‌ هیچ سه‌ركه‌وتن و پێشكێشكردنێكی هۆشمه‌ندانه‌ی زمانه‌وه‌.
ده‌مه‌وێ‌ له‌ وشیاریی نووسیندا، كه‌ ده‌ربڕین له‌ خه‌م و هونه‌ر و ده‌روونی كوردی ده‌كات، زمانێكی نزیك له‌ شیعری كلاسیكیی ڕیشه‌دار و فره‌ ئاسۆیی، ئه‌گه‌ر بتوانم دابهێنم، یان به‌كاربهێنم. وه‌ك شێواز نا، وه‌ك گیان و زمان و سرووش و پرسیاره‌ گه‌ردوونی و چاره‌نووسسازه‌كان. ده‌چمه‌ ناو كلاسیك و خاڵی ده‌رچوون ده‌دۆزمه‌وه‌. واته‌: ئه‌وپه‌ڕی زمان و خه‌یاڵی بینین.

له‌ ده‌قی خه‌ونیدا زمان ڕسته‌ ده‌كاته‌وه‌ و كه‌شوهه‌وای ته‌سه‌وف داده‌كشێنێته‌ ناوه‌وه‌ی تاك و مانا چه‌سپاوه‌كان ڕاده‌كێشێته‌ ئاقاری گۆڕان و بارگاوییان ده‌كات بۆ جووڵاندن.
ئه‌مه‌ش به‌ لووتكه‌ گه‌یشتنی شیعرییه‌ت و جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌ی جوانی و به‌ پیتكردنی ڕێڕه‌وه‌كه‌یه‌تی. جوانییه‌كان قه‌واره‌یه‌كن بۆ ئازادكردنی مرۆڤ و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌فسانه‌یی و نووسینی ئازاد.
له‌ ده‌قی خه‌ونیدا مانا هه‌مه‌چه‌شنه‌یه‌، خه‌یاڵ په‌رێشان ناكات و بانگه‌وازه‌ بۆ خوڵقاندنی جوانییه‌ هه‌میشه‌یییه‌كان و به‌ڕێز ڕاگرتنی به‌ها تا هه‌تایییه‌كانی ژیان.
من ئه‌فسانه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌وه‌ نانووسم.

26
من سه‌ر به‌ هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ك نیم و لایه‌نگری هیچ حزبێكیش نابم. به‌ نان و ئاوی، ویست و خۆبوونی خۆم ده‌ژیم، ئه‌م خۆڕاگه‌یاندنه‌ دڵی شێری ده‌وێ‌، شیعری بێگه‌رد دڵی شێره‌. داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌ سروشتی خۆیدا كه‌سێكی یاخی و دژه‌ ده‌سه‌ڵاته‌. من شیعری بێگه‌رد به‌رهه‌م ده‌هێنم، شیعری بێگه‌ردیش پشت به‌ نوێبه‌خشی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێت. كۆمه‌ڵگا له‌ نوێبوونه‌وه‌یدا دڵی شێر ده‌دۆزێته‌وه‌ و ده‌یبه‌خشێته‌ داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌.

نووسه‌ری ئایدۆلۆژیست به‌وه‌ تاوانبارم ده‌كه‌ن، كه‌ دوورم له‌ كێشه‌ و مه‌سه‌له‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، منیش به‌هه‌موو ئاست و ئاراسته‌یه‌ك خۆم پاراستووه‌ له‌ فریوی ئایدۆلۆژیا و هه‌راسانكردنی ئه‌م جۆره‌ تاوانباركردنه‌. ئه‌ده‌ب به‌ گیانی په‌تی و جوانی ده‌زانم، خۆ به‌دوورگرتنیش له‌ ئایدۆلۆژیا به‌ هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌ب، له‌ ڕێگای هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بیشدا بیر له‌ جیهان ده‌كه‌مه‌وه‌. گرفته‌كانی له‌ خاڵێكدا كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌میش خاڵی هێزی نووسین و دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونییه‌. ئه‌و چه‌مكه‌ی مه‌به‌ستیشمه‌ بیگه‌یه‌نم په‌راوێزی ناكه‌م، بێ‌ دوودڵی وه‌ك به‌رزایییه‌ك پیشانی ده‌ده‌م و ده‌ریده‌بڕم. ویستوومه‌ خه‌ون بكه‌مه‌ كه‌سایه‌تی چالاك و ڕووبه‌ڕووی ژیانی بكه‌مه‌وه‌، دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونبینین له‌ كوێوه‌ دێت، من به‌بێ‌ خه‌ونبینین له‌ نووسیندا هیچم پێ‌ ناكرێ‌ و هیچ به‌ هیچ ناكه‌م، هه‌میشه‌ به‌دوای ناوه‌ندی دره‌وشانه‌وه‌ی نووسین وێڵ و ماندووم، ئه‌ی خودایه‌ من مرۆڤێكی به‌ باوه‌ڕم، بمگه‌یه‌نه‌ ده‌روونڕۆشنی نووسین، په‌یامبه‌ره‌كانیش مرۆڤی به‌ باوه‌ڕ و گه‌وره‌ترین خه‌ونبین بوونه‌.
من گیانی په‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی گیانی په‌تییه‌وه‌ نانووسم.

27
ئه‌ده‌ب به‌ سه‌رجه‌م شته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا پێوه‌ندداره‌، به‌وانه‌وه‌ بوونێكی دره‌وشاوه‌یه‌، ناتوانێ‌ له‌ناو دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگا ده‌رپه‌ڕێ‌ و خۆی وه‌ك ده‌قی شارستانیی ئه‌زمووندار پیشان بدات، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا گه‌شه‌ ده‌كات و ئه‌زموونی هاوتای شارستانی به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌، په‌یوه‌ندییه‌ جێگیره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، په‌یوه‌ندیی نوێ‌ داده‌مه‌زرێنێ‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوون.

توانای گۆڕان له‌ ژیان ئاسان نییه‌، هه‌روه‌ها گۆڕان له‌ ئه‌ده‌بدا چه‌ند باره‌ گرانتر و دژوارتر، داهێنه‌ری سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر، كه‌ ده‌گه‌نه‌ دوایین پله‌ی داهێنان و ده‌روونڕۆشنی. بابه‌ت و هونه‌ره‌كه‌یان ته‌واو خۆماڵی و وه‌رگیراوی ناو ژیانی گه‌رم و قووڵایی بیركردنه‌وه‌ن، بۆیه‌ وه‌ك ده‌قی سه‌رسامكه‌ر خوێنه‌ر قبووڵیان ده‌كات و به‌ ئه‌زموونی به‌رده‌وامی خۆی ده‌زانێ‌، له‌ چاوگ و سه‌رچاوه‌ی كولتووری پڕ جموجووڵی كۆمه‌ڵگا نیشانه‌كانی هونه‌ر و جوانی پێكاوه‌، كولتووریش هه‌میشه‌ شۆڕشگێڕه‌، به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ بوون و په‌ره‌سه‌ندن كه‌ره‌سته‌كانی به‌ڕێوه‌چوون به‌رهه‌مدار ده‌بێت.

بابه‌تی ئه‌ده‌بی هه‌رچه‌نده‌ خۆماڵی و له‌ناو جه‌رگه‌ی ژیاندا هه‌ڵبژێردراو بێت و هونه‌ری تێدا بدۆزێته‌وه‌ ده‌رگای به‌ جیهانبوونی فراوانتر به‌ ڕوودا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ قه‌ناعه‌تتریش وه‌رده‌گیرێ‌.
من گۆڕان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گۆڕانه‌وه‌ نانووسم.

28
ته‌واوی ژیانم خستووه‌ته‌ خزمه‌ت شیعره‌وه‌، هه‌ر بۆ شیعریش ژیانم ده‌وێ‌، به‌هۆی ئه‌م خۆ ته‌رخانكردنه‌شه‌وه‌ زۆر گێچه‌ڵم پێ‌ كراوه‌، له‌مه‌شدا خودا یارم بووه‌ و دڵشادم به‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گێچه‌ڵیان پێ‌ كردووم هه‌ر هه‌موویان ئه‌وانه‌ن، كه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌ده‌بدا كارمه‌ندن، یان خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵن.
داهێنه‌رم زۆر له‌به‌ر چاون، له‌ ژووری كتێبخانه‌ و نووسینمدا وێنه‌ی هێندێكیانم هه‌ڵواسیون، له‌ خه‌مه‌ نیشتووه‌كانی سه‌ر ده‌موچاویان ورد ده‌بمه‌وه‌ سرووش و خه‌ون و خه‌یاڵ و وشه‌یان لێ‌ ده‌دۆزمه‌وه‌ و له‌ شیعردا به‌كاریان ده‌هێنمه‌وه‌.

نه‌شمویستووه‌ ببم به‌ كه‌س، بگره‌ ویستوومه‌ به‌و ڕێگایانه‌دا بڕۆم، كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌به‌رچاوم گرتوون پێی گه‌یشتوون به‌ شیعرییه‌تی په‌تی و ده‌روونڕۆشنی.
من ده‌روونڕۆشنی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ده‌روونڕۆشنییه‌وه‌ نانووسم.

29
ڕه‌خنه‌ی بنیادنه‌ری كوردی نا، بگره‌ په‌راوێزه‌كانی ڕۆشنبیریی كوردین، تۆپه‌ڵێك قسه‌ی له‌ هیچه‌ و په‌لاماری بێمانا و بێ‌ بنه‌مان، ده‌نا یه‌كێك له‌م په‌لامارده‌ره‌ هه‌ڵبزڕكاوانه‌ ئه‌و هه‌قیقه‌تبین و بوێرییه‌ی لا دروست ده‌بوو ڕووبه‌ڕووی ده‌قێكم ببێته‌وه‌ و گومان بخاته‌ تانوپۆ و ڕایه‌ڵی بوونی، لێكدانه‌وه‌كانی بڕوا به‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بهێنێ‌ بنیادی به‌رهه‌مهاتووی شڵه‌ژاوه‌.

من بۆ خۆم زۆر ڕێزم له‌ داهێنه‌رانی پێشه‌ خۆم گرتووه‌، به‌رده‌وامیش ده‌بم، بڕواشم به‌وه‌ هه‌یه‌ ململانێ‌ له‌ ئه‌ده‌بدا ناتگه‌یه‌نێته‌ هیچ و ڕه‌وایی تێدا نییه‌، بگره‌ خودناسی و به‌رده‌وامبوون و سووربوون و نیازپاكی ده‌تگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامێكی سه‌رنجڕاكێش، ئه‌وه‌ی تا ئێستا من پێمزانیبێ‌ و ئاگاداری بم له‌ مێژووی شیعری كوردیدا، هیچ شاعیرێك به‌قه‌د من تووشی شه‌ڕ و گێچه‌ڵ و قسه‌ی له‌ هیچه‌ و ده‌مهه‌ڵبه‌ست و په‌لاماردان نه‌هاتووه‌، به‌ڵام هه‌قیقه‌تبین به‌سه‌ر ئاژاوه‌ و بێتوانایی په‌راوێزه‌كان ڕه‌ت ده‌بێت و خۆی ده‌سه‌پێنێ‌ و ده‌دره‌وشێته‌وه‌.

هه‌ڵبزڕكاوه‌ به‌سه‌رچووه‌كان په‌لاماری ناشارستانی ئه‌زموونی پته‌وی جواننووسه‌كان ده‌ده‌ن، خۆ مێشووله‌ش ته‌نیا له‌ناو نێرگزه‌جاڕدا ده‌نگێكی نه‌شازی لێوه‌ دێ‌، به‌ خه‌یاڵی به‌تاڵی بوونێكی كاتی بۆ خۆی دروست ده‌كات، ده‌شبیندرێ‌ په‌لامارده‌ره‌ هه‌ڵبزڕكاوه‌كان ده‌كه‌ون و وه‌جاخكوێر ده‌مێننه‌وه‌، ده‌قی پته‌ویش وه‌ك شمشێری هه‌ڵكێشراو دێته‌ ناو ژیان و تێكه‌ڵ به‌ جووڵانه‌وه‌ كاریگه‌ره‌كان ده‌بێت، دواتریش ده‌بێته‌ هێمای مه‌زنی و دره‌وشاوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ڕه‌خنه‌گرانی بنیادنه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌لامارده‌ره‌ به‌سه‌رچووانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، ناچاری شه‌ڕ و گێچه‌ڵیش كراون له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ ئه‌ده‌بی په‌تیدا.
به‌سه‌ر پلان و پیلانی دوژمنان و په‌لامارده‌ره‌ هه‌ڵبزڕكاوه‌كان سه‌ر ده‌كه‌وم، به‌ هه‌وڵ و كۆششی له‌ دڵه‌وه‌م بۆ شیعر به‌ سزای داهێنانیان ده‌گه‌یه‌نم. به‌ بینینی داهێنان قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێیان ده‌شكێ‌.
ڕه‌خنه‌ دوو باوه‌ڕی نییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌، یان له‌گه‌ڵی نییه‌، یه‌ك باوه‌ڕی به‌ تینی هه‌یه‌ ئه‌میش كاركردن و بڕواهێنانه‌ له‌ناو ده‌ق.

ڕه‌خنه‌ی خۆ نیشانده‌ر و مه‌به‌ستی ده‌ره‌كی و قسه‌ی له‌ هیچه‌ و په‌لاماری بێ‌ مانا و بێ‌ بنه‌ما، جێگا و متمانه‌ی له‌ناو ڕۆشنبیری په‌تیدا نییه‌، به‌تاڵكردنی ڕق و كینه‌ و بێتوانایی و كه‌مسه‌ری و ئیره‌یی و خۆخه‌ڵه‌تاندن و ویژدان كوێرییه‌.
هیچ نیازێكی هاوبه‌ش و ئاماژه‌یه‌كی گرینگیش له‌ نێوان قسه‌ی له‌ هیچه‌ و په‌لاماری بێ‌ مانا و بێ‌ بنه‌ما و ده‌قی ئه‌ده‌بی په‌تیدا نییه‌.

هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك گیانی به‌ ئه‌ده‌ب و هه‌قیقه‌تبینین و پاكی و جوانی داگیرسابێت، به‌ هیچ جۆرێك ده‌رگای ئاژاوه‌ و ناشیرینی و دووڕوویی ناخاته‌ سه‌ر پشت، هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیش بۆچوونی ئاژاوه‌چێتی له‌ ده‌رووندا ڕوابێت، هێشتان به‌ ئه‌قڵی پاشكۆیی و دارده‌ستی و دڵڕاگرتنی ئه‌م و ئه‌و به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
بۆ شیعرییه‌ت تێده‌كۆشم و نایه‌مه‌ سه‌نگه‌ری قسه‌ی له‌ هیچه‌ و په‌لاماری بێ‌ مانا و بێ‌ بنه‌ما، قه‌ڵه‌می لێ‌ ناجووڵێنم، به‌كارێكی بێهووده‌شی ده‌زانم، جه‌نگان له‌گه‌ڵ جێماو و په‌راوێز و بێبار و لێخنبیر و قۆپیه‌چی و خه‌مه‌گڕووی ئه‌ده‌بی و پاشخاپه‌رۆك و ویژدان كوێران.
من تانوپۆ ده‌نووسم، له‌باره‌ی تانوپۆوه‌ نانووسم.

30
ببڕای ببڕ بیرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ بڵێم له‌م كردار و به‌كاربردنه‌ یه‌كه‌م كه‌سم، یان ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ ڕوانینی منه‌وه‌ خوڵقاوه‌، پێشڕه‌و و هێمای ئه‌و ڕووداو و دیارده‌یه‌م، ئه‌م جۆره‌ خه‌یاڵكردنانه‌، به‌ نه‌خۆشی كوشنده‌ و گران و له‌ناوبه‌ر ده‌زانم، بگره‌ هه‌موو خاڵه‌كانی گۆڕانكاری له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی شیعرییه‌ت ده‌بینم و به‌س. شاعیری خاوه‌ن دیدگای ڕوون و به‌هێز و جوانداڕێژه‌ر به‌ئاماژه‌ و ڕۆشنایی هیچ بڕیار و مه‌رجێكی سه‌پێندراو نانووسێت، ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته‌ ئیش بۆ كتێبی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و هزری و ئایینی و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و یاسایی و سه‌ربازی و مێژوویی و فه‌لسه‌فی ….. تاد، بكات و به‌ تیراژی زۆر بڵاویان بكاته‌وه‌، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش بخاته‌ خزمه‌تیان.
ئه‌ركی شاعیر یه‌ك شته‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژیان و جیهان بدۆزێته‌وه‌، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش جوان بنووسێت و بیگه‌یه‌نێت، ڕاده‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هێزی وشه‌ی كاریگه‌ریی و شوێن جێ‌ بهێڵێت له‌سه‌ر هه‌ست و ئاراسته‌ی ئێستێتیكای كۆمه‌ڵگاوه‌. پرسیاره‌ كاریگه‌ره‌كان بكات و ئاماده‌بوونی تاقانه‌ی خۆی بپارێزێ‌.

ژیان به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی گرتووه‌ و ده‌گرێت، شیعریش نه‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ منداڵدانی ڕۆشنبیریی په‌تی و به‌سووڕی سروشتی تێ‌ نه‌په‌ڕێت ده‌بێته‌ لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌كی یه‌كجار بێ‌ بایه‌خ، یان كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی پڕوپاگه‌نده‌ی پووكاوه‌.
هه‌رچی هۆی به‌خته‌وه‌ری هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆری سیاسی له‌ مرۆڤی ده‌روونڕۆشنیان داگیركردووه‌. مرۆڤی ده‌روونڕۆشنیش ئه‌م له‌ده‌ستچوونه‌ی له‌ خه‌وندا به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌.
پێویسته‌ ئێمه‌ خه‌ون به‌جۆرێك له‌ناو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا به‌كار بهێنین په‌یاموه‌رگر بڕوای پێ‌ بهێنن و لێمان وه‌رگرن، توانای بیركردنه‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌ ناخدا دروست بكه‌ین.

له‌ پێناوی به‌جوانی ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی به‌های شته‌كاندا، شاعیر به‌ دادپه‌روه‌رێكی دانا ده‌زانم، پێویسته‌ له‌م دۆخه‌شدا بژی و بمێنێته‌وه‌، مه‌شقی مه‌یدانخوازیی شایسته‌ بكات.
شوێنی ڕاسته‌قینه‌ش بدا به‌ شیعری په‌تی و بێگه‌رد، كه‌ خه‌ون و جوانی و مانا و ناڕه‌زایییه‌ له‌ كرداره‌ ناجۆره‌كان، ده‌نگ هه‌ڵبڕینه‌ له‌ بێده‌نگییه‌ گشتییه‌كان، جوانییه‌كیش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ مانای تێدا ئاوه‌ژوو كرابێته‌وه‌.
من به‌ها ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌هاوه‌ نانووسم.

31
هه‌موو بوونه‌وه‌رێك خاكێكی خۆگونجاندنی خودی هه‌یه‌، بۆشی هه‌یه‌ بۆ خۆگونجاندنی له‌م خاكه‌یدا تایبه‌تكارییه‌كانی خۆی بپارێزێت.
من تایبه‌تكاری ده‌نووسم، له‌باره‌ی تایبه‌تكارییه‌وه‌ نانووسم.

32
په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌سه‌ڵاتی ده‌قی خه‌ونی به‌هێز ده‌كات و ده‌یكات به‌ ڕه‌گه‌زێكی گرینگی پرسیاركردن له‌ ژیانی جوان، كه‌ بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره‌ له‌ناوكی بوون ده‌كرێت.
مه‌سه‌له‌ی گیانی و جوانی له‌ هونه‌ره‌كانی نووسیندا هه‌میشه‌ خه‌بات و جۆشی ژیانی كه‌سی جوانیبینه‌، له‌ ده‌قی خه‌ونیدا ژیان به‌های پێكهاته‌ی جوانی وه‌رده‌گرێت.
شیعری بیركردنه‌وه‌ی پڕ له‌ جووڵه‌ی هاوتا به‌ جوانی، ڕوانین و دره‌وشانه‌وه‌ی له‌ گیان و خه‌ونه‌وه‌ داڕژاوه‌، كه‌ جووڵه‌ و مانا و به‌هاكان له‌ گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ به‌ چه‌ند ئاست و ئاراسته‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت، فره‌ پاڵه‌وانییه‌تی له‌یه‌ك پاڵه‌وانیدا ئاماده‌ ده‌كات، ده‌یهێنێته‌ ناو ململانێ‌ و جه‌نگی توندوتیژی هه‌میشه‌یی، تا خودی شاعیر ده‌رباز بێت له‌ تاكییه‌وه‌ بۆ ناو ڕۆشنایییه‌ پڕ ته‌لیسمه‌كانی هاوتابوون، یان حه‌ز و ئاره‌زووی ڕوو له‌ زیادبوون و چاوه‌ نه‌سره‌وتووه‌كانی به‌رده‌وام له‌ گۆشه‌ له‌بیركراوه‌كاندا داگیرساوه‌، خودی شاعیری خاوه‌ن ڕوانین و جیهانبینی به‌هۆی بارستی كاغه‌زه‌وه‌ هه‌ست پێده‌كرێت و وه‌ك ژیانی جوان ده‌بیندرێت.

له‌ ده‌قی خه‌ونیدا شیعر نه‌ بۆ ئاینده‌ ده‌چێ‌، نه‌ بۆ ڕابردوو، بگره‌ هه‌موو كاته‌كان ڕووگه‌نمان بۆ دۆزینه‌وه‌. بێگومان هه‌ر شاعیرێك بیه‌وێت به‌و شێواز و ئاست و ئاراسته‌یه‌ بنووسێت، پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرێت، كه‌ قووڵبینییه‌كه‌ی له‌ ئاست كێشه‌ هه‌بووه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا بێت، كه‌ ده‌بێته‌ خوڵقێنه‌ری باره‌ ناهه‌مواره‌كان، یان باره‌ جوانه‌كان.
له‌باری یه‌كه‌مدا ناهه‌مواری ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڵچوون و توندوتیژیی نووسین.
له‌باری دووه‌مدا جوانی ده‌بێته‌ مایه‌ی ئارامیی بیركردنه‌وه‌ و خوڵقاندنی نووسین.

ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ قسه‌ لێ‌ نه‌كردنه‌، ئه‌مڕۆی شارستانی و ڕووناكبیری له‌ هه‌موو بار و دۆخه‌كانی پێشتردا سه‌رسوڕهێنه‌رتره‌، شارستانییه‌ت و ته‌كنه‌لۆژیا بیری جوانی ناشێوێنێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌شه‌پێده‌ری بیری جوانی و مۆتیڤ و وێنه‌ و خه‌یاڵ و گفتوگۆ و به‌خته‌وه‌ریی خه‌ونه‌.
له‌ ده‌قی خه‌ونیشدا یه‌كگرتنه‌وه‌ی گشتی به‌شه‌ جیا جیاكان ده‌دۆزرێته‌وه‌. ململانێی ڕوانین شڵه‌ژاو و بارمردوو، له‌گه‌ڵ ڕوانین ڕوون و بار زیندووی نوێزاده‌ی دۆزه‌ره‌وه‌ له‌ گفتوگۆی له‌ یه‌كنه‌گه‌یشتنن. له‌ ده‌قی خه‌ونیدا، له‌ جه‌نگی توندوتیژی له‌گه‌ڵ خۆتدا، ده‌توانیت خۆت ڕه‌ت بكه‌یت، ئه‌و شێواز و ئاراسته‌ باوه‌ی پێت نووسیوه‌، فڕێی بده‌یته‌ پشت نووسینه‌كانی له‌ پێشترت، به‌ شێواز و ئاراسته‌یه‌كی ته‌واو جیاكار و نوێبه‌خش بێیته‌ ئاخاوتن و گۆڕانێك له‌ ڕابردووی خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه‌ چۆن به‌رپا ده‌بێت، كام هۆ و شێوازی ده‌ربڕین فڕێی داونه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ناسراوییه‌وه‌ بۆ ناسراوی، له‌ دۆخی وه‌ستاو بۆ دۆخی پڕ بزاوت.

له‌ نووسینی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌دا پێویسته‌ به‌ ته‌نیا جوانی ببیندرێت.
شیعری سه‌رده‌مێك له‌مه‌وپێشی كوردی ڕۆمانسییانه‌ بیری له‌ گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ناوه‌رۆكدا له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی واقیعی ساده‌ و ساكاردا زۆر گه‌رم و گوڕ و هه‌ڵچووندار بوون، كه‌چی له‌ شیعرییه‌تی زمان و مۆركی شێوازدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ساردوسڕ بوون، نه‌یانتوانی مۆركی شێواز و شیعرییه‌تی زمان ئاوێته‌ی زه‌ین بكه‌ن و بیكه‌نه‌وه‌، بیركردنه‌وه‌كانیان به‌شێوازی خه‌ونی بخه‌نه‌ ناو نووسینه‌كانیان، كه‌ گه‌وره‌ترین هۆش ئه‌مه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان وه‌ك نووسینی داخراو بمێننه‌وه‌، نه‌گه‌ن به‌ ئاستی ده‌قی فره‌ ئاست و ئاراسته‌یی.
وشه‌ له‌ شیعره‌كاندا یه‌ك ئاسۆی دراوه‌تێ‌، ئه‌میش ئاسۆی ڕووكه‌ش و یه‌ك مانایی وشه‌كه‌یه‌، له‌ ساكارترین شێوازدا جێیان هێشتووه‌، ئاماژه‌ ستوونی داده‌به‌زێت، به‌هه‌مان شێوازی ستوونیش دێته‌ ناو بوونی یه‌ك ئاسۆی نووسین.

ئاسۆی فه‌نتازی و ده‌ستوه‌شاندنی داهێنانی بلیمه‌تی تێدا هه‌ڵبزڕكاو و گه‌شه‌نه‌كردووه‌. واته‌: وه‌ك چێژ به‌كاربردراون نه‌ك وه‌ك دۆزینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هۆكارێك، یان یه‌ك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌ بێت، كه‌ واتا و هێزی وشه‌یان ون كردووه‌، نه‌یانتوانیوه‌ كه‌ڵكی باش و داهێنه‌رانه‌ له‌ ئه‌زموون و مۆركه‌ زمانییه‌كانی قۆناخی شیعری كلاسیكی وه‌ربگرن.

ده‌قی خه‌ونی له‌ منداڵدانی مێژووی مردوو له‌ دایك نابێت، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت سه‌ختی و دژواری سروشت و زه‌برو زه‌نگ، نووسه‌ر ده‌ترسێنێت، هه‌میشه‌ هه‌وڵی جووڵاندنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌ پڕ كێشمه‌كێشمه‌كان ده‌دات، باره‌ به‌ پیته‌كان به‌ وریایی و زیندوویی وه‌رده‌گرێت به‌ زمانێكی ته‌واو ئه‌فسوون و جادوویی دابڕاو له‌ زمانی كاره‌كانی پێشووی خۆی ناخی پێشكێش ده‌كات، وه‌ك خودێكی هۆشمه‌ند و سه‌رچڵ ئه‌م و ئه‌و له‌ بیركردنه‌وه‌كانی خۆی ده‌سڕێته‌وه‌، شته‌ زیندووه‌كانی جیهان له‌ ده‌قدا ده‌كات به‌ هی خۆی، خوێنه‌ریش بازنه‌یی ده‌یخوێنێـته‌وه‌ و ستوونی له‌ ئه‌زموونی خه‌ونه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌. پاشان ده‌چێته‌ ناو كه‌شوهه‌وا و لێكدانه‌وه‌ی ئاسۆیی، چونكه‌ ده‌قی خه‌ونی له‌ خولانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌، شیعرییه‌تی زمانیش ڕۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌ پێكهاته‌ی وێنه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر. كه‌ هه‌موو هه‌بووه‌كانی زه‌مینی قۆزتبێته‌وه‌ و ئاسۆكانی نادیاریشی دووچاری ڕاوه‌شاندن كردبێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاكی له‌جیاتی كۆ به‌كارهێناوه‌.
من ناوكی بوون ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناوكی بوونه‌وه‌ نانووسم.

33
شیعر له‌ ژیان و بینینی كورددا ڕۆڵ و ئاماده‌یی و كاریگه‌ریی خۆی سه‌لماندووه‌ و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی پێویست و دامه‌زرێنه‌ر ته‌ماشای ده‌كرێت، ئه‌م ته‌ماشاكردنه‌ش وای كردووه‌ له‌ چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا، شیعر پێشه‌نگی وه‌ربگرێت و زۆرینه‌ی شته‌كانی له‌سه‌ر دابمه‌زرێندرێت، ئه‌م دامه‌زراندنه‌ش ده‌گوازێته‌وه‌ ناو ژیانی شیعر، شیعریش پرۆژه‌یه‌كه‌ له‌مێژه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له‌مه‌ودواش ده‌درێن، تێكه‌ڵ به‌و هه‌وڵانه‌ ده‌بن، كه‌ له‌مه‌وپێش پرسیار بوون و له‌ ژیان كراون، به‌رده‌وامیش پرۆژه‌ی شیعری پرسیاری ترسناك و ورووژێنه‌ر له‌ ژیاندا ده‌كات و مه‌رگ له‌ ژیاندا ئاماده‌ ده‌كات.

مه‌رگیش ترسناك و سه‌ره‌كیترین هۆیه‌ بۆ دڵه‌ڕاوكێی داهێنان، ئاماده‌كردنی ئه‌م مه‌رگه‌ش هێزی شیعره‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی ژیان و مان.
ژیان و بوون چییه‌. پرسیارێكه‌ و چه‌ندان بیرمه‌ندی دووچاری به‌دواداچوون و سه‌رگه‌ردانی كردووه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنه‌وه‌ گه‌لێك به‌رهه‌می سوودبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گه‌وهه‌ری پرسیاره‌كه‌ پڕ سرووش و خه‌یاڵ و تێڕامان و خه‌ون و سه‌رسامییه‌، هه‌ر بیرمه‌ندێك شێواز و ئاستێكی بۆ داناوه‌، له‌ به‌رزایییه‌كه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌بینێ‌، ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌ ده‌قدا له‌ ژیان كراون، له‌ زه‌ینی خوێنه‌ردا جێگیر ده‌بن، دواتر ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێـته‌ هۆ و ئامانجی پرسیاركردن لای خوێنه‌ر و نزیكایه‌تییه‌ك دروست ده‌كه‌ن له‌ نێوان نووسه‌ری پرسیاركه‌ر و خوێنه‌ری پرسیارلێكراو و پرسیاركه‌ر، كه‌ بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره‌ له‌ناوكی بوون ده‌كرێت.

له‌ ده‌قی خه‌ونیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ست و وێنه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی خه‌وندا دامه‌زراون، واته‌: ئه‌و وێنانه‌ی له‌ ده‌قی خه‌ونیدا دروست كراون، زیاتر ئه‌و وێنانه‌ن، كه‌ له‌ ژیانی سه‌خت و یاخیی ڕۆژانه‌ماندا ئاماده‌یییان وه‌ك شتێكی دوور هه‌یه‌ و به‌رهه‌ست نین، خه‌ون بوونی نییه‌ له‌ناوه‌وه‌ی خۆت نه‌بێت، هه‌روه‌ها شیعریش.
من سرووش ده‌نووسم، له‌باره‌ی سرووشه‌وه‌ نانووسم.

34
نوێبه‌خشی بار و بوار و كار و كرده‌ی خوڵقاندنه‌، به‌رده‌وام له‌ زه‌مینه‌ی به‌ بڕوادا گه‌شه‌ ده‌كات و كه‌ره‌سته‌كانی ده‌گۆڕێت به‌ مه‌به‌ستی جیهانبینی و دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان باره‌كانی هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ و خه‌ون، خودی هۆشمه‌ندیش هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌ك له‌م گۆشه‌ ڕووناكه‌وه‌ ده‌بینێ‌ و هه‌وڵ ده‌دا بیخه‌مڵێنێ‌، به‌ڵام به‌ چ هێز و ئه‌فسوون و جادوویه‌ك ئه‌م بینینانه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی تێدا ده‌پارێزێت، ئه‌مه‌ خاڵی كاركردن و به‌جێهێنانی داهێنانه‌، له‌ هیچ بار و بوارێكیش چه‌مكی نوێبه‌خشی نابێته‌ واقیعێكی دانپێدانراو به‌بێ‌ ئاكارێكی بیری و فه‌لسه‌فی و كولتووریی ڕوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌ من وایه‌ بۆ شیعر زاراوه‌ی شیعرییه‌ت په‌سند و گونجاو و پڕ هێما و سرووشتره‌، چونكه‌ ناتواندرێ‌ بڕوا به‌وه‌ بهێندرێ‌ شاعیری نوێبه‌خش تا قووڵایی مانا و فه‌زا و ڕاچڵه‌كاندنی وشه‌ له‌ بابه‌ت و مۆركه‌ زمانییه‌كانی خۆیدا شۆڕشگێڕ نه‌بێ‌ و جه‌نگی توندوتیژی ڕانه‌گه‌یاندبێ‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ زمان و نووسین و داهێنان گلاون، به‌ره‌و ڕووبه‌رێكی سامناك مل ده‌نێن، یان ناتوانن له‌ناو گه‌رمایی گیان، گه‌وهه‌ری خۆبوونیی بدۆزنه‌وه‌، كه‌ خۆبوونی سه‌روه‌ری شیعرییه‌ته‌، ئه‌گه‌رچی نوێبه‌خشی ئه‌نجامێكی دیاریكراوی نییه‌، به‌رده‌وامیش گیروگرفت ده‌نێـته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ربڕین ده‌گۆڕدرێن و فه‌نتازیای هه‌مه‌جۆری لێ‌ ده‌خوڵقێندرێت، به‌مه‌یشه‌وه‌ نوێبه‌خشی ساده‌ترین مافی مرۆڤه‌، كه‌ تۆ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌رده‌چیت بۆ سه‌ر كار به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ كار و كرده‌ی نوێبه‌خشی، كه‌ له‌ كار ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ خۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ی بۆ پیاسه‌، یان سه‌ردانی پێشانگایه‌ك، یان ئاودان و بژاركردنی باخچه‌كه‌ت، یان بینینی شانۆگه‌رییه‌ك ….. تاد، به‌شدارییه‌كی دیكه‌یه‌ له‌ كار و كرده‌كه‌دا، چونكه‌ هیچ یه‌كێكیان سه‌داسه‌د به‌ شێوازێكی نه‌گۆڕ خۆیان دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌، بوونی تۆ وه‌ك مرۆڤێك په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به‌ جووڵانه‌وه‌ و گه‌شه‌ی ئه‌مڕۆوه‌ هه‌یه‌، تۆ تاكێكی له‌ نوێبه‌خشی، نوێبه‌خشیش به‌ گۆڕان له‌ بنیادی هه‌موو كۆمه‌ڵگا وه‌ك ڕووداوێك ڕوو ده‌دات و ده‌چه‌سپێت. قه‌واره‌یه‌كی دانپێداندراو بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌ریه‌ك له‌ شاعیرانیش به‌ ئه‌زموون و شێواز و قه‌باره‌ی جیای خۆی ڕۆڵی تێدا وه‌رده‌گرێت.

نوێبه‌خش له‌ كاتی خۆ هاتنه‌به‌ر چاو و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خودی بوێریی خۆی مه‌رگی به‌دواوه‌یه‌، یان شێتبوون، به‌و واتایه‌ی ڕاوی خۆی و سه‌رجه‌م بوون ده‌نێت، له‌م پێشبڕكێیه‌دا پێویسته‌ قووڵبین و شێواز ڕاچڵه‌كێنه‌ر بێت و بوێریی ئه‌وه‌ بكات، ئه‌م بڕیاره‌ خودییه‌ بدات، هه‌ر هه‌موو شاعیرێك به‌و نیازه‌ ده‌نووسێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ده‌ق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییان تێدا نه‌بێ‌ و ژانێك خاڵی ده‌رچوونی نه‌بووبێت، هێزی ئه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نابێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ده‌ق، گلاوه‌ به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌.

بوێری ئه‌وه‌ی تێدا ئاماده‌ نابێت جه‌نگی توندوتیژی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بێكیش هێزی به‌رگری به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نه‌بووبێت، ناسنامه‌ی بوون به‌ ده‌قی به‌رناكه‌وێت، بوون به‌ ده‌قیش له‌ دۆخگۆڕین و جیهانبینییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی دۆخگۆڕین و جیهانبینی هه‌ر هه‌وڵێك له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رچاو بكه‌وێ‌ هه‌وڵێكی ناكامڵ و زڕ و به‌تاڵه‌.

په‌راوێز بۆ شیعركردن، یان شیعر نووسین به‌ مه‌به‌ستی لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كان، له‌م كاروكرده‌یه‌شدا ناوه‌رۆكه‌كه‌ ڕوون بكه‌یته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ بیره‌كه‌ی بگه‌یه‌نی، یه‌كه‌م نیشانه‌یه‌ شاعیر ڕوانین و جیهانبینی توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ مانا و هێزی وشه‌ له‌ناو شیعره‌كه‌دا ڕاچڵه‌كێنێ‌ و ئاسۆیه‌ك بداته‌ ڕاچڵه‌كاندنه‌كه‌، كه‌واته‌: وشه‌كه‌ وه‌ك بارستێكی بێ‌ گیان و مردوو له‌ جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا باره‌، هیچ ده‌ور و كردارێك له‌ گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا نابینێت.

شیعری له‌م جۆره‌، هه‌وڵدانیشی وه‌ك ده‌قی یه‌ك ئاست و بێ‌ دووری و یه‌ك ئاراسته‌ ده‌مێنێته‌وه‌، نابێته‌ ده‌قی ئاستداری فره‌ ده‌نگ و فره‌ په‌یوه‌ندی، له‌وانه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك شاعیر له‌ سه‌رده‌مێكدا كاربكه‌ن، ته‌نیا تاكێكیان هێز و ئه‌فسوون و جادووی ئه‌وه‌ی تێدا بێت ده‌ق بكاته‌ بوونێكی دیار و بیدره‌وشێنێته‌وه‌، جووڵه‌كانی ڕابردوو بكاته‌ پاڵنه‌رێكی سوودبه‌خش بۆ به‌ئاگایی بیركردنه‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی دی په‌یوه‌ندییان به‌ جووڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ك ڕابردوو هه‌یه‌، له‌ ئاماده‌كردنی ئێستای نوێبه‌خشدا ده‌ست و پێ‌ سپین.

بلیمه‌ته‌كانی قۆناخی شیعری كلاسیكی ڕوانین و جیهانبینیی خۆیان پێشكێش كرد و بڕوایی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌یان وه‌رگرت، كه‌چی چه‌ندان وه‌چه‌ دوای ئه‌وان هاتن و تێپه‌ڕین، قه‌واره‌یه‌كیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وان هه‌روه‌ك ده‌ق و خاوه‌ن قه‌واره‌ ماونه‌ته‌وه‌ و جه‌نگی توندوتیژیی خۆیان به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

به‌رده‌وامیش وه‌ك ده‌قی ئاستدار و فره‌ ده‌نگ و فره‌ په‌یوه‌ندی خۆیان پێشكێش ده‌كه‌نه‌وه‌، هاوچه‌رخی هه‌موو ئه‌وانه‌ن، كه‌ له‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ده‌قی شیعری هاوبه‌شن و ژانیان تێدا گه‌رمه‌، به‌ده‌قبوونیش په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌زموونی ژیان و چركه‌ساتی مه‌ستیی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌قی ئاستدار و فره‌ ده‌نگ و فره‌ په‌یوه‌ندی زیاتر له‌ پانتایی زمان كاره‌كانی به‌جێ‌ هێناوه‌ و جووڵه‌ و بیری زمان بیری ده‌قه‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن، بۆ نموونه‌: شاعیرێك توانیویه‌تی ته‌نیا یه‌ك به‌رهه‌م بگه‌یه‌نێته‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ئاستدار و فره‌ ده‌نگ و فره‌ په‌یوه‌ندی.
به‌و پێوه‌ره‌ی هه‌ر شیعرێك توانی بگاته‌ ئاستی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ئاستدار و فره‌ ده‌نگ و فره‌ په‌یوه‌ندی به‌بێ‌ هیچ گریمانه‌یه‌ك، ده‌قێكی نوێبه‌خشه‌، ڕه‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بێ‌ له‌م ده‌قه‌دا ئه‌زموونی ژیان له‌ چركه‌ساتی سۆفییانه‌ و مه‌ستی گه‌یاندبێتییه‌ ڕژانی گیان و ڕاچڵه‌كاندن و دره‌وشانه‌وه‌ی زمان و نووسین.
من خۆبوونی ده‌نووسم، له‌باره‌ی خۆبوونییه‌وه‌ نانووسم.

35
له‌ چالاكیی جووڵه‌داری شیعری كوردیدا، ئه‌م جۆره‌ شیعره‌ی له‌پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعر و شۆڕشدا نووسراون، ته‌نیا بۆی كرا ترپه‌ و ئاواز بگۆڕێ‌ و جووڵه‌ و ئاگایی بۆ چه‌ند هێمایه‌كی دیاریكراو ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام بۆی نه‌كرا ئه‌م هێمایانه‌ به‌ قۆناخی گه‌شه‌پێدان و گه‌یاندن به‌ بنه‌ڕه‌تی گۆڕان بگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند شاعیرێكی دواتر، كه‌ ویستی هێزی جوانی ده‌ربڕین و دلێریی داهێنانیان له‌ هه‌ڵچوونی شاعیرانه‌یان هێزدارتر بوو، بۆیان كرا هێماكانی ئه‌م جۆره‌ شیعره‌ی له‌ پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعرو جوانی نووسراون، به‌ قۆناخی جووڵه‌ و نیمچه‌ گۆڕانێك بگه‌یه‌نن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م توندوتیژییه‌ شۆڕشگێڕییه‌ی شیعر هاوسه‌نگكردن به‌ شۆڕش نیشته‌وه‌، جۆرێك تێڕامان و خه‌ونبینین بوو به‌ بنه‌مای هونه‌ری، پرۆژه‌ی نوێبه‌خشی قه‌واره‌یه‌كی بۆ كاركردنی خۆی دیاری كرد.

خودی هۆشمه‌ند كه‌رسته‌كان به‌ سه‌نگایی ژیان ده‌پێوێ‌، ژیانیش به‌ گرانایی شیعر، ده‌قه‌كان توانای پێشنیاز و پرسیاركردنیان له‌ بنیادیاندا هه‌ڵگرت، بۆیان كرا خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ته‌واو هه‌ڵده‌نه‌ ناو پانتایی بار و بواره‌كانی ژیان.
ده‌قێك توانیبێتی دوێنێ‌ ڕابچڵه‌كێنێ‌، كه‌واته‌: بوونی قه‌واره‌یه‌كی هه‌ستپێكراو و به‌رچاوی هه‌یه‌، بوونی ئه‌م جۆره‌ ده‌قه‌ش تێڕامان و خه‌ون خاڵی هێنانه‌ بوونیه‌تی، ڕوونتر له‌ پانتایی نوێبه‌خشی سه‌لماوه‌، هێماپێكراوه‌كانی پڕ كراوه‌ به‌ جووڵه‌ی نوێبه‌خشی، هێما له‌ كاركه‌وتووه‌كان داده‌پۆشێ‌، هێمای سڕ و مه‌ییو و له‌ كاركه‌وتوو ناتوانێت له‌ ئێستای پڕ جووڵه‌دا ئاخاوتنی كاریگه‌ری هه‌بێت.

نوێبه‌خشی به‌رده‌وامی وه‌جاخی ڕوونی ئاده‌مه‌، ئه‌و میوه‌یه‌ی ئاده‌م خواردی نوێبه‌خشی بوو، نوێبه‌خشی پرسیارێكه‌ نوێبه‌خش له‌خۆی كردووه‌، ئایه‌ ده‌توانێت له‌ناو كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی و دواكه‌وتوودا له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا شكانێكی هه‌بێت، ئه‌م شكانه‌ ویستی خودی هۆشمه‌ند و ئازا ده‌سه‌پێنێ‌ و خۆبوونیی داده‌مه‌زرێنێ‌. داهێنان بڕیارێكی خودی كه‌سی ئازا و هۆشمه‌نده‌، هه‌ر كاتێك نووسه‌ر بوێریی ئه‌وه‌ی كرد ئه‌م بڕیاره‌ خودییه‌ بدا، دره‌وشانه‌وه‌ و داهێنان و گۆڕان به‌رپا ده‌كات.
من ڕاچڵه‌كان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕاچڵه‌كانه‌وه‌ نانووسم.

36
كار و كرده‌ی داهێنان له‌ خودی شیعردا كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆیه‌ به‌لێزیادبوونی كه‌شوهه‌وای خه‌ونی، ئه‌مڕۆش له‌ خه‌ونی سبه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه‌ و هۆ و یارمه‌تیده‌ره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داهێنان بێت هه‌موو ڕۆژ و ڕۆژگاره‌كان ڕاده‌كێشێته‌ ناو خۆی، داهێنه‌ر له‌كاتی كار و كرده‌ی نووسیندا ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژ و ڕۆژگار، له‌و ڕۆژ و ڕۆژگاره‌دا ده‌بێته‌ بوونێكی سه‌ربه‌خۆ، كه‌ بوونی ئه‌می نووسه‌ر قه‌ره‌باڵغ و بارگاوی و دڵبه‌رز و جووڵه‌داره‌، به‌ڵام كه‌ له‌كار و كرده‌ی نووسین بووه‌وه‌، نووسینه‌كه‌ بوونێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرت، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژ و ڕۆژگار. هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌سڕێنه‌وه‌ كاتێك دروست ده‌بێت، ده‌بێـته‌ كاتی داهێنان و خه‌ونبینین و دره‌وشانه‌وه‌.
من دره‌وشانه‌وه‌ ده‌نووسم، له‌باره‌ی دره‌وشانه‌وه‌ نانووسم.

37
ده‌قی شیعری له‌ناو پرسیاركردن ئاماده‌ی له‌دایكبوون ده‌بێت، هه‌ر له‌ناو پرسیاركردنیشدا شیعرییه‌تی خۆی له‌ هه‌قیقه‌تی شته‌كاندا وه‌رده‌گرێت.
پرسیار زانسته‌ گشتییه‌كانی بوونه‌، بوونی خه‌ون و سروشت و كۆمه‌ڵگا.

شاعیریش وه‌ك تاكێكی هه‌میشه‌ خه‌ونبین و چاونه‌سره‌وتوو و گوێ‌ زرینگاوه‌ و خه‌یاڵ گه‌رمی هه‌ستكه‌ر به‌ گرفته‌كانی ململانێ‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ده‌چێته‌ ناو ئاژاوه‌ و هێمنیی كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌ری جێ‌ ده‌هێڵێ‌، پێوه‌ری بۆ ئه‌و شتانه‌ لا دروست ده‌بێ‌، كه‌ ده‌یانبینێت، یان ده‌یانبیستێ‌، یان خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینێ‌.
ئه‌م بینین و بیستن و خه‌ونبینینه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌تی. له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه‌ و ڕۆڵێكی دیكه‌یان پێ‌ ده‌سپێرێ‌، ده‌یانكاته‌ بابه‌تی جوانی و شیعر به‌هۆی ده‌سته‌واژه‌ی سه‌خت و یاخی و ئامانجی زمان شیعرییه‌تیان پێده‌دا، كه‌واته‌: خودی شاعیر سه‌رچاوه‌ی بابه‌ته‌ به‌هۆی ئامانجی زمان و خه‌ونبینین.

جیهانی بیركردنه‌وه‌ و پرسیاركردن ئه‌و خوده‌یه‌، كه‌ بڕیار له‌سه‌ر شته‌ بیستراو و بیندراو و خه‌ونی و خه‌یاڵییه‌كان ده‌دا و به‌هێز و گوڕ ده‌یانجووڵێنێ‌، تا به‌هۆی ئامانجی زمان بیانكات به‌ بابه‌تی جوانی و شیعر، له‌ ئاسۆ بینییه‌ك كاریان پێ‌ بكاته‌وه‌، كه‌ داهێنان و له‌دایكبوون و ده‌روونڕۆشنی و شیعرییه‌ته‌، له‌دایكبوونه‌وه‌كه‌ش باوه‌ڕ بهێنێ‌ به‌ هه‌قیقه‌تی ئه‌فسوون و جادوویی و له‌ گه‌شتی ڕوانین نزیكی بكاته‌وه‌، بیخاته‌ ئاستی تێڕامان، له‌سه‌ر زمانی كه‌سایه‌تییه‌ له‌دایكبووه‌كه‌ی ده‌ق بدوێت، پاشان به‌ بڕیاری شیعری هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی سروشت و بوون و كۆمه‌ڵگا و جوانی ده‌ربڕێ‌، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیر له‌ شێواز و ئاراسته‌دا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ هات و پڕ هاواره‌ هێما ده‌یگه‌یه‌نێ‌، فراوانكردنی جه‌نگی هه‌سته‌ له‌ به‌بیرهێنانه‌وه‌ی یادگارییه‌كان و ئاماده‌كردنی یادگاری ڕابردووه‌ له‌ده‌ستچووه‌كانی له‌ ئێستای به‌رهه‌ست و ئاماده‌ بۆ هه‌موو جووڵه‌یه‌ك.
له‌ قۆناخی سست و سڕ، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناخی گه‌شه‌ و جووڵه‌كردن.

له‌ قۆناخی له‌ده‌ستچوون و بیرچوونه‌وه‌، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناخی ده‌سته‌به‌ركردن و بیرهاتنه‌وه‌.
دۆخگۆڕین به‌ها و به‌خششی خودی هۆشمه‌نده‌، به‌و پێوه‌ره‌ی چركه‌ به‌ ده‌قكراوه‌كان خه‌مڵیوی خودی هۆشمه‌ندن، له‌م خه‌مڵینه‌شدا گه‌شتی هه‌میشه‌یی پاڵه‌وان ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت به‌ره‌و قووڵایی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زۆر جاریش قووڵایی په‌یوه‌ندییه‌كان قووڵایییه‌كی خنكێنه‌ره‌، یان ڕزگاركه‌ره‌.
من دۆخگۆڕین ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆخگۆڕینه‌وه‌ نانووسم.

38
هه‌ر كار و كرده‌یه‌كی هونه‌ری له‌ ڕوانین و جیهانبینیی خودی هۆشمه‌نده‌وه‌ بكرێـت ئاراسته‌كه‌ی له‌ ئه‌زموون و ژیانی ڕۆشنبیریی نووسه‌ری چالاكه‌وه‌ ئاستی وه‌رگرتووه‌، هاوارێكی هێمن و بڕواهێـنه‌ر و قه‌ناعه‌تپێكه‌ر. به‌بڕوا به‌خۆبوونه‌وه‌ش خۆی پێشكێش ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ شێواز و ئاراسته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كانی منه‌ له‌ ئاراسته‌ی زمان و مۆركی شێواز و كار و كرده‌ی چوونه‌ ناو جه‌رگه‌ی ژیان و خه‌ون. دوای كارلێكردن و مانه‌وه‌، ژیان و خه‌ون هه‌ڵیداونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕووبه‌ری سپیی كاغه‌ز، دۆستایه‌تی، یان ململانێ‌ له‌ نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری قووڵبین و داهێنه‌ر به‌رپا بكه‌ن. زمانی پاراوی نووسین جیاكاره‌ له‌ زمانی ئاخاوتنی كۆمه‌ڵگا، زمانی خه‌ونیش جیاكاره‌ له‌گه‌ڵ زمانی گفتوگۆی واقیعی به‌ئاگای ڕۆژانه‌دا. ئه‌گه‌رچی هه‌ست به‌ گه‌رمیی هه‌ناسه‌ی واقیعی ڕۆژانه‌ش ده‌كرێت له‌ناو خه‌ون، له‌ هیچ داهێندراوێكی گه‌وره‌شدا نووسه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقیعدا كۆتایی پێ‌ نه‌هێناوه‌.

له‌ناو هه‌موو مۆركه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ ڕوانین و جیهانبینیی خودی هۆشمه‌نده‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌ندرێن، فه‌زا و ئاكارێكی هزری له‌پشتییه‌وه‌ نوێبه‌خشی و ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌پارێزێت، خاڵی ده‌ستپێكردنیشی له‌ ڕوانین و جیهانبینییه‌وه‌ ئاراسته‌كراوه‌، به‌ڵام با به‌ مۆركی شێوازی به‌تاڵ فریو نه‌خۆین، ڕێزی شێوازێك بگرین بزانێت خوێنه‌ر به‌ چی ئاراسته‌یه‌ك و بۆ كوێ‌ ده‌بات. مۆركی شێواز ئاراسته‌كانی ڕوونی زمان له‌ ڕوانین و جیهانبینی و ئه‌زموونه‌وه‌ وه‌رگیراو بێـت، ڕێزگرتنه‌ له‌ خوێنه‌ر، به‌هۆی ئه‌م ڕێزگرتنه‌ش خوێنه‌ری قووڵبین پێشینه‌یه‌كی ده‌ست ده‌كه‌وێ‌، ده‌توانێ‌ ببێته‌ هاوڕا و نزیكی كه‌سایه‌تی ناو ده‌قه‌كه‌، یان نا.

ئاڵۆزكردنی ڕسته‌ی شیعری بێ‌ قووڵبینیی ڕوانین و جیهانبینی، ته‌نیا سه‌ر لێشێواندنی شاعیری له‌پشته‌وه‌ ده‌بیندرێ‌ و چیتر نا، ئه‌وه‌ی له‌ زه‌ینه‌وه‌ هه‌ستی پێ‌ ده‌كه‌ی بینووسیت كه‌شوهه‌وایه‌ك به‌رهه‌م دێ‌، كه‌ جێگای هه‌موومانی تێدا ده‌بێته‌وه‌. ئاستداری و شیعرییه‌تی زمان، كه‌ ڕابردووی ئه‌ده‌بی كوردی لێی بێبه‌ش نییه‌، گه‌وره‌ترین ئاستداری و شیعرییه‌تی زمان له‌ قۆناخی شیعری كلاسیكی ئه‌نجام دراون.
شیعر نه‌ ئه‌ركه‌، نه‌ ئامانجه‌، نه‌ هۆیه‌، كاركردن و چالاكییه‌ له‌ناو ئه‌وپه‌ڕی زماندا، به‌هه‌موو دوورییه‌كانیه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ش زمان له‌ ده‌قدا ده‌گاته‌ لووتكه‌ هارمۆنییه‌تی كۆمه‌ڵێك وشه‌ سه‌مفۆنیایه‌ك پێكده‌هێنن و هه‌ستێك ده‌به‌خشن، مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته‌ دوایین پله‌ی مه‌ستی و ته‌سه‌وف و فه‌نتازیای نووسین. گه‌ردوون هێزێكی نادیاری هه‌ڵگرتووه‌، له‌ كاتی خه‌ونبینین و سرووشدا ده‌یدات به‌ شاعیری نوێبه‌خش.
من فه‌نتازیا ده‌نووسم، له‌باره‌ی فه‌نتازیاوه‌ نانووسم.

39
نووسه‌ر به‌درێژی و ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی، گفتوگۆی له‌ دڵه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی، به‌رده‌وامه‌. مه‌رگیش وه‌ك ده‌رخستنی جوانكاریی ده‌ق له‌و شێوازه‌ی، كه‌ ده‌ینووسێ‌ ته‌ماشا ده‌كات. كه‌واته‌: نووسین پێویستییه‌كی زه‌ینی و جووڵانه‌وه‌ی چالاك و ئومێده‌. كه‌ ده‌نووسیت هه‌ست به‌ ئومێد و به‌رگری ده‌كه‌یت. ئه‌و هێزه‌ له‌ گیانتدا ده‌گه‌ڕێ‌ و ئاماژه‌پێكردن و پشتیوانه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ململانێدا. وه‌ك بوونێك تێكه‌ڵ به‌ چركه‌كانی بیركردنه‌وه‌ت ده‌بێته‌وه‌. چركه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی هه‌ستت كردووه‌، گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌. چییه‌تی نووسین و ده‌سه‌ڵاتی وشه‌ دواندن و گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ ژیاندا.

نووسه‌ری ئاگردز، نیمچه‌ خواوه‌ندێكی پڕ نادیارییه‌ له‌ شێوازی گونجاوی ده‌قه‌كانیدا. ژیان به‌ مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌. پێویستییه‌ جوانییه‌كانی به‌لێزیادبوونی خه‌یاڵپه‌روه‌ری نواندووه‌، كه‌ واقیع به‌ شێواز و ئاراسته‌ و كه‌شوهه‌وا و ڕێكخستنێكی دیكه‌ نواندوویه‌تی.
له‌ هه‌مان ئاست و ئاسۆكاندا واقیع به‌ ئاستداری ده‌بینێت. به‌ لێزیادبوونی واقیعی گیانی و هێزی فه‌نتازی به‌سه‌ر ڕسته‌ نووسراوه‌كاندا، كه‌ له‌ پانتایی كاغه‌زی نووسراودا ده‌بن به‌ واقیع و جیهانی نووسین داده‌مه‌زرێنێت.
مانا و فه‌زای ئه‌و نووسینه‌ی، كه‌ له‌سه‌ر پانتایی كاغه‌ز ده‌بێته‌ واقیع پێویسته‌ له‌ ڕێگای ئاسۆكانی زمانه‌وه‌ ئاست و ئاراسته‌كانی بدۆزرێته‌وه‌، نووسین، كه‌ داخوازییه‌كی شیاوه‌ ته‌نیا ڕۆشنایی و دره‌وشانه‌وه‌كانی زمان وه‌ك جووڵه‌ و بزاوت تێیدا ده‌سه‌ڵاته‌. كه‌سایه‌تی دوور و نزیكی ئه‌فسانه‌ش ده‌بێته‌ گیانمایه‌ و تانوپۆی له‌ كامڵترین شێوازی ساكاریدا.

داهێنه‌ر پێویسته‌ ڕووبه‌ڕووی سیستمی دیكتاتۆری سیاسی ببێته‌وه‌ و به‌ توندی دژایه‌تی بكات. مه‌رجیش نییه‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ میلله‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ و پێی ڕازییه‌، مولته‌زیم بێت. بگره‌ پێویسته‌ له‌پێناو شیعرییه‌ت و دامه‌زراندنی جیهانی نووسینی خۆی، كه‌ ئومێد و به‌رگرییه‌ مولته‌زیم بێت، كه‌ گه‌وهه‌ری داهێنانیشی خسته‌ ناو كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌. ده‌بێته‌ مه‌زنترین هێمای دره‌وشاوه‌ و مولته‌زیمترین كه‌سایه‌تیی وڵاته‌كه‌ی.

داهێنان یانی ڕه‌سه‌نی و شارستانییه‌ت و هه‌میشه‌ییترین ئیلتیزام و نوێنه‌رایه‌تی. ئه‌وانه‌ی به‌ داهێنانه‌وه‌ مولته‌زیم نین، زیاتر كارمه‌ندی ڕۆشنبیری و هۆكارێكی یارمه‌تیده‌رن. به‌رپرسیارییه‌تی شاعیری ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.
ڕۆشنبیری كوردی زیاتر ڕۆشنبیرییه‌كی شیعرییه‌. ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به‌ ئه‌زموونه‌ و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده‌.
قۆناخی شیعری كلاسیكی تا ئێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه‌.

چه‌قی نه‌بیندراوی ده‌قی پڕ شیعرییه‌ت، هه‌م ده‌توانێت جیهانی خود و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی شاعیر بنوێنێت. هه‌م په‌یوه‌ست به‌واقیعی كراوه‌ش بێت، چونكه‌ خود و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌یان واقیعه‌. واقیعی قووڵ به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی. پێچه‌وانه‌ی واقیعی ڕووكه‌ش و ڕووتی سڕ. واته‌: ناتوانێت له‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ڵبێت. كه‌واته‌: واقیعی قووڵ ناوه‌ندێكی فراوانه‌ بۆ ده‌ربڕینكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ده‌مامكه‌ ئایدیۆلۆژییه‌كان دابماڵدرێن. نیازه‌كانی سیاسه‌ت و مێژوو وه‌ك تاكتیك و تۆمار له‌ جه‌سته‌ی شیعری په‌تی فڕێ‌ بدرێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ماك و بیری سیاسی و هێمای مێژوویی، ئه‌گه‌ر له‌ جه‌سته‌ی شیعردا ڕوون خۆی بنوێنێ‌، خه‌ون بۆ هه‌میشه‌ ڕابه‌رایه‌تی بكات. چالاكی شاعیره‌ له‌و په‌رستگایه‌دا خه‌ڵوه‌تكێش بێت، كه‌ وێرد و سرووتی جوانی و خه‌ون ده‌سته‌ڵاتیه‌تی.

له‌ شیعردا خۆم ده‌كه‌م به‌ واقیع و سه‌رله‌نوێ‌ پێكیده‌هێنمه‌وه‌. واته‌: واقیعی ناو نووسین، یان ئه‌و واقیعه‌ی نووسین پێشنیازی ده‌كات، په‌یڕه‌وكردنی چۆنیه‌تی واقیع له‌م باره‌دا ده‌ناسرێت، یان پێناسه‌ ده‌كرێت بۆ ناسین.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌قیقه‌ت بزانین، شیعر گیانی ئێشكگری هه‌موو نووسینه‌كانی دیكه‌یه‌. ڕه‌گه‌ز و جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیی گرینگه‌ له‌ پێكهاته‌ی ئه‌ده‌بی نووسراودا. كتێبی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ران هه‌موویان شێوازی شیعر و شیعرییه‌تیان تێدا لێوانلێوه‌. ته‌نانه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و قه‌ناعه‌ت پێكردن و جۆری قسه‌كردن و تێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا، فه‌نتازیا و شیعرییه‌تی وه‌ك هێزێكی قه‌ناعه‌ت پێكردن تێدا به‌كار بردراوه‌.

به‌م تێگه‌یشتنه‌ شیعر فه‌نتازیای نووسینه‌كانی دیكه‌یه‌، كه‌چی به‌ده‌ستی چه‌ند ئاگر لێ‌ هه‌ڵبزڕكاوێك خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ هونه‌رێكی مردوو. ئه‌و ئاگر لێ‌ هه‌ڵبزڕكاوانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌قی نوێبه‌خش بنووسن. نوێبه‌خشی بنیادی به‌شێكی بچووكی ده‌قه‌كه‌یه‌. له‌پڕ هه‌ست ده‌كه‌یت بنیاده‌كه‌ له‌ بنیادی نوێبه‌خشی بۆ بنیادی واقیعی ڕووكه‌ش و به‌ستووی سڕ و شڵه‌ژاو ده‌گۆڕدرێت و بنیاده‌ نوێبه‌خشییه‌كه‌ به‌ ناكامڵی جێ‌ ده‌مێنێ‌ و ته‌واو ناكرێت. ئه‌م ته‌واو نه‌كردنه‌ ڕه‌گه‌زی كتوپڕی نییه‌، بگره‌ ونبوونی ڕوانین و جیهانبینیی شاعیره‌، ئه‌گه‌ر شاعیر جیهانبینیی به‌هێز و خه‌یاڵی گه‌رم پاڵنه‌ری گیانی بێت، ده‌توانێت كه‌سایه‌تی ده‌قه‌كه‌ی وا ڕابهێنێ‌ قسه‌كانی واقیع له‌ خه‌ون بكات. بنیاده‌كه‌شی وه‌ك بنیادی به‌هێز و پته‌وی خه‌ونی ڕابگرێت.

ڕۆشنبیریی كوردی زیاتر ڕۆِشنبیرییه‌كی شیعرییه‌، ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به‌ئه‌زموونه‌ و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده‌.
قۆناخی شیعری كلاسیكی تائێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه‌.
من دامه‌زراندن ده‌نووسم، له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ نانووسم.

40
جیهان له‌ ڕوانین و جیهانبینینی داهێنه‌ردا هه‌میشه‌ ناته‌واوه‌، ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌ر، خه‌ونی ئه‌م ناته‌واوییه‌یه‌ ده‌یبینێت. خه‌ونه‌كه‌ ده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی پاراو و ڕووبه‌ر و پانتایی ته‌واوكه‌ری ئاینده‌، كه‌ دڵنیاشه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناگات به‌ ئاینده‌. ئه‌م نه‌گه‌یشتنه‌ هۆ و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ بینینی خه‌ون و به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی خه‌ونی. ته‌نیا له‌ خه‌ونیشدا ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی سیستمی دیكتاتۆری سیاسی تێكبشكێنێ‌ و په‌یوه‌ندییه‌ په‌رتبووه‌كان به‌شێوازێكی ئێستێتیكی دروست بكاته‌وه‌، ژیان به‌مانا زیندووه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك پرته‌قاڵێكی به‌داره‌وه‌ی به‌باران شۆراوه‌ ببینێ‌. ئازادی ته‌واو و گیانی یاخیبوون و دووربینین و بیستن و ئاماژه‌ی له‌ناو خه‌وندا ئێجگار به‌هێزه‌ و ڕووداوه‌كان ئاراسته‌ ده‌كات.

ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون. پرۆژه‌ی به‌رده‌وامییه‌ له‌ نێوان دووریی بیر و هه‌ست، به‌ یارمه‌تی خه‌ونبینین و ئه‌زموونی ڕه‌سه‌نی خودی هۆشمه‌ند. خه‌ون و زمان له‌ شیعردا دوو دیارده‌ و ڕه‌گه‌زی بنچینه‌یین. من له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌. هه‌ر له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ش شیعر ده‌نووسم، ده‌شمه‌وێ‌ هه‌موو ژیان به‌هۆی خه‌ونبینین بكه‌م به‌ شیعر و شیعرییه‌تی پێبده‌م. ده‌قی شیعری له‌ پانتایی زماندا كار ده‌كات، نه‌ك له‌ پانتایی بابه‌تدا، كه‌چی له‌ شیعری كوردیدا ڕابردوو وه‌ك كه‌له‌پوورێكی تۆماركراو مڵۆزمه‌ و هه‌میشه‌ له‌ناو ده‌قه‌كاندا بابه‌ته‌. ئێستاش به‌ مڵۆزمی ڕابردوو ترسێندراوه‌. شاعیره‌كان له‌ ساتی نووسینی ده‌قدا بوێرنین، نه‌وێراون، یان نه‌یانتوانیوه‌ ڕابردوو وه‌ك بوونێكی كارپێكراو بهێننه‌ ناو ئاخاوتن. به‌ته‌نیا لایه‌ن و به‌شه‌ گه‌ش و دره‌وشاوه‌كه‌یان پێشكێش كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕابردوو وه‌ك ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێته‌ پێشه‌وه‌، پێویسته‌ وه‌ك گشتێكی سه‌ربه‌خۆ بپێورێ‌ و قه‌واره‌ی بۆ دابندرێ‌، تا له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بوونی شارستانی و بنیادی شێواز په‌ره‌ی پێبدرێت.

ئاخاوتنی ئێستا كراوه‌یه‌، ده‌چێته‌ ناو ئاخاوتنی نادیاری ئاینده‌وه‌. ده‌قی خه‌ونی ڕزگارمان ده‌كات له‌ ئیشكردن له‌ناو مێژوو و واقیعی ده‌سه‌ڵاتدار و تۆقێنه‌ردا، یان تووشبوونی هه‌ڵه‌ی مێژوویی، له‌ په‌راوێزی مێژوو دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌چێته‌ ناو خه‌ون، كه‌ هه‌قیقه‌تی زمان و نووسینه‌، كه‌چی له‌وه‌ش دڵنیانین دیوانی شیعری كوردی ده‌قی خه‌ونی تێدایه‌، یان نا.

له‌ ده‌قی خه‌ونیدا هه‌قیقه‌تی ژیان و كه‌سایه‌تی نووسه‌ر ئاماده‌ و ئارام و زاڵه‌. ده‌قی ئاسایی ڕێسا و زانستی ناو كتێبه‌كان ده‌توانێت هه‌ڵیسه‌نگێنێت، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی به‌ته‌نیا ناخ و قووڵایی گیان هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ‌. خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی چوارچێوه‌یه‌كی زه‌ینی هه‌یه‌. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌شی به‌پێی باری ده‌روونی به‌رده‌وام له‌ فراوانبوون و بچووكبوونه‌وه‌دایه‌.

ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون چالاكییه‌كی زمانه‌وانی و وشیارییه‌كی ڕه‌سه‌ن و ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییه‌ له‌ناو ڕووداوه‌كانی كولتوور و كۆمه‌ڵگا و خه‌ونبینیدا. له‌ ئاستێكی گشتگیری سه‌یری ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون بكه‌یت، سه‌یركردنێكی دامه‌زرێنه‌ره‌. تا نووسراوه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌كه‌ بچێته‌ ناو كۆمه‌ڵگا و شوێن نیشانه‌ وه‌ربگرێت، وه‌ك ڕووداوێكی به‌ ئه‌نجام له‌ناوه‌وه‌ی ڕووداوی كۆمه‌ڵگادا كاریگه‌ری و جووڵانه‌وه‌ی ئاشكرا به‌ده‌سته‌وه‌ بدات. بچێته‌ ناو بیر و بیركردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگای كوردی و ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا بكرێته‌وه‌، كه‌ ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا كرایه‌وه‌ به‌های ڕاسته‌قینه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌ چێژی میللی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش چێژی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگایه‌.

هه‌ر ئه‌ده‌بێكی نووسراویش نه‌یتوانی بچێته‌ ناوه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگاوه‌، پێویسته‌ گومان له‌ زه‌مینه‌ و مه‌به‌ست و ئاست و ئاراسته‌كانی بكرێت. ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی له‌ناو ڕۆشنبیری و كولتووری كوردی هه‌بووه‌، كه‌چی نه‌توانراوه‌ بۆ ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون كاری پێبكرێت، به‌سوود وه‌رگرتن، خه‌ونبینین بهێنێته‌ پێشه‌وه‌. نموونه‌: خۆدواندن و دواندن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕابردوو له‌ ڕێگای بیرهاتنه‌وه‌ی كتوپڕ و هونه‌ری په‌خشانه‌شیعر، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ له‌ حه‌یران و لاوك و به‌یته‌ خۆماڵییه‌كاندا به‌زه‌قییه‌وه‌ دێنه‌ ناو زه‌ینمانه‌وه‌، كه‌چی له‌ نووسینی شیعری كوردی، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌مان له‌ ڕۆشنبیری و كولتووری بێگانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. نه‌مانتوانیوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماك و ڕه‌گی ڕۆشنبیری و كولتووری خۆماڵیمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ بنچینه‌ن، ده‌بووایه‌ له‌وانه‌وه‌ بكه‌وتبووینایه‌ ڕێ‌ و هه‌نگاو هه‌ڵگری خۆمانبین.

وڕێنه‌كردن به‌ناوی نووسینه‌وه‌ له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ركه‌وتووه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا گومانی لێ‌ ده‌كرێت، چونكه‌ به‌پێوه‌ر و ڕێسا و بنه‌مای ناو كتێبان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. به‌تاڵه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی كوردی و ئاسۆ و ئاستداریی زمان.
به‌م جۆره‌ كاركردن ڕوخساری نووسینی كوردی ڕاسته‌قینه‌ی له‌كه‌دار و ئاوڵاوی كردووه‌، ئاسانه‌ لاساییكردنه‌وه‌ی بلیمه‌تانی بێگانه‌، ئاخۆ چه‌ند له‌ گه‌وره‌یی ئه‌وان به‌ر منی كورد ده‌كه‌وێت. خۆ بوونی منی كورد له‌م شێوازه‌ نووسینه‌ له‌ چیدایه‌.
ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ له‌ بیناسازی و دیمه‌نی شه‌قام و باخچه‌ گشتییه‌كان ….. تاد، نوێ‌ ببینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ گیان و خه‌ونبینین نوێ‌ نابینه‌وه‌، چونكه‌ له‌ گیان گه‌مارۆی ئایینمان له‌سه‌ره‌. ته‌نیا له‌ ئایینیشدا بینین جێگیر و نه‌گۆڕه‌ و كڵێشه‌ به‌ندی وه‌رگرتووه‌.
ده‌قی خه‌ونی له‌ كۆمه‌ڵێك هێما و هێماپێكراوی زمان و ڕوانین و جیهانبینین پێكهاتووه‌، هه‌میشه‌ گیان له‌ پله‌یه‌كی ئه‌فسوون و جادووییدا یارمه‌تیده‌ریه‌تی بۆ چركه‌ساتی نووسین و چوونه‌ ناو گیانی مانا زیندووه‌كان، له‌ ئازادكردنی شێواز و مۆركه‌ زمانییه‌كاندا. هه‌م له‌ وێنه‌ و هه‌م له‌ ماناشدا پشت به‌ ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و جیاكاری ده‌به‌ستم.

ده‌قی خه‌ونی له‌ بنیادی گشتیی ڕسته‌كانیدا سنوور ده‌به‌زێنێ‌، ده‌ستكه‌وتێكه‌ به‌هۆی لێكدانی پیت و دروستبوونی وشه‌ و ڕسته‌دا، باره‌كان ده‌كرێنه‌ هه‌ست و ده‌خرێنه‌ ڕوو. ئه‌و پرسیاره‌مان ڕووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه‌، نهێنی و ئه‌فسوونی مرۆڤبوونمان چییه‌.
باره‌كانی ده‌قی خه‌ونی هاوسه‌نگییه‌ك له‌ نێوان هێما و هێماپێكراو دروست ده‌كات، ئه‌م دروستبوونه‌ش كاكڵه‌ی ئه‌زموون و سه‌رچاوه‌ی كار و كرده‌ی دامه‌زراندنی ده‌قی خه‌ونییه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی جۆر و ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هێما و هێماپێكراو.
ده‌قی ئاسایی له‌سه‌ر ئه‌م ڕێسایه‌ دامه‌زراوه‌: نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر، كات، شوێن. ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن بۆ سنووربه‌ندكردن و یه‌ك دووریی زمانی ده‌ق، زمانی ده‌قی سنووربه‌ندكراویش ناتوانێت هه‌موو هه‌ست و خۆزگه‌ و چالاكییه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت، یان له‌خۆی نزیك بكاته‌وه‌، كه‌ بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره‌ له‌ ناوكی بوون ده‌كرێت.
من زمان ده‌نووسم، له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ نانووسم




ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ی كورد … ژیلوان شۆڕش محمد صالح

ئایین یه‌كێكه‌ له‌و كۆڵه‌كانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕاگیراوه‌له‌پاڵ كۆڵه‌كه‌ی مێژوو و جوگرافیاو زمان و كولتوور,نه‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌م كۆڵه‌كانه‌ ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی نه‌ته‌وه‌,له‌ دواییدا ده‌بێته‌ هۆی لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی,لابردنی هه‌ریه‌ك له‌م كۆڵه‌كانه‌و دانانی كۆڵه‌كه‌ی تری هاوشێوه‌ی خۆی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌ جیاتی,دیسانه‌وه‌ ده‌بێته‌ لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی.
كۆڵه‌كه‌ی پته‌وی ئاینی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئاینی زه‌رده‌شتیه‌,ئاینی ئێزیدی به‌شێكه‌ له‌و ئایینه‌,به‌ زۆر سه‌پاندنی ئاینی عه‌ره‌بی ئیسلامی له‌ جێگای ئاینی زه‌رده‌شتی,بووه‌ هۆی لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لای تاكی كوردی,هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی مانای ڕه‌گه‌ز په‌رستی و نه‌ژاد په‌رستی ناگرێته‌وه‌ وه‌كو نه‌ژاد په‌رست و ڕه‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌ب و تورك و فارس.

مرۆڤ ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتدا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بێت و كۆمه‌نیست یان سه‌ر به‌ ئاینێك بێت,به‌ڵام ناكرێت ئیسلامی سیاسی بێت و له‌ هه‌مان كاتدا بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد كار بكات,چونكه‌ دوو كاری جیاواز و دژ به‌ یه‌كن,ڕه‌نگه‌ كه‌سێكی ئیسلامی له‌ ناخیدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت وه‌كو كورد,به‌ڵام بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت له‌ كۆتاییدا دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی خۆی كار ده‌كات,ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ مرۆڤ ئازاد نیه‌ له‌وه‌ی چی ئایینێكی هه‌بێت,به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مرۆڤ كاتێك هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز ده‌بێت ئازاد بێت له‌وه‌ی چی ئایینێك یان بیروباوه‌ڕێك هه‌ڵبژێرێت,به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ئایینه‌ یان بیروباوه‌ڕه‌ پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ نه‌بێت.

به‌ داخه‌وه‌ ئایینی ئیسلام دژی ئازادی و یه‌كسانی مرۆڤه‌كانه‌,له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئیسلام ترسناكه‌ بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی هه‌روه‌ها ترسناكه‌ له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی.
مێژووی گه‌لی كورد بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر گۆی زه‌وی ڕوون و ئاشكرایه‌و نامۆ نیه‌,گه‌لی كورد خاوه‌نی مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ بواری فه‌رهه‌نگ و كولتوورو ئایینه‌وه‌ كه‌ پێشینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 4000هه‌زار ساڵ له‌مه‌و پێش,ئه‌گه‌ر چاوێك به‌سه‌ر مێژووی كتێبی ئایینی نه‌ته‌وه‌ی كورد واته‌ كتێبی ئاڤێستا كه‌ نوسینی زه‌رده‌شتی پێغه‌مبه‌ری كورد و ئێرانیدا بخشێنین,زیاتر بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلامدا كه‌ به‌سه‌رماندا سه‌پاوه‌ هه‌یه‌.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی گرنگ بكه‌م كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیانه‌تی یه‌هوود كه‌ له‌ كتێبی ئایینی به‌ ناوی (زه‌بوور)و ئێستاش به‌ناوی(ته‌ورات)ناوی لێ‌ ده‌به‌ن و له‌ هه‌موو بوارێكدا كه‌ڵكی لێ‌ وه‌رده‌گرن و ئایینێكی پیرۆزه‌.
ئه‌م دیانه‌ته‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دیانه‌تی (زه‌رده‌شت)دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌و ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ی یه‌هوود له‌ بواری مێژوویدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌.

ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ زاڵبوون و سه‌پاندنی دیانه‌تی ئیسلام كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ له‌مه‌و پێش به‌ سه‌رماندا سه‌پاوه‌,گه‌لی كورد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بووه‌ ئایینی ئیسلام قبوڵ بكات و له‌ جێگای ئایینی پیرۆزی (زه‌رده‌شت)دای بنێت,هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ شاخه‌كانی كوردستانی هه‌ڵبژارد بۆ به‌ره‌نگاری كردن له‌ فه‌رهه‌نگ و ئایینه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خۆی,له‌ كۆتاییدا زۆربه‌ی مه‌زهه‌ب و ئایین و ئایین زاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌وته‌ ژێر ڕكێفی ئایینی ئیسلامه‌وه‌,به‌ تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی دراوسێی كوردستان واته‌,ئێران,عێراق,توركیا,سوریا,له‌و كاته‌دا كورد توانای به‌رگری كردنی لاواز بووه‌,سه‌ره‌نجام ئایینی ئیسلام جێگای ئایینی پیرۆزی (زه‌رده‌شت)ی گرته‌وه‌ و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئایینی و مێژوویی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد نایه‌وه‌,كورد دوایه‌مین نه‌ته‌وه‌ بوو كه‌ به‌ زه‌بری شمشێر دیانه‌تی ئیسلامی به‌ سه‌ردا سه‌پا.
هه‌موومان باش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانین كه‌ ئایینی ئیسلام دوایه‌مین ئایینه‌ كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب هاتووه‌.




ئازاد صالح مۆزارتەکەی هەڵەبجە … درەو مهدی

ساڵە هایە سەربازێکی ون بە ژەنینی کەمانچەکەی درەختی هونەر ئاو دەدات.

ئەو زیاد لە چل ساڵە ئاوازی ژیان ئەژەنێت،نزیکەی دوو چارەکە سەدەیە پانتایی گەردوونی پڕکردووە لە نۆتەی مۆسیقا و بە مۆسیقا ژیانی بۆ ڕەنگڕێژ کردووین.

ئەو،ئالەتی کەمانچی بۆ ژەنینی ئاوازەکانی هەڵبژاردووە.

ڕۆماننوسی فەڕەنسی”ماکس فێرمن” لە ڕۆمانی”کەمانچە ڕەشەکە”دا، ئەڵێت:”نەوای هیچ سازێک هێندەی کەمانچە لە دەنگی ئادە میزاد ناچێت”.

ڕەنگە هەر ئەمەش بێت وای لە”ئازاد صاڵح” کردبێت کە ئامێری کەمانچ بکاتە فڵچەی دەستی بۆ ڕەنگ کردنی ژیان بە ڕەنگە جیاوازەکانی نۆتەی مۆسیقا.

ئەگەر شاری سالسبۆرگ و کۆشکە شاهانەییەکەی ماڵەوەیان لەو شارە و هەبوونی ئامێرەکانی مۆسیقا لە ماڵەوەیاندا بۆ مۆسیقاری بە ناو بانگی نەمساوی”مۆزارت” بوو بێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ بڵاو بوونەوەی ناو بانگی ئەو مۆسیقارە نەمساویە بە جیهاندا، ئەوا لە بەرامبەردا هەڵەبجە و ژیانێکی ئاسایی لە چینێکی مام ناوەنددا بۆ ئازاد صاڵح بووە زەمینەیەکی گونجاو بۆ بڵاو بوونەوەی ناو بانگی ئەم مۆسیقارەی هەڵەبجە بە کوردستان و هەموو عێراقدا،ناوی ئەو توانی سنوری عێراق ببڕێت و وەک گەڕیدەیەکی هونەری لەڕێگەی کۆنسێرتە زۆرە کانیانەوە لە تیپی مۆسیقای شنروێ کە خۆی یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەری گروپەکە،سنوری وڵاتانی خۆر ئاوا ببڕێت.

ناو براو،دوای هەبوونی حەز و خولیایەکی بۆ مۆسیقا و لەسەر پێی خۆ ڕاوەستانی لە شارەزایی و کارامەیی ئەو لەو هونەرەدا سەرەنجام لە تافی لاویدا و لە تەمەنی 17 ساڵیدا،لە 26/4/1973 خۆی و سێ هاوڕێی تری تیپی مۆسیقای شنروێ لە هەڵەبجە دادەمەزرێنن.

نوسەری کورد”بەختیار علی”لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپیەکان”دا دەنوسێت:”مۆسیقا سەفەرێکە لەو دیو دەنگەوە، سەفەرە بە بێدەنگیدا”.

هەر بۆیە مۆزارتەکەی هەڵەبجە،ئەیەوێت لە ڕێگەی مۆسیقاوە لە بێدەنگی تێبگەین و هەموو نەوتراوەکانی ناو جیهانی بێدەنگیمان بێنینە سەر زمان و بۆ ئەوانی تری گۆ بکەین. هەر بە هۆی مۆسیقاوە لەو بێدەنگیە بتوانین هەزاران ئاوازی نەبیستراو ب ئەفرێنین.

تیپی مۆسیقای شنروێ، کە ئازاد ساڵح،دامەزرێنەری بوو بۆ هەڵەبجەییەکانی نەوەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ناوێکی جێگیر و چەسپاوە لە بیرکردنەوەی هونەریاندا و پێیان وایە ئەم تیپە مۆسیقیە خزمەتێکی نا کۆتایی بە ڕازاندنەوەی باخچەی هونەری کوردی کردووە.

نموونەی ئەمەش لە جەخت لێکردنەوە بەردەوامەکانی خوا لێخۆشبووی باوکمدا دەخەمە ڕوو کە لەسەر توانا و لێهاتووی ئازاد ساڵح بۆ هونەری مۆسیقا کە هاوڕێی منداڵی باوکم بوو. زۆر باش شارەزابوو.

جارێکیان لە سەردەمی هەرزەکاریمدا، ئەوکاتەی حەزی جۆراوجۆر بۆ شتەکانی دەور و بەرمان هەر جارەی بەسەر شتێکەوە دەنیشێتەوە،ئەوکات شمشاڵێکم کڕی بوو جار جار لە ماڵەوە بۆ خۆشی و کات بەسەر بردن شمشاڵم دەژەند، لەو کاتانەدا باوکم پێی دەوتم بەردەوامبە دواتر ئەتنێرمە لای ئازاد صاڵح ی تیپی شنروێ بۆ ئەوەی فێری مۆسیقاتان بکات.

لەبەر گرنگی هونەر و مۆسیقا،ڕۆمانتیک خوازە ئەڵمانیەکان، هونەرمەندیان بە بەیانکەری مرۆڤایەتی ناسی و یەکێک لە ئەوان ووتی: “دەبێت وەها بنوسین وەک بڵێیت خەریکی دروستکردنی کۆپلەیەکی مۆسیقاین” پاشان ووتی:”گیانی ئێمە بۆ درکی مۆسیقا دەبێت ئەفسون ببێ”.

لەبەر ئەم گرنگیەی مۆسیقا و هەبوونی هەژمونێکی کاریگەر و فراوانی ئەم هونەرە بەسەر پانتاییەکانی ڕۆحی مرۆڤەوە،”ئازاد ساڵح”نزیکەی دوو چارەکە سەدەیە بێدەنگ بێدەنگ زۆر موحافیزکارانە[بەواتای پارێزگاری لە هونەرەکەی]دەستی بە هونەرەکەیەوە گرتووە و بە بێ هیچ هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ناو بانگ و خۆنزیک کردنەوە لە دەسەڵاتداران و خۆ بەدەربار کردنیان بە کەمانچەکەیەوە ئاوازی نەوعاونەوع بۆ ژیان دەژەنێت.

ئەتوانم بڵێم ئازاد ساڵح،وەک نەخشی سەر بەرد ئەو وتەیەی”بەختیار علی” هێناوەتە دی کە لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپیەکاندا،دەڵێت:”مۆسیقا پێویستی بە پاشاکان و نۆکەرەکانیان نیە کە نەمر بێت، مۆزارت بە بێدەنگی وەک فەرهادێکی زامدار ئیش دەکات”.

نە خۆشی ڕێگەی بە مۆزارت مۆسیقاری بە ناو بانگی نەمساوی نەدا کە خزمەتێکی زۆر بە هونەری مۆسیقا بکات.
بەڵام خودا ئەو دەرفەتەی بە مۆزارتەکەی هەڵەبجە داوە کە هێشتا چەندین ئاوازی نەبیستراومان بۆ عەزف بکات.

ئەو بەردەوامە لە خزمەتی هونەری مۆسیقا ئێستاش بەنیازی دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی مۆسیقایە لە هەڵەبجە.
بەهیواین بەرپرسانی حکومی و خەمخۆرانی هونەر هاوکاری بکەن بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیاکەی.




ته‌لارساز و هه‌ندێك له‌ زینده‌خه‌ونه‌كانی…. نەژاد عزیز سورمێ

چی خه‌م هه‌بوو
له‌ (مه‌رگ)م داكه‌لاند و
به‌ گوڵستانم سپارد..
شه‌و له‌ من نابێته‌وه‌
شه‌و كڕێوه‌ی كانوونه‌
تێم ئاڵاوه‌..
ڕه‌نگی به‌یانیانی
له ‌بیر بردوومه‌ته‌وه‌..
جله‌كانم ،
قه‌ڵه‌م و پڕگاله‌كه‌م
كه‌ هاوشانی (نان) بوون ،
خرانه‌ كارگه‌ی ئالووده‌یی..
پرسیاره‌كانم ،
به ‌ڕووتی
له‌ نه‌خشه‌ی شێوێندراوی
گۆڕه‌پانی سه‌رده‌مدا دیته‌وه‌..

* *

به‌ خۆم باخچه‌م نه‌بوو
سه‌وزایی ماڵئاوسێ
چاوی ڕوون ده‌كردمه‌وه‌..
گۆڕستانم ،
له‌ سه‌ربانه‌وه‌ لێ دیار بوو
شه‌وانه‌
كه‌ خه‌مم
له‌ مه‌رگ داده‌كه‌لاند ،
مردوو
ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا ..
سه‌مایه‌كیان ده‌كرد
پێشتر نه‌مدیبوو ..
شاییه‌كیان داده‌به‌ست
له‌ باڵكوتانی په‌ڵه‌هه‌وران ده‌چوو ،
له ‌باتی ده‌سماڵ
خامۆش خامۆش
مێژوویان باده‌دا
وێنه‌ی ئه‌و هه‌ناسه‌ سارده‌
گوڵگوڵییانه‌ی ،
بێ خاوه‌ن
له‌سه‌ر سنووران كه‌وتوون ..

* *

وه‌ك (نه‌ی)یه‌كم
له‌ گۆشه‌یه‌كی خه‌رابات هه‌ڵپه‌سێردراو..
ڕۆژگاری مێش و مه‌گه‌ز
دیمه‌نه‌كانی ،
له ‌بیر بردوومه‌ته‌وه ‌..
دیمه‌نی دایكم ،
چاوه‌ڕوانی هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوان ..
دیمه‌نی په‌یژه‌ی قوتابخانه‌
تۆی لێ ده‌وه‌ستای بتبینم ..
دیمه‌نی باوه‌شه‌ به ‌په‌له‌كانی
پاڵ داران ..

* *

به‌ ته‌ققه‌ی بووكنیان،
كه‌ شه‌پۆلیان
به‌ بووك بۆ ڕووبار ده‌هێنا ،
بێدار بوومه‌وه‌
په‌شێو.. پڕ
چاكه‌ته‌ بێبه‌ره‌كه‌مم پۆشی
كه‌ پار له‌ له‌نگه‌م كڕیبوو
هێشتا تۆزی به‌ختیاری
پێوه‌ مابوو ..
ئاسووده ‌..
شاد به‌وه‌ی ،
له‌ كۆڵ زنجیره‌ی مۆته‌كان بوومه‌ته‌وه ‌…
ڕووم كرده‌ مه‌یخانه ‌..
شوشه‌ و په‌رداخی مه‌یخانه‌
پڕ بوون له‌ نیشتيمان ..
ساقی به‌شه‌وقه‌وه‌
له‌ پێشی داده‌ناین ..
(نیشتيمان)ی ئه‌وێ
له‌ مه‌ستی و خۆشخوانی زیاتری
نه‌ده‌زانی ..
ئاگر و
ڕووباری شه‌رابی حه‌فتڕه‌نگی
به‌هه‌شتی تیا تێكه‌ڵ ده‌بوو..
به‌ پێكێكی موقه‌دده‌س ،
ئاسمانی كه‌یل ده‌كرد ..

* *

مه ‌یزە ده‌ ،
له‌ په‌نچه‌ره‌ی ژووره‌ هه‌ڵایساوه‌كانه‌وه‌ ،
ته‌ماشای
كۆڵانه‌ تێكچڕژاو و
شه‌قامه‌ قوماشییه‌كانی
به‌هه‌شتمان ده‌كرد ..
جارجار
شه‌ڕی به‌هه‌شتییانمان ده‌دی
كه‌ له‌سه‌ر جوێباره‌كانی مه‌ی و
كه‌ژاوه‌ی (حۆری)یان به‌رپا ده‌بوو ..
ته‌لارساز،
له‌ شووره‌ کڵپه‌ گرتووه‌كانه‌وه‌
ته‌نته‌نه‌ی ،
چیا به‌رزه‌ له‌ حیكایه‌تی سیزیف شۆراوی ،
به‌هه‌شتی ده‌دی ..
نووریان لێ ده‌كوژایه‌وه ‌..
ڕه‌نگیان تێدا ون ده‌بوو ..
ته‌لارساز ،
له‌نێوان مه‌ستی و زینده‌خه‌ودا ،
ئه‌و ژنانه‌ی به‌بیر ده‌هاتنه‌وه‌
ئێواره‌یه‌كی ڕاكشاو باڵیان گرت و
مه‌مكیان به‌ با سپارد و
له‌ نه‌خشه‌دا ڕه‌ش بوونه‌وه ‌..
ئه‌و ژنانه‌ی ،
چاویان له‌ زریان ده‌تروکاند ..
نووریان لێ ده‌بووه‌وه ‌..
هه‌ندێ سه‌ربازی كه‌ڤڕان بوون
هه‌ندێ پاسه‌وانی باران ..
ده‌یانویست به‌ره‌و لوتكه‌یه‌ك بفڕن
مه‌رگی نه‌بینیبێ ..
ڕه‌نگی خۆیان ،
له‌ ئاوێنه‌دا ده‌دیته‌وه ‌،
هێشتا باڵیان نه‌گرتبوو
نهێنیی پڕشنگه‌ كاڵه‌ چویتییه‌كان بوون ،
سۆزی پیاوانیان گڕ ده‌دا ..

* *

ته‌لارساز،
بازنه‌ و سێگۆشه‌ی
لێ تێكه‌ڵ بووبوو
به‌دوای سێبه‌ری به‌فردا وێڵ
پڕ ببوو له‌ بۆشایی..
* *
له‌ودیو په‌رژینه‌ كه‌سكه‌كانه‌وه‌
ته‌لارساز چی بكا ؟
خاك ده‌بینێ
خه‌و لێ زڕاو،
بێهوده ‌.. كه‌له‌كان ده‌گۆڕێ..
كه‌س نییه‌ بیلاوێنێته‌وه‌..
هه‌موو
ئه‌سپێ و كولله ی به‌سه‌ردا
بڵاو
ده‌كه‌نه‌وه ‌..
ته‌لارساز چی بكا ؟
ڕۆژی سێ جار
چوار جار.. ده‌ جار
ده‌یكوژن و
له‌ وێنه‌ی ئیسفه‌نجێكی پانبووه‌وه‌دا
زیندووی ده‌كه‌نه‌وه‌..
له‌ودیو په‌رژینه‌وه‌ ده‌یبینم
له‌ داخا ،
به‌ داره‌ ڕه‌ق و وشكه‌كان
خۆی نه‌هێشتووه‌
له‌ تاوان
ده‌قیژێنێ و ڕوومه‌تی داده‌ڕنێ ..

* *

شه‌و درێژ بووه‌وه‌
با ناهێڵێ
پێكێك هه‌ڵده‌ین
جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنین ..
گه‌ڕاین ..
تا لێمان بڕا گه‌ڕاین ..
مرواریی به‌ختمان نه‌دۆزییه‌وه‌..
خاك ،
مه‌حكوومه‌ به‌ بێمانایی ..
به‌ ترسی له‌ناكاو ..
ده‌ماری گه‌نجیه‌تییان بڕیوه ‌..
دڵی ،
له‌ دڵی مه‌لۆتكه‌یه‌كی پیر ده‌چێ
بێ لۆچ ، بێ یادگاری ..
ته‌لارساز چی بكا ؟
چرا هاوسه‌نگیی له‌ده‌ست داوه‌
نه‌ ڕووناكی ده‌دا
نه‌ ده‌كوژێته‌وه‌!
گه‌ڵای كه‌ناران ،
له‌ هه‌موو لایه‌ك
سه‌نگه‌ریان لێ گیراوه ‌..
هاوارێكی كپكراو
له‌ دووڕا ده‌بیسترێ
ئازاد.. به‌ڵام زه‌لیل ..

* *

هه‌زاران ساڵه‌ هه‌ی ،
چه‌نگه‌ ڕووناكییه‌كه‌ت
بۆ ڕۆژه‌ تاریكه‌كان هه‌ڵنه‌گرت! ..
بستێكت له‌ هاوین ،
بۆ زستانه‌ درێژه‌كان
گل نه‌دایه‌وه‌!..
ڕێژنه‌یه‌كت ،
بۆ وشكه‌ساڵه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان
دا نه‌كرد!..
ته‌لارساز چی بكا ؟
وڵاتایه‌تی وا ده‌بێ
خاكی زامە كراوه‌كان ؟
به‌ به‌رچاوی تۆوه‌ ،
ئاگر بسووتێنرێ ؟
شه‌خته‌ له‌ سه‌رما ،
هه‌دادانی نه‌مێنی ؟
وا ده‌بێ ؟
وڵاتایه‌تی وا ده‌بێ ؟!

* *

به‌ لێواره‌كانی (ئاسیا)دا
دێمه‌ خوارێ ..
شارستانیه‌تی هه‌موو دونیایان
لێ بار كردووم ..!
له‌ گوندی هه‌زارەم ..
له‌ شاری هه‌زارەم ..
له‌ كه‌ناره‌ به‌رده‌ڵانه‌كان
له‌ باسكه‌ ڕووته‌نه‌كان ..
شه‌وی هه‌ر هه‌ریم
به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن و
به‌جێم دێڵن!
ڕێگام ،
به‌ هه‌نیه‌ی نوورانی فریشتانیش پێ
نادۆزرێته‌وه‌.
به‌ ژێر ته‌وژمی دڵڕه‌قی بادا تێ ده‌په‌ڕم
دڵم به‌ نۆستالیژیای
هیواوه‌ خۆش ده‌كه‌م
كه‌ دێت و نایێ……

تشرينى دووەمى 2016




كۆدەكان! … ئەرسەلان مەحمود

كێ
دەزانێ…
باڵای ئاو درێژ تـرە، یا بەژنی با !
خوڕە خوڕی ئاو بەناوبانگترە، یا گڤە گڤی با !
سەركێش ئـاوە، یا گێژەن و گەردەلولی بـا !
بۆنی ئاو تەڕترە، یا تۆو توخماتی با !
ئەوەی دەڕوا، لەنایە یا لەبا !
رێی دێڕێك چیە نەدەما،
لاڕێ‌ نەبا “تـۆی”
نەبا !

كوێرستانە!
چاو لەیەكتربڕین بشۆن،
دەست بەڕوتانەوە مەگرن، شەق لەبۆشایی هەڵمەدەن،
“تف بەڕوووووی با دا،
هەڵمەدەن”!

دڵم
لەپەرتبوون شكاوە،
جەم نابمەوە، نەلەخۆم و نەلەهیچدا !
دەنگی بەربوونەوەی باران كۆنترە، یا كەوتنی بەفر!
ئەرێ‌ كێ لەكێ ناگا، نمەنمی باران، یا تنۆكە تنۆكی بەفر!
چی ئـاوڕ لەچی ناداتەوە، ڕشێنە بـاران، یا ورشـە بەفر!
هیچ بەچی ناگا، چڕی باران، یا شەفافی بەفر!
چ لەچ نیان تر دەبارێ، باران، یا بەفر!
ئەوەی خۆشیناكاتەوە، چیە؟
ئەشكی بارانە، یا وشكە
پێكەنینی،
بەفر !

شیعریەت،
تفەنگەكان، ناوەستێنێ،
نەبوونی لەناو جەنگاوەرەكاندا، جەنگ دەخوڵقێنێ،
وەك نەقڵی بەد حاڵیبوونەكان، لەدڵی دو تاشە بەرددا،
وەك پێكدادانی جیاوازییەكان، لەغیابی عەقڵدا،
ئەرێ‌ كێیە لەكێدا، ژیان لەجیاوازیدایە،
یا جیاوازززززززی
لەژیاندا !

قسە زۆرەو،
بێدەنگیش نازانم وەك چ بڵێم كەم!
تۆ بڵێ‌، ژیان بەتوێكڵەوە خۆش ترە، یا وەك توتی!
بەهار بەگیاوە ڕۆمانسی ترە، یا وەك پایز بەڕوتی!
ئاسمان خوێبكەی بەتام ترە، یا بێگەرد،
وەك نانننننننننننننن و،
ئازادی!

تۆ بڵێ‌،
گوژاڵكی ژیان تاڵ ترە،
یا ئەتك كردنی هەنجیرێكی نارنجی!
گو بكەیتە wc ئاسان ترە،
یا بەناوی نیشتمانەوە،
خواردنی !!