گۆڕان، بۆچی “لۆبی”ی بۆ پارتیی دەکات؟ …. عەدنان کەریم و کامیار سابیر


وردبوونەوە لە بێگوتاریی، سەرگەردانیی فیکریی و سیاسیی گۆڕان!

ئەو سەرنج و تێڕوانینانەی لەسەر ئەم باسە دەینووسین، پێوەندیی بە بۆچوونی دوو گەنجی( محەمەد ئەحمەد و حەمە گۆپاڵە- سەیری لینکەکەی خوارەوە بکەن) گۆڕانەوە نییە کە نووسراوێکی درافتیان نووسیوە و بە بەنیازی پێکهێنانی لۆبیی نەتەوەیی بۆ کورد، لۆبیی بۆ پارتیی و حکومەتی هەرێمی پارتیی بکەن. ئەوان، تەجرەبەی سیاسییان نییە و لە کایەکانی فیکری سیاسیی( political thought) ، مەعریفەی سیاسیی، زمانی سیاسیی( political language) و سیاسەتی زمان(language politics )دا، زمانی بیرکردنەوە و دیدی سیاسییان، هیی سەردەمی ئەی رەقیبە و عەقڵییەتی شاعیرەکانی کوردایەتیی و شۆڕشگێڕە میلیشیاییەکانی شاخیان، تەجاوز نەکردووە. بەپێچەوانەوە، راستەخۆ سەرنج و رەخنەکان، بۆ سەر مەغزی گۆڕانە کە بڕیارە ژووری توێژینەوەی سیاسیی گۆڕان، تەغذییەی فیکریی و سیاسیی، حیزبی گۆڕان بکات.

لە واقیعدا، ئەم بۆچوونە ، نەتەوەپەرستیی و موناجاتە نەژادییانەی ئەم دوو گەنجە، بەرهەمی واقیعیی ئەم ژوورە ( بێسەروبەر)ە و سەرکردایەتییە دەستەپاچەیەی گۆڕانە کە لە دوور و نزیکەوە، پێوەندییەکیان بەدونیای فیکر و مەعریفەی سیاسییەوە نییە و ئەم پەخشانە شیعرییە نەژادیی و ڕاسیستییە، بەناوی فیکری ستراتیژییەوە بەسەر لایەنگرانی خۆیاندا تەخشان دەکەن. راستییەکەی سکانداڵێکی سیاسیی، فیکریی، مەعریفیی و کولتوورییە، ژوورێک ئەو هەموو ئەکادیمیست، پسپۆر، توێژەر و سیاسییە موخەضرەم و پیرە سیاسییەی لێکۆبووەتەوە، ئەو هەموو ئیمکاناتەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ئەم مەعانەتە نەژادییە و ئەم کڕوزانەوە نەتەوەپەرستییانەیان بەسەردا تێپەڕ دەبێت و بەم ریتۆریک و درۆ سیاسییانە، بە ئەندێشەی خۆیان، دەیانەوێ مۆدێلێکی تر، ڤێرژنێکی تر و پارادایمێکی جیاوازتر لە سیاسەتی کوردیی( Kurdish Politics ) دابڕێژن.

لە باری ئێثیک و مۆڕاڵی نووسینەوە، ئەو دوو گەنجە بەرپرسیار نیین لە ناوەڕۆکی ئەم تێڕوانینە حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەی گۆڕان کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لۆبیی بۆ پارتیی دەکەن، بەڵکو گۆڕان و کادیرەکانی بە گشتیی و ژووری توێژینەوە سیاسییەکەی، بەتایبەتیی، لەناوەڕۆکی ئەم بێگوتاریی، ئەم فیغانە نەژادیی و موناجاتە نەتەوەییە، بەرپرسیارن. هاوکات، ئەوەی ئەم دوو گەنجە گوتویانە، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە سیاسیی و فیکرییەیە کە نەژادپەرستیی و نەتەوەپەرستیی، لە داڵانی داڕێژەرانی سیاسەتی گوڕاندا، گەرای کردووە. رەنگدانەوەی ئەو پارادایمە سیاسیی و فیکرییەیە کە گۆڕان بە مایکرۆسکۆپیش، جیاوازیی فیکریی و سیاسیی، لەسەر ناسیۆنالیزمی نەژادیی و بەتایبەتییش، لەسەر کوردایەتیی، لەگەڵ پارتیی و یەكێتییدا نییە.

تەواوی قیادە و قاعیدەی گۆڕان، خەریکی وەڵامدانەوەی رانتخۆرێکی وەکو حەمەی حاجی مەحمودن، بە پلاری سیاسیی، نوکتەی سیاسیی، بە هەڵدانەوەی مێژووی سیاسیی حەمەی حاجی مەحمود و بە هەڵسوکەتە ناسیاسیی و ناعەقڵانییەکانی ئەو پیاوەوە، خەریکن. ئەویش بەهەمان پێوەر و کەرەستەی سیاسیی حیزبی سۆشیالیستەوە، ئەم هەڵا سیاسییە دەکەن. لەکاتێکدا، چوار کادیریان، چوار نووسەریان، نایەن، چوار دێڕی جیاوازی فیکری سیاسیی گۆڕان و پرۆژەی جیاوازی گۆڕان، بۆ مەلەفی نەوت و بۆ داینەمۆی سەربەخۆیی ئابووریی( کوردایەتیی) باس بکەن و گەنجەکانی گۆڕانی، پێ تەغدییە بکەن. ئەم رەخنەگرتنەی ئێمەش، بەشێکی زۆری، پێوەندیی بەم بێگوتاریی و سەرگەردانییە سیاسیی و بێفیکرییەی گۆڕانەوە هەیە.

زمان و خەراباتی فیکری سیاسیی

بە دیدە باوەکەی ئۆروێل( G. Orwel)یش بێت، زمانی سیاسیی، دەبێ مەعقولییەت و وردەکاریی(scrupulous ) تێدا بێت. ناکرێ بە مێنتاڵیتیی کوردایەتیی و شاعیرە بێسەوادە نەژادییەکانی کورد، تەعبیر لە کەلێنە سیاسییەکانی مەسەلەیەکی ئاڵۆزی وەکو لۆبییکردن بکرێت. لۆبی Lobby ، ناکرێ بە لۆب بنووسرێ، مەگەر بە پێوەری کوردایەتیی، نەزانییەکی وا بکرێت. لە هەموو ئەدەبی سیاسیی جیهاندا و لە هیچ زمانێکدا شتێک بەناوی “لۆب” و دەسەڵاتی “لۆب”ەوە، بۆ لۆبییکردن، نییە. ئەمە، تەنیا لە ئەدەبی بێمەعریفەی کوردایەتییدا، شتی بێسەروبەری وا، بوونی هەیە. ئەم بێمەعریفەییەش، بەسەر ژووری توێژینەوەی ئەکادیمیست و سیاسییەکانی گۆڕاندا، بە ئاسانیی تێدەپەڕێت. ئەم پێودانگانە، نیشانەی خەراباتی فیکری سیاسییە لە پێوەند بە زمانی سیاسیی، داڕشتنی سیاسیی و فیکری سیاسییەوە.

گۆڕان کە خۆی وەکو هێزێکی سیاسیی لە کوردستانی عێراقدا، بەشدارە لە پرۆسێسی سیاسییدا، وێڕای ئەوەی بە زەبری میلیشیاکانی کوردایەتیی، لە هەولێریش دەرکراوە، بەڵام کوردەناموسیی و حەماسی کوردایەتیی، هێشتا رێگەیان پێنادات لە حکومەتە فاشیلەکەی پارتیی بکشێنەوە. گوڕان، بێگوێدان بە هیچ پرەنسیپێکی سیاسیی و قانونیی، بە نەفەسێکی نەتەوەپەرستیی و کەفوکوڵی نەژادییەوە، تەرویج بەم شێوازە لە سیاسەتکردن، تا رادەی پۆپۆلیزمی سیاسیی دەدات. لە سەردەمی نوێدا، ئەم شێوازە لە ئەدەبییاتی سیاسیی (شه‌ڕی مانه‌وه‌ی کورد به‌رامبه‌ر تورک، فارس، عه‌ره‌ب و عەجەم )، تەنانەت لە نێوەندە سیاسییە عوروبیی، پانئێرانیی و پانتورکییەکانیشدا، بەو بێچاوڕووییە نەژادییەوە، بەو رادەیە، بێپەردە و بێئەدەبانە، زۆر زۆر دەگمەنن.

لەبەرامبەردا، ئەم دوو گەنجە و ژووری توێژینەوەی سیاسیی، رێگە بەخۆیان دەدەن، فاشیزم، راسیزم و نەژادپەرستییەکەیان، تا سەر ئێسقان بەرن. لەکاتێکدا، مەلاموصطەفای بارزانییش، رێگەی بەخۆی نەدەدا، بەو شێوەیە فاشییانە و بەو کۆدە نەژادییانەوە، دەغدەغەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بدات. هێزێک کە ئیلتیزامێکی دەستوریی لە عێراقدا،هەیە، پابەندە بە قانونە نێونەتەوەییەکانەوە، راستییەکانی پشت پەردەی سیاسەتی جیهانیی، بەوردیی دەناسێت، کەچیی لەملاشەوە بۆ بەدەمەوەگرتنی هەزاران کەسی دەنگدەر ، فوو بە كەڕەنای بوغز ، قین، رق و نەفرەتی نەژادپەرستیی و نەتەوەپەرستییدا، دەکات!

ناکرێ سەرکردایەتیی گۆڕان، لەناواقیعیبوونی ئەم جۆرە پێشنیار، بیرکردنەوە سیاسییانە و شەرمەزارییەک کە لەناوەندە سیاسییەکاندا بەدوای خۆیاندا دەیهێنێت، خۆی نەبان بکات. ئەوان، بەناوی ژووری توێژینەوەی سیاسییەوە ئەم باڵۆنە نەژادییانە هەڵدەدەن، بۆ ڕاوکردنی هەستی کوردایەتیی و پێشبڕکێ لەگەڵ پارتییدا، بۆ ئەوەی دەنگدەران و لایەنگرانی رێبازی بەتاڵی کوردایەتیی، لە خۆیان کۆبکەنەوە. تەنانەت ئەگەر بە ڤێرژنێکی ڕاسیستانە و شۆڤینییانەش، بێت.

لە کاتێکدا خوێندەوارێکی سادەش، لەوە تێدەگات کە واقیعییەتی سیاسیی ئەوەمان پێدەڵێت:- عێراق، سوریا ، تورکیا و ئێران، زۆر هەلومەجەرج و دۆخی سیاسیییان جیاوازە. مێژوو، تاقیکردنەوە ، بونیادی سیاسیی و قانونیی، هەروەها، جێگەوڕێگەیان لە هاوکێشە ناوچەیی وجیهانییەکاندا، کولتووری سیاسیی ، ریزبەستنی هێزە سیاسییەکان و دەیان فاکتەری ئابووریی، جیۆگرافیی، کۆمەڵایەتیی ، سیاسیی، کولتووریی و تەنانەت سەربازیی جودایان هەیە. ناکرێ، تەنیا بەهۆی ئەوەی کە جێوگرافیای سیاسیی کوردستان و بوونی کورد لەناو جیۆگرافیای ئێستای ئەو وڵاتانەدا، کورد، وا بکات ، بە دەمارگیریی نەژادیی، بە خورافاتی نەتەوەیی، لە ئاست هەر چوار پارچەکەی کوردستان، هەوڵی ستراتیژییەتێکی هاوبەش و چوونیەک، بدات.

ناکرێ هەوڵی ئەوە بدرێت، لەسەر جۆرێک لە خورافاتی نەژادیی، لۆبییکردن بۆ هەموو گەلی کورد، بەیەک دەنگ، بەیەک ئاواز و بەیەک رەنگ بکرێت. گۆڕان، باش لەو جیاوازیانە تێگەیشتووە بەڵام بۆ بازاڕ گەرمیی سیاسیی و سوودوەرگرتن لەدەمارئەستووریی کوردایەتیی کە مۆدێکی گەورەیە لە ناو کوردانی تاراوگە و کوردستانی عێراق و ئێراندا، و بۆ کەڵکوەرگرتن لەو کارتە بۆ ( کاراکردنەوەی پەرلەمان )ی مردارەوەبووی کوردستان و دوانەکەوتن لە وتنەوەی خەڕەکی یەکپارچەیی ماڵی کورد، پەنا بۆ هەر ناعەقڵانییەتێک دەبات.

ئاخر، چۆن دەکرێ لۆبییەکی یەکگرتوو بۆ چوار واقیعییەتی سیاسیی ، دەستوریی و قانونیی، جیاواز پێک بهێنرێت؟ گەر خاڵی هاوبەش، بوونی ستەمی نەتەوایەتییە لەسەر کورد ، هەر ئەو ستەمە ، بە بەڵگەی زۆر و دۆکیومێنتی واقیعیی، بەرەیەکی فراوان لە بزوتنەوە، رەوتی سیاسیی و ئاراییشی جیاواز ، تەنانەت دژبەیەکی وەکو پارتیی و پەکەکەی دروستکردووە. لە کوردستانی عێراقدا، شتێک نەماوە بەناوی ستەمی میللیی لەلایەن گەلی عەرەب و دەسەڵاتی ناوەندەوە( بەغداد) دەرهەق بە کورد بکرێ، ئەوە دەسەڵاتی لۆکاڵیی کوردییە، ئەوە کوردایەتییە، گەورەترین ستەمی سیاسیی لە کێشەی سیاسیی کورد دەکات و گەورەترین ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە کە لەمێژووی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، بوونی نەبووە.

ئەگەر لۆبییکردن پێویست بێت، ئەوە پێش هەر شتێک، دەبێت بۆ ریسواکردنی پارتیی، یەکێتیی و میلیاردێرەکانی کوردایەتیی، بۆ ریسواکردنی حکومەتی چەتەگەریی هەرێمی کوردستان، بکرێت. بۆ ئەوە دەبێ بکرێت کە میلیشیاکانی کوردایەتیی( ئەنەکەسە)، بە مەئمورییەتی بارزانیی، هاوکاریی فاشیزمی تورکیی، تێرۆریستەکانی جەبهەتولنەصرە و ئەحرارلشام، دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد، لە کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا، دەکەن. لۆبیسازیی، دەبێ دژی ئەو هەوڵانەی چەتەکانی کوردایەتیی بکرێت کە کار بۆ ئەوە دەکەن، پەیەدە و جەنگاوەرە کچ و کوڕەکانی کانتۆنەکان، بەهۆی لۆبییەکانی خۆیانەوە( لۆبییەکانی نەوتی تاڵانیی) بە تێرۆریست بناسێنن.

دەبێت دژی ئەو دەسەڵاتە کوردییە بکرێت کە لە حکومەتەکەی ئاکەپە، توندتر گەمارۆی ئابوورییان لەسەر ئەو بەشەی کوردستان، داناوە. دەبێ دژی ئەو ئیجماعەی مافیاکانی کوردایەتیی بکرێت کە خەونیان بە کەوتنی “کۆبانێ”وە دەبینی. هەروەها، دژی ئەوە بکرێت کە رابەرانی دەوڵەتی کوردیی، چۆن شەنگالیان تەسلیم بە داعش کرد و هاوکاریی ئەجێنداکانی تورکیایان کرد. لەسەروو هەموویشیانەوە، پێویستە تا رادەی راپێچکردن، بۆ بەردەم داداگا نێودەوڵەتییەکان، لۆبییان لە هەمبەر بکرێت. بەتایبەتیی، سەبارەت بەو هەموو چەتەگەریی و تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و برسییکردنی بە ئەنقەستی خەڵک، ئەنجامیان داوە.

شاراوە نییە، ئەمڕۆ هێزی سیاسیی باڵادەستی کوردایەتیی، ئەندازیاری کوردایەتیی، بیزنسی (سەربەخۆیی ئابووریی و دەوڵەتی کوردیی) تەنیا و تەنیا، پارتییە و ئەم جۆرە کەمپەینکردنە بەناوی لۆبییەوە ، راستەوخۆ و مفت دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە. ئێمە، بە واقیعیی و بە کردەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بینیمان، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە دواتر، بۆ بوون بە کاندیدی گۆڕان بۆ پارلەمانتاریی و ئەندامی جڤات( بەتایبەت ئەوانەی تاراوگە) تەکانیان دەدا، بەهۆی ئەو مەغزە نەژادیی و ئەو دیدە نەتەوەپەرستییەی هەیانبوو، لۆبییان بۆ پارتیی دەکرد کە نەوتی کوردستان، بفرۆشێ و لەو رێگەیەشەوە، کوردستان، سەربەخۆیی ئابووریی بەدەستبهێنێت.

هەر ئێستاش، لە چەندین وڵات، لەوانەی کوردی پەڕیوە و تاراوگەنشینی لێیە، لە ئەوروپا، ئەمێریکا، کانەدا و ئوسترالیا…تاد، کۆمەڵە و گرووپی بچووک بچووک، بەناوی گەنجانی کورد و لۆبیی کوردییەوە، دروست دەکرێن، بەشی هەرە زۆریان، بە زەبری ئەو پارەیەی پارتیی لە نەوتی کوردستان، دەیدزێ، هەڵسوڕاوەکانی ئەم گرووپانە، دەڵەمە دەکەن و تەجنیدیان دەکەن. دەکرێ بگوترێ ئەم لێکدانەوە نەژادییە و ئەم لۆبییە نەتەوەپەرستانەیەی لەناو گۆڕاندا هەیە، بە راستەوخۆ و بە ناڕاستەوخۆ، بە ئاگایی خۆیان بێت یان بەهۆی جەهلی ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە بێت، هەموویان خزمەت بە سیاسەتەکانی پارتیی و پرۆژەکانی پارتیی دەکەن. ئەم پرۆژەیەی کە ژووری توێژینەوە گۆڕانیش، کرێدتی داوەتێ، سەرەنجام ئاو بە ئاشی کوردایەتییەکەی پارتییدا دەکات هاوکاریی سیاسەت و تاوانەکانی پارتیی، دەکات.

خۆڵکردنە چاوی خەڵک و شاردنەوەی تاوانی رائیدەکانی کوردایەتیی، لەژێر ناوی ئەوەی گەلی کورد، چەوساوەیەو دەبێ لۆبی بۆ بکرێت، ستراتیژیەتێکی فاشیلە و نابێ بێ وەڵامی دانشکێن تێپەڕێت. گۆڕان، بەمجۆرە کارانەی، رۆڵی دەڵاڵ و سەرچۆپییکێشی بزوتنەوەی فاشیلی کوردایەتیی دەگێڕێت. بزوتنەوەیەک کە لە سایەی ( هەلە زێڕینەکانی خەیاڵدانی کوردایەتییدا !!)، لە هەموو رژێمە دیکتاتۆرییەکانی عێراق، زیاتر تاڵاوی بە قوڕگی نەژادی” کورد “دا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نووسەرانی ئەم موناجاتە نەژادییە بۆ لۆبییکردن و موناجاتی ژووری شاعیرانی گۆڕان( ژووری توێژینەوەی سیاسیی) لە هەموو تاوانەکانی کوردایەتیی بێدەنگ دەبن و بەڕێزەوە داوای گێڕانی رۆڵی رێبەرییکردنی خەونی شاعیرانەی تاجیرەکانی کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردیی، لە رای گشتیی، دەکەن.

سەرەنجامیش، بەناوی ئیجماعی کوردیی و نەتەوەییەوە، بەناوی یەکدەنگیی حیزبە کوردییەکانەوە، لە دژی نەتەوە و نەژادەکانی تر، لۆبیی نەژادیی پێکدەهێنن و جاڕی شەڕی کورد لەگەڵ عەرەب ، تورک و فارس دەدەن. ژووری راسیست و نەژادپەرستەکانی توێژینەوەی سیاسییش، موبارەکەی ئەم شەڕ و نەعرەتە، نەژادییانە دەکات. رەوەندی کوردیی لە هەندەران، پێکهاتەکەی زیاتر کرێکار و بیزنسی زۆر بچووکە، لای لۆبییسازەکانی کوردایەتیی ئەوەندەش حورمەتیان نییە تەنانەت کە دەشکرێن بە سوتەمەنیی رانتخۆرو نەوتفرۆشەکانی کوردایەتیی ، لە پێکهێنانی ئەو لۆبییە نەژادییەدا، رۆڵێکیان پێنادرێت، بەڵکو ئەوە ئەوسەرمایەدارانەی کوردن کە دۆست، هاوکڵاس و وێڵاشی حیزبە کوردییەکانن، ئەوانەی نوێنەرایەتیی بۆ بیزنسی میلیاردێرانی کوردایەتیی دەکەن، لەگەڵ هەندێ ئەکادیمیستی نەژادپەرستدا، لە پێشەوەی پرۆسێسی لۆبییسازی نەژادیی بۆکورد، دادەنرێن.

ئەمانەش بۆ ئەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی لەم پرۆژە عیملاقەی کوردایەتییدا، فریای گەلی کورد بکەون! بۆ ئەوەی، بە پسپۆریی و لێهاتوویی خۆیان و مەغزی پڕ مەعریفەیان، ئەم لۆبییسازییە، بەسەرکەوتن بگەیەنن. هاوزەمان، بۆچی لەم کاتەدا؟ تەوقیتی ئەم ” پرۆژەیە “، لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبێتەوە و دیسکۆرسی کوردایەتیی، پێویستی بە گەرمکردنەوەیە و ئەو هەموو چاوە بڕدراوەتە سەر پارتیی، یەکێتیی و حکومەتە هاوبەشە فاشیلەکەیان. لێرەوەیە کە ئەم جۆرە نەڕەنەڕە نەتەوەییە، دیارییەکی مفتە بۆ پارتیی، بەتایبەتیی کە تانوپۆکەی، زمانەکەی و داڕشتنەکەی، رێک لە ئەدەبی سیاسیی رۆژنامەی ” خەبات ” و “هەولێر” دەچێت، بەدەرلەوەی نیازی نووسەرەکانی و ژووری توێژینەوەی سیاسیی، هەرچییەک بووبێت.
ئەمڕۆ لای کەم لەدوای ئەزموونی فاشیلی کوردستانی عێراقەوە، هیچ ئاییندەیەک، بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، چانسی سەرکەوتنی نییە بەبێ کوتان و لێدانی بێئەمانی هەموو نوسخەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیی، هەروەها،بەبێ رێکخستنەوەی ناو ماڵی خەڵکی کوردستان و خستنەوەسەرپێی خەباتیان لە چوارچێوەی دیسکۆرس و بەرنامەیەکی ئەنتی ناسیونالیستییدا کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر دیموکراتیی، لای کەمی دادپەوەریی، پێکەوەژیان و لەگۆڕنانی رابوردووی پڕ لە ستەمی نەتەوەیی بنیاتنرابێت.

هەرکەسێکیش، لەناو رەوەندی کوردیی و حیزبی کوردییدا، غەمخۆری خەبات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان بێت، دەبێ سەرەتا لە رەتکردنەوەی هەژموونی نەتەوەپەرستەکانی ناوخۆیانەوە دەستپێبکەن تا باوەڕ بەوەیان بکرێت کە لە دژی نەتەوەپەرستیین( نەتەوەی سەردەستن) و لایەنگری ئازادیی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسی گەلی کوردن. لۆبیی کوردستانیش گەر زەمینەی بۆ پەیدا بوو، دەبێ دەستپێکەکەی بەم پێودانگانە بێت، نەک بە لێدانی کەڕەنای شەڕی نێوان نەتەوە و نەژادە جیاوازەکان، نەک بە راگرتنی گەلی کورد، لەبەرامبەر گەلانی دەوروبەردا و و دووبارەکردنەوەی قەصابخانەکانی صەد ساڵی ڕابووردووی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد لە هەمبەر ناسیونالیزمی تورک، عەرەب و پانئێرانیزمدا.

درۆکردنەکانی کوردایەتیی، بەدەم لۆبییەکانی جوولەکەوە
ئەم لۆبیینامەیە، باسی ئەوە دەکات کە” جووله‌که‌و ئه‌رمه‌نییه‌کان چه‌نده له‌ناو خۆیاندا ناکۆکبوون، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی لۆبی ‌و نه‌ته‌وایه‌تیی، یه‌کڕیز و یه‌کده‌نگ بوون”. ئەم درۆ و بوختانە گەورەیە، بەس بە عەقڵی رانتخۆر و جاهیلەکانی کوردایەتییدا دەچێت. لە راستییدا، ئەوەندەی جوولەکەکان، لۆبیی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و دژی هەژموونی پاوانخوازانەی زایۆنیزم دەکەن، دژی ستەم و چەوساندنەوە، دەیکەن، هیچ نەژاد، نەتەوە، دین و کولتوورێکی تر، ئەوەندەی جوولەکەکان، بەمکارە هەڵناسن. باشترین ( زاناکانی جیهان، ئەکادیمیستە پڕ تێکستەکانی دونیا، نووسەرە ناودارەکان، کەسایەتییە مرۆیی و دادپەروەرەکان) لە سەرانسەری دونیا بە گشتیی و لە ئیسرائیل و ئەمێریکا بە تایبەتیی، ئاکار، کارکرد، ریکۆرد و پرۆفایلی ژیانیان، پێچەوانەی ئەم بوختانەی مۆبەکانی کوردایەتییە.

صەدانی وەکو( ئاینشتاین، فرۆید، ئەسیمۆڤ Asimov، ئارێنت، ئێدڵمان Edelman، پیتەر سینجەر Singer، ئەندرو بەنیامین، ئێریک فرۆم، جەبریل کۆلکۆ Kolko، مەریەم مارگۆڵیس Margolyes ، لوینستاین Loewenstein، سیدنی لێڤی Levy، چۆمسکی، دەیڤید ئارۆن هەریس David Aaron Harris …تاد) دوژمنایەتییەکی سەرسەختانەی زایۆنیزم و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون و هەن. بە پێچەوانەوە، بەشێکی زۆریان، لۆبییان، دژی زایۆنیزم و سامییگەریی( سێمتیزم Semitism ) و کردووە و بە ئەنتی زایۆنیزم و لایەنگری مافە سیاسییەکانی خەڵکی فەڵەسطین، ناسراون.

ئەو ئەنتی زایۆنیزمەی لەناو سکۆلارە جوولەکە و کەسایەتییە ئیسرائیلییەکاندا هەیە، ئەوانەی، هاودەنگییان لەگەڵ فەڵەسطینییەکاندا هەیە، بۆ تۆلێرانس و عەقڵی کراوەی ئەوان دەگەڕێتەوە کە دژایەتیی زایۆنیزم و ناسیۆنالیزمی نەژادیی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. ئەم فەتوا کوردایەتییەی ژووری توێژینەوەی گۆڕان، تەنیا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، با هەموو شتێک لە پێناوی کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردییدا بەلاوە بنێین و لۆبی بۆ قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی، بۆ کەمپەینە تیجاڕیی و نەژادییەکانی بکەین و وەکو جوولەکە ئەرثەدۆکسەکانیش، هەموومان بڵێین لە پێناو ئامانجی عولیای ویلایەتە کوردییە پرۆکسییە ئەردۆغانییەکەدا، با کێشە سیاسیی و قانونییەکان، با برسییکردنی خەڵکی کوردستان و دزیینی دەیان میلیارد دۆلاری خەڵک، لێبگەڕێین و لە پێناوی ئەو دەوڵەتە قوبرصییە ئەردۆغانییەی بارزانییدا، خەریکی لۆبییکردن بین.

لە کۆتاییدا، دەبێ بگوترێ، بۆ هەر حیزبێکی سیاسیی کە خاوەنی فیکری سیاسیی بێت، تا تەجاوزی کوردایەتیی نەکات، لە واقیعی سیاسیی و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانیش تێناگات. هەرچەند ئەنتی پارتیی و ئەنتی بارزانییش بێت، هەر سەربازی ونی رێگەی کوردایەتییە رەسەنەکەی پارتیی، بارزانیی و بیزنسی دەوڵەتسازییەکەیانە. بەمجۆرەش، دەکرێ بگوترێ” گوڵ لێرەیە، وەرە لێرە سەما بکە”.

————————————-
لینکی فەتوانامەکەی ژووری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان

http://www.gorran.net/Detail.aspx?id=11650&LinkID=108

شوباتی ٢٠١٧




گێڕانەوە لەنێوان هەقایەت و ڕۆماندا … حەمە مەنتك

گێڕانەوەناسی (Narratology) وەکووو زانستێك لەگەڵ فۆرمالیستەڕووسەکان هاتە ناو بواری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی، بەتایبەتی لەگەڵ توێژینەوە بەناوبانگەکەی ڕەخنەگر “ڤلادیمێر پڕۆپ” بەناوی (مۆرفۆلۆجیای هەقایەت)، لەوێدا ئەرك و کردەوەی کارەکتەری بۆ سیویەك ئەرك دیاری کرد. بەڵام وەکوو زاراوە یەکەم کەس ڕەخنەگر “تۆدۆرۆف” لە کتێبی (ڕێساکانی دیکامیرۆن)دا ئەم زاراوەیەی بە کار هێنا. لە تیۆری ئەدەبییدا گێڕانەوەناسی بە واتای پێكهاتەی گێڕانەوە دێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئەم زانستە وەكوو پێكهاتەخوازەكان لەو زمانە ئەدەبییەی سەرشارە بە ڕەمز و هێما، كە لە ناوەوەی دەقدا هەن، دەكۆڵێتەوە. لێرەدا لێكۆڵینەوەكانی گێڕانەوەناسی لەسەر بنەمای سیمیۆلۆژیانە دەبێت. واتە هەوڵێكە بۆ دۆزینەوەی پێكهاتە، یان ڕێسای زمانی گێڕانەوە و دەرهێنانی واتا. ڕەخنەگرێكی وەكو “مەككاریك” دەڵێت: ((گێڕانەوەناسی كۆمەڵێ ڕێسایە لەبارەی ژانرەكانی گێڕانەوە، پێكهاتە و سێستەمی ڕێساكانە بەرانبەر گێڕانەوە/چیرۆك و پێكهاتەی پلۆت.))١ لەم بۆچوونەیشدا پێداگرییە لەسەر هەمان ناوەڕۆك و شێوازی گێڕانەوەی دەق دەکرێ. نابێ ئەوەیشمان بیر بچێ گێڕانەوەناسی ڕیشەی بۆ بۆچوونەكانی هەریەك لە “ئەفلاتوون” و “ئەرەستۆ” دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەرباسی بدەین، جیاوازی گێڕانەوەناسییە وەكوو زانستێكی نوێ، کە لەگەڵ پەیدابوونی بۆچوونی بونیادگەرەكان لە ڕەخنەی ئەدەبییدا دەردەكەوێ، لەگەڵ گێڕانەوە وەكوو شێوازە كۆنەكەی لە ئەفسانە و هەقایەتی فۆلكلۆرییدا هەیە. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕۆمانی (کوڕەزاکەی زیتۆ)ی “محەمەد فەریق حەسەن” وەکوو کەرەسەی پراکتیکی وەردەگرین، کە ئایا تا چەند ڕۆماننووس ئەم دەقەی وەکوو ڕۆمان گێڕاوەتەوە؟ ئایا ئەم دەقە گێڕانەوەکەی تا چەند لەگەڵ ڕۆمان وەکوو ژانرێکی نوێی گێڕانەوە دێتەوە؟ وەرامی ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە هەوڵدەدەین بدۆزینەوە.

ئاشکرایە گێڕانەوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لەوەتەی مرۆڤ هەیە، گێڕانەوەیش هەیە. بەڵام پرۆسێسەی گێڕانەوە بەپێی سەردەمەکان و ڕووداوەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. تاکوو بەم سەردەمەی ئێستا لە قالبی ژانری ڕۆماندا خۆی بینیوەتەوە. مرۆڤ بۆ شتەکان، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە؟ بە بڕوای من بەهۆی دوو هۆکار ئەم کارە دەکات. یەکیان هەمیشە مرۆڤ شتێکی بۆ گوتن پێیە، دەیەوێ بیگەیەنێ. لێرەشدا لە کاتی گەیاندندا بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆی تێکەڵ دەکات. ئەویدیکەیان هەمیشە دەیەوێ شتێك کەشف بکات، چونکە نووسین جۆرێکە لە کەشفکردن.

گێڕانەوە لە سەرەتادا لە قالبی ئەفسانە و دواتە هەقایەت و سەرهاتی فۆلکلۆری خۆی پرۆسێسە دەکرد. گێڕانەوە بە گشتی بە هۆكارێكی گرینگ بۆ مرۆڤ دادەنرێ، ئەویش بۆ ئەوەی بیركردنەوە و یادەوەرییەكانی خۆی تێدا بپارێزێ. لە كۆنیشەوە ئەمە بەردەوامی هەیە. مرۆڤ كاتێك لە ڕاو و شكار گەڕاوەتەوە، چیرۆك و بەسەرهاتەكانی خۆی بۆ منداڵەكانی گێڕاوەتەوە. خۆ بیرمانە تا ئەم دواییانەیش داپیرە و باپیرەكانمان لە شەوانی زستاندا چیرۆكیان بۆ دەگێڕاینەوە. گێڕانەوەی ئەم چیرۆكانە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیركردنەوە و خەیاڵی منداڵدا هەبووە. بۆ نموونە لە هەقایەتی فۆلکلۆرییدا زۆرجار بە ڕستەی (هەبوو…نەبوو) دەکەوین، ئەمە یەکێکە لەو ڕستە جادوویانەی مرۆڤ ناچار بە گوێگرتن دەکات. واتە وەگێڕ پێمان دەلێت: دانیشە و گوێبگرە تا چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆمان بۆ نموونە (دۆن کیشۆت)ی “سێرڤانتس” شێوازێکی دیکە لە گێڕانەوە پەیدابوو، کە ڕۆمانە. ئەم ژانرە تازەیە لە گێڕانەوە لەگەڵ ڕۆمانەکانی “ئالان ڕۆب گرێ، ناتالی سارووت، سیمۆن دۆبوڤوار” شێوازی دیکەی وەرگرت، کە بە ڕۆمانی نوێ ناسراوە. کەواتە هەر دەقێك، مادام لەسەر بەرگەکەی نووسرا (ڕۆمان) دەبێ وەکوو دەقی ڕۆمان شتەکانمان بۆ بگێڕێتەوە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە ڕۆمانی نوێ کۆمەڵێ یاسا و قالبی هەبێت، نەخێر بەڵام کۆمەڵێ پیوەر و بنەمای هەیە، کە جیای دەکاتەوە لە گێڕانەوەی هەقایەت و ئەفسانە. دەقی (کوڕەزاکەی زیتۆ) لەسەر بەرگەکەی نووسراوە ڕۆمان، بەڵام لە دەمی خوێندنەوەدا دەدەکەوێ گێڕانەوەیەکی سادەی هەقایەتئامێزە. ئەم دەقە باس لە کوڕێك بەناوی (ئالان) دەکا، دوای خاپوورکردنی گوندەکەیان و بردنی خەڵکی گوندەکەیان لەلایەن سووپای “ساندای خان/سەدام” و ئەنفالکردنیان، بە تەنیا لە چیای (کاردۆخ) دەمێنێتەوە و دەژی بۆ هێنانەدی خەونی باپیری، ئەویش بەرپاکردنی شۆڕشە لە دژی سووپای “ساندای خان”. لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا ڕێك دەقی (ڕۆبن هوود)م بیردەکەوتەوە، هەمان شێواز و پاڵەوان و جووڵە و تیروکەوان و ئەسپ. لەلایەکی دیکە ئەم دەقە ڕووداوەکانی هێندێ جار بە شێوەیەك بە ئەفسانە کراون، فەزای دەقەکەی وەکوو ڕۆمان کوشتوە و بەرەو دەقێکی هەقایەتئامیزی بردووە. ڕاستە ڕۆمان دەتوانی فەنتازیا و ئەفسانەی لەگەڵ تێکەڵ بکرێ، وەکوو ڕۆماننووسای ئەمریکای لاتین، کە بە ڕەوتی (ڕیالیزمی جادوویی) ناسراوە، ئەنجامیان داوە، بەڵام ئەمەیش پێوەری خۆی هەیە، دەبێ قەناعەت بە خوێنەر بکەیت.

دەسپێكی دەقەکە هێندە لاوازە خوێنەر نازانێ بۆچی ئەم دەسپێکە هەیە! تەنانەت بە بروای من پەرەگرافی یەکەم لە دەسپێکەکە زیادەیە و بە لابردنی هیچ لە دەقەکە ناگۆڕێ. ((لە تەنگی بانگی شێواندا، سابرینێکی سپیی سڵی لە تاڵان دەربازبوو، کە هێشتا گەلە گورگ سووسەیان نەکردووە. بە پارێزەوە، لە نەدیوی پشت گرد و کێوانەوە سەرهەڵدێنێ. لە بستووی پشت ئاوایییەوە، بۆ وێرانە دێ دەڕوانێت. سابرێنێکی سپیی سڵ، بە دوو قۆچی ڕەشی لوولەوە، چەند دەگەڕێت و چاو دەگێڕێت، ناچێتەوە سەر دەرگانەی خۆی. نە دەنگی نرۆڤێک دەبیستێ، نە بۆڕە و باعەی ئاژەڵێك، گوێی تەنیا لە شەققەی سمەکانی خۆیەتی، لە فەزایەکی چۆڵ و سامناکدا دەنگدەداتەوە. دەپرینگێتەوە، لە حەشمەتا، یەك بە خۆی لە باڕژن دەدات و وێڵی دۆڵ و کێوان دەبێت.))٢ دەسپێک وەکوو کلیلێکی دەق، بە یەکێك لە شیوازە زمانییەکان بۆ تێگەیشتنی دەق دادەنرێت. لەم دەقەدا ئەم دەسپێکە جوودا لەوەی هیچ درامییەکی تێدانییە، هیچ پرسیارێک، وەستانێكی تێدا نییەم تاکوو خوێنەر لەگەڵ خۆی ببات. من لە پەرەگرافی دووەمەوە چەندین جار دەستم بە خوێندنەوە کرد، هەستم نەکرد، ئەم پەرەگرافەی سەرەوە نووقسان بێت، بەڵکو زۆر ئاسایی بوو. دەسپێک لە ڕۆماندا هێندە بایەخی هەیە، سەرەتایەکە بۆ بردنی خوێنەر لەگەڵ خۆی. ((دەسپێکی هەر ڕۆمانێك بوارێکە بۆ گرێبەست لەگەڵ خوێنەر، دەسپێک سێ ئامانج لەخۆ دەگرێت: هەواڵدان، گرینگیدان و ئاماژە لەبارەی ناسنامەی دەق.))٣ کەواتە لە دەسپێکدا زەمینەسازی بۆ خوێنەر دەکرێت، لەوێدا هەوڵێک، ئاماژەیەك بۆ ناوەڕۆکی دەقەکە دەکرێت. بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر دەسپێکی چەند ڕۆمانێك دەنووسم بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی بۆ ڕوون بێتەوە. ((
ڕاپۆرتی نهێنی ١٢٥/٦٥
بۆ: بەڕێوەبەری پۆلیس)) [ڕۆمانی: پڵنگەکانی کافکای مواسیر سکلیر] لەم ڕۆمانەدا خوێنەر یەکسەر دەپرسێ: ئەم ڕاپۆرتە چییە؟ لەبارەی کێیە؟ ((شازادە ئحتجاب لە کورسییە نەرمەکەیدا پاڵی دابۆوە، ناوچەوانی گەرمی خستبووە سەر دوو ستوونی دەستی و دەکۆکی. جارێک کارەکەرەکەی و جارێک ژنەکەی هاتنە سەر.)) [ڕۆمانی شازادە ئحتجابی هۆشەنگ گوڵشیری] ((خوایە تۆ لەوێی؟ منم، مارگرێت. ئەمڕۆ ئێمە بار دەکەین. خوایە من زۆر دەترسم. من هەرگیز لە هیچ شوێنێکی تر نەژیاوم ئێرە نەبێ.)) [ڕۆمانی خوایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێتی جودی بلووم] ئەم دەسپێکانە جوودا لەوەی هێڵی درامی هونەری بەرزیان تێدایە، هاوکات هەوڵێك، ئاماژەیەك دەدەنە خوێنەر. خوێنەر ڕاستەوخۆ بە دەقەکە دەبەستنەوە، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خوێندنەوە بدات. بەڵام لە (کوڕەزاکەی زیتۆ)دا جوودا لەوەی دەسپێکێکە زیادە، هاوکات زەمینەسازی بۆ خوێنەر تێدا نییە. دەسپێکێکە خاسیەتێکی وتاربێژی تێدایە. وتاربێژییەکی زۆر لەم دەقەدا هەیە، بە ڕادەیەك کاریگەری لەسەر لایەنی هونەری دەقەکە کردووە.

ئەم وتاربێژییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی تەنیا بەردەوامی بە گێڕانەوە بدات. بە بڕوای من یەکێک لە خاسیەتە هەرە دیارەکانی هەقایەت گێڕانەوەیە، بەڵام ڕۆمان دەبێ شتەکان پیشان بدات، نەك بیانگێڕێتەوە. ئەمەیش وا دەکات دەق نەبێتە هۆکار و وەسیلە بۆ گواستنەوەی پەیام، هەرچەندە دەقی هەقایەت دەقێکە هۆکارە بۆ گواستنەوەی شتەکان. “ئالان ڕۆب گرێ” لەم بارەیەوە دەڵێت: ((چیرۆك و ڕۆمان وەسیلەی گواستنەوە نین، تەنانەت وەسیلەی گوتنیش نییە “واتە وەسیلەی بەر لە ڕاستی یان ئەو پرسیارانەی، کە دەیەوێ بیانڵێت”. ڕۆمان بە بڕوای ئێمە تەنیا توێژینەوەیە و بەس، بەڵام توێژینەوەیەك کە نازانین لەبارەی چییە و چۆنە.))٤ لێرەدا هەموو خەمی نووسەر دەبێتە ئەوەی چۆن ئەو پەیامەی بگەیەنێت. بۆ ئەمەیش پەنا بۆ شتگەلی وەها دەبات، کاریگەریان لەسەر لایەنی فۆرم و چۆنیەتی پیشاندانی شتەکان دەبێت. لەم دەقەدا وتاربێژییەکی لە سنوور بەدەر هەیە، ئەمەیش وایکردوە زۆرترین پەنا وەبەر هونەری وەسف ببات. کاتێك باسی چیا، یان بەفر، یان ئەسپەکەی دەکای هێندە وەسفەکان درێژن خوێنەر هەستدەکات تەنیا بۆ درێژکردنەوەی پرۆسێسەی گێڕانەوە ئەم وەسفە درێژانە کراون، چونکە زۆربەی وشەکان هاوواتان، ئەمەیش خوێنەر بێزار دەکات. ۆ نموونە کاتێک باسی وێرانبوونی گوندەکەیان دەکات. ((ئێستا، کە دوا ماڵی گوند ڕووخاون، کۆڵانەکانی شێواون، من هێشتا کۆتەڵی دێم لەپێش چاوە. ئا ئەوەیان کەلاوەی قوتابخانەکەیە، کە ئەوسا بە جۆش و خرۆشی ژیان جمەی دەهات. ئەوان یادیان بەخێر، ئەگەر لێیان زیندوو مابێت، مەگەر لە خەوندا شێوەی کۆنە هەوارەکەی خۆیان بکەن. مەگەر لە خەوندا وێنەی کەلەگی و پشت هەیوان، کادێن، پشتیر، باڵەخانە و ژێرخانی ماڵی خۆیان ببینن.))٥ دەبینین نووسەر ڕووخانی ماڵەکانمان نیشان نادات، شێوەی کەلاوەیی قوتابخانەمان نیشان نادات، بەڵکو هێندە وەسفێکی کردوە و تەواو، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تەنیا مەبەستی گێڕانەوە بووە، نەك پیشاندان بە ڕۆمان.

نیشانمان نادات جۆش و خرۆشی ژیان ئەوسا چۆن بووە! خوێنەر ئەوکاتە بەشدار دەبێت و وێنەی ڕووخانی ماڵەکانی دێتە بەرچاو، کە شتەکانی پیشان بدرێت. ئەگەر تەنیا پەنا وەبەر گێڕانەوە ببەین، ئەوا دەقەکە بێ پێکهاتە و بناغە دەبێت. مەبەستمان لەم قسەیە ئەوەیە دەتوانی چەندین شوێن لەم دەقەکە لاببەیت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر پێکهاتە و پەیکەرسازی دەقەکە دروست بکات. لە زۆر جێدا پێوەندییەکی تەواو لەنێوان پەرەگرافەکانیشدا نامێنی. ئەم بێ پەیکەرییە وا دەکات، نووسەر گرینگی بە هێندێ وشە و ڕستە بدات، لێرەدا خوێنەر زەینی تەنێ لەسەر ئەو وشە و ڕستانە دەبێت، وشە و ڕستەکانی دیکە وەلا دەنێت. بۆ نموونە لەم دەقەدا وشەی چیا، بەفر، ئەسپ، ئاگر، دارستان، ناوی کوردی وەکوو: ئالان، لهۆن، هێلان زۆر گرینگیان پێدراوە و وەسفی زۆریان کراوە. ئەم وشانە لەناو دەقەکەدا زۆر زەق کراونەتەوە، خوێنەر زەینی تەنێ بەو وشانە پێوەست کراوە. بەڵام لە ڕۆمانی نوێدا هەموو شتەکان، کارەکتەرەکان، کردەوەکانیان خوێنەر هەست دەکات بە کۆی ئەوانە کاریگەریان لەسەر خوێنەر هەبووە. “گولشیری” لەم بارەیەوە دەڵێت: ((کاتێک ڕۆمانێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم، تەنێ ڕستەیەك، یان ڕووداوێك نییە کە بۆ خۆیم دەبات، بەڵکو هەموو ڕۆمانەکەیە سەرنجم دەبات.))٦ هەموو ئامانجی نووسەر ئەوەیە پەیامێک بگەیەنێ، کە گوندەکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وێران کراون و خەڵکەکەی لە بیابان ئەنفال کراون. وەسفکردنی تاکی کوردە وەکوو پاڵەوان، وەسفکردنی ناوچەکانی کوردستانە وەکوو بەهەشت، وەکوو ئەوەی میللەتی کورد بەشێوەیەکی زۆر تایبەت دروستکرابن. دەمەوێ بڵێم هەستێکی ناسیونالیستی هێندە بەهێز باڵی بەسەر هەست و بیرکردنەوەی نووسەردا کێشاوە، نووسەر بێ ئاگا دەبێ لەوەی ئەم هەستە کاریگەری لەسەر فۆرم و شێوازی نووسینی دەقەکە دەبێت. هەمان ئەو شێوازەی ڕۆماننووسان و نووسەرانی سەردەمی ڕزگاریخوازی کورد، ئەوانیش ئایدیۆلۆژیا و هەستی کەسییان بەسەر دەقدا زاڵ دەبوو، بۆیەیش دەقەکانیان لە ڕووی هونەرییەوە لاواز دەبوو. لێرەدا، مەبەستمان ئەوە نییە، کە ڕۆمان دەبێ خاڵی بێت لە ئایدیۆلۆژیا و هەستی ناسیونالیستی، نەخێر دەمەوێ بڵێم نابێ دەق بخرێتە خزمەتی ئایدیۆلۆژیا و ئەو جۆرە هەستانە، چونکە کاریگەری لەسەر لایەنی هونەری دەقەکە دەبێت.

ئەم دەقە بەشێوەیەک فانتازیا و ئەفسانەی تێدا مەزرێندراوە، دەقەکە پتر لە هەقایەت، نەك ڕۆمان دەچێت. لە ناوەڕاستی سەتەی بیستدا، کۆمەڵێ لە نووسەرانی ئەمریکای لاتین لە نموونەی: گابریێل گارسیا مارکیز، خوان ڕۆڵفۆ، سامۆدیۆ، کۆرتاسار، کارلۆس فۆینتس و خۆرخی بۆرخیس…تاد، سوودیان لە ئەفسانە و هەقایەت و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری میللەتەکانیان بۆ نووسینی ڕۆمان وەرگرت. بەمەیش ڕەوتێك بە ناوی ڕیالیزمی جادوویییان هێنا ناوەوە. ئەمەیش واتای ئەوە نییە هەمان شێوازی ئەفسانەیان بۆ ڕووداوەکان بە کار هێنابێت، بەڵکو ئەوان واقیعیان بەشێوەیەکی جوان و سیحراوی گێڕاوەتەوە.
لە ژیانی ڕۆژانەشدا زۆر جار بەر ڕووداو و شتی وەها دەکەوین هێندە سەیرە هەر لە سیحر دەچێت. واتە ((ڕیالیزمی سیحری ئەو شتە نییە، کە لە ڕێگەی سیحرەوە بگۆڕدرێت، بەڵکو ئەو شتەی کە هەیە و جێی سەرسوڕمانە.))٧ بەڵام لەم دەقەدا (کوڕەزاکەی زیتۆ)، هێندێ جار ڕووداوەکان وەها بە ئەفسانە کراون، هەموو پێوەندییەکی لەگەڵ واقیع پچڕێندراوە. کەچی لە ڕۆمانی نوێدا هەرچەندە ڕووداوەکان جار جار بە ئەفسانە دەکرێن، بەڵام ڕۆماننووس نابێ بهێڵێ سەرەداوی ئەو ڕووداوە لەگەڵ واقیع بپچڕێت. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی “خوان ڕۆڵفۆ” مردوو قسە دەکات، بەلام بە شیوەیەك مەزرێندراوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە، خوێنەر نازانێ ئەو کەسە مردووە، بەڵام لەم دەقەدا هەر لەسەرەتای ڕووداوەکەوە دەردەکەوێ ئەو ڕووداوە بە تەواوی بە ئەفسانە کراوە، چونکە هیچ زەمینەسازییەکی بۆ نەکراوە. بۆ نموونە کاتێك (لالەوەیسی) یەکسەر دەڵێ من کەمێکی تر دەمرم. ((ئەها، تۆ هەروا سەرنج بدە. خۆ ئەو داڵاشە شوومانە دەبینی؟ ئەوانە بۆنی مەرگی منیان کردووە! بە تەمان ئەمڕۆ بە لاشەکەم شادبن و چاوانم هەڵکۆڵن! ئەم زنجیرە چیایەی تۆ دەبینی، وەك چۆن نیشتمانی هەڵۆیە، داڵاشیشی زۆرە. خۆم دەزانم من ئیتر دواییمە. بۆیە بەم سەرمایە لە چەم خۆم پاك پاك شۆری.))٨ خوێنەر مافی خۆیەتی بپرسێ: چۆن ئەم کارەکتەرە زانی ئەو ڕۆژە دەمرێت؟ ئایا تەنیا بینینی داڵاش وەکوو هێمایەك بۆ ئەم مەبەستە بەسە؟ ئێمە دەزانین لە واقیعدا کەس ڕۆژی مردنی نازانێ، ئەوەیشمان لەبیرە ئەمە ڕۆمانە، نەك ژیانی واقیع، بەڵام نووسەر بۆ ئەوەی وا لە خوێنەر بکا بە ئاسایی ئەمە وەرگرێت و سەرنجی ببات، دەبێ ڕایەڵەیەك لەنێوان واقیعبوونی ئەو ڕووداوە لەگەڵ ڕازاندنەوەی بە شێوەی جادوویی دروست بکات، چونکە پەنابردنە بەر فانتازیا واتای فڕێدان و دوورکەوتنەوە لە واقیع نییە، بەڵکو ڕووداوەکە، یان ئەو واقیعیە ڕۆماننووس لەناو ڕۆماندا دروستی دەکات، بەشێوەیەکی سیحراوی نیشانی دەدات. ڕووداوی ڕزگاربوونی (ئالان) کارەکتەری دەقەکە لە قەڵا.
ڕووداوێکی تەواو پاڵەوانبازانەیە، بەشێوەیەك ئەم ڕزگاربوونانە تەنێ لە ئەفسانە هەقایەتەکاندا هەیە. تەنیا بە کەسێکی وەکوو: هێرقل، سوپەرمان دەکرێت. سەرەتا با بزانین چۆن وەسفی قەڵا کراوە. ((گۆڕەپانێکی شوورە بۆ کراو، قەڵایەك لە ناوەڕاستیدا بەرز هەڵچووە. لەوێوە قەڵاداران ئەو دەورووبەرەیان خستۆتە بن چاودێری خۆیان. دەروازەیەکی دوودەری. کە بواری هەیە دوو سوار بە شانی یەکەوە پێیدا ڕەتبن.)) پاشان با بزانین (ئالان) بە چ شێوەیەک لەم قەڵا سەختە ڕزگاری دەبێت. ((ئالان بە سواری ئەسپەوە، گورزە لە پاشکۆیەوە، گەیشتنە بەر دەروازەی قەڵا.

لەوێوە ئەسپ بازێکی بەرز و بەرینی بەسەر دەروازەی قەڵادا داو ئەودیوبوو، لە دەرێی قەڵا چوارپەلی نیشتنەوە سەر زەوی.))٩ ئەوە پێشتر سەگەکەی (ئالان) چەند کارێکی پاڵەوانبازی کردووە، وەکوو خۆی هەڵداوەتە سەر سەربازێك و تیروکەوانەکەی خاوەنەکەی لێ سەندۆتەوە و بە دەم خەنجەری پاڵەوانی لەسەر مێزی بەردەم سەرلەشکر هەڵگرتووە.
ڕۆماننووس بۆ ئەوەی قەناعەت بە خوێنەر بکات، دەبێ ڕووداوەکە سیحراوی نەك ئەفسانەیی نیشان بدات. ڕۆماننووس بۆ دروستکردنی ڕۆمانەکەی سەرچاوەی یەکەمی واقیعە، ژیانی کۆمەڵەکەیەتی، بەڵام دەکرێ لەناو ڕۆمانەکەدا بەهۆی تێکەڵکردنی خەیاڵەوە ئاڵۆزییەك بئافرێنێت، سیحرێک بە رووداوەکان ببەخشێت. سنووری نێوان خەیاڵ و واقیع وەها تێکەڵ ببن، نەتوانی بە ئاسانی لە یەکیان جوودا بکەیتەوە. بەڵام لەم دەقەدا بە ئاسانی دەزانین ئەم کردەوەیەی (ئالان) بۆ دەرچوون لە قەڵاکە دەیکات، تەواو ئەفسانەیی و پاڵەوانبازانەیە. کەواتە ئێمە تەنێ سنووری فەنتازیامان لێ دیارە. نووسەر نەیتوانیوە بەشێوەیەك ئەم فانتازیایە پیشان بدات، کە کاریگەری لەسەر زەینی خوێنەر هەبێت. دەبینین ئەم شێوازە ئەفسانەییە تەواو تێکەڵی ڕەهەندی دەقەکە نەبووە، ئەمەیش وایکردوە دەقەکە پتر لە هەقایەت نەك ڕۆمان بچێت.

زەقکردنەوەی ڕووداوەکان بەو شێوە ئەفسانەیییە، وایکردوە کارەکتەری ڕۆمان وەکوو پاڵەوانێك، نەك کارەکتەر دەرکەوێت. بە بڕوای من ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەستی ناسیونالیستی و کاریگەری هەقایەتی فۆلکلۆری کوردی هێندە بەسەر زەین و بیرکردنەوەی نووسەردا زاڵبووە، لە هێندێک شوێن نووسەر ئەوەی بیرچۆتەوە ڕۆمان دەنووسێ. جوایەزی نێوان کارەکتەر و پاڵەوان ئاشکرایە. پاڵەوان شتگەل و کردەوەیەك ئەنجام دەدات لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە. لە ئەفسانەکانی سۆمەری و بابلی و یۆنانییەکان پاڵەوانەکان بەرهەمی جووتبوونی نێوان خواوەند و مرۆڤە. واتە نیوەیان خواوەندە، بەمەیش توانایەکی بەدەریان هەیە.
لە هەقایەتیشدا هەمان شێوە، بەڵام پاڵەوانەکان ڕەگەزی مرۆڤن و کردەوەی لە توانابەدەر ئەنجام دەدەن. بەڵام لە ڕۆماندا کارەکتەرمان هەیە، کارەکتەرێک لە گۆشت و خوێن. کردەوەکانی بەپێی باری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیریی ئەنجام دەدات. واتە کردەوەیەك ناکا لە سەروو توانای مرۆڤەوە بێت. هیچ یەك لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (سەت ساڵ تەنیایی)ی “مارکیز” ئاوا پاڵەوانبازی ناکەن، بەڵکو لە دەمی خوێندنەوەدا خوێنەر هەست دەکات، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤگەلێكی واقیعی دەکات. لە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی “ڕۆڵفۆ” زۆربەی کارەکتەرەکانی مردوون و قسە دەکەن، بەڵام وەها هونەریانە کاریان لەبارەوە کراوە، یەکسەر نازانێ ئەوانە مردوون. ئەمەیە پیشاندان، نەك گێڕانەوە. ڕووداوەکانی ناو دەقی (کوڕەزاکەی زیتۆ) گێڕانەوە، یان هەقایەتە لەبارەی کوڕیژگەیەکی کورد. ئەم دەقە ئاوڕی لە زۆر لایەنی کلتووریی و نەتەوەیی مێژوویی داوەتەوە، بەڵام ڕۆنەچۆتە ناو ئەو بوارانە، بەڵکو هەوڵیداوە وانەمان فێر بکات، لێرەوەیە ئەم دەقە دەچێتە قالبی گێڕانەوەی هەقایەت، نەك ڕۆمان. نایەڵێ لەگەڵ کارەکتەرەکان بژین. مەزراندنی ئەفسانە، مێژوو، کولتوور لەناو ڕۆماندا کارێکی ئێستاتیکیانەیە، بەڵام نابێ ببێ بە کتێبێکی فێرکاری. بەهۆی ئەم پاڵەوانبازییەوە خوێنەر زۆر جار وێنەکانی بۆ لێک نادرێت. ئاخر چۆن دەبێ پاسەوانانی قەڵا تفەنگیان بە دەستەوە بێت، کەچی پاڵەوانی دەقەکە بە ئەسپێکەوە و تیروکەوانێکەوە بتوانێ لەسەر شوورای قەڵا بازبدات و دەرچێت. هیچ ڕایەڵێکی لۆژیکی و قەناعەتپێکەر بە خوێنەر نادات. دەمەوێ بڵێم ئەم ڕووداوەی بە ئەفسانە کردووە، نەك بە شێوەیەکی سیحری نیشانمان بدات.

لێرەوە دەگەمە ئەو باوەڕەی ئەم دەقە، پتر دەقێکی گێڕانەوەیی هەقایەتئامێزە، نەك ڕۆمان، چونکە وێنەکانمان نیشان نادات، بەڵکو دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سرنجی من بوو، کوردییەکی ڕەوان، زمانێکی بێ گرێوگۆڵ لەناو دەقەکەدا هەبوو، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکان بوو، کە دەتەوی بەردەوامی بە خوێندنەوەی دەقەکە بدەیت. چەندین وشەی کوردی تێدا بە کاربردووە، بەتایبەت ئەو وشانەی تایبەتن بە ژیانی گوند و چیا و دەشتوکێو، ئەمە هەوڵێکی باشە بۆ پاراستنی ئەو وشانە لە مردن.

———————————————-

پەراوێز و سەرچاوەکان:

١. ایرنا ریما مکاریك، دانشنامە نظریەهای ادبی معاصر، ترجمە:مهران مهاجر و محمد نبوی، نشر آگە،تهران، ١٣٨٤،ص١٤٩.
٢. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ڕۆمان، چاپخانەی مەحوی، سلێمانی، ٢٠١٦،ل٥.
٣. فانسون جوف، شعریە الروایە، ترجمە: لحسن احمامە، دار التکوین للتالیف والترجمە والنشر، دمشق،٢٠١٢، ص١٩.
٤. آلن روب گرییە، من می نویسم تا بدانم چرا می نویسم: (وظیفە ادبیات، مجموعە مقالات، ترجمە: ابوالحسن النجفی، انتشارات نیلوفر، چاپ سوم،١٣٨٩، تهران،ص٩٤).
٥. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل٦.
٦. هوشنگ گلشیری، باغ در باغ، جلد اول، انتشارات نیلوفر، چاپ سوم،تهران، ١٣٨٨، ص٢٦٩.
٧. حسێن سابیر عەلی، ڕەنگدانەوەی ڕیالیزمی سیحری لە ڕۆمانەکانی کاکەمەم بۆتانی دا، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠١٢، ل٥٩.
٨. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل١١١.
٩. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل١٩٦.




ئەنارکیست و ئاژاوەچی …. هەژێن

– سڵاو قوربان

+ سڵاو سەرچاوان، دۆستی ئازیز. بمبوورە ناتناسم، مافی ئەوەم هەیە بزانم بەڕێزت کێی؟

– من کەسێکی ئەنارکیستم و مەسئولی کۆمەڵێک کەسم !

+ بەڕاستیتە یان شۆخیدەکەیت ؟

– نا، قوربان، مەگەر تاکو ئێستا لەنێوان من و تۆ گاڵتە هەبووە، تاکو گاڵتەبکەم ؟

+ نا، بەڵام ئاوا تێگەییشتم، کە شۆخیدەکەیت.

– بۆچی ئاوا دەزانیت کە من گاڵتەدەکەم؟

+ بڵێم چی، بەڵام هەر بەڕاست تۆ کەسێکی ئەنارکیستیت و بەرپرسی کۆمەڵێك کەسی دیکەی ئەنارکیستیت ؟

– بەڵێ، هەم من ئەنارکیستم و هەم ئەوانیش!

+ هەر بەڕاست تۆ لە ئەنارکیستبوونی هەر دوو لاتان دڵنیاییت ؟

– بەڵێ، بۆچی نا. هەستدەکەم تۆ گاڵتەدەکەیت، مەگەر شتی ئاوات نەبیستووە ؟

+ نەخێر، ناتوانم بە گوێیەکانی خۆم بڕوابکەم، کە من هەر ئێستا بیسەری ئەو وەڵامانەم.

– بۆچی، مەگەر تۆش ئەنارکسیتیت؟

+ نەخێر، چونکە من نە دەتوانم بەرپرسی کەسانی دیکە بم و نە دەتوانم بە بەرپرسبوونی کەسانی دیکە ملبدەم.

– ئەی تۆ چیت؟

+ من “ئاژاوەچیم” …

– مەبەستت ئەوەیە کە تۆش ئەنارکیستیت ؟

+ نەخێر بەڕێزم، من “ئا-ژا-وە-چی-م” !

– ئامانجی تۆ وەك ئاژاوەچییەك چییە ؟

+ لەنێوبردنی پەیوەندی مەڕ و شوان.

– دەی کەواتە تۆش ئەنارکیستیت، ئیتر بۆچی خۆت بە ئاژاوەچی ناودەبەیت ؟

+ لەبەرئەوەی ناتوانم ئەنارکیست بم، هەڵبەتە ئەنارکیست بەو جۆرەی تۆ باسیدەکەیت.

– سەرباری ئەوەش هێشتا تۆ وەك ئەنارکیستێك قسەدەکەیت، بۆچی ئاژاوەچی، ئاژاوە لەپێناو چی ؟

+ بۆ ئەوەی ئەنارکیستە بەرپرسدارەکان وەرگۆڕم بە ئاژاوەچی و چیدی پێویستیان بە بەرپرس نەبێت !

– نا قوربان، مەبەستی من لە مەسئول ئەوە نییە، تۆ تێدەگەیت، مەبەستم ئەوەیە کە من سەرپەرشتی ئەوان دەکەم.

+ مەبەستت ئەوەیە، کە ئەوان بەخۆیان گرفتی هۆشییان هەیە و ناتوانن بیربکەنەوە ؟

– نا، نەخێر، ئەوانیش وەك من و تۆ دەتوانن بیربکەنەوە؟

+ باشە، ئەگەر ئەوانی دیکە گرفتی هۆشیان نییە و بەخۆیان توانای بیرکردنەوەیان هەیە، بۆچی بەخۆیان سەرپەرشتی خۆیان ناکەن و چ پێویستییەکیان بە تۆ هەیە ؟

– نا، کاکە گیان، بەقوربان، تۆ بۆ ئەوەندە پێچەوانە و ئاڵۆز بیردەکەیتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان ئاستی هوشیارییان بەرز نییە و شارەزا نین؟

+ ئەی باشە بۆ هەوڵنادەن ئاستی هوشیاریی خۆیان بەرزبکەنەوە و شارەزایی پەیدابکەن، ئەی ئاستی تۆ چۆن بەرزبووەوە و شارەزابوویت، بڕواناکم تۆ هەر بەو جۆرە لەدایکبووبیت ؟

– من ئاستی خوێندم بەرزە و بەخۆشم زیرەکم !

+ کەواتە هەر کەس ئاستی خوێندنی بەرزنەبێت و زیرەك نەبێت، ناتوانێت ببێتە ئەنارکیست؟

– نا، مەبەستی من ئەوە نییە، دەتوانن ببن بە ئەنارکیست، بەڵام …

+ کەواتە دەتەوێت بڵێیت هەموو کەسێك توانانی تێگەیشتنی لە هزری ئەنارکیستی نییە و تەنیا کەسانی ئەکادیمیست و زیرەك دەتوانن لەو هزرە تێبگەن .

– نا، بەو جۆرە گاڵتەکەرانەی تۆ نا، بەڵام هەمووان وەك یەك نا .

+ ئەی چارە ؟

– پێویستە کەسانی وەك من کاتی خۆیان بۆ ئەو کارە تەرخانبکەن.

+ ئەی ئەگەر کەسانی وەك تۆ پەیدانەبن، ئیدی کەسەکانی دیکە چی بکەن و چی دەکەن؟

– کەسانی وەك من هەر پەیدادەبن، شتی ئاوا نابێت.

+ باشە، هزرێك کە هەموو کەس نەتوانیت لە ئەو تێبگات، بەکەڵکی چی دێت؟

– چۆن بەکەڵکی ڕزگاری بەشەرییەت دێت.

+ ئێ، مرۆڤایەتییەك کە زۆرینەی توانای تیگەییشتنی ئەو هزرەی نەبێت، چی بکات؟

– کاکە، بە قوربان، تۆ خەریکی بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت .

+ نا ئەزیزم، بەپێچەوانەوە من خەریکم ئەنارکیزم لە گاڵتەجاریی کەسانی خۆبەڕابەرزان و ئەکادیمیستانی لوتبەرز و ڕامیارانی زیرەك ڕزگاردەکەم. کاکی خۆم، ئەوە تۆ خۆتی کە هەم بە من و هەم بەوانەی بە قسەکانت خۆشباوەڕن و هەم بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت. تۆ بەخۆت دڵنیایت، کە دروست لە ئەنارکیزم تێگەییشوویت؟

– ئەو قسانە چین، من ڕێگە بە کەس نادەم ئاوا لەتەك من قسەبکات و ئاوا بڵێت. ئەنارکیزم واتە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتایەتی و سەرۆك.

+ کەواتە بە قسەی تۆ هەموو مافیایەك کە دژی دەوڵەت بێت، ئەنارکیستە و هەموو کەسێك کە پارتایەتی نەکات و دەست بە کڵاوەکەیەوە بگرێت، ئەنارکیستە.

– نا، بەڵام ئەوانە سەرچاوەی نەهامەتین.

+ باشە، ئەگەر ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی سەرۆکە، ئیدی چۆن تۆ بوویتە بەرپرسی کۆمەڵە کەسێكی دیکە؟

– نا کاکە، من سەرۆك نیم، نە مووچەم هەیە و نە کۆشك و نە پاسەوان.

+ باشە، ئەگەر سەرۆکی پارتییەکان و دەوڵەت و پارلەمانتاران مووچەیان نەبێت، کەواتە ئەوانیش دەبنە ئەنارکیست؟

– نا، برای من، تۆ شتەکان تێکەڵدەکەیت، ئەو کات دەبنە خزمەتکاری گەل.

+ کەواتە تۆ لەتەك سەروەریی چینایەتی و دەستەبژێرەکان گرفتت نییە؟

– ئەی سەرۆك و بەرپرسێك کە مووچە و کۆشك و پاسەوانی نەبێت، خراپی چییە؟

+ لەوانەیە بەخۆت باشتر بزانیت، بەڵام گرفت ئەوەیە، کە ئەنارکیزم سەراپای بیرکردنەوەی تۆ ڕەتدەکاتەوە . ئازیزم، ئەگەر بە گوێی من بکەیت و بڕۆیت ڕێگەیەکی دیکە بگریتەبەر، زۆر باشترە. چونکە بە گرتنەبەری ئەنارکیزم ناچاردەبێت لەو هەموو خەون و خەیاڵەی خۆت وازبهێنیت و بگەیتە ئاستی ئەو کەسانەی کە ئێستا خۆت کردووە بە بەرپرسیان. بنەڕەتیترین بنەمای ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی ئەوەیە کە تۆ بەرپرسی کەسانی دیکە بیت یان کەسانی دیکە ببنە بەرپرسی تۆ. ئەوەی تۆ دەڵێیت ڕەتکەرەوەی ئەنارکیزمە لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم.

٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦*
——————————————————–
* بەیادی بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر، کە لەنێو ژووری زیندانی دەزگەی ئاساییشی هەولێر کوڕە ئاخایەك بە منی گوت:
– تۆ لە شیوعیەت تێنەگەییشتوویت، شیوعیەت واتە نەتەوەپەروەری .
(منیش تاکو توانام هەبوو قاقا پێکەنیم و گوتم )
+ ئەم گوتەیەت لە کێ وەرگرتووە، هیوادارم ئەو کەسە بەخۆی لەپێناو “سەروەریی نەتەوە” نەکوژرابێت.
– بۆچی؟
+ بۆ ئەوەی ئێستا بەچاوی خۆی بیبینێت، کە “دەسەڵاتی نەتەوە” دەستە دەستە لاوان دەخاتە زیندان و پێشلەشکریی جەندرمەی دەوڵەتی تورکیە دەکات.

* بەداخەوە بەهۆی گرفتاری ڕۆژگار، ئەم بابەتە کەوتووەتە پشتی کەنۆڵان.