چێکردنی ئاشتی بەڕێی توندوتیژییەوە: کامۆ لە جەزائیر رۆبێرت زارێتسکی


لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

شەست ساڵ لەمەوبەر ئەلبێر کامۆ یەکەم گۆتاردانی خۆی لە کایەی گشتیدا پێشکەشکرد، لە ڕاستیدا گۆتاردانێك بوو، کامۆ خەریك بوو بە ژیانی باجەکەی بدا، هاوکات لە ئامانجەکەشی شکستی هێنا: پاراستنی ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سیڤیل لە عەرەب و فەڕەنسییەکان لە تیرۆریزمی هەردوو لای فەڕەنسا و جەزائیرییەکان لەکاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا. هۆکارەکانی پشت گۆتاردانەکەی کامۆ تیشکێکی گرنگ دەخاتە سەر ”جەنگی دژە تیرۆر” کە ئێستا خۆرئاوا بۆی دەجەنگێ.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦دا، جەنگی نێوان بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی جەزائیر (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی ‘F.L.N’) و سوپای فەڕەنسا بووە هۆی هێنانەئارای کوشتارگە و گۆماوی خوێن لە هەردوو لادا. لە کوشتارگەکەی دانیشتوانی فیلیپڤیل (Philippeville)ی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسییەوە، کە تێیدا پتر لە ١٠٠ کەس لە ژن، منداڵ و پیاو پارچە پارچە و هەنجنکران لە لایەن دراوسێ عەرەبەکانیانەوە؛ تا سیاسەتی ”بەرپرسیارێتی کۆیەکی” کوشتنی بە کۆمەڵی ژنان، منداڵان و پیاوانی عەرەب لە لایەن سەربازانی فەڕەنسا و میلیشیا مەدەنییەکانەوە. لێرەوە نەك تەنیا جەزائیرییەکان، بەڵکو لە زمانی کامۆوە بێژین خودی جەزائیر خۆشی، مرد.

لەبەر ئەم هۆکارە، لە دوانیوەڕۆی ٢٢ی جانیوەری کەمێك پاش سەعات چوار، کامۆ بە نیگەرانی و دەمارگرژییەوە ڕووەو پۆدیۆمەکە هەنگاوی نا، لە سێرکل دو پرۆگرێسی باڵەخانەی موسڵمانان لە ناوەڕاستی پایتەختی جەزائیردا. کامۆ لە گەڕەکێکی چینی کرێکاران لە جەزائیری پایتەخت هاتە ژیانەوە و گەورەبوو، ئەو لە نێوان دوو جیهانی تەواو جوداوازدا وەستاوە. لە لایەکەوە، پەیوەستبوونێكی سۆزمەندانە بە خەڵك و خاکی جەزائیرەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەبوونی هاوسۆزییەکی بەهێز بۆ ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی: ئازادی، یەکسانی، هاوەڵێتی (برایەتی!). سەرەتا وەك ڕۆژنامەنووس و پاشان وەك ڕۆماننووس و گۆتارنووس کە ئیشەکەی زوو بەرەو خەڵاتی نوبڵی ئەدەبی دەبات؛ کامۆ بۆ درێژکردنەوەی ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی بۆ هەشت ملیۆن عەرەب و بەربەر کە لەژێر حوکمی فەڕەنسیدا دەژین خەبات دەکا. کامۆ بە پێچەوانەی زۆر لە ئەندامانی پیدس_نۆیرس (pieds_ noirs)ەوە لە لایەن مێژوویەکی ستەمکارانە و دیفاکتۆی هەڵاواردن دژ بە عەرەبەکان و بەربەرەکانەوە شۆککرابوو. کامۆ دەستبەرداری ئەو هیوایە نەدەبوو کە ”جەزائیری فەڕەنسی” دەتوانێ بە فەڕەنسی بمێنێتەوە کاتێك کە بە تەواوی بۆ دیموکراسی وەردەگۆڕێ. کامۆ سوربوو لەسەر ئەوەی کە پیدس_نۆیرس (خەڵکانی فەڕەنسی کۆچپێکراو بۆ کۆلۆنییەکانی باکوری ئەفریکا: جەزائیر، مەغریب و تونس_ ن.س)ەکان و عەرەبەکان ”مەحکومن بۆ پێکەوەژیان”.

هەرچەندە لە ساڵی ١٩٥٦دا کامۆ ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەوان لە جیاتیان مەحکومن بۆ کوشتنی یەکدی. ئاگری گریمانەی کۆتایی نەهاتن بەم جەنگە خوێناوییە بەڕێی کرداری تیرۆر دژی خەڵکی سیڤیلەوە خۆش دەکرا، ئەمە زۆر ئازاربەخشە بۆ پێوە خەریکبوون و ئەزموون کردن. کامۆ بە هاوڕێیەکی دەڵێ: جەزائیر ”خزێنراوەتە نێو قوڕگمەوە” بە یەکسانی لەگەڵ ژەمە دەرمانی بوێری و بێهیواییدا. لە درەنگانی ١٩٥٥دا کامۆ لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس زنجیرەیەک سەرگۆتار دەنووسێ و بۆ ڕێککەوتن و ڕاگرتنی شەڕی سیڤیل ئارگومێنت دەکات. ڕێککەوتنی نێوان پاریس و ئێف. ئێڵ. ئێن (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی)، کامۆ وەك مەحاڵ ئەو ڕێککەوتنەی دەبینی: ئاخر توندوتیژی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بەلاوە دەنێ.

بەڵام داخۆ هەردوو لا ناتوانن هاوڕابن لەبارەی توندوتیژی نەنواندن بەرانبەر سیڤیلەکان؟ گەر ناتوانن، کامۆ دەنووسێ، ئەوا ”جەزائیر تەنیا دەبێ بە شوێنی نیشتەجێبوونی بکوژان و قوربانییەکان. بۆیە ئەوسا تەنیا مەرگ بێتاوان دەبێ.” ڕاگەیاندنی ئەمە لە پاریسی دوورەوە زۆر ئاسانە بۆ هاندان و پاڵنان، بۆیە کامۆ بڕیاردەدا لە کایەی گشتیدا گۆتاربدا و ژیانی بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەم کردارەی لە جەزائیری زێدی خۆیدا. جەزائیرییەکان چاوەڕێیان دەکرد: نزیکەی ١٥٠٠ لێڕوانەر لە ژن و پیاو، فەڕەنسی و موسڵمان، ڕۆشنبیر و دووکاندار هۆڵەکەیان پڕکردبوو. کەشی ناو هۆڵەکە گرژ و ئاڵۆز بوو، بەتایبەتی بەهۆی بیرکردنەوە لە ڕوودانی شتێکی خراپ لە لایەن فەڕەنسییە کۆلۆنیالیستەکانەوە لە دژی چالاکییەکە کە لە دەرەوەی بیناکە کۆببوونەوە. کامۆ بە ئامادەبووانی گۆت: ئەوە ئەرکی منە وەك جەزائیرییەکی فەڕەنسی و وەك نووسەر ”داوایەکی سادە بۆ مرۆڤبوونتان بکەم”، کامۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵەی سەرەتا لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس داویەتی: پێشنیازی ڕێککەوتنی سیڤیل لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەکا. سەیرێکی چواردەوری هۆڵەکە دەکا و ئەوە ڕادەگەیەنێ کە ئەو نەهاتووە تاکو داوا لە گوێگرەکانی بکا ”واز لە هیچ بیروباوەڕێکی خۆیان بهێنن.” کامۆ بەبێ ڕەچاوکردنی تێکشکاندنی پرنسیپە ئیدیۆلۆگی، سیاسی و مێژووییەکانی گوێگرەکانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”بەڕێی هیچ پرنسیپێكەوە ڕەوایەتی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان نابرێتەوە”. کامۆ سورە لەسەر ئەوەی کە ئەو هیچ وەهمێکی نییە: چارەسەرکردنی ”دۆخی ئێستا” لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودایە. لەبری ئەوە کامۆ گوێگرەکانی هاندەدا ”بۆ ڕاگەیاندنی ئەوە کە: کوشتاری خەڵکی بێتاوان وەها دەکا ئەو دۆخە نالێبوردە بێ”.

هێشتاش کوشتاری خەڵکی بێتاوان بۆ شەش ساڵی دیکە بەردەوام دەبێ. تەنانەت کاتێ کامۆ قسەدەکا، لە دەرەوە جەماوەر زۆر توڕەن لە ”خیانەت”ەکەی ئەو لە جەزائیری فەڕەنسی، جەماوەر لە دەرەوە هاوار بۆ هەڵواسینی کامۆ دەکەن. بەڵام کامۆ ڕەتی دەکاتەوە هۆڵەکە جێبهێڵێ تاکو قسەکانی تەواو دەکا، ئینجا بۆ پاراستنی لە لایەن هاوڕێکانییەوە بە پاڵنان دەبردرێتە دەرەوە. پاش چەند ڕۆژ و هەفتەیەك کامۆ بۆی دەردەکەوێ قسەکانی کاریگەری لەسەر هیچ لایەکیان نەنواندووە، ئەو هەرگیز جارێکی دیکە لە کایەی گشتیدا سەبارەت بە جەزائیر نەپەیڤییەوە _بێدەنگییەکەی بە مەرگی کۆتایی هات لە ڕووداوی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٦٠دا_ بەڵام تیرۆر لە زێدی کامۆ هەر بەردەوام بوو تاکو ڕێککەوتننامەی ئاشتی ئیڤان لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٦٢دا واژۆکرا.
داخۆ گۆتاردانەکەی کامۆ چ پەیوەندییەکی بە سەردەمی ئێستامانەوە هەیە؟ نەك تەنیا شکستهێنان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، بەڵکو هاوکات کارەکتەری تیرۆریزمی ئەوسا و ئێستا لە یەکدی جودان. تاڕادەیەکی زۆر بەکارهێنانی تیرۆر لە لایەن بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانییەوە تاکتیکی بووە: لە ڕێگەی تەقینەوە و کوشتارەکانیانەوە، بزووتنەوەکە ویستویانە چەوساندنەوە و ستەمکارییەکانی فەڕەنسا ڕابگرن و ئەندامە عەرەب و بەربەرەکانیشیان ڕادیکالیزە بکەن. هەروەها ویستویانە کۆمەڵەی پیدس_نۆریس لە مۆڕاڵ بخەن (دیمۆڕالیزەی بکەن) و ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ئەوان لە جەزائیر هیچ ئایندەیەکیان نییە. کاتێ ئامانجەکانیان بەدەست هێنا بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی کۆتایییان بە کەمپەینی تیرۆرەکەیان هێنا دژی فەڕەنسا (هەرچەندە بەردەوام بوون لە تۆقاندن و تیرۆرکردنی هاووڵاتییەکانی خۆیان). هەروەها فەڕەنسییەکانیش کۆتایییان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و تیرۆریزم هێنا (هەرچەندە جەزائیرییە فەڕەنسییەکان وازیان لە بیرواڕاکانی خۆیان نەهێنابوو و چەند جار هەوڵی تیرۆرکردنی شارل دی گۆلیان دا).

موجاهیدەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە ١٣ی نۆڤەمبەردا ١٣٠ هاووڵاتی سیڤیلیان لە پاریس کوشت، هەرچەندە ئەوان تاکتیکڤانی تیرۆر نین. بێگومان کردارەکانی تیرۆریزم بۆ دەوڵەتی ئیسلامی ئامرازێکی بەهێزی هاندانن. بەڵام بۆ زۆر لە ژن و پیاوە گەنجەکانی لەدایکبووی گەڕەکە دوورەکانی پاریس و برۆکسل، دەرفەتی شکستپێهێنانی تیرۆر کاریگەرییەکی گەورەی نییە بۆ پێوەخەریکبوون، نە هێرشە ئاسمانییەکانی فەڕەنسا لە سوریا و نە خەونی دروستکردنی خەلافەتی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناڤینەوە تا بەلکان بگرێتەوە. لە جیاتییان ڕەنگە وەك نیهلیزمێکی سادە باشتر کرداربنووێنێ. بەم شێوەیەش لە خۆیدا ئامانجە.
بێگومان، کامۆ دەی زانی کە فەرمانە مۆڕاڵییەکەی ئەو بۆ _پاراستنی خەڵکانی بێتاوان_ هیچی دیکە پتر لە گروپی کچەکانی سکۆتس لەگەڵ نیهلیستەکاندا پەسەندکراو نییە.
بەڵام تیرۆریستانی ئاڵا ڕەشەکەی دەوڵەتی ئیسلامی گوێگری کامۆ نین: ئێمە گوێگری ئەوین. کامۆ ئەوەی دەناسییەوە کە ئەو توندوتیژییانەی دەخزێنرێنە نێو ژیانی ڕۆژانەوە چۆن رێکدەخرێن. هەرچەندە کەسی پاسیڤیست (دژەشەڕ/ئاشتیگەرا)ش دەزانێ توندوتیژی لە ساتە ڕەخنەییەکاندا، جەوهەری و کرۆکییە ئەگەر ئێمە مرۆڤایەتی خۆمان پاراستبێ. ئەوە کەیسەکەی ئەڵمانیای هیتلەرە _لە داواکارییە نوشوستییەکەیەوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لەسەر ئاستێکی فراوان_ و هۆکارەکەی بۆ بەشداریکردن لە بەرگریدا. (لەکاتی ئازادکردنی پاریس لە ساڵی ١٩٤٤ کامۆ سەرنووسەری کاریگەرترین گۆڤار _کۆمبات_ بوو کە گۆڤارێكی نهێنی و نایاسایی بوو.
ئەو گۆڤارە تەنیا ڕووی ئێکزیستێنسیالیزمی فەڕەنسی نەبوو، بەڵکو ڕووی بەرگری فەڕەنسیش بوو). لە ساڵی ١٩٤٣دا باسکردنی هاوڕێیەکی ئەندێشەیی ئەڵمانی، کە بە ئامێزگرتنەوەی بۆ نازی هاوکات ئامێزی بۆ نێهلێزمیش کردبۆوە. کامۆ ئاماژە بەوە دەدا: ”کردنی توندتیژی زۆر ئاسانە کاتێ توندوتیژی بۆ تۆ زۆر لە هزرین سروشتیتر بێ” هەرچەندە ئەوە هەوڵێکی زۆر گەورەتری دەوێ ”تۆ شەڕبکەی، لە کاتێكدا ڕقت لە جەنگە”.
کامۆ بەڕوونی ئەوە دەبینێ کە ئێمە لەو ساتانەدا چۆن مرۆڤبوونی خۆمان لەدەستدەدەین و دەدۆڕێنین. لە کتێبی ”یاخی”دا، کامۆ دەیەوێ جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان یاخیبوون و شۆڕشدا بکا. ئەو دەنووسێ کاتێك کوشتنی ئەوانی دی دەبێ بە ناچاری، ئەوا بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕەوایەتی بەو کوشتنە بدرێ. یاخی ڕاستەقینە کاتێ سورە لەسەر مرۆڤبوونی خۆی، ئەوا هەرگیز مرۆڤبوونی ئەوانی دیکەش لەبیرناکات. ئەو تەنیا دژی هەوڵەکانی چەوسێنەرەکەی بۆ نامرۆڤاندنی ئەو بەرگری ناکا، بەڵکو لە بەرانبەردا بەرەنگاری پەرچاندنەکانی خۆشی بۆ نامرۆڤاندنی ئەوان دەبێتەوە.
کاردانەوە، بەهەمان شێوەی شۆڕش ئاسان دێتەگۆڕێ، هەردووکیان بێڕێزی بە سنوورەکان دەکەن و توندڕەوی پەسەند دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بۆ کامۆ یاخبوون ”هیچ نییە جگە لە تەنگژەیەکی پەتی”. وەك ئەو لە سەرگۆتارەکانی لی ئێکسپرێس دەنووسێ ئەوە شتێکی سروشتییە بۆ کەسێکی چەوساوە، جا چ فەڕەنسییەك لەژێر دەسەڵاتی نازی بێ یان جەزائیرییەكی عەرەب لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسی، بەناوی دادەوە چەك هەڵگرێ. بەڵام وەك چۆن ”گەرەکە کەسێك هەرگیز لە داواکاری داد بۆ کەسی چەوساوە وازنەهینێ، ئەوا لێرەدا سنوور هەن لە پشتی ئەو کەسە کە ناتوانێ ئەو نادادیانە بسەلمێنێ کە بە ناوی ئەوەوە کراون”.

هەرچەندە لە یەکەم بینیندا پارادۆکسییە، بەڵام یاخیبوون باشترین هەلی پاراستنی مرۆڤبوونمان پیشاندەدا. زمانی سیاسی لە هەردوو لای ئەتلەنتیک نەك تەنیا بە بەردەوامی دوژمنە ڕاستەقینەکان لە مرۆڤبوون دەخەن، بەڵکو سەرجەم مرۆڤانی سەر بە هەمان ئاینیش لە مرۆڤبوون دەخەن. بۆ وەسفکردنی گەشەکردنی شەپۆلی پەنابەرە سورییەکان بە شێوەیەک وەك ‘داگیرکەر’ یان ‘جانەوەر’ یان ناساندنی ئەو موسڵمانانەی لە جادەکانی پاریس نوێژ دەکەن وەك ‘داگیرکەر’، بۆ بە ڕەوانی قسەکردن لەبارەی بۆمبڕێژکردنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو شارانەی داگیری کردوون یان ڕاگەیاندنی سەرجەم پەنابەرە موسڵمانەکانی وڵاتەکەمان وەك کەسانی ناپەسەند یان پێشنیازکردن بۆ ئەوەی ئێمە ئەوانە بکوژین کە پەیوەندییان بە بکوژەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەیە، ئەوا ئێمە پێشێلی سنوورەکانی بەرگری لە خۆکردن دەکەین دژی کردارە نامرۆڤایەتییەکان کە لە لایەن کامۆوە داڕێژراون.

گەر کامۆ ئێستا لە ژیاندابوایە، ئەوا یەکسەر دەوڵەتی ئیسلامی بەهەمان شێوەی نازیزم وەك دوژمنێکی ناجۆر و نێهلیستی دەناساند، هەروەها وەك دوژمنێك کە پێویستە ئێمە بەتوندی لە دژی خەبات بکەین. هاوکات ئەو ئێمەی ئاگاداردەکردەوە ئەوە لە بیرنەکەین ئێمە کێین و بۆچی شەڕ دەکەین. کامۆ لە کۆتایی کتێبی ”یاخی”دا دەنووسێ لۆگیکی یاخی ئەوەیە ”خزمەتی داد بکا تاکو ڕێگەنەدا نادادی بۆ دۆخی مرۆڤ بێتەئاراوە، هەروەها سوربێ لەسەر زمانێکی سادە تاکو جیهانی درۆکان گەشەنەکا”.

چەند ئەبسۆرد (مجرد)ە، لە لایەکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەبێ پێچەوانە بێ؛ چەند ئەبسوردە، لە لایەکی دیکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەشێ جودا بێ لەوەی ئێستا هەیە. کاتێ ئەم تەنگژەیە بەتەواوی کامۆ بێدەنگ دەکا، ڕەنگە ئێستا بتوانێ ئەوانە هانبدا، کە بە دوای حوکمکردنی ئێمەدا دەگەڕێن بۆ پەرچاندن لەسەر فەرمانە دادییە ڕاستەقینەکان و هزرین سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو وشانەی کە ئەوان لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەڵی دەبژێرن و بەکاری دەهێنن.




شیعر و هۆلۆکۆست … ناڵە حەسەن

هۆلۆکۆست بە مانای کوشتنی بە کۆمەڵ دێت یان هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی کۆمەڵگەیەک یان کەسانێک بەهۆی / جیاوازی ڕەگەز ، ئایین ، پێست ….یان هەر جیاوازییەکی تر . هۆلۆکۆست و گینۆساید ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە زۆر شوێن و سەردەمدا ڕوویانداوە. هەروەک هۆلۆکۆستی جولەکەکان لەلایەن هیتلەر و ئەلمانیای نازی ، لە ساڵی ١٩٣٩ تا ساڵی ١٩٤٥ بەردەوامبوو ، ئاکامەکەش شەش ملیۆن مرۆڤی جولەکە بوونە قوربانی ، هۆکارەکەش بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونی هیتلەر و نازییەکان ، گوایە یەکێک لە هۆکاری دۆڕانییان لە جەنگی یەکەمی جیهانی ، جولەکەکان بوون کەوا ، یارمەتی دوژمنییان داوە و لە پشتڕا خەنجەری ژەهراوییان لێداون . هەربۆیە هەوڵدەدەن تۆڵەیان لێ بسەنەوە ، ئەنجامەکەش بە هۆلۆکۆست کۆتایی هات .. لێرەدا مەبەستمانە بەدواداچوونێک بۆ شیعر و هۆلۆکۆست بکەین ، دەمانەوێ هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین ، کەوا شیعر لە توانای دا هەیە ئەم جۆرە ڕووداو و کارەساتە مێژوویانە بنووسێتەوە ؟ یان لە نووسینەوەی کارەساتێکی تراژیدیای جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست یان ئەنفال ، کە هەزارەها یان ملیۆنەها مرۆڤ دەبنە قوربانی . ئایا زمانی شیعر چۆن ئیش دەکات ؟ یان لەم جۆرە دەقە شیعرییانە چۆن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکرێت ؟ هەروەک دەزانین زمانی شیعر و ئەدەبیات وا پێویست دەکات زمانێکی جیاواز بێت لە زمانی قسە کردن بەمانای ، زمانێک بێت لادانی تیابێت و جیاواز بێ ، هەروەها ئیش لەسەر داهێنان بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .
یان لەمجۆرە دەقە شیعرییانەی کە ڕوودا و کارەساتە گەورە مێژووییەکان دەنووسنەوە ، چۆن ئیش لەسەر کۆد و هێماکان دەکرێت ؟ یان زمان لە نێو رووبەری مەرگ بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وشە و سیستەمە ڕێزمانییەکان دەکات ؟ یان خودی کەسەکان و شاعیرەکان ، ئەوانەی لە نێو ڕووداوەکان بوون و دواتر ڕزگارییان بووە ، جیاوازی زمان و ئاستی داهێنانی دەقە شیعرییەکانییان ، لەگەڵ ئەو کەس و شاعیرانەی کە لە دەرەوەی ڕووداوەکان بوون چۆنە ..؟ نازییەکان ئەو هێزە فاشیستە بوون پێش کوشتنی مرۆڤەکان ، کتێبەکانیان سووتاند ، ئاگرییان لە فەلسەفە و ئەدەب و زانست و مەعریفە بەردا .. هۆلۆکۆست کارەساتێک بوو ، ژیانی لە ملیۆنەها مرۆڤ سەندەوە ، خەون و ئومێدی ملیۆنەهای خنکاند ، مردنی بەوکەسانەش بەخشی کە لە ژیان مانەوە ، هەندێ کەس لە هۆلۆکۆست ڕزگارییان بوو بەڵام ، تا مردن لە گەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە ڕەشەکان و لەگەڵ یادگارییە تاڵەکان ژیانییان بەسەر برد .

ئەوانەی لە هۆلۆکۆست بەشدار بوون ، ڕۆژانە لەگەڵ برسییەتی و ترس و تۆقاندن و کاری قوڕس ڕووبەڕوو بوون ، کوشتن و سووتاندنی کەسە نزیکەکان و هاوڕیکانییان بە بەرچاویانەوە ، زۆرێک لە شاعیر و ڕۆماننووسەکان ، ئەوانەی شیعر و ڕۆمانەکانییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، زێتر مەبەستییان خۆ بەتاڵکردنەوە بوو ، لەدەست بیرۆکە ڕەشەکان و خەون و خەیاڵە مەرگئامێزەکان ، هۆلۆکۆست بە مانای درێژبوونەوەی مەرگ بۆ نێو ژیان . هەروەک ( ماریان کامپینسکی ) شاعیر و نووسەری پۆلەندی ، یەکێک لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست ، لە کتێبکدا بە ناوی ( منتان لە بیر بێ ) ، باسی ئەو ئازار و موعاناتەی خۆی دەکات ..
کتێبەکە باس لە بە هۆلۆکۆست بوونی خۆیی و کەسە پۆلەندییەکانی شارەکەی خۆی دەکات ، لە کاتی هاتنی نازییەکان و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان و تا ئازادبوون و ڕزگاربوونییان ، چیڕۆکی ژیانی نێو هۆلۆکۆست و دوای هۆلۆکۆستیش دەگێڕێتەوە . هەر لەم کتێبەدا باسی ئەو ئازار و خەیاڵە مەرگئامێزەی کە شەوانان ناهێڵی بخەون ، خەیاڵە ناخۆشەکان هەراسانی کردوون و بارێکی دەروونی شێواوی بۆ دروست کردوون . بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە لەم خەیاڵە مەرگئامێزانە ، شەوانان لە تاو ئازار و فرمێسک دەستی دەدایە قەڵەم و هەست و ناخ و خۆی دەنووسییەوە ، لە سەرەتای کتێبەکە باس لەم ژان و میحنەتانەی خۆی دەکات ، هەر لەوکاتانە شیعری ( ناتوانین لەبیری کەین ) ی نووسیوە .

ئەم شیعرە و زۆرێک لە شیعرەکانی تری زادەی ئەم بیرکردنەوانە و ئەم چرکەساتانەن ، بۆ نموونە شیعرەکانی ( بەرائەت ، من کێم ، گەنجینەی ژیان و چەندانی تر …) ، نەک تەنها شیعری ئەم خانمە زۆربەی ئەو شاعیرانەی ، شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە لە شیعرەکانیاندا ، باس لە مردنی بە کۆمەڵ و ئێشوئازارێکی بێوێنە و یادگارییە ڕەش و تاڵەکان دەکەن ، یان باس لە فاشییەت و مامەڵەی نامرۆییانەی نازییەکان دەکەن . شاعیرێکی تر بە ناوی ( مارتین نیمۆلەر ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( یەکەمینجار کە هاتن ) .. ناوەڕۆکی شیعرەکە باس لە هاتنی نازییەکان دەکات ، یەکەمینجار کە دێن ، چۆن وەک رەشبگیرییەکی سەرتاپایی هەموو کەسێک دەبەن ، داواتر هەرخۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە ، پاشان خۆشی دەبەن ، ڕەشبگیرییەک / لە کەس نابوورن و دەست لەکەس ناپارێزن ، زانا ، دانا ، شاعیر ، ڕۆماننووس ، فەیلەسوف ، کاسبکار ، هەرکەسێک تەنها جوولەکە بێت و بەس ، یان خانمە شاعیرێکی تر بە ناوی ( بەربارە سینۆک ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( لە دێر زەمانەوە ) باس لە کارەساتی هۆلۆکۆست دەکات ، بە زمانێکی شیرین و جوان ، باس لە سادەیی خەڵک دەکات ، کە چۆن هەموویان لە ئامێزی خۆشەویستی بۆ یەکتری ، لە ئامێزی خەون و ئومێدەکانییان دەژیان ، بەڵام لە پڕێکا هۆلۆکۆست وەک ڕەشەبایەک دێت زۆر نامرۆڤانە و دڕندا ژیانی ملیۆنەها کەس کۆتایی پێ دەهێنێت . سەرەتای شیعرەکە وا دەست پێدەکات ( ئێمە یاریمان دەکرد و پێدەکەنین و خۆشەویست بووین ، لە باوەشی دایک و باوکمان دەریانهێناین و فڕێدراینە نێو ئاگر ، ئێمە تەنها منداڵ بووین و هیچیتر …. . ) ئەگەر سەیری شیعرەکانی هۆلۆکۆست بکەین دەبینین ، هەموویان لە ڕووی فۆرم و مانا و تەنانەت پێکهاتەی شیعریەوە لە یەکترییەوە نزیکن ، هەموویان زێتر مامەلە لەگەڵ مردن دەکەن ، مردن ڕووبەرێکی فراوانی داگیر کردووە ، هەموو باس لە بەرائەتی مرۆڤەکان دەکەن ، ئەوانەی بە بێ هۆ لە ژیان دوور خرانەوە و لە هەموو خۆشییەکان و جوانییەکان بێبەش کران ، هەر لەبەرئەوەی تەنها جولەکە بوون ، هەموو باسی دڕندەیی و ڕەفتارە نامرۆییەکانی نازییە فاشیستەکان دەکەن .. بەمانایەکی تر ، شیعری هۆلۆکۆست ، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مردن و برسییەتی و ئێش و ئازار یان خەون و خەیاڵە ترسناکەکان ، هێندە مامەڵەکردن نییە لەگەڵ زمان و وشە و هێما و بنەما شیعرییەکان .. یاخود هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی فۆڕمی نوێ و جیاواز ، زیاتر ئیشییان لەسەر ناوەڕۆک و مانای شیعرەکان دەکرد .

ئەوەش بەمانای ئەوەی نییە کە شیعرییەت لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست دا نییە ، بە شێوەیەکی گشتی لە شیعردا ، پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و توندوتۆڵ و لێکنەپچڕاوە ، هەریەکە و بە جۆرێک جوانی بەرهەمدەهێنن و پەخشی دەکەن بە نێو ڕووبەری دەقەکەدا ، لە هەندێ شیعر ، فۆڕمەکان زاڵ دەبن و زێتر لە نێو ڕووبەری جوانی دەق دەردەکەون ، لە هەندێکییان ناوەڕۆکەکە ، لە هەندێکییان هەردووک پێکەوە . لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست زێتر ناوەڕۆکەکان دەبنە پنتی بەخشینی ئارامی و چێژ و جوانی ، یان دەبن بە سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهەمهێنانی جوانی و چێژ . ئەویش بە هۆی دەستەبەربوونی ئەم مانا قووڵ و ئەم هەستە مرۆییانەی کە لە نێو شیعرەکان دەخرێنە ڕوو .. ئاخر ئاسان نییە ، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوێک یان کارەساتێکی گەورە و جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست ، دیارە باوەڕمان بەوە هەیە کە شیعر ، دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە بە هۆلۆکۆستیشەوە ، یان بە هەموو کارەسات و دیاردەکان و بە هەموو رووبەرەکانییەوە .

لە نووسینەوەی هۆلۆکۆست و ڕووداوە تراژیدییەکان ، زۆرجاران شیعر دەبێتە هۆکار تا ئەوەی ئامانج بێت ، زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، بەتایبەت ئەوانەی لە کارەساتەکە بەشدار بوون ، بە مانای ئەو کەسانەو تا کۆتایی ، لە نێو مردن و برسییەتی و ئازارەکاندا مابوونەوە ، دوای ڕزگاربوونیش ، مردن و خەون و خەیاڵە ناخۆش و تاڵەکان ، بەشێک بوون لە ژیان و بیرکردنەوەکانییان ، ئەوانە بۆ دوو مەبەست شیعرەکانییان دەنووسی ، یەکەم / بۆ خۆبەتاڵکردنەوە ، دووەم / بۆ گەیاندنی کارەساتی هۆلۆکۆست وەکو خۆی . ئەم ( خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندنە ) سێبەری کردبوو بەسەر هەموو شیعرەکاندا ، وایکردبوو هەموو شیعرەکان هۆکارێک بن بۆ ئەم دوو مەبەستە ، ئەوەتا ( ماریان کامپینسکی ) بە ڕوون و ئاشکرا لە شوێنێکی کتێبەکەی باسیکردووە کەوا ، هیچ شەوێک نەیتوانیوە بەئاسایی بخەوێ ، درەنگە شەوان ، گەورەترین ئازاری دەبینی بەدەست خەیاڵە ناخۆشەکان ، شەوانان لە جیاتی خەو کاری فرمێسک ڕشتن و گریان و ئازار چەشتن بووە ، گریان بۆ شەش ملیۆن قوربانی ، گریان بۆ ناسکترین و جوانترین تەمەنی لەدەستچووی ، چونکە کاتێک نازییەکان دەگەنە پۆلەند دوای سێ مانگ ( ماریان ) تەمەنی دەبێتە چواردە ساڵ ، واتە مێردمنداڵی و سەرەتای گەنجێتی ، کاتێک ڕزگارییان دەبێ و هۆلۆکۆست کۆتایی دێت ، ئەم تەمەنی دەبێتە نۆزدە ساڵ ، لە ڕاستیدا ڕزگاربوونییان هەرئەوەندە بوو ، لە کەمپەکان و لە دەست برسییەتی ڕزگارییان دەبێ ، ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە نێو ئاوەدانی ، ئەگینا ، مەرگ هەر لە گەڵیاندا دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە بوون و ئایندەیان ..! بۆیە هەموو شەوێک خەیاڵە ناخۆشەکان و بیرکردنەوەکان ، بە جۆرێک فشاری ڕۆحی و دەروونییان بۆ دەهێنا ، تا ئاستی ئەوەی هەندێجار جەستەی ڕەق دەبوو وەک سەهۆڵ ، ناچار دەبوو ئەم هەستە خەمناك و مەرگاوییەی ، لە نووسین و شیعرەکانی خۆی دەرببڕێ و خۆی بەتاڵدەکردەوە ..! لەلایەکیتریش مەبەستییان بوو ، ئەم کارەساتە تراژییدیا و گەورەیەی هۆلۆکۆست وەکو خۆی بگەیەنن ، چ بۆ دنیا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەگەر لێرەوە لە ( گۆڕستانی چراکان ) ی شێرکۆ بێکەس ورد بینەوە ، کە وەک دەقێکی درێژ بۆ ( ئەنفال ) نووسراوە ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو شیعرانەی بۆ هۆلۆکۆست ، دەبینین لایەنی زمانەوانی و ئیستاتیکا و شیعرییەت و داهێنان لە ئاستێکی بەرزدایە ، زێتر ئیش لەسەر تەکنیک و هونەری زمان کرایە لە هەمانکاتیش ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا و بەرزی هەیە .. پێکهاتە زمانییەکەی دەق بە تایبەت ، میتافۆر و ئاماژە و هیما و وشە و دەستەواژەکان زۆر سەرنجڕاکێش و پڕن لە ئیستاتیکای شیعری .

دیارە لەلایەک ، ئەوە پەیوەندی بە توانا و ئەزموونی شاعیرەکەوە هەیە ، لەلایەکیتر / پەیوەندی بە خاڵێکی جەوهەری هەیە ئەویش ، لە ( گۆڕستانی چراکان ) دا / شیعر ئامانجە نەک هۆکار ، ( شێرکۆ بێکەس ) تەنها مەبەستی خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندن نەبووە ، ( شێرکۆ بێکەس ) مەبەستی بووە ( ئەنفال ) بکات بە شیعر ، بە مانایەکیتر بە زمانی شیعر ئەنفال بنووسێتەوە ، یان بەرگی شیعر بکاتە بەر ئەنفال ، بۆیە دەبینین لە نێو دەقەکەدا ، لەسەر زۆر ڕەهەند و چەمکی جیاواز ئیش دەکات وەک ( سەفەر ، عەشق ، مقاوەمەت ، مەرگ ، یادەوەری ، هەستی نەتەوەیی … زۆر چەمک و رەهەندی تر ) گۆڕستانی چراکان چ وەک ناونیشان چ وەک دەق پڕاوپڕە لە داهێنان و جوانکاری شیعری ، ئەم قەسیدەیە بە سەلیقە و توانا و هەناسەیەکی درێژەوە نووسراوە ، هەرچەندە لە زۆر شوێن گێڕانەوەیەکی ڕووت سایە دەکات بە سەر دەقەکە و زمانی شیعر لە زمانی چیڕۆک نزیک دەبێتەوە ، ئەمەش شاعیر بە مەبەستەوە ئەوەی کردووە ، هەر بۆیە دەقە درێژەکانی ناوناون ( دەقی ئاوەڵا ) ، شێرکۆ بێکەس بە دەربڕینێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری لە ( گۆڕستانی چراکان ) دەڵێ ، (سەفەرێ بە سواری تراویلکە و بە سواری هەواڵی ناوەخت .. / سەفەرە بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش … / یان سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو …! ) ئەم دەربڕینە شیعرییانە گۆتە و دەربڕینی جوان و ناسک و شیعریین ، تا ئاستێکی بەرز چێژ و ئارامیی بە ڕۆحی خوێنەرەکان دەبەخشن…! ، ( سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو ) بە مانای ، سەفەرێک پڕ لە مەرگی هەتاو ، یانی سەفەری مەرگ و نەگەڕانەوە / یانی ئەنفال …! ئێسک و پروسک ، ئاماژەیە بۆ مەرگ ، مەرگ دوا پنتی سەفەرەکەیە ، مەرگ مانایەک یان شوناسێک بە سەفەرەکە دەبەخشێ و دەبێتە ( سەفەری مەرگ ) .

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنفال ، ئیشکردن لەسەر وشەکان و ئاماژە و میتافۆرەکان و یان ئەمشێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان ، بڕستێکی قووڵی بە قەسیدەکە داوە ، دەبینین لە ( گۆڕستانی چراکان ) مەرگ تاکە چەمک و تاکە ڕووبەر نییە کە شیرکۆ بێکەس ئیشی لەسەر کردبێ ، ڕەنگە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ، شێرکۆ بێکەس ، یەکێک نەبووە لە ئەنفالبووەکان ، کەسێک نەبووە لە نێو بیابانەکان و لە نێو چاڵەکان ڕاکشابێ ، لە نێو قیژە و هاوارەکان ، مردنی بە چاوەکانی خۆی بینی بێ ، بە مانای شێرکۆ بێکەس لە دەرەوەی ڕووداوەکە شتەکانی بینیوە ، جیاوازە لەگەڵ بینینی کەسێک کە خۆی لە ناو ڕووداوەکە و یان بەشێک بێت لە ڕووداوەکە ، وەک ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، کە زۆربەیان لە گیراوەکان بوون و لە نێو کەرەساتەکە و لە نێو ڕووداوەکان بوون ، هەموویان لە نێو کەمپەکانی مردن لە گەڵ مردندا دەژیان .

مەبەستمە ئەوە بڵێم ، ئەوانەی لە دەرەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن ، وەک ئەوانەی خۆیان لە ناو ڕووداوەکانن وەکو یەک / ڕەنگەکان و کاریگەرییەکان و ئازارەکان و مردنەکان نابینن ..! ئەو مردنەی لە نێو شەوەکان و لە نێو چاڵە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال هەبوو ، هەرگیز شێرکۆ بێکەس یان هەر کەسێکی دەرەوەی ڕووداوەکە ناتوانێ وەکو خۆی بیبینێت . بەمانایەکی تر ، ئەوانەی لە دەرەوەن ، بە چاوی خەیاڵ سەیری کارلێک و پێکهاتە و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکان دەکەن ، وە شتێکی ئاشکرا و دیاریشە لە نێوان چاوی خەیاڵ و چاوی واقیع ، زۆر پێکهاتە و ڕەهەند و کارلێک و هاوکێشەی جیاواز هەن ، شاعیرانی هۆلۆکۆست ئەوانەی لە کەمپەکانی مردن بەشداربوون ، مردنییان بە ڕووتی دەبینی ، بۆیە لە نێو شیعر و نووسینەکانییان باسییان لە مردنێکی ڕووت کردووە ، دەبینین / چ لە شیعر و نووسینەکانییان ، چ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان خۆ بە دوورگرتن و لە بیرکردنی ئەم مردنە ، کارێکی نەکردە و ئەستەم بووە . بۆیە هەموو شاعیرەکان لە نێو ئەم ڕووبەرە ئیشییان کردووە ، یان هەریەکە و بە جۆرێک ئیشییان لەسەر دیوێکی مردن کردووە ، یان چەمکی هۆلۆکۆست بە گشتی ، خۆی لە مردن و قڕکردن و سڕینەوە دەبینێتەوە یان سەفەری مردنی بە کۆمەڵ …! وا لە خوارەوە چەند نموونەیەکی شیعری هۆلۆکۆستی دەخەینەڕوو .

– چەند شیعرێکی هۆلۆکۆستی

١ / ( یەکەمینجار کە هاتن )

شیعری / مارتین نیمۆلەر

یەکەمینجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کۆمۆنیست نەبووم
دواتر بۆ سوشیالیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من سۆشیالیست نەبووم
پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کرێکار نەبووم
پاشان بۆ جولەکەکان هاتن
منیش هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من جولەکە نەبووم
دواتر بۆ منیش هاتن
بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە
تا قسەیەک بۆ من بکات …!

——————————
٢ / ( لە دێر زەمانەوە )

شیعری / بەربارا سۆنیک

یاریمان دەکرد و پێدەکەنین
بەختەوەر و خۆشەویست بووین
لە نێو باوەشی دایک و باوکمان دەریان هێناین
فڕێدراینە نێو ئاگرەوە
تەنها منداڵ بووین و هیچیتر
ئێمەش ئایندەمان هەبوو ،
دەبووین بە پارێزەر ، خێزانمان پێکدەهێنا ،
دەبووین بە دایک ، بە مامۆستا
خەونی جوانمان هەبوو
دواتر ئومێدەکانمان درانە دەم با
لە پڕێکدا ،
دوور خراینەوە لە شەوێکی مردوودا
وەک شتە بێبەهاکان
فڕێیانداینە نێو ئوتومبێلەکان
تەنگ و تاریک ، نیگەران و هەناسەسوار
گریان ، برسییەتی ، مردن
لە ئاوەدانی لە دنیا دوورخراینەوە ، سڕاینەوە
بە ڕۆحیکی خۆڵەمێشییەوە هاوارمان دەکرد
با ئەمە بەسەر مرۆڤەکان دووبارە نەبێتەوە
ئێمەتان لە بیر بێ
ئێمە ئەو منداڵانە بووین
کە خەون و ژیانیان دزین و دوورخراینەوە …!

————————————-

٣ / ( من ناتوانم لە بیری کەم )

شیعری / ئەلیکساندەر کیمێل

ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
ئارامی گێتۆ بەر لە داگیرکردنی
لەرزینی منداڵان وەک گەڵا لە نێو بادا
گەڕانی دایکان بۆ لەتە نانێک
تارمایی ئاوسانی ڕانەکان و جولانەوەیان لەگەڵ ترس
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێ بیرم بێتەوە ، دروستکردنەوەی دۆزەخ ؟
سەدای داگیرکارەکان و کەیف و سەفای ڕاوکردنییان
ناڵەی بریندارەکان و نزاکانییان بۆ ژیان
سیمای دایکەکان وەک پەیکەرێک پڕ ببێ لە ئازار
ڕژانی ترس لە نێو خەیاڵدانی ونبوونی منداڵەکان
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، گەڕانەوەی ساتە تۆقێنەرەکان ؟
دیارنەمانی خێزانەکان بە ڕۆژی ڕووناک
هەستانی هەڵمی خوێناوی لە گۆرە بەکۆمەڵەکان
بێهوودەیی گەڕانی دایکان بۆ منداڵەکان
ئازارەکانی گێتۆ کە جەرگبڕبوون وەک چەقۆ
نا ، من نامەوێت بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، هاوارەکانی شەوانم
کرانەوەی بە ئاستەمی دەرگاکان و بڵاوبوونەوەی پەرەموجەکان لە بادا
بۆنی خوێنی بەفرە تواوەکان لە شەودا
هاوسۆزی مانگ بەدەم ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا و شوێنەکاندا
شێوانی ڕوخسار و بێبەهایی بوون ، بەبێ کەسەکانی خێزاندا
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
کاتێک ئەوانەی ڕۆیشتوون خوداوەند مردنێکی کتوپری پێبەخشین
ئەوانەیش کە ماونەتەوە لەگەڵ ئازار و میحنەت دەتلێنەوە
گواستنەوە بۆ شوێنە نامۆ و نادیارەکان
گۆڕینی جەستە و ڕۆحەکان بۆ گاز و خۆڵەمێش
نا ، من دەبێ بە بیرم بێتەوە و هەرگیز نەهێڵم بیرم بچێتەوە … !

———————–
سەرچاوەکان :-
١/ کتێبی ( Fascism )
By Roger Eatwell
٢/ کتێبی ( Remember me )
A Holocaust SurvivorS Story
Marian Kampinski
٢/ چەند سایتێکی ئەنتەرنێت لەوانە ،
– Holocaust Poetry
– Poems For Holocaust , Poem Hunter




میوانە ئاقڵەکانی پارتی….شاهۆ تۆفیق

” هەموو تێکدانێک لە گەڵ ماڵباتی بارزانیدا، بە زیانی کورد تەواو دەبێت ”
ئەمەی سەرەوە، قسەی مام جەلالە. پارتییەکان پێیان وایە (وەسفە) بەڵام لە ڕاستیدا ( زەمە).
ڕاڤەکردن و ڕامان لەم قسەیە، با بۆ وردبینیی و سەلیقەی خوێنەر جێبهێڵین.
ئەوەی (پارتی)ی کردووەتە فەرمانڕەوا و بڕیاردەری یەکەم؛ فاکتەری چالاکیی و ئاستی خۆشەویستیی جەماوەریی ئەو حیزبە نییە. ئەفسوونەکە لەوەدا نییە ئەم حیزبە تا چەند توانیوەیەتی لە ئاستی سیاسیی و جەماوەرییەوە شتی گەورە بکات، بەڵکو تەلیسمەکە لەو قسەیەی مام جەلالدایە، کە ئایا بۆ هەموو تێکدانێک لەگەڵ ماڵباتی بارزانیدا بە زیانی هەمووان تەواو دەبێت؟
مام جەلال لە هەموو کەس زیاتر ئەزموونی ژیانی تەبایی و ناتەبایی لە گەڵیاندا هەبووە و لە هەمووانیش زیاتر دەستی لە گەورەکردنیاندا هەبووە، هەر بۆیە گشتاندنی ئەو دیدەی ئەو، ڕۆڵێکی نێگەتیڤی لە ژیانی سیاسی و پرۆسەی ململانێی دیموکراسیدا وازیکرد.

هەمووان لای پارتی میوانن!
ئەم تێڕووانینە، وێنایەک نییە پەیوەندیی نێوان میوان و خانەخوێ بەرجەستە بکات. بەڵکو بڕووایەکی بەهێزە و یەک بەیەکی ئەندامانی ئەو حیزبە دەیسەلمێنن.
لە ڕاستیدا دەبێ ئەو هەڵەیەش چاک بکرێتەوە کە پارتی وەک حیزب، بە خانەخوێ پێشان بدرێ، چونکە پارتی، تەنها ڕوکەشێکە بۆ ئۆرگانیزەکردنی کاری کەسانێک، کە خۆیان پێ لە حیزب گەورەترە. ئەمەش گاڵتەپێکردن و کەمکردنەوەی بەها نییە، بەڵکو شانازییەکە، هەم خۆیان وەک ماڵبات قبوڵیانە و هەم ئەندامانی حیزبیش بە سنگفراوانییەوە پێی ڕازیین. ئەم بڕوایەش هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو لە مێژە ڕەگی لە ئەندێشەکاندا داکوتاوە و پێیان وایە هەمووان میوانی ماڵ و سفرەی ئەوانن و، بەو پێیەش؛ میوان دەبێ بە ویست و ئارەزووی خانەخوێ بجوڵێتەوە و ئەو، شوێن و کات و جۆری خواردن و ئیسراحەتی بۆ دیاریبکات.

میوانە ئاقڵەکان،
ئەوەی هەمووان میوانن، لای پارتی بڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی کێ میوانێکی لاسارە و کێ میوانێکی ئاقڵ؛ ئەوە ئەوانی تر بڕیار دەدەن. بەو مانایەی، ئەوانەی لاساریی دەکەن و بە کەللەڕەقییان، پراکتیزەی ئەو تێرووانینە ناکەن؛ دەکرێ لە هەر ساتێکدا بەر ڕەشەبای نیگەرانییەکانی خانەخوێ بکەون و وەک میوانێکی نەخوازراو بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە و نانبڕاویش بکرێن.

ئەوانەش کە شەنی خۆیان لە گەڵ بای خانەخوێدا دەکەن و بە ئاقڵیی، خۆیان وابەستەی فەلسەفەکەی سەرەوەی مام جەلال دەکەن؛ لە جێی باش و کورسیی نەرم دادەنیشن و لە خوانیی گەرم نۆش دەکەن و وەک سێبەر و کارگوزار دەبن بە پاسەوانی خەونەکان.

ئەوەی ڕەخنە لە ماڵباتی بارزانی و پارتی و خەونەکانیان بگرین؛ جێی خۆیەتی، چونکە ئەوان بڕیاردەری یەکەمن. بەڵام ئەوەی ڕەخنە لەزۆربەی حیزب و پاڵەوانە سیاسی و عەسکەریەکانی تر بگرین، کە بوونەتە میوانی ئاقڵی (سفرە) و (سفر)ی ژمارەی حسابەکان؛ هەم جێی نیگەرانیی و هەم پێکەنینە.
حەمدی ساحێبقڕان، جوانی فەرموو:
( لە دنیادا سەری موو غەم نەماوە
لە دەورەم گردە، بۆیە میسلی کێوم.)

شاهۆ تۆفیق




ئەدەب لە پێناوی چی؟ دۆستۆیڤسکی بە نمونە … پاڤین ڕەمەزان

_ ڕاستە ، دەکرێت ئێمە بژین بێ ئەوەی ئاگادار بین بە هیچ ڕەگەز و نوسینێکی ئەدەبی . دەکرێت بژین و مامەڵەمان لەگەڵ دەور و بەر هەبێت بێ ئەوەی خوێندنەوەمان بۆ هیچ دەقێکی ئەدەبی هەبێت ، بەڵام لەم بارەدا کە ئێمە نا هۆشیارین بە ئەدەب تەنیا لە خۆماندا دەژین و زۆر هەژارین بە ئەزمون. واتە هەر شتێک ڕوداوێکی ژیانی خۆمان نەبێت ، یا ئازارێکی ژیانی خۆمان نەبێت ، یا شادی یەکی بەرجەستەکراوی ژیانی ڕاستەقینەی خۆمان نەبێت . ناتوانین نە تێگەیشتمان بۆی هەبێت نە هەستی پێ بکەین. کە ئەمەش لە خۆیدا ژیانێکی زۆر چاو بەستانە و کوێرانەیە .

هەر ئەو پێشەکی یە ڕونتر بکەینەوە ، دەکرێت بڵێین کاتێک ئێمە لەگەڵ کاراکتەری ڕۆمانێکدا نە ژیابین ،بۆ نمونە کارەکتەرێکی دز و ناپاک و دڵ ڕەش بێت . ئەی چۆن دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤێکی تاوانبار چۆنە ؟ چۆن لەو فەلسەفەیە تێ دەگەین کە مرۆڤێکی خراپەکار لە ژیانی خۆیدا کاری پێ دەکا و ڕەوایەتی بە خۆی دەدات خراپ بێت ؟
گرنگی ئەدەب لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئێمە دەتوانین لە ڕێگای ئەدەبەوە ، پەی بەو بارودۆخانە بەرین کە لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆمان بونیان نیە و لێی بێ بەشین .
واتە کەسێک بە خۆشەویستەکەی خۆی بگات لە ژیانێکی ڕاستەقینەدا بێت لەگەڵی ، بەڵام لە ڕێگای شیعرێک یا غەزەلێک یا هەر دەقێکی ئەدەبیەوە، ئەزمونی خۆشەویستیەکی ناکام و جوادییەکی تا هەتایی بکات . یا بە پێچەوانەوە چەندین میل لە خۆشەویستەکەمان دور بین و لە ڕێگای بەرهەمێکی ئەدەبیەوە ئەزمونی ژوان و دەست گوشینێک بکەین و ئەو کەلێنەی ژیانمان بە پارچە شیعرێک پڕ بکەینەوە، لە درێژەی ئەم بابەتەدا من چەند ڕۆمانێکی دۆستۆیڤسکی بە نمونە دەهێنمەوە .هەرچەندە لێرەدا ناتوانین ماف بە خۆمان بدەین خوێندنەوە بۆ ڕۆمانی کەڵە ئەدیبێکی وا بکەین ، بەڵام تەنیا بۆ ڕون کردنەوەی ناو نیشانی باسەکە قسەی لێوە دەکەین .

کاتێک ئێمە ڕۆمانی (شەوە سپی یەکان) دەخوێنینەوە ، خۆ تەنیا بریتی نیە لە چیرۆکێکی سادەی دوو خۆسەویستی بێ چارە . لە ڕێگای ئەو ڕۆمانەوە دەکرێت ئەزمونی چاوەڕوانی بکەین ، بێ ئەوەی خۆمان چاوەڕوانی کەسێک بین .دەکرێت لە فەلسەفەی نا ئومێدی تێ بگەین بێ ئەوەی ئومێدمان بە کەسێک بنیات نابێت . دەکرێت لە ڕێگای ئەو ڕۆمانەوە هەست بەو شادییە بکەین کە لە دوای نا ئومێدی دێتە پێش و بە کەسێک شاد دەبینەوە.
با هەر کەسێکی گۆشەگیر بین و لە ژیانێکی کۆمەڵایەتی فراواندا نەژین ، بەڵام کاتێک ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف) دەخوێنینەوە . بەرجەستەی ژیانێک دەکەین پڕ لە کێشە و بنیات نانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ململانێی ئەو کۆمەڵە کەسەی کە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژین و نوسەر ڕوحی بە بەر کاراکتەرەکانیدا کردوە.

با برسیش نەبین و بە سکێکی تێرەوە ڕۆمانی (هەژاران ) بخوێنینەوە . لە کاتی خوێندنەوەیدا وا هەست ئەکەیت کەسێکی برسیت . ئەو ژیانە هەژارانەیە بەرجەستە دەکەیت ،کە موچەکەت بەشی دەرەتانی خۆت و دیارییەکی جوان ناکات بۆ خۆشەویستەکەتی بنێریت . ناچار دەبیت پەرتوکێکی سوک و چروکی بۆ بکەیت بە دیاری و ئەویش سەرزەنشتی بکات . دیارە نمونەی تر بۆ ئەم مەبەستەی من هێشتا زۆر زۆرن و بە پێویستی نازانم هەموی بخەمە بەر باس.
هەر لە م پێناوەشدا دەتوانین نوسینی ئەدەبی جیا بکەینەوە لە نوسینی بازاڕی و بێ بەها ، واتە ناکرێت ئێمە هەموو نوسینێک بکەین بە بەشێک لە ئەدەب و بە ئەدەبی بدەین لە قەڵەم. کاتێک نوسین ئەدەبێکی ڕەسەنە ، پەیامێکی سەر کەشانە بگەیەنێت و دەکرێت بابەتێکی تەواو خەیاڵیش بێت و هیچ پەیوەندی بە ژیانی ڕاستەقینەوە نەبێت ، ڕەنگە ئەمە بمانگەینێتە ئەو تێ گەیشتنەی هەندێک لە بەرهەمە سینەماییەکانیش دەکرێت بەشێک بن لە ڕەگەزی ئەدەبی بە شێوازێکی بینراو .

لێرەوە دەگەینە ئەوە ئەنجامەی هەر دەقێکی ئەدەبی ، چیرۆک بێت یا شیعر بێت یا ڕۆمان یا وتار یا … هتد. وامان لێ بکات بەرجەستەی ئازارێک، خەمێک، شادی یەک، بکەین بێ ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆماندا بونی هەبێت و بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی باش لە مەڕ ئەو ناوەڕۆکەی لێی دەدوێت .ئەوە دەقێکی ئەدەبی و ڕەسەنە و لە پێناوی ئامانجەکەی خۆیدا لە دایک بووە .




تیرۆر: مۆتەكەی دیموكراتی … تیرۆر: مۆتەكەی دیموكراتی


چەكی سەرەوەی “ئەتۆم!!

به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان: كارو كرده‌وه‌ی تیرۆریستیی، چ له‌ئاستی تاك و چ له‌ئاستی ده‌سته‌و تاقمدا بێت.. مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌ك ڕێكخراوێكی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی.. دیارده‌یه‌كی نوێیه‌.
ئه‌مڕۆ تیرۆر به‌رنامه‌ڕێژیی ده‌كرێ، ئه‌مڕۆ تیرۆر هه‌ڵگری ئایدیاو په‌یامی سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تره‌و به‌بێ هیچ ده‌سپارێزیكردنێك ڕووبه‌ڕووی جیهان بوه‌ته‌وه‌. دیاره‌ له‌و باره‌وه‌ قسه زۆر كراوه‌، به‌ڵام من نامه‌وێ له‌وێدا بوه‌ستم به‌ڵكو ئه‌وه‌ی منی سه‌رقاڵ كردووه‌… ئه‌م پرسیاره‌یه‌: ئایا بۆچ قورسایی تیرۆر له‌ ووڵاته‌ دیموكراتیه‌كاندایه‌؟
ڕوونتر بڵێم: بۆچ زۆربه‌ی زۆری تاوانه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ كراوه‌و دیموكراتیه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێن، نهێنیه‌كه‌ له‌كوێدایه‌، هۆكارو پاڵنه‌ره‌كانی چین؟.
ئه‌م نوسینه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ به‌ڵام با سه‌ره‌تا پێناسه‌یه‌ك بۆ تیرۆر بكه‌ین…

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئاماده‌ییه‌كی پێشینه‌ی سروشتی تێدایه‌ بۆ فێربونی شته‌كان ئه‌وا ده‌كرێ بڵێین: شه‌ڕو په‌لاماردانی ئه‌ویتر، یه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ڕابردویه‌كی دێریندا فێری بووه‌و تاكو ئێستا به‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌و ڕه‌وڕه‌وه‌ی په‌لاماردانی ئه‌وی تره‌وه‌یه‌، له‌شه‌ڕو په‌لاماریشدا دوو ڕه‌گه‌زی هه‌ماهه‌نگ هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ (چه‌ك و خواستی مرۆڤ)
كاتێ كه‌ توانای چه‌كه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌وه‌ستن و له‌ كێبڕكێ ده‌كه‌وون، توانای په‌لاماردانی ڕاسته‌وخۆی یه‌كتر ده‌وه‌ستێ به‌ڵام خواسته‌كه‌ ده‌مێنێ…
ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێ تیرۆر “ته‌كتیكی به‌جه‌سته‌بونی ئه‌و خواسته‌یه‌ له‌ سه‌رووی چه‌كه‌ مه‌یدانیه‌كانه‌وه‌” به‌ڵام ئه‌م به‌جه‌سته‌بونه ‌ دروست نابێ تا ئه‌وكاته‌ی “ئامانج ده‌كه‌وێته‌ پێش به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانه‌وه‌”!.

ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌دیدی مندا ووڵاتانی دیموكراتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینی ئازادی و مافی مرۆڤن، سه‌رزه‌مینی دروستبون و گه‌شه‌ كردنی تیرۆریستانیشن!.
بابزانین چۆن!
ئە‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێ.. له‌پشته‌وه‌ی تاوانه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌وه‌ “خۆئاماده‌ كردن هه‌یه‌، ڕاهێنان هه‌یه‌، پلان هه‌یه‌، كات هه‌یه‌و هتد…. پاشان به‌خوێنساردی و شێنه‌ییه‌كی وه‌ها جێبه‌جێ ده‌كرێن وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێكی ئاسایش (امن)ی بۆ پاراستنی
هاووڵاتیان له‌ ووڵاتدا بونی نه‌بێ، كه‌ تیرۆریستان سڵی لێ بكه‌نه‌وه‌ له‌هه‌مانكاتدا ده‌بینین.. هه‌وڵێكی زۆر، نه‌ك ته‌نیا له‌نێوخۆدا به‌ڵكو له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌ بۆ لێدان و له‌نێوبردنی تیرۆریستان كه‌چی تیرۆر هه‌ر له‌بره‌ودایه‌و ئاسۆیه‌ك بۆ كۆتاییهاتنی به‌دی ناكرێ خۆ ئه‌گه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستیی له‌نێو برابێ، هه‌ر ماوه‌یه‌كه‌و جارێكی ترو له‌ژێر ناوێكی تر و له‌شوێنێكی تردا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌ بۆ له‌ حاڵه‌ت ده‌رچوون و به‌ ده‌ركه‌وته‌یه‌كی جێگیرو دامه‌زراوی ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌جیهاندا! یانی تیرۆر له‌وه‌ ده‌رچوو به‌ری لێ بگیرێت، به‌ڵكو ئیتر كاراكته‌رێكی سه‌رتاسه‌ریی دژه‌ ئاراسته‌ی ڕه‌وتی شارستانیه‌تی مرۆڤه‌و ئه‌ویش سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌ سروشتیه‌كانی وه‌ك …سه‌رماو گه‌رماو بوركان و بومه‌له‌رزه‌و هتد…. دێته‌ چاره‌نووسی مرۆڤه‌وه‌ بگره‌ خراپتر!
دیاره‌ كه‌ ده‌ڵێم خراپتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌: تیرۆر له‌ ڕووی ئه‌خلاقیه‌وه‌.. ده‌سدرێژیه‌كی نابه‌رابه‌ره‌، هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات، په‌لامار ده‌دات كه‌چی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ری ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌و خۆپارێزیی مرۆڤه‌وه‌، له‌یه‌ك كاتدا هه‌یه‌و نییه‌ …

ڕوونادات و كه‌چی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خاته‌ ئه‌گه‌ری “ڕوودانه‌وه‌”! واته‌ پێش خۆی له‌كۆڵان و بازاڕو كۆڕو كۆبونه‌وه‌و ئاهه‌نگ و سه‌یرانگه‌و بگره‌ له‌نێو ماڵه‌كانداو هتد…. ئاماده‌یه‌و كه‌چی ناناسرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، یان له‌ ده‌ستیی هه‌ڵبێت.
به‌مه‌ تیرۆر له‌ دیوه‌ ده‌ره‌كی و ڕه‌واڵه‌تیه‌كه‌ی تێپه‌ڕی و ئه‌گه‌ر جارێ هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ جه‌سته‌ی تاك، ده‌یانجار هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ده‌روونی كۆمه‌ڵگه‌ كاتێ كه‌ تیرۆریست له‌ سیمبوله‌كان ده‌دات، كاتێ ده‌ستپارێزیی ناكات، كاتێ له‌تاوانكردن بێباكه‌و هتد…. بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوانه‌كانیان زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت و فشارێكی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، له‌هه‌ركوێی ئه‌م جیهانه‌دابێت.

ئه‌ڵبه‌ته‌ ده‌روون شیرازه‌و ڕاگری یه‌كه‌ی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی مرۆڤه‌ بۆ شته‌كان و به‌ په‌لاماردانی “ده‌روون” ڕاسته‌وخۆ عه‌قڵ له‌توانای داهێنان ده‌كه‌وێ بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان بۆ سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رنامه‌یه‌و مه‌به‌ست: ڕێگرییه‌ …
له‌ پێشه‌وه‌چونی ژیان و گوزه‌ران و دواتر شكست پێهێنان و پاشه‌كشێ پێكردنی ئه‌و ڕه‌وته‌ شارستانیه‌یه‌ كه‌ له‌وێ گیراوه‌ته‌ به‌ر، له‌وێشه‌وه‌ بۆ كارئاسانی و ڕێخۆشكردن بۆ داسه‌پاندنی گوتارو ئایدیای خۆیان، به‌سه‌ر هه‌مواندا …

له‌بری كاری فیكرو فه‌لسه‌فه‌و هه‌روه‌ها ووشك كردنی توانای عه‌قڵ كه‌ بزوێنه‌ری جیهانبینی و مرۆڤناسی و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌وێیه‌!
ئه‌وه‌ ئارمانجه‌ دووره‌كه‌ی تیرۆریستانه‌و له‌پشته‌وه‌ی كاره‌كانیانه‌وه‌ شاراوه‌ته‌وه‌ یانی ئارمانجی حه‌قیقی ئه‌م ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ له‌كاره‌كانیاندا نییه‌، به‌ڵكو له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كاره‌كانیاندایه‌ كه‌ ترس و خورپه‌و ڕاچه‌نین و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی بێ مه‌رجی به‌رامبه‌ره‌كه‌یانه‌ كه‌واته‌ تیرۆری ئه‌مڕۆ، تیرۆری دوێنێ نییه‌و ئارمانجه‌كه‌شی گه‌وره‌تره‌ بۆیه‌ ناكرێ وه‌ك حاڵه‌ت، یان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی و ڕاگوزه‌ر لێی بڕوانین، یان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كیه‌كان هه‌رچۆن و هه‌رچه‌ندبن ئه‌گه‌ری خۆپارێزییان له‌خه‌یاڵدانی مرۆڤدا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كدا كه‌ نه‌زانی له‌كوێوه‌، كه‌ی، چۆن ئاراسته‌ ده‌كرێ، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی نییه‌.

له‌م نابه‌رابه‌ریه‌دا ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ سروشتیه‌ی كه‌ مرۆڤ بۆ بوونی خۆی هه‌یه‌تی لاره‌سه‌نگ ده‌بێت، دواترو له‌حاڵه‌تی به‌رده‌وام بونی هه‌ڕه‌شه‌و نه‌بونی ده‌ره‌تانی خۆپارێزی …مرۆڤ دوچاری سه‌رگه‌ردانی و شڵه‌ژانی ده‌روونی ده‌بێ و له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و هاوسه‌نگ كردنه‌وه‌ی بوونی خۆیدا ئاماده‌یه‌ خۆی بداته‌ ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌كانه‌وه‌و ئه‌ویش گرفتی تیرۆریستان ببێ به‌ به‌شێك له‌هه‌ڕه‌شه‌كه‌، ڕوونتر بڵێم: تیرۆریستان خۆیان خه‌ڵكێكی هه‌ڕه‌شه‌ لێكراون، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ریاندا جێی داناوه‌!

دیاره‌ بوونی مرۆڤیش وه‌ك هه‌ر ئاژه‌ڵێكی تر له‌سه‌ر په‌ناو په‌ناگه‌و خۆپارێزیی ڕاوه‌ستاوه‌، كاتێ ماڵ دروست ده‌كات، كاتێ كۆمه‌ڵگه‌و نیشتمان و سیسته‌می حوكمڕانیی و ده‌ستورو قانون دروست ده‌كات، كاتێ عیباده‌ت ده‌كات.. بۆ ڕێگرتنه‌
له‌هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماره‌ ده‌ره‌كیه‌كان و گوزارشت كردن له‌خۆیه‌كی سه‌قامگیرو خودموختار به‌ڵام كاتێ كه‌ هێزێكی نهێنگر.. باز به‌سه‌ر هه‌موو په‌ناگه‌كانی مرۆڤدا ده‌دات و له‌ سه‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌رگری و خۆپارێزیه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌كات.. ئه‌وا په‌یوه‌ندیی مرۆڤ و شوێن ده‌پچڕێت، به‌ڵكو پایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێ و مرۆڤ له‌حه‌قیقه‌تی خۆی بچوكتر ده‌بێته‌وه‌.

چونكه‌ “شوێن” ته‌واوكه‌ری سوڕی سروشتیی بوونی مرۆڤه‌، یانی شوێن وه‌كو هه‌واو نان و ئاو”، به‌شێكه‌ له‌مرۆڤ
” ، به‌ڵام ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی له‌شیه‌وه‌ بۆیه‌ به‌بێ شوێنێكی پاوه‌جێ و دامه‌زراو.. ناواره‌ی مرۆڤ له‌كار ده‌كه‌وێ و له‌
بویه‌كی داناوه‌ ده‌بێته‌ كاوه‌ڵێكی گه‌ڕۆك، ده‌بێته‌ گیاندارێكی سه‌رگه‌ردانی بێ ئیراده‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ مرۆڤ به‌ ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆوه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیا ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گینا به‌بێ ئیراده‌: له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ شته‌كان به‌رێ ، ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی شته‌كان به‌كار بێنێ، به‌كاری ده‌به‌ن.
ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕۆڵی شوێن له‌چاره‌نووسی مرۆڤدا به‌جۆرێ كاریگه‌ره‌، من پێم وایه‌: بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ووڵات و نیشتمان و سسته‌می حوكمڕانی.. له‌مه‌عریفه‌ی مرۆڤدا، پاڵنه‌رێكی گه‌ردوونییه‌، بۆ پاراستنی په‌یوه‌ندیی “مرۆڤ و شوێن”!!
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌زگای ئاسایش له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، تایبه‌ت ته‌رخانه‌ بۆ ڕێگرتن له‌هه‌ر ده‌سدرێژییه‌كی ڕۆژانه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كه‌چی ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دیواره‌ ئاسنینانه‌ی كه‌ به‌ ده‌وری كۆمه‌ڵگه‌دا دروست كراوه‌.. ده‌ستی تیرۆر به‌سانایی ده‌گاته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌و به‌ به‌رچاوی ئاسایشه‌وه‌ ده‌یه‌وێ مرۆڤ و شوێن له‌ یه‌ك، جیا بكاته‌وه‌!!

ئه‌مه‌ چیمان پێده‌ڵێ؟
پێمان ده‌ڵێ: له‌سسته‌می دیموكراتیدا بوارێك هه‌یه‌، تیرۆریست قۆستویه‌تیه‌وه‌ بۆ خۆی و به‌بێ گرفت تێیدا ده‌ژێ، یانی تیرۆریست خزاوه‌ته‌ نێو سسته‌می حوكمڕانی ووڵاته‌وه‌و له‌سه‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كاركردنی ده‌زگای ئاسایشه‌وه‌، خۆی بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئاماده‌ ده‌كات!.
دیاره‌ ئه‌و بواره‌ لای من ئاوه‌هایه‌:
ووڵاتانی دیموكراتی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری و قانونیی، پشت ئه‌ستور به‌ فیتره‌ت و مافی مرۆڤ دامه‌زراوون، له‌ ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی تاوان و تاوانكاراندا كار له‌سه‌ر به‌ڵگه‌و به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش پێویستیی به‌ماوه‌ی زه‌مه‌نییه‌و ماوه‌ی زه‌مه‌نیش واده‌كات” كاتی تاوان و سزای تاوانكار” له‌ یه‌كتر دوور بكه‌ونه‌وه‌، له‌م دووركه‌وتنه‌وه‌دا بوارێكی ئاسایش دروست ده‌بێت له‌و بواره‌دا په‌یامێكی گرنگ و چاره‌نووسساز وون ده‌بێ، كه‌ بریتییه‌ له‌”هه‌ستی سزا وه‌رگرتنی تاوانكاران” له‌زه‌ینی كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تاوان و سزا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ریدا لفانه‌ن، هیچكامیان بێ ئه‌ویتریان نییه‌، ئه‌گه‌ر تاوان كرا ده‌بێ سزادان هه‌بێت، له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌:
ئاسایشی گشتیی واڕاده‌بینێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌جۆرێ له‌جۆره‌كان له‌و سزادانه‌ ئاگاداربێت.
هه‌ر بۆیه‌ له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كاندا به‌چاك و خراپ “سزادان” جێبه‌جێ ده‌كرێ ئیتر ئه‌و سزادانه‌ جه‌سته‌یی بێت یان ده‌روونی، ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ.
له‌ ووڵاته‌ فاشیو دیكتاتۆریه‌كاندا سزای تاوانكار به‌ توندی و به‌ ئاشكرا، ده‌سته‌وبرد بێ هیچ ڕه‌چاوكردنێكی وویژدانی و مرۆڤگه‌رایی جێبه‌جێ ده‌كرێ و ده‌درێته‌وه‌ به‌ ڕووی كۆمه‌ڵگه‌دا.
هه‌روه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م سزادانه‌ “هه‌ستپێكراوه‌” هه‌ر له‌ سزادانی تاوانكاراندا ناوه‌ستێ به‌ڵكو له‌ هه‌ر سزادانێكدا زیاتر له‌ په‌یامێك ده‌نێرێت بۆ هاووڵاتیان..
1-خۆ نمایشكردنی ده‌وڵه‌ت وه‌ك پارێزه‌رێكی به‌هێزی ئاسایشی گشتی .
2-هه‌ڕه‌شه‌ی پێشوه‌خت بۆ چاوشكێنی و تۆقاندنی هه‌ركه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا بیه‌وێ

تاوانی له‌وشێوه‌ بكات!.
سه‌رباری ئه‌وانه‌ش ناوبه‌ناو بۆ ئه‌وه‌ی ترسی سزادان له‌زه‌ینی هاووڵاتیاندا …
وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌.. سیناریۆ دروست ده‌كرێ، گوایه‌ له‌و ڕێگه‌وه‌ به‌ر به‌ تاوانكردن ده‌گرن له‌ڕاستیشدا وایه‌، ئه‌م جۆره‌ی سزادان وایكردووه‌، تاوانكردن، به‌گشتی، تاوانكردنیی به‌مه‌به‌ست و ڕێكخراو به‌تایبه‌ت، له‌وێ ده‌گمه‌ن ڕوو بدات!
به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێ كه‌ پێشوه‌خت دراوه‌ له‌هاووڵاتیان، هه‌ڕه‌شه‌ی پێشوه‌ختی سزادان.. هاووڵاتیانی گۆج كردووه‌و توانا ناوه‌كیه‌كانی له‌كار خستوون، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ بوون (وجود)ی مرۆڤدا نایه‌ته‌وه‌.
ڕێگرتن له‌تاوان و فه‌راهه‌م كردنی ئاسایشی گشتی، ناكرێ به‌ ده‌ستوقاچ به‌ستنه‌وه‌ی هاووڵاتیان دابین بكرێ!
به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ خاوه‌ندارێتی سروشتیانه‌ی خۆی بكات ئه‌وجا تاوان نه‌كات …ڕوونتر بڵێم: ئه‌وجا ڕێگه‌ی تاوانكردنی لێ بگیرێت!!
چونكه‌ بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر له‌شته‌كان، یانی ده‌بێ ده‌وڵه‌تو ئاسایش له‌پێناوی بوونی مرۆڤدابن، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، كه‌ له‌ ووڵاتانی فاشیدا په‌یڕه‌و ده‌كرێ! ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ووڵاتانی فاشی! به‌ڵام ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتی و ماف په‌روه‌ره‌كانه‌…
ڕه‌وشه‌كه‌ لێره‌ جیاوازه‌، ئه‌مان له‌درێژه‌ی پرۆسیسی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن و بونیادنانی تاكه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌مای تێڕوانینی عه‌قڵانی و ڕێژه‌یی و مافی مرۆڤ و ڕێزگرتنی ئه‌وی تر، تا ڕاده‌یه‌كی باش: هه‌م تاوانكردنیان كه‌م كرده‌وه‌، هه‌م سزادانیان سوك كرد.
له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ “هه‌ست پێكردنی” سزادانی تاوانكار نیه‌! به‌وشێوه‌یه‌ توانییان ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕه‌وشیی كاركردنی ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌دایه‌و هاووڵاتیانیش خاوه‌ندارێتیی خۆیان بكه‌ن و به‌ تواناكانی خۆیانه‌وه‌ بژین!.
به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ خۆیان ته‌واوه‌، بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ته‌واوه‌ كه‌ پێشوه‌خت ئاماده‌ كراوون بۆ ژیانكردنێكی ڕێژه‌یی و دیموكراتیانه‌!
ئه‌ڵبه‌ته‌ كه‌ ده‌ڵێین: ژیانكردنیی دیموكراتیانه‌، مه‌به‌ستمان له‌و چوار ڕه‌گه‌زه‌ … پێكهێنه‌ره‌یه‌ كه‌ فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی میسری دكتۆر موراد وه‌هبه‌ بۆمان باس ده‌كات
1-عه‌لمانیه‌ت
2-گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی
3-ته‌نویر
4-یبراڵ.

به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی ئه‌و كرانه‌وه‌ كولتوریه‌ی كه‌ هه‌یانه‌.. خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ووڵاته‌ داخراو و دواكه‌وتوه‌كانه‌وه‌ ڕوویان كردووه‌ته‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتی و پێشكه‌وتوه‌كانی ڕۆژئاوا، ئه‌م خه‌ڵكه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ئامێزیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، وه‌كو هاووڵاتیانی ئه‌وێ، به‌ هه‌مان مافه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌وێدا ده‌ژین!.
ئه‌م‌ ئامێز كردنه‌وه‌و قبوڵ كردنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتیه‌كان، بۆ خه‌ڵكانی په‌نابه‌ر وه‌ك لایه‌نی ئه‌خلاقی و مرۆڤدۆستیی.. كارێكی مه‌زنه‌، ئه‌ی له‌ڕووی ئاسایشه‌وه‌… ئایا ئه‌و تێكه‌ڵبونه‌ كارێكی گونجاوه‌؟
بێگومان نه‌خێر
چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ڕوویان كردووه‌ته‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتیكان، به‌ پاشخانێكی كولتوری و تێڕوانینێكی ڕه‌هاو په‌تییه‌وه‌ هاتوون، خاوه‌نی هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ده‌لالیی ژیانكردنی ئه‌وێ نین!
له‌دیدی ئه‌مانه‌دا، ئه‌و بواره‌كه‌ له‌ ئاسایشی ئه‌وێدایه‌، به‌ ناوچه‌ی بۆشایی دوور له‌ چاودێریی ده‌سه‌ڵات ده‌بینرێت!
دیاره‌ له‌نێو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ته‌یاری ئسوڵی ئیسلامیی هه‌یه‌ ئه‌م ته‌یاره‌ به‌ خاوه‌نداریكردنی حه‌قیقه‌تی ڕه‌هاوه‌، له‌ ڕابردوویه‌كی كه‌له‌پوریدا ڕاوه‌ستاوه‌و ئاماده‌ی به‌شداربونی ڕه‌وتی شارستانیی ئه‌مڕۆ نییه‌، به‌ڵكو فۆرمی ژیانكردنی خۆی هه‌یه‌ كه‌ ناكۆكه‌ به‌ فۆرمی ژیانكردنی ئه‌وێ و ده‌یه‌وێ بیگه‌یه‌نێته‌ جیهان له‌ هه‌مبه‌ریشدا كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیی، سه‌رزه‌مینی شته‌ گۆڕاوه‌كانه‌، شته‌ گۆڕاوه‌كانیش پێویستیان به‌ تێڕوانینی ڕێژه‌یی و پێشه‌وه‌چوونی به‌رده‌وامی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانه‌.

ئاوه‌ها بوینه‌ خاوه‌نی دوو به‌ره‌ی ناكۆك و دژه‌ ئاراسته‌ له‌یه‌ك كات و له‌ یه‌ك سه‌رزه‌میندا،
“به‌ره‌ی ڕه‌هاو به‌ره‌ی ڕێژه‌” یان بڵێین: به‌ره‌ی “له‌ ڕابردوودا وه‌ستاو و به‌ره‌ی پێشه‌وه‌چوو”
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هیچكام له‌م دوو تێڕوانینه‌ ئه‌وی تری قبوڵ نییه‌و هه‌ریكه‌ لای خۆیه‌وه‌ كار بۆ له‌نێوبردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.
ئاشكرایه‌ كه‌ به‌ره‌ی ڕێژه‌ كار له‌سه‌ر فیكرو مه‌عریفه‌و په‌روه‌رده‌ی عه‌قلانی ده‌كات و ده‌یه‌وێ تێڕوانینی تاكه‌كان به‌ ئاراسته‌ی شته‌ گۆڕاوه‌كاندا به‌رێ و ڕێی چه‌قبه‌ستن و متبونیان لێ بگرێ.
له‌ هه‌مبه‌ریشدا به‌ره‌ی ئسوڵیه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كار ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ ئاراسته‌ی، شته‌ گۆڕاوه‌كاندا هه‌نگاو بنێت، هه‌وڵده‌دات شته‌ گۆڕاوه‌كان ڕاگرێت و تێڕوانینه‌كان له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تێكی وه‌همی داكوتێ!

دیاره‌ ئسوڵیه‌ت خۆی له‌خۆیدا ده‌كاته‌ “كاركردن به‌بێ پشتیوانیكردنی كاری عه‌قڵ”
بۆیه‌ له‌ ململانیه‌كاندا كار به‌ ڕق و كینه‌و توڕه‌بون و ده‌مارگرژیی و هتد…. ده‌كات، تا دواجار ده‌گاته‌ پله‌ی هه‌ره‌ به‌رزی هه‌ڵچون و په‌لاماردان، كه‌ تیرۆره‌!
به‌كورتیه‌كه‌ی: تیرۆری ئه‌مڕۆ به‌رزترین پله‌ی ئسوڵێته‌و كاتێ كه‌ قورسایی كاری ئه‌وان… له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتیه‌كاندایه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بونی ئه‌و بواره‌ی كه‌ ئه‌وان به‌ ناوچه‌ی بۆشایی دوور له‌ چاودێریی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زانن، ئه‌و بواره‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ قۆزراوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆڕێكخستن و پلاندانان و چۆنیه‌تی جێبه‌جێ كردنی كاره‌ تیرۆریستیه‌كانیان، واته‌ لای تیرۆریستان خۆڕێكخستن و پلاندانان گرنگتره‌ تا ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان.
به‌ڵام له‌قانونی ووڵاته‌ دیموكراتیه‌كاندا پێچه‌وانیه‌، ئه‌نجامدانی كاره‌كان له‌ پێشترن! ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ی خۆشتر كردووه‌ بۆ به‌رفراوان بون و گه‌وره‌ بونی مه‌ودای تیرۆر له‌جیهاندا چونكه‌ تیرۆریستێك كه‌ ئاماده‌ی خۆكوشتن بێت هیچ باكێكی به‌ “به‌ شوێن ده‌ست و به‌ دواداچون و گرتن” نییه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتیه‌كاندا بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كه‌یسی تاوانكار پشتی پێده‌به‌سترێت.
ماوه‌ بڵێم: ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ تیرۆریست به‌رپای كردووه‌، ڕاسته‌ ڕوخسارێكی دینیی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ بنه‌چه‌دا به‌ریه‌ك كه‌وتنی به‌ره‌ی ڕه‌هاو به‌ره‌ی ڕێژه‌یه‌!
به‌ مانایه‌كی تر: شه‌ڕیی ئسوڵیه‌تی ئیسلامییه‌، دژ به‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كه‌ بۆ تێڕوانینی ڕێژه‌یی نه‌بێت ده‌ست نادات، ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن و بێ ئاگان له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی لێیده‌ده‌ن هه‌مان ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه‌ كه‌ خۆیانی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستاوه‌!!
پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌:
ده‌ره‌نجامی ئه‌م گرفته‌ به‌كوێ ده‌گات؟
به‌ بڕوای من داهاتووی “دیموكراتی” ڕوه‌و ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ و كاردانه‌وه‌ی توند هه‌نگاو ده‌نێ، كه‌ من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئاوه‌های ده‌خه‌مڵێنم:
1-ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتی بوو، ده‌بێ له‌ تاكی دیموكراتیخواز به‌ولاوه‌ خه‌ڵكی تری
تێدا نه‌ژی.
2-سزای تاوانكار وه‌ك په‌یامێكی ده‌رونیی و ئاماده‌یی ووڵات له‌زه‌ینی كۆمه‌ڵگه‌دا…
ده‌هێنرێته‌ مه‌ودای هه‌ستپێكردنی گشتیه‌وه.
3-هاتنه‌وه‌ی قه‌یسه‌رو ماڵئاوایی كردن له‌ سسته‌می دیموكراتی، هاوشێوه‌ی ئه‌و
ماڵئاوایی كردنه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌فڵاتون كرا …
كاتێ كه‌ یونان له‌لایه‌ن ئسپارتاوه‌ داگیر ده‌كرێ ئه‌فڵاتون گوناهه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و دیموكراتیه‌ی كه‌ له‌یونان په‌یڕه‌و ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی ڕه‌های كرد!.

تێبینی: بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ڵكم له‌ كتێبی (رباعیە الدیمقرا‌طیە) له‌نوسینی فه‌یله‌سوفی
میسری د.موراد وه‌هبه‌ وه‌رگرتووه‌.
بۆ زانیاری: كتێبی ناوبراو كراوه‌ به‌كوردی و له‌ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌كه‌وێته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر.

ڕه‌نجه‌ی نابینا
دوورترین ژووری دونیا 2/10/2016




من برینم … به‌ختیار محه‌مه‌د

من له‌ یۆنانه‌وه‌ تا ئێستا
له‌ ماده‌وه‌ تا ئێستا
جه‌نگاوه‌رم،
به‌ڵام هێشتا ڕێی ئازادی خۆم
پێ نازانم.
ئاخ، من برینی قووڵی مێژووی
هه‌موو مرۆڤایه‌تیم.
من گه‌لێكم، گه‌لێكی كۆچه‌ری
له‌ نێوان مان و نه‌مانی خۆمدا
هه‌میشه‌ كۆچه‌رم.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
ڕێی حه‌قیقه‌تم پێ نادۆزرێته‌وه‌.
من گه‌لێكم له‌ بیابانی مێژوودا
خواش ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتووم.
ئاخ، چه‌ند سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردانم!
خۆم هه‌میشه‌ برین له‌ جه‌سته‌ی خۆم
دروست ده‌كه‌م.
من برینه‌كانم
ده‌كه‌مه‌ ماڵی دوژمنه‌كانم.
من جه‌نگاوه‌رێكم
له‌ناو برینی به‌سوێی خۆمدا
پاڵه‌وانم.
من هه‌میشه‌ فریوخواردووی
گفتی شه‌یتانه‌كانی ناو مێژووم
(من ئیسماعیلم و هه‌میشه‌ سه‌رده‌بڕدرێم).
من هه‌میشه‌ ئاده‌مێكم و له‌ به‌هه‌شت
ده‌رده‌كرێم.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
دوژمنم له‌ خۆم خۆشتر ده‌وێ.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
باوه‌ڕ به‌ خۆم ناكه‌م
باوه‌ڕ به‌وانی دیكه‌ ده‌كه‌م.
ئاخ، من هه‌میشه‌ پاڵه‌وانی
ناو برینه‌كانی جه‌سته‌ی خۆمم.
من له‌ناو ئه‌شكه‌وتی برینه‌كانی خۆمدا
مێژووی دۆڕاوی خۆم ده‌نووسمه‌وه و
شۆڕشان به‌رپا ده‌كه‌م‌.
من له‌ناو برینه‌ تاریكه‌كانی خۆمدا
سه‌ما بۆ كوژرانی هابیلانه‌ی خۆم ده‌كه‌م.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
له‌به‌رچاوی دوژمنه‌كانم
سه‌ما بۆ كوژرانی هابیلانه‌ی خۆم ده‌كه‌م.
(من هه‌م قابیلم و هه‌م هابیلیش).
من جارێك له‌ شاخم
جارێكیش له‌ پایته‌خته‌كانم.
من هه‌میشه‌ كۆچه‌رم،
كۆچه‌رێك
له‌ نێوان مان و نه‌مانی خۆمدا.




نامەیەک بۆ کاک ئازاد جوندیانی هاورێم٠٠ …. دڵشاد مەجید

کاتێک نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەتم بینی٠ دڵم خۆش بووم کە بەئاشکراو ئازادانە دەست لەسەر کیشەو گیروگرفتەکانی یەکێتیت داناوە٠٠ بەڵام ئەوەی بەلای منەوە مایەی سەرنج و شۆک وبێزارکەر بوو٠٠ تۆ ئازایانە و راستگۆیانە، ودوور لە بەرژەوەندی و پاساو دروورستکردن، باست لەجەوهەری حەقیقی و هۆکاری ئەو ئیفرازات و کێشانەت نەکردووو٠ کە هۆکار و موسەبی ئەو بەلا ڕێدانەی یەکێتین، زانستیانەو بابەتیانە و بێلایەنانەو، خەمخۆرانە، نەتخستۆتەڕوو،
تۆ لەنامەکەتدا دەڵێت، ئەگەر تاڵەبانی ئامادەگی و بوونی هەبوایە، ئەم نامەیە نەدەنووسرا٠
بەمانایەکی تر کاک ئازاد جوندیانی، تۆ هیچ کێشەو گرفتت نیە لەگەڵ گەندەڵی و ناشەفایەتی و بە بنەماڵە کردن و کارتێڵ و مافیاکانی ناو یەکێتی، ئەگەر تاڵەبانی لەکایەی سیاسی مابوایە، بەواتایەکی تر کاک ئازاد ، تۆ هیچ
ئارایشەو گرفتت نیە لەچۆنیەتی بەروەبردن و ئیدارەدانی یەکێتی، ئەگەر تاڵەبانی ئامادەگی هەبوایە، خەمخۆریت بۆ شەفافیەت چاکسازایی٠٠ و پاوانکردن و ناعەدالەتی ناو یەکێتی قبوڵ بوو ٠ تا ئەوکاتەی تاڵەبانی پشت و پەنات بێت و لە ئیمتیازات و دەسکەوتەکان بێ بەشی نەدەکردیت؟؟

دەبوایە ئازاد جوندیانی بۆ مێژوو، بۆ نەوەی داهاتوو و بۆ نووسینەوەی مێژووێکی رەخنەگرانە٠ بۆ بەرچاو روونی کادیرو ئەندامان و بنەماڵەی شەهیدان، راستیە تاڵەکەی هۆکاری ئەو سەرگەردانیەی یەکێتیت بخستبایە ڕوو٠

کە تاڵەبانی هۆکاری ئەم سەرگەندانیەی یەکێتیە، بازرگانی نەوت و کۆمپانیاکانی حزب و بەبنەماڵەکردنی یەکێتی، گشتی لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی تاڵەبانی کراوە٠

ئایا، کۆمپانیاکانی نۆکان و قەیوان و مۆنۆپۆڵەکەی ئیدارەی گشتی، لەدوای نەخۆشیەکەی تاڵەبانی سەریانهەڵدا؟ ئایا بازرگانی نەوت دوای نەخۆشیەکەی تاڵەبانی بوو؟ ئەی ئەوە کێ بوو لەگەڵ بارزانی لەهۆڵی مامۆستا سەعد لەهەولێر ، قوفلی ناردنە دەرەوەی نەوتی کردەوە؟

هەرخۆت، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بە منت نەووت، ئەوکاتەی لیژنەیەک لەناو یەکێتی ، بۆ شەفافکردنی پرسی نەوت، بەسەرپەرشتی(جەمیل هەورامی ) پێک هێنرا٠ کاتێک جەمیل هەورامی لە ئەڵمانیا دەچێتە لای مام جەلال (ئەوکاتەی عەمەلیاتی چۆکی بۆدەکرا، ) ئەوکاتە تاڵەبانی بە جەمیل هەورامی ووت، ( ئەوە قوبادم لەئەمریکا هێناوەتەوە، کردومەتە بەرپرسی مەلەفی نەوت)
ووتت، جەمیل هەورامی و لیژنەکە تووشی شۆک بوون، لەو بڕیارەی مام جەلال ، کە بەبێ پرسی م،س بڕیارێکی وای داوە٠ ٠٠
منیش پێم ووتی ،واتە هەموو کێشەکان هۆکارەکەی مام جەلالە٠(تۆش ووتت بەڵێ وایە، بەلام وەک ڕێزێک لە نەخۆشیەکەی نامەوێ بەهیچ شێوەیەک باسی بکەم)
هیوادارم، ئەم نامەیە بەدڵێکی فراوان وەرگریت، جارێکی تربەنامەکدا بجیتەوە، ئەو راستیە تاڵانە بخەیتە روو، ئەوکاتە من یەکەم کەس دەبم کە داکۆکی و پشتگیری لە تێزو بیروبۆچونەکانت بکەم٠
لەگەڵ رێزی
دڵشاد مەجید- سوید
٢٠١٧-٢-١٤