ئێمە لە کوێین، کە بیر دەکەینەوە؟ … سۆران ئازاد

ئێمە لە کوێین؟ بۆ لێرەین و بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێن، کە لەناو ئازارە قووڵەکانماندا تەنیا بیرکردنەوە لە تاریکیی خۆ-کوشتن ئارامیمان پێ دەبەخشێت؟ ئەی ئێمە لە کوێین، کە لە فڕینمان بۆ خۆشبەختیدا خەریکە تا ئاستی ئاسمان دەفڕین؟ ئایا دەکرێت لە هەردوو دۆخە تاریک و ڕووناکەکاندا، ئێمە لە یەک شوێن و لە یەک کات بین؟ دەکرێت ئێمە لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێک بین؟ ئایا دەکرێت لە یەک شوێندا، لە چەندین کاتی ونبوو، بەردەست و نەبوودا بین؟ وەڵامەکە ئاسانە، بەڵام ئاسانیی وەڵام مانای وانییە ژیان ئاسانە، جوانە و خۆشە، لە کاتێکدا ژیانیش کارەساتێکی تری بیرکردنەوەیە. ئەوەی لەبەر دەستمان دایە ئەوەیە، کە ژیان دەرکەوتەیەکە لە بوونمان؛ وەک چۆن مردنیشمان مردنمان نییە، بە هەمان شێوەیش ژیانیشمان ئەو ژیانە نییە، کە هەمانە، مادام ئێمە دەتوانین لە شوێن و کاتی تر بین، لە هەمان شوێن و لە هەمان کاتیشدا.
(پیتەر سلۆتەردایک)ی فەیلەسووفی ئێستای ئەڵمانی، لە کتێبی (هونەری فەلسەفە)دا، پرسیارێکی گرنگ و فەلسەفیی (هانا ئارێن) لە کتێبی (ژیانی هۆش) دەروژێنێت، کە لە بابەتی (ئێمە لە کوێین، کە بیر دەکەینەوە؟) دەیکات. هەر (ئارێنت) وەڵامی پرسیارەکەمان دەداتەوە و دەڵێت (لە هیچ کوێیەک – nowhere). (ئارێنت) لە گوتارەکەیدا، (سۆکرات) وەکو نموونە دەهێنێتەوە، کە لە کاتێکدا بیرۆکەیەکی بۆ دەهات، کات بۆ کات، لە هەر شوێنێک بوایە، دەچەقی، دەچەقی و بیری دەکردەوە. دەوروبەری (سۆکرات) نەیاندەزانی ئایا (سۆکرات) لای ئەوانە یان نا. ئایا ئامادەیی جەستەیی (سۆکرات) بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی وابزانین، کە (سۆکرات) لێرەیە، یان ئەوەتا ئەو فەیلەسووفە لە شوێنی دییە و ئێمە نازانین و دەستمان پێی ناگات؟ (سلۆتەردایک) ئاماژە بە ئەگەری وەڵامی هاوکاتەکانی دەدات و دەڵێت: “ئاسایی دەردەکەوێت ئەگەر هەندێک لە هاوکاتەکانمان پێیان وابێت، کە بیرۆکەکانی فەیلەسووف لە مێشکی دان و فەیلەسووفەکەیش خۆی لە ژووری وانەوتنەوەیە، ژووری وانەوتنەوە لە زانکۆ دایە، زانکۆ لە شار و تا کۆتا، تا دەگات بە شوێنێکی گەورەتر و لە خۆگری هەموو شتەکان، کە گەردوونە. (ل 30-31)” بەڵام (سلۆتەردایک) وەڵامێکی تر دەخاتە شوێنی ئەو بۆچوونانە و دەڵێت: “وەڵامە ڕاستەکە کورتە و ئەو خاڵەیە؛ ئەوان لە شوێنێکن، شوێنێکی دی (Elsewhere)، کە لە ئێستادا هیچ جۆرە زانیارییەکی وردمان لە بارەیەوە لەبەر دەستدا نییە. (هەمان سەرچاوە).”
مادام (سلۆتەردایک) زانیارییە وردەکانی لەبەر دەستدا نییە، پێویست دەکات ئەو کێشە فەلسەفییە، کە کێشەیەکی زۆر پێوەندیدارە بە ژیانمانەوە، بخەینە بەر باس. ئەو خستنەبەرباسە بۆ ئەوە نییە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵکو دەشێت بۆ ئەوە بێت ڕووناکی بخەینەر سەر دیوە ناڕۆشنەکانی. چونکە ئێمە سات لە دوای سات و ڕۆژانە بیر دەکەینەوە، پێویستە دەکات ئەو کاتەی بیر دەکەینەوە، بزانین لە کوێین و بۆ کوێ دەچین. بیرکردنەوە دەمانبات، بۆ شوێن و سەرزەمین و کاتی دی، کە لە واقیعدا دەشێت هەبن و دەشێت نەبن، بەڵام لە دوای پرۆسێسی بیرکردنەوە، شوێن، کات و شتە نەبووەکانیش دێنە بوون، تەنانەت کەسەکانیش بە هۆی شەپۆلەکانی بیرکردنەوە خۆیان فڕێدەدەنە ناو بوونەوە. مەبەستمان لە بیرکردنەوە لە خۆگرتنی ژیانێکە، کە ئێمە پێیەوە دەژیێن. ئێمە ڕۆژانە دەژیێن، هەناسە دەدەین، بیر دەکەینەوە، دڵتەنگ دەبین، بێ وزەیی دامان دەگرێت و خۆشبەختی دەمانفڕێنێت. ئایا دەکرێت هەموو ئەو دۆخە جیاواز و دژ بە یەکانە لە یەک شوێن و لە یەک کاتی فیزیکیدا ڕوو بدەن؟ ئایا دەکرێت ئەو ماڵەی تێیدا بیرۆکەکان تا خۆکوشتن دەمان بەن، هەمان ئەو ماڵەی زمان بێت، کە تێیدا خۆشبەختی تا بڕینی ئاسمان دەمانفڕێنێت؟ وا دەردەکەوێت ئەو دۆخە نەکردە (improbable) و نەگونجاو (impossible) بێت.

کاتێک دەڵێن ماڵی ناو زمان، ئەوا مەبەستمان بوونمانە، چونکە هەر زوو (مارتن هایدیگەر) ماڵی بوونی دۆزیەوە، کە زمانە، هەر وەک خۆی لە بابەتی (نامەیەک لەسەر مرۆڤایەتی/هیومانیسم) دەڵێت: “زمان ماڵی بوونە. لەو ماڵی بوونەدا، مرۆڤەکان دەژیێن. ئەوانەی بیر دەکەنەوە و ئەوانەیشی بە وشە دروستی دەکەن، پاسەوانەکانی ئەو ماڵەن.” بەو نزیکبوونەوەیەی (هایدیگەر)، بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بە بیرکردنەوە و ئەو وشانەی بە کاری دەهێنین، ماڵی بوونمان دروست دەکەین. بەڵام ئایا ئەو بیرکردنەوە و وشانە هەمان ئەو دووانە نین، کە دەتوانین ماڵی بوونی پێ بڕوخێنینەوە؟ لێرەدا کێشەی بیرکردنەوە و زمان کێشەیەکی لێکدانەبڕاون. بیرکردنەوە بە بێ زمان خۆی مانیفێست ناکات و زمانیش بە بێ بیرکردنەوە دەرناکەوێت. هەر هەمان نزیکبوونەوە، وا لە (فیتگینیستاین) دەکات، سەرتاپێی کێشەی فەلسەفە، بە کێشەی زمان ببەستێتەوە.
بەڵام لای (هایدیگەر) زمان نەک بە تەنیا کێشەیەکی فەلسەفییە، بەڵکو کێشەی بوونە، چونکە بوونیش خۆی کێشەیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە گرنگیی بیرکردنەوە دەدات، کە گرنگیەکەی لەوەدا نییە، چ ئەنجامێک بەرهەم دەهێنێت و چ دەستکەوتێکی هەیە، بەڵکو خودی بیرکردنەوە کردار و ناوەڕۆکی بیرکردنەوە خۆیەتی. هەر ئەو کردارە سادەترین و باڵاترینە، چونکە ڕەچاوی پێوەندیی نێوان بوون بە مرۆڤ-ەوە دەکات. بە هەمان شێوە لە دیدی ئەودا، تێرمی بابەت (object) و خۆ (subject) تێرمی نادروستی مێتافیزیکین، کە تێگەیشتن بۆ بوون نادەن بە دەستەوە. هەر بۆیەشە دەگاتە ئەو ئەنجامەی، کە بڵێت “مێژووی بوون هیچ کاتێک ڕابردوو نییە، بەڵکو لە پێشماندا وەستاوە و بەردەوامە و هەمیشە لێکدانەوەی هەموو دۆخەکانی بوون دەکات.”

(هایدیگەر) دەروازەیەکی گرنگتری فەلسەفەمان بە ڕوودا دەکاتەوە، کە کێشەی ڕابردووە. تێگەیشتنی باو و ڕووکەش بۆ ڕابردوو ئەوەیە، کە ڕابردوو تێپەڕیوە. بە ددانان بەوەی، کە ڕابردوو تێپەڕیوە، کەسێک دەتوانێت لە وەهم و چەپاندنی فیکریدا بژیێت بە هیوای چێژوەرگرتن لە ساتی ئێستا و دەستخستنی ئامانجەکانی ژیان لە داهاتوودا. ئەوە ئەگەر لەسەر ئاستی ژیانی ڕووکەش و مێگەلیدا باوە، ئەوا لە مێژووی بووندا، وەکو (هایدیگەر) ئاماژەی پێ دەدات، خۆ-دزینەوەیە لە گەیشتن بە ڕاستیی بوون. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا، دەپرسین، کاتێک ئێمە بیر لە ڕابردوو دەکەینەوە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی بیرکردنەوەمانە، ئایا مانای وایە ئێمە لە ئێستا و داهاتووماندا دابڕاوین، یان مانای وایە ئێمە لە مەودا و ئاتمۆسفێرێکی تێگەیشتنی ترین بۆ بوونمان؟ ئایا ئێمە لە ڕابردوودا دەژیێن، یان ئەوەتا بوونمان ڕابردووە؟ بۆ هەمان کێشە، (هایدیگەر) تێگەیشتنی باو بۆ کات، کە خۆی لە دابەشبوونی (ڕابردوو)، (ئێستا) و (داهاتوو)دا مانیفێست دەکات، تێک دەشکێنێت و سەرتاپێی بوون بە کات و کات بە بوون دادەنێت.

یەکەم شت (هایدیگەر) لەو گوتارەیدا هەوڵی بۆی دەدات گەڕانەوەیە بۆ ڕاستەقینەیی ڕۆڵی بیرکردنەوە. ئەو گەڕانەوەیە بۆ دۆزینەوە و گەیشتنە بە سەرزەمینی ڕاستیی بوون. بە بێ گەڕانەوە بۆ بیرکردنەوە، ئێمە نە دەتوانین بە ڕاستیی بوونی خۆمان بگەین، نە هیچ ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ئەوەی لە بوونمان تێ بگەین. ئێمە، کە فڕیدراوین بۆ ناو دنیا، ئەگەر لە هیچ تێنەگەین، پێویستە لەوە تێبگەین بۆ لێرەین و دەتوانین چی بکەن. ئێمە تازە لە دنیا و ژیان داین و ئەو لەگەڵ بوونەیش هاوکاتە بە بوونی ئەوانی تر، کە ئەوانیش وەکو ئێمە فڕێدراونەتە ناو بوون. گەشتی ئەم هەوڵە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بیرکردنەوەیەکی ڕاستەقینانە، نەک تەکنیکانە.

لەژێر ئەو ڕۆشنایەدایە، ئەوەی کە بیر دەکاتەوە لەسەریەتی بزانێت ئایا لە ڕاستیدا لەناو پرۆسێسی ڕاستەقینەی بیرکردنەوە دایە، یان ئەوەتا لەژێر هەژموونی بیرکردنەوەی ئەوانی ترە، چونکە ئەوەی بیر دەکاتەوە، بە وەڵامەکەی (سلۆتەردایک) بێت، لە شوێنێکی دیکەیە. بیرکردنەوە گواستنەوە ئێمەیە بۆ شوێنێک، کە خۆمان لە ڕێگەی بیرکردنەوە دروستی دەکەین، یان بۆی دەچین. ئەوەی لەژێر هەژموونی ئەوانی تردا بیر دەکاتەوە، لەو شوێنە نییە، کە خۆی دەبێت لێی بێت، بەڵکو لە بیرکردنەوەیشدا لەو شوێنەیە، کە ئەوانی تر دروستیان کردووە. ئازادبوون (liberation) لەو کاتەدا دەست پێ ناکات، کە ئەوانی تر لە ژیانماندا نین و ئەو سنوورانە تێک دەشکێنین، کە ئەوانی تر بۆیان دروست کردووین، بەڵکو لە بیرکردنەوەی ئازادانە دەست پێ دەکات، واتە کەسێک لە بیرکردنەوەیدا ناچێت بۆ ئەو شوێنەی تر، کە ئەوانی دیکە تێیدا بیر دەکەنەوە، بەڵکو شەپۆلەکانی بیرکردنەوەی هێزی دروستکردن و دۆزینەوەی شوێن و زەمینەی دی بۆ ئازادبوون پێی دەبەخشن.
دەگەڕێینەوە بۆ دەستەواژەی بیرکردنەوەی تەکنیکانە، کە (هایدیگەر) بە کاری دەهێنێت، کە بە تەنیا پێمان ناڵێت بیرکردنەوەی تەکنیکانە چییە، بەڵکو ئەوەشمان پێ ڕادەگەیەنێت، کە بیرکردنەوە لە خۆیدا دەتوانێت بگۆڕێت و لە ڕۆڵ و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی، کە ناسین و دۆزینەوەی ڕاستیی بوونە، دوور بکەوێتەوە. هەر لە بەر ئەوەیە کۆمەڵێك بیرۆکەی ڕێکنەخراو لەناو هۆشێکی ناجێگیر و بێ ئاڕاستە ئاماژەی ئەوە نین، کە ئێمە بیر دەکەینەوە، یان ڕاستتر بڵێین لە پرۆسێسە ڕاستەقینەکەی بیرکردنەوە داین.
یەکێک لەو تێگەیشتنە گرنگانە لەو نووسینەی (هادیگەر)دا دەستمان دەکەوێت، گۆڕان یان وەرگێرانی ڕەسەنیەتی بیرکردنەوەیە. پێویست دەکات ئەو خاڵە فەلسەفییە ڕۆشنایی بخرێتە سەر و لێی تێبگەین، چونکە ترسناکیی بیرکردنەوەیش لەو خەسڵەتەیەوە سەر هەڵدەدات، کە دەتوانێت ببێت بە شتێک لە دەرەوەی خۆیدا. ئەوە لێکدانەوەیەکی فینۆمینۆلۆجیانە نییە، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو دەرکەوتانەی بە هۆی دوورکەوتنەوەی بیرکردنەوە لە خۆی دروست دەبن و دێنە بوون.
هێنانەوەی (هایدیگەر) ئەگەر بۆ خۆشکردنی زەمینەی گرنگیی بیرکردنەوەیە لە بووندا، ئەوا بۆ ناسینی خودی پڕۆسێسەکانی بیرکردنەوە و وەرگێڕان و گواستنەوەی بوونە بە هۆی بیرکردنەوەوە. ئەگەر بیرکردنەوە بۆ فۆڕم و ناوەڕۆکی تر بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە، ئەوا مانای وایە بوونی ئێمە بۆ فۆڕمی جیاوازتر لە ڕەسەنیەتی خۆی دەگۆڕدرێت و دەگوازرێتەوە. ئەو بیرکردنەوەیە ماڵی بوونمان بۆ دروست دەکات و هەمان ئەو بیرکردنەوەیشە ماڵی بوون، کە زمانە، تێک دەشکێنێت.
دەشێت کەسێک لە کاتی بیرکردنەوە لەو پرسیارانەدا، ڕووبەڕووی سەرلێشێوایی فەلسەفیی ببێتەوە، بەوەی، کە بیرکردنەوە، بە تایبەت لە زمانی ئێمەدا پێناس و ناسینی زۆر سنوورداری پێ بەخشراوە. بەشێکی ئەو دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە زمانی ئێمەدا هێشتا بیرکردنەوەی مێتافیزیکیانە زاڵە. لەم ڕووەوە، ڕۆشنبیران و نووسەرانی ڕووکەش، خزمەتێکی گەورەیان بۆ زاڵبوونی نەریتی مێتافیزیکی کردووە. پابەندبوون بە بیرکردنەوەی ئەقڵانی و دوور کەوتنەوە لە کەوتنەژێر کاریگەریی سۆز و هەستەکانمان، لە زاڵترین دیاردە مێتافیزیکیەکانی بیرکردنەوەی ئێمەن. دیارە ئەو جۆرە زاڵبوونە لە تێگەیشتنی قووڵ لە فەلسەفەی مێتافیزیکا نەهاتووە، هێندەی لە بڕیاردانی پێشوەختەوە و حوکمی خێرا سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە بە ئاسانی سەرلێشێواویی ئەوان لە بەرانبەر کێشەگەلی فەلسەفیی پێوەندیدار بە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دەبینین.
هەر (هایدیگەر) ئەو نەریتە مێتافیزکیایە تێک دەشکێنێت، ئەویش بە بەرزکردنەوەی پرسیاری بوون لە ئاست گرنگی و سێنتڕاڵیی دیاردە (phenomenon) و هەبووەکانی (entity) تر. ئەو هەوڵانەی (هایدیگەر) لە کتێبی (بوون و کات)دا دەست پێ دەکەن و لە نووسین و وانەکانی تریدا بەردەوام دەبن. ئێمە بوونمان هەیە، ئەو بوونەیش سێنتڕاڵی هەموو دیاردە، هەبووە و کێشەکانی ترە. بەبێ بوون، هەوڵدان بۆ ناسینی بوون، نەکردەیە. ئێمە کاتێکیش بوون دەناسین، کە بیرکردنەوە بۆ ڕۆڵە ڕاستەقینەکەی خۆی بگەڕێتەوە، کە ناسینی بوونە و لەگەڵ وشەکاندا پاسەوانی لە ماڵی بوون بکەن، کە زمانە.
ئەگەر نزیکبوونەوە (approach)ی (هایدیگەر) لەو ئاڕاستەیەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوا لای (نیتچە) لە جیاوازی و بەیەکدادانی نێوان (دیۆنیسوس- Dionysus)، کە بە خوای هۆژی، خەمۆکی، دڵخۆشی و ئاڵۆزی ناسراوە، لەگەڵ (ئەپۆلۆ – Apollo)، کە بە خوای ڕووناکی، هاڕمۆنی، لۆگیک و گەشەسەندن ناسراوە، خۆی دەردەخات. لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی ئەقڵ و هەست دەبینەوە.
لە بیرکردنەوەی مێتافیزیکیدا بەشێک لە فەیلەسووفەکان لایەنگری خۆیان بۆ ئەقڵ و بەشەکەی تر بۆ هەست و سۆزداری دووپات دەکەنەوە. بەڵام (نیتچە) هاڕمۆنی لەنێوان جیاوازیی ئەو دوو خوایە یان هێزە دەبینێتەوە، هەر بۆیە ئاگایی ئێمە دەخاتە سەر ئەو جیاوازیانە. هەر ئەو دەڵێت، کە ئەو دوو خوایە جیاوازیی یەکجار گەورەیان لە قووڵایی و بەرزایی ئامانجەکانیاندا هەیە. (ئەپۆلۆ) بۆ (نیتچە) سەرچاوەی پرەنسیپی جیاوازییە (the principle of individuation). (نیتچە) ئەو کۆنسێپتە بۆ ڕووتکردنەوە و داماڵینی تاک لە هەر خەسڵەتێکی سرووشتی، غەریزە، ئەو کۆمەڵەیەیە تێدا گەورە بووە و هەموو بەربەست و سنوورە کۆمەڵایەتیانەی هەیەتی، بە کار دەهێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر هۆشی و هۆکاری کۆمەڵە وەک خۆی بەردەوامی بە خۆی بدات. بە پێچەوانەوە، (دینۆنیسۆس) سەرچاوەی پرەنسیپی ناجیاوازییە، ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو ئارەزووانەی، کە ئێمە لە هەست و سۆزماندا بە دوایاندا دەکەوین. ئەم بەدواکەوتنە ئەنجامەکەی یان لە خۆشبەختی تا ئاسمان، یان ئەوەتا لە دڵتەنگییەکی قووڵ تا مەرگ خۆی بەرجەستە دەکات.

(نیتچە) ڕۆڵی ئەو دووانە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، چونکە کەلتووری (گریک) بەرهەمی بەیەکدادان و پێوەندیی نێوان ئەو دووانەیە. وەکو تر، نیشانە و خەسڵەتەکانی ئەو دوو خوایە جیاوازە لە مرۆڤدا هەن و ژیانی مرۆڤ بەرهەمی بەیەکدادانی ئەو دوو ئاڕاستە جیاواز و دژ بە یەکەن. لێرەدا دژەکان یەکتر لەناو نابەن، بەڵکو گوزارشت لە یەکانگیرییەکی باڵاتر دەکەن. هەر لەوێدا جیاوازیی نێوان موزیک لەگەڵ وێنە و بیرۆکە دەکات، بەوەی موزیک خەسڵەتی ڕاستەوخۆی لە بەریەکخستنی ئێمە بە ناوەڕۆکەوە هەیە، لە کاتێکدا وێنە و بیرۆکەکان خاوەن هێزی ناسینی ڕووی دەرەوەی بابەتمان پێ دەبەخشن. هەر وەک خۆی دەڵێت: “وەکو ئەوەی (شۆپنهاوەر) فێرمان دەکات، ئێمە لەوە تێدەگەین، کە موزیک وەک زمانی ڕاستەوخۆی ویست و هەست، ئەندێشەکانمان تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی هۆشی ئەو جیهانە خۆی بگرێت، کە بە شێوەیەکی نادیار بۆمان دەدوێت و لەگەڵ ئەو جووڵە زیندووەدا خۆیمان بە ڕۆشناییە جیاوازەکانیەوە بۆ بەرجەستە و دەردەخات.
هەرچی وێنە و بیرۆکەیە لەژێر کاریگەریی ڕاست و ڕەوانی موزیکدا دەگاتە ئاستی مانا بەرزەکان و مسۆگەریان دەکات. ل57.”
پێوەندیی نێوان موزیک لەگەڵ وێنە و بیرۆکە بە تەنیا باسکردن نییە لە پێوەندیی ئەو سێیانە، بەڵکو ئاماژەدانە بەو هاڕمۆنییەی، بە هۆی بەیەکدادان و کارلێکردنی ئەو دوو هێزە جیاوازە ڕوو دەدات. ئەو هاڕمۆنییە دەروونی و فیکری یان هزرییە بەبێ یەکتر ناتوانن ڕوو بدەن. ئەگەر هەر یەکێک لەو دووانە و بە تەنیا لە ناوەوەی تاک یان مرۆڤدا کار بکەن، ئەوا مرۆڤ لە ئاستی دەروونی و هزریشدا تووشی نامۆیی بە خۆی و جیهان دەبێتەوە.

ئێمە نە بەبێ هەستەکانمان دەتوانین ئاشتیمان لەگەڵ بوونی خۆمان هەبێت، نە بەبێ بیرۆکە و وێنە هۆشەکییەکانیشمان. هاڕمۆنیی ژیان و ئاشتیی دەروونی و هزری لەو کاتەوە دەست بە گەشتی خۆی لەناو ژیانی تاکدا دەکەن، کە هەردوو هێزی سۆزی و هزری ئازادانە بەیەکەوە بەرەو خواروو و بەرەو سەروو بەرز ببنەوە و داببەزن. لێرەوەیە، خوێندنەوەی (سلۆتەردایک) لە کتێبی (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) بۆ (نیتچە) ئەوەیە، کە (نیتچە) نەک بە تەنیا فێرمان دەکات بۆ پێشەوە (forward) گەشە بکەین، بەڵکو دەبێت گەشەکردن لەسەر ئاستی ئاسۆیی (horizontal) و ستوونیدا (vertical) بێت. هەر لە هەمان کتێبدا، ئاماژە بە ئاستەنگ و چەقبەستنی ستوونی (vertical tension) دەدات، کە دەبێت بە بەربەستی گەشەکردن، بەڵام بە گەشەکردنی هاولایەنانە بۆ پێشەوە (forward) و بۆ سەروو (upward) بە هێزی قووڵبوونەوە و کەوتنە ناو قووڵاییەکانی خوارەوەی خۆمان (inward)، ئێمە دەتوانین بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بین. ئەو زاڵبوونە، یان خۆ-زاڵبوون (self-overcoming) لە بنچینەترین و گرنگترین ئەو کۆنسێپتانەیە، کە (نیتچە) لە سەرتاپێی کارە فەلسەفییەکانیدا پەیڕەوی کردووە. بەبێ ئەو زاڵبوونە، تاک یان مرۆڤ توانای تێکشکاندنی بەربەستەکانی نابێت و بەم هۆیەشەوە، دەرفەتی گەشەکردنی سەروو و بۆ پێشەوە بە هۆی هێزی خوارەوە لە دەست دەدات.
ئەوەی، کە دەیەوێت گەشە بکات و بەردەوام زاڵ بێت، پێویست دەکات هێندەی خەون بە بەرزاییەکان گەیشتن بە ئامانجەکانی دەبینێت، هێندەیش ئامادەیی گوێگرتن و کەوتنەخوارەوە لە ئازار و دڵتەنگییە قوڕسەکانی بێت، هەر وەکو لە کتێبی (زانستی هۆژی)دا دەڵێت: “ئایا ئەو کەسەی دەیەوێت هەتا ئاستی ئاسمان فێری ئاسوودەیی بێت، دەبێت ئامادەیش بێت تاکو ئاستی مەرگ دڵتەنگ بێت؟ وا پێدەچێت ئەو هەمان ئەو شێوەیە بێت، کە هەیە. (ل38) “.
دڵتەنگبوون تا ئاستی مردن یان مەرگ لە قوڕسترین دۆخەکانی ژیانمانن. ئایا ئێمە لە دڵتەنگیەکاندا چ هێزێکە وامان لێ دەکات بەردەوامیی بە ژیان بدەین؟ ئەگەر هەر بۆ (نیتچە) بگەڕێینەوە، ئەوا دەڵێن هەمان ویستی چێژە، کە لە ئازاری و دڵتەنگیشدا غەرقمان دەکەن. لێرەدا ویستی هێز ڕۆڵی گەورەی خۆی دەگەڕێت، کە هێزیش بۆ گەشەکردن و زاڵبوونی بەردەوامە.
مەگەر ئێمە ئەوە نەکەین، ئەگەرنا لە چارەنووسی ناکۆتای گەڕانەوەی هەمیشەیی (eternal recurrence) ڕزگارمان نابێت. مەبەست لە گەڕانەوەی هەمیشەیی گەڕانەوەی بەردەوام و لەژمارنەهاتووی ئێمەیە بۆ ژیان، بۆ هەمان ئاست و هەمان ڕووداو و هەمان دۆخەکان. هۆکاری ئەو گەڕانەوەیەش لە وزە ناکۆتاکەی گەردوونەوە هاتووە. ئەوەی گەشە نەکات و نەتوانێت بەردەوام بەرەو سەروو بە گوێگرتن لە دڵتەنگییەکانی خوارووی هەڵکشێت، بەردەوام لە چارەنووسە بەدەکەی گەڕانەوەی هەمیشەیی لە قووڵایی ئازارچەشتنەکانیدا دەمێنێتەوە. بۆیە ئەوەیشی پێی وایە مردن کۆتایی و ڕزگاربوونمانە لە ژیانە، ئەوا زۆر هەرزانانە لە بوون و ژیانی ڕوانیوە و نرخەیەکیشی زۆر ئاسان دەست کەوتووە و هەر بەو نرخە کەمەیشەوە ژیان و بوون دەبەخشێتەوە.

ئێمە، کە لەناو وزەیەکی ناکۆتا و بێپێوانەدا دەژیێن، ئەگەر بە هیوای بەخشینی ژیان بە مردنەوە کات و ساتەکانمان ڕەوانە دەکەین و بەسەر دەبەین، ئەوا لە چ ئاست و دۆخێکدا دەتوانین هێزی ئەو گەڕانەوە هەمیشەییە، کە لە لای (بوودا) و ئاینی (هیندۆیوزم) بە دۆناودۆن (reincarnation) گوزارشتی لێ کراوە، تێبپەڕێنین؟ سەرەڕای جیاوازییەکانیان، نەریتی فەلسەفیی (گریک)، کە خاوەن کۆنسێپتی گەڕانەوەی هەمیشەییە، لەگەڵ نەریتی هیندۆیوزم و بوودیزم، کە خاوەن و گەشەپێدەری کۆنسێپتی دۆناودۆنن، لەو شوێنەدا هەردووکیان یەک دەگرنەوە، کە چ دۆناودۆن و چ گەڕانەوەی هەمیشەیی ئاماژەن بە بازنەی ئازارچەشتن (circle of suffering). ئەوە مانای وایە ئێمە، کە لە ژیانین، ئەوا لە کارەساتێکی گەورە تێکئاڵاوین و تاکە دەرچوونیشمان ڕۆشەنگەری (enlightenment) لای بوودییەکان و خۆ-زاڵبوون (self-overcoming)ە لای (نیتچە).

دەشێت وەڵامی پرسیارەکە، کە (سلۆتەردایک) زانیاری وردتری ترمان پێ نادات، ئەو بێت کاتێک ئێمە، کە بیر دەکەینەوە، لە شوێنێکی ترین، بەڵام ئەو شوێنە هەر یەک شوێن نییە، چونکە ئەوانی تریش، کە بیر دەکەنەوە لە شوێنگەلی ترن. ئەو شوێنەی بیرکردنەوەی کەسێکی ڕۆشنگەر، یان بەسەر خۆزاڵبوو و پڕ لە ویستی ‌هێز هەیەتی، جیاوازە لەو شوێنەی، بە پێی پێناس و ناساندنەکەی (نیتچە) بێت، مێگەل و حەشامەت تێیدان. لەو ژیان و بیرکردنەوەی مێگەلەدا، هەمووان لە یەک شوێنی بیرکردنەوەن. ئێمە ئەگەر بە جیاکردنەوەی ڕێگاکەمان لە ئەوانی تر ڕووبەڕووی تەنیایی و ئازار دەبینەوە، ئەوا لەبەر ئەوەیە، کە ئێمە لەگەڵ ئەواندا دەژیێن، لەگەڵ ئەواندا هەناسە دەدەین و لەگەڵ یەک جیهان، بە پێی بۆچوونەکەی (هایدیگەر) بێت، کەوتووینەتە ناو بوونە و لەگەڵ یەکتریش هاوبەشی پێ دەکەین، بەڵام کە بیر دەکەینەوە، لەو شوێنە نین، کە ئەوانی لێن. ئەگەر هەر لەو شوێنە بین، هێزی بیرکردنەوەی تاکانەی ئێمە لە کوێ دایە و بۆچیش، هەر وەک لە بابەتی (ئایا ئێمە بوونەوەری بیرکەرەوەین) ئاماژەم پێی داوە، شتێک بکەین، کە نازانین چییە، کە مەبەستم لە بیرکردنەوەیە مادام ئەوانی تر لە جیاتی ئێمە دەیکەن و کردوویانە؟!

————————————–
تێبینی:
ئەم بابەتە بەشێکە لە زنجیرەی باسێکی هزری کتێبی (هێزی گۆڕینی ژیان).

سەرچاوە ئاماژە پێدراو و وەرگێڕانەکان:

Heidegger, Martin. ‘A Letter on Humanism’. Translated by Frank A. Capuzzi. First Edition, 1949.
http://pacificinstitute.org/pdf/Letter_on_%20Humanism.pdf

Heidegger, Martin. ‘Being and Time’. Translated by John Macquarrie and Edward Robinson. Black Well Publication. Last Edition 2001.

Nietzsche, Friedrich. ‘The Birth of Tragedy; Out of the Spirit of Music’. Translated by Lan Johnston. Vancouver Islan University, Nanaimo, British Columbia Canada.

http://www.holybooks.com/wp-content/uploads/Nietzsche-The-Birth-of-Tragedy.pdf

Nietzsche, Friedrich. ‘The Gay Science’. Translated by Josefine Nauckhoff. Edited by Bernard Williams. Cambridge University Press. First Publication 2001.

Sloterdijk, Peter. ‘The Art of Philosophy; Wisdom as a Practice’. Translated by Karen Margolis. Published by Colombia University Press- New York 2012.

Sloterdijk, Peter. ‘You Must Change Your Life’. Translated by Wieland Hoban. Polity Publication, 2014.

‘The Tibetan Book of the Dead’. Discovered by Karma Lingpa. Translated by Robert A. F. Thurman. Bantam Books Publication 2000.

Wittgenstein, Ludwig. ‘The Philosophical Investigations’. Translated by G. E. M. Anscombe. Basil Blackwell Publication.

http://static1.squarespace.com/static/54889e73e4b0a2c1f9891289/t/564b61a4e4b04eca59c4d232/1447780772744/Ludwig.Wittgenstein.-.Philosophical.Investigations.pdf




شوناسی پارتی له‌ نێوان تۆتالیتارییه‌ت و دیكتاتۆرییه‌ت … 2… ڕزگار عه‌لی

(به‌شی دووه‌م)

له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا جهودێكی كه‌ممان بۆ ناساندنی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌خشی و زیاتر ته‌ركیزه‌كه‌مان له‌سه‌ر ڕژێمی تۆتالیتاربوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جیاكارییه‌ یه‌كسه‌ر ڕووئیای ڕوونبێت پارتی چ سیمایه‌كی هه‌یه‌ و چۆن ئیش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌، به‌ڵكو (به‌كورتی) ده‌چینه‌ ناو بونیادی پارتی له‌ دوو ده‌یه‌ی راِبردوو به‌ ئێستاوه‌، بێ له‌وه‌ دوو قۆناغی تری پارتایه‌تی وناسیونالیزمی كوردی كه‌ بریتییه‌ له‌ قۆناغی (شۆڕشگێڕی و ڕاپه‌ڕین) باسده‌كه‌ین، له‌وێ ته‌ركیز ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا شتێك هه‌یه‌ به‌ناوی شۆڕشی كوردی؟ ئایا ئه‌م شۆڕشگێرانه‌ كێبوون و چی بوون؟ ئایا ده‌رئه‌نجامی شۆڕش چیبوو؟ ئایا قۆناغی شۆڕشمان هه‌یه‌ كه‌ پێش ڕاپه‌ڕین بوو، دوای ڕاپه‌ڕینیش حوكمڕانی خۆماڵی، ئه‌ی ڕاپه‌ڕین چیبوو؟ ئایا ڕاپه‌ڕین له‌ كوێی قۆناغه‌كانی شۆڕش و حوكمڕانی خۆماڵییه‌؟ ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ مێژووی ئه‌و سه‌ركردانی پارتی و پارتایه‌تی بزانین كه‌ تا ئێستاش به‌و شیعاره‌ی دوێنێ و شه‌رعییه‌تی دوێنێوه‌ حوكمڕانمانن، هه‌م سیما دیاره‌كانی مێژووی تۆتالیتار و دیكتاتۆری و شوناسیان دیاریبكه‌ین..

ئێستا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ مێژوو، بونیادی ئه‌م حزبه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ین، ئێمه‌ نامانه‌وێت ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ئه‌م حزبه‌ لێكبده‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ تائویلیكردنی ڕووداو نه‌ك جه‌وهه‌ر، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت شوناس و جه‌وهه‌ر بزانین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دوو قۆناغی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ قۆناغێك به‌ قۆناغی ڕزگاری یان (ئازادی نیشتیمانی) داده‌نرێت كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ (شۆڕش) ناوده‌برێت. قۆناغێكی تر به‌ قۆناغی (دوای ڕاپه‌ڕین) داده‌نرێت، ئه‌م دوو قۆناغه‌، قۆناغی شۆڕش و دوای شۆڕش كۆمه‌كی باشمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی حاڵی بین و بزانین له‌ ئێستادا شوناسی ئه‌م حیزبه‌ چییه‌؟ له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسیارێكی تریش، وه‌كو، ئایا له‌ مێژووی ئه‌م حزبه‌دا، قۆناغی شۆڕش بوونی هه‌بوو له‌گه‌ڵ قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین. ئه‌ی خودی ڕاپه‌ڕین چیبوو؟ چونكه‌ ڕاپه‌ڕین نه‌ ده‌چێته‌ ناو ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ شۆڕشگێڕی بوو، نه‌ ده‌چێته‌ ناو ئه‌و قۆناغه‌ش كه‌ به‌ قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ناسرێنێت.

• قۆناغی شۆڕشگێڕی

ئه‌م قۆناغه‌ به‌و قۆناغه‌ ده‌گوترێت كه‌ پاتریاكه‌كان و پیاوه‌نی كورد و ناسیونالیزمی كوردی له‌ شاخ بوون، ئایا ئه‌مانه‌ بۆ له‌ شاخ بوون؟ ئایا به‌ڕاست شۆڕش چییه‌؟ گرنگترین و جه‌وهه‌رترین پرسیاری ئه‌م به‌شه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ده‌رئه‌نجامه‌كانی شۆڕش چی بوون؟ چونكه‌ له‌ناساندنی ده‌رئه‌نجامی (شۆڕش)دا خودی پرسیاری (شۆڕش چی بوو؟) ئاشكرا ده‌بێت.

شۆڕش له‌ ساده‌ترین مانادا به‌مانای ده‌ستكاریكردنی دونیایه‌كی بێزرا و ناشیرین و گۆڕینی بۆ دونیایه‌كی جوان، یان ئازادكردنی تاك له‌ جه‌برێك یان سته‌مێك. هه‌ندێك عه‌قڵی ناسه‌لیم ده‌بێژن شۆڕشگێڕانی كورد و (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) شۆڕشگێڕی ناسیونالیزی بوون، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر سه‌یری چوارده‌وری ئاغاكان و سه‌ركرده‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كورد و چوارده‌وری ئه‌و باڵه‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) بكه‌ین نه‌ك هیچ شتێكیان ده‌رباره‌ی چه‌مكی ناسیونالیزم نه‌ده‌زانی، به‌ڵكو به‌ پێی سه‌ره‌تای ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی پێكهێنانی حزبی سیاسی زۆربه‌ی بۆ پیلانگێڕانی بووه‌ دژی ئاغاكه‌ی ئه‌ودی خۆی، واته‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت شۆڕش لای شۆڕشگێڕانی كورد به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و فیكره‌ی لای (مه‌لا مسته‌فا)هه‌بوو نه‌ك دۆخێكی ناسیونالیزم نه‌بووه‌، هه‌رگیزیش دۆخێكی رزگاربوون نه‌بووه‌ له‌ حوكمی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و تیۆره‌كانی، به‌ڵكو شۆرشی كوردی لای (مه‌لا مسته‌فا) له‌ ساڵانی چل و په‌نچاكان تا دواتر كه‌ ده‌ستیپێكرد هه‌وڵدان بوو بۆ گه‌وره‌كردنی حوكمڕانیكردنی عه‌شیره‌ت و عه‌شایه‌ری ناو دیوه‌خانه‌كان، واته‌ شۆڕش له‌م سه‌ره‌تایانه‌دا فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی عه‌رش بوو، هه‌روه‌كو ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ وابوو كه‌ فه‌یله‌سوفی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی (تۆماس هۆبز) ئاماژه‌ی پێكردووه‌، كه‌ (ئه‌و كاته‌ی فه‌رمانڕه‌وایكردنی نییه‌، شه‌ڕ له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا له‌سه‌ر موڵكییه‌ت و خاوه‌نداری زه‌وی وزار ڕووده‌دات)، شۆڕشی كوردیش له‌سه‌ره‌تاكاندا هه‌مان بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵییه‌ت بوو، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت هێشتا شۆڕشگێڕانی كورد به‌ سه‌رۆكایه‌تی( مه‌لا مسته‌فا) نه‌ك ناسیونالیزم نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئاگاشیان له‌ چه‌مكی ناسیونالیزم نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت هێشتاش له‌ناو (دۆخی سروشتی) بوون، ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ فه‌یله‌سوفی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی هۆبز ناوی ده‌نێت مرۆڤ بۆ براكه‌ی خۆی گورگێكه‌، (ئه‌م فیكره‌یه‌ واته‌ دۆخی سروشتی ده‌كرێت بۆ ئێستاش دروست بێت).
شۆڕشگێڕان له‌ناو ئه‌و دۆخه‌ سروشتییه‌دا جگه‌ له‌ دڕه‌نده‌یه‌ك كه‌ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه‌ شه‌ڕ نه‌بێت، جگه‌ له‌ ده‌عبایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆی قوت بدات هیچی تر نه‌بوو.
لێره‌دا ده‌ستپێكی ئه‌وه‌ی به‌ شۆڕش ده‌ناسرێت ده‌ستپێده‌كات، ئه‌م ده‌ستپێكه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی حوكمه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی حوكمه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق كه‌ حوكمی پاشایه‌تی بوو قبوڵی نه‌كرد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند خێڵ و قه‌بیله‌ و عه‌نته‌ری ناو دیوه‌خان و دره‌به‌گ و مرۆڤی فاشیل بكات، ئه‌مانه‌ ڕوو له‌ شاخ ده‌كه‌ن، لێره‌دا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ فاشیله‌ له‌گه‌ڵ شه‌قتێهه‌ڵدانیان له‌ناو دیوه‌خانه‌كانیان وه‌كو كێوییه‌ك ڕوو له‌ شاخ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و كوردی بوو، دیاره‌ لێره‌دا ئه‌وانه‌ی له‌ شاخ بوون بێ ئاگابوون له‌ دۆخی ناسیونالیزم و تێگه‌یشتن له‌ ناسیونالیزم.

له‌گه‌ڵ چوونه‌ شاخی ئه‌مانه‌دا له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان بۆ پشتگیری دۆخێكی هه‌ڵه‌ختێنراو كه‌ به‌ (ناسیونالیزمه‌وه‌) ده‌ناسرێت ڕوو له‌ شاخ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی فۆڕمی ته‌واو به‌ ناسیونالیزم و كوردایه‌تی ده‌دات ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ بوون به‌ سه‌ركردایه‌تی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) كه‌ ڕوو له‌ شاخ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ ئاگاداری دونیای ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی عێراق و سوریا بوون و هه‌ندێكیشیان له‌ناو ڕووداوه‌كان بوون، به‌ تایبه‌ت دوای دروستبوونی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی حزبی (به‌عس) له‌ ساڵی 1947 له‌ سوریا و دواتر گواستنه‌وه‌ی چالاكی ئه‌و حزبه‌ بۆ عێراق و له‌ ژێر هه‌وڵی دروستكردنی ڕێخراوی (جیدی) له‌ ساڵی 1947، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ به‌ چوونه‌ شاخی ئه‌م ده‌ره‌به‌گانه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن و ده‌چنه‌ ناویان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فۆڕمی تازه‌ی شۆڕش و كوردایه‌تی به‌م كۆمه‌ڵه‌ ده‌ره‌به‌گه‌ ده‌به‌خشن و ته‌سلیمیان ده‌بن، ئه‌م فۆڕمپێدانه‌ تا جیابوونه‌وه‌ی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) به‌رده‌وام ده‌بێت، كێشه‌ی جیابوونه‌وه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و هاوڕێكانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای ئاشكرا ده‌بێت ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌ قه‌بیله‌ و خیڵێكن كه‌ نه‌ده‌زانن كوردایه‌تی چییه‌، نه‌ شۆڕش، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ كوردایه‌تی و ناسیونالیزم ده‌بێته‌ ئامرازێكی ده‌ستی ئه‌و نه‌وه‌ كێوییه‌ی شاخ و به‌ زیره‌كی و ئازایه‌تی خۆیان به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ن، له‌و قۆناغه‌دا پارتی له‌ ڕێگای ئه‌و ڕۆشه‌نبیرانه‌وه‌ ئاگاداری ته‌واوی دۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، وه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه‌ دۆخی ناسیونالیزم ده‌چێته‌ ناو دۆخی ئه‌و مرۆڤه‌ كێویانه‌وه‌، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه‌ پارتی ئاگاداری تیۆری به‌عس و ئیشكردنی به‌عسی سوریا ده‌بێت، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كورد كه‌ چوونه‌ شاخ پێشتر له‌ سوریا بوون و هه‌ندێكیش له‌و ڕۆشنبیرانه‌ له‌ناو چالاكییه‌كانی حزبی (شوعی) ئه‌و كاته‌ بوون كه‌ چالاكترین حزبی سیاسی ئه‌و كاته‌ی عێراق بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ زۆر باش له‌ دۆخی به‌عسیزم تێده‌گه‌یشتن، هه‌ر له‌و ڕێگای ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه‌ (مسته‌فا بارزانی) ئاشنای تیوه‌ره‌كانی (میشه‌ل عه‌فله‌ق) كه‌ مه‌سیحییه‌كی ئه‌رته‌دۆكسی بوو، له‌گه‌ڵ (سه‌لاحه‌دین به‌یتار) كه‌ سونی بوو ده‌بێت، ئه‌م دوانه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی به‌عس بوون، ئه‌م ئاشنابوونه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو ڕووبه‌ڕووی به‌عس بێته‌وه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی حزبی به‌عس تیوه‌ره‌كانی بكاته‌ پراكتیك، پارتی كردی، واته‌ پارتی پێش به‌عس تیۆری به‌عسیبوونی كرده‌ كردار. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ زۆربه‌یان بوونه‌ قوربانی ئه‌و فه‌زا سه‌قافییه‌ و تیۆرانه‌ی كه‌ خۆیان له‌ شیكردنه‌وه‌یدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی حوكمه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز) ببنه‌وه‌، هه‌ر به‌و تیۆرانه‌ی كه‌ خۆیان ئاشنای (مه‌لا مسته‌فا)یان كرد ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ به‌ر شه‌ق ده‌كه‌ون و ده‌رده‌كرێن. ئه‌و دۆخه‌ی شۆڕشگێڕانی (ئێستا) ناویان ناوه‌ شۆڕش جگه‌ له‌ ملشكاندن و تیرۆركردن و ئیعدامكردن و جیابوونه‌وه‌ی باڵ و له‌ولاشه‌وه‌ شه‌ڕفرۆشتن بۆ ئه‌وه‌ی كامیان ببنه‌ ده‌مڕاستی كوردبوون به‌رانبه‌ر حوكمه‌ته‌ یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی عێراق هیچی تر نه‌بوو، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێـت كورد له‌و كاته‌دا كارئه‌كته‌ری شۆڕشگێڕی نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌بوو شۆڕش نه‌بوو به‌ڵكو له‌ناوبردنی كارئه‌كته‌ره‌ شۆڕشگێڕه‌كان بوو، ته‌نانه‌ت به‌عسی سه‌رده‌می سه‌دامیش ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و (كۆمه‌ڵه‌) كوردانه‌ی ئێستا و فیكره‌كانیان كه‌ له‌ شاخ بوون تیۆره‌كانی به‌عسیان نه‌كرده‌ كردار بۆ ملشكاندنی یه‌كتر و كۆشتنی یه‌كتر و له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕه‌كانی كورد (تا ئێستاش هه‌مان تیۆر له‌ناو پارتی به‌رده‌وامه‌). دوای شیكردنه‌وه‌ی دۆخی دروستبوونی (شۆڕشی كوردی) ئێستا جێگه‌ی خۆیه‌تی بپرسین، ده‌رئه‌نجامی شۆڕش چی بوو؟ نامه‌وێت ڕووداوه‌كان بنوسمه‌وه‌ و یه‌كسه‌ر به‌ پرسیارێك وه‌ڵامده‌ده‌مه‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ چ شۆڕشێكه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی كوژرانی سه‌د و حه‌فتا هه‌زار ئه‌نفال و پێنچ هه‌زار هه‌ڵبجه‌یی و حه‌وت هه‌زار بارزانی بێت؟ ئایا كه‌س له‌ خۆی پرسیوه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشیان كردووه‌ له‌ په‌نچاكانه‌وه‌ تا ئێستا بۆ ئێستاش حوكمڕانن، ئه‌ی بۆ نه‌كوژران، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو كورده‌ كوژرا و ئه‌و هه‌موو گونده‌ وێران كرا ئێوه‌ له‌ كوێ بوون؟ شۆڕشه‌كه‌تان له‌ كوێ بوو؟ ئایا نزیكه‌ی دوو سه‌د هه‌زار كورد بده‌یته‌ كوشت و هه‌زاران گوند وێران بكرێت و دواتر ئای چ شه‌رمێكه‌ بڵێیت شۆڕشم كرد و شۆڕشگێڕبووم و شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕیم هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێ ئاگاداربێت له‌ باشوری كوردستاندا نه‌ هیچ شۆڕشێك بوونی هه‌یه‌ و نه‌ هیچ شۆڕشگێڕێك كه‌ ئێستا وه‌كو حوكمڕان خۆیان ده‌ناسێنن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ شۆڕش ناوده‌برێت هیچی دیكه‌ نه‌بوو جگه‌ له‌ له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕه‌ ڕاسته‌قینه‌كان كه‌ ده‌یانویست شۆڕش دروست بكه‌ن.




کاروان عومەر: سەماکارێک دەیەوێ لە ڕێگەی سەماوە جەستەی مرۆڤی کورد ئازاد بکات


نووسینی:
خەندە حەمید، نەبەز سەمەد

لە کولتووری کوردیدا، بەشێوەیەکی گشتی جەستە گرنگی و بایەخی پێنادرێت. جەستە فەرامۆش کراوە، تاکی کوردی ئاگای لە جەستەی خۆی نییە و بەهەند وەری ناگرێت. ئەمە لە لایەکەوە، پەیوەندی بە کولتووری ئیسلامییەوە هەیە، چونکە لە ئاینی ئیسلامدا زیاتر بایەخ بە ڕۆح، نەک جەستە دەدرێت. ڕۆح وەک نەمر و جەستە وەک کاتی و بمر لێی دەڕوانرێت. بۆیە بەگشتی لە جیهانی ئیسلامیدا گرنگی بە جەستە نادرێت. لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندی بە کولتووری خێڵەکی و باوکسالارییەوە هەیە، چونکە لەم جۆرە کولتوورەدا، جەستە پەیوەست کراوە بە ژنەوە، بۆیە ژن تەنیا وەک جەستە دەبینرێت، جەستەش کورتکراوەتەوە بۆ سێکس و سێکسوالێتی. واتا جەستە وەک ئامرازی بەتاڵکردنەوەی ئارەزووی پیاوان دەبینرێت، نەک وەک ئامانج لە خۆیدا. بۆیە چۆن ژن کراوە بە ژێر دەستە و کۆیلە بەهەمان شێوەش جەستە کراوە بە کۆیلە و بەشت کراوە.
جەستەی کوردی، جەستەیەکی بێبایەخی، داگیرکراوی، فەرامۆش کراوە. جەستەی کوردی ئازاد نییە، ناتوانێ بە ئازادی خۆی بجووڵێتەوە، جەستەیەکی ڕامکراو و دیسپلینکراوە. جەستە خراوەتە نێو ناکۆکی و نەسازییەکی قووڵەوە لەگەڵ هۆش. جەستە وەک کۆیلە و هۆش وەک سەروەر دەبینرێت. لە کولتووری ئیسلامی و کوردیدا، جەستە جارێکی دیکەش دەکەوێتە نەسازی و ناکۆکی لەگەڵ ڕۆح، لە ئیسلامدا ڕۆح لە جەستە باڵاترە، جەستە گوناهبار و تاوانکارە، بۆیە دەبێ سزا بدرێت، ڕۆح بێگوناهە، ڕۆح پاکژە، پەتییە، بەڕێی جەستەوە ئەو پاکژێتییەی دەدۆڕێنێت، بەڵام پاش مردن ڕۆح لە جەستە جیا دەبێتەوە، جارێکی دیکە پاکژ دەبێتەوە.
کاروان لە ڕێگەی ئیشەکانییەوە، لە ڕێگەی سەماوە، ڕەخنەی ئەم تێگەیشتن و تێڕوانینە دەکات کە جەستە وەک بێبایەخ و نزمتر لە هۆش دانانێت. ئەو لە ڕێگەی سەماوە دەیەوێ جەستەی مرۆڤی کورد ئازاد بکات. تاکی کورد هان دەدات کە بایەخ بە جەستە بدەن، جەستە بەهەند وەربگرن. هەروەها لە ڕێگەی سەماوە دەیەوێ مرۆڤی کورد لەگەڵ جەستەی خۆی ئاشت بکاتەوە و بە جەستەی خۆی ئاشنای بکات. لە ئیشەکانی کاروانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە جەستە چ بایەخ و گرنگییەکی مەزنی بۆ مرۆڤ هەیە، کە هیچی کەمتر نییە لە هۆش (دوالیزمی هۆش/جەستە) یان ڕۆح (دوالیزمی ڕۆح/جەستە لە ئیسلامدا). مرۆڤ لە ڕێگەی جەستەیەوە خۆی مانیفێست دەکات، شوناسی خۆی دیاری دەکات، لە ڕێگەی جەستەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە دروست دەکات. مرۆڤ بە جەستە و لەنێو جەستەدا دەژی.
ئاخر مرۆڤ لە هۆش و جەستە پێکهاتووە، جەستە بەشێکی گرنگی بوونی مرۆڤە و هیچی لە هۆش کەمتر نییە. هۆش و جەستە لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان، نەک لە پەیوەندییەکی هیرارکی (هەڕەمی)، واتا یەکێکیان لە ئەویدیکەیان باڵاتر یان نزمتر بێت، یاخود گرنگتر بێت و بە بایەختر بێت. لەبەر ئەوەی ئەوان لە پەیوەندی سەروەر و کۆیلەدا نین. هۆش و جەستە هاوتا و هاوشانن پێکەوە واتا بە ژیانی مرۆڤ دەدەن.
جەستە نمایشکارێکی هونەرییە، دەتوانرێ وەک ئیشێکی هونەری نمایش بکرێت. لە سەمادا، بەتایبەتی سەر، دەست و پێ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. مرۆڤ (هونەرمەند) کاتێک سەما دەکات، ئەوا پێ لە ژێرەوەیە، پێ.. مرۆڤ بە زەوی و شوێنەوە، بە پنتێکی چەسپەوە دەبەستێتەوە. پێ ڕەگ و ڕیشەیە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ بەهۆی پێیەکانیەوە دەتوانێ بوەستێ، بجووڵێت و سەما بکات. سەر، لە سەرەوەیە، مرۆڤ بە ئاسمانەوە، بە دووری، بە بەرزی و باڵایییەوە هەڵدەواسێت. سەر مرۆڤ هەڵدەگرێ بۆ دوورتر، پێیەکان بۆ ڕۆیشتن دەبزوێنێ، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی تازە. دەست و پەنچەکان لە ناوەڕاستدان، ئەوان ناوەندن لە نێوان پێیەکان و سەردا، ئەگەر دیالێکتیکیانە بڕوانین، ئەوا دەستەکان سەنتێزی (هاوکێش)ی سەر و پێیەکانن. ئەگەر پێیەکان مرۆڤ ڕابگرن و پنتی چەسپ بن، سەریش شوێنی لێڕوانین و لێهزرین بێت و ئیدێکان بەرهەم بهێنێت، ئەوا دەستەکان ئەو ئیدێ و بیرۆکانە پراکتیزە دەکەن و جێبەجێیان دەکەن و بەپێچەوانەشەوە.
لە هونەردا جەستە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی هونەری سەما. چونکە لە سەمادا جەستە سێنتراڵە و ڕۆڵێکی ناوەندی هەیە. لە سەمادا جەستە دەئاخڤێت، لە ڕێگەی جوڵەکانییەوە چیرۆک دەگێڕێتەوە، هزرین بەرجەستە دەکات، بیرۆکەکان دەگەیەنێت، واتا لە سەمادا هزرین و بیرکردنەوە لەنێو جەستەدان نەک بەتەنیا لەنێو هۆشدابن. لەنێو سەمادا هیچی دیکە هزر وەستا و جێگیر نییە، بەڵکو لە بزووتن، جووڵە و گۆڕانکاریدایە.

کاروان لە سەمای هاوچەرخ ئیش دەکات، یەکێک لە تایبەتمەندی و ئەدگارەکانی سەمای هاوچەرخ کە جیای دەکاتەوە لە شایی و هەڵپەڕكێ (یان سەمای فۆلکلۆر)ی کوردی، ئەوەیە کە تاک ڕۆڵێکی سەرەکی تێیدا دەگێڕێت. سەماکار دەتوانێت بە تەنیا خۆی سەما بکات و لە ڕێگەی سەماکانییەوە، لە ڕێگەی جوڵەی جەستەوە بیرۆکەکانی خۆی بگەیەنێت، چیرۆک بگێڕێتەوە. بە پێچەوانەی سەمای فۆلکۆرەوە کە تاک تێیدا ونە، بەتەنیا ناتوانرێ شایی و هەڵپەڕکێ بکرێت. بۆیە ئەقڵیەتێکی کۆیەکی (دەستەجەمعی!) بەسەر سەماکەدا زاڵە. شایی و هەڵپەڕکێی کوردی دژی جیاوازیییە، داوای هاوشێوەیی و وەکیەکی دەکات. ئاخر لە هەڵپەڕکێی کوردیدا هەمووان پێکەوە دەست دەگرن، بە یەک ئاواز، لەسەر یەک ڕیتم، بە یەک شێواز هەڵدەپەڕن، واتا هەڵپەڕکێی کوردی کۆیەکییە، بۆیە تێیدا تاک هیچ ڕۆڵێکی نییە، تاک ناتوانێ تێیدا گۆزارشت لە خۆی بکات، بەڵکو دەبێ بەدووی ئەوانی دیکە بکەوێت. لە هەڵپەڕکێی کوردیدا هەمووان دوای ئەو کەسە دەکەون کە سەرچۆپی بە دەستە، ئەوانیدی هەتا گاوانی شوێن ئەو دەکەون. واتا سەرچۆپی ڕۆڵی سەرکردە یان ڕێنومای ئەوانی دیکە دەبینێت، بۆیە جاران ڕەنگە تاهەنووکەش لە هەندێ لە زەماوەندەکاندا لەبەر سەرچۆپی گرتن شەڕ دەکرا و تەنانەت کەسان دەکوژران!

کاروان وەک سەماکارێکی هاوچەرخ دەیەوێت ڕۆڵ بە تاک بدات، ڕۆڵ بە جەستە بدات، هاوسەنگی بۆ جەستە بگەرێنێتەوە، تاک لە ڕێگەی سەماوە جەستەی خۆی نمایش بکات. لە ڕێگەی جەستە و جووڵەکانییەوە گۆزارشت لە خۆی بکات، خۆی دەرببڕێت، چیرۆکەکانی بگێڕێتەوە، ئازارەکانی، سۆزەکانی، شادییەکانی بۆ ئەوانی دیکە دەربخات. جیاوازییەکانی مانیفێست بکات، خۆی لەو کۆت و بەندانە ڕزگار بکات کە بۆ جەستەی ئەو دانراون. تاک لە سەمای هاوچەرخدا خۆی ئازاد دەکات، هەستە ناخەکی و ناوەکییەکانی خۆی دەردەبڕێت. واتا لە ناوەوە هەست و بیرکردنەوەکان بۆ دەرەوە پەخش دەکات، نەک بە پێچەوانەوە، شتە دەرەکییەکان، سەماکار ببزوێنن و بیخەنە جووڵە، واتا شتە دەرەکییەکان و هەبووەکان بداتەوە، کە ئەمە لە هەڵپەڕکێ و سەمای فۆلکلۆردا دەبینین.

کاروان لە ڕێگەی سەماکانییەوە، گۆزارشت لە خۆی دەکات، لە ڕێگەی جووڵەی جەستەوە چیرۆکەکانی خۆی دەگێڕێتەوە. لە ڕێگەی سەماوە کارەسات، ناخۆشی و نەهامەتییەکانی مرۆڤی کورد نمایش دەکات، وەک لە سەمای ”پینە دۆزەکان”دا بینیمان، کە سەما و شانۆ ئاوێتەی یەکدی بوون. جەستە لەم سەمایەدا چیرۆک دەگێڕێتەوە، زمان بێدەنگ بووە، جەستە دەئاخڤێت. لە ”پینە دۆزەکان”دا جەستە بەتەواوی ئازاد بووە؛ سەماکارەکان زۆر بە ئازادانە سەما دەکەن و جەستەیان دەجوڵێنن. سەماکارەکان زۆر ئازادانە جەستەیان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ یەکدی، هاوسەنگییەکی جەستەیی لە نێوان سەماکارەکاندا هەیە.

لە سەمای ”بەرپابوون”دا، کاروان بە سەمایەکی پڕ لە تەنگژە، بە جووڵە و بزێوییەکی زۆرەوە، بە هارمۆنییەکی جوان لە نێوان جووڵە و موزیک، بە ئامادەییەکی زۆری دەست و سەر گۆزارشت لە تەنگژە ناخەکییەکانی مرۆڤ دەکات لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا. ئەوە سەرنجڕاکێشە سەمای بەرپابوون بە ڕاکردن دەست پێدەکات و بە ڕاکردن کۆتایی دێت. وەک ئەوەی مرۆڤ بیەوێت لە خۆی ڕابکات، یان بە دوای شوناسی خۆیەوە بێت و لەنێو ئەو هەموو تەنگژە و قەیرانانەدا پێی نەگات و خۆی ون بکات. لەنێو سەماکەدا سەماکار لە پێشەوە و هاوکات لە باکگراوندیشدا سەما دەکات؛ لە پێشەوە توند سەما دەکات، بەڵام لە باکگراونددا هێمنترە، ئەمە گۆزارشت لەو دوالیزمەی نێو مرۆڤ دەکات، کە هاوکات باش و خراپ، توڕە و هێمن، توندوتیژ و ئارامە.

لە سەمای ”بەرپابوون”دا کاتێک کاروان لە لای دینگە (پایە)کەوە لە هەردوو لاوە سەما دەکات، ئەمە جۆرێکە لە گفتوگۆ و دانوستاندن بەڕێی سەما و جووڵەوە. بە دەستی قسە لەگەڵ هۆش و جەستەی دەکات ئەو گفتوگۆیەک بەرپا دەکات کە بە بەئاگاهاتنەوە کۆتایی دێت. لە سەماکەدا، دەستەکان و سەر ئامادەییەکی زۆریان هەیە، قاچەکان و پێیەکان کەمتر. دەستەکان زۆر بە دەوری سەر و ڕووخساردا دەجوڵێن، وەک ئەوەی بیانەوێ تەنگژەیەک، بەڵایەک، کێشەیەک لە سەر دووربخەنەوە. لە سەماکەدا ڕووبەری شوێن بەدی دەکرێت، شوێنێکی زۆر و ڕووبەرێکی فراوان هەیە، سەماکار بۆ هەموو لایەک پەلدەهاوێت و لەوێدا هەست دەکەی هزرین و جوڵەکان بۆ هەر سوچێک دەڕوات. لەم ڕووبەر و بۆشاییەدا مرۆڤ ناتوانێ شوێنێکی جێگیری هەبێت. دەکرێ ئەوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان سەیر بکرێت، چونکە جێگیری لە شوێندا نەجووڵانە، دواجار مرۆڤ سنوردار، عاسێ دەبێت و گیردەخوات لەو شوێنەی کە لێی بێزارە.
مرۆڤ زۆرکات چوارچێوە و سنوور بۆ خۆی دەکێشێ، ئەمەش بۆ ئەوەمان دەبات کە کێشەی شوێن و ڕووبەر هەیە، بەڵام کاروان لە رێگەی سەماوە هەموو ئەوانە دەبرێت و خۆی ئازاد دەکات. ئەو بە دوای دۆزینەوە و ئاشکراکردنی شوێنی تازەوەیە لە ڕێگەی بزووتن و جووڵەی سەماکەیەوە.
لە سەمادا جووڵە بریتییە لە هزرین و بیرکردنەوە، بەڕێی بزووتن و جووڵاندنی دەست، سەر، پێ و ئەندامەکانی لەشەوە هزرێک، ئایدیایەک، بیرۆکەیەک، یان چیرۆکێک بە لێڕوانەر و بینەر دەگەیەنرێت.




فه‌لسه‌فه‌ی زمان … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا


ئێمه‌ ناتوانین بیر بكه‌ینه‌وه‌ ته‌نها له‌ نێو وشه‌كاندا نه‌بێت.. “هیگل”

زمان كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ دروست ده‌كات، له‌ سالۆنی ئیمپراتۆره‌كان و له‌ كۆمیتی دبلۆماسییه‌كان و له‌ كۆڵانی هه‌ژاراندا زێتر له‌ زمانێك به‌كار ده‌هێنرێت، زمانی زیاده‌… زمان ده‌بێته‌ ڤیزه‌ و كارتی پێناسه‌كردنی فره‌ جۆر! ئه‌وه‌ زمانه‌ دابه‌شمان ده‌كات، هونه‌ری قسه‌كردن، هونه‌ری نواندنی زمانه‌ به‌ ئاست و شێوه‌ی جیاواز و له‌ شوێنی جۆراوجۆردا… ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ونه‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه‌، به‌ڵام زمان چه‌مكێك نییه‌ له‌ چه‌مكه‌كانی فه‌لسه‌فه‌، بوارێك نییه‌ له‌ بواره‌كانی زانست… فه‌لسه‌فه‌ی زمان به‌ دوای سروشتی زمان و په‌یوه‌ندی زمان به‌ جیهاندا ده‌گه‌ڕێت، له‌ وێناكردنی زمان بۆ جیهان ده‌كۆڵێته‌وه‌، به‌ وێناكردنی فه‌لسه‌فه‌كاران بۆ زمان ده‌ڕوانێ‌، فه‌لسه‌فه‌ی زمان پرسیار له‌وه‌ ده‌كات زمان چۆن نوێنه‌رایه‌تی دنیا ده‌كات، په‌یوه‌ندی ناونان به‌ ناوه‌وه‌ چییه‌، چۆن له‌ لۆجیكی تێگه‌یشتنی بیركردنه‌وه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، ئایا زمانێك هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌، تێگه‌یشتن چییه‌، قسه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌ویدیكه‌، په‌یوه‌ندی نێوان قسه‌كه‌ر به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ چییه‌، مانا چییه‌، ئایا مانا له‌ سه‌ری قسه‌كه‌ران دایه‌ یان له‌ زماندا، زمانی بێ‌ مانا، بێ‌ بنه‌ما بوونی هه‌یه‌؟
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی زمان خۆی له‌ نێوان دوو مه‌سه‌له‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، یه‌كه‌میان سیستمه‌ و دووه‌میان جیاوازییه‌، یه‌كه‌میان سروشتی ده‌لاله‌ت و دووه‌میان هه‌مه‌كیی زمانه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌و قه‌واره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وشه‌، یان رسته‌ ده‌لاله‌تی لێده‌كات، دووه‌میان چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن و سروشتی بیركردنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه‌ و دووه‌میان ناوه‌كییه‌… له‌ لایه‌ك ده‌توانین زمان له‌ ناونانی شته‌كانه‌وه‌ (things) هه‌ڵگرینه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ بوونی شته‌كان له‌ چوونه‌ نێو زماندا ناس بكه‌ین!! یه‌كه‌میان سیستمێكی دیاریكراو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دووه‌میان له‌سه‌ر جیاوازی وه‌ستاوه‌! كه‌واته‌ وه‌ك چۆن (بێكۆتاییبوون) كلیلی بیركارییه‌، (هه‌مه‌كییبوون) كلیلی زانسته‌كانی زمانه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ جیاوازی نێوانیانه‌وه‌! ئه‌وه‌ هه‌ر جیاوازیشه‌ (كارڵ كراوس 1874-1936)ی زمانناس وا لێده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی قسان له‌ له‌شفرۆشێك بكات، قسان له‌باره‌ی زمانی دایكه‌وه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ زمان له‌ رێگای به‌كارهێنانێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و مانایه‌ی، كه‌ دایك دایهێناوه‌ پێشده‌كه‌وێت، نوسه‌ر له‌سه‌ر دایكی ده‌نوسێ‌ و به‌دژی ئه‌و هه‌ڵده‌سێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نیگه‌رانی كاریگه‌رییانه‌ی دایك رزگاری بێت. زمان له‌ نێوان دوو ژیاندا هه‌ست و نه‌ست، خود و حه‌زه‌ چه‌پێنراوه‌كان..

پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌، له‌ بوونی (پڕ) دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ دنیای (به‌تاڵ)، له‌ سكی پڕی دایك بۆ دنیای به‌تاڵی كۆرپه‌له‌، زمان به‌تاڵه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان بریتییه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی بێكۆتایی جیاوازی و نه‌بوونی… ده‌ق له‌به‌ر زمان نابێته‌ خاوه‌ن، بۆیه‌ له‌ دالێكه‌وه‌ بۆ دالێكی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌، له‌ ده‌قی داهێنه‌رانه‌دا هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه‌، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه‌.. (ژاك لاكان 1901-1981) ده‌ڵێ‌ زمان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بوون له‌ حه‌ز و ئاره‌زوو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. زمان ته‌واوی دنیای خه‌یاڵ دابه‌ش و پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات. به‌ بڕوای لاكان نه‌ست به‌رهه‌می تایبه‌تی زمانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و له‌سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی كراوس و منداڵی به‌ر ئاوێنه‌، ده‌ڵێ‌ من ناتوانم له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م “مانا ببه‌خشم” و هه‌م “مانا”ش بم، (هه‌م منداڵی به‌ر ئاوێنه‌ بم – واته‌ مانای خۆم بم- هه‌م له‌ ئاوێنه‌دا -باوك بم – واته‌ وێنه‌ی مانابه‌خشی باوك بم) لاكان بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ چاونه‌ترسانه‌ رسته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی دیكارت (من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌م) دووباره‌ ده‌نوسێته‌وه‌ “من له‌و شوێنه‌ نیم كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ شوێنێ‌ كه‌ نیم”.

كێ‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ زمان یان من، زمان له‌ مندا بیر ده‌كاته‌وه‌ یان من له‌ زماندا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌؟ ئه‌و كاته‌ی بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌مدا جگه‌ له‌ كۆپیكه‌رێك شتێكی دیكه‌ نیم، هه‌رگیز رێگایه‌كی نوێم بۆ بیركردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێكی دیكه‌ رێگای بیركردنه‌وه‌ی پێبه‌خشیووم، من ده‌بێ‌ ملكه‌چی ئه‌و بم. ئه‌و یه‌كه‌ی له‌ بری (فیتگنشتاین 1889-1951) بیر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و یه‌كه‌ی ئه‌و ملكه‌چی ده‌بێ‌ جگه‌ له‌ زمان هیچی دیكه‌ نییه‌، ئێمه‌ هه‌موومان میراتگری (وارسی) فۆرمه‌له‌كه‌رێكی نادیاریین، به‌ڵام (كه‌س) قسان ناكات، قسه‌كه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سیستمێكدایه‌ چ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێ‌، چ له‌ ناوه‌وه‌. منی قسه‌كه‌ر ته‌نها چاره‌سه‌ری ئه‌و مانایه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌یه‌وێت گوزارشتی لێبكات، ئه‌ویش له‌ رێگای شیانه‌ی گوزارشتكردنێك، كه‌ زمان ملكه‌چی ده‌بێت! به‌ڵام ناتوانین بڵێین زمان په‌یوه‌ندی به‌ دایك و بنه‌ما و ماناوه‌ نییه‌… ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ دوو پرۆسه‌ له‌ پرۆسه‌كانی به‌كارهێنانی زمانه‌وه‌ ده‌كات، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه‌ و خۆی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، دووه‌میان ناوه‌كییه‌، له‌ تێگه‌یشتنی ئاماژه‌ ناوبراوه‌كانه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م، (دایك، بنه‌ما، مانا) هه‌میشه‌ لای كراوس خیانه‌تی لێده‌كرێت، لای لاكان ده‌كه‌وێته‌ نێو دڵه‌ڕاوكێی منداڵی به‌ر ئاوێنه‌ و له‌لایه‌ن فیتگنشتاین ده‌كه‌وێته‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ رزگاركردنی زمانه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنان و گێڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ پێوره‌ دروسته‌كه‌ی له‌ ژیانی رۆژانه‌دا، به‌و مانایه‌ی كه‌ روونكردنه‌وه‌ی لۆجیكییانه‌ی بیرۆكه‌كانه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ چالاكی ته‌ئویلكردنی گه‌مه‌ زمانییه‌كانه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ هیرمینۆتیكایه‌ نه‌ك گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت.

له‌ كتێبی (تراكتاتوس- tractatus- په‌یامی لۆجیكی فه‌لسه‌فی، كه‌ ساڵی 1921 بڵاوبۆته‌وه‌) فیتگنشتاین ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ چاره‌سه‌ری بیركردنه‌وه‌ ده‌كات و كۆی فه‌لسه‌فه‌ش ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ زمان، زمانیش وێنه‌گرتنی جیهانی گه‌ردیله‌كانه‌، جیهانیش هه‌مووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌ست دێت، یان كۆمه‌ڵێك فاكته‌ نه‌ك كۆمه‌ڵێك شت، پێوانه‌ی فاكتیش مانایه‌، پێوانه‌ی راستی و دروستی ماناش ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر رسته‌ی زمانه‌وانی ماناداره‌وه‌، رسته‌یه‌ك كه‌ هه‌میشه‌ فاكت ده‌گه‌یه‌نێت و وه‌سفی فاكت ده‌كات. كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌رگیز مه‌سه‌له‌، یان دۆزێكی فه‌لسه‌فی نییه‌ هه‌ڵه‌ بێت، به‌ڵكو هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ و دۆز هه‌ن مانایان نییه‌، له‌وێوه‌ بێ‌ مانان كه‌ له‌ لۆجیكی زمان تێنه‌گه‌یشتوون.

بێگومان په‌یوه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ و لۆجیك به‌ واقیعه‌وه‌ له‌سه‌ر راستی و درۆ ناوه‌ستێ‌، به‌ڵكو بایه‌خ به‌ یاسا و رێساكانی زمان و دووری و نزیكییان له‌ زانستی ده‌لاله‌ته‌كان ده‌دات، بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی مانا و بێ‌ مانایی ده‌دات. مادام جیهان ئه‌وه‌ بێت، كه‌ زمانی ئێمه‌ توانای ده‌ربڕینی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ پێوه‌ری بوونی جیهانیش زمانه‌، سنوری زمانم سنوری جیهانه‌كه‌مه‌. فه‌لسه‌فه‌ی زمان پێش هه‌موو شتێك به‌رگری له‌و سیحره‌ ده‌كات، كه‌ شێوه‌كانی ته‌عبیركردن یان گوزاره‌كردن ده‌یخه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ تاكه‌ میتۆدێكی دیاریكراوی فه‌لسه‌فه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ یه‌ك میتۆد به‌ڕێوه‌ی نابات، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك میتۆد پێكهاتووه‌، فه‌لسه‌فه‌ رێگای جۆراوجۆری هه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌ی زمان جگه‌ له‌ رێگای به‌دواداگه‌ڕان شتێكی دیكه‌ نییه‌، بڕوابوون به‌ یه‌ك تیۆریی، جگه‌ له‌ داخستنی ئاسۆكان شتێكمان پێناڵێت، مه‌رجی بیركردنه‌وه‌ی ئازاد به‌ كرانه‌وه‌ی ئاسۆكانه‌وه‌ به‌نده‌، كرانه‌وه‌ش رۆحی فه‌لسه‌فه‌یه‌، هه‌میشه‌ له‌ نێوان میتۆد و بابه‌ت كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام رێگای به‌ دواداگه‌ڕانی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ پرسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ڵامی فه‌لسه‌فه‌ هه‌میشه‌ له‌ رێگای خستنه‌ رووی پرسیارێكی دیكه‌وه‌یه‌.

زمان لای فیتگنشتاین رێگایه‌ به‌ره‌و مه‌عریفه‌، هۆیه‌كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ دروستبوونی مانا له‌ نێو گوتاردا، به‌پێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ناوه‌كییه‌ یان به‌ هۆی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی نێوان زمان و بیركردنه‌وه‌، هیچ بیركردنه‌وه‌ و مه‌عریفه‌یه‌ك ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه‌، هیچ زمانێك نییه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ و مه‌عریفه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌موو شتێك له‌ ناو زماندا روو ده‌دات! به‌ڵام (جۆن سیرل) بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ و پێیوایه‌ تێگه‌یشتنی زمان هه‌ر ده‌بێ‌ یه‌كه‌مجار به‌ تێگه‌یشتنی عه‌قڵدا بڕوات، ئه‌و بڕوایه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه‌ عه‌قڵ بخه‌ینه‌ پێش زمانه‌وه‌! ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی لاكان و كراوس و فیتگنشتاینه‌، چونكه‌ جۆن سیرل پێیوایه‌ ناشێ‌ ته‌نها به‌و شێوه‌ ساده‌یه‌ سه‌یری زمان بكه‌ین، كه‌ فیكره‌یه‌ و له‌ رێگای وشه‌وه‌ به‌ ئه‌ویدیكه‌ ده‌گات، چونكه‌ ده‌شێ‌ به‌بێ‌ وشه‌ش بڕوا به‌ هه‌ندێ‌ شت بهێنین، بۆ نموونه‌ برسێتی یان هه‌ستكردن… لێره‌دا وه‌ڵامی پرسیاری زمان چۆن به‌ واقیعه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ رێگای نواندنه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان به‌ هۆی ماناوه‌ به‌ واقیعه‌وه‌ ده‌لكێ‌، ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ش عه‌قڵی نیازخواز به‌سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه‌ ده‌یسه‌پێنێ‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مانا شێوه‌یه‌كی نیازئامێزی هه‌ڵێنجراوه‌، واته‌ كۆدی تێگه‌یشتنی مانا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیازخوازی ئه‌سڵی یان ناوه‌كی له‌ فیكری قسه‌كه‌ردا بۆ وشه‌ و ئاماژه‌ و ره‌مز ده‌گۆڕێت.
نیازخوازی واته‌ ئه‌وه‌ منم قسان به‌ زمان ده‌كه‌م، زمان نیازی من ده‌گه‌یه‌نێت، من زمان ئاراسته‌ ده‌كه‌م… كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ قسه‌كه‌ر نیازی خۆی له‌ قسه‌كردندا هه‌بێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شێ‌ ئه‌و نیازه‌ ته‌قلیدییه‌ش به‌كار بهێنێ‌ كه‌ له‌ وشه‌كان و رسته‌كانی نێو زمانێكی (دیاریكراو)دا هه‌یه‌. به‌مجۆره‌ش كرده‌یه‌كی نیازئامێز(من قسان به‌ زمان ده‌كه‌م) به‌جێده‌هێنێ‌ و كۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش به‌ پڕبوونی ماناوه‌ به‌نده‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ به‌رهه‌می ده‌نگه‌كان له‌ زماندا به‌شێكه‌ له‌ مه‌رجی تێربوونی ئه‌و نیازه‌ی كه‌ له‌ دروستكردنی گوتراودایه‌، واته‌ كاتێك قسه‌كه‌ر گوتراوێكی واتادار دروست ده‌كات، ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ مه‌رجی پڕبوون ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه‌كان.
لێره‌دا به‌ قسه‌ی (جۆن سیرل) ده‌كه‌وینه‌ نێوان دوو مه‌رجی تێربوون.. یه‌كه‌م مه‌رجی تێربوونی گوتراوه‌، دووه‌م مه‌رجی تێربوونی ده‌نگ و ئاماژه‌یه‌. به‌و مانایه‌ش گوتراوی واتادار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌رجی تێربوون به‌سه‌ر مه‌رجی تێربووندا ده‌سه‌پێنێت، بۆ نموونه‌ رسته‌ی: باران ده‌بارێت. هه‌ڵگری مه‌رجی تێربوونی جۆراوجۆره‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیازی قسه‌كه‌ر به‌جێده‌هێنێت و ئه‌و گوتنه‌ش مه‌رجی به‌شێك له‌ رسته‌كه‌ تێر ده‌كات، دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها مه‌به‌ست قسه‌كردن نییه‌، واته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌ی (بارین) له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌واته‌ ئه‌و گوتنه‌ مه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆیشی هه‌یه‌ و ئه‌و تێربوونه‌ش ته‌واو نابێت هه‌تا باران نه‌بارێت، ئه‌گه‌ر باران باری كه‌واته‌ مه‌رجی تێربوونی گوتراو حه‌قیقییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌بارێت درۆ ده‌رده‌چێت.

هه‌ولێر 21/3/2016
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ –60–… كه‌ریم كاكه‌

60

سه‌ید مارف، سه‌ده‌یه‌كی ئاودیوكردبوو، بێ چاویلكه‌ كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌
سه‌ید مه‌ندێ، به‌ دووعا كچێكی برده‌وه‌
حاجی مستێ، له‌ هه‌شتا ساڵی هۆبه‌ی ته‌واوكرد

پێمان به‌ پایزه‌وه‌، ده‌ستمان له‌ ناو زستانه‌..
ئه‌وه‌ قسه‌ی گوڵی كۆسارانه‌، ئه‌و گوڵه‌ی له‌پڕ سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و نه‌مزانی گه‌یشته‌ چ كۆسارێك، وا بزانم ساڵه‌كه‌ ته‌ڕو تووشی و سه‌رما وسۆله‌ی له‌ ساڵان زووتر هێنا، له‌وه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد، به‌ڵام هه‌ر من نا وا تێده‌گه‌م كه‌س له‌و ده‌ست و پێیه‌ تێنه‌گه‌یشت، له‌وه‌ش ده‌رچووبوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ پرسیاری لێبكه‌یت و وه‌ڵامت بداته‌وه‌، هه‌رچیت لێپرسیبا، وه‌ڵامه‌كه‌ی:
ده‌مكوژێت، ئه‌وشۆ ( …) ده‌مكوژێت..
به‌ر له‌ سه‌ربرده‌ی تازه‌ی گوڵی كۆساران، سه‌ردانێ هه‌یه‌ بۆ ماڵی سه‌ید مارف، پیری سوارچاكان ده‌ستی راستی به‌ گۆپاڵه‌وه‌، جاروباریش له‌ نزیككه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌ند و قۆرت و كۆسپان ده‌ستی چه‌پی ده‌خسته‌ سه‌ر شانم، ده‌یگۆ:
كه‌ریمی خۆم، ئاگات له‌ خۆ بێ نه‌كه‌وی
وه‌رامی من دیاره‌:
باپیره‌ من ناكه‌وم..
جارێكیان گوتی:
كوڕم مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ من نه‌كه‌وم، ئاخر بكه‌وم، دوور نیه‌ تۆش له‌گه‌ڵ خۆم بكه‌وێنم..
نێوان ماڵی ئێمه‌و و ماڵی سه‌ید مارف هه‌ر جغاره‌خۆرێك ده‌بێ، به‌ڵام تا گه‌یشتینێ له‌ سێ چوار جێ پشوومان دا، له‌ سه‌ر چیچكان یان له‌ سه‌ر خڕكه‌ به‌ردێك داده‌نیشتین، بیرمه‌ باران نم نم ده‌باری و زه‌وی ته‌واو ته‌ڕ نه‌بوو، له‌ نانی رشاو ده‌چوو، پیری سوارچاكان چوار پێنج جغاره‌ی كێشا، یه‌كه‌م جارمه‌ له‌گه‌ڵی بێمه‌ گۆڕستان، پلكه‌ عه‌یشێی مجێور له‌ هه‌یوانی ماڵه‌كه‌ی سه‌ید مارف روو له‌ رێ، وه‌ك بڵێی له‌ پێشوازی پیری سوارچاكان بێ، راوه‌ستاوه‌، ره‌نگه‌ پرسیبێتی:
مام حاجی، بۆ لای كێ هاتی؟
ئاخر وه‌ڵامی پیری سوارچاكانم له‌بیره‌:
كچم، تا من براده‌ری سه‌ید مارف بووم، تۆ له‌ كوێ بووی؟ ئه‌گه‌ر چۆله‌ و ژن و منی له‌ كن نیه‌ ده‌مه‌وێ بچمه‌ خزمه‌تی..
له‌ دووی پیری سوارچاكان پێم نایه‌ ناو چاوه‌ كه‌سكه‌كه‌ی سه‌ید مارف، جاری ئێكمه‌ بچمه‌ ژوورێ، پێشتر جارێ دوو له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ته‌ماشای سه‌ید مارفی له‌ ناو كه‌سكایه‌تی راكشاوم كردبوو، زۆر به‌ پارێز و به‌ رێزه‌وه‌، تۆ بڵێ به‌ ترسه‌وه‌ له‌ سه‌ید مارف نزیكده‌بوومه‌وه‌، له‌ پڕ رووناكیه‌ك… ئه‌و چاكه‌ له‌ دیدی منه‌وه‌ زۆر پیرۆز بوو، پیرۆزتر له‌ خڕ پیاوچاكان، دوور نیه‌ له‌ په‌یامبه‌ریش به‌ پیرۆزترم زانیبێ، ئاخر به‌لاشاوه‌ییه‌كان هێنده‌ی ناوی ویان دێنا، ناوی خوداو پێغه‌مبه‌ریان به‌ زاردا نه‌ده‌هات، سوێندی گه‌وره‌یان(به‌ سه‌ید مارف) بوو، دیاره‌ سوێندیتری گه‌وره‌ش هه‌بوو(به‌و ئاسمانه‌، به‌و رۆژه‌، به‌و ئاگره‌، به‌و زاده‌، به‌و عه‌رده‌، به‌ غه‌وسی ماڵ له‌ به‌غدایێ، به‌ وه‌یسی قه‌ره‌نی، به‌ چاكی بن عه‌ردی، به‌ سه‌ری بابم، به‌ گۆڕی جوانه‌مه‌رگ، به‌ گۆڕی….) دیاره‌ له‌ چاو ئه‌وانه‌ كه‌متر سوێند به‌ خوداو دوا پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌خورا، بۆچی وا بوو؟ كه‌س نه‌یده‌زانی، به‌ڵام شاتكه‌ شێت وه‌ڵامی هه‌بوو، حه‌مه‌د مه‌ستان لێپرسیبوو، ئه‌و دووه‌ فشه‌ وگاڵته‌یان له‌ نێوان هه‌بوو، پرسیبووی:
ئه‌رێ شاتكه‌، باشه‌، خوا خوایه‌، به‌ من ناڵێی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆچی سوێند به‌و شتانه‌ ده‌خۆن؟
گوتبووی:
حه‌مه‌د، له‌ من وابوو، تۆ شته‌ك تێده‌گه‌ی، نه‌مزانی له‌ مێرده‌كه‌م هێڕوهوڕتری، برا خه‌ڵك سوێند به‌ كه‌سێك ده‌خۆن لێیانه‌وه‌ نزیك بێ و ده‌ستیان بیگاتێ..
مه‌ستان گوتبووی:
من قسه‌ی وا بكه‌م، گه‌ڕه‌ك به‌ردبارانم ده‌كه‌ن، له‌ كن خه‌ڵك وا مه‌ڵێ، ده‌نا ده‌رپێت له‌ پێ ده‌كه‌نه‌وه‌.. به‌ڵام دیاره‌ تۆ شێتی لۆیه‌..
شاتكه‌ شێت گوتبووی:
گه‌ڕه‌ك گووی ئاوده‌ستێی خوارد و تۆش گووی ناو شووشه‌كه‌ی ده‌ستت..
ده‌ڵێن مه‌ستان له‌گه‌ڵ بیستنی گووی ناو شووشه‌، تێیهه‌ڵكردبووه‌:
دڵۆپێ عاره‌ق گه‌ڕه‌ك و ئاسمان ده‌هێنێ
به‌زمی مه‌ستی دڵی شاتكه‌ ده‌له‌رزێنێ
د شاتكه‌ شێتیش بۆ زیادكردبوو:
بنكراسی ژنیشت حاجی له‌قله‌ق ده‌یڕفێنێ..
ئۆی من گه‌یشتمه‌ كوێ! ده‌ڵێی ئۆدانه‌وه‌م نیه‌، لاتم تێپه‌ڕاند، بمبووره‌ خوێنه‌ر، ده‌بوو له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان له‌ ماڵی سه‌ید مارف… دوور نیه‌ له‌ ترسی رووناكیه‌كه‌ بووبێت، ئۆم نه‌دابێته‌وه‌، ئێ، رووناكیه‌ك كه‌ هه‌ر له‌ (نوور)ی سه‌ید مارف ده‌چوو، ده‌بێت بڵێم من له‌ خه‌ونێ رووناهیی سه‌ید مارفم دیتبوو، رووناهیه‌ك هیچ برووسكه‌یه‌كی ئاسمان، هیچ ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له‌ زه‌وی ئه‌و رووناهیه‌ی نیه‌، له‌پڕ نوورێك ماڵی سه‌ید مارف، پیری سوارچاكانی رووناككرده‌وه‌، مجێوره‌كه‌ له‌ ده‌رێ بوو، نازانم ئه‌وی رووناك كرده‌وه‌ یان نا، رووناك رووناك، هه‌رگیز رووی پیری سوارچاكانم به‌و روونی و رووناكیه‌ نه‌دیتووه‌، پیری سوارچاكان رووناك رووناك، ده‌تگوت له‌ لایته‌كه‌ی كاك حووجی مێردی داده‌ پنچكه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌و پیاوه‌ لایتێكی گه‌وره‌ی زۆر رووناكی هه‌بوو، به‌ حه‌فت ترومبێل رووناكایی ئه‌ویان نه‌بوو، له‌ تاریكه‌ شه‌وانی پێش گه‌یشتنی كاره‌با له‌ سه‌ر بانی خۆیانه‌وه‌ لێیده‌دا گۆڕستانی سه‌ید مارفی رووناك ده‌كرده‌وه‌، رووی پیری سوارچاكان به‌ نووری سه‌ید مارف وا رووناك بۆوه‌، له‌گه‌ڵ رووناكیه‌كه‌ش گرمه‌یه‌كی گۆڕستانهه‌ژێن هات، دڵنیابووم كه‌ گۆڕه‌كه‌ی سه‌ید مارف شه‌قبووه‌، بیستبووم كاتێ گۆڕ شه‌قده‌بێ ده‌نگی گه‌وره‌ دێنێ، به‌ڵام له‌ ترسان نه‌وێرام ته‌ماشا بكه‌م، له‌ دیتنی رووناكی و بیستنی گرمه‌، یه‌ك به‌ ده‌نگی خۆم زیڕاندم و خۆم هه‌ڵدایه‌ باوه‌شی پیری سوارچاكان، بێ ئاگا له‌وه‌ی من له‌ باوه‌شی وی جێمنابێته‌وه‌، ئاخر ته‌ماشایكه‌ن، ئه‌و چی وای لێنه‌ماوه‌ته‌وه‌، له‌ڕولاواز، بیده‌یته‌ ده‌ست ره‌شه‌با، یان بایه‌كی كه‌مێ توند، وه‌ك په‌ڕه‌مووچه‌ به‌ ئاسمان ده‌كه‌وێ، ته‌واویش كووڕ بۆته‌وه‌ ده‌لێی گۆمكی گۆچانێیه‌، منیش هه‌ینێ راسته‌ منداڵ بووم، به‌ڵام باش هه‌ڵمدابوو، خه‌په‌ و قه‌ڵه‌و بووم، دوو سێ پیری سوارچاكانم ده‌كێشا..
ئێ، با له‌ نووره‌كه‌ دوورنه‌كه‌ومه‌وه‌، پیری سوارچاكان به‌ لادا هات، خۆی به‌ كێل گرته‌وه‌، خوا كردی نه‌كه‌وت، ده‌ستی گۆچانی نا، ئه‌ویدی خسته‌ سه‌ر شانم:
ئای، شێره‌كه‌ی باپیره‌، ترسای! چما تۆ یه‌كه‌م جاره‌ شتی وا ببینی؟
له‌ ترسا ده‌نگم نووسا، به‌ ئاسته‌م ده‌هات، ویستم بڵێم، به‌ڵام له‌ دڵی خۆم گوتم:
باپیره‌، نا، نه‌مدیتووه‌، راسته‌ من له‌ خه‌ونێ (نوور)ی سه‌ید مارفم دیتووه‌، به‌ڵام وا رووناك و به‌ ده‌نگ و ترسناك نه‌بووه‌، ناك من یه‌كه‌م جارمه‌ بێمه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌یدا مارف و له‌ نزیكه‌وه‌ رووناكایی وی ببینم..
كه‌مێك هاتمه‌وه‌ سه‌ره‌خۆ، چاو له‌ سه‌ید مارف ده‌گێڕم، بزانم له‌ كوێ راوه‌ستاوه‌، ئاخر دڵنیابووم له‌ گۆڕ هاتۆته‌ ده‌رێ، چاوم كه‌وته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، وه‌ك خۆیه‌تی، كه‌لێن و شه‌قی لێنه‌بووه‌، ئه‌دی ئه‌وه‌ چ بوو!! برووسكه‌یه‌ك و گرمه‌یه‌كیدیش.. ئای!! ئه‌وجاره‌یان هێنده‌ نه‌ترسام، به‌ڵام راچڵه‌كیم، له‌و ساته‌ هاتینه‌ ده‌رێ، پیری سوارچاكان گوتی:
كوڕم، به‌ من ناڵێی تۆ بۆ له‌ گرمه‌ و برووسكه‌ی هه‌ورێ ده‌ترسێی؟!
ئای، چما ئه‌وه‌ی من دیتم و بیستم له‌ هه‌وره‌وه‌ بوو! تا دره‌نگیش باوه‌ڕمنه‌ده‌كرد..
باران هێشتا نم نم ده‌بارێ، بیرمه‌ پیری سوارچاكان له‌ پلكه‌ ئایشێی مجێوری پرسی:
ئه‌دی گۆڕی سه‌ید مه‌ندێ له‌ كوێیه‌؟
نیشانیداین، به‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتدا چه‌ند گۆڕێ له‌ سه‌ید مارف دووره‌، پیری سوارچاكان گوتی:
با سه‌رێك له‌ویش بده‌م، جارێك لامداوه‌ته‌ ماڵیان و نان و دۆیه‌كم خواردووه‌..
چووینه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، خوێندمه‌وه‌، له‌ سه‌ر كێله‌كه‌ی سه‌ید مه‌ندێم خوێنده‌وه‌، له‌ هاتنه‌وه‌، پیری سوار چاكان روو له‌ سه‌ید مارف:
سه‌یدی من، بیرته‌ هه‌ر جارێ ده‌هاتمه‌ باداوه‌ مێوانی تۆ ده‌بووم، مه‌لا فه‌ندی چه‌ند براده‌رم بوو، به‌ڵام تا ماڵه‌ چكۆله‌كه‌ی تۆ هه‌با، نه‌ده‌بوومه‌ مێوانی كۆشكه‌كه‌ی وی، سه‌یدی من، دامناوه‌ به‌ مردووییش بێمه‌ خزمه‌تت، له‌ قوژبنێك جێمبكه‌وه‌..
له‌و قسه‌یه‌ی پیری سوارچاكانه‌وه‌ كه‌تێكه‌ڵ به‌ ده‌نگی باران هاته‌ گوێم، بێنه‌ به‌ر چاوی خۆت پیرێكی سه‌ره‌وه‌ی سه‌د و منداڵێكی سه‌ره‌تایی، له‌ بن باران له‌ ماڵی سه‌ید مارفه‌وه‌، له‌ گۆڕستانه‌وه‌ بۆ ماڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، پیرێك چاو له‌ جێی گۆڕی خۆی ده‌گێڕێ، منداڵێكیش ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كاته‌وه‌ مردنه‌، ئا، له‌و قسه‌یه‌وه‌ گێژتر كه‌وتمه‌ ئه‌و گێژه‌نی ئه‌ندێشه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو رووناكیه‌كه‌ی ماڵی سه‌ید مارفه‌وه‌ كه‌وتووبوومێ، گێژه‌نێك پێشتر له‌ خه‌ون و خه‌یاڵیش تووشی نه‌بووبووم، له‌و گێژه‌نه‌ ده‌چوو كه‌ چه‌ند جارێ له‌ دووره‌وه‌ و به‌ ترسه‌وه‌ تێمڕوانیبوو، مه‌به‌ستم گێژه‌نی رووباره‌كه‌ی به‌لاشاوه‌یه‌ كه‌ له‌ بن شه‌ستمه‌تری، له‌و جێیه‌ی رووبار له‌ رێی دوو سێ لووله‌ی گه‌وره‌ی بن جاده‌وه‌ به‌ زه‌حمه‌ت خۆی ئاویدیوی سه‌یداوه‌ ده‌كرد و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ئاسانی ده‌گه‌یشته‌ بن پردی گامێشه‌وانان و سه‌یداوه‌ی به‌جێده‌هێشت، ئا له‌وێ له‌ پێش لووله‌كان، ئاو گێژه‌نێكی ده‌داك زۆر ترسناك، كه‌رتكه‌ چیات تێهاویشتبا له‌ گیسك سووكتر گێژی پێده‌دا، جارێ گیسكێ له‌ سه‌ر جاده‌وه‌ كه‌وته‌ ناوی، ده‌تگوت گلۆڵه‌ مووه‌ گێژی پێده‌دا…
من له‌ قسه‌ی پیری سوارچاكان و رووناكیه‌كه‌وه‌ وه‌ك گیسكه‌كه‌ كه‌وتبوومه‌ گێژه‌نه‌وه‌، گێژه‌نی ئه‌ندێشه‌و بیركردنه‌وه‌، تۆ بڵێی پیری سوارچاكان بمرێ! ئه‌و بمرێ من چی بكه‌م! نا، ئه‌و پیره‌ هی مردن نیه‌، راسته‌ مردن هه‌یه‌ و زۆر كه‌س مردوون، به‌ڵام نابێ باپیریشم بچێته‌ رێزی مردووانه‌وه‌، خوایه‌، شتی وا نه‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستی تۆیه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌یت، پیری سوارچاكان با هه‌ر له‌ ماڵی ئێمه‌ بێ، بۆ بن عه‌ردی مه‌به‌.

ئیدی له‌ گێژه‌نی بیركردنه‌وه‌م، باشه‌ پیری سوارچاكان چۆن سه‌ید مارفی دیوه‌ و له‌ ماڵی ئه‌و ماوه‌ته‌وه‌! تۆ بڵێی سه‌ید مارفیش رۆژێك له‌ رۆژان وه‌ك پیری سوارچاكان به‌ سه‌ر زه‌ویه‌وه‌ بووبێت و قسه‌ی كردبێت و خواردبێتی و خواردبێتیه‌وه‌ و خه‌وتبێ و.. نا، رێی تێناچێ، پیاوچاكێكی وا، پیرۆزێكی وا ناكرێ وه‌ك ئێمه‌ بووبێ و وه‌ك ئێمه‌ قسه‌ی كردبێ، نا هه‌بێ نه‌بێ پیری سوارچاكان تێكچووه‌، ده‌نا ئه‌و قسانه‌ ناكات، دڵنیام له‌ باداوه‌ چاوی به‌ سه‌ید مارف نه‌كه‌وتووه‌، نا، سه‌ید مارف هه‌رگیز ماڵی له‌ باداوه‌ نه‌بووه‌، ماڵی له‌ هیچ جێیه‌كی سه‌ر زه‌وی نه‌بووه‌، له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ هه‌ر له‌و شوێنه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك هاواری بۆ بكات له‌ شێوه‌ی تارماییه‌ك ده‌یگاتێ و یارمه‌تی ده‌دات، ئاخر گوێم له‌ زۆر به‌لاشاوه‌یی ده‌بوو ده‌یانگوت:
سه‌ید مارف، من ته‌نێ هانا بۆ تۆ دێنم، هه‌ر تۆ به‌ هانامه‌وه‌ دێیت..
له‌ رێیێ رێك له‌و جێیه‌ی دواتر دارتێلێكی زۆر بڵند هێنده‌ی دوو دارتێل بڵندتریشی لێ قیتبۆوه‌ و له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی دوو سێ شتی گه‌وره‌ی له‌ شێوه‌ی زه‌نگول یان ره‌حه‌تیی گه‌وره‌ی پێوه‌كراو، ناوه‌ ناوه‌ ده‌نگێكی ترسناكیان لێوه‌ ده‌هات، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی هاتنی فڕۆكه‌ی ئێران بوو، خه‌ڵك جێ نه‌ده‌ما خۆی لێبشارنه‌وه‌، ئێ له‌وێ، پیری سوار چاكان له‌ سه‌ر پارچه‌ ئاسنێ كه‌ نازانم له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وتبوو یان جێیه‌كه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ ئه‌وێ، دانیشتین، باران لێیكردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر هه‌ور و لێڵه‌، پیری سوارچاكان و كه‌وته‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ید مارف و سه‌ید مه‌ندێ، گێڕانه‌وی دڵكێشی وی منی له‌ گێژه‌نێ ده‌رهێنا و به‌ دیاریه‌وه‌ بوومه‌ قوتابیه‌كی گوێڕایه‌ڵ و رسته‌ رسته‌ قسه‌كانیم ئه‌زبه‌ركرد، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ شتێكی كه‌میم له‌بیره‌:
((سه‌ید مارف، چ سه‌یدێ بوو، له‌وه‌ته‌ی خودا سه‌یدی هێناوه‌ته‌ دنیایێ، سه‌یدی وا نه‌بووه‌ و نابێته‌وه‌، به‌ قه‌د ئه‌رد و ئاسمان میهره‌بان بوو، له‌ زانست له‌ ده‌ریا پڕتر بوو، لێره‌ له‌ باداوه‌ داده‌نیشت، به‌و پیریه‌ش له‌ ئێستای من پیرتریش بوو، بێ چاویلكه‌ كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌، بڕواناكه‌م نه‌ له‌ كه‌س تووڕه‌ بووبێ و نه‌ كه‌س لێی تووڕه‌ بووبێ، جارێك نه‌بێ، دڵی له‌ ئاغایه‌ك ده‌شكێ، ماڵ به‌جێدیلێ و ده‌چێته‌ گوندێك، به‌ڵام شه‌وه‌كه‌ی ئاغا خه‌وێكی وا ده‌بینێ، سبه‌ی زوو كۆمه‌ڵێ پیاو ده‌نێرێ و به‌ تكاو پاڕانه‌وه‌ سه‌ید مارف ده‌هێننه‌وه‌، من ساڵی دوو سێ جار ده‌چوومه‌ خزمه‌تی، دیداری سه‌ید مارف وه‌ك دیداری پێغه‌مبه‌ران وابوو، تۆبه‌! من نه‌چوومه‌ته‌ دیداری ئه‌وان، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ وه‌ك دیداری سه‌ید مارف بووبێ، ئای، تۆبه‌، ئه‌وه‌ من چی ده‌ڵێم!
سه‌ید مارف له‌ ژیانی دووعای خراپی به‌ زاردا نه‌هاتووه‌، وه‌ك سه‌ید مه‌ندێ نه‌بوو به‌ دوای دووعای باش، دووعای خراپیش بنێرێ، ئا، سه‌ید مه‌ندێ شتی وای ده‌كرد، جارێك دوو چوومه‌ته‌ ماڵی ئه‌و سه‌یده‌ش به‌ڵام به‌ر دڵم نه‌كه‌وت…))
پیری سوارچاكان شتێكی له‌ سه‌ید مه‌ندێ گێڕایه‌وه‌:
( له‌و گوندانه‌ی خوارێ، تووره‌قه‌ نازانم كوێ، كچه‌ عازه‌بێ له‌ جێ ده‌كه‌وێ، به‌ داو و ده‌رمان و نووشته‌ و كشته‌كی دنیا سه‌رپێ ناكه‌وێ، دووعای سه‌ید مارفیش گیر نابێ، سه‌ید مه‌ندێ ده‌ڵێته‌ دایكی كچه‌:
كچه‌كه‌ت بۆ چاكده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ڵام شتێكم ده‌وێ…
دایكه‌ ده‌ڵێ:
قوربانی جدت بم، هه‌رچیت بوێ، بیبه‌، سه‌رمان پێوه‌ نیه‌..
سه‌ید مه‌ندێ ده‌ڵێ:
كچه‌كه‌ت..
دایكه‌ رازی ده‌بێ، ئێ، سه‌ید مه‌ندێ چ ده‌كات، چ دووعایه‌ك ده‌خوێنێ، كه‌س نازانێ، به‌ڵام دوای دوو سێ رۆژ كچه‌ له‌ جێ دێته‌ ده‌رێ و به‌ به‌ر چاوی گونده‌وه‌ له‌ جاران به‌ له‌نجه‌ولارتر به‌ رێدا ده‌ڕوا، دوای چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك سه‌ید مه‌ندێ هه‌واڵ ده‌نێرێ:
كه‌نگێ بێمه‌ داخوازی كچه‌كه‌تان؟
دایكی كچه‌ وای وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:
سه‌یدی گه‌وره‌، خۆ نه‌تۆ نه‌ من به‌ راستیمان نه‌بوو، ئاخر تۆ چوار ته‌مه‌نی كچه‌كه‌مت هه‌یه‌، تۆ و ژنیان گوتووه‌!
دیاره‌ سه‌ید مه‌ندێ له‌ هه‌شتا نزیكده‌كه‌وته‌وه‌، سه‌ید تووڕه‌ ده‌بێ و ده‌ڵێ:
به‌و خودایه‌ی له‌ سه‌ر سه‌رانه‌، لێم ماره‌ نه‌كه‌یت، وه‌ك خۆی لێده‌كه‌مه‌وه‌.
ماڵی كچه‌ به‌ فشه‌ی وه‌رده‌گرن و نه‌ به‌ ئا نه‌ به‌ نا، وه‌ڵامی ناده‌نه‌وه‌، حه‌فته‌ وه‌رناسووڕێته‌وه‌، كچه‌ تووشی هه‌مان نه‌خۆشی ده‌بێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر پشت ده‌كه‌وێ و ناتوانێ خۆی بسووڕێنێ، ئه‌وجا ما ئه‌وه‌ی دایكه‌ ده‌سته‌ودامێنی سه‌ید مه‌ندێ ببێته‌وه‌، سه‌ید چاكیده‌كاته‌وه‌ و ماره‌ی ده‌كات و منداڵیشی لێیده‌بێت….))
به‌ دووری مه‌بینه‌، له‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی پیری سوارچاكانه‌وه‌، له‌ منی منداڵه‌وه‌ سه‌ید و پیاوچاك شتێك له‌ گومانیان تێكه‌وتبێ، ئاخر پێشتر ئه‌وانه‌ بۆ من ئاسمانی بوون، هه‌وای زه‌ویان به‌ر نه‌كه‌وتبوو، له‌ چاكه‌ پتر چ جێیان به‌ چ نه‌كه‌وتبوو، پیاوچاك و تووكی خراپ!! پیاوچاك و له‌ باداوا ژیان و مێوانداری!! له‌ دڵی خۆم ده‌مگوته‌وه‌:
پیری سوارچاكان مێوانی سه‌ید مارف بووه‌، پێكه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌؟ نانیان خواردووه‌، سه‌ید مارف دانیشتووه‌ و كتێبی خوێندۆته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وابێ، واته‌ مرۆڤ بووه‌!! ئه‌دی سه‌ید مه‌ندێ! چما ئیشی واشی كردووه‌! ئه‌گه‌ر گوڵی كۆساران گه‌ڕه‌كی به‌ سه‌ر خۆی وه‌رنه‌كردبا، چ دوور نه‌بوو من له‌و نێوانه‌، رێی ماڵێ و سه‌ید مارف سه‌رگه‌ردان بام، به‌ڵام به‌ر له‌ هاواری گوڵی كۆساران، وه‌ك نوێژ له‌ سه‌رمه‌ دانیشتنه‌كه‌ی پیری سوارچاكان بگێڕمه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌و پیاوه‌ دانیشتنی ئاسایی، ئه‌وه‌ی من و تۆ داده‌نیشین، ناتوانێ دانیشێ، بۆیه‌ دڵنیام، گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهاتی سه‌ید مارف و سه‌ید مه‌ندێ كه‌ له‌ سه‌ر ئاسنه‌كه‌ گێڕایه‌وه‌، كه‌متر له‌ جغاره‌ خۆرێكی ویستووه‌، ئه‌گه‌ر كۆڵان كۆڵان له‌گه‌ڵم بووبن، وه‌بیرتان دێته‌وه‌، ماین چۆنچۆنی پیری سوارچاكانی هه‌ڵدا و پشتی گرده‌بڕ شكا، شكانێك ئه‌حمه‌د ته‌بیبی هه‌ولێرێی بابی فواد ئه‌حمه‌دی( ئه‌رێ ئه‌ی به‌ زولف و په‌رچه‌م) بۆی نه‌هاته‌وه‌ جێ..
پیری سوارچاكان دوای ئه‌و گلانه‌ ، یان ده‌بوو به‌ پێوه‌ بوه‌ستێ، یاخود پاڵكه‌وێ، پاڵكه‌وتنێ، مه‌گه‌ر منی هه‌ینێی ده‌ دوازده‌ ساڵه‌ و ئێستای نیو سه‌ده‌، ده‌نا كێ ده‌توانێ وێنه‌كه‌ی بكێشێته‌وه‌، ئاخر جگه‌ له‌ من كه‌س نیه‌ ئه‌و سوارچاكه‌ بنووسێته‌وه‌، به‌رێ خۆ ده‌نێ به‌و شێوه‌یه‌ پاڵده‌كه‌وت:
ئه‌وه‌تا له‌ سه‌ر پشته‌، بالیفێ له‌بن بنی هه‌ردوو چۆكی، دوو چۆك هێنده‌ی ئاستی سه‌ری بڵندبۆته‌وه‌، ئاخر بالیفێكیش وا له‌ بن شان و ملی، بالیفۆكه‌یه‌كیش له‌ نیوان سه‌ری و دیواره‌، كه‌واته‌ پیری سوارچاكان هه‌میشه‌ سه‌ری به‌ دیواره‌یه‌وه‌، ئیدی ئه‌وه‌یه‌ دانیشتنی پیری سوارچاكان، خۆی گۆته‌نی:
خوایه‌، كه‌س وه‌ك من دانه‌نیشێنیت..
هاواره‌كه‌ی گولی كۆساران، له‌رزی خسته‌ ده‌ست و گۆچانی پیری سوارچاكانه‌وه‌، پێشتر نه‌مدیتبوو بله‌رزێ، نا پیری سوارچاكان كه‌س نه‌یدیتبوو بله‌رزێ، ناهه‌قی نه‌بوو بله‌رزێ، ده‌زانی هاواره‌كه‌ی گوڵی كۆساران چ هاوارێ بوو! كێ هاواری وای بیستووه‌ و ده‌بیستێ، مه‌گه‌ر حاجی مستێ له‌ ژنه‌كه‌ی خۆی ببیستێ، ئۆی! حاجی مستێ له‌ جێیه‌كی خراپ هاته‌ ناو قسانه‌وه‌، ناچارم كه‌مێك له‌ هاواره‌كه‌ی گوڵی كۆساران دووركه‌ومه‌وه‌ و له‌ زاری چه‌تۆی سه‌رناس شتێك له‌و مستێیه‌ بگێڕمه‌وه‌:
حاجی مستێ ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ هه‌شتا، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌سبابه‌كه‌ی به‌كاربووه‌ هێشتا، له‌و زوورگانه‌ی پشت كه‌سنه‌زان له‌ ناو ره‌شماڵ ده‌بن، ئێواره‌یه‌ك له‌رزێكی كه‌می لێبووه‌،كوڕه‌كانی خڕده‌كاته‌وه‌، حه‌فت كوڕی ده‌بێ، ده‌ڵێ: شتێك هه‌یه‌ ده‌مه‌وێ پێتانبڵێم..
كوڕه‌كان تێده‌گه‌ن كه‌ باوكیان له‌ سه‌ر مردنه‌ و ده‌یه‌وێ راسپارده‌ی خۆی بگه‌یه‌نێ، كوڕه‌ گچكه‌ ده‌ڵێ:
بابه‌، توخوا، باسی مردن مه‌كه‌، تۆ هێشتا زۆرت ماوه‌..
حاجی مستێ ده‌ڵێ:
كوڕم ده‌زانم، ما ده‌زانن ئه‌من هه‌نگۆم لۆ چ بانگكردیه‌؟!
كه‌س قسه‌ ناكات، حاجی مستێ ده‌ڵێ:
كوڕم، ئه‌من ده‌مهه‌وێ هۆبه‌ ته‌واوكه‌م، هۆبه‌!
كوڕه‌كان هۆپێك له‌ خۆیان ده‌زانن، یه‌كیان به‌ چرپه‌ ده‌ڵێ:
به‌ خودای بابمان شێت بووه‌..
مستێ دیاره‌ له‌ بیستن له‌ تیره‌ی مشكه‌، ده‌ڵێ:
كوڕم، شێت نه‌بوومه‌، ژنه‌كی جه‌حێلم لۆ ببیننه‌وه‌، تا دوو براتان لۆ زیاد بێت و هۆبه‌ ته‌واو بێت..
له‌و ساته‌ ژنه‌ پیره‌كه‌ی حاجی مستێ كه‌ هه‌ر هێنده‌ی گلۆڵه‌ مووێكی لێ ماوه‌ته‌وه‌، هاوارێك هاوارده‌كات، له‌ چیای كێشكێ گوێیان لێی ده‌بێت، ئیدی مستێ ژنه‌كی ده‌ڤه‌ری كێشكێ دێنێ و منداڵیشی ده‌بێت، ده‌ڵێن، دواتر له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ به‌ كوڕه‌كانی گوتبوو:
دوای من كه‌ستان گومانتان له‌ زڕدایكتان نه‌بێ، دوور نیه‌ دوای من برایه‌كیترتان بداتێ، چوونكێ دوونێ شه‌وێ سه‌رجێییم له‌گه‌ڵی كردووه‌!
با به‌ هاواری گوڵی كۆسارانه‌وه‌ بچین و بزانین هاواره‌كه‌ی….




ده‌رده‌ كورد … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

خه‌ریكه‌ بڵێم كورد بوون ده‌ردێكی كوشنده‌یه‌ و ئه‌م ناوونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش له‌ كتێبێكی مه‌ڕحووم مه‌حموود زامدار وه‌رگیراوه‌ كه‌ باسی له‌و ده‌ردانه‌ كردووه‌. كورد میلله‌تێكی زیندوو كوژی مردوو په‌رسته‌، ئه‌م په‌نده‌ له‌خۆڕا له‌ناو خه‌ڵكدا نه‌هاتووه‌ته‌ گوتن، ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌ درێژایی مێژوو له‌ڕاست میلله‌ته‌كه‌یان تا ئه‌وپه‌ڕی بێوه‌فایی و بێهوده‌یییان نواندووه‌.

تاكی به‌توانا و داهێنه‌رانی كورد له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان تا له‌ ژیاندان، به‌هۆی دژایه‌تی و ڕه‌زاڵه‌ت و كێشه‌ لابه‌لاكان و خه‌می گه‌وره‌ و ناله‌باریی ژیان، یان ده‌بێ سه‌ر هه‌ڵگرن یان به‌ خه‌ون و خولیاو برسێتی و كێشه‌ی بێماناوه‌ سه‌ربنێنه‌وه‌، تا زیندووی ده‌تهاڕن، سه‌ركوتت ده‌كه‌ن، له‌برسانت ده‌كوژن، ڕێگریت لێ ده‌كه‌ن، به‌رپێنه‌ت ده‌ده‌نێ و خه‌ریكی مل شكاندنتن، وه‌ختێ كه‌له‌واژ ده‌بییه‌وه‌ و سه‌رت ئاودیو ده‌بێ، ئیتر كه‌سانێك دێن له‌ شینوشه‌پۆڕان ده‌ده‌ن، كورد ده‌ڵێ هه‌ر شه‌ڕه‌و بۆ جوامێرێكه‌، چه‌ند جوامێرێك دێن له‌سه‌ر كه‌لاكت ده‌گرین و یاری وشه‌سازیی به‌ مه‌دحوسه‌ناته‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌ هوورگیشیان ده‌ئاخنن.

یادی به‌خێر مه‌حموود زامدار گێڕایه‌وه: بیرمه‌ چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ مردنی، خوالێخۆشبوو حه‌سه‌نی جزیریی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و نابینا و ده‌نگخۆشی ناودارم له‌ به‌غدا له‌ناو پاس بینی كه‌ یه‌كێك ده‌ستی گرتبوو، ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ناو پاسه‌كه‌ سواڵی ده‌كرد و دواتریش كه‌ سه‌ری نایه‌وه‌، له‌ بێكه‌سییان شاره‌وانیی به‌غدا كه‌ پێێ ده‌ڵێن (امانه‌ عاصمه‌‌) ئه‌و و نه‌سرین شێروان یشی ناشت و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ كه‌س نازانێ گۆڕیان له‌ كوێیه‌.

چه‌ند ساڵێك له‌وه‌به‌ر له‌و هه‌ولێره‌، ئێواره‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ كاك حاكم شاكر ڕۆژبه‌یانی بۆ كات به‌سه‌ربردن، خه‌ریكی كۆنكان بووین، كاك شاكر ئه‌و وه‌خته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بوو، زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی لێیدا و كه‌ وه‌رامی دایه‌وه‌ دیار بوو جه‌نابی كاك فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییی وه‌زیری ڕۆشنبیری بوو و هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێ ڕاگه‌یاند كه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌ڵاح داوده‌ مردووه‌، هه‌واڵه‌‌كه‌ ناخۆش بوو و خه‌مگینی كردین، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕیپۆرتاجێكدا ماڵه‌كه‌ی سه‌ڵاح داوده‌ م له‌ شاشه‌یه‌كدا بینی كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكی میللیی په‌رپووتی كه‌ركووك له‌ خانووچكه‌یه‌كی دیوار بلۆك به‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌نگوتریسكدا ده‌ژیا، ئه‌و شوێنه‌ شایسته‌ی ئه‌و نه‌بوو، من ئه‌وكات كۆڵێ خه‌مم خوارد كه‌ بۆ ده‌بێ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و به‌هره‌مه‌ندانی كورد ئه‌وه‌ قه‌ده‌ریان بێ؟ زه‌نگێكی دیكه‌ بۆ مۆبایله‌كه‌ی كاك شاكر هاته‌وه‌ و دیار بوو داوای لێ ده‌كرا هه‌واڵ بۆ خانه‌واده‌ی خوالێخۆشبوو بنێرێ كه‌ خه‌رجییه‌كانی ناشتن و پرسه‌ و پێداویستیی تر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، مه‌سه‌له‌ په‌نده‌كه‌یه‌! به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ قسه‌مان له‌مباره‌وه‌ ده‌كرد و دیسانه‌وه‌ زه‌نگێكی تر بۆ مۆبایله‌كه‌ی كاك شاكر هاته‌وه‌ و داوای لێ كرا كه‌ واز له‌ مه‌سرووفاتی پرسه‌كه‌ بێنێ، چونكه‌ ئه‌و مه‌سرووفاته‌، خانم هێرۆ خان له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرێ.

ئیتر به‌مجۆره‌ ببووه‌ پێشبڕكێ له‌سه‌ر خه‌رجییه‌كانی ناشتن و پرسه‌ی هونه‌رمه‌ندێك كه‌ به‌درێژایی ژیانی به‌ده‌ست نه‌بوونی و برسێتییه‌وه‌ تلاوه‌ته‌وه‌. ده‌رده‌ كورد جۆری یه‌كجار زۆره‌ به‌ڵام له‌ هه‌موویان كوشنده‌تر (زیندوو كوژی مردوو په‌رسته‌)، په‌ندێكه‌ قه‌ت قیمه‌تی ته‌واو نابێ، چونكه‌ بۆ كورد فیت هاتووه‌ و پڕ به‌ به‌ریه‌تی.




خه‌می ژیان … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

به‌رده‌وام ده‌بم
دڵ بۆ ساده‌یی ده‌كه‌مه‌وه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ مردن راده‌كه‌م
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ خۆم ده‌بمه‌وه‌
نزیك له‌ سروشت
وه‌ك با له‌ باوه‌شی دووری
ده‌چمه‌وه‌ شار
به‌رده‌وام ده‌بم
ناتوانم به‌رده‌وام بم
نامبینی كه‌ چۆن ده‌كه‌وم
نامبینی ده‌نگم نوزه‌ی دێ‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
به‌رده‌وام ده‌بم
گوێ‌ له‌ دڵی مردووان ده‌گرم
ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ده‌گرم خۆم نیم
ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ده‌گرم كێ‌ بێ‌
په‌یوه‌ندی به‌ دڵه‌وه‌ هه‌یه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌
مردووه‌ نه‌مره‌كان ده‌دوێنم
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
له‌ شاردا هه‌م زیندووه‌كان و هه‌م مردووه‌كان
گاڵته‌ به‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن
وه‌ك ململانێ‌ له‌سه‌ر هێز
دادپه‌روه‌ری
له‌ دوكانی نادادپه‌روه‌ری ده‌فرۆشن
ئازادی له‌ ئازادی ده‌گرنه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
ناتوانم به‌رده‌وام بم
دوور له‌و كاته‌ی كه‌ هێز ده‌بێته‌ گه‌مژه‌یی
له‌و كاته‌ی كه‌ مردووان ده‌بنه‌ نه‌مر
كه‌ ده‌نگم دێ‌ له‌ گۆڕستان
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
به‌ڵام نه‌مزانیوه‌ مردووم.

25/11/2016




به‌ره‌و باوان … سه‌ردار جاف

میلی چركه‌ژمێره‌كه‌
له‌ منداڵدانی ژنێكی نه‌زۆكدایه‌
هه‌نگاوه‌كان…..
خێرا به‌ره‌و باشوور ملی رێگا ده‌نێ
مه‌شخه‌ڵی ئاگردانی ئه‌م بێشه‌یه‌
پاسارییه‌كان ……
له‌ لیتاوی قوڕی شینا هه‌ڵده‌كێشرێن
كوكوختییه‌كان…..
سه‌ما له‌ گۆرانی دوێنێ داده‌به‌ستن
خه‌ونی سه‌وز ده‌گێڕنه‌وه‌
گێلاسه‌ به‌رگرتووه‌كانی زه‌مه‌نێ
له‌ خه‌ره‌ندی ئاوه‌زه‌وه‌ هاوێر بوون و
شه‌مه‌نده‌فه‌ری ڕێی تاسه‌
له‌ دامه‌نی لێره‌واری سه‌خته‌نێكا دایانده‌نێ
میلی چركه‌ ژمێره‌كه‌
هه‌ناسه‌ سوار
به‌ هه‌ورازه‌ سه‌خته‌كه‌دا هه‌ڵنازنێ
ئه‌وكی پڕ حه‌سره‌تی پاسارییه‌كانه‌
به‌ كپی و شه‌رم و له‌رزۆك
له‌ جراخدانی موستیله‌یه‌ك ده‌سه‌كنێ
هێشتان كه‌س گوێیان بۆ رانادێرێ
ئه‌م ژوانی ته‌مه‌نه‌یش
له‌ دوا ساتی ماڵئاوابوونی خۆی دایه‌
پاسارییه‌كان ……
هێشتا له‌ سۆراغی پوشن
قه‌ڵای سه‌خت داده‌نێن و
شه‌ڕ له‌ خۆ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌
كه‌ چركه‌ ژمێره‌كه‌ به‌ره‌و فه‌نابوون ملی بان میلی گرتووه‌
باوان كوانوویه‌كی كوێره‌وه‌بووی سه‌خته‌
له‌ ده‌نگی كوكوختییه‌وه‌
سیحر ئاوێزانی میلۆدی نوێ بووه‌
خه‌ونی سه‌وز
له‌ جۆزه‌ردانێكی زه‌ردباوا
نغرۆی ریتمێكی نامۆیه‌
بۆ كه‌س له‌ گێلاسه‌كان ده‌پرسێته‌وه‌
گه‌نیویان تێدا ئاڵاوه‌
هه‌نجیره‌كان بار ده‌كرێنه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر
قوتوبوندی هه‌ڵچنراون
رۆح وا ده‌بێته‌ فریشته‌ و
به‌ سه‌ر كه‌مه‌ی ئاڵای زڵات داده‌چه‌مێ
بۆ هه‌تایی
له‌ ده‌زرانی ده‌ئاڵێنێ

Montabaur
5 / 2 / 2017




پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

كاتێك بارزان
كێشی سووری
لەزامی چیا دەبەست و
گەرمیان رێرەوی مێشوولەی
هەڵدەپاچی
خۆرئاوا خۆری
لەبەژنی سەحرا دەبەست
خۆرهەڵات دەبووە سایەی
مێرگەكان و
سەگی هۆڕی پێ دەناسین
شا بۆ قوربانی جەژنەكان
لەڕێی چاوڕەشەكانی خواروو
بەقەد لقی دارخورماوە
هەڵی واسین
نازانم گەر بیرتان مابێت
سنوور تەلبەندی كەناری و
كۆتری خۆزگەی كوێستان بوو
نانی دەمی كۆرپەكانمان
گلێنەی برژاوی شێخ سەعیدو
جەرگی قازی قارەمان بوو
لەتەنها وەرزێكی سوورا
ئەوەبوو كۆرپەی مەهاباد
چاوی ئازادی هەڵهێنا
ئبتر كێچ كەوتە كەوڵی فارس و
دەرپێی كوناوی ئابڕوویان
لەپێی ئافرەتی عەرەب كرد
ویستیان كوڵوانەی گردەمەند
پڕ لەژاری ستەم بكەن
سەری لوتكەیان داپاچی
ئامێزی چیایان هەڵكۆڵی
هەڵەبجەیان
لەبۆنی سێوا غەرق كردو
باشوریان گواستەوە باكوور
گارەیان هێنا بۆ زۆنكاو
دوكان خوناوی دەنۆشی
سیروان بۆ قومێك با خنكا
سەربەستیان لەبار برد
بۆ جووت بوونێك
كەوتنە گیان یەك
هێندە مەراقی پەڕین بوون
ردێنی چقڵیان دەرهێنا
دوو وڵاتی چڵ برژاویان
خنكان لەنێو دەریای خوێنا
بەمەش پارچەیەك لەجەستەم
كونی تێكەوت
خاكم پڕبوو لەخوێن و نه‌وت