کەپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و بێئومێدی … ڕزگار حەمە ڕەشید

ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی خۆت لە هەموو بارگەکانی ئاکتیڤ بوون و پلانی هەڵگەڕاندنەوەی سەراسەری بەتاڵ بکەیتەوە ئەوەیە خۆت ڕادەستی هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکانت بکەیت. ئەمەش جگە لەوەی هیچ کاریگەری بەجێ ناهێڵێت و دەسەڵات ئاسوودەتر دەکات، دەبێتە پێگەیەکی پتەویش بۆ زیاتر مانەوەو گەشەکردنی نەخشەکانی دەسەڵات. ئەم نەوەیەی کەپیتالیزم کار لەسەر بێبەهاکردنی هەموو جۆرەکانی ڕەخنە دەکات، ئەوەش ڕێك لەناو دڵی ئەو فاکتەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەشترین جۆری بێئومێدی ئەو جۆرەیە کە مرۆڤ جگە لەوەی لەبەرامبەر مرۆڤەکانیتر و جیهاندا هەیەتی، بێئومێدیەکەی دەگاتە قووڵایی ناخی خۆی. ئەوە ئەو جێگایەیە کە هیچ شۆڕشێك و هیچ بزوتنەوەیەکی چاکسازی و هیچ پرۆژەیەکی ڕەخنەیی ناتوانێت ساڕێژی بکات. بێبەهاکردنی ڕەخنە و بێبەهاکردنی زانیاری و هەڵڕشتنی چەندەها هەواڵی لاوەکی بەناوی گرنگترین هەواڵ و دروستکردنی سەدان ڕوداوی لەخشتەبەر لە چەند کاتژمێرێکدا، باسکردنی هەموو کارەساتەکان بەبێ پەردە لە کەناڵەکانەوە، دروستکردنی زۆرترین دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی نەخۆشیەکانی دۆشدامان و تراوما و فۆبیا و بێئارامی؛ لە دیارترینی ئەو دەستدرێژیانەن کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم لە ڕێگایانەوە ژیان و مانەوەو بەردەوامی و گەشەکردنی ئابووری خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.

ململانێی ئابووری و بەهۆیەوە ململانێ بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان زلهێزەکاندا و دابەزاندنی ئەو ململانێیانە بۆ دەساڵاتە لۆکاڵیەکانی ووڵاتە پاشکۆکان و گەیاندنی دڕدۆنگی و بەدگومانی بە پەنهانترینی خانە کۆمەڵایەتیە دوور و نزیکەکان؛ بێ ڕیسكترین شاڕێگەکانی گەیشتنی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمە بە ئاسوودەیی ڕەها. لە نێو کۆمەڵگاکانیشدا بە یاساییکردنی هەموو جۆرەکانی بێ یاسایی و گواستنەوەی شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵەکان بۆ نێو شەقامەکان و پێکدادانی خەڵک لەسەر مافە گشتی و ڕۆژانەییەکانی خۆیان، وەك بێمتمانەیی پەڕینەوە بەسەر شەقامەکاندا، سەرەگرتنی بەردەم بنکەکان، ڕاوەستانی عەرەبانەکان، سیستمی ترافیك و ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەکان و قۆرخکردنی شۆستەکان و پیسکردنی ژینگە بە هەموو جۆرەکانی شتومەك فڕێدان و دوکەڵ و گوێپێنەدان بە سەوزایی و تەندروستی و بەرباد بوون بەرامبەر هەموو پرەنسیپە سادەکانی مرۆڤ بوون، باشترین ڕێگاکانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو نەوەیەی کەپیتاڵیزمە.

سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، دەوڵەت دەرەنجام و دەرهاویشتەی ئەو بیرکردنەوانەی مرۆڤەکان بوو بۆ پاراستنی مافی هەموان لەناو سیستمێکی دادپەروەرانەدا. ئەوکات، خەباتە زەینیەکانی مرۆڤە دەربەستەکان بۆ فەراهەمکردنی گوزەرانێکی باشتر و هەڵچنینی پایەکانی کارەکتەرێکی ئازاد و بە ئاگا، پەلی دەهاویشت بۆ دەست تێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەکانی ژیانی بەربەری و شەڕانگێزیەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەوانیتر. لە دەورانێکدا لە ڕێگای تیۆریزەکردن و هەوڵدان بۆ خەبات لەپێناو پراکتیزە کردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی تەندروست و شایستە بە هۆشیاریەکانی مرۆڤی پاش سەدەکانی ناوەڕاست، دواتر شیکردنەوەو ڕەخنە لێگرتن و هەوڵی بژاردەکردن و خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر سیستمی ئابووری خڵتەی فیوداڵیزم و پاشان کەپیتاڵیزم لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، پاشان تێڕامان و خوێندنەوەی شکستە دەروونی و ڕەوانییەکانی مرۆڤی پاش قۆناغی کۆڵانیاڵیزم و شەڕە جیهانیەکان، لە کۆتاییشدا ڕەخنە گرتن لە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسییەت و دەزگا تەئدیبیەکان و میدیا و حیزب و هەموو دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی تری مۆدێرنیزم. بە درێژایی ئەو مێژووە شانبەشانی هەر هەنگاوێکی ژیاندۆستانەی مرۆڤ، دەسەڵاتی سیاسی لە شکڵە جۆراو جۆرەکانی خۆیدا کاری لەسەر نوێکردنەوەو خۆ ماکیاژ کردنەوە و گەشەپێدانی خۆی کردووە، لە بەرامبەریشدا هەموو تواناکانی خۆیی تەرخان کردووە بۆ بە لاڕێدا بردن و سەرلێشێواندن و پاشەکشە پێکردنی هەر بزووتنەوەیەك کە کاروانەکەی ئەو دوا دەخات، یان ئەگەری پەکخستنی نزیك دەکاتەوە. ئەمەش تەنیا بە تیرۆری دەروونی و جەستەیی نا، بەڵکو بە بەکارهێنانی هەموو توانا سیخوڕیەکانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا، پاشان نیشاندانی خراپترینی شۆڕشگێڕە سەرکردە دروستکراوەکانی خۆی لە فۆرمی سەرکردەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە سەرکەوتووەکاندا.

ئەگەر بە ڕەچەڵەکی شۆڕشەکاندا شۆرببینەوە بۆ ناو مێژووی سەرهەڵدانیان و بکەرە سەرەکیەکانیان، لە سەرتاسەری جیهاندا هەمان دیمەن دەبینینەوە کە بکەرە ڕەسەنەکانی شۆڕشەکان هەمیشە وەك سمبولی قوربانیدەر و وێنەیەکی پیرۆز پارێزراون، کەچی ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هەمان پلانەکانی دەسەڵاتی پێشوویان جێبەجێ کردووە، بەڵام بە فۆرمێکی جیاوازتر و بە دروشمی جیاتر. هەر بۆیە نوسەرانێکی زۆری بێئاگا سەرهەڵدەدەن و باس لە دووبارە بوونەوەی ستەم و سەرکوتی ئەو سیستمە نوێیە دەکەن کە لە منداڵدانی شۆڕشەوە هەڵتۆقیوە. بەمەش نەك تەنیا سەرلێشێوانی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵکو دەشبنە سەرچاوەی ئەو بێئومێدیەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان؛ کە لە هەموو جۆرەکانی تری بێئومێدی لەکارخەرتر و ڕوخێنەر ترە. ئەو جۆرە لە بێئومێدی کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی ئەبەدی خۆیی لێوە مسۆگەر دەکات.
ئەم بێئومێدیە بەرامبەر بە خود، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەی سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، بۆیە بە تێکوپێکشکاندنی ئەو یاسایانە مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات؛ ئەمەش ڕێك ئەو شوێنەیە کە وەك لە سەرەتادا باسمکرد، ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم بە چڕی ئیشی لەسەر دەکات و هەر ڕۆژێکی درێژ بوونەوەی ئەو بێئومێدییە، بەردەوامی بە کەڵەکە کردنی زیاتری سەرمایەکانی ئەو دەدات.

لێرەدا تەنیا جیاوازییەك لەنێوان ووڵاتانی سەنتەر یان ناوەکانی تری وەك( زلهێز، پێشکەوتوو…هتد) لەگەڵ ووڵاتانی پاشکۆ، بۆ ئەو مرۆڤانەی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم تێکیشکاندوون، لە شێوازی مومارەسەکردنی ئەو بێئومێدیەدایە. لە ووڵاتە سەنتەرەکان، مرۆڤ بە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات. مەبەست لە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی، فەرامۆشکردنی ژیانی ڕاستەقینە و خۆدانە دەست ژیانێکی خوازراوە. تەسلیمبوونە بە جۆرەکانی گیرۆدەبوون، گیرۆدەبوون بە کار (workaholics) گیرۆدەبوون بە خوێندن(studyholic)، گیرۆدەبوون بە کاتی خۆش (Funaholics) ، دیوێکی تریشی بریتییە لە تێکوپێکشکاندنی یاساکانی ناوەوە، مەبەستم ژیانێکی ئاسایی ناو ماڵە، ئەگەر نەبێتە بێلانە ئەوا لە ماڵێکی ناڕێکخراوو شپرزەدا ژیان بەسەر دەبات، زۆرجار ئەم شپرزەیی و لادانانەی خۆی لەگەڵ دەرەوەشدا هاوبەشی پێدەکات، هەرچەندە دەشبێتە یاسا شکاندن و زۆرجاریش سزاکانی وەردەگرێت. واتە لە ووڵاتانی سەنتەردا یاساکان لە دەرەوە بە قورسی جێبەجێدەکرێن و تێکشکاندنەکان بە داپۆشراوی لە ناوەوە پیادە دەکرێن.

بەڵام لە ووڵاتە پاشکۆکاندا، مرۆڤەکان بێئومێدیەکانی ناو خۆیان دەبەنە ململانێکانیانەوە لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشی دەکەن، ئەمەش وەك پێشتر باسم کرد، لە ڕێگای ڕەتکردنەوەو پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپ و یاسایانەوە کە خۆیان لە بەدەستهێنانیاندا بەشدار بوون. سیستمە تۆتالیتارەکانی ئەو ووڵاتانەش کە گرێدراوی ڕێککەونتەکانی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمن، هەموو ئاسانکارییەك بۆ پراکتیزەکردنی ئەو جۆرە لە ژیانێکی لەبەریەك هەڵوەشاو دەکەن. بۆ نموونە عێراقی ڕژێمی پێشوو ژیانی خۆیی لە ڕێگای بەسەختی پیادەکردنی یاساکانەوە دەستەبەر دەکرد ( ئەوەی زۆرجار لە بێزاری هاونیشتمانیانەوە گوێمان لێدەبێت خۆزگە بۆ ڕژێمەکەی سەدام دەخوازن گوایە یاسای جێبەجێ کردووە) ئەوەی وایدەکرد ئەو ڕژێمە بەو توندڕەویە جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر هەموو تاکێکی عێراقیدا بسەپێنێت، ئەوە بوو کە دڵنیا بێت لەوەی دەتوانێت لادەرەکان یان تێکدەرەکان ( بەو واتایەی خۆیان بەکاریان دەهێنا، مخربین) بە ئاسانی دەستنیشان بکات. ئەو هەموو جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی دژی بە تێکدەر ناوزەد دەکرد، بۆیە پێویستی بە سیستمێکی یاسایی تۆکمە هەبوو تا بتوانێت ڕاوی نەیارەکانی خۆی بکات. لە بەرامبەریشدا، زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە پێشێلکردنی یاساکان و وێرانکردنی خزمەتگوزاریەکان گوزارشتیان لە خۆیان دەکرد، تا کاتی ڕاپەڕینیش بینیمان چۆن هەموو جێگاکان دەسوتێنران و تاڵاندەکران و تەنانەت کوشتارگەکانی سزای دوژمنانیشیان دەهێنایە بەردەم ماڵەکان و مزگەوتەکان و قوتابخانەکانەوە. ئێستا عێراقی ڕژێمی نوێی پاشکۆی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی خۆیی لە ڕێگەی ئەو بێ یاسایی و پێشێلکاریانەوە مسۆگەر کردووە. یەکێك لە چەکە گرنگەکانیشی بریتییە لە چاندنی گەرای ئەو بێئومێدییە قووڵەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان، بریتییە لە نەهێشتنی ڕێزی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان، تێکوپێکشکاندنی کارەکتەری مرۆڤەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و گومان لە یەکتر و دروستکردنی تارمایی هەزاران ڕاپۆرتنووس بەسەر کۆمەڵگاوە.

بۆیە یەکێك لە ڕێگاکانی چارەسەر و ڕزگاربوون لە کۆیلەیەتی ژێر دەستی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم، لە گەڕاندنەوەی مرۆڤەکاندایە بۆ ناخی خۆیان. چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەو فەسادە بەربڵاوەی لە ناوەوەی ئەو کۆمەڵگایەدا گەراکانی خۆیی داناوەو ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت. خۆ دەربازکردن لەو پشێویەی میدیا لەناخی هەریەکێکماندا ڕۆژانە دەیچێنێت، گەڕانەوە بۆ دروستکردنەوەی کارەکتەرە ئاکتیڤ و هۆشیارەکەی خود، بەرپرسیارێتی تاك بەرامبەر بە ناخی خۆی و پاشان بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا و ژینگە و گیانی لەخۆبردوویی و بەتەنگەوەهاتن و خۆڕێکخستنەوە، خۆ دەربازکردن لە هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکان و پاشان بەشداریکردن لە ڕێکخستنەوەی ژیان لەدەست ئەو هەموو فەوزایەی کە خۆمان لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستمە فاشیستانەدا دروستمان کردوون.




لە ڕاوێژکارەکەی داوودئۆغڵو ەوە فێرببن! … هیوا خۆشناو

ئەتیەن ماهچوپیان نوسەر و سیاسەتمەداری بەڕەگەز ئەرمەنی ڕاوێژکاری سەرەکی داوودئەحمەد ئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی پێشوی حکومەتی تورکیا بو، کە سەرۆکوەزیرەکەی ئەوەی لە دەستی هات دژ بە گەلی کورد ئەنجامی داو دوایی وازی لە کورسیەکەی هێنا.
ناوبراو لە دوا نوسینی خۆیدا لە ڕۆژنامەی “ئیلکە هابەر”ی نزیک پارتی دادو گەشەپێدانی دەستەڵاتداری تورکیا ڕێککەوتنی ١٧/٣/٢٠١٧ دا، بابەتێکی زۆر سەرجڕاکێشی بەناوی PYD’nin sırrı واتە “نهێنیەکانی PYD ” بڵاوکردۆتەوە. هەرچەندە ئەو نوسەرە سیاسیە بە ئەزمونە سۆزێکی بۆ کێشەی کورد نیە، بەڵام بەهۆی بابەتیبوونی نوسینەکەی لە هەندێک بواردا، بەپێویستم زانی بەشێکی وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی یان بیخەمە بەر دەست خوێنەران. بێگومان هەندێک بابەت کە ناوبراو باسی کردونە جێگای سەرنج و تێڕامانن:
– لە سەرەتای بابەتەکەدا نوسەر سەرنج ڕادەکێشێتە سەر سەردانەکەی دوایی ئەردۆغان بۆ مۆسکۆ کە داوای داخستنی بیرۆی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYDی کردبو و پێیوایە هەڵوێستەکەی مۆسکۆ کە گوێی لە داواکاریەکەی ئەردۆغان نەگرت، کارێکی چاوەڕوانکراوبو و لەو ماوەیەی ڕابوردودا، ئێمە بوینە شاهێدی زۆر هەوڵی وای تورکیا بەڵام هیچ کامێکیان ئەنجامیان نەبو. نوسەر ئەڵێ: “جگە لەوە بەپێچەوانەی داواکاریەکانی تورکیا، ئەمریکا هاوکاریە سەربازییەکانی وەک گەیاندنی چەکوتەقەمەنی و تیمی تایبەتی مەشقوڕاهێنان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە بە دەستپێشخەری پەیەدە سازکراوە زیاتر کردوە، ڕوسیاش بەردەوامە لە هاوکاریە سەربازی و سیاسیەکانی لەگەڵ ئەو پارتە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو پارتە نیە کە درێژکراوەی PKK ەیە و سیستێمی سیاسی و ئیداری خۆی لە باکوری سوریا دامەزراندوە. ئیمە ناچارین تەسلیمی ئەو واقیعە ببین کە PYD لە پەیوەندیە تاکتیکیەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد سەرکەوتو بوە و لەگەڵ ئێرانیش شتێکیان پێ ئەدات و شتێکیان لێ ئەستێنێ. توانیمان لە سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ پکک و کوردانی سوریا ناچاری پاشەکشە بکەین، بەڵام لە ڕۆژی ئەوڕۆدا سەرباری ئەوەی تورکیا ئامادەیە زۆر شت بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ دواوە بە PKK بنێ سودی نیە.

– ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا باس لە پەیوەندیەکانی ئێران و پکک دەکات و بانگەشە دەکات کە کوردەکانی نزیک لە بارزانی زۆر هەوڵیاندا شەڕ دژ بە ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام پکک ئەو هەوڵەی ئەوانی مایەپوچ کردەوە. هەروەکا ماهچوپیان قسەی سەرجەم مێدیاکانی ئاک پارتی و نزیک لەئەو بڵاودەکاتەوە و بانگەشەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکات لە لایەن PYD و پێیوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرجەم پێشێلکاریەکان دەبینێ، بەڵام مافی مرۆڤ لە سوریا لە پلانی یەکەمدا نیە.
لە کۆتایی بابەتەکەیدا ئەتیەن ماهچوپیان لە پێنج خاڵدا هۆکاری پشتگیری خۆرئاوا و ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا ڕوندەکاتەوە کە ئەمانەن:
١-بۆ ئەوەی PYD بەتەواوی نەچێتە ناو باوەشی ڕوسیا، ئەمریکا ئامادەیە پشتگیری لێ بکات.

٢- جگە لەوەی PYD لە سوریا زەمینەی هێزێکی سیاسی لەباری تێدا بەدی ئەکرێ، هاوکات هێزێکی سەربازی پتەوە. هێزە سەربازیەکانی ئەو ڕێکخراوە لەلایەک لە خەڵکی ناوچەکە پێکهاتون، لە لایەکی دیکەی ئەگەر لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا بەراوردیان بکەین ، ئەوان زۆر بەهێزترن.
٣-PYD هەستی بەوە کردوە کە پێویستی بە سیاسەتی ئەمریکایە، بۆیە لەبەرانبەر ئەو یەکەدا، داخوازیەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکات.
٤- ئەگەر PKK/PYD لەگەڵ هێزە موحافەزەکارەکانی دیکەی کوردی بەراورد بکەین، بەئاشکرا دەرئەکەوێ، کە هزری نەتەوەپەرستی تێدا کەمە و لە جیاتی ئەوە پێکهاتەیەکی فرە ناسنامەییە.
٥- ئەگەر PYD لەگەڵ کوردانی دیکەی سوردیا بەراورد بکەین، دەبینین لە بواری تێگەی کۆمەڵایەتیەوە لە هەر هەموویان مۆدێرنترە.
لە دێری کۆتاییدا نوسەر پێیوایە: ڕۆژئاواییەکان نایانهەوێ ڕاستەوخۆ پشتگیری هێزێک بکەن کە لە توندوتیژیدا گڵاوە، بەڵام ئەوڕۆ جگە لەوان چارەیەکی دیکەیان نیە.
چەند سەرنجێک
مرۆڤ ئەگەر سەیری شیکردنەوە و لێکدانەوەکانی ئەتیەن ماهچوپیان بکا و لەگەڵ ڕێکخراوە کوردیەکانی دژبەرانی PKK/PYD بەراوردیان بکات، سەری سوڕ ئەمێنێ. وادیارە لە سیاسەتدا، ڕکەبەرایەتی کردن کارێکی ئاساییە، بەڵام ناواقیعبوون مرۆڤ توشی هەڵەی کوشندە دەکات. ماهچوپیان ئەگەرچی ناچارە لە ڕۆژنامەیەکی سەر بە AKP کۆمەڵێک شت دووبارە بکاتەوە کە لەوانەیە خۆی باوەڕی پێنەبێ، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستینەی ئەو ڕێکخراوەی بۆ کوردە پڕۆ-ئەردۆغانی/AKPکان ئاشکرا کردوە کە هیوادارم سودی لێ وەرگرن و ببنە ڕکەبەرێکی ڕاستەقینە.
– لەسەرەتادا ناوبراو، بەپێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتەکان و سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ژێر چەتری ENSK کۆیان کردونەتەوە، پێیوایە پەیوەندیەکانی PYD/PKK لەگەڵ سوریا و ئێران تاکتیکین و سەرکەوتوون. ئەگەر سەیری دەمی ئەو لایەنانەی دژ بە PYD/PKK دەکەی نزیکەی ٤٠ ساڵە ئەو قەوانە کۆنە دووبارە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕاستیەکی تێدابێ. لە ڕاستیدا ئەو پەیوەندیە ئەگەر نەبوایە، ئەو ڕێکخراوە و ڕۆژئاوا نەدەگەیشتنە ئەو ڕۆژە. بەڵێ پەیوەندی سوریا/ئێران لەگەڵ PKK جگە لە تەکتیک هیچی تر نیە، بەڵام پەیوەندیەکی تا بڵێی باش و پێویستە.
-لە خاڵی چواردەمدا ماهچوپیان نەتەوەپەرستنەبوونی PKK/PYD بە یەکێک لە سەرکەوتنەکانیان ئەبەستێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو ڕێکخراوە ڕکەبەرانە کە لە سەرنگەری AKP و مێدیای پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەخوێنن، ئەگەر PYD نەتەوەپەرستبوایە، نەوەک ڕوسیاو ئەمریکا یارمەتیان نەدەکرد، بەڵکو ڕۆژئاواشیان بە کەرکوک و شەنگال دەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ڕێکخراوە پڕۆژەیەکی فراوانتری لە نەتەوەپەرستی تەسکی کوردایەتی پێیە، بۆتە جێگای هیوا و ئومێد بۆ هەموو جیهان و هەر هەموویان حیسابی جدی لەسەر دەکەن.
-لە خاڵی پێنجەمدا ماهچوپیان باس لە پێشکەوتویی کۆمەڵایەتی PKK/PYD دەکات و پێیوایە کوردانی دیکە لەو بوارەیەوە دواکەوتوون. ئەوەی جێگای سەرنجو ڕەخنە بێ لە ڕکەبەرانی PKK ئەوەیە کە هۆکاری سەرنەکەوتن و بێچارەبوونیان لە بەرانبەر ئەو ڕێکخراوە، بەتەنیا نەناسینیانە. تا ئێستا ئەوان نازانن جیاوازی بکەن لەنێوان “PKK وەک حیزبێکی سیاسی و PKK وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی”. ئەو چەکەی لە دەست ئۆجالان دایە، کلاشینکۆف و دۆشکا نیە، بەڵکو ئەوەیە کە دەتوانێ دەیان هەزار ژن و ئافرەت لە ماڵەکانیانەوە بێنێتە دەرەوە و سوپایەکیان لێ سازبکات کە تەحەدا لە سوریا، ئێران، تورکیا و داعش بکەن. ئەو چەکەی لە دەست ناوبراودایە جا لە زیندان بێ یان لە مەریخ گرینگ نیە، ئێستا لە دەستی هیچ هێزێکی دیکەدا نیە لە ناوچەکە. بۆیە ئەبێ ئەوانە دڵنیابن کە بە پارە، نەوت و چەکی نەتەوەپەرستی کوردایەتی کە لە بازنەی تورک – عەرەبی سونەدا دەخولێتەوە، هەرگیز ناتوانرێ شەڕی ئۆجالانی پێ بکرێ.

http://www.ilkehaber.com/yazi/pydnin-sirri-16489.htm




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی …6 … نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

به‌شی شه‌شه‌م / هه‌شت به‌ش
به‌شی شه‌شه‌م

سەربەخۆی و ئازادی وەڵامی شۆرشگێڕانه‌ی دەوێت !

ئەوەی هەتا ئێستا لە ئاکارو سیاسەتی هێزە کوردییەکان بینراوە ، ئەقڵیەت و کردەیی و بیری ڕیفۆرمیستی نەتەوایەتی بووە . نەیان توانیوە لەو ڕیفۆرمە دەربچن و زیاتر لەوە بکەن ، لەو دەوڵەتانەی کە کوردی تێدا دەژی ، بۆ کوردیان کردووە .هەروەها حیزب و هێزە چەپەکانیش لە ڕابردوو و ئێستاشدا ، نەیان توانیوە کارێک بۆ جیابوونەوەی نەتەوەی کوردبکه‌ن و هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بخاتە ناو بیرو بۆچوون و هێڵی سیاسی و کردەوەیی سیاسیان بە ئامانجی خواستی ڕزگاری پرس و ململانێی نەتەوایەتی بێت لە ناوچەکەدا . بە ئاسانی ناتوانیت بیرو بۆچوون و کردەی ڕاست و چەپ لێک جیابکەیتەوە ، ئامانجی جیاواز و ویستی جیاوازیان دەستنیشان ناکرێت و جیاوازیەکی بنەڕەتی نابینیتەوە لە نێوانیاندا . هەتا ئێستا مەعلوم نیە کامیان چەپن و کامیان ڕاست ، کامیان لەگەڵ بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتیدان و شۆڕشگێڕانە لەگەڵ پرسەکەدا مامەڵە دەکەن و کامیان نایکەن . ئەو دوو لایەنە هەوڵ و بیری بەدەست هێنانی مافی یەکسانی نەتەوەکانیان نیە . حیزبێک حوکمی زاتی دەوێت و ئەوی تریان چاوەڕوانی ئەمەریکا و ئەوروپایە و یەکێکی تریان بڕیاری دامو و دەزگاکانی ( UN ) بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانێت .

ئەمانە هیچیان لێ سەوز نەبووە و نابێت ، له‌پێناوی جیابونه‌وه‌ یا جیانه‌بوونه‌وه‌، چاو لە دەستی ( UN ) بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ریفراندۆم بکات . قسەو باسی دروست کردنی دەوڵەت یان گەڕانەوە بۆ ناوەند ، ئەمانە هەموویان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەشێکیان وویستی ئۆلیگارشیانەی کۆمەڵێک لە سیاسیە سه‌ربازی و ئابووریسته‌ حیزبیەکانەو بەشەکەی تریشی پەیوەندی بە کاڵ فامی و بێ دەربەسی و بە ناوی خۆ بە دورگرتن لە ناسیونالیست بوونیانەوه‌یه‌ ، ئەمانەش هەرهەمووی پەیوەندی بەپاراستنی بەرژەوەندی توێژی ئۆلیگاریشی و ووردە بۆرژوازیەوە هەیە. هەر مەبەستێک کە سەرچاوەکەی ڕیفۆرم بێت ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بێت ، لە پرسی نەتەوایەتی هەر وڵاتێکدا بێت ، “بەکارهێنانی دەستەواژەی ” هەڵوەشاندنەوەی هەموو جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ” لە جیاتی دەستەواژەی ” لەناوبردنی هەموو جیاوازیەکی چینایەتی ” دەروازەیەک بۆ پرسیار و گومان دەکاتەوە . لە نێوان وڵاتێک و یەکێکی تر، لە نێوان هەرێمێک و یەکێکی تر ، هەتا لە نێوان گەڕەکێک و یەکێکی تردا ، هەرگیز هەندێک جیاوازی لەنێوان هەلومەرجی ژیان و گوزەراندا بنبڕ ناکات و دەهێڵێتەوە ،. ئیمکان هەیە جیاوازییەکان سوک بکرێت هەتا ئاستێکی زۆر کەم و نزم ، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بەتەواوەتی بنبڕبکرێت و لەناو ببات ” (44) . لەبەر ئەوە دەستەواژەکان زۆر گرنگ نین ، ئەگەر هەوڵ و کردار لەپێناوی جێبەجێکردنیدا نەبێت . هەر بۆیە لای چەپ و ڕاست و حیزبەکانیان ، جێگەو ڕێگەیەکی نییە لەبیرو بۆچوون و کرداریاندا .

ئەو کاتەی ووردە بۆرژوازی جێگەو ڕێگەیەک و پلەیەکی لە بەرژەوەندی ئابووریدا ئەدرێتێ ، تێکەڵ کردنی بەرژەوەندییەکانی بە سەرمایەی بۆرژوازی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات ، ئیتر هیچ گرنگیەک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی لەلای خۆی ناهێڵێتەوە ، بەڵکو نانی لێ دەخوات و کەڵەکەی سەرمایەی پێ دەکات . هەروەکو ئەو بازاڕکردنەی کە ئێستا بەخواستی نەتەوایەتی کوردەوە دەکرێت لەلایەن حیزبەکانەوە . هەر ئەمەش وایکردووە کە ئۆلیگارشیەکانی حیزبە سیاسیەکان بازرگانی بەخواست و پرسی نەتەوایەتی یەوە بکەن . ئەمەش تەنیا پەیوەست نییە بە وڵاتێکەوە بەڵام جۆری کردەکان و بەکارهێنانی و گرنگی بوونی لەلای خەڵکەکانیان ، کەم و زۆر کاری پێده‌که‌ن و لە یەکتری جیاوازیان دەکات . لە کۆتایدا هەموو لایەنەکان لە پێناوی کەڵەکەبوونی سەرمایەو گەورە بوونی قەبارەی بازرگانیەکانیان ئەو یارییە دەکەن لەسەر حسابی خه‌ڵک و بە گۆشت و ئێسقان و دەروونی ئه‌وان ئەنجامی دەدەن . لەم هەرێمەشدا هەروا دەگوزەرێت و جیاواز نییە لەو هەرێم و ناوچانەی ئەو کێشانەی تێدایە و که‌ ووردە بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانیان ئەیبەن بەڕێوەو خۆیان بە خاوەنی دەزانن .

چەپ بەم شێوەیەو بە دووفاقی ودوور لە ڕاستی و ڕەوایی ئامانجی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی ، بەیانی ئامانج و سیاسەت و هزری خۆیان دەکەن . لە ڕابردوو ئێستاشی لەگەڵدابێت ، ” ئەمانە ئامانجی ڕاگەیەنراوی حیزبی کۆمۆنستی عێراقە ، یەکەم شۆڕش لە هەموو عێراقدا ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ناقەومی و لابردنی ستەمی میللی . دووەم ، بە ڕەسمی ناسینی مافی خەڵکی کوردستانی عێراق بە جیابوونەوەو پێداگرتن لەسەر مەبدەئی ڕیفراندۆم .” (45) ئەم پەرەگرافە ووتە و بێژانی دژ بەیەکی تێدایە ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی نانەتەوەیی ، یا ناسنامەی کۆمەڵگا لەسەر هیچ نەتەوەیەک تاپۆ نەبێت ، مانای پێکەوە ژیانی یەکسانیانەی نەتەوەکانە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە .

ئیتر پێویست بە خاڵی دووەم ناکات ، ئەگەر شۆڕشێکی لەو جۆرە دروست بوو . بەڵام خاڵی دووەم تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە لەڕووی مێژوویەوەو لە پێداویستی درووست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییەوە سەرچاوە ناگرێت ، بەڵکو تەنها هانا بردن و بە گرنگی وەرگرتنی ڕیفراندۆم لەژێر چاودێری ( UN ) دا وەکو ڕێگە چارەی پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا دەبینێت . ئەمەش دووفاقی تێڕوانینی چەپە لەسەر کێشەکە و ناوەڕۆکی کرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا و بەرپابوونی تا ئاستی گۆڕینی بنەڕەتی کۆمەڵگا . کام شۆڕش دەتوانێت کۆمەڵگای بێ چین و نەتەوە دروست بکات ؟! بێ گومان تەنیا شۆڕشی کۆمۆنستی زانستی یە دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت ، بتوانێت جیاوازی چینایەتی و نەتەوەیی بنەبڕ بکات ، چونکە ئەگەر جیاوازی چینایەتی بنەبڕ نەکرێت ناتوانرێت جیاوازی نەتەوایەتی بنەبڕ بکرێت . لەبەر ئەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەرخۆری لەسەر پرسی نەتەوایەتی دەکات .لەم سەردەمەدا و لە ڕابردووشدا ، باشترین نموونە وڵاتی سویسرایە چونکە چەن نەتەوەیەکی وەک ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و هەندێک نەتەوەی ئاسیایی و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی تێدا دەژین ، مافی نەتەوەکانیش پارێزراوە ، لەگەڵ ئەوەشدا سویسرا نەبووەتە کۆمەڵگای بێ چین و توێژەکان و یەکسانی ئابورییان هەبێت . هەروەها نەبووەتە وڵاتێک پەیڕەویی لە سیستمی سەرمایەداری لێبراڵی نەکات ، چەوسانەوەی چینایەتی بنبڕبکات و کۆتایی به‌وه‌ بهێنێت ، کۆمەڵێک ژیانێکی زۆرخۆشیان هەبێت و بەشێکی تریشیان حاڵ و ژیانیان مسۆگەر نەبێت .
دوای ئەوکاتەی کە وڵاتی سویسرا لە سیسته‌می سیاسی نێودەوڵەتیدا ، وەک وڵاتێکی بێ لایەن لە سیاسەت و ئامانجی سیاسی و سەربازی جیهانی دیاری کرا .

نەتەوەکانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و نوسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرامێک و دەستورێکی تایبەتەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە چوارچێوەی ووڵاتەکەیاندا ڕێک خست . ئەمەش هەروا لەخۆڕا نەبووە ، بەڵکو خەڵک و نەتەوەکان دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم کردبوو ، لە دیموکراسی ترین پەیوەندیاندا توانیان ئەو بەرهەم و ئامانجە بە دەست بهێنن . بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو و ئیعتیباری خۆی لەدەست داوە ، ناتوانرێت جارێکی تر ئەو پرۆسێسە دوبارە بکرێتەوە ، بۆرژوازی و سەرمایەداران ئەو کردەوەیە لە وڵاتانێکی تردا دووبارە بکەنەوە ، ئەگەر وەکو سویسرا نەتەوەی جیاوازی هەبوو. ئەمە بەجیا بۆ سویسرا ڕوویدا ،لەبەر ئەوەی بەپێی ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی لەساڵی1891 دا ، کە لە نێوان ووڵاتە زلهێزەکانی ئەو کاتەی جیهان دروست بوو ، وەک وڵاتێکی بێلایەن لە جەنگ و هەموو کێشە نێو دەوڵەتیەکان و ململانێکانی جیهاندا نەبێت و هیچ جەنگێک ڕووبەڕووی نەکرێتەوە و خۆشی لایەن گری هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ک و ململانێیەکی نێو دەوڵەتی و ناوچەی نەبێت ، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە لە ناو پەیوەندییە سیاسی و کێشە و ململانێ نێو دەوڵەتیەکاندا نیە ، ئەوا هیچ وڵاتێکی زل هێزی دنیا و ناوچەکانی خۆیان دەستیان بۆ نانەوەی کێشەو ململانێی نەتەوەیی نەبردووە ، نەتەوەکانیان نەکردوەتە داردەستی سیاسەتی پاوانخوازییان و ململانێی نەتەوەکان لەناو سویسرادا گڕبدات .هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمدا ڕویداوه‌و ڕووده‌دات . ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ، سه‌ماده‌که‌ن به‌ ئاوازی ده‌ووڵه‌تان .

” هەموو ئەو شۆڕشانەی کە لە پێشتردا ڕوویانداوە ، شۆڕشەکانی بەرگری بوون ، لە جۆرێک لە خاوەندارێتی دژی جۆرێکی تری خاوەندارێتی . وە لە توانایاندا نەبوو بەرگری لەو جۆرەی خاوەندارێتی بکەن ، بەبێ دەست وەردان لە جۆرەکەی تری . ” (46) ئەو شۆڕشەی کە لە عێراقدا ڕووبدات ، دەبێت هەلومەرجی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، بگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ و جیاواز بهێنێتە پێشەوە و دروست بکات . بەڵام ئەوەی کە چەپ و ڕاستی عێراق و هەرێم باسی دەکەن ، دەڵێن دەبێت شۆڕش بەرپا ببێت کەس نازانێت لە چ جۆرێک و چ بەهایەکی دەبێت ؟! شۆڕشێکە بۆ دووبارە کردنەوەی نمونەی سویسرایە یا جۆرێکی تر ؟! بێ گومان ئەوان نە شۆڕشیان کردووە و نە دەشیکەن ، نە تێزو بیری شۆڕشگێڕشیان هەڵگرتووە . چونکە شۆڕش لە ئێستادا گۆڕینی مانا و بەهای پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستایە ، بە پەیوەندیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازەوە دابڕاو بێت لە پێکهات و گروپی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ، وەک ئەوەی کە ئێستا بەرقەرارە لە کۆمەڵگادا ، ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم لە ژێر چاودێری ( UN ) دا ناتوانێت وەڵامی جیابونەووەی نەتەوەی کورد بێت هەتا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی . چونکە (UN) دەزگایەکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی زل هێزەکانە و بەرژەوەندی ئەوان ئەسەپێنێت بەسەر هێزو دەوڵەتە لاواز و بچووک و بێ تواناکاندا .

وەکو ڕێکخراوی ( کۆمەڵەی گەلان )ی ڕابردوو کەم توانایە .(47) لەبەر ئەوە دەبێت هەڵوێست وکردەی ڕوون و ئاشکرات هەبێت و پەیگیرانە پێ لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کورد دابگریت. هەتا ئەگەر لە ئێستادا حکومەتی کرێکاری ( بەپێی دید و بۆچوونی چەپ ) لە دەسەڵاتیشدا بێت . چونکە ئەم نەتەوەیە چەند جار لەگەڵ حکومەتەکان و دەوڵەتەکانی کە بەسەریاندا دابەش بووە ، جەستەی لە خوێندا هەڵکشاوە ، بەدەست سیاسەتی شۆفێنی حکومەتەکانەوە ، ڕووبەڕووی قەتل و عام و جینۆساید و …… بووەتەوەو ، سایکۆلۆجیای پەرت پەرت کردن و کاردانەوەی لەسەر زهنی دروست کردووە . لەبەر ئەوە دەبێت ئامانج لەگەڵ خواست و وویستی کرێکاران و زەحمەت کێشانی کورددا هاو سۆزو سیاسەت بێت ، بۆ بەدەست هێنانی ئەم خواستەش ، پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە دەخوازێت . کەواتە ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم کە هەڵوێست و بیری هێزە سیاسییەکانە لە هەرێمدا، ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە خواست و ویستی جیابونەوە . ئەوەی کە چەپ و ڕاست کردوویانە بە قسەی سەر زمان و ژێرزمانیان ، دوو باری جیاواز و دوو هەڵوێستی جیاواز لەخۆدەگرێت . هەموو ئەمانەش لە ناوەڕۆکی بیرو کرداری ئۆلگاریشیەکاندا بەرجەستەیە.

ئەوەی کە چەپ باس لە شۆڕش دەکات و کەس نازانێت چ ناوەڕۆکێکی هەیە ! شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا دەبێت چ ئەرکێک ئەنجام بدات ، گۆڕانکاری چۆن دەکات ؟!. ئەم جیاوازییەش لەسەر ناوەڕۆکی شۆڕش ، لەبیر و بۆچوونەکانی چەپدا هەیە ، سۆشیال لیبڕالیزمەکانیش دەڵێن ” ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خەڵکی کوردستانی عێراق بۆچوونی خۆی ، لە ڕیفراندۆمێکدا، سەبارەت بە جیابوونەوە یا مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا دەربخات ؟ ” (48) ئەم بۆچوونە لەسەر ڕیفراندۆم ، هەمان بۆچوون و دیدی (UN) ە بەکاریان دەهێنن بۆ ڕێگا چارەی کێشەکان ، ئەمەش هەتا ئێستا نەیتوانیووە چارەسەری کێشەکان بکات و نەهامەتییەکانی ئەو گەل و نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا داوای سەربەخۆی و جیابوونەوە دەکەن کۆتایی پێ بهێنێت . دەسەڵاتەکان بە هەمان ناوەڕۆکی ڕابردوو دەهێڵێتەوە کۆتایی بە چەوسانەوەو بێ مافی و کۆیلایەتی مرۆڤەکان ناهێنێت. لەبەرئەوە ئەو جۆرە هەوڵانە کردەیەکی نەزۆکە لەبەردەم چارەسەرییە بنەڕەتییەکان ، چونکە سیستەمێک خۆی ئاگری ئەم دژایەتی و بێ مافیە خۆش بکات ، ئەوا هەوڵنادات چارەسەری بکات ، لەبەر ئەوەی ڕێگایه‌که‌ بۆ چوونە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانیان ، هەندێک جار لەڕێگەی ئەم جۆرە لە خۆشکردنی ئاگری دژایەتی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و کلتوریانەوە بەدەست دێنن . ئیتر چۆن هەوڵ دەدات و دەیەوێت داری ژێر پێکانی خۆی ببڕێتەوە ، هەندێک جاریش بۆ ڕێگرتن و ترسان لە ڕیفراندۆم یان خۆڵ کردنە چاوی خەڵک لەوبارەیەوە پۆزش و بڕو بیانووی جۆراوجۆری وەک ئەوەی ئێستا ناتوانرێت و ناکرێت و نابێت …. هتد بۆ دەهێنرێتەوە .

زۆر جاریش چاو سوورکردنەوە و هەڕەشەی توندووتیژی و ئەنجامدانی لەلایەن دەسەڵاتداران بەرگرییان لە خۆیان پێ کردووە ، نەیان هێشتووە هیچ هەوڵێک بۆ جیابوونەوەو ئازادبوون بەئاکام بگات . یان ئەگەر ڕێگەیان دابێت ، ئەوا بە نیوە ناچڵی و بێ ئەنجامێکی گشتی و درووست ڕوویان داوە ، بۆیە لەپێناو بەدەست هێنانی ئامانجێکی گشتگیری ئازادی و سەربەخۆی نەتەوەکان ، پێویستی بە یەکگرتن و هاو ئامانجی نەتەوەکانە لە پێناو خواستی ئازادی و جیابوونەوە . ئەمەش لەزۆرترین کات و هەلومەرجەکان و لە ووڵاتە جیاوازەکاندا ، پێویستی بە کردەو کارێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەجیاوازەکانی ئەو وڵاتانە هەیە ، کە کێشەو خواستی نەتەوایەتی تێدایە ، هەربۆیە پێویستە کرێکارانی نەتەوەی عەرەب ، لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کوردو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، هاوکار و هاوخەباتی بێت لە پێناو رێگری کردن لە کۆیلەکردنی خۆیی و دواتر هاوخەباتیان لە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان . کاتێک کە ( UN ) چاودێر دەبێت ، یا بە پلانی ئەو ڕیفراندۆم دەبێتە ڕێگە چارەی کێشەکان ، ئەوا ئامانج تێدا جێبەجێ کردن و بردنە پێشەوەی بەرژەوەندی زلهێزەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی یە .

هەربۆیە خۆشباوەڕی و کاڵ فامی، ووردە بۆرژوازی لەوەوە دەردەکەوێت ، لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کەش و هەوایەکی دیموکراتی تێدا دەبینێتەوە ، ئەو نەگبەتی و موسیبەتانەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەگشتی خەڵکی کورد بەسەریان هاتووەو ئەیچەشن ، تەنها بە دەست نیشانکردن و دامەزراندنی یاساییانەی دەوڵەتی کوردی چارەسەرناکرێت ، چونکە گۆڕینی دەسەڵات و دەمووچاوی سیاسی بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانی نەتەوەی سەردەست بۆ دەسەڵاتی ئۆلیگارشی نەتەوەی بندەست چارەسەر نابێت . لەبەر ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیدایە . لەگەڵ ئەوەش دا دروست بوونی دەوڵەتەکە بۆ نەتەوەی ژێر دەست و خواست لەسەر دروستبوونی، ئەرکێک لە کۆڵ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە . بەڵام چەپ و بە هاوتایی بیرو بۆچوونیان لەگەڵ حیزبەکانی تردا ، چرای ڕووناک کەرەوەی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران بەبێ فتیل دەدەنە دەستیان ، بەیانی بیرو بڕوایەک دەکەن کە تەنها ئەوان و دەسەڵاتداران لەگەڵیدا هاوڕان و دەڵێن ” بەبێ ساغ کردنەوەی حقوقی دەست بەجێی کوردستانی عێراق دەرچوون لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی ئەمڕۆ وە دەرچوون لە بنبەستی ئێستا لە توانادا نی یە .” (49) ئەمە تەنها قسەو باسی چەپ نی یە بە تەنها، بەڵکو هاوڕاییەکی زۆر زۆریان لەگەڵ حیزبەکانی تری بەناو ڕاست و ئیسلامیەکاندا هەیە . پێشتر باسم کرد ، دەرچوون لەو هەموو تراژیدیایەی کە نەتەوەی کوردی پێدا تێپەڕبووەو دەبێت ، تەنها حکومەتی ئۆلیگارشی یان دەوڵەتی ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەی کورد ناتوانێت وەڵامی پێبداتەوە ، هەتا دروست بوونی دەوڵەتی کوردیش ناتوانێت باری گوزەرانی ژیان و هەلومەرجی کارکردن و بژێوی باش بکات .

ئەگەر سیستەمێک لەسەربنەمای فەراهەم کردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنیات نەنرێت ؛ بەڵام درووست بوونی دەوڵەتی کوردی، تەنها وەڵامە بە چەوسانەوە و پرسی نەتەوایەتی و لابردنی ستەمی نەتەوەپەرستی بەسەر نەتەوەیەکی تر ، ئەمەش هەتا ئاستێک گرنگە ، بەڵام تەنها وەڵامی بنج بڕی کێشەو مسیبەتەکانی کورد نییە ، بەپێی بۆچوونەکانی سۆشیال لیبڕاڵ و سیاسیەکانی تربێت ، دەرنەچوونی ئەم کۆمەڵگایانە لە بن بەست و ئەزمەی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری ، تەنها لە نەبوونی چوارچێوەیەکی حقوقی و سنوورێکی دانپێدانراودا قەتیس و کورت دەکەنەوە . غافڵن لەوەی ، کە کورد لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتەکانی (عێراق ، ئێران ، تورکیا و سووریا ) دا ژیان بەسەردەبەن ، چوارچێوە حقوقیەکانی ئەو دەوڵەتانە ، پڕن لە کێشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوچەیشەوە دەیان کێشەو گرفتیان هەیە ، لە ئەزمەو بن بەستدا غەرق بوون . ئەوە بێجگە لەو سیاسەتە شۆڤێنیانەی دژی نەتەوە جیاوازەکان دەسەڵاتدارانیان پەیڕەوی دەکەن ، بەناوی یەک پارچەیی خاک و نیشتمان. ئەمەش هەموو لە پێناوی هێشتنەوەو درێژەدانی دەسەڵاتیانە و لە پێناویدا هەزاران لەخەڵکی تیادا دەکەنە قوربانی . هەر بۆیە ساغ بوونەوەی حقوقی تەواوەتی نەتەوەیی و مافی یەکسان و ئازادییەکان ، دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکارانی کوردە، کە تیایدا مافی هەموو کەسێکی تێدا پارێزراو ڕێزلێگیراو بێت ، لەبەرامبەر ئەرک و مافەکانیدا بەرپرسیاریش بێت .

ئەمەش لە دورەوەو بەقسەی بریقەدار جێبەجێ نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی کارو هەڵوێستی شۆڕشگێڕییەوە بە ئەنجام دەگات. بەرەنجامی ئەو شۆڕشەش دەبێت دامەزراندنی سیستمی هاوبەشی و یەکسانی بێت لە نێوان هەموو نەتەوەکان و دانیشتوانەکەیدا . بەمەش هەموو خەڵکی کورد لە عێراقدا لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی سیاسەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئیمپڕیالیزم ڕزگاریان دەبێت. چونکە ” بەپێی ئەوەی کە دەوڵەت لە پێویستی بۆ جڵەو گرتنی دژایەتی چینەکان دروست بووە، لەهەمان کاتدا بەپێی ئەوەی لە سنووری پێکدادانی نێوان چینەکان دروست بووە ، ئەمەش وەکو بنەمایەکی گشتی دەبێتە دەوڵەتی چینێکی بەهێزی ئابووری ، هەروەها لەو ڕێگایەوە دەبێتە دەوڵەتی چینێکی سیاسی بەهێز . بەو شێوەیە هۆکاری نوێ بەدەست دەهێنێت بۆ وەبەرهێنان و سەرکوت کردنی چینی چەوساوەو زوڵم لێکراو . پێش هەموو شتێک دەوڵەتەکان لە کۆندا (دەوڵەتە کۆنەکان) بریتی بوون لە ، دەوڵەتی خاوەن کۆیلە بۆ سەرکوت کردنی کۆیلەکان ، دەوڵەتی پیاو ماقولانی دەرەبەگایەتی ، بۆ سەرکوتی جوتیارە مسکێن و کۆیلەکان . هەروەها دەوڵەتی نوێنەرایەتی نوێ، بریتی یە لە ئامرازی وەبەرهێنانی کاری بە کرێ لەلایەن سەرمایەوە . لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک حاڵەتی استثنائی (ریزپه‌ڕ) ، لە هەندێک قۆناغدا ، چینە تێکۆشەرەکان دەگەنە پلەیەک له هاوتای هێز ، ڕووخساری نێوەندێتیان ، بۆ ماوەیەکی دیاری کراو دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەست دەهێنێت ، بەرامبەر هەردوو چینەکە جۆرێک لە سەربەخۆیی درووست دەبێت .” (50) لەبەرئەوە دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لە هەر کاتێکدا بێت ، تەنها هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستەمی میلی لەسەر نەتەوەیەک ، لەلایەن سەرمایەداران و ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەیەکی ترەوەیە ، ڕاستە هاتنە پێشەوەو دروست بوونی هەل گرنگی هەیە بەڵام ئیرادەو هەوڵیش لە پێناوی جێبەجێ کردنیدا زۆر گرنگترە ، چونکە ئەگەر ئیرادە نەبوو با هەلیش هەبێت ئەوا ئامانجیش بەدەست نایەت . بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبوو هەوڵێکیش لە پێناویدا لە ئارادا بوو ، ئەوا ئەگەر هەلیش نەبێت ، ئەگەری زۆر زۆری بەدەستهێنانی ئەو خواستە هەیە . جێبەجێ بوونیشی پەیوەندی زیاتر بە هەماهەنگی و هاوکاری و هاو خەباتی کرێکاران ونەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەبەوە هەیە .

ئەگەر فرسەتیش هەبوو، ئەو دوو لایەنە کاریگەری کە لەسەر ئیرادە و هاوکاری نەتەوەکان نەبوو ئەوا ئیمکانی بەدەست هێنانی ئەگەرێکی قورس و دوور دەبێت ، هەروەکو ئەوەی کە لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستان و عێراق ڕویداو دواتریش لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکانی کورد ، هیچ شتێک لەو خواستە بەدەست نەهات ، کاڵ فامییە لات وابێت هەلو مەرجێک هەبێت ، یان هەلێک هەبێت ئیتر تۆ ئەسپی خۆتی تیادا تاو ده‌دەیت ، ئه‌گه‌ر کرداری ئه‌وه‌ت نه‌بێت ، خواستی لابردنی ستەمی نەتەوایەتی ، ئه‌وا لەلایەن دەسەڵات دارانی نەتەوەیەکی ترەوە ده‌بێته‌ قسەو باس و هەوڵێکی بەردەوام و نەپچڕاوی به‌درۆی خەبات و تێکۆشانیانە . به‌مه‌ش خزمەت بەچینێکی ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری و سەربازی دەکەیت ، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەوانیش بازرگانی پێوە دەکەن ، هەروەکو ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا لە ساڵی (1991) هەتا ئێستا ڕوویداوەو بەردەوامە ، هەروەها ئەگەر گیانی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی نەتەوەکان نەبێت ، ئەوا ئیمکانی سەپاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی کوردەوە هیچی لێ سەوز نابێت . هەروەکو ئەوەی لە نەتەوەکانی سەدەی بیست دا بە چیچانییەکان کرا لەلایەن دەوڵەتی ڕوسیای فیدراڵیەوە ، چونکە ئیرادەو هاو پشتی نەتەوەی ڕوسی لەگەڵدا نەبوو . لەبەر ئەوەیە ناتوانێت هێزو لایەنەکانی سەرمایەداری جیهانی و وڵاتەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بخاته‌ ژێر فشاری گۆڕانی جوگرافیاوە .

چەپ نەیتوانیوە لە تێڕوانینە بۆرژوازییەکانی سەرانی سیاسی حیزبە کوردیەکان دەربچێت ، ئەوەی کە بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن ، هاوتان و هەمان ناوەڕۆکی سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی دەوڵەت ، حوکومه‌ت ڕانییە کە داخوازی بۆرژوازی و ئۆلیگارشیەکانی کورده‌ ، هەوڵی بۆ ئەدات . بۆ نەتەوەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی فرسەت هەبێت یان نەبێت ، پێویستە هەوڵی گرتنە بەری رێگا چارەی شۆڕشگێڕی بدەن، ئەرکی سەرشانی ئازادی خوازان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە . ئەو هێزانەی کە بەدوای فرسەتەوەن و بوون لە ڕابردوو ئێستادا ، بێجگە لە درۆیەکی ڕووت هیچی تریان لێ سەوز نابێت ، وەکو سیاسەتەکانی حیزبە لۆکاڵیەکان و مشەخۆرانی هەرێم ، خەریکی خۆدزینەوەو گەندە خۆرین لەسەر پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا . قۆستنەوەی فرسەتەکانیش گیان وهەوڵی شۆڕشگێڕانەی دەوێت تا بتوانێت ئامانجەکەی خۆی بپێکێت . له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ،به‌ ئاوازی سیاسه‌تی جیهان و ناوچه‌که‌ سه‌ماده‌که‌ن .
بیرو سیاسەتی چەپ و ڕاست و ئیسلامیەەکان و هێزەکانی تر ئەگەر هەبن ناتوانن لەچوارچێوەی سیاسەت و یاسایە دەربچن ، کە دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەک کەرانی نەتەوە یاکگرتوەکان ، هەژموونی خۆیان بەسەر (UN) و سیاسەت و یاساکانی سەپاندووە و ، لەو ڕێگەیەشەوە وەکو ناوەندێک بەکاریان هێناوە ، توانیویانە ئامانجی سیاسەتە ئابووری و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن . لەبەر ئەوەی سیاسەتەکانی ئەوان لە بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و نانێکی بۆ ووردە بۆرژوازیش تێدایە ، هەربۆیە نەیان توانیوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست تەلیسمی سیاسەتی پاوان خوازی زلهێزەکان ، لە ڕێگەی (UN) ەوە ڕوون بکەنەوەو ئاشنای بکەن بە خەڵک و بدەنە دواوەو تێک بشکێنن ، بۆیە وەکو بازرگانێک هەموویان بازرگانی بە خواست و ویستی نەتەوایەتی کوردو پرسەکەیەوە دەکەن .
بە ڕەسمی ناسینی کوردستان لەلایەن چەند دەوڵەتێکی جیا جیاوە ، هەروەها جێگیرکردنی بازرگانی و ئابووری و دبلۆماسی لەگەڵ چەند بەشێک لە دنیادا ، ئەو ڕێنوینی کردنەی کە ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و ووردە بۆژوازی کورد ئەیکات ، هەوڵێکە لە پێناوی جێگیرکردنی دەوڵەتی بۆرژوازی و ئۆلیگارشی کورد ، لە کوردستانی عێراقدا لەلایەن چەپ و ڕاستیەوە . ئەگینا باس و خواس لە هیچ دەوڵەت و حکومەتێکی تر نیە . لەگەڵ ئەوەی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی ، گرنگی خۆی هەیە بەڵام ناکاتە ئەوەی دەوڵەتی دڵخوازی کرێکارانی کورد بێت، چونکە پەیڕەوکردنی سیستەم تیایدا سیاسی و سەربازانی و سەرمایەدارانی ئۆلیگارشی باڵادەستە و مافیا ئاسایە مافیا ئاسایە. چونکە ” ڕیفۆرم کردن لە بەرنامەی نەتەوایەتی ، هەموو امتیازاتی نەتەوەی سه‌رده‌ست هەڵناوەشێنێته‌وە وە یەکسانی تەواو دروست ناکات، وە هه‌مووجۆرەکانی زوڵم و زۆری نەتەوایەتی هەڵناوەشێنێتەوە. ” (51).
هەربۆیە ئەوە حوکمی زاتی خوازەکان و مافی چارەنووس خوازە درۆینەکان ، ئەو تێڕوانینەی کە چاوەڕێی ڕیفراندۆم و چاودێری کردنی لەلایەن (UN) ەوە، لەسەر مافی جیابوونەوە و بەڕەسمی ناسینی لە دەزگا جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا، لەدرۆیەکی ڕووت و بێ بنەما بەوولاوە ناتوانێت مافی یەکسانی نەتەوەکان بەدەست بهێنێت . هەروەها ئەوەی کە بەبیرو بۆچوونی بەحساب جیاوازی حیزبەکانی کوردستانی عێراقەوه‌ دیارە، هیچ نی یە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک. ئەو قسە و باسەی کە دەڵێت ئێمە هەوڵی ڕیفراندۆم دەدەین، بۆ جیابوونەوەی کوردستانی عێراق یان باشوری کوردستان لە عێراق، بێجگە لە ایستهلاکی کات و درێژەدان بەتەمەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پڕ لە شەرمەزاری هیچی تر نییە. چونکە ئەگەر ئۆلیگارشی و مشەخۆرنین بەسەر ئابووری و سیاسی کوردستانی باشوورەوە، ئەوا ئەم شێرە بەفرینانە کە دەیانەوێت دەوڵەت ڕابگەیەنن، دەبوایە بناغەیەکیان بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی بشێلایە و دابڕشتایە، لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییەوە، سیاسەت و ئامانجی حیزبیانە و خێڵەکیانەیان بەرجەستە نەکردایە، بە ئاراستەی زاڵکردنی سیاسەتی دەوڵەتڕانی کارییان بکردایە، هەریەکەیان لەدژی ئەوی تر نەبوونایەتە دەسەنەخۆر و چاو لەدەستی سیاسەت و ئابوری ووڵاتانی دراوسێی هەرێم، ئەجێندای ئەوانیان لەناوخۆ و دژ بە هاووڵاتیان جێ بەجێ نەکردایە .

هەروەکو لەڕابردوودا و به‌هه‌مان شێوه‌ خێڵە کوردییەکان هەمان کرداریان دژبەیەک ئەنجام داوە، ” لەسەردەمی هاتنی میدییەکانەوە ئاوهابوو، هەرچەندە پێدەچێت لەوەوبەریش هەر ئاوهابووبێت، مێژوو نووسە ئاشوورییەکان باسی پاشای نایری و جەنگاوەرە عەگیدە مێرخاسەکانی مەڵبەندی ئەوڕۆکەی کوردستانی نێوەند دەکەن. لەسەرتاسەری مێژوی ئیسلامدا بەردەوام سەرەکهۆزە کوردەکان و هۆزەکانیانمان دێتەوە پێشچاو، کە لە خزمەتی دەستەڵاتدارییە مەزنەکانی دەوروبەریاندا هەڵسووڕاون.” (52) حاڵی ڕاست و چەپ و تێڕوانین و کردەیان، دووبارەکردنەوەی هەمان مێژووی ڕابردوی هەڵسوڕانی خێڵ و سەرەک عەشیرەت و ئاغا و شێخ و میرنشینەکانیەتی ، نەیان توانیوە لە خۆهەڵواسین بەهێزەکانی ناوچەکە و هەندێک هێزی ناوخۆیی هەڵوێست و ئاکاری کردەیی جیاواز بنوێنن و لەسەر پێ ی خۆیان ڕابوەستن. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا ” سەرەک خێڵێکی گچکە کە دەبێتە وابەستەی دەوڵەتێکی بەهێز، هیچێکی ئەوتۆی نییە لەدەستی بدات، لێ بواری شڵپە و مشەی دەستکەوتێکی چاکی بۆ دەڕەخسێت.” (53) پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرەکەی، پەیوەندی نی یە بە هەلوومەرجی جێگیر یان ناجێگیر و شڵەقاوی سیاسی، بەڵکو پەیوەندی بە ئاست و پلەی دژایەتی نەتەوایەتی و ململانێ تووندەکەی هەیە. هەتا تووندتربێت، هەوڵ و خواست لەسەر جیابوونەوە زیاتر دەبێت. لەهەرێمی کوردستان و هەرسێ وڵاتەکەی تری سوریا و تورکیا و ئێران، دژایەتی کردنی توندی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ خواست و وویستی نەتەوەی کورددا.

بەڕەسمی نەناسینی مافی سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ژیاری ئه‌و نەتەوەیه‌، لەلایەن ئەو ووڵاتانەوە، هەمووکات هەلومەرجی بەدەست هێنانی ئەومافە نەتەوەییانەیە لەلایەن نەتەوەی کوردەوە. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا لەسەر پەیوەندی بۆرژوازی ئینگلیز و ئێرلەندیەکدا هەبوو چوونکە ” بۆرژوازی ئینگلیز، بۆ خراپترکردنی باری ژیانی چینی کرێکار لە ئینگلترادا، بەزۆر کۆچ پێکردنی ئێرلەندییە هەژارەکان، بەتەنها هەژاری ئێرلەندییەکانی ئیستیغلال نەکردووە، بەڵکو هەروەها پرۆلیتاریای بۆ دوو سەنگەری دژبەیەک دابەش کرد. لەنێوان گڕوتینی کرێکارانی شۆرشگێڕی سەڵتی، ڕەفتاری ئەرێنیانەی ( ئیجابیانەی ) بەڵام خاو و لەسەرخۆی کرێکاری ئەنجلۆسەکسۆنی، کۆبوونەوە و هەماهەنگی ڕوونادات. بەڵکو بەپێچەوانەوە، لەهەموو ناوەندەکانی بەرهەم هێنانی پیشەسازی لە ئینگلترادا، بەربەرەکانیەکی قوڵ هەیە لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیز و پرۆلیتاریای ئێرلەنده‌یدا. کرێکارێکی مام ناوەندی ئینگلیزی ڕقی لە کرێکارێکی ئێرلەندییە کە وەکو ڕکابەرێک ( منافس ) لەکرێ و ئاستی ژیانی نزم دەکاتەوە. ئەو لەناخیدا هەڵگری ڕقێکی نەتەوەی و ئاینی یە بەرامبەر بەو، وا تێی دەڕوانێت وەکو تێڕوانینی سپی پێستە هەژارەکان بۆ کۆیلە ڕەش پێستەکانی ویلایەتەکانی باشوور لە ئەمریکای باکوردا، خۆشکردنی ئەو ئاگری دژایەتی یە ، کە بەتایبەت لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیزدایە.

بەتایبەت بۆرژوازی بەشێوەیەکی دروست کراو پارێزگاری لێدەکات. لەبەرئەوەی ئەزانێت کە نهێنی پارێزگاری کردن لە جەبەروتی ( زۆرداری ) دەسەڵاتی،لەدابەش بوونی نێوان پرۆلیتاریادا خۆی شاردووەتەوە.” (54) لەبەرئەوەی نەتەوەکان، نه‌کەونە ناو گەمەی سیاسی و ئابووری بۆرژوازی و سەرمایەدارەکانیانەوە، بۆ مەبەستی خۆیان توندوتیژی و کوشت و بڕو دژایەتی لەنێوان نەتەوەی لەسەر دەسەڵات و نەتەوەی پەراوێزخراو و ژێردەستەی بۆرژوازییەکانی دەسەڵاتدار دروست نەکەن، دەبێت کرێکارانی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات، پشتگیری تەواوی جیابوونەوەی نەتەوەی ژێرچەپۆکەی خاوەن دەوڵەت بکەن و شان بەشانی ئەوان بڕیار لەسەر جیابوونەوە بدەن. چونکە هەر گەلێک نەتەوەو گەلێکی تر کۆیلە بکات، ئەوا بەدەستی خۆی زنجیری کۆیلایەتی دەخاتە گەردنی خۆی. خواست و ویستی مارکسیستەکان، لابردنی کۆیلەکردن و زنجیری گەردنی نەتەوەو چینی کرێکارە، دەیانەوێت کۆتایی بە ئارێشەیەک بهێنن، کە ڕێگرە لەبەردەم چوونەپێشەوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی کرێکاری نەتەوە جیاوازەکانی ووڵاتان. هەروەها دەبێت ئەو مەرامەی بۆرژوازی دەربخەن کە دەیانەوێت ئاگری دژایەتی نەتەوەکانی لەسوودی خۆیان بەکاربهێنن، کرێکاران لەخەباتی ڕەوا و ئەرکی مێژووی خۆیان دوور بخەنەوە. بۆرژوازی و ئاغاو شێخ و دەرەبەگی کورد، شان بەشانی بۆرژوازی تورک و عەرەب و فارس، کاریان بۆ دروست کردنی ئەقڵی دژایەتی نەتەوایەتی و خێڵەکی لەنێوان نەتەوەکاندا کردووه‌ ، بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە پێگەو مەقامی چینایەتی خۆیان . هەردووای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی بۆرژوازی ئینگلیز لەساڵەکانی 1921 ی زایندا، بۆرژوازی نەتەوەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەشەی سەرمایەکەیاندا نەبووە، بەڵکو توانیویانە وەبەرهێنان لە دژایەتیاکانیاندا بەسوودی خۆیان بەکاربهێنن. دەوڵەتی عێراق بە ئاگر و ئاسن دروست بوو و پارێزگاریشی لەخۆی کرد. کیمیاباران و ئەنفال و قەتڵ و عام و جینۆساید و کاول کردنی شار و گوندەکان، لەسەرەتای دروست بوونیەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێناس و ناسنامەیەتی.

بۆرژوازی نەتەوەکان بەخوێنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەکانیان بێستان و باخی پڕ لەسەرمایەیان ئاودەدەن. هەروەها ئەگەر لەووڵاتێکیشدا چەند نەتەوەیەک هەبن، ئەوا بۆرژوازییەکانیان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەروەها تواناکانیان بەهاوبەشی بەکاردەهێنن لەپێناوی وەبەرهێنان لەهێزی کاری هەرزان و دژایەتی پێکردنی کرێکاران. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو لایەن و هەلوومەرجەی ژیانی نەتەوەکان، بەهۆی بێ مافی و دژایەتیان، لەلای مارکسیستەکان هێشتا جیابوونەوە و دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەکان تاکتیکە، چونکە یەکبونی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان لەپێناوی لەناوبردنی چەوسانەوە و دەسەڵاتی زۆرداران ئامانجە، بەڵام ئامانج بەزۆرەملێ و بێ خواست و وویستی کرێکاران بە ئاسانی بەدی نایەت. واتا تاکتیک، ئامانجی لێوە بەدەست دێت. تاکتیک بۆیە بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەرکێکی کرداری لەپێناوی ئامانجەکانی ستراتیژیدا به‌دیبهێنێت. لەهیچ پەرەنسیپێکی سیاسیدا، وە بەتایبەتتر لە سیاسەتی مارکسیستە زانستییەکاندا، تاکتیک بەپێچەوانەی ستراتیژ بەکارناهێنرێت، هەربۆیە وویستی ڕاسیونالیستانەی چەپ، وایان لێ دەکات بڕیار لەسەر جیابوونەوە نەدەن، بەو دەلیلەی کە گوایە جیاببونەوە دژی ئاڕاستەی جووڵەی بزوتنەوەکەیان دەبێت. ئەمەش بەپێی ئەقڵ خوازانەی ئەوان نابێت، چونکە هەلومەرجی پەیوەندی چینایەتی نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر، دەستنیشانی خواستی جیابوونەوە دەکات، لەوکاتانەی کە هاوخەباتی و یەکڕیزی تێکۆشانی چینایەتی لە عێراقدا، لێکهەڵپێکراو پێکەوە گرێدراوبوو، هەروەها گیانی دژایەتی و پڕوپاگەندەی نەتەوایەتی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی بوونیان نەبێت و نەبێتە بەشێک لە بازرگانی بەدەست ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەکانەوە، ئەوا باسکردن لە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی، هەتا بەقسەش بێت، نادروست و دوورە لەسیاسەت و پراکتیکێکی زانستیانەی سیاسەت و خەباتی چینایەتی. ئەگەر بەوشێوەیەبێت ئەوا باسکردن لەجیابوونەوە و ببێته‌ هەڵگری بڕوای نەتەوایەتی، تەنها شۆڤێنیەت بەرهەم دێنێت. ئەگەر بڕوایەکی وا هەبوو لەلای کۆمەڵێک، ئەوا لەخەیاڵدانیدا، لۆزانێکی تری داڕشتووەو سیاسەتی سزابەسەر بەتەوەیەکدا دەسەپێنێت، هەروەکو ئەوەی کەلەڕابردوودا بەرامبەر بەنەتەوەی کورد کراو، دابەشی چوارپارچەی جیاواز کرا و بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا به‌خشرایه‌وه‌. لەکاتی پێویستدا کا جیابوونەوە گرنگ و ڕاست بوو، ئەگەر بەڕێگر دانرا لەبەردەم هاوخەباتی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان، بەمەش هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بۆرژوازی دا دەکەن، لەچوارچێوەی کارو هەڵسووڕانی سیاسیاندا، دەبنە پارێزەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ووردە بۆرژوازی و سەرمایەداران. هەروەها دەبێتە سەرچاوەی خۆشکردنی ئاگری دژایەتی و ململانێی نەتەوایەتی نەتەوەکان. لەسایەی کارێکی وادا کۆیلەکردنی نەتەوەیەک لەلایەن سەرمایەدارانی نەتەوەیەکەوە، دەبێتە کۆیلەکردنی هەردوو نەتەوەکە بە قازانجی دەسەڵاتی سەرمایەداران. جەوهەری بازاڕ، بریتی یە لە بەرهەم هێنان و ساغ بوونەوەی کاڵاکان. لەبەرئەوە سەرمایەداری بیر لەبەرهەمهێنانێک دەکاتەوە کە کەمترین بڕ کرێی هێزی کاری تێبچێت، تا بتوانێت لەگەڵ بازاڕدا ڕکابه‌ری بکات و بتوانێت زۆرترین بڕی کاڵاکانی ساغ بکاتەوە و بەو هۆیەوە زۆرترین قازانجی دەست بکەوێت.

ئەمەش بەهۆی دوو هۆکارەوەیە، کە نرخی هێزی کار نزم بێت و هەروەها بازاڕ واتە خستنە ڕوو و داخوازی، ئەمەش هەمدیسان پەیوەندی بە چەندێتی تێچوونی کاڵای بەرهەم هاتووەوەیە، کە نرخی هێزی کار دەست نیشانی نرخی بازاڕی کاڵاکە دەکات، تا نرخی هێزی کار کەم بێت، ئەوا نرخی کاڵای بەرهەم هاتوو کەمتردەبێت، واتە دەتوانێت خستنەڕوو و داخوازی ڕێک بخات. ئەمەش هەمدیسان لەڕێگەی ڕکابەری کرێکارانی خاوەن هێزی کاری هەرزانه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت. زۆرجار ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و دروست کردنی جیاوازی له‌ نێوانیاندا . هەروەکو ئەوەی کە لە ناوچەیەک بەتاڵە زۆردەکەن و خواست لەسەر هێزی کاریان کەم دەکەن و بەمەش نرخی هێزی کاری کرێکارانی نەتەوەکەی خۆیانی پێ کەمدەکەنەوە. هەر ئەمەشە لەزۆرترین حاڵدا دەبێتە دروست بوونی جۆرێک لەکینە و ڕق لەنێوان کرێکارانی نەتەوەکاندا. لەدواجاردا دەبێتە قازانج بۆسەرمایەداران، لەدوو ڕووەوە سوودی لێ وەردەگرن، یەکەم کرێکاران دەکەن بەگژی یەکتردا و دووەمیش دەسەڵاتیان پارێزراو بێ ڕکابەر و دژ دەبێت. هەروەها کاریگەری لەسەر پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاجیاکان دەبێت. واتە نابێت بۆ مافی نەتەوەکان، پەیوەندی جوگرافیای ئابووری ببێتە هۆی دەست ئاوەڵاکردنی سیاسەتی شۆڤێنییانە بەسەر نەتەوەی ژێردەستە، هەروەکو ئەوەی لەووڵاتەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریاشدا بەسەر نەتەوەی کورد و کەمایەتییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوایەتییەکاندا ئه‌سه‌پێنرا . سیاسەتی شۆڤێنیانە بەرهەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەدارییە لەمیژوودا و توانیویەتی لەوڕێگەیەوە سیاسەتی نەتەوەپەرستی بسەپێنێ بەسەر کرێکاراندا، کە لە بنەڕەتیشدا پێویست بوو کرێکاران بیر لەخەباتی چینایەتی بکاتەوە نەک وەک ناسیونالیستێک هەڵسووکەوت لەگەڵ یەکتری هه‌ڵسووکه‌وت بکەن.

واتە بازاڕی سەرمایەداری ناتوانێت، وەڵام بەمافی یەکسانی نەتەوەکان بداتەوە. چونکە سەرمایە و بازاڕ پێویستی بەکێشەی بەردەوامی نێوان کرێکارانی نەتەوەکان هەیە، تا بتوانێت زیاتر وەبەرهێنان لەهێزی کاریاندا بکات و وەهمی بەنەتەوەیی بوون له‌ بیروو هه‌ڵسووکه‌وتی کرێکاراندا بچەسپێنێت . دروست بوونی یان دروست کردنی جوگرافیای ئابووری جیاواز ناتوانێت هیچ گرێیەک لەکێشەی نەتەوایەتی چارەسەربکات، تەنها ئەمە بووه‌ته‌ هۆی ئەوەی کە لەڕابردوو لەئێستادا، لەلایەن توێژێکی سیاسی و سەربازی ئۆلیگارشی لەعێراق و هەرێمدا، ژیانی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەیان خستووەتە بەر ڕەحمەتی ڕووتانەوەو دزینی سەرچاوەکانی ئابووری ژیانیان، لێرەوە دەردەکەوێت بەرگری کردن لە جوگرافیای ئابووری و سیاسی، بێجگە لە بێ وەڵامی و خۆدزینەوە لە ئەرکێک، کە خەباتی چینایەتی چینی کرێکار دەباتە سەر شاڕێی مێژوویی خۆی لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا هیچی تر نیە. ئەمەش نابێتە هەوڵێک و ئاکارێکی کۆمۆنیستی زانستیانەی لێناکەوێتەوە و مەدالیای ئازایەتی و هزرڤانیان پێ ناکرێت بەیەخەیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە لە هەڵوێست و بیرو هزرڤانی، بەشێکە لە تێنه‌گەیشتن لە خواست و وویستی مارکسیستیانەی کرێکاران و کارنەکردن بە ئاڕاستەی دیفاکتۆی چارەسەری کێشەیەک که‌ لەبەردەم چینە زەحمەتکێش و چەوساوەکەی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەدایە. زیاتر دەبێتە هۆی کۆیلەکردنی کرێکاران لەبەردەم خواستی نەتەوایەتیدا، هەروەها میتافیزیکیەکانن کە لە ڕەووتی گەشەیەکی ماددیانەی کۆمەڵدا شیکاری لە ئەزموونەوە بەدەست دێنن و بیر لەودیوو دارستانەکان ناکاتەوە. ئەزموونگەراکان دەست نیشانی هەڵوێست و کرداریان لەسەر هەر دیاردەیەک بەئەزموون دەکەن.

کاتێک باس لە پەیوەندی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکاری عێراق بکرێت، ئەگەر بە ناشارەزایی دەست بۆ ئەو پرسە ببرێت، زۆر نزیکە لەوەی کە توندوتیژی نەتەوە پەرستیانەی لێ بکەوێتەوە و نەتوانێت چارەسەری بکات. چونکە چەند گرنگە هێزی کرێکارانی جیهان یەک هەڵوێست و ئامانج بێت، لە خەباتی جیهانیانەی کرێکاران. به‌هه‌مان شێوه‌ هەندێک جاریش دروست بوونی دەوڵەتێکی بچوک و جیابوونەوەی لە دەوڵەتێکی تر، گرنگی بۆ هاوخەباتی چینایەتی چینی کرێکاری جیهان دەبێت. ئەمەش به‌پێی هەلومەرجی پەیوەندیەکانی ئەو چینە کە بەناوی نەتەوەی جیاوازەوە دابەش دەکرێن. مارکس بۆ ئەم حاڵەتە، له‌سەر پەیوەندی کرێکارانی ئینگلیزی و ئێرلەندایی زۆری ڕاڤە لەسەر کردووە و دەڵێت ” مەرجی پێش وەختە بۆ ڕزگاری چینی کرێکاری ئینگلیزی، بریتی یە لە ئاڵوگۆڕی پایەی زۆرەملێی ئۆنیۆن- یا کۆیلەکردنی ئێرلەندە، بۆ هاوپەیمانیەکی تەواو و ئازاد، ئەگەر ئەمە لە ئیمکاندا بوو، یا جیابوونەوەیەکی یەکجارەکی و تەواو، ئەگەر ئەمەش گرنگ و پێویست بوو. ” (55) بەڕاستی لەوە گەوجانەتر نی یە، کە بەزۆر و بە کاروکردەوەیەک، کە ڕوویەکی شۆڤێنیانەی هەبێت و بڵێیت و یا به‌ مه‌ن و بەحسابی خۆت پەیوەندی نێو نەتەوەیی بۆ کرێکاران پێکدەهێنێت. لەڕابردووەوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئێرلەندیەکان لە هەوڵی جیابوونەوەن، لە مەلەکیەتی بەریتانیای گەورە. ئەو کێشەیەش لە ڕابردوودا پارت و بزوتنەوەی سیاسی وای بەخۆیەوە دیوە، کە هیچ ناوەڕۆکێکی ڕزگاری و ئازادی بۆ ئێرلەندییەکان لەناوەڕۆکی بیروکاریاندا نەبووە کەچی بەناوی ڕزگاری و جیابوونەوە، کرێکارانیان دەکردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕزگاریشیان بەدەست نەهێنا. ئەم کێشانه‌ تەنها لەو ووڵاتانەدا هەیە، کە نەتەوە جیاوازەکانی تیادا دەژین و دەکەونە ژێر تەئسیری دەسەڵاتی دڕندانەی دەوڵەتی ناوەندەوە، هەروەکو کشمیرییەکان لە هندستان و هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیادا، کە ئەم هەرێمە بەبەردەوامی لە هەوڵی جیابوونەوەی لە دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیادایه‌، هەموو ڕۆژێک و هەرجارەی بەشێوەیەک، خواستی خۆیان لەسەر جیابوونەوە دەردەبڕن. هەتا لەناو گۆڕەپانی یارییەکانیشیاندا ڕەنگی خۆی داوەتەوە. قاڵیەکی گەورە ئەگەر نەتوانرێت لەسەری ژیان بکرێت، ئەوا پارچە پارچەکردنی باشترە، ئەگەر ژیان لەسەر قاڵیه‌ پارچه‌بووه‌کان بۆ هەموو لایەک ئاسوودەیی بێت، واتە من قاڵییەکی پارچە پارچەی بێ جەنگ بە باشتر دەزانم، لە قاڵییەکی گەورەی پڕ لەجەنگ و توندوتیژی و پشێوی دەروونی. بەڕاستی پارچە پارچەکردنیش هەست و بیروکرداری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە خواست و ویستی دەوێت.

وا بیردەکەمەوە کە ئەگەر نەتەوەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی خۆیاندا کرێکارانیان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەڕێوە ببه‌ن ، باشترە، چونکە هێزەکان بەناوی نەتەوە و نەتەوەخوازییەوە، هەڵیان ناخڕێنن بۆ جەنگێک کە لە بنەڕەتدا جەنگی کرێکاران نی یە، بەڵکو ئەوە خواست و ویستی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیانە سوود لە دووبەرەکی نێوان کرێکاران دەبینن، تێربوون لە مافی ممارەسەکردنی دەوڵەتی خۆی، سەردەکێشێت بۆ گەورەبوون و دروست بوونی داخوازییە چینایەتیەکانی چینی کرێکار بەرامبەر بە سەرمایەداری خۆ ووڵاتی کە لەدەورانێکدا وەک شۆڕشگێڕ ده‌رده‌که‌وت و پەیامی ڕزگاری بڵاودەکردەوە، ئێستاش دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەی خواستی چینایەتی چینەکەی بەرامبەری.
ئەوکات پێویستی هاوخەباتی لەگەڵ چینی کرێکاری نەتەوەکانی تر بەکارێکی گرنگ و لەپێشینەی خۆی دەزانێت دژ بەو ناعەدالەتی وبێ مافیە ی کە بەرامبەری دەکرێت.

لەبەر ئەوەیە کە زۆر جار بۆرژوازی خۆ ووڵاتی گاڵتە بە مقەدەراتی چینی کرێکاردەکات، بیر لەسەربەخۆیی ناکاتەوە، بەهۆو بەڵگەی جیاوازو لەڕێگەی پلانەکانیەوە، پێکوتە بەو خواستە دەکات و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا قەتیسی دەکات، هەروەکو ئەوەی کە ئۆلیگارشیەکانی ئابووری و سەربازی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هاووڵاتی دەیکەن چونکە ” هەرچەندە ڕەنگ هەیە کەمێک سەربەستی خۆی لەدەست بدات وەلێ بەبرەوپێدانی دەسەڵاتی، بەتێرو تەسەلی تۆڵەی بۆدەکرێتەوە.” (56) لەبەرئەوە ئەوانە خەریکی خۆخزاننە ناو دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوەن و هەریەکەیان مەیل و کرداری لەگەڵ ووڵاتێکدایە و بە ئەجێندای ئەوان هەڵسووکەوت دەکات، لەسەردەستی ئەمانەش سەربەخۆیی بەدەست نایەت، ئەگەر زلهێزەکانی دنیا ئەو ئەرکەیان بۆ ڕانەپەڕێنن. لەبەرئەوە ” کاتێک نەتەوەی و گوردێری سەرەکهۆزێک دەداتە پاڵ دەوڵەتێک و دەبێتە وابەستەی، سەرەکهۆز هیچی پێناکرێت، ئەوەنەبێت کە بداتە پاڵ دەوڵەتێکی دی ( یاخود دەوڵەتانێکی دی ) و پشتگیرییان مسۆگەربکات. دژایەتی و دوژمنایەتی ئەو سەرەکهۆزانە لەنێوخۆیاندا، دەبێتە ماک و هەوێنی وابەستەیی و پێبەندییان بەو دەوڵەتانەوە. ئەو وڵاتانەی گەرەکیانە جێپێی خۆی لەکوردستاندا بکەنەوە. هەمیشە وێڵی دووی وابەستەیەکن، کە دوژمن و ناحەزی وابەسته‌ی وڵاتانی دیکەبێت. بەوجۆرە نەتەوەی و ناحەزە نێوچەیی و مەڵبەندییەکان، تا ئەوپەڕی سنوور پشت بە گێرمەوکێشەی وڵاتانی هاوسێ و دوور دەبەستن و بەوپێیە دەبنە پێبەند و وابەستەیان.” (57) عێراق لەکۆنەوە هەتا ئێستا جێگای ململانێی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی بووە، جەنگی گەورەی خوێناوی لێهەڵگیرساوەو هەزاران لە هاووڵاتی ئەو جوگرافیایە تووشی لەناوچوون بووەتەوە و پێکەوەژیان تیایدا بووەتە حاڵەتێکی مستەحیل و توانای پێکهەڵپێکانی هەموو گروپی ئاینی و مەزهەبی و ئەتنکی ناو دەوڵەتی عێراق بووەتە کارێکی مەحاڵ. هەربۆیە قاڵیە گەورەکەی عێراق ژیان تیایدا مەرگەساتە بۆ گروپە جیاوازەکان و هیچیان ناتوانن تیایدا بحەوێنەوە. دابەش کردنی و پارچەبوونی هەنگاوێک خواست و ویستی کرێکاران دەهێنێتە پێشەوە و، چینی ئۆلیگارشی ئابووری و سەربازی کوردوعەرەب و مافیاکانی و بازرگانانی خوێن، دەکەونە بەردەم لێپرسینەوە و لەناوچوون، لەبەرئەوە مافی یەکسانی نەتەوەکان لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکان بەدەست نایەت، بەڵکو ئەمەش ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە و لەسەر دەستی ئەوان جێ بەجێ دەبێت. هەر لەبەرئەوەیە دەبێت بڕیاربدان هەروەکو ئەوەی کە ” لەپێشتردا وامان دانابوو، کە جیابوونەوەی ئێرلەندا لە بەریتانیا کردارێکی مستەحیلە، بەڵام لەئێستادا وابڕوادەکەم کە ئەو جیابوونەوەیە کردارێکە که‌ هیچ مەجالێکی تێدانیە، لەگەڵ ئەوەی کە یەکێتی فیدراڵی، ئەبێتە ڕێگرو به‌ربه‌ست لەبەردەم جیابوونەوەدا.” (58)

تێبینی ؛ هه‌موو ئه‌و ووشه‌و ڕستانه‌ی که‌ هێڵی به‌ ژێردا هاتووه‌ ، ته‌ئکیده‌کان هی مارکس و ئنگلس ن .

نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

—————————————–
سه‌رچاوه‌کان:

44: مارکس- انجلس، رسائل مختارة 1844 ـ1895 ،(رسالةمن انجلس الى بیبل،18ـ28 آزار 1875 )، دار التقدم ، موسکو، طبع فـي ألأتحاد ألسوفیتي 1982 ،ص215 .
45 :منصور حکمت ، له‌به‌رگری کردندا………………. بۆپێشه‌وه‌ ،ژماره‌ 21 ،ل 5 .
46 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء ، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ، ص328 .
47 : نه‌جمه‌دین فارس ، خولی هه‌فتای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، جاڕدانی فره‌جه‌مسه‌ری بوو، سایته‌کانی ،بیرکردنه‌وه‌ ، ده‌نگه‌کان ، پێنوسه‌کان ،.له‌ به‌شی دواتردا زیاتر له‌ سه‌ری ئه‌دوێم .
48 : منصور حکمت ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .
49 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .
50 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء
، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ،ص410 .
51 : لینین ـ مسائل ألقومیة و ألاممیة ألبرولیتاریة ، دار التقدم ، ص 227 .
52 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، ئاغاو شێخ و ده‌وڵه‌ت ، وه‌رگێڕانی ، د. کوردعه‌لی ، مه‌کته‌بی بیروهوشیاری (ی. ن . ک ) ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی ، سلێمانی ، چاپ 2010 ، به‌رگی یه‌که‌م ، ل 231 .
53 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .
54 : مارکس ـ انجلس ، بصدد ألثورة ألاشتراکیة ، مجموعةمن ألمقالات ،( کارل مارکس ، من مقال”بلاغ سري” کتب نحو 28 آزار(مارس) 1870 ) ، ترجمه‌ ألیاس شاهین ، دار ألتقدم ، طبع في ألاتحاد ألسوفیتي ، 1983 ، ص 153 .
55 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص 154 .
56 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .
57 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 ـ 236 .
58 : کارل مارکس ـ فریدیریک أنجلز ، في ألاستعمار ، ترجمة ألدکتور فؤاد أیوب ، دار دمشق ، دمشق ، ( رسالة من مارکس إلى أنجلز ، 2 تشرین ألثاني 1867 ) ، ص 343 .




خۆپیشاندانی بەرەی سۆشیالسیت و ئازادیخواز دژی راسیزم و ترەمپ لەبەریتانیا! … نوری بەشیر:

لەکاتێکدا کەبۆرژوازی بەدەوڵەت و سەرکردەکانیانەوە، بەجیا لەهەر جیاوازی و کێشەیەکی نێوانیان لەسەر سود و باڵادەستی بەسەر بازاڕدا، خەریکی غەرقکردنی کۆمەڵگان لەشکاندنەوەی ئەزمەیەک کەیەخەی گرتوون لەدابەزینی سودی سەرمایەکانیان بەسەر جەماوەری فراوانی کرێکاراندا، هەروەها خەریکی دابەشکردنی کۆمەڵگان لەسەر ئەساسی جیاوازی نێوان ژن و پیاو، مەسیحی و ئیسلام، خاریجی و خۆ وڵاتی، کەمایەتی سەرمایەدارانی خاوەن سامانی کۆمەڵگا و زۆرینەی زۆری کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگا، وە لەهەوڵی فراوانکردنەوەی هەموو جۆرە جیاوازیەکی رەگەزی و مەزهەبیدان ریزی خەڵک لەبەریەک هەڵوەشێنن، تەنیا بۆ چاوچنۆکی و پاریزگاریکردن بەکورسی دەسەڵات و سەرمایەکانیانەوەو دانەبزینی قازانجیان، دەیانەوێ هەموو بۆرژوازی و سەرمایەدارن لەبەرامبەر جەماوەری کرێکاران و بێبەشان یەک دەستکەن، بۆ ئەمەش خەریکی بێکار کردن و بردنە سەری زەریبەو بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا، وە لێسەندەنەوەی خزمەتگوزاریەکانن، لەگەڵ ئەم هەوڵیاندا بەرگی پارێزگاری لە وڵات و نیشتمان و ئەمنی قەومی و بەریتانیا یەکەمە دەکەن بەبەردا.
بەپێچەوانەی هێزی سەرمایەداران و کۆنەپەرستانی قەومپەرستی کۆمەڵگاوە، رۆژی ١٨ مارس، بزوتنەوەیەکی بەهێزی دژی راسیزم و قەومپەرستی و دژی بۆرژوازی و دژی ترامپ و دژی تریسا مەی لە حزبی پارێزگاران، ناڕەزایەتیەکی سەراسەری بەریتانیای گرتەوە کە ” بەرۆژی سەرتاسەری دژی راسیزم ” بانگەوازیان بۆ کرد، کەلەلایەن کەمپینی وەستانەوە بەڕووی راسیزمدا وەک بەشێک لەرۆژی بزوتنەوەی جیهانی دژی راسیستی، سازدرابوو. ئەم ناڕەزایەتیە لەزۆرێک لەشارەکانی بەریتانیا و بەتایبەتی لەندەن و نیوکاستڵ وکاردیف، بەهێزی دەیان هەزاری رژانە ناوەندەکانی شارو لەلەندەن لەبەردەم بی بی سی یەوە بەقسەوباسی ژمارەیەک لەئەندام پەرلەمان، سکرتێری یەکێتی کرێکاران و ژماریەک لەهەڵسوڕاوانی دژی راسیزم و دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەناپەرانی عێراقی و ئامادەبوونی حزبە سۆشیالسیت و چەپەکان دەستی پێکرد. پاشان بەرێپێوان بەرەو ناوەندی شار لەترافڵگارسکوێرو ماڵی سەرۆک وەزیران و بەردەم پەرلەمان بەڕێکەوتن و جارێکی کە لەوێدا کۆبوونەوە. بەدرێژایی ماوەی خۆپیشاندان بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد و لە پلاکارتەکانەدا نوسراوبوو، ” نا بۆ راسیزم، بەدژی سیاسەتی دژی ئینسانی ترامپ و تریسا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا شیعاریان دەدا. بەهەزاران لافتەو شیعار بەرزکرابۆوەو هەموو بەدەنگی بەرز دەیانووت ” بەدەنگ بەرزو بەڕۆشنی هەموو دەڵێن بەخێر بین پەنابەران و کۆچکردوان” “دەستهەڵگرن لەکرێکارانی ئەوروپایی” ” بەدژی ترامپ بووەستەوە” ، وە لەشیعارەکاندا بەرگری لە کرێکارانی کۆچکردوی ئەوروپا دەکرا کەلەبەریتانیان و هێزێکی زۆری کاری ئەم وڵاتە پێکدەهێنن، کەبەدوای ریفراندۆم و بڕیاری هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپادا، حکومەتی پارێزگاران دەیەوێت لەبەریتانیا دەریانکات و هاوکاری هاوخەتی باقی حزبە قەومیەکانی تر بێت لەوەی کەدەڵێن بەریتانیا بۆ بەریتانیەکانەو بۆ دەرەوە خاریجیان”.
هاوکات لەناوچەی پیکادلی ژمارەیەکی کەم لە راسیتەکان بەلافتەیەکی گەورەی بەریتانیا یەکەمە لەنیوە رێگای رێپێوانی دژی راسیزمدا، کۆبووبوونەوە و لەبەرامبەریاندا لاوانێکی ئەنارشیست بەرامبەرایان وەستابوون. پۆلیس لەترسی ئەوەی نەکا هێرش بکرێتە سەر راسیتەکان بەهێندی ژمارەی راسیتەکان پۆلیس دەورەی دابوون.
کاتێک رێپێوانی دژی راسیستی گەیشتە ئەو ناوە بە خۆپیشاندەران و هەزاران کەسی ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەکانەوە وەستابوون، نایان بۆ راسیزم و بۆ تەرمپ و تریسا مەی دەوت و بەڵێ و بەخێرهاتنی پەنابەران و کۆچکردوانیان دەوتەوە.
رێپێوانەکە بەردەوامی خۆی دا تا گەیشتنە لای پەرلەمان و بەبەرزکردنەوەی هەزاران لافتەو پلاکارتی دژی راسیستی سەرانی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و وتنەوەیان بەدەنگی بەرز و بەردەوام هەزاران کەسی ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەکانەوە دەستیان هاوپشتیان بۆ بەرزدەکرایەوە و پەیوەست دەبوون پێیانەوە.

٢٠/٣/٢٠١٧




پارانۆیا و مرۆڤی بێ خودا … هیوا سه‌عید

زانستی ده‌رونناسی دابڕان به‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی پارانۆیا داده‌نێ. ئینجا ئه‌و دابڕانه‌ له‌ده‌ستدانی کار، تێکچوونی هاوڕێیه‌تی، خیانه‌ت و ئازاری خۆشه‌ویستی و زۆر جۆره‌ دابڕانی تری وه‌ک به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر که‌ ئه‌ویش جۆرێکه‌ له‌ دابڕان، ده‌گرێته‌وه‌. له‌و دۆخه‌ مرۆڤ باوه‌ڕێکی وای له‌لا دروست ده‌بێ که‌ ئه‌م جیهانه‌ جێگایه‌کی ئه‌مین نییه‌ بۆ ژیان، گومان له‌ نییه‌تی کرده‌وه‌کانی خه‌ڵک ده‌کا و هه‌موو کارێکیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ لێکده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ تێکه‌ڵبوونی ئه‌وانیتر ده‌ترسێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌رخۆی ده‌یانبینێ. لێره‌وه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ نه‌خۆش و توشبوو به‌ وه‌همه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ ده‌کا و گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ که‌سانی خراپه‌کارن و لێی له‌ که‌مینن. بۆ نموونه‌ شێوه‌ته‌ماشاکردنێکی به‌ ته‌رکیز یان پسته‌پستی نێوان دوو که‌س ئه‌گه‌ر هۆکارێکی ئاشکرای لێ دیار نه‌بێ بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌یان ئه‌وا به‌خۆی و باسکردن له‌سه‌رخۆی تێده‌گا. گریمان ئه‌و ڕقی له‌ ڕه‌نگی شین بێ، له‌ کافێیه‌ک له‌ فنجانێکی شین قاوه‌ی بۆ بێنن یه‌کسه‌ر چاوده‌بڕێته‌ سه‌رمێزی کڕیاره‌کانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ فنجانی ئه‌وانیش شینه‌ یان نا. وه‌ها ڕێکه‌وت ڕه‌نگی فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تر سوور و سپی یان زه‌ردبوو به‌ ته‌نیا هی ئه‌و شین بوو و هۆکارێکی ڕوونیشی بۆ ئه‌م ڕێکه‌وته‌‌ نه‌دۆزییه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌با ئه‌م کاره‌ به‌ده‌ستئه‌نقه‌ست بۆ ئازاردانی ده‌رونی ئه‌و کراوه‌، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکو گومانی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ئه‌وان له‌ ناخی به‌ ئاگان و ده‌زانن ڕقی له‌ چی ده‌بێته‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌کانی به‌ گوێره‌ی لۆژیکه‌ هیچ ڕێکه‌وتێک په‌سه‌ند ناکا، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تریش شین با ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی هیچ ئازاردانێکی ده‌رونی به‌ مه‌به‌ست بۆ ئه‌و له‌ گۆڕێ نییه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌پێی ئه‌و لۆژیکه‌ی مادام ئه‌وان ده‌زانن ئه‌و ڕقی له‌ چ ڕه‌نگێکه‌ که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکه‌ له‌ ژێر چاودێری ئه‌وانیتره‌. دیسان که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکی گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌رنا بۆ چاودێری ده‌کرێ. له‌ دواجار له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین وه‌همی یه‌ک له‌دوای یه‌ک هه‌ڵچنراو پێناسه‌یه‌ک بۆخۆی ده‌کا که‌ ئه‌و مرۆڤێکی گه‌وره‌یه‌ و جێی سه‌رنجی ئه‌وانیتره‌ و خه‌ڵک هه‌میشه‌ چاودێرن به‌سه‌رییه‌وه‌. ئه‌نجامی ئه‌و وه‌همه‌ش ئه‌و ده‌کاته‌ که‌سێکی خۆبه‌گه‌وره‌زان و دووره‌په‌رێز و ڕقاوی. دووره‌په‌رێزییه‌که‌ی وه‌ک خۆپاراستنێک له‌ فێڵ و ڕقئه‌ستورییه‌که‌ی تۆڵه‌یه‌که‌ له‌ ویسته‌ خراپه‌کانی ئه‌وانیتر.

به‌ڵام مرۆڤی گه‌وره‌ و دوور له‌ بازاڕ له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و وه‌همه‌ دروست نه‌بووه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر خودا وه‌کو وه‌همێک یان هێزێکی بانزه‌مینی و ویستێکی ڕه‌ها و باڵاده‌ست به‌سه‌ر ویستی هه‌نده‌کی مرۆڤ، مرۆڤه‌کان ئاڕاسته‌ بکا، ئه‌وا مرۆڤی باڵا مرۆڤێکی بێ ئاسمانه‌ و ملکه‌چی هیچ ویستێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی نییه‌ و ئه‌و وه‌همه‌ی له‌ناوخۆی کوشتووه‌ و بێ خودا ده‌ژی.

هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌ ته‌واوزه‌مینییه‌ به‌هایه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ و پابه‌ند نییه‌ به‌ ئیتیک یان ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری کۆکن، ئه‌و که‌سێکی دژه‌باو و دووره‌ له‌ مێگه‌ڵ.
فریدریک نیچه‌ له وه‌های گوت زه‌رده‌شت له‌باره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! فێربه‌، خه‌ڵکی نێو بازاڕ
باوه‌ڕیان به‌ مرۆڤی به‌رز نییه‌.
بۆ ئه‌وان ئێمه‌، هه‌موو به‌رابه‌ر و یه‌کسانین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! به‌ دیدی ئه‌وان مرۆڤی به‌رز نییه‌،
له‌به‌رده‌م خوادا هه‌موومان یه‌کسانین.
به‌ڵام خوا مردووه‌،
ئێمه‌ به‌رابه‌ر و یه‌کسان نین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! له‌ بازاڕ دوورکه‌وه‌.

واتا بوونی خودا یان هه‌موو به‌ها و پیرۆزییه‌کان که‌ له‌سه‌ر بوونی ئه‌و بنیاتنراوه‌ و خه‌ڵکی بازاڕ پابه‌ندن پێیه‌وه‌ و ڕێگرن له‌ به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئامانج له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵکی بازاڕ و‌ تێکشکاندنی پیرۆزی و به‌هاکان.




‎دیموکراسی وەک خەونی دونیاکەمان … چالاک ئـاغجەلەری

‎بۆ خۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیو سیاسیەوە زادەی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو لە كێشانی ھێڵە سیاسیەكانی نێوانیاندا ، تەنها هۆكار گەڕانەوە بۆ بەرژەوەندی ووڵاتە سەركەتوەكان بەولاوە لە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوە لە ناوچەکە ،خواستەكانی تر كەمتر بە هەند وەرگیرا لە پەیوەند بەو ماڵە سیاسیە نوێیانە .

‎ئەگەر یونانی كۆن و سپارتا بە هەنگاوە
سەرەتاییەكانی سیستەمی دیموكراسی ڕۆژئاوا هەژماربكرێت ،كەواتە ئەو دیوی شارستانیەتی میزۆبۆتامیاش بۆ ڕۆژهەڵات دەكرێت بەسەرتایەكی كۆتایی داری كۆمەلگەی شرق بە نزیكایەتی لە دیموكراسی ببینرێ(پیتەر ڕۆدۆڵفی دانیمارکی) پشت ڕاستی ئەو ڕەوتەی كردۆتەوە لە پەیوەند بەم پرسە.

کاتێک ئـەماشای دوو ڕەھەندی ڕوحی ،شارستانیەتی . فەلسەفی جیاوازی کرستیانیتی ڕۆژئـاوا و ئـیسلامی ڕۆژھەڵات دەکەین ، لە ڕووی سوسیوڵۆژیەوە ھەڵمژین و تێکەڵ بوون و کار کردن بە یەک تێرمی سیاسی بۆ بەشەریەت ھێند سانا بە جوڵە ناکەوەێت لە کاتێکدا پێکدادانی ئـەم دوو جێکەوتە شارستانیە ھەموو کات بە شێوەی جیاواز دژ بەیەک ڕەوتە مەعرفیەکانیان جوڵاندوە ، دیموکراسیش وەک میتۆدێک یان مۆدیڵێک کە ڕۆژئـاوا بە جوڵەی خستوە لە کۆمەڵگەیەکی کراوە و سێکۆلار کاری پێدەکەن ، ئـەستەمتر ئـەم کاروانە بەڕێدەکەوێت لە جیھانێک تا ئـەم ساتەش ناوەندێتی ڕاھای ئـایدۆڵۆژی و قەیرانی کرانەوەی کۆمەڵگاکەی بە شکڵە سێکۆلارستیەکەی نەبۆتە خواستی گشتی.

ئـەگەر بێت و ھەمان خواست بۆ سیستەمی سیاسی ( دیموکراسی) بکەنە نێو گێژەنگی مێنتاڵتی ناسیونالستی شەرقی جیا لە دەقی ئـەو سیستەمە لەسەر پەیڕەوی پارتە سیاسیەکانیان دەنوسرێتەوە بەمەبەستی بۆندارکردنی ڕوئـیای سیاسی لە پەیوەند بە گەوجاندنی کۆمەڵگە و تەحرش کردن بە ناو ناوبانگ دەقەکانی سیستەمەکە ھیچ شوێنێکی تری نیە بۆ پێناسەکردن، وەک دیارە دروست بوونی زۆرێک لە قەوارە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات لەسەر خواستی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی سەرکەوتو لە جەنگی جیھانی یەکەم دامەزراون ، ئـەوەی ئـامادەی بڕیاری ئـەو چارەنوسە سیاسیانە نەبوو کۆمەڵگەبوو، ھەر بۆیە زادەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی ھێزێکی دەست ڕۆیشتوو ھەر دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری دەستگیر دەبێت، ھەناسەیەک کە لە بنەچەدا خێنکێنرا دەسەڵات و ھێزی گەل بوو ، دیموکراتیەتیش پێویستی بەم ھێزەیە کە ھەر لەسەرەتاوە ئـامادەی نەبووە، وەک لە پێشتر سەرنجم پێدا.

بەدوای ئـەو ڕوداوەدا( جەنگی جیھانی یەکەم و دەرھاویشتەکانی) ھەڵپەکردن بۆ دەسەڵات لە ژێی ناوی ناسیونالیستی نەژادی و ئـاینی و تەنانەت چەپگەریش بەشێک بوون لەو شەپۆلە سیاسیانەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست پێدا گوزەرری کرد ، ئـەتواننین بڵێین زۆربەی شۆڕشەکانی ناوچەکە لە گۆڕینی دەموچاوەکان ومۆدیلێکی نوێ لەسەرکوتکردن و خۆسەپاندن زیاتر ھیچ داھاتێکی سیاسی ، فەرھەنگی ، ئـابوری نەبوونە ھۆکاری ژیانەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەموو ئـەم ڕووداوە مێژوویانە تارماییەکانی تۆختر کردوە و خەڵکی ئـاوێزانی دونیای یەئـس و بێ ئـومێدی کرد ، تەنھا و تەنھا ئـانارکیەکان بوونە براوەی ڕۆژگارەکە، شتێک کە ناوی پێشکەوتنی بەشەریەتی شەرقە لە چواچێوەی ژیان لەگەڵ مێژوو و کەلتور ، ڕقی نەژادی و ئـاینی بەرامبەر ھاونیشتمانەکەی زیاتر تێپەڕی نەکرد ، دروست بوونی دەوڵەتی جوو( ئـیسرائـیل)ش وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستی نەژادی و دینی ناوچەکە(عەرەبی بەتایبەتر) مکۆمکردنی پێگەی سیاسی و ناوەندێتی دەسەڵاتی ڕەھا قوڵترکردوە ، ئـەوەی بە کۆتا ھات ئـازادی تاک و بڕیاری خەڵک بوو.

فەراغی یاسا و ئـیغتیسابی دەسەڵات لەلایەن ڕەقەمەکانەوە بە ھۆکاری پاراستنی ئـاسایش لە تەواوی جومگەکانی دەوڵەتداری ھۆکارێکی دورستکراوی تربوو بۆ سەرکوتی جەماوەر و شەقامەکەی ، مرۆڤ کاتێک قسە لەسەر دەسەڵاتی گەل دەکات قسە کردنە لەمەڕ یاسا و ئـیدارەدانی دەوڵەتداری بە شێوەیەکی کراوە و بینراو، لە ھەمان کاتدا زەمینەیەک بۆ سیکۆلاریەت فەرھەم بێت کە خەڵک بەشێوەیەکی تەندروست تێکەڵ بە جیھانی سیکۆلاریستی ببێت، لێرەدا ئـەرکی دەسەڵاتە بە دەرجەی یەکەم ئـەم فەزایە بجوڵێنێت، ھەر بۆیە ئـەگەر تەماشای دونیای ڕۆژئـاوا بکەین دەستپێکی ئـەم ڕەوتە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان دەگەڕێتەوە بۆ شازدە سەدە پێش ئـەمڕۆ.
ھۆکارێکی تر خودی ڕۆژئـاوایە بەرامبەر ئـاڵوگۆڕ و پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ، بە درێژایی ئـەو ڕابردووە بەھۆی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان کەمتر لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵاتێکی ڕادیکاڵیدا بوون لە ناوچەکە ، ھەمیشە ھەوڵیان بۆ ڕێفۆرم داوە لەکاتێکدا یەقین بوونە لەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە ، بۆ خۆی ئـەم ئـیزدیواجیەتەی ووڵاتانی زلھێز باری سەرشانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی ناوینی قورستر کردوە ، لە ئـەگەری ھەر ھاوپشتی و داواکاریەک شۆڕشی ئـیسلامی ئـێران دەکەنە نموونەیەک بۆ خۆ دزینەوە لە خواستەکانی خەڵکی ناوچەکە.

تەواوی جەنگ و ململانیە سیاسیەکان ھەر لە جەنگی یەک و دووی جیھانی و جەنگی ساردی ھەردوو بلۆکی شەرقی و غەربی تا پەلامارەکەی ١١ی سێپتەمبەر ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاری لەسەر پەکخستن و دواکەوتنی کرانەوەی دونیای کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کردوە، ھەر لەلادانی ڕژێمی بەعسی عێراق و شێوازی ئـیعدامی خودی سەدام و بەرھاری عەرەبی و ئـاکامەکانی ئـاماژەیەکی بەردەستن لە نەگۆڕی ھزری دۆگمای ئـەو ناوچەیە.

ئـەنجام بۆ کرانەوەی گرێ کوێرە و توانەوەی بەستەڵەکی دۆگما ، پێویستی کرانەوەی ئـایدۆڵۆژی و بەجێھێشتنی ڕوئـیای قەومگەرایی بەلانی کەمەوە بۆ پاتریوتیزم ( نیشتمانیبوون) ی کراوە وەک ھەوڵێک بۆ ئـاشتەواییەکی ھاوڵاتی،ھەروەھا دوور خستنەوەی ئـاین لە دەستور، دەبێت دین لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە ڕێکبخرێت دەستوەردانی سیاسی بەشێک نەبێت لە ئـەجندای وەکو پێویستیەکی ڕوحی تاک لە گۆمەڵگە مامەڵەی پێبکرێت، دواجار بەدوای ئـەم ھەنگاوانە دەکرێت قسەیەک لەسەر خەونی دیموکراسی ناوچەکە بکرێت و سەرڕێبکەوێت.




بانگەوازێک بۆ کوردانی بریتانیا سەبارەت بە بەرگرتن بەم شەڕەی کە بەڕیوەیە:


زاهیر باهیر – لەندەن

هەمووان دەزانن بە گوێرەی هەواڵەکانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا ، شەڕێکی سەختی ناڕەوا دژ بە شەنگال و هەموو کورد بەڕیوەیە. شەڕێكە وەکو سەراپای شەڕەناڕەواکانی دیکەی کە مێژوو تۆماری کردون، لە بەرژەوەندی کەسمان نیە ، جگە لە بازرگانانی جەنگ و حکوتەکانی ناوچەکەو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیکە و کارگەکانی دروستکردنی تەقەمەنی، شەڕێکە برسێتی و نەهامەتی و کۆچکردن و وێرانی و گەڕانەوەی کۆمەڵ و تاکەکانی بۆ پێڕەوکردنی وەهمەکان و سەرچاوەی خولقێنەری ڕایسیزم فاشیزم ئەگەر بۆ کاتیش بێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئێمەی کورد جگە لە فەلەستینییەکان ڕەنگە ئەزموونی نەگریسی هەموو جۆرەکانی جەنگمان لە نەتەوەکانی دیکە بە ‘ کشمیرییەکانیشەوە’ ، زیاتر هەبێت. ڕاستە گەلێکمان گەنجین و لە نێو خودی بارودۆخی جەنگدا نەژیاوین ، بەلام تا ئێستاش لەژێر سێبەرەکەیدا دەژین و شەڕ کارایی گەوەری خۆی لە سەر داناوین، هەر هیچ نەبێت، بە لە دەستدانی یاخود ونبوونی کەسێکی خۆشەویستمان.
ئەم شەڕەی کە بەڕیوەیە ، بەڕیوەیە و دوای “ڕزگارکردنی ” موسڵ دەست پێدەکات، بە تەنهاش هێڕش نابێت بۆسەر شەنگال و یەزیدییەکان . پلان و ئەجەندەی پارتی و دەوڵەتی تورکیای ئاغایان ، ئاشکرا و ڕوونە و بەشێکی هێڕشەکە بۆسەر قەندیل دەبێت و بەشەکەی دیکەشی بۆسەر کوردانی ڕۆژاوا و خۆسەرییەکانیان دەبێت ، بەتایبەت جەزیرە.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بێ دەنگی بشکێنین، کاتی ئەوە هاتووە چالاکی کاریگەر ئەنجامبدەین ، کاتی ئەوە هاتوە ” پێشخواردنی کەوڵەکە ” بکەوینە خۆمان ، نەك دوای “خواردنی” بکەوینە پەلەپڕوزێ. کاتی ئەوە هاتووە وێڕای جیاوازیی بیرو بۆچون و هەبوونی ڕەخنەمان لە پەکەکە و ئینتیمای سیاسییمان بۆ گروپ و ڕێکخراوە سیاسییەکان ، لە لیژنەیەکدا، گروپێکدا، کەمپەینێکدا، کە نە کەس سەرۆکی بێت و نە چالاکییەکانیشی بەسەرا بسەپێنرێ و نە بە ڕای تاکە کەسیش ئەنجامبدرێ، خۆمان کۆکەینەوە.
بەڵێ وەختی ئەوەیە کە یەکبگرین قسە لەسەر ئەوەی کە دەکرێت بۆمان ، بکەین، تاکو بەر بەم شەڕە ڕاگرین، گەر نەشتوانین ڕاشیگرین ، خۆ نابینە جێگای گلەیی خۆشمان و بەدەر لە خۆشمان.
ئەوانەی کە ئامادەن کاری جددی و چالاکی جددی بکەن کە هیچ نەبێت بەرهەمێكی بچوکیشی هەبێت، تکایە لە ڕێگای ناردنی پەیامێکی شەخسییەوە بە فەیسبووک ئاگەدارم بکاتەوە تاکو ڕاوێژ لەسەر کات و ڕۆژ و شوێن بکەین بۆ یەکەم دانیشتنمان .
ئەمەی کەمن دەیڵێم پێشنیارە و من هیچ نیم و سەر بە هیچ لایەنێکی دەسەڵاتخواز نیم چاوەڕوانی پەیداکردنی سەرمایەی سیاسیش، نە بۆ خۆم و بۆ ئەوەشی کە باوەڕم پێی هەیە ناکەم، خۆشتان بە کردەوە ئەمەتان بۆ دەردەکەوێت.

زاهیر باهیر – لەندەن