ڕۆشنایی ئێدنبرە لەژێر پەنچە درەوشاوەکانی پەیکەری دەیڤید هیوم … خەندە حەمید

بۆ لێڕامان و واتاکانی تێگەیشتن لە گرنگی و جوانی شارێک، پێویستە لە چەند ڕوانگەیەکەوە لێی بڕوانی. شار وەک چۆن پێویستی بە مێژوو هەیە بەهەمان شێوە پێویستی بە هونەر، تەلارسازی، فەلسەفە و هاڕمۆنی هەیە، چونکە هاڕمۆنی و هاوسەنگی بنەمای شارن. ئەمەش دەمگەیەنێ بەو پرسیارەی، بۆچی ئێدنبرە هێندە شارێکی مێژوویی و جوانە؟ لەبەرئەوەی هەریەک لەو ڕەگەزە پێکهێنەرانەی شار کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، لە خاڵە زیندوو و جوانەکانی ئەم شارەن.

ئێدنبرە لە سەدەی پازدەیەمەوە پایتەختی سکۆتلەندە. سەرەڕای ئەوەی سکۆتلەندا بۆ ماوەیەکی درێژ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە داگیرکراوە، بەڵام سکۆتلەندییەکان و خەڵکی ئەم شارە کولتوور و شارستانیەتی خۆیان پاراستووە. بە واتایەکی دیکە دەستیان بەوەوە گرتووە کە هەیانە. ئێمە لە فیلمی دڵەئازاکە Braveheart ویست و پەیامی هاوڵاتییە سکۆتییەکانمان بەباشی گوێ لێ دەبێ کاتێ کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە william wallaceدەڵێ: لەوانەیە ئەوان ژیانی ئێمە بەرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئازادی ئێمە بەرن! کەوایە گەر تۆ ئازادیت نەبوو هەموو شتێکی دیکە بێمانا دەردەکەوێ، سکۆتییەکان هیچ شتێکیان نەکردبێ ئەوەیان کردووە کە نەیان هێشتووە داگیرکەرەکەیان دەست بەسەر ئازادی ئەواندا بگرێ. تەنانەت وینستۆن چەرچڵ سەبارەت بە ئەوان دەبێژێ: ”لە سەرجەم نەتەوە بچووکەکانی سەر ئەم زەوییە، ڕەنگە تەنیا گریکییەکانی ئەنتیکە لە بەخشین و هاریکاریکردنی مرۆڤایەتیدا بۆڕی سکۆتلەندییەکانیان دابێتەوە”. دەبێ داگیرکراو کاریگەرییەکی بەم شێوەیە لە داگیرکەرەکەی بکات. دەبێ سکۆتلەندییەکان چیان کردبێ، کاتێک داگیرکەرەیان بەم شێوەیە باسیان لێوە دەکات؟

هەروەها بەشێوەی ترادیسیۆنی جل و بەرگیان جیادەکرێنەوە، موزیکێکی ترادیسیۆنی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بە ئامێری (Bagpipe) دەژەنرێ، ئەوان هونەر و چێژی خۆیان بەیەکەوە و لەگەڵ گەشتیارەکانیاندا بەشدەکەن. تایبەتمەندییەکی دیکەیان خواردنەوەی وێسکییە، لەم بوارەدا ناوبانگی باشیان هەیە. هەروەها جۆرێک لە پسکیتیان هەیە کە لە هی هەموو شوێنەکانی تر جیاوازە. لە ئێدنبرەدا، ساڵانە ڤیستیڤاڵێک لە مانگی هەشتدا دەکرێ، ماوەی یەک مانگ دەخایەنێ تێیدا سەما، موزیک، کۆنسێرت، ئۆپێرا و شانۆ لە هۆڵ، شەقام و شوێنە گشتییەکاندا نمایش دەکرێن. کاتێک دەچیتە ئەم شارە چەندان دووکان و پێشانگا تایبەت کراون بۆ بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییەکانی ئەوێ، ئەوانەی کولتوور و شارستانیەتی ئەوانی پێ دەناسرێتەوە. هەندێ شار ماوەیەکی کەم تێیاندا دەمێنییەوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر قوڵ لە لات بەجێدێڵن.

ئێدنبرە شارێکی تەواو مێژووییە بە تەلارسازی بیناکان و پەیکەرەکاندا دەرک بەوە دەکرێ، لە ڕاستیدا، پەیکەری چەندان کەسایەتی گرنگ لەنێو شەقام و سەر رێگەکاندا دەبینرێ، چونکە هونەری پەیکەرسازی بە هونەری گشتی، هونەری خەڵک ناسراوە. یەکێک لەو پەیکەرانە دەیڤید هیومی فەیلەسوفە. پەیکەری هیوم لەنێو شاردا ژێرپێکانی دەدرەوشێنەوە کەم کەس هەیە لەو شارەدا بەلایدا تێپەرێت و دەست لە پێیەکانی نەدا، بەتایبەت فێرخوازەکان چونکە گوایە کاتێ دەست لە پەنچە گەورەی پێی دەدەن! بەختێکی باشیان بۆ دەهەێنێ. من هەرکاتێ بەلایدا ڕەتبوایەم دەستم لە پەنچە درەوشاوەکانی دەدا و چێژم لە دیمەنە جوان و مێژووییەکانی ناو بازاڕەکە وەردەگرت. ئەمە بۆ بەختێکی باش نەبوو بۆ خۆم، لەبەرئەوەبوو هیوم یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی من خوێندوومە، چونکە چێژم لێوەرگرتووە و لێوەی فێربووم. پەیکەری هیوم بە شێوە گەنجییەکەیەوە پڕ وزە و هێزی هۆش دەردەکەوێ، ئەمەش پێمان دەڵێ سکۆتییەکان بەو شێوەیە وزەی هزرڤانەکانیان نمایش دەکەن، بە پێچەوانەی هونەرمەندانی لای خۆمان پەیکەری شاعیر و بیرمەند و نووسەرانمان بە شێوەیەکی پیر نمایش دەکرێن و نیشان دەدرێن، کە ئێمە زۆربەی کات هەر بەم شێوەیە بەریان دەکەوین. من دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە پیری واتا جوانی و پڕ ئەزموونی، بەڵام دیوی دووەمی پیری دەرخەری لاوازی تینی وزەی هۆش دەگەیەنێت.

گرنگی هیوم لە تیۆرییەکانیدا سەبارەت بە هونەر و جوانی دەردەکەوێ، سەبژێکتیڤێتی جوانی شوێنێکی گرنگی لەنێو ترادیسیۆنی فەلسەفەی خۆرئاوادا هەیە. هیومیش لەژێر کاریگەری ئەو هزرە بڕوای بە جوانی هەیە، جوانی وەک کێشەیەکی ناوەندیی لە ئیشەکانیدا دەردەکەوێ پێی وایە: جوانی ئەدگارێکی خۆیی شتەکان نییە، بەڵکو جوانی شتێکە لەنێو هۆشی لێڕوانەردایە، هەر لێڕوانەرێکیش تێگەیشتنی جیاوازی بۆ جوانی هەیە. پەیکەری هیوم لە شوێنێکی ئاسایی و سەرە ڕێیەکی نێو بازاری ئێدنبرەیە، وەک زۆربەی ئەو پەیکەرانەی کە لەنێو ئەو شارەدان بەهەمان شێوە لەنێو خەڵکەکەیدان، کە هەرکەسێک دەتوانێ بەلایدا تێپەڕ ببێت نەک بە تایبەت بچێ بۆ بینینی. هەرچەندە ئەمەش نەسازە لەگەڵ ئێستێتیکی هیوم خۆیدا ئەو پێی وابوو ئیشیە هونەرییەکانی وەک پەیکەر، تابلۆ، موزیک، دەبێ لە نێو پێشەنگاکان، مۆزەخانەکان و هۆڵی کۆنسێرتەکان نمایش بکرێ، واتا جیاکراوە بێت لە ژیانی جەنجاڵی و قەرەباڵغی ڕۆژانەییدا کە پڕە لە شێواوی. تەنیا فەزایەک بۆ هونەر شیاوە کە بەتەواوی لە ژیانی ڕۆژانە جیاکرابێتەوە یاخود هیومیانە بڵێین: مۆزەخانە تاقیگەیەکی مەزنە بۆ ئەزموونکردنی هونەر. چونکە تۆ لەوێ هێمنییەکی تەواوی هۆشت هەیە، بەسەرنجدانێکی ورد لە ئیشە هونەرییەکە چێژێکی ساغ و ڕەسەنت دەست دەکەوێت، هەر لەبەرئەوەیە تەنیا لە مۆزەخانەدا دەتوانین ئەو ئەزموونە بکەین.

دەمەوێ لەوەوە پرسیاری ئەوە بکەم بۆچی لێرە پەیکەری نووسەر، شاعیر، هونەرمەندان دەبێ لە نێو پارکێک یان دیواربەندی چوارچێوە بۆ کێشراودا دابنرێ؟ بەتێڕوانینی من وەڵامی ئەم پرسیارە دەمگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی بڵێم، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لێرە نوخبە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگە هەبێ و بچێتە نێو خەڵکەوە. لە کاتێکدا ئەو کولتوورەی سکۆتلەندییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان دەرک بەوە دەکەن و بەئاگان لە ناسینی کەسە گرنگەکانی نێو هزر و مێژوویان، شارستانیەتی شارەکەیان و سەرکردەکانیان.

لە ساڵی(١٧٢٤) شارەوانی ئێدنبرە گردی (Calton Hill)ی کردووە بە پارکی گشتی، دواتر لە ساڵی (١٧٦٠) دا مۆنۆمێنت و بیناکانی تێیدا بونیادنراوە، کە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری سکۆتی. لەم کاتەدا سکۆتلەندا لە ڕووی زانست و فەلسەفەوە زۆر پێشکەوتوو بووە، یەکێک لە فیگورە دیارەکانی ڕۆشنگەری سکۆتلەندی دەیڤید هیومی فەیلەسوف بووە. لەبەرئەوە بەجوانی هۆشی هیوم و لەسەر بڕیاری خۆی، ڕێگەیەکی مێژوویی لەسەر (Calton Hill) واتا گردی کاڵتۆن دروستکراوە، کە دواجار هیوم خۆشی لەسەر ئەم گردە نێژراوە. ئێستاش ئەم گردە بەشێکی گرنگە لە شوێنەوارە ناوازە و نایابەکانی ئەو شارە، بۆتە میرات و شوناسی سکۆتلەندییەکان، هەروەها بۆتە شوێنی کۆکردنەوەی هەریەک لە ناسیۆنالیزم، فەلسەفە و زانستی سکۆتی. لە کاتێکدا پێش هیوم گردی کوشتن و لە سێدارەدان بووە، هەروەها شوێنی سرووتەکانی پاگانەکان بووە. ئەمە پێمان دەڵێ چۆن دەکرێ هزری فەیلەسوفێك هێندە کاریگەری لەسەر شارستانیەت و کولتووری شارێک هەبێت، لەبەرئەوە دەکرێ بڵێم ئەقڵی فەیلەسوف بونیادنەرە.

لە ئێستادا خەڵکی لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ سەیرکردنی گردەکە و ڕێگەکەش ناونراوە (Hume walk) واتا پیادەڕەوی هیوم، زۆر لە هزرڤانە مەزنەکان لە کاتی پیاسەدا بیرۆکە و هزرەکانیان بۆ هاتووە. هیومیش بەهەمان شێوە پیاسەوان بووە، زۆربەی کاتەکان پیاسەی تێداکردووە و هزراندوویەتی لەبارەی تێورییە فەلسەفییەکانییەوە. هەروەک فرێدریک گرۆس لە کتێبی (فەلسەفەی پیاساندن)دا بەردەوام جەخت لەو هزرۆکەیە دەکاتەوە کە پیاساندن ئازادبوونە؛ هەر بۆیە مرۆڤ هێندە لەو شارەدا و بەتایبەت لە گردی کاڵتۆن هەست بە ئازادی و هێورییەکی ڕەسەنی شوێن و ژینگەکەی دەکات. بۆیە دەکرێ ئەقڵێکی شارستانیانە ژیانێکی شارستانیانە و بەختەوەرانە بەرهەم بهێنێ. دەشێت ڕۆڵی فەیلەسوفێک چ کاریگەرییەکی گەورە و قووڵ لەسەر وڵاتێک و بەتایبەت شارێک جێبهێڵێت. ئەمەش وادەکات بڵێم گەرچی ئێدنبرە جوانییەکی سەرسامکەری هەیە، بەڵام بەهیومەوە جوانتر بووە.




سكیزۆفرینیای عه‌قڵ….سكیزۆفرینیای زمان … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

زمان، دووه‌م نیشانه‌یه‌ له‌ ده‌یان نیشانه‌ له‌ مرۆڤدا شوناسی كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی كه‌سه‌كانی پێ‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌، یه‌كه‌میان جل و به‌رگ و شێوه‌ی نه‌خشاندن و سازانیه‌تی و ئه‌وه‌ی تریشیان زمانه‌. یه‌كه‌میان هێمایه‌كی ماددی بینراوه‌ و ده‌كرێ‌ كه‌سانێك بیپۆشن له‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ نه‌بن و دووه‌میشیان هێمایه‌كی به‌رهه‌ست و ئه‌بستراكته‌ و ده‌كرێ‌ كه‌سانێك پێی بدوێن كه‌ دیسانه‌وه‌ سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ نه‌بن.

جله‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان لای زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان ته‌نها بونه‌ته‌ میراتێك له‌ نێو كه‌له‌پوور و ناوه‌ ناوه‌ كه‌س و گرووپه‌كان بۆ ساتگه‌لێك ده‌چنه‌وه‌ ئه‌و قالبه‌ و وه‌ك وێنه‌ی باوانیان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ وه‌ك یۆنگ ده‌ڵێ‌ په‌یوه‌ست بێ‌ به‌و نموونه‌ یه‌كه‌مه‌ architype ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موومان له‌وه‌وه‌ ئه‌م میراته‌مان بۆ ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌مڕۆدا ته‌نها ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و گرووپانه‌ هه‌میشه‌ به‌ جله‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون و لێیدانابڕێن كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری كولتوور و كه‌له‌پوور ده‌زانن و له‌ ترسی ونبوون یا تاوانه‌وه‌یان له‌ به‌رانبه‌ر بژارده‌ مۆدێرنه‌كان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی عه‌قڵ بكه‌نه‌ قه‌ڵغان به‌ جلوبه‌رگ خۆیان له‌ كاریگه‌ریه‌ خودبڕه‌كان ده‌پارێزن.

ئه‌وه‌ی من لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ریه‌تی لایه‌نه‌ لۆژیكیه‌كه‌یه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ناساندنه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وانه‌ی سرووشتیانه‌ ئه‌و هێمایانه‌ ده‌یانبه‌نه‌وه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یا گرووپه‌ ئیتنیكیه‌كانیان و زمانیش وه‌ك ده‌ركه‌وتێكی سرووشتی هه‌روه‌ك چۆمسكی ده‌ڵێ‌ خۆڕسكانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ڵام له‌ مرۆڤدا ده‌ركه‌وتووه‌ و په‌یوه‌ستی بنه‌مایه‌كی فیزیۆلۆژی و فسیۆلۆژیشه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م ئاماده‌باشیه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا كه‌ له‌ ڕووی ژینیتیكیه‌وه‌ بۆی ساز بووه‌، مه‌گه‌ر نا ئه‌م دیارده‌ ئینسانیه‌مان لێ‌ وه‌ده‌ر نه‌كه‌وت.

واز له‌ جل و به‌رگ و پۆشاك دێنم و هه‌ر له‌سه‌ر زمان قسه‌ ده‌كه‌م، زمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ شتی پێ‌ په‌یبه‌رین و بناسین و هۆشمانی پێ‌ دامه‌زرێنین، بۆ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ مانای پێ‌ بده‌ینه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ن یا ده‌بزوون. ژیان هه‌روه‌ك فڕۆید ده‌یووت پێویستی به‌ “بیر”ێكی به‌هێزه‌، ئه‌م بیره‌ لای فڕانكل بووه‌ته‌ “مانا” بۆ ژیان. ته‌نها مرۆڤه‌ هه‌ست به‌ ژیانی خۆی ده‌كا و ده‌شزانێ‌ چۆن سه‌ره‌تای هه‌یه‌ ئاوه‌هاش كۆتایی به‌ ژیانی دێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ژیانه‌ی ده‌یژیێ‌، ئه‌گه‌ر به‌ ماناوه‌ نه‌یباته‌ سه‌ر له‌ خودی ڕه‌سه‌نی خۆی داده‌بڕێ‌ و تا ماوه‌ به‌ خودێكی ساخته‌وه‌ ده‌گوزه‌رێنێ‌.

ماناكان له‌ زماندا هێما وه‌رده‌گرن و ده‌پارێزرێن و ورده‌ ورده‌ گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، له‌ زماندا هزر وه‌رده‌گێردرێته‌ سه‌ر وشه‌ و ده‌نگ و سیمبولیزه‌ ده‌بێ‌. زمان دنیایه‌كی تره‌ له‌ نێو ئه‌و دنیایه‌ی تیایداین، كه‌ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیۆلۆژیكی له‌ دایك ده‌بین دێینه‌ (دنیای یه‌كه‌م) كه‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه‌، كه‌ زمانیش ده‌گرین ده‌چینه‌ دنیایه‌كه‌ی تر و ئه‌گه‌ر هوشیارانه‌ ڕۆڵی بوونێكی عاقڵانه‌ی تیادا پیاده‌ نه‌كه‌ین ئه‌وا ناتوانین ئه‌م دنیا ئه‌بستراكته‌ جوان بسازێنین و بناغه‌ و ڕێساكانیشی به‌ له‌رزۆكی ئه‌ولا و ئه‌ملا ده‌كه‌ن.

له‌رزۆكیی زمان په‌یوه‌سته‌ به‌ له‌رزۆكیی عه‌قڵه‌وه‌، عه‌قڵی چالاك زمانی چالاك دێنێته‌ به‌رهه‌م، عه‌قڵی زیندوو زمانی زیندوو درووست ده‌كا، عه‌قڵی به‌هێز زمانی به‌هێز دێنێته‌ ئارا و دواتر (هێزی زمان) كولتووری به‌هێز له‌ خۆیدا ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و سنووره‌كانی فراوان ده‌كا، هه‌روه‌ك چۆن زمانه‌كانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و رووسی و عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌ڵمانی و…….تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێستایان فراوان بوون.
زۆر جار فراوانبوونی زمان په‌یوه‌ست بووه‌ به‌و هێز و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌ داگیركاریه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆ داگیركاریش ئه‌گه‌ر جۆرێكی دیاری شه‌ڕانگێزی بووه‌، ئه‌وا عه‌قلێكی شه‌ڕانگێز و فراوانخواز به‌ڕێوه‌یبردووه‌، مه‌رجیش نه‌بووه‌ ئه‌م ئاسته‌ له‌ فراوانبوون به‌ پێوه‌ره‌ عه‌قلانیه‌ ئینسانیه‌كانی ئه‌م دوادواییه‌ گونجاو بووبن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ گه‌شه‌ی مێژوویی مرۆڤایه‌تی و له‌مڕۆدا پێوه‌ره‌كانی هێز و عه‌قلانیه‌ت به‌ستراوه‌ی نۆڕم و ستانداردی ترن.

له‌ زمانی كوردی خۆماندا دنیایه‌ك ڕێچكه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی لاوازی عه‌قلی كوردی، هه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و سیاسی و ئابووریه‌وه‌ بگره‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ هه‌ره‌ كۆنه‌كان و ئۆرگانیزه‌بوونه‌ شڕ و شه‌پڕێوه‌كانه‌وه‌، تاوه‌كو دۆخه‌ ناتۆكمه‌ و له‌رزۆكه‌كانی وا بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێ‌ تێیان كه‌وتووین.
له‌ مێژووی خۆماندا چون په‌رته‌وازه‌یی به‌ ژیانی فه‌رهه‌نگیمانه‌وه‌ دیاربووه‌ و نه‌مانتوانیوه‌ به‌سه‌ر كۆسپه‌ جوگرافی و تۆبۆگرافیه‌كان زاڵبین و جه‌سته‌یه‌كی كولتووری له‌سه‌ر زه‌مینێكی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراو سازكه‌ین، ئاوه‌هاش زمانه‌كه‌مان له‌ دۆخی دابڕانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی چه‌قیوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌ شێوه‌یه‌كی ستانداردی نه‌ته‌وه‌ییدا خۆی به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ بناسێنێ‌.

ده‌ركه‌وتنی زمان به‌م شێوه‌ نایه‌كگرتووه‌ له‌ ئه‌ستۆی خۆی نیه‌، زمان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێكراوه‌ خۆی له‌ له‌ناوچوون بپارێزێ‌ و ئه‌و هێزه‌ سرووشتیه‌ی هه‌یبووه‌ پاراستوویه‌تی و ئه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ و ئۆرگانه‌كانیه‌تی نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ر له‌وه‌ش عه‌قلانی و ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی خۆیان هه‌ستن و ئه‌م توخمه‌ سه‌ره‌كیه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی نه‌ته‌وه‌بوون و نیشتمانسازكردن و به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بوون له‌ خۆیاندا پته‌و بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌و مه‌رجه‌ هه‌نگاوی درێژتر نرابان له‌ پێناو پێكه‌وه‌نانی ژیانێكی مانادارتر له‌ چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی وه‌ك هه‌ر یه‌ك له‌و قه‌وارانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ دنیادا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسی و ئه‌تنیكی و كۆمه‌ڵگه‌یی ئاخنراون.
مه‌رجی زمان له‌ نێوان سێ‌ مه‌رجی دیكه‌ بۆ پێكهاتنی گه‌ل و نیشتمان له‌ هه‌موویان به‌ هێزتره‌ و نه‌ته‌وه‌ هه‌بووه‌ ته‌نها به‌و مه‌رجه‌ توانیویه‌تی خۆی له‌ قالبی وڵات بخزێنێ‌ و قه‌واره‌ بۆ خۆی درووست بكا و مه‌رجه‌كانی تری وه‌ك خاك و مێژووی ئه‌وه‌نده‌ پته‌و نه‌بوون.

ئه‌مانه‌ ڕاستی تاڵی مێژوویین و ئه‌و مانایه‌ش ناگه‌یه‌نن كه‌ ئیدی كێشه‌كه‌ مادام مێژووییه‌ و له‌ مێژه‌ ڕیشه‌ی داكوتاوه‌ ئیدی هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌ و رووی به‌ره‌و چاكیی نیه‌. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ بوونێكی سرووشتی بووه‌ و په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ دابه‌شكاریه‌ كولتووریه‌كانی دنیا، ئه‌وا (گه‌ل) بوونێكی ده‌سكردی مرۆڤه‌ و وه‌ك (ئاڕنست ڕێنان) و (هۆبزباوم) ده‌ڵێن ده‌كرێ‌ درووست بكرێ‌. هه‌ر بۆیه‌ نه‌توانینی ئێمه‌ تاوه‌كو ئێستا بۆ ستانداریزه‌ كردنی زمانی خۆمان، ڕیشه‌كانی له‌ نه‌توانینی عه‌قڵی كوردی بووه‌ به‌ درێژایی مێژوو، له‌ خۆ به‌ فیدراسیۆنكردن و خۆ ڕێكخستن و مانه‌وه‌ی به‌م شێوه‌ پچڕ پچڕه‌ش كه‌سێتیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتووی خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و كولتووری ئینسانكردی بۆ نه‌هێناوینه‌ته‌ ئارا.

ده‌ركه‌وتن له‌ فۆڕمی كه‌سێتیه‌كی تۆكمه‌ له‌ دیدی (گۆستاف لۆبۆن) ده‌ركه‌وتنه‌ وه‌ك جه‌سته‌ و كولتوور و تۆڕێكی به‌هاییی یه‌كگرتوو كه‌ دواتر له‌ مێژوودا وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی خاوه‌ن شوناس ده‌رده‌كه‌وێ‌.
له‌وانه‌یه‌ هیچ سه‌رده‌مێك وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا تیایداین سازكردنی ئه‌م توخم و بنه‌مایانه‌ سانا نه‌بووبن، ئه‌ویش به‌ هۆی كرانه‌وه‌ ڕیفۆرمیستیه‌ عه‌قلیه‌كانی خۆرئاوا و په‌ره‌سه‌ندنی هزری لێبورده‌یی و هاتنه‌ ئارای به‌ها دیموكراسیه‌كان و پیاده‌كردنیان له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی دنیا. كه‌مته‌ر خه‌می كاراكته‌ره‌ سیاسی و ته‌نانه‌ت دینی و فه‌رهه‌نگیه‌كانی ئێستا له‌ مه‌یداندا هه‌ن به‌رده‌وامی سڕبوونه‌ مێژووییه‌كه‌ی عه‌قڵی خۆمان درێژه‌ پێده‌ده‌ن و پێمانده‌ڵێن ناتوانین له‌ ژێر كاریگه‌ری وێنه‌ سه‌ره‌تاكانی هزر و عه‌قلی پێشان ده‌رچین و تا ئێستاش ئه‌وه‌ هه‌ر ئارچیتایپی یه‌كه‌مه‌ كۆنتڕۆڵی كردووین و به‌رماننادات.

سكیزۆفرینیا كێشه‌یه‌كی سایكۆلۆژی و عه‌قڵی عاسێ‌ نیه‌، هه‌لومه‌رجی ساز و له‌بار هاوكار ده‌بن له‌ هێوربوونه‌وه‌ و ئارامبوونه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ سه‌ر ڕیتمه‌ عه‌قلانیه‌كه‌ له‌ جیاتی مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاوازی هه‌ڵچوون و ڕه‌فتاره‌ سۆزاویه‌كان. سكیزۆفرینیای سایكۆئه‌تنیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ نێو زماندا به‌ ڕوونی دیاره‌. ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ جیاتی داڕشتنی زمانێكی ستاندارد بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌، هه‌ر شێوه‌زاره‌ به‌ شێوه‌ی خۆی ده‌نووسێ‌ و به‌ شێوه‌ی خۆی زه‌مه‌نی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دوكۆمێنتار ده‌كا؟، ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ نووسراوه‌ ڕه‌سمیه‌كان دوو سێ‌ كه‌سێتی زمان قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كا و ده‌ماندوێنێنن؟، ئه‌وه‌ نیه‌ شه‌ڕی دیالێكته‌كانیش وه‌ك شه‌ڕی حزب و عه‌شیره‌ته‌كان چالاكیه‌ ده‌مارگیریه‌كانی خۆیان گه‌یاندۆته‌ لووتكه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیر و نووسه‌رانیش خه‌می پێكه‌وه‌نانی كه‌سێتیه‌كی ساغیان بۆ زمان نه‌ماوه‌ و خزاونه‌ته‌وه‌ باوه‌شی نه‌نك و باپیرانیان و فكر و هزر و شیعر و …..تاد به‌ شێوه‌ زاری ناوچه‌ییی ده‌نووسن؟، ئه‌مه‌ سكیزۆفرینیا نه‌بێ‌؟ ئه‌ی ده‌بێ‌ چی بێ‌؟.

فره‌ كه‌سێتی زمانی ئێمه‌ نه‌خۆشیه‌كی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ترسیداره‌ و سنووره‌ سایكۆلۆژیه‌كانی سكیزۆفرینیای تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌ عه‌قڵی كوردیدا خانه‌خوێی خۆی دیوه‌ته‌وه‌. ڕزگاربوون له‌م دۆخه‌ فره‌ رووییه‌ هه‌ر به‌ بڕیاری ئه‌م حزب و ئه‌و حزب و ئه‌و لایه‌ن و ئه‌م لایه‌ن نابێ‌. كێشه‌كه‌ له‌ مێشك و شێوازی بیركردنه‌وه‌دایه‌ و ئه‌مه‌ش هوشیاربوونه‌وه‌یه‌كی ریسكانه‌ی ده‌وێ‌، ده‌مێكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ژێر باری هێدمه‌ كارۆسیاسی و ئیداریه‌ له‌رزۆكه‌كاندایه‌ و هه‌ر به‌ هۆش خۆیشی نایه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ شێوه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ڕزگاركردنی زمان وه‌ك هێمای سه‌ره‌كی ناسینه‌وه‌مان بگۆڕدرێ‌، مه‌گه‌ر نا به‌م له‌رزه‌ وه‌زیر و شڕه‌ وه‌زاره‌تانه‌ هیچ ناكرێ‌.




سیمناری دەنگەکان لە شاری تۆرۆنتۆ بۆ بەڕێز سیاوەش ئووەیسی


دەنگەکان لە درێژەی چالاکییە ڕۆشنبیری و
هونەرێکانیدا، هەستا بە ڕێکخستنی سیمنارێک بۆ بەڕێز: سیاوەش ئووەیسی
بە ناونیشانی: ئایدیۆلۆژیا و سیستمە تۆتالیتارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

قسەو باسەکانی بەڕێز سیاوەش ئووەیسی
https://www.youtube.com/watch?v=fhXiNZkETHE

بەشداری ئامادەبووان لە قسەو باسەکان ….
https://www.youtube.com/watch?v=qHYXDCNnliQ




گه‌مه‌ شاراوه‌كانی با (5) … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌


” ئه‌م ده‌قانه‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ عه‌ره‌بی نووسراون .
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر( نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د )
به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نووسه‌ر كردوونی به‌ كوردی .”


به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی

(1)

من باڵنده‌م له‌ ئاسمانی چاوتا ده‌فڕم .
چرپه‌یه‌كی سۆزڕێژكراو ..
نه‌وره‌سی نیگاكانت له‌ باوه‌ش ده‌گرم
كه‌ له‌ نێوان گومان و دڵنیاییدا سه‌ریان سوڕماوه‌ ..
چیته‌ ؟
ده‌ڵێی له‌ ئیراده‌ داماڵڕاوی ؟
به‌ داخه‌وه‌ تاریكی مه‌مكی داپۆشیوی و
لۆچیی هێرشی بۆ هێناوه‌ ..
كه‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان دوا په‌ناگه‌م بوو .
ئه‌و كاتانه‌ی تۆ له‌ دووڕیانێكی نادیاردا بووی ..
من باڵنده‌م
ده‌فڕم به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ له‌ زانستی فڕین و
كه‌شی به‌رزه‌فڕیی و
جوگرافیای جه‌سته‌ی ڕاكشاوی
ژێر ڕێژنه‌ی بارانی خۆڵه‌مێشی بزانم ..
بۆچی خۆشه‌ویسته‌كه‌م ؟
چیت له‌ ڕاكردن به‌ دوای تراویلكه‌ چنگ كه‌وت.؟
چیت له‌ ژێر باڵی شێوێندراوه‌وه‌ دۆزیه‌وه‌ ؟
كه‌ هاتبوو خامۆشت كاته‌وه‌ ؟
تۆ كه‌ وا نیشان ده‌ده‌ی ،
به‌ سروه‌ی حه‌زێكی ئه‌به‌دیه‌وه‌
هه‌ڵبووبی ..
به‌ داخه‌وه‌ خۆشه‌ویستم ..
برین قووڵه‌ ..
شووشه‌ شكاوه‌
ئیتر كۆناكرێته‌وه‌و پێكه‌وه‌ نانووسرێته‌وه‌ ….

25\10\2005

(2)
ئه‌و كۆڵانانه‌م هێنانه‌ گۆ ،
مافیاكانی قاچاخچیه‌تی له‌و مه‌زرایه‌ فڕێیان دابوو ..
چه‌ندان جار ،
بێهووده‌ ده‌رگای پاسه‌وانه‌كانمان كوتا ..
ئا ئه‌مه‌یه‌ ڕۆژگاری نه‌خشێنراو به‌ درۆ و ڕیا و دووڕوویی …
ڕۆژگاری ئه‌و پاشایانه‌ی به‌سه‌ر گۆچاندا كه‌وتوون .
كه‌نارگه‌لێك ،
ته‌نانه‌ت گه‌میه‌ بچووكه‌كانیش
له‌نگه‌ری تێدا ناگرن ..
ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژه‌ توندوتیژانه‌
له‌ ئاودا ڕه‌وانی و
له‌ زه‌نگه‌كان زرنگانه‌وه‌ و
له‌ سیمای غه‌ریبانیشدا گه‌شایه‌تی وه‌رده‌گرن .
سپێده‌ له‌ كازیوه‌وه‌
ڕێگاكانیش له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ڕوخێنن ..
ئه‌وانه‌ داگیركه‌ری تازه‌ن
خراپه‌كاری له‌ زه‌میندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ..
بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆچی و بۆ كێ ؟
ئیتر با سنوورێك بۆ ئه‌و دڵڕه‌قییه‌ دابنێین
په‌نجه‌ره‌مان له‌ دیده‌ ده‌شارنه‌وه‌
په‌ناگه‌یه‌ك بوون بۆ ڕامان له‌ هه‌ور … له‌ باران
با ئاوازی دێرینمان لێبده‌ینه‌وه‌ ..
ئاوازی خۆشه‌ویستی و ده‌ركه‌وتن و دره‌وشانه‌وه‌ ..

15\11\2005

(3)
مانگ له‌ ڕیزی ئه‌ستێره‌ خه‌واڵوه‌كاندا ..
باهۆزی دڵه‌ڕاوكێ خلۆری ده‌كاته‌وه‌
لێ داخ ،
ورشه‌ی مانگ
له‌ زۆنگاوه‌كه‌دا هه‌ڵبه‌زو دابه‌زیه‌تی
من هه‌ڵنایێم
ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانیشم داناخه‌م ..
شه‌ڕه‌كان بوون شادیان تیرۆركرد ..
تاكو خۆڵه‌مێش ده‌ربخه‌ن ..
دان و ڕه‌گ به‌ ڕووتی
به‌سه‌ر پاڵتۆی كۆنبوومدا تێده‌په‌ڕن
هه‌ندێك جار پاساو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی خه‌مه‌كانم دێنمه‌وه‌ و
ڕێگا به‌ پێچ و گه‌وه‌كان ده‌گرمه‌ به‌ر ..
هه‌ندێ جاریش ،
سه‌ر به‌ گاشه‌ به‌ردێكدا ده‌كێشم
تا ئه‌و شتانه‌ی تێیدایه‌ بزرنگێنه‌وه‌
كه‌ به‌ ناشوێن و ناكات ده‌چن
هه‌ندێ جار ده‌بریسكێمه‌وه‌
ئاخرمنیش
زۆنگاو بۆ خۆیم ڕاده‌كێشێ
كه‌ مانگ به‌ تریفه‌ی تێیدا
هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیه‌تی ..
ژنێك ،
ڕه‌نگه‌ بچێته‌ زۆنگاوه‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك
به‌ قه‌د ماوه‌ی داگیرساندنی جگه‌ره‌یه‌ك وكوژاندنه‌وه‌ی
هه‌ڵدێر ڕامان ده‌كێشێ …
ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ سه‌رمان سڕماوه‌
هه‌ستایه‌تیمان جێ ناهێڵین
تاریكستانیش به‌ره‌و نادیارمان ده‌بات
داخۆ پاش هه‌ڵوه‌رینی ده‌مامكه‌كان چیتر …؟
ئایا بۆمان هه‌یه‌
بڵێین (( ئێمه‌ به‌ هیواوه‌ حوكم دراوین؟ )) ..

24\1\2006

(4)
ها نه‌ژاد خه‌ریكی چیت
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی
جێی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌ن و بازاڕیان ته‌نیوه‌ ؟
چی له‌گه‌ڵ مانگی سارد و سڕدا ده‌كه‌ی ؟
له‌و شه‌وانه‌ی شنه‌با هه‌ڵده‌كه‌ن
كه‌ له‌ ئازاره‌كانی ڕۆژگاره‌وه‌ هاتوون ؟
هه‌زار به‌ هه‌زاری مه‌مكان ..
له‌ رۆژگاری ڕق و كینه‌دا
له‌ خڕۆكه‌ی نوور ده‌چوون ..
چی له‌گه‌ڵ valentinدا ده‌كه‌ی ،
هه‌ژموونی سواڵكه‌ره‌ پۆستمۆدێرنه‌كان
كه‌ تێڕوانینه‌ خامۆشه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو
وێنه‌ی شمشێری دارین
به‌دوای لوتكه‌و به‌فره‌وه‌ن ..
ها نه‌ژاد !
چی له‌گه‌ڵ مانگی ساردو سڕو
بۆره‌پیاوه‌ سه‌رخۆشه‌كان ده‌كه‌ی
كه‌ له‌ هه‌ڵایساندا پێك ناگه‌ن و
به‌خۆڵه‌مێشی بۆگه‌نیان
خۆشه‌ویستی مینڕێژ ده‌كه‌ن ..؟
چ ده‌كه‌ی نه‌ژاد ؟
له‌گه‌ڵ ڕۆژگاری سپڵه‌
كه‌ بووه‌ته‌ جێی پوچیی و
زه‌ڵكاوی ئه‌ستێره‌ خه‌مباره‌كان ..؟
چیان له‌گه‌ڵا ده‌كه‌ی نه‌ژاد.. براله‌ ؟!

14\2\2006

(5)
ده‌شێ ئه‌م بانیژه‌یه‌
بانیژه‌ی مالئاوایی بێ
یاخود ده‌ست ڕاوه‌شاندنی خوا حافیزی
به‌سه‌ر بانیژه‌كه‌وه‌ ..
به‌ بێده‌نگیی خۆمان هه‌ڵمان ناو
به‌ شنه‌ی با نه‌خشاندمان
كه‌ چه‌ندێكمان له‌ ڕه‌نگی سپێده‌وه‌ دزی و
هه‌ندێكی دیش له‌ چرپه‌ی شه‌وگار ..
زۆرجار به‌ وڕێنه‌یه‌ك ده‌چوو
كه‌س لای لێ نه‌كرده‌وه‌
سۆزێك له‌ سنگه‌وه‌ ده‌رده‌چێ
وه‌فای تێچووه‌
ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ نامۆیه‌
یا گوڵێك له‌ جیاتی چرا
له‌ وێستگه‌ی خه‌مباران هه‌ڵیده‌واسم ..
قه‌ت ڕۆژێك ڕوانینی ڕێبوارانم
به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌ ..
ئه‌وه‌ وه‌سوه‌سه‌ی من بووه‌ ..
وه‌سوه‌سه‌ی مرۆڤێك ،
بۆ وه‌جد و نوور ژیاوه‌ و ده‌ژی ..
به‌م جۆره‌ بانیژه‌كه‌م جێ دێڵم و
په‌رده‌ داده‌ده‌مه‌وه‌ ..
مانگ و ئه‌ستێرانیش
بۆ ئه‌وانه‌ به‌ جێدێڵم
گۆرانییان بۆ ده‌ڵێن …

21\6\2006




زڕ حكومه‌ت ! …. ئاری زێندینی

حكومه‌ت نه‌ كۆمپانیایه‌ نه‌ ماڵه‌ نه‌ گونده‌ نه‌ دووكانه‌, حكومه‌ت نه‌ ئۆتۆمبیله‌ نه‌ جل و به‌رگ نه‌ خانووه‌, مه‌به‌ستمانه‌ بڵێن (حكومه‌ت) هی تاك نیه‌ هی كۆیه‌ واته‌ هی خه‌ڵكه‌ هی میلله‌تێكه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ كارووباری خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به‌باشی نه‌ك به‌ خراپی! كه‌ ده‌ڵێن به‌باشی واته‌ ژیانی خه‌ڵك باش بێت.بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ویاساو ڕێسایی حكومه‌تداری حكومه‌ت له‌ كۆن و ئێستادا به‌ شێوه‌ی گشتی خزمه‌تی خه‌ڵك و باشتر كردنی ژیانی خه‌ڵك و ڕایكردنی كارووباری خه‌ڵك جا هه‌ر جۆره‌ سیسته‌مێكی حكومی بێت ئه‌مه‌ش له‌ ڕێی دامووده‌زگاكانی و كه‌ هه‌یكه‌لی حكومه‌تی پێده‌لێن.حكومه‌ت دوو شتی گره‌نگده‌كات بۆ هاوڵاتیانی :
1-به‌ڕێوه‌بردن وئاسانكردنی كارووباری هاوڵاتیان.
2-باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان.

گه‌ر بێیتو شاشیه‌ك له‌ خاڵی یه‌كه‌م هه‌بێت پێده‌ڵێن(گه‌نده‌ڵی), به‌ڵام نوقسانی وبێ‌ به‌رنامه‌یی و بێ‌ پرَۆژه‌یی له‌ خاڵی دووه‌م واته‌ (شكست حكومه‌ت). هه‌مووئامانجی حكومه‌ته‌كانی دونیا باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیانه‌ به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ردوو خاڵ نوقسانی و كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ ئیعترافی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت خۆی بێجگه‌ له‌ ناڕه‌زایی هاوڵاتیان,حكومه‌تی هه‌رێم زۆر شه‌فاف وخۆراگروبه‌ته‌حه‌مموله‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان هه‌ر بڕیاڕێك به‌ فكری دابێت جێبه‌جێده‌كات له‌ خزمه‌تی خۆیی نه‌ك خزمه‌تی هاوڵاتیان!چونكه‌ هاوڵاتیان ده‌بێت چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ن قه‌رز وپاشه‌كه‌وت نافه‌وتێت به‌ڵام كۆن ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر خۆ نامرێت به‌ڵام پیر ده‌بێت!هه‌شه‌ مردووه‌!بۆیه‌ له‌ جیاتی بڵێن سوپاسی خۆڕاگری با بڵێن سوپاسی پیربوون و مردنتان ده‌كه‌ین!حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌ته‌ هه‌روه‌ك حكومه‌ته‌كانی دونیا داموده‌زگایی هه‌یه‌و وه‌زیری هه‌یه‌و بڕیاڕده‌رده‌كات وكۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش مانگی ده‌كات حكومه‌ته‌ نه‌ك حكومه‌ت نه‌بێت به‌ڵام (حكومه‌تێكی خراپ) عه‌یب نیه‌ وترسی ناوێ‌ !گرنگترین كێشه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ی (مه‌عنه‌وی و مادی)یه‌, كێشه‌ی مه‌عنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ مناڵێكی دوانزه‌ ساڵی متمانه‌وباوه‌ڕی به‌ حكومه‌ت نیه‌, كێشه‌ی مادی واته‌ ئه‌و كێشانه‌ی دیاروزه‌قن وه‌ك كێشه‌ی ( موچه‌ونه‌وت وشه‌ڕی داعش و كه‌می خزمه‌تگوزاری وه‌ك كاره‌باوئاوونه‌وت وبه‌نزین) به‌شێوه‌ی گشتی.لێره‌دا هه‌ردوو كێشه‌كه‌ (مه‌عنه‌وی ومادی) سووچی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ ڕاده‌یه‌كی كه‌م هۆكاره‌كه‌ی (بڕینی مووچه‌ له‌ به‌غداو شه‌ڕی داعش و نرخی نه‌وت) به‌ڵكو زیاتریش خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و بێسه‌روبه‌ریه‌ی و ئیهمالی و چاره‌سه‌رنه‌كردنی ساڵانی پێشتره‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و جیله‌ی ئێستاش وا تێده‌گه‌ن و ده‌زانن كه‌ پێڕاده‌گه‌ن نه‌ك جیلی نه‌وه‌ده‌كان !كێشه‌ی مه‌عنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ندی به‌ڵێن و گفتی به‌ هاوڵاتیان هیچی جێبه‌جێنه‌كرد به‌تایبه‌تی له‌ كابینه‌ی (8) , بێجگه‌ له‌وه‌ش له‌ سه‌ره‌تایی نه‌وه‌ده‌كان ده‌یانگۆت حكومه‌ت (ساوایه‌) كه‌واته‌ ئێستا (ئیفلیجه‌)!ته‌مه‌نی (25) ساڵه‌!حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانی ئه‌م قسه‌و قسه‌ڵۆكانه‌ چاره‌سه‌ر بكات جا چ جایی باشتر كردنی ژیانی هاوڵاتیان!كێشه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بوونی پلانی كاتی –(پینه‌كردن وبه‌نج كردن) به‌ڵام پلانی ستراتیژی بوونی نیه‌ كه‌ئه‌مه‌ ئه‌ساسی حكومه‌تداریه‌, كابینه‌ی هه‌ر حكومه‌تێك هاتووه‌ بۆ حیزب ئیشی كردووه‌ نه‌ك بۆ هاوڵاتیان و دواڕۆژ.حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كاتی قه‌یران و كێشه‌ ستراتیژ داده‌نێت وچاكسازی ده‌كات هاوڵاتیان به‌ رهه‌مه‌كه‌ی دره‌نگ ده‌بینن گه‌ر به‌رهه‌می هه‌بێت!به‌ڵێ‌ من ده‌ڵێم حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌ته‌ شازی حكومه‌ته‌ شه‌فاف و چاوقایم وخۆڕاگره‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان هیچ لێیان ناترسی خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌نده‌ك ده‌ناسی!گرنگترین ئه‌وه‌ كێشانه‌ی یان ئه‌وه‌ خاڵانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم لای خه‌ڵك دیاروزه‌قه‌ پێه‌وه‌ی ناناڵێنی! به‌ڵكو هاوڵاتیان پێوه‌ی ده‌ناڵینن!ئه‌مانه‌ن وچاره‌سه‌كردنیش چۆنه‌:

1-كاره‌با, گه‌ر كوردستان چۆله‌وانی بوایه‌ تاكو ئێستا ,بناغه‌ی كاره‌باو هه‌موو شتێك داده‌نرا ده‌بڕایه‌وه‌,خۆ كوردستان چۆله‌وانی نه‌بووه‌!ئه‌ساسی هه‌بووه‌.
2-زۆری فه‌رمانبه‌ر نا به‌ڵكو زۆری مووچه‌ خۆر!خزمووكه‌س وبراده‌روواسته‌ی حیزبی!
3-كێشه‌ی سیاسی وحیزبی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌به‌ر عه‌یبه‌و كوردایه‌تی نه‌بێ‌ یه‌كدوویی ده‌سڕنه‌وه‌!

گه‌ر ئه‌و كێشانه‌ نه‌بوایه‌و چاره‌سه‌ر بكرێت ( شه‌ڕی داعش ونرخی نه‌وت وبه‌غدایی قۆنده‌ره‌!) به‌وشێوه‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌بووه‌!چونكه‌ (یه‌كێتی وپارتی) زۆر له‌وه‌ گه‌وه‌ره‌ترو موهیمترن!جا بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌ته‌ یان حكومه‌ت نیه‌؟ به‌ڵێ‌ حكومه‌ته‌ ئیشی خۆیی ده‌كات حه‌قی له‌سه‌ر هاوڵاتیان نیه‌ چیی ده‌ڵێن ونالێن!پشوه‌كان دیاری ده‌كات و مووچه‌ ده‌كاته‌ چاره‌كێك و به‌ نیسبه‌ مووچه‌ پاشه‌كه‌وت ده‌كات وسه‌رموچه‌وبه‌رزكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ژمارده‌كرێت به‌س بۆ فه‌رمانبه‌ر هه‌ژمارناكرێت و فه‌رمانبه‌ر سێ‌ ڕۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌وام ده‌كات به‌ڵام وه‌زیر هه‌موو رۆژ!ئه‌كتیڤه‌ زۆر!ئه‌وه‌ی بڵێت حكومه‌ت نیه‌ گوناحی ده‌گاتێ‌ به‌ڵام پاش (25) ساڵ له‌ یوبیلی زیوینی ( زڕ حكومه‌ته‌)!به‌ڵام زۆر جار گه‌ر به‌شێوه‌ی زانستی و رۆشنبیرانه‌ و گه‌شبینانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وپاره‌ی ئێستا لای فه‌رمانبه‌ران وخه‌ڵك ده‌سوڕێته‌و هه‌مووی داهاتی ناوخۆیه‌ داهاتی نه‌وت بلۆكه‌وله‌بانكه‌كانه‌ حكومه‌ت په‌له‌ی لێناكات له‌به‌ر هه‌ندێ‌ كێشه‌ی سیاسی و بازاری نه‌وت ئه‌وهایه‌ به‌ره‌وخۆماڵی كردنی نه‌وته‌ كات و پاره‌ی كۆمپانیاكانی ده‌وێت گه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌ هه‌ڵه‌بێت وه‌زعه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ ڕاست ده‌رده‌چێت, هاوڵاتیانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان پاش ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ كوردستان و نا ئومێد بوون له‌ باشتربوونی باروودۆخی كوردستان له‌ ڕوویی ئابووری و ئاشتی وسه‌قامگیری به‌رده‌وامی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌ وایان لێهاتووه‌و لێڕاهاتوون به‌وه‌ی (نان و مووچه‌) زۆر باشتروگرنگتره‌ له‌ (ئازادی و ئۆپۆزسیۆن).




هەستێکی وون بوو … سمکۆ

من چاوم دادەخەم
کاتێك کە دەمەوێ بتبینم
خەندەکانت
لە تیشکی خۆر دەچێ
کاتی بەسەر کێڵگەی کوڕێنیما
ڕۆدەچێ
من چاوم دادەخەم
کاتێك گوێ بۆ چرپەکانت
شل دەکەم
لەسەر تەنافی هەناسەت
هەزارو یەک ماچ
هەڵدەخەم
لەسەر برژانگم
جێگایەکت بۆڕادەخەم
تانەکەوی ئەبێ هەردەم
بە ئاگابم
چاودانەخەم
کاتێك کە تامەزروم
بتبینم
من ئەو کاتە چاو دادەخەم

سمکۆ / لەندەن ۲٠۱۷




كه‌ خه‌ون ده‌بێته‌ وێنه‌،كه‌ خه‌ون ده‌بێته‌شیعر: … ئه‌دیب نادر


هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر وێستگه‌یه‌كی تری ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

ئه‌دیب نادر
(به‌ریتانیا)

*شیعروخه‌ون
ئه‌زموونی هه‌موو شاعیرێك بێچه‌ند و چوون خه‌ون گه‌مارۆی ده‌دات، وێڕای ئه‌وه‌یش هه‌موو شیعرێك تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ خه‌وندا ڕۆنه‌چووه‌ تاكو خوێنه‌ر وا هه‌ست بكات خه‌وتوویه‌كه‌ و له‌بریی خوێندنه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینێ، خه‌ونی به‌ پیت و فه‌ڕ ده‌بینێ‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانێكی پڕ چالاكی و كامڵه‌، ژیانێك كه‌ تژییه‌ له‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی هه‌ڵكردن، ژیانێك (بێده‌نگیی ده‌هێنێته‌ ده‌نگ) و هێنده‌ ڕاسته‌قینه‌ و به‌رهه‌سته‌ (حه‌كایه‌تی مردن) له‌ تانوپۆیدا كه‌مێك له‌ حه‌كایه‌تی”ژیان درێژ تره‌”. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ شیعر به‌ سروشت وه‌كو خه‌ون له‌ دوو ناواخن پێكهاتووه‌، یه‌كێكیان دیاره‌، ئه‌وی دیشیان نادیار، ناواخنه‌ دیاره‌كه‌ ساختومان و په‌یكه‌ره‌ی شیعره‌كه‌یه‌ كه‌ وشه‌ هه‌ڵی ده‌چنێت، یانی واقیعه‌ ده‌ره‌كییه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ناواخنه‌ نادیاره‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ نییه‌، به‌ڵكو وێنه‌ و ئیماژ و سیمبوڵا ده‌یڕسكێنن، له‌ ڕێگای ئه‌مانه‌وه‌یه‌ په‌ی پێ ده‌برێت كه‌ وشه‌كان له‌ واقیعی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌یقۆزنه‌وه‌ و دنیایه‌كی نابه‌رجه‌سته‌، وه‌لێ‌ دركێنراوی پێ ئافه‌ریده‌ ده‌كه‌ن.

كه‌واته‌ شیعر، هه‌روه‌كو كۆڵیریج ده‌ڵێت پێویسته‌ بابه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌بێت و پێك هاتبێت له‌ دیار و نادیار، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سۆزدارانه‌ درك پێبكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی سێنتیمێنتاڵانه‌یش پێش بكه‌وێت و یه‌كێك له‌ كارفرماكانی ئه‌وه‌ بێت كه‌ واقیعی ده‌ره‌كیمان له‌به‌رچاودا ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات. بێگومان، مادامه‌كی شیعری جیددی به‌ دوو ڕه‌هه‌ند مه‌حكوومه‌، با بزانین داخۆ مانای خۆی له‌ كوێ‌ هه‌ڵده‌گوێزێته‌وه‌ و چۆن ته‌ماشای گێتی ده‌كات و هاوكات چۆن ده‌بێته‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو لێی؟ له‌و جوانییانه‌ی كه‌ دایان ده‌هێنێت و به‌ پێی ولیه‌م ڕای به‌ به‌هاگه‌لێكی گرینگ بارگاوییه‌ و له‌و سه‌رسووڕمانه‌ دانسقانه‌ی كه‌ ده‌یانبه‌خشێت و له‌و وێنانه‌ی كه‌ ده‌ستكاری سروشت ده‌كه‌ن و به‌ شانازی و فیزه‌وه‌ تێیده‌په‌ڕێنن و له‌و گوزارشتانه‌یشه‌وه‌ كه‌ په‌رده‌ له‌ ڕووی خه‌م و په‌ژاره‌و كۆڤانه‌ مرۆییه‌كان هه‌ڵده‌ماڵن ونه‌مرییان پێده‌به‌خشن،یان له‌و ورده‌خۆشیی و ئۆخژنانه‌ی كه‌ قووڵاییه‌كانی بنیاده‌میان لێ پڕاوپڕ ده‌بێت؟ چی له‌و شتانه‌ دێت كه‌ شیعر ده‌بێته‌ جیهانیان، بێگومان بابه‌ته‌كان و ئه‌زموونه‌كان هه‌ر به‌ ته‌نیا نابنه‌ تۆپۆگرافیایه‌ك له‌ كاغه‌ز، تۆپۆگرافیایه‌ك له‌ زمان و خه‌یاڵا و هه‌ست و سۆزه‌كان، به‌ڵكو ده‌بنه‌ هزر، ده‌بنه‌ شتی به‌رهه‌ست وبۆن ده‌كرێن، ده‌ستیان لێ ده‌درێت و هه‌ستیان پێده‌كرێت، ده‌بینرێن و چێژ و له‌زه‌تیان لێده‌كرێت.جا ئا لێره‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر مانا به‌ جیهان ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش به‌ ده‌رخستنی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی كه‌ هه‌ن و پێشتر دركمان پێنه‌كردوون. به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ كه‌ به‌بێ‌ په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان ئه‌و جیهانه‌ ونده‌بێت، جیهانێكی ونیش خودانی مانا نییه‌. شیعر پێویسته‌ وه‌كو بنیاتنانی ئه‌و دنیایه‌ وابێت كه‌ مرۆڤ – خوێنه‌ر له‌ ناكاو ده‌كه‌وێته‌ ناوی و هه‌موو شتێك بۆی ڕمۆكه‌، پێشتر نه‌دیتراوه‌، حه‌په‌سێنه‌ر و داكاسێنه‌ره‌، وه‌لێ‌ داخۆ هه‌موو شاعیرێك ده‌كارێت ئه‌و دنیایه‌ بنیاد بنێت؟ یان له‌ باشترین حاڵه‌ت و باردا ڕه‌نگه‌ شیعر بكه‌وێته‌ میانی دوو دنیاوه‌، كه‌ نه‌ ئه‌مه‌یه‌ و نه‌ ئه‌وه‌یشه‌، به‌ڵام”ئه‌و”ی خوێنه‌ر دووچاری پشێویی و شپرزه‌یی ده‌بێت و نایه‌وێت له‌ شوێنێكدا ئه‌وق و قه‌تیس بمێنێ‌، واتا گیرۆده‌ی دۆخێكی سایكۆڵۆجی ئه‌وتۆ ده‌بێت كه‌ ئاتاجی به‌وه‌ بێت به‌سه‌ریدا بازبدات و خۆی لێ‌ قوتار بكات.

شیعر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ پێی نیما یۆشیج، له‌سه‌رزه‌ویدا مه‌حكوومه‌ به‌ هه‌موو شتێك و پێویسته‌ به‌ ئه‌زموونیبكات، كه‌واته‌ ئه‌زموونه‌، یاندووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانه‌، به‌ بێئه‌وه‌ی ئه‌زموونگه‌رایی بێت و هه‌میشه‌یش به‌ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانییه‌كانه‌وه‌ پێوه‌ندیداره‌، له‌ ژیان خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و به‌ هۆی ئه‌ویشه‌وه‌ مانا و وێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی خۆی ده‌ئافرێنێ‌ و ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌كات،”ڕۆحێكه‌ فۆرمێك داده‌ڕێژێت”پتر له‌وه‌ی كه‌ فێنۆمێنۆلۆژیای ئاوه‌ز بێت، فێنۆمێنۆلۆژیای ڕۆحه‌ ئه‌گه‌ر بشێ‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی گاستۆن باشلار وه‌ربگرین، هه‌ڵگری دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كییه‌، ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه‌ی كه‌ دیدێكی”ڤیژن” ناوه‌كییانه‌ لێی به‌ ئاگایه‌ و ده‌ری ده‌بڕێت. دیاره‌ ئه‌زموون هه‌وڵێكی سه‌رومڕه‌ بۆ سه‌پاندنی خود به‌سه‌ر بابه‌تدا، ده‌نگی دیار و به‌رجه‌سته‌ی ئیندیڤیدواڵه‌،پێوه‌ندییه‌ به‌ ده‌روونه‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵگاوه‌، به‌ مێژووه‌وه‌، كه‌واته‌ به‌م پێیه‌ شتێكی خودییه‌، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی پێوه‌ندی، یان په‌یوه‌ندی كردنه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، یانی له‌و ئه‌زموونه‌ خودییه‌ ڕاده‌پسكێت و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌زموونێكی مرۆییه‌وه‌. بێگومان نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌زموون، نوێبوونه‌وه‌ی شێوازی ده‌ربڕین، نوێبوونه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی شاعیر به‌رانبه‌ر به‌ ژیان، چێژی زیاتر و توانای زیاتر و وزه‌ و ترپه‌ی شیعریی ده‌وڵه‌مه‌ند تر به‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌به‌خشن.

نیما یۆشیج له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: نوێبوونه‌وه‌ی ئێمه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ نوێبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵا ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پنته‌ تاریكه‌كان له‌به‌رچاوماندا ڕۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌مئاوایه‌ شاعیری داهێنه‌ر په‌یوه‌ندی نوێ‌ له‌ نێوان شته‌كان و مرۆڤ له‌ لایه‌ك و له‌ نێوان شته‌كان و مرۆڤ و جیهان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رقه‌رار ده‌كات، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌به‌ستێتی خۆی له‌ نوێبوونه‌وه‌دا به‌دیبكات و به‌ پێی پۆڵا ڤالیریش شیعر به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بانگێشتێكه‌ بۆ بوونگۆڕین. به‌ گشتی شیعر به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتن و په‌ره‌ پێدانه‌ به‌ ژیان، جۆره‌ كێبه‌ركێیه‌كی ئه‌و سه‌رسووڕمانانه‌یه‌ كه‌ خودئاگامان ده‌ورووژێنێ‌ و له‌وه‌ دووری ده‌خاته‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌واڵوویی بمێنێته‌وه‌. به‌ گوێره‌ی تێفكرینی گاستۆن باشلاریش، ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین هه‌مان ئه‌و جیهانه‌ نییه‌ كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاتاجمان به‌ هه‌ڵاتنه‌ لێی، زۆربه‌ی جاره‌كان جێگا بۆ هه‌ڵاتنه‌كانی شاعیر وێڵگه‌كانی نووسینه‌، له‌ ڕاستیشدا له‌و دنیایه‌ هه‌ڵدێت كه‌”برتۆڵد برێخت”له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌ فره‌ دڕنده‌ و وه‌حشه‌تناك و خه‌مۆكه‌، ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و تێیده‌هزرێت، بێبه‌زه‌ییه‌، له‌ بۆته‌یدا هه‌ست به‌ ناكامڵێتی و گومگه‌شته‌یی “Alienation” ده‌كات، ده‌نووسێت، نووسین ئه‌ركی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ كۆمه‌ك و هاریكاری بكات هه‌تا به‌رگه‌ی ئه‌و وه‌حشه‌تناكی و دڕنده‌یی و توندوتیژییه‌ بگرێت، ئیتر دنیایه‌ك به‌ وشه‌ ده‌ئافرێنێت كه‌ تێیدا هه‌ست به‌ كامڵێتی و هه‌بوون و بایه‌خی خۆی ده‌كات و هه‌ستی غه‌واره‌یی و ئه‌یلیه‌نه‌یشن تێیدا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌،دنیایه‌ك به‌ره‌نجامی تێهزرینی خۆیه‌تی و په‌ی به‌وه‌ ده‌بات كه‌ یۆتۆپیاكه‌ی خۆی دۆزیووه‌ته‌وه‌ و ئیدی هه‌رگیز پێویست به‌وه‌ ناكات لێی هه‌ڵبێت.

بێگومان شیعر هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڕه‌تی خۆیدایه‌، هه‌میشه‌ له‌ گوڕ و تینه‌ به‌راییه‌كانی خۆیدایه‌، هه‌میشه‌ خاوه‌نی وزه‌ و تین و گوژمه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیه‌تی، له‌ لایه‌نی هه‌ڵچوونه‌كانیشییه‌وه‌، ده‌ستاوێژێكه‌ بۆ مه‌عریفه‌ په‌یداكردن وكه‌شفكردن هه‌روه‌كو ڕۆجێ‌ گاروودی جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌شایه‌تحاڵی خه‌ونێك بێت، یان خۆی خه‌ونێكی خۆش و ناوازه‌ بێت و چه‌ند ساته‌وه‌ختێك وه‌رگره‌كه‌ی له‌ كۆژان و خه‌م و په‌ژاره‌ ومه‌ینه‌تییه‌كانی ڕۆتینێتی ژیان دوور بخاته‌وه‌ و له‌و دۆزه‌خه‌یش دووری بخاته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ورانده‌وریدا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌، ڕێگاش نه‌دات خوێنه‌ر شته‌ جیددییه‌كانی خۆی له‌ یاد بكات، پێویستیشه‌ هه‌میشه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ بێت دڵی به‌ ئاگا بهێنێته‌وه‌، شته‌ له‌بیركراوه‌كانی بهێنێته‌وه‌ به‌ر دیدی زه‌ینی و زیندووێتی بكات به‌ خه‌سڵه‌تی و قووڵاییه‌كی تازه‌ له‌ ناخیدا به‌ ڕووناكیی بگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی شادییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ئه‌و چركه‌ساتانه‌ ببینێته‌وه‌ كه‌ تێیدا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌و ده‌ق ئاوێنه‌یه‌كه‌ ته‌فاسیله‌كانی بوون”بوونی ئه‌و” ڕۆشنده‌كاته‌وه‌، یان ده‌بێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك زیاتر بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێت تێیدا، ئینجا بۆ دنیایه‌ك عه‌وداڵا ده‌بێت كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریدایه‌. ئه‌و دنیایه‌ی مرۆڤ شه‌یدایه‌تی خودی ئه‌و مانایه‌یه‌ كه‌ په‌یجۆری گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌ ژیاندا، به‌ڵكو له‌ سروشت و ئه‌ده‌ب و خه‌یاڵا و خه‌ونه‌كانیشدا..ده‌شێت بۆ ئه‌وه‌ به‌دوای مانادا بگه‌ڕێت هه‌تا له‌وه‌وه‌ مانایه‌كی پڕ به‌ پێست به‌ بوونی خۆی سه‌رچاوه‌ بگرێت، چونكه‌ نزیكبوونه‌وه‌، یان ده‌سته‌به‌ر كردنی مانا وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ بوون نزیك بێته‌وه‌، یان بوونی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات.

ئه‌م ده‌ستپێكه‌ ژوورچه‌یه‌كی كورته‌ تا به‌ هۆیه‌وه‌ بتوانین ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین به‌شێك له‌ شاعیرانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانیش هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا له‌ ڕێگای ئه‌زموونگه‌راییه‌وه‌ شێوازێك بدۆزنه‌وه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی شیعری ترادیسیۆنیی و شێوازی باڵاده‌ستی پێش خۆیان بیان ڕه‌خسێنێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونگه‌راییه‌ دواجار بوو به‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ و ئامانج ئیدی نیشانه‌ی خۆی نه‌پێكا، بێگومان هه‌موو شتێكی هێنایه‌دی ته‌نیا شیعری جیاواز نه‌بێ‌، ده‌نگی زۆربه‌یش نه‌بووه‌ خودانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ناوازه‌ و هه‌ر له‌ناو جاڕوجه‌نجاڵیی ده‌نگه‌ ته‌قلیدییه‌كاندا قه‌تیس مان و به‌دوای خۆیاندا سه‌دایان به‌جێ‌ نه‌هێشت. یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی كه‌ تابه‌حاڵا دوور و نزیك له‌و ته‌قه‌للا و كۆششه‌ سه‌رومڕه‌ و ئه‌زموونێكی سه‌رنجڕاكێشی نێوه‌نده‌ شیعرییه‌كه‌یه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: 18/11/1965_ هه‌ولێر)ه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتێكی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌ڕوات و ده‌نگێكی زاڵا له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی ڕسكاوه‌ و توانیوێتی پشت له‌و ئه‌زموونگه‌راییه‌ بكات، كه‌ سه‌رقاڵییه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام -یشه‌. دیاره‌ بۆ ئه‌و ئه‌زموونگه‌رایی نه‌بووه‌ به‌ ئامانج، به‌ڵكو بووه‌ به‌ ده‌ستاوێژ بۆ خۆدۆزینه‌وه‌، بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌نگ و ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ندی خۆی.

ئه‌م شاعیره‌ هه‌ر له‌ قۆناغه‌ به‌راییه‌كانی ئه‌زموونه‌كه‌یه‌وه‌ دوالیزمێك به‌ فه‌زای شیعره‌كانییه‌وه‌ به‌رچاو ده‌كه‌ون، یان دوو ئاقاریی و دووڕووبه‌رییه‌ك ده‌خه‌نه‌ ڕوو، یه‌كێكیان تابڵێی ڕوون و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ داو و ئه‌وه‌ی دیشیان تابڵێی لێڵا، سه‌خت و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌، كه‌ ئه‌میش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ به‌ مه‌عریفه‌یه‌كی كه‌می تیۆرییانه‌ی زمانه‌وانییه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ خۆی له‌و واژه‌نامه‌ سنووربه‌ند و دیاری كراوه‌ی نێوه‌نده‌كه‌ بدزێته‌وه‌ و هه‌وڵی به‌زاندنی سنووری زمانیشی داوه‌، بێگومان هه‌میشه‌یش هه‌وڵه‌كانی ئامانجیخۆیان نه‌پێكاوه‌ و ته‌مومژ یه‌خه‌یان پێگرتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ فه‌رهه‌نگێكی بێسنوور و پۆلێننه‌كراوی كردووه‌ به‌ ده‌ستاوێژ و كه‌ره‌سته‌ی مامه‌ڵه‌ كردن بۆ نووسینی شیعر و به‌رده‌وامیدان به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی كه‌ تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌كی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ڕه‌نگێكی تر به‌ پالێته‌ شیعرییه‌ لۆكاڵییه‌كان ببه‌خشێت و ئاسۆیه‌كی دی به‌و هاماجه‌ بدات كه‌ ئه‌زموونه‌ جیاوازه‌كانی تێدایه‌. ئه‌زموونی ئه‌و شتێكی خوازراو نییه‌، به‌ڵكو داهێنانی ژیانه‌كه‌یه‌تی، تێكه‌ڵا نابێت به‌ ئه‌زموونی هاوسه‌رده‌مه‌كانی، چونكه‌ خاوه‌نی سنووره‌كانی خۆیه‌تی و له‌ نێوانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا جێگیری كردوون. دنیاكه‌ی ئه‌و تایبه‌ته‌ و جیاوازییه‌كه‌یشی به‌رجه‌سته‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌یش كه‌ سه‌ودایان له‌گه‌ڵدا ده‌كات له‌ جوغزی بابه‌ته‌ باو و سووننه‌تییه‌كاندا جێگا بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن، ئه‌گه‌رچی سه‌رباری هه‌وڵه‌ بێلێبڕه‌كانی هێشتایش ته‌واو خۆی له‌ بونیادی كلاسیكییانه‌ و ڕۆمانسییانه‌ی زوبان ڕانه‌پسكاندووه‌، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك توانیوێتی خۆی له‌ دنیابینییه‌ سوواوه‌كان دابڕێت و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیرانه‌تر به‌ ژیان و مرۆڤ و بوونه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت.بێگومان ئه‌و به‌ دید و تێڕوانینی كه‌سی دی شته‌كان نابینێت، به‌ڵكو به‌ دیدی ڕۆشن و وردبینانه‌ی خۆی په‌یان پێده‌بات و كه‌شفی دیكه‌یان بۆ ده‌كات و له‌ زه‌مینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ چاودێری شته‌كان ده‌كات و له‌ناو تێكسته‌كانیدا به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات، سه‌فه‌ر له‌ تانوپۆی وشه‌كاندا ده‌كات، وشه‌كان جوگرافیای تایبه‌تمه‌ندی دنیایه‌كن،له‌ مانای فه‌رهه‌نگیی خۆیان داماڵراون،نائاسایین، به‌ڵام شیعر پیتێنه‌ره‌، به‌ مانای نادژه‌باو ده‌یانپیتێنێت و به‌مه‌دلوولی دیكه‌ ده‌یه‌وێ‌ فرچكیان ببڕێت، بۆیه‌ ئه‌و مانا شیعرییه‌ تازانه‌ وای لێده‌كه‌ن به‌ تاسه‌و مه‌راقه‌وه‌ سه‌فه‌ره‌كانی ئه‌نجام بدات و هه‌ر گه‌شتێكیشی له‌ گه‌شته‌كه‌ی پێشووی جیاواز بێت و تامو بۆیه‌كی تری هه‌بێت.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین نووسین سه‌فه‌رێكی هه‌میشه‌یی ئه‌وه‌، وێستگاگه‌لێكی زۆر و زه‌به‌ندی تێدایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خود له‌ بوونگۆڕكێیه‌كی بێچه‌ند و چووندایه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وام پێویسته‌ له‌سه‌ری وێستگاكان به‌جێبهێڵێت و دووباره‌ تاسه‌ی بینینی خود به‌ شێوه‌ جیاوازه‌كه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌مارۆ بده‌ن. كه‌واته‌ كۆچكردن بۆ دۆزینه‌وه‌ و ئاشنابوون به‌ خود و شته‌كان خودی نووسین خۆیه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ له‌ ژیانی ئه‌ودا نووسین ئه‌و نیشتیمانه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ی ده‌داتێ‌، مادامه‌كی ئه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ به‌ وشه‌وه‌ بكات، ئینتیمای هه‌یه‌ و خاوه‌نی نیشتیمانه‌، چونكه‌ نووسین بۆ ئه‌و هاوتا و هاومانای هه‌موو شتێكه‌. به‌م پێیه‌ هه‌موو نووسینێك بۆ ئه‌و شوێنێكی تازه‌یه‌، كه‌ ده‌قێك ده‌نووسێت ده‌گاته‌ شوێنێكی تر یان وێستگه‌یه‌كی تر، به‌ڵام بێهه‌دادان به‌جێیده‌هێڵێت، چونكه‌ قووڵا له‌ناخی خۆیدا ده‌زانێت ئه‌وێ‌ ئه‌و جێگایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و نیازێتی و ئیدی گیرۆده‌ی شوێنێكی تر ده‌بێت كه‌ له‌ خه‌یاڵگه‌یدا هێڵ و ڕایه‌ڵه‌كانی شه‌قڵا ده‌گرن، ئامانجیش هه‌ر یه‌ك شته‌ ده‌بێ‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رله‌نوێ‌ بخاته‌وه‌گه‌ڕ هه‌تا پێیبگات، بێ شك بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ به‌جێیبهێڵێته‌وه‌، دووباره‌ به‌دوای شوێنێكی تردا بگه‌ڕێته‌وه‌، وه‌كو بڵێیت پێشوه‌خت بزانێت گه‌یشتن به‌ جێمه‌به‌ست كوشتنی خودی مه‌به‌سته‌، بۆیه‌ ڕاوه‌ستان و ستاتیك بوون له‌سه‌ر ڕووبه‌ری یه‌ك ده‌ق و گه‌یشتن و جێگیر بوون له‌ وێستگایه‌ك ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئایا تێیده‌په‌ڕێنێ‌؟ بێگومان هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ تێگه‌یشتن و دركێكی زیاتر و باشتره‌ له‌ خود و مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خودی خۆی به‌رهه‌ڵدا بكات، یان ئه‌و خودئاگایی و ویژدانه‌ به‌رهه‌ڵدا بكات كه‌ له‌ تووناوتوونه‌كانی ناخیدا ئه‌وق و مه‌ڵاسه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش كۆمه‌كی خوێنه‌ر ده‌كات پتر له‌ خودی خۆی حاڵی بێت و به‌ ناواخنێكی دینامیكیزیندوو بێت، تیشكێك له‌ناخیدا هه‌بێت هه‌تا ژینگه‌كه‌ی خۆی پێ به‌دیبكات، ژینگه‌ وه‌كو خۆی كه‌ هه‌یه‌، هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی ئه‌گه‌رچیش تاڵا و ئازاربه‌خشه‌، ئه‌گه‌رچیش بێزاركه‌ر و بێزه‌وه‌ر و قێزه‌وونه‌، نه‌وه‌ك ئه‌و ده‌مامكانه‌ی تێهه‌ڵبكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ شتێك له‌ ژیانی ونه‌ و له‌ سایه‌یدا هه‌ست به‌ ونیی و ناته‌واوییه‌كه‌ی بكات. له‌ سۆنگه‌ی ئه‌مانه‌ و گه‌لێك شتی دیش كه‌ باس له‌ دیمه‌نی شیعرییمان ده‌كرێت، ڕه‌وا نییه‌ و نایشكرێ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر جه‌مسه‌رێكی ئه‌م دیمه‌نه‌ پێك نه‌هێنێت، چونكه‌ ئه‌و له‌ گۆشه‌ و ئه‌زموونێكی جیاوازه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ناو دیمه‌نه‌كه‌وه‌ و پشتگوێ خستنیشی سڕینه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌نگه‌كانی كۆلكه‌زێڕینه‌ و كاری كرده‌ نییه‌ و دیمه‌نی شیعرییش هه‌رگیز كامڵا نابێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان و ئه‌زموونه‌كان كۆپی و هاوچه‌شنی یه‌كدی بن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیاندا ئاماده‌یی نه‌بێت، له‌ كاتێكدا جیاوازبوون شه‌رتبه‌ندیی سه‌ره‌كییه‌ و تا ئه‌وپه‌ڕی له‌ دامه‌زراندنی دیمه‌نێكی شیعریی كامڵا و ته‌ندروستدا بایه‌خداره‌.

*وێستگه‌یه‌كی تری ئه‌زموون

له‌دوا كۆشیعریدا كه‌”سروودی زه‌وی، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان، چاپخانه‌ی هێڤی، هه‌ولێر 2012 “یه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر جارێكی تر ئه‌و كۆنسێپته‌ تۆخده‌كاته‌وه‌ و ژاوه‌ژاو و هه‌راوهوریا بێكۆتاییه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ بێسه‌روبه‌روجه‌نجاڵه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی جیاوازبوون ده‌بێته‌وه‌، جیاواز بوون له‌سه‌ر ڕێگاكه‌یدا ئاسته‌نگێكی تابڵێی زه‌به‌للاحه‌، چونكه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی ناچیزی هۆشیاریی خودیی به‌رگرییه‌كی توندی دژی شیعر هێناوه‌ته‌ ئارا، مه‌یلێكی ئه‌وتۆیش له‌ناوه‌نده‌كه‌دا په‌یدا بووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك ڕوو له‌ لۆژیكگه‌رایی بكات و هیچ حیسابێكیش بۆ ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ شیعر لۆژیكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و خۆڕسكێتی و عه‌فه‌وییه‌تی خه‌ون به‌سه‌ریدا زاڵه‌ و ناتوانێت به‌ لۆژیكێكی جیا له‌وه‌ بارگاوی بكرێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا ناسنامه‌ی خۆی بپارێزێت و نه‌بێت به‌ شتێكی دی. دیاره‌ كه‌ ئه‌م كۆشیعره‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌ین كه‌ ئه‌و له‌ پڕۆژه‌ شیعرییه‌كه‌ی خۆی به‌ولاوه‌ ئه‌فیلییه‌تی”ئینتیما”بۆ هیچی تر نییه‌، كاتێكیش بمانه‌وێ‌ باس له‌م وێستگه‌، یان ئه‌زموونه‌ بكه‌ین، ئیدی پێ ده‌نێینه‌ ئاقاره‌كانی ئه‌زموونێكی تاكمه‌ندانه‌ی دانسقه‌ی پڕاوپڕ له‌ خه‌ونی گچكه‌ گچكه‌ی مرۆڤه‌ ڕاسته‌قینه‌ تاڕاده‌یه‌ك نادیاره‌كان، كه‌ چه‌شنی پڕۆژه‌یه‌كی خولیادار له‌ تۆپۆگرافیای شیعریی نه‌دۆزراوه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌بێ‌ ئێمه‌یش كه‌شفی ئه‌وه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌ كوێدا دێنه‌دی.
له‌م كتێبه‌دا تێكسته‌ شیعرییه‌كانی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ره‌و مه‌ودا دووره‌كان بمانبه‌ن، بۆ شوێنێك ده‌مانبه‌ن كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ تایبه‌تمه‌ند و كه‌سییانه‌كه‌ی شاعیره‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، یاده‌وه‌ری خۆی و دینامیكییه‌تی ئێستای ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ گه‌مارۆی ده‌دات ئیحای شیعره‌كانه‌ و خودی خه‌یاڵێكی سوریالییانه‌یش كه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ ده‌ق بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ به‌ ڕامكه‌ری یاده‌وه‌ری و كۆی شته‌كانی تر داده‌نرێت و به‌ ڕۆحی سه‌رجه‌م شته‌كانی جیهانیش جه‌سته‌ی تێكست لێوانلێو ده‌كات و ژیانیان پێده‌به‌خشێت، ژیانێك كه‌ ئامانجی ته‌نیا نامۆكردن و سه‌رسامكردنه‌.
بێگومان ئه‌وه‌ی به‌دیقه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌ ڕابمێنێت ئاسانه‌ وێستگا سه‌ره‌كییه‌كانی جیاكار بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی (زێوان – 1988) دایكی ئه‌زموونه‌كانێتی و تا ئێستایش له‌وه‌وه‌ ده‌قه‌كانی دانگه‌ڕێزه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ سێبه‌ری ئه‌وه‌، كه‌ درێژه‌ به‌ نووسینی ده‌دات و ڕه‌نگی خۆی به‌ سه‌رپاكی وێستگه‌كانی تر ده‌دات و ئه‌م ئه‌تمۆسفیره‌یش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، كۆتوبه‌ندی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی ژیانی هه‌ڵده‌گرێت و له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كه‌یدا پڕۆسه‌ی نووسین به‌ ئه‌نجام ده‌گات و كارده‌كاته‌ سه‌ر شێوازی نووسین و زمان و بابه‌ته‌كانی، به‌ڵام پاش ئه‌م ده‌ستپێكه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ په‌ناده‌باته‌ به‌ر ئه‌زموونێكی دیكه‌، ئه‌ویش ئیشكردنه‌ له‌ زمان، زمان وه‌كو جه‌سته‌یه‌كی خاڵی، بۆیه‌ شه‌كڵییه‌تێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هه‌ر ده‌شبێت وه‌كو شه‌كڵێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و په‌یجۆری هیچی لێنه‌كرێت، بێجگه‌ له‌ نامۆكردن و سه‌رسامكردنی خوێنه‌ر به‌و شه‌كڵه‌ی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌باح له‌ناو قه‌یرانی بێ ناوه‌ڕۆكی و بێ بابه‌تی دا نوقم بووه‌ و شیعر له‌لایدا به‌دوای زماندا ده‌گه‌ڕێت و خۆی له‌ودا ده‌بینێته‌وه‌.جاروباریش ئه‌م ئه‌زموونگه‌راییه‌ زمانییه‌ یه‌خه‌گیره‌ و بنبه‌ستیی به‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌دات، چونكه‌ زمان له‌گه‌ڵا بوونه‌ ئاساییه‌كه‌ی خۆیدا مه‌ودا وه‌رناگرێت و ڕه‌نگه‌ خۆی ته‌نیا له‌وه‌دا ببینێته‌وه‌ كه‌ جێگۆڕكێ به‌ كۆنتێكستی ده‌سته‌واژه‌ و دێڕه‌ شیعرییه‌كان بكات و ئامانجیش هه‌ر وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا نامۆ كردن و سه‌رسامكردنه‌ و هیچی تر.

بێگومان ئه‌م مامه‌ڵه‌ كردنه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵا زمان، ئه‌ودیو، یان ناوه‌وه‌ی زمان به‌رهه‌م ناهێنێت،ته‌نیا ته‌عبیر له‌ خودی خۆی ده‌كات و به‌س، واته‌ هه‌ر ته‌نیا نماینده‌ی خۆیه‌تی و هیچی پێ‌ نییه‌..ئه‌مه‌یش له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت كه‌ هه‌وڵی خوڵقاندن و دامه‌زراندنی ڕه‌مزه‌كانی خۆی نادات و هه‌ست ده‌كرێت ئاوێته‌ كردنێك له‌ میان ڕه‌مز و ته‌مومژدا بوونی هه‌یه‌ و جێگۆڕكێ‌ ده‌كه‌ن. سه‌ره‌نجام جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مز و ته‌مومژیش مه‌حاڵا نییه‌، چونكه‌ له‌ كۆنتێكستی ده‌قدا هه‌ردوو به‌ شێنه‌یی به‌دیار ده‌كه‌ون و كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان كاریگه‌رییه‌كی نه‌گه‌تیڤ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌زموونێكدا به‌جێده‌هێڵێت و خوێنه‌ر توانای ئه‌وه‌ی نابێت ته‌ماس و پێوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكییانه‌ له‌گه‌ڵا ناوه‌وه‌ی زماندا ببه‌ستێ‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانیش نامۆ ده‌بێت، یانی ئه‌زموونێكی له‌ مانای ناوه‌كیی بێبه‌ریی و له‌ مانای ده‌ره‌كیی، یان شه‌كڵیش بێبه‌ریی، ئه‌مه‌یش له‌ بۆچوونیدا نموودێك بۆ ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌ڵاڵه‌ ناكات. ئه‌مه‌ تا ئه‌زموونی (سه‌دویه‌كشه‌وه‌) درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌وێدا تێپه‌ڕاندنێك بۆ ئه‌م بار و ڕه‌وشه‌ی نووسین به‌رجه‌سته‌یه‌ و پاش ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا.

بێگومان(نیما یۆشیج) وته‌نی: هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری به‌ هۆی به‌رهه‌مه‌ پێشینه‌كانه‌وه‌ پاراو كراوه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئاڵۆزه‌یش بێشك كاریگه‌ری ئه‌زموونی تر به‌ شێوه‌یه‌كی جیا تێیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گوڕیشه‌ی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر شیعری كلاسیكی كوردی و (گۆران) و (فۆلكلۆری كوردی) و (كه‌له‌پووری گۆرانی) و (ئه‌فسانه‌) و دواجار ده‌چێته‌ سه‌ر (شیعری جیهانی)، له‌ لایه‌كه‌وه‌ نه‌فه‌سی نه‌فره‌تئامێزی بۆدلێر و زمانی په‌رده‌پۆشكراوی سان ژۆن پێرس و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئیلیه‌تی ئیماژگه‌را و هه‌ندێك ڕه‌گه‌زیان لێ وه‌رده‌گرێت، وه‌كو ڕه‌گه‌زی زه‌قكردنه‌وه‌ی نه‌ست و بازدان، یان گواستنه‌وه‌ و قاوغ كردنه‌ به‌ر زوبان و وه‌رگرتنی مه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵا زمانی باو و هه‌وڵدان بۆ خوڵقاندنی هاوتاییه‌كی بابه‌تییانه‌ و دواجاریش ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌، ئه‌مانه‌یش له‌و مامه‌ڵه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵا زمان و به‌كارهێنانه‌كانیدا ده‌یكات ، له‌گه‌ڵا ته‌كنیك و به‌كارهێنانی وێنه‌ و بیرۆكه‌ و كۆنتێكسته‌كانی نووسیندا ده‌یكات و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ له‌و چڕوپڕییه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌قه‌كانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن و به‌ چه‌ند قۆناغێك و چه‌ند تێكه‌ڵكێش كردن وگرێدانێكی پاش و پێش كه‌ لێكدانێكی لۆژیكی پێكه‌وه‌ ده‌نێن و ڕۆشناییه‌ك به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ڕۆشنایی مانایه‌، یان گه‌مه‌ی پاش و پێش خستنی وشه‌كان و دێڕه‌كان كه‌ زۆرجار ڕمۆك و سه‌یر دێنه‌ به‌رچاو و ئه‌ركی خوێنه‌ره‌ كه‌ دایبڕێژێته‌وه‌ و سه‌ره‌ده‌ره‌ی تیمه‌ی شیعره‌كان بكات و مانا هه‌ڵێنجێ‌ و چێژ و له‌زه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكات.

دیاره‌ دنیای واقیع هه‌میشه‌ له‌ دنیای شیعر بچووكتره‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ تێبینیی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شیعر بوونه‌وه‌رێكه‌ سه‌رله‌به‌ری دنیا بچووكه‌كان له‌ هه‌ناویدا جێده‌دات و وێنه‌ی جیهانێكی بێ مانا ناكێشێت، به‌ڵكو كه‌شفی بێمانایی ده‌كات و ڕاوی مانای نادیار ده‌كات، بێگومان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ خود ئه‌ویش له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌، به‌ نێو خوددا ڕۆده‌چێت، په‌ی به‌ نادیار و شاراوه‌كانی ده‌بات، له‌و ڕێگایانه‌یشه‌وه‌ ته‌قه‌للا ده‌دات ڕۆح بخاته‌ به‌ر تیشكی ئه‌و جیهانه‌ دره‌وشاوه‌یه‌ی كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌باره‌ی ڕۆحه‌وه‌ نانووسێت، به‌ڵكو له‌باره‌ی ئه‌و گڕوكڵپه‌ و بڵێسه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت كه‌ له‌ناو ڕۆحدا په‌نامه‌كه‌، هه‌روه‌كو كازانتزاكیس ده‌ڵێت: خودی ئه‌و گڕوكڵپه‌یه‌ داینه‌مۆی نووسینه‌، داینه‌مۆی ژیانه‌، داینه‌مۆی هه‌موو هه‌وڵا و كۆششه‌كانی مرۆڤه‌. بێگومان”سروودی زه‌وی”ده‌مانكات به‌ خودانی چركه‌ساتێكی دانسقه‌ی ئه‌زموونێكی مرۆیی و ئه‌و نهێنییانه‌ی كه‌ له‌ناو ترپه‌ عاشقانه‌كانی دڵێكدا خۆیانمان ڕاده‌ست ده‌كه‌ن. له‌ فه‌زای شیعره‌كاندا په‌ی به‌ بوونی ئاسۆیه‌كی جیاواز ده‌برێت، چ له‌ ڕووی وێنه‌ و چ له‌ ڕووی فه‌زای شیعرییه‌وه‌ چ له‌ ڕووی ئامراز وتاكپه‌یڤه‌كانه‌وه‌ كه‌ تادێت مه‌ودای به‌رفراوانتر ده‌گرنه‌خۆ، چ له‌ ڕووی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵا بابه‌ت، یانفۆرم، یان ڕیتم، چ له‌ ڕووی دنیابینییه‌وه‌، كه‌ گۆشه‌نیگا جیاوازه‌كانی به‌رهه‌م هێناوه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ده‌كرێت له‌ ده‌قه‌كانی شاعیرێكدا دیاری بكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌ دوو جه‌مسه‌ر، یان ته‌وه‌ردا خۆی سێنته‌ریزه‌ ده‌كات، هه‌روه‌كو میشێل ئۆتان له‌”سیمیۆلۆژیای خوێندنه‌وه‌”دا بۆی چووه‌ و ده‌ستنیشانی كردووه‌، ئه‌وانیش:
*شوێنه‌كانی یه‌قین.
*شوێنه‌كانی گومان.
*شوێنه‌كانی یه‌قین و شوێنه‌كانی گومان
بێگومان له‌ جه‌سته‌ی ده‌قدا هه‌میشه‌ شوێنه‌كانی یه‌قین ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ زۆرترین ڕوونی و ئاشكرایی و زۆرترین ده‌ركه‌وتن به‌ خۆوه‌ ده‌بینن و ده‌كرێ‌ یاریده‌ده‌ربن بۆ چوونه‌ ناو فه‌زای ده‌قه‌وه‌. به‌ڵام شوێنه‌كانی گومان پنته‌ تاریكه‌كانه‌، ته‌مومژه‌كانه‌، سیمبوڵه‌ نادیاره‌كانه‌، ئه‌فسانه‌ لێكنه‌دراوه‌كانه‌، ئاڵۆزییه‌كانه‌، لوغزه‌ هه‌ڵنه‌هێنراوه‌كانه‌ و ئه‌و جێگایانه‌شه‌ كه‌ ناتوانین له‌ناو تێكستدا پێكیانه‌وه‌ ببه‌ستین و پێوه‌ندییان له‌ نێواندا دروست بكه‌ین، ئیدی ئه‌مه‌نده‌ ئه‌سته‌م و داخراو ده‌رده‌كه‌وێت وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات ناچاری ئه‌وه‌ بێت كه‌ پێشنیاری هه‌ندێ‌ گریمانه‌ بكات بۆ لێكدانه‌وه‌ی ناواخنی جۆراوجۆری ده‌قه‌كه‌ و هه‌ندێ‌ جاری دیش ده‌رخستنی چه‌ند ته‌ئویل و ڕاڤه‌یه‌كی جیاواز بۆ گه‌یشتن به‌ تێگه‌یشتنێكی گونجاو و به‌جێ‌. با به‌ زاراوه‌كه‌ی”یاوس”، واته‌”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی” لێكیبده‌ینه‌وه‌،ده‌كرێ‌ بوترێ‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی” خوێنه‌ر و ده‌ق كارلێك ده‌كه‌ن و یه‌كده‌گرنه‌وه‌، یانی تێگه‌یشتن و هاوگونجان دروست ده‌بن، (شوێنه‌كانی یه‌قین)..له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی دیشدا”ئاسۆی چاوه‌ڕوانی”خوێنه‌ر و ده‌ق كارلێك ناكه‌ن و پێكه‌وه‌ ناگونجێن، ئیدی له‌ ده‌ره‌نجامدا تێنه‌گه‌یشتن و نامۆبوون و نه‌گونجان به‌رانبه‌ر به‌ تێكسته‌كه‌ دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌میش واته‌ (شوێنه‌كانی گومان).لێره‌یشدا هه‌وڵا ده‌ده‌ین له‌ هه‌ندێ‌ جێگادا تاڕاده‌یه‌ك په‌یڕه‌وی له‌”شوێنه‌كانی یه‌قین”بكه‌ین و ته‌نیا دیارییان بكه‌ین به‌ بێئه‌وه‌ی خۆمان له‌ ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ و چوارچێوه‌ڕێژ كردنی ده‌قه‌كان بده‌ین.

له‌ زۆرینه‌ی شیعره‌ به‌رهه‌م هاتووه‌كانی ئه‌م سه‌روبه‌نده‌دا زمان و بنیاده‌كه‌ی بوونه‌ته‌ خودی ده‌ق، زۆر شاعیریش به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ نووسین ئاماده‌یییه‌كی چوست و چالاكیان له‌ناو دیمه‌نه‌ شیعرییه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌موو شیعرێكی تازه‌یان هه‌ر ته‌نیا شیعرێكی تره‌ و ژماره‌یه‌كی تر له‌ كه‌له‌پووری شیعریان ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌ك جۆرێكی جیاواز و نوێی گوزارشتكه‌ر بێت له‌ ئه‌زموونه‌كانی شاعیر خۆی، به‌ڵكو په‌ی به‌وه‌ ده‌برێت كه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ و كۆپیكردنی ئه‌زموونی یه‌كدییه‌، یان ئه‌زموونی شاعیرێكی جیهانییه‌ و جوینه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ دیتران خواردوویانه‌. دیاره‌ به‌شێكی زۆر و به‌رچاوی شیعری هه‌نووكه‌ خۆی له‌ قووڵاییه‌كان به‌تاڵده‌كاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ قووڵاییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت،ته‌نیا و ته‌نیا ڕووكارێكی ده‌ره‌كییانه‌ پێشكێش ده‌كات، بۆیه‌ ئاكام هزرێكی شیعرییانه‌ و شیعرییه‌تێكی جیاواز دانامه‌زرێنێت، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌قیقه‌تدا قه‌یرانی شیعری ئێستایه‌، سه‌رنج ده‌ده‌ین زمان هیچ جۆره‌ گۆڕانكارییه‌ك به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت و هه‌موو ده‌قه‌كانی تاقه‌ شاعیرێك سه‌روبن بكه‌ین زمان هه‌ر خۆیه‌تی و هه‌مان ڕۆڵی خاو و ساده‌ی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ستی ئه‌وه‌مان پێنابه‌خشێت كه‌وا شتێكی نوێی پێیه‌ و ڕۆڵێكی تازه‌ ده‌بینێت و به‌ ڕووی مانادا كراوه‌یه‌ و دنیایه‌كی جوداواز داده‌مه‌زرێنێت. به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه‌ كه‌ خاوه‌نی ده‌قێكی زۆر و زه‌به‌ندین، به‌ڵام دنیابینیی و ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌تمۆسفیری كه‌سیی له‌و ده‌قانه‌دا ئاماده‌ییه‌كی زۆر كه‌میان هه‌یه‌، دیاره‌ كه‌ شیعریش، ئه‌گه‌ر له‌مانه‌وه‌ نه‌ڕسكێت ئه‌وا بۆشاییه‌كی بێتانوپۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ و به‌ هیچه‌وه‌ په‌یوه‌ستمان ناكات. به‌ كورتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هیچێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئه‌زموونی كه‌سییه‌وه‌ نییه‌، ناتوانێت هاوشێوه‌ی خه‌ونێك خوێنه‌ر دزه‌ پێبكاته‌ ناو بۆته‌ی خۆیه‌وه‌، ئیدی كرده‌ی شیعریی كرده‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ده‌قی شیعرییدا و هیچ شتێكی دی پاساوی بوون و نووسینی ناداته‌وه‌، به‌ڵام چۆن چۆنی شیعر به‌ بێ‌ ئه‌زموونێكی خودیی خۆی دێنێته‌ دی و زیندوویش ده‌بێت؟

*دیارترین شوێنه‌واره‌كانی ئه‌زموون
بێگومان ده‌توانین بڵێین دیارترین شوێنه‌واره‌كانی ئه‌زموونی سه‌باح، خۆی له‌ دیمه‌نه‌ شیعرییه‌كه‌یدا به‌رچاو ده‌خات،كه‌ خۆی له‌ خه‌ون وخه‌یاڵا و گۆرانی و دۆست و دوژمن و ده‌وروبه‌ر و باڵنده‌ و سروشت و منداڵه‌كانی خۆی و ڕه‌مز و ئامرازه‌ ئایینییه‌كان و منداڵیی دا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ میانه‌ی وێنه‌وه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پڕۆسێسی خوێندنه‌وه‌دا، كه‌ گه‌ڕانێكی پڕ چێژ و سوودمه‌نده‌ بۆ مانا خۆی بگۆڕێ‌ و ببێته‌ بیرۆكه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ پێویسته‌ ئاوه‌ز بۆ وێنه‌یه‌كی زه‌ینیی وه‌ریبگێڕێت، چونكه‌:

له‌ ئاوێنه‌ی نووسیندا ده‌ستێك ده‌بینین
جێگۆڕكێ‌ به‌ ده‌نگ و بێده‌نگی ده‌كات سروودی زه‌وی: ل6

له‌م ئه‌زموونه‌دا، ئه‌گه‌رچیش له‌ خۆی و ئه‌وانی پێشووتری فره‌ دوور نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌چی سه‌ربار به‌ ئاسۆیه‌كی تازه‌ی دنیاكه‌ی خۆی ده‌مانناسێنێت، له‌ شه‌قامی دژوار و ناسكی شیعر هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌یه‌وێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ته‌كان بدات و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شدا زینده‌گی خۆی به‌دی بهێنێت، هه‌ناسه‌ گه‌رمه‌كانی، تاسه‌ و حه‌سره‌ته‌ بێدواییه‌كانی ئاماده‌ییان له‌ فه‌زای تێكسته‌كاندا هه‌یه‌ و خاوه‌نی زینده‌گییه‌كی لێوانلێوه‌ له‌ هه‌ستیارییه‌ مه‌عنه‌وییه‌كان و جیایه‌ له‌و ژیانه‌ی كه‌خه‌ڵكی ئاسایی ده‌یگوزه‌رێنن. له‌ كوێ‌ ئه‌و هه‌ستیاری ویاده‌وه‌ری و ورده‌كاری و ته‌فاسیلانه‌یش كه‌ له‌ ئاوه‌زیدا گه‌نجینه‌ كراون ده‌قه‌كانی شه‌قڵا ده‌گرن و دێنه‌ ئاراوه‌:

پووشی قه‌راغی ڕێگا خه‌واڵوون
ئه‌سپ به‌ ماتی به‌ ته‌كیاندا ده‌ڕوات
……………….
……………….
ته‌مه‌نی جوانوویی له‌ناو دڕكی ده‌م تیژ و نزیك گورگ گوزه‌راندووه‌
سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێ‌ و چاو هه‌ڵده‌بڕێ‌ سروودی زه‌وی: ل9
ئه‌رێ‌ خۆر به‌ پۆستاڵا یان به‌ پێڵاوی ئاوریشم بۆ لامان دێت
سروودی زه‌وی: ل5

*وێنه‌ شیعرییه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌
له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا له‌ شیعرێكدا چه‌ندین جار سه‌رنج ده‌درێت كه‌ گواستنه‌وه‌ له‌ وێنه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی تر زۆرجار ڕوو ده‌دات، هه‌ندێك جار په‌یوه‌ندی لاوازوكزی ئه‌م وێنانه‌ پێكه‌وه‌ و ده‌رچوونیان له‌ كۆنتێكستی ئه‌سڵیی ده‌ق، هه‌ناسه‌سواری نه‌ك هه‌ر به‌ ده‌قه‌كه‌، به‌ڵكو به‌ خوێنه‌ریش ده‌به‌خشن، چونكه‌ ئالووده‌بوون و پابه‌ندبوونی فیكری خوێنه‌ر كتوپڕ شه‌قار ده‌كه‌ن و دوای چه‌ند وێنه‌یه‌كی هه‌ندێكجار دژ به‌یه‌ك دێنه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ و ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌زموونی ده‌قێكی جیاواز زیانمه‌نده‌. ماكلیش له‌ كتێبی”شیعر و ئه‌زموون”دا ده‌ڵێت: له‌ هونه‌ری شیعردا ئه‌وه‌ی كه‌ مانا به‌دی ده‌هێنێت پێوه‌ندییه‌كی تایبه‌تییه‌ له‌ نێوان وێنه‌كاندا، یان وه‌كو ئه‌و ناوی ده‌نێت هاوسه‌رگیریی وێنه‌كانه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت له‌ كۆی گشتیی شیعره‌كه‌، یان یه‌كێتیی بابه‌تیی وێنه‌كان یه‌ك مانای هاوبه‌شه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی چه‌ند مانایه‌ك پێوه‌ندییان پێكه‌وه‌ په‌یدا كردووه‌، په‌یوه‌ندی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كتومت مانا له‌ شیعردا، مانای جه‌وهه‌رییانه‌ی هونه‌ریش كتومت ئه‌و پێوه‌ندییه‌یه‌، چونكه‌ ده‌بێ په‌ی به‌ ده‌قێكی دیكه‌ به‌ریت، ده‌رك به‌وه‌ بكه‌یت كه‌ هه‌وڵه‌كانی شاعیر بۆ به‌ركه‌ماڵا دانه‌ به‌و ده‌قه‌ په‌نهانه‌، مه‌به‌ست ئه‌و ده‌قه‌یه‌ كه‌ به‌له‌سه‌یه‌ و ده‌بێ‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا بگیرێت و واژه‌ له‌ مانا پانوپۆڕتر نه‌بێت و هه‌ر وشه‌یه‌كی جه‌خت لێكراو وشه‌یه‌كی دی دابنێت تا ئه‌و ده‌قه‌ په‌نهانه‌ی بۆ دروست بێت. له‌م وێستگه‌یه‌دا، (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ڕه‌سه‌نێتی به‌ ئه‌فسانه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، كه‌ به‌ درێژایی ئه‌زموونی نووسینی خۆی هه‌وڵی داوه‌ بنیادی بنێت. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی گه‌وره‌تره‌ بۆ چه‌سپاندنی سیمبوڵه‌كانی، ئه‌و سیمبوڵانه‌ی كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ و پته‌وتر به‌ ئێستا و سه‌روبه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات، ماڵی شیعر ودنیابینییه‌كه‌ی خۆیشی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت.دنیابینیی شیعرییش، هه‌ر وه‌كو دكتۆر عه‌لی جه‌عفه‌ر ئه‌لعه‌للاق ده‌ڵێت: هاوكووفی خه‌ونه‌، هاوكووفی دیدی سۆفیانه‌یه‌، ئاوێته‌ بوونه‌ له‌گه‌ڵا بوونه‌وه‌ردا، یه‌كانگیر بوونه‌ به‌ شته‌كانی یونیڤێرسه‌وه‌. ئیدی ئه‌و له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ هێنانه‌دی شیعرییه‌تێك ده‌گه‌ڕێت كه‌ ئه‌وه‌ی پێشووتری تێپه‌ڕێنێ‌ و بیگه‌یه‌نێت به‌ ئاسۆگه‌لێكی تازه‌ و مه‌وداگه‌لێكی به‌رفراوانتر، چونكه‌ بۆ ئه‌و ئێستا ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی قۆناغه‌كانی پێشوو بووه‌ته‌ شتێكی نادژه‌باو و ترادیسیۆنیی و ئه‌گه‌ر تێی نه‌په‌ڕاندبێت واتا به‌ر له‌ هه‌موو شتێكی ئاسۆی شیعریی خۆی به‌ سنووربه‌ندیی به‌خشیووه‌ و مه‌وداكانی كورت و ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌:
جوانی له‌ بارێكی شڵه‌ژاودا خۆی پیشاندام
ده‌موچاوی سروشت به‌ ئاسانی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێ‌سروودی زه‌وی: ل32

*ئیگۆی هه‌ڵئاوساوی دووپاتبووه‌وه‌
پێموایه‌ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) له‌ تانوپۆی ده‌قه‌كانیدا خودی خۆی به‌رجه‌سته‌تر، تۆختر، هه‌ڵئاوساوتر به‌دیار ده‌خات له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئه‌و خوده‌ی كه‌ له‌ودیو فۆرمه‌كاندا كاڵده‌بێته‌وه‌، زۆرجار له‌ كات و شوێن ڕاده‌پسكێت، یانی كات و شوێن له‌ناو ده‌قه‌كاندا ئاماده‌ییه‌كی په‌یگیریان نابێت، ئیدی ناسنامه‌ی ئه‌و خوده‌ له‌و بارودۆخه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ تێیدا شه‌قڵا ده‌گرێت هه‌روه‌كو كیتسی شاعیر بۆی چووه‌. وێشده‌چێت وێنه‌ شیعرییه‌كانی، لایه‌نی كه‌م به‌شێكیان سه‌لیقه‌ی خه‌ون، نه‌وه‌ك هۆشێكی فره‌ئاست و فره‌ڕه‌هه‌ند دایان بتاشێت. بێگومان بۆ وێنه‌ ساده‌ و ساكاره‌كان هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌، گاستۆن باشلار وته‌نی هه‌ر ته‌نیا باڵه‌فڕه‌یه‌كی ڕۆح پێویسته‌ و هیچی دی، ئه‌و پێوه‌ندییانه‌یش كه‌ له‌ نێوانی وێنه‌كاندا ده‌ڕسكێن پێویسته‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ خه‌ون و خه‌یاڵا، له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ هۆشێكی هه‌تا بڵێیت دره‌وشاوه‌ بیانچنێت. پێویستیشه‌ وێنه‌ هه‌سته‌كی و وێنه‌ هزره‌كیی و وێنه‌ ساده‌ و وێنه‌ هاوجومگه‌ییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵێك شوێندا پێك بگه‌ن، بچنه‌ ناو پێوه‌ندییه‌وه‌، یانی لۆژیكێكی شیعریی تێكیان بئاڵێنێ‌ و جه‌سته‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ ئاماده‌ بكات، وێنه‌یه‌ك وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی لێ بێته‌ به‌رهه‌م هه‌تا هه‌ست به‌وه‌ بكرێت، كه‌ شیعره‌كه‌ بۆشایی نه‌یهێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵكو ئه‌زموون نووسیووێتییه‌وه‌ ئه‌گینا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ بوونی نابێت و به‌شه‌ كان گشتێك پێكناهێنن، جا ئه‌وسا سه‌رله‌به‌ری وێنه‌كان له‌ هاماجێكی ناشیعرییانه‌ی خاڵیدا ده‌خولێنه‌وه‌ و نه‌ جوانییه‌ك، نه‌ مانا و په‌یامێكیش به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن:

له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم بلووزی تۆڕ له‌به‌ر ده‌كه‌م
تا گوێ‌ له‌ كوڵانی هێلكه‌ و چای ناو كوره‌ی دیوار بگرم
دوو چاوی گه‌رم كه‌ شكۆی دایه‌ حه‌وای تێدا پارێزراوه‌
نان و ئاوم له‌ پێش داده‌نێ‌ سروودی زه‌وی: ل34

له‌ڕاستیدا، ناوه‌رۆكی چامه‌ هه‌رته‌نیا هه‌ڵچوونێكی بێسه‌روبه‌ر به‌شداری له‌پێكهێنانی ناكات،به‌ڵكوئه‌و هه‌ڵچوونه‌ی كه‌ ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕێت هه‌ڵچوونێكی سیسته‌ماتیكی كۆنتڕۆڵكراوه‌، هه‌ڵوێستێكی هه‌ڵچوونئامێزی سیسته‌ماتیكه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌شێك له‌ واقیعی ده‌ره‌كیی. له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا زمانی ئاگایی شیعر زۆر زاڵه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی دیدا زمانێك ئاماده‌یی هه‌یه‌ كه‌ پتر به‌ زمانی خه‌ون، یان به‌ زمانی ئه‌فسانه‌ هاوشێوه‌یه‌، بێگومانیش خه‌ونێك، یان ئه‌فسانه‌یه‌ك، كه‌ شیعر به‌ شێوه‌یه‌كی سوریالییانه‌ و سروشتبه‌زێنانه‌ ده‌توانێت تابیریان لێبداته‌وه‌:

باڵنده‌ له‌سه‌ر خوانی من ده‌فڕن و دوعای سپین به‌رزده‌بنه‌وه‌
تاسه‌ی ساتی نه‌مری ده‌كه‌ن سروودی زه‌وی: ل34
………………..
دوای مردن به‌خه‌به‌ر دێم
له‌ ڕێگای ڕۆیشتندا به‌هار به‌سه‌ر ناچێ‌ سروودی زه‌وی: ل37

*زمان و ئه‌زموونی شیعریی
له‌ زماندا، ئاگایی هه‌میشه‌ به‌ وێنه‌ وئیماژ وسیمبوڵه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت كه‌ ئه‌وانیش له‌ واقیعه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ، به‌ هۆی بنیادی زمانیشه‌وه‌ هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوون له‌ شیعردا ڕێكده‌خرێن. له‌ ڕاستیشدا زمان هه‌ر به‌ ته‌نیا فه‌رهه‌نگێكی بێگیان و وشك و برینگ پێكناهێنێت و هه‌ر ته‌نیا نماینده‌ی خۆشی نییه‌، به‌ڵكو كراسێكه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین قاڵبێكه‌ مانا په‌یجۆری ده‌كات، یان له‌جیاتی مانا ده‌كرێ‌ بڵێین فیكر په‌یجۆری ده‌كات. به‌ڵام ئایا له‌م ئه‌زموونه‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ر ستراكتۆری زمانی شیعردا هاتووه‌، یان هه‌ر ته‌نیا دووباره‌ هه‌ڵشێلراوه‌ته‌وه‌ و كۆنتێكسته‌كه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، واته‌ پێش و پاش خستنی په‌یڤه‌كان له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كی نوێدا كه‌ مانای وانییه‌ زمانی شیعریی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتبێت، نه‌خێر، به‌و شێوه‌یه‌ دركی پێناكرێت، له‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا په‌ی پێنابرێت كه‌ بمانخاته‌ به‌رده‌م فۆرمێكی دیكه‌، یان فۆرمیوولا كردنێكی دیكه‌ی زمان كه‌ ستراكتۆرێكی جودا و تایبه‌تمه‌ند و ناوازه‌ سه‌رچاوه‌ی بێت. بێگومان سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌ هاوجمكه‌ له‌گه‌ڵا ململانێیه‌ك، ئه‌ویش ئه‌و گومانه‌ دروستی ده‌كات كه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر یه‌ك شت، ئه‌ویش جه‌وهه‌ری مه‌عریفه‌ی شیعریی ئه‌م شاعیره‌یه‌، ئایا ئه‌م تێكه‌ڵكردنه‌، ئه‌م دژوازییه‌ له‌ ڕاستیدا له‌ ئاگاییه‌كی مه‌عریفییانه‌ و هونه‌رییانه‌وه‌ دێت، یان خۆڕسك و خۆكرده‌؟ ئایا ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ شیعرییه‌ به‌ ئه‌زموونێكی جوداوازه‌وه‌ تایبه‌تمه‌نده‌، یان بووه‌ته‌ بۆته‌یه‌ك بۆ ئه‌زموونه‌ ناخودییه‌كان و لاسایی كردنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ناكارامانه‌؟ ئیدی ئه‌م گومانه‌ كاتێك ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌زموونی نووسینی شاعیردا شۆڕبینه‌وه‌، به‌دوای وێستگه‌كانی وه‌رچه‌رخانیدا بگه‌ڕێین، ئه‌و مامه‌ڵه‌ كردن و شێوازه‌ له‌ لاماندا وه‌كو ده‌نگێكی دی به‌رجه‌سته‌ بێت نه‌ك وه‌كو ورده‌ شه‌پۆلێك له‌ كۆی شه‌پۆله‌ بچكۆله‌كانی تری ده‌ریای شیعری ئێستاماندا كه‌روێشكه‌ بكات:

هێنده‌ی زه‌ردێنه‌ی هێلكه‌یه‌ك
ئاهه‌كانمی له‌ناو ده‌ترووكێ‌
زه‌وی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر
له‌ سۆراخی هه‌وێنی هیوادا
ده‌ستی له‌ناو نیازی بێگه‌رد گه‌رم ده‌بێته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل44

هه‌ڵبه‌ته‌ شیعر له‌م ئه‌زموونه‌دا، هێشتا هه‌ر پارێزگاری به‌ خۆڕسكبوونی خۆیه‌وه‌ كردووه‌، هێشتا خۆی نه‌كردووه‌ته‌ ڕووبه‌رێك بۆ ده‌رخستنی مه‌عریفه‌ و فه‌لسه‌فه‌ كردن كه‌ له‌ لای زۆرێك بووه‌ته‌ شتێكی گرینگتر له‌و عه‌فه‌وییه‌ته‌ی كه‌ منداڵیی بۆ شیعر ده‌گێڕێته‌وه‌. ئیشكردن له‌ناو زماندا به‌ مه‌راقه‌وه‌ سیحرێك به‌ زمان ده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵا زمانی ئاساییدا مه‌ودایه‌كی به‌ربه‌رین ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌، ئیتر شیعر كه‌ په‌یدا بوو تخووبه‌كانی زمان ده‌به‌زێنێت، مانا و ده‌لاله‌ته‌ فه‌رهه‌نگیی و سووننه‌تییه‌كان به‌دوای خۆیدا به‌جێ ده‌هێڵێت، چونكه‌ زمان خۆی ده‌ستاوێژ نییه‌، به‌ڵكو بووه‌ته‌ مه‌خلووقێك، بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ خودی شته‌كان:

له‌ ته‌نیشتیدا ئاگرێكی كرده‌وه‌
له‌ یه‌ك دوو هه‌نگاو به‌ولاوه‌ تر
دووپشكێك له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئێسكدا مردار بووه‌ته‌وه‌
خه‌ڵكانێك به‌ترسه‌وه‌ دێنه‌ به‌ر هه‌تاوی به‌هارسروودی زه‌وی: ل45-46

ڕاسته‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا شیعر بۆ ئه‌و ئه‌و ژیانه‌یه‌كه‌ هێشتا نه‌یتوانیووه‌ بیجه‌ڕبێنێت، ئه‌و ژیانه‌یه‌ كه‌ هێشتاتێیدا نه‌ژیاوه‌، وه‌لێ‌ ئاماده‌یی پێده‌به‌خشێت:

چاوی ئاگر له‌ دۆزه‌خدا چی ده‌ڵێ‌
تابووت ته‌نیا جێگای یه‌ك كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل109-110

ئه‌و ناكۆشێت له‌و خاڵه‌وه‌ ساتوسه‌ودا له‌گه‌ڵا زماندا بكات كه‌ به‌ هه‌وڵا و كۆششی ئه‌ده‌ب پێی گه‌یشتووه‌ و به‌ره‌و هه‌رێمێكی جادووئامێزتری به‌رێت، به‌ڵكو ئه‌و ئاوڕ به‌ زوبان ده‌داته‌وه‌ و ده‌یباته‌ نێو هه‌رێمه‌ به‌راییه‌كان، پاشان ده‌یه‌وێت له‌وێوه‌ هه‌وڵێكی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵدا بدات تا بیگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و هه‌رێم و جێگا سیحرئامێزه‌ی كه‌ ئامانجێتی، به‌ڵام مه‌وداكه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوشاده‌ هه‌موو سیحره‌كان تێیدا به‌تاڵده‌بنه‌وه‌. ئیدی یاخیبوونێك لێره‌و له‌وێ‌ درك پێده‌كرێت به‌رانبه‌ر به‌ فۆرمی باوی زمان له‌ تێكسته‌كاندا، به‌ڵام هه‌ر له‌وێ‌ قه‌تیس ده‌مێنێ و بۆ قووڵاییه‌كانی زمان ته‌شه‌نه‌ ناكات هه‌تاكو له‌ ستراكتۆر نزیك بێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر له‌ فه‌زای ده‌ره‌وه‌ی زماندا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌ستكاریی كۆنتێكستی زمان ناكات و له‌ زۆر شوێنیش، له‌ زۆر ده‌قیشدا وا هه‌ست ده‌كرێت شتێكی هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌نجام ده‌دات و ئامانجێك ناپێكێت، به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا گۆڕانێكی مه‌به‌ست بێت:

دوورییه‌كی ئاڵۆز
ئاوی خه‌واڵووی ناو گۆزه‌ بخۆره‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل49-50
سروود خوێنی زه‌وی به‌ كاغه‌زی په‌یام كفن كراوه‌

به‌ره‌و گیانی خۆی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ‌
به‌رده‌وامیش ئاوڕ له‌ قه‌ڵا ده‌داته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل50

*خه‌یاڵا و ئه‌زموون
دیاره‌ خه‌یاڵا له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا هه‌ر ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌كه‌ و چالاكییه‌كی تری نییه‌ جگه‌ له‌ په‌رچكردنه‌وه‌ و ده‌ستاوێژێكیش نییه‌ هه‌تا به‌شداری له‌ كه‌شفكردنی هه‌قیقه‌تدا بكات، بۆیه‌ شته‌كان هه‌ر وه‌كو خۆیان كۆپی ده‌كاته‌وه‌. له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیشدا وشه‌،یان ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌وتۆ قوتده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئامانج تێیدا به‌رهه‌مهێنانی ئاژاوه‌یه‌كی ناوه‌كییه‌ ڕه‌نگبێت بۆ تێكدانی ئاوه‌زی شیعریی، كه‌ جگه‌ له‌ هێنانه‌دی ڕیتمێك هیچی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌ ناكات، ئه‌مه‌یش له‌ڕاستیدا هه‌ندێجار پێداویستییه‌ و چامه‌ پێداگری لێده‌كات:
پیتی زی نێوان
كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕ
ئاخاوتن و نه‌وای خۆم
دیدار و ناوهێنانی خۆم سروودی زه‌وی: ل53
هه‌ڵبه‌تا نابێت شاعیر هه‌ر له‌ پێناوی نووسیندا كرده‌ی نووسین ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ینووسێت پێبه‌پێی ڕه‌هه‌نده‌ هزریی و ده‌روونییه‌كان تێیدا ژیابێت ئینجا له‌لایدا ببێته‌ ده‌ق، جگه‌ له‌وه‌یش پێویسته‌ شاعیر به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بۆ خۆی ده‌ق به‌رهه‌م بهێنێت، ئینجا توانا و زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆی بۆ خۆشه‌ویستترین كه‌س و شت و بابه‌ت بخاته‌كار، ئه‌و، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ڕۆحی مرۆڤه‌كان به‌ڕووی چالاكییه‌كی دینامیكی به‌رهه‌ڵدا ده‌كات، هه‌روه‌كو كۆڵیڕیج ئاماژه‌ی پێداوه‌. بێگومان كاری شاعیر سه‌ركێشی كردنه‌ له‌گه‌ڵا بێده‌نگیی (یان خامۆشیی دنیا)و له‌گه‌ڵا شتێكیشدا كه‌ خاڵییه‌ له‌ مانا و وای لێده‌كات كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ و مانا، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی پێی ده‌كرێت بێده‌نگیی والێبكات بێته‌ ده‌نگ و نه‌بوونیش والێبكات بوونی لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ وشه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ هزرێكی ڕووكه‌ش و بووده‌ڵه‌ لێی ده‌ڕوانێ‌، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ ده‌توانێ‌ خودی جیهان و بوونه‌وه‌ر و ئێگزیستانسیش له‌ خۆیدا جێبكاته‌وه‌ و نهێنییه‌كانیان په‌رده‌پۆش بكات، یان ئاشكرا بكات. ئیزرا پاوه‌ند باشی بۆچووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: هه‌موو وشه‌یه‌ك به‌ مانا بارگاوییه‌، ده‌توانێ‌ ئاماده‌یی به‌ هه‌موو شته‌كان بدات، چڕوپڕبێته‌وه‌، به‌رته‌سكبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی مه‌ودایش گوشادبێته‌وه‌، كه‌وابێ‌ ڕه‌وایه‌ بوترێت خودی وشه‌ جیهانه‌، چونكه‌ هه‌موو شتێك له‌ناو خۆیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، شته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی دروستی خۆیاندا جێده‌كاته‌وه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین ئه‌وه‌ وشه‌یه‌ كه‌ مه‌ودایه‌كی به‌رینتری بابه‌تی شیعریی پیشانده‌دات، له‌وێدایه‌ هه‌موو شتێك پێگه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و خۆی دووباره‌ كه‌شفده‌كاته‌وه‌ و ڕۆڵی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی كارتێكه‌ر ده‌گێڕێت. ئه‌وه‌ی كه‌ گرینگیشه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ هه‌ستیی و ئێستێتیكییه‌یه‌ كه‌ ده‌ق له‌لای وه‌رگر به‌جێی ده‌هێڵێت و ئیتر وه‌رگریش وه‌كو په‌رچه‌كردار”ڕیئاكشن”ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌، دووباره‌ مانا به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌:
كه‌روێشكێك له‌ناو قۆپه‌نه‌ گیادا به‌چكه‌كانی فێره‌ چاوبزی ده‌كات
كێشكه‌یه‌كیش به‌سه‌ر هه‌ڵۆیه‌كی مۆمیاكراودا نیشته‌وه‌
سروودی زه‌وی: ل54
ئه‌رێ‌ باڵنده‌ هێلكه‌ی هه‌بێ‌ یان بێچوو
شاد ده‌فڕێت سروودی زه‌وی: ل112

تووتی بێ‌ چاووڕوو ده‌م ده‌كاته‌وه‌
له‌ نزیك
ڕه‌گ و
گۆپكه‌ و
خونچه‌
ده‌وه‌ستێ‌ و پێی له‌ زه‌وی ده‌خشێنێ‌
نه‌خشی ناوچه‌وانی به‌ردی بۆ دروست نابێ‌ سروودی زه‌وی: ل4

*شیعر و پێداویستیی
لێره‌دا شیعر ته‌قه‌للا ده‌دات به‌ره‌و ئاقاره‌ نوێیه‌كان بچێت، یان هیچ نه‌بێت كه‌شفیان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحێكی به‌ جۆش وخرۆش به‌دیبهێنێ‌. بێ شك ئه‌گه‌ر هه‌ر شاعیرێك ئه‌مه‌ی ئه‌نجامدا ئه‌وا ترادیسیۆنه‌ شیعرییه‌ باوه‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌ و ژیان له‌ناو سۆز و ئاگاییه‌ په‌ژموورده‌كه‌ی مرۆڤ زیندوو ده‌كاته‌وه‌ و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌ندێ‌ بۆ ڕۆحمان پێداویسته‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌دوای شته‌ مرۆییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین، یان ده‌مانه‌وێ‌ خۆمان له‌ناو ده‌قێكدا بدۆزینه‌وه‌ تا به‌ خودێكی دیكه‌وه‌ په‌یوه‌ست بین، ئه‌و خوده‌ ده‌توانێت تێگه‌یشتن فه‌راهه‌م بكات و ماناگه‌لێكی جیاواز له‌ناو ده‌قدا به‌دی بهێنێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هاوبه‌شییه‌ی كه‌ له‌ لاماندا مانا به‌ تێكست ده‌دات، یان به‌ شێوه‌یه‌كی تر بڵێم له‌ ده‌قێكدا ئێمه‌ به‌دوای هه‌ڵوێست و پره‌نسیپه‌ مرۆییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین و هه‌ر به‌وه‌یش هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین، یانی ئه‌گه‌ر ده‌قێك خاوه‌نی ئه‌م شته‌ نه‌بێت و لێی ونبێت ئه‌وا بۆ لای خۆی سه‌رنجمان به‌كێش ناكات و به‌ داهێنانی له‌ قه‌ڵه‌م ناده‌ین. به‌ڵام وه‌كی تر شیعر له‌بریی ئێمه‌ تێده‌هزرێت، زمان به‌ قسه‌ ده‌هێنێت، به‌ ته‌وزیفكردنی كرده‌ مرۆییه‌كانیش په‌نجه‌كانی شاعیر له‌گه‌ڵا دره‌وشانه‌وه‌دا نه‌رم ده‌بێت:

شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له‌ دووره‌وه‌ هاتووم و نه‌زرم له‌ خۆم گرتووه‌
نیشانه‌ی زیندوو كردنه‌وه‌ بناسم سروودی زه‌وی: ل57

دیاره‌ له‌ پراكتیكدا شیعر ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ له‌ په‌خشان فشه‌رده‌تر و چڕوپڕتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و خه‌یاڵییانه‌تر بێت، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی”ئی. ئێس. داڵاس”خه‌یاڵا چیدی مه‌له‌كه‌یه‌كی له‌ فیكر دابڕاو نییه‌ كه‌ بێگومان سه‌رچاوه‌ی سه‌رتاپای داهێنانه‌كانی مرۆیه‌. شاعیریش هه‌رده‌م ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌زایه‌كی كه‌متردا مانا و مه‌به‌سته‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات و زۆربه‌ی جاره‌كانیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا حاڵه‌ته‌ زۆر ئاڵۆزه‌كانی هزردا ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌قدا بهێنێته‌دی، له‌ناویدا، بوون به‌ ئاماده‌یییه‌كی مرۆیی بدات، تا له‌ ئه‌نجامدا دنیابینیی، یان تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی شیعریی ده‌سته‌به‌ر بكات:
په‌یامبه‌خش دڵم له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی ڕاده‌خات و له‌ چاوی نزیك ده‌كاته‌وه‌
قه‌ت دڵی وا پڕ كازێوه‌ و زه‌رده‌په‌ڕی نه‌دیوه‌ سروودی زه‌وی: ل54

*ڕه‌هه‌نده‌كانی وشه‌ی شیعریی
هه‌میشه‌ وشه‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌، لایه‌نی خودیی و لایه‌نی بابه‌تیی. هه‌میشه‌ دنیایه‌كی تر له‌ودیو وشه‌وه‌ خۆی مات داوه‌، ئه‌ویش جیهانی ئاگاییه‌، وشه‌- زمان ئامرازێكی بێوێنه‌یه‌ بۆ گوزارشت كردن له‌باره‌ی جه‌وهه‌ری واقیعه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤه‌وه‌. زمان وامان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه‌ شته‌كانی ده‌وروبه‌رمان ببینین. كه‌واته‌ له‌ پڕۆسه‌ی هۆشیارییدا ئامرازێكی بێهاوتایه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌و هۆشیارییه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت ناتوانێتكارفه‌رمای خۆی به‌ شێوه‌یه‌كیشیاو و به‌جێ‌ ئه‌نجام بدات و له‌ ئاكامدا كارێكی ئه‌وتۆ ناكات شته‌كان به‌ ڕوونی و بێگه‌ردیی له‌ ده‌وروبه‌رمان به‌دی بكه‌ین و گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت له‌ به‌رجه‌سته‌ كردن و په‌رچڤه‌كردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی زمان گۆشت و خوێنه‌كه‌ی پێك ده‌هێنێت، له‌ گرتنی ئه‌و ڕۆحه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا به‌ خاوخلیچكی و شێواویی به‌دیار ده‌كه‌وێت:

له‌ سێبه‌ری گه‌رمی دره‌خته‌كه‌دا بزه‌یه‌ك بۆ كامێرا بكه‌
حه‌كایه‌تی مردن كه‌مێك له‌ ژیان درێژتره‌ سروودی زه‌وی: ل55

باران بۆ ئه‌وه‌ ده‌بارێ‌ خۆی ون بكات
بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ خۆی بدۆزێته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل115

*شیعر و یه‌كێتی بابه‌ت
ئایا لێره‌دا ده‌كرێ‌ به‌ وردی قسه‌ له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی شیعریی بكرێت به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی بابه‌ته‌وه‌، له‌ ڕووی یه‌كێتی بابه‌ته‌وه‌ كه‌ كاراكته‌ر به‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌به‌خشێت؟ بێگومان، چونكه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌سته‌م نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌به‌رده‌م تێكسته‌كاندا به‌رانبه‌ر به‌ هه‌یكه‌لێك ڕاده‌وه‌ستین، ته‌ماشای كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ ناكه‌ین كه‌ هێشتا پێوه‌ندییان پێكه‌وه‌ نه‌سازاندووه‌، كه‌ هێشتا هه‌ر كه‌ره‌سته‌ی خاون، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا سه‌رنجی جۆره‌ هه‌ڵبزڕكانێك بدرێت، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شاعیر كاراكته‌رێكی به‌ ئه‌مه‌كی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌تی، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌و پارچه‌ پارچه‌ بوون و لێكترازانه‌ ده‌روونییه‌ی كه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ پێی به‌خشیووه‌، ئه‌و ده‌یگوازێته‌وه‌ ناو ده‌ق، ده‌توانین بڵێن ئه‌و له‌ هه‌ندێ‌ بارودۆخدا كارفه‌رمای ئاوێنه‌ ده‌بینێت كه‌ پیشاندانه‌وه‌ و په‌رچكردنه‌وه‌یه‌، بێگومان به‌ شێوه‌یه‌كی سایكۆلۆژییانه‌. ئه‌و ناتوانێت خۆی وا ده‌ربخات و بنوێنێت، قه‌واره‌یه‌كی تۆكمه‌ له‌ناو خودێكی بێهێز و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌ به‌رده‌سته‌ بكات. به‌م پێیه‌ ده‌كرێ‌ بڵێین یه‌كێتی بابه‌ت له‌م ده‌قانه‌دا ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌وه‌، ژیان خۆی یه‌كێتی بابه‌ته‌، ژیان، دیاره‌ به‌ سه‌رله‌به‌ری جوانیی و دزێوییه‌كانییه‌وه‌ یه‌كێتی بابه‌ته‌.چونكه‌ لێره‌دا ته‌واوی كه‌ره‌سته‌كانی جیهانه‌ شیعرییه‌كه‌ له‌ئه‌زموونی ژیانی شاعیرو قووڵاییه‌كانییه‌وه‌وه‌رگیراوه‌ و جیهانه‌كه‌ی پێ بنیاتنراوه‌:

مانگ ده‌ستی نزایه‌ هه‌ڵفڕیووه‌
له‌ تریفه‌ی خۆی زیاتر كه‌سی نییه‌
له‌ كانییه‌كیش ده‌پێچێته‌وه‌ كه‌ هیچی له‌باره‌وه‌ نازانێ‌
كانیش له‌ ئاست جۆگه‌ی دامێنی خۆی
كه‌ڕ و
لاڵا و
كوێره‌ سروودی زه‌وی: ل60

ئه‌گه‌ر پاشینه‌ی شاعیر ئه‌زموونه‌ بێچه‌ند و چوونه‌كه‌ی بێت، ئه‌وا له‌ نێوانی ئه‌زموون و گوزارشتكردن لێیه‌وه‌ هه‌ر وه‌كو نه‌زار قه‌ببانی بۆی چووه‌ دابڕان نییه‌. نووسینیش ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كامڵا، به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه‌ی باڵا. خودی شاعیریش ئه‌و منه‌ شیعرییه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زدا داده‌هێنێ‌ كه‌ ئه‌ركێكی گرینگی هه‌یه‌ ئه‌ویش ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانه‌ هه‌روه‌كو”سان جۆن پێرس”ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌:

گه‌وره‌م نه‌شونما ئه‌گه‌ر به‌ درۆ ماچ بكه‌م
خودا و خود سزام ده‌ده‌ن سروودیزه‌وی: ل58- 59

ڕابردوو و داهاتوو له‌ناو یه‌كدا مردوون
قاچی ئێستاشیان له‌ناودا سڕه‌ سروودی زه‌وی: ل121

*ڕه‌هه‌نده‌ دیار و نادیاره‌كان
ڕه‌نگه‌ ناوه‌رۆك و تاك وشه‌كانی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ به‌خۆوه‌ نه‌بینن، چونكه‌ جیاوازییه‌كه‌ له‌ ساتوسه‌ودادایه‌ له‌گه‌ڵا جه‌وهه‌ری شیعر و زمان خۆیدا، ده‌شێ‌ بوترێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ یاخیبوون و سه‌ركێشیی پێوه‌ دیاره‌ تاڕاده‌یه‌ك فۆرمه‌، واته‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و یاخیبوونه‌ له‌و فۆرمه‌ گشتییه‌ی كه‌ باوه‌ و كۆده‌نگیی له‌سه‌ره‌. ڕه‌نگه‌ شتی جیاوازی هه‌بێت ، به‌ڵام كه‌ ده‌ریده‌بڕێت و ته‌وزیفی ده‌كات به‌ جۆرێك ئه‌نجامی ده‌دات كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هاوتای نییه‌، نه‌بینراوه‌، پێشتریش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌، لانیكه‌م له‌ناوه‌نده‌كه‌ی ئێمه‌دا. دیاریشه‌ شیعر بێجگه‌ له‌وه‌ی بونیادنانی زمانێكی جوداواز و په‌ره‌پێدان و پێشخستنی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ئه‌ركێكی دیكه‌شی هه‌یه‌، ئه‌ویش ڕۆشنبیركردن و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی زمانه‌، واته‌ زمان والێده‌كات هه‌ڵگری پاشخانێكی مه‌عریفی قووڵتر بێت و ڕۆحێكی دینامیكییانه‌تر له‌ بۆته‌یدا شاردراوه‌ بێت و به‌ به‌ها و بابه‌تگه‌لی هه‌میشه‌ خۆتازه‌كه‌ره‌وه‌ و كاژفڕێده‌ر بارگاوی بێت:

ترپه‌ی دڵم گوێ‌ له‌ مێشكم ناگرێ‌ و شوێنپێی ناناسرێته‌وه‌
كۆمه‌ڵێك مردوو مۆمیان له‌سه‌ر ده‌ستیان ڕاگرتووه‌
ده‌موچاویان ته‌واو سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و ئه‌و ڕازه‌ ده‌دركێنن
په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كاتسروودی زه‌وی: ل62

شاعیر، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ میانه‌ی زمانه‌وه‌ به‌ شته‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، ده‌كرێ‌ وه‌كی تر بڵێین زمان تاقه‌ نیشتیمانی بێچه‌ند وچوون و بێ‌ هاوتای ئه‌وه‌. زمان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به‌رجه‌سته‌كه‌ری خه‌ونی شاعیره‌، نه‌وه‌ك ژیانه‌ ڕیاڵیستییه‌كه‌ی:

ده‌توانم باوه‌ڕ به‌و هه‌موو شتانه‌ بهێنم كه‌ بینیوومن
چونكه‌ هه‌موویان خه‌ون بوون سروودی زه‌وی: ل63

هه‌تاو خه‌ریكی دزینی پارچه‌ قوماشه‌كانی پرسه‌یه‌
داوای كرد له‌ دزییه‌كه‌یدا یاوه‌ری بین
ئه‌م داوایه‌ تایبه‌ته‌ به‌و مرۆڤه‌ی چاوی دڵی ناسیووه‌
سروودی زه‌وی: ل125

بێگومان زمانی شیعریی زمانێكی بارگاوییه‌ به‌ وێنه‌، له‌ ڕێگای وێنه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕاستیانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ نیازی ئاشكرا كردنی مانای ئه‌زموونه‌ تایبه‌تمه‌ند و كه‌سییه‌كه‌ی خۆیه‌تی. سه‌ره‌نجام هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ بلیخانۆف بۆی چووه‌ شیعر بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌ وێنه‌. بۆ ئه‌وه‌یش كه‌ به‌ وردی ئه‌وه‌ دیاریبكه‌ین ئایا دیارده‌ی وێنه‌ ده‌بێ‌ چی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌یش دیاریبكه‌ین ئاخۆ وێنه‌ پێش هزر ده‌كه‌وێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵا گاستۆن باشلاردا پێویسته‌ بڵێین شیعر پتر له‌وه‌ی دیارده‌ی ئاوه‌ز بێت، دیارده‌ی ڕۆحه‌. به‌م پێیه‌یش خه‌یاڵا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی تێدا ده‌بینێت. به‌و مانایه‌ی كه‌ وزه‌یه‌ له‌ داهێنان و توانایه‌ له‌ هێنانه‌ ئارا و قابلییه‌ته‌ له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی جیاواز وهاودژه‌كان و یه‌كخستنی نه‌گونجاوه‌كانه‌ له‌ گشتێكی لواو و هارمۆنیدا. له‌وه‌یش بترازێ‌ توانایه‌كی مه‌زنیشه‌ له‌ تێكشكاندنی یه‌كێتی ڕوواڵه‌تییانه‌ی شته‌كان و تێكوپێكدانی پێوه‌ندییه‌ شه‌قڵییه‌ كۆنه‌كان له‌پێناو سه‌رله‌نوێ‌ بنیادنانه‌وه‌یان. به‌مجۆره‌یه‌ كه‌ ژیانێكی شیعریی به‌ كۆنسێپت ده‌به‌خشرێت، ئه‌و كۆنسێپته‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌نووكه‌وه‌ پێوه‌ندیدار بێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حاڵیبوون و ده‌رك پێكردن بێت بۆ خودی سه‌رده‌مه‌كه‌ خۆی:

هه‌میشه‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا دڵخۆشم ده‌كات و دوا بارانیش ده‌مترسێنێ‌
نازانم بۆ ناتوانم ته‌واو له‌ باران نزیك ببمه‌وه‌
یاداشتنامه‌یه‌كی توندوتیژم داوه‌ته‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا
نه‌رم ببارێ‌
نان نه‌رم ئاوپرژێن ده‌كرێت
شانه‌ی هه‌نگوینیش به‌ نه‌رمی پڕ ده‌بێت سروودی زه‌وی: ل68

ناڵی ئه‌سپ له‌ق بووه‌ و سروشت تووڕه‌ و دڵخراپه‌
ئه‌ی هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
فه‌رمان به‌ دڵم بده‌ خراپه‌ ده‌ركاتسروودی زه‌وی: ل67

*شیعر واقیعی خودیی خۆی ده‌ئافرێنێ‌
دیاره‌ شیعر هه‌میشه‌ واقیعی خۆی ده‌خوڵقێنێ‌ و كۆمه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌یش ده‌خوازێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ ئاڵۆزه‌ی، واقیعی حاڵیش دره‌وشانه‌وه‌ی زیاتری پێده‌به‌خشێت. شیعر هه‌ندێجار لێره‌دا لۆژیكێكی فۆتۆگرافیانه‌ی هه‌یه‌، زوومێكه‌ وێنه‌ی نزیكتر ده‌گرێت، كه‌ڵه‌كه‌یان ده‌كات و سه‌ره‌نجام كه‌ ته‌واو ئاماده‌ ده‌بن، ده‌یانخاته‌ توێی ئه‌لبوومێكه‌وه‌، ده‌توانین بڵێین ئه‌لبوومه‌كه‌ چه‌كامه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا جیاكاره‌ گۆشه‌نیگاكانه‌، هه‌ر فۆتۆیه‌ك له‌ پنتێكی دانسقه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ی خۆی ڕاوشكار ده‌كات و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌فسووناوی سه‌رسامكه‌ردا ئه‌وقی ده‌كات. ئه‌و دنیایه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا بوونی هه‌یه‌، له‌ سه‌راپا و به‌ درێژایی مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌كانی تژییه‌ له‌ دژوازیی و نه‌گونجان، بێگومان ده‌قیش زۆر له‌و دنیایه‌وه‌ دوور نییه‌ و ئه‌و دژوازییانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناو خۆی، ئیتر دنیایه‌ك ئافه‌ریده‌ ده‌بێت كه‌ گواستنه‌وه‌ی كتوپڕ له‌ شتێكه‌وه‌ بۆ شتێكی ته‌واو جیاواز زاڵا ده‌بێت و تاڕاده‌یه‌ك ده‌ق هه‌ناسه‌سوار ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه‌یش سه‌یری بكه‌ین ئه‌وا په‌یوه‌ندی بڕگه‌كان كاڵبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌سته‌ویه‌خه‌یان بووه‌ته‌وه‌، له‌ملاوله‌ولایشدا پێوه‌ندییه‌كان بوونی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام وه‌كی تر كه‌ توێژی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕووكاره‌ به‌جێ‌ ده‌هێڵێت هه‌مان ئه‌و دنیایه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌بینین كه‌ شیعر به‌ یاسا و لۆژیكی خۆی ئافه‌ریده‌ی كردۆته‌وه‌ و هه‌ست ناكرێت كه‌ كه‌موكووڕی تێدا هه‌بێت و ئه‌و یه‌كێتی بابه‌تییه‌یش كه‌ له‌لایه‌ن زۆرێكه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌ هێنده‌ بزر بووبێت كه‌ به‌ زه‌قی به‌و ده‌قانه‌وه‌ دیاربێت كه‌ واقیعێكی بێ‌ یه‌كێتی و پڕ هاودژیی نماینده‌ی ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌كو شێوه‌ و فۆرم ده‌شێ‌ پێوه‌ندییه‌كانی زمان نه‌توانن یه‌كێتییه‌كی بابه‌تیی به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌یشدا ناوه‌رۆك به‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و ڕه‌چاوی ئه‌و واقیعه‌ی ده‌ره‌وه‌ی چامه‌ بكه‌ین، كه‌ وه‌كو شه‌قڵا شڵه‌ژان و دابڕانی ڕووكه‌شانه‌ پیشان ده‌دات، وه‌لێ‌ له‌ودیوی ئه‌مانه‌دا بێ شك ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ یه‌كێتییه‌كی بابه‌تییانه‌ی مكووم و تۆكمه‌یه‌:
كتێبێك له‌ ئومێدی خۆیدا دڵی داینه‌وه‌
شوێنیشمان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌
ئه‌گه‌ر هه‌شمانبێت یارییه‌كی ئاگربازییه‌
تیشكی سووتێنه‌ر شه‌مێی توانده‌وه‌
پایزیش سووكایه‌تی به‌ شكۆی دره‌خت ده‌كات
وه‌كو عه‌لیشیشی فیكه‌ بۆ كێشراو
ده‌ممان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل69-70

به‌ په‌یژه‌یه‌كی نووستوو هه‌ڵده‌كشێمه‌ ناو تاریكی و ڕووناكی
په‌یژه‌ ته‌نیایی و ترس و واقوڕمانه‌
تاریكی لێوی له‌ كوڵمی ڕووناكی ده‌كاته‌وه‌ سروودی زه‌وی: ل70-71
*سه‌ركه‌وتنی هه‌سته‌كان له‌ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌
دیاره‌ وێنه‌كان بیر و هه‌سته‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن، سۆزه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. هه‌ژموونی وێنه‌كان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعر تاڕاده‌یه‌ك كاڵده‌كه‌نه‌وه‌ و لێڵیی به‌ بابه‌ت و مانا ده‌به‌خشن.یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی شیعرێك كه‌ وێنه‌ دایهێناوه‌ هه‌ستكردنه‌ به‌بوونی كۆمه‌ڵه‌ گرێیه‌ك له‌ نێوان گواستنه‌وه‌ی وێنه‌كاندا، كه‌ ئه‌مه‌یش واده‌كات له‌ ڕه‌وتێكی سروشتی و بێگرێ‌ وگۆڵییه‌كی شیعریی بێبه‌ریی بكات. ئه‌گه‌ریش شیعر پێبه‌پێ خۆی له‌ چه‌مكی وێنه‌دا ببینێته‌وه‌ ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ ئێلیمێنتێكی سه‌ره‌كی و یه‌كانه‌یه‌ له‌ پێكهێنان و به‌دیهێنانی شیعردا. “سی. ده‌ی. لوویس” له‌ كتێبی وێنه‌ی شیعرییدا ده‌ڵێت: داهێنان و بوێریی و به‌ پیتیی له‌ وێنه‌دایه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ “خاڵێكی به‌هێز”له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌و ڕۆحه‌ی كه‌ به‌ سه‌ر چامه‌ی هاوچه‌رخدا باڵاده‌سته‌ وه‌كو هه‌ر ڕۆحێكی دیكه‌ شیمانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌رفرتێ. هه‌ڵبه‌ته‌ وێنه‌یش هه‌رده‌م جێگیره‌ و خودی قه‌سیده‌یش له‌ ده‌ره‌نجامدا وێنه‌یه‌، ده‌كرێ‌ هه‌موو شتێكی بگۆڕێت، بۆ نموونه‌ ئاڕاسته‌، شێواز، بابه‌ت، فۆرم…..تاد، به‌ڵام وێنه‌ هه‌ر به‌ جێگیریی له‌ پێكهاته‌ی شیعردا ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ر وه‌كو پێوه‌ری سه‌ره‌كی و شكۆی شاعیر و به‌رزی و ژیانی به‌رجه‌سته‌ی شیعریش ده‌مێنێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی”درایدن”ئاماژه‌ی پێداوه‌:

په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كاتسروودی زه‌وی: ل66
تریفه‌ش چه‌ند له‌ ئاسكێكی دووگیان ده‌چێ‌
به‌ نه‌رمی پێ‌ هه‌ڵده‌گرێ‌ سروودی زه‌وی: ل67
نووشته‌ی چاوه‌زار به‌ ناوچه‌وانی خانوو جۆلانه‌ ده‌كات
سروودی زه‌وی: ل82
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه‌ سێبه‌ر ناگرێ‌سروودی زه‌وی: ل82

لێدانی دڵا هه‌موو شتێكی من ده‌زانێ‌ و چاوساغی هه‌قیقه‌ته‌
سروودی زه‌وی: ل85

بێگومان ئه‌وه‌ی كه‌ هاوگونجاندن له‌ میانی وێنه‌كاندا به‌دیده‌هێنێت ڕێككه‌وتنی بابه‌ت و وێنه‌یه‌. وێنه‌ ڕێگای بابه‌ته‌كه‌ ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌، كۆمه‌كی ده‌كات خۆی باشتر به‌دیاربخات، یان بدۆزێته‌وه‌.”ئای. ئه‌ی. ڕیتچاردز”پێیوایه‌: ئه‌و توانا سه‌رسامكه‌ره‌ی شاعیر بۆ هاوئاهه‌نگكردنی قسه‌، هه‌رچی چۆنێك بێت به‌شێكه‌ له‌و توانا فره‌ سه‌رسووڕ هێنه‌رتره‌ی هاوئاهه‌نگكردنی ئه‌زموون. خودی ئه‌زموونی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ بابه‌تی ته‌واوی شیعر بووه‌. شیعر كاتێ‌ كه‌ قووڵاییه‌كانی مرۆ ته‌یده‌كات، خه‌سڵه‌تی نوێ‌، یان جیاواز به‌ شته‌كان ده‌دات، مانایه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌یان پێ ده‌به‌خشێت، له‌وێوه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت جێگایه‌كی شایسته‌ و پڕبه‌پێست له‌ جیهاندا ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ هه‌روه‌كو ماكلیشیش ئاماژه‌ی پێكردووه‌: شیعر یه‌كێكه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ مانای ژیانمان بۆ ڕاڤه‌ ده‌كاته‌وه‌ و قووڵترین پێداویستییه‌ مرۆییه‌كانیشمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانا بۆ ژیانمان فه‌راهه‌م بكه‌ین:

كیسه‌ڵا كه‌ سه‌ری خۆی ده‌باته‌وه‌ ناو قاوغی
له‌ قووڵایی خۆی ده‌ڕوانێ‌ سروودی زه‌وی: ل72

جا ئه‌گه‌ر شیعر هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كریستۆڤه‌ركۆدوێڵا بۆی چووه‌: یه‌كێك له‌ كۆنترینی ئه‌و چالاكییه‌ ئێستێتیكییانه‌ی هزری مرۆڤایه‌تی بێت ئایا ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی دیكه‌ی هه‌یه‌؟ واته‌ ده‌توانین پشتگوێی بخه‌ین و هه‌ست به‌ ناته‌واوی و كێماسییه‌ك له‌ ژیانی مرۆییماندا نه‌كه‌ین؟ دیاره‌ تا ئێستا ئه‌م پرسیاره‌ بێ‌ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ شیعر بۆ ڕۆحی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا پێداویستییه‌كی په‌یگیره‌ و سه‌رومڕه‌ له‌وه‌ی به‌ ڕۆڵێكی پۆزه‌تیڤ و گرینگ هه‌ڵبستێت له‌ پێشخستنی و پاقژكردنه‌وه‌ی له‌ گوناهه‌ زه‌مینییه‌ ناچیزه‌كان،هێشتا تێپه‌ڕاندنی قێزه‌وونیی و یه‌كدۆخییه‌كانی ژیانه‌ و جیهانێك به‌ ئاده‌میزاد ڕه‌وا ده‌بینێت كه‌ هه‌ست ده‌كات پێوه‌ی پێوه‌ندیداره‌ و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت:

سه‌رم له‌ تاریكی و ڕووناكی سووڕماوه‌
كامیان له‌به‌ر كامیان هه‌ڵدێن سروودی زه‌وی: ل71

وێده‌چێت ئه‌فلاتوون بایه‌خی به‌و چێژ و له‌زه‌ته‌ دابێت كه‌ شیعر ده‌یبه‌خشێت، ئه‌ریستۆیش بایه‌خی به‌و كارفه‌رمایه‌ دابێت كه‌ شیعر ده‌یبینێت، هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌زیفه‌ی شیعریی له‌لای ئه‌ودا خۆی له‌”كاتارسیس”دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ چه‌شنی فیلته‌رێك بۆ پاقژكردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆ لێی بڕوانین، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان ناكرێت شیعر له‌ یه‌كێك له‌م دوو به‌خششه‌ی خۆی داماڵین، یان به‌بێ‌ یه‌كێكیان وێنای به‌ركه‌ماڵبوونی بكه‌ین، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ چێژ و وه‌زیفه‌كه‌یشی هه‌ر پێداویسته‌:

ده‌ستی بكوژ چرچ و لۆچ و په‌ڵه‌ی تێ‌ كه‌وتووه‌
ناتوانێت خه‌ون ببینێ‌ كه‌ په‌پووله‌یه‌ سروودی زه‌وی: ل66

زه‌وییه‌كی دانه‌چێندراو نه‌یتوانی بزه‌ بهێنێته‌ سه‌ر لێوان
هه‌ڵمی هۆشمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم سروودی زه‌وی: ل114- 115

به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ ئومێد و ئاواتی بێهاوتا و بێچاڵش و به‌رهه‌ڵستیی شاعیر جگه‌ له‌ شیعری په‌تیی شتێكی دی نییه‌، بۆریس پاسته‌رناكیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌: تاقه‌ په‌یامێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی شیعره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جوان بێت.هه‌ڵبه‌تا به‌ گوێره‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ بێت هه‌ندێ‌ شوێن له‌ جه‌سته‌ی ده‌قه‌كانی سه‌باح ئامانجیان پێكاوه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌ون و واقیعی تێدا ناتوێنێته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ مشتوماڵی ناكات. نه‌بوونی شیعر، یان چككردنی له‌ژیانیدا بوونی گه‌وره‌ترین بێئومێدییه‌ له‌قه‌واره‌یدا.له‌م لاپه‌ڕه‌ شیعرییانه‌دا ده‌ق به‌ شێوه‌یه‌كی حه‌په‌سێنه‌رانه‌ ڕه‌هه‌ندی ئێستای به‌سه‌ردا زاڵه‌، یان هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی له‌ هه‌نووكه‌دا شاردۆته‌وه‌، هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یه‌ و له‌ میانییه‌وه‌ به‌ر ئێستا ده‌كه‌وین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر فیلمێكدا بین كه‌ به‌ ته‌كنۆڵۆژیای (سێ ڕه‌هه‌ندیی-3د) پیشان بدرێت، یانی له‌ هه‌موو لا و گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ ئێستا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌نده‌ به‌ پڕاوپڕیی وكتومت ژیانی خۆی ژیاوه‌ و ده‌ژێت، كتومت شیعر دێت ئه‌وه‌ی بۆ دابهێنێته‌وه‌، به‌ چه‌شنێك ئه‌و كاره‌ی بۆ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ هه‌رگیز مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان ئه‌و دوانه‌دا به‌دی ناكرێت،ته‌نیاسروشتی ئه‌و دیاله‌كتیكه‌ ده‌رك پێده‌كرێت كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادایه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ جۆرێكی باڵانسدارتر خۆی ده‌نوێنێ‌ و ڕوواوڕووی جیددییه‌تێكی ئه‌وتۆمان ده‌كاته‌وه‌ بڵێین دنیای شیعر هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌خشینی پیت و فه‌ڕ به‌ دنیای واقیع:

براده‌ران بێ بایه‌خن ئه‌و به‌ردانه‌ی بۆ مل شكاندن ده‌یهاوێینه‌ به‌رپێی یه‌كتری
مانگ له‌ ئاسماندا ته‌نیایه‌ و گۆرانی هه‌مووشمانه‌سروودی زه‌وی: ل76

بێگومان (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هزرێكی به‌رجه‌سته‌كه‌ر و بینین ئامێزی هه‌یه‌، به‌ ئیحای تابلۆیه‌كه‌وه‌ شیعر ده‌نووسێت كه‌ پێشتر له‌ زه‌ینیدا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و دواجار هێڵه‌كان و ڕه‌نگه‌كان و فیگه‌ره‌ مۆدێرنه‌كان هێدی هێدی ده‌بنه‌ ڕایه‌ڵا و هۆنراوه‌كانیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئیتر پێویسته‌ له‌سه‌ر خوێنه‌ر به‌ هه‌موو ماناكانی خوێندنه‌وه‌ ده‌قه‌كان بخوێنێته‌وه‌. به‌مجۆره‌یش ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نێوان كۆزمۆزی (جیهانی) تایبه‌تی و كۆزمۆزی گشتییدا بوونی هه‌یه‌، یانی لێره‌دا شتێك نییه‌ ناوی جیهانی تایبه‌تی په‌تیی، یان جیهانی گشتیی په‌تیی بێت، هه‌ردووكیان له‌ كاركردێكی دوو لایه‌نه‌دان، واته‌ جه‌ده‌لییه‌تێك له‌ نێوانیاندا درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ یه‌كتری كارتێكراون، گۆڕانی یه‌كێكیان گۆڕانی بێچه‌ند و چوونی ئه‌وی دییان ده‌گه‌یه‌نێت:
ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای ئه‌سپ
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
بۆ باڵی باڵنده‌ پیت و فه‌ڕ ده‌ڕژێنێته‌ سه‌ر پشتیسروودی زه‌وی: ل75-76

*وێنه‌ و جووڵانه‌وه‌
شاعیر، وه‌ك هه‌میشه‌ له‌میانه‌ی زنجیره‌ وێنه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌، كه‌ هه‌ست و سۆزمان ده‌خرۆشێنن و ده‌یانهێننه‌ جووڵه‌ و ورووژان، كه‌ هه‌رگیز خاڵی نین له‌ به‌ها ئۆنتۆڵۆژییه‌كان و یاده‌وه‌ری شیعریمان ده‌هه‌ژێنن، ئێمه‌ ده‌بێ‌ دووباره‌ پێی ڕابێینه‌وه‌، ده‌بێ‌ دووباره‌ وێنه‌كان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌ و تابلۆیه‌كیان لێ دروست بكه‌ین كه‌ سه‌ره‌نجام قه‌سیده‌كه‌یه‌ و ئێمه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌، واته‌ ئه‌و تابلۆیه‌ ده‌توانێ‌ ببێته‌ پانۆڕامایه‌ك كه‌ له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌ چامه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. یانی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ خود، كه‌ ئه‌ویش به‌ ناڕاسته‌وخۆیی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ واقیع، یان په‌نابردنه‌ بۆ ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ خود ده‌ركی پێده‌كات و خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌قیقه‌تێكی جیاوازی به‌رهه‌مهێناوه‌، هه‌قیقه‌تێكی نوێ‌ هه‌روه‌كو ڤیكتۆر شكڵۆفسكی ئاماژه‌ی پێكردووه‌، هه‌موو پێوه‌ندییه‌ ئاسایی، یان كۆنه‌كانی زمانی تێكوپێك داوه‌ و یه‌كێتی ڕواڵه‌تیی شته‌كان ته‌فروتونا ده‌كات و پێوه‌ندییه‌كی دیكه‌ و یه‌كێتییه‌كی تریان بۆ ده‌گونجێنێ‌، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هیچه‌وه‌ شتێكی جیاواز بخوڵقێنێت، ئه‌گه‌رچیش زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانیشی ده‌گه‌نه‌ بنبه‌ست:

بخوور تا نه‌سووتێ‌ بۆنی بڵاو نابێته‌وه‌
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه‌ سێبه‌ر ناگرێ‌
ئاو تا نه‌ڕوات ئاوازی لێ په‌یدا نابێت
پشكۆ تا نه‌بێته‌ خۆڵه‌مێش با نایبات سروودی زه‌وی: ل82
چ هۆگربوون و نیازێكی پاكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕاكه‌ی
ڕووخساری مه‌حاڵا ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ بۆ به‌رانبه‌رسروودی زه‌وی: ل83

*لۆژیكی شیعریی
ده‌شێ وێنه‌ له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ترین ئێلیمێنت بێت، ئه‌گه‌رچیش به‌سه‌ر دنیایه‌كی كۆلكه‌ڕه‌نگینه‌ییدا ئاوه‌ڵامان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئایا شیعر ته‌نیا وێنه‌ ده‌یخوڵقێنێت، یان شتگه‌لێكی دیكه‌یش له‌ پێكهاته‌یدا به‌شدارن؟هه‌ر بۆنموونه‌: ئۆبژێكت، خه‌یاڵا، پرسیار،خه‌ون، زمان، گێڕانه‌وه‌، یاده‌وه‌ری، كات و شوێن، دنیابینیی، فه‌نتازیا…..تاد، به‌ڵام مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر ببێته‌ بۆته‌یه‌ك و ئه‌مانه‌ و هه‌رچی ئێلیمێنتێكی تریش هه‌یه‌ بگرێته‌خۆ و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگرانه‌ یه‌كێتی فۆرم وناوه‌رۆك پێكبهێنێ‌، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ یه‌كێتی بابه‌ت تێیدا و به‌ ئاقاری مانایه‌كی گشتیی ده‌مانبات و په‌یامێكی لێوه‌ هه‌ڵده‌گۆزین. بێگومان ئه‌وانه‌یله‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێدرا، پێویسته‌ سه‌رتاپا تێك بڕژێن و پێكهاته‌یه‌ك بخوڵقێنن كه‌ خۆی له‌ یه‌كێتی بابه‌تدا ببینێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ر له‌مانه‌ هه‌موویشی مۆتیڤ شتێكی ئۆرگانی و گرینگه‌ و پێداگریی ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێلیمێنتانه‌ له‌ تێكستێكدا ئاوێته‌ بن و گوتارێكی شیعریی كامڵا بخه‌نه‌ڕوو. بێجگه‌ له‌مانه‌ لۆژیكیش له‌م داهێنانه‌دا به‌شداره‌، كه‌ پێویسته‌ زۆربه‌هێز بێت و پرد له‌ نێوانی وێنه‌كان و سه‌رجه‌م ئێلیمێنته‌كانی دیكه‌دا دروستبكات و له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌یدا هه‌ست به‌ شپرزه‌یی و په‌رتوبڵاوی نه‌كرێت. ڕه‌نگه‌ هه‌بێت بپرسێت: لۆژیكی شیعریی چییه‌ كه‌ وا په‌یده‌رپه‌ی دووپات ده‌بێته‌وه‌؟ دیاره‌ ئه‌و جووڵانه‌وانه‌یه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ شیعرییه‌كانی دووتوێی ده‌ق شیاو و مومكین ده‌كه‌ن و یاساوڕێساكانی به‌رقه‌رارده‌كه‌ن و سه‌لیقه‌یه‌كی سه‌رئاسای پێناوێت بۆ ده‌ركپێكردنی، ئه‌و خوێنه‌ره‌ی كه‌ به‌دوای پێوه‌ندی ڕایه‌ڵه‌كانی قه‌سیده‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌دوای ئه‌و پێوه‌ندییانه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ به‌شه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌لكێنێت و گشتێك دروستده‌كات ده‌بێ‌ بزانێت ئه‌وه‌ عه‌وداڵی یه‌ك شته‌ ئه‌ویش لۆژیكی شیعرییه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ ڕه‌زامه‌ندیی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشن؟ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئایا گونجانێكی سه‌رجه‌مگیر هه‌موو شتێك له‌ئامێز ده‌گرێت؟ نازانم كێ‌ یه‌كه‌مجار وتوویه‌تی شیعر لۆژیكی ناوازه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، لێره‌دا به‌ مانای یاساوڕێسا خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ و هه‌ر شیعرێك سه‌رله‌نوێ‌ و بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و لۆژیكه‌ بۆ خۆی ده‌ئافرێنێ‌، چونكه‌ ته‌نیا یه‌ك لۆژیك بوونی نییه‌، ئه‌گه‌رچیش هاوبه‌شییه‌كی لۆژیكی له‌میاندایه‌، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا هه‌ر ده‌قێك خاوه‌نی لۆژیكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێبه‌پێی ژماره‌ی ده‌قه‌كانیش لۆژیكه‌كان هه‌مه‌جۆر و بێ ئه‌ژمارن:

باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێر شه‌هید كرا
فڕینی له‌ یادمان ما
دایكی شه‌هیدێك ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه‌ نێرگز و مێخه‌ك
له‌ قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه‌ سروودی زه‌وی: ل85-86

نواڵه‌ له‌ قۆزاخه‌ی مندا بۆنی خه‌مڵاند
منیش له‌ قۆزاخه‌ی شیعر
ئه‌رێ‌ گیان له‌ كوێی جه‌سته‌دا ده‌ژی سروودی زه‌وی: ل 85

دیاره‌ هه‌ر وه‌كو ڕامبۆ ده‌ڵێت، سه‌باح له‌م ده‌قانه‌دا ته‌واو سه‌رده‌مانه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر ڕووكه‌ش نه‌بێت ئه‌وا (نهێنیی ده‌قیجیاوازه‌). ئاشكرایه‌ كه‌ جۆره‌ ئه‌زموونگه‌راییه‌ك هێشتایش ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی جیاكار ده‌كه‌ن، ئه‌ویش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌ ئاره‌زوویه‌كی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ هێنانه‌ ئارای شتێكی ته‌واو نوێ‌، بۆ هێنانی گۆڕانكاری و خۆجێهێشتن و ده‌قه‌كانیشی تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر قۆناغێك كه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ بێسه‌روبه‌رییه‌كی بێهووده‌ تێیدا به‌رجه‌سته‌یه‌ و سكێچێكی جیاكارانه‌ و تایبه‌تمه‌ندانه‌ی بۆ ده‌كێشن. ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌وی پێدا تێده‌په‌ڕێت له‌وانه‌ی پێشووتری ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌، چ له‌ ڕووی بابه‌ت چ له‌ڕووی فۆرمه‌وه‌، ئه‌گه‌رچیش سه‌دای ئه‌زموونه‌ به‌راییه‌كانی فه‌زای ئێستایشیان به‌یه‌كجاریی به‌جێ نه‌هێشتووه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ترادیسیۆنه‌كانی شیعری پێشووتر دانه‌بڕاوه‌، یان ده‌كرێ‌ بڵێین هێشتا په‌یوه‌ندی به‌ ڕابردووی شیعریی خۆیه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌یان گه‌یشتنه‌ به‌ وێستگایه‌كی دیكه‌ له‌ ژیان و ئه‌زموونی گه‌وره‌بوون و به‌ساڵدا كه‌وتن. چونكه‌ گه‌ڕانێكی تاقه‌تپڕووكێن و جیددی به‌ناو ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌و ڕۆحه‌ ترساوه‌ ئاشنامان ده‌كات كه‌ له‌ گه‌ڕاندایه‌، به‌و ڕۆحه‌ شاره‌زامان ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت كه‌ به‌دوای چیدا گیرۆده‌یه‌:

دواڕۆژ ماڵی شایسته‌ی نه‌مرانه‌
دره‌ختی مردنی تێدا به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌ین سروودی زه‌وی: ل89

گه‌یشتم به‌ شوێن پێی خۆم و گوێ‌ له‌ بێده‌نگی مردن ده‌گرمسروودی زه‌وی: ل87

قه‌له‌ڕه‌ش باڵه‌ ته‌په‌ ده‌كات
منیش له‌و ئاسۆیه‌ ده‌ڕوانم كه‌ له‌ناو دڵمدا درێژ ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل94

*شیعر و ئاشكرا كردنی واقیعی خود
شیعر لێره‌دا نامه‌ی خودێكه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی،خودێكی له‌بیركراو، خودێكی زیندانیی، كه‌ له‌ ئاكامدا بووه‌ته‌ تاقه‌ ده‌ستاوێژێك بۆ گه‌یاندنی كرده‌یه‌كی مرۆیی، بۆ گه‌یاندنی هه‌قیقه‌تێك كه‌ ئاده‌میزاد باجه‌كه‌یه‌تی، چوونه‌ به‌ره‌و پاكو بێگه‌ردیی و پاكیزه‌یی، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌، گه‌یشتنه‌ به‌ ڕووناكیی، ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ شه‌رمیدا پێغه‌مبه‌ره‌كانیش ده‌مرن، ڕووناكییه‌ك كه‌ ته‌ماهی كردنه‌ له‌گه‌ڵا خودا، خودایه‌ك كه‌ ئاماده‌یییه‌كی كرده‌یی و په‌یگیری له‌ زۆربه‌ی شیعره‌كاندا هه‌یه‌ و گوزارشت له‌ شتێكی زیندوو، شتێكی سه‌رئاسا ده‌كات، پێویسته‌ دانبه‌وه‌دا بنێین كه‌ شیعر بێچه‌ند و چوون پابه‌ندبوون و لایه‌نداری ڕۆحه‌، كراسێك نییه‌ كرابێته‌ به‌ر شتێكی ئه‌بستراكت، ئه‌گه‌ر وایش بێت ئه‌وا حه‌تمه‌ن كراوه‌ته‌به‌ر هه‌ندێك شتی به‌رجه‌سته‌ كه‌ مانایه‌كمان پێده‌به‌خشن. بۆیه‌ كه‌ شیعر بێده‌نگ ده‌بێت، كه‌ شیعر ده‌ستبه‌رداری خۆی ده‌بێت، ترسێك هه‌ڵده‌وه‌رێته‌ سه‌ر خودی شپرزه‌ی شاعیر و هه‌ر هه‌موو شته‌كانیش:
هه‌میشه‌ ته‌واو بوونی شیعر ده‌مترسێنێ‌ سروودی زه‌وی: ل79

*شیعر و زمانی خه‌ون
دیاره‌ ئیدی زمان دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ‌ كه‌ ده‌شێ پێشتر خه‌ون زمان بووبێت و له‌ هه‌شته‌مین كۆشیعر و له‌م وێستگه‌یه‌دا خۆی به‌دیهێنابێت. سه‌ره‌تا زمان ده‌چێته‌ دۆخی به‌رایی خۆیه‌وه‌، وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوی لێدێت، ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌كات شتێكی ڕۆشن و جیاوازی لێوه‌ بنیاد بنێت، نه‌ زمانی ئاخاوتنی خه‌ڵك بێت، نه‌ ئه‌و زمانه‌یش بێت كه‌ئه‌ده‌بێكی ته‌قلیدیی په‌یجۆری ده‌كات و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هێناوه‌ و مه‌ودای له‌گه‌ڵا زمانی ئاخاوتن وه‌رگرتووه‌ ، ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ دێته‌ به‌رهه‌م به‌ بارته‌قای خه‌یاڵا مه‌ودا وه‌رده‌گرێت و دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، ناچارمان ده‌كات به‌ڕووی ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی درێژتر و به‌رزتر ڕامێنین، له‌و فۆرمه‌ڵه‌ نوێیه‌ی كه‌ شه‌قڵا ده‌گرێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی یارییه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی یاده‌وه‌ری بێت له‌گه‌ڵماندا. له‌ڕاستیدا نووسین له‌لای شاعیری ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌مان، ته‌واو وه‌كو نووسین نییه‌ له‌لای كافكادا، یانی كۆششێك نییه‌ له‌پێناوی مانه‌وه‌، به‌ڵكو كۆششێكه‌ بۆ گۆڕینی چوارچێوه‌ سوننه‌تییه‌كانی ژیان و ورووژاندنی چالاكییه‌كی ڕۆحیی، هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی زمان له‌ ڕه‌مزه‌ ته‌قلیدییه‌كانی خۆی و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ كردنی مانا و سیمبوڵی ته‌واو جیاواز به‌ سه‌رنوێشتی هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی تامه‌زرۆی نوێبوونه‌وه‌ن:
له‌گه‌ڵا هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له‌ هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل79

له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی دره‌ختی مردنم به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌م
دڵم له‌ سینگمدا كتێبی نوێژه‌كانی هه‌ڵگرتووه‌سروودی زه‌وی: ل87

*ئاسته‌كان و گوزاره‌ له‌خۆكردنی زمان
سه‌ره‌ڕای وێنه‌ كتوپڕ وگواستنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كان، چامه‌ گشتێك پێكده‌هێنێت و ملكه‌چی یه‌ك ڕیتمه‌، ڕیتمێكی هێور و له‌سه‌رخۆ كه‌ له‌ ناخی قه‌سیده‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌چێت. هه‌ر قه‌سیده‌یه‌ك به‌ هۆی ئه‌م ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌وه‌ شۆكێكی كاتییانه‌ به‌ وه‌رگر ده‌به‌خشێ‌ و وایلێده‌كات په‌یده‌رپه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری و هه‌وڵبدات ڕایه‌ڵه‌ی شته‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. هه‌موو ده‌قێكیشی بێگومان ژیانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و به‌هێوریی په‌ره‌ ده‌سێنێت و پێده‌گات. زمانه‌كه‌شی له‌ هه‌ندێ‌ ئاستدا نه‌بێت ئه‌گینا ته‌جرید ده‌یپێچێته‌وه‌، له‌ هه‌ندێ‌ ئاستی تریشدا ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ماناش په‌رده‌پۆش ده‌كات و وامان لێده‌كات داوای سرووش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مانا شاراوانه‌ كه‌شفبكه‌ین و پێیان بگه‌ین. له‌ ڕاستیدا هه‌موو ئاستێكی چامه‌كانیش خودانی ئه‌و چڕیی و مه‌ندیی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی زمان نین، له‌ هه‌ندێ‌ شوێن ڕاسته‌وخۆیی وه‌كو گانگرین به‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی قه‌سیده‌كانه‌وه‌ ده‌ئاڵێت، جگه‌ له‌وه‌ گوزارشتی ڕاپۆرت ئامێزییش باڵاده‌ست ده‌بێت كه‌ دیاره‌ هیچ هه‌ستێك ناورووژێنن، به‌ڵام ژیان پێداویستیی پێیانه‌ و خۆی هه‌ڵیان ده‌هێنجێنێت، ده‌شێت بڵێین له‌و جێگایانه‌دا زمان گه‌لێك یه‌كئاست ده‌بێته‌وه‌ و له‌ خۆی بترازێ‌ ئیحا بۆ هیچ شتێك ناكات و ته‌نیا چه‌مكه‌ ناوبراوه‌كه‌ی پاسته‌رناك دێنێته‌دی، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌ق ناكارێت مانا فه‌رهه‌نگییه‌كان به‌جێ بهێڵێت، یان ڕه‌تیبكاته‌وه‌ و مانای دیاریكراوی خۆی”یانی مانای داهێنراوی خۆی”به‌ وشه‌ ببه‌خشێت:
ئه‌و داره‌ی ته‌مبووری لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی تابووتی لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی په‌یژه‌ی لێ‌ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی فه‌لاقه‌ی لێ‌ دروست كرا سروودی زه‌وی: ل95

له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ جوانیی بكوژێ
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا وشه‌ هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ وشه‌ بكوژێ‌
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا به‌خته‌وه‌ری هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ به‌خته‌وه‌ری بكوژێ‌
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا نه‌مریی هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ نه‌مریی بكوژێ‌ سروودی زه‌وی: ل65

ماسیی حه‌وز
دۆلفینی ڕووبار
نه‌هه‌نگی ده‌ریا
ئه‌خته‌بووتی ئۆقیانووس
ئیره‌ییان بۆ یه‌ك تاوی سه‌ندووه‌ سروودی زه‌وی: ل19-20

گوڵدان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
لامپا
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
دیوان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
شه‌مێ‌
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌ سروودی زه‌وی: ل72- 73
*شیعروگه‌یاندن
ئه‌گه‌ر شیعر، به‌ پێی بۆچوونی تۆڵستۆی گه‌یاندن بێت، ئه‌وا ده‌بێ‌ گه‌یه‌نه‌ر بێت، گه‌یه‌نه‌ری هه‌ست و بیر و خه‌ون و خواست و ئاواته‌كانی مرۆ بێت، گه‌یه‌نه‌ری هه‌قیقه‌تی دۆخی مرۆیی بێت، هه‌قیقه‌تێك كه‌ وردزوێرس ئاوا گوزاره‌ی لێده‌كات و ده‌ڵێت: به‌ زیندوویی له‌ ڕێگای هه‌ست و سۆزه‌وه‌ بۆ دڵا ده‌گوازرێته‌وه‌، بێگومان ئه‌و ئه‌ركه‌یش هه‌ر ته‌نیا شیعر ده‌توانێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ پێی هه‌ستێت، كه‌ ئه‌مه‌یشی ئه‌نجام دا ئه‌وا جێگۆڕكێ‌ له‌گه‌ڵا مانادا ده‌كات و سه‌ره‌نجام خودی شیعر خۆی ئامانجه‌ نه‌ك گه‌یه‌نه‌ر:

جوانی له‌ بارێكی شڵه‌ژاودا خۆی پێشان دام
ده‌موچاوی سروشت به‌ ئاسانی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێ‌سروودی زه‌وی: ل32

دیاره‌ له‌ دنیای شیعریی سه‌باحدا سانسۆرێك له‌سه‌ر وشه‌كان و شته‌كان هه‌ست پێناكرێت، یانی هیچ وشه‌ و شتێك له‌ كۆنتێكستی شیعریی ئاودیو ناكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ فه‌زای شیعره‌كانیدا قه‌ڵه‌مێكی منداڵكارانه‌ سه‌رقاڵی كرده‌ی نووسینه‌ و ڕایی ده‌كات، ڤیژنێكی منداڵانه‌ی ده‌گمه‌نیش تانوپۆی دنیاكه‌ی پڕ كردۆته‌وه‌ و پارێزگاری به‌ خۆیه‌وه‌ كردووه‌،موتووربه‌یه‌ به‌ به‌رائه‌تێكی ناوازه‌ و دنیایه‌كی ئه‌وتۆی ئافراندووه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ شیعر به‌ هیچ شتێكی دیكه‌ هاوچوون نییه‌، بۆیه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ین ده‌قه‌كان وه‌كو گوان لێوانلێون له‌ ژیان، ژیان كه‌فوكوڵیانه‌ و پێی زیندوو ده‌بن و هه‌ڵده‌چن، ئیتر شیعرییه‌ت له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌سته‌به‌ركردووه‌ و زۆر به‌ زه‌قی ده‌ركی پێده‌كرێت. ئیدی خواست و تمووحه‌كانی به‌رده‌وام دنه‌ی ده‌ده‌ن، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتبێته‌ هه‌رێمی شیعری په‌تیی، چونكه‌ گه‌یشتن به‌و شته‌ی كه‌ ئاواتێتی پێی بگات، به‌ڕای”ئۆسكار وایڵد”ده‌بێته‌ بكوژی ئه‌و شته‌، واته‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ پێی نه‌گه‌یشتبێ، یانی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ژیانێكی سیزیفییانه‌، واته‌ هه‌ڵوه‌رینی هه‌موو تمووحه‌كان، هه‌ڵبه‌ته‌ تمووحه‌كانی شاعیر بێجگه‌ له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و جێگایانه‌ی، كه‌ كه‌س پێیان نه‌گه‌یشتووه‌ شتێكی تر نین و له‌ ڕاستیشدا شیعر هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نازانرێت چییه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كان دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌:

ده‌مه‌وێ‌ بۆ شوێنێك بڕۆم
شوێنه‌كه‌ تۆی ئه‌ی شیعر سروودی زه‌وی: ل104

شاعیریش دیاره‌ هه‌رگیز یاده‌وه‌ری ناپاكیی لێناكات، شه‌نكردنی شته‌ دێرینه‌كان به‌ سروه‌یه‌كی تازه‌ هه‌رده‌م ڕۆحێكی بێوێنه‌ و سه‌یریان پێده‌به‌خشێت و قووڵاییه‌كی تازه‌یش له‌ ناخماندا به‌ئاگا ده‌هێنێت. جیهان هه‌میشه‌ به‌رقه‌راره‌، سوواوه‌، له‌ ڕاستیدا زۆر ده‌مێكه‌ سوواوه‌، پێیناكرێت تێیدا به‌رده‌وام بێت، ئیدی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كۆشێت ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێك بخوڵقێنێ‌، یان لانیكه‌م بیدۆزێته‌وه‌، جیهانێك دابهێنێت تایبه‌ت بێت به‌ خۆی كه‌ ئه‌ویش له‌و خه‌ونانه‌دا ده‌رك پێده‌كرێت كه‌ ڕووبه‌ری ده‌قه‌كان خه‌واڵوو ده‌كه‌ن. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م باره‌یش خه‌یاڵا ده‌بێته‌ په‌رجووی شاعیر، ده‌بێته‌ جێژوان و تێیدا به‌ ئامانج و خواسته‌كانی ده‌گات، به‌و شتانه‌ ده‌گات كه‌ واقیع لێیان بێبه‌ری كردووه‌، به‌ڵام ته‌نیا جه‌مسه‌رێك نییه‌ له‌ پڕۆسه‌ی شیعر نووسیندا، به‌ڵكو به‌شدارێكی سه‌رسه‌خته‌ و ئه‌گه‌ر ته‌نیا خۆی تۆخ بێته‌وه‌ و ڕوون و نێت ده‌ربكه‌وێت له‌ناو دیمه‌نی شیعردا ئه‌وا چیدی وه‌كو شاعیرێك دیارنامێنێ‌ و ده‌بێته‌ خه‌وبینێك، خه‌وبینێك كه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ دنیای ئاگایی و ده‌ره‌وه‌وه‌ نییه‌ و له‌ هه‌موو شتێك دابڕاوه‌”بێگومان به‌ بێ‌ به‌شداری كردنی ڕه‌گه‌ز و ئێلیمێنته‌كانی دیكه‌ی كرده‌ی نووسینی شیعریی”:

باران وه‌ك ئه‌وه‌ی
بلیمه‌تی ده‌روونی ئاگرم پێ بڵێ‌
یان به‌خته‌وه‌ریی خۆی ئاشكرا بكات
ده‌نگی نزم كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ نه‌رمی له‌ گۆڕم ده‌دا
ئیدی ده‌بێ‌ من گۆڕ جێ‌ بهێڵم و بێمه‌ ده‌رێ‌سروودی زه‌وی: ل38- 39

ئاسووده‌یی چرا به‌ ده‌ستان
ده‌بێته‌ به‌ری مزر و شیرینی دره‌خته‌كانسروودی زه‌وی: ل86

*كۆنسێپت و به‌ها شیعرییه‌كان
هه‌ندێجار له‌ به‌ها شیعرییه‌ ترادیسیۆنییه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك ئامرازی په‌یوه‌ندی و وشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ژێر لێوه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ندێجاری دیكه‌ فۆرم له‌گه‌ڵا ناوه‌رۆكدا ئاتاجیان به‌ پرد ڕایه‌ڵكردن هه‌یه‌، هه‌ندێجاریش كۆنسێپت پێش وێنه‌ ده‌كه‌وێت و به‌دوای وێنه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا بیكات به‌ جه‌سته‌ بۆ خۆی، یان وێنه‌ پێش كۆنسێپت ده‌كه‌وێت و به‌دوای بیرۆكه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا بیكات به‌ ڕۆح بۆ خۆی و پێی زیندوو بێت، هه‌ندێجاری تریش به‌های ته‌واوی به‌ زوبان داوه‌ و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵا شته‌كاندا به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رقه‌راره‌، جاروباریش له‌گه‌ڵا لۆژیكدا مه‌ودا وه‌رده‌گرێت و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ دنیای واقیعیش دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێكیش دووربكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵا پتر نزیك بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ ته‌نیا له‌میانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ كه‌ سێنته‌ره‌، پڕۆسه‌ی داهێنان ڕه‌وایه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێت و شه‌قڵا ده‌گرێت:
من باوه‌ڕم به‌و چپه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ نیگا ده‌یكاته‌ گۆرانی
گۆرانی ئێسكی له‌شی ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌توێنێته‌وه‌ كه‌ چاوی دڵی ناسیووه‌
سروودی زه‌وی: ل102
له‌ هه‌وای ڕووندا مردم و نازم كێشرا
كتێبه‌كانم شانیان دایه‌ به‌ر تابووتم
گالیسكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان و بازاڕ به‌دوامدا ڕۆیشتنسروودی زه‌وی: ل104
دیاره‌ دووپاتكردنه‌وه‌ هه‌ندێ‌ بڕگه‌ له‌ جه‌سته‌ی شیعره‌كان وه‌كو ده‌نگ، یان مۆسیقای زیاده‌ له‌ بنیادی ده‌قه‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعره‌كان له‌ یه‌كنه‌وایی و یه‌كئاستیی ده‌رباز بكه‌ن و ڕیتمێكی ئه‌وتۆی پێببه‌خشن كه‌ بێزاریی بڕه‌وێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وامییه‌ك به‌ خوێندنه‌وه‌ بدات. هه‌روه‌ها هه‌وڵێكیشه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیتمێكی گۆرانیئامێزی بێ گرێ‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی گشتیی ڕیتمی چامه‌كاندا، ئینجا بۆ هێدی كردنه‌وه‌ی ئه‌و تووڕه‌ییه‌ شه‌ففافه‌ی كه‌ له‌ودیو تێكسته‌كاندا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و خۆی مه‌ڵاس داوه‌، بێگومان ئه‌و تووڕه‌ییه‌ نماینده‌ی هه‌ڵچوونه‌، نماینده‌ی ساته‌وه‌خته‌كانی پشێویی و شپرزه‌بوونی ناوه‌كییانه‌یه‌، زمانیش له‌ جوانییه‌كانی خودی خۆی بێبه‌ری ناكات، چونكه‌ به‌ خاوی و ڕووكه‌شانه‌ به‌كاری نه‌هێناوه‌ و هه‌وڵی ئه‌وتۆی نه‌داوه‌ تارمایی بخاته‌ سه‌ر نهێنییه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی هه‌ست و سۆز تاریك دابگێڕێت، به‌ڵكو به‌ مه‌علانیی ساتوسه‌ودای له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ناهێڵێت به‌ خاوی و خۆڕسكیی پانتاییه‌كان داگیربكات، كه‌ به‌رچاویشمان ده‌كه‌وێت كفتوكۆی له‌ناو حاڵه‌تێكی شیعریی پارسه‌نگدا دامركاوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی كه‌ ئێستێتیكایه‌كی زیاده‌ڕه‌وی به‌ ده‌قه‌كان به‌خشیووه‌:
{به‌س نه‌بوو/ ل9-10، ئه‌و بایه‌ی گۆماوێك ده‌شڵه‌قێنێ‌/ ل30، ئه‌ی ئه‌فسوونی دڵا/ ل40-41، گۆرانییه‌ك بۆ/ل 51، چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن چ هه‌واڵێك/ ل 58-60-62-71-72-76، شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا/ ل57-63، پێغه‌مبه‌رێك ڕووه‌ و ماڵی خۆی ده‌ڕوا/ ل64، له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو/ ل65، خودا له‌ ته‌وراتدا/ ل68، گوڵدان له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌/ ل72-73-75، چۆنت ویست ئاوها/ ل79، دڵم له‌ سینگمدا/ ل87، چیمان بۆ ده‌كرێ‌/ ل91، هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی/ ل93، ئه‌و داره‌ی ته‌مبووره‌ی/ ل95، نزیك قامیشه‌ڵانێك/ ل99، دڵی گه‌لیان له‌/ ل124}

*سیخناخكردنی شیعر به‌ ئامرازه‌كانی

بێ شك له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیشدا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ وێنه‌گه‌لێكی زۆر و زه‌به‌ند كه‌ڵه‌كه‌ كراون، گه‌رچی زیندووێتییه‌كی كاریگه‌ریش به‌ وێنه‌كان به‌خشراوه‌، كه‌چی خوێنه‌ر پێیناكرێت ئه‌و بابه‌ته‌ به‌دیبكات كه‌ له‌ودیویاندا خۆی حه‌شارداوه‌، ئه‌مه‌ له‌وحاڵه‌ته‌دا كه‌ شاعیر به‌شه‌ ناوێنه‌ییه‌كانی قه‌سیده‌ی پشتگوێ‌ خستبێ كه‌ ده‌كرێ‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێوه‌ندی بنیاد بنرێت و بابه‌ته‌كه‌یشی پێ به‌رجه‌سته‌ بكرێت، وه‌لێ‌ وێڕای ئه‌وه‌یش كه‌ڵه‌كه‌ كردن و قانگدان و تێئاخنینێكی زیاد له‌ پێویستی وێنه‌ بۆ ناو ده‌قی شیعریی هیچ شتێك دانامه‌زرێنێت جگه‌ له‌وه‌ نه‌بێت كه‌”حاتم الصكر”ده‌ڵێت”قه‌سیده‌ی سه‌رابیی”به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هیچی دی. بێجگه‌ له‌وه‌”جی. ئێم. تریڤیلیه‌ن”یش ڕای وایه‌ شیعر: كه‌ سه‌رناكه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ خه‌یاڵا بێبه‌رییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵێكی زۆر زیاد له‌ پێویستی تێدایه‌، واته‌ ته‌نیا خه‌یاڵا شیعر ناهێنێته‌دی، هه‌ر ته‌نیا وێنه‌یش شیعر ناهێنێته‌دی،یانی نه‌ پێویسته‌ شیعر به‌ خه‌یاڵێكی زیاده‌ڕۆ خه‌فه‌ بكرێت، نه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك وێنه‌یش لێوڕێژ بكرێت، هه‌ر شتێك، هه‌ر ئێلیمێنتێك له‌ناو شیعردا ئاماده‌یییه‌كی زیاتری هه‌بێت ئه‌وا بێ سێودوو هاوسه‌نگیی هونه‌ریی له‌قده‌بێت و به‌ زه‌قییه‌وه‌ بێ باڵانسیی پێوه‌ دیارده‌بێت، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رنه‌كه‌وتنی قه‌سیده‌یه‌:

كیسه‌ڵا له‌ پێشبڕكێدا چی ده‌وێ‌
هه‌زار پێیه‌كی فریوو خواردووم بینی
دڵی خۆش بوو له‌ پێستی خۆیدا جێی نه‌ده‌بووه‌وه‌
چه‌نه‌ لێدانێكی به‌لاشی بوو له‌گه‌ڵا شیعردا
میوه‌ چه‌ند بێ‌ باك و شێتانه‌ به‌سه‌ر سینگی دره‌خته‌وه‌ پێده‌گات
خودایه‌ خۆ به‌ خۆت ئاگاداری
ئاڵای شیعر چه‌ندین جه‌نگاوه‌ری به‌ جه‌رگی له‌ناودا نێژراوه‌
سروودی زه‌وی: ل105-106

مانگ ئای چه‌ندت غه‌ریبی ده‌كه‌م
بگه‌ڕێیته‌وه‌ ناو ده‌فی ده‌ستم
خۆر له‌ قووڵایی ده‌ریادا خاو نابێته‌وه‌
به‌ردی بن لم ماندوو ناژی و له‌ درێژبوونه‌وه‌ی ڕۆژگار یاقووت
نازی ده‌كێشن
وێنه‌ی ڕوخساری ساوایه‌كی له‌ شیر بڕاوه‌ و به‌ردێكم كێشا
زمان له‌ناو بڵێسه‌ی گشت ده‌سه‌ڵاته‌كان داگیرسا
ئه‌ی نه‌مریی له‌ دوو دنیا
ئاگری ژیانمت له‌ دڵێكی ئه‌فسانه‌ییدا كردووه‌ته‌وه‌سروودی زه‌وی: ل109

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو شیعرێك هه‌وڵێكی داهێنه‌رانه‌ی ته‌واونه‌كراوه‌،هه‌وڵێكه‌ سه‌ره‌نجام ماوه‌یه‌كی كه‌م شاعیر ئه‌فسوون ده‌كات و لێی خۆشنوود ده‌بێت، دواجار بای ڕاڕایی و دڵنیانه‌بوون ڕه‌زامه‌ندییه‌كه‌ی ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵێكی دیكه‌ شه‌قڵا ده‌گرێت وده‌ڕسكێت، هه‌وڵێك و هه‌وڵێكی تر و كۆشیعرێك و یه‌كێكی ترو…..بێكۆتایی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان، ئیدی هه‌وڵی ته‌واوی ساڵه‌كانی ژیان ده‌بێته‌ چامه‌یه‌ك كه‌ هه‌رگیز ته‌واو نابێت و هه‌میشه‌ له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌دا سه‌دای خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌:
دروود بۆ وچان و به‌هره‌ و فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی ئاده‌م
دوای ته‌واو بوونی هه‌ر شیعرێك
ڕووبه‌ڕووی یه‌ك داده‌نیشین
ئاو ده‌زێته‌ چاوی و به‌ شكۆ و هه‌ڵچوونه‌وه‌ شتێك ده‌ڵێ‌
سروودی زه‌وی: ل78
*ناسنامه‌ی شێواز
له‌ ڕاستیدا شێواز له‌م چامانه‌ خاوه‌نی یه‌ك ناسنامه‌یه‌، چونكه‌ نماینده‌ی یه‌ك ئه‌زموونی پشوو درێژه‌، ڕۆحی هه‌ر یه‌كه‌یان پڕكێشییه‌كی فره‌ بێهاوتای تێدا نابینرێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی جۆر، یان شێوازێكی دیكه‌، له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ فۆرمیوولایه‌كی تاقی نه‌كراوه‌، فۆرمیوولایه‌ك ڕووبه‌ڕووی بڕیارێكی ترانسێندێنتاڵمان بكاته‌وه‌، ڕووبه‌ڕوویده‌ستپێكێكی تازه‌مان بكاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ دنیایه‌كی تر، كه‌ بۆ به‌رده‌وامێتی شیعرێكی جیاكار بنیات نرابێت، شیعرێك كه‌ له‌ خودی جه‌سته‌ی زوباندا ئازادی هێنابێته‌دی و وه‌كو فێنۆمێنۆلۆژیای ئازادی به‌دیار بكه‌وێت و بۆ هاوچه‌رخێتییه‌كی پێداویستیی خوڵقێن ده‌ست بدات و په‌یگیر بێت. هه‌ڵبه‌ته‌ شێواز به‌ وێنه‌، یان ڕه‌گه‌زێكی ناگه‌هان ده‌ستپێده‌كات و له‌ چامه‌كاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئیدی هه‌ست ده‌كرێت هه‌موو دێڕێك گۆڕین و گواستنه‌وه‌ی بابه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت و له‌ هه‌قیقه‌تیشدا ئه‌و گواستنه‌وانه‌ له‌ شتێكه‌وه‌ بۆ شتێكی دی ئه‌و ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌تۆخ و ئافه‌ریده‌ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا هه‌ندێجار له‌ خۆمان ده‌پرسین ئایا ئه‌مانه‌ی كه‌ شاعیر پێیان هه‌ڵده‌ستێت له‌ تانوپۆی چامه‌كاندا گه‌مه‌كردنن له‌پێناوی ئامانجێكی دیاریكراودا كه‌ ئێمه‌ ده‌ركی پێناكه‌ین، یان هه‌ر ستایه‌ڵێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خۆی و مه‌به‌ستیش لێی گه‌مه‌كردن نییه‌. به‌هه‌رحاڵا، له‌ زۆر شوێنی تردا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ شاعیر له‌ قه‌یران و ته‌نگژه‌دایه‌، بێگومان قه‌یرانی به‌ساڵداچوون و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كۆتایی، له‌ مردن، له‌ دنیایه‌ك كه‌ نادیاره‌، ڕه‌نگه‌ دۆزه‌خ، یان به‌هه‌شت بێت، له‌ شه‌یتان، یان له‌ خودا نزیكبوونه‌وه‌ بێت. نزیكبوونه‌وه‌ جه‌مسه‌ری گرینگی ئه‌و قه‌یرانه‌یه‌ و ئیدی شیعر هه‌موو ده‌مامكه‌كانی جارانی خۆی ونده‌كات، یان فڕێیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مومژێك بڕه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونییه‌ك، ڕوونییه‌كی ده‌گمه‌ن خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات:

ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت سروودی زه‌وی: ل95

ئه‌و هه‌ستكردن و دركاندنه‌ میتافیزیكییه‌یش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌بیری ناچێت كه‌ یه‌كێك له‌ په‌یامه‌كانی خۆی بكاته‌ پێوه‌ندییه‌كی بابه‌تییانه‌ له‌ نێوانی دوو دنیادا. ئه‌و دوو دنیایه‌ی كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هه‌ڵبژاردنی ئێمه‌دایه‌، دنیایه‌ك كاتییانه‌ تێیدا جێگیر ده‌بین و ئه‌وی تریش ماڵی هه‌تاهه‌تاییمانه‌، بۆیه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین تیشكۆ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ باسی ئه‌وی تریان ده‌كات:

ئاوی چاو له‌ كتێبخانه‌ی ئاشكرابوونی هێماكانی دوو دنیا
به‌سه‌ر ده‌فته‌ری شیعرمدا ده‌بارێت سروودی زه‌وی: ل114

هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌ره‌تای ڕێگا فه‌ڕ و جوانییه‌
هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كۆتایی
ڕێبواری سه‌ره‌تا و كۆتایی بووم
كۆتاییش وه‌ك سه‌ره‌تا
هه‌مان هه‌ستی بۆم هه‌بوو سروودی زه‌وی: ل11

ده‌توانم باوه‌ڕ به‌و هه‌موو شتانه‌ بهێنم كه‌ بینیوومن
چونكه‌ هه‌موویان خه‌ون بوون سروودی زه‌وی: ل63

له‌ ماڵی هه‌میشه‌ییدا
كێل ده‌رگایه‌ یان په‌نجه‌ره‌ سروودی زه‌وی: ل70
بۆ تاریك داهاتن زۆری نه‌ماوه‌ سروودی زه‌وی: ل89

دڵا جێ به‌خۆ ناگرێ‌ و به‌رده‌وام جێ‌ ده‌گوازێته‌وه‌
ئه‌ی جێ‌ هه‌موومانت حه‌په‌ساندووه‌ سروودی زه‌وی: ل92
له‌ مانه‌یش بترازێت شاعیروه‌كو له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی پێكرا خودانی ئیگۆیه‌كی هه‌ڵئاوساو و نائاساییه‌، ده‌توانرێ له‌ جه‌سته‌ی قه‌سیده‌كاندا زۆر به‌ ئاسانی جێ‌ پێی هه‌ڵبگیرێت:

ئه‌ی هه‌قیقه‌ت من باجی تۆم
تاج ئیره‌ییم پێده‌بات سروودی زه‌وی: ل57

ڕوخسارم ئه‌فسوونی ڕووناكی خودایه‌ سروودی زه‌وی: ل58

گه‌وره‌م نه‌شونما ئه‌گه‌ر به‌ درۆ ماچ بكه‌م
خودا و خود سزام ده‌ده‌ن سروودی زه‌وی: ل58

له‌ ماڵی تۆدا ڕاده‌كشێم و ده‌ڕوانمه‌ جوانیت ئه‌ی خودا
سروودی زه‌وی: ل116

*ده‌ره‌نجام: ڕۆحی زوبان و كاركردی شیعر
ئه‌وی ڕاستی بێت شیعری له‌ مه‌زنێتییه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاو ده‌توانێت كاركردێكی مه‌زنی به‌سه‌ر ڕۆحی زوبانه‌وه‌ هه‌بێت به‌و پێیه‌ی كه‌”گاستۆن باشلار”ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وێنه‌ی شیعرییش بێگومان له‌ زمانه‌وه‌په‌یدا ده‌بێت و هه‌میشه‌یش نه‌ختێك له‌سه‌رووی زمانی گه‌یاندن و ماناوه‌یه‌، مادامه‌كی ناوه‌رۆكیش شیمانه‌ییه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی تیۆریسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ و وه‌رگرتن بۆی چوونه‌، كه‌واته‌ ده‌كرێ‌ بڵێین خوێندنه‌وه‌، یانی هه‌ڵهێنجان و پێشبینیی كردن و ئه‌نجامگیریی. بێگومان پڕكێشی ئه‌وه‌م نه‌كردووه‌ بڵێم خه‌ریكی ڕاڤه‌كردنی ده‌قه‌كان بوومه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا هه‌ندێك له‌ به‌شه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌م به‌رباسداوه‌ و له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی تریشدا به‌پێی توانا هه‌وڵم داوه‌ فه‌زای گشتیی ده‌قه‌كان بدوێنم و سه‌رپشكیان بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پێناسه‌كانی نێو ده‌ق، ده‌قه‌كان دووباره‌ شه‌قڵا ببه‌خشنه‌وه‌. دیاره‌ هه‌ست و سۆزه‌كانی ناوتوێی شیعر هه‌تا بڵێی چڕوپڕن، شاعیر هه‌روه‌كو ستارۆبنیسكی بۆی چووه‌ نكووڵی له‌ خودی خۆی ده‌كات و تێیده‌په‌ڕێنێ‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.

له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا قووڵبوونه‌وه‌ ده‌قه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌كردبێت، دنیابینییه‌كی مه‌حكه‌م و تۆكمه‌ به‌دینه‌كرێت، یان به‌جۆرێكی تر بڵێین دنیابینییه‌كی وردوخاش و كۆڵاژكراو خۆی ده‌سه‌پێنێت، ده‌شێ‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه‌ شاعیر ده‌رك به‌ په‌رتوبڵاویی دنیاكه‌ی بكات، بێگومان له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ست كردنێكی به‌هێز به‌ تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ن و به‌ساڵداچوون، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ئاكامدا ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پشت له‌ یه‌كێتی بابه‌ت بكات و له‌ تانوپۆی به‌رهه‌مه‌كاندا لاواز به‌ده‌ركه‌ون، یان نادیاربن.
هه‌ڵبه‌ته‌ تێكست به‌ پێشمه‌رجیی خودیی و بابه‌تیی مه‌حكوومه‌، واقیعی خۆی به‌ده‌ر له‌ واقیعی مه‌وزووعی بنیات نه‌ناوه‌، به‌ڵكو كۆمه‌كی لێوه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی واقیعێكی ئه‌وتۆ بخوڵقێنێ كه‌ جێگای بڕوا بێت، یانی سه‌رچاوه‌ی هه‌بێت و ئه‌مه‌نده‌یش خه‌یاڵا نه‌یپێچێته‌وه‌، كه‌ له‌ خوڵگه‌ی باوه‌ڕ پێ هێنانه‌وه‌ دوور بێت و به‌ چاوی ئاسایی نه‌بینرێت. بێجگه‌ له‌مانه‌یش، له‌ ڕاستیدا شیعر له‌پێناوی كۆمه‌ڵێك وێنه‌، یان كۆمه‌ڵه‌ خه‌یاڵێكی چه‌مووش و كۆمه‌ڵه‌ هه‌ستێكی هه‌یه‌جانئامێز و هه‌ڵچوودا نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو گشتێكه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێ‌ به‌ش و ئێلیمێنتی بچووكتر پێك هاتووه‌، كه‌ له‌ دووتوێی ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌مان پێیانداوه‌. له‌یادیشمان نه‌چێت ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا به‌ زه‌قی په‌ی پێده‌برێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر دیسان بۆ چه‌سپاندن و سه‌قامگیركردنی ڕه‌مزه‌ كۆنو ئه‌فسانه‌كانی خۆی هه‌وڵێكی دژوار و جیددی داوه‌، توانستی بێوێنه‌شی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی دژوازییه‌كان پیشانداوه‌ و جاروبار به‌ ته‌مومژێك ڕتووشی قه‌سیده‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌یش بێ شك كۆمه‌كی وه‌رگر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پتر له‌ پێكهاته‌ و كه‌ره‌سته‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی شیعر وردبێته‌وه‌ و لێیان ڕابمێنێت و ته‌ئه‌مموولیان بكات.

دیاره‌ له‌سه‌ره‌تادا مه‌به‌ست و نیازم ئه‌وه‌ بوو هه‌ڵوێسته‌یه‌كی پشوو درێژ به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ون و وێنه‌ی شیعریی ئه‌م ئه‌زموونه‌ بكه‌م، به‌ڵام نه‌ده‌كرا هه‌ندێ‌ لایه‌نی دیكه‌ بازنه‌ده‌نه‌ دووتوێ و ڕووبه‌ره‌كانی ئه‌م هه‌وڵه‌ی دیاریكردنی فه‌زای گشتیی ده‌قه‌كانی له‌ئه‌ستۆ گرتبوو. له‌ڕاستیشدا ئه‌م ڕاوبۆچوونانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌شێكیان زۆر گشتین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕاون هه‌تا به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیگۆریكییانه‌ وه‌ربگیرێن، چونكه‌ دواجار هه‌موو شتێك هه‌ر ڕێژه‌ییه‌ و شتی له‌و بابه‌ته‌ ڕه‌ها بوونی نییه‌. به‌هه‌رحاڵا من هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش پێموایه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌ر پرسانه‌ و جیددییانه‌ بۆ ئه‌زموونی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و زاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بڵێم ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشووی دنه‌مان ده‌دات ئه‌و گۆشه‌نیگا پێشوه‌خت و ئاماده‌یه‌ شكست پێبهێنین له‌ گه‌یشتن به‌ شانشینی شیعره‌كان، به‌ڵكو وامان لێده‌كات ببینه‌ خاوه‌نی گۆشه‌نیگایه‌كی (ته‌واو جیاواز)، كه‌ ئه‌وه‌یش به‌ تێڕوانینی من تاقیكردنه‌وه‌ی دنیابینیی و دیدێكی تره‌ بۆ سمینی دنیایه‌كی تر كه‌ دنیای ده‌قی كراوه‌یه‌ و چه‌ندین گریمانه‌ هه‌ڵده‌گرێ‌ و هه‌ڵوێستی جیاجیا ده‌ورووژێنێ‌ و بێگومان هه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی كارفه‌رما و ئه‌ركی خۆی به‌ چه‌شنێكی دانسقه‌ به‌جێ‌ بهێنێ‌ پێویسته‌ له‌ یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ بڕوانێته‌ داهێنانی ناوازه‌ هه‌تا به‌ جۆرێكی دروستتر ده‌ره‌نجامه‌ سوودمه‌نده‌كان به‌ وه‌رگر بگه‌یه‌نێت. دواجار، ئه‌وه‌ی نه‌وتراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شاعیرێكی داهێنه‌ر شتێك ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، با ئه‌و شته‌ ناو بنێین گۆڕین، گۆڕینی دنیا ناڵێم، به‌ڵكو گۆڕینێكم مه‌به‌سته‌ هه‌ر چه‌ندێ‌ ناچیزیش بێت هه‌ر گرینگ و پڕ بایه‌خه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕینی دنیابینیی مرۆڤ بێت ئه‌وا بێچه‌ند و چوون شاعیر به‌ زیاده‌وه‌ په‌یامی ترانسێندێنتاڵی خۆی گه‌یاندووه‌ و مه‌به‌ستی خۆیشی پێكاوه‌.

نیسان و مایسی 2012: له‌نده‌ن

—————————————————

سه‌رچاوه‌كان:
1ـ أرشیبالد ماكلیش ـ الشعر و التجربه‌ ـ ترجمه‌: سلمی الخچرا‌و الجیوسی ـ مراجعه‌: توفیق الصایغ ـ دار الیقچه‌ العربیه‌ ـ مۆسسه‌ فرانكلین للگباعه‌ والنشر ـ بیروت، نیویورك 1963.
2 ـ محمد مبارك ـ مواقف فی اللغه‌ والادب والفكر ـ دار الفارابی بیروت ـ مكتبه‌ النهچه‌ بغداد 1974.
3 ـ د. علی جعفر العلاق ـ فی حداپه‌ النص الشعری ـ دراسات نقدیه‌ ـ دار الشۆون الپقافیه‌ العامه‌ ـ الگبعه‌ ألاولی ـ بغداد 1990.
4 ـ سی. دی. لویس ـ الصوره‌ الشعریه‌ ـ ترجمه‌: د. احمد نصیف الجنابی و اخرون ـ دار الرشید للنشر ـ بغداد 1982.
5 ـ حاتم الصكر ـ مواجهات الصوت القادم ـ دراسات فی شعر السبعینات ـ دار الشۆون الپقافیه‌ ـ بغداد 1986.
6ـ ڕوجیه‌ جارودی ـ واقعیه‌ بلا چفاف ـ ترجمه‌: حلیم گوسون ـ مراجعه‌: فۆاد حداد ـ دار الكتاب العربی للگباعه‌ والنشر ـ القاهره‌ 1968.
7 ـ جبرا ابراهیم جبرا ـ النار والجوهر ـ دراسات فی الشعر ـ المۆسسه‌ العربیه‌ للدراسات والنشر ـ بیروت ـ بدون تاریخ.
8 ـ د. محمد خیر البقاعی ـ بحوپ فی القرا‌وه‌و التلقی ـ مركز الانما‌والحچاری ـ حلب 1998.
9 ـ كریستوفر كودویل ـ الوهم والواقع ـ دراسه‌ فی منابع الشعر ـ ترجمه‌: توفیق ألاسدی ـ دار الفارابی ـ بیروت 1982.
10ـ نیما یوشیج ـ أرزش احساسات و پنجمقاله‌ در شعر و نمایش ـ انتشارات گوتنبرگ ـ 1351.
11ـ عبدالعلی دست غیب- نیما یوشیج (نقد و بررسی)- انتشارات پازند- چاپ دوم 1354.
12ـ أدبیات نوین ایران ـ از انقلاب مشروگیت تا انقلاب اسلامی ـ ترجمه‌ و تدوین: یعقوب اژند ـ انتشارات امیر كبیر ـ تهران 1363.
13ـ فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی ـ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ـ به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ سلێمانی 2011.
14- Gaston Bachelard-The Poetics Of Space- Translated by: MariaJolas- Beacon Press- Boston 1994.
15- Poetry 1900- 1975- Edited by: George Mac Beth-Longman With Faber and Faber- Ninth impression 1989.




خاڵی، وه‌ك ئه‌م تایپه‌ له‌ مرۆڤ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

ئه‌سپه‌كان ئه‌سپیان ده‌بێت به‌ڵام مرۆڤه‌كان مرۆڤیان نابێت به‌ڵكو ده‌بێت په‌روه‌رده‌ بكرێن تاكو ده‌بنه‌ مرۆڤ. یوستاین گارده‌ر
هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ وابزانین برینه‌كان ته‌نها له‌سه‌ره‌وه‌ن. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ پێمان وابێت به‌ ده‌سكاریكردنی سیسته‌می حوكمڕانی كۆی برینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ سارێژ ده‌كه‌ین. خۆی ئه‌سڵه‌ن برینه‌كان له‌ خواره‌وه‌ن، ئه‌وه‌ هه‌ر خه‌ڵكه‌ ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كات و هه‌ر خه‌ڵكیشه‌ ته‌حه‌مولی كۆی برینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌ی نه‌توانێت له‌ سه‌یران و بۆنه‌یه‌كدا ژێر خۆی پاك بكاته‌وه‌، چۆن ده‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگده‌رێكی باش بێت، ئه‌وه‌ی دار به‌ ته‌ڕی بسوتێنێت، ده‌شتوانێت كۆی برینه‌كانی تر هه‌زم بكات، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌یرانێكدا نه‌توانێت سه‌وزایی بپارێزێت، ناشتوانێت بیر له‌ ماف و داخوازیه‌كانی خۆی بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ژینگه‌ پیس بكات، ناتوانێت ده‌سكاری پیسی دامه‌زراوه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان بكات.
هه‌موو هاتن له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌یانویست ده‌سكاری دنیای ئێمه‌ بكه‌ن، هه‌مووی خه‌ریكی توڕه‌هاتی پارله‌مان و ئاڵا و سه‌رۆكایه‌تی و كۆی دامه‌زراوه‌كان بوون، بێئاگا له‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ژیان ده‌كه‌ین، له‌ ژێره‌وه‌ وێران بووه‌، بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ هه‌وادارانی ئه‌م هێزانه‌، ده‌نگده‌رانی ئه‌م هێزانه‌، هه‌مان ئه‌و مه‌خلوقانه‌ن ناتوانن ته‌نانه‌ت وه‌ك پشیله‌ش پیسایی خۆیان بشارنه‌وه‌.

كێیه‌ حورمه‌تی سه‌وزایی ناگرێت، هه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگر و هه‌وادارانی ئه‌م هێزانه‌ن، تۆ هه‌وادارانت فێر نه‌كه‌ی چی له‌ پاشه‌ڕۆی خۆیان بكه‌ن چۆن ده‌توانیت متمانه‌ی ئه‌وه‌یان پێ بكه‌یت ده‌سكاری كۆی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن، تۆ نه‌توانی مرۆڤێك وه‌ك مرۆڤ په‌روه‌رده‌ بكه‌ی، بۆ ناچی باره‌گاو مه‌كۆ و مقه‌ڕه‌كانت بكه‌یته‌ هێلانه‌ كۆتر، تا له‌ ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه‌ فێری ژیاندۆستی بیت، باره‌گاكانت بكه‌ره‌ كولانه‌ی سه‌گ تا هه‌وادارانت فیری وه‌فا بێت، بینای سه‌رۆكایه‌تی و پارله‌مان و حكومه‌ت بكه‌ره‌ ته‌ویله‌ی ئه‌سپ، تا كه‌مێك ڕه‌سه‌ن بن. هیچ مه‌كه‌ن به‌س كه‌مێك به‌ كه‌لله‌سه‌ری هێستر بیر بكه‌نه‌وه‌ تا بتوانن باری خه‌می خه‌ڵك هه‌ڵگرن.
به‌م هه‌موو پارت و گروپ و ڕێكخراو و بزوتنه‌وه‌یه‌ نه‌یانتوانی تاكی كوردی دروست بكه‌ن، به‌م هه‌موو مزگه‌وت و باره‌گا و مه‌كۆ و لق و مه‌ڵبه‌ندانه‌ نه‌یانتوانی مرۆڤێك دروست بكه‌ن لانی كه‌م له‌ مرۆڤ بچێت. هه‌ر ئه‌و مه‌خلوقه‌ی كه‌ ژینگه‌ وێران ده‌كات له‌ بۆنه‌كاندا سێڵفی له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا ده‌گرێت، ئه‌ی چۆن خۆیان ده‌زانن كێیان به‌رهه‌م هێناوه‌ و چۆن تاكێكی بێ ئیراده‌ و خۆبه‌كه‌مزانیان دروست كردووه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی به‌رپرسێكدا خۆی به‌كه‌م بزانێت چۆن ده‌توانێت حورمه‌تی سه‌وزایی بگرێت؟

هه‌موو خه‌ریكی ناونانی به‌رپرسان بوون، جه‌نابی فڵان و جه‌نابی سه‌رۆكه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ و سه‌ركرده‌ خاكیه‌كه‌ و ئه‌میره‌ خواناسه‌كه‌ و سكرتێره‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ و ئه‌مینداره‌ ئیسڵاحخوازه‌كه‌، له‌ پاڵیشدا تاكێكی بێ ئیراده‌ و بێ متمانه‌ و بێده‌سه‌ڵات، كه‌ ده‌زانێت كوڕی به‌رپرسان چه‌ند كیلۆن و چ بورجێكن و حه‌زیان له‌ چ خواردنێكه‌ به‌ڵام نازانن منداڵه‌كانی خۆیان ئاره‌زووی چی ده‌كه‌ن و چ پۆشاكێك ده‌پۆشن و به‌ كام ڕه‌نگ دڵخۆشن.
خه‌مه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن ته‌نها ده‌كرێت بیانژمێرین نه‌ك له‌سه‌ربان بوه‌ستین. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م هه‌موو پارله‌مانتاره‌ به‌تاڵ و حه‌تاڵه‌ی له‌ كوردستان و به‌غدا دروست كردووه‌ جگه‌ له‌ بارێك به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ چیترن؟ ئه‌مانه‌ له‌ بی َئیشیا وتار ده‌نوسن،ئه‌و سایتانه‌ش كه‌ بێ ئیش له‌ پشتی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ بۆ هه‌واڵ ده‌گه‌ڕێن مقاله‌ی ئه‌مانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌واڵیشی لێ دروست ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م هه‌موو پارله‌مانتاره‌ بێ ئیشه‌ی هه‌بێت، چۆن ڕوویان دێت بێنه‌ سه‌ر شاشه‌ و خۆیان پیشانی ده‌نگده‌ره‌كانیان بده‌ن؟ بێگومان ده‌نگده‌ره‌كانیان كێن؟ هه‌ر ئه‌وانه‌ن ناتوانن حورمه‌تی سه‌وزایی بگرن و وه‌ك به‌شه‌ر پاشه‌ڕۆی خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م ده‌نگده‌ره‌ هه‌ر ئه‌م پارله‌مانتاره‌ دروست ده‌كات، ئه‌م پارله‌مانتاره‌ هه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌م دامه‌زراوانه‌ به‌رهه‌م دێنێت، نه‌ به‌شه‌ری ئێمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتووه‌ و نه‌ده‌سه‌ڵات خوا نازڵی كردووه‌.

ئه‌وه‌ی ترسم لێ هه‌بوو ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته‌بوو. ئه‌وه‌ی من خه‌مم بوو فه‌رامۆشكردنی شته‌ بچوكه‌كان بوو.ئه‌وه‌ی من ئاهم بۆ هه‌ڵده‌كێشا ئه‌م مه‌خلوقه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت له‌ سه‌یرانێكدا ژێر خۆی پاك بكاته‌وه‌. كێ كۆترێكی بینیوه‌ ژینگه‌ پیس بكات؟ كه‌س گوێدرێژی بینیوه‌ دار به‌ سه‌وزی بسوتێنێت؟ كوا هێستر سه‌وزایی وێران كردووه‌؟ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت بیر بكاته‌وه‌ دڵخۆشه‌ به‌ توڕه‌هاتی ده‌وڵه‌تی كوردی و به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌ك له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌ هه‌له‌كه‌ سه‌ما. دڵخۆشه‌ به‌ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ڵام دار به‌ گه‌ڵاوه‌ ده‌سوتێنێت، باسی گۆڕینی دنیا ده‌كات به‌ڵام سه‌وزایی وێران ده‌كات، له‌ مزگه‌وته‌كاندا له‌ دوای مه‌لاوه‌ نوێژ ده‌كات، به‌ڵام بۆنی درۆ و دووڕوویی ئاسمان كاس ده‌كات.
وای چۆن ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌یان وێران كرد ئاین و ئایدۆلۆژیاو حزب و بزوتنه‌وه‌كان. وای چۆن هه‌لاهه‌لایان كردین ڕێكخراوه‌كان و به‌رپرس و مه‌لا جنێوده‌ره‌كان و چاودێره‌ به‌تاڵ و حه‌تاڵه‌كان. وای چۆن شاریان وێران كرد و خه‌ریكه‌ سروشتیش ده‌سوتێنن ئه‌م مه‌خلوقه‌ی ناوی كورده‌. بیست و شه‌ش ساڵه‌ شه‌ره‌فیان به‌ده‌ست نوخبه‌ی سیاسیه‌وه‌ شكاوه‌، كه‌چی له‌نێو ڕانی ئافره‌تێكدا بۆ شه‌ره‌فی خۆیان ده‌گه‌ڕێن. وای چه‌ند خاڵیه‌ ئه‌م تایپه‌ له‌ مرۆڤ.




خه‌زانێكی سه‌وز … سه‌ردار جاف

له‌ تریفه‌ی چاوه‌كانتا
سێبه‌ری مانگ هه‌ڵده‌وه‌رێ و
خه‌زان بیناییم داده‌گرێ
له‌ تاڵ تاڵی پرچه‌كانتا
خۆر له‌ ئاوابوون یاخییه‌ و به‌رۆكی په‌نجه‌ ته‌زیو و لاساره‌كانم ده‌مرێنێ…..
له‌ قوبادی مه‌ركانه‌ی رووت
شه‌رابی ترێی گه‌نیووه‌ به‌ ڕه‌نگی خۆی ده‌مشواته‌وه‌
له‌ قامه‌تی باڵای پڕتا
هه‌نگوین له‌ كووره‌ی هه‌سته‌كان په‌نگ ده‌خۆن و بۆ ژانی ئیشق ده‌مباته‌وه‌
له‌ سپێتی تیشكی نیگات
ئه‌وا هه‌نار له‌ گوڵه‌وه‌چنێی تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وه‌
سۆماكانم ته‌ڕته‌ڕ ده‌كا
ئاسۆی سوور بۆته‌ كراسی ته‌مه‌نم و
زێڕینی پرچت رۆژی رووناه و
به‌ تاریكیش قامكه‌كانم گه‌رم نابنه‌وه‌
ئه‌وه‌ حه‌زره‌تی جوانییه‌ ، لێو و ئه‌وك و هه‌ست و رۆح و چاو پڕ ده‌كا
هه‌ناسه‌ شه‌رمگرتووه‌
نه‌با خه‌رمه‌نی رووی مه‌هت زوو بێته‌ گۆ
ژاری گه‌ردی خۆی بڕێژێ و
ئه‌ستێره‌ی جوانی رووخسارتی پێ بروشێ
ئاسمان لۆكه‌ ده‌بارێنێ
به‌ سه‌ر ده‌فه‌ی میوه‌كانی گۆزه‌ی پڕ شه‌رابی كه‌نوو
غلۆر غلۆر ده‌بنه‌وه‌ و
دڵ یه‌ك لێدانێكی هه‌یه‌ و
تامی ڕه‌زێكی شیرینی پێ ده‌به‌خشێ
تنۆك تنۆك
هه‌نار به‌رچنه‌ی باڵا
بزه‌یه‌كی پڕ ژانه‌ سوێ به‌ ته‌وێڵی هه‌نسك ئاڵاو
له‌ گاشه‌ به‌ردی به‌ر ده‌رگای شارا كڕنووشی بۆ ده‌با
دڵۆپ دڵۆپ
گێلاسه‌ سوور
رۆحه‌ ره‌نگ جگه‌رییه‌كه‌ ئاوپرژێن ده‌كا و
له‌ قه‌تاره‌ی كاروانسه‌را
چمكی له‌چكی جوانیت ده‌با
تۆ چۆڕاوگه‌ی شه‌رابی ڕه‌شی زه‌نوێری
یا ئاو هه‌ناری گوڵاویی
ده‌ڕژێیه‌ سه‌ر لێوانمه‌وه‌
به‌ سه‌ر ته‌مه‌نی ئیشقما، گه‌ڵاگه‌ڵای گوڵوه‌ریوی
ده‌بییه‌ مشكی
یا هه‌وری ڕه‌نگاو ڕه‌نگی به‌ سه‌ر شانمه‌وه‌




توانه‌وه‌ شیعری … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

كه‌ سه‌رماننایه‌وه‌
كتێبه‌كانمان
ده‌بنه‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌
بۆ ژن و منداڵه‌كانمان.
ساڵێ دوای ئه‌وه‌ی سه‌رمان ئاودیو ده‌بێ
ئه‌وان، ژووری كتێبخانه‌كانمان
به‌تاڵ ده‌كه‌ن
سه‌رجه‌م كتێبه‌كان ده‌خه‌نه‌ ناو
فه‌رده‌ی گه‌نم و
گوشی په‌تاته‌ و
كیسه‌ی چیمه‌نتۆ و
عه‌للاگه‌ی نایلۆنی پێڵاو و
كارتۆنی قه‌به‌،
له‌ لاژوورێكی هه‌وره‌بانه‌كه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن
دوو ساڵ دواتر
ژنه‌كانمان،
دوای شه‌كه‌تی و
ماندووبوونێكی یه‌كجار زۆر
به‌ مێشك و ده‌روونێكی هیلاك و داته‌پیوه‌وه‌‌
به‌ بێزارییه‌كی تاقه‌ت پرووكێنه‌وه‌
كارتۆن و فه‌رده‌ پڕه‌كان
نایلۆن و گوشه‌ په‌تاته‌ی پڕ بیره‌وه‌ری
به‌ مه‌منوونییه‌وه‌
به‌ دیاری ده‌ده‌نه‌ سه‌نته‌رێكی لاوان
له‌ لاكۆڵانێكی گه‌ڕه‌كه‌كانمان،
دواتر دێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و
ده‌ستی ئۆخه‌ی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌
به‌ ئیسراحه‌ت و
دڵ و ده‌روونێكی خه‌م لێ‌ بڕاو
به‌ مێشكێكی سافه‌وه‌
له‌ ژووری كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌
هێمن، هێمن
لینگی لێ ڕاده‌كێشن و
لێی ده‌خه‌ون.
كتێبه‌كانمان له‌ سه‌نته‌ره‌كانی لاوان
ده‌بنه‌ خۆراكی مۆرانه‌ و مێروو.
شه‌ممه‌ی دواتر،
ژن و منداڵه‌كانمان
ژووری كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان
ده‌كه‌ن به‌ ژووری نانخواردن
پڕی ده‌كه‌ن له‌ كاونته‌ر
كه‌وچك و پلێت و قازان،
ڕۆژانی هه‌ینی
ده‌عوه‌تی قه‌به‌قه‌به‌ی لێ ده‌كه‌ن
هه‌ر كه‌ تێر ده‌بن
عرت عرت پێده‌كه‌نن.
لێناگه‌ڕێن دراوسێ ماندووه‌كانیان
سه‌رخه‌وێ‌ بشكێنن
كه‌ تازه‌كێ‌، له‌ قوڕكاری و شێلمفرۆشی و
نۆبه‌تداری هاتوونه‌ته‌وه‌.




بەهرۆز گەڵاڵی بۆی نیە دەست بۆ پیرۆزیەکانی شۆڕش بەرێت …. حەمە ئاوات مەعروف

گەر مێژوو گەواهی شۆڕش گێڕەکان بێت ، گەر شۆڕش خۆی شانۆیەک بێت بۆ پیشاندانی کارەکتەرەکانی ، ئەوا ئەمڕۆ کەقسە لەسەر ڕابردوو دەکەین ئەگەر خاوەنی مۆڕاڵێکی بەرز نەبین ئەوا دەبینە دز لە ژورەکانی مێژودا ، ئەوەی دەمێنێتەوە مێژوو تەنیا یەک چاوو یەک ڕوانین نییە بۆ ڕوداوەکان ، دواجار هەموو چاوەکان لەسەر لاپەڕەی مێژوو دەبنە دیدێکی هاوبەش و هەمویان دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوییەوە ، ئالێرەوە ئەگەر کاک بەهرۆز گەڵاڵی پێی وابێت مێژوو تەنها لە دوربینەکەی ئەوەوە دەبینرێت ئەوا ئێمە نزیکتر لە کاک بەهرۆز بە چاوی خۆمان مێژوو دەبینین نەک لە دورەوە بە دوربین ،، لەوەیش بەڵگەی کۆنکرێتی تر ئێمەو من بەتایبەت کارەکتەرێکی سەرەکی و دیاری ناو ئەو گۆڕەپانە بووم کە کاک بەهرۆز نەک یاری کەری ناو ئەو گۆڕەپانە نەبووە بەڵکو لەدورەوە بەدوربین سەیری کردوین ، تۆپی ڕوداوەکان لە قاچی کارەکتەرەکاندا بووە وە هەر ئەو یاریچیانەن دەتوانن حوکم بەسەر ئاڕاستەی جۆری یاری ناوو گۆڕەپانی مێژوو بن ، دوا جار دوای خوێندنەوەی بابەتێکی کاک بەهرۆز گەڵاڵی کە تێیدا دەڵێت گوایە مەلا بەختیار خاوەنی فایلی شاخ و شارە بە پێویستم زانی چەن ڕونکردنەوەیەکبدەم .. بەندە وەک کارەکتەرێکی ناو ئەو مێژووە تەمەنێکی درێژم لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیم لە تەک مەلا بەختیاردا هەیە . ئەگەرچی لەئیستادا کاک مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەو منیش ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانم و دیارە لەڕوی بیروو بۆچونی سیاسیەوە جیاوازیەکی زۆرمان هەیە بەڵام ئەوەی منی هاندا ئەم ڕونکردنەوانە بنوسم مەبەستم نەشێواندنی مێژووە و حەقیقەتەکان بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیە وە لەبەر ئەوەی نوسینەکەی کاک بەهروز گەڵاڵی ئاڵای شۆڕشی گرتۆتەوە ، بەندە وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی ئاڵای شۆڕش و شایەت حاڵ لەسەر زۆرینەی ئەو ڕوداوانە نەدەکرا بێدەنگی هەڵبژێرم .

کاتێک کاک بەهرۆز گەڵاڵی بە کاک مەلا بەختیار دەڵێت فایل داری شاخ و شار دیارە بیری چۆتەوە یان بێ ئاگایە کە مەلا بەختیار لە تەک شەهید ئارام و کاک سالار عەزیز و شەهید ئازاد هەورامی و شەهید عبد الرزاق دا دروست کەری کەری کۆمیتەی هەرێمەکانن کە هەر ئەو کۆمیتەیە بو کە توانی پاش گریرانی شەهید شەهاب و هاوڕێکانی و زیندانی کردنیان لە لای ڕژێمی بەعس هەموو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە بگرنەوەو سەر لەنوێ ڕێکی بخەنەوەو بڕیاری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش بدەن . بەڵێ شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئەو جوامێرانەدا بوو کە مەلا بەختیار ڕۆڵی کاریگەری تێیدا هەبوو هەر بۆیە کۆمیتەی هەرێمەکان لە پیرۆزیەکان و سەروەریەکانی گەلەکەمانە ، بۆیە بە ڕای من قسە کردنی کاک بەهرۆز لەسەر مەلا بەختیار دەستکاری کردنی شکۆی کۆمیتەی هەرێمەکانە . تەنانەت فەریدون عبدالقادر هەم لە کتێبەکەیدا و هەم لە تەنگی سەر لەیادی شەهید بونی کاک ئارامدا زۆر ستایشی ئەو ڕۆڵە مەزنەی کۆمیتەی هەرێمەکان و کاک ئارامی کرد و ئارامی بە مەدرەسەی کوردایەتی ناساند .

بەڵێ کاک بەهرۆز ، مەلا بەختیار بەشدارێکی کاریگەر بووە لە تۆمارکردنی ئەو سەروەریانەدا . لە ئێستادا کە مەلا بەختیار بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە گەر فایلدار بوایە چۆن دەبوە بەرپرسی تۆو هەمو ئەوانەی وەک تۆ لەدورەوە بە دوربین سەیر دەکەن ! دروست بونی ئاڵای شۆڕش پەیوەست بووە بە جیاوازی فکرو تێڕوانین بۆ شۆڕش نەک وەک ئەوەی کە کاک بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت خیانەتە دیارە بەهرۆز گەڵاڵی لە مانای خیانەت تێ نەگەیشتووە هەر وەک چۆن لە مانای پێوست بونی دروست بونی ئاڵای شۆڕش نەگەیشتووە.. زۆرێک لەوانەی کە بناغە دانەری کۆمەڵە و یەکێتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بون لە دامەزرێنەرانی ئاڵای شۆڕش بون وەک خودی مەلا بەختیار و کاک سالار عزیز و شێخ علی نەمر کە بەرپرسی یەکەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێ بووە و مامۆستا پشکۆ نەجمەدین و کاک ئاسۆ علی و چەندین تێکۆشەری تر ، کە جەنابت دروست بونی ئاڵای شۆڕش بە خیانەت لە یەکێتی دەزانیت دەبێت ئەم شۆڕش گێڕانە کە ناوم هێناون هەمویان خائین بن ؟؟!! دیارە تۆ لە مانای خیانەت و خیلافی فکری تێناگەیت .

لە نوسینەکەتدا ئاماژەت بەوە داوە کە مەلا بەختیار کاتێک لە زیندانی یەکێتی هەڵهاتووە گوایە ویستی وا بوبێت تەسلیم بە ڕژێم ببێت . بۆ ڕاست کردنەوەی ئەم هەڵەیەت دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم دوجار پلان بۆ ڕزگار کردنی مەلا بەختیار دانرا کە هەردو جارەکە لە داڕێژەرانی پلانەکەدا بووم لە جاری یەکەمدا لەڕێگای کەسانی سەر بە خۆمان و نزیک لە مەلا بەختیار ژمارەی کلیلی کێلونی دەرگای زیندانەکەیمان بەدەست گەشت ئێمە کە ئەو سەردەمە بە ئیختیفا لە سلێمانی بوین چەند کلیلێک کە نزیک بون لە ژمارەی ئەو کلیلەوە لەگەڵ بڕبەنگێکی بچوکمان بۆ ناردن بۆ ناوزیندان لە ڕێگای کەسە نزیکەکانمانەوە کە لە ناو خواردندا حەشارمان دابون ئەوکات کاک شێخ علی بە بڕبەنگەکە توانیبوی یەکێک لە کلیلەکان وا لێبکات کە دەرگاکە بکاتەوە ، لەڕێگای ڕێکخستنەکانەوە پەیامێکی دەنگیمان نارد بۆیان بۆ زیندان کە وەک جفرە هەر کات گوێ بیستی دەنگی ئەو هاوڕێیە بون لە کاتێکدا کە پێشمەرگەکانی یەکێتی دەنگی دەدەن ئەو هاوڕێیە پەیامە کەی بە دەنگێکی بەرز بڵێت و ئەوانیش لە ناو زیندانەکەوە گوێ بیستی جفرەکە بن و ئەو هاوڕێیە پێشمەرگەکان سەرقاڵ بکات و ئەمانیش دەرگای زیندانەکە بکەنەوەو هەڵبێن ، دیاربو برادەرانی یەکێتی پێشتر بەمەیان زانیبو لە کاتی کردنەوەی دەرگای زیندانەکەدا بێ هیچ دەنگێک تیشکی لایتێکی دەستیان ئاڕاستە کردبون کە گوایە ئاگامان لێتانە ئەوانیش دەرگای زیندانەکەیان داخستبۆوە و بۆ بەیانی بێ ئەوەی برادەرانی یەکێتی لە ڕویان بدەن لە سلێمانیەوە دەرگایەکی پۆڵایان بردبو ئەو دەرگایەیان دەرهێنا ودەرگاپۆڵاکەیان خستبوە شوێنی دەرگای زیندانەکە ، لە جاری دوهەمدا کە هەڵهات و گیرایەوە بڕیار وابوو لە هەردو پلانەکەدا کە مەلا بەختیار بگاتە ناوچەی قولەرەیسی نزیک لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب ئامادە کرابو کە ڕوناکی شێخ جەناب و کاک کەمال قەرەداغی لەگەڵ بیکابەکەدا بڕۆن و مەلا بەختیار لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن و پێشتر لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران هەماهەنگی کرابو کە مەلا بەختیار دەرباز بکرێت و بیگەیەننە سەر سنور بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە بارەگاکانی ئاڵای شۆڕش لە زێوە بەڵام لەوکاتەدا پلانەکە سەری نەگرت و گیرایەوە ، گەر مەلا بەختیار نەگیرایەتەوە وا بڕیار بوو پێش ئەوەی بگاتە زێوە نامەیەک ئاڕاستەی کاک نەوشیراون و مام جەلال بکات و تێدا بنوسێت کە من ئێستە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئێوەدا نیم و ئامادەی گفتو گۆم و دژی شەڕی برا کوژیم بەتایبەت لەگەڵ ئێوەی هاوسەنگەرمدا .

بەهرۆز گەڵاڵی کاتێک ئەم قسانە دەکات کتێبێک بەسەرچاوە دەگرێت کە برایم جلال نوسیویەتی کە غەدرێکی مێژویی تێدایە بەوەی کە شەهید بابە تایەر بە بابە علی ناودەبات و دەڵێت جاش بووە شەهید بابەتەیەر نە پەیوەندی بە ئاڵای شۆڕشەوە هەبو وە نە جاشیش بووە وە نە ئاگاداری ئەو هەڵهاتنەی مەلا بەختیار ببووە بابە تایەر پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی نوێ بووەو سەرتیپ بووە بە حوکمی ئەوەی هاوڕێی نزیکی زۆرینەی هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش بووە لە لایەن یەکێتیەوە پاش ئیهانە کردنێکی زۆر تا ئاستی چەک کردن تەسلیم بووەوە دوا جار لەدوای ۳۱ ی ئابی ۱۹۹٦ لە گەردەلولی تۆڵەدا لە شەقڵاوە شەهید بوو ، دواجار چ بەهرۆز گەڵاڵی و چ برایم جەلال کە مێژو دەشێوێنن دەبێت ئەوە بزانن کە حەقیقەتە مێژوییەکان زۆر لە ڕوانینە شێواوەکان گەورەترە مێژوی زیندوو بەو لاشە مردوانەی کە لەدەرەوەی یاریە زیندوەکانن ناشێوێنرێت وە قسە کردن لەسەر مێژو پێویستی بە بەڵگەی کۆنکرێتی هەیە بەهرۆز گەڵاڵی بۆی نییە دەست بۆ پیرۆزیەکانی شۆڕش بەرێت .




پاییزه‌ شه‌وێك …. خه‌زان محه‌مه‌د

سلێمانی
له‌ شه‌وێكدا …
له‌ گه‌ڵ قژه‌ زه‌رده‌كه‌ی پاییزدا
هۆن .. هۆن .. بارانی رۆندك
له‌ هه‌وری چاوه‌كانمه‌وه‌
ده‌هاتنه‌ خوارێ …!
بروسكه‌یه‌كم كرده‌ قردێله‌ و
دام له‌ پرچی شه‌و
ئه‌ندێشه‌ ناسكه‌كانم
به‌ تاڵه‌ تیرێژی شیعرێكا
هه‌ڵواسی …!
شمه‌كه‌ ته‌ڕه‌كانی مه‌راقم
له‌ سه‌ر ته‌نافی ئازارێك
وشكه‌وه‌ كرد
ئه‌ی پاییز….
وه‌ك چۆن دره‌خته‌كانت
له‌ جلوبه‌رگی گه‌ڵاكان
رووت كرده‌وه‌
وه‌ره‌ و دوا گه‌ڵای دره‌ختی
مه‌رگ لێنیشتووی
سیمای زه‌ردم
هه‌ڵوه‌رێنه‌ ..!




سیمنارێک لە شاری تۆرۆنتۆ بۆ بەڕێز سیاوەش ئووەیسی

سیمنارێک لە شاری تۆرۆنتۆ
دەنگەکان لە درێژەی چالاکییە ڕۆشنبیری و
هونەرێکانیدا، هەڵدەستێ بە ڕێکخستنی
سیمنارێک بۆ بەڕێز:
سیاوەش ئووەیسی
بە ناونیشانی:
ئایدیۆلۆژیا و سیستمە تۆتالیتارەکان
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژی یەکشەممە 26/3/2017
کاتژمێر:1:30 ی ئێوارە بۆ 4:30 ی ئێوارە
لەم ناونیشانەی خوارەوە:
Albert Campbell Librarey
496 Birchmount Road, Toronto, ON
M1K 1N8

Closest major intersection Birchmount Road and Danforth Road Located on west side of Birchmount Road, just north of the mall occupying the corner lot.

Kor_siavash




کێ کوردستان بەڕێوە دەبات؟ … کامەران چروستانی

لە ساتێکدا کە لەناو مێدیا جیاوازەکانی کوردستاندا بە گەلێک تێڕوانینی جیاوازەوە تێزی دروستبوونی دەوڵەتی کورد وروژێنراوە، لە کاتێکدا کە پێگەی کورد لە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە و لە جیهاندا بە ئاشکرا دیارە و گەلێک وڵات ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتی هەمەڕەنگە و کاری پێکەوەیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا پێشان داوە، هاوکات سەرجەم ناوچەکە لە ئێستادا وەک باروتێکی ئامادەکراو وایە، کە لە هەر ساتێکدا بێت بتەقێتەوە و گۆڕانکاری بنچینەیی بەسەردا بێت، کە لەوانەیە ئەو گۆڕانکارییە سنوورەکانی هەنووکەیی ناوچەکەش بگرێتەوە؛ هەمووئەمانە کورد ڕووبەڕووی گەلێک پرسیاری چارەنووسساز دەکاتەوە، کە پێویستە زۆر بە ئاگاوە هەنگاوەکان بنێین و هێندەی کار لەسەر فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان بکەین، بە هەمان شێوە کار لەسەر فاکتەرە ناوخۆییەکان بکەین.
وەلێ لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دوو هەواڵ سەرنجی منیان ڕاکێشا: دروستکردنی هێزێکی چەکدار لە ناحیەی خەلیفان، کە لەلایەن حکومەتی بەغداوە پشتگیری لێ دەکرێت، دووەمیان تۆمارکردنی ناو و دروستکردنی هێزی حەشدی شەعبییە لە هەندێک ناوچەی وەک شارەزوور و گەرمیان.

لێرە دەپرسین: ئایا کێ هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات؟
لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنە حیزبییەکان خۆیان لەم هەڵمەتە بێدەنگ کردووە، هەندێکی دیکەیان دروستکردنی ئەم هێزانە قبوڵ ناکەن و بە هەموو شێوەیەک دامەزراندنی ئەمیان یان ئەویان ڕەت دەکەنەوە. لەناو هەموو ئەو ڕووداوانەشدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای پلانی حیزبی جوڵەیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان پێ دەکرێت، هەردوو ئاسایشی ئەو دوو حیزبە بە جیا لە شاری کەرکووک چالاکی و ئەرکەکانی خۆیان بەجێ دەهێنن. هەموو ئەمانە لەناو چوارچێوەیەکی تەسکی حیزبیدا بەرجەستە دەکرێن و ئەوەی لەو ناوەدا بوونی نەبێت بەرجەستەبوونی دەسەڵاتی حکومەتی کوردستانە.

سەرباری هەموو ئەو بارە هەستیارانەی، کە لە سەرەتادا ئاماژەیان پێ کرا، بەڵام مەخابن پێکهێنانی ئەم گروپە چەکدارییانە وەک واقیعێک بوونیان هەیە بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی ئاشکرای حکومەتی کوردی بوونی هەبێت، کە لەسەر بنەمایەکی یاسایی هەڵوێستێکی ڕاست و ڕەوان ئاشکرا بکات بە مەبەستی ئەوەی ئەم هەڵمەتە لەژێر حوکمی یاسادا پشتگیری لێ بکرێت یاخود ڕابگیرێت. بە واتایەکی دیکە: وا دەردەکەوێت هەتا ئێستا لەناو هەرێمی کوردستاندا یاسا ئەم بابەتەی یەکلا نەکردۆتەوە ئایا دەسەڵاتی پێکهێنانی هێزی چەکداری لە سنووری دەسەڵات و بەرپرسیارێتی کێدایە. خۆ ئەگەر یاسایەک بۆ ئەم پرسیارە هەبێت ئەوا ئەم هەڵمەتەی دوایی ئەوە دەگەێنێت، کە پێکهێنانی ئەم هێزە چەکدارانە لەژێر پارێزگاری حیزب و لایەنە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ پێشێلکاریی یاسادا.

واتە: لە سەرتاپای ناوچە کوردستانییەکاندا هیچ لایەنێکی حیزبی ناتوانێت چالاکییەکی هاوشێوە ئەنجام بدات، ئەگەر بێتوو پشتگیریی لایەنێکی حیزبی دەسەڵاتداری لەگەڵدا نەبێت. ئەزموونەکانی ڕابردوو لە ڕێخۆشکردن یاخد ڕێگرتن گەلێکن نەک تەنها لە بواری چالاکییە سەربازییەکاندا بەڵکوو لە چالاکییە حیزبی و مەدەنییەکانیشدا. هەر بۆیە دەبێت بپرسین: ئایا کێ کوردستان بەڕێوە دەبات؟ ئایا مەتەڵی دروستکردنی ئەم هێزە چەکدارانە چییە؟ ئایا کێ لە پشت پێکهێنانی ئەم هێانەوە دەوەستن؟ چ لایەنێک بڕیاردەری سەرەکییە؟ بە چ ئامانجێک ئەم هێزانە پێک دەهێنرێت؟
ئەوەی لە هزری هەموو تاکێکی کورددا جێگیرە ئەوەیە، کە هیوادار بین ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو هێزانە دژ بە خودی خۆمان بەکار نەهێنرێت و لەلایەن هێزە ناوخۆییەکان یان دەرەکییەکان نەکرێت بە کەرەستەیەک بۆ هەندێک ئامانجی دژ بە کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌-61 ….. كه‌ریم كاكه‌

یاده‌وه‌ری

به‌رماڵ گوڵی كۆسارانی شێت كرد
61
چ هاوارێ له‌ گه‌رووی گوڵی كۆسارانه‌وه‌ هه‌ڵیكرد و دنیای له‌رانده‌وه‌، دڵنیام دنیای له‌راندۆته‌وه‌، ده‌نا چۆن ده‌ست و گۆچانی پیری سوارچاكان ده‌كه‌ونه‌ له‌رزه‌، ئه‌و سوارچاكه‌ كه‌متر له‌ له‌رزینی دنیا به‌ هیچ ناله‌رزێ، پیری سوارچاكان له‌ دیدی منه‌وه‌ وابوو، كێوێ بوو، ئاسمانیشی به‌ سه‌ردا رووخابا، په‌له‌ به‌ردێكی لێ نه‌ده‌بۆوه‌، مسته‌ خۆڵێكی لێ به‌رنه‌ده‌بۆوه‌..
له‌ هاواری گوڵی كۆسارانه‌وه‌ هه‌ستمكرد كه‌وتینه‌ نێو گێژه‌لووكه‌یه‌كه‌وه‌ دنیای ژێراوژووركرد، وه‌راوگێڕیكرد، من جگه‌ له‌ له‌رزینی پیری سوارچاكان چم نه‌دی، دنیا له‌ كراسی ژنه‌ شه‌هید ره‌شتر داگه‌ڕا، وه‌ك خه‌ونێك له‌ تاریكی دێته‌وه‌بیرم، گوڵی كۆساران له‌ به‌سته‌كه‌وه‌ به‌ سه‌ر به‌رده‌بازه‌كانه‌وه‌ هات و گه‌یشته‌ پیری سوارچاكان و گوتی:
+حاجی، ده‌مكوژێ، ده‌مكوژێ..
_كچێ، كێ ده‌تكوژێ؟
+ ده‌مكوژێ، كوڕه‌كه‌ت ده‌مكوژێ.
_ لۆ ده‌تكوژێ؟
+ له‌و بپرسه‌…
مه‌ریه‌م له‌ پێش هه‌مووان گه‌یشتێ و به‌ چپه‌ گۆتیه‌ پیری سوارچاكان:
مامه‌، مامۆژنم كه‌مێك شێوایه‌…
كه‌مێك شێوان! گوڵی كۆساران ته‌واو شێواوه‌، چاوه‌كانی پڕ جندۆكه‌ن، جوولانه‌وه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌ر له‌ هی شێتان ده‌چێ، ئه‌و په‌نجانه‌ی پێشترێ به‌ نازی پیرانه‌وه‌ بۆ بسكه‌كانی ده‌بردن! بسكه‌ سۆره‌ لووله‌كانی له‌ بن گه‌ردنی لێكگرێ دابوون، وه‌ك بیه‌وێ به‌ بسكی خۆی خۆی له‌ سێداره‌ بدات، پێشتر بسكه‌كانی جوان جوان شۆڕببوونه‌وه‌ و ده‌گه‌یشتنه‌ سه‌ر مه‌مكه‌ چورچه‌كانی، رۆیینی پێشتر كوا وابوو؟ گوڵی كۆساران پێشتر ده‌نگی نه‌رم نه‌رم له‌ ده‌نگی ككوختی ده‌چوو، كه‌چی ئێستا خۆ گوێتان لێبوو چۆن ئه‌و هه‌موو ماڵه‌ لێكدی دووره‌ی له‌ پێش ماڵی ئێمه‌ خڕكرده‌وه‌..
گه‌ڕه‌ك رژایه‌ كۆڵانێ، رژایه‌ ده‌و كه‌ندێ، پێش ماڵی ئێمه‌، ئه‌گه‌ر ئاسمان هه‌یهای لێنه‌كردبان، بن ده‌ست و پێ ده‌كه‌وتین، ئاسمان گرماندی، دایكرده‌ بارانێ، وه‌ك كونده‌ی سه‌ربه‌ره‌ژێر، ده‌ریا له‌ ئاسمانه‌وه‌ كونی تێبوو، خه‌ڵك په‌رته‌یان لێكرد، كه‌ند هه‌ستا، باش بوو زوو لێیكرده‌وه‌ ده‌نا مسۆگه‌ر هه‌ر ماڵی ئێمه‌ نا ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستانیش ئاو ده‌یبرد، دوور نیه‌ شه‌پۆل گه‌شتبایه‌ته‌ نزیك ماڵی شاتكه‌ شێتیش كه‌ قه‌یاسه‌ك له‌ كه‌ندێ دوور بوو..
گوڵی كۆساران، بۆ وات به‌سه‌رهات؟ به‌رماڵ به‌و ده‌رده‌ی برد؟ ده‌زانن بۆ پاڕانه‌وه‌ چه‌ند له‌ سه‌ر به‌رماڵ مایه‌وه‌، پاڕانه‌وه‌ له‌ خودا به‌ نیازی گێڕانه‌وه‌ی بینایی بۆ چاوی پیری سوارچاكان، به‌ قسه‌ی شاتكه‌ شێت بێت، گوڵی كۆساران به‌رماڵ شێتی كرد، من له‌ شاتكه‌م بیستووه‌:
هه‌ركه‌سێ زۆر زۆر له‌ سه‌ر دووگرد بمێنێته‌وه‌، جندۆكه‌ ده‌ستی لێده‌وه‌شێنێ
شاتكه‌ شێت حه‌مه‌د مه‌ستانیشی خستبووه‌ ریزی شێتان، شێتی سه‌ر به‌رماڵ، ئۆبال به‌ ملی شاتكه‌،گوایه‌ ئه‌و حه‌مه‌ده‌ له‌ تافی لاوێتی پێیه‌كی له‌ ئیش و قوڕكاری پێیه‌كی له‌ مزگه‌فتێ بووه‌، سه‌ری چووه‌ نوێژی نه‌چووه‌، خواپه‌رستێ بووه‌ نه‌ك غه‌وسی گه‌یلانی سه‌ید مارفیش پێینه‌گه‌یشتووه‌، گوایه‌ هێنده‌ له‌ سه‌ر به‌رماڵ ماوه‌ته‌وه‌ تا شێت و سه‌رگه‌ردان بووه‌، به‌ڵام نه‌كه‌وتۆته‌ كووچه‌ و كۆڵانان، هاتووه‌ به‌ دیار شووشه‌ی عه‌ره‌قه‌وه‌ دانیشتووه‌، ده‌ڵێن حه‌مه‌د مه‌ستان دوای بیستنی ئه‌و قسه‌یه‌، گۆتبوویه‌ شاتكه‌ شێت:
لۆت له‌ خودا ده‌پاڕێمه‌وه‌، له‌ شێتایه‌تیه‌كه‌ی خۆت به‌تاڵتبكاته‌وه‌، له‌ شێتایه‌تیه‌كه‌ی من شووشه‌یه‌كی لێورێژ به‌ سه‌ر لێوته‌وه‌ بكات..
هه‌وكه‌ كاتی به‌زمی شاتكه‌ و مه‌ستانم نیه‌، ده‌چمه‌وه‌ كن گوڵی كۆساران و ئه‌و رسته‌یه‌ی ده‌ڵێمه‌وه‌ كه‌ هێنده‌ی ده‌گوته‌وه‌، نازانم كێ بوو به‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی پیری سوارچاكانی به‌راورد ده‌كرد، له‌وه‌ی وه‌ك چۆن دووكه‌ڵه‌كه‌ نه‌ده‌پسایه‌وه‌ و له‌ دووره‌وه‌ دیاربوو، رسته‌كه‌ی ویش پسانه‌وه‌ی نه‌بوو، هه‌ر كێ و هه‌ر كاتێ رێی به‌ كۆڵان و پێش ده‌رگای ماڵی ئێمه‌ كه‌وتبێ، رسته‌كه‌ی وی بیستووه‌:
بمشارنه‌وه‌، ده‌مكوژێ..
پیری سوارچاكان و زۆریدی زۆریان لێپرسی:
بۆ ده‌تكوژێ؟
گوڵی كۆساران له‌ په‌نای بالیفه‌ گه‌وره‌كه‌ی بن پشتی پیری سوارچاكان خۆی گرمۆله‌ ده‌كرد، چاوی خۆی ده‌گرت، له‌ كه‌لێنی په‌نجه‌ وردیله‌كانی كه‌ ده‌تگوت بامیه‌ی باریكی وشكهه‌ڵاتوون، تیشكێكی كزم له‌ چاوه‌كانی ده‌دی، وه‌ك بڵێی بیه‌وێ خۆی له‌ سێره‌ی گولله‌ لابدات یان خۆی له‌ په‌نای ئه‌و دووسێ گوشه‌ په‌ته‌ و خوریه‌ ده‌شارده‌وه‌ كه‌ له‌ قوژبنی په‌نا ده‌رگاكه‌ له‌ سه‌ر یه‌كتری هه‌ڵچنیبوون و كه‌س نه‌یده‌زانی بۆ كه‌نگێی هه‌ڵگرتوون، پێده‌چوو وا تێگه‌یشتبێ گولله‌ خوری و موو نابڕێ، به‌ ده‌نگێكی مشت له‌ ترس ده‌یگۆ:
دایكی خۆی به‌ پێله‌قه‌ كوشت، من ناكوژێت!
ئیدی كه‌س نه‌یده‌پرسی بۆ كوشتی و بۆ ده‌تكوژێ، زۆر هه‌وڵمدا پێبكه‌وم داخوا راسته‌ دایكی خۆی كوشتووه‌، پێنه‌كه‌وتم و نه‌گه‌یه‌شتمه‌ هیچ، به‌ڵام گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ی كه‌س نیازی كوشتنی گوڵی كۆسارانی نیه‌، ئێ، گوڵی كۆساران هێشتا پێش هاتنه‌وه‌ی مریشك بۆ كۆڵیت، ده‌رگای توند له‌ سه‌ر خۆیان داده‌خست، فریشته‌، زێنه‌به‌ی كچیشی له‌ پێش ده‌رگا راوه‌ستابا، لێینه‌ده‌كرده‌وه‌، له‌ پشت ده‌رگاوه‌ گوێم له‌ پیری سوارچاكان بووه‌:
كچێ بۆم بكه‌وه‌، ده‌چمه‌ سه‌ر پێشاوێ.
ده‌یگۆ:
لێره‌ دانیشه‌، له‌ ناو ته‌شتێ بیكه‌..
ئێواره‌یه‌كی باراناوی بوخچه‌ی پێچایه‌وه‌، داوای له‌ بابم كرد، هه‌ر ئێستا بیگه‌یه‌نێـته‌ ماڵی زێنه‌به‌ی كچی، ماڵیان له‌ كوێیه‌؟ له‌ بانه‌قه‌ڵاتی ده‌و به‌ستی شه‌رغه‌، بابم(تاهو وا)یه‌كی نه‌رمی كرد، به‌ شێوه‌یه‌ك گوڵی كۆساران پێیتێكنه‌چێ، ئه‌گه‌ر بزانن ماڵی زێنه‌به‌ چه‌ند دووره‌، رێ چه‌ند ترسناكه‌، ئارامیی بابمتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، ئاخر هه‌ر له‌ بنه‌سراوه‌وه‌ بگره‌ تا ماڵی زێنه‌به‌، شه‌ڕوشۆڕه‌، حكومه‌ت كێرووشك له‌ زه‌وی ببینێ، ده‌بابه‌ی بۆ ده‌نێرێ، كێشكه‌ به‌ ئاسماندا بفڕێ به‌ تۆپێكی ده‌سپێرێ، له‌ نێوان ماڵی گوڵی كۆساران و ماڵی زێنه‌به‌ی كچی ئاگر و ئاسن ده‌بارێ، پیری سوارچاكانیش جه‌حێل بێته‌وه‌ له‌و رێیه‌ نادا، كه‌چی گۆتیه‌ گوڵی كۆساران:
جگه‌ له‌ من كه‌س ناتوانێ به‌گه‌ڵت كه‌وێ، بۆیه‌ له‌ خودا بپاڕێوه‌ بۆ شه‌وێك جه‌حێڵم بكاته‌وه‌..
گوڵی كۆساران وه‌ك بڵێی گوێی له‌و قسه‌یه‌ نه‌بێ، گۆتیه‌ بابم:
من چوار كچم هه‌یه‌، تۆم له‌ زووه‌وه‌ به‌ كوڕی خۆم داناوه‌، له‌ كوڕیشم زیاتری، تۆ دڵت دێ له‌ پێش چاوی خۆت دایكت بكوژن..
ئه‌و شه‌وه‌ بابم و پیری سوارچاكان هه‌رچۆنێ بوو بوخچه‌ی كۆچیان پێخسته‌وه‌ ناو باوله‌ گه‌وره‌كه‌یه‌وه‌، هه‌رێیان دایێ كه‌ سبه‌ی بیگه‌یێننه‌وه‌ ماڵی كچه‌كه‌ی، نازانم سبه‌ی بوو یان دووسبه‌ی و سێیه‌ی، رۆیشت، كچێكی هات و له‌گه‌ڵی رۆیی، بابم به‌ڕێیكردن، دێته‌وه‌بیرم، پیری سوارچاكان به‌ ده‌م نكه‌نك و ئاهی قووڵه‌وه‌ گوتی:
لێیگه‌ڕێن با بڕوا، دڵی مه‌شكێنن، كوێی ده‌وێ با بچێته‌ ئه‌وێ..
رۆیی، گوڵی كۆساران پێكه‌نینی پیری سوارچاكانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، له‌ دوای وی كه‌س ئه‌وی به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ نه‌دی، رۆیی و هه‌ستانه‌وه‌ و گه‌ڕانی پیری سوارچاكانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، دوای وی، ئه‌و له‌ ناو جێ كه‌وت و بۆ سه‌ر پێشاو ده‌بوو شان بده‌یته‌ بن پیلی، گولی كۆساران رۆیی و ئێمه‌ی بێ نه‌نك هێشته‌وه‌، نه‌نكێك له‌ نه‌نكی كه‌س نه‌ده‌چوو، شیرینی و میهره‌بانیی نه‌نكایه‌تی لێ ده‌باری، ماچی ده‌تگوت په‌لكه‌ گوڵه‌ به‌ سه‌رتا ده‌باری و ده‌ست به‌سه‌رداهێنانی له‌گه‌مه‌ی ناو قه‌رسیل ده‌چوو، قسه‌ی گوڵی كۆساران ده‌تگوت شنه‌بایه‌، وه‌ی چه‌ند نه‌رم و له‌به‌ر دڵان بوو، ژنێك بوو سه‌د سوێندت ده‌خوارد له‌گه‌ڵ به‌فردا باریوه‌، هێشتا گه‌رد و تۆزی زه‌وی نه‌دیوه‌، وه‌ی چ نه‌نكێكم له‌ده‌ستچوو، له‌ دوای وی من له‌ زۆر شت بووم، به‌ نانی تیریشه‌وه‌، نانی وی هێنده‌ی به‌رانپیلێ، تۆ بڵێ نیوه‌ی چاوه‌ خانووێك ده‌بوو، خۆی گوته‌نی: ئه‌گه‌ر سێر و خوانه‌ی گه‌وره‌ی ده‌بێ، به‌ دوو نان چاوه‌یه‌ك پڕده‌كاته‌وه‌، من ئه‌و نانه‌شم چوو، ئاخر تا نانی ده‌ستی وی هه‌با، هی ده‌ستی دایكمم نه‌ده‌خوارد، گوڵی كۆساران رۆیی له‌ نانی گه‌رم و ناسكه‌نانی كردم، ئا، به‌و پیریه‌ ناسكه‌نانیشی بۆ ده‌كردین، ناسكه‌نانی ده‌ستی وی له‌ سه‌موونی بازاڕێ خۆشتر بوو كه‌ هه‌ندێ كه‌س ده‌یانخسته‌ ناو نانه‌وه‌!
گوڵی كۆساران له‌ داخی چاوی پیری سوارچاكان له‌ سه‌ر به‌رماڵ شێت بوو، پیری سوارچاكان ئه‌وه‌ی ده‌زانی، بۆیه‌ ده‌یگوت:
هێی گوڵه‌كه‌ی كۆسارانم، تۆم به‌ چ ده‌ردێ برد، ده‌ترسم خودا له‌ سه‌ر تۆ بمباته‌ دۆزه‌خێ..
پیری سوارچاكان رۆژ دوای رۆژ له‌ كورتی ده‌دا، ده‌بنێسێ، زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بۆ سه‌ر پێشاو من به‌ ته‌نێ بۆم قیتنه‌كرێته‌وه‌، كه‌وت، له‌ جێ كه‌وت، له‌ جووله‌ كه‌وت، ته‌نێ زاری ده‌گه‌ڕێ، من هه‌ر له‌ قوتابخانه‌ دێمه‌وه‌، ده‌گه‌مه‌ سه‌ری و له‌ ناو ئه‌و هه‌موو نه‌وه‌یه‌ ته‌نێ بانگی من ده‌كات، جار جاره‌ ده‌ڵێ:
كه‌ریم، باوكه‌كه‌م، هه‌ندێ پشتم بخورێنه‌..
پشتی ده‌خورێنم، جوان بۆی ده‌خورێنم…
ده‌ڵێ:
درۆی فه‌رموو، ئه‌وه‌ی گۆتی: ده‌ستی كه‌س پشتی كه‌س ناخورێنێ..
كه‌سوكار له‌ بنی دنیاوه‌ دێنه‌ سه‌ردانی پیری سوارچاكان، دنیا به‌ سه‌ر ماڵی ئێمه‌دا رژاوه‌، من پتر به‌ هاتنی خدر خه‌رمان دڵم ده‌بۆوه‌، ئه‌و پیاوه‌ ماڵیان له‌ سه‌یداوه‌، له‌ پشت ماڵی مام عه‌لی عاره‌ب بوو، له‌ بایزی بابی كوێخا مه‌حموودی گه‌وره‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌وه‌ پیری سوارچاكان، ئه‌و خدره‌ خه‌رمان بوو له‌ یاده‌وه‌ری و قسه‌ی كۆن، دیرۆكی پیری سوارچاكان و هه‌مووانی ورد ورد ده‌زانی، ده‌یگێڕایه‌وه‌، سه‌رهاتی وای له‌وانه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌س نه‌یبیستبوو، پیری سوارچاكان كه‌ ده‌یبیست ده‌یگوت:
وایه‌، خدر وایه‌، من خه‌ریكه‌ له‌بیرمبچنه‌وه‌..
خدر كتێبێكی گه‌وره‌ بوو، دنیای تێدا نووسرابۆوه‌، خدر نازانم كێ بوو ده‌یگۆ: ((خه‌رمانێكه‌ له‌ سه‌رهات و گێڕانه‌وه‌)) هه‌ر بۆیه‌ من دواتر دوایوه‌ی كتێبه‌كه‌ بزربوو، كه‌س نه‌یخوێنده‌وه‌، دوایوه‌ی خه‌رمان به‌ر ره‌شه‌بای رۆژگار كه‌وت و هه‌ر دنكێكی كه‌وته‌ بن به‌ردێكی له‌بیرچوونه‌وه‌، ناوم نا خدر خه‌رمان، ئه‌و خه‌رمانه‌ كتێبیه‌ هه‌زار كۆڵانی ده‌وێ بۆ گێڕانه‌وه‌، جارێ له‌ خدر گه‌ڕێن، پیری سوارچاكان بانگمده‌كات، بزانم چی ده‌وێ:
– چیه‌، باپیره‌؟
+كوڕم، شمشاڵه‌كه‌ت بێنه‌، (هاوار ده‌لال)ێ لێده‌
یه‌كپێ هه‌ستام و شمشاڵم هێنا، ده‌زانن ئه‌وه‌ جاری یه‌كه‌مه‌ پیری سوار چاكان داوای شمشاڵم لێبكات، پێشتر په‌نجه‌ و شمشاڵی منی دیتبوو، شمشاڵی منی بیستبوو، ده‌ستخۆشیشی لێم كردبوو، ئێ، له‌ منه‌وه‌ هاوار ده‌لال و له‌ویشه‌وه‌- له‌ بن چاوان ته‌ماشام ده‌كرد- هورده‌ رۆندك، منیش گریانم هات، گریان هاوار ده‌لالی خنكان.. وه‌بیرمدێ خزمێك به‌سه‌ردا هات، پرسی:
ئه‌وه‌ جێ نه‌ما، له‌ بن گوێی باپیرت تووڕه‌ تووڕ ده‌كه‌یت؟!
پیری سوارچاكان كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ته‌ ده‌نگی ده‌هات، باگۆی داوه‌:
ئه‌وه‌ تووڕه‌ تووڕ نیه‌، هاوار ده‌لاله‌..
دوای چاكوچۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌و خزمه‌ ره‌زا قورسه‌، پاش كه‌مێكیتر ده‌یبینن چه‌ند ره‌زای قورسه‌! پیری سوارچان گوتی:
ده‌ی كوڕه‌كه‌م، نۆره‌ی (سه‌رچیایی)یه‌..
ئۆی! چما پیری سوارچاكان ده‌زانێ من سه‌رچیاییش ده‌زانم! له‌ منه‌وه‌ سه‌ر چیایی، به‌ چاوی خه‌یاڵیش پیری سوارچاكانم دیت سواری ماینه‌كی كه‌وێته‌ و چیا و چیا باڵی گرتووه‌، ده‌ستی به‌ هه‌وره‌وه‌ گرتووه‌، ده‌بینم ردێنی پیری سوارچاكان تێكه‌ڵی بژی ماین و هه‌وری سپی بووه‌، ده‌بینم گوڵی كۆساران چارۆگه‌ی له‌ سه‌ری كردۆته‌وه‌ و له‌ سه‌ر سه‌ری رایده‌وه‌شێنێ، ده‌زانێ ماین مێرده‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، ده‌یه‌وێ بیگێڕێته‌وه‌ و بڵێ: بگه‌ڕێوه‌، من لێره‌م، بگه‌ڕێوه‌ پیری سوارچاكان، گوڵه‌كه‌ت، گوڵی كۆساران ئۆوه‌ته‌، لێره‌یه‌..
نه‌ده‌بوو پتر په‌نجه‌ له‌ شمشاڵ ببزێوم، ئاخر تا من لێوم به‌ شمشاڵه‌وه‌ بێ، په‌نجه‌م به‌ شمشاڵه‌وه‌ بێ، پیری سوارچاكان پتر له‌ گوڵی كۆساران دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، من وا چووبوومه‌ خه‌یاڵه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ شمشاڵ هه‌ڵگرم، پیر و گوڵ ده‌گه‌نه‌وه‌ یه‌ك، ده‌نگی شمشاڵ نه‌ما، حه‌یف، له‌ جیاتی گوڵی كۆساران، خزمه‌ ره‌زا قورسه‌كه‌م به‌ ته‌نیشت پیری سوارچاكانه‌وه‌ دیت، ئه‌وجا چ بڵێ باشه‌:
حاجی، تۆ له‌ جیاتی شمشاڵ، قورئانت له‌ سه‌ر بخوێنن، باشتر نیه‌؟
پیری سوارچاكان به‌ نه‌رمه‌ كۆخه‌وه‌:
قورئان له‌ جێی خۆی، شمشاڵ له‌ جێی خۆی، قورئانه‌كه‌ بۆ دوای مردن هه‌ڵگره‌..
وه‌بیرمدێ چاوه‌كه‌ی پیری سوارچاكانم به‌جێهێشت و چوومه‌وه‌ چاوه‌كه‌ی خۆمان و گۆتمه‌ دایكم:
دایه‌، ئێستا ئه‌و پیاوه‌ سه‌گبابه‌ی كن باپیرم ده‌ركه‌..
دایكم هۆپێكی له‌ خۆی زانی:
بۆ! كوڕم چی كردووه‌؟ ئه‌وه‌…
گوتم: ده‌رینه‌كه‌یت، دارلاستیقه‌ك له‌ كه‌پووی ده‌ده‌م..
باش بوو زوو هه‌ستا و رۆیشت ده‌نا به‌ردێك، شتێكم ده‌خێواندێ، ئه‌و پیاوه‌ ساڵ نا ساڵێ ده‌چووه‌ حه‌جێ، به‌ڵاَََََََََََََََََََََََََََم كه‌شیده‌ی نه‌ده‌به‌ست نه‌ له‌ سه‌ر نه‌ له‌ پشت، كه‌سیش حاجیی نه‌ده‌گۆتێ، بیستبووم پیری سوارچاكان پێیگۆتبوو:
یه‌ك حه‌ج سه‌رو زیاده‌، پیاو به‌ جارێك ده‌بێته‌ حاجی، كه‌ ده‌بێته‌ سێ و چوار له‌ حه‌ج ده‌رده‌چێ، له‌ چوونه‌ مه‌یدان ده‌چێ..
خزمی ره‌زا گران پێده‌چوو ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌ دڵ مابووبێ، به‌ (قورئان له‌ سه‌ر خوێندن) تۆڵه‌ی خۆی له‌ پیری سوارچاكان كردبێته‌وه‌..
واز له‌و خزمه‌ بێنم باشه‌، ئاخر پیری سوارچاكانیش گه‌ردنی ئازادكرد، دێته‌وه‌بیرم داوای گه‌ردنئازادی لێكرد، پیری سوارچاكان گوتی:
بڕۆ تۆش له‌ رێزی سه‌ سمێڵ به‌، گه‌ردنی ئه‌ویشم ئازادكردووه‌
ئێوه‌ سه‌ سمێڵی ترسنۆكتان له‌بیرماوه‌؟ ئه‌و سه‌یه‌ی ته‌نێ بۆ من ئازابوو، ئێستاش نیشانه‌ی كه‌ڵپه‌ی ویم به‌ له‌شه‌وه‌ ماوه‌.

پیاوی به‌زم خۆشیش ده‌هاتن، ئه‌ها، چاوده‌نه‌ ئه‌و پیاوه‌، له‌ ده‌و كه‌ندی سه‌یداوه‌وه‌ به‌ گونیه‌یێ گونه‌وه‌ دێ، ناوێكی وه‌ك مام ته‌های هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ یاده‌وه‌ریی من به‌ كه‌شیده‌شین ناوی له‌ ناو ناوانه‌، كه‌شیده‌كه‌ی ده‌بینن! دێ و پیری سوارچاكان لێی ده‌پرسێ:
+ له‌گه‌ڵ زه‌رد و ته‌له‌فزیۆن پێكنه‌هاتیه‌وه‌؟
– كه‌نگێ تۆ ده‌ستت له‌ ناو ده‌ستی ئاغایان نا، منیش پێكدێمه‌وه‌
ده‌بێته‌ پێكه‌نینێ پیری سوارچاكان پیری و نه‌ساغیی له‌بیرده‌چێته‌وه‌، له‌و دانیشتنه‌ ته‌نێ پێكه‌نین و دوو رسته‌كه‌م له‌بیره‌، به‌ڵام سه‌ربرده‌ی ئه‌و پیاوه‌ هی له‌بیرچوونه‌وه‌ نین، بیرمه‌ هه‌موو سه‌یداوه‌ سێ ته‌له‌فزیۆنی هه‌بوو، من ئه‌وه‌كه‌ی چاخانه‌كه‌م دیتبوو، كه‌شیده‌ شینیشم له‌وێ ده‌دیت، له‌ سه‌ر لا گونێ داده‌نیشت، ده‌گێڕنه‌وه‌، سه‌ر زله‌كه‌ی ناو ته‌له‌فزیۆنێ هه‌واڵێك ده‌خوێنێته‌وه‌:
له‌ میسر ره‌شه‌بایه‌كی هێند توند هه‌ڵیكردووه‌، ترومبێلی به‌ حه‌وا خستووه‌..
كه‌شیده‌ شین ده‌ڵێ:
وای له‌و شینه‌ درۆیه‌
ئیدی له‌وه‌وه‌ هه‌ر هه‌واڵێك له‌ ته‌له‌فیۆنه‌وه‌ بێ، ده‌ڵێ وای له‌و درۆیه‌..بۆ كه‌شیده‌كه‌ش، ئه‌و پیاوه‌ پێش فه‌هد كۆمه‌نیست بوو، سه‌ریشی چووبا نوێژی نه‌ده‌چوو، رقی دنیاشی له‌ پارتی بوو، حه‌جیشی كرد، به‌ڵام له‌ باتی زه‌رد كه‌شیده‌یه‌كی شینی به‌ست، گۆتبووی:
چ بكه‌م، كه‌شیده‌ی سۆر نیه‌!
ته‌نها ره‌زا قورس نا، خزمی ره‌زا شیرینیشمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا پیاوێكی كورته‌بنه‌ی خڕكه‌ڵه‌ی گوپنی كه‌پوو قه‌سپیی چاو لێكدی دووری برۆ باریكی سمێڵ تیژ و پڕی، ردێن كه‌مێك هاتووی ماشوبرنجیی قه‌له‌مكراو، چوارمه‌شقی به‌ دیار پیری سوارچاكانه‌وه‌ دانیشتووه‌، ئه‌و پیاوه‌ وه‌ك ده‌ڵێن دوژمنی بالیفه‌، شان به‌ سه‌ر ئاگردا بدا به‌ بالیفی دانادا، له‌ نووستنێش لنگه‌ پێڵاوێك، كه‌سته‌كێك، پاینجانێك، كوودیه‌ك، دوو سێ سه‌لكه‌ پیاز، تۆ بڵێ ته‌پاڵه‌یه‌ك بالیفی ئه‌و پیاوه‌یه‌، له‌بیرمان بێ سه‌ر له‌ سه‌ر له‌په‌ و پشتی ده‌ست له‌ سه‌ر بالیفه‌كانی، ئه‌وخزمه‌ بالیف زۆره‌ خه‌ڵكی ده‌و زێی بادینان- به‌ری هه‌ولێر بوو، له‌ زگ خزم ده‌بۆوه‌، شه‌وێك دوو لای پیری سوارچاكان مایه‌وه‌، قسه‌ی هێند خۆش بوو، شتی وای ده‌گێڕایه‌وه‌، هه‌شبه‌سه‌ری ده‌هێنایه‌ پێكه‌نین، ناوه‌ ناوه‌ش سوێندێكی گه‌وره‌ له‌ هه‌موو سوێندان گه‌وره‌تری پێدا ده‌دا:
به‌و قورحانه‌ی وا له‌ ناو زگی چێڵه‌ سۆره‌..
له‌و هه‌موو سه‌ربرده‌یه‌ی كه‌ پیاوی ده‌و زێ گێڕایه‌وه‌، ته‌نێ قورئانه‌كه‌ی ناو زگی چێڵه‌ سۆرم بیرماوه‌، به‌ ده‌م سوێند خواردن به‌ قورئان ئاوا قورئانه‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌:
(( له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری سوورچیا، هه‌ردوو به‌ری زێ، سۆرا و بادینان، یه‌ك مه‌لا و یه‌ك قورحان هه‌بوو، قورحان له‌ شین و شایی له‌ سه‌ر ده‌ستی مه‌لا بوو، خه‌ڵك هه‌موو سووندیان به‌ (قورحانی سه‌ر ده‌ستی مه‌لا) ده‌خوارد، شه‌وه‌كی به‌فراوی مه‌لا دیاره‌ هه‌جه‌لی دێ، به‌ ته‌نێ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و به‌ری زێ، ره‌وه‌ گورگ تووشی دێن و مه‌لا ده‌كه‌نه‌ جه‌مه‌كی خۆش، باش بوو قورحانی ده‌گه‌ڵ خۆی نه‌بردبوو، ده‌نا قورحانیش ده‌بووه‌ ئالیكی گورگان، ئیدی قورحان بێ خودان مایه‌وه‌، دوایوه‌ خه‌ڵك كاتی سووندیان ده‌خوارد ده‌یانگۆ(( به‌و قورحانه‌ بێ خودانه‌))، ئێ، بڵێمه‌ مام قادری خۆم، قورحان چ بڕ نه‌ژیا بێ خودان! رۆژه‌كی چێڵه‌كه‌ی خارۆژنه‌ فاتێ ده‌وی ده‌گاته‌ قورحانێ، هه‌مووی لوول ده‌دا، لۆ سووندیش په‌ڕه‌كی ناهێلێته‌وه‌، ئیدی له‌و رۆژه‌وه‌ سووندی ده‌و زێ ئیوهایه‌: به‌و قورحانه‌ی وا له‌ ناو زگی چێڵه‌ سۆری پلكه‌ فاتێیه‌.. ئه‌منیش وات ده‌ڵێمێ:
به‌و قورحانه‌ی له‌ ناو زگی چێڵه‌ سۆری پلكه‌ فاتێیه‌، ئه‌تو له‌ من پتر ده‌ژی..))
با بزانین وایه‌!
حه‌فته‌ وه‌رنه‌سووڕایه‌وه‌، هه‌واڵێك له‌ لای زێی بادینانه‌وه‌ هات، پیاوی ده‌و زێ ئه‌وه‌ی زاری پڕ بوو له‌ (قورحان..) به‌ زێدا چووه‌، له‌ ئاقاری ئه‌و لایه‌ی ئامۆكان، پیاوی ده‌وزێ، له‌ رۆخ زێ، پێی ده‌خزێ، ده‌كه‌وێته‌ زێ، له‌ خوار كه‌ڵه‌كی یاسیناغا بنه‌ كفرێك گرتوویه‌تیه‌وه‌، ده‌یانگوت: كفر به‌ دۆخین گرتبوویه‌وه‌..
ده‌بێ وابووبێ، ئاخر له‌بیرمچوو بڵێم، خزمه‌ شیرینه‌كه‌ی ده‌وزێ كاتێ له‌ باتی بێجامه‌ ده‌رپێ سپیه‌ فشه‌كه‌ی له‌ پێ ده‌كرد، دۆخین به‌ سه‌ر كیر و گونیدا شۆڕده‌بۆوه‌، نه‌یده‌خسته‌ ناو ده‌رپێوه‌…
بیرمه‌ (عه‌زه‌ مێشه‌)ی خوارزای پیری سوارچاكان دوای هه‌واڵی مه‌رگی خزمی ده‌و زێ، ده‌یگۆ:
حه‌یف، ئه‌وجا كێ، سوێند به‌ قورئانی ناو زگی چێڵه‌ سۆر بخوات!
له‌ جێی قورئانی ناو زگی چێڵه‌ سۆر له‌ ده‌و زێ سوێندێكیدی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زاران: به‌ سه‌ری ئه‌و پیاوه‌ی كفر گرتیه‌وه‌…
وابوو مه‌رگی خزمی ده‌و زێ كه‌وته‌ پێش مه‌رگی پیری سوارچاكان، به‌ڵام پیری سوارچاكان به‌وه‌ی نه‌زانی، ده‌زانم ده‌پرسی بۆ؟ به‌ڵام به‌ر له‌ وه‌ڵام با شتێك له‌ مێشه‌كه‌ی عه‌زیز بگێڕمه‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ شاری، مێشه‌وان بوو، به‌ستی شه‌رغه‌ ئه‌وه‌ی ده‌زانی، به‌ڵام كه‌س به‌ مێشه‌ بانگی نه‌ده‌كرد تا دایكم مێشه‌كه‌ی پێوه‌ نه‌نووساند، دایكم به‌ سه‌ردان ده‌چێته‌ ته‌ڕوار، وا ده‌بێ، له‌ كه‌ندی به‌رماڵان له‌ كن كونه‌ ته‌یاران، گه‌واڵه‌ مێشێك ده‌بینێ، ده‌زانێ عه‌زیز مێشه‌وانه‌ و به‌ دوای مێشه‌وه‌یه‌، یه‌ك به‌ ده‌نگی خۆی هاوارده‌كات:
عه‌زیز ئه‌وه‌ مێشه‌، كوڕه‌ عه‌زیز مێشه‌، عه‌زیز مێشه‌..
نازانم كێ (عه‌زیز) ه‌كه‌ی كرده‌ (عه‌زه‌) به‌ڵام مێشه‌كه‌ دایكم پێوه‌ی نووسان، ئیدی له‌ورۆژه‌وه‌ ئه‌و پیاوه‌ بووه‌ عه‌زه‌ مێشه‌، تا نه‌ڵێن عه‌زه‌ مێشه‌ خۆشی خۆی ناناسێته‌وه‌.. له‌و سێ چوار رۆژه‌ له‌ به‌لاشاوه‌ و نزیك ماڵی پێشانی خۆمان و پیری سوارچاكان، له‌ ماڵێك عه‌زه‌ مێشه‌م دیته‌وه‌( كۆتایی پایز و سه‌ره‌تای زستانی 2014 ده‌ڵێم) له‌ باره‌ی مێشه‌كه‌وه‌ نا، له‌ باره‌ی پیری سوارچاكانه‌وه‌ پرسیارم لێیكرد، شتێكی بیرهێنامه‌وه‌، ئه‌و نه‌با، وه‌ك خزمی ده‌وزێ ئاوه‌ و ئاو چووبوو، وای گێڕایه‌وه‌:
((له‌ دوا رۆژه‌كانی باپیرت، خۆ به‌ بیرتدێ ماڵیان ئه‌ها له‌و كۆڵانه‌ی پشته‌وه‌، له‌ خانووه‌كه‌ی ئێوه‌ بوو، نه‌نكت نازانم له‌ كنی بوو یان به‌جێیهێشتبوو، رۆژێك تراشم ده‌كرد، ئاگام لێبوو بانگی كه‌سێكی ده‌كرد، یان داوای شتێكی ده‌كرد، ده‌ستی هه‌ڵده‌ته‌كاند و ده‌یگوت: ئا…ئئئ، ئا…
گوتم: خاره‌، تۆ چیت ده‌وێ؟ ئاوێنه‌، چی؟
گوتی: وایش! ناوی هینه‌كه‌ی خۆم له‌ بیركردووه‌، ژنه‌كه‌م ده‌ڵێم..
پیری وایه‌ ، ناو ژنی خۆت له‌بیرده‌باته‌وه‌!))
چ دوور نیه‌ له‌بیرچوونه‌وه‌ی پیری سوارچاكان، دوایوه‌بێ كه‌ گوڵی كۆساران سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و چوو..
پیری سوارچاكان دوای گوڵی كۆساران سه‌ری له‌ سه‌ر خۆی نه‌ما! پێش چه‌ند ساڵێ خدر خه‌رمانیش شتێكی نزیك له‌وه‌ی گۆ…




لێبووردن بۆ كێ؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئێمه‌ له‌ جیهانێكدا ده‌ژین، ناتوانین مه‌سیح بین؛ پێم وایه‌ مه‌سیح بوون درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌. ئێمه‌ ناتوانین بڵێین ((ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره‌ با بۆ قه‌یسه‌ر بێ و ئه‌وه‌ی هی خواشه‌ با بۆ خوا بێ))؛ چونكه‌ ئێمه‌ له‌ دنیایه‌كدا ده‌ژین زۆر جار خوا و قه‌یسه‌ر یه‌ك شتن. ئێمه‌ له‌سه‌رمانه‌، كه‌ به‌ پێی توانا سته‌م قبووڵ نه‌كه‌ین: ئینجا ئه‌م سته‌مه‌ قه‌یسه‌ر بیكا، یان به‌ ناوی خواوه‌ بكرێ. ئێمه‌ ده‌بێ بزانین له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا له‌گه‌ڵ مرۆڤدا (مرۆڤی باش، یان مرۆڤی شه‌ڕانگێز) ڕوو به‌ ڕوو ده‌بینه‌وه‌ و ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی به‌ ناوی قه‌یسه‌ره‌وه‌ قسه‌ ده‌كا مرۆڤه‌، ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خواشه‌وه‌ قسه‌ ده‌كا هه‌ر مرۆڤه‌. سته‌م چ به‌ ناوی خواوه‌ بكرێ، چ به‌ ناوی قه‌یسه‌ره‌وه‌ بكرێ هه‌ر یه‌ك شته‌؛ له‌مه‌وه‌ ناكرێ ئێمه‌ له‌ سته‌م ببورین، چونكه‌ بووراندن له‌ سته‌م نیشانه‌ی یان بێ ده‌سه‌ڵاتییه‌، یان گه‌مژه‌ییه‌؛ ئه‌وانه‌ی له‌ پێگه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ له‌ سته‌مكاران ده‌بوورن، ئه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئه‌وان سته‌م له‌ سته‌ملێكراوان ده‌كه‌ن. واته‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ هاوبه‌شی سته‌مكار (سته‌مكاری یه‌كه‌م).

له‌ ئیسلامدا ده‌گوترێ، ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر به‌و شكۆمه‌ندییه‌ له‌ ئه‌بو سوفیان، دڕترین دوژمنی ئیسلام نه‌بووریبایه‌ و نه‌یگوتبایه‌ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ماڵی ئه‌بو سوفیان سه‌ر و ماڵی پارێزراوه‌ (ده‌زانم هونه‌ری دپلۆماسی و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی له‌مه‌دا هه‌بوو)، ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ چاره‌نووسی مێژووی ئیسلام به‌م شێوه‌یه‌ تراژیدیی و خوێناویی نه‌بوایه‌. وه‌ك ده‌زانین به‌نی ئومه‌ییه‌ و عه‌لی بوونه‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری و تا ئێستاش له‌ دوای پتر له‌ هه‌زار و چوار سه‌د ساڵ ئیسلام به‌ده‌ست ئه‌م مێژووه‌ تراژیدییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.

ڕاستییه‌كه‌ی لێره‌دا (له‌ گۆشه‌نیگای ئیسلامه‌وه‌)، ئه‌گه‌ر ئه‌با سوفیان سته‌مكار بووه‌ ( كه‌ ده‌زانین دوا كه‌س بوو به ناچاریی بووه‌ ئیسلام) ئه‌وا لێ بووردن لێی (له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێ) به‌ زیانی ئیسلام شكاوه‌ته‌وه‌: ئه‌م دینه‌ی كرده‌ دوو مه‌زهه‌بی سه‌ره‌كی دوژمنی بابه‌كوشته‌ی یه‌كدی (من ئه‌وه‌ش ده‌زانم، كه‌ ئه‌م لێبووردنه‌ به‌ند بووه‌ به‌ سه‌ركه‌و‌تنی ئیسلام و پێگه‌ی ئه‌بوسوفیان و هۆزی به‌نی ئومه‌ییه‌ و هه‌رگیز پێشبینینه‌كردنی پێغه‌مبه‌ر بۆ ورده‌كاری ڕووداوه‌كانی دوای مه‌رگی خۆی، به‌ نموونه‌: كوشتن و هه‌تككردنی تراژیدیانه‌ی نه‌وه‌كانی {حوسێن و كه‌س و كاره‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی} به‌ ده‌ستی كوڕانی ئه‌بو سوفیان {یه‌زید})…

كه‌واته‌ وا باشه‌ ئێمه‌ هه‌رده‌م له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو حاڵه‌تێك و هه‌موو كه‌سێكدا لێبوورده‌ بین، ته‌نها له‌ تاوانبار و سته‌مكار و چه‌وسێنه‌ر خۆشنه‌بین؛ ئه‌مه‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ماف وه‌رگرتنه‌وه‌یه‌، ئه‌و مافه‌ی نابێ له‌ مافخوراوان زه‌وت بكرێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پاڵپشتییە دبلۆماسیی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لە ڕابردوو و ئێستادا

ئامادەکردنی:هاوکار ڕەفیق
بەکالۆریۆس لە زانستەڕامیارییەکان

لە یەکەم ساتی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوان وهاوکاری ئیسرائیل بووە، لە کۆتایی شەستەکان و لە جەنگی 1967شەوەپشتگیری بێمەرجی لە ئیسرائیل کرد،لەو ساڵەدا ئیسرائیل گەورەترین وەرگری یارمەتی ئابوری و سەربازی بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، سەرباری پشتگیرییە زەبەلاحەکانی لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973دا.

(1) هاوکارییە مادییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەمیشە لە هەڵکشاندابوون، وەک دەبینین لە دوای جەنگی 1973وە، ئەمریکا وەک یارمەتی ڕاستەوخۆ ساڵانە 3ملیار دۆلای داوە بە ئیسرائیل، بەم چەشنە سەرجەمی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەم وڵاتە، لە جەنگی جیهانی دووەمەوە هەتا 2004، زیاتر بووە لە 140ملیار دۆلار، ئاشکرایە ئیسرائیل 25% پێداویستیە سەربازییەکانی لە ئەمریکاوە وەردەگرێت، ئەمە سەرباری یارمەتی دانی ئیسرائیل لە پەرەپێدانی پرۆسەی بەرگری و سەربازی وڵاتەکەی، لەگەڵ پێدانی بەرنامە و چەکی پێشکەوتوویی نهێنی وەک (فرۆکەی بلاک هۆک، هلیکۆبتەر، فرۆکەی ئیف16)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابێجگە لە پاڵپشتی دارایی پاڵپشتیەکی دبلۆماسی پۆڵاینیە بۆ ئیسرائیل، بەجۆرێک تەنیا لە ساڵی 1982دا 32جار، ڤیتۆی لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایش بەکارهێناوە، کە لە دژی ئیسرائیل بوون. لە هەموو ئەمانە نامۆتر دەزگای هەواڵگری ئەمریکا یارمەتی ئیسرائیلی داوە، لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا، وێڕای ئەوەی ئاستەنگیش بووە لەبەردەم هەوڵی بەردەوامی دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەبەرامبەر وەستاندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل و فشارەکانیان بەرسەر ئەجێدای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە.(2)
قۆناغەکانی پشتگیری و هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل. (3)
1: قۆناغی پشتگیری و بەردەوامی هاندانی کۆچکردنی جولەکەکان بۆ فەلەستین، لە دوای بڕیارەکانی کۆنگرەی بازل، لە ساڵی 1986 هەتا 1922.
2: قۆناغی پشتگیری دروستکردنی دەوڵەت، سەرەتا بە دەرکردنی بڕیارێک لە کۆنگرێسی ئەمریکییەوە پشتگیری کرد لە دەوڵەتی جولەکە، هەتا دەنگدان و دانپێدانان پێی، لە 15مایسی 1948دا.
3: قۆناغی هاوسۆزی و پشتگیری مادی و مەعنەوی، لە ساڵی 1948وە هەتا کۆتایی ساڵی 1956.
4: قۆناغی هاوپەیمانی ستراتیژی، کە بە هاوبەشی بەریتانیا و ئیسرائیل، هاوپەیمانی سیانیان پێکهێنا بۆ شکستپێهێنانی مسر لە جەنگی 1956دا، ئەم هاوپەیمانێتیە بەردەوامی هەیە هەتا ئێستا، لەگەڵ یارمەتیدانی بەردەوام بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.

لە سەروبەندی جەنگی 1967شدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕی، لە لایەکەوە شەڕی بەوەکالەتی یەکێتی سۆڤیەتی دەکرد و، لە لایەکی تریشەوە مەترسی ڤێتنام و ناڕەزاییەکانی ڕایگشتی ناوخۆ، بەڵام سەرباری ئەمەش لە ژێر پەردەوە یارمەتیدەرێکی سەرەکی ئیسرائیل بوو، لەم جەنگەدا. بە ئاشکراش بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پێویستە ئەم دوو وڵاتە بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەری ئاشتی هەڵببژێرن، تەنانەت سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا ، فەلەستین و دەوڵەتە عەرەبیەکانی بە تاوانباری هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە ئەزانی و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پێویستە فەلەستین و ئیسرائیل بگەن بە ئاشتی.(4)بەدەر لەوە لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973دا، (هینری کیسەنجەر) وەزیری دەرەوەی ئەوکاتە ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پاڵپشتیکردن و هاریکاری سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی ئیسرائیل، لە پێناو ئیسرائیلدا پەیوەندییەکانی بە تەواوی لەگەڵ میسر و سوریا پچڕاند و میحوەری ئیسرائیلی هەڵبژارد.(5)هەروها لە هەمان ساڵدا، ئەمریکا پردێکی ئاسمانی دروستکرد، بۆ هاریکاریکردنی ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بە فرۆکە دژ بە سوپای میسر و سوریا.(6)
لە ئیسَتاشدا، ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئیسرایل ڕێکەوتنێکی وایان ئیمزاکردووە، کە ئەمریکا پابەندە بەوەی 38ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی، پێشکەش بە ئیسرائیل بکات لەماوەی 10ساڵی داهاتوودا (2019-2028)، بە پێی ئەم ڕێکەوتنەش ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل بەرزکردۆتەوە، بۆ 3.1ملیار دۆلار، بەراورد بەو ڕێکەوتنەی ساڵی (2007)، کە کە ماوەکەی بەهەماشێوە دە ساڵ بووە(2007-2019)، بە پێی ئەم ڕێکەوتنە نوێیە بێت، لە ئیدارەی نوێدا بە ڕێژەی 27% یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل زیادی کردووە.(7)
لێرەوە دەردەکەوێت، هەر لە قۆناغی دروستبوونی ئیسرائیلەوە، لە سەرجەم قۆناغەکانی(ئاشتی و جەنگ)دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی و هاریکاری سەرەکی ئیسرائیل بووە.

_______________________________

لیستی سه‌چاوه‌كان:

(1)نعوم تشومسكی، أوهام الشرق اڵاوسگ، ترجمه‌: شیرین فهمی، مكتبه‌ الشرق الدولیه‌، الگبعه‌ الپانیه‌، 2006، 29-30.
(2)جون میر شایمر و ستیفن والت، حرب اڵافكار أو گواحین الجدل (اللوبی اڵاسرائیلی و السیاسه‌ الخارجیه‌ اڵامركیه‌)، ترجمه‌ مدحت گه‌، 2007، ص 3-4.
(3)خالد بن سلگان، أسس العلاقات الاسرائیلیه‌ – ڵامریكیه‌، البحپ مركز الموقاتیل، المبحپ الپالپ، بدون رقم الصحفه‌، تاریخ الزیاره‌ 22/1/2017، متاح علی الرابگ اڵاتی، http://www.moqatel.com/openshare/Behoth/Siasia21/Isar-Ameri/sec06.doc_cvt.htm
(4)دان تشیرجی، أمریكا و الاسلام فی الشرق اڵاوسگ، ترجمه‌: محمد مصگفی غنیم، دار الشرق، 1993، ص 26-35.
(5)محمد حسن، الموقف اڵامریكی والسوفیتی من “أكتوبر” یحول المنگقه‌ العربیه‌ إلی ساحه‌ للحرب البارده‌، موقع الاهرام، تاریخ الزیاره‌ 26/1/2017، متاح علی الرابگ اڵاتی، http://www.ahram.org.eg/NewsPrint/440321.aspx
(6)حرب اكتوبر، ماهی حرب تشرین 1973؟، موقع فلسگین سۆال و جواب، تاریخ الزیاره‌ 26/1/2017، متاح علی الرابگ اڵاتی، http://www.palqa.com/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%88%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84%D9%8A%D8%A9/%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%83%D8%AA%D9%88%D8%A8%D8%B1-%D9%85%D8%A7-%D9%87%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D9%86-1973%D8%9F/
(7) المركز العربی لڵابحاپ و دراسه‌ السیاسات (وحده‌ تحلیل السیاسات)، تصعید إداره‌ أوباما مع إسرائیل: الدوافع واڵافاق، 18/2/2017 http://www.dohainstitute.org/release/30e21cc5-4fa0-4a25-8116-9ff31b8eab5a




دەکرا (شوعلە) بڵێسەی خەبات بێ، نەک پرسەی ئاشتەوایی! … پایزە ئەحمەد

ئێستا کاتی ئەوە هاتوە دوو قسەی تریش بکەم. لەمێژە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان لە سەریان دەڕژێتەوە لەوەی کە ئەو حیزبانە چارەنووسی خەڵکیان دووچاری (بێ مووچەیی و برسێتی، گەندەڵیی، ناتەبایی و شەڕانگێزیی نێوان حیزبەکان، توندوتیژیی دینیی، شەڕ لەگەڵ داعش، بێ هیوابوون بە سەربەخۆیی کوردستان) کردوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش تا دێ زیاتر مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێن و پیاوسالاریی لە بەرزبوونەوەیە و کەشوهەوای خێڵەکیی و دابونەریتە خراپەکان و کۆنەپەرستیی و توندڕەوی دینیی لە گەشەکردنن تەنانەت کار و خەباتی ژنانی تێکۆشەر چ هی سەردەمی شاخ چ هی ئێستا لە لایەن حیزبەکان و تێڕوانینی پیاوسالاریی و خێڵەکی بە پێچەوانەی ویستی خۆیان بەکاردەهێنرێن.

ئەوەتە مەرگی ژنێکی تێکۆشەری وەک (شوعلە عەلی) لە لایەن ئەو حیزبە بێ کەڵکانە مامەڵەی پێوە دەکرێ! هیچ شتێک نەماوە بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن تا لەو بارە ناهەموار و پڕ لە ئاژاوەی کوردستانیان بهێڵنەوە، ئێستا پەنایان بۆ (پرسە) بردوە کە لە راستییدا پرسە و رێورەسمەکەی بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە نەریتێکی زۆر خراپی کوردەوارییە و مرۆڤ بەرەو ترس و پەیوەندییە دینیی و میللییە دواکەوتووەکان دەگەڕێنێتەوە، کەچی ئەوان دەیانەوێ خۆڵ لە چاوی خەڵک بکەن گوایە دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو نەریتە جوانە کوردەوارییە ساردیی و دژایەتیی نێوان حیزبەکان بڕەوێننەوە و ئاشتی سەقامگیر بکەن! پەکوووففف لەو سیاسەتە عەزیمە!

هەرچەندە من زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەر رادەی شۆڕشگێڕیی (شوعلە خان) نییە، لەگەڵ ئەوەی لە هەشتاکان لە رێکخستنەکانی کۆمەڵە کارم کردوە و تا ئێستاش هەر لە نێو سیاسەت و دەردەسەرییەکانیدا بوومە بەڵام تا ئەو دواییانەش ناوی ئەو بەڕێزەم هەر نەبیستبوو، بەڵام وەک دەڵێن (ژنێکی تێکۆشەر و هۆشیار بووە و زانکۆی تەواو کردوە و لە کۆمەڵە کاری کردوە و لە سەرەتای هەشتاکان چۆتە شاخ و لەگەڵ نەوشێروان مستەفا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە). لێرەدا چەند پرسیارێک خۆیان قوت دەکەنەوە: ئایا ژنێک لەو سەردەم بەو جۆرە بووبێ و بووبێتە هاوسەری یەکێک لە ناودارترین سەرکردەکانی نێو حیزبەکان بۆچی وەک ژنە گەریلایەکانی پەکەکە و ژنە شەڕڤانەکانی رۆژئاوا دەرنەکەوتوە؟ بۆچی تا کۆچی دوایی نەکرد لەدەوربەری خێزانەکەی خۆی زیاتر کەسی دیکە نەیدەناسی؟ بۆچی هیچ جێپەنجەیەکی لەسەر خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان دیار نییە؟ بۆچی لە پاش راپەڕین نەیتوانی رۆڵی لێپرسراویەتێکی حیزبی یان رێکخراوەیی بگێڕێ یان پۆستێکی حکومی وەربگرێ؟

وەک ئەوەی من دەیبینم شوعلە خان و بە دەیان و سەدان ژنی شۆڕشگێڕی تری باشوور کە لە ناو کۆڕی خەباتدا بوونە هیچیان کەمتر نەبووە لەو ژنە شۆڕشگێڕانەی ئێستای باکوور و رۆژئاوا ئەگەر زیاتریش نەبووبن چونکە بارودۆخی ئەو سەردەمەی ئەوان خەباتیان تێدا کردوە زۆر سەخت بووە و ژنانی باکوور و رۆژئاوا لەو سەردەم هیچ دەنگێکیان نەبووە، دواییش ئەوە زیاتر پەیوەندیی بە ئایدیۆلۆژیای حیزبەکان و تێڕوانینی کەسایەتییە سیاسییەکانەوە هەیە کە چۆن لە شۆڕش و بەشداریی ژنان دەڕوانن، پەکەکە لەگەڵ هەر رەخنەیەکمان لێی هەر لەسەرتاوە بەوپەڕی تواناوە هەوڵی داوە ژنان وەک پیاوان چەک هەڵبگرن و خۆیان ببنە خاوەنی خۆیان و هەموو ماف و ئازادییەکیان هەبێ وەک پیاوان، کەچی حیزبەکانی باشوور باشترینەکانیان بە ژنە شۆڕشگێڕەکانیان دەگوت ئێوە ناتوانن وەک پیاوان چەک هەڵبگرن و باشترە لە بارەگاکان و گوندەکان خواردن بۆ پێشمەرگە دروست بکەن و خزمەتیان بکەن، یان کاری نامە و بڵاوکراوە گواستنەوەیان پێدەکردن یان لە ئێران و هەندەران ماڵێکیان بۆ دادەنان. عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی باکوور و رۆژئاوا لەگەڵ هەر رەخنەیەکمان لێیان هەموو ژیانی کەسیی خۆیان بۆ شۆڕش تەرخان کردوە و خاوەنی یەک دۆلار نین، کەچی سەرکردەکانی باشوور لەوەتەی هەن لە پێناو ژیانی کەسیی خۆیان سازش و رێکەوتنی خۆبەدەستەوەدەرانەیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان کردوە و هەمیشە بە مشەخۆریی لەسەر حیسابی میللەت ژیاون بە تایبەتییش لە پاش راپەڕین هەر خەریکی گەندەڵیی و دزیی بوونە لە میللەت و ئێستا هەموویان بە شێوەیەکی گشتیی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ملیاردێر و ملیۆنێرن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانییدا دەژین!

جا ئێستا زۆر ئاساییە لە ژێر سایەی ئەو حیزبانە کەسێکی وەک شوعلە خان بەو شێوەیە خەبات و ئەزموونەکەی تێکبشکێندرێ و تەنانەت مامەڵە بە مەرگەکەشی بکەن و پرسە و دابونەریتی دواکەوتووانەی میللیی و دینیی پێ بڕازێننەوە کە گوایە ئاشتەوایی لە نێوان حیزبەکان پێ دروست دەکەن، ئیتر ئەوە شوعلە خانە بە هۆی ئەوەی هاوسەری نەوشێروان بووە ئەوەندەیان پێ رەوا بینیوە! بەڵام بە دەیان و سەدان ژنی دیکەی وەک ئەو و لەویش تێکۆشەرتر نەک هەر لە هیچ جێیەک ناویان نییە بەڵکە بەرهەم و ئەنجامی خەباتەکەیان هەر ئەوەی لێکەوتەوە کە ماف و ئازادییەکانیان تا رادەی ژنکوژیی پێشێل بکرێن!

لەندەن
payzeehmed@hotmail.co.uk




فۆرم و ناوەڕۆک دوانەن لە ئەدەبی منداڵان دا… رەزا شوان

ئەدەبی منداڵان، ئەدب و هونەرە، گرنگترین لقە لە لقەکانی رۆشنبیریی منداڵان.. لە بارەی گرنگی ئەدەبی منداڵانەوە، شاعیری بولگاری(ران بۆسلین) دەڵێ:” ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن”
ئەدەبی منداڵان (هۆنراوە، چیرۆک، شانۆ) بە پێی کۆمەڵێک پێویستی و مەرج و بنەما و پرەنسیپ دەنسورێت، کە لەگەڵ قۆناغەکانی منداڵیدا بگونجێت و، گوزارشت لە هیوا و خەون خواستەکانیان بکات.
ئەدەبی باشی منداڵان، تەنها لە بەشی ناوەڕۆک و بەها و مەبەست و لە خەیاڵی شیرین نییە، بەڵکو فۆرمیش بەشە گرنگەی ترێتی، فۆرمیش شێوازی نووسین و، زمـان و، وشە و رستە وێنەی و رەنگ و، هونەری جوانی رازاندنەوە دەگرێتەوە.. پێویستیشە سەرناوی بابەتەکانی ئەدەبی منداڵان گونجاوبن لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەتی نووسینەکان دا.
بێگومان خەیاڵ زۆر گرنگە لە داهێنان و کاری ئەدەبی و لە هەر کارێکی تردا.. هەموو کارێک لە پێشدا، بە خەیاڵ لە هۆشی مرۆڤدا بەرجەستە دەبێ.

کەواتە فۆرم و ناوەڕۆک، دوو رەگەزی پێکەوە نووساوی تەواوکەری ئەدەبی منداڵانن، یا بڵێین دووانەن و دوو گیانن لە یەک جەستەدا، لە یەک جیاکردنەوەیان زەحمەتە.. لەم بارەیەوە نووسەری میسری (ئەحمەد نەجیب) دەڵێ:” پێویستە دڵنیابین لە گرنگی تەواکەری، لە نێوان فۆرم و ناوەڕۆک دا، کە بە هیچ شێوەیەک لە یەک جیا ناکرێنەوە، هەریەکەیان تەواوکەری ئەوی تریانە، بەبێ یەکتری ناتەوادەبن.. بەڵکو پێوییستە بە پێی پێوەرە دروستەکانی ئەدەبی منداڵان پێکەوەیان ببەستینەوە”
لە ئەدەبی چاپکراوی منداڵاندا، هەر یەکە لە وێنە و رەنگەکان و قەوارەی پیتەکان و شێوەی چاپکردن و، دیزاین و رازاندنەوەی هونەریش، گرنگی و بایەخیان هەیە، پێویستە نووسەران و دەزگاکانی چاپکردن، ئەم راستی و لایەنەش فەرامۆش نەکەن.

دێینەوە سەر ناوەڕۆک، زۆر بە کورتی و بە چڕی مەبەست و بەها ئەدەبییەکانی ئەدەبی منداڵان لەم حەوت کۆمەڵەیەدا ریزبەند دەکەین:
١ـ کۆمەڵەی بەهای خودی: ئەمەیان پەیوەندی بە خودی کەس خۆیەوە هەیە، لە رووی جەستەیی و هۆش و دەروونی و هەڵسوکەوتەوە، بۆ نموونە: تەندروستی، رووخسار، چالاکی، راستگۆیی، گونجان بە باشی، گەشبینی، ئارەزوو، خۆڕاگری، بڕوابەخۆبن، ئەمانە و چەندین خەسڵەتی کەسی تریش هەن.
٢ـ کۆمەڵەی بەهای کۆمەڵایەتی: پەیوەندی بەو خەسڵەتانەوە هەیە، کە لە کەسانی کۆمەڵدا هەن، لە پەیوەندییەکانی نێوانیان و، لە شێوازی رەفتار و هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ یەکتری دا، لەوانەش: خۆشەویستی و رێز لە نێوان کەسوکار و کەسانی تردا، پێشکەش کردنی یارمەتی بە کەسانی پێویست، هاوکاری، بەخشین، لێبووردن،…هتد.
٣ـ کۆمەڵەی بەهای نیشتمانی و نەتەوایەتی: ئەمەیان پەیوەندی بە هەموو مرۆڤەوە هەیە، وەکو: هاوبەستەبوون و سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، شانازی کردن بە گەل، رێزگرتن لە داب و نەریت و لە کەلەپووری نیشتمانی، ئامادەبوون بۆ خەبات کردن و، خۆبەەختکردن لە پێناوی گەل و نیشتمان دا،…هتد.

٤ـ کۆمەڵەی بەهای مرۆڤایەتی: ئەمەش وەکو مرۆڤ پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە، پەیوەستیش نییە بە کات و شوێنەوە، سوودیشی بۆ هەموان هەیە، لەوانەش: ئازادی، دیموکراتی، یەکسانی، دادپەروەری، رەتکردنەوەی رەگەزپەرستی و جیاوزی، ئاشتیخوازی، بانگەشە بۆ ئاشتی و پێکەوە سازان و ژیان، رووحی یارمەتیدان، ژینگە و سروشت پارێزی، چاکەخوازی و پیاوەتی، بەخشندەیی،…هتد.
٥ـ کۆمەڵەی بەهای پەروەردەیی: ئاراستەکردن و رێنمایی کردنی منداڵان، بۆ بەها باڵاکانی وەکو: دادپەروەری، یەکتری قبوڵکردن، رێزگرتن لە کەسانی تر و لە رای جیاواز، چاندنی رووحی یارمەتیدان، خۆشەویستی، خۆنەپەرستی، ویستنی بەرژەوەندی گشتی، هاوکاری، هاوخۆشی، هاوخەمی، رێزگرتن لە یاسا و دەستوور،… هتد.

٦ـ کۆمەڵەی بەهای خۆشنوودی و جوان ویستی: مرۆڤ بە سروشتی حەزی بە خۆشی و شادی و، بە جوانی و قەشەنگییە، بە فرە رەنگی و رەنگینییە، بە هەمەچەشنەیی هەیە.. حەزی بە یاری و شادییە، بە زەردەخەنە و پێکەنینە، بە گۆرانی و شایی و سەما و هەڵپەڕینە، بە بەزم و رەزم و سوعبەتە، بە جوانی و خۆڕازانەوە و جوان دەرکەوتنە.. بە گوڵ و باخچە و، بە دیمەن و سروشتی جوان و سەیرانە،…هتد.
٧ـ کۆمەڵەی زانستی تیۆری: پەیوەندی بە بڕوابوون بە زانیارییەوە هەیە.. بە داهێنان و بە رۆڵی زانیاری لە پێشکەوتن و خۆشی.. وەکو: خۆشەویستیی زانستی و زانیاری، خۆشەویستی خۆدەرخستن و توانا دەربڕین، ئارەزووکردنی خوێندنەوە، ئارەزوکردنی گوڕان و داهێنان و نوێخوازی،…هتد.

وەکو تێبینی دەکەین پۆلین کردنی ئەم بەهایانە، لە تایبەتمەندییەوە بۆ گشتی سەردەکەوێ.. یا لە بازنەی خوودی کەسییەوە، بۆ بازنەی گشتیی مرۆڤایەتی.. بەهاکانیش تێکەڵاوی و پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و.. ئەڵقە تێکهەڵکێشن،
پێیویستە لە هەموو روویەکەوە، فۆرم و ناوەڕۆکی ئەدەبی منداڵان، گونجاوبن لەگەڵ قۆناغەکانی منداڵی و.. تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک.. نووسین بۆ منداڵان پێویستی بە شارەزایی پەروەردەیی و دەروونناسی منداڵ و بە فەرهەنگی زمانی منداڵان هەیە.. نووسین بۆ منداڵان کارێکی زۆر هەستیارە.. پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، هەموو مەرج و بنەما و پرەەنسیپەکان و ئامانجەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵان لە بەرچاو بگرن.. چونکە منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و.. هەموو داهاتووشن. لەم روانگەیەوە، نووسەرانی ئەدەبی منداڵان دەبێ ئەوە بزانن کە چوونەتە بن باری چ ئەرکێکی پیرۆز و چارەنووسازەوە.. بۆیە نووسەرانی دڵسۆز و شارەزا و پسپۆری ئەدەبی منداڵان گەوهەری گران بەهان و.. لە هەموو وڵاتێکدا جێی رێزن و، ئەرک و رۆڵیان بەرز دەنرخێنن.. چونکە ئەمان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گۆڕان و لە داهێنان و لە دروستکردنی نەوەیەکی زۆرزانتر و داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتردا.. دروستکردنی مرۆڤی دروستی ئایندەش، زۆر قورسترە لە دروستکردنی باڵاترین بورج و تاوەر و کۆش و تەلاری چەند نهۆمی.
لە بارەی گرنگی رۆڵی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، نووسەری فەرەنسی (فەرەنسیس فیدال) دەڵێ:”نووسەرانی ئەدەبی منداڵان دەتوانن چێژ و خۆشیی جیهان ـ بەڵکو خودی جیهان ـ بگۆڕن” ئەم قسە و بۆچوونەی فەرەنسیس تەنها بە قسە و حەز نایەتە دی، بەڵکو بەگراودێکی رۆشنبیری و شارەزایی و توانای بواری نووسین و کۆشش و کاری جدی و شەونخونی دەوێت لە بواری ئەدەبی منداڵان دا.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٧




کەپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و بێئومێدی … ڕزگار حەمە ڕەشید

ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی خۆت لە هەموو بارگەکانی ئاکتیڤ بوون و پلانی هەڵگەڕاندنەوەی سەراسەری بەتاڵ بکەیتەوە ئەوەیە خۆت ڕادەستی هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکانت بکەیت. ئەمەش جگە لەوەی هیچ کاریگەری بەجێ ناهێڵێت و دەسەڵات ئاسوودەتر دەکات، دەبێتە پێگەیەکی پتەویش بۆ زیاتر مانەوەو گەشەکردنی نەخشەکانی دەسەڵات. ئەم نەوەیەی کەپیتالیزم کار لەسەر بێبەهاکردنی هەموو جۆرەکانی ڕەخنە دەکات، ئەوەش ڕێك لەناو دڵی ئەو فاکتەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەشترین جۆری بێئومێدی ئەو جۆرەیە کە مرۆڤ جگە لەوەی لەبەرامبەر مرۆڤەکانیتر و جیهاندا هەیەتی، بێئومێدیەکەی دەگاتە قووڵایی ناخی خۆی. ئەوە ئەو جێگایەیە کە هیچ شۆڕشێك و هیچ بزوتنەوەیەکی چاکسازی و هیچ پرۆژەیەکی ڕەخنەیی ناتوانێت ساڕێژی بکات. بێبەهاکردنی ڕەخنە و بێبەهاکردنی زانیاری و هەڵڕشتنی چەندەها هەواڵی لاوەکی بەناوی گرنگترین هەواڵ و دروستکردنی سەدان ڕوداوی لەخشتەبەر لە چەند کاتژمێرێکدا، باسکردنی هەموو کارەساتەکان بەبێ پەردە لە کەناڵەکانەوە، دروستکردنی زۆرترین دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی نەخۆشیەکانی دۆشدامان و تراوما و فۆبیا و بێئارامی؛ لە دیارترینی ئەو دەستدرێژیانەن کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم لە ڕێگایانەوە ژیان و مانەوەو بەردەوامی و گەشەکردنی ئابووری خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.

ململانێی ئابووری و بەهۆیەوە ململانێ بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان زلهێزەکاندا و دابەزاندنی ئەو ململانێیانە بۆ دەساڵاتە لۆکاڵیەکانی ووڵاتە پاشکۆکان و گەیاندنی دڕدۆنگی و بەدگومانی بە پەنهانترینی خانە کۆمەڵایەتیە دوور و نزیکەکان؛ بێ ڕیسكترین شاڕێگەکانی گەیشتنی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمە بە ئاسوودەیی ڕەها. لە نێو کۆمەڵگاکانیشدا بە یاساییکردنی هەموو جۆرەکانی بێ یاسایی و گواستنەوەی شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵەکان بۆ نێو شەقامەکان و پێکدادانی خەڵک لەسەر مافە گشتی و ڕۆژانەییەکانی خۆیان، وەك بێمتمانەیی پەڕینەوە بەسەر شەقامەکاندا، سەرەگرتنی بەردەم بنکەکان، ڕاوەستانی عەرەبانەکان، سیستمی ترافیك و ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەکان و قۆرخکردنی شۆستەکان و پیسکردنی ژینگە بە هەموو جۆرەکانی شتومەك فڕێدان و دوکەڵ و گوێپێنەدان بە سەوزایی و تەندروستی و بەرباد بوون بەرامبەر هەموو پرەنسیپە سادەکانی مرۆڤ بوون، باشترین ڕێگاکانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو نەوەیەی کەپیتاڵیزمە.

سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، دەوڵەت دەرەنجام و دەرهاویشتەی ئەو بیرکردنەوانەی مرۆڤەکان بوو بۆ پاراستنی مافی هەموان لەناو سیستمێکی دادپەروەرانەدا. ئەوکات، خەباتە زەینیەکانی مرۆڤە دەربەستەکان بۆ فەراهەمکردنی گوزەرانێکی باشتر و هەڵچنینی پایەکانی کارەکتەرێکی ئازاد و بە ئاگا، پەلی دەهاویشت بۆ دەست تێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەکانی ژیانی بەربەری و شەڕانگێزیەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەوانیتر. لە دەورانێکدا لە ڕێگای تیۆریزەکردن و هەوڵدان بۆ خەبات لەپێناو پراکتیزە کردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی تەندروست و شایستە بە هۆشیاریەکانی مرۆڤی پاش سەدەکانی ناوەڕاست، دواتر شیکردنەوەو ڕەخنە لێگرتن و هەوڵی بژاردەکردن و خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر سیستمی ئابووری خڵتەی فیوداڵیزم و پاشان کەپیتاڵیزم لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، پاشان تێڕامان و خوێندنەوەی شکستە دەروونی و ڕەوانییەکانی مرۆڤی پاش قۆناغی کۆڵانیاڵیزم و شەڕە جیهانیەکان، لە کۆتاییشدا ڕەخنە گرتن لە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسییەت و دەزگا تەئدیبیەکان و میدیا و حیزب و هەموو دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی تری مۆدێرنیزم. بە درێژایی ئەو مێژووە شانبەشانی هەر هەنگاوێکی ژیاندۆستانەی مرۆڤ، دەسەڵاتی سیاسی لە شکڵە جۆراو جۆرەکانی خۆیدا کاری لەسەر نوێکردنەوەو خۆ ماکیاژ کردنەوە و گەشەپێدانی خۆی کردووە، لە بەرامبەریشدا هەموو تواناکانی خۆیی تەرخان کردووە بۆ بە لاڕێدا بردن و سەرلێشێواندن و پاشەکشە پێکردنی هەر بزووتنەوەیەك کە کاروانەکەی ئەو دوا دەخات، یان ئەگەری پەکخستنی نزیك دەکاتەوە. ئەمەش تەنیا بە تیرۆری دەروونی و جەستەیی نا، بەڵکو بە بەکارهێنانی هەموو توانا سیخوڕیەکانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا، پاشان نیشاندانی خراپترینی شۆڕشگێڕە سەرکردە دروستکراوەکانی خۆی لە فۆرمی سەرکردەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە سەرکەوتووەکاندا.

ئەگەر بە ڕەچەڵەکی شۆڕشەکاندا شۆرببینەوە بۆ ناو مێژووی سەرهەڵدانیان و بکەرە سەرەکیەکانیان، لە سەرتاسەری جیهاندا هەمان دیمەن دەبینینەوە کە بکەرە ڕەسەنەکانی شۆڕشەکان هەمیشە وەك سمبولی قوربانیدەر و وێنەیەکی پیرۆز پارێزراون، کەچی ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هەمان پلانەکانی دەسەڵاتی پێشوویان جێبەجێ کردووە، بەڵام بە فۆرمێکی جیاوازتر و بە دروشمی جیاتر. هەر بۆیە نوسەرانێکی زۆری بێئاگا سەرهەڵدەدەن و باس لە دووبارە بوونەوەی ستەم و سەرکوتی ئەو سیستمە نوێیە دەکەن کە لە منداڵدانی شۆڕشەوە هەڵتۆقیوە. بەمەش نەك تەنیا سەرلێشێوانی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵکو دەشبنە سەرچاوەی ئەو بێئومێدیەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان؛ کە لە هەموو جۆرەکانی تری بێئومێدی لەکارخەرتر و ڕوخێنەر ترە. ئەو جۆرە لە بێئومێدی کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی ئەبەدی خۆیی لێوە مسۆگەر دەکات.
ئەم بێئومێدیە بەرامبەر بە خود، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەی سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، بۆیە بە تێکوپێکشکاندنی ئەو یاسایانە مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات؛ ئەمەش ڕێك ئەو شوێنەیە کە وەك لە سەرەتادا باسمکرد، ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم بە چڕی ئیشی لەسەر دەکات و هەر ڕۆژێکی درێژ بوونەوەی ئەو بێئومێدییە، بەردەوامی بە کەڵەکە کردنی زیاتری سەرمایەکانی ئەو دەدات.

لێرەدا تەنیا جیاوازییەك لەنێوان ووڵاتانی سەنتەر یان ناوەکانی تری وەك( زلهێز، پێشکەوتوو…هتد) لەگەڵ ووڵاتانی پاشکۆ، بۆ ئەو مرۆڤانەی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم تێکیشکاندوون، لە شێوازی مومارەسەکردنی ئەو بێئومێدیەدایە. لە ووڵاتە سەنتەرەکان، مرۆڤ بە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات. مەبەست لە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی، فەرامۆشکردنی ژیانی ڕاستەقینە و خۆدانە دەست ژیانێکی خوازراوە. تەسلیمبوونە بە جۆرەکانی گیرۆدەبوون، گیرۆدەبوون بە کار (workaholics) گیرۆدەبوون بە خوێندن(studyholic)، گیرۆدەبوون بە کاتی خۆش (Funaholics) ، دیوێکی تریشی بریتییە لە تێکوپێکشکاندنی یاساکانی ناوەوە، مەبەستم ژیانێکی ئاسایی ناو ماڵە، ئەگەر نەبێتە بێلانە ئەوا لە ماڵێکی ناڕێکخراوو شپرزەدا ژیان بەسەر دەبات، زۆرجار ئەم شپرزەیی و لادانانەی خۆی لەگەڵ دەرەوەشدا هاوبەشی پێدەکات، هەرچەندە دەشبێتە یاسا شکاندن و زۆرجاریش سزاکانی وەردەگرێت. واتە لە ووڵاتانی سەنتەردا یاساکان لە دەرەوە بە قورسی جێبەجێدەکرێن و تێکشکاندنەکان بە داپۆشراوی لە ناوەوە پیادە دەکرێن.

بەڵام لە ووڵاتە پاشکۆکاندا، مرۆڤەکان بێئومێدیەکانی ناو خۆیان دەبەنە ململانێکانیانەوە لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشی دەکەن، ئەمەش وەك پێشتر باسم کرد، لە ڕێگای ڕەتکردنەوەو پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپ و یاسایانەوە کە خۆیان لە بەدەستهێنانیاندا بەشدار بوون. سیستمە تۆتالیتارەکانی ئەو ووڵاتانەش کە گرێدراوی ڕێککەونتەکانی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمن، هەموو ئاسانکارییەك بۆ پراکتیزەکردنی ئەو جۆرە لە ژیانێکی لەبەریەك هەڵوەشاو دەکەن. بۆ نموونە عێراقی ڕژێمی پێشوو ژیانی خۆیی لە ڕێگای بەسەختی پیادەکردنی یاساکانەوە دەستەبەر دەکرد ( ئەوەی زۆرجار لە بێزاری هاونیشتمانیانەوە گوێمان لێدەبێت خۆزگە بۆ ڕژێمەکەی سەدام دەخوازن گوایە یاسای جێبەجێ کردووە) ئەوەی وایدەکرد ئەو ڕژێمە بەو توندڕەویە جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر هەموو تاکێکی عێراقیدا بسەپێنێت، ئەوە بوو کە دڵنیا بێت لەوەی دەتوانێت لادەرەکان یان تێکدەرەکان ( بەو واتایەی خۆیان بەکاریان دەهێنا، مخربین) بە ئاسانی دەستنیشان بکات. ئەو هەموو جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی دژی بە تێکدەر ناوزەد دەکرد، بۆیە پێویستی بە سیستمێکی یاسایی تۆکمە هەبوو تا بتوانێت ڕاوی نەیارەکانی خۆی بکات. لە بەرامبەریشدا، زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە پێشێلکردنی یاساکان و وێرانکردنی خزمەتگوزاریەکان گوزارشتیان لە خۆیان دەکرد، تا کاتی ڕاپەڕینیش بینیمان چۆن هەموو جێگاکان دەسوتێنران و تاڵاندەکران و تەنانەت کوشتارگەکانی سزای دوژمنانیشیان دەهێنایە بەردەم ماڵەکان و مزگەوتەکان و قوتابخانەکانەوە. ئێستا عێراقی ڕژێمی نوێی پاشکۆی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی خۆیی لە ڕێگەی ئەو بێ یاسایی و پێشێلکاریانەوە مسۆگەر کردووە. یەکێك لە چەکە گرنگەکانیشی بریتییە لە چاندنی گەرای ئەو بێئومێدییە قووڵەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان، بریتییە لە نەهێشتنی ڕێزی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان، تێکوپێکشکاندنی کارەکتەری مرۆڤەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و گومان لە یەکتر و دروستکردنی تارمایی هەزاران ڕاپۆرتنووس بەسەر کۆمەڵگاوە.

بۆیە یەکێك لە ڕێگاکانی چارەسەر و ڕزگاربوون لە کۆیلەیەتی ژێر دەستی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم، لە گەڕاندنەوەی مرۆڤەکاندایە بۆ ناخی خۆیان. چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەو فەسادە بەربڵاوەی لە ناوەوەی ئەو کۆمەڵگایەدا گەراکانی خۆیی داناوەو ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت. خۆ دەربازکردن لەو پشێویەی میدیا لەناخی هەریەکێکماندا ڕۆژانە دەیچێنێت، گەڕانەوە بۆ دروستکردنەوەی کارەکتەرە ئاکتیڤ و هۆشیارەکەی خود، بەرپرسیارێتی تاك بەرامبەر بە ناخی خۆی و پاشان بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا و ژینگە و گیانی لەخۆبردوویی و بەتەنگەوەهاتن و خۆڕێکخستنەوە، خۆ دەربازکردن لە هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکان و پاشان بەشداریکردن لە ڕێکخستنەوەی ژیان لەدەست ئەو هەموو فەوزایەی کە خۆمان لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستمە فاشیستانەدا دروستمان کردوون.




لە ڕاوێژکارەکەی داوودئۆغڵو ەوە فێرببن! … هیوا خۆشناو

ئەتیەن ماهچوپیان نوسەر و سیاسەتمەداری بەڕەگەز ئەرمەنی ڕاوێژکاری سەرەکی داوودئەحمەد ئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی پێشوی حکومەتی تورکیا بو، کە سەرۆکوەزیرەکەی ئەوەی لە دەستی هات دژ بە گەلی کورد ئەنجامی داو دوایی وازی لە کورسیەکەی هێنا.
ناوبراو لە دوا نوسینی خۆیدا لە ڕۆژنامەی “ئیلکە هابەر”ی نزیک پارتی دادو گەشەپێدانی دەستەڵاتداری تورکیا ڕێککەوتنی ١٧/٣/٢٠١٧ دا، بابەتێکی زۆر سەرجڕاکێشی بەناوی PYD’nin sırrı واتە “نهێنیەکانی PYD ” بڵاوکردۆتەوە. هەرچەندە ئەو نوسەرە سیاسیە بە ئەزمونە سۆزێکی بۆ کێشەی کورد نیە، بەڵام بەهۆی بابەتیبوونی نوسینەکەی لە هەندێک بواردا، بەپێویستم زانی بەشێکی وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی یان بیخەمە بەر دەست خوێنەران. بێگومان هەندێک بابەت کە ناوبراو باسی کردونە جێگای سەرنج و تێڕامانن:
– لە سەرەتای بابەتەکەدا نوسەر سەرنج ڕادەکێشێتە سەر سەردانەکەی دوایی ئەردۆغان بۆ مۆسکۆ کە داوای داخستنی بیرۆی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYDی کردبو و پێیوایە هەڵوێستەکەی مۆسکۆ کە گوێی لە داواکاریەکەی ئەردۆغان نەگرت، کارێکی چاوەڕوانکراوبو و لەو ماوەیەی ڕابوردودا، ئێمە بوینە شاهێدی زۆر هەوڵی وای تورکیا بەڵام هیچ کامێکیان ئەنجامیان نەبو. نوسەر ئەڵێ: “جگە لەوە بەپێچەوانەی داواکاریەکانی تورکیا، ئەمریکا هاوکاریە سەربازییەکانی وەک گەیاندنی چەکوتەقەمەنی و تیمی تایبەتی مەشقوڕاهێنان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە بە دەستپێشخەری پەیەدە سازکراوە زیاتر کردوە، ڕوسیاش بەردەوامە لە هاوکاریە سەربازی و سیاسیەکانی لەگەڵ ئەو پارتە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو پارتە نیە کە درێژکراوەی PKK ەیە و سیستێمی سیاسی و ئیداری خۆی لە باکوری سوریا دامەزراندوە. ئیمە ناچارین تەسلیمی ئەو واقیعە ببین کە PYD لە پەیوەندیە تاکتیکیەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد سەرکەوتو بوە و لەگەڵ ئێرانیش شتێکیان پێ ئەدات و شتێکیان لێ ئەستێنێ. توانیمان لە سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ پکک و کوردانی سوریا ناچاری پاشەکشە بکەین، بەڵام لە ڕۆژی ئەوڕۆدا سەرباری ئەوەی تورکیا ئامادەیە زۆر شت بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ دواوە بە PKK بنێ سودی نیە.

– ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا باس لە پەیوەندیەکانی ئێران و پکک دەکات و بانگەشە دەکات کە کوردەکانی نزیک لە بارزانی زۆر هەوڵیاندا شەڕ دژ بە ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام پکک ئەو هەوڵەی ئەوانی مایەپوچ کردەوە. هەروەکا ماهچوپیان قسەی سەرجەم مێدیاکانی ئاک پارتی و نزیک لەئەو بڵاودەکاتەوە و بانگەشەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکات لە لایەن PYD و پێیوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرجەم پێشێلکاریەکان دەبینێ، بەڵام مافی مرۆڤ لە سوریا لە پلانی یەکەمدا نیە.
لە کۆتایی بابەتەکەیدا ئەتیەن ماهچوپیان لە پێنج خاڵدا هۆکاری پشتگیری خۆرئاوا و ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا ڕوندەکاتەوە کە ئەمانەن:
١-بۆ ئەوەی PYD بەتەواوی نەچێتە ناو باوەشی ڕوسیا، ئەمریکا ئامادەیە پشتگیری لێ بکات.

٢- جگە لەوەی PYD لە سوریا زەمینەی هێزێکی سیاسی لەباری تێدا بەدی ئەکرێ، هاوکات هێزێکی سەربازی پتەوە. هێزە سەربازیەکانی ئەو ڕێکخراوە لەلایەک لە خەڵکی ناوچەکە پێکهاتون، لە لایەکی دیکەی ئەگەر لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا بەراوردیان بکەین ، ئەوان زۆر بەهێزترن.
٣-PYD هەستی بەوە کردوە کە پێویستی بە سیاسەتی ئەمریکایە، بۆیە لەبەرانبەر ئەو یەکەدا، داخوازیەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکات.
٤- ئەگەر PKK/PYD لەگەڵ هێزە موحافەزەکارەکانی دیکەی کوردی بەراورد بکەین، بەئاشکرا دەرئەکەوێ، کە هزری نەتەوەپەرستی تێدا کەمە و لە جیاتی ئەوە پێکهاتەیەکی فرە ناسنامەییە.
٥- ئەگەر PYD لەگەڵ کوردانی دیکەی سوردیا بەراورد بکەین، دەبینین لە بواری تێگەی کۆمەڵایەتیەوە لە هەر هەموویان مۆدێرنترە.
لە دێری کۆتاییدا نوسەر پێیوایە: ڕۆژئاواییەکان نایانهەوێ ڕاستەوخۆ پشتگیری هێزێک بکەن کە لە توندوتیژیدا گڵاوە، بەڵام ئەوڕۆ جگە لەوان چارەیەکی دیکەیان نیە.
چەند سەرنجێک
مرۆڤ ئەگەر سەیری شیکردنەوە و لێکدانەوەکانی ئەتیەن ماهچوپیان بکا و لەگەڵ ڕێکخراوە کوردیەکانی دژبەرانی PKK/PYD بەراوردیان بکات، سەری سوڕ ئەمێنێ. وادیارە لە سیاسەتدا، ڕکەبەرایەتی کردن کارێکی ئاساییە، بەڵام ناواقیعبوون مرۆڤ توشی هەڵەی کوشندە دەکات. ماهچوپیان ئەگەرچی ناچارە لە ڕۆژنامەیەکی سەر بە AKP کۆمەڵێک شت دووبارە بکاتەوە کە لەوانەیە خۆی باوەڕی پێنەبێ، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستینەی ئەو ڕێکخراوەی بۆ کوردە پڕۆ-ئەردۆغانی/AKPکان ئاشکرا کردوە کە هیوادارم سودی لێ وەرگرن و ببنە ڕکەبەرێکی ڕاستەقینە.
– لەسەرەتادا ناوبراو، بەپێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتەکان و سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ژێر چەتری ENSK کۆیان کردونەتەوە، پێیوایە پەیوەندیەکانی PYD/PKK لەگەڵ سوریا و ئێران تاکتیکین و سەرکەوتوون. ئەگەر سەیری دەمی ئەو لایەنانەی دژ بە PYD/PKK دەکەی نزیکەی ٤٠ ساڵە ئەو قەوانە کۆنە دووبارە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕاستیەکی تێدابێ. لە ڕاستیدا ئەو پەیوەندیە ئەگەر نەبوایە، ئەو ڕێکخراوە و ڕۆژئاوا نەدەگەیشتنە ئەو ڕۆژە. بەڵێ پەیوەندی سوریا/ئێران لەگەڵ PKK جگە لە تەکتیک هیچی تر نیە، بەڵام پەیوەندیەکی تا بڵێی باش و پێویستە.
-لە خاڵی چواردەمدا ماهچوپیان نەتەوەپەرستنەبوونی PKK/PYD بە یەکێک لە سەرکەوتنەکانیان ئەبەستێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو ڕێکخراوە ڕکەبەرانە کە لە سەرنگەری AKP و مێدیای پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەخوێنن، ئەگەر PYD نەتەوەپەرستبوایە، نەوەک ڕوسیاو ئەمریکا یارمەتیان نەدەکرد، بەڵکو ڕۆژئاواشیان بە کەرکوک و شەنگال دەکرد. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ڕێکخراوە پڕۆژەیەکی فراوانتری لە نەتەوەپەرستی تەسکی کوردایەتی پێیە، بۆتە جێگای هیوا و ئومێد بۆ هەموو جیهان و هەر هەموویان حیسابی جدی لەسەر دەکەن.
-لە خاڵی پێنجەمدا ماهچوپیان باس لە پێشکەوتویی کۆمەڵایەتی PKK/PYD دەکات و پێیوایە کوردانی دیکە لەو بوارەیەوە دواکەوتوون. ئەوەی جێگای سەرنجو ڕەخنە بێ لە ڕکەبەرانی PKK ئەوەیە کە هۆکاری سەرنەکەوتن و بێچارەبوونیان لە بەرانبەر ئەو ڕێکخراوە، بەتەنیا نەناسینیانە. تا ئێستا ئەوان نازانن جیاوازی بکەن لەنێوان “PKK وەک حیزبێکی سیاسی و PKK وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی”. ئەو چەکەی لە دەست ئۆجالان دایە، کلاشینکۆف و دۆشکا نیە، بەڵکو ئەوەیە کە دەتوانێ دەیان هەزار ژن و ئافرەت لە ماڵەکانیانەوە بێنێتە دەرەوە و سوپایەکیان لێ سازبکات کە تەحەدا لە سوریا، ئێران، تورکیا و داعش بکەن. ئەو چەکەی لە دەست ناوبراودایە جا لە زیندان بێ یان لە مەریخ گرینگ نیە، ئێستا لە دەستی هیچ هێزێکی دیکەدا نیە لە ناوچەکە. بۆیە ئەبێ ئەوانە دڵنیابن کە بە پارە، نەوت و چەکی نەتەوەپەرستی کوردایەتی کە لە بازنەی تورک – عەرەبی سونەدا دەخولێتەوە، هەرگیز ناتوانرێ شەڕی ئۆجالانی پێ بکرێ.

http://www.ilkehaber.com/yazi/pydnin-sirri-16489.htm




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی …6 … نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

به‌شی شه‌شه‌م / هه‌شت به‌ش
به‌شی شه‌شه‌م

سەربەخۆی و ئازادی وەڵامی شۆرشگێڕانه‌ی دەوێت !

ئەوەی هەتا ئێستا لە ئاکارو سیاسەتی هێزە کوردییەکان بینراوە ، ئەقڵیەت و کردەیی و بیری ڕیفۆرمیستی نەتەوایەتی بووە . نەیان توانیوە لەو ڕیفۆرمە دەربچن و زیاتر لەوە بکەن ، لەو دەوڵەتانەی کە کوردی تێدا دەژی ، بۆ کوردیان کردووە .هەروەها حیزب و هێزە چەپەکانیش لە ڕابردوو و ئێستاشدا ، نەیان توانیوە کارێک بۆ جیابوونەوەی نەتەوەی کوردبکه‌ن و هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بخاتە ناو بیرو بۆچوون و هێڵی سیاسی و کردەوەیی سیاسیان بە ئامانجی خواستی ڕزگاری پرس و ململانێی نەتەوایەتی بێت لە ناوچەکەدا . بە ئاسانی ناتوانیت بیرو بۆچوون و کردەی ڕاست و چەپ لێک جیابکەیتەوە ، ئامانجی جیاواز و ویستی جیاوازیان دەستنیشان ناکرێت و جیاوازیەکی بنەڕەتی نابینیتەوە لە نێوانیاندا . هەتا ئێستا مەعلوم نیە کامیان چەپن و کامیان ڕاست ، کامیان لەگەڵ بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتیدان و شۆڕشگێڕانە لەگەڵ پرسەکەدا مامەڵە دەکەن و کامیان نایکەن . ئەو دوو لایەنە هەوڵ و بیری بەدەست هێنانی مافی یەکسانی نەتەوەکانیان نیە . حیزبێک حوکمی زاتی دەوێت و ئەوی تریان چاوەڕوانی ئەمەریکا و ئەوروپایە و یەکێکی تریان بڕیاری دامو و دەزگاکانی ( UN ) بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانێت .

ئەمانە هیچیان لێ سەوز نەبووە و نابێت ، له‌پێناوی جیابونه‌وه‌ یا جیانه‌بوونه‌وه‌، چاو لە دەستی ( UN ) بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ریفراندۆم بکات . قسەو باسی دروست کردنی دەوڵەت یان گەڕانەوە بۆ ناوەند ، ئەمانە هەموویان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەشێکیان وویستی ئۆلیگارشیانەی کۆمەڵێک لە سیاسیە سه‌ربازی و ئابووریسته‌ حیزبیەکانەو بەشەکەی تریشی پەیوەندی بە کاڵ فامی و بێ دەربەسی و بە ناوی خۆ بە دورگرتن لە ناسیونالیست بوونیانەوه‌یه‌ ، ئەمانەش هەرهەمووی پەیوەندی بەپاراستنی بەرژەوەندی توێژی ئۆلیگاریشی و ووردە بۆرژوازیەوە هەیە. هەر مەبەستێک کە سەرچاوەکەی ڕیفۆرم بێت ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بێت ، لە پرسی نەتەوایەتی هەر وڵاتێکدا بێت ، “بەکارهێنانی دەستەواژەی ” هەڵوەشاندنەوەی هەموو جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ” لە جیاتی دەستەواژەی ” لەناوبردنی هەموو جیاوازیەکی چینایەتی ” دەروازەیەک بۆ پرسیار و گومان دەکاتەوە . لە نێوان وڵاتێک و یەکێکی تر، لە نێوان هەرێمێک و یەکێکی تر ، هەتا لە نێوان گەڕەکێک و یەکێکی تردا ، هەرگیز هەندێک جیاوازی لەنێوان هەلومەرجی ژیان و گوزەراندا بنبڕ ناکات و دەهێڵێتەوە ،. ئیمکان هەیە جیاوازییەکان سوک بکرێت هەتا ئاستێکی زۆر کەم و نزم ، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بەتەواوەتی بنبڕبکرێت و لەناو ببات ” (44) . لەبەر ئەوە دەستەواژەکان زۆر گرنگ نین ، ئەگەر هەوڵ و کردار لەپێناوی جێبەجێکردنیدا نەبێت . هەر بۆیە لای چەپ و ڕاست و حیزبەکانیان ، جێگەو ڕێگەیەکی نییە لەبیرو بۆچوون و کرداریاندا .

ئەو کاتەی ووردە بۆرژوازی جێگەو ڕێگەیەک و پلەیەکی لە بەرژەوەندی ئابووریدا ئەدرێتێ ، تێکەڵ کردنی بەرژەوەندییەکانی بە سەرمایەی بۆرژوازی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات ، ئیتر هیچ گرنگیەک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی لەلای خۆی ناهێڵێتەوە ، بەڵکو نانی لێ دەخوات و کەڵەکەی سەرمایەی پێ دەکات . هەروەکو ئەو بازاڕکردنەی کە ئێستا بەخواستی نەتەوایەتی کوردەوە دەکرێت لەلایەن حیزبەکانەوە . هەر ئەمەش وایکردووە کە ئۆلیگارشیەکانی حیزبە سیاسیەکان بازرگانی بەخواست و پرسی نەتەوایەتی یەوە بکەن . ئەمەش تەنیا پەیوەست نییە بە وڵاتێکەوە بەڵام جۆری کردەکان و بەکارهێنانی و گرنگی بوونی لەلای خەڵکەکانیان ، کەم و زۆر کاری پێده‌که‌ن و لە یەکتری جیاوازیان دەکات . لە کۆتایدا هەموو لایەنەکان لە پێناوی کەڵەکەبوونی سەرمایەو گەورە بوونی قەبارەی بازرگانیەکانیان ئەو یارییە دەکەن لەسەر حسابی خه‌ڵک و بە گۆشت و ئێسقان و دەروونی ئه‌وان ئەنجامی دەدەن . لەم هەرێمەشدا هەروا دەگوزەرێت و جیاواز نییە لەو هەرێم و ناوچانەی ئەو کێشانەی تێدایە و که‌ ووردە بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانیان ئەیبەن بەڕێوەو خۆیان بە خاوەنی دەزانن .

چەپ بەم شێوەیەو بە دووفاقی ودوور لە ڕاستی و ڕەوایی ئامانجی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی ، بەیانی ئامانج و سیاسەت و هزری خۆیان دەکەن . لە ڕابردوو ئێستاشی لەگەڵدابێت ، ” ئەمانە ئامانجی ڕاگەیەنراوی حیزبی کۆمۆنستی عێراقە ، یەکەم شۆڕش لە هەموو عێراقدا ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ناقەومی و لابردنی ستەمی میللی . دووەم ، بە ڕەسمی ناسینی مافی خەڵکی کوردستانی عێراق بە جیابوونەوەو پێداگرتن لەسەر مەبدەئی ڕیفراندۆم .” (45) ئەم پەرەگرافە ووتە و بێژانی دژ بەیەکی تێدایە ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی نانەتەوەیی ، یا ناسنامەی کۆمەڵگا لەسەر هیچ نەتەوەیەک تاپۆ نەبێت ، مانای پێکەوە ژیانی یەکسانیانەی نەتەوەکانە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە .

ئیتر پێویست بە خاڵی دووەم ناکات ، ئەگەر شۆڕشێکی لەو جۆرە دروست بوو . بەڵام خاڵی دووەم تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە لەڕووی مێژوویەوەو لە پێداویستی درووست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییەوە سەرچاوە ناگرێت ، بەڵکو تەنها هانا بردن و بە گرنگی وەرگرتنی ڕیفراندۆم لەژێر چاودێری ( UN ) دا وەکو ڕێگە چارەی پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا دەبینێت . ئەمەش دووفاقی تێڕوانینی چەپە لەسەر کێشەکە و ناوەڕۆکی کرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا و بەرپابوونی تا ئاستی گۆڕینی بنەڕەتی کۆمەڵگا . کام شۆڕش دەتوانێت کۆمەڵگای بێ چین و نەتەوە دروست بکات ؟! بێ گومان تەنیا شۆڕشی کۆمۆنستی زانستی یە دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت ، بتوانێت جیاوازی چینایەتی و نەتەوەیی بنەبڕ بکات ، چونکە ئەگەر جیاوازی چینایەتی بنەبڕ نەکرێت ناتوانرێت جیاوازی نەتەوایەتی بنەبڕ بکرێت . لەبەر ئەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەرخۆری لەسەر پرسی نەتەوایەتی دەکات .لەم سەردەمەدا و لە ڕابردووشدا ، باشترین نموونە وڵاتی سویسرایە چونکە چەن نەتەوەیەکی وەک ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و هەندێک نەتەوەی ئاسیایی و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی تێدا دەژین ، مافی نەتەوەکانیش پارێزراوە ، لەگەڵ ئەوەشدا سویسرا نەبووەتە کۆمەڵگای بێ چین و توێژەکان و یەکسانی ئابورییان هەبێت . هەروەها نەبووەتە وڵاتێک پەیڕەویی لە سیستمی سەرمایەداری لێبراڵی نەکات ، چەوسانەوەی چینایەتی بنبڕبکات و کۆتایی به‌وه‌ بهێنێت ، کۆمەڵێک ژیانێکی زۆرخۆشیان هەبێت و بەشێکی تریشیان حاڵ و ژیانیان مسۆگەر نەبێت .
دوای ئەوکاتەی کە وڵاتی سویسرا لە سیسته‌می سیاسی نێودەوڵەتیدا ، وەک وڵاتێکی بێ لایەن لە سیاسەت و ئامانجی سیاسی و سەربازی جیهانی دیاری کرا .

نەتەوەکانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و نوسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرامێک و دەستورێکی تایبەتەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە چوارچێوەی ووڵاتەکەیاندا ڕێک خست . ئەمەش هەروا لەخۆڕا نەبووە ، بەڵکو خەڵک و نەتەوەکان دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم کردبوو ، لە دیموکراسی ترین پەیوەندیاندا توانیان ئەو بەرهەم و ئامانجە بە دەست بهێنن . بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو و ئیعتیباری خۆی لەدەست داوە ، ناتوانرێت جارێکی تر ئەو پرۆسێسە دوبارە بکرێتەوە ، بۆرژوازی و سەرمایەداران ئەو کردەوەیە لە وڵاتانێکی تردا دووبارە بکەنەوە ، ئەگەر وەکو سویسرا نەتەوەی جیاوازی هەبوو. ئەمە بەجیا بۆ سویسرا ڕوویدا ،لەبەر ئەوەی بەپێی ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی لەساڵی1891 دا ، کە لە نێوان ووڵاتە زلهێزەکانی ئەو کاتەی جیهان دروست بوو ، وەک وڵاتێکی بێلایەن لە جەنگ و هەموو کێشە نێو دەوڵەتیەکان و ململانێکانی جیهاندا نەبێت و هیچ جەنگێک ڕووبەڕووی نەکرێتەوە و خۆشی لایەن گری هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ک و ململانێیەکی نێو دەوڵەتی و ناوچەی نەبێت ، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە لە ناو پەیوەندییە سیاسی و کێشە و ململانێ نێو دەوڵەتیەکاندا نیە ، ئەوا هیچ وڵاتێکی زل هێزی دنیا و ناوچەکانی خۆیان دەستیان بۆ نانەوەی کێشەو ململانێی نەتەوەیی نەبردووە ، نەتەوەکانیان نەکردوەتە داردەستی سیاسەتی پاوانخوازییان و ململانێی نەتەوەکان لەناو سویسرادا گڕبدات .هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمدا ڕویداوه‌و ڕووده‌دات . ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ، سه‌ماده‌که‌ن به‌ ئاوازی ده‌ووڵه‌تان .

” هەموو ئەو شۆڕشانەی کە لە پێشتردا ڕوویانداوە ، شۆڕشەکانی بەرگری بوون ، لە جۆرێک لە خاوەندارێتی دژی جۆرێکی تری خاوەندارێتی . وە لە توانایاندا نەبوو بەرگری لەو جۆرەی خاوەندارێتی بکەن ، بەبێ دەست وەردان لە جۆرەکەی تری . ” (46) ئەو شۆڕشەی کە لە عێراقدا ڕووبدات ، دەبێت هەلومەرجی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، بگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ و جیاواز بهێنێتە پێشەوە و دروست بکات . بەڵام ئەوەی کە چەپ و ڕاستی عێراق و هەرێم باسی دەکەن ، دەڵێن دەبێت شۆڕش بەرپا ببێت کەس نازانێت لە چ جۆرێک و چ بەهایەکی دەبێت ؟! شۆڕشێکە بۆ دووبارە کردنەوەی نمونەی سویسرایە یا جۆرێکی تر ؟! بێ گومان ئەوان نە شۆڕشیان کردووە و نە دەشیکەن ، نە تێزو بیری شۆڕشگێڕشیان هەڵگرتووە . چونکە شۆڕش لە ئێستادا گۆڕینی مانا و بەهای پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستایە ، بە پەیوەندیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازەوە دابڕاو بێت لە پێکهات و گروپی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ، وەک ئەوەی کە ئێستا بەرقەرارە لە کۆمەڵگادا ، ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم لە ژێر چاودێری ( UN ) دا ناتوانێت وەڵامی جیابونەووەی نەتەوەی کورد بێت هەتا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی . چونکە (UN) دەزگایەکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی زل هێزەکانە و بەرژەوەندی ئەوان ئەسەپێنێت بەسەر هێزو دەوڵەتە لاواز و بچووک و بێ تواناکاندا .

وەکو ڕێکخراوی ( کۆمەڵەی گەلان )ی ڕابردوو کەم توانایە .(47) لەبەر ئەوە دەبێت هەڵوێست وکردەی ڕوون و ئاشکرات هەبێت و پەیگیرانە پێ لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کورد دابگریت. هەتا ئەگەر لە ئێستادا حکومەتی کرێکاری ( بەپێی دید و بۆچوونی چەپ ) لە دەسەڵاتیشدا بێت . چونکە ئەم نەتەوەیە چەند جار لەگەڵ حکومەتەکان و دەوڵەتەکانی کە بەسەریاندا دابەش بووە ، جەستەی لە خوێندا هەڵکشاوە ، بەدەست سیاسەتی شۆفێنی حکومەتەکانەوە ، ڕووبەڕووی قەتل و عام و جینۆساید و …… بووەتەوەو ، سایکۆلۆجیای پەرت پەرت کردن و کاردانەوەی لەسەر زهنی دروست کردووە . لەبەر ئەوە دەبێت ئامانج لەگەڵ خواست و وویستی کرێکاران و زەحمەت کێشانی کورددا هاو سۆزو سیاسەت بێت ، بۆ بەدەست هێنانی ئەم خواستەش ، پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە دەخوازێت . کەواتە ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم کە هەڵوێست و بیری هێزە سیاسییەکانە لە هەرێمدا، ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە خواست و ویستی جیابونەوە . ئەوەی کە چەپ و ڕاست کردوویانە بە قسەی سەر زمان و ژێرزمانیان ، دوو باری جیاواز و دوو هەڵوێستی جیاواز لەخۆدەگرێت . هەموو ئەمانەش لە ناوەڕۆکی بیرو کرداری ئۆلگاریشیەکاندا بەرجەستەیە.

ئەوەی کە چەپ باس لە شۆڕش دەکات و کەس نازانێت چ ناوەڕۆکێکی هەیە ! شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا دەبێت چ ئەرکێک ئەنجام بدات ، گۆڕانکاری چۆن دەکات ؟!. ئەم جیاوازییەش لەسەر ناوەڕۆکی شۆڕش ، لەبیر و بۆچوونەکانی چەپدا هەیە ، سۆشیال لیبڕالیزمەکانیش دەڵێن ” ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خەڵکی کوردستانی عێراق بۆچوونی خۆی ، لە ڕیفراندۆمێکدا، سەبارەت بە جیابوونەوە یا مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا دەربخات ؟ ” (48) ئەم بۆچوونە لەسەر ڕیفراندۆم ، هەمان بۆچوون و دیدی (UN) ە بەکاریان دەهێنن بۆ ڕێگا چارەی کێشەکان ، ئەمەش هەتا ئێستا نەیتوانیووە چارەسەری کێشەکان بکات و نەهامەتییەکانی ئەو گەل و نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا داوای سەربەخۆی و جیابوونەوە دەکەن کۆتایی پێ بهێنێت . دەسەڵاتەکان بە هەمان ناوەڕۆکی ڕابردوو دەهێڵێتەوە کۆتایی بە چەوسانەوەو بێ مافی و کۆیلایەتی مرۆڤەکان ناهێنێت. لەبەرئەوە ئەو جۆرە هەوڵانە کردەیەکی نەزۆکە لەبەردەم چارەسەرییە بنەڕەتییەکان ، چونکە سیستەمێک خۆی ئاگری ئەم دژایەتی و بێ مافیە خۆش بکات ، ئەوا هەوڵنادات چارەسەری بکات ، لەبەر ئەوەی ڕێگایه‌که‌ بۆ چوونە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانیان ، هەندێک جار لەڕێگەی ئەم جۆرە لە خۆشکردنی ئاگری دژایەتی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و کلتوریانەوە بەدەست دێنن . ئیتر چۆن هەوڵ دەدات و دەیەوێت داری ژێر پێکانی خۆی ببڕێتەوە ، هەندێک جاریش بۆ ڕێگرتن و ترسان لە ڕیفراندۆم یان خۆڵ کردنە چاوی خەڵک لەوبارەیەوە پۆزش و بڕو بیانووی جۆراوجۆری وەک ئەوەی ئێستا ناتوانرێت و ناکرێت و نابێت …. هتد بۆ دەهێنرێتەوە .

زۆر جاریش چاو سوورکردنەوە و هەڕەشەی توندووتیژی و ئەنجامدانی لەلایەن دەسەڵاتداران بەرگرییان لە خۆیان پێ کردووە ، نەیان هێشتووە هیچ هەوڵێک بۆ جیابوونەوەو ئازادبوون بەئاکام بگات . یان ئەگەر ڕێگەیان دابێت ، ئەوا بە نیوە ناچڵی و بێ ئەنجامێکی گشتی و درووست ڕوویان داوە ، بۆیە لەپێناو بەدەست هێنانی ئامانجێکی گشتگیری ئازادی و سەربەخۆی نەتەوەکان ، پێویستی بە یەکگرتن و هاو ئامانجی نەتەوەکانە لە پێناو خواستی ئازادی و جیابوونەوە . ئەمەش لەزۆرترین کات و هەلومەرجەکان و لە ووڵاتە جیاوازەکاندا ، پێویستی بە کردەو کارێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەجیاوازەکانی ئەو وڵاتانە هەیە ، کە کێشەو خواستی نەتەوایەتی تێدایە ، هەربۆیە پێویستە کرێکارانی نەتەوەی عەرەب ، لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کوردو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، هاوکار و هاوخەباتی بێت لە پێناو رێگری کردن لە کۆیلەکردنی خۆیی و دواتر هاوخەباتیان لە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان . کاتێک کە ( UN ) چاودێر دەبێت ، یا بە پلانی ئەو ڕیفراندۆم دەبێتە ڕێگە چارەی کێشەکان ، ئەوا ئامانج تێدا جێبەجێ کردن و بردنە پێشەوەی بەرژەوەندی زلهێزەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی یە .

هەربۆیە خۆشباوەڕی و کاڵ فامی، ووردە بۆرژوازی لەوەوە دەردەکەوێت ، لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کەش و هەوایەکی دیموکراتی تێدا دەبینێتەوە ، ئەو نەگبەتی و موسیبەتانەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەگشتی خەڵکی کورد بەسەریان هاتووەو ئەیچەشن ، تەنها بە دەست نیشانکردن و دامەزراندنی یاساییانەی دەوڵەتی کوردی چارەسەرناکرێت ، چونکە گۆڕینی دەسەڵات و دەمووچاوی سیاسی بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانی نەتەوەی سەردەست بۆ دەسەڵاتی ئۆلیگارشی نەتەوەی بندەست چارەسەر نابێت . لەبەر ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیدایە . لەگەڵ ئەوەش دا دروست بوونی دەوڵەتەکە بۆ نەتەوەی ژێر دەست و خواست لەسەر دروستبوونی، ئەرکێک لە کۆڵ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە . بەڵام چەپ و بە هاوتایی بیرو بۆچوونیان لەگەڵ حیزبەکانی تردا ، چرای ڕووناک کەرەوەی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران بەبێ فتیل دەدەنە دەستیان ، بەیانی بیرو بڕوایەک دەکەن کە تەنها ئەوان و دەسەڵاتداران لەگەڵیدا هاوڕان و دەڵێن ” بەبێ ساغ کردنەوەی حقوقی دەست بەجێی کوردستانی عێراق دەرچوون لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی ئەمڕۆ وە دەرچوون لە بنبەستی ئێستا لە توانادا نی یە .” (49) ئەمە تەنها قسەو باسی چەپ نی یە بە تەنها، بەڵکو هاوڕاییەکی زۆر زۆریان لەگەڵ حیزبەکانی تری بەناو ڕاست و ئیسلامیەکاندا هەیە . پێشتر باسم کرد ، دەرچوون لەو هەموو تراژیدیایەی کە نەتەوەی کوردی پێدا تێپەڕبووەو دەبێت ، تەنها حکومەتی ئۆلیگارشی یان دەوڵەتی ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەی کورد ناتوانێت وەڵامی پێبداتەوە ، هەتا دروست بوونی دەوڵەتی کوردیش ناتوانێت باری گوزەرانی ژیان و هەلومەرجی کارکردن و بژێوی باش بکات .

ئەگەر سیستەمێک لەسەربنەمای فەراهەم کردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنیات نەنرێت ؛ بەڵام درووست بوونی دەوڵەتی کوردی، تەنها وەڵامە بە چەوسانەوە و پرسی نەتەوایەتی و لابردنی ستەمی نەتەوەپەرستی بەسەر نەتەوەیەکی تر ، ئەمەش هەتا ئاستێک گرنگە ، بەڵام تەنها وەڵامی بنج بڕی کێشەو مسیبەتەکانی کورد نییە ، بەپێی بۆچوونەکانی سۆشیال لیبڕاڵ و سیاسیەکانی تربێت ، دەرنەچوونی ئەم کۆمەڵگایانە لە بن بەست و ئەزمەی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری ، تەنها لە نەبوونی چوارچێوەیەکی حقوقی و سنوورێکی دانپێدانراودا قەتیس و کورت دەکەنەوە . غافڵن لەوەی ، کە کورد لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتەکانی (عێراق ، ئێران ، تورکیا و سووریا ) دا ژیان بەسەردەبەن ، چوارچێوە حقوقیەکانی ئەو دەوڵەتانە ، پڕن لە کێشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوچەیشەوە دەیان کێشەو گرفتیان هەیە ، لە ئەزمەو بن بەستدا غەرق بوون . ئەوە بێجگە لەو سیاسەتە شۆڤێنیانەی دژی نەتەوە جیاوازەکان دەسەڵاتدارانیان پەیڕەوی دەکەن ، بەناوی یەک پارچەیی خاک و نیشتمان. ئەمەش هەموو لە پێناوی هێشتنەوەو درێژەدانی دەسەڵاتیانە و لە پێناویدا هەزاران لەخەڵکی تیادا دەکەنە قوربانی . هەر بۆیە ساغ بوونەوەی حقوقی تەواوەتی نەتەوەیی و مافی یەکسان و ئازادییەکان ، دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکارانی کوردە، کە تیایدا مافی هەموو کەسێکی تێدا پارێزراو ڕێزلێگیراو بێت ، لەبەرامبەر ئەرک و مافەکانیدا بەرپرسیاریش بێت .

ئەمەش لە دورەوەو بەقسەی بریقەدار جێبەجێ نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی کارو هەڵوێستی شۆڕشگێڕییەوە بە ئەنجام دەگات. بەرەنجامی ئەو شۆڕشەش دەبێت دامەزراندنی سیستمی هاوبەشی و یەکسانی بێت لە نێوان هەموو نەتەوەکان و دانیشتوانەکەیدا . بەمەش هەموو خەڵکی کورد لە عێراقدا لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی سیاسەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئیمپڕیالیزم ڕزگاریان دەبێت. چونکە ” بەپێی ئەوەی کە دەوڵەت لە پێویستی بۆ جڵەو گرتنی دژایەتی چینەکان دروست بووە، لەهەمان کاتدا بەپێی ئەوەی لە سنووری پێکدادانی نێوان چینەکان دروست بووە ، ئەمەش وەکو بنەمایەکی گشتی دەبێتە دەوڵەتی چینێکی بەهێزی ئابووری ، هەروەها لەو ڕێگایەوە دەبێتە دەوڵەتی چینێکی سیاسی بەهێز . بەو شێوەیە هۆکاری نوێ بەدەست دەهێنێت بۆ وەبەرهێنان و سەرکوت کردنی چینی چەوساوەو زوڵم لێکراو . پێش هەموو شتێک دەوڵەتەکان لە کۆندا (دەوڵەتە کۆنەکان) بریتی بوون لە ، دەوڵەتی خاوەن کۆیلە بۆ سەرکوت کردنی کۆیلەکان ، دەوڵەتی پیاو ماقولانی دەرەبەگایەتی ، بۆ سەرکوتی جوتیارە مسکێن و کۆیلەکان . هەروەها دەوڵەتی نوێنەرایەتی نوێ، بریتی یە لە ئامرازی وەبەرهێنانی کاری بە کرێ لەلایەن سەرمایەوە . لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک حاڵەتی استثنائی (ریزپه‌ڕ) ، لە هەندێک قۆناغدا ، چینە تێکۆشەرەکان دەگەنە پلەیەک له هاوتای هێز ، ڕووخساری نێوەندێتیان ، بۆ ماوەیەکی دیاری کراو دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەست دەهێنێت ، بەرامبەر هەردوو چینەکە جۆرێک لە سەربەخۆیی درووست دەبێت .” (50) لەبەرئەوە دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لە هەر کاتێکدا بێت ، تەنها هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستەمی میلی لەسەر نەتەوەیەک ، لەلایەن سەرمایەداران و ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەیەکی ترەوەیە ، ڕاستە هاتنە پێشەوەو دروست بوونی هەل گرنگی هەیە بەڵام ئیرادەو هەوڵیش لە پێناوی جێبەجێ کردنیدا زۆر گرنگترە ، چونکە ئەگەر ئیرادە نەبوو با هەلیش هەبێت ئەوا ئامانجیش بەدەست نایەت . بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبوو هەوڵێکیش لە پێناویدا لە ئارادا بوو ، ئەوا ئەگەر هەلیش نەبێت ، ئەگەری زۆر زۆری بەدەستهێنانی ئەو خواستە هەیە . جێبەجێ بوونیشی پەیوەندی زیاتر بە هەماهەنگی و هاوکاری و هاو خەباتی کرێکاران ونەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەبەوە هەیە .

ئەگەر فرسەتیش هەبوو، ئەو دوو لایەنە کاریگەری کە لەسەر ئیرادە و هاوکاری نەتەوەکان نەبوو ئەوا ئیمکانی بەدەست هێنانی ئەگەرێکی قورس و دوور دەبێت ، هەروەکو ئەوەی کە لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستان و عێراق ڕویداو دواتریش لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکانی کورد ، هیچ شتێک لەو خواستە بەدەست نەهات ، کاڵ فامییە لات وابێت هەلو مەرجێک هەبێت ، یان هەلێک هەبێت ئیتر تۆ ئەسپی خۆتی تیادا تاو ده‌دەیت ، ئه‌گه‌ر کرداری ئه‌وه‌ت نه‌بێت ، خواستی لابردنی ستەمی نەتەوایەتی ، ئه‌وا لەلایەن دەسەڵات دارانی نەتەوەیەکی ترەوە ده‌بێته‌ قسەو باس و هەوڵێکی بەردەوام و نەپچڕاوی به‌درۆی خەبات و تێکۆشانیانە . به‌مه‌ش خزمەت بەچینێکی ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری و سەربازی دەکەیت ، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەوانیش بازرگانی پێوە دەکەن ، هەروەکو ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا لە ساڵی (1991) هەتا ئێستا ڕوویداوەو بەردەوامە ، هەروەها ئەگەر گیانی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی نەتەوەکان نەبێت ، ئەوا ئیمکانی سەپاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی کوردەوە هیچی لێ سەوز نابێت . هەروەکو ئەوەی لە نەتەوەکانی سەدەی بیست دا بە چیچانییەکان کرا لەلایەن دەوڵەتی ڕوسیای فیدراڵیەوە ، چونکە ئیرادەو هاو پشتی نەتەوەی ڕوسی لەگەڵدا نەبوو . لەبەر ئەوەیە ناتوانێت هێزو لایەنەکانی سەرمایەداری جیهانی و وڵاتەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بخاته‌ ژێر فشاری گۆڕانی جوگرافیاوە .

چەپ نەیتوانیوە لە تێڕوانینە بۆرژوازییەکانی سەرانی سیاسی حیزبە کوردیەکان دەربچێت ، ئەوەی کە بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن ، هاوتان و هەمان ناوەڕۆکی سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی دەوڵەت ، حوکومه‌ت ڕانییە کە داخوازی بۆرژوازی و ئۆلیگارشیەکانی کورده‌ ، هەوڵی بۆ ئەدات . بۆ نەتەوەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی فرسەت هەبێت یان نەبێت ، پێویستە هەوڵی گرتنە بەری رێگا چارەی شۆڕشگێڕی بدەن، ئەرکی سەرشانی ئازادی خوازان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە . ئەو هێزانەی کە بەدوای فرسەتەوەن و بوون لە ڕابردوو ئێستادا ، بێجگە لە درۆیەکی ڕووت هیچی تریان لێ سەوز نابێت ، وەکو سیاسەتەکانی حیزبە لۆکاڵیەکان و مشەخۆرانی هەرێم ، خەریکی خۆدزینەوەو گەندە خۆرین لەسەر پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا . قۆستنەوەی فرسەتەکانیش گیان وهەوڵی شۆڕشگێڕانەی دەوێت تا بتوانێت ئامانجەکەی خۆی بپێکێت . له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ،به‌ ئاوازی سیاسه‌تی جیهان و ناوچه‌که‌ سه‌ماده‌که‌ن .
بیرو سیاسەتی چەپ و ڕاست و ئیسلامیەەکان و هێزەکانی تر ئەگەر هەبن ناتوانن لەچوارچێوەی سیاسەت و یاسایە دەربچن ، کە دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەک کەرانی نەتەوە یاکگرتوەکان ، هەژموونی خۆیان بەسەر (UN) و سیاسەت و یاساکانی سەپاندووە و ، لەو ڕێگەیەشەوە وەکو ناوەندێک بەکاریان هێناوە ، توانیویانە ئامانجی سیاسەتە ئابووری و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن . لەبەر ئەوەی سیاسەتەکانی ئەوان لە بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و نانێکی بۆ ووردە بۆرژوازیش تێدایە ، هەربۆیە نەیان توانیوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست تەلیسمی سیاسەتی پاوان خوازی زلهێزەکان ، لە ڕێگەی (UN) ەوە ڕوون بکەنەوەو ئاشنای بکەن بە خەڵک و بدەنە دواوەو تێک بشکێنن ، بۆیە وەکو بازرگانێک هەموویان بازرگانی بە خواست و ویستی نەتەوایەتی کوردو پرسەکەیەوە دەکەن .
بە ڕەسمی ناسینی کوردستان لەلایەن چەند دەوڵەتێکی جیا جیاوە ، هەروەها جێگیرکردنی بازرگانی و ئابووری و دبلۆماسی لەگەڵ چەند بەشێک لە دنیادا ، ئەو ڕێنوینی کردنەی کە ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و ووردە بۆژوازی کورد ئەیکات ، هەوڵێکە لە پێناوی جێگیرکردنی دەوڵەتی بۆرژوازی و ئۆلیگارشی کورد ، لە کوردستانی عێراقدا لەلایەن چەپ و ڕاستیەوە . ئەگینا باس و خواس لە هیچ دەوڵەت و حکومەتێکی تر نیە . لەگەڵ ئەوەی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی ، گرنگی خۆی هەیە بەڵام ناکاتە ئەوەی دەوڵەتی دڵخوازی کرێکارانی کورد بێت، چونکە پەیڕەوکردنی سیستەم تیایدا سیاسی و سەربازانی و سەرمایەدارانی ئۆلیگارشی باڵادەستە و مافیا ئاسایە مافیا ئاسایە. چونکە ” ڕیفۆرم کردن لە بەرنامەی نەتەوایەتی ، هەموو امتیازاتی نەتەوەی سه‌رده‌ست هەڵناوەشێنێته‌وە وە یەکسانی تەواو دروست ناکات، وە هه‌مووجۆرەکانی زوڵم و زۆری نەتەوایەتی هەڵناوەشێنێتەوە. ” (51).
هەربۆیە ئەوە حوکمی زاتی خوازەکان و مافی چارەنووس خوازە درۆینەکان ، ئەو تێڕوانینەی کە چاوەڕێی ڕیفراندۆم و چاودێری کردنی لەلایەن (UN) ەوە، لەسەر مافی جیابوونەوە و بەڕەسمی ناسینی لە دەزگا جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا، لەدرۆیەکی ڕووت و بێ بنەما بەوولاوە ناتوانێت مافی یەکسانی نەتەوەکان بەدەست بهێنێت . هەروەها ئەوەی کە بەبیرو بۆچوونی بەحساب جیاوازی حیزبەکانی کوردستانی عێراقەوه‌ دیارە، هیچ نی یە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک. ئەو قسە و باسەی کە دەڵێت ئێمە هەوڵی ڕیفراندۆم دەدەین، بۆ جیابوونەوەی کوردستانی عێراق یان باشوری کوردستان لە عێراق، بێجگە لە ایستهلاکی کات و درێژەدان بەتەمەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پڕ لە شەرمەزاری هیچی تر نییە. چونکە ئەگەر ئۆلیگارشی و مشەخۆرنین بەسەر ئابووری و سیاسی کوردستانی باشوورەوە، ئەوا ئەم شێرە بەفرینانە کە دەیانەوێت دەوڵەت ڕابگەیەنن، دەبوایە بناغەیەکیان بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی بشێلایە و دابڕشتایە، لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییەوە، سیاسەت و ئامانجی حیزبیانە و خێڵەکیانەیان بەرجەستە نەکردایە، بە ئاراستەی زاڵکردنی سیاسەتی دەوڵەتڕانی کارییان بکردایە، هەریەکەیان لەدژی ئەوی تر نەبوونایەتە دەسەنەخۆر و چاو لەدەستی سیاسەت و ئابوری ووڵاتانی دراوسێی هەرێم، ئەجێندای ئەوانیان لەناوخۆ و دژ بە هاووڵاتیان جێ بەجێ نەکردایە .

هەروەکو لەڕابردوودا و به‌هه‌مان شێوه‌ خێڵە کوردییەکان هەمان کرداریان دژبەیەک ئەنجام داوە، ” لەسەردەمی هاتنی میدییەکانەوە ئاوهابوو، هەرچەندە پێدەچێت لەوەوبەریش هەر ئاوهابووبێت، مێژوو نووسە ئاشوورییەکان باسی پاشای نایری و جەنگاوەرە عەگیدە مێرخاسەکانی مەڵبەندی ئەوڕۆکەی کوردستانی نێوەند دەکەن. لەسەرتاسەری مێژوی ئیسلامدا بەردەوام سەرەکهۆزە کوردەکان و هۆزەکانیانمان دێتەوە پێشچاو، کە لە خزمەتی دەستەڵاتدارییە مەزنەکانی دەوروبەریاندا هەڵسووڕاون.” (52) حاڵی ڕاست و چەپ و تێڕوانین و کردەیان، دووبارەکردنەوەی هەمان مێژووی ڕابردوی هەڵسوڕانی خێڵ و سەرەک عەشیرەت و ئاغا و شێخ و میرنشینەکانیەتی ، نەیان توانیوە لە خۆهەڵواسین بەهێزەکانی ناوچەکە و هەندێک هێزی ناوخۆیی هەڵوێست و ئاکاری کردەیی جیاواز بنوێنن و لەسەر پێ ی خۆیان ڕابوەستن. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا ” سەرەک خێڵێکی گچکە کە دەبێتە وابەستەی دەوڵەتێکی بەهێز، هیچێکی ئەوتۆی نییە لەدەستی بدات، لێ بواری شڵپە و مشەی دەستکەوتێکی چاکی بۆ دەڕەخسێت.” (53) پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرەکەی، پەیوەندی نی یە بە هەلوومەرجی جێگیر یان ناجێگیر و شڵەقاوی سیاسی، بەڵکو پەیوەندی بە ئاست و پلەی دژایەتی نەتەوایەتی و ململانێ تووندەکەی هەیە. هەتا تووندتربێت، هەوڵ و خواست لەسەر جیابوونەوە زیاتر دەبێت. لەهەرێمی کوردستان و هەرسێ وڵاتەکەی تری سوریا و تورکیا و ئێران، دژایەتی کردنی توندی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ خواست و وویستی نەتەوەی کورددا.

بەڕەسمی نەناسینی مافی سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ژیاری ئه‌و نەتەوەیه‌، لەلایەن ئەو ووڵاتانەوە، هەمووکات هەلومەرجی بەدەست هێنانی ئەومافە نەتەوەییانەیە لەلایەن نەتەوەی کوردەوە. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا لەسەر پەیوەندی بۆرژوازی ئینگلیز و ئێرلەندیەکدا هەبوو چوونکە ” بۆرژوازی ئینگلیز، بۆ خراپترکردنی باری ژیانی چینی کرێکار لە ئینگلترادا، بەزۆر کۆچ پێکردنی ئێرلەندییە هەژارەکان، بەتەنها هەژاری ئێرلەندییەکانی ئیستیغلال نەکردووە، بەڵکو هەروەها پرۆلیتاریای بۆ دوو سەنگەری دژبەیەک دابەش کرد. لەنێوان گڕوتینی کرێکارانی شۆرشگێڕی سەڵتی، ڕەفتاری ئەرێنیانەی ( ئیجابیانەی ) بەڵام خاو و لەسەرخۆی کرێکاری ئەنجلۆسەکسۆنی، کۆبوونەوە و هەماهەنگی ڕوونادات. بەڵکو بەپێچەوانەوە، لەهەموو ناوەندەکانی بەرهەم هێنانی پیشەسازی لە ئینگلترادا، بەربەرەکانیەکی قوڵ هەیە لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیز و پرۆلیتاریای ئێرلەنده‌یدا. کرێکارێکی مام ناوەندی ئینگلیزی ڕقی لە کرێکارێکی ئێرلەندییە کە وەکو ڕکابەرێک ( منافس ) لەکرێ و ئاستی ژیانی نزم دەکاتەوە. ئەو لەناخیدا هەڵگری ڕقێکی نەتەوەی و ئاینی یە بەرامبەر بەو، وا تێی دەڕوانێت وەکو تێڕوانینی سپی پێستە هەژارەکان بۆ کۆیلە ڕەش پێستەکانی ویلایەتەکانی باشوور لە ئەمریکای باکوردا، خۆشکردنی ئەو ئاگری دژایەتی یە ، کە بەتایبەت لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیزدایە.

بەتایبەت بۆرژوازی بەشێوەیەکی دروست کراو پارێزگاری لێدەکات. لەبەرئەوەی ئەزانێت کە نهێنی پارێزگاری کردن لە جەبەروتی ( زۆرداری ) دەسەڵاتی،لەدابەش بوونی نێوان پرۆلیتاریادا خۆی شاردووەتەوە.” (54) لەبەرئەوەی نەتەوەکان، نه‌کەونە ناو گەمەی سیاسی و ئابووری بۆرژوازی و سەرمایەدارەکانیانەوە، بۆ مەبەستی خۆیان توندوتیژی و کوشت و بڕو دژایەتی لەنێوان نەتەوەی لەسەر دەسەڵات و نەتەوەی پەراوێزخراو و ژێردەستەی بۆرژوازییەکانی دەسەڵاتدار دروست نەکەن، دەبێت کرێکارانی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات، پشتگیری تەواوی جیابوونەوەی نەتەوەی ژێرچەپۆکەی خاوەن دەوڵەت بکەن و شان بەشانی ئەوان بڕیار لەسەر جیابوونەوە بدەن. چونکە هەر گەلێک نەتەوەو گەلێکی تر کۆیلە بکات، ئەوا بەدەستی خۆی زنجیری کۆیلایەتی دەخاتە گەردنی خۆی. خواست و ویستی مارکسیستەکان، لابردنی کۆیلەکردن و زنجیری گەردنی نەتەوەو چینی کرێکارە، دەیانەوێت کۆتایی بە ئارێشەیەک بهێنن، کە ڕێگرە لەبەردەم چوونەپێشەوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی کرێکاری نەتەوە جیاوازەکانی ووڵاتان. هەروەها دەبێت ئەو مەرامەی بۆرژوازی دەربخەن کە دەیانەوێت ئاگری دژایەتی نەتەوەکانی لەسوودی خۆیان بەکاربهێنن، کرێکاران لەخەباتی ڕەوا و ئەرکی مێژووی خۆیان دوور بخەنەوە. بۆرژوازی و ئاغاو شێخ و دەرەبەگی کورد، شان بەشانی بۆرژوازی تورک و عەرەب و فارس، کاریان بۆ دروست کردنی ئەقڵی دژایەتی نەتەوایەتی و خێڵەکی لەنێوان نەتەوەکاندا کردووه‌ ، بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە پێگەو مەقامی چینایەتی خۆیان . هەردووای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی بۆرژوازی ئینگلیز لەساڵەکانی 1921 ی زایندا، بۆرژوازی نەتەوەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەشەی سەرمایەکەیاندا نەبووە، بەڵکو توانیویانە وەبەرهێنان لە دژایەتیاکانیاندا بەسوودی خۆیان بەکاربهێنن. دەوڵەتی عێراق بە ئاگر و ئاسن دروست بوو و پارێزگاریشی لەخۆی کرد. کیمیاباران و ئەنفال و قەتڵ و عام و جینۆساید و کاول کردنی شار و گوندەکان، لەسەرەتای دروست بوونیەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێناس و ناسنامەیەتی.

بۆرژوازی نەتەوەکان بەخوێنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەکانیان بێستان و باخی پڕ لەسەرمایەیان ئاودەدەن. هەروەها ئەگەر لەووڵاتێکیشدا چەند نەتەوەیەک هەبن، ئەوا بۆرژوازییەکانیان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەروەها تواناکانیان بەهاوبەشی بەکاردەهێنن لەپێناوی وەبەرهێنان لەهێزی کاری هەرزان و دژایەتی پێکردنی کرێکاران. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو لایەن و هەلوومەرجەی ژیانی نەتەوەکان، بەهۆی بێ مافی و دژایەتیان، لەلای مارکسیستەکان هێشتا جیابوونەوە و دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەکان تاکتیکە، چونکە یەکبونی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان لەپێناوی لەناوبردنی چەوسانەوە و دەسەڵاتی زۆرداران ئامانجە، بەڵام ئامانج بەزۆرەملێ و بێ خواست و وویستی کرێکاران بە ئاسانی بەدی نایەت. واتا تاکتیک، ئامانجی لێوە بەدەست دێت. تاکتیک بۆیە بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەرکێکی کرداری لەپێناوی ئامانجەکانی ستراتیژیدا به‌دیبهێنێت. لەهیچ پەرەنسیپێکی سیاسیدا، وە بەتایبەتتر لە سیاسەتی مارکسیستە زانستییەکاندا، تاکتیک بەپێچەوانەی ستراتیژ بەکارناهێنرێت، هەربۆیە وویستی ڕاسیونالیستانەی چەپ، وایان لێ دەکات بڕیار لەسەر جیابوونەوە نەدەن، بەو دەلیلەی کە گوایە جیاببونەوە دژی ئاڕاستەی جووڵەی بزوتنەوەکەیان دەبێت. ئەمەش بەپێی ئەقڵ خوازانەی ئەوان نابێت، چونکە هەلومەرجی پەیوەندی چینایەتی نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر، دەستنیشانی خواستی جیابوونەوە دەکات، لەوکاتانەی کە هاوخەباتی و یەکڕیزی تێکۆشانی چینایەتی لە عێراقدا، لێکهەڵپێکراو پێکەوە گرێدراوبوو، هەروەها گیانی دژایەتی و پڕوپاگەندەی نەتەوایەتی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی بوونیان نەبێت و نەبێتە بەشێک لە بازرگانی بەدەست ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەکانەوە، ئەوا باسکردن لە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی، هەتا بەقسەش بێت، نادروست و دوورە لەسیاسەت و پراکتیکێکی زانستیانەی سیاسەت و خەباتی چینایەتی. ئەگەر بەوشێوەیەبێت ئەوا باسکردن لەجیابوونەوە و ببێته‌ هەڵگری بڕوای نەتەوایەتی، تەنها شۆڤێنیەت بەرهەم دێنێت. ئەگەر بڕوایەکی وا هەبوو لەلای کۆمەڵێک، ئەوا لەخەیاڵدانیدا، لۆزانێکی تری داڕشتووەو سیاسەتی سزابەسەر بەتەوەیەکدا دەسەپێنێت، هەروەکو ئەوەی کەلەڕابردوودا بەرامبەر بەنەتەوەی کورد کراو، دابەشی چوارپارچەی جیاواز کرا و بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا به‌خشرایه‌وه‌. لەکاتی پێویستدا کا جیابوونەوە گرنگ و ڕاست بوو، ئەگەر بەڕێگر دانرا لەبەردەم هاوخەباتی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان، بەمەش هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بۆرژوازی دا دەکەن، لەچوارچێوەی کارو هەڵسووڕانی سیاسیاندا، دەبنە پارێزەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ووردە بۆرژوازی و سەرمایەداران. هەروەها دەبێتە سەرچاوەی خۆشکردنی ئاگری دژایەتی و ململانێی نەتەوایەتی نەتەوەکان. لەسایەی کارێکی وادا کۆیلەکردنی نەتەوەیەک لەلایەن سەرمایەدارانی نەتەوەیەکەوە، دەبێتە کۆیلەکردنی هەردوو نەتەوەکە بە قازانجی دەسەڵاتی سەرمایەداران. جەوهەری بازاڕ، بریتی یە لە بەرهەم هێنان و ساغ بوونەوەی کاڵاکان. لەبەرئەوە سەرمایەداری بیر لەبەرهەمهێنانێک دەکاتەوە کە کەمترین بڕ کرێی هێزی کاری تێبچێت، تا بتوانێت لەگەڵ بازاڕدا ڕکابه‌ری بکات و بتوانێت زۆرترین بڕی کاڵاکانی ساغ بکاتەوە و بەو هۆیەوە زۆرترین قازانجی دەست بکەوێت.

ئەمەش بەهۆی دوو هۆکارەوەیە، کە نرخی هێزی کار نزم بێت و هەروەها بازاڕ واتە خستنە ڕوو و داخوازی، ئەمەش هەمدیسان پەیوەندی بە چەندێتی تێچوونی کاڵای بەرهەم هاتووەوەیە، کە نرخی هێزی کار دەست نیشانی نرخی بازاڕی کاڵاکە دەکات، تا نرخی هێزی کار کەم بێت، ئەوا نرخی کاڵای بەرهەم هاتوو کەمتردەبێت، واتە دەتوانێت خستنەڕوو و داخوازی ڕێک بخات. ئەمەش هەمدیسان لەڕێگەی ڕکابەری کرێکارانی خاوەن هێزی کاری هەرزانه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت. زۆرجار ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و دروست کردنی جیاوازی له‌ نێوانیاندا . هەروەکو ئەوەی کە لە ناوچەیەک بەتاڵە زۆردەکەن و خواست لەسەر هێزی کاریان کەم دەکەن و بەمەش نرخی هێزی کاری کرێکارانی نەتەوەکەی خۆیانی پێ کەمدەکەنەوە. هەر ئەمەشە لەزۆرترین حاڵدا دەبێتە دروست بوونی جۆرێک لەکینە و ڕق لەنێوان کرێکارانی نەتەوەکاندا. لەدواجاردا دەبێتە قازانج بۆسەرمایەداران، لەدوو ڕووەوە سوودی لێ وەردەگرن، یەکەم کرێکاران دەکەن بەگژی یەکتردا و دووەمیش دەسەڵاتیان پارێزراو بێ ڕکابەر و دژ دەبێت. هەروەها کاریگەری لەسەر پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاجیاکان دەبێت. واتە نابێت بۆ مافی نەتەوەکان، پەیوەندی جوگرافیای ئابووری ببێتە هۆی دەست ئاوەڵاکردنی سیاسەتی شۆڤێنییانە بەسەر نەتەوەی ژێردەستە، هەروەکو ئەوەی لەووڵاتەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریاشدا بەسەر نەتەوەی کورد و کەمایەتییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوایەتییەکاندا ئه‌سه‌پێنرا . سیاسەتی شۆڤێنیانە بەرهەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەدارییە لەمیژوودا و توانیویەتی لەوڕێگەیەوە سیاسەتی نەتەوەپەرستی بسەپێنێ بەسەر کرێکاراندا، کە لە بنەڕەتیشدا پێویست بوو کرێکاران بیر لەخەباتی چینایەتی بکاتەوە نەک وەک ناسیونالیستێک هەڵسووکەوت لەگەڵ یەکتری هه‌ڵسووکه‌وت بکەن.

واتە بازاڕی سەرمایەداری ناتوانێت، وەڵام بەمافی یەکسانی نەتەوەکان بداتەوە. چونکە سەرمایە و بازاڕ پێویستی بەکێشەی بەردەوامی نێوان کرێکارانی نەتەوەکان هەیە، تا بتوانێت زیاتر وەبەرهێنان لەهێزی کاریاندا بکات و وەهمی بەنەتەوەیی بوون له‌ بیروو هه‌ڵسووکه‌وتی کرێکاراندا بچەسپێنێت . دروست بوونی یان دروست کردنی جوگرافیای ئابووری جیاواز ناتوانێت هیچ گرێیەک لەکێشەی نەتەوایەتی چارەسەربکات، تەنها ئەمە بووه‌ته‌ هۆی ئەوەی کە لەڕابردوو لەئێستادا، لەلایەن توێژێکی سیاسی و سەربازی ئۆلیگارشی لەعێراق و هەرێمدا، ژیانی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەیان خستووەتە بەر ڕەحمەتی ڕووتانەوەو دزینی سەرچاوەکانی ئابووری ژیانیان، لێرەوە دەردەکەوێت بەرگری کردن لە جوگرافیای ئابووری و سیاسی، بێجگە لە بێ وەڵامی و خۆدزینەوە لە ئەرکێک، کە خەباتی چینایەتی چینی کرێکار دەباتە سەر شاڕێی مێژوویی خۆی لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا هیچی تر نیە. ئەمەش نابێتە هەوڵێک و ئاکارێکی کۆمۆنیستی زانستیانەی لێناکەوێتەوە و مەدالیای ئازایەتی و هزرڤانیان پێ ناکرێت بەیەخەیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە لە هەڵوێست و بیرو هزرڤانی، بەشێکە لە تێنه‌گەیشتن لە خواست و وویستی مارکسیستیانەی کرێکاران و کارنەکردن بە ئاڕاستەی دیفاکتۆی چارەسەری کێشەیەک که‌ لەبەردەم چینە زەحمەتکێش و چەوساوەکەی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەدایە. زیاتر دەبێتە هۆی کۆیلەکردنی کرێکاران لەبەردەم خواستی نەتەوایەتیدا، هەروەها میتافیزیکیەکانن کە لە ڕەووتی گەشەیەکی ماددیانەی کۆمەڵدا شیکاری لە ئەزموونەوە بەدەست دێنن و بیر لەودیوو دارستانەکان ناکاتەوە. ئەزموونگەراکان دەست نیشانی هەڵوێست و کرداریان لەسەر هەر دیاردەیەک بەئەزموون دەکەن.

کاتێک باس لە پەیوەندی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکاری عێراق بکرێت، ئەگەر بە ناشارەزایی دەست بۆ ئەو پرسە ببرێت، زۆر نزیکە لەوەی کە توندوتیژی نەتەوە پەرستیانەی لێ بکەوێتەوە و نەتوانێت چارەسەری بکات. چونکە چەند گرنگە هێزی کرێکارانی جیهان یەک هەڵوێست و ئامانج بێت، لە خەباتی جیهانیانەی کرێکاران. به‌هه‌مان شێوه‌ هەندێک جاریش دروست بوونی دەوڵەتێکی بچوک و جیابوونەوەی لە دەوڵەتێکی تر، گرنگی بۆ هاوخەباتی چینایەتی چینی کرێکاری جیهان دەبێت. ئەمەش به‌پێی هەلومەرجی پەیوەندیەکانی ئەو چینە کە بەناوی نەتەوەی جیاوازەوە دابەش دەکرێن. مارکس بۆ ئەم حاڵەتە، له‌سەر پەیوەندی کرێکارانی ئینگلیزی و ئێرلەندایی زۆری ڕاڤە لەسەر کردووە و دەڵێت ” مەرجی پێش وەختە بۆ ڕزگاری چینی کرێکاری ئینگلیزی، بریتی یە لە ئاڵوگۆڕی پایەی زۆرەملێی ئۆنیۆن- یا کۆیلەکردنی ئێرلەندە، بۆ هاوپەیمانیەکی تەواو و ئازاد، ئەگەر ئەمە لە ئیمکاندا بوو، یا جیابوونەوەیەکی یەکجارەکی و تەواو، ئەگەر ئەمەش گرنگ و پێویست بوو. ” (55) بەڕاستی لەوە گەوجانەتر نی یە، کە بەزۆر و بە کاروکردەوەیەک، کە ڕوویەکی شۆڤێنیانەی هەبێت و بڵێیت و یا به‌ مه‌ن و بەحسابی خۆت پەیوەندی نێو نەتەوەیی بۆ کرێکاران پێکدەهێنێت. لەڕابردووەوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئێرلەندیەکان لە هەوڵی جیابوونەوەن، لە مەلەکیەتی بەریتانیای گەورە. ئەو کێشەیەش لە ڕابردوودا پارت و بزوتنەوەی سیاسی وای بەخۆیەوە دیوە، کە هیچ ناوەڕۆکێکی ڕزگاری و ئازادی بۆ ئێرلەندییەکان لەناوەڕۆکی بیروکاریاندا نەبووە کەچی بەناوی ڕزگاری و جیابوونەوە، کرێکارانیان دەکردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕزگاریشیان بەدەست نەهێنا. ئەم کێشانه‌ تەنها لەو ووڵاتانەدا هەیە، کە نەتەوە جیاوازەکانی تیادا دەژین و دەکەونە ژێر تەئسیری دەسەڵاتی دڕندانەی دەوڵەتی ناوەندەوە، هەروەکو کشمیرییەکان لە هندستان و هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیادا، کە ئەم هەرێمە بەبەردەوامی لە هەوڵی جیابوونەوەی لە دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیادایه‌، هەموو ڕۆژێک و هەرجارەی بەشێوەیەک، خواستی خۆیان لەسەر جیابوونەوە دەردەبڕن. هەتا لەناو گۆڕەپانی یارییەکانیشیاندا ڕەنگی خۆی داوەتەوە. قاڵیەکی گەورە ئەگەر نەتوانرێت لەسەری ژیان بکرێت، ئەوا پارچە پارچەکردنی باشترە، ئەگەر ژیان لەسەر قاڵیه‌ پارچه‌بووه‌کان بۆ هەموو لایەک ئاسوودەیی بێت، واتە من قاڵییەکی پارچە پارچەی بێ جەنگ بە باشتر دەزانم، لە قاڵییەکی گەورەی پڕ لەجەنگ و توندوتیژی و پشێوی دەروونی. بەڕاستی پارچە پارچەکردنیش هەست و بیروکرداری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە خواست و ویستی دەوێت.

وا بیردەکەمەوە کە ئەگەر نەتەوەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی خۆیاندا کرێکارانیان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەڕێوە ببه‌ن ، باشترە، چونکە هێزەکان بەناوی نەتەوە و نەتەوەخوازییەوە، هەڵیان ناخڕێنن بۆ جەنگێک کە لە بنەڕەتدا جەنگی کرێکاران نی یە، بەڵکو ئەوە خواست و ویستی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیانە سوود لە دووبەرەکی نێوان کرێکاران دەبینن، تێربوون لە مافی ممارەسەکردنی دەوڵەتی خۆی، سەردەکێشێت بۆ گەورەبوون و دروست بوونی داخوازییە چینایەتیەکانی چینی کرێکار بەرامبەر بە سەرمایەداری خۆ ووڵاتی کە لەدەورانێکدا وەک شۆڕشگێڕ ده‌رده‌که‌وت و پەیامی ڕزگاری بڵاودەکردەوە، ئێستاش دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەی خواستی چینایەتی چینەکەی بەرامبەری.
ئەوکات پێویستی هاوخەباتی لەگەڵ چینی کرێکاری نەتەوەکانی تر بەکارێکی گرنگ و لەپێشینەی خۆی دەزانێت دژ بەو ناعەدالەتی وبێ مافیە ی کە بەرامبەری دەکرێت.

لەبەر ئەوەیە کە زۆر جار بۆرژوازی خۆ ووڵاتی گاڵتە بە مقەدەراتی چینی کرێکاردەکات، بیر لەسەربەخۆیی ناکاتەوە، بەهۆو بەڵگەی جیاوازو لەڕێگەی پلانەکانیەوە، پێکوتە بەو خواستە دەکات و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا قەتیسی دەکات، هەروەکو ئەوەی کە ئۆلیگارشیەکانی ئابووری و سەربازی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هاووڵاتی دەیکەن چونکە ” هەرچەندە ڕەنگ هەیە کەمێک سەربەستی خۆی لەدەست بدات وەلێ بەبرەوپێدانی دەسەڵاتی، بەتێرو تەسەلی تۆڵەی بۆدەکرێتەوە.” (56) لەبەرئەوە ئەوانە خەریکی خۆخزاننە ناو دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوەن و هەریەکەیان مەیل و کرداری لەگەڵ ووڵاتێکدایە و بە ئەجێندای ئەوان هەڵسووکەوت دەکات، لەسەردەستی ئەمانەش سەربەخۆیی بەدەست نایەت، ئەگەر زلهێزەکانی دنیا ئەو ئەرکەیان بۆ ڕانەپەڕێنن. لەبەرئەوە ” کاتێک نەتەوەی و گوردێری سەرەکهۆزێک دەداتە پاڵ دەوڵەتێک و دەبێتە وابەستەی، سەرەکهۆز هیچی پێناکرێت، ئەوەنەبێت کە بداتە پاڵ دەوڵەتێکی دی ( یاخود دەوڵەتانێکی دی ) و پشتگیرییان مسۆگەربکات. دژایەتی و دوژمنایەتی ئەو سەرەکهۆزانە لەنێوخۆیاندا، دەبێتە ماک و هەوێنی وابەستەیی و پێبەندییان بەو دەوڵەتانەوە. ئەو وڵاتانەی گەرەکیانە جێپێی خۆی لەکوردستاندا بکەنەوە. هەمیشە وێڵی دووی وابەستەیەکن، کە دوژمن و ناحەزی وابەسته‌ی وڵاتانی دیکەبێت. بەوجۆرە نەتەوەی و ناحەزە نێوچەیی و مەڵبەندییەکان، تا ئەوپەڕی سنوور پشت بە گێرمەوکێشەی وڵاتانی هاوسێ و دوور دەبەستن و بەوپێیە دەبنە پێبەند و وابەستەیان.” (57) عێراق لەکۆنەوە هەتا ئێستا جێگای ململانێی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی بووە، جەنگی گەورەی خوێناوی لێهەڵگیرساوەو هەزاران لە هاووڵاتی ئەو جوگرافیایە تووشی لەناوچوون بووەتەوە و پێکەوەژیان تیایدا بووەتە حاڵەتێکی مستەحیل و توانای پێکهەڵپێکانی هەموو گروپی ئاینی و مەزهەبی و ئەتنکی ناو دەوڵەتی عێراق بووەتە کارێکی مەحاڵ. هەربۆیە قاڵیە گەورەکەی عێراق ژیان تیایدا مەرگەساتە بۆ گروپە جیاوازەکان و هیچیان ناتوانن تیایدا بحەوێنەوە. دابەش کردنی و پارچەبوونی هەنگاوێک خواست و ویستی کرێکاران دەهێنێتە پێشەوە و، چینی ئۆلیگارشی ئابووری و سەربازی کوردوعەرەب و مافیاکانی و بازرگانانی خوێن، دەکەونە بەردەم لێپرسینەوە و لەناوچوون، لەبەرئەوە مافی یەکسانی نەتەوەکان لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکان بەدەست نایەت، بەڵکو ئەمەش ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە و لەسەر دەستی ئەوان جێ بەجێ دەبێت. هەر لەبەرئەوەیە دەبێت بڕیاربدان هەروەکو ئەوەی کە ” لەپێشتردا وامان دانابوو، کە جیابوونەوەی ئێرلەندا لە بەریتانیا کردارێکی مستەحیلە، بەڵام لەئێستادا وابڕوادەکەم کە ئەو جیابوونەوەیە کردارێکە که‌ هیچ مەجالێکی تێدانیە، لەگەڵ ئەوەی کە یەکێتی فیدراڵی، ئەبێتە ڕێگرو به‌ربه‌ست لەبەردەم جیابوونەوەدا.” (58)

تێبینی ؛ هه‌موو ئه‌و ووشه‌و ڕستانه‌ی که‌ هێڵی به‌ ژێردا هاتووه‌ ، ته‌ئکیده‌کان هی مارکس و ئنگلس ن .

نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

—————————————–
سه‌رچاوه‌کان:

44: مارکس- انجلس، رسائل مختارة 1844 ـ1895 ،(رسالةمن انجلس الى بیبل،18ـ28 آزار 1875 )، دار التقدم ، موسکو، طبع فـي ألأتحاد ألسوفیتي 1982 ،ص215 .
45 :منصور حکمت ، له‌به‌رگری کردندا………………. بۆپێشه‌وه‌ ،ژماره‌ 21 ،ل 5 .
46 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء ، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ، ص328 .
47 : نه‌جمه‌دین فارس ، خولی هه‌فتای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، جاڕدانی فره‌جه‌مسه‌ری بوو، سایته‌کانی ،بیرکردنه‌وه‌ ، ده‌نگه‌کان ، پێنوسه‌کان ،.له‌ به‌شی دواتردا زیاتر له‌ سه‌ری ئه‌دوێم .
48 : منصور حکمت ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .
49 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .
50 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء
، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ،ص410 .
51 : لینین ـ مسائل ألقومیة و ألاممیة ألبرولیتاریة ، دار التقدم ، ص 227 .
52 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، ئاغاو شێخ و ده‌وڵه‌ت ، وه‌رگێڕانی ، د. کوردعه‌لی ، مه‌کته‌بی بیروهوشیاری (ی. ن . ک ) ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی ، سلێمانی ، چاپ 2010 ، به‌رگی یه‌که‌م ، ل 231 .
53 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .
54 : مارکس ـ انجلس ، بصدد ألثورة ألاشتراکیة ، مجموعةمن ألمقالات ،( کارل مارکس ، من مقال”بلاغ سري” کتب نحو 28 آزار(مارس) 1870 ) ، ترجمه‌ ألیاس شاهین ، دار ألتقدم ، طبع في ألاتحاد ألسوفیتي ، 1983 ، ص 153 .
55 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص 154 .
56 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .
57 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 ـ 236 .
58 : کارل مارکس ـ فریدیریک أنجلز ، في ألاستعمار ، ترجمة ألدکتور فؤاد أیوب ، دار دمشق ، دمشق ، ( رسالة من مارکس إلى أنجلز ، 2 تشرین ألثاني 1867 ) ، ص 343 .




خۆپیشاندانی بەرەی سۆشیالسیت و ئازادیخواز دژی راسیزم و ترەمپ لەبەریتانیا! … نوری بەشیر:

لەکاتێکدا کەبۆرژوازی بەدەوڵەت و سەرکردەکانیانەوە، بەجیا لەهەر جیاوازی و کێشەیەکی نێوانیان لەسەر سود و باڵادەستی بەسەر بازاڕدا، خەریکی غەرقکردنی کۆمەڵگان لەشکاندنەوەی ئەزمەیەک کەیەخەی گرتوون لەدابەزینی سودی سەرمایەکانیان بەسەر جەماوەری فراوانی کرێکاراندا، هەروەها خەریکی دابەشکردنی کۆمەڵگان لەسەر ئەساسی جیاوازی نێوان ژن و پیاو، مەسیحی و ئیسلام، خاریجی و خۆ وڵاتی، کەمایەتی سەرمایەدارانی خاوەن سامانی کۆمەڵگا و زۆرینەی زۆری کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگا، وە لەهەوڵی فراوانکردنەوەی هەموو جۆرە جیاوازیەکی رەگەزی و مەزهەبیدان ریزی خەڵک لەبەریەک هەڵوەشێنن، تەنیا بۆ چاوچنۆکی و پاریزگاریکردن بەکورسی دەسەڵات و سەرمایەکانیانەوەو دانەبزینی قازانجیان، دەیانەوێ هەموو بۆرژوازی و سەرمایەدارن لەبەرامبەر جەماوەری کرێکاران و بێبەشان یەک دەستکەن، بۆ ئەمەش خەریکی بێکار کردن و بردنە سەری زەریبەو بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا، وە لێسەندەنەوەی خزمەتگوزاریەکانن، لەگەڵ ئەم هەوڵیاندا بەرگی پارێزگاری لە وڵات و نیشتمان و ئەمنی قەومی و بەریتانیا یەکەمە دەکەن بەبەردا.
بەپێچەوانەی هێزی سەرمایەداران و کۆنەپەرستانی قەومپەرستی کۆمەڵگاوە، رۆژی ١٨ مارس، بزوتنەوەیەکی بەهێزی دژی راسیزم و قەومپەرستی و دژی بۆرژوازی و دژی ترامپ و دژی تریسا مەی لە حزبی پارێزگاران، ناڕەزایەتیەکی سەراسەری بەریتانیای گرتەوە کە ” بەرۆژی سەرتاسەری دژی راسیزم ” بانگەوازیان بۆ کرد، کەلەلایەن کەمپینی وەستانەوە بەڕووی راسیزمدا وەک بەشێک لەرۆژی بزوتنەوەی جیهانی دژی راسیستی، سازدرابوو. ئەم ناڕەزایەتیە لەزۆرێک لەشارەکانی بەریتانیا و بەتایبەتی لەندەن و نیوکاستڵ وکاردیف، بەهێزی دەیان هەزاری رژانە ناوەندەکانی شارو لەلەندەن لەبەردەم بی بی سی یەوە بەقسەوباسی ژمارەیەک لەئەندام پەرلەمان، سکرتێری یەکێتی کرێکاران و ژماریەک لەهەڵسوڕاوانی دژی راسیزم و دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەناپەرانی عێراقی و ئامادەبوونی حزبە سۆشیالسیت و چەپەکان دەستی پێکرد. پاشان بەرێپێوان بەرەو ناوەندی شار لەترافڵگارسکوێرو ماڵی سەرۆک وەزیران و بەردەم پەرلەمان بەڕێکەوتن و جارێکی کە لەوێدا کۆبوونەوە. بەدرێژایی ماوەی خۆپیشاندان بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد و لە پلاکارتەکانەدا نوسراوبوو، ” نا بۆ راسیزم، بەدژی سیاسەتی دژی ئینسانی ترامپ و تریسا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا شیعاریان دەدا. بەهەزاران لافتەو شیعار بەرزکرابۆوەو هەموو بەدەنگی بەرز دەیانووت ” بەدەنگ بەرزو بەڕۆشنی هەموو دەڵێن بەخێر بین پەنابەران و کۆچکردوان” “دەستهەڵگرن لەکرێکارانی ئەوروپایی” ” بەدژی ترامپ بووەستەوە” ، وە لەشیعارەکاندا بەرگری لە کرێکارانی کۆچکردوی ئەوروپا دەکرا کەلەبەریتانیان و هێزێکی زۆری کاری ئەم وڵاتە پێکدەهێنن، کەبەدوای ریفراندۆم و بڕیاری هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپادا، حکومەتی پارێزگاران دەیەوێت لەبەریتانیا دەریانکات و هاوکاری هاوخەتی باقی حزبە قەومیەکانی تر بێت لەوەی کەدەڵێن بەریتانیا بۆ بەریتانیەکانەو بۆ دەرەوە خاریجیان”.
هاوکات لەناوچەی پیکادلی ژمارەیەکی کەم لە راسیتەکان بەلافتەیەکی گەورەی بەریتانیا یەکەمە لەنیوە رێگای رێپێوانی دژی راسیزمدا، کۆبووبوونەوە و لەبەرامبەریاندا لاوانێکی ئەنارشیست بەرامبەرایان وەستابوون. پۆلیس لەترسی ئەوەی نەکا هێرش بکرێتە سەر راسیتەکان بەهێندی ژمارەی راسیتەکان پۆلیس دەورەی دابوون.
کاتێک رێپێوانی دژی راسیستی گەیشتە ئەو ناوە بە خۆپیشاندەران و هەزاران کەسی ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەکانەوە وەستابوون، نایان بۆ راسیزم و بۆ تەرمپ و تریسا مەی دەوت و بەڵێ و بەخێرهاتنی پەنابەران و کۆچکردوانیان دەوتەوە.
رێپێوانەکە بەردەوامی خۆی دا تا گەیشتنە لای پەرلەمان و بەبەرزکردنەوەی هەزاران لافتەو پلاکارتی دژی راسیستی سەرانی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و وتنەوەیان بەدەنگی بەرز و بەردەوام هەزاران کەسی ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەکانەوە دەستیان هاوپشتیان بۆ بەرزدەکرایەوە و پەیوەست دەبوون پێیانەوە.

٢٠/٣/٢٠١٧




پارانۆیا و مرۆڤی بێ خودا … هیوا سه‌عید

زانستی ده‌رونناسی دابڕان به‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی پارانۆیا داده‌نێ. ئینجا ئه‌و دابڕانه‌ له‌ده‌ستدانی کار، تێکچوونی هاوڕێیه‌تی، خیانه‌ت و ئازاری خۆشه‌ویستی و زۆر جۆره‌ دابڕانی تری وه‌ک به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر که‌ ئه‌ویش جۆرێکه‌ له‌ دابڕان، ده‌گرێته‌وه‌. له‌و دۆخه‌ مرۆڤ باوه‌ڕێکی وای له‌لا دروست ده‌بێ که‌ ئه‌م جیهانه‌ جێگایه‌کی ئه‌مین نییه‌ بۆ ژیان، گومان له‌ نییه‌تی کرده‌وه‌کانی خه‌ڵک ده‌کا و هه‌موو کارێکیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ لێکده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ تێکه‌ڵبوونی ئه‌وانیتر ده‌ترسێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌رخۆی ده‌یانبینێ. لێره‌وه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ نه‌خۆش و توشبوو به‌ وه‌همه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ ده‌کا و گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ که‌سانی خراپه‌کارن و لێی له‌ که‌مینن. بۆ نموونه‌ شێوه‌ته‌ماشاکردنێکی به‌ ته‌رکیز یان پسته‌پستی نێوان دوو که‌س ئه‌گه‌ر هۆکارێکی ئاشکرای لێ دیار نه‌بێ بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌یان ئه‌وا به‌خۆی و باسکردن له‌سه‌رخۆی تێده‌گا. گریمان ئه‌و ڕقی له‌ ڕه‌نگی شین بێ، له‌ کافێیه‌ک له‌ فنجانێکی شین قاوه‌ی بۆ بێنن یه‌کسه‌ر چاوده‌بڕێته‌ سه‌رمێزی کڕیاره‌کانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ فنجانی ئه‌وانیش شینه‌ یان نا. وه‌ها ڕێکه‌وت ڕه‌نگی فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تر سوور و سپی یان زه‌ردبوو به‌ ته‌نیا هی ئه‌و شین بوو و هۆکارێکی ڕوونیشی بۆ ئه‌م ڕێکه‌وته‌‌ نه‌دۆزییه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌با ئه‌م کاره‌ به‌ده‌ستئه‌نقه‌ست بۆ ئازاردانی ده‌رونی ئه‌و کراوه‌، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکو گومانی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ئه‌وان له‌ ناخی به‌ ئاگان و ده‌زانن ڕقی له‌ چی ده‌بێته‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌کانی به‌ گوێره‌ی لۆژیکه‌ هیچ ڕێکه‌وتێک په‌سه‌ند ناکا، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تریش شین با ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی هیچ ئازاردانێکی ده‌رونی به‌ مه‌به‌ست بۆ ئه‌و له‌ گۆڕێ نییه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌پێی ئه‌و لۆژیکه‌ی مادام ئه‌وان ده‌زانن ئه‌و ڕقی له‌ چ ڕه‌نگێکه‌ که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکه‌ له‌ ژێر چاودێری ئه‌وانیتره‌. دیسان که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکی گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌رنا بۆ چاودێری ده‌کرێ. له‌ دواجار له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین وه‌همی یه‌ک له‌دوای یه‌ک هه‌ڵچنراو پێناسه‌یه‌ک بۆخۆی ده‌کا که‌ ئه‌و مرۆڤێکی گه‌وره‌یه‌ و جێی سه‌رنجی ئه‌وانیتره‌ و خه‌ڵک هه‌میشه‌ چاودێرن به‌سه‌رییه‌وه‌. ئه‌نجامی ئه‌و وه‌همه‌ش ئه‌و ده‌کاته‌ که‌سێکی خۆبه‌گه‌وره‌زان و دووره‌په‌رێز و ڕقاوی. دووره‌په‌رێزییه‌که‌ی وه‌ک خۆپاراستنێک له‌ فێڵ و ڕقئه‌ستورییه‌که‌ی تۆڵه‌یه‌که‌ له‌ ویسته‌ خراپه‌کانی ئه‌وانیتر.

به‌ڵام مرۆڤی گه‌وره‌ و دوور له‌ بازاڕ له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و وه‌همه‌ دروست نه‌بووه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر خودا وه‌کو وه‌همێک یان هێزێکی بانزه‌مینی و ویستێکی ڕه‌ها و باڵاده‌ست به‌سه‌ر ویستی هه‌نده‌کی مرۆڤ، مرۆڤه‌کان ئاڕاسته‌ بکا، ئه‌وا مرۆڤی باڵا مرۆڤێکی بێ ئاسمانه‌ و ملکه‌چی هیچ ویستێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی نییه‌ و ئه‌و وه‌همه‌ی له‌ناوخۆی کوشتووه‌ و بێ خودا ده‌ژی.

هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌ ته‌واوزه‌مینییه‌ به‌هایه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ و پابه‌ند نییه‌ به‌ ئیتیک یان ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری کۆکن، ئه‌و که‌سێکی دژه‌باو و دووره‌ له‌ مێگه‌ڵ.
فریدریک نیچه‌ له وه‌های گوت زه‌رده‌شت له‌باره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! فێربه‌، خه‌ڵکی نێو بازاڕ
باوه‌ڕیان به‌ مرۆڤی به‌رز نییه‌.
بۆ ئه‌وان ئێمه‌، هه‌موو به‌رابه‌ر و یه‌کسانین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! به‌ دیدی ئه‌وان مرۆڤی به‌رز نییه‌،
له‌به‌رده‌م خوادا هه‌موومان یه‌کسانین.
به‌ڵام خوا مردووه‌،
ئێمه‌ به‌رابه‌ر و یه‌کسان نین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! له‌ بازاڕ دوورکه‌وه‌.

واتا بوونی خودا یان هه‌موو به‌ها و پیرۆزییه‌کان که‌ له‌سه‌ر بوونی ئه‌و بنیاتنراوه‌ و خه‌ڵکی بازاڕ پابه‌ندن پێیه‌وه‌ و ڕێگرن له‌ به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئامانج له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵکی بازاڕ و‌ تێکشکاندنی پیرۆزی و به‌هاکان.




‎دیموکراسی وەک خەونی دونیاکەمان … چالاک ئـاغجەلەری

‎بۆ خۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیو سیاسیەوە زادەی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو لە كێشانی ھێڵە سیاسیەكانی نێوانیاندا ، تەنها هۆكار گەڕانەوە بۆ بەرژەوەندی ووڵاتە سەركەتوەكان بەولاوە لە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوە لە ناوچەکە ،خواستەكانی تر كەمتر بە هەند وەرگیرا لە پەیوەند بەو ماڵە سیاسیە نوێیانە .

‎ئەگەر یونانی كۆن و سپارتا بە هەنگاوە
سەرەتاییەكانی سیستەمی دیموكراسی ڕۆژئاوا هەژماربكرێت ،كەواتە ئەو دیوی شارستانیەتی میزۆبۆتامیاش بۆ ڕۆژهەڵات دەكرێت بەسەرتایەكی كۆتایی داری كۆمەلگەی شرق بە نزیكایەتی لە دیموكراسی ببینرێ(پیتەر ڕۆدۆڵفی دانیمارکی) پشت ڕاستی ئەو ڕەوتەی كردۆتەوە لە پەیوەند بەم پرسە.

کاتێک ئـەماشای دوو ڕەھەندی ڕوحی ،شارستانیەتی . فەلسەفی جیاوازی کرستیانیتی ڕۆژئـاوا و ئـیسلامی ڕۆژھەڵات دەکەین ، لە ڕووی سوسیوڵۆژیەوە ھەڵمژین و تێکەڵ بوون و کار کردن بە یەک تێرمی سیاسی بۆ بەشەریەت ھێند سانا بە جوڵە ناکەوەێت لە کاتێکدا پێکدادانی ئـەم دوو جێکەوتە شارستانیە ھەموو کات بە شێوەی جیاواز دژ بەیەک ڕەوتە مەعرفیەکانیان جوڵاندوە ، دیموکراسیش وەک میتۆدێک یان مۆدیڵێک کە ڕۆژئـاوا بە جوڵەی خستوە لە کۆمەڵگەیەکی کراوە و سێکۆلار کاری پێدەکەن ، ئـەستەمتر ئـەم کاروانە بەڕێدەکەوێت لە جیھانێک تا ئـەم ساتەش ناوەندێتی ڕاھای ئـایدۆڵۆژی و قەیرانی کرانەوەی کۆمەڵگاکەی بە شکڵە سێکۆلارستیەکەی نەبۆتە خواستی گشتی.

ئـەگەر بێت و ھەمان خواست بۆ سیستەمی سیاسی ( دیموکراسی) بکەنە نێو گێژەنگی مێنتاڵتی ناسیونالستی شەرقی جیا لە دەقی ئـەو سیستەمە لەسەر پەیڕەوی پارتە سیاسیەکانیان دەنوسرێتەوە بەمەبەستی بۆندارکردنی ڕوئـیای سیاسی لە پەیوەند بە گەوجاندنی کۆمەڵگە و تەحرش کردن بە ناو ناوبانگ دەقەکانی سیستەمەکە ھیچ شوێنێکی تری نیە بۆ پێناسەکردن، وەک دیارە دروست بوونی زۆرێک لە قەوارە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات لەسەر خواستی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی سەرکەوتو لە جەنگی جیھانی یەکەم دامەزراون ، ئـەوەی ئـامادەی بڕیاری ئـەو چارەنوسە سیاسیانە نەبوو کۆمەڵگەبوو، ھەر بۆیە زادەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی ھێزێکی دەست ڕۆیشتوو ھەر دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری دەستگیر دەبێت، ھەناسەیەک کە لە بنەچەدا خێنکێنرا دەسەڵات و ھێزی گەل بوو ، دیموکراتیەتیش پێویستی بەم ھێزەیە کە ھەر لەسەرەتاوە ئـامادەی نەبووە، وەک لە پێشتر سەرنجم پێدا.

بەدوای ئـەو ڕوداوەدا( جەنگی جیھانی یەکەم و دەرھاویشتەکانی) ھەڵپەکردن بۆ دەسەڵات لە ژێی ناوی ناسیونالیستی نەژادی و ئـاینی و تەنانەت چەپگەریش بەشێک بوون لەو شەپۆلە سیاسیانەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست پێدا گوزەرری کرد ، ئـەتواننین بڵێین زۆربەی شۆڕشەکانی ناوچەکە لە گۆڕینی دەموچاوەکان ومۆدیلێکی نوێ لەسەرکوتکردن و خۆسەپاندن زیاتر ھیچ داھاتێکی سیاسی ، فەرھەنگی ، ئـابوری نەبوونە ھۆکاری ژیانەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەموو ئـەم ڕووداوە مێژوویانە تارماییەکانی تۆختر کردوە و خەڵکی ئـاوێزانی دونیای یەئـس و بێ ئـومێدی کرد ، تەنھا و تەنھا ئـانارکیەکان بوونە براوەی ڕۆژگارەکە، شتێک کە ناوی پێشکەوتنی بەشەریەتی شەرقە لە چواچێوەی ژیان لەگەڵ مێژوو و کەلتور ، ڕقی نەژادی و ئـاینی بەرامبەر ھاونیشتمانەکەی زیاتر تێپەڕی نەکرد ، دروست بوونی دەوڵەتی جوو( ئـیسرائـیل)ش وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستی نەژادی و دینی ناوچەکە(عەرەبی بەتایبەتر) مکۆمکردنی پێگەی سیاسی و ناوەندێتی دەسەڵاتی ڕەھا قوڵترکردوە ، ئـەوەی بە کۆتا ھات ئـازادی تاک و بڕیاری خەڵک بوو.

فەراغی یاسا و ئـیغتیسابی دەسەڵات لەلایەن ڕەقەمەکانەوە بە ھۆکاری پاراستنی ئـاسایش لە تەواوی جومگەکانی دەوڵەتداری ھۆکارێکی دورستکراوی تربوو بۆ سەرکوتی جەماوەر و شەقامەکەی ، مرۆڤ کاتێک قسە لەسەر دەسەڵاتی گەل دەکات قسە کردنە لەمەڕ یاسا و ئـیدارەدانی دەوڵەتداری بە شێوەیەکی کراوە و بینراو، لە ھەمان کاتدا زەمینەیەک بۆ سیکۆلاریەت فەرھەم بێت کە خەڵک بەشێوەیەکی تەندروست تێکەڵ بە جیھانی سیکۆلاریستی ببێت، لێرەدا ئـەرکی دەسەڵاتە بە دەرجەی یەکەم ئـەم فەزایە بجوڵێنێت، ھەر بۆیە ئـەگەر تەماشای دونیای ڕۆژئـاوا بکەین دەستپێکی ئـەم ڕەوتە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان دەگەڕێتەوە بۆ شازدە سەدە پێش ئـەمڕۆ.
ھۆکارێکی تر خودی ڕۆژئـاوایە بەرامبەر ئـاڵوگۆڕ و پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ، بە درێژایی ئـەو ڕابردووە بەھۆی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان کەمتر لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵاتێکی ڕادیکاڵیدا بوون لە ناوچەکە ، ھەمیشە ھەوڵیان بۆ ڕێفۆرم داوە لەکاتێکدا یەقین بوونە لەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە ، بۆ خۆی ئـەم ئـیزدیواجیەتەی ووڵاتانی زلھێز باری سەرشانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی ناوینی قورستر کردوە ، لە ئـەگەری ھەر ھاوپشتی و داواکاریەک شۆڕشی ئـیسلامی ئـێران دەکەنە نموونەیەک بۆ خۆ دزینەوە لە خواستەکانی خەڵکی ناوچەکە.

تەواوی جەنگ و ململانیە سیاسیەکان ھەر لە جەنگی یەک و دووی جیھانی و جەنگی ساردی ھەردوو بلۆکی شەرقی و غەربی تا پەلامارەکەی ١١ی سێپتەمبەر ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاری لەسەر پەکخستن و دواکەوتنی کرانەوەی دونیای کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کردوە، ھەر لەلادانی ڕژێمی بەعسی عێراق و شێوازی ئـیعدامی خودی سەدام و بەرھاری عەرەبی و ئـاکامەکانی ئـاماژەیەکی بەردەستن لە نەگۆڕی ھزری دۆگمای ئـەو ناوچەیە.

ئـەنجام بۆ کرانەوەی گرێ کوێرە و توانەوەی بەستەڵەکی دۆگما ، پێویستی کرانەوەی ئـایدۆڵۆژی و بەجێھێشتنی ڕوئـیای قەومگەرایی بەلانی کەمەوە بۆ پاتریوتیزم ( نیشتمانیبوون) ی کراوە وەک ھەوڵێک بۆ ئـاشتەواییەکی ھاوڵاتی،ھەروەھا دوور خستنەوەی ئـاین لە دەستور، دەبێت دین لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە ڕێکبخرێت دەستوەردانی سیاسی بەشێک نەبێت لە ئـەجندای وەکو پێویستیەکی ڕوحی تاک لە گۆمەڵگە مامەڵەی پێبکرێت، دواجار بەدوای ئـەم ھەنگاوانە دەکرێت قسەیەک لەسەر خەونی دیموکراسی ناوچەکە بکرێت و سەرڕێبکەوێت.




بانگەوازێک بۆ کوردانی بریتانیا سەبارەت بە بەرگرتن بەم شەڕەی کە بەڕیوەیە:


زاهیر باهیر – لەندەن

هەمووان دەزانن بە گوێرەی هەواڵەکانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا ، شەڕێکی سەختی ناڕەوا دژ بە شەنگال و هەموو کورد بەڕیوەیە. شەڕێكە وەکو سەراپای شەڕەناڕەواکانی دیکەی کە مێژوو تۆماری کردون، لە بەرژەوەندی کەسمان نیە ، جگە لە بازرگانانی جەنگ و حکوتەکانی ناوچەکەو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیکە و کارگەکانی دروستکردنی تەقەمەنی، شەڕێکە برسێتی و نەهامەتی و کۆچکردن و وێرانی و گەڕانەوەی کۆمەڵ و تاکەکانی بۆ پێڕەوکردنی وەهمەکان و سەرچاوەی خولقێنەری ڕایسیزم فاشیزم ئەگەر بۆ کاتیش بێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئێمەی کورد جگە لە فەلەستینییەکان ڕەنگە ئەزموونی نەگریسی هەموو جۆرەکانی جەنگمان لە نەتەوەکانی دیکە بە ‘ کشمیرییەکانیشەوە’ ، زیاتر هەبێت. ڕاستە گەلێکمان گەنجین و لە نێو خودی بارودۆخی جەنگدا نەژیاوین ، بەلام تا ئێستاش لەژێر سێبەرەکەیدا دەژین و شەڕ کارایی گەوەری خۆی لە سەر داناوین، هەر هیچ نەبێت، بە لە دەستدانی یاخود ونبوونی کەسێکی خۆشەویستمان.
ئەم شەڕەی کە بەڕیوەیە ، بەڕیوەیە و دوای “ڕزگارکردنی ” موسڵ دەست پێدەکات، بە تەنهاش هێڕش نابێت بۆسەر شەنگال و یەزیدییەکان . پلان و ئەجەندەی پارتی و دەوڵەتی تورکیای ئاغایان ، ئاشکرا و ڕوونە و بەشێکی هێڕشەکە بۆسەر قەندیل دەبێت و بەشەکەی دیکەشی بۆسەر کوردانی ڕۆژاوا و خۆسەرییەکانیان دەبێت ، بەتایبەت جەزیرە.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بێ دەنگی بشکێنین، کاتی ئەوە هاتووە چالاکی کاریگەر ئەنجامبدەین ، کاتی ئەوە هاتوە ” پێشخواردنی کەوڵەکە ” بکەوینە خۆمان ، نەك دوای “خواردنی” بکەوینە پەلەپڕوزێ. کاتی ئەوە هاتووە وێڕای جیاوازیی بیرو بۆچون و هەبوونی ڕەخنەمان لە پەکەکە و ئینتیمای سیاسییمان بۆ گروپ و ڕێکخراوە سیاسییەکان ، لە لیژنەیەکدا، گروپێکدا، کەمپەینێکدا، کە نە کەس سەرۆکی بێت و نە چالاکییەکانیشی بەسەرا بسەپێنرێ و نە بە ڕای تاکە کەسیش ئەنجامبدرێ، خۆمان کۆکەینەوە.
بەڵێ وەختی ئەوەیە کە یەکبگرین قسە لەسەر ئەوەی کە دەکرێت بۆمان ، بکەین، تاکو بەر بەم شەڕە ڕاگرین، گەر نەشتوانین ڕاشیگرین ، خۆ نابینە جێگای گلەیی خۆشمان و بەدەر لە خۆشمان.
ئەوانەی کە ئامادەن کاری جددی و چالاکی جددی بکەن کە هیچ نەبێت بەرهەمێكی بچوکیشی هەبێت، تکایە لە ڕێگای ناردنی پەیامێکی شەخسییەوە بە فەیسبووک ئاگەدارم بکاتەوە تاکو ڕاوێژ لەسەر کات و ڕۆژ و شوێن بکەین بۆ یەکەم دانیشتنمان .
ئەمەی کەمن دەیڵێم پێشنیارە و من هیچ نیم و سەر بە هیچ لایەنێکی دەسەڵاتخواز نیم چاوەڕوانی پەیداکردنی سەرمایەی سیاسیش، نە بۆ خۆم و بۆ ئەوەشی کە باوەڕم پێی هەیە ناکەم، خۆشتان بە کردەوە ئەمەتان بۆ دەردەکەوێت.

زاهیر باهیر – لەندەن




وێستگه‌كانی مردن … نوسینی: شكۆ عومه‌ر& شاهۆ قادر& سه‌نگه‌ر قوباد

سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌ لم داپۆشراوه‌ به‌به‌رزی 15سم. له‌ سه‌ره‌تا تا كۆتایی نمایش ئاو و ئاگر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌كارده‌هێنرێت.
پێدراوه‌كانی سه‌ر شانۆ بریتیین له‌ دوو پێڵاوی گه‌وره‌ كه‌ قه‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێكیان هێنده‌ی تابوتێك ده‌بێت و، ئه‌كته‌ره‌كان به‌ ئاسانی ده‌توانن بچنه‌ ناوییه‌وه‌ و لێی ده‌ربچن. له‌ نێوان بینه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كانیشدا تۆڕێكی ماسیگرتن هه‌یه‌ و هه‌ڵواسراوه‌، به‌ جۆرێك دونیای ئه‌كته‌ر و دونیای بینه‌ر له‌یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌.
له‌ ده‌ستپێكی نمایشه‌وه‌ تا كۆتایی، له‌ هه‌ردوو سوچی كۆتاییی ته‌خته‌ی شانۆدا دوو ده‌ف هه‌ن و به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌ره‌وه‌ دڵۆپ دڵۆپ ئاویان تێ‌ ده‌زێت. له‌ كۆتاییدا ئه‌كته‌ره‌كان ده‌فه‌ پڕ له‌ ئاوه‌كان هه‌ڵده‌گرن یه‌كێكیان ده‌یرێژێت به‌سه‌ر ئه‌ویتردا و ئه‌ویتریش ده‌فه‌ پڕ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رێژت به‌سه‌ر بینه‌راندا.
له‌م نمایشه‌دا دوو كاره‌كته‌ر بوونیان هه‌یه‌، كه‌ هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك كه‌سن، به‌ جۆرێك هه‌ر یه‌كه‌یان تاكێك پێڵاوی له‌ پێدایه‌ و ده‌كرێ ده‌رهێنه‌ر ئه‌و له‌یه‌كچوونه‌یان له‌ نمایشدا ته‌وزیف و ڕوون بكاته‌وه‌. (باشتر وایه‌ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ڕۆڵه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن تا ڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌كتر بچن.)
ئه‌تمۆسفێری نمایش به‌ گشتی كه‌شێكی خاو و له‌سه‌رخۆیه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتاییی نمایش، بێزاری و ماندوویه‌تی به‌ سیمای كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ دیاره‌.
وێستگه‌ی یه‌كه‌م: ته‌نیایی
(كه‌سێك له‌سه‌ر پێڵاوێكی گه‌وره‌ دانیشتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌له‌مێك بێت و خه‌ریكی راوه‌ ماسی بێت، قولاپێكی وه‌همی فڕێ ده‌دات، چه‌ند جارێك ئه‌م كرداره‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچی ده‌ست بكه‌وێ.)
یه‌كه‌م: (بۆ قولاپه‌كه‌) به‌ نه‌فره‌ت بی. مرۆڤ ته‌نیاترین بوونه‌وه‌ری كه‌ونه‌.
دووه‌م: (له‌ ژێر لمه‌كه‌وه‌ ته‌نها قاچێكی ده‌ردێنێت) ته‌نیاتره‌ له‌ویش؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی. ته‌نیایی مرۆڤ له‌و ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سكی دایكییه‌وه‌. له‌وێ‌ نۆ مانگ و نۆ رۆژ ته‌نیا و ته‌نیا خۆیه‌تی، هیچ كه‌سێك شك نابات بۆ دڵنه‌وایی خۆی.
دووه‌م: ته‌نانه‌ت دایكیشی؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی ته‌نانه‌ت دایكیشی.
دووه‌م: مه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا ناڵێت دایك هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساتی دروست بوونییه‌وه‌ هه‌ست به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌كات؟
یه‌كه‌م: له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ زیاتر نیه‌، ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ درۆكانی مرۆڤ خۆی، كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ژیركردنه‌وه‌ی ژیان و خۆڕزگاركردنیه‌تی له‌ ته‌نیایی.
دووه‌م: به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی هه‌بێت.
یه‌كه‌م: دوای ئه‌وه‌ش كه‌ دێته‌ دنیاوه‌ له‌یه‌ك ساته‌وه‌، له‌ جه‌نجاڵترین شوێن، ئه‌و بۆ ته‌نیایی خۆی ده‌گری، تا هێزی تیایه‌ ده‌گری! ده‌گری و ده‌گری و ده‌گری، كه‌سێكیش نیه‌ له‌ ته‌نیاییه‌كه‌ی تێبگات و بزانێت ئه‌م بونه‌وه‌ره‌ بۆچی ده‌گری!
دووه‌م: من كه‌ مناڵ بووم هه‌میشه‌ ته‌نیابووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرم له‌ ته‌نیایی ئه‌كرده‌ووه‌ و له‌ ته‌نیایی ئه‌ترسام، ئه‌ترسام كه‌ گه‌وره‌ش بم هه‌روا ته‌نیا بم. سه‌ره‌تا خووم به‌ دایكمه‌وه‌ گرت تا له‌و ته‌نیاییه‌ رزگارم بێ‌.
یه‌كه‌م: بێسوود بوو.
دووه‌م: دواتر ته‌تكه‌ و په‌تكه‌یان خسته‌ به‌رده‌مم و خووم به‌وان و به‌ خوشك و براكانمه‌وه‌ گرت.
یه‌كه‌م:: هه‌ر سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: پاشان منداڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك.
یه‌كه‌م: ئه‌وانیش دادیان نه‌دام.
دووه‌م: ئینجا هاوڕێكانی قوتابخانه‌.
یه‌كه‌م: هه‌روه‌ها…
دووه‌م: له‌ هه‌رزه‌كاریدا په‌نام بۆ ده‌یان شت برد و هه‌وڵی زۆرمدا، تا خۆم له‌ ته‌نیایی قوتار بكه‌م. (دوای كه‌مێك بیركردنه‌وه‌، كه‌ ئه‌یه‌وێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بیر بكه‌وێته‌وه‌..) بۆ نمونه‌ گۆرانیم ووت.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: چوومه‌ شانۆ و سینه‌ماكان.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ده‌ستم كرده‌ مه‌شروب خواردنه‌وه‌.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ته‌واو بوومه‌ كه‌سێكی به‌دمه‌ست و بێ سه‌واد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: بوومه‌ پیاوكوژ.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: سه‌فه‌رم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: عه‌شقم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ژنم هێنا.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: مرۆڤێكی دیكه‌م دروست كرد..
یه‌كه‌م: (به‌ هاواركردنه‌وه‌ قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) هه‌ر سوودی نه‌بوو.. ئه‌وه‌بوو هه‌ڵه‌كه‌ی من، ته‌نیایه‌كی وه‌كو خۆمم زیاد كرد، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك من ته‌نیایه‌ و كه‌سێك نابێ‌ ده‌ره‌تانی خۆی بدات، چ جای ئه‌وه‌ی ببێته‌ هاوده‌می من و له‌ ته‌نیایی رزگارم بكات.
یه‌كه‌م: كه‌س له‌ ته‌نیایی من تێنه‌ده‌گه‌یشت.
دووه‌م: ئێستاش كه‌س تێیناگات.
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا ووتیان شێت بووه‌. بردمیان بۆ لای شێخ و سه‌ید و تا دوو دوعام بۆ بكه‌ن و له‌ شێتی چاكم بكه‌نه‌وه‌.
دووه‌م: هه‌ر ته‌نیابووم، واتا هه‌ر شێت بووم.
یه‌كه‌م: دواتر ووتیان توشی نه‌خۆشی نه‌فسی بووه‌ و چه‌ندین دكتۆری زۆر باش و شاره‌زا و باشیان پێكردم.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا هه‌ر نه‌خۆش بووم.
یه‌كه‌م: دواجار چاریان نه‌ما و بردمیان بۆ شێتخانه‌، تا چیتر نه‌بمه‌ مایه‌ی شه‌رم و عه‌یبه‌ بۆیان، له‌وێ‌ به‌ زنجیر و كۆت به‌ستیانمه‌وه‌، چه‌ندین ساڵی له‌ شێتخانه‌ مامه‌وه‌.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا شێت بووم.
یه‌كه‌م: له‌ كۆتاییدا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ شتێك چاره‌سه‌ری ته‌نیایی من ناكات، چونكه‌ من هه‌ر وا دروست كراوم، بۆ ئه‌وه‌ دروست بوومه‌ تا به‌ته‌نیا بمێنمه‌وه‌.
دووه‌م: له‌ ته‌نیایی خۆمه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئازاری ته‌نیایی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان كرد.
یه‌كه‌م ته‌نانه‌ت ته‌نیایی خواشم لا روون بوه‌وه‌.
دووه‌م: ئیدی ته‌واو، ته‌نیایی بوو به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ من، من و ته‌نیایی یه‌كتر ته‌واو ئه‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: من به‌ ته‌نیاییه‌وه‌ جوانم و ئولفه‌تم پێوه‌ گرتووه‌.
دووه‌م: ئێمه‌ به‌ ته‌نیاییه‌وه‌ ماوین. ته‌نیایی نه‌بێت ئێمه‌ یه‌كتر ئه‌خۆین, خۆ ڕه‌نگه‌ پراوه‌یه‌كیش بێ‌ بۆ پاش مه‌رگ، چونكه‌ له‌وێ‌ دووچاری ته‌نیایییه‌كی ئه‌به‌دی ده‌بین.
یه‌كه‌م: ته‌نیایی مرۆڤ ئه‌نارشی ده‌كات، (به‌ده‌م هاواركردن)
دووه‌م: رقم له‌قه‌ره‌بالغییه‌، رقم له‌ده‌وڵه‌ته‌، رقم له‌مێژوومه‌، رقم له‌كۆمه‌ڵگایه‌، رقم له‌ خۆشمه‌ خۆشم.
یه‌كه‌م: (به‌بێزارییه‌وه‌) مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بێت ده‌بێت رقی هه‌بێت.
دووه‌م: (ده‌نگێكی نزم) گه‌وره‌ترین درۆیه‌ كه‌ ده‌ڵێن مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. رابردوو، ئیستا، داهاتوو شایه‌ده‌، مرۆڤ له‌ دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان، له‌ ده‌رگای ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌كان، له‌كتێبی ئاسمانی، له‌په‌یامبه‌ره‌كان، له‌نامه‌ی دڵداری، له‌ناو پێخه‌ف، به‌ ئاشكرا و نائاشكرا به‌ شه‌رم و بێ شه‌رم باس له‌ ته‌نیایی ده‌كات.
یه‌كه‌م: هه‌میشه‌ شه‌قاوه‌ و چه‌قۆكێشه‌كان ته‌نیاترین كه‌سه‌كانن.
دووه‌م: په‌یامبه‌رێك به‌سه‌ر خاچه‌كه‌یه‌وه‌ هاوار ده‌كات خودا بۆ به‌ته‌نیا جێتهێشتم. ئه‌كته‌رێك ده‌لێت شانۆ ته‌نیای كردم، حوسێنێك له‌ ته‌نیایی سه‌حرادا بێكه‌سكوژ ده‌كرێت. عه‌بدێكی موتیع به‌خشوعه‌وه‌ ده‌ڵێت ته‌نیایی خوای منه‌…..(به‌شۆكه‌وه‌ ستۆپ كادر ده‌بێت) تومه‌ز له‌ ته‌نیاییدا هه‌موو شتێته‌كانی لێ تێكه‌ڵبووه‌ و خودا و ته‌نیایی بۆ لێكجوودا ناكرێته‌وه‌. له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ ته‌نیاییه‌ك له‌بوونی مرۆڤدا هه‌بووه‌.
یه‌كه‌م: واز له‌وه‌ بێنه‌ ، ئایا تۆ له‌مردن ده‌ترسیت؟
دووه‌م: من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم! به‌ده‌م گۆرانیی : ناترسم، من له‌مردن ناترسم، من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم ئای ته‌نیایی، وای ته‌نیایی ئه‌ی تاجی مه‌مله‌كه‌تی دۆڕاوم ئه‌ی خورپه‌ی ، دڵه‌ی ترساوم ئای ته‌نیایی ، وای ته‌نیایی.
یه‌كه‌م: زه‌مه‌نی ته‌نیایی ته‌واو، سه‌ده‌یه‌كیش ئه‌بێ عارفێك په‌یدا نه‌بووه‌، دێوانه‌یه‌ك هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌. ئێستا ئیدی هه‌موشته‌كان بوون به‌گشت، بوون به‌ كۆ، به‌ژماره‌، هه‌مومان ژماره‌ین، هه‌مومان كۆین، به‌ڵی من، تۆ هه‌موومان ژماره‌ین. له‌ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له‌پایته‌خت 6 هاوڵاتی بوونه‌ قوربانی، له‌خۆپیشاندانی چه‌پره‌وه‌كانی باشوور 4 چالاكه‌وان ده‌ستگیركران. له‌ته‌قینه‌وه‌ی كانیكی خه‌لوز له‌ خۆرهه‌ڵاتی دوور 200 كرێِكار گیانیان له‌ده‌ستدا. _ له‌ئاكامی داڕووخانی شاخێكی به‌فرین له‌ جه‌مسه‌ری باكوور هه‌زاران كه‌س بوون به‌ قوربانی. بڕوانه‌ هه‌موومان ژماره‌ین، ژماره‌یه‌كی هیچ، مردنی كه‌سێك، ته‌نیاییه‌ك، به‌های تاكیك قۆنده‌ره‌ی نیه‌. قه‌ت بیستوته‌، بینیوته‌، بڵێن كه‌سێك مرد؟ یه‌كه‌م: ئاده‌ی پێم بڵی كوا مه‌رگی ته‌نیاییه‌ك؟ نییه‌.
دووه‌م: نییه‌
یه‌كه‌م: نییه‌ بێگومان، ته‌نیایی لاقه‌كرا، تیرۆركرا.
دووه‌م: له‌بیرمه‌ كاتێك هه‌واڵی مه‌رگی گۆرانبێژێك بلاوبۆیه‌وه‌ كچێك له‌ترسی ته‌نیایی، له‌شۆكی ته‌نیابوون خۆی له‌ بینایه‌ك هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌.
یه‌كه‌م: زۆرجار ته‌نیایی خۆمان له‌وانی دی ده‌بینین، كت و مت وه‌ك ئه‌و كچه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌ی.
دووه‌م: نا نا واز له‌و قسه‌ پڕوپووچانه‌ بێنه‌ ته‌نیایی له‌ هه‌موو شوێنێكه‌، له‌ پێكێكی شه‌راب دایه‌، له‌مینبه‌ری مزگه‌وته‌، ته‌نیایی له‌سینگی قه‌حپه‌یه‌كه‌، ته‌نیایی له‌نیگای هه‌تیوێكه‌، ته‌نیایی ماڵێكه‌، شه‌قامێكه‌، دره‌ختیكه‌، ته‌نیایی ئه‌واتا وا له‌ ئاسمانه‌. ته‌نیایی بۆ من له‌ هه‌موو شتێك پێویستتره‌.
یه‌كه‌م: تۆ له‌ترسی مردن حه‌ز به‌ ته‌نیایی ده‌كه‌ی، بێئاگا له‌وه‌ی بزانی ته‌نیایی تاكه‌ وێستگه‌ی به‌ر له‌ مردنه‌ ترس و ته‌نیایی له‌هێلكه‌دانی مه‌رگه‌وه‌هاتوون.
دووه‌م: ته‌نیایی باشترین هاوڕێمه‌.
یه‌كه‌م: كه‌واته‌ ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
یه‌كه‌م: ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
(بێده‌نگی)
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: ته‌نیایی من ئه‌كوژێت…..
وێستگه‌ی دووه‌م: چاوه‌ڕوانی
(هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر نوكی یه‌كێك له‌ پێڵاوه‌ گه‌وره‌كان دانیشتووه‌ و چاوه‌ڕوانن، (خه‌ریكی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خواردنن یان هه‌ر وه‌سیله‌یه‌كی دیكه‌ بۆ خۆخافڵاندن، بۆ نمونه‌؛ ده‌كرێ‌ خۆیان به‌ ته‌سبیحه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن) به‌ ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ هێدی هێدی جله‌كانی به‌ریان داده‌كه‌نن، تا ته‌واو رووت ده‌بنه‌وه‌، له‌ كۆتاییدا خه‌وییان لێده‌كه‌وێت، دواتر راده‌چه‌ڵه‌كێن).
یه‌كه‌م: نه‌هات؟
دووه‌م: نازانم.
یه‌كه‌م: پێویست بوو بێت.
دووه‌م: (به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌) یانی بۆ ده‌بوو بێت؟ ئه‌م پێویستبوونه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ رزگارمان بێ‌؟!
یه‌كه‌م: ئاخر خۆی وایووت….
دووه‌م: (قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) خۆی درۆی كرد.
یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌میشه‌ هه‌روا بووه‌. ئێمه‌ش هه‌روا ده‌مێنینه‌وه‌.
دووه‌م: (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌) من به‌ چاوه‌ڕوانی كۆشكراوم.
یه‌كه‌م: ناتوانم چاوه‌ڕوانم نه‌بم.
دووه‌م: چاوه‌ڕوانی له‌دایكبوونی خۆمم. چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ بوونم، چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی ریش و سمێڵمم، چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌بوونی مه‌مكمم، له‌ وێستگه‌ی پاسدا چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویسته‌كه‌مم، چاوه‌ڕوانی ژنهێنانم، چاوه‌ڕێم كوڕێك بێته‌ خوازبێنیم، چاوه‌ڕێم مناڵێكمان ببێ‌، چاوه‌ڕێم ده‌وڵه‌مه‌ند ببم، چاوه‌ڕێم ببم به‌ كه‌سێكی ناودار و ناسراو. چاوه‌ڕێم بانگ بدات و نوێژه‌كانم بكه‌م، چاوه‌ڕێم قیامه‌ت بێت. چوزانم گرنگ ئه‌وه‌یه‌ من چاوه‌ڕێم.
یه‌كه‌م: هه‌میشه‌ بیانوییه‌كم هه‌یه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی.
دووه‌م: ئه‌و شاره‌ی منی تیام، هه‌ر خۆی وێستگه‌یه‌كه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی.
یه‌كه‌م: منیش كوڕی ئه‌و بسته‌ خاكه‌م كه‌ پێیده‌وترێت زێد، بۆیه‌ قه‌ده‌رم وایه‌.
دووه‌م: زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵمدا تا له‌م قاڵبه‌ی خۆم بێمه‌ ده‌رێ‌ و ئاسایی بژیم.
یه‌كه‌م: ئه‌وان ئه‌زانن كه‌ راستگۆم له‌ باس كردنی ئازاره‌كانی خۆم.
دووه‌م: به‌ڵام هه‌میشه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌ باسكردنی ئه‌و ئازاره‌ ئه‌به‌دییانه‌.
یه‌كه‌م: هه‌موو نوسه‌ره‌ گه‌وره‌كان ناتوانن من له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌ربكه‌ن (لێره‌دا هه‌ردووكیان دیمه‌نێك له‌ شانۆیی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه‌) به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و یه‌كێكیان ئه‌چێته‌ پشتی په‌رده‌وه‌ و دارێكی ووشكهه‌ڵاتوو دێنێت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وی دیكه‌یان ده‌كات كه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نێكی نمایشه‌كه‌ی گۆدۆ).
یه‌كه‌م:
دووه‌م:
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: به‌ ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ رۆحمان ده‌رچوو.
وێستگه‌ی سێیه‌م .. نامۆبوون
وێستگه‌ی چواره‌م: ترس
( ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ شێوه‌ی جه‌لاد و قوربانی دێنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و یه‌كه‌م قامچییه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و په‌تێكی له‌ ملی دووه‌م كردووه‌ و رایده‌كێشێ‌ و هه‌ر جاره‌وه‌ و قامچییه‌كی پێدا ده‌كێشێ‌.)
یه‌كه‌م: ئێستا یارییه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین. من ئه‌مه‌وێ‌ ئه‌مشه‌و كه‌مێك دڵخۆش بم. بێگومان ئه‌ویش به‌ ئازاردانی تۆ.
دووه‌م: (شه‌كه‌ت و مانووه‌ و كۆڵه‌پشتێكی قورسی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ ئاماژه‌یه‌ك نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌رده‌خات).
یه‌كه‌م: ده‌ی فه‌رموو.
دووه‌م: (ده‌یه‌وێت سه‌ما بكات به‌ڵام ناتوانێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ.)
یه‌كه‌م: چیه‌؟ وادیاره‌ رۆڵه‌كه‌ی خۆت بیرچوه‌ته‌وه‌؟!
دووه‌م: هه‌رگیز گه‌وره‌م ( دووباره‌ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ یارییه‌كه‌).
یه‌كه‌م: (قامچییه‌ك راده‌وشێنێ‌ و هاوار ده‌كات) ده‌ی هاوڕێكه‌م ده‌ی، تۆ ئه‌مشه‌و شادیهێنی ئێمه‌ی. ده‌ی به‌خته‌وه‌رمان كه‌.
دووه‌م: (هه‌رچۆنێك بێت هه‌ندێ‌ جووله‌ی شێوه‌ سه‌ما یان هه‌ڵپه‌ڕین ده‌كات به‌ڵام له‌ كۆتاییدا له‌ بێهێزیدا توانای نامێنێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی).
یه‌كه‌م: (به‌ قاقایه‌كی به‌رز پێده‌كه‌نێ‌ و پێ ده‌خاته‌ سه‌ر پشتی دووه‌م). ئێمه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌ر وابووینه‌، به‌بێ‌ بوونی هیچ یاسا و چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو، خۆمان جه‌لادی خۆمانین. هه‌ر خۆمان واده‌كه‌ین ببینه‌ قوربانی. جه‌لادبوون و قوربانیبوونی خۆمان له‌ ده‌ستی خۆمان دایه‌.
دووه‌م: (له‌ رۆڵی قوربانی ده‌رده‌چێت و كۆڵه‌پشته‌كه‌ی له‌ خۆی ده‌كاته‌وه‌ و خۆی ده‌ته‌كێنێت و هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌رپێ‌). تاكه‌ هۆكارێك كه‌ ئێمه‌ بكاته‌ قوربانی بریتییه‌ له‌ ترس. ترس له‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی كه‌ نیمانه‌، ترس رابردوو و داهاتوو و ئێستاشمان واده‌كات پشت بۆ یه‌كتر نه‌وی بكه‌ین و خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی و ئه‌ویتریش جه‌لادی گیانی خۆمان.
یه‌كه‌م: ئێمه‌ له‌ یه‌ككاتدا هه‌ر خۆمان جه‌لاد و خۆشمان قوربانیین.
دووه‌م: ترسی ئێمه‌ نه‌بڕاوه‌یه‌، مرۆڤ ترسنۆكترین بونه‌وه‌ره‌، ئه‌و له‌ هه‌موو شتێك ده‌ترسێت، ته‌نانه‌ت له‌ خۆیشی.
یه‌كه‌م: ترس له‌ باوك.
دووه‌م: ترس له‌ خوا.
یه‌كه‌م: ترس له‌ ناوبانگی خیزان.
دووه‌م: ترس له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌.
یه‌كه‌م: ترس رێگایه‌كه‌ به‌ره‌و مردن، ڕێگایه‌كیشه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ ژیان.
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: ترس ترس ترس ترس ترس (هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و سوچێكی پشته‌وه‌ی شانۆ ده‌رۆن و ده‌فه‌ پڕ ئاوه‌كان دێنن و ده‌یكه‌ن به‌سه‌روچاوی یه‌كتردا و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ده‌ف ژنین و تا هێزیان له‌به‌ر ده‌بڕێت و ده‌كه‌ون و كۆتایی به‌ نمایش دێت).

ته‌واو..

به‌هاری 2016
كه‌ركوك.

*هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك ویستی كاركردنی تێیدا هه‌بوو ده‌توانێ بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر كاری تێدا بكات




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی… ستاری چیمەنتۆ

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە.8

بەڕێز: ستاری چیمەنتۆ

دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

من ناوم ستار حەمەعەلی لە ناو بەشێک لە هاوڕێ و دۆست و هەندێک لە میدیاکان و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک دا بە ستاری چیمەنتۆ ناسراوم. لە سەرەتای هەشتاکانەوە بە مارکسیزم ئاشنا بووم و لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەستم بە سیاسەت کردن کرد و هەر زوو لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمونیستی ئێران و پاشان مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و کۆمونیزمی کرێکاری، کە لەدەروونی هەمان ئەو حیزبەدا سەریان هەڵدا نزیکبوومەوەو لە٢١ تەمموزی ١٩٩٣ دا یەکێک لە ٢٥٠ کەسە پێکهێنەرەکەی حیزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق بووم وپاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ و٢٠٠٥ لە ئەنجامی دروست بوونی جیاوازی و سەرهەڵدانی کێشەکان ناچار بە چوونە دەرەوە لە حککع کراین ولەساڵی ٢٠٠٥ دا لە دامەزرێنەرانی حیزبی کۆمونیستی کرێکاریی چەپی عێراق بووم. ئێستا زیاتر لە پێنج ساڵە ئەندامی هیچ حیزبێک نیم و وەک کۆمونیستێک چالاکیەکانم دەکەم. من لە سەردەمی ڕاپەڕین و پێکهاتنی شوراکاندا هەڵسوراوی شورای گەڕەکی شێخ محێدینی سلێمانی و ئەندامی شورای سەرتاسەری شار بووم.لە ئاوارەییەکەشدا لە دامەزرێنەرانی شورای کەمپی ئاوارەیی دووئاو بووم لە ئێران. من لە مانگی ئابی ساڵی١٩٨٩ هەتا مانگی سەپتامبەری ١٩٩١ لە کارگەی شوشەی ڕومادی کارم کردوە و پاشان لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١ خۆم گواستەوە بۆ کارگەی چیمەنتۆی طاسلوجە . لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە لە ئەڵمانیا دەژیم.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

سەرەتا ولەوەڵامی یەکەم پرسیارتاندا ، من پێموایە کە تەنها دەستەواژەکە بەڕووتی پێناسەیەکی تەواوو پڕ بە پێستی ئامانجێک بەیان ناکات و بۆیە دەبێت قسەو پێناسەیەک بۆ بزوتنەوەکە، بزوتنەوەی هەرەوەزی بکەین، کە ئەویش بریتیە لە کۆبوونەوەی هێزێکی لە بن نەهاتووی ئینسانەکان لەدەوری یەکتر ولە پێناو یەکتردا بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودەو باشتر بۆ هەر هەموویان بە بێ جیاوازی. ئەوەی کە چۆن چۆنی و گەرەنتیی بەردەوامیی و بەسەرکەوتن گەیاندنی دوا ئامانجەکەی لە چی دایە؟ ئەوە دواتر دێمە سەری.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەرەوەزیەکان بۆئەم سەردەمە من ئاوا دەیبینم ، کە لە ئێستادا دەست بردنە بۆ کۆمونە سەرەتاییەکان بەڵام لە هەناوی نەهەنگی سەرمایەداریی دڕندەدا، بۆیە لە ئێستادا تەنها ڕیفۆرمە و نەبووەتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵام هیچ بێ هیوا نیم لەوەی کە گەر ئەوانەی دەیانەوێ دنیا بە قازانجی مرۆڤایەتی بگۆڕن ، هاوکار و پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە بن ئەوا بە دڵنیاییەوە دەگۆڕێت بە
دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵكی کەواتە دەبێتە ئەلتەرناتیڤ.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

هەرەوەزیەکان یاخود بزوتنەوەی هەرەوەزی، نە کۆمەڵەیەکە خێرخوازیی سەر بە ئاین و مەزهەبێکن کە ببێتە وەسیلەی بازاڕگەرمیی سەنعەتکارانی دین، وە نە ڕکخراوەیەکی دروستکراوی کۆمپانیا ئابووری و بازرگانیەکانی بازاڕی سەرمایەیە، تا خزمەت بە مانەوەی سیستەمی چینایەتی بکات، بەڵکو ئەوە کەسی هیچ کارە و دوورە دەستە، کەسی بێ ئەلتەرناتیڤە، کە لەهەر شوێنێکدا هەرەوەزیەکان دروست بوو لە جیاتی پشتیوانیکردن و هاوکاری و ڕێکخستن و گەورە کردن و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو هێزە ببێتە بەدیل بە شکستیدا دەبات و هەزارویەک ناوو ناتۆرەی ڕیفۆرمیستی و خزمەتکاری سیستەمی چینایەتی دەخاتە پاڵ. لە لایەکی تریشەوە گەر هەرەوەزیەکان ئاگاهانە و هوشیارانە دەستی بۆ نەبرێت و ڕێک نەخرێت، بێگومان بۆرجوازی دەسەڵاتداران هەرگیز بینەر نەبوون و نابن و حەتمەن دەست وەر دەدەنە ناو هەموو وردەکاریەکانی هەرەوەزیەکان و دەیقۆزنەوە بۆ خۆیان و ئەو کاتە هەرەوەزیەکان ، نەک هەر دەبنە ڕیفۆرمیست، بەڵکو ڕێک دەبنە ڕکخراوە زەردەکانی سەر
بە دەسەڵاتی سەرمایە.

دەنگەکان – کەسانێك ئاوای دەبینن، ئەم کارە هەرەوزییانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچینەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟

نە خێر من هەرگیز پێم وانیە، کە ئەمەی وا ئێستا هەرەوەزیەکانی خانەقین دەیکەن کاری دەسەڵات بێت و دەبێت بە فشار بەسەر دەسەڵاتدا بیسەپێنین، چونکە بە بڕوای من تەنها ئەو کەسانە وا دەڵێن، کە کاری هەرەوەزی تەنها لە دروستکردن وتەواو کردنی پرۆژەی قوتابخانەیەک یان خەستەخانەیەکدا دەبینن ، کە دیارە ئەمە بە تەنها ، کاری دەسەڵاتە و دەبێت ئەو بیکات، بەڵام بەبڕوای من کاری هەرەوەزی تەنها ئەوە نیە و زۆر لەوە فراوانترە. چونکە کاری هەرەوەزیەکان بریتیە لە هێنانە مەیدانی هێزی سەربەخۆی خەڵک و دروستکردنی بڕوا بە خۆ بوون و پێکەوەگرێدانی ئەو هێزانە و گێڕانەوەی ئیرادە بۆ خودی خەڵکی، تا لەوەێوە بتوانێت فێری چۆنیەتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ببێت. کەواتە کاتێک کە ئەو هەرەوەزیانە دەست دەدەنە پرۆژەیەکی لە شێوەی درستکتدنی قوتابخانەیەک و دواتر لەسەردەستی خۆیاندا تەواو دەبکرێت، ئەوا هەر خۆشیان دەبێت چۆنیەتی دەست بە کار بوون خوێندن لەو قوتابخانەیە و بڕیار لەسەر شێوازی وانە خوێندن و وەرگرتنی مامۆستاکان و .جۆرو ناوەرۆکی دەرسەکان دەدەن..

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆڕانە پۆزەتیڤانە چین، کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ، هەرەوەزیەکان وەسیلەی گێڕانەنەوەو ئیرادەیە بۆ تاکی کۆمەڵگە، بۆیە کاتێک تاک مومارەسەی هێزوتوانایی و ئیرادەی سەربەخۆی خۆی دەکات، ئەو کات بیر لە هێزی گشتی و سەربەخۆی کۆمەڵگە دەکات و لەوێوە لەگەڵ تەواوی هاوچینەکان و هاوکارەکانی تری بیر لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمی کاری ڕۆژانە و تەواوی هۆشیاریەکان لە پێناو گەشەی کۆمەڵگەدا دەبێت زیاتر گەشەی پێبدرێت و کۆبکرێتەوەو هەماهەنگ بکرێت.و لێرەوە خێراکردنی ڕەوتی گؤڕانی کۆمەڵایەتی لە هەموو ڕوویەەکەوە دەست پێ دەکات و ئیتر وردە وردە کاروبیرکردنەوە دەچێتە سەر چۆنیەتی دروست کردنی هێزی گشتی و سەرتاسەری کە ئەویش هێزی کۆبوونەوە گشتیەکانی خەڵکە لە شوێنی کار و ژیانیاندا.ئەوکات ئیتر .ئەلتەرناتیڤ بریتی دەبێت لەوهێزە کۆکراوەیە و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەو کۆبوونەوە گشتیانە .

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

تاکە ئاسۆیەک کە لەم بزوتنەوەی هەرەوەزیانەدا لەم ناوچەیەدا دەیبینم، ئەوەیە کە خەڵک بە گشتی وە بە تایبەت خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش جیتر خۆشخەیاڵ نەبن بەدەسەڵاتە چەوسێنەرکانی سەر سەریان و لە هەوڵی خۆهوشیارکردنەوەو کۆکردنەوەی هێزی خۆیان و کۆبوونەوە لەدەوری یەکتردا بن.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

بە بڕوای من بزوتنەوەی شورایی لە ئازاری 1991 دا، کە لە زۆربەی هەرە زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستانی عێراقدا بەکردەوە دەستی برد بۆ کۆنوونەوە گشتیەکان و پێکهێنانی شوراکان ، تا ئێستا ڕۆشنترین باشترین نمونەی کاری هەرەوەزی و هێنانە مەیدانی هێزی خەڵکی بوو ، وە منیش خۆم یەکێک بووم لەو دەیان و سەدان هەڵسوڕاوو و نوێنەرانەی کە لە ڕێگای کۆبوونەوە گشتیەکانی خەڵکیەوە هەڵبژێردرابووم و لە ماوەی ئەو چەند هەفتە کەمەی تەمەنی شوراکاندا کرێکارانی کارگەکان و گەڕەکەکان و فەرمانگەکان توانیان زۆربەی هەرە زۆری کارو پێداویستیەکانی ژیانیان لە نمونەی دامەزراندنی خەستەخانە بچوکەکان و پاککردنەوەی شارو ڕێگاوبانەکان، کەلەدوای ڕاپەڕین تێکشکابوون و زیانیان پێگەیشتبوو ، پەیداکردنی خواردن و دابەشکردنی لە ڕێگای ئەو نوێنەرانەوە بە سەر خەڵکیدا و بەڕێوەبردنی زۆرێک لەفەرمانگەکان و بەشێکی بەرچاوی کارگەکان لەلایەن خودی خەڵکەوەو، لە کاتێکدا کە هێزەکانی بەرەی کوردستانیی حیزبە قەومی و ئێسلامیەکان خەریكی دزی و جەردەیی و پاراستنی سەرەک جاش و بەڕێوەبەرانی کارگاکان و دەوڵەمەندانی تاوانباری کوردستان بوون..جگەلەوەش تەنانەت لە ئاوارەییەکەشدا کاتێک کە من لە کەمپی ئاوارەیی (دووئاو ) بووم یەکێ لە جوانترین و کاراترین نمونەکانی دەسەڵات خەڵک و دەسەڵاتی کۆبوونەوەگشتیەکان ، ئەو شورایە بوو کە لەو کەمپەدا لەلایەن خودی ئەو خەڵکەوە لە ڕێگای کۆبوونەوەی گشتیی ئاوارەکانی ئەو کەمپەوە پێکهات و ئەو شورایە توانی لەوماوەی چوارهەفتەی کارکردنیدا باشترین نمونەی دەسەڵاتی خەڵکی بێت و هیچ کارێک بە بێ گەڕانەوە بۆ خەڵکی نەکات.
ئەوەی کە زۆر گرنگە دەبێت ئیشارەی پێبدرێت ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیە هەم لە کوردستان و هەم لە ئاوارەییەکەشداکەسە سۆسیالیست چەپ و کۆمونیستەکان، کەسە هۆشیار و ئازادیخوازەکان کە بڕوایان بەوەبوو کا تەنها کاری شورایی و هەرەوەزی و کۆبوونەوەگشتیەکانی خەڵک دەتوانێت کۆمەڵگە لە جەوسانەوەو سەرکوت ڕزگار بکات و دنیای سۆسیالیست بەدیبێت، هەر ئەوانە دەست پێشخەر و چالاکی ئەو شورا و کۆبوونەوە گشتیانە بوون. وە هەر دەبێت بەرەی چەپ کۆمونیستی بەو هەستێت و ئەنجامی بدات.

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

وە من هەرچەندە هەوڵ و کارە هەرەوەزیەکان کوردستانی سوریام بە چاوی خۆم نە دیوە، بەڵام زۆرێک لە بەڵگەکانی وەک کۆبوونەوە گشتیەکانی شاروشارۆچکەکان و ڕۆڵی بەرزی ژنان لەوێ، بوونی هێزی بەرەنگار بوونەوەیەکی بێوێنە بەڕووی تاریکی کۆنەپەرستی بانگەوازو کاری بەکردەوە لە پێناو یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاوو زۆر کاری تریش بەڵگەی ئەوە دەدەن بە دەستەوە کە دەسەڵاتی خودی خەڵک و کۆبوونەوەگشتیەکان و شێوازێک لە کاری شورایی هەرەوەزیی بەرز لەوێ بوون هەیە، دیارە ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە هێشتا من گومانم هەیە لەوەی کە ئایا حیزبی دەسەڵاتدار لەوێ تا چەندە لەو دەستکەوتانە پشتیوانیی بەردەوام دەکات..

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

لە وەڵامی دوا دوو پرسیارتاندا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی لە گەشەی هەرەوەزیەکان و گەشەپێدانی کۆبوونەوە گشتیەکانی خەڵکی لە شوێنی کاروژیان و بەرفراوانکردنەوەی، تەنها و تەنها لە گرەوی هاتنە مەیدانی ڕاشکاوانە بوێرانەی خودی خەڵکە لە پێناو پاراستن وگەشەدان بە ژیاندا. وە لە پێناو ئەمەشدا دەبێت کۆمونیستەکان، چەپەکان و سۆسیالیستەکان ڕۆڵی سەرەکی بەرچاویان هەبێت لە کۆکردنەوەو ڕێکخستنی ئەو تواناو هێزە شاراوەیەی خەڵکیدا، چونکە ئەوە تەواو ڕوونە کە ژیانی هەرەوەزی و دنیای بێچەوسانەوە ، دنیای ئازاد و سۆسیالیست دنیایەک کە خودی خەڵکی لە ڕێگای ،کۆبوونەوەی گشتی وهەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆی و پێکهێنانی شوراکان دەمەزراندنی دەسەڵاتی شورایی و دواجار بەدیهێنانی سۆسیالیزم و دنیایەک کە تیایدا لە هەمووکەس بەپێی توانای بۆ هەموو کەس بە پێی پێویستی، دابمەزرێ بە بێ ئەو ڕۆڵە سەرەکیە ، بوونی نابێت و بۆرجوازی وچەوسێنەران بەردەوام دەبن لە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەیان.
لە کۆتایی قسەکانمدا لێرەوە ڕێگە بە خۆم دەدەم کە دەستی ڕێز و ستایش و هاوکاری بۆ هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەشداربوو لە هەرەوەزیەکانی خانەقین و دەوروبەری وهەروەها کەسە چەپ و سۆسیالیست و کۆمونیستەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی هەرەوەزی ، بە سنگەوە بگرم داوا دەکەم کە هەر کەسێک و هەر حیزب و ڕێکخراوە و لایەنێک کە خۆی بە پارێزەری سۆسیالیزم دەزانێ ، دوور لە ڕوانگەو کاری سیکتاریستی پشتیوانی، لەم هەرەوەزیانە بکات لە هەوڵی ئەوەدا بێت، کە ئەم هەرەوەزیانە تەسلیم بە دەسەڵات نەکرێت و تەنانەت ڕێگەش نەدرێت کە لەگەڵ ئۆرگانەکان یان ڕێکخراوەزەردەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بکرێت وە یان بتوێنرێتەوە، چونکە بۆچونێکی وام گوێ لێبووە کە گوایە گەر هێزی خەڵکی لە دەسەڵتدا بەشدار نەبێت ، ئەوا هیچ بە هیچ ناکات ، بەڵام من بە پێچەوانەوە دەیبینم و هەر کاتێک وای لێکرا، ئەوا دەبێت دەست لە هەرەوەزیەکان هەموو ئەوەش کە لەو ڕێگایەوە بەدەستی دەهێنین بشۆین و جارێکیتر هەموو کارەکان سەرلەنوێ دەست پێبکەینەوە….

سوپاس ڕێزی زۆریشم بۆ ئەم دەرفەتەش کە پێتان دام. هەر سەکەوتوو بن

ستاری چیمەنتۆ
16.03.2017




بیرۆكه‌یه‌ك بۆ به‌هادار كردنی زمانه‌كه‌مان…. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

با كۆلیژێكی تایبه‌ت به‌ زمانی كوردی له‌ زانكۆ سه‌ره‌كیه‌كان بكرێته‌وه‌.

پێشتر له‌ نووسینی دیكه‌مدا چوومه‌ سه‌ر بایه‌خی زمان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، لێره‌دا ته‌نها بیرۆكه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ ده‌گرم، له‌وانه‌یه‌ هه‌م به‌شێك بێ‌ له‌ چاره‌سه‌ر بۆ په‌رته‌وازه‌یی زمانی كوردی له‌ نێوان ئه‌م دیالێكت و ئه‌و دیالێكت، ئه‌م حزب و ئه‌و حزب، ئه‌و ناوچه‌ و ئه‌م ناوچه‌. هه‌م دانی پایه‌یه‌كی به‌رزتر بێ‌ به‌ زمانی كوردی به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجێكدا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر زمانن به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مانی خستۆته‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی نائومێده‌وه‌.
• كردنه‌وه‌ی كۆلیژێك له‌ زانكۆكانی{ سه‌لاحه‌ددین _ سلێمانی _ كه‌ركوك _ دهۆك} تایبه‌ت به‌ زمانی كوردی و به‌ ناوی( كۆلیژی زمانی كوردی). كۆلیژه‌كه‌ ئه‌م به‌شانه‌ بگرێته‌ خۆ:-

+ به‌شی زانستی زمان linguistic: ستراتیژی ئه‌م به‌شه‌ ئیشكردن بێ‌ له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ گونجاندنی ڕێسا و بنه‌ماكانی هه‌ر هه‌موو شێوه‌ زاره‌كان و هه‌وڵدان بۆ یه‌كخستنیان له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ستانداردی ماقول، كه‌ سه‌ره‌نجام هاوسه‌نگییه‌كی ئۆرگانیكی به‌ده‌ر له‌ كاریگه‌ری میزاج و باری ده‌روونی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن بێنێته‌ ئارا، هه‌روه‌ها دانانه‌وه‌ی زمانی كوردی له‌سه‌ر ڕێڕه‌وێك كه‌ وه‌ك بوونێكی زیندوو بكه‌وێته‌ نێو پرۆسێسی كۆمیونیكه‌یشن و دانوستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی زانستی و ته‌كنۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری خۆمان و دنیادا بڕوات. له‌گه‌ڵ بڕواهێنان به‌و ڕاستیه‌ زانستیه‌ی كه‌ شێوه‌ زاره‌كان بوونی ڕاسته‌قینه‌ن و له‌ هه‌موو زمانێكدا به‌ زیندوویی هه‌ن و ئه‌وه‌ی هه‌موویان له‌ بوونێكی ستانداردا كۆده‌كاته‌وه‌ ته‌نها فۆڕمێكه‌ بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌، تاوه‌كو كرده‌ی كۆمیونیكه‌یشن و ده‌ركه‌وتنی كولتووری وه‌ك یه‌كێتیه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگ به‌رده‌وام كرده‌یه‌كی ئێستاتیكی بێ‌.

+ به‌شی ئه‌ده‌ب: له‌م به‌شه‌دا به‌ هه‌مان ستراتیژی زمان كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێ‌ هه‌موو بوار و ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب له‌ شیعر و چیڕۆك و ڕۆمان و فۆلكلۆر و په‌خشان و ….تاد له‌ هه‌موو شێوه‌ زاره‌كان به‌ توخمی هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ و دۆخێك له‌ گونجان بێننه‌ ئارا له‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ دا چێژ و میزاجی ئه‌ده‌بی زیاتر هه‌ستیان پێبكرێ‌ و دواتر ئه‌م بابه‌تانه‌ هه‌موویان له‌ پڕۆسێسی زمانسازیدا ڕۆڵیان هه‌بێ‌ و به‌ستراوه‌ی ڕێسا زمانه‌وانیه‌ ستاندارده‌كه‌ بن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕاستی بوونی ئه‌ده‌به‌ ناوچه‌ییه‌كان به‌ شێوه‌زاری تایبه‌تی خۆیان.

+ به‌شی وه‌رگێڕان: له‌م به‌شه‌دا سه‌ره‌ڕای خوێندنی لایه‌نه‌ ئه‌كادیمیه‌كانی كرده‌ی وه‌رگێڕان و ڕۆڵی له‌ ئاڵوێری كولتووری له‌ نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دنیادا، سوودێكی له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر به‌ لادانی ئاسته‌نگه‌كانی نێوان شێوه‌زاره‌كان ده‌گه‌یه‌نێ‌. وه‌رگێڕانی تێكسته‌ كوردیه‌كان بۆ زمانه‌ بیانیه‌كان له‌ ته‌ك وه‌رگێڕان له‌ زمانی بیانیه‌وه‌ بۆ كوردی له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ كاریگه‌ری خۆی ده‌بێ‌ كه‌ لێره‌دا شوێنی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری نیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌ ئه‌كادیمیكردنی وه‌رگێڕان و گێڕانه‌وه‌ی نرخه‌ كولتووری و زانستیه‌كه‌ی ئه‌م كرده‌ عه‌قلی و فه‌رهه‌نگیه‌ باڵایه‌.

+ به‌شی ئاركیۆلۆژیای شێوه‌زاره‌كان: له‌م به‌شه‌دا هۆكاره‌ كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی و جوگرافی و تۆبۆگرافی و سیاسی و….تاد یه‌كان بخوێنرێن و به‌ ڕیشه‌ بونیادی و مێژووییه‌كانی شێوه‌زاره‌كان و كاریگه‌ریه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ چینه‌ یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كه‌كانی سه‌رده‌مه‌ جیاجیاكان بچنه‌ خوار و زه‌مه‌ن به‌ زه‌مه‌ن لێیان بكۆڵرێته‌وه‌ و بخوێنرێن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بایه‌خی شێوه‌زار وه‌ك ڕه‌نگ و ده‌نگێكی جیا له‌ نێو ڕه‌نگاڵه‌یی زماندا وه‌دیار بخرێته‌وه‌ و گرنگیشی له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمان و پرۆسێسی فه‌رهه‌نسازیدا بنخێنرێ‌.

• له‌ پاڵ ئه‌م به‌شانه‌ ده‌كرێ‌ به‌شی تریش هه‌بن و بیرۆكه‌كه‌ی من له‌وانه‌یه‌ كه‌موكوڕی زۆری هه‌بێ‌، چ له‌ ڕووی ئه‌م خاڵانه‌ی پێشه‌وه‌ چ له‌ ڕووی نه‌چوونه‌ سه‌ر ئه‌و بیرۆكانه‌ی تر كه‌ نه‌متوانی ناویان بێنم یا له‌و كاته‌دا نه‌مزانین و نه‌هاتنه‌ بیرم. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای ئێمه‌ی تیاین، كردنه‌وه‌ی كۆلیژێكی له‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ دێنێ‌، چون دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ئێمه‌ دۆخێكی تایبه‌ته‌ و زۆرترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر بوونی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه‌ كه‌ زمانیش زۆرترین گورزی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی به‌ر كه‌وتووه‌. كردنه‌وه‌ی كۆلیژێكی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و كولتووری مه‌زن و له‌ هه‌مان كاتیشدا شیاو و گونجاو كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ ئاسانی به‌ كرده‌ بكرێ‌. هه‌ڵمه‌تێكی عه‌قلانی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ شۆڕشێكی كولتووری و هزری ئه‌وتۆی عه‌قلانیه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ بێ‌ تێكه‌ڵكردنی یه‌ك زه‌ڕڕه‌ هه‌ڵچوون و سۆز بگاته‌ ئه‌نجامی خۆی. هه‌وڵێكی ستراتیژیشه‌ له‌ پێناو لادانی گومانه‌كانی نه‌بوون و فه‌راهه‌م نه‌بوونی ئه‌م توخمه‌ بنچینه‌ییه‌ بۆ سازكردنی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان.
• قس و شیكاری تر له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ نووسینی تر جێده‌هێڵم.

محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن




کۆمەڵگەی هەڵوەشاوەو سیاسەتی لێکترازاو … نەوزاد جەمال

دەمەوبەیان بۆئەوەی لەدووکەڵی ئۆتۆمبیل و گازەکوشندەکان قوتاربیت، خۆت بەپارکێکی ناوجەرگەی شارەکەتدا بکەیت. بەڵام، شەڕی دووپیاو و سێ ژن بەمشتەکۆڵەو جنێو هێندەی دووکەڵەکە ئاماژەی واقیعێکی کۆمەڵگەی ئێمەیە: توندوتیژی دەبێتە هێزی یەکخەر یا هەڵوەشێنەر. ئەمڕۆ هەڵوەشانەوەی پەیوەندی خێزانی، بەئەندازەی لێکترازانی نێوان و نێوحزبەکان و حکومەت زەقە. ئەگەرچی، شەڕەکە ئەنجامی خیانەتکردنی پیاوێکەوە لەژنەکێک بەسێ منداڵەوە، بەڵام، سکانداڵە سیاسیەکان هێشتا بەهەڵپەسێراوی لەزۆنی وون و تاریکدا ماونەتەوە!
لەم دیمەنە خێزانیەوە وەرەوە بۆ ناو کایەی سیاسی و ئاوڕێک لە دامەزراوەکانیتری کۆمەڵگە بدەرەوە کە داڕزین و داتەپینی گەیشتۆتە کوێ و بەچ ئاراستەیەکدا دەڕوات. بەڕای من، لێرەدا گرفتەکە خودی هەڵوەشانەوەکە نییە، بەڵکو قۆناخی داڕشتنەوەو سەرلەنوێکردنەوە چۆندەبێت؟ هەڵوەشانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەشێکی دانەبڕاوە لەگۆڕانکارییەکان. بەڵام، ئایا جێگرەوەی ئەوەی کەتیادەچێت چییەو بەکام شێوازە پێکهاتنی نوێ روودەدات؟ ئایا پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان بکەرو هێزەکان ئەنجامی ویستێکی گشتی دەبێت؟
لەگەڵئەوەی هەڵوەشانەوەو بێسەروبەری، راستیەکە کە بەری پێناگیرێت، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی واقیعەکە بەکام ئامرازو پێوەر دەبێت؟ بکەرەکانی ئەم پرۆسەیە کێن و کام ویست و ئەجێندا دەیانجوڵێنێت؟ ئاخر، سەرەڕای ئەوەی ئێمە دووچاری رەتاندنی سیاسی و ئابوری بووین، لەداڕمان و هەڵوەشانەوەیەکدا خۆمان دەبینینەوە کە دەریچەی دەربازبوونی نییە. لەکاتێکدا بێسەروبەری و هەڵوەشانەوەکە هەڵقوڵای ئەم یەکدووساڵەنییە، سەرەداوەکانی بۆ قۆناخی راپەڕین دەگەڕێتەوە. لەوێوە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی و کولتوری و دامەزراوەیی سەڕێکەوتووە. ئەو گەندەڵییەی سەرتاپاگیرەی ئەم ساڵانە دەردراوی ئەو هەڵوەشانەوە درێژخایەنەیە. پرسیارەکەش ئەوەیە: بۆ قۆناخی سەرلەنوێ داڕشتنەوە دوائەکەوێت؟

بگەڕێنەوە، سەر رەگوڕیشەی چەمکی بێسەروبەری(entropy) کە بۆ خوێندنەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆربەی کۆمەڵگەکان تێزێکی بەسوودە. لەبنەڕەتدا ئەم زاراوەیە لەبواری فیزیک و بایۆلۆجی و گەردووناسیدا بەکارهاتووە، لەسیاسەتی نێوەدەوڵەتیشدا بۆ خوێندنەوەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و داخورانی دەزگاو داڕمانی سیستمی بەها و پێوەری کۆمەڵگەکان بەکاردێت. نموونەی دەوڵەتی شکست و داروخانی رژێمەسەرکوتکەرەکانی ناوچەکە دەرهاویشتەیەکی ئەم پرۆسەیەیە.
لێرەوە، چەمکەکە پێوەرێکی زانستیانەیە بۆ دەستنیشانکردنی رادەی ناسەقامگیری نێودەوڵەتی. چونکە، بێسەروبەری و بێنەزمی واتە نەمانی رێکوپێکی و ترازانی بابەتێک لەرێچکەو رێڕەوەی ئاسایی خۆی. بەدەربڕینێکیتر، ناڕێکی و بێسەروبەریی دۆخێکە نەنەزم هەیە، نەرەفتارو هەڵسوکەوتەکانیش لەکۆنترۆڵ دەردەچن و نەپێشبینیش دەکرێن. شایەنی ووتنە، چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ وتارەناسراوەکەی ‘راندل شوێڵەر’ کە (٢٠١٠)دا لە گۆڤاری ‘فۆرن ئەفێرس’ بڵاوی کردەوە. وتارەکە بەناونیشانی ‘سەردەمی بێسەروبەری یان نەزمی نوێی جیهانی’. ئەو لەوێدا پێداگیری دەکات لەوەی ئەو نەزمەی دێتەئاراوە، ئەوەنییە کە سیستمێکی رێکوپێک و سەقامگیری بهێنتەئاراوە، نەخێر سەردەمی ئێمە بە نەزمی بێسەروبەرانە نەخشاوە.

لەڕووی مێژوویشەوە، کۆتاییەکانی جەنگی سارد بەسەرەتای بێسەربەری و پشێووی دادەنرێت. جیهانی دووجەمسەر ساتێک بووەوە بەفرەجەمسەر. ئەمەش پاشئەوەی زنجیرەیەکی پشێویی و جەنگی هەڵوەشانەوە کەوتەوە. دروستبوونەوەی دەوڵەت بەدیارنەمانی سنورە دێرینەکان و لەدایکبوونی دەوڵەت بەسنوری نوێوە بەبێ توندوتیژی و جەنگی ناوخۆیی نەهاتەدی. جگەلەوەش، سەرهەڵدانی بکەری نادەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان وەک کۆمپانیا سنوربڕەکان، بزاڤە چەکدارو باندەمافیایی و گروپەتیرۆریستەکان، بوونە مایەی ناسەقامگیری و هەرەشە لەئاسایشی نێودەوڵەتی. بەشێکی ئەم بکەرانە، بەپاڵپشتی شەقام وەک چەکوشی روخانی کۆشکی دیکتاتۆریەت بوو. بەڵام، ئەوەی کەدواتر هاتەدی چیرۆکیکیترە. هاوکات، بۆشایی و کەلێن لەنەخشەی سیاسی جیهاندا، دەرفەتی سەرهەڵدانی هێزو بکەری نوێ رەخساند. ئیدی، جیهانیکی یەکڕەهەند و یەکجەمسەر نەما.

لێرەوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی جۆرەکارلێکێکی تری گرتەخۆ کە خسڵەتی بێسەروبەری وەرگرت. سڕانەوەی سنوورو دروستبوونی وڵاتی نوێ بەرجەستەبوونێکی ئەو دیاردەیە. لێرەوە، دەوڵەت و کۆمەڵگەکان هەمان خسڵەتی لەدایکبوون و مردنی سوڕی ژیانی مرۆڤی وەرگرت. بەهەمان شێوەش، هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی و هەڵتەکانی دامەزراوەکانی، رێگەی بۆ هێزو بکەری نادیار خۆشکرد. بەڵام، دواجار داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێزو پێگەکان بەرئەنجامی ئاڵوگۆڕە بێسەروبەربوو. کە خەڵکی بەرەوڕووی دەوڵەت دەبنەوە، بێسەروبەری و پشێوییەک روودەدات کە لەئاکامدا حکومەتەکان بەڕووخاندێن. جگەلەوەش، نیشانەیەکی بێسەروبەریی ئەم سەردەمە ئەوەیە کەتەنانەت لەسەر ئاستی تاکەکەسیش، بەهۆی سەرڕێژی زانیاری و سەرچاوەکانی گەیاندن و پەیوەندییەوە، مرۆڤ هەست بەبارگرانی و ناسەقامگیری دەکات. مرۆڤ ئەو بێسەربەرییە لەخۆی و دەوروبەرەکەشیدا ئەزمووندەکات.

لەم سۆنگەوە، تێزی نووسەری ئەمریکی ‘مورەی بووکچین'(1921 – 2006) کە بە’نوێبوونەوەی ئۆرگانیکی کۆمەڵگەکان’ ناسراوە بایەخدارە. لەدیدی ئەودا، بێسەروبەری و پشێویی و داتەپین، پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕهێنەرو نوێسازە. تائێرە خوێندنەوەکە دروستە، بەڵام گرفتەکە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەوەدایە کە بێسەروبەری ئەوپەڕو زیادەڕەوانە، بڕست و توانای گۆڕانکاری دەبڕێت. ئەو رەتاندنەی کە لەجەستەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە کەووتوە، هەموو شتێکی لەبنەبەست و داهێزراندا هێشتۆتەوە.
لەکاتێکدا دیالیکتیکی کێبەرکێ بەوجۆرە کاردەکات کە تێزو دژەتێز لەتوانایەکی تاڕادەیەک هاوشاندابن. گرفتێکی تریش ئەوەیە، تاچەندە دۆخی بێسەروبەر بەهێزو قوڵبێت، ئەوەندەش خێراتر هەڵوەشانەوەو داتەپەین روودەدات. ئەوەی لەڕێیە بێسەروبەرییە کە هەرۆژەی هەواڵێكی دەبیستین و بەئەنجامەکانی ئاشنادەبین. بەڵام، بەکوێ دەگەین پرسیارە سەختەکەیە.




ساڵ چۆن وەکو چەقۆ دەتسمێ …. نیگار نادر

کۆی ئاڵوگۆڕی ئەو ژمارەو ئەو رۆژو مانگانەی لەوەر چەرخانی زەمین دا ڕوودەدەن ناوزەدکراون بە نوێبوونەوەی ساڵ ، بەرزبوونەوەی ئەو ژمارانە بەڕوێکدا لەتەمەنی نیوەمان کەم دەکاتەوەو لەتەمەنی نیوەی ترمان زیاد دەکا ، پێموایە هەر حەوت ملیارد مرۆڤی ئەو جیهانە هەریەکێکیان ساڵێکی جیاواز بە خۆیان هەیە و ساڵی هیچ یەکێکشمان لەئەویترمان ناچێت ، هەر ساڵێکش سیحرێکی خۆی هەیە بەجۆرێک مرۆڤ دەبڕێێتەوە ، بۆ نموونە ساڵ هەن وەک مشار دەتبڕنەوە ، ساڵ هەن وەک تێزاب دەتتوێنەوە ، ساڵ هەن وەک شەکر شیرینت دەکەن ، ساڵ هەن وەکو پەیژە دەتبەنە سەرەوە ساڵ هەن وەکو چاڵ بزرت دەکەن ، ساڵ هەن مرۆڤی گەورەیان تێدا دەبینیەوە ، ساڵ هەن وەکو موس بە زامداری بەجێتدەهێڵن ، ساڵ هەن وەکو درەخت وشکت دەکەن ، ساڵ هەن دەبن بە پرد ، ساڵ هەن بەچۆکدا دەخەن، ساڵ هەن وەکو پوش بەباتدا دەدەن ، ساڵیش هەن لە خودا نزیکترت دەکەن ، ساڵ هەن کەنەفت و دەردارت دەکەن ، ساڵ هەن پرشنگدارت دەکەن ، سالیش هەن وەکو چەقۆ ئەگەر نەشتکوژن دەتسمن و زامدارت دەکەن.
من ساڵ وەک داشی دامە بە هەستیاری دەبزێوم چونکە ساڵ پڕە لەو سیحرانەی لەسەرەو ئاماژەم پێداون ئەگەر زۆر زیت نەبی ئەوا لەناو گێژەنی ئەو سیحرانەدا لە چاوەڕوانی بەرزبوونەوە و دابەزینی ئەو گۆڕانکاری و ژمارانەدا دەبی بە مرۆڤێکی گشتی و ژیانێکی ڕواڵەتی و ڕۆبۆتی دەژی .
وەرسوڕانی ساڵ لەو سەردەمەدا کە ناوزەدکراوە بە سەردەمی خێرایی پڕە لە تەڵە ،تەڵەی هەمە جۆرو تەڵەی هەمەڕەنگ، مرۆڤ هەرچی هێزی هەیەتی بەکاریدەهێنێ تا خێرا باژوێ ، لە زانست دا ، لە سیاسەت دا ، لەکار دا ، لە ئابووری دا ، لە جوانی دا ، لە بەناوبانگ بوون دا ، لە دەوڵەمەند بوون دا بەبێ ئەوەی هەست بکا کە لەو ڕاکەڕاکەدا خۆشبەختی و سادەیی و بەهای ژیان لە بنڕا لەدەست دەدات و قوماری تەمەن دەکات ساڵەکەی با دەیبات .
ساڵی ٢٠١٦ وەکو بڕمەند بریندارکەربوو ساڵێک کە بۆ برینی کوردبوون زۆر بەسوێ و پڕژان ، ساڵێک پڕ لە ڕژانی خوێنی کوردان و بەهەدەردانی ئامانجی نیشتیمانی بوو ، پڕ لە ساویلکەیی و خۆبەدەستەوەدان و پڕ لە سازش و دەستەبەسەری و دانەوان ، پڕ لە مرداربوون لە نەوتدا و دەستخەڕۆ بوون لە فەریکە سیاسەتدا ،ساڵیک تژی لە چەقبوستوویی گەندەڵی و بەستەڵەکی چاکسازی، ساڵێک ئەو هەرێمە تێیدا گەیشتە ترۆپکی دووڕوویی و فیشاڵی سیاسی ،هەرزانتین سینارێۆیی سازان و یەکخستنی لایەنەکان،سالێک پڕلە دووڕوویی پوچی ئەدەبی و هونەری ، دووڕوویی و داڕوخانی کومەڵایەتی ، لەو ساڵەدا بەشە ناڕازی و قوتزەوتکراوەکەی کۆمەڵگە بە دووڕوویی سەرقاڵی ماروپێێژەی خۆوەشاندان و بە خۆپێشاندانی دروستکراو خەریک بوون ، بەشە ڕازی و نەوتقۆرخکەرەکەی هەر خەریکی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی وحیزبی بوون .
٢٠١٦ساڵێک بوو وەک مووس ڕوشاندمی و جۆرەها برینی دروست کردن و ڕۆژەکانی پڕ لە خوێ بوون و زامەکانی ئەودیوئەودیو کردن ، ساڵێک نیوەی تیژ لەلەندەن تێپەڕی و شوختی بەزەبری بە تەندروستیدا هێنا ، ساڵێک دووبارە پڕ لە گێژەنی دەستهەڵگرتن و سەرهەڵگرتن لە کوردستان ، ساڵێک وەک دەستتاڕ متمانەی هاڕی ، ساڵیکی وەک چەقۆ لە پشتەوڕا بریندارکەر .

لەسەردەمی خێرایی دا سیاسەت ساڵی بۆخۆی قورخکردوە ، پتر لەهەر شتێک ئەوەی ئەو حەوت ملیارد مرۆڤەی سەر ئەو ئەستێرەیەی گێژ کردوە هێرشی تیرۆریستی، هەڵبژاردن ، داهێنانی تەکنەلۆژیا ، بازرگانی نەوت . سیاسەت لەڕێگەی مێدیایەوە بەهۆی بازرگانەکانی هەواڵ و لە شاشەکانیانەوە موگناتیسانە زەینی لەسەدا نەوەدی مرۆڤەکانیان ڕاکێشاوەو قوڵاپتێکردوەو بەدوای خۆیاندا ڕایانەکێشاوە، لەکۆی ئەو ٣٦٦ ڕۆژەی ساڵدا مێشکی مرۆڤ کەم رۆژی تیدایە سیاسەت بۆخۆی نەیکێڵی .

لەو سەردەمەدا ئەگەر سەرنج لە تێپەڕینی ساڵ بدەین دەبینین ساڵ چۆن مرۆڤی کردوە بە سەنتەرێکی کاڵا ئایکۆنێکی بازرگانی ، مرۆڤ بەبەردەوامی سەرقاڵە بە کۆکردنەوەی کاڵا بەجۆری جیاواز ، ئەوڕۆ لەپاش قوڵاپەکانی سیاسەت چەقۆیەکانی جوانکاری و شاشەی سمارتفۆنەکان ئەو جیهانە بەڕێوەدەبەن و فیکر و جوانی و هونەر لە قولینچێکێكی گچکە سەرەتاتکێ لەگەڵ ژیان دەکەن .

ساڵ وەکو پەرجوو هەم لێت زیاد دەکا و هەم لێتکەمدەکا ، ماتماتیکیانە ژمارەیەکت پێوە دەنوسێنێ و ژمارەیەکت لێکەمدەکا ، وەکو تیر ئەگەر بەوریایی نەیهاوێژی ئەوا ئەو دەتهاوێژێ ، بەو مانایەیی لەهەر ساڵێکدا ئەگەر ئامانجێک دەستنیشان نەکەی تا بیپێکێ ئەوا ساڵ دەتپێکێ و پلەیەک لەتەمەنت دێنێتەخوار مرۆڤ هەمیشە ترس ودڵەڕاوکێی هەیە لەو کەموزیادیەی لە ڕێگایەتی . ساڵی نوێ کە دێت وەکو شەمەندەفەر وایە ئەگەر دروست لەکاتی خۆیدا ئامادەنەبی ئەوا تیژ بەجێتدەهێڵێ ، وەکو فڕۆکەش ئەگەر سەردەکەوی دڵنیا نیت دەتگەیەنێتە شوێنی مەبەست یا نا! وەک کەشتی هەرگیز بە پیچەوانەی ئاراستەوە ناتوانین بجوڵێین .

نیگار نادر /١/١/٢٠١٧




ئێوه‌ خه‌ڵك به‌چی ده‌زانن؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

هه‌ر خۆیان كۆی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان په‌كخستووه‌ و كه‌چی له‌ پانێڵه‌كاندا سێڵفی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌گرن. بیره‌ نه‌وته‌كان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و هێز به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك ده‌جوڵێنن، كه‌چی له‌ پانێڵه‌كاندا به‌ ڕیز به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشتوون.
له‌ میدیاكانه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر و لایه‌نگر و هه‌واداره‌كانیان شیر و تیر له‌یه‌ك ده‌سون، كه‌چی خۆشیان له‌ پانێڵه‌كاندا به‌یه‌كه‌وه‌ پێده‌كه‌نن.
هه‌ریه‌كه‌ و چه‌ندان په‌یجی ئه‌له‌كترۆنی دروستكردووه‌ بۆ پشتیوانی له‌ خۆیان و هێرش بۆسه‌ر به‌رامبه‌ر، هه‌ریه‌كه‌و چه‌ندین شاشه‌ و ته‌له‌فزیۆنیان بۆ دژ به‌یه‌كتر دروست كردووه‌، كه‌چی له‌ پانێڵه‌كاندا له‌پاڵ یه‌كتریدا دانیشتوون و پێده‌كه‌نن.
هه‌ر ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌، هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ ئه‌م دۆخه‌یان خوڵقاندووه‌ كه‌چی خۆیان هه‌رچی كێشه‌ هه‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كتر نیانه‌.

باشه‌ ئێوه‌ خه‌ڵك به‌چی ده‌زانن؟ باشه‌ ئێوه‌ شه‌رم ناتانگرێ كوردستان له‌م دۆخه‌دا بژێت و ئێوه‌ش به‌ قات و ڕیباته‌ گرانبه‌هاكانتانه‌وه‌ له‌ پانێڵكانه‌وه‌ موحته‌ره‌م دانیشتوون و ئه‌وه‌ی بیری لێناكه‌نه‌وه‌ خه‌ڵك و كێشه‌ی خه‌ڵكه‌؟
هه‌ی له‌ گه‌نجه‌ ڕێكپۆشه‌كانی به‌ناو ئۆپۆزسیۆنی پێشوو؟ له‌ میدیاكانه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌ پانێڵه‌كاندا جوان جوان وه‌ك ته‌له‌به‌ی عاقڵ دانیشتوون و ته‌ماشای كامێرا ده‌كه‌ن. میدیاكانیان پڕ كردووه‌ له‌ شه‌ڕه‌ جنێو، هه‌وادارانیان به‌ كه‌لتوری جنێو به‌ ده‌سه‌ڵات گۆش كردووه‌، كه‌چی خۆشیان به‌ قات و ڕیباته‌وه‌ ده‌ڵێی له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتوون.
باشه‌ ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن؟ باشه‌ ئێوه‌ خه‌ڵك به‌چی ده‌زانن؟ له‌جیاتی كۆ ببنه‌وه‌ و بیرێك له‌ حاڵی خه‌ڵك بكه‌نه‌وه‌، له‌جیاتی دامه‌رزاوه‌كان ئه‌كتیڤ بكه‌نه‌وه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بۆمان ڕوون بكه‌نه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ بۆوای لێهات و كێ به‌رپرسه‌، كه‌چی سه‌ف سه‌ف ڕیزیان به‌ستووه‌ له‌ پانێڵه‌كاندا و خۆیان له‌به‌رده‌م كامێرادا عه‌رز ده‌كه‌ن.

نوخبه‌ی سیاسی كوردی، پاڵه‌وانانی سه‌ر شاشه‌ و پانێڵه‌كان، نه‌ك جارێ به‌ڵكو هه‌زار جار بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ توشی بێئومێدیمان ده‌كه‌ن كه‌ ئێوه‌ی به‌تاڵ و حه‌تاڵ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ن.
من نازانم ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم یان خه‌له‌لێك له‌ عه‌قڵی ئێوه‌دا هه‌یه‌، یان نه‌قسێك له‌ ده‌ماغی لایه‌نگر و هه‌واداره‌كانتاندا هه‌یه‌. من نازانم ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم یان خۆتان زاكیره‌تان له‌ده‌ست داوه‌، یان خه‌ڵك به‌ مێگه‌ل ده‌زانن.




نیشتیمانی وێران … به‌ختیار محه‌مه‌د

ته‌حه‌ددا ده‌كه‌م له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستاندا یه‌ك حزبی نیشتیمانیی ئازادیخوازی دیموكراسیخوازمان نییه‌: هه‌موو حزبه‌كان (كه‌م و زۆر و هه‌ ر یه‌كه‌و به‌ ئه‌ندازه‌ی خۆی) ده‌سه‌ڵاتخوازن و ئه‌وانی دیكه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.
هه‌موو حزبه‌كان ڕۆحی دیكتاتۆریه‌تی به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ (كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پره‌نسیپی شۆڕشگێڕایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ دژه‌)؛ بۆیه‌ش كوردستان به‌م ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌ی ئه‌مڕۆی گه‌یشتووه‌.
تۆ هێشتا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی فه‌رمیت نییه‌ (واته‌ ده‌وڵه‌ت نیت) ئه‌وی دیكه‌ قبووڵ ناكه‌ی، ئه‌دی ئه‌گه‌ر هاتو ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ت هه‌بوو، ئه‌وسا چی له‌ ئه‌وی دیكه‌ ده‌كه‌ی؟ بێ گومان هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ده‌ده‌ی.
به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ كورد ناتوانێ بگاته‌ كه‌ناری ئارامی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی. نه‌ته‌وه‌یێك نه‌توانێ له‌ به‌رانبه‌ر خۆیدا ئازادیخواز و دیموكراسیخواز بێ، ناتوانێ به‌رانبه‌ر گه‌لانی دیكه‌ش (به‌ نموونه‌ كه‌مینه‌كانی ناو كوردستان) دیموكراسیخواز و ئازادیخواز بێ.
ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مین شت لای حزبه‌ كوردستانییه‌كان (به‌ تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتدارانی) پرسی سه‌ربه‌خۆییه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێ حزب بخه‌نه‌ بن پێی نیشتیمانه‌وه‌ (مرۆڤه‌وه‌)، نه‌ك نیشتیمان و مرۆڤ بخه‌نه‌ ژێر پێی حزبه‌وه‌. نیشتیمان دایكی حزبه‌، نه‌ك حزب دایكی نیشتیمان بێ. مرۆڤیش سه‌روه‌ری هه‌ردووكیانه‌، نه‌ك ئه‌وان سه‌روه‌ری ئه‌و بن.
ڕاستییه‌كه‌ی ده‌بێ حزب له‌ خزمه‌تی مرۆڤ و نیشتیماندا بێ؛ ئه‌گه‌ر حزب ئه‌مه‌ی نه‌كرد، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌زگایه‌كی سیاسی وێرانكه‌ر: له‌ مێژووی سیاسی هاوچه‌رخماندا، به‌عسیاتی و فاشیاتی و نازیاتی ئه‌و ده‌زگا و ئایدیۆلۆژیایانه‌ن، كه‌ نیشتیمان و مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی وێران ده‌كه‌ن. لێره‌وه‌ حزبی كوردی (دیموكراتیخواز) ده‌بێ وه‌ك ئامرازێك خزمه‌تكاری به‌ها باڵاكانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بێ و خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نیشتیمان بكا؛ نه‌ك نیشتیمان ببێته‌ قوربانی ده‌سه‌ڵاتی حزب، وه‌ك ئه‌وه‌ی (26) ساڵه‌ له‌ باشووری كوردستاندا ڕوو ده‌دا.

به‌ختیار محه‌مه‌د




کیمیابارانی شارە دێی نۆتشە … دکتۆر ناجح گوڵپی

ڕۆژێک دوای کیمیابارانی شاری هەڵەبجە واتە لە 17/3/1988 دا و بیستونۆساڵ پێش ئیستا ،ڕژێمی دڕندەی بەعسی عیراق شارەدێ نۆدشەی هەورامانی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆردومان کرد بە چەکی کیمیایی جۆری خەردەل،پاش هەفتەیەک و لە 24/3/1988 بۆ جاری دوەم و لە 2/4/1988 دا بۆجاری سێهەم ئەم شارە خۆشەویستە ی بۆردومان کردوە،لەئەنجامدا (104) کەسی مەدەنی لە منالو ژنو پیر بونە قوربانی و شەهید بوون،وە زیاتر لە (700) بریندار کەوتن، تائیستاش بریندارانی ئەم تاوانە بەهۆی کاریگەری برینەکانیانەوە بەیناو بەین و ساڵانە گیان دەسپێرن.
شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوای کیمیابارانکردنی شارەکە سەردانی نۆدشەی کرد بۆلێکۆڵێنەوە ،لەئەنجامدا بۆیان سەلمێنرا کە چەکی کیمیایی لەو شارەی داوە لە جۆری خەردەل(mustard chemical weapon ) .
هەر لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجە ،ڕژێم بە فرۆکەکانی بەدوای ئەو خەڵکانەوە بوو کە لە کیمیابارانەکەدا دەرباز بووبوون،ڕیگاکانی دەرچون لەشار هەتا دەگاتە دیوی ئێران بۆردومانی دەکردن، واتە لە 17/3/1988 و جەندڕۆژێک بەدواوە بۆردومانی زۆرێک لە ڕێگا سنوریەکانی بەرەو ئیران بەردەوام بوو، لەوانە ڕێگای دزڵی -دەربەند دزڵی-دەرناخی-زەکەریا-بیەکەڕە) ،لەبەردەم گوندی دەرناخی پیاوکی خەڵکی گوڵپی هەورامان بەو بۆمبارانە شیمیایە شەهید بوو،دەیانی تریش بریندار بوون.
ڕژێم دەیان گوندی سەرسنورەکانی بۆردومان کردوە، لە شارستانی پاوە بگرە هەتا مەریوان و دەگاتە سەردەشت ، بەلام بەداخەوە هۆکارەکەی نازانرێ بۆ چی ناوەکانیان تۆمار نەکراون.
من دوێنی بەهۆی بلاو کردنەوە وتارێک لە ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجەدا، هاوڕیەکم (سابیر چەوساوە) وتی من شاهید بووم جەند ڕۆژێک دوای کیمیابارانی هەڵەبجە گوندی (نژمار) کیمیاباران کرا،وە نزیکەی (50) شەهیدو زیاتر لە 150 برینداری هەبوو،دواتر هەوڵمدا لە ئینترنێت بگەڕێم و بەدواداچون بکەم ، بەفارسی هیچم دەس نەکەوت،پاشان وتاریکم دیت لە ماڵپەری کوردستان نێت کە باسی لە کیمیابارانی گوندەکانی (نژمار و بالک )ی دەکرد ،کە دووگوندن سەر بە شارستانی مەریوان، دەلێ لەڕۆژی 16/3/1988 ئەم دووگوندە بۆردومان کران، سەرچاوەکە ئاماژە دەکات بە ژمارەی قوربانیان کە 300-400 شەهیدە، گوندی چۆڕ بەهاناینەوە چوگن ،شەهیدەکان لە قەبرسانی چۆڕ ئەسپەردە کراون، هەروەها گلەی کردوە لە کۆماری ئیسلامی و حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات کە باسی ئەم تاوانەیان نەکردوە، دواتر گەرانەکەم بەردەوام بوو،دەرکەوت لەوڕۆژانەدا واتە دوای کیمیابارانی هەلەبجە بە چەند ڕۆژێک و مەزندە دەکرێ لە 22/3/1988 دابوبێ واتە چوار تا پینج ڕۆژ دواتر ( بەگوێرەی سەرجاوەکان) گوندەکانی ( نژمار،بالک ،دەگاشیخان،نێ) کیمیاباران کراون.
پێش کیمیابارنی هەلەبجە ڕژیم گوندی قەلاجی و قەلاگای لەسەر جادەی مەریوان سەوڵاو بۆردومان کرد، و(3) کەس شەهیدو زیاتر لە (30 ) برینداریان هەبوە،خەڵکی گوندەکە زانیاری و ئاگایان لەم جۆرە چەکە نەبووبوو ،بۆیە بە هۆی تەماشاکردنی شوینی بۆمبەکەوە برینداربوبون، لەکاتیکدا بۆمبەکە لەناوە مەزرایەکی بەردەم ئاوایی کەوتبوو.
ڕژێم بۆردومانی ئەم شوێنانەی بە گازی خەردەل دەکرد ،تاکو کاریگەەری درێژ خایەنی هەبێت و بمێنێتەوە لە سەرژینگەی ناوچەکەو ،هەروەها لەسەر مرۆڤیش.

دکتۆر ناجح گوڵپی
17/3/2017




بۆپێشەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بە فۆرم و کاراکتەرێکی تازەوە دێتەوە مەیدان

لە ئایندەیەکی نزیکدا، بۆ پێشەوە، وەکو بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی، هەر ١٥ رۆژ جارێک بڵاو دەبێتەوە. ئەم بڵاوکراوەیە وەکو نوکی تیژی رەخنەی کرێکار لە سەرمایەداری و سەرجەم نەهامەتیەکانی، هەروەها لە هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردن و گرفتاریەکانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ، دێتەوە مەیدان. بۆپێشەوە بە رۆڵی خۆی تێدەکۆشێت لە پێناو ئامادەکردنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دنیا سەروخوارەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلدا.
بۆپێشەوە لە رابردوودا وەکو بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری حزبی مێژوویەکی درەخشانی پڕ لە بوێری هەیە و لە رۆژگارێکدا کە بڵاوکراوە ستایشکەرەکانی دەسەڵات و پاساودەرەکانی ستەم و هەڵاواردن و نەهامەتی، کتابخانە و شەقامەکانی شارەکانی کوردستانیان تەنیبوو، وەکو دەنگێکی دلێر لەسەر مافی کرێکار و دەستفرۆش و بێکار و ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و ئازادی و حورمەتی مرۆڤەکان یەخەی دەسەڵات و زۆردارانی دەگرت. لە بەرامبەر کۆنەپەرستی و دواکەوتووی و نەتەوەپەرستی و پیاوساڵاری و سەرکوتدا، بانگی بۆ پێشکەوتن و یەکسانی و ئازادی و هاوچارەنوسی مرۆڤەکان و زاڵکردنی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر چارەنوسی خۆیدا دەکرد. بۆپێشەوە لە رابردوودا چاوی نەوەیەکی لە ئاست راستیە شارەوەکانی ئەم دنیا سەرەو خوارە کردەوە. بۆیە دەسەڵاتداران هەمیشە وەکو گێرەشێوێن و تابوری پێنجەم و لە نەرێت و یاساو رێسا بەدەر ناویان دەبرد، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر لێی دەترسان رقێکی ئەستوریان بەرامبەری هەبوو. لە ساڵی ١٩٩٦ لەسەر بڵاوکردنەوەی وتارێکی رەخنەگرانە لە روانگەی ئیسلام بۆ ژنان بە ناوی “ئیسلامیەکان پەیامی کۆیلایەتی و ئیغتسابی ژنان رادەگەیەنن” لە نوسینی رێبوار ئەحمەد، بۆپێشەوە لەلایەن دەسەڵاتەکەی یەکێتیەوە داخراو چاپ و بڵاوکردنەوەی یاساغ کرا و دوای ئەوە رێگایەکی سەخت و دژواری بڕی و سەرئەنجام چەندین ساڵە راوەستاوە.
هەرچەندە ئەم جارە بۆپێشەوە بە فۆڕم و کاراکتەرێکی نوێوە دێتەوە مەیدان، وەکو بڵاوکراوەیەکی سۆسیالیستی کە زمانحاڵی حزبی نیە، بەڵام بە تەواوی گفت دەدات کە وەفاداری شێلگیری رێبازی خۆی بێت. فۆڕم و کاراکتەری نوێی تەنها رەچاوکردنی هەلومەجی ئەمرۆیی و لەبەرچاوگرتنی پێویستی سازدانی مینبەرێکە بۆ هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و رەخنەگرانە کە هەموو شەقام و گەرەک و ناوەندی کار و خوێندن و زەمین و ئاسمانی کوردستانی داگرتووە، لە دژی دەسەڵاتی ستەمکارانەی بنەماڵەکان و چاوچنۆکی سەرمایە و کۆنەپەرستی. لە رابردوودا بۆپێشەوە زمانحالی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو، ئەوەی ئەوکات تەنها ئەو حزبە دەیگووت بەرامبەر هەلومەرج و دەسەڵاتی بورژوای کورد، ئێستا لەسەدا نەوەتی خەڵکی کوردستان دەیڵێتەوە. بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە لە جیاتی ئەوەی بۆپێشەوەی نوێ زمانحاڵی حزبێک بێت، پێویستە زمانحاڵی توڕەیی و نەفرەتی ئەو لەسەدا نەوەتەی خەڵک بێت. ئەمە جیاوازی سەرەکی کاراکتەری نوێی بۆپێشەوەیە بە پێداگری توند لەسەر رۆڵی مێژووی و بوێری و رێبازی رابردووی خۆیەوە.
بۆپێشەوە مینبەری چینی کرێکار و رابەرانی سۆسیالیست و خەباتکاری ئەم چینەیە. مینبەری چەپ و کۆمۆنیستەکان، رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، ژنانی تورە لە ستەم و بێمافی و پیاوسالاری و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لاوانی هیوا خنکێنراو پڕ ئومێد، زەحمەتکێشان… و هەموو ئەو ئینسانانەی دڵیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری لێدەدات… دێتە ناو گۆرەپانی میدیایی کۆمەڵگای کوردستانەوە. بۆپێشەوە نەک تەنها وەکو سەکۆیەکی لێبراو سازشهەڵنەگر، لەدژی بیروباوەری زاڵی کۆمەڵگا بە تایبەتی نەتەوەپەرستی ناسیۆنالیزم و کۆنەپەرستی ئیسلامی دەجەنگێت، بەڵکو هاوکات دەچێتە بەرامبەرکێی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەفکار و سیاسەت و نەخشەی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیەکانی کوردستان و نوسەران و میدیای گوێ لەمستیان. وە هەوڵی بێدرێغ دەدات کە بیروباوەری زاڵ، کە بیروباوەری چینی دەسەڵاتداری کوردستانە، بەر رەخنە بدات لە جێگایدا روانگەی ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و نەخشە و رێگاو مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شایستەی ئینسانی، بخاتە روو.
بێگومان دەرچوونی بڵاوکراوەیەکی وەکو بۆپیشەوە، لە هەلومەرجی ئیستای کوردستاندا، لە کاتێکدا بۆرژوازی و حزب و هێزەکانی بە ناوی جیاجایی حزبی و ناحزبی، سەربەخۆ و سێبەر و ئەهلی، پاوانی سەرجەم میدیای نوسراو بینراو بیستراو، سەرجەم ناوەندەکان و کایەکانی میدیاییان بەهۆی سەرەوت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە، کردووە، تا ئیدە و بیروباوەری دواکەوتوانە و دژی ئینسانی بڵاوبکەنەوە، تا سەرەوخوار بوونی کۆمەڵگا، بشارنەوە. تا لەچوارچیوەی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بانگەشەی درۆ بۆ دەسەڵاتی خەڵک و ئازادی و چاکسازی و دیموکراسی و وەهمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئایندەی سیاسی کورستان لە ژیڕ سایەیاندا، بکەن، وەکو ئاو بۆ تینوەکان و نان بۆ برسییەکان، ماف بۆ بێمافەکان، ئازادی بۆ سەرکوتکراوەکان، سەربەخۆیی بۆ لکێنراو و داگیرکراوەکان… گرنکی چینایەتی، هەیە.
بۆ ئەوەی بۆپێشەوە لە راستای جێبەجێکردنی ئەو ئەرک وپەیامە، گەورە و ئینسانیەدا، سەرکەوتوبێت… پێویستی بە هاوکاری بەردەوامی کۆمۆنیستەکان و تەواوی بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کۆمەڵگا هەیە. چاوەروانی سەخاوەتمەندانە لە کۆمۆنیستەکان و رابەرانی کریکاریی و لە هەڵسوراوانی بزوتنەوە نارەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، لە هەموو ئازادیخوازێکە لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم پرۆژەیدا، هاوکار و لەگەڵمان بن…
مەوازینی بۆ پێشەوە

• بابەتەکانی بۆ پێشەوە جگە لە “گۆشە و تەوەرەی تایبەت” بەگشتی تەعبیر لە خەتی سیاسی و فکری و دنیابینی کۆمۆنیزمی مارکس و کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکات.
• بۆ پێشەوە، هیچ بابەتێک بڵاوناکاتەوە کە پێشتر لە شوێن و کەناڵی تری میدیای نوسراو و بینراو و بیستراودا… بڵاوبووبێتەوە.
• سەرنوسەر ئازادە لە قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی هەر بابەتێک کە بۆی دێت…لە حاڵەتی بڵاونەکردنەوەی هەر بابەتێکدا، سەرنووسەر هۆکاری بڵاونەبوونەوەکەی بە خاوەنەکەی رادەگەیەنێت.
• بابەتی بڵاوبوەوە لە بۆپێشەوەدا، ئەوکاتە لەلایەن خاوەنەکەیەوە مافی بلاوبوونەوەی هەیە، کە بۆپیشەوە بڵاوبۆتەوە. راسپاردەی بۆپێشەوەیە، کە خاوەنی بابەتەکە ئاماژە بە ناو و ئەو ژمارەیەی بۆپێشەوە بدات کە بابەتەکەی تیادا بڵاوبۆتەوە.
• هەڵەبری وتارو بابەتەکان، ئەرکی خاوەنی بابەت و وتارەکانە و سەرنووسەر بەرپرس نییە لە هەڵەی ئیملایی بابەتەکان… بۆیە هەرکەسێک کە بابەت یان وتار بۆبۆپێشەوە دەنێریت، ئەرکیەتی هەم هەڵەبری ئیملایی و هەم رەچاوی رێنوسی زمانی ستانداردی کوردی بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی بڵاوبونەوە بۆ وتارەکەی بکاتەوە.
• ئەولەویەت بۆ بابەتی کورتە…
• بابەتەکانتان دەبێ بە فۆنتی یونکورد بنووسرێن. ناو و وێنەی خۆتان و لەگەڵ مێژووی نووسینەکانتان، بنووسن.
• ئەولەویەت بۆ بابەتی کورتە..
• سەرنووسەر ئازاد و بەرپرسە لەوەی ستافی جێگیر بۆ گۆڤارەکە، سازبدات.

بۆ ناردنی هەر بابەت و راپۆرت و هەواڵ و سەرنج و پێشنیارێک، وە بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ بۆپێشەوە سود لەم ئەدرەس ئیمێڵەی خوارەوە، وەربگرن.

bopeshawa@gmail.com




گه‌مه‌ شاراوه‌كانی با (4) …. نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

” ئه‌م ده‌قانه‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ عه‌ره‌بی نووسراون .
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر( نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د )
به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نووسه‌ر كردوونی به‌ كوردی .”

به‌شی چواره‌م

(1)
بێده‌نگی وای لێهات بچێته‌ ڕیزی شته‌ ده‌گمه‌نه‌كانه‌وه‌ ..
ئازاری خۆَ لێك سوین ،
ڕۆژگاری دێرینمان دێنێته‌وه‌ یاد
ڕۆژگاری ده‌سماڵ و نهێنی ماچی شه‌رمن ..
كه‌ تێكڕای گه‌ردوونی گڕ ده‌دا
ئیتر سپێده‌ فریامان ناكه‌وێ ..
له‌ ڕۆژگارێكدا ،
گوڵه‌گه‌نمه‌كان له‌ ترسا ده‌له‌رزن و
ئاسمان له‌ عه‌شقدا ده‌گری ..
سیمای تۆ ،
له‌گه‌ڵ ڕووناییدا ده‌رده‌كه‌وێ
كه‌ له‌ شاره‌ پێخواسه‌كاندا هاتووه‌ ..
سرووته‌كان له‌و كه‌نارانه‌ ده‌چن
ڕووبار جێده‌هێڵن ..
شادی به‌سه‌ر چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ك ڕاكشاوه‌
هه‌ناسه‌ سواران ،
له‌ زبڵدانی مێژوو و جوگرافیادا كۆیان كردووه‌ته‌وه‌ .
من بۆی ده‌رده‌چم ..
باڵده‌گرم ..
با مۆم له‌سه‌ر ته‌پۆلكه‌كاندا پێبكه‌ین ..
زه‌وی شه‌وگار ده‌پۆشێ
مه‌مكی تۆش ، به‌ ئاهه‌نگی ئاخ ده‌له‌نگێنه‌وه‌ ..
پێخه‌فێكی خاڵی
خشه‌خشی گه‌ڵای تێدا گڕ ده‌گرێ ..
خامۆشیی شه‌وگار ،
فرمێسك چه‌ند هه‌نگاوێك دوورله‌ ئێمه‌وه‌ ده‌رژێن
ناكاو
هه‌ست به‌ خۆمان ده‌كه‌ین كوژاوینه‌ته‌وه‌ ..

10\4\2005

(2)
شه‌ڕێك له‌ نێوان باڵی نه‌وره‌سه‌كاندا بوو
هاوڕێكه‌م وای ده‌گووت ..
له‌ كاتێكدا وه‌سفی برژانگه‌ ته‌ڕبووه‌كانی ده‌كرد
به‌ فرمێسكی تیمساحانه‌ ،
وه‌رزه‌كان مژده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خانمی پیرۆزتان پێ نییه‌ ؟
پروشه‌یه‌ك له‌ بۆن
به‌سه‌ر هه‌وره‌ كۆچه‌ریه‌كاندا پاڵی لێ‌ داوه‌ته‌وه‌ ..
بۆن ، ده‌بینرێ .. بۆن ناكرێ
وه‌ك ده‌زانی سه‌رده‌م ، سه‌رده‌می بینینه‌..
شتگه‌لێك ده‌بینین ، بۆن ده‌كران ..
هی دیكه‌ش بۆنیان ده‌كه‌ین ، ده‌بینران ..
ئێسته‌ زانیم چی له‌ شه‌وێكی ساردا نوقمی كردووی
نوقمی كردووی و
به‌ دزیه‌وه‌ ماچی ته‌نگه‌تاوت ده‌برد
ئێسته‌ تێگه‌یشتم
بۆچی ماندووی؟
خۆت بۆ چه‌ند ……… داوێیه‌ باوه‌شانه‌وه‌ ،
كه‌چی هیچ له‌ مانای ئامێز ناگه‌ی
چ زه‌مانێكی بێ ئه‌مه‌كه‌ ، ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێمه‌
له‌ ئاسۆیه‌كدا په‌یكه‌رێكی هه‌ڵكۆڵدراو
له‌ گه‌رد و
له‌ ڕوونایی پێكه‌وه‌
ئای كه‌ سه‌یره‌ !
ئه‌م ڕۆژگاره‌ بێ ئه‌مه‌كه‌ی ئێمه‌
له‌ تێكشكانێكه‌وه‌ بۆ تێكشكانێكی دی
ده‌مان هێنێ و
ده‌مان با..
پشیله‌ی ده‌سباز…!

15\5\2005

(3)
نه‌سیم هه‌ڵدایسێ و
نوور هه‌ڵده‌كا ..
ژیان بێ ڕوانگه‌ ..
له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی سواڵكردنی پۆست مۆدێرێنێته‌دا
سواڵكردن ، ته‌نانه‌ت له‌ خۆشه‌ویستی و ڕقدا
ئه‌وه‌تا بازاڕه‌كانیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌
ئازاریان ڕۆژگاری پێ داده‌پۆشرێ ..
نادیاران به‌ دوای خۆیدا به‌ جێبێڵێ ..
مه‌مكی وای تێدا ده‌له‌رێنه‌وه‌
ئێستاش مژده‌ی به‌هارێكی دییان پێیه‌ ..
په‌نجه‌ره‌كان داخراون ..
هۆزگه‌لێكیش كه‌ خه‌ریكی دروست كردنی تاریكین
له‌ گۆشه‌یه‌كدا نیشته‌جێن
له‌ هه‌موو شتێك داماڵدراوه‌ ..
ڕۆژگارێكی نوێ بێگومان دێت
خه‌ریكه‌ ئێمه‌ به‌ زۆری بچینه‌ ناویه‌وه‌
كه‌چی خه‌ڵكی تر خه‌ریكن به‌جێی دێڵن ..
كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی وه‌همیش
خاوه‌نی لێپرسراویه‌تی بێ سنوور ..
ئیدی له‌ كوێوه‌ نه‌سیم هه‌ڵده‌كا ؟
به‌ چ ئاراسته‌یه‌ك ڕووناكی تیشك داوێ ؟
كه‌ شه‌وق
به‌ ڕق و فێڵ ده‌وره‌ دراوه‌ ؟!
ئای هاوڕێكه‌م !
ئه‌سه‌ف !
ئێشی ڕۆژگار هه‌ند زۆرن ، له‌ ژماردن نایه‌ن …

6\6\2005

(4)
چاره‌نووسمان ڕوو له‌ گوڵه‌ زونبوقه‌كانه‌
به‌ ئاسۆی سپێده‌ده‌مان خۆیان ده‌شۆن ..
شیعره‌كانمان ئاره‌زوو ده‌كه‌ن تیپ و وشه‌كانیان جێبهێڵن
تیشكی ڕاوه‌دوونراو
تاریكاییه‌كیش خۆی به‌سه‌ر سه‌رینی حه‌سانه‌وه‌دا داداوه‌ .
چه‌ندی چیرۆك و هه‌قایه‌تان ده‌پشكنم
حیكمه‌تێك نابینم
یارمه‌تیم بدات
ده‌ستم به‌ بازنه‌ی ترس ڕابگا ..
ڕووت له‌ منه‌
ڕووبارێكی شێت
ڕێژنه‌گه‌لێك له‌ سۆز ،
تێری ده‌كه‌ن ..
مه‌مله‌كه‌تیش
گوێ له‌ خششه‌ی گه‌ڵاو
ناڵه‌ی ڕێگا و
ئاخ و ئۆفی ڕووبار و دۆڵان ناگرێ ..
گۆشه‌كانی وه‌جد شووره‌ ده‌وره‌ی داون .
ماچی ساخته‌ له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كاندا
بێ تام و بۆ ..
ئا ئه‌وه‌یه‌ به‌شێك له‌ ده‌نگوباسی
زه‌مانی سپڵه‌ و
سه‌رده‌می شادیی مردوو و
ئازادی ڕازاوه‌ و
نیشتیمانی خه‌مبار ،
داماو له‌ نێوان ئاو و كاره‌بادا ..

5\7\2005

(5)
داوای په‌نابه‌ریم
له‌ مه‌مله‌كه‌تی مه‌مكه‌كانت كرد
منی كه‌ نه‌ ماڵ و نه‌ نیشتیمانم هه‌یه‌ ..
نیشتیمانی من جه‌سته‌ی تۆیه‌ ..
ڕه‌وه‌ گورگیان تێدا نیشته‌جێیه‌ ..
ئه‌ی ئافره‌ته‌ شینه‌… حه‌رباكه‌ …!
بڕیارم دابوو چیتر مێرگی نیگاكانت جێنه‌هێڵم
كه‌ پڕن له‌ شتی نائاسایی ..
چرپه‌كان ..
لۆچی ڕۆژگاری سپڵه‌ ده‌رمان ده‌كه‌ن ..
ڕۆژگاری گومڕایی و شه‌و
پۆشینی ژاكان
ڕۆژگارێك ، هه‌ر ڕۆژێ به‌شێك
له‌ بێگوناهیت ده‌كرۆژێ ..
وشه‌كان ون بوون
نیشتیمانی جه‌سته‌یشت
ئه‌وه‌نده‌ی گازی لێ بدرێت شێوێندراوه‌ ….
وه‌ك جاران نییه‌
سێوێكی ته‌ڕ ..
به‌م جۆره‌ و
له‌ كۆتاییدا بڕیارم دا ،
به‌ لاتی بژیم ..
داوام له‌ مه‌مله‌كه‌تی مه‌مكه‌كانت بكشێمه‌وه‌
كه‌ ڕه‌وه‌ گورگی دڕنده‌ تێی به‌ربوون …
نۆشت بێ..!
كازیوه‌ و
نیوه‌ڕۆی درۆزن و
شه‌وه‌ ئه‌موسته‌چاوه‌كان
له‌ نێو باوه‌شی هه‌وه‌سبازاندا ..
نۆشت بێ ئافره‌تی حه‌ربا !
ئافره‌ته‌ ده‌ست بازه‌كه‌ !

12\7\2005

(6)
بێباكی له‌ بێنی بردین ..
خه‌مساردی كوشتمانی ..
په‌راوێزی كردین ..
وه‌ك ده‌بینی سه‌رده‌م سه‌رده‌می خه‌مساردییه‌
هه‌ناومان ده‌خوا و
یاریی به‌ خه‌ونه‌ دواخراوه‌كانمان ده‌كا ..
چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هێشتا له‌ ئاسۆ ڕا دیاره‌
مانگ ڕه‌نگ زه‌رد ..
سه‌دای به‌نده‌رانیش
به‌ناو دڕك و ئه‌ستری خه‌مساردیدا تێده‌په‌ڕێ ..
منداڵیی شتان ،
شه‌وقێك له‌ چه‌قی ڕێگادا ،تیرۆركراوه‌ . .
ئاڵای داگیركراو
بێهووده‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌ ..
چه‌ند هه‌نگاوێك جێوبالنگانی ئه‌وسه‌ر
جووت بوون و
پێخه‌فی وا ،
بۆنی لێ دێ …
په‌نجه‌ره‌كان داخراون
نوور هێشتا له‌ بێشكه‌ دایه‌ ..
ژیانیش بێ ڕوانگه‌ ..
گه‌له‌ده‌نگێك له‌ لوتكه‌وه‌ خلۆر ده‌بنه‌وه‌ ..
هی تریش له‌گه‌ڵ هه‌وراندا لێ ده‌چنه‌وه‌ ..
گه‌رداوێكیش خۆی به‌ ته‌لانان هه‌ڵپه‌ساردووه‌ ..
ڕه‌نگ هێمای خۆی هه‌یه‌ ..
خه‌مساردی و گوێ پێنه‌دانیش …
چه‌ندان هێما ،
با ئه‌م ڕووباره‌ جێ بێڵین و
جوانی ئه‌به‌دی بدۆزینه‌وه‌ و
شكست به‌ خه‌مساردی بێنین
له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا
خۆرێك هه‌ر هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ هه‌ڵدێت ..

2\8\2005

(7)
هه‌قایه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خشانه‌دا درێژ ده‌بنه‌وه‌
بۆ پیاسه‌یه‌ك دابه‌شمان كردن ..
سۆزێكی ڕووت ..
هه‌ستی پێ ده‌كه‌م
به‌و شیعرانه‌ ده‌گه‌ن
بروسكه‌ی عه‌شقێكی گه‌رم ڕفاندبوونی .
شه‌پۆلگه‌لێك له‌ سپێده‌و ئێواره‌مان له‌ بۆسه‌دان ..
گوڵه‌كانمان له‌ ژمار نایه‌ن ..
گوڵه‌كان له‌ ژمار نایه‌ن ..
په‌پووله‌ له‌ ژمار نایه‌ن ..
بێگومان خۆشه‌ویستیش نایه‌ته‌ ژماردن ..
پۆشاكێك له‌ ڕه‌نگی پیرییه‌تی
((خانه‌ی بكوژ)) تێم ناگا
من ،
كه‌ سرووتی پیرۆز ،
به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ ..
نیشتیمانێك له‌ نێوان هه‌نگوین و ژاڵه‌دا
نیشتیمانێك له‌ نێوان بێده‌نگی و هاواردا
له‌ نێوان درۆ و ڕاستیدا
به‌ره‌و كوێ ده‌چین ؟
دادپه‌روه‌ری بووه‌ به‌ كه‌مالیات
ئاره‌زووبازی له‌ خۆشه‌ویستی به‌هێزتره‌ .
ساتێكی شه‌رمنه‌
خه‌ونه‌كانمان به‌ پێی په‌تی له‌ شه‌قامه‌كاندا ڕاده‌كه‌ن ..
ساتێكی شه‌رمنه‌
كه‌ هاوین ئه‌و مه‌مكانه‌ ده‌شارێته‌وه‌
بۆنی یاسه‌مینیان لێ دێ ..
له‌م ڕۆژگاره‌دا
پیشه‌سازیه‌كی چه‌ند قورسه‌ ،
پیشه‌سازی خۆشه‌ویستی ..

9\8\2005

(8)
هێشتا خه‌ون ،
گه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كاندا ده‌كا .
ئاسۆی وا عه‌كس ده‌كاته‌وه‌ ،
شایانی ڕوانینه‌ شینه‌كانی تۆیه‌ ..
ڕۆژگار به‌ هه‌ناسه‌بڕكێیه‌وه‌
وه‌ك فرمێسكی ،
ئه‌و ئه‌شكه‌وتانه‌ی به‌كه‌زیه‌كانت
شه‌خته‌ به‌ستوو ، شۆڕبوونه‌ته‌وه‌ ..
جه‌سته‌یه‌ك كه‌ڵبه‌ی وا كێڵاویانه‌
شتێك له‌ زانستی ساو و لێكه‌وتن نازانن ….
هه‌ندێك جار گوێ ناده‌مێ
له‌ برینه‌ خوێن لێ چۆڕاوه‌كانم ده‌خۆمه‌وه‌ و
زه‌نگت بۆ لێ ده‌ده‌م
كه‌چی له‌ بێده‌نگی زیاتر نابیسمه‌وه‌ ..
بۆ هه‌ركوێیه‌ك ده‌چم ته‌نیایی هاوڕێمه‌
شه‌و سارده‌.. سارد
منیش پڕم له‌ نائاساییه‌تی
نه‌مده‌ویست سێبه‌ری مه‌مكه‌كانت جێ بێڵم
به‌ڵام تۆ هاتی ناخی ناخمت هه‌ڵكۆڵی
هه‌موو مۆمه‌كانت كوژانده‌وه‌
ناچارت كردم شانۆگه‌ریه‌كه‌ كۆتایی پێ بهێنم و
په‌رده‌ داده‌مه‌وه‌ ..
بێ ده‌ستخۆشی.. بێ ئافه‌رین
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا
له‌ ئاسۆدا ،
هه‌میشه‌ خۆرێك هه‌یه‌
ئێواره‌م ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌ و
به‌ كه‌زیه‌ زێڕینه‌كانی دامده‌پۆشی ..

30\8\2005

(9)
هه‌ندێ جار له‌ بێ ئاگایی بێده‌نگیدا ،
ده‌نگت به‌سه‌رم داده‌دا ..
ده‌مبینی پاڵی پێوه‌ ده‌ده‌م
هه‌ورێكی دووگیان
ئازاره‌كانم ده‌گوشم
كه‌ بۆ هه‌ر كوێ ده‌چم له‌گه‌ڵم دان ..
ئومێدیش له‌ ڕێگه‌دایه‌ ..
خۆزگه‌ نه‌مدیبای
تا كاتێ‌ ڕقم لێت ده‌بێته‌وه‌
به‌ هێوری ڕقم لێت ببێته‌وه‌ ..
به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان ڕۆژانه‌ی
به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه‌ خۆشم ده‌ویستی..
كاتێك خۆشم ویستی به‌ توندیه‌وه‌ خۆشم ویستی ..
خه‌یاڵێك له‌ بۆنی گوڵانه‌وه‌
بۆم دێ ..
له‌ یه‌كه‌م ژوان دا مابووه‌وه‌ ..
وێنه‌كه‌ت ئه‌وه‌تا له‌ ته‌مومژه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
ڕووه‌ و برینه‌كان دێ
هه‌وڵ ده‌ده‌ین كات بگه‌ڕێنینه‌وه‌ دواوه‌
غه‌ریبین و له‌ تاریكیدا ڕاده‌كشێین …
نمه‌ی باران ته‌ڕمان ده‌كا ..
له‌ ته‌نیاییه‌كی بێ سنووردا سه‌وڵ لێ ده‌ده‌ین..
پێخه‌فمان ،
كه‌ به‌ جێخه‌وی فریشتان ده‌چێ ..
سه‌وڵ لێ ده‌ده‌ین ..
منیش به‌ گوێتدا ده‌چرپێنم .. خۆشم ده‌وێی
ده‌نگ دێته‌وه‌.. خۆشم ده‌وێی …..
ئای خۆشه‌ویستم !
به‌ وه‌هم ده‌ستمان پێكرد
به‌ وه‌همیش وه‌همه‌كانمان به‌رده‌وام بوون
به‌ وه‌همیش خواحافیزیمان له‌یه‌ك كرد
ته‌نها له‌و كاته‌دا زانیم ،
ڕه‌نگه‌ ڕق هێرش بۆ
بازاڕ و كوچه‌و كۆڵانان بێنێ‌ ..
ژیانیش بێ ڕوانگه‌ خۆی ده‌نوێنێ ..

6\9\2005

(10)
ئه‌م ئافره‌ته‌ ،
هه‌ر چه‌نده‌ ماندووه‌ ،
به‌ڵام وه‌كو گه‌رده‌لوول
به‌ دوای سه‌رابدا ڕاده‌كا …
ئه‌م ئافره‌ته‌ ،
وا پێده‌چێت واز له‌ هه‌وای خۆی نه‌هێنێ‌
هه‌میشه‌ تێیدا ده‌گه‌شێته‌وه‌ ..
هه‌ندێ جار هه‌سته‌كانی ده‌یترسێنێ
جاریش هه‌یه‌ سه‌ر ئێشه‌ی پاڵ كه‌وتن
شه‌رمه‌زاری ده‌كات ..
له‌ شه‌ڕێكی گه‌رمدا ،
وه‌ك بڵێی به‌ره‌و ڕووی شكست بووبێته‌وه‌ ..
ئه‌م ئافره‌ته‌ ،
وه‌ك گه‌رده‌لوول به‌ دوای سه‌رابدا ڕاده‌كا ..
له‌ پێخه‌فێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دی …..
سه‌ر له‌ دارستانی تاریكی ده‌دات ..
له‌ شتێك ده‌گه‌ڕێت ،
با ناوی بنێین سه‌رمه‌ستیه‌كی كاتیی
وه‌ك كه‌سێ جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ
یا كاتێ له‌ بانیژه‌كه‌یه‌وه‌
له‌ هه‌ندێ شتی سه‌یر وورد بێته‌وه‌ ..
زه‌مانی هه‌وه‌سبازی
بۆمبا چێندراوه‌كان و
ئۆتۆمبێله‌ مینڕێژكراوه‌كان ..
به‌م جۆره‌.. ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌خوێنێ..
له‌ باراندا خۆی ده‌شوا
وه‌كو گه‌رده‌لوولیش به‌ دوای سه‌رابدا ڕاده‌كا …..

14\9\2005

(11)
تاریكایی بێنه‌ به‌رچاو
وه‌ك كه‌سێ ،
جووت له‌ كێڵگه‌ی هه‌ناسه‌كانیدا بكا ..
خه‌یاڵی سیماكانی خۆت له‌به‌ر ئاوێنه‌دا بكه‌ ..
سیمایه‌ك لۆچی دڵڕه‌قیی تێدا ده‌ركه‌وتووه‌
سیمای دیكه‌ پروشه‌ی باران ده‌یشواته‌وه‌
ڕكابه‌ری به‌رده‌وامه‌ ..
ژیانیش بێگومان به‌رده‌وام ده‌بێ…
ڕۆژێكیش دێ
ویژدانه‌ نووستوه‌كان بێدار ده‌بنه‌وه‌ و
خۆیان به‌ به‌ردی چاره‌نووسدا ده‌ده‌ن
كه‌ جێی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌یه‌ ..
دیاره‌ هه‌موو شتێك بۆی هه‌یه‌ مینڕێژ بكرێ
له‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌ تا مرۆڤ
ته‌نها خۆشه‌ویستی نه‌بێ
ناكرێ مینڕێژ بكرێ
خۆشه‌ویستی ئه‌گه‌ر هه‌بێ ،
ڕه‌نگه‌ گوڵێك یا فرمێسكێك بیكاته‌ ئامانجی خۆی
یاخود له‌وانه‌یه‌ خه‌نده‌یه‌ك ..
به‌ڵام ناشێ
ببێته‌ نیشانه‌ی گولله‌
یا به‌ درۆیانه‌وه‌ بخنكێ‌ .

11\10\2005




دۆزینه‌وه‌ی كیشوه‌رێكی نوێ‌ !!! … ئاری زێندینی

له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ بێجگه‌ له‌ نه‌وت داهاتی ناوخۆو گومرگه‌كان كێشه‌ی مووچه‌ هه‌بێ‌. له‌چ وڵاتێكی سێ‌
شاری بووه‌؟ شۆرشگێڕه‌كان بوونه‌ته‌ ملیۆنێره‌كان. له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر نه‌توانن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بڕۆنه‌ میوانخانه‌ له‌چ وڵاتێكی سێ‌ شاری بووه‌؟ گه‌نج نه‌توانێ‌ هاوسه‌رگیری بكات .له‌چ وڵاتێكی سێ‌ شاری بووه‌؟
نه‌خاوه‌ن خانووبیت و نه‌ بتوانی خانوو به‌كرێ‌ بگری.له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ پاش پێنج مانگ مووچه‌ی خانه‌نشینی دابه‌شبكرێت. له‌ چ وڵاتێكی( سێ‌ شاری) بووه‌ ؟ به‌ سێ‌ مانگ جارێ‌ مووچه‌ دابه‌شبكرێ‌. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ فه‌رمانبه‌رو مووچه‌ خۆر پاره‌ی عیلاجی دوكتۆری نه‌بێ‌. له‌ چ وڵاتێكی سێ‌ شاری بووه‌؟ حیزب له‌ حكومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نتر بێ‌ .له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ خه‌ڵك و خاوه‌ن شه‌هاده‌كه‌ی بێكاربن به‌ڵام كرێكاری بیانی هاورده‌ بكه‌ن. له‌ چ وڵاتیكی سێ‌ شاری بووه‌؟ ئه‌ندامی حیزبه‌ موچه‌ی له‌ حكومه‌ت وه‌ربگرێت. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ پاش بیست و پێنج ساڵ كاره‌با چاره‌سه‌ر نه‌كرێ‌ .
له‌چ وڵاتێكی سێ‌ شاری بووه‌؟ خه‌ڵكه‌ بێگانه‌كه‌ی نه‌وت و مووچه‌و یارمه‌تی وه‌ربگرن به‌ڵام خه‌ڵكه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرن .له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ده‌رچوویی كۆلیژه‌كان دانه‌مه‌زرێن. له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ته‌نها له‌ شارێك (48) هه‌زار ته‌كسی هه‌بێت.له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌ ؟ پێنج هه‌زار مزگه‌وت هه‌بێت. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ملیۆنێك و نیو موچه‌خۆر هه‌بێت. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌ ؟ ئاغاو كوێخای گوندی بۆ(270) هه‌زاری پریمه‌ر مووچه‌ خۆری بندیوار بێت.له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌ سێ‌ هه‌زار موچه‌ خۆر له‌ یه‌ك گوند هه‌بێت.له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رده‌وام كۆچبكه‌ن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ته‌نها باسی كۆبوونه‌وه‌وهه‌ڵبژاردن وسیاسه‌ت بكه‌ن.

له‌ چ وڵاتێكی( سێ‌ شاری) بووه‌؟ له‌یادی (هیرۆشیمایه‌كه‌ی – هه‌ڵه‌بجه‌كه‌ی) حیزب و حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌زانن چۆن یاده‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ كاره‌بایی كارگه‌و كۆمپانیاكان بیست و چوار سه‌عات به‌ڵام هاوڵاتی چوار سه‌عات. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ باڵه‌خانه‌ی نیشته‌جێبوونی به‌تاڵ دووهێنده‌ی كرێچی بێت و كرێچیش بێجێگاوڕێ‌ سوودی لێوه‌ر نه‌گرن. له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌نده‌قی له‌ ئیش وكاری داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و نه‌خۆشخانه‌ چووبێت. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ پێشمه‌رگه‌ وڵات پارێز ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیری بفرۆشێت له‌به‌ر بێ‌ پاره‌یی. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ڕۆشنبیره‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و حیزب ناڕاز ییبن كه‌چی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ده‌زگاو ئۆڕگانه‌كانی ده‌سه‌ڵات وحیزب بڵاو بكه‌نه‌وه‌. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری ) بووه‌؟ پیسترین و ناته‌ندروسترین ژینگه‌ی هه‌بێت.له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ به‌و ڕاده‌یه‌ ده‌رمان و خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو ده‌رخواردی خه‌ڵكه‌كه‌ی بدرێت.له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری ) بووه‌؟ حكومه‌ت به‌وه‌ ڕاده‌یه‌ قه‌رزاری به‌ڵێنده‌رو وه‌به‌ر هێنه‌ر بێت.

له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ حكومه‌ت له‌(پێنج ملیار دۆلار) زیاتر قه‌رزاری فه‌رمانبه‌ران بێت .له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ مه‌سئوله‌ حیزبیه‌كه‌ت دووسه‌د حیمایه‌ی هه‌بێ‌ تۆش دڵت خۆشه‌ كه‌ وێنه‌كت له‌گه‌ڵ گرتووه‌. له‌ چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌؟ ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان وئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ قسه‌ی خۆیان بڵێن بڕیاڕوكرده‌وه‌كانمان نایاسایی و نائاسایه‌ !له‌چ وڵاتێكی (سێ‌ شاری) بووه‌ وه‌زعه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ته‌ئسیر له‌ عیززه‌ت و نه‌فست و شیروحه‌فازه‌ی مناڵه‌كت بكات كه‌چی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان كڕ كه‌ن و نه‌ك هیچ ناكه‌ن به‌ڵكو ڕازیشن! له‌ چ وڵاتێكی دونیاوجیهان ئه‌و شته‌سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ بووه‌و ڕوویداوه‌ گه‌ر ئه‌مه‌ دۆزینه‌وه‌ی (كیشوه‌رێكی نوێ‌ ) نه‌بێت !




لەئێوارە کۆڕێکی شیعریدا بۆ بەڕێزان( حەسەن شافعی و جەعفەر شێخولیسلامی)دا، پێگەی ڕۆشنبیری ئۆتاوا دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی مارسی ٢٠١٧دا، لە ئۆتاوا/کەنەدا. بەگێڕانی ئێوارە کۆڕێکی شیعری بۆ بەڕێزان( حەسەن شافعی و جەعفەر شێخو لیسلامی)، پێگەی ڕۆشنبیری ئۆتاوا ڕاگەیەندرا.
سەرەتا جەلال قادر بە هەواڵی گیانلەدەستدانی کەڵە ڕۆشنبیری ئازادیخواز وپێشکەوتوخواز وچەپی کوردستان( حەمەی مەلاکەریمی مودەریسی) ساتێک بێدەنگی وەستانی ئامادەبوانی ڕاگەیاند بۆ ڕێزلێنان لەماندووبوونی ئەو کەهەر لەوڕۆژەدا بۆدواجار وەک شێرکۆ گوتەنی( کاکە حەمە..پیاوێک لە کاغەزی ڕۆژنامە) لەزانیاریەکانی هەتیوی کردین.
بەدوای ئەوەدا تابلۆ جەلال بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و بەرنامەکانی ئەو ئێوارەکۆڕەی بەکورتی باسکرد.
ئاراس ڕەشید یەکێک لەئەندامانی پێگە، دوای خۆشحاڵی دەربڕینی بۆ ئامادەبوانی کۆڕەکە، هاتە سەر باسکردنێکی کورتی چۆنیەتی دەستبردن بۆئەم پڕۆژە ڕۆشنبیریە کە بەهاوکاری لەگەڵ بەڕێزان(سیروان عبدڵا و جلال قادر) ئەنجامدراوە. پاشان ڕایگەیاند کە پێگە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی ڕۆشنبیری گشتیە، و هەوڵ دەدات دەستبەرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هزری پێشکەوتوخواز و شارستانی لەڕێگەی ئەدەب وهونەر وبوارە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەلسەفی و زانستی.
لەدرێژەی قسەکانیدا ئاسۆ وئامانج و هەیکەلەی ڕێکخراوەکەی باسکرد.
نۆرە هاتە سەر شاعیری خۆشەویستی ئۆتاوا بەڕێز( حەسەن شافعی).بەدەنگە بەسۆزەکەی سوپاسگوزاری خۆی بۆدەستبردن بۆئەم پرۆژەیە دەربڕی و کورتەیەک لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئەدەبی خۆی باسکرد. بەهاوکاری ڕێکخەری مۆسیقای کۆڕەکە بەرێز جلال قادر ئامادەبوان تێکەڵ بوون لەگەڵ هەوای شیعرە جۆراوجۆرە کانی( خۆشەویستی وهەجوو ونیشتمانی) بەڕێز شافعی. ئەم بڕگەیە پتر لە ١:٣٠ خایاند. کە بەئامادەبوانەوە دیار بوو حەزیان دەکرد زیاتر درێژەی هەبێت.
بەدواییدا بڕگەی هەرجارەی بڕگەیەکی ڕانەگەیەندراو دەستی پێکرد، کە بڵاوکردنەوەی کتێبە تازە چاپکراوەکەی بەڕێز( جلال قادر) بوو. لەو بڕگەیەدا بەڕێزیان باسێکی چیرۆکی ناو کتێبەکەی کرد و هەرلەهەمان بۆنەدا دوای واژۆکردنی خۆی لەسەر کتێبەکان. هەریەکە لە بەرێزان حەسن شافعی و جەعفەر شێخولیسلامی کتێبێکیان بەدیاری پێشکەشکرا.
تابلۆ جەلال بەڕێز جەعفەری بانگێشتکرد بۆ بەجۆشدانەوەی ڕۆحی ئامادەبوان لەڕێگەی خوێندنەوەی چەند شیعرێکی جۆراوجۆر و بەپێشەکی ژیاننامەی خۆی دەستی پێکرد. لەناو یادەوەریەکانیدا مام هێمنی شاعیری دەهێنایەوە ناو قسەکانی. کە شاعیر خۆی لەخانەوادەی ئەو شاعیرە گەورەیە. بەرێز جەعفەر بەجۆرێک چووبوە ناو خوێندنەوەی شیعرەکانی کەباسی غوربەتی تێدابوو، ئامادەبوانی پەلکێشکردبوو لەگەڵ ئەو سەفەری شیعر خوێندنەوەیە.
دوای ئەوە بڕگەی مایکی ئازاد کرایەوە بۆ گفتوگۆی گشتی لەسەر کۆڕەکە و پرۆژەی پێگەی ڕۆشنبیری بەگشتی.
لەماوەی ٣-٤ کاتژمێری پڕاوپڕ لەشیعر ومۆسیقا و پیشاندانی مێزکتاب. یەکەم ئێوارەکۆڕ بەدەستگوشین و دەستخۆشیکردن لەیەکتر و هیوای بەردەوامی پرۆژەکە کۆتایی پێهات.


پێگەی ڕۆشنبیری ئۆتاوا/ بەشی ڕاگەیاند
١٣ی مارس ٢٠١٧




جینۆساید چییە؟… نەبەز سەمەد

جینۆساید زاراوەیەکی نوێیە دوای دووەم جەنگی جیهانی دەرکەوت. رافائیل لێمکین پارێزەر و یاساناسی جوولەکەی پۆڵەندی بۆ یەکەم جار ئەو زاراوەی داهێناوە و لەکاتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی نازی ئەڵمانی دژی جوولەکەکانی ئەوروپا بەکاری هێناوە. لێمکین دەی ویست پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید بێتەگۆڕێ، لەبەرئەوە وەک یاساناسێک بەشێوەیەکی سەرەکی لە لایەنی یاسایییەوە ئیشی لەسەر ئەو تاوانانە کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی جینۆساید. لە ئەنجامدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ”پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوە و سزای تاوانی جینۆساید”ی لە ٩ی دێسێمبەری ١٩٤٨دا لە پاریس واژۆ کرد. لە بەندی دووەمی پەیماننامەکەدا بە گونجاندنی تیۆریی جینۆسایدی لێمکین وەها جینۆساید پێناسە دەکا: ”کرداری پلان بۆ داڕێژراوی لەناوبردنی بەشەکی یان سەرجەمی گروپێکی نەتەوەیی، ئێتنیکی، ڕەگەزی یان ئاینییە: ا) کوشتنی ئەندامانی گروپەکە؛ ب) بوونە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی یان مێشکی بە ئەندامانی گروپەکە؛ ج) ئازاردانی مەبەستەکی دۆخی ژیانی گروپەکە بەشێوەیەک ببێتە هۆی لەناوبردنی فیزیکی سەرجەمی یان بەشەکی؛ د) بەکارهێنانی پێوەری سامناک بۆ نەهێشتنی زایاندن (منداڵبوون) لەنێو گروپەکەدا؛ ح) گواستنەوەی بەزۆری منداڵان لە گروپەکەوە بۆ یەکێکی دی.”

لە ڕوانگەی لانگەوە (٢٠٠٥) جینۆساید فێنۆمێنی کوشتنی بە گروپە؛ ڕیشەی زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو وشەی گریکی گینۆس (Genos) بەواتای (خەڵک؛ گروپ) و پاشگری ساید (cide)ی لاتینی بەواتای (کوشتن) دێ. هەروەها، بینهەبیب (٢٠٠٩) دەڵێ جینۆساید لە وشەی گریکی گینۆس بەواتای ”خێڵ، ڕەگەز” و پاشگری لاتینی ساید بەواتای ”کوشتن”ەوە هاتووە.
جینۆساید پراکتیکردنی لەناوبردنی گروپی ئێتنیکی یان نەتەوەیییە.

داخۆ لێمکین مەبەستی لە زاراوەی ”جینۆساید” چییە؟ بەتەواوی مەبەستی پێناسەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە؟ لێمکین بەسادەیی مەبەستی لە جینۆساید ”کۆمەڵکوژی” نییە، ئەو جوداوزی لەنێوان کۆمەڵکوژی و جینۆساید دەکا، بۆ لێمکین کۆمەڵکوژی تەنیا یەک ڕووی جینۆسایدە. ئاخر بۆ لێمکین جینۆساید تەنیا تێکشکاندی خێرای گروپێک (نەتەوەیی، ئێتنیکی، ڕەگەزی یان ئاینی) نییە، بەڵکو هەروەها پلانێکی هاوپەیوەندیی فرە کردارە ڕووەو تێکشکاندنی بناغە سەرەکییەکانی ژیانی گروپێکی دیاریکراو (Dan Stone, 2005). لە ڕوانگەی پانی (٢٠١٠) بۆ لێمکین کۆمەڵکوژی یەکسان نییە بە جینۆساید، چونکە کۆمەڵکوژی پاڵنەری تاوانەکە لەخۆناگرێ، بەڵام جینۆساید دوا ئامانجی تاوانەکە لەخۆدەگرێ کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی، ئێتنیکی، ئاینی، یان ڕەگەزیییە. وەک ڕۆفێڵد (٢٠١٠) دەبێژێ جینۆساید تاوانێکە بە سروشتێکی تایبەتەوە.

دان ستۆن (٢٠٠٥) پێیوایە کە جینۆساید: هێرشێکە بۆ سەر ڕەهەند و لایەنە جوداکانی ژیانی گروپێکی دیاریکراو: ١) ڕوویی سیاسی: (کۆلۆنیالیزەکردن، و ڕووخاندنی دامەزراوەکانی خۆ_بەڕێوەبەری)؛ ٢) ڕووی جڤاکی: تێکدانی پێکەوەیی جڤاکی نەتەوەیەک، لابردن و کوشتنی ئەو توخمانەی کە ڕابەرایەتی هۆشەکی نەتەوەیەک دەکەن وەک: ئینتێلیجێنسیا؛ ٣) ڕووی کولتووری: قەدەغەکردن و لەناوبردنی چالاکی و دامەزراوە کولتوورییەکان؛ ٤) ڕووی ئابووری: قەدەغەکردنی پراکتیککردنی بازرگانی و داگیرکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی نەتەوەیەک؛ ٥) ڕووی بیۆلۆگی: سیاسەتی ڕاگواستن و کەمکردنەوەی دانیشتوان؛ ٦) ڕووی فیزیکی: برسییاندن و کۆمەڵکوژی؛ ٧) ڕووی ئاینی: دەستتێوەردان و دەستکاریکردنی چالاکییە ئاینییەکان؛ ٨) ڕووی مۆڕاڵی: تێکشکاندنی مۆڕالێتی گروپێکی دیاریکراو. ئەو ڕووانەی جینۆساید دەتوانرێ بەتەواوی بۆ ئەنفال بەکاربهێنرێن.

——————————————————
سەرچاوەکان
Lang, Berel (2005) The evil in genocide. In: Roth, John K (ed.) Genocide and Human Rights: A philosophical Guide. New York: Palgrave Macmillan.
Benhabib, Seyla (2009) International Law and Human Plurality in the Shadow of Totalitarianism: Hannah Arendt and Raphael Lemkin. Constellations. Vol 16, No 2, pp 331-350.
Panne, Jean- Louis (2010) Raphael Lemkin and Raul Hilberg: About a Concept. PISM Series, Issue. 1, pp. 101-115.
Rotfeld, Adam Daniel (2010) The Lemkin concept of genocide: A new definition for and old crime. PISM Series, Issue. 1, pp. 19-27.
Stone, Dan (2005) Raphael Lemkin on the Holocaust. Journal of Genocide Research. Vol 7, No 4, pp 539-550.




ئايا تۆ ئەچی بۆ هەڵبژاردن؟! … عوسمان محەمەد

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی nrt دا کە لە بەرواری ٤ی ئازاری رابردوو پەخشکرا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوانی لە شەقامەکانی شاری سلێمانیدا دواند، دەربارەی رای خەڵک سەبارەت بە هەڵبژاردنی رابردوو کە چۆن پێشوازیان لە سندوقەکانی دەنگدان کردووە، هەروەها دەربارەی ئەوەی کە چۆن پێشوازی لە هەڵبژاردنی ئایندە دەکەن؟ ئایا دیسان وەکو جارەکانی پێشوو خەڵک بە پیری بانگیشەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە دەچن یان هەڵوێستێکی جیاوازیان دەبێت لە بەرامبەریدا؟ ئایا هێشتا خەڵکی کوردستان ئومێدیان بە حزبە ناسیۆنالسیت و ئیسلامیەکان ماوە؟!

دوای تەواو بوونی بەرنامەکە زیاتر لە سەدا نەوەت و پێنجی ئەو خەڵکەی کە رایان پرسرا، وتیان کە هەر ناچن بۆ هەڵبژاردن, بەڵام لە دوو توێی ئەم باس و راپرسیانەدا چیرۆکی سەیروسەمەرەیان دەگێڕایەوە دەربارەی هەڵبژاردن و ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی هەڵبژاردندا بە خەڵکیان داوە و چۆن دواتر وەک و بڵقی سەر ئاوو چوون بە هەوادا, لەم گۆشە نیگایەوە نەفرەتیان لە هەڵبژاردن و سەرجەم دەسەڵاتی ئەم حزبانە دەکرد, دەیان گووت کە نە هەڵبژاردن و نە دەسەڵاتەکەیان هیچ تەباییەکی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان نیە، هەموو هەوڵ و تەقەلایان بۆ کۆکردنەوە و کەڵەکەی سەرمایەکانی خۆیان و قایمکردنی دام و دەزگا و دەسەڵاتەکەیانە، ئەوەی کە بە هیچ جۆرێک دەربەستی نایەن ژیان و گوزەرانی خەڵکە، خەڵک برسی و بێکارن، نەخۆش و نەدارن، بێ دکتۆر و دەرمانن، سەرەتایترین پێداویستی ژیانی خێزانەکانیان بۆ دابین نابێت, ئەمانە و دەیان کارەساتی تر بەرۆکی بە خەڵک گرتووە و دەسەڵاتدارانیش خۆیان لێ کەڕ کردووە و هیچ بەرپرسیارێتیەک نیشان نادەن, هەر جۆرە چاوەڕوانیەک بۆ ئایندەیەکی باشتر لە سایەی دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا خةياليكه جگە لە رۆبردنی کۆمەڵگا بۆ ناو کارەسات و تاڵاوی زۆرتر هیچ ئاکامێکی نابێت.

خەلکی کوردستان نەک هەر نابێ چی تر بە گاڵتەجاری ئەوان فریو بخۆن و بەشداری لە سیناریۆی بە ناو هەڵبژاردنیان بکەن، بەڵکو دەبێ نەفرەت لەو سیناریۆیە و لە دەسەڵات و دام و دەزگاکانیان بکەن، زیاتریش لەوە خەڵکی توڕە و برسی و ناڕازی دەبێ ئەو سیناریۆ گاڵتەجاڕیە ناکام بکەنەوە کە دەیەوێ مەشروعیەت بەم دەسەڵاتە فريوكاره بدات و پەنجە مۆری خەڵکی بۆ وەرگرێت, دوای چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی ئەمانە، دوای چەند خولی فڕوفیشاڵ و فریوکاریان و تێپەڕاندنی چارةکە سەدەیەک بە بەڵێن و تەفرەکاری، ئێستا بە تەواوی دەستی هەموو ئەم حزبە قەومی و ئیسلامیانە بۆ خەڵک ئاشکرا بووە و ئەنجامی ئەمەش کردوێتی بەو نەفرەت و توڕەیەی خەڵک بەرامبەریان, ئەم چارەکە سەدەیە روونی کردووەتەوە کە ئەمانە نەک هەر ناتوانن ببنە چارەسازی ئەم دۆخە کارەساتبارە بەڵکو خۆیان کێشەی هەرە گەورەی ئەم کۆمەڵگایەن.
مەسەلەیەک کە هەمیشە ئەم دەسەڵاتە بى دةربةست و ستەمگەر و گەندەڵە شانازی پێوە دەکات و بەرووی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیدا دەداتەوە، ئەوەیە کە دەڵێن لەسەدا حەفتای خەڵکی کوردستان دەنگی بە دەسەڵاتی ئێمە داوە، بەم جۆرە دەڵێن تا ئەم شەرعیەتەمان هەبێت لەلایەن خەڵکەوە ئەوە بکوژ و ببڕی ئەم کۆمەڵگایە هەر خۆمانین.!!!

بەڵام ئەوان ئێستا لە دۆخی وادا قەراریان گرتووە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک نەفرەت لە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەکات، بەشی هەرە زۆری خەڵک دەڵێن ئیتر پەنجەی خۆمان ئەقرتێنین ئەگەر دەنگ بەمانە بدەین. لە راستیدا ئەوان دەمێکە ئەو شەرعیەتەیان لە دەستداوە کە بە فریودان لە خەڵکیان سەندبوو، هاتنە سەرشەقامی فراوانی جەماوەر و ووتنی (نا) بە سیاسەت و بریارە قەرەقوشیاکانیان، هەروەها چاوقایمی دەسەڵات بەرامبەر ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک و خۆ کەڕکردن لە ئاست داخوازیەکانی ئەو خەڵکەی کە بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵاتەکەی خۆیانی دەزانن، ئیتر هیچ مەشروعیەێیکی بۆ دەسەڵاتەکەیان نەهێشتوەتەوە, ئیتر دەمێکە کە ئەم دەسەڵاتە تەنها بە زەبری خۆسەپاندن و سەرەنێزە و سەرکوت خۆی بەسەر سەری خەڵکەوە راگرتووە, لە راستیدا ئەم چەند ساڵە کوردستان بە بەرچاوی خەڵکی دنیاوە مەیدانی نەبەردی خەڵکی ستەمدیدە بوو لەگەڵ دەسەڵاتێکی به زةبر و زةنك و گەندەڵ و ستەمکارو خۆسەپینی بنەماڵەیی, لە ئێستا بەدواشەوە خەڵکی کوردستان دەبێ بە نەخشەو پلانی رۆشنەوە خۆیان بۆ درێژەی ئەم نەبەردە و وەلانانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر دڵیان ئامادە بکەن.

لەم روەوە بەراستی سیناریۆی هەڵبژاردنی داهاتوو مەیدانێکی نەبەردی گەرم و گرنگی خەڵکی کوردستانە لە دژی ئەم حزبانە و لە دژی هەژاری و نەداری و بێدەرەتانی, ئەم حزبانە وەکو پیشەی هەمیشەییان لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردن هەوڵدەدەن روویان لەگەل خەڵک خۆش بکەن و بە تەڵەکەبازی و فریودان دیسانەوە خەڵک راپێچی ئەوە بکەن کە دەنگیان پێ بدەن, بەڵام ئەمجارە نابێ خەڵک فریو بخۆن, لەم بارەیەوە هەڵویست وەرگرتن و بە دەنگی بەرز (نا) وتن بەم حزبانە و دەسەڵاتەکەیان پێویست و هەنگاوێکی چارەنوس سازە بۆ لەرزۆک کردنی دەسەڵاتی ئەم نوێنەرانەی چینی بۆرژوازی کورد, (نا) وتن بەم فریوکاریە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ راگەیاندنی نا مەشروع بوونی ئەم دەسەلاتە، هەر بەم پێیەش ئەتوانێ سەرەتای هەلومەرجێکی شۆڕشگێرانە بێت کە لە پرۆسەی خەبات و ناڕەزایەتیەکی جەماوەری و رێکخراودا ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە وەلابنێت و لە جێگایدا دەسەڵاتی شۆرشگێڕانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بەرپا بکات بۆ گرتنەبەری هەنگاوی خێرا بە ئاقاری چەسپاندنی ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان.
چەند رۆژ دوای ئەم بەرنامە راپرسیە رۆژی ٦ی ئەم مانگە بوو کە حکومەتی هەرێم بڕیاریدا کە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە رۆژی ٦-١١-٢٠١٧ ئەنجام بدرێت و زیاتر لە بیست ملیۆن دۆلاریش تەرخان کراوە بۆ خەرجی بەڕێوەچونی پرۆسەکەی.

با لە پەراوێزی ئەم باس و بڕیارەد هەڵویستەیەک بکەین و بزانین دەسکەوتی خەڵک لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیاندا چی بووە و تا چەند لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا چونەتە پێش؟
بیست و شەش ساڵە خەڵکی کوردستان لە کابوسی دەسەڵاتی بەعس رزگاریان بووە و خەو بە ژیانێکی ئینسانی و خۆشگوزەرانەوە ئەبینن. بیست و شەش ساڵە خەڵک لە چاوەڕوانی ئەوەدان کە حکومەتی خۆماڵی کوردی ژیانێکی باشتری بۆ دابین بکات، بەڵام سەرئەنجام کارەسات لە دوای کارەسات، بێدەرەتانی و زوڵمی زیاتر، نەداری و تاڵانی، یەک بە یەکی خەونەکانی ئەو خەڵکەی بەبادا، تا ئەمڕۆ ئیتر قورسایی نەهامەتیەکان پێویستە خەڵک لەو خەونە راچڵەکێنێ و چیتر بێ هودە ئومێد بە ژیانێکی باشتر و ئاسودەیی بە دەسەڵاتی ئەم گەندەڵ و فريوكارانه گرێنەدەن.

چیتر نابێ خەڵک بە حیکایەتی پوچی “پرۆسەی دامەزراندنی دیموکراسی دورودرێژە، دەسەڵات بەرنامەی چاکسازی هەیە، دەسەڵات دەکەن بە دامەزراوەیی و میلیشیاکان دەگۆڕین بە هێزی نیشتمانی، لە رێگای پەرلەمانی کارتۆنی و یاساو دەستەی دەست پاکی و قەوانی ستۆکی بەم جۆرەوە، ئومێدەکانی خەڵک مسۆگەر دەکەن” فریو نەخۆن. دةنگدان بە هەر یەک لەم حزبە مافیانە، دەنگدانە بە بەردەوامی هەژاری و نەداری و تاڵان و بڕۆ، دەنگدانە بە نەمانی ئاسەواری خزمەتگوزاریە هەرە سەرەتاییەکان، دەنگدانە بە بەرزتر بونەوەی قەلای سەروەتی بنەماڵەيى و دەوروبەرەکانیان لەسەر حیسابی هەژاری موتلەقی ملیۆنەها خەڵک, دەنگدانە بە تیرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسی و رابەرانی نارەزایەتیەکانی خەڵک و رۆژنامەنوسان و رەخنەگرانی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە، دەنگدانە بە بکوژانی قوربانیەکانی بزووتنەوەی ١٧ی شوبات، دەنگدانە بە بڕینی موچە و کرێ و قوتی خەڵک و شیری منداڵ و دەرمانی نەخۆش.

دەنگ نەدان بەم حزبانە و لەوەش زیاتر (نا) وتن بە دەسەڵاتی ئەم حزبە قەومی و ئیسلامیانە، هەڵویستێکی شایستەیە بۆ هەموو ئەو جەماوەرەی کە چارەکە سەدەیەکە خەون بە رۆژگارێکەوە دەبینن کە خەمی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکانیان نەبێت, نە تەنیا ئەوەندە بگرە ئەرکی هەموو هاوڵاتیەکی ئازادیخوازە کە بە فراوانی بانگەوازی دەوروبەرەکەی بکات بۆ ئەم (نا) وتنە و هاوکاریان بکات بۆ ئەوەی دیسانەوە لە سەروبەری هەڵبژاردندا بە هیچ بەڵین و بە هیچ چەواشەکاریەکی نەتەوەپەرستی و خورافات و مێشک داشۆرینێک فریو نەخۆن و دەنگدان بە دەسەڵاتی یەکێک لەم حزبە ستەمکارانە نەدەن، چونکە بەم جۆرە کۆتی کۆیلایەتی لە دەست و پێی خۆیان و جەماوەری چەوساوە توندتر دەکەنەوە.

مارسی ٢٠١٧




شیعری نوێی جیهانیی … لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

ئەم شیعرە
This Poem
ژنە شاعیری بەریتانی/ ئێڵما میچڵ 1919-2000
Elma Mitchell

ئەم شیعرە ترسناکە: ناکرێ بخرێتە بەردەستی مناڵ،
تەنانەت گەورەش، ڕەنگە بە ساغیی قووتی بدەن،
ئەشێ دەرەنجامی لاوەکیی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
گەر لە شوێنێکی گشتیی دا تووشت بوو بە تووشی
شیعرێکی تەواو نەکراوو بێ ناسنامە
نەکەی بە دەستی خۆت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.
باشتر وایە بیخەیتە ناو سنووقێکی داخراوەوەو
بینێری بۆ نزیکترین ناوەندی فێرکردن، لەوێدا
پسپۆڕان، بی ئەوەی زیانی بەرکەوێ، دەستی پیا ئەهێنن.
تەنانەت سادەترین شیعریش ڕەنگە سیستمی بەرگریت
بەرامبەر هەست و سۆزی مرۆڤانە، وێران بکات.
پێویستە هەموو شیعرێك “ئاگاداری”ی حکومەتی پێوە بێ
وشە زۆر جار زیانی مەترسیداری بۆ دڵ هەیە.

Being Alive, edited by Neil Astley, Bloodaxe Books Ltd, Northumberland, UK, reprinted 2013

چیرۆکی چیرۆکێك
The Story of a Story
شاعیری سێڕبی: ڤاسکۆ پۆپا
(1991 – 1922) Vasko Popa

چیرۆکێك هەبوو
بەر لەوەی دەست پێ بکات کۆتایی هات
پاش کۆتایی هاتنیشی دەستی پێ کرد
پاڵەوانەکانی، پاش مردن خۆیان پێدا کرد
پێش لەدایك بوون جێیان هێشت

پاڵەوانەکانی
باسی جیهانێکیان ئەکرد
باسی ئاسمانێکیان ئەکرد
باسی هەموو شتێکیان کرد

تەنیا ئەوەیان باس نەکرد
کە خۆیشیان نەیان ئەزانی
ئەوان تەنیا پاڵەوانی چیرۆکێك بوون

چیرۆکێك پێش دەست پێکردن
کۆتایی دێ
پاش کۆتایی هاتنیشی
دەست پێ ئەکات

Vasko Popa, Complete Poems, Translated by Anne Pennington, Anvil Press Poetry Ltd, London, 2011

خەونەکەی کارڵ سۆڵۆمۆن
Dream of Carl Solomon
شاعیری ئەمێرکی: ئاڵن گینسبێرگ (1926-1997)
Allen Ginsberg

کارڵ سۆڵۆمۆن ئەبینم.
“ئەو دنیا چۆنە؟”

“وەك ئەوە وایە لە شێتخانە بیت.
ڕادێی ئەگەر پەیرەوی ڕێساکان بکەیت.”

“ڕێساکان چین؟”

“یەکەم: بیرت نەچێ کە تۆ مردووی.
دووەم: وەك مردوویەك ڕەفتار بکە.”

*Allen Ginsberg, Wait Till I’m Dead, Poems Uncollected, Edited by Bill Morgan, Penguin Books UK, 2016

باڵندە لە باوەشی مندا هێلانە ئەکەن
Birds’ Nest
ژنە شاعیری ئیسپانی: گلۆریا فوێرتێس
(1917 – 1998)Gloria Fuertes
باڵندە لە باوەشم،
لەسەر شانم، لە پشت ئەژنۆم هێلانە ئەکەن
لە نێوانی مەمکەکانما، سوێسکە هەیە
ئەڵبەت وا ئەزانن من درەختم.
سۆنە وا ئەزانێ من نافوورەم،
کاتێ ئەدوێم، هەموو دێنە خوارێ و لێم ئەخۆنەوە.
مەڕو ماڵات بەسەر مندا تیئەپەڕن،
چۆلەکە لەسەر پەنجەکانم ئەنیشنەوەو دان ئەخۆن
مێروولە وا ئەزانن من زەویم،
پیاوانیش وا ئەزانن من هیچ نیم.

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

1980
ژنە شاعیری هیندی/ ئەمێرکی: سوجاتا بهات (1956)
Sujata Bhatt

ساڵی مەیموون بوو
پارتی سەوز لە ئەڵمانیای رۆژئاوا دامەزرا
جان پۆڵ سارتەر مرد. ڕۆژێك پاش ئەوە
(ماری)ی هاوڕێم وتی: ئاخۆ ئەبێ سارتەر هەست بە چی بکات
ئێستا کە ئەزانێ خوا هەیە؟.
هیندییەکان دەنگیان بە ئیندیرا گاندی دا
ئەمێرکییەکان دەنگیان بە ڕۆنەڵد ڕیگن دا
پاشان، جۆن لێنن کوژرا
ساڵی مەیموون بوو.
ساڵی مەیموون Year of the Monkey: لە ساڵنامەی چینی دا هەموو ساڵێك ناوی ئاژەڵێکی لێ نراوە بۆ ماوەی 12 ساڵ. ساڵی مەیموون ساڵی نۆیەمە، بەم جۆرە هەموو 12 ساڵ جارێك ئەگەڕێتەوە. واتە، گەر ساڵی 1980 ساڵی مەیموون بێ، پاش ئەوە ساڵانی 1992، 2004، 2016 بە ساڵی مەیموون ناو ئەبرێن. (وەرگێڕ)
Jubilee Lines, 60 Poets for 60 Years, Edited by Carol Ann Duffy, Faber and Faber, London, 2012

مێشە سەگانە
Dog Flies
شاعیری ئیتاڵی: لیۆناردۆ سینیسگالی
(1981 – 1908) Leonardo Sinisgalli

فیدۆی گەڵ و گوان ئەستوور
سەگێکی پیری کەنیسەیەو
کات لەژێر میحرابی کەنیسەدا بەسەر ئەبات
هەستی بۆنکردنی نەماوە
کەڵبەکانی ئەلەقێن و چیدی ناتوانێ بە لمۆز
لەشی بخورێنێ
تەنانەت لە پشیلەش ئەسڵەمێتەوە
بەڵام ئەو ئێستا
لە نوێژی بەکۆمەڵی ڕەوانی شادی مردووان دا
بۆ ئێسك و پرووسکی دایکم لێرەیە
سەری لەنێو چڕنووکەکانیدا درێژ کردووە
زمانی دەرهێناوەو: لەناکاو
مێشێکی زل، کە وەڕسی کردبوو، قووت ئەدات

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

سەرگوزشتە
Parable
ژنە شاعیری پۆڵەندی/ ڤیسڵاڤا شیمبۆرسکا (1923 – 2012)
Wislawa Szymborska
هەندێ ماسیگر بوتڵێکیان لە قووڵایی دا دەرهێنا. پارچە کاغەزێکی تیا بوو لێی نووسرابوو: “ڕزگارم بکەن! من لێرەم. ئۆقیانووس هەڵیداومەتە سەر دوورگەیەکی جێهێڵراو. من لە کەناری ئاودا چاوەڕێی یارمەتیم. خێرا کەن، من لێرەم!”
ماسیگری یەکەم وتی: “بەرواری لەسەر نییە. تازە کار لە کار ترازاوە. ئەشێ بوتڵەکە لەمێژ بێ لەناو زەریادا بێ.”
ماسیگری دووەم وتی: “ئاماژە بە شوێنیش نەدراوە. تەنانەت ناشزانین کام ئۆقیانووسە.”. ماسیگری سێیەم وتی: “نە کار لەکار ترازاوە نە دووریشە. ئەو دوورگەیەی ئەڵێ لێرەیە لەهەموو شوێنێکە.”
هەمووان هەستیان بە نائارامیی کرد. بێدەنگییەك باڵی بەسەریاندا کێشا. ڕاستیی گەردوونیی هەمیشە وایە.

کۆمەڵە شیعری “خوێ” Salt 1962
https://books.google.co.uk/books?id=Bf1IBwAAQBAJ&pg=PA43&lpg=PA43&dq=Wislawa+Szymborska+%E2%80%9CParable%E2%80%9D&source=bl&ots=rHbDnqSNEU&sig=aYJcNCzuz7QuQ4Xy3MYBVqdHX28&hl=en&sa=X&ved=0ahUKEwiH0tHR_4vSAhXkLsAKHSVxAwAQ6AEIPTAH#v=onepage&q=Wislawa%20Szymborska%20%E2%80%9CParable%E2%80%9D&f=false




سه‌مای روح … نه‌وزاد یوسف كاكه‌یی

ناوی كتێب: سه‌مای روح
بابه‌ت: كورته‌ چیرۆك
نووسه‌ر: نه‌وزاد یوسف كاكه‌یی
پیت لێدان: ئاره‌زوو نوری
ده‌رهێنانی هونه‌ری: ئه‌نجام سه‌عید
له‌ بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد- لقی كه‌ركووك ژماره‌ (113)
سه‌رپه‌رشتی چاپ: نه‌وزاد شێخانی
چاپخانه‌: كارۆ
چاپی یه‌كه‌م- 2011
تیراژ (500)دانه‌

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….سەمای ڕوح




کوردی ناکۆک لە ئوروپا!؟ … برایم فەڕشی

کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا KSSE کە ساڵی ١٩٥٦ لە بەڕلین- ئاڵمانی ڕۆژئاوا، بە دەستپێشخەری عیسمەت شەریف وانلی و عەبدوڵرەحمان قاسملو ، دامەزرا و بە خێرایی لە ناو لاوان و خوێندکارانی چەپ، ڕوخسارێکی جیهانی پەیدا کرد، سیمای یەکگرتووی کورد لە ئوروپا بوو! پێکهێنانی KSSE، پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، کە هاوکات بوو لە گەڵ دێموکراتیزەکردنی ئوروپا و پەرەساندنی بیری ئاشتیخوازیی و مافخوازیی ، ژیرانەترین سیاسەتی کورد و حزبەکانی بوو. مستەفا بارزانی ئەم ڕێکخراوەیەی بە باڵوێزخانەی کورد دەزانی کە لە کۆی خوێندکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان پێکهاتبوو. ئەم یەکگرتنە ڕووداوێکی دەگمەن لە ناو میللەت و وڵاتێکی پارچە پارچەکراودا بوو!

کۆمەڵەی خوێندکاران ڕێگای بۆ بەشداری نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی کورد وەکو هەژار موکریانی، ئەنوەر قەرەداخی، قادر دیلان و کەسانی تر لە فستیواڵ و سمینار و بۆنەکانی جیهانی لاوان و خوێندکاران لە دەیەکانی ٦٠، ٧٠، ٨٠ هەموار کرد، کە پیشتر ئیمکانی وا بۆ کورد نەڕەخسابوو!

شەش ساڵ دواتر کنفدراسیون (خوێندکارانی ئێرانی) دامەزرا،کە خوێندکاری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تێیدا چالاک بوون. لە قاودانی سیاسەت و ئاکاری ڕژیمەکانی ئەو چوار وڵاتە دەرحەق بە کورد، لە قاودانی بارو دۆخی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکان، پشگیریی لە زیندانیانی سیاسی کوردی ئەو سەردەمە وەک غەنی بلووریان، عەزیز یۆسفی و کەسانی تر لە ڕێگای KSSE و ڕێکخراوی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی، سازدانی خۆپیشاندان و گرتنی بالوێزخانەکانی ئێران و عێراق بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک و مێدیا و لایەنەکانی سیاسی، هەمووی بەرهەمی کاری باڵوێزخانەی یەکگرتووی کورد لە ئوروپا بوو.

پەیمانی ئەلجەزایر لە نێوان ئێران و عێراق ساڵی ١٩٧٥ ، باڵوێزخانەکەی بارزانی وێران کردو ڕووی ڕاستەقینەی جوڵانەوەی کورد و ڕابەرانی دەرخست و ناکۆکی گەڕاندەوە ناو کۆمەڵگا و جوڵانەوەی کورد! پارتی دێموکراتی کوردستان لەبەریەک ترازا، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا کرا بە سێ کوتەوە!:” کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا مەڵبەندی بەرلین سەر بە پارتی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەر بە یەکیەتی نیشتمانی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا مەڵبەندی پراگ سەر بە حزبی شیوعی عێراق”.

هەر لە ساڵی١٩٧٥ کنفدراسیونی خوێندکارانی ئێرانی وەک کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد، کرایە چەند پارچە و هەر پارچە لە گەڵ حزبەکەی خۆی گرێدرایەوە و ڕێکخراوێکی سیاسی کە قورسایی گرنگی بە دژی ڕژیمی شای ئێران پەیدا کردبوو، لەبەر یەک هەڵوەشایەوە و ساڵی١٩٧٩ ئەندامانی چەپی ئەم ڕێکخراوەیە کە سەر بە تەیفی (سێ جیهانی، مائۆئیست، توودە و چریک فەدائی) بوون، لە گەڕانەوە بۆ ئێران ناکۆکی نێوان خۆیان بردەوە بۆ وڵاتەکەیان، کە ئەوە ئەندامانی کوردی ئەم ڕێکخراوەیەشی دەگرتەوە!

سەلاح شەمس بورهان، ئەندامی پێشووی کۆنفدراسیۆن لە سمینار و کۆبوونەوەکان لە بۆکان و مەهاباد، ڕووی لە سەر کەسایەتی و سیاسەت و ئاکاری عەبدوڵڕەحمان قاسملو بە پێی ناسینی خۆی لە دەرەوەی وڵات، دادەماڵی کە بووە هۆی تیرۆرکردنی! سازمانی پەیکار بە هەمان شێوە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خستبووە ژێر ڕەخنە و پروپاگەندە، کە بووە هۆی تیرۆرکردنی چەند لە ئەندامانی بە دەستی پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان. ناکۆکی نێوان حزبی دێموکرات و پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری ئەم حزبە، ناکۆکی نێوان حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی فەدائییەکانی خەڵکی ئێران- ئەکسەریەت، تیرۆری ئەندامانی ئەم دوو ڕێکخراوەی لێکەوتەوە و پاش ئەم ڕووداوانە، شەڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوخسارێکی نوێی لە تیرۆر نیشان دا،کە تا ئەو کاتە نەبیندرابوو.

بەم چەشنە، ناکۆکی نێوان کەسان و کۆمەڵە کەس، کرایە مایەی “فکریی- سیاسی- حزبی- تەشکیلاتی” بۆ کووشتنی مرۆڤی سیاسی بە دەستی مرۆڤی سیاسی”، “کووشتنی نوخبەی سیاسی بە دەستی نوخبەی سیاسی”،”کووشتنی پێشڕەوی سیاسی بە دەستی پێشڕەوی سیاسی” کە ئیدعای ئازادکردنی خەڵک و میللەت” لە بەرنامەیاندا تۆمار کرا بوو.
ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی ئیدەی جیاوازی سیاسی نێوان کەسان و حزبەکان نەبوو، ڕەهاکردنی ئێنێرژیی “زۆردارانە” و نیشاندانی “زۆردارپەروەر”ی لە ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەکان بوو، کە مێژوویەکی چەند هەزارساڵانەی لە پشت بوو، کە بە پڕانی لە کەسایەتی مرۆڤەکان بە خەستی ڕەنگی داوەتەوە و سەرجەم سیاسەتی حزبەکانی کوردی پێ پێناسە دەکرێ!

تێکشکانی “خەبات” لە باشوور ساڵی١٩٧٥ و ڕۆژهەڵات ساڵی١٩٨٢ ، شەپۆلێکی بەرینی کۆچکردن بۆ ئوروپای وەڕێخست و ناکۆکییەکان سەر لەنوێ گەڕاندرانەوە بۆ ئوروپا!
ڕێستۆرانی دانشگاکانی فرانکفۆرت، گیسن، ماینز و بەڕلین لە ئاڵمان، ببوون بە مەیدانی کێبەرکێ و ناکۆکی و تەنانەت شەڕ! کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە پارتی کە چەند لە بەرپرسانیان لە فرانکفۆرت بوون ، لە گەڵ هەر دوو کۆمەڵەی خوێندکاریی و حزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات ناکۆک بوون.
تاکە بەرپرسی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە خۆی خوێندکار بوو، هەفتەی جارێک بڵاوکراوەکانی حزبی لە ڕێستورانی دانشگای فرانکفۆرت بە دزیی دەگەیاندە دەستی ئەو کەسانەی کە دەیانیناسی. ئەم دوو حزبە(پارتی باشوور و دێموکراتی ڕۆژهەڵات) بە تووندی لە گەڵ یەک ناکۆک بوون. لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکیشان و حزبە چەپەکانی ئێرانی هاوپەیمانی کۆمەڵە(کە لە کوردستان ببوونە لایەنێکی ناکۆکییەکانی دەیەی هەشتا لە ناو کوردەکان)، دژی هەردوو حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان عێراق بوون، ئەوان لە فرانکفورت و گیسن و ماینز چالاک بوون و لە گەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە یەکیەتی نیشتمانی”ئاکسا” پێوەندیان هەبوو.

لە شاری کۆلن چەند دەزگای سەر بە حزبەکانی باکوور، پارتی سوسیالیست، پارتی دێموکرات، حزبی ڕزگاری لە ژێر ناوی کۆمکار، کاکادێکا و جێڤاتا کورد،بە بێ هاوکاری یەکتر چالاکیان دەنوواند. هەر لەو شارە لایەنگرانی حزبی شیوعی عێراق کە بەرپرسەکەیان کورد و ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا مەڵبەندی پراگ بوو، هیچ پێوەندی لە گەڵ دوو کۆمەڵە خوێندکارییەکەی سەر بە پارتی و یەکیەتی نەبوو.

تەنیا دەزگای بەناو دوور لە حزبەکان، ئەنستیتۆی کورد لە شاری بۆن پایتەختی ئاڵمان بوو، کە لە لایەن حزب و دەزگاکانی ئاڵمانەوە، پشتیوانی ماڵی دەکرا و دوو کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات بەرپرسی یەکەم و دووهەمی بوون. بەرپرسی یەکەم ساڵی١٩٨٧ بە هۆی دزیی و حەیف ومەیلکردنی پارە خسترابووە زیندان. ئەوان “ئینجیل”یان کردبووە کوردی و پارەیەکی زۆریان بۆ خەرج کردبوو. ئەنستیتۆی کورد لە بەر ناکۆکی و کێبەرکێی نێوان حزبەکانی باکوور لەمەڕ داگیرکردنی، لە لایەن دەزگاکانی ئاڵمانەوە بۆ هەمیشە دەخرا.

لەم بارودۆخەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئاڵمان، سەر بە مەڵبەندی پڕاگ، بە بەشداری کوردی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، پاییزی ساڵی ١٩٨٧ دامەزرێندرا، کە پرۆژەی هاوبەشی تەشکیلاتی حزبی شیوعی عیراق و ڕێکخراوی فەداییانی ئەکسەریەت لە ئاڵمان بوو. لە کۆنفرانسی دامەزراندنی کۆمەڵە لە شاری برێمن، بە بێ ئاگاداری پێشتر، لایەنگرانی حزبی توودەی ئێران و پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش،کە تازە گەیشتبوونە ئاڵمان، بەشداری ئەم کۆنفرانسە کران.

ئەم ڕێکخراوەیە لە ماوەی مانگی رێبەندان و ڕەشەممەی ساڵی١٩٨٨ دوو فستیواڵی بە ناوی دووی ڕێبەندان و نەورۆز لە دانشگای کۆڵن ڕێکخست. فستیواڵی دووهەم بە هۆی کارەساتی هەڵەبجە کرا بە فستیواڵی هەڵەبجە کە لەبەر بەشداری رێکخراوی جیهانی لاوان و لایەنی سیاسی ئاڵمانی و خەڵکی وڵاتانی تری نیشتەجێی ئاڵمان، ڕواڵەتێکی سیاسی پەیدا کرد. دروشمی سەرەکی ئەم فستیواڵە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکانی خوێندکاری کورد و پێکهێنانی بەرەی حزبەکانی باشوور بوو. ئەم دروشمە هەر لەو ساڵەدا، جێبەجێ کرا!

کۆنگرەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە خوێندکارییەکان لە پاییزی ساڵی ١٩٨٨ بە بەشداری هەر سێ کۆمەڵەی خوێندکاریی لە بەڕلین ڕیکخرا. ئەم کۆنگرەیە لە لایەن فواد موعسوومەوە دوور لە هەر چەشنە پرێنسیپێکی دێموکراتیانە بەڕێوە دەچوو. لایەنەکانی حزبی، پێشتر هەموو شتیان بڕیبووە و کۆنگرە تەنیا دەوری فۆرماڵی بۆ پەسەندکردنی بڕیاری حزبەکان پێبەخشرا بوو. تەنانەت هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی یەکگرتوو لە دەرەوەی کۆنگرە دیاریی کرابوون.

شێوەی بەڕێوبردنی کۆنگرە، پێچانەوەی کەوڵی کۆنگرە، هەڵس وکەوتی حزبەکان، گوێڕایەڵبوونی زۆربەی بەشداربووانی کۆنگرە بۆ حزبەکان، نە تەنیا نەبووە هۆی بوژاندنەوەی کۆنترین ڕێکخراوی خوێندکاریی کورد لە ئوروپا، بەڵکوو بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی. دەستەی بەڕێوەبەری ئەم رێکخراوەیە، دوای کونگرە تەنانەت بۆیان نەکرا کۆبوونەوەکانی ئاسایی خۆیان پێک بهێنن. کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بە بێ ڕاگەیاندن و لە بێدەنگیدا، لە ناوبردرا و ناوی لە مێژووشدا کوێر کرایەوە!

پاش هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا، دام و دەزگای لەو چەشنە کە لایەنەکانی کوردستانی و کوردی چوارپارچەی لە خۆ گرتبێ، بە دەگمەن بیندراوە و کۆڕوکۆمەڵە و سازییەکان لە ژێر هەر ناوێکدا سازکرابێتن، هێژێمۆنی ئەم حزب و ئەو حزبی بەسەرەوە بووە.

خوێندکارانی باکوور کە زۆربەیان منداڵانی ئەو کرێکارانە بوون کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی وەک کرێکار هاوردرابوونە ئاڵمان، لە دەیەی هەشتا و نەود، رێگایان کەوتە زانستگاکان. کۆمەڵێک لەو لاوانە بەر لە بوون بە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی١٩٨٦ و ٨٧ ، وەک جیلی پێشتر، ببوونە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی تورکیاو رێکخراوەکانی مارکسیست لەنینیستی تورک. ئەو ئەندامانەی پ کاکا بازنەی سەرەکی پێکهێنەرانی دام و دەزگاکانی هەمەجۆری سیاسی- فەرهەنگی- تیجاریی و مێدیایی و کۆمەڵایەتی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ئاڵمان و دواتر ئوروپا پێک هێنا! ئەوان هەلیان بۆ نزیکردنەوەی پ کاکا لە بازنەی هێزەکانی چەپ و ئولترا چەپی ئاڵمان ڕەخساند، کە دواتر حزبی سەوزەکانی ئاڵمان و حزبی چەپی ئاڵمانیشی گرتەوە.

پاش ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی پ کاکا کە ئاڵۆزی فرەی خستە ناو کۆمەڵگای ئاڵمان، سەدان کەس لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان گیران و حزبەکەیان قەدەغە کرا و بواری کاری سیاسی بەناوی پ کاکا نەما و کەسایەتی سیاسی و حزبی ئەوان زەوت کرا و گرتنی سەرۆکی حزب و گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ تورکیا، هێندەی تر کاری ئەوانی لە ئاڵمان ڕووبەڕووی دژواری کرد.

لەم بارودۆخەدا سیاسەتی بوون بە ئەندام لە حزبی سەوز و دواتر حزبی چەپی ئاڵمان، لە لایەن ئەندامانی پ کە کەوە ڕەچاو کرا و ڕێگا بۆ کۆمەڵێک کەس کرایەوە ببن بە ئەندامی ناو شۆڕای شارەکان، پارلەمانی ئەیالەتەکان، پارلەمانی ئاڵمان و پەرلەمانی ئوروپا، کارێک کە پیشتر هیچ حزبێکی کوردی لە ئوروپا بۆی نەکرابوو.

بە ئەندامبوونی کوردەکان لە ناو حزبەکانی ئاڵمان کارێکی تاکە کەسییە ، ڕەنگدانەوەی هەمان تێگەیشتنی تووانەوەی نەتەوەیی و سیاسی لە حزبەکانی سەرانسەری چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا بوو، بەو جیاوازییەوە کە لە ئوروپا ئەوان بە ئاشکرا و نهێنی ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان دەمانەوە و پێیانوابوو لەم ڕێگایەوە بۆیان دەلوێ گۆڕان بە سەر سیاسەتی ئەو حزبانە و دام و دەزگاکانی ئاڵمان بەرانبەر بە حزبەکەیان، بهێنن.

ئەم چاوەڕوانی و سیاسەتە کە لە بنەڕەتدا هەڵە بوو، دەرهاویشتنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تێرۆریستەکان لە ئاڵمان و ئوروپای لێنەکەوتەوە، هەڵگرتنی قەدەغە لە سەر پ کاکای لێنەکەوتەوە و ‌هەڵگرتنی چاوەدێری دەزگاکانی ئەمنیەتی لە سەر کەسان و دەزگاکانی نزیک بە پ کاکای لێنەکەوتەوە و هیچ بوارێکی سیاسی گونجاویشی بۆ ئەوان نەڕەخساند!

حزبەکانی ئاڵمان لە هەڵبژاردنەکاندا نیزیک چوار سەد هەزار(تەخمین دەکرێ) دەنگی کوردەکان وەردەگرن و کۆمەڵێک کوردیش کە ژمارەیان زۆر نییە، لێرەو و لەوێ هەڵدەبژێردرێن. ئەم کەسانە دەبێ گوێڕایەڵی سیاسەت و ئەمر ونەهی ئەو حزبانە بن کە بوونەتە ئەندامی، هەر وەک چۆن لە چوار وڵاتی ئێران و عێڕاق و تورکیا و سوریاش، وابووە. هیچ حزبێکی ئەو چوار وڵاتە و حزبەکانی ئوروپا، بەرژەوەندی حزب و وڵاتەکەیان لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو کەسانە و میللەتەکەیان گرێ نادەن. بە پێچەوانە ئەم کەسانە دەبێ بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیان لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو حزبانە و ئەو وڵاتانە، گرێ بدەن، کە دەتوانێ دژ بە بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆیان تەواو بێ!

ناکۆکی ناو کوردەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و هەڵە لە ئوروپا (کە ئەوەیان باسێکی تایبەت هەڵدەگرێ) هێزو وزەی کوردەکانی بە فیڕۆ داوە و ئەو بوارەی نەڕەخساندووە کە کورد قورسایی سیاسی- کۆمەڵایەتی- ئابووری- فەرهەنگی پەیدا بکات. ئەمڕۆ لە ئوروپا و ئاڵمان هیچ ڕێکخراو و دام ودەزگایەکی کوردستانی بوونی نییە، هەرچەند سەدان کۆڕو کۆمەڵ بە ناوی کوردەوە ساز کراون!

حزب و ئیلیتی “سیاسی” کورد عاملی سەرەکی چەند بەرەکی بوون و هەن، تاکی کورد یەخسیریی تێگەیشتن و فەرهەنگی پڕ لە ناکۆکی و پەروەردەی کۆمەڵگایەکی ناتەبایە، کە بە درێژایی مێژوو، ریفۆرمی فکریی، ئایینی، فەرهەنگی، سیاسی بەخۆیەوە نە بینیوە. تاکەکان لە زیندانی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و تێگەیشتنی پڕ لە ناکۆکی، نادێموکرات و پاوانخوازدا بار دێن! سەرۆکی بنەماڵە، تایەفە، عەشیرە ، دەوەر و وڵات،بەرهەمی ناتەبایین، کە بە هەزار داوی دیار و نادیارەوە، گرێدراوی ژێردەستەکانی خۆیانن.

بەردەوام نەمانەوەی پرۆژەکانی وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، بەرەی نیشتمانی باشوور، هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد و پرۆژەی لەو چەشنە، بەرهەمی کەسایەتی تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانە کە ئەوەش گرێدراوی مەیل و تێگەیشتن و تاقیکردنەوەکانی مێژووییە، کە بەردەوام خۆی لە تێکشکاندنەکاندا دەبینێتەوە و ئەوەش ڕەوانی مرۆڤی کورد لە چەنبەرەی خۆیدا دەهێڵێتەوە. ڕەهابوون لەم بازنەی “شەیتان!؟”یە، بە بێ ویست و مەیلی “ئاگاهانە” کە چوونە ناو پرۆسەی “وەلانان و وەرگرتن”ە، سەر ناگرێ! مرۆڤی کورد لە ژێر ئەزموونی تێکشکانەکاندا ماوەتەوە و خۆی لەو ئەزموونەدا دووبارە دەکاتەوە، نەک لە ئەزموونی تێگەیشتن و ویستن!

گۆڕانکارییەکانی جیهانی کە زۆر بە خێرایی ڕوودەدەن، دوا سەنگەری یەکگرتووی کورد کە بنەماڵەیە و ترادسیۆنی هەزاران ساڵەی لە پشتە، دەڕمێنێ و کۆمەڵگای کورد بەرەو قەیرانی زۆرتر دەکێشێ. ڕەوی بە کۆمەڵی کوردان بەرەو ڕۆژئاوا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەکات و بنەمای فکریی- سیاسی- ئیدئۆلۆژیک- ئایینی- زمانی- فەرهەنگی لە دەرەوە و لە ژوورەوە، زۆرتر لەوەی ببنە مەبنای یەکگرتن، دەبنە عاملی ناکۆکی، ئەوە حزب و سازی کوردیش دەگرێتەوە!

ئەو حزبانەی کە ئەمڕۆ بە ناوی کورد سیاسەت دەکەن و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەش کە لە ئوروپا ڕۆژانە ساز دەکرێن و هەڵوە دەوەشێندرێنەوە، نیشاندەری بینایەکی داڕوخاوی فکریی، ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەعریفەتی و فەرهەنگین(ئەم باسە لە وتارێکی دیکەدا ڕوون دەکرێتەوە)!
شەست و یەک ساڵ بەر لە ئێستا کۆمەڵێک کورد کە ژمارەیان زۆر نەبوو، بوونە دەنگی یەکگرتووی کورد لە ئوروپا. ئەمڕۆ بە بوونی ملیۆن کورد، ئەو دەنگە یەکگرتووە لە ئوروپا نابیسترێ و کورد خاوەنی سیمای یەکگرتوو نییە. گەر حزبەکانی کورد دێموکرات بایەن و پاوانخواز نەبایەن، جیاوازییەکانی سیاسی و ناسیاسییان بە دیاکۆگ چارەسەر دەکرد! بنەمای پڕ لە ناکۆکی کۆمەڵگای کورد، نیازی بە تێگەیشتن و ئاکاریی دێموکراتیک هەیە، بۆ ئەوەی داهاتوو جیاواز لە ڕابووردو بێ، ئەوەش لە ویستی گۆڕینەوە دەست پێدەکا! گۆڕینی تێگەیشتن و تاقیکردنەوەیەکی بە مێژوو کراو!

برایم فەڕشی
ڕەشەمەی ٢٠١٧




ویستت ژیان ئاشکەیتەوە … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ویستت باران بگریتەکۆڵ
بیبەیتەوە بۆ باوەشی
دارستانی تینوو و ماندوو
تاوس ئاشتکەیتەوە بە ڕەنگ
مەل بە باخ و
عەتر بە بەرکۆشی گوڵ و
باران بە چەم
حیزب نەیهێشت
ویستت مۆسیقا بۆ دەریا و
کارێز بەریت
حەیران فێرکەیت
گۆرانی بۆ ئافرەتێکی شنگال بڵێت
دەنگ
بخەیتە ڕۆحی تەپڵ و
ئاواز ببەیت بۆ لای گیتار
حیزب زمانی داخ کردیت
ویستت قووڕگی با دەربێنیت
گڕ بخەیتە دەمی ووشکی
گێژەڵووکە و
تۆفان ڕاونێیت
زریان بگریت
لە پێش چاوی دارستاندا
قۆڵبەستی کەیت
خۆڵی گریاو
بخیتە گیرفانی شەهید
لە عسرێکی خۆڵەمێشی
مناڵەکانی ئەنفالی
ڕووت و برسی
ببەی بۆ ماڵی ئایەتی
پیری مێژوو
کوبانی بگریتە کۆڵت
ماڵ بە ماڵی شار بیگێریت
بۆ باوەشی نیشتمانی
ماندووی بەریت
حیزب مووچە نانی بڕیت
قەڵەمی هۆشی شکاندیت
هەتاکوو تۆ لای حیزببیت
ئەبێت تف کەیت
لە شاعیری بەرز و یاخی
لە وشەی گڕ
لە ڕۆحی ئاو
لە چڵێ گیایی
سەوزی ماندووی
بەرخۆرەتاو
ئەبێت ڕقت
لە تریفە و
پێکەنینی ئەستێرە بێت
ئەبێت باڵی فڕینی هەنگ
مەلی ماندووی ناو ماڵی باخ بقرتێنیت
ئەبێت ڕۆحی سەوزی دێبەر بسووتێنیت
ژەهر خەیتە دڵی فیشەک
کوشتن بکەیت بەخەمخۆر و
هاوڕێی تفەنگ
مرۆڤ
ژیان
باخ
باڵندە
دڵی ماندووی خۆر بکوژیت
هەتاکوو تۆ لای حیزببیت
ئەبێت سەربازی تۆڵەبیت
گرێ و پەتی سێدارە بێت
هاوڕێی جەلاد
دز
خۆفرۆش
تاڵانچی بیت
ئەبێت کوێر و دەستەمۆ بیت
چاوساغی ڕێی بێگانە بیت
بۆ سەرۆک و
کۆشک و
دراو
کوڕنووش بەربیت

جەلال عەبدوڵا ساڵح




ئه‌و برینه‌ی له‌ پاش سی ساڵ هێشتا ته‌ڕه‌ … هێمن خورشید

ئه‌و ڕۆژه‌ی شه‌هیدیان كردی
دڵت خۆش بوو ده‌بیته‌ سیمبوڵی گه‌لێ
هه‌موو ده‌مێ
له‌ هه‌موو شوێن و سه‌رده‌مێ
یادت ده‌بێته‌ ماته‌مێ
سه‌راپای دڵی عاله‌مێ داده‌گرێت و
هه‌رچی چاوه‌
بۆت ده‌گرێت و
ته‌واوی ساڵ
ژن و پیاو و گه‌وره‌ و مناڵ
گشت چاوه‌ڕوانی هاتنین
ناوت ده‌بێته‌ هه‌تاوی زستانانی نێو چیا و دۆڵی كوێستان و
گه‌وره‌ و گچكه‌
چاو له‌ ڕێگای هه‌ڵهاتنین
تۆ ڕۆیشتی و بیرت نه‌بوو
ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ كه‌ساسین
له‌ ساڵێكدا هه‌ر ته‌نیا ڕۆژێ ده‌تناسین!
ئێمه‌ هێنده‌ بێ مێژوو و بێ یاده‌وه‌ریین
هه‌ر با كزه‌بایه‌ك هه‌ڵبكا، وه‌ك گه‌ڵای دره‌ختی پاییز
یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌رین
ئێمه‌ هێنده‌ ساده‌بیر و پێنه‌زانین
كه‌ ده‌تكه‌ینه‌ تاجی سه‌رمان
كه‌ ده‌‌تكه‌ینه‌ جلی به‌رمان
به‌ خه‌نجه‌ری به‌ر كه‌مه‌رمان
مه‌به‌ستمان ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌
سه‌رمان به‌ تۆوه‌ ده‌ركه‌وێ
هێستری شه‌لی بێناومان
به‌هۆی تۆوه‌
له‌ چیای ناو وه‌سه‌ر كه‌وێ
هه‌رده‌م بۆنی تۆمان لێ بێ
تا زیاتر جێی به‌زه‌یی بین
تا زۆرتر خێرمان پێ بكرێ
تا زیاتر ده‌رفه‌تمان هه‌بێ
هاوار بكه‌ین
فڵان بژێ و فڵان بمرێ
چه‌ند ساده‌ بووی واتده‌زانی
كاتێ ده‌ڕۆی دڵی میلله‌تێ دێته‌ ئێش
نه‌تده‌زانی له‌ ڕۆژی شه‌هیدبوونتدا
هه‌ندێ ده‌بنه‌ زوڕناژه‌ن و
هه‌ندێكیش به‌ سه‌رچۆپیكێش!

16/ئادار/2017




ڕه‌هێڵه‌ … سه‌ردار جاف

ئه‌م بێشه‌
سه‌ری گه‌رمی هه‌تا ئێواره‌ بڕ ناكا
ئه‌م سپێده‌
شنه‌ی پاكی
ناگاته‌ غوباری وڵاتی ره‌شه‌با
ئه‌م تاوسانه‌
زۆرێك نابا گریانی خۆی
به‌ سه‌ر رووی زه‌وی ده‌ڕژێنێ
ئه‌م سروشته‌
هه‌میشه‌ گوڵ و خوێن و به‌فر و زریان
ده‌نه‌خشێنێ
ئه‌م وه‌رزی گه‌ڵاڕێزانه‌
لێره‌ جوانی نابڕێته‌وه‌ خۆشی ته‌مه‌ و
به‌ باڵای من
ده‌ژێته‌وه‌
له‌و هه‌وار و بێ مه‌سكه‌نییه‌
له‌ هه‌ر بستێكی شارێكا
دڵۆپه‌ ئاره‌قی ره‌نجم جێهێشتووه‌
زێدم ونه‌ و له‌م بێشه‌یه‌م
كونه‌ په‌پووی تووله‌ رێگا و
سه‌ر شه‌قامێكی جه‌نگه‌ڵم
حه‌سره‌ت و حه‌ز بۆ مناڵی
به‌ شانێلی ته‌مه‌نمدا رۆنیشتووه‌
كام دڵۆپی ئاره‌قه‌ی هیشكه‌وه‌ بوومه‌
له‌م مه‌نزڵه‌ ده‌ینێژم و
ده‌رگای سبه‌یش نابه‌ڵه‌دم
غوربه‌ت و ئولفه‌تی دوێنێ
له‌ره‌ی ڕایه‌ڵه‌ی ته‌مه‌نێ
هه‌ر به‌ باڵام هه‌ڵزنیوه‌
بۆنی دره‌ختی ژیانیش
وێستگه‌كانی سه‌ختن، ژانن
نه‌ گه‌ییوون
یا گه‌نیووه‌




خواندنه‌ك ره‌خنه‌ی د رۆمانا (میلودیا بێده‌نگیێ‌) دا*… عبدالرحمن بامه‌رنی

دا مرۆڤ بشێت د ده‌وروبه‌رێن خوه‌ بگه‌هیت، دڤێت په‌یوه‌ندیه‌كا دروست دناڤبه‌را مرۆڤی و ژینگه‌ها ده‌وروبه‌ردا هه‌بیت، هه‌ر كه‌سه‌ك ژی ژ گوشه‌نیگایه‌كێ‌ لڤێ‌ په‌یوه‌ندیێ‌ دنێریت، ئه‌ركێ‌ نڤیسه‌ری یه‌ دخولقاندنا ده‌قێ‌ خوه‌ دا، گرنگیێ‌ بڤێ‌ په‌یوه‌ندیێ‌ بده‌ت. ژبه‌ركو رۆماننڤیس بخوه‌ خولقێنه‌رێ‌ ده‌قێ‌ خوه‌ یه‌، ل سه‌ر وی پێدڤی یه‌ به‌ری ده‌ست بنڤیسینا رۆمانا خوه‌ بكه‌ت، شاره‌زای دوی بابه‌تی دا هه‌بیت ئه‌وێ‌ رۆمانا خوه‌ ل سه‌ر ئاڤادكه‌ت، ئه‌ڤه‌ دهه‌می بیاڤه‌كێ‌ ژیانێ‌ دا هوسانه‌، كه‌ره‌سته‌ گرنگه‌، ژبه‌ركو چ كار ب ئاسانی ناهێنه‌كرن، ئه‌گه‌ر كه‌ره‌ستێن پێدڤی ل به‌ر ده‌ستێ‌ مرۆڤی نه‌بن، تشتێ‌ رۆماننڤیسی ژ كه‌سێن دی جودادكه‌ت ژی، شاره‌زایا وی یه‌ دچاوانیا دروستكرنا ئاڤاهی ژ وان كه‌ره‌ستێن ل به‌ر ده‌ست، هوسان هوستاكاری په‌یدا دبیت و نڤیسه‌ر په‌یدا دبیت و رۆماننڤیس په‌یدا دبیت و تا دوماهیێ‌. دخواندنا رۆمانا (میولودیا بێده‌نگیێ‌) دا، كه‌ره‌ستێن د نڤیسینا رۆمانێ‌ دا هاتینه‌ بكارئینان، رۆژانه‌ دكه‌ڤنه‌ به‌ر چاڤێن مه‌، چ ئه‌مێن خوانده‌ڤان یان هه‌ر كه‌سێ‌ گوهێ‌ وی ل روودان و سه‌رهاتیێن ژ ده‌رڤه‌ دهێنه‌ روودان و دووڤچوونا وان بكه‌ت، یا دروستتر ئه‌گه‌ر بێژم، سه‌رهاتیا رۆمانێ‌، سه‌رهاتیه‌كا زورا ئاساییه‌ ژبلی ئه‌و روودانێن جهێ‌ گومانێ‌ لده‌ف خوانده‌ڤای دروست دكه‌ن، نڤیسه‌ر دڤێ‌ رۆمانێ‌ دا، روولی دده‌ته‌ خوانده‌ڤانی، كو دگه‌ل رودانان یێ‌ به‌رده‌وام بیت، ژبیرنه‌كه‌ین ژی، خوانده‌ڤان دپروسا خواندنێ‌ دا، خولقێنه‌رێ‌ بریاردانێ‌ یه‌ ل سه‌ر كه‌ساتیان و خوشی و نه‌خوشیا ده‌قی.
(هه‌ر هوسایه‌ ژی، ئه‌گه‌ر نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ نه‌شێت شه‌نگسته‌یه‌كێ‌ وه‌سا دروست بكه‌ت، هینگێ‌ چ جوداهی دناڤبه‌را رۆمانێ‌ و چیرۆك و چیڤانۆكێن به‌ردیواران دا نامینن!).

رۆمان بكۆرتی:
نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌، سه‌رهاتیا رۆمانا خوه‌ ل سه‌ر دوو لایه‌نان دابه‌شكریه‌، ئێك: كارێ‌ ناڤ بازاری و زارۆكێن هه‌ژار و ئه‌ڤێن كارێن بویاخچیێ‌ دكه‌ن و ئه‌و ژیانا خوه‌ چاوان ده‌رباز دكه‌ن و چ هه‌ڤركی دكه‌ڤنه‌ به‌ر سینگا وان، دوو: قوتابخانه‌، ل قوناغا سنێله‌یێ‌ ژی بو سنێله‌كێ‌ شنوی هایش خوه‌ دبیت، ماموستایا ژن و ب تایبه‌تی ئه‌گه‌ر یا جوان بیت، دبیته‌ جهێ‌ سه‌رنجا وی و نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ زومه‌كێ‌ دئێخته‌ ل سه‌ر ڤێ‌ داخباربونێ‌، تشتێ‌ ڤان هه‌ردوو خالان ژی پێكڤه‌ گرێدده‌ت، خێزانا وی سنێله‌یه‌، ده‌ما رۆژه‌كێ‌ خه‌به‌رێ‌ نه‌خوشكه‌فتنا بابێ‌ وی دهێته‌ گوها و ئه‌ڤ بابه‌ دایكه‌كێ‌ و خووشكه‌كا قه‌یره‌ و برایه‌كێ‌ شه‌له‌لی دهێلته‌ بهیڤیا ویڤه‌ و وه‌غه‌رێ‌ دكه‌ت و به‌رپرساتیا هه‌لگرتنا پرێڤه‌برنا خێزانێ‌ دستوێ‌ وی دا دمینیت. تا ڤێره‌ سه‌رهاتیا رۆمانێ‌ دشێت گه‌له‌ك بابه‌تان هه‌لگریت و نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ ژی، لدووڤ ده‌ستهه‌لیا خوه‌، گه‌له‌ك بویه‌ر په‌لكێشكرینه‌ و بوینه‌ كه‌ره‌سته‌ بو رۆمانا وی. دا كو ئه‌ڤ رۆمانه‌ بشێت ببیته‌ هه‌لگرا بابه‌ته‌كێ‌ جوداتر ژ ئه‌ڤا ژ ده‌رڤه‌ی كولانێ‌ دهێته‌ گوهێن مه‌، كه‌سه‌كێ‌ دی دهێته‌ دناڤ رۆمانێ‌ دا و ئه‌و كه‌س ماموستایا وی دخازیت و هه‌ردوو به‌رهه‌ڤیان دكه‌ن، كو شه‌هیانا خوه‌ بكه‌ن. تشتێ‌ ڤێ‌ سه‌رهاتیێ‌ ژی جودا و بالكێش دكه‌ت، ئه‌و زه‌لامێ‌ هه‌نێ‌ بابێ‌ وی سنێله‌یه‌ و هێشتا یێ‌ ساڤا، بۆ چاره‌نڤیسه‌كێ‌ نه‌دیار دهێلیت، ئه‌و ژی پشتی هه‌ڤژینا وێ‌ دده‌ستێ‌ مرۆڤێن وێ‌ دا دهێته‌ كوشتن و خه‌به‌ر دگه‌هیته‌ وی و ئه‌و به‌ره‌ڤ وه‌لاتێن بیانی دچیت، كو ئه‌و ژی نه‌هێته‌ كوشتن. تشتێ‌ دیێ‌ بالكێش درۆمانێ‌ دا، ئه‌و ماموستایا ژن تا وی رادده‌ی ئه‌و سنێله‌ داخازا هه‌ڤژینیێ‌ ژێبكه‌ت، ناڤێ‌ ده‌یكا وی یا دروست ل سه‌ره‌، نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ گومانێ‌ لده‌ف خوانده‌ڤایێ‌ خوه‌ په‌یدا دكه‌ت، كو ئه‌و عه‌شقا ڤی سنێله‌ی بو ڤێ‌ ماموستایێ‌ هه‌لگرتی چ جوره‌ عه‌شقه‌ و وه‌سا بو دچیت، كو دلوڤانیا ده‌یكێ‌ سه‌ر ژ حه‌ژێكرنا دلینیێ‌ ستاندیه‌. لدوماهیا رۆمانێ‌ ژی ده‌ما ئه‌و ماموستا دروودانه‌كا ترافیكێ‌ دا گیانێ‌ خوه‌ ژ ده‌ست دده‌ت، ئه‌و سنێله‌ ژی بهه‌مان شێوه‌ قه‌ستا وێ‌ جادده‌یێ‌ دكه‌ت، ئه‌ڤا رویدانا ترافیكێ‌ لێ‌ دروست بوی و وی سنێله‌ی دڤێت هه‌مان چاره‌نڤیسێ‌ ماموستایا وی بهێته‌ سه‌ری، كو ئه‌گه‌رێ‌ رودانا ب سه‌رێ‌ ماموستا وی هاتی بۆ خوه‌ دزڤرینیت.
(خوه‌ دڤێت نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ ژی سه‌رهاتیه‌كا وه‌سا بنڤیسیت، كو قه‌بارێ‌ روودانان مه‌زن و سه‌رنج راكێش بكه‌ت، دا ئه‌و سه‌رهاتی ژ ئێكا ئاسایی جودابیت!

هونه‌رێ‌ نڤیسینێ‌:
ئه‌گه‌ر یێ‌ راستگو بم دنڤیسینا خوه‌ دا، ئه‌ز یێ‌ دوو دل بوم كا به‌رده‌وامیێ‌ بده‌مه‌ خواندنا ڤێ‌ رۆمانێ‌ یان نه‌، ژبه‌ركو هه‌ر ل ده‌ستپێكا رۆمانێ‌ ئه‌ز ل هنده‌ك رستان هلنگفتم، كو گومان لده‌ف من دروستكرن كو نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ خوه‌ ب نڤیسینا رۆمانێ‌ ڤه‌ ماندی كربیت، گه‌له‌ك رسته‌ كه‌فتنه‌ به‌ر چاڤێن من، كو دڤیابا جوانتر هاتبانه‌ دارشتن، ئه‌گه‌ر ژ دیاریێ‌ ده‌ست پێبكه‌ین، كو بڤی ره‌نگی هاتیه‌ نڤیسین (وان زارۆك و سنێله‌ و گه‌نجێن دهه‌ژاری و بێزاریێ‌ دا دژین ل وه‌لاتێ‌ من). یا دروستتر (وان زارۆك و سنێله‌ و گه‌نجێن ل وه‌لاتێ‌ من دهه‌ژاری و بێزاریێ‌ دا دژین)، ئه‌ڤه‌ ژی ره‌نگه‌ زێده‌تر گرێدان بو سه‌ربورا من یا كارێ‌ روژنامه‌ڤانی ڤه‌گه‌ریت ژ زمانی، ژبه‌ركو تا هه‌ر مانشێته‌ك یان هه‌واله‌كێ‌ روژنامه‌ڤانی مه‌ نڤیسابا، مه‌ چه‌ندین جار لێزڤرین بو دكر، بهزرا من نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ دشییا زێده‌تر ل سه‌ر رۆمانا خوه‌ راوه‌ستیت و لێزڤرینان بو بكه‌ت و باشتر موخل و بێژینك بكه‌ت.
(خوه‌ سنعه‌تكاری و ده‌ستهه‌لیا نڤیسه‌ری دارشتن و یاریكرنه‌ ب په‌یڤان، ئه‌گه‌ر نه‌، چ جوداهیا ئاخفتنه‌كا كولانكی دگه‌ل یا نڤیسه‌ری نابیت!)

باگراوه‌ندێ‌ رۆماننڤیسی:
بۆ گه‌نجه‌كی سه‌رهاتیا رۆمانا وی نزیكی ته‌مه‌نێ‌ وی بیت، مه‌به‌ستا من ته‌مه‌نێ‌ كاراكته‌رێ‌ رۆمانێ‌، گه‌له‌ك ئاسته‌نگ ناكه‌ڤنه‌ درییا نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ دا، ژبه‌ركو ژیانا گه‌نجاتیا وی و ئه‌و ژینگه‌ها ئه‌و تێدا دژیت، كو هه‌مان ژینگه‌هه‌ یا كاراكته‌رێ‌ وی تێدا دژیت و ب چاڤ دبینیت، نزیكی ئێكن، لێ‌ ئه‌ڤه‌ نابیته‌ ئه‌گه‌ر كو باگراوه‌ندێ‌ هه‌مان نڤیسه‌ر یێ‌ زه‌نگین بیت و فه‌رهه‌نگه‌كا زمانی یا باش ڤێ هه‌بیت، ئه‌ڤه‌ ژی بهزرا من بو كه‌مته‌رخه‌میا نڤیسه‌ری ڤه‌دگه‌ریت، كو دڤیابایه‌ به‌ره‌ڤ هه‌لبژارتا پسیاركرنێ‌ ڤه‌ چووبایه‌، ئه‌ڤه‌ ژی هنده‌ك نمونه‌: وه‌ك: (چوو نك وێ‌ دارێ‌، دوو سێ‌ كتكێن هژیرا كرن و دگه‌ل خوه‌ ئینان)، لاپه‌ره‌ 13. یا دروستتر گوتبا دوو سێ‌ كتێن هژیرا كرن، ژبه‌ركو كتك دكه‌ڤنه‌ عه‌ردی ده‌ما زێده‌ دگه‌هن و ئه‌و بخوه‌ ژ دارێ‌ دكه‌ڤن یان ڤێ‌ نمونێ‌: (پشتی دوو سێ‌ قورمه‌كێن لاو ژ جگارا خوه‌ هه‌لكێشاین) لاپه‌ره‌ 20. یا دروستتر (پشتی دوو سێ‌ قورمه‌كێن لاو ل جگارا خوه‌ داین)، یان گوتبا (دوو سێ‌ فره‌كێن لاو ژ جگارا خوه‌ هه‌لكێشاین). یان ڤێ‌ نمونێ‌: (كوچكێ‌ بیرهاتنێن وی كه‌لی یه‌ ڤه‌) لاپه‌ر 45. یا دروستتر: (كوچكێ‌ بیرهاتنێن وی گه‌ش بویه‌ ڤه‌ یان هلبویه‌ڤه‌).
(خوه‌ مه‌رج نینه‌ نڤیسه‌ر هه‌می تشته‌كی و هوورده‌كاریه‌كێ‌ ژ ژیانا كومه‌لایه‌تی بزانیت، لێ‌ دهه‌مان ده‌م ژی دا، نابیت یاری ب ئیدیه‌م و گوتنێن كوردی بهێته‌كرن).

نه‌ وه‌كهه‌ڤی در‌ومانێ‌ دا:
مه‌رج نینه‌ هه‌رده‌م نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ شروڤه‌كرنێ‌ بده‌ته‌ بویه‌ران، دا بشێت چاڤرونیێ‌ لده‌ف خواندڤای نه‌هێلیت، لێ‌ رۆمانا تێروته‌سه‌ل، ئه‌و رۆمانه‌یه‌ یا بشێت خوانده‌ڤای بخوه‌ ڤه‌ گرێبده‌ت، تا رودان دخه‌یالی ژی بن، لێ‌ نه‌بنه‌ جهێ‌ گومانێ‌ و پرسێ‌ بو وی! ئه‌ڤ پرسێن خوانده‌ڤای بڤێت ژ نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ ژی كه‌ت، وه‌ك، ده‌ما دلداری دژوورا ماموستایان ڤه‌ پاكیتا به‌قلاوێ‌ ژ ده‌ستێن دلڤینێ‌ ئێخستی و بۆ چه‌ند رۆژان ژ قوتابخانێ‌ دووركه‌تی، بریارا (فه‌سلكرنا) وی ژ قوتابخانێ‌ هاته‌دان، چاوان و ب چ شێواز دلدار ڤه‌گه‌ریا قوتابخانێ‌؟ پسیاره‌كا دی، كوڤان بابێ‌ دلداری ده‌ما زڤریه‌ وه‌لاتی و هیڤیا وی یا سه‌ره‌كی دلدارێ‌ كورێ‌ خوه‌ ببینیت، كو چ تشته‌كی ژ چاره‌نڤیسێ‌ وی نزانیت، خو مالا خالێ‌ وی ل وی گوندی بویه‌ و ب هیچ ره‌نگه‌كی ئاماژه‌ بو ڤێ‌ لێگه‌ریانێ‌ نه‌دایه‌! خالا ژ هه‌میان گرنگتر، كو نه‌شیام خوه‌ رازی بكه‌م، داخباربونا دلداری ب ماموستایا ویڤه‌ و تا وی رادده‌ی داخازا شیكرنێ‌ ژێبكه‌ت، نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ ئه‌و داخباربونه‌ به‌ره‌ڤ حه‌ژێكرنا په‌یوه‌ندیا كوری و ده‌یكێ‌ ڤه‌ بریه‌، هه‌ر وه‌كو كوڤان بابێ‌ دلداری حه‌ز ژ وێ‌ ماموستایێ‌ كری، كو ره‌نگێ‌ هه‌ڤژینا وی د دا!!
(خوه‌ نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ ژی ب ئه‌نقه‌ست وه‌كریه‌، خوانده‌ڤانێ‌ خوه‌ ئێخستیه‌ دگومانا داخباربونا سنێله‌یان دا، دناڤبه‌را حه‌ژێكرن بو ده‌یكێ‌ یان بو دلینیێ‌ بیت).

• نیوار ئه‌مین، میلودیا بێده‌نگیێ‌، رۆمان، 184 لاپه‌ر، چاپا دوێ‌، چاپخانا هیڤی.
• د روژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ 2065 ل روژا 28/2/2017ێ‌ دا بلاڤبویه‌.




ھەڵەبجە… چالاک ئـاغجەلەری

ڕۆژی ١٦/٣ ڕۆژێکی پڕ لەسوێ و ئـازارە کە دەرھەق بە خەڵکی سڤیلی ھەڵەبجەکرا. ئـەم ڕووداوە دەرئـەنجامی چاوچنۆکی ووڵاتانی زلھێز و بەریەکەوتنی ئـاراستە جیاوازەکانی ئـاینێکە کە بۆ خۆی ھەڵەبجە لە دونیایەدا دەروێش ئـاسا لە زکری بێکۆتاییدایە بۆی، بە ھەمان قورسایی نەتەوە پەرستی و فەرزی ئـەم نەژاد بەسەر ئـەوی دیکەدا لە گێلێتی مرۆڤەکان بترازێت ھیچی دی لێ شین نەبوو نابێت، ترۆپی ئـەو گەوجاندنە ھەڵەبجەی کردە ئـامانج ، ھەروەھا ھۆکارێکی تر ئـەو شۆڕشە بوو ھەموومان لە خەونی ئـەرخەوانیدا بووین کە سەرکەوێ و کەف و کۆڵی کوردایەتی ئـارامبێت و دەسەڵاتی کوردی ، ئـەو حەشاماتەی پێی دەڵێن کورد دونیایەکیان بۆ ئـامادەکات جیا لەوانی دەورووبەر بەڵام!!؟.

١٦/٣ ڕۆژی تەخشان و پەخشانی درۆی سەرکردەکانە ، ھەریەک بە ئـەندازەی بەرپرسیارێتی درۆی جوان جوان ،بۆن خۆش بەئـەندازەی بۆنی سێوەکان دەپرژێنن و دەکەینە دیاری خەڵکی ھەڵەبجە و وەکو بڵقی سەرئـاو دوای ئـەو ڕۆژە فەنا دەبێت.

ئـەگەر پێتان وایە قەرەبووی ئـەو زامە بە پارچەیەک ئـەرزە و بڕینەوەی یارمەتیەک کە بۆتە چارەکە یان کردنی ھەڵەبجە بە پارێزگا ساڕێژ دەبێت زۆر زۆر ھەڵەن، بە بەرچاوی ھەمووانەوە چەندین بەرکەوتوانی ھەڵەبجە بەو ئـازارەوە سەریان نایەوە چونکە دەسەڵاتێک خۆی وەک دەمڕاست ناساند دەکرا و لە توانایاندا بوو تەواوی ئـەو مرۆڤانە لە باشترین نەخۆشخانەکانی جیھان تیمار بکرانایە بەڵام ئـەوەی بەرچاو کەوت مردنی لەسەرخۆی ئـەو مرۆڤانە بوو بە ئـازارێکی زۆرەوە، بەردەوامی ئـەم تراژیدیایە پرسیاری ئـەوە دەکات کە ئـێوە کێن ، جیا لە گۆڕینی دەموچاوەکان و زمانی ئـاخاوتنتان.

ھەر دوێنێ بوو ھەڵەبجەیەکی تر ، دەستە خوشکی ئـەم شارە شەنگار ، لە مامەڵەیەکی سیاسیدا ھەڕاج و جیبوسایدکرا لەوەش واوەتر ئـەوی دەربازیش بوو بەدەست و تفەنگی چەکدارە حزبیەکان پێکران.

١٦/٣ بەژمارە و ڕێکەوتی جیاوازتر بەردەوامی ھەیە بە جۆرێک نەک لەسەر دەستی ڕەقیبە نەخۆشەکان ، لەژێر ناوی کوردایەتی قڕکردن بەڕێوەیە ، فەزایەک لە ناشریندا ھاوتای نیە. سەرخان و ژێرخان قڕکرا، شەقام گەوزێندرا، قەڵەم کڕدرا، ئـەوەی کە پێی دەڵێن خۆشەویستی بۆ نیشتمان وەک گەڵای پایز لە زەرییدا ھەڵوەری ، تەنھا وانە لە ھەڵەبجەوە فێربوون لە ترساندی خەڵک و دەستەمۆکردنیان لە چواچێوەی حزبدا ،کردەوەکانیان پێمان دەڵێن ھەموو کات چاوەڕوانی دووبارە بوونەوەی ئـەو تراژیدیایەدابن بە جۆر و شێوازی تر ، دەبێ دووربین لە لاساری و چۆک دابێنین بۆ خواستەکانیان ، ھەموو ئـەمانە بەرھەمی ئـەو کوردایەتیە بوو کە ھەڵەبجە سەرقافڵەی قوربانیەکانیەتی، بژی کورد و کوردایەتی!!!




بۆ موچەی کابانی ماڵ نەدرا …؟ ئامانج کەریم

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە تێناگەن یان نایانەوێت تێ بگەن یان باش تێ دەگەن و خۆیان سەر بە لایەنی ترن بۆ ململانێی سیاسی ئێخەی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانی پێ دەگرن .. هەرێمی کوردستان لە بوجەی عێراق لە سەدا حەڤدەی بۆ دەهات کە ئەم بڕە نەک هەر بەشی کابانی ماڵ بەڵکو بەشی شیری کۆرپەی کابانەکانیش دەکرد بەزیادەوە ، بەڵام ئەو کات پارتی و یەکێتی بەشی ئەم میلەتەیان بەسەر خۆیان وبەرپرس و مەکتەب سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی خۆیاندا تەخشان و پەخشان دەکرد و میللەتیان بە موچەیەکی ۳۲ هەزار دیناری دەگەوجاند لە کۆمیتەو و ناوچەکانەوە تەنها بڕی (سیو دوو ) هەزاریان دەدایە پیرێژن و پیرە مێردی ئەم میللەتە ، ئەوەیش تەنها بۆ ئەوانە بو کە وەلائیان بۆ یەکێتی و پارتی هەبوو لە کاتێکدا ئەو پیرێژن و پیرەمێردانەی کە ئەم بڕە کەمە بێ هەیبەت و بێ قیمەتەیان دەدایە نان دەروو خزمەتکاری شۆڕش و پێشمەرگەبون ، گۆڕان هاتە مەیدانەکەو بەڵێنی دا بە موچەی کابانی ماڵ ، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای بەشە بوجەی لەسەدا حەڤدەی عێراق بە هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ووت ئێمە بچینە دەسەڵات موچە بۆ کابانی ماڵ دەبڕینەوە ، پارتی و بنەماڵەی بەرزانی دەیانویست وەک دەعبای ناو جۆگاکە لە هەردو لا بخۆن هەم سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆیان بێت کە کردیشیان و نەوتی کوردستانیان خستە ناو بازاڕی ڕەشی قاچاخ چێتی نەوت و مافیا گەرانە کەوتە بازرگانی نەوت و داهاتەکەیشی بە تەنها لە هەگبەی بنەماڵەو سەرۆکەکەیدایە و بۆ بەرژەوەندی و ڕەفاهیەتی سەرۆک و ئەندامانی خێزانەکەی و چوار دەورەکەیەتی و دەشیان ویست عیراق لە نەوتی بصرە لە سەدا حەڤدە بنێرێت بۆ کوردستان دەوڵەتی عیراق لە پای ئەو مافیا گەریەی بنەماڵەی بەرزانی بوجەی هەرێمی بڕی و وەک کوردەواری دەڵێت مانگا مرد و دۆ بڕا ئەوە سیاسەتی نا شەفافی مافیا گەری توجارەتی نەوتی پارتی و بنەماڵەکەیەتی کە بوەتە هۆی بڕین و نەمانی بوجەو موچە و هۆکاری قەیرانی داراییە ئیستەیشی لەسەر بێت بزوتنەوەی گۆڕان پەنجا زائید یەکی بهێنێت لە هەڵبژاردندا و ئەو دەسەڵاتە بگرێتە دەست کە بتوانێت بەرجەستەی سیاسەت و ستراتیجی خۆی بکات له چوار چێوەی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عیراقدا بەو منحە وبوجەیەوە کە لەسەدا حەڤدە دەهات دەتوانرێت موچە بۆکابانی ماڵ و تەنانەت وەک وتم شیری کۆرپەکەیشی دابین بکرێت ، ئەوە پارتی بو بە هاوکاری شەریک و هاوبەشەکانی کارێکیان کرد کە نەک کابانی ماڵ بەڵکو موچەی موچە خۆرەکانیشی بڕی




زمانی كوردی و خۆپیشاندان … ئاری زێندینی

باس باسی خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌ هه‌مووشی بێ‌ ئه‌نجام وبێ‌ به‌رهه‌م بێ‌ سوود , خۆپیشاندان و دواتر بۆ ماڵه‌وه‌,ئه‌مه‌ كاری خۆپیشانده‌رانه‌ به‌ڵام ئه‌ركی خۆپیشانده‌ر ئه‌مه‌ نیه‌!دوا خۆپیشاندان ده‌رباره‌ی ناڕه‌زایی و هه‌ڵویست دژی بڕیاڕێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژمارنه‌كردنی نمره‌ی قوتابیان له‌وانه‌كانی (زمانی كوردی) بۆكۆلیژوزانكۆكانی كوردستان كه‌چه‌ندین كه‌سایه‌تی و پسپۆرو زمانزان ومامۆستایی زانكۆوقوتابخانه‌كان به‌شداربوون ئه‌نجامه‌كه‌ی هیچی لێ‌ شین وسه‌وزوزه‌ردوقاه‌یی ومۆروسۆرنابێ‌!هه‌روه‌ك خۆپیشاتدانی له‌ سلێمانی بۆ(مووچه‌)!خۆپیشانده‌ران هاتنه‌ سه‌رجاده‌وكاری خۆیان كردوبه‌ڵام ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێنه‌كرد!ئه‌رك واته‌ شتێكی لێ‌ شین وسه‌وز بێت.خزمه‌تكردنی زمان و كه‌لتوورو فه‌رهه‌نگ به‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی نابێت به‌ڵكو به‌ داهێنان وشاكاروكاری زانستی ده‌بێت, به‌وه‌ ده‌بێت زمانێكی (ستاندار- یه‌كگرتوو) بۆزمانی كوردی دانێن ودروستكه‌ین وپه‌یڕه‌وبكه‌ین!خزمه‌تكردنی زمانی دایك به‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و وشه‌ ناماقوڵ ونه‌شیاوانه‌وبیانیانه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌وبازاڕ و دوكان وماڕكێته‌كان نوسراوه‌و هه‌ڵواسراوه‌! خزمه‌تكردنی زمانی دایك به‌وه‌ ده‌بێت نه‌هێلین ئه‌و هه‌موو زاراوه‌و شێوه‌ زارو تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی له‌ زمانی كوردی ئێستا به‌كاردێت دڵسۆزانی زمان و پسپۆرانی زمان بێخه‌م و بێده‌نگن!خزمه‌تكردنی زمانی دایك به‌وه‌ ده‌كرێت كاتێك بنكه‌و ئه‌كادیمیایه‌ داده‌مه‌زرێت بۆ زمانی كوردی هه‌مووی پاڵپشتبن بۆ به‌رده‌وامی نه‌ك ساڵێك ودوو سێ‌ دابخرێت و بێ‌ به‌رهه‌م بێت !خزمه‌تكردنی زمانی دایك به‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و نامه‌ ماجستێرو دوكتۆرایه‌ی له‌سه‌ر زمانی كوردی چاپبكرێن و بخرێنه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵك و قوتابیانی كۆلیژه‌كان!به‌ڵێ‌ خزمه‌تكردنی (زمانی كوردی) به‌ وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت كه‌باسمانكرد كه‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌مووانه‌ نه‌ك ته‌نیا كاری هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایی! له‌ هه‌موویان گرنگترو ئه‌ركترو خه‌ونتر (زمانی ستانداری كوردی) !كه‌ بتوانن كۆمه‌ڵگه‌و حیزب و حكومه‌ت قایل و ئیقناع بكه‌ن! ده‌بێت ڕۆشنبیرانی زمان و پسپۆرانی زمان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ده‌شزانن پێشكه‌وتنی میلله‌ت هه‌موو بواره‌كان هاوشانه‌ گه‌ر پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و زانستت پێشنه‌كه‌وێ‌ زمانیش پێشناكه‌وێ‌! سێ‌ ڕۆژ (شووتی – شفتی) له‌ وڵاتی ئێران هاورده‌ نه‌كرێت (شووتی) له‌ كوردستان نامێنێت!لێره‌دا واته‌ خزمه‌تكردنی زمانی دایك ده‌بێت بیناسێنین به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌رك وخزمه‌تكردنی زمانی كوردیه‌ نه‌ك (خۆپیشاندان)!




هه‌ڵه‌بجه‌؛ سێوی شاره‌زوور … بـۆتـان لـه‌تیــف مـاویلـی (پــایــــان)

شانزه‌ی سێیه‌
شه‌و ده‌یه‌وێ تا هه‌تایه‌
دڵی گه‌ردوون بگوشێت و
ئاسۆی ڕۆژگار
به‌ر له‌ هه‌ڵاتن بڕفێنێ !..
شانزه‌ی سێیه
ژوان پرته‌قاڵاویه‌
هه‌ناسه‌ تفت و بۆن سێوی..
ئه‌وه‌ ڕۆژه‌
مانگ باوه‌شی بۆ گرتووه‌و ده‌یلاوێنێ!..
ده‌ڵێ زووبه‌ چاوه‌کانت زوو هه‌ڵێنه‌
تا تاریکستانی ئازار له‌ڕووی گه‌ردوون بڕه‌وێنێ!..
شانزه‌ی سێیه‌
هه‌ڵه‌بجه‌ سێوی شاره‌زوور
ده‌ناڵێنێ وهاوار ئه‌کات.. ئه‌قیڕێنێ!..

ته‌ماشاکه‌ن
باخی سێوانی حه‌بیبه‌و
ده‌شتی شعری خاکوخۆڵ و
نه‌قشبه‌ندیه‌که‌ی مه‌ولانا؛
چۆن هه‌ناسه‌ی پرته‌قاڵی و
بۆنی سێوی ( بـــا ) هه‌ڵده‌مژن!؟..
کاتژمێری شار سیلاکه‌
نا…
تا پێنج هه‌زاری ژمارد…
ئیتر خه‌وت و
ته‌نیا ڕسته‌یێ که‌جێی هێشت
( پێویست ناکات….
له‌چاویلکه‌ی هیچ وڵاتێ….
له‌زاری هیچ مرۆڤ ناسێ….
یا فلاشی ڕۆژنامه‌وانێ…. گه‌شتیارێ….
بــــــا؛ ئازاره‌کانی مێژوو
له‌هه‌ناوی شانزه‌ی سێ بخوێنینه‌وه‌!.. )
وه‌رن سه‌یری هه‌ڵه‌بجه‌که‌ن!
ئه‌م تابلۆ ڕه‌نگاڵه‌ییه‌!
..
….
……
له‌م تابلۆ ڕه‌نگینه‌ی شار
ببینن ته‌نیایی مێژوو!
ببینن ته‌نیایی ئازار!..
هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و ده‌ڵێ وه‌رن…
ببینن ته‌نیایی خۆم و
ئێش و خه‌وی شه‌وینه‌ی شار!..
له‌و وه‌رزی به‌هاری ساڵا
به‌ته‌نیان..
خۆی و مانگه‌شه‌و!..
یه‌که‌م هاوار
یه‌که‌م گریان
یه‌که‌م ترازانی هه‌ناسه‌
له‌جوانی شار…
له‌ژوانی ژان…
هه‌ور به‌فلاشه‌ ته‌زیوه‌که‌ی
وێنه‌ی باخی مه‌مانی گرت!
مه‌مکێ؛
له‌مژینی تامه‌زرۆی زاری زراسکه‌یێ ئه‌ترازێ!..
مه‌مکێ؛
له‌گوشینی سه‌رپه‌نجه‌ی عه‌شقی شاگه‌شکه‌یێ ئه‌ترازێ!..
به‌ته‌نیان..
خۆی و مانگه‌شه‌و!..
مانگ پێی ده‌ڵێ:
جێت ناهێڵم..
ناتڕفێنم..
هاتووم به‌ پێنوسی ئازار؛
نه‌خشه‌ی ژان و
نه‌خشه‌ی هاوارو ته‌یاره‌و
بۆمبی کیمیاویت بکێشم
له‌سه‌ر باڵی کۆلاره‌ی مناڵی لاسار!..

ته‌ماشاکه‌ن
وا ئێستاکه‌ هه‌موو جیهان
له‌ناو خه‌وێکی په‌مه‌یی
هاوکێشه‌ ئابوریه‌کانیان
به‌تامی سێو شیکار ده‌که‌ن!..
وه‌رن بچین بۆ شاره‌زوور!
سێوه‌که‌ مێخه‌ک به‌ند بکه‌ین..
هه‌ڵه‌بجه..
سێوی شاره‌زوور!..
بـۆتـان لـه‌تیــف مـاویلـی (پــایــــان)
17/3/2007 ـــ هه‌ولێر/ ڕاپه‌ڕین




سه‌یران … نێچیروان وه‌لی

منداڵینه‌ وا به‌هاره‌
شادیبه‌خشی لادێ‌ و شاره‌
وه‌رزی دیلان و سه‌یرانه‌
كاتی دیرچوون و گه‌ڕانه‌
له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌ پێكڕا
دایك و باوك و خوشك و برا
ده‌چین بۆ دۆڵ و ده‌شت
بۆ نێو ئامێزی سروشت
قه‌ت ژینگه‌ پیس ناكه‌م له‌وێ‌
جوانیی وڵاتم ئه‌وێ‌
زۆر قه‌شه‌نگه‌ وڵاتمان
هه‌ر ئاوه‌دان بێ‌ كوردستان




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی… نووسەر زاهیر باهیر

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .
لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 7


دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

زاهیر: من ناوم زاهیر باهیرە و بە قەولی وتوان لە دایکبوی ساڵی 1952م . لە تەمەنی 14 ساڵییەوە تێکەڵاوی سیاسەت بووم و سەرەتا لەگەڵ جەلالییەکان بووم. لەتەمەنی 18 و 19 ساڵییدا جەلالییەتم بەجێهێشت و تا کۆتایی 1985 لە چەند ڕێکخراو وگروپێکی مارکسی- لێنینی- دا کارم کردووە . کاتێک کە لە گروپی مارکسی-لینینی عێراقییەکانا بووم، ( کار) لەو چەند ژمارەی ڕۆژنامەی ‘ کار’ دا کە دەرمانکرد وتارم نوسیوە.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە باوەڕم بە مارکسییەت بە تایبەت پرسی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاریا و دەوڵەت بە گشتی ، نەماوە. هەر لەو سەردەمەدا جاروبار لە گۆڤاری ‘ دواڕۆژدا’ وتارم دەنوسی .
لە ساڵی 2000 وە بیرکردنەوە و خویندنەوە و کارکردنم لە لەندەن کە لە ساڵی 1988 دا دەستیپێکرد و ئەزموونم لەگەڵ کرێکران و ڕێکخراوە چەپە سیاسیەکانی بریتانیا، گەیاندمی بە هزری ئەنارکیستی ‘ ئەنارکیزم’ . هەر لە سەرەتای 2000 وە لە گەڵ دوو سێ هاوڕێی دیکە کە هەڵگری هزری ئەنارکیستی بوون، گۆڤاری ‘ژیڵەمۆ’ و ‘دالیان-مان دەردەکرد، کە چەند ژمارەیەکیان لێدەرچوو.
لە ساڵی 2005 یشەوە ناو بەناو لە ماڵپەڕی ‘ئەنارکیستان’ هەروەها لە هەندێك لە ماڵپەڕە کوردییەکانا دەنوسم. لە هەندێك لە گروپە خۆجێییە سەربەخۆ ناهیراشییەکانی لەندەنا ، هەڵسوڕاوێکی چالاکم. پەیوەندی توند و پتەوم لەتەك ئەنارکیستە کوردەکان و زۆرێك لە ئەنارکیستانی دیکە لە ئەوروپا و ئەمەریکاو گەلێك وڵاتانی دیکەدا هەیە.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

زاهیر: من ناتوانم بڵێم ئەمڕۆ بزوتنەوەیەك هەیە بەناوی ‘ بزوتنەوەی هەرەوەزی ‘ یەوە. لێرە و لەوێ چەند کارێکی هەروەزیانە دەکرێت ، بەڵام بەو مانایەی کە بزوتنەوەیەکی چوست و چالاکی هەرەوەزیانە ، بێت، وجودی نییە و ڕەنگە چەندەها ساڵی دیکەش بخایەنێت بۆ دەرکەوتنی ئاوا بزوتنەوەەیەك.
کارو چالاکی دەستەجەمعیانە ، کە هێشتا خۆی نەگرتبێت و نەبووبێتە خوو و نەرێتی کۆمەڵایەتی و کنەی لە دەوڵەت و پرۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییە مەوجوودەکان لەگەڵ مارکێت، نەکردبێت ، هەرگیز ناتوانرێت ، ناوی ‘ بزوتنەوەی هەرەوەزی ‘ لێبنرێت.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

زاهیر: لە ڕاستیدا ئەمە پرسیارێکی فرە ڕەهەندە و وەڵامێکی دووروو درێژی دەوێت. بۆ ئەوەی کە خۆم لەو درێژدادڕییە ڕزگار بکەم ، بە کورتی دەڵێم: دەکەوێتە سەر چونێتی دروستکردنیان، دەستە و هێزی هەڵسوڕێنەریان و کۆمەڵ و تاكی کۆمەککار پێیان و قەتیسبوونی یا نەبوونی پرۆژەکە لە بوارێکدا یا سنوردارکردنی ، ئیدی لە شوێنێکدا یا لە پرۆژەیەکدا و هەروەها ئامانجی ئەو کارە، واتە ئایا دەکرێت ئەوە ببێتە ئاراستەیەکی خودی ژیانی خەڵکی و جێگای خۆی لە شوێنە جیاجیاکانا بکاتەوە؟ ئایا ئاراستەی جێ لەقکردن بە دەسەڵاتی خاوەن زەوی خاوەن کومپانیا ، دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانی دیکە، دەگرێتە خۆی؟ هەروەها بڕیارەکان کێ دەیدەن و چۆن دەدرێن . ئەمانەو گەلێك خاڵی دیکە ڕەوتی ئەرێیانە یا نەرێیانەی هەرەوەزییەکان و داهاتوویان، دیاری دەکات کە ئایا ڕیفۆرمیین یاخود جێگرەوەی بازاڕ و ئەم شێوە ژیانەی ئێستای ئێمەن؟

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

زاهیر: وابزنم تا ڕادەیەك وەڵامی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشترا، داوەتەوە . لێرەدا تەنها ئەوەندەی بۆ زیاد دەکەم کە بڵێم دوو خاڵ ڕۆڵی گەوەرە دەبینن سەبارەت بە ئاراستەی هەروەزییەکان لە خزمەتنەکردنی سیستەمەکەدا. یەکەمیان: بە سیاسیکردنی هەرەوەزییەکانە ، دیارە لێرەدا مەبەستم بە حیزبیکردن و ئاڵانی لە سیاسەتی سەردەمەوە نییە ، بەڵكو مەبەستیم ئەوەیە کە ئایدیای مرۆڤانەی لە پشتەوە بێت ، واتە بەشداربوانی هەرەوزییەکان دەبێت ئەوە بزانن کە ئەمەی ئەمان ئایدیایەك یا کارێکی نوێ نییە ، لە سەردەمی زۆر کۆندا هەموو شتێك هەروەزیانە کراوە و ژیانیش بە گشتی هەروەزییانە بووە، بەڵام بە تێپەڕینی زەمەن و دەرکەوتنی دەسەڵات و دەوڵەت ، ئەم ژیانەیان لێزەوت کراوە و شێوازێکی تری ژیانیان پێڕەوابینراوە. ئەمە سروشی سروشتیانەی خودی مرۆڤ خۆی بووە لە سەرانسەری شوێنە جیاوازەکانی دونیا و نێو گروپ و کۆمەڵ و نەتەوە جیاوازەکانا .
کەواتە گرنگە لێرەدا هەرەوزیکاران ئەوە بزانن کە کارکردنی هەرەوەزییانە هەموو شتێك نییە ، بەڵکو دەبێت هەنگاو بەرەو ژیانی هەروەزییانەش بنرێت ، واتە خەڵکی بە گوێرەی توانای خۆی کار لەهەرەوەزییەکانا بکات و بە گوێرەی پێداویستیشی، لێی وەرگرێت. ئەمە تاکە ڕێگایەکە کە خۆی بەدوور لە خزمەتی سیستەمەکە و مانەوەی سیستەمەکە بگرێت.
دووهەم: سەربەخۆییبوونی هەرەوزییەکان و بەدوورگرتنیان لە بەسەرا سەپاندنی ئەجەندەی ئاشکراو نهێنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەسانی دەستڕۆیشتوو چ لە بواری ئابوریی و چ لە بواری بەرپرسیی سیاسی و میلتەریی-دا. بۆ ئەمەش هەرەوەزییەکان پێویستیان بە هاوکاریی و کۆمەكی هەمو کەسانی ئازادیخواز و مرۆدۆست و بێ تەماح لە هەموو بارەیەکەوە هەیە هەر لە کۆمەكی پارە و تەرخانکردنی چەند هەفتەیەك بە کارکردن لە هەرەوەزییەکانا ، هەتا بۆ ئەوانەشمان کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین ، لە تەك ئەمانەدا هەبوونی ماڵپەرێك لەگەڵ کردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانا بۆ پاگەندەکردن و بە نموونەییکردنی هەرەوەزییەکان و بەدەستهێنانی کۆمەك و هاریکاریی لە شوێن و لایەنەکانی دیکەوە. ئەمە جگە لە بەیەکەوەستنەوەی یاخود گرێدانەوەی هەرەوەزییەکان لە شوێنە جیاوازەکانا ، هەم بە کۆمەكکردنی یەکدی لە بەرهەمەکانیانا و دەفعکردنی پێداویستییەکانیان ، هەم بۆ مەبەستی فێربوون لەیەکەوە و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانیان .
بێ گومان زۆر زەروورە کە هەرەوەزییەکان هێڵێکی جیاواز لە نێوانی خۆیان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانا بکێشێت. من لە پۆستێکی سەر فەیسبووکدا هەر بە کورتی بە چەند خاڵێك جیاوازیی نێوانیانم ڕوونکردۆتەوە. بۆ زانیاری لەسەر ئەوە، تکایە خوێنەری بەڕێز کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://zaherbaher.com/2016/09/24/%d8%ac%db%8c%d8%a7%d9%88%d8%a7%d8%b2%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%d8%a7%d9%86%db%8c-%d9%87%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%d9%87%e2%80%8c%d9%88%d9%87%e2%80%8c%d8%b2%db%8c-%d9%88-%d8%ae%db%8e%d8%b1%d8%ae%d9%88%d8%a7/

دەنگەکان – کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟

زاهیر: ئەم جۆرە ڕایانە لای من غەریب نین . ئەمە ڕای زۆرێك لە ئەو کەسانەیە کە کورد وتەنی، دەیانەوێت ” لە قونەوە ئەسپەکە لغاو بکەن” . ئەمانە سیاسی و برادەرە حیزبییەکانن کە دەیانەوەێت لە سەرەوە کۆمەڵ بگۆڕن ، ئەمەش ئاشکرایە هەرچی هەوڵێك کە ویستویەتی لە سەرەوە کۆمەڵ بگۆڕێت ، بە هەقەت شکستی هێناوە و تاکە هەوڵێك نییە کە سەرکەوتوو بووبێت. هەروەها ئەوان دەیانەوێت گۆڕانکاری سیاسی لە ڕژێمدا بکەن نەک گۆڕانکاری ئابوریی و سیاسی و کولتوریی و ڕؤشنبیریی و هتد لە کۆمەڵدا، بکەن ، کە بۆ ئەمەش دیسانەوە مێژو بەڵگەی زۆری پێداوین کە گۆڕانکاریی لە ڕژێـم-دا هیچ لە باروودۆخەکە ناگۆڕێت.
من پێموایە ، ئێمە لە ئێستادا دەبێت کارێکی کاریگەرانە بکەین و بەدوور بین لە ڕوبەڕووبونەەوەی ڕاسستەوخۆی دەوڵەت و دەسەڵات. واتە کاری ئێمە لە ئێستادا کنەکردنە لە دەوڵەت و دەسەڵات و لە ڕێگای کاریگەریانەی ئابوریانەوە، نەك سیاسیانە . بەڕای من ئەگەر ئەو هەرەوەزیانەی خانەقین بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆن کە پێشتر پەنجەم بۆ ڕاکێشا، کارێکی یەکجار گەورە و گرنگ دەبێت کە لێرەدا پێویستە دەستخۆشی لە هاوڕێ سەلام و هاوڕێیانی دیکە بکەین و کۆمەکیشیان بە شێوەیەك لەو شێوەیەی کە لە سەرەوە باسمکردن پێبکەین.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

زاهیر: من لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا وەڵامی ئەمەم داوەتەوە . لێرەدا تەنها پێ لەسەر ئەوە دادەگرم : یەکەم فراونکردنی بوارەکانی هەرەوەزییەکان ، دیارە ئەمەش متمانە دەکاتە سەر کۆمەك و هاوکاری ئێمە هەر هەموومان . دووهەیش هەروەزییەکان هەر بۆ کارکردنی دەستەجەمعییانە نەبن ، بەڵکو دەبێت بەرهەمی هەرەوەزییەکانیش لە لایەن هەموانەوە بە گوێرەی پێویستی بەشداربووانی هەرەوەزییەکان، بچێنرێتەوە . بڕێکیش لە داهاتی هەرەوەزییەکان بۆ کڕینی پێداویستی هەرەوەزییە کشتوکاڵییەکان و نوێکردنەوەی ماشێن و ئامرازە کۆن و پەرپوتەکانی کارگەکان، هەروەها کردنەوەی چێشتخانەیەك بۆ بەشداربوانی هەرەوەزییەکان و خێزانەکانیان ،تەرخان بکرێت . دەبێت ئەوەش بڵێم پێویستە بڕێك پارە لا بدرێت بۆ گەشتی پیرو پەککەوتان و منداڵان، هەر هیچ نەبێت لە ناوچەکەدا. ( دیارە ئەمە ئامانجێکی تۆزێك دووری هەرەوەزییەکانە)، نەك لە ئێستادا ، کە لە سەرەتادان.
گەر ئاراستەی هەررەوەزییەکان بەو شێوەیە بڕوات ، ئەوە گومان لەوەدا نییە کە کارایی خۆی لەسەر ئەو لایەنانەی کە دەستنیشانتان کردوون ، پۆزەتڤانە ، ددادەنێت و بە زووترین کات گەشەدەکات ، بێگومان وەکو پێشتر وتم بۆ ئەوەی ئەم کاراییە بە تەواوی ڕۆڵی خۆی ببینێت ، ئەوە دەبێت کە لە تۆڕێكی کۆمەڵایەتیدا یا جۆرێك لە فیدراڵیەتی ئابوریانەدا کە لەو قۆناخەدا گەیشتۆتە ئەوەی کە قەوارەیەکی سیاسیشی ببێت ، خۆیان کۆبکەنەوە .

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

زاهیر: من ماوەیەکی زۆرە هاتوومەتە سەر ئەو ڕاو قەناعەتێك کە ڕوودانی شۆڕش لە وڵاتانی پیشەسازی گەشەنەکردوودا یا خود کەمتر گەشەکردوودا ، بەختی ڕوودانی زیاتری هەیە تاکو ئەم وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتوانە. بۆ ئەمەش ماوەیەک لەمەوبەر وتارێکم نوسی، کە لینکەکەی لێرەدا، دادەنێم. لەم وتارەدا هۆکار و پاساوی بیرۆکەکەم خستۆتە پێشچاو . هەر لەبەر ئەمەش نامەوێت لێردا خۆم دووبارە بکەمەوە . بەڕای دروستکردنی هەرەوەزییەکان هەنگاوی یەکەم و بەردی بناخەی ئەو شۆڕشەن.
http://dengekan.ca/archives/1261

شتێکی تر هەیە کە حەز دەکەم خوێنەری لێ بە ئاگا بهێنمەوە، ئەویش ئەوەیە کە زیاتر لە 100 هەرەوەزی لە ڕؤژاوای کوردستاندا هەیە ، گەرچی من گەلێك کەموو کوڕییان دەبینم، بەڵام ئەزموونێکی چاکن و جێگای دەستخۆشی و لێوەفێربوونە.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

زاهیر: بەڵێ لە ساڵەکانی پێش شەستەکانی چەرخی ڕابوردوودا، هەموو کارەکانی لادێکان، گوندەکان ، لە سەرجەمی بوارەکانی ژیاندا ، هەرەوزیانە بووە و خەڵکی بە خۆشییەوە کۆمەکی یەکدییان کردووە و کارە هاوبەشەکان و تایبەتییەکانی خۆیانیان ڕاپەڕاندووە. بەڵام بەداخەوە ، جگە لە کاسەی داروسێ و گێڕانی شایی و شین نەبێت ، ژیان لە ڕوی دابەشکردنی بەرهەمەوە ، بە بیرەوەری من وجوودیی، نەبووە .
لەو ساتەوەی، واتە لە ساڵی 1961 وە کە هاتینە سلێمانی ، لە نێو هیچ هەرەوەزییەکدا نە ژیاوم و نە کاریشم کردووە .


دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

زاهیر: بێگومان دەتوانرێن ببنە شێوازی تەواوی ژیانی خەڵکی و کۆمۆنێتییەکان و تەواوی کۆمەڵ. لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشترا سەرنجی خۆمم بە زیادەوە سەبارەت بەم خاڵە، داوە .

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

زاهیر: بەڵی لە ڕۆژاوا و تا ڕادەیەکیش لە باکوری کوردستان ، پێش دەستپێکردنەوەی شەڕ ، ئەو ئەزموونە هەیە و هەبووە . لە سوریاش هەتا ئەم چەند مانگەی پێشوو لەشاری Daraya هەرەوەزییەکان بەردەوامبوون و خۆبەڕێوەبەریش هەبووە کە بە کۆمەكی ئەنارکیستەکانی ئەوێ بە تایبەت هاوڕێ عومەر عەزیز ، کە لە بەندیخانەی ئەسەددا لە ژێر ئەشکەنجەدا ، گیانی بەختکرد ، هەبوو . هاوڕێ عومەر زۆر بە قوڵی لەسەر هەرەوەزییەکان و جۆری چالاکییان و تەشەنەکردنیان نوسیوێتی و لەگەڵ هاوڕێکانیدا قسەو باسی لەسەر کردووە. ئەوانەی کە ئنگلیزی دەزانن دەتوانن لەم لینکەدا ئەو زانیاریانە ببینن:
ucl-saguenay: Experience autonomous municipalities in the Syria war.

هەروەها لە میسر و لە ئسرائیلیش هە یە . بەڵام لە هەرێمی کوردستانا ، تەنها ئەوەی خانەقین ، دەبینین ، کە ئەویش زۆر لە سەرەتادایە.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

زاهیر: لە وەڵامی ئەم پرسیارەتانا دەڵێم لە ئێستادا دەبێت کارەکان بۆ ئەو هاوڕێیانە خۆیان بەجێبهێڵرێت و دەبێت بریارەکانیش لە لایەن خۆیانەوە بدرێت، چونکە هەر ئەوانن کە کارەکان دەکەن و دەشزانن لە چ بوارێکدا بیکەن ، بۆیە ڕەنگە هەر پێشنیارێك بۆیان . بچێتە خانەی دەستتێوەردان و چەواشەکردنی ئەوانەوە، یاخود نەرێیانە لەسەر ئەزموونەکەیان بشکێتەوە . جگە لەمەش هێشتا من زانیارییەکی ئاوام نییە کە تاکو بزانم ئەوان بە تەواوی چیدەکەن و لە چ بوارێکدا کەمووکوڕییان هەیە تاکو من پێشنیاریان بۆ بکەم . لە هەنووکەدا گەر بکرێت کۆمەكی پارەیان پێبکەین و هانیانبدەین و دەستخۆشییان لێبکەین، لە هەموو شتێك ، گرنگترە .

دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

زاهیر: وێرای دەستخۆشی لەو هاوڕێیانە هیچ پەیامێکم نییە و لە جاوەڕوانی زانیاریی زیاتردام .




مارکێتینگی سیاسیی، بە دەوڵەتی کوردییەوە … کامیار سابیر

لە سیاسەتی وڵاتە رۆژئاواییەکاندا، چەمکی مارکێتینگ( Marketing تەسویق=بازاڕیابیی) بەتەواویی تێکەڵ بە سیاسەت بووە. بەتایبەتیی، لە کەمپەینە سیاسییەکانی حیزبە فەرمانڕەوا و ئۆپۆزیسۆنەکاندا، ئەم ئاوێزانبوونانە، باشتر دەردەکەون. ئەم مارکێتینگە بۆ تەوظیفکردنی سیاسەتە لە روئیە و روئیای سیاسیی ئەو ئۆرگانانەی کاری بۆ دەکەن. سەرەنجام، بۆ خزمەتی رای گشتیی، دەوڵەتداریی و خەباتی پارلەمانیی، مەشروعییەتێکی سیاسیی و قانونییشی هەیە و تا دێت، برەوی زیاتر پەیدا دەکات. ئەم جۆرە مارکێتینگە سیاسییانە، هەمیشە دوو پارادایمی ستراتیژییStrategic و تەرفیعیی Promotion هەیە. ستراتیژییەکە ئەوەیە کە ئەوە دەخرێتە بازاڕەوە کە خەڵک( رای گشتیی) دەیەوێت و تەرفیعییەکەش، ئەو لایەنە( حیزب یان هەر ئۆرگانێک بێت)ی مارکێتینگ دەکات، بڕیار دەدات، ئەو شتانەی خەڵک لەباری ئیحساساتییەوە پێیانخۆشە، پێویستە بەباشترین شێوە، ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بە خەڵک بگەن و رای گشتیی، یان بازاڕی سیاسیی، لێیانوەربگرێ و بازاڕ گەرم بکاتەوە و بەردەوامیش جوڵەی پێبدات و بیزنس( تیجاڕەت) باشتر گەشە بکات.لەم وتارەشدا، مەبەست لە مارکێتینگی سیاسیی، بیزنسی دەوڵەتی کوردییە.

٢٦ ساڵە، حیزبەکانی کوردایەتیی( بەتایبەتیی پارتیی و یەکێتیی) تیجاڕەت بە بیزنسی کوردایەتیی و دروشمە جەوفا و خاڵییەکانیەوە دەکەن. لە شاخیش، شەڕی ئەمانە بۆ ئەوە بوو کە مارکێتینگەکانی کامیان باشتر لە ناو شەقامی کوردییدا، تەسویقی باشتر دەکات و کامیان دەتوانن، بەرهەمی باشتر بچننەوە و لەپاڵ ئەم مارکێتینگانەشدا( هەرچەند سەرەتاییش بوو)، دەسەڵات و پاوانی زیاتر بچننەوە؟ لە دوای لابردنی رژێمی صەدامیشەوە، دەروازەی ئابووریی قاچاغ، دۆزەخی دەوڵەتی رەیعیی و بەرهەمێنانی وزە( سامانە سروشتییەکان)، یەکێک لە باشترین مارکێتینگەکانی ئەو دونیایەیە کە قاچاغچییەکانی کوردایەتیی، سیمبۆڵەکانی و سیاسییەکانی کوردایەتیی، تەنانەت وەکو تاک و وەکو سەروەتی شەخصیی، زۆرترین سەرمایەیان(دەیان میلیارد دۆلار) کۆکردووەتەوە. ئەگەر مێژووی هەموو مافیاکانی دونیا بخوێنیتەوە، سەروەتی هیچ مافیایەکی ئەم دونیایە، هیچ گرووپ و باندێکی مافیایی، ئەوەندەی قاچاغچییەکانی کوردایەتیی، ئەوەندەی مافیاکانی کوردایەتیی، لە کەمترین ماوەدا، زۆرترین سەرمایەیان کەڵەکە نەکردووە. هەموو ئەمانەش لە مارکێتینگی کوردایەتیی و ئیستیحمارییە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و کولتوورییەکانیدا، بەباشیی بانگەشەی بۆکراوە.

ئەوەی کە باسی دەکەن و لە زمانی رۆژنامە بەلجیکیی و عەرەبیی و کوردییەکانەوە، تەغرید دەکرێتەوە کە بنەماڵەی رەسەنی کوردایەتیی پتر لە ٦٠٠ میلیارد دۆلاریان هەیە، نەک هەر جێگەی باوەڕە، بەڵکو مرۆڤ دەبێت، گومان لە کەمیی ژمارەکەش بکات. بەو میکانیزمانەی عەصابە و جەردەکانی کوردایەتیی دەستیان بەسەر تەواوی سێکتە ئابوورییەکانی کوردستان و بازاڕی کوردستاندا گرتووە. شار و تەپۆڵکە نەماوە، بازاڕ و بیزنس نەماوە قۆرغی نەکەن، بۆ ئەو هەموو سەرمایەگوزارییە زەبەلاحانە هێشتا شەش صەد میلیارد دۆلار کەمە. ئەوەی من دەمەوێ زیاتر جەختی لێبکەمەوە، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، هیچ بیزنسێکی قازانجبار ( profitable ) ئەوەندەی بیزنسی کوردایەتیی، سەروەت و سامانی کەڵەکە نەکردووە؟ نە ئەپڵ Apple نە سامسۆنگ، نە گووگل، نە ئێکسۆن مۆبیل، نە مایکرۆسۆفت، نە هیچ سێکتێکی بیزنس لە بیناسازییەوە بۆ پژیشکیی، بۆ تەکنەلۆژیا و بۆ گەشتوگوزار بۆ سەرمایەدار و بیلیۆنێرەکانی وڵاتانی چایینە( صین)، هیند، ئەمێریکای لاتین، ئەمێریکا و ئەوروپا، تەنانەت شێخەکانی خەلیجیش، بەو رادە خەیاڵییە و بەو ماوە کەمە و بەو پێوەرە مەترسییدارە، ئەوەندەی فەرهوودچیی، تاڵانچیی و شێخەکانی کوردایەتیی دەوڵەمەند نەبوونە.

مەکتەبی فیکریی( کە بوونی نییە) کوردایەتیی، چەمکی دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان، بە عاطیفەی سیاسیی و موناجاتی نەژادییەوە، زۆر بەکاردەهێنێت. ئەگەر سەیری مەلەفی ئابووریی و سامانی یەک بەیەکی سەرانی داگیرکاری کوردستان( هەرچەندە چەمکێکی عەقڵانیی و واقیعیی نییە و زیاتر عاطیفیی و شاعیرانەیە) بکەیت، لە حەمەرەضا شا پەهلەویی( ئێستاش، ئاخوندەکانی ئێران)ەوە، بۆ سەرجەم سەرکردە عەسکەریی و سیاسییەکانی تورکیا( بە ئەردۆغانیشەوە)، بۆ قەومییەکانی عەرەب لە سوریا( لە پێش ئەسەدی باوکەوە بۆ ئەسەدی کوڕ)، بۆ رژێمی بەعث و صەدام حوسێن، تا دەگات بە مالیکیی و عەصابە سیاسییەکانی شیعە و سوننە لە عێراقدا، سەروەت و سامانی هەموویان( سەروەتی شەخصیی)، بەسەریەکەوە کۆبکەیتەوە، بە سەروەتی ئوستاذەکان، شۆڕشگێڕەکان، سیاسییەکان و رائیدەکانی کوردایەتیی، ناگات. لە هەرێمی کوردایەتیی، سەروەت و سامانی هەموو کوردستان، سەروەت و سامانی شەخصیی بارۆنەکانی کوردایەتییە. هەرێمی کوردستان، سێ شاری هەیە و بە شاخ و داخیەوە، بە دەشت و دەریەوە، بە شەقام و لا کۆڵانیەوە، بە ژێرخان و سەرخانیەوە، پتر لە نیوەیان زیاتر لەسەر کۆمپانیاکانی حیزب و رائیدەکانی کوردایەتیی، تاپۆ( طاپۆ) کردووە. دیارە لێرەدا مەبەست لەهەموو ئەو مەکتەبە فیکرییانەی کوردایەتییە، بە موزەیەف و بە ئەصیڵییەوە، بە عادیی و بە رەچەڵەکییەوە، بە شۆڕشگێری ئەفەندیی و شۆڕشگێری کۆنسێرڤەتیزمەوە، هەروەها بە هەموو ئەوانەی پێیانوایە کە پارتیی و یەکێتیی، کوردایەتییان ناشیرین کردووە و کوردایەتیی بە شتێکی پیرۆز و بەهایەکی بەرز، دەزانن!

لەسەردەمی ساوایی حکومەتەکەی کوردایەتییدا( هەرێم)، نەیارە سیاسییەکانیان، تێرۆر دەکرد، بۆ ئەوەی چنگی تیژی خۆیان، زیاتر لە دەسەڵات گیر بکەن، دواتر بەربوونە گیانی یەکتر و شەڕێکی خوێناوییان کرد کە هەزاران گەنجی کوردستانی بەسەریەکەوە تێدا کوژران، سەقەت بوون، بریندار بوون، بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەست دا، وەحشییانە لاقە کران و تا ئێستاش هەندێکیان دیار نیین و بێسەروشوێنن. ئەوە وێڕای صەدان هەزار گەنج و پیر، ژن و پیاو، کوردستانیان بەجێهێشت و روویان لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد. هەموو ئەوانەکران، بۆ ئەوەبوو کە دەسەڵاتی زیاتر و هەژموونی زیاتریان بەسەریەکتردا هەبێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی کوردستان بکەن. سەرەنجام، ئەقوامی کوردایەتیی بەهەمان مێنتاڵیتیی خێڵگەرایی( ترایبەڵیزم-tribalism )ەوە، کوردستانیان دابەشکرد و دوو ئیدارە، دوو زۆن و دوو مافیای گەورەی دزیینی سامانی سروشتیی کوردستانیان، پێکەوەنا و درێژەیان بە دزترین حکومەتی دونیا( حکومەتی هەرێم) دا. ماوەیەکی باشیش، ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی داوای ریفۆرمی سیاسیی لەم دزوچەتانە دەکرد، چووە ناو حکومەتەکەیانەوە. ئێستا کە دەریشیان کردووە، کوردەنامووسیی و حەماسی کوردایەتیی، رێگەیان پێنادات، بە رەسمیی و بە جورئەتەوە، بکشێنەوە، هێشتا دەملووسترین کادیرەکانی، بە حەماسەوە باسی کوردایەتیی یەقین و پاقژ! دەکەن.

لە سەردەمی ئێستادا و بەتایبەتیی لە سەردەمی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتریش بەو تاڵانییە و بەو چەتەییە بەریینەی دەستی بۆ بردراوە، لە توانای سیاسییە نەخوێندەوارەکانی کوردایەتیی و پێڕی کۆڵەواری شاخدا نییە، کەمپەین بۆ کوردایەتیی و مارکێتینگ بۆ دەوڵەتی کوردیی بکەن. ئەم رۆڵە لە سیاسییەکانەوە، گواستراوەتەوە بۆ نوخبە بەیعەتچییەکانی کوردایەتیی، ئەو نوخبانەی بە ( رۆماننووسەکان، شاعیرەکان، ئەکادیمیستەکان، مامۆستاکانی زانکۆ، ژۆرناڵیستە پرۆفێشناڵەکان… هەموو ئەوانەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، لە مرۆڤبوونی خستوون) سپێردراوە. مۆتیڤی سەرەکیی ئەم نوخبە رانتخۆرانە، بەرژەوەندیی ماددییە کە لە رێگەی رەیعەوە، دابین دەکرێ، یان لە رێگەی حەماقەتی نەژادییەوە، هان دەدرێن و دەکرێن بە سیمبۆڵی باڵۆنیی و گەورە دەکرێنەوە، کتێبیان بۆ چاپ دەکرێ، خەرجیی پرۆژە رۆشنبیرییەکانیان! بۆ دابین دەکەن، لە رێگەی ماسمێدیای پێترۆدۆلاری کوردایەتییەوە، فوویان پێدا دەکرێ و بە پارەی دزراوی سامانە سروشتییەکان، مڕ و خپ، گەلحۆ و ئەحمەق دەکرێن.

لە چەند ساڵی رابردوودا، گرووپەکانی کوردایەتیی بە حوکمڕان و ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە کۆنسێرڤەتیڤ و مۆدێرنەوە، بە عەشایەر و ئەفەندییەوە، بە سیاسییە پیاوکوژەکان و ئەکادیمیستە دەڵاڵەکانی نەوتەوە، سەرەنجامیش بەهەموو نوخبە بەیعەتچییەکانی کوردایەتییەوە، هەموویان بانگەوازیان بۆ شیعار و قسەی پووچی یەکڕیزیی نەتەوەیی و ئیجماعی کوردیی( نەژادیی) دەکرد، بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان، خۆماڵیی( ئەردۆغانیی) بکەن، بەردەوام پێویستیان بە لاوک و قەتارەکانی کوردایەتیی و تەغریدی تووتییانە( parroting) هەبوو کە مالیکیی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، ئێرانی شیعیی، چاوی بەسەرکەوتنی قەبیلەکانی کوردایەتییدا هەڵنایەت، بەڵام تورکیای سوننیی نەک هەر سپۆنسەریانە بەڵکو دەیشیانپارێزێت! و تاکە دەروازەشە کە وزەی کوردستان بە ئەوروپا بگات! هەروەها شاتەشاتی ئەوەی حەشدی شەعبیی طائیفیین و کورد بە شیشدا دەکەن، بەڵام دڵی سوڵطانی ئەعظەمی تورکیا، ئەوەندە گەورە و پڕ لە سەخاوەتە کە رێگەمان پێدەدات بەشێکی گەورەی کوردستانی باشوور بخەینەوە سەر بیلادی ئەصڵ( تورکیا) و ئەویش وەکو مەکرەمە، ویلایەتێکی سەربەخۆی کوردییمان بۆ بنیات دەنێت.

حەماقەتەکانی دەوڵەتی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی ئەوەندە گەلحۆیانە و خێرا چوونە پێشەوە، بڕینی ١٣ بیلیۆن دۆلار بودجەی ساڵانەی بەغدای بۆ هەولێر، لێکەوتەوە. لەبەرامبەریشدا چەندین قات لەو پارەیە( بودجەی هەرێم) زیاتر، نەوتی کوردستان بە کۆمپانیاکانی تورکیا و ئەوانی تر دەفرۆشرێت، نە داهاتەکەی دیارە، نە بودجەی کوردستانی لێ دابین دەکرێ، نە موچەی خەڵکی پێدەدرێ، بەڵکو بە ئەنقەست، سیاسەتی برسییکردنی خەڵک پێڕۆ دەکەن و لەبەرامبەریشدا مالۆسەکانی کوردایەتیی، تا دێت قەڵەوتر دەبن و ئەکاونتی بانکەکانیان ئەوەندە ضەخمە، لەترسی قەرصەنەی نێودەوڵەتیی، لێپێچینەوە و دەستبەسەراگرتن، بە هەزاران کۆمپانیا، عەقاراتی گەورە ، پرۆژەی زەبەلاحی جۆراوجۆر و پشکی کۆمپانیا جیهانییەکانیان بەناوی نەوە یەک لە دوای یەکەکانی نێپۆتیزمی کوردایەتییەوە کڕیوە. گومانی تێدا نییە، مەسئولە عەسکەریی و سیاسییەکانی یەكێتیی، بەهەموو باڵ و روانگەکانیانەوە، هەموویان بە کردەوە لەم تاڵانیی و چەتەگەرییەدا بەشدارن، تەنیا شتێک هەیە کە ئەوەیە بەشەکەیان لە بەشی قارونە ئەصڵییەکانی کوردایەتیی و بنەماڵەی والیی دەوڵەتە کوردییەکە، کەمترە. بە دڵنیاییەوە، بەشێکی زۆریش لەو ئۆپۆزیسیۆنەی بە کوردایەتیی تەخدیرکرابوون و دەکرێن، لەباری ئەخلاقیی و سیاسییەوە، بەشدارن لەم چەتەگەرییەدا کە رۆژگارێکی زۆر( بگرە ئێستایش) بە شێوازی جۆراوجۆر لەناو دۆڵەکانی کوردایەتییدا، پێکەوە بۆ دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابووریی! دەیانبۆڕاند.

سەرەنجام، هەموو ئەو مارکێتینگانەی لەچەشنی، بای بای سایکس پیکۆ، دوای داعش دەبین بە دەوڵەت، لە رێگەی نەوتەوە، نەک هەر بودجەی خۆمان دابین دەکەین بەڵکو پارەیەکی خەیاڵییش بەسەر گەلی کورددا دەبارێ، هەموویان تەواو ئێکسپایەر بوون… ئێستا ئیتر، خەونی راگەیاندنی مورتەزیقەخانەی دەوڵەتی کوردیی، سەرلەبەر بە بنبەست گەیشتووە. بۆ درێژەدان بەم دزیی و تاڵانییە، بۆ درێژەدان بەم جەردەیی و چەتەگەرییەی نەوت و غاز، باس لە کۆسپەکان و رێگرییەکانی دەوڵەتی کوردیی دەکەن و پێویستە ئەو بەربەستانە هەموویان لاببرێن کە بە فیتی دوژمنانی کورد( لە قسە مەطاطیی و عاطیفییەکانی کوردایەتیی)، عەرقەلە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی! دادەنێن. ئەم بلۆکەی کوردایەتیی، بلۆکی بەرامبەر لە هێڵی شیعە-پەکەکە-ئێران-سوریا، هەندێجار گۆڕان و هەندێک لە یەکێتییش دەخەنە ناو ئەو حەلەزۆنە سیاسیی و بلۆکبەندییە خەیاڵییەوە، تەنیا بۆ ئەوەی دەغدەغەی مەشاعیری ئیستیحماری کوردایەتیی زیاتر بدەن و مارکێتینگەکانی دەوڵەتی کوردیی، ببرێنە قۆناغێکی نوێوە، بۆ ئەوەی بڕشتی دەوڵەتی کوردیی و نەوتفرۆشییەکە لە کزیی نەدەن.

بەم پێودانگانە، دەبێ بەیعەتچییەکان، رانتخۆرەکان و نەژادپەرستە نەتەوەییەکان و ئەکادیمیستە مۆبەکان، دەمیان زیاتر چەور بکرێت. هاوکات دەبێت، فۆرەمەکان، دیبەیتەکان، ئارگیومێنتەکان، پانێلەکان، کۆڕەکان، ماسمێدیاکان و دیوەخانەکانی حیزبە ڤێرژن جیاوازەکانی کوردایەتیی ( لە هەردوو کوردستانی عێراق و ئێراندا)، هەموویان گەرم بکرێنەوە و میثۆدی مارکێتینگەکانی رابردوویان بگۆڕن، ئەپدەیتی بکەنەوە و لەگەڵ ئۆفیسی سەرەکیی دەوڵەتی کوردییدا( ئەنقەرە) پێکەوە، گەڕوخولێکی تر، لەم ئیستیحمارییانە درێژە پێبدەن.

هەر لە بناغەدا، ئەم دەوڵەتی کوردییە، وەکو فاکتەرێکی یاریدەدەر( Auxiliary)، ئەجێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی موخابەراتی تورکیا( میت)، جێکەوت دەکات. لەلایەک، بەئەندێشەی نەخۆشی خۆی، کێشەی سیاسیی گەلی کورد لە هەردوو کوردستانی تورکیا و سوریای پێ دەمبەست دەکات، لەلایەکی تریشەوە، بۆ پاوانخوازیی و هەژموونگەریی دەوڵەتی تورکیا و حیلفە طائیفییەکەی، وەکو کارتێکی فشار لەبەرامبەر ئێران و عێراقدا بەکاری دەهێنێت. ئەوەی کە ئەقوامی کوردایەتیی، هەمیشە باسی طائیفییبوونی ئێران و شیعە دەکەن، باسی ئەوە دەکەن کە پەکەکە و هێزەکانی نزیک لە سیاسەتی پەکەکە، لە حیلفی ئێران و شیعەدان، بەشێکی زۆری بۆ داپۆشینی ئەو هەموو کارە موخابەراتیی و جاسووسییانەیە کە ئەم دەوڵەتە و مەئمورەکانی کوردایەتیی بۆ تورکیا، سعودییە و قەطەری دەکەن، هەروەها بۆ بەعثییەکانی عێراقی دەکەن.

ئێستا ئەگەر دەروونشیکارییەکەی لاکان، لەگەڵ سایکۆلۆجیای ئیگۆییدا ( Ego psychology) بەو کەناڵەی کە پێیدەگوترێ گەڕانەوە بۆ فرۆید(return to Freud) لەگەڵ مەعدەنە خاو و خاراوەکانی کوردایەتییتدا تێکەڵ بکەیت، ئەمانەش بە تەونەکانی زمانەوانیی ستراکتۆرییداStructural linguistics ، بەریت و فۆرمێکی نوێیان لێ دروست بکەیت، لە کۆتاییشدا بە داڵانە بەتاڵ و تاریکەکانی کوردایەتیی بێ فیکر، بێ مۆراڵ، بێ روئیا و بێ سەردا تێیپەڕێنێت، دونیا جەنجاڵ و وێرانەکانی کوردایەتییت باشتر بۆ دەردەکەوێت. ئەوکات، ئەو عەصابانەی کوردایەتیی، ئەو شۆڕشگێرە میلیشییانەی شاخ و ئەو قەشمەرانەی کوردایەتییت بەرچاو دەکەوێت کە هەزاران نەخۆشیی دەروونیی، عوقدەی ژیان، ئیگۆی کۆمەڵایەتیی، بەرچاوتەنگیی ماددیی، حەزی دەوڵەمەندبوونی خێرا لە خولیایاندا هەیە و زۆربەیشیان، فایلی شەخصیی و فیلمی پۆرن( رووت) یان لای پاراستنی کوردایەتیی و صەمام ئەمانی کوردایەتیی هەیە کە هەمیشە وەکو کارتی یەدەک، بەکار دەهێنرێن. هەروەها، کڕین و ساتوسەودا بە ئینسانی سیاسیی کورد، جامبازیی بە رۆشنبیر و نوخبە کەڵەكچییەکانی کوردەوە، دێتە بەرچاوت کە چۆن، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە ئاگایی بێت یان بە حەماقەت بێت، پرۆژەکانی ئەردۆغان لە رێگەی پیاوەکان و تۆڕەکانی والییە کوردییەکەی هەرێمەوە، جێبەجێ دەکەن.

ئەمانە، دەیانەوێ گێڕەکانی کەمپەین و مارکێتینگی کوردایەتیی بگٶڕن؟ راستەوخۆ و بێ هیچ پەردەیەک، بچنە خزمەت ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ئابوورییەکانی نەخۆش و ئەحمەقێکی وەکو ئەردۆغان و حکومەتە سەرەڕۆکەیەوە. هەموو ئەمانەش بەوە تەبریر دەکەن کە دەبێ کۆسپەکان، تەگەرەکان و بەربەستەکانی دەوڵەتی کوردیی رابماڵرێت. کێن ئەوانەی دەبێ رابماڵرێن؟ ئەوانەن کە شەنگالیان ئازاد کرد و ئەوانەن کە لە قەندیلەوە، غروری ئەردۆغان و حیلفەکەیان، لە کانتۆنەکانی کوردستانی سوریادا شکاندووە. لە کۆتاییدا، ئەوەی کە زۆر پێویستە بگوترێ، ئەو هەموو درۆ گەورانەی دەوڵەتی کوردیی و فشەخانەکانی کوردایەتیی کە چەندین ساڵە قازوقوڵینگەکانی دەقیڕێنن، عاقیبەتەکەی تەنیا لەوەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە وەکو دەوڵەتێکی کرێگرتە و مورتەزیقە، شەڕ بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی تورکیا و شەخصی ئەردۆغان بکات. لەم نێوەندەشدا، مارکێتینگەکانی کوردایەتیی بۆ تەخدیری رای گشتیی، لە رێگەی نوخبەکان، بەیعەتچییەکان و نەژادپەرستەکانی کوردەوە، درێژەی هەیە. بەم پێودانگانەش، لەسەر ئەرضی واقیع، بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردیی، دەوڵەتی حەماقەتخانەی نەژادیی، بە خەیاڵی شاعیرانە دروست بکرێت، دەبێ ئەم دەوڵەتە پرۆکسییە، نەژادییانە، شەڕی کوردەکانی تورکیا و سوریا بکات.




ڕەخنەی ڕەخنە … حەمە مەنتك

سەرەتای سەتەی بیستەم، سەرەتای دەرکەوتنی مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بوو، لەوێوە ڕەخنەی ئەدەبی چ لە ڕووی شێواز و چ لە ڕووی کارکردنەوە گۆڕانکاری تەواوی بەسەردا هات. چیدیکە ڕەخنە هەوڵی دیاریکردنی لایەنی باشە و خەراپەی دەقی نەدەدا، ڕەخنە لەوێوە هەوڵی کردنەوەی کۆدەکانی دەق، بەخشینی واتایەکی دیکەی بە دەق دەدا. ڕەخنەی ڕەخنە لە منداڵدانی ڕەخنەدا لە دایك بووە. ئاشکرایە ڕەخنەی ئەدەبی چالاکییەکی داهێنەرانەیە، واتە لەگەڵ دەقدا کارلێک دەکەن، هەوڵی دۆزینەوەی نەسەق و پێوەندییەکانی ناوەوە و دەرەوەی دەق دەدا، ئاسۆی دیکە بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە.
زاراوەی ڕەخنەی ڕەخنە (Meta-Criticism) واتای دیکەیشی هەیە، ڕۆشنبیریی خوێنەر، خوێندنەوەی خوێندنەوە. وشەی یەکەم (Meta) بە واتای ئەودیو، یان دژ دێت، و وشەی دووەم بە واتای ڕەخنە دێت. کەواتە دەبێتە ئەودیو ڕەخنە، دژە ڕەخنە. کۆی توێژەرانی ئەم بوارە لەسەر ئەوە کۆکن، ڕەخنەی ڕەخنە وەکوو زاراوە تازەیە، دەنا وەکوو چەمك و کارکردن کۆنە. تەنانەت وەکوو چەمك لە ناو سێ ئاڕاستەی مەعریفیدا هەبووە، گرینگترینیان ((ئاڕاستەی فینۆمینۆلۆجیا، سیمیۆلۆجیا و دەروونیین.))١ لەناو ئەم ئاڕاستانەدا خۆی کاری کردوە، لەوێوە خۆی گەشەپیداوە. بۆیەیش نووسینی ڕەخنەی ڕەخنە زۆر بواری گرتەوە، تاکوو گەیشت بە بواری ڕەخنەی ئەدەبی.

ڕەخنەی ڕەخنە کارکردنە لەبارەی ڕەخنەوە، ڕاڤەکردنی دەقی ڕەخنەییە. ئەم چەمکە ((گوتارێکە بە دوای بنەماکانی ڕەخنە و زمان و چەمک و کەرەسە و هۆکارەکانی ڕاڤەکردنی دەقێك دەگەڕێت.))٢ لەم پێناسەیەوە دەردەکەوی ئەم چەمکە پەیڤین و توێژینەوەیە لەبارەی ڕەخنەوە، لێرەدا تەنێ مەبەست لە ڕووی تیۆرییەوە نییە، بەڵکوو قسەکردنیشە لەبارەی ئەو وتارە ڕەخنەییانەی لەبارەی دەقەوە دەنووسرێن. لێرەوە دەتوانین جوایەزی نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی ڕەخنە بکەین. ڕەخنەی ئەدەبی یەك ئامانجی هەیە ئەویش توێژینەوەیە لە دەقی ئەدەبی، هەرچی ڕەخنەی ڕەخنەیە دوو ئامانج لە خۆیدا دەگرێت، ئەوانیش لەلایەك ڕەخنەی ئەدەبییە لە ڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە، لەلایەکی دیکەوە کارکردنە لەبارەی ڕەخنەی ڕەخنەی دەقی ئەدەبی و دەق بە گشتی. کەواتە بواری ئیشکردنی ڕەخنەی ڕەخنە لە ڕەخنەی ئەدەبی فراوانترە، هاوکات ڕەخنەی ئەدەبی دەبێتە بوارێک لە بوارەکانی ڕەخنەی ڕەخنە.

ڕەخنەی ڕەخنە ڕۆڵێکی گرینگ لە بەرەوپێشبردنی ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبی دەبینێت. دەبێتە سەکۆیەك بۆ ئەوەی پاتە بە دەقی ڕەخنەییدا بچینەوە. واتە ئەوە تەنێ ڕەخنەی ئەدەبی نەبێت دەقمان بۆ ڕاڤە بکات، بەڵکوو شتێکیش هەیە ئەو ڕەخنەیە و دەقەکەیش ڕاڤە دەکاتەوە. بۆ نموونە ئەم چەمکە ((کرداری سەلماندن و هەڵبژاردنە، پاتە ڕێکخستنەوەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە بەبێ ئەوەی گوێ بە هەر بانگەشەیەکی ڕەخنەی ئەدەبی بدات، لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکی دیکەیە بۆ گەیشتن بە ئەدەب.))٣ کەواتە ئەرکی ڕەخنەی ڕەخنە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بابەتەکانی ڕەخنەی ئەدەبییە. واتە دێت دەقە ئەدەبییەکە و بۆچوونەکانی ڕەخنەگر لەگەڵ یەکدی بەراورد دەکا و ڕێکیان دەخاتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر بێ مێتۆدی و ئەنجامێکی نافیکری دووری بخاتەوە. ئەگەر ڕەخنەی ڕەخنەمان هەبێت، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەگرەکانمان ناتوانن بەپێی بیرکردنەوەی کەسیی و بەبێ مێتۆد توێژینەوەی ڕەخنەیی بنووسن. کەواتە یەکێك لە ئەرکەکانی ئەم چەمکە هەڵوەشانەوەی نووسینی ڕەخنەییە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی وەکوو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی ڕەخنەگر وەکوو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەق پەنای وەبەر بردوون دەربخات. لەلایەکی دیکە دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هووشیاریی خوێنەر، ئەویش لەپێناو ئەوەی خوێنەر یەکڕاست نەکەوێتە بەر کاریگەری بۆچوونەکانی ڕەخنەگر، بەڵکوو ئەو بۆچوونانە ‌هەڵسەنگێنێ و لێکدانەوەیان بۆ بکات. بەمەیش پێوەندییەکی تازە لەنێوان خوێنەر و دەق و ئەو نووسینە ڕەخنەییەی لەبارەی دەقەکەوە نووسراوە، دروست دەکات. ئەم پێمان دەڵێت دەبێ خوێندنەوەیەکی تازە بۆ چەمکە ڕەخنەیی و ئەو کەرەسانەی نووسینی ڕەخنەییان پێ دەنووسرێت بکەین.

لە کۆی هەموو ئەو قسانەدا، دەبێ لە ڕەخنەی کوردیدا هەوڵ بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕەخنەی ڕەخنە وەسەرپێ بخرێت. ئەویش بە قازانجی بەرەوپێشبردنی ڕەخنەی ئەدەبی، هاوکات بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو نووسینانەی بەناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە وەکوو ئالیك دەخرێنە بەردەم خوێنەر، نەنووسرێن، یان لانیکەم وایان لێ بکرێت باشتر بنووسرێن و هەرکەس نەیەت بەبێ ئەوەی هیچ مێتۆدێکی بۆ ڕاڤەکردنی دەقی ئەدەبی هەبێت، وشە ڕیز بکات. چۆن ڕەخنەی ئەدەبی کاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنان و نووسینی دەقی هونەری باش هەیە، هەمان شێوە ڕەخنەی ڕەخنە کاریگەری لەسەر نووسین و توێژینەوەی ڕەخنەیی باش هەیە، چونکە ڕەخنەی ڕەخنە بەرهەمهێنەری مەعریفەیەکی قووڵە لەبارەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، کاریگەری لەسەر جوداکردنەوەی نووسینی ڕەخنەیی بە شێوەی زانستی و نووسینێك بەناوی ڕەخنەوە دەبێت.

—————————-
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١. شكری عیاد، دائره‌ الابداع (مقدمه‌ فی اصول النقد)، القاهره‌، ١٩٨٧، ص٤٦.
٢. فی الوعی بمصگلح نقد النقد وعوامل ڤهوره ، د.نجوی الریاحی القسگنگینی مجله‌ عالم الفكر ، العدد1 ، المجلد 38 یولیو ـ سبتمبر 2009 ، ص٣٥.
٣. نقد النقد وتنڤیر النقد العربی المعاصر،محمد الدغمومی، منشورات كلیه‌ اڵاداب بالرباگ ، الرباگ:1999، ص١٦٦.




کوردو ئەنفال و ئەفراندن … عومەر محەمەد

هۆکارەکانی نائافراندنی شاکاری ئەدەبی و سینەمایی لەمەر تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال مایەی تێڕامانێکی قوڵە، ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .

دوای ٢٩ ساڵ لە تێپەڕینی تاوانی ئەنفال و ٢٥ ساڵی بەناو (ئازادی) و دەسەڵاتی خۆبەڕێوە بەرێتی هێشتا ئەنفال نەبووەتە خەم و پرسێکی نەتەوەیی چ جای ئەوەی بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی ! ئەم پرسە بۆ هەموو تاکێکی کورد؟ وەک یەکە هەموومان لێی بەرپرسیارین، بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ گوتاری ئێمە دەربارەی ئەنفال ناچێتە خانەی چالاکبوونمانەوە، ئەگەر چالاکی وەک پرۆسەیەکی رۆشنبیری باس بکەین نەک وەک جوڵەیەکی ئەبستراکت، ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا، کەمە کارێک کرابێ ئەوا هێندەی گێرانەوەیەکی کرچ وکاڵ و بێ دیقەت بووە (لەزمانی قوربانیەوە) هێندە کارێک نەبووە نەک دەرەوەی خۆمان بەڵکو خۆشمان ڕاچڵەکێنێ . تەنانەت ڕێگەمان نەداوە قوربانیەکان وەک خۆیان بدوێن بەڵکو هەوڵمانداوە بەخواست وبۆ خواستی ئێمە بدوێن !
هەر لەسۆنگەی ئەو بێ دەربەستیەوەیە، کە ئێمە نەک نەبووینە خاوەنی یادەوەری بگرە نەبووینە خاوەنی ڕۆژێکیش بۆ یادەوەری، راستە هەموو ساڵێک لەهەڵەبجە یادی ١٦/٣ دەکرێتەوە بەڵام خۆ ئەو یادەوەرییە نەیتوانیوە بەلای کەمەوە بەرپرسانی هەڵەبجە لەرۆتینات دابماڵێ وبیانکات بەکەسانێکی نمونەیی! تەنانەت هەڵەبجەی نەکردووەتە شاری ئاشتی بەڵکو تابلۆیەکی بۆدروستکراوە بەناوی پایتەختی ئاشتی، ١٤ی نیسان هێشتا نەبووەتە یادەوەری سەراسەری بۆیە لە مانگی ئازارو نیساندا هەر رۆژەی لە شوێنێک یادی ئەنفال دەکرێتەوە.

هێندەی تێبینیم کردووە خاڵێک زۆر جێگەی تێڕامانمە، هەتا ئێستا تاوانی ئەنفال برینێکە بە جەستەو ڕۆحی کوردەوە نەک بە جەستەی مرۆڤایەتیەوە ؟! نازانم بۆ وایە ئایا ئەمە کەمکاری خۆمانە یان خوێنساردی ئەوانی دی، زۆر جار لەخۆم دەپرسم مەگەر ئێمە بەشێک نین لەمرۆڤایەتی ؟! پرسیارەکەم سیاسی نیە هێندەی ئینسانیە ئەگەرچی دۆسێی ئەنفال بۆخۆی وەک (جینۆسایدوتاوانی نێودەوڵەتی) کێشەیەکی سیاسی یاخود دەرئەنجامی ململانێی سیاسیە، کەچی ئەفسوس لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش نابێتە کێشەیەکی نەتەوەیی ! ئەوەیان کەمتەرخەمییەکەو سەرباری ڕێگرییەکان و لێکدابرانیش راستەوخۆ یەخەی ڕۆشنبیرانی کورد دەگرێت، بەتایبەتی هونەری سینەما یاخود سینەماکاران، ئەرکیانە لەڕێگەی فیلمەکانیانەوە کارێک بکەن بەلای کەمەوە هەموو کوردێك ئەوەندەی پێویستە زانیاری دەربارەی ئەنفال بدەنێ. من زۆر دەترسم ئەم بێباکیە ببێتە نەخۆشییەک و وەک دەردەدارێک ساڵانێکی درێژ هەتا مردن پێمانەوە بێ و لەگەڵیدا رابێین و لەگەڵ ئازارەکانیدا هەڵبکەین .

بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، بەردێک بۆ بناغەی ئاپارتمانی ئەو خەونە ئینسانی ونەتەوەییە دابنێ، چونکە سینەما دەتوانێ زیاتر لەکۆی هونەرەکانی تر ببێتەزمانی قوربانیەکانی ئەنفال، ئەو گرێیانەی لە نێوچیرۆکی قوربانیەکانداهەن، هەڵگری توخمی ژیانێکی تەواو جیاوازن لە ئێستا، ئەو رەگەزەگرنگانەی هەوێنی لێبوردەیی وپێکەوە ژیانن، سینەماکار دەتوانێ وەک سامانێکی بەهادار بەهی خۆی بزانێ، ئایدیاو چیرۆکی گەورەیان لێهەڵبهێنجێ، ئەگەر هەتا ئێستا سینەماکاری کورد بەهۆی کەم ئەزموونیەوە تەنها ئازارەکانی پیشاندابین ئەوا لەمەودوا دەتوانێ قارەمانەکانمان بۆبدۆزێتەوە، دەتوانێت (کوبرای حەمید پورو کەریمەی ئال ئعێشم) بکاتە هەوێنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان، رەنگە لێم بپرسن ئەم دوو مرۆڤە کێن وچ کارە بوون ؟ با پێتان بڵێم ئەو مرۆڤانە کێ بوون (کەریمە فالح) ژنە مامۆستایەکی لەچک بەسەرە ئێستاش لە پارێزگای سەماوە دەژی، ئەو ژنەیە کە بە (قاموس) فەرهەنگێکی کوردی عەرەبی خەریک بوو، تەیموری منداڵی فێری زمانی عەرەبی دەکرد، کاتێک تەیمور لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ ڕزگاری ببوو، گەیشتبووە بن دەواری ماڵە مەڕدارێکی عەرەب، ئەوماڵە دەوارنشینە ماڵی ساڵح ئال ئعێشم بوو، واتا ماڵی مامی کەریمە فالح بەڵام لە چیرۆکی ڕزگاربوونی تەیموردا هێندەی بەشان وباڵی پیاوەکانیاندا هەڵگوت سەد هێندە ڕۆڵی ژنە ئازاکانیان فەرامۆشکرد. قەڵەمەکانی کورد هێندەی نێرانە باسی تەیموریان کرد هێندە پەیامە ئینسانیەکانیان فەرامۆش کرد، خۆزگە تەیمور هەر کەریمە پەروەردەی کردبا نەک لێرە ببێتە ڕاوچی و تفەنگ چی، کوبرای حەمیدپور ئەو ژنە قارەمانە بوو، کە لە شاری مەشهەدی وڵاتی ئێران (زمناکۆ هەڵەبجەیی) پەروەردەکردو ماوەی ١٩ ساڵ وەک دایکێکی میهرەبان ئامێزی بۆگرتەوە. خۆزگە هەموو کەس وەک من زمناکۆی دەناسی ئاشنای دیدە ئینسانیەکەی دەبوو، وەنەبێ ئەم ئازایەتی ومیهرەبانیە هەر لەوانیدی وەشابێتەوەو کوردەکان کە ببوونە نێچیری ئەنفال وگازی خەردەل لەو ئازایەتی و میهرەبانیە خاڵی بن، نا نەخێر من شاهیدی زۆر قارەمانی کوردم، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بەیەکێکیان دەدەم بۆ هەوێنی ئاشتی ولێبوردەیی، ئەویش چیرۆکی حاجی رەحمانی نارنجەڵەو سەربازێکی عێراقیە بەناوی (خالد عەبدولکەریم عەلوان نەجەفی) .

کاتێک لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ هەلەبجە کیمیابارانکرا ماڵی حاجی ڕەحمان هەموویان برینداری گازی کیمیایی بوون و زۆربەی ئەندامانی خانەوادەکەیان بەهۆی کیمیابارانەوە بیناییان لە دەستدا بوو. لەو کاتەدا کە سوپای عێراق شکابوو خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێدابوو، وەک سەربازێکی هەڵاتوو لەجەنگ بە (خاتراللە خاترللە ساعدونی ) خۆی بە حەوشەی ماڵی حاجی ڕەحماندا کردبوو، حاجی رەحمان بەوپەری میهرەبانیەوە لەبری تۆڵە ئامێزی بۆکردەوەو دەستێک جلی کوردی دایەو وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆ بیارەو لەوێشەوە بۆکەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخورەکانی ئیتلاعات، حاجی ڕەحمان دیسانەوە فریای کەوتبوو، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەرلەمنداڵییەوە سکماک بێ زمانەو ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژەو لێرە دەیبڕینمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی رۆشنبیرو سینەماکاری کورد ڕابکێشم چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا (خالید عەبدولکەریم) لە ژیانداماوەو وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی ولێبوردەیی.

بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی داهێنەری باش بەرهەمبهێنێ و بتوانێ پێشەنگایەتی بکات لەو تراژیدیایەدا و بەدیقەتەوە رەگەزەکانی ئازایەتی و خەونە جوانەکانی مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە، چونکە ترژیدیای ئەنفال بەتایبەتی و ئەوانیدی بەگشتی دەتوانن هەوێنی هەزاران شاکاربن، بۆیە چاوم لە سینەماکارە چونکە وای بۆدەچم هیچ کام لە بەشەکانی تری هونەرو ئەدەب لەسەردەمی جیهانگیریدا ناتوانن وەک سینەما سنورەکان ببڕن، ئەگەر چیرۆکەکان کاریگەرییان بەسەر ئەدەبی کوردیشەوە هەبێت، ئەوا ناتوانن سنوری ناوماڵی کوردی ببەزێنن بەلای کەمەوە ناتوانن سنوری کوردستانی گەورە تێپەڕێنن بەڵام سینەما بەئاسانی دەتوانێ بچێتە بەردیدەی ئەوانی دی .

٩/٣/٢٠١٧ سلێمانی




لە یادی مەرگی مارکس دا … سەردار عەبدوڵا حەمە

کات دوو وەپێنج خولەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٤ ی مارسی ١٨٨٣ مارکس لە سەر کورسیەکەی خۆی زۆر بە ئارامی سەری نایەوە دوا ترپەی لێدانی دڵی لە لێدان کەوت ، وەک ئەنگلس ووتی: “مرۆڤایەتی تەنها سەرێکی ئاسایی نێو سەرانی لە دەست نەدا بەڵکو گەورەترین سەری ناو هەموو سەرەکانی سەردەمی ئێمەی لە دەست دا ” .
تەرمەکەی مارکس لە ناو هەمان گۆڕی” جینی” هاوسەرو خۆشەویستی لە لەندەن لە ١٧ ی مارس دا نێژرا ، ئەو هاوسەرەی کە مارکس عەشقێکی بێ پایانی بۆی هەبوو وە ٢ ساڵ پێش خۆی بە هۆی نەخۆشی شێر پەنجەوە گیانی سپارد .

مارکس کە لە خێزانێکی ئایین پەروەری جولەکە لە دایک بووبوو بەڵام هەر زوو لە تەمەنی لاوێتیدا لە ناو خورافاتی دینی وکۆلتوری کۆنەپەرستانەی خێزانەکەی خۆی ڕزگار کرد . مارکس هەموو ساتەکانی ژیانی بە زیندانی کردن وبە نەفی کردن و دەربەدەری و هەژاری و برسیەتی بەسەر برد وە ژیانی خۆی بۆ خەباتێکی ڕەواو مرۆڤ دۆستانە تەرخان کرد ، لە کاتێکا دکتۆرای هەبوو دەیتوانی بە مامۆستای زانکۆ دابمەزرێ بە ڵام نەیکرد ، تا توانی میتۆد وڕێگای ڕزگاری بەشخواروانی ناو کۆمەڵگای چەوسێنەرانەی سەرمایەداری وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی بە سەلماندن بگەیەنێ و ئیرادەی زەوت کراوی مرۆڤ بۆ خۆی بگێڕێتەوە کە یەکسانی و ئازادیە . هەروەک خۆی باسی دەکا دونیا هەر نابێت تەفسیر بکرێ بەڵکو دەبێ بیگۆڕی ئەمە جیاوازی سەرەکی مارکس بوو لە گەڵ زانایان و فەیلەسوفەکانی پێش خۆی .

ڕەخنە لە ئایدیوڵۆژیەکانی ئەڵمانی و ڕەخنە لە سۆشیالیستە یۆتۆپیەکانی فەرەنسا وڕەخنە لە ئابوریە ناسەکانی بەریتانیا بوون بە بەردی بناخەی ئەم زانستەی مارکس کە لەم بوارەدا توانی لێکدانەوەیەکی تەندروستی ماتریالیستی دیالکتیکی بۆ سروشت و ماتریالزمی مێژووی بۆ کۆمەڵگا بەرهەم بێنێ ، ئەوەی نیشان دا سەرچاوەو هۆکاری گۆرینی مێژوو بە هۆی ناکوکیە چینانیەتیاکانەوە بووە .وە نیشانی دا شۆڕشی پرۆلیتاریا تەنها ڕێگایە بۆ نەمانی ناعەدالەتی لە سەردەمی سەرمایەداریدا.
بەڵام ئەم شۆڕشە حەتمی نیە هەروەک هەندێک ڕۆشنبیری ووردەبۆرژاوزی لای خۆشمان پووچەڵی لێکدانەوە کانی مارکس بەوە نیشان دەدەن (کە گوایا مارکس وتوویەتی ئەم شۆڕشە حەتمیە بەڵام لە جیهانیشدا ڕووی نەدا بۆیە مارکسیزم تەنها ئایدیۆلۆژیایە ولە سەر ئەرزی واقیع جێ بەجێ ناکرێ ) بەڵام کاکی ڕۆشنبیر ئەوەی لە بیر چووە کە بەشی سەرەکی ئایدیاکەی مارکس ” پراکتیک” ە هەروەک لە پێشەوە باسم کرد مارکس خۆی ڕەخنەی لەو دیدگایانە دەگرت کە تەنها ڕەخنە لە واقع دەگرن بەڵام نایانەوێ بیگۆڕن تەنها تەفسیر کردنی واقیع گرنگ نیە گرنگ گۆڕینیەتی ، بۆیە ئەگەر پراکتیکی کۆمۆنیستی لە ئاردا نەبێ چەندە چەوسانەوەش ڕووی لە سەر بێت شۆڕش حەتمی نیە .

یا هەندێک لەو ڕۆشنبیرانە بەرواردی مارکسیزم دەکەن بە ئایین کە لە کاتێکا مارکسیزم بۆ خۆی زانستە لە سەر بنەمای ناکۆکیە چینایەتیەکان دامەزاروە . ئەو کاتەی زانستی ئەلیکترۆنی و زانستی گەشە وگۆڕانی مرۆڤەکەی داروین لای مرۆڤایەتی وەک زانست دانیان پیا نرا زیاتر ڕاست وڕەوانی وهەقانیەتی زانستەکەی مارکسیان سەلماند ، بەڵام دینەکان پێچەوانەی زانستن و هەموو شتێک بە ڕەها دەزانن دەسکاری کردنی ووتەکانی خوا و پێغەمبەرەکان بە کوفر دەزانن ئەوەی ڕەخنە لە کتێبە سەماویەکان بگرێ یا ئیزافە بکا بۆناورۆکەکەیان ئەوە کافر ومونافقە ، بەڵام زانستی مارکسیزم تەواو پێچەوانەیە ، دەکرێ ڕەخنەی لێ بگری وبۆی ئیزافە بکەی چونکە خودی مارکسیش واکردووە وە دوای مارکسیش ڕابەرانی تر هەر وایان کردووە بۆ نموونە : کاتێ مارکس ووتی مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان مێژووی ناکۆکی چینەکانە بەڵام ئەنگلس هات ووتی جگە لە (کۆمەڵگەی کۆمۆنەی سەرەتایی) وە هەروەها لینین هات باسی لەوە کرد سەرمایەداری لەدوا قۆناخیدایە کە ئیمپریالیزمە و مارکس باسی نەکردبوو ..هتد.

دەتوانین بڵێین مارکس تەنها بیرمەندێکی گەورە نەبوو بەڵکو شۆڕشگێڕێکی گەورەش بوو، لێرەدا پێم باش بوو ووتەکەی ئەنگلس لە کاتی ناشتنی تەرمەکەی مارکسدا لە گۆڕستانی هایگێت بە نموونە بێنمەوە کە باس لەو داهێنانە زانستیە مەزنەی مارکس دەکا وە ئاماژە بە دوو شتی گرنگ دەکات کە هیچ کەس پێش خۆی ئەو باسەی نەکردووە ئەویش یاسای گەشە ی(تطور) مێژووی مرۆڤ و تیۆری زێدە بەها( فائض القیمة) بووە . وە باسی لەوەش کرد کە مارکس تەنها زانا وبیرمەندێکی گەورە نەبووە بەڵکو شۆرشگێڕیش بووە لە دوا قسەیدا ووتی ” ناوی مارکس و وە نەمری مەسەلە کەی بۆ سەدەکانی دوای خۆی هەر دەمێنیتەوە “.

وە هەتا سەردەمی ئەمڕۆش ئەم ناکۆکیە چینایەتیانە کە مارکس باسی کردووە، وە سەرچاوە وهۆکاری ئەم بارودۆخە خراپەیە کە کەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی دووچاری بووە ، بۆیە زەمینە هەیە بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخەو ئەم قۆناخە مێژوویەش کە ململانێ ی چیانیەتی وناکۆکیەکان گەیشتوەتە ئەوپەڕی کە بە هۆی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سۆشیالیستیەوە دەکرێ ئەم دونیا پێچەوانەیە بگۆڕدرێ هەر بەم میتۆدو رێبازەی مارکس دەکرێ شۆرشی کۆمەڵایەتی پرۆلێتاریا لە سەردەمی ئەمڕۆدا کۆتایی بە هەموو مەینەتیەکانی ناو کۆمەڵگاکانی سەر ئەم گۆی زەویە بێنێ.

سەردار عەبدوڵا حەمە
١٣ی مارسی ٢٠١٧




وەرگرین یان ببەخشین … عومەرمحەمەد

دووقسە بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەو وئەوانی تریش

ویستم لە بارەی خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی هەڵەبجە بێدەنگی هەڵبژێرم، بەڵام دوای ئەوەی دۆستان و هاوڕێیانم بەسەر سوڕمانەوە پەیوەنیان کردو هەندێکیان لەدوروڵاتەوە خەمیان بوو، پرسییان داخۆ بۆمنی تێدانیم و هەندێک نارەزایەتی نوسەرانم لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خوێندەوە، منیش پێمباشە دوو قسە بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەو نوسەرانەش بکەم کە گللەییان لە کۆمەڵەکە هەیە .
بەشبەحاڵی خۆم ئەو شایەتیەیان بۆ دەدەم و سوپاسیان دەکەم کە بەنامەی تایبەتی ئاگاداری نامەکەیان بۆ ناردم، تیایدا داوایان کردبوو هەرچی نوسین و کتێب وگۆڤارێکم هەیە لەماوەی ئەوەندە رۆژدا بۆیان بنوسم و بۆیان بنێرم (بۆکاری پێویست) ،بەڵام من وەڵامم نەدانەوە ! چونکە تێگەیشتم مەبەستەکە چیە، هەرچەندە ڕونیان نەکردبووەوە کە (کارە پیویستەکەیان) چییە و ئەم زانیاریانەیان بۆچییە! بەڵام زانیم بۆ خەڵات بەخشینە. ئاخر خۆ من بۆ خەڵات نانوسم، بەڵکو بۆیە دەنوسم کە خەڵک بابەتەکانم بخوێنێتەوە، جا ئەگەر بزانم (کۆمەڵەیەکی تایبەت بە جینۆساید) هەتا ئێستا نەیزانیبێ من چیم کردووەو چیم نوسیووە؟ ئیدی بۆچی خەڵاتی لێوەربگرم ؟ بۆچی گللەییم لە خەڵکێک هەبێت کە گرنگی بەو زانیاریانە نادات و نوسین و زانیاری لەبارەی ئەنفال وکیمیابارانەوە بۆ گرنگ نیە ! من ئەوە بەسوک تەماشاکردنی خۆم دەزانم بە ئیمایلێک کارەکانم رێزبکەم و پێیان بڵێم ئەوە کاری چەند ساڵی منە بەبێ ئەوەی بزانم بۆچی لێم داوادەکەن ! پرسیار ئەوەیە کە کۆمەڵەیەک نەزانێ من چیم نوسیوەو چۆن نوسیومەو هەتا ئێستا ئاگای لەپەرێزی رەنج وماندووبوونم نەبێ، حاڵی حازر کتیبەکەم لە بارەی گازباران و مەینەتی میللەتەکەمەوە ئێواران لەسەر شاشەی تەلەفزیون و لەهەندێک ماڵپەر پەخش بکرێت و ئەو ئاگای لێی نەبێ، ئیدی خەڵاتی ڕێزڵێنانەکەی چ بەهایەکی دەبێ ؟ ئەرکی کۆمەڵەی قوربانیانە لە خۆی بپرسێت کارەکانی ئەو نوسەرە چەندن وچۆنن هەتا شایانی رێزلێنانی ئەوان بێت ؟ بۆکۆمەڵەی قوربانیان ئەرکێتی بزانێ کێ چی لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە نوسیوەو چۆنی نوسیوە .
دڵنیام کەسانێک نەک هەر بەدەنگ وەها بانگەوازێکەوە دەچن، بەڵکو زۆر بەمەمنونییەوە تەلەفۆنیشیان بۆ دەکەن ورەنگە خەڵکیشیان بەگژەوە بنێن روگیریشیان بکەن هەتا ناوی بخرێتە ناو لستی ریزلێنراوانەوە . بەڵام دەبێت دڵنیاش بن لەوەی هەموو کەس قایل نابێت بەو شێوەیە بەدەم بانگەوازیانەوە بچێت و پێویستی بێت بەوەها ڕێزلێنانێکیش نیە .
قسەی دووەمم بۆ ئەو نوسەرانەیە کە گللەیی لە کۆمەڵەکە یان خەڵات بەخشەکە دەکەن، بە بڕوای من ئەوەیان ناهەقییە، تەنها ئەوکاتە هەقی گللەییان هەیە کە بۆ خەڵات و ناوبانگ بنوسن و وەڵامی بانگەوازەکەیان دابێتەوەو کۆمەڵەکە بەئەنقەست فەرامۆشیان کردبێ. ئەو کەلەسەر بنەمای بانگەواز خەڵات ببەخشێ کەواتە (هاتن بۆهەمووانە) و ئەوە خۆتی ئاگات لێ نەبووەو دواکەوتوویت.
دواقسەم بۆ هەموو لایەکە، خەڵاتی چی دەبەخشن وخەڵاتی چی وەردەگرن کە لە دوای ئەنفال و کیمیاباران هەرێمی کوردستان نەبووبێتە ئامێزێکی گەرم بۆ کەسوکاری قوربانیەکان و نەبووبێتە وێنەیەکی جوان کە هەموومان وەک یەک ڕێزلێگیراوبین و وەک یەک شانازی پیوە بکەین ؟ خەڵاتی چی دەبەخشن وخەڵاتی چی وەردەگرن کە جەلادەکان هەزارجار لە قوربانیەکان شکۆدارترن .

١٤/٣/٢٠١٧ سلێمانی




ڕاپـەڕیــن؛ یـادگـــاریـەکــی منـاڵیــم … بۆتان لەتیف ماویلی

هەموو ساڵێ لەسەرەتای مانگی ئازار؛ خەڵکی کوردستان یادی ڕاپەڕین دەکاتەوە، کە لە ٥ ی ٣ ی ١٩٩١ لەشاری ڕانیە دەستی پێکردو گەلی کوردستان لەدەزگا داپڵۆسێنەرەکانی حیزبی بەعسی فاشی ڕاپەڕین ولەکوردستان وەدەرنران. ئەوەی دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم؛ ڕاپەڕینی خەڵکی سۆران وڕواندزە، ئەوەی لەیادو بیری من هەیە لەو ڕۆژەدا لێرە بەکورتی بیخەمە ڕوو.
دوای ئەوەی گوندی ماویلیان لەلایەن بەعسەوە وێرانکرا؛ ئێمە ماڵمان چووە بناری کارۆخ، کەئەو کات پێی دەگوترا سنوری ئازادکراو، دواتر لەساڵی ١٩٨٩ باوکم (شێخ لـەتیف ماویلی) لەلایەن بەعس دەستگیرکرا، کە لەدەرگەڵەوە بۆ ماویلیان وبەرزێوە دەهاتین بەمەبەستی سەردانی لای خزمان، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی ماڵمان بگوازرێتەوە گوندی کەورین کە چەند کیلۆمەترێک لەڕۆژهەڵاتی سۆرانە.

بەبیرم دێ وەختی ڕاپەڕین، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٠/٣/١٩٩١ باوکم (شێخ لـەتیف ماویلی) جلی مەلایەتی( جوببەو مەندیل)ی کردە بەرو، چەکێکی کەلاشینکۆفی لەخزمێک وەرگرت وڕەختێک مەخزەنی لەسەر ئەو جلە بەست، ئێمە ئەو کات ماڵمان لەگوندی کەورین بوو، باوکم پێشنوێژو وتارخوێن بوو لەوێ، چونکە بێجگە لەوەی خوێندنی فەقێیەتی تەواو کردبوو؛ دەرچووی کۆلێژی شەریعەو قانوونیش بوو لەزانکۆی بەغدا. زۆرێک لەپیاوانی ئەم گوندە لەدەوری کۆبوونەوەو چەکیان هەڵگرت، دیاربوو پێشتر باسی ئەو ڕۆژەی لۆ کردبوون، مام عەبدولڕەحمانی مام عەوڵا گەورە چەکی قازیفەی پێ بوو، هەروەها مام تۆفیق ومام ئیبڕاهیم وکاک مزەفەرو شیخ خالید، کەئامۆزای بابم بوو ئەویش لەماڵمان بوو، بەباوکمی گوت: منیش دەچم چەکێک لەماڵی مام حاجی ئاغا دێنم ولەگەڵتان دێم، هەروەها زۆر کەسی دیکە کەڕەنگە ئێستا ناوەکانیانم لەبیر نەبی بەتەواوی، هەموو پێکەوە بەڕێ کەوتن بۆ شاری سۆران، کەنزیکەی (٦ بۆ ٧) ئۆتۆمبێل دەبوون، لەسەر ڕێگای گشتی هاملتۆن لەلای گۆڕستانی دەشتێ، لای پارکی گوڵانی ئێستا؛ گەیشتنە قافلەی ئۆتۆمبێلەکانی قائیدی فڕقەی (٣٣)، کە ڕەنگە زیاتر لە (٢٠٠) ئۆتۆمبێلی پڕ سەربازو چەکی بەدواوە بوو، باوکم لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکەی ڕاوەستاو دەستی بەرزکرەوەو پێی گوت( عاش الحق، عاش الشعب الکوردی)، ئیدی ئەم قائیدەو دارودەستەکەی خۆیان بەدەستەوەدا، پاشان باوکم وهاوڕیکانی بەرەو بارەگای منەزەمە چوون لەشارۆچکەی دیانا( بەرگوان) وابزانم ئێستا بارەگای ناوچەی پارتی تێدایە، لەگەڕانەوەیاندا لەنزیک فلکەی پێشمەرگەی ئێستا گەیشتنە مام عزت بەگ دەرگەڵەیی وهاوڕیکانی کەلەسەربازگەکەی دەشتێ دەهاتنەوە، کەلەلای پارکی گوڵان –گۆڕستانی کەورین- هەتا دەگاتە گەروێ سۆرەپەلێ وبگرە تا نزیک فلکەی پێشمەرگەی ئێستا هەموو سەربازگە بوو، سەربازگەیەکی زۆر گەورە بوو!!.. مام عزت بەگ پێی گوتبوون فەرموون بابچینە ماڵی ئێمە چایەک بخۆینەوە، ئەوانیش چووبوون. واتا سۆران ئازادکرا.. لەوێ مام عزەت بەگ وهاوڕێکانی دەوری باڵایان هەبوو لەڕاپەڕیندا.. هەروەها ڕواندز درەنگتر ئازاد بوو، چونکە لەحامیەی ڕواندز بەعس هەندێ تەقەی کردو بەرهەڵستی کرد، بەڵام دواتر ئەویش ئازاد بوو..

هەرچی قەزای چۆمانە؛ هەندێک لەماویلیەکان کەدوای ڕاگواستنی ماویلیان لەبێنوریان نیشتەجێ ببوون، هەروەها خەڵکی بەرزێوە بەرەو چۆمان ڕۆیشتن کەبارەگایەکی فەوجی لێبوو.. چونکە بێجگە لەگوندی بەرزێوە گوندەکانی تر هەموویان ڕاگوێزران وخاپورکرابوون!.. ئەوکات د.سەلام کوڕی عەبدولقادری شێخ وهاوڕێکانی بەرەو منەزەمەی چۆمان چوون، لەبەرزێوەش موسلیح زێوەیی وهاوڕێکانی وخدر ماویلی بەرەو ئەو منەزەمەیە چوون، لەناو منەزەمەکە مام سەلام(د.سەلام) گوتی: یەکێک لەفرسانەکانی ئەوسا؛ چەکی لەئامیری فەوجەکە ڕاکێشاو پێی گوت: سلم نفسک!.. ئەویش وەڵامی دابۆوەو پێی گوتبوو: ئەی خائین، ئەدی ئەتو دوێنێ نەهاتیە لام وپێت گوتم: مەترسێ سەیدی هەر شتێک بوو ئێمە دەگەینە لات ودەتپارێزین؟!.. مامیشم(د.سەلام) دەڵێ منیش بەو مستەشارەم گوت: تۆ لێگەڕی با خەڵک ڕاپەڕین بکەن، تۆ ڕاست ناکەی، ئەگەر ئەو سەربازگەیە دامەزراوەیەکی سەربازی وفەرمی دەوڵەت بێت؛ تۆ فرسانێک زیاتر نی، سەربە ئەوانی!.. پاشان ئامیرەکە بارەگای فەوجی بەجێهێشت وتەسلیم بوون، ئیدی ئاپۆرای جەماوەری گوندەکان ودانیشتوانی چۆمان وڕواندزو سۆران پێکەوە لەدەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس ڕاپەڕین ولەو دەڤەرە وەدەرنران. بێگومان بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سەربازەکان کرا، کەئەمە سەروەری وڕەوشتێکی زۆر جوانی خەڵک بوو.. بەڵام ئەوەی جێی ڕەخنەیە؛ بەداخەوە زۆر خەڵک ئەو کات بۆ پوڕو تاڵانی هاتبوون!! هەموویان بەتاڵان برد!!.. کەل وپەلی هەموو شوێنەکان بەتاڵانبران!!؟.. باوکم یەکێک بوو لەوانەی زۆر هەوڵیدا تاڵانی نەکرێت، بەو خەڵکەی دەگوت کەکەلوپەل وشتەکانیان بۆخۆیان دەبرد؛ ئەمە هەم لەڕوو ئایینی حەرامە هەم لەڕوو نەتەوەیی ونیشتیمانی، چونکە موڵکی گشتیەو هی دەوڵەتە، لێگەڕێن بابەرەی کوردستانی وەکو دامەزراوەیەکی فەرمی ئەم بارەگاو کەرستە سەربازی وهەرچی کەل وپەل هەیە وەربگرێت ولەبەرژەوەندی گشتی سودیان لێ ببینرێت.. بەڵام کەس گوێی پێ نەدا!!.. هەتا بەردی بناغەش دەرهێندرا لەمەعەسکەرەکەی سۆران. پاساویشیان ئەوە بوو کە ئەمە هی ڕژێمێکی فاشیستی چەوسێنەرەوەیە، موڵکی ئێمەی خەڵکە ئاساییە لۆخۆمان بیبەین.

ئێمەی منداڵانیش بەشدار بووین، پێمان خۆش بوو ئەو فەوزایە دروست بووە، چونکە من بەسروشت؛ منداڵێکی سەربزێوو بەجولە بووم، ئەو کات تەمەنم لەدەوری (٧ بۆ ٨) ساڵی دەبوو، لەگەڵ چەند منداڵیکی دیکەی کەورین؛( عەلی ومحمد کوڕانی مام سۆفی خورشید، سەلیمی مام حاجی ئاغا، حەسەنی مام مەعروفی وزۆری دیکەش کەداوای لێبوردن دەکەم ناویانم وەبیر نەماوە) چوبووینە ئەو شوێنە(سەربازگەکەی دەشتێ/ سۆران)، لەوێ یاریمان بەو چەکانە دەکرد کەلە پاش بەعس بەجێمابوون، بارووتی گولەی ئاربیجی وگولە دۆشکەو کەلاشینکۆفمان دەردەهێناو ناوی خۆمان وشتی دیکەمان پێی دەنوسی وپاشان دەمان سوتاند هەتا نەخشەکەی لەسەر خاک دەربچێت، وە بۆ یاری منداڵانە بەکارمان دەهێنان، بەتایبەت ئەو یاریەی ئێمە پێمان دەگوت(قالکانە) کە قالکی فیشەکەکانمان دادەنایەوە لەسەر زەوی وسەرە گوللـەکانیشمان دەگرتنێ. هەروەها زۆر یاری دیکەی منداڵێش.. زۆر خەڵکم دەدیت وەکو چاودێر(حەڕەس) لەدەوری کۆیەکی زۆری چەک وکەلوپەلی وەکو خواردن وشتی تر بوون، ئەو کات من نەمدەزانی ئەوە تاڵانی وپوڕە کۆکرایتەوەو حەڕەسی لۆداندراوە!!.. کەگەورە بووم، زۆرم پێ ناخۆش بوو.. ئەوانەی شوفێرییان دەزانی؛ بەئیڤاو زیلی عەسکەری شتیان دەبردەوە.. لەهەندێ ژوو دەجووینە ژوورێ؛ هەمووی مەرجەبی سەربازی بوو/ کەلوپەلی سەربازی، هەندێ ژوور بەس سجل ودەفتەرو شتی لەو بابەتە بوون.. هەر خوا دەزانێ چی لێنەبوو!!.. دامەزراوەیەکی زۆر گەورە بوو ئەم سەربازگەیە، بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئاوی تێوەرکراو هەمووی تاڵانکرا.

دواجار دەڵێم: ئیدی ئەم ڕاپەڕینە هی هەموو خەڵکی سۆران بوو، بەوانەشەوە کە خۆیان گونجاندبوو لەگەڵ حزبی بەعس. هەموو چین وتوێژەکان بەوپەڕی ورەو وزەو بوێرییەوە بەشداریانکردو لەزوڵم وزۆری بەعس ڕاپەڕین، لەپێناو ئازادی وداد، لەپێناو نانێکی سەربەرزانەو لەحوکمڕانیەتێکی خۆماڵیدا.. من نامەوێت قسە لەسەر دوای ڕاپەڕین بکەم، ئەوەی مەبەستم بوو تەنها وەبیرهێنانەوەی یادێکی مناڵیی خۆم بوو، کەوەک ئاوێنە زۆربەیم لەبیرە..

بۆتان لەتیف ماویلی
٩/٣/٢٠١٧ – هەولێر




گه‌مه‌ شاراوه‌كانی با (3) …. نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

” ئه‌م ده‌قانه‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ عه‌ره‌بی نووسراون .
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر( نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د )
به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نووسه‌ر كردوونی به‌ كوردی .”

به‌شی سێیه‌م

(1)
بڕوانه‌ ئێمه‌ له‌ كوێی
ئه‌و نامه‌ لاڵانه‌داین ..
ماڵئاواییش سیحری خۆی هه‌یه‌ ،
سڵاو له‌ ئاسۆی ساویلكه‌یی ..
گه‌ر ئه‌و قه‌ده‌رانه‌ی تێدا به‌ نه‌مری بمێنێته‌وه‌
ژیانمانی به‌ به‌رائه‌ت و جوانی ڕه‌نگ كرد .

بڕوانه‌ ئێمه‌ له‌ كوێی
ئه‌و ساته‌ ترسناكانه‌ داین ؟
به‌ شیعرێكی دواخراو ده‌چێ ،
ڕووبار و مانگی له‌ ئامێزدایه‌
شیعرێك له‌ چۆله‌وانی ته‌نیایی و ژاوه‌ژاو وه‌ڕس نابێ ..
سڵاو ئه‌ی ڕووناكایی تیشك !
سڵاو له‌ تارماییه‌كانی مێژوو و جوگرافیا
له‌ نێو بۆشایی گه‌ردوونی داڵانه‌ تاریكه‌كاندا
ده‌بریسكێنه‌وه‌ …
سڵاوت لێ بێ نزاكانی سپێده‌
پاش ئه‌وه‌ی ،
به‌ داوی شه‌وی تاریكستانه‌وه‌ بوون ..
بڕوانه‌ ئێمه‌ له‌ كوێین !
وه‌كو دوورگه‌یه‌كی سووتاو جێم مه‌هێڵه‌
یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵلووشێ‌ ..
جێم مه‌هێڵه‌ وه‌كو په‌ڕه‌یه‌كی سپی
هیچ شتێك نه‌نوێنێ ..
جێم مه‌هێڵه‌ وه‌ك ڕه‌زمێكی لاسه‌نگ
جێم مه‌هێڵه‌ وه‌ك پایز
به‌ ته‌نیا به‌ره‌و ڕووی چاره‌نووسی ببێته‌وه‌
ج..
ێ م
مه‌
هێ
ڵه‌ ..!

24\10\2004

(2)
سروودگه‌لی پایز ،
هه‌ر زوو زستان له‌ ئامێزی گرتن .
پرۆژه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك بوو له‌ كریستاڵ ..
ساماڵێك ، بوونایه‌تی خۆی به‌جێدێڵێ و
پرد بۆ پیاوی خۆڵه‌مێشی هه‌ڵده‌نێ ..
ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر یاده‌وه‌ری له‌ خاچدراوی
ڕۆژگاری پووچدا خۆیان ڕاگرتووه‌ ..
ئا ئه‌مه‌یه‌ حاڵ ، هۆنراوه‌ ئازیزه‌كه‌م !
بێده‌نگی له‌ هاوار ڕاستگۆتره‌
هاوار وای لێهاتووه‌ له‌ چه‌قی ڕێگا چۆل و هۆڵه‌كاندا
بووه‌ به‌ وه‌ڕین ….
هه‌واداریی پاڵی به‌ ئاره‌زووی جه‌سته‌وه‌ داوه‌
ئه‌وه‌ی له‌ ئێواراندا ده‌مێنێته‌وه‌ ..
جێگه‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی پڕ به‌ سییه‌كانی تێدا نابێته‌وه‌
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ،
به‌شی ئه‌وه‌ ناكا له‌ باوه‌شت بگرم
وه‌ك چۆن له‌ ته‌لاناندا له‌ باوه‌شی ماندووم ده‌گرتی ..
ئه‌مانه‌ سروودی پایزێك بوون
هه‌ر زوو ،
زستان له‌ ئامێزی گرتن ..
پرۆژه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك
نه‌خێر پرۆژه‌ی گێژه‌نووسێك
كه‌ سه‌ره‌تاو كۆتایی نقوم كرد
ئه‌مانه‌ سروودی ساویلكه‌یی بوون
ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی بژیت
ده‌بینی شه‌و و ڕۆژ خه‌ونه‌كانی ده‌كرۆژێ ..

30\10\2005

(3)
به‌ شه‌رمه‌وه‌ ..
ئه‌وه‌تا چرا له‌ گۆشه‌كاندا هه‌ڵواسراون ..
شه‌و به‌سه‌رچوو ..
خه‌تی كازیوه‌ش ڕووی تۆی
له‌ ڕووپه‌ڕی دڵی ماندوومدا ،شاردۆته‌وه‌ .
لێو هه‌ڵده‌له‌رزن ..
داڵانی تاریك و نووته‌ك ..
بۆ كوێ ده‌چێ ؟
وه‌شانی ته‌نیایی ،
وێنه‌ی گه‌ڵای پایز ،
به‌ به‌ر چاوته‌وه‌ په‌رت ده‌بن
دڵه‌كوته‌ی شه‌وق و تامه‌زرۆیی گه‌ڕایه‌وه‌
دیسان گه‌ڕایه‌وه‌
باڵه‌كانم ببڕێت ..
كه‌ له‌ ناپاكی باهۆزه‌وه‌ خوێنایان لێ‌ ده‌تكێ‌ ..
بۆچی قیساره‌ شكاوه‌كه‌م ؟
له‌به‌رچی تارماییم ؟
دڵداریه‌ شكست خواردووه‌كانت
له‌ جوگرافیای دڵم داوێی ؟
بۆچی ؟
من زه‌مه‌نێكم هه‌یه‌ ، له‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی تۆدایه‌
مێژوویه‌كیش ڕه‌نگه‌ بۆره‌پیاوان
پشت گوێی بخه‌ن
به‌ڵام به‌نده‌كانی
له‌ نێو خوڕه‌ی جۆگه‌له‌ و هه‌ناسه‌ی دره‌خت و
سرووده‌كانی پایزدا .. ده‌مێننه‌وه‌
ئه‌و مێژووه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ..
له‌ ڕۆژو مانگ و ساڵانی
هه‌ناسه‌بڕكێ به‌دوای سه‌رابدا جیاوازه‌
ئا ئه‌مه‌شه‌ حیكمه‌تی چرا هه‌ڵواسراوه‌كانی
گۆشه‌و كونجان
كه‌ به‌ شه‌رمه‌وه‌ هه‌ڵدایسێن ..

28\11\2004

(4)
ئه‌وه‌ به‌دبه‌ختیه‌
تۆ
به‌ به‌ختیارێكی بێ وێنه‌ی ده‌بینی ..
ڕێچكه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ ، هه‌نگاوه‌ له‌رزۆكه‌كانت
خستۆته‌ سه‌ری ..
وه‌همێك شك نابه‌ی
به‌ره‌و ئاسۆیه‌كت ببا
به‌دبه‌ختیه‌ ، به‌ختیاری نییه‌
تونێڵه‌ تاریكه‌كان جێدێڵی و
ده‌ستت له‌ پرچت ده‌گێڕی
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆستێكدا بیت ..
ئه‌وه‌تا ده‌بینی ،
ئه‌وه‌ ڕووباره‌
وێڕای به‌دبه‌ختیی
به‌ ستراتیژیای پاكبوونه‌وه‌دا ده‌ڕوا..
ئاوازی شه‌یدای ڕۆشنایی نوور ،
چرپه‌ی فێنكی دارستانن ..
تژی خۆشی و كامه‌رانی
ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ، هه‌رگیز تۆ تێی ناگه‌ی
پشیله‌ی فێڵباز !

5\12\2004

(5)
ئه‌وه‌ مه‌مله‌كه‌تی منه‌ ،
نیشتیمانێك به‌ ئه‌ستێره‌ی مه‌لان گه‌شاوه‌ته‌وه‌ .
ئه‌ی پاسه‌وانی ئاوێنه‌ !
ئه‌وه‌ مه‌مله‌كه‌تی منه‌ ..
شه‌و به‌ دڵی دانیشتووانییه‌وه‌ ماندووه‌ …
له‌ سرووتی ڕۆح ، چیمان ده‌ست كه‌وت ؟
پاسه‌وانی ئاوێنه‌ !
چیمان له‌ سووتانی زستان و بێڵایی شه‌وق ده‌ستكه‌وت ..
چی ؟
چیمان له‌ هاوكێشه‌ لاسه‌نگه‌كان و
سه‌یركردنی ئاوێنه‌دا درویه‌وه‌ ؟
فرمێسكه‌كانمان گه‌رماییان له‌ سۆزی كانیاوه‌كانه‌وه‌
وه‌رگرتووه‌ ..
سێبه‌ری داڵانه‌كانی مێژوو له‌ جوگرافیای ماندوودا
چه‌ند هێمایێكن سیحرو تۆقاندنیان به‌رجه‌سته‌ كرد ..
هه‌وره‌كان نزمن ..
ته‌نیاییه‌كه‌ بۆره‌پیاوان تێی ناگه‌ن
ئه‌وانه‌ی كاتیان
به‌و شتانه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن
كه‌ كه‌سانی دی فڕێی ده‌ده‌ن
ئینجا بۆچی سه‌رسڕمان؟
له‌ پای چی هاوڕێ ؟!
بۆچی سه‌رسڕمان..؟
كه‌ تۆ به‌دزیه‌وه‌ هاتیته‌ ناو داڵانه‌كانی دڵم..
شار بوو به‌ به‌ردێكی لاڵ
میری مه‌یخانه‌ و
پاڵه‌وانانی شه‌وانی سوور خلۆری ده‌كه‌نه‌وه‌…
ته‌نیاییه‌ك بۆره‌پیاوان تێی ناگه‌ن
ئه‌وه‌ ته‌نیایی منه‌ ..
سه‌رگه‌ردانییه‌ك (( زانایانی تاریكی)) په‌ی پێ نابه‌ن
سه‌رگه‌ردانیی منه‌..
شووره‌ی شه‌وق و ناكاوی
ته‌نها ئه‌وانه‌ ده‌توانن لێی بپه‌ڕنه‌وه‌
به‌ عه‌شق و ئه‌به‌دیه‌ت و
گۆرانی جودابوونه‌وه‌ چه‌كدارن …
ئه‌وه‌ مه‌مله‌كه‌تی منه‌ ، پاسه‌وانی ئاوێنه‌ !

12\12\2004

(6)

“هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره‌
هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره‌ نین
ئه‌گه‌ر هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره‌یان تێدا نه‌بینی .”

شاعیری ئه‌رژه‌نتینی
ئه‌نیتۆ نیو بۆركیا
تۆ له‌ كوێی ،
خۆشه‌ویستی له‌وێیه‌ ..
براده‌ران ،
له‌ سێبه‌رێكی كز به‌ده‌ر هیچیان لێ‌ نه‌ما ..!
كه‌ له‌ نادیده‌دا ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ ..
هاوڕێیی چیدی مانای په‌نجه‌ نابه‌خشێ ..
كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ژێیه‌كانی دڵدا ده‌هێنا
یا ئه‌و موژده‌یه‌ی ،
هه‌ر كاتێك ده‌رده‌كه‌وت
خه‌نده‌ی له‌ سیمایاندا ده‌كێشا…
براده‌ر !
سه‌رده‌م له‌ زه‌ڵكاو ده‌چێ‌
چه‌ندی به‌هێزتر ده‌ستی بگوشی
به‌هێزێكی پتره‌وه‌ نقوومت ده‌كا ..
گوڵیش وای لێهاتووه‌
به‌ دڕك خۆی ده‌پارێزێ ..
ئه‌ستێره‌یش قیبله‌نمای بۆش دیاریان ده‌كا ..!
ئای داخی گرانم.. هاوڕێ..!
ئه‌ستێره‌كان
شوێنه‌وارێكیان نه‌ماوه‌ بیانبینی
چ جای ئه‌وه‌ی
شتێكیان لێ بدۆزیه‌وه‌ ..

19\12\2005

(7)
شه‌پۆل خۆی به‌ ته‌نیایی خۆیدا ده‌دا ..
په‌رده‌ لاده‌ بتبینم !
ناكاو ئه‌و دڕكانه‌م دێنه‌ پێش
كه‌ هه‌ڵاڵه‌ی گوڵانیان دزیوه‌و
خۆیان به‌ باخچه‌ی هه‌ڵواسراو داناوه‌ ..
ته‌نیایی دڵی شه‌كه‌ت كردووه‌ ..
ئه‌ی شه‌وگار !
ئه‌ی ئاسایی و له‌ به‌رده‌ستان ..
ته‌نیایی دره‌وشانه‌وی لێ ون كردووه‌ ..
په‌پووله‌یه‌ك نه‌ نشینگه‌ و نه‌ ئاسمانێكی هه‌یه‌
كه‌ناری ڕۆحی پارچه‌ پارچه‌م نه‌بێ ..
پارچه‌ی وا ، له‌گه‌ڵ هۆره‌ی پێ په‌تی و
ئاوازه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كان هه‌ڵده‌فڕن ..
نوزانه‌وه‌م له‌ ده‌وروپشتی ده‌م و چاوه‌ هه‌ڵبزركاوه‌كان
باڵه‌فڕێیانه‌ ..
ئه‌مانه‌ نزای ماڵاوایین ..
ده‌بێ خۆمان بده‌ینه‌ ده‌ست چاوه‌ خه‌واڵووه‌كان
موجیزه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ به‌ عاشقی بمێنینه‌وه‌
نه‌ك ته‌نیا خۆ بنوێنین و هیچیتر..
هه‌ندێ شت هه‌یه‌ ده‌ڕۆن ،
هه‌ندێكی دی ده‌مێننه‌وه‌ ..
تۆیش هه‌ڵبژێره‌
چارۆگه‌ی ((كه‌شتیه‌كه‌م)) ،
ئه‌ی ئاوازه‌ بێده‌نگه‌كه‌م !
ڕۆژگار خه‌ریكه‌ ده‌گوزه‌رێ ، به‌سه‌ر ده‌چێ ..
لێ ڕامێنه‌ ! ته‌ماشام كه‌ !
ئاخر سه‌یرو ته‌ماشایش باخچه‌و كه‌ناری هه‌یه‌
ته‌ماشام كه‌ !
چه‌ندی تێتدایه‌ ته‌ماشام كه‌ !
ئه‌ی ئه‌و خه‌رمانه‌یه‌ی چاوه‌كانت ماندوو كردووم و
یاده‌وه‌ریه‌كانت دزیوم ..

2\1\2005

(8)
ده‌شێ تۆز و گه‌رد
له‌ هه‌رای شه‌وانی سووره‌وه‌ هاتبن
جه‌نگێك بوو ، بۆنی نهێنیه‌كانی لێده‌هات
سه‌دایه‌ك له‌گه‌ڵ باڵی نه‌وره‌سه‌ ماندووه‌كاندا ده‌فڕی
با باوه‌ش به‌ گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزیدا بكه‌ین
بنه‌وشه‌یش ،
بڕیاریدا باخچه‌و مێرگان به‌جێبێڵێ
هه‌موو هه‌وڵ ده‌ده‌ن دونیا كۆبكه‌نه‌وه‌و
به‌ مێژوو و جوگرافیایه‌وه‌ ،
له‌ گیرفانیانی بپه‌ستن
ئێستا ((ڕه‌نگه‌)) و ((له‌وانه‌یه‌)) بۆته‌ ڕاستیه‌كی زه‌ق
كۆڵان و جادان ته‌ی ده‌كه‌ن ..
جاده‌ به‌ جاده‌ ..
كۆڵان به‌ كۆڵان ..
ئه‌وه‌ی بێته‌ پێشی پێی پیا ده‌نێ ..
خۆشه‌ویستیت شێوێندراوه‌ ..
بۆچی چاوه‌كانت پشت گوێ خستووه‌ و
لێی گه‌ڕاوی به‌ نیانیه‌كی پووچه‌وه‌ تیرۆر بكرێن ؟
به‌سه‌ !
ئیتر به‌سه‌ شێوێنه‌ری درۆزن..به‌سه‌ !
چیدی ناهێڵم گه‌ردی
شه‌وه‌ سووره‌ به‌ ژاوه‌ژاوه‌كان
میزاجم تێك بده‌ن ..

13\3\2005

(9)
چۆن بووی هه‌ر وا به‌ !
ئاخر زۆربه‌ی پیاوان له‌ پیشه‌سازی فریودان
له‌ سه‌رسڕمان زیاتر نازانن …
پاشی ئه‌وه‌ی ڕۆیی
چۆن بووی هه‌ر وا به‌ !
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا گه‌مه‌ ده‌كا و
تا خوا ده‌ڵێ به‌س ، یاریان پێ ده‌كا
چرایه‌كی هه‌ڵواسراو خه‌و له‌ چاویان ده‌تۆرێنێ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
وه‌كو خانمێكی قدیس له‌ هه‌واڵه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ ،
به‌ عه‌ترو بخور ده‌ست نوێژ بشوا ..
به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و
جه‌سته‌یه‌كه‌ به‌ وه‌رزه‌كان تێر نابێ
چۆن بووی هه‌ر وا به‌ !.
بۆچی وا نه‌بی ؟!
مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان هاوار و گۆرانیدا..
له‌ نێوان ساوی ئاوریشم و ساوی تێلدڕ نه‌ماوه‌ !
چۆن بووی هه‌ر وا به‌ !
ئافره‌تی گه‌مه‌باز
كه‌ به‌ پۆشاكی په‌رییان خۆت ده‌نوێنی…
13\3\2005

(10)
ئه‌وه‌نده‌ی ناوی تۆیان هێنا ،
پیته‌كانم په‌رش و بڵاوبوونه‌وه‌ ..
هه‌مووم له‌ تۆدا توایه‌وه‌ ..
ڕۆژهه‌ڵاتم .. رۆژئاوام
باكورم .. باشوورم
ئه‌رێ كاتی باوه‌ش به‌یه‌كدا كردن ، سووتان
نه‌هاتووه‌ ؟…
ئه‌ی ئافره‌ته‌ سه‌وزه‌كه‌.. ئافره‌تی حه‌ربا !
سپێده‌ خۆی له‌ بانیژه‌كه‌م ده‌سوێ ..
گوڵه‌ زونبووقه‌یه‌ك تازه‌ ده‌می كردوه‌ته‌وه‌ ،
نه‌خشه‌یه‌كی تازه‌ بكێشێ ..
بۆ نیشتیمانێك به‌ هه‌ناسه‌بڕكێوه‌
به‌سه‌ر ڕووتدا ده‌ڕوانێ ..
فرمێسكێكیش له‌سه‌ر ڕوومه‌تتدا ڕاكشاوه‌
چه‌ند سرووتێك بوون به‌ ناچاری جێمان هێشتن
چه‌ند ماچێك له‌ نێو ترسدا مت بوون
به‌ فرمێسك پیرۆزم كه‌ ! تا بكوژێمه‌وه‌ ..
من به‌ شێوه‌ و ناوه‌رۆكه‌وه‌ ده‌سووتێم
ساتێكه‌ له‌ هه‌ڵاتن ئه‌ی حه‌ربا..!
كه‌ شه‌وگار به‌ تاریكیه‌وه‌ به‌سه‌ر جێگه‌ماندا ده‌دا
وه‌ختێ‌ ته‌سلیمی سێوی گوناه ده‌بین ….

3\4\2005




هەواڵ سەبارەت بە کرێکاران و ڕێژەی بێکاری و گرانی و هێرش بۆ سەر لاوان لەبەریتانیا …. ئامادەکردن: سالار حمەسەعید

بێکارکردنی کرێکاران

٣٨٠ کرێکاری کارگەی چپسی (ۆکەرس) لەمەترسی دەرکردن دان
کارگەی چپسی /کرسپی ۆکەرس کە کارگەیەکی زۆر بەناوبانگی کرسپ وچپسە ڕووبەڕووی داخستن دەبێتەوە ئەویش بە لەدەست دانی ٣٨٠پۆستی کار. خاوەنی (پێپسی کۆ)ئەمریکی دەڵێ کە پیشنیاری داخستنی کارگەکە لە (پیترلی)، کۆ دورهام ، بەشێک بووە لە پاڵنەری کارایی بە گواستنەوەی بەرهەم هێنان بۆ شوێنێکی تر لە بەریتانیا. هەروەک هەمیشە دەرکردنی کرێکاران و داخستنی کارگەیەک لەشوێنێکی وەک پیترلی بۆ شوێنێکی تری بەریتانیا تەنها پاڵنەرەکەی قازانجی زیاتر وکەڵەکەبوونی زیاتری سەرمایەیە. وە بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش کرێکاران ئاسانترین هەدەف وئامانجن.

قسەکەرێکی کارگەکە دەڵێ کە ئەو جمووجۆڵ و جێگۆڕکێ یە پێویست و زەروور بووە بۆ دڵنیاکردنەوە لە گەشەی بەردەوام و درێژماوەی کەسب وکارەکەمان لە بەریتانیا. بێگومان پێویست بووە لەڕوانگەی بەرێوبەرانی کارگەکەوە کە پارێزەرانی بەرژەوەندی سەرمایەن، بۆ پاراستنی ئاستی قازانج کێشە نیە بۆیان بێکارکردنی سەدان کرێکار بەڵام دەرکردنیان زەروورە بۆ ئەوەی ئاستی کەسب وکاریان نەک تەنها وەک خۆی بمێنێتەوە بەڵکو دەبێ هەرلەزیادبوون دابێت، ئەگینا بە زەرەرو زیان لەقەڵەم دەدرێ بەلای بۆرژوازی یەوە.

کۆی ٣٥٥ کرێکاری ناو کارگە و ٢٥ کاری کرێکاری گواستنەوە کارەکانیان لەژێر هەرەشەدان. گراهام مۆریس ئەندام پەلەمانی ئیزنگتن ئەم ڕایگەیاندەی وەک زەربەیەکی گەورە لەقەڵەم دا بۆ ناوچە کە. بەڵام لەڕاستیدا زەربەیەکی گەورەیە لەژیان وگوزەرانی ئەو سەدان کرێکارە بە بێکارکردنیان.

سەرچاوە: میترۆ ی لەندەنی
٦ی مارسی ٢٠١٧
—————————————-

مانگرتنی کرێکاران بۆ داواکانیان

خاوەنی سەذرن ڕەیڵ دانی پیادادەنێ کە خزمەتگوزاری ئاسایی گواستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری سەذرن ڕەیڵ تاکۆتایی ٢٠١٨ دەست پێناکاتەوە.
ئەمڕۆ خاوەنی سەذرن ڕەیڵ دانی بەوەدانا کە خزمەتگوزاریە ئاسایی ونۆرماڵەکان دەگونجێ دووبارە نەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر کە مانگرتنەکان شڕی کردووە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨. کە ئەمەش بەپێ ی ئەم ڕۆژنامەیە خەڵکی هامووشۆکەرانی بێزار و تووڕەکردووە.

سەرۆکی تەنفیزی گروپی ( گۆ ئەهێد) دانی پیدادەنیت و دەڵێت کە هیچ کۆتاییەک لە ئاسۆ دا بەدی ناکرێ بۆ ئەو مشتوومڕە دوورودرێژ و بەردەوامەی کەلەنێوان کرێکاران و دەزگای بەرێوەبردن دا هەیە. سەهمەکانی ئەم کۆمپانیایە بە ڕێژەی لەسەدا ١٤ دابەزیوە پاش هۆشداریەکانی گروپی (گۆ ئەهێد). ئەم تۆڕی شەمەنەفەرە لەمانگی پێشوودا بە خراپترین هێڵی خزمەتگوزاری ناوزەد کرا و بەبڕی ١٥ ملیۆن پاوەند لە قازانجی ئەمساڵی هێڵەکە دراوە. ئەو دانی پیانا کە پێشکەوتەکان لە گفتووگۆکان زۆر هێواشن، و هێشتا قسەوباس دەکەن لەسەر ئەو کێشەو مەسەلانەی مانگی حوزەیران ی ساڵی ڕابردوو.

خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان لەم هەواڵە زۆر تووڕە ونیگەرانن کە ئاسایی بوونەوەی خزمەت گوزاریەکانی سە‌ذرن ڕەیڵ. هێشتا خزمەتگوزاریەکان وەک خۆی نیە هەر لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا گەرچی خزمەتگوزاریەکانی ئەم هێڵی شەمەندەفەرە دەستی پێکردۆتەوە بەڵام ڕۆژانە بەلانی کەمەوە ٢٠ قیتار گەشتەکانیان ئیلغا کراوەتەوە (کانسڵ کراوە) لە کۆی ٢٥٠٠ گەشت کەم بۆتەوە بەنیسبەت جارانەوە کە لەکاتی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا ڕۆژانە ٦٠٠ گەشت ڕادەگیردرا و نەدەکرا بەلام تا چەند هەفتە لەمەوبەریش کە مانگرتنەکان کەمیش بۆتەوە وەیا بەهۆی دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ ی نێوان سەندیکاکان و بەرێوبەرایەتی سەذرن ڕەیڵ ەوە کەم بۆتەوە بۆ تەنها ٢٠ گەشت لەڕۆژێکدا. کەواتە گەشتە رۆژانەکان هێشتا ئاسایی نەبوونەتەوە. ئەم هەلومەرجە بەردەوام دەبێت وەک بەرێوبەرانی هێڵەکە ئاماژەی بۆدەکەن تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دەخایەنێ. پێش بینی مانگرتنی تردەکرێ لەچەند هەفتەو مانگی داهاتوودا ئەگەر وەزع وبارەکە بەچارەنەکراوی بمێنێتەوە.

هێڵی سەذرن ڕەیڵ ڕۆژانە لەلایەن ٣٠٠،٠٠٠ کەسەوە بەکاردێت لەناوچەکانی (سەسێکس، ساری، باشوری لەندەن)ە وە و بەهۆی چارەسەرنەبوونی کێشەی نێوان ئیتحادیەی (ئار ئێم تی) و بەڕوبەرایەتی سەذرن ڕەیڵەوە لەماوەی ساڵی ڕابردوەوە ٢٩ رۆژ مانگرتن ئەنجام دراوە وە لەنێویاندا داخستنی تەواوەتی هێڵەکە بۆماوەی ٣ رۆژ لەمانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو.

سەرچاوە: میترۆی لەندەن
بەروار: ٥ مارسی ٢٠١٧

—————————————–

نیو ملیۆن ژنی گەنج و لاو بێکارن لەبەریتانیا
ژنن و گەنج ولاون و فەرامۆش کراون

وەزعی ژنانی بەریتانیا لە زاری میدیا و رۆژنامەکانی بەریتانیاوە

رۆژنامەی دەیلی تێلێگراف ی ئەمڕۆ ٨ی مارسی ٢٠١٧ بەم شێوەیە باس لە ڕەوشی ژنانی گەنج و لاو دەکات لەکۆمەڵگای بەریتانیادا.
زیاتر لە نیوەی ژنانێک کەلە بەریتانیا دەژین ئەمڕۆ ترسی ئایندەیان هەیە وە ئەمەش زۆرئاسانە هۆکارەکەی بزانرێ. بەپێ ی سەرژمێریەکی سەراسەری کە لەمانگی شوباتی ئەم ساڵ دا ئەنجام دراوە نیشانی دەدات کە ئەگەرچی ژنانی سەرکار هەن بەڵام ژمارەیەکی زۆربەرچاو زیاتر لەئاستی تێکڕا (معدل) دوورن لەبازاری کار و کارکردنەوە.

هەربەپێ ی ئەم رۆژنامەیە زیاتر لە ٥٠٠،٠٠٠٠ ژنی گەنج ولاو بێکارن ئەگەرچی بەڵگە لەبەردەست دایە کە زۆرینەی زۆریان بەدوای کاردادەگەڕێن. وە بۆ ووردکردنەوەی ئەو ژمارەیەی سەرەوە ئەم لێکۆڵینەوە سەرژمێری یە بەبەڵگەوە دەیخاتە ڕوو کە ٢٢١هەزار ژنی لاو بێکارن و ٣٥١ هەزار ژنی تریش لەڕووی ئابووری یەوە ناچالاکن واتە لەخانەی ناچالاک دانراون لەڕووی ئابووری یەوە. ژنانی ناچالاک لەڕووی ئابووری یەوە زاراوەیەکە بەکاردەهێنرێ بۆ ئەو ژنانەی کەلەسەر کۆمەک ویارمەتیەکانی دەوڵەت دەژین و بێکارن و دابڕاون لەبازاری کار. وە ئەم ژمارەیە نە لەبەرخوێندن دان وە نەڕاهێنانیان پێدەکرێ بۆ ئامادەکردنیان بۆ چوونەسەرکار، کە ٧٠ هەزار زیاتر لە ژمارەی پیاوان پێک دەهێنن.

دکتۆر کارۆڵ ئیستن کە سەرۆکی تەنفیزی دەزگا وڕێکخراوی ژنانی لاوە تەئکید دەکاتەوە کە ئەم ووڵاتە لەحاڵەتی ئینکاری کردن دایە لە وجودی قەیرانێک کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەمە ووتەی کەسێکە کە لەم بوارەدا کاردەکات وپسپۆرە و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامگیری یە کە بۆرژوازی دان نانێ بە بوونی قەیرانێک کە بوون و وجودی دەرەکی و واقیعی هەیە لە کۆمەڵگادا و داتاکان بوونی دەسەلمێنن لەکاتێکدا دەسەڵاتی سەرمایەداری خۆی لەبوونی ئەو قەیرانەش دەدزێتەوە و دانی پێدانانێت. کە ئەمە بۆ خۆی کارەساتێکی ترە.
میدیاکان ناوبەناو بڵاوی دەکەنەوە کە ئاستی بێکاری هاتۆتە خوارەوە بەڵام ڕاستیەکان ناخەنەڕوو سەبارەت بەو چارەنووسەی کە ژنانێکی لاوی زۆری کۆمەڵگای ئەمڕۆی بەریتانیاڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سەبارەت بە (سێنتەری کاریابی/ جۆب سێنتەر) تەنها لەسەدا ١٩٩ی ئەوژنانەی کەهاتوون بۆ ئەم سێنتەرانە یارمەتی دراون لەپەیداکردنی کاردا بەڵام لەسەدا ٥٩ ی ئەو ژنانە هەستیان بەشەرمەزاری وتەریق بوونەوە کردوە بە پەیوەندیکردنیان بە جۆب سێنتەرەوە، وە ٦٨% ی ئەوژنانە ئەزموونیان لەو سێنتەرانەدا بە پڕ لە فشار و زەخت ناودەبەن وە ڕێژەیەکی تریش لەوژنانە دەڵێن کە بێ ڕێزیان پێ دەکرێ لەو سەنتەرانەدا.

یەکێک لەدەرهاویشتەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییەی ئێستا بەریتانیای پێوە دەناڵێ کاریگەری ڕاستەوخۆیەتی بۆ سەر ڕەوشی ئابووری ژنان لە زیاتر بێکارکردنیان و زۆرتر چوونەدەرەوە لەبازاری کار بەهۆی دووگیان بوون بێت یا بەخێوکردنی مناڵەوە بێت، بازار کەمتر ئەوژنانە لەخۆی دەگرێ و زیاتر وزیاتر دووریان دەخاتەوە لە بەرهەمهێنان و بازار.
سەرچاوە: دەیلی تێلێگراف

—————————
بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی حکومەتی پارێزگاران لەبەریتانیا دەڵێ:
دەبێت خەڵک ناڵە ناڵ و پرتەوبۆڵەی لێنەیەت.

بۆریس جۆنسن، هۆشداری دەدات بە خەڵک کە نابێ ناڵەناڵ وپرتەوبۆڵە بکەن لەبارەی وەزع و بارودۆخی دونیا.
بەڕێز جۆنسن دەڵێ هەندێ کات کە دەبیستم خەڵكی منگە مینگ وپرتەوبۆڵەیان دێت کەمێک سەبرم لێدەبڕێ. ئەم قسانەی لە ناوجەرگەی لەندەن دا کرد بۆ بەرێوەبەرانی کۆمپانیا و کارگە گەورەکان. ئەمە لەکاتێکدا چاوەروانی لێدەکرا کە قسەوباس بکات لەسەر وەزعی فەقر و نەهامەتیەک کە خەڵک تووشی بووە بەهۆی برێگزتەوە ( هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لەئەوروپای یەکگرتوو دا). جەنابی جۆنسن داوادەکات کە خەڵک نقەی لێنەیەت لەکاتێکدا هەڵاوسان تەواو کاریگەری داناوە لەسەر باری گوزەرانی خەڵکی، بەرزبوونەوەی نرخی شمەک وخواردەمەنی وجل وبەرگ لەلایەک و بەرزبوونەوەی بەردەوامی کرێی خانوو و خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ماڵ و خانوو ئەمانە هەمووی بەلایەک و بڕینی کۆمەک ویارمەتیەکان بە لاوان وپەککەوتەو پیرسالان بەلایەکی ترەوە. هەروەک گاردیانی ٦ ی مارسی ٢٠١٧ بە تایتڵێکی گەورە دەنووسێ ودەڵێ:

“بڕینی کۆمەک ویارمەتیەکانی کرێی خانوو،لاوان دەخاتە بەر مەترسی بێ خانە ولانەبوونەوە” بەپێ ی ئەم ڕێنمایی وڕێسا نوێ یانە لاوانی تەمەن ١٨ ساڵ تا ٢١ ساڵ ناتوانن داوای کۆمەک ویارمەتی بکەن لە دەوڵەت بۆ یارمەتیدانیان لە کرێی خانوو ئەمەش مەترسی یەکی گەورەیە بۆ ئەو لاوانەی تازە دەیانەوێ هەنگاوی یەکەمی ژیانیان بنێن بۆ بەرەو سەربەخۆبوون و پشت بەخۆبەستن . بەم بڕینی کۆمەک ویارمەتیە لاوان زەربەیەکی گەورەیان پیدەکەوێ لەجیاتی دەست گرتنیان بۆ بەرەو پێشبردنیان بەپێچەوانەوە ئومیدەکانیان لەگڵ دەنێن و ناچاردەکرێن دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ماڵی باوک ودایکیان و پشت بەستنیان پێیانەوە کە ئەوانیش ناتوانن چیدی یارمەتییان بدەن بەهۆی بڕینی یارمەتی پەککەوتەیی و فشارەکانی تری ژیانی رۆژانەیان لە بەرزبوونەوەی کرێ و شتوومەک بەگشتی.

ئەمانە و بەرزبوونەوەی نرخی غاز وکارەبا و بەنزین و تەلەفۆن . بەرزبوونەوەی نرخی شمەک لەمەدا نەوەستاوە بەڵکو تەئمینی ئۆتۆمبیلیشی گرتۆتەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو بڕیاریان داوە بەرزی بکەنەوە. لەکاتێکدا نە مووچە زیاد دەکرێ ونەهەقدەستی رۆژانە زیادکراوە بەڵکو نرخی قیتار وشەمەندەفەر وهاتووچۆ زیادی کردوە. کە ئەمانە هەمووی کاریگەری زیادیان هەیە لەسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی خەڵک. بەڵام جەنابی بۆریس جۆنسۆن هۆشداری دەدات و دەفەرموێ کە خەڵک نابێ پرتەوبۆڵە ی بێت.

سەرچاوە: ئیڤنینگ ستانداردی لەندەنی ٢٨ی شوبات و گاردیانی ٦ی مارسی ٢٠١٧
٦ی مارسی ٢٠١٧




نێرگز …. نێچیروان جاسم

په‌ڕپه‌ڕ و زه‌رد و سپی ڕه‌نگه‌
لاسكه‌كه‌ی جوان و قه‌شه‌نگه‌
به‌بێ‌ دركه‌, بۆنی خۆشـــه‌
ئارامی ئاوه‌ز و هۆشــــــه‌
له‌ خاكه‌وه‌ سه‌ر ده‌ردێنێ‌
مژده‌ و خۆشیمان بۆ دێنێ‌
ڕه‌نگین ده‌كا ده‌ر و ده‌شت
سه‌راپا ده‌بێ‌ به‌ به‌هه‌شت
چه‌پكه‌ گوڵی نێو ده‌ستانه‌
جوانترین گوڵی گوڵــــدانه‌
ده‌سته‌ خوشكه‌كه‌ی نه‌ورۆزه‌
دیاریی میلله‌ت و هـــــۆزه‌
نێرگز, نیشانه‌ی به‌هـــاری
شاگــوڵه‌كه‌ی كورده‌واری




ژنێك .. لەهەنسكی گوڵ ناسكترە …. ستار ئەحمەد

ژنێك لەهەنسكی گوڵ و
دانەی باران ناسكترە
رۆژانی زریوەی بەفرەو
شەوانی نوقمی ئاگرە
روومەتی كانیلەی خەمەو
چاوەكانی
دووبەرسلەی چرۆی ترێ
پرچی لاسكی سنەوبەرەو
لەگەرووی خەزانا دەمرێ
سنگی لوتكەی سیاپۆشە
دوو سوورە سێوی ئەو دیوی
لەسەر كۆشە
گەردنی توولە رێی نوورە
دەروونی مەزرای بەرامەو
نەرمە هەناسەی چنوورە
قەدی شمشاڵی شوانەو
شەماڵی جوانی دەیژەنێ
زمانی فەرهەنگی شیعرەو
ئاسۆ چوارچێوەی دەتەنێ
كوڵمی مانگی شەوی تارە
گەواڵەی ژان دایپۆشیوە
سەرسامم لەكاری خودا
هەرگیز جوانی وام نەدیوە




ڤیدیۆیی سیمنارەکەی بەرێز کاوە جەباری لە شاری تۆرۆنتۆ

سیمنارێک لە شاری تۆرۆنتۆ
دەنگەکان لە درێژەی کارە ڕۆشنبیری و
هونەرێکانیدا، هەستا بە ڕێکخستنی
سیمنارێک بۆ بەڕێز:
کاوە جەباری
لەژێر ناوی
پشتکردن لە ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی نەگۆڕ،
هەوڵێک بۆ کرانەوەی زیاتر لە کۆمەڵگەدا.

قسەوباسەکانی سیمنارەکە

ڤیدیۆی دووەم … موداخەلەی ئامادەبووان…




ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ر ناوهێنانی، (دیوانی نالی)مان بیردێنێته‌وه‌! به‌ ته‌نیشت محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمه‌وه‌


هێمن خورشید

ماوه‌یه‌ك بوو له‌ شاری سلێمانی دوور بووم، هه‌لێك هاته‌ پێش و سه‌رێكی ئه‌و شاره‌م دا، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ڕێ كه‌وتین، بیرم كرده‌وه‌ ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی له‌وێ ده‌بم، له‌په‌نای ئه‌نجامدانی كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌مدا كه‌ مه‌به‌ستی ڕۆیشتنم بوو، ده‌بێت سه‌ری یه‌ك دوو كه‌سایه‌تییه‌كیش بده‌م، یه‌كێك له‌وان به‌ڕێز محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم بوو.
له‌ ڕێی حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵاوه‌ ژماره‌یه‌كم ده‌ستكه‌وت و ته‌له‌فوونم بۆی كرد، كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه له‌ ده‌نگی ڕا‌ وا دیار بوو پێشتر شتێكی له‌باره‌ی نیازه‌كه‌مه‌وه‌ زانیوه‌، پێی گوتم ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنه‌ بڕوا ناكه‌م شتێكی ئه‌وتۆت له‌ باوكمه‌وه‌ ده‌ستبكه‌وێت، چونكه‌ دۆخی ته‌ندروستیی باش نییه‌ و زۆر شتی بیرنایه‌ته‌وه‌، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ سه‌ردانیكردنه‌، ئه‌وا به‌خێر بێیت و دوای بانگی عه‌سر ده‌توانن بێن.

ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یرانی 2015 له‌سه‌ر واده‌ و هاوڕێ له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی پزیشكمدا به‌ڕێكه‌وتین، د.هه‌ڵكه‌وت كه‌ من بۆ خۆشی پێی ده‌ڵێم ئینسایكلۆپیدیای بێده‌نگ، ئاخر سروشتی وایه‌ زۆربه‌ی كات به‌ئارامی داده‌نیشێت و كه‌سێ ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌یناسیبێت وا ده‌زانێت هیچ نازانێت، كه‌چی پرسیاری ده‌رباره‌ی هه‌رشتێ لێ ده‌كه‌یت، هێنده‌ به‌وردی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، پرسیاركه‌ر سه‌ری سوڕده‌مێنێت. د.زمناكۆیش كه‌ هاوڕێ پزیشكه‌كانی وه‌ك ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌ك زۆرجار به‌ مامۆستا بانگی ده‌كه‌ن، من پێی ده‌ڵێم مامۆستای گه‌شتوگوزار، ئاخر ئه‌و هێنده‌ حه‌زی له‌ گه‌شتكردن و بینینی ناوچه‌ی دوورده‌ده‌ستی ئه‌م كوردستانه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ هاوتای كه‌م بێت، باسی هه‌ر ده‌ڤه‌رێكی بۆ بكه‌یت، دوو سبه‌ی كۆمه‌ڵێ هاوڕێی قایل ده‌كات و گه‌شتێكیان بۆ ڕێكده‌خات و پێكه‌وه‌ خۆیانی پێ ده‌گه‌یه‌نن.

سواری ماشێن بووین و ته‌له‌فوونمان بۆ ژماره‌ی ماڵی مامۆستا محه‌مه‌د كرد، شیرین خانی هاوسه‌ر‌ی هه‌ڵیگرت و زۆر خانه‌دانانه‌ و میواننه‌وازانه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ورد ناونیشانی داینێ.
وه‌ختێ گه‌یشتین شیرین خان فه‌رمووی لێ كردین و به‌ره‌و ژووری دانیشتن ڕێنمایی كردین. كه‌ وه‌ژوور كه‌وتین كاك مه‌حه‌مه‌د له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو، به‌ڕوویه‌كی خۆشه‌وه‌ پێشوازیی لێ كردین. ماڵیان له‌و ماڵانه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ژووركه‌وتندا دڵت ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ غه‌ریبی ناكه‌یت تێیدا. ده‌گوترێت نان وه‌ ڕووی خاوه‌ن ماڵه‌وه‌ ده‌خورێت، ڕووخۆشی و گه‌رموگوڕییان وای كرد زوو بكرێێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ بوو ساڵانێك بێت ناسیاوی یه‌كدی بین و هاموشۆمان له‌نێواندا هه‌بێت.

حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم بۆ زۆربه‌ی خوێنه‌رانی كورد ناوێكی ئاشنایه‌ و كه‌سێك ئه‌گه‌ر ته‌نیا دیوانه‌كانی نالی و مه‌حوییشی خوێندبێته‌وه‌، چاوی به‌ ناوی وی و پێشه‌كینووسینی وی و په‌راوێز و لێكدانه‌وه‌كانی وی له‌سه‌ر ئه‌و دیوانانه‌ كه‌وتووه‌.
تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر من ته‌نانه‌ت وێنه‌یه‌كی ڕوونیشیم نه‌دیبوو، بۆیه‌ له‌ زه‌ینمدا وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیم بۆی كێشابوو. لێ به‌م دوواییانه‌ ده‌مبینی خه‌ڵكێك ده‌چوونه‌ لای و وێنه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوده‌كرده‌وه‌، وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌یم دیت و وێنه‌ زه‌ینییه‌كه‌ی پێشوه‌ختم تۆزێك له‌ق بوو، وه‌لێ ئه‌وه‌یش ته‌نیا عه‌ینه‌لیه‌قین بوو و هێشتا هه‌قه‌لیه‌قین نه‌مبینیبوو، كه‌ له‌ نزیكه‌وه ‌دیتم زیاتر ناسیم و بۆم ده‌ركه‌وت پیاوێكی هه‌تا بڵێی خاكی و خۆمانه‌یه‌ و به‌ هه‌ق كوڕی مه‌لای موده‌ڕیسه‌. سه‌رچاوه‌ زانستییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن زۆر جار ده‌ستی بۆماوه‌ و په‌روه‌رده‌ی قۆناغی مناڵی درێژتره‌ له‌ ده‌ستی ژینگه‌ی قۆناغه‌كانی دواتری ته‌مه‌نی مرۆڤ!

ئه‌و له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو، ئه‌گه‌رچی توانای ڕێكردن و هه‌ستانه‌وه‌ی به‌باشی نه‌بوو، گه‌رچی پێشوه‌خت ده‌مزانی ته‌مه‌نی له‌ سه‌رووی حه‌فتاوه‌یه‌، كه‌چی هێشتایش باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد له‌و ته‌مه‌نه‌دا بێت، ئاخر زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كاڵی چه‌شنی خه‌نده‌ی تازه‌لاوی، به‌رده‌وام له‌ ڕوخساریدا خۆی پیشان ده‌دات. نازانم مرۆڤ چییه‌ و ئه‌و هه‌موو هونه‌ره‌ چییه‌ كه‌ خودا له‌ دروستكردنیدا به‌خه‌رجی داوه‌؟ ئه‌و ئه‌فسوونه‌ چییه‌ كه‌ له‌ ده‌موچاوی هه‌ندێكاندا هه‌یه‌ و له‌ هی هه‌ندێكی دیدا نابینرێت؟
كه‌ سڵاومان كرد، به‌ر له‌وه‌ی بزانێت كێین و هه‌ڵسوكه‌وتمان چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵی، زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیی لێ كردین، هه‌رسێكمان به‌رانبه‌ری دانیشتین. خاتوو شیرینی هاوسه‌ری دوای ئه‌وه‌ی به‌خێری هێناین، ژووره‌كه‌ی به‌جێهێشت. قه‌یرێك ئارامی ژووره‌كه‌ی داپۆشی، نه‌ ئه‌و قسه‌ی كرد و نه‌ ئێمه‌، دوو هاوڕێكه‌م جارجار به‌ لاچاو ته‌ماشایه‌كی منیان ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌وه‌ بۆ هیچ ناڵێیت؟ ورده‌ورده‌ ده‌می ده‌ركه‌ی قسه‌ كرایه‌وه‌.
له‌ شوێن و پیشه‌مانی پرسی، كه‌ من گوتم ده‌رونپزیشكی (تووببی نه‌فسی) ده‌خوێنم، دواتر دوكتۆر هه‌ڵكه‌وتیش گوتی: منیش هه‌مان شت ده‌خوێنم، بزه‌یه‌كی كرد و گوتی: چییه‌ به‌ طوبی نه‌فسییه‌وه‌ گرتووتانه‌؟!
دواتر دوكتۆر زمناكۆ گوتی: من هه‌ناوی (باطنی) ده‌خوێنم، به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ئه‌و پرسی: ئه‌ی كه‌ستان زاهیری (ظاهيرى) ناخوێنن؟
حه‌زم ده‌كرد له‌باره‌ی زۆر كه‌س و ڕووداوه‌وه‌ لێی بپرسم، وه‌لێ هه‌ستم كرد وه‌ك پێشتر له‌ ته‌له‌فووندا كوڕه‌كه‌ی پێی گوتبووم، به‌باشی نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی وه‌ك پێشتر باسم كرد، زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر لێوی بوو و وای پیشانده‌دا وه‌ك زه‌مانی گه‌نجێتی به‌گوڕه‌، به‌س ته‌مه‌ن كاری لێی كردبوو و وا ده‌رده‌كه‌وت قیتاری له‌بیرچوونه‌وه نزیكی وێستگه‌ی ژیانی بووبێته‌وه‌. هه‌ر پرسیارێكمان لێی ده‌كرد، به‌كورتی وه‌ڵامی ده‌داینه‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كانیشی گشتی و دوور له‌ ورده‌كاری بوون، له‌و ساته‌دا ڕێك ماڵی دوكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر و سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند مانگ له‌وه‌وبه‌ری خۆمانم بیركه‌وته‌وه‌، بۆیه‌ بێ ویستی خۆم چوومه‌ سه‌ر باسی ماڵی وان، هاوسه‌ره‌كه‌ی پرسی: ئه‌ی توخوا كه‌ ڕۆیشتن بۆ لای، ته‌ندروستیی چۆن بوو؟ ‌منیش گێڕامه‌وه‌ كه‌ تووشی له‌بیرچوونه‌وه‌ بووبوو و نه‌یده‌توانی به‌باشی وه‌ڵام بداته‌وه. هه‌ر كه‌ ئه‌مه‌م گوت، كاك محه‌مه‌د ده‌ستی به‌ گریان كرد. خاتوو شیرین گوتی: “له‌گه‌ڵ دوكتۆر كه‌مالدا زۆر ڕه‌فیق بوون، د.كه‌مال زۆر به‌یانیان كه‌ ده‌چوو بۆ ده‌وام، ماڵی ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یدا بوو، لای ده‌دا،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ پێكه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن. زۆر یه‌كتریان خۆشده‌ویست”.
من ده‌مزانی به‌شێكی گریانه‌كه‌ی بۆ دوكتۆر كه‌ماله‌، لێ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی بۆ حاڵی خۆی و بۆ گوزه‌ری زه‌مانه‌ و بێبایه‌خیی دنیایه‌!

پرسی ژنتان هێناوه‌؟ بۆ خۆشكردنی ئاگری باسه‌كه‌، گوتم: ئه‌م دوو هاوڕێیه‌م نه‌یانهێناوه‌، پزیشك زۆربه‌یان دره‌نگ ژن ده‌هێنن، تۆ ئامۆژگاریی چییان ده‌كه‌یت؟ بیهێنن یان نا؟
گوتی: كه‌ بڕیاره‌ ژن بهێنن، زوو بیهێنن باشتره‌، دره‌نگ ژنهێنان خۆش نییه‌.. دواتر زانیم خۆی له‌ عومرێكی گه‌وره‌دا ژنی هێناوه‌.
هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی زۆر له ته‌مه‌نی خۆی گچكه‌تره‌، گوتی: “كاتێ شووم پێی كرد، ‌زۆر كه‌س به‌ لایانه‌وه‌ سه‌یر بوو. من له‌ خێزانێكی شیوعی بووم، ئاماده‌ نه‌بووم شوو به‌ هه‌موو كه‌سێ بكه‌م، ئه‌م زۆر باش بوو، كراوه‌بوو، باوه‌ڕی به‌ ئازادیی ژن هه‌بوو، دڵی پیس نه‌بوو..”. ئینجا به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ گوتی: “من له‌ خۆشیی كتێبه‌كانیدا شووم پێی كرد، ئه‌و كات زۆر مناڵ بووم. ئه‌وسا و ئێستایش زۆر حه‌زم له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌”. پرسیم: ئه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ چۆن بوو؟ ئێستا چۆنه‌؟ ئارام دیاره‌. پێكه‌نی و گوتی: “زوو تووڕه‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌تی وه‌ختێ به‌ دوای شتێكدا بگه‌ڕێت و دیار نه‌بێت، به‌س دڵی هیچی تێدا نییه‌، زوو ئاشت ده‌بێته‌وه‌.

دواتر گوتی: “ئه‌م زۆربه‌ی كات هه‌ر خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ و نووسین ده‌بوو، هه‌ر گه‌نجێك نووسینێكی بهێنایه‌ بۆ لای بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بكات و پێیدا بچێته‌وه‌، دڵی نه‌ده‌شكاند و ده‌یگوت: گوناحن، گه‌نجن.. ئه‌وه‌نده‌ كاری بۆ خه‌ڵك كردووه‌، بۆ خۆی نه‌‌یكردووه”. ئینجا گوتی: “‌زۆر كه‌ڕه‌ت كه‌ میوانمان ده‌‌هاتن، خۆم به‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌بووم یان مناڵ داوای شتێكیان كردبا هه‌ر خۆم بۆم ئه‌نجام ده‌دان، له‌گه‌ڵ ماڵی براكه‌مدا ده‌یانمبرد بۆ گه‌شت، ده‌موت‌ حه‌مه‌ گوناحه‌ با خه‌ریكی كاری خۆی بێت، ده‌مزانی حه‌زی له‌ ئیشه‌كه‌یه‌تی”.
گوتم: هاوسه‌ره‌كه‌ی دوكتۆر كه‌مالیش وه‌ك به‌ڕێزت زۆر یارمه‌تیی مێرده‌كه‌ی ده‌دات، هه‌ردوویان خۆشبه‌به‌ختن. پێكه‌نی و هیچی نه‌گوت.
له‌باره‌ی مامۆستای موده‌ریسه‌وه‌ پرسیارم كرد، مامه‌ڵه‌ی چۆن بوو؟ له‌ كۆتایی عومریدا توانای مابوو یان نا؟ تووشی له‌بیرچوونه‌وه‌ بووبوو یان نا؟ كه‌ وه‌فاتی كرد هه‌ستت به‌ چی كرد؟ هه‌ر وه‌ك پرسیاره‌كانی له‌وه‌و‌پێش، به‌كورتی وه‌ڵامی داینه‌وه‌، گوتی: من له‌ زووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكم و فاتیحی برامدا كارمان له‌سه‌ر ده‌ستنووس و دیوانی شاعیرانی كۆن ده‌كرد، تا كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیشی هه‌ر له‌گه‌ڵی‌ بووم، به‌س‌ كاتێ مرد له‌ لای نه‌بووم. ڕاست بوو ته‌مه‌نی خۆی كردبوو، به‌ڵام پێم ناخۆش بوو مرد، حه‌زم ده‌كرد زیاتر بمایه‌..
شیرین خان گوتی: مامۆستا (مه‌به‌ستی مامۆستای موده‌ڕیس بوو) كه‌ جارجار ده‌هات بۆ ماڵه‌وه‌، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ گۆرانیی ده‌وت و بانگی مناڵه‌كانی ده‌كرد، هه‌نێ جاریش ڕاوی (ژیوار)ی ده‌نا، ئه‌ویش هار بوو خۆی له‌ ده‌ستی ڕاده‌پسكاند، گوێی (به‌یانی) ده‌گرت وایده‌زانی ژیواره‌، ئه‌میش هاواری ده‌كرد باپیره‌ من ژیوار نیم”!
له‌ په‌یوه‌ندیی خۆی به‌ هه‌ندێ له‌ نووسه‌ره‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ پرسیارم كرد، گوتی: له‌گه‌ڵ عه‌لی وه‌ردی پێكه‌وه‌ دانیشتووین، دۆستم بوو. كتێبمان پێشكه‌شی یه‌كتر ده‌كرد. پرسیم چۆن له‌ كوردی ده‌ڕوانی؟ گوتی: بیرم نایه‌ قه‌ت باسی كوردی ‌كردبێت‌. گوتم ئه‌ی هادی عه‌له‌ویت ده‌ناسی؟ گوتی: زۆر ڕه‌فیقم بوو.

له‌باره‌ی هه‌ژار و هێمن و شوكر مسته‌فاوه‌ پرسیارم لێی كرد، ده‌یگوت: له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا دۆست بووم، پێكه‌وه‌ داده‌نیشتین.. له‌باره‌ی شوكر مسته‌فاوه‌ گوتی: كوردییه‌كی باشی ده‌زانی.
ده‌مزانی به‌ ناوهێنانی ئه‌و دڵخۆش نییه‌، چونكه‌ پێشتر له‌ یه‌ك دوو دیداردا بینیومه‌ خۆی له‌ باسكردنی ‌بواردووه‌، وه‌لێ گوتم با ڕووبه‌ڕوو له‌ خۆی بیبیستم، پرسیم ده‌رباره‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د چی ده‌ڵێیت؟ وه‌ك چاوه‌ڕێم ده‌كرد، كه‌مێك ده‌موچاوی دا به‌ یه‌كدا. یه‌كڕاست گوتی: دژی ماركسیزم بوو. بۆ دژایه‌تی ماركسیزمی ده‌كرد؟ گوتم: ئه‌ی خۆ عه‌زیز محه‌مه‌د له‌گه‌ڵی دۆست بوو! سه‌رێكی با دا و گوتی: دۆستایه‌تی شتێكه‌ و خۆشه‌ویستی شتێك! زانیم باش وایه‌ دریژه‌ی پێ نه‌ده‌م، بۆیه‌ چوومه‌ سه‌ر پرسیارێكی تر.
پرسیم ئه‌ی ده‌رباره‌ی دوكتۆر زه‌ڵمی چی ده‌ڵێیت؟ گوتی: زۆر خوێنه‌واره‌. ده‌ستی بۆ سه‌ر مێزێكی ئه‌ولای درێژكرد و گوتی: ئه‌وه‌ كتێبه‌كه‌یه‌تی بۆی ناردووین، نیوه‌یم خوێندووه‌ته‌وه‌، ئه‌و نیوه‌كه‌یشی ده‌خوێنمه‌وه. ته‌ماشام كرد ژیاننامه‌كه‌ی بوو. پرسیم: یه‌عنی ‌تا ئێستایش ئاوها ده‌خوێنیته‌وه‌؟ گوتی: ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌س چاوم یارمه‌تیم نادات.

له‌ ناو و ژماره‌ی كتێبه‌كانیم پرسی، به‌باشی بیری نه‌مابوو. پرسیم: جاران ماركسی بوویت، ئێستا چۆن بیرده‌كه‌یته‌وه‌؟ گوتی: ئێستایش ماركسیم، زۆر موعجیبی ماركسم و به‌ڕاستی ده‌زانم. من و فاتیحی برام هه‌ردووكمان باوه‌ڕمان به‌ ماركسیزم هه‌بوو.
گوتم: ئاخر كه‌سانێك هه‌بوون كاتی خۆی چه‌پ بوون، ئێستا به‌ره‌و سۆفیگه‌ری ڕۆیشتوون. له‌و كاته‌دا ناوی فه‌رهاد شاكه‌لیم به‌ بیردا هات، وتم خۆ شاكه‌لی ده‌ناسی؟ گوتی: فه‌رهادم ده‌ناسی، كاتی خۆی گۆڤاری مامۆستای كوردی ده‌رده‌كرد، به‌س له‌ زووه‌وه‌ نه‌مدیوه‌، ئینجا گوتی: گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ماركسیزمه‌وه‌ بۆ سۆفیگه‌ری شتێكی بێمانایه‌!

پرسیم: ساڵانێكه‌ باسی دیوانی سالم ده‌كه‌یت، چی به‌سه‌ر هات؟ گوتی: كاتی خۆی له‌گه‌ڵ باوكم كارمان له‌سه‌ری ده‌ست پێ كرد، ئێستا كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و بڕیاره‌ چاپ بكرێت. –كتێبه‌كه‌ دوای ئه‌و دیداره‌ بڵاوبوویه‌وه‌-
له‌به‌ر گه‌رمیی ده‌مه‌ته‌قێكه‌ و ڕووخۆشیی خاوه‌ن ماڵ، ئاگامان له‌ كات بڕا و كاتێكمان زانی له‌ خۆرئاوا نزیكبووینه‌ته‌وه‌. چه‌ند وێنه‌یه‌كمان گرت و ڕوخسه‌تی ماڵئاواییمان خواست.
له‌ ژووری دانیشتن ده‌رچووین و هێشتا له‌ناو حه‌وشه‌دا بووین، گوێمان له‌ ده‌نگی گۆرانییه‌كی هێواش بوو، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێكه‌نی و گوتی: “ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، جارجار ئاوها له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ گۆرانی ده‌ڵێت”. هه‌مووان پێكه‌وه‌ پێكه‌نین و له‌ حه‌وشه‌ ده‌رچووین.
محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم كوڕی مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسه‌، ساڵی 1933 له‌ بیاره‌ له‌دایكبووه‌، ته‌مه‌نێك له‌ شاری به‌غدا ژیاوه‌، ساڵی 1988 ژنی هێناوه‌، دوو كوڕ و كچێكی هه‌یه‌، له‌ شاری سلێمانی ده‌ژێت.

• ئه‌م نووسینه‌ ساڵێك و سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه‌.
• ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ئاداری 2017 هه‌واڵی كۆچی دوایی له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوبوویه‌وه‌. ڕه‌وانی شاد بێت.




كێ دووڕووه‌؟ دیكتاتۆر یان دیموكراتیخواز؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د

چاوش ئۆگلۆ (وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی ئاكه‌په‌) ئه‌مڕۆ له‌ فه‌رنساوه‌، له‌ناو جه‌رگه‌ی ژیاری ئه‌وروپاوه‌، هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر هۆڵه‌ندا و ئه‌وروپا و به‌ دووفاق (دووڕوو) وه‌سفی كردن و له‌ قه‌ڵه‌می دان و وه‌ك هه‌موو ئیسلامییه‌كی لووتبه‌رز و فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌رست، كه‌ له‌ ماڵی خانه‌خوێدا خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن و خاوه‌ن ماڵی ڕاسته‌قینه‌ش به‌‌ تاوانبار؛ ئه‌ویش به‌ هه‌مان ڕیتم (له‌به‌رده‌م جالیه‌ی توركی لایه‌نگرانی) دژی ئه‌وروپاییه‌كان گوتارێگی ئاگرینی پڕ له‌ درۆ و بوختانی دا.

ئه‌و زیره‌كانه‌، به‌ڵام فاشیستانه‌ گوتی ئه‌و كاره‌ی هۆڵه‌ندییه‌كان كردیان، دژی موسڵمانان و توركه‌كانه‌. ئه‌وان لێره‌ هه‌م به‌ یاده‌وه‌ری عوسمانلیان ده‌ژین، هه‌م ده‌یانه‌وێ گشت شه‌قامی ئیسلامه‌تی بكه‌نه‌ دژی ئه‌وروپاییه‌كان و له‌ هه‌مان كاتیشدا بیانكه‌نه‌ هاوسۆز و لایه‌نگرانی خۆیان.

ئه‌و دیسان (وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان) په‌كه‌كه‌ و گرووپی گوله‌نیشی به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م دا و به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هۆڵه‌ندا و ئه‌وروپاشی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا خسته‌ یه‌ك به‌ره‌وه‌ (ئه‌و گوتی ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ن، كه‌ نایانه‌وێ ده‌نگدان بۆ گۆڕینی ده‌ستوور بكرێ؛ به‌ واتای له‌گه‌ڵ نه‌یارانی سوڵتانی مه‌زن ئه‌ردۆگان و حكوومه‌ت و حزبه‌كه‌ین… ئۆگلۆ گوتیشی ئه‌وروپاییه‌كان بۆیه‌ حه‌ز ناكه‌ن ده‌ستوور بگۆڕین، چونكێ ئه‌وان ده‌ترسن و دژی توركیایه‌كی به‌هێزن؛ بنۆڕن! نه‌وای گوتاری سیاسی ئه‌م پیاوه‌، هه‌مان نه‌وای گوتاری ئیسلامی سه‌له‌فی و ناسیۆنالیستی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌؛ خۆ له‌ خۆڕاییش نه‌بوو، كه‌ چه‌ند جارێك ناوی مه‌هه‌په‌ی هاوپه‌یمانیانی هێنا).

ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، چاوش ئۆگلۆ به‌ ئازادی خۆی قسه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌بیر كرد، كه‌ ئه‌و ئێستا له‌ ئه‌وروپای دیموكراتیدا وا هێرش ده‌كا و ئه‌وروپا تاوانبار ده‌كا.

ئه‌وه‌ی مایه‌ی گاڵته‌جاڕیش بوو، جه‌نابی وه‌زیره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان نموونه‌ی دیمكراسیه‌تی خۆیان و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیای له‌ نموونه‌ی دیموكراسییه‌ت و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپای پێ باشتر بوو. ئه‌و وه‌ك هه‌ر زۆڵێكی سیاسی توركیش، كه‌ ڕقی مێژووییان له‌ كورد هه‌یه‌، كاتێك كه‌ ستایشی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا و گه‌لی توركیای ده‌كرد، باسی هه‌موو كه‌مینه‌ ئایینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كرد، ته‌نها ناوی كوردی نه‌هێنا؛ بێ گومان ئه‌مه‌ به‌ڕێكه‌وت نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌، ئه‌نقه‌ستێكی زۆڵی فاشیستانه‌ (پێده‌چێ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م ڕۆحه‌ فاشیستانه‌یه‌ به‌شێكی‌ زۆری شه‌قامی توركیشی داگرتبێته‌وه).

×××

هیستیریا كۆمیدیاییه‌كه‌ی حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی، كه‌ حوكمی گرتنی ئه‌وه‌نده‌ سه‌د ساڵه‌ به‌سه‌ر ساڵح موسلیم – دا بسه‌پێنن.

باشه‌ سه‌یره‌! خۆ موسلیم هاووڵاتییه‌كی تورك و ده‌وڵه‌تی توركیا نییه‌، ده‌وڵه‌تی ئاكه‌په‌ – تورك چ مافێكی هه‌یه‌، كه‌ هاووڵاتی وڵاتێكی دیكه‌ دادگایی بكا و سزا بدا و بگرێ؟

دیسان ئه‌مه‌ش به‌نده‌ به‌و حه‌ز و مه‌یله‌ داگیركارییه‌ی، كه‌ به‌ درێژایی مێژوو توركه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یانبووه‌: كوردستان و قوبرس و سوریاش نموونه‌ی هه‌ره‌ زیندووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان … ئامادەکردنی : دکتۆر ناجح گوڵپی

پاش هەڵگیرسانی شەڕی ئێراق – ئێران 22/9/1980 کە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوامی بوو لە 8/8/1988 کۆتایی هات، بەهۆی لایەنگری زۆربەی وڵاتانی زل هێز لە عێراق دژ بەئێران، ئەویش بە مەبەستی بەربەست دانان لەگەشەسەندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هەناردەکردنی فکری ئیسلامی بۆ دەروەی سنورەکەی، لەم ڕوانگەیەوە زل هێزەکان بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی تەواویان بۆ عراق جاڕدا بوو،هاوکات زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش پشتیوانی عێراق بون بێجگە لە (سوریا و لیبیا) کە هاوکاری ئێران بوون، بەهۆی بەرگەگرتنی ووڵاتی ئیران دژ بەهەموویان ،بیریان لە بەکار هێنانی چەکی کۆکوژ کردەوە ئەویش چەکی کیمیایی بوو، سەرباری ئەوە عیراق لە ڕیزی ئەو 120 وڵاتە بوو واژۆی پەیمان نامەی جنێڤی ساڵی 1925 کردبوو کە باس لەقەدەغەەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات ، پاش ئەوەی عیراق چەکی کیمییای و مادەکانی بەرهەم هێنانی دەس کەوت، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا بۆ بەکارهێنانی ،کە بەپێی یاسا نێو دولەتیەکان نابێت چەکی کۆکوژ بەکار بێت لەجەنگدا، لەبەرەکانی جەنگی نیوان سەربازانی عیراق و ئێران بەچڕی بەکاریان هێنا، تەنانەت سەربازی عیراقیش بەردەکەوتن، لێرەدا نامانەوێ باس لە بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بکەین دژ بە سوپای ئێران بەڵکو دێینە سەر تەوەرەکەی خۆمان ئەویش بەکار هێنانی چەکی کیمییایە دژی گەلی کورد……

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….




نووسینەکانی ئەژدەرو سرووت لە پەنهان …. نەوزاد یوسف کاکەیی

ڕۆمان

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن ….نەوزاد یوسف کاکەیی




ژمارە سێی بڵاوکراوەی شیعر بڵاوکرایەوە

له‌ هەفتەی ڕابردوودا ژماره‌ی‌ سێیەمی‌ بڵاوكراوه‌ی‌ شیعر، چاپكراو ئێستا له‌كتێبخانه‌كاندا ده‌ستده‌كه‌وێت.

بڵاوكراوه‌ی‌ شیعر، كه‌تایبه‌ته‌ به‌ نووسین و وه‌رگێڕان له‌باره‌ی‌ شیعره‌وه‌ له‌لایه‌ن هەریەک زانیار محه‌مه‌دو پشتیوان عه‌لی‌ و ئارام سدیقه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت جگه‌ له‌چه‌ندان گوتار و شیعری‌ وه‌رگێڕدراوی‌ بیانی‌، هه‌روه‌ها گوتاری‌ نووسه‌رانی‌ وه‌ك د.محەمەد کەمال و به‌یان سه‌لمان و زانیار محه‌مه‌د و ئارام سدیق‌ و پشتیوان عه‌لی‌ له‌خۆگرتووه‌.

جگە لە دەقی شیعری هەر یەک لە شاعیران “ژان ژونێ، پۆڵ سیلان، هۆڵدەرلین، ئێدیت سوێدەرگران و سێرگی یەسەنین” هاوکات گوتار و لێکۆڵینەوەی هەریەک لە “ئالان بادیۆ، جێرەڵد. ئێڵ.برەنز، بنیامین پێرێ، مارتن هایدگەر و نزار ئاگری” لە خۆگرتووە، کە هەر یەک لە (وەلید عومەر، پەیمان عەلیپوور، فازڵ مەحمود وەلی، شاهۆ عوسمان، شوان ئەحمەد) گوتار و لێکۆڵینەوەکانیان وەرگێڕاوە. ئەمە بێجگە لە گوتارێکی د. محەمەد کەمال لەبارەی شیعری هۆڵدەرلینەوە و هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی خاتوو بەیان سەلمان لەسەر ژیان و شیعریی ئارتۆر ڕامبۆ.
هاوکات زانیار محەمەد لە گوتارێکدا ڕەخنەی شیعری ڕامیار مەحمود و ئارام سدیقیش ڕەخنەی ئەزموونە شیعرییەکەی کەژاڵ ئەحمەد و پشتیوانم عەلیش ڕەخنەی لە دونیای شیعری بەڕۆژ ئاکرەیی گرتووە.

ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەی شیعر لە دوتوێی 298 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە و نرخی تەنها 1500 دینارە.




بیره‌وه‌ریه‌كانیان به‌ پێی پێداویستیه‌كانی رۆژ ده‌نوسنه‌وه ! عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رپێی، به‌راوردیێكی كورت مه‌ودا له‌ نێوان یاده‌وه‌ری خه‌ڵك و سه‌ركرده‌و پیاوی دیاری رۆژئاواو ئه‌وانه‌ی لای خۆمان بكه‌ین، له‌ سه‌ره‌تادا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مانه‌ی ئێره‌ هیچ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی و خراپه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌ و مه‌عسوم بوون له‌ هه‌موو كارێكی نابه‌جێ، له‌ هه‌ڵه‌تی لاوێتیه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو رۆژگاری ئه‌مرۆمان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ خۆیان هۆكاری رووداوه‌ گه‌وره‌ و خه‌ته‌رناك و كوشنده‌كانیش بووبن !! له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ نه‌ شه‌ری نێوخۆ بووه‌ و نه‌ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ری ئه‌وی تری ناكۆك، نه‌ خۆ په‌رستی و خۆده‌ربازبون بووه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی و نه‌ش سازش و ته‌سلیم بون و وره‌به‌ردان بووه‌ له‌ لایه‌ن خودی یاده‌وه‌ری نوسانه‌وه .

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، كه‌ له‌ ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون :
1-یه‌كه‌م سلبیات تێیدا به‌ زه‌قی دیاره‌، ئه‌وه‌یه‌؛ گونجاندنی رێره‌و و چونێتی به‌رێكردنی ئه‌و رۆژانه‌ و یادكردنه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و روداوه‌كان له‌گه‌ڵ پێداویستی ئه‌مرۆ و سیاسه‌تی رۆژدا یه‌كانگیر ده‌كرێت و ده‌نوسرێته‌وه .
2-هه‌ڵسه‌نگاندنی كاراكه‌ته‌ری سه‌ره‌كی و لاوه‌كیی رووداو و كێشه‌و بێشه‌ و لادان و ناپاكیه‌كان، به‌ پێی ئاستی باشی و خراپیی په‌وه‌ندی ئه‌مرۆی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌رانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كاكی یاده‌وه‌رینوسدا . نه‌ك وتنی حه‌قیقه‌ت به‌ پێی روداوه‌كه‌ و به‌و بارودۆخه‌ خودی و بابه‌تیه‌ی كه‌ تێیدا بووه‌ یان روویداوه‌ .
3- دورینه‌وه‌ی كارو رووداوی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر به‌ پێی ئایدیۆلۆژیای كاكی نوسه‌ره‌ و” به‌ نیازی به‌ده‌ستهێناتی پێداویستی كه‌سی و ئایدیۆلۆجی و حزبی له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ بیره‌وه‌ریه‌كه‌ی تێدا نوسیوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و قۆناغه‌ نوسیبێتی كه‌ تێیدا نوسراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی داناوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بێت و دواتر ئێكسپایه‌ر بێت .
4- دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌لبیاتی خودی نوسه‌ر و خۆ به‌ په‌ری و مه‌لایكه‌ زان و نه‌بونی ته‌نانه‌ت پله‌یه‌كی نزم له‌ ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن له‌ هه‌ڵه‌ی و په‌ڵه‌یه‌كی بچوك لێره‌و له‌وێ روویدابێت له‌ده‌رئه‌نجامی بیروبۆچون و كاری ئه‌ودا تا ئه‌مرۆ مابێته‌وه‌ .
5- سازش كردن له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی هه‌ندێك رووداو یان به‌سه‌ردا تێپه‌ربون به‌ پێی هه‌ڵوێستی كه‌سی خاوه‌ن یاده‌وه‌ری و له‌به‌ر خاترانه‌ی سیاسه‌تی رۆژ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان .
6-زۆر له‌به‌رچاوگرتنی هاورێیه‌تی و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی شه‌خسی له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی یادوره‌یه‌كاندا، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری تایبه‌تی و حزبی .
7- له‌به‌رچاورتنی كاتی نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و خۆلادان له‌حه‌قیقه‌ت، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار؛ له‌وانه‌ش له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی گشتی كوردستان و سیاسه‌ت و هاوكێشه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌مرۆ، یان له‌به‌ر ئاامانجێكی دیاریكراوی شه‌خسی یاده‌وه‌رنوس، یان بۆ مه‌به‌ستێكی بچوكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی .
8- خۆلادان له‌ هه‌ندێك رووداوی گرنگ و كاریگه‌ر، كه‌ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت له‌و باره‌دا زۆر په‌ند و ده‌رسی خۆی ده‌بێت بۆ نه‌وه‌ی نوێ .
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ری كه‌سایه‌تیه‌ رۆژئاواییه‌كان ده‌یبینین له‌ به‌راشكاوی نوسین و ده‌رخستنی سه‌رجه‌م روداوه‌كان كتومت وه‌ك خۆی، بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ شتێكی رۆژ و باسكردنی سه‌لبیاتی خودی له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی خودی بیره‌وه‌رینوس، یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی ئه‌وان و هه‌مه‌یشه‌ده‌رس و په‌ندی گه‌وه‌ر به‌ نه‌وه‌كانیان ده‌به‌خشن . به‌ڵام لێره‌ به‌ پێی یاده‌وه‌ریه‌كان بێت سه‌رجه‌م نوسه‌رهی یاده‌وه‌ریه‌كان چاكسازیخوازی بێ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی و بێ كیشه‌و بێشه‌ بوون و، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و گیروگرفت و كێشه‌ گه‌وره‌ و ته‌نانه‌ت ناپاكیانه‌ش خه‌ڵكی ده‌ره‌كی دروستی كردبن نه‌ك ئه‌م خاوه‌ن یاده‌وه‌ریانه‌ و ره‌فتاره‌كانیان له‌و رۆژگارانه‌دا . ‌‌




ڕۆشنبیرو جورئه‌ت … ئاری زێندینی

ڕۆشنبیرانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌ نیه‌و دووره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو, ڕیژه‌ی پێشكه‌وتوویی كه‌مه‌!هیچ له‌ بواره‌كانی پێشكه‌وتن و ژیان نایگرێته‌وه‌ نه‌ پیشه‌سازی نه‌ كشتوكاڵی به‌ڕووكه‌ش شارستانی!سه‌ربه‌خۆش نیه‌ له‌ڕوویی ئابووری و ته‌واو ڕووخاوله‌به‌شه‌ی باكوری عێراق كه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌مه‌ش بووته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ته‌واو كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر دام و ده‌زگاكان و بواری ژیان هه‌بێت زیاد له‌مه‌ش كورد له‌زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی ژیان شوناسی ته‌واوو ددیاریكراوی خۆی نه‌بووه‌ به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون وفه‌وتاندندا بووه‌!تا ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌داخراوی و به‌رده‌وام له‌خۆ بچووككردنه‌وه‌وپه‌راوێزدایه‌.لێره‌دا ڕۆشنبیره‌كان له‌قۆناغه‌كان ڕۆلی كاریگه‌ریان نه‌بووه‌ به‌پرسیارێتی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وپێشكه‌وتن و گۆڕانكاریه‌كان وكه‌له‌پوورو كه‌لتووروهۆشیاری تاك,ڕۆشنبیر زاده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌وكه‌لتوره‌یه‌و ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌كی دانه‌بڕاوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ئاماده‌بوونێكی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه‌ له‌ ژیانی خه‌ڵك , لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌رك و جورئه‌تی (ڕۆشنبیر) له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا چیه‌؟ له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ژیانی خه‌ڵك و سیاسه‌ت وكه‌لتوور,به‌ڵێ‌ ڕۆشنبیر ده‌توانێ‌ تۆی یاخیبوون له‌ ناخی خۆی وتاكی كۆمه‌ڵگه‌ بچێنێ‌ , ڕه‌خنه‌ی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌میانه‌ی بێ‌ ترس و دوور له‌ تڕادیسۆن و كاریگه‌ر بخوڵقێنێ‌, ڕۆشنبیر به‌ هه‌ڵسوكه‌وتیش ده‌بێ‌ بیسه‌لمێنێ‌ كه‌ مرۆڤه‌كی هوشیاره‌و تا بوونی خۆی جێگیربكات. (ڕۆشنبیری به‌ جورئه‌ت ) خاوه‌ن دیدگایه‌كی فیكری و ڕه‌خنه‌یه‌وچاودێره‌و هه‌رده‌م له‌ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌یه‌. ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ ده‌بێ‌ سه‌ره‌تا گشت ژیان و گیانی خۆی بۆئه‌م پیشه‌یه‌ ته‌رخان بكات ئاماده‌ی ئه‌وه‌بن تیڕۆڕوسه‌ركوتبكرێن!بۆیه‌ ده‌بێ‌ بێ‌ دوو دڵی دژی سته‌م و زۆرداری بووه‌ستنه‌وه‌, پێویسته‌ ڕۆشنبیران مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كان بكه‌ن له‌ پێناوی دادپه‌روه‌ری وسه‌ربه‌خۆیی,وته‌كانیان به‌رهه‌مه‌كانیان ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت بكه‌ن و بۆچوونی خۆیی بۆ هاوڵاتی روونبكاته‌وه‌ له‌ هه‌ر شوێنیك بێت.له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ نازانن باسی چیده‌كه‌ن!؟ په‌یامی ڕۆشنبیریان چیه‌؟ ڕه‌خنه‌وبه‌رهه‌مه‌ ئه‌كادیمیه‌كانیان كامانه‌ن؟ ڕۆشنبیرانی كورد له‌ دۆخێكی ناله‌باری سیاسی و ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ژین !به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ په‌یامێكی ڕاسته‌قینه‌و بوێرانه‌ی هه‌بێت شێلگیرانه‌ لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی ئه‌م باروودۆخه‌ ئاشكرا بكه‌ن هه‌میشه‌ خوازیاری دۆخێكی باشتربن بۆخۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڵام تێبینی ده‌كرێ‌ ڕۆشنبیری كورد نه‌گه‌یشتۆته‌ خۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمی و جورئه‌تانه‌ بۆ دونیایی ڕۆشنبیری ئه‌مڕۆمان ئه‌مه‌ش زیاتر به‌هۆی ئه‌و ناته‌بایه‌ونائومێدیولێكدابڕانه‌ نه‌توانراوه‌ دیراسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكرێت له‌ڕوویی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووری.جا پێویسته‌ ڕۆشنبیری كورد دیالۆگی عاقلانه‌و به‌ویستی خۆی كه‌لێنه‌كان پڕبكاته‌وه‌ به‌ره‌وئاڕاسته‌یه‌كی ڕوون هیچ پاساوێكی نامێنێت ده‌توانێ‌ به‌ئاسانی كۆنتاك و دیالۆگ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و جیهان بكات وخۆی بناسێت و ناسنامه‌ی خۆی به‌ڕوویاندا ڕابگری كه‌ ئێستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیایه‌.جیاوازی ڕۆشبیری ته‌قلید و ڕۆتیناوی و ڕۆشنبیری به‌جورئه‌ت خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان,چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ی داكۆكی و پاڵپشتی ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێ‌ پێوه‌رن بۆ ڕ ۆشنبیری ڕاسته‌قینه‌!ڕۆشبیری ڕاسته‌قینه‌ تووشی حاله‌تی تۆقان ولێدان و سێداره‌ ده‌بنه‌وه‌.هه‌ر ناوچه‌وشوێنێك ۆِۆشنبیری تایبه‌ت به‌خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌.له‌ مێژووی نوێدا هه‌ر شۆڕشێك كرابێ‌ به‌بێ‌ ڕۆشنبیر نه‌كراوه‌, ڕۆشنبیر دایك وباوكی كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوون ئه‌م ئاماده‌یه‌ش له‌وه‌دا گرنگه‌ كه‌ ئازایانه‌و جه‌سوورانه‌ ئیلتیزامیان هه‌بێ‌ و كه‌ ناتوانن له‌گه‌ڵ ژیانێكی ڕۆتین وبێزاركه‌ر خۆیان بگونجێنن.




ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ سیسته‌می وه‌رگرتنی په‌نابه‌راندا بكات

به‌رپرسی دۆسیه‌ی چاكسازی له‌ سیسته‌می پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی له‌ ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌چوارچێوه‌ی یاساكانی ڕێكه‌وتنامه‌ی دبلندا ، ڕه‌شنوسێكی له‌به‌رڕۆشنایی ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا به‌ ئامانجی چاكسازی له‌و سیسته‌مه‌دا پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كرد.
سیسیلیا ڤیكسترۆم ، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ورپایه‌ و به‌رپرسی دۆسیه‌ی چاكسایه‌ له‌ سیسته‌می پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی یه‌كێتی ئه‌وروپا ، چه‌ند پێشنارێكی خستۆته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنیان و پاشان په‌سه‌ندكردنیان وه‌ك چاكسازیه‌ك له‌و سیسته‌مه‌دا.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینیه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌و پێشنیاره‌ توندانه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌وروپاوه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی لێشاوی كۆچ ده‌خرانه‌ ڕوو ، وه‌ك سیاستی گرتن و گێرانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ یان به‌ندكردنی كۆچبه‌ران له‌ دوورگه‌كاندا هه‌ربه‌وجۆره‌ی كه‌له‌ ئێستادا ئوسترالیا له‌به‌رامبه‌ر كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخدا پیاده‌ی ده‌كات ، به‌ڵكو چه‌ندین ڕێوشوێنن كه‌ زیاتر جه‌خت له‌ قۆناغی دوای گه‌شتنی په‌نابه‌ران بۆناو یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌.

یه‌كێك له‌و پێشنیارانه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ر ووڵاتێكی یه‌كێتیه‌كه‌ قبوڵی نه‌كرد ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ ژماره‌ی په‌نابه‌ران وه‌ربگرێت كه‌ بۆیدیاری ده‌كرێت ، پێویسته‌ ئه‌و ووڵاته‌ بڕی 250 هه‌زار یۆرۆ بدات به‌ یه‌كێتیه‌كه‌ له‌بری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر په‌ناخوازێك. ئه‌گه‌ر هه‌ر ووڵاتێكیش ڕه‌تیكردوه‌ كه‌ هه‌ر به‌شداری بكات له‌و سیسته‌می دابه‌شكردنی په‌ناخوازان به‌سه‌ر ئه‌ندامی یه‌كێتیه‌كه‌دا ، ئه‌و ووڵاته‌ ناتوانێت سودمه‌ند بێت له‌هاریكاریه‌ دارایه‌ پێكه‌وه‌یه‌كانی یه‌كێتیه‌كه‌.

یه‌كێك له‌و پێشنارانه‌ش كه‌ پێده‌چێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی په‌نابه‌ران بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ باس له‌ خێراكردنی پڕۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی خێزانه‌كان ده‌كات وده‌ڵێت ده‌بێت بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌و منداڵانه‌ بدرێت كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌وه‌. یه‌كێكی تریش له‌و پێشنیارانه‌ ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ داوای پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن ئه‌و بژارده‌یه‌یان پێده‌درێت كه‌ به‌ گروپ ئه‌و داوایه‌ له‌كاتی گه‌شتنیان به‌ ئه‌وروپا پێشكه‌ش بكه‌ن به‌ومه‌رجه‌ی هیچ گروپێك له‌ 30 كه‌س زیاتر نه‌بێت.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی میدیایی كه‌له‌سه‌ر ماڵپه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا هه‌تا 23 ی مانگی ئازاریان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ك له‌و ڕاپۆرته‌دا و له‌پاش په‌سه‌ندكردنی ، په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌مه‌به‌ستی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕه‌شنوسی كۆتایی پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌.

هەژار تەها

————————————————–
سه‌رچاوه‌كان : ماڵپه‌ری په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ، ئاژانسه‌كان




جۆن نیوبەری هـاوڕێی منداڵان… رەزا شوان

جۆن نیوبەری ئینگلیزی، بڵاوکەرەوە و فرۆشیاری کتیبی بواری ئەدەبی منداڵان.
لە (٩ی/ یۆلیۆ/١٧١٣) لە (بیرکشێر) لە ئینگلتەرا لە دایک بووە.

هەندێ لە لیکۆڵێنەران و نووسەرانی مێژووی ئەدەبی منداڵان پێیان وایە، کە ئەدەبی راستیی منداڵان لە جۆن نیوبەرییەوە دەستی پێکرد.. چونکە جۆن نیوبەری بە تەنها چاپکەر و بڵاوکەر و فرۆشیاری کتێبی منداڵان نەبوو، بەڵکو چیرۆکنووسێکی بە توانا و ناسروای بواری چیرۆکنووسینیش بوو بۆ منداڵان.. دوو کتێبە بەناوبانگە و بەنرخە چاپکراوەکەی بۆ منداڵان، کتێبی (گیرفانێکی بچکۆلەی جوان: ١٧٤٤) و (جووتێ پێڵاوی باش: ١٧٦٥) بە بەرزترین کارە ئەدەبییەکانی جۆن نیوبەری دادەنرێن.
جۆن نیوبەری خاوەنی (یەکەمین کتێبخانەی منداڵان لە جیهان)ە، یەکەمین کەسیشە کە کتێبخانەیەکی تایبەته بوو فرۆشتنی کتێبی منداڵان کردەوە.. جۆن نیوبەری رۆڵی گرنگ و هەبوو لە گەشەکردن و پێشکەوتنی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا و لە جیهاندا.. زیاتر لە (٢٠٠) کتێبی بە زمانی ئینگلیزی بۆ منداڵان لە چاپخانەکەی خۆیدا، چاپکردن و بڵاوی کردوونەتەوە، کە بابەتەکانیان بریتین لە چیرۆک و لە هەقایەت و چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و، داستان و لە چیرۆکە میللییەکان.. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەوە سەردەمە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو.. بۆیە لە ئینگلتەرادا، جـۆن نیوبـەری بە (باوکی راستیی ئەدەبی منداڵان) ناسراوە.. شایەنی باسیشە کتێبە چاپکراوەکانی جۆن نیوبەری لە رووی چاپی بەرگەکانیان و جۆری کاغەزەکانیانەوە جیاوازیان هەیە لەگەڵ کتێبە چاپکراوەکانی ئەو سەردەمەدا.. بەرگی کتێبەکانی بە نەخش و وێنەی زۆر جوان ڕازاندوونەتەوە، کاغەزی لاپەڕەکانیشی رەنگ زێڕێنن، کە بە تایبەتی لە وڵاتی هۆڵەندا دروست دەکران.

جۆن نیوبەری داوای لە نووسەرە ناسراوەکانی سەردەمەکەی کرد، کە چیرۆک و رۆمانەکانیان بە شێوەیەکی کورت و ئاسان بۆ منداڵان دابڕێژنەوە، تا چاپیان بکات و بڵاویان بکاتەوە.
نیوبەری خۆی دوو شاکارە رۆمانی جیهانی کورت کردنەوە، کە بە زمانێکی ئاسان و شیرینتر و، بە شێوازێکی ناسکتر دووبارە بۆ منداڵان دایڕشتوونەتەوە و چاپی کردوون و بڵاوی کردنەتەوە، تا لەگەڵ ئاستی زمان و تێگەیشتنی منداڵاندا بگونجێن.. ئەو دوو رۆمانە کورتکراوەیەش، یەکەمیان رۆمانی (رۆبنسۆن کرۆزۆ) یە، لە نووسینی (دانیاڵ دیڤۆ) یە، رۆمانی (گەشتەکانی گۆلیـڤەر) کە لە نووسینی (جۆناسان سویفت)ە.

نیوبەری لەگەڵ زۆربەی نووسەرە بە ناوبانگ و ناسراوەکانی سەردەمەکەیدا، هاوڕێتی و ئاشنایەیی هەبوو، بە تایبەتیش لەگەڵ (بلۆک) و (گۆڵد سمیس) و (سمۆیل جۆنسۆن) و چەند نووسەرێکی تردا.. سەرسامی نووسینەکانیان بوو.. بڕواش وایە کە هەندێک لەو کتێبە خۆشانەی کە نیوبەری چاپی کردوون و بڵاوی کردوونەتەوە، لە نووسینی گۆڵد سمیس بن.. کا تا ئەمڕۆش چێژێکی خۆش لەو کتێبانە وەردەگیرێن.
کتێبخانەکەی نیوبەری کە لە شاری لەندەن بوو بە ناوی (ئەنجـیل و خـۆر)ەوە بوو.

وتارنووسی بەناوبانگی ئینگلیزی (تۆماس بابنگتۆن ماکوکی) ئەو لە سەدەی نۆزدەمیندا نازناوی (نیوبــەری هــاوڕێی منداڵان)ی لە جۆن نیوبەری نا.
بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی دڵسۆزی و خزمەتی پیرۆزی جۆن نیوبەری لە بواری ئەدەبی منداڵان و کتێبی منداڵان دا، چەندین قوتابخانە و کتێبخانە و فرۆشگای کتێب و دەزگای رۆشنبیری و کۆمەڵە لە ئینگلتەرادا، بە ناوی (نیوبەری) یەوە ناونراون.
جۆن نیوبەری لە (٢٢ی/ دێسەمبەر/١٧٦٧) دا، لە لەندەن کۆچی دوایی کرد.

خەڵاتی نیوبەری:

لە ئەمریکادا، بۆ بەرزڕاگرتن و نەمری جۆن نیوبەری، بۆ هاندانی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، ساڵانە خەڵاتێک بە ناوی خەڵاتی (میدالیای نیوبەری) کە لە (برونز) بە شێوەیەکی خڕ دروستکراوە و نەخشی کتێبێکی کراوەی لەسەر دروست کراواە.. میدالییەکەش لە لایەن هونەرمەند (پـۆل تشامبلان) ەوە کێشراوە.. ناوی نووسەری براوەی میدالیاکە و مێژووی بردنەوەی لەسەر هەڵدەکەنن، وەکو خەڵاتی رێزلێنان، لە لایەن (کۆمەڵەی کتیبخانەکانی ئەمریکا)ەوە پێشکەش دەکرێت بە باشترین نووسەری ئەمریکی لە بواری ئەدەبی منداڵان لە ساڵی رابردوودا، بە مەرجێک کە نووسەرەکەی ئەمریکی بێت و، بە زمانی ئینگلیزی کتێبەکەی نووسیبێ و پێشتر چاپی نەکردووبێت.. ئەم خەڵاتەش لە ساڵی (١٩٢١) لە لایەن (فردریک میلشەر) ی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوبردنی کۆمپانیای چاپ و بڵاوکردنەوە کتێب گۆڤارەکانەوە داهێنرا و پێشکەش کرا.
یەکەمین خەڵاتگریێش لە ساڵی (١٩٢٢) دا، بەخشیان بە (هـێندریک ولیـەم).

خەڵاتی ئەمساڵ (٢٠١٧) بەخشیان بەچیرۆکنووس، خاتوو (کیلی بارنهیل) بە بردنەوەی
چیرۆکەی کە لە ژیر ناوی (ئەو کچەی کە مانگی خواردەوە).. کە پاڵەوانەکەی کچێکی منداڵە بە ناوی(لـونا) وە.
هەر لە ئەمریکادا لە ساڵی (١٩٣٨) تەوە، ساڵانە و هاوکات لەگەڵ پێشکەش کردنی خەڵاتەکەی نیوبەری، خەڵاتێکی تر بە ناوی (میدالیای کاڵدیکوت)، پێشکەش بە هونەرمەندێکی وێنەکێشی منداڵان دەکرێت، ئەم خەڵاتەش بۆ رێزلێنان و بەرزڕاگرتنی ناو و یادی هۆنەرمەندی وێنەکێشی بە ناوبانگی ئینگلیزی (راندۆڵڤ کاڵدیکوت)تە، کە کە لە سەدەی نۆزدەمین دا، پسپۆر بوو لە وێنەکیشان بۆ منداڵان،.. میدالیای کاڵدیکوت پێشکەش دەکرێت بە نەخشەساز و وێنەکێشی باشترین و جوانترین کتێبی چاپكراوی وێنەداری رەنگا و رەنگی منداڵان کە لە ساڵی رابردوودا لە ئەمریکادا. چاپکراوە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٧




لە زەماوەندی مەرگی پەپولە … سەرهەنگ خامۆش

من ڕێبوارێکی سەرهەڵگرتوی
بەردەم وێستگەکانی فیراقم
لە هەموو تارمینالەکانی سەفەر
مۆری ڕەفز
بە پاسپۆرتەکەی عیشقمەوە نوساوە

ترسم لە بوونی خۆم هەیە
منێک
تەنیا لەکەنارەکانی تەنیایی
خەیاڵ بەرەو ئەم دەڤەرەم دەبا
کە خاڵیە
لە سیما جوانەکانی تۆ و نیشتیمان

من دەمێکە
بەدەم زەردەخەنەی(با)وە
لە شەقامەکانی تەنیایی گوزەر دەکەم
ماندووم
تەنانەت تاقەتی ئەوەشم نەماوە
داوای لێبوردن
لە گەڵا وەریوەکانی ژێر پێم بکەم

تروسکاییەک شک نابەم
لە درزی پەنجەرەکانی یەقینەوە
بڕژێتە نێو
پێلوی چاوەکانی قەدەر

لە کونجێکی ژوورێکی تاریک
خەریکم بەدیار بیرەوەرییەکان
پێکی تەنیایی هەڵدەدەم
ئاخر من
هەر لە خامۆشی ڕاهاتووم
ئەی یار

ماندووم…
بیرم لای سیمای پڕ ویقاری دایکمە
ئەو کاتەی
بە شیرینترین دوعا بەڕێی کردم
بیرم لای شەقامە تەنیوەکانی شارەکەمە
کە هەموو بەیانیەک
پڕ دەبێت لە پەلکی گوڵ و
پاساری بێ ڕۆح…
بیرم لای ئەو پەنجەرەیە
کە دوای هەموو ئێوارەیەکی نارنجی
پڕ دەبوو
لە هەڵمی هەناسەی من و تۆ…

بیرم لای ئەو مناڵانەی گەڕەکە
کە لە چاوشارکێ
لە کوچەو کۆڵانەکاندا
خۆیان لە یەکتر وون دەکرد
لای ئەم ژنە داماوانەی بەر دەرگا
کە هەمیشە لە تارمایی گەڕانەوەی
هاوسەرە وون بووەکانیان ڕادەمان…

ئەم سەفەرە
لەنێو خۆمدا بەدوای خۆمدا دەگەڕێم
تا دەگەمە نزیکترین خاڵی کۆتایی
کۆتاییەک لەبەردەم بوون
بوونێک
کە هەمیشە پڕە لە نەبوون…

تەمەن
خۆی خستە نێو مالۆچکەیەک
پڕ لە بیرەوەری
تارمایی چاوانیشم
پڕ بوون لە لۆچی چاوەڕوانی
کەچی تۆ هەر لێم زویری
نیشتیمانیش
هەر وەکو خۆی توڕەیە لێم

چیت بۆ بگێڕمەوە ئەی یار
لە زەماوەندی مەرگی پەپوولە
تارای بوکێنی شیعرەکانیان فڕاندم
دڵی زاوای نوستووی نیشتمانیان
لێ وەئاگا هێنام…
شەویان ڕەشتر کرد لەخۆی
نەیانهێشت مانگ دەسرۆکەی سپی
لە پرچی خۆی بئاڵێنی
شاریان پڕ کرد لە گەندەڵی
پڕ لە هاواری مەرگی دوعا…

ناچار دڵ غەریب وەک شیعرەکانم
لەگەڵ سێبەری خۆم و تەنیایی
هەنگاو دەنێم
تا دەگەمە ئەوپەڕی بوون
لە یەکێ لە گۆڕستانەکانی(مەسیح)دا
دوور لەبۆنی تۆ و دایکم و نیشتیمان
دەمنێژن…

چەند ماندووم ئەی یار
تۆش پێم دەڵێی:
چی دەکەی
لەم وشکەڵانەی نامۆ بوون خامۆش
بگەڕێوە…
تا کازیوە پرچی سەحەری شانە نەکردووە
بڕۆ دوو ڕکاعات نوێژ
بۆ خودای عەشق بکە
ئەلقەی مەرگ
لەپەنجە زەردو سیسەکانی (خۆر ) کەوە
هەی بێ دڵ..بێ دین..بێ نیشتیمان…!!




وشەکان …. خەندە حەمید

(لە ژیانماندا خۆمان بڕیار دەدەین و شتەکان هەڵدەبژێرین، بەڵام قورسترین شت ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانماندا بژین(.
وشەکان فیلمێکی ڕۆمانسی، درامییە، لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ بڵاوبۆتەوە. لەلایەن (بڕەین کلوگمان، لی سترێنتەڵ)ەوە نووسراوە و دەرهێنراوە. ئەم فیلمە سیناریۆیەکی بەهێز و نمایشێکی جوان لەخۆدەگرێ، بە کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو تەواو دەبێت. هەریەک لە ئەکتەران برادلی کوپەر (ڕۆی)، زۆیی ساڵدانە (دۆرا)ی هاوسەری ڕۆی، هەروەها جێرمی ئایرۆنس )پیاوە پیرەکە( ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. بە بۆچوونی من ئەمە باشترین فیلمی برادلی کوپەرە.

ئەم فیلمە هاوکات چەند چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی کتێبی (The wordsوشەکان)ی نووسەر (کلایتۆن هامۆند)ە، ئەمە ناوی فیلمەکەشە. لە کتێبەکەدا سێ چیرۆکی بەنێویەکداڕەتبوو باس دەکرێ. ئەم فیلمە لە نێوان گەمەی زمانەوانی و گێرانەوەدا، هێندە جوان و ورد چنراوە، لێڕوانەر لەنێو دیمەن و سەردەمە جیاوازەکان سەری لێناشێوێ، بەڵکو هەریەکەیان دەبێت بە چیرۆکێك بۆ لێڕامان و چێژوەرگرتن. پلۆتی ئەم فیلمە لەتەک تێگەیشتنی ڕوودانگە (واقع) بە گریمانە خودییە زمانەوانییەکانەوە خەریکە، بەڕێی پەیوەندییە تێکهەڵکێشەکانەوە، بەشێوازێکی تایبەتی گێڕانەوە لێکگرێدراون و لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێن.

پیاوە پیرەکە لە گەنجیدا وەک سەرباز لە کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی بۆ فەڕەنسا نێردراوە. لەوێ کچێک دەبینێ و خۆشی دەوێ، دواتر هاوسەرگیری دەکەن و منداڵێکیان دەبێت. زۆر بەختەوەرانە دەژین، لەپڕ منداڵەکەیان نەخۆشدەکەوێ و دەمرێ، لەوێوە تراژیدی ئەو خێزانە دەستپێ دەکات. ژنەکەی هاوسەری زۆر غەمبارە، دەیەوێ بۆ ماوەیەک پشوو بدات، بۆیە بۆ لای ماڵی دایکی دەڕوات. کوڕە گەنجەکە زۆر بێتاقەت دەبێت، دەیەوێت غەمەکانی بە نووسین دەرببڕێ.

هەربۆیە چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات بە ڕۆمانێک، لەکاتی نووسینیدا هێندە قووڵ بۆتەوە هەست بە کات ناکات، ناخوات و ناخواتەوە هەتا ڕۆمانەکەی بە دوو هەفتە تەواو دەکات. ڕۆمانەکە بۆ هاوسەرەکەی دەبات، لەبەرئەوەی هێندە کاریگەرە، ژنەکە ڕۆمانەکە هەڵدەگرێ و یەکسەر دەگەرێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی، بەڵام لەکاتی دابەزیندا لە شەمەندەفەرەکە لەبیری دەچێ. بەهۆی ونکردنییەوە دوو هاوسەرەکە جیادەبنەوە. نووسەرە گەنجەکە شێتئاسا سەری خۆی هەڵدەگرێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی. ئەمە یەکێک لە چیرۆکەکانە. چیرۆکەکەی تر لەو کاتەوە دەستپێ دەکات کە ڕۆی و دۆرا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، بۆ مانگی هەنگوینی دەچن بۆ پاریس، لەوێ لەکاتی بازاڕکردندا لە ئەنتیکەخانەیەک، ڕۆی تەنیا جانتایەکی کۆنی بەلاوە سەرنجراکێشە، بۆیە دۆرا وەک دیاری بۆی دەکڕێ.

ڕۆی نووسەرێکی هەوڵدەرە، دەیەوێ نووسینەکانی بخوێندرێنەوە، بەڵام شکست دێنێ. چونکە پاش چەند ساڵ لە نووسینی ڕۆمانێک ناتوانێ بڵاوی بکاتەوە، لەبەرئەوەی هەموو چاپخانەکان ڕەتی دەکەنەوە! ئەو لە نووسیندا گیری خواردبوو، نەی دەتوانی بنووسێ، شتەکانیشی قبوڵ نەدەکران. ڕۆژێک لەنێو جانتا ڕەشەکە بەڕێکەوت فایلێک دەدۆزێتەوە، کۆمەڵێ پەڕەی کۆنی تێدایە کە ڕەشنووسی ڕۆمانێکە، دەست دەکات بە خوێندنەوەیان ناتوانێ واز لە خوێندنەوەیان بێنێ تاکو تەواوی دەکات. ئەم ڕۆمانە ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە، هێندە کاریگەری لەسەرداناوە ناتوانێ بەو شێوەیەی پێشوو بژی.

ئەو بە خوێندنەوەی دەرک بەوە دەکات کە ئەو هەرگیز ئەو کەسە نییە کە پێی وابوو ئەوە، دەترسێ هەرگیزیش نەبێ بەو کەسەی کە پێی وابووە دەبێت بەو! بۆیە بڕیار دەدات تایپی بکات، بەبێ ئەوەی بزانێ بۆچی ئەوە دەکات. ڕۆی هەموو وشەی سەر پەڕەکانی تایپ دەکردەوە وەک خۆی بەبێ ئەوەی هیچی لێبگۆرێ، تەنانەت هەڵەی ڕێنووسیشی ڕاست نەدەکردەوە. ئەو دەیویست بزانێ هەستێکی چۆنە بەر وشەکان بکەوێ و دەستیان لێبدا. دۆرای هاوسەری لەکاتی تایپکردندا دەیبینێ، ئەو بێئاگایە لەوەی ئەو ڕۆمانە هی ڕۆی نییە، بۆیە دواتر دەیخوێنێتەوە زۆر کاریگەری لەسەر دادەنێ. دوای گەڕانەوەی ڕۆی لە کارەکەی، دۆرا بە گریانەوە پێی دەڵێ: تۆ هەموو ئەو شتانەی کە هەمیشە ویستوتە ببی. داوای لێدەکات چاپی بکات چونکە لە هەموو کارەکانی پێشووتری باشتر، جیاوازتر، پڕتر و ڕاستگۆیانەترە، بۆیە دەبێ ببینرێ.

دەڵی تۆ هەمیشە ویستوتە ببی بە نووسەرێکی باش، تۆ بەمە دەبی بە نووسەرێکی مەزن. گەر لەبەر خۆت ئەوە ناکەی تکایە لەبەر من بیکە. لەژێر کاریگەری ئەمە ڕۆی بڕیاردەدات ڕۆمانەکە بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ڕۆی خۆی وەک نووسەری ڕۆمانەکە نیشاندەدا، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات. ڕۆژێکیان پیاوە پیرەکە بەدوای ڕۆیدا دەڕوات تاکو خۆی وەک یەکێک لە خوێنەرەکانی نیشان بدات، دەیەوێ چیرۆکی خۆی بۆ باس بکات. بەڵام ڕۆی نایەوێ گوێی لێبگرێ پیاوەکە بە دەنگی بەرزەوە دەڵێت؛ ئەو چیرۆکە لەبارەی پیاوێکە کە کتێبێکی نووسیوە و دواتر ونی کردووە، پاشان کەسێک دۆزیویەتەوە.

لێرەوە ڕاستییەکان لە نێوان پیاوە پیرەکە و ڕۆیدا ئاشکرا دەبن. ڕۆی زۆر پەشیمانە لەوەی کردوویەتی، دەیەوێ ئەوە ڕاست بکاتەوە، قەرەبووی بکاتەوە، هەوڵدەدات کتێبەکە بەناوی ڕاستەقینەی نووسەرەکە بڵاوبکاتەوە، هەموو ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێت. بەڵام زۆر درەنگە، پیاوە پیرەکە هەرگیز ڕازی نابێ ئەو تەنیا مەبەستی بووە ڕۆی بزانێ نووسەری ڕاستەقینەی کتێبە کێیە، چونکە سەبارەت بە ژیانی خۆی، هاوسەر و منداڵەکەیەتی، سەبارەت بەو خۆشی و ئازارانەیە، ئەو وشانەی لێوە لە دایکبووە. دەڵێ: تۆ ئەو وشانەت برد، پێویستە ئازارەکانیشی بەریت. تراژیدی پیاوە پیرەکە ئەوەیە وشەکانی لەو ژنە زیاتر خۆشویستووە کە پاڵنەری بووە بۆ نووسین. لێرەدا ئەو پرسیارەت لا دروست دەبێ، چۆن مرۆڤ بە یاریدەی وشەکان دەتوانێ شاکار بئافرێنێ، کە بۆ هەر سەردەمێک و زمانێک، تازە و ناوازە بێت. وەک ماسیاسی فەیلەسوف دەڵێ: ”نووسین لەنێو دڵی هەموو زمانێکدایە.”

ئەم فیلمە لەبارەی ئەوە نییە چۆن ڕۆی نووسینەکە دەکا بەهی خۆی، بەڵکو لەبارەی ئەو وشانەیە کە ڕۆی خۆشیدەویستن، بەڵام ئێستا بوونەتە مۆتەکە بۆی، لەبەرئەوەی دوای ئەو ڕۆمانە هیچ شتێکی نەنووسی هەروەک پیاوە پیرەکە لە دوای بزرکردنی ڕۆمانەکەی نەیتوانیوە تاکە وشەیەکی تر بنووسێ. لەوێدا هەست دەکەی دزینی چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە چەندە دڵڕەقانە دەردەکەوێ، دواجار ڕۆی داهاتووی خۆی پێ لەناوبرد.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە وا دەردەکەوێ کە هەردوو نووسەرەکان ڕۆی و هامۆند هەمان کەسایەتی بن، بەڵام لێڕوانەر هەرگیز دڵنیا نابێتەوە سەرەڕای لێکچوون و خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیشیان.




سەبارەت بە کاری هەرەوەزی … ئیدریس مستەفا

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .
لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 6

چاوخشانێکی خێرا

کاتێک مرۆڤەکان پێویستیان بە یەک بوو دەستیان دایە یارمەتیدانی یەکتر و کاری بە کۆمەڵ. ئامانج لێی یارمەتدیانی یەکتر بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر. ئەمە دروستکردنی کۆمەڵگەی بە دوای خۆیدا هێنا. دیارە لەسەرەتاوە، هەموان لەم کارە سودمەند دەبوون بەڵام لەگەڵ گەشەی بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا چین و توێژی کەمدەرامەت زۆرتر پێویستیان بە یارمەتیدان بوو. کاری هەرەوەزی لە دێر زەمانەوە لە نیو کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبووە و دەشبێ. دروێنەکردن و قوڕکاری و رەزرنین و هتد ئەو کارە هەروەزیانەی کە نمونەی هاریکارین لە نیو کۆمەلگەی کوردیدا و بەرهەمی ئەدەبی و فۆکلۆریەکان نمونەیەکی زیندوی ئەم راستیەن. شیعرەکانی قانیع و گۆرنی هە درونە درونە دوو بەرهەمی دیار و بەناوبانگی کاری هەورەزین.

ئەم کارە خۆڕسکیە کۆمەڵایەتیانە دوورایی ئابوری و سیاسی بە دوای خۆیدا هێناوە. لە وڵاتانی رۆژئاوا ئەم دیاردەیە هەر لە زووەکەوە، بە تایبەت لەسەدەکانی هەژدە و نۆزدەوە شکڵ و شێوازی جۆراجۆری بەخۆوە گرتووە و تەنانەت هەندێکیان بوون بە هۆی لە دایبوونی ئەکتەری سیاسی و قەوارەی سیاسی. دروستبوونی دەوڵەت و کاری هەرەوزی بە شیوە فراوانیە کۆمەڵایەتیەکەی نەهێشت و دەزگا حکومیەکان جێگەیانی گرتەوە. یاخود روونتر بڵێم، ئامانجی کاری هەرەوەزی بوو بە ئەرکی دەوڵەت. لە وڵاتانی نیمچە-سۆسیالیست و تەنانەت بەرنامەی هەندێ لیبراڵ-دیموکارسی وڵاتانی ئەوروپی کە بە وڵاتانی خۆشبەختی ناودەبرێن کاری هەرەوەزی لە شێوەیەکەوە گواستەوە بۆ شێوەیەکی تر. بۆ نمونە خانو فەراهم کردن، مەشینی کشتوکاڵی و بیمە و ..هتد بەرجەستەبوون لە دەوڵەتدا. ئەمە دروستیەکی تیداهەیە، چونکە دەولەت هەموو سەرجاوە سروشتیەکانی زستە ژێر رکێفی خۆیەوە و کاروهەقدەستەکانیشی کۆترۆڵ کرد و نرخی شتومەکەکان و بە تایبەت باج دانان لەسەریان دیاری کرد. لەگەڵ رووخانی بلۆکی سۆڤێت و تێکشکانی ولاتانی پابەند بەوەوە و کەوتنە نێو ئەزمەی قوڵی سیستەمی لیبراڵ-دیموکراسی ئامانجی هەرەوەزگیری خستە خەتەرەوە و ئێستا لە ولاتانی پیشەسازی دنیادا ئەم کاری هەرەوەزیە ئاراستەی تری بە خۆوە گرتووە.

ئەوەی کاری هەرەوەزی لای ئێمە جیاوازتر دەکات لە ولاتانی تر، رێکخرابوونە. رێکخراو بە مانا حزبیەکەی نا، بەڵکو بە مانا پیشەییەکەی. دیارە کاری هەرەوەزی لە دنیای ئیستادا بەشێکە لە کاری ئابوری-سیاسی، بە رادەیەک کە تێکەڵاوبووە لەگەل دەزگا حکومیەکان و کۆمپانیا بازرگانیەکانش. ئەم حاڵەتە جۆرێک لە بیرکردنەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە کە ئایا ئەم شیوازە لە کار خزمەت بە دەولەت ناکات یاخود ئەوە کاری حکەمتەکان نیە؟ لە یەک وشەدا من دەڵێم؛ بەڵی ئەوە کاری ئەوانە. بەڵام گەر حکومەت و دەوڵەت سەقەت بوون و مافیا بوون ئیتر دەبێ هیچ نەکرێ! بیرکردنەوەکان هەرچیەک بن لە ناوەڕۆکی کاری لەو جۆرە کەم ناکاتەوە چونکە لە بنەرەتدا سوودمەندیەکەی بۆ هەموانە یاخود بۆ پێداویستخوازەکانە. هەر کارێک شتێکی بنیات نا دەبێ دەستی پێوەبگیرێ!

ئێستادا لە جیهاند زیاتر لە سی سەد رێکخراوی تۆکمە هەیە کە لەسەر ئەم تەرزە کاردەکەن بەتایبەت لەسەر کێشەی ئاو و تەندروستی و خۆراکی پیویست. بە پی زانایری رێکخراوی چاودێری هاریکاری نێودەولەتی بێت زیاتر لە یەک ملیار مرۆڤ کاروچالاکی دەنوێنن لە بواری هاریکاری و هەروەزکاری نیودەوڵەتیدا. ئەم رێکخراوانە بە دوای دەرامەت پەداکردنیشەوەن و تەنانەت جوڵەی سەرکیان لەسەر ئەو یارمەتیە مالیانە بەندە کە پەیدای دەکەن لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە. بە پیی هەمان سەرجاوە، رێکخراوە هەرەزیەکان سالانە نزیک بە دوو ترلیۆن و نیو دۆلار خڕ دەکەنەوە.

لە کوردستان بەهۆی ئەو بارە ناقۆڵایەی تیی کەوتووە ئیشوکاریەکانی کاری هاریکاری دەواتنین هەر بوونی نەبووە بەو شیوەیە. بە شیوەی تر هاتە دەر بەڵام بە ئامانجی دیاریکراو و مەبستئامیز. کاتێک یەکگرتووی ئیسلامی لەسەرەتاوە هات خەستەخانی دانا و بنکەی خێرخوازی کردەوە. لە رێگەی ئازار و خوێنی خەڵک و برسێتی هەژاران و مندالانەوە ئەم شیوازەی لە کاری نابوت کرد چونکە راستەوخۆ بۆ ئامانجێکی حزبی سیاسی دیاریکراو بەکاری هێنا و ئیستاش بەرهەمە خراپەکانی دەبینین. بۆیە لە ئەزمونی کوردستان کە وا یەکەم جارە دەستی بۆ ببردرێ و کەسیش نازانێ ئایا درێژە دەکێشێ یان زوو دەپرووکێتەوە گرنگە دوو شت لەبەرچاو بگیرێ. یەکەمیان خۆ دووربگرێ لە هەر شتێکی سیاسی بە تایبەت حزبی و فکری، دووەم گەر کارەکە چەند بچوک و کەم خایەنیش بێت با بە تۆمەیی ئەنجام بدرێ چونکە لەو نیوەدا ئەزمونێکی باش بە جێ دەهێڵێ و لەوانەیە لە رۆژگارێکی تردا ببێ بە بەردی بناغە بۆ هەر کارێکی تر.

وەک پێستر ئاماژەم پێدا ئەم شیوازە لە کارکردن دوورایی سیاسی بەخۆوە دەگرێ بەتایبەت لە ولاتانی نا-پیشەسازی پێشکەوتوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین. دیارە لەوە باشتر نیە گەر خەڵک بتوانن نوێنەری خۆیان لە نیو جەرگەی کاروژیانی خۆیانەوە بگەێننە دەزگا حکومی و دەوڵەتیەکان بەڵام لەمە گرنگتر ئەم شێوازە لە کار گەر ببێتە بەشیک لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵ ئەوا تەکانێکی کۆمەڵایەتی باش دەدات بە کۆمەڵگە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسیدا گەر بێتە پێشەوە. ئیڤا مۆراڵیس سەرۆکی ئێستای وڵاتی بۆلیڤیا لە کێشەی ئاوەوە لەو وڵآتەدا لە ناوچەی دانیشتوانە بوومیەکانی ئەو وڵاتەوە هاتە دەرێ. زۆر نمونەی تریش هەن لەم بارەیەوە.

خاڵی سەرەکی من کە لێرەدا دەمەوێ بیڵێم کە ئەو کاری هەرەوەزیە یەکێکە لە کارە گرنگ و حازر بەدەستەکانی هەر کەس و جالاکوانێک گەر دەیەوێ خزمەتێکی راستقینە بکات بەو ولاتە بەهەر کەم و کوڕیەکەوە، هەروەها تاکو دەکرێت لە مۆرکی سیاسی دووربخرێتەوە لەگەڵ ئەوەی کاراکتەرەکانی هەرچیەک بن. رێکخراوی سیاسی و مەبەستی سیاسی رووت کۆمەڵگەی کوردستانی تێکشکاندووە و بێ هیوای کردوە لەهەر پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی. لە دواییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم قسامەی من تەنها تێبینیە و بە هیچ شیوەیک نایخمەوە قاڵبی نەسیحەت و نەزەردان و مامۆستایەتی کردنەوە.

ئیدریس مستەفا




كاریگه‌ری شیعر … ئاری زێندینی

شیعرله‌زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا به‌رهه‌م نایه‌ت به‌ڵكو به‌رئه‌نجامی دنیا بینینه‌ی فراوانترودرێژتر له‌ساتی له‌دایكبوونی,پێم وانیه‌ كه‌س بتوانێ‌ كۆتایی شیعر دیاریكات و سه‌ره‌تاشی پێوانه‌بكات . زه‌مه‌نی شیعر زه‌مه‌نی هه‌ست و ژانه‌ جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤه‌ سه‌رهه‌ڵدان و كۆتایشی به‌نده‌ به‌هه‌مان پره‌نسیبه‌وه‌ .شیعر
له‌ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ هه‌موو بواره‌كان له‌خۆوه‌ ده‌گرێته‌وه‌ , هه‌ست و ئایدۆلۆژیاوفه‌لسه‌فه‌وشارستانیه‌ت وبێهوده‌یی
شادمانی و ته‌واوی ساته‌كانی ژیان به‌لام به‌رله‌هه‌مووشت هونه‌ره‌ به‌هۆیی جوانی ناڕاسته‌وخۆی گوزارشت له‌
حاله‌ته‌كان,كه‌ ده‌ڵێن ئایدۆلۆژیا مه‌بوستمان ئایدۆلۆژیای شاعیره‌.چۆن له‌هه‌موو هه‌ورێك باران نابارێت ئاوه‌هاش له‌ هه‌موو به‌هره‌یه‌ك شیعر نابارێ‌,له‌هه‌ندێ‌ باردا شیعر سارَێژكه‌ره‌وه‌ی برینه‌ قوڵه‌كانی رۆحی
مرۆڤه‌.شیعری خولقێنه‌ر جۆره‌ قورسایه‌ك له‌ڕێچكه‌ی مێژوویه‌كه‌ی خۆیدا په‌ره‌ ده‌سێنی به‌لووتكه‌ سه‌رده‌كه‌وێت ده‌گاته‌ ترۆپكی مرۆڤایه‌تی.له‌زه‌مه‌نی ئێستا شیعر له‌به‌رگ و فۆرمێكی ترخۆیی ده‌نوێنی به‌رده‌وام ده‌چێته‌ قوڵایی ئازاره‌كانی مرۆڤ,له‌سه‌رده‌می ئێستای شیعرو ئێستایی ته‌كنۆلۆژیاو عه‌وله‌مه‌دا شیعر هه‌رده‌م له‌ چله‌ پۆپه‌ی جوانكاریه‌كانی ده‌قێكدایه‌, جار هه‌یه‌ شیعری خۆماڵی ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی شیعرێكی بیانی كاریگه‌ری جێده‌هێلێ‌.شیعری ئه‌مڕۆی جیهان ماناوسنورێكی دیاریكراو ناگه‌یه‌نێ‌ به‌ڵكو سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ رۆحی شیعریه‌ت!.كاریگه‌ری شیعر تاحه‌ددێكه‌ زه‌وقی خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌ومامه‌ڵه‌ی شاعیر له‌گه‌ڵ هه‌ست و موعانات و زمان و كه‌لتور, سه‌لیقه‌ی شیعری خوێنه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات.شیعر بۆخۆی دنیابینینێكی قوڵه‌ هه‌مووته‌مه‌ن ناتوانێ‌ له‌سه‌ره‌تایی شیعر تێپه‌ڕینێ‌,كه‌سی داهێنه‌ر پێویستی به‌ ته‌مه‌نێكی درێژتره‌ تابتوانێ‌ له‌ناو دڕك و داڵ و جه‌نجاڵی ژیان خۆیی و ده‌وروبه‌ر بدۆزێته‌وه‌.شیعر دنیایه‌كی ئه‌وه‌نده‌ ئازاده‌ كه‌بواری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ واقیع وحه‌قیقه‌ت وا ببینێ‌ كه‌ تێڕوانینی من وتۆ جیاوازه‌,خه‌یاڵی شاعیر جۆره‌ خه‌یاڵێكه‌ به‌ هه‌زاران خه‌یاڵ ده‌وره‌دراوه‌وگرێدراوه‌ هه‌موو كون وكه‌له‌به‌ره‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌.شیعری زیندوو كه‌شفی نامه‌كشوفه‌كانه‌ ده‌گاته‌ ئاستی مه‌نتیقی رۆشنگه‌ری و كاریگه‌ربوون وسه‌قامگیربوون له‌ لوتكه‌ی رۆشنبیریدا.شیعری ڕه‌سه‌ن خاوه‌ن ڕه‌چه‌له‌ك وئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی مێژینه‌یه‌ ئه‌گه‌ر شیعر له‌ دوێنێ‌ به‌یه‌ك چه‌مك پێناسه‌ ده‌كرا به‌ڵام ئه‌مڕۆ شیعر له‌چه‌ندین كه‌لێن ونیگاوه‌ پێناسه‌ی دخوێندرێته‌وه‌,شیعری ئه‌مڕۆ گه‌ڕانه‌ به‌دوایه‌ ده‌لاله‌ته‌كانی ژیان وهونه‌ر وزمان و فه‌لسه‌فه‌و شڕۆفه‌و ته‌ئویلكاری له‌ ده‌قدا شاعیر خه‌زنی سه‌رجه‌م شته‌ كه‌پتكراوه‌كان باسده‌كات هه‌رله‌ ساته‌ وه‌ختی نائاسایی به‌تاڵیان ده‌كاته‌وه‌ زمانیش كه‌ دیارترین ڕه‌گه‌زه‌و سیسته‌ماتیكه‌ ده‌كرێ‌ له‌نێویدا مه‌غزایی نوێ‌ وده‌لالاتی نوێ‌ بدۆزێته‌وه‌.شیعر ده‌گۆڕێ‌ چونكه‌ ژیان ده‌گۆڕێ‌ بۆی هه‌یه‌ ژیانیش بگۆرَێ‌ وكۆمه‌لگا پێشخات.شیعر كاری قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌كانه‌ نه‌ك قه‌ڵه‌مه‌ نائازاده‌كان شیعر بۆ ڕازاندنه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵكو بۆ حه‌قیقه‌تی جوانیه‌.هونه‌ری شیعر یه‌كه‌م هونه‌ره‌كان بووه‌ له‌ سه‌ره‌تایی مرۆڤایه‌تی له‌ وانه‌یه‌ یه‌كه‌م داهێنانی زمان وفیكر بووبێت چونكه‌ شاعیره‌كان پێشه‌نگی ڕۆشنبیره‌كان بوون له‌ كۆڕو مه‌جلیس وكۆمه‌ڵگه‌دا له‌ جیاتی ڕۆژنامه‌و گۆڤارو ته‌له‌ڤزیۆن وشتی تر بواریكی سه‌ره‌كی و سه‌ركه‌وتوویی ژیان بووه‌.شاعیری پێگه‌یوو له‌ هه‌موو ئان وساتێكدا شیعر دروستده‌كات له‌گه‌ڵ دروستكردنی شیعر فیكرومانابه‌رهه‌مدێنێ‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك پردێ له‌نێوان خۆیی وخوێنه‌ر.شیعر كۆرپه‌یێكه‌ له‌باوه‌شی شاعیر تائه‌وكاته‌ی پێده‌گات وتام وچێژی ده‌بێت.خوێندنه‌وه‌ی ده‌یان جاری ده‌قێكی شیعری ده‌یان ماناوده‌لالاتی هه‌ڵده‌گرێ‌ هه‌رجاره‌و چێژی تایبه‌تی هه‌یه‌.شاعیری داهینه‌ر ده‌بێت شاره‌زایی ڕه‌وتی نوێی شیعری جیهانی بێت چونكه‌ شیعر تاوانی نیه‌ تاوانی ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌شیعر ده‌نووسێ‌ وشاعیرنین!.ئه‌ی ئه‌وه‌نیه‌ بواره‌كانی تری هونه‌ر وه‌ك سینه‌ماو شانۆو ڕۆمان و چیڕۆك به‌شیعر ئاوده‌درێ‌ هه‌م شیعر سودیان لێوه‌رده‌گرێ‌ و هه‌م ئه‌وان سوود له‌ شیعر وه‌رده‌گرن و داهێنان وستراتیژی خۆی له‌مانه‌ وه‌رده‌گرێ‌ ! له‌كۆتایی ده‌ڵێن (شیعر) چه‌كی یه‌كه‌می مرۆڤه‌ بۆ به‌رگری وشه‌ڕكردن و بۆ ده‌ڕبڕینی هه‌ست به‌رامبه‌ر ناماقوڵیه‌كانی ژیان!




کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا …. و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق


ناساندنی کتێب:

بڵاوکراوەی،ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل رۆژبەیانی

هەڵۆ بەرزنجەیی
١١/٣/٢٠١٧ بەرلین
چاپی یەکەم ٢٠١٦، ٢٩٢ لاپەڕە

کاتێ هێزە ئیمپریالیستەکانی ئینگلیز و فەرەنسا، هەست بە داڕزانی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، بیر لە دابەشکردنی میراتەکەی دەکەنەوە، هەر زوو پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەنێوان خۆیاندا رێکەوتننامەیەک مۆر دەکەن لە ١٦/٥/١٩١٦، کە بە سایکس پیکۆ ناسراوە. ساتەوەختێ سوڵتانی عوسمانی دەرک بە مەترسی هاتنی هێزی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکات، فەتوایەک جیهاد بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی ئەم هێزە بێگانەیە دەردەکات. ئینگلیزەکانیش بۆ رووبەرووبوونەی ئەم دۆخە بیر لەوە دەکەنەوە جوڵەیەک بخەنەوە ناو عەرەب و هەوڵ دەدەن جارێکی تریش ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئیسلامی بگەڕیننەوە بۆ لای عەرەب ،وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئیسلام.
ئەوە بوو لە رێگای ناردنی تۆماس ئیدوارد لۆڕانسەوە، کە بە ” لۆڕانسی عەرەب” ناوبانگی دەرکردووە، هەوڵی دۆزینەوەی کەسایەتییەک دەدەن کە ڕەوایەتی مەزهەبی هەبێت. ئیسلام بگێڕنەوە بۆ دەستی خاوەنەکەی ئەوە بوو شەریف حوسەینی مەککەیان دەسنیشان کرد،وەک نەوەیەکی پیرۆزی محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی عەرەبی و بزواندیان بۆ بانگاشەکردن و رووبەرووبوونەوەی خەلافەتی عوسمانی لەژێر ناوی ڕاپەڕینی عروبەدا. ئینگلیز گفتی بەم حوسەینە دا، کە پاش کۆتایی شەڕ یەکێتی عەرەب مسۆگەر بکات و ئازادیان بکات. ئەوە بوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ٣٠/١٠/١٩١٨ دا، داڕما و چەند دەوڵەتێک وەک قارچک هەڵتۆقین.

دەوڵەتی عەرەبی عێراقی،لە ریزی کۆمەڵێ دەوڵەتی دیکەی عەرەبی و ناعەرەبیدا، لە دوای داڕمانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە، لەسەر دەستی ئیمپریالیزمی جیهانخۆری ئینگلیزیدا قوتکرایەوە. ئەم دەوڵەتە بەچکەی بێژووی ئینگلیزە و بەرهەمی خەباتی نەتەوایەتی بزاڤی رزگاریخوازی عەرەب نییە و هەر لەگەڵ دروستکردنیدا، کۆمەڵێ بەرنامە و پلانی دوور و نزیکی بەرژەوەندییە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی ئینگلیزی تێوە ئاڵێندرا. زەقترین تاوان و هەڵەیەکی ئەم دروستکردنە، بریتی بوو لەوەی کوردستان، وەک نیشتمانی کورد دابەشکراو و بەشێکی بەزۆر بەم دەوڵەتە ناشەرعییەوە لکێندرا و میللەتی کورد خرایە ژێر چەپۆکی عەرەبی سوننەی عێراقەوە.

نەخشەی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ ١٩١٦، وێنەی یەکەم ١٩١٦، دووەم ئێستا.
ـ ڕەنگی زەردی تۆخ دەسەڵاتدارێتی فەرەنسییەکان. ـ زەردی خەتخەت کاریگەرێتی فەرەنسییەکان. ـ پرتەقاڵی دەسەڵاتدارتی ئینگلیز. ـ سووری خەتخەت لەژێر کارگەرێتی ئینلیزدا. ـ سوور لەژێر دەسەڵاتی هاوبەشدا.

ئەو پرسیارەی یەخەی مێژووی کورد دەگرێ و تا ئێستا وەڵامێکی پێویستی نەدراوەتەوە، ئەوەیە: بۆ کورد لە میراتی گۆڕانکارییەکانی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بێبەش کرا و ئەو چارەنووسە پڕ لە کوێرەوەرییەی بەسەردا دابڕا،کە هەموو دەیبینین و دەیزانین؟. بۆ قەدەری کورد وابوو، بکەوێتە بەردەم پرۆسەی داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی،لە کاتێکدا لە گەلێ ڕووی سیاسی و مێژوویی و کولتوورییەوە بنەمای ئەوەی تێدا بوو بێتە خاوەن دەوڵەت؟.
ئەم بەرهەمەی بەردەستمان، گەر ئەو سەرچاوە دروستەش نەبێت، بۆ چنکەوتنی وەڵامی پرسیارەکەمان شیاو بێت، لێ تێگەیشتنێکمان پێ دەبەخشێ، تا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لە ڕەهەندی ئەو باسە بگەین.
ئەم کتێبە بریتییە لە چەند نامەیەکی تایبەتی، کاربەدەستێکی باڵا و خاون کاریگەرێتی و قسەڕۆیشتووی ئینگلیز، لە میانەی پێوەندیی و ئاڵوگۆڕی هەواڵدا لەتەک باوک و دایکیدا کردوویەتی. بەڵام پرسی کورد ئەگەر ناوەڕۆکی زۆری نامەکان نەبێت، وا بەشێکی سەرەکی باسی نامەکان پێکدێنێ. هەڵبەت بایەخەکەش لەوەدا نییە، دۆزی کورد لە پەراوێزیی بیرەوەریی و حیکایەتێکدا، یاخود بەسەرهاتێکی مێژووییدا هاتبێت، بەڵکو لەوەدایە، ئەو نامانە لە لایەن کەسێکەوە نوسراوە، رۆڵێکی زۆر هەستیار و سەرەکی هەبوو، لە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکەی ناوی نرا عێراق.
بە واتایەکی دیکە مس بێڵ، دەکرێ بە مامان و ئەندازیاری سەرەکی دامەزراندنی عێراق، دابنرێت. ئاخر ئەو نەخشەی دامەزراندنەکە و بڕیاری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و راوێژکار و داکۆکیکاری سەرسەختی دەوڵەتی عێراق بووە. ئەوتا خۆی لەم ڕووەوە دەنووسێ:” ئەوە هەمووی ڕاست نییە کە من بڕیار لەسەر تەواوی چارەنووسی عێراق دەدەم، بەڵام ئەوەیان ڕاستە کە من تا سەر ئێسقان لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکی عەرەبیدام و مەسەلەیەکی زۆر ناسک و هەستیارە هێندە جێی متمانەیان بم”ل ٨٧.

هەر ئەم لایەنەیە، وای کردووە سەنگی تایبەتی بدات بەو نامانە. جا با بزانین چ پەند و وانەیەکی بۆ کورد تێدایە و بۆ ئایندە چی لێوە فێردەبین؟.
مس بێڵ شارەزایی باشی لە باری سیاسی و جوگرافی و مێژوو و زمانی ناوچەکەدا هەبووە. بۆ خۆی وەک گەڕیدەیەک سەردانی ناوچەکەی ـ ئێران، سوریا، فەلەستین، دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ و میسۆپۆتامیای ساڵی ١٩٠٩ـ کردووە و لەماوەی ١٢ ساڵدا ٦ جار سەردانی سعودییەی کردووە.
کاتێ ئینگلیز دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شەوق و خۆشییەوە وەک کەسێکی ئاسایی بە فەرمی داوا لە دەسەڵاتی ئینگلیزی دەکات، کارێکی لە دەستگاکانیدا لە رۆژهەڵات بداتێ. سەرەتا داواکەی ڕەت دەکەنەوە و پاشان دایدەمەزرێنن و دەیکەنە “سکرتێری رۆژهەڵات”. وەک ئەندامێکی چالاکی دەزگای هەواڵگری بەریتانی دەکەوێتە کارکردن. لە ماوەیەکی کورتدا توانا و لێهاتوویی خۆی دەسەلمێنێ و بیروڕاکانی، لە لایەن حکومەتی لەندەوە، بە هەند وەردەگیرێ و لە زۆر بواردا قسە لە قسەیدا ناکرێ و دوا بڕیار، لای ئەو دەبێت.

هەر بۆیە لە لایەن چەرچڵەوە لەتەک لۆرانس دا،بۆ بەشداری کۆنگرەی قاهیرە،بانگهێشت دەکرێ و بیروڕاکانی بە گرنگییەوە وەردەگیرێت.
بێڵ، بە توانای خۆی تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و هۆز و عەشیرەت و سیاسییەکانی عەرەبدا دادەمەزرێنێ. کاتێ دەزانێ لە عێراقی عەرەبیدا پیاوێک نییە، کەڵکی پادشایی بۆ عێراق تێدا بێت، ـ دوای ٤ ساڵ،لە دامەزراندنی عێراق، لە نامەیەکدا دەنووسێ ” بەڵام من تا ڕادەیەک دڵنیام لەوەی کە وەختێکی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی یاسا و نیزام”.ل ٥٠ . لەگەڵ لۆرانسدا پێداگری زۆر لەسەر دانانی مەلیک فەیسەل، بە مەلیکی عێراق دەکات و دواجار، بیروڕاکانی سەردەگرێ و فەیسەڵ دەبێتە مەلیک لە بەغدا. دواتریش ئەڵقەی سەرەکی گرێدانی بەغدا و لەندەن دەبێت و بە پەڕۆشەوە، هەوڵی چەسپاندنی کۆڵەگە لەق و چرووکەکانی دەوڵەتی عێڕاقی دەدات و لە زۆر بواردا لە عەرەبێکی ناسیۆنالیست، زێتر داکۆکی لە عروبە دەکات. نموونەیەکی دیکەی خەمخۆری ئەم خانمە بۆ عێراق، ئەوەیە گەلێ جاران مەلیک فەیسەڵ، بێزار دەبێت و دەیەوێ واز لە هەموو شت بهێنێ، بێڵ دڵنەوایی دەکات و هانی دەدات، بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی و گفتی هاوکاری خۆیی و لەندەنی دەداتێ.

لەسەردەستی میس بێڵ دا، ناسنامەی نوێ، بۆ عێراق و عێراقییەکان دروست دەکرێ و هی عوسمانلی لابرێت، مۆزەخانە دادەمەزرێ و کتێبخانە دەکرێتەوە و بەشیکی زۆری سنوری عێراق لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا نەخشە دەکێشرێ. مەلیک دروست دەکات و هەڵبژاردن دێنێتە پێشەوە و وەزیر دیاری دەکات و لە پرسە سەرەکییەکاندا راوێژکاری مەلیکیش دەکات. کەواتە دەوڵەتی عێراق بووکەشووشەی دەستی خۆی بووە،یاخود کۆرپەی خۆی بووە،هەروەک خۆی لە یەکێ لە نامەکانیدا” بۆ دنیایی پییان بڵێن کە ئەوپەڕی ئاواتی ئێمە دوو منداڵەکەمان بووە،عێراق و کوردستان،کە چۆن دەبێ بە ئاشتی و دۆستایەتی پێکەوە بژین”ل ١٤٠ ئاماژەی پێداوە. لە ڕاستی ئەو لە باوژنێکی دڵڕەق و لە خوانەترس،بەرامبەر بە منداڵی دووەمی کوردستان نەگریستر بووە.

سنووری خۆشەویستی،ئەم خانمە بۆ عروبە، هەر لە چوارچێوەی عێراقدا نەبووە، بەڵکو گەلێ جاران فەرەنسیییەکانی بەر ڕێژنەی ڕەخنە داوە و هەردەم بە نەفرەتی کردوون، چونکە سیاسەتێکی نەرمونیانیان لە سوریا، بەرامبەر بە عەرەب پێڕەو نەکردووە. سەبارەت بە عەرەب دەنووسێ” ئەوان کەرامەتیان لە ئێستای داگیرکاریی جیهاندا سووکایەتی پێکراوە بە مانا سیاسییەکەی” ل ١٥٦ . بۆ ئەوەی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم خانمە عەرەبدۆستە بگەین،کە لەتەک لۆڕانسدی عەرەبدا،گەورەتین خزمەتیان بە عروبە کردووە. هەربۆیەشە لای عەرەب تا ئێستا گەورەتری ڕێز و پێگەی خۆشەویستی هەیە. لە شوێنێکی دیکە ناخی خۆی لە دەربڕینی ئاواتێدا، وەک پەیام ڕادەگەیەنێ و دەڵێ:” من بە هیوام پێش ئەوەی بمرم فەیسەڵ لە سنووری ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕست حوکم بکات”.ل ٨٣ . پەیڕەووپرۆگرامی پارتی بەعسی عێراقیش هەر هەمان خەونی هەبوو.
ئیدی مەتەڵێکی هەڵنەهاتوو، لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەروەک هەواڵگرێ فەرمانی پێکراوە، هێندە خەمخۆر و دڵسۆزی عەرەب و بەرژەوەندییەکانیان بێت، یاخود حەز و خۆشەویستی و ئارەزووی خۆیشی لەم خاڵەدا رۆڵی بینیوە؟. یاخود عەرەب تونیویەتی کاریگەرێتی لەسەر ئەم خانمە بە شیوەیەک لە شێوەکان دروست بکات؟!. ئێمە دواتر لە سێبەری نامەکانی و دەربڕینی بیروڕاکانیدا، نموونەگەلێک دێنینەوە لەسەر سەلماندنی ئەم ڕاستییانە.

ئەم خانمە، شارەزا و ئاگاداری کێشەی کورد بووە، گەلێ لە کەسایەتییەکانی کورد، “مستەفا پاشای یاموڵکی، حەمدی پاشای بابان،عەدلەخانمی جاف و نە‌قشبەندییەکانی هەورامان و … هتد دیوە و ناوچەکانی کوردستان ـ شارباژێڕ و شارەزوور و هەورامان و سلێمانی ـ گەڕاوە و بە گەرمی پێشوازییان لێ کردووە و خزمەت کراوە و تەواو هاوکاری بوون. لە ل ٤١ دا دەنووسێ” من کوردستانم خۆویست بە وڵات و خەڵکەکەیەوە”. لەگەلێ شوێندا باس لە جوانی دڵفڕێنی دیمەنی سروشتی جوانی کوردستان دەکات.” گەشتەکەم حەوت کاتژمێری سواریی برد بۆ شیوەکەڵ کە نیو سەعات لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو. من هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵفڕێنم بە چاو نەدیوە” ل١٢٠
لە روویەیەکی دیکەشەوە باری کۆمەڵایەتی پێگەی ئافرەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا لە نزیکەوە دیوە و پیی ئاشنا بووە.” ئافرەتی کورد سەرپۆشیان بەسەرەوە نییە و تێکەڵی پیاوان دەبن و خانمی گەورەی ماڵن چەشنی ئەم خانمە و بۆ کوێیان دەوێ دەڕۆن”.ل١٣٣ .
ئا لێرەدا لەوە دەگەین کەوا ئافرەتی عەرەب، وەک کورد ئازاد و کراوە نەبوون و سەرپۆش بەسەر بوو. بۆیەکا ئەم ستایشەی ئافرەتی کورد بەم جۆرە دەکات. کەواتە ئەمەش خاڵێکی تری ئەرێنییە بۆ کورد، کەوا خاوەنی کۆمەڵگەیەکی شارستانیتر و کراوەتر بووە، ئامادە بووە، لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بە ئاسانی بگونجێ، کەچی ئینگلیز بە هانایەوە نەهاتووە و بۆتە دۆست و فریادڕەسی دواکەوتوو و جاهیلەکان.

لەمەش زیاتر ئەم خانمە، زۆر باش ئاگاداری پەرۆشی خەڵکی کوردستان بووە، بۆ هاتنی ئینگلیز رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانلی و بەڕیوەبردنی کوردستان” لە کوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بە پەرۆشن بۆ ئیمە و ئاواتەخوازن وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەین”. ل ٤٣
کەواتە میس بێڵ و حاکمی ئینگلیز، لەم هەست و سۆزەی کورد ئاگاداریش بوون، ئینجا بە جددی لە خەمی کێشەکەیدا نەبوون و لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی دۆزەکەیان نەکردووە و بیروڕای خراپیان بە دەسەڵاتدارانی ئینگلیزی لە هنستان و ئینگلستان گەیاندووە و کوردیان ناچارکردووە، ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی بێت. لە هەموو سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، ئەم خانمە هەرکەسێ باسوخواستی داخوازییەکانی گەلی کوردی لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقدا لەتەکدا کرد بێت، ڕک و قینی لێی هەڵساوە و دژی وەستاوەتەوە و بوغزاندوویەتی و دێوزمانە باسیان دەکات.
تەنانەت مێجەر نۆئیلی ناسراو بە دۆستی کوردیش،کە خۆی ئینگلیز بووە، بەر شاڵاوی ئەم تورەیی و نەفرەتەی میس بێڵ لەسەر داکۆکی لە کورد کەوتووە. جا پرسیار ئەوەیە، سەرچاوەی ئەم رک و قین لێبوونە چییە؟
سەردەمانێ ئینگلیز بە هەموو توانایەوە، بەربەرەکانی داخوازییەکانی کورد و بزووتنەوەکانی شێخ مەحمود لەو سەردەمەدا دەکات، شێخ دادگایی دەکەن و ڕەوانە هیندستانی دەکەن. ئەم خانمە بیر لەوە دەکاتەوە، شێخ تەهای شەمزینی،کوردی باکوور، بهێنێ و حوکمداری سلێمانی و رەواندزی بداتە دەست. گوایە شێخ تەها گوێ لەمستی ئەوان بووە. لە ل ١١٥ دا دەنووسێ” سلێمانیی سەربەخۆ ـ من تەنانەت ناڵێم کوردستان ـ”. واتە بە هۆشیارییەوە جوڵاوەتەوە زانیویەتی چی دەکات و چ دەڵێت.
کاتێ شەریف پاشای بابان،ساڵی ١٩١٩ دەیەوێ دەنگی کورد بگەیەنێتە کۆنگرەی ئاشتی پاریس ، میس بێڵ ئەمە بە فیتی فەرەنسییەکان دەزانێ و ناوزڕاوی دەکات.
لە زۆر لە نامەکانیدا زەمی کورد دەکات و پێی وایە یەکگرتوو نین لە پراکتیدا. بەس هیچ نموونەیەکی ناشیرینی عەرەبمان بۆ ناهێنێتەوە. گەر کورد کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندی جارێک، دوو ئەفسەری ئینگلیزی کوشتوە،خۆ عەرەب لە شۆڕشی بیستدا، لە بۆنەی دیکەشدا بە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئینگلیزیان کوشتووە. کەچی چ ئاماژەیەک بەوە نادات و بە دڕندە باسیان ناکات.

هاوکات هەرکاتێ ناوی شێخ مەحمود دێنێ نازناوێکی ناشیرینی،وەک جەردە و یاخی لێ دەنێ و هەمان نازناویش بۆ سمکۆی شوکاک،وەک سەرکردەیەکی نەتەوەخواز بەکار دێنێ،لەبەرئەوەی ئەمانە داکۆکییان لە ویست و داوای کورد کردووە، ملکەچی پلان و فەرمانەکانی ئەوان نەبوون. چونکە هەر لە نێوەڕۆکی پەیمانی سایکس پیکۆدا دەردەکەوێ، هەگبەکەیان بۆ کورد هیچی تێدا نییە. جگە لە داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی.

میس بێڵ زمانی عەرەبی و فارسی و باش زانیوە و کەمە کەمە بە تورکیش قسەی کردووە، دیارە فەرەنسی و ئەڵمانیشی باش زانیوە و لە ئیتالیش وەک تورکی حاڵی بووە. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە چ بایەخێکی بۆ زمانی کوردی و پرسی کوردی نەبوو!.تەنانەت وەک لایەنی فەرهەنگیش.

ئەم کتێبە بریتییە لە ٢٩٢ لاپەڕە و بە کورتە پێشەکییەکی ستران عەبدوڵاو پێشەکییەکی چڕ و پڕی وەرگێڕەوە، کە تژییە لە زانیاری ورد لەسەر میس بێڵ، کە نامە و تۆماری چالاکییە سیاسییەکانی لە ١٤ بەرگدا، لەتەک ٧ هەزار وێنەدا کۆکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە. ١٦٠٠ نامەی بۆ باوکی و دایکی نووسیوە. ڕەنگە بە هەزاران ڕاپۆرتیشی بۆ دەزگای هەواڵگیریی و کۆمیسیۆنی باڵاو حکومەتی بەریتانی نوسیبێت. لەوانە ٦٣٣، نامەیان لە عێراقەوە نووسیویەتی و ناردوویەتی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ ـ١٩٢٦، کە ساڵی مردنێتی و هەر لە بەغدا نێژاوە لەسەر وەسێتی خۆی.

بەرامبەر بە رۆلی گرنگ و هەستیاری خەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای وەرگرتووە. ئەم خانمە جار هەبوو، لەماوەی هەفتەیەدا نامەی بۆ دایک و باوکی ناردووە. نامە هەیە ١٠ لاپەڕە درێژە. کاتێ نامەکان دەخوێنیتەوە، هەرگیز باوەڕ ناکەیت، ئەم خانمە بۆ وا بە وردی و بە دیقەتەوە ئەم هەموو بابەتەی بۆ کەسوکاری باس کردووە.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵیین، مامۆستا محەمەدی وەرگێریش پسپۆری و دەستڕەنگین و لێهاتوویی خۆی،جارێکی تریش لەم بەرهەمدا نێسان داوە و هۆشیاری خۆی، لە ئامادەکردن و وەرگێران و نووسینی پەراوێزەکاندا نەخشاندووە. کاتێ ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە،وا هەست دەکەیت چیرۆک و بابەتێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە. وەرگێڕ سەلیقەیەکی باشی تێدا خەرج کردووە.

جێی ئاماژە پێدانە، لە ئێستادا نێزیکی ١٠٠ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەم نامانە و قوتکردنەوەی دەوڵەتی زۆڵەکی ئێراقدا تێدەپەڕێ. هەڵبژاردن و خۆماندووکردنی وەرگێر بەم بابەتەوە، نیشانەی پەرۆشێکی گەورەیە، بۆ رۆشنکردنەوەی پاشخانی و مێژووی رابووردوومان. دیارە پێویستە کورد لە هەموو ڕەهەندەکانی کار لەسەر گرنگی ئەو چارەنووسە دڵتەزێنە بکات، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە، لە هەنووکەدا بارودۆخێکی هاوشێوە، لە ڕووبەری ئەو دەوڵەتەدا دەگوزەرێ، کە ئینگلیز وەک کولانەی دەستکردی خۆی بەردەوام داکۆکی لێ کردووە. زنجیرە شەڕەکانی کەنداو و سەرهەڵدانی داعش و شەڕی دژ بەم هێز و دەوڵەتە تیرۆریستە، بە ئاکامێکی وا گەیشتووە، سنوورەکانی عێراق بایەخیان نەماوە و ناوەندی بەهێزی سوننەگەرا، پووکاوەتەوە و کورد پێگە و سەنگێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. بەواتایەکی دیکە، گەر سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران، بەرهەمی ڕاستەوخۆی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بن ـ کە هەر واشەـ، وا ئیمڕۆ شەڕێکی دیکە هەڕەشە لەو سنوورانە دەکات، و ئەگەری هەڵوەشانەوەیان و گۆڕانکاری گەورەی نوێ لەبەردەمدایە.

ئەوەی جێی بایەخ و گرنگی بێت، بەشداری و ئامادەیی کورد خۆیەتی، بە سارێژکردنەوەی برینە قوڵەکانی جەستەیی و بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر، لە دوێنێ بۆ نەوەکانی ئایندە. هەڵبەت ئەمەش بارمتەی چەند فاکت و ڕاستییەکە، لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و چالاککردنی بواری دبلۆماسی و بەگەڕخستنی لۆبییەکی کارا، بۆ بەدەستهێنانی دۆستی زیاتر و کەمکردنەوەی ناحەزی وەک میس بێڵ و نیشاندانی روخسارێکی ئەرێنی لە دەسەڵاتداریتی، ڕاستەوڕاست کە دەکاتە دەستبەرداربوونی بەرژەوەندی کەسی حیزبی و ناوچەیی.
وێڕای دەستی لە برا و هاوڕێی زێدە ئازیزم ، مامۆستا محەمەد، هیوادارم قەڵەمە بە بڕشتەکەی هەردەم نووک تیژ و لەکار دا بێت، بۆ خزمەتی کتێبخانەی کوردی.




پــــەیماننــــامەی لــــۆزان بۆ کــوێ … ڕێبین نەریمان

لە ڕۆژانی جەنگی جیهانی یەکەم و دوایدا کە جیهان بە هەندێ گۆڕانکاری گەورەدا تێپەڕی کە چەندین پەیماننامەی گرنگ مۆر کرا وەک پەیماننامەی سایکس بیکۆ ساڵی ١٩١٦ بۆ تێکشکاندن و دابەش کردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی ، پەیماننامەی سیڤەر ١٩٢٠ بۆ نەخشەکێشانی سنوری ووڵاتانی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی کە ئەرمینیا و کوردستان بەشێک بوون لەو دەوڵەتانە پاشان لە ساڵی١٩٢٣ لە پەیماننامەی لۆزان دا دانرا بە ووڵاتی تورکیا وسنووری ووڵاتانی ناوچەکەیان کێشا کە هەریەک لە ئێران و عێراق و سوریا سوودمەند بوون لە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەرو پارچەیەک لە خاکی دەوڵەتی کوردستانیان بەرکەوت، لەوساتەوە تا ئێستا خاکی کوردستان چوار دەوڵەتی دوژمنکاری کۆکردۆتەوە کە بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ پارێزگاری لە قەوارە و سنوری یەکتر دەکەن و کوردستان بۆتە بەرژەوەندی هاوبەشیان.
دوای جەنگی جیهانی دووەم ساڵی ١٩٤٥ بەهێزبوونی ئەمریکا وەک تاکە براوەی شەڕی جیهانی و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە کە دەورێکی باڵای هەیە لە گۆڕانکاریە جیۆپۆلەتیکیەکانی جیهانیەکاندا یارمەتیدەرێکی گەورەو بەهێزبوو بۆ دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل تا ململانێیەکی نوێ و درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوراست دا دروست بکات تا لە بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بەکاری بهێنێت.

دوای نزیکەی ١٠٠ ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئاسایشی ئیسرائیل پێوویستیان بە لاوازکردنی هەندێ لە ووڵاتانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستە بۆیە گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی و ئیداری دەکەن کە کۆتای بە هەندێ لە پەیماننامەکانی سەدەی بیستەم دێت کە ووڵاتانی سوودمەندی پەیماننامەی لۆزان دەکەونە مەترسیەوە .
تورکیا کە هاوپەیمانی ئەمریکایە و لە پەلەقاژێی ڕوونەدانی گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دا خۆی خزاندە سەر هێڵی رووسیا تا ڕێگری لە درووست بوونی قەوارەیەک یان چەند قەوارەیەکی بەهێزی کوردی لە ناوچەکەدا بگرێت.

دوای بێ هیوابوونی تورکیا لە ڕوسیا کە بە دوای بەرژەوەندی خۆوەیەتی نە ک تورکیاو ناوچەکە وە دڵنیابوونی تورکیا لە لەدەستدانی هەندێ لە بەرژەوەندیەکانی لە کاتێکدا چ لەسەر هێڵی ئەمریکا یان ڕوسیا بێت قەوارەیاکی کوردی لە باکوری سوریاوە درێژ دەبێتەوە تا سنورەکانی ئێران لە پێناوی ئاسایشی ئیسرائیل و دابڕانی سوریا لە ئێران کە ئەمریکا و روسیا کۆکن لەوبارەیەوە تا لە داهاتوودا بتوانن لە سیناریۆیەکی بچووکدا سوریا و لوبنان لاوازتربکەن .

ئەوەی جێی تێڕوانینە باوەڕهێنانی دەسەڵاتدارانی تورکیا و تاکی تورک بە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی ناوچەکە و ژیر دەستیان کاریکی قورسە چونکە ئەودەمارگیری و بە خۆزلزانینەی تاکی تورک هەیەتی بەرامبەر نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە ڕێگرە لە باوەڕهێنان و ڕازیبوونیان .

بە بۆچوونی من لە کۆتایدا تورکیا دەگەڕێتەوە سەر هیڵی ئەمریکا و مامەڵە لەگەڵ واقع دەکات بەرامبەر بەپێدانی گرنتی پاراستنی سنوری تورکیا بەقەوارەی ئێستاو پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە تورکیا لەقەوارەی کوردستان و وەبەرهێنانی نەوت لە ناوچەکە لەم بارەدا قەوارەی کوردی بەیارمەتی ئەمریکاوتورکیا لە هەژمونی ئێران دادەبڕێت.
دەمەویت بڵێم سلێمانی و کەرکوک لە ئایندەدا دەبنە ئامانج ئەگەر بەرپرسانی ئەم زۆنە هەوڵە دیبلۆماسیەکانیان چڕنەکەنەوە بۆ دڵنیای ئەمریکا لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە کودستان و ناوچەکە ، وەتێڕوانینی بەرپرسانی ئەم زۆنە بۆ ئیدارەدان و دیموکراسی و ئایندەی کورردستان وناوچەکە .




ئەزمونێک کە نابێت بازبدەین بەسەریدا! … بەهادین حاجی بەکری دارتاش

هەڕەشەی تیرۆرو پەلاماردانی نووسەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی لە کوردستاندا تەمەنێکی درێژو پڕکارەساتی لەپشت سەرناوە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا تەنیا هەڕەشە لەقەڵەمێک و سڕینەوەی ناوی کەسایەتیەک نەبوو کە سالەهایە لەسەنگەری بەرنگاری ئازادی بەیاندایە، بەلکو هەڕەشەیەکی یەکجار مەترسیدارترو فراوانترە کە دەیەویت تەنانەت لەو دنیا مەجازیەشدا کە ئێمە دەماوێت تێدا بیروڕای خۆمان دەبرین هەڕەشەکان گەورەترو مەترسیەکان زۆرزیاتربکات! بۆیە ئیتر پەیکار عوسمان نەیتوانی خۆی و دۆخەکە بە غافلگیری بسپێرێت، ئیدی ئیستێک بووە ئیزگەی هەلوێستەیەک، چونکە پەیکار دلنیابوو ئەگەر جەستەو گیانیشی هیخۆی بێت ئەوا قەڵەمەکەی مۆلکی تەنیا خۆی نیەو بەشێک لەسەرمایەی هەموومانە بۆیە ناکرێت یاری بەچارەنووسی بکات و ئاسان ڕێگە بدات کەملی لەو شمشێرە خوێناویە بگەوزێنێت کەهەڕەشە لەهەموومان دەکات!
بۆیە کاتێک کە ڕاچەنی نووسینکی لەژیرناوی (بۆ شەمشەمە کوێرەکان)دا نووسی کەهەموومانی لەپشت کۆمپیوتەرەکانمانەوە راچلەکاندو بەشێوەیەک هەستمان بە تەنگەنەفەسی خۆماندەکردو بینمان کەئازادی بێقەیدو مەرجی بیرورا دەربرین لەبەردەم باجێکیتردایە. هەربۆیە سەدان دۆست و هاورێ نیگەرانی و هاودلی خۆیان دەربری، دەیان سیاستمەدارو پەلەمانتارو نووسەرو دەنگیان بەرزکردەوەو هەرجۆرە هەڕەشەیەکیان لە پەیکار بەتووندی مەحکومکرد!
بەڕێزان هەڕەشەی تیرۆرو کۆشتاری لە ئازادیخوازان و نووسەران و ڕۆژنامەوان لە کوردستاندا مێژوویەکی زۆر دورودرێژتری هەیەو لە چەند سالی رابردودا دەیان کە سایەتی وەک عبدلقادر معروف، عبدلستار شریف، شاپور عبدلقادر، قابیل ، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی،…. کردوەتە قوربانی!
ئەوەی هەنگاوەکانی یەک دوو سالی ڕابردو لە چارەکە سەدەی پێشوو جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە هەڕەشەو پەلاماردانەکان سنووری ناوخۆی کوردستانیان بەزاندوەو ئێستە نەیارانی ئازادی بیرورادەربین لە هەندەرانیش بەدوامانەوەن، کە هەڕەشەکانی ئەم دوایانە بۆ سەر بەڕێزان، کامیار سابیرو عەبدللە و پەیکار دواین نموونەکانی تائیستەن کە دەیانەوێت لێرەش لەتوونێلی ڕەشی هەڕەشەو چاوترساندن و پەلاماردانەوە بێدەنگمان بکەن و ناچارمان بکەن بەملدان بە ڕەوشتە ڕەزیل و ڕیسواکانیان و چیدی قەڵەمەکانمان لە ئاست کارنامەی ناشیرین و دزیویان بێدەنگبکەن لەو کارەساتە گەورانەی کە بەرۆکیان بەم کۆمەلگایە گرتووە.
پەیکارو دۆستانی ئازادی بەیان و بیرورادەربرین
بینمان خۆشحالانە کاتیک کە پەیکاری هاوکارمان هاتەدەنگ شەپۆلیکی فراوان لەدۆستانی ئازادی بەیان و بیرورا دەربڕین، هاتنەسەر خەت و نەک هەر نیگەرانی خۆیان دەربری، بەلکو بە پەیامی هاوپشتی و هاودلی خۆیان جاریکتر لەمپەرێکی بەهێزیان لە ڕووی تیرۆریستان و نەیارانی ئازادی بەیان و بیرورا دەربرین دروستکرد. بەجۆرێک نەک هەر ڕێگە بە تیرۆرکردنی هیچ کەسێک نادرێت بەڵکو نیشانیماندا کە لەسەر درێژەپێدانی خەباتمان ڕاناوەستین و ڕامانگەیاند کە ئێمە هەموومان پەیکارین و ئێوە ناتوانن هەموومان تیرۆربکەن و گەر ئەم کارەشتان بۆ بکریت ئەوا مەخابن کە ناتوانن ڕێگە بە ئازادی بەیان و بیرورادەربرین بگرن!
بەلام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا چیترمان پێدەکرێت ؟
بەڕێزان ئەوەی کە پەیکار دەکاتە هێمایەک بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربرینمان، قەڵەمەکەیەتی کە دوای ئەو پشگیریە فراوانەش بەڵێنیشیدا کە تەنانەت لە دۆستان و هاوکارانیشی سەرفەنەزر نەکات و قەڵەم هەمیشە بەرز ڕاگریت. بۆئەوەی کەهێزی ڕاگرتنی قەلەم بەرزراگرین پێویستدەکات کەهەڵوێستەیەکی زیاتربکەین و بزانین چیترمان پیدەکریت!
بەدلنیای کێشە گەورەکە ئەوەیە کە قەلەمرەوی ئازادی بەیان و بیروڕادەربڕین لە کوردستاندا لەبەردەم هەرەشەو مەترسیدایە. کەدیارە دەسەلات و حزبە سیاسەیەکان پشکی سەرەکی و بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆدایە؛ بۆیە دەبێت هەموو ئەو ڕێگەو میکانیزمانە بگرینە بەر کە دەتوانێت پەنجەرەیەک بە ڕووی ئازادیدا زیاتر بکاتەوە. دیارە لە چەند ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەیەکی فراوان بۆ داکۆکیکردن لەئازادی بیرورا دەربڕین لەمەیدانابووە کە بەدروست ئەمە لەنیو شەپۆلێکی فراوان لەپەنابەرانی ئازادیخوازو هەلسوراوانی داکۆکیکەر لەئازادی بیرورا لەهەندەراندا جێگەی پشیتیوانی کردن بووە. بەلام گیروگرفتی سەرەکی ئەم جولانەوەیە لەوەدایە کە تەنیاو تەنیا لەبازنەی داخراوی خۆماندا سوراوەتەوە و لەکەمترین ئاستدا نەچووتە نیو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەم ولاتانەو نێو پەرلەمان و نیهادە نیوەنەتەوەیەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکردن لە ئازادی بەیان و بیرورادەربڕین. ئەگەر چەند حالەتێکی ئەنگوشت ژماریش هەبووبن تەنیا هەولێکی سەرەتای کاتی بووە. تائیستە نەمانتوانیووە لەدەوری پلاتفۆرمێکی دیاریکراو بۆ گوشار خستنەسەر حکومەتی هەریمی کوردستان کۆبینەوەو بیانخەینە بەردەم گۆشاریکی نیونەتەوەی بەردەوام تا هەموو ئازادیخوازان لەهەر گۆشەو کەناریکی دنیا بتوانین لەڕێگەی فراوانکردنەوەی ئەم تۆری هاوپشتیەی ئازادی بەیان وبیرادەربین بەهێزتربکەین. ئەوەی کە ماوەتەوە بیلین، ئەوەیە وەلامدانەوە بەم بۆشاییەو خستنەرێ جولانەوەیەکی کاراو ئامانجدا ئەرکی هەموو ئینسانیکی ئازایخوازو بەتەنگەوەچووی ئازادی بەیان و بیرورادەربریتە!

بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف




له‌ ٨ ی مارسدا، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مانیفێست … جه‌مال موحسین

’’خێزانی ئێستا، خێزانی بۆرژوازی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دامه‌زراوه‌؟ له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رمایه‌ و داهاتی شه‌خسی. ئه‌م خێزانه‌ له‌ شێوه‌ هه‌ره‌ پێگه‌یشتووه‌كه‌یدا ته‌نها له‌ نێو
بۆرژوازیدا بوونی هه‌یه‌. له‌ كاتێكدا ته‌واوكه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نه‌بوونی به‌ كرده‌وه‌ی خێزانه‌ له‌نێو پرۆلیتاریا و له‌شفرۆشی گشتیه‌. خێزانی بۆرژوازی كاتێك له‌ناوئه‌چێ كه‌ ئه‌م ته‌واوكه‌ره‌ی له‌ناوبچێ و ئه‌م دوانه‌ش ته‌نها به‌ له‌ناوچوونی سه‌رمایه‌ له‌ناوئه‌چن. ئایا ئێمه‌ به‌وه‌ تاوانبار ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌مانه‌وێ كۆتایی به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی مناڵان له‌لایه‌ن دایك و باوكه‌وه‌ بهێنین؟ ئێمه‌ دان به‌م تاوانه‌دا ئه‌نێین.

به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌ڵێن كه‌ ئێمه‌ پیرۆزترین په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ناوئه‌به‌ین كاتێك په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌خه‌ینه‌ جێی‌ په‌روه‌رده‌كردنی ناوماڵ. ئه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی خۆتان چییه‌؟ ئایا ئه‌ویش كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ و به‌و هه‌لومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دیارینه‌كراوه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا ئێوه‌‌ له‌ ڕێی ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆی كۆمه‌ڵگاوه‌ له‌ ڕێی قوتابخانه‌ و شتی تره‌وه‌ پێی په‌روه‌رده‌ ئه‌كرێن؟ كۆمۆنیسته‌كان ده‌ستێوه‌ردانی كۆمه‌ڵگایان له‌ په‌روه‌رده‌دا دانه‌هێناوه‌، به‌ڵام ته‌نها هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه‌ شێوازی ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ بگۆڕن و په‌روه‌رده‌ له‌ كاریگه‌ری چینی ده‌سه‌ڵاتدار بپارێزن. قسه‌ پوچه‌كانی بۆرژوازی سه‌باره‌ت به‌ خێزان و په‌ره‌وه‌رده‌، سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی پیرۆزی مناڵ و دایك و باوك ئه‌و كاته‌ زیاتر قێزه‌ون ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ به‌بۆنه‌ی كرده‌وه‌كانی پیشه‌سازی مۆدێرنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌ خێزانیه‌كانی پرۆلیتاریا له‌به‌ریه‌ك ئه‌ترازێ و مناڵه‌كانیان ئه‌بنه‌ كه‌ره‌سه‌ی بازرگانی و ئامێری كار. بۆرژواكان تێكڕا هاوار ئه‌كه‌ن: ئاخر ئێوه‌ كۆمۆنیسته‌كان ئه‌تانه‌وێ به‌ كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی ژنان بخه‌نه‌به‌رده‌م. كاكی بۆرژوا ژنه‌كه‌ی ته‌نها وه‌ك ئامڕازێكی به‌رهه‌مهێنان ئه‌بینێ.

ئه‌و كه‌ گوێی له‌وه‌ ئه‌بێ كه‌ ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌بێ به‌ كۆمه‌ڵ لێی به‌هره‌مه‌ند بن، ئیدی به‌ شێوه‌یه‌كی خۆرسك به‌ ئاكامێكی تر ناگات جگه‌ له‌وه‌ی هه‌مان شت ژنانیش ئه‌گرێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌سڵه‌ن هه‌ر به‌لای ئه‌وه‌دا ناچێت كه‌ مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نه‌هێڵی كه‌ ژنان ته‌نها وه‌ك ئامڕازێكی به‌رهه‌مهێنان ببینرێن.‘‘ مانیفێستی حزبی كۆمۆنیست_ به‌شی دوو: پرۆلیتاریا و كۆمۆنیسته‌كان.

مه‌سه‌له‌ی ژنان له‌ كوردستان زۆر جار به‌ شێوازی جیاواز باسی لێوه‌ ئه‌كرێ. بۆ نمونه‌ هه‌ندێك كه‌س ئه‌ڵێن كه‌ ژن له‌ كایه‌ی سیاسیدا كه‌مه‌. ئه‌ڵێن ڕێژه‌ی ژنان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و داموده‌زگاكان كه‌مه‌. ئه‌ڵێن عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی و پیاوسالاری و باوكسالاری باوه‌ بۆیه‌ ژن وا وه‌زعی خراپه‌. ئه‌ڵێن خه‌تای ژن خۆیه‌تی و به‌ڵا به‌سه‌ر خۆی دێنێ و نایه‌وێ ڕزگار بێ.
ئه‌ڵێن فه‌رهه‌نگ و كولتوری ژێرده‌سته‌یی ژن و ته‌نانه‌ت شه‌ریعه‌ت زاڵه‌ ئه‌گینا ژن ڕزگاری ئه‌بوو. ئه‌ڵێن ژنان عه‌قڵیه‌تی ڕۆشنگه‌ریان پێویسته‌…. یان كاتێ به‌ لێشاو ژنانێك ئه‌كوژرێن، باس دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ژن وه‌ك ئاژه‌ڵ سه‌یر ئه‌كرێ. ته‌نانه‌ت هه‌شن ئه‌ڵێن گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ماكانی ئیسلام ئیتر ژن موزعه‌زه‌ز و موكه‌ڕه‌م و موحته‌ره‌م ئه‌بێ و ئیتر ’’به‌هه‌شت ئه‌كه‌وێته‌ ژێر پێی ژنان ‘‘…… وه‌ زۆر شتی تر كه‌ به‌ ناوی ژن و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌ری و ڕزگاریه‌كه‌یه‌وه‌ ته‌واو ئه‌بێ. له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ له‌ فیمینیزمی ئاینی كه‌ گوایه‌ ژن له‌ژێر سایه‌ی دیندا ڕێزداره‌، ئه‌مه‌وێ به‌ یه‌ك دێڕ بڵێم پوچی ئه‌و قسه‌یه‌ تاكه‌ یه‌ك چركه‌ش هه‌ڵناگرێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ی.

هه‌موو ئه‌و ترێندانه‌ی تر كه‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی ژن خۆی گرنگه‌، ئه‌بێ خۆی ڕزگار بكا، جێنده‌ر سروشتیه‌ و ئه‌بێ هه‌ر ببێ، دین نابێ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵ بێ، فه‌رهه‌نگ و كولتور بگۆڕدرێ، عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی و عه‌شیره‌تی ئه‌بێ فڕێ بدرێ…. لێكدانه‌وه‌ و گریمانه‌یه‌كن كه‌ له‌به‌رده‌می خۆیان زیاتر هیچ نابینن. ئه‌وه‌ نابینن، ئاخر باشه‌ گه‌ر سه‌د ساڵ یاخود ته‌نانه‌ت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیارده‌یه‌ك هه‌بووه‌، با بڵێین به‌رده‌باران، به‌ زۆر به‌شوودان، كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، لێدان له‌ ژن، سوكایه‌تی به‌ ژن، به‌ خزمه‌تكاركردنی ژن….. بۆچی له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا بوونیان هه‌یه‌؟! میراتی كۆنه‌ به‌ڵام بۆچی كۆمه‌ڵگای پڕ پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕه‌ فراوانه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌كنه‌لۆجی ده‌ستی به‌مه‌وه‌ گرتووه‌ و ئه‌یپارێزێ؟
ئه‌م مه‌سه‌له‌ و پاساوانه‌ی بۆ بۆچوونه‌كانی تر بوونی هه‌یه‌ و پێوه‌ی مه‌شغوڵن، بۆ كۆمۆنیستێك و هه‌ڵسوڕاوێكی ماركسیستی جگه‌ له‌ ڕووكه‌ش ناتوانێ شتێكی تر بێت. پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌بێ ئه‌وه‌ بێ كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م شتانه‌ چییه‌؟ چونكه‌ كاتێك بۆ نمونه‌ باسی نه‌خۆشیه‌ك ئه‌كرێ له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخدا قسه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بۆچی میكرۆب، به‌كتریا یان ڤایرۆسی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بوونی هه‌یه‌، قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م دنیا پێشكه‌وتووه‌دا بۆچی هێشتا بوونی هه‌یه‌؟
گه‌ر ئێمه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی میتۆدۆلۆژی ماركس و به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ی ماتریالیزمی دیاله‌كتیكه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین كه‌ هیچ دیارده‌یه‌ك له‌ خۆیه‌وه‌ نایه‌ته‌ بوون و له‌ خۆشیه‌وه‌ له‌ناو ناچێ، كه‌وایه‌ ئه‌بێ‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێستادا بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی دژ به‌ ژنان بگه‌ڕێین.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ خودی مانیفێست ده‌ستمان پێكرد و نیشانمان دا كه‌ بۆرژوازی خودی ژنان وه‌ك ئامڕازی به‌رهه‌مهێنان ئه‌بینێ، با چاوێكیش له‌ به‌رنامه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاری، به‌رنامه‌ی دنیایه‌كی باشتر بكه‌ین. له‌ دنیایه‌كی باشترا و له‌ به‌شی دووی لانی كه‌مدا، یه‌كسانی ژن و پیاو، قه‌ده‌غه‌كردنی جیاكاری له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌زیدا هاتووه‌ كه‌:’’خودی‌ سته‌مكێشیی ‌‌و پلەدوویی‌ ژنان لە داهێنانی‌ نیزامی‌ سه‌رمایه‌داری‌ نییه‌. به‌ڵام سه‌رمایه‌داری‌ ئه‌م میراته‌ نه‌فره‌تهێنه‌ره‌ی‌ مێژووی‌ له‌وه‌‌پێشی‌ پەرەپێداوه ‌‌و كردوویه‌تیه‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئابووری‌‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌. ڕه‌گ ‌و ڕیشه‌ی‌ نایه‌كسانی ‌‌و بێمافیه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ ژنان، ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بیروباوه‌ڕی‌ كۆن ‌و میراتی فیكری ‌‌و كه‌لتووریی‌ نیزام‌ و كۆمه‌ڵگا کۆن ‌و له‌ناوچووه‌كان ‌و په‌یامبه‌ران‌ و دیانه‌ته‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ جاهیلیه‌ت، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای‌ سه‌رمایه‌داری‌ پیشەسازی ‌و مۆدێرنی‌ ئه‌مڕۆ. ئه‌و نیزامه‌ی‌ كه‌ وه‌كو فاكته‌رێكی‌ گرنگی‌ ئابووری ‌‌و سیاسی‌ ده‌ڕوانێته‌ دابه‌شبوونی‌ ڕەگەزی‌ ئینسانه‌كان له‌مه‌یدانی‌ به‌رهه‌مهێناندا بۆ زامنكردنی‌ قازانجی‌ سه‌رمایه‌. مرونه‌ت بەخشین بە‌ هێزی‌ كار لە کارپێکردن ‌و دەرکردندا، پێكهێنانی‌ دووبه‌ره‌كی ‌‌و كێبه‌ركێ ‌‌و كێشمه‌كێشی‌ ناوخۆیی له‌نێو بەرەی‌ خەڵکی‌ كرێكاردا، زامنكردنی‌ بوونی‌ به‌شه‌ بێبەشترەکان له‌نێو خودی‌ چینی‌ كرێكاردا كه‌ له‌خواره‌وه‌ ڕاگرتنی‌ ئاستی‌ ژیانی‌ هه‌موو ئه‌م چینه‌ مه‌یسه‌ر ده‌كات‌، و سه‌ره‌نجام له‌كه‌داركردنی‌ هه‌ستی‌ ئینسانی ‌‌و چینایه‌تی‌ كۆمه‌ڵانی‌ كرێكار ‌و زیندوو هێشتنه‌وه‌ی‌ بیروبۆچوون ‌و ئه‌فكار ‌و ده‌مارگیریه‌ كۆن ‌و سواو ‌و ئیفلیجكەره‌كان، ئه‌مانه‌ خێروبه‌ره‌كه‌ته‌كانی‌ سته‌مكێشیی‌ ژنانه‌ بۆ سه‌رمایه‌داری‌ مۆدێرنی‌ ئه‌مڕۆ ‌و له‌هه‌مان كاتدا به‌شێكن له‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ كه‌ڵه‌كه‌ی‌ سه‌رمایه‌ له‌ دنیای‌ ئه‌مڕۆدا. به‌ده‌رله‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری‌ له‌زاتی‌ خۆیدا ‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كسانی‌ ژناندا دێته‌وه‌ یان نا، سه‌رمایه‌داری‌ كۆتایی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌م نایه‌كسانیه‌ بیناكردووه ‌‌و به ‌سووك ‌و ئاسانی ‌‌و به‌بێ ‌بەرەنگاری‌ سه‌رسه‌ختانه ‌‌و زه‌بروزه‌نگاوی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ نابێت.‘‘

شیكردنه‌وه‌ و وردكردنه‌وه‌ی وته‌كه‌ی ماركس و ئه‌نگڵس و ئه‌م به‌نده‌ی به‌رنامه‌ به‌سه‌ر واقعیه‌تی كوردستاندا ئه‌توانێ له‌ ڕاستی مه‌سه‌له‌كان نزیكمان بكاته‌وه‌. چی له‌وه‌ ساده‌تره‌ ژنان له‌سه‌ر كار ده‌ربكرێن و به‌ بیانوی خێزان ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ بكرێنه‌وه‌؟ واته‌ كردنیان به‌ به‌شێك له‌ سوپای هێزی كرێكاری بێكاركراو! پاشان چیش له‌وه‌ ئاسانتره‌ كه‌ ئه‌م به‌شه‌ له‌ چینی كرێكار كه‌ ڕه‌وانه‌ی ماڵ كراوه‌ و ته‌واوی كاری ماڵ، به‌خێوكردنی مناڵ، خواردن ئاماده‌كردن و جلشتن و ماڵداری به‌ گشتی، كه‌ به‌بێ كرێ ئه‌بێ ئه‌نجامی بدات، بكرێ به‌ گژی چینی كرێكاردا؟ بۆرژوازی به‌مه‌ دووبه‌ره‌كی و به‌گژدایه‌كردن ئه‌خوڵقێنێ. چ جای سوكایه‌تی و لێدان و توندوتیژی ناوماڵ و كۆمه‌ڵگا كه‌ هه‌ستی ئینسانی و چینایه‌تی ئه‌م به‌شه‌ له‌ چینی كرێكار له‌كه‌دار ئه‌كات.

چ جای ئه‌وه‌ی كه‌ ژن ئه‌بێ قبوڵی بكات كه‌ ئامڕازێكی به‌رهه‌مهێنانه‌، به‌رهه‌مهێنانی خواردن و هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كان بۆ خێزان به‌ خۆڕایی و له‌وه‌ش واوه‌تر ئامڕازی دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی نه‌سڵی ئینسانیشه‌. ئه‌بێ سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ئه‌رك و قورسایی و سوكایه‌تیه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌ستۆ بگرێ كه‌ نه‌وه‌كانی چینه‌كه‌ی خۆی بۆ سبه‌ینێی سه‌رمایه‌دار، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی قازانجی سه‌رمایه‌دار، بۆ زێده‌بایی دووباره‌ به‌رهه‌م بهێنێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت كوشتنی ژنان، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش شان له‌ شانی نادات بۆته‌ ئه‌و زۆمبیه‌ وه‌حشی و ترسناكه‌ی كه‌ ژنانێك كه‌ ناكه‌ونه‌ ژێر چه‌قۆی ژه‌نگاوی پیاوسالاری و دڕه‌نده‌یه‌تی شه‌رفپاراستنه‌وه‌، ئه‌بێ كۆڵێك مه‌منون بن و به‌و جێگه‌وڕێگایه‌ی كه‌ باسمان كرد ڕازی بن، ته‌نها به‌ نرخی ئه‌وه‌ی له‌ ژیاندا بمێننه‌وه‌ و بتوانن دووباره‌ به‌رهه‌مهێن بن.

به‌رهه‌م بهێنن تاكو كرێكارێك كه‌ سه‌رچاوه‌ی قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌یه‌ بۆ چینی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌میشه‌ هه‌بێ، به‌رهه‌م بهێنن تاكو ته‌نانه‌ت سوپای چه‌كداری حزبه‌كان، حزبه‌كانی كوردایه‌تی و میلیشیاكانیان دابین بكه‌ن. به‌ڵێ، ژنان ئامڕازێكی به‌رپرسن له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامانی چینی باڵاده‌ستی كورد پێویسته‌.

له‌ ژنه‌ كنگر فۆرشه‌كانی سه‌رشه‌قامه‌كانه‌وه‌ تاكو ژنانی ئاواره‌ی ژێر جه‌مه‌لۆن و كوخه‌ نایلۆنیه‌كان، تاكو كرێكاران و فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌كان، قوتابخانه‌كان، زانكۆكان، تاكو ژنه‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌كان، تاكو ژنه‌ ناچاركراوه‌كان به‌ له‌شفرۆشی…… هه‌مووی چاوی ته‌ماحی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ره‌ وه‌ك ئامڕازێكی به‌رهه‌مهێن یاخود به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ تاكو نه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ی كرێكاری خامۆش و چاوله‌ده‌ست، هه‌رزان و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی بێكاركردن و ته‌نانه‌ت میلیشیای پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵات پێبگه‌یه‌نێت، جا چ به‌ ئیستغلاكردن و لاقه‌كردن و ناچاركردنی ژنان به‌ له‌شفرۆشی بێ یاخود به‌ شێوازی تر… ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ووترێت مه‌سه‌له‌ فه‌رهه‌نگه‌، خێزانه‌، توندوتیژیه‌، وابه‌سته‌یی ژنه‌ به‌ ئابوری پیاو و شتی له‌و بابه‌ته‌وه‌، هه‌مووی ده‌رهاویشته‌ی دیارده‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیتر و بناغه‌ییترن نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌تای پیاوه‌ وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی تر و پیاوسالاری و شتی له‌م بابه‌ته‌یه، وه‌ك دیارده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ‌.
كه‌وایه‌ گه‌ر هیچ دیارده‌ و شتێك له‌ خۆیه‌وه‌ په‌یدا نابێ و هه‌رواش نافه‌وتێ مه‌بده‌ئێكی سه‌ره‌كی بێ، ئه‌توانین له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ چه‌وسانه‌وه‌ و پله‌دووی ژنان سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورده‌ و كاری پێیه‌تی و ئه‌یپارێزێت و ئه‌یهێڵێته‌وه‌. به‌هۆی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوونی كاری ناوماڵه‌وه‌ و نه‌دانی هیچ بیمه‌یه‌ك به‌ ژنانی بێكار ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد ملیاره‌ها دۆلار بۆ خۆی گل ئه‌داته‌وه‌… ئیتر بوونی فه‌رهه‌نگی پیاوسالاری و پاراستنی یاسا و ڕێسا دینیه‌كان و ئه‌و یاسایانه‌ی بره‌و به‌ ژێرده‌سته‌یی و پله‌دوویی ژن ئه‌ده‌ن سه‌رخانێكن كه‌ بۆ ئه‌و ژێرخانه‌ پێویستن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌وسانه‌وه‌یه‌ش له‌ناوببرێ، ئه‌بێ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ناوببرێ و هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ هه‌روه‌ك ماركس و ئه‌نگڵس له‌ مانیفێستدا جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌، واته‌ سۆشیالیزم كه‌ ئه‌بێ هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌بێ ده‌ستمان كورت بهێنێ له‌وه‌ی خه‌بات بكه‌ین بۆ هه‌رجۆره‌ باشبوونێك له‌ ژیانی ژناندا، له‌ پایه‌داریبوونی ڕێزیاندا له‌ خێزان و كۆمه‌ڵگادا، له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه‌كانیاندا، له‌ كۆتاییهێنان به‌ كوشتنی به‌ لێشاوی ژناندا، له‌ بڕینی ده‌ستی دین و شه‌ریعه‌ت به‌سه‌ر ژیانیاندا.… به‌ڵام گه‌ر بمانه‌وێ كۆتایی به‌ ژێرده‌سته‌یی و پله‌دوویی ژنان بهێین ئه‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بناغه‌كه‌ی. ئه‌م ئاوه‌ له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ لێڵه‌!

٨ ی مارسی ٢٠١٧




لە مەلا مستەفاوە دەستپێبکەن … هیوا خۆشناو

ئەو یادەی کە ئەوڕۆ کۆمەڵێک کەس دێنێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و شانۆی ساڵۆنە حیزبیەکان، ئەوە ناهێنێ خۆیانی پێ بادەن و دەماری ناسیۆنالیزمی حیزبی کوردی پێ ڕەپ بکەن. ئەو یادە بەتەنیا شایانی ئەوەیە خوێندنەوەیەکی زانسی بۆ فەلسەفەی کوردایەتی بکرێت و لەو ڕۆژەدا هەموو ساڵێک جەستەی ناسیۆنالیزمی کوردی کلاسیکی لەگۆڕ بنرێ.

ئێمە هەموومان گیرۆدەی چاکەتێکین، ئەویش چاکەتی کوردایەتیە کە بە دەستی پارتی و لە سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی درواوە لە بەر هەموومانیان کردوە. کەسمان ناتوانین ئەو چاکەتە کە پڕە لە ڕشک و ئەسپێ داکەنین و فڕێیبدەین. لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا جەلال تاڵەبانی، لەویشەوە تا نەوشیروان موستەفا بەردەوام هاواریان کرد و دەنگی “نا” یان لە بەرانبەر بارزانیدا بەرزکردەوە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەبو:
سەرجەمیان سەرکردەی خاوەن فکر و ئێدۆلۆژی نەبون کە بتوانن ١٠ مەتر لە کوردایەتیەکەی مەلا مستەفا دوورکەونەوە. مەلا مستەفا چۆن توانی لە ڕێگای چەکدارانی کوردایەتی خێڵەکانی وەک” ڕێکانی، زێباری، سورچی و برادۆستی” سەرکوتبکات و ناچاریان بکات ببن بە جاش، توانی هەمان شت بەسەر سەرکردە شاریەکانی “کوڕە یاخیەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی”تاقی بکاتەوە و ئیبراهیم ئەحمەدی کرد بە جاش. جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان بە هەمو هێزی خۆیانەوە توانیان یەک شت بگۆڕن لە مێژوودا ئەویش: دوای ساڵانی ٨٠ کان خۆیان نەبون بە جاش، بەڵکو لە ئەنجامی سەرجەم ململانێکانیاندا لەگەڵ بزووتنەوەی فیوداڵی کوردایەتی، پارتیان کرد بە جاش. بەڵام بەجاشکردن دەوڵەمەندی و بەهێزی لێکەوتەوە.

پارتی هەر لە بنەڕەتەوە حیزبێکی سیاسی نەبوە، بەڵکو جیهازێکی موخابەراتی لە دەستی هێزە ئیقلیمیەکان. لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا و کوڕەکانی ئامانجی یەکەمینیان لە کوردایەتی بێهێزکردن و سەرکوتکردنی خێڵە کوردیەکان بوە نەک کوردایەتی، هەر لە سەرەتاوە وەک جیهازێکی موخابەراتی لە دەستی هێزە ئیقلیمیەکان بونە.
لەبەر ئەوەی پرەنسیپی بزووتنەوەی کوردایەتی لە بنەڕەتدا بریتی نەبوە لە نیشتیمان پەروەری، بەڵکو بریتی بوە لە سەرکەوتنی خێڵیک بەسەر خێڵەکانی دیکە، جاشایەتی عەیب نەبوە و ئێستاکەش لە باشوور جاشایەتی بە هەمو مۆدێلەکانی مەوجودە و عەیب نیە. لەو فەلسەفەیەدا سەرکەوتن گرینگە جا بەهەر جۆرێک دەبێ. هاوکات بەزین و شکست عەیبە ئەگەر لە پێناوی ئازادیش بوبێ. ئەی ئەوە نیە دوای هەر خیانەتێک، دوای هەرجارێک کە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ژێرناوی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆدا، ئاڵا تەزویرەکەی بەرز ئەکاتەوە و بەپێش سوپای بێگانە ئەکەوێ، ئەچینەوە لای و ئەڵێین:
-بکراکوژی بەسە!
-براو برا بەردەوام شەڕدەکەن و ئاشت دەبنەوە!
-لە هەموو شوێنێکی دوونیادا براکوژی هەبوە!
-ئیتیفاقی ستراتیژی!!
-حکومەتی بنکەفراوان!!
-ئیتر سبەی چیدیکە دەکەین جارێ نازانین؟

ئەگەر نەتوانین و بوێری ئەوەمان نەبێت کوردایەتی، ڕاپەڕین و پێشمەرگە ڕەخنە بکەین کە هەرسێکیان وەکو بەنزین بۆ مانتۆڕی کوردایەتی خێڵەکی ئەسوتێن، ناتوانین ئەو چاکەتە داکەنین. ئەگەر نەتوانین واز لە بەکارهێنانی چەمکە بێماناکەی براکوژی و کورد کوژی بێنین کە لە هەناوی ئەوانەوە دەرکەوتوەو خزمەت بەوان دەکات و هیچی لێ شین نابێ، ئەوا ناتوانین لەو شەڕفرۆشیەی پارتی ڕزگارمان ببێ کە ئامانجەکەی گەیشتنە بە میرنشینی و ویلایەتی نوێی دەوڵەتی عوسمانی بەسەرکردایەتی خەلیفە ئەردۆغان. ئەگەر نەتوانین و نەوێرین مێژووی خۆمان ڕەخنە بکەین، هەرگیز ناتوانین لە سێکوچکەی “ئاک – داعش – پارتی” بگەین.

پێشمەرگە کە سەرجەم مێژووەکەی بە شەڕی گوایە براکوژی پڕکراوەتەوە، چ دوێنێ و چ ئەوڕۆ جگە لە گەوجاندنی خەڵک هیچی دیکە نەبوە. ئەگەر کۆمەڵێک کەسی نیشتیمانپەروەر و دروستی لێدەرخەی پێشمەرگایەتی جگە لە حەرەسی بەردەرگای ئاغاکانی کوردایەتی هیچی دیکە نەبوە و نیە.

خوێندنەوەیەکی ڕاست بۆ ڕاپەڕینی ١٩٩١ مەحاڵە ئەگەر ئەقڵیەتی تەسلیمگەرایی کورد شینەکرێتەوە. ڕاپەڕین، هەڵهاتن و ڕێککەوتن سێ کەربن لەناو دەمی ئەقڵیەتی تەسلیمگەری کوردا. ئێمە پێویستمان بە ددانساز نیە، بەڵکو پێویستمان بە ددان کێشێکە کە بەلای کەمەوە تاوای کێشانی ئەو سێ کەربەی هەبێ کە چەندین ساڵە ڕەگیان لەناو دەم و ددانی کورد داکوتاوە. ڕاپەرین شتێک نەبو دوژمنانی لێی بترسن. ئەوان “داگیرکەران” بەر لە ڕوناکبیرانی ئێمە، بەر لە حیزبە “گوایە ئۆپۆزیسیۆنەکان”مان ئەیانزانی ڕاپەرینی بێ بەرنامەی ئێمە، وەک سوتانی پوش و پاوان وایە و دوای چەند خولەکێک ئەکوژێتەوە. هەربۆیە دوای یەک ساڵ لە گوایە ڕاپەرینە پیرۆزەکە، بزووتنەوەی کوردایەتی کوردستانی عێراقیان کردە تۆپێکی ئاگرین و فڕێیاندا ناو ماڵی کورد بە گشتی و بەشەکانی کوردستان بەتایبەتی. ئەوڕۆ لە یادی هەمان بۆنەدا ئەو تۆپە فڕێدەدرێتە شەنگال و ڕۆژئاوا لەژێرناوی دەوڵەتی کوردی و لە ژێر سێبەری ئاڵا تەزویرکراوەکەدا، بە پێشەنگی پێشمەرگە پەروەردەکراوەکانی دەستی میتی تورکی. بۆیە ئەوەندەی ئەوان دوای ڕاپەرین کۆمەڵگە و کەسایەتی کوردیان وێرانکرد، هەرگیز هیچ یەکێک لە داگیرکەران نەیانتوانی ئەنجامی بدەن.

هەڵسەنگاندنی ڕاپەرین و جیاکردنەوەی لە هەڵاتن، مفاوەزات، ئەنفال، هێنانەوەی داگیرکەران و لێدانی کوردانی بەشەکانی کوردستان، جگە لە گەمژەیی هیچی دیکە نیە.
ئەدەبیانی بزووتنەوەی سیاسی کوردە پڕە لەو جۆرە حیکایەتانەی سەرەوە و لە هەمووشیان گرینگتر و گەمژەتر حیکایەت و ئەدەبیاتی “براکوژی-خۆکوژی یان کورد کوژی”!! ئاخر کەی دووبرا بە قسەی دووژمنەکانیان بەشەڕهاتوون؟ کەی براکان کاتێ شەڕدەکەن بەپێش دووژمنەکانیان ئەکەون و بەر لە شەڕەکە سەردانی ئاغاکانی تاران و ئەنکەرە دەکەن؟

ڕاپەرینی بێ بەرنامە، بێ سەرکردە و بێ ڕێکخراوی پێشەنگ و بێ هێزێکی بەرگری نیشتیمانی پەروەردەکراو کۆتاییەکەی جگە لە ئاشبەتاڵ، کۆڕەو، هەڵەبجە و ئەنفال و ….هتد هیچی دیکە نیە. ئەو ئەقڵیەتە خێڵەکیە تاڵانچیەی کوردایەتی کە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینەکانی کوردی کردوە، بەردەوام لە کاتی لاوازی دوژمنێکی، دەستی دوژمنێکی دیکەی گرتوە و لە دوژمنەکەی دیکەی داوە. زۆربەی جاریش بە دەستی دوژمنێک لە بزووتنەوەیەکی “کوردی” لەخۆ پێشکەوتوتری داوە. کاتێک دوژمنەکانیش دەستیان بەرداوە، یان تەسلیم بوە یان ئاشبەتاڵی کردوە و خۆی و خێزانەکانیان چونەتە دەرەوە و خەڵکەکەیان تەسلیمی ئەنفالچیەکان کردوە. تراژیدیاکانی ١٩٧٤، ئەنفالەکەی ١٩٨٧ – ١٩٨٨، کۆڕەوەکەی ١٩٩١ و لە دواییدا کارەساتەکەی شەنگاڵ ئەنجامی و تاقە بەرهەمی ئەو ئەقڵەن. ئێستاش هەوڵ ئەدەن هەمان تراژیدیا لە ڕۆژئاوا و شەنگالدا دووبارە بکەنەوە.
ئەوانەی ناتوانن دەوڵەتە کوردیەکەی بارزانی کە لە سێکوچکەی “ئاک – داعش – پارتی” سەما دەکات بخەنە ژێر زبڵدان، جگە لە دروشمە بێماناکە لەسەر دیوارەکانیان “نا بۆ شەڕی براکوژی” هیچی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە.




سۆشیالیزم چیە و چۆن چۆنی لە توانادایە؟ … حەمید تەقوایی


گفتوگۆی شەهلا دانشڤەر لەگەڵ حەمیدی تەقوایی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوە: هیوا ئەحمەد


شەهلا دانشفەر: کاتێک دەڵێین شۆڕشی سۆشیالیستی، ناوەرۆکی ئەو شۆڕشە و تایبەتمەندیەکانی چییە؟ تێڕوانینی ئێوە بۆ سۆشیالیزم چییە؟

حەمید تەقوایی: شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشێکە لە پێناو حورمەت و ڕزگاری مرۆڤدا. ئێمە دەمێکە ڕامانگەیاندوە کە بناغەی سۆشیالیزم مرۆڤە. ئەڵبەتە ئەو سۆشیالیزمەی کە ئێمە دەیڵێین، کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەیڵێت. ئەزانم کە لەژێر ناوی سۆشیالیزمدا زۆر کاریان کردوە لە جیهاندا… بەڵام ئەو سۆشیالیزمەی کە ئێمە حیزبمان بۆ پێکهیناوە و شەڕی لە پێناودا ئەکەین وە لە بەرنامەی “دنیایەکی باشتردا”ڕونمانکردوەتەوە، بناغەکەی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە. وە لە کۆتاییدا شۆڕشی سۆشیالیستی شۆڕشێکە کە دەیەوێت مرۆڤەکان بەمانای فراوانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ماف، یاسایی و فەرهەنگی ڕزگار بکات. دەیەوێت مرۆڤ لە هەڵاواردن، نایەکسانی، لە بێمافی وبێڕێزی ڕزگار بکات. شۆڕشی سۆشیالیستی، تەنها شۆرشێکە کە دەتوانێت ئەو نەخشە بگێرێت، چونکە لە ماوەی ڕابردودا شۆڕشگەلێکی جۆراوجۆرمان هەبووە. بۆنمونە وڵاتێک شۆڕش دەکات بۆ ئەوەی زنجیری داگیرکەر (ئیستیعمار) بشکێنێت و هەروەک دەڵێن سەربەخۆ بێت لە وەڵاتی داگیرکەر، یا وڵاتێک شۆڕش دەکات وەک ئەفریقای باشور دژ بە هەڵاواردنی نەژادی لەپێناو ئەوەی کە ڕەشپێستەکان مافی دەنگدان بەدەستبهێنن و بە ناونیشانی هاوڵاتی بە فەرمی بناسرێن، وە وڵاتێک شۆڕش دەکات لە پێناو ئەوەی دواکەوتوییەکانی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی بنێتەلاوە و بچێتە ناو دنیای سەرمایەدارییەوە. ئەوانە بەدڵنیاییەوە هەنگاوگەلێکن بۆپێشەوە و خواست و داواکاریگەلێکی ڕەوا ئەخەنە ڕوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم شۆڕشانە بە شیوەیەکی گشتی، مرۆڤ و بەرژەوەندی و خواستە مرۆییەکان ناکەنە بنەما و چەقی کاریان، بەشەێک لە کۆمەڵگە با وایدابنێین کە لەپێناو بەدەستهێنانی ماف وئازادیەکان یان دیموکراسیدا یان پاشەکشەکردن بە دواکەوتویەکانی دەرەبەگایەتی، شۆڕشیان بەرپاکردوە، وە شۆڕشگەلێک کە لە دوسەد یا سێسەد ساڵی ڕابردودا بینیومانن، شۆڕشگەلی لەم جۆرە بون. کاتێک ئێمە باس لە شۆڕشی سۆشیالیستی ئەکەین، واتە شۆڕشێک کە ئەیەوێت کۆتایی بهێنێت بە تەواوی مێژوی هەڵاواردن و نایەکسانی کە بنەماو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەبونی چینەکان لە کۆمەڵگادا، وە بەوتەی مارکس ئەیەوێت مێژوی ڕابردو کۆتایی پێبهینیت و پێبنێتە ناو “مێژوی مرۆڤایەتییەوە”، “مێژووی مرۆیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی”. وە لە ڕاستیدا شۆڕشیک کە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکاتە بنەما وچەقی کۆمەڵگا، بنەما وچەقی سیاسەت، ئابوری و بەگشتی بنەمای بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارەکان و جگە لەمە هیچ شتێکی تر نەکاتە بنەماو پێوەر. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بەگشتی تەنها “قازانج و سود” بنەما وچەقی سوڕانەوەی چەرخی ئابورییە و پێوەر تەنها بەدەستهینانی قازانج و سودە. لە کۆمەڵگای دەرەبەگایەتیشدا بەهەمان شێوە بوە، بەرژەوەندی خاوەن موڵک و خانەدانەکان بنەما وچەقی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بوو. بەڵام لە کۆمەڵگای سۆشیالیستیدا خۆشگوزەرانی، ئازادی و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان،سەربەخۆ لە نەژادیان، ئاینەکانیان، ڕەگەزیان و… وەک بنەما وچەقی کاری خۆی دائەنێت و بەم ناونیشانە لەیەک ڕستەدا، سادەو ڕۆشن ئەبێت بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی شۆڕشێکە لەپێناو ڕزگاری مرۆڤ و شوناس و کەرامەتی ئەودایە.

شەهلای دانشفەر: لە پێناو شۆڕشیکی لەو شێوەیەدا ئێوە چۆن دەتوانن کۆمەڵگا هەڵخرێنن وبیخەنە جوڵە؟

حەمید تەقوایی :خەبات وتێکۆشان لە کۆمەڵگادا هەیە، بونی هەیە. هەتا ئەو کاتەی بێ مافی، هەژاری و جۆرەها فشارو هەڵاواردن هەیە، لە دەوری ئەو کێشانە بزوتنەوەکان دروست دەبن، ناڕەزایەتی دروست دەبێت. ئەگەر هەر کۆمەڵگای ئێرانی ئەمرۆ تەماشابکەین بەئاشکرا ئەوە دەبینین، بزوتنەوەی دژی حیجابی ئیسلامی، بزوتنەوەی دژی سزای لەسیدارەدان، بزوتنەوەی کرێکاران بۆ ئەوەی کە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، بزوتنەوەی دژی شورا ئیسلامیەکان و ماستاوچیەکان، لە دژی ئەوەی کە کرێکانیان نادەنی بۆئەوەی لە لانی کەمی خۆشگوزەرانی بەهرەمەندبن. بەهەمانشێوە بزوتنەوەی لاوان بۆ ڕزگاری کەلتوری، بزوتنەوەی بەرگری لە مافی مناڵان. هەموو ئەم بزوتنەوە و ناڕەزایەتیانە لەکۆمەڵگادا هەن. شۆڕشی سۆشیالیستی چۆن شکڵدەگرێت؟ بەو شێوەیە کە بە ئەم بزوتنەوانە نیشان ئەدات کە لە ڕاستیدا ئەرکی ئێوە، مرۆڤ ومرۆڤایەتییە وە لەپێناو ئەو خەباتەدا پێویستە بە ئەو ریزە ڕێکخراو و یەکگرتوەی ناڕەزایەتییەوە پەیوەست بن کە دەیەوێت چ لە ڕوی سیاسی و چ لە ڕوی ئابورییەوە چینی دەسەڵاتدار دەستکۆتا بکەن. بە بڕوای من لە ناوەڕۆکدا جموجوڵی کۆمەلگا بۆ نمونە بەو شێوەیەیە کە بزوتنەوەی ژنان خوازیاری یەکسانی ژن و پیاوە، خوازیاری نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیە، ئەوە ئەبینێت کەلەگەڵ بەربەستی کۆماری ئیسلامی ڕوبەروو دەبێتەوە، بە بەربەستی ڕژێمێک کە لەبەرژەندیدایە ژنان ژێردەستەبن وە ئەڵبەتە لە ئیراندا شێوازە توندڕەوە و بێپەردەکەی بەئاشکرا ئەبینین، بەڵام لە هەموو جێگایەکی دونیادا ئەبینین کە ژن، لە کۆتاییدا بە هاوڵاتی پلەدوو ئەژمێردرێت. تەنانەت لە پیشەسازیترین وڵاتانی ڕۆژئاوایی چ لەڕوی فەرهەنگی، لەڕوی ئابوری، لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە تەنانەت لەڕوی یاساییەوە، ژن بەتەواوی لەگەڵ پیاودا یەکسان نییە. ئەمە یەکێک لە پێداویستیەکانی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە. چ لە ئێران چ لە هەر جێگایەکی جیهاند بێت. لە ئێران تەنها شێوازە توندڕەو و توندوتیژو بێپەردەکەی هەیە بەڵام بەهەر حاڵ لە بنەڕەتدا لە هەموو جێگایەکی دنیا هەربەو شێوەیە. یان وادابنێین کە کرێکارێک نایەوێت بچەوسێتەوە وە یان لاوێک کە ئەیەوێت ژیانێکی مۆدیرن و خۆشی هەبێ یان ژنێک کە نایەوێت هەڵاواردنی ڕەگەزی، دابەشکردن و دیوار دانان لە نێوان ژنان و پیاواندا قبوڵ بکات، هەموو ئەمانە لە مەنتیقی جوڵانەوەکانیاندا، بە ئەزمونێک کە تەیدەکەن، لە پێشڕەوی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکاندا، نەک هەر ئەوەی کە تەنها لەڕوی زەینیەوە بگەنە ئەو باوەڕە، بەپێی مەنتیقی جوڵانەوەو ناڕەزایەتیەکانیشیان ئەگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەبێت ئەم حکومەتە وەلابنرێت. لە ڕاستیدا باسەکانی ژنان، پەرچەمی ژنان، ئەوەیە کە بەحکومەت ئەڵێن یان داخوازیەکانمان جێبەجێبکە یان بڕۆ کەنارەوە. لاوانیش بە هەمانشێوە، لایەنگرانی مافەکانی منداڵان بەهامنشێوە، کرێکاران کە زۆر زوتر لەئەوان و بەخێرایی لەگەڵ بەربەستی حکومەت ڕوبەڕو دەبنەوە و بەزوویی لەوە تێدەگەن کە ڕێگری سەرەکی، ئەم حکومەتەیە. شۆڕشی سۆشیالیستی لە ئاسمانەوە نایەتە خوارەوە. هەر لەسەر بنەمای ئەو بزوتنەوە واقیعیە ڕۆژانەیی و بەردەوامانە، بە ڕادیکاڵ بونەوەیان، بە یەکگرتنیان و بە هەنگاوهەڵگرتنی ڕاستەوخۆیان لە مەیدانی سیاسەت و خەبات لە دژی دەسەڵاتی سیاسیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی شکڵدەگرێت. ناوەرۆکی ئابوری شۆڕشی سۆشیالیستیش، بۆ ئەوەی کە شۆڕشی سۆشیالیستی بتوانێت ئینسانەکان ئازاد بکات ئەبێت چەوسانەوە هەڵوەشێنیتەوە، ئەبێت کاری بەکرێ هەڵوەشێنێتەوە، ئەبێت موڵکایەتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا هەڵوەشێنێتەوە. هەر ئەو هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتە، ئەگەر بێیت و لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پێناسە بکەی، لە ڕاستیدا جگە لە ئازادی مرۆڤ مانایەکی تری نییە. هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ واتە لە نێو بردنی لە خۆنامۆبونی مرۆڤ. کاتێک ئەڵێین با کاری بەکرێ نەبێت، واتە کار لە شێوەی ئیشکردن، بەشێوەی ناچارکردنێک کە لە پێناو ژیاندا کرێکار ناچارە ملبدات بە ڕۆژی ٨ کاتژمێر کار کردن – ئەڵبەت لە ئێران ئەم ماوەیە لەمە زیاترە و بە شیوەی چەند شیفتیە-، بەومانایەی لەم چوارچێوەیە بێتەدەرەوە و بگۆڕێت بەیەک هەڵسوڕان و چالاکی شاد، دڵخۆش وخۆلقینەر و وەک بەشێک لە ژیان پێناسە بکرێت. کرێکاران ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئێمە بۆ ئەوە ناژین کە کار بکەین، بەڵکو ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی کە بژین. بناغە؛ ژیانە. بە بۆچۆنی من ئەبێت لەوەش واوەتربڕوات. کار ئەبێت وەک بەشێک لە ژیان پیناسە بکرێت. کار ئەبێت ببێتە چالاکیەکی شاد، ببێتە ئینسانی و داهێنەرانە کە بگۆڕێت بە بەشێێک لە ژیانی تاکەکان وە هەموو ئەمانە واتە هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ. بەبێ هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ ناتوانیت ناسنامەی ئینسانی بۆ ئینسان بگێڕیتەوە وە ڕیشەی کیشەکە لێرەدایە. سەیرکەن؛ بیرۆکەی ئازادی و یەکسانی لەوانەیە لە سەرەمی سپارتاکۆسەوە هەبوبێت. بەردەوام مرۆڤ چونکە مرۆڤە ئەیەوێت ژیانێکی خۆشی هەبێت، بەردەوام بە هەڵاواردن توڕە ئەبێت، بەردەوام لە دژی جیاکاری شۆڕش بەرپا بووە، هەمیشە لە دژی هەژاری شۆڕش هەبووە، لە سەرتاپای مێژووی نوسراوی مرۆڤایەتیدا کێشەکە هەر ئەوەیە. بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرجێک هەیە کە ئەتوانرێت بەکردەوە و لە واقیعدا ئەم ئازادی ویەکسانیە جێبەجێ بکرێت، بەئەنجام بگەیەنرێت وە کلیلی ئەمەش بەدەستی چینی کریکار و لە ڕاستیشدا بەدەستی ئەو هێزە سیاسیەوەیە کە ئەیەوێت سەرمایەداری بڕوخێنێت. چینێک کە هەموو دنیای خستوەتە ناو ئاشوب و بەرەو بەربەریەتی ئەبات، لەبەر ئەوە دەبێت هەم لە ڕوی سیاسی و هەم لە ڕوی ئابوریەوە دەستکۆتابکرێت وە ناوەڕۆکی شۆڕشی سۆشیالیستیش هیچ شتیکی تر جیاواز لەمە نییە.

شەهلا دانیشفەر: ئێوە لەبارەی ناوەرۆکی ئابوری شۆڕشی سۆشیالیستیەوە قسەتان کرد. بەتەئکید پرسیاری دواتری من هەر لەم بارەوەیە، چونکە لە قسەوباسەکانتاندا ئاماژەتان کرد بە دەستکۆتاکردنی سیاسی و ئابوری چینی دەسەڵاتدار. ئەگەر دەکرێت لەم ڕووەوە ڕونکردنەوەی زیاتر بدەیت.

حەمید تەقوایی:دەستکۆتاکردنی سیاسی لە ڕاستیدا شێوازێکی تری ئەو قسەیەیە کە بڵێین ئەم حکومەتە ئەبێت بڕوخێنرێت وە حکومەتێک کە بەڕاستی هەموو خەڵک تێیدا بەشداربن، حکومەتی سۆشیالیستی، حکومەتێک کە پشتی بە شوراکان بەستووە جێگای ئەو بگرێتەوە. ئەمە هەرئەو دەستکۆتاکردنە سیاسیەیە. بەڵام دەستکۆتاکردنی ئابوری بەمانای ئەوەیە کە ڕێگا نەدرێت “قازانج” ببێتە تەوەری ئابوری و سود و قازانجهێنان ئەبێت لە ئابوریدا بسڕدرێتەوە. ئەبێت بەرژەوەندی و نیازە ئینسانیەکان، هێزی جوڵینەر و ئامانجی هەڵسوڕانی ئابوری کۆمەڵگا بێت. شتێکی سروشتیە کە چینی سەرمایەدار هەرگیز مل بەمە نادات. لەبەر ئەوە خاڵێکی تر هەرلیرەدا بڵێم. ئیمکانی نیە کە ئێوە پێش دەستکۆتاکردنی سیاسی دەستکۆتاکردنی ئابوری ئەنجام بدەیت. هێزگەلێک هەن کە خۆیان زۆر بەچەپ و ڕادیکاڵ دەزانن وە تەنانەت قسە لە شۆڕشی سۆشیالیستیش دەکەن، ئەڵین ئەرکی ئێمە ڕوخاندن نییە بەڵکو دەستکۆتاکردنی ئابوریە وە ئەمە ناو دەنین شۆڕشی کۆمەڵایەتی وە دەڵێن ئەگەر شۆڕشیک کە لەڕواڵەتدا لەپیناو ڕوخاندندا بێت، ئەوە شۆڕشی کرێکاران نییە، بەڵکو شۆڕشی سیاسیە یان شۆڕشی دیموکراسیە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاران لە پێناو دەستکۆتاکردنی ئابوریدایە. ئەمە، بەبۆچونی من بەتەواوەتی هەڵەیە. ڕوخاندن ڕێساو بڕیاری هەموو شۆڕشێکە جا کرێکاریی یا غەیرە کرێکاریی. ئەگەر کۆمەڵگە لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەدایە، واتە خەڵک بەئەو شوێنە گەیشتون کە ئیتر ئەم باردۆخە چیتر جێگای قبوڵکردن نییە بۆیان وە بۆ گۆڕینی هەلومەرجەکە ئەبێت دەوڵەت بڕوخێنن. واتە ؛ دەست بۆ شۆڕش ئەبەن وە ئەم شۆڕشە بە پێی پێناسە، ڕوخاندن یەکەمین ئامانجیەتی. بەبێ ڕوخاندنی حکومەت ناتوانێ بەهیچ جێگایەک بگات. نە ژنان بە داخوازیەکانیان ئەگەن، نە لاوان ڕزگاری فەرهەنگی بەدەست ئەهێنن، وە بە دڵنیاییەوە نە کرێکارانیش بە مافەکانیان ئەگەن وە نە هیچ بەشێکی ستەمدیدە و چەوساوە و بێبەشی کۆمەڵگا. بەمپێیە هەڵەیە ئەگەر وابیر بکەیتەوە کە شۆڕشی سۆسیالیستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوەیە و شۆڕشەکانی تر لەپێناو ڕوخاندندایە، چۆنکە هەر بەم میسۆدە هەڵەیە دەگەنە ئەو جێگایەی کە بزوتنەوەی ڕوخاندنی حکومەت شتێکە و شۆڕشی سۆسیالیستیش شتێکی ترە.

شەهلا دانیشفەر: بەم پێیە، پەیوەندی بزوتنەوەی سەرنگونی (ڕوخاندنی ڕژێم) لەگەڵ شۆڕشی سۆشیالیستیدا چییە؟

حەمید تەقوایی: سەیرکەن بزوتنەوەی سەرنگونکردنی ڕژێم لە ژێر ڕابەرایەتی و ڕێکخراوبون و ئاسۆیەکدا کە سۆشیالیزم نیشانی ئەدات، ئەمڕۆ ئەم ئاسۆو ئامانجە لە کۆمەڵگادا “هاوار” ئەکات، هەروەها بڵێسە و پڕیشکەکانی- وە تەنانەت زیاتر لە بڵێسەش- ئەمرۆ لە گردبونەوە ناڕەزایەتیەکاندا دەبینین. هەرئەوەی کە سرودی ئەنتەرناسیۆناڵ ئەچڕن، هەر ئەوەی کە ئەڵێن سۆشیالیزم هەستە سەرپێ بۆ لەناوبردنی هەڵاواردن، ئەڵین ڕێگای ڕزگاری سۆشیالیزمە، دەنوسن سۆشیالیزم یان بەربەریەت، وەیان پەرچەمە سورەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی خوێندکارانی زانکۆی “پلی تەکنیک” لە هەموو شوێنێک دەبینران، ئەمانە هەموو نیشانەگەلێکن کە ئەوە نیشاندەدەن کە لەهەمانکاتدا بزوتنەوەی سەرنگونکردنی رژێمیش بونی هەیە. دەستکۆتاکردنی سیاسی چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا شتێکی جیاوازتر لەمانە نییە، واتە بزوتنەوەی سەرنگونکردنی ڕژێم بەئاڵای ئینسانەوە، بە ئاڵای ئازادی و یەکسانییەوە کە هەر ئیستا لە کۆمەڵگادا بەرز کراوەتەوە، ئەمە دەستکۆتاکردنی سیاسییە. لە درێژەی ئەم ڕەوەندەدایە کە ئەوبوارە دێتە ئاراوە کە بتوانی چینی سەرمایەدار لە ڕویی ئابوریشەوە بەتەواوەتی بخەیتە کەنارەوە. واتە کرۆکی “کاری بەکرێ”، یانی خاوەندارێتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و قازانجدا بخەیەتە کەنارەوە و ئابوری لەسەر بنەمای پێویستی مرۆڤەکان ڕێکبخەیت. کەوایە یەکەم؛ دەستکۆتاکردنی سیاسی پێش مەرجی هەر جۆرە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی- ئابوری وە هەر جۆرە دەستکۆتاکردنێکی کۆمەڵایەتی – ئابورییە لە چینی بورژوا – سەرمایەدار، دوهەم؛ دەستکۆتاکردنی سیاسی شتێکی تر نیە جگە لە هەمان بزوتنەوەی سەرنگونکردنی ڕژێم. کێشە و ئامانجی هەر شۆڕشێک سەرنگونکردنی حکومەتە، شۆڕشەکان جا چ سۆسیالیستی بێت، چ بەناو دیموکراسی بێت، چ شۆڕشی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی بێت. چ شۆڕشی دژی داگیرکەر (ئیستعمار) و چەوساندنەوە بێت کە هەموو شێوەکانیمان لە ئاسیاو ئەفریقادا هەبووە، وە چ شۆڕش بۆ تێکشکاندنی دەرەبەگایەتی بێت وەک شۆڕشی چین (صين) یان شۆڕش لە پێناو بە پیشەسازیکردندا کە لەووڵاتانی جۆراوجۆردا ڕویداوە، لە هەموو ئەو شۆڕشانەدا، لە ڕاستیدا سەرنگونکردنی ڕژێم هەنگاوی یەکەمە. ئەگەر بەوجۆرە نەبێت ئیتر بەوە ناڵێن شۆڕش، ئەبێتە جۆرێک لە ڕیفۆرم. ئەگەر جوڵانەوەیکی کۆمەڵایەتی ببێتە هۆی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێک بەڵام دەسەڵات و چینی دەسەڵاتدر بە دەست لێنەدراوی بمێنیتەوە، ئیتر بە پێی پێناسە ئەوە شۆڕش نییە، بۆی هەیە ببێتە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت هەندێک داخوازی بەدەستبهێنێت. کاتێک بەوە ئەڵێین شۆڕش کە حکومەتێک سەرنگون ئەبێت، هەربەو هۆیەوە، سەرنگونکردن بەشێکە لە پیناسەی شۆڕش وە لە ناویاندا شۆڕشی سۆشیالیستیش. بەڵام جیاوازی شۆڕشی سۆشیالیستی ئەوەیە کە بە ئاڵای ئازادی و یەکسانی، بە ئاڵای سۆشیالیزم و بەئاڵای ئینسانیەتەوە حکومەت سەرنگون دەکات وە بەدروستی هەر بەو دەلیلە گەورەترین شۆڕشە کە ئەتوانرێت ڕوبدات. چونکە خاڵی هاوبەشی هەموو مرۆڤەکان ،مرۆڤایەتییە، تۆ ژن بیت، ڕەش پێست بیت، سپی پێست بێت، هەر ئاینێکت هەبێت، لە کۆتایدا ئەو شتەی کەتۆی خستۆتە جوڵە ناسنامەی ئینسانی و جیهانیتانە و شۆڕشی سۆشیالیستیش هەر لەپێناو ئەمەدایە. بۆنمونە ئەگەر بڵێیت شۆڕشیک لە پیناو دیموکراتیدایە، ئەگەر کەسێک پێی وابێت کە هەلومەرج باشە وە ئازادی یا دیموکراسیش ئامانجی نەبێت، بە باشی ناکەوێتە جوڵە یان ئەگەر بڵێیت هەڵوەشانەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی، کەسێک ئەگەر هەڵاواردنی ڕەگەزی هەست پێنەکردبێت لەوانەیە نەکەوێتە جوڵە، چونکە لەوانەیە پێی وابێت ئەوانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەئەوەوە نییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مافی مناڵان، زگوردەکانی کۆمەڵگا (بەپێکەنینەوە) کە منداڵیان نییە بۆی هەیە بەباشی هەستی پێنەکەن. بەڵام کاتێک کە ئێوە ئەڵێن ئەم کێشەیە، ئەم خەباتە وە ئەم کێشمەکێشە، لەپێناو ئەوەدایە کە شوناسی ئینسانی ئێمە لەم کۆمەڵگایەدا هاڕدراوە، پێشێلکراوە و بەناونیشانی ئینسان هەستی ئاسودەیی، هەستی شادی، هەست بە بەرابەری و یەکسانی لەگەڵ یەکتردا ناکەین، ئەوکاتە ئەتوانی ملوێنەها کەس بخەیتە جوڵە. گرنگ نییە کە کێشەی تایبەتی هەر بەشێکی کۆمەڵگا چییە، هەر گرفتێکی تایبەتی هەبێت، وەک ئینسان لە جیهانی ئەمڕۆدا نەک هەر بەتەنها لە ئێراندا،لە تەواوی ئەم نەزمی نوێی جیهانەدا کە هەموو جێگایەکی گرتۆتەوە، ئەبینیت کە ئینسانەکان دەهاڕدرێن وە لە ڕاستیدا هەر نکۆڵیان لێدەکرێت. ئیتر هەتا لیبریاڵترین و بەناو چەپە غەیرە کرێکاریەکان کە لە کۆمەڵگاکانی تریشدا هەن، کاتێک ناڕەزایەتیەک ئەنجامدەدەن دەبینیت کە باس لە نەتەوە، ڕەگەز و ئاین دەکەن. لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئیتر پرسیار ئەوەنیە کە مافی مرۆڤ چیە؟! بەڵکو پررسیارەکە ئەوە ئەبێت کە ئێوە بە ناونیشانی فەرهەنگێکی تایبەت، چ مافێکتان ئەوێت. نیسبیەتی فەرهەنگی (فرە کەلتوری) بنچینەکەی لێرەدایە. کاتێک کە خەڵک دەکەنە گروپ گروپ، وە بەش بەشیان دەکەن و بۆ هەر بەشێکیش مافێکی تایبەت قبوڵدەکەن، ئەمە جگە لە ڕەتکردنەوەی شوناسی ئینسانی جیهانیانەی (Universal) جەماوەری خەڵک هیچ مانایەکی تری نییە و کاتێک لە ئەمڕۆدا سەیر دەکەین ئەبینین شۆڕشی سۆشیالیستی ڕێک لە پێناو گێڕانەوەی هەر ئەو شوناسەیە بۆ ئیسنانەکان وە بە وتەی مەنسور حیکمەت لە پیناو گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان. مرۆڤەکانیان بەتەواوەتی لەناو گێژاو و گرفتی سیاسی، ئابوری وکۆمەڵایەتیدا ڕاگرتوە. مرۆڤەکان برسین ئەڵێن هەڵئاوسان هەیە، قەیرانی ئابوریمان هەیە ئیتر ئەبێت ڕازیبن. هەر لەم بەریتانیایە، لە ئەمریکا و وڵاتانی پیشەسازی بەگشتی، یەک کارخانە وە یەک شاری کرێکاریی بەتەواوی دادەخەن، وەڵامیان ئەوەیە کە قازانجهێنەر نەبوو! لە صين یان یابان شکستمان هێناوە و کرێکاران ئەڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەمە تەنها ئەوە نیشان ئەدات کە مرۆڤەکان چەندە بێئیرادەن و وەک مێرولە لەژێر ئەم هەلومەرجە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەی سەرمایەداریدا فلیقێنراونەتەوە. لەم گۆشەنیگایەشەوە کاتێک کە سەیردەکەیت دیسان بەو ئاکامە دەگەیت کە شۆڕشی سۆشیالیستی لە پێناو ئینساندایە، لە پێناو گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان و زامنکردنی شوناسی ئینسانە وە بەڕاستی هەر بەو دەلیلە یەک شۆڕشی مەزنە. زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم شۆڕشدایە و بەشداری تێدادەکەن. تەنها سەرمایەدارو کەسانێک کە بەرژەوەندی ڕاستەوخۆیان لە چەوساندنەوەدا هەیە بەرگری دەکەن وە ئەمەش بەو مانایەیە کە لەوانەیە تەنها لە سەدا پێنجی کۆمەڵگابن لەهەر کۆمەڵگایەکدا. چ کرێکارو چ کارکەر،چ موچەخۆر وە بەگشتی هەموو ئەو کەسانەی خاوەنداریەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان نییە و خاوەنی کارخانەیەک نین، ئەکەونە جوڵەو وە بە بۆچونی من شۆڕشی سۆشیالیستی شۆڕشێکە کە ئەتوانێت بەفراوانی جەماوەری بێتەوە و بەشیکی فراوان لە خەڵکی هەڵخرێنێت و بیخاتە جوڵە وە بەهێزی خەڵک، بەهیزی زۆرینەی فراوانی کۆمەڵگا ،دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست.

شەهلا دانیشفەر:باسێکی گرنگە، کاتێک دەڵێیت دەستکۆتاکردنی سیاسی لە پێش دەستکۆتاکردنی ئابوریەوەیە، هەر لەوبارەیەوە لەگەڵ نمونەگەلێک ڕوبەڕو دەبینەوە تەنانەت لەناو ڕەوتە چەپەکانیشدا، بۆ نمونە بەشێوەکی جیاواز کۆمیتەکانی هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ لە ئێران دائەمەزرێنن یان تەنها خەباتی ئەمڕۆی چینی کرێکار ناولێدەنێن خەباتی سۆشیالیستی یان دامەزراندنی ڕێکخراوێکی دژی سەرمایەداری و ئاسۆکەی دەخەنە ناو چوارچێوەی هەمان ئەو خەباتە ئابوریە ڕۆژانەیەیی کرێکاران. بەبۆچونی من ئەمە بەجۆرێک لەناو هەمان ئەو چوارچێوەیەدا قابیلی لێکدانەوەیە کە باستکرد.

حەمید تەقوایی:بەڵی ئەمە بەڕواڵەت جۆرێک لێدانە لە کرێکار کە دەیەوێت هەم بەرگی ڕادیکاڵبونیش بە بەرخۆیدا بکات. بەڵام کاتێک باش لێی وردئەبیتەوە، لە ڕاستید ئەیبینیت کرێکار لە مەیدانی خەباتی سیاسی دادەبڕێت، بەشێوەیەک وانیشان ئەدرێ کە گوایە سەرمایەداری تەنها لەکارخانەدایە وەیان قسەکردن لەسەر سەرمایەداری تەنها دەتوانیت لە کارخانە ببینیت. لە کاتێکدا کە نزیک بەزۆرینەی خەڵک کە لە ژێر فشاری بەردەباران، قەساس (تۆڵەکردنەوە) و یاسا ئاینیەکاندا ئازار ئەچێژن، بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەمە، بەرژەوەندی سەرمایەیە کە بەمشێوەیە حوکمڕانی دەکات. خەریکن تاڵانی دەکەن، خەریکن ڕێژە وئاستی چەوسانەوە بێکۆتا دەکەن. کاتێک ئێوە لە کۆمەڵگایەکی وەکو ئێراندا، موچەی کریکاران نادەیت، واتە ئاستی چەوسانەوە بێ کۆتایە. سفر (هیچ) بە کرێکاران ئەدەیت وقازانج ئەبەیت. ئەوانە هەموو لە پشت گرنگی ئاین، تۆڵەسەندنەوە و سێدارەوەیە. لە سێدارە ئەدەن نەک لەبەر ئەوەی زەمانێک، پێغەمبەرێک هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر ئایەتێکی هێناوەتەوە. لەسێدارە ئەدەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی پێبترسێنن وە ملکەچی بکەن. بەمجۆرە وا لە خەڵک بکەن کە لەژێر هێڵی هەژارییەوە بژین و دەنگیشی نەبیسترێت. ئەمە بەتەواوەتی تێڕوانینێکی بەرتەسک و زیانبارە کە وابیربکەینەوە سەرمایەداری تەنها لە کارگەکاندا هەیە و لە کۆمەڵگادا نایبێنین وە کرێکاریش تەنها لە کارخانەدا ئازار ئەکێشێت. گوایە مناڵی کریکار ناڕواتە قوتابخانە کە لەوێ قورئانی بەگوێدا بخوێنن وخورافاتی فێرکەن. گوایە کرێکار لەمە ئازار ناچێژێت،گوایە کە ژنی کرێکار لەوەی کەوەک ژن، بەمرۆڤ ئەژمار ناکرێت، ئازار ناچێژێت. هەموو ئەمانە گرفتەکانی ئەم تێڕوانینە و کورتبینی ئەم تێڕوانینەیە، چونکە سەرمایە تەنها بەکارخانەوە بەرتەسک ئەکاتەوە و خەباتی هەموو چینی کرێکار نابینێت کە ئەبێت هەموو کۆمەڵگا ڕێکبخات و بیخاتە جوڵە بۆ ئەوەی بتوانێت چینی سەرمایەدار دەستکۆتابکات لە دەسەڵاتی سیاسی.

شەهلا دانیشفەر: دەمەوێ ئەوە بلێم نەبونی دیدگایەکی لەم جۆرە یەکێک لەو ڕێگریانەیە کەئەم بزوتنەوەیە نەتوانێت ئەو هێزەی کە پێویستە ئازادی بەدیبهێنێت بخەنە جوڵە، ئێوە لەم بارەیەوە چۆن بیردەکەنەوە؟

حەمید تەقوایی: بەڵێ، کەسێک کە بەم شێوەیە سەیردەکات وە بۆ نمونە خۆشی ناوناوە کۆمیتەی دژی سەرمایەداری یان کۆمیتەی هەڵوەشاندنەوەی چەوساندنەوە، ئاگاداری ئەوە نییە کە کرێکار ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەیە، کرێکار دەتوانێت و پێویستە لە هەموو مەیدانەکاندا بێتە پێشەوە و پەرچەمی خۆی بەرزبکاتەوە و ئەو هێزانەی تر بهێنێتە پشتی خۆی. کاتێک ئێوە خۆتان ناوناوە کۆمیتەی دژی چەوساندنەوە، ژنی ستەمدیدە و ئازارچەشتوو چۆن خۆی لە پەیوەندیدا دەبینێت لەگەڵ ئێوەدا؟ یان بزوتنەوەی بەرگری لە مافەکانی منداڵان یان بزوتنەوەی کەمایەتیە مەزهەبیەکان وەک بەهاییەکان، یان لە ڕاستیدا کەسانێک کە بێخودان، تەنانەت هاوڕەگەزەکان (هۆمۆسێکشواڵ) کە دەیانەوێت ژیان بکەن بەڵام لە سێدارەیان دەدەن؟ کرێکار پێویستە پەرچەمداری مرۆڤایەتی بێت لە پێناو ڕزگاربون لە دنیای سەرمایە وە دنیای سەرمایە تەنها لە خارخانەدا نییە، بەڵکە لە فەرهەنگیدا، لە یاساکانیدا، لە سیاسەتیدا سەبارەت بە ژن، سەبارەت بە منداڵ، سەبارەت بە کەمایەتیە مەزهەبیەکان و … لە هەموو شوێنێک سەرمایە بونی هەیە و کرێکار پێویستە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو جوڵانەوەیدا بێت. سۆسیالیستەکان پێویستە وەڵامیان بۆ ڕزگاری ژنان هەبێت و پێویستە بە ژنان نیشان بدەن کە تەنها بزوتنەوەی سۆشیالیستیە کە بەواقعی خوازیاری یەکسانی تەوای بێمەرجی ژن و پیاوە و بەهەمانشێوە وەڵامی نیازەکانی بەشە جیاوازەکانی تری کۆمەڵگا بدەنەوە. کەسێک کە بەوجۆرە سۆشیالیزم و خەباتی سیاسی تەنها بە کارخانە و خەبات تەنها بە دژە چەوساندنەوە سنوردار دەکاتەوە، یەکەم دەستکۆتاکردنی ئابوری دەخاتە پێش خەباتی سیاسییەوە، دوهەم ئەوە نابینێت کە کرێکار پێویستە یەک نەخشی کۆمەڵایەتی بگێڕێت، بە ناونیشانی یەک چین نە بە ناونیشانی ڕشتەیەک لە کارخانەدا وە بە ناونیشانی یەک چین کە پەرچەمدار و پێشڕەوی ڕیزی خەباتی حەقخوازنە و ئازادیخوازانەی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بێت. بە بۆچونی من ئەمە یەک گرفتی سەرکییە کە بە وتەی ئێوە ڕێگرییەکە، یەک کەموکوڕییە و پێویستە ئەوانە پوچەڵبکرێنەوە، ڕەخنەیان لێبگیرێت، بخرێنە کەنارەوە تا ئەم هیزە مەزنەی چینی کرێکار لە پێناو بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئازاد ببێت…

شەهلا دانیشفەر: بەکورتی پێمان بڵێ بە شۆڕشی سۆشیالیستی چ گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگادا دروست دەبێت؟

حەمید تەقوایی:یەکەمین ئاڵوگۆڕێک کە پێکدێت هەروەک کە باسمکرد کۆمەڵگایەکمان ئەبێت کە تەوەری هەموو سیاسەتەکانی، ئابوریەکەی، فەرهەنگەکەی، هونەرەکەی، بناغەی یاساکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و یاسایەکانی، مرۆڤ و مرۆڤدۆستییە. کاتێک ئەڵێین “مرۆڤ” ئەبێت ئاگامان لەوە بێت کە ناوێکی ونبوو یان ناوێکی تر نییە کەدایئەنێین، چونکە بۆ نمونە بزوتنەوەیەک هەیە دروشمەکەی بژی ئێرانە. ئەڵێن باشە ئێرانیش مرۆڤە و ئەیەوێت گوایا بەڕوالەت لە ڕێگەی ئێرانچیەتیەوە مرۆڤ ئازاد بکات،بەڵام لە ڕاستیدا پەرێشانیەکەی بۆ ئێرانچیەتیەکەیەتی. یان موسڵمانان کە ئێستا بۆتە مۆدێل، لە ئەڵمانیا یان ئەورپای ڕۆژئاوادا، موفتیەک، ئاخوندێک یان یەک عەمامە بەسەر پەیدا دەکەن ودەڵێن ئەمە نوێنەری موسڵمانانی کۆچبەرە (پەنابەر)! گوایە هەرکەسێک لە وڵاتانی ئیسلامزەدەوە هەڵهاتبێت موسڵمانە. کۆمەڵگای سۆشیالیستی ئەوانە هەموو ئەخاتە کەنارەوە. ئەم نازناو و شوناسنامە داتاشراوە دروستکراوانە کە هەموو سودەکەی دەچێتە گیرفانی سەرمایەوە دەخاتە کەنارەوە و ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوناسە مرۆییەی کە لە کونجێکی ئاسیاوە تا ئەفریقا و هەتا ئەورپای ڕۆژئاوا مرۆڤەکان بەیەکەوە یەکگرتوو دەکات. مرۆڤەکان لە تەوای دونیا، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤن بەیەکشت دڵخۆش ئەبن، وە بەیەکشت نیگەران ئەبن. ئەگەر ئەو دەمارگیریە نەتەوەیی، ئاینیە بخەینە کەنارەوە، ئەبینین کەمرۆڤەکان لە سەراسەری جیهاندا چارەنوسی هاوبەش، ئامانجی هاوبەش، یەک پێناسەی هاوبەشیان بۆ خۆشبەختی، بۆ خۆشگوزەرانی، بۆ ئازادی و یەکسانی هەیە. کۆمەڵگای سۆشیالیستی لە پێناو ئەوانەدایە وە گرنگترین ئاڵوگۆڕیشی ئەوەیە کە لە هەموو ئاستەکاندا، مرۆڤ وەک بناغە وەرئەگرێت. واتە لە ئابوریدا قازانجپەرستی و سەرمایە بناغەی جوڵەی نییە، بەڵکو تەوەر و پێوانە ئەوەیە کە نیازەکانی کۆمەڵگە بەباشترین شێوە بەرهەمبهێنرێت و بخرێتە خزمەتی کۆمەڵگەوە. هەر کەسێک بتوانێت بەئەندازەی پێویستیەکانی خۆی لەدەستکەوتە ئابوریەکانی کۆمەڵگا سودمەند بێت. لە فەرهەنگدا، فەرهەنگی ئینسانی گەشە پێئەدات، ڕۆشنگەری لە دژی هەموو خورافاتەکان. کەلتوری کۆمەڵگای سەرمایەداری لە هەموو جێگایەکی جیهاندا، ئالودەیە بە مەزهەب،بە شۆڤینیزم و پیاو سالاری و دژی ژن و ناسیۆنالیزم. بەڵام کۆمەڵگای سۆشیالیستی فەرهەنگی ئینسانی دەکاتە بناغە لە هەموو بوارەکاندا. لە یاساو پەیوەندیەکاندا؛ یاساکانی کۆمەڵگای سۆشیالیستی لە پەیوەند بە ڕەگەز، ئاین، نەژادو میللەت بەتەواوی کوێرە. هەر کەسێک بە کۆمەڵگای”ئێرانی سۆشیالیستیدا”دا تێبپەڕێت، ئەندامی ئەو کۆمەڵگایەیە. نەتەوە مانای نییە، مەزهەب، وە ڕەنگی پێست و ڕەگەزیش مانایەکی نییە. هەمو ئەوانە بەبۆچونی من پیشانی ئەدەن کە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا یەک ئاڵوگٶڕی پایەیی و جۆریەتی جێبەجێدەکرێت. کۆمەڵگەی سۆشیالیستی کۆمەڵگەیەکە کە ئیرادە ئە گەڕێنرێتەوە بۆ ئینسان و بەرگری لە کەرامەت، خۆشگوزەرانی، ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان تەوەر و بزوێنەری جوڵەی ئەو کۆمەڵگەیە ئەبێت….

شەهلا دانیشفەر: باسێکی گرنگ وسەرنجڕاکێشە.بەهیوام لە داهاتودا بتوانین زیاتر لەسەری گفتوگۆ بکەین. زۆر سوپاس بۆ بەشداریتان لەم بەرنامەیەدا.

حەمید تەقوایی: منیش سوپاستان ئەکەم.
* ئەم چاوپیکەوتنە لە تەلەفیزیۆنی کەناڵ جەدید لە لایەن شەهلا دانیشفەروە ئەنجامدراوە و هادی وەقفیش کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بەشێوەی نوسین دایڕشتۆتەوە.




ئافره‌ت ئامرازه‌ نه‌ك ئامانج … به‌ختیار محه‌مه‌د


(ئه‌م نووسینه‌م به‌ بۆنه‌ی 8 ی مارسه‌وه‌ پێشكه‌شه‌ به‌ هه‌موو ئافره‌تێكی به‌شمه‌ینه‌ت).

هێشتا نه‌مانتوانیوه‌ وه‌كو كیان، وه‌كو كیانی مرۆیی ته‌ماشای كه‌سایه‌تی ئافره‌ت بكه‌ین، ته‌نها وه‌ك له‌ززه‌تی سێكسی نه‌بێ. هه‌میشه‌ نیگای نه‌ستانه‌ی له‌خۆوه‌ی ئێمه‌ی پیاو له‌ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌مدا، نیگایه‌كی برسی سێكسییه‌. ئێمه‌ ته‌نها به‌م نرخه‌ ئافره‌تمان ده‌وێ.

هه‌موو شتێك له‌ ئافره‌تدا لای ئێمه‌ هێمای سێكسه‌ (بێ گومان من له‌ بایه‌خی بنجی سێكس كه‌م ناكه‌مه‌وه‌)، به‌ڵام ئێمه‌ له‌مه‌شدا به‌ سووكی ته‌ماشای سێكس (غه‌ریزه‌ی سێكسی ئافره‌ت) ده‌كه‌ین: زوو لێی تێر ده‌بین. لێره‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م تێربوونه‌ ئافره‌ت (ژنه‌كانمان) به‌ها و نرخی جارانیان نامێنێ و زوو له‌به‌رچاومان ده‌كه‌ون. لێره‌شه‌وه‌ پیاو ئافره‌ته‌كه‌ی وه‌ك كیانێكی مرۆیی له‌به‌رچاو ده‌كه‌وێ. واته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ژن نرخی ئینسانیی لای پیاوه‌كه‌ی نه‌بووه‌.

گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پیاو مافی سێكسیش هه‌ر به‌ خۆی ده‌به‌خشێ و شه‌رعیه‌تی ئه‌م غه‌ریزه‌یه‌ هه‌ر له‌ خۆیدا ده‌بینێ. واته‌ ئافره‌ت ته‌نها وه‌ك ئامرازێك بۆ تێركردنی ئاره‌زووی سێكسی خۆی ده‌بینێ. له‌مه‌وه‌ ئه‌و ته‌سه‌ووڕی ئه‌وه‌ ناكا، كه‌ سێكس لای ئافره‌تیش غه‌ریزه‌یه‌كی بنجییه‌ و وه‌ك خۆی بایه‌خی زۆری هه‌یه‌ و ئامانجی له‌ززه‌تی ژیانی تایبه‌تی ئه‌ویشه‌. له‌مه‌وه‌ پیاوی ئێمه‌ – له‌ ڕووی توانا و پێداویستی و حه‌زی سێكسه‌وه‌ – پێی ئاساییه‌، كه‌ له‌ ژنێكی زیاتر هه‌بێ و كاری سێكسی له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنێكدا بكا (‌فره‌ژنیی)، به‌ڵام هه‌رگیز بۆ ئافره‌ت ته‌سه‌ووڕی ئه‌مه‌ ناكا و پێی وایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ كوفرێكی گه‌وره‌یه‌ و دنیا ده‌ڕووخێ.

من له‌ هیچ پیاوێكم گوێ لێ نه‌بووه‌ بڵێ ئه‌و حه‌زه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ سێكسییه‌ی من هه‌مه‌ و به‌ ئاشكرا باسی ده‌كه‌م و نایشارمه‌وه‌، لای ئافره‌تیش هه‌مان شته‌. هیچ پیاوێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئه‌م ته‌سه‌ووڕه‌ی (ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی) پێ قبووڵ ناكرێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ به‌ده‌رده‌خا، كه‌ چۆن پیاو ئافره‌ت به‌ ئامانجی حه‌زی سێكسی خۆی ده‌زانێ (به‌ڵام ئه‌م ئامانجه‌ بۆ ئافره‌ت قبووڵ ناكا، واته‌ ناهێڵێ ئه‌و ئامانجی حه‌زی سێكسی ئافره‌ت بێ. لێره‌وه‌ ئافره‌ت بۆ پیاو هه‌م ئامانجه‌ و هه‌م ئامراز). ئێمه‌ هه‌موومان ڕۆژانه‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌بیستین، كه‌ پیاوه‌كان له‌ نێوان خۆیاندا (هه‌ندێك جار به‌ شێوازی گاڵته‌) به‌ یه‌كدی ده‌ڵێن: ((نایكه‌یته‌ دوو؟…))، واته‌ دووه‌مین ژن ناهێنی؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ مه‌به‌ست و پاڵنه‌ره‌ سێكسییه‌كه‌وه‌ ده‌گوترێ. واته‌ له‌پشت ئه‌م قسه‌یه‌، ‌پاڵنه‌ری سێكس هه‌یه‌. خۆ له‌ به‌هه‌شتیشدا (به‌ تایبه‌تیش به‌ مه‌فهوومه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی) نیعمه‌تی كاری سێكسی ته‌نها به‌شی پیاوانه‌، ئافره‌ت هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێ (ئه‌ی باشه‌ بۆ حه‌فتا حۆری پیاویش بۆ ئافره‌ته‌كان دیاری نه‌كراوه‌؟ چووزانم! یان هه‌ر ناوێكی دیكه‌ی هه‌بوایه‌). لێره‌وه‌ ئافره‌ت به‌شێكه‌ له‌ موڵكی ئاره‌زووی سێكسی پیاو؛ هه‌روه‌ك چۆن به‌شێكی كۆیله‌ و ملكه‌چپێكراویشه‌ له‌ ئیراده‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتی پیاو.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سەما لە گەڵ سەرۆک … شاهۆ تۆفیق

کات بیست و پێنج و نیوی کرانەوەیە
دەنگی مارشێک، شار پڕ دەکا
لەوانەیە سەرۆکێک بۆ ئێرە بێ
من دەبێ یەکەم پێکی چاوەڕووانیم هەڵبدەم.
ئەستێرەیەک دەپروێ
کەڵەشێرێک بانگ دەدا
سەمایەک لە سەرمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی ئازارە
(با) یەک وێنەی ناو تیڤیەکە لێڵ دەکا
پێدەچێ سەرۆکێک خەوتبێ
پێویستە قەیتانی پێڵاوەکانم شل بکەمەوە
دەرگەیەک خۆی کڵۆم دەدا
مارێک هێلکەکانی دەشکێنێ
سەمایەک لە چاومدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی وڕێنەیە
چەند گوللەیەک بەچرپە دێنە ناوسەرم
دەکرێ سەرۆکێک لە کۆبوونەوەدا بێ
من دەبێ بڕشێمەوە
گوڵە مێلاقەیەک درۆ دەڕژێ
پاسارییەک بە چوارپێ سەما دەکا
سەمایەک لە دەستمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی ڕاکردنە
هەتاوێکی سەرخۆش،
لەژێر زەمینەکەدا لاربۆتەوە
لەوەدەچێ سەرۆکێک پلانی شەڕ دابڕێژێ
ئێستە دەبێ کۆللارەیەک دروست بکەم.
کوخێک دەفڕێ
پڵنگێک بە دەستی مێشێکەوە داماوە
سەمایەک لە دڵمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی مەستیە
بەرماڵێک بە ئاسمانی ژورەکەمدا دەخولێتەوە
وابزانم سەرۆکێک خۆی دەشووات
زوو زوو دەبێ فوو لە ڕەژووی چاوم بکەم
پێکێک خۆی دەخواتەوە
مشکێک ئامۆژگاریی کوندەپەپووەکان دەکا
سەمایەک لە ناخمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی داڕوخانە
دەنگی شەیپوری جەنگ، کەڕمان دەکا
پێدەچێ سەرۆکێک،
دەمی لە سینگی دۆستەکەیدا بێ
گەر وابڕوات لە نووسینەوەی خۆم دوادەکەوم
کورسیەک لەسەرشان ڕاکشاوە
مریشکێک وەک” گا” دەبۆڕێنێ
سەمایەک لە چێژمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی چاوەڕووانیە
خومپارەکان، ژاوەژاوی شار کپ دەکەن
نازانم، بەڵام لەوانەیە سەرۆکێک هێڵنج بدا
دەبێ قەیتانی پێڵاوەکانم ببەستم
دوربینێک کوێرایی دادێ
قومریەک گاز لە ڕومەتی سەگێک دەگرێ
سەمایەک لە سینگمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی نائومێدیە
دەنگی چەرخی گالیسکەیەک، دەبیتە گۆرانی
وابزانم سەرۆکێک خیانەت دەکا
پێویستە بیست و یەک شڵپ ئاو بکەم بە داهاتوما
دەمانچەیەک خۆی دەکوژێ
پەپوولەیەک یاسای فڕین دەداتە بەر شەق
سەمایەک لە بیرەوەریمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی گەشانەوەیە
چەند سەربازێک، تارماییمان بە گوللە دادەبێژن
پێدەچێ کچی سەرۆکێک،
نامەیەکی عاشقانەی پێگیرابێ
ئەرکی سەرشانمە، بیست و یەک ڕکات
نوێژی تۆببە بکەم
پەرداخێک ڕوبارەکە هەڵدەمژێ
قەلەباچکەیەک،
کەروێشکەکان فێری دەستپاکی دەکا
سەمایەک لە بیرچوونەوەمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی پەرتبوونە
بارانێک هاتۆتە گیرفانمەوە
دەڵێی سەرۆکێک سەمام لەگاڵ دەکا
دەبێ بەرگی گێلی بپۆشم
ئاوێنەیەک تف لە خۆی دەکا
کوڵەوەیبابێک قاقا پێدەکەنێ
سەمایەک لە سەرۆکمدایە.

کات بیست و پێنج و نیوی چڕبوونەوەیە
تەمێکی سوور دێتە ژورەوە
دڵنیام سەرۆکێک لەدایک دەبێ
دەمرم و
فریای نووسینەوەی وەسێتەکەم ناکەوم
قاپێک، کەوچکەکانی دەشکێنێ
بۆقێک سەما لەگەڵ سەرۆچکەیەکدا دەکا
سەمایەک لە سەمامدایە.

شاهۆ تۆفیق




ده‌ستانێكی پڕمێهری بێ‌ به‌ڵام و ئه‌گه‌ر و ئاشكرام گه‌ره‌كه‌ … ن: مه‌رجان ئه‌نساری


شێعرێك بۆ پێشوازی لە ٨ ی ماڕس رۆژی جیهانی ژن

ن: مه‌رجان ئه‌نساری

و: سەعید ئەمانی

چاره‌نووسم ئه‌پشكنم
كێ‌ بوو یه‌كه‌مین نه‌یارم
له‌ كوێوه‌ چرۆی كرد نه‌مامی لادانم
چییه‌ چه‌قاله‌ی میوه‌ی ئه‌م شكۆفه‌ لاره‌؟
* * *
له‌سه‌ر چوارپایه‌ی ته‌نیاییم
له‌چواردیوارییه‌كدا دانیشتووم
له‌نۆره‌دام تا له‌ نۆبه‌ی خۆم دا بانگم كه‌ن:
فاتمه‌…
تا دیسان شه‌ڕم له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌شكه‌نجه‌م بده‌ن

بابزانم شانس و به‌خت چیم پێده‌لێن
شێلاقه‌ یان زیندان
مه‌رگه‌…یان!…

هه‌رچه‌ند
جه‌سته‌م نازانم له‌ كه‌یه‌وه‌
له‌گه‌ڵ شێلاق و لێدان دا ڕاهاتوه‌ و
رۆحیشم نازانم له‌كه‌یه‌وه‌
عاده‌تی به‌سووكایه‌تی و له‌خۆ بێگانه‌ بوونه‌
گرنگ نییه‌
ئه‌زانم چۆن خۆیان له‌به‌ردا ڕاگرم.

شێداره‌ سینگی باڵنجه‌كه‌م هه‌رچی شه‌وه‌
به‌فرمێسكی بوغز و قینم
هه‌وه‌ڵین و ئاخرین یاری وه‌فادارم بوو
ته‌نیا په‌ناگه‌م ئامێزی گه‌رم و پڕله‌ هێمنی ئه‌وه‌.

چاره‌نووسم ئه‌پشكنم
كێ‌ بوو یه‌كه‌مین نه‌یارم
له‌كوێوه‌ چرۆی كرد نه‌مامی لادانم
چییه‌ چه‌قاله‌ی میوه‌ی ئه‌م شكۆفه‌ لاره‌؟
* * *
كچۆڵه‌یه‌كی سه‌رگه‌ردان بووم
حه‌یران و پڕله‌پرسیار به‌دوای مێهری دایك و بابه‌وه‌
بۆچی كه‌م، یان، ون بوو نیگای پڕله‌خۆشه‌ویستیان؟
له‌به‌رچی ده‌سته‌كانیان به‌ره‌ڵا كردم
وشه‌یه‌كه‌، چی بوو تاوان؟ كواوڵامم؟
كچۆڵه‌یه‌ك بووم بێ‌ ئه‌زموون
لێم روون نییه‌ و تێناگه‌م
چییه‌ جیاوازی كچ و كوڕ
یان
پیاو و ژن؟
چییه‌ جیاوازی دایك و باب؟
بێ‌ مانایه‌ له‌لای مناڵان جیاوازی ڕه‌گه‌ز
كامه‌یان دلۆڤان ترن
كامه‌یان چاره‌ساز ترن.
میلاكی گرنگ ئه‌مه‌یه‌
كه‌ نازانن من هه‌ردووكیانم خۆشده‌وێ‌
ته‌نانه‌ت، هه‌رئێستاكانێش
هه‌رچه‌ند هه‌ركمان لارێ‌ ده‌رۆین
پێشمان وایه‌ به‌جێ‌ ده‌رۆین.
* * *
به‌بێ‌ به‌ڵگه‌ به‌هانه‌ده‌گرن و ده‌لێن
” ژن بێ‌ ده‌ركه‌ و بیری كورته‌”
ئه‌مانه‌ گشت قسه‌ی سووكن
ئه‌مانه‌ گشت حه‌دیسی بێ‌ ناوه‌رۆكن
سه‌رپاك به‌هانه‌و درۆیه‌
بۆ دیلكردن و ئه‌ساره‌تی من و تۆیه‌.

تا له‌ ده‌ست یه‌كسانی ڕاكه‌ن، چییان نه‌هۆنیوه‌ته‌وه‌؟
تا پێمانبلێن سه‌رابه‌، چییان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌؟
ئه‌م گشته‌ ناڕه‌واییه‌ چۆن وێستاوه‌
له‌سه‌ر پایه‌ی سستی درۆ؟
له‌سه‌ر ئه‌ساسی سوننته‌ یاسای ژن و مناڵ داری
ئه‌مه‌ هه‌موو كێشه‌كه‌یه‌
بۆته ‌هه‌وێن له‌ ئێران دا نه‌ریتی كۆن
بۆگیرسانی یاسای ئه‌مرۆ.

لارداندرا بناغه‌ی دیواری هه‌ستیم
بۆیه‌ش لاره‌ په‌رژینی باخی زینده‌گیم.

چاره‌نووسم ده‌پشكنم
كێ‌ بوو یه‌كه‌مین نه‌یارم
له‌كوێوه‌ چرۆی كرد نه‌مامی لادانم
چییه‌ چه‌قاله‌ی ئه‌م شكۆفه‌ لاره‌م؟
* * *
ده‌بم به‌بووك
چ شانسێكه‌!
هه‌تا دوێنێ‌ یاریم ده‌كرد
له‌گه‌ڵ سۆما و ئاسۆ و مناڵانی تر.

ته‌مه‌ن چه‌نده‌ زووتێپه‌ڕی
دوێنێ‌ نۆساڵه‌ بووم و ئه‌مرۆ ده‌
ئێستاكانێ‌ خۆم بوومه‌ بووك
بووكی ڕاستی
ده‌لێن زاوا پوڵدار و چل ساڵ ته‌مه‌نه‌.

سه‌ره‌تا زۆر خۆشه‌ویست بووم
چه‌شنی گولێك له‌سه‌ر ده‌ست بووم
باڵنجه‌كه‌م بیر چوو بۆوه‌
ده‌ستی غه‌ریبیم ته‌واو لێ‌ نزیك ببۆوه‌.

زۆر پێ‌ نه‌چوو
رۆژی شادمانیم ئاوا بوو
شه‌وی چاره‌ڕه‌شیم داهات
به‌ره‌و دنیایه‌كی تریان برد منی ته‌مه‌ن ده‌ساڵانه‌

دوای هەڵاتن به‌ رۆژ و شه‌و
ئاواره‌ بووم به‌كۆڵانا
پیره‌ ژنێك ددان كه‌ل و چڵكن و كۆم
داوی داخست و پێوه‌ بووم
به‌باشی له‌ خشته‌ی بردم
گزه‌ و دزی و درۆی لام حه‌ڵاڵ و
گیرفان بڕینی فێركردم.
بوومه‌ ژنێ‌ باڵابه‌رز و شیرین ئه‌ندام
دوای چه‌ند سالێ‌
بوومه‌ ژنێ‌ په‌رچه‌م درێژ، ئه‌فسووناوی
مشته‌ری دێنایه‌ مالێ‌.

جه‌سته‌یه‌كی له‌به‌ردڵان له‌لای پیاوان
كه‌س بۆ هه‌ستم به‌هایه‌كی دانه‌ده‌نا
له‌به‌ر شه‌واره‌ی جه‌سته‌ما
پێیان به‌ پاكیما ده‌نا
له‌م گشته‌ دا، كوا ئامێزێ‌

چاوه‌ڕوانیه‌كی لێم نه‌بێ‌؟

كوا ئامێزێ‌، بێ‌ مه‌به‌ست و سه‌میمی بێ‌؟

بۆچی! من ئێستا شتێك شك ده‌به‌م
ئامێزی بێ‌ چاوه‌ڕوانی باڵنجه‌كه‌م باڵنجه‌كه‌م.

به‌ڵام له‌م چوار دیواریه‌داو له‌سه‌ر ئه‌م چوارپایه‌
له‌ناو ئه‌م سه‌رماو شێیه‌دا تا مردنم
كوا له‌كوێیه‌ باڵنجه‌كه‌م ده‌ستی بكاته‌ گه‌ردنم!؟
* * *
نیگابانێ‌ هات و هاواری كرد:
فاتمه‌ ناسراو به‌ ” قوروموش”
فرمێسكه‌كانی سڕیم و باسكی گرتم
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ وتم: فاتمه‌عه‌بدوللاهی
نیگابانه‌كه‌ پرسیه‌وه‌:
” قوروموش”!!؟
هاوارم لێ‌ به‌رزبۆوه‌
ڕایكێشام و رۆیشتین
تابزانین چی ده‌بێ‌ حوكم و سزامان

چی له‌ چه‌نته‌ دا ئه‌م به‌خت و شانسه‌
شێلاقه‌ و زیندان یان چوونه‌ پای دار
ڕه‌نگه‌ هیچ كامیان، ببێته‌ سه‌نگسار.

وادیسانیش
چاره‌نووسم ده‌پشكنم
تابزانم
كێ‌ بوو یه‌كه‌مین نه‌یارم
له‌كوێوه‌ چرۆی كرد نه‌مامی لادانم
چۆنه‌ چه‌قاله‌ی میوه‌ی ئه‌م شكۆفه‌ لاره‌؟
كڵافه‌ی هه‌ستم ئالۆزه‌ و
سه‌ری هه‌ودای نادیاره‌.




گه‌مه‌ شاراوه‌كانی با (2) … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

” ئه‌م ده‌قانه‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ عه‌ره‌بی نووسراون .
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر( نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د )
به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نووسه‌ر كردوونی به‌ كوردی .”

به‌شی دووه‌م

(1)
ژووره‌كه‌م به‌ ڕووی ( سه‌فین)ی سه‌ركه‌ش دا
تۆماری مه‌زنی شكست و سه‌ركه‌وتنان …
بانیژه‌یه‌كی هه‌بوو
به‌سه‌ر ڕه‌ز و
باخچه‌ی گوڵه‌ كێویلان و
خه‌م و خۆشیانی ده‌ڕوانی..
بێ ویستی خۆم به‌جێم هێشت !
ئینجا باڵنده‌یه‌كتان دیوه‌
به‌ حه‌زی خۆی هێللانه‌ی جێ بهێڵێ ؟
ئه‌وه‌تانێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و
هه‌ندێ له‌ خه‌ونه‌كانم خستوه‌ته‌ بن باڵم
تا جارێكی دی به‌سه‌رتان بكه‌مه‌وه‌
پردێك له‌ خۆشه‌ویستی له‌ نێوانماندایه‌
كێڵگه‌ به‌ ڕووباران و
چاو به‌ ئاسۆ
ده‌نگیش به‌ سه‌داوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ..
با شه‌وگار ،
كه‌یل ، له‌سه‌ر شۆسته‌كاندا لێبچێته‌وه‌ ..
با جارێكی دی سبه‌ی ،
باوه‌ش به‌ منداڵیماندا بكاته‌وه‌ .

12\6\2004

(2)
سپێده‌ بنه‌وشه‌ییه‌كانی (عتێشی) و شه‌وانی ((عه‌باسییه‌))ی خه‌وزڕێن و
خه‌ون و بارانی (ڕشت)
ئه‌مانه‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ك بوون له‌ ژیانی به‌نده‌ ..
كاتێك دوورگه‌ وشكه‌ڵان بوو
قه‌له‌ ڕه‌ش به‌ چوار ده‌وریدا ده‌سوڕایه‌وه‌ ..
ئێمه‌ش بێ هانا ، بێ ئه‌ستێره‌یه‌ك ڕێگای پێ ببینینه‌وه‌ …
ئه‌وان ونیان كردین
ئێمه‌ش ڕۆژگارمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بزر كرد …
كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دڵ ، زامه‌كانی بسڕێته‌وه‌
شنه‌ی با په‌نجه‌ره‌كانمان ده‌كوتێ
كه‌ ده‌ڕواننه‌ باخچه‌ هه‌ڵبزركاوه‌كان
كه‌ی ده‌توانین
ڕاوی نوور له‌ شه‌خته‌دا بكه‌ین ؟
گۆشه‌كانمان پێویستی به‌ ڕوناهی یه‌
ئیتر ئاگریش
ڕووناكمان ناكاته‌وه‌
براده‌ر !؟

4\6\2004

(3)
پرسیارت له‌ وه‌هم و له‌ گه‌وهه‌ر لێ كردم ..
ئه‌و ده‌یویست خاكی تازه‌ بدۆزێته‌وه‌
سه‌رنجیم بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا
جوانی ده‌شێوێنێ ..
به‌ڵام بێهووده‌ بوو ..
ئێمه‌ شایانی ئه‌وه‌ین ؟
به‌هه‌شتی خه‌یاڵی به‌سه‌ر ئه‌و خه‌راباتانه‌وه‌یه‌
پڕ له‌ منداڵیی و ستران ..
مانگی له‌ وێنه‌ی خه‌وندا دی
وه‌ك هه‌زار به‌ هه‌زاری قژی
كه‌ له‌ هیچ ناچێ له‌ درۆ نه‌بێ .
له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێ
سرووشت به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چێ ..
ئا لێره‌وه‌ با هه‌ڵده‌كا و
كانیاوه‌كان كه‌زییان ده‌ده‌نه‌ به‌ر با
جارێكی دی خۆشم ده‌وێی !
خۆشم ده‌وێی وه‌نه‌وزی نیوه‌ڕۆیان !
دڵته‌نگیش كێڵگه‌ی خۆی هه‌یه‌ .
ئه‌مه‌ ژیانێكی نویّیه‌ بۆمان نووسراوه‌ته‌وه‌ ،
له‌ كاتێكدا نووستووین و خه‌ون ده‌بینین …
ده‌سا با به‌ ڕووی شه‌پۆله‌كاندا بقیژێنین
وه‌ك چۆن ڕۆژێ له‌ ڕۆژان هاوارمان
به‌ ڕووی هاوكێشه‌ لاسه‌نگه‌كانی
نێوان وه‌هم و گه‌وهه‌ردا كرد ..

25\7\2004

(4)
چیته‌ به‌سه‌ر هه‌موو بڵنداییه‌ ڕه‌ق و خاوه‌كان
له‌ شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌ی ؟
چیت به‌سه‌ر هاتووه‌ ؟
بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌نارانه‌ سه‌رنجت ڕابكێشن ؛
سۆزیان لێ ده‌بێته‌وه‌ ؟
ئه‌و فرمێسكانه‌ی به‌ قه‌د بارانن
هیچیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ ، له‌وه‌ی به‌ده‌ر
هاوسه‌فه‌ری هه‌وره‌ كۆچه‌ریه‌كان بن ..
چیت به‌سه‌ر هاتووه‌ ڕكابه‌ر؟
وامزانی تۆ ڕووبارێكی ،
كه‌ناری ڕوناهی ده‌دێری ..
به‌ڵام داخه‌كه‌م وێنه‌ی شه‌ره‌نگ ،
به‌ناخمدا تێپه‌ڕی ..
چیت لێ هاتووه‌؟
حه‌ز به‌ ژووره‌ تاریكه‌كان ده‌كه‌یت و
ڕقت له‌ خۆره‌ !!
كه‌واته‌ ژیانی خۆش و گومڕایی و ون بوونت خۆش !!
خشته‌ی درۆی ڕۆژانه‌ت خۆش !!
ڕۆژگاری تۆ به‌سه‌رچوون
زه‌مه‌نی قسه‌ و نیگای به‌تاڵ و
خۆشه‌ویستیت خۆش ..
كه‌ هه‌رگیز ڕۆژێ له‌ ڕۆژان تێی نه‌گه‌یشتوویی و
تێی ناگه‌ی…

8\8\2004

(5)
جوامێر له‌ هیوا هه‌ڵكێشرا بوو ..
شتێكی له‌ سنگدایه‌ ئه‌و پیاوه‌
له‌ هاواری سۆزێك ده‌كا
وڵاتی ته‌ی كردووه‌ ..
شوێنێكی نه‌دۆزیه‌وه‌
ئه‌و سۆزه‌ی تێدا به‌ڕه‌ڵڵا كا
ئه‌و پیاوه‌ كه‌ سواری هه‌ور بوو ، ده‌بارێ …
بڕیاریدا هاوڕێیه‌تی پاسه‌وانه‌كان بكات و
بچێته‌ ناو شار.. بێهووده‌ ..
ئه‌و ته‌نیا شایه‌تێك بوو
له‌ كه‌ناره‌كانی نووره‌وه‌ هاتبوو
به‌ڵام دیار بوو شار نووری نه‌ده‌ویست
شار نووری ناوێ..!
شار سۆزی ناوێ ..
ڕۆژگار چی لێ كردوون ؟
تارماییان په‌سندتر بكه‌ن ؟
وه‌ك لاڵان له‌ تاریكیدا بۆڵه‌ بۆڵتانه‌ ؟
ئه‌و پیاوه‌ له‌ هیوادا هه‌ڵكێشراوه‌
هاواركه‌ جوامێر..! هاواركه‌ و
بارت له‌ چه‌قی ڕێگای چۆل و به‌ردراودا لێ بخه‌ ..
ڕه‌نگه‌ ڕێگاكان به‌ڕه‌حمتربن
له‌و شارانه‌ی تارمایی له‌ پێشتر ده‌گرن !!
هاواركه‌ .. براله‌..!

15\8\2004

(6)
ده‌بووایه‌ به‌ دوای ڕێگه‌ی دیكه‌دا بگه‌ڕێ ..
هه‌وڵێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وایه‌كی نوێ
مه‌ودای په‌لهاوێژ .. وێنه‌ی هێما ،
وه‌ك نیگه‌رانی ماڵئاوایی ..
ئه‌وان به‌ دزیه‌وه‌ دێن
ڕاپۆرتی به‌ درۆ داپۆشراو ده‌نووسن
وه‌ك ده‌م و چاوه‌ ده‌مامكداره‌كانیان ده‌رده‌كه‌ون و
وه‌ك سه‌رابیش ون ده‌بن ..
هیچ چه‌مكێك شك نابه‌ن
بۆ دوێنێ و سبه‌ی ..
ڕاسته‌ دیواره‌كانی ده‌وروبه‌رمان به‌رزن
به‌ڵام پێیاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێین .
ده‌بینی چاوه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌ حه‌سووده‌كانیش
ده‌مان بینن به‌رز ده‌فڕین
هێدمه‌ ده‌یانگرێ
چیرۆكی باخچه‌ ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌كان به‌م جۆره‌
باوه‌ش به‌ گۆرانی چیا و دۆڵاندا ده‌كه‌ن ..
تا به‌ شنه‌ بیانسێننه‌وه‌ ..
نهێنی بێ تاوانیی ته‌نها بۆ مانگه‌ ، مانگ
بێداری جاویدان ..

22\5\2005

(7)
ئه‌وه‌ی دركی (پێ ناكرێ)م هه‌ڵوێزنی
له‌ ڕێگای درێژ و به‌ كه‌ند و كۆسپ كه‌ ناوی ته‌مه‌نه‌
تۆ له‌ گه‌ڵمدا بووی ..
بۆیه‌ سه‌فه‌ری ڕووه‌ و نادیاریشم ،
وه‌ك پیاسه‌یه‌كی ئێواران بوو ..
پێخواس بووم ، له‌ خۆشیدا بازم ده‌دا
هه‌ستم به‌ تیشه‌ به‌ردان نه‌ده‌كرد
كه‌ پێیان به‌ خوێن ده‌هێنام
خه‌ونێكمان پێ بوو
ڕووبارو چیاو باخچه‌ی
له‌ تۆغیانی به‌هار تێدا بوو ..
ئه‌و شه‌وه‌م هه‌ر له‌ بیره‌ ،
كه‌ په‌نجه‌ت بۆ مانگ ڕاهێشت
وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی با بیكه‌ینه‌ ماڵی خۆمان
با وابێ خۆشه‌ویسته‌كه‌م.. با بیكه‌ین
له‌وێ دیواره‌كان به‌ نوور هه‌ڵنراون
ژووره‌كانیش به‌ نوور داپۆشراون ..
زه‌ویش نووری له‌ سه‌ر ڕاخراوه‌
ده‌رگاكان .. په‌نجه‌ره‌كان.. هه‌مووی نوورن
به‌م جۆره‌ نوور ڕوو له‌ نوور ..
به‌ڵام ئایا تۆ بیرت كردۆته‌وه‌ چ ده‌قه‌ومێ ،
له‌ كاتێكدا تۆی نووریش
باوه‌ش به‌و هه‌موو نووره‌دا ده‌كه‌ی؟!
29\8\2004

(8)
له‌ ته‌وقی سه‌ره‌وه‌ تا نووكی پێ كوژاوه‌ته‌وه‌
وای دێته‌ به‌رچاو
هه‌نگاو به‌ره‌و خه‌ون .. به‌ره‌و هیوا داوێ
به‌ڵام ئه‌و له‌ ڕاستیدا وێنه‌ی چڵه‌ ڕووته‌ڵه‌كان ..
كه‌س نه‌ما به‌ لایدا نه‌ڕۆیشتبێ و
جۆللانه‌ی لێ شه‌ته‌ك نه‌دابێ …
ئه‌و مارێكه‌ له‌ناو زبڵ و زه‌ڵكا و خۆی ده‌پارێزێ ..
با ی نێو كووچه‌ و كۆڵانان ده‌بینێ
گوێ بۆ خۆرئاوای كاره‌بادار هه‌ڵده‌خا ..
كه‌ ویستی بگری ، ده‌گری
كه‌ ویستی پێبكه‌نێ پێده‌كه‌نێ ..!
ئه‌و ئامێرێكه‌ به‌ ده‌ست ده‌ڵاڵه‌كانه‌وه‌
قه‌ت ڕێكه‌وتی خۆشه‌ویستی نه‌كردووه‌
هیچیش له‌ جوگرافیاو مه‌وداكانی نازانێ
له‌وه‌ زیاتر پردێك ده‌بێ بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌ناری گه‌مه‌ و گومڕایی ..
ئا ئه‌مه‌یه‌ نهێنی خامۆش بوونی و
نهێنی ئه‌وه‌ی ،
ڕۆژێ بگه‌شێته‌وه‌ ..
دووباره‌ پیرۆزت بێ ژیانی گومڕایی و ون بوون ..
پیرۆزه‌ لیستی ڕۆژانه‌ی درۆ و
بۆنی پاشه‌رۆ بۆگه‌نیه‌كان ..

5\9\2004

(9)
ئه‌مشه‌ویش
تۆم له‌ خه‌ونێكدا بینی له‌ خه‌یاڵاندا نه‌بوو ..
تۆم دی نه‌خۆش و كوژاوه‌ بووی ..
ده‌ست له‌ ملی تارامایی
له‌به‌ر خۆوه‌ شتێكت ده‌گوت
تێنه‌ده‌گه‌یشتم چیت ده‌گوت ..
كه‌ به‌ره‌و ڕووت ده‌هاتم ،
له‌وه‌ گه‌یشتم ده‌تگوت
با سه‌ر له‌ نوێ ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌ و
له‌ درۆیه‌كی دیكه‌دا بژین ..
ئه‌مه‌ ساچمه‌ی سۆزێك بوو
له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا په‌رش بوون ..
چیتر گه‌شانه‌وه‌ ئاساكه‌ی جاران نه‌ما …
كه‌ بانیژه‌كه‌می ڕووناك ده‌كرده‌وه‌
ئه‌و بانیژه‌یه‌ی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان
به‌سه‌ر ڕێگا نادیاره‌كانیدا ده‌ڕوانی
به‌ڵام ئه‌سه‌ف زۆری پێ نه‌چوو
خۆم بینی له‌ خه‌و ڕاپه‌ڕیم
وه‌جدێك گرتمی
ته‌نیا ئه‌وه‌م بۆ مایه‌وه‌ دامه‌ پڕمه‌ی گریان
بۆچی ئه‌ی ده‌ستبازی فێڵباز …!؟
له‌ خه‌ونیشدا…؟؟
بۆچی ؟؟

26\9\2004

(10)
شه‌پۆل داده‌مركێنه‌وه‌و لێده‌چنه‌وه‌
ئه‌وه‌ ئه‌و فرمێسكانه‌ن باخچه‌كانی گوناه ئاو ده‌ده‌ن ..
سپێده‌ی له‌ خاچدراو
له‌ پشته‌وه‌ی چاوه‌ فرمێسكاویه‌كاندا
چیاكانیش به‌ره‌نگاری سه‌ركێشیی گه‌رداوان ده‌بنه‌وه‌
ئه‌و داڵانانه‌ی باسیان ده‌كه‌ی شوێنه‌واریان نه‌ماوه‌ ..
ئه‌و كێڵگانه‌ی خه‌ونت پێوه‌ بینی ئاسه‌واریان نه‌ماوه‌ ..
زه‌مان زه‌مانی جاده‌ و شۆسته‌كانه‌
زه‌مانی سه‌رابی گه‌شاوه‌یه‌ له‌ بیابانبوونی ڕۆح و
جوگرافیای ڕێیه‌ نه‌ناسراوه‌كان ..
كه‌ مێژوو پشتی تێ كردوون…
ئای ئه‌مڕۆ چه‌ند به‌ دوێنێ ده‌چێ
خوێن گوڵ ده‌كا و
بێده‌نگی گه‌ڵا
كێ ئه‌ستێره‌ دزراوه‌كانی
سه‌ر بانیژه‌كه‌می په‌رت كردن ؟
له‌و ساوه‌ (ئاوابوون) ،
یه‌خه‌م به‌رنادا …
ئه‌ی چاوه‌ خه‌واڵوه‌ دووره‌كان !
فریام كه‌ون..!
ئه‌مه‌ ڕۆژگارێكی پیره‌و له‌وپه‌ڕی تینیدایه‌
ئه‌وه‌ زه‌مه‌نی جاده‌ و شۆسته‌كانه‌
ئه‌و سه‌رابه‌ گه‌شاوه‌یه‌ له‌ بیابانی ڕۆح دا ..
فریام كه‌ون ئه‌ی ئه‌و چاوانه‌ی
ئاسمان ڕه‌نگی پێ به‌خشیون ..!

10\10\2004




دەنگێک لە مێژووەوە هاوار دەکات, ئەم شەڕە ڕاگرن ….. بەختیار شارەزوری

ڕایگرن تکایە ڕایگرن
ئەم خوێنەی ئێمە سەرچاوەکەی لەوێوە دێت
کە خەنجەرەکانی خۆمان
پشتی نیشتمانیان بریندار کرد
ئەم زامانە جێ شەلاقی دوژمن بوە و
دراوەتە دەست براکانمان
ڕایگرن تکایە ڕایگرن
ئەم ڕەشەبایە ڕەشەبایەکی شومە و
کە دێت چارۆکەی کەشتی نیشمان وێران دەکات
ڕایگرن چی دی
مەبنە دەستی دوژمن بۆ شیواندنی نیشتمان
مەبنە پەنجەی دوژمن بۆ سەر بەلەپیتکەی
ئەو تفەنگانەی ڕوو لە ئێمەن
مەبنە دوربینی ڕۆشنکردنەوەی نەخشەی داگیرکەران
ڕایگرن ….
لە مێژە ئێمە خاکمان تاڵان دەکرێت
وڵاتمان هەراج فرۆش دەکرێت
تورک و عەرەب و فارس
سێ دڕندەن جگە لە پیسکردنی خاکمان هیچی تر نین
مەبنە کارتی دەستیان
تکایە ڕایگرن
وتمان ئێوە شۆڕشتان کرد و
بونە دزی ناو ماڵەکانمان
وتمان ئێوە بە دەمامکی شۆڕشەوە
وڵاتتان کردە کاڵایەکی هەرزان
دەزانین ئێوە…. شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ
بونەتە چەتەی خۆماڵی ناومان
کە بەهای خۆتان لە دەست دا
بەهای نیشتمانیش مەفرۆشن
مەبنەوە بە سوارەی حەمدییە
مەبنەوە بە یەزدان شێر
مەبنەوە بە جێبەجێکاری پلانەکانی دوژمنان
تکایە ڕایگرن
دەنگێک لە مێژوەوە هاوار دەکات
چی دی لەمە زیاتر
بەرگی مێژوو خوێناوی مەکەن
لەمە زیاتر
مێژوو شەرمەزار مەکەن
وەک خۆتان هیچ نین
شانازیەکانمان سەر مەبڕن
گەریلا و پێشمەرگە بزوێنەری نەتەوەیەکن
ئاڵایەک لەسەر خوێنی گەریلا و پێشمەرگە دەشکێتەوە
مەیدەنە دەست نەوەی گورگەکان
کچە گەریلایەک شوناسی مرۆڤایەتی و کوردە
هەر دەستێک خوێنیان بڕێژێ
ڕو ڕەشی بەردەم ویژدان و مێژووە
تکایە ڕایگرن
قەندیل دڵی نیشتمانە
بونی نەتەوەیەکە
بێ گەریلا … بێ پێشمەرگە
لە لێدان دەکەوێ
ئەوە وەسیەتی پیاوانی ئازایە
کە قەندیل لەبەردەم پلانی جاش و دوژمناندا
هەرگیزا و هەرگیز نانەوێ
ڕایگرن
ئەوە مێژوە و کە توڕە بو
دەموچاوتان پڕ دەکات لە تف
پڕتان دەکات لە حاشای جاشایەتی
دەمامکی دوژمن لەسەر دەمو چاوتان لابەن
چی تر با دەنگی مێژو بەسەر قەندیلەوە هاوار بکات
نابینن چۆن نیشتمان هاوار دەکات
نابیستن دەنگێک لە مێژوە دێت
نەفرەت لە بونتان دەکات
ڕایگرن چی دی مەبنە جێبەجێکاری
پلانی دوژمنان
ڕایگرن ئەم شەرە نەفرەتیە ڕاگرن .




ئایا دەوڵەتە (مير نشين )ەكەی بارزانى دروست ده بێت…؟…. هەرێم ئەردەڵانی

لاى هەموو تاكيكى هەر نەتەوەيەكى ئه م جيهانه دروست بونى قەوارەيەكى سەربەخۆ يەكێكه له خەونه هەرە له پيشنه كانيان و خەباتى بێ وچان دەكەن بؤى لاى ئيمەى كورديش بە هەمان شيوه بگره كەميك زياتريش لەخەو گەورەتر بوه ئيمه ى كورد به دريژاى ٢٧١٦ ساله لەمەو بەر هەر لە دروست بونى دەوڵەتى( ماده )كانەوه تاوەكو ئەمرۆ خوينيكى زۆرمان بەخشيوه له پيناو دروست كردنى دەولەتدا لەدواى دەوڵەتى مادەكان ولەسه ر دەستى پێشوا (قازى ) دا كۆماريكى (١١) مانگى بونياد نراكه بەيەكيك له شانازى يه كانى نەتەوەكەمان هەژمار دەکرێت . بەڵام دواتر ئەويشمان له دەست دا بەهۆی دەستى دەرەكى و كێشمەكێشی ناو خۆییەكانى نێوان خومانەوه به لام سەر كەوتو نەبوين تێيدا ئەويش لەبەر چەند هۆکاريك كە نامه ويت ليرەدا لەسەرى بدوێم . بەڵام ئەوەى مەبەستمه باسى ليوەبكەم لەنيوەى سەدەى ڕابردوەوە تاوەكو ئەمڕۆ خەباتيكى چڕو پڕمان كردوه له پيناو ئازادی و بەدەست هينانى سەر بەخويدا . وە لە ئەمرۆى كوردستاندا ماوەى زياتر لەچەندین ساڵ وچه ندین نەوروزی يەك لە دواى يەكدا گوێبيستى ووتەو ليدوانه كانى بارزانى دەبين كه دەڵێت سەر بەخۆى ڕادەگەيەنم و كردوێتی بە چەكێك بەدەستيەوه بۆ هەنگاو نان بەرەو حكومى تاك ڕەوى وە بەم باسى سەربەخۆییە دەستى گرتوه بەسەر تەواوى ژيانى خەڵكى باشورى كوردستاندا لەڕوى ئابورى و سەربازى و بازرگانى و تەواوى كايەکانى ژيانى ڕوژانەى هاوڵاتيانى كوردستاندا كه ئەويش به هاوكارى هه ندێك حيزبی باشورى كوردستان كەبونەته شەريكى له بەهه دەردانى سامانى ئەم وڵاتەدا . من باوەڕم وايە دەوڵەتەكەى بارزانى دروست ده بيت بەڵام وەك دەوڵەت نەبەڵکو وەک(ئەمارەت) دەكريت ناوى بنريت ئەمارەتى بارزانى ياخود ئەمارەتى باشورى كوردستان چونکە بارزانى دەڵێت دەوڵەتانی جيهان و ناو چەكه بەدراوسێكانيشەوە پاڵ پشتيمان لێدەكەن كە ئەمە هيچ مەنتیقێکى تيدا نیە بەنیسبەت دراوسێكان مانەوە لە ئە گەری پشتيوانيكردنياندا راستەو خۆ (ئەمارەت) ێكمان بۆ دادەمەزرێنن كەببێته بوكەڵەى دەستى خۆيان چۆنيان ويست بەو شێوەيە يارى پێبكەن و سامانى كوردستان لەبەرژەوە ندى خۆيان بەكار بهێنن و هەر دراوسێیەو له بەرژەوەندى خۆى وەكو له مێژووى ڕابردودا كه چەندين دەوڵەتۆلکە (ئە مارەت)ێكمان هەبووه كە بەشى هەرە زۆریان لەلايەن دوژمنە كانمانەوە پاڵپشتى كراون و لەدژى يەكتر بەكار هێنراون و پاشانيش هەركاتێك ويستويانە هەڵیانوەشاندۆتەوەو تێكيان داوه . وە لە ئەگەری دروست بونى دوڵەت (ئەمارەت) ەكەى بارزانيدا رەنگه باشورى كوردستان توشى دوكەرت بونيك ببێت لە هەموو ڕوەکانەوە ڕەنگە دروستكەرو پشتيوانانى (ئەمارەت ) ه كه تەنها بتوانن دهوك و هەولێرو بادينان بخنە ناو سنورى (ميرنشین) ه كەوه . كركوك و سليمانى گەرميان و دەڤەرى ڕاپەڕین داببڕێن لەم ميرنشينە ئەویش بەو مەرجەى سەرجەم ياخود زۆر ينەى ياريزانه سياسى يەکانى ئەم ناو چانەيه بەرژەوەنديه تايبەتى يە كانى خويان و حيزبەكانیان وەلا بنێن و بەرژەوەندى گەل لەبەرچاو بگرن دەنا بەپێچەوانەوە ئەم ناوچانەیش پەيوەست دەکرێن بەو ميرنشينەوه كه بونياد ده نرێت . بۆیە پيويسته سەرجەم هێزو لایەنەسياسیەكانى دەرەوەى پارتى كۆكو تەبابن و بير لەبەرژەوەندى گەل بكەنەوە و بەر به خەونى دروستكردنى ميرنشينێکى لەو جۆرەی كه پارتى دەیخوازێت بگرن . دەنا دواجار ئەو هەرێمەى كه ئێستا هەمانه ئەويشمان لەدەست دەچێت و ڕەنگه تا چەندين ساڵى تر دەرفەتێكى ترى له و شێوەیە دروست نەبێتەوه بۆ گەلەکەمان . وەدروست كردنى دەوڵەت پێويستى بە زەمينه سازى زۆر باش و پتەو هەيه له ڕوى ديبلۆماسیو ژێرخانی ئابوریو كشتوکاڵو سەربازیو پيشەسازیو يەكڕيزى نێوخۆى كه له ئێستادا هيچ يەكێك لەوپايانەى دروستبونى دەوڵەتمان نيه و هه وڵى بونياد نانيشى نەدراوە بەڵکو لايەنى ئيدیعاکەری دروستكەرى دەوڵەت هەموو ئەو پايانەى كه دەوڵەتی لەسەر دروست دەكرێت هەڵیوەشاندوەو يەكڕيزى نێو خۆیشیی تێكداوه هەنگاو بەرەو تۆتالیتاری بونێکى زۆر مەترسى دار به دەستى دوژمنانى نەتەوەکەمان دەنێت . ئەگەر بەر بەم خەونە ترسناکە نەگیرێت ئەوا ئەم هەرێمەیشمان دەبێتە قوربانی خەونی بەدیهێنانی دەوڵەت .




پارتی سوپه‌ر پارتی … ئاری زێندینی

كورد میلله‌تێكی غه‌درلێكراو داگیركراو, پڕۆسه‌ی تاواندنه‌وه‌ی(زمان,كه‌لتوور,جوگرافیا ) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی كه‌ كوردیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه‌وده‌وڵه‌تانی دونیاش بێ‌ ده‌نگ به‌ڵام كورد وه‌ك میلله‌ت له‌ئاستی تاك و ئاستی عه‌شیره‌ت و رێكخراوحیزب و ڕۆشه‌نبیرانی خه‌باتی كردووه‌وبه‌رگه‌ی گرتووه‌ له‌هه‌ر قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كان شێوه‌ی جیاجیای هه‌بووه‌,سه‌ره‌تایی خه‌باتی كورد بۆمافه‌كانی شێوه‌یه‌كی ناوچه‌یی و عه‌شیره‌تگه‌ری و سه‌رۆك هۆز سه‌ركردایه‌تی كردووه‌ دووربووه‌ له‌ ڕاكێشانی هه‌ست و سۆزی تاكی كورد له‌ڕوویی نه‌ته‌وه‌یی , زۆربه‌ی خه‌بات و هه‌ڵسانه‌وه‌و شۆڕشه‌كانی كورد له‌ سه‌ده‌كانی (18) تاكو سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی (19) هه‌ست وكاریگه‌ری ئاینی و (هۆگری- ئینتما ) بۆ عه‌شیره‌ت و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت بووه‌ به‌ڵگه‌ش به‌نه‌مانی عه‌شیرت و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت خه‌بات و شۆڕشه‌كان كپده‌بن و نامێنن وبه‌رده‌وامی نییه‌.خه‌باتی كورد بۆبه‌رگریكردن و به‌رگه‌ گرتن له‌سه‌ده‌ی (19) وه‌ تاكو ئێستا شێوه‌یه‌ك له‌خه‌باتی ڕێكخراو له‌چوارچێوه‌ی (پارت-حیزب) ڕۆلی بینیوه‌ كاریگه‌ری خۆیی هه‌بووه‌ بۆ ڕزگاری و مافه‌ڕه‌واكانی كورد كه‌ئه‌و ئه‌زموونه‌ی باشووری كوردستانی لێ‌ به‌رهه‌م هاتووه‌ كه‌ (حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستان) كه‌ چه‌نده‌ها حیزب و لایه‌نی سیاسی تێدا به‌شدارن. ئه‌و حیزب و لایه‌نه‌سیاسیانه‌ی باشوری كوردستان پاش به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئه‌زموونه‌ تووشی ئه‌زموونی (ململانێی یه‌كتر) و(دژایه‌تی یه‌كتر) كه‌چی پێشتر خه‌بات بۆ كورد بوو به‌ڵام ئێستا خه‌بات بۆ حوكمڕانی و ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.له‌پاش ڕاپه‌ڕینی(1991) دووحیزبی دیار كه‌له‌پێش ڕاپه‌ڕینیش ڕۆلی به‌رچاویان هه‌بووه‌ تاكو ئێستا ڕۆلیان هه‌یه‌و ڕكابه‌ری یه‌كه‌من یۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان ئه‌ویش (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) و(پارتی دیموكراتی كوردستان). یه‌كێتی, خۆیی وه‌ك حیزبێكی دیموكرات وكراوه‌ پیشانداوه‌ و بوونی باڵباڵین و جیابوونه‌وه‌ی كه‌سانێك و دامه‌زراندنی حیزبێكی تر كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی كراوه‌یی و دیموكراتی نه‌بووه‌ به‌ڵكو ناتوانێ‌ خۆیی ڕابگرێ‌ به‌تۆكمه‌یی و جۆرێك له‌ غرووری هه‌بوو به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر(پارتی) داینابوو گه‌ر پارتی له‌ناویش نه‌بات به‌ فشه‌ زه‌عیفی ده‌كات هه‌ر حیزبی یه‌كه‌میش ده‌بێت له‌ كوردستان كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ده‌ركه‌وت له‌ حاڵی حازر, یه‌كێتی وای لێهاتووه‌ گه‌ر له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمان نه‌بێ‌ به‌ره‌و توانه‌وه‌ ده‌چێت یان سه‌نگێكی ئه‌وتۆیی نابێت به‌ڵام (پارتی) ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و به‌هێزی و قه‌ڵه‌وی هه‌نگاو ده‌نێت زۆر بێمنه‌تانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو حیزبه‌كان ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ ده‌یكات ئێستاش هه‌ر خۆیی زاڵه‌و حوكمداره‌و( سوپه‌ره‌), بۆچ؟ (پارتی) له‌سه‌ره‌تایی دامه‌زراندنیه‌وه‌ یه‌ك خێزان و بنه‌ماڵه‌ حوكمڕان و كۆنتڕۆلی (پارتی) ده‌كات كه‌خه‌باتی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ (100) زیاتره‌ له‌ خه‌بات بۆ كوردایه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی به‌هێزی (پارتیه‌).پارتی(70) ساڵ ته‌مه‌نی هه‌یه‌و بێ كێشه‌وگیروگرفت بووه‌ له‌ناوخۆیی حیزبه‌كه‌ی كه‌چی حیزبه‌كانی تر له‌به‌ر كێشه‌ ناوخۆیه‌كانیان به‌ره‌و بێهێزی ده‌ڕۆن ناتوانن وه‌ك (پارتی) زاڵبن به‌سه‌ر كێشه‌كان.(پارتی) قه‌ڵه‌وبووه‌و زه‌عیف نابی!وه‌زعی دارایی ومادی زۆر بووه‌وزۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌و ئاسانیه‌ (پارتی) له‌ لوتكه‌ غلۆربیته‌وه‌.هۆكاری ئه‌م لوتكه‌ی (پارتی) به‌پله‌ی یه‌ك به‌ڕێز (مسعود بارزانی) وه‌ك (سوپه‌رمان , Super Man) له‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیارو سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیش یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی كورده‌ به‌شێوه‌ی فه‌ڕمی كۆنتاك و په‌یوه‌ندی وڵاتان له‌ڕوویی سیاسی ودبلۆماسی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌له‌ گه‌ڵی, حیزبه‌كانی تر هیچیان پێناكرێ‌ بێ‌ (پارتی) ئه‌وه‌ واقیعه‌ له‌ كوردستان , خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو ده‌زانن ئێستا (مسعود بارزانی) وه‌ك (سوپه‌رمانێك) كاریگه‌ری خۆیی له‌سه‌ر كێشه‌كانی كوردستان وخه‌ڵكی كوردستان هه‌یه‌. له‌ناو (پارتی) سوپه‌رمانی تریش هه‌ن كه‌له‌پێش چاوی خه‌ڵك دیارن وجێگه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌نێو خه‌ڵك ئه‌ویش به‌ڕێزان (نێچیرڤان بارزانی) و (مه‌سروو بارزانی) كه‌ دوو سوپه‌ر مانی ترن له‌ناو (پارتی) ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانیش , وه‌(پارتی) به‌رده‌وامیشه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانی (سوپه‌رمان) كه‌خاڵی به‌هێزی پارتیه‌ پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌كانیتر كه‌ رۆژ به‌رۆژ كه‌سایه‌تی و پیاوی دیار به‌ره‌وه‌ نه‌مان ده‌چێت كه‌ ئه‌مه‌ بێهێزی ئه‌م حیزبانه‌یه‌ له‌ واقیعی كوردستان هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ناتوانن به‌ره‌و ڕوویی (پارتی) ببنه‌وه‌و بێ‌ (پارتی) بڕیاڕ بده‌ن.(پارتی) سیاسه‌تێكی واقیعی و بێ‌ چه‌واشه‌كارانه‌ په‌یڕه‌وده‌كات ته‌نیا بۆ خۆیی كاری خۆیی ده‌كات ئه‌وه‌ی ڕازیه‌ ڕازی , ڕازی نیه‌ ئه‌وه‌ وه‌زعی كوردستان له‌ ئێستادا.ئه‌ندام و لایه‌نگری هیچ حیزبێك ئه‌وهه‌نده‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگری (پارتی) دڵسۆزو خه‌مخۆرنین ته‌نانه‌ت ئه‌ندام ولایه‌نگرانیشی جۆرێكن له‌(سوپه‌رمانی)! خزمێكت یا براده‌رێكت یا جیرانێكت (پارتی) بێت بێخه‌م به‌و مورتاحی و ئیشت (95%) ماشیه‌.(پارتی) جۆرێك له‌ سیسته‌می دارایی سۆشیالی بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیی په‌یڕه‌وده‌كات زۆربه‌ی پارتیه‌كان وه‌زعیان باشه‌ به‌ بڕوایی من له‌(پارتی) بگه‌ڕێن ئه‌مه‌ له‌ كوردستان په‌یڕه‌وده‌كات خه‌ڵكیش پێی ڕازیه‌ به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی خۆیی حاكم بێت.(به‌رپرسی ناوچه‌) و( ئه‌ندام لق)ی (پارتی) هه‌ندی سێ‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانی تر(یه‌كێتی نا) پاره‌وسامانی هه‌یه‌, (پارتی) زۆر دڵسۆزی ئه‌ندامه‌كانیتی ئه‌ندامه‌كانیشی زۆر دڵسۆزی پارتین , به‌رپرسێكی (لق)ی پارتی هه‌ندی سێ‌ وه‌زیری وڵاتێك گه‌ر زیاتر نه‌بی پاره‌و سامانی هه‌یه‌, كه‌چی تازه‌ به‌تازه‌ حیزبێك قیت ده‌بێته‌وه‌ ده‌یه‌وێت ململانێی (پارتی) بكات كه‌ ئه‌ندامی سه‌ره‌وه‌یان له‌ حیزب وحكومه‌ت به‌تاكسی هاتووچۆ ده‌كه‌ن به‌ ته‌نیا له‌ شه‌قامه‌كان ده‌سوڕێنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ چۆن ده‌ره‌قه‌تی (پارتی) دێن , بزانم!. بۆ ئه‌مانه‌و ئه‌وانه‌شی ده‌یانه‌وێ‌ (پارتی) به‌نووسین و ڕه‌خنه‌ (پارتی) زه‌عیف بكات (له‌سه‌ر به‌فر نووسینه‌) فایده‌ی نیه‌, ده‌بێ‌ حیزبه‌كان و خه‌ڵكانێك كه‌ ده‌تانه‌وه‌ێ‌ (پارتی) زه‌عیف كه‌ن خۆتان قه‌ڵه‌و كه‌ن و زیاتر گه‌شه‌ بكه‌ن خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆتانبن تا جیاكار بن له‌خه‌بات و پێشكه‌وتن له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری وحكومی تۆماتیكیه‌ن به‌هێز ده‌بن به‌رامبه‌ر (پارتی) نه‌ك ململانێی (پارتی) خه‌ڵك له‌(پارتی) بكه‌ن ئه‌گه‌ر نا پارتیش كوردایه‌تی ده‌كات و خزمه‌تده‌كات . روون ودیاره‌ پارتی (سوپه‌ره‌) له‌هه‌ڵبژاردن و دوو زۆنی گه‌وره‌و موهیمی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. (پارتی) سوپه‌رترین حیزبه‌ كه‌سه‌كانی و دارایی زۆرو خاوه‌نی كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیرو كه‌لتورێكی سیاسی ومێژوویی هه‌یه‌ حیزبه‌كانیتر هه‌ر ئه‌وهه‌نده‌ی (پارتیان) نیه‌, به‌كورتی و به‌ كوردی (پارتی) له‌ هیچی كه‌م نیه‌و زیادیش نیه‌ چونكه‌ هه‌تا ئێستا پارتیه‌ك نه‌بووه‌ته‌ حیزبێكیتر ئه‌وه‌ پێوه‌ره‌ بۆ حیزبی كۆنكریتی ساردی و گه‌رمی ته‌ئسیری لێناكات, گرنگترین شت (پارتی) هه‌رچیه‌ك بكات ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پێی ڕازین و قبووڵیانه‌,بۆیه‌(پارتی) گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و (ده‌وڵه‌تی كوردی) دابمه‌زرێت و به‌ڕێز(مسعود بارزانی) كه‌ كه‌سایه‌تی (سوپه‌رمانی) هه‌یه‌ گونجاوو شیاوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌ هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردوو سه‌نگی به‌هێزتر بوو كاتێك له‌ توركیا (ئاڵای كوردستان) هه‌ڵكرا .ململانێی له‌گه‌ڵ(پارتی) یان زه‌عیفكردنی (كوجا مه‌رحه‌با) (پارتی) قه‌ت و قه‌ت زه‌عیف نابی تازه‌ قه‌ڵه‌و بووه‌و زۆر به‌ته‌ندرووستی , پارتی(سوپه‌ر پارتیه‌) له‌مێژوویی سیاسی حیزبایه‌تی كورد ته‌نیا گه‌ر تووشی (شێرپه‌نجه‌) بێت زه‌عیف بێ به‌ڵام به‌پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌وه‌ش عیلاج ده‌كات, عیلاج نیه‌ له‌گه‌ڵ (پارتی) ده‌بێت به‌ خۆشی ئه‌و به‌ قسه‌ی ئه‌و به‌ قازانجی ئه‌و ئه‌گه‌رنا وس به‌و كڕبه‌و كاروكاسبی خۆت بكه‌!ببیه‌ پارتیش باشتر!ئه‌مه‌ مه‌دح و پیاهه‌ڵدانی (پارتی) نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ت و واقیعی كوردستانه‌و سیفه‌ت و خاسیه‌تی (پارتیه‌.




ئەزمونێک کە نابێت بازبدەین بەسەریدا! … بەها ’’ ریبوار عارف’’

هەڕەشەی تیرۆرو پەلاماردانی نووسەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی لە کوردستاندا تەمەنێکی درێژو پڕکارەساتی لەپشت سەرناوە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا تەنیا هەڕەشە لەقەڵەمێک و سڕینەوەی ناوی کەسایەتیەک نەبوو کە سالەهایە لەسەنگەری بەرنگاری ئازادی بەیاندایە، بەلکو هەڕەشەیەکی یەکجار مەترسیدارترو فراوانترە کە دەیەویت تەنانەت لەو دنیا مەجازیەشدا کە ئێمە دەماوێت تێدا بیروڕای خۆمان دەبرین هەڕەشەکان گەورەترو مەترسیەکان زۆرزیاتربکات! بۆیە ئیتر پەیکار عوسمان نەیتوانی خۆی و دۆخەکە بە غافلگیری بسپێرێت، ئیدی ئیستێک بووە ئیزگەی هەلوێستەیەک، چونکە پەیکار دلنیابوو ئەگەر جەستەو گیانیشی هیخۆی بێت ئەوا قەڵەمەکەی مۆلکی تەنیا خۆی نیەو بەشێک لەسەرمایەی هەموومانە بۆیە ناکرێت یاری بەچارەنووسی بکات و ئاسان ڕێگە بدات کەملی لەو شمشێرە خوێناویە بگەوزێنێت کەهەڕەشە لەهەموومان دەکات!
بۆیە کاتێک کە ڕاچەنی نووسینکی لەژیرناوی (بۆ شەمشەمە کوێرەکان)دا نووسی کەهەموومانی لەپشت کۆمپیوتەرەکانمانەوە راچلەکاندو بەشێوەیەک هەستمان بە تەنگەنەفەسی خۆماندەکردو بینمان کەئازادی بێقەیدو مەرجی بیرورا دەربرین لەبەردەم باجێکیتردایە. هەربۆیە سەدان دۆست و هاورێ نیگەرانی و هاودلی خۆیان دەربری، دەیان سیاستمەدارو پەلەمانتارو نووسەرو دەنگیان بەرزکردەوەو هەرجۆرە هەڕەشەیەکیان لە پەیکار بەتووندی مەحکومکرد!
بەڕێزان هەڕەشەی تیرۆرو کۆشتاری لە ئازادیخوازان و نووسەران و ڕۆژنامەوان لە کوردستاندا مێژوویەکی زۆر دورودرێژتری هەیەو لە چەند سالی رابردودا دەیان کە سایەتی وەک عبدلقادر معروف، عبدلستار شریف، شاپور عبدلقادر، قابیل ، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی،…. کردوەتە قوربانی!
ئەوەی هەنگاوەکانی یەک دوو سالی ڕابردو لە چارەکە سەدەی پێشوو جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە هەڕەشەو پەلاماردانەکان سنووری ناوخۆی کوردستانیان بەزاندوەو ئێستە نەیارانی ئازادی بیرورادەربین لە هەندەرانیش بەدوامانەوەن، کە هەڕەشەکانی ئەم دوایانە بۆ سەر بەڕێزان، کامیار سابیرو عەبدللە و پەیکار دواین نموونەکانی تائیستەن کە دەیانەوێت لێرەش لەتوونێلی ڕەشی هەڕەشەو چاوترساندن و پەلاماردانەوە بێدەنگمان بکەن و ناچارمان بکەن بەملدان بە ڕەوشتە ڕەزیل و ڕیسواکانیان و چیدی قەڵەمەکانمان لە ئاست کارنامەی ناشیرین و دزیویان بێدەنگبکەن لەو کارەساتە گەورانەی کە بەرۆکیان بەم کۆمەلگایە گرتووە.
پەیکارو دۆستانی ئازادی بەیان و بیرورادەربرین
بینمان خۆشحالانە کاتیک کە پەیکاری هاوکارمان هاتەدەنگ شەپۆلیکی فراوان لەدۆستانی ئازادی بەیان و بیرورا دەربڕین، هاتنەسەر خەت و نەک هەر نیگەرانی خۆیان دەربری، بەلکو بە پەیامی هاوپشتی و هاودلی خۆیان جاریکتر لەمپەرێکی بەهێزیان لە ڕووی تیرۆریستان و نەیارانی ئازادی بەیان و بیرورا دەربرین دروستکرد. بەجۆرێک نەک هەر ڕێگە بە تیرۆرکردنی هیچ کەسێک نادرێت بەڵکو نیشانیماندا کە لەسەر درێژەپێدانی خەباتمان ڕاناوەستین و ڕامانگەیاند کە ئێمە هەموومان پەیکارین و ئێوە ناتوانن هەموومان تیرۆربکەن و گەر ئەم کارەشتان بۆ بکریت ئەوا مەخابن کە ناتوانن ڕێگە بە ئازادی بەیان و بیرورادەربرین بگرن!
بەلام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا چیترمان پێدەکرێت ؟
بەڕێزان ئەوەی کە پەیکار دەکاتە هێمایەک بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربرینمان، قەڵەمەکەیەتی کە دوای ئەو پشگیریە فراوانەش بەڵێنیشیدا کە تەنانەت لە دۆستان و هاوکارانیشی سەرفەنەزر نەکات و قەڵەم هەمیشە بەرز ڕاگریت. بۆئەوەی کەهێزی ڕاگرتنی قەلەم بەرزراگرین پێویستدەکات کەهەڵوێستەیەکی زیاتربکەین و بزانین چیترمان پیدەکریت!
بەدلنیای کێشە گەورەکە ئەوەیە کە قەلەمرەوی ئازادی بەیان و بیروڕادەربڕین لە کوردستاندا لەبەردەم هەرِەشەو مەترسیدایە. کەدیارە دەسەلات و حزبە سیاسەیەکان پشکی سەرەکی و بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆدایە؛ بۆیە دەبێت هەموو ئەو ڕێگەو میکانیزمانە بگرینە بەر کە دەتوانێت پەنجەرەیەک بە ڕووی ئازادیدا زیاتر بکاتەوە. دیارە لە چەند ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەیەکی فراوان بۆ داکۆکیکردن لەئازادی بیرورا دەربڕین لەمەیدانابووە کە بەدروست ئەمە لەنیو شەپۆلێکی فراوان لەپەنابەرانی ئازادیخوازو هەلسوراوانی داکۆکیکەر لەئازادی بیرورا لەهەندەراندا جێگەی پشیتیوانی کردن بووە. بەلام گیروگرفتی سەرەکی ئەم جولانەوەیە لەوەدایە کە تەنیاو تەنیا لەبازنەی داخراوی خۆماندا سوراوەتەوە و لەکەمترین ئاستدا نەچووتە نیو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەم ولاتانەو نێو پەرلەمان و نیهادە نیوەنەتەوەیەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکردن لە ئازادی بەیان و بیرورادەربڕین. ئەگەر چەند حالەتێکی ئەنگوشت ژماریش هەبووبن تەنیا هەولێکی سەرەتای کاتی بووە. تائیستە نەمانتوانیووە لەدەوری پلاتفۆرمێکی دیاریکراو بۆ گوشار خستنەسەر حکومەتی هەریمی کوردستان کۆبینەوەو بیانخەینە بەردەم گوشاریًکی نیَونەتەوەی بەردەوام تا هەموو ئازادیخوازان لەهەر گۆشەو کەناریَکی دنیا بتوانین لەڕێگەی فراوانکردنەوەی ئەم تۆرِی هاوپشتیەی ئازادی بەیان وبیرادەربین بەهێزتربکەین. ئەوەی کە ماوەتەوە بیلین، ئەوەیە وەلامدانەوە بەم بۆشاییەو خستنەرێ جولانەوەیەکی کاراو ئامانجدا ئەرکی هەموو ئینسانیکی ئازایخوازو بەتەنگەوەچووی ئازادی بەیان و بیرادەربریتە!

بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … عەزیز شەریف


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .
لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 5


دەنگەکان – سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

+ من ناوم (عەزیز شەریف)ە لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تێکەڵ بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بووم و بەشداری ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کردوەو یەکێک لە هەڵسوڕاوانی شورای سەرشەقام بووم لە شاری سلێمانی . لە ساڵی 2004 تا 2008 ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق بووم لەو مێژوە بەدواوە وەک ئینسانێکی سۆسیالیستی سەربەخۆ و بڕوا بە بەفکری مارکس هەڵسوڕانی سیاسیم هەیە. تەنها لە لاپەڕە تایبەتی خۆم لە فەیس بووک (Aziz Sharif)پۆستی کورت دەنوسم. سپاسی بێ پایانم بۆ سایتی دەنگەکان کە وەک هەمیشە بڵندگۆی دەنگە ئازادەکانە.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

عەزیز شەریف + گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان ، کار کردن بۆ ژیانێکی باشتر و دەستپێکی شۆڕشە.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

عەزیز شەریف +بەبڕوای من لە ئێستادا ئامرازێکن بۆ ڕیفۆرم ، ڕیفۆرمی ئیرادەی ئینسانی ئەمڕۆ و ڕیفۆرمی ئیقتسادس و سیاسی.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

عەزیز شەریف + وەک لە سەرەتادا وتم ئەم بزوتنەوەیە ، بزوتنەوەی گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان و لەخۆیدا خۆ هۆشیاریە.ئەگەر بەم ئاقارەدا بڕوات نەک نابێتە وەسیلەی مانەوەی سیستەمە چینایەتیەکە بەڵکو ڕێک وەک ئەوەی مارکس لە لێکدانەوەی بۆ سیستەمی سەرمایەداریدا باسی کردوە ،دەبێتە گۆڕهەڵکەنی سیستەمەکە.

دەنگەکان – کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟

عەزیز شەریف + من بە نمونەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەو قسەو توانجی کەسانێک کە لەدوورە دانیشتون و لەجیاتی هاتنە پای ئەم بزوتنەوەیەو دەستخۆشی لە کەسانێک کەڕۆژانە هێزی بازوویان لەم بوارەدا وەگەڕخستوە دەدەمەوە. ئەگەر بڕیاربێت ئەم بزوتنەوەیە قوتابخانە دروست بکات و تەسلیم بە وەزارەتە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکەی حکومەتە دزو گەندەڵەکەی بکات و تیایدا منداڵان فێری جەهل و نەزانین بکات ئەوامنیش هەر وەک ئەوان دەڵێم بەڵێ کاری دەسەڵاتە .بەڵام گەر بەپێچەوانەوە قوتابخانەکە ،کەسانی بەدەربەست و هۆشیار بیبەن بەڕێوەو ئە مەنهەجە دواکەتووەی کە لە قوتابخانەکانی تردا دەخوێنرێت ، لاببرێت و کەسانێکی پسپۆڕو شارەزا لە بواری پەروەردە و فێرکردن و دەرس گوتنەوە ، قوتابخانەکە بەرن بەڕێوە نەک هەر ڕیفۆرمێکی شۆڕشگێرانەیە ، بەڵکو دەستپێکی شۆڕشی سۆسیالیستیە.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

عەزیز شەریف + زیاتر لە 25 ساڵ تەجرەبەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم حکومەتە دزو گەندەڵە بەسە بۆئەوەی جێتر چاوەڕوانیەکانی خەڵک لە حکومەتی خۆماڵی و کوردی نەمێنێت . ئەمانە نەک هەر کارێک بۆ باشرتر کردنی ژیانی خەڵک ناکەن بەڵکو زۆر لەوە خراپتیان کردوە کە هەبووە. لە سیستەمی جینایەتیدا ئینسان لەبەرانبەر شتێکدا کە پێی دەوترێت پارە مەجبورە کارێک بکات ، بەڵام لەبەر ئەوەی خودی بەرهەمەکە (جاهەرچییەک بێت )ناچێتە گیرفانی بەرهەم هێنەرەوە ، مایەی دڵخۆشی نیەو بەگیان و بەدڵ بەرهەم نایەت . بەڵام ئەوەی لەم هەرەوەزیانەدا بەرهەم دێت ڕێک دەچێتە گیرفانی خودی بەرهەم هێنەرەکانیەوە .ئە خۆی لە خۆیدا هەم دڵی ئەوانەی تیادا بەشدارن ، بە بەرهەمەکە خۆش دەکات هەم ورەو توانایی ئینسانیان دەباتە سەرەوە .

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەزیز شەریف + وابزانم لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشودا چومەتە سەر بەشێك لەوەڵام دانەوە بەم پرسیارەوە لەبەر ئەوە زۆر درێژەی پێ نادەم تەنها دەڵێم گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان و ڕیفۆرمێکی شۆڕشگێڕانیە کە هەنگاوەکانی ڕوەو سۆسیالیزمە.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

عەزیز شەریف +بەڵێ من لەیەکێک لە گوندەکانی ناوچەی قەرەداغ بەدنیا هاتووم و بەشی زۆری کاری گوندەکانیش تا ناوەڕاستی هەشتاکان بەهەرەوەزی بووە ، من بۆخۆم کەلە ڕوی تەمەنەوە زۆر منداڵ بووم لە کاری( تووتن کردن وشریت لێدان ) بەشداریم کردوە.
لە بزوتنەوەی شورایش بەشی زۆری کارەکان هەرەوەزی بوو .دەتوانم چەند نمونەباس بکەم لەوانە کاری شارەوانی ، کۆمەک بە ئاوارەکان ، خەستەخانە و دەرمان و دکتۆرو یاریدەدەری دکتۆر و ڕاگرتنی ئەمنیەتی گەڕک و ئەمانە هەموو بە شێوەی هەرەوەزی و خۆبەخشانە و بێ بەرابەر دەکران .

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

عەزیز شەریف +بەبڕوای من لە سەرەتادا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتیەو دەتوانێت لە هەنگاوەکانی ئایندەیدا ئەم سەرەتایە تێپەڕنێت و ببێتە بنمەما بۆ ژیانی سۆسیالیستانە ، بەمانای هەرکەس بە قەد توانای خۆی کار دەکات و بەقەد پێویستیەکانی خۆی لە بەرهەمی کۆمەڵایەتی بەشی دەبێت . بێگومان منداڵ و پیر و پەک کەوتەش بەبێ بەرنبەر و وەک هەر فەردێکی تر بەشیان دەبێت .

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەزیز شەریف + ئەو بزوتنەوەیەی لە خانەقین بەڕێکەوتووە سەرەتاو دەستپێکی بزوتنەوەیەکی پرشنگدارەو لە ڕەئسی ئەم بزوتنەوەیەشدا هاوڕێ سەلام عەبدوڵاو هاوڕێکانی دەورو نەخشی بەرچاویان هەیەو هیوای سەلامەتیان بۆ دەخوازم و ئومێدی ئەوەدەکەم هەموو خەڵکی کوردستان چاو لەو بزوتنەوەیە بکەن و بەسەرکەوتنی بگەیەنن .

دەنگەکان- دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

عەزیز شەریف +من ئومێدێکی گەورەم بەم بزوتنەوەیە هەیە . تاکە ڕێنوێنی من ئەمەیە کە قسەی کەسانێکی بێ ئومێدو ڕوخاو ، کە لەدورەوە دانیشتون و لەجیاتی دەستگرتن و دەست خۆشی لەم هاوڕێ بەدەربەستانەی بزوتنەوەی هەرەوەزی خەریکی قسە فڕێدان و بەکەم گرتنی کاری ئەم چالاکوانانەی هەرەوەزیەکانن ، دڵیان سارد نەکاتەوەو لەکارەکانیان بەردەوام بن .
من لێرەدا بە وتەیەکی مارکس کۆتایی بە قسەکانم دێنم

گوڵ لێرەیە وەرە لێرە سەمابکە.




یادی کەلار … بڵاوکراوەیەکی تایبەتە بە ساڵیادی بە قەزابونی کەلار


بۆ خوێندنەوەی ئەم بڵاوکراوەیە کلیکی ئێرەبکەن ….




لە یادی راپەڕینەوە بۆ کۆستی ٧٤ی ئێزدیی … هەندرێن

ئەوەی کە ئێستا لە شنگال و کۆی تەنگژەکانی تر کە روویان داوە و روودەدەن، کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە، چونکە کاتێک ئاکاری زۆرینەی کۆمەڵگە سەتە دوای سەتە رەجەب ئاسا (سەیری تەمسیلی رەجەبی کوردیی بکە نەک تورکیی)، واتە کەهێلی، بێئاگایی، گەلحۆیی و نەداریی، بە دەستی رەتاندنی قەدەرەوە بژیت، بۆیە شایەنی ئەوەیە، مەلای گەورە واتەنی: نەک هەر “قسمێ بەندیی تورک و هێندێ خادمی عەجەم” بێت، بەڵکە شایەنی ئەوەیشە لەسەر ئەم زەویەدا وەک بوونەوەرێکی دمۆر، گەمەپێکراو و “بێ قەدەر و قیمەت” بژیت.
لەوەش بەدتر، هێشتا برین و کۆڤانی کوردی ئێزدیی “رەسەن” بە دەستی قات و قڕکردنی داعشەوە هەتوان و ساڕێژ نەبووە، کەچی بە دەم یادی راپەڕینەوە، دەکەوێتە بەر بوغزی “کوردی ناڕەسەن”ەوە.
لەناو ئەو هەرا و هۆریای شەڕی داعش و پشتگیرییکردنی ئەمەریکا لە ماسوولکەی کوردایەتییەوە گەرەکە کوردی نەدار و بەیەک نەیار بیزانن، بەدەر لە هوشیارییەکی خۆیەکیی نەتەوەیی لە کن زۆرینەی هاووڵاتیی ناسیۆنالیزمی کوردیی، کە لەوێدا یەکێتی کولتووریی لەگەڵ یەکێتی سیاسییدا ئاوێتە و ئاوێزانی یەکتر دەبن، کە ئەمەشە وا دەکات حیزب و نوێنەرە سیاسیی و رۆشنبیرییەکانی کورد بەرژەوەندیی نەتەوە بکەوێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە خێڵەکیی، حیزبیی و … تاد.

کەواتە پێویستە بە بیرکردنەوەیەک لە ئیرادە ددان بەوەدا بنێین، راپەڕینی ١٩٩١، وەک بەرهەمێک لە بێدارکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد، نەک هەر نەیتوانی یەکێتی کولتووری لەگەڵ یەکێتی سیاسیی ئاوێتە و ئاوێزان بکات، بەڵکە ئەو لێکدابڕانە ناوەکییەی کوردی پەرتەوازە و پەرێشانتر کرد. ئاکامی ئەمەش، بوونی دوو ئیدارەیی لە کوردستان و ئەو تەنگژە قەبانەن کە هەر لە دوای راپەڕینەوە تا هەنووکە کۆمەڵگە و حیزبەکان تێیدا دەژین.

لەو روانگەیەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان و هیزەکانی لەو خەونە مێردەزمەییەی کە دوای راپەڕین تێیدا تێداماوە، بێدار نەبنەوە، نەک تشتێک بەناوی نەتەوە و نەتەوایەتیی نییە، بەڵکە هەر رەفتار و کردارێکی تر، نەک هەر لە نموونەی ئەوەی کە ئێستا لە دەڤەری خانەسۆر و کەرکووک دەگوزەرێ، بەڵکە بوونی دوو سێ ئێدارەیی زیاتر لە بیست ساڵ لە کوردستاندا، ئیفلیجکردنی حکومەتی هەڵبژێردراوی خەڵک، کە بە واتەی ژان ژاک رۆسۆیی، بەرهەمی ئیرادەی گشتیی نەتەوەیە، جڕت و فڕتی پەیوەندنی حیزبە کوردییەکان بە دەوڵەتە نەیارەکانی گەلی کورد، ئێران و تورکیا، خیانەتکردنە دەرهەق بە ئیرادەی نەتەوە. کەواتە راپەڕین یادکردنەوەی گەرەک نییە، بەڵکە بێدارکردنەوەی بیرکردنەوەی گەرکە.

لێرەوە ئەگەر کۆمەڵگەیەک تەنێ کولتووری شین و رۆ ڕۆ نەبێت، تێدەگات کە پیشهاتی خانە سۆر رووداو نییە، بەڵکە ئاکامی ئەو ناهوشیارییە قووڵ و قەبەیەی کۆمەڵگە و غیابی گوتاری نیشتمانییە لە لایەن ‌حیزبە کوردییەکانەوە، کە بەرهەمی هوشیارییەکی پۆستخێڵەکیی و پووش و پاوانن.
ئاخر ئەگەر کۆمەڵگەیەک هوشیار و هەراش بێت، دەبێت تێبگات ئەوەی کە روویدا و روودەدا، ئاکامی ئەو ململانێی و بوغزانەیە کە چەندین ساڵە لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا لە ئارادان، بۆیە ناژیربێژیی (لۆژیک)ییە ئەگەر ئەو هەموو ناکۆکییانەی نێوان حیزب و تاقمەکانی کورد نەگەن بە تەقینەوەی جۆرا و جۆر و خۆخۆرییە. بۆیە ئەگەر ئەو خەڵکە هوشیار و هەراش بن، گەرەکە بەر لەوەی ئەو ململانێیانە بەو ئاکامە رەشانە بگەن گەرەکە پیشتر لە بری شین و واوەیلای دوای رووداوەکان، بە کردار و ئاکارە هوشیارییەکانییەوە رێگە لەو دۆخە بگرن. کەواتە ئەوەی کە پێشهات و لە داهاتووشدا پێشدێن، دەرکەوتەی دۆخی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەن.
بەهەمە حاڵ، بەزمی قەدەری کورد لەوە و لەویتریش ئاڵۆزترە، لێ لێرەدا بۆ ئەوەی لەوەی کە ئێستا لە هەناوی هەڵمساوی کورد دەکوڵێ تێبگەین، گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ ئەو شیعرە بڕەندە و رەوانەی مەلای گەورەی کۆیێ، کە نزیک سەتەیەک بەر لە هەنووکە دەبێژێ:
“ئێوە “أحقر الناس” ن ئیمڕۆ لە بەینی ئومــــەم
قسمێ بەندیی تورکن هێندی خادمی عەجەم
ئێوەن بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت ژێردەستی کوللی عالــەم
چینكه‌نان خۆرى خه‌ڵكى له‌سه‌ر موڵك و ماڵى خۆت
خاكـــــت هه‌موو مه‌عده‌نه‌ خۆت فه‌قير و ڕووت و قوت
تاكه‌ى وه‌كو گاجووتى له‌بن نيــــــــــــــــرى زيللـــــــه‌تى
سه‌د حه‌يف و سه‌د مه‌خابن لاى خۆت ئه‌تۆش ميلله‌تى”

٢٠١٧.٣.٥




کۆیلە لای نیچە و پرۆلیتاریاش لای ئۆروێڵ … ئاسۆ خالید

کاتێک سیستمی ئەخلاقی کۆیلەکان دروستی دەکەن بۆ ئەوەی سەردارەکانیانی پێ سزا بدەن و تۆلەیان لێبکەنەوە دەبێتە بیرۆکەیەک کە لای نیچە وەک راستیەک دەردەکەویت ((genealogy of morals و لای هەندێکی تریش رەتدەکرێتەوە چونکە بروایان وایە کە سیستمی ئەخلاقی ئالۆزەو هەریەک لە ئاین وفەلسەفە وئەدەب وئەفسانە…هتد پیکهێنەری ئەون. كاتێک نیچە هەژاران و چینی ژێرەوەی کۆمەلگا کە بە دەستەواژەی مۆردیرن پرۆلیتاریان بەر خەنجەری رەخنە دەدات و ستایشی نەجیبزادەکان دەکات؛ چەند دەیەیەک پاش ئەو جۆرج ئۆروێل لە رۆمانی ١٩٨٤دا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاکە هیوا لە چینی پرۆلیتاریادایە. مەبەستی ئۆروێل ئەوەیە تاکە هیز بۆ روبەروبوونەوەی ستەمکاری و نادادی کۆمەلایەتی لای پرۆلیتاریایە. ئەو چینەی کە ئۆروێل زۆر بەباشی لە ئازارەکانیان گەشتوەو هەستی پێکردوە. دەستەکانی نیچە نەرم و ناسک بوون تەنها بۆ نوسین وپیانۆ ژەنین بەکاری دەهێنان. دەستەکانی ئۆروێل زبرورەق بووبوون کە ئەویش لە کارو هەروەها وەک نیچە بۆ نوسینیش بەکاری دەهێنان. بۆچی ئەم بەراوردکاریە؟ مەگەر رۆشنبیر داینەمۆی شۆرشەکان نیە؟ بەلێ وایە بەلام بە لاریبەری شۆرشەکان و ئامانجەکانیشیەتی.

هەژاران دێنە سەر شەقام و رۆشنبیران و نەجیبزادەکان (کە بە درێژای مێژوو هاوپەیمانی نهێنی لە نێوانیاندا هەبوە) دینە سەر کورسی دەستەلات. نەجیبزادەکان کێن؟ ئەوانەی مافی ئەوەیان هەبوو و هەیە کە مرۆڤانێک وەک کۆیلەیان بن و خزمەتێکیان پێ بکەن کە بێ لەوە خۆشگوزەران نابن. نەجیبزادەکان هەر ئەو شوێنەیان لە هەرەمی کۆمەلگا بۆ مابوەوە کە دوای هەمان شوێن درا بە رۆشنبیران وەک لە شۆڕشی کۆمۆنیستی روسیا و ولاتانی تر بە ناوی ئازادی ویەکسانی بەرپاکرا کە دوایش پرۆلیتاریای بەدباختترکردو سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی ستەمکارترکرد. لای نیچە ئەخلاق بیدعەیەک بوو کۆیلەکان خزانیانە نێو ژیانەوە تاکە هۆش بۆ ئەوە تۆلەسەندنەوە لە نەجیبزادەو سەروەرەکانیان بوو. لای ئەو نەجیبزادەکان هێزی جوانی وداهێنانیان لابوو بەلام کۆیلەکان ئەخلاقیان هینایە گۆرەپان و کردیانە هیزێک کە نیچە بەهێزی بەخۆداچوەوە و ناکاریگەر (ئیرتیکاسی) ناوی دەبرد هیزی مەرگ نەک ژیان. ئۆروێل پێچەوانە روانی بۆ ژیان وجوانی وسیستمە کۆمەلایەتی و سیاسیەکان. ئەوترسی گەورەی لە ستەمکاری بوو چ لە ئاستی کۆمەلایەتی و چ لە ئاستی سیاسیدا. ئەو لەو یۆتۆپیانە دە ترسا کە ژیانیان یەک رەنگ دەکرد نمونە لای کۆمەنیستکان کۆمەلگای بێ چین و لای نازیەکان سەروەرکردنی نەژادی رەسەن و لە راستیشدا لای نیچە کۆمەلگای مرۆڤە باڵاکان. خۆی لەراسیتدا ئەمەش هەموی بە موتلەق روانین بوو لە ژیان و هیزەکانی ژیاندن.

ئۆروێل پروپاگەندەی بۆ کۆمەلگای بێ چین نەدەکرد بەلکو بی چەوساندنەوە و ئیستغلال. ئەو باسی لەو بەدبەختیە دەکرد کە مرۆڤی تێکەوتبوو بە هۆی شەڕەکان و سیستمی سەرمایەداری و بەهۆی ستەمکاری کە شێوازی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو. نیچە گرنگی بە تاک دەدا و دژ بە زۆرینە بوو ئەو دەیگووت با ئیمە پردێک بین بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا دێت، مەبەستی کۆمەلگای مرۆڤە بالاکان بوو. مرۆڤی باڵا چیە جگە لەو نەجیبزادانەی کە ئەو لەگەلیان سەنگەری لە کۆیلەکان گرتبوو مافی ئەوەی لێ دەسەندنەوە کە ئازادبن لەژێر سایەی سیستمێکی ئەخلاقیدا کە چەوساندنەوە رەتبکاتەوە و باشە و خراپە لەیەک جودا بکاتەوە. لەراستیدا ئەو دەیگووت ئەو دوالیزمی باشە وخراپەیەش سەر بە سیستمە ئەخلاقیەکانە و رەتی دەکردەوە.

لەراستیدا ئەویش یۆتۆپیست بوو. هەرجەندە ئەو بابەتە زۆر هەلدەگرێ. ئۆرویل ریالیستیانە دەیروانیە ژیان و ئامانجی لەناوبردنی هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە بوو چ کۆمەلایەتی وئابووری چ سیاسی. جوانی کە چەمکێکە سەر بەم جیهانەیە و بە دریژایی میژوو مامەلەی لەگەل کراوە بەتایبەت لای رۆمانسیەکان. لای ئۆروێل توانستی هەستپێکردنی نەبوو کاتێک برسی بیت و ماڵێکی گەرمت نەبێت. کورەکان لە شەرەکانن، کچەکان پەنجەیان پەریوە لەسەر ئامیری چاپکردن ئیتر کێ بواری گول لێکردنەوەی هەیە (coming up for air ( . غەمخواردنی گەورەی ئۆروێل نادادی کۆمەلایەتی و ئابووری هەروەک غەمە گەورەکەی جۆن ستوارت میل بوو سەبارەت بە ئازادی مرۆڤی تاک و چارەنوسەکەی کە لە کتێبی On Liberty دا بە درێژی بەرگری لێدەکرد. ئەو دەیگوت تاکی سەربەست کۆمەلگای سەربەست دروست دەکات.

ئەو پاڵپشتی لە رۆشنکردنەوەی عەقلی مرۆڤە بەدبەختەکان بوو کە وەک سوتەمەنی جەنگ سەیر دەکران و ئەوەش لە عاقیبەتدا زیاتر بەدبەختی دەکردن. هەرچەندە ئەو بیهیوایانە دەیگووت کە جەنگ بێ لەئیرادەی ئیمە روودەدات و هەمان شتیشە کە چەند ین سال لەمەوثێش رویداوە و بەدریژای میژووش هەروا بووە. بەزۆریش شەرەکان نەجیبزادەکان یاخود رۆشنبیرە سیاسیەکان بەرپایان دەکردو نیزەی تفەنگی هەژار ونەدارەکانیان بە ورگی یەکتردا دەکرد لە پێناو شتێکدا کە قازانجی ئەو قوربانیانەی تیادا نەبوو. بەم پێیە لای نیچە سپارتاکۆس جگە لە نوێنەریکەری ئەخلاقی رەتکەرەوەی ژیان چ شتێکیتر نەبوو. لای ئۆروێل سپارتاکۆس مەزن بوو چونکە ئەو رۆحە بوو کە دەیویست لەنێو جەستەی هەر مرۆڤێکی ستەملێکراو چەوساوەدابێت.




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی “پڵنگه‌ سپییه‌كه‌”ی ئه‌رڤه‌ند ئه‌دیگا … له‌لایه‌ن: عه‌لی ئه‌حمه‌د

ساڵانێك بوو بۆ كلیل ده‌گه‌ڕایت,به‌ڵام ده‌رگا هه‌میشه‌ كراوه‌ بوو…

“پڵنگه‌ سپییه‌كه‌” به‌ یه‌كێك له‌و ڕۆمانانه‌ ده‌زانم,كه‌ فره‌ ڕه‌هه‌ندو خاوه‌نی په‌یامی مرۆژایه‌تیه‌.
ئەرڤه‌ند ئه‌دیگای نووسه‌ر,كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز هندیه‌,له‌چاو ته‌مه‌نی خۆی له‌ده‌رگای زۆر بابه‌تو گرفتی هه‌نوكه‌ییو مێژووی ده‌دات,كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین به‌بێ پاسپۆرت به‌نێو كوچه‌و گوندو شاری گه‌وره‌و جه‌نجاڵی (دێلهی) گوزه‌ر بكه‌ین.
یه‌ك له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ په‌روه‌رده‌و كلتوری وڵاته‌كه‌یه‌,كه‌ ئاشنامان ده‌كات به‌و وابه‌سته‌ ئاینیو كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی,كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هاوڵاتیانی هندستان به‌جۆرێك پێوه‌ی گرێ دراون, سیستمی قوتابخانه‌و شێوازی مامه‌ڵه‌ی مامۆستاو كه‌رتی په‌روه‌رده‌,كه‌ كاریگه‌ری جه‌وهه‌ری له‌ ژیانی تاكی هندی هه‌یه‌.مناڵی هه‌ژاره‌كان ناتوانن بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك, به‌ چه‌ندین بیانوو كه‌ سه‌ره‌كیترینیان خودی هه‌ژاریه‌.

یه‌كێكی تر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی,كه‌ نوسه‌ر زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه‌ جیاوازی چینایه‌تییه‌,كه‌ وه‌ك درزێكی گه‌وره‌و ڕوون له‌نێوان خێڵو جوگرافیادا ده‌بینرێت.
(دێلهی)پایته‌خت وه‌ك شارێكی مۆدێرن به‌ئاشكرا له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانو سه‌رمایه‌داره‌كانو كونسوڵخانه‌و هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێركان له‌ڕووی خزموتگوزاریو پاكو خاوێنیو ئاستی هۆشیاری تاكه‌كان.جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌.ماهیه‌تی شارو ئاستی پایته‌ختێتی (دێاهی) له‌و دێڕه‌دا خراوه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌یه‌كی جدیه‌وه‌:”هند ته‌نها پایته‌ختی یه‌ك وڵات نیه‌,به‌ڵكو پایته‌ختی دوو وڵاته‌ (تاریكیو ڕوناكی).” نوسه‌ر ئه‌م دوو چه‌مكه‌ وه‌ك له‌زۆر شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ به‌كاردێنێت,وه‌ك دوو دونیای ته‌واو دژیه‌ك.
یه‌ك له‌سیما دیاره‌كانی هندستان,كه‌ نوسه‌ر ده‌یخاته‌ ڕوو بوونی ئه‌و هه‌موو خوداو ڕێچكانه‌یه‌,كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رچاوه‌گرتوون به‌مێژووی تایبه‌تی خۆیانو ئه‌داكردنی دروشمه‌ جیاوازه‌كان.
نوسه‌ر توانیویه‌تی وێنه‌یه‌كی بێ ڕتووشی مرۆڤی هندیمان پیشان بدات,له‌به‌پیرۆز زانینی شوێنو كاتو په‌رستراوه‌كان.

گوزارشتكردنی هێنده‌ به‌زمانێكی پاراوكراوه‌,كه‌ له‌هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ خه‌ریكه‌ خۆت له‌كلكڕاوه‌شانی گامێشو گاكانی سه‌رجاده‌و بازاڕكان لابده‌یت.
بۆنی هاڵاوی شیاكه‌و جۆگه‌له‌كان دێن به‌لوتتدا.

ئارڤه‌ند ئه‌دیگا اه‌ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (باڵرام حه‌ڵواچی) ڕه‌خنه‌ی توند له‌سیستمی سیاسی هندستان ده‌گرێت,كه‌ به‌ناوی دیموكراسیه‌وه‌ گه‌وره‌ترین پێشێلكه‌ری دیموكراسی و مافی مرۆڤه‌,كه‌ خۆی له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌رتیلو قۆركردنی بازاڕو ئابوری وڵات ده‌بینێته‌وه‌.
باڵرام له‌رێگه‌ی نامه‌یه‌ك,كه‌ بۆ (جیاباو) سه‌رۆكی وڵاتی چین ده‌ینوسێت,كاتێك بۆ سه‌ردان دێته‌ هندستان.به‌راورد لونێوان چین و هندستاندا ده‌كات,له‌هه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌,داواس له‌ (جیاباو) ده‌كات,كه‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی هند به‌ڕاست وه‌ربگرێت.
باڵرام له‌شوێنێكدا,كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی ده‌نگدان و دیموكراسی ده‌كان,ده‌ڵێت:”ئه‌گه‌ر من وڵاتم بنیادبایه‌,پێش هه‌موو شتێك بۆری ئاوه‌ڕۆم داده‌نا,دوای ئه‌وه‌ دیموكراتی,دوایش ده‌چووم نامیلكه‌و په‌یكه‌ری (گاندی)م پێشكه‌ش به‌خه‌ڵك ده‌كرد.ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ به‌وه‌ی كه‌ سیاسیه‌كان هه‌میشه‌ مه‌زنی كه‌سایه‌تیه‌ مێژوویه‌كانی ووڵات وه‌ك شه‌رعیه‌ت دان به‌ ئاڕاسته‌ سیاسیه‌كانیان به‌كاردێنن.

كاراكته‌ری ((باڵرام)) ,كه‌ له‌قوتابخانه‌ ده‌رده‌هێنرێتو ده‌خرێته‌ به‌ركاروكاسپی,ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌,كه‌ باڵرام قوتابیه‌كی زیره‌كه‌,به‌جۆرێك مامۆستاكه‌ی به‌ “پڵنگی سپی” وه‌سفی ده‌كات.
هه‌ربۆیه‌ به‌دوورخستنه‌وه‌ی له‌قوتابخانه‌ برینێكی قوڵ ده‌كاته‌ ڕۆحیه‌وه‌.به‌شێوه‌یه‌ك,كه‌ دواجار ده‌یكاته‌ پیاوكوژ,ئه‌ویش به‌كوشتنی (ئاسۆك) خاوه‌ن كاره‌كه‌ی.به‌هه‌مان ئاڕاسته‌ی كوشتنی پیره‌ژنه‌ سوخۆره‌كه‌ له‌لایه‌ن(ڕاسكۆڵیكۆڤ) له‌ڕۆمانی (تاوانو سزادا),به‌ڵام له‌فۆرمێكی تردا.
نوسه‌ر ناوی سێ شاعیری به‌ناوبانگی دونیا دێنێت,كه‌ ئه‌وانیش:(مه‌ولانا,ئیقباڵی لاهوریو میرزا غالیب)ه‌,كه‌ كاریگه‌ری دونیا بینیو ڕۆحی فه‌لسه‌فه‌گه‌راییان له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌.

لایه‌نێكی تری ڕۆمانه‌كه‌,نیشاندانی دیوێكی تری ژیانی هندیه‌كانه‌ له‌ژێر ڕه‌حمی خاوه‌نكاره‌كانیان,كه‌ وه‌ك كۆیله‌یه‌ك ده‌ڕوانێته‌ به‌رده‌سته‌كانیان.به‌شێوه‌یه‌ك نوسه‌ر ژیانی ئه‌وانی شوبهاندووه‌ به‌و كه‌ڵشێرانه‌ی,كه‌له‌ناو قه‌فه‌سدان له‌ بازاره‌ هه‌ژارنشینه‌كانی (دێلهی).
باڵرام پاش چاوخشاندنی به‌یه‌كێك له‌كتێبه‌ كۆنو زه‌رده‌كاندا ئه‌م وته‌یه‌ی به‌رچاوده‌كه‌وێت:”ساڵانێك بوو به‌دوای كلیلدا ده‌گه‌ڕایت,به‌ڵام ده‌رگا هه‌میشه‌ كراوه‌بوو.” ئه‌مه‌ش وه‌ك گوزارشتكرن له‌ به‌هه‌ڵه‌ هه‌نگاونانی مرۆڤ بۆ هێنانه‌دی خولیاو ئاواته‌كانیو بوونی گه‌نجینه‌كه‌ له‌به‌رده‌مماندا.یان له‌ته‌نیشتماندا,له‌كاتێكدا ئێمه‌ بۆ گه‌یشتنمان دورتر ده‌ڕۆین.
دواجار,له‌بیرمان نه‌چێت ئاماژه‌ به‌ وه‌رگێڕانه‌ جوانو پاراوه‌كه‌ی (شلێر ڕه‌شید)بكه‌ین,كه‌ سه‌لیقه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌كاربردووه‌,له‌ گه‌یاندنی په‌یامو بیری نوسه‌ر به‌خوێنه‌ری كورد.




“شەڕی برا کوژی” “شەڕی کورد لەگەڵ کورد” دوو دەربرینی هەڵەو چەواشەکارانە!!


عەبدوڵا مەحمود

دوا بەدوای گرژی و ئاڵۆزییە چەکداریەکەی ٣ ئاداری نێوان ‌هێزەکانی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی سەر بەپەکەکە لە خان سوری شەنگال، تێرمی شەری براکوژی!! جارێکی تر‌ میدیا و کەناڵە راگەیاندنەکانی تەنی. نووسەران و قەڵەم بەدەست و بەرپرسە حزبی و حکومی و زۆرێک لەبەشداربووان لە تورە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیس بوک و تویتەر، حەماسەتیان جوڵا. مەقۆلەی شەری براکوژیان لە کارخانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و فەرهەنگی حزبەکانیدا، ‌هێنایەوە دەر. دیارە ئەم دەربرینە بۆ ئەوەیە کە ناوەرۆکی شەر و بەیەکدادانی نێوان لایەنەکان، بشارێتەوە. نە براکان و نە خوشکەکان شەر لەگەڵ برا و خوشکەکانیان ناکەن، ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە. ئەوەی کە شەر دەکات ئەوانەن کە براکان و خوشکەکان، خەڵتانی خوێن دەکەن و کۆمەڵگا رەشپۆش دەکەن. براکان و خوشکەکان دەکەن بەگژ یەکتریدا و پاساو بۆ کوشتارو رەوایەتی بەو کوشتارە تیۆریزە دەکەن.

شەری نێوان لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ یەکتری شەری برا کوژی نییە، شەری دەسەڵاتە. مێژووی ئەم جەنگی دەسەڵاتە، و دەستبردن بۆ چەک بۆ پاوانی دەسەڵات و وەرگرتنی پاداشتی خۆشخزمەتی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بە تایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و کۆماری کۆنەپەرستی سێدارەو سەنگساری ئیران، نەریت و عادەتێکی لە مێژینەی حزبەکانی بۆرژوازی کوردە. کەم رودەدات برایەک برایەک یان برایەک خوشکیک بکوژێت، بەڵام دیاردەیەکی ئاساییە، جەنگی دەسەڵاتی ئەم حزبانە بۆ دەسەڵات، بە هەزاران و دەیان هەزار خوشک و برا، بخاتە ناو بەرداشی شەری دەسەڵاتەوە، بیان هارێت، کەم ئەندام دیل و ئەتک بکات. و چارەنوسی بی سەروشوێنەکانیش لە دایک و خوشک و براکان بشارێتەوە یان بەعس ئاسا ئەنفالیان بکات. کەسانێک کە چاوپۆشی لەو راستیانە دەکەن، بەشێکن لە ماشینی جەنگی دەسەڵاتی ئەم حزبانە.

شەری نێوان لایەنگران و هێزی دەست پەروەردەکراوی پارتی، لەگەڵ هیزو لایەنەکان و دەستپەروەردەکراوی پەکەکە، شەری ئاشکرای دەسەڵاتە بە پشتیوانی ئاشکرای رژێمی تورکیا و ئیران و دەسەڵاتی عێراقی نۆکەری ئاخوندەکانی ئێران… ئەم دوو هێزە بە پشیوانی چەک و هێزی چەکداریان. لە جغرافیای کوردستانی گەورەدا!! هەم حزب و ڕیکخراوەی سیاسی، هەم رێکخراوەی جەماوەری و دەزگای میدیایی و تایبەتی و سەربەخۆیان و هەم ‌هێزی چەکداری پەروەردەکراویان هەیە. لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا، ئەم دوو هێزە لەسەر بنەمای بیئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان و رادەستکردنی ئیرادەی سیاسی خۆیان بە وڵاتانی کۆنەپەرست، دژی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان، مایەیان داناوە. بۆ پارتی تورکیاو ئەردۆغانی داعشی نزیکترە لە پەکەکەو حزبی دیموکرات و تەنانەت یەکێتی نیشتیمانی. بۆ پەکەکەش کۆماری سێدارەی ئێران و دەسەڵاتی رەوتی شیعە گەرای عێراق… نزیکترە لە حزبی دیموکرات و پارتی و یەکێتی …تاد. ئەمەش نەک روداوێکی بەرێکەوت و سادە، بەڵکە سەرچاوەی لەوەستانەوە بەرووی ئیرادە نواندنی ئازادانەی خەڵکی کوردستانەوە هاتووە. ئەم حزبانە لەخانەوادەی بۆرژوای کورددا، جەنگی نێوان خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان، بە ناوی شەر لەسەر خواستەکانی خەڵکی کوردستان و زۆر جار بەدۆسیەی بانگەشەی سەربەخۆیشەوە، ئەنجام دەدەن. تا زۆرترین خوێنی براو خوشکە و کوردەکانیان!! برژێت.

“شەری کورد بەکورد” دەربرێنێکی تری چەواشەکارانەیە. کەم نین کە دەڵێن نابێ خوێنی کورد بەدەستی کورد برژێت! ئەمانە لەلایەکەوە هەموو کورد، وکو یەک دەبینن و خێڵی تاڵانچی و خۆشخزمەت و نۆکەر و کرێگرتەو ملیاردێرو ملیۆنیرەکان و موچەخۆرانی کادری حزب، وەکو زوربەی خەڵکی دزیلێکراو نەدار و بێکارو برسی کوردستان دەبینن. بەم دەربڕینە چەواشەکارانەیە دەیانەوێ تا دنیا هەیە زوربەی زۆری خەڵکی نەدارو دزیلێکراوی کوردستان بێدەنگ بکەن. چونکە برایانی کوردیان، لە خۆیان و لە رەگەزی خوێنی کوردن!!. لە لایەکی تریشەوە خوێنی کورد نابێ بەدەستی کورد برژێ، یانی ئەگەر رەگەزی غەیرە کورد ئەمە بکات، رەوایەتی هەیە. یان ئەگەر کوردەکان خوێنی عەرەب و تورک و فارس و کەسانی دەرەوەی رەگەزی کورد برێژن ئاسایی بێت. بەراستی شەرمە لەدنیای ئەم سەردەمەدا ئەم دەربرێن و بۆچوونانە جێگایان بێتەوە. لەوەش زیاتر لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، ئەوانەی بانگەشەی برایەتی کورد و کورد دەکەن، فیشەکیكیان دژی هێزە سەرکوتکەرو درندەکانی رژێمی تورکیاو ئێران و سوریا، نەک نەتەقاندووە، بەڵکو لەخزمەتکردن پێیان و پێشلەشکری بۆیان درێغیان نەکردووە. بۆ ئۆزال و خومەینی هێندە شین و گریانی ساختانەیان کردووە، لەکاتێکدا بە کوشتاری برا!! کوردەکانیان، لەجەنگی دەسەڵات و پاوانی قەڵەمرەوی سیاسییدا، مێشێک میوانیان نەبووە.

نە شەرێک هەیە بە ناوی شەری براکوژی و نە شەریش شەری نیوان کورد و کوردە، شەری نێوان حزبە چەکدارەکانی بزوتنەوە کوردایەتی، شەری داسەپاندنی دەسەڵات و پاوانکردنی جغرافیای قەڵەمرەوی سیاسی و داسەپاندنی نەخشەی و تموحی جۆراوجۆرە لەهەر چوار بەشی کوردستاندا.
لە کۆمەڵگای کوردستاندا، قڵشتی چینایەتی راستیەکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگایەو برا سەرمایەدارە دزو تاڵانچی و دەسەڵات بەدەست و کرێگرتەکان، داهاتی زوربەی زۆری براو خوشک و گەورەو بچوکی کوردستانیان، دەست بەسەردا گرتووە بە زۆری هێزی چەکدارو فریوکاریش… دەچنە جەنگی خوشک و برا کوردە کرێکارو زەحمەتکێش و نەدارە تورەو نارازیەکانی کورستان و لەهەر جێگایەک دەسەڵاتیان بکەوێتە بەردەم هەرەشە، بە سەرکوت و کوشتاری بێپەردە، خوشک و برا و گەورەو بچوکی کوردستان قەسابی دەکەن. هێشتا ئەمە هەموو حکایەتە بەردەوامەکە نییە، هاوکات حزبە چەک بەدەستەکانی بۆرژوازی کورد، لەناو خۆشیاندا چەند باڵ و لاباڵن، ململانێی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، لەسەر بەشی زۆرتر قەڵەمرەوی سیاسی، داهاتی زۆرتر، خۆشخزمەتی بە قوتبە زلهیزەکانی دنیاو ناوچەییەکان، لە ململانێی و کێشمەکێشی بەردەوام دان. ئەمانە هەموویان خوشک و برای یەکن، هەموویان کوردن، بەڵام هەریەکەیان لەپێناو نەخشەو بەرژەوەندی خۆیان و ئاغاکانیاندا،پەتی تەحەمولیان بەو بەرژەوەنیانە بەستراوەتەوەو لەهەر گۆشەو جێگایەکدا، ئەو بەرژەوەندی و دەسەڵاتەیان، لەلایەن یەکێک لەباڵ و لاباڵە چەکدارەکاندا بکەوێتە بەردەم هەرەشە، دەست بۆ چەک و راکێشان و پێشلەشکری بۆ برا تورک و فارس و عەرەب، ئینگلیزو روس و…!! دەبەن و سڵ لەخوڵقاندنی هیچ کارەساتێک ناکەنەوە.

هەموو شەرو بەیەکدادانەکانی مێژووی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی، تا دەگاتە شەرو بەیەکدادانی ٣ی ئازاری ئەم مانگە ریشەی لەهەمان واقعیەت دایە. بۆیە دەربرینی شەری براکوژی، یان شەری کورد بە کورد، درۆیەکی ئاشکراو بەکاربردنیشی لەلایەن سەرانی ئەم حزبانەو میدیای نۆکەریانەوە، پاساوە بۆ پاکانەکردن و شان خاڵیکردنەوە لە بەرپرسیاریەتی ئەم کوشتارو ماڵوێرانیەی لەجەنگی دەسەڵاتی نێوانیاندا، بەسەر کۆمەڵگای دەهێنن…

abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com
٥ ئاداری ٢٠١٧




ئایا شەڕی کورد بەکورد هیچ واقعیەتێکی هەیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

بەرەی ناسیۆنالیزمی کورد لەباشوردا هەرلەسەردەمی شاخیانەوە تا ئەم چرکە ساتەیشی لەگەڵدا بێت،هەرساتەو دەکرێت چاوەڕێی جەنگێکی تری ناوخۆییان لێ چاوەڕوان بکرێت هەروەک ئەو کۆ جەنگەی لەمێژووی ڕابردودا کردویانە لەدژی یەکتری. دەکرێت بپرسین ئاخۆ گەر ناسیۆنالیزم بەمانای چەمکێک بێت خۆی لەسەرو کایە چینایەتیەکانەوە ببینێتەوە،هۆکار چی بوە وابەردەوام ئەو حزبانەی باشوور بەتایبەتیش پەدەکەو یەنەکەو پارتە بچوکەکانیتریشی لەگەڵدا بێت جەنگی دژی یەکتریان کردوە و کوڕی کوردیان بەکوشت داوە؟ ئاخۆ لێرەدا نابێت ئاوڕێک لەمێژووی وڵاتانی دیکەیش بدەینەوەو بەمێژوەکەیاندا بنواڕین کەبزانین لەلایەن دەسەڵات و ئەحزابی بەناو ناسیۆنالیستی و ئەحزابی ئاینیان،چەندین شەڕیان بەرپاکردوەو بەهەزاران هەزار مرۆڤی هاوزمان و هاو نەژاد لەخۆیان بەکوشت دراون؟ باشە ئەوان بۆچی خەڵکی هاوزمانی خۆیان کوشتون؟ ئاخۆ ئەوە لەبنەڕەتدا لەپێناو چیدا بوە؟ ئایا لێرەدا نابێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوەی ڕودەدات لەکایەی جەنگدا،ڕاستەوخۆ دەرگیری نێو کێشمەکێشە چینایەتیەکانە؟ ئاخۆ خەڵکی کورد زمان لەدەرەوەی پێناسە گشتیەکانی جیهانەوەن،تەنها لەبەر ئەوەی خاوەن دەوڵەتی خۆیان نین،ئیتر دەبێت بەچاوێکی جیاوازترەوە ببینرێن و لەکێشمەکێشە چینایەتیەکان بەدەربکرێن؟
ئەو شەڕەی دوێنێ ڕویداو ئەوەی ئەمڕۆ ڕویداو ئەوەی سبەینێ ڕودەدات،نەک بەدەرن لەیاساو ڕێسا چینایەتیەکان،بەڵکو هەڵقوڵاوی نێو ئەو ململانێو کێشمەکێشە چینایەتیانەن و شەڕەکە،شەڕە لەپێناو سەپاندنی هەیمەنەی چینێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار بەسەر کۆی لایەنەکانی تری نێو سیاسەت و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە باوەکەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی یانی یەکێتی و چوار پێنج حزبەکەی تری نێو ئەو حکومەتە،ماوەی بیست و شەش ساڵە بەڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی چینی چەوسێنەری دەسەڵاتدار دەکەن و کۆی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی چواردەور و دەوڵەتانی جیهاندا لەپێناو پاراستنی هەیمەنەتی چینایەتیدایە. ئیتر مەسەلەی کوردایەتی و نەفی کردنی شەڕی ناوخۆی براکان و کوشتنی کورد بەدەستی کورد حەرامەو هێڵی سورە،لەدرۆیەکی شاخدار زیاتر شتێکیتر نیە. بۆ مەگەر کورد زیاترە لەعەرەب وائێستا لەدەیان لاوە بەربونەتە یەکتری و کوشتوبڕی کۆمەڵگا درێژە پێ دەدەن؟ بۆ مەگەر کورد لەتورک جیاوازترە،وائێستا بەشێکی زۆری زیندانەکانی تورکیا پڕە لەخەڵکی تورک زمان کەلەلایەن دەوڵەتی تورکەوە زیندانی کراون.بۆمەگەر کورد جیاوازترە لەفارس و پاکستانی و کێوکێیتر کە لەنێو زیندانەکانیاندا پڕاوپڕن لەبەندکراوانی سیاسی و ئەوانەی ناڕازین بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو چەوسێنەرانەیان؟
بەڕێزان من ئێستایش ئەو پرسیارە دەکەمەوە:ئاخۆ لەبری پەیەدە ئەنەکەسە دەسەڵاتی بەدەستەوە بگرتایە لەڕۆژئاوای کوردستاندا،ڕێی تێدەچو پارتی و دەوڵەتی ئەردۆ داعش پەلاماریان بدایە؟ ئاخۆ هۆکار بۆچی دەگەڕایەوە لەحاڵەتێکی وادا؟ ئاخۆ تەنها هۆکار بۆئەوە نەدەگەڕایەوە کەئەنەکەسە دەبوە جێبەجێ کەری پرۆژە چینایەتیەکانی پارتی و دەوڵەتی ئەردۆ داعش؟ کەوایە هاوکێشەکە ڕونەو پێویست بەخۆ گێل کردن و هێنانەوەی بەهانەی بێ مانا ناکات. پەیەدەو شۆڕشەکەی لەڕۆژئاوای کوردستاندا هەڵگری چەمک گەلێکی جیاوازن و هاوتەبا نین لەگەڵ ئەو خواست و بەرژەوەندی وئەجێندایانەی پارتی و دەسەڵاتدارانی باشور بەشوێنیەوەن. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی ئەڵتەرناتیڤێکی جیاوازەو لەهەگبەکەیدا مژدەیەکی نوێی وەرچەرخانی مێژووی هەڵگرتوە کەهەموو ساتێک دووبارە نابێتەوە.هەڵگرتنی مژدەی وەرچەرخانی کۆتای هێنان بەچەوساندنەوەی چینایەتی و کۆتای هێنان بەوەهمی ناسیۆنالیستیانە.تەنها ئەم هۆکارەیشە کۆی بەرەی نەیاری ئەو شۆڕشەی تووشی شۆک کردوە. ئەگەر وانیە،ئەی خێرە ئەردۆ داعشی فاشی ڕێزو حورمەت دەدات بەوالیە کوردیەکەی لەباشوردا بەڵام دێت و جینۆسایدی گەلی زەحمەتکێشی باکوری کورد زمان دەکات،یان بەکۆی سوپاکەیەوە پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشەکەی دەدات؟
بەڕێزان،مێژوو پڕاو پڕە لەو وەهمە ناسیۆنالیستیەی خۆی لەسەرو خەتی چینایەتیەوە دەناسێنێت.هەرلەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو ڕزگاری ئەمریکا لەساڵی 1776 وە تا دەگات بەشۆڕشی فەرەنسای 1789 و دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ناپۆلێۆنی لاوەوە،ئیتر جەنگەکان لەژێر سەری هەیمەنەی ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستەکاندا بوە بۆ شاردنەوەی خەتە چینایەتیەکان و زاڵ کردنی هەیمەنەی چینە بۆرژواکان بەسەر چینە کارگەرو زەحمەتکێشەکاندا. مرۆڤ گەر مێژوو بەشێوازە دروستەکەی بخوێنێتەوە باش لەناوەڕۆکە ترسناکەکەی ناسیۆنالیزم تێ دەگات. بەڵام مەخابن،کاتێک ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاوازە،ئیترە خۆش کردنی ڕێگای جەنگی بەرژەوەند خوازانەی چینە دەسەڵاتدارەکان لەژێر ناوی پاراستنی شەرفی نیشتیمان و تەڵاقی دەوڵەتدا ڕەونەقێکی سەرسوڕهێنەری پێدەدرێت. دەکرێت بپرسین:ئاخۆ گەر ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لەبار بوایەو دەست بردن بۆ خۆڕێکخستن بچوایەتە مەیدانی هاتنە مەیدانەوە،ڕێی تێدەچوو سەرانی ناسیۆنالیزم ئاوا بەئاسانی بیان توانیایە لەڕێی خیانەتەکانیانەوە هێشتا فەزڵ فرۆشی بنوێنن و خۆیان وەک قارەمانی گەل نیشان بدەن؟ ئاخۆ گەر ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاواز نەبوایە لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و جەنگی دوەمی جیهاندا ڕێی تێدەچوو سەرانی بەرژەوەند خوازی دەوڵەتی بۆرژواکان وا بەئاسانی بیان توانیایە مەیدانی جەنگەکانیان گەرم بکەن و ملیۆنان مرۆڤ بکەنە سوتەمەنی نێو بەرژەوەندیەکانیان؟ ئاخۆ گەر ئێستا بێت ئەو دەوڵەتانە دەتوانن لەژێر هەیمەنەی پاراستنی نیشتیمانی و پاراستنی ئەمنی قەومیدا مرۆڤەکانیان ڕاپێچی نێو جەنگێکیتری وەک ئەو دوو جەنگەی ڕابردوو بکەن؟ کەوایە ئەوەیش ئێستا بۆ پارتی و هەیمەنەتەکەی دەست دەدات ئاستی لاوازی هۆشیاری سیاسی چینایەتی و ناڕێکخراوبونی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانە،بۆیە توانویەتی لەڕوی هێزی سەربازیەوە لەشکری زۆرو زەبەندی هەبێت و لەڕێی وەهمی دەوڵەتی کوردی و ناسیۆنالیزم و ئاڵاوە، هەیمەنەتی حزبی و بنەماڵەیی خۆی بسەپێنێت و بێ هیچ سڵەمینەیەکەوە دەست ببات بۆ شەڕی کورد کوشتن،کەدیارە لای من پێچەوانەکەی ڕاستەو بەشەڕی چینایەتی ناوی لێ دەنێم.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هاوپەیمانەکانی هەڵگری چەمکی کۆتای هێنانی ناسیۆنالیزم و چەمکی هەیمەنەی دەوڵەت نەتەوەن،بۆیە هەر لەپارتیەوە تادەگات بەدەوڵەتانی چواردەور بەنەیارو دوژمنی خۆیانی دەزانن. ئەو شەڕەی ئێستایش هەیە نەتەواو دەبێت و وەنە کوشتنی کورد بەدەستی کوردیش کۆتای پێ دێت!

تاهیر حاجی حەسەن
03/03/2017




تەقیننەوە… پشکۆ ناکام

….کاتی خۆی بەعس بکوژ و ببڕ هەر خۆی بوو..ئێستا پارتی……………………………………..
کاتی خۆی بەعس بێ ڕفانن ئەیکوشتین ، ئێستا پارتی و هاوپارتییەکان دوای ڕفانن لەناومان ئەبەن..
کاتی خۆی بەعس گوێی لەکەس نە ئەگرت، ئێستا پارتی و هاو بنەماڵەکەی فەرمان ئەیەن کە خەڵک و لایەنە بە سیاسییەکان چی بکەن و چی نەکەن..
کاتی خۆی بەعس زیا لە پێویست شوڵی لێ هەڵکێشابوو ، ئێستا پارتی و هاوپارتییەکان لە شوڵ و هەڵکێشان تێپەڕیوون و بوون بە خولەفای بارزانییەکان..
کاتی خۆی بەعس هەقی نەبوو کێ هاوکار و هاوخەمی پارچەکانی تری کوردستانە، ئێستا پارتی دیفاع لە پارچەکانی تر بە تاوان ئەزانێ….
کاتی خۆی بنەماڵەیەکی (عۆجە)حوکمی ئەکردین کە هەموویان ناوی عەرەبیان هەبوو، ئێستا بنەماڵەیەکی (بارزان)حوکمان ئەکات کە هەموویان ناوی عەرەبیان هەیە جگە لەوانەی کە لە دایکێکی خەڵکی (سلێمانی)ن….
کاتی خۆی بەعس هێرشی عەسکەری نەئەکردە سەر خەڵک و پێشمەرگەکانی کەس و کارەکانمان لە پارچەکانی تری کوردستان، ئێستا پارتی وەک کەوا زەردی بەر لەشکری عوسمانییەکان بەربۆتە گیانی خەباتگێڕانی باشوور و ڕۆژئاوا وەک پاداشتی ئەوەی کە لە شەنگال ئەوان نەیانهێشت وێنەی دوا پارچە جلی ژێرەوەی بنەماڵە و میلیشیاکانی بکەونە زونی کامێرای میدیاکان…

کاتی خۆی بەعس بە سلێمانی ئەووت سەری مارەکە!!، ئێستا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ئەڵێت سلێمانی سەرچاوەی ئاشوبیەکانە، واتە سەری مارەکە بە شەرحێکی عەشایەری،،،،
کاتی خۆی بەعس ئەبو غرێب و موسڵ ونوگرە سەلمان و ئەمنی عامە و هەیئەی خاصەی کەرکوکی هەبوو، ئێستا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی،زیندانەکانی پاراستن و ئاکرێ و ئاسایش و مەصیف و سەری ڕەشی شەرمەزاری هەیە،جگەلە دەیان زیندانی نهێنی تر،
کاتی خۆی بەعس تەقەی لە خۆپیشانەرەکان نەئەکرد و یەکسەر هەندێکیانی ڕاپێچی ئەمن ئەکرد، ئێستا پارتی لە ڕەبایەکانییەوە شەلم کوێرم ناپارێزم تەقە لە خەڵکی بێ دیفاع ئەکات……………….
کاتی خۆی فیدائی صدام هەبوو، ئێستا فیدائی مسعود …. …… …. …
کاتی خۆی قسە ووتن بە سەرۆک ” زێڕە” تاوان بوو، ئێستا ناو هێنانی بنەماڵە بە شێوەیەکی خوانەکردە نەشیاو،جگە لە لایەنە قانونیەکەی ، کفریشە……. … ………
کاتی خۆی بەعس سەرەڕای هەموو تاوانەکانی برسی نە ئەکردی، ئێستا پارتی و بنەماڵە جگە لە دزینی سەرچاوەی قووت و بژێوی کۆمەڵانی خەڵک، سیاسەتی برسی کردن پەیڕەو ئەکات ……
کاتی خۆی بەعس ، ئەیووت گەل دەنگی بۆ سەرۆک یاوە، ئەمڕۆ پارتی و بنەماڵە بە پارە ئیمزا کۆئەکەنەوە کە بۆ ئەوەی سەرۆکی بەناو پارتی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بمێنێتەوە چونکە خوی بەو کورسییەوە گرتوە و نازانێ و ناتوانێ لەسەر کورسی تر دانیشێت…………….. …
کاتی خۆی بەعس ووڵاتی توشی شەڕی لابەلای نەویستراوی وێرانکەر کردبوو، ئێستا و لەسایەی سەری بنەماڵە و پارتە پاشکۆکەی، هەرێم هەر ڕۆژەی تووشی شەڕێک ئەبێت و جگە لە خۆ دەوڵەمەن کردن بۆیان خەڵکی داماو و بەدبەخت باجەکەی ئەیات و لە هەموویشیان خەتەر تر شەڕی شۆڕشگێڕانی باشوور و ڕۆژئاوایە،،،،،
بە کوردی و بە کورتی ئەوەی هانی خەڵی کوردستانی یابۆ ڕاپەڕین، ئەمڕۆ ئەو هۆیانە بە زیا یەوە
هەیە بۆ تەواو کردنی ئەرک و هەنگاوەکانی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، توڕەبوونی هەموو میللەتێکیش بە تەقیننەوە ئەگاتە مەبەست،،،،




له‌خه‌وندا،خه‌ون …. جەمال حەمەد

که‌ڕائه‌په‌ڕێ تالمیسکێک له‌لێوی هاتووه‌ ئه‌ڵێ ئۆووو شێت !!! په‌له‌وه‌رێک له‌سه‌رگوێسوانه‌که‌یان گۆرانی ئه‌جریوێنێ: باخڕ بێ باخڕبێ، مه‌مکۆڵه‌ی سوخمه‌دڕبێ. یه‌ک تاک پاپووچی لاسیکی ساڵێ بۆ عه‌یامی تێ ئه‌گرێ، گیڤه‌ ئه‌کا به‌په‌نا گوێی مناڵێکی کۆتربازی دراوسێیاندا که‌هاقووه‌که‌ی لێ ته‌ره‌بووه‌.. له‌پڕێکا هه‌وریکی لیخنی شینی ئاسمانی سوور به‌ری چاوی ته‌ڵخ ئه‌کات، و وائه‌زانێ مه‌لاژنه‌، هه‌تا هێزی تیا یه‌ یه‌ک مست وورده‌ له‌گیرفانیا ئه‌بێ که‌هه‌ڵیگرتبوو بۆ محه‌له‌بی شکاندن، هه‌ڵی ئه‌یاته‌ سه‌ر فه‌ڕشه‌که‌، به‌شه‌شا ئه‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌ڵێ لیێده‌ هه‌موو واره‌که‌ له‌سه‌ر له‌نگه‌ر.. ببیری دێته‌وه‌ که‌سه‌ماعه‌ی مینبه‌ره‌کی دانه‌خستۆته‌وه‌، گوێی له‌فه‌قێکانی ئه‌بێ ئه‌وه‌نه‌ی زه‌م ئه‌که‌ن ئه‌وه‌نه‌ی زه‌مئه‌که‌ن، ئاره‌قی که‌حله‌ ئه‌کاته‌ پیاڵه‌که‌وه‌و به‌نیازه‌ فڕی کات، کوره‌ ئه‌ڵێ نه‌که‌ی، خۆ تۆ به‌ڕۆژوویت!! ئه‌ی باشه‌ سه‌رفته‌ره‌که‌م چی لێکرد؟؟ئه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو له‌ڕێگه‌ی چوون بۆ ده‌وامدا له‌ترافیکلایته‌که‌ قه‌ره‌جێ خۆی فڕێدایه‌ به‌رده‌م هێسته‌ره‌که‌ت که‌به‌سه‌ریه‌وه‌ له‌قه‌له‌موون ئه‌چویت، پێی لێکرد به‌که‌وشدا و پێی ووتی هه‌تا ئه‌و ئه‌ڵقه‌ زرگۆنه‌ی ده‌ستم نه‌ده‌یتێ، لغاوی که‌ره‌که‌ت ناده‌مه‌وه‌ده‌ست، وتت جا ئه‌وه‌ که‌ره‌ یان حوشتره‌ هه‌ی هێستر؟؟؟؟ نه‌قیزه‌یه‌کی له‌مووراغه‌ی پشتی ڕۆکرد ، مه‌لاژن هاواری لێبه‌رزبۆوه‌ به‌فڕکان به‌ره‌و موبه‌قه‌که‌ ڕایکرد؛ کوره‌ قاوه‌که‌م هه‌ڵچوو سه‌رت له‌قوڕنێی،، هه‌تا فریای که‌وت که‌ڵه‌شیره‌که‌ پۆپنه‌ی له‌ته‌لبه‌ندی پاسداره‌کان گییرببوو، قوقوقو بانگی ئه‌داو ئه‌یوت مردووتان مرێ هه‌ستن له‌خه‌و واپارشیوه‌.. کوڕه‌قۆزه‌که‌ی دراوسێشتان واله‌گه‌ڵ کوتاڵفرۆشه‌ ده‌ستگیڕه‌که‌دا مشتومڕیانه‌و ئه‌م ئه‌ڵێ هه‌تیو سه‌رت له‌قوڕێنێی ئه‌وه‌ عه‌ماره‌پۆیه‌، ئه‌ویش به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی شێتگیرانه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌دایه‌‌وه‌، جا توو شه‌ره‌ف مووچه‌دراوه‌ تا کرێخانووت بده‌مێ !! دان به‌خۆتابگره‌و مه‌قیژێنه‌ خۆ دوێنێ سه‌ری مانگ بوو ماڵی باوکتم ئاواکرد بۆ خۆت و به‌رخت،، دووگی چاکی پێوه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆ قوربانیی ئه‌بێ؟؟؟ هه‌تیو نه‌تبیستوه‌ کاری ئه‌مڕۆ وبه‌رخی نێر بۆسه‌ربڕینن؟؟؟ هه‌رکه‌له‌ده‌رگای مزگه‌وته‌که‌ وه‌ده‌رکه‌وت خێرا پۆلیسێکی هاتووچۆ سه‌ره‌ڕیی لێگرت وه‌ک حه‌مه‌تاڵی بانه‌. مامۆستا ئاگرت پێیه‌ جگه‌ره‌یه‌کی سۆمه‌رم بده‌یتێ؟؟ تۆش ده‌ستی ڕاستت برد بۆ گیرفانی چه‌پی جبه‌که‌ت و سه‌عاته‌ چاڵمه‌که‌ت ده‌رهێناو کرت کرت؛ کاتمان کردوه‌ وه‌چه‌ن به‌سه‌عاتی عاره‌بیی؟؟ وه‌ختی نوێژ وه‌سه‌رچوو داماو ئه‌وه‌ بۆ دیارنه‌بووی بۆنوێژی جوعمه‌؟؟؟ کابرا سه‌ری سوڕما وه‌ڵامی نه‌دایته‌وه‌ سه‌رێکی باداو لێیدا سواری پاسکیله‌که‌ی بۆوه‌و له‌چاوتروکانێکا به‌ره‌و ئاسمان فڕی. مه‌لا مه‌لا، سه‌رت له‌هه‌شنێی ئه‌ودیوه‌ ئه‌ودیوه‌ !! من بزانم ده‌رگاکه‌یان سه‌وزیی ماستاوی بوو، وانه‌بوو؟؟ با با ئه‌ڵقه‌ڕێز نه‌بوو ئه‌وان جه‌ڕه‌سیان هه‌بوو. ته‌ق ته‌ق له‌توقولبابی ماڵه‌که‌تدا، ئافره‌تێکی سه‌ر ڕوت خۆیکرد به‌درزی ده‌رگاکه‌داو فڕکه‌ی کرده‌ ژووره‌وه‌. یاحافیز یاحافیز، به‌م نیوه‌ ڕۆیه‌ ئه‌م جنۆکه‌یه‌ له‌کوێوه‌ دێته‌وه‌، حاجی شیڕاندی به‌سه‌رتا و ووتی؛ مه‌لا ئه‌وه‌خراپ سه‌یرئه‌که‌ی ها؟؟ به‌سه‌ری حاجی ئه‌وهه‌تیوه‌ی منیش شووڵی لێ هه‌ڵکێشاوه‌و هیچ ئاگای له‌ده‌رسوده‌وره‌که‌ی نه‌ماوه‌، نه به‌خوا، پێم ئه‌ڵی باوه‌ من ئه‌مه‌وێ بچمه‌ کۆلیژی جانه‌وه‌رزانیی، منیش زۆری لێ ئه‌که‌م ولێی ئه‌پاڕێمه‌وه‌ که‌بچێته‌ شه‌ریعه‌، هه‌رئه‌و مسته‌قبه‌لی باشی هه‌یه‌، مێزه‌رێک ئه‌به‌ستیت، جبه‌یه‌کی ئاودامان ئه‌که‌یته‌ به‌رو ده‌ستئه‌که‌ی به‌وه‌عزدان، ئه‌مه‌ هیچ بارگرانی یه‌کی تیایه‌؟؟مه‌لاژن ووتی، ئاده‌ی ده‌ریکه‌، پاره‌ی ئه‌وکراسه‌م نه‌داوه‌ به‌به‌رگدروه‌که‌، بابچم دووده‌سک سڵق بێنم وئیواره‌ به‌تاسکه‌بابی به‌ربانگ بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌ڵێی چی؟؟ وه‌ڵا مه‌لاژن گیان بڵێم چی، به‌نیازم ژن بێنم.. یه‌ک مسته‌کۆڵه‌ له‌مووراغه‌ی پشتت درا که‌ئازاره‌که‌ی له‌حه‌وته‌به‌قه‌ی ئاسمان ئه‌زرنگایه‌وه‌ وله‌نووکی تووکی گوێچکه‌ی ڕاستت کوژایه‌وه‌!!!! وه‌ی بابه‌ گیان ژنه‌که‌ ئه‌و ئه‌و ساروخه‌چیی بوو له‌خانوه‌قوڕه‌کانیدا؟؟؟

قه‌سه‌م به‌خوا له‌نزیک ماڵی خوله‌مه‌تی دا !! دره‌نگه‌ خۆت بگۆڕه‌ ، بابچین بۆ به‌ستۆره‌. که‌ی کاتی گۆرانی ووتنه‌ ئێره‌ مینبه‌ری هۆڵی ڕۆشنبیری یه‌. میوانه‌ ئازیزه‌کان به‌خێرهاتنتان ئه‌که‌ین بۆ دیبه‌یتی نێوان دوو له‌ هه‌ڵبژێراوانی خیلافه‌ته‌که‌مان که‌ئه‌وانیش ئایه‌تووڵاو خوتبه‌خوێن وپێشنوێژو فه‌تواده‌رو فاڵگره‌وه‌ودکتۆری مناڵان و ئاوسبوون وزۆرجار شریقه‌ له‌ سمتی ڕه‌شه‌ووڵاخیش ئه‌دات ،ئه‌وی تریشیان کوڕه‌قۆزه‌که‌ی گه‌ڕه‌کی خۆمانه‌. ئاده‌ی ڕۆڵه‌ لاچۆ باببینم هه‌یفا چۆن حیجاب ئه‌پێچێته‌وه‌؟؟؟ مه‌لاژن وای ووت. هه‌یفاش تازه‌ وهه‌رئه‌وساته‌ شاوه‌ری وه‌رگرتبوو به‌بیتاقه‌ی بایه‌عیه‌که‌
خه‌ریکی چیت من پرسیارم لێکردی ئه‌گه‌ر بیکه‌م به‌دوان تۆ ڕازی ئه‌بییت؟ هیچ هه‌قوهقووقێکت ناخۆین به‌جووته‌، تۆ هه‌تا هه‌تا هه‌تایه‌ ژنی گوێڕایه‌ڵی خۆم ئه‌بیت. هه‌تیوه‌که‌یان خۆی کرد به‌بازاڕی به‌ربه‌له‌دێی قسه‌کانیانا، و ووتی بابه‌ به‌رله‌وه‌ی ژن بۆخۆت بێنی مشووری سه‌ربانی مزگه‌وته‌که‌مان وه‌کوو شووتی بخۆی باشتر نی یه‌، وا دڵۆپه‌ ئه‌کات و بانگوشه‌که‌ش خۆمان خۆش، که‌س نی یه‌ تۆزێ بیگێڕێت به‌ده‌وریا، باگردێنه‌به‌رده‌که‌ش بووه‌ به‌دووکه‌رته‌وه‌، ئه‌وشه‌وه‌ وه‌کوو مانگی شه‌قبوو دوله‌ت بوو. مه‌لا که‌تائه‌وکاته‌ وایزانیی خه‌و ئه‌بینێ هه‌ڵسا و شه‌قازلـله‌یه‌کی سره‌وانده‌ په‌نا گوێی مه‌لاژن.

که‌ڕوی وه‌رگێڕا ئه‌ونه‌بوو ، ئافره‌تێکی ترو له‌له‌شێکی ترو ڕوخسارێکی تابڵێی جوانتری هه‌بوو، له‌چکیشی نه‌به‌ستبوو وده‌م به‌بزه‌ تر بو له‌مه‌لاژن، ووتی ئه‌ی تۆ کێی؟؟ ئه‌و ووتی ئه‌ی تۆ نه‌تووت ئه‌یکه‌م به‌دوان!! مه‌لا بیری نه‌که‌وته‌وه‌ که‌ مه‌لاژنی ڕازیکردوه‌ به‌م فیعله‌جوانه‌ی سه‌یری ده‌رگاکه‌ی کرد ، لایه‌ڵ بوو، ووتی ئیستا نا ئیستا به‌خۆی وجبه‌و حیجابه‌که‌یه‌وه‌ خۆی ئه‌کا به‌ژووراو ئه‌مکا به‌فلیم، خۆم من نه‌مووتوه‌ ئه‌یکه‌م به دوو ، وای نه‌زانیی بێت که‌من مه‌به‌ستم ته‌نکی سه‌ربان بووبێت!! له‌وانه‌شه‌. له‌پلیکانه‌کان هاته‌ خواره‌وه‌ به‌رچایی ئاماده‌کرابوو، له‌نانی تییریو هه‌نگوین وشیری سپیی و له‌وانه‌یه‌ هێلکه‌ی مه‌زنی ووشترمرخ بووبێت، ڕه‌نگه‌. مه‌لاژنیش دانیشتبوو له‌کوونی حیجابه‌وه‌ بابه‌غه‌نووشی ئاودیوئه‌کرد. پێش ئه‌لسه‌لاموعه‌له‌یکوم، ووتی کچێ بیسمیلاتکردوه‌؟؟؟؟ کوڕه‌که‌یان یه‌ک ده‌رزه‌ن کتێب به‌بن هه‌نگڵی یه‌وه‌ بوو دوو زه‌یتوونی سه‌وزی هه‌ڵدایه‌ ده‌میه‌وه‌، ناوکه‌که‌ی له‌قوڕگی گیرا ، خه‌ریکبوو بخنکێ له‌ئاوی دوکانا!!!هه‌تیو ئه‌ڵێم ئه‌وه‌نه‌ به‌په‌له‌شت مه‌خۆ، ئه‌خنکێی. یه‌ڵا باییی، هاواریکرد. تۆسه‌یری ئه‌م داماوه‌ به‌م ڕۆژگاره‌ ئه‌لێی سه‌گی پێسووتاوه‌ له‌م ئه‌وروپا گه‌وره‌وگرانه‌دا، چۆته‌ کۆلێژی ماڵداریی !!!مه‌لاژن به‌ده‌م هه‌ڵقوڕینی قاوه‌ی شله‌تێنه‌وه‌ وای ووت. بیجامه‌کانی فڕێدا، کاره‌که‌ره‌ ڕه‌شپێسته‌که‌یان وه‌کوو گۆڵچی خۆی بۆ هه‌ڵداو نه‌یهێشت بگاته‌ سه‌رزه‌وی یه‌که‌، گرتی یه‌وه‌.پانتۆڵه‌ قاوه‌ییه‌که‌ی له‌پێکردوو کراسه‌ مـقه‌لـله‌مه‌ شینه‌که‌ی وچاکه‌تی هه‌مان پانتۆڵی کردبه‌سه‌ریا، بۆینباخێکی سووریشی بۆ به‌ست. پرسیاری لێکرد ئه‌ڵێی به‌ره‌و زانکۆ ئه‌ڕۆیت؟؟ ووتی : نا.. ئه‌مڕۆ عه‌مه‌لیاتێکی گه‌وره‌م هه‌یه‌، به‌نیازم قاچیی فیلێک شکاوه‌ بیهێنمه‌وه‌ جێی خۆی. ئه‌یه‌ڕۆ هی کێیه‌؟؟؟ ئه‌سحابولفیل!! ئه‌م ووتی.ئه‌ی به‌چی وای لێهات؟؟ فڕی به‌سه‌رشاره‌که‌یا ئه‌ویشی به‌سه‌ره‌وه‌بوو، ئوموری ڕه‌عیه‌تیان به‌سه‌رئه‌کرده‌وه‌، که‌وته‌خواره‌، له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌عمی کردبوو، ووتیان. ئه‌ی خاوه‌نه‌که‌ی؟؟ ئه‌وپه‌ڕه‌شووتی پێبوو ، باشبوو. ئه‌مجاره‌یان هێزی دایه‌ به‌رخۆی و سه‌ری به‌رزکرده‌وه‌، له‌سه‌رزه‌وی یه‌که‌ له‌سه‌ردۆشه‌که‌ ئیسفنجه‌که‌، هه‌رچی ئازای به‌ده‌نیه‌تی شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌ بووبوو، ئه‌وجاتێگه‌ی نه‌ژنی هێناوه‌و نه‌ته‌ڕه‌ماش ونه‌له‌به‌هه‌شته‌ونه‌له‌جه‌هه‌ننه‌م. هه‌ستا ده‌ستنوێژی هه‌ڵگرت وڕۆشته‌ده‌ر بۆ کاسبی وپاره‌په‌یاکردنه‌که‌ی، به‌ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وانی نا، هه‌ڵفڕینی فیل بۆ شوێنکه‌وتوه‌ داماوه‌کانی که‌ پێنج فه‌رزه‌ له‌به‌رده‌م میحرابه‌که‌یدا ده‌میان داچه‌قاندووه‌.




یادی ٢٩هەمین ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری کۆپنهاگن

هەڵەبجە بۆ ؟
لە (٢٩)هەمین ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، یادێکی شکۆدار لە شاری کۆبنهاگن سازدەکرێت، لەم یادەدا بابەتی جۆرا و جۆر( شانۆ، مۆسیک، فلیمی دیکۆمێنتاری، پێشانگا، باسی سیاسی) پیشکەش دەکرێن.
ڕۆژ: یەکشەممە
ڕێکەت: 2017-3-19
کاتژمێر:00:14
ئەدرەس: Valby Kulturhus
Valgårdsvej 4
2500 Valby
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە:
28121223 یان 23664602
دەستەی سەربەخۆی سەرپەرشتی یادی هەڵەبجە لە دانیمارک.




گرنگی رەخنە لە ئەدەبی منداڵان.. رەزا شوان

مەبەستی ئێمە لەم نووسینەمان، نەبوونی رەخنەی ئەدەبییە لە ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە کوردستان دا.. کە تا ئەمڕۆش بە نرخی نەبوونە.
هۆنەری نووسین بۆ منداڵان (هۆنراوە، چیرۆک، رۆمان، شانۆ) کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لە زۆر رووەوە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، بتوانن سەرکەوتووبن و شوێن پەنجەیان لەم بوارەدا دیاربێت و، نووسینەکانیان شایستەی ئەوەبن، کە ناویان لێبنرێن بۆ منداڵانن.. پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان داهێنەربن و بابەتی نوێ پێشکەش بە خوێنەری منداڵانی کوردمان بکەن.. تا بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان و داهێنانە تازەکانی ئەم سەردەمە خێراڕەوەدا دەربەرن و، لە کاروانی پێشکەوتن دوانەکەون.
بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە دوای ساڵی (١٩٧٠)ەوە پێیگرت.

بەڵام لە دوای راپەڕینەکەی باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٩١)دا، ئەم بزووتنەوەیە هەنگاوی بۆ پێشەوە نا.. ژمارەیەک شاعیر و نووسەری تازەی کوردمان ئەم بوارەیان بەسەر کردەوە، چەندین بابەتی هەمەجۆرەی ئەدەبییان بۆ منداڵانی کوردمان نووسین و چاپیان کردوون.. بەڵام لەم بوارەدا هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداین و، زۆرمان ماوە کە بگەینە گەلانی پێشکەوتووی جیهان.

دێنە سەر کرۆکی باسەکەمان کە دەربارەی بایەخ و گرنگی رەخنەی ئەدەبییە لە داهێنان و لە پێشکەوتنی ئەدەەبی منداڵان دا.
رەخنە لقێکی گرنگی ئەدەبییە، ئەو هونەرەیە کە بایەخ و گرنگییەکی زۆر بە تێکست و کارە ئەدەبییەکان دەدات بە پێی کۆمەڵێک بنەما و پێوەری رەخنەیی
کە لە لایەن کەسانێکی رەخنەگری شارەزا و ئەکادیمی لە بواری رەخنەی ئەدەبی دانراون.. هەر رەخنەگرێکیش لە میتۆدێک زیاتر بەکاردەهێنێت بۆ خۆێندنەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی کار و تێکستە ئەدەبییەکان بە شێوەیەکی زانستی و بابەتی و بەرنامە سستەماتیکی.
بە داخەوە تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری رەخنەگرانی بواری ئەدەبی گەورەکان، بە چاوێکی سووکتر و نزمتر و، بە پلە دوو لە ئەدەبی منداڵان دەڕوانن.
بوونی رەخنەی ئەدەبی بە پێی بنەما و پێوەرە رەخنەییەکان، ئاستی داهێنانی ئەدەبی منداڵان بەرز دەکاتەوە و پێشی دەخات.. رێگریش لە زۆربی و بۆربی و لە چاپکردنی نووسینیی لاوز و کاڵ وکرچ دەکات.. بۆیە بوونی رەخنە لە ئەدەبی منداڵان دا، پێویستییەکی گرنگە، نەبوونی یا لاوازیشی هۆکارێکی دواکەوتنی ئەدەبی منداڵانە.

ئایە رەخنەگری بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان هەیە..؟ لە راستیدا تا ئەمڕۆ رەخنەگرێکی شارەزا و ناسراوی کوردمان شک نابەم، کە وەکو رەخنەگرێکی ناسراوی ئەم بوارە خۆی ناساندووبێت.. کە بە شێوەیەکی پراکتیکی و بابەتی و زانستی، بە پێی بنەماکانی رەخنە.. رەخنەی لە کتێبێکی منداڵان گرتووبێ و، لە هەموو روویەکەوە، لێکۆڵینەوە و شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بۆ کردووبێ. کەچی لە وڵاتانی رۆژئاوا و لە ئەمریکادا.. چەندین رەخنەگری پسپۆر و شارەزا هەن، کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان لە بواری ئەدەبی منداڵان و لە رەخنەی ئەدەبی منداڵان وەرگرتوون.. بە شێوەیەکی پراکتیکی چەندین رەخنەی ئەدەبیان لەسەر ئەدەبی منداڵان نووسیون و چاپیان کردوون.
جا بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە کوردستان دا گەشەبکات و پێش بکەوێت، پێویستیمان بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی(تیـۆری و پراکتـیکی) هەیە دەربارەی ئەو کار و کتێب و بەرهەمە ئەدەبییانەی ئاراستەی منداڵانی کوردمان دەکرێن.. تا ئەم لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە، پاڵ بە نووسەرانی ئەم بوارەوە بنێن کە خۆیان و کارە ئەدەبییەکانیان پێشبخەن.. پێویستیشە لەسەر ئاستی باڵای خوێندن بایەخ بەم بوارە بدرێت.. چ خوێندکارێکی باڵای کوردمان شانازیی ئەوەی پێ دەبەخشرێت، کە بڕوانامەی ماستەر یا دکتۆرا لە بواری ئەدەبی منداڵانی کورردمان وەردەەگرێت.. هیواداریشم کە (یەکێتی نووسەرانی کورد) کۆڕی تایبەت بۆ نووسەرانی ئەدەبی منداڵان سازبکات.

نەبوونی رەخنە، تەنها هۆکاری دواکەوتنی ئەدەبی منداڵان نییە، بەڵکو چەند هۆکارێکیتریش هەن وەکو:
١ـ گرنگترین هۆکاری دواکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، داگیرکردنی کوردستانە لە لایەن چەند دەوڵەتێکی رەگەزپەرست و فاشستییەوە، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە منداڵانی کوردمان دەچەوسێننەوە، دەیانەوێت زمان و کولتووری کوردیمان لەناوبەرن.. تا ئەمڕۆش لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستان دا، قەدەغەیە کە منداڵانی کوردمان بە زمانی کوردیمان بخوێنن.. بە زۆرداری و بە تۆبزی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبییان سەپاندوون بە سەریاندا.. بە مەبەستی کاڵکردنەوەی سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان.
٢ـ کەمی ژمارەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان.. کە لە هەموو کوردستان دا، ژمارەیان لە پەنجا نووسەر (هۆنراوەنووس، چیرۆکنووس، شانۆنووس) تێناپەڕێت.. واتە بۆ هەر ملێونێک کورد، نووسەرێکی ئەدەبی منداڵانمان هەیە.. ئەمەش رێژەیەکی کەمە لە چاو ژمارەی منداڵانمانەوە.
٣ـ هاوکاری نەکردنی ماددی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، بۆ چاپکردنی نووسینە ئەدەبییەکانیان.. هەروەها نەبوونی دەزگایەکی کارای تایبەت بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان.
٤ـ لانەدانی هەندێ لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە رێبازی کلاسیکی ئەدەبی منداڵان، کە لە شێوەی پەندێری و ئامۆژگاریی وشک و
تەڵقین ئاسایی دایە، بێ ئەوەی کە ئەوە بزانن، منداڵانی ئەم سەردەمە و خواست و پێداویستییەکانیان، وەکو منداڵانی سەدەی رابردوو نین.
ئەوانە و چەند هۆکارێکی کەش بوونەتە تەنگەژە لە رێی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کورمان لە کوردستانی نیشتمانی شیرینمان.
رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٧




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر: هەژێن

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە.4

بەڕێز: هەژێن

دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

هەژێن : سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئێوە کە تەوەرەیەکتان بۆ هەرەوەزی و هەروەزییەکان تەرخانکردووە و بە دیاردەیەکی مێژوویی و کۆن و هەنووکەیی کۆمەڵی هەژێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین گرنگیتان داوە، دەستان خۆش بێت و ئومێدوارم سایت و ڕۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکانی دیکەش لە ئێوە چاوبکەن و ئەم بابەتە بورووژێنن. هەر ئاوا سڵاو و ڕێز بۆ خوێنەرانی هێژای سایتی دەنگەکان، کە کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی ئەم دیمانەیە تەرخاندەکەن.

من ناوم هەژێن و لە نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بەم ناوە دەنووسم و یەکەمین دەرکەوتنم لەنێو بڵاوکراوە و گۆڤارەکان بۆ ساڵی ١٩٨٩ دەگەڕێتەوە، ئەو کات لەنێو ئوردووگەکانی ئێران بۆ گۆڤاری سروە، بڵاوکراوەی ئاڵای شۆڕش و گۆڤاری ئاوێنە فرەتر لە بوار زمان بابەتم دەنووسی و هەرچەندە ئەگەر باش لەیادم مابێت، یەکەم جار ساڵی ١٩٨٦ بابەتێکم بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری نارد. ساڵی ١٩٩٢ تاکو ١٩٩٣ لە هەولێر هەواڵنێری بڵاوکراوەی (بۆپێشەوە) بووم و دواتر ساڵی ١٩٩٧ بە دواوە لەنێو هەر دوو گۆڤاری (ژیلەمۆ) و (دالیان) و پاش ئەوان لەنێو سایتە کوردییەکان نووسینەکانم بڵاودەکەمەوە. ئاراستەی بیرکردنەوەم لە ڕابوردوودا بەم ڕیزبەندییە بوووە، ساڵی ١٩٨٣- ١٩٨٦ وەك کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ساڵی ١٩٨٦ – ١٩٩١ وەك کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ساڵی ١٩٩١-١٩٩٣ وەك کۆمونیزمی کرێکاری و ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٩ وەك کۆمونیستێكی شورایی و ساڵی ٢٠٠٠ تاکو ئێستا وەك ئەنارکیستێك بیردەکەمەوە، بەڵام هیچ کات لەو سەردەمانەدا کتومت وەك هەمووان بیرمنەکردووەتەوە و هەمیشە جیاوازی بۆچوون و دیتنی تایبەت بەخۆمم هەبووە و لە هەموو سەردەمەکاندا بە “ئەنارشیست/ فەوقەوی” ناوزەدکراوم و هەردەم لەتەك دیسپلین و گوێڕایەڵیی ڕێکخراوەیی و بڕیارە هیرارشیی و نێوەندییەکان گرفتم هەبووە و بەرەنگاربووم. ڕاستی لەلای ئەوان بوو، من بە سروشت ئەنارکیست بووم، بەڵام هوشیاریی ئەوەم نەبووە، کە ئەنارکیستبوونی خۆم ببینم و دەرکبکەم و تەنانەت زۆر جار دژی ئەو ناوزەدکردانە لە نائەنارکیستبوونی خۆم پێداگرییمکردووە.

لەبارەی چالاکی مەیدانی خۆم لە بواری تێکۆشانی جەماوەریی، دەتوانم هەر بۆ نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بگەرێمەوە، ئەو کات لەژێر کارایی ڕادیۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران بەردەوام بۆ یەکسانی ژن و پیاو پاگەندەم دەکرد. دواتر لەنێو ئوردووگەکانی ئێران لەتەك کۆمەڵێك هاوڕێی دیکە کەوتینە پاگەندە بۆ پێداویستی شورای پەنابەران لە بەرانبەر شورایەك کە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە کەسانی ڕیش سپی و ئیسلامگەرا دروستیکردبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەندام و چالاکی یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان لە هەوڵێر بووم. ساڵی ١٩٩٥ کاتێك کە گەییشتمە ئەوروپا سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەتەك شورای پەنابەرانی عیراقی چالاك بووم و پاش ئەوە هەوڵماندا ڕێکخراوێك وەك ئەڵتەرناتیڤ بۆ پەنابەران دروستبکەین، بەداخەوە ئەو هەوڵە لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی واوەتر نەچوو، هۆکارەکەش ئاراستەی ناسیونالیستی هەندێك کەس بوو، کە بەتەمابوون زمانی کوردی تاکو دەوڵەتی کوردی بکەنە ئەرکی ئاوا ڕێکخراوێك؛ ئێستاش پێشنووسی پەیڕە و پرۆگرامەکەی لەلای من پارێزراوە، کە ئامادەکردنی بە من سپێردرابوو.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

هەژێن : بۆ منێك کە هەرەوەزی کۆمەڵایەتی بە بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی مشەخۆریی و تاڵان و گەندەڵی و کرێگرتەکردنی مرۆڤ دەزانم، واتە خاڵی دەستپێکی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ بنەما سروشتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و مرۆییبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیبوونەوەمان لە ڕۆبۆتبوونی مرۆڤ بۆ سیستەمی ڕامیاریی، واتە دابڕانی مرۆڤ لە لەخۆنامۆییەك ، کە سیستەمی چینایەتی بە باڵای مرۆڤی بڕیوە.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەژێن : پێش ئەوەی لە تێڕوانینی خۆمەوە ڕیفۆرمیستبوون یان ئەڵتەرناتیڤبوون دیاریبکەم، لەوانەیە پێویست بێت، کە بە گوێرەی دیتنی خۆم لە چەمکی ڕیفۆرم بدوێم. بەدواخەوە لەنێوان دیتنی ئایدیۆلۆجیانەی چەپ و ڕاست چەمکی ڕیفۆرم لە خۆی خاڵیکراوەتەوە؛ ڕیفۆرم واتە داڕشتنەوەی بڕیار و ڕێکەوتنەکان، هەر داڕشتنەوەیەك دەکرێت نیگەتیڤ یان پۆزەتێڤ بێت و پۆزەتیڤبوون و نیگەتیڤبوون بە بەرژەوەندی و خواست و چاوەروانی و دیتنی چین و توێژە کۆمەـڵایەتییەکان و لەوانیش وردتر بە هوشیاریی هەر تاکەکەسێکەوە پەیوەندی هەیە. هەم باشترکردنی گوزەرانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان ڕیفۆرمە و هەم بڕینی خزمەتگوزارییەکان و مووچەی خەڵك ڕیفۆرمە؛ یەکەم لە بەرژەوەندی نەداران و بێدەسەڵاتانی کۆمەڵ و دووەم لە بەرژەوەندی داراکان و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵ، هەر ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات [بڕینی مووچەی خەڵك، هەوڵی تایبەتییکردنەوەی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن] ڕیفۆرمە لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەسەڵاتداران.
بەڵام ئەوەی کە هەرەوەزییەکان ڕیفۆرمیستن یان ئەڵتەرناتیڤ، لێرەدا دەبێت ڕیفۆرم لەنێو تێڕوانینی چەپ بخوێنینەوە، کە هەرچی خەڵکی زەحمەتکێش بە توانا و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆی بەدەستیبهێنێت، لە مێژوودا چەپ بە ڕیفۆرم ناویبردووە و زۆر جاریش ڕەتکراوەتەوە، بەو بیانووەی کە تەمەنی سیستەمی چینایەتی درێژتردەکاتەوە، هەڵبەتە ئەو پاگەندەیەی دوایی زیاتر لە زگی تێری وردەبۆرجواییەوە دەردەچێت. بەڵام ئەوەی کە سەرەنجام بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵێك جەنەڕاڵ، یان پارتییەك تەواوبووبێت، بە شۆڕش وێناکراوە .

بە دیتنی من ڕیفۆرمکردنەوە بۆ خۆی نیگەتیڤ نییە، بەڵکو ئەوە جۆری ڕیفۆرمکردنەکەیە کە نیگەتیڤبوونەکە دیاریدەکات. کەمکردنەوەی ماوەی کرێگرتەیی (ماوەی کار)، زیادکردنی بەشی بەکرێگریدراو لەنێو پرۆسێسی بەرهەمهێنان (کرێ و مووچە)، بە واتایەکی دیکە کەمکردنەوەی قازانج و سوودی مشەخۆران و سەرمایەداران و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بیمە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەر هەموویان چ لە ڕابوردوو و چ ئێستا تەنیا بە تێکۆشانی هەر ڕۆژەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیی بەدەستهاتوون، ڕیفۆرمن و ڕیفۆرمی پۆزەتیڤ، هەر ئاوا هەنگاوێك لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشێك کە لە کۆی هەنگاوە ورد و بنەڕەتییەکانەوە سەروەری و سیستەمی چینایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و ئەفسانەی هەمیشەییبوون و نەمربوون و پێداویستیبوونی ئاوا سیستەمێك کاڵ و پووچەڵدەکاتەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر بنەمای ئەو دیتنانەی سەرەوە، من بزووتنەوەی هەرەوەزی بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانم و بەبێ کولتووریبوونەوە و ڕەنگدانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی لەنێو وردترین و سەرەتاییترین پەیوەندی و ژیان و بوونی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ، هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤ ئەستەمە و هەر هەوڵێك چ بە پاگەندەی ڕیفۆرمیستی و چ بە پاگەندەی “شۆڕشگێڕیی” دەبێتە زەمینەیەکی لەبار و قۆزراوە بۆ جێکەوتەکردنی هەنگاوەکانی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار/ نیئۆلیبرالیزم.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

هەژێن : پێشتر بە ڕیفۆرم و ئەڵتەرناتیڤبوون یان شۆڕشگێڕبوون ئاماژەمدا، ئەوە بوونە لە کەتواردا کە ڕیفۆرمیستبوون بە واتای خزمەتکردن بە سەروەری و سیستەمی چینایەتی یان شۆڕشگێڕبوون دیاریدەکات. لەو باوەرە پێویست بە لێکۆڵینەوە و گەڕانی زۆر لە دوای بەڵگە ناکات، سەردەمی پێش سیستەمی بۆرجوازی و تەنانەت تاکو سەدەی ڕابوردووش کە لە زۆربەی کۆمەڵە کەنارییەکان ئەوانەی کە ئەم ڕۆژانە لەنێو دەزگەکانی میدیای سەروەر و تەنانەت سەر زمانی زۆرێك لە چەپان بە “دواکەوتوو” و “ناپیشەسازیی” و “نامۆدێرن” ناودەبردرێن، هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بەهێز و باو بوو، مشەخۆریی و سەرمایەداریی و گەندەڵی و تاڵانی و جیاوازی ئابوورییانە و کولتووریانەی چینایەتی زۆر کەم بوو، هەر بەو ڕادەی کە سیستەمی بۆرجوازی جێکەوتە بووە و توانیوویەتی کۆمەڵایەتیی ببێتەوە و ببێتە بەشێك لە کولتووری خەڵك، بە هەمان ڕادەش هەرەوەزی و خۆکۆمەكیی کۆمەڵایەتیی کاڵبووتەوە و ناکۆمەڵایەتیی بووەتەوە و بنەمای کولتووریبوونی خۆی لەدەستداوە. دیسانەوە بە گوێرەی هەمان هاوکێشە، کاڵبوونەوە و لەنێوچوونی ڕێکخستن و پەیوەندی و کولوتوور و بیرکردنەوە و ئاوەزی بۆرجوازی بە سەرهەڵدانەوە و هێزگرنەوە و کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتوورییبوونەوەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی پەیوەستە.

دەنگەکان – کەسانێك ئاوای دەبینن، ئەم کارە هەرەوزییانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچینەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟

هەژێن : لەوانەیە لە یەکەمین تەماشاکردن بەبێ وردبوونەوە و گەڕانەوە بۆ مێژووی هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی و خۆبەسێی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کە پێشینەی گشت کۆمەڵە مرۆییەکانە و بە سەرکەوتنی سیستەمی بۆرجوازی و جیهانگیریی ڕەوتی نوێی بازار پاشەکشێیکردووە و لەنێوبراوە، پرسەکە ئاوا دەربکەوێت؛ لەوانەیە تەنیا وەك چارەسەری نەدانی مووچە لە ئێستادا ئاوا دەربکەوێت، بەڵام چالاکیکردن و پەرەدان بە هەرەوەزییەکان بە ئامانجی زیندووکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و ئاشتەوایی و تەبایی کۆمەڵایەتیی و گەڕانەوە بۆ سەر یاسا و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە زادەکانی سروشتی هاوخەمیی و هاوپشتی نێوان-مرۆیی مرۆڤەکان، ئیتر هەروەزیییەکان وەك هاریکاری سیستەمە ڕامیارییەکە دەرناکەون و نابیندرێن و بە دیتنی من لە هیچ بارێکدا هەرەوەزییەکان ناکەونە خزمەت ڕەوتی نەزمی نوێی بازار. ئەگەر لە سەردەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەوڵەتانی وەك جەزائیری پاش ڕاماڵینی داگیرکەران و یوگۆسلاڤیای سەردەمی (تیتۆ) تاکو ڕادەیەك توانرابێت لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی تاکپارتیی هەرەوەزییەکان بخرێنە خزمەت دەوڵەت، بەڵام لە ئەم سەردەمەی جیهانگیری ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) نە لە ئەمەریکا و ئەوروپا نە لە هەرێمی کوردستان وەك فەرماندارییەکی پاشکۆی ئەوان، هەرگیز و چیدیکە هەروەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناکەوێتە خزمەتی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران. بۆ کەسانێك کە سروشتی ڕەوتی پەرەسەندن و کارکردنی نەزمی نوێی بازار تێدەگەن، هۆکاری ئەوەش ئاشکرا و ئاسانە؛ جیهانگیریی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) تەنیا بەلاوازکردن و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و بنەما کولتوورییەکانی ئەو پەیوەندییانە و بە ئەفسانەکردنی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو ئاوەزی تاکی سەرەتای هەزارەی سێیەم دەتوانێت پەلبهاوێت و سەرکەوتوو بمێنێتەوە و بوونی خۆسەپێنەرانەی خۆی بپارێزێت، چونکە هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتی واتە لێدان لە بنەماکانی بازار، لەنێوبردنی زەمینەکانی مشەخۆریی و گەندەڵی و چەپاوڵ و ملهوڕی ڕامیاریی، کە شوناس و کڕۆکی نیئۆلیبرالیزم پێکدەهێنن.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆڕانە پۆزەتیڤانە چین، کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

هەژێن : بۆ ئەوەی بتوانین پۆزەتیڤبوونی هەروەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ببینین، پێویستە لە بەرانبەرکێی ئەوان لەتەك ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار و ئەو ڕێگرییە ئابوورییی و کولتوورییانە سەنجبدەین، کە بوونی هەروەزەییەکان بۆ سیستەمەکە لەنێو هەر کۆمەڵێك دروستیدەکەن. وەك پێشتر ئاماژەمدا، هەرەوەزی و نەزمی نوێی بازار دوو لای هاوکێشەیەکی پێچەوانەن و بوونی یەکێکیان ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەیانە. وەك گوتم هەرەوەزییەکان بڕوابەخۆبوون و ڕزگاربوونی تاکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو لە لەخۆنامۆیی ڕزگاردەکەن، لە بنەماکانی بازار واتە کڕین و فرۆشتن دەدەن، زەمینەکانی گەندەڵی ئابووریی و ملهوڕیی و دەسەڵاتخوازیی ڕامیاران لەنێودەبەن، قەیرانە مۆڕاڵیی و کولوتوورییەکان چارەسەردەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و تەبایی جەماوەریی دەگێڕنەوە، کە گەڕانەوەی ئەو بوونە کۆمەڵایەتییانە، واتە پووچەڵکردنەوەی هەوڵ و پەلوپۆهاویشتنەکانی نەزمی نوێی بازار، واتە پووچەڵکردنەوەی پاگەندەی “جەنگی کولتوورەکان”، کە ڕۆڵ و نەخشی بیلدرۆزەرێك بۆ خۆشکردنی ڕێگەکانی کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتووریبوونەوەی نیئۆلیبرالیزم دەبینێت. وەك پێشتر گوتم بەو ڕادەی کە هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی پەرەدەسێنێتەوە و دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە بە کولتووری تاکی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان، بە هەمان ڕادەش گۆڕانی کۆمەڵایەتیی پۆزەتیڤ لە بەرژەوەندی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان ڕوودەدات و بەو ڕادەیەش کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ ڕووبدات، گۆڕانی کولتووریی پۆزەتیڤ ڕوودەدات و وەك دەزانین هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤی کولتووریی دەبێتە بەهێزکەری ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیربوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵ، ڕۆشنبیر بە واتای دەرخکردنی دەقی نووسینی ئەم و ئەو نا، بەڵکو بە واتای خۆبیرکردنەوە و وردکاری تاك لەنێو کایە هزرییەکان؛ بە خۆبیرکردنەوە. لێرەدا دەتوانم هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە لۆکۆمۆتیڤی شەمەندەفەرێك، فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە بە کولتوور، گەشت و ئامانجی سواربوونی گەشتکەرەکان بە ڕۆشنبیری بچوێنم، کە بە بەگەڕکەوتنی لۆکۆمۆتیڤەکە فارگۆنەکان لە سوێنی خۆیان دەجووڵێن و بە جوڵانی فارگۆنەکان لە جێی خۆیان سەرنشینەکان/ گەشتیارەکان لەو شوێنە نزیکدەبنەوە، کە ئامانجیانە؛ ڕۆشنبیری و خۆبوونەوە.

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : وەك گوتم، ئەگەر بڕیاربێت ئێمە ئامانجێکی پۆزەتیڤمان لەبەردەم خۆمان دانابێت و خوازیاری بەدیهاتنی بین و پێویست بێت چالاکی بۆ بکەین، ئەوا هەنگاوی یەکەم دروستکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە جەماوەرییە سەربەخۆکان دەبنە پێداویستی گەیشتن بەو ئامانجە. بێجگە لەوەش من بە گەڕانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی و بە کولتووریبوونەوەی گەشبینم، چونکە ڕەگێکی زیندووی لەنێو قوڵایی کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان هەیە و هێشتا بە ڕادەی ئەمەریکای باکووریی و ئەوروپا نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) لەنێو کولتوور و کەسایەتی تاکەکان بە تەواوەتی ڕەگی خۆی دانەکوتاوە و هێشتا ئەزموون و یاداوەریی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی چەند دەهە و چەند ساڵی پێشووتر لەنێو هۆش و ئاوەزی خەڵك نەسڕدراوەتەوە و وەك ژیلەمۆی ژێر خۆشەمێش بە فوویەك دەگەشێتەوە و ئاگردانی بزووتنەوە و بەرەنگاریی کۆمەڵایەتیی بەرانبەر ملهوڕیی و چەپاوڵگەریی نەزمی نوێی بازار گەرمدکاتەوە و بڵێسە دەسێنیتەوە.

لەم بارەوە دەتوانم بڵێم، زیاتر لە هەرێمی کوردستان هێشتا هەروەزی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵە گەورەکانی خۆرهەڵات لەوانە چاین و هیندوستان و پاکستان و بەنگلادیش و ئێران و وڵاتانی جیاوەبووی ڕوسیە و ئێران و تورکیە و لە هەموویان زیاتر لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” بوونی هەیە و زۆر جار هوشیارانە ئاراستەدەکرێت و هێشتا بەشێکە لە بزووتنەوەی هوشیارانەی کۆمەڵایەتیی.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

هەژێن : بەڵێ، بەوپەڕی خۆشی یاداوەرییەکان، سەردەمی منداڵیی و هەرزەکاریی من لەنێو شێوەیەك لە هەرەوەزی گوزەراوە، هەڵبەتە هەرەوەزیی سروشتییانە و تاکو ڕادەیەکیش ناچارییانە. بۆچی سروشتییانە و ناچارییانە؟
بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسۆیەکی ڕۆشنتر دەخاتە بەرچاوی ئێمە و ئەرك و شێوازی کار و ڕێکخستن و هەنگاونانی چالاکانی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنتر دەکاتەوە. وەك دەزانین کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان بە کۆمەڵی هەروەزی ناسراون و تاکو ئێستاش هەر ئاوا پێناسەدەکرێن و بەداخەوە زۆر جار لەلایەن بەناو دژانی ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار ئەو هەرەوەزبوونە نیگەتیڤ وێنادەکرێت.

ئێمە زادەی کۆمەڵ و پەیوەندییە هەرەوەزییەکانین، هێشتا بەخشینەوەی بەروبوومە کشتکارییەکان و میوە لەنێو ئاوەزی گوندییانەی ئێمە، هێشتا (کاسە هاوسێ)ی کۆڵانەکانی شار لەنێو یاداوەریی منداڵیی ئێمە زیندوو ماوە. ڕاستە هەرەوەزی لەنێو کۆمەڵی ئێمە بنەمایەکی سروشتی هەیە، واتە جۆرێکە لە گەشەکردوویی ناچارییانەی خۆکۆمەکییە ئاژەڵییەکەی پێشینەمان و لە هەندێك ناوچەی خێڵەکی بوون و تایبەتمەندییەکی خێڵەکی لەخۆگرتووە، یان بەگشتی بوونێکی ئایینی و پیرۆزی ئایینی لەخۆگرتووە، کە ئەوەش ئاساییترین کاردانەوەی کولتووریی هەر کۆمەڵێکە بۆ پاراستنی نەریتەکانی، کە بۆ مانەوەیان پیرۆزیان دەکات و بەرگێکی ئایینی بە باڵایان دەبرێت.

بەڵام هاوکات وەك بیستوومانە لە دەهەکانی پێش و پاشی نێوڕاستی سەدەی ڕابوروودروو لە هەندێك ناوچەی هەرێمی کوردستانی ئێستا وەك ناوچەی دوکان، قەرەداخ و بازیان و گەرمیان بزووتنەوەی ئامانجدارانە و هوشیارانەی هەرەوەزی هەبوون و سەریانهەڵداوە. لێرەدا من ناوهێنان و لێدوان لەبارەی ئەو هەرەوەزییانە بۆ هاوڕێیانێك بەجێدەێڵم، کە زیاتر شارەزا و ئاگادار و تەنانەت لەو بارەوە یاداوەیی کەسیی خۆیان هەیە. بەڵام دەتوانم ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دیکە بدەم .

کاتێك کە خەڵکی گوندەکانی ناوچەی هۆرامان ئەو گوندانەی کە هێشتا ڕانەگوێزرابوون و سەرەتای جەنگی عیراق-ئێران بووە هۆی کۆچکردن و ئاوارەبوون و پەنابەربوونی خەڵکەکەیان، زۆربەی خێزانەکان لە شار و شارۆچکە و ئوردووگەکانی نزیك ناوچەی هۆرامان نیشتەجێبوون. وەك دەزانین خەڵکی هۆرامان لەسەر سێ بنەمای ئابووریی ژیاون و دەژین، پیشەوەریی دەستی، باخداریی و کشتکاریی، کە بەداخەوە بەهۆی جەنگ و ئاوارەبوون دوو دانەی دواییان لەدەستچوون و ئەو لەدەستچوونە بوو بە هۆی هەژاریی و کەم دەرەتانی خەڵکی هۆرامان بەتایبەت لەنێو شار و شارۆچکەکان. وەك دەزانین لە عیراقی ئەو کات و ئێستاش بیمەی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، کۆمەك و دەسگیرۆیی بۆ کرێی سەرپەنا بوونی نەبووە و نییە. لە بارێکی ئاوادا خێزانە بێکار و بێدەرامەتەکان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە خەڵکی گوندی تەوێڵە بە گەڕانەوە و درێژەدان بە کولتووری هەرەوەزیی هەر لە سەرەتای ئەو دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو واتە سەرەتای ئاوارەبوونەکە، کۆبوونەوە و بەخۆکەوتن و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە سندووقی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی دروستبکەن و هەموو خێزانێك بەگوێرەی داهات و ئامادەیی و خۆبەخشانە ساڵانە بڕێك پارە بەو سندووقە بدات، تاکو هەر کات کەسێکی هەژار پێویستی بە دەرمان و نەشتەریکردن هەبوو، یان تووشی پرسە و لێقەومان بوو، لەو سندووقە فریای بکەون و کۆمەکیبکەن. تاکو ئێستا ئەو سندووقە کۆمەکییە ماوە و ئارەزوومەندانە کەسانێك بەشداریدەکەن و سەرپەڕستیکردنیشی هەر ئارەوومەندانە و بە ڕەزامەندی هەمووانە. ئەگەر سەرنجبدەین، وێرای ئاوارەیی و کرێچیبوونی زۆرینەی ئاوارەکان و بێکاربوون و نەبوونی سەرچاوەی مسۆگەریی داهات، تاکو ئێستا دیاردەی گەدایی و سێکسفرۆشی و دزی و .. لەنێو ئەو کەسانە نییە و بواری سەرهەڵدانی نەدراوە.

لەبارەی ئەزموونی خۆمەوە، بەڵێ بەخۆشم کۆتایی ١٩٩١ تاکو ١٩٩٥ لە سلێمانی و هەوڵێر لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوم، ڕاستە کۆبوونەوەی ئێمە کۆمەڵێك هاوڕێ لەنێو ئاوا هەرەوەزییەك ئامانج و ناچاریی ڕێکخراوەیی بوو. بەڵام هاوکات ئێمە پێکەوە هەموومان پەرتووکفرۆشیمان دەکرد و هەر ئاوا کار و باری نێو ماڵیشمان هەر بە هەرەوەزی بوو و تەنانەت پۆشاك و کەوش و شمەکەکانشیمان (هەڵبەتە پۆشاکی سەرەوە) هەر بەشێك بوون لە بوونە هەرەوەزییەکەمان. ئێمە کۆمەڵێك کەس بووین، زۆربەمان ئاوارەی کەرکووك بووین، پێشینەی کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ئایینی و .. جیاوازمان هەبوو، بەڵام کۆمەڵێك گیان و خەون و ئارەزووی سۆشیالیستی بووین لەنێو جەستەیەکی هەرەوەزی و لە ئاپارتمانێکی هەژارانەی گەڕەکی تەیراوای تەنیشت (باخچەی کورد و عەرەب) دەژیاین. لەوە خۆشتر ئەوە بوو، هاوڕێیەکمان (هاوڕێ سیروان عەلی) یان ئێمەی بۆ ماڵی خۆیان میوانی دەکرد یان بەشە خواردنەکەی خۆی دەهێنا و لەتەك ئێمە بەشیدەکرد، چونکە داهاتی ئێمە زۆر کەم و مەمرەومەژی بوو و لەوانە لەو کاتەی ئابڵۆقەی ئابووریدا یەکێك لە هەژارترین خێزانەکانی ئەو گەڕەکە بووبین. بەڵام ئەگەر هەرەوەزی کارکردن و ژیانمان پێکەوە نەبووایە، لەوانە بوو، ئەو ئەو حەوت کەسە ژیانێکی زۆر سەختر و تەنانەت تووشی دەریسەری بوویانەیە.

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

هەژێن : وەك دەزانین و بینومانە و بیستوومانە، هەرەوەزییەکان لە هەنگاوی یەکەمدا وەك سەرهەڵدانێکی سروشتی و پێشینەی ئاژەڵیانەی ئێمەی مرۆڤ خۆکۆمەکیی و فریاگوزاری و هاودەردی کۆمەڵایەتین، لە هەنگاوی دووەمدا پرۆژەی بەرهەمهێنەرانەی ئابووری و دوا جار ڕەوتێکی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریین. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم، نەك یەقین، لە سەردەمی مۆدێرنە و وەك کاردانەوەی هوشیارانە بۆ بەرگرتن بە ڕەوتی کۆمەڵایەتییبوونەوە و جیهانگیریی نەزمی بازار، پییەر جۆزیف پڕۆدۆن یەکێکە لە تیئۆریسییانی دیاری بزووتنەوەی هەرەوەزیی و سیستەمی ئاڵووێری بەرانبەرانەی کۆمەك و بانگەوازکەری هەرەوەزییە ئابوورییەکان.

ھەر ئاوا، لەم ڕۆژگارەدا چەندین ھەوڵی تیئۆریی لە بارەی ھەرەوەزی و بزووتنەوەی ھەرەوەزی ھەن و لێرە و لەوێی گۆشەکانی جیھان لەو بارەوە لێکۆڵینەوە و شیکاریی دەکرێت و دەنووسرێت. لەوانەیە خراپ نەبێت، ئەگەر لێرەدا سەرنجی خوێنەرانی کوردی-زمان بەهۆی زانینی زمانی عەرەبی و هەر ئاوا نزیکایەتی و لێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بۆ پەرتووکێك لە بارەی ھەرەوەزییەکان ڕابکێشم، کە نووسەرەکەی کەسێکی عەرەبی-زمانی میسرییە و لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی خەڵکی میسر یەکێك لەو بوارانەی کە لەسەریان کاریکردووە، بواری ھەرەوەزییەکانە وەك ئەڵتەرناتیڤ. التعاونیات أداة للتحرر والتقدم، تألیف : سامح سعید عبود*

بە بۆچوونی من، هەرەوەزییەکان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی بناخەی ئابووریی سۆشیالیستیین و بەبێ پەرەدان بە پەیوەندی و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی، ئەستەمە بتواندرێت کەرتەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتیی / سۆشیالیزە بکرێنەوە و ئەگەر بنەما و کولتووریی هوشیارانە و ڕۆشنبیریی هەرەوەزی نەبێت، سەرەنجام هەر هەوڵێك بۆ کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن سەری لە دەوڵەت و ڕێکخستنی ئابووری سەرمایەداریی دەوڵەتی دەردەجێتەوە.

بەڵێ، بەبێ سڵکردنەوە، دەتوانم بڵێم بەبێ ئەڵتەرناتیڤکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بازار و سەروەریی مشەخۆری ئەستەمە و ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەریخواز نەماوەتەوە. لێرەدا پێویستە و دەخوازم ئاماژە بەوەش بدەم، پێداگریی من و ئاوا تێڕوانینێك کە لەنێو ئاوەزی من دروستبووە، بۆ دیتنەوەی لۆجیکی سروشتی گۆڕانی قۆناخەکانی کۆمەڵی چینایەتی دەگەڕێتەوە، کە هەموو گۆڕانەکان لە کۆمونەی سەرەتایی بۆ کۆیلایەتی و کۆیلایەتی بۆ فیئۆدالیزم و لەوێوە بۆ سەرمایەداریی، سەرەتا هەنگاو و گۆڕانێکی ئابووریی بووە، کە بووە بە کولتوور و کۆمەڵایەتیی بووەتەوە، ئینجا توانیویەتی سیستەمی ڕامیاریی خۆی جێگیربکات، هەر لەبەرئەوەیە کە گۆڕانی قۆناخەکانی سیستەمی چینایەتی یەك شەو و ڕۆژە نەبوون و ئەو گۆڕانە لە خاڵی سفر بۆ پێنج و پێنج بۆ دە و دە بۆ پازدە و ..تد ڕووینداواوە، بەڵکو بۆ نموونە قۆناخی کۆیلایەتی لە خاڵی پاش سفر (کۆمونە) بۆ خاڵی حەوت یان هەشت (فیئۆدالیزم) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە، هەر ئاوا (فیئۆدالیزم) لە خاڵی شەش پاش خاڵی پێنج سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لە خاڵی دوو یان سێی (سەردەمی کۆیلایەتی) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە و بەو جۆرە بە ئەم قۆناخە گەشەکردووەی بۆرجوازی/ سەرمایەداری (واتە نیئۆلیبرالیزم) گەیشتووە. لەسەر هەمان بنەمای گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و گۆڕانی کولتووریی هەر ئێستا و لەنێو جەرگەی سیستەمی سەروەریی چینایەتی، کۆمەڵی ناچینایەتی سەرهەڵدەدات و ئەوەش بە سەرهەڵدانی ئابوورییانە و کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵی داهاتوو [ئیتر ئێمە بە هەر ناوێك وێنایبکەین] لەنێو منداڵدانی ئەم کۆمەڵەی ئێستا و بە کولتووربوون و جێکەوتەبوونی دەتوانێت سیستەمی چینایەتی ئێستا بگۆڕدرێت، بە واتایەکی دیکە سەرەتا گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی پێویستە و بەردی بناخەن، ئەگەرنا بەبێ ئەوە هەر هەوڵێك سەری لە شکستی ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس و ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیە و ١٩٧٩ی ئێران و ١٩٩١ عێراق دەردەچێتەوە و بێجگە لە نائومیدی هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت و هەر ئەو شکستانەن، کە ئەم ڕۆژگارە ئێمە باجیان دەدەین و بوونەتە هۆی نائومێدبوون و نامۆبوونی گشتی بەرهەمهێنەرانی ژیان لەسەر گۆی زەمین لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی. بەڵێ لێرەوە من هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بە مۆتۆڕ و بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سەروەری و مشەخۆری و دڕندایەتی سیستەمی ئەم ڕۆژگارە دەبینم. هەڵبەتە کاتێك کە ئامانجدارانە و هوشیارانە دەچینەوە نێو ژیان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و ئاوا هەوڵێك بەبێ هەنگاوە کولتوورییەکانی ئەستەمە بتوانێت گشتگیر ببێت و ببێتە بەشێك لە ئاوەزی نەوەی ئەم سەردەمە تاریکە. بەواتایەکی دیکە پێویستە شان بە شانی پێکهێنانی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، لە مەیدان و بواری کولتوور هۆنراوە و شانۆیی گەڕۆك و چیرۆك و تەنز و پەند و گۆڕانی و سروودەکان دەنگهەڵبڕن.

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : بەڵێ، هەر لەو بارەوە، هەم لە هەرێمی کوردستان ئێستا نموونەی هەرەوەزییەکانی خانەقین و هەم لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وەك پێشتر ئاماژەمدا لەنێو کۆمەڵەکانی دیکە هەرەوەزیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی چ وەك کولتووری بۆماوە و هەم پرۆژەی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی بوونی هەیە؛ ئەوەی من ئاگاداربم و بیستبێتم لە هیندوستان و تورکیە جۆرێك بانکی ئاڵووێر و کۆمەك و قەرزی بەبێ سوود لەسەر بنەمای ( کۆمەکی ئاڵووێرانەی بەرانبەر Mutualism) هەن، سەدان هەرەوەزی و پرۆژەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و بەرهەمێنەرانە هەن، لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”ش پرۆژە و هەوڵی هەرەوەزیی ئامانجدانە و ئەڵتەرناتیڤانە هەن، کە لە بوونە کولتووریی و پێشیینەییەکەی هەروەزی لە سوریە و بەشە کوردنشینەکەی واوەترن. دەکرێت ئێمە وەك پاگەندە و ڕۆشنگەریی ڕۆشنایی زیاتر بخەینە سەر ئەو بزووتنەوە و هەوڵانە. لەو بارەوە دەتوانن سەرنجی ئەو ھەرەوەزییە لە ئیستانبول (KOLEKTİF 26A)** بدەین، کە نموونەیەکی درەوشاوەیە لە سەدان و ھەزاران ھەرەوەزی لە تورکیە چ لە بەشە تورکنشین و چ لە بەشە کوردنشینەکەی (باکوور).
بە کورتی بە بۆچوونی من، ئەوەی دوو دەھە و نیوە بە “جەنگی کولتوورەکان” پاگەندەدەرکرێت، لە کڕۆکدا جەنگی نەزمی نوێی بازارە دژی نەزمی کۆمەڵایەتیی و کولتووریانەی هەرەوەزی، بە واتایەکی دیکە لەنێوبردنی بنەما هەرەوەزییەکانی هەر کولتوورێك، واتە جەنگی بازار دژی هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشاندنەوەی و لێکدانی ھەر کۆمەڵێك کە بنەمای ھەرەوەزی تێیدا پەرەبسێنێت وەك یوگۆسلاڤیا و ئەوانی دیکە هەر لەبەرئەوە و بۆ ئەوە بووە و دروستکردنی ھێزێکی دڕندەی وەك (داعش) لەنێو کەلاوەکانی جەنگی نێوخۆی سوریە بۆ لێدانی ئەو ھەرەوەزییانە بوو، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریە چالاکانی وەك (عومەر عەزیز)ی گیانبەختکردوو*** دروستیانکردن و هەوڵیان بۆ دان و هەر ئاوا لە سەرووی هەموویەوە لەنێوبردنی بزووتنەوەی هەرەوەزیی و ئابووریی ژینگەپارێز لەنێو خۆبەرێوەبەریی “ڕۆژاوا” .
هەر ئاوا لە شارێك کە ئێستا من لەوێ دەژیم، سێ هەرەوەزی گەورە هەن، کە هەم خانووەکانیان سەندراوەی **** (کۆمەڵایەتیکراوی) پاش جەنگی جیهانی دووەم بەتایبەت دەهەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابوروون و هەم بەخۆیان بە کاری هەروەزی پشتدەبەستن و ئەندامانیان شێوەیەك لە ژیانی نا-فەرماندارییانە و نا-باوکسالارانە و نا-مشەخۆرانە و نا-بەکاربەرانەی چاولێگەران و ناسەروەرانە و نا- قووچکەییانە دەژین و بوونەتە بنکەی کولتووری و ڕۆشنبیریی بۆ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ. هەر ئاوا لە سەرتاسەری ئەمەریکا و ئەوروپا لەم جۆرە هەرەوەزییانە زۆرن و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بوونیان هەیە.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

هەژێن : ڕاستی من ناتوانم لەم دوورەوە هیچ پێشنیارێك بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم، تەنیا شتێك کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر هەر کەس لەنێو یاداوەری خۆی و دایك و باوکی و داپیر و باپیرانی بگەڕێت، دەیان نموونەی جوانی خۆکۆمەکیی و هەرەوەزی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە و دەتوانێت هوشیارانە و ئامانجدانە لەنێو ئەم ساتەی ژیانی خۆی بیانژێنێتەوە و ئاراستەیان بکات و بیانکاتە بەردی بناخەی ژیانی خۆی بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتییەکانی نەزمی نوێی بازار / نیئۆلیبرالیزم و سەرەتایەك بۆ بەخۆبوونەوە و خۆڕزگارکردن لە لەخۆنامۆیی وەك نەخۆشییەکی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیی و ئاوەزیی تاکەکانی سەردەمی مۆدێرنە تاکو ئێستا.


دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

هەژێن : تەنیا شتێك کە لێرەدا دەخوازم و بە گرنگ و چارەنووسسازی دەبینم، دوورڕاگرتنی هەرەوەزییەکانە لە دوو هەوڵ و دیاردە، ….
یەکەم: بوارنەدان بە کەسانی ناوبانگخواز و هەڵپەکەر، کە هەموو شتێك دەخەنە خزمەت و بەرژەوەندی حەزە کەسییە ملهوڕییەکانی خۆیان؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بە هەموو شێوەیەك هەرەوەزییەکان لە ڕێکخستنی باوی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دوو ڕابگیردرێن و ئەو میکانیزم و شێوازانەی چالاکی و پەیوەندی و ڕێکخستن پەیڕەوبکەن، کە دەتوانن وەك فیلتەر و لەمپەرێکی ئازادیخوازانە لە خۆسەپاندن و کنەکردن و هەڵپەی کەسانی ناوبانگواز و مشەخۆر ڕێگرییبکەن.

دووەم : بە هیچ شێوەیەك بوارنەدەن هەرەوەزییەکان ببنە مەیدانی ڕامیاران بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ گەییشتن بە پارلەمان و هەر ئاوا بە هیچ شێوەیەك نابێت بواری دەسەڵاتدارانی سەرتاسەری و ناوچەیی بدەن، کە ئامانجدارانە دەخوازن لە ڕێگەی کۆمەککردنی پارەیی هەرەوەزییەکان دەستەمۆبکەن و ئاراستەبکەن و بیانکەن بە ئامرازێك بۆ سپیکردنەوەی سەرمایە ڕەشەکانیان، ئەوەی بە دانی بڕێك پارە، بە دزی و تاڵانی و مشەخۆریی خۆیان ڕەوایی ببەخشن و لەبەرانبەر بڕێك کۆمەك بە هەرەوەزییەکان خەڵکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو شەرمن بکەن .

————————————————-
* بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی نووسەر لە بارەی ھەرەوەزییەکان، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن : http://www.ahewar.org/m.asp?i=12
مركز المحروسة للنشر والخدمات الصحفية والمعلومات
فريد زهران
قطعة رقم 7399 ش28 من ش 9 – المقطم – القاهرة
ت، ف : 25075917-02-002
e.mail : mahrosacenter@gmail.com

** http://kolektif26a.org/category/languages/page/2

*** https://www.facebook.com/note.php?note_id=143690742461532
https://tahriricn.wordpress.com/2013/08/23

**** بە پێچەوانەی وەرگێڕدراوی واژەی ” Occupy” دەستبەسەرداگرتن، ئامانجی ئەو بزووتنەوە سەندنەوەی دارایی و کەرتەکانی بەرھەمھێنانە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران، بەو جۆرە بۆ وەرگێرانی کوردی ئەو واژەیە (سەندنەوە) گونجراوترینە.




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر: عەلی مەحمود محەمەد


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.


لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 3

بەڕێز: عەلی مەحمود محەمەد


دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

عەلی مەحمود : بزوتنه‌وه‌ی هه‌روه‌زی بوونی نییه‌ , ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كاری هه‌روه‌زییه‌ , ئه‌م شێوازه‌ له‌ كارو چالاكی بۆ خۆی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالستییه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ قۆناغێكدا ده‌ستیان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دوره‌ , به‌م رێگایه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌لته‌رناتیفی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ بناسێنن به‌ كۆمه‌ڵگا .

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

عەلی مەحمود : هه‌م ئه‌لته‌رناتیفی بچوكه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی نیو لیبرالیزم , هه‌میش تاكتیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری به‌ كۆمه‌ڵ و هه‌روه‌زی له‌ كۆمه‌ڵگادا بره‌و پێ بده‌ن.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

عەلی مەحمود : كاری هه‌ره‌وه‌زی ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ریفۆرم و به‌ره‌و رو بونه‌وه‌ی ئابوری سه‌رمایه‌داری , ئابوری سه‌رمایه‌داری كار بۆكه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌ ده‌كات , له‌ قۆناغێكدا جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كان له‌ به‌رز بونه‌وه‌دان , له‌م بارودۆخه‌دا به‌كاری هه‌ره‌وه‌زی به‌ره‌و روی ده‌بیته‌وه‌ , ئه‌مه‌ كارێكی مه‌زنه‌ , وه‌لێ نابێته‌ ئه‌لته‌رناتیفی ئابوری بۆ سسته‌می سه‌رمایه‌داری.

دەنگەکان – کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟

– عەلی مەحمود : ئه‌م بۆچونه‌ راستی تێدایه‌ , دیاره‌ مێژووی كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ كوردستاندا كۆنه‌ , له‌ گوندێكی وه‌كو حه‌سار له‌ ناوچه‌ی كه‌ركوك جوتیاران ئامرازی جوتكردنیان به‌ هه‌روه‌زی كریوه‌و به‌كار هێناوه‌ به‌ رێنوێنی شیوعییه‌كان, سه‌ه‌دان نمونه‌ی وامان هه‌یه‌ له‌م كوردستانه‌ , له‌ دوای راپه‌رینیش كاره‌كانی بێكاران و كۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌كان و رێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كان , زۆر كاری گه‌وره‌یان له‌و بواره‌دا ئه‌نجام دا , له‌ دابه‌ش كردنی خۆراك , چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی هاوڵاتیان و زۆر كاری دی , له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له‌ سه‌ره‌تای شۆڕش , كۆمه‌ڵه‌و چریك و په‌یكار و توده‌ زۆر نموونه‌ی جوانیان له‌ هاوكاری هه‌ژاران پێشكه‌ش كردووه‌ , له‌ رۆژئاوای كوردستانیش ئابوری هه‌روه‌زی بۆته‌ دیارده‌ی باو ,ئه‌م بیرۆكه‌ش بڕیار بوو له‌ باكوریش بره‌وی پێ بدرێت .

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

عەلی مەحمود : له‌ ئه‌رجه‌نتین و مه‌كسیك زۆرترین پرۆژه‌ی هه‌ره‌وه‌زی هه‌یه‌ , نه‌یتوانییوه‌ ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیفی سسته‌می سه‌رمایه‌داری تا هه‌نوكه‌ له‌و بواره‌ ئه‌زمونێك وامان نییه‌ .

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەلی مەحمود : له‌ رۆژئاواو باكور ده‌یبینم , به‌ڵام له‌ باشور نا , وه‌ باقی كه‌رته‌كانی گشتی كه‌ تا ئێستا ماوه‌ به‌ نیازن تاڵانی بكه‌ن له‌ 3 ساڵی داهاتوودا .

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

عەلی مەحمود : من بۆ خۆم له‌ ناو كۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌كان و رێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كان كاری هه‌ره‌وه‌زیم زۆر كردووه‌ به‌ ساڵ ته‌مه‌نم بۆی ته‌رخان كردووه‌ , له‌ سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیش هاوكاری جوتیاران و كاركردن له‌ گه‌ڵیان به‌ به‌شێك له‌ كاری هه‌روه‌زی ده‌زانم و ئه‌نجام داوه‌ , هه‌موو كاتیش ئه‌نجامدانی كاری هه‌روه‌زی دڵخۆشییه‌ك رو حی ده‌به‌خشێته‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێیه‌تی , ئه‌مه‌ كاری چه‌په‌كان له‌و كاته‌ی به‌ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات زۆر لێمانه‌وه‌ دووره‌ , وه‌لێ كاری كۆتایی و هه‌میشه‌یی نا .

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

عەلی مەحمود : ته‌نها كۆمه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی , به‌ڵام له‌كاتی به‌ گه‌یشتنی هێزێكی سیاسی باوه‌ڕی پێی بێت , ئه‌وكاته‌ ده‌كرێت كارگاو كارخانه‌كان به‌ هه‌ره‌وه‌زیانه‌ به‌ڕێوه‌ ببردرێن وه‌ك ئه‌لته‌رناتیفی سسته‌می سه‌رمایه‌داری .

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەلی مەحمود : له‌ رۆژئاوای كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی زاباتیسته‌كان له‌ ئه‌رجه‌نتین , تا راده‌یه‌ك پیاده‌ی ئه‌م ئه‌زمونه‌ ده‌كه‌ن.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

عەلی مەحمود : له‌ ئێستای هه‌رێمی كوردستان ئه‌زمونه‌كان زۆر لاوازن له‌ ئێستادا كاری هه‌ره‌وه‌زی به‌ هه‌یمه‌نه‌ی باڵاده‌ستی بیری سیاسی ئیسلامی و لیبراڵی پاشه‌كشه‌ به‌ هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌ك وا كراوه‌ , كاری هه‌ره‌وه‌زی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ كارو چالاكی چه‌په‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ , ئه‌مانیش ئێستا له‌ په‌راوێزی سیاسی كوردستاندان .

دەنگەکان- دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

عەلی مەحمود: له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌یمه‌نه‌ی بیری ئه‌نتی هه‌ره‌وه‌زی زاڵه‌ , به‌رده‌وامی باشترین وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌.




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر : تاهیر ڕەحیم


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.


لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 2

بەڕێز : تاهیر ڕەحیم

دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

تاهیر ڕەحیم – زۆر جار لە کاری هەرەوزی گشتی و تایبەتی بەشدار بوومە. لەلادێ بەهەرەوزی خانووی جوتیارەکانمان سواق دەدا. یان لە دروستکردنی پرد و جۆماڵ و خانوو دروستکردن….
کاتێکش هاتمە ئەوروپا هەوڵمدا بە کۆمەڵ کارێک ئەنجام بدەین. لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ رێکخراوێکی نافەرمیان دروستکرد بەناوی سنوور بۆ ئەوەی کارێک بکەین سوودی گشتی تێدابێت. کۆ بوونەوەیەکمان لەماڵی کاک مەحەمەد خێروللە و د. مەدیحە سۆفی بە ئامادەبوونی ( کاکی خۆم، هەروەها. د. دانا. کاک هاوڕێ زەنگەنە، نەسرین بابان، خەندە داودی) کرد. بڕیارماندا کۆمەکی ئاوەرەکان لە باشورو رۆژئاوای کوردستان بکەین. بێگومان بەبەشداری کۆمەڵێک خەڵکی خۆبەخش و هەندێک لە حزبەکانی ئەڵمانیا .
توانیمان ساڵی 2014 لەسەرتاسەری ئەڵمانیا 7 لۆری کەلوپەلی زستانە بنێرینەوە. دوو لۆری بۆ ئاوەرەکانی کوبانی لە شاری سورچ و باتمانی باکوری کوردستان. پێنج لۆری بۆ ئاوەرەکانی شەنگاڵ بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم و حزبەکان یارمەتمان بدەن. تێچووی ئەو لۆریانە کۆکرایەوە. کۆمەلەی پزیشکانیی کورد لە ئەلمانیا هاوکاریکی باشی ئێمەیان کرد. زیاتر لە 12 هەزار ئۆیرۆیان بەخشی..
. دوایش ساڵی 2105 دوو لۆری تر لە شاری کۆبڵنز و بەرلین پێداویستی نەخۆشخانە لە قەرەوێڵە و عارەبانەی نەخۆش…. بۆ باشوری کوردستان ناردمان یەکێک لەو لۆریانە گەیشتە نەخۆشخانەی کۆبانی ئەویتریان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ. ئەوانەی هاوکاری ئێمەیان کرد بەیەک ئامانج و ێرای رای جیاواز بەشداربوون

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

تاهیر ڕەحیم – پێشکەی حەزدەکەم ئەوە بڵێم کاری هەرەوەزی بەمانای ئەوە دێت کۆمەڵێک کەس بەئامانجێکی هاوبەش پێکەوە کارێک دەکەن لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی یان تایبەتی. رەنگە بە ئەنجامدانی دروستکردنی پردێکبێت کە هەموو سوودی لێدەبینێت، یان تایبەت کەسێک سوودی لێوەرگرێ بۆ نموونە هاوکاری و هەرەوەزی کەسێک لەکاتێکدا خانوێک دروستدەکات .
لە هەموو کۆمەڵگاکاندا کاری هەروەزی بووە. لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی زیاتر دەرکەوتووە. جووتیارەکان بە هەرەوەزی بۆ جۆماڵکردن یان دوورینەوە…. کاری هەرەوەزی گیانی هاوکاری و خۆشەویستی لەنێوان تاکەکان درووستدەکات. کاری هەرەوەزی بەخواست وئارەزوو، خۆبەخش پێکدێت بێدروستکردنی فشار.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

تاهیر ڕەحیم – هەروەزی نە ئامرزاێکە بۆ ریفۆرم وە نە ئامرازێکی ئەڵتەرناتیڤە. ریفۆرم نییە وەک ئەوەی بەشداربێت یان هەڵسێت بە ریفۆرمکردنی سیستەم. هەروەهاش ئەلتەرناتیف نییە بۆ دەسەڵات. لەباشترین سیستەمی سیاسی و حکومەتی ئەوروپا کاری هەرەوەزی دەکرێ. هەندێک جار قوتابخانەیەک هەڵدەستێ بە پاکردنەوەئ رێگایەک لەناو دارستان .. کاری هەروەزی بە واتای کۆمەڵایەتی دێت بۆ ئەوەی گیانی هاوکاری و پەیوەندی و خۆشەویستی دروستبکات. وا لە مرۆڤەکان دەکات چێژ لە ژیان بیین کاتێک پێکەوە کار دەکەن . هەندێک جار کاری هەروەزی بۆ هاوکاری دەسەڵاتە بۆنموونە لە دارستانێک کەسێک وندەبێت خەڵکی ئەو ناوچەیە یارمەتی پۆلیس دەدەن بۆ دۆزینەوەی کەسە ونبووەکە. یان لەکاتی لافاو یان سووتانی دارستناێک خەڵک بەشێوەیەکی هەروزی یارمەتی دامودزگاکانی دەوڵەت دەدەن. کاری هەرەوزی دەبێتە هۆی یارمەتی قوربانیەکانی جەنگ. یان نەخۆشەکان…..

دەنگەکان – کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

تاهیر ڕەحیم – ئەمە پاساوە بۆ کەسێک نەیەوێت بەشداربێت. وەک لەپرسیاری پێشووتر باسمکرد لەوڵاتانی ئەوروپا بەسەدان رێکخراو هەیە بۆ کاری هەروەزی. خەڵکی ئەوروپاش دەتوانن بڵێن دەسەڵات توانای زۆرە و پارەی زۆرە با حکومەت ئەو کارانە بکات. گەر وا بیرکەینەوە ناتوانینن کارێکی مرۆیی ئەنجام بدەن کاری هەرەوەزی مرۆڤدۆستیمان بۆ دروستدەکات. ئێمە دوو لۆری پێداویستی لە قەرەوێڵەمان ناردەوە یەکێکیان بۆ کۆبانی ئەوی تری بۆ زاخۆ. گەر بڵێنن پارتی گەندەڵە با پارتی قەروێڵە دابین بکات بۆ نەخۆشخانەکان ئەی تاوانی نەخۆشێک چییە قەروێڵە نییە، ناچارە لە سەر زەوی بخەوێت؟ وەک لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانی کوردستان ئەم دیاردەیە هەیە.
کولتوری هەروەزی بەشێوەیەک خۆرسک لەرابردوو لە لادێکانی کوردستان جوتیارەکان پیادەیان دەکرد. بەڵام ئەم دەسەڵاتە چەند بووەتە هۆی هەدەردانی سامانی گشتی وڵات، ئاوهاش بووە هۆی کوشتنی بەها جوانەکانی کۆمەڵگا. لەناو کۆمەڵگای کوردی باو بوو لەکاتی تەنگانەدا یارمەتی یەکتر بدەن…. بەهۆی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە لەجیاتی کاری هەروەزی، گیانی تاکپەرستی و خۆپەرستی دروستکرد، وای کردووە هەر خێزانێک هەر بۆ خۆی بژێت لەناو خێزانێکش هەر براو خوشکێک بۆخۆی بژێت بێئەوەی گوێێ بەوە بدا براکەی یان خوشکەکەی هەیەتی یان نا، هەژارە یان برسیەتی. لەبەرئەوە ئەرکی خەڵکی رۆشنبیرو مرۆڤدۆست ئەوەیە چۆن ئەو گیانی خۆشەویستی و تابەیاییە لە رێگەی کاری هەروەزی زیندووکاتەوە. کاری هەرەوەزی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری خەڵک….

دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

تاهیر ڕەحیم – دەبێت هەموو ئەوە بزانین کاری هەرەوەزی بە تاک ناکرێت. بەڵکو بە کۆمەڵێک کەس دەکرێ کە هاوکاری یەکتر بکەن.
– لەبەر ئەمە گرنگە لەکاری هەرەووەزی نابێت تاک رۆڵی گرنگی پێبدرێت، بەو واتایەی تاکێک بۆ ناوبانگ یان سوودی خۆی بیقۆزێتەوە. هەروەها دەبێت کارەکان شەفاف بێت. بەتایبەتی چۆنێتی پارەکۆکردنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە جێی متمانەی خەڵک، نابێت ئەو کارانە ساختەی لێبکرێ، نابێت بۆ کاری حزبی و سیاسی بەکاربهێنرێت. نابێت بە حزبی بکرێت.

تاهیر رەحیم ئەڵمانیا
26/02/2017




پێشمه‌رگایه‌تی .. مزگه‌وت….. دڵشاد تاقانە

ده‌ڵێن ماڵی خوایه‌ به‌ڵام ببووه‌ ماڵی پێشمه‌رگه، شه‌وان لێی ده‌خه‌وتن ڕۆژانیش له‌بن دیواره‌کانی ده‌حه‌وانه‌وه‌ واته‌ به‌هاوینان له‌سێبه‌ری و زستانانیش خۆ به‌به‌ر به‌ڕۆچکه‌دان. ‌سه‌رکانی و بن داربی یان توه‌کانی له‌سه‌ر تاته‌که‌ی جێی فێنک و هه‌ندێ جار سه‌رخه‌وشکاندن بوو. مزگه‌وت خاڵی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو میوانانی گوندی بوو ئه‌گه‌ر کاتی ژه‌میش بهاتبا یه‌که‌ک له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردیه‌وه‌ ماڵێ به‌فه‌رموو فه‌رموو. هاوینان له‌سه‌ر بانه‌که‌ی ده‌نوستن، زستانان له‌سه‌ر به‌ڕه‌ و کۆمبار و مافور و لباده‌کانی سۆبه‌ی داریان گڕده‌دا کاتژمێره‌ک ئاره‌قه‌ی پێده‌کردی و چار پێنج کاته‌که‌ی دیش له‌سه‌رمان ڕه‌ق ده‌بوویه‌وه‌. خۆی مزگه‌وت سه‌نته‌ری گوندی بوو له‌کوێوه‌ بهاتبای ڕوو له‌وێ ده‌چووی! هوتێلێکی به‌لاش و ده‌رگا کراوه‌ بوو له‌ڕووی هه‌مووان. بۆ نانی ئێواران له‌کام ماڵ دامه‌زرابان پێشمه‌رگه‌کان هه‌رله‌وێش به‌تانیه‌ک یا لێفه‌کیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌ینا لۆ نوستنی مزگه‌وتێ، سبه‌ینێش لۆیان ده‌بردنه‌وه‌ و نانی به‌یانیشیان لا ده‌خواردن. ئێواره‌یه‌ک ‌گوندی شیرێ دۆڵی بالیسان مێوانداری شه‌وێکی کردم له‌گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌شتی کۆیه‌، چوومه‌ به‌رده‌رگای ماڵێک ته‌نیا داوای پێخه‌فم کرد؟ ژنه‌که‌ له‌سه‌ر بانیه‌وه‌ به‌توڕه‌یی گۆتی: نیمانه‌. ئه‌منیش! ده‌مزانی ئه‌و ناوچه‌ لانکه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕش بووه‌ و به‌پێشمه‌رگه‌وه‌ زۆر ماندی بوون، جاره‌کی دی بی بێزاربوون داوام کرده‌وه‌؟ ژنه‌ گێی پێنه‌دام دیسان گۆتی: نیمانه‌! جارا دینێ پێشمه‌رگه‌ دوو به‌تانی به‌وریان برد و نه‌یانهیناوه ‌به‌خۆ چووم له‌شاخی هینامنه‌وه‌، وێت ناده‌م و ئه‌. گۆتم: کو نیتانه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌رێی نایده‌م، ئه‌دی لۆخۆتان به‌چی ده‌نوون؟ حریته‌کی لێدا و گۆتی: به‌ڕووتی.

Dlshadtakana@yahoo.com




راپەڕینێكی ترمان دەوێت … ئەرسەلان مەحمود

ئەوەی دەسەڵاتێك دەگۆڕێت،”شۆڕشـ”نیە، ڕكەبەرایەتیە. دەشێتئەو ڕكەبەرایەتییە لەخۆیدا، واتا لەگوتارو لەفۆڕمدا، هەڵگری ڕێكارو،ڕێنامەو، خەسڵەتگەرایی شۆڕش بێت، بەنمونە لەتەبلیغات و بانگەوازوئەدەبیاتدا، بەڵام لەپڕاكتیك و ڕەنگدانەوەدا، وشك و، ڕوت و، ڕواڵەتیە. ئەوەی شۆڕش لەواقیعدا دەبێ‌ بگۆڕێت، بەتەنها هەر دەسەڵات نیەلەڕاستیدا، بەڵكە گەڵاڵەكردنی هزری و، هێنانە ئاراوەی هزراندنەخۆشگونجاوەكانە بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لەواقیعدا. شۆرش بەماناحەقیقیەكەی ئەوەیە خاك و خەڵكەكەی بەیەكەوە ڕزگارو ئازاد بكات و،بیانخاتە سەر شاڕێگەی گەشە ژیاری و فەرهەنگییە كۆمەڵایەتی وسیاسی و ئابورییەكان، نەك فت و فەرهودی بكات.
شۆڕش و، ڕاپەڕینەكەی بەهاری”1991″ رۆشنە ڕزگارینیشتیمانی بەدیهێنا، بەڵام وەك ئەوەی ڕونە سەرئەنجام نەیتوانیخەڵكەكەی ڕزگار بكات. دور لەنادیدگەرایی شكۆی پێشمەرگەوڕاپەڕیوانی هاوپشت و گیانبازی شەهیدە سەربڵندەكان، ئەوەیهۆشمەندانە بڕوانێ‌، بەڕونی ئەوە دەبینێت ئەوەتا ژینگە سیاسیەكەدوای دو دەیەو نیوو هێشتا لەشوێنگەو شارو دێهاتەكانی وڵاتدا،وەكیەك نیە بۆ هەر كەسێك لەماف و ئازادی ژیانكردندا. ڕاستەستەمكاری و، ستەمكارانی وڵاتبەدەر كرد، ئازادی بەدیهێنا، بەڵامئایا ڕاونانی دوژمنە ستەمكارەكە، كۆتایی بەكاكڵەی ستەمكاری هێنالەواقیعدا؟ بەڵام ئایا هاتنە ئاراوەی ئازادی لەفەزا گشتییەكەدا،هاوتایە لەبەدیهێنانی ئازادی خود لەخۆدا؟ ئایا جیاوازییە ڕەگەزی وچینایەتییەكانی كاڵكردنەوە؟ ئایا ئیزافەی خستە سەر هەبوونیمرۆیی لەخۆدا، ئایا سەرخان و ژێرخانی ئابوری ولات، دامەزراوەگەلی و كارگێرییەكانی وڵات، خزمەتگوزاری و ژیانكردنی خەڵك، هەربەجیددی لەهەڵكشاندایە یا لەداكشانە؟ ئایا ئەوەی حوكم دەكاتچییە؟ سیستمە یا عورف؟
وڵامەكە ڕونە، چونكە وەها ماف و ئازادییەك لەگشتیدا، هێشتابەدژی دەسەڵات و بەرژەوەندییە گشتییە نەتەوەیی و نیشتمانی ونەرێتیەكان، ئەژمارو پێناسەو تۆمەتبار دەكرێت، لەبری خەڵك وڕەهەندگەرایی لەحكومڕانێتیكردندا، هەژموونی تاك ڕەهەندوخێڵگەرایی هەیمەنەی بەسەر تەواوی جومگە هەستیارو بڕیاربەدەستەكانی حكومەتدا كردوە، هێشتا لەژێر ئەو دروشمە قۆڕانەیوەك: ئێمە ئازادیمان بۆ هێناون، هەر بەئێمەیش دەپارێزرێ‌ و، ئەگەرلەسەری بڕۆن، لێتان وەردەگرینەوە” نەڕێگە بەكەس ئەدەن پولێكدابەزێ‌ و، نەخۆیشیان پۆینتێك دێنە خوارێ‌، لەبەر ئەوە، ئەو لەخۆمارە بڕینەو بێباكیەی هەیە بەرامبەر بەواقیع، شتێك نیەسەرسورهێنەر بێت، چونكە ئەگەر هۆكارە هەرە سەرەكییەكە، خۆیلەناپڕۆگرامكراوی هەر لەسەرەتاوەی شۆڕش یا لەڕەفتارو گوفتاروئەدای ناعەقڵانی سەركردایەتی سیاسیدا ببینێتەوە، ‏ئەیهەرەسهێنانی بەرپرسیارێتیە شەخسیەكە وەك تاك وەك خود چییەدەگوزەرێت لەگۆڕەپانەكەدا، ئەگەر تا دوێنێ‌ دەستەبژێرێك هۆكاربووبن، مەگەر ئەمڕۆ هەمووان بەشداری ئەو زوڵم و زۆری و گوناهەبەكۆمەڵكراوە نینە لەواقیعدا.
ئەوەی جڤاتێك بەڕێوە دەبات، هەر خۆی لەرەزامەندی تاكەكەسەپێكهێنەرەكانیدا نابینێتەوە، تەنها لەیەك كاتدا نەبێ‌، ئەویش ئەوەیەوەك یەك جەستە بەیەك ئاراستەدا بڕوات، مەرجە ئەو جەستەیە بەوئاراستەیەدا بڕوات هێزە مەزنەكە ‏ئاراستەی ‏دەكات. ئەو هێزەشبریتییە لەرەزامەندی زۆرینە، ئەگەر نا رێگەی تێناچێت بتوانێت وەكیەك جەستە‏و یەك جڤات ‏كار بكات. ئەو جەستەیەی رەزامەندیهەریەكە لەو تاكانەی لەسەرە لەو جەستەیەدا ‏یەكیانگرتووە،رێككەوتون ‏لەسەر ئەوەی بەو شێوەیە بێت، بەو پێیەش هەمووانپابەندن پێوەی لەرێگەی ئەو ‏رەزامەندییەوە كە لەلایەن ‏زۆرینەوەپێییگەیشتوون، ئامانجی گەورەی مرۆڤ كاتێك دەبێت بەبەشێك لەوكۆمەڵ و كۆمەڵگەیەی دەیەوێ‌ ژیانبكات لەناویدا، بریتییەلەچێژوەرگرتن لەسەروماڵیان لەسایەی ئاشتی ‏و ‏سەلامەتیدا،مەزنترین ئامرازو شێواز بۆ ئەنجامدانی ئەوەش بریتییە لەیاساچەسپاوەكانی ناو كۆمەڵگە. یەكەم و ‏‏سەرەكیترین یاسای ئاشكرایسەرجەم وڵات دەبێت بریتیبێت لەچەسپاندنی دەسەڵاتی یاساداناننەك پەكخستن و لەناوبردنی، بەم عیبارەتەبێ‌، ڕاەڕینێكی ترماندەوێ‌، ڕاپەڕینێك لەپێناو ڕاماڵیندانا، لەپێناو داماڵیندا، داماڵینەوەبەها باوەكان لەتەواوی كایەو مایە كارگێری و كۆمەڵایەتییەكاندا.




ئەمە شەڕی براکوژی نیە … ئاسۆ کەمال

ئەمڕۆ ٣ئازاری ٢٠١٧ جارێکی تر شەڕ لە نێوان میلیشیاکانی پارتی و پەکەکە لە ناوچەی شەنگال لە خانەسور هەڵگیرسا. ئەمە شەڕی براکوژی نیە، بەڵکو شەڕی دوو میلیشیایە لەسەر کۆنترۆڵ و ئیدارەی شەنگال. خەڵکی یەزیدی و شەنگالیەکان کە هێشتا برینی داعشیان ساڕێژنەبوە و لە ناوچەی شەڕی داعشدان ئەمڕۆ بونەتە قوربانی شەڕی ئەم برا ناسیونالیستانە. بەڵام ناسیونالیزمی کورد شەڕەکانیشی بەناوی براکوژیەوە دەکا تا پیرۆزی خۆی لەکەدار نەکا و ناوەرۆکی شەڕەکەیان لە خەڵکی کوردستان بشارنەوە.
پارتی و پەکەکە دوو ‌هێزی چەکداری ناسیونالیستن کە هەرکامەیان هەوڵی سەپاندنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەدا لە شەنگال و لە شوێنەکانی تری کوردستان و هەرکامەشیان لە میحوەرێکی دوو قوتبی تورکیا و ئێراندا لەناوچەکەدا ڕاوەستاون. بارزانی لەگەڵ تورکیادا برایە و پەکەکەش لەگەڵ ئێراندا دۆستە. ئەمە دابەشبونی خانەوادەی ناسیونالیستی کوردە کە لە مێژووی نزیک و دووری یەک سەدەیدا هەمیشە شەڕی براکوژی بەشێکی جیانەکراوەی بوە و هەرکامەیان بونەتە پردی پەڕینەوەی دەوڵەتێکی سەرکوتگەری ناوچەکە.
پارتی کە کۆنترۆلی دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستاندا کردوە و لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا هێز و حزبی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و دەیەوێ وەک هێزێک لە عێراق و سوریا کە هاوسەنگی و سنورەکان ناجێگیرە بە پشتیوانی تورکیا و سعودیە وەک دەسەڵات وهێزێکی ناوچەیی خۆی بسەپێنێ. هەرچی پەکەکەشە بە جێگیربونی دەسەڵاتی لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لە سوریادا و بە پشت بەستن بە هێزی میلیشیایی لە کوردستانی عێراق دەیەوێ ،وەک هێزێکی ناوچەیی و دژ بە تورکیا و ناچارکردنی بە دانوستان لەگەڵیدا،دەوربگێڕێ. هەربۆیە شەنگال یەکەم شوێنی شەڕ و ئاخر شوێنی شەڕی براکوژیەکەیان نابێ .
بەڵام پارتی و پەکەکە برای کەس نین لە کوردستاندا بەڵکو ئەوان برای دەسەڵاتدارێتی حزبەکانیانن. ئیدارەی پارتی و یەکێتی دوژمنی نان و ئازادی خەڵکی کوردستانن لە عێراق و ئیدارەی پەکەکەش لە ناوچەی میدیا و لەڕۆژئاوا نەیاری هەر کەس و لایەنێکن کە ملکەچی فەرمانی ئەوان نەبن.
ئەم میلیشیا ناسیونالیستانەی کورد ستراتیژی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان نیە تاوەک برا ڕیک بکەون لەسەر حوکمەتکردن بەسەر خەڵکی کوردستاندا ،هەربۆیە شەڕی براکوژی لەسەر دابەشکردنی ناوچەکە و پارچەکانی کوردستان ئاکامێکی ئیدارەی میلیشیاییانە لە کوردستاندا. شکستی کۆنگرەی نەتەوەیی یەکەیان و دابەش بونیان بەسەر بەرەکانی تورکیا و ئێراندا بەڵگەی ئەم ڕاستیەن.
خەڵکی کوردستان پێویستە دژی ئەم شەڕەی پارتی و پەکەکە بێت و داوای پاراستنی ژیان و گیانی خەڵکی خانەسورو شەنگال و ناوچەکانی شەنگال بکات.




چۆلەکەکانی بەهەشت …. سمکۆ ئەحمەد

بمبورن
چۆکەلەکانی حەوشەی مناڵیم
بمبورن
زۆرم ئازارداون
کاتێك ئیوە لەسەر
لقی دارە لاستیکەکەم
وەنەوز ئەیبردنەوە
ئیمە بەدوای خڕکە بەردێکدا
دەگەڕاین تاتوڕەیی مناڵیمان
لەنێوسنگی پچووکی ئیوە
خاڵی کەینەوە
تکایە بمبورن
بە زەرنەقوتە چاو زەق و
دەمزەردەکانتان پێئەکەنین
کاتێک لەسەرلەپی دەستی
سنەوبەر حەزینەکە وەک زەنگیانە
دەکەووتنە خوار..!
دەکەووتن و شارە میلوورە سوورەکان دەیانخواردن
تکایە بمبورن چۆلەکە حەزینەکانی
ووڵاتە برسی یەکەم
دوای دواڕەوی ئێوە
دوای کۆڕەوی ئێمە
منیش خۆم ودارەلاستیکە پچڕاوەکەم
وەکو ئێوە سەرم هەڵگرت
با ـ وانەی دەنگی پێ ووتم
شەوونمیش وانەی رەنگ
ئیستا بە گوڵ ڕەنگ دەکەم
ئێستا بە چاو قسە ئەکەم
پەیمان بێ گەر ئەمجارە هاتمەوە
بە گوڵە نازنازەکان پەرەکانتان
ڕەنگ بکەم
لەو رەنگانەی پێتان خۆشە..!
دەمی زەردی زەرنەقوتەت
بە دەمەشێر ئاڵ و سوور کەم
بەس ئەمجارە بێمەوە…
لەگەڵ کەوتنە خوارەوەی هەر زەرنەقوتەیەکت
وەک سمۆرە بەرەوە هێلانەت هەڵبزنێم و
بۆ باوەشتی بهێنمەوە
بەس ئەمجارە
بەس ئەمجارە
با بێمەوە….

سمکۆ ئەحمەد




هه‌نگاریا پێشنیاری توندترین یاسا بۆ سنورداركردنی شاڵاوی كۆچ بۆ ووڵاته‌ ده‌كات

پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌نگاریا بڕیاریدا كه‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌ك به‌مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌ركردن و گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر كۆچبه‌رێك نایاسایی كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌و ووڵاته‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات ، ڕێكخراوی هیومان ڕایتز ۆچ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هۆشداریده‌دات كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ، حكومه‌تی هه‌نگاریا ده‌توانێت سه‌رجه‌م كۆچبه‌رانی ناو ووڵاته‌كه‌ی له‌ كه‌مپه‌كانی سه‌ر سنوری ووڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سربیا كۆبكانه‌وه‌ و جموجۆڵی كۆچبه‌ران له‌ ووڵاته‌ سنوردار بكات.
ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ش كه‌ توندترین ڕێوشوێن له‌به‌رامبه‌ر كۆچبه‌راندا له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا له‌ خۆده‌گرێت ، هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕێوشوێنه‌ توندانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی ئوسترالیا له‌ به‌رامبه‌ر كۆچبه‌رانی نایاسایدا پیاده‌یان ده‌كات به‌جۆرێك كه‌ هیچ واده‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی په‌ناخوازان له‌ كه‌مپه‌كاندا دیاری نه‌كراوه‌ و هاوكات به‌رده‌وامه‌ له‌ سیاسه‌تی گرتن و گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی كه‌ به‌به‌له‌مه‌كه‌ لێوه‌ی هاتوون.
ووته‌بێژێكی حكومه‌تی هه‌نگاریاش هه‌بوونی پڕۆژه‌ یاساكه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ ، كۆچبه‌ران له‌ په‌ناگاكاندا ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێن تا ئه‌و كاته‌ی كه‌یسه‌كانیان یه‌كلایده‌كرێنه‌وه‌ و هه‌ر له‌ كاتیشكیشدا هه‌ر په‌نابه‌رێك ده‌توانێت گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ووڵاته‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبژیرێت.

سه‌رچاوه‌كان : ماڵپه‌ری گاردیان ، هیومان ڕایتز ۆچ

ئامادەکردنی: هەژار




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر ( سەلام عەبدوڵا )

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە.


دەنگەکان- سەرەتا خۆتان بە خوێنەران بناسێین و ئامانجی خۆتان لە چالاکی هەرەوەزی ڕۆشنبکەنەوە؟

سەلام عەبدوڵا:
ئامانجی من بریتیه‌ له‌ وڵامدانێكی عه‌مه‌لی و رادیكاڵ به‌ سیاسه‌تی چاوچنۆك و وێرانكارییانه‌ی لیبرالیزمی نوێی حكومه‌تی سه‌رمایه‌داران و بازاڕه‌ ئازاده‌كه‌یان و پێگه‌یاندنی(تاكی هه‌ره‌وه‌زی) وه‌ك به‌رزترین نموونه‌ی مرۆڤ. خه‌ڵك به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ خۆی رێكبخات و له‌هه‌ر بوارێك پێداویستی هه‌بوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی گشتی بڕیاربدات و به‌خۆی پڕیانبكاته‌وه‌، واته‌ حكومه‌تی راسته‌خۆی خه‌ڵك. به‌م شێوه‌ش ولامی پڕ پێستی كۆبوونه‌وه‌ بێسه‌روبه‌ر و جه‌واشه‌كاری حزبه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تی سه‌ر به‌م كۆمپانیا و ئه‌و بانق و خانوبه‌ر و سیاسه‌ته‌كانیان دژ به‌ خه‌ڵك(زیادكردنی باج، ده‌ستگرتنه‌وه‌، راگرتنی خزمه‌تگوزاری، فرۆشتنی كه‌رته‌ گشتیه‌كان، ئازادی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی، قه‌رزارباركردنی هێزی بیرو بازوو) و گفتوگۆی به‌ناو (رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس) دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك وهه‌موو سیاسه‌ته‌ جاهل و فاشیله‌كانی حكومه‌ت(په‌رله‌مانی و سه‌رۆكی هه‌رێم و رێككه‌وتنی ئه‌كسپایه‌ر)به‌ڵام پشتیوانی هێزه‌ ئیمپریالیسته‌كانی هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك(چه‌كدار)ته‌ماشایان ده‌كه‌ن و بنكه‌ی سه‌ربازی و بۆ جه‌نگه‌كانی داهاتوو. هه‌روه‌زی وڵامه‌ به‌ هه‌موو بارودۆخی سته‌مكاری دژی خه‌ڵك

دەنگەکان- سەرەتا و بیرۆکەی هەرەوەزییەکانی خانەقین بۆ کەی دەگەرێتەوە ؟

سەلام عەبدوڵا:
له‌ راستیدا پاش ماوه‌یه‌كی كورت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ ساڵی 2005هه‌وڵم دا له‌ چه‌ند بوارێك به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌ره‌وه‌زی پێكبهێنرێت وه‌ك: بنكه‌ی هه‌ره‌وزی(جیڤارا) بۆ لاوان، هه‌ره‌وه‌ی پزیشكی(د. ئه‌حمه‌د فه‌همی) بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رێوه‌ی ده‌برد، هه‌ره‌وه‌زی كۆپیكردن و وێنه‌گرتن و خۆراك و كه‌لوپه‌ل و ته‌نانه‌ت بنكه‌ی به‌كاربردن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ل جووتیاره‌ شوعییه‌كان له‌ناو باره‌گای حزبی شوعی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ریان نه‌گرت.

دەنگەکان- هەرەوەزییەکان لە چ ئاستێکدان و لەنێو کامە بوارەکانی ژیان سەریانهەڵداوە و جێکەوتە بوون ؟

سەلام عەبدوڵا:
رێكخستنی كاری هه‌ره‌وه‌زی زۆر سه‌خته‌ و پشوو و كات و كادر وتوانا و شوێنی ده‌وێت. له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونم له‌سه‌ركه‌وتن(مه‌لا عه‌زیز) پێویستیمان به‌ درووستكردنی قوتابخانه‌ هه‌بوو. به‌م بۆنه‌یه‌ له‌گه‌ل دانیشتوان گفتوگۆم كرد و تا گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ داوای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی بكه‌م و نزیكه‌ی 40-45 كه‌س ئاماده‌بوون كه‌ زۆربه‌یان كرێكار، ئۆستا و بێكار و پێشمه‌رگه‌ بوون. هه‌موومان رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ره‌وه‌زی ئه‌ركه‌كه‌مان ئه‌نجام بده‌ین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌: 1- كرێكار و ئۆستاكان ئاماده‌یی خۆیان ده‌رخست. 2- بڕی 25 هه‌زار دینارمان دیاریكرد بۆ به‌شداری هه‌ر خێزانێك. پاشان به‌ به‌شداری ده‌یان هاورێ و براده‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و كه‌سانی به‌ ویژدانی شار و كه‌سوكارم هه‌نگاو به‌ هه‌نگاومان بڕیو سه‌ڕه‌ڕای باو باران و سیرما، گه‌یشتووین به‌ ئه‌نجامدانی نیوه‌ی كاره‌كان و هه‌ر له‌ كاری درووستكردنی بنمێچ رزگارمان ببێت، ئیدی كاری كاره‌با، دانانی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌(ئاماده‌كراون) و چیمنتۆریزیكردنی زه‌وی به‌ زووترین كات ئه‌نجامده‌ده‌ین.

دەنگەکان- ئایا هەرەوەزییەکان تەنیا هەروەزیی خزمەتگوزارین یان بەرەو بەرهەمهێنانیش هەنگاونراوە ؟

سەلام عەبدوڵا:
نه‌خێر: بێجگه‌ له‌ قوتابخانه‌كه‌، چالاكی بۆ كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ناو شاریش كرد: (سه‌ردانی پزیشكه‌كانمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی هاریكاری خه‌ڵكی هه‌ژار بكه‌ن و له‌ نرخی سه‌ردانیان له‌ 15 هه‌زار دیناره‌وه‌ بكه‌ن به‌ 10هه‌زار دینار و، سه‌ردانی سه‌رتاش و نانه‌واخانه‌ و شوفێره‌كانمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی نیو تاق له‌ رۆێكدا هاوكاری هاوڵاتیان بكه‌ن). له‌ كتێبخانه‌ی گشتی شار خولی به‌هێزكردنی قونابیان له‌ زمانی ئه‌نگلیزیمان كرده‌وه‌ و قوتابییه‌كی زۆر به‌شداری ده‌كه‌ن. هه‌روا ئاوه‌ڕۆ و چیمنتۆریزكردنی شه‌قامێك ته‌واو بوو، خانوویه‌ك له‌ درووستكردندایه‌، چیمنتۆریزیكردنی دوو ماڵ و 20 كچ فێری چنین بوون و بۆ سبه‌ی (سناره‌ و صوف)مان بۆ 20 قوتابی ئاماده‌كردووه‌ بۆ فێربوونی چنین، دوێنێ پاش گفتوگۆیه‌كی تێرو ته‌سه‌ل بڕیارمان دا (صندوقی هه‌ره‌وه‌زی بۆ هاوریكاری) دامه‌زراند و 10 كه‌س به‌شداری كرد و زۆری تریش له‌گه‌ل وه‌رگرتنی موچه‌كانیان، به‌شداری ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ كتێب و چیرۆكی منداڵان كڕی بۆ ئه‌وه‌ی (هه‌ره‌وه‌زی كتێب بۆ منداڵان)دامه‌زرێنین و، قه‌ڵه‌می ره‌نگ و باستیل و وه‌ره‌قه‌مان ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری وێنه‌كێشان بكرێن. هاوكات هه‌ره‌وه‌زی به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌بواری كشتوكاڵیش له‌لایه‌ن 5 خێزانه‌وه‌ دامه‌زرا(نامه‌وێت باسی وه‌رده‌كارییه‌كان بكه‌م). له‌هه‌ركوێ‌ و له‌ هه‌ر بوارێك بتوانین هه‌ره‌وه‌زی رێكده‌خه‌ین. بۆ نموونه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڵات پاش كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ل نزیكه‌ی 15 گه‌نج، بڕیاریاندا ئاوه‌ڕۆی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان و یاریگا به‌هه‌ره‌وه‌زی درووستبكه‌ن و، له‌ گه‌ڕه‌كی داره‌كوناره‌ دانیشتوانه‌كه‌ی به‌خۆیان زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان چه‌و ریزكرد. له‌درێژه‌ی ئه‌ك كارانه‌ و گفتوگۆكانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاند، چه‌ندین هاوڕێ له‌ كفری ده‌ستیاندكردووه‌ به‌ درووستكردنی كتێبخانه‌یه‌ك به‌ هه‌ره‌وه‌زی و خه‌ریكی درووستكردنی باخچه‌ی مندالانن به‌هه‌مانشێوه‌.

دەنگەکان- تێگەییشتن و پێشوازی و ئامادەیی خەڵك لە هەرەوەزییەکان چۆنە ؟

سەلام عەبدوڵا:
بێگومان ئه‌گه‌ر خه‌ڵك پێشوازیان له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كان نه‌كردایه‌، نه‌مانده‌توانی له‌ ماوه‌یه‌كی وا كورتن ئه‌م هه‌موو هه‌نگاوانه‌ بنێین، به‌ڵام وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد، ئاسان نیه‌. به‌ گژداچوونی ده‌سه‌ڵاتی موڵكایه‌تی تایبه‌ت و كلتوور و فكر و ره‌وشتی هه‌زاران ساڵه‌، جه‌نگێگی زۆر قورسه‌ و پێویستی هه‌یه‌ به‌ ئاماده‌بوونی رۆژانه‌ له‌ناو خه‌ڵك و به‌ پشوو درێژی، روونكردنه‌وه‌ و گفتوگۆی زۆر هه‌یه‌.

دەنگەکان- ئەوانەی کە زیاتر چالاكانە بەشداریدەکەن و کۆمەکی هەرەوەزییەکان دەکەن، سەر بە کامە چین و توێژی کۆمەڵن؟

سەلام عەبدوڵا:
زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان كرێكار، كارمه‌ند، پێشمه‌رگه‌، بێكار و كه‌سایه‌تی چه‌پ، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌شیانه‌وه‌، خه‌ڵكی تریش به‌شداری ده‌كه‌ن.


دەنگەکان- کاردانەوەی دەسەڵات تاکو ئێستا چی بووە، پشتیوانی یان دژایەتی ؟

سەلام عەبدوڵا:
كاری هه‌ره‌وه‌زی خۆبه‌خش زۆر باڵابه‌رزه‌، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ لایه‌نێك له‌ دژی راوه‌ستێت. له‌ هیچ حزب و لایه‌ن به‌ حكومه‌تیشه‌وه‌ رێگری نه‌كراوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، زیاد یان كه‌م هاوكاریان كردووه‌ یان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ و هاوكاری ناكه‌ن. ئێمه‌ پێویستیمان به‌(دانپێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی)هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵك و به‌ حزب و لایه‌نه‌كانیانه‌وه‌.

دەنگەکان- چاوەڕوانی یان ئومیدی پەرەسەندن و بە ئەڵتەرناتیڤبوونی هەرەوەزییەکان چەندە و بەخۆت چۆن ئەو پرسە دەبینیت ؟

سەلام عەبدوڵا:
ئومێدی زۆرم هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئیمه‌ له‌ 28/11/2016 ده‌ستمان به‌كاری هه‌ره‌وه‌زیی كردووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ شار و لادێیه‌كانیتر به‌م ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاوی جددی نه‌نراوه‌. حزبه‌ چه‌په‌كان له‌ خه‌وێكی قووڵدان و فێری دانیشتنی ناو مقره‌كان و فره‌بێژی كۆبوونه‌وه‌ بێ به‌رهه‌مه‌كان بوون، دوورن له‌ جه‌ماوه‌ر و پێداویستیه‌كانیان، زۆر به‌رپرسیش هه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵیش بیری له‌لای كلتوور و تاك و كادر و فكری هه‌ره‌وه‌زی نیه‌، له‌ گوێی 100 گادا نووستوون. ده‌بێ كاری زۆرتر و زۆرتر بكرێت. ده‌بێ بڵێین ده‌ریایه‌ك خوێن رژاوه‌ له‌پێناوی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌مه‌ش واته‌ په‌ویه‌ندی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زی. كاری هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك وایه‌ بۆ پێگه‌یاندی هاوڵاتی و كادری هوشیار و لێهاتوو بۆ ئازادی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوكات زه‌مینه‌یه‌كی عه‌مه‌لی زۆر له‌باره‌ بۆ یه‌كگرتنی هه‌ر ده‌نگێكی ژیان و كاری هاوبه‌شخواز.

دەنگەکان- دوا وتە، دەخوازێت چی بە خوێنەران و خەڵکی نەدار و بێمووچەکراو بەتایبەت جوتیاران و کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان بڵێیت ؟

سەلام عەبدوڵا:
له‌ هه‌موو بوارێك هه‌ره‌وه‌زی دابمه‌زرێنن، جووتیاران له‌ناو ئاواییه‌كانیان كه‌سوكاری یه‌كترن و پێكه‌وه‌ ده‌ژین و چاره‌نووسیان پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌، حه‌قوایه‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كان ببن به‌ ئه‌نجوومه‌نی هه‌ره‌وه‌زییه‌كان ئازاده‌كان و به‌م چه‌كه‌ش رێگری بكه‌ن و هه‌وڵی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌ و رێگری له‌ ده‌ستدرێژی كۆمپانیه‌كانی نه‌وت و گاز بكه‌ن. كرێكاران، فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان خۆیان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی گشتی رێكبخه‌ن و پێكه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆركردنی مافه‌ كرێكاری، خانه‌نشینی و شێوه‌ی رێكخستنی كار( گرێبه‌ستی كاتی، 12 سه‌عات كار به‌بێ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌ك رۆژ پشوودان له‌ حه‌فته‌یه‌ك و به‌بێ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی كاره‌كه‌یان بۆ خانه‌شینیان بۆ بژمێردرێت)ی به‌رنامه‌ی لیبرالیزمی نوێ خه‌بات بكه‌ن كه‌ هێرشی به‌رفراوانی سه‌رمایه‌داری داراییه‌ دژ به‌ هێزی كار له‌ كوردستان، عیراق و جیهان. هه‌روا ده‌بێ حزبه‌ چه‌په‌كان مه‌قه‌ره‌كانیان بكه‌ن به‌ ناوه‌ندی هه‌ر كارێكی هه‌ره‌وه‌زی گونجاو، هه‌رچی گروپ و كه‌س هه‌یه‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێبوون، كار و هه‌ر شوێنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ رۆڵی تێدا ده‌بینن، به‌ بیرۆكه‌ و ده‌ستپێشخه‌ری و پێشنیار به‌ره‌و رێكخستنی هه‌ره‌وه‌زی ببه‌ن. چه‌نده‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ره‌وه‌زییه‌كان بپارێزن هێشتا كه‌مه‌ و ته‌واوی هه‌وڵه‌كه‌مان چڕ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ بینینی تاكی هه‌ره‌وه‌زی
لێره‌وه‌ رووی ده‌مم له‌ هه‌موو هێزی چه‌پ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كه‌م: كاری هه‌ره‌وه‌زی نموونه‌ییترین زه‌مینه‌یه‌ بۆ كاری جه‌ماوه‌ری عه‌مه‌لی و بۆ خۆ رزگاركردن له‌ سكتاریزم و بیروكراسییه‌ت و مه‌حفه‌ل بازی و خۆبه‌زلزانی و(په‌یامبه‌رایه‌تی) و خۆ به‌ دۆنجوانێتی و كوشندترین نه‌خۆشی چه‌پ(كه‌رت كه‌رتبوون)، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه‌ كه‌ دوور له‌ سه‌فسه‌ته‌، كێبركی ئه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێت: كێ له‌ناو خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی خه‌ڵكه‌ و كێ به‌ باشترین شێوه‌ كار و نان وژیانی هاوبه‌ش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ رێكده‌خات و بره‌و به‌ جیهانبینی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دا. به‌ڕاستی(گوڵه‌كه‌ لێره‌یه‌، وه‌رن با لێره‌ هه‌ڵپه‌ڕین- غۆته‌-)!




نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م ڕۆمانی ئازاره‌ قوڵه‌كانی تاراوگه‌نشین … شاخەوان سدیق

“خوداوه‌ند بۆیه‌ ئازار ده‌خوڵقێنێت، تا شاعیران بۆ نوسینی سروده‌كانیان ئاتاجیان به‌ بابه‌ت نه‌بێت” (هۆمیرۆس)

ڕه‌نگه‌ كه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ هه‌بن له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی، چ له‌سه‌ر ئاستی گشتی و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك هێنده‌ی ئێمه‌ وه‌ك كورد، له‌ ئازاره‌ سه‌خت و تاڵه‌كانی مه‌نفاو ئاواره‌ی و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نیشتمان تێبگه‌ن، بۆیه‌ كاتێك به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ خێراترو فراوانتر له‌ هه‌ر خوێنه‌رێكی دی له‌ وڵاتانی تری دونیا لێی تێده‌گه‌ین و ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ دیڕبه‌ دێڕی چیرۆكه‌كه‌و ڕوداوه‌كانی ناویدا نه‌رم ده‌كه‌ین. چونكه‌ به‌درێژای مێژوو نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ ئاواره‌ی و دوركه‌وتنه‌وه‌و هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان به‌شێك بووه‌ له‌ ژیانمان، جا بۆ هه‌ر بیانویه‌ك بوبێت وه‌ك تاراوگه‌ نشینێك خۆمان وێناكردووه‌،هۆكاری ئه‌م كرداره‌ش ئه‌گه‌ر زۆرجار له‌لایان نه‌یاره‌كانمانه‌وه‌ بووبێت، ئه‌وا هه‌ندێك جار له‌لایان خۆمانه‌وه‌ كراوه‌، وه‌ك خێزان و حزب و حكومه‌تی خۆماڵی خۆمان، هه‌ربۆیه‌ هه‌ندێك جار ئه‌م حاڵه‌تی تاراوگه‌ نشینیه‌ لامان بۆته‌ حه‌زوو ڕۆشتن و هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان لامان بۆته‌ خه‌ونێكی گه‌وره‌ و چیتر (ماغوت) وته‌نی” ئه‌وه‌ی به‌ نیشتمانی به‌ستوینه‌ته‌وه‌ ته‌نها پێڵاوه‌كانمان بووه‌” به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م ڕووداو چیرۆكانه‌ی جێهێشتن و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نیشتمان كه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، نه‌مانتوانیوه‌ بیانكه‌ینه‌ كه‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌بی و له‌ فراوانبونی دۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆماندا سودیان لێببینین، وه‌ك ئه‌وه‌ی نوسه‌رانی ئه‌فغانی (له‌تیف و خالید حوسه‌ینی و عتیق ڕه‌حیمی )ه‌ له‌ ڕۆمانی (ڕوخساره‌ به‌ندكراوه‌كه‌ و كۆلاره‌بازو خاك و خۆڵه‌مێش)دا بۆ ناساندنی دڕنده‌یه‌تی تاڵیبانه‌كان له‌ ئه‌فغانستان كردویانه‌، یان ئه‌وه‌ی (مسته‌فا خه‌لیفه‌) له‌ ڕۆمانی (قه‌پلیك)دا ده‌رباره‌ی ترسناكی زیندانه‌كان و شێوازی سزادانی به‌ندكراوان له‌ سوریا كردویه‌تی. ئه‌گه‌رچی ناكرێت له‌ ئه‌ده‌بیاتی خۆشماندا (ده‌ربه‌ندی په‌پوله‌و گۆڕستانی چراكان)ی (شێركۆ بیكه‌س) وچه‌ند هه‌وڵێكی دیكه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرین.
ئێستا ئه‌وه‌ی وا ده‌كات ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ كۆی ڕوداوه‌كانی مێژووی خۆمانه‌وه‌ سود وه‌رگرتنه‌ له‌ دیارده‌ و ئازاری تاراوگه‌ نشینی وه‌ك تیماو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ب كردنی مێژوو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌ڵێت” چیرۆكی هه‌موو ژیانێك، چیرۆكی ئازارێكه‌”
چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌
ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچكه‌م) یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، كه‌ له‌ نوسینی نوسه‌ری یۆنانی (تیۆدۆر كالیفاتیدێس) و نوسه‌رو وه‌رگێڕ(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)به‌ زمانێكی پاراو و جوان وه‌ریگێراوه‌ بۆ كوردی. كه‌ پێشتریش هه‌مان وه‌رگێڕ ڕۆمانی (ژنێك بۆ خۆشویستنی) ئه‌م نوسه‌ره‌ی بۆ كوردی وه‌رگێڕاوه‌.

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ ئازاره‌ قوڵ و تاڵه‌كانی تاراوگه‌، كه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ڕابردویانه‌وه‌و هه‌میشه‌ش گه‌رانه‌وه‌ بۆ نیشتمانی دایك بۆیان ده‌بێت خه‌ونی گه‌وره‌. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه‌ ناوی(پابلیۆس ئۆڤیدیۆس)ه‌ كه‌ به‌ (ناسۆ)ی شاعیر ناسراوه‌ و له‌ شاری ڕۆما ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره‌ ده‌كه‌وێته‌ داوی خۆشه‌ویستی كچێكه‌وه‌و شیعری ئاشقانه‌ بۆ ئه‌و كچه‌ ده‌نوسێت، قه‌یسه‌ر بڕیاری ده‌ركردنی له‌ ڕۆما ده‌دات و به‌ناچاری ڕووده‌كاته‌ وڵاتی یۆنان.
پاش گرسانه‌وه‌ی، (ناسۆ) له‌ وڵاتی یۆنانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ ناردنی نامه‌ بۆ كچه‌كه‌ی، كه‌ له‌ ڕاستیدا كچی خۆی نیه‌و كچی كه‌سێكی تره‌، به‌ڵام ناسۆ له‌كچی خۆی زیاتر خۆشی ده‌وێت، ڕۆژانه‌و به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆماوه‌ ڕوده‌كه‌نه‌ كه‌ناراوه‌كانی یۆنان ده‌كه‌وێته‌ سۆراخكردنی ئازیزانی له‌ نیشتمان، به‌ڵام بێسود ده‌بێت و به‌درێژای ژیانی ته‌نها دوو نامه‌ی له‌ نیشتمانه‌وه‌ پێده‌گات.
ئه‌م شاعیره‌ له‌ نامه‌یه‌كدا ده‌نوسێت” كچه‌كه‌م ئێستا كه‌ بای خۆرئاوا هه‌ڵی كردووه‌، ده‌بێت خۆم فێربكه‌م كه‌ ئه‌م ژیانه‌ بێڕوحمه‌م خۆش بوێ‌، نابێ‌ هه‌رگیز گله‌وگازه‌نده‌ له‌ سه‌رما بكه‌م، گله‌و گازه‌نده‌ له‌ماڵی سارد، له‌بای ته‌زێنه‌ر، له‌ ته‌خته‌خه‌وی ناخۆش، له‌ شه‌رابی به‌ستوو، له‌ ڕۆشتنی ژنان و له‌ بێده‌نگی پیاوان هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بێ‌ ده‌ستێكم بنێمه‌ سه‌ر دڵم و هه‌ست به‌ لێدانی بكه‌م، چما دڵێك له‌ماوه‌ی ژیاندا چه‌ند جار لێده‌دا؟ ئه‌وه‌ له‌ یاده‌وه‌ریمدا هه‌ڵبگرم و بزانم كه‌ هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و لێدانانه‌ پاساو بۆ به‌خته‌وه‌ری هه‌ن”.

نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا ته‌نها نایه‌وێت خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م پرسیاری مه‌نفادا ڕابگرێت، به‌ڵكو قوڵتر له‌ ته‌نهای مرۆڤ له‌ نیشتمان ده‌ڕوات و پرسی مه‌نفای ڕۆحی و تاراوگه‌نشینی ناخی مرۆڤ ده‌كاته‌ پرسێكی جدیترو پێی وایه‌ كێشه‌ی ئینسان له‌ مه‌نفاكانی ناو ڕۆحی خۆیه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌ستپێده‌كه‌ن و دواتر بۆ به‌شه‌كانی تری ژیان ده‌گوازرێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌یه‌كی تردا ده‌نوسێت” مه‌نفا ته‌نها ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ بنیاده‌م له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی وه‌ده‌ر ده‌نرێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌شه‌ كه‌ بنیاده‌م له‌ خودی خۆشی وه‌ده‌ر ده‌نرێ‌ بۆیه‌ ده‌بوو هیچ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌سی تردا نه‌شكایه‌”
ئه‌وه‌ی نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا به‌قوڵی كاری له‌سه‌ر ده‌كات به‌ستنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌زییه‌ به‌ خۆشه‌ویستی خاكه‌وه‌، هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان له‌ پێناو عه‌شقدا، ئه‌و چاره‌نوسه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه‌ بۆیه‌ (ناسۆ) چه‌ند بیری خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات هێنده‌ش هی نیشتمانه‌كه‌ی، من له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا یه‌كڕاست خه‌یاڵم بۆ قسه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (حه‌مزا تۆڤ) نوسه‌ری كتێبی (داغستانی من) چوو، كه‌ ده‌ڵێت” له‌ دونیادا دووشت شایه‌نی ئه‌وه‌ن ململانێی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دروست ببێت، ئه‌وانیش(نیشتمانێكی خۆشه‌ویست و ئافره‌تێكی قه‌شه‌نگ) ن قه‌شه‌نگی و شۆخ و شه‌نگیی ئافره‌ت بوونی نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و به‌های نیشتیماندا هاوسه‌نگ نه‌بێت” نوسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ تاراوگه‌ نشینه‌كان و له‌ وڵاتی یۆنانی زێدی خۆی ئاواره‌ بووه‌، بۆیه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا هه‌ست ده‌كرێت كه‌ باش ڕۆچۆته‌ ناو ناخی مرۆڤی ئاواره‌وه‌، زۆر جار مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی له‌شتێك تێبگات پێی خۆشه‌ خۆی ئه‌زمونی ئه‌و شته‌بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی (فرۆخ) ده‌ڵێت” بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ ڕه‌قێتی به‌رد بكه‌م پێم خۆشه‌ سه‌رم بشكێت” بۆیه‌ نوسه‌ریش له‌م ڕۆمانه‌دا خۆی ئه‌زمونی هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمانده‌كات و وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات هه‌مان هه‌ستی تێدا دروستبێت، ئه‌و به‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی تاراوگه‌نشینی خۆی ئازاره‌كانی مه‌نفا ده‌گوازێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌یه‌كی تردا ده‌نوسێت” كچه‌كه‌م لێره‌ له‌م به‌شه‌ چۆڵو هۆڵه‌ی دونیادا كه‌ منی لێم، زه‌مه‌ن ناڕوا، ڕۆژدوای ڕۆژ، له‌ جێگه‌ی خۆیدا ڕه‌واح ده‌كا، لێره‌ ناتوانم هیچم له‌ بیر بچێته‌وه‌، لێره‌ هیچ برینێك ساڕێژ نابێ، تاقه‌ كارێك كه‌ ده‌توانم بیكه‌م ئه‌وه‌یه‌، شته‌كان وه‌یادی خۆم بهێنمه‌وه‌، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ چیی دی بونی نییه‌ كه‌ تێده‌په‌ڕێ‌، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و زه‌مه‌نه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێپه‌ڕیوه‌”.
به‌م شێوه‌یه‌ چیرۆكی غه‌مگینی ئه‌م شاعیره‌ عاشقه‌ له‌ تاراوگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، تا له‌ كۆتایداو پاشمانه‌وه‌ی (ناسۆ)له‌ مانفا و وڵاتی غه‌ریبدا بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌شت ساڵ سه‌ره‌نجام به‌خه‌می دوری له‌ نیشتمان و مه‌عشوقه‌كه‌ی سه‌رده‌نێته‌وه‌و بۆیه‌كجاری كۆچی دوای ده‌كات.

ته‌كنیك و زمان وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌:

یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا ده‌كات خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێڵته‌وه‌ و نه‌توانێت واز له‌ خوێندنه‌وه‌ی بهێنێت، بوونی ئه‌و زمانه‌ پاراو شیعریه‌یه‌تی كه‌ زۆر شاعیرانه‌ گه‌مه‌ به‌ وشه‌و ڕسته‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌لكاندن و كوت ده‌ربڕینی ڕسته‌كان به‌ شێوه‌ی گرێچنی ورد، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی بوونی ئه‌و ته‌كنیكه‌ به‌رزه‌ی كه‌ نوسه‌ر بۆ ڕێكخستنی شێوازی نوسینی نامه‌كان به‌كاری هێناوه‌، نوسه‌ر ئه‌گه‌رچی هه‌وڵیداوه‌ له‌ ڕێگه‌ی نوسینی نامه‌كانه‌وه‌ چیرۆكی ژیان و نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی وه‌ك نمونه‌یه‌ك له‌ مرۆڤ، بۆ ڕای گشتی بخاته‌ڕوو، به‌ڵام فره‌ ده‌نگیه‌كی وای خوڵقاندوه‌ كه‌ تێمای چیرۆكه‌كه‌ی فره‌لایه‌ن و فره‌ ڕووداو بێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ ببێته‌ ڕۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لی)ش ده‌ڵێت” ڕۆمان هونه‌ری ئاماده‌كردنه‌وه‌ و هێنانه‌ قسه‌ و ناساندنی مرۆڤه‌ بێده‌نگه‌كانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤیش بناسیت، بیهێنیته‌ قسه‌ و بیناسێنیت، پێویستیتت به‌ دونیابینیه‌كی گه‌وره‌ و خۆشه‌ویستیه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و دوانه‌ت ونكرد ناتوانیت ڕۆمانی فره‌ده‌نگ بنوسیت”

ڕۆمانی نامه‌ی: (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) وه‌ك نمونه‌:

ڕۆمانی نامه‌یی یه‌كێكه‌ له‌ شێوازه‌ هه‌ره‌ كۆنه‌كانی نوسینی ڕۆمان، كه‌ هه‌ندێك بۆچوون پێی وایه‌، سه‌ره‌تای نوسینی ڕۆمانی ئه‌وروپی به‌م ته‌كنیكه‌ نوسراوه‌، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانی نامه‌یی تێبگه‌ین په‌نا بۆ پێناسه‌ باوه‌كه‌ی (ده‌یڤید لاچ) ده‌به‌ین كه‌ ده‌ڵێت” ڕۆمانی نامه‌ی جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌یی یه‌كه‌م كه‌سییه‌، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراوه‌، كه‌له‌ شێوه‌ی ناسراوتری ژیاننامه‌یدا به‌دی ناكرێت، له‌ كاتێكدا چیرۆكی ژیاننامه‌یه‌ك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی بۆ گێڕه‌ره‌وه‌ ناسراوه‌” ئه‌م جۆره‌ له‌ نوسین له‌ ناو ئه‌ده‌بی دونیادا ناسراوه‌و چه‌ندین ڕۆمان به‌م شێوازه‌ نوسراون له‌وانه‌ (هه‌ژارانی دۆستۆیڤسكی و ڕۆمانه‌ نامه‌یه‌كانی پامیلاو كلارسیای سامۆئیل ریچارسۆن) له‌ ئه‌ده‌بی كوردیشدا چه‌ند نمونه‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت له‌وانه‌ ڕۆمانی(نامه‌كانی فێرنادۆی ئه‌ژین عه‌بدوالخالق و نازیلای یاسین بانی خێڵانی) كه‌ بێگومان ڕۆمانی تریش هه‌ن. بێگومان ئه‌م شێوازه‌ له‌ نوسین به‌ ڕێگایه‌كی گرنگی گێڕانه‌وه‌ داده‌نرێت كه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خودیه‌وه‌ ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، بۆیه‌ خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕۆمانانه‌دا ته‌نها له‌ زاری كه‌سی نامه‌ نوسه‌وه‌ ئاگاداری ته‌واوی ڕوداوه‌كان ده‌بێت كه‌ زۆرجار ئه‌و كه‌سه‌ به‌ ڕاوی هه‌موو شتزان ناو ده‌برێت.

دواسه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:

ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانه‌ گرنگ و پڕچێژانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا خوێندمه‌وه‌، كه‌ نوسه‌ر به‌سه‌لیقه‌یه‌كی وردو له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌وه‌ و له‌ دوتوێی چه‌ند سه‌د لاپه‌ڕه‌ڕه‌یه‌كدا ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م چه‌ند پرسێكی جدی وه‌ك (عه‌شق و خۆشه‌ویستی خاك و شیعرو مه‌نفاوه‌) نوسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ قسه‌یه‌كی بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، “قسه‌یه‌ك وه‌ك ده‌ڵێن له‌ دڵه‌وه‌ بۆ دڵانه‌” هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌ مرۆڤه‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه‌، (عه‌تا محه‌مه‌د) پێی وایه‌” مێژووی مرۆڤ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ توانی به‌سه‌رهاتێك بگێڕێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد له‌ جیهانی ئاژه‌ڵان دایببڕێت” ئه‌م ڕۆمانه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ نوسراوه‌كانی دیكه‌ بێكێشه‌ نیه‌و له‌ زۆر شوێندا درێژ دادڕی له‌ شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا كراوه‌، كه‌ به‌لابردنی چه‌ند به‌شێك هیچ له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌ ناگۆڕێت. به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م ڕۆمانه‌ شیاوی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سانێك كه‌ خۆیان مرۆڤی تاراوگه‌ نشینن، یان ئه‌زمونی مه‌نفایان كردووه‌. (ناسۆ) له‌نامه‌یه‌كی دیكه‌دا به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌نوسێت” به‌بێده‌نگی به‌ڵێن به‌خۆم ده‌ده‌م، به‌هێزبم و هه‌رچی له‌ توانامدا هه‌بێت بیكه‌م، تا ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نیشتمانی منه‌، جا ئه‌گه‌ر نه‌شتوانم تیایدا بژیم ئه‌وا لانی كه‌م، بتوانم لێی بمرم”. له‌دواجاردا جێگه‌ی خۆیه‌تی سوپاسی وه‌رگێڕی به‌توانا(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) بكه‌ین بۆ وه‌رگێڕانی دووبه‌رهه‌می ناوازه‌ی ئه‌م نوسه‌ره‌ به‌ زمانێكی جوان وپاراو و ناساندنی به‌ دونیای ئه‌ده‌بی و كتێبخانه‌ی كوردی.

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.
به‌ره‌و ڕۆمانی كوردی_ ئارام سدیق_ نوسین
كیمیاگه‌ری ووشه‌_ یاسین عومه‌ر_ وه‌رگێڕان
وه‌ك باڵنده‌ی ناو جه‌نگه‌ڵه‌ ترسناكه‌كان_به‌ختیار عه‌لی_دیداری ئه‌ده‌بی




کتێبی پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان چاپکرا

کتێبی پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان بۆ یادی بیستو نۆسالەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەجاپ دراو لە ماوەی داهاتوودا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران .
ئەم کتێبە لە نوسینو ئامادەکردنی دکتۆر ناجح گوڵپیە،گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە لەجاپی داوە، بە قەبارەی (24*17 ) سم ،هەزار دانەی لێ چاپ کراوە (132 ) لاپەڕەیە ، بەشیوازێکی زۆر جوان و ڕەنگاوڕەنگ .
ئەم کتێبە لەچوارچیوەی پرۆژەیەکی دریژخایەندایە، دەکرێ ساڵانە بۆ یادەکانی کیمیاباران و ئەنفال وەک سەرچاوەیەکی زانیاری کورت وپوخت بخرێتە بەردەم خوێنەران و میوانانی بیانی و ناوخۆ ، بەچەند شێوازێک ئامادەی پەخش و بلاوکردنەوەیە ،لەوانە { کتێب، بروشور،فلیکس، ڕۆژ ژمێر، وێنەی یان تابلۆی گەوەرە لەسەر بلۆکی تەختە} .

ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتە لە نوسینێکی کورت و پوخت لەشێوەی لێکۆڵێنەوەیەکدایە، تێیدا باس لە شوێنە کیمیابارانکراوەکانی کوردستان دەکات،ژمارەی شار و گوند،لەگەڵ مێژوو یان ڕۆژی کیمبارانکردنەکە،و ژمارەی قوربانیان لە شەهید و بریندار خراوەتە ڕوو، هەروەها زانیاری ورد تر ئاشکرا کراوە لەسەر ئەوە ڕژێم لە چ کاتو چ شوێنێک بۆمبارانی کیمیایی کردوە و هۆکارەکەشی روونکراوەتەوە.
ئەم کتێبە بە زمانی کوردی { سۆرانی،هەورامی ،کرمانجی) و زمانی ئینگلیزی و سویدی و فارسی و عەرەبی ،چاپکراوە، واتە خوێنەرانی ئەم حەوت زمانە سودی لێ دەبینن.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە زانیاری وردو پوخت لەسەر کیمیابارانکردنی کوردستانی تیدایە،دەکرێ وەک سەرچاوەیەک لە ناو خوێندگاکان،زانکۆکان، ناەندەکانی ڕۆشنبیری…هتد، لەکوردستان سودی لێ ببینن، هەروەها لە ناو مۆنۆمێنتەکاندا دابنرێت و هەر کاتێ میوانێکی بیانی هاتە سەردانی هەلەبجە یان بالیسان،سێوسێنان ،چەمچەماڵ،گەرمیان…هتد، دەخرێتە بەردەستیان و تا زیاتر ئاگادری ئەو تاوانە بن کە دەرهەق بە کورد کراوە.

ئەم نامیلکە یان بروشورەکان دەکرێ ببرێتە دەرەوەی کوردستان لەگەڵ ئەو شاندە کوردیانە کە بەشداری کۆنفرانسە نیودەوڵەتیەکان دەکەن لەسەر جینۆساید یان کیمیاباران، ئەمانە وەک بەڵگەیەک و سەرچاوەیەک دابەش دەکرێت بەسەر ئامادە بواندا ، وەک کۆنگرەی ساڵانەی ڕیکخراوی قەدغەکردنی چەکی کیمیایی ،یان دادگای باڵای تاوانکاری نیودەوڵەتی لە لاهای و جەندین کۆڕو کۆنفرانسی تری نێو دەوڵەتی کەلەسەرانسەری جیهان دا دەبەسترێ.
ئەم پرۆژە بەداخەوە ئەمساڵ تەنها نامیلکەکەی لەچاپ دراوە،هەندێ بەرهەمی تری ماوە لە چاپ بدرێ،کە ئەوانیش لەجێگای خۆیان گرنگیان هەیە وەک (بروشور بە چوار زمان دیزاین کراوەو ئامادەیە، لەگەڵ وێنەی سەر بلۆک و فلیکس و ڕۆژ ژمێر ) کە هەمان زانیاریە بە کورتکراوەیی و بە ژمارە.

بەهیوام لەساڵانی داهاتودا بۆ زمانە زیندوەکانی جیهان ( فەرەنسی،ئەڵمانی ،روسی،ئیسپانی،چینی ) تەرجەمە بکرێت ، و هەوڵی زیاتر بدرێ تا بە زمانەکانی تری جیهان و لەهەموو ولاتان دا پەخش و بڵاو بکرێتەوە،تاکو هەموویان تاوانەکانی جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو دژ بە گەلی کورد بە وردی و پوختی ببینن.
گەیاندنی ئەم زانیاریانە بەشوێنی پێوست ،دەبێتە هاوکار و پشتیوانیەکی مەزن بۆ گەلی مەینەتباری کورد.

د.ناجح گوڵپی 1/3/2017
n.gulpy@gmail.com




هەڵەبجە لە کەرنەڤاڵی فریوداندا … هیدایەت مەلا عەلی

هەموو ساڵێک پێش ١٦/٣ ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، دەستەڵاتداران و (حیزبە ڕەسەنەکانی!!!!) کوردستان، زەخیرەی چەواشەکاری بۆ کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی هەڵەبجە ئامادە دەکەن، زیاتر لە ٢٥ ساڵە خەڵکی هەڵەبجە لەناو تەپوتۆزی فریودان و بەڵێنی چەواشەکارانەی گەندەڵخانەی بەناو حکومەت ، کۆمپانیای بە ناوی حیزبەوە، یاری بە چارەنوس و باری تەندروستی و ژیان و هزریانەوە دەکەن.
هەر ساڵێک و بەڵێنێکی تەماوی دەکەنە هەتوانێکی پڕ لەخوێی ئازارەکانیان، بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە سەرەڕای ئومێدی خەڵک، ئەو مەنگەنە ژەنگاویەبوو کە ئامانجی کڵۆمدانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی هەڵەبجەبوو، نەک وەڵامدانەوە بە پێداویستیە ئینسانی و ئیداریەکانی شارێکی دوای جەنگ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

چۆن هەموو گوڵ و میوەیەک وەرزی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە گاڵتەجاڕی و گێڕانەوەی خەڵکی هەڵەبجە بۆ پێش (١٦/٣/١٩٨٨)ی هەموو ساڵێک، بۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان ئەو وەرزەیە. خاڵیکردنەوەی هەناوی پەنگخواردووی پڕ لە ئازاری خەڵکی هەڵەبجەش، لەلایەن مافیا و بازرگانەکانی دەستەڵاتەوە، دەبێتە بەر وبوومی وەرزی پیلان بۆ داڕێژراویان، کە لە ئەنجامدا ئەم فریودان و پیلانە تەمەنی دەستەڵات درێژتر و، ئومێد بە ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی هەڵەبجە کورت تر دەکاتەوە.
هەموو ساڵێک مانگێک پێش یادی ١٦/٣، وەرزی کۆکردنەوەی پەیامی بریقەداری ناوەڕۆک تاریکو، فرمێسکی تیمساحی بێگیانی نوێنەری حیزبەکانە، لەڕێگای نوێنەری حکومەت و پەرلەمانتار و ئیدارەی کرێنشینەوە. هەڵەبجە و قوربانیەکانی خەڵکی هەڵەبجە، ئەوەندەی ناویان لە دێڕە شیعری شاعیرە فەرمانبەرەکانی دەستەڵات و، هاواری بەرپرسە گەروگیراوی سەروەت و سامانەکانیان نمایش دەکرێت. وەک چارەکە مووچەکانیان، ئەگەر چارەکێکی هاوارەکانیان خزمەتی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجەیان بکردایە، ئێستا ژیان لەوشارە دڵشکاوەدا جۆرێکی تر دەبوو.
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢١/٢/٢٠١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆک و جێگری (ئەنجومەنی وەزیرە گوێڕایەڵەکانی) حکومەت ،کۆبونەوەی ئاسایی خۆیان سازدا. لەم کۆبونەوەیەدا هەر دوو وەزیر (مەحمود حاجی ساڵح )وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، (محەمەد هاودیانی) وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی باسی سەردانەکانی خۆیان کرد بۆ وڵاتانی سوید و جۆرجیا. ئەم دوو وەزیرە دەڵێن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سویدیەکان ڕێکەوتین لەسەر بەگەڕخستن و دابینکردنی داودەرمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دروست کراوە.

سەرۆکی حکومەتی (بازرگانەکانیش) وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، هامئاهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەکانی ولاتی ئێران بکەن، بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی چونکە لەم بوارەدا شارەزایان هەیە، وەک ئەوەی (نێچیر و قوباد و وەزیرەکان) بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی خۆیان بڕۆنە نەخۆشخانەکانی (مەریوان و پاوە).
بەپێی لێدوانی (ڕزگار حەمە نوری)نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای ٢٥ ساڵ لە دەستەڵات دەڵێت: پرۆژەی کارەبای نیشتیمانیمان گەیاندە ناو گوندی (هاوار)، پاشان دەڵێت ئەم گوندە قوربانی زۆریانداوە لە شۆڕشی کوردا خۆشبەختانە ئێستا کارەبای نیشتیمانیان هەیە.

کاتێک سەیری ئەم هەواڵانە دەکەیت زۆر حەقیقەتی چەواشەکارانە و فریوکارانە دەبینیت، ئەو ڕاستیە بەرجەستە دەبێت کە ئەم هەواڵانە لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئەمساڵ چۆن دەبنە زەخیرەی وتارو دەسکەوتی گەورە و بەنێوچەوانی خەڵکی هەڵەبجەدا دەدرێت. ئەمساڵ بیبینن چۆن ڕەگی لاملی بەرپرسان بەرزە دەبێتەوەو باسی بەڵێنی بەگەڕخستنی نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و گەیاندنی کارەبای نیشتمانی دەکەن بۆ گوندەکانی سنورەکە، ئیتر ئێستا سەرەتای وەرزی کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی هەڵەبجە دەستی پێکردوە، باسی دیزاینی تازەی دەروازەی شاریش بالەولاوە ڕاوەستێت.
نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمایی لە هەڵەبجە چەندین ساڵە تەواو نەبووە، ئەو نەخۆشخانەیە وەک (تاکەکڵاشەکانی مامەلی) لێهاتوە، هەر وەفدێک دەچێتە سەردانی ئەڵێن ٣ مانگی تر تەواو دەبێت. لە کاتێکدا تاکو ئێستا زیاتر لە ٨٠ بەرکەوتوی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوە و ژمارەکەش زیاتر دەبێت. ئەو ڕۆژەی ئەم وەزیرانە باسی داودەرمانی سویدی و جۆرجیایان کرد، لەهەڵەبجە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ناونراوە (نەقڵیاتی هەڵەبجە بۆ گوێزانەوەی نەخۆشەکان)،کارمەندانی تەندروستی و خەڵک، خۆپیشاندانیان کرد بۆ هۆڵی نەشتەرگەری و میلاکی پزیشک و پێداویستیە سەرەتاییەکانی تر.

کاتێک (سەرۆکی وەزیرە مووچە زۆرەکان) دەڵێت: لەگەڵ نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران هامئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، یەک بەرپرس و یەک سەرمایەدار نیە، سەرەتایترین پێداویستی تەندروستی خۆیان لە وڵاتانی ناوچەکە وەربگرن. بۆ لابردنی پەڵەی دەموچاو، دانکێشان، پەمەی کردنەوەی پێست، تەنانەت بۆ کڕینی پێڵا و جلەکانیان دەڕۆنە پێشکەوتوترین وڵاتانی دنیا، بەگرانترین نرخ لە مارکێت و نەخۆشخانەکان ،جوانکاریەکانیان دەکەن و جل و پێڵاوەکانیان دەکڕن.
لەکاتی سەردانێک لەگەڵ بەرێزان (مەریوان مەغدور، ئیبراهیم حەمەشەریف، گۆران هەڵەبجەی) بۆلای (مامۆستا کامیل عەبدولقادر) یەکێک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، بۆ نەخۆشخانەی هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا. ڕێکەوتی ٢٢/١٠/٢٠١٦، باسی ئەو سەردانانەی کرد کە بۆ چارەسەر دەبرێنە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران، ئەو پرۆسەیەی (مامۆستا کامیل عەبدولقادر)باسی کرد، هیچ نیە بێجگە لە نەخۆشخستنەوەیان و کولاندنەوە و قوڵتر کردنەوەی برینەکانیان بەپێی پێوەرە تەندروستیە مۆدێرن و ستاندارەکان.
زەحمەتی و قورسی شێوازی سەفەرکردنیان و گەیاندنیان بە وڵاتی ئێران، ناتەندروستبوونی کەش و هەوای ناو ئەو ئۆتۆمبیل و پاسانەی دەیانگوێزنەوە. گەرما و سەرما، تەپوتۆز و بۆن. تەنانەت نابرێنە نەخۆشخانە پێشکەوتوەکانی وڵاتی ئێران، بەشێوەیەکی زۆر ساکار و نەگونجاو کردەوەی چارەسەر و پشکنینەکانیان بەڕیوە دەچێت. ناوبراو دەڵێت: لەسەر کورسیەک بەرانبەر پزیشکەکە دادەنیشین و سەیرێکمان دەکات ، پاشان دەڵێت: ئێستا چۆنی؟ داودەرمانەکانت ماوە؟ هەندێکی تر دەرمانمان بۆ دەنوسێت و دەگەڕێینەوە. بەڕاست ئەمە ئیهانەیە بە ئینسانیەت و کەرامەتی خەڵک، یان چارەسەری بەرکەوتوانی ترسناکترین چەکی قەدەغەکراوی جەنگی سەرمایەدار و قازانج پەرستەکان لە جیهاندا.

بۆ دەستەڵاتداران و حکومەت و حیزبەکانی (حکومەتی تێکدەری بنکە فراوانی هەرێمی کوردستان)، (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) هەر هەموویان، بەشێواز و بەش و پێگەی خۆیان، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قوربانیەکانی خەڵکی هەڵەبجە. بۆتە زەخیرە و مەتریال و نیعمەتێکی گەورە بەدەستاینەوە، بۆ گەمەی سیاسی و ململانێی پێگە و گۆڕینی هاوکێشەی هێزی نێوانیان، ئەم حەقیقەتە لە دابەشکردنی کورسی و پۆستی ئیداری پارێزگاو، ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا وەک خۆر درەوشایەوە و هیچ پەردەیەکی بۆ فریودان نەهێشتەوە.
ئەم حیزبانە جەوهەری بیرکردنەوەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە یاریزانێکی (شەترەنج) بۆ لەشکرەکەی بەردەستی هەیەتی، ئەوەی ونە لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە و قوربانیەکانی، دیدێکی ئینسانی و شکۆمەندانەیە، ئەم دیدە دژی ئینسانیە لە گێڕانەوەی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەئاشکرا هاوار ئەکات . ئەم حیزبانە پەیامەکەی خۆیان گەیاندوە و پێویست بە چاوەڕوانی زیاتر ناکات لەلایەن خەڵکی هەڵەبجەوە.
لەیادی (٢٩)هەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، من پێشنیارێکم هەیە بۆ خەڵکی ناڕازی، بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری مناڵە ونبووەکان، ئینسانە مەحروم و زەحمەتکێشەکانی هەڵەبجە. ئەمساڵ وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرانبەر دەستەڵاداران و کەرنەڤاڵی فریودانەکانیان، ئەو (قەڵەمەی) ئیمزای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێکرا بیشکێنن، شکاندنی ئەو قەڵەمە مانای گەوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، هێزێک بتوانێت ئەو قەڵەمە بشکێنێت، دەتوانێت ڕێگا لە چەواشەکاری و گاڵتەکردن بە ژیان و چارەنوسی خەڵکی هەڵەبجە بگرێت. هیوادارم یادی ئەمساڵ خاڵی وەرچەرخانی کەلێنی گەورەی نێوان ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی هەڵەبجە و بەرژەوەندی فریوکارانەی هاوبەشی حیزبەکان بێت.

هیدایەت مەلا عەلی
٢٥/٢/٢٠١٧




بمبوورن … ئاکۆ محەمەد سابیر

سەرتا هەڵەیەک هەبوو لە چاندنم
لەهێلکەکە سەرم دەرهێنا
نەدەبوو چەقۆم نیشان بدەن
هەواڵی بەرزەخم بدەنێ
بمبوورن نەبوم بەهیچ
گەڵایەکم سەوز نەبوو
سەرۆک جەنگی ڕاگەیاند
زرمەی ناپاڵمەکان نەیان هێشت
خەونێکی خۆش ببینم
بمبوورن نەمتوانی
شتێکت پێ ببەخشم
ئەی وڵاتە خوارو خێجە کزۆڵەکەم
وەک کەلاکێک لەبەردەم
گورگەکانی شۆرشدا
ڵاڵوپاڵ لێی کەوتویت
ئەوەندەیان کڕانویتەتەوە
تەنها ئێسکەکانت ماوە
منوتۆ هەر لەیەک دەچین
گیرفان بڕڕاو لۆژە لۆژ
بەگیرفانی بەتاڵەوە
لەبەردەم سنوری وڵاتاندا شەق دەخۆین
نەمن ڕەنگی مرۆڤم پێوە ماوە
نەتۆش ڕووخساری نیشتیمان
بمبوورن نەبوم بەهیچ
من بەمنداڵی عاشق بووم
عیشقی سەگو کۆترو سینەما
هەرسێکیان لێ یاساغ کردم
تفەنگێکی ژەنگاویان دامێ
بۆ پاسەوانی بارەگاکان
ئەو ئاوە باپیرم ڕشتی
ناسۆلیستێکی قارەمان بوو
گەمژە گەمژە
دەروێشێکی بێ ئاگابوو
بمبوورن نەبوم بەهیچ
نەگەڵایەکم سەوزبوو
نە خەونێکی خۆشم بینی
دەستم بەرئامێرێکی مۆزیک نەکەوت
وێنەی سنەو بەرێکم نەکێشا
کۆلارەیەکم هەڵنەدا
فڕفڕۆکەیەکم نەخستە بەر با
خەمی نان سپی کردم
بمبوورن واشەکەتووماندووم
ئاخر چیبکەم؟ چی پێشکەشکەم؟
کەمن بەشێکم لە ڕابووردوم

ئاکۆ محەمەد سابیر




بۆ سیڤەر … ئەفسانە سروش

تۆ کەی لەئازاری
لێکرنەوەیەك تێدەگەی
تاشیوەن بۆ لێبوونەوەیان بگێڕی
چووزانی چەند پرتەقاڵی
پێنەگەیشتوو لەلقی
ستیانەکانیان کرانەوە و
خرانە لیستی هەڵوەرینەوە
تۆ چی لەلێکردنەوە دەزانی
خۆتت لێبوە
بەکاپتن و
کەون دەهێنیە هەلاکەت بۆ لێکدانەوەی گریانێک
دەنا باوەش باوەش
پرتەقاڵە وەریوەکانت کۆنەدەکردەوە
تاوێک ڕادەمایە وەریویان و
ساتێک بۆ خنکانەکانیان دەکەوتیتە
سەر ئەژنۆ و گوڵێکت
بەسەر لق وچڵەکانی ستیانە
خاڵیەکانیانەوە دەکرد و
جەنگت لەگەڵ شێرپەنجە
ڕادەگەیاند.

ڕانیە
ئەفسانە سروش