هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ڕەوایە …. جیهاد موحەمەد

ڕەوایەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نابێت بکرێت بە دەستکەوتی حیزبەکان. بەڵکو دەبێت بکرێت بە دەستکەوتی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و دەوربەری.

ئاڵای کوردستان دەبوو لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، یان لە یەکەم ڕۆژی ڕوخانی ڕژێمی فاشی سەددام و بەعسیەکانەوە لە کەرکوک و لەسەر هەموو ناوچە کوردیەکان یان ناوچە و دەڤەر و شار و شارۆچکە کوردستانییەکان هەڵبکرایە. بەڵام نەک ئەمە نەکرا، بەڵکو کاتێک (ئاغای مەتەری) ئێرانیی هات بۆ سلێمانی بە پەلە یەکێتی نیشتیمانی لە هەرچ شوێنێکدا ئاڵای کوردستان هەڵکرابوو دایانگرت!، تەنانەت وێنەی هەڵواسراوی قازی محەمەدیشیان دەشاردەوە، ئەم ترسنۆکییەی یەکێتی نیشتیمانی نابێت لە بیر بکرێت. پارتیەکانیش لە ڕێگەی فرانسۆ حەریری ڕەحمەتیەوە شەڕیان بە مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەفرۆشت لە پەرلەماندا لەسەر ئەوەی کە داینوت: “دەبێت ئاڵای عێراق لە پەرلەماندا هەڵکرێت”. ئێستاش موزایەدەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن.

حەقیقەتێکی تریش ئەوەیە مادام ئاڵای کوردستان ئێستا دەشەکێتەوە لە کەرکودا ئاڵای تورکمانەکانیش وەک کەمینەیەک حەقی خۆیانە هەڵیکەن و بشکەێتەوە. تەنانەت ئەگەر شاری کەروک بە تەواوەتی بشگەڕێتەوە سەر کوردستان تورکمانەکان حەقی خۆیانە ئاڵای خۆیان هەڵکەن.

یان ئەوەتا دەبێت کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە ئاڵایەکی تایبەتی بۆ شارەکەی خۆیان دروستبکەن بە لێتێگەیشتن، چونکە هیچ نەتەوەیەک بۆی نییە مافی نەتەوەیەکی تر پێشلبکات ئەگەر دیموکراتیەت و ڕەوایەتیمان دەوێت!. لە حاڵەتێکی واشدا ئاڵای کوردستان و ئاڵای گشتی پێکهاتەکانی کەرکوک پێکەوە هەڵدەکرێت، کە بە بڕوای من ئەمە باشترین چارەسەرە، خۆ ئەگەر کەرکوک نەشگەڕێتەوە سەر کوردستان و بکرێت بە هەرێمێکی تایبەتی، ئەوە زۆر ئاساییە ئاڵای خۆی هەبێت و لەگەڵیشیدا ئاڵای کوردستان هەڵکرێت.
کورد سەد ساڵە داوای کوردستانی بوونی کەرکوک دەکات، خەباتی بۆ دەکات، ماڵی خۆی وێران دەکات، خوێنی بۆ دەڕێژێت، یەکێک دەڵێت، “کەرکوک دڵی کوردستانە” و ئەویدی دەڵیت “کەرکوک قودسی” کوردستانە، بەڵام ئەمانە بەو واتایە نایەت کە کاتێک دەسەڵاتی هەبوو مافی نەتەوە و کەمینەکانی دیکە پێێشلبکات، بۆیە هەڵکرندی ئالای کوردستان بە پیرۆبزایی و سنگ دەرپەڕاندن نابێت، دەبێت هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ببێت بە مایەیی پێکەوە ژیان و هەستکردن بە (ئەمان) لە لای هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و دەوروبەری. خۆ ئەگەر مەسەلەکەش ئەوەیە کە تورکمانەکان لە کەرکودا کەمینەن، کەواتە دەبێت بڵێین سەدام و ڕژێمە فاشییەکەی حەقی خۆیان بوو کوردیان دەچەوساندەوە، چونکە ئێمەش لە عێراقدا کەمینە بووین.

هەرچ مافێک بە ناعەقڵانی و بە پێشێلکردنی مافی بەرامبەر و بە ستەم بە دەستهات، ئەوە خۆی لە خۆیدا ستەمکاری و زۆرداریە. هەموو ئەوانەی تەنها پیرۆزبایی دەکەن و بیر لە پێکەوە ژیانی خەڵکی کەرکوک و ئاشتی و ئاشتەوایی ناکەنەوە، تێناگەن، یان خۆیان لە خۆیاندا کەسان و لایەنی نەژاند پەرست و قەومچین، یان موزایەدەی سیاسیی دەکەن. ئەگەر نەجمەدین کەریم و ئەنجوومەنی کەرکوک بە ڕاستی دەیانەوێت ئەم ئاڵایە بەردوامبێت، ئەم ئاڵایە ببێت بە ماییەی پێکەوە ژیان و خۆشی و بەخەتەوەری ئەوە پێش سنگدەرپەڕاندن و نەعرەتەی قەومی دەبێت ئەو پەیامە بگەیەنن بە عەرەب و تورکمان و هەموو لایەک کە مەبەست لە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە پێشێلکردنی مافی هیچ نەتەوە و کەمینەیەک نییە و ئەمەش لەسەر ئەرزی واقیع پراکتیزە بکەن.

هەڵکردنی ئەم ئاڵایەی کوردستان دەبێت هێندە بە پشوودرێژی و بە عەقڵانییانە بێت، هەموو ڕق و کینەی تورکمانە ڕەگەزپەرستەکان و عەرەبە شۆڤینیستەکان و کوردە نەژادپەرستەکان خاوبکاتەوە. ئەم ئاڵایە دەبێت چەکێکی عەقڵانییانە بێت بۆ لێدانی ناعەقڵانیەتی ئەو نەتەوەپەرستییەی کە لەوەتی عێراق کراوە بە دەوڵەت فووی تێدەکرێت و هەڵئەئاوسێنرێت، لەم پێناوەشدا خوێنی دەیان و سەدان هەزار هاوڵاتی لە کورد و لە عەرەب و لە تورکمان ڕژێنرا، ماڵی دەیان هەزار خێزان وێرانکرا، دەیان هەزار کەس لە سێدارە دران، دەیان هەزار گوند و دەڤەر وێرانکران، ئێمەی کورد جینۆسایدکراین، ئەنفالکراین، کیمیابارانکراین، دەبێت ئەم هەڵئاوسانە ناعەقڵانییە فشبکرێتەوە بەوەی کە هەموو پێکهاتە کەرکوکیەکان بەرژەوەندی پێکەوە ژیان و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە کولتووری یەکتری بنەمای سەرکی ژیانێکی بەختەوەرە بۆیان. تەنانەت هەڵکردنی ئەم ئاڵایە دەتوانرێت بکرێت بە دەستپێکێکی عەقڵانیانە بۆ دامەزراندنی (دەوڵەتێکی کوردستانی) لە جیاتی ئەو دەوڵەتە کوردییەی پارتی موزایەدەی پێوەدەکات و بە حساب تورکیای ڕەگەزپەرست پشتیوانی دەکات، کەچی ئەوەتا لەسەر ئەم ئاڵایە هەڕشەمان لێدەکەن و هاتوهاواریانە. دەوڵەتی کوردستانی بەو واتایەی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان لە ژێر ساییەیدا بگەن بە مافەکانی خۆیان و خۆشبژی و بەخەتەوەری و پێکەوەژیان فەرهام بکرێت بۆیان.

ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، ئەوە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لە لایەک تەنها خۆی لە موزایەدەی سیاسییدا دەبینێتەوە و مەبەست لێی لە بیربردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی ژیانی گشتی خەڵکە، جگە لەوەش ئەم ئاڵایە ڕق و کینەی نەتەوەپەرستی ئەستورتر دەکات، لە جیاتی خۆشی هێنان و بەختەوەری و ئارامی و ئاسایش دروستکردن دەبێت بە مایەیی خوێنڕشتن و شەڕ و ئاژاوە، کە پێم وایە ئەوەتی کورد خەبات دەکات بۆ ڕزگاری و ئازادی بە دەست ئەم ناعەقڵانیەتەوە دەناڵێت، کێشەی کورد کێشەی نەبوونی دیموکراتی و دادپەرەریی کۆمەڵایەتیە، دەربەدرکردنی کوردەکان لە شار و ناوچەکانی خۆیاندا لە ناعەقڵانیەتی حکومڕانەکانی عێراق و قەومچێتی و شۆڤێنێتی عەرەب و تورکمانەوە هاتووە، سڕینەوەی ئەم ناعەقڵانییە، ئەم کولتوورە سیاسییە ڕەگەزپەرستە لە پێش هەموو نەتەوە و کەمینەیەکدا کورد سوودی لێوەردەگرێت. ئەگەر کورد خاوەنی سیاسەتێکی سەردەمیانەی عەقڵانییە، با هەوڵبدات بە لێتێگەیشتن و دامەزراندنی کولتوورێکی سیاسیی دیموکراتییانە چارەسەری کێشەکان بکات، نەک بە ڕق و کینە و تۆلەسەندنەوە. ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوە هیچ کات لە بەرژەوەندی خەڵکی ڕەشوڕووت نییە، بەڵکو سیاسەتێکی نا ئینسانیانەی دەستە و تاقمە سیاسییەکان کە هەر لایەنێک دوکانێکی سیاسی دروستکردووە و هێزێکی گەورەی لە خەڵکی ڕەشوڕووتی ناهۆشیاری پێکەوە ناوە،کە بە ناچاری ئەو خەڵکە لە پێناوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و منداڵەکانییاندا بوون بە چەکداری ئەو هێزە میلیشیاییانە. ئەم هێزە ڕەفتار فاشییانە بە ناوی کوردایەتی و بە ناوی تورکمانچێتی و بە ناوی عروبەوە درێژە بە سیاسەتی گڵاوی خۆیان و داگیرکاریی دەدەن و خوێنی میللەت دەمژن و شەڕەکانییان درێژە پێدەری سیاسەتە داگیرکاریی و ستەمکارییەکانیانە.

جیهاد موحەمەد
٢٩/٣/٢١٠٧
سلێمانی




تەورە كچ … ستارئەحمەد

هەموو شەوێك
خەرمانێك گومان
دونیایەك بێ متمانەیی
زەمینێك بەردو
ئاسمانێك كینە
بەسەرما دەبارێنێ
دەڕوات دەسماڵێك تاریكی
بەروانكەیەك حەسرەت
لە رۆحی خۆی دەئاڵێنێ
بۆ بەیانی
بەكۆمەڵێك بیانوو
جۆگەیەك گللەیی و
رووبارێك نەفرەت دێتەوە
خۆشەویستی زامدار دەكات
شیعر بۆ گڕ هەڵئەڕشێنێ
شەوانیش كات لەژان دەدات
جێژوان لەگڵ مارە دەبڕێت
من دەباتە خەڵوەتگای شێتان
بەدەستی خۆی خۆشی دەكوژێت
وتەی زاری
لەنەخێرو گومڕاییەكان
هەڵكێشاوە
مەمك لای ئەو نارنجۆكە
دەم گڕكانی تێزاب و
ژەهرو جوێنە
ناونیشانی عەشق و ئینسان
سوتماكی پاشماوەی خوێنە
نەبروای بەوشەی خوداو
هەست و گیانە
نەدڵیشی كانگای شیعرو
سۆزی خاك و نیشتمانە
كچێكە لەشێوەی تەور
دەبێت بەتەم
رۆحی دەبیت بەتیلەی هەور
چاوەكانی بزەی بارانی نەدیوە
دڵ لەژێر پێدا دەدوێنێ
پەنجە بەجەستەی هەتاوا دەكات
بۆسە بۆجوانی هەڵدەچنێ
تەنها ئەم شیعرەم دەتوانێ
ناوێك جوانی بۆ دابنێ




بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە -1-… جیهاد محەمەد

بەشی یەکەم

هێزی مورتەزەقە و میلیشیایی بەو هێزانە دەوترێت کە نیشتیمانیی نین، ئەو هێزانەی بێ هیچ حسابکردنێک بۆ پرنسیپی ئەخلاقیاتی سوپایی و نیشتیمانپەروەریی و مرۆڤۆدۆستییەک دروستدەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا بە ناوی نیشتیمانپەروەریی و پاراستنی سەروەریی نەتەوە و هەندێک جار بە ناوی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و هەندێک جاری تر بە ناوی پاراستنی دین و ئاینزاکانەوە دروستدەکرێن. واتە ئەم هێزانە هەندێک جار سەربە حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانن، هەندیک جاری دی سەربە دەوڵەتەکانن، بەکاریان دێنن بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت یان دین، یان پاراستنی ناوچەیەکی جوگرافیایی. لەگەڵ ئەوەی مورتەزەقە بەو تاک و میلیشییانە یان ئەو سوپایە دەوترێت کە بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پاشا یان حوکمڕانیەکی دەرەکی، یان بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوخۆ، بەڵام ئەوەی من تێبینی دەکەم لەم رۆژدەدا و لە ناوچەکەدا بە گشتی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆ نەماوە لە نێوان هێزی میلیشیایی و هێزی مورتەزەقەدا.

بۆ نموونە وەک هێزە میلیشییایەکەی حەسن نەسروڵا لە لوبناندا، کە چەند لە دژایەتیکردنی ئیسرئیل دروستبووە لەوە زیاتر بۆ برەودان و باڵادەستی هەژموونی دەوڵەتی ئیسلامیی شیعەگەرایی دروستبووە. هێزەکانی حەماس لە فەلەستیندا، هێزەکانی بەسیج و پاسدار لە سەردەمی شەڕی ئێران/عێراقدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئێستا لە عێراقدا، هێزی جاشە کوردەکان دژی پێشمەرگە و شۆڕشی گەلی کورد. ئێستا لە کوردستاندا لیوا تایبەتەکان، حەشدی شەعبی لە کورد، حەشدی وەتەنی کە پارتی و سوننەکان خەریکی دامەزراندنین، ئەو هێزەی کە لە ئەنەکەسە و هێزێکی پارتی بە سەرپەرشتی ٢١ ئەفسەری توریکی پەلاماری شنگاڵ و هێزی پەکەکەیان دا، هەروەها ئەو هێزانەی کە ئێستا وا بڕیارە لە کوردستاندا دروستبکرێت و سەرەتاکانی دەرکەوتوون.
لە پێش هەموو ئەمانەشەوە هێزە تیڕۆرستییەکان کە بە دەیان گروپ و هێزن، لە هەموویان زیاتر و گەورەتر و ترسناکتر هێزەکانی داعش بوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک قارچک هەڵتۆقین بە بروسکە و هەورەتریشقەی ئەو هەورە ڕەشە چڵکنەی بیریی شەڕەنگیزی و شەڕخوازی کە سەرتاپای ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتی سوریایی گرتەوە. هەموو ئەم هێزانە خۆیان نەک بە بەکرێگیراو و میلیشیایی نازانن، بەڵکو خۆیان بە نیشتیمانیی و نیشتیمانپەروەر دەزانن، تەنانەت کاتی خۆی کە بە سەتان هەزار جاش بەکرێگیراوی ڕژێمی فاشی بەعسیەکان بوون بەناوی ئەوەوە ئەم کارەیان دەکرد کە گەنجانی کورد لە شەڕی عێراق/ ئێران بپارێزن، یەکێک لە سەرۆک جاشە گەورەکانی خێڵی جاف دەیگوت: “دەبێت گەلی کورد مەمنوونی من بێت کە توانیومە پێنج هەزار گەنجی خێڵەکەم بپارێزم لە تێوەگلانی شەڕی ئیران/عێراق”، هەندێکیش لە مەفرەزە تایبەتەکان دەیانگوت “ئێمە کوڕی بارزانین و بە ئەمری بارزانی بووین بە چەکداری حکومەت و دەمانەوێت ڕاوە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی بکەین، چونکە ئەمانە جاشی ئێرانن”.

مەرج نییە بەکرێگرتنی ئەم هێزانە بە پارە و پول و پێدانی موچەی چەور بێت، زۆر جار دەسەڵاتە سیاسییەکان و حومکڕانەکان بە سیاسەتی بەرپاکردنی بێکارییەکی زۆر، کە زۆر جار دەگاتە لەسەدا ٢٠ی بێکاری خەڵک ناچار دەکەن لە پێناوی دابنیکردنی موچەکەی مەمرە و مەژیی پەنابەرن بۆ چەک هەڵگرتن و دەبن بە چەکدارای مورتەزەقە و میلیشیایی، هەندێک جاری تر بە بەرپاکردنی نەبونی ئاسایش و ترس و تۆقاندنی ئەوانەی کە سڤیلن و چەکدار نین، هەندێک جاری تر بەناوی هێزی نیشتیمانیی و بەرگریکردن لە نەتەوە و مافی نەتەوە، یان بەرگریکردن لە دین و ئاینزاکان، یان بەرگریکردن لە سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی یاسایی ئەم هێزگەلە دروستدەکرێت و بە دەیان و سەتان هەزار کەس چەکدار دەکرێن.

ئەم هێزانە هەموویان پێکەوە لەگەڵ سوپا دیسپلینکراوەکاندا، وەک سوپای جارانی عێراق و سوپای ئێران و سوپای ئێستای عێراق و هێزەکانی پێشەمەرگە، هەروەها سوپا زبەلاحەکی تورکیا و سوریا، لە پشتیانەوە سیاسەتێکی هێندە نامرۆڤانە و ناعەقڵانییانە ڕاوەستاوە و هەڵیان دەسوڕێنێت، کە دەیانەوێت زیاتر و زیاتر هەرچی عەقڵ و بیرکردنەوەیە لە لای گەلانی ناوچەکە بسڕنەوە و تووشی زیاتری نەعرەتەی نەتەوەپەرستیی و سیکتاریزمی دینیی و ئاینزاییان بکەن. ئەمەش لە پێناوی درێژەدان بە سیاسەتەکانی خۆیان، شەڕکردن و جەنگ درێژە پێدەری سیاسەتەکانییان و حومکڕانییەکانییانە. کە بە بڕوای من سیاسەتی هیچ لایەنێک لەم لایەن و دەوڵەتانە نەک هەر عەقڵانی نییە بەڵکو زۆر جار لە جیاتی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا شەڕدەکەن و ماڵی خەڵکی وێران دەکەن، واتە لێرەدا دەتوانین پێیان بڵێین (مورتەزەقە). پاساویشم ئەوەیە بۆ ئەم قسەیەم، کە هیچ کام لە گەلانی ئەم وڵاتانە، نە گەلی ئێران و نە گەلی عێراق و نەگەلی کورد و نەگەلانی تورکیا بە کورد و تورکەوە و نە گەلانی سوریا بە کورد و عەرەبەوە، سوودیان لە درێژە پێدانی جەنگ وەرنەگرتووە، بەڵكو ئەوەی سوودی وەرگرتووە تەنها دەتوانین بڵێین، حیزب و دەوڵەت و حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی جیهانە، کە بە هەزاران و دەیان هەزار ملیار دۆلاریان لەم شەڕو جەنگانەدا دەستکەوت بووە. کەواتە ئەم هێز و لەشکرانە هەم میلیشیایین بەو واتایەیی کە دیسپلینی سوپاییان نییە و نیشتیمانیی نین، هەم مورتەزەقەن بەو واتاییەی بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان چەکدار نەکراون. ئەمەش کارەساتە و کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت. گرنگیشە کە ناوی سوپای دیسپلینکراو بە ئەخلاقیات و تەکتیک و ستراتیژیی سوپایی دەبەین، ئەوە بزانین کە هیچ سوپایەک لەم سوپایانە نیشتیمانیی نین، بەڵکو لە پێناوی پاراستنی حوکمڕانە ستەمکارەکاندان. لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئەم سوپایانەدا دوو جار کاری وایان کردووە کە بۆنی نیشتیمانپەروەریی لێ بێت، جارێک لە شەری ئیسرائیلدا کە سەرکەوتنیان بە دەستنەهێنا، جاریکی تریش لە شەری ئیخوانەکان و حوکمی یەک ساڵەی ئیخوانەکاندا لە میسر، کە دڵنیام ئەگەر تیشکی سەوزی ئەمەریکا نەبوایە و ئەمەریکا نەیجوڵاندنایە ئەوەشیان نەدەکرد.

کارەساتی گەورەتریش ئەوەیە، کە هیچ هێزێکی سیاسیی عەقڵانی لە ئارادا نییە، بتوانێت بەرامبەر بەو هەموو هێزە داگیرکارییە بوەستێتەوە. ئەم ناعەقڵانیەتە، ئەم شەڕ و جەنگ و ماڵوێارنییە کە لە دەیان فۆرمدا خۆی دەبینێتەوە و بە دەیان ناوەوە چەخماخە لێدەدات و هەڵدەگیرسێت، وەک کەوتنەوەی ئاگرێک وایە کە تەڕ و وشک پێکەوە دەستوتێنێت، هەرچی زیندەورە و بونەوەرە لەگەڵ خۆیدا ڕایدەماڵێت و دەیسوتێنێت. کڵپەی ئەم ئاگرە دەمێکە بەربۆتە گیانی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە، هەر لەسەردەمی داگیرکاریی ئیسلام و(فتوحاتی)ئیسلامەوە زیاتر ئەم ئاگرە تینی سەندوە، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوبرا و زلهێزە داگیارکارییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا ئەم ناوچەنەیان داگیرکرد و دابەشیانکرد بە سەر خۆیاندا، کاتێکیش چونە دەرەوە، دەوڵەتگەلێکیان دروستکرد بە ناوی دەوڵەتانی نیشتیمانییەوە، بریسکەی ئەم ئاگرە نەک نەکوژایەوە بەڵکو کردیان بە ژیملەمۆیەکی گەرم و پڕ لە بریسکە و پشکۆ بۆ ئەوەی هەرچ کات ویستیان بە ئاسانی هەڵیگیرسێننەوە و شەڕ و ئاژاوەیەکی دیکەی پێ بەرپا بکەن. ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە، تین و کڵپەی ئەم ئاگەرە ناعەقڵانییە زیاتر و زیاتر دەبێت. تووندووتیژی و شەڕخوازی و دواکەوتوویی و کولتووری خێڵ و تایەفەگەرێتیی و سیکتاریزمیی بە جۆرێک بەربڵاو بووە کە دەتوانم بڵێم زۆر جار ئەو هێز و حیزبە عەقلانیانەشی گرتۆتەوە کە خاوەنی فەلسەفەیەکی ئینسانیبوون و بە فەلسەفە و جیهانبینییەکی ئینساندۆستی و چەپگەرایی و مارکسیەت ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان پەروەردەکردووە.
بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە

ئێوە تەماشاکەن!، هەموو ئەوانەی پێی دەگوترێت ڕەوایەتی و حەق، ڕەوا و حەقن و کەسیش ناتوانێت نوکڵی بکات لە ڕەوایەتی زۆرێک لەو مەسەلانە:
ـ وەک مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.
ــ وەک مافی تورکمانەکان و پێشێلنەکردنی مافیان، وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە کەرکوک و هەندێ ناوچەی دیکەدا و هەروەها بەشێک لە پێکهاتەی عێراق.
ــ وەک دوورخستنەوەی ستەم لەسەر شیعەکان و دژایەتیکردنی ستەمی سوننە.
ــ وەک دژایەتیکردنی سووننە بۆ هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و هەموو ئەو ناحەقی و ستەمەی لێیانکرا لە لاین ئێران وشیعەکانی عێراقەوە.
ــ وەک نەسڕینەوەی دین و ئاینزاکان و دژایەتینەرکردنییان بەو شێوەیەی کە قەدەغەیان بکات.
ــ وەک ئەو ئازادییەی کە لیبراڵەکان و چەپەکان خوازیارین.

ــ وەک مافی مرۆڤ و فەراهەمکردنی کولتوور و سیستمی دیمکوراتی و سیستمی عەلمانەیت و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە، کە هیچ دین و ئاینزایەک نەسڕێتەوە، هیچ جیاکارییەک نەکات بە ناوی جیاوازی توخم و ڕەگەز و پێست و زمانە جیاوازەکانەوە، چاکسازییەکی بنەڕەتی لە پرۆسەی پەروەدە و تەندروستییدا، نەهێشتی گەندەڵی و دزی و بە فیڕۆنەدانی سەروەت و سامانی نەتەوە و نیشتیمان، دەیان داواکاری لەم جۆرانە، هەموویان ڕەوان، هەموو ئەم داواکرایانە بوون بە دروشمی ئاڵاو و واڵای ئەم حیز و هێز و حوکمڕانانەی ناوچەکە، لە ژێر ناوی ئەم ڕەوایەتیانەوە دەیان شەڕ و پەلاماردان و هێرش و جەنگ دروستدەکرێت، کەواتە هەموو ئەم ڕەوایەتییانە بوون بە بریسکە و کڵپەی ئەو ئاگارە نا عەقڵانییەی کە ئاماژەمان پێدا. کەواتە ماف و حەق و ڕەوایەتییەکان کراون بە چەکێک بۆ برەودان بە سیکتاریمزیی و بەرژەوەندخوازی و شەڕ و تووندووتیژی. ڕەنگە باشترین گوتە لێرەدا ئەوە بێت کە دەگوترێت:”الحق یراد بها باطل” هەموو ئەمانە ڕەوان بەڵام دەکرێن بە خۆراک لە پێناوی ژیانێکی ناهەموار و پوچ و خاڵیی لە مرۆڤایەتیی و مرۆڤبوون.

لێرەوە دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە چۆن ئەم هێزە سیاسییانە جگە لەوەی متمانەیان بە یەکتری نەماوە و لە هەمان کاتدا هەموویان بەرژەوەندیان لە درێژە پێدانی ئەم ناعەقڵانیەت و بەردەوامبوونی کڵپەی ئاگاری ئەم جەنگ و شەرخوازییەدا هەیە، بانگهێشتکردنەکانیان بۆ ئەو ڕەوایەتی و حەقانە، دەکەن بە بیرێکی هێندە سیکتاریزمیانە کە دەبێت بە هێڵی سور و تەنها و تەنها خۆیان دەخوێننەوە و ماف و حەقەکانی خۆیان دەخنە سەروو ماف و حەقی بەرامبەرەکانییان. بۆ نموونە، بە ناوی مافی کورد و ئالای کوردستان و دەوڵەتی کوردی کە داوایەکی ڕەوا و حەقە، بەڵام ئەم داواکاریە ڕەواو حەقە، ناعەقڵانیەتییەکەی لەوەدایە، کە دەکرێت بە بازرگارنێتی و حیزبەکان بازرگانیی پێوە دەکەن، بۆیە وا هانی خەڵک دەدەن بۆ سەندنی ئەم حەقە، کە مافی تورکمان و عەرەب لە کەرکوکدا پێشلبکرێت و بیانسڕنەوە، لە جیاتی ئەوەی کە تورکمانەکان و عەرەبەکان دڵنیابکەنەوە کە لە حاڵەتی بە کوردستانی کردنی کەرکوکدا، یان لە حاڵەتی بە هەرێم کردنی ئەم شارەدا، بە هیچ جۆرێک زیان ناکەن لە ڕووی نەتەوەیی و مافی مرۆڤەوە.

لەولاشەوە تورکمانەکان، هێندە بە سیکتاریزمیانە و داگیرکەرانە خۆیان ڕاهێناوە بە ناوی بەرگریکردن لە مافی خۆیان وەک پێکهاتەیەکی کەرکوکی و عێراقی، نەعرەتەی ئەو نەتەوە پەرستییەیان هێندە ناعەقڵانییە کە دەڵێن نەک کەرکوک بەڵکو هەولێریش شارێکی تورکمانییە.

لە لای سێیەم و چوارەمیشەوە سوننە و شیعەی شۆڤێنیست بە پاڵپشت و هاندانی تورکیا بۆ سوونەکان و ئێران بۆ شیعەکان، لە جیاتی ئەوەی سنگیان فراون بێت بەرامبەر بە گەلی کوردی شەریکیان، کە پێکەوە لە عێراقدا دەستوریان نووسیوەوتە، پێکەوە عێراقیان پێکهیناوەتەوە، پێکەوە لە پەرلەماندان، پێکەوە لە حکومەتی عێراقدان، کەچی بە بێ ئەوەی مەسەلەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بکەن بە پرۆژەیەک بۆ دراسەکردن لە پەرلەماندا بە ناحەقی و بە هێزی زۆرینەی فراکسوێنی شیعە و سونە لەگەڵ تورکمانەکان بەسەر کەمینەی فراکسوێنەکانی کورد لە پەرلەماندا، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا ڕەتدەکەنەوە و دەیکەن بە بڕیار، کە دەبوو ئەم بڕیارە بخەنە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا داوایانکرد کە تێگەیشتن دروستبێت لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە عێراقدا، هەردوو لایەنی کوردی شیعە و سوننە و تورکمان هەرچ لایەک بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ ئەو پەیامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تورکمانەکان شایلۆغانیان بوو کە گوایە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی نین بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا و کوردیش کەوتبوونە هاتوهاور کە ئەوە ناحەقیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکات، بێ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هەڵکردنی ئەو ئاڵایەی کردبێت.

ئەردۆغان و تورکە ڕەگەزپەرستەکانیش، کە گرێبەستی ٥٠ساڵ نەوتفرۆشتنی کوردستانییان لەگەڵ پارتی واژۆ کردووە کە لە ڕێگەی بۆریە نەوتەکانی تورکیاوە بێت، لەگەڵ پارتیدا بوون بە گەورەترین دۆستی یەکتری، بەرژەوەندیەکی زۆریان لە کوردستاندا هەیە، کەچی بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە هەڕەشە لە کورد و کەرکوک دەکەن لەسەر هەڵکردنی ئەو ئاڵایە، بە ناوی ئەوەی کە کەرکوکی شارێکی تورکمانییە.

لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە، لە کاتێکدا نەعرەتەی پارتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گوێچکە کەڕ دەکات، کەچی لە دڵەوە پێیان ناخۆشە کە یەکێتی دەستپێشخەریکردووە بۆ هەڵکردنی ئەو ئالایە لە کەرکوکدا، واش پێدەچێت یەکێتی بۆ موزایدەکردن بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەم کارەی کردبێت.




هه‌ڵبژاردن چی له‌ دنیای ئێمه‌ ده‌گۆڕێت؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

(كاری پارله‌مانی ده‌بێت دوایین قۆناغی چالاكی هه‌رمیلله‌تێك بێت….. ئه‌ندرێ مالرۆ)
به‌ تێڕوانینمان بۆ دنیای سیاسی و كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌ست به‌ برینه‌كان ده‌كه‌ن و قه‌یرانه‌كان ده‌بینین. زۆرێك پێیان وایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ده‌سكاریكردنی كۆی دامه‌زراوه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان قه‌یرانه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌بن، هه‌شت ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ خواره‌وه‌ و له‌ دروستكردنی تاكی هوشیار و ئازاده‌وه‌ ده‌ست به‌ باشتركردن و جوانكردنی دنیای خۆمان بكه‌ین.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوێدا قسه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ین و له‌كوێدا ده‌توانین پنته‌كانی بناسینه‌وه‌؟ له‌ كوێدا قسه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌ین و چۆن ده‌توانین ده‌سكاری دامه‌زراوه‌ و ئۆفیسه‌كان بكه‌ین به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ كۆی خه‌م و ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێت؟
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بتوانێت نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌ڵبژێرێت، پێویستی به‌ زیاد له‌ ده‌ركه‌وته‌یه‌كه‌، پێویستی به‌ زیاد له‌ پرنسیپێكه‌ تا هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ ڕێڕه‌وی خۆی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌رگرێت. ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ژیان ده‌كه‌ین كه‌ هێشتا شتێك به‌ناوی ئازادی تاك بوونی نیه‌. تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش مێنتاڵیتی خێڵ زاڵه‌ و سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك ده‌توانێت به‌ناوی كۆی عه‌شیره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ بڕیار بدات و به‌ ده‌نگه‌كانی هاوكێشه‌ی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، ئێستاش پیاوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئاینی ده‌توانێت به‌ناوی كۆی بنه‌ماڵه‌ و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ بڕیار بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكات ئێمه‌ له‌دنیایه‌كدا ژیان ده‌كه‌ین كه‌ گه‌نجه‌كان هه‌ڵگری دید و تێڕوانینی ترن بۆ دنیا و ژیان و ئازادیه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كان.
هه‌ربۆیه‌ تا ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پیایه‌كانی خێڵ و خوێن به‌هێزن و به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ری كوردی به‌هۆی په‌یوه‌ندی خوێنه‌وه‌ بڕیار ده‌دات نه‌ك وه‌ستان له‌سه‌ر پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ی لایه‌نه‌كان. بۆیه‌ به‌ فه‌راهه‌م كردنی ئازادی بۆتاكه‌كان و فریكردنیان به‌وه‌ی چۆن بڕیار ده‌ده‌ن و له‌كوێدا ده‌ڵێن به‌ڵێ و له‌كوێدا به‌ نه‌خێر و ڕه‌تكردنه‌وه‌ ڕای خۆیان ده‌ببڕن، تاكه‌ هه‌نگاوه‌ بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و گێڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل له‌ دامه‌زراوه‌ی بڕیارداندا كه‌ پارله‌مانه‌ یان ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان كه‌ پایوه‌سته‌ به‌ نوێنه‌ری پارێزگاكان.

بیرمانه‌ له‌دوای هه‌ڵبژردنی ساڵی 1992 كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی توشی شه‌ڕێكی ناوخۆ بوو له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر قبوڵنه‌كردنی نه‌تیجه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ر لایه‌نه‌ و خۆی له‌ هه‌ڵگری ڕاستیه‌كان ده‌زانی كه‌ نه‌ده‌بوو كه‌مینه‌ بێت و دۆڕانقبوڵنه‌كردن یه‌كێك بوو له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌وكاته‌. ئه‌مه‌ش دروست سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ بوو كه‌ ده‌بوو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ری به‌روه‌رده‌یی و هوشیاری تاك و ئازادیه‌كاندا تێپه‌ڕێت نه‌ك یه‌كسه‌ر دوای ڕاپه‌ڕین بیخه‌یته‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. هه‌ربۆیه‌ به‌ر له‌هه‌رشت ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت به‌ له‌مپه‌رێكی گرنگی هوشیاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادی تاك و مافه‌كانیاندا تێپه‌ڕێت تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌نێو جیاوازیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا چ لایه‌نێك شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ حزكم بكات و تا چ ڕاده‌یه‌كیش به‌رامبه‌ر قبوڵی دۆڕان ده‌كات؟ به‌بێ تێپه‌ڕین به‌م له‌مپه‌ره‌دا قسه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردن و قبوڵكردنی بردنه‌وه‌ و دۆڕان جگه‌ له‌ نوكته‌یه‌ك هیچیتر نیه‌.
ده‌بێت هوشیاری تاكی كوردی ته‌نها له‌ڕێگه‌ی میدیاوه‌ نه‌بێت به‌ڵكو ده‌بێت له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ستپێبكرێت، ئه‌گه‌رنا ده‌نگده‌ری كورد ته‌نها میدیاده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی و ئه‌و كاندیدانه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ڕێی شاشه‌كانه‌وه‌ له‌به‌رچاوانن، به‌مه‌ش پارله‌مان و ئۆفیسی ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان پڕ ده‌بێت له‌ نوێنه‌ری خراپ و نه‌شاره‌زا له‌ ئاست ماف و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك. له‌ ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا زۆرمان له‌ كاره‌كته‌ری هه‌ڵبژێردراوی مه‌قه‌با بینی كه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كرده‌ پردێك بۆ ئیمتیاز و ده‌سكه‌وتی شه‌خسی.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست به‌ڕێ بخه‌ین ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌م په‌رتپه‌رتبوونه‌ قوتار بكه‌ین، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ ئێستادا به‌سه‌ر چه‌ندین گروپ و هێزی جیاوازدا پارت په‌رت و دابه‌شكراوه‌.




ئه‌و سێوه‌ سارده‌م له‌ ئاده‌م وه‌رگرت ….سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ناوی پێشتری زه‌وی

به‌كێوكه‌وتوو له‌سه‌ر ئه‌سپی چه‌ته‌یی نه‌كه‌وت خۆی چه‌كی شانی دانا و له‌ چیاكانه‌وه‌ بۆ ناو مه‌له‌وانگای شار هاته‌خوارێ‌ یاده‌وه‌ری بیركه‌وته‌وه‌ و بوێریی ئه‌وه‌ی كرد قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بكات و خه‌ونی به‌ خۆوه‌ بینیوی لێكبداته‌وه‌ له‌به‌ر هیچ نا ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ویستی ئه‌سپ و ئوتۆمبێل و كه‌پر و كۆشك و ڕێگای تووش و شه‌قامی ئارام و په‌نجه‌ره‌ و ئاسۆی پێكه‌وه‌ خۆش بوێ‌ و ئاوازی زۆریشی له‌باره‌ی به‌له‌می كاغه‌زین و كه‌شتیی نووح و ڕووباری ته‌نك و لافاو كرده‌ به‌یت و داستان و خوێی نان تۆپه‌ڵێك به‌فری چیای هێنا و له‌سه‌ر به‌ردی شه‌قامه‌كان تواندییه‌وه‌ ویستی شه‌قام به‌ روخساری شۆراویی پاكی به‌یانیانی ببینێ‌ چیاكان كه‌سیان تێدا نه‌مێنێت ده‌مرن باش له‌ ده‌شتایی ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ زه‌وی وه‌ك منداڵی تێر شیر و خه‌و له‌ باوه‌شی چه‌كوشێكی ئاگریندا نوستووه‌ و مێشی چه‌توون له‌ برینه‌كانی ده‌رده‌كات و به‌ ڕێكخستنه‌ ساكاره‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی مردوو بمرێت و شوێنێك هه‌بێت بۆ ناشتن زه‌وی ناوی په‌لكه‌زێڕینه‌ بوو بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگا كلیل له‌ قفڵدا ده‌سووڕێ‌ چیاكان ڕووناك بوونه‌وه‌ و سواره‌كان له‌ ده‌می ئاسۆ هاتنه‌خواره‌وه‌ ئاسمان داگیرسا و ده‌چینه‌ ناویه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ین وه‌ك ئه‌ستێره‌ و بوێریشین وه‌ك به‌یه‌كگه‌یشتی ڕه‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێڕینه‌ ناوكی پشكۆ ڕه‌نگی له‌ ڕه‌نگی په‌لكه‌زێڕینه‌ ماتتره‌

كانوونی دووه‌می 2017 هه‌ولێر


ئه‌و سێوه‌ سارده‌م له‌ ئاده‌م وه‌رگرت

دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌ست و خه‌تم خۆم ڕاهێناوه‌ بچمه‌ پیاسه‌ و گفتوگۆی چاو له‌گه‌ڵ كه‌ژاوه‌كانی شه‌قام گه‌رم كه‌م و هیواكان وه‌ك سێو به‌ ته‌نافی ڕێگاكانه‌وه‌ كراون مه‌یان لێ‌ ده‌ڕژێ‌ گه‌واڵه‌یه‌ك زه‌وی خۆی نه‌دواندبوو به‌سه‌ر بێشه‌رمیی خۆیدا ڕژا و ده‌ماری گرتم وه‌ختبوو ده‌ماره‌كانم له‌ناو جه‌سته‌م بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌روونم به‌ تووڕه‌یی بمێنێته‌وه‌ نیشتیمان دایه‌گه‌وره‌ سنووره‌كانت فریوده‌رن دڵی گه‌رمی به‌یان و چاوی ڕۆشن ده‌به‌خشنه‌ چه‌ته‌ بازوو بادراوه‌كان جه‌سته‌ش له‌ناو دره‌خته‌كانه‌ ته‌مبه‌ڵی پاشه‌كه‌وت ده‌كات ده‌توانن وه‌رزێك بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن و سه‌ری گه‌نجینه‌ی تێدا هه‌ڵده‌نه‌وه‌ ئه‌م جه‌سته‌ پڕخوێن و برین و ده‌مار هه‌ڵكێشراوه‌ چه‌ند به‌رگه‌ی ئه‌م جۆگه‌لێهه‌ڵگرتنه‌ ده‌گرێت ده‌ست و خه‌تی نیشتیمانیان هێناوه‌ پێش خۆی و له‌ هه‌موو شتێك گه‌یشت به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ ئێمه‌ی له‌ باوه‌شی خۆی فڕێ دا و سه‌رمان به‌و به‌رده‌ كه‌وت كه‌ بوڕكان له‌ قووڵایییه‌كانی زه‌وی هه‌ڵیدابووه‌ ده‌رێ‌ هه‌وا تاریك دابێ‌ چاو هه‌موو شتێك ده‌بینێ‌ خۆر ناتوانێت هه‌ڵبێ‌ بارێكی گرانی له‌سه‌ر شانه‌ لاولاوی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ قرتێندراو زوو به‌لادادێ‌ له‌ناو بێستانیشدا ته‌ڵه‌ بۆ كه‌روێشك له‌ترازه‌ و داربه‌ڕوویه‌كی گه‌وره‌ش له‌ پشت لانه‌ی هه‌یه‌ به‌ بای باڵی ئه‌و باڵندانه‌ ده‌له‌رێته‌وه‌ به‌سه‌ری ده‌نیشنه‌وه‌ باڵنده‌ نه‌خشه‌ی زه‌وییان كێشا و دایانمه‌زراند منیان له‌به‌رده‌م ئاگر و جه‌نگدا بێ په‌نا جێ هێشت و چوونه‌وه‌ ئاسمان گوتیان هاتین و ده‌ڕۆین دیسان دێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی موگناتیسێك له‌ پشتی كاغه‌زێكدا بجووڵێنیت ئاوا منیان له‌ زه‌ویدا جووڵاند له‌ ده‌ستی چه‌پم ئاده‌م و حه‌وا له‌ پێش ده‌رگای ئه‌م كوخه‌ ڕاوه‌ستاون كه‌ بۆی فڕێدراون ته‌ماشای ئه‌و هه‌ورانه‌ ده‌كه‌ن به‌ ڕوونی تێده‌په‌ڕن و ده‌ڵێن لكه‌كانی دارسێو سارده‌ وه‌ك ده‌ست و قاچی مردوو

شوباتی 2017 هه‌ولێر

له‌ ئێستای ئه‌م ده‌ستنوێژگرتنه‌دا كه‌روێشك وشه‌یه‌كی گوت

له‌ ده‌می جۆگه‌یه‌كدا ده‌ستنوێژم ده‌شوشت
هه‌تاویش له‌پشت هه‌ور خۆی دواخستبوو
له‌ ئێواره‌ی نزیك ده‌كردمه‌وه‌
كه‌روێشكێكی تۆقیو له‌ بناردا هاته‌خوارێ‌
ناوچه‌وانی گه‌رمی به‌ ده‌ستی ته‌ڕم وه‌نا و برین له‌ قووڵایییه‌
چاوی هه‌ڵێنا و به‌ چاو داوای كرد
له‌ پێشه‌نگای كه‌له‌پووردا ته‌ماشای كه‌وڵ بكه‌ و هیچم لێ‌ مه‌پرسه‌
سوارێك پڕیشكی ئاگر له‌ ناڵی ئه‌سپه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستا و هه‌ڕه‌شه‌ بوو
چاویشی له‌ شانه‌ی كلاشینكۆف داڕێژرابوو
خۆی هه‌ڵیبژاردبوو
لێره‌ له‌ شوێنی ده‌ستنوێژشوشتن و ده‌شتوده‌ری ئازاددا
دوای ڕژانی ترسێك
دوای دڵنیابوون له‌ بیركردنه‌وه‌ی سه‌ر به‌رده‌باز
دوای ڕه‌وینه‌وه‌ی تاریكی بۆسه‌یه‌ك
دوای ته‌نكبوونه‌وه‌ی چاڵه‌ قووڵ و پڕ ئاوه‌كان
دوای ئه‌وانه‌ش زه‌وی مه‌ته‌ڵێكی منداڵانه‌ی داینێ‌
وا خه‌ریكه‌ كه‌روێشكێكی پێ‌ له‌سه‌ر چه‌قۆ و قانه‌گیا
خۆڵی لانه‌یه‌ك هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و گه‌رموگوڕی ماڵه‌ باوان ڕاده‌گه‌یه‌نێت
یه‌كه‌مجار كه‌روێشكێكی خرپن بۆ خه‌وێكی كورت زه‌وی هه‌ڵكۆڵی و گه‌رمایی زه‌وی دۆزییه‌وه‌
گژوگیاش تف ناكاته‌وه‌

شوباتی 2017 هه‌ولێر

شیعرێكی بڵاونه‌كراوه‌

18/11/1965 ژیانم به‌ئاگاهێنایه‌وه‌ 16/8/1989 بووك له‌ كه‌ژاوه‌ دابه‌زی و ژیان ساده‌تر بووه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌و سه‌كۆیه‌ی دایكم نوێژی له‌سه‌ر ده‌كرد چه‌ناگه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری دانا و هه‌ردوو ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌ و پاشان له‌ناو جامێك ئاوی ڕوونی نا ئه‌ی ئاسووده‌یی هه‌ردوو دیوی چیا بووكه‌كه‌م ناوكی ڕووناك بێت و هه‌ور بجووڵێت هه‌ور جووڵا
10/10/1990 یه‌كه‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی 5/6/1992 دووه‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی 17/4/1996 سێیه‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی 15/1/2001 چواره‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی 6/7/2004 پێنجه‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی 20/12/2007 شه‌شه‌مین نه‌خشی خودام نوقڵی به‌یانیی جه‌ژنی خسته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی
تا كاڕكاڕه‌ی ڕۆح به‌و مێژووانه‌ی نوقڵیان خستووه‌ته‌ ده‌ستی دایكه‌ زه‌وی فڕیوم و ترپه‌كانی دڵیان ڕێكخستووم و له‌ خۆشحاڵیدا چاوم دره‌وشاونه‌ته‌وه‌
ناوكی ڕووناك ده‌رگا به‌ سۆفی حه‌فت زه‌وی و ئاسمان بگرن تووڕه‌یی ڕووناكی هێمن بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م شیعره‌م بۆ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ ئه‌و نوقڵ به‌خشانه‌ی له‌ شیعره‌كه‌مدا خه‌ونم جریواندوون تابووته‌كه‌م له‌سه‌ر شان دانێن یان له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپی حه‌ساوه‌ی دوای ڕاو سڵاوم هه‌یه‌ سڵاو خۆم باشم و هه‌موو شتێكیش شێوه‌ی وه‌رگرتووه‌ و شایه‌نی ئه‌وه‌ن له‌ جه‌نگ ڕزگار بكرێن نه‌مریی پیاڵه‌ی پڕ كردووم و نامه‌ردان له‌ناو ئاوی ڕه‌ش سه‌وڵیان له‌ ده‌ست خزیی و چاوی شه‌رمه‌زارییان برده‌ ناو تفری له‌ مار جێماو ماڵه‌كه‌م له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌ولێره‌ دره‌ختی حه‌فت زه‌وی و ئاسمان له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م له‌ گه‌شه‌ به‌رده‌وامن و بۆنیان هێناوه‌ته‌ ژوورێ هه‌ر باڵنده‌یه‌ك جارێك هه‌رجارێك بینیمیبێت دێته‌ ناو لك و پۆپه‌كانیان بۆنی شیعره‌ بڵاوكراوه‌كه‌م هه‌ڵده‌مژێ و ده‌چێته‌ ڕووناكی دیدارێك ده‌نگی به‌ بۆن به‌رزده‌بێته‌وه‌ ئه‌م ژیان به‌ ئاگاهێنه‌ره‌ پێش چل ساڵی بووه‌ پێغه‌مبه‌ر

ئاداری 2017 هه‌ولێر




بۆپێشەوە… ژمارە١

بۆ پێشەوە بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆشیالیستییە….

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 1ی بۆپێشەوە کلیکی ئێرەبکەن …




توانه‌وه‌ …. شیعری: عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

كه‌ سه‌رماننایه‌وه‌
كتێبه‌كانمان
ده‌بنه‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌
بۆ ژن و منداڵه‌كانمان.
ساڵێ دوای ئه‌وه‌ی سه‌رمان ئاودیو ده‌بێ
ئه‌وان، ژووری كتێبخانه‌كانمان
به‌تاڵ ده‌كه‌ن
سه‌رجه‌م كتێبه‌كان ده‌خه‌نه‌ ناو
فه‌رده‌ی گه‌نم و
گوشی په‌تاته‌ و
كیسه‌ی چیمه‌نتۆ و
عه‌للاگه‌ی نایلۆنی پێڵاو و
كارتۆنی قه‌به‌،
له‌ لاژوورێكی هه‌وره‌بانه‌كه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن
دوو ساڵ دواتر
ژنه‌كانمان،
دوای شه‌كه‌تی و
ماندووبوونێكی یه‌كجار زۆر
به‌ مێشك و ده‌روونێكی هیلاك و داته‌پیوه‌وه‌‌
به‌ بێزارییه‌كی تاقه‌ت پرووكێنه‌وه‌
كارتۆن و فه‌رده‌ پڕه‌كان
نایلۆن و گوشه‌ په‌تاته‌ی پڕ بیره‌وه‌ری
به‌ مه‌منوونییه‌وه‌
به‌ دیاری ده‌ده‌نه‌ سه‌نته‌رێكی لاوان
له‌ لاكۆڵانێكی گه‌ڕه‌كه‌كانمان،
دواتر دێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و
ده‌ستی ئۆخه‌ی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌
به‌ ئیسراحه‌ت و
دڵ و ده‌روونێكی خه‌م لێ‌ بڕاو
به‌ مێشكێكی سافه‌وه‌
له‌ ژووری كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌
هێمن، هێمن
لینگی لێ ڕاده‌كێشن و
لێی ده‌خه‌ون.
كتێبه‌كانمان له‌ سه‌نته‌ره‌كانی لاوان
ده‌بنه‌ خۆراكی مۆرانه‌ و مێروو.
شه‌ممه‌ی دواتر،
ژن و منداڵه‌كانمان
ژووری كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان
ده‌كه‌ن به‌ ژووری نانخواردن
پڕی ده‌كه‌ن له‌ كاونته‌ر
كه‌وچك و پلێت و قازان،
ڕۆژانی هه‌ینی
ده‌عوه‌تی قه‌به‌قه‌به‌ی لێ ده‌كه‌ن
هه‌ر كه‌ تێر ده‌بن
عرت عرت پێده‌كه‌نن.
لێناگه‌ڕێن دراوسێ ماندووه‌كانیان
سه‌رخه‌وێ‌ بشكێنن
كه‌ تازه‌كێ‌، له‌ قوڕكاری و شێلمفرۆشی و
نۆبه‌تداری هاتوونه‌ته‌وه‌.




ڕسکانی خەیاڵی منداڵی؛ بۆ پرسیار(؟) … بۆتان لەتیف ماویلی(پایان).

(لەیاداشتەکانمدا):

وەختی منداڵ بووم؛ لەپیرەمێردو مام سۆفیەکان گوێم لێ دەبوو دەیانگۆت: ئەها کوڕم مەیمون چی لێهاتیە؟!.. ئەوە بەشەر بووە، ئادەمیزادی خوای بوو پێشی، بەس بێ فەرمانیێ خوای گەورەی کرد وبێ خوایی زۆر کردن !.. خودای گەورەش زۆری ئاگادار کردۆوە تا بەخۆدابچیتۆوەو بگەڕێتۆوە لای خوای.. بەس سەرەڕۆو بێ ئاقر بوو، بەخۆدانەچۆوە!.. خوای گەورەش ئیوهەی لێکرد وسەرگەردانی کرد لۆخۆ با هە وە دارا هەرچی وبێتۆ خوارێ!.. لۆیێی وەلێکرد تا ببیتە عیبڕەت لۆ هەموو ئینسانەکی!.. کەبڕەک گەورە بووم وسیپارەی حوجرەم لەماڵەوە لەکن باوکم دەخوێند، کۆلکە لێکدەرەوەیەکی پیتەکان بووم، وشەو ڕستە زۆر بەدژواری لەگەرووم داتنەدەرێ ولەزارم دەپشکوتن ودەبوون بەدەستەواژە، دوایێ چوومە مەکتەبێ و، لەوێ مامۆستای وانەی زیندەوەرزانی؛ لەزاری داروینەوە وەیگۆتینێ کە: بنەڕەتی مرۆڤ لەمەیمونەوەیە، وردە وردە پەرەی سەندوەو تا بوویتە مرۆڤ، واتا مرۆڤ لەسەرەتادا مەیمون بووە، دواتر جەستەیی ودەروونی وعەقڵی گۆڕانکاری وپێشکەوتنی بەسەرداهاتووەو پەرەی سەندووەو بۆتە مرۆڤ(بیردۆزی پەرەسەندن)!…
رێک ئەوەی بەمنداڵی گوێم لێ ببوو؛ لەمەکتەبێ عەکسەکەیم بۆهاتۆوە لەئیمتیحانێ.. جاوەرە سەری لێ دەرکە لەو ژیانەی!؟.. بەمنداڵی دەرسەکێت پێرێن، وەختی گەورە بووی لۆ ئیمتیحانێ دەبی عەکسەکەی بنووسی دەنا ساقیتەبی!؟.. ڕاستی جێی لێ هوردبوونەوەو سەردامانە!.. ئێستاش تێیان نەگەیاندم مەیمون لەمرۆڤەوە بەو قۆناغەی گەیشتووە یان بەپێچەوانەوە!؟.. ئەمەیە ڕسکانی خەیاڵی مناڵی بۆ پرسیاری چۆنی وجۆری!؟..
لەهەمووی گرینگتر؛ لەژیانی هەوڕۆکەدا وەختی دەبینن سادەی وکەیفت بەخۆ هەڵکێشان نایەت، خەڵکانێک ڕەنگە بڵێن: ئەوە کەسێکی لاوازە. وەختی بانگەشەی لێبوردەیی وپاکی دەکەی، وا دەزانن لێیان دەترسێی!؟.. وەختی دەڵێی ژیان بریتی نیە لەفەلسەفەی سادیزم(ژیان لەسەر حسابی خەڵک) دەڵێن: بەخوای فەقیری!؟..
گوێم لە پستەپستێک بوو؛ لەژێکانی خەیاڵم بەدوای ئاوازی ڕستەکانیان دەگەڕان، کەتەماشام کرد، لەئاوێنەکە وێنەی کۆلردج وشکسپیرم دیت، پێکەوە گفتوگۆیان بوو.. بڕێک لەئاوێنەکە چوومە پێشەوە!.. دیاربوو کۆلردج بەسەرهاتێکی خۆی بوو بۆ شکسپیری باس دەکرد، هەر بەردەوام بوو پێی دەگوت: زۆر جار لەخەیاڵ ونەستم؛ لەتێڕوانینم؛ بۆچوون ولۆچوونی ئەوە دەپشکوون، کەمرۆڤینیم لەخۆهەڵپەساردنم دایە، واتە ژیانی تەنیایی ولاتەریک بوونم لەکۆمەڵگەو کۆی ئادەمیزاد، ڕەنگە بڕە ئاسودەیی وداکاسانێکم پێ ببەخشن!.. هەرچی بەڕاستی وبێگەردیەوە؛ ڕێز دەنوێنی بەرامبەر بونەوەرێکی ئادەمی، ئەو ڕەنگە دەرفەت وەربگرێت دزی وخیانەتت لێ بکات!!!.. ناوو ناوبانگت بخاتە ژێر پرسیارەوە!؟.. گومان ودوو دڵی لەڕێت ڕابخات.. هەروەک هەوڵەکانت بۆ ڕاستکردنەوەو ژیرکردنەوەی ویست وئارەزوو هەوەست وخووە نەشیاوو ناڕەواکانی و؛ وە ناوو ناوبانگت بقۆزێتەوەو بەخەراب کەڵکی لێ وەربگرێت!.. یان هیچ نەبێت خۆی لەدەست بدات وبکەوێتە دەست کەسی سێیەم و، ئەویش لەوپەڕی ترسنۆکی و لەبڕی جوامێری وهەوڵی ڕاستکردنەوە؛ بۆ کاری نەشیاوترو شەرمەزارانەتر لەدزی ڕێنوێنی بکات!..
بەردەوام بوون لەگوفتار، تائەوەی دوا پەیڤیان بەنیازی دیدارێکی دیکە ئەوە بوو کە هەریەکەیان بۆ ئەوی دیکە؛ پشتڕاستی ئەوەیان دەکردەوە کە گوزاڕشتیان لێ دەکرد.. دواتر شکسپیر دەستێکی خستە سەر شانی کاکی هاوڕیی (کۆلردج) وپێی گوت: کاکە کۆلردج؛ ئەزانی چی؟!.. هەرچی بێت؛ پێویستە بەبایەخەوە لەمرۆڤ بڕوانین، لەهەر دۆخێک بێت!..
پاشان خواحافیزی لێکرد وبەدەم ڕێگاوە، لەگەڵ خەیاڵی؛ پاشماوەی گفتوگۆکەی درێژە پێداو دەیگوت: گرینگ ئەوەیە مرۆڤ بوونم لەدەست نەدەم، هەر نەرم وئارام ولێبوردە بم، بەرامبەرم هەر چۆن بێت..دەی خۆ ئەگەر منیش پەرچەکردارم وەک کارەکەی ئەو بوو؛ قێزەون ونامرۆیی وبەد ڕەوشتی وناشیرینی ودزی وخیانەت وکاری ژێربەژێری وبەدزی وتاد… ئەوە منیش دێمە ڕێزی ئەو، بۆیە باشترە من کار بۆ سەرخستن وساغ کردنەوەی پەیام وگرینگیەکەی خۆم بکەم ، کەهەر لە ماڵەوەڕا فێری بووم (سادەیی وبێگەردی ولێبوردەیی وبڕوابوون بەئاشتی ودوان، مرۆیی بوون لەئاوەزو ئاوڕو ڕامان وهەروەها لەڕەفتارو هەڵسوکەوت وگوفتاردا، سەربەرزی و بوێری وڕاستگۆیی وساغی وبێ پێچ وپەنایی، نەک بەس بۆبەرژەوەندی خۆم وخود پەرستی،بەشداریکردن لەچاکەی گشتی وچاکە کردن بەگشتی وهەروەها وەک وەڵامێک لەبەرامبەر خەرابەی خەرابەکارێک، بیر نەکردنەوە لەتۆڵەو تاد…).ئیدی بەهیوای بەختەوەری هەموو مرۆڤێک بەمەیمونیشەوە!..

بۆتان لەتیف ماویلی(پایان).
٢١ ی ١٠ ی ٢٠١٣ ALEX




کەرکوک پێیوستی بە ڕیفراندۆمە نەک شەڕە ئاڵا …… ئاسۆ کەمال

ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک بە هاندانی پارێزگار بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستانی لە سەر فەرمانگە فەرمیەکانی ئەو شارە داوە و لەبەرامبەریشدا خەڵکی تورکمان و عەرەبی کەرکوک لێکەوتۆتەوە. کەرکوک وەک شوێنێکی پێکەوە ژیانی دانیشتوانێکی فرەزمان کە کێشە لەسەر لە نێوان دەوڵەتی عێراق و کوردستاندا پێویستی بەیەکلاکردنەوەی چارەنوسە سیاسیەکەی لەڕێگای ڕیفراندۆمێکی گشتی و ئازادانە بەسەر پەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان.

بەڵام یەکێتی و پارتی لە ١٤ ساڵی ڕابردودا نەک هیچ بەرنامەیەکی جدیان بۆ بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمە نەکردوە کە حکومەتی عێراقی ڕێگری لێکردوە و پێش دەستور و دوای دەستوری عێراق. بەتایبەت لە ٢٠١٤ەوە کە دەسەڵاتی ئەو شارە ڕاستەوخۆ بەدەست یەکێتی وپارتیە بیانوی ئەو ڕێگریانەش نەماوە کە ڕیفراندۆمێکی ئازاد بەرپابکەن. ئێستا لە جیاتی ڕیفراندۆم نوێنەرانی ئەم حزبانە دەیانەوێ بێ گوێدان بە ڕای خەڵکی کەرکوک بە کورد و تورکمان و عەرەبەوە لە ڕێگەی شەڕی ئاڵاوە دۆخێکی نائارام و ترس و دڵە ڕاوکێ لەنێو خەڵکی ئەم شارەدا دروست بکەن. خەڵکی عەرەب و تورکمانی کەرکوک ئەم هەنگاوە بۆ سەپاندنی ڕەمزی حکومەتی هەرێم بەسەر کەرکوکدا بە ئیفتیزازێک دەزانن کە نیشانی دەدا حزبە کوردیەکان هیچ حسابێک بۆ ڕێگاچارەی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی کەرکوک ناکەن و لەپێناو شاردنەوەی ڕوخساری گەندەڵی و پاوانکردنی داهاتی کەرکوک ئەم هەنگاوەیان ناوە.هەربۆیە ئەم شێوازوڕێگایە کێشەو ئاڵۆزی سیاسی و شەڕی قەومی بۆ خەڵکی کەرکوک دروست دەکا.

ڕێگا بۆ هەڵگیرسانی شەڕێک لەگەڵ حزبە سونی و شیعەکانی عێراق و فرسەت بە ئێران و تورکیا دەدا بۆ دەستێوەردان و بیانوگرتن و پیلانگێڕی لە هەرێمی کوردستان. هەربۆیە دەبێ ئەم هەنگاوە هەڵوەشێتەوە و لە جێگای ئەوە خەڵکی کەرکوک داوای بەرپاکردنی ڕیفراندۆم بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کوردستان بەوەی بچێتە سەر هەرێمی کوردستان یا خود لەعێراقدا بمێنێتەوە. ڕێگرتن لەم هەنگاوە یەکلایەنانە ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکا هاوڵاتیانی کەرکوک لە کەشێکی دوور لە کینەوکێشەی قەومی و بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری دروست سەبارەت بە چارەنوسی شارەکەیان بدەن و ئاکامی ڕیفراندۆمەکە لە ئاستی شارەکە و ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵ بکرێ.




له‌ ژیانمدا ناتوانم دوو رووداوی ئازاربه‌خش له‌ بیربكه‌م … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ مێژه‌وه‌ حزبی شیوعی عێراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای رژێمی پاشایه‌تى بۆگه‌نی به‌كرێگیراوی وڵاتانی كۆلۆنیالیزمی بریتانیاو ئه‌مریكادا دووچاری شاڵاوی هێرش بووه‌ته‌وه‌و، هه‌روا رووبه‌رووی هێرشی رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان عێراق بووه‌ته‌وه‌و، له‌ هه‌موویان بێفه‌رو چه‌په‌ڵتر دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی درنده‌.
پیشه‌ی ئه‌و رژێمه‌ درنده‌ سه‌ركوتكه‌رو خوێنمژانه راونان و گرتنی شیوعییه‌كان و نیشتماپه‌روه‌ران بووه‌و، پاشان كه‌وتوونه‌ته‌ گیانیان به‌ لێدان و ئازاردانی وه‌حشیانه‌و له‌ سێداره‌دانیان و، شیوعییه‌كان پشكی گه‌وره‌یان به‌ر ئه‌كه‌وێت و، له‌م رووه‌وه‌ پێشه‌نگن و، له‌ سێداره‌دانی یوسف فه‌هدی قاره‌مان سكرتێرو دامه‌زرینه‌ی حزب و، هاوریانی ئازاو نه‌ترس حازم و صارم ده‌ستپێئه‌كات و، شاڵاوی دێزی دوژمنان درێژه‌ی هه‌بوو، ئه‌م قاره‌مانانه‌ به‌ركه‌وتن و له‌ سێداره‌دران: سه‌لام عادل سكرتێری حزب وهاورێیانی سه‌ركرده‌: جمال حه‌یده‌ری، جۆرج ته‌لۆ، محه‌مه‌د صالح عه‌به‌لی، محه‌مه‌د حوسه‌ێن ئه‌بوالعیس، حه‌سه‌ن عوێنه‌، هه‌مزه‌ سه‌لمان، نافع یونس، مه‌هدی حه‌مید، مونزر ئه‌بوالعیس، جه‌لال ئه‌لئه‌وقاتی، فازل عباس ئه‌لمه‌هداوی، ماجد محه‌مه‌د ئه‌مین، وه‌صفی تاهیر، ته‌ها شێخ ئه‌حمه‌د، سه‌تار خزه‌یر، عه‌لی حوسه‌ێن به‌رزنجی، مارف به‌رزنجی، ره‌ووف حاجی قادر، عادل سه‌لیم، كازم ئه‌جاسم و، ئه‌م لیسته‌ زۆر درێژه‌و به‌ یه‌ك نووسین كۆتایی نایه‌ت و، چونكه‌ هه‌زاران شیوعی و نیشتمانپه‌روه‌ری تر له‌ سێداره‌دراون. ‌
له‌ بزوتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیدا حزب دیسانه‌وه‌ تووشی شه‌ر هات و به‌ره‌نگاری رژێمی فاشسیستی سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی بووه‌وه‌و، له‌ گۆره‌پانی شه‌ركردن دژ به‌و دوژمنانه‌و، له‌ پێناو رزگاربوون له‌و بكوژه‌‌ خوێنمژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌هید خوێنی ئاڵی خۆیان به‌ گه‌ل و نیشتمان پێشكه‌شكردو، له‌وانه‌ قاره‌مانان: نزار ناجی یوسف، سیدو خلو الیزیدی، عمیده‌عه‌زبی حالوب، مولازم حه‌سان” مولازم بروا، مولازم سامی، مولازم حامد. مام كاوه‌یس، به‌كر ته‌لانی، ئه‌حمه‌د حه‌ساری، ره‌ووف حاجی محه‌مه‌د{ جه‌وهه‌ر}. مونالیزا ئه‌مین، عه‌لی عه‌بدوالكه‌ریم {عه‌بیر}، صلاح حه‌سه‌ن { مامۆستا خالد}، ره‌سمییه‌ جه‌بر {ام لێنا}، خه‌لیل ره‌زا كه‌بابچی، علی حاجی، مام ره‌سوله‌ سوور، ئه‌بو ڤیان، ئه‌حمه‌دبازۆكا، مامۆستا ئه‌نوه‌ر، ئه‌بو فوئاد، عه‌لی عه‌ره‌ب و، لێستی شه‌هیدانی حزب و پێشمه‌رگه‌كانی زۆر درێژه‌و قه‌ت به‌ په‌ره‌یه‌ك یان دوو لاپه‌ره‌ كۆتایی نایه‌ت و، ئه‌بێت به‌ چه‌ند كتێبێك ناوه‌كان تۆمار بكرێن.
پێشمه‌رگه‌كان ساڵانه‌ له‌ رۆژی دامه‌زراندنی حزبدا له‌ مه‌فره‌زه‌و باره‌گاكاندا ئاهه‌نگیان ئه‌گێرا، به‌ڵام له‌ ساڵانی 1986 و 1988 به‌ هۆی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی دوو رووداوی ئازار به‌خش نه‌یانتوانی ئاهه‌نگ بگێرن.

رووداوی یه‌كه‌م:

باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك و باره‌گای به‌تالیۆنی 9 ی سلێمانی له‌ گونده‌كانی چه‌مه‌ك و سپیار بوون و، ته‌نها 500 – 600 مه‌تر له‌ یه‌كه‌وه‌ دوور بوون، پێشمه‌رگه‌كان چه‌ندان ژووری جوانیان دروستكرد بوو، له‌ مانگی شوبات و، له‌ رۆژی 15/2/1986 دا، سوپای ئێران به‌ هێزێكی گه‌وره‌وه‌ له‌ ئوپراسیۆنی وه‌لفه‌جر 9 هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌رو مۆڵگاكانی سوپای عێراق و، زۆر به‌ ئاسانی توانیان ده‌ستبگرن به‌ سه‌ر گونده‌ چۆڵكراوه‌كانی شارباژێرو قه‌زای چوارتاو، هه‌ندێ شوێنی دیكه‌ی نزیك به‌ شاری سلێمانی.
بارودۆخی ناوچه‌كه‌ گۆراو، هاوری و پێشمه‌رگه‌كانی حزب له‌ گه‌ڵ سه‌ربازی ئێرانی تووشی كێشمه‌كێش ئه‌بوونه‌وه‌و، له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌كدا داوای پسوڵه‌ی هاتووچۆیان ئه‌كردو، له‌ كاتی ئاخافتندا پێشمه‌رگه‌كان ئه‌یانوت ئه‌مه‌ خاكی خۆمانه‌و پێویست به‌ پسوڵه‌ ناكات و، له‌ وڵامدا ئه‌یانوت ئه‌م خاكه‌، خاكی ئێسلامه‌و، لێره‌وه‌ رێگا ئه‌گرینه‌به‌ر به‌ره‌و شاری كه‌ربه‌لا ئه‌رۆێن، ( له‌ شاری كه‌ربه‌لا ئارامگای حه‌زره‌تی حوسه‌ێن و حه‌زره‌تی عه‌باسی لێیه‌)..
له‌ رۆژێكی ساردی شارباژێردا ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌رو سه‌رباز خۆیان كرد به‌ باره‌گای حزبداو، داویان كرد ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ێن و، وتیان ئێوه‌ ئه‌زانن ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ هۆی جه‌نگی عێراق و ئێران بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی و، ئێمه‌ش گفتوگۆمان له‌ گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌كان كردو، ئه‌وان كه‌له‌ره‌ق بوون و، له‌ سه‌ر داوه‌كانیان سوور بوون و، له‌ كۆتاییدا وتیان ئێره‌ ئه‌كه‌ینه‌ خه‌سته‌خانه‌ی گۆره‌پانی شه‌رو، له‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی مه‌ڵبه‌ند و به‌تالیؤن بریاردرا ئه‌م باره‌گانه‌ چۆڵ بكه‌ێن و، به‌ دووای شوێنی نوێ بگه‌رێن و، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌ بوو له‌ رۆژی دامه‌زراندنی حزبدا له‌ {31} ی ئازاردا له‌ باره‌گاكان چوینه‌ ده‌ره‌وه‌..

رووداوی دووه‌م:

له‌ مانگی ئازاردا سوپای رژێمی دیكتاتۆری جانه‌وه‌ر ده‌ستیكرد به‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی دێزو چه‌په‌ڵی به‌دناوی ئه‌نفالی (2) وهێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی بورجی قه‌ره‌داغ، شایانی باسه‌ هاورێیانمان پێش هێزی حزبه‌كانی دیكه‌ به‌رنگاری هێرشی دوژمن بوونه‌وه‌و، له‌ یه‌كه‌م رۆژدا قاره‌مان { بارام حه‌مه‌ ره‌زاو له‌ 24/3/1988و، له‌ رۆژی دووه‌مدا شوان محه‌مه‌د ئیبراهیم – شوانی حه‌مه‌ قتوو له‌ 25/3/1988} شه‌هید كران و، هه‌ر له‌م رۆژه‌دا هیزه‌كانی دوژمنی ترسنۆك به‌ هۆی هاوشتنی تۆپ ناوچه‌كه‌ی ئاگر باران كردو په‌ره‌ی به‌ هێرشه‌كانیداو، له‌ قۆڵی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی ناردو پێشمه‌رگه‌كانی به‌تالیۆنی 7 ی هه‌ورامانی حزبی شیوعی له‌ گه‌ڵ هاورێیانی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك شێرانه‌ له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی یه‌كێتی نێشتمانی كوردستان له‌ قه‌ڵاقایمز به‌ره‌نگاری بوونه‌وه‌و، هاوكات هێزه‌كانی حزبمان: به‌تالیۆنی 7 ی هه‌ورامان له‌ دێی شیوی قازی و، به‌تالیۆنی 9 ی سلێمانی له‌ دێی كه‌سنه‌زان و، به‌تالیۆنی 15 ی قه‌ره‌داغ له‌ كۆشكی خوارووو مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ دێی ئه‌ستێڵی سه‌رو كه‌وتنه‌ خۆ ئاماده‌ كردن و، له‌ كۆبوونه‌ویه‌كی كورتدا به‌ به‌شداری كادیری عه‌سكه‌ری و سیاسی له‌ 30/3/1988 بریاردرا: ناردنی هه‌موو خێزانه‌كان بۆ ناو شاره‌كان و، به‌ زووترین كات بریاره‌كه‌ جێیبه‌جێ بكرێت چونكه‌ دوژمن به‌ نیازه‌ ده‌ستبگرێت به‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌داو، هه‌روا به‌ رێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی { دوو هێزی سه‌ره‌كی گۆره‌پانه‌كه‌} ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ێن، ئه‌وه‌ بوو له‌ 31 ی ئازاری 1988 دا { رۆژی دامه‌زراندی حزب} به‌ره‌و گه‌رمیان كه‌وتینی ری و، ناوچه‌كه‌مان چۆڵ كرد..
پیرۆز بێ رۆژی 31 ی ئازار و، سه‌رشۆری و مردن بۆ دوژمنان.

للإطلاع بالعربية:
http://www.m.ahewar.org/s.asp?aid=511303&r=0&cid=0&u=&i=0&q
http://www.bahzani.net/services/forum/showthread.php?117782-
https://www.al-nnas.com/ARTICLE/ARjb/30k.htm




بەییانامەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق، لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک!!

نا بۆ خۆتان، نابۆ ئاڵاتان ، نا بۆ ئەزمونی شکست خواردوتان، نابۆ ناسێونالیزم و تەفەرقەی قەومیتان!!
ئەوە چەند ڕۆژێکە لەلایەن حزبە ناسێونالستیە کوردیەکانی شاری کەرکوکەوە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارە کراوەتە بڵقێکی گەورە لە فەزای بارگاوی شاری کەرکوکدا و ڕۆشن نیە سەرنجامەکەی بە کوێ کۆتایی دێت. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەر دام دەزگاکانی شاری کەرکوک کراوەتە بابەتەێکی داغ، لە کاتێکدا هیچ پاساوێک بوونی نیە بۆ ئەم گەرم کردنەی تەنوری نەعرەتەی قەومی و دەمارگیری و هەڵخڕاندنی ئیحساساتی ناسیونالستی و فاشستی لە شارەکەدا.
هەر ئەمە وایکردوە حکومەتی عێراق ڕایبگەیەنی موچەی فەرمانبەرانی شارکە دەبڕێت و خەڵکی هەژاری ئەم شارە ئەوەندەی تر توشی نەهامەتی دەکات، هەموو خەڵکی ئەم شارە زۆر باش دەزانن کە نەوتی کەرکوک لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە دەدزرێت و بە تاڵان دەبرێت و خەڵکی ئەم شارە لە کەمترین پێداویستی مەحرومن، ئەوان بەم کارە دەیانەوێ تاڵان و بڕۆی نەوتی شارە کە بشارنەوە، هەرچۆن لە سەراسەری کوردستان نەوت و غازەکەی دەفرۆشن و سەرجەم خەڵکەکەی بێ بەش و مەحروم و بێ موچەن.
ئەزمونی ناسێونالیزمی کورد شکستی خوردوە بە پەرلەمان و حکومەت و هەموو دام دەزگاکانیەوە، سەرتاپای خەڵکی کوردستان لەم دەسەڵاتەو لەم ئەزمونە ناڕازین ناینەوێن و بە دەسەڵاتی دز وگەندەڵی دەزانن دەیانەوی بڕۆن و بەدەنگی بەرز ڕایان گەیاند” بڕوخی دز”. ئێستا ئەم حزبانە دەیانەوێ کڵاو بکەنە سەر خەڵکی کوردستان وبەناوی کەرکوکەوە ئەیانەوێ ئەم شکستەیان بشارنەوە و بەری پێ بگرن بە قەولی پێشینان ” تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت” ئەوان دەیانەوێ دەستی خۆیان پێش بخەن و دەسەڵاتە گەندەڵ و دزەکەیان توند تر بکەنەوە.
ئەوان بەم هەنگاوەیان دەمارگیری نەتەوەی و ڕق و قینەی قەومی و ئەثنیکی توند دەکەنەوە، هەر ئێستا بار گرژی کەوتوەتە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەوە، ئەگەر خەڵکی شارەکە وەئاگا نەیەن قەسابخانەکانی ساڵی ١٩٥٩ دوبارە دەکەنەوە و دوژمنایەتی لەنێو هاوڵاتیاندا قوڵتر دەکەنەوە و ئەگەری شەڕێکی نەخوازراو هەڵدەگیرسێنن لە شارەکەدا.
ئێمە ئەم هەوڵانە ڕسوا دەکەین و بانگەوازی سەرجەم خەڵکی شاری کەرکوک دەکەین دوای هات و هاواری نەتەپەرستی و فاشیزمی قەومی نەکەون نەبنە بەشێک لەم هەڵاو زەنایە کە حزبە ناسێونالستیە کوردەکان هەڵیان گیرساندوە و حزبە تورکمانی و ئیسلامیەکان لە شارەکەدا باوەشێنی دەکەن. هەر چۆن خەڵکی ئەم شارە داعشیان تێک شکاند، بەهەمان شێوە پێویستە ئەم هەوڵانە خونسا بکرێنەوە و ڕسوا بکرێت لەلایەن خەڵکی ووشیارو تێکۆشەرەوە تێک بشکێنرێن. ئەوان لەلایەکەوە بە دوای دزینی نەوتی کەرکوکەوەن و لەلایەکی ترەوە بەدوای قەرەبوکردنەوەی شکستەکەیانەوەن لە کوردستاندا، لەم ڕێگایەوەش دەیانەوەی شەڕی قەومی لە شارکەدا هەڵگیرسێنن و باکیان لەوە نیە موچەی خەڵکی دەبڕێررێت یان نا، خەڵکی نوقی خوێنی شەڕی ناڕەوای قەومی ئەوان دەبێت یان نا. خەڵکی کوردستان بە خەڵکی کەرکوکیشەوە ئەم دەسەڵاتە و ئەم مافیایانەیان ناوێ، دەیانەوی بەهەر نرخێک بووە لەکۆڵییان ببنەوە، لە جێنشینیدا دەسەڵاتیکی موتەمدەن و سکیولار و ئازاد و یەکسان کە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو خەڵک دابێن بکات، دابمەزرێنن.
شەرمەزاری بۆ ناسێونالیزم !!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق
٢٩ شوبات ٢٠١٧




مه‌رگی په‌نابه‌رێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ شانۆگه‌ریه‌كدا له‌تاران نمایش كرا

له‌ شانۆگه‌ریه‌كدا و له‌ژێر ناونیشانی ” مانوس” دا ، مه‌رگی په‌نابه‌رێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران نمانیش كرا.
نازه‌نینی سه‌هامیزاده‌ ، كه‌ ده‌رهێنه‌ری شانۆكه‌بوو ، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فیه‌رفاكس میدیای ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌وان به‌رپرسانی باڵای ناو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیان بانگێشتكردبوو بۆ بینینی شانۆگه‌ریه‌كه‌ چونكه‌ به‌ ووته‌ی نازه‌نین ، په‌یامی شانۆكه‌ په‌یوه‌ندی كاری به‌رپرسانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌بوونی جێگرێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عه‌باس عراقچی ، له‌كاتی نمایشی شانۆگه‌ریه‌دا.
چیرۆكی شانۆگه‌ریه‌كه‌ باسی له‌ تراژیدیای گیانله‌ده‌ستدانی ڕه‌زا به‌راتی ده‌كرد كه‌ ئه‌ویش په‌نابه‌رێكی كورد بووه‌ ، كه‌له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، كه‌له‌شه‌وی 17 ی شوباتی ساڵی 2014 دا له‌ دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا له‌ پێكدادانێكی نێوان پۆلیسی كه‌مپه‌كان و په‌نابه‌راندا گیانی له‌ده‌ستدا.
په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا و ناورۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئوسترالیا به‌ڵام له‌لایه‌ن ئوسترالیاوه‌ ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و كه‌مپه‌كانی ئه‌و دوو دورگه‌یه‌ كراون و هه‌رگیز ڕێگه‌یان پێنادرێت داوای مافی په‌نابه‌رێـتی له‌ ئوسترالیا بكه‌ن. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش بۆته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافی په‌نابه‌ران و به‌پێشێلكاریه‌كی ئاشكرای مافی ئه‌وانی ده‌زانن.

ئامادەکردنی: هەژار تەها