بۆمەلەرزەی ڕێفراندوم لە کۆشکی سوڵتان نزیک دەبێتەوە؟ … هیوا خۆشناو

کەمتر لە دوو حەوتو کاتمان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندومی (گۆڕینی دەستوری تورکیا لە پارلمانەوە بۆ سەرۆکایەتی، کە دەستەڵاتی زیاتر دەدات بە ئەردۆغان و دەیپارێزێ لە لێپێچینەوە یاساییەکان).
هەواڵ و ئاشکراکردنی ئامارە سەربەخۆکانی ئەو چوار ڕۆژەی دوایی، نیشانمان ئەدات کە لە ١٦ی ئەو مانگەدا، بۆمەلەرزەیەکی توند بە ئاراستەی کۆشکی سوڵتانەکەی ئەنکەرە بەڕێوەیە. ئەگەر لەو ماوە کورتەدا، ئۆپۆزیسیۆن، پارتە چەپ و سیکۆلارەکان لەگەڵ ئیسلامیەکانی دژ بە ئەردۆغان بەردەوام بن لەسەر هەڵمەتی (نەخێر)، ئەوا دۆڕانی بەرەی نەتەوەپەرستی و کۆنسێرڤاتیڤی تورک کە خۆیان لە (ئاک پارتی و مەهەپە “پارتی نەتەوەپەرستی تورک”)ئەبیننەوە مسۆگەرە.
بەرلەوەی بڕیار بدەین با سەیری ئامارەکان بکەین:
کۆمپانیای سۆناری تایبەت بە ئامارەکانی هەڵبژاردن کە بە گرینگترین و جێی باوەڕترین کۆمپانیا دەزاندرێ: نەخێر بۆ گۆڕینی دەستور ‌% ٥١،٠٢ بەڵێ بۆ گۆڕینی دەستور %٤٨،٨
دەزگای لێکۆڵینەوەی گەزیجی: ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا بڕیاریان نەداوە و نزیکی دەنگی نەخێرن ئەگاتە %٦،٨. لە % ٥٢.٦ی ئەوانەی دەنگ بە پڕۆژەکەی ئاک پارتی دەدەن، ئاگایان لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە نیە.
دەزگای لێکۆڵینەوەی ئەڤراسیا: دەنگی نەخێر ٥٥.٥٣. دەنگی بەڵێ ٤٤.٤٧
کۆمپانیاکانی نزیک لە ئاک پارتی: هۆشیاری بەرزبوونەوەی دەنگی نەخێر دەدەن لە %٤٥ ەوە بۆ %٤٧. ئەوان پێیان وایە لەناو ئاک پارتیدا خاوەنی دەنگی نەخێر زۆرن، بەڵام خۆیان ئاشکرا ناکەن!!.
ئەحمەد یلدرمی سەرۆکی گروپی HDP لە پارلمانی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی سەربەخۆی T24 دا : (تا ئێستا هیچ ئامارێکمان نەبینیوە کە نیشانی بدات ڕێژەی دەنگدەران بە “بەڵێ” دەگاتە %٤٠). ناوبراو پێیوایە سەرباری ڕەوشی دژوار، سانسۆری مێدیاکان و گوشار لەسەر سیاسیەکان لە زیندانەکاندا، ٨ی مارس و نەورۆز نیشانیدا کە تورکیا بە گشتی و کورد بەتایبەتی سەری خۆی بۆ سیاسەتی ئاک پارتی نەنواندوە و بەپێچەوانەوە بە بڕیارە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن.

نوسەری بەناوودەنگی ڕۆژنامەی یەنی چاغی تورکیا یاڤوز سەلیم دەمیراغ لە بابەتێکیدا بە سەردێری (با هیچ کەسێک ڕانەچڵەکێ ئەگەرهاتو دەنگی نەخێر بۆ گۆڕینی سیستەم لە ڕێفراندومدا بگاتە لە %٦٠). ناوبراو باس لەو ئامارانە دەکات کە لە مانگی ڕابردودا ڕاگەیەندرابون و بەپێی ئەوە ڕێژەی کەسانی بێ بڕیار دەگەیشتە لە %٢٠. نوسەر پێیوایە بەپێی دوا ئاماری دەزگای سۆنار، ئەو ڕێژەیە ئێستا لەبەرژەوەندی لایەنی “نەخێر”دابەزیوە بۆ لە %١٣. نوسەر کە ئەزمونێکی زۆری هەیە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، پێیوایە ئەنجامی کۆتایی هەر هەڵبژاردنێک شارە گەورەکان دیاری دەکەن و لە ئێستاشدا لە شارەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنکارا دا، دەنگی “نەخێر” بەچەند پوانێک لە دەنگی “بەڵێ” زیاترە. هەروەها ئەو ڕێژەیە “نەخێر” لە سێیەمین شاری گەورەی تورکیا (ئیزمیر) زۆر زیاترە. ناوبراو باسی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ڕۆژانی دواییدا بۆ خیوەتەکانی خاوەنی دەنگی “نەخێر” ئەنجامیدا دەکات و ئەڵێ: (سەردانی ئەردۆغان و پاڕانەوە و پرسیاری وەک:چیتان دەوێ؟ چیتان ویستوە من بۆتانم ئەنجام نەدابێ؟ بێچارەیی و لاوازی ئەو نیشان دەدات).

ئەگەرچی لە ماوەی یەک ساڵدا ئەردۆغان و ئاک پارتی توانیان ژمارەیەکی زۆر دەزگای دەوڵەت کۆنتروڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆریش لە دامودەزگا و کەس و گروپە نەیارەکانیان لە کار دورخستنەوە و خستنە زیندانەکان، بەڵام تا ئێستاش جگە لە پۆلیس ژمارەیەکی زۆر لە دامودەزگا حکومی و نیمچە حکومیەکان وەک زانکۆکان، کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بازرگانیەکان، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە سیاسەتی ئاک پارتی ڕازی نین و بەو شێوەیە جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان بەرەی “نەخێر” و “بەڵێ” دا نیە. لە ڕۆژانی دواییدا هەست ئەکرێ، دەنگی بەڵێ بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەوروپا دژ بە ئاک پارتی و ئەردۆغان، هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا دژ بە تورکیا و گۆشەگیرکردنی لە باکوری سوریادا، لەگەڵ پوکاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە، لە کەمیدابێ. پێشبینی ئەکرێ، کوردان بتوانن ئەنجامی ئەو ڕێفراندومە یەکلایی بکەنەوەو ئێستاکە چاوی هەردو لایەن لەسەر کوردانە.
بەپێی بەشێکی زۆر لە ئامارەکان، لەناو پارتی نەتەوەیی تورکیادا “مەهەپە” کە هاوپەیمانی ئاک پارتین بۆ دەنگی “بەڵێ” ١/٣ی ئەندامان دەنگ بە “نەخێر” دەدەن.

لە ١٦/٤/٢٠١٧ دا لە تەواوی تورکیادا ڕێفراندومی سەبارەت بە پاکێتە ١٨ خاڵیەکەی ئاک پارتی ئەنجام دەدرێ کە بریتیە لە گۆڕینی دەستوری تورکیا لە پارلمانەوە بۆ (سیستێمی تاکە کەس) one-man-rule system و کەمکردنەوەی سیستێمی چاودێری و هاوسەنگکردن Checks and balances. ئەگەرچی پێشبینی ئەکرا، دەنگی بەڵێ بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیا بەسەر دەنگی نەخێردا زاڵببێ، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار کە بەرۆکی تورکیا و ئاک پارتیان گرتوە ڕەنگبێ کاریگەری خراپی بەسەر کۆمەڵگەی کۆنسێرڤاتیڤی تورکیادا کردبێ، لەوانە: تێکچونی باری دەرونی سوپای تورکیا دوای کۆدەتا شکستخواردوەکەی هاوینی ساڵی ڕابردو، سنوردارکردن و کۆتایی پێهێنانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە سوریا لە لایەن ڕوسیا، ئێران و ئەمریکا. رێگانەدان بە بەشداریکردنی تورکیا لە ڕزگارکردنی ڕەققە، هەڵوێستی ئەوروپا، پارلمانی یەکێتی ئەوروپا و لە هەمووشی گرینگتر، گرژی دیبلۆماسی نێوان هۆڵەندا-ئەڵمانیا و تورکیا.

زۆر سەختە لەماوەیەکی کورتدا، پچڕانی پەیوەندی نێوان ئانکەرە و خۆرئاوا، بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا ئاسایی ببێتەوە. ئەگەر دەنگی بەڵێ لە ڕێفراندومی دا سەرکەوت، ئەوا پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و جیهانی دەرەوە لە ئاستی ئێستا خراپتر دەبن. ئەگەر دەنگی “نا” سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوکاتە قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و ڕەنگبێ لە بۆشایی سیاسیدا پارلمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.

http://carnegieeurope.eu/strategiceurope/68400

Turkey’s Critical Constitutional Referendum – Analysis


http://www.cumhuriyet.com.tr/koseyazisi/709750/Secimin_kaderini_Kurtler_belirleyecek.html

CHP’li Tekin’in iddiası: ‘Hayır’ın yüzde 63’ün altına düşmesi mümkün değil


http://t24.com.tr/haber/referandumda-hayir-oylarinin-orani-yuzde-60i-gecerse-kimse-sasirmasin,396514




حزبی شیوعی عێراق – کوردستان، تەمەنێکی درێژو کۆمەڵێک شکست، بۆچی؟ … ئاسۆ بیارەیی

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….flag




بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە-2 … جیهاد موحەمەد

بەشی دووهەم

مرۆڤ، بوونەوەرێکە بەردەوام حەز و ئارەزووی لە پێکەوەژیان و خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایشە. لە هەمانکاتیشدا حەزی لە هێز و نەنووشتانەوە و خۆ بە پاڵەوانکردن هەیە، لە بەرامبەر ترس و تۆقاندندا ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی تێدایە، بەڵام هەموو ئەوانە، چ (حەز و ئارەزووی بۆ پێکەوەژیان و خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەخەتەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایش) چ (حەز و ئارەزووی لە هێز و نەنووشتانەوە و خۆ بە پاڵەوانکردن)، چ (ڕۆحە تەحداکەی بۆ بەرەنگاربووەنەوە) پاڵنەرن بۆ ئەوەی مێگەلیانە پێکەوە بژین، لێرەدا مێگەل بە مانا نەگەتیڤەکەی بەکارناهێنم، بەڵکو بەو مانایەیی کە پێکەوە ژیان و لە ناو کۆمەڵی گەورەدا نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنها هەموو ئەو حەز و ئارەزووانەی بهێنێتە دی. بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئاگای لە خۆی نەبێت و هۆشیار نەبێت کە چۆن ئەو مێگەلییە بە ئاراستەی بە هێزبوونێکی ئەرێنی بەکاردەهێنێت، ئەوە، مێگەلییەکەی و کۆکردنەوەی خۆی لە هێزێکدا، دەیخاتە بۆتەی حیزبگەلیک و ئایدۆلۆجیگەلێکی دۆگماوە بە ناوی خەبات و تێکۆشانەوە، و دەبێت بە ڕۆبۆتی ئەو حیزبەگەلەو ئەو ئایدۆلۆجیگەلە، ئیتر هەرچی پێی بڵێیت ئازدی و سەربەخۆیی و کەسایەتی خۆیەتی نامێنێت و هەموو هێز و تواناکانی خۆی ڕادەستی ئەو هێزە دەکات کە هەڵێدەسوڕێنێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانە.

لە ناو ئەم کۆمەڵە جیاوازانەی مرۆڤگەلێکی زۆر و زەوەند لەم جیهانەدا، بۆ خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردن، بۆ کۆکردنەوەی ئەو هێزە مێگەلییەی ئاماژەم پێدا، پێش ئەوەی هۆشیاریی و زانین و زانست دەوری خۆی ببینێت، هەروەها پێش ئەوەشی باری ژیان و ئابووری و داهات دەوری خۆی ببینێت، ئەوەی دەوری سەرەکی دەبینێت بۆ ڕێکخستنی هەرچ کۆمەڵێک لەم کۆمەڵانە بە ڕاستەوخۆ سیاسەت و پرۆسە سیاسییەکانە، کە حیزبە سیاسییەکان و دەوڵەتەکان و حکومەتەکان نوێرایەتی ئەو سیاسەتە دەکەن. بۆیە سیاسەتی حیزبەکان و دەوڵەتەکان و حکومەتەکان بە ئاسانی دتوانن نوێنەرایەتی حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵەکانی خۆیان بکەن. بە ئاسانی دەتوانن هەڵیانبسوڕێنن. بە ئاسانی دەتوانن ئاراستەیان بکەن بە گوێرەی بەرژەوەندی و بەردەوامی حوکمڕانیی خۆیان.

ئەوەی کە ئێستا من وەک هاوڵاتییەکی کورد دەیبینم لە هەموو ناوچەکەدا و بە تایبەتی لە عێراق و کوردستاندا سیاسەتێکی بە عەسکەرتارییکردنی کۆمەڵگە، لە ئارادەیە. کۆمەڵی مەدەنی و سیستمی دیموکراتیەت و هەڵبژاردن و حوکمڕانییەکی دەستوری و یاسایی کە لە رۆژی روخاندنی ڕژێمی عێراقییەوە لە سەر دەستی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا ئیدعای بۆ دەکرێت بە یەکجاری دەبێت بە درۆیەکی شاخدار و بۆ دەیان ساڵی تریش کوردستان و عێراق بەرەو وێران بوون و ململانێ ناعەقلانییەکان ئاراستە دەکات.

لە ناو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، بەرژەوەندی حیزبەکان و دەوڵەت و حکومەت، تێکەڵ بووە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی خەڵکدا، بە جۆرێک تێکئاڵاون کە بە ئاسانی لێک جیاناکرێنەوە، بەرژەوەندی حوکمڕانەکان و بەرژەوەندی خەڵکی گشتی یەک مەسەلەیە، بەمەش دەگوترێت سیستمی دیموکراتی و پێکەوەژیانێکی دیموکراتی و سیستمی سێکۆلار. لەم کۆمەڵگە پێشکەوتوانەدا لەبەرئەوەی زانست و فەلسەفەی مرۆڤدۆستی و دادپەروەری و پێکەوژیان و یەکسانی بە دەستور و یاسا ڕێکخراوە، بۆیە نە حیزب، نە حکومەت، نە دەوڵەت بۆی نییە لەو سیستمە دیموکراتییە دەربچێت. ئەمەش پێی دەگوترێت حوکم و دەوڵەت و پێکەوەژیانی عەقڵانیانە، بەو واتایەی عەقڵ لە هەموو بوارێکدا بەکاردەهێنرێت و دەمێکە وازیان لە هەڵاوێردی و جیاکاری و نایەکسانی و نادادی هێناوە، کە ئەمانە هەموویان بەرهەمی ناعەقڵانین.

بەڵام لە کۆمەڵگە شەرقی و ئیسلامییەکاندا، لەو کۆمەڵگەیانەی کە ترادسوێنی و دینین، لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەردەوام چاو لەسەر ڕابردووە نەک داهاتوو، هەروەها ناهۆشیاری و نەخوێندەواری بەربڵاوە لە نێو خەڵکی گشیدا، کە زۆرینە پێکدەهێنن. بەم هۆکارانە، حیزب و دەوڵەت و حکومەت بە ئاسانی دەتوانن هەموو حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤەکان چ ئەوانەی ئەرێنین و چ ئەوانەی نەرێنین، داگیربکرێن بەناوی بەدیهێنانییان و گەیاندنیان بە ئامانج و ئاواتەکانیان. لە لایەکیتریشەوە ئەو حیزبگەل و بزووتنەوە دینیانەی ئەگەر لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتیش نەبن، ئەوە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی دینییان داگیرکردووە بە ناوی ئۆپۆزسوێنییەوە، بە ناوی ئەوەی دین و کولتوورە دینییەکان ترسیان لەسەرە و ئەمان دەخوازن بیانپارێزن.
ئیتر بەم شێوەیە. دەنگی حەق و مرۆڤدۆستی و دەنگ و ڕەنگی پێکەوژیان و پێکەوە هەڵکردن و تۆلێرانس، دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جەنگ و ماڵوێرانی، دەنگی دیموکراتی و مافی مرۆڤ، دەنگی ئازادی و سەرفرازی، لە ژێری ژێڕەوەیە و نقەی دێت، دەنگی حیزب و حوکمەت و دین و ترادسوێن و کولتوورە دواکەوەتووەکانیش لەسەرەوەن و تاک و کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن. هەموو ئەم دەنگ و ڕەنگانە لای ئەم هێزە شەڕخوازانە، داگیرکراوە. ئەم هێزانە بوون بە خاوەنی دەنگە ڕەواو حەقەکان و بە ناوی ئەم دەنگانەوە بە دەیان هەزار و سەتان هەزار کوڕی گەنجی ئەم وڵاتە و ئەم ناوچەیە ڕاپێچی بەرەکانی جەنگ دەکەن. نموونەکان زەق زەق دەبینرێت و کەسیش ناتوانێت باسیان بکات و ڕاگەیاندنەکانیش چونکە بوون بە مینبەری ئەم شەرخوازانە، نقەیان لێوە نایەت بەرامبەر بەم کارەسات و تاوانە گەورانەی کە بەڕێوەیە. هۆکاری ئەم بێدەنگیەش سڕبوونی بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگەیە کە خۆیان ڕادەستی حوکمڕانە دەسترۆشتووەکان کردووە و بوون بە حیزبی.

کەواتە بە ناوی ڕەوایەتییەکانەوە، بە ناوی مافەکانەوە، بە ناوی خۆ پارستن و بەرژەوەندی گشتییەوە، بە ناوی دین و ئاینزاکانەوە، ئەم هێزانە شەڕێکی نەبڕاوەیان بەرپا کردووە. ئەگەر تەنها سەیری ئەو مەسەلانەی کە ڕەوا و حەق و ئەرێنین بکەین و ڕووتیان بکەینەوە لەوەی چۆن و بە چ ڕێگەیەک و کەی دەتوانین بەدییان بهێنین، ئەوە کەس ناتوانێت نکوڵی لەو ڕەوایەتیانە بکات. بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤی ژیر و هۆشمەند مەسەلە ڕەواکان و مافە ڕەواکان ناکات بە چەکێک بۆ درێژەپێدانی شەڕ و کوشتن و بڕین، ڕووتیان ناکاتەوە لە تێڕامان و وردبوونەوەی قوڵ، کۆمەڵێک میکانیزمی ئینساندۆستی و تێگەیشتن و زیرەکانە و هۆشیارانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن پێیان، ئەگەر بۆی بکرێت، وای دانانێت کە دەبێت تەنها بە شەڕ و ئاژاوەگێڕی بهێنرێنە دی. ئەگەر شەڕیشیان لەسەر کرا، ئەوە ڕوون و ئاشکرا بەرەی حەق و ناحەق، بەرەی پێشکەوتوو و دواکەوتوو، بەرەی دیمکوراتیەت و نادیمکوراتی دیار و ئاشکرا دەبن، ئەو کاتە شەڕ دەکرێت لەسەر ماف و حەقەکان بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکانی مافەکان و حەقەکان. بۆیە جیاوازی عەقڵانیەت و ناعەقڵانیەت لێرەدایە، کە عەقڵانیەت ئەوەیە ژیانی هاوبەشی نێوان هەموو ئەو نەتەوە و دینە جیاوازەکان، هاوبەشی و پێکەوە هەڵکردنی و لێبوردەیی(تۆليرانس) نێوان کولتوورە جیاوازەکان، بدۆزرێتەوە و گەشەی پێبدرێت نەک زیاتر دووربخرێنەوە لە یەکتری و تەنها بە شەڕ و شەڕەنگێزی و بە هێز چارەسەربکرێن.

شیعەکانی عێراق هەر لە ڕوخانی ڕژێمە فاشییەکەی سەددام حسەینەوە، خەریکی وێرانکردنی عێراق و کۆکردنەوەی هەموو هێزەکانی شیعەن و دروستکردنی میلیشیایی سەدان هەزار کەس بۆ خۆیان و کردنییشیان بە مورتەزەقەیەکی شارەوە بۆ دەوڵەتی ئێران.
سوننەکان بە هەمان شێوە خەریکی خۆکۆکردنەوە و خۆ قایمکردنن، بە ناوی ئەوەی هەژموونی شیعەگرایی و ئێران هەموو ناوچەکەی داگیرکردووە و ترسێکی گەورەن بۆ سەر هەموو دینی ئیسلام و ئیخوانەکان و دەوڵەتە سونییگەراییەکانی وەک سعودیە و تورکیا و قەتر و ئەردەن و دەوڵەت و سەڵتەنەتەکانی خلیج. دەیان گروپی تیرۆرستی وەک داعشیان لە ناوچەکەدا دروستکردوە و ماددی و مەعنەوی پشتیوانیان دەکەن. هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە هەمان شێوە خەریک زیاتری خۆ قایمکردن و بەهێزکردنی سوپا شەرخوازەکانییانن بۆ هێڕش و پەلاماردان.
کورد لە باشوری کوردستاندا، بە سەرکردایەتی و حکومڕانی پارتی و یەکێتی بیست و شەش ساڵە بە ناوی سەربەخۆیی کوردەوە، هەرچەند ساڵ جارێک مەسەلەیەکی وەک فیدراڵیزم، دەوڵەتی کوردی، ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، دەهێننە ئاراوە و خۆڵی پێدەکەنە چاوی خەڵکەوە و نەعرەتەی نەتەوەپەرستی پێ زیندوو دەکەنەوە، لە پێناوی درێژەدان بە سیاسەتە خراپ و گەندەڵەکەی خۆیاندا، خەڵکی کوردستان بە شەوارە دەخەن و تاریکی بەسەر چاویاندا دەهێنن.

لە ڕاستیدا ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەم بارودۆخەی ڕۆژهەڵات و ئەم هێزە داگیرکارییانەی عەقڵ و بیرکردەنەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەرچ هێزێک لەم هێزانە ئەگەر بە ناوی دین و ئاینزاییەوە بێت، یان بە ناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەوە بێت، یان بە ناوی پاراستنی سەروەری دەوڵەتی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقەوە بێت، ئەمانە هەر یەکەیان ئەوی تریان بەرهەم دەهێننەوە و برەو بە بەرامبەرەکەیان دەدەن.
بۆ نموونە ئەگەر هێزە دڕندەکانی داعش دروستنەبوایە و پەلاماری شاری موسڵ و هەولێر و شارەکانی تری عێراقیان نەدایە، بیانوویەک نەبوو بۆ دروسکردنی هێزەکانی (حەشدی شەعبی) کە لە دڕندەیی و شەڕەخوازییدا کەمتر نین لە هێزە دڕندەکەی داعش. لە هەمانکاتدا پارتی و یەکێتی و کوردیش بە گشی ئەو بیانوەی بۆ دروست نەدەبوو کە برەوی زیاتر بە هێزە میلیشییاییەکانی خۆی بدات بە ناوی پێشەمەرگایەتی و بەرگریکردن لە کوردستان و سەروەری کوردستانەوە. کە لە ڕاستیدا هیچ کەس بە خودی خۆشمەوە کە ئەم بابەتە دەنووسم نەیداتوانی بڵێت نابێت هێزە میلیشیاییەکانی پارتی و یەکێتی بەهێزتر بکرێت و لە ڕووی لۆجستی و چەکوچۆڵەوە زیاتر بەهێزبکرێن بۆ ئەوەی داعش داگیرمان نەکات. کە بە بەرچاوی هەموومانەوە بەهێزکردنی ئەم هێزە کوردییانە لەگەڵ ئەوەی بەرگریان لە کوردستان دەکرد و شەڕی داعشیان دەکرد، لە هەمان کاتدا سەروەت و سامانێکی زۆری کوردستان بە ناوی ئەم هێزانەوە بە هەدەر دەچوو.

بودجەیەکی زەبلاحی گەورەی بۆ خەرج دەکرا. ئەو بودجە گەورەیەی بۆ هێزە میلیشییاییەکانی عێراق و کوردستان خەرج دەکرا ئەگەر بۆ هەردوو بواری پەروەدە و تەندروستی خەرج بکرایە دەتوانم بڵێم ئێستا عێراق و کوردستان شانیان دەدا لە شانی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان لەو دوو بوارەدا. ئەم بودجە زەبلاحە لە ساڵی ١٩٧٩ وە کە شەڕی ئێران/ عێراق دەستپێکرد دەکرێت بە قوڕگی دوو سوپای گەورەی ئێرانی و عێراقییدا، کە خۆی لە دەیان ملیار دۆلار دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو سوپا گەورە زبەلاحە زیانی دەیان و سەدان ملیار دۆلاریان لە گەلی ئێرانی و عێراقی دا، جگە لەوەی کە گەورەترین هێزی بەشەری بوون بە قوربانی ئەم شەڕە گڵاو و نەگریسە، کە نزیکەی دوو ملوێن مرۆڤی عێراقی و ئێرانی بوون، هەروەها دەیان لە زانا و کەسانی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بە خۆیان و زانکۆکانیانەوە تیاچوون. لەولاشەوە کورد لە خەباتی خۆیدا بەرامبە بەم دوو هێزە و هەندێک جار لایەنگرتنی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی ئیران و عێراق، تووشی شەڕێکی نەگریس و نەخوازرا و بوو کە بە هەزران پێشمەرگە گیانی لە دەستدا، بە هەزارن کەسی سڤیل لە سێدارە دران، بە سەدان هەزار کەس لە پرۆسەکانی ئەنفالی بەدنا و کیمیاباراندا بێسەروشوێنکران، بە هەزران گوند و دەیان ناوچە خاپورکران.

سەرەڕای ئەوەی ئاماژەمان پێدا لەو هەموو ماڵوێرانییەی کە تووشی گەلانی فارس و عەرەب و کورد بوون، ئەم هێزە شەڕخواز و ناعەقلانییانە بۆ دەیان ساڵی تر زۆر بە ئاسانی یەکتریان بەرهەمهێناوەتەوە، بوون بە بیانوو بۆ درێژە دان بەو سیاسەتە گڵاوەی ئەم شەڕانە دروستدەکات، هیچ جۆرە متمانەیەک لە نێوان شیعەکان و سوننەکاندا نەما کە سەدان ساڵە ئەم دوو ئاینزا سیکتاریزمە ماڵی خەڵک وێران دەکەن بە ناوی ئەوەی (عەلی) دەبوو جێگەی پەیامبەرەکەی ئیسلام بگرێتەوە یان (ئەبووبەکر).

گەلی کوردیش چۆن لە مێژوودا زوڵمی لێکراوە و داگیرکەرە زلهێزەکانی دنیای نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکەیان دروستکرد و گەلی کوردیان دابەشکرد بەسەر ئەم دەوڵەتە داگیرکار و ڕەگەزپەرستانەدا، زیاتر و زیاتر ماڵی وێنرانکرا، تا لە دواجاردا و لە ساڵی ١٩٩١دا کورد ڕاپەرینی کرد و بەرەی کوردستانی و هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی هاتنە سەر حوکم، ئەم دوو هێزەی پارتی و یەکێتی بە هۆکاری ئەم درێژە پێدانی تووندووتیژی و زوڵمکردن لە کورد، جگە لە گەندەڵی و دزییەکانی خۆیان کە بە سەدان ملیار دۆلاری گەلی کوردی باشوریان بە فێرۆدا و دزیان و بانکەکانی جیهانییان لێ پرکرد و خۆیان بوون بە ملیاردێر و خەڵکی گشتیشیان برسی و ماڵوێرانکرد، بیانووی ئەوەشیان بۆ دروستبووە کە بە ناوی دەوڵەتی کوردی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەکوک وا خەریکی نانەوەی شەڕێکی تری ماڵوێرانکەرن.

هەموو ئەم ململانێ سیاسییە ناعەقلانییە، درێژەپێدەری سیاسەتە چەوتەکانی ئەم هێزانەیە، کە تەنها بەرژەوەندنی خودی حیزبەگەلێک و حوکم و دەوڵەتگەلێک نەبێت، زیاتر بەرژەوەندی خەڵکی گشتی ئەم کۆمەڵگایانەی تێدا نییە. بۆ درێژەدان بەم شەڕەنگێزی و پەلامار و هێرشکردنانەش وا خەریکی ئەوەن دەیان هێزی تیرۆرستی، دەیان هێزی مورتەزەقە، دەیان هێزی میلیشیایی دروستدەکەن و بە جارێکی میللەت دەکەن بە میللەتێکی چەکدار و شەڕەنگێز.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
٣/٤/٢٠١٧




ئه‌ده‌ب مێژووه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د‌

به‌داخه‌وه‌ لای زۆربه‌ی ئه‌دیب و شاعیرانی ئێمه‌، فیكر غایبه‌. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رهه‌می زاتیین، واته‌ ته‌نها له‌ ڕێی هه‌سته‌وه‌، نه‌ك عه‌قڵ و فیكره‌وه‌ به‌رهه‌م دێن (پێویسته‌ فیكر پاڵپشتی هه‌ست بكا له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بیشدا). تۆ له‌ كه‌م شیعر و چیرۆك و ڕۆمانی ئه‌م شاعیر و ئه‌دیبانه‌، ئاماژه‌ و هێما فیكریی و مێژوویی و فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌بینی: زۆربه‌ی ئه‌م شاعیر و ئه‌دیبانه‌ خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیی و مێژووییه‌كان ناده‌ن و به‌ بابه‌تی خۆیانی نازانن؛ به‌ موجه‌ڕڕه‌دی ته‌ماشای بوون و داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كا ئه‌م ئه‌ده‌به‌ ئه‌ده‌بێكی زاتیی و لۆكاڵیی بێ، نه‌بێته‌ ئه‌ده‌بێكی بابه‌ته‌كیی و جیهانیی (پێده‌چێ به‌ختیار عه‌لی – یش ته‌نها له‌ ڕۆمانی ((دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)) چانسێكی گه‌وره‌ی هه‌بێ، كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی بۆ زمانی ئه‌ڵمانیایی وه‌رگێڕدراوه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو. به‌ فیعلی ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆمانه‌ نایابه‌كان. هیوادارم له‌م بۆچوونه‌م له‌مه‌ڕ به‌ختیار به‌هه‌ڵه‌دا چووبم؛ كاشكی هه‌موو ڕۆمانه‌كانی دیكه‌شی بۆ زمانانی بێگانه‌ وه‌ڕگێردرابانه‌یه‌ و چانسی باشیان وه‌كو ڕۆمانی یه‌كه‌م هه‌بوایه‌ و ئێمه‌ش وه‌ك كورد بباین به‌ خاوه‌نی ئه‌ده‌بێكی ڕاسته‌قینه‌ی جیهانیی).

به‌هه‌رحاڵ له‌ ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی هاوچه‌رخدا ئه‌دۆنیس هه‌م شاعیره‌، هه‌م ڕه‌خنه‌گر و بیریارێكی ئه‌ده‌بیشه‌ (لای ئه‌دۆنیس هه‌میشه‌ ئه‌ده‌ب به‌شێكه‌ له‌ مێژوو و له‌ فیكر، یان به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه بڵێین،‌ ئه‌وان به‌شێكن له پرۆسه‌ی‌ داهێنانی ئه‌ده‌بی). له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌دی ده‌كرێ. شاعیران و ئه‌دیبانی كورد ته‌‌نها خوێنه‌ری ئه‌ده‌بن (شیعر و ڕۆمان)، خۆیان به‌ خوێنه‌ری بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكرییه‌كانی وه‌ك ئایین و فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو و… تاد. نازانن، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ژاریی ڕۆشنبیریی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی ئه‌م شاعیر و ئه‌دیبانه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.‌

***

بێ گومان به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌و‌ ئه‌دیبه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كورد، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه‌ مه‌عریفیه‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ و سیاسه‌ت و ئایین و ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵناسی و… تاد. مامه‌ڵه‌ ده‌كا و سه‌روكاری باشی له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌؛ ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو نووسین و ڕۆمانه‌كانیدا به‌ باشی ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.

به‌ختیار محه‌مه‌د‌




رالف پیترس، نەخشەی کوردستانی گەورەی کێشاوە، تورکیا و سەرانی باشوور دەیشێوێنن !


ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

تورکیا مەترسی لە رزگاربوونی کوردستانی گەورە هەیە، نیگەرانی ئەنقەرە بە خۆڕایی نییە و لە کتوپڕێکدا دروست نەبووە. رووسیا، تورکیا، ئێران، عیراق تا دەگات بە سەرانی پارتە کوردییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانن. تەمەنی “کێشانی نەخشەی کوردستانی گەورە” و پرۆژەی” ژانی لە دایک بوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە” پرۆژەیەکی ئەمریکیی، بریتانی و ئیسرائیلییە تەمەنی دەگەرێتەوە بۆ یازدە ساڵ پێش ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێکردووە. ئەمە بووە بە هۆکارێکی گرنگ، کە تورکیا لەو ساڵانەی دوایی بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٦ رێگری نەکرد بە دانانی “ئاڵای کوردستان”ی لۆکاڵی لە بەشی باشووری کوردستان هەروها بە هەڵکردنی هەمان ئاڵا لە تورکیا لە کاتی پێشوازیان لە سەرانی هەرێم کە بە مەبەستی گرێبەستی بازرگانی میوانی رەجەب دەبوون.

گومانی تێدا نییە کە میدیای سەر بە پارتە کوردییەکان، پێنوسە خۆفرۆشەکان و خائینەکان کەوتونەتە چەواشە کردنی خەڵکی کوردستان، بەدانانی ئاڵای بەشی باشووری کوردستان لە لایەن رەجەب تەیب ئۆردوغان بە دەستکەوتی سیاسیی هەژمار دەکەن، گوایە لە ئەنجامی پەیرەوکردنی ڕاستی پڕ لە ئەزمونی سیاسەتە لە لایەن سەڕۆک و حکومەتی پەرتەوازە بووی هەرێم و کاردانەوەی هەبووە لەسەر بۆچوونی “رەجەب ئەردوغان”، کە ددان دەنێت بە “ئاڵای کوردستان”ی لۆکەڵی بەشی باشوور لە کاتی پێشوازی کردنی لە بارزانی.

لێپرسراوانی فەرمیی ئەمریکا، کاتێک کە بە دەنگی بەرز پروپاگەندە دەکەن بۆ هەر بیرۆکەیەک یان پلانێکی سەربازیی و سیاسیی ئەمریکی، مانای ئەوەیە کە پێش وەخت خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی زۆریان دەربارەی ئەو بیرۆکە و پلانە کردوە، کاتی ئەوەی هاتوە زەمینە سازی بۆ بکەن لە میدیاکان بیخەنە بەرچاوی رای گشتی، تا بە پراکتیک کاردانەوەی رای گشتی ببینن، دۆست و پشتیوانی بۆ پلان و ستراتیژەکەیان پەیدا بکەن، کە بێگومان بە پلەی یەکەم لە خزمەتی خۆیاندا بێت. بیرۆکە و تیرمۆنۆلۆگی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) بۆ یەکەم جار لە لایەن (کۆندەڵیزە رایز) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ساڵی ٢٠٠٦ لە تەلئەبینی پایتەختی(ئیسرائیل) لە رێگەی میدیا جیهانییەکان بە خەڵک ناسێندرا

زۆربەی شیکەرەوە سیاسیی، پسپۆر لە بواری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕست پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ کردووە کە پرۆژەی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاسستی نوێ” پرۆژەیەکی ئیسرائیلی، بریتانی ئەمریکییە. کۆلونیل “رالف پیترس” کە عەقیدی خانەشینی سوپای ئەمریکییە هەستاوە بە کێشانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە ئەو نەخشەیە لە میژوودا بە “نەخشەی رالف پیترس ٢٠٠٦” ناسراوە.

رالف پیترس لە سەر داوای لێپرسراوانی ئەمریکا نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ کێشاوە لە نەخشەکەدا سنووری جوگرافیایی کوردستانی گەورەی دیاری کردوە، هەر چەندە ئەو نەخشەیە لە لایەن پینتاگۆنەوە بە شێوەیەکی فەرمیی هەتا ئێستا ددانی پێدانەنراوە، تەنیا کرا بە بەرنامەی راهێنانی سەربازیی بۆ ئەفسەرە پلە بەرزەکان لە “کۆلیژی بەرەنگاری هاوپەیمانانی ناتۆ” لە ئیتالیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا.

گومانی تێدا نییە کە هەر بابەتێک لەلایەن رالف پیترس دارێژرێت و بکرێت بە بەرنامە لە کۆلێژێکی لەو جۆرەدا بەبێ شێوەیەک لە رەزامەندی (ئەکادمیی نیشتمانیی جەنگ)ی ئەمریکی و لێپرسراوە پلە بەرزەکانی ئەمریکاییەکانەوە وبەبێ ئاماژەی نافەرمی پینتاگۆن نابێت.
ئەوەی گرنگە لە نەخشەی پیترس رالف ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخشەی “کوردستانی گەورە ” کێشراوە نەوەک دابەشکردن و بە هەرێم کردنی کوردستان، وەک ئەوەی کە لە نەخشەی خوارەوە دەرکەوتووە سنووری کوردستانی گەورە بە رەنگی مۆڕ کێشراوە.

تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ، گەلێک ئەفسەری پلە بەرزی لە کۆلێژی سوپای پاراستنی ناتۆ دا هەیە. کاتی خستنە ڕووی نەخشەی “رالف پیترس” ئەفسەرە تورکەکان لەوێ ئامادە دەبن، کە چاویان بە نەخشەکە دەکەوێت بە بێ سێ ودوو لێکردن ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن وانەی ئەو رۆژە بەجێدەهێڵن. دواتر ئەفسەرە باڵاکانی تورکیا لە ئەنقەرەوە پەیوندی بە رالف پیترس دەکەن نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بەو مەسەلەیە، پێی رادەگەیەنن کە نابێت هەتا ئەگەر تەنیا مەبەست بۆ وانە ووتنەوە و راهێنانی سەربازیش بێت نەخشەیەکی لەو جۆرە بکێشرێت و بخرێتە بەردەم ئەفسەرانی ناتۆ. سەڕەرای پەیوەندیی تورکیا بە رالف و ئەمریکا ئەو نەخشەیە ناسرێتەوە و بنگوم ناکرێت.

وڵاتانی عەرەبی ئەو کات لە میدیا عەرەبیەکان کەوتنە پروپاگەندە کردن دژ بەو نەخشەیە، ناویان نابوو “نەخشەی خوێناوی”. ئێران و سوریا هەمان هەڵوێستی تورکیایان هەبوو بەرامبەر بەو نەخشەیە و بە زەنگی مەترسیان دانا دژ بە یەکپارچەیی سنووری دەسەڵاتیان.
ئەو جۆرە نەخشەیە، هەر کەسێک هەستابێت بە کێشانی، لە هەر شوێنێکی ئەو دنیایەدا پشتیوانی لێکرابێت پرۆژە و پلانی هەر زلهێزێک بێت، چەندێک لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دونیادا بێت، دوو ئەوەندە لە بەرژەوەندی دۆزی میللەتی کوردە. بە سەدان ساڵە میللەتی کورد قوربانی دەدا بۆ دیاری کردنی سنووری جوگرافیا و نەخشەیەکی لەو جۆرە.

هەڵویستی سەرانی کورد لە باشوور

سەرانی باشور بە هیچ شێوەیەک نەیانویستوە ئەو نەخشەیەی رالف بە میللەتی کورد بناسێنن، لە میدیا زەبەلاحەکانیان پروپاگەندەیان بۆ نەکردوە و هەوڵیان نەداوە بە خەڵک رابگەیەنن کە پرۆژەیەکی لەو جۆرە لەبەر دەست “ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل”دایە. بە تایبەتی پارتیی، کە بە پێچەوانەوە دژی کاریان کردووە و خۆیان بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە گرێ داوە.
بە درێژایی ساڵانی دوو هەزارەکان هیچ کام لە میدیا حزبی و ئەهلییەکان نەمابوو کە باس لە دابەش کردنی عیراق نەکەن بە سەر سێ هەرێم و نەخشەی عیراق بە سێ پارچەیان دەخستە بەرچاوی خوێنەر، بیسەر و بینەر پارچەیەک شیعە، سونە، کورد!؟ سەرانی باشوور بە تایبەتی سەرانی یەکێتی و پارتی تەنیا پروپاگەندەیان بۆ ئەو جۆرە نەخشەیە کردوە گوایە لە ئایندەدا عیراق دابەش دەبێت تەنیا “هەرێم” سەربەخۆ دەبێت، ئاڵای لۆکەلێ لە پاڵ ئاڵای عیراق هەڵدەکەن!

kurdistan Map

نەخشەی کوردستانی گەورە بە رەنگی مۆر رالف پیترس ساڵی ٢٠٠٦

هەر لە سەرەتاوە سەرانی باشوور سەنگەریان گرتووە دژ بە سەرکەوتنی پرۆژە و نەخشەی “رالف پیترس ٢٠٠٦”، بە بوونیان بە جاشی ئێران و تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوندییە تایبەتیەکانی خۆیان، دزینی بیرە نەوتەکان، گیرفان پڕکردن و کار کردن دژ بە سەرکەوتنی ئەو جۆرە پرۆژە، پلان و نەخشەیە سیاسەتاکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان پیادە کردوە.

کورد دەبێت چی بکات؟

واقعێکی تاڵ لە مێژووی مرۆڤاییەتیدا هاتووە، کە دەستکاریکردنی سنووری جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسیی، هەردەم پرۆژەیەکی خوێناوی بووە، هەموو کاتێک دوای جەنگی گەورە و خوێنرژانێکی زۆر ئینجا توانراوە دەستکاری بکرێت و دووبارە بە گوێرەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان دابڕێژرێت، بۆ نمونە دارشتنەوەی نەخشەی جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەرەتای سەدەی رابردوو دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، کە باجەکەی بە پلەی یەکەم بریتی بوو لە خوێنی ملیۆنان لە میللەتانی ئەو ناوچەیە و سوپا بەشداربووەکانی وڵاتان و میللەتانی تر، ئەنجامەکەشی سەرخستنی دەستەکەوت و بەرژەوەندیی زلهێز، نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تر بووە.

پێکهاتەی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست بریتیە لە کۆمەڵێک نەتەوەی نەگونجاو لە نێو سنوورێکدا کە جیاوازی نەتەوەیی، فیکری، مەزهەبی و ئاینیی هەردەم گرفتێکی بەردەوام بووە لە نێوانیاندا. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتانی ئەو ناوچەیە بریتی بووە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی هەڵگری بیروباوەری شۆڤێنی و مەزهەبی، کە تەنیا هاندەرێکی بچووکی پێویست بووە کە ئەو ناتەباییە بتەقێتەوە، گەلانی ئەو ناوچەیە بکەونە یەکتر کوشتن، پەلاماردانی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکانیان. ئەو خاڵە لاوازەی گەلانی ئەو ناوچەیە لەلایەن زلهێزەکانی دنیا بەکار هاتووە، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان خوازیار بووبێت ئەوا بە ئاسانی فتیلەی جەنگ و دووبەرەکی لەنێوان ئەو گەلاندا تەقێندراوەتەوە.

بێگومان پرۆژەی “رۆژهەڵاتێکی نوێ بە نەخشەی رالف” پرۆژەیەکە وەک جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ئاسا پێشوەخت ئامادەکارییەکی سەربازیی لە پشتەوە بووە. بۆ بە پراکتیک کردنی ئەو پرۆژەیەی ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل پێویستیان بەوە هەبووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ جەنگ، لە زووترین کاتیشدا هەوڵبدەن بچووکترین رووداو بقۆزنەوە بۆ دەستپێکردنی جەنگ.

سەرەتای ئەو جەنگەش لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا حیزبوڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی ڕفاند، ئەو جۆرە رووداوانە زۆر جار پێشتر روویاندابوو، بەڵام ئەوجارە تەلئەبیب ئەم رووداوەی قۆستەوەو دەستی کرد بە لێدانی لبنان و هەر زوو ئەمریکا پشتیوانی لێکرد، دواتر شەڕەکە گەیانرا نێو دڵی سووریا، کوردستان، عیراق لە دواتردا شەڕی داعش بەرپابوو تا ئیمرۆ.
لە شەڕەکانی سووریا، عیراق و کوردستان دا لە جەنگی دژ بە داعش دا، میللەتی کورد قوربانی زۆری دا، توشی نەهامەتی، ماڵویرانی و دەربەدەری هات، بە خوێنی خۆی سەرکەوتنی تۆمار کرد و پارێزگاری لە کوردستان کرد، دوای تەواو بوونی جەنگ دژ بە داعش نابێت میللەتی کورد سازش بکات لە دەستەکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، لە ژێر ئاڵای لۆکەڵی و بە هەرێم کردن و پارچە پارچە کردنی کوردستان لە لایەن لێپرسراوە کوردە خۆفرۆشەکان بە پلانی تورکیا، ئیران، عیراق میللەتی کورد غافڵ بکرێت.
بارو دۆخێکی گونجاو هەلێکی میژووی زیرین بۆ چارەسەری دۆزی کورد هاتۆتە پێش، میللەتی کورد نابێت بە پلانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە ژێر نەخشەی پارچە پارچە بوونی کوردستان” دا لە ژێر ناوی بەهەرێم کردن و هەڵکەردنی “ئاڵا” لۆکەڵی رازی بێت! لە کاتێکدا هەڵبژاردەیەکی باشتر لەبەردەستدایە کە ئەویش “پرۆژەی رۆژهەڵاتی نوێ لە ژێر نەخشەی رالف پیترس”ە. دەبێت میللەتی کورد هەوڵەکانی خۆی چڕ بکات بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە ئەویش بەوە دەکرێت کە پشت لە لێپرسراوانی کوردی خۆفرۆش بکات، هەوڵی یەکبوون بدات هێزێکی جەماوەریی پتەو پێکبهێنێت، هێزی شەرەڤان، گەریلا و پێشمەرگە لە یەک سوپای پەروەردە بوو بە گیانی نیشتمانیی رێک بخات، لە ژێر هەڵکردنی یەک ئاڵادا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا پێداگرێت لە سەرخسستنی پلانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە ژێر نەخشەی رالف پیترس”.

————————————–

سەرچاوە:

http://www.rferl.org/a/1070088.html
http://theconversation.com/russia-and-irans-growing-cooperation-hints-at-a-new-middle-east-75181
Secretary Condoleezza Rice stated during a press conference 2006 in teliviv new meddle east

http://www.zaman.com/?bl=international&alt=&hn=36919
“Cold War Shivers:” War Preparations in the Middle East and Central Asia 2006-10-06
http://www.al-monitor.com/pulse/politics/2014/10/turkey-iraq-syria-kurds-great-




بۆچی هاوڵاتیەکی بەریتانی دەبێتە تیرۆریست؟ … ئاسۆ کەمال

خالد مسعود ،کە ناوی ئەسڵی “ئەدریان ئەنجو”بوو، لە بەریتانیا نیوسەدەیە لەدایک بوە بۆچی بوە تیرۆریستێکی ئیسلامی،
پرسیارێکە مێشکی خەڵک و میدیای لەبەریتانیادا پێوە خەریکە. ئەم کەسە لە سەرەتای گەنجیەوە کێشەی فامیلی ، کار ، قەرز و مادەی هۆشبەری هەبوە و دواتر چەند تاوانێکی بە چەقۆ لێدان لە کەسە نزیکەکانی سزادراوە و زیندانی کراوە. پاشان هاتوچۆی مزگەوت دەکا و دەبێتە موسوڵمان و لە سعودیە دەبێ بە مامۆستا و دواتر لەلەندەن لە مەدرەسە ئیسلامیەکاندا دەرس دەڵێتەوە و لە دواجاریشدا تاوانی تیرۆریستی ٢٢مارسدا ئەنجام دەدا لە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا و چوارکەس دەکوژێ.
ڕیشەی ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چیە وئیسلامی سیاسی چ پایەیەکی هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا؟ ڕێگاچارەکانی بنبڕکڕدنی ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە چیە؟
ئایا گرفتەکانی پەنابەران لە خۆرئاوا بونەتە مایە و زەخیرەیەک بۆ ئیسلامییەکان؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەتوانێ وەڵامی ئەوەمان بداتەوە کە بۆ لە لەندەن و پاریس ونێورک ووڵاتانی ڕۆژئاوادا کەسانی وەک خالد مسعود پەیدا دەبن؟
“کاتی ئەوە نەهاتووە لەڕووی کۆمەڵناسی و کولتورناسی و ئاینناسی و هزرییەوە خوێندنەوەی رژد و ئەکادیمی بکرێت لەسەر گەنجانی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی خۆرئاواو و ناوەند و گروپەجیهادییە ئاشکرا و نهێنییەکان و وردبوونەوە لەو پاشخانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاساییانەی لەپشت ئەم دیاردەیەوە کار لەسەر ئەو زەمینەسازیە ترسناکە دەکەن؟”*
سەبارەت بە سەرچاوەی گرفتەکانی ئەو کۆمەڵگە و کۆمینیتیە ڕۆژهەڵاتیانە لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوادا ئەوەیە کە لە بەشی هەژار و حاشیەی کۆمەڵگەن ، نە کارێکی باشیان هەیە، نە ئاستی گوزەرانیان باشە و کێشەی بێکاری و مادەی هۆشبەر و تاوان لە ناویاندا بەرزترین ڕێژەیە بەبەراورد بە بەشەکانی تری کۆمەڵگە.

هاوکات ئەو جیاوازییە کولتورییە،کە لە شوێنی خۆیەوە وەک کەسێکی سەرکوتکراو و بێ ماف و ڕاگیراو لە سایەی دەسەڵات و نەریتی دینی هاتوە، لێرەش لەلایەن ئەم حکومەتانەی ڕۆژئاواوە وەک سیاسەتی فرەکەلتوری پارێزراوە. ئەم کۆمینیتیە هەروەک کۆمێنیتی ئەفریقی و کاریبی چاوی ڕاسیسیتی و میراتی دیدی کۆیلایەتی کۆلۆنیالیستی لە کۆمەڵگەدا پێیان دەڵێ ئێوە جیاواز و لە خوارەوەن.خالد مسعود و خالد مسعود وەک قوربانیەکی ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و هەلومەرجە بۆیە پەنادەباتە بەر گواستنەوە لە جێگای هاوڵاتیەکی بەریتانی بەرەو کۆمینیتی ئیسلامەکان.
سەرباری ئەمە لە ڕۆژئاوا لە تەمەنی “ئەدریان ئەنجو”، خالد مسعودەوە، واتە لە پێش نیو سەدەوە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئیسلامی سیاسیان دروستکردوە، کە ئەم ئیسلامییە سیاسییە سودی لەم هێزەی پەنابەر و کۆمینیتی ڕۆژەهەڵاتی وەرگرت لەئەوروپا؛ هەم سودی لەبێکارییەکەی و نامۆبونەکەیی و لەونکردنی شوناسە مرۆییەکەی خۆی، ئەمانە بوون بە مایە و زەخیرەیەک بۆ ئیسلامی سیاسی کە بتوانێت بنکەیەکی گەورە لەئەوروپادا دروستبکات.

لەبارەی مێژووی دروستبوونی جیهادییەدکانەوە ،دوای شکستی سۆڤێت لەئەفغانستان، جیهادییە عەرەب ئەفغانەکان درووستبوون کە زۆربەیان لەم وڵاتانە بوون، دواتریش کاتێک مەسەلەی جەزائیر و شوێنەکانی تریش دروستبوون، ئیسلامییە جیهادییەکان لەو شوێنانە دروستبوون و قاعیدەو ئەوانی دیکەش دروستبوون، لەئەوروپادا بنکەی گەورەیان هەبوو، باڵە سیاسییەکەیان لەلەندەن بوون، چەندین گۆڤاری ئیسلامی توندڕەویان دەردەکرد و کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە پەنابەرانی نیشتەجێ بوو ناونوس بکەن بۆ شەڕی ئەفغانستان و لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپیەوە کارئاسانیان بۆ دەکرا. هاوکات دەستی سعودیە ئاواڵاکرا تا لەناو ئەم کۆمینیتیانەدا لە ڕێگەی کردنەوەی مزگەوت و مەدرەسەی دینیەوە مناڵان و گەنجان بۆ جیهاد و خزمەتی پەرەپێدانی ئیسلامیزم ئامادەبکا.

بێگومان لە ئێستادا کە ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی دەسەڵات دەکا ، ئەوروپا و ڕۆژئاوا بەرەیەکی شەڕ و فشارهێنانێتی کە لەڕێگەی تیرۆرەوە بەرنامەی خۆی تێدا دەباتە پێش. دەوڵەتانی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیشیان بە پیادەکردنی سیاسەتی ئیمپریالیستانە ودەستدرێژی و شەڕی بەردەوام لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی زیاتریان بۆ ئیسلامی سیاسی خۆش کردوە کە لەناوکۆمینیتیە ڕۆژهەڵاتیەکانی ئەم وڵاتانەدا گەشەبکا. بەتایبەت ئەم نەوە تازەیەی جالیەی ڕۆژەهەڵاتی لە ئەوروپا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی ئێستاوە هەرچی زیاتر بێکار و بێئومێد بووە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی هەرچی زیاترە ئیسلامی سیاسی بتوانێت لەمە هێز وەربگرێت.

ڕوداوی خالد مسعود جارێکی تر پێمان دەڵێ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا پێویستی بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لابردنی دوو دنیابونی کۆمەڵگە و کۆمینیتیەکان و لابردنی سیاسەتی ڕێژەیی کەلتوری و سیاسەتی ئیمپریالیستی شەڕ و دەستدرێژی ئێستایەتی. لەهەمان کاتدا ئەم ڕوداوە تیرۆریستیە ڕوبەڕوبونەوەی ئیسلامی سیاسی و شکست پێهێنانی بەرنامە کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکانی نەک تەنیا بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بۆ سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی جیهان کردۆتە پێویستیەکی چارەنوساز. نمونەی “ئەدریان ئەنجو” پێمان دەڵێ چیتر تیرۆریزمی ئیسلامی خەتەرێکی دزەکردوی دەرەکی نیە بەڵکو خەتەری ناوخۆی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایە و چارەسەری لەدڵی هەلومەرج و کێشەکانی خودی ئەم کۆمەڵگەیانەدایە.




کورد وەک میللەت لە ناو ئەو دەوڵەتەی کە دروست دەبێت … زانا مەحمود.

میللەتی کورد لە دوای ڕاپەرین لە ئەزمونی ۲٥ ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقدا نموزجێکی هێند فاشیلی پیشانی هاوڵاتی و تاکەکانی کۆمەڵگا داوە بە جۆرێک کە ئینتیمای خاک و نەتەوایەتیان بە تاکی کۆمەڵگاوە نەهێشتوە بەتایبەت جیلە حەساس و هەستیارەکەی سەردەمی ئیستە کە گەنجن و زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعسی پێشویان نەدیوە هەر بۆیە گەر بەتەمەنەکان قەناعەتێکیان هەبێت بەوەی کە هەرچی گزەرابێت لە ماوەی ئەم ساڵانەی حوکمی خۆماڵیدا بە حوکمی ئەوەی کە هێندە چەوسێنراونەتەوە لە سەردەمی پێشودا کە ڕژێم حوکمی کردون ئێستە ئەم دۆخە بە باشتر دەزانن بەڵام گەنجەکان ئەو هەستەیان نییە هەر بۆیە تا ئێوارە بەیت و بالۆرەی مێژوی بۆ لێبدرێت بایەکەو بەلای گوێچکەیدا دەڕوات ئەو ژیان و خزمەت گوزاری و شوێن و جێگەو ڕێگەو ئاوو کارەباو شەقامو شۆستەو کۆڵانی تازەی دەوێت نەخۆشخانەی مۆدێرن و بواری خوێندن و دامەزراندنی دەوێت ،، بەم پێیە لەماوەی پێشودا کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز نەیان توانیوە نە ئیشباعی گەنج بکەن و نە لەئاستی داواکاریەکانیاندا بن هەر بۆیە وای دەبینن لە ئێستادا گەر سەرکردایەتی سیاسی کورد بتوانن دەوڵەتێکیش دروست بکەن هیچ لە ژیانی ئەوان ناگۆڕێت بە ئیجابی و بەڵکو باری سەرشانیان قورس تر دەبێت چون گەر لە ئێستادا دەوڵەتانی دراوسێ کە هەریەکەیان پارچەیەکی کوردستانی گەورەیان پێوە لکێنراوە گەر لەڕوی سیاسیەوە لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقدا مامەڵەیەکی سیاسی و دبلۆماسی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن و لە هەندێک ڕوانگەوە کار ئاسانی بکەن بۆ بازرگانی و ئابوری پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەوا لەدوای دروست بونی دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان بێ گومان دەکەوننە دژایەتی کردن و یان گەر وەک دراوسێیەکیش مامەڵەی لەگەڵ بکەن هەمیشە بە هەمو هێزە سیاسی و سەربازییە زەبەلاحەکانیانەوە هەوڵ دەدەن بیخەنە ژێر جێ بەجێ کردنی ئەجیندای سیاسەتی خۆیان و بەم پێیەش دەوڵەت وەک ناو بۆ میلەتێکی برسی و ناوەرۆکی سەروەت و سامانی ناو خاک و نەوت و غاز و سامانی سروشتی دەوڵەتە بێ ئەتەکێتە بێ بنەما ئیقتیسادیەکەی کوردستان بۆ ئاوانە




لـەدیـــوی (ســـوڵــتان)ی پـەیکـــــەرتـاشــــــەوە… بـۆتــان لـەتیــف مـاویلــی (پـایــان)

هەموو جارێ وەختی گڕوگاڵی ئازادی کەلەبجە دەکرێت و، ئاوڕی پێنوسەکان لەگەرووی دەنگی پەڕاوەکانیان دادەبڕدرێت؛ هەرچی تفەنگی بەرگریشە ژەنگ هەڵدێنێ!.. ئەمە تابلۆیەک بوو لەدەروازەی ئاوایی سوڵتاناوا؛ هەروەها لەسەر تابلۆی سەر شەقامەکانی ئاواییش ئەم دەستەواژەو ڕستە پەرتانە نوسراون:
– ئەسپەکە بەپێکوڵی تۆز دەکاتە تفنکیانەوە!…
– پڵنگەکە قەوارەی گەورەی دە پێستی دەوروبەری شارەکە کردووە!…
– ئاگرەکە هەموو جارێ بەبێ هۆ لەسەرچاوەیەکی نادیارەوە بەردەبێتە دەغل ودانی!..
– هەموو مرۆڤێک بۆ بەرقەرار کردنی خودێتی خۆی؛ لەنێوانی دایسان وداکاساندا بەشەکەتی ئەچێتە خەوێکی قووڵەوە!..
– هەموو دەستەو ڕێکخراوو حیزبێک بەلەرزۆکی بەچۆک دادێن و، لەئاست وشەی لەخاچدراو دەچەمێنەوە!..
هەروەک ئەوەی کە، گەڵێ جار بڕگەی گوفتارەکان لەڕێزبەندیدا ژمارەو ناو وەردەگرن..
سێیەم:
بۆبونیاتنانی باڵیۆزخانەیەک، ترشێک بخۆنەوە!…
دووەم:
بۆ ڕاستەڕێ کردنی پلەو پایەی وەجاخ، دەبێ بچینەوە سەروەختی مێژوو!…
یەکەم:
بۆ ئەوەی بەشوانێک بڵێین: بەدەورەت بی (بەدەوڵەت بی)؛ دەبی جێی پێیەکانمان خۆش بکەین، ئەویش بە کچ بەکچی (مەبەستم ژن بەژنی) دەبێت لەگەڵ دەرو جیرانەکانمان!.. ئەویش لەگەڵ هەمووان نا!!!…

سفر:
بەسیەتی!!!..
بیبڕنەوە؛ بەسە!!..
بڕۆنە دەرەوەو، بانگی مونەجیم باشی بکەن با بێتە ژوورێ!!!…

سالب یەک:
بەچاپخانە بڵێن با چاپێکی شار بکات و، نەخشەی پەڕاوەکان خەسار نەکات وبێسەروبەریان نەکات!..
سالب دوو:
پێنوسەکە بشکێنن، ئەگەر هێلەکانی نەخشەی لێوی کچەکانی؛ لەشەرما بەکاڵی کێشا!…
ئەو دەرزیەش بۆ خاوەنەکەی ببەنەوە؛ پاش ئەوەی هەموو ئازارەکانتان دوورینەوە!!!…
سالب سێ:
برا لەسڕەی ئاودانێ ئازای ئامادە ببی، بەس بۆ جۆماڵێش هەر خۆت لەگوورە نابەی!…

مونەجیم باشی:
کوڕینە ئاگادار بن، کات وساتی وەڕێکەوتنی کاروانەکەم بەسوڵتانی ڕاگەیاند، ئەها لەپەنجەرەی دیوەکەیەوە؛ تەماشای ئێرە دەکات!.. خۆتان غافڵ مەکەن!..
“ئەرێ بۆڵەبۆڵی موجەب وسالبەکانی سەرا کەی دەبڕێتەوە؟!.. ”
دەنگێک بوو؛ ئەو ناوەی پڕ کردبوو، بەس نەمزانی کێیە !؟…

سفر:
ئاگاداربە حەزرەتی سوڵتان؛ با پەیکەرەکەی ئەم جارە لەبەردێکی ئاسنی بێت نەک وەکو جارانی پێشو هەر لەقوڕەکەی پێش بێرایی سەرایێ!!..
مونەجیم باشی:
ئەگەر دەستە چڵکنەکانی کۆڵانەکەی نێزیک دەرەدێ لێ بگەڕێن؛ کەژاوەی ڕۆژ هەڵاتن وڕۆژ ئاوابوون.. زەردەخەنەو نوری مانگەشەو؛ ئێرە وەکوو چورچرا دەڕازێننەوە!..
بەردەرک:
سبەی؛ بەپێی ڕێ وشوێنی مونەجیم باشی ومحەلی ئێوارێ، وێکڕا بۆ نوری سەرا، عەسراویەک دەخۆینەوەو ئاهەنگ دەگێڕین!!.. بەس هەمووتان وەرن.. کەس خۆ نەگریتەوە!.. بڕو بیانووم ناوێ!.. ئەمە فەرمانی حەزرەتی سوڵتانە!!!…
سفر:
ئەزانی چی؟!..
هەر خۆ گیڤ کردنەوەو بۆڵەبۆڵ نەبێت!.. سەرەد کردنی خۆڵی مردووان بەسە!.. ئەم جارە مێژوو نامەیەکی بۆ ناردووین ودەڵێ: ڕوحم بەکەس مەکەن، قسەی خۆتان بکەن!.. دەستی ئاهەنگیش بۆ هەمووان ڕایێرن!.. هەرچی هاتە شایی با بێت، ئەگەر سترانیشی جیا بێت!!!…
دواجار ئەوەی لەدەلاقەو پەنجەرەی ئاواییەوە دیار بوو؛ ئەوە بوو کە، هەموو چوونەوە لای سوڵتان و، سوڵتانیش هەر وەکو جاران!..

بـۆتــان لـەتیــف مـاویلــی (پـایــان)
٧ / ٧ / ٢٠١٤




پشتكردن … سه‌ردار جاف

له‌و دیوی خۆم
رۆشنایی سێبه‌ر ده‌بینم
رووناهییه‌ك تاریكستان نیشان ده‌دا
من چرای خه‌زانی بۆ هه‌ڵده‌كه‌م
ئه‌و فوو له‌ رۆحی شه‌رابیی ترێیم ده‌كا
له‌و دیو مه‌مله‌كه‌تی ژنه‌وه‌
ڕه‌شه‌بایه‌ك به‌ ڕێوه‌یه‌ …….
ده‌ست به‌ كاژی تلۆقه‌كانته‌وه‌ بگره‌
ئاشق بوونم به‌ سه‌مای هه‌ڵه‌تی سه‌راب
له‌ سۆراغی دڵمدایه‌
ئاخۆ ئه‌مه‌ چ شێتبوونیكی سه‌مایه‌
به‌ تارمایی باڵاتا هه‌ڵده‌زنێت و
ده‌بێته‌ په‌ركه‌می یه‌كبین له‌ خه‌یاڵدانی ئاوه‌زا
رۆده‌نیشێ و له‌ گه‌ڵمایه‌
ئه‌رێ كچێ
تۆ له‌ هه‌ڵاتنی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژه‌وه‌ فێربووی
به‌ سۆراغی ڕه‌وینه‌وه‌ی خێوی گه‌رما هۆگر بیت و
نه‌شئه‌ی شنه‌ با بسپێری
یا له‌ گوڵدانی نوسینه‌وه‌ی شیعرا
ژنێتی خۆ داده‌ماڵی
له‌ ئاوێزانی عه‌رشی غوربه‌تی خۆتا بملاوێنه‌
بۆ سوكنایی چه‌پكێ رۆحی سه‌رگردانیم
تریفه‌یه‌ك له‌ چاوانتم بۆ بنێری
ئه‌ی شكاوه‌ی لق و پۆپی دارئه‌رخه‌وانی بن سه‌یوانێكی ره‌ش ره‌ش
له‌ خه‌ره‌ندی ئاشق بوونا
گه‌وهه‌ری رۆح بنێ ده‌ستم
یا ئه‌وه‌تا هه‌ردوو له‌ رێی فه‌نابوونا خۆمان ده‌خۆین
یا له‌ سه‌ر باڵی فریشته‌یه‌ك چراتۆڕی ته‌داره‌كی مه‌یلبوونمان
گه‌رم ده‌كه‌ین
ئه‌مێستاكه‌
به‌ كام دیوی نامۆبوونمان ئاشنا ده‌بین
له‌ ته‌ك ته‌ڵای تاریكایی بێ مروه‌تی
یا له‌ ئامێزی تینوێتی
شه‌رم ده‌كه‌ین
ئااااای نه‌زانین ………
چۆن له‌ سوێبوونه‌وه‌ بۆ حه‌ز
كاڵفانه‌ گه‌وجیان كردین
من له‌ گه‌وجی …. خۆ به‌ دانا و ئاقڵترین بیری مرۆیی ده‌زانم
تۆ له‌ ترسی ئامبازی ئاوێزان بوونا
سه‌ره‌ رێی ئیشقم لێ ده‌گری
شێتم وه‌ك هه‌ر تاكێكی تر
له‌ حه‌ژمه‌ت و ترسی كوفر ئه‌حمه‌ده‌كان
هه‌تره‌ش چوو بووم
نه‌ خه‌ون نه‌ ئاگایی …..
باڵات تارمایی سپییه‌ و به‌ به‌ر سۆمای دییه‌كانما دێن و ده‌چن
ئه‌و ده‌مانه‌ له‌ سۆراغی شێت بوونما عه‌وداڵ ده‌بی
چۆله‌كه‌كه‌ له‌ پاڵ ته‌رمی سارده‌وه‌ بووم تێر تێر ده‌گری
خودایه‌ چه‌ندم له‌ ده‌رگا كڵۆمدراوه‌كانت دا
چه‌ندم هه‌ردوو باڵ راوه‌شان
په‌نجه‌كانم هه‌ڵده‌له‌رزین
نزاكانم ده‌ریای ئاویان له‌ چاو ده‌زان
پێت نه‌گوتم ……
جوانی به‌هه‌شتت ده‌ده‌مێ
حۆریه‌ ژنی جوانی دونیا ….
ده‌نگێ له‌ مانه‌ندی ونبوو
ئێ چی له‌ پووچی تۆ بكه‌م
ئاوه‌زت پڕ كا كراوه‌ ، بیرت گه‌مژه‌ و كاڵفام نه‌زان

لیمبۆرگ
3 / 4 / 2017




دایکم … سمکۆ

من دایکێکم هەبوو
بۆنی شویت و عەنبەری لیدەهات
نینۆکەکانی گوڵە نیرگز بوون و
لە نێو درزی مەمکەکانی
خۆر هەڵدەهات
من باخێکم هەبوو
چوار وەرزە هەر بەهاربوو
چڵی گوڵەکانی چۆلەکەیان دەگرت و
ڕووبار لە چاویان
خوڕەی دەهات
دایکم دڵی کێلگەیەك بوو
سەوز وەکو دار سنەوبەر
مزر وەکو هەنارەکان
لە باتی دڵۆپی باران
ماچ بە تاو هاژەی دەهات
۳٦ بەهار بەر لە ئیستا
لە عەسرێکی پرچ ئاڵتوونی
دایکم لە باخچە ئاوا بوو
لەو ڕۆژەوە نەخۆر هەڵهات
نە چۆلەکەش لە خونچەوە
جاریکی تر
سەری دەرهات

سمکۆ ۲٠۱۷ لەندەن




بەڵێیەکی مەرجدار بۆ رێفراندۆم… چالاک ئـاغجەلەری

جارێکی دی وەکو سەرجەم نەورۆز و وەرزی بەهارەکانی پێشتر خواستە نیشتمانی و نەتەوەیەکان لە لایەن کارکتەرە سیاسیەکانی کوردانی باشوورەوە دەستی بۆ دەبرێت و پشکۆی نەکوژاوە دەگەشێننەوە بۆ ھەندێک خواست بەئـەندازەیەک لە گۆڕاستانی خەونی گشتی خەڵک دەچێت، لێرەوە خولێکی تر لە یاریکردن بە سایکۆلۆژیەتی تاکی کوردی بەگشتی و كوردی باشوور بەتایبەت دەست پێدەکات ، ئـەنجامیش دۆڕانە یەکە لە دوای یەکەکانی خەڵکی سادە و بردنەوەی نوخبە سیاسیە فێڵاویەکەیە. بەلام گرەوی ئـەمجارە قورسە ، لە گرەوی شوانێکی شارەزای بێبەزیی دەچێت، شوانێک كە ئـاڵودە خواردنی گۆشتی نەرمەی مەڕە گێژەکانە، بۆ ئـەوەی زۆرترین بەشی پێببڕێت بێ گوێدان دەیانکاتە نێو سەوزاییەکی بەمین چێنراوەوە، لە کاتێکدا ئـەم مەڕە بێدەنگانە زایکرەیان ئـەوەندە بڕ دەکات کە چی داھاتویەک چاوەڕێیانە لە دەم بردن بۆ ئـەوە مێرگە سەوزە مەرگ ھێنە ، بەڵام نازانرێت کەی و چۆن بە جوڵە دێن بۆ ھەرچی پاراستنی گیانی خۆیان و تێرکردنی بەرخۆلەکانیان کە چاوەڕوانی قومە شیرێكی دایکیانن.

بەلێ ریفراندۆم لەم ئـان و ساتەدا . لەم پەرتەوازە سیاسیەی نیشتماندا لەم پێشێلی یاسا و پەکخستنی دەنگی خەڵک و پەرلەماندا لەم ھەمەجیەتی خۆسەپاندن و چاوسورکردنەوەی حیزبدا، زۆرێکی دی لە لەمە بە دوادا ھاتوەکاندا. دەست بردن بۆ ئـەم پرسە پێش ھەر پشتگیریەک لێی گومانێک سەرھەڵدەدات کێشی بارتاقی ھەڵەکانیانە. ئـەم پرسە بەکۆمەڵە بەروو ڕووی نەتەوەیەك دەکەنەوە تاسەر ئـێسقان دژ بە ھەڵسوکەوتی سیاسی و ئـابوری ڕەقەمەکانە، فەزایاکیان بەرجەستە کردوە ھەموو ھەستەکان مردوون تێیدا، تێناگەم بەچی ڕوویەکەوە ئـەم پارووە گوماناویە دەخەنە سەر سفرەکە!!.

لە راستیدا گشت پرسی لە ناوچەیەکی ئـارام ، پشت بەستوو بە سیاسەتی سەرکەوتویی ھەرێمایەتی و نێودەولەتی و گونجاو بە ژیانێکی دیموکراسی بێ خەوش ، شایەنی ھەنگاونانە بۆ ھەرچی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی ئـەو خەڵکەی لەو ناوچەیەدا ژیان دەکەن ، کوردستانیانیش شایەنی ژینگەیەکی لەم چەشنەن، بۆ ئەوەی ریفراندۆم (گشت پرسی) تێدا بكرێت. بۆیە لە ئێستادا ڕیفراندۆم و ھەڵکردنی ئـاڵا لە کەرکوک دووانەی سکێکی پڕ لە ئـازاری گەلێکە بۆ ئـەوەی لە بار نەبرێت پێویستی بە ھەڵوسوکەوتێکی حەکیمانە ھەیە ، تا لە ئـاست ئـەو ئـازارەدا بێت کە تەمەنێکی درێژە گەڵێک پێوەی دەتلێتەوە، لە فەرامۆش کردنی کەرکوک و ناوچەکانی جێ ناکۆک بۆ ئـەم پرسە ، بەتاڵ کردنەوەی ئـەو بەھایەیە کە لەگەڵ ئـاڵاکەدا کردیان بە تاجی قەڵای کەرکوک.

لە كۆتایدا راستیەكان پێمان دەلێن: (( ئـەگەر ئـێوەی سیاسی و دەمڕاست لە ئـاستی ئـەو متمانەیەدان بەڵێنی گەڕانەوەی داخوازیەکانی جەماوەر و چارەسەری پێشوەخت بدەن، بەرھەمەکەی ئـەو بەڵێیانە دەبێت کە چرۆی ھیوای گەلێکی پێ دەپوشکێت ، بە پێچەوانەوە ھەر بەڵێیەک ، بەڵێی بەردەوامیدانە بەو ژیانەی دەگوزەرێت ،بەڵێی گوێ نەدانە بە داھاتوی نەتەوەیەک ھاوکات بەڵێی کاڵفامی تاکەکانیش لە خۆ دەگرێت)).




بەییانامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق سەبارەت بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان!!

مەسەلەی بەرپا کردنی ڕفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان ئەوە بۆ زیاتر لە هەفتەیەک دەچیت بووەتە یەک مەسەلەی داغ لە کوردستانی عێراق و سەراسەری عێراقدا. بەپێی هەواڵەکان هەردوو مەکتەب سیاسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەوە ڕیکەوتون کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ ” دیاری کردنی مافی چارەی خۆنوسین” یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە دوای ئەوەشدا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تردا کەوتونەتە قسە وباس کردن و ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەدوو حزبەکە چونەتە بەغدا بۆ قسەو باس لەسەر ئەم بابەتە. کە دیارە هاوکات هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک هەڵایەکی زۆری ناوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێمە پێمان وایە حزبە ناسێونالستیە کوردیەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی بەرپا کردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆێی کوردستان وەک یەک وەرقەی فشار بەکار دەهێنن بۆ مامەڵە و دەسکەوت و بەشی زیاتر لە دەسەڵات لە گەڵ بەغدا لەبەرامبەر دەوڵەتەکانی ناوچەکە وئەوان خەریکی تاڵان و بڕۆی خۆیانن. بەکاربردنی چەمکی “دیاری کردنی مافی چارەنوس” لە جایتی مافی سەربەخۆیی خۆی دەلێلی ناجدی بونی ئەوان پێشان دەدات، هەروەها دەنگدانی زۆربەی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە یەکەم هەڵبژاردنی عێراقدا بۆ جیابوونەوە و گوێ نەدانی ناسێونالیزمی کورد بە ڕەئی خەڵکی کوردستان و ڕێک کەوتن لەگەڵ هێزە کونەپەرستەکانی عێراق ئەوەی سەڵماندوە. ئێمە پێمان وایە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خۆی پرۆسەی ڕزگاری خەڵکی کوردستانە لە دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کورد ونەک قایم کردنی دەسەڵاتی ئەوان.
ئێمە خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەین پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان بە جدی وەربگرن لە ناسێونالزمی کورد قبوڵ نەکەن یاری بەم مەسەلەیەوە بکات و فشار بهێنن ئەم پرۆسەی ئەنجامبدرێت و گەرانەوە بۆ ئێرادەی خەڵکی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم مەسەلەیە بکەنە ئەمری واقع.
لەم ڕووەوە ئەم خاڵانە دەخەیەنە ڕوو:
١- ڕیفرادۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان لە هەموو ئەم ناوچانەی کە زۆرایەتیەکەی کورد نشینن بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ و هەموو خەڵکی کوردستان تێدا بەشدار دەبن، نەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وهەروەها نەک بۆ “دیاری کردنی مافی چارەی خۆنوسین”.
٢- سەرەنجامی ڕیفراندۆم دەبێ هەموو لایەک پێوەی پابەندبن، حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق لە پێش هەموویانەوە هێزەکانەوە ناسێونالیزمی کورد ، نابێ ڕێگە بدرێت بە هیچ سات وسەودایەک بە سەرنجامی ڕیفراندۆمەوە بکرێت، بە دوای بەرپاکردنی ڕفراندۆم ئەگەر زۆرایەتی دەنگیان دا بە جیابوونەوە، دەبێ جیابوونەوە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
٣- ڕیفراندۆم لە ژێر نەزارەتی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکاندا ببرێت بەڕێوە بە تایبەت نەتەوە یەکگرتوەکان، شەش مانگ دیاری بکرێت بۆ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق بەرنامە و نەخەشەی خۆیان بە ئازادانە بلاو بکەنەوە پیش ئەنجام دانی ڕێفراندۆم.
٤- ئێمە تێدەکۆشین دەوڵەتی کوردستان دەوڵەتێک بێت لەسەر بنچینەی هاوڵاتی بوونی یەکسان دامەزرابێت و دەولەتێکی نا قەومی و نادینی و سیکیولار بێت، دەوڵەتی هەموو دانشتوانەکەی بێت بەهەموو پێکهاتەکانیەوە هەموو خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەین لەدەوری ئەم خواستە کۆببنەوە.
٥- ئێمە ڕایدەگەیەنین بەپێی هەموو داتاکان و بە پێی زانستی کۆمەڵناسی کەرکوک شارێکی کوردستانیە و بەشێکە لە جوگرافیای کوردستان بۆیە دەبێت لە ڕیفراندۆمدا بەشدار ببێت، و لە نزیکترین فرسەتدا ڕیفراندۆم لە شاری کەرکوک ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بڕێار بدەن ئەوان سەر بە کوردستانن یان سەر بە عێراق، ئێمە بانگەوازی خەلکی شارەکە بە هەموو زمانە جیاجیا کان و نەتەوە جیاجیاکنەوە دەکەین دەنگ بدەن بە پەیوەست بوونی کارکوک بە کوردستانەوە.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق هەموو خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکات بۆ فشار هێنانی جدی بۆ سەر حزبە ناسێونالستیەکانی کوردستان بۆ مل دان بە بەرپا کردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربخۆی کوردستان، ڕایدەگەیەنیین سەربەخۆی کوردستان لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت و دووری دەخاتەوە لە سیناریوی ڕەش و شەڕی تایەفی لە عێراقدا، داوا دەکەین دەنگ بدەن بە جیا بوونەوە. هەروەها جیابوونەوەی کوردستان دەستی خەڵکی عێراق ئاوەڵە دەکات بۆ تێکۆشان بۆمافە پایەکانیان. سەربەخۆیی کوردستان خۆی گورزێکی گەورەیە لە دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کورد و کۆنەپەرستی و لە ئیسلامی سیاسی دەرکێشانی بەڕەی ژێر پێی ئەوانە و ڕێگا ئاسان دەکات بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی گەندەڵ و مافییای ناسیونالیزمی کورد، هاوسەنگی هێزو پۆلاریزە بوونی کۆمەڵگە لە دەوری تێکۆشان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئازاد و یەکسان و سۆشیالست فراهەم دەکات.

حزبی کۆمۆنستی کرێاکری چەپی عێراق
٥ نیسان ٢٠١٧