حیكایەتی شۆڕشی شوبات … كەڤین مورفی … وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

كرێكارانی ڕووسیا لە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 1917دا مانیانگرت. ئەمە بووە هۆى كۆتاییهێنان بە قەیسەرییەت لە ڕووسیا

كەڤین مورفی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی: كەڤین مورفی یەكێكە لە هاوڕێ سۆسیالیستەكانم، كە لە هەمانكاتیشدا سەرپەرشتیاری پڕۆژەى ژاكۆبنی شۆڕشی ڕووسیایە لەیادەى سەد ساڵەى شۆڕشی ئۆكتۆبەردا، داوای لێكردم بۆ وەرگێڕانی چەند وتارێك بۆ زمانی كوردیی كە لە پرۆژەكە و ئەرشیڤی ماركسیستەكان لە ئینتەرنێت و كتێبێكیشدا بەزمانە جیاوازەكان بڵاودەبێتەوە، دەقە كوردییەكانیش هاوپێچ بكرێن].

گرنگترین مانگرتن لە مێژووی جیهاندا بە ژنانی كرێكاری كارگەى ڕستن و چنین لە پترۆگراد لە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 1917 دەستیپێكرد (بەپێی تەقویمی كۆنی یولیان دەكاتە 23ی ئۆكتۆبەر). 13 سەعات كاركردن لە ڕۆژدا لەكاتێكدا منداڵان و هاوسەرەكانیان لە شوێنێكی دیكە بوون، ژنان ژیانێكی ناخۆش و كارەساتباریان هەبوو كە دەبوو خێزانەكانیشیان بەڕێوەبەرن و بۆچەندین سەعات لە سەرمای ژێر سفری سەدییەوە لەڕیزدا بمێننەوە بە ئومێدی ئەوەى پارچە نانێكیان دەستبكەوێت. هەروەك چۆن تسویۆشی هاسیگاوا لە لێكۆڵینەوە گرنگەكەیدا لەسەر شۆڕشی شوبات دەڵێت: “بۆ ئەوەى ژنان كردار بنوێنن هیچ پێویستییەك بە پروپاگەندە و بانگەشە نەبوو”.

قەیرانە قوڵە كۆمەڵایەتییەكانی ڕووسیا بەهۆى شكستی ڕژێمی قەیسەرییەوە بووە هۆی بڕیاردان لەسەر چەند ڕیفۆرمێكی مانادار و قەیرانەكانیش لە درزی قوڵی ئابووریی نێوان دەوڵەمەندان و كۆى كۆمەڵگای ڕووسییەوە سەرچاوەى دەگرت. ڕووسیا ڕووسیا لەلایەن ئۆتۆكراتەكانەوە بەڕێوە دەبرا، قەیسەر نیكۆلاسی دووەم، چەندین جار دۆمای هەڵوەشاندبووەوە، پەیكەرەیەكی هەڵبژێردراوی بێ دەسەڵاتی بونیاد نابوو و كە لەلایەن یاساوە باڵادەستیی پیاوانی بەسەر موڵك و ماڵەكاندا سەپاندبوو.

لەبەردەم دەروازەى جەنگدا، چالاكیی مانگرتن هاتەئارا كە لە شۆڕشی 1905 و كرێكاران بەرپایان كرد و بەربەستییان لەسەر شەقامەكانی پایتەختدا دروستكرد و ئەو شەقامانەیان داخست. جەنگ كۆتاییهاتنی بە قەیسەرییەت بۆ ماوەیەك دواخست، بەڵام شكستی میلیتاریی و لەدەستچوونی نزیكەى حەوت ملیۆن و سەدان زیانی گەورەی بێ پێشینە گەندەڵیی ڕژێمی بەڕادەیەك بۆ هەموو كونج و كەلەبەرەكانی كۆمەڵگا بەدوای خۆیدا هێنا. بۆیە ئەمە لەدەستدانێكی گەورە بوو و قوڵ بوو كە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، شازادە لیڤۆڤی بەرەو جۆرێك لە پیلانگێڕیی برد – ئەویش بەبێ ئەوەى هیچ كردارێكی هەبێت – كە بووە هۆى دەركردنی قەیسەر و زیندانیكردنی لە تزارینا. ڕاسپۆتین، قەشەیەكی شارلاتان و سەرسەریی نفوزێكی زۆری لە دادگای قەیسەردا بەدەستهێنابوو، لە دیسەمبەری 1916 نەك لەلایەن ئەنارشیستەكانەوە، بەڵكو لەلایەن پاشایەتیخوازەكانەوە كوژرا.
لەبەرەى چەپدا، بەلشەڤییەكان ببوون بە هێزی گەورە و كاریگەر لە پانتاییەكی بەرفراوانتری شۆڕشگێرانی پێشڕەوی گەورەترین شەپۆلی مانگرتنەكان لە مێژووی جیهاندا (بەشێكی سەرەكیی سۆسیالیستە میانڕەوەكانی لایەنگریی جەنگ خۆیان لەهەموو كردەیەكی مانگرتن پاراست).

قەیسەرییەت بۆ ساڵانێك جەنگا. سی مانگرتنی سیاسیی لە نیوەى دووەمی 1912 لە كێڵگەى ئاڵتوونی لینا قەتڵوعامی 270 كرێكاری لێكەوتەوە و ئەوان ئازایانە ڕووبەڕووی پۆلیسی نهێنیی قەیسەر (ئۆخرانا) بوونەوە و دەستگیركران. لێكدابڕانی شۆڕشگێڕانی دەستگیركراو لە 1915 و 1916 دەسەڵات و هێزی ڕێژەیی چەپی لە پیترۆگراد پیشاندەدا: بەلشەڤییەكان 734، ناحزبییەكان 553، ئێس ئاڕەكان 98، مەنشەڤییەكان 79، میژرایۆنستییەكان 51، ئەنارشیستەكان 39. لەگەڵ شەش سەد ئەندامانی بەلشەڤییی لە كارگەكانی كانزا، ئەندازیاریی و ڕستن و چین لە ڤایبۆرگ، شارۆشكەیەك بوو كە زۆرینەى خەباتگێڕانی سەرتاسەری جەنگی لێكۆببووەوە.
لە 9ی كانوونی دووەمی 1917دا، دوانزەهەم ساڵیادی یەكشەممەى خوێناویی قەتڵ و عامەكە كە لە شۆڕشی 1905دا ئەنجام درابوو، زیاتر لە 142000 كرێكار مانیانگرت. كاتێك دۆما لە 14ی شوبات كرایەوە، 84 هەزار كرێكاری دیكە لەلایەن مەنشەڤیكە پرۆ جەنگەكانەوە ڕابەرایەتیی كران.

كەمبوونەوەى كەرەستەى خۆراك بووە هۆی ئەوەى حكومەت داوای كۆكردنەوەى دانەوێڵەی زیاتر بكات لە گوندەكاندا. بۆ نموونە نانەواییەكانی پیترۆگراد داخرابوون و خستنەڕووی نان بۆ چەندین حەفتە كەم بووەوە و ئەم قەیرانەش وردە وردە دەسەڵاتدارانی قەیسەرییەتی زیاتر بەرزكردەوە. ئۆخرانا (پۆلیسی نهێنیی قەیسەرییەت) چەندین ڕاپۆرتیی نهێنیی دەربارەى پێكدادانەكانی نێوان پۆلیس و ژنانی كرێكاری لە هێڵەكانی سەرەگرتن بۆ نان لە پیترۆگراد پێشكەشكردبوو. دایكان “سەیری منداڵانی نەخۆش و برسی و نیوەبرسیی خۆیان دەكەن و ئەمەش لەوانەیە بووبێتە هۆى ئەوەى ئەوان زیاتر لەپیاوان لە شۆڕش نزیك بووبێتنەوە. میلیكۆڤ ڕۆدیشێڤ و هاوبەشەكانی زیاتر لەوان ترسناكترن”.

لە 22ی شوباتدا، كایرۆڤی بەلشەڤیی باسی لەوە كرد ژنانی ڤایبۆرگ كۆبوونەتەوە و ژنان حەزیان لەوە نییە لەڕۆژی جیهانیی ژناندا مانبگرن و گوێ لە “دەستوور و فەرمانەكانی حزب” بگرن. ئەمە كایرۆڤی زیاد ئازاردا – ئەو دواتر دەنووسێت “توڕە و بێزار” بووە كە ژنانی بەلشەڤیی ڕێنماییەكانی حزبیان فەرامۆش كردووە – بەڵام بۆ بەیانی دواتر لەپێنج میلی كارگەى چنین مانیانگرت.
بەشداریی ژنان لە نیڤا ثرێد میلزدا هاواریان لێبەرزبووەوە: “بەرەو شەقامەكان! بووەستن! ئەوە ئێمەین!” پاڵیان بەدەرگاكانەوە نا تا كردییانەوە و سەدان ژنانی كرێكاریی كارگەی كانزا و ئەندازیاریی ڕژانە شەقامەكانەوە. كارگەى ئەندازیاریی نۆبڵ ژنانی كرێكار دەستیانكرد بە دروستكردنی تۆپەڵە بەفر و دەیانگرتە جامخانەى كارگەكانەوە تا ئەوانی دیكەش و هاوسەرەكانیان پەیوەندییان پێوەبكەن “وەرنە دەرەوە! كار بووەستێنن!”. هەروەها ژنان دەستیانكرد بە ڕێپێوان بەرەو كارگەى ئەریكسۆن، و لەوێ كایرۆڤ و بەلشەڤیكەكانی دیكە كۆبوونەوەیەكی بچووكیان لەگەڵ ئێس ئاڕی كارگەكان و مەنشەڤییەكان ئەنجامدا و بەزۆرینەى دەنگ بڕیاریاندا پەیوەندیی بە كرێكارانی دیكەوە بكەن.

پۆلیس ڕاپۆرتی لەسەر كۆبوونەوەى ژنان و كرێكارانی گەنج پێشكەشكردووە كە داوای “نان” دەكەن و دەستیانكردووە بەگوتنی گەلێك گۆرانی شۆڕشگێڕانە. لەكاتی ڕێپێواندا ژنان ئاڵا و دروشمە سورەكانیان لە پیاوان وەرگرتووە و هاوار دەكەن: “ئەمە پشووی ئێمەیە. زۆر بەباشی ئاڵاكان بەرز بكەنەوە”. لەسەر پردی لیتیانی، وێڕای دروشم و چوونە پێشەوە بەردەوامەكانی خۆپیشاندەرانەوە پۆلیس دەستیكرد بەڕێگریكردن لێیان بۆ ئەوەى مانگرتنەكە نەگاتە ناوەڕاستی شارەوە. لە درەنگانی دوانیوەڕۆدا سەدان كرێكار دەستیانكرد بە تێكشكاندنی بەربەستەكە و لەلایەن پۆلیسیشەوە هێرشیان كرایە سەر. لە ناوەڕاستدا “بەشێوەیەكی دیار هەزار كەس لە ژنان و گەنجان” دەستیانگەیشت بە نێڤسكی [شەقامی سەرەكیی پیترۆگراد-وەرگێڕ] بەڵام پەرتەوازە ببوون. ئۆخرانا لەڕاپۆرتەكانیدا دەڵێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان وروژێنەر و جوڵێنەرانەن كە بووە هۆى ئەوەى “پێویستیی بڵاوكردنەوەى یەكینەكانی پۆلیس لە هەموو شوێنێكدا بهێنێتە پێشەوە”.

شەست هەزار مانگرتووی 78 هەزار مانگرتووەكە لە شارۆچكەى ڤایبۆرگەوە بوو. ئەگەرچی دروشمگەلێك دژی جەنگ و دژی قەیسەر دەركەوتبوون، بەڵام دیارترین خواست بۆ نان بوو. لەڕاستیدا دەسەڵاتدارانی قەیسەرییەت وابیریان دەكردەوە كە ئەم یاخیبوونە تەنها بۆ نانە، بەڵام ئەم بیركردنەوە زۆر درەنگ بوو و ئاگاداركردنەوەیەكیش بوو بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران لەلایەن سوپای قۆزاقەوە. ئەو شەوە، بەلشەڤیكەكانی ڤایبۆرگ كۆبوونەوە و دەنگیاندا بۆ ڕێكخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی سێ ڕۆژە لەگەڵ ڕێپێوان بۆ شەقامی نێڤسكی.
ڕۆژی دواتر، بزووتنەوەى مانگرتن بەرزبووەوە بۆ دووبەرابەر بۆ 158 هەزار كەس، ئەمە دروستكردنی گەورەترین مانگرتنی سیاسیی بوو دژی شەڕ. حەفتا و پێنج هەزار كرێكارانی ڤایبۆرگ مانیانگرت، بیست هەزاریان لە شارەكانی پیترۆگراد، راسیلیڤسكی و مۆسكۆ، و نۆ هەزاریشیان لە نارڤاوە بوون. جەنگاوەرانی گەنجانی كرێكاری سەر شەقام دەستیانكرد بە پێشڕەویی و ڕووبەڕووبوونەوەى پۆلیس و سوپا لەسەر پردەكان و شەقامی نێڤسكیان لە ناوەڕاستی شاردا كۆنتڕۆڵ كرد.

لە كارگەى ئازیاڤ، قسەكەرانی مەنشەڤی و ئێس ئاڕەكان باسی هەڵوەشاندنەوەى حكومەت دەكەن و لەگەڵ كرێكاراندا بەتوندی باسی كردەوەى نابەرپرسانەى كارگە دەكەن و داوا لەكرێكاران كرا ڕێپێوان بەرەو كۆشكی تراویدە، كە لەوێ ئەندامانی دۆما بەبەردەوامی خەریكی قەناعەتپێكردنی قەیسەرییەت بوون تا سازش بكات. بەلشەڤییەكان لە ئەریكسۆندا داوای لە كرێكاران كردبوو ڕێپێوان بەرەو ناوچەى قازان بكەن و خۆیان بە چەقۆ، ئامرازی ڕەق و تۆپەڵە بەفر چەكدار بكەن بۆ جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەى بەردەمییان لەگەڵ پۆلیسدا.
جەماوەرێكی 40 هەزار كەسی خۆپیشادار دژی پۆلیس و سەربازان لەسەر پردی لیتیانیدا جەنگان، بەڵام لەوێ بەریان پێگیرا. 2500 كرێكاری كارگەى ئەریكسۆن ڕووبەڕووی قۆزاقەكان بووەوە لە ناوچەى سامپسۆنیڤسكی. ئەفسەران هێرشیان دەكردە سەر قەرەباڵغیی و كۆبوونەوەكە، بەڵام قۆزاقەكان بەوریاییەوە جوڵانەوە و بۆیە ڕاڕەوەكە لەلایەن ئەفسەرەكانەوە كرایەوە. كایرۆڤ دەڵێت “هەندێكیان پێكەنین. تەنانەت یەكێكیان بەچاوێكی كراوە و خۆشەوە لە كرێكارانی دەڕوانی”. لە هەندێك شوێندا پرۆسەكەیان بەدەستەوە گرتبوو: “ئێمە هاوسەر، باوك و برامان لە بەرەكان هەیە. ئێوەش دایك، هاوسەر، خوشك و منداڵتان هەیە. ئێمە داوای نان و كۆتاییهێنان بەجەنگ دەكەین”.

خۆپیشاندەران هەرگیز هەوڵیان نەدا خۆیان بكەنە هاوڕێی توڕەیی و ڕقی پۆلیس. لە شەقامەكاندا لاوان سەیارەكانیان ڕادەگرت، گۆرانی شۆڕشگێڕانەیان دەگوت، تۆپەڵە بەفریان دەگرتە پۆلیس. پاشان هەزاران كرێكاران ڕێگاكەیان كردەوە، جەنگ و ململانێیەكی قورس لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەقامی نێڤسكی. لەهەمانكاتدا، كرێكاران سەركەوتووبوون لە كۆبوونەوەى دووبارە لە بەرە شۆڕشگێڕییە نەریتییەكانی كازان و پەیكەری ئەلێكساندەری سێیەم لە ناوچەى زنامینسكایا لابەرن. خواستەكان ببوونە خواستی سیاسیی واتا تەنها لەقسەكردندا بۆ خواستی نان نەمابووەوە، بەڵكو قسە دژی جەنگ و ئۆتۆكراسیی (ملهوڕیی قەیسەر) دەكرا.

لە ڕۆژی بیست و پێنجەمدا، مانگرتن بوو بە مانگرتنی گشتیی، لەسەرووی 240 هەزار كرێكاری كارگەكان لەلایەن فەرمانگەى كرێكاران، مامۆستایان، نووسەران، كارگوزاران، خوێندكارانی زانكۆ و تەنانەت خوێندكارانی ئامادەییەكانیشەوە پەیوەندییان پێوەكرا. سایەق تەكسییەكان پەیمانیاندا كە تەنها سایەقیی بۆ “ڕابەران”ی ڕاپەڕینەكە دەكەن.
دووبارە كرێكاران لە كارگەكانیان ڕیزەكانی خۆیان ڕێكخستەوە. لە كۆبوونەوەى كارگەى پڕ لە زەبر و زەنگی پارڤیانین لە ڤایبۆرگ، بەلشەڤییەكان، مەنشەڤییەكان و قسەكەرانی ئێس ئاڕەكان داوایان لە كرێكاران كرد ڕێپێوان بەرەو مەیدانی نێڤسكی بكەن. یەكێك لە قسەكەران بەم ڕستە شیعرییە شۆڕشگێڕییە كۆتایی بە قسەكانی هێنا: “كۆتایی، جیهانێكی بێ كەڵك، ڕۆتین و گەندەڵیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ڕووسیای لاو لەسەر ڕێگای ڕێپێوانێك وەستاوە!”.

خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی حەڤدە بەركەوتنی توندوتیژئامێز بوونەوە لەگەڵ پۆلیس و سەربازان و كرێكاران دەستیانكرد بە ئازادكردنی هاوڕێ زیندانیكراو و دەستبەسەركراوەكانیان لەلایەن پۆلیسەوە. یاخیبووان دەست لەناودەست دەچوونە پێشەوە، هێزەكانی قەیسەرییەت لەسەر زۆربەى پردەكاندا تووشی تاقەتپڕوكێن هاتبوون یان ڕێگاكەیان دەكردەوە بۆ ناوەڕاستی شار. كۆنتڕۆڵكردنی شەقامی نێڤسكی، خۆپیشاندەرانی یەكخست لە ناوچەى زنامینسكایا. پۆلیس و قۆزاقەكان دووبارە چەند لێدانێكیان بەئاراستەى كۆبوونەوەكاندا بەڕێكرد، بەڵام ئەو كاتەى سەرۆكی پۆلیس ناچاربوو پاشەكشە بكات – ئەویش بەهۆى شمشێری قۆزاقییەوە. ژنانی كرێكار دووبارە ڕۆڵێكی سەرەكییان گێڕایەوە: “سەرەنێزەكانتان دابنێن، وەرنە ناومانەوە”.
لە ئێوارەدا، بەرەى ڤایبۆرگ لەلایەن یاخیببوانەوە كۆنتڕۆڵكرا. خۆپیشاندەران بەرەو وێستگەكانی پۆلیس ڕۆیشتن و دەستیان بەسەر هەموو دەمانچە و شمشێرەكانی سەربازانی قەیسەردا گرت و پۆلیسی ئەمنیی (ژاندارم) و پۆلیس ڕایانكرد.
ڕاپەڕین و یاخیبوون قەیسەر نیكۆلاسی دووەمی خستە بەردەم فشارێكی قورسەوە. ئەو گوتی “من فەرمان دەكەم هەر سبەى ناڕێكیی و پشێویی لە پایتەختدا كۆتایی پێبهێنن”. و فەرمان بە فەرماندەى پیترۆگراد، خابالۆڤ كرا ئارامیی بگەڕێنێتەوە و كۆبوونەوەكان پەرتەوازە بكات. خابالۆڤ ڕاڕابوو (“چۆن لەڕۆژی دواتردا ئەوان بووەستێنین؟”)، بەڵام ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتییەكەى قبوڵ كرد. لە هۆڵی شارەوانییدا گوتی: “دوعا دەكەین و هیوادارین سەركەوتوو بین”. لە بەرەبەیانی ڕۆژی دواتردا، ڕایانگەیاند كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان قەدەغەكراون و ئەگەر كۆتایی پێنەهێنن ڕووبەڕووی هێزی سوپا دەبنەوە.

لە بەرەبەیانی یەكشەممەى 26ی مانگدا، پۆلیس دەستیكرد بە دەستگیركردنی ئەندامانی سەرەكیی و ناوكی كۆمیتەى بەلشەڤیی پیترۆگراد و سۆسیالیستەكانی دیكە. كارگەكان داخران، پردەكان هەڵگیران، و ناوەڕاستی شاریش كرا بە كەمپێكی سەربازیی. خابالۆڤ لەشەقامی سەرەكییەوە تەلەگرافی دەكرد كە “لە بەرەبەیانی زووەوە شار ئارام بووەتەوە”. دوای كەمێك هەزاران كرێكار ڕێگاكەیان كردەوە و لە شەقامی نێڤسكی دەركەوتنەوە و دەستیانكرد بە گوتنی گۆرانی شۆڕشگێڕانە و دروشمگەلێكیان دەگوتنەوە، بەڵام سەربازان بەشێوەیەكی سیستەماتیك تەقەیان لێدەكردن.
بەشەكانی گروپی ڤۆلینسكی لە ناوچەى زنامینسكایا بوو بە ئەركێكی سەرەكیی بۆ كۆتاییهێنان و بەرگرتن لە خۆپیشاندان. هەموو سوارەكان دەستیانكرد بە هێرشكردنە سەر كۆبوونەوە گشتییەكان، بەڵام شكستیان هێنا لە پەرتەوازەكردنیان. پاشان فەرماندە فەرمانی بەسەر هێزی سوپادا كرد تەقەیان لێبكەن. ئەگەرچی هەندێك لە سەربازان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد، پەنجاوپێنج خۆپیشاندەر كوژران لە نزیكی زنامینسكایا و هەندێك لە كرێكاران لەماڵەكانیاندا خۆیان شاردەوە و پەنایان بردە بەر كافتریاكان. زۆربەى كوژراوان لەلایەن هێزی وەفاداریی پاشایەتییەوە بوون بە بەكارهێنانی ئەفسەرانی پلەباڵا.
وێڕای ئەمە، هێشتا ئەم هێرشە خوێناوییە یاخیبوونی خامۆش نەكردەوە.
ڕاپۆرتێكی پۆلیس باسی ئەوە دەكات ڕاپەڕیوان گەیشتووەتە ئاستێكی بەرزی سەرسوڕهێنەری فیداكاریی:
“لەم قۆناغەى ناڕێكییەكاندا ئەمە وەك دیاردەیەكی گشتیی دەبینرا، كە كاتێك لەلایەن هێزی سەربازییەوە هەڕەشەى بڵاوكردنیان لێكرا، سەرسەریانی یاخیبوو زیاتر تووڕە بوون و دەستیانكرد بە هەڵكۆڵینی شەقامەكان و بەرد و فانۆسیان لەسەر شەقامەكان دەگرتە هێزەكان. كاتێك كۆمەڵێك تەقە بە ئاسماندا كرا، نەك تەنها خۆپیشاندان و كۆبوونەوەكان بڵاوەیان نەكرد، بەڵكو وەڵامێكی جەرگبڕیان دایەوە و دەستیانكرد بە تۆپ و بەرد تێگرتن بە پێكەنینەوە. تەنها ئەو كاتەى ڕاستەخۆ تەقە بۆ ناوەڕاستی خۆپیشاندان و كۆبوونەوەكان بكرابایە، ئەگەر و گریمانەى ئەوە هەبوو بەشداریكەران پەرتەوازە بكات… لە حەوشەى ماڵە دراوسێكان خۆیان دەشاردەوە، هەركە تەقەكردن دەوەستا، خێرا خۆیان بەشەقامەكاندا دەكردەوە”.
كرێكاران دووبارە بە سەربازانیان دەگوت چەكەكانیان دابنێن، هەوڵی گفتوگۆیان دەدا كە بردنەپێشەوەى خەبات لەبەرژەوەندیی دڵەكانی زۆرێك لە سەربازانیشە. هەروەك ترۆتسكی باسی دەكات، پەیوەندیی “نێوان ژنان و پیاوانی كرێكار و سەربازان، لەژێر تاق و تروقی گولەباران و ئامێر و چەكدا، چارەنووسی حكومەت، جەنگ و وڵاتی دیاریكرد”.

لە ئێوارەى 26ی مانگدا، ڕابەرانی بەلشەڤیی ڤایبۆرگ كۆبوونەوەیان لە باخێكی سەوزەوات لە دەوروبەری شاردا ئەنجامدا. زۆرێك لە پێشنیارەكان باسی ئەوەى دەكرد كاتی بانگەواز بۆ شۆڕش تەنها دەبێت بە دەنگی گشتیی بێت. ئەوەى لەهەمووان زیاتر هاتوهاواری نابووەوە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، پاشان ئاشكرا بوو یەكێك بوو لە بەكرێگیراوان و سیخوڕانی ئۆخرانا (پۆلیسی نهێنیی قەیسەر). لەڕوانگەى سوپاوە دەبوو شۆڕش لەدوای 26ی مانگەوە ڕووبدات. بەڵام پۆلیس ناتوانێت بەر بە ڕاپەڕین بگرێت بەبێ پشتیوانیی هەزاران سەرباز.
كرێكاران لە ئێوارەى پێشوودا خۆیان لە سەربازخانەى پاڤلۆڤسكی نزیك كردبووەوە: “هاوڕێیان پێتان دەگوترێت كە پاڤلۆڤسكی، تەقە لە ئێمە دەكات – ئێمە سەبازانمان لە یونیفۆرمی ئێوەدا لە شەقامی نێڤسكی بینیوە”. سەربازان “هەموویان ترساو و بێڕەنگ ببون”. داوایەكی دیكەى هاوشێوە لە سەرتاسەری سەربازخانەكەدا بەرز بووەوە. لە ئێوارەدا، سەربازانی پاڤلۆڤسكی بوونە یەكەم ئەو كەسانەى پەیوەندییان بە ڕاپەڕیوانەوە كرد (ئەگەرچی، ئەمە جیابوونەوەى تێكەوت و ئەوان گەڕانەوە بۆ سەربازگەى خۆیان و سێ لەسەر نۆیان بەخێرایی دەستگیركران).
لە بەرەبەیانی 27ی مانگدا، شۆڕش گەیشتە یەكینە سەربازییەكانی ڤۆلینسكی، واتا ئەو هێزەى لەناوچەى زنامینسكایا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردبوو. چوار سەد یاخیبوو بە ئەفسەرەكانی خۆیان دەگوت: “ئێمە چیتر نامانەوێت تەقەمان لێبكرێت و هەروەها چیتر نامانەوێت خوێنی براماكانمان بەبێ هۆ بڕژێت”. كاتێك یەكێك لە ئەفسەرانی قەیسەر فەرمانی قەیسەری بۆ كۆتاییهێنان بەیاخیبوون خوێندەوە و هەر لەو كاتەشدا یەك دوو تەقەى كرد. دواتر سەربازانی دیكەى ڤۆلنسكی چوونە ناو ڕاپەڕینەكەوە و بەرەو سەربازگەى نزیكی پریۆبراژینسكی و لیتوانیی ڕۆیشتن، كە ئەوانیش یاخی ببوون.

بەشداربوویەك دواتر دیمەنەكە بەمجۆرە دەگێڕێتەوە: “سەیارەیەكی سەربازیی بە سەربازێكەوە، تفەنگێكی بەدەستەوە بوو، ببوو بە بەشێك لە كۆبوونەوە و ڕاپەڕینەكە و بەرەو ناوی سامپسۆنیڤسكی گلۆر دەبووەوە. ئاڵاسوورەكان بەزۆر چەكبەدەستەكانیان ناچار دەكرد بڕۆنە لاوە و هەندێكجار خۆشیان دەشاردەوە و نەدەبینران… هەواڵ گەیشت كە هێزێك یاخیبووە: “لەلایەن ژەنەڕاڵ كوتیپۆڤەوە فەرماندەیی هێزێك كرا بۆ سزادانی هێزە یاخیبووەكان و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران بەڵام لەماوەیەكی كەم و لە ئێوارەدا هێزەكە و سەیارە جەنگییەكانیان شكستیان هێنا، پاشان كوتیپۆڤ دەنووسێت: “بەشێكی گەورەى هێزەكەم چووبووە ناو خۆپیشاندەرانەوە”.
لەبەیانیدا، ژەنەڕاڵ خابالۆڤ بە یەكینەكانییەوە بەناو شاردا سوڕایەوە و هەڕەشەى مەرگی لە سەربازان دەكرد ئەگەر بێتوو یاخی ببن. لە ئێوارەدا، ژەنەڕاڵ ئیڤانۆڤ، كە بە هێزەكانییەوە پشتیوانیی لە هێزی پاشایەتیی قەیسەر دەكرد، تەلەگرافێكی بۆ خابالۆڤ كرد لەسەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە.

ئیڤانۆڤ: لە چ بەشێكی شاردا فەرمان جێبەجێدەكرێت؟
خابالۆڤ: لەڕاستیدا هەموو شار كەوتۆتە دەستی شۆڕشگێڕانەوە.
ئیڤانۆڤ: ئایا هەموو وەزارەتەكان كاروبارەكان بەشێوەیەكی دروست ئەنجام دەدەن؟
خابالۆڤ: زۆرێك لە وەزیرەكانیش لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستگیركراون.
ئیڤانۆڤ: لەئێستادا چ هێزێكی پۆلیس لەبەردەستی تۆدایە؟
خابالۆڤ: لەڕاستیدا هیچ.
ئیڤانۆڤ: چ تەكنیكێك و ئامرازێكی بەشی جەنگیی ئێستا لەبەردەستی تۆدایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوە.؟
خابالۆڤ: هیچ شتێكم لەبەردەستدا نییە.

ژەنەڕاڵ ئیڤانۆڤ بە ئاگاداربوون لەم بارودۆخە بڕیاری پاشەكشەى دا. قۆناغی میلیتاریی شۆڕش تەواو ببوو.
پارادۆكسی شۆڕشی شوبات ئەوە بوو كە لەگەڵ ئەوەى كۆاتایی بە قەیسەرییەت هێنابوو، بەڵام ئەم شۆڕشە حكومەتێكی ناهەڵبژێردراوی لیبراڵەكانی كردە جێگرەوە هەر ئەو كەسانەى بەتەواوی لە شۆڕش ترسابوون، بەتەواوی گەیشتنە دەسەڵات [بەهۆى شۆڕشەوە]. لە 27ی شوباتدا، “ئەوان بیستبوویان… ئیتر ڕوویداوە یان لەڕاستیدا دەربڕین و نیشاندانی سەلامەتیی خۆیان لەترس ڕزگار بكەن”، یاریدەدەری لیبراڵی دۆما، وەهای نووسیوە. ئەمە پوختەیەكی خۆش بوو، بەڵام ناڕاست، هەواڵ گەیشت كە “بەزوویی نائارامییەكان دادەمركێنەوە”. چاودێرێكی دیكە ئاماژەى بەوە كردووە “كە ئەوان ترسابوون، ئەوان دەلەرزین، ئەوان هەستەكانی خۆیان خستبووە دەستی كۆمەڵە ڕەگەزێكی دژبەر و دوژمنی ڕێگایەكی نەناسراوەوە”.
لەسەروەختی شۆڕشدا “هەڵوێستی بۆرژوازیی تەواو ڕوون بوو: هەڵوێستییان لەلایەكەوە دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش بوو و خیانەتكردن بوو لێی بۆ قەیسەر و لەلایەكی دیكەوە سوودوەرگرتن بوو لە دەرفەتەكە تابگەن بە ئامانجەكانی خۆیان”. ئەمەش پەیوەندیی هەبوو بە هەڵسەنگاندنەكانی سۆخانۆڤەوە، ڕابەری شورای پیترۆگراد، كە سیمپاتی و هاوسۆزیی بۆ مەنشەڤییەكان هەبوو و ڕۆڵێكی یەكاڵاكەرەوەى گێڕا تا دەسەڵات لەدەستەكانیدا لەبەرژەوەندیی لیبڕاڵەكان چڕ بكاتەوە.

ئەو یارمەتییەكی زۆری زۆرینەى سۆسیالیستە میانڕەوەكانی دا. سكۆبیلۆڤی سەركردەى مەنشەڤیی نزیك بوو لە ڕۆدژیانكۆی سەرۆكی دۆمای چوارەم، بۆ پاراستن و بەدەستەوەگرتنی ژوورێك لە كۆشكی تاوریدی. ئامانجی ئەو ڕێكخستنی شورای كرێكاران بوو تا پەیڕەوی لە فەرمانە سەرەكییەكانی جێگر[ی دۆما] بكەن. كێرنسكی ترسی لە ئارامكردنەوەى ڕۆدزیانكۆ هەبوو كە لەوانەیە شورا مەترسیدار بێت، و پێیگوت: “پێویستە چەند كەسێكی كرێكاران دەستگیربكرێن”.
بەپێچەوانەى شورای كرێكارانی 1905 كە وەك ئامرازێكی خەباتی چینایەتیی دەركەوتن، شورا لە 27ی شوباتدا واتا دوای شۆڕشەكە دامەزرا و لەلایەن ژمارەیەكی ئەندامانەوە ڕابەرایەتیی دەكرا كە بەگشتیی كۆمیتەى جێبەجێكار بوو و پێكهاتبوون لە ڕۆشنبیرانێكی تایبەتمەند كە هیچ بەشدارییەكی چالاكانەیان لە شۆڕشدا نەبوو.

لێرەدا چەند كەموكورتییەك دەبینرێت: نوێنەرایەتیی 150 هەزار سەرباز لە پیترۆگراد دروستكرا كە لەسەرووی نوێنەرانی شورای كرێكاران و سەربازانەوە بوو. زۆرینەیان پیاوان بوون، دەستەیەكیش لە ژنان هەڵبژێردران كە نزیكەى 1200 هەڵبژێردراو دەبوون كە بەداخەوە ڕێژەیەكی كەمی بێ كاریگەر بوون. تەنانەت شورا هیچ مشتومڕ و گفتوگۆیەكی لەسەر مافی ڕێپێوانی 19ی مانگ لەلایەن ژنانەوە بۆ خۆپیشاندان نەكرد، كە تیایدا 25 هەزار بەشداربوو، هەبوون، لەنێویاندا هەزاران ژنی چینی كرێكار ئامادە هەبوون.
شورای پیترۆگراد “دەستووری ژمارە 1″ی بەناوبانگی قبوڵ و پشتڕاست كردەوە كە دەسەڵاتی دەدا بە سەربازان بۆ هەڵبژاردنی كۆمیتەكانی خۆیان بۆ ئەوەى كار بە یەكەكانی خۆیان بكەن و پەیڕەویش لە ئەفسەران و حكومەتی كاتیی بكەن ئەویش ئەگەر دەستوور و بڕیارەكانی ئەم شورایە كاری پێنەكرا و كەموكورتیی هەبوو – بەڵام لەڕاستیدا ئەم دەستوورە بریتی بوو لە بەیاساییكردنی دەستێوەردانی خودی سەربازانی توندڕەو لەكاروبارەكاندا.

بۆیە بەسەر لیبراڵەكان و ئێس ئاڕە هاوپەیمانەكانی كێرنسكیدا ئەم سۆڤێتانە سەپێنران. ڕۆدزیانكۆ دەڵێت “ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان بەدەستەوە نەگرتبایە، ئەوانیدیكە دەگەیشتنە دەسەڵات”. لەبەر ئەوەى “چەند لات و پوتێك لە كارگەكان هەڵبژێردرابوون”. كێرنسی نووسیویەتی “چارمان نەبوو جگە لەدامەزراندنی حكومەتیی كاتی. شورا وەك دەسەڵاتی باڵای شۆڕش خۆی ڕاگەیاند”. بەهۆى ئەم بەرنامەیەوە، خۆ-ناونانی گروپ وەك كۆمیتەى كاتیی بەڕێوەبردنی شورا خۆی ڕاگەیاند. بەڵام ئەوان لەبەرنامەكانی خۆیان زۆر دڵنیا نەبوون؛ ئەوان لێگەڕان ڕابەرانی مەنشەڤییەكان و ئێس ئاڕەكان بەشێوەیەكی زۆر ناشرین و قێزەون شوراكان بەكاربێنن.
سۆخانۆڤ دەنووسێت جەبری شۆڕش لای مەنشەڤییەكان ئەوە بوو كە دەبێت “ئەو حكومەتەى قەیسەرییەتی لابردوو دەبێت بە حەتمیی بۆرژوازیی بێت. ئەمە كۆى ماشێنی دەوڵەتیی بوو… دەبوو تەنها پەیڕەویی لە میلیۆكۆڤ بكرێت”.

دانوستانەكانی نێوان دەستەى سەرپەرشتیاریی شورا و ڕابەرانی هەڵنەبژێردراوی لیبڕاڵەكان لە یەكی مارسدا ئەنجام درا. “میلیۆكۆڤ بەتەواوی تێگەیشتبوو لەوەى كە دەستەى سەرپەرشتیاری كۆمیتە دەبوو بە تەواوی پۆستەكان و دەسەڵات ڕادەستی حكومەتی بۆرژوازیی بكات”، بەڵام سۆخانۆڤ ئەوەشی دەخاتە سەر “پێشتر دەسەڵات بۆ جێگرەوەى قەیسەرییەت دیاریكراوە و تەنها و تەنها دەبێت بۆرژوازیی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت… ئێمە دەبێت پەیڕەوی لەم پرەنسیپە بكەین. ئەگەرنا ڕاپەڕین سەركەوتوو نابێت و شۆڕش شكست دەهێنێت”.

ڕابەرانی شورا دەیانویست تەنانەت لانیكەم بەرنامەى “سێ نەهەنگ” جێبەجێ بكەن كە هەموو گروپە شۆڕشگێڕییەكان (هەشت سەعات لە ڕۆژدا، دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكان، و كۆماریی دیموكراتیی) قبوڵ بكەن ئەگەر بێتوو تەنها لیبڕاڵەكان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. ئەم هەموو ترسەى لە هەبوونی ئەم ڕێسایانەدا دەركەوتبوو، سەرسەختانە وای لە میلیۆكۆڤ كرد پێداگریی لەسەر دروستكردنی دوایین ڕێگا بۆ پاراستنی پاشایەتیی بكات.
بەشێوەیەك كە مەحاڵە باوەڕی پێبكەیت، سۆسیالیستەكان شكستییان قبوڵ كرد و پەیڕەویان لە میخایلی برای قەیسەر كرد بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەى خۆى یاسا و ڕێساكان بەدەستەوە بگرێـت. بۆی دەركەوت هیچ سەلامەتیی و ئەمنییەتێكی شەخسیی نابێت چونكە دۆكی گەورە بەتەواوی داڕماوە. هەموو ئەم دانوستانانە لەپشتی پەردەوە ئەنجامدران، بەڵێ، لەدووری چاوی كرێكاران و سەربازانەوە.

سیستەمی “دووانە دەسەڵات” كە لەم مشتومڕانەوە سەریهەڵدا – شورا لەلایەكەوە و حكومەتی كاتیی ناهەڵبژێردراو لەلایەكی دیكەوە – بۆ هەشت مانگ درێژەى كێشە.
زیڤا گالیلی ئەم دانوستانانەى وەك “باشترین سەعاتەكانی مەنشەڤییەكان” وەسفكردوو. ترۆتسكی ئەمەی وە یارییەكی دابەشكاریی نیوە بەنیوە لەقەڵەمداوە: “لەیەكەوە شۆڕشگێڕان داوایان لە لیبڕاڵەكان كرد شۆڕش بپارێزن؛ لەلاكەى دیكەوە لیبراڵەكان داوایان لە پاشایەتیی كرد لیبراڵیزم بپارێزن”.

باشە كرێكاران و سەربازان ئازایانە جەنگان تا قەیسەرییەت لەناوبەرن بۆ ئەوەى دەسەڵات بخەنە ناو دەستی حكومەتێكی تازەوە كە نوێنەری خاوەندارێتیی و پیاوانی خاوەن موڵك بێت؟ لەلایەكەوە زۆرینەى كرێكاران هێشتا لەدەرەوەى سیاسەتەكانی پارتە سۆسیالیستییە جۆراوجۆرەكان بوون. وێڕای ئەمە، بەلشەڤییەكان خۆیان زۆر ڕوون نەبوون دەربارەى ئەوەى چۆن خەبات دەكەن و بۆچی، لەبەر ئەوەى هەندێكیان هێشتا ڕۆڵی ئەوەیان دەگێڕا شۆڕش وەك بۆرژوا-دیموكراتیی دەرك بكەن كە تیایدا حكومەتی شۆڕشگێڕیی كاتیی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت. ئەمە چ مانایەكی هەبوو لە پراكتیكدا، بەتایبەت دوای دامەزراندنی حكومەتی كاتیی، دەرگا ئاوەڵا بوو بۆ تەفسیرە جۆراوجۆر و جیاوازەكان.
ئەگەرچی خەباتگێڕە بەلشەڤییەكان ڕۆڵێكی ڕەخنەیی و گرنگییان لەسەرتاسەری ڕۆژانی شۆڕشدا گێڕا، بەڵام بەگشتیی بەربەست بۆ ڕابەرانیان دروست دەكرا. لە شوباتدا ژنانی كارگەى ڕستن و چنین مانیانگرت لەودیوی فەرمانەكانی ڕابەرانی حزب ئەوانەى بیریان دەكردەوە كات “هێشتا نەگەیشتووە” بۆ كردەى خەباتگێڕیی.

ڕابەرایەتیی ئیدارەى بەلشەڤییەكان (شلیاپنیكۆڤ، مۆلۆتۆڤ و زالوتسكی) هێشتا بڕیاریان نەدابوو. تەنانەت دواى مانگرتنی 23ی شوبات، شلیاپنیكۆڤ دەیگوت هێشتا بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتیی زووە. ئیدارە نەیتوانیی بەیاننامەیەك بۆ سوپا و ڕەتكردنەوەى خواستەكانی سوپای كرێكاران بۆ ئاوێتەكردنی جەنگەكان.
زۆرینەى دەستێوەردانەكان لەلایەن كۆمیتەى شارۆچكەى ڤایبۆرگەوە بوو، كردەكە بووە ئەمری واقیع بۆ ڕابەرانی ڕێكخراوەى حزب لە شارەكەدا، یان بۆ ئەندامان – بەتایبەتی لە ڕۆژی یەكەمدا، ئەو كاتەى ژنان ڕابەرانی حزبیان فەرامۆشكردبوو و ڕۆڵێكی یەكاڵاكەرەوەیان لە بەرهەمهێنانی تیشكەكانی بزووتنەوەى مانگرتندا گێڕا.

بەدرێژایی ڕێپێوان، پەرتەوازەبوون و دابڕان سەری لە بەلشەڤییەكان شێواندبوو. كاتێك شورای پیترۆگراد دەسەڵاتی سیاسیی بە بۆرژوازیی دا لە یەكی مارس، لەو دوانزە بەلشەڤییەى كۆمیتەى جێبەجێكار یەك دانەیان ناڕەزایی دەرنەبڕی. كاتێك بەلشەڤییە چەپەكان گوتیان دەبێت فۆرمی حكومەت شورایی بێت، تەنها 19 دەنگی هێنا، زۆرینەى بەلشەڤییەكان بەدژی دەنگیان دا. لە پێنجی مارس، كۆمیتەی پیترۆگرادی پشتیوانیی شورایی بانگی كرێكارانی كرد بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، تەنانەت هەشت سەعات كاركردن لە ڕۆژدا، لەسەرەكیترین خواستەكانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕبوو، تازە بەتازە خەریك بوو دادەمەزرا.

ئیدارەى حزب لەژێر دەسەڵاتی شلیاپنیكۆڤ گوازرایەوە بۆ نزیكی ڕادیكاڵەكان لە ڤایبۆرگ، هەر ئەو ئەكەسەى بانگەشەى بۆ بەڕێوەبردنی شورایی دەكرد. بەڵام كاتێك كامینڤ، ستالین و مورانۆڤ لە دوورخرانەوەی سیبریا گەڕانەوە و دەستیان بەسەر ئیدارەى حزبدا گرت لە 12ی مارس، سیاسەتەكانی حزب زۆر بەخێرایی بەرەو ڕاستگەرایی وەرچەرخان – لەپێناوی نزیكبوونەوە لە مەنشەڤییەكان و ڕابەرانی ئێس ئاڕەكان و زۆرێك لە خەباتگێڕانی ناو كارگەكان تووڕە بوون، و هەندێكیشیان وازیان هێنا.

لینین بەتەواوی توڕە ببوو. لە 7ی مارس، لە سویسراوە دەنووسێت “حكومەتی نوێ هەرلەپێشەوە كۆت و بەندكراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و بووەتە ئامانجی سەرمایەى ئیمپریالیستیی، لەلایەن سیاسەتی ئیمپریالیستییەوە بۆ جەنگ ئامادە كراوە و بەزەبر تاڵانكراوە”. بەپێچەوانەوە، كامینڤ لە پراڤدا، لە 15ی مارسدا دەنووسێت “خەڵك ئازاد بوون و بەشێوەیەكی پتەو و بەهێز لە پۆست و پێگەكیاندان و گولە بە گولە وەڵام دەدرێتەوە، توێكڵیش بە توێكڵ”. لە كۆتایی مارسدا، ستالین باسی لە گرنگیی یەكگرتن لەگەڵ مەنشەڤییەكان كرد و گوتی حكومەتی كاتیی “ڕۆڵێكی بەهێز دەگێڕێت لە باڵادەستكردنی شۆڕشدا”.

لینین لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی خۆیدا بۆ وەرچەرخانیی ڕابەرایەتیی بەرەو ڕاستگەرایی، لە 30ی مارسدا، دەنووسێت كە بەباشی دەزانێت “بەخێرایی جیابوونەوە لە حزبماندا ڕووبدات، لەوانەیە هەندێك بچنە پاڵ سۆسیال-پلاتفۆرمیزمی كێرنسكی و هاوپەیمانانی”. هیچ یاساناسێك پێویست نەبوو تا قسەكانی لینین ڕوون بكاتەوە [واتا مەسەلەكە ڕوون بوو]. “كامینڤ دەبێت لەئاستی بەدیهێنانی بەرپرسیارێتیی مێژوویی-جیهانیدا بێت”.

جەوهەری لینینیزم لە 1905دا جەختكردنەوەی گشتیی بوو لەسەر بێ ئینتیمایی و بێ متمانەیی لیبراڵیزم وەك هێزی دژەشۆڕشگێڕیی و ڕەخنەى لە سۆسیالیستەكانیش دەگرت كە بەو ئاراستەیەدا دەركەوتوون. بەڵام فۆرمولەى لینین لە ساڵی 1905 بۆ حكومەتی كاتیی شۆڕشگێڕ هێشتا گواستنەوەى بوو بۆ دەرەوەى شۆڕشی بۆرژوازیی یان ئەوەى لەوكاتەدا پێیدەگوت “ئایدیای پووچ و شێوە ئەنارشیستیی” ترۆتسكی بۆ “شۆڕشی سۆسیالیستیی”. كەچی ئێستا لینینش شەخی خۆی ڕۆیشتووە بەرەو ئەم ئایدیا پووچە بۆ سۆسیالیزم كاتێك بەلشەڤییە پیرەكان بەشێوەیەكی ناتێگەیشتوویی [لەكاتی گەڕانەوەیدا] دەڵێن بەرەو ترۆتسكیزم ڕۆیشتووە .

دەستەیەكی بچووكتر لەچەند ڕێگایەكی كودەتاوە لە سەرەتای مارس دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت – گروپێكی بچووكی هەڵنەبژێردراو دەسەڵاتییان برد لەپێناوی ئامانجە چینایەتییەكانیاندا. دوو جیاوازی سەرەكیی بوونیان هەیە. یەكێكیان حزبی جەماوەری كرێكار بوو كە ماندوونەناسانە خەباتی بۆ بەرژەوەندییەكانی دەكرد. دووەمیان، شوراكان بوونیان هەبوو.
لەو كاتەدا شۆڕشی ڕووسیا تەنها دەستیپێكردبوو.

———————-
1- واتا كاتێك پێش شۆڕشی شوبات و لەسەروەختی شوباتیشدا ترۆتسكی بانگەشەى بۆ شۆڕشی سۆسیالیستیی دەكرد بەڵام ستالین و كامینڤ و چەندانی دیكەى ناو بەلشەڤییەكان و هەروەها مەنشەڤییەكان و ئێس ئاڕ و لیبراڵەكانیش دژی بوون، لە نیساندا لینینیش كە لەتێزەكانیدا ئەم قەناعەتە ڕادەگەیەنێت دەڵێن بووە بە ترۆتسكیست(وەرگێڕ)

——————————
وێنەی نووسەر: كەڤین مورفی
kaven




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و وویستی ئۆلیگارشی…3 …


به‌شی سێیه‌م / هه‌شت به‌ش
به‌شی سێیه‌م

دەوڵەتی نیشتمانی و خۆش باوەڕی ووردە بۆرژوازی :

دەوڵەت بە پێی پێناسەی سیاسی و جیۆسیاسی , پێكدێت , لە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی زەوی , یان جوگرافیایەك , كە گەلێك یان كۆمەڵێك كەس , لە ژێر سایەی سیستەمێكی سیاسیدا , تێدا دەژین . جا دەوڵەت ناوی دەوڵەتی نیشتمانی , نەتەوەیی , لیبراڵی , یان هەر ناوێكی تری هەبێت , كۆمەڵێك لە دەسەڵاتدان , كۆمەڵێكی زۆری كۆمەڵگا دەخاتە ژێر كاریگەری بیر و بڕوا و سیاسەت و ئامانجەكانی خۆیەوە , دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی ئەسەپێنێت بەسەریدا و جیاوازی چینایەتی , ئابووری , سیاسی , كۆمەڵایەتی بەرجەستە دەبێت ، دوو چینی دژ بە یەك و جیاواز دروست ده‌بێت .
جۆرێكی تر ژیانی ڕكابەری و دژایەتی دروست دەبێت لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵدا , دەسەڵات لە ڕێگەی دەزگای پۆلیس و هێزی سەربازی و هەواڵگرییەوە , جەبەروتی دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانیان دەكەن و به‌م هۆیه‌وه‌ ناعەدالەتی بەرجەستە دەبێت .
دەوڵەتی سەرمایەداری , كرێكاری یان نیشتمانی , نەتەوەیی و بە هەموو جۆرەكانیەوە , زاڵكردنی دەسەڵاتی كۆمەڵێكە بەسەر كۆمەڵێكی تردا , چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێکه‌ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێکی تره‌وه‌ بەڵام لە دەوڵەتی كرێكاریدا , هه‌وڵی لە پێناوی فەوتان و لەناوبردنی خۆی وچینه‌کانی تردا دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیاوازییەكی گەورە و بنەڕەتی هەیە لەگەڵ جۆرەكانی تردا . سەرەتای دەركەوتنی دەوڵەت , دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دوو چینی جیاواز و دژ به‌ یەكتری , واتە “دەوڵەت بەرهەمی ململانێیەكی ئاڵۆزی چینایەتی یە” (11)
ململانێكان لە مێژوودا , بە پێی كات و سەردەمەكەی و فۆرمی دەسەڵاتەكەی دەگۆڕێت و توندوتیژی زیاتر یان كەمتر ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە كە ململانێ‌ لە نێوان چینەكاندا هەیە .” دەوڵەت بەرهەم و دەركەوتەی جیاوازی چینایەتی ئاڵۆزە , دەوڵەت بابەتیانە دروست دەبێت , بە پێی ڕێژە و مقداری جیاوازی چینایەتی , لە حاڵەتێكدا كە رێكەوتن لە نێوانیاندا ئیمكانی نییە , وە بە پێچەوانەوە , بوونی دەوڵەت , بەڵگەی ئەوەیە كە جیاوازی چینایەتی ڕێكەوتن دروست نابێت لە نێوانیاندا” (12)
ڕوودانی ئەمەش پەیوەندی بە هەموو ئەو جیاوازییەوە هەیە كە لە نێوان باڵادەستی و ژێر دەستەیی سیستەمەكاندا دروست دەبێت . كاتێك ده‌وڵه‌ت له‌ کۆنه‌وه‌ پشتگیری خاوەن سەرمایە و زەوییەكانی لە بەرامبەر كرێكارەكان یان جووتیارەكان , یان كۆیلەكان دەكات , ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بێت جیاوازییەكە فراوانتر و دژایەتیەكانی توندتر دەبێت و ده‌کات .
دوای ئەوەی سیستەمی كۆمۆنی سەرەتایی ووردە ووردە دەگۆڕێت بۆ کۆبوونه‌وه‌و دروست بوونی هاوخوێنی و په‌یوه‌ندی عه‌شایه‌ری، کۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت لە هاوبەشییەوە بۆ ئیشكەر و بەرخۆر, بۆ دەسەڵاتدار و سەیركەر, بۆ خاوەن مەڕ و ماڵات و بەخێوكەری وه‌ک شوان و گاوان , بۆ شه‌ڕکه‌ر و به‌رده‌سته‌کان ، ئه‌مانه‌ش سه‌ره‌تای دروست بوون و به‌رجه‌سته‌ کردنی کۆیلایه‌تی و کۆیله‌داریه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا، ئه‌مه‌ش سەرەتایی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تاییه‌ , ئه‌مانه‌ش بوونه‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی سیستەمی سیاسی و دەوڵەتی لێوە پێكهات.
“یەكەم هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت , بە تێكشكانی پەیوەندی خێلەكی (عەشائیری) دەست پێدەكات , ئەویش بە دابەشبوونی ئەندامانی هەموو خێلێك بۆ ئەندامی باش و خراپ ( جیاواز لە ڕووی دەور و كاریگەریان بەسەر پەیوەندی خێڵەكانیانەوە) و بەم دابەشبوونە , بەپێ‌ ی ڕۆڵا و كاریگەریان , بە پێ‌ ی جۆری كارەكانیان بۆ دوو چین دابەش دەبن , ئەمەش پاڵ بە هەندێكیانەوە دەنێت , كە دژایەتی كۆمەڵێكی تریان بكات”(13)
سەرچاوەی دروستبوونی دەوڵەت , دژایەتی و لێك جیاوازی چینایەتی یە , لە كۆنەوە هەتا ئێستا , دژایەتیی و جیاوازییەكانی , فۆرمی حیاوازییان وەرگرتووە , بەڵام لە ناوەڕۆكدا كێشە و ململانێی دەسەڵاتدار و رەعیەت بووە . ئیتر دەوڵەت لە له‌ڕابردوو ئێستادا نیشتمانی بێت یان لیبراڵی , لیبراڵ دیموكرات , سۆشیال دیموكراتی , مەسیحی , ئیسلامی , جوو و یان نەتەوەیی ، هەمان پێكهاتی سیاسیان هەیە و , چەوسانەوە و بێ‌ مافیش سیمای حكومڕانیەكانیانە .
دەوڵەتی نیشتمانی , جیاوازی ئەوتۆی لەگەڵ جۆرەكانی تردا نییە , بەڵام دەوڵەتێك كە ئابووری و سەربازی و سیاسی باڵادەستە بەسەر دەوڵەتەكانی تردا , بێجگە لەوەی كە دەوڵەتە بچووكەكان دەكەونە ژێر هەژموونی سیاسی و ئابوورییەكەوە , مامەڵەی خاوەندار و ڕەعیەت لەگەڵیاندا دەكەن , ئەمەش قورسایی لەسەر شان و ڕەنجی چینێكی پان وبەرین لە كۆمەڵگای ئەو دەوڵەتانەدا دادەنێت , وەنەبێت ئەم قورسایی یە نه‌كەوتووبێتە سەر شانی چینی كرێكار لە ووڵاتەكانی خۆیاندا . لە نیزامی سەرمایەداریدا ده‌وڵه‌ت لەهەر شكڵ و شێوەیه‌کدا بێت , خزمەت بە چینی باڵادەست و خاوەن سەرمایە دەكات .

ئەگەر مەسەلەكە كێشانی سنووری دەوڵەت بێت , ئەوا ئەمە خواست و ویستی چینی سەرمایەدارییە, جیاوازیش لە نێوان نەتەوەكاندا كە دروست دەكرێت ئەمەشیان هەر لەبەرژەوەندی ئەوان و خواستی سیاسی و ئابووریانی لەسەرە . كێشەش لەسەر لابردنی و چارەسەری مۆنۆپۆڵاتی ووڵاتانی گەورە ئیمپریالیستی بێت لەسەر سەرمایەی نیشتمانی بۆررژوازی , له‌ ووڵاتەدواكەوتووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودونیادا , ئەوا دەوڵەتی نیشتمانی و بۆرژوازی نیشتمانی لە دەسەڵاتدا ناتوانێت كەمێك لە ئازارو مەینەتیەكانی كرێكاران و زەحمەتكێشانی ئەو ووڵاتانە كەمبكاتەوە .
كێشە و ململانێكانی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیست و دەوڵەتە نیمچە سەرمایەدارە دواكەوتووەكان و سەرانە سینەكان, ناتوانێت لە ڕاستیی و ڕەوایی ململانێكانی ناوخۆی وجیهانی نێوان خاوەن سەرمایە و كرێكاران وزەحمەتكێشان كەمبكاتەوە , , هەروەكو لینین لە پێشەكی یەكەم چاپی كتێبی ((دەوڵەت و شۆرش))دا بۆ ڕابردووی ئەو كاتە باسی كردووە و دەڵێت “لە كاتی ئێستادا پرسی دەوڵەت , گرنگیەكی تایبەتی بۆ خۆی بەدەست هێناوە , لە لایەنی تیۆریەوە بێت , یا كرداری سیاسیەوە , جەنگی ئیمپریالیستی (مەبەست جەنگی جیهانی یەكەمە) توندی وخێراییەكی هەتا ئەوپەری داوە بە گۆرانی سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی مۆنۆپۆڵی , ئەو زوڵم و زۆرە ناڕەوایەی كە بە بەری جەماوەری ئیشكەرو زەحمەتكێش دەبڕێت لەلایەن دەوڵەتەوە,كە توند و توندتر تێكەڵ دەبێتەوە لەگەڵ یەكێتیە سەرمایەدارییەكانی خاوەن دەسەڵات , تا دێت زۆرداریەكە زیاتر و زیاتر دەبێت , دەوڵەتە پێشكەوتووەكان مەبەست (ئەمانەی دواییە), بە نیسبەت كرێكارانەوە دەگۆڕێت بۆ سجنێكی سەربازی لەكاری تاقەت پڕوكێن “(14).

بۆرژوازی نیشتمانی , لە ووڵاتەكانی خۆیاندا هیچ نییە بێجگە لە ناو نیشان و شاردنەوەی كۆمەڵێك مەرامی ئابووری و خۆپەرستی سەرمایەدارییانە نەبێت , ئەگینا هەر ململانێیەك كە لەگەڵ سەرمایەی جیهانی دەیكات , یا بە ناوی ئەوەی كە چەقۆی ئەوان لەسەر ملی هاووڵاتیانی ووڵاتەكەیان لادەبات , هیچ نییە جگە لە درۆیەكی باڵدار . چونكە لە ئێستادا , سیستەمی بەناو جیهانگیری , ئەو دەمامكەی ئەوانی هەڵماڵیوە و , درۆ و دەلەسەكانیان , ڕسوای ناو سیاسەتی ناوچه‌یی و جیهانی كردووە , لەبەر ئەوەی دەستیان لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ كردووە و خزمەتی یەكتری پێدەكەن . ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی بەناو جیاوازییەوە , پرسەكانی وەك پرسی نەتەوایەتی, بە ئامانجی چارەسەری لە لایەن خۆیانەوە بەیان بكەن , بەڵام ئەمە جیاوازە و لە هەلومەرجی ئێستادا , ئابووری سەرمایەداری مۆنۆپۆڵی و ئۆلیگارشی دارایی جیهانی , بۆ ووڵاتە دروستبووەكانی ڕابردو و ئێستا , مانا و دەلالەتی جیاواز لە خۆ دەگرێت .
لەسەردەمانێكدا ئەوروپا سەرچاوەی جیاوازی ئایینی و دژایەتی نەتەوایەتی بووە و , سەردەمانێك ئاریایی یان ئەوروپای بوون و سامی بوون , یان ڕۆژهەڵاتی ڕۆڵێكی گەورەی لە دژبەری بیینیوە و جیاوازییان خستووەتە نێوان خۆیان وئەوانی ترەوە . له‌ ئێستاشدا ئەو جیاوازییە فۆرمی تری وەرگرتووە و بە سوود و قازانجی خۆیان بەكارییان هێناوە ده‌هێنن , دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت یان نەیتوانیوە , كۆتایی بە پرسی نەتەوایەتی بهێنێت و مافی سیاسی و ئابووری کرێکاران دابین بکات و بەتەواوەتی بنەبڕی كێشەکان بكات , لە زۆرترین شوێن ولەكاتە جیاوازەكاندا داڵدەی ململانێیان داوە و كێشەكەیان قوڵتر كردووەتەوە لە نێوان نەتەوە جیاوازەكاندا . لە ئەوروپادا بێجگە لە ووڵاتی سویسرا كە ئەویش بە هەلومەرجێك لە ڕابروودا و لە بڕیارێكی نێو دەوڵەتی لە ساڵی 1891ز دا بووە ووڵاتێك كە بێلایەن بێت و لە كێشە نێودەوڵەتیەكان دوورخرایەوە و هیچ جەنگ و ململانێیەكی نێوان دەوڵەتەكان كاریگەری لەسەردا نەنێت . هەربۆیە لەو ووڵاتەدا كێشەی نەتەوایەتی بوونی نییە لە دواتردا زیاتر ڕوونیان دەكەینەوە . ئەگینا كێشەی نەتەوایەتی لەناوخۆی ئەو ووڵاتانەی كە نەتەوەی جیاوازی تێدایە و لەسەر ئاستی هەرێمایەتی یان لە ئاستی جیهانیشدا , ئەو كێشەیە بە شێوە و پراكتیكی جیاواز داڵده‌ ده‌درێت و لە برەودایە . كرێكاران لە ئەوروپادا خۆی لە هاوچینە ڕەش پێست و , قژ ڕەش , و چاو ڕەشەكان , و لە كرێكارانی ئەفریقایی و ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتی و …. به‌ دژوو جیاواز دەبینێت .

“تەنها بەپێ‌ی بەرژەوەندی دەوڵەتەكەی ئەوان نییە , لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەوانەی كە ناو ئەبرێن بە دەوڵەتە گەورەكان, ماوەیەكی زۆرە , كۆمەڵێك لە گەلە بچووك و لاوازەكانیان كۆیلە و ژێر دەستە و وەبەرهێنانیان تیاداكردووە لە به‌رژەوەندی خۆیان . جەنگی ئیمپریالیستی جەنگێك نییە , بێجگە لە جەنگ لە پێناوی دابەشكردن و دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو جۆرە لە تاڵانی كە دەستیان دەكەوێت . تێكۆشان لە پێناوی ڕزگاری جەماوەری هێزی كار , لە دەسەڵاتی بۆرجوازی بە شێوەیەكی گشتی و بۆرژوازی ئیمپریالیستی بە شێوەیەكی تایبەت , مەحاڵە بە بێ‌ تێكۆشان دژی وەهم و خۆشباوەڕی هەلپەرستەكان لە پێناوی ((دەوڵەتدا))” (15).

هەروەها چارەسەری نەتەوایەتی لای ڕابەرانی كرێكار و زەحمەتكێشان كردەیەكی تاكتیكی یەو , مانایەكی ستراتیژی ناگرێتە خۆی , بەڵام دەبێت سیاسەت و پراكتیكێك بەرجەستە بكات ,ئەگەر ڕزگاری نیشتمانیش بێت بخاتە دەستوری كارییەوە لەو ناوچانەی كە كێشەی نەتەوایەتی هەیە , بە ئاقاری چارەسەریدا ببات , و ئەنجامی ئەرێنی بۆ ئەصلی مەسەلەی چینایەتی لێبكەوێتەوە , دەبێت ئەوە بكات كە كۆتایی بە پرسەكان بهێنێت . ئەگەر داگیركاریش نەبێت لە لایەن وولاتانی ترەوە و هەروەها لە ناوخۆشدا دەبێت كۆتایی بە بیرو بۆچوونی هەوادارانی بۆرژوازی نیشتمانی بهێنرێت , لە لایەكی تریشەوە , نابێت ڕێگری لە بۆرژوازی ناوخۆ بكرێت , ئەگەر هەوڵی چارەسەری پرسەكەیان دا . لەگەڵ ئەوەشدا لەم كاتانەدا ئه‌وان بە باری بەرژەوەندی خۆیان كێشەكە یەكلایی دەكەنەوە , لەبەر ئەوە دەیانەوێت لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی دیاریكراودا , لە ڕێگەی تاڵان و بڕۆی سەرمایەی ووڵاتەوە, پارێزگاری لە سەرمایەكەیان بكەن و لە هاڕین و لەناوچوون خۆیان ده‌رباز بكەن . زۆر جار ئەم بۆچوونانە كرێكارانی پێهەڵئەخەڵەتێنرێ و هانیان ئەده‌ن له‌ چوارچێوه‌و لە پێناوی جێبەجێ‌ كردنی میتۆدۆلۆژیەكی بۆرژوازیدا بیر بكەنەوە . ئەمەش لە ڕێگەی ئەو بڕواوبۆچونانەی كە ووردە بۆرژوازی فەلسەفاندنی لەسەر دەكات , گوایە هەتا نیشتمانەكەی لە چنگی كۆڵۆنیالچییەكان ڕزگار نەبێت , بەها بۆ جووڵانەوەی چینایەتی پرۆلیتاریا دروست نابێت , و مانایەكی دیفاكتۆی نابێت . لەگەڵ ئەوەی ووردە بۆرژوازی بە قازانجی سەرمایەداران, دەستی داوەتە خەڵەتاندنی ئەندامانی كۆمەڵ لە ووڵاتەكانیاندا , ناتوانن چارەسەری كێشەی ئابووری و سیاسی و ڕزگاری لە وابەستە ییان بە سەرمایەداری جیهانییەوە بكەن , لە ژێر هەژموونی كۆمپانیا فرە ڕەگەزییە گەورەكانی جیهان و مۆنۆپۆلی سەرمایەی ووڵاتانی ئیمپریالیستی بێنە دەرەوە . چونكە ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ کێشه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌ زۆرترینیان ئەو ووڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن , ئابووریه‌کانیان دواكەوتوون و ناتوانن سەربەخۆ لە ئابووری جیهانی ئەرك و فرمانی خۆیان جێبەجی بكەن . لەبەر ئەوە دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ته‌واو و بنجبڕی پرسەكان بێت كە بەرۆكی كۆمەڵگاكەیانی گرتووە ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دروست بوونی هه‌ر جۆرێک له‌ ده‌وڵه‌تی نیشتمانی له‌ ووڵاتانێک که‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌یه‌ ، ئه‌بێته‌ هۆی چوونه‌ پێشه‌وه‌ی هه‌نگاوێک ، ئیتر هێز و ئینرێژی خه‌باتی سیاسی و فکری چینی کرێکارانی بۆ خه‌رج ناکرێت .

“خەڵكانێك وا تێیدەڕوانن كە هەنگاوێكی گەورە چوونەتە پێشەوە , وە بە ئازایەتیەوە خۆیان لە بڕوابوون بە پشتاوپشتی پاشایەتی ڕزگاركردووە و بوون بە لایەنگری كۆماری دیموكراتی , بەڵام لە ڕاستیدا , دەوڵەت هیچ نییە بێجگە لە دامودەزگایی سەركوت كردنی چینێك لە لایەن چینێكی ترەوە, وە ئەمەش بۆ كۆماری دیموكراتیش ڕاستە , بەهەمان پلە كەمتر نییە , لەو ڕاستیەی كە بۆ پاشایەتی ڕاستە ..” (16).
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا , پرسی نەتەوایەتی كورد , لەهەر شوێنێك بێت و لە هەر كات و ساتێكدا بێت , پێویستە وەڵامێك وەرگرێت و چارەسەر بكرێت. به‌ڵام زۆرترین کات ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازی و سەرمایەداران , بە ناونیشانی دەوڵەتی نیشتمانییەوە و ‌ چارەسەرنه‌كردنی كێشەكانیان , كرێكاران لە ناوچەكە و دنیا لێك دابرێت , لەگەڵ ئەوەی دەبێت , بە كردەوە بۆ نزیك بوونەوە و , هەمەئاهەنگی نێوان نەتەوەكان و دژایەتی نەتەوەكان بگۆرێت بۆ دژایەتی چینایەتی , ببێته‌ هۆی كۆتایهێنان بەو ئازارانەی كە سەرمایەداری خستوویەتە جەستەی كرێكارانی ووڵاتە جیاجیاكانی جیهانەوە .
لێرەدا دێینە سەر پرسیارێك , ئەبێت ئەو داواكارییە چی بێت , كە ووردە بۆرژوازی بۆ پرس وخواستی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی لە كوردستاندا ده‌یکات ؟!
ئایا چارەسەرەكە دامەزراندن و جێگە ورێگەی دەوڵەتی نیشتمانیە , بۆ مافی یەكسانی نەتەوەكان؟ یان ئەمە كردنەوەی گرێیەكە لە گرێ‌ كوێرەكان ؟! بێگومان نەخێر وەڵام دەوڵەتی نیشتمانی نییە , چونكە داخوازییەكان و جێیەجێ‌ كردنی مافەكانی كرێكاران لەم جۆره‌ دەوڵەتانەدا جێگەی نییە .

ووردە بۆرژوازی و چه‌پی وورده‌بۆرژوازی بەم شێوەیە باس لەخواستی نەتەوەیی دەكات (وەزعیەتی ناسك و ترسناكی ئەمڕۆی كوردستانی عێراق لە پایەیترین ئاستدا بە هۆی دوو واقعیەتی بناغەییەوە , یەكەم مەسەلەی كورد وەك , مەسەلەیەكی میللی چارەسەرنەكراو نەك تەنها لە عێراقدا بەڵكو لە ناوچەكە هەموویدا , دووەم , شەڕی عێراق وئەمریكا و بە دوای ئەودا نادیار بوونی جێگەو ڕێگەی حقوقی –سیاسی وە پێناسەی دەوڵەتی (نیشتمانی) كوردستانی عێراق.) (17).

ئەم جۆرە بۆچوونە ئەوە دەگەیەنێت كە ووردە بۆرژوازی بە دوای فرسەتێكەوەیە پلاتفۆرمی دەوڵەتی نیشتمانی تێدایە بەرز بكاتەوە , هەروەكو پێشتر لێی دواوین , ووردە بۆرژوازی بتوانێت بەو هۆیەوە پارێزگاری لە پێگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆی بكات . لە لایەكی تر لایان وایە جێگای باسكردن لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی , كاتێك دەبێت كە زوورفێكی دژوار هه‌بێت بۆ ئەونەتەوەیە ، یان هه‌لوومه‌رجی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی دژوار و ناله‌بار له‌ ئارادابێت . ئەمەش بە بڕوای من نابێت مەرجی باسكردن و تێكۆشان بێت لەسەر پرسەکه‌ , ئەویش لەبەر ئەوەی نا كە نەتەوەی ژێر دەستەی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌رمایه‌داری نەتەوەی زۆردارە , وا تێی بڕوانیت بیربکه‌یته‌وه‌ لەبەر ئەوەی زرووفەكەی لەبارە بۆ باسكردن , ئه‌و کاته‌ کاتی چارەسەری سیاسی كێشەی نەتەوەكەیە . بەڵكو دەبێت لەهه‌ر كاتێکی تریشدا بێت , ئەو پرسە تێروانین و بۆچۆنی زۆر زانستیانەی لەسەر بكرێت و تاكتیكی چوونە پێشەوەی خەباتی چینایەتی چینی كرێكار بێت . ئەوە ئەو مێژوویە لە دژایەتی و بێ‌ مافی نەتەوەیەك لە لایەن نەتەوەیەكی ترەوە (( مەبەست لە دەسەڵاتدارانە)) ، بڕیار لەسەر خەبات لە پێناوی بە دەست هێنانی مافی نەتەوەكان دەدات . ئەركی سەرشانی كرێكاران و كۆمۆنیستەكانە , كە بە تێۆر وپراكتیك وەڵامی بنج بڕ بدەنەوە بە پرسەكە , بەپێ‌ی بوون و شوێن وكاتی كێشەی نەتەوایەتی , ڕێگە چارەی تەواوەتی بۆ دەدۆزرێتەوە , وە بە پێ‌ی پێویستی چارەسەرییەكەیە , دەست بۆ هەڵوەشانەوەی كێشەی نەتەوایەتی دەبرێت ، ده‌خرێته‌ ده‌ستوری کاره‌وه‌ .
“دەوڵەتێكی میللی (الشعبیە) ئازاد گۆراوە بۆ دەوڵەتێكی ئازاد , لەو حاڵەتەدا دەوڵەتی ئازاد , بە پێی مانای زمانەوانی ئەو دوو وشەیە , دەوڵەتێكی ئازادە بەرامبەر دانیشتوانەكەی , دەوڵەتێكە لە ئەنجامدا حكومەتێكی سەركوتكەری تێدا دروست دەبێت” (18).

بە پێ‌ی بۆچونەكانی ووردە بۆرژوازی بێت , بە ناوی ئینسان دۆستی , كاوێژی یاسا و ڕێساكانی مافی مرۆڤ و سیاسەت و ئامانجی لیبراڵی دەكەنەوە , ناتوانن دڕ بە سەردەمی ڕابردوو بدەن و سەردەمێكی نوێ‌ بهێننە ئاراوە . نەتەوەی كورد , لەسەردەمەكانی ڕابردوودا و لە هەلومەرجی ئێستای ڕژێمەكانی عێراق و توركیا و سووریا و ئێراندا , ژیانێكی سروشتی مرۆڤانەیان بەسەر نەبردووە , ئەگەر لێره‌ و لەوێ‌ شتێكی بچووكی ممارەسەی كەلتوری و زمان و هەندێك عادات و تەقالیدیان كردبێت , ناكاتە ئه‌وه‌ی ماف و ئازادی سیاسی هەبووبێت . بە بڕوا و بۆچونی ماركسیانە , هەلومەرجی ژیانی نەتەوەكان , شایەنی ژیانی ئازادی سیاسی و پرۆسیسكردنی ئەرك و مافەكانی دەوڵەتدارییە , به‌ڵام بۆ ماوه‌و کاتێکی دوور و درێژ نا ، ئیتر هەلومەرجەكانی هەر چۆنێك بێت , دەبێت كۆمۆنیستە زانستیەكان و شۆرشگێرەكان شیعاری (دروشمی) چارەسەری کێشه‌ی نەتەوایەتی هەڵبگرن و چارەی بنەڕەتی بۆ بكەن . نەوەكو بۆرژوازی و حیزبەكانیان بەناو نەتەوەیی, ناونیشانی چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی , بۆ مەرامی سیاسی و ئابوری خۆیان بیكەنە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان و ڕەوتی ڕزگارییەكە بکه‌نه‌ قوربانی چەردەیەك پارە و بازرگانی پێوە بكەن . ئەگەر كێشەی نەتەوایەتی هەبوو , پێویستی بە لابردن و چارەسەری هەیە , ئەگەر چاره‌سه‌رییه‌که‌ هه‌تا دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازیشی لێبكەوێتەوە , چونكە ” هەموو دەوڵەتێك بریتی یه‌ له‌(هێزێکی تایبه‌تی سه‌رکوت کردن) ی چینی سته‌م لێکراوه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێک نە ئازادە و نە میللی یە ” (ئەئكیدەكان هی لینینە) (19).

هەر لەبەر ئەوەیە پرسی ڕزگاری نیشنمانی , مەسەلەی فێڵ و تەڵەكەی بۆرژوازی نەتەوەیی ژێردەست و وابەستەی ئابووری كارتێل و ترۆستە داراییەكانی جیهانە و ناتوانێت لە سیاسەت و ئابووری ناوخۆی ووڵات دەست لە چەوسانەوەی كرێكاران هەڵبگرێت و سەرمایەگوزاری لە هێزی كارییان نەكات . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانێت دەست لە هەموو ئەو پەیوەندنامە كۆنەپەرستانەی كە لەگەڵ سەرمایەدارانی نەتەوەیی لەسەر دەسەڵات و ئیمپریالیزم بەربدات و دژایه‌تی سه‌رمایه‌گوزاری له‌ هێزی کاردا بکات . لەبەر ئەوە داواكارییان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی , داواكاری بۆرژوازی و ووردە بۆرژوازی كۆمپرادۆری نەتەوەی ژێر دەستە ، دژی سه‌رمایه‌گوزاری بۆرژوازی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ . چونكە دەوڵەتی نیشتمانی ناتوانێت تەواوی گرێی ئەو كێشە گەورەیە بكاتەوە , كە چەوسانەوەی كرێكارانی خۆ ووڵاتی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌ , تەنها یەك لایەنە مافەكانی بە جێدەگەیەنێت , ئەویش ڕزگاری نەتەوەیه‌كە لە ژێر دەستی دەسەلاتدارانی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات , ئەمەش تەنها دەبێتە هەنگاوێك بۆ ئامانجێكی فراوانی تری چینایەتی .
دەوڵەتی نیشتمانی , كە جەنابانی ڕیفۆرمیستەكانی پرسی نەتەوایەتی ، ووردە بۆرژوازی كۆمپرادۆر و چینی ئۆلیگارشی و حیزبەكانیان داوای دەكەن , ناتوانێت بۆ تەنها ساتێك دەستی زوڵم و زۆری دەسەلاتداران لە رێگەی “سووپا و پۆلیس كە دوو دار دەستی سەرەكین بۆ هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت” (20). لەسەر خەڵك و بە تایبەتی لەسەر كرێكاران لاببەن.
ناوەڕۆكی دەوڵەت گۆرانی بەسەردانایەت , چونكە دەستی دەوڵەت كۆتا ناكرێت لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی , كۆمەڵایەتی ئه‌و نەتەوانه‌ی كە دەوڵەتیان پێكهێناوە . ناوەڕۆكی دەوڵەتی نه‌ته‌وه‌یی كە یەك نەتەوەی یان زیاتری تیادا ده‌ژێت , لەگەڵ ناوەڕۆكی دەوڵەتێكی تری نیشتمانی كە چەند نەتەوەیەكی تێدایە , جیاوازییەكی ئەوتۆ دروست ناكەن , ئه‌گه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌کان و که‌مایه‌تیه‌کانی تری ئایینی و مه‌زهه‌بی تیادا پارێزراو نه‌بێت . بۆرژوازی نیشتمانی , یان بۆرژوازی بێگانە یەك ئامانج و بڕوای ئابووری سیاسییان هەیە .
“لە لایەن هەموو فەیلەسوفەكانی مافی دەوڵەت , بۆچوونەكانیان لە بنیاتنانی دەوڵەت سەرچاوە دەگرێت لە غەریزەوە – بۆ نموونە , ئاوات , خۆشگوزەرانی , یان تەنانەت لە عەقڵەوە , بەڵام لە عەقڵی كۆمەڵایەتیەوە نا , بەڵكو لە عەقڵی تاكەكەسەوە . بەڵام فەلسەفەی نوێ‌ , كە پەیوەستە بە بۆچوونی تیۆری زیاتر نموونەیی و قوڵتر , ئەوا بنیاتنانی دەوڵەت لە بیری گشت (الكل) سەرچاوە دەگرێت . كە لایان دەوڵەت بریتی یە لە ئەندامێتیەكی مەزن , كە پێویستە ئازادی ماف و ئەخلاق و سیاسەتی تێدا بێتە دی . بۆ زانیین ئەو هاووڵاتیەی ملكەچ دەبێت بۆ یاساكانی دەوڵەت , ملكەچی یاسا سروشتیەكان دەبێت , بە تایبەتی یاساكانی عەقڵی خۆی , یاساكانی عەقڵی مرۆڤایەتی. ” (21).
چارەسەری كێشەی نەتەوایەتی , بەهرەمەندبوونی كرێكارانی نەتەوەكانە ,لە سیستەمی سوسیالیستی زانستی , لەبەر ئەوەی ئه‌و سیسته‌مه‌ وەڵام بە هەموو لایەنەكانی ژیانی كرێكاران دەداتەوە , یەكسانی و بەهەرەمەندبوون لە توانای ئابووری و بەدەست هاتووەکانی وهاومافی و دادپەروەری , پێشخستنی ژیان لە هەموو ڕوویەكییەوەیه‌ . چونكە ئەگەر دەوڵەتیش بۆ نەتەوەكانی ژێر دەست دروست بێت , كە كارێكی خراپ نییە, هێشتا پرسی نەتەوایەتی و ملمڵانێی ناوچەیی و جیهانی نەتەوەكان , بەهۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە كۆتایی نایەت . چونکه‌ بەهۆی دروستكردنی سەرچاوە و بەرژەوەندی ئابووری جیاوازی جوگرافیا جیاوازەكانی ئابووری سەرمایەداری , جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تی هۆکارو به‌ڵگه‌ی مانه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌ . واتە دەوڵەتی نیشتمانی دەوڵەتی خۆشباوەڕی ووردە بۆرژوازییە , لەبەردەم ڕێگە چارەی نەتەوایەتیدا , لەگەڵ ئەوەی هەوڵێكە بۆ چوونە پێشەوەی هەنگاوێك لە كۆی داخوازییەكانی كرێكارانی نەتەوەیەكی ژێر دەستە بە ئاڕاستەی جارێكی تر بیر نەكردنەوە لە كێشە و ململانێی نەتەوەیی له‌ خه‌بات لە ناوخۆی ووڵاتەكەیاندا , بەهۆی ئەوەی “جارێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ ئه‌و شوێنەی كە دەستمان پێكرد , بنەڕەتی دەوڵەت بریتی یە لە ناوەندێتی, لەگەل ئەوەشدا بە شێوەیەكی حەتمی پەیوەستە بە دیسپلینی ناوەندەوە , ناچاریدەكات , دەوڵەت لە چوار چێوەكەی خۆی دەربچێت , خۆی ئەچەسپێنێت بە شێوەی گشتی و باڵا و كۆتا . خۆی وا دەردەخات كە ڕاستە , ئەم هەلومەرجەش تەنها تایبەتە بە مێژووەوە . وەكو دەخوازرێت دەوڵەت ئازادی ڕەها بەدی نا هێنێت ، لەم حاڵەتەدا . ئەو دیالێكتیكەی كە پێشتر ئاماژەی پێكراوە , بۆتێگەیشتنی دەوڵەت كرداری نییە , دەوڵەت تەنها ئازادییەكی بابەتییە , ئازادی ڕاستەقینەی , خود ,كە هاوتای ئازادی ڕەهایە , لە پێناوی جێبەجێكردنیندا پێویستی بە شێوازێكی تر هەیە بێجگە لە دەوڵەت” (22).

…………………………………….
سه‌رچاوه‌کان :
11 : لینین، ألدولةوألثورة، دارألتقدم ، موسکو ، طبع في ألاتحادألسوفیتي ، ص6 .
12 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 8 .
13 : مارکس – أنجلس ،مختارات في أربعة أجزاء(ألجزءالثالث)،{ أصل العائلةوالملکیةالخاصة والدولة} ، دارألتقدم ، موسکو ، 1970 ، ص322 .
14 : لینین، ألدولةوألثورة، دارألتقدم ، موسکو ، طبع في ألاتحادألسوفیتي، ص3 .
15 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل4 .
16 : مارکس ، ألحرب آلاهلیة في فرنسا ،(مقدمة من قبل أنجلس ، عام 1891 ) ، دارألتقدم ، فرع طسقند ، طبع في ألاتحادألسوفیتي ، ص19 .
17 : مه‌نصوری حکمه‌ت ، له‌به‌رگری کردندا له‌ داخوازی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ، گۆفاری بۆپێشه‌وه‌ ، ژماره‌(21) ، 27 ی ئابی 1995 ، ل5 .
18 : مارکس- أنجلس ، رسائل مختارة ( 1844 – 1895 ) ، { رسالة من أنجلس إلى بیبل ، 18 – 28 آزار 1875 } ، دارألتقدم ، موسکو ، طبع في ألاتحادألسوفیتي، 1982 ، ص215 .
19 : لینین، ألدولةوألثورة، دارألتقدم ، موسکو ، طبع في ألاتحادألسوفیتي، ص24 .
20 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ص12 .
21 : مارکس – أنجلس ، بصدد ألدولة ،[ {من أفتتاحیة (kOLNISCH E ZEITUNG ؛ ألعدد 179 ) } ،کتب بین 29 حزیران ( یونیو) و 4 تموز (یولیو) 1842 .] ، ترجمة آلیاس شاهین ، ألاعداد و ألترجمة و ألفهارس – دار ألتقدم ، طبع في ألاتحاد ألسوفیتي ، 1986 ، ص28 .
22 : مارکس – أنجلس ، بصدد ألدولة ،[ من مقالة ، { ألمرکزة و ألحریة } ، کتب في النصف ألاول من أیلول (سبتمر ) ، 1842 ] ، ترجمة آلیاس شاهین ، ألاعداد و ألترجمة و ألفهارس – دار ألتقدم ، طبع في ألاتحاد ألسوفیتي ، 1986 ، ص33 .




سه‌باره‌ت به‌ ئاڵاكه‌ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

گه‌رمترین ڕووداوی ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بوو له‌ شاری كه‌ركوك، به‌جۆرێك كه‌ له‌سه‌ر ئاستی خیتابی هێزه‌كان، لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ك دروست بوو، به‌جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دامه‌رزاوه‌كانی شاری كه‌ركوك.
ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك شكنه‌به‌ین به‌بێ ئاڵا، ئه‌وا ئاڵایه‌كیش نیه‌ به‌بێ بوونی فكره‌ و تێڕونینێكی ناسیۆنالیستی له‌ جوگرافیا و خاكێكی دیاریكراودا، ناسیۆنالیزم و ئاڵا دوانه‌یه‌كن كه‌ به‌ ئاسانی له‌یه‌ك جودا ناكرێنه‌وه‌. به‌مانایه‌كی تر بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵا پێویستمان به‌ فكره‌ی ناسیۆنالیزم له‌لایه‌ك و ماڵێكی توكمه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌. ڕونتر بڵێین،وه‌ك چۆن ناسیۆنالیزم به‌بێ ئاڵا وه‌ك سیمبوڵێك ده‌رناكه‌وێت، ئاواش ئاڵا به‌بێ بوونی مالێكی تۆكمه‌، هه‌ڵدانی زه‌حمه‌ته‌، یان ئه‌گه‌ری تر و هۆكاری تر له‌پشته‌وه‌ی هه‌ڵدانی ئاڵاوه‌ بێت، كه‌ دیارترینیان شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانی ناوخۆ یان پاڵنه‌ری ئیقلیمی ڕه‌نگه‌ له‌ دیارترین پاڵنه‌ره‌كانی بن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویستمان به‌ چه‌ند خاڵێك هه‌یه‌ تا هه‌ڵدانی ئاڵا شه‌رعیه‌تی زیاتری هه‌بێت:
یه‌كه‌م: دید و تێڕوانینمان بۆ ناسیۆنالیزم و بیركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. له‌ كوردستان ئێستا دیدی هیزه‌ سیاسیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ ڕوون نیه‌، هه‌یانه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ ناوخۆییه‌كان بكه‌ین و هه‌شن پێیان وایه‌ ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت كۆی قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كان بنه‌بڕ بكه‌ین. یان به‌مانایه‌كی تر به‌شێك له‌م هێزانه‌ له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا و تاراندا دابه‌ش بوون و به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان دۆخێكی پارچه‌پارچه‌و تێكشكاو دروست بووه‌ كه‌ وا ده‌كات به‌م پارچه‌پارچه‌ییه‌وه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا زۆر مایه‌ی دڵخۆشبوون نه‌بێت.

دووه‌م: كاتێك ده‌توانین باس له‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا بكه‌ین كه‌ ماڵێكی تۆكمه‌مان هه‌بێت. مادام ئاڵا سیمبوڵی ماڵێكی تۆكمه‌یه‌، ئه‌وا بێشك ئاڵا سیمبوڵی جیاوازی ڕه‌نگه‌كانی و دابه‌شكردنی سیمبوڵه‌كانیه‌تی. به‌م تێكشاوی و لالوتیه‌وه‌ ئاڵا وه‌ك پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی بێساحێب ده‌مێنێـته‌وه‌. ئێمه‌ چۆن ده‌توانین قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵا بكه‌ین به‌ بێ بوونی ماڵێكی تۆكمه‌؟ ماڵێكی لێكترازاو نه‌ كۆمه‌ك به‌ ئاڵا ده‌كات نه‌ وه‌ك سیمبوڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌شه‌كێته‌وه‌.

سێیه‌م: برینه‌ ناوخۆییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی شه‌قام برینی گه‌وره‌ن و هیچ ئاسۆیه‌كی ڕوون دیار نیه‌ له‌ژێر ئه‌م ئاڵایه‌دا برینی تر دروست نه‌بێت. سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵك و فه‌راغی بوونی پارله‌مان و ناشه‌رعی سه‌رۆكایه‌تی و نه‌بوونی موچه‌ی پێویست بۆ كارمه‌نده‌كانی ناو قه‌ڵاكه‌مان، دۆخێك دروست ده‌كات كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا كه‌م تا زۆر كێشه‌ی خه‌ڵك نه‌بێت. ئه‌گینا ده‌بوو به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركوك بهاتنایه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵام له‌ بیست وشه‌ش ساڵی ڕابردوودا خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ ماندوو كراوه‌ كه‌ دۆخێك دروست بووه‌ خه‌ڵك به‌ هه‌ڵكردن و داگرتنی ئاڵا دڵخۆش نه‌بێت.

چواره‌م: یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداری له‌نێوان به‌غدا و هه‌لێردا. ئه‌گه‌ر بڕیارت داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ژیت و ماڵ و سفره‌ی خۆت جیا بكه‌یته‌وه‌، ئه‌وا دوو ڕێگه‌ هه‌یه‌: یان به‌ گفتوگۆ یان به‌ بڕیاری تاكلایه‌نه‌. مانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی دۆخێكی ته‌واو ناله‌بار دروست ده‌كات. ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ تۆكمه‌یه‌ و پێویستمان به‌ كۆمه‌كی ده‌ره‌كی و دراوسێكانمان نیه‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌، ئه‌وا هه‌ڵكردنی ئاڵا ئاسانترین كرده‌یه‌ و منداڵێك ده‌توانێت له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا هه‌ڵی بكات. ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێـته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا دۆستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروست بكرێت، تا بتوانرێت به‌ هه‌ڵكراوی بمێنێته‌وه‌.
دواجار ده‌بێت هه‌ڵگردنی ئاڵا دوایین كرده‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، هه‌ڵكردنی ئاڵا واته‌ دروستبوونی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ، قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ واته‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ، سوپای نیشتیمانی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، به‌هێزبوونی پارله‌مان. ئایا ئێمه‌ ده‌توانین به‌ كۆی برینه‌كانمانه‌وه‌ به‌ ئاڵایه‌كی چوار ڕه‌نگه‌وه‌ له‌سه‌ر پای خۆمان بوه‌ستین؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ دوای هه‌ڵكردنی ئاڵا ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بینین.




دوای هێرشی داڵه‌ كه‌رخۆره‌كان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


بۆ جه‌مال غه‌مبار

1
باوكه‌ شیعر
من كوڕه‌ فڕێدراوه‌كه‌ی ناو بیرم
برا بێ‌ شكۆیه‌كانم چه‌شنی گورگی ده‌شتوده‌ر
لووراندیان و سه‌ری بیریان له‌سه‌ر داخستم
تفه‌نگیان پڕ گولله‌
ده‌میشیان دارماڵ له‌ ده‌مهه‌ڵبه‌ست
ئه‌ستێره‌
ئا ئا ئه‌ستێره‌ی پێرووم له‌بنی بیره‌وه‌ لێ‌ هه‌ڵهات
بای به‌ لووره‌ی ناوچه‌وان گرژ و ترشاو
ته‌وه‌زه‌ل و
و
و
ه‌
زه‌به‌لاح
ده‌م و لێو ژه‌نگاوی
مردۆخ
له‌وه‌ته‌ی چاوی ڕه‌شكه‌وپێشكه‌ ده‌كات و تارمایی ده‌هێنێته‌ پاش و پێش
له‌سه‌ر زه‌ویی نه‌رمونیان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات
ته‌ماشای پێی ده‌كات جێگاپێی نییه‌
ته‌ماشای ده‌ستی ده‌كات ستوونی چه‌ترێكی ڕانه‌گرتووه‌
ته‌ماشای ده‌می ده‌كات په‌ندێكی باش به‌كارنه‌هێناوه‌
ته‌ماشای ناوچه‌وانی ده‌كات
قومرییه‌ك پووشی له‌سه‌ر دانه‌ناوه‌
ئاخێكی دوورودرێژی هه‌ڵكێشا و خۆی پێچایه‌وه‌ و هه‌ڵات
به‌و نیازه‌ی خۆی دابڕێژێته‌وه‌
دیاره‌ با شكۆمه‌ند نییه‌
له‌سه‌ر لێواری شۆسته‌ دانیشتووم
سه‌یری كه‌ژاوه‌ی ته‌رمێك ده‌كه‌م
ته‌رمێك
ئا ئا ته‌رمێك
به‌ناو ئاپۆره‌ی شار تێده‌په‌ڕێ‌
به‌ڵام هه‌ر به‌ گۆڕستان ناگات
پاشان قه‌له‌ڕه‌شێكی به‌باداری ئیفلیجبوو
به‌ره‌و ده‌م ئاوێكی وه‌ستاوی گه‌نیو
به‌ گریانه‌وه‌ باڵه‌ شه‌كێیه‌تی
نه‌كا دوابكه‌وێت
پاش ئه‌وه‌ی شاعیره‌ پاشخاپه‌ره‌ك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌مامك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
گۆشتی شیعره‌كانیان خواردم و به‌سه‌ر ده‌سته‌سڕی منداڵێكی باخچه‌ی ساوایاندا ڕشانه‌وه‌
سه‌مه‌نده‌ر
ئا ئا سه‌مه‌نده‌ر
له‌ ده‌ماره‌كانی هه‌ستمه‌وه‌ بڵندبووه‌وه‌
ڕووناكی بۆ هه‌ردوو چاوم هێنا و په‌نجه‌ره‌ و ژوورمی
له‌خه‌و هه‌ستاند و سندووقی سێبووری له‌ناو باخچه‌ی دانام و سه‌ری لادا
ئه‌ی شیعر ئه‌ی ناوی خۆم
په‌روه‌رده‌ت كردم چۆن ببمه‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ت
بۆ خوانی
ئاو
ئاگر
با
خۆڵ
داوه‌ت كراوم
گۆرانیم گوت و به‌ناخی خۆم گه‌یشتم
به‌ ناخی خۆم بگه‌م به‌
ته‌ورات
ئینجیل
قورئان
ده‌گه‌م

2
مار ددانی له‌ كلكییه‌وه‌یه‌
گورگ براده‌رایه‌تی له‌ كلكیدایه‌
ڕێوی هێزی له‌ كلكی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و چاوی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕووناكه‌
سیخوڕ كه‌وانی له‌ كلكییه‌وه‌ ده‌كێشێت
ئای گوڵه‌ستێره‌ی به‌خشنده‌ دژت چه‌ند زۆرن
كه‌ ڕووناكیت ده‌ڕژێته‌ سه‌ر زه‌وی
دژه‌كان قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێیان ده‌شكێ‌ و خاوخاو
ده‌چنه‌ ناو تۆڕی چاو داخستنه‌وه‌
ئاسۆ گه‌رم دادێ‌ و باڵنده‌ تێیدا باڵیان به‌ هه‌موو شت ده‌زانن
باڵنده‌ له‌ فڕینیدا ناوی خۆشه‌ویستانی
له‌ ده‌م ده‌ڕژێ‌ و ده‌بێته‌ گوڵه‌ستێره‌
ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌
بێ‌ په‌روا بۆنی ئه‌و ڕووناكییه‌ هه‌ڵده‌مژین كه‌ به‌خشنده‌یه‌
به‌خشنده‌ په‌روایی ده‌به‌خشێت و بێ‌ په‌روا ده‌چینه‌ ناو ڕێگا
ده‌نگی باڵنده‌ی تاك و جووت
به‌شێوه‌ی مۆسیقایه‌كی ئاسمانی به‌سه‌ر ژاوه‌ژاودا زاڵ ده‌بێ
به‌ هێمنی دێته‌ ژووره‌وه‌
دره‌خت له‌ ڕه‌گ په‌یداده‌بێ
پاشانیش ڕه‌گ وزه‌ی خۆر له‌ دره‌خت وه‌رده‌گرێته‌وه‌
جارێكی تر وشه‌ی به‌ جۆشی ئاوازێكی دێرین به‌دی ده‌كرێت
3
چاكه‌یه‌كی زۆری شاعیره‌
چاوهه‌ڵاوگێڕ و
و
و
ه‌ كانم له‌سه‌ره‌
دڵڕه‌ش
به‌دگۆ
ده‌روونكلۆر
به‌وه‌ی زۆر گێچه‌ڵیان پێكردووم
له‌ گێچه‌ڵیانه‌وه‌ فێربووم به‌ ئه‌مه‌ك و نمه‌كی خدری زینده‌ بیر بكه‌مه‌وه‌
دڵ ببینم پێی لێنه‌نێم
له‌و په‌ڕی ساده‌ییشدا بێباك بژیم
ئه‌وه‌ی له‌ دڵمه‌ نه‌یشارمه‌وه‌
ئاڵای سرووش و هه‌ناسه‌ی سییه‌كانی سروشت بم
به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ سێبه‌ری ژێ‌ دانیشم
تا ئاواز و مه‌قامه‌كان بناسم و بیانڵێم
ڕووناكی گۆرانی له‌ دڵمه‌وه‌ دێته‌ ناو ده‌مم
ڕووناكی ناو دڵم ده‌پارێزم
ڕۆحم له‌ دووتوێی خوناو و هه‌تاودا
بچێته‌ سه‌ر قوفڵی گۆزه‌ی مه‌یی ئه‌شق و بڕسكێت
ئه‌رێ‌ خوناو بۆ سه‌ره‌تا ناوكی ده‌بێته‌ هه‌ڵم
هه‌تاویش به‌رزی ده‌كاته‌وه‌ بۆ هه‌واری سرووش و هه‌ناسه‌ی سروشت
تا گوڵاوی ده‌ستنووس پێشكێش به‌ گوڵی فریاكه‌وتن بكات
له‌ ئه‌فسوونی وشه‌ی گله‌یی و گه‌ڕی گه‌ردووندا هیچم نه‌دۆزییه‌وه‌
له‌ كتێبی حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم چاوم دۆزییه‌وه‌
چاوی ئاسمان و فه‌رمانڕه‌واكانی و به‌هره‌ و سرووش
له‌ ناوچه‌وانی خۆمدا چاندم
چاو چرای سه‌ری مرۆڤه‌
چاوی سه‌ره‌تای نووسین و له‌سه‌ره‌تادا وشه‌ هه‌بوو
ئه‌رێ‌ گوڵی سوور له‌ چاوه‌ڕوانی چیدا
جلی خۆی ده‌گۆڕێ و زه‌ین و زه‌مینی ڕۆشنه‌
خۆی به‌ هه‌موومان ده‌ناسێنێت
4
ناقۆڵاترین پیلانگێڕ و وه‌یشوومه‌ له‌چاو
مامۆستا چاویلكه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كه‌ی مێژووه‌
چێژی له‌ ژیانی ده‌رباریی بینی
تاڕاده‌ی شاگه‌شكه‌یی ڕێزلێگیراو
ده‌ست گه‌رم و سێبه‌ر چه‌ور
تادوا ڕاده‌ی سه‌ركزی كاسه‌ی سواڵ
بیر لێ وه‌رگیراوه‌ و خوێن له‌ ده‌مار به‌تاڵكراو
تیرۆگ به‌سه‌ر قوڕ و لیته‌ داده‌هێنێت
به‌ ڕخسارێكی مۆن و بێ‌ هه‌ست وه‌ك په‌تاته‌ی مردوو نا ده‌خاته‌ جێگای ئا
قه‌له‌ڕه‌شێك و قومرییه‌ك نوستوون
مانگ له‌ یه‌كشه‌وه‌ییدا ته‌ماشای باڵ و ده‌نووكی هه‌ردووكیان ده‌كات
له‌ هێلانه‌ی كامه‌یاندا نه‌وه‌ و نه‌وه‌زا
چاو و باڵیان كز ده‌بێت
یان داده‌گیرسێن و ده‌دره‌وشێنه‌وه‌
خۆشی له‌ گرشه‌گرشی یه‌كشه‌وه‌ییدا ده‌مێنێته‌وه‌
ده‌ست له‌ سینگی ڕووت و نه‌رمی ئاوده‌دات
تۆش هه‌ر له‌ پیشه‌كه‌ی خۆت بمێنه‌ره‌وه‌
شووشه‌ی چاویلكه‌ت ده‌بێته‌ دێوجامه‌
دیكتاتۆر ده‌توانن هێڵكاری بكێشن و باش به‌كاری بهێنن
پاش ئه‌و هه‌موو ئا و نا و چاوله‌به‌رپێییه‌
قه‌ل گۆڕت بۆ لێده‌ده‌ن و بیریش له‌ یه‌كه‌م ناشتن ده‌كه‌نه‌وه‌

5
شیعر هه‌ی نان و ئاوم تۆ له‌ خۆڕسكی
بوویت به‌ برای خوێنی و شیریم و له‌ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌وه‌ هاتیت
ده‌ستی بڕواهێنانت له‌ خوێن و شیرمدا ڕواند
ئێسكی ده‌ستمت بۆ ناو ده‌ستی خۆت گواسته‌وه‌
ده‌ستی خدری زینده‌ ئێسكی تێدا نییه‌
شاعیره‌ پاشخاپه‌رۆك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌مامك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
چزووی شپرزه‌یییان به‌كارهێنا و ڕقی ئێسك تواندنه‌وه‌یان هه‌ڵڕشت
ئاشق به‌ كوڵ و دڵ له‌ شه‌ڕی ڕه‌وای خۆ له‌گه‌ڵ خۆدا
ڕه‌نگی مه‌شقی دیاری ده‌كات
دڵی به‌ په‌ڕ و باڵی من
گۆرانیبێژێكی له‌ دوو سه‌ده‌ ڕسكاو و ژیاوه‌
ده‌فڕێت به‌سه‌ر ڕووباری ڕه‌وان و ده‌شتی ڕاز
ده‌نگخۆشی و ناوكی سێوه‌ له‌ بیره‌وه‌ریی زه‌وی
ئه‌ی ئه‌ستێ‌ و به‌ردم شیعر
من ئه‌لف و بێی بوون و نه‌بوونم
خوداوه‌ند دێڕه‌كانم له‌ ناوچه‌وانی به‌رد هه‌ڵده‌كۆڵێت
هه‌ڵمی شێلانی قوڕی ئاده‌م ده‌ست و په‌نجه‌می
گه‌رم كردووه‌ و ڕۆحی بوون و نه‌بوون له‌ ناخمدا ده‌سووتێت
شاعیره‌ پاشخاپه‌رۆك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌ماك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
پێیان له‌ خۆڵه‌مێشی سووتانم سڕده‌بێ‌ و مێرووله‌ ده‌كات
له‌ ئاوێنه‌یه‌كی ڕه‌شدا ده‌مێننه‌وه‌
ده‌بنه‌ قه‌وزه‌ی ناوچه‌وانی جانه‌وه‌رێكی نه‌گریس
په‌یامێكم به‌رپا كرد
ڕازی وردبوونه‌وه‌ له‌ دڵی خۆم و په‌رجووی ڕێنیشاندان
ئاهی مه‌ستی ته‌نیاییمی له‌سه‌ر كۆبووه‌ته‌وه‌
خودا شیعری له‌ بری هه‌موو شتێك پێ‌ به‌خشیم
سوپاس بۆ به‌شه‌ دڵباشه‌كه‌ی خۆم
سه‌رم هه‌ڵبڕی و ناوچه‌وانم كرده‌وه‌
له‌ شكۆیه‌وه‌ جامم قه‌ت قه‌ت به‌تاڵ نابێت
ئه‌ی شكۆی دڵی ڕوونی سه‌د و بیست و چوار هه‌زار پێغه‌مبه‌ر
خودی خۆم بینی نیوه‌ ڕێگا
ئێوه‌م بینی شكۆی شیعربوون و گڕوتان نه‌ده‌گرت
شاعیره‌ پاشخاپه‌رۆك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌مامك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیش لنگ به‌ گوو
دوو په‌نجه‌ره‌ له‌سه‌ر دوو كونه‌ كه‌پووم داده‌نێنم
بۆ ئه‌وی بۆن له‌خۆم لاده‌م
6
به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زوو
به‌ هاوكاری ئێوه‌وه‌ له‌ سه‌رزه‌مین ماومه‌ته‌وه‌
من و شیعر
به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زووی
ئه‌فسوون و
ئه‌فسانه‌ و
غه‌زه‌ل و
ئه‌زه‌ل ین
ده‌ست و دڵی ده‌ریا و ئاسمان
ده‌كه‌ینه‌ یه‌ك و گۆزه‌ی مه‌یی ئه‌شق له‌به‌ر تینی گه‌رما
ده‌گوازینه‌وه‌ به‌ر سێبه‌ری ئه‌و دره‌خته‌ی له‌ چڵه‌پۆپه‌ی هاوار ده‌كات
كاتێك ڕه‌شنووسی شیعرێك
ده‌دڕێنم و به‌ دیاریه‌وه‌ سۆزێك ده‌كه‌م
سۆزی بۆنی خۆشی مه‌یی ئه‌شق
دڵم ده‌له‌رزێ‌ و زمانم ده‌گه‌زم
ویستمه‌ دوور له‌ ده‌روون خراپان
له‌ به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زووی شیعردا
سه‌ر بنێم به‌ ڕوومه‌تی گه‌رمی ژیان و مردن و زیندووبوونه‌وه‌
ده‌ست و دڵم پڕن له‌
شانه‌ی هه‌نگوین و
و
و
هه‌وری پڕ باران
خه‌ڵوه‌تی پێشهات
خوداوه‌ندیی
یاران چوومه‌ته‌ ناو گفتوگۆی بێده‌نگییه‌وه‌
ده‌ریا و ئاسمان له‌ دڵنیابوونی ئه‌و گفتوگۆیه‌دا
خۆشه‌ویستییان به‌ بیر دێته‌وه‌ و بیر ده‌هێننه‌وه‌
پێزانین و ده‌ست له‌ سه‌ر سینگ و دڵ
بۆ باڵنده‌ی خۆشبێژی شیعر
ده‌زانێت بۆچی به‌رز ده‌بێته‌وه‌
بۆچیش ده‌نیشێته‌وه‌
لێوی گه‌ش و سووری گۆزه‌ی مه‌یی ئه‌شق
شه‌رمنترین لك و باڵه‌
بۆ ئه‌وه‌ی بچیته‌ ناو مێژوو
جێگا باڵت له‌ ناوچه‌وانی جێ بمێنێت
هیچ شتێك له‌ لك و باڵ باشتر نییه‌
ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ‌
هه‌ست به‌ گه‌وره‌بوونی ئاسمان ده‌كه‌یت
ئاوازه‌كانی بۆ دڵ گه‌رمایین
ویستم باڵنده‌یه‌ك ڕاوبكه‌م
باڵه‌كانی بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ بڵند كردبووه‌وه‌
ئه‌ی هاوخوێنه‌كه‌م به‌ ئاسمانه‌وه‌بوون
له‌سه‌ر باڵه‌كانت هه‌تاو هه‌یه‌
له‌ ژێریشی
ئه‌فسوون و
ئه‌فسانه‌ و
غه‌زه‌ل و
ئه‌زه‌ل
ئه‌م لایه‌ی به‌هه‌شت هی منه‌
لای شیعر و به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زوو
له‌ به‌هه‌شتدا قووڵترین تاسه‌م پاراو ده‌بێت
بیری سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌ ناكه‌م
شاعیره‌ پاشخاپه‌رۆك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌مامك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
نه‌یانهێشت
تاوێك له‌سه‌ری پشووێك بده‌م و بچمه‌ ناو گۆرانی هۆگریمه‌وه‌
ده‌ست له‌ خه‌می چه‌ند ساڵه‌ هه‌ڵگرم
دڵشكاویشبم دڵم له‌ بری خوێن
به‌هره‌ و
سرووش و
شیعر ی لێ‌ ده‌تكێ‌
شیعر ئه‌و بزه‌ ڕوون ڕسكاوه‌یه‌ له‌ باڵی بازی كێوانه‌وه‌
به‌سه‌ر گۆنا و لێوی
به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زوو بڵاوبووه‌ته‌وه‌
تامه‌زرۆتین
له‌ قوڕی ئاده‌م و گۆشه‌ی په‌رستگا و جامی نهێنییه‌وه‌ تامه‌زرۆتین
بازی كێوان زوو زانی
له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌ و به‌هره‌ و سرووش و شیعر هه‌بوو
له‌ حه‌وشه‌ و بانی وشه‌دا دڵڕوون نووست
دڵڕوونیش تێرخه‌و بوو
ڕژایه‌ ناو باخی دێرینی ژیان و مردن و زیندووبوونه‌وه‌
شاعیره‌ پاشخاپه‌رۆك و ڕكپه‌روه‌ر و دووپشكه‌ خوودار و ده‌مامك ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیش
له‌ منداڵدانی ته‌پوتۆز و گیرخواردن و جه‌نگی
خێڵ و خێڵ و خوێنداریدا له‌دایك بوونه‌
منیش له‌ ڕۆنی ڕووه‌ك و گه‌نجینه‌ی
ئه‌فسوون و
ئه‌فسانه‌ و
غه‌زه‌ل و
ئه‌زه‌ل
شه‌رم له‌ مێژووی له‌سه‌ره‌تادا وشه‌ و به‌هره‌ و سرووش و یه‌كه‌م ته‌زوو ده‌كه‌م
ئای زه‌مینی ده‌ست و دڵڕوون
نامه‌ردی زۆر و ناقۆڵات له‌سه‌ر ده‌ژین و ددانیان له‌ قوونیان هاتووه‌
زمانیشیان وه‌ك كلكی چه‌قه‌ڵی پێ سووتاو له‌ ددانیان ده‌رهاتووه‌
به‌شه‌ دڵباشه‌كه‌ی خۆم شیعر
ماندووت كردووم و ماندووبوون تا لێواری مردنی بردووم
لێواری شكۆ و ئاوێنه‌ ڕوونبوون
به‌و هیوایه‌م من بكوژیت و تۆش
گۆزه‌ی مه‌یی ئه‌شق له‌به‌ر تینی گه‌رما بگوازیته‌وه‌ به‌ر سێبه‌ری ئه‌و دره‌خته‌ی له‌ چڵه‌پۆپه‌ی هاوار ده‌كات
سكاڵایه‌ك بۆ تۆ ئه‌ی شیعر
ئای چیت به‌سه‌ر ژیانم داهێنا
7
ویستمه‌ ڕوومه‌تم له‌سه‌ر شانه‌ی هه‌نارێك دانێم
مردنێكی سپی بمرم و نابیناكان سۆمایان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌
مردنی سپی دوا قۆناغی گه‌یشتنی مێرووله‌ی بارگرانه‌
خۆ من به‌ڕێوه‌م و چوارلام ئاوێنه‌یه‌
مانگ به‌ لێوی به‌ باریه‌وه‌
داده‌به‌زێته‌ ناو ئاوێنه‌ و پۆپیته‌ی كه‌ڵه‌باب و به‌هه‌شتی نه‌مریی
به‌ چوار لادا سه‌ما و پاسه‌وانی ده‌كات
هێماكانی هاتوچۆی چوارڕیانی شاریش ته‌پڵی وه‌فا لێ ده‌ده‌ن
كه‌ زه‌نگی 16ی 3 لێده‌دا
هه‌موومان له‌
ماڵ و
و
و داده‌وه‌ستین
كۆڵان
شه‌قام
ناوه‌ندی شار
چاوی ئاسمان له‌ چاوی كه‌سمان ناچێت
خه‌مێك له‌ چاوی یه‌كتردا ده‌گوازینه‌وه‌ و بڵاوده‌بینه‌وه‌
كۆترێكی تاسه‌دار له‌سه‌ر میلی 11 و 35 خوله‌ك ملی درێژكردووه‌ته‌وه‌
چاوی له‌ چاوی هه‌موومان ده‌چێت و له‌ هیچ شتێكیش په‌شیمان نه‌بووه‌ته‌وه‌
ماسییه‌ك له‌ قووڵاییدا ڕاده‌چه‌نێت و چاوی له‌سه‌ر وشكایی و ئاودا
ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌كات
قاز و قورینگی كێویش له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌
بۆ یاری باڵ له‌ ئاودان داده‌به‌زن
ئه‌وپه‌ڕی هه‌ست و ختووكه‌ی شكۆ به‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌وه‌یه‌
مێرووله‌ی ژێر زه‌ویش سه‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌ڵێت
بای دڵبه‌ر مه‌ترسیداره‌

8
دیكتاتۆر چاوی له‌ مس و كه‌لاشووشه‌ داڕێژراوه‌
چاوی شاعیری
چاوهه‌ڵاوگێڕ و
و
و
یش
دڵڕه‌ش
به‌دگۆ
ده‌روونكلۆر
له‌ به‌ردی لامرده‌ و ڤایرۆس و مه‌قه‌س
چاوی ڕوون حه‌ز به‌ خۆشبه‌ختیی بیندراو ده‌كات
دڵبه‌ره‌ دڵباشه‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه‌ و شتێك وه‌ك
ئه‌ستێره‌ی كاكێشان ده‌رده‌كه‌وێت
هه‌نگاو بۆ ناو په‌رستگات ده‌نێت و هه‌نگاوی پشوو پێده‌دا
له‌ چاوی دوژمنه‌كه‌ت ورد ببیته‌وه‌
ئومێدێك ده‌بینی خۆتی
خۆری سبه‌ینان له‌ قۆزاخه‌ی ناوچه‌وانت ده‌خه‌مڵێ‌
پاشان له‌ دڵخۆشییه‌كدا ده‌پشكوێت
ته‌نیا هاتین و ته‌نیاش ده‌ڕۆین
نێوانیان ناسینی داوه‌كانی سه‌ر ڕێگا و بۆیاخی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌
ناونیشانه‌كان
1 شیعر ئه‌ی ناوی خۆم
2 بێ‌ په‌روایی گوڵه‌ستێره‌
3 پێشبینیی زمان
4 مانه‌وه‌ی مانگ له‌ یه‌كشه‌وه‌ییدا
5 ژیان له‌ دوو سه‌ده‌
6 گۆرانییه‌ك له‌ سرووشه‌وه‌ ڕسكا
7 به‌هه‌شتی پاراو كێ‌ له‌ ماڵه‌
8 داڕشتنی چاو




قسەیەکی کورت لەسەر ڕای زیا پەترۆس … جیهاد موحەمەد

زیا پەترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە پلەی وەزیر و بە بڕیاری پەرلەمانی جاران خوا عەفویکات، دەڵێت: “پاشکەوتی موچە و بڕینی موچە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی بە گرێبەست هەموو ئەوانەی وەزیفەی حکومییان هەبووە، لە بەرامبەر موچەیەکی دیاریکراودا دامەزراون، واتە لایەنی حکومەت ئەم گرێبەستەی تا سەر جێبەجێ نەکردووە، بیانووەکەشی ناخوات، کە بە ناوی کەم دەرامەتی و قەیرانی حکومەتەوە ئەم مافەی پێشێلکردووە، چونکە شەفافیەت لە داهاتی حکومەتدا نییە و بێمتمانەیی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا هەیە”.
ئەگەر گوێ لەم قسەیە بگرین، ڕەنگە زۆربەی زۆرمان بڵێین، ئەم پیاوە پیاوێکی نەترسە و بوێرانە بەرگری لە مافی خەڵک دەکات و ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت.
بەڵام ئەگەر بە وردی قسەکانی لێکبدەینەوە، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمەش تەنها بۆ خۆ پەڕاندنەوەیە و هیچی تر، لەو بەرپرسیارێتییەی کە لەسەرێتی. تەنها بۆ ئەوەی کە وەڵامێکی پێ بێت بۆ ڕاگەیاندنەکان.

چۆن؟ بۆ وەڵامی ئەمەش من دەڵێم، نەخێر مەسەلەکە تەنها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە، ئەمەیان بەشێکێتی، بەڵام بەشەکەی تری کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ دەیان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نەبوونی سیستەمێکی حکوڕانیی یاسایی و دادپەروەرە، حکومەت لە کوردستاندا دەزگایەکی هەڕەمەکی حیزبییە، پێش ئەوەی دەزگایەکی سیاسیی دادپەروەر بێت و بە گوێرەی دەستور و یاساگەلێکی دیاری دادپەروەرانە لە پەرلەمانەوە کار بکات و لەسەر بنەمای ئەو بڕیار و دەستورە هەڵبژێردراوە و یاسا دەرچووەکانی پەرلەمانەوە کار بکات.
هەر بۆ نموونە و لەسەر ئەم قسەیەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا، ئەم پرسیارە دەخەینە بەرچاو، ئایا هیچ کەسێک کە لە کوردستاندا دادەمەزرێت، ئاگاداری ئەو گرێبەستەیە کە سەرۆکی مافی مرۆڤ باسی دەکات و دەڵێت خەڵک بە گرێبەستێک دامەزراوە؟ یان هەر بۆ خۆی وەک هەموو مەسەلەیەکی دیکە کە خەڵک ناهۆشیارانە خۆی تێفڕێ دەدات، تەنها مەبەستیان دامەزراندنە و هیچی تر، چونکە دامەزراندن لە کوردستان و وڵاتانی نەوتدا تەنها بە سیاسەتێکی داپۆشینی بەتاڵە(بطالة مقعنة) دەکرێت و خەڵکیش دەزانن کە دامەزراندن و کارکردن لە دەزگا حکومییەکاندا، تەنانەت لە شوێنە هەستیارەکانی وەک مامۆستایی و پزیشکیشدا، یان دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و ئاگرکوژێنەوەکان، نیوە ئیش دەکەن و بایی ئەوەی وەری دەگرن ئیش ناکەن، واتە بە ناوی دامەزراندنەوە بە نیوە مشەخۆرییەک موچە وەردەگرن.

پرسیارێکی تر کە پشتیوانی لە ڕای ئێمە دەکات و قسەکانی سەرۆکی مافی مرۆڤیش ڕووندەکاتەوە کە ئەم دەستەیە هەموو پێشێلکردنێکی مافی مرۆڤ لە ڕهەندە سیاسیی و کۆەمەڵایەتی و ئابووریەکان ڕووت دەکەنەوە. بۆیە تەنها سەیری پێشێلکردنەکە دەکات بە بێ ئەوەی بزانن بۆچیی و هۆکاری چییە کە ئەم پێشێلکاریانە دەکرێت و چۆن دەتوانن بنەبڕی بکەن. چونکە ئیشی دەستەی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ تەنها ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکو پێش ئەوە هەوڵدانە بە یاسا و سزای یاسایی و پەرلەمانی پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ بسڕرێتەوە. ئەو کاتانەی کە بە بێ پلانڕێژی و بە هەڕەمەکی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دە ئەوەندەی جاران زیادی کرد، ئایا ئەم زیادکردنانە لەسەر داخوازیی مومچەخوران بوو؟ ئایا هیچ کام لە سەندیکاکان، یان کۆمەڵێکیان، یان هەموو سەندیکاکان پێکەوە دواکاری ئەو زیادکردنە بوون؟ یان کۆمەڵێک ئابووری ناس و شارەزایان لە بواری ژیانی گشتی خەڵکدا کە ئاگاداری نرخ و بایی کەلوپەلەکانی ناوبازاربن و ئاگاداری پێویستییەکانی ژیانی خەڵک بن بە گوێری ڕۆژ و پێشکەوتنی خەڵک، یان بە گوێرەی بەرزبوونەوەی داهاتەکانی حکومەت داوای زیادکردنی موچەی موچە خۆرانیان کردبوو؟ یان پرسیان پێکرابوو لە لایەن حکومەتەوە؟ ئایا بۆ ڕاگرتنی جۆرێک لە یەکسانی نێوان موچەخۆران، موچەکان زیادی کردبوو؟یان هەر هەڕەمەکییانە و بە گوێرەی پلەی حیزبایەتی و ئەوانەی کە لای حیزب پێویست بوو موچەکانیان بگاتە چەندین میلوێن دینار، وەک موچەی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان کە موچەی هەندێکیان دەگەیشتە پێنج تا هەشت ملوێن دینار. واتە ئەوانەی کە زۆر نزیکن لە حکومەتەوە ئەوانە موچەکانیان گەیشتە بەرزترین ئاست.

کەواتە پێش ئەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێت، مەسەلەی موچە زیادکردن و لە پڕکات دابەزینی دەچێتە خانەی بێسەروبەریی حکومەتێکەوە کە وەک ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێت.
ڕەنگە تووشی ڕەخنە ببم لای ئەوانەی کە تێناگەن، تەنها ئەوە دەزانن کە دژی کەمکردنەوەی موچە بن. کە لە ڕاستیدا ئەمە زۆر ترسناکە، چونکە موچە کەمکردنەوە لە چاو کەمکردنەوە نرخی مرۆڤ و هەرزانکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە کوردستاندا ئەوەندە کاریگەری نییە. ئەوەی کە زۆر ترسناکە نەمان و حسابنەکردنە بۆ مرۆڤ، کاتێکیش ئەمە کرا، ئیتر نەک موچە کەمکردنەوە ئاسایی دەبێت لای حکومەتێکی ستەمکار، بەڵکو کوشتن و بڕین و ئەشکەنجەش لە زیندانەکاندا و بێ سەروشوێنکردنی کەسە سیاسییەکانیش ئاسایی بووەتەوە لە لای دەسەڵاتی سیاسیی پارتی و یەکێتی.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
٨/٤/٢٠١٧




مه‌سه‌له‌که‌یان ریفراندوم و سه‌ربه‌خۆیی نییه، مه‌سه‌له‌که‌یان‌ کارتی فشاره‌ … ئاسۆ کەمال

گومانی تێدا نییه‌ که‌ که‌س نایه‌وێ کرا نشین بێ به‌ڵکو هه‌موو که‌س به‌ هیوایه‌ رۆژێک خاوه‌ن ماڵی خۆێ بێ، به‌ڵام کورد
نه‌ک به‌ هیوای خانۆیه‌ به‌ڵکو له‌ ناو ماڵی خۆێدا کرا نشینه‌، واته‌ کورد هه‌میشه‌ به‌ هیواا بوه‌ رۆژێک به‌ سه‌رفرازی له‌ وڵاتی خۆێدا بژێ وه‌ که‌س له‌و بروایه‌دا نییه‌ که‌ هیچ که‌سێکی دڵسۆز و کورد په‌روه‌ر دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌ی بێت. ئه‌مرۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستانیش به‌ دوواێدا بونه‌ته‌ کاروانسالاری ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌ بۆ ریفراندوم و سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام که‌سان و لایه‌نانێک گومانیان له‌و جۆره‌ بانگه‌شانه‌ هه‌یه‌ و باس له‌ نهێنی ئه‌و ریفراندومه‌ ده‌که‌ن.

ئاسۆ که‌ماڵ به‌رپرسی پێشووی کامپه‌ینی ریفراندوم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ریفراندوم له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت” سه‌یری ئه‌م ریفراندومه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ له‌و ریفراندومانه‌ ناچێت که‌ له‌ دونیا ئه‌مرۆدا ئه‌کرێ، ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ ئێمه‌ سه‌یری ریفراندوم له‌ سکۆتلاند بکه‌ین، له‌ ته‌یموری رۆژهه‌ڵات بکه‌ین یان له‌ باشوری سودان بکه‌ین، له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌، ریفراندومه‌کان زۆر روونه‌ هیچێکی شاره‌وا تێدا نییه‌، کاتێک ریفراندوم ئه‌که‌ی بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی، تۆ ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌رچیه‌ک بێت، پابه‌ند ده‌بێت پێیه‌وه‌ که‌ جێ به‌ جێ بکه‌یت، بۆیه‌ بینومانه‌ له‌و وڵاتانه‌ ئه‌نجامه‌که‌ی که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر شتێک بوه، جیابۆنه‌وه‌ بوه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ دووای ریفراندومه‌که‌ جێ به‌ جێ کراوه‌”.

کاک ئاسۆ هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت ” ئه‌م ریفراندومه‌ی کوردستان، ئه‌ڵێن ئێمه‌ ریفراندومه‌که‌ ئه‌که‌ین به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی جێ به‌ جێ ناکه‌ین‌ واته‌ سه‌ربه‌خۆییمان ناوێ به‌س ریفراندوممان ئه‌وێ، ئه‌مه‌ جێگه‌ گومان و پرسیارێکه‌‌ نه‌ک هه‌ر من، له‌ لای زۆربه‌ی که‌سانێک که‌ له‌م بواره‌دا کاریان کردووه‌، یان له‌ لای زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌مان مه‌وزوعه‌که‌یان ریفراندومه و سه‌ربه‌خۆیی نییه‌، مه‌سه‌له‌که‌یان کارتی فیشاره‌”.

کاک ئاسۆ ده‌شڵێت” کاتێک تۆ مه‌وزوعت جیابۆنه‌وه‌ ئه‌بێت، تۆ ناچیت پشتێوانی نێۆده‌وڵه‌تیش بۆ بێنی، ناچیت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا بزانیت له‌م پرۆسه‌دا ئه‌مانه‌ چۆن دێن پشتێوان ئه‌که‌ن، چۆن به‌شداری ئه‌که‌ن، چۆن ئه‌بنه‌ ته‌ره‌فێکی بێ لایه‌ن له‌ نێوان ئه‌وان و ده‌وڵه‌تی عێراقدا،‌ چۆن فیشاری ئێران و تورکیا له‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان که‌م ئه‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر کوردستان سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند، له‌ ئاستی نێۆده‌وڵه‌تیدا چۆن کۆمه‌ڵێک بریار ئه‌هێنن که‌ بتوانێ ئه‌م مه‌وزوعه‌ به‌ ئاشتی برواته‌ پێشه‌وه‌، شه‌ر و کێشمه‌ کێش تووشی خه‌ڵکی کوردستان نه‌بێ له‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ هه‌نگاوی ئه‌وان نیین وه‌ به‌رنامه‌ی ئه‌وان نیین، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابینین ئه‌م مه‌وزعانه‌ طرح نه‌کراوه‌ وه‌ طرحی ناکه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانیچه‌که‌شدا”.




به‌م شێوه‌یه‌ ریفراندۆم بكه‌ن، مه‌رامی راسته‌قینه‌یان ده‌رده‌كه‌وێت … عیماد عه‌لی

ئه‌وه‌ی به‌ جوانی ئه‌م حزبانه‌ بناسێت و ره‌فتاره‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانیان بخوێنێته‌وه‌ و مێژوویان بێنێته‌ به‌رچاو و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا شیبكاته‌وه‌ و ململانێی ته‌سكی شه‌خسی و حزبیه‌كانیان له‌به‌رچاو بگرێت، به‌ روون و ئاشكرا، زۆر شتی پشت په‌رده‌ی ئه‌م مۆدیله‌ نوێیه‌ی په‌رده‌پۆشكردنی خاڵی لاواز و هه‌ڵه‌كانیان له‌ رێگه‌ی هه‌ڵاو هوریاوه‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت .
وا ئه‌مساڵیش بۆ خۆلادان له‌ شایسته‌ یاسایی و پرۆسه‌ سیاسیه‌ هه‌مه‌گیره‌كانی هه‌ڵبژاردن و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی په‌رله‌مان و خۆده‌ربازبون له‌ ناكامڵی حكومه‌ت و چه‌قبه‌ستنی باری ئابووری و سیاسی كوردستان به‌ پروپاگه‌نده‌ و به‌ ناوی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی، ده‌یانه‌وێت خۆیان قوتاربكه‌ن، ئه‌گینا بۆ چه‌ندین ساڵه‌ بواری جێبه‌جێكردنی ریفراندۆم هه‌بووه‌ و قروقه‌پیان لێكردووه‌ و تا پارساڵیش بێ ریفراندۆم ده‌یانوت سه‌ربه‌خۆیی راده‌ه‌گه‌یه‌نین، نه‌ك ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ته‌نانه‌ت ده‌یانوت سه‌ربه‌خۆیی بریاری سیاسیه‌و پێویست به‌ هیچ شتێك ناكات، نه‌ك باسی ریفرندۆم به‌م هه‌ڵاو هوریا نانه‌وه‌ بكه‌ن و رێگه‌ یاساییه‌كه‌یشی فه‌رامۆش بكه‌ن .

بێگومان ئه‌م بێنه‌وبه‌رده‌ی ریفراندۆم و كات به‌رێكردنه‌، له‌ پێش هه‌مو لایه‌كه‌وه‌، له‌م كاته‌دا له‌ته‌كتیك و بیری پارتیه‌وه‌ به‌ ته‌نیا هه‌ڵقوڵاوه‌ و كؤمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌واداری ده‌ره‌وه‌ی خۆیشی، له‌ نێو حزبه‌كانی تر پشتگیری ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك حزبێكی سه‌ربه‌خۆخوازی تاكی ساحه‌ی سیاسی، به‌ڵكو به‌كارهێنانی پرسێكی گرنگی ستراتیجی وه‌ك ریفراندۆم كه‌ دوا رۆژی میله‌تێكی پێوه‌ به‌نده‌ به‌ ته‌كتیكی حزبی و به‌ ئامانجێك كه‌ له‌ جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ دووره‌، به‌كاردێت و، له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووش خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك و چه‌واشه‌كاریه‌ بۆ خۆلادان له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی وه‌زعی ناله‌باری سیاسی و ئابووری كوردستان .

ئه‌م جۆره‌ ریفراندۆمه‌ی كه‌ پارتی و هه‌وادارانی ده‌روه‌ی باسی ده‌كه‌ن، هیچ شتێكی له‌وه‌ی پێشتر یاساییتر نابێت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجامیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ یاسا رێكناخرێت؛ له‌به‌ر نه‌بونی په‌رله‌مان و، یاسایه‌كی به‌ركاری تایبه‌ت به‌ ریفرادنۆم له‌ كوردستاندا . ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی پارتی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ریفرۆاندۆمی راسته‌قینه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ریفراندۆمه‌كه‌ بێت كه‌ خۆی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا ده‌بینێته‌وه‌، پێش وه‌خت ده‌بێت پارتی دلفراوان بێت و بۆ ئه‌و ئامانجه‌ پێرۆزه‌ هه‌موو ناكۆكیه‌كانی بخاته‌ لاوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك په‌رله‌مان كارا بكاته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كاری جدی خۆی ده‌ركردنی یاسای ریفراندۆم بێت، با مه‌رجی كاراكردنه‌وه‌كه‌ش لادانی سه‌رۆكی په‌له‌مان و سه‌رۆكی پارتیش بێت له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌وسا خه‌ڵك به‌ گه‌وره‌یی ته‌ماشای ده‌كات، نه‌ك وه‌ك ئه‌مرۆ ته‌نها به‌ تاك لایه‌نه‌ و به‌هه‌ندێك خه‌ڵكی ده‌رباری به‌رژه‌وه‌ندخواز ئه‌و پرۆسه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات .
ئه‌گه‌ر باری لاری سیاسیی پارتی له‌م كاته‌دا وای لێكردبێت رێگه‌ی ریفرادنۆمی خستبێته‌ تاكتیكه‌كانیه‌وه‌، بۆ قوتاربون له‌و چاڵه‌قوڵه‌ سیاسیه‌ی تێكه‌وتوه‌، وا بزانێت به‌م كرده‌وه‌یه‌ خۆی له‌ كاتكوشتن و به‌لارێدابردنی خه‌ڵك قۆناغه‌كه‌ به‌رێده‌كات و له‌جیاتی سزادانی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ ته‌مای ئه‌وه‌بێت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم پاشدات بكرێت، ئه‌وه‌ زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چووه‌ . گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پارتی مه‌رامی تری هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارتی به‌وه‌ی زانی نه‌خشه‌رێگه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ قازانجی ئه‌ودا ده‌رنه‌چوو، یه‌كسه‌ر و زووبه‌زوو به‌م بابه‌ته‌ كوردستانی هه‌ژاند و نه‌خشه‌رێگه‌كه‌ی له‌بیر برده‌وه‌ . ئه‌وه‌ی دوای رێگه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی باش پارتی ده‌ناسن، زیاتر روون و ئاشكراده‌بێت، كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ وه‌ك كارتێكی حزبی به‌كار دێنێت و په‌رله‌مان كارا ناكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌ ره‌سمیكردنی ریفراندۆمه‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مان و جاردانی سه‌ربه‌خۆیی به‌و شێوه‌یه‌ دوا بخات وریفراندۆمه‌كه‌ش وه‌ك كارتێكی حزبی به‌رامبه‌ر زۆر لایه‌نی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی به‌كار بێنێت .

بۆیه‌، به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی واقعیانه‌ ده‌رباره‌ی چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یاریه‌كانی پارتیدا جگه‌ له‌وه‌ی، بۆ خۆی به‌جێی بهێڵیت به‌ خۆیه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیكات و رێگه‌ی له‌ نه‌گریت به‌و ئیدعا نادروستانه‌ش كه‌ ده‌یكات، له‌وه‌شدا هیچ رێگه‌یه‌كی بێ ته‌گه‌ره‌و گرفتمان له‌به‌رده‌مدا نیه‌ كه‌ له‌ قازانجی میله‌تدا بكه‌وێته‌وه‌ . ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ماندا بونی هه‌یه‌ شه‌ره‌ و توشی رێره‌وی خه‌باتی میله‌ت هاتووه‌ و ده‌بێت به‌كه‌مترین زه‌ره‌ر لێی ده‌ربچین و، ئه‌مه‌ش له‌ ئازادی به‌خشین ده‌بێت به‌ پارتی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چه‌واشه‌كاریه‌كانی به‌ خۆی بۆ خه‌ڵك و به‌ كرده‌وه‌كانی ده‌ریبخات، كه‌ به‌ جوانی له‌ ئاینده‌كی نزیكدا ده‌رده‌كه‌ون . ئه‌گینا هیچ رێگایه‌كی سه‌لامه‌تمان نیه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م نه‌بێت، له‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتیدا بكرێت . با ریفراندۆم و هه‌رچیه‌ك ده‌یه‌وێت بیكات و دواتر مه‌رامه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی بۆ هه‌موومان به‌ جوانی ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا ره‌ش و سپی له‌یه‌ك جیاده‌كرێته‌وه‌ .




پۆستەری “سینەمای سەعادەت” لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر پەردەی لەسەر لادرا

مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر پەردەی لەسەر لادرا.
ئەمساڵ لە بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان، لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، 12 فیلم لە وڵاتانی چین، تورکیا، کۆلۆمبیا، ئەڕژەنتین، لێتۆنی، پۆڵەندا، هەنگاریا، رووسیا، مەکزیک، ئەندوونێزی، فەڕەنسا و ئیسپانیا بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ 3 فیلمی ئێرانی نمایش دەکرێن.
بە پێی یاساوڕێسا نوێیەکانی ئەم فیستیڤاڵە کە ساڵی رابردوودا پلانی بۆ داڕێڕا و رچاوگیرا، فیلمەکانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە ناو ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێن کە تاکوو ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندیی ئاسیا نمایش نەکرابێتن.
ئەمساڵ لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، هەندێک لە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” یەکەمین نمایشی ئاسیایی خۆیان لەم فیستیڤاڵەدا دەبینن. لەم ناوەندەدا چەندین فیلم یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتییان لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر دەبێت و بۆ یەکەمین جار لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان و لەم فیستیڤاڵەی ئێران پەردەیان لەسەر لادەبردرێت.
5 دادوەری بیانی و 2 دادوەری ئێرانی فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر هەڵدەسەنگێنن.
لەم بەشەدا، یەک تەندیسی سیمورغی زێڕین بە باشترین فیلم و هەروەها 5 سیمورغی سیمین لە لقەکانی دەرهێنان، سیناریۆ، ئەکتەری پیاو، ئەکتەری ئافرەت و خەڵاتی تایبەتی دەستکەوتی هونەریی لە یەکێک لە بوارەکانی وێنەگرتن، مونتاژ، موزیک، دیزاینی جلووبەرگ و یا دیزاینی سەحنە پێشکەش دەکرێت.
سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی “رەزا میرکەریمی” و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 21 تا 28ی ئەپرێلی 2017 لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.