دەقی سیمنارەکەی بەڕێز بێری وایسلیدەر

دەنگەکان لە درێژەی کارە ڕۆشنبیرێکانیدا هەستا بە ڕێکخستنی سیمنارێک بە زمانی ئینگلیزی بۆ سیاسەتمەداری سۆشیالیست بێری وایسلیدەر
لەژێر سەردێڕی جێگاو ڕێگای سیاسەت لە کەنەدا
ڕۆژی یەکشەممە 09/04/2017

ئەمەی خوارەوە دەقیقسەوباسەکانیەتی لەگەڵ بەشداری ئامادەبوواندا……




ئەنفال … نەبەز سەمەد

ئەنفال پرۆسەی جینۆسایدی کوردە. هەوڵێکە بۆ قڕکردن، سڕینەوە و دیارنەهێشتنی کورد و فڕێدانی بۆ دەرەوەی بوون و ژیان. واتا ئەنفال سڕینەوەی ئۆنتۆلۆگیی کوردە. کوشتن لە جینۆساید (ئەنفال)دا کوشتنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستەماتیکە. واتا پێشتر ئامانج، مەبەست، مێتۆد و ڕێگەکانی جێبەجێکردنی دانراون و زانراون. هەروەها کوشتن لە جینۆساید (ئەنفال)دا دوو کوشتنە لە یەک کاتدا: کوشتنێك وەک تاک، کوشتنێک وەک کۆ (گروپی نەتەوەیی، ئاینی، ئێتنیکی، هتاد)، ئەم دوو کوشتنە لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان، کۆ وەک کەس بەرجەستەدەکرێ و دەکوژرێ، تاک وەک ئەندامی گروپێک، لەبەر ئەوەی هەڵگری ئایدێنتیتێی (شوناسی) ئەو گروپەیە دەکوژرێ.

یەکەم هەنگاوی جینۆساید لە تیۆری (ئیدیۆلۆگی)یەوە سەرچاوەدەگرێ، سەرەتا شوناس و ئیدێنتیتێیەکی دیاریکراوی نائارەزوومەندانە دەبەخشرێ بەو گروپەی کە جینۆساید دەکرێ. پاشان بەڕێی پڕۆسەی نامرۆڤاندنەوە ئەندامانی گروپە دیاریکراوەکە لە مرۆڤبوون دەخرێن. لێرەوە جینۆسایدکار ڕەوایەتی بۆ کوشتن و جینۆسایدکردنی ئەو گروپە دیاریکراوە دەباتەوە.
بەعس پێش ئەنفال لە ڕووی تیۆری (ئیدیۆلۆگی)یەوە کورد وەک دوژمن دیاری دەکا و شوناسێکی تایبەتی پێدەدا، وەک ناعەرەبێک. پاشان بەڕێی پرۆسەی نامرۆڤاندنەوە کورد لە مرۆڤبوون دەخا و ئینجا ڕەوایەتی بە کوشتن و جینۆساید (ئەنفال)کردنی دەدا.
بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال و هۆکارەکانی ڕوودانی گەرەکە لە ئیدیۆلۆگیی بەعسیزم و ڕەگ و ڕیشەکانی تێبگەین. هەروەها لە کەسێتی سەدام حوسێن وەک سەرۆکی حیزبی بەعس تێبگەین. هاوکات لە مێژوو و چۆنیەتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق تێبگەین. گەرەکە لە دەوڵەت_نەتەوە، ناسیۆنالیزم و مۆدێرنە و پەیوەندیان بە جینۆسایدەوە و چۆن بەعس توانیویەتی سوود لەوانە وەربگرێ بۆ ئەنفالکردنی کورد تێبگەین.

بەعس بۆ فۆرماندن و شێوەدان بە خۆی و ئیدیۆلۆگییەکەی سوودی لە چەند سەرچاوەیەک وەرگرتووە. بەعس سوودی لە ئیدیۆلۆگیی تۆتالیتاریانیزم، نازیزم، و ستالینیزم وەرگرتووە. ئەمانەی لەگەڵ ترادیسیۆنی خێڵەکی و مێنتاڵێتی پیاوسالاری عەرەبی گونجاندووە. واتا لەگەڵ بارودۆخی سۆسیۆ_کولتووریی ناوچەی جیۆگرافیی نیمچە دوورگەی عەرەبی گونجاندوویەتی. هاوکات سوودی لە ئاینی ئیسلام وەرگرتووە بەتایبەتی لە ڕەوتی سونی. لێرەوە ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوی پانعەرەبی هێناوەتەگۆڕێ، کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویدی (ناعەرەب) دامەزراوە.

ئێمەی کورد تاکو ئێستا تێگەیشتن و ئاگاییەکی تەواومان لەمەڕ ئەنفال نییە. بۆیە تاکو ئێستا ئەنفال بەردەوامە و نەمان توانیووە دۆخی ئەنفال تێبپەڕێنین. واتا ئەنفال پچڕانێکی لە ژیان و مێژووی ئێمەدا دروستنەکردووە. ئێمە نەمان توانیووە بچینە قۆناغی پاش_ئەنفال. تاکو ئێستا ئەنفال قۆناغی شین، کڕوزانەوە، حیکایەت و گێڕانەوەی زارەکی تێنەپەڕاندووە. ئەنفال نەبووە بە پرسیار لە لامان، بۆ ئەوەی لێی بهزرین: داخۆ ئەنفال چییە؟ بۆچی ڕوویدا؟
لە ڕووداوی تراژیدی، جینۆساید و شکستی وەها گەورەی وەک ئەنفالدا دوو ئەگەر هەن: یەکەم، ئەو نەتەوەیە یان گروپەی جینۆساید دەکرێ و ڕووبەڕووی قڕکردن دەبێتەوە بەتەواوی شکست دەهێنێ، لاواز دەبێ و لەناودەچێ. یان (ئەگەری دووەم)، ئەو نەتەوەیە هەڵدەستێتەوە، سەرلەنوێ خۆی بونیاددەنێتەوە، بە هێز و گوڕوتینێکی گەورەترەوە دێتەوە نێو مێژوو، بوون و ژیان. واتا ئەو جینۆسایدە نەک هەر لەناوی نابات بەڵکو بەهێزتری دەکا، وەک: جوولەکەکان.

ئێمەی کورد پتر لەسەر ئەگەری یەکەم ئیشمان کردووە، هەرچەندە بەعس لە ئەنفالدا نەیتوانی بەتەواوی کورد لەناوبەرێ. سەرەڕای ئەوەی دوای ئەنفال هەوڵی هەستانەوە و خۆ_بونیادنانەوە لەلای کورد هەبووە بەتایبەتی لە ڕاپەڕین و کۆڕەودا، بەڵام هەر زوو ئەو هەوڵانە بێئەنجام بوون، ئاخر دواتر کورد دەستی کرد بە جەنگی ناوخۆ و لاوازکردن و لەناوبردنی خۆی. واتا ئەوەی بەعس لە ئەنفالدا بۆی نەهاتەدی دەسەڵاتی کوردی و ئێمەی کورد خۆمان بۆمان هێنایەدی و ئیشەکەمان بۆ تەواو کرد. لە کاتێکدا، ئەنفال ئەو شیمانەیەی لەخۆیدا هەڵگرتبوو کە ئێمە بەڕێی ئەوەوە بەهێزترببین و بتوانین بوون و ئۆنتۆلۆگیی خۆمان بسەلمێنین و لەو ڕێگەیەوە بێینە نێو مێژووەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان دابمەزرێنین.

ئەنفال تاکو ئێستا نەبووە بە ئاگایی، مەعریفە و زانین لەنێو کۆ_ئاگایی و یادەوەری کورددا. بۆیە گەرەکە ئەنفال بکرێ بە دیسکورزێکی مەعریفی و ئۆبژێکتێکی زانستی، ئەمەش بەڕێی لێکۆڵینەوە، توێژینەوە، ئەرشیفکردن، دۆکۆمێنتکردنی ئەنفالەوە دەکرێ. بەداخەوە تاکو ئێستا کەمتر بەشێوەیەکی زانستی، ئەکادیمی، دامەزراوەیی و بە گروپ ئیش لەمەڕ ئەنفال کراوە، بەڵکو پتر هەوڵ و ئیشی تاکە کەسی کراون. واتا تاکو ئێستا لەلای ئێمەی کورد ئەنفال نەبۆتە هۆی بەرهەمهێنانی مەعریفە، دەقی ئەدەبی باڵا، فیلمی سینەمایی، تابلۆی هونەری و ئیشی هونەری باڵا بەتایبەتی لەسەر ئاستی گلۆبال بتوانێ ئەنفال بە جیهان بناسێنێ.




ڕۆژەکەم لە دادگا لەگەڵ نکۆڵیکارێکی هۆڵۆکۆست: لەبارەی فیلمی نکۆڵیکردن…

قسەکردن لەبارەی هۆڵۆکۆست ئاسان نییە، نەک تەنیا لەبەر گەورەیی جینۆسایدەکە، کە گومانی تێدا نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی جوولەکەکان لە هەموو بوارەکاندا ئیشیان لەسەر کردووە. چەندین فیلم، شانۆ، نووسین (ڕۆمان، چیرۆک، لێکۆڵینەوە … هتد) سەبارەت بە هۆلۆکۆست هەن، تاکو ئێستاش بەردەوام سەرلەنوێ ئیشی تازە لەبارەیەوە دەکرێ. جوولەکەکان وەک گەلێکی زیندوو، ئەو ستەمکاری و جینۆسایدەی بەسەریان هاتووە بە هەموو جیهانی دەناسێنن، نەک تەنیا نەوەکانی خۆیان کە لە دوای هۆڵۆکۆستەوە هاتوونەتە ژیانەوە.
لێرەدا دەمەوێ سەبارەت بە فیلمی (Denial)قسە بکەم، کە فیلمێکی درامی، ژیاننامەییە، لە ٣٠ سێپتەمبەری ٢٠١٦ دا بڵاوبۆتەوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەریتانی ( Mick Jackson)، چیرۆکێکی راستەقینەیە لەسەر کتێبی خانمە نووسەر و پرۆفیسۆری ئەمریکی-جوولەکە (Deborah Lipstadt)دێبرا لپستات، بەناوی (History on Trial: My Day in Court with a Holocaust Denier) کە ئەکتەری بەتوانا ((Rachel Weisz لە فیلمەکەدا ڕۆڵی ئەم خانمە دەگێڕێ.

دەستپێکی فیلمەکە زۆر بەهێزە کاتێک دێبرا وەک مامۆستا سەبارەت بەو خاڵانەی ڕەتکردنەوەی ڕوودانی هۆڵۆکۆستی تێدا دەردەکەوێ وانە بە فێرخوازەکانی دەڵێتەوە. ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین خاڵەکانی فیلمەکە. لەکاتێکدا هەموو ئەو خاڵانەی باسی دەکات لە دەیڤید ئارڤینگدا هەیە، ئەم کەسە بەریتانییە، مێژوونووسێکی سەربازی و سیاسییە بەتایبەت لەبارەی دووەم جەنگی جیهانی، ئەڵمانیای نازی و جەنگەکانی هیتلەر نووسیویەتی. یەکێکە لەوانەی ڕەتی دەکاتەوە کە هۆڵۆکۆست ڕووی دابێ، یاخود ژووری خنکاندن بە گاز لە کامپی ئاوشویتس لە پۆڵەندا بوونی هەبوو بێت. ئارڤینگ یەکێکە لەو کەسانەی سەرسام و ستایشکاری هیتلەرە، لە کۆتاییدا تەنیا بەرگری و پاساو بۆ کارە لەناوبەرەکانی هیتلەر دێنیتەوە. ئەمانە گرنگن کە لە فیلمێکی مێژوویی ڕاستەقینەدا دەتوانرێ بەباشی بۆ لێڕوانەر کرۆک و جەوهەری فیلمەکە ڕوون بێت.

کتێبێکی خاتوو دێبرا، کە تێیدا وەڵامی ئەو نکۆڵیکردن و ئینکاریکردنەی ئارڤینگی داوەتەوە لە کاتی بڵاوبوونەوە و قسەکردن لەسەری، ئارڤینگ بە پلانێکی بۆ ڕێکخراو ڕووبەڕووی دێبرا دەبێتەوە، بەڵام وەک دێبرا بڕیاری داوە کە دیبەیتی ئەو کەسانە ناکا کە ئینکاری ڕوودانی هۆڵۆکۆست دەکەن، هیچ وەڵامێکی ناداتەوە ئەویش بە گاڵتەوە دەڵێ هەزار دۆلارم لە باخەڵە دەیدەم بەو کەسەی کە بەڵگە و دۆکۆمێنتێک نیشانی من بدات، بیسەلمێنێ هیتلەر فەرمانی کوشتنی جوولەکەی دەرکردووە! دێبرا دەڵێت من دیبەیتی تۆ ناکەم نە ئێستا، نە لێرە و نە لە هیچ شوێنیک. چونکە دێبرا ئەکادیمیانە لە ناو کتێبەکانیدا وەڵامی بۆ ئەمانە هەیە. ئەو پێی وایە کەسێ ئازادە کە بۆچوونی هەبێت لەسەر هۆڵۆکۆست نەک ڕەتیبکاتەوە، چونکە ئەمە ڕوویداوە و بەڵگە نەویستە و خۆ-ڕوون و ئاشکرایە. دوای ئەوە ئارڤینگ لە دادگای باڵای لەندەن سکاڵا دژی دێبرا، چاپخانە و بڵاوکاری کتێبەکە تۆماردەکات، لەبەرئەوەی گوایە دێبرا لە کتێبەکەیدا ئەوی وەک نکۆڵیکاری هۆڵۆکۆست ناساندووە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە ناوبانگی ئەو وەک مێژوونووسێک لەکەدار دەکات.

دێبرا پاش بیرکردنەوە و گوێگرتن لە وتارە نابەجێکانی ئارڤینگ کە بۆ نوێنازییەکان دەیدات، بڕیار دەدات لە دادگا ڕووبەڕووی ئارڤینگ ببێتەوە. لەبەرئەوە پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە دەکات (ئەنتۆنی جولیەس) زۆر سەرکەتوو و بەتوانایە، هەروەها (ڕیچارد ڕامپتۆن) وەک پارێزەری قسەکەر لە دادگا دیاری دەکرێ. تیمێکی یاسایی و لێکۆڵەرەوە لە کۆمەڵێک پارێزەر و پرۆفیسۆر پێک دێنن، ڕیچارد دەبێ بە سەرپەرشتیار و ڕێکخەری کەیسەکە. ئەو زۆر بە بەرپرسیارانەوە ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات، کاتێک ئیش لەسەر کەیسەکە دەکات، هەست بەو دڵسۆزی و ئازارچەشتنەی دەکەی بۆ قوربانییەکانی هۆڵۆکۆست، ئەمەش بەرپرسیارێتی و قورسایی مۆراڵی ڕیچارد بەرامبەر ئەو کارەساتە لە فیلمەکەدا نیشان دەدات. دیمەنەکان هێندە کاریگەرە کە لێڕوانەر هەست بە ئازارەکەی دەکات! من خۆم پێم وابوو ئەو کەسێکی لەدەست داوە یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە هۆڵۆکۆستەوە هەیە. لە ڕاستیدا من وەک کوردێک لە مەم ڕووانی، چونکە لێرە تۆ دەبێ کەسێک لە دەست بدەی یان لە نزیکەوە پەیوەندیت بە جێنۆسایدەوە هەبێ ئینجا لەو غەم و ئازارە تێدەگەی کە لە ڕیچارددا بەدی دەکرێ. لای زۆربەی کورد ئەو ئاگایی و زانینە نییە بەرانبەر بەو جینۆسایدەی کە بەسەرماندا هاتووە، لێرە هەوڵەکان تاکە کەسین بۆیە دەرئەنجامی دڵخۆشکەرییان نییە. ئێمە فێرنەکراوین کە چۆن ئەرکی مۆڕاڵیانەی خۆمان بەرانبەر بەو جێنۆسایدەی بەسەرمان هاتووە بەجێ بێنین. ئەمانە ئیشکردنی دەوێت، دەبێت لە پەروەردە و ئەکادیمیادا بخوێنرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێ، دەقی ئەدەبی باڵای لەبارەوە بنووسرێ، ئیشی هونەری لەسەر بکرێت، بەداخەوە ئەمە هێشتا لێرە وەک پێویست نییە.

دێبرا کەسێکی بە هەڵەشە و سۆزەکییە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو جوولەکەیە، ئەم ڕووداوە (هۆڵۆکۆست) بۆ ئەو ئەوەندە هەقیقییە، ئەوەندە فاکتێکی بەهێزە نەشیاوی نکۆڵیکردنە، بۆ ئەو قورسە ئینکار بکرێ و لە دادگا بەرگری لەو ڕاستییە بکات. بۆیە بڕیارەکانی تیمەکەی بۆ قبوڵ ناکرێ، پێی وایە ئەوان نابێ ئارگۆمێنتی ئەوە بکەن کە گوایە دێبرا ڕاستی دەڵێ چونکە ڕاستی بەڵگەی ناوێت، لەبەرئەوە تیمەکە بڕیار دەدەن کە دێبرا نابێ لە دادگاییەکەدا قسە بکات، بەڵکو تەنیا ئامادە دەبێت. هەروەها ڕزگاربووانی هۆڵۆکۆستیش وەک شایەتحاڵ وتەیان لێوەرناگیرێ، چونکە لە لایەن ئارڤینگەوە ڕەنگە هێرش بکرێتە سەریان، سوکایەتیان پێبکرێ و شەرمەزار بکرێن. هەروەها لەبەرئەوەی ئەوان ئەزموونی هۆڵۆکۆستیان کردووە و ئەو ئازارەیان چەشتووە، لە ڕووی دەروونییەوە ڕەنگە بەرانبەر بە قسەکانی ئارڤینگ تووشی هەڵچوون ببن، ئاخر ئەوان لە لایەکەوە ئەزموونی تراوما (هەڵتەکانی دەروونی)یان کردووە و ئێستا لە قۆناغی پۆستتراومادا دەژین، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگە تووشی لە بیرچوونەوە ببن تەواوی ڕووداوەکانی هۆڵۆکۆستیان وەک خۆی بیرنەمابێ. ئەمانەش هەمووی دەبن بە بەڵگە بە دەست ئارڤینگەوە بۆ سەلماندنی قسەکانی خۆی. ئەمە ڕاستییەکی تر سەبارەت بە وردی ئیشکردنی تیمەکە دەردەخات، ئەوان دەیانەوێ لە دۆخی گێڕانەوەی زارەکی دەربچن، بەڵکو دەیانەوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆکۆمێنتەکان بکەن، بۆئەوەی دژبێژی و نەسازییەکانی ئارڤینگ لە کتێبەکانیدا بدۆزنەوە و لە دادگاش دژبێژی قسەکانی بسەلمێنن.

لە دادگاییەکەدا دیبەیەتی ئەکادیمیانەی زۆر باشی تێدایە کاتێ دوو لایەنەکە بەرەو ڕووی یەکدی دەبنەوە. لەسەر بابەتی زۆر ورد و بەردەست ئیش دەکەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئیشی بە تیم بۆ کەیسی جێنۆساید چەندە کاریگەر، لێهاتووانە و پڕ بەرهەمە، چەندەش پێویستە. من نامەوێ تووشی بەراوردکاری ببم بەڵام بۆ نابێت ئێمە سوود لە ئەزموونی جوولەکە وەرگرین، چونکە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ ئیشکردنی بە کۆمەڵ لەبارەی جێنوسایدی کورد.

ئامادەکارییەکان لەلایەن تیمەکەوە بۆ دادگاییەکە چەند ساڵێک دەخایەنێت، بەڵام خودی دادگاییەکردنەکە نزیکەی مانگێک درێژەی دەبێت، دواجار لە بەرژەوەندی دێبرا کۆتایی دێت. دادگا بڕیار دەدات ئارڤینگ بەگوێرەی ئایدۆلۆژیی خۆی، بەمەبەستەوە مێژووی شێواندووە و بەهەڵەی دابردووە، هەروەها ئارڤینگ وەک دژە جوولەکە و ڕەیسیست دەناسێنرێ. واتا سکاڵاکارەکە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو بەرگریکارەکە سەرکەوت، ڕاستی و هەق بەو بوو. دێبرا لە کۆتا قسەکانیدا دەڵێ من پێش ئەوەی بێم بۆ لەندەن باوەڕم نەدەکرد کە دادگا شوێنیک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و سەلماندنی هەقیقەتی مێژوویی. دێبرا هیچ قسەیەکی نەبوو بۆ ئارڤینگ، بەڵام ڕوو لە ڕزگاربووان و کوژراوەکان دەکات و پێیان دەڵێ ئێوە لە بیرنەکراون و یادتان دەکرێتەوە، دەنگی ئازارەکانتان بیسترا. بەو هیوایەی ئازارەکانی کوردیش بگەیەنرێ و ببیسترێ.




ئەدیب و نووسەرانى دژە سیستەمى تۆتالیتار و بەرهەمهێنانەوەى هەمان سیستەمى تۆتالیتار

ڕزگار عەلى

لەم گوتارەدا ئەوە دەردەخەین کە چۆن کایەى ئەدەب و نووسەرانمان ٢٥ ساڵە هەمان ئەو دەسەڵاتە بەرهەمدەهێنێتەوە کە دەسەڵاتى تۆتالیتار دەیەوێت، یان ئایا ئەدەب و نووسین چۆن دەچێتە خزمەتى دەسەڵاتى تۆتالیتارەوە. ئێمە لەم گوتارەدا کایەى ئەدەب و نووسەرانى ٢٥ ساڵى ڕابردوو وەردەگیرن، بە تایبەت لەناو ئەدەب و نووسەران هەردوو ژانى (ڕۆمان و شیعر)، ئایا ئەدەب و نووسەران لە کۆێى بەرهەمهێنانەوەى دەسەڵاتى دەسەڵاتى تۆتالیتارە؟ ئایا دەسەڵاتى تۆتالیتار چۆن کایەى ئەدەب و نووسەران دەکاتە کایەى خۆى هاوشێوەى دەزگاکانى ترى دەسەڵاتێکى ستەمکار؟ ئایا دەسەڵاتى تۆتالیتار چۆن نووسەران و خیتابەکانیان لەناو دەزگا (درۆینەکان) جێگە دەکاتەوە.

لە ماوەى ڕابردوودا یەکێک لەو جیاکارانەى نێوان سیستەمى تۆتالیتار و سیستەمى دیکتاتۆرییەت کردممان ئەوەبوو، دەسەڵاتى تۆتالیتار پێچەوانەى دەسەڵاتى دیکتاتۆرییەت سوود لە هەموو کایە جیاوازەکان وەردەگرێت بۆ سوودگەیاندن بەوەى دەسەڵاتى (فاشی) ڕاستەقینەى خۆى بشارێتەوە، واتە سیستەمى تۆتالیتار سیستەمێکە مانەوە و فۆڕمپێدانى لە ڕێى ئەو ماسکانەوە دەبێت کە دایدەمەزرێنێت، ئەو ماسکانە دەکاتە ڕووپۆشێک بۆ خۆى بۆ ئەوەى جەوهەرى سیستەمەکە شاراوە بێت، واتە سیستەمى تۆتالیتار کۆمەڵە سەتحێتێکى جیاوازى (بێ ڕۆحى) بەرەنگارى درۆینە لەناو سیستەمەکە جێگە دەکاتەوە بۆ ئەوەى شیعارى دیموکراسیبوونى پێ بەرزبکاتەوە، ئەو سەتحێت و درۆ و ماسکانەش کە ڕۆحی سیستەمى پێ دەشارێتەوە هەندێکیان ئەمانەن (حوکمەت و پەرلەمان و وەزارەت و حزبى تر و هێزى دامەزاروەیی و پەروەردە …)، ئەم درۆینانە کە دایدەمەزرێنێت هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و لە دەرەوە و پشتى ئەمانە دەزگا ڕاستەقینەکان و دەسەڵاتە ڕاستەقینەکان بەدى دەکرێت، ئەم دەزگایانە هەم دەبنە ماسک بۆ دەزگا ڕاستەقینەکان و هەم بە ناڕاستەوخۆش دەچنە خزمەتى سیستەمى تۆتالیتار. یەکێک لەو کایانەى تر کە لە پاڵ ئەو درۆیانەدا دەبێتە ماسک و بە ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتى سیستەمى تۆتالیتار نووسین، ئەدەبیات و خیتابەکانیانە. ئەدەب و نووسەران و خیتابەکانیان وەکو کایەیەک بۆ بەرهمهێنانەوەى دەسەڵات، وەکو گەمەى دەسەڵات.

میشێل فۆکۆ تەئکیدى لەوە کردۆتەوە کە چۆن ئێمە ئەو دەسەڵاتە بەرهەم دەهێنینەوە، کە کەوتوونەتە نێو ئەپارەتووسەکان و ستراتیژییەکان و گەمەکانى دەسەڵاتەوە، فۆکۆ لە ڕێگەى کەشفکردنى دەسەڵاتەی (فەرماندەرکەرەوە) نەهاتووە خودى دەسەڵات کەشف بکات، بەڵکو لە ڕێگەى کایەکانى ترى دەسەڵاتەوە کە دەسەڵاتدار نین خودى دەسەڵاتە کەشف دەکات، (فۆکۆ) ڕاى وایە دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە لە هەموو كونوقوژبنێکە، دەسەڵات لە هەموو کایەکانى تردایە، واتە بەو تەعبیرە دەسەڵات جەوهەرێکى شاراوەى هەیە کە ئێمە فرامۆشمان کردووە، فۆکۆ لە تێزەکەیدا دوو پرسیار دەورژێنێت و ئاماژە دەکات، دەسەڵات چییە؟ دەسەڵات لە کوێوە دێت؟ لێرەدا (فۆکۆ) بەم پرسیارانە دوورمان دەخاتەوە لە وەڵامە تەقلیدییەکان کە دەسەڵات لەناو یاسا و ئایدۆلۆژییەکان و سەرکردە و حوکمڕانەکاندایە، بەڵکو (فۆکۆ) دەمانبات بۆ ناو کۆى پەیوەندییەکان و سیستەم و هێماکان، دەسەڵات لەناو هێما جیاوازەکان و تەعبیرە جیاوازەکاندا خۆى مانفێست دەکات، کەواتە دەسەڵاتە لەناو ئاڕاستەکاندایە، هەندێک جار ئەو ئاڕاستانە لەسەرەوە بۆ خوارەوە نییە، بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە.

تەعبیرى (فۆکۆ) ئەوەیە کە دەسەڵات گەمە دەکات و خۆى دەشارێتەوە و هەوڵیش دەدات بەردەوام فۆڕمى نوێ بۆ خۆى پەیدا بکات، ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگاى توندوتیژیی و سەرکوتکردنەوە بەدى نایەت، بەڵکو فۆڕمێکى نەرمى هەیە و لە ڕێگاى حەیەوێتى ئەویترى جیاوازەوە خۆى دەسەپێنێت[ بڕوانە: جیل دولوز_مدخل قرات فوکو]. دیارە بە پێى ئەم تەعبیرەى (فۆکۆ) ئێمە دێین کایەى ئەدەب و نووسەران و خیتابەکانیان وەکو کایەیەک کە دەبێتە گەمەى دەستى دەسەڵاتەوە وەردەگرین، کاتێک ئەم کایەیە وەردەگرین پێمان وایە مرۆڤ زادەى جێگە و زەمان و کەلتور و دەسەڵاتی خۆیەتى، ڕاستە کۆمەڵێک بابەتى یونفێرساڵ لەناو هەموواندا هەیە، بەڵام ئەو یونفیرساڵە هیچ کاتێک و هیچ قۆناغێک نەیتوانیوە تایبەتمەندى شوێنێکى دیاریکراو بە تەواوى غەفە بکات، واتە ئەگەر لەسەر ئاستى تاکدا وەریبگرین، ئەرکى ئەو سوبێکتەى کە لە ڕۆژهەڵات هەیە جیاوازە لەو سوبێکتەى کە لە ڕۆژهەڵاتە هەیە، ئەم تەعبیرەش بۆ ڕۆشنبیر و حوکمڕان و کایەکانى تریش دەبێت، ناکرێت ئەرکى ڕۆشنبیرییەکى ڕۆژهەڵاتى و ڕۆشنبیرییەکى ڕۆژئاوایی یەک بێت، هەروەها ناشکرێت گوتار و تەعبیرەکان بە تەواوى لە یەک بچن، کەواتە ئێمە لێرەدا دەگەینە ئەوەى ئایا لە کۆمەڵگەى کوردى وەکو تایبەتمەندییەک دەبێت ڕۆشنبیر و گۆتارەکانیان چۆن بێت؟ ئەم دیاریکردنەى کە ئێمە دەیکەین بۆ وەزیفەى ڕۆشنبیر ئەوە ناگەیەنێت لە قاڵبیان بدەین بۆ ئەوەى وەکو ئێمە بیربکەنەوە، بەڵکو ئەم گوتارى دژە گوتارێکە کە گوتار نییە و خۆى بە گوتار مانفێست کردووە. بە گەڕانەوەمان بۆ ٢٥ ساڵى ڕابروو ئەو گوتارانەى لە ڕۆشنبیرانى کورددا بوونى هەبوو زیاترییان گوتاری ئەدەبى بوون، لە ٢٥ ساڵى ڕابردوودا ئەدەب تایبەت شیعر و ڕۆمان، هەم کایەى مەعریفەى ڕاستەقینەیان داگیرکردووە و ناهێڵن هیچ گوتارێک لە دایک بێت، هەم خۆیان بوونەتە موفەکیر و ناهێڵن هیچ کەسێک و بیرکردنەوەیەکى جیاواز لە پاڵ ئەواندا بوونیان هەبێت، چۆن؟ دیارە هەرچى تایبەتە بە کارئەکتەرى رۆشنبیرەکانەوە، کۆمەڵێک بوون هەر لەسەرەتاوە نامۆبوون بەرانبەر دونیاى خۆیان وەکو ڕۆشنبیر، ئەوانە هەرگیز بیریان لە گوتار و ئەرکى ڕۆشنبیر و ئەکتى سیاسى و پەروەردەى تاک لە دەرەوەى سیستەم نەکردەوە، بەڵکو یان لەناو سیستەمەکە بوون و بەردەوام پەرچەکردارێک بوون، یان بە تەواوى لە سیستەمەکە و دۆخى کوردبوون دابڕابوون.

کارئەکتەرى ڕۆشنبیران دیارە بە تایبەتى ڕۆشنبیران و ئەدەبنووسانى کورد بەردەوام لەناو دۆخێکى خۆدۆزەرەوەى (دانپێنراو)دا بوون، هەر ئەم وجودى دانپێنراوەش وایلێکردن بکەونە ناو فەنتازیایىەکى بیرکەرەوەى ناواقیعییەوە کە داببڕێت لە هەموو کایەکانى تر، واتە ئەدەبنووسان دابڕاوترین چینەکانى کۆمەڵگەى کوردین کە بەناوى سەقافەتبوونەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارییەتییەک دەدزییەوە، (ئیدوارد سەعید) لە پێناسەى ڕۆشنبیردا ئاماژە دەکات: ” بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە خەڵک هەموو ڕۆشنبیرن، بەڵام هەموویان لە کۆمەڵگەدا دەورى ڕۆشنبیر نابینن” ئەوەى لەم ڕۆشنبیرانە غیاب بوو ئەوەبوو بۆ ڕۆژێکیش دەورى ڕۆشنبیریان لە کۆمەڵگە نەبینیوە، ئەم ڕۆشنبیرە ئەدەبنووسانە چوونە قاوغەکەى خۆیان و تەنیابوون و دابڕانیان وەکو کاڵایەک کردە ملى خۆیان و تەنانەت کردیانە گوتار و ئاماژەیان دەکرد هەر کەس بە تەنیا بێت و دوورەپەرێزبێت لە کۆمەڵگە ڕۆشنبیرە، (مارکوزە) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى قوتابخانەى فرانکفۆرت، لە شۆڕشى قوتابیانى ٦٨دا بەدەستێک مەعریفەى شۆڕشگیری دەنووسی و بەدەستێک لەناو ئاپۆڕادا دەیبەخشییەوە، چاوێکى لەسەر تیۆر بوو چاوێکى لەناو ئەو چاوانەدا کە ٦٨یان وێنە دەکرد، ڕۆشنبیرى مارکۆزە ڕێک ئەو پێناسەیەى (جولیان بیندا)ى بەسەردا دەبڕا، بیندا دەیگوت: ” ڕۆشنبیر دەبێت هەردەم چاوەڕێى ئەوە بێت بسوتێنرێت” بەڵام هەرچى ئەدەبنووسانى ئێمەیە بەناوى )بێلایەنییەوە( دابڕان لە سیاسەت و ئەکتى سیاسى، دیارە ئەوانەى ناوەوەى وڵات بێلایەنبوونیان بۆ ئەوە نەبوو کە مەعریفەیەک لە دەرەوەى هەموو لایەنەکان بونیاد بنێن، بەڵکو بێلایەنبوونیان یان بەشێکبوون لە سیستەم، یان بەشێک بووە لە جەبانییەت و ترسنۆکییان بەرانبەر سیستەم، ئەوانەى دەرەوەى وڵاتیش بۆ ئەوەبوو ئەو حەشاماتە کە دەورى گرتوون و بەشێکیان لەناو سیستەم بوون نەتۆرێنن، بۆیە هەردەم بێلایەنییان هەڵدەبژارارد. ئەوەیان سەبارەت بە کارئەکتەرى ڕۆشنبیران و ئەدەبنوسانە.

هەرچى تایبەتە بە گوتارەکانیان، ئەدەبنووسانى کورد و خیتابەکانیان بەتایبەت ئەوانەى لە دواى ڕاپەرینەوە هاتن، بە تەواوى دابڕاوبوون لە مێژوو، کەلتور، شوناس و سیستەم و دەسەڵاتى ئێمە، ئەوەى ئەدەبنووسانى کوردى بە ئێمەوە گرێدەدا تەنیا زمانە کوردییەکە و ئەو حەشاماتە خوێنەرە کوردە بوو کە لە خۆیانیان کۆکردەوە. ئەدەبنووسانەى کورد خیتابى سەرەتایی نەوەدەکانیان هەمان کردارى ئەو سیاسییە نیاردەتاڵانە بوو کە هاتنەوە شار، ئەوانیش وەکو سیاسییەکان بە دواى دۆزینەوە و ئەوەى لاى (هێگڵ) هەیە دەربارەى هاوکیشەى ئاغا و کۆیلە ( دانپێناندا) بوون، ئەوانیش بە دواى ئەوەدا بوون ببنە پێغبەرێکى سەرکردە و زۆرترین کەس لە خۆیان کۆبکەنەوە، لە کاتێک ئیشى نووسەر ئەوە نییە حەشامات لە خۆی کۆبکاتەوە، ئیشى نووسەر ئەوەیە حەشامات بکوژێت، یان تاک لەناو حەشامات دەربهێنێت و بیکاتە سوبێکتێکى شۆڕشگێڕی، (هیگڵ) لەپێشکەشکردنى وانەکانى (فەلسەفەى مێژوو) تەنیا دوو قوتابى ئامادەیی وانەکانى بوون، هیگڵ بەوە کارێکى نەکرد کە خیتابەکەى بگۆڕێت و دابەزێتە ئاستێک کە حەشاماتێک بونیاد بنێت بۆ ئەوەى لێی تیبگەن، بەڵکو هیگڵ خیتابەکەى مەعریفیەکى ئازاربەخش بوو بۆ سوبێکت، پەروەردەى هیگڵ سوبێکتێکى شۆڕشگیڕیی مەعریفەزان بوو، بەڵام نووسەران و ئەدەبنووسانى کورد بۆ ئەوەى زۆرترین حەشامات لە خۆیان کۆبکەنەوە خیتابەکایان لەسەر (چێژى خوینەر) بونیاد دەنا، نووسەرانى کورد بیانزانیایە خوێنەر چی دەویت ئەوەیان پێ دەبەخشى، هاوشێوەى هەڵبژاردنى حزبەکان خیتابەکانیان لە شێوەى (حەملەى هەڵبژاردن) بەیان دەکرد، هەر نووسەرێک بیتوانیایە زۆرترین ئینسان و خوێنەر لە خۆى کۆبکاتەوە ئەوە باشترین نووسەر بوو، ئەدەبنووسان ئەم حەزە نەگریسەیان تەنیا بۆ ئەوەبوو خۆیانى پێ بدۆزنەوە، بۆ ئەوەبوو شوناسى خۆیان لەناو کۆمەڵگە بەیان بکەن، بە دیوى (فرۆید)ى خیتابیان بەیانکردنى ئەو چەپاندنە بوو کە هەیانبوو. سیستەمی تۆتالیتار کاتێک ئەفکارێکى جدى، یان ئەفکارێکى خەلاق و کاریگەر وجودى دەبێت لە پاڵ ئەو ئەفکارەدا سەدان ئەفکارى درۆزن و تابع بەخۆى لە پاڵ ئەو ئەفکارە خەلاقە دروست دەکات بۆ ئەوەى جدیبوون و کاریگەربوون و خەلاقبوونى ئەو ئەفکارە بکوژێت، بەڵام لەسەرەتاى دروستکردنى سیستەمی سیاسى لەناو کۆمەڵگەى کوردى ئەو کارەى کە سیستەم دەیەوێت ڕۆشنبیرە درۆزنەکان بۆى دەکەن، واتە سیستەم لە ڕێگەى ئەو ڕۆشنبیرانەى گەورەترین خزمەت دەکرێت، هەم بەلایەکدا کارئەکتەرى ڕۆشنبیر کارئەکتەرێکى لاوازە و دەورى ڕۆشنبیر نابێنیت هەم نایەڵێێت ئەوانەى دەورى رۆشنبیر دەبینن دەرکەون، لێرەدا سیستەم نەک دژى ئەو ڕۆشنبیرانە نییە، بەڵکو بەردەوام بەم نووسەرانە ڕۆژنامەکان و مەکینە ئیعلامییە گەورەکەى ڕۆحى سیستەمیشیان پێ بەڕێوە دەبات.

(ژان پۆل سارتەر) یەکێکبوو لەو فەیلەسوف و ڕۆشنبیرانەى زۆربەى تیۆر و گوتارەکانى بیرۆکەیەکى شۆڕشگێڕی بوو، هەر لە شانۆوە تا دەگاتە ڕۆمان و ئەفکارە فکرى و کارە فەلسەفەکانیشى، ئەم فەیلەسوفە لەگەڵ ئەوەى تیۆرەکانى هێزیکیان دەبەخشییە تاک، سوبێکتێکى کاریگەری دەخوڵقاند، گوتارێکى نەفیبوونیان بە سوبێکت دەبەخشى، ڕۆحێتێکى تەسلیمنەبوون و ئازابوونیان مانفیێست دەکرد، بەڵام کەوتە بەر ڕەخنەیەکى زۆرى نووسەران و ڕۆشنبیران کە هیچ ئەکتێکى پراکتیکى لەدەرەوەى خۆى نییە، (سیمۆن ئارۆن) دەڵێت: “سارتەر ڕۆشنبیریکە دەیەوێت بە بێ مەترسى دونیا لە ئۆفیسەکەى خۆیەوە بگۆڕێت” سارتەر دواى ئەو ڕەخنانە، لە شەستەکاندا کە هاوکاتبوو لەگەڵ شۆڕشى ٦٨ى قوتابیان، ڕۆمان و شانۆ دەخاتە ئەولاوە و دەستدەکات بە چالاکى ڕۆشنبیرى سیاسى، هەر خۆى تیۆرەکانى دەکات کردار، هەر خۆى ئاڕاستەى پراکتیکى تیۆرەکان پیشانی سوبێکتى شۆڕشگیڕى دەدات، بەڵام ڕۆشنبیرانى ئێمە و نووسەرانى ئێمە دواى ڕاپەڕین لە دۆخێکى تەحلیلى ڕوداوى ڕۆژانە زیاتر تیناپەڕن، بەردەوام چاوەڕێیان کردووە سیستەم ڕووداوێک بخوڵقێنێت و ئەمانیش تەفسیر و تەحلیلی بۆ بکەن، ئەو چ نەزانییەکە تۆ لە جیاتى ئەوەى شوناسى سیستەم و حزب بزانیت تا ڕووبەڕووى ببیتەوە، دێیت تەفسیرى ڕووداوەکان دەکەیت، سەیربکەن پاش ٢٥ ساڵ کایەى ڕۆشنبیرى ئێمە لە کوێدایە، سەیربکەن پاش ٢٥ ساڵ زیاتر چ تاکێکیان دروستکردووە، سەیربکەن خۆیان لە کوێى ڕووداوەکانن، سەیربکەن ئێمە ٢٥ ساڵ زیاترە ئەم سیستەمە یاریمان پێ دەکات بێ ئەوەى بزانین شوناسى چییە، بێ ئەوەى ڕۆشنبیرەکان پێمان بڵێن چی بکەین و چی نەکەین، سەیربکەن چۆن ئێمە لەناو دۆخێکین کە دەبێت تیۆرى شۆڕشگیڕى دابڕێژین، بەڵام فێرمان دەکەن چۆن چێژ لەوە ببینین مانگ ئاوا دەبێت، چۆن بە چ شێوەیەک خۆشەویستى بکەین، چۆن وەسفى یار بکەین، چۆن بچینە قاوغى ڕۆحانییەوە هیچ پەیوەندییمان بە سیستەمەوە نەبێت، سەیریکەن چۆن هەموو کۆمەڵگەیان کردە شاعیر و ڕۆماننوس، چۆن تێیانگەیاندین سیاسەت لە هەر کوێیەک بێت خراپە، چ خراپەیەک ئەو خراپەیەى کە (سلافیۆ ژیژەک) ناوى دەنێت( خراپەى موتڵەق)، خراپەى موتڵەق بەماناى کردەوە هەرە شەیتانییەکان، بۆ کایەى سیاسەتیش بەو مانایەى کە جەوهەرى سیاسەت لە هەر کوێیەک بێت و لە چ زەمینێک بێت خراپەى موتڵەقە، هەر کەسێک بیکات و چ لایەنێک بانگەشەى خراپنەبوون و گەندەڵنەبوون بۆ سیاسەت نەکات (درۆى موتڵەق) دەکات، بۆیە دەبێت ئێمە هەوڵى ئەوە بدەین لە دەرەوەى کایەى سیاسى رزگارى خۆمان بدۆزینەوە، بە خەیاڵ حەقیقەت بۆ خۆمان بونیاد بنێین، بە خەیاڵ واقیع بکەینە بەهەشت، بە خەیاڵ دونیایەک دروستبکەین لە دونیاى سیاسەت جوانتر بێت، پێیان گوتین وەرن با ئیتر توخنى سیاسەت نەکەوین، سەیربکەن چ کارەساتێکیان خوڵقاند کە نابێت کەس باسی سیاسەت بکات، سەیربکەن ڕێگاى ڕزگاریان بەوە پیشان داین کە هیچ عیلاقەمان بە سیاسەت نەمێنێت، وایانفێرکردین کە لەناو عیشق و وەسفى یاردا بین ئێمە رزگارمان دەبێت، وایانفێرکردین تەنیا بۆ خۆمان بژین و هیچ پەیوەندییمان بەوى ترەوە نەمێنێت، سەیربکەن چۆن دەزگاکانى ڕۆشنبیرى و چاپخانە و کتێبفرۆشەکانیان هەمووى کردە کایەیەک کە مەعریفەیەکى تێدا نەبێت، هیچ تویژینەوەیەک وەرنەگیرێت، هیچ کتیبێکى سیاسى و فیکرى چاپ نەکرێت، ئەو ڕۆشنبیرانە تەواو لە واقیع دابڕاوبوون، وایان بەیانکرد ئێمە بەرانبەر تاڤگەى نیگارا دانیشتوین و دونیایەک فریشتەى چاو شینى قژ زەرد بە بەردەمماندا تیدەپەڕن، بۆیە دەبێت ئێمە چێژ لە سروشت وەربگرین، چێژ لە بینینى فریشتەکان وەرگرین، چێژ لە هاژەى ئاو وەرگرین.

ئەم جۆرە خیتابانە و نووسینەکانیان ئەوەندە چێژبەخش بوو ئەگەر مرۆڤێک لە ژیانیدا سەردێڕی ڕۆژنامەکانیشى نەخوێندبێتەوە بەڵام کتێبێکى شەسەد لاپەڕەى ئەم خیتابە چێژبەخشەیان بدەرێ بە دوو ڕۆژ بۆت تەواو دەکات، ئەمە دروستکردنى کارخانەیەکبوو کە حەشیشى بێئاگاییان دەبەخشێتە تاک، کارخانەیەک کە سیستەم ڕۆحییەتى لەسەرى بونیاد ناوە. ئەوەى ئەم ڕۆشنبیرانە خوڵقاندیان تاکێک بوو ئێستا لە سێبەرى خۆشى دەترسێت، تاکێک بووەتە بوودەڵەیەک کە سیستەم بە کەیفى خۆی یارى بەهەستەکانیان دەکات، تاکێک وەکو یاریزانێکى ئەتارى دوو دەسەکەکەى لاى ئاغاکەى بێت و چۆنیان بووێت وا گەمەى پێ دەکەن، تاکێک کە ئامادەیە خۆى بکوژێت بەڵام ئامادە نییە ڕووبەڕووى ئەو شتە بێتەوە کە هۆکارە بۆ خۆکوشتنەکەى، بیهێنە بەرچاوى خۆتان گەر ئەو سوبێکتە ڕۆشنبیرییەى لە ژنێکى باکوردا دروستبووە، ئەو جەنگاوەرە سپارتایەى کە لە مێینەیەکى باکوردا هەیە و پێی پەروەردە کراوە، ئەگەر خیتابەکانى ئەم ڕۆشنبیرانەى کوردانى باشورى پێ ببەخشى چییان لێ دەردەچێت؟ لە باشترین حاڵدا یان خۆى دەسوتان یان نەیدەوێرا وێنەکەى لە پڕۆفایلى فەیسبووکەکەى دابنێت، بەڵێ ئەمە بەرهەمى سیستەمى سیاسى نەبوو، بەرهەمى فاشیزمى یەکێتى و پارتى نەبوو، بەڵکو بەرهەمى ڕۆشنبیران و ڕۆماننوسان و شاعیراکانى ٢٥ ساڵى ڕابردووى ئێمە بوو.




سینۆگرافیا ..له‌ ئه‌زموونی نوێ‌ ی شانۆی كوردی دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ناتوانین نكۆڵی له‌وه‌دا بكه‌ین كه‌ چمكی راسته‌قینه‌ی سینۆگرافیا په‌یوه‌سته‌ به‌ ته‌كنیكی شانۆیی و هه‌موو ئه‌و جوانكاریی و پێكهاته‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كییانه‌ی شانۆ به‌ جوانی و رۆحه‌ زیندووه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، سینۆگرافیاش وه‌ك هونه‌رو زانست چونكه‌ په‌یوه‌ست بوونێكی راسته‌وخۆی به‌ دیدو ده‌روونی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌،به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كار ده‌كاته‌ سه‌ر بینه‌رو وروژاندنی،تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێ‌ جار له‌ ژێرتینی ئه‌و كاریگه‌ر بوونه‌ به‌ سه‌ر بینه‌ردا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ كه‌ به‌ نهێنی له‌ ناو تاریكایی شانۆدا فرمێسكی خۆشی پێ‌ بڕژێنێ‌ ،بینه‌ر له‌و له‌حزانه‌دا وا هه‌ست ده‌كا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئینسانیه‌تی خۆی،هه‌سته‌ فسیۆلۆژییه‌كانی تێكراِ چه‌شنی شه‌پۆلێك له‌ سۆزو ئه‌ندێشه‌ هه‌ڵده‌چن،كه‌ هه‌ندێ‌ جار به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ له‌وه‌رگرتنی چێژو ستاتیكاو سۆز ناگرێ‌،به‌ بێ‌ ویستی خۆی له‌ ژێر فشاری ئه‌و قه‌واره‌ بێ‌ سنووره‌ له‌ چێژ وه‌ر گرتنی سینۆگرافیا ، وای لێ‌ دێت كۆنترۆڵی خۆی له‌ ده‌ست بدات ،به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی نمایش هه‌موو پێكهاته‌ سینۆگرافیاكانی به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌گه‌ڕ ده‌خا، له‌ گه‌ڵ ریتمی موزیك و سه‌ما، ئه‌دای جه‌سته‌ و ئیلقای جوانی ئه‌كته‌ر،كاتێ‌ ئاوێزانی موزیك و رووناكی ده‌بن ،نمایش له‌ باگ راوندی ژێر په‌رده‌ی شانۆو رووداوه‌ نه‌بیندراوه‌كان،كه‌ هه‌ندێ‌ جار وێنه‌ی سینه‌مایی تێدا دروست ده‌كرێت و تێكه‌ڵ به‌ موزیك ده‌كرێت، یان دروست كردنی تابلۆیه‌ك له‌ بێده‌نگی و كپی و خامۆشی و به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی له‌ ناكاوی بینه‌ر و به‌ هاوسه‌نگ راگرتنی ریتمی شانۆ، به‌كارهێنانی موئه‌سیراتی ده‌نگ،له‌ گه‌ڵ رێژنه‌ی باران و هاژه‌ی شه‌پۆل و ده‌نگ و لووره‌ی ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كان له‌ كه‌شو هه‌وایێكی خامۆش و ده‌یان كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی به‌ سیحراوی بوونی شانۆو نغرۆ كردنی له‌ نێو ئامرازه‌كانی سینۆگرافیا ،هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه‌چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌ سیحری سینۆگرافیای شانۆیی بۆ به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی بینه‌رو جولاندنیان .
سینۆگرافیا تاكه‌ هونه‌رێك نیه‌ بینه‌ر بتوانێت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ گه‌ڵدا بكات به‌ ته‌نها، به‌ڵكو كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رێكی یه‌كگرتووه‌ كه‌له‌ هارمۆنیایێك ده‌چن پێكه‌وه‌ له‌ شانۆدا یه‌ك ده‌گرن و ته‌وژمێك له‌ جوانی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌ هه‌ستیاره‌كانی بینه‌رو ناچاری ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن بێ‌ كه‌وتنه‌ ژێر ئه‌و هارمۆنیا هونه‌رییانه‌ له‌ هۆڵی شانۆدا به‌ دیدو ده‌روونێكی خاڵی نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵكو وای لێ‌ ده‌كه‌ن نه‌توانیَِت تا دێر ده‌مانێكییش له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی سینۆگرافیاو ته‌كنیكی شانۆییدا نه‌توانێت خۆی رزگار بكات.
شانۆی هاوچاخ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خی به‌ ناوه‌رۆك و نمایش و ئه‌كته‌ر داوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش زێتر بایه‌خی به‌ شێوه‌ داوه‌، چونكه‌ له‌ ره‌سه‌ندا هه‌ردوكییان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن ، نه‌ ناوه‌رۆك به‌ ته‌نیا ده‌توانێت بینه‌ر به‌ هه‌مووئه‌ندامه‌ هه‌ستیاره‌كانی تێر بكات ، نه‌ شێوه‌ی بێ‌ گیانیش ده‌توانێت شانۆ به‌ زیندوویه‌تی رابگرێت .

ده‌رهێنه‌ر ناتوانێت له‌و نێوه‌نده‌دا بایه‌خی خۆی به‌ ته‌نیا لایه‌كدا بدات،ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی له‌ نێوان شێوه‌و ناوه‌رۆكدا دروست نه‌كات،كه‌ ره‌نگه‌ هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هاوسه‌نگ راگرتنه‌ی نه‌بێت،یان پێی وابێ‌ ته‌نیا تێكست ده‌توانێت هه‌موو بۆشاییه‌كانی شانۆی بۆ پڕكاته‌وه‌ ،خۆ ئه‌گه‌ر وابوایه‌و ته‌كنیك و سینۆگرافیا نه‌بونایه‌، ده‌بوا هه‌موو تیكسته‌كانی چیخه‌ف تا ئه‌مڕۆش له‌ ده‌لاقه‌كاندا تۆزیان له‌ سه‌ر هه‌ڵبنیشێ‌،شانۆنامه‌كانی شكسپیر گه‌رده‌لوولی زه‌مه‌ن رایان ماڵێ‌،ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌بووه‌ تا زه‌مه‌نێكی دوور شانۆی كوردییان دووچاری چه‌قین كردووه‌ و له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا خولی خواردۆته‌وه‌،بایه‌خ نه‌دانی هونه‌ریی و زانستی وه‌ك پێویست له‌ رووه‌ ستاتیكی و سایكۆلۆژی ومه‌عریفی و ته‌كنیكییه‌كانی شانۆ،لایه‌نێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی لاوازی شانۆی كوردی بووه‌،وه‌ك هه‌مان لاوازی به‌ گشتی له‌ دروست كردنی ئه‌كته‌ریشدا هه‌بووه‌،له‌ رابووردوودا هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌رانمان په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌ هه‌ڵه‌ی ئه‌كته‌ریان كردووه‌ ، ئه‌كته‌ریان چه‌شنی تووتی له‌ قه‌فه‌س ناوه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئازادییه‌كی پێ‌ ببه‌خشن،هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی سینۆگرافیایان به‌ فۆرمێكی واقیعی و سروشتی له‌ نمایشدا به‌رجه‌سته‌كردووه‌ ،قورسایی هه‌ره‌ زۆری خۆیان خستۆته‌ سه‌ر ده‌ق، دوور له‌ دروست كردنی ده‌لاله‌ت و هیمای گوزارشت به‌خش له‌و سینۆگرافیا لاوازانه‌،بۆیه‌ ئێستاش له‌ گه‌ڵ دابێت خۆ رزگار كردن له‌و ته‌قلیدیه‌ت و مه‌ئلوفیه‌ته‌ پێویستی به‌ ده‌ست پێكردنی سه‌ره‌تایێكی تر هه‌یه‌ كه‌ هاوكوف بێت له‌ گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی زه‌مه‌ن و پێشكه‌وتنه‌كانی،كه‌چی ده‌رهێنه‌ری وا هه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆكه‌شدا هه‌مان ئه‌و توتیانه‌ی په‌نجا ساڵ دێنێته‌وه‌ سه‌ر شانۆو هه‌مان شێوازو فۆرم و ستایله‌كه‌ی نیو سه‌ده‌ی به‌ر له‌ ئێستا به‌كاردێنێ‌، هه‌رگیزیش دان به‌ كۆتایی خۆی ناهێنێ‌ …ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی مه‌رگی شانۆیه‌له‌ هه‌ندێ‌ جوغزی جوگرافی و لای هه‌ندێ‌ ده‌رهێنه‌ری ماوه‌ به‌ سه‌رچوو .

هه‌تا ئێستاش له‌ نێوه‌ندی هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجه‌كانیشمان كێشه‌ی سینۆگرافیا هه‌یه‌ له‌وانه‌ :
1.به‌كارهێنانی سینۆگرافیا به‌ مانای گه‌وره‌ كردنی قه‌واره‌ی دیكۆرو ئارایشت و هه‌ندێ‌ پێكهاته‌ی دیكه‌ی سینۆگرافیا نیه‌ وه‌ك له‌ نمایشی هه‌ندێ‌ له‌و ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ، به‌ڵكو هه‌ر زێده‌ كارییه‌ك له‌و پێكهاتانه‌ وه‌ك سیمایه‌كی زه‌ق و ناوازه‌ له‌ نمایشدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سینۆگرافیا لاواز ده‌كات،چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ماندوو بوونی تێدا كرابێت ، به‌ڵكو یه‌كێك له‌ رووه‌ جوانیه‌كانی سینۆگرافیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر سیناریۆ به‌ ساده‌یی به‌رجه‌سته‌ بكات، به‌ڵام له‌ ناو ساده‌ییه‌كه‌دا مه‌غزاو فه‌لسه‌فه‌و ستاتیكای شانۆیی وه‌ك پێویست بگه‌یه‌نێت .
2.هه‌ندێكی دیكه‌یان قورسایی هه‌ره‌ گه‌وره‌یان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سینۆگرافیا كه‌چی پێكهاته‌كانی دیكه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، ئێمه‌ له‌ شانۆدا گرنگه‌ تا بۆمان بكرێت سوود له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی سینۆگرافیا ببینین بۆ خزمه‌تی ئه‌كته‌ر كه‌ كرۆكی راسته‌قینه‌و ریشه‌یی نمایشه‌.
3.ناكرێت ده‌رهێنه‌ر له‌ رووی پراكتیكییه‌وه‌ بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا ته‌نها پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت،وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ لاوه‌كانی ئێمه‌ پیاده‌ی ده‌كه‌ن،به‌ڵكو گرنگتر له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانی پسپۆر له‌وبواره‌دا به‌شدار بن بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا و به‌رجه‌سته‌ كردنی وه‌ك پێویست،چونكه‌ زۆر جار به‌كارهێنانی به‌ هه‌ڵه‌ له‌ رووناكی ،له‌ موزیك ، له‌ دیكۆر ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ بار بردنی سینۆگرافیا .
4. ده‌بێت ئه‌وكه‌سانه‌ی ئه‌ركی كاری سینۆگرافیا ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ تێگه‌یشتنیان هه‌بێ‌ بۆ شانۆ و له‌و بواره‌دا خاوه‌ن ئه‌زموون بن ،ده‌رهێنه‌ر هه‌ر كات ویستی ئه‌و بۆشاییانه‌ به‌ كه‌سانی ناپسپۆر پڕ كاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ری روخانی نمایشه‌كه‌ی به‌ دوور نه‌بینێ‌ .

5.بۆ بونیاتی نمایش ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌ دابه‌شكردنی قۆناغه‌كانی جێ‌ به‌جێ‌ كردن هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئاماده‌كردنی تێكست و ئه‌كته‌ره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دیاری كردنی كات بۆ پرۆڤه‌و ماوه‌ی پرۆڤه‌ و به‌ پراكتیك كردنی، ئینجا خۆ ئاماده‌ كردن بۆ سینۆگرافیاو رتووش كردنی نمایش ده‌رهێنه‌ر ئه‌گه‌ر هه‌ر قۆناغێك له‌و قۆناغانه‌ به‌ كاڵی به‌ جێ‌ بیڵێ‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆرینه‌ی كاتی خۆی بۆ سینۆگرافیا ته‌رخان بكات ،ئه‌وه‌ بۆشایی له‌ پێكهاته‌كانی شانۆ دروست ده‌كات ، به‌ تایبه‌ت له‌ دروست كردنی ئه‌كته‌ردا،كه‌ دواتر كاتی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست نامێنێ‌ پڕیان كاته‌وه‌، سینۆگرافیاكه‌ش ئه‌و ئامانجانه‌ ناپێكێ، كه‌ ده‌رهێنه‌ر زۆر له‌ ئاواته‌كانی خۆی له‌ سه‌ر بونیات نابوو..
6. هه‌ندێكی دیكه‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ تێكست به‌ هه‌ند وه‌رناگرن و پێیان وایه‌ ته‌نها سینۆگرافیا ده‌توانێت بینه‌ر رازی بكات ،دیسان ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی نمایش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن ، چونكه‌ ته‌كنیك هه‌ر چه‌ند به‌هێز بێت ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌ نێو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاری كراو، ئه‌وه‌ بینه‌ر به‌ ته‌نها (شێوه‌)ی بێ‌ ئامانج نمایشه‌كه‌ت لیَِ وه‌رناگرێت كه‌ هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ خۆیدا نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هۆڵی شانۆییدا ..

شانۆی وێنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ زۆر له‌ وڵاتانی جیهاندا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌و بینه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ ، له‌ ئێراقیشدا له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا له‌ سه‌ر ده‌ستی ده‌رهێنه‌ری ناسراو سه‌لاح قه‌سه‌ب وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێ‌ ی شانۆیی گواسترایه‌وه‌ ئێراق ،ئه‌و كات ژماره‌یك له‌ قوتابیانی ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌ به‌غدا كه‌ كورد بوون ، توانیان سوود له‌ شانۆی وێنه‌ وه‌ربگرن ، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێ‌ به‌ ناوی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بیگوازنه‌وه‌ كوردستان و كاری له‌ سه‌ر بكه‌ن ، سینۆگرافیا له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی رابووردوودا له‌ شانۆی كوردی دا به‌كار هاتووه‌و ئاسته‌كانیان به‌ پێی ئه‌زموونی تایبه‌تی ده‌رهێنه‌ره‌كان گۆڕاوه‌ ، به‌ڵام وه‌ك دیارده‌یه‌كی گشتی به‌ تێرترین شێوه‌ له‌ كوردستاندا له‌ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری دا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌،، دواتریش له‌ گه‌ڵ پێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵێ‌ ده‌رهێنه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ر له‌ نوێ‌ بایه‌خدان به‌ سینۆگرافیای شانۆیی زێده‌ بووه‌ .
ئێستا بایه‌خ دان به‌ سینۆگرافیا نه‌بۆته‌ ئاره‌زوو به‌ ده‌ست ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ بگره‌ بۆته‌ چاره‌نووسی نمایش به‌ ده‌ست بینه‌ری هوشیاریی شانۆیییه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ وردی هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ نمایشدا ده‌كات، تا ده‌رهێنه‌ر له‌ نمایشدا هه‌موو مافێك به‌ بینه‌ر نه‌به‌خشێت،بینه‌ر ئاماده‌ نیه‌ نمایش له‌ ده‌رهێنه‌ر وه‌ربگرێت،ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ وا ده‌كات ده‌رهێنه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ نمایشدا بكات ،له‌ نێوان دوو بژارده‌دا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێ‌ ، یان ئه‌وه‌ی بینه‌ر لێی وه‌رده‌گرێ‌ ، یان بێده‌نگ بوون .
.




پارتی سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی ئاڕاسته‌ ده‌كات … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

ئه‌و باڵباڵێنه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا هه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌كار هێنراوه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و ئامانجه‌سیاسیانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، بۆیه‌ دروستكه‌ری بڕیار له‌ناوپارتی دیموكراتی كوردستان سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ما دروست كردووه‌ كه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت بارودۆخی ناو یه‌كێتی به‌شلۆقی و ناجێگیری بهێڵرێته‌وه‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی و به‌و شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ بكات كه‌ له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارتی ده‌گونجێت.
پارتی له‌دوای دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز له‌ هه‌رێمی كوردستا كه‌ مه‌به‌ستمان ساڵی (2009)یه‌ ده‌ستی كرد به‌ داڕشتنی سیاسه‌تێك به‌ مه‌به‌ستی ئاڕاسته‌كردنی یه‌كێتی بۆ به‌ دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی.

ئه‌كرێت بڵێن كه‌ پارتی سه‌ر كه‌وتوو بووه‌ له‌ سیاسه‌تی ئاراسته‌ كردنی یه‌كێتی، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ خۆی مه‌به‌ستیه‌تی توانیویه‌تی له‌ زۆر به‌ی بارودۆخه‌ سیاسیه‌كاندا
یه‌كێتی ئاراسته‌ بكات .

لێره‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ كردنی یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ،ئه‌كرێت در ێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی (مه‌سعود بارزانی) له‌ ساڵی (2013) به‌ گرنگترین خاڵی ئاراسته‌ كردنی یه‌كێتی دا بنێین له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا هه‌موو یه‌كێتی ئه‌وڕاستیه‌یان ده‌زانی كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی نایاساییه‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی توانای ئاراسته‌كردنی سه‌ر كردایه‌تی یه‌كێتی هه‌بوو، پێكه‌وه‌ ماوه‌ی (2) ساڵ سه‌رۆكایه‌تی بارزانیان له‌ په‌رله‌مان درێژكرده‌وه‌.
به‌كۆتایهاتنی ئه‌م (2) ساڵ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یه‌كێتی وه‌ك پارتێكی سیاسی نه‌یتوانی رێگربێت له‌ به‌رده‌م مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌یدا، وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ به‌ر پرسانی ئه‌م پارته‌ له‌ سه‌ر ئاستی باڵا تاوه‌كو ئێستاش وه‌ك سه‌رۆكیكی شه‌رعی ته‌ماشای بارزانی ده‌كه‌ن.

كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكه‌وتنی له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ست پارتی له‌ رێگه‌ی شانه‌ نوستوه‌كانی خۆیه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتی ده‌ستی كرد به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گۆران و ئه‌و رێكه‌وتنه‌، بۆیه‌ رێكه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی له‌ چوار چێوه‌ی حیبری سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه‌و نه‌چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت جارێكی تر شانه‌ نوستووه‌كانی خۆی له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌كار بیه‌نێته‌وه‌ دژی ئه‌و سه‌ر كرده‌و پله‌ باڵانه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن و ده‌یانه‌وێت ئه‌م پارته‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئاراسته‌ بكه‌ن كه‌ بكه‌وێته‌ دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارتی.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی به‌به‌رنامه‌ كار له‌ سه‌ر دروست كردنی پشێوی ده‌كات له‌ناو یه‌كێتیدا وه‌ مه‌به‌ستیه‌تی یه‌كێتی وه‌ك پارتێكی لاواز بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ر ئاراسته‌كردن و به‌كارهێنانی.
له‌راستیدا ئه‌و په‌رته‌وازییه‌ی كه‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی گرتۆته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی به‌رز شانسی ئه‌وه‌ی داوه‌ به‌ پارتی كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت یاری به‌چاره‌نوسی یه‌كێتی بكات.




پەرلەمان یان ڕیفراندۆم! … جیهاد موحەمەد

سەرکردایەتی یەکێتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی سزادراون لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە لە پێشدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئنجا ڕیفراندۆم بکرێت، با باش بزانن، ئەم کارە بۆ پارتی ئاسانە و ڕەنگە لە پێناوی سەپاندنی قسەیەکی تری خۆیاندا واز لەو کەلەڕەقییە بهێنن، کە پەرلەمانییان پەکخستووە و پەساپۆرتی پەڕینەوە لە دەڤەری سەوز و شینەوە بۆ دەڤەری زەرد نوێناکەنەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی لە کارخراو و وەزیرە دوورخراوەکان و هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارانی دیکە. چونکە کاراکردنەوەی پەرەلەمان لە کەلەڕەقی پارتی زیاتر هیچ شتێکی تر نییە، کە بنەماکەی سیاسەت و سیناریۆیەکی فێڵاویە.

گرنگە خەڵک بە گشتی و یەکێتیەکان و بزووتنەوەی گۆڕان باش ئەوە بزانن، کە هەموو ئەم مەسەلانە ئەگەر بە وردی و دووربینی و لۆژیکانە کاری لەسەر نەکرێت، ئەوە لە جێبەجێکردنییاندا ئاوکردنە ناو ئاشی پارتیە و هیچی تر.

کەی ئەوە داواکاریە تۆ بڵێیت، با پەرلەمان کارا بکرێتەوە دواتر ڕیفراندۆم بکرێت!. بە بێ ئەوەی تێگەیشتبێتی لە ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم پەکخستنەی پەرلەمان. یان ئەگەر تێگەیشتوویت و تەواو ڕەهەندەکانی ئەم سیناریۆیە پێدەزانیت، بەڵام بەوە بێدەنگ دەبیت کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و هیچی تر، کەواتە ئێوە ئاو دەکەنەوە ناو ئاشی پارتی و ئەم حوکمڕانییە گەندەڵ و ستەمکارە.
پەرلەمانێک کە بێ بەها بێت، بێ دەنگ بێت، چالاک نەبێت، هیچ دەورێکی لە داڕشتن و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەت و حوکمڕانی کوردستاندا نەبێت، نەتوانێت وەزیرێک و گزێرێک چ جای سەرۆکی وەزیران بۆ جارێک بانگهێشت بکات بۆ نێو پەرلەمان و لێپەرسینەوەی لەگەڵدا بکات، پەرلەمانێک لە سەروو خۆیەوە سەرۆکێکی بە ناوی (سەرۆکی هەرێم) و ئەندام مەکتەبێکی سیاسی پارتی بە ناوی(ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی) دانابێت، نەتوانێت هیچ جۆر یاسا و بڕیارێک دەربکات بۆ گۆڕینییان، جا با کاراش بکرێتەوە، چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟! بە دڵنییاییەوە هیچ. ئەم کاراکردنەوەیە، کە بەردەوام کراوە بە داواکارییەکی سیاسسی گرنگ و بەسەردەمی بزووتنەوەی گۆڕان و ناڕازییبووەکانی یەکێیتەوەیە، وەک ئەوە وایە بڵێیت: تۆ ئاو بڕێژە ئاشەکەوە، بۆ ئەوەی بێدەنگمان بکەیت لە ئاستی داگیرکارییەکانی خۆت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خۆتدا.

ئەم داواکارییە پوچە، بەرهەمی سەرکێشیی و هەژموونی پارتیە، ئەگەر پارتی ئەوەندە بە سەرکێشی و بە تووندی وەڵامی نەبوایە بۆتان، ئێوە ئەم داواکارییەتان نەدەبوو. دنیای حوکمڕانییە ستەمکارییەکەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بێدەنگ درێژەیان دەدا بە حوکمڕانییە ستەمکاریی و گەندەڵییەکەی خۆیان. بەڵام ئەم دوو مەکەتەبە و ئەم دوو بنەماڵەیە وا دیارە لەوە فێڵاویترن کە تا ئێستا خەڵکی گشتی و ئێوەی سیاسیی و رۆشنبیری ناو سەرکردایەتی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەستی پێکردبێت. دەیان سیناروێی وەک پەکخستنی پەرلەمان و موچە بڕین و ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیان بە دەستەوەیەوە. ئەمانە بۆ ئەوەیە کە بەرەی ئۆپۆزسوێن کورت بکەنەوە لە ناڕازیبووەکانی یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا، بۆ ئەوەی لە جیاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی گشتی و چەوساوە و ستەملێکراوەکان ئەم نوێنەرانە ناڕازی بن و بە دروشمی(کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕانەوەی وەزیرەکان، چاکسازییەکی درۆزنانە، مسەلەی نەوتفرۆشتن، مەسەلەی جەعفەری و عەبادی و مالکی، مەسەلەی شنگاڵ و پەکەکە و ئەنەکەسە و ڕۆژئاو، مەسەلەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە و تەندروستی و پەروەدە و دەیان مەسەلەی دیکەی لەم بابەتانە) خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن لە لایەک و لە لایەکی دیکە خەڵکی دڵخۆش بکەن بەوەی کۆمەڵێک لە ناو یەکێتیدا ناڕازین لەم حوکمڕانییە و بزووتنەوەی گۆرانیش پشتیوانی خەڵک دەکات.

ئەگەر ناڕازیبووەکانی ناو یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاستیان دەوێت و دەیانەوێت بە ڕاستی بەرهەمی ئەم حوکمڕانییە نەبن و درێژە پێدەری ئەم ستەمکارییە نەبن، دەبێت باش ئەوە بزانن کە لە بناغەوە (ئاشەکە) لە کار کەوتووە و کەڵکی لێبڕاوە، بەردەکانی سواوە، هیچ ناهاڕێت. جگە لەوەی هیچیش ناهاڕێت، گەنمی تێناکرێت بۆ هاڕین، لە جیاتی گەنم، بە موزایدەی سیاسیی و خۆ سەپاندنی حیزبێکی سیاسی و بەرفراوان بوونی زیاتری هەژموونی خۆی بەسەر کوردستاندا، ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردی تێدەکرێت. ئەمە چ لۆژیکێکە و چ خۆ خەڵەتاندنێکە، کە ئێوەی سیاسیی گرتووتانە بە دەمتانەوە. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی ئۆپۆزسوێنن، بە ڕاستی هەست بە ترسناکییەکان دەکەن، بە ڕاستی پێدەزانن کە ئەمە حوکمڕانیی نییە، ئەوە دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بن ئاشکە لە بنەڕەتەوە هەڵتەکێنن و ئاشێکی نوێی سەردەمیانە و شایستە بە ژیانی خەڵکی دامەزرێنن، دەبێت ئاشەوانەکانی ئاشەکەش خەڵکی خۆیان بن نەک بنەماڵە و تاقم و دەستەیەکی مافیایی و گەندەڵ. سەیرە بەلامەوە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێت، بەڵێ ئێمە ئێستا کاندیدمان هەیە بۆ (کورسیەکەی سەرۆکی هەرێم)، کام سەرۆک و کام سەرۆکایەتی، بە کام لۆژیکی سیاسیی و بە کام یاسا و ڕیسا تۆ دەچیتە جیگەی سەرۆکێکی داگیرکراو کە لە بنەمادا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە هەرکەس لەسەر ئەو کورسیە دانیشێت، دەبێت دانیشتنەکەی هەتا هەتایی بێت، مەگەر مەرگ بتوانێت پێی چۆڵبکات.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
١١/٤/٢٠١٧




تووڕه‌یی و کێشه‌کانی سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌ چیدایه‌‌؟! … نوره‌د‌ین که‌مانگه‌ر

لێکۆڵینه‌وه‌:

چ چاوێك له‌و چاوه‌ ته‌ندروسترو‌ روونترو‌ جوانترو گه‌شاوه‌تره‌ که‌ راستی و دنیا شاراوه‌کانی پێ ده‌بینێت؟ که‌ مه‌زڵومییه‌تی پێ وێناده‌که‌ین له‌ ده‌قێکی داهێنه‌رانه‌دا؟ ئه‌و چاوه‌ی هێزو نووری بینینی له‌ توخم و زه‌ڕراتی خاك پێکنه‌هاتبێت، چاوێك ناشیرینیه‌کانیش بکاته‌ جوانی، زوویری و رق و تووڕه‌یی بکاته‌ لێبووردن ، ئه‌وا زۆر ده‌گمه‌نه‌ له‌م زه‌مه‌نه‌دا:

لە کتێبى حەزدەکەم ئەوەندە بژیم چاوم دۆزییەوە
چاوى ئاسمان و فەرمانڕەواکانى و بەهرە و سرووش
لە ناوچەوانى خۆمدا چاندم
چاو چراى سەرى مرۆڤە
چاوى سەرەتاى نووسین و لەسەرەتادا وشە هەبوو
ئەرێ گوڵى سوور لە چاوەڕوانى چیدا
جلى خۆى دەگۆڕێ و زەین و زەمینى ڕۆشنە

ئه‌گه‌ر جه‌مال غه‌مبار به‌ لای سه‌باح ره‌نجده‌ره‌وه‌ ئاخێکى دوورودرێژى هەڵکێشا بێت و خۆی پێچابێتەوە و هەڵاتبێت، لێکه‌وته‌و به‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م باسه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ شیعردا جێهێشتبێت، تێده‌گه‌ین که‌ چۆن شیعر له‌مڕۆماندا په‌ل ده‌هاوێژێت بۆ ورده‌کاری ته‌نانه‌ت کێشه‌و بۆچوون و بابه‌ته‌ شه‌خسییه‌کانیش، که‌ ئه‌مه‌ بۆ داهاتوو ده‌بێته‌ مێژوو و لێکۆڵه‌ره‌وا‌ن سه‌رقاڵی بابه‌تگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و شیعریش ده‌کات.
سه‌باح ره‌نجده‌ر یه‌کێکه‌ له‌و شاعیره ‌به‌ به‌ختانه‌ی فه‌رامۆش نه‌کراوه‌و رێژه‌یه‌کی زۆر لێکۆڵینه‌وه‌و نووسین و نامه‌ و لێدوانی له‌سه‌ر نووسراوه‌و بۆ کراوه‌، که‌ زۆر جێی خۆیه‌تی هه‌موویان کۆبکرانایه‌ته‌وه‌و له‌ دووتوێی په‌ڕتووکێکدا چاپ بکرانایه‌ تا له‌ په‌رته‌وازه‌و له‌ناوچوون بپارێزرانایه‌ و به‌رچاوڕۆشنییه‌کیش ببوایه‌ بۆ خوێنه‌رانی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، با لێره‌دا وه‌ك نموونه‌ ئاماژه‌یه‌ك به‌ هه‌ندێکیان بکه‌ین:

– کە خەون دەبێتە وێنە، کە خەون دەبێتەشیعر
– گسکێكی ئەفسووناوی، خاشاکەکان ڕابماڵێت!
– پەیبردن بە نهێنى “بوون”
– نامەیەکی کراوە بۆ سەباح ڕەنجدەر/ عەبدوللا سەڕاج
– له‌گه‌مه‌ی زمانه‌وه‌ بۆ گه‌مه‌ی ته‌كنیك
– نامەیەکى کراوە بۆ سەباح ڕەنجدەر/ عه‌بدولره‌زاق بیمار

هه‌روا سێ نووسینی له‌دوایه‌کی کاک حه‌کیم:

– ڕووداو و سەرچاوەی سرووشی شیعری
– شیعرى بەر سێبەرى سانسۆر
– چڕبوونەوەی زمان لە شیعری نوێی کوردیدا… و چه‌ندانی تر…

جا نهێنی مانه‌وه‌ی شاعیر هه‌ر ره‌نگه‌ ئه‌و دیوه‌ جوانه‌ی خودو ده‌روون و ژیان بێت که‌ هیواو به‌رده‌ومی ده‌دات به‌ ژیانکردن تا ئه‌و ساتانه‌ی شاعیر ته‌مه‌نی خۆی تیا ده‌پێچێته‌وه‌و به‌ حه‌ز بێت یان ‌ ناحه‌ز کۆڵوانه‌که‌ی ئاماده‌ ده‌کات و بارگه‌کانی له‌ شان ده‌نێت و کۆچ ده‌کات بۆ ئه‌و جێیه‌ی خۆی پێشنیارو پێشبینی کردووه‌:

بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو
بە هاوکارى ئێوەوە لە سەرزەمین ماومەتەوە

هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ هۆیه‌کی ئه‌م حزوره‌ دیدو بزاوتی شاعیر بێت به‌وه‌ی گه‌ر نه‌نووسێت ده‌مرێت، یان گه‌ر نه‌جه‌نگێت له‌م ژیانه‌ پڕ نادادپه‌روه‌رییه‌دا ئه‌وا سه‌گه‌کان په‌لاماری ده‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه‌ فه‌رهه‌نگی فه‌رامۆشییه‌وه‌، چونکه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆر باردا ئه‌م ژیانه‌ بووه‌ته‌ شه‌ڕه‌ سه‌گ:

برا بێ شکۆیەکانم چەشنى گورگى دەشتودەر
لووراندیان و سەرى بیریان لەسەر داخستم

به‌ڵام له‌هه‌مووی سه‌یرتر و جیاوازتر له‌وانی پێشوو ئه‌م ده‌قه‌ی دوایی شاعیر بوو (هێرشى داڵە کەرخۆرەکان) نه‌ك له‌ ڕووی شێوازی ئۆتۆماتیکی نووسین، یان چڕیی بابه‌ته‌کان، به‌ڵکو له‌ ئیکۆی خه‌ته‌رناکی دیدگاو بابه‌ت و ناوه‌ڕۆکه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ی به‌ وردی ئه‌م شیعره‌ بخوێنێته‌وه‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێت کێشمه‌کێشێکی خه‌ته‌رناکی نێوان دیوه‌ زۆر ناشیرینه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ده‌وروبه‌ر تیایدا بوونی هه‌یه‌و مرۆڤ له‌ بیابانی بووندا له‌ نێوان ژیان و مردن جێدێڵێت، له‌ نێوان نه‌فره‌تکردنی خوێنه‌ر له‌خۆی که‌ ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه‌ قێزه‌ونانه‌ بوونیان هه‌بێت و له‌ ئاکامیشدا شاعیر تاکه‌ دڵخۆشیی و هیوایه‌کی له‌به‌هه‌شتدا ببینێته‌وه‌:

لە بەهەشتدا قووڵترین تاسەم پاراو دەبێت
بیرى سەر ئەو زەمینە ناکەم
شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان
نەیانهێشت
تاوێک لەسەرى پشووێک بدەم و بچمە ناو گۆرانى هۆگریمەوە

خوێنه‌ر که‌ ئه‌و شیعره‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ ره‌نگه‌ کاریگه‌ریی باره‌ ده‌روونییه‌ جیاوازه‌کان به‌ روونی درك پێ بکات و ئه‌م حاڵه‌ش له‌م دێڕه‌ی شاعیردا به‌ روونی هه‌ست پێ بکات که‌ ده‌ڵێت:

سوپاس بۆ بەشە دڵباشەکەى خۆم

کێشه‌ی جه‌نگ و شه‌ڕخوازیی مرۆڤ جارانێك وا له‌ ئاده‌میزاد ده‌کات به‌ تایبه‌تی ئاده‌میزادی هه‌ست ناسك و شاعیر، که‌ زیاد له‌ پێویست بابه‌ته‌کان ورد بکاته‌وه‌و حه‌زه‌ر بکات، که‌ بترسێت ته‌نانه‌ت له‌و که‌سه‌ی پێڵاوت بۆ داده‌نێت مارێکی نه‌خستبێته‌ ناویه‌وه‌، ئه‌ی هاوار چ سات و کاتێکی ناقۆڵا تێکه‌وتووین؟ به‌ڵام ئه‌م هه‌سته‌ بۆ؟ ئایا کاردانه‌وه‌ی روواوه‌کانی مێژوو و ئێستای ده‌وروبه‌ره‌؟ یان ئه‌زموونه‌ تاڵه‌کانی خود؟ یاخود شه‌ڕه‌ له‌ پێناوی مانه‌وه‌دا؟ بۆ ئه‌وه‌ی هاوکێشه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌ش بێته‌ دی ده‌بێت لایه‌نی نه‌یار هه‌بێت، که‌ به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی نه‌یار له‌م شیعره‌ی کاک سه‌باحدا هه‌ندێك له‌ شاعیره‌کانن :

چاکەیەکى زۆرى شاعیرە
چاوهەڵاوگێڕ و
و
و
ـە کانم لەسەرە
دڵڕەش
بەدگۆ
دەروونکلۆر
بەوەى زۆر گێچەڵیان پێکردووم
لە گێچەڵیانەوە فێربووم بە ئەمەک و نمەکى خدرى زیندە بیر بکەمەوە

خوێنه‌ر که‌ دیمه‌نه‌ ترسێنه‌ره‌کانی ناو ئه‌م ده‌قه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ ده‌ترسێت جارێکی تر نزیکی دنیای شاعیره‌کان و به‌ر بارگه‌و زۆرانبازی و رقه‌کانیان بکه‌وێت، زه‌قکردنه‌وه‌ی ناکۆکی نێوان شاعیره‌کان واتا به‌ کێشه‌کردنی ژیان به‌ هه‌موو مه‌دلولاته‌کانیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ وا هه‌ست ده‌که‌ن له‌سه‌نگه‌ردان و دوژمنیان هه‌یه‌و پێش وه‌خته‌ زلله‌ی خۆیان ده‌وه‌شێنن تا خۆیان بپارێزن له‌ ئه‌گه‌ری به‌رکه‌وتنی لێدانێك له‌ لایه‌ن هاوپیشه‌و هاو به‌هره‌کانیانه‌وه‌ ئه‌وا ناتوانن له‌ دنیایه‌کی هێمنی فراوانی نوێدا داهێنان و خزمه‌ت بکه‌ن، شته‌کان وه‌ك خۆیان ببینن، بابه‌تیانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن، له‌ کارو کاردانه‌وه‌ خۆیان بپارێزن، چونکه‌ ژیان زۆر له‌وه‌ مه‌زنتره‌ له‌ کێشه‌دا چڕ بکرێته‌وه،‌ به‌ڵکو جگه‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌کان له‌ دنیای زۆربه‌ی بوونه‌ره‌وه‌کانی تردا ته‌بایی و هارمۆنییه‌ت هه‌ست پێ ده‌کرێت، لێره‌دا ئه‌و گوتاره‌ی شاعیرمان له‌ بیره‌ که‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا باسی هه‌ردوو شاعیری هاونه‌وه‌ی خۆی ده‌کرد( نه‌، ڕه‌) و (عه‌، عه‌ ، یو) له‌ کاردانه‌وه‌ی‌داو بۆنه‌یه‌کدا چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ کاتی هاتنه‌گۆی له‌ کۆڕێکدا.

لێره‌دا هه‌ندێك له‌و وێنه‌ شیعریه‌ ترسناکانه‌تان بۆ دێنمه‌وه‌ که‌ شۆك به‌ خوێنه‌ران ده‌هێنن و وای لێده‌که‌ن به‌ تیری جه‌رگی ناکامی حه‌زه‌ر بکه‌ن و بڕۆن ئۆغر.
له‌و وشه‌ و زاراوه‌ لیخن و سیخناخانه‌ به‌ ڤایرۆسی به‌دی ده‌وروبه‌ر، ئه‌م وشانه‌ن که‌ له‌م کۆپلانه‌دا چڕ ده‌بنه‌وه‌:

ناوچەوان گرژ و ترشاو، مردۆخ ، قەلەڕەشێکى ئیفلیجبوو، گەنیو، دووپشکە خوودار، ماروگورگ و ڕێوی، پەتاتەى مردوو، جانەوەرێکى نەگریس، کلکى چەقەڵى پێ سووتاو، بەردى لامردە و ڤایرۆس و مەقەس…

پێش ئه‌وه‌ی نموونه‌ی هه‌ندێك له ‌کۆپله‌کان بهێنمه‌وه‌، حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ به‌ کاک سه‌باح بڵێم که‌ دنیا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ شاعیره‌ ژه‌نگ گرتووه‌کان بتوانن گه‌له‌ کۆمه‌ بکه‌ن، ئێستا دنیا بووه‌ به‌ جیهانگه‌رایی و میدیا بووه‌ به‌ ته‌کنه‌لۆژی (ئای. تی)، ئێدی که‌س ناتوانێت ئێسکی دوژمنه‌که‌ی به‌ بێ ده‌نگی بشکێنێت و گه‌له‌ کۆمه‌ له‌ شاعیری داهێنه‌رو جیاواز بکه‌ن، خوێنه‌رانیش هێند وشیار بوون حساب بۆ فاریزه‌یه‌کیش ده‌که‌ن نه‌ك ده‌ق‌ێك، جا چ پێویست ده‌کات خه‌ریکی کاردانه‌وه‌ ده‌روونیه‌کان بین و خۆمان له‌ لوتکه‌ی سه‌ربڵندی ئه‌فراندن و جوانینووسی دووربخه‌ینه‌وه‌؟

هه‌ندێك له‌و دیمه‌نانه‌ی موچڕکه‌یه‌کی به‌ ناخی منی خوێنه‌ردا هێنا و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی لا دروستکردم:

بای بە لوورەى ناوچەوان گرژ و ترشاو
تەوەزەل و
و
و
و
زەبەلاح
دەم و لێو ژەنگاوی
مردۆخ
لەوەتەی چاوی ڕەشکەوپێشکە دەکات و تارمایى دەهێنێتە پاش و پێش
لەسەر زەویی نەرمونیان هەڕەشە دەکات

***

قەلەڕەشێکى بەبادارى ئیفلیجبوو
بەرەو دەم ئاوێکى وەستاوى گەنیو
بە گریانەوە باڵە شەکێیەتى
نەکا دوابکەوێت
پاش ئەوەى شاعیرە پاشخاپەرەک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان
گۆشتى شیعرەکانیان خواردم و بەسەر دەستەسڕى منداڵێکى باخچەى ساوایاندا ڕشانەوه‌

***
مار ددانى لە کلکییەوەیە
گورگ برادەرایەتى لە کلکیدایە
ڕێوى هێزى لە کلکى کۆکردووەتەوە و چاوى هەڕەشەى ڕووناکە
سیخوڕ کەوانى لە کلکییەوە دەکێشێت
ئاى گوڵەستێرەى بەخشندە دژت چەند زۆرن
کە ڕووناکیت دەڕژێتە سەر زەوى

***

ناقۆڵاترین پیلانگێڕ و وەیشوومە لەچاو
مامۆستا چاویلکە ڕەنگاوڕەنگەکەى مێژووە
چێژى لە ژیانى دەرباریى بینى

***
تیرۆگ بەسەر قوڕ و لیتە دادەهێنێت
بە ڕخسارێکى مۆن و بێ هەست وەک پەتاتەى مردوو نا دەخاتە جێگاى ئا
قەلەڕەشێک و قومرییەک نوستوون
***
شووشەى چاویلکەت دەبێتە دێوجامە
دیکتاتۆر دەتوانن هێڵکارى بکێشن و باش بەکارى بهێنن

***
دەستى خدرى زیندە ئێسکى تێدا نییە
شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەمامک ڕەنگاوڕەنگەکان
چزووى شپرزەیییان بەکارهێنا و ڕقى ئێسک تواندنەوەیان هەڵڕشت

***
شاعیرە پاشخاپەرۆک و ڕکپەروەر و دووپشکە خوودار و دەماک ڕەنگاوڕەنگەکان
پێیان لە خۆڵەمێشى سووتانم سڕدەبێ و مێروولە دەکات
لە ئاوێنەیەکى ڕەشدا دەمێننەوە
دەبنە قەوزەى ناوچەوانى جانەوەرێکى نەگریس

***
ئاى زەمینى دەست و دڵڕوون
نامەردى زۆر و ناقۆڵات لەسەر دەژین و ددانیان لە قوونیان هاتووە
زمانیشیان وەک کلکى چەقەڵى پێ سووتاو لە ددانیان دەرهاتووە

***
دیکتاتۆر چاوى لە مس و کەلاشووشە داڕێژراوە
چاوى شاعیرى
چاوهەڵاوگێڕ و
و
و
یش
دڵڕەش
بەدگۆ
دەروونکلۆر
لە بەردى لامردە و ڤایرۆس و مەقەس

ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێین؛ ره‌نگه‌ نائارامی دۆخی رامیاریی و دووفاقی و دووپشکی مرۆکان وا له‌ مرۆڤبکات جارانێك له‌ سێبه‌ره‌که‌ی خۆشی به‌ گومان بێت، به‌س باشترین دۆخی به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ و ئاسووده‌یی و به‌ ئارامینووستن: خۆداماڵێنه‌ له‌ گێژاوی کێشه‌و زۆرانبازییه‌کان، بۆ دنیا هه‌ر ده‌بێت زۆرانبازیی بێت له‌ تاکێكی ساده‌وه‌ تا ده‌وڵه‌تان و جیهان؟ ئه‌ی بۆ ده‌بێت له‌سه‌ر لێواری جه‌نگی سێیه‌مدا ژیان بکه‌ین که‌ زۆر له‌ مرۆکان ده‌بنه‌ قوربانی شه‌ڕ‌ه‌نگیزیی و پاوانخوازیی ئه‌هریمه‌نه‌کان؟ ئه‌مانه‌ با هه‌موو له‌ لایه‌ك بن و خولیا و کێشه‌کانی مرۆڤ وه‌ك شاعیر له‌ لایه‌کی تر بن، من به‌ش به‌ حاڵی خۆم نه‌مبینیوه‌ هیچ شاعیرێك له‌ شیعره‌کانیاندا ئاوها ئاماژه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ به‌ کاك سه‌باح بکه‌ن، به‌ڵکو ده‌بێت کاك سه‌باح دڵی شاد بێت به‌وه‌ی هه‌مووان خۆشیان ده‌وێت و ماندوونه‌ناسی و شیعرییه‌تی و هه‌ست ناسکی پێده‌زانن و ئه‌مه‌ش له‌که‌س ناشاردرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌م زه‌مه‌نه‌داو له‌ هیچ زه‌مه‌نێکیشدا تیشکی خۆر ناشاردرێته‌وه‌، جا گه‌ر هه‌ر یه‌ك ده‌ق ساڵانه‌ بنووسین یان مانگانه‌ چه‌ندان ده‌ق‌ بنووسینه‌وه،‌ ئه‌وا خوێنه‌ر ته‌ماشای لایه‌نه‌ جیاوازو داهێنه‌رو ده‌گمه‌نه‌کانی ده‌ق ده‌کات و که‌مه‌ندکێشی ده‌که‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌و ڕاڤه‌کردنی، ئێدی چ خه‌ممان بێت ببینه‌ کاراکته‌رێکی ناو زۆرانبازییه‌کان، ته‌نانه‌ت گه‌ر زۆرانبازیه‌کان شاردراوه‌و خه‌یاڵیش بن نه‌ك ڕیالیزمی و به‌رجه‌سته‌- ئه‌وا به‌شێك له‌ هێزی بینین و داهێنان و ئاراسته‌ دروسته‌کانمان خه‌فه‌ ده‌که‌ن.


نوره‌د‌ین که‌مانگه‌ر




لـەکـافـــتریـــای خــەیـــاڵـــەوە … بۆتان لەتیف ماویلی (پایان)

بڕگەی یەکەم:
ئەو بەردەی سەر رێگاکە فڕێ دە !؟..
توخوا ئەو مانگە هەندێک بێنە ئەو لاوە!..
ئەوێ رۆژێ…
بەکۆڵانەکەی ئەولای دا ڕۆیشتم، لەسەر دیواری؛ بەخەتێکی خواروخێچ نوسرابوو:
زۆر باشترە بەدەست ستەمەوە بناڵێنی، نەک خۆت پیادەی بکەی!..
یەک خولەکی ئازار کاتژمێرێکە، یەک کاتژمێری چێژ چرکەیەکە!..

بڕگەی دووەم:
کابرا لەکافتریاکەوە:
– ئەگەر زەحمەت نەبی بانگی کاک….. بکە!..
– بەڵێ برا گەورە…
– فلان کەس بکوژە…
– ئاخر …
– دەی چوزانم؟… ناشیرینی بکە.. دەبیە دەستە ڕاستی من!..
کوشتن خۆ هەر دەرکردنی گیان نیە لەجەستە!؟…
قومێک خەیاڵ!..
– ئەوە چیە؟!..
– برا گەورە ئیشەکەم کرد !!!..
– هههههههه… ئێ ؟!..
– جا ئەگەر؟..
– ئێ بڕۆ دوایی دەتبینم…

بڕگەی سێیەم:
با بڕۆم دۆدرمەیەک بخۆم..
– کافتریاکە لەکوێیە کاکە ئەگەر زەحمەت نەبی؟..
– کامە؟..
– ئەوەی جۆگەیەکی لەبەر دەمە..
– ئەها کافتریای شۆستە!؟..
– نا نا.. ئەها ئەوەی ئاوێنەکەی لەدەرەوە هەڵواسیوە؟!..
– ئۆۆۆۆ.. ئێستا ئاوێنەکە نەماوە!.. شکاندیان!..
– بۆ؟؟؟!..
– ئێ بڵێم چی!؟؟…
جارێک هەڵەی کرد.. لەجیاتی نیسکافە چای بۆ میوانێکی برد!..
خەیاڵم؛ لێوێکی گرژ کردو ناوچاوانی تێکنا.. زۆر سەیرە!!!..
– باشە برا سوپاس
– سەرچاو
ئیتر چووم..
لەناو درزی شکاوی ئاوێنە!..
لە دڵی شەقبردووی کافتریا
بە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی نوسرابوو:
ئاوڕ مەدوەوە تازە رۆیشت!..
ئاوڕدانەوە؛ گەڕانەوەیەکی خێرایە، بەس ئاوابوون نابینێت!..

بڕگەی چوارەم:
کافتریای خەیاڵ..
شاگردێک پێی هەرزەلی و
خوانچەیەکی لەدەست بەربۆوە!..
شەربەتی شیرمۆزو پرتەقاڵ!..
مانجۆ وچایەو نیسکافە!..
خاوەنی کافتریا:
– ئەوە چی بوو؟!.. کوێری؟!..
شاگرد:
– برا ببورە بەدەست خۆم نەبوو…
من:
– ئاساییە برا.. خۆ سەلامەتی؟
– بەڵێ الحمدلله پەرداخەکان نەشکان!..
تەماشام کرد؛ براگەورەو کابرا کاشیەکانی کافتریاکە دەلێسنەوە!..
هەڵسام ودەرگای کافتریاکە داخەم..
خەیاڵ گوتی نا.. داکاسان!..
داکاسانی گیان.. لەگەڵ هەموو ماڵئاواییەک؛
بزانە..
تۆش جانتاکەت تێکنێ ولەسەر شۆستە لەڕیزی خەڵکا بوەستە!..
تۆ لەسەرتە بڕۆی،
با کافتریا نەبێ بەکەفی شەرابی مێزی ئەوان!..
هەستام و خۆم نوشتاندەوە بۆ جانتاکەم.. پێنوسەکەم کەوتە سەر ئاوێنە شکاوەکە!..
ئیتر پێکەوە جێمهێشتن!..

بۆتان لەتیف ماویلی (پایان).
٢٥ ی ١٠ ی ٢٠١٣
ئیسکەندەریە/ کۆماری میسر




عه‌قڵی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی … ئاری زێندینی

كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ نابه‌رپرسیاره‌تی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وپێشكه‌وتن وگۆڕانكاریه‌كان وكه‌له‌پووروكه‌لتوور
ڕۆشنبیری وهۆشیاری و هاوسه‌نگی هێزوده‌سه‌ڵات وكایه‌ گۆڕاوه‌كانی شارستانیه‌ت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دابڕانێكی سه‌رتاسه‌ری شارستانیه‌ت وبه‌شداری ناكارایی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن.تَائه‌و شوێنه‌ی كه‌ باسی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شته‌كان پیاده‌ ده‌كرێت توانایی به‌رده‌وامی و به‌رگری هه‌یه‌, په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا په‌یوه‌ندی نێوان تاك و گروپه‌كان نیه‌ به‌ڵكو كرده‌وه‌یه‌كه‌ كرده‌وه‌كانیتر ده‌گۆڕن.ده‌سه‌ڵات كاتێك بوونی هه‌یه‌ بچێته‌ بواری كرده‌وه‌,ده‌سه‌ڵات خۆی له‌خۆیدا به‌مانایی ڕه‌فزونكۆڵی ئازادی یان گواستنته‌وه‌ی مافه‌كان نییه‌ له‌وانه‌یه‌ په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌ره‌نجامی ڕه‌زامه‌ندی پێشوو یان هێز بێت به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی (كۆ) نییه‌.هۆیه‌كانی به‌رقه‌راربوونی ده‌سه‌ڵات به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی سه‌ركوتكردن وناچاری وكۆنتڕۆلی ئابووری و سیسته‌می چاودێری .په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ڕه‌گی له‌ كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌, به‌ ئاماژه‌كردن به‌م مانایه‌ ستراتیژی ده‌سه‌ڵات بریتیه‌ له‌ گشت ئه‌و هه‌موو هۆو ئامرازانه‌ی كه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی كاریگه‌ری ده‌سه‌ڵات یان پاراستنی به‌كاریده‌هێنێت .

كێشه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌بوونی مه‌عریفه‌ونه‌بوونی متمانه‌به‌خۆبوون ئه‌مه‌ش سه‌د ده‌ر سه‌د مانایی ته‌سلیمكردنی هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی تازه‌ی بیركردنه‌وه‌وبناتنان, بۆ نموونه‌ له‌ خێزانی كوردی (باوك) هه‌موو ده‌سه‌ڵاتیكی خێزانی كۆنتڕۆل كردووه‌و بڕیاڕه‌كان به‌ ده‌ست ئه‌وه‌,بۆیه‌ عه‌قڵی كوردی له‌ مه‌عریفه‌و متمانه‌و بیركردنه‌وه‌ دابڕایه‌ بۆیه‌ تووشی به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌ش ڕووبه‌ڕوویی خێزان ده‌بێته‌وه‌ كاتێكیش ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وبه‌ره‌نگاریه‌ بێ‌ مه‌عریفه‌و متمانه‌ به‌رده‌وام بێت تووشی شكست دێت لێره‌وه‌ (قه‌یرانی عه‌قڵی كوردی) سه‌رهه‌ڵده‌دات.پڕۆسێسی ده‌سه‌ڵات لای تاكی كورد به‌ ئیفلیجی له‌ دایك بووه‌ ئه‌و ئیفلیجیه‌ش غیابی عه‌قڵی كوردیه‌ تاكی كورد نه‌یتوانیوه‌ بوونی خۆیی بدۆزێته‌وه‌ كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵات خۆی وه‌ك بنه‌ماوڕێسایه‌كی مۆدێڕن پیشانده‌دات ,بۆیه‌ تاكی كوردی و روئیایی تاكی كوردی بۆ ده‌سه‌ڵات بێ‌ مه‌عریفه‌یه‌و بێ‌ متمانه‌یه‌ وجودی خۆی لێ‌ یاخی بووه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌ سه‌ره‌تایه‌. عه‌قڵی كوردی نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی خودی خۆی بناسێت نه‌ناسینی خودیش ڕفزی (عه‌قڵانیه‌ته‌).بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ تاكی كوردی بتوانێ‌ بهزرێ‌ وبیربكاته‌وه‌وهه‌ست به‌بوونی خۆی بكات چونكه‌ له‌ ڕابردوویی ته‌ماوی ده‌ژی نه‌ك له‌ ئێستاوداهاتوو, ئێستایی خۆیی به‌ئیفلیجی ده‌زانێ‌ ئالێره‌دا پڕۆژه‌ی (خۆدۆزینه‌وه‌وخۆناسینه‌وه‌) له‌ هه‌موو هه‌ست وسۆزێكی
ڕووخێنه‌ر و بیری نازانستی و نامه‌نتیقی دووربخرێته‌وه‌ تاكو مێژووی كوردی وعه‌قڵی كوردی بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌م عه‌قڵه‌ له‌به‌رچاو بگیرێ‌ ئه‌گه‌ر نا عه‌قڵی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ڕووبه‌ڕوویی توندووتیژی و ناسه‌قاگیری ده‌بنه‌وه‌.