سەرۆک جاشەکان و بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا … شاخەوان شۆڕش

لێرەدا سەرنج دەدەینە واتای بوونی سەرۆک جاشەکان بۆ تاوانی گەلکوژی ئەنفال، چۆنیەتی تاوانباریان لە دادگادا، هەروەها لێکدانەوە و بیانووەکان لە دیدی تایبەتی دژ بەیەکەوە.
واباشە لە دوو ڕوانگەوە سەرنج بدەینە ئەو بابەتە. یەکەم: لەدیدی بەرەی لایەنگرانی قوربانیانەوە، لە دیدێکی سۆزدارانە و نۆرماتیڤەوە زۆرجاران دەگوترێت و جەختدەکریتەوە لەسەر ئەوەی کەوا ئەندامانی سەر بە نەتەوەی کورد خۆیان بەشداریان لە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا کردووە و خۆیان بوونەتە چاوساغی سوپای عەرەبی ئێراقی و پێشی کەوتوون، وە بەشداری راستەوخۆیان لە تاوانەکاندا کردووە، بۆیە لە تاوانی کۆمەڵکوژیەکانی ئەنفالدا ئەوان لە هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی تاوانبار ترن.

لە روانگەیەکی مۆرالی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، ئەو کوردانەی بەشداریان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، ناپاکیان لە خەڵکی کوردستان کردووە بۆیە ئەوانە جگە لە تاوانباریان لە ئەنجامدانی تاوانکە، تاوانی ناپاکیشیان ئەنجامداوە. دیارە بوونی تاوانی ناپاکیە کە خەڵکی سەر بەنەتەوەی قوربانی والێکدەکات، بەرامبەر بەو تاوانکارە ناوخۆییانە ڕقئەستورتربن و داوای سزای تووندتر بکەن. بۆنمونە لە کاتی ڕاپەریندا خەڵک رقئەستورترە بەرامبەر بە کەسانێک کە ئەندامی کۆمەڵگەی قوربانین بەڵام هاوکاری لایەنی دەسەڵاتی تاوانباریان کردووە. بەڵام ئایا خەڵک تاچەند لەوەدا داواکەیان ڕەوا و گونجاوە؟ ئایا دەکرێ سزای ئەوانە تووندتر بێت؟ لە روانگەی یاساییەوە پێویستە ئەو خاڵە لە دوو لایەن و ئاستەوە روونبکرێتەوە و وەڵام بدرێتەوە، لە ئاستی دادگای نێوخۆیی و لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا. دادگای نێوخۆیی کە لەلایەن نەتەوەی قوربانیەوە دامەزرێندراوە و پیادەی دەستور و یاسای تایبەت بە ولات دەکات، لەزۆربەی بارەکاندا سزای بۆ ئەو کردەوانە داناوە کە دەکرێ وەکو زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی یا سەروەری وڵات سەیربکرێن. دیارە هەر وڵاتە بەجۆری تایبەت بە خۆی و بەپێی بروا و ئایدۆلۆژیاکەی سەیری ناپاکی دەکات و پێناسەی دەکات، بۆیە جودایی زۆر لەمبارەیەوە لە پێناسە و تێگەیشتنەکاندا هەیە.

ئەگەر ئێمە سەیری واتا باو و پەسندکراوەکەی ناپاکی بکەین، بەئەگەری زۆر هەموو وڵاتەکان بەپێی یاسای نوسراوە یا نەنوسراوە هاوکاری دوژمن لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەوە بە ناپاکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دادەنێن. ئەگەر کەسێکی کۆمەڵگە ئەو سنورانە ببەزێنێت و هاوکاری لایەنی دژ و نەیاربکات، ئەو کەسە وەکو ناپاک لە کۆمەلگە و وڵات سەیری دەکرێت بەرەورووی سزا دەبنەوە. بۆیە ئەو کەسانەی کە لەسەر تاوانی ناپاکی بەرەورووی سزا ببنەوە، کە سزای تاوانکاریەکانی دیکەش وەردەگرن، کۆی سزاکەیان گەورەتر و تووندتر دەبێت. دیارە لە ئەگەری نەبوونی یا بزری دادگای ناوخۆدا لەو تاوانکاریانە ناپێچرێتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی قوربانی بەپێی تێگەیشتن و مۆرالی کۆمەڵگە بەپێی یاسای نەنوسراوەی کۆمەڵگە ئەو کەسانە وەکو تاوانبار لە ناپاکیدا سەیردەکات و دەکرێ لە ڕێگەی کرداری تایبەتی نایاساییەوە هەوڵی سزادانیان بدرێت، وەکو بۆنمونە تیرۆرکردنیان.

لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا، تاوانی ناپاکی لە وڵاتی کۆمەڵگەی قوربانی لێپێجانەوەی لێناکریت و یاسایەک بۆ ئەو لایەنە تەرخان نەکراوە. هەروەکو ناپاکی پەیوەندی راستەوخۆی بە وڵاتە پەیوەستدارەکە خۆیەوە هەیە، پێناسەی ئەو چەمکەش لە دیدی تایبەتی وڵاتی پەیوەستدارەوەیە و تایبەتە بەهەندێ پێشێلکاری کە تەنها بۆ ئەو وڵاتە واتا و گرنگی یاساییان هەیە. بۆیە لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا کەسانی تۆمەتبار تەنها لەسەر ئەو تاوانکاریانە سزا دەدرێن، کە لە هێرشەکەدا ئەنجامیان داوە و دەچنەخانەی تاوانەکانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. بەمشێوەیە چەمکی ناپاکی بۆ دادگایەکی نێوتەتەوەیی سەرووی وڵات گرنگی یاسایی نییە. چونکە دادگای نێونەتەوەیی جیاوازی لە نێوان کەسە تۆمەتبارەکاندا ناکات و تەنها سەرنج دەداتە تاوانکاریەکانیان کە ئەنجامیان داوە. بۆ نمونە ئەگەر سەرۆک جاشێک لەسەر تاوانی گەلکوژی بدرێتە دادگایەکی نێونەتەوەیی، ئەو سەرۆکجاشە لەسەر تۆمەتی چۆنیەتی هاوکاری و بەشداری لە تاوانکە، وە بەهێزی و لاوازی بوونی بەڵگەکان لەوبارەیەوە دەکۆڵێتەوە. ئەگەر بەشداریەکەی سەڵمێندرا، ئەوا بەپێی جۆری تاوانەکەی بەپێی یاسای دادگا سزای بۆ دەبڕێتەوە.

دادگای نێونەتەوەیی لەوە ناکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو سەرۆکجاشە ناپاکی لەنەتەوەکەی خۆی کردووە یانا. لەئەگەری بوونی یاسای ناپاکی ناوخۆی وڵاتدا، وە بوونی سزا لەمبارەیەوە، لەوبارەدا ئەو بابەتە کێشەی دادگای ناوخۆیی وڵاتە نەوەک دادگای نێونەتەوەیی. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی بەهەمان شیوە لە ئەگەری بوونی تاوانەکانی ناپاکی ناکۆڵێتەوە و دادگاکە پیادەی ئەو یاسا و پرەنسیپانە دەکات کە تایبەتن بە تاوانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. چونکە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی دادگایەکی ناسیونالی ناوخۆیی کوردستان نییە. ژمارەیەکی زۆر سەرۆک جاش ناویان لە دادگا هەبوو و دەبوایە بدرێنە دادگا لەسەر تۆمەتی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، بەڵام دەسەڵاتی زەرد و سەوزی کوردی یا دەسەڵاتدارانی ئێراقی پەنایاندان. ئەگەر ئەو سەرۆکجاشانە بدرابانە دادگا، دادگا لەسەر تاوانی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دادگایی دەکردن. ئەگەر لە کوردستان دادگایەکی ناسیونالی کوردستان هەبووایە و بۆ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی تەرخانکرابووایە، دەیتوانی لەئەگەری بوونی یاسا بۆ تاوانەکانی ناپاکی لەسەر جۆر و قەوارەی تاوانکە دادگاییان بکات. وەکو گوتمان دادگای لەو جۆرە لە کوردستاندا بوونی نییە و یاسایەکیش لەمبارەیەوە بوونی نییە، هەروەکو تاکو ئێستا باشوری کوردستان خاوەنی دەستور نییە.

دووەم: لەلایەکیتر ئەو بەشداریەی بە دەیان فەوجی جاشی کورد لە تاوانی ئەنفالدا هەندێ خەڵکی تووشی گومان کردووە لە بوونی تاوانی گەلکوژی. لە دوو روانگەی جیاوازەوە ئەو فاکتەرە دژ بە بوونی تاوانی گەلکوژی لێکدراونەتەوە و بەکارهێندراون. کەهەردوولایان بەرژەوەندی تایبەتیان لەپشتی ئەو گۆتەیاندا هەیە. لایەنی تاوانکار بەدید و لێکدانەوەیەک، لایەنی سەربە گەلی قوربانیش لە دید و لێکدانەوەیەکی دیکەوە. لایەنی تاوانکار واتە لایەنگرانی ڕژێمی بەعس و بەرگریکارانی ئەوان وەکو بەڵگە دژ بەبوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی بەکاریان ‌هێناون و دەهینێت. هەرچی لایەنی سەربەگەلی قوربانیە کە دەسەڵاتی کوردی زەرد و سەوز لەگەل دۆستانی سەرۆکجاشەکان دەگرێتەوە، کە پەنای سەرۆکجاشەکانیان داوە و دژی دادگاییکردنیانن، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان لەسەرۆک جاشەکان خۆشبووین و لێبوردنیان بۆیان دەرکردووە، بۆیە دژی هەموو جۆرە دادگاییەکی ئەو سەرۆک جاشانەن.

سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە لێبوردنەکەی ١٩٩١ دووپات دەکەنەوە و جەختی لەسەر دەکەنەوە. لەلایەکیتر لێرە و لەوێ ئەوەش گوتراوە کە دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان زیان بە کورد دەگەیەنێت و وادەکات گومان بخاتەسەر بوونی تاوانی گەلکوژی. واتە دەسەلاتی زەرد و سەوز بۆ پاراستنی سەرۆک جاشەکان و هێزەکانیان لە ریزی پارتی دەسەڵاتدارەوە لێبوردنەکەو ئەو بیانووی زیانگەیاندن بۆ دۆسیەی بوونی تاونی گەلکوژی بەکاردەهێنن. گرنگە بیریبخەینەوە کەهەرچی لایەنی تاوانکارە بەشداری جاشەکان لە تاوانی ئەنفالدا بۆ خۆدەربازکردن لە تاوانباریان لە تاوانی گەلکوژیدا بەکاردەهێنن. ئەوانە بەشداری جاشەکان دژ بە ناساندنی تاوانەکە وەکو تاوانی گەلکوژی بەکاردەهێنن. وەکو بەلگەیەک دژ بە بەڵگەکانی بوونی تاوانی گەلکوژی بەکاریدەهێنن. لایەنگرانی رژێمی بەعس و بەرگریکارانی لایەنی تاوانکار ئەو بابەتە دەقۆزنەوە و دەڵێن ئەوەی روویداوە لە ئەنجامی شەڕێکی ڕەوادا دژ بەو گروپ و رێکخراوە چەکدارانە بووە کە دژی وڵات بوون، دەسەڵاتی ئێراق دژی گەلی کورد نەبووە. بوونی بەهەزاران چەکداری کورد کە بەهێزەکانی بەرگری نیشتیمانی دەناسران لە ریزەکانی سوپادا وەکو بەڵگەی نیازپاکی دەسەلات و نەبوونی ڕق و مەبەستی لەناوبردنی گەلی قوربانی پیشان دەدەن. لەو روانگەیەوە لایەنگرانی دەسەڵاتی بەعسی ئێراقی هەوڵی پیشاندانی سوپایەکی نیشتیمانی عەرەبی و کوردی ئێراقی دەدەن، کە لەباری بەرگریدابووە دژی سوپای ئێران و بەکرێگیراوانیان، بۆیە شەڕێکی ڕەوای بەرگریان کردووە. مەبەستیش لەناوبردنی گەلی کورد نەبووە، هەروەکو کورد مافی ئۆتۆنۆمی هەبووە و لە سوپادا بەشداری چالاکانەیان هەبووە.

گومان لەوەدا نییە کەوا بەهەزاران جاشی کورد و بەدەیان سەرۆکجاشی کورد بەشداریان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کردووە. ئەوانە یەکەم: هێزێکی تایبەتی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و بەشێک بوون لە هێزەچەکدارەکانی ئێراق و لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی بەرگری و ئاسایشی حکومەتی ئێراقدابوون. فەوجی جاشە کوردەکان سەربەخۆ توانا و دەسەڵاتی نە بڕیار و نە چاڵاکیان هەبووە. ئەوان بەهیچ جۆرێک لە ئاستێکدا نەبوون بتوانن کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی سەرۆکایەتی ئێراقدا هەبێت. بۆیە ئەوان جگەلە هێزێکی ملکەچی چەکداری ئێراقی کە چاوەڕێی فەرمانیان کردووە، چیتر نەبووین. ئەوان بەرەگەز کورد بوون، بەڵام سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و ئەوەیان کردووە کە لەبەرژەوەندی ڕژێمی بەعسی ئێراقیدا بووە. کاری سەرەکی هێزی جاشەکان شەڕ و لێدانی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. هێزی جاشەکان دژی هێزی شۆڕشگێرە کوردەکان بەکاردەهێندران. بۆیە فەوجی جاشەکان لای کۆمەلگەی کوردی هێزێکی نەخوازراو بوون و خەڵک حەزی بە چارەیان نەدەکرد، خەڵک وەکو هێزێکی بەکرێگیراوی حکومەتی ئێراق سەیریان دەکردن. بەمجۆرە هێزی جاشەکان لەبەرەی دژ بە خەڵکدا بوون و لەسەنگەری ڕژێمی ئیراقیدا بوون، کە خەڵکی کوردستان وەکو دەسەڵاتێکی بێگانەی ناڕەوا سەیریان دەکرد.

بڕیاری قڕکردن و لەناوبردنی دانیشتوانی ناوچە قەدەغەکراوەکان بە هەڵەبجەشەوە، لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێنەوە درابوو، سەرۆکی بیرۆی باکوری پارتی بەعس عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) جێبەجێیکرد. ئەوەش واتای یەکلاکەرەوەی بۆ بوونی مەبەستی لەناوبردن لەلایەن دەسەڵاتی ئێراقیەوە هەیە. بوونی هێزی چەکداری کورد کە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی دەسەڵاتی ئاسایش و سوپای عەرەبی ئێراقیدا بووە و کە لە سەنگەری سوپای تاوانکاردا بوونی هەبووە، هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەو فاکتەرەدا نییە و ناتوانێ ئەو راستیە بگۆڕێت.
بەپێی بەڵگەکان لەگەڵ ئەوەی سەرۆک جاشەکان و چەکدارەکانی فەوجە سوکەکان سەر بە ڕژێمی ئێراق بوون و فەرمانەکانی ڕژێمی ئێراقیان ملکەچانە جێبەجێ دەکرد، بەڵام ڕژێمی بەعس لێیان بەگومان بووە و ئەوانەی تەنها بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەکارهێناوە. سەرانی ڕژێمی بەعس بڕوایان بە سەرۆک جاش و جاشەکان نەبووە، وە بە شایستەی ئەوەی نەزانیون کە لە کۆمەلگەی عەرەبیدا بتویندرێنەوە و ژیانیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە. هۆکەشی ئەوەبووە کە جاشەکان کورد بوون. بۆنمونە عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) لە کۆبوونەوەیەکدا دەڵێ، دەتانەوەی کۆمەڵگەی عەرەبی بەوانە پڕبکەنەوە و دەوڵەمەندی بکەن؟! ئێزدیەکان (ئێزدیەکان بە عەرەب ناونوسکرابوون و ژمارەیەکی زۆریان لە فەوجە سوکەکان بوون) !؟ بیانێرنە سەروو و لەوێ دەیاندۆزمەوە و بە شۆفڵ و بلدۆزەر سەریان پان دەکەمەوە. وەکو پێشتر بینیمان سەرانی بارزانیەکانی سەر بە ڕژێم لەگەل ئەوەی دڵسۆزیان بۆ ڕژێم پیشاندابوو، بەلام کە بڕیاری لەناوبردنی بارزانیەکان دەرچوو، ئەوانیش لەنێوبردران.

شاخەوان شۆڕش
١٣/٤/٢٠١٧




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بە کاری هەرەوەزی … لاوژە جەواد


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.


لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 9

بەڕێز: لاوژە جەواد

– سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

من لاوژە جەواد لەدایکبوی ساڵی 1974 م لە شاری کۆیە، سەرەتای دەستبەکاربونم لە کاری سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕینی بەهاری 1991 سەرەتا لەڕیزەکانی حیزبی شوعی عیراقی ئەوکات و کۆمەڵەی ئافرەتان. وەک پەیامنیری کۆیەی بڵاوکراوەی ڕێگای کوردستان کارم دەکرد.
لە ساڵی 1992 ەوە لەڕێگای چەند هاوڕێیەکم بڵاوکراوەو نامیلکەی ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان بەتایبەتی ڕەوتی کۆمۆنیستم پیدەگەیشت، کە زۆر جێگەی سەرنجبوون بۆمن، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا ئەوان زۆر تەئکیدیان لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکردەوەو وە بەتایبەتیش بەرامبەر تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان وەستابونەوە، لەو ساتەشدا هاوڕێیەکی منداڵیم بووە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆری ناموسی کە زۆر کاریگەری لەسەرم داناو تەنها شتێک کە توانیم دەستی بۆ ببەم و ئەوەبوو کە خەباتبکەم بە عەمەلی بۆ یەکسانی وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژی و تیرۆری ژنان. ئەوەبوو هە رلەسەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان من پەیوەندیم پیوەکردن و دواتریش بووم بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری.
لە ساڵی 1996 بۆ کۆتایی 1999 یەکێک بووم لە ئەندامانی هێزی پارێزگاری لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و وە ماوەیەکی زۆریش فەرماندەی عەسکەری بووم.
بەدوای هێرشی دڕندانەی یەکیەتی لە 14/7ی 2000 نەمانتوانی لە کوردستان بمێنینەوەو ئێستا لەگەڵ هاوسەرو دوو منداڵەکەم لە وڵاتی دانیمارک دەژیەین.
خەباتی سیاسیم بەردەوامەو تا نۆڤێمبەری 2016 ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوم و وەک کادیرێکی ڕاگەیاندن لە سێ ساڵی ڕابردودا لە ڕادیۆی پێشەنگ کارمکرد. لە ئیستادا وەک کەسێکی سیاسی کۆمۆنیست خەریکی کارو چالاکیم و لە بواری ڕاگەیاندندا بەپێی کاتم هەوڵدەدەم بەرنامە بۆ سایتی هاوپشتی ئامادە بکەم.

– “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

وشەی هەرەوەزی پانتایەکی زۆر گەورە و بەرینی هەیە لە مێژوی مرۆڤدا، هەرەوەزی لەگەڵ ووشەی تر پەیوەندکراوە و چەندین مانای جیاوازی لێکەوتوەتەوە لەوانە ژیانی هەرەوەزی، کاری هەوەوەزی.
لە کۆمەڵگا سەرەتایەکان مرۆڤ گروپ و تایفەی داخراو بووە و هەر گروپە بۆ خۆی چۆنیەتی پەیوەندیەکانی خۆی دیاری کردووە، هەر لەم ٢٠٠ ساڵەی ڕابردوش وەک هەڵهاتن لە چەوساندنەوەی نیزامی سەرمایەداری دەیان نمونەی جیاواز هەبووە کە کۆمەڵێک خەڵک بڕیاریان داوە پێکەوە ئیش بکەن و پێکەوە ژیان ڕێکبخەن، زۆر جار شارێک وە یان جەزیرەیەک بە هەزاران خەڵک پێکەوە ژیاون، ئەمانە نمونەی ژیانی هەرەوەزین.

کاری هەرەوەزی
کاری هەرەوەزی دیاردەیەکی ئاشنا و ناسراوە لە لای سەرجەم کۆمەڵگاکان، بە تایبەتی لە لادێیەکان بە کاری هەرەوەزی ڕێگا و بان، حەوزی ئاو و کانی، خوێندنگا و پردیان دروست کردووە بۆ بەرژەوەندی گشتی و زۆر جاریش یارمەتی هاوماڵ و هاووڵاتییان داوە لە دروستکردنی خانو و ڕاپەڕاندنی ئەرکی لادێ، هەر لە کوردەواری خۆمان عادەت بووە ئەگەر خێزانێک بە هۆی نەخۆشی یان مردن لێقەومابێت، خەڵک کۆبونەتەوە، بە کاری هەرەوەزی، بە ڕۆژێک ئەرکی وەرزێکیان بۆ ڕاپەڕاندوە.
کاری هەرەوەزی بە بێ بەرانبەر بۆ هاریکاری خەڵکی تر، بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی تر، بۆ دڵخوەشکردن و گەیشتن بە ئاسودەیی خەڵکی تر جەوهەری ئەو ئینسانیەتەیە کە لە نیزامی سەرمایەداریدا بە پێجەوانەوە بە خۆپەرەستی جێگای پڕ کراوەتەوە.
کاری هەرەوەزی لە پێناو هەلومەرجێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ ئینسانەکان، هەوڵێکە بۆ بەهرەمند کردنی خەڵک، لەو پێداویستانەی کە خۆی دەستی کورتە لە دابینکردنیان. بەڕای من ئەمە لوتکەی ئینسان سەنتەری و تۆپکەی ڕەوشتی ئینسانیە.
لەناو ئەم بەڕبەڕیەتەی سیستەمی سەرمایەداری کە هەموو هەوڵێک بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە خراوەتەگەڕ و بێجگە لەوەی کە عەقڵ و زیرەکی مرۆڤیان بەکرێ گرتوە، سەدان جۆر جیاوازی مەزهەبی و میللی و ڕەگەزییشیان داتاشیوە بۆ تەفرەقە و ناکۆککردنی ئینسانەکان، دەیان شەڕی خوێناویان بەڕی خستوە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی مادی، کاتێک کۆمەڵێک خەڵک بە هەرەوەزی و هاوبەشی و هاوکاری کات و سەرمایە و وزە خۆیان بەکاردەهێنن لە پێناو ئاسودەیی مرۆڤ و ئاوەدانی، بۆ من شنەی سروەی سوسیالیزمە.


– بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەرەوەزیەکان ئامرازێکن بۆ تەبایی و یەکگرتن و پێکەوە ژیان وە هەروەها دورکەوتنەوە لە تاکەڕەوی و خۆپەرەستی، هەرەوەزیەکان ئیرادە و هێزی جەماوەری بەرجەستە و باوڕ بە خۆبوون بەرز دەکاتەوە. هەرەوەزی تاک لە بیدەسەڵاتی و گۆشەگیری و نائۆمێدی رزگار دەکات، وە هەروەها دەرفەتێکە بۆ نمایش کردنی هێزی جەماوەر، من پێموایە کاری هەرەوەزی پەیوەندی و هاوچارەنوسیەک دروست دەکات و ئینسانەکان لەیەکتر نزیک دەکاتەوە، لە کۆتاییدا دەتوانێت قورسایەکی باش دروست بکات بۆ ریفۆرم یان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی. بەلام لە ڕاستیدا کاری هەرەوەزی نە ڕیفۆرمە و نە شۆڕش بەڵکو جۆرێکە لە چاکسازی و ئاوەدانکاری و وڵامی خەیرا بە زەرورەتێکی واقعی.

– بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

لە مێژوی کۆمەڵگای بەشەریدا چەندین ئەزمونی کاری هەرەوەزی یان بەیەکەو ژیانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان هەبووە، هەر لە ٢٠٠ساڵی ڕابوردوش دەیان جۆر دروست بوون و هەندێکیان ئێستاش ئاسەواریان ماوە، ئەگەر سەیری ئەم ئەزمونانە بکەین هەندێکیان ئاینی و لە کەنیسەکانەوە بەناوی یارمەتیدانی یەکتری و هەژاران بووە یان لە هەندێک شوێن سۆسیالیستەکان دەستیان بۆ کارو شێوە ژیانی لەمجۆرە بردوە، ئەم جۆرە ژیان و کۆمەلگایانە نەیانتوانیوە ببنە ئەزمونی سەرکەوتو بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی، هەرگیز نەیانتوانیوە کۆسپە سەرەکیەکان هەموارکەن و کۆمەڵایەتی ببنەوە، تەنها لە ماوەیەکی کاتی و لە جوگرافیایەکی تایبەتدا بە ڕادەیەک ژیانی ئینسانەکانی باشتر کردووە، بەڵام لە نیهایەتدا مەحکوم بە فەشەل کراون.

– کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟
ئەگەر کەمێک ورد بیرکەینەوە لەوانەیە ئەوە ڕاستبێت ئەمە ئەرکی دەسەڵاتە دەبێت خوێندنگاو خزمەتگوزاریە گشتیەکان دابینبکات، بەلام نەک تەنها لە کوردستان ئەگەر ئێمە سەیری بەڕێوەبردنی بەرنامەی ئابوری ئەمڕۆی سەرمایەداری بکەین لە جیهاندا، خەریکن وردە وردە ئەرک و کاری دەوڵەت لاواز دەکریت و دەسەڵات دەدرێتە دەستی کۆمپانیاکان و دەسکەوتە گشتیەکانیش کە بەکارو خەباتی چینی کرێکار هاتۆتە دی لێدەسەندرێنەوەو دەکرێن بە کۆمپانیای تایبەت. بەجیا لەوەی کە ئەم دەسەڵاتەی لە کوردستان هەیە دەسەڵاتێکی میلیشیایەو ئەوەی بۆی گرنگە هێشتنەویە دەسەڵاتی خۆیەتی. لەلایەکی تریش کوردستانیان کردۆتە بەشێک لە بازاری بەڕەڵاو هۆسار پچراوی سەرمایەداری جیهانی و خەریکن بەرنامەی ئابوری لیبڕالیزمی نوێ و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکەن، نەوەک نایانەویت خزمەتگوزاریە گشتیەکان پەرە پیبدەن و بەرفراوانی بکەن بەڵک و ئەوەی هەشە دەیدەنە دەستی کەرتی تایبەت و هەرزان فرۆشی دەکەن. لەم نێوەدا منداڵی خەڵکی هەژارو نەدار لە خوێندن بێبەری دەبن، هەربۆیە من پێموایە ئەم کارەی خانەقین لەخزمەتی منداڵان و خەڵکی نەدارە.
سیاسەتی ئابوری بۆرجوازی ئەمڕۆ پێویستی بە بەرەنگاری هەیە، پیویستی بە نواندن و نیشاندانی ئیرادەو توانایمان هەیە، من ئەم کارە هەرەوەزیەی لە خانەقین دەستی بۆ دەبردرێت بە ئامرازێکی بەرەنگاری دەزانم نەوەک خزمەتی دەسەڵات.


– چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

بۆرجوازی لە ئەمڕۆی جیهاندا بەناوی پۆست مۆدێرنێتەوە لیبڕالیزم، هەوڵی بۆ ئەوە داوە کە ئینسانەکان پەرشو بڵاوبکات و تاک پیرۆز بکات، هەموو شتێک لەپێناو تاک، دیارە شەخسیەت و کەرامەتی تاک زۆر گرنگە هەر تاکیش دەتوانێت کۆمەڵ پیکبهێنێت بەڵام ئەوان ویستویانە ئینسانەکان خۆپەرست هەموو شتێک لەپێناو تاکڕەوی بۆ بەرژەوەندی سەرمایە پەروەردەبکەن و دەرئەنجام کۆمەڵگایەکی خۆپەرست بەباربهێنن.
لە ڕاستیدا من پێموایە ئەو هەراوهوریایەی کە بەناوی لیباڵیزم و ئازادی تاک و جێگاو ڕێگای تاک لاف لێدەدەن تەنها درۆیەکی گەورەیە، چونکە لەم نیزامەدا کەڵەکەی سەرمایە سەرەکی ترین و مۆقەدەس ترین شتە، تاک ئەگەر پاڵەوان و سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتیش بێت، تەنها لە وەرزێکدا سەرکەوتو نەبێت لە قوڵکردنەوەی کەلێنی چینایەتی و پارەکان چەند قات زیاد نەکەن، ئەوە بە بێبەزیانەترین شێوە ڕایدەکێشنەخوارەوە، زۆرجار بۆسەی ئەخلاقی بۆ ئەو کەسانە دادەنێن و بە ناشیرینترین شێوە دەیانشکێنن.
دەسەڵاتیش لە لە کوردستان 26 ساڵە زۆر زیاتر کاری لەسەر ئەم سیاسەتە کردوەو هەوڵی لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک و پەرشو بڵاوکردنیان و پارچە پارچەکردنی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێشی داوە. هەوڵیانداوە مەیلی هاوکاری و بەیەکەوە بوون لەنێوان ئینسانەکان کەمبکەنەوە. جۆرێک کۆمەڵگایان بار هێناوە کە ئەم وڵاتە هی ئەوان نییە، هەرکەس ماڵەکەی خۆی پاکدەکاتەوەو خۆڵ و خاشاکەکەی دەخاتە بەردەرگا، یاخود دەچنە سەیرانگاکان و پاشەڕۆکەیان لەشوێنی خۆی جێدەهێڵن.
کاتێک ئینسانەکان دەست بۆ کاری هەرەوەزی دەبەن و هەمویان بەیەکەوە بە هاوبەشی دەتوانن دەست بۆکارێک ببەن و هیچیان لا موستەحیل نەبێت، بەدڵنیایەوە هەست بە خۆشحاڵبون و بەیەکەوەبوون دەکەن هەست بە توانایی دەکەن، هەست بەوە دەکەن کە ئەم وڵاتە وڵاتی ئەوانە، دەبێت ئاوەدانیکەنەوەو خۆشی بکەن نەوەک وێران، ئەم هەستە پۆزەتیفە وایان لێدەکات کە دەست بۆ ڕێکخراوبوون ببەن، دەتوانن بۆ چارەسەر هەر کێشەیەک کۆببنەوەو هاوفکری بکەن، دەتوانن خۆیان ڕیکخراوبکەن و ببن بە هێزێک کە چاو ببرنە ئەو جێگایەی کە بڕیار دەردەکات و بە مافی خۆیانی بزانن بەشداربن لە بڕیاردان لەسەر گەڕەکەکەیان شارەکەیان تا دەگاتە وڵاتەکەیان.
ئەگەر ئاسۆیەکی ڕادیکاڵ و ڕۆشن بەسەر ڕابەرانی هەرەوەزیەکان زاڵبێت دەکرێت ڕێگایەکی سەرەتایی بێت بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات بە شێوەیەکی دروست و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی.


– چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

دیارە لێرەو لەوێ زۆرجار گوێمان لیبووە کە بەهەرەوەزی کۆمەڵیک ئینسان هەستاون بە ئەنجامدانی کارێک، بۆنمونە ڕاکێشانی ئاو لە بناری قەندیل بۆ چەند زەویەکی کشتوکاڵی، یاخود پاکردنەوەی شارو کۆڵانەکان لەلایەن خەڵک بەهەرەوەزی….. بەڵام دیار ەئەمانە تەنها بۆ ئامانجێکی تایبەت و دیاریکراو بوون.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە باس لە کاری هەرەوەزی لە کوردستانی سوریا لێرەو لەوێ تا ڕادەیەک دەکرێت، بەڵام من بەوردی ئاگادارنیم و بەداخەوە دەسەڵاتدارانی کانتۆنەکانیش زیاتر هەوڵیانداوە شتی تر بەرجەستە بکەنەوە تا ئەم کارە هەرەوەزیانەو وەک نمونەیەکی جوان نیشانی جیهانی بدەن. لەوانەیە ئەمەش پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و شەرەکانی ناوچەکە هەبێت.

– لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

وەک یادەوەری منداڵیم، لە ئەزمونی دروستکردنی پردێک لەلایەن باوکمەوە بە کاری هەرەوەزی.
لە ساڵی 1979 یادی بەرزو بەرێزبێت مامۆستا جەواد حەمەد بەگی باوکم لە دێیەکی باکوری کۆیە بەناوی کێلەخوارە مامۆستا بوو، ئەم بەرو ئەوبەری دێ ڕوبارێک لەنێوانیان هەبوو بەردی گەورە گەورە بۆ پەڕاندنەوەی منداڵەکان هەبوو، لەکاتی باران و لافاو تووشی کێشە دەبوون، باوکم خەڵکی هەردوو بەری کۆکردەوە کە پەیوەندیشیان ساردو سور بوو، وە داوای لیکردن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان با خۆیان دەست ببەن بۆ دروستکردنی پردێک، ئەوەبوو پردەکە بە هەرەوەزی دروستکراو کێشەکان چارەسەر بون و پەیوەندی کۆمەڵایەتیش گەرموگوڕتربوو.
من هەمیشە ئەم ئەزمونە بە نمونەیەکی پڕشنگداری کاری هەرەوەزی دەگێڕمەوە.
– ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟
وەکو کاری هەرەوەزی ئامانج تەنها یارمەتی و ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام لە پەراوێزی مێژو دا چەندین جار هەوڵدراوە بۆ ژیانی هەرەوەزی بەڵام نەیانتوانیوە بە تواوەتی ببن بە ئەڵترناتیڤ و لە کۆتایدا ناچار بە شکست کراون. هەرەوەزیەکان لە زۆر جێگای دنیا هەر ئێستا لە بواری بەرهەمهینانیشدا بوونی هەیە.
شۆڕش و وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی پێشمەرجی هەر گۆڕانکاریەکی بنەڕەتیە، هەرەوەزیەکان لە باشترین دۆخدا دەتوانن ئامرازێک بن بۆ هاوفکری و یەکبوون. پیستریش ئاماژەم پێ دا کە هەرەوەزیەکان بەو پییە چ سیاسەتێک بەسەر هەڵسوڕاوانیدا زاڵە دەتوانێت ئامرا ز و ڕیگای بەدیهێنانی ئامانج و ئەلتەرناتیڤی جیاواز بێت.

– چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

هیوادارم کە هەمومان بەیەکەوە بتوانین باشتر و زیاتر بیربکەینەوە کە چۆن ئەم کارە هەرەوەزیانەی خانەقین گەشە پێبدەین تەنها لەیەک ناوچەو شوێندا قەتیس نەبێت. لەڕێگای کۆبونەوەو کۆنفرانس ڕابگۆڕینەوە کە چۆن بتوانین هەنگاوی داهاتومان دەستبردن بۆ دەخالەت لە سیستەم و شێوەی پەروەردە بێت، خوێندن و پەروەردەیەکی ئینسانی بسەپینین، لەبری ئەویە بینایەکی خوێندن دروستبکەین، واتا پیشانی حکومەت و خەڵکی بدەین کە ئێمە ڕێکخراوی خێرخوازی نین کە خوێندنگا دروست بکین، بەڵک و ئامانجی ئێمە بەشداریبون لە بەرێوەبردنی کۆمەلگاو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروستە.
دەمەوێت لیرەوە فرسەت بهێنم و سوپاس و پیزانینی تایبەتی هاوڕێ سەلام عەبدوڵاو هاوکارانی بکەم کە بەعەمەلی کار بۆ گەڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک و پیگەیاندنی نەوەکانی داهاتو دەکەن. من بەتایبەتی زۆر خۆشحاڵم بەو پڕۆژەی کتێبخانەی منداڵان هیوادارم کە لەم ڕێگایەوە بتوانین خوێندنەوە زانست بکەینە عەقلیەتی ئەم منداڵانەو جارێکی تر خوێندنەوە بکەینە کەلتوری کۆمەلگا، ساڵانە بەتەن کتێب بڵاودەبێتەو ەبەبێ ئەویە کەس بیر لەوە بکاتەوە چۆن خوێنەریان بۆ پەیدا بکەین؟ دەکرێت ئەمە ڕێگایەک بێت، وە هیوادارم کارو پڕۆژەی سەرەکی کتێبخانەکانی منداڵان پەروەردەی دروست و لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی نیوان ئینسانەکان بیت.
خاڵێکی تر دەمەوێت لیێرە پیشنیاری بکەم و بیخەمە بەردەم هەموو ئەوکەسانەی بەگەرمو گوڕی پێشوازی لە کاری هەرەوەزی دەکەن لە کوردستان، بەهەند وەرگرتنی خراپی بارودۆخی ژنان و خستنە ناو پڕۆژەکانی داهاتومانە. هەمومان دەزانین کە دۆخی ژنان لەوپەڕی خراپیدایە لە کوردستان، ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن چەند پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنان لەڕێگای هەرەوەزیەکانەوە بخەینە دەستوری کارمانەوەو هەتا لەم ڕێگایەوە هەم ژنان هۆشیاربکرێنەوەو بە مافی خۆیان ئاشنا بکرێن هەم بتوانین بەجۆرێک بەتایبەت ئەوانەی کە ژنی ماڵن ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان.
– دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

وێرای هیوای سەرکەوتنم بۆیان، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە دەبێت زۆر وریابین و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان لە کەسانی کۆنەپەرست و دەستی دەسەڵات بپارێزین و ڕێگانەدەین دزەبکەنە ناو کۆمەڵەکانمان و بەلاڕێیداببەن.




ئیسلامیه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

له‌ڕاستیدا كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ ئێستادا كێشه‌ی دین نیه‌، وه‌ك چۆن كێشه‌ی به‌ ئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه‌ به‌وه‌ی له‌ هیچ كاتێكدا بارته‌قای ئێستا ئایین ئاماده‌گی نه‌بووه‌، مزگه‌وته‌كانمان له‌ ژماره‌ی مزگه‌وته‌كانی چوار وڵاتی عه‌ره‌بی زیاتره‌، جگه‌ له‌ شاشه‌كان و باره‌گای حزبه‌كان. به‌ڵام بۆ ئیسلامیه‌كان هه‌میشه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زۆر له‌ به‌ها ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دۆڕاندووه‌؟ ڕاستی وڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌دیدی ئه‌م براده‌رانه‌ ئایین به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت.
كێشه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی له‌ئارادایه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتین ( كه‌ عه‌لمانی نین) به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه‌ موقه‌ده‌سی كورسی و ده‌سه‌ڵات و سته‌مكاریه‌، كه‌ هیچ ئاسۆیه‌ك له‌ئارادا نیه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستنوێژی هه‌ڵگرت له‌م فۆرمه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات باشتر و عادلتر بێت، به‌و پێودانگه‌ی كه‌ ئیسلامیه‌كانیش نه‌یانتوانی شه‌ق له‌ پیرۆزیه‌كانی كوردسی هه‌ڵبده‌ن و ئه‌وانیش مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانیان پڕه‌ له‌ برای موسوڵمانی پیر و په‌ككه‌وته‌ و كوڕانی ڕابه‌رانی پێشوو به‌رپرسن و ئه‌میره‌كانیان به‌دیلی نیه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مینداریش بگۆڕن ئه‌وا ده‌وره‌یه‌كی تر ده‌یهێننه‌وه‌ چونكه‌ پێویستیان به‌ باوكێكی موقه‌دده‌سه‌.

منیش له‌گه‌ڵ هاوڕێم دكتۆر عادل باخه‌واندا ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی كورد موسوڵمانه‌ ئه‌ی ئێوه‌ی حزبی ئیسلامی بۆ له‌ 17% زیاتر به‌ده‌ست ناهێنن؟ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن پارتی و یه‌كێتی سته‌مكاره‌ و ده‌نگ ده‌كڕێت و ته‌زویر ده‌كات، ئه‌ی خۆ گۆڕان زۆر دوای ئێوه‌ هاته‌ سه‌ر شانۆی سیاسی چۆن توانی 25%ی ده‌نگه‌كان ببات؟ ئیشكاله‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئێوه‌ نه‌تانتوانیوه‌ له‌ موسوڵمانی كورد بگه‌ن، یان له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ لانی كه‌م وه‌ك گۆڕان ڕادیكاڵ نه‌بوون.
من نازانم ئێوه‌ یه‌ك ده‌گرن چی ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ی ڕابردوو سیاسه‌ت و دینداری بكه‌ن، ئه‌وه‌ نه‌ سیاسه‌ته‌ و نه‌ دینداری. له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ ڕام ڕام له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا ده‌ڕۆن و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ بوونه‌ته‌ پاسه‌وانی زۆر دیارده‌ی ناشرینی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مه‌ڕ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی له‌ كوردستان.

ئێوه‌ هه‌نده‌سه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدان داڕشتووه‌ بۆ ده‌سكاریكردنی تاكی كورد، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی حزبه‌كانتان تێنه‌په‌ڕیوه‌. ئێوه‌ ئێستاش ئه‌و ڕۆحه‌ كوردبوونه‌تان نه‌ناسیوه‌ كه‌ تا ئێستاش ڕۆحیه‌تێكی سێكولار و ژیاندۆستی له‌ تاكی كوردیدا ئاماده‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی نه‌یانتوانیوه‌ بیكوژن، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئێوه‌دا ئه‌م ڕۆحه‌ ژیاندۆستیه‌ ئه‌گه‌ری كوشتنی له‌ئارادایه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان گوێ له‌ حیكایه‌ت و خوتبه‌ی پیاوانی ئاینی ئێوه‌ ناگرێت له‌مه‌ڕ به‌خشینه‌وه‌ی حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌كانتان بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاندۆستی.
هه‌ركات هه‌موومان ئیسلامیه‌كانمان به‌ هێزی خۆمان زانی، هه‌ركات هه‌موومان له‌ ئیسلامیه‌كاندا به‌بێ حیجاب و ده‌ستنوێژ جێمان بۆوه‌، هه‌ركات ئیسلامیه‌كان هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی به‌ئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی هاوڵاتیبوونی هه‌یه‌، هه‌ركات ئیسلامیه‌كان هه‌وڵیان بۆ چه‌مكی هاوڵاتیبوون بوو نه‌ك بۆ موسوڵمانبوون، ئه‌وا ده‌كرێت قسه‌ له‌سه‌ر گۆڕانی ڕادیكاڵ له‌ دیدی ئه‌م هێزانه‌دا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین و ئاسۆیه‌كی تر له‌به‌رده‌م تاكی ئازاد له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بكه‌ینه‌وه‌.




پاشخانە ڕەشەکانی هەرێم … کامەران چروستانی

زۆرینەی ئەوانەی سەردانی کوردستان دەکەن و بەتایبەتی لە ناوەڕست و بوشووری عێراقەوە، سەریان لە ئاسایش و دڵنیایی ژیانی تاکی ناو هەرێم دەسوڕمێت، نەک تەنها لە بواری ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی و هەبوونی متمانە لەنێوان خەڵکەکەدا، بەڵکوو ئەو ئاسایشەی کە دامودەزگا فەرمییەکانیش دەستەبەریان کردووە.

وەلێ ئەوەی لە پاشخانی ژیانی تاکدا ڕوودەدات زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بە ڕووکەش دەبینرێت.
ئەوەی لە ناو شاری هەولێردا بەرامبەر بە د. فەرهاد پیرباڵ کرا تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی ئەو ڕووداوە نادیار و ئاڵۆز و تەمومژاوییانەی، کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان ڕوویان داوە بە درێژایی مێژووی ٢٦ ساڵی پاش ئازادبوونمان. ئەگەر زۆریش نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور، ئەوا لە ماوەی ئەم پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و دیاری ناوچەکە بە شێوەیەک لەناوبراون، کوژراون، ئازار دراون یاخود توندوتیژییان بە هەموو شێوازەکانەوە بەرامبەر کراوە. ئەم کەسایەتییانەش تیایانە نووسەرە، ڕۆژنامەنووسە، قایمقامە، ئەفسەرە، مامۆستای ئاینییە بگرە هەتا دەگاتە پاسەوانی کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.

ئەوەی شایەنی سەرنجدانە بریتین لە:
– هەرە زۆرینەی ئەم کەسایەتییانە پێگەیەکی پتەوی خۆیان هەیە لە بوارێکی ناو کۆمەڵگادا: سیاسی، ڕۆشنبیری، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەوانی، نزیکی لە لوتکەکانی دەسەڵات. لەناو لیستی ئەو قوربانییانەدا هاووڵاتییەکی سادە نابینیەوە کە مرۆڤ گومانی بۆ کێشەیەکی دارایی، کۆمەڵایەتی یان کینەیەکی تاکەکەسی بڕوات. هاوکات مرۆڤ ناشتوانێت کۆبوونەوەی هەموو ئەم جۆرە کەسایەتییە بەهێزانە لەناو سنوورێکی ڕێکەوتدا قەتیس بکات، چونکە هەروەک دەڵێن هەر کاتێک ڕێکەوت دووجار زیاتر دووبارە بووەوە، ئەوا لە ڕێکەوت دەردەچێت و دەبێت بە ڕووداو جا ئەگەر ڕووداوەکە پلاندانراو بێت یان نا.

– لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەرە زۆری ئەم کەیسانە بە دوا خاڵی کۆتایی نەگەیشتوون و بە شێوەیەک لە شێوەکان شاردراوەتەوە، کۆتایی پێ هێنراوە، ون کراوە، خەفەخان کراوە و . . . هتد. کە ئەمەش لە خۆیدا نیشانەیەکی پرسیاری دیکە دروست دەکات، نەک تەنها لەسەر هۆکار و هاندەری ڕووداوەکە، بەڵکوو لە توانا و پسپۆریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و دەرخستنی ڕاستی و گرتنی تاوانبارەکان. بە شێوەیەک دەتوانین بپرسین: ئایا دامودەزگا فەرمییەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ئەو بابەتانە هێندە لاوازن کە هەموو ئەم کەیسانە بەبێ کۆتا بهێلنەوە و نەتوانن کەسانی تاوانبار دەستگیر بکەن یان نەتوانن ئەنجامێکی ڕاست و ڕەوان بۆ خودی قوربانی (ئەگەر لە ژیاندا مابێت) ڕای گشتی و خێزانی قوربانییەکان دابین بکەن؟ یاخود لەبەر بەرژەوەندی هەندێک لایەن لەوانەیە وەها باشتر بێت کە ئەو بابەتە هەر بە کراوەیی و بەبێ ئەنجام بهێڵرێتەوە؟ ئەگەر نا، بۆچی هەتا ئێستا لێپرسینەوە و بەدواداچوون نەکراوە سەبارەت بە هۆی دەرنەخستنی ڕاستیی ئەو کەیسانە یاخود بەدواداچون بۆ توانا و پسپۆریی دامودەزگا میرییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ؟
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، ئایا ئەوەی بەرامبەر بە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ کراوە، ئەگەر بەرامبەر بە کەسێکی دیکەی ئاسایی بکرایە، چی ڕووی دەدا؟ ئایا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهاتنە دەنگ؟ ئایا کێ داکۆکی لە هاووڵاتییەکی سادە بکات بەرامبەر بە کەسێکی چەکدار کە هەمیشە دەتوانێت وەک (خاوەن یاسایەک) لەناو شەقامی کوردی خۆی نمایش بکات؟ ئەی ڕۆژانە چەند جار سوکایەتی بە (فەرهاد پیرباڵ)ەکانی دیکە ناو کۆمەڵگا دەکرێت و کەسیش ناتوانێت قسەی لێوە بکات؟
پرسیارێکیان لە پسپۆرێکی گروپە مافیاکان کرد لەبارەی جیاوازی نێوان مافیای ئیتالی و مافیای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. ئەویش لە وەڵامدا وتی: مافیای ئیتالیا لەناو شەقامەوە سەری هەڵدا و چووە ناو دەسەڵات و حوکمەوە، بەڵام مافیای وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەناو حوکم و دەسەڵاتەوە دروست بوو، پاشان ڕژایە ناو شەقامەکانەوە.

هەموو ئەو ڕووداوانەی ناو شەقامی کوردی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دوو ئەگەر دەکاتەوە: یەکەمیان مافیایەکی بەهێز لەناو هەرێمدا بوونی هەیە، کە لەبەر بەرژەوەندی خۆی بەو شێوەیە پاکتاوی ئەو کەسایەتییانە دەکات، بەڵام مافیا زیاتر بەدوای بەرژەوەندی دارایی و ئابووری و دەسەڵاتەکانی خۆیدا دەڕوات نەک بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی، ڕۆشنبیری، ئایدیۆلۆجی، کلتوری و ئاینی هەروەک لە مردنی چەندین ڕۆژنامەنووس و ئەفسەر و کەسانی ئاینی ڕووی داوە. دووەمیان: ئەگەری ئەوەیە کە ئەم ڕووداوانە لەژێر سێبەری دەزگایەکی فەرمیدا ڕوو بدەن و هەر ئەمانەش دەمانخاتە ناو ئەگەرێکی دیکە سەبارەت بە پاساو لە ڕووننەکردنەوە و کۆتاینەهێنان بە ئەنجامی ئەو کەیسانە لەناو دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
مێژووی مرۆڤایەتی لەم تەوەرەدا یەک خاڵی سەلماندووە: لەوانەیە دەسەڵاتێک هەوڵ بدات کە گۆشەنیگای کۆمەڵگایەک بەرەو ئاراستەیەکی تایبەت بەرێت بۆ ئەوەی بەپێی خواستی دەسەڵات لە شتەکان بڕوانن، هەر بەو خواستەش شتەکان ببینن، لەوانەشە هەتا ڕادەیەک لەژێر فشاری دەمە بەستراوەکاندا سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە و لەوانەیە، بەڵام هەرچەندێکیش چاوەکان لاواز بن، وەلێ ئەوە ڕێگر نابێت بۆ ئەوەی ببینن و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە شتەکان بڕوانن.




حاجی تۆفیقی پیره‌مێرد و مه‌سعوود محه‌مه‌د … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

كاتی خۆی له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو، شاعیر و ڕۆناكبیری گه‌وره‌ی كورد حاجی تۆفیقی پیره‌مێرد ڕۆڵێكی گه‌وره‌ و گرنگی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی له‌ كوردستاندا بینی، پیره‌مێرد نه‌ك هه‌ر ڕۆشنبیر و شاعیرێكی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆی بوو، به‌ڵكوو له‌ سه‌ده‌ی بیستدا یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌نووسی كورد بووه‌ دوای میقدادی به‌درخان كه‌ به‌ كاره‌ گه‌وره‌كانی بواری ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی، خه‌بات و تێكۆشانێكی زۆری بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری و هۆشیاری و ڕۆشنبیریی، بۆ ساڵانێكی زۆر پێشكه‌ش كرد، جگه‌ له‌وه‌ له‌ بواره‌كانی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی و فۆلكلۆر و په‌ندی پێشینان و مێژووش گه‌لێك كاری مه‌زنی كردووه‌ و به‌مه‌ش بووه‌ته‌ ناوێكی گه‌وره‌ و گرانی نێو دونیای ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی كوردیمان كه‌ تا دونیا دونیایه‌ ناوی به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌. ساڵانی دوای مه‌رگی پیره‌مێردی نه‌مر زۆر له‌ نووسه‌ری كوردپه‌رست و شارچی و سۆزدار بۆ هه‌ستی پاكی كوردایه‌تی و سۆزی هاووڵاتیبوون، ناوی پیره‌مێردی نه‌مریان به‌ فه‌یله‌سووف له‌ به‌رهه‌م و كتێب و نووسینه‌كانیاندا نێوزه‌د كرد، كه‌ هه‌موومان ده‌زانین پیره‌مێردی نه‌مر هیچ پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی به‌ بواره‌ قووڵه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت كتێبێكی فه‌لسه‌فییشی نه‌بووه‌، بریا وابوواو بریا ئێمه‌ش ئه‌رستۆیه‌ك، شۆپنهاوه‌رێك، هیگلێك، دیكارتێك، كانتێك، بیكۆنێك، ماركسێك، ئه‌نگڵسێكمان ده‌بوو. ئێستاش له‌م ساڵانه‌ی دوایی كه‌ ده‌كاته‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی پاشتر، زۆر له‌ نووسه‌ر و ڕووناكبیرانمان، ناوی مامۆستای نه‌مر مه‌سعوود محه‌مه‌د به‌ فه‌یله‌سووف دێنن.

له‌م ڕۆژانه‌ی دوایی، زانكۆی كۆیه‌ به‌ هه‌ستێكی كۆییانه‌وه‌ یادی ئه‌م كه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ی كوردیان وه‌ك فه‌یله‌سووف كرده‌وه‌. وێڕای ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌م زانكۆیه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێ كه‌ مه‌سعوود محه‌مه‌د ڕۆناكبیر و ئه‌دیب و زمانزانێكی یه‌كجار گه‌وره‌ بوو، له‌ بواره‌كانی تۆژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك و ناساندنی نالی و حاجی قادر و كه‌یفی و هیی تر و لێتۆژینه‌وه‌ له‌ زمانی كوردی و زاراوه‌سازی و ڕێزمانی كوردی و سیاسه‌ت و شیكردنه‌وه‌ زانستییه‌كانی بواری زمان و ئه‌ده‌بی كوردی و زۆر بواری مه‌عریفیی تر خزمه‌تێكی زۆری كردووه‌ و ئه‌ویش وه‌ك پیره‌مێرد تا دونیا ماوه‌ خۆی و شاكاره‌كانی هه‌ر به‌ نه‌مری ده‌مێننه‌وه‌. به‌ڵام كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ بڵێین مه‌سعوود محه‌مه‌دی نه‌مر فه‌یله‌سووف نه‌بووه‌. هه‌قوا نییه‌ ئێمه‌ به‌ سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌گه‌ری و شارچێتی كار بكه‌ین، به‌تایبه‌ت كاری زانستی، چجای زانكۆیه‌ك بیكات، چ ڕه‌وای هه‌قه‌ وا له‌ مه‌نتیق و ڕاستی و ئه‌كادیمیه‌ت دوور بین و له‌ سۆز و هه‌ستبزوێنیی نائه‌كادیمی نزیك؟ ئێوه‌ش خوێنه‌رانی ئازیز هه‌قی خۆتانه‌ قسه‌یه‌كی له‌باره‌وه‌ بكه‌ن. كێ ده‌ڵی من ناهه‌ق نه‌دواوم؟

—————– عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی ——————-




نامه‌كانی ئیشق … سه‌ردار جاف

بۆ بۆنی هه‌ناسه‌ی سروشتێ له‌ به‌هار جوانتر باران

نازانم له‌ كوێی جوانی چه‌پكێ گوڵه‌ نێرگزێكه‌وه‌ بۆنی چریكه‌كانی ئه‌وین به‌ سه‌ر باڵی په‌روانه‌یه‌ك به‌ر له‌ سووتانی بۆ كه‌ناری سه‌مای ئه‌و گوڵه‌ وه‌ریوه‌ بنێرم كه‌ سه‌راپا شاڕێیه‌كانی به‌ غوباری زه‌ردی جه‌سته‌ مردووه‌كانی گه‌ڵا ته‌نراون، له‌وێوه‌ دڵێكی هه‌میشه‌ هۆگر و ئولفه‌ت به‌ جوانی روخسارت هه‌ڵزناو، له‌ مه‌ركانه‌یه‌كی سه‌رشانی ڕێ زنه‌ی نیشتیمانی كڕبوه‌ ده‌چێ، تا به‌ ئاقاری رووباره‌كانی په‌ڵه‌ هه‌ورا وه‌ك شۆڕه‌بییه‌ك به‌ كراسی دڵتا هه‌ڵواسراوه‌ له‌ باخچه‌ جوان و پڕ نهێنییه‌كانی دڵم نه‌بێ له‌ هیج شتێكی دی ناچێ.

تۆیش له‌ سه‌ره‌ ڕێی شه‌قامتا پێ به‌ دڵما بنێ با له‌و كۆزه‌ بجی كه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ كانی به‌ ساغی نایه‌ته‌وه‌، ئه‌و ده‌مانه‌ لاشه‌ی ئه‌وین پێكه‌وه‌ له‌ دارێكی تابووتی ده‌نێین و به‌ سه‌ر شانمانه‌وه‌ غلۆری دوا ئارامگای ده‌كه‌ین وه‌ك خۆمان ده‌یكه‌ینه‌وه‌ به‌ خۆڵ.
تۆ له‌ كوێوه‌ بووشی زه‌نگی ئه‌و هه‌سته‌ت په‌ی پێ برد و قامكه‌ هه‌میشه‌ پڕ هه‌نگوینییه‌كه‌ی دۆشاومژه‌ت پێوه‌ لكان و تا نووزه‌ی دوا دابڕانی نه‌زانی په‌نجه‌ت هه‌ڵنه‌بڕی و خۆت به‌ ده‌ستی مه‌یله‌كانمه‌وه‌ نه‌دا و كۆڵت نه‌دا، ئه‌و ده‌مانه‌ی ده‌رگای ئه‌وینی دڵم كرایه‌وه‌، ئیتر حه‌زره‌تی ئیشق جاویدانی خۆی ده‌نووسییه‌وه‌، تۆیش نه‌خوێنه‌وار و نابینایه‌كی ده‌روازه‌كه‌ی رابوونی ئه‌و كۆسته‌ی بووی و به‌رۆكمی ده‌گرت و داخورپه‌كانی به‌ قه‌د باڵای دارخورمایا هه‌ڵده‌گژا تا نزاكانی به‌ خوا بگه‌یه‌نێ.

به‌زه‌ییه‌كان ئولفه‌تیان له‌ گه‌ڵ دابڕان گرتووه‌، ئه‌و دابڕانه‌ی ڕێی له‌ بۆن و به‌رامه‌ی ماچه‌كانی به‌رایی به‌ر ده‌رگای باڵات ده‌گرێ و مه‌ست مه‌ستی چاوه‌كانت بووه‌، ده‌یزانی خانمی سه‌روبه‌ستی كورده‌واری وا به‌ سانایی نابیته‌ قۆڵبه‌ند و بازوبه‌ندێكی ترازاو ده‌بێ، فوو له‌و چراتۆڕه‌ ده‌كا كه‌ رۆحی به‌ر ته‌داره‌كی ساته‌ شیرینییه‌كانی ده‌بێ، تاڵان به‌ ماڵم كه‌ هێشتا زمانی ئه‌وین گڕوگاڵی نه‌كردووه‌و به‌ وه‌یشوومه‌ی غه‌دری ده‌زانی، به‌ ئافاتی خیانه‌تێ وه‌ك گواره‌یه‌ك قوڵفگیری هه‌لته‌كێنێ و ئیدی جوانی ئه‌تك بكا، رۆحم به‌ سه‌ر باڵی په‌روانه‌یه‌كدا له‌ ده‌م روناهی و گه‌رمی و پڕ گڕه‌كه‌ی چرای ئیشق بسوتێم و ئه‌و دیو ره‌ژوو بگرم، له‌ خوا بپرسه‌ ژانه‌كانم چه‌ن به‌ سوێن.

بشێ به‌ هه‌ق ئه‌و بارانه‌ بیت لوتفه‌كانت له‌ زیندانی مكووڕ بوونتا یاخی بێت و به‌ سه‌ر جه‌سته‌ی گڕاویما ببارێ و نه‌مگه‌یه‌نیته‌ سوتوو بوون، با ببمه‌ هه‌توانی پڕپۆڵه‌یه‌ك بۆ قه‌تماغه‌ی زامه‌كانت نه‌با ئازارت پێ بگا ده‌سا توووخوا لێمگه‌ڕێ با بسووتێم، بیرم بكه‌و سا بفڕه‌ و له‌ ئامێزی ئاوه‌ڵاما بنوو، بنوو با ئه‌وین جێمان بۆ راخا و ئیشقیش باوه‌شێنمان بكا.

ئیدی له‌ نێو نزاكانما بنوو خوا ده‌تپارێزێ

سه‌ردار جاف
لیمبۆرگ : 14 / 4 / 2017




بۆپێشەوە ژمارە 2


بۆپێشەوە بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆشیالیستییە…. بۆ خوێندنەوەی ژمارە 2 کلیکی ئێرەبکەن ….
Bopeshawa2




سه‌ربه‌خۆی له‌ نێوان واقیعه‌ت و خه‌وندا …. شاخه‌وان سه‌نگاوی

له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ته‌ماشا هه‌ر كونجێكی ئه‌م جیهانه‌ بكه‌ین كه‌ مرۆڤی تێدا ژیابێت و بژی ، كاتێك حزب تێدا دروست بووبێ‌ ، به‌و ئامانجه‌ بووه‌ كه‌ هۆكارێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ ڕه‌واكانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ رێكبخات وه‌ چوارچێوه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی پێببه‌خشێت و رزگاری بكات له‌ خۆرسكی ، فره‌ جه‌مسه‌ری . سه‌رئه‌نجامی ئه‌م جۆره‌ له‌ خزمه‌تگوزاری حزب بۆ كۆمه‌لگاكه‌ی هۆكارێك بووه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانجه‌ سیاسیه‌كانی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی .

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ كوردستاندا به‌ رۆژگاری ئه‌مرۆشمانه‌وه‌ هێنده‌ی حزبكان كاریان كردووه‌ به‌و ئامانجه‌ی كه‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان بخاته‌ خزمه‌ت ئامانجه‌ حزبیه‌كانی خۆی ، به‌ نیو هێنده‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاری له‌ پێناو سه‌رپێخستنی ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان نه‌كردووه‌ به‌تایبه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان . هه‌ر ئه‌میش هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حزبگه‌رایه‌تی له‌ لای تاكی كورد به‌ چه‌شنه‌ پیرۆزیه‌ك پیرۆز كراوه‌ كه‌ شه‌ن و كه‌و كردنی ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانیان و ره‌خنه‌ گرتن لێی كفرێكی ئیلاهیه‌ و لێخۆشبونی ده‌چێته‌ خانه‌ی مه‌حاڵ بوونه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ش خالێكی سه‌ره‌تایه‌ بۆ حزبی كوردی كه‌ پێش نه‌یه‌رانی كورد به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك پێشبركێ بكه‌ن له‌ پێناو داماڵینی تاكی كوردی له‌ ئه‌رك و مافه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، ئه‌میش به‌ ئامانجی په‌یوه‌ستكردنێتی به‌ چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی حزبگه‌رایه‌تی ڕاهێنان پێكردنیان له‌ سه‌ر پیرۆزاندنی حزب و سه‌ركرده‌ په‌رستی .
پێش هه‌موو تاكێك و گروپێك ، شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ حزب و سه‌ركردایه‌تی حزبی كوردی له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا كار له‌ سه‌ر بنیاتنانی ئه‌م جۆره‌ له‌ په‌تایی حزبگه‌رایه‌تی بده‌ن نه‌ك خزمه‌تگه‌رایه‌تی له‌ كۆمه‌لگای كوردیدا چونكه‌ ترسناكی ئه‌م جۆره‌ په‌تایه‌ كاتێك بده‌ر ده‌كه‌وێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆی لێكهه‌ڵوه‌شاندنی هێزی گه‌وره‌ی گه‌ڵ و په‌رته‌وازه‌كردنی به‌هره‌و تواناكان و به‌گژدا دانی ئاراستی جیاوازه‌كانی فكر له‌ كۆمه‌لگادا . ئه‌مه‌ له‌ جیاتی یه‌كخستن و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئایدیاو تواناكان و ئاراسته‌كردنیان به‌ ئاڕاسته‌ی سه‌نگه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی دووژمنانی نه‌ته‌وه‌یمان . هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی حزبی كوردی تێبگه‌ن له‌ كوشنده‌ی ئه‌م په‌تایی حزبگه‌رایه‌تیه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ، وه‌ چی دیكه‌ ڕێگه‌ به‌خۆیان نه‌ده‌ن كه‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان بكرێته‌ قوربانی له‌پێناو مانه‌وه‌ یان ده‌سكه‌وته‌ شه‌خسیه‌كان .

چونكه‌ سه‌ربه‌خۆی خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی هه‌موو تاكێكی كورده‌ كه‌ له‌ ژێر یه‌ك ئالادا و له‌ چوارچێوه‌ی سنوریكدا كه‌ كوردستان به‌ سه‌ربه‌ستی بژێت . باشتر وایه‌ له‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی پارتی و یه‌كتیی ئه‌گه‌ر سیاستكردنتان به‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ بگه‌یه‌نن به‌ كه‌ناره‌كانی ئارامی و به‌رده‌بازێكیش بن بۆ به‌دیهێنانی ئاوات له‌ مێژینه‌كه‌ی ، ئه‌وا پێویسته‌ تێبگه‌ن له‌وه‌ی كه‌ ریفراندۆم یان سه‌ربه‌خۆی كوردستانی باشور ته‌نها بۆ لایه‌نگران و ئه‌ندامانی هه‌ردووپارت نیه‌ ! به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌یشه‌ به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه‌ ، كه‌واته‌ به‌ دیوه‌كه‌ی تردا هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ( پارتی یان یه‌كێتی ) كه‌ بیه‌وێت سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌ده‌نگی زولالی ئه‌و ڕابگه‌یه‌نرێت ، ده‌بێت سازش كردن بۆ تاكه‌كانی نێو ئه‌م چوار چێوه‌ جوگرافیایه‌ی له‌لا شوره‌یی نه‌بیت به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ یان لایه‌نگری بۆ هیچ ئاین و نه‌ته‌وه‌ و پارت بكه‌ن تا بگه‌نه‌ ئه‌و ده‌روازه‌ قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ره‌ی كه‌ سه‌رجه‌م پێهاته‌كان و پارته‌كانی باشور له‌ بنیاتنان و سه‌رپێخستی ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ به‌شداربن ، به‌ ئامانجی دابه‌شكردنی ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی وه‌ها هه‌وڵێكه‌وه‌ كه‌ دێته‌ ڕێمان . بۆیه‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی كوردستان پێویستی به‌ كه‌سایه‌تی و حزبی سۆپه‌رمان نیه‌ ! به‌ ڵكو پێویستی به‌ به‌رنامه‌ و ئه‌قلیه‌تێكی سۆپه‌رمانی هه‌یه‌ تا ده‌رگای واقیعه‌ت له‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆی كوردستان واڵابكات .

شاخه‌وان سه‌نگاوی
shaxewan.saed@gmail.com




(ئۆلیڤەر تویست)* وەرگێڕانی ڕۆمانێک بەزمانی دڕک! … هەڵمەت عوسمان

ڕۆمان ناسنامەی هەر کۆمەڵگایەکە، گەر بیەوێت خۆی بە کۆمەڵگایەکی دیکە بناسێنێت. هەرچەند مێژووی سەرهەڵدانی هێند کۆن نییە، بەڵام توانیویەتی ببێتە یەکێک لە جۆرە زیندووەکانی ئەدەب. لەئێستادا نووسینی ڕۆمان، زیاتر لە هەر چەشنێکی دی برەوی زیاترە، وەرگێرانیشی شان بەشانی نووسینی دەڕوات. نووسینی ئەم چەشنەی ئەدەب کارێکی هەستیارە، چونکە مامەڵە لەتەک مێژوودا دەکرێت، واتا ڕۆمان نووسینەوەی مێژووە بە چەشنێکی دی، جیا لەوەی مێژوونووسان ئیشی لەسەر دەکەن، بۆیە نووسینی ڕۆمان چەند هەستیارە، وەرگێڕانی زیاتر! چونکە گەیاندنی پەیامی نووسەرە بە ئەمانەتەوە. ئەمەش کاتێک دەبێت، زمانی دووەم هێندە و بگرە زیاتر لە زمانی خۆت شارەزاتربیت، لەبەرئەوەی زۆرجار نووسەر پەیامەکەی خۆی لە چوارچێوەی پەند و ئیدیۆمە باوەکانی زمانەکەی دەردەبڕێت، کاتێکیش وەرگێڕ شارەزایی لەم ئیدۆمانە نەبێت، ئەوکات لە وەرگێڕانەکە دەچێقێت و خوێنەریش توشی جۆرێک لە سەرلێشێوان دەکات! بۆیە لە وەرگێڕاندا زمانی دووەم و ڕێنووسی زمانی دایک لەکاتی وەرگێڕان و گەیاندنی بە خوێنەر، دەبێتە مەرجی سەرکەوتنی وەرگێڕ… واتا ڕێنووس دەتوانێ دوو ئیشی لێک جیا بکات، هەم دەتوانێ دەقە وەرگێڕدراوەکە بکات بە لۆکە و هەمیش دەتوانێ بیکات بە دڕک و وشەکانی بچەقێت بە چاوی خوێنەر!
خوێنەر چەند مایەی بەزەییە، کاتێ ناونیشانی کتێبێ دەبینێ و بە هەڵەداوان هەوڵی بەردەستخستنی دەدات، بەڵام کاتێ هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک، لەبەر پەرپوتی ڕێنووسەکەی و جۆری وەرگێڕانەکەی دڵی سارد دەبێتەوە! هەمان ئەم بارەی باسم کرد، بەسەر من داهات.
ئەوەی من دەمەوێ زیاتر بدوێم، لایەنی زمانی وەرگێڕان و خاڵبەندی دەقەکەیە.
لە ئەنجامی نەبوونی دەزگایەکی وەرگێڕان، هەمیشە کاری بێ سەروبەری دروست دەبێت لەم بوارە، کاتێ دەزگایەکی لەم جۆرە نەبوو، ئەوسا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر هەوڵی تاکەکەسی، زۆرجاریش ئەم هەوڵە تاکەکەسیانە، نەک هەر بە باشە ناشکێنەوە بۆ پڕکردنی خەرمانی کتێبخانەی کوردی، بەڵکو نا ئاگایانە، کتێبخانە دەبێتە زبڵخانە! بۆیە ئەگەر دەزگای وەرگێرانیش نییە، چاپخانەکان دەبێت فلتەرێکیان هەبێت، تا لای کەمی ئەم هەڵانەی بەسەر هەڵەچنی کتێبەکەش تێپەڕیوە، ئەوان چاکی بکەن.
ئەم نۆڤلێتە بە جۆرێ وەرگێڕدراوە، خوێنەری نەشارەزاش دەتوانێ لە ڕووپەڕێ، دە بۆ پانزە هەڵەی ڕێنووس بدۆزێتەوە! ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاری وەرگێرانەکە، یەکەم (وشەبەوشە)بووە، دووەمیش هەڵپەیی کراوە لە بڵاوکردنەوەی “هەروەک لە پێشەکییەکەی بەڕوونی ئەوە دیارە” تا ئەوەی پێداچوونەوەی وەردی بۆ بکەن. کەواتا لەوەرگێڕان و نووسین، چۆنایەتی گرنگە، نەک چەندایەتی. هیوادارم ئەم کارەی ئێمەش وا لێکنەدرێتەوە بخرێتە خانەی دوژمن کارانە، بەڵکو ئێمە زیاتر مەبەستمان هاوخەمییە بۆ زمانەکەمان تا لەم تەنگەژەیەی تێیکەوتووە، بە هەموومان وابکەین دەربازی بکەین و بەرگێکی جوانتری بۆ بدرووین…
ئەو هەڵانەشی ئـێمە دیاریمان کردووە تەنها لە بەشی یەکەمی نۆڤلێتەکەیە، ئەم بەشەش تەنها پێنج ڕووپەڕە! بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت ئەگەر تەنها لەبەشیکی پێنج ڕووپەڕی ئەم خەرمانە هەڵەیە هەبیت، ئەبی ئاخۆ هەر (١٥١) ڕووپەڕەکە دەبێ چەند خەرمانی دیکە هەڵەی تیابێت!؟
لەسەرەتاش دەمەوێ سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕابکێشم، ڕستەی ناو سەرجەم جووت کەوانەکان(( )) هی وەرگێڕن و تاک کەوانەکانیش( ) هی منە.
بەشی یەکەم// لاپەڕە ١٣…
(( ئۆلیڤەر تویست لە هەتیوخانەیەك لە دایك بوو دایکی لە کاتی لە دایك بوونی ئەودا مردبوو کەس نەی دەزانی لە کوێوە هاتبوو و خێزانەکەی کێ بوون” باوکی ئۆلیڤەر چەند مانگێک بەر لەوەی ئۆلیڤەر لە دایك ببیت مردبوو،))
(ئۆلیڤەر تویست لە هەتیوخانەیەك لە دایكبوو، دایکی لە کاتی لە دایكبوونی مردبوو، کەس نەی دەزانی لە کوێوە هاتبوو و خێزانەکەی کێ بوو، باوکیشی چەند مانگێک بەر لەوەی ئۆلیڤەر لەدایك ببێت مردبوو) جوانتر دەبوو لەبری هەتیوخانە”خانەی بێسەرپەرشتان”ی بنووسیبایە.
(( ئەو وەک هەتیوی هەتیوخانە یەك گەورە بۆ هەر زەلیل و برسی و سووك لای هەموویان و کەس بەزەیی پێدانەدەهاتەوە.))
(ئەو وەک هەتیوی هەتیوخانەیەك گەورە ببوو،هەموویان بە سوک و زەلیلی لێیان دەڕوانی و کەس بەزەیی پێدانەدەهاتەوە.)
(( لە دوای هەشت نۆ مانگی دوایدائۆلیڤەر نێچیریی مامەڵەی خاراپ و برسیێتی بوو.))
( لە دوای هەشت نۆ مانگ، وەک نێچیر مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرد.)

لەهەمان لاپەڕە وتەواوی لاپەڕی ١٤…
لە بری هەتیوخانە، ((هەیتوخانە)) نووسراوە، ئەم هەڵەیە چوارجار دووبارە بوویتەوە!
(( لە دواییدا دەسەڵاتی هەیتوخانە کە بڕیاری دا بێ گوێزێتەوە هەیتوخانەیەکی لاوەکی لەوێدا سێ هەیتوی تر لە ژێر بارودۆخێکی خراپدا دەژیان))
(لە دواییدا، دەسەڵاتی هەتیوخانەکە بڕیاریدا بی گوازێتەوە هەتیوخانەیەکی لاوەکی، لەوێدا سێ هەتیوی دیکە، لەژێر بارودۆخێکی خراپدا دەژیان.)
سەرنجێکی یەکلایی کەرەوە، کە پێویست ناکا هەموویان دەستنیشان بکەم، چونکە ئەگەر وابکەم هێندەی ژمارەی ڕووپەڕی ڕۆمانەکە، دەبێ هەڵە دەستنیشان بکەم، ئەویش ئەوەیە لە پێش هیچ کام لە (چونکە و بەڵام) فاریزە”وێرگوڵ، بۆر” دانەنراوە!
(( جەژنی لە دایك بوون)) …(جەژنی لەدایکبوون)
(( لێیان درابوو دەرگایان لەسەر قفڵ درابوو چونکە وێرا بوو یان بڵێن: برسیانە.))
(لێیان درابوو، دەرگاشیان لەسەر داخرابوو، چونکە وتبوویان: برسیمانە.)
((مستر بە مبڵ))… ( مستەر بەمبڵ)
((فەرمانبەرێک بوو)) … (فەرمانبەرێکبوو)
ناوی ئەم “مستەر بەمبڵ”ە داماوە ، هەرجارێ بە جۆرێک نووسراوە ” بەمڵ ، بە مبڵ، بەمبڵ”
((خانمی هەیتوخانە لاوەکیەکە دا چلەکا بەم سەردانە لە ناکاوە و بە گوێ ی یاریدەدەرەکەی دا چریکاند کە ئۆلیڤەر و دوو منداڵەکەی تر لە کۆگاکە دەربهێنێ و بیان شوا، مستەر بەمڵ پیاوێکی قوڵەو و هەستی پڕ بوو لە خۆ بەگرنگ زانین مەبەست لە سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی گەڕاندنەوەی ئۆلیڤەر بوو بۆ هەتیوخانە سەرەکی یەکەی.))
(سەرپەرشتیاری هەتیوخانە لاوەکییەکە، داچڵەکا بەم سەردانە لە ناکاوە و بە گوێی یاریدەدەرەکەی دا چریکاند، کە ئۆلیڤەر و دوو منداڵەکەی دیکە، لە کۆگاکە دەربهێنێ و بیان شوا، مستەر بەمبڵ پیاوێکی خۆ بەگەورەزان و قەڵەوبوو، مەبەست لە سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی گەڕاندنەوەی ئۆلیڤەر بوو بۆ هەتیوخانە سەرەکییەکەی.) ئەوەی لێرە سەیرە، لەسەرەتا “هەتیوخانە”بە هەڵە نووسراوە و لە کۆتاییش بە ڕاستی! ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دی لە وشەی “چریکاند” تۆنی دەنگ زۆر بەرزە و ناشێ مستەر بەمبڵ لەبەر دەرگابێت و خانمی سەرپەرشتیاریش چریکاندبێتی بە گوێی یاریدەدەرەکەی! بۆیە “چرپاند” بۆ ئەو شوێنە دەبێت. ئەگەر لێیەوە دووربووبێت، ئەوسا ” بانگکردن” بەکاردێ بەم جۆرە “بانگی یاریدەدەرەکەی کرد”.
(( خێرا شووردرا و بە پیش خۆ درا)) ئەمە سەرباری هەڵەی هەڵەی ڕێنووسی، ڕستەیەکی تەواو ناوچەییە! کە کاری وەرگێڕان زۆر لەوە گرنگترە، شێوەزار زاڵبێت بەسەریدا. لەم ڕستەیە وادەردەکەوێت ئەوەی ئۆلیڤەری شوشتووە، نازاندرێ کێیە! لەکاتێکدا خانمی سەرپەرشتیار بانگی یاریدەدەرەکەی کردووە و فەرمانی پێکردووە بیشوات، بۆیە ڕاستییەکەی ئاوایە(خێرا شوشتی و بە پێش خۆی دا.)

لاپەڕە ١٥…
(( ئۆلیڤەر بە تەمابوو بڵێ بەڵێ کاتێ خانمەکەی دی ئافرەتەکە ئەو کاتە لە پشت کورسیەکەی مستەر بەمبڵ وەستابوو و مشتی دەستی لێ ڕادەوەشاند ئۆلیڤەر هەڕەشەکردنەکەی تێ گەیشت)) بەڕاستی بەداخەوە، کەسێ سەرەتاییترین “ئەلف و بێ”ی کوردی بزانێ، دەتوانێ ئەم وشانە جوانتر بخاتە پاڵ یەکدی. (ئۆلیڤەر بەتەمابوو بڵێ:بەڵێ، کاتێ خانمەکەی دیت، لە پشت کورسدیەکەی مستەر بەمبڵ وەستابوو، پەنجەی لێ ڕادەوەشاند، ئۆلیڤەر لە هەڕەشەکەی تێگەیشت.)
(( ئۆلیڤەر خۆی وا پیشاندا کە برسیەتی و مامەڵەی خراپ گەورەترین یاریدەدەرن گەر بتەوێ بگریەی)) من کە هیچ لەم ڕستەیە تێنەگەیشتم، دەشکرێ هۆی ئەمەش ئەوەبێ، خاڵبەندی کە لەبری ئاوازی دەربڕین بەکاردەهێنرێت، لێرەدا و لەسەرتاپای کورتە ڕۆمانەکە، نەک هەر کەم بەکارهاتووە وەک پێویست و لە شوێنی گونجاو، بەڵکو نابینرێت!
(( ئەوە ئەنجوومەنەکەی بەڕێوەی دەبرد یاسای تایبەتی خۆی هەبوو،))
( ئەو ئەنجومەنەی بەڕێوەی دەبرد، یاسای تایبەتی خۆی هەبوو.)
((ئۆلیڤەر و هاوەلەکانی ئازاری لە برسانی مردنی هێواشیان چەشت بۆ ماوەێ (٣)مانگ تا لە کۆتاییدا دانیشتنێکیان بەست بۆ گفتوگۆکردن لە مەسەلە کە بڕیاریان دا ))
(ئۆلیڤەر و هاوڕێکانی، ماوەێ (٣)مانگ ئازاری برسییەتییان چەشت، تا لە کۆتاییدا دانیشتن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە و بڕیاریان دا.)
(( چێشت لێنەرەکەی لە تەنیشت مەنجەڵە گەورەکەوە وەستاوت دوو یاریدەدەرەکەی لە دوایوەی وەستان شۆڕباکەیان پێ دراو خێرا برز بوو.)) … (چێشت لێنەرەکە لە تەنیشت مەنجەڵە گەورەکەوە وەستا و دوو یاریدەدەرەکەی لە دواوەی وەستان، شۆرباکەیان پێ دان و خێرا ڕۆیشتن.)
((ئینجا کوڕ کان بۆیە کتریان چرپیاند و ئیشارەتیان بۆ ئۆلیڤەر کرد.))
(ئینجا کوڕکان بۆ یەکتریان چرپاند و ئاماژەیان بۆ ئۆلیڤەر کرد.)
(( مستەر بەمبڵ یەکسەر گەیشتە.)) لێرە وەرگێڕ پێمان ناڵێت گەیشتە کوێ و خێرا خاڵێکی داناوە!
((تەکانی دا بەرەو ئەو ژوورە)) …( چووە ئەو ژوورەی)
((بم بوورە گەورەم ئۆلیڤەر داوای چێشتی زیاتری کردووە ترسێکی گشتی باڵی کێشا…))
(بمبورە گەورەم، ئۆلیڤەر داوای چێشتی زیاتری کردووە. ترسێکی زۆر باڵی کێشا…))
(( ئایە تۆ مەبەستت ئەو داوا زیاتری کرد ووە بە دوای ئەوەی…))
( ئایە تۆ مەبەستت ئەوەیە، داوای زیاتری کردووە؟! دوای ئەوەی …))
(( یەکەسەر دەرگای لەسەر قلڵ درا.))… (یەکسەر دەرگای لەسەر داخرا)
((تێ بینیەك)) …( تێبینییەك)

للاپەڕە “١٨”ی نۆڤلێتەکە پێویستی بەوەیە وەک خۆی بینووسمەوە، دواتریش هەمان نووسراو بە دروستی دەنووسمەوە. پاشان ئێوە بڕیاربدەن.
(( مستەر بەمبڵ ڕۆژێکیان دەگەرایەوە هەتیوخانە کە کاتێ لای دەرگاکە چاوی بە مستەر ساوەبێری کەوت، کە مردوو نێژیك بووە پیاوێکی درێژ و ئیسقانەکانی دیاربوو، جلێکی شڕ ڕەشی لەبەردابوو ” ساوەبێری ووتی: من ئەندازەی دوو ئافرەتی مردووم وەرگرتووە شەوی ڕابردوو مستەر بەمبڵ: مستەر بەمبڵ ووتی: تۆ پارەی زۆرت دەست دەکەوێ مستەر ساوەبێری مردو نێژەکە ووتی:تۆ وابیر دەکەیەوە؟ ئەو پارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەوە ڕێیان پێ دەدرێ زۆر کەمن”مستەر بەمبڵ” مستەر بەمبڵ ووتی هەر وەک بچووکی تابوتەکان “مستەر ساوەبێری بۆ ماوەیەکی درێژ بەم نوکتەیە پێ کەنی و لە کۆتاییدا ووتی باشە باشە باشە، مستەر بەمبڵ” من کاتوانم ئەوە بشارمەوە لە وەتەی ئەو ڕژێمە تازەیەی خواردن دەستی پێ کردووە تابوتەکانیش تەسکتربوونەتەوە لەوەی کە پێویستە ، بەڵام ئێمەش دەبێ هەندێ قازانج بکەین، دار گرانە مستەر بەمبڵ ووتی:هم” وئینجا بە ووردی سەیری مستەر ساوەبێری کرد ووتی: ئای هیچ کەسێک دەناسی کە منداڵێکی بوێ؟ مردوو نێژەکە هاواری کرد: ئا” ئەوە گرنگترین شتەکە بمەوێ لەبارەیەوە قسەت لەگەڵ دا بکەم… هەیتوخانەکە))
بەڕاستی نازانم چۆن باوەڕ بەوە بهێنم، ئەم چیڕۆکەدرێژە، هەڵەچنی و پێداچوونەوەی بۆ کرابێ! ئاخر تا سەیری دەقەکە دەکەی، بەزەییت بە زمانی کوردیدا دێتەوە! ئێستا ئەوەم بۆ دەردەکەوێت کاتێ دەڵێن: لەبواری وەرگێڕان کاری باش نەکراوە، ئەمە ئەوە هۆکارەکەیەتی کە کردەی وەرگێڕان وەک پێویست خەمی لێ نەخوراوە. ئەگەر وانییە، چۆن دەبێت لە تەنها ڕووپەڕێک دەیان هەڵەی مانا و ڕێنووس و خاڵبەندی هەبێت؟! ئاخۆ ئەگەر دوو سێ وەرگێڕی لەم جۆرەمان هەبێت، دەبێ زمانەکەم پاش چەند ساڵێکی دی چی بەسەربێ؟! لەگەڵ ئەوەش تاکەی دەبێ چاپخانەکان فلتەرێکی ڕێنووسیان نەبێت؟! ئێ خۆ ناکرێ هەرچی شەش پەڕی نووسی و بێ سێ و دوو چاپخانەکان ئەرکی لە چاپدانی بگرنە ئەستۆ؟! کەواتا چەندە خودی وەرگێڕان و نووسین گرنگە، ئەوەندەش گرنگە دەزگا چاپەمەنییەکان، پێداچوونەوەیەک بەلایەنی ڕێنووسی دەقەکە بکەن، ئەویش لەلایەن لیژنەیەکی “چەندکەسی” شارەزا لەبوارەکە.
(مستەر بەمبڵ ڕۆژێکیان دەگەرایەوە هەتیوخانەکە، کاتێ لای دەرگاکە چاوی بە مستەر ساوەبێری مردوو نێژ کەوت، پیاوێکی درێژ و ئیسقانەکانی دیاربوو، جلێکی شڕو ڕەشی لەبەردابوو. ساوەبێری وتی: مستەربەمبڵ، شەوی ڕابردوو ئەندازەی دوو ئافرەتی مردووم وەرگرتووە ، مستەر بەمبڵیش وتی: تۆ پارەی زۆرت دەست دەکەوێ. مستەر ساوەبێری وتی: تۆ وابیر دەکەیەوە؟! ئەو پارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەوە پێمان دەدرێت زۆر کەمە. مستەر بەمبڵ وتی:”هەر وەک بچووکی تابوتەکان” مستەرساوەبێری بۆ ماوەیەکی درێژ بەم نوکتەیە پێکەنی و لە کۆتاییدا وتی: باشە… باشە… باشە مستەر بەمبڵ، من ناتوانم ئەوە بشارمەوە لەوکاتەوەی ئەو ڕژێمە تازەیەی خواردن دەستی پێ کردووە، تابوتەکانیش تەسکتربوونەتەوە، بەڵام ئێمەش دەبێ هەندێ قازانج بکەین، دار گرانە. مستەر بەمبڵ وتی:هم وئینجا بە ووردی سەیری مستەر ساوەبێری کرد وتی: ئایە هیچ کەسێک دەناسی کە منداڵێکی بوێ؟ مردوو نێژەکە هاواری کرد: “ئا” ، ئەوە گرنگترین شتەکە بمەوێ لەبارەیەوە قسەت لەگەڵ دا بکەم… هەتیوخانەکە)

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*نووسینی (چارلز دیکنز) و (ئازاد بلال بهاءالدین) وەریگێراوە، (سەربازکانەبی یابە) ئامادەیکردووە بۆ لەچاپدانی، ساڵی ٢٠١٦ لە چاپخانەی (شەهاب) چاپکراوە.


هەڵمەت عوسمان _ کۆیە




ژن و پێگەی لە حکومڕانیدا … مەحبوبە محمود

ئێستە لە کوردستان بەشداری ڕێژەی ژن لە پۆستە باڵاکاندا نەک هەر ٢٥٪ نیە بەڵکو تا ئاستی سفرە ، خۆ ئەگەر لە پەرلەمان و لە ئیدارەکاندا ببێت ئەوا تا ئاستی وەزیر ڕۆشتوە ، بەڵام ئەم دۆخەی کە هەیە جگە لە پیاوەکان کە ڕۆڵێ تیا دەبینن ژنەکان بە وەزیرەکانیشەوە توانای بەشداریان نیە ، خۆ ئەگەر هەشبێت ئاوا تەنها وەک قسە هەیە ، دەبینین وەفدەکان ژنیان هەر تیا نیە ، قسەیەک هەیە دەڵێت نە کۆمەڵگا نە حکومەت کامڵ نابیت تا ژنان ڕۆڵی سەرەکی نەبین وەک پیاو تێدا ، خۆ ئەگەر ژن ڕۆڵێ هەبوایە و بەشداری چالاکی هەبوایە ئەوا لەسەر ئاستی دەرەوە دەبوە نمونەیەکی جوان ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئیرادەیەک نیە ئەو ڕۆڵە بەژن بدات ، دەبینین لەبەر ئەوەی پەکەکە ڕۆڵی ژنی وەک ڕۆڵی سەرەکی دابین کردوە چی کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی جیهان دروست کردوە ، دەنگی شەقام و ناوەندی دەستەڵاتەکانی هەمو دنیای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە کە بوە بە شانازییەک بۆ هەر کوردێک لە هەر کوێ ی دنیادا بێت ، ئەمەش بەوەتە خاڵێکی بەهێز بۆ کورد و پەیەدە و یەپەژە و پەکەکە بۆ هاوکاری کردنی کورد ، بە جۆرێک لە مێژوی مرۆڤایەتیدا یەکەم جارە ژن بەو شێوە سەرەکیە ڕۆڵی دەبێت ، بەتایبەت لە بەرەکانی جەنگدا ، کار گەشتە ئەوەی زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانیەکان وێنەی ژنی گەریلایان دادەنا ، بەڵام لە باشور ئەم قەیرانانە هەن ، خۆ ئەگەر ژنێک سەرۆکی هەرێم بوایە ئێستە دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم شوێنە ، یان گەر ژن ڕۆڵی هەبوایە ئێستە دۆخەکە نەرم تر دەبو لەو ڕەقییەی کە ئێستە هەیە ، واتا ژن باشتر دەتوانێت لە دۆخە وەستاوەکان بپەڕیتەوە ، بۆیە تا ئەو ژینگەیە دروست نەبێت ژن بتوانێت ڕۆڵی هەبێت ، بەشدار بێت لە ناوەندەکانی دەستەڵاتدا وەک توانای خۆی ، ئەوا نە دەستەڵاتیکی تەندروست دەبێت ، نە حکومەتێکی باش ، گرنگە ژن بتوانێت ئەوەندە چالاک بێت ، بگاتە ئاستە بەرزەکان وەک سەرۆکایەتییەکان بە سەرۆکی هەرێمیشەوە ، ئەو کات دۆخەکە نەرم تر دەبێت وەک ئەو ڕەقی و وەستاوییەی ئێستە هەیە .




سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەرێگای سوریاوە … نوری بەشیر

ترەمپ و فرمێسکی درۆزنانە بۆ کۆمەڵکوژی مناڵانی خان شەیخون….

کوشتاری بەکۆمەڵی ژنان و مناڵان و خەڵکی مەدەنی شارۆچکەی خان شەیخونی سەر بە پارێزگای ئیدلیب بەهۆی بۆردومانی کیمیاییەوە لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ٢٠١٧ دا، کە ١٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون. ئەم کارەساتە مرۆییە فرسەتی دایە ئەمریکا بۆ دەورەیەکی تازە جارێکی تر لەکێشمەکێش لەسەر سوریادا دەوری هەبێ و لێرەوە سیاسەتی تازەی ترەمپ لەئاستی دنیادا راگەیەنێت. لە کاتێکدا ئەمە چەندەمین جارە لەسوریا کۆمەڵکوژی دەکرێت و چەکی کیمیایی بەکاردێت وە تراژیدی کۆمەڵکوژی مناڵ دەکرێت، ئەوەبوو لە ئابی ٢٠١٣ چەکی کیمیایی لە ناوچەی غوتە لەدەوری دیمەشق بەکارهات و نزیکەی ١٠٠٠ کەسی کوشت، لە سێبتەمبەری ٢٠١٦ دا بەپێی راپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤی سوری بەرئەنجامی بۆمبارانی ئاسمانی بە خستە خوارەوەی بەرمیلی گازی کلۆری ژەهراوی لەبەری رۆژهەڵاتی حەڵەب ٧٠ کەس خنکان، هەر لە ٢٠١٦ لەژێر ناوی ئازادی حەڵەبدا، کۆمەڵکوژی خەڵک کراو ماڵ و نەخۆشخانەکان بەسەر خەڵکی مەدەنیدا کاولکرا.
لەسەر هەموو ئەوانە نە ئەمریکاو نەهاوپەیمانانی ئەوەی ئەمجارە دەیکەن نەیانکرد. ئەمجارە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوە لەدنیادا، بەتایبەت لەسەر سوریا، بۆرژوزای و میدیاکانی گوێ لەمستی سەرمایەداری پێویستیان بەم کەیسە بوو، نەیانتوانی وەک ئەوەی لەشەنگال و موسڵ دەگوزەرێ بەدەست داعش و هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە بیشارنەوە، ئەوەنەبێ ناو بەناو هەواڵیک دزەی دەکرد، بەناچار ئەمجارە رایان گەیاند و ئەو ئینسانکوژیەی سوریایان نەشاردەوەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان جارێکی تر بەدەست جەنگی ئینسانکوژیانەوە توشی شۆک کردەوە.
بەدوایدا ڕۆژی ٧ی نیسان واتە سێ رۆژ داوتر، ئەمەریکا لە دەریای ناوەڕاستەوە ٥٩ موشەکی تۆماهۆکی دا بە فڕۆکەخانەی شەعیرات لە پارێزگای حومسی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کە ئەمەریکا دەڵی ئەو هێرشە کیمیاییە بۆ ناوچەی خان شەیخون لەوێوە ئەنجامدراوە، ئەمەی بە تۆڵەی کۆمەڵکوژی ئەو مناڵە نازدارانە!! ناوبرد. ئەگەرچی روسیاو ئەسەد ئینکاری ئەمە دەکەن و هەندێ لایەنی هاوپەیمانی ئەمریکا بە حەزەرەوە دەڕواننە ئەم ئینسانکوژیەو دەڵین دەبێ بەشوێندا چوونی بۆ بکرێت و هەندێ لایەنی تر دەستی تاوان بۆ تورکیا و لایەنە ئیسلامیەکانی سوریا رادەکێشن. بەڵام بەدوور لەهەموو ئەو بۆچوونانە، دوو مەسەلە گرنگە؛ یەکەم هەر لایەنێک ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەنجام دابێت هیچ لەماهیەتی مەسەلەکە و ئەو هێزانە و کارنامەیان ناگۆڕێت، دووەم هەر لایەنێک بوبێت، بەهانەیەک بوو بۆ ترەمپ و دەسەڵاتەکەی لەئەمریکا کەسیاسەتی جەنگخوازانەی خۆی و فەزای جەنگی لەجیهاندا بهێنێتە پێشەوە بەشێوەیەکی ترسناک، ئەمەش سیاسەتێکی تایبەتی ئەمریکای لەئێستادا لەپشتەوەیە.

بەڵام کەم نین ئەو کۆمەڵکوژیانەی لەسوریا، عێراق و بەتایبەت موسڵ و شەنگال، یەمەن و لیبیا، نایجیریا و سۆماڵ، بەبەرچاو و لەژێر سایەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لەلایەک و روسیاو هاوپەیمانانیەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا روویان داوەو تا ئێستاش رۆژانە روو دەدەن، هەر مانگی پێشوو بوو دنیا شاهیدی بۆمب بارانی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکاو هاپەیمانانی بوون کە چ کۆمەڵکوژیان لەموسڵ ئەنجامدا. هەر لە ساڵی پاردا بوو کوشتارگایەک لەحەڵەب لەلایەن روسیاو هێزەکانی بەشار ئەسەدو جمهوری ئیسلامی ئێران وحزبوڵاو تورکیاوە لەژێر ناوی ئازادکردنی حەڵەب لەدەست ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی، بەڕێخرا، هەروەک ئەوەی ئێستا لەموسڵ لەژێر سایەی ئەمریکاو هاپەیمانە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی لەژێر ناوی ئازادی موسڵ لەدەستی داعش دەگوزەرێت، بەڵام ترەمپ و حکومەتە تازەکەی بۆ هەموو ئەو تراژیدیە ئینسانیە نە دەنگیان لێهات و نە فرمێسکیان رشت.
بەڵام خێرە ئەمجارە ترەمپ وەک سەرۆکی دەورەیەکی ئەزمەگرتووی ئەمریکا، ئەم کۆمەڵکوژیەی ٤ نیسانی سوریا، توشی هیستریای کردوە، ئیحساساتی جوڵاندوە! و دەستوبرد لەژیر ناوی تۆڵە لەدەسەڵاتی بەشار ئەسەدا، موشەک بارانی دەست پێکرد و دەیەوێ فەزای جەنگ و ترس بەسەر جیهاندا بسەپێنێی ، ئەمە بووەتە بابەتی گەرمی جیهان و ترسی لەدڵی سەدان ملیۆن ئینساندا دروستکردوە، وە کۆبوونەوە جیهانیەکانی هێناوەتە سەر ئەم مەسەلەیە بەئاکاری سیاسەتی ئەمریکادا، ئەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەم رۆژانە و لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی پیشەسازی جیهان G7 لەئیتالیا بە بەشداری ژماریەک لەوڵاتەکانی تری ناوچەکە لە سعودیە و تورکیا و ئەردەن و قەتەرو ئیمارات و هاوکات هەر دوێنێ ڕیكس تیله‌رسن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پاش گفتۆگۆی تەلەفونی چەن رۆژی پێشوو لەگەڵ سەرانی روسیا، بەپەلە گه‌یشته‌ مۆسكۆی‌ پایته‌ختی‌ ڕوسیاو له‌گه‌ڵ سێرگی‌ لاڤرۆڤی وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ڕوسیا لەسەر دۆخی‌ سوریا قسەوباس دەكه‌ن.

ئەمریکاو رەقیبە جیهانیەکەی روسیا، بەهاوپەیمانەکانیانەوە، خۆیان سەرچاوەی کۆمەڵکوژیەکانی ئەو وڵاتانەن، خۆیان رۆژانە کۆمەڵکوژی مناڵانی نازدار دەکەن لەرێگای هاوپەیمانەکانیانەوە، جمهوری ئیسلامی ئێرانی هاوپەیمانی روسیا لە زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا چ بەڵایەکی بەسەر مناڵان و ژنان لەئێراندا هێناوە و بەرژێمی دژی ژن و سەد هەزار ئیعدام ناسراوە. عەبادی و مەسعود بەرزانی هاوپەیمانانی ئەمریکا، بەدوای ئازادکردنی عێراق لەسەدام حسێن چ بەڵایەکیان بەسەر خەڵکی بەگشتی و بەسەر مناڵانی عێراق و کوردستاندا هێناوە، لەبرسیکردن و بەزۆر بەشودان و زەواجی مناڵان و بێ دایک وباوکردنی مناڵان و چەند ژنە و فەزای داسەپاندنی جۆرەها دەستەجاتی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا، کام یاساو رێسای کۆنەپەرستانە هەیە زیندوویان نەکردبێتەوە، هەر لەم هەفتەیەدا بە هەزاران لاشەی تری یەزیدیەکان لە٣٠ قەبری تری بەکۆمەڵدا لەدەوری شەنگال دۆزراوەتەوە، تەنیا قوربانیەکانی مانگی رابردوو هەزاری تێپەڕاندووە. کەم نەبوون ئەو مناڵە نازدارانەی موسڵ کە دوو هەفتە لەمەوبەر کەوتنە بەر رەحمەتی فرۆکە جەنگیەکانی ئەمریکاو هاپەیمانانی، بەڵام ترەمپ یەک فرمێسکی نەک نەڕشت بەڵکە ویستیان لەژێری دەرچن و بەهانەشی بۆ بهێننەوە، ئەوە بوو ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ لەراگەیاندنێکدا ئەمریکا تاوانبار دەکات بەکوشتنی خەڵکی سڤیڵی موسڵ کە هەوڵی نەداوە رێکاری کونجاو بگرنە بەر بۆ رێگری کردن لەمەرگی هاوڵاتیان لەموسڵدا.

ئەمانە هەمووی نموونەیەکی کەمن لەخەرواری دیاری و دەستەگوڵەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەجیهاندا. بەڵام ئایا موشکی تاهومایی ئەمجارەی ئەمریکا لەدژی بەشار ئەسەدە لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژیەک کەئەنجامیان داوە؟، ئایا ئەم موشکەکانە لە تۆڵەی مناڵە نازدارەکانی قوربانی چەکی کیمیایی خان شەیخونە؟، یان بەهانەو هەوڵێکی تازەی ئەمریکایە لەدەورەی ئەزمەو شکستیدا و بۆ هەڵسانەوەی جێگاو رێگای خۆی وەک زلهێزی جیهانی لە بۆشاییەک کە سەرمایەداری لە پەرتەوازەیی وکێشە بەسەری دەبات. هاوکات هەڕەشەو هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرێخستنی فەزای جەنگی لەبەرامبەر کوریای باکوردا دەستی پێکردووە، بۆ خۆسەپاندن وەک هێزی سەربازی گەورەو کۆکردنەوەی غەرب لەدەوری سیاسەتەکانی و وەستانەوە لەبەرامبەر بە روسیادا.
ئایا ئێستا ئەمریکا بەشوێن چیەوەیە لەسوریا؟
بەجیا لەئەزمەیەکی ئابووری کەسەراپای سەرمایەداری جیهانی داگرتووەو ئەمریکای زلهێزی جیهانیش بەدەر نیە لەوە، خودی دیاردەی هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ رەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجەیە و بۆ وەڵام بەو هەلومەرجە هاتووە، بەڵام شکست و پاشەکشە یەک لەدوای یەکەکانی دوو دەیەی رابردووی ئەمریکا لەعێراق، لیبیا و دوایی لەسوریادا، وە جێگاگرتنی روسیا لەسوریا و دروستکردنی هاوپەیمانیەک لەگەڵ تورکیا و ئێران و هێنانە ناوەوەی حزبوڵای لوبنان و نزیکایەتی لەتورکیا، درێژەدانی دەسەڵاتی ئەسەد لەو زەرورەتەوە سەرچاوەی گرت، هەروەها گرتنەوەی حەڵەب مۆری خۆی نا بە نێوچەوانی ئەمریکاوە، کە سوریاو رێگاچارەی قەیرانی لەدەست ئەمریکا دەرچووە. لەبەرئەوە ئەمریکا هەر هەنگاوێکی بەبێ روسیا ناتوانێت لەسوریا بڕواتە پێشەوە، کۆبوونەوەکانی ئەستانەو تەجروبەی چەند ساڵی رابردووی هەوڵەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە غەربیەکانی و کۆبوونەوەی جنێفی پێنجی مانگی رابردوو نیشانەی ئەو راستیەن. ئەو واقیعیەتەی ئێستای جێگاو رێگای ئەمریکا، بەناچار ویستی لە عێراقەوە هەستێتەوەو دەست پێبکاتەوە و پشت راست بکاتەوە، ئەویش بەرێکخستنی هاوپەیمانیەک بۆ دەرکردنی داعش لەموسڵ، بەڵام کێشەکانی عێراقی دوای دەرکردنی داعش کەمتر نابێت لەئێستا کەیەخەی ئەمریکا دەگرێت، کە موسڵی دوای داعش و کێشەکان لەعێراقداو دەستەجاتی تری لەنەوعی وەحشیگەری داعش کەم نابن.

هەر بۆیە هەوڵە چەند لایەنەکانی ئەمریکا بۆ دەرچوون لەو شکستانەی پێشووی، لەلایەک هاوپەیمانی ناوخۆ و جیهانی بۆ پرۆسەی ئازادی موسڵ لە داعش، لەلایەکی ترەوە لەرێگای هاوکاری هێزە کوردیەکانی سوریاوە بۆ نفوز پەیدا کردن لەسوریا و ئێستاش لەرێگای سازدانی هێزێکی تازەوە لە لەسنوری ئەردەنەوە بەهاوبەشی و لەگەڵ حکومەتی ئەردەن ئامادەی کردووە بۆ هێرش بۆسەر داعش لەخوارەوە و هەروەها هەڕەشەی هێرشی تر بۆ سەر ناوچە سەربازیەکانی ئەسەد ئەگەر پێویست بکات. بەمانە ئەمریکا دەیەوێت وەک زلهێزی ئەسڵی و چاوترسێنی جیهان دەرکەوێتەوە. هەموو ئەوانە شتێکی زیاتر نیە لە سیاسەتی تازەی ئەمریکا بۆ هەستانەوەی مەوقیعیەتی شکستخواردووی خۆی و راگرتنی تەوازنێک لەگەڵ روسیا. بەهانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، فشار خستە سەر روسیایە لەلایەک بۆ وازهێنان و لەسەر پێداگری هەلومەرجی سوریا و مانەوەی ئەسەد، هەروەها لەهەوڵی درێژە دان بەپرۆسەی شەڕ وەستانی نێوان سوپای ئەسەدو ئۆپۆزسیۆن، وە بۆ خۆئامادەکردنی بۆ درێژەی کۆبونەوەکانی جنێف بەتایبەتی کەجنێفی ٥ بێدەسکەوت لەکۆتایی مانگی پێشوودا هاتە دەرەوە، بۆ ئەوەی لەکۆبوونەوەکانی ئایندەی جنێفدا هەموو لایەک بەتایبەت ئەسەد ملبدات بەچوار خاڵەی لەرێگای ستیڤان دیمستوراوە تەرحیان کرد کە بیبەنە پێشەوە ئەویش مەسەلەی؛ دەسەڵات، دەستور، هەڵبژاردن و تیرۆر، کە ئەمریکا بۆی روونە کە تا داعش مابێت و هێزگەلی ئیسلامی جۆراوجۆرو دەخالەتی وڵاتانی ناوچە بەبەرژەوەندی جیاوازەوە و بەتایبەت دەخالەتی تورکیا، هەبێت بۆ دەورەی گوستنەوەی دەسەڵات ناتوانن حساب لەسەر بەشار ئەسەد نەکەن، بەپێچەوانەوە هێزی دڕندەی وەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان بۆ ئەم دەورەیە لەبەرامبەر هەلومەرجی سوریا دا پێویستەو بۆ ئەم پرۆسەیەش ناتوانن حساب لەسەر روسیا نەکەن، هەروەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زيگمار گابرييل، لەکۆبوونەوەی G7 تاکیدی کردۆتەوە چارەسەری ئەزمەی سوریا بەبێ بەشداری روسیا ئەستەمە.

موشەکەکانی ئەمریکا بۆ سوریا و ئامادەکردنی هێزو چەکی گەورە لەبەرامبەر کۆریای باکورداو ئەگەری موشەکی تریش هەیە بەسەر سوریادا، دروستکردنی فەزای جەنگیە لەجیهاندا هەروەک ئەوەی بوش ئەنجامی داو چ کارەساتی لەدنیادا بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمانە هەمووی قابیلی روودانە لەژێر هەژموونی سیاسەتی ئەمریکا کەدەیەوێ غەربیش لەدەوری خۆی یەک دەست بکات، بەتایبەت لەبەرامبەر روسیا و هەڵخراندنی فەزا لەدژی کوریا.

لەکاتێکدا هەموو ئەم هاتوو هاوارانەی ئەمەریکاو هاوپەیمانە غەربیەکانی دەکرێت بەدژی ئەسەد، بەڵام تەکیدی ئەمەریکا لەسەر لەناوبردنی تیرۆرو دژی تیرۆر و دژ بە داعشە، کەخاڵی هاوبەشی هەموویانە بە روسیا و بەشار ئەسەدیشە. قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕیكس تیله‌رسن لەسەر تەجروبەی شکستخواردوی ئەمریکا لەلیبیا خاڵێکی ترسناکە بۆیان کە تا داعش لەناو نەبەن، مەسەلەی بەشار ئەسەد کێشە نیە بۆ ئەوان، ئەمە بەڕۆشنی لە قسەکانی نیكی هالی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەردەکەوێت و رایگه‌یاند؛ ئەولەویەتمان رۆیشتنی ئه‌سه‌د نییه‌، جارێ ده‌مانه‌وێت به‌سه‌ر داعشدا سه‌ربكه‌وین. هەموو فشارەکان بۆ لێک نزیکردنەوەی لایەنەکانی سوریایە بۆ ئەو چوار خاڵەی لەجنێفی ٥ دا تەرحیان کرد و نەچووە پێشەوە، بۆیە هەموو هەوڵەکانی ئەمریکاو غەربن تاکید کردنەوەیە لەسەر چاره‌سه‌ری سیاسی‌و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتە بەزوویی.
هەولومەرجی جیهانی بەجۆریک ئاڵۆزو پڕ لەگۆڕانکاریە، کەبێ ئاسۆیی و بێ ئەلتەرناتیفی دەوڵەتە سەرمایەدارە زلهێزەکانی جیهانیشی توشی قەیرانی گەورە کردوە، دەستەوسان ماون و رۆژانە سیاسەتیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بۆیە بەناچار ئەمریکاو روسیاو هاوپەیمانەکانیان لەدنیادا لەژێر فشاردان، بەناچار دەبێ خاڵی هاوبەش پەیدا بکەن ئەویش تیرۆرو دژی تیرۆر و دژی داعشە، کە لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لەسوریا ئێستا کۆیان دەکاتەوە، خاڵی هاوبەشی ئەمریکا، روسیاو بەشار ئەسەدیشە.

هەر بۆیە تا بەسوریا دەگەڕێتەوە، بەجیا لەسەپاندنی فەزای جەنگی لەلایەن ئەمریکاوە کەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی خان شەیخون کەبەهانەیەک بوو بۆ ئەمەریکا، وە هەنگاوێکە لەراستای هەوڵەکانی بۆ دەرچوونی خۆی لەو ئەزمە ئابووری و سیاسی و سەربازیەی تێیدایە، وە هاوکات فشارێکە بۆ تەوازنی لایەنەکان بۆ درێژەدان بە کۆبونەوەکانی جنێف و هەوڵدان بۆ دەرکێشانی هەلومەرجی ئێستای سوریا و پاکرنەوەی هێزەکانی داعش هەم لەموسڵ و هەم لەسوریا، کەلەئێستا ناتوانن دەوری بەشار ئەسەدو هێزەکەی بۆ دەورەی پاکردنەوەی داعش و راگواستن نادیدە بگرن.
بەڵام هەموو ئەوانە دادی ترەمپ و ئەزمەیەک یەخەی ئەمریکاو سەرمایەداری گرتووە نادەن، هەروەک چۆن دادی بوش و ئۆبامای نەدا، بۆیە جارێکی کە دنیا لەبەرامبەر ئەو بەربەریەتەی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیدا، لەبەرمبەرا کوشتارو کاولکاری و برسێتی و هەژاریەک کە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانیان دایان سەپاندووە، پێویستی بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و بەرەی ئازادیخوازو ئینساندۆست هەیە، بۆ سوریاو عێراق و کوردستانیش هەر ئەمە تەنیا رێگای گونجاو ئینسانیەو دەبێ کاری بۆ بکرێت.
١٢/٤/٢٠١٧




كه‌ی رۆشنبیرانی جاده‌ی موته‌نه‌بی یادی ئه‌نفال ده‌كه‌نه‌وه‌ ؟ عیماد عه‌لی

وه‌ك باوه‌ هه‌موو هه‌ینیه‌ك ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ رۆشنبیری عیراقی ده‌زانن، چ له‌ به‌غدا بن یان له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ روو ده‌كه‌نه‌ جاده‌ی موته‌نه‌بی له‌ به‌غدا و، هه‌ڵوێستی هه‌فتانه‌ی خۆیان به‌ جۆره‌ها چالاكی ده‌نوێنن؛ جا چ به‌ شیعر بێت یان نواندن و پێشانگاو شتی تری زۆر، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ی رۆشنبیران وه‌ك خووی لێهاتووه‌ و زیاتر بۆ یه‌كتر بینین له‌و رۆژه‌دا ده‌چنه‌ ئه‌و جاده‌یه‌ نه‌ك هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی رۆشنبیری ره‌سه‌ن له‌ ئاست سه‌رجه‌م پرسه‌ گرنگه‌كان .

له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ رۆشنبیره‌ دیاره‌كانیان كه‌ سه‌رنوسه‌ری ناودارترین رۆژنامه‌ی به‌غدا (الصباح ) یه‌ كه‌وتمه‌ گفتوگۆ و پرسیارم لێ كرد؛ ئه‌مرۆ وه‌ك هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك رۆیشتن بۆ جاده‌ی موته‌نه‌بی و ئێمه‌ش له‌كوردستان یادی ئه‌نفالمان كرده‌وه‌، ده‌كرێت بپرسم بۆچی ئێوه‌ش هه‌ر نه‌بێت له‌و جاده‌ به‌ چركه‌ساتێك یادی ئه‌م جینوساید و قركردنه‌تان نه‌كرده‌وه‌ . وتی؛ هه‌ر شتێك شوێنی خۆی هه‌یه‌ . وتم ئێوه‌ له‌هیچ شوێنێكدا یادتان نه‌كردۆته‌وه‌ و ده‌كرا له‌وێش هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌ وته‌یه‌ك یادتان بكردایه‌ته‌وه‌ . وتی؛ ئێمه‌ له‌ به‌ره‌یه‌كی شه‌رداین و رۆژانه‌ خوێن ده‌رێژین و كاتی ئه‌مانه‌ نیه‌. وتم به‌ره‌ی شه‌ر چ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ و به‌ تایبه‌تی تۆ سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌یه‌كی ره‌سمی عیراقیت و، وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت هه‌مووان وه‌ك یه‌ك ته‌ماشا ده‌كه‌یت ؛ ئایا ده‌كرێت هه‌ڵوێستێكی له‌م جۆره‌ له‌ به‌ر شه‌رێك له‌ دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه‌یه‌ له‌ ئێوه‌وه‌، له‌یاد بكرێت، یان بۆچی ئه‌مه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌پێش هاتنی داعش یادتان نه‌كرده‌وه‌ . وتی؛ بۆ سالێكی تر . وتم ئه‌وه‌ی باوه‌ری به‌ یادێكی گرنگی گه‌له‌كه‌ی بێت، به‌و شێوه‌یه‌ بیری لێناكاته‌وه‌ و به‌ره‌ی شه‌ریش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌مه‌وه‌ نیه‌ و ئێوه‌ به‌رده‌وامن له‌ ناخی خۆتاندا به‌چاوێكی به‌عسیانه‌ ته‌ماشای گه‌لی كورد ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌عسیش نه‌بن، ته‌نانه‌ت له‌ پاش روخاندی دكیتاتۆریه‌تیش ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ ده‌كه‌ن .

ئا ئه‌مه‌یه‌ هه‌ڵوێستی رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب پێش خه‌ڵكی ساده‌ و نه‌خوێنده‌واری عیراقی . دوای ئه‌وه‌ په‌یامێكم بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسه‌رو سه‌رنوسه‌ر و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ ده‌یانناسم و نایاینناسم نارد و وتم ؛ بۆ رۆشنبیرانی جاده‌ی موته‌نه‌بی . سڵاوێكی گه‌رم له‌ كوردستانێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌مرۆ یادی كاره‌ساتێكی ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ده‌ستی كوره‌ رشه‌ ئه‌سمه‌ركانی ئێوه‌ روویداوه‌ . پیرۆزبایی به‌رده‌وام سه‌ردانیكردنی رۆژانی هه‌ینی جاده‌ی موته‌نه‌بیتان لێده‌كه‌م . كه‌ ته‌نها به‌ و شێوه‌ له‌ رۆشنبیریی راسته‌قینه‌ ده‌روانن و، نازانم هه‌ڵوێستان چیه‌ له‌و یاده‌ی كه‌ ئه‌مرۆ له‌كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ و ئێوه‌ قروقه‌پتان لێكردووه‌ له‌ ئاستیدا و، بۆ چه‌ندین ساڵی دوای روخانی دكتاتوریه‌تیش به‌ زماندانا نایه‌ت داوای لێبوردن له‌گه‌لی كورد بكه‌ن . ئه‌و سه‌ردانه‌ روكه‌شیه‌ی بۆ جاده‌ی موته‌نه‌بی ده‌یكه‌ن گوایه‌ رۆشنبیرن، جگه‌ له‌ یه‌كتر بینین هیچ فرێكتان به‌ر رۆسنبیری راسته‌قینه‌وه‌ نیه‌ . ئه‌گینا روشنبیری راسته‌قینه‌ و ره‌سه‌ن خاوه‌ن ویژدان و هه‌ڵوێست و به‌رپرسیارێتیه‌ و ئێوه‌ش هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ هه‌ستێكی ته‌سكی؛ یان مه‌زهه‌بیانه‌ یان شۆفینیانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ هه‌مه‌جۆره‌كاندا ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌ خۆتان ده‌ڵێن رۆشنبیر . به‌هیوام عیراق ببێته‌ خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك رۆشنبیری راسته‌قینه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی رزگار بكات نه‌ك ببێته‌ پاشكۆی حزب و ئایدیۆلۆجیا ورۆشنبیرانی بیری سه‌به‌خۆیی خۆیان نه‌بێت .

ئا ئه‌مه‌یه‌ ره‌فتار بیر و بۆچۆنی خه‌ڵكانێك كه‌ ده‌كریت له‌ لوتكه‌ی رۆشنبیری عیراقدا دابنرێن، با گله‌یی له‌ خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ نه‌كه‌ین و رێگایه‌ك بگرینه‌ به‌ر كه‌ له‌م ته‌نگه‌به‌ریه‌ رزگارمان كات . داخه‌كه‌م حزبه‌كانی كوردستانیش له‌ سه‌ر بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كه‌ نه‌بێت قه‌ت بیر له‌ وه‌زعی گشتی و ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ناكه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ دوای داعش چی رووده‌دات و ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، كه‌چی خاوه‌ن شكۆكانی كوردستان ته‌نها بیر له‌ خۆیان و حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌نهه‌وه‌ و به‌س و، خه‌ریكی چه‌واشه‌كارین و، رێگه‌ی رزگاری راسته‌قینه‌ی گه‌لی كوردستانیان داخستووه‌ ،
.یان رۆشنبیرانی كوردستان چ هه‌ڵوێستێكیان هه‌یه‌ له‌مه‌ر ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ی به‌ناو رۆشنبیرانی عیراق كه‌ له‌ ئاست رووداوه‌كانی كوردستان بو شێوه‌یه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و، له‌ زۆر لاوه‌ ئێمه‌ش ته‌نها خه‌ریكی خۆخۆرین و بۆچونی نه‌یاران ناخوێنینه‌وه‌ و ته‌نها مه‌شغوڵی كاروباره‌ سیاسیه‌كانی نێوخۆین، نه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی له‌م بابه‌ته‌ بكرێت و مامه‌ڵه‌ی راستی له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌سه‌رماندا تێنه‌په‌رێت .




چەرەس … پشکۆ ناکام

……کورد ئەڵێت شەیتان پەلەی کرد چاوێکی خۆی کوێر کرد ! خۆشبەختانە وەفدی مژدە هێنەری سەربەخۆیی کوردستان پەلەی کرد لەجیاتی چاو کوێر کردن ، نەخشە ڕێگای حیزبەکەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەزمە و قوڕبەسەرییەکانی هەرێمی لە بیر چوو..! لەوانەیە جانتاکانیان لەبەر(فستق) جێی مەلزەمەی نەخشە ڕێگاکە نەبوبێتەوە، چونکە وەفدەکە فستق خۆرێکی بەردەوامن، ئەمە بە قسەی خۆیان و هەڵبەستراو نیە، تەنانەت شانازی ئەکەن بەوەی ئەقڵیان بە جیاوازی بەینی فستق و فندق ئەشکێت..هەر باش بوو پەلە کردنەکەیان نەبوە مایەی لەدەست دانی چاوێکیان ، ئەو کاتە دونیایان بە تەنزیلاتی لەسەیا پەنجا ئەبینی و ڕەنگە فستق خواردن بە یەک چاو زەرەری ئەوەی هەبێت کە توێکڵەکەی باش لێنەکەنەوە و دەم و دانیان عەزیەت بخوا و کار بکاتە سەر مەجرای گفت و گۆی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و توانای قسەکردنیان کەم ئەبۆوە و هەرێم زەرەرێکی مەعنەوەی گەورەی لێ ئەکەوت کە هەمووی بە هۆی فستقەوە ئەبوو، بەڵام خۆ ئەکرا لە کاتی دەعوەت کردنی وەفدەکە بە برا پارتیەکانیان بوتایە کە لەسەر مێزی گفت و گۆی چارەنووسی هەرێم فستق دابنێن تا ئەمان لە پەلە پەلەییا نەشڵەژانایە ولە جیاتی نەخشە ڕێگاکە فستقیان لەگەڵ خۆیان نەبردایە..
…وەفدی فستق بۆ نیشاندانی بونی مەعلومات و سیاسی بوونی خۆیان باسی ئەوەیان کردوەکە ئەوە هەر هەرێم نیە ڕیفراندۆم ئەکات ، ئەوە سکۆتلاند و کەنەدا و ..کوێ و کوێ باس لە ڕیفڕاندۆم ئەکەن ، ،،بەڵام باسی لەوەنەکرد کە ئەو وڵاتانە لە ڕێی پارلەمانەوە هەموو هەنگاوێکی سیاسی ئەنێن و بێ پارلەمان هیچ بڕیارێک بە ناوی خەڵکەوە نانرێت، جا بۆ وەفدی فستق باسی لەوە نەکرد کە پارلەمانەکەی هەرێم بۆتە قوربانی دەیان( فستق خۆر و ساحێب فندق ) ی وەک ئەو .. ئەو ئامادە بێت بەو کەسەی پارلەمانی وەک نانەواخانە داخست بڵێت سەرۆک!! دیارە تێگەیشتنی لە سیاسەت و دیموکراسی و بڕیاری گەل وەک تێگەیشتنەکەیەتی لە جیاوازی بەینی فستق و فندق..
..بابەتێکی تر ئەوەیە کە باڵی فستق بڕیاری یاوە سزای ئەو کەسانە باتکە لە خۆیانەوە و بێ دەست هەڵبڕین قسە ئەکەن و ئەیانەوێت ئومێدی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان لای خەڵک ببوژێننەوە ، جا ئەگەر بەردباران کردن لە سزاکانی ئیسلاما هەبێت بۆ فستق باران لە سزا سیاسیەکانا نەبێت ؟ ئەی چۆن سزای ئەو مولحیدە سیاسیانە بدرێت …ڕەنگە چارەیەک ئەوە بێت کە باڵی فستق پێشنیازێک بۆ” سۆسیال ئینتەرناسیونال” بکات کە لە پرنسیپی حیزبە سۆسیال- دیموکراتەکانی ناو ئەم ڕێکخراوە ” فستق ” زیا بکرێت ، وەک فستق بڕین یان فستق باران کردنی دەم درێژ و بێ ئسوڵەکانی ناو حیزب حیزبەکەش بە سۆسیال- فستق ناو ببرێن و ” چەرەس” یش ببێ بە ڕەمزێک بۆیان ….




بڕیار ده‌ده‌م بڕۆم … خه‌زان محه‌مه‌د

به‌یانیه‌ و هه‌تاو ده‌سماڵی گرتووه‌
چاوی هه‌ور ده‌سڕێته‌وه‌
كه‌چی فرمێسك
سپێده‌ زوو ئاسمان ده‌گرێ
بۆ مه‌رگی خۆر
ئیدی هیچ جوانی نامێنێ
چاره‌نووسی ئه‌م جه‌نگه‌له‌ وای ویستووه‌
له‌ به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی زوڵم و زۆر
سبه‌ینێ زوو باڵنده‌ی رۆح ده‌تۆرێنم
هه‌رچی په‌راو خودكارو په‌رتوك هه‌یه‌
ده‌یسوتێنم
هه‌رچی پیت و رسته‌ هه‌یه‌ به‌یانی
ده‌یمرێنم
له‌ سه‌ر ده‌ستی نه‌فامه‌كان
هه‌رچی چرۆی دارستانه‌ ده‌یوه‌رێنم
چیتر مۆم و چرا و ئه‌ستێره‌ و مانگ و خۆر
روناكایی په‌خش ناكه‌ن
چه‌م و رووبار خوڕه‌ ڕاگرن
ده‌ریاكان هێمن ببنه‌وه‌
وێنه‌ی تریفه‌ی مانگه‌ شه‌و
نه‌كێشنه‌وه‌
با خۆر ئیتر له‌ رۆژهه‌ڵات ، رێگه‌ نه‌بڕێ بۆ خۆرنشین
كه‌له‌پچه‌ی كه‌ن گرده‌ نشین
ڕێگاكان هه‌موو تاریك كه‌ن
با چاڵه‌كان گه‌وره‌تر بن له‌وه‌ی كه‌ هه‌ن
با زامه‌كان به‌م ئازاره‌ گه‌وره‌تر بن ….!
وه‌كو برین ….!!
با ( با ) چڕنوك له‌ په‌ڕه‌ی گولی سوور نه‌گرێت
خۆ نه‌فامی به‌رقه‌رار، فه‌همیش له‌ نێو زبڵدانا تێی هه‌ڵده‌درێت
بۆیه‌ بڕیار ده‌ده‌م بڕۆم بچمه‌ كێوان
نامه‌وێ میلله‌ت و هۆزێك جه‌هاله‌تیان هینده‌ زۆر بێ
به‌ بارته‌قای ئه‌رز و ئاسمان

سلێمانی
14 / 4 / 2017




ئه‌فسوونی سته‌م … ستار ئه‌حمه‌د

له‌ده‌رگای خوادا گرفتار
كۆرپه‌ی خاكم له‌سه‌ر شانه‌
گه‌ڵای دار ده‌كه‌م به‌ زارو
هه‌وریش به‌لانك و جۆلانه‌
…………………………
به‌رماڵێك له‌په‌ڕی كۆتر
له‌تاری شه‌وا راده‌خه‌م
وێردی فه‌نابوون ده‌خوێنم
روو ده‌كه‌مه‌ كه‌ناری خه‌م
………………………….
له‌ناخی به‌ردینی مرۆ
له‌نیگای خۆر راده‌مێنم
تریفه‌ی مانگ رامده‌كێشێ
شنه‌ی به‌فرو با ده‌دوێنم
…………………………
ئیلاهی تروسكه‌ی دادێ
له‌یاسای چه‌رخا نابینم
ته‌نها نووری عه‌شقی تۆیه‌
سروه‌یه‌ك ده‌دات به‌تینم
…………………
له‌هه‌نگاوی بێهه‌ڵوێستا
له‌نێو ئه‌فسوونی سته‌ما
ئاسمان تابلۆی خوێنی مافه‌و
مانگ خنكاوه‌ له‌نێو ته‌ما
……………………….
له‌جه‌وری ئێمه‌ی چه‌توون و
تێر نه‌بوونی دیده‌ی كوێرمان
ئه‌م خاكه‌ ژان دایگرتووه‌و
ئاسمان بۆی نابێت به‌مامان
………………………
خودایه‌ دونیا هه‌پروون بوو
تۆ بڵێی حه‌زی تۆ وابێ
ئه‌م گه‌له‌م دیلی فیرعه‌ونه‌
نابێت مووسایه‌كی تیا بێ
……………………