‘لۆجیکی هیگڵ’ بە کوردی … هەرێم عوسمان

کتێبی ‘لۆجیکی هیگڵ’، لە نووسینی (د.محەمەد کەمال)، یەکێکە لەو بەرهەمە فەلسەفییە گرنگانەی بە زمانی کوردی لەبارەی لۆجیک و لۆجیکی هیگڵ نووسراوە.
لەم بەرهەمەدا خوێنەر بە وردەکارییەکانی لۆجیک بەگشتی و دیالێکتیکی لۆجیکی هیگڵ ئاشنا دەبێت. لێرەشەوە ئاشنای بابەت و بیرکردنەوەی لۆجیکی و هەڵە لۆجیکییەکان دەبین. ئەرستۆ وەک یەکەم فەیلەسوف، کە لەبارەی لۆجیک و بابەتەکانی لۆجیکی نووسیوە، پێیوایە لۆجیک زانستی بەڵگەهێنانەوەیە. بەڵگەهێنانەوەش لەنێو بیرکردنەوەدایە، بەڵام هەموو بیرکردنەوەیەک بەڵگەهێنانەوە نییە. لەبەرئەوە لۆجیک فێری بیرکردنەوەی بەڵگەئامێز، نەک بیرکردنەوە بەگشتیمان دەکات. بنەمای ئەم پێناسەیەش بۆ بوونی مرۆڤ وەک بوونێکی ئاگامەندە دەگەڕێتەوە، کە بەردەوام بیردەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە بیرکردنەوەی مرۆڤ لۆجیکی بێت. ئەم جۆرەی ‘بیرکردنەوەی بەڵگەئامێز’ ئاکامی لەهەڵەبەدەری هەیە؛ چونکە ئاکامەکە لە پێشەکییەکانەوە دێتەئاراوە. بیرکردنەوەی لۆجیکی هەوڵە بۆ گەیشتن بە راستی(ئەمەش بەستنەوەی لۆجیکە بە ئۆنتۆلۆجییەوە)
لای ئەرستۆ بەڵگەهێنانەوە فۆرمی (دیدەکشن)ی هەیە، کە بە (سیلۆجیزم) ناسراوە. بێگومان سیلۆجیزم چەندین مەرجی هەیە(خوێنەر دەتوانێت وردەکارییەکان لە کتێبی ناوبراودا بخوێنێتەوە) کە رەچاوکردنی ئەو مەرجانە پێویستە، دەنا تووشی هەڵەی لۆجیکی دەبین. دیدەکشن، واتە دوو پێشەکی، کە لانیکەم یەکێکیان هەمەکی بێت، بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی جیاواز. هاوکات هەبوونی هەر پێشەکییەکی هەندەکی ئاکامەکە هەندەکی دەکات. لە لایەکی دیکەوە مەرجە دەستەواژەکان سادە و ناکۆک نەبن(نەبوونی ناکۆکی لە لۆجیکی ئەرستۆ بنەڕەتە، بەڵام بەپێچەوانەوە هەبوونی ناکۆکی لە لۆجیکی هیگڵدا بنەڕەتە). بۆ نموونە:
هەموو مرۆڤێک دەمرێ.
سوکراتیش مرۆڤە.
کەوابوو سوکرات دەمرێ.
لێرەدا، پێشەکی یەکەم هەمەکی و دووەم هەندەکیە، لەبەرئەوە ئاکامەکە هەندەکیە.
بێگومان چەندین بوونیادی جیاوازی بەڵگەهێنانەوە هەیە. بۆ نموونە (ئیندەکشن) کە لەبیرکردنەوەی زانستیانەدا گرنگی خۆی هەیە، لە پێشەکی هەندەکیەوە بە ئاکامی هەمەکی دەگەین(بەڵام ئەم ئاکامەی ئیندەکش مەرج نییە، هەمیشە راستبێت).
نووسەر لە بەرهەمەکەیدا بەردەوام بۆ پێشینەی لۆجیک و دیالێکتیک دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە بەرهەمەکە دەوڵەمەندە بە بەراوردکاری تێگەیشتنی فەیلەسوفەکان لە لۆجیک و دیالێکتیک. بەشی دووەمی کتێبەکە، بەناوی(بیرکردنەوەی دیالێکتیکی) بە سوکرات دەستپێدەکات، کە چۆن وەک یەکەم فەیلەسوف توانیویەتی لەڕێگەی بیرکردنەوەی دیالێکتیکیەوە بە ئاکامی نوێ بگات. بۆ سوکرات بیرکردنەوەی دیالێکتیکی مۆنۆلۆگ نەبووە، بەڵکو دیالۆگ بووە، لەبەرئەوە بۆچوونی جیاوازو دژ بنەمای بیرکردنەوە دیالێکتیکی و گەیشتن بە ئاکامی نوێ‌بووە. ئەمەش جیاوازی سوکرات و هیگڵە، کە دیالێکتیکی هیگڵ مۆنۆلۆگییە، لەنێو خودی چەمکە جیاوازەکانەوە دێتەدەرێ. بە واتایەکی دیکە هەموو چەمکێکی پۆزەتیڤ دەبێت بە نێگەتیڤ و نیگەتیڤیش بە پۆزەتیڤ.
دیالێکتیکی هیگڵ، پرۆسەی کایەکردنی بوونی رەهایە لەگەڵ خۆی. لەم سیستمەدا زانینی رەها دوا قۆناغی گەشەکردنی ئاگامەندییە، بەڵام دوا قۆناغ لە سەرەتادا هەبووە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە بوونی خۆی لە خۆی دێتە دەرێ. یاخود بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی زیاتر ئەم کارە دەکات. چونکە بە دەرچوونی (ئەویدی)لەبوونی خۆیەوە، لایەنێکی بێگانە دروستدەکات و لەخۆی نامۆ دەبێت، بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا کە گەڕانەوەی بێگانەو نامۆکەیە بۆ خۆی، ئیدی ئاگامەندی و جیهانی دەرەوە یان خۆو بابەت یەکدەگرن و دەبن بەیەک راستەقینە، ئەمەش بۆ گەشەکردنی زیاتر و یاخود لەخۆدڵنیابوونی بوونی رەهایە لەخۆی، چونکە بوونی رەها لە بوونی ئەویدیدا خۆی بەرجەستە دەکات و دڵنیادەبێت، کە ئەمە خۆی نییە، بۆیە قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات، کە هاتنەنێوەوەی ئەویدیە بۆ خۆ. هاوکات ناکرێت، بڵێین لەم دەرچوون و هاتنەنێوەوەی بێگانە بۆ نێو خۆی(کە هەربەشێکبووە لەخۆ)و بڕینی ئەم قۆناغانە لەلایەن بوونی رەهاوە بوونی رەهای دەوڵەمەند نەکردووە.

ئەرستۆ بەپێچەوانەی هیگڵ و ئەفلاتونەوە، دیالێکتیک بە زانست دانانێت. چونکە زانست لای ئەرستۆ لە چوارچێوەی هەست و ئەزموندایە، بەڵام دیالێکتیک ئەو سنوورە دەبەزێنێت. لای ئەرستۆ دیالێکتیک سێ سودی هەیە. بۆ (راهێنانی بیرکردنەوە، بۆ زانستە فەلسەفییەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر). فێرمان دەکات، چۆن لەبۆچوونە جیاوازەکان رزگارمان بێت، یان لە بۆچوونە تەمومژاوییەکانەوە بە ئاکامێکی روون بگەین. هاوکات دەمانگەیەنێت بە هۆکاری یەکەم و دوا-ڕاستەقینە.
خاڵێکی گرنگ لەم بەشەدا، کە نووسەر ئاماژە بۆ دەکات، ئەوەیە، کە توێژینەوەی دیالێکتیکی وەک فەلسەفە لای ئەرستۆ و کانت و هیگڵ میتافیزیکییە.
لای کانت بنەمای زانین لەسەر هاوکاری نێوان هەست و تێگەیشتن رادەوەستێت، هەستەکان خەسڵەتەکانی جیهانی دەرەوە وەردەگرن و بەیارمەتی تێگەیشتن خەسڵەتەکان لێکدەدرێن بۆ دامەزراندنی بیرۆکە، لەبەرئەوە بێ هەستکردن، تێگەیشتن ناتوانێت بیرۆکە دامەزرێنێت، بێ تێگەیشتنیش هەستکردن بێ بیرۆکەیە. لێرەوە تێدەگەین زانینی مرۆڤ سنوردارە لە تێگەیشتن تێپەڕنابێت. بەڵام دیالێکتیکیش بۆ کانت پێویستی بە تێپەڕکردنی سنورەکە هەیە. چونکە دیالێکتیک سەر بە هەوڵدانی هۆشەو زانینی ئەو شتانەی ئەودیو هەستە. لێرەوە کانت کێشەی بۆ دروستدەبێت، لەلایەک زانینی مرۆڤ بە هەست و تێگەیشتن لەم جیهانە سنووردار دەکات، بەڵام جەختیش لەسەر زانینی جیهانی ئەودیو دەکات، لەکاتێکدا هۆش دەسەڵاتی نییە هەست و تێگەیشتن تێپەڕبکات، ئەو دەسەڵاتەشی هەبێت، بەڵام توانای سەلماندنی نییە، چونکە ئەو زانینە هۆشیە لە هەست و تێگەیشتنەوە پەیدانەبووە. لەبەرئەوە کانت توشی کورتهێنانی زانین بووە. لەگەڵ ئەوەشدا کانت ئەم کورتهێنانەی بە لەخەوهەستان داناوە، چونکە جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە ئەم زانینە هۆشەکیە سەر بەهۆشی رەوانە بە (ئەنتینۆم)ی دادەنێت، کە لە دوو دەستەواژەی ناکۆک پێکهاتووە، پێیوایە بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی گرنگن و لەخەوی دۆگما راماندەچڵەکێنن. کانت بەگشتی ئاماژەی بە چواردەستە ئەنتینۆم کردوە، کە وابەستەی چوار دەستە کاتیگۆرییەکانن(چەندەکی و چۆنیەتی، پەیوەندی و مەرجێتی) هەریەک لەمانە ناتوانن لەڕێگەی هەست و تێگەیشتنەوە بسەلمێنرێن، بۆیە سەر بەهۆشی رەوانن. لێرەوە هۆش بەبێ هەستکردن دەستەواژەی میتافیزیکی بەرهەمدەهێنێت. لە ئاکامدا کانت روو لە (نازانمکاری) دەکات، چونکە ئامێرەکانی زانین ناتوانن بچنە ئەودیو جیهانەوە، لەبەرئەوە ئێمە ناتوانین راستییەکانی ئەودیو جیهان(نۆمینە) بناسین. لەگەڵ ئەمەشدا کانت راستییەکانی ئەودیو جیهان رەتناداتەوە، بەڵکو بێتوانایی لە سەلماندنیان نیشاندەدات.

فەلسەفەی کانت کاریگەری لەسەر فیختە دانا، بەجۆرێک شێوازی نووسینی فیختە هێندە نزیکە لە کانتەوە، فیختە کتێبێک بەبێ ناو بڵاودەکاتەوە. خەڵکی کتێبەکە دەدەنە پاڵ کانت، کانتیش کتێبێک لەبارەی ئەو کتێبە بێ ناوەوە دەنووسێت و زۆر ستایشی دەکات(لە کاتێکدا پێشتر فیختە هەوڵی زۆریداوە لە کانت نزیک بێتەوە، کانت بایەخی پێنەداوە). ئەمە فیختە دڵخۆشدەکات و هانیدەدات بەردەوام بێت. فیختە هەوڵدەدات ئەو کەلێنەی کانت لەنێوان سنووردارێتی زانین و هەبوونی نۆمینەدا دروستی کردووە پڕی بکاتەوە. فیختە پێی‌وایە ناکرێت، جیهانی دیاردەکان، بەبێ ناسینی راستەقینە بناسین، چونکە جیهانی دیاردەکان هۆکردی نۆمینەن(راستەقینەن). لێرەوە فیختە هەوڵی رەتبوون لەو بۆچوونە دووەلیستیە دەدات، کە بووەتە هۆی هێنانەکایەی ئەو ئاکامە نەرێنییە. بۆچوونی دووەلیستی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی (خۆ)و (بابەت)ەکەی رادەوەستێت، چونکە خۆ لەدەرەوەی بابەتەکەی رادەوەستێت. لێرەوە بۆچوونی یەکانەکی فیختە جێگەی بۆچوونە دووەلیستیەکەی کانت دەگرێتەوەو جەخت لەسەر نزیکبوونەوەی خۆو بابەت دەکات، بەجۆرێک جیاوازییەکەیان نەهێڵێت، تا خۆ بابەت دەناسێت.

لێرەدا (خۆ)ی فیختە دەچێتە نێو جوڵانی دیالێکتیکیەوە، تاوەکو جیاوازیی نێوان (خۆ)و (بابەت) نەهێڵێت. بۆیە نووسەر فەلسەفەی فیختە بە(دیالێکتیکی خۆ)ناودەبات. چونکە (خۆ) راستەقینەی رەهایە، بۆیە پۆزەتیڤە. بەڵام یەکێک لە خەسڵەتەکانی (خۆ) ئاگامەند و خاوەن (تێ‌-ڕوانینە)، واتە لە خۆیەوە دەردەچێت، دەبێت بە ئەویدی(لێرەدا خۆ بەرەهایی و پۆزەتیڤی نامێنێتەوە). ئەم ئەویدییە خۆ سنووردار دەکات، هەروەک چۆن، خۆ ئەویدی سنووردار دەکات، لەبەرئەوە هەریەک لە خۆو ئەویدی یەکنین(یەکیشن). لێرەوە هەریەک لە خۆو ئەویدی لەنێوان (سەربەستی) و (پێویستی)دان، چونکە راستە لەخۆیاندا سەربەستن، بەڵام لەلایەن یەکدیەوە سنووردار دەکرێن، لەبەرئەوە سەربەستی و پێویستی رەهانین. بە کورتییەکەی ئەویدی بێگانە نیەو لەخۆوە دەرچووە، هەرچەند دەبێت، بە نێگەتیڤی خۆ، بەڵام وەک هیگڵ ناویدەنێت، کایەکردن، ئەم کایەکردنە بۆ ناسینە، چونکە هەریەک لە خۆو ئەویدی یەکدی رەتدەدەنەوە، دەبن بە سنوور بۆ یەکدی. لەم پرۆسەیەدا خۆ باشتر خۆی دەناسێت، بۆی دەردەکەوێت، کە (خۆ)یەکی چالاکە، چونکە ئەویدی سنووردار دەکات، هاوکات ئەویدیش خۆ سنووردار دەکات، لەبەرئەوە خۆ ناچالاکە. لێرەوە چالاک و ناچالاک، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ..بەدیدی فیختە پەیوەندییەکی هۆکارییەو دەبێت بە تێهەڵکێشی هۆکاری هەردوو لایەنەکە. لەبەرئەوە لە جوڵانە دیالێکتیەکەوە تێدەگەین، کە ئەوەی خۆ نییە، خۆیەو خۆ خۆیە؛ واتە (ئەویدی) (خۆ)یەو (خۆ)ش (خۆ)یە. بۆیە دەتوانین بڵێین هۆکارو هۆکردە، سنووردارکەر، سنووردارکراوە.
هیگڵ سودی زۆری لە فیختە بینیوە. چونکە وەک فیختە پێیوایە (ئاگامەندی) بۆ(خۆ)ی دەبێت بە ئەویدی، واتە ئاگامەندی و ئەویدی دەبن بە دوو دیوی یەک ڕاستەقینە، بەڵام تێهەڵکێشەکەیان پرۆسەی مێژوویی هەیە، کە ئاگامەندی دیالێکتیانە دەیجوڵێنێت و لەم جوڵانەدا بە دەوڵەمەندییەوە بۆ نێو خۆی دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی جیاوازییەکان لەنێو ببات، هەوڵدەدات ئەویدی بەتەواوی بخاتەوە سەر خۆی. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەو بکەین، هیگڵ یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی رێزی زۆری لە ناکۆکی و جیاوازییەکان گرتووەو کردونیەتە بنەمای لۆجیکە دیالێکتیکیەکەی و رەخنەی لە فیختەو شێڵینگی هاوڕێی گرتووە، لەبەرئەوەی لە سیستمی فەلسەفیاندا جیاوازی لەناودەبەن.

لەبەشی سێیەم، بە ناونیشانی (هیگڵ و بیرکردنەوەی دیالێکتیکی). نووسەر، ئاماژە بە دیالێکتیکی هیگڵ دەکات، دەڵێت: ”هیگڵ توانی (دیالێکتیک)بکات بە کرۆکی بیرکردنەوەی فەلسەفی و بەمیتۆد بۆ گەیشتن بە ڕاستەقینە”. نووسەر لەسەرەتادا بە سێ خاڵ جیاوازی دیالێکتیکی هیگڵ بەراورد بە بیریارانی پێشوو باسدەکات. پێیوایە دیالێکتیک بۆ هیگڵ تەنیا لۆجیک و بەڵگەهێنانەوە نییە، بەڵکو سیستمێکی فەلسەفی سەرجەمگیرە، کە هەوڵیداوە هەموو دیاردە سرووشتی و مێژووییەکانی پێ‌راڤەبکات. واتە پرۆژەکە بریتییە لە راڤەکردنی ئاگامەندی رەها، کە ئەم ئاگامەندییە دەبێت بە زەمینە بۆ هەموو دیاردەیەکی سرووشتی و مێژوویی. لێرەوە ئاگامەندی رەها ژیانە، لەبەرئەوە تەنیا بە خوێندنەوەو توێژینەوە بە ئاگامەندی رەها ناگەین، بەڵکو پێویستە بژین تاکو لەو بوونە تێبگەین.
خاڵێکی دیکە کە پێشتر ئاماژەم بۆ کردووە، پەیوەستە بە مۆنۆلۆگی ئەم دیالێکتیکەوە، واتە دژە تێز نوێنەرایەتی لایەنی بەرانبەر ناکات(کە لای سوکرات هەبووە). بەڵکو ئەم دیالێکتیکە کایەی ئاگامەندی رەهایە لەگەڵ خۆیدا، چونکە نوێنەرایەتی هیچ شتێک لە دەرەوەی خۆی ناکات. لەم کایەیەدا ئاگامەندی رەها، چونکە ئاگامەندییە لەشتێک، لەبەرئەوە لایەنی نێگەتیڤ بۆ خۆی سازدەکات، تاوەکو بە (ئاگا)بێ، ئەمەش خەسڵەتی ئاگامەندی لەخۆی دەدۆڕێنێت، دەبێت بەهەبوویەکی لە ئاگابەدەر. لەبەرئەوەی ئاگامەندی هەمیشە ئاگاییە، کەوابوو بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە، لێرەوە دەبێتە(بیرلێ‌کراوە) واتە خۆو بابەت، یان ئاگامەندی و ئەویدی دوو شتی جیاوازن و جیاوازیشنین.
ئاگامەندی= تێز
ئەویدی= دژە تێز
خاڵێکی گرنگ بۆ جوڵەی سێیەم بریتییە لەو نامۆبوونەی لەئەنجامی دەرچوونی (ئەویدی)ە لە ئاگامەندی رەها دێتە ئاراوە. ئەم ئازاری نامۆبوونە ئاگامەندی هاندەدات، لەڕێگەی یەکگرتنەوە(تێهەڵکێش) رزگاربێت. ئەم یەکگرتنە بە پرۆسەیەکی سرووشتی و مێژووییدا دەڕوات، ئەمەش گەشەکردنی لێدەکەوێتەوەو (ئەویدی)دەناسێت و بۆ نێو خۆی دەگەڕێنێتەوە، ئەم ناسینەش دەیکات بە خاوەن (زانینی رەها)، کە لەبوونی خۆیی و بابەتەکەی دڵنیادەبێت.
کۆتا جیاوازیی، کە نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، بیرکردنەوەی دیالێکتیکی فیختە (خۆ)یە، بەڵام بۆ هیگڵ (ئاگامەندی)یە. بۆیە دەکرێت بیرکردنەوەی دیالێکتیکی هیگڵ بە (دیالێکتیکی ئاگامەندی) دابنرێت. کە لەسێ قۆناغ پێکدێت، هەر قۆناغێک گەشەی تێدا رووئەدات. دەکرێت ئەم سێ قۆناغە لە سێکوچکەی(ئاگامەندی-سرووشت-مێژوو)دا بەرجەستە بکەین.
ئاگامەندی= تێز
سرووشت= دژەتێز
مێژوو= تێهەڵکێشی تێزو دژە تێز.

تێبینی دەکەین، (مێژوو) وەک تێهەڵکێشی تێز(ئاگامەندی) و دژەتێز(سرووشت) لە هەردووکیان دەوڵەمەندترە، لەبەرئەوە لە هەر قۆناغێکی نوێدا گۆڕان بە ئاراستەی گەشەکردندا تێبینی دەکەین. بۆیە هیگڵ پێی‌وایە جیهان بەردەوام لە گەشەکردندایە. بەڵام خاڵێکی کێشەهەڵگر لای هیگڵ ئەوەیە، کە ئەم گەشەیە (یەک ڕەهەندی)یە. هیگڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە حەتمی و دواقۆناغ دەزانێت، بەڵام مارکس بەپێچەوانەوە قۆناغێکی پێشکەوتوتر و کۆمەڵگەیەکی نوێ پێشبینی دەکات.
لەم کتێبەدا لەبارەی لۆجیکی هیگڵ نووسەر زۆر بە پرۆسەی گەشەی لۆجیکی دیالێکتیکی هیگڵ خراوەتەڕوو، کە وەک چیرۆک یان رۆمانێکە و گرێچنە لۆجیکیەکە لە ‘بوون’ەوە دەستپێدەکات و بەشێوەیەکی دیالێکتیک گەشەدەکات و کاتیگۆرییەکانی دیکەی لێوە دێنەدەرێ. بوونیش زیاتر لەهەموو کاتیگۆرییەکانی دیکە راستەوخۆیەو لە قۆناغی گەشەکردنیدا دژەتێزی خۆی (جەوهەر)ی هێنایە کایە، کە جەوهەر وەک دژەتێز پێچەوانەی بوون ناڕاستەوخۆیە. لێرەدا ناکۆکی نێوان بوون و جەوهەر بە قۆناغێکی پێشکەوتوو تێهەڵکێشدا دەڕوات، تاوەکو یەکبگرن. ئەمەش وەک هیگڵ باسیدەکات لە(چەمک)دا دەبینرێت. وەک باسمانکرد دیالێکتیکی هیگڵ دیالێکتیکی ئاگامەندییە. ڕاڕەوەی (چەمک) یەکێتی دوو ڕاڕەوەی بوون و جەوهەرە، چونکە چەمک کاتیگۆرییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە، کە دەبێتە رەتدانەوەی جەوهەرو جەوهەریش رەتی بوون دەداتەوە، بۆیە چەمک دەبێتە رەتدانەوەی رەتدانەوە، دووجار نێگەتیڤ. دووجار نێگەتیڤ پۆزەتیڤە. لەبەرئەوە بوون و جەوهەر لەنێو یەکێتی (چەمک)دا، کە کاتیگۆرییەکی (خۆ)ی و ناوەکییە یەکدەگرن. لەبەرئەوەی هیچ چەمکێک بە بێ(خۆ)نییە، بۆیە هیگڵ لەگەڵ باسکردنی چەمکدا باسی (خۆ)ش دەکات.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، لێرەدا تەنیا لەسەر سێ بەشی کتێبەکە وەستاوم و بوارم نییە، تا کۆتایی بەردەوام بم. کتێبەکە سەرچاوەی یەکەمی نووسینەکەم‌بووە، لەبەرئەوەی گەلێک دەوڵەمەندەو خوێنەر تاوەکو نەیخوێنێتەوە، نازانێت چ شاکارێک هاتووەتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. چونکە لەم کتێبەدا خوێنەر نەک تەنیا بە لۆجیکی هیگڵ ئاشنا دەبێت، بەڵکو بە مێژووی لۆجیک و دیالێکتیک ئاشنا دەبێت. لە رێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر تێدەگات هیگڵ ئەو فەیلەسوفەبووە، کە سڵی لە جیاوازییەکان نەکردووەتەوە. خوێنەر فێردەبێت، تەنیا بە پۆزەتیڤ دڵخۆش نەکات، چونکە پۆزەتیڤ نێگەتیڤە. یاخود لەناکۆکی و دژەکان نەترسێ، چونکە بنەمای گەشەو پێشکەوتنن. لەم کتێبەوە تێگەیشتم فەیلەسوفانی وەک ژیژەک و پیتەر سلۆتەردایک بۆچی بەردەوام بۆی دەگەڕێنەوە. چونکە لای ئەم فەیلەسوفە سنووریش دەبێتە بێسنوور.




زمانی بەرگریی هێرتا مولەر … کۆستیکا براداتان … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە. ئاخر زمان دەتوانێ تۆ بکوژێ، ئەو کەسانەی بۆ ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ئیشیان کردووە لە هەموو کەس باشتر ئەوە دەزانن. گۆڕاندان بە زمان دەشێ ببێ بە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سیاسی.
ئەو جۆرە ڕژێمانە هەموو کات پێویست نییە خەڵك زیندانی بکەن؛ هەندێ جار ئەوەندە بەسە، کە بیر و هۆشیان بەڕێی زمانەوە داگیربکەن. جۆرج ئۆرویل لە کتێبی )هەزار و نۆسەد و هەشتا و چوار)دا زۆر بەوردی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە، بەڵام تۆ ناتوانی بەتەواوی لەوە تێبگەی داگیرکاری زمانەوانی واتای چی، تاکو تۆ بەدبەختی بوون بە قوربانی ئەوت نەبێ. پاشان تۆ تێدەگەی چۆن کاتێ ڕژێم دێتە نێو زمانتەوە، دەتوانێ هەر شتێك بکا، کە تۆ دەتەوێ. تۆ هیچی دیکە خۆت نیت؛ تۆ لەژێر داڕنینی سیاسیدای. ”تۆ بە سەئات دەتوانی دەمت بکەیەوە و دایبخەی، بئاخڤی بەبێ ئەوەی هیچ شتێك بڵێی”.

ڕەنگە ئەو بەدبەختییە بێ، وەهای لە هێرتا مولەر کردبێ زۆر گرنگی بە زمان بدات، گرینگیدان بە دەسەڵات و ڕەهەندی سیاسی زمان، هەروەها بە ناسکی و جوانییەکەشی. مولەر لە ڕۆمانیای کۆمۆنیستی هاتۆتە ژیان و گەورە بووە، ئەو وەرگری خەڵاتی نوبڵی ئەدەبییە بۆ ساڵی ٢٠٠٩. مولەر خولیایەکی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی زمانەوانی تۆتالیتاریانیزم هەیە. بۆیە ڕەنگە مولەر پلەی ئۆنتۆلۆگییەکی تایبەت بە پەیڤین ببەخشێ، لە کتێبی ‘فریشتەی برسێتی’ (٢٠٠٩)دا، زمان شتێکی زیندووە، ئافرێنراوێکە تێکەڵ بە کارەکتەرەکانی دیکەی نێو چیرۆکەکە بووە. لە ڕوانگەی کارەمانی- گێڕەرەوە (ی چیرۆکەکەوە) زمانی ڕووسی ”زمانێکە تووشی نەخۆشی بووە” ئەو وەك جۆرێك لە چەوسێنەر لە زمان تێدەگا: ”وشەگەلێك هەن هەر چییەکیان بوێ لەگەڵ مندا دەیکەن”. لە کتێبی ‘بەڵێنی دیدەنییەکە’ (١٩٩٧)دا بە تەنیا زمان دەسەڵاتی گۆڕاندان بە جیهانی ڕاستەقینەی هەیە: ”هەندێ شت خراپ نین، تاکو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. هەرچەندە حەزی مولەر بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان زمان و سیاسەت درێژنابێتەوە بۆ نێو هەموو ڕۆمانەکانی، بەڵام ئەو حەزە لە گۆتارەکانیشیدا پەرچێندراوە، کتێبی ‘کریستینا و دووانەکەی’ گەواهیدەرە بۆ ئەمە. نووسینەکانی ئەو کۆمەڵە گۆتارە بەتەواوی خۆ- ژیننامەیین؛ لەم ڕووەوە ئەوان گۆتارن لەنێو هەقیقەتدا، بە تێگەیشتنی مۆنتاین بۆ وشەکە. مۆنتاین دەبێژێ ”گەر هۆشم بتوانێ پنتێکی چەسپ بباتەوە، ئەوا من نامەوێ گۆتار چێبکەم، دەمەوێ بڕیاربدەم. بەڵام هەمیشە ئەوە لەنێو کردەی فێربوون و دادگاییکردندا دەمێنێتەوە”.
ڕەنگە مولەر ببێژێ، گەر بتوانم تۆڵە لە ڕابوردوو بکەمەوە، ئەوا سەبارەت بە شتێکی دیکە دەنووسم، بەڵام ڕابوردوو لە کۆڵم نابێتەوە، بە جۆرێك بۆ خودی خۆم بوومە بە ‘مەتەڵ’. بۆئەوەی بگوازمەوە، گەرەکە بۆ ڕابوردوو بگەڕێمەوە.

مولەر پاش دەرچوونی لە کۆلێژ، بۆ ساڵانێك لەلایەن پۆلیسی نهێنیی ڕۆمانیا، سێکیوریتێ (Securitate)ی بەد ناوەوە هەراسانکرابوو. کاتێ مولەر ڕەتی کردەوە ببێ بە سیخوڕ، ئەوان هەڵمەتێکیان لە دژی ڕێکخست. مولەر خرایە ژێر چاودێریکردن و پرسیارلێکردنێکی ستەمکارانەی پۆلیسی نهێنییەوە. هەروەها هەڕەشەی کوشتن، دەنگۆی ناڕاستیان لە دژی مولەر بڵاودەکردەوە بۆ لەکەدارکردنی، تەنانەت دەنگۆی ئەوەش، کە مولەر بووە بە سیخوڕ. ئەو هەڵمەتە لە ناوەڕۆکدا لەبارەی ڕووشاندن، چوار پەلی شکاو، و پەنجەرەی ورد و خاشکراوەوە نییە، بەڵکو لەبارەی شتی نەبینراوە. بە شێوەیەکی سەرەکی توندوتیژی ڕژێمی تۆتالیتاری هۆشەکییە، نەك جەستەیی. بۆیە لێرەدا کێڵگەی شەڕ جەستەت نییە، بەڵکو هۆش و زمانی ئاخافتنتە. تۆ لە مێشکتدا نەك لەسەر شەقامەکان بەرگری لە خۆت دەکەی دژی ئەو جۆرە ڕژێمە.

مولەر لە کتێبی (کریستینا و دووانەکەی) و لە شوێنی دیکەشدا، گەورەترین دەستکەوتی ئەوەیە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی تاکەکان لە بەرانبەر سیستەمی تۆتالیتاری وەك شەڕ لەسەر وشەکان، دیسکورزەکان (فەرمی یان هەڵگەڕاوە)، چیرۆکی ژیان (گەورە یان بچووك)، ژمێرەی مێژوویی، گێڕانەوەی شاد، کتێبی-خوێندنی مێژوویی و ئەرشیفەکان دیاردەهێنێ. بۆیە تۆتالیتاریانیزم بە پلەی یەك پڕۆژەیەکی زمانەوانییە. تەنانەت لەنێو ستەمکارانەترین زنجیرەی هاڤڕکێیەکانی مولەر لەگەڵ پۆلیسی نهێنی زمان- نێوەندە. ئەوان بە لێکۆڵینەوە لە مولەر سەرەتادەگرن، ئاخر مولەر بە ‘ڕاگەیاندی دژایەتی بەرانبەر بە دەوڵەت’ تۆمەتبارکراوە. لەتەك ئەو جۆرە تۆمەتبارکردنەدا، پرسیارلێکەر (ی پۆلیس) ئامرازی ئەشکەنجەدان دژی مولەر بەکارناهێنێ، بەڵکو وشە. مولەر دەبێژێ ”لە ماوەی قۆناغە سەرکەشییەکانی هاڤڕکێکەدا، لێکۆڵەرەکە پێی دەگۆتم سلە گوو، پیس و چەپەڵ، مشەخۆر، سۆزانی. کاتێ هێمنتر دەبوو پێی دەگۆتم سێکسفرۆش یان دوژمن”. هەڕەشەی مەرگ لە قۆناغی دواتر دەهات، دوای ئەمەش هێشتا بەرگەی دەگیرێ، ئاخر ”ئەوانە بەشێکن لە تاکە ڕێگەی ژیان، کە کەسێك هەیەتی، چونکە کەس ناتوانێ لەوە زیاتری هەبێ”. دەشێ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مەرگ، تۆ بەهێزتر بکا. مولەر دەبێژێ ”تۆ قووڵ لەنێو ڕۆحتدا، بەرهەڵستی ترس دەکەی”. لە ڕاستیدا، هەڕەشەی مەرگ فۆرمێکی دانپێدانانە: تۆ وەك دوژمن ڕەفتارت لەگەڵ دەکرێ، تۆ وەك شتێك دانپێدانراوی، ڕژێم دەبێ ژمێرەت بۆ بکا؛ واتا بەهەندت وەربگرێ.

لەوە خراپتر بوختانەکانن، کە ڕژێم هەڵیان دەبەستێ و دەیان خولێنێتەوە تاکو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تۆ لەناوبەرێ. وەك مولەر ئاشکرای دەکا ”بوختان ڕۆحت دەبڕێ، ئاخر تۆ بەتەواوی دەورەدروای”. ئەو تاکتیکە هیچ نیشانەیەکی دانپێدانان بە تۆ نابەخشێ- تۆ وەك هیچ، وەك خاشاك ڕەفتارت لەگەڵ دەکرێ. ئەو جۆرە شاڵاو و هەڵمەتی بوختانانە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا، دەتوانێ پۆلیسی نهێنی وەك کارگەیەکی ئەدەبی دیاربهێنێ. ئاخر ئەوەی ئەوان دەیکەن چێکردنی کارەکتەرەکانە؛ ئەوان خەڵکان دەئافرێنن و فڕێیان دەدەنە نێو جیهانەوە.

ساڵانێك دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم، کاتێ مولەر دەتوانێ فایلەکەی خۆی لە پۆلیسی نهێنی ببینێ، لە ئەرشیفەکاندا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە ئەو تەنیا کەسێك نییە، بەڵکو دوو کەسی جیاوازە. ”یەکێکیان کریستینا، دوژمنی دەوڵەتە، کە گەرەکە دەوڵەت بەرەنگاری ببێتەوە” جگە لە ناوەکە ئەو کارەکتەرە بۆ مولەر ئاشنایە، ئاخر شێوەیەکی خۆیەتی لەلایەن سیخوڕ و دەستنووسیارەکانی ڕژێمەوە داڕێژراوەتەوە. کارەکتەری دووەم، خەیاڵی پەتییە، پۆلیسی نهێنی مولەرێکی ساختە (دووانە کریستینا) دروست دەکەن تاکو مولەری ڕاستەقینە لەکەداربکەن. ئەم بەرهەمە ئەدەبییە هەموو ئەو کەرەستانە لەخۆدەگرێ، کە زۆر تێکشکێنەرن بۆ من- کۆمۆنیستی چەسپیوو و نەگۆڕ، بریکاری بێبەزەیی، ئەندامی حیزب، ‘ئیشکردن بۆ حیزب’ یان بۆ ‘قەڵغان و شمشێرەکەی’. وەك ئەوەی پۆلیسی نهێنی بە خۆشەویستییەوە باسی دەکرد، بە زۆری وەك ئیشێکی پیس دەبینرێ، شتێك، کە دەتوانێ تۆ لە سەنگینی و ڕێزمەندی کۆمەڵایەتی دابماڵێ. ئەندامانی توێی ناوەوەی حیزب باشتر لە هەر کەسێك ئەوە دەزانن.
‘سۆسیالیزمی زانستی’ زاراڤێك بوو لە یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات، هەرچەندە بانگەشەی فۆڕمێکی ڕێکخراوەیی ئاوەزمەندانەی پەتی دەکەن، سیستەمە تۆتالیتارەکان بە زۆری گریمانەی نائاوەزی بەکاردەهێنن. یەکێك لەوانە باوەڕبوونە بە دەسەڵاتی جادوویی زمان بۆ گۆڕینی شتەکان. لە کولتوورە سەرەتاییەکاندا، بۆ نموونە خەڵك بڕوایان وابوو، کەوا بەڕێی کرداری ‘ناولێنان’ تۆ دەتوانی بەتەواوی شتێك بهێنیتە نێو بوونەوە، هەروەك تۆ دەتوانی بەڕێی دووبارە ‘ناولێنانەوە’ شتێك بگۆڕی. بۆ ئەو خەڵکانە جیهان شوێنێکی جادوو لێکراوە، تۆ دەتوانی ئیشی لەسەر بکەی و ببی بە سەروەری، ئەگەرچی، جادوو، نوشتە و دوعاشی لێکرابێ.

تۆتالیتاریانیزمی کۆمۆنیستی بە هەمان باوەڕەوە ئیش دەکات. کاتێك یەکەم کتێبی مولەر لە ڕۆمانیا بڵاوبووەوە سانسۆرڤانەکان لەتەك شتگەلێکی دیکەدا وشەی ‘باووڵ (suitcase)’یان لادەدا. ئاخر کاتێ تۆ دەڵێی ‘باووڵ’ واتا ‘پێچانەوە’ کە مەبەست ‘جێهێشتنە’. مەبەستەکە ‘جێهێشتنە بۆ چاکە’ واتا وڵاتەکە بەهەشتی سۆسیالیستی نییە، کە هیچ کەس بە ئارەزووی خۆی جێی ناهێڵێ. گریمانەی نائاوەزی ئەوە بوو، گەر ‘باووڵ’ ئاماژەی پێنەکرێ، ئەوا خەڵك بیر لە کۆچکردن ناکاتەوە. وەك لە هزرینی جادووییدا، ئەوەی ناوی نەهێندرابێ، لێرەبوونی نییە.
ئەوە دۆخێك بوو لە گشت وڵاتانی کۆمۆنیستی، نەك تەنیا لە ڕۆمانیادا. ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات نموونەگەلێکی سەیر بە مولەر دەدا. ‘وشەی جانەوەرەکان’ کەوا دەبێتە ‘گاڵتە و گەپێکی نامەبەستەکی’، بۆ نموونە وەك بەشێك لە پلانی دەرکێشانی ئاین لە دیسکورزی گشتی، ئەندازیارە زمانەوانییەکانی وڵات، ناویان لە فریشتەکانی داری کریسمەس نابۆوە ‘بوونەوەرە هەڵواسراوەکانی کۆتایی ساڵ’. بە هەمان شێوە زمان و وێناکانی مەرگ وەك تێکدەری هەستی شادیی بێکۆتایی دەبینرا، کە هاووڵاتیانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بە ڕەهایی ئەزموونی دەکەن. بۆیە دەبێت شتێك لەبارەیەوە بکرێ. بۆ نموونە ناو لە وشەی ‘تابووت’ دەنێنەوە ‘شتوومەکی زەمینی’ . هەروەها ناو لە نووسینگەی بەرپرس لە ڕێکخستنی ئاهەنگ و پرسەکان بۆ دەسەڵاتدارانی حیزب، دەنێنەوە ‘بەشی شادی و غەمگینی’، کە ، زۆر بەشێوەیەکی مەبەستەکی و سەیر هۆنەرانەیە.

لە پشتی ئەو هەموو هەوڵدانە، ئەو باوەڕە هەیە، کە زمان دەتوانێ جیهانی ڕاستەقینە بگۆڕێ. گەر زاراڤە ئاینییەکان لە زمان دەرهێندران، ئەوا خەڵك چیدیکە هەستی ئاینی نابێ. گەر زاراڤەکانی مەرگ بە دروستی بونیادبنرێن، ئەوا خەڵك هیچی دیکە لە مردن ناترسێ. ئێمە ڕەنگە ئەمڕۆ بەوە پێبکەنین، بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا ئەم جۆرە سیاسەتە گۆڕان بەرهەمدێنێ؛ گەرچی گۆڕانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەش نەبێت. لێرەدا گۆڕانەکە لە هەڵوێستی خەڵکی نییە بەرانبەر بە مەرگ یان جیهانی دوای مەرگ، بەڵکو گۆڕانە لە توانستی تێگەیشتنیان لەبارەی ئەوەی ئێستا چی ڕوودەدا. بەهۆی ئەوەی زمان بەشێکی گرنگە لە داڕشتنی خود، کاتێ دەوڵەت تۆ دەخاتە ژێر شاڵاوی هێرشێکی بەردەوامی زمانەوانییەوە، تۆ پێی بزانی یان نا، تێگەیشتن لەوەی تۆ کێی و شوێنەکەت لەنێو جیهاندا چییە، بەتوندی کاریگەری لەسەر نوێندراوە. زمانەکەت تەنیا شتێك نییە، تۆ بەکاری دەهێنی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لەوەی تۆ چیت. لەبەر ئەو هۆیە هەر داڕنینێکی سیاسی، کە تێیدا زمان بەکاربێ، ئەوا لە درێژخایەندا تۆ لە ڕووی هۆشەکی، جڤاکی، و لێرەبوونەوە گۆج دەکات. کاتێ تۆ ناتوانی بەڕوونی بهزرێی، ئەوا ناتوانی کردارگەلێکی پێکەوە- گونجاو بنوێنی. دەرەنجامێکی وەها ڕێك ئەوەیە، کە سیستەمە تۆتالیتارەکان دەیانەوێ: هەمیشە خەڵك تووشی گۆجبوونی شارییانە (sivic) بکەن.

نووسەر دەتوانێ لەنێو دۆخێکی وەهادا چی بکات؟ ئەو دەتوانێ کەلێنێك لەنێو زماندا چێبکات، کە ڕژێم نەتوانێ هێرشی بۆ بکا و داگیری بکات. گەر سیستەمەکانی دەسەڵات توانستی خۆیان بۆ کاریگەری نواندن لە مێشکی خەڵکان لە زمانەوە ببەنەوە، ئەوا گەرەکە هەر بەرگرییەکیش لەنێو خودی زمانەوە بهێنرێتەگۆڕێ. ڕەنگە ڕژێم هزرینی جادوویی بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاربهێنێ، بەڵام نووسەر دەتوانێ بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە بەڕێی جادووگەرێتی خۆیەوە. شێوازی مولەر بە زۆری وەك ڕیالیزمی جادوویی دەناسرێ. لەو گوندەی لە یەکەم کتێبی مولەر ‘خراپترین ساتەکان'(١٩٨٢)دا خەڵك بە زمانی خۆیان ناو لە شتەکان دەنێن. ئێمە ‘شارەدار’ دەبینین، کە لە گوندەکە پێی دەگۆترێ ‘دادیار’، ئەلکهولییەکان پێیان دەگۆترێ ‘مەستەکان’، ناکهولییەکان و جگەرەنەکێشەکان، کە کەسانی بێمێشك بوون، پێیان دەگۆترا ‘ڕێزمەندەکان’، دووکانی دەلاك پێی دەگۆترا ‘دیوەخانی دەلاك’، فرۆشگەی هەرەوەزی پێی دەگۆترا ‘ناوەندی بازرگانی’. گوندەکە ژیانێکێ هەیە تەنیا بەڕێی بەکارهێنانی زمانێکی دروستەوە دەتوانرێ لێی تێبگەی. لە زستاندا ئەو ڕووەکانەی زوقم دەیان بەستێ، پێی دەگۆترا بەستن-ڕووەو- مەرگ؛ لە بەهاردا بەهۆی تەڕێتی و خووسانەوە پێی دەگۆترا داوەشان- ڕووەو- مەرگ؛ لە هاویندا بەهۆی گەرمییەوە پێیان دەگۆترا هەڵقرچان- ڕووەو- مەرگ.
زمان لەو شوێنە دوورە دەستەدا بە کاریگەری لێنەکراوی دەمێنێتەوە لەلایەن هەر خۆسەپاندنێکی سیاسییەوە: شێوە زمانی فەرمی ناتوانێ بێتە گوندەکەوە. ئەو سەربەخۆیییە، گەرەکە پێی بگۆترێ ئازادی زمانەوانی. ئەمە ترووسکەی هیوایەك بە مولەر دەدات: نووسەر لە ئیشەکەیدا دەتوانێ لاسایی ئەو گوندنشینانە بکاتەوە و تا ڕادەیەکی دیاریکراو سەربەخۆیی خۆی لە سیستەمی فشارەکان بپارێزێ. ڕەنگە ئەوە لە بەرگری لە خۆکردنێك بەڕێی نووسینەوە پتر نەبێ، بەڵام هەندێ جار ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ژیانی نووسەر و هی ئەوانی دیکەش شیاوی ژیاندن بکرێ.

مولەر لە گوندێکی ئەڵمان-زمان هاتۆتە جیهانەوە و گەورەبووە، کاتێ چواردە ساڵان بووە، زمانی ڕۆمانیایی فێردەبێ، ئەو کاتەی دەچێ بۆ نزیکترین گەورە شار- تیمیسوارا (Timișoara). مولەر دەڵێ سەرەتا ئاسان نەبوو، ڕۆمانیایییەکان ‘وەك پارەی خەرجی ڕەفتاریان لەگەڵ من دەکرد، هەر کاتێ لە دووکانەکەدا شتێك سەرنجی ڕادەکێشام نەك پارەکەم، ئەوە بەس نەبوو پارەی بۆ بدەم’. ئەو مەبەستی هەرچییەك بێ لە گۆتنی ‘گەرەك بوو پارەکە بەرانبەر بە وشەکان بدرێ، وشەگەلی زۆر هەبوون، من نایان زانم، ئەو کەمەی دەم زانین لە کاتی خۆیدا فێریان نەبووم’. مولەر هەرچەند ڕۆمانیاییەکەی پاراو دەبوو، خۆشەویستییەکی بێمەرج، خۆشی و جادوویی بۆ زمانی ڕۆمانیایی گەشەپێدەدا، کە هەندێ جار ئاخێوەرانی زمانی- نازگماکی دەتوانن لە زمانە تازەکەدا بیدۆزنەوە. لێرەوە هەست و سۆزی بۆ زمانی ڕۆمانیایی مولەر وەك نووسەرێك دەفۆڕمێنێ، ئەگەرچی مولەر بۆ نووسینە ئەدەبییەکانی ئەو زمانەی بەکاریش نەهێناوە. مولەر دەبێژێ زمانی ڕۆمانیایی ”هەمیشە لە نووسیندا هاوەڵم بووە، ئاخر ئەو لەنێو ڕوانینمدا ڕوواوە”. ڕۆمانیایی زمانێكی ڕۆمانسییە، بەڵام بە بەردەوام وشە لە زمانەکانی دیکەی وەك: سلاڤی کۆن، تورکی، هەنگاری، ئەڵمانی … هتاد وەردەگرێ. لە ئەنجامدا بووە بە زمانێكی فرە توێ، بۆیە ئاخێوەر دەتوانێ دەڤەرە جوداوازەکانی زمانەکە بەکاربهێنێ بۆ ئەوەی پەیڤەکەی هاوکات توند و گاڵتەئامێز، دۆستانە و هەڕەشەئامێز، لاسایی و ڕەسەن دیاربهێنێ. فەیلەسوف ئەمیل سیۆران بە جوانی هۆڤانییانەی زمانی ڕۆمانیایی مەست دەبوو، ئەو پێی دەگۆت ‘بلیمەتیی بەربەرییانە’. ئەوەی مۆلەری چواردە ساڵان لە تیمیسوارا ئەزموونی کرد، پاشان بوو بە خاپاندنێکی هێواش بەڕێی زمانە تازەکەیەوە، کە پتر و پتر لەنێو هۆشیدا دەخولایەوە. ڕۆمانیایی زمانێکی ‘هەستەکی، بێشەرم، و هۆشسوڕمێن جوانە’.

گەر مولەری چواردە ساڵان بەڕێی ناوازەیی و جوانیی بەربەرییانەی زمانی ڕۆمانیایییەوە جادووی لێکرابێ، ئەوا مولەری نووسەر بەڕێی سیاسەتە ناواخنییەکانی زمانی ڕۆمانیاییەوە هێرشی دەکرێتە سەر. مولەر ‘وێنە و خوازە سەرکەشییەکانی’ زمانی ڕۆمانیایی دەدۆزێتەوە و تێبینی ئەوە دەکا، چۆن ‘وشەکانی وەك نادیار دێن، بەڵام هەڵوێستێکی سیاسی تەواویان لەخۆیاندا هەڵگرتووە’. ئەمە هەڵوێستی مانەوەیە لەنێو دووبارەبوونەی کارەساتە مێژوویییەکان- گرتن، داگیرکردنی بێگانە، دیکتاتۆرییەتەکان. ژیان زۆر کورتە و ئەو کارەساتانەش زۆر گەورەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەشێوەیەکی پڕ کارەمانانە، بەڵام هەندێ گاڵتەکردن بەو کارەساتانە، و چێکردنی نوکتەیەکی سیاسی باش، دەشێ بەهای هەڵوێستێکی سیاسییانەی هەبێ. ڕژێمی کۆمۆنیستی لە دووەم جەنگی جیهانیدا لەنێو تانکە ڕووسییەکانەوە سیخوڕی بەسەر وڵاتەوە دەکرد. ڕۆمانیاییەکان یاخی نەدەبوون، بەڵکو بە ڕووسییەکانیان دەگۆت سیسرك و پیشەسازییەکی نوکتەی سیاسیان پەرەپێدا، کە یەکێتیی سۆڤیەت بەشێوەیەکی دیار ژمێرەیان بۆ دەکرد. ئەوە بە جۆرێك یارمەتی ڕۆمانیایییەکانیدا بۆ مانەوە، گەرچی بەشێوەیەکی ناجێگیریش بێت. ڕۆمانیاییەکان بەڕێی زمانەکەیانەوە شوێن-پێی خۆیان لەنێو ڕەوتی مێژوودا دەنەخشێنن.

هۆکارێکی ئەو حەزە تایبەتەی مولەر بۆ زمانی ڕۆمانیایی هەیەتی، توانستی ناکۆتای ئەو زمانەیە بۆ هێنانەگۆڕیی جنێو و نەفرەت. مولەر دڵخۆشە بە لێکۆڵینەوە لە پۆلێنکردنێکی فراوانی جنێوە ڕۆمانیایییەکان، و ئەو ڕێگایانەی بەهۆیانەوە بەرهەم دەهێنرێن و هەروەها ئەو هەڵوێستە سیاسییانەی جنێوەکان دەیجەستێنن. وەك لە زۆرینەی زمانەکاندا، لە زمانی ڕۆمانیاییشدا خوازە و وێنا سێکسییەکان بەشێکی گرنگن لە جنێودان. مولەر دەبینێ ‘خەڵك کاتێ توڕە دەبن، دەڵێن: هەی لە گوێت، لە لوتت، لە سەرت بەن’ یان کاتێ کەسێك ‘دەکەوێتە نێو کێشەیەکەوە و نیگەران دەبێ، ڕۆمانیایییەکان دەڵێن هەی لێت بەم غەمباری’. ئەوەی لە سەروو هەموو شتێکەوە سەرنجی مولەر ڕادەکێشێ بێزیانی و شادی سەرجەم پرۆسەکەیە. ئاخر جنێودانی ڕۆمانیایییەکان دەشێ فۆڕمێکی بەزمسازیی و ژیانی دۆستانە بێت.

لە کۆبوونەوەیەکی کۆمپانیادا، ژنێك بە شێتییەوە دەڵێ ‘چ شەیتانێکت دەوێ؛ کێرم؟’ دوای ئەوەی ژنەکە هێمن دەبێتەوە داوای لێبووردن بۆ بەکارهێنانی وشەی ‘شەیتان’ دەکات، کەسانی ناو ژوورەکەش پێدەکەنن. دواتر ژنەکە بە دڵڕەنجانەوە دەپرسێ ‘بۆچی پێدەکەنن؛ بە قوزم؟!’.
مولەر شێت و شەیدا بووە، لەبەرئەوەی ناتوانێ ئەو خۆشییە زمانەوانییە بەتەواوی بەدەستبهێنێ. شێوازی جنێودانی ڕۆمانیایییەکان دەتوانێ توخمە لێکدژەکان پێکەوە بگونجێنێ. ناشرینی و جوانی تێکەڵ بکا، بە نێو گوناه و نیك-ڕەفتاریدا تێپەڕببێ. زمانی ڕۆمانیایی پەسنی (ستایشی) بێمەرجی مولەر بۆ خۆی دەباتەوە؛ مولەر دەبێژێ: ”من هەمیشە ئیرەییم بە زیندووێتی ئەو زمانە بردووە.” لە ڕاستیدا، جنێودانی ڕۆمانیایی بەرەو ئالوودەبوون چووە. کاتێ مولەر وڵات جێدەهێڵێ، لەتەك ئەو کەمە شتەی ڕێگەی پێدرابوو لەگەڵ خۆی بیبات، جنێوی ڕۆمانیاییش بە قاچاغ لەگەڵ خۆی دەبات. مولەر دەبێژێ ”تاکو ئێستاش کاتێ جنێو دەدەم، بە ڕۆمانیایی قسە دەکەم، ئاخر ئەڵمانی جنێوی هێندە ڕوون و جوانی نییە؛ هەموو وشەکان لە ئەڵمانیدا هەن، بەڵام ناتوانن ئیشەکە بکەن”. بە هەمان شێوە سیۆران دوای ماوەیەکی زۆر لە چوونە فەڕەنسا و وەرگرتنی زمانەکەی، کەچی هێشتاش بۆ جنێودان بۆ ڕۆمانیایی دەگەڕێتەوە. لەم ڕووەوە فەڕەنسی هیچ کۆمەکێکی ناکا، گەرچی تا ئەو کاتە سیۆران بووە بە نووسەرێكی زۆر باش بە زمانی فەڕەنسی.

بەڵام ئەو هەموو جنێودانە زیانیشی هەیە، کە ڕەنگە تەنیا تاوان نەبێ لەنێو شتە زۆر هەستیارەکاندا. کێشەکە ئەوەیە بێباکی دەهێنێتەگۆڕێ، مولەر دەبێژێ ”بۆیە لەم دیکتاتۆریەتەدا خەڵك یاخی نابن”. خەڵك جنێو بە حکومەت، بە حیزب، بە پۆلیسی نهێنی، بە شارەوانی، بە خراپی ڕێگەوبان، و پۆلیسی هاتوچۆ دەدەن؛ هەروەها جنێو بە ڕووسییەکان و ئەمریکییەکانیش دەدەن. ئاخر پێیان وایە بەو جنێودانەیان سیاسەتێکی تەواویان بۆ ڕۆژەکە کردووە، ئیدی کاتی بەردەوامبوونە. کاتێ جنێودان دەبێ بەم چەشنە هونەرە ئاڵۆزە، ئەوا هەڵوێستی سیاسی لە خۆیدا دەبێ بە گریمانەیەکی ماندوو لەنێو نومایشدا، ئاخر هیچ نامێنێتەوە بۆ ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینە.
لە ڕۆمانیای هەشتاکاندا، لە ماوەی ستەمکارانەترین قۆناغی ڕژێمەکەی چەچیشکۆدا بوو بە دەنگۆ، کە نوکتەی سیاسی لەم ساڵانەدا هاتۆتەگۆڕێ. لە ڕاستیدا، پۆلیسی نهێنی نوکتەی سیاسی چێدەکرد و بە هەموو لایەکدا بڵاوی دەکردەوە بۆ هێورکردنەوەی تەنگژەی کۆمەڵایەتی. نوکتەیەکی باش-گێڕدراوە وەك جنێودانێکی- باش دەتوانێ هەستی ڕازیبوون بە خەڵك بدات. ئەوان وەها هەست دەکەن وەك ئەوەی بەشی خۆیان بەرگرییان کردبێ. ئەوە دەنگۆ بوو، بەڵام ڕەنگە تەنانەت ئەو دەنگۆیەش لە تاقیگەکانی پۆلیسی نهێنیدا هاتبێتەگۆڕێ. بۆیە دووبارە تۆتالیتاریانیزم پڕۆژەیەکی زمانەوانییە.

کاتێ مولەر بۆ فایلەکەی لە پۆلیسی نهێنی دەگەڕێتەوە، ئەو تەنیا ئەوەی نەدۆزییەوە، کە بریکارەکان ‘دووانە’یەکیان بۆ هێناوەتەگۆڕێ، بەڵکو ئەوەشی دۆزییەوە، کە خۆی و ئیشە ئەدەبییەکانی بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوونە بۆ ئەوان. ئەو کەسانە بەدڵنیایییەوە سۆزیان بۆ ئەدەب هەبووە: فایلەکەی مولەر بە هەزاران لاپەڕە درێژ بوو. ئەوە لە کاتێکدایە، مولەر پێش ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بباتەوە، بەگشتی بۆ دامەزراوەی ئەدەبی ڕۆمانیایی جێگەی سەرنج نەبووە. بۆیە لە بڵاوکراوەیەکی گەورەی ”مێژووی ڕەخنەیی ئەدەبی ڕۆمانیایی”دا ساڵی (٢٠٠٨) تەنانەت ئاماژە بە ناوەکەشی نەکراوە. ئەوە چ شوێنێکە، لە کاتێکدا پۆلیسی نهێنی لەبارەی نۆبڵگری داهاتووەوە هاتوونەتە جۆش، کەچی لێکۆڵیارانی ئەدەبی ئەو فەرامۆش دەکەن؟ ئەوە ناوەندی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە، ئەو شوێنەی کە ئەبسورد تێیدا سەری هەڵدا و گەشەی کرد. هەروەها ئەو شوێنەی کەسانی وەك سیۆران، فرانز کافکا، ئیوجین ئیۆنیسکۆ، میلان کۆندێرا و جارۆسلاڤ هاسێك سروشیان لێوەرگرتووە. شوێنێك پێدەچێ هیچ شتێك لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕوونەدا، ئەگەرچی زۆر شت لەنێو ئەدەب و هۆشی خەڵكدا ڕوودەدەن.

ئەوە هەمان ئەو شوێنەیە خەڵك چەندان سەدە بەڕێی کارامەیییانەوە لە جنێودان و هونەری نوکتەی سیاسی ماونەتەوە. ئەوان نوکتەیان چێکردووە، بۆئەوەی کات بکڕێ و پراکتیکی ئارامگرتن بکات. ئەو نوکتەیەی، کە لە ڕابوردوویەکی زۆر دوورەوە بیرم دێتەوە، هێشتاش ڕابوردووی لەخۆیدا هەڵگرتووە و دووبارەی دەکاتەوە. فەڕەنسییەك و ئەڵمانییەك و ڕووسییەك سەبارەت بە لێخوڕینی جۆری ئۆتۆمۆبیلەکانیان قسە دەکەن. فەڕەنسییەکە دەڵێ ‘کاتێ لەناو فەڕەنسا گەشت دەکەین، ڕیناوڵت (Renault)ەکانمان لێدەخوڕین، بەڵام بۆ دەرەوەی فەڕەنسا پیجۆ (Peugeot) لێدەخوڕین’. ئەڵمانییەکە دەڵێ ئێمەش شتێکی هاوشێوە دەکەین ‘لەناو ئەڵمانیا ڤۆلکسواگین (Volkswagen) لێدەخوڕین، بەڵام بۆ دەرەوە مارسیدس (Mercedes) لێدەخوڕین’. ڕووسییەکە بێدەنگ بووە، بۆیە دووانەکەی دی زۆر فزولتر کردووە، لە کۆتاییدا دەڵێ: ”ئێمە لادا (Lada)کانمان لەناو ڕووسیادا لێدەخوڕین، بۆ دەرەوەش هەمیشە بە تانکەکانمانەوە دەچین”.




درۆ لە ئیسلامدا گۆران … هەڵەبجەیی

درۆ کردارێکە یا وتەیەکە پێچەوانە یا دژی ڕاستیە .

درۆ خەسڵەتێکە لە ناخی هەموو مرۆڤێکدا هەیە . مرۆڤ لەو ڕۆژەی ئاوەز دەکاتەوە و دەورووبەری خۆی دەناسێت تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت ، ئامادەیی تێدایە بۆ درۆکردن .کەم کەس هەیە لە ژیانیدا درۆی نەکردبێت.ئیدی لە هەر قۆناغێکدا بێت.
مەبەست لەدرۆکردن ، خۆ دەربازکردنە لە حاڵەتێک یا دۆخێک، یا بۆ دوورکەوتنەوەیە لە سزاو ئەشکەنجە ،یاخود بۆ خۆبردنە پێشەو و خۆ خۆشەویستکردنە لە مەسەلەیەکدا یا بۆ فریودانی کەسێک یا کۆمەڵەکەسێک ،نەتەوەیەک ،پەیڕەوکەرانی ئایدۆلجیاو ئاینێکە.
ئەوەی ئیمە بیستوومانەو خوێندوومانەتەوە ئاینی ئیسلام خۆی وا نمایش کردوە کە پڕە لە ڕاستگۆیی ، دەستپاکی .وەک خۆیان جەختی لێ دەکەنەوە ڕاستگۆیی یەکێکە لە بنەماکانی ئیمانداریەتی.
واتە مادام خودا پارێزەری ئەم ئاینەیە و پەیامەکەی بۆ پێغەمبەر و موسوڵمانان با ئاسانی و بێ کێشە دەگاتە شوێنی خۆی ، ئیتر پێوست بە درۆ و پێج و پەنا ناکات.
هەر بۆیەش دەبینین پتر لە 200 ئایەت هەن کە دژی درۆن.


بۆ ئەم مەبەستە یەک دوو دانە لە دەقی قورئان وحەدیس دەکەمە نمونە:

. يقول القرآن فى سورة غافر “إن الله لا يهدى من هو مسرف كذاب”.
مەبەستی ئەم سورەتە ئەوەیە کە [خودا هیدایەتی درۆزن نادات]

الكذب سبب للطرد من رحمة الله تعالى:

قال تعالى فی سورە ال عمران 61:

ثُمَّ نَبْتَهِلْ فَنَجْعَلْ لَعْنَتَ اللَّهِ عَلَى الْكَاذِبِين

درۆ هۆکارێکە بۆ دەرکردن لە بەزەیی خودای گەورە.

هەروەها پێغەمبەر دەڵێت:

“كن صادقاً فالصدق يؤدى إلى الصلاح والصلاح يؤدى إلى الجنة. احذر الكذب فالكذب يؤدى إلى الضلال والضلال يؤدى إلى النار”.
واتە [ راستگۆبه‌، راستگۆیی رێگایه‌ بۆ چاكه‌و ده‌ستپاكی و، ئه‌مه‌ش رێگایه‌كه‌ به‌ره‌و به‌هه‌شت. لە درۆ دوور بكه‌وه‌ و، درۆ به‌ره‌و تاریكی دەتبات و له‌ رێی خودا دوورت ئه‌خاته‌وه‌و به‌ره‌و دۆزەخ دەتبات.]

لە حەدیسێکی تردا دەڵی

هەرکەسێک بە ناوی منەوە درۆی کرد ئەوە ئەبێ پێشبینی بکات شوێنێکی لە دۆزەخ بۆ گیراوە..

هەروەها محمەد دەربارەی ئەوانەی بە درۆوە خەو دەگێرنەوە بۆ خۆبردنە پێشەوە دەلیت : سزاگەی گرانە ،وەک ئەوە وایە پێی بڵێیت دوو دەنکە جۆ پێکەوە ببەستەوە، کە ئەمەش مەحالە.

هەر وەها لە سەحیح موسلمدا هاتووە دەڵێت:

سێ جۆر دووڕوو یا منافق هەن :
کەسێکی ڕۆژو گر و نوێژکەری بێ ئەرزش ، هاوکات ئیدیعای موسوڵمانیەتی بکات،یاخود بەدرۆ قسە بکات، یا بەڵێن نەباتە سەر.

سزاکانی درۆ
وەک لە [ئالووکە نێتدا ]هاتووە کەسێک درۆ بکات لەلایەن خوداوە ئەم سزایانە دەدرێت:
1.لەدەستدانی ئارامی وئاسایش و هەستنەکردن بە دڵنیایی.
2. نەخۆشخستنی دڵ.
3. کەمکردنەوەی ڕزق و نەمانی خێرو بەرەکەت.
4.دوور کەوتنەوەی مەلائکە لێی.
5.دوورکەوتنەوەی خەڵک و دەوروبەر لێی.
6. بێبەشی لە دیاری خودا.
7. بێبەشکردن لە نعمەتی خوای گەورە.
8. نزیکبوونەوە یا مسۆگەر کردنی دۆزەخ.

چەند نمونەیەک لە ڕای بانگخوازو شیخە ئیسلامیەکانی عەرەب دەربارەی درۆ کە لە یوتوب وەرم گرتوون:

+ محمەد راتب نابلسی
100 محازەرەلە بارەی زیانی درۆوە بدەیت ، بەڵام بەیەک درۆی خۆت هەمووی دەسڕێتەوە.

+محمد عریفی
درۆ کردن خراپەی بەدوودا دێت ،یاخود دەبێتە هۆی کاری نەخوازراو.
درۆ پەیوەندیەکان تێک دەدات.

+ شێخ محمد حسان
درۆکردن مرۆڤ لە دنیاو ئاخرەتدا بە هیلاکەت دەبات.
ئەوەی موسوڵمان لە دنیاو ئاخرەت ڕزگار دەکات ڕاستگۆییە.

+ محمد یعقوب
درۆ کردن بەزمان دەمانگەیەنێتە درۆی ئیرادەو پاشانیش بە درۆی دڵ کۆتایی دێت .

ئایا لە ئیسلامدا درۆ ڕێگەپێدراوە؟

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا پتر لە 200 ئایەت هەن دژی درۆکردنن و تێیاندا درۆزن بە نەفرەت دەکەن . کەچی سەیر لەوەدایە لە حاڵەتی دیکەدا درۆ ڕێگە پێدراوە .نەک هەر ڕێگەی پێدراوەە بەڵکو هانی درۆش دەدەن.

1. سورة العمران ئایەتی [28]
کاتێک تۆ لەژێر ترس و زەبروزەنگدا بوویت بۆ خۆ دەربازکردن لەو دۆخە درۆ بکە، بەڵام لە ڕوالەتدا بروات پیی نەبێت.
لە کتێبی [روح الاسلام] لە نووسینی { عفیف طیارە} لە لاپەڕەی 247 دا دەڵێت{ هەموو جار درۆ خراپ نیە، بێگومان هەندێک حاڵەت هەن درۆکردن زیاتر سودیان هەیە لە ڕاستگۆیی ، ئەویش بە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی}

هەروەها پێغەمبەر دەڵێت { ئەوەی لە ڕێگەی درۆوە ئاشتەوایی لە نیوان خەڵکەکاندا درووست دەکات گومڕا نیە}
هەر محمەمەد خۆی چەندین جار باوەڕپێکراوانی هانداوە کە لە پێناو ئیسلامدا زۆر گوێ بە ڕاستگۆیی نەدەن.
نمونەی کوشتنی [کعب بن اشرەف] لە قەبیلەی بنی نضیری جولەکە.
هەواڵ واگەشتە محمد کە کەعب دژی محمەد هاوسۆزی لەگەڵ قورەیشیەکاندا هەیە هاوکات هۆنراوەی غەزەلی بە باڵای ئافرەتە موسوڵمانەکاندا وتووە. محمد ویستی بیکوژێت بەڵام کوشتنی ئاسان نەبوو چونکە خاوەن خێڵێکی بە هیز بوو ،بۆ یە کەسێک بە ناوی محمەد کوری مسلمە بۆ ئەم ئەرکە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات .بەمەرجێک پێغەمبەر ڕێگەی بدات درۆ بکات ،ئەوەیش ڕیگەی پێ دەدات پاشان محەمەد کوڕی مسلمە دەچێتە لای کەعب و زەمی پێغەمبەر دەکات، یانی دژی قسەدەکات کەعبیش بڕوای پێدەکات و شەو بەناوی پیاسەوە کەعب دەهییتە دەرەوە و لە تاریکیدا دەیکوژێت.

کووشتنی [شعبان بن خالد الهذلی]
شەعبان یەکێک بوو لە نەیارەکانی محمەد ،وە بۆ جەنگردن دژی، خۆی کۆدەکردوەوە. بەر لەوەی ئەو جەنگە بقەومێت عەبدوڵای کوڕی ئەنیسی ڕاسپارد بۆ کووشتنی.
بۆ کووشتنی شعبان ،عەبدوڵا بەڵێنی لە مێغمبەر وەرگرت کە بە ناویەوە درۆبکات ،ئەویش ڕازی بوو .
پاشان عەبدوڵا چوە کن شەعبان لە خێوەتەکەیدا ،دەستیان بەقسەکردن کرد ، عەبدوڵا خۆی وا ناساند کە لە خێڵی [خەزاعە]یە و هاتوو لەگەڵیدا پێکەوە دژ محەمەد بجەنگن.
پاش ئەوەی پیاوەکانی شەعبان هەموو دەخەون ،عەبدوڵا فرسەتی لێدێنێت و سەری لە لاشەی دەکاتەوە. سەرە بڕاوەکەی لەتەک خۆیدا دەبات بۆ محەمەد ئەویش بە دیتنی ئەو دیمەنە لە دوورەوە لە خۆشیاندا هاوار دەکات:
[سیمایەکی سەرکەوتوو] عەبدولاش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت [ڕوت سەرکەوتووبێت یا پەیامبەر] . یانی ڕووی سەرکەوتوو یا براوە. یا کەسێک کارێک بە باشی ئەنجام بدات.

وقتله وأخذ رأسه إلى محمد. فلما وصل عبدالله إلى المدينة ورآه محمد من بعيد، صاح محمد فرحاً “أفلح الوجه”. فرد عبدالله التحية بقوله “أفلح وجهك يا رسول الله”

علامە ئیسلامی شێخ طبری دەڵێت[ محمەد خۆی ڕیگەی بە عمار بن یاس داوە کە درۆ بکات ،دەمێک [بنی مغیرە ]ناچاریان کردوە قسە بە محمەد بڵێت ،. محمد پیی گووتووە گەر جارێکی تریش گرتیتیان و ناچاریان کردیت ،دیسان درۆ بکە .[ماڵپەڕی مراجعە فی الاسلام]


ئەو کاتانەی درۆ ڕێگە پێدراوە:

– جەنگی چاوەشەکاری
-گەر دوو زیان هەبوو ،دووحالەت هەبوو کە بۆهەردووکیان دەبێ درۆ بکەیت جا ئەوەیان هەڵدەبژێردرێت کە زیانی کەمترە.
– ئەو پێوستیانەی محەرەمات حەلال دەدات ، یانی رێگەیان پێ دەدات.

یاخود لەژێر بەندەکانی مەبدەئی [تقییە]دا لەوێشدا لە چەند حاڵەتێکدا درۆ ڕێگە پێدراوە

مبدأ “التقية”
وشەی تقیە لە وقایەوە هاتووە ،واتە خۆپاراستن.
مەبەست لەم وشیەیە ،ئەوەیە کە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا موسڵمان بۆی هەیە درۆبکات ئەویش بۆ پاراستنی گیانی خۆی ، یا موسوڵمانانی دیکە لە زیان دوور بخاتەوە.
+بۆ نمونە موسوڵمان بۆی هەیە دژی ئیمانەکەی خۆی قسەبکات بەمەرجێک لە دڵەوە بڕوای پێ نەبێت .وەک پێشتر ڕوونم کردەوە.
+ بەدرۆ سوێند بخوات
+ قسە بە خوا بڵێت
+ سوجدە بۆ غەیری خودا ببات
+ مەشروب بخواتەوە ،واز لە نوێژو ڕۆژو بهێنیت

جۆرێکی دیکەی درۆ ئەو جۆرەیە کە موسوڵمانەکان لە ئەروپا بۆ غیرە موسڵمانی دەکەن . ئەوانە بەردەوام باسی ئایەتەکانی [مکی ]یان بۆدەکەن ،کە داوی ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەک قەبوڵکردن وتۆلەرانس دەکات . بەڵام خۆیان باش دەزانن ئەو ئایەتانە منسوخ کراون یانی گۆڕدراون بە ئایەتە [مەدینەیەکان ] کە بانگەوازی کووشتن و تووندوو تیژی دەکات.

لەکن ئیسلام گرنگ ئەوەیە درۆکەر لە دڵەوە بڕوای بەدرۆکە نەبێت و تەنها بە زمان درۆ بکات.

ئەم قسەیە زۆر سەیرە ،بێگومان هیچ درۆکەرێک بڕوای بەدرۆ نیە چونکە پێچەوانەی واقیعە و دژی ڕاستیە ،کێ هەیە بڕوای بەدرۆ هەبێت؟ ئیتر بۆ داوای لێدەکرێت بڕوای پێ نەبێت؟
هاوکات گرنگە تێبگەین ئەوەی بانگخوازانی ئیسلام بۆ بڵاوکردنەوەی دینەکەیان دەیڵێن چ لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بێت یا لە میدیاکانەوە ،هەموو کات ڕاست نین و تژین لە درۆ..

ئێستا دەپرسین کام لەو جۆرە ئایەت و حەدیسانە لە پێشەوەن و ئەولەویەت و ئیعتباریان هەیە ؟ ئەوانەی کە تووندترین سزایان تێدایە بۆ درۆزنان و جێگەیان لە دۆزەخدا بۆ دیاری کراوە ، یا ئەوانەی ڕێگە بە موسوڵمانان دەدەن و فێری درۆیان دەکەن و پاساویان بۆ دەهێننەوە؟
کامیان لەسەرحەقن کامیان موسوڵمانی ڕاستەقینەن ،ئەوانەی درۆدەکەن یا ئەوانەی نایکەن؟

درۆ هەر درۆیە بچوک یا گەورە ، باش یا خراپ ، ڕەش یا سپی. یادەبێ بەهیچ جۆرێک ڕێگەی پی نەدرێت یا کە پێی درا نابێت سزای هەبێت . نابێ هەردووکیان هاوتەریببن .
کەواتە دەبێ یەکێکیان نەفی ئەوەی تریان بکات .
نەهی درۆ و ڕێگە پێدانی لە هەندێک حاڵەتدا وەک ئەوە وایە مامۆستایەک خوێندکارانی قۆناغی بنەڕەتی فێری ڕاستگۆیی بکات، بەردەوام لە مێشکیاندا بیچەسپێنێت کە درۆ کارێکی خراپ و زیانبەخشە ،بەڵام هاوکات پێیان بڵێیت جارو بار بۆتان هەیە درۆبکەن.
ئایا ئەمە نابێتە دووڕووی و سەرلێشێواندن لەو خوێندکارانە ، کە لە ئەنجامدا نەتوانن جیاوازی لە نیوان سود و زیانی درۆدا بکەن؟
جێگەی خۆیەتی ئێستا چەند نمونەیەکی درۆتان بۆ بهێنمەوە کە زۆر کۆن نین و لەلایەن بڕێک لە شیخ و بانگخوازە ئیسلامیە بە ناوبانگەکانەوە کراون.

یەکەم درۆ بە زنمانی هیتلەرەوە کراوە
دووبانگخوازی ئیسلامی یەکێک سونە ئەوەی تریان شیعە، هەردووکیان بە زمانی هتلەرەوە قسەدەکەن . بە قسەی بانگخوازە سونیەکە عمر عبدولکافی دەڵێت هیتلەر بۆهاندانی گەل و سوپاکەی بۆجەنگ ، لە سەرتای وتارەکانیدا پەنای بۆ ئایەتێکی قورئانی بردوەکە گوایە وتارەکانی بەم دەستەواژە ئیسلامیە دەستثێکردوە [اقتربت الساعە و انشقت القمر] . وەک لە ڤیدیۆکەدا هاتوە ،گوایە ئەمە لەسەر ئامۆژگاری کەسێکی مسوڵمانی نزیک هیتلەر بووە.
کابرای شیعەش کە خەڵکی عێراقە لە حوسەینیەیەکدا قسە بۆ خەڵک دەکات و دەڵێت{سوپایەکی مەزنی هیتلەر لە کاتی جەنگدا لە شۆڤیەت دەکەونە گەمارۆوە ،سەرکردەکەیان بروسکەیەک بۆ هیتلەر دەنیرێت و داوی هاوکاری سەربازی و ئازوقەی لێدەکات و دەڵێت گەر بە فریامان نەکەون ئەوە هەموومان تەسلیم دەبین}
بەقسەی کابرای شیعە ،هیتلەر وەڵامی دەداتەوە دەڵێت.[ دەست بە دامێنی حوسەینەوەبگرن و هاواری بۆ بکەن ڕزگارتان دەبێت]
ئەوجا دەڵێت ،ئەوانیش هاوار وهانا بۆحوسەین دەبەن و لەو گەمارۆیە ڕزگاریان دەبێت.
بۆ درۆی یەکەمیان وەک بەدواچوونم کرد هیتلەر لەو ڕۆژەی دەسەڵاتی گرتە دەست[1933-1945] تا خۆی کووشت تەنها کەسی عەرەب کەدیبێتی حاج ئەمین حسینی موفتی قودس بوو کە لە ساڵی 1941 لە بەرلین بینی.
[تقی الدین هلالی] ئەم کەسەش لە بۆن [1940] وانەی ئەدەبی عەرەبی دەگووتەوە. پاشان دکتۆرای لە بەرلین لە ئەدەبی عەربیدا بەدەست هیناوە خەڵکی مەغریب بووە. ئەم کەسە بەهیچ جۆرێک هیتلەری نەبینوە.
سەیر لەوەدایە نەسونەکەو نەشیعەکە ڕوونی ناکەنەوە کە هیتلەر ئەو قسانەی بەعەربی کردوە یا بە ئەڵمانی .جگە لەمە هیتلەر بەوە ناسراو بووە کە تونایەکی لەڕادەبەدەری هەبووە لە وتارداندا، دەچێتە ئەقڵەوە لە سە ر پێشەکی وتارێک پەکی کەوتبێت و هانای بۆ عەرەبێک بردبێت تا لەو تەنگەژەیە ڕزگاری بکات؟
بۆ درۆی پیاوە ئاینیە شیعەکەش ،میژوی ئەو جەنگە پێمان دەڵیت، نزاو پاڕانەوە لە حسین ڕزگاری نەکردن ، هیچ سوپایەکی هیتلەر لە گەمارۆی سوپای سور ڕزگاریان نەبووە ،هەر هەموویان لە ئاکامدا خۆیان دا بە دەستەوە .

نمونەی دووم
سەبارەت بە بەرنارد شۆ ی ئیرلەندی، نووسەری شانۆیە.
سێ کەس باسی جۆرج بەرنارد شۆیان کردوە کە گوایە بە کەسایەتی محمەد سەرسام بووە . یەکێک لەوانە عەدنان ئیبراهیمە.
وەک ئەم سێ کەسە باسی دەکەن ،کە هەرسێکیان هەمان قسە دووبارە دەکەنەوە ،دەڵێن: بەرنارد شۆ گووتوویەتی {لەم کاتەدا زۆر پێوستمان بە عەبقەریەتی محەمەد هەیە تا بەدەم قاوە خواردنەوە لە ماوی چەند چرکەیدا سەرجەم کێشەکانی جیهانمان بۆ چارەسەر بکات}
سەرەتا گرنگە ئاماژە بەوە بکەم کە بەرنارد شۆ بڕوای بەهیچ ئاینێک نەبووە . جگە لەمە پاش بەدواچونێکی ڕشید مەغربی پێشکەشکەری بەرنامەی { پرسیاری بوێر} بۆی دەرکەوت ئەو قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نیە ،ئەمە لە گۆڤارێکی ئیسلامی وەرگیراوە بە ناوی [پڕوپاگەندەی ئیسلام] کە لە ناوەڕاستی سیەکاندا لە سەنغاپورە چەند دانەیەکی لێدەرچووە . لەوێشدا هیج ئاماژەیەک بۆ کات، شوێن، ساڵ .کتێب ،گۆاڤار، ڕادیۆی هیچکام لەمانە نەکراوە کە بەرناردشۆ ئەو قسەیەی تێدا کردبێت.

چەند درۆیەکی ناشیرین
یەکێک لە بانگخوازەکانی سعودیە لە بەرنامەیەکی کەناڵی حکمەی ئیسلامیدا وتی:
+ کە منداڵ بووم باپیرم بۆی گێڕامەوە. باپیری لە دونیادا نەماوە
دەمێک بە سواری کەرەکەی دەچێت بۆ بازاڕ ،کەرەکەی دێتە زمان و پیی دەڵیت تۆ زۆر بەختەورەیت کە بەسواری پشتی من سەفەر دەکەیت ،با پیریشی لە کەرەکە دەپرسێت بۆچی ؟کەرەکە دەلێت چونکە ڕەچەڵەکی من دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو کەرەانەی کە محمەد بۆ گەڕان بەکاری هێناون. ئیدی کابراش لە خۆشیدا دەستی کردوە بە گریان.
وەک ئەو درۆیەی بەدەم هیتلەرەوە بە دوو سیناریۆ کراوە ، ئەم درۆیەش بە سیناریۆی دیکەش کراوە.

+ کەسێکی سعودی ڕۆژێکی ڕەمەزان دەیەوێت بە سەیارەکەی بچێت بۆ مزگەوت . دەبینێت سەیارەکەی بانزینی تێدا نیە بۆیە هاوار دەکات دەڵی {دیسان بانزینی تێدا نەماوە }. سەیارەکەش بە هێمنی پێی دەڵێت نیگەران مەبە ،بانزینم ناوێت چونکە بەڕۆژوم.

هەندێک درۆی کوردی ،واتە مەلاو بانگخوازە کوردەکان

+مامۆستا علی با پیر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ساڵی پار گووتی لە خەومدا میوەم لەگەڵ محمەد خواردوە . دیارە ئەمەش بۆ خۆ پیرۆزکردن بووە.

+مامۆستا هاوڕێ بانگخوازی یەکگرتوو دەڵێت:
کەسێک پرسیاری لە محمەد کرد لە بارەی منداڵ بوون لە بەهشتدا.
وەڵامی محمەد:
لە چرکەیکدا سکپڕبوون ،منداڵ بوون، دان دەرهاتن و قسەکردن ڕوودەدەن .
هەر بە قسەی مامۆستا هاوڕێ ، کەسێکی دیکە پرسیاری زەراعەت کردن لە بەهەشتدا لە محەمەد دەکات چونکە زۆر حەزی لە زەراعەتە.
ئەویش بە هەمان شیوەی منداڵبوونەکە وەڵامی دەداتەوەو دەڵیت:
[زەویەکە دەکێڵیت و تۆوەکە دەچێنێت و سەوزدەبێت و بەردەگرێت و بەرەکەی دەخوێت . ئەمانە هەمووی لە ماوەی یەک چرکەدا ڕوودەدەن}

دیسان مامۆستا هاوڕێ بەدوو جۆر باسی خەڵکی ئەورپا دەکات ،جارێک بە خراپەو ناشیرین .جارێک بە جوانی .
جارێک دەڵێت هەموو مەشروب خۆر تلیاک کێش پڕفەساد بێ ئەخلاق ، بێ جێگەو ڕێگە وهەرشەوەی لە شوێنێک دەخەون .
دیارە لە بیری چوە کە پێشتر بە خراپە باسی کردوون ،بۆیە لە ڤیدیۆیەکی تردا [180] پلە دەگەڕێتەوە و دەڵێت، ئەوانە خاوەن شارستانی و تەکنەلۆجیاو زانست و چی و چین.

هەر مامۆستا هاوڕێ ؟
کەسانی نیو بەهەشت هەموو یەک تەمەنیان هەیە [33] ساڵ
درێژیشیان [60] زراعە . هەمووکەس بێ مووە ،سپی و ساف و لووس ناسک و نازدارن.
شاندانانیک بۆ پشوو [70] سالی پێێدەچیت.

باشە پێشتر سەبارەت بە منداڵ بوون وتی ، لەیەک چرکەدا سک پربوون و لەدایک بوون ڕوودەدات ،کەواتە ئەو منداڵەش یەکسەر کە لەدایک دەبێت تەمەنی 33 ساڵە.

+ دکتۆر عەبدلواحید

جارێک لە وتارێکیدا وتی :کەنیسەکانی سوید داوا لە موسوڵمانان دەکەن لە کەنیسەکانیان خوتبەیان بۆبدەن .وە کەنیسەکان دەفرۆشن و دەیکەن بە مزگەوت . کەسێک کە پتر لە [25] ساڵە لە سوید دەژی بەدواچوونی بۆ کردو وەڵامی یەکێتی کەنیسەکانی سویدی نارد بۆ پەیچەکەی وە داوی سەرچاوەی هەواڵەکەی لێکردبوو . دکتۆر عەبدولواحیدیش بۆ کەسە کوردەکەی نووسیبوو ، سکرتێرەکانم وەڵامت دەدەنەوە ، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەڵامیان نەدایەوە.

+ بانگخواز حاجی کاروان

بە هۆی لافاوەوە گۆڕی ئەسحابەکانی شەڕی ئوحود ئاویان تێ چوو بوو ،دەرکەوتن دوای 1400 ساڵ لاشەکانیان هیچ تێک نەچوە،
وا دەهاتنە بەرچاو کە ئیستا مردبن .

+عەبدولتیف سەلەفی
– ئەو موسوڵمانانەی لە نێو کافراندا دەژین خوا بەرنەفرەتیان دەخات.
دەبێ هێندە لە کافرانەوە دووربیت ،نابێ ئاگری یەکتر ببینن .
بەڵام لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا حاشا لەو قسەی پێشوی دەکات.

– لە خوتبەیەکی دا لە مزگەوتی بە هەست وتبووی هەرکەسێک جگە لە خۆشەویستی خودا ،خۆشەویستی تر لەدڵیدا بێت ، بە تایبەتی دڵداری جێگەی ئاگرە، کەچی خۆی بەتەلەفۆن بە چاوانی مێرددار دەڵێت [ هەناسەکەم بەخوا غەیری خۆشەویستی تۆ هیچم لەدڵدا نەماوە . ئەوە بوو پاشان بەو درۆیانەوە لە چاوانی لە مێردەکەی خۆی هەڵگەڕانەوەو بەر لە جیابووەی یاسایی و شەرحی لە مێردەکەی ،لە خۆی مارەبڕی.

-هەر هەمان لەتیف لە خوتبەیەکی تردا دەلێت دەبێ موسوڵمانان سڵاو لە هەموو کەس بکەن ، ئیدی بیانناسن یا نەیانناسن ،جونکە سلاو سڵاوی خودایە. بەڵام بەدەنگی خۆ کە تۆمار کراوە ، بەتوونسی سەرزەنشتی کەسێکی سەلەفی دەکات، چونکە سلاوی لە خزمێکی خۆی کردوە کە سەر بە کۆمەلی ئیسلامیە.

+ بانگخوازێک لە وتاری هەینیدا دەڵێت { لە ئەمریکا لەسەر تابلۆیەکی مەزن نووسراوە ،محەمەد لە ژنەکانی خۆی نەداوە}
ئاخر مرۆڤ تۆ درۆیەک بکە کەمێک بچێتە ئەقڵەوە، خۆ ئەمریکا کوردستانی بێ خاوەن نیە هەر کەس ئارەزووی کرد بۆ خۆی تابلۆ بچەقێنێت ، وەک لە ڕێگاو بانەکان بەدیدەکرێن .تەنانەت لە سعودیەش بۆ هەڵواسینی تابلۆ مۆڵەتی دەوێت . ئیدی چۆن لە ئەمریکا وە بۆچی ئەم مۆڵەتەیان دا ؟کە پڕوپاگەندە بۆ ئاین بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە.
پاشان خۆ ئەمریکا گوندێکی لای خۆمان نیە . وڵاتێکی بەرفراوانە و لە 50 ولایەت پێک دێت. بۆ نەتگووت لە چ ولایەتێک ،لە چ شارێک ،لە چ شەقامێک ئەم تابلۆیە هەڵواسراوە؟ کێ ریگەی پێداو کێ هەڵیواسی؟

+مەلایەکی تر دەڵێ:
پێغەمبەر نەمردوە چونکە دەمێک سید ئەحمەد رفاعی لەگەڵ شێخ عەبدولقادری گەیلانی دەچنە سەرگۆڕەکەی، ئەو لەگۆرەکەیەوە دەستی دەردەهێنا بوو تەوقەیان لەگەڵیان کردبوو.

*خەویبینیی مامۆستا مجید، بە مێغەمبەرەوەو تەواو نەکردنی خەوەکەی .
مامۆستا مجید خەوێک دەگێڕێتەوە کە گوایە لە خەویدا ،لەسەرەدا وەستاوە بۆ دیتنی محەمەد .بەڵام بەر لەوەی بگات بە ئامانج ژنەکەی خەبەری دەکاتەوە . ئەویش زۆر لە ژنەکەی تووڕە بووە، پاشان خەوتووەتەوە ، بە قودرەتی قادر تەکمیلەی خەوەکەی کردوە ،دیسان پێغەمبەر هاتووەتەوە خەوی ،بە مامۆستا مجیدی گووتووە ،ئەوە بۆ بێتاقەتیت ،وەر چی ماچ دەکەیت ماچی بکە .ئەویش کێری محمەدی ماچ کردوە .
ئەمە قسەیەکی ئاسایی نەبوو بۆ چەند کەسێکی کردبیت، بەڵکو یەکێک بوو لە وتارەکانی ڕۆژی هەینی کە هەزارەها خەڵک گوێیان لێگرتووە و لە مزگەوت بە گریانەوە دەیگێڕێتەوە.
ئەوەی سەیرە خەڵکەکەش لەبری ئەوەی شەرم بیانگرێت و تووشی شۆک بن ،هەموو توشی هەستریا دەبن و هاوار و گریان تێکەڵ بەیەک دەبێت و سەمفۆنیایەکی نەشازی لێدەردەچیت.
ئاخر گەر ئەو قسەیە کەسکی بێ باوەڕ یا عەلمانی بیکردایە هەرچی تۆمەتی بێ ئەخلاقیە دەیاندایە پاڵی کەچی بۆخۆیان ئاساییە باسی ئەو جۆرە بەدڕەوشتیە بکەن. بەڵام لە شێوەی درۆیەکی گەورەوەدا.

+ لە هەموی پێکەناویتر قسەی مەلایەکی هەولێرە کە باسی سۆپەر ماکیتی بە هەشت دەکات و لەوێ لە مۆڵەکە برادەرو ناسیاو دراوسێکانی دەبینێت و باسی ئەم دنیا بۆ یەکتر دەکەن.
وا خۆش دەیگێڕێتەوە مرۆڤ خەریکە بڕوای پێدەکات.

باشە گەر لە بەهەشدا وەک دەڵێن هەموو شت تەنها بە ئارەزووکردنی بێتە ناو دەمت ئیتر ئەم بازاڕ کردن و عەلاگە پڕکردنەوەی بۆچیە ؟
یا زەرعات و ئاودێری و منداڵبوونی بۆچیە؟

درۆ زۆرن گەر باسیان بکەین پێوستی بە کتێبێکە . کورد واتەنی {مشتێک نمونەی خەروارێکە}، بۆیە تەنها ئەوانەم هەڵبژاردون .من بۆ خۆم زۆرێکم لایە ، چ وەک ڤیدیۆ کلیپ یا وەک نووسین . جا بۆ ئەوەی خوێنەر دڵنیا بێت لەو نمونانەی ئاماژەم پێداون لێرەدا لینکی هەندێکیان دادەگرم.

سەرنج / ئەم بابەتە لە ژووری ناوەندی دانگی ئازاددا لە فەیسبووک ،بە لایف پێشکەشم کردوە.


سەرچاوەکان/

https://www.facebook.com/BtiShkaw/videos/1125875657535600/
https://www.youtube.com/watch?v=uoadberrL4k


https://www.facebook.com/hwkmizhyan/videos/1757178201171204/

https://www.facebook.com/BtiShkaw/videos/1125875657535600/

https://www.facebook.com/fateh.mahmoodahmad/videos/243024032815579/
https://www.facebook.com/yasaibyaban/videos/1357714657633965/
https://www.facebook.com/hwkmizhyan/videos/1734513760104315/
https://www.facebook.com/AzariGall/videos/717321778353266/
https://www.facebook.com/268589133164209/videos/1105432819479832/
https://www.facebook.com/Duryan.Dabran/videos/462439303962044/
https://www.facebook.com/kurdi.swed/videos/436757733182445/
https://www.facebook.com/674485679314154/videos/841366015959452/
https://www.facebook.com/BrwaTaha1987/videos/681832218577335/




گه‌مه‌ سیمبولیكیه‌كان ….. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

له‌ دنیای كۆلاژی ـ گه‌مه‌ شاراوه‌كانی باـ ی نه‌ژادی عه‌زیز سورمێدا

هه‌ر تابلۆیه‌ك خه‌ونێكه‌ و له‌ حه‌زێك یا ئاره‌زوویه‌ك یا ئومێدێك یا پاڵنه‌رێك چ غه‌ریزی چ كۆمه‌ڵایه‌تی چ سایكۆلۆژی كه‌وتۆته‌وه‌، ورده‌كاریه‌كی سیمبولیكی ناوه‌ ناوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گونجاو و ناوه‌ ناوه‌ش ئاڵۆز، هێما و ئاماژه‌كان به‌ ئاسانی نامانبه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و وێنه‌ ڕاسته‌قینانه‌ی له‌ ده‌روونی نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌ هه‌ن، ئه‌مه‌ بۆ بینه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نیه‌ و ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ش ئه‌و مافه‌ی نیه‌ پشكنه‌رانه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ ئه‌م وێنه‌ زه‌ینیانه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌ر له‌ نوێ‌ بكێشێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌ستی هه‌ر بینه‌رێكه‌ ڕاستگۆیانه‌ و ورد هێماكان بگوازێته‌وه‌ ده‌زگه‌ی هۆشی خۆی و له‌وێدا ئه‌وه‌ی درووستی ده‌كا وێنه‌یه‌كی دیكه‌ بێ‌، فیگه‌ره‌كان له‌وێدا به‌یه‌كه‌وه‌ مانایه‌كی هونه‌ری بده‌نێ‌ و كۆتایی به‌ سه‌رسامی و ئه‌وق ماویه‌كه‌ی بێنن.
هونه‌ری كۆلاژ له‌نێو كایه‌ی شێوه‌كاری كوردیدا ئه‌وه‌نده‌ به‌ر بڵاو نیه‌ و زۆر نین ئه‌وانه‌ی له‌ نێویدان، نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌ هێمنانه‌ و له‌ مێژه‌ له‌و بواره‌ چالاكه‌ و له‌و پێشانگه‌یه‌دا كه‌ ئێستا 16 تا 21 ی 4 له‌ هۆڵی میدیا كراوه‌ته‌وه‌ تێیگه‌یاندین كه‌ شته‌ له‌یه‌كتر جوداكان و به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌هاتووه‌كانیش بۆیان هه‌یه‌ له‌ فۆڕمی تازه‌دا شتی دیكه‌ و وێنه‌ی دیكه‌ و ئینجا مانای تازه‌یان لێ‌ به‌رهه‌م بێت.

نه‌ژاد له‌م كۆ به‌رهه‌مه‌یدا وردبوونه‌وه‌ و نه‌سه‌قیه‌تێكی باڵای نیشانداین و ئه‌وه‌ی بۆ من جێی بایه‌خ بوو هێڵه‌ هزری و ڕوانگه‌ مه‌عریفیه‌كه‌ی ئه‌و بوو كه‌ ده‌مویست له‌ فیگه‌ر و سیمبوله‌كانه‌وه‌ ئاشنای بم و تا ئه‌و ئاسته‌ توانیم په‌ی به‌وه‌ به‌رم كه‌ كاك نه‌ژاد له‌و كارانه‌یدا زۆر به‌ سه‌لیقه‌یه‌كی جوان له‌سه‌ر ڕاسته‌ هێڵێك ڕۆیشتووه‌ و خودی هونه‌ری خۆی جا چ دنیا تاریكه‌كه‌ی نه‌ستی چ به‌شه‌ ڕوناكه‌كه‌ی ژیرانه‌ له‌ جوانكاریه‌كی سیمبولیكی له‌ چوارچێوه‌ گرتووه‌.
تابلۆكان زۆر قوڵ له‌گه‌ڵ خۆیان شۆڕمانده‌كه‌نه‌وه‌ نێو دنیایه‌كی تاریك له‌هه‌ر یه‌كێكماندا، هه‌ر سیمبوله‌ی بۆ هه‌رێمێكی نه‌ست ده‌ستمان ده‌گرێت و له‌وێ‌ وازمان لێناهێنێ‌ و یه‌كسه‌ر ته‌سلیم به‌ سیمبولێكی ترمان ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام بمانباته‌ ئه‌و قوڵاییانه‌ی له‌وێدا بیرۆكه‌كان خه‌سته‌ و ماندوو كه‌وتوون و نه‌یانتوانیوه‌ سه‌راو كه‌ون نه‌بادا بوونه‌ فیزیكی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان له‌به‌ین بچن، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م خوده‌ ماندو و خه‌سته‌یه‌ سیمبولگه‌لێكی كردۆته‌ نماینده‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دنیای به‌رجه‌ست و به‌رهه‌ستدا ڕۆڵی ئه‌و نمایش بكه‌ن و كه‌س كه‌ لێره‌دا نه‌ژاده‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئینسانی گونجاو له‌گه‌ڵ ترادیسیۆن بگێڕنه‌وه‌.

ئه‌م هونه‌ری كۆلاژه‌ی نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌ گونجانێك له‌ نه‌گونجاو دێنێته‌ ئارا، یا باشتر وایه‌ بڵێین نه‌گونجاوه‌كانی ئه‌م دنیایه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌سه‌قیه‌تی سیستم و ئۆرده‌ری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانی كه‌وتوونه‌ته‌ ژه‌نینی ناخۆشترین ئاواز بۆ ژیان ڕێك ده‌خاته‌وه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی جوداكان به‌رده‌وام بوون نیه‌ له‌سه‌ر پیرۆزكردنی ترازان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ڕه‌خساندنی كه‌شێكی ئێستاتیكیه‌ بۆ جوانبینینێك كه‌ هه‌میشه‌ له‌ جوداكانه‌وه‌ ئه‌م جوانیه‌ فه‌راهه‌مه‌.
كارڵ گۆستاف یۆنگی سایكۆلۆژیست و میتۆلۆژیست هه‌میشه‌ خه‌ونه‌كانی خۆی ده‌نووسیه‌وه‌ و له‌ سكێچێكی شێوه‌كاریدا ده‌ینه‌خشاندن و جاریواهه‌بوو له‌ په‌یكه‌رێكدا سیمبولیزه‌ی ده‌كردن، ئه‌و به‌و جۆره‌ دیارده‌ هونه‌ریه‌ سایكۆمیتۆلۆژیانه‌ی ده‌وت ـ ماندالا ـ له‌و وێنه‌ ماندالاییانه‌دا بۆ سیمبوله‌ سه‌ره‌تاكانی هزری یه‌كه‌م مرۆڤ و یه‌كه‌م كه‌سێتی و یه‌كه‌م خه‌ون ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌و پێیوابوو هه‌ر كه‌سه‌ به‌ جۆرێك سیمبولیزه‌ی خه‌ون و زینده‌ خه‌ونه‌كانی ده‌كات و هه‌ر سیمبوله‌ش له‌ خه‌ونه‌كانیاندا بۆ هه‌ر یه‌كێك مانایه‌كی هه‌یه‌ و ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ به‌ نه‌ستی مێژووییدا شۆڕیده‌كاته‌وه‌ و ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و یه‌كه‌م فیگه‌ره‌ی كه‌ یه‌كه‌م مانای دراوه‌تێ‌.

له‌ تابلۆكانی سورمێدا ئه‌و ئاگری مه‌عریفه‌یه‌ی بڕۆمیسیۆس بۆ هه‌موومان له‌ هیفاستۆسی دزی تا پێی گه‌رم دابێین و له‌ قه‌سرین ڕزگارمان بێ‌ زۆر به‌ ده‌ركه‌وتوویی دیاره‌، ئه‌م ئاگره‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ خۆمانی له‌به‌ر گه‌رم ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خواردنی پێ‌ ساز ده‌كه‌ین و ده‌مانسووتێنێ‌ و گۆشه‌یه‌ك له‌ بوونمان پێكده‌هێنێ‌، به‌ڵكو ئاگر بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی كیمیكیمان و ئه‌م كیمیاگه‌ریه‌ی ئاگر ناوه‌ ناوه‌ به‌ر ده‌بێته‌ بیۆلۆژیای جه‌سته‌ و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆح به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و له‌ وێدا له‌ ئۆرگازمێكی ڕۆحیدا ئه‌و شادمانیه‌ی ئاگر ده‌مانخاته‌ به‌هه‌شتێكی ئه‌به‌دیه‌وه‌.
ئاگره‌كه‌ی بڕۆمیسیۆس له‌ چاو و گه‌رده‌ن و گۆزنگ و قه‌دی دار و په‌یژه‌ و كۆمه‌ڵێك ئیكسسواری دیكه‌ تروسكایی و گه‌رمیه‌كه‌ی هه‌ست پێده‌كرێ‌ و له‌ كۆتاییدا گه‌شته‌ ئاگرینه‌كه‌ی سورمێ‌ هه‌موومان ده‌باته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كانیاوه‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌متێنانی شلوێمان كرد و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ‌ هه‌موومان هه‌ر له‌و ئاوه‌ شلوێیه‌ هه‌ڵدێنجین و له‌وساشه‌وه‌ پۆخڵه‌واتی سه‌یر سه‌یر ده‌كه‌ینه‌ خۆراكی ئاگر و هه‌ر بۆیه‌ش بۆسۆكه‌ی تاوه‌كو ئێستا هه‌ر بۆكروزی زه‌مه‌نه‌ سه‌ره‌تاكانی مرۆڤی لێدێت.

بڕۆمیسیۆس به‌ ئاگر سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه‌ی بۆ مرۆڤێك دابینكرد كه‌ زیۆس هه‌رگیز نه‌یده‌ویست كه‌سه‌كان له‌ ئاژه‌ڵ تێیپه‌ڕێنن، نه‌وه‌كا ڕۆژگارێك دابێ‌ چاویان بكه‌وێته‌ سه‌ر ناز و نیعمه‌ته‌كانی زیۆس و دواتر له‌ سیناریۆی جیاجیادا لێیهه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی نه‌ژاد نیشانمان ده‌دا له‌ تێگه‌یشتنی من بۆ هه‌موو سیمبولیزه‌كردنه‌كانیدا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌یه‌ كه‌ دوای به‌خششه‌كه‌ی بڕۆمیسیۆس سه‌ر له‌نوێ‌ لێمان دزرایه‌وه‌، دزرانێك تا ئێستا هه‌ر به‌ دزیه‌وه‌ كه‌سه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ر كه‌لچه‌رێك به‌ گه‌رماییه‌كه‌ی بڕی خۆیان ده‌شكێنن، دزرانی ئاگر دزینی تواناكانی مه‌عریفه‌ و بیركردنه‌وه‌ و عه‌قلانیه‌ت بوون، دزه‌كردنی نه‌ژادی عه‌زیز سورمێ‌ له‌ ڕێگه‌ی سیمبولی سه‌ر سه‌یر به‌ قاچاخه‌ ڕێی سه‌یر سه‌یر ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ هه‌ڵله‌رزینه‌كانی خۆی ئارامكاته‌وه‌، جا ئه‌م گه‌شته‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ بێ‌ یا بێئاگا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕاستگۆیانه‌ و هونه‌ریانه‌ له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی سیمبولیكیدا به‌شێك له‌و تاریكستانه‌مان بۆ ڕووناكده‌كاته‌وه‌.




ژن وەک یەکەم قوربانی قەیرانەکان …. بەیان ئیبراهیم

ئەگەر ژن وەک پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵگا سەیر بکرێت ، ئەوا بۆ خۆی ژن لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایە بێت دەکەوێتە ژێر حکومی یاسا و نەریتەکانەوە ، خۆ ئەگەر کۆمەڵگا خاوەنی سەرخانێکی گەورە بێت لە ڕۆشنبیری بۆ ئازادییەکان ، ئەوا هەمو مرۆڤەکان ، دەکەونە بەردەم حکومی یاساکانەوە و کۆدەنگیەک دەبێت لەسەر ماف و ئەرکەکان و هەر تاکێک خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ بەرگریکردن لە یاسا و ئازادییەکان ، ژن لەم نێوەندەدا دەبێتە کارئەکتەرێکی چالاک و هەست دەکات کە ئازادە و لە بەرامبەریشدا خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ ئازادی بەرامبەرەکانی ، بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی کە تا ئێستاش کلتوری خێڵ وەک یاسای کۆمەڵایەتی کاری پێ دەکرێت و قۆناغی فیودالیان تەنها وەک دیکۆر بڕیوە ، ( لە زۆرێک لە وڵاتەکان مۆدێرنترین باڵەخانە و یاسای هات و چۆ و بزنس هەیە ، بەڵام ئازادییەکان لە ژێر سفرەوەن ، وڵاتە عەرەبیەکان بە نمونە ، هەمو شت وەک دیکۆر جوانە بەڵام ئازادی سفرە ، لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان داهاتی تاک و شاری ڕازاوە سفرە بەڵام ئازادیەکان بەرزن ، بە زمانێکی ئەدەبیانە باڵای بیناکان بەرزن بەڵام باڵای ئازادییەکان قەزەمن ) لێرەوە ژن دەبێتە کارئەکتەرێک کە لە دەرەوەی ویستی خۆی هەڵدەسوڕێنرێت و دادەماڵرێت لە هەمو بەهایەکی ئینسانی و خواست و تێگەیشتنی ئەو لە بوارەکاندا سفر دەکرێتەوە ، خۆ ئەگەر ژن کۆمەڵێک ئەرکی لەسەر بێت وەک دایکایەتی و ماڵ و خێزان و پاشانیش زۆرێک لە ژنەکان بەرپرسیاریەتیان هەیە لە دام و دەزگاکاندا ، ئەوا ژن وەک ڕۆحی خێزان کە دەکاتە یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت .

سەرەڕای ئەم بەرپرسیاریەتیانە دەبێت بپرسین ئایا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژن وەک بونی خۆی و ئەو بەرپرسیاریەتەی لەسەریەتی تا چەندێ هەست بە مرۆڤ بونی خۆی دەکات ..؟
ئێستە لە باشور دۆخێکی ئابوری نالەبار دروست بوە ، کە دەستەڵات نەیتوانی لە ماوەی حکومڕانیدا دۆخێک لە ژێر خان دروست بکات تا بەردەوامی بدات بەسوڕی ئابوری و هەر لەوێشەوە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات ، بە گشتی لە سایەی ئەم دۆخەوە ئەم قەیرانانە دروست بون ، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژێر خانی تاک و خێزان ، کاتێک خێزان توشی ئەم حاڵەتە دەبێت ، جارێکی تر بەرکەوتن یەخەی ژن دەگرێتەوە و بە پلەی یەکەم ڕوبەڕوی ژن دەبێتەوە ، بەو مانایەی کە ژن پایەی بناغەیی خێزانە وەک دایک ، خۆ قەیرانەکان کە دروست دەبن ، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی زیندودا بێت ، ئەوا چی ژن و چی پیاو پێکەوە بەرپرسیاریەتیان دەکەوێتە ئەستۆ ، وە لەو کۆمەڵگایانەدا ، لەبەر بونی دام و دەزگای زیندو قەیران ماوەی کورتە ، بەڵام لە کوردستان و بەتایبەت لە باشور دوای ئەوەی بازاڕ ئیفلیج دەبێت و داهاتی تاک کەمدەبێتەوە ، لەبەر نەبونی ئەقڵێکی ئیداری ماوەکەی درێژ دەبێت ، زۆرێک لە پیاوەکان بێ کار دەبن ، ڕاستەخو کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خێزان بەجێ دێڵێ ، ئەمەش زیاتر ڕوبەڕوی ژن دەبێتەوە وەک بەرپرسی یەکەمی ماڵ و خێزان ، چونکە ژن کە ڕۆڵی دایکایەتی دەگێڕێت ، دەبێتە یەکەم قوربانی دەستی قەیرانەکان ، ئەو کات نەک ژن ناتوانێت وەک پێویستی ژیانی خۆی بژی ، بەڵکو دەبێتە قوربانی یەکەمی قەیرانەکان ، خۆ ئەگەر ژن کۆیلەی دایکایەتی بێت ئەوا لە قەیرانەکاندا ژن دەبێتە یەکەم قوربانی ، ئێستە ئەم دۆخەی کە هەیە ، دیسانەوە ژن وەک ئیدارەدانی خێزان دەبێت بزانێت چۆن مەمەڵە لەگەڵ داهاتی خێزاندا دەکات ، دەبێت ئاگای لە جۆری پەروەردە بێت ، دەبێت وەک شیف بزانێت چۆن مەتبەخ دەبات بەڕێوە ، دەبێت ئاگای لە نەستی پیاوێکی بێکار بێت وەک دکتۆرێکی دەرونی ، دەبێت لە ماڵدا ئاگای لە کارەبا و ئاو بێت ، لە جل وبەرگی مندالەکانی ، هەمو ئەمانە وا دەکات کە ژیان بۆ ژن تەسکتر بێتەوە نەتوانێت ممارەسەی ژیانی خۆی بکات ، خۆ ئەگەر قوڵ تر بڕوانین ئەوا لە ئاستی بونیادی پێکهاتنی یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگادا بونی حکومەتێک و ئیدارەیەکی تەندروست ، دەبێتە ئەو ژینگەیەی کە تاکەکان هەم هەست بکەن دەژین لە فەزایەکی تەندروستدا ، هەم بەرپرسیاریەتیش هەڵدەگرن ، بەڵام لەسایەی دۆخیکی نائەقڵانی و غیابی ئیدارە و حکومەتدا بە مانا ئیداری و ئابوری وکۆمەڵایەتی و سیاسی نەک دروشم ، ئەوا ژن دەبێتە یەکەم قوربانی دەرکەوتنی قەیرانەکان ، وەک ئەوەی کارئەکتەری سەرکی و بزوێنەری یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگایە .




2 ڕۆژ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ … نه ژاد عزیز سورمێ

ئه‌سته‌مبوڵ
ئه‌و ئه‌سته‌مبوڵه‌ نه‌بوو
(نالی) و (پیره‌مێرد) و (حاجی) لێ بوو
ئه‌و شاره‌ی ئێستا
به‌ باڵه‌خانه‌ی به‌رزو مناره‌ی مزگه‌وته‌كانی
له‌ نه‌خشی مافوور ده‌چێ
به‌ سام ، بژوێن ..
گه‌ش له‌ ڕه‌نگی ئاگر
ئینجانه‌كانی به‌ری ڕۆژئاوای ،
گوڵی ڕۆژهه‌ڵاتی تیا ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ . .

ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك بووین ..
ئه‌وانیش كۆمه‌ڵێك ..
هۆڵی كۆبوونه‌وه‌
هۆڵێكی خۆش بوو
هه‌رچه‌نده‌ بۆت نه‌بووجگه‌ره‌ی لێ بكێشی ،
به‌ڵام ماسك و ڕووبه‌ندی تێدا یاساغ نه‌بوو !
باسی مێژوویان كرد ،
باسی مێژوومان كرد ..
باسی جوغرافیامان كرد ،
باسی جوغرافیایان كرد ..
به‌ كه‌یفی ئێمه‌ په‌یڤین ..
كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌
ئه‌وه‌ی له‌ بیرم نه‌چووبێته‌وه‌
(باران)ی نه‌رمی ئێواران و
دیمه‌نی ئه‌و منداڵه‌ كورده‌ی
سه‌رنووسه‌ری (زه‌مان) له‌ تافی لاویدا بیستبووی ،
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ودا به‌ كوردی قسه‌ی كردووه‌
له‌لایه‌ن دادگای دادپه‌روه‌ره‌وه‌ قبوڵ نه‌كراوه‌ ..
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌
پێڕانه‌گه‌یشتین قه‌ره‌جه‌ فاڵگره‌وه‌كان ببینین
دوو ڕۆژ بوو
پێڕانه‌گه‌یشتین ،
به‌ دۆسته‌كانمان بڵێین
دڵ چاك ده‌كرێته‌وه‌ ، پینه‌ ناكرێ..

18\1\2010




كاتێ‌ دایكم پێی گوتم…له‌سه‌ر تۆ ئازارم دیوه‌!… … بۆتان له‌تیف ماویلی

ئه‌م ڕسته‌یه‌ی سه‌رێ‌ میهره‌بانی و سۆزی لێ‌ ده‌چۆڕێ‌،دایكم ئه‌مه‌ی كاتێ‌ گوت،كه‌ پرسیاری كاتی له‌دایك بوونی خۆمم لێ‌ كرد،گوتی:كوڕم چله‌ی هاوین بوو،ڕه‌مه‌زانیش بوو،له‌بیرمه‌ دوو سێ‌ ڕۆژی مابوو بۆ جه‌ژن،ئازارێكی زۆر سه‌راپای جه‌سته‌می داگرت،دڵم گه‌رم گه‌رم ببوو،ئه‌تۆ كه‌منداڵی سێیه‌مم بووی له‌وانه‌ی كه‌ بۆم ژیان،وام هه‌ست ده‌كرد ئازاری بوونت زۆر زیاتره‌ له‌وانی ترو به‌بوونت ئازارو ژان وئێشێكی زۆر كوتاییان دێت،به‌ڵام له‌سه‌رتۆ ده‌لاقانم وه‌ستا،نه‌م ده‌توانی هه‌ستمه‌ سه‌رپێ‌ و بڕۆم.لۆ دایێ‌ لاقه‌كانت پێشتریش ئازاریان نه‌بوو؟…دایكم گوتی:ناكوڕم،وه‌ختی ئه‌تووم بووی!له‌هیكه‌وه‌ ڕوو بووه‌ لاقه‌كانم،دختۆر نه‌ما نه‌یكه‌م،سه‌ردانی سه‌رگۆڕی زۆر له‌پیاو چاكانم كرد،ما به‌خۆت كه‌ گه‌وره‌ بووی دیتت كه‌ چۆن بووم! جا چیت بۆ باس كه‌م؟!…له‌قووڵایی ده‌روون وله‌ناخی دڵ وله‌هه‌ناوی بڕواوه‌ ئه‌م پرسه‌ ڕای چڵه‌كاندم، هه‌ستم ده‌كرد دڵم فرمێسك ده‌ڕێژێ‌… هه‌ردوو چاوم ئاره‌زووی ئه‌وه‌یانه‌ بیناییان نه‌مێنێ‌،هه‌ناسه‌ ساردو پڕ كوڵه‌كان له‌ شاخوێنبه‌رو خوێن هێنه‌ره‌كانی جه‌سته‌م دێن وده‌چن،دڵم له‌ گوێ‌ وچاوه‌كانم زیزه‌،به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌دڵی خۆم ده‌م گوت:باشه‌ دایه‌گیان گوناهی من چیه‌؟!… دواتر ده‌رم بڕی،دایك پێكه‌نی وگوتی:كوڕم ئیدی ئه‌وه‌ قه‌ده‌ره‌ خۆ ناكرێ‌ مرۆڤ هه‌ر له‌خوشی وساغیدا بژی؟… هیچ گوناهی تۆی تێدانه‌بوو،دوایی ده‌ركه‌وت كه‌ كالیسیۆمم زۆر كه‌م بوه‌و ماده‌یێكیش كه‌ له‌ناو ئێسكه‌،مه‌به‌ستی مۆخی ئێسك بوو،واتا به‌ڕێكه‌وت له‌وه‌ختی بوونی تۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ سه‌ری هه‌ڵدا،سوپاس بۆ خوا ئێستا زۆر باشم وئه‌تۆش به‌خۆ به‌خوشك وبراكانت باش وساغ بن،هه‌ر ئه‌وه‌ش ئاواتی منه‌.
به‌هێمنی به‌دایكم گوت:هۆدا واتا ئه‌من جه‌ژنم لێ‌ تاڵ كردی…ها؟! نا..! بوو به‌دوو جه‌ژن.چیڕۆكه‌كه‌ دوورو درێژه‌…نامه‌وێ‌ هه‌مووی بگێڕمه‌وه‌،ئێستا ئه‌من له‌دایك بووم،ژان وئازاره‌كان، ده‌رده‌سه‌ری و نه‌خۆشیی دایكم تێ‌ په‌ڕیوون،لێ‌ من دڤێت وێ‌ چه‌ندێ‌ ده‌رخه‌م كو وه‌ختێ‌ مرۆڤ ل دایك دبه‌،دایك ئازاره‌كانی هه‌ڵده‌گرێ‌ وباجی بوونی ده‌دات،وه‌ختی مرۆڤ له‌دایك ده‌بێت،به‌ئازارو ئێشه‌وه‌ دایك ژانی زانی ده‌گرێ‌…لێ‌ میهره‌بانیی دایك،سۆزو خۆشه‌ویستیی دایك،خه‌م وماندوێتیی دایك،له‌ په‌روه‌رده‌كردن و گه‌وره‌كردن،له‌پێدانی شیرو هۆش وژیری،سنوری ئاوه‌ز ده‌بڕێ‌.سه‌ره‌ڕای هه‌موو ژان وئازار،نیشانه‌كانی پرسیار(؟)وسه‌رسوڕمان(!)یش جێ‌ ده‌هێڵێ‌…دایكێك كه‌ له‌به‌هه‌شت به‌رزتره‌،به‌سۆزتره‌،ئازاره‌كانیشی بزه‌ن،زه‌رده‌خه‌نه‌و مژده‌ی بوون و به‌رده‌وامین.دواجار له‌دایك بوونت،بۆ ئازادیته‌،بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌مرۆڤیت.
كۆرپه‌ كه‌له‌ دایك ده‌بێ‌،ده‌كه‌وێته‌ به‌رپێیه‌كانی دایك،به‌ڵام دایك پێی لێ‌ نانێ‌!… هه‌ڵی ئه‌گرێته‌وه‌ وماچی ئه‌كات،ده‌به‌ره‌خۆی ده‌گوشی وسۆزو بزه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات وبه‌به‌ر پێیانی ناخات، سه‌رپێی ده‌خات،دایكم گوتی:كه‌له‌دایك بووی،هه‌موو ئازاره‌كانم له‌بیرچوون،یه‌كسه‌ر ئه‌وه‌ هاته‌ ناو خه‌یاڵم كه‌ده‌بێ‌ سبه‌ی كوڕم چی لێ‌ ده‌رچێت؟!…ده‌سته‌كانی نزام هه‌ڵبڕین وبه‌هه‌ناسه‌یێكی قووڵ و پاكه‌وه‌ پاڕامه‌وه‌ له‌خودا،كه‌سه‌ركه‌توو بیت،ته‌مه‌نت درێژ بیت،كه‌سێك بیت كه‌ نه‌من،نه‌باوكت، نه‌كۆمه‌ڵگه‌و نه‌خوداش له‌بوونی تۆ په‌شیمان نه‌بن!…جا به‌دایكم(دایكی ژن‌گوزارشت‘ودایكی زه‌وی‌ماویلیان‘)ده‌ڵێم:كاتێ‌ تامی تێگه‌یشتن تاڵ بێت، گه‌یشتن به‌ ئامانج نزیك له‌ مه‌حاڵه‌.
بوێری ونه‌رمی ولێبورده‌یی وسۆزو خۆشه‌ویستی…له‌دایكه‌وه‌ به‌بوون به‌خشراون،پاراستنیان، كار پێ‌ كردنیان ،ئه‌ركی ڕۆڵه‌كانی دایكه‌.
دایك؛ ده‌روازه‌ی ئازارو پانتایی ئازادی:
دایك به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌
له‌قوژبنێكی ژووره‌كه‌
هه‌ناسه‌یێكی هه‌ڵكێشا،
گوتی كوڕم:كه‌ژانی بوونتم لێ‌ بوو،
سه‌ره‌ڕۆیانه‌و بێ‌ پرسیار
به‌كۆڵانه‌كانی خه‌یاڵ،
تێ‌ ده‌په‌ڕیم!وێنه‌ی تۆم تیا ده‌خوێندنه‌وه‌!!…
هه‌ست ونه‌ست،ڕازی ده‌روون وئاره‌زوو،
هه‌ر بوونی تۆ دای گرتبوون!!…
گوتم دایه‌:
له‌پایته‌ختی هه‌ناوت،وه‌ختی هه‌بووم،
حوكمڕانێكی چلۆن بووم؟با بزانم تاكو ماوم!…
به‌هێمنی وهه‌ناسه‌یێكی گه‌رمه‌وه‌،
گوتی:ڕۆڵه‌ ژیان وخوشی بۆ ئێوه‌یه‌!
ئازاری زان،توندیی ژانیش بۆ ئێمه‌یه‌!…
ئازاره‌كانم پانتایی ئازادیی تۆن،
له‌ئازادی سه‌رپشك به‌،
چاوه‌ڕوانیم
نیشانه‌كانی پرسیارو
سه‌رسوڕمانی جێ‌ هێشتووه‌!!…
ده‌ ئازابه‌…
ده‌ ئازابه‌…
ده‌ ئازابه‌..
تێگه‌یشتم…
چ زیندو بم یاخود مردوو،
له‌دڵی دایكم نێژراوم!!…
دوا قسه‌ بۆ دایك جێ‌ ده‌هێڵم،دایكێك ئاماژه‌كانی ژیانی لا ڕوون نیه‌،هه‌رچی له‌باره‌ی ژیانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات،ده‌یه‌وێ‌ تێبگه‌ین كه‌ ژیانی ئێمه‌ چه‌نده‌ دژوارو سه‌خت و ناله‌بارو پڕ كوێره‌وه‌ری بووه‌!…له‌حاڵێكدا بزه‌و فرمێسكی تێكه‌ڵ ببوون،گوتی:كوڕم ئه‌ها ئێستا ژیان چه‌نده‌ ئاسان بووه‌و ئامرازو كه‌رسته‌كانی ژیان كردن چه‌نده‌ زۆرن؟!…هه‌رئه‌وه‌ ئه‌ڵێم بخوێنه‌و هاوده‌می یارو دۆست وبراده‌ری به‌ڕێزو ئارام وتێگه‌یشتوو به‌، باوكیشت هه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وێ‌…ئه‌مه‌ش لۆنگۆمانه‌،ئیدی هه‌ربژی كوڕم… ده‌مه‌وێ‌ به‌دایكم بڵێم:توو خوا دایه‌ بم به‌خشه‌،ئازاره‌كانت ئاوازێكن هه‌میشه‌ كه‌ ده‌یان بیستم، ده‌گه‌مه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌پێویسته‌ به‌به‌هاوه‌ بژیم.

بۆتان لەتیف ماویلی”پـایــان” 2008