شاژنی کاتوێ (queen of katwe) … خەندە حەمید

” هەندێ جار ئەو شوێنەی کە تۆ پێی ڕاهاتووی، ئەو شوێنە نییە کە تۆ بەشێکی لێی”

شاژنی کاتوێ فیلمێکی درامییە لە سێپتەمبەری ٢٠١٦ بڵاوبۆتەوە، سەبارەت بە ژیانی ڕاستەقینەی کچێکی١٠ ساڵانە بە ناوی فیۆنا لەگەڵ خێزانەکەی نیشتەجێی گەرەکە هەژارنشینەکانە بەناوی کاتوێ لە ئۆگەندا، دەبێتە یاریزانێکی لێهاتووی شەترەنج. هەمیشە ئەو فیلمانەم لا پەسندە کە چیرۆکێکی لە پشتە بەتایبەت گەر چیرۆکێکی ڕاستەقینە بێت. فیلمێک کە ئازارەکان، هەوڵەکان، سەرکەوتن و شکستەکان دەخاتە ڕوو، نەک تەنیا وێنە بگوازێتەوە. فیلمێک کە ئاماژەیە بۆ گرنگی پەروەردە و ڕاهێنان. توانسی مرۆڤە سادە و بێبەش لە ئامرازە سەرەتاییەکانی ژیان دەردەخات. لەلایەن خانمە دەرهێنەری بەتوانا (Mira Nair میرا نایر) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، ئەم خانمە هیندییە و ئێستا لە نیۆرک دەژی، کۆمپانیای فیلم بەرهەمهێنانی هەیە یەکێکە لە دەرهێنەرە سەرکەوتووەکان، هەندێ فیلمەکانی بایۆگرافین و گرنگی تەواو بەو لایەنە دەدات، شێوازێکی تایبەت هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی چیرۆکەکەمان پێ بڵێ. لەبەرئەوە ئەم فیلمەی ئیشکردنێکی پەروەردەییانە و دەروونیانەیە بۆ لێڕوانەر، مرۆڤ بڕوا بەو دیمەنە هەژار و جەرگبڕانە ناکات کە نیشاندەدەرێ لە فیلمەکەدا.

فیۆنا و براکەی لەنێو کۆڵانەکاندا گەنمەشامی دەفرۆشن، مردنی باوکیان قورساییەکی زیاتری خستۆتە سەر شانی دایکیان. دایکی فیۆنا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خێزانەکەی پێکەوە بهێڵێتەوە، بەڵام شکست دێنێ لە مانەوەی خوشکە گەورەکەی فیۆنا، چونکە ناتوانێ بەرگەی ئەو ژیانە سەختە بگرێ، بەڵکو دەڕوات و بە شکستەوە دەگەڕێتەوە. دایکیان خوێندەوار و پەروەردەکراو نییە بەڵام دەکرێ بەهێزیی پەروەردەی ئەو بێ بۆ منداڵەکانی، بەمانایەکی تر پەروەردەی ئەو لە بەهێزییدایە. چونکە هەرگیز دەستبەرداریان نابێت لە هەموو سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان. ئەم ڕۆڵەش خانمە ئەکتەری بەتوانا (Lupita Nyong’o) دەی گێڕێت. ئەم ئەکتەرە زۆرترین خەڵاتی بەدەست هێنا لە فیلمی (دوانزە ساڵ کۆیلایەتی) بەهۆی لێهاتووی و جوان ڕۆڵگێرانی لە فیلمەکەدا، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری یاریدەدەری بەدەست هێنا. پێم وایە بۆ ئەم فیلمەش هەمان پلە و توانای هەیە، هەربۆیە شایەنی خەڵاتە. هێندە جوان ڕۆڵ و ئەرکی دایک بەرجەستە دەکات لە کاتی سەختی و نەهامەتییەکانی ژیان، کاتێک هیچ پشت و پەنایەکت نییە و دەتەوێ بەردەوام بیت لەو نیوە ژیانەدا. لە فیلمەکەدا چەندان دیمەنی جوانی پڕ لە هاوسۆزی و پێکەوەیی و لێکتێگەیشتن هەیە.

هەستی فیۆنا بۆ زانین وای لێکرد کە بچێتە شوێنێک، کە تێیدا یاری شەترەنج فێرە کۆمەڵیک منداڵ دەکرا، لەلایەن مامۆستایەکەوە بەناوی (ڕۆبێرت کەتیندی) بەڕێوەدەبرا و ڕاهێنانیان پێ دەکرا. ڕۆبێرت مامۆستایەکی بەئاگا و سەرکەوتووە، زۆر جوان ئیشی لەسەر شێوازی پەروەردەی منداڵەکان دەکرد، بۆ ئەوان کە هیچیان نەبوو بە سکی برسییەوە ئەستەمە بتوانی ورە بەرز بییان هێڵێیەوە. چونکە تارمایی برسییەتی لە چاوەکانیان بەدیدەکرا، مامۆستاکە ڕۆژانە لەگەڵیاندا بەر ئەو هەستانەیان دەکەوت هەستی برسێتی و هەستی بێبەشی، هەرچەندە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی هەژارنشین، بێپەروەردە و بێماڵ زۆر زەحمەتە، بەڵام دەی زانی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بکات. ئەمەش لێهاتوویی پەروەردەیی و توانای ڕۆبێرتی مامۆستا دەردەخات. ئەو سەرەتا بە فیۆنا دەڵێ ئەم شوێنە بۆ ململانێکارانە!

دایکی فیۆنا سەرەتا ڕێگرە لە بەردەم منداڵەکانی کە ئەم یارییە بکەن و بە قومار ناوی دەبات، پێی وایە نابێت کاتەکانی خۆیانیان پێ بەڕێبکەن، چونکە پێویستە ئەوان ئیش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە و بەردەوام بن لەو ژیانە سەختەی هەیانە. بەڵام ڕۆبێرت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە دایکیان بگەیەنێ کە ئەمە قومار نییە و ئەوان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە شامپیۆنی (پێشبڕکێی)(king’s college) بەشداربن، چونکە فیۆنا زۆر زیرەکە، بۆ ئەوەی پاشان ڕێگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە کە بچن بۆ فێرگە و بخوێنن. ڕۆبێرت دەزانێ توانای فیۆنا زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا سەوزە بفرۆشێ، پێی وایە ئەوان شایەنی زیاترن. دایکیان لە خەمی پەروەردەی ئەوان رێگە بە منداڵەکانی دەدات بەشداربن. دەڵێت من ڕێگەیان دەدەم بەڵام تۆش کە بەڵێنەکەت نەبردە سەر هەرگیز منداڵەکانی من نابینیەوە.

یەکێک لە نموونە پەروەردەیی و جوانەکانی ڕۆبێرتی مامۆستا لە کاتی بێئومێدبوون و نامۆبوونی منداڵەکان بەو شوێن و ڕووبەرووبوونەوەیان بەرانبەر بە گرووپە بەشداربووەکانی تر ئەوەیە، کە نموونەیان لەسەر برسییەتی بۆ دێنێتەوە ئەو دەرک بەوە دەکات ئەمە نزیکترین و باشترین ڕێگەیە کە منداڵانێکی برسی و بێبەش بەشێوەیەکی پەروەردەییانە تێبگەیەنی. دەڵێ؛ دوێنی لە ڕێگەی پاسەکەمدا سەگێکی لاوازم بینی، سەگەکە زۆر برسی بوو، چاودێری پشیلەیەکی دەکرد، سەگەکە دەستی کرد بەوەی پشیلەکە بگرێ لە کۆڵانە و گۆمە ئاو و خانووەکە، پشیلەکە تەنانەت بازی بەسەر کتری سەر ئاگرەکەشدا دەدا و دواتر بزر بوو. سەگەکە لە ماندووییان بەربۆوە لەسەر زەوییەکە. منیش بە سەگەکەم گوت چی ڕوویدا؟ تۆ زۆر برسی بووی بەڵام ژەمەکەت لەدەست چوو و دوورکەوتەوە. سەگەکە پێی گوتم کێشەکە من بووم. تەنیا ڕام دەکرد بەدوای ژەمێکدا، بەڵام ئەو پشیلەیە ڕای دەکرد بە دوای ژیانیدا.

ڕۆبێرت دەڵێ؛ دەبینن ئەم منداڵانە، جلی جوانیان هەیە، جێگەی ئاسوودەیان هەیە، ئەوان وەک سەگەکە وان. هەموو شتێکیان ئاسان بۆ دێتە بەر دەست، بەڵام ئێوە پشیلە مەزنەکانی منن، ئێوە بەدوای ژیانتاندا ڕادەکەن. بەمە ورەی هەموو منداڵاکان بەرز دەکاتەوە. فیۆنا هەندێ جار باوەڕ بە توانا و لێهاتووی خۆی ناکات، لای سەیرە لە کەسێک دەیباتەوە کە خوێندوویەتی و پەروەردەی بینیوە ئەویش هیچ خوێندەوارییەکی نییە. ڕاستی پەروەردە دەتوانێ ئاسانتر و باشتر لێهاتووییەکانت پەرە پێ بدات، بەڕێگەیەکی زانستییانەیاندا بەرێت، ئەگەرنا هەموو مرۆڤێک توانایی مێشکی هەیە گەر بزانێ و بەهرە و زیرەکی خۆی بدۆزێتەوە لەو بوارەی کە تێیدا لێهاتووە. ڕۆبێرت دەرخەری تواناکانی فیۆنا بوو.

یاری شەترەنج ئەوەی بۆ گرنگ نییە کە تۆ چۆن و چەند بەهێزی یاخود دەوڵەمەندی، بەڵکو دەتوانێ بۆ ژیانێکی باشتر فێری ڕێگەیەکی ستراتیژیانەت بکات. ئەمەش پێویستی بە هێز و دەربازبوونە لەو دۆخەی تێی دای. هەربۆیە فیۆنا دەڵێ: ”شەترەنج، مێشکم تیژ دەکاتەوە”.
فیۆنا هەرچی لەبەردەستی بوایە دەی کرد بە شەترەنج و ڕاهێنانی پێ دەکرد، بەردەوامی و سووربوونی فیۆنا پاش هەوڵ و شکستەکانی دەرخەری ئەو ویستەیە کە فیۆنا لە شەترەنجدا دەیبینێتەوە. ئەمە بۆ ئەو دەبێ بە خەون و دەیەوێت لە ڕێگەی شەترەنجەوە ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بێنێت بۆ خۆی، دایکی و خێزانەکەی. لە دواجاردا سەرکەوتوو دەبێت وەک پاڵەوانی شەترەنج لە ئۆگەندا، کە هەموو خەڵکەکە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی سەرکەوتنەکانی فیۆنان و هاوسۆزن لەگەڵی. دواتر دەتوانێ بخوێنێ و هەروەها دەتوانێ شوێنێکی شایستەی ژیان لەژێر سەقفێکی پڕ لە خەون و ویستدا هەموو خێزانەکەی کۆبکاتەوە.




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندی سەماکار کاروان عومەر … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

كاروان عومه‌ر:
من و سه‌ما دوو هاوڕێی ناكۆتاین، چونكه‌ پێكه‌وه‌ هاتوینه‌ته‌ بوون
سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

سه‌ما یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ مۆدێرنه‌ هاوچه‌رچه‌كان و له‌سه‌ر ئاستی دونیا له‌ ئێستادا گرنگی زۆری پێده‌درێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش (29/4)ی هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی جیهانی (سه‌ما) دیاری كراوه‌. هه‌ربه‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، پێم باش بوو ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی سه‌ماكار(كاروان عومه‌ر)دا ساز به‌ده‌م.

پ١/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ما، هونه‌ره‌و هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ كه‌ جۆرێكه‌ له‌ زانست، چونكه‌ كارێكی هه‌روا سانا نییه‌و سه‌لیقه‌ی وردی پێویسته‌، ئێوه‌ بیرو ڕاتان ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ چیه‌؟ سه‌ما هونه‌ره‌ یان باڵاتره‌ له‌ هونه‌ر؟

كاروان/ به‌ دڵنیایه‌وه‌ سه‌ما هونه‌ره‌، به‌ڵام هونه‌رێكی ئاسان نیه‌ و تێدا ژیان و هیلاك بوون، وه‌ هه‌وڵدانی پێویسته‌، چونكه‌ بونیادنانی جه‌سته‌ و ئاماده‌كردنی كاركرده‌ی جادونیه‌، وه‌ك چۆن كاركرده‌ی به‌ هه‌ره‌یه‌كی ڕه‌ها و فراوان نیه‌، كه‌ له‌ هاتنه‌بونته‌وه‌ له‌ تۆدابونی هه‌بێت، به‌ڵكو خود ئاماده‌كردن بۆ سه‌ما پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی ژیانكردنه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ حه‌زێكی كورت خایه‌ن، یان ناهۆشیار و نا زانستی له‌ سه‌مادا، هه‌ر وه‌ك چۆن پرۆسه‌ی فێربوون سنورێكی نیه‌ بڵێی لێره‌ دا ئیتر كۆتایی دێت، سه‌ما فێربوونیش ئیشكردنی رۆژانه‌ی ڕاستگۆییانه‌ی ناو هۆڵه‌كانی سه‌مایه‌، ئه‌و كاته‌ی خۆڵی نیشتوی سه‌ر جه‌سته‌ تێكه‌ڵَ به‌ خۆڵی ناو هۆڵه‌كان ده‌بن، ئیتر هیوایه‌ك بۆ سه‌ما فڕینێك له‌ جه‌سته‌یه‌كی ئازاد دا دێته‌بوون.

به‌دڵنیایه‌ وه‌ سه‌ما هونه‌ره‌ و له‌ ڕیزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌ره‌كانی ده‌ربڕیندایه‌، چونكه‌ سه‌ما باڵاترین هونه‌ری ده‌ربڕینه‌، ئه‌گه‌ر جوڵه‌ی مرۆڤی كۆن بۆ خود ناساندن یان ئاشكراكردنی ژیان بێت، یان ئاماژه‌ و داواكاریه‌كانی ئه‌و منداڵه‌ بێت كه‌ ئێستا هاتۆته‌ بوون كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی فێربوندا جوڵه‌كان و هاوسه‌نگی ده‌ دۆزێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌ربڕین وه‌ك پیویستیه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌موو بونه‌وه‌ره‌كانه‌ به‌ئاژه‌ڵه‌ كانیشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌سه‌ر نجدانه‌وه‌ بڕوانین، ده‌بینین كه‌چۆن سه‌ما به‌شێكی گرنگی ژیانی ئاژه‌ڵه‌كان پێكده‌هێنێت، گه‌ر بڕوانین له‌ پرۆسه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ و پرۆژه‌ سه‌ماكان، هه‌مان شته‌ ته‌نانه‌ت جوڵه‌ سه‌مای سروشته‌ و دیارده‌ سروشتیه‌كان روبه‌رێكی ئاشكراو فراوانیان له‌ سه‌مادا هه‌یه‌، وه‌ك ده‌بینین كه‌ ڕاهه‌ێنه‌رو سه‌ما كۆریۆگرافیه‌كان چۆن له‌ بونیادنانی ته‌كنیكی ڕاهێنان و كۆریگرافیه‌كانیاندا سودێكی فراوانیان له‌ ده‌ربڕین وجوڵه‌ی ئاژه‌ڵ وسروشت بینیوه‌، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ سه‌ما وه‌ك دیارده‌یه‌كی یه‌كانگیر به‌ژیانی مرۆڤ، نزیكترین و جوانترین وڕونترین ده‌ربڕینه‌ له‌ خودناساندن و خود پێناسه‌كردندا، لێره‌شه‌ وه‌ ده‌گه‌ین به‌و دڵنیابونه‌، كه‌ سه‌ما باڵاترین هونه‌ری ده‌ربڕینه‌ له‌ نێوان هونه‌ره‌كانی تردا، ئه‌م بۆچونه‌شم له‌ دوو سه‌رچاوه‌ وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.

یه‌ كه‌مین، سه‌ما له‌ ده‌ر بڕیندا په‌ نا بۆ هیچ ماده‌ یه‌ك نابات وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ گوزارشت كردن و ده‌ربڕین و ئاماژه‌كانی جه‌سته‌، كه‌ ده‌ست پی ده‌كات به‌رجه‌سته‌ بوون ده‌كه‌وێت و به‌رجه‌سته‌ بوون ڕوده‌دات، به‌ر ئێستا بوون به‌ر خودبوون، به‌ر ئه‌و جه‌سته‌ یه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ژیانماندا به‌ رده‌وام هاوه‌ڵ و ڕێگه‌ ڕێمانه‌ به‌بێ هیج پیویستیه‌كی تر ده‌ربڕین ده‌كات، بۆیه‌ ڕاسته‌و خۆ به‌ر ناوه‌وه‌ وخه‌ون و هه‌سته‌وه‌ره‌كان و بیركرنه‌وه‌كان و هێزمان ده‌كه‌وێت. دوه‌مین كاتێك كه‌منداڵ یان مرۆڤی كۆن سه‌ره‌تایترین ده‌ربڕین ده‌كات و له‌ پرۆسه‌یه‌كی فێربوندا به‌ره‌و پێش ده‌چێت، دواتر هه‌مان ئه‌وجوڵه‌ و سه‌مایانه‌ ده‌بنه‌ گه‌نجینه‌ و پاشخان و به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ له‌ مرۆڤناسیدا به‌كار ده‌برێن، كاتێك تێده‌گه‌ین كه‌ به‌ هاونرخی سه‌ما له‌لای زانایانی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كان، به‌ تایبه‌ت زانا ئه‌نترۆپۆلۆژ و ئاركیۆلۆژه‌كان چه‌ند گرنگه‌ بۆ مرۆڤناسی و هه‌ڵگرتنی شوێنه‌واری مرۆڤبوون له‌ سه‌ر زه‌وی، هه‌مان كات له‌ ئه‌زمونی مرۆڤی هاوچه‌رخه‌وه‌ له‌و واتایه‌ گه‌یشتوین كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها عه‌قڵ و زانسته‌ داهێنان و به‌رده‌وام بوونیان به‌ ژیان و مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه‌، به‌لایه‌كی تردا گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر پێناسه‌ی زانست وه‌ك تێگه‌یشتنێكی سه‌رده‌میانه‌، زانست بریتیه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌له‌ ئه‌ نجامی ئه‌زمونكردن و هه‌وڵدانی مرۆڤه‌كان بۆ فێربوون له‌ سه‌رده‌مێكدا به‌رهه‌م هاتوون و به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی كۆكراونه‌ ته‌وه‌و پارێزراون و بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی فێربوون و به‌رده‌ وامبوونی ژیان و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، سه‌ماش شانبه‌شانی هه‌موو ئه‌ و زانسته‌ مرۆڤایه‌تیانه‌ی كه‌بونیان هه‌یه‌ ومرۆڤایه‌تیان له‌ له‌ ناوچون پاراستوه‌… به‌ره‌و پیشچوه‌ و هه‌نگاوی ناوه‌ گه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ما بۆ فێربوون له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌ دا له‌ ئیتالیا له‌ ناو ماڵ و كۆشكی شاهانه‌دا ده‌ستیپێكربێت، ئه‌وه‌ ئێستا سه‌ما ماڵ و شوێنگه‌ وئه‌كادیمیای خۆی هه‌یه‌ بۆ فێربوون، به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ زانستیه‌ گرنگه‌كانی بواری سه‌ما، زانستی جه‌سته‌ و پێكه‌هاته‌ ئه‌ناتۆمی وئۆرگانی و ته‌كنیكیه‌كانی فروانتر و پیشكه‌وتوتر هه‌نگاوه‌كانی خێراتر، تێكڕای ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌ بواری ده‌رونناسی وپزیشكی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی داگیر ده‌كه‌ن.

لێره‌ شه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم سه‌ما لێره‌ بوونه‌ ژیانبوونه‌ به‌رده‌وامبوونه‌. كه‌واته‌ سه‌ما هونه‌ربونه‌ زانست بوونه‌ مرۆڤبونه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌كی زانستیدا گرنگی به‌ فێربون و ڕاڤه‌كاری و توێژینه‌وه‌ ده‌دات، زانستێك نیه‌ به‌بێ بناغه‌ لێره‌ بێت وه‌ك چۆن هونه‌رێك نیه‌ به‌بێ ڕاستگۆیی و هه‌ست و هێزو بیركردنه‌ وه‌لێره‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ دۆخێكدا، گه‌ر به‌ دوای داهێنان و به‌رده‌وامیدا هه‌نگاوه‌كان سه‌ر چاوه‌یان گرتبێت، نه‌ك بۆ ئامانج ومه‌به‌ستی كورتخایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی و دوور له‌ مرۆڤبوون.

پ٢/ هه‌ندێك جار ده‌وترێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ هونه‌ره‌كانی تری وه‌ك (شانۆ، وێنه‌كێشان و مۆسیقادا) ناتوانێت بیانڵێت، له‌ سه‌مادا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانرێت گوزارشتیان لێبكرێت، ئه‌و نهێنیه‌ شاراوانه‌ چین كه‌ مرۆڤی سه‌ماكار له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌كانی جه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌توانێت به‌ فراوانی كه‌ون ته‌عبیریان لێبكات، سه‌ما كوێی ناته‌واویه‌كانی ئێمه‌ ته‌واو ده‌كات؟

كاروان/ من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌دانیم كه‌ له‌ سه‌مادا زۆر ئاسانترشته‌كان ده‌وترێت وه‌ك له‌ هونه‌ره‌كانی تردا، ناشزانم ئه‌ وه‌كێیه‌ واده‌ڵێت؟ ئه‌وه‌ بۆچونی كه‌سێكی تایبه‌ت یاخود كۆمه‌ڵگا یان هونه‌رمه‌ندێكی كورده‌؟ خۆزگه‌ ڕونتر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ پرسیاره‌ كه‌تدا ده‌خرایه‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی پێت بڵێم ئه‌و شێوه‌ بیركرنه‌وه‌یه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌ گفتوگۆیه‌كی هونه‌ریدا په‌ نابه‌رینه‌ به‌ر بۆچونێك كه‌ بناغه‌ی نه‌بێت وله‌ زه‌مینه‌سازیه‌كی پته‌وه‌ وه‌یان توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیه‌ وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، هیوادارم و دڵنیاشم تێده‌گه‌یت كه‌ ئێمه‌ باس له‌ سه‌مایه‌ك ده‌كه‌ین، كه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ نه‌ریت په‌رستانمان، به‌ڵكو به‌ كولتور په‌رستانیشمان نامۆیه‌، سه‌ما له‌مێشكی هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانماندا وه‌ك نه‌ریت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت نه‌ك وه‌ك هونه‌رو زانست، كه‌ كاریگه‌ریه‌كی باڵای به‌ سه‌ر سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بونیادی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ من لێره‌ دا گرنگه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌وكه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنرا و دێته‌ بوون ..
بۆ كولتوری سه‌ما دروستبكه‌م، نه‌ك هه‌موو ئه‌و سه‌ر لێشێواوی و قسه‌ فڕێدانه‌ی كه‌ ته‌واوی ئاستی ڕۆشنبیری ئێمـه‌ی بۆ بڕێك ده‌ستكه‌وتی مادی وێران كردوه‌، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی نه‌به‌شدارن نه‌هانده‌ری ئه‌وشێوه‌ وێرانكردنه‌ن، دڵنیام تۆش وه‌ك گه‌نجێك ئه‌م بۆچونه‌ی منت پێ گرنگه‌ و گرنگی به‌ كاری جه‌خت لێكراو تۆكمه‌ ده‌ده‌یت.

ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ ساتی خود جوڵاندن و سه‌مادا، به‌ واتای ڕێكاری ئێمه‌ له‌ سه‌ما دا كه‌ له‌ به‌رجه‌ سته‌بوون، به‌ر جه‌سته‌ كردن و به‌رجه‌سته‌ كه‌وتندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ … ڕاسته‌وخۆ به‌ر زمان و ڕێزمانێكی تایبه‌ت به‌جوڵه‌و ده‌ربڕین ده‌كه‌وین، ئه‌و زمانه‌ش زمانی جه‌ سته‌یه‌، زمانی جه‌سته‌ بریتیه‌ له‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی به‌ رده‌وامبوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی به‌ بێ قسه‌كردن به‌ هاوه‌ڵی و گوزارشتی و ده‌ربڕینی ده‌موچاو ده‌ بێته‌زمانێكی زیندو. لێره‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌ره‌كان زمانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ ده‌ربڕین وه‌ك چۆن شێوازو مۆتیڤی هونه‌ری و كۆنسێپتی كاركردنیان هه‌یه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت به‌ وشێوه‌ ڕه‌هاییه‌ له‌و بابه‌ته‌ بدوێێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر زمانی هونه‌ری به‌راستگۆییانه‌كاری پێ بكرێت وپه‌یامێكی ڕونی هه‌بێت وبه‌هێزوه‌ به‌ هۆشیاریه‌كی هونه‌ری وزانستیه‌وه‌ داڕێژرابێت، ئه‌وا ده‌توانێت بكرێته‌ ده‌ربڕی هه‌موو ئه‌و بابه‌ تانه‌ی ده‌مانه‌وێت بیگه‌یه‌نین به‌ وه‌رگر. سه‌ما كاركردن كارێكی هونه‌ری هه‌روا ئاسان نیه‌ بتوانین هه‌رچیمان هه‌یه‌ بیڵیین، ئه‌گه‌ر به‌ وردبینیه‌وه‌ پێكه‌هاته‌یه‌كی داڕێژرا و ته‌واوكراو هاڕمۆنیه‌كی یه‌كانگیر جوڵه‌ و كۆریۆگرافیه‌كان دا نه‌ڕێژریت، ئه‌واناتوانرێت مه‌به‌ست و په‌یام بگه‌یه‌نێت و ده‌ ره‌هاته‌ یه‌كبێت له‌ هونه‌ری سه‌ما. بۆ وه‌ڵامی دوا بڕگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ش وته‌یه‌كی ڤۆلتێر فه‌یله‌سوف و نوسه‌ری فه‌ره‌نسیم دێته‌ یاد كاتێك ده‌ڵێت – “زمانه‌كان دراون به‌ مرۆڤ.. تاوه‌ كو بتوانێت بیركردنه‌وه‌كانی خۆی پێ بشارێته‌ وه‌” .به‌رامبه‌ر به‌م وته‌یه‌ش چه‌ند زانایه‌كی جیاوازی توێژه‌ر له‌ بواری زمانی جه‌ سته‌دا دڵنیایی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن – كه‌ جه‌سته‌ درۆ ناكات. لێره‌وه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ناتوانن ئه‌وه‌ی ئه‌یانه‌وێت له‌ هونه‌ره‌ كانیاندا بیڵێن، ئه‌وه‌ یان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ به‌كارهێنانی زماندا ترسنۆك وهه‌لپه‌رست و درۆزنن – یان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ هونه‌ردا هیچ بیركردنه‌وه‌كیان نیه‌ و به‌ هۆی زمانی هونه‌ره‌ وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ترخۆیان له‌ مۆڕالی مرۆڤبوون و ڕاستیه‌كان ده‌شارنه‌وه‌، دیاره‌ شاردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ و درۆزنبوون له‌ ئێستادا له‌ كوردستان بۆته‌ كولتورو مۆڕالی هه‌نوكه‌یی مرۆڤبوون، سیاسه‌ت، بازرگانی، دامه‌زراوه‌ كۆمه‌لایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی و هونه‌ریه‌كان و ناڕاستگۆیی و دومۆڕالی سه‌رتاپای جه‌سته‌ و به‌ڕیوه‌بردنیان وه‌ك مۆرانه‌ ته‌نیوه‌، لێره‌وه‌ ئیتر تاكه‌ هونه‌رێك ته‌نها زانستێك كه‌ بتوانێت په‌ رده‌ هه‌ڵماڵێت له‌ ڕوی ئه‌ و هه‌موو داڕزانه‌… سه‌مایه‌ كه‌ ده‌توانێت مرۆڤه‌كان له‌ ڕه‌گو ڕیشه‌وه‌ به‌ره‌ و قوڵاییه‌ په‌نه‌هانه‌ كان بڕوات ونهێنیه‌كانی بوون ئاشكرا بكات، ناته‌واویه‌كانی جه‌سته‌ و هۆشیاری دیاریبكات، به‌ڵام سه‌مایه‌ك كه‌ بتوانێت له‌ ئێستا بووندا بێت سه‌مایه‌ك كه‌ گوزارشتی ڕه‌وان بێت له‌ پانتاییه‌ سپیه‌ كاندا سه‌مایه‌ك كه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ تێكشكاندنی ئه‌و نه‌ریتانه‌ی كه‌ مرۆڤبونی مرۆڤی ئێمه‌ یان پارچه‌ پارچه‌ كردوه‌.

پ٣/ مرۆڤ چۆن سه‌ما و هه‌ست و تواناو بیركردنه‌وه‌كانی پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌؟ ئایا له‌ سه‌مادا مرۆڤه‌كان ده‌توانن بڕۆنه‌ ناو به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ڕاسته‌وخۆی مێژووی خودی خۆیانه‌وه‌؟ سه‌ما هونه‌ری وه‌رگرتنی چێژه‌، یان هونه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ بۆ ناوخودی خۆی و ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ ئاشنابوون به‌خود له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌كانی جه‌سته‌وه‌؟

كاروان/ هه‌ست ووزه‌ و بیركردنه‌وه‌كان بوون وه‌ ئاماده‌ییان له‌ بچوكترین خانه‌ی له‌شدا هه‌یه‌، چۆن ده‌كرێت ئاشكرا بكرێن و به‌ره‌و پێش ببرێن و زیندوبكرێنه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای پلانێكی تۆكمه‌ی ڕاهێنان و ئیشكردنه‌وه‌ به‌رهه‌م دیت. جه‌سته‌ مێژوی هه‌ر یه‌كێك له‌ مرۆڤبونی ئێمه‌یه‌، سه‌ماش ڕیگایه‌ كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاستێكی باڵاتر له‌بونی جه‌سته‌دا چیرۆكه‌كانی جه‌سته‌ش گیرَِانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و مێژوه‌یه‌ كه‌ شوێنگه‌ی له‌ سه‌ر جه‌سته‌ جێهێشتوه‌، هه‌رله‌ به‌ هاوه‌ڵی كردنمان له‌ له‌ دایكبونمانه‌وه‌ گڕێمانده‌دات به‌ ئێستامانه‌وه‌. هه‌موو هونه‌ره‌كان چاوگی چێژ به‌خشین و چێژوه‌رگرتنن، ئه‌م دوو دۆخه‌ش چێژبه‌خشین وچێژوه‌رگرتن دوالیزمه‌ن و یه‌ كانگیرن و پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، چونكه‌ ناكرێت تۆی سه‌ماكار له‌ جیاتی چێژوه‌رگرتن، له‌ نه‌زانیدا له‌ ئازاری جه‌سته‌ دا بناڵێنێت، له‌ نا هۆشیاریتدا هه‌رچی ببینیت كۆپی بكه‌یت وبیخه‌یته‌ سه‌ر شانۆكان به‌ ناوی داهێنانه‌وه‌ پێشكه‌شی بكه‌یت، كه‌ لوتكه‌ی توانای داهێنان واته‌ به‌ كارهێنانی وزه‌ی عه‌قڵ و زانست نه‌ك نه‌زانین و خورافه‌، به‌ هۆی ئه‌و وزه‌یه‌ شه‌وه‌ سه‌ماكار ده‌گات به‌ خودی خۆی، ده‌گات به‌ خودناسین و ئیتر ته‌نها و ته‌نها له‌ بیركردنه‌وه‌ی شه‌پۆلی ده‌نگدانه‌وه‌ی جه‌ سته‌ی له‌ كاتی فڕیندا ڕاده‌مێنێت، لێره‌ دا گرنگی چێژمان بۆ ڕونده‌بێته‌ وه‌ كاتێك بینه‌ر چێژ ده‌بنیت ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌سه‌ماكاری هۆشیار سه‌ره‌تا خۆی چێژ له‌ كاره‌كه‌ی ده‌بینێت و به‌متمانه‌یه‌كی بی سنوره‌وه‌ ده‌گاته‌ فڕینێك كه‌ ته‌نها خۆی له‌لوتكه‌ی ئه‌و چێژه‌ تێده‌گات، به‌ڵام بینه‌ران له‌ سه‌رسامی ئه‌وفڕینه‌و گه‌یشتنی هه‌ست و وزه‌و بیركردنه‌وه‌ی هۆشیاری سه‌ماكاردا، چێژێكی ناكۆتا و پڕ به‌ هاترین جوانیان به‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رگیز به‌وشه‌ ناتوانرێت گوزارشتی لێبكرێت.

پ٤/ به‌بڕوای ئێوه‌ چۆن سه‌ما ده‌توانێت په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزوكاریگه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا دروستبكات، به‌جۆرێك توانای گوزارشت و هێزو ئێرۆتیكی جه‌سته‌تا ئه‌و ئاسته‌ی ببێته‌ بزوێنه‌رو پاڵپیوه‌نه‌ری گۆڕانكاڕیه‌كان. ئایا سه‌ماله‌ كوێوه‌گۆڕانكاریه‌كانی له‌ هێزرو جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات؟

كاروان/ سه‌ما ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هێزو كاریگه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا دروستبكات، كه‌ جه‌سته‌ له‌ ئه‌نجامی ڕۆژانه‌ی ئیشكردنه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ته‌كنیكه‌كانی سه‌مای به‌ ڕاستودروستی له‌ پرۆسه‌یه‌كی تۆكمه‌ی فێربووندا به‌ر جه‌سته‌كردوه‌، به‌ڵكو سنوربه‌ندی سروشتی ئه‌ناتۆمی و ئۆرگانی جه‌سته‌ی به‌زاندبێت، ئه‌م كاره‌ش به‌ توێژینه‌وه‌ و قوڵبونه‌وه‌ له‌ تێكڕای ئه‌و میتۆده‌ جوڵه‌یی و جه‌سته‌ییانه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات و خۆی ده‌ بینێته‌وه‌ كه‌ سه‌ماكار شاره‌زای ده‌بێت و ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی پراكتیكیان ده‌كات، ئه‌ومیتۆدانه‌ش زۆر زۆرن و ڕۆژانه‌ زیاتر ده‌بن، كه‌ واته‌ تۆی سه‌ماكار ده‌بێتچی بكه‌یت تا بتوانیت له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی خێرای گۆڕانكاریه‌ سه‌رده‌میه‌كانی بواری جه‌سته‌دا هه‌نگاو بنێێت؟ گۆڕانكاریه‌كانیش ئه‌وكاته‌ دروست ده‌بن كه‌ سه‌ماكار هه‌ست ده‌كات گه‌یشتوه‌ به‌ ئاست و به‌ ئه‌نجامێك كه‌ شتێكی زۆر جیاواز و نه‌ كرده‌ی له‌ جه‌سته‌یدا به‌رهه‌م هێناوه‌، ئیتر ئه‌وكات هه‌رزو بۆخۆی له‌ ئاسمانی توێژینه‌وه‌ دافڕینه‌كانی ناكۆتا له‌ گه‌ڕاندان به‌ دوای ئاشكرا كردنی خه‌ون و فه‌ نتاسیا دوره‌ ده‌ست و دوره‌ ڕیگاكان. سه‌ماكردن واتای كارێكه‌ كیمیایی و ئۆرگانیه‌ناوه‌كیه‌كانی جه‌سته‌، به‌م شێوه‌یه‌ش توانا و هێزه‌ ئێرۆتیكیه‌كان ده‌گه‌ینێته‌ ئاستی هه‌ڵپژان، هه‌ڵڕژان، به‌رپابوون و ده‌رچون له‌ هه‌موو سنوره‌ دروستكراوه‌كانی ئازادی ئیرۆتیك وجه‌سته‌ و چێژبینین.

پ٥/ هه‌موو مرۆڤێك له‌ ژیاندا پرسیارگه‌لێكی هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانیه‌تی بۆ ئه‌مه‌ش به‌ شتێك گوزارشتی لێده‌كات تۆ بۆ سه‌مات هه‌ڵبژارد؟ سه‌ما ده‌توانێت تا كوێ وه‌ڵامی پرسیاره‌ وجودیه‌كانی تۆ بداته‌وه‌؟

كاروان/ من وسه‌ما دو هاوڕێی ناكۆتاین، چونكه‌ پێكه‌وه‌ هاتوینه‌ته‌بون، سه‌مام وه‌ك منداڵێك له‌ خۆمدا گه‌وره‌ كردوه‌، ئێستا له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدایه‌ و به‌ دڵنیایه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌ و گه‌ وره‌ بووون ده‌چێت، وه‌ك منداڵێك ده‌ستی سه‌ما وجه‌ سته‌مم گرتوه‌ بۆ فێربوون، پله‌ به‌ پله‌ به‌ره‌ و سه‌ره‌وه‌ سه‌رم خست له‌ ئێستادا گه‌وره‌ بوه‌ و خۆی هه‌نگاوه‌كانی ده‌نێت. سه‌ما له‌ ڕێگای پێكانه‌وه‌ هه‌بوونی منی به‌ڕه‌گوڕیشه‌ وه‌ له‌ سه‌ر زه‌مین داكوتاوه‌، سه‌ما سه‌لماندنی هه‌بوونی منه‌ لێره‌ و له‌ ڕێگای پێكانمه‌وه‌ شوێنه‌ كانیترم پێده‌ ناسێنێت، سه‌ماكردن ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ كه‌ هه‌ ستی كردنی شتێكی جیاوازم پێده‌به‌خشێت، شتێك كه‌م كه‌س ده‌توانن بیكه‌ن، ئه‌ویش سه‌مایه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ما لێره‌ بونیشم ده‌پارێزێت، له‌ ڕێگای سه‌ماوه‌ ده‌ستم بردوه‌ بۆ هه‌موو شوینێك له‌ جه‌سته‌مدا ئه‌و شوێنانه‌ی لای مرۆڤه‌كان فه‌نتاسیا و ئه‌سته‌مه‌و به‌رده‌وام ترسیان له‌ گوتاره‌كانی جه‌سته‌ و سه‌ما هه‌یه‌، شوێنه‌ تاریكه‌كان ئه‌و شوێنانه‌ی زۆر له‌ مرۆڤه‌كان له‌ ژیانیاندا نه‌ پێی ده‌ گه‌ن نه‌ لێی ده‌گه‌ن.

پ٦/ ئێستا هونه‌ری سه‌ما یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ باڵاو ئه‌كادیمه‌كانی دونیا، به‌ڵام له‌ چاو هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌م هونه‌ره‌ نه‌دراوه‌، به‌بڕوای ئێوه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ چیه‌؟

كاروان/ هۆكاره‌كان زۆرن گرنگه‌كان ئه‌مانه‌ن…له‌ ئێستادا زۆربه‌ی پێویستیه‌كانی ژیانی مرۆڤی كورد گرنگی پێنادرێت ده‌بێت هونه‌ری و سه‌ما له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌ یه‌دابێت.. هونه‌رمه‌ند خۆی ده‌ستی هه‌یه‌ له‌م كاره‌ دا، كاتێك له‌نه‌زانین و نا هۆشیاریدا ناتوانێت ماڵێك له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌ كاندا بۆ خۆشویستنی سه‌ما وپه‌روه‌رده‌كردنی بونیادبنێت دێت ته‌نها هه‌وڵ و گرنگیپێدانی بۆ خود سه‌نته‌ری ته‌نها دروستكردنی باره‌گای حیزبی بێت بۆ كاره‌كه‌ی، ئیتر ده‌بێت چاوه‌روانی چ هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌وتنی سه‌ما… سه‌ما ئه‌گه‌ر كاركردنێكی تۆكمه‌ نه‌بێت بۆ مرۆڤه‌كان له‌ پێناو مرۆڤه‌كان… كاری هونه‌ر گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وتنی به‌ مرڤه‌كان ئیتر مرۆڤ نه‌بێته‌ سه‌نته‌ری پرۆژه‌ وكاره‌كان ئه‌وه‌ هیچ واتایه‌ك بۆ مرۆڤبونی سه‌ما كار و شانۆكارو هونه‌رمه‌ند بوون نامێنێت و درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كاتێك هونه‌رمه‌ندپیش هه‌موشت خۆی ده‌كاته‌ سه‌نته‌ری هه‌موو پرۆژه‌كان، ئیتر واتایه‌ك بۆ پێشكه‌وتن وڕه‌گوڕیشه‌دانان نامێنێت، له‌م كاتانه‌شدا هێزی خورافه‌ و غه‌یبانیه‌ت زۆر ئاسان ده‌توانن به‌های باڵاترین هونه‌ر، كه‌ سه‌مایه‌ كه‌مبكه‌نه‌ و هه‌تا سنوری فه‌تواو ته‌كفیركردنی بگه‌یه‌نن. به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ ئێستادا سه‌ما له‌ خراپترین ئاستی هۆشیاری حیزب و كۆمه‌ڵگای نه‌ریتدایه‌، له‌ بیرمان نه‌چێت تا ئه‌وكاته‌ی گوتاری سه‌ر شانۆكان گوتارێكی خۆ پارێز و كۆیله‌ بوون و ترسنۆكانه‌ بێت ئه‌وا ناتونرێت ئازادی ژیانی كاركردنی هونه‌ری ده‌سته‌ به‌ر بكرێت و دواڕۆژێكی پرشنگدار بۆ پرۆژه‌ی سه‌ما دروستبكرێت.

پ٧/ پڕۆژه‌تان بۆ بره‌ودان به‌م هونه‌ره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟ پێتان وایه‌ له‌ ئاینده‌دا سه‌ما و جوڵه‌كانی جه‌سته‌ ده‌بنه‌خواستی نه‌وه‌كانی ئاینده‌؟ ئێوه‌ ئاره‌زوو بۆ سه‌ما له‌ هه‌رێم چۆن ده‌بینن؟

كاروان/ سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ من له‌ ساڵی ٢٠٠٨ وه‌ به‌ پرۆژه‌ی جیاواز بۆ منداڵان، گه‌ نجان و به‌ ته‌مه‌نه‌كان له‌ سه‌ر ئاستی كۆنسێپت وتنه‌وه‌ی وانه‌ی سه‌ما و نوسین و وه‌رگێڕانی په‌ ڕتوكی سه‌ما، هه‌وڵمداوه‌ سه‌ما وه‌ك هونه‌رێكی زانستی بۆ بره‌ودان دروستكردنی كولتوری سه‌ما له‌ كوردستاندا، بناسێنم. ئه‌م پرۆژانه‌ش بۆ شانۆكاران و كه‌ سانی ئه‌ماتیۆر بوون تا ئاستی چون بۆ لای مرۆڤه‌ په‌ راویزخراوه‌كانیش هه‌نگاوی ناوه‌. راسته‌ من له‌ كوردستان ناژیم، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ له‌ژیانی هونه‌ریم وپرۆژه‌كانم ده‌توانم بیده‌م به‌ كوردستان، توانیومه‌ سه‌مای هاوچه‌رخ بناسێنم وله‌ لای گه‌نجان تا ئاستێكی باش خۆشه‌ویستی بكه‌م، كاتێك گه‌نجێك پێی باشه‌ به‌ سه‌ما نه‌چێته‌ سه‌ر شانۆ، به‌ڵكوچاوه‌روانی پرۆژه‌ی تۆكمه‌بێت گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سودی ته‌نها فێربونبێت نه‌ك بچیت بۆ بڕێك ده‌ستكه‌وت هه‌موكارێك بكات. ئه‌مه‌ بۆ خۆی مژده‌به‌خشه‌ و خۆشنودیه‌، چونكه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ بازرگان بونه‌ی هونه‌ردا، خۆی ده‌پارێزێت كه‌ ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكرێت. به‌ڵكو به‌ دوای فێربون و زانستی ئه‌كادێمی سه‌ماوه‌یه‌. خواستێكی زۆر بۆ سه‌ما هه‌یه‌ ئه‌وه‌ نكوڵی لێناكرێت، به‌ڵام كام سه‌ما و چ شیوه‌ فێربونێك، ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ك لایه‌نی پێداگۆگی سه‌ما جه‌ختی له‌ سه‌ربكه‌مه‌وه‌و دوباره‌ی بكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ نابێت ته‌نها بیرله‌ چه‌ندایه‌تی له‌ پرۆژه‌ی سه‌مادا بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو چۆنیه‌تی گرنگه‌، ناكرێت وه‌ك هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نیمانه‌ ئیتر هه‌ر چۆن بێت گرنگ نیه‌، به‌ بێ بناغه‌ی پته‌و سه‌ما كردن نابێت ئیتر به‌رده‌وام بێت… ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگای سه‌ماوه‌ مرۆڤبونی كورد بدۆزینه‌وه‌ و مرۆڤناسیمان پته‌و بكه‌ین، و ئه‌وجه‌سته‌ پارچه‌ پارچه‌ بوه‌ له‌ ترازانی فراوانتر بپارێزین و مرۆڤێكی نوێێ لێدروستبكه‌ین و له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌ تیدابین، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ سه‌ر ئاستی لۆكاڵی بێت، ئه‌وا سه‌ما هیچ بونیاد نانێت جگه‌ له‌ وێرانكردنێكی فراوانتری جه‌سته‌ی تاكی كورد..پرۆژه‌ گه‌لێكم هه‌یه‌، به‌ڵام پیویستی به‌ كات و پیویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌ و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ما ببێته‌ كولتورێكی زیندو، ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ڕاستی بۆ براودان به‌ سه‌مای ڕاسته‌قینه‌ و دروست خه‌ون ده‌بینن، چونكه‌ سه‌ما باشترین ڕێگایه‌ بۆ ژیانه‌وه‌ی هه‌مووخانه‌ مردوه‌كانی كرۆكی تاكی كورد، سه‌ما ده‌توانێت كرۆك ئاشكرا بكات و له‌و ڕێگایه‌ وه‌ به‌ره‌ و پێشیان ببات و هۆشیاریان بكاته‌وه‌ بۆ ژیانێكی باشتر و باڵاتر له‌ ئیستادا.




دواتاریكی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

خودای سه‌د و یه‌ك ناو
ئه‌و دره‌ختانه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ به‌ر ته‌واو كردووه‌
نیگای هه‌مووانی له‌سه‌ره‌
ئه‌و ئاوانه‌ش كه‌ مردوویان شووشتووه‌
له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سڵاوی جوامێر و جوانه‌مه‌رگان
به‌هره‌یان وه‌رگرتووه‌ و هه‌تاو و سرووشیان ڕژاوه‌
چه‌ند لكه‌ دارێكی له‌ ڕه‌گ و پژوپۆوه‌
باش ناسراو و له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی خۆیان به‌ئاشتی ژیاو
له‌سه‌ر گۆڕێكی كراسی ئاسمان له‌به‌ر كردووه‌ داندراون
ڕێبوارێكی دڵپڕی گڵۆڵه‌ له‌ده‌ست به‌ربووش
دوو نانی له‌سه‌ر كێله‌كان هه‌ڵخستووه‌
له‌سه‌ر چۆكان به‌دیارییه‌وه‌ دانیشتم
ته‌ماشای سه‌رزه‌مینی به‌خته‌وه‌ریم كرد
هه‌ردوو ده‌ست و هه‌ردوو چاوم
به‌تاڵ
به‌تاڵ
به‌تاڵ
به‌تاڵ
دوای ناشتنی ئه‌ستێره‌ له‌ناو ته‌م به‌ ده‌نگی ته‌واو تاساو و به‌ كوڵ و دڵ
داوام كرد لێمگه‌ڕێن خانوو و بانی ئه‌م كراسی ئاسمان له‌به‌ر كردووه‌
چه‌ند به‌ جۆلانه‌ی هه‌ژاوه‌
له‌ناكاو ده‌نگی كه‌وتنێكی ترسناك
ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ڕاچه‌ناند و به‌ردی بن گۆمی ده‌رهێنا
ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی ڕێگاوبانی ئه‌و دنیا
چه‌ند به‌ دار و بار و میوه‌یه‌
ئه‌رێ‌ له‌ به‌هه‌شت گۆڕستان هه‌یه‌
یان وه‌رزه‌كان كامیان ده‌زگیرانی
كامه‌یانه‌ و كامیان
فه‌رمانڕه‌وایه‌ و توانای پێشبینی له‌ خۆیدا پاشه‌كه‌وت كردووه‌
كێلنووس بۆنوبه‌رامه‌ی ڕێگاوبانی وه‌رزه‌كان
ده‌ناسێت و پێی له‌ناو ته‌شتێك ئاوی شیرتێن دێنێ و ده‌بات
به‌رانبه‌ر مانگی هه‌ڵاتوو یان دواتاریكی
ده‌می پڕ هاواری كردووه‌ته‌وه‌
ڕسته‌ له‌ ساماڵ و خوانی بێ ده‌نگ ڕاماوم بۆ كام ناو به‌كاربهێنم
8\12\2012 عه‌باس سابیر حه‌سه‌ن
گه‌رمایی ده‌ستی له‌ناو ده‌ستم ساردبووه‌وه‌
هه‌تاو تێكه‌ڵ به‌ئاوبوو
دروود بۆ تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ و ڕۆح چاندنه‌وه‌
خوێن و گۆشتیش به‌خۆڵ
له‌و ڕووداوه‌وه‌ زانیم خه‌م سه‌ری تێكردووم
بۆم نییه‌ له‌مه‌وبه‌دوا بیر له‌ شه‌یه‌ دارینه‌كه‌ی دایكم بكه‌مه‌وه‌
پرچم ته‌ڕبكات و بمنێرێته‌ به‌ركار و به‌رخ و ڕادوێم به‌ مله‌وه‌ بكات
یان به‌ ده‌نگی به‌رز كۆتره‌كانی حه‌وشه‌
هه‌ڵفڕێنم و به‌ ئه‌ستێره‌ی باڵداریان بزانم
یانیش جووجكه‌كانی بۆ كۆبكه‌مه‌وه‌ و له‌ كۆلاره‌یان بپارێزم
مریشكه‌كانیشی بۆ هه‌ڵده‌مه‌ سه‌رلكی دارتووه‌كه‌ی حه‌وشه‌مان
بابۆڵه‌یه‌ك به‌ خورما و هێلكه‌ی كوڵاو له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌
سێبه‌رت له‌سه‌ر له‌ گۆڕی باوك و دایكمان ڕاگره‌
گرانایی سه‌ر سینگیان بكه‌ هه‌ویری كولیچه‌ی جه‌ژن
له‌م گۆڕستانه‌دا هه‌موو شتێك هێلانه‌ی باڵنده‌ی نۆبه‌ره‌ن
گوێیان بۆ ئه‌وپه‌ڕی هانا سووك كردووه‌
بریسكانه‌وه‌ بۆ ئه‌ستێره‌ ڕژاوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
قوڵپه‌قوڵپ بۆ كانیی گه‌نجبوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
ڕووناكی بۆ هه‌ردوو دیوی چیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
ئاوازی نه‌رم بۆ ده‌نگی خودایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
كراسی ئاسمان له‌به‌ر كردوو له‌ گۆڕێك
گۆڕێكی چاو هه‌زار نیگا له‌ناو جێماو دێته‌ده‌رێ‌
له‌ ئه‌و سه‌ری ژیانه‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌ری ژیان
بۆ دوو بازی هه‌ڵفڕێندراو ده‌ڕوانێت
فڕیون بۆ ئه‌وه‌ی پشووبده‌ن
ئاسمانی به‌پێروو له‌ چاوی كراسی ئاسمان له‌به‌ر كردوودا
له‌ خوانی به‌تاڵ بچووكتره‌
له‌ خوانی پڕیش گه‌وره‌تره‌ و له‌ ژێر پێڵوویدا شاری گڵۆپمان نیشان ده‌دا
داوای كه‌شتی نووحی كرد
دره‌نگ گه‌یشت
مردن له‌پێناو گه‌یشتندا هیچ كاتێك زوونییه‌
له‌ شوێنێكی چاوه‌ڕوانكراودا
ئێستا باڵنده‌یه‌ك ده‌نووك له‌ ئاو نزیك ده‌خاته‌وه‌
ئاوی سه‌ره‌مه‌رگ بدا به‌ برایه‌كه‌ی
ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌
هه‌موو شتێك
ئا ئا هه‌موو شتێك
هه‌موو شتێك له‌ شوێنی چاوه‌ڕوانكراودا ده‌رده‌كه‌وێت
ده‌ركه‌وتن و تاڵی ژیان ئاشنای سرووش وه‌رگرتنی كردین
سرووش سه‌ره‌تای ژیانه‌ و شه‌رابێكه‌ به‌ڵێنده‌ر و به‌ڵێن پێدراو
قوڕگم له‌تاو بازی ناو تۆڕ و زاخاوی خه‌نجه‌ر گیرا
دڵیشم له‌ناو ده‌ركه‌وتن و تاڵی ژیاندا پێستی ته‌نك ده‌بووه‌وه‌
دڵبینابووم دڵبینا
ڕۆشنایی دیدار له‌ دڵبینادا گرشه‌ گرش ده‌كات
ئێمه‌ ئه‌و ته‌رمه‌ كراسی ئاسمان له‌به‌ر كردووه‌
ده‌خه‌ینه‌وه‌ سه‌ر به‌روانكه‌ی منداڵی و زینی پاسكیله‌كه‌ی
تا كه‌روێشكه‌ خرپنه‌كانی له‌ ئاوخواردنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
چاوه‌ڕوانی زۆری ناوێ‌
سه‌رچاوه‌ی ئاو له‌ ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ دوور نییه‌
برام برام برام برام
ئه‌رێ‌ هاوار بۆچی هه‌یه‌
به‌هه‌شت دڵبه‌رێكه‌ جوانییه‌كی ساده‌ و گه‌رم و پڕجووڵه‌ی هه‌یه‌
ئاشق بۆخۆی ڕاده‌كێشێت
مردن له‌پێناو ئه‌شقدا هیچ كاتێك زوو نییه‌
ئه‌رێ‌ ئاره‌زووی سێبه‌ر كه‌ زه‌وی داده‌پۆشی كێڵگه‌ بۆ وابه‌پیت بووه‌
دنیاش بۆ وازوو تاریك داهات
ئه‌و دره‌ختانه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ به‌ر ته‌واو كردووه‌
نیگای هه‌مووانی له‌سه‌ره‌
ئه‌و ئاوانه‌ش كه‌ مردوویان شووشتووه‌
هیچیان له‌ هه‌تاو و سرووش نه‌پرسیوه‌
چه‌ند پێشنیارێكیان هه‌یه‌ و به‌هره‌یان له‌ دڵ وه‌رگرتووه‌
منیش له‌پی هه‌ردوو ده‌ستم به‌ ده‌موچاوم داده‌هێنم
بۆنوبه‌رامه‌ی به‌هره‌ تێكه‌ڵی هه‌وای سییه‌كانم ده‌بێت
خودای سه‌د و یه‌ك ناو
ئه‌و دره‌ختانه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ به‌ر ته‌واو كردووه‌
نیگای هه‌مووانی له‌سه‌ره‌
ئه‌و ئاوانه‌ش كه‌ مردوویان شووشتووه‌
له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سڵاوی جوامێر و جوانه‌مه‌رگان
به‌هره‌یان وه‌رگرتووه‌ هه‌تاو و سرووشیان ڕژاوه‌




شاجوانی زانکۆ و ریکلامێکی بەهێز بۆ دکتۆری جوانکاری … یەریڤان شەهید شاسوار

لەم چەن ساڵەی دویدا زانکۆکان لە ناوەندی ڕۆشنبیری و کێبرکێی زانستیەوە گۆڕا بۆ ناوەندی خۆنمایشکردن بەداخەوە . لای من هەموو مروڤەکان جوانن بەتایبەت ئەوانەی جوانیان لە هەڵسوکەوت و مامەڵەیاندا ڕەنگ دەداوەتەوە.
جوانترین خوێندکاری زانکۆیش ئەو خوێندکارەیە کە لە گەڵ بەردەوام بونی لە خوێندن کارێک ئەکا بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی . جوانترین کچیش ئەو کچیە کە هێشتا روخساری دکتۆری جوانکاری نەبینیوە هێشتا خاوەنی لوتی راستەقینەی خۆیەتی هێشتا بە حزوری بوتۆکس و فیلەر نەگەشتوە ئەو کچەی کە سادەی لە ئاوەوە وەرگرتوە ئەو ئاوفرەتەی هاوڕێی کتێب و ژیان دوستیە نەک ئەوانەی هەر ڕۆژەی بە جلێکەوە هەر ڕۆژەی بە رەنگە قژێکەوە نمایشی جەستەی نیمچە ڕوتی خۆیان ئەکەن .

بەداخەوە زانکۆ لە گۆڕاندایە من ناوی نانێم گۆڕانی بەرەوپێش چونی زانستی . بەڵکو وا خەریکە ئەبێت بە بازارێک بو ڕیکلامی جوانترین و گرانترین مۆدێلی ئۆتۆمبێل ٫کورت ترین و تەسک ترین تەنورە بوە بە بازاڕی ڕیکلام بۆ مارکەکانی میکیاج و نمایشە سەیرو سەمەرەکانی کوران . ئەگەر زانکۆ بەم شێوەیە بەردەوام بێ لە داهێنان ئەبێ ناوبنری مەڵبەندی ڕیکلام و نمایشگای بەرزترین مۆدیلی کاڵا .

بەداخەوە زانکوکانی ئێمە لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا ئەبێ لە دوای دواوە بۆی بگەرێیت لە جیاتی یەک پۆشی و گەڕانەوەی شکۆی ناوەندی زانستی و ئەکادیمی بۆ زانکۆ لە جیاتی پێشبڕکێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و معریفی وا پێشبڕکێی جوانترین نەشتەرگەری تەجمیل وناسکۆڵەترین ڕوخسار ئەکرێ بۆیە ئەی ئەو کەسەی وێڵی دوای نان و ژیانی تو لە ڕیزی نەویستراوەکانی بەڵام لای من دەستی شەقاربووت هەموو زانکۆکانی دونیا دێنێ . تکایە فریای زانکۆکان کەون خوێندکارەکان بەرەو هەڵدێر مەبەن




سه‌ردار و شیر و كه‌ڵه‌ك … عه‌زیز ڕئووف

1
سه‌ردار قادر

سه‌ردار قادر ده‌ستی له‌ پۆستی پارێزگار كێشایه‌وه‌. ئه‌مه‌ش بۆ خودی سه‌ردار شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ و ده‌كرێت وه‌ك كرده‌یه‌كی شه‌خسی وێنا بكرێت كه‌ كه‌سێك جورئه‌ت بكات بڵێت ده‌سه‌ڵاتم نیه‌ و ده‌كشێمه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌سه‌ر سیاسیه‌تی بزوتنه‌وه‌یه‌ك هه‌ژمار ناكرێت وه‌زیره‌كانی له‌ماڵه‌وه‌ن و جورئه‌تی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ناكه‌ن. كه‌ وتمان به‌شداری ده‌سه‌ڵات مه‌ككه‌ن و مۆدێلێكی سیاسی نوێ بن، كۆیله‌كان هێرشیان ده‌خسته‌ سه‌رمان، كه‌ ئێستا ده‌ست له‌كار ده‌كێشنه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌ كۆیله‌ی حزبی ده‌سخۆشی له‌ سه‌ردار ده‌كه‌ن. به‌كورتی تێم بگه‌یه‌نه‌ سیسته‌می حوكمڕانی هه‌ناسه‌ی ئه‌وه‌ی تیایه‌ كاری تێدا بكه‌ن یان نا؟ پارله‌مان په‌كی كه‌وتووه‌ كه‌س جورئه‌ت ناكات ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌، كه‌چی ده‌سخۆشی له‌ سه‌ردار ده‌كه‌ن. من نازانم ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ چی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگار و مانه‌وه‌ی وه‌زیره‌ ده‌ركراوه‌كان و پارله‌مانتاره‌ بێكاره‌كانی پێمان ده‌ڵێت ئه‌م هێزه‌ له‌ چ پاشاگه‌ردانیه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژی و له‌ چ به‌تاڵیه‌كی فكری و له‌ چ دۆخێكدا ده‌ژی كه‌ نه‌ توانای بڕیاردانی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌زانێت به‌ڕاستی ده‌یه‌وێت چی بگۆڕێت.

2
شیر و دایبی

به‌به‌رچاوی گه‌رمیانیه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌كوژرێت، ڕۆژنامه‌نوس له‌ باوه‌شی دایكیدا خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێت، كه‌چی هاوسۆزن بۆ كه‌سێك شیر و دایبی دزیوه‌. له‌و گه‌رماینه‌وه‌ قه‌تاری ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كان به‌به‌رچاوته‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌چی وه‌یش تۆ عاتیفه‌ت جوڵاوه‌ باسی نیو كیلۆ قوتوی شیر ده‌كه‌ی، به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ده‌ست نوخبه‌ی سیاسیه‌وه‌ ئه‌تك كراوه‌ ده‌نگ ناكه‌ی، ئێستا سۆز و عاتیفه‌ت جوڵاوه‌ و باسی شیر و دایبی ده‌كه‌ی، ئه‌م پیاوه‌ بكوژرایه‌ بارته‌قای دزینی شیر و دایبی سۆزی خه‌ڵكی نه‌ده‌جوڵاند و هێرش نه‌ده‌كرایه‌ سه‌ر دادگا. ئیتر دوێنێ سه‌ره‌ی ته‌ندورستیه‌ و ئه‌مڕۆش سه‌ره‌ی دادگایه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌یت و پاش هه‌فته‌یه‌كیش هه‌موو شت بیر ده‌چێته‌وه‌ و هیچیش ناگۆڕێت.
كه‌ی یاسا بوونی هه‌بووه‌ تا له‌سه‌ر ئه‌م براده‌ره‌ی كه‌ شیری دزیوه‌ به‌ ناقانوونی وه‌سف بكه‌ین. كوری سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت له‌ژێر كه‌وای حزبدا له‌ شاری سلێمانی هاوڵاتی ده‌كوژێت و كه‌سیش ده‌سگیری ناكات و كه‌سیش له‌م شاره‌ نه‌ كه‌مپه‌ینی كرد و نه‌ باسی بێقانوونی كرد. خوێنی هاوڵاتیه‌ك گرنگه‌ یان حوكمی یازده‌ ساڵ بۆ هاوڵاتیه‌كی تر؟
جه‌سته‌ی سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی گرتووه‌ كه‌چی تۆ باسی ئازارێكی په‌نجه‌كانی ده‌كه‌ی.

3
مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك

ئیتر چی لات و پوته‌ به‌ناوی میدیای ئازاده‌وه‌ بیهێنه‌ سه‌ر شاشه‌، مه‌لا عه‌لی لاكۆڵان به‌ خۆی و خورافاته‌كانیه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر شاشه‌ و له‌به‌رچاوی خه‌ڵك میز و شیر تێكه‌ڵ بكات و بیخواته‌وه‌، خه‌ڵك مه‌شغوڵ بكه‌ به‌وه‌ی كه‌ كێ سه‌ردانی ده‌كات و چ ئامێرێك به‌كار ده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت پارله‌مانتارێكی ئافره‌ت سه‌ردانی ده‌كات و ده‌سخۆشی لێ ده‌كات كه‌ چاك بۆته‌وه‌. مه‌مله‌كه‌ت سه‌رقاڵ بكه‌ به‌ عه‌لی كه‌ڵه‌ك و كلینێكس و نه‌خۆشه‌كانی، له‌ولاشه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌كانت پڕ بكه‌ له‌ ژه‌هری ده‌رمان و قۆڵی منداڵ ببڕه‌وه‌. له‌ هه‌ولێر بۆ یاری كلاسیكۆ دۆشكه‌ له‌ ماڵه‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌كات، به‌ڵام سه‌رده‌شت عوسمان دوو دێڕ بنوسێت ده‌كوژرێت و ئازادی قسه‌كردن قه‌ده‌غه‌یه‌.
ئیتر عه‌سری وه‌ستانه‌ له‌سه‌ر شته‌ بێكه‌ڵك و بێسوده‌كان. ئیتر عه‌سری ئه‌وه‌یه‌ كه‌یسه‌ گه‌وره‌كانمان بیر به‌رنه‌وه‌ و سه‌رقاڵمان بكه‌ن به‌ كرده‌گه‌لێكه‌وه‌ كه‌ ڕوودان و ڕوونه‌دانی،بوون و نه‌بوونی هیچ له‌ دنیای ئێمه‌ نه‌ ده‌گۆڕێ و نه‌ ده‌سكاری ده‌كات.
هه‌ر خۆت مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك بكه‌ به‌ پاڵه‌وانی شاشه‌ و دواجار هه‌ر خۆت بچۆ ده‌سگێری بكه‌ و به‌ خه‌ڵك بڵێ بێ یاسایی قه‌بوڵ ناكه‌م.




نیشتیمان له‌ لێواری ده‌سه‌ڵاتی حزبدا … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك (وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێمه‌) هێنده‌ نادادپه‌روه‌ر بێ، ناكرێ خه‌ڵك بۆ هیچ شتێك متمانه‌ و باوه‌ڕی پێی هه‌بێ؛ ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ی نائومێدیی زۆری ئێمه‌یه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه‌ سه‌ركرده‌ و حزب به‌ هیچ شتێك ناگۆڕێته‌وه؛ ئه‌مه‌ش به‌ مانای وشه‌ تراژیدیای ژیانی سیاسی هاوچه‌رخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كورده‌‌.

تا ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ هه‌بێ، ئه‌سته‌میشه‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كورد دامه‌زرێ: ده‌وڵه‌ت نیشتیمانپه‌روه‌ران ده‌توانن دایمه‌زرێنن، نه‌ك حزبپه‌رست و سه‌ركرده‌په‌رستان؛ ده‌وڵه‌ت ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێزی مێژوویی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی ده‌وێ، نه‌ك ئیراده‌ی سیاسی حزبگه‌رایی و ناوچه‌گه‌رایی؛ ده‌وڵه‌ت واقیعێكی سیاسی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێ، كه‌ دۆخی سیاسی دابه‌شكراوی ناهه‌مواری ئێستای كوردستان (له‌ نێوان ده‌ڤه‌ر و حزبدا) تێپه‌ڕێنێ (واته‌ دۆخه‌ زاتییه‌كه‌ی ئیراده‌ی سیاسی ئێستای ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی كورد)؛ ئه‌و ئیراده‌یه‌ی، كه‌ ئاماده‌یه‌ سازش له‌سه‌ر هه‌موو شتێكی كورد بكا له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ هه‌رگیز هیچ سازشێك (بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ حزبیی و پێگه‌ حزبییه‌كه‌یدا بكا. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م عه‌قڵییه‌ت و ئه‌م ئیراده سیاسییه‌ هیچ گه‌شبینییه‌ك به‌ ئێستا و به‌ داهاتووی ئێمه‌ نابه‌خشێ.

وه‌ك ده‌بینین، ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ له‌ پێناو پێگه‌ و نفووزی حزبییدا سته‌مێكی زۆریش له‌ كه‌مینه‌یه‌كی ئایینیی كوردی وه‌ك ئێزیدی ده‌كا. ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ ئه‌م كه‌مینه‌یه‌شی به‌ شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌ش به‌ش و پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌ (هه‌ر حزبه‌ و ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ وه‌ك یاری په‌ت په‌تێن بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ)… ڕاستییه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌كگرتوویی سه‌رده‌كه‌وێ، نه‌ك به‌م دابه‌شبوونه‌ حزبیی و ناوچه‌گه‌ریی و خێڵه‌كییه‌، كه‌ ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ باشووری كوردستاندا ده‌گوزه‌رێ.




ئێرە بەنگلادیش نییە …. هونەر جەمیل

بێهێنە .بەرچاوی خۆت زۆربەسانای لەخۆت بپرسە بڵێ ئەرێ بەڕاست گەر من هاوڵاتێکی بەنگلادشی یا نیپاڵی بومایا دزینی چەن قوتویەک شیر یا دایبی ئاوا دەبووە باسی ڕۆژ. بێشک لەوێ دزی کردن بۆ دایبوشیر یان بۆ تەنەکەیەک ڕۆن یان بۆچەن نانێک ..شتێکی ئاساییە ئاخر لەوێ ژیان هێندە قورسە کە داهاتی تاک بەشی ژەمە خۆراکێک ناکات ..هۆکارەکەشی دەسەڵات نییە لەوێ .ژیان سنوردارە دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن بەئەرکی خۆشی هەستاوە بەڵام لە خاکێکی بێ خێرو بێر کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەبێت جگە لە کشتوکاڵ هەرئەمە ی لێ سەوز ئەبێت .خۆلەپاڵیشیا وەبەرهێنا هەیە بەڵام زۆری ژمارەی دانیشتوانو بچوکی ڕوبەری وڵاتو کەمی سەرمایە ڕێگاکانی پارەدارکردنی خەزێنەی وڵاتی بەرتەسکو دژوارکردووە .
کشتوکاڵێکی کەم لەسەر زەویەکی بچوك ..هەردەتوانێت ئەوە دابین بکات ..لێرەداویستم کەمێک دەوڵەمەندی بدەم بە بابەتەکەم بەوەی کەمێ بەراوردی بەنگلادش بکەم بەئێرە ..بەڵێ وتمان گەر کەسێک بە هۆی نەبونی بژێوی ژیانەوە لە بەنگلادش دزی بکات ئاساییە . ئەی ئەگەر لەسوید یالەنەرویج ئەمە ڕویدا چی؟ بێشک لەوڵاتێکێ پڕداهاتو سامانی وەك نەرویجوسوید ئەم حاڵەتە ڕوبدات کارە ساتە چونکە ئەوە مانای ئەوەیە کێشەیەک لە سیستمی بەڕێوبردنو دابەش کردنا هەیە . لەنێوان بەنگلادیشو سویدا کوردستان یاخود هەرێمی کوردستان وەك وڵاتی سێیەم باس دەکەم .. لەم چەن ڕۆژەی ڕابردودا هاوڵاتییەک لە کفری بەهۆی ئەوەی چەن جارێک دایبیو شیری بۆ مناڵەکەی دزیوە .

لەلایەن دادگای کفرییەوە سزای یانزە ساڵ زیندانی بەسەردا سە پێنرا ..ئەمە لە کاتێکدا یە کە بەرپرسانی وڵات خۆیان لەبەرزترینو خۆشترین شوێنەکانی وڵات دەژین ..هەریەکێکیان بە پارەی دزی خاوەنی ملیۆنان دۆلارو ڤێڵای گران بەهان چی لێرە چی لەدەرەوە ..هەریەکێکیان گەر دۆسییە یەکی شەفافی بۆ بکرێتەوە چەندین دۆسێی دزیو گەندەڵی بەسەرا ساغ ئەبێتەوە .ئەمە جگە لە لە بەفیڕۆدانی پارەوسامانی وڵات ..تۆسەیری ئەم تراژیدیایە من گومانم لەوە نییە دەسەڵاتی داد وەری لێرە سەربەخۆو داد پەروەر بێت .بێشک ئەم دەسەڵاتە خۆی پڕێتی لە گەندەڵی دادوەرەکان زۆربەیان کەسی حیزبێن .بەرپرسەکان لە بەغدایەکی پڕکێشە لەسەردۆسەی گەندەڵی دەردەکرێن .
سەرۆکی حوکومەت تۆمەت بارە بە پارەی خوراوی دوساڵی خەڵک ئەمە جگە لەو هەمو گەندەڵییە ئیدارییەی لەسەرێتی ئەمانەو دەیان کێشەو کارەساتی تر کە ئەم بەرپرسانە وەک پەتا ڕۆژانە بەریان داوەتە گیانی ئەم خەڵکە .. دەبو داد وەرەکان پیشەییانە دورلە مەحسوبیەت دورلە لایەن گری دەبو هەموان بە یەک پاکیج بەیەک دۆسیە سەدان بەرپرسی ئەم هەرێمە ڕاپێچی داد گاو زیندانە کان بکەن دەبو داد وەرەکان بگەڕانایە بەدوای هۆی دروست بونی پەتاکە نەک بێ گەڕانەوە بۆ هۆکاری پەتاکە دەرمان بۆ پەتاکە بنوسن .. دەمێکە هاوارێکی بەرز لە خەم خۆرانی وڵاتەوە دەدرێ بەگوێی دەسەڵاتا بەوەی ئێوەی بە دزینو کەم تەجروبەیتان لە ئیدارەدانی وڵات کارەسات دە خوڵقێنن ..
بەڵێ کارەسات لەمە گەورە تر نابێت .کوڕێك گورچیلەی خۆی دەفرۆشێت تا دەس گیرانەکەی بگوازێتەوە . خێزانێک مناڵەکانیان لە خوێندن دا دەبڕێنن .بەهۆی ئەوەی ناتوانێت . مەسرەفی خوێندنیان بکات .کچێک بەهۆی ئەوەی چەن ساڵە زانکۆی تەواو کردووەو بێئیشەو باری بژێویان خراپە خۆی سوتاند .. ئەمانەو دەیانو سەدان کێشەو کارەساتی تر لێرە ڕویان داوە ..ئەمە لە کاتێکدا کوردستان ڕۆژانا نزیکەی هەشت سەد هەزاربەرمیل ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە ئەکات . دەکرا لەپاڵ بوژاندنەوەی تەواوی کەرتەکانی ترو ڕەخساندنی هەلی کارو دامەزرادنو دروست کردنی سەدان کارگە و شەریکات ..ڕەوشێک بخوڵقێنن کە هەرگیس کەس ناچارنەبێت لەبەر دایبیو شیر تەنەزول بکات .. بۆیە ڕەوانییە . هەلی ئەوەت هەبێ بتوانی وەک سویدو نەرویج خۆش گوزەرانی دابین بکەیت . بەڵام ژیانێکی بەنگلادیشی بەڕەوا ببینیت بۆ هاو نشتیمانیە کانت.




خەونم چڵە زەیتوونێكە …. ستار ئەحمەد

چڵی زەیتوونێك لەدڵم گیربوو
زامێك چوون نیگات
لەرۆحما شین بوو
بؤ یە لەتیلەی دیدەی تۆوە
لەرەنگەكان دەڕوانم
شەپۆلەكان شی دەكەمەوە
كەچمكی وشەیەك دەگرم
دەبمە شیعرێكی كەسك و
لەجوانیتا دەتوێمەوە
هەناسەی گوڵێك
سێبەرت ماچ دەكا
بولبولێك بەسەر تەرمی وەرینەوە
دەتكەن بەژوانگەی هەلێك
دەست دەخەیتە
تابلۆی مەرگی ئەوینەوە
شەوانە
حەز بەماچی لاسكت دەكەم
حەز بەمژینی چرۆت و
بەژنی نێشاوی
شاگەڵای كەسكت دەكەم
من دەسووتێم
بۆ ئەوەی تۆ
زیاتر زیاتر باڵا بكەی
توندتر بەنێو رۆحما بچی
زۆر راماوم
نازانم بۆ
لەلوتكەی بڵندی خەون و
ئاڵای شەنگی عەشق دەچی