هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ كوردانی رۆژئاوا، توركیا نیگه‌ران ده‌كات … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

له‌دوای تێكچوونی بارودۆخی سیاسی له‌ سوریا ، سه‌رده‌مێكی نوێ‌ بۆ كوردانی رۆژئاوا ده‌ستی پێكرد و به‌ چه‌ندین قۆناغی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕین، كورده‌كانی رۆژئاوا توانیان سه‌ركه‌وتوو بن له‌چه‌ندین تایقیكردنه‌وه‌ی ووڵاته‌ زلهێزه‌كان و به‌به‌رده‌وامی به‌ پلان و به‌رنامه‌ی نوێوه‌ وه‌ڵامی پێشهاته‌ سیاسیه‌كانیان ده‌دایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی كورد له‌ رۆژئاوا بریتی بوو له‌ داڕشتنی ستراتیجیه‌تێكی نیشتمانی بۆ ئیداره‌ دانی ناوچه‌كانی خۆیان و به‌ژداری كردن له‌ رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانیان.

تاوه‌كوو ئێستا سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ رۆژئاوا توانیویانه‌ سیاسه‌تێكی عه‌قڵانی بكه‌ن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌و له‌تی به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ووڵاتێكی زلهێزی وه‌ك توركیا له‌ سه‌ر خۆیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و سه‌رنجی ووڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان به‌ شێوه‌یه‌ك به‌لای خۆیاندا رابكێشن كه‌بكه‌ونه‌ كێبڕكێ‌ له‌ ناردنی هاوكاری سه‌ربازی و مرۆی بۆیان.

له‌م دوایه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا وویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ ووێنه‌ و ڤیدۆی ئه‌و تانكو زرێپۆشانه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ پێشكه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)ی كردن ، به‌ ئاشكرا ناوی یه‌په‌گه‌ی وه‌ ك یه‌كێك له‌ و هێزانه‌ هێنا كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك راسته‌وخۆ یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ پێشتر یه‌په‌گه‌ هاوكاری وه‌رده‌گرت له‌ چوار چێوه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات .

پشتیوانی سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆ یه‌په‌گه‌ ده‌كرێت وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بێت بۆ كوردانی رۆژئاوا كه‌ له‌ ئاینده‌دا هاوپه‌یمانی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی لێبكه‌وته‌وه‌ له‌ نێوان كوردانی رۆژئاوا و ئه‌مریكا و ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌ بردنه‌ی كوردانیش قبوڵبكرێت له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی وویلایه‌ته‌ یه‌كرگتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی ئه‌م هاوكاریه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ توركیا دا كه‌ ده‌ستوه‌ردانی توركیا قبولكراو نیه‌ له‌ناوخاكی سوریا و ئه‌وان پشتگیری كورده‌كان ده‌كه‌ن.
ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی كه‌ یه‌په‌گه‌ له‌ ئۆپراسیۆنی توره‌ی فورات نواندی نیشانی جیهانی دا كه‌ ئه‌وان ته‌نها هێزێكی كوردی زرگار كه‌ر نین په‌یوه‌ست بن به‌ سنورو جوگرافیای خۆیانه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌وان هێزێگی رزگار كه‌ری مرۆین و شه‌ری تیرۆر ده‌كه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی خۆیان.

په‌په‌گه‌ هێزێكی قبوڵكراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و ئه‌وروپاوه‌ چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ رزگای ده‌كه‌ن نامێننه‌وه‌ تیایدا به‌ڵكو بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی جێده‌یه‌ڵن كه‌ خۆیان حوكمی خۆیان بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش فۆرمێكی نوێی حكومرانی كردنیه‌ كه‌ به‌ خۆبه‌رێوه‌ به‌ری دیموكراتی ناسراوه‌.

توركیا نیگه‌رانه‌ له‌هاوكاریه‌كانی ئه‌مریكا بۆ یه‌په‌گه‌ چونه‌كه‌ به‌تێك چوونی بارودۆخی سوریا توركیا مه‌له‌فێكی تایبه‌تی كردبوویه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ناساندنی یه‌په‌گه‌ وه‌ك هێزێكی تیرۆرستی به‌ڵام یارمه‌تیه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆیه‌په‌گه‌ ئه‌و مه‌له‌فه‌ی توركیای به‌ره‌و شكست هێنان بردو ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ حكومه‌تی توركیا دا كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك دۆستێك ته‌ماشای یه‌په‌گه‌ ده‌كات.




خوا وەک زیندانەوان … کۆستیکا براداتان … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

زۆرینەی کات ڕوانگەی مۆر لە دیالۆگی ئاسوودەییدا ئیسکاتۆلۆگییە، بەڵام نەک هەموو کات. هەندێ کات مۆری ئیسکاتۆلۆگ ڕێگە بە مۆری فەیلەسوف دەدا، بە گۆڕانێکی لەناکاوی تۆن و شێواز، تەنانەت لە نووسینی دەقیشدا، هەروەها زیادکردنی تەوسبێژی، گاڵتە و گەپ، کە مۆری پێ دەناسرێتەوە. یەکێک لەو ساتانە لە بەشی سێیەمدا هەیە، کاتێک مۆر هزرۆکەی ”جیهان وەک زیندان” دەناسێنێ. بەجەختییەوە ئەزموونی خۆی لە تاوەرەکەدا، مۆر نابزوێنێ بۆ ئەو هزرۆکەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ مۆردا بووە.

پتر لە دەیەیەک پێشتر، کاتێک مۆر ئیشی لەسەر کتێبی دوا چوار شتەکان دەکرد، مۆر پێشتر یاری لەگەڵ دەکرد: ”لەبارەی ئەو شتەوە کە ئێمە لەبارەییەوە زۆر جەختین، پیر و گەنجە، ژن و پیاوە، دەوڵەمەند و هەژارە، شازادە و گەدایە، هەموو ئەو کاتەی ئێمە لەم جیهانەدا دەژین، ئێمە تەنیا زیندانیکراوین، بێگومان لەنێو زیندانێکداین، کە هیچ مرۆڤێک توانای لێ دەربازبوونی نییە” (More 1931: I، 447). تەنانەت زووتریش، ئەو جیهانەی کە لە کتێبی یۆتۆپیا (١٥١٦)دا وێنای کردووە، زۆر بەڕوونی سزای داگیرکردن بیری خوێنەر دەهێنێتەوە. لە سیستەم و ڕێکخستنەکانی شارە ئیدیالەکەوە بۆ ژیانی قورس ڕێکخراوی هاووڵاتییەکانی، تا لەبەرکردنی یەکپۆشاکی و پێویستبوونی هەڵگرتنی مۆڵەتپێدان کاتێک گەشت دەکەن، هەتاکو نەبوونی خۆمەندێتی و ژیانی تایبەتمەند و چاودێریکردن لە هەموو شوێنێک، بۆ کەمی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە و سزادان بۆ هەر هەوڵێکی ڕاکردن_ هەموو شتێك لەنێو یۆتۆپیادا وێنەی زیندانێکی گەورە دێنێتە هۆشەوە.

هەرچەندە، خودی هزرۆکەکە بەتەواوی هی مۆر نییە. ئەم هزرۆکەیە بەبەردەوامی لەنێو مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوادا لایەنی کەم لەکاتی پلاتۆنەوە لێرە و لەوێ خۆی دیارهێناوە. لە وێناندنی فەلسەفەی پلاتۆنیدا مێتافۆرەکە _لە شێوەی زیندانێکی تەواو، ئەشکەوت، یان تابووت_ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ. بۆ پلاتۆن و پەیڕەوانی ژیانی ئێمە لەسەر زەوی هیچیدی نییە جگەلە زیندانیبوون، هەروەها بۆ گنۆستیکەکانیش. تەنانەت لە کتێبی دڵنەواییی فەلسەفەدا بۆسیەس لە هەندێ پنتدا لەبارەی ”زیندانی زەمینی” ڕۆحەوە دەئاخڤێ (Boethius 2012: 59). هەرچەندە، لە کتێبی دیالۆگی ئاسوودەییدا، مۆر بیرۆکەکە بە توندترین شێوەی خۆی دەگەیەنێ. ئەنجامەکەی دووبارە چێکردنەوەی مێتافۆرە کۆنەکەیە، هەروەها تێگەیشتن لەوە کە هیچیدی تەنیا ڕەوانبێژییەکی ڕووت نییە، بەڵکو دیارهێنەرەوەیە، ئەگەر خراپیش بێ، وەک ڕوانگەیەکی فەلسەفەیی بۆ خودی دۆخی مرۆڤ.

دەسپێکردنی مۆر بەم بابەتە لەوە دەچێ کاریگەری ئازادبوونی لەسەر ئەو هەبووبێ: ئێمە زیاد لە جارێك، تێدەگەین، کە مۆر هیچیدی زیندانیکراوێکی ترساو نییە، بەڵکو فەیلەسوفێکە لەسەر ئیش. وەکو هەر فەیلەسوفێکی باش و بە توانا بۆ ئەفراندن، یەکەم کاردانەوەی مۆر بۆ ئەوەی دەیبینێ لە دەوروبەریدا کردارێکی توندی ڕاڤەکردنەوەیە: ئەم جیهانە ئەوە نییە، کە بۆ ئێمە دەردەکەوێ. پاشان، دووەم کرداری مۆر جیهان_چێکردنە: با ئەم جیهانە بکەین بە زیندان. ئەوجا لێرەوە مۆر هەموو شتەکان بونیاددەنێ. سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی پێشوو، مۆر بابەتەکە بە پێکهاتەیەکی دی ترش و خوێ دەکا: خوا زیندانەوانی_بەرپرسیار، ئەو یەکەی جەخت دەکاتەوە شوێنەکە بەنەرمی بەڕێوەدەچێ و لە هەموو کاتێکدا سیستەم پارێزراوە.

لە دیالۆگی ئاسوودەییدا خوا لەژێر چەند ناوێکدا دەردەکەوێ: وەک پزیشک، باوکە خۆشەویست، تەنانەت لە پنتێکدا وەکو سەرەمر (مریشکە داکانە)ی بەمشور دەردەکەوێ، بەڵام ئەم بەڵگە کۆنکرێتییە زۆر دیار و سەرنجڕاکێشە. کاتێک تۆ ئەم لاپەڕانە دەخوێنیتەوە، ئەوا تۆ ناتوانی یارمەتی بیستن بدەی، لە شوێنێک لە باکگراونددا، پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە و بەئاستەم کۆنتڕۆڵکراوی نووسەری یۆتۆپیا دەبیستی. مۆر لێرەدا دووبارە، یەکێکە لە تەوسبێژە گەورەکانی سەردەمی خۆی. لەوە دەچێ مۆر تاکو ئێستا ”ئاسوودە بووبێ” کە ڕێگەی بەخۆی داوە جار جار کرداری دادی هۆنەرییانە بنوێنێ، وەکو خستنە زیندانی خودی هێنری هەشتەم. ئەو دەبێژێ، هێنری تەنانەت ”گەورەترین پاشا نییە لەسەر زەوی،” ئەو دەتوانرێ ئازادبکرێ و زۆری لێ بکرێ ”لەلایەن یاساکانی خواوە” بۆ بەسەربردنی سزاکەی لە زیندانی ئەو جیهانەدا، ”کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ خۆی لێ دەربازبکا” (More 1965: 200).

لەکاتی زیندانییەکەی خودی مۆردا کە بەدەگمەن فۆرمێکی سزادان بوو. بەڵکو بەشێوەیەکی سەرەکی شوێنێک بوو کە تێیدا خەڵک دەستبەسەر دەکران، بۆ ماوەیەکی کەم یان زۆر، پێش دادگاییکردن یان لەکاتی چاوەڕوانی سزاکەیدا، کە بەزۆری سزای مەرگ بوو، تەنانەت بۆ تاوانە ناگرنگەکانیش. گەرەکە ئەوە لە هۆشماندا بێ کاتێک لە هزرۆکەی مۆر ”جیهان وەک زیندان” ڕادەمێنین. داخۆ ئەو بەڕاستی مەبەستی لەو هزرۆکەیە چییە؟ بەهۆی تاوانە یەکەمینەکەمانەوە، لە هەرە سەرەتای هاتنە جیهانمانەوە، ئێمە ئۆتۆماتیکی بە مەرگ سزادراوین. خوا سزاکەی دەرکردووە (لەوانەیە، خواکەی مۆر بەڵێنێکی سیانەکی هەبێ: دادیار، زیندانەوان، و هەڵواسەر): مرۆڤ لەتەک هاتنە جیهانیەوە ”جیهانی دەرەوەی منداڵدانی دایک” خوا ”ئەوانی بە مەرگ سزاداوە، بەهۆی سزادان و بڕیاردانی خواوە لەبارەی یەکەمین تاوان کە مرۆڤان لەتەک خۆیاندا هەڵیان گرتووە، کە تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵبوونی ئادەم، باوکی یەکەمینی مرۆڤایەتی.” بۆ هەستیارێتی مۆدێرن ئەو چەشنە ڕوانینە لە دۆخی مرۆڤ وەکو ستەمکاری دەردەکەوێ، ئەگەر بەڕوونی سادیستیک/ئەویدی ئازاردەر نەبێ، بەڵام لە وێناندنی فەلسەفەیی و تیۆلۆگیی پێناسەی مۆر بۆ جیهان، هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نییە.

لە پشتی زمانی یەکەم تاوان و نەفرەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەم تێکستەدا تێگەیشتنێکی گرنگ و نەمر بوونی هەیە: ئێمە بۆ مردن زایێندراوین. ئەمڕۆ ئێمە دەبێژین ”سەرجەم مرۆڤان بمرن،” ئەمە بەتایبەتی وەک ستەمکاری کاریگەری لەسەر ئێمە نانوێنێ، بەڵکو ئەوە تەنیا ڕێگەیەکی دیکەی دەربڕینە لەگەڵ مۆر دەبێژین مرۆڤ لە ”یەکەم هاتنە نێو بوونەوە، مەرگ وەک نادۆستێک دەردەکەوێ و ڕووەو مرۆڤ دەڕوانێ و چاوەڕێی قەرزدانەوەکەی دەکا” (More 1965: 199–201). گرنگ نییە چۆنی لێ دەڕوانی، بوون بە مرۆڤ واتا چوونە ژێر باری سزای مەرگ، جا زوو یان درەنگ.

ڕەنگە تۆ بڵێی ”باشە، بەڵام بۆچی ئێمە پێویستمان بە زیندانەوان هەیە؟ داخۆ زیندان خۆی تەواو خراپ نییە، لێگەڕێ بە تەنیا سزای مەرگ بدرێین؟” مۆر وەها وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، زیندانەوان تەنیا بۆ یارمەتی لێرەیە. ئاخر زیندانەوان دەتوانێ یارمەتیمان بدا و ئاسوودەییمان پێببەخشێ بەدرێژایی ڕێگەکە، هەروەها چاوەڕوانییەکەمان پتر لێبوردە بکا. خوا ئەو یەکەیە کە ”بەرپرسیارە”_ بۆ مۆر هیچ شتێک ناشێ لەوە خراپتر بێ جیهانێک تێیدا هیچ یەکێک بەرپرسیار نەبێ. لەم شوێنە خراپ و ناخۆشەدا، کە ناتوانین پشت بە هیچ شتێک ببەستین و متمانە بە هیچ یەکێک بکەین، مۆر پێشنیازی ئەوە دەکا، تەنیا زیندانەوانی بەرپرسیار هەیە کە ئێمە هەمیشە دەتوانین هانای بۆ بەرین. ئاخر خوا، ”زیندانەوانی بەرپرسیار، وەکو گۆتم، لەم زیندانە فراوانەی جیهاندا، نە ستەمکارە و نە چاوچنۆک.” ئەمە گرنگە، چونکە کاتێک سزاکە جێبەجێدەکرێ، و زیندانەوان ئیشی هەڵواسەر دەکا، ئەوا ئێمە دەتوانین هیوای مەرگێکی ئاسان بخوازین.

لێرەدا شتێکی سەیر لەئارادایە، ترسانێکی جوان لەبارەی ”زیندانە گەورەکەی سەرجەم ئەو زەویە،” کە تێیدا ”زیندانەوانی بەرپرسیار … خوایە” (More 1965: 201–4). مێتافۆرەکەی مۆر بەهێزە، و ڕوانگەکەی مۆر، گەرەکە ئێمە ڕێگەی بدەین، دلێر و لەبیرنەکراوە. سەرەڕای ئەمەش، لەناکاو جیهانێکی تووڕەی هاوشێوە بەبەردەوامی سەیری ئێمە دەکا، کاتێک ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بیر لە تابلۆکانی یەکێک لە هاوسەردەمەکانی مۆر دەکەینەوە: هێرۆنیموس بۆش (١٤٥٠_١٥١٦). هەروەکو بۆش، مۆر دیارییەکی هەیە_ئەگەر دیاری بێ_ ڕوانین لە ڕیالێتی لەنێو سەرجەم ستەمکارییەکەیدا. ئەو بە شتێکی تازەوە نەهاتووە، بەڵکو تەنیا نیشانەکردنەوەی ئەو شتە کە پێشتر لێرەبوونی هەبووە: بەڕێی هەڵبژاردنی یەک باس لێرە و زۆر جەختکردنەوە لەسەر یەکێکی دی لەوێ_هەروەها بەگشتی نزمنرخاندنی هەموو جدیەتیەکەی_ تۆماس مۆر جیهان وەک نواندنگەی ئەبسۆرد ئاشکرا دەکا. (هاوسەردەمانی مۆر بەزۆری تێبینی ئەوەیان کردبوو کە مۆر ژیانی خۆی بەشێوەیەک دەژیێنێ وەکو ئەوەی لە نواندنگە بێ). مۆر شۆکمان دەکا وەک مەبەستیەتی: نە زیندانی بوونەکەی و نە سزای مەرگەکەی گۆڕان بەو نادەن. ئەو مکووڕە لەسەر ئەوەی کە بە پێکەنینەوە جیهان بەجێبهێڵێ.

سەرەڕای ئەوەش ئەمە هەموو یارییە ڕەوانبێژییەکان نییە. کاتێک شۆکەکە گەیشت، مۆر بەوردی باسی ڕوانگەی خۆی کرد، کە پەرەدەسەنێتە نێو ئاڵۆزییەوە. ئەو زیندانەی کە ئێمە تێیدا دەژین، لە ڕاستیدا لە دەرەوەی جیهان نییە: زیندانەکە سروشتی مرۆڤ خۆیەتی. ئەوەی ئێمە بە زیندانیکراوی دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژانە ڕەنگە ئێمە پێی بڵێین ”کۆتایییەکەمان.” دیوارەکانی زیندانەکە دیار نین، دیواری جیهانی، بەڵکو نوقسانی فیزیکی، بیۆلۆگی، و ئۆنتۆلۆگییەکانی خۆمانن. خوا بەڕاستی پاسەوانی ”زیندان”ەکە نییە، چەک لەناو دەست، یەکپۆش، بەڵکو ئەو تەنیا جیهانی بەو شێوەیە ڕێکخستووە کە خۆی کردوویەتی، هەروەها خودی پاسەوانەکانی زیندانەکەش، وەکو لەوێدا:

ئەم زیندانە هەروەها زۆر جەختە و زۆر بە ناڕوونی بونیادنراوە، هەرچەندە دەروازەکانی بە هەموو لایەکدا دەکرێنەوە بەبێ بوونی هیچ دیوارێک لەنێو ئەو جیهانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەرگیز هێندە دوور نەبووینە لەنێو ئەو جیهانەدا، ئێمە هەرگیز ڕێگەی دەربازبوون و چوونە دەرەوەمان نەدۆزییەوە. لەبەر ئەوە خوا پێویستی بەوە نییە ئێمە ببەستێتەوە و نەهێڵێ بڕۆین، نە پێویستی بەوەیە ترسی هەڵاتنمان لێ بنیشێ. (More 1965: 204).

توخمێکی ڕوونی گاڵتەجاری گەردوون بوونی هەیە (لێرەدا ئێمە لە هەموو شوێنێک زیاتر بەبەرزی گوێمان لە پێکەنینە بێڕێزییەکەی مۆر دەبێ) لەو ڕوانینەی مرۆڤ وەک سزادراوی داگیرکراوێکی گەردوونی. داخراو لە ناوەوە، ئێمە بچوکترین زانینمان لەبارەی چیەتی دۆخی ڕاستەقینەی خۆمانەوە نییە. ئێمە نەک تەنیا ناحەزین، هەروەها لە ئاست ناحەزییەکەماندا کوێریشین. لەبری پرۆتێستکردن یان یاخیبوون، لە ئاهەنگەکاندا سەما و گۆرانی دەڵێین. مۆر دەبێژێ ”لەسەرووی ئەو زیندانەوە کە بونیادمان ناوە”، ئێمە زیندانەکەمان ”بە زێڕ ڕووپۆش دەکەین و جوانی دەکەین.” لەم ”زیندانەدا، ئەوان کڕین و فرۆشتن دەکەن؛ لەم زیندانەدا ئەوان بۆڵەبۆڵ و لۆمەی یەکدی دەکەن؛ لەم زیندانەدا، پێکەوە شەڕ دەکەن و یەکدی کۆنتڕۆڵ دەکەن، لەم زیندانەدا، زار هەڵدەدەن؛ لەم زیندانەدا یاری کاغەز دەکەن؛ لەم زیندانەدا، پایپ دەکێشن و چێژوەردەگرن؛ لەم زیندانەدا، سەمادەکەن و گۆرانی دەڵێن” (More 1965: 204). هەندێ جار تێکستەکەی مۆڕ وەکو دەستنووسی تابلۆکانی بۆش (Bosch) دەخوێندرێتەوە.




کوشتنی دەق لەپێناو لێدانی نووسەردا … حەمە مەنتك

ئەمە دووەم جارمە لەبارەی نووسینە بەناو ڕەخنەییەکانی گۆڤاری شیعر دەنووسم، ئەم گۆڤارە یەکێکە لە گۆڤارە هەرە باشەکان، بەڵام بەداخەوە ئەو نووسینانەی بەناوی ڕەخنەی شیعرەوە لە بارەی شاعیرانی کوردەوە (نەك دەقی شیعرەکانیان!) دەنووسرێت، سەنگی ئەم گۆڤارە دەهێنێتە خوارەوە. دەمەوێ بڵێم دوای سێ ژمارە لەم گۆڤارە پارادۆکسێک لەنێوان مانیفێستەکەی و شێوازی نووسین لەبارەی شیعری کوردییەوە هەیە. تەنانەت لەنێوان ئەو توێژینەوە وەرگێڕدراوانەی لەوێدا بڵاودەکرێنەوە لەگەڵ شێوازی نووسینی نووسەرە کوردەکان ئاسمان و ڕێسمان جوایەزیان هەیە.

بە بڕوای من ئەم پارادکسی ئیشکردنە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکیان دیسان جەختی لەسەر دەکەمەوە نەبوونی مێتۆدێکی دیاریکراوە بۆ نووسینی ڕەخنەیی (مێتۆدی زانستی بۆ ڕەخنە دەنا شێوازی ئەوانیش جۆرێک لە مێتۆدە، بەڵام ناچێتە خانەی مێتۆدە ڕەخنەییەکانەوە)، دووەم ئەم برادەرانە هێندەی مەبەستیان بڵێن ئەو شاعیرانەی لە کن خوێنەری کورد جێی باسن (جا بە هۆی دەقی باشەوە بێت، یان هۆکاری دیکە) ئەوان ڕەخنەی لێ دەگرن، بە واتایەکی دیکە دەیانەوێ بڵێن ئەها لەم گۆڤارەدا ڕەخنەی شاعیران دەکەین. من لەمەدا حەقیان پێدەدەم، بەڵێ هێندەی ئەوانە مەبەستیانە لەبارەی شاعیرەکانەوە قسە بکەن، هێندە مەبەستیان نییە لەبارەی دەقی شیعری شاعیرەکان قسە بکەن. ئەمەیش لە سەردەمی فۆرمالیستەکانەوە باوی نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە منیش دەمەوێ مۆدێلێکی دیکەی ڕەخنە، کە ڕەخنەی ڕەخنەیە بهێنمە ناو کاری توێژینەوەی کوردییەوە. ڕەنگە پێشتر بە شێوازی دیکە ئەمە کرابێت. بۆ نموونە کاتێك نووسەرێک لەبارەی شیعری شاعیرێکەوە، یان نووسینی نووسەرێکەوە نووسینێکی نووسیبێت، ئەو شاعیرە، یان نووسەرە هاتووە وەرامی داوەتەوە و قسەی لەبارەی نووسینەکەی کابرا کردوە. ئەمە ناچێتە خانەی کاری ڕەخنەی ڕەخنە، چونکە هێندەی ئامانج لێدانی کەسەکە بووە، هێندە قسەکردن نەبووە لەبارەی نووسینەکە. واتە بە شێوەیەکی زانستیانە نەبووە.

من دەمەوێ بە شێوەیەکی دیکە کار بکەم، ئەویش بەراوردی نووسینە ڕەخنەییەکە و دەقەکان بکەم، ئەویش بە ئامانجی دەرخستنی بنەماکانی زمان و ڕەخنە و کەرەسەکانی ڕاڤەکردن، بەڵام بەبێ ئەوەی کارێکم بە کەسی ڕەخنەگرە و شاعیرەوە هەبێت، من لەناو نووسینە ڕەخنەیی و دەقەکەدا کار دەکەم، چونکە ئەمە جەنگ و سەنگەرگرتن نییە لە یەکدی، هێندەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕەخنەی ئەدەبییە. هاوکات هەڵوەشانەوەی نووسینی ڕەخنەییە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی وەکوو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی ڕەخنەگر وەکوو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەق پەنای وەبەر بردوون دەربخات.

لەلایەکی دیکە دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هووشیاریی خوێنەر، ئەویش لەپێناو ئەوەی خوێنەر یەکڕاست نەکەوێتە بەر کاریگەری بۆچوونەکانی ڕەخنەگر، بەڵکوو ئەو بۆچوونانە ‌هەڵسەنگێنێ و لێکدانەوەیان بۆ بکات. بەمەیش پێوەندییەکی تازە لەنێوان خوێنەر و دەق و ئەو نووسینە ڕەخنەییەی لەبارەی دەقەکەوە نووسراوە، دروست دەکات. لێرەدا لەبارەی هەرسێ نووسینی: (شیعر و یاخیبوونی ساختە)ی “ئارام سدیق”، (سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی)ی “پشتیوان عەلی” و (شاعیری پۆزەتیڤ)ی “زانیار محەمەد” بدوێم و ڕەخنەی خۆم لە نووسینەکانیان بنووسم، بە ئامانجی سەرخستنی مێتۆدی ڕەخنەی ڕەخنە.

یەکێک لە بنەماکانی ڕەخنەی ئەدەبی (بە هەموو ژانرەکانییەوە) نابێت نووسینەکە بۆچوونی ڕەها و گردەبڕی تێدا بێت، چونکە ئەمە لە بڕیار دەچێت، لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا بڕیاردان جێی نابێتەوە. ڕەخنە شوێنێك نییە بۆ دادگەیی دەقی شاعیران و نووسەران، بەڵکوو شوێنێکە بۆ ڕاڤەکردن و کردنەوەی کۆدەکانی دەق. ڕەخنەی گردەبڕ ((جۆرە ڕەخنەیەکە پێشتر بڕیاری لەسەردراوە.))١ ئەم شێوازە لە ڕەخنەیە، کێشە بۆ نووسەرەکەی دروست دەکات، چونکە تووشی پارادۆکسی لەگەڵ نووسینەکانی پێشتر و بۆچوونەکانی پێشتری دەکات.

بۆ نموونە لە نووسینەکەی “ئارام سدیق”دا بۆچوونی لەبارەی زۆربەی شیعری کوردی وەهایە: ((ئەزموونی بەشی هەرە زۆری شاعیرانی کورد ئەوەمان پێدەڵێت، کە شیعر وێنەگرتنی دونیا و دیاردەکانە و لاواندنەوەی کارەساتەکانە. ئەگەر هەوڵی کەم و تاقانە و هەندێجار شەرمنانە هەبێت بۆ یاخیبوون و تێپەڕاندنی دۆخی باو، ئەوا هەوڵی شەرمنانە و ناکاریگەر و نابەردەوامن و لە خالێکدا دەگەنە کۆتایی و پەشیمانبوونەوە.))٢ هاوکات دەڵێت: ((یەکێك لە کێشەکانی شیعری کوردی بە درێژایی مێژووەکەی تەقدیسکردن و ستایشکردنی بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی بە نادیاری بمێنێتەوە. بە درێژایی ئەم مێژووە خوێندنەوەی ڕەخنەیی ئەزموونەکانی شیعری کوردی نەکراوە لە ئەحمەدی خانی و نالییەوە تا دەگاتە شیعری دوای ڕاپەڕین، هیچ ئەزموونێکی شیعری، ڕووبەڕووی پرسیاری فیکری نەکراوەتەوە و تەنانەت لە سیاقی خۆشیدا نەخوێندراوەتەوە.))٣ ئەم بڕیارە گردەبڕەی نووسەر، پارادۆکسە لەگەڵ کۆی نووسینەکانی خۆی لەبارەی شیعری کوردییەوە.

من تەنێ لە سایتی دەنگەکان نێزیك بە بیست نووسینی “ئارام سدیق”م لەبارەی شیعر و ئەزموونی شاعیرانی کورد سەیرکردن، لە کۆی ئەو نووسینانەشدا پەسنی شیعر و شاعیریەتی هەموویانی داوە.٤ ئەم پارادۆکسەی نووسەر لە بۆچوون دەربڕین بۆ کێشەی نەبوونی مێتۆد و کۆنکرێتنەبوونی نووسین دەگەڕێتەوە. هاوکات بەڵگەی ئەوەیە تەنێ بۆ ئەوەی بڵێن ڕەخنەمان هەیە لەبارەی ئەزموونی شیعری فڵانەوە، واتە نووسینەکان بە مەبەستی توێژینەوە و ڕەخنەی شیعری نەنووسراون، بەڵکوو پێشتر بڕیاریان لەبارەوە دراوە.

کەواتە “ئارام سدیق” لەنێوان دوو بەدارش ماوەتەوە، لەلایەك لە ساڵانی پێشتر پەسنی شیعر و شاعیرانی کورد دەدات و لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەی ئەوەی لە شیعری شاعیرانی کورد هەیە، کە یاخی نەبوونە، ئەگەر تاقە دەنگێکیش هەبووبێت ئەوا کاریگەری نەبووە و لە شوێنێکدا کۆتایی هاتووە. کەواتە نووسەر کۆی نووسین و ڕایەکانی پێشتری ڕەتکردۆتەوە و لێیان پەشێمان بۆتەوە. ئەگەر گلەش لە ڕەخنەگران و نووسەران دەکات، کە تەقدیس و ستایشی شیعر و شاعیرانی کوردیان کردوە، ئەوا خۆی یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو کارەکتەرانەی، کە بەرهەمهێنەری ئەم تەقدیسکردن و ستایشکردنەیە، کەم کەس هێندەی “ئارام سدیق” پەسنی شیعر و شاعیرانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینی داوە. کۆی نووسینەکانی لەم بارەوە باشترین گەواهین.

ئاخر نووسینەکانی بەشێکن لە بەرهەمهێنانی ئەم تەقدیسکردنە، کەم شیعر و شاعیری دوای ڕاپەڕین هەیە، نووسینەکانی ئەم نووسەرە ستایشی شیعر و شاعیریەتیان نەکردبێت، لەو ژمارەی سەرەوە باسم کرد، هەموویان بە دەنگی نوێ و تەنانەت هێندێکیان بە داهێنەر و هێندێکی دیکەیان بە خۆجوداکەرەوە وەکوو دەنگێکی نوێ هەژمار دەکات. کەواتە منی خوێنەر مافی خۆمە گومان بکەم، جا گومان لە نووسینەکانی پێشتری بێت، یان ئەم نووسین و بۆچوونەی ئێستای، چونکە ئەم بۆچوونەی کۆی بۆچوون و نووسینەکانی پێشتری خۆی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەیە ڕەخنەی پێشتر بڕیار لەسەر دراو، نەك ڕەخنەیەك پاڵپشت بە مەعریفە و بیرکردنەوەی قووڵ.

“پشتیوان عەلی” لە نووسینەکەیدا (سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی)دا نیوەی نووسینەکەی کورتکردنەوەی ئەزموونی شاعیرە لە یەك دێڕ (پەنا دەبەینە بەر بیرەوەی)، دیسان دەیڵێمەوە لە ڕەخنەی ئەدەبییدا نابێت کۆی ڕەخنەکەت لە یەك دێڕدا کورت بکەیتەوە، ئاخر ئەدی کۆی تێکستەکە؟ دەق بە زمان دەنووسرێت، ناکرێت زمانیش لە سیاقی بەکارهێنانی دەقەکەدا داببڕیت.

ئەم نووسەرە هەمان قسەکانی “زانیار محەمەد” لە وتاری (گوللە ساختەکان بۆ جوانکردنی کۆیلەیەتی) لەبارەی چەمکی بیرەوەری لە شیعردا پاتە دەکاتەوە، کە بڤەیە نابێ شاعیر بۆ یادەوەری بگەڕێتەوە، بەڵکوو دەبێ باسی داهاتوو بکات. دەنووسێت: ((بەڵام شاعیران بۆ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دواوە، خۆ ئەوان خولقێنەرن؟ شاعیر داوامان لێ دەکات بگەڕێینەوە بۆ یادەوەریمان، ئایا ڕابردوو ئەگەرێکی تری تیایە تاقینەکرابێتەوە؟ دەبێت تاقیکرابێتەوە، دەنا چۆن دەبێتە یادەوەری، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ چرکەساتێکدا نەژیابین.))٥ نووسەر گلەی ئەوە دەکات، یادەوەری لە سەردەمی نەهامەتیدا کۆمەکمان ناکات، نابێت بۆ یادەوەری بگەڕێینەوە، چونکە تاقیکراوەتەوە. کەچی پێشتر “پشتیوان عەلی” بۆ نووسیینی شیعرێک بۆ ڕابردوو گەڕاوەتەوە، ئەویش لە شیعری (کراسی خوێناوی، نێوان من و براکانم بوو)، لەم شیعرەدا سوود لە ژیان و سەردەمی میسرییە کۆنەکان بۆ داڕشتنی تێمەی شیعرەکەی وەردەگرێت.

پێش ئەو شاعیرێکی دیکەی کورد کاری لەبارەی داڕشتنی تێمەی شیعر بە سوود وەرگرتن لە مێژوو و ڕابردوو کردوە، ئەویش “شاڵاو حەبیبە”یە لە پڕۆژەی (میسرناسیی نوێ، کتێبی سەرلەبەری کۆیلەکان)ە، کە بەشێکی زۆری لە ژمارە (٣٥٨)ی پاشکۆی (ڕەخنەی چاودێر) لە ڕێکەوتی (٢٢/٤/٢٠١٣)دا بڵاوکردۆتەوە. ئایا گەڕانەوەی “پشتیوان عەلی” لەم شیعرەی سەروەیدا، کە ئاماژم بۆ کرد، گەڕانەوە نییە بۆ شیعری شاعیرێکی دیکە؟ بە واتایەکی دیکە گەڕانەوە نییە بۆ شیعر، تاکوو لاپەڕەی پێ ڕەش بکاتەوە؟ لەوەش گەڕێ، ئایا میسرییە کۆنەکان ڕابردوو نین؟ بە واتایەکی دیکە ئەوان یادەوەری نین؟ کەواتە نابێت بۆ هیچ شتێکی بەر لە خۆمان بگەڕێینەوە.

هاوکات دەڵێت دەبێت شاعیر سەردەمی نەهامەتی تێپەڕێنێ، چونکە بوونمان لە مەترسیدایە، بەڵام “پشتیوان عەلی” لە شیعرێکی خۆیدا، لە سەردەمی نەهامەتیدا خۆی تەسلیم بە مردن دەکات، نایەوێت ئەو سەردەمە تێپەڕێنێ، کە مەترسییە بۆ سەر بوونی. لە کتێبی شیعری (بەیانییەك بیرم دەچێتەوە ژیان هەیە)، دەڵێت:
وه‌ك گه‌ڵا ده‌ردێكم نییه‌
وه‌ك عه‌رعه‌ر نابمه‌ باڵا
وه‌ك شه‌پۆل ناتوانم بژیم
ئه‌وه‌ منم وه‌ك ته‌رزه‌م
له‌گه‌ڵ خۆری ده‌ستلێدان و به‌ركه‌وتنا
هه‌ر فریای بوون به‌ ئاونگ و ژماردنی مردنه‌كانی خۆم ده‌كه‌م

ئەگەر بە هەمان ئەو مێتۆدە سادەیەی ئەو بۆ ڕەخنەگرتن لە “بەڕۆژ ئاکرەیی” (نەك دەقە شیعرەکانی) بپەیڤم، “پشتیوان عەلی” نەیتوانیوە سەردەمی نەهامەتی تێپەڕێنێ، بەڵکوو خۆی تەسلیم بە سەردەمەکە کردوە، ئەوەتا ناتوانێ باڵای وەکوو عەرعەر لێ بکات، ناتوانێ ببێ بە شەپۆل، بەڵکوو چۆن تەرزە لەبەر هەتاو دەبێتە ئاونگ و دەمرێت، ئەویش ئاوا دەمرێت. ئەی نووسەری چی بەم ئەزموونەی خۆی دەڵێت؟ خۆ هەموو بۆچوونەکانی ناو نووسینەکەی بەسەر دەقە شیعرییەکەی خۆیدا پراکتیك دەبێت.

سەیرە تاکوو ئێستایش ئەو بۆچوونە باوی هەبێت، کە لە ڕوانگەی شاعیرەوە، یان ژینگەی شاعیرەوە لە دەقی شیعری بنۆڕیت. بەبێ ئەوەی گرینگی بە فۆرم و وێنەی شیعری و شیعرییەت و فەزای دەق بدرێت. ئەمانە شیعر بە وتار، یان نووسینێکی سیاسی تێدەگەن؟! ڕاستە وتار و نووسینی سیاسی دەبێ لە ڕوانگەی کەسەکەوە سەیری بکرێت و ڕاڤە بکرێت. ئەوەی لەم نووسینانەدا کاری لەبارەوە کراوە، شێوازی لێکدانەوە(تەفسیر) نەك توێژینەوە بۆ دەقی شیعری. بەمەیش تووشی فڕێدانی هێندێک قسە دەبن، کە لە دەرەوەی سیاقی دەقەکەوە قسە دەکەن. ئەم لە دەرەوەی دەق قسەکردنە هێنانی چەمک و وشە و ڕستەیە لە دەرەوە و سەپاندنی بەسەر فەزا و دەلالەتی دەقەکە.

دەمەوی بڵێم، ئەم نووسینانە لە ڕێی خەڵکانی دیکەوە بیردەکەنەوە، لەڕێی خەڵکانی دیکەوە قسە دەکەن، لە ڕێی قسەی خەڵکی دیکەوە خۆیان نمایش دەکەن، نووسینگەلی بۆشن، بۆ؟ چۆن؟ توێژینەوەی ورد و زانستی، توێژینەوەی خاوەن مێتۆد، خاوەن بۆچوون و تیۆریای خۆیەتی، واتە خۆی دەپەیڤێ و کۆدەکان دەکاتەوە، خۆی لایەنی تەکنیک و هونەری دەق دەدۆزێتەوە، پاشان بۆ پتەوکردنی بۆچوونەکەی، بۆ زیاتر سەلماندنی بۆچوونەکەی ڕستەیەك، یان چەند ڕستەیەك لە کتێبێك، یان بۆچوونی تیۆرزانێك و نووسەرێک دەهێنێتەوە.

لە نووسینەکەی “ئارام سدیق”دا ئەگەر بۆچوونەکانی “کامۆ” لەبارەی چەمکی یاخیبوونەوە دەربهێنین، تەنێ هێندێک ڕستەی سادە و پاتەی پێشتری لێ دەمێنێتەوە. ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە نووسینەکە باسی شیعری کوردی بە گردەبڕی دەکات، سەلماندمان چۆنە.
هاوکات دەنووسێت: ((ئەگەر بە پێی ئەم ڕوانینانە سەیری زۆرێک لە تێکستی شاعیرانی کورد بکەین، دەبینین، کە نە یاخیبوونی ڕاستەقینەن و نە شاعیرێکی ئەفرێنەر، بەڵکو زۆر جار بوونەتە پارێزەر و کۆیلەی سیستەم و بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی جۆرێک لە موقەدەس، کە شێعر ناکۆکە لەگەڵ بوونی هەر موقەدەسێکدا.))٦ پاتەی دەکەمەوە، نووسەر لەو بیست نووسینەی لە سایتی دەنگەکان من بینیم هەموو شاعیرەکان بە دەنگی جوایەز و تەنانەت هێندێکیان بە داهێنەری گەورە لە قەڵەم دەدات.

دواتر ئەوەی زۆربەی شاعیرانی کورد پارێزەر و کۆیلەی سێستەمن، ئەم قسانە هی “زانیار محەمەد”ە لە نووسینی (گوللە ساختەکان بۆ جوانکردنی کۆیلەیەتی) لە ژمارە یەکی گۆڤاری شیعردا. پاشان لە نووسینەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ستایشنامانەی بۆ ئەزموونی “کەژاڵ ئەحمەد” نووسراون، لەبەر مێینیەتی شاعیر بووە، ئەمەیش قسەکی سواو و پاتەبووەوەیە، پێش ئەم نووسینە لە زۆر نووسینی دیکە نووسراوە و تەنانەت ئەم قسەیە بەرانبەر کۆی ژنەشاعیرەکانی دیکەیش گوتراون، کە بەشێکی زۆری ڕاستی تێدایە. دواتر نووسینەکە کۆمەڵێ پێناسەی “کامۆ” لەبارەی چەمکی یاخیبوونەوە دەهێنێتەوە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێناسانە باسی یاخیبوون دەکات.

بەڵام بەبێ ئەوەی پێناسەیەکی دیار و تۆکمەی نووسەر بۆ یاخیبوون بخوێنینەوە. هەموومان دەزانین یاخیبوون ڕەتکردنەوەی ئەو شتانەیە دەستوپێی تاك دەبەستنەوە، ئەمە پێناسەیەکی زۆر گشتیی یاخیبوونە. دواتر ئایا تەنێ “کامۆ” باسی یاخیبوونی کردوە؟ ئایا پێناسەکانی “کامۆ” پێناسەی تەواو و کامڵن بۆ ئەم چەمکە؟ نووسەر لە نووسینەکانی پێشتری لەبارەی شیعری شاعیران زۆر جەختی لە لایەنی شیعرییەت و هونەری دەق دەکردەوە، کەچی لێرەدا تەنی بۆ ئەوەی نیشانی بدات ئەو ڕەخنە لە ئەزموونێك دەگرێت تەنێ لێکدانەوەی بۆ شیعرەکان کردوە.

پێشتریش لە نووسێنێکی دیکەی ڕەخنەییمدا لەبارەی نووسینێکی “زانیار محەمەد” ئاماژەم بە سادەیی ڕاڤەکردن داوە. لەم نووسینانەدا هەمان شت پاتەبۆتەوە. لە وتاری (سەردەمی نەهامەتی….)دا جودا لەوەی سێبەری وتاری (هۆڵدەرین و تێڕوانێنێکی فەلسەفیانە)ی “د.محەمەد کەمال”ی بەسەرەوەیە، تەنێ واتای فەرهەنگی (قاموس) وشە و ڕستە شیعرییەکانی لێکداوەتەوە.
ئەمە بەڵگەیە لەسەر لێکدانەوەیی نەك ڕاڤەکردنی شیعرەکان. ئەگەر تەماشای لێکۆڵینەوەکەی “د.محەمەد کەمال” و “بەیان سەلمان” بکەین، ڕوون دەبێتەوە، ڕەخنە و توێژینەوە قسە فڕێدان نییە، بارکردنی وشە نییە، بەڵکوو کەشفکردنی واتای دووەمی وشەکانە، هەڵکۆڵینی شیعرە، دەبینین ئەوان لەناو شیعرەکانەوە واتا و مەدلوول دەردەهێنن. کاتێك “د.محەمەد” بەر وشەی (ئاگر) لە شیعرەکانی “هۆلدەرین” دەکەوێت، نایەت بنووسێت، ئەوە واتای ئاگرە، بەڵکوو مەدلوولی ئاگر لە ئەفسانەی یۆنانی دەدۆزێتەوە. “بەیان سەلمان” لە توێژینەوەکەی لەبارەی شیعرەکانی “ڕامبۆ” تەنێ خۆی بە لێکدانەوەی واتای وشە و ڕستەکان خەریك ناکات، بەڵکوو لایەنی فۆرمی شیعرەکانیش، کە شیعرەکان لە فۆرمی (سێینە و چوارینە)دان، هاوکات نایەت لە کۆی شیعرەکە یەك ڕستە، یان وشەیەك دەربهێنێ و کۆی واتا و مەدلوولی شیعرەکەی لەسەر هەڵچنێ. کەچی لە نووسینەکەی “پشتیوان عەلی”دا لە کوێ پێویستی بە سەلماندنی قسەکانی بووبێت، هاتووە نموونەیەکی بۆ هێناوەتەوە و تەنانەت بە ئاشکرا بۆچوونی خۆی بەسەر نموونەکەدا دەسەپێنێت.

بۆ نموونە کاتێك دەیەوێ باسی ئەوە بکات شاعیر چ ئینتیمایەکی سیاسی هەبووە و هەیە، یەك دێڕی شیعری دەهێنێتەوە (پەنا دەبەینە بەر بیرەوەری) ئەم دێڕە دەکاتە بەهانەیەك بۆ ئەوەی لە ئینتیمای سیاسی و کەسێتی شاعیر بدات. ئاخر لە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییدا نەبووە کۆی مەدلوول و واتای ئەودیوی وشەکانی شیعرێک، یان ئەزموونی شاعیرێک لەسەر یەك دێڕ هەڵچنێ. ئاخر ئەگەر مەبەست لێدانی شاعیر نەبێت، هەر تەماشای توێژینەوەکەی “ئالان بادیۆ” بە ناوی (جانەوەر) لەبارەی شیعری ئەم سەدەیەی ماندلشتامەوە، کە “وەلید عومەر” بە کوردی کردوە و لە هەمان ژمارەی گۆڤارەکەدایە، ڕەخنەگر نەهاتووە بۆچوونەکانی بێنێت و لەناو شیعرەکەدا دێڕێك، یان چەند دێڕێك دەربهێنێت و بۆچوونەکانی بەسەر دەقەکەدا بسەپێنێت، بەڵام هاتووە لە کۆی دەقە، لەناو وشە و ڕستە و دەلالەتەکانی دەقەکە واتاکانی دەدۆزێتەوە.

لە نووسینی (شاعیری پۆزەتیڤ)دا “زانیار محەمەد” ئەویش کۆمەڵێک چەمک دەهێنێت، بە دوای گونجاندنی لەناو شیعرەکانی “ڕامیار مەحموود”دا دەدات. من دژی هیچ ڕەخنەیەك لەبارەی دەقەوە نیم، تەنانەت ئەگەر توندترین زمانیش دەکار بخرێت، بەڵام دەبێت هەموو قسەیەک لە جێی خۆی بێت، بە بەڵگەوە قسە بکرێت.
بۆ نموونە کۆمەڵێک چەمکی وەکوو: فاشیزم، ماسۆشیست، ئۆپۆرتۆنیست…تاد لە نووسینەکە دەربهێنین، هیچ قسەیەکی نوێ، یان بۆچوونێکی هەڵقوڵاو لەناو نووسینەکە نابینینەوە. لە نووسینی ڕەخنەییدا ناکرێ چەمك لە دەرەوە قەرز بکەیت و بەسەر دەقیدا بسەپێنیت، بەڵکوو دەبێت لەناو دەقەکە واتای دووەم بدۆزیتەوە. ئەم نووسینە، نووسینێکە نووسەر لە ڕێی بیرکردنەوەی کەسانی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ دەقەکان کردووە، ئەویش بە ئامانجی لێدانی شاعیر. لە نووسینەکەدا هاتووە: ((لێرەوە کارمان تەنیا خوێندنەوەی تێکستەکان نییە و ئەفسانەی خوێنەری بێلایەن لە کارمان تێكدەشکێنین، بەڵکو ئەرکمان ڕەخنە و ڕاڤەیە………… میشێل فۆکۆ دەڵێت: نووسین وەك پێویستییەك، کردەیەک بۆ داڕماندن.))٧ مێتۆدە نوێیەکانی ڕەخنە جەخت لەسەر بەشدارییەکی کارای خوێنەر لە بەرهەمهێنانی واتای دەق دەکەنەوە، ئەوە مێتۆدە کۆنەکانی وەکوو: مێتۆدی کۆمەڵایەتی و دەروونشیکاری بوون خوێنەریان پەراوێز دەخست. منیش لەگەڵ ئەوەدام ڕەخنە کردەیەك بێت بۆ داڕماندن، بەڵام هەڵوەشاندنەوە و داڕماندنی بینا و توخم و پێکهاتەی دەق، نەك ئامانج لێدانی نووسەر و شاعیر، چونکە ڕەخنە سەنگەر لە نووسەر و شاعیر ناگرێت، بەڵکوو سەنگەر لە دەق دەگرێت.

لە کۆی ئەو نووسینەدا نووسەر باسی هەر چەمکێك، هەر شتێك بکات دەیبەستێتەوە بە شاعیر، شاعیر دەهێنێتەوە ناو باس. ئاخر نووسەر تەنێ چەمک و تیۆری (مەرگی نووسەر)ی “ڕۆلان بارت” بزانێت، دەزانێ ئەوە خوێنەر و ڕەخنەگرن خاوەن دەقن، ئەوە ئەوانن واتای دیکە بە دەق دەبەخشن. ئەم نووسینانە ناچنە خانەی ڕاڤەکردنەوە، بەڵکوو لێکدانەوەی وشە و ڕستەکانی ناو شیعرن، هەوڵێکە بۆ لێدانی شاعیر.

بەڵێ دەبێت تا ئاستی خاپوورکردن دەق خاپوور بکرێت، ڕەخنە بکرێت، ئەویش بە ئامانجی دۆزینەوەی لایەنە لاواز و ناهونەرییەکانی، بە ئامانجی دۆزینەوەی واتای دووەمی دەلالەتەکان. ڕەخنەی ڕەخنەش دێت ئەم ڕەخنانە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەراوردی نێوان دەق و ڕەخنەکە دەکات، بۆ ئەوەی دیوێکی دیکەی ڕەخنەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا بکات.

———————–
سەرچاوە و پەراوێز:

١. کارلونی و فیللو، النقد الادبی، ترجمە: کیتی سالم، مراجعە: جورج سالم، منشورات عویدات، بیروت، الطبعە الثانیە، ١٩٨٤، ص٢٥.
٢. ئارام سدیق، شیعر و یاخیبوونی ساختە لە ئەزموونی شیعریی کەژاڵ ئەحمەددا، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل٦١.
٣. سەرچاوەی پێشوو، ل٦٢.
٤. ئەمە ناونیشانی هێندێك لە نووسینەکانییەتی: ئێستا لەنێو مێژوودا (لەبارەی شیعری شاڵاو حەبیبە)، سیانەی لێکترازاو لەبارەی شیعری (من و خۆم)ی حەمەکاکەرەش، ڕوو لە مرۆڤ یان لە خودا لەبارەی شیعری (یاقوتی ڕژاو)ی عەلی پێنجوێنی، شیعر و دۆخی بە لێبووکبوون لەبارەی شیعری لێبووکێك لە ژوورەوە بیر دەکاتەوەی داستان بەرزان، جێگۆڕکێی دال و مەدلوول لەبارەی دیوانی لەبەر با لەبەر باران عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، نامۆبوونی خود لەبەردەم بووندا لەبارەی شیعری ساردە بۆ من ئەم دنیا تازەیەی داستان بەرزان، درۆ و مۆدێرنە لە شیعری حەقیقەتی شاراوەی گۆران ڕەسوول و چەندین نووسینی دیکە.
٥. پشتیوان عەلی، سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل١٦٠.
٦. ئارام سدیق، شیعر و یاخیبوونی ساختە لە ئەزموونی شیعریی کەژاڵ ئەحمەددا، ل٦١.
٧. زانیار محەمەد، شاعیر پۆزەتیڤ، گۆڤاری شیعر، ژمارە ٣، ٢٠١٧، ل٢٢٨.




”زەوی لەنێو گوڵەکەمدا پێدەکەنێ” … خەندە حەمید

ڕامان لە گوڵی نێو ئینجانەکەم دەم باتەوە بۆ یادەوەرییەکانی منداڵیم، ئەو یادەوەرییە گەرمانەی لەنێو گوڵەکاندا هەم بووە. ئەو گوڵەی لەلایەن هاوڕێیەکمەوە بە دیاری پێم دراوە. کاتێ بەجێی دێڵم و دەڕۆم بۆ سەفەر دڵم لای گوڵە بچوکەکەمە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی تینوی دەبێ، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانم قسەی بۆ بکەم و ڕۆحی ئەو هەست پێ بکەم. من گوڵەکەم وەک منداڵێک دەدوێنم ڕازەکانمی بە گوێیدا دەچرپێنم، هەست دەکەم ئەویش بۆم پێدەکەنێ ئەمەش ئومێدم پێدەبەخشێ. هەروەک شاعیر و نووسەری دانیمارکی هانس کریستیان ئەندرسن دەڵێ: ”تەنیا ژیانکردن بەس نییە، بەڵکو یەکێک گەرەکە خۆرەتاو، ئازادی و گوڵێکی بچووکی هەبێت”.

هەربۆیە بەشێوەیەک بە دەستەکانم گەڵاکانی گوڵەکەم خاوێن دەکەمەوە هەست دەکەم سەری پەنچەکانم گەڵاکان ماچ دەکەن. ئاخر زۆر کات گوڵەکان تەنیا نایانەوێ پارێزراوبن، بەڵکو دەشیانەوێ خۆشبویسترێن. هەموو بەیانییەک هەڵدەستم گوڵی سەر تاقی پەنچەرەکەم چێژێکی تایبەت لە ڕەنگ و تیشکم پێدەدات. ئەم پەیوەندییە دوانەییە واتا بەخشین و بەخشراوە، بەو مانایەی ئەوەی کە تۆ پێی دەدەی بە هەمان جوانی و چێژەوە پێت دەداتەوە، هەربۆیە ئەمە شتێکی سروشتییە، گوڵەکان وا دەکەن مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی بکات، چونکە جەوهەری ڕەنگەکانن. هەروەک چۆن گوڵەکان خۆیان یادەوەرین جگە لەوەی خۆت یادەروەری منداڵی لەنێو گوڵەکاندا بچنییەوە.

کاتێ گوڵێک دەچێنی واتا تۆ باوەڕت بە سبەینێیە. من ئەزموونێکی باش و جوانم لە نازهەڵگرتنی گوڵ و لاواندنەوەیاندا هەیە، ئەوکاتەی منداڵ بووم و لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندن دابووم، باوکم بڕیاریدا نەمامگە و گوڵفرۆشییەک بکاتەوە، چونکە باوکم باوەڕی بەو سبەینێیەیە کە دادێت. ئەو ئێستاش زۆر نزیکە لە گوڵ و تێکەڵە لەگەڵیان، مامەڵەی لەگەڵ گوڵ و سەوزایی زۆر تایبەتە. ئەو یەکەم کەس بوو لە ڕانیە شەتڵگەیەکی بەو شێوەیە گەورە دابنێت. نزیکی من و باوکم وای کرد پێکەوە شەتڵگەکە بەڕێوەبەرین، هەم لە ماڵەوە و هەم لە دوکانەکەشدا کارمان دەکرد. لەنێو باخی حەوشەکەمان شەتڵمان دەگرت و دەمان چاندن، چونکە ئەوکاتە زۆربەی ماڵەکان فەزای ژیانێکی سەوزی تێدابوو، باخچە و سەوزایی بەشێکی گرنگ بوون لە ماڵی کوردیدا، بەداخەوە ئەمە لە ئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونی باڵەخانە بازرگانییەکان و دروستکردنی خانووی چەند قات بە بلۆک و چیمەنتۆ فەزای حەوشە و سەوزایی بەرتەسک کراوەتەوە. ئەوکاتە دوکانەکەمان لە سەری کۆڵانەکەماندا بوو، دەرفەتی ڕاکردنم لە دوکانەوە بۆ ماڵەوە و بە پێچەوانەشەوە هەبوو. ئەو کاتانەی بابم دەچوو بۆ سلێمانی بۆ هێنانی شەتڵ و جۆری تازەی گوڵ، من خۆم بە تەنیا لەسەر دوکانەکە دەمامەوە و ڕۆژانە چەند دڵم بەوە تەنگ دەبوو کاتێ گوڵە جوانەکانم دەفرۆشران، لە هەمان کاتدا هێندەش دڵم خۆش دەبوو کە دەفرۆشران و پارەکەیم وەردەگرت، هەستم دەکرد من ئەرکێک بەجێدێنم و بەو ڕێیەوە خێزانێک دەژیێت.

ئەو کەسانەی دەهاتن گوڵیان لێ دەکڕیم بە بچکۆلەی گوڵفرۆش ناویان دەبردم هەندێ جاری تر دەیان وت گوڵەباخ. یاخود دەیان دواندم کە من بێزارنابم لەسەر ئەو دوکانەم یان من منداڵم دەبوایە یاری بکەم، ڕاستی من خۆم بەرگەی ئەوەم نەدەگرت گەر ئیشێکی تربوایە و گوڵفرۆشی نەبوایە، چونکە من منداڵێکی بە جووڵە و پڕ وزە و یاری بووم لەوێشدا زۆرکات بیر و هۆشم دەچوو بۆ لای یاریکردن و هاوڕێکانم لە کۆڵان، بەڵام دواتر خۆم بە ئاودان و ڕێکخستنی گوڵەکانەوە مەشغوڵ دەکرد، چێژم لە خزمەتکردن و نازهەڵگرتنی گوڵەکان وەردەگرت. ئەوانیش لەبەرانبەردا جوانی و ئارامیان پێدەدام، گوڵفرۆشی یەکێکە لەو دەگمەنە ئیشانەی کە تەنیا بازرگانی نییە، بەڵکو ئیشێکە وەرگرتن و بەخشینە، گوڵەکان چی لە تۆوە وەربگرن لەوە زیاترت پێدەبەخشنەوە!
مامەڵەی من لەگەڵ کڕیارەکانم زۆر منداڵانە بوو، لەو کڕیارانە توڕە دەبووم کە عەزێتی گوڵە شەرمنیان دەدا و بەلایانەوە سەیربوو کاتێ شەرمی بۆ دەکردن، دەستیان لێدەدا و وایان دەکرد شەرم بکات و خۆی دابخاتەوە. مۆنەم لەوانە دەکرد کە بە گوڵە دڕکەکانمیان دەگوت چۆن دەبێ دڕک ئەوەندە گرانبێ! بیرمە یەکەم گوڵ کە فرۆشتم گوڵە سادۆنیا بوو.

هەرچەندە ئیشکردن و دوکانداری بۆ کچێکی بچووک هێندەش ئاسان نییە، بگرە هەندێجار مەترسیدارە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا، بیرمە پیاوە چاوبرسییەکان بە حەز و شەهوەتەوە سەیریان دەکردم هەتا دەگاتە ئەوەی یەکێکیان بە زمانێکی شیرینەوە دەی دواندم کە سبەی دەگەڕێتەوە، شیرینی و بووکم بۆ دێنێت، داوای لێدەکردم لەگەڵیدا بڕۆم، من ئەوکات تێنەدەگەیشتم لە مەبەستی تەنیا دەترسام و دەم زانی مەترسییەک هەیە، بێ ئەوەی بزانم ڕادەی مەترسییەکە چییە و چۆنە. هەر بۆیە بێ ئەوەی بە هیچ کەسێ بڵێم، ڕۆژی دواتر بەزۆر خوشکە بچوکەکەم لەگەڵ خۆم برد بۆ دوکانەکە، تەواوی ئەو رۆژە لای خۆم هێشتمەوە، تاکو لەو مەترسییە دەربازبووم.

ئەوەی داخە بۆ من لەگەڵ گەورەبوونم، کاتێ لە جەستەدا بووم بە کچێکی کامڵ، بەپێی کات وردە وردە ئەو ئیشەم لێ زەوتکرا، بەڕادەیەک غەم دایگرتم کە حەزم نەدەکرد هەواڵی بێنازی گوڵەکان ببیستم و بیان بینم، ماڵەوەمان بێ ئەوەی دەرک بەوە بکەن گەورەبوونی من لە جەستەدا مەترسی نییە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەترسی لە هەر دۆخ و ساتێکدا بێت، بوونی هەیە. یان دەشێ لە ترسی پلار و قسەی خەڵک بووبێت. براکەم بۆ ماوەیەکی کەم لەگەڵ باوکم خەریکبوو، بەڵام بەردەوام نەبوو دواتر کوڕە خاڵەکەم، تا دواجار بەهۆی گۆڕینی دۆخ و ژیانەوە کەوتینە سەر زەرەر و وەک زۆربەی پیشەکان دەسبەرداری بووین.

تۆ کاتێک بەئاگا بیت بەرانبەر بە گوڵەکان ئەوا بەها و نرخیان دەزانی ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە یاخود گرنگ نییە کە زۆر جۆری گوڵت هەیە یان کەم. هەروەها فەیلەسوفی گوڵفرۆش ئانجا دەڵێ: ”ئەگەر تۆ بوەستی و بۆنی گوڵەکان بکەی، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت ئێمە بەئاگاییەوە دەزانین هەموومان بەشێکین لە زەوی. ئەمە ڕۆحت بەرز دەکاتەوە و بەختەوەرت دەکات. بۆیە ئەمە وا دەکات گوڵ شتێکی کڕۆکی بێت نەک تەنیا شتێک بێت بۆ دیاری یان بۆ ڕازاندنەوە”.

دەکرێ ئەمە بگەڕێنمەوە بۆ ئێستیتیکی سەوز، کە لەتەک یەک ئیدێی ناوەندیدا خەریکە ئەویش ژینگەناسییە (ئێستێتیکی ئیکۆلۆژی)، بەپێی ئەم ئێستێتیکە نابێت سروشت وەک ئۆبژێکتێک ببینرێ، بەڵکو وەک ژینگەیەک کە ئێمە پابەندین پێوەی. هەروەک چۆن سروشت و جوانی لە کۆنسێپتە بناغەییەکانی ئێستێتیکن، بە هەمان شێوە لای کانت هەمیشە ”جوانی سروشت” لە پێش ”جوانی هونەرە”، چونکە هۆشسامبوون بە یەکەمیان نیشانەیە بۆ هەڵوێستێکی مۆڕاڵی. کەوایە مەزنی سروشت لەوەدایە کە ئەو وەک سروشت دەتوانێت لەنێو مرۆڤدا بەڕێی لێڕوانینەوە ئیدێی مۆراڵ بێداربکاتەوە و بەئاگای بێنێتەوە. ئەمە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەم دەکاتەوە ئایا ئێمە لە کوێی هەڵوێستێکی مۆڕاڵیانەداین بەرانبەر بە سروشت؟ لە کاتێکدا سەری گوڵەکان دەقرتێنین، دەچینە نێو سروشتەوە بە کۆمەڵی پاشماوە سروشت پیس دەکەین و بەجێی دێڵین.

ئەمە بەرەو پرسیارە کرۆکییەکەی (ئانجا)م دەبات کە دەڵێ: ”گوڵەکان دیاری زەوین، چونکە زەوی هەموو ئەوەیە کە ئێمە هەمانە و ئێمە پێویستمانە. ئەگەر ئێمە سەرچاوەکان پتر لەوە بەکاربهێنین کە سروشت بەرهەمیان دەهێنێ، ئەوا دواتر ئێمە ڕوو لە کوێ دەکەین؟ بۆیە ئەم پەیوەندییە گوڵفرۆشی دەکاتە شتێکی کڕۆکی” .
ئێستاش خۆزگە و خەونی من ئەوەیە ڕۆژێ بتوانم دوکانە گوڵفرۆشییەکەم دابنێمەوە و بە ئومێد و خەونی ئێستامەوە ئاگام لێیانبێ و بەردەوام بم لەگەڵیاندا.




تارمایی مارکس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیادا … ئاسۆکمال

تارماییەک هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا ڕاودەکا ئەویش تارمایی مارکسە. ئیکۆنۆمیست وەک زمانحاڵی نیولیبراڵیزم هاوار دەکا” باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لەوەی ببیت بە قوربانی داهاتوی مارکس ئەوەیە کە دەست پێ بکەیت بەوەی جدی وەریگری”.*١

ئەم ترسە لەپای چی؟

ئاشکرایە مەسەلەکە شۆڕشێك نیە بەڵکو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیە، بەڵام مافی هەڵبژاردن هەرچەند بەرتەسک و ڕوکەشیش بێت فرسەتی بەدەنگدەر داوە کە بیرێکی ڕادیکاڵ تر لەوە بکاتەوە کە بەرامبەر بەم ئەزمەیەی سیستەمی سەرمایەداری ئێستا لە ئارادایە هەڵبژاردەی ئەو چیە؟
باڵی چەپی حزبی کرێکاران بە لیدەری جێرمی کۆربن و ڕاوێژکارەکەی جۆن ماکدۆناڵ، مانیفێستێکیان خستۆتەڕوو کە دەیەوێ ڕیفۆرمی ئابوری بە قازانجی کرێکاران و خوێندکاران و مناڵان و کرێچیەکان و دانانی باجی زیاتر لەسەر سەرمایەداران دابنێ. ئەم مانیفێستە شۆڕشگێڕانە نیە و ریفۆرمیستیە بەڵام ئەم داواکاریانە لە دەورانی ئەزمەی ئێستای مالی و بریکزیت (دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) و بەرنامەی ڕاستڕەوی حزبی پارێزگاراندا دەنگ و چاوەڕوانیەکی شۆڕشگێڕانە لەهەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ کە ڕەنگدانەوەی تیۆری مارکسە.

ڕادەی دەوڵەمەندبونی سەرمایەداران Social Market Foundation (SMF) بەپێی ئاماری لە بەریتانیادا ٪٦٤ هەڵکشاوە و ڕادەی هەژاری کرێکاران ٪٥٧زیادی کردوە. معاشی بەڕیوەبەری بانکەکان ٣٠٠ بەرامبەری معاشی فەرمانبەرێکە، لەکاتێکدا پیشتر ٢٠-٣٠ ئەوەندە بوو.*٢ هەروەها ٪١ی دەوڵەمەنترین سەرمایەدارەکان بەهێندەی ٥٥ ٪ دانیشتوانی هەژاری سامانی هەیە*٣. ئەم واقعیەتە کە مارکس وەک چڕبونەوەی سەرمایە لەلایەک و هەژاری لەلایەکی تر وەک یاسای ئابوری سەرمایەداری خستویەتیە ڕوو ئەمڕۆ لەم کۆمەڵگەیەدا بە گۆشت و خوێن سەلمێنراوە و “ئیکۆنۆمیست” یش ناچارە دروستی تیۆریەکەی مارکس پشت ڕاست بکاتەوە . “ئیکۆنۆمیست” چینی دەسەڵاتداری بەریتانیا لە ئاکامی بڕواهێنانی کۆمەڵگە بە پێویستی بانگەشەکانی مارکس ئاگاداردەکاتەوە کە لەم کاتانەی ئەزمەدا سەرهەڵدەدا، و ئەگەر ببنە مانیفیست و چاوەڕوانی کرێکاران ئەوا دیسان تارماییەکەی مارکس خۆی نیشان دەدا. هەر ئەوەندە بەسە کە مەزاجی شۆڕشگێڕانە لە کاتی ئەزەمەدا فرسەتی دەرکەوتن پەیدا بکا تا وەک ئاگری بن پوش یاساکانی کەڵەکەی سەرمایە و هەژارکردنی کریکاران ئاگربگرن.

نیولیبرالیزمی پارێزگاران هەمان بەرنامەی ئابوری ترامپ و باڵی ڕاستی هەیە کە دەیەوێ لەم ئەزمەیەدا باجەکانی سەر کرێکاران و هەژاران زیاتر بکا و بیمە و زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان لابەرێ و کرێی خانو زیاتر بکا و پەنابەران دەربکا و درێژە بە دەستێوەردانی سەربازی و پێشبڕکێی ئەتۆمی و قەرزدارترکردنی وڵاتە گەشەنەکردوەکان بدا و کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی و پیشێلکردنی پاراستنی ژینگە و هتد بدەن..گرنگی باڵی چەپی حزبی کریکاران لەم کاتەدا ئەوەیە کە دەیەوێ دژ بەم شەپۆلەی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیزم ڕاوەستێ و بەرگری لە مافی کرێکاران و سەندیکاکانیان و بەرزکردنەوەی لانی کەمی کرێ بۆ ١٠پاوەند لە سەعاتێکدا و دابینکردنی خانو و خۆڕایی کردنی خوێندن و بەکورتی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکان دەکا و پەنابەران دەپارێزێ و ڕیگری دەکا لە دەستێوەردانە سەربازیەکان و خوازیاری پاراستنی ژینگەیە.
ئەمە هەرچەند مانیفیست و شەڕیکی بەرگریکارانەیە نەک کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی کاری بەکرێ بەڵام گرنگی لە دروستکردنی جەوێکی لەبارتر بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی خۆش دەکا.

هەربۆیە ئەگەر بەریتانیا سەد ساڵ لەمەوبەر هوشداری دا بە سەدەی بیست دا کە تارمایی بەلشەفیزم ڕاوی دنیای سەرمایەداری دەکا و دەبێ ڕێگا بە خەتەری سوور نەدا ، بەڵام هوشداریەکەی بەجدی وەرنەگیرا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرکەوت. ئیستاش “ئیکۆنۆمیست” ،وەک پیرە بیرتیژەکەی نیولیبرال هەمان هوشداری دەداتەوە بەریتانیا خۆی کەئەگەر تارمایی مارکس بەجدی نەگرێ ئەوا دەبێتە قوربانی سەدەی بیست ویەکەمی مارکس.

سەرکەوتنی حزبی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی بەریتانیادا بەهەر ڕادەیەک بێت دەتوانێ ئەم بانگەشەیەی مارکس بۆ شکاندنەوەی قەیرانی ئێستا بەسەر بەشی سەرمایەداران لە داهاتی کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکا و زەمینەی گۆڕانی مەزاجی شۆڕشگێڕانە دروست دەکا کە کرێکاران ئەمڕۆ بۆ وەڵامدانەوەی سەرمایەداری قەیرانگرتو پێویستیان پێیەتی تاکو گۆڕانکاری دروست بکەن. ئینسانێک کە خوازیاری دنیایەکی باشترە لەڕیزی دەنگدان بە حزبی کرێکاراندا تارمایی مارکس لەم هەڵبژاردنەدا هەست پێ دەکا، ئەمەش وایکردوە ئەم بانگەشە و ململانێی هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردە بێ تامەکانی ڕابردوو .

“*١ http://www.economist.com/news/britain/21721916-shadow-chancellors-comment-provoked-scorn-yet-marx-becomes-more-relevant-day-labour
*٢ http://www.bbc.co.uk/news/business-32824770
*٣ https://www.theguardian.com/uk-news/2014/may/15/britains-richest-1-percent-own-same-as-bottom-55-population




وەرە بمکە بە باخچە …. بەیان ئیبراهیم

من زەوییەکی ڕوتەڵەم
دەمەوێت بمکەیتە باخچە
کام تۆوی گوڵ جوانە
بیهێنە و لە ناو دەشتای ڕۆحما بیچێنە
کام درەخت لەنجەی جوانە بیهێنە و بینێژە
ئاخر تۆ کە باخەوان بیت
دەزانێ ئەم باخچەیە پێوستی بەئاوازی کام ئاو هەیە
دەزانی پەرژینی کام شەماڵ بکەیتە دەورم
کە من باخچەی تۆ بم
دەزانی پرچی ئەم باخچەیەم
بە شیعری شێرکۆ و
بە سەمفۆنیای بتهۆڤین دابهێنیت
……………………………………………………………………
وەرە و بمکەرە باخچە
هەر جارە و گوڵێک
هەر جارە و درەختێک
هەر جارە و ڕەنگێك
ئا .. تۆ باخەوانی ئەم باخچەیەی ڕۆحی من دەبیت
باخچە هەر جارەو ڕەنگێک دەگرێت و
منیش هەر جارەو دەبمە فریشتەیەک
تاو تاوێک باخچە دەبێتە مەنزڵگا
تۆ دەبیتە سۆفی و مناجاتی عەشقم بۆ دەڵێ
منیش دەبمە کوکوختی و
لەسەر چڵی زوڵفی خۆم
بۆت دەچریکێنم
تاو تاوێک باخچە دەبێتە مزگەوت
منیش دەبمە پاساری
لەگەڵ دەنگی کەڵەشێرەکەی ئاوایدا
لەگەڵ هاتنەدەرەوەی مێگەلدا
تۆ لە میمبەری دڵی منەوە بانگی عەشق دەدەی
منی چۆلەکەش لەسەر باڵای تۆ هێلانە دەکەم
ئەها ئەم باخەچەیەی تۆ لە منا دروستت کردوە
چەند ڕەنگ دەگۆڕێت
…………………………………………………………………………..
ئەم مێوانەی ناو ناخی من
پەلی تەرزی دێنە ناو تۆوە
لە چاوتەوە دێنە دەرێ
لەسەر سنگت
هێشوی ماچی من دەگرێت
دوا جار وەرە و پڕمکە لە خۆت
من پێش تۆ خاڵی بوم خاڵی
دەشتێک بوم تۆ هاتیتە ناوڕۆحمەوە کردمت بە باخچە
پێس تۆ زۆر کەسی تر درەختیان هێنا
بەڵام وشک بون
زۆر کەس ویستیان ڕۆحم ڕابهێنن
بەڵام ئەم ئەسپەی ڕۆحم
بە بۆن خاوەنەکی دەناسێتەوە
کە تۆ هاتیت خاکی دڵ فەرشی لە سەوزایی بۆ ڕاخستی
کە تۆ هاتی چاوم هاتە پێشوازیت و
لێوی سورمی بۆ ڕاخستی
کە تۆ گوڵی مێخەکت
لە سەر سێوەکی ئادەم بۆ هێنام
منیش بومە حەوایەکی کافر و
لە ناو تۆدا ئیمانم هێنا
کە تۆ دەبویتە بیر
من حەزم بە کوفری براکانم دەکرد
تا وەک یوسف بمخەنە ناو تۆوە و
هیچ کاروانێکیش نەمدۆزێتەوە
کە تۆ دەبویتە پادشایەکی زاڵم
من چیرۆکی هەزار و یەک شەوەم
هەزاران جاردوبارە دەکردەوە
کە تۆ دەبویتە نالی
منیش دەبومە حەبیبەیەکی پڕ ناز
کە تۆ دەبویتە شار
منیش پڕ دەبوم لە کۆڵان و شەقام
کە من دەبومە چۆلەکە
تۆ دەبویتە جوانترین گوڵە گەنم
کە من دەبومە سەوزایی
تۆ دەبویتە جوانترین سنەوبەر
سەیرکە چی ڕوبارێکت لە عەشق
هێناوەتە ناو ئەم باخچەیەی ڕۆحمەوە
من دەبمە ماسی تێدا و
تۆش دەبیتە سهراب
کە من دەبومە پەپولە
تۆش دەبویتە جوانترین گڕ
کە من لێوم سور دەکرد
تۆ دەبویتە ڕەنگی گوڵی هەنار
کە من جلەکانم لەبەردەکرد
تۆ جلی بەهارت دەکردە بەری پایز
کە من چاوانم دەڕشت
تۆ دەستت بە پرچی شەودا دەهێنا
کە بە منت وت تۆ شازنی مەملەکەتی دڵمی
من دەتوامەوە و دەبوم بە تەم
لەسەر لێوە وشک هەڵهاتوەکانت
کە تۆ دەت وت گیانەکەم
من دەبومە دوكەڵی جگەرەکەت
من تاوێ پاساری و تاوێ پەپولە و
تاوی نەوڕەس و تاوی ئاسکێکی کێوی
تۆش تاوێ هیلانە و تاوێ مۆم و
تاوێ دەریا و تاوێ گۆرانی کێوەکان
کە من دەبومە کانی
تۆش دەبویتە گوندێکی تینو
کە من دەبومە حیکایەتی بەر ئاگرادن
تۆش دەبویتە وەلی و فەرهاد و ڕۆمیو
کە تۆ دەت وت ( بەیە ) گیان
من دەبومە تەمی سەر پەنجەرەکەت
………………………………………………………….
ئەها ببینە من وتۆ چۆنین
هەردوکمان دەچنەوە سەر ئەفسانەی خوای ئیرۆس
تیکەڵ دەبین تا ئەو ڕادەیەی
دەبینە یەک ڕۆح و یەک هەناسە
ورە و پڕمکە لە خۆت
تۆ چوار تۆ و درەختت لە منا ڕواند
دەبنیت پاش چەند ساڵێکی تر
چی دارستانێکم تیا ڕواوە
وەرە پڕمکە لە دار…… لە گوڵ
با بتبینم چی باخەوانێکت
چی دارستانێکت لە منا خولقاندوە .