بۆ ئەمریکا پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات؟ … شێرکۆ کرمانج

دوای سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بۆ ئەمریکاو دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان لە سەردانەکەیدا ئەو شتانەی دەستنەکەوتبێت کە هەوڵی بۆ دەدان، لەوانە: بڕینی یارمەتیەکان لە پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو دانانیان وەک تیرۆریست؛ لەگەڵ ڕادەستکردنی فەتحوڵا گولەن، پیاوە دیندارە موسڵمانە تورکەکەی نیشتەجێ لە ئەمریکا، کە ئەردۆگان بە عەقڵی پشت کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦ ی ناساندوە.
لە پرێس کۆنفرانسەکەی کۆشکی سپی ئەردۆگان هەر قەوانە کۆنەکەی لێدەدا ئەویش کە خۆی لەوەدا دەدیتەوە کە پەیەدە بەچکەی پەکەکەیەو جیاوازییەک لەنێوانیاندا نیەو شەڕی تیرۆر (داعش) بەپشتیوانیکردن لە گروپێکی تیرۆریستی (پەیەدە) ناکرێت.

هەر لەوێدا، ترەمپ باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا کردو گرنگی هاوکارییکردنی هەردوو وڵاتی خستەڕوو بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆر. بەڵام ئەردۆگان گوێی لەوەنەبوو کە بۆی چووبوو ئەویش پشتکردن لە پەیەدەو ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان‌و دانانیان وەک گروپێکی تیرۆریستی. تاکە شتێک کە ترەمپ گوتبێتی‌و ئەردۆگان پێیخۆشبووبێت ناوبردنی پەکەکە بوو وەک گروپێکی تیرۆریستی.

پرسیارێک کە لەسەر زاری زۆر کەسە ئەوەیە داخۆ ئەمریکا پشت لە تورکیا دەکات‌ بەڕووکردنی لە پەیەدەو ڕۆژاڤا، بەواتایەکی دیکە ئەمریکا تورک بە کورد دەگۆڕێتەوە. سادەگۆیەکان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یەکسەر دەڵێن بەڵێ، ئەوە نییە ئەمریکا مکوڕە لەسەر پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤاو ناردنی چەک بۆ پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات. تێگەیشتن بەمشێوەیە لە سیاسەتی وڵاتان بەگشتی‌و ئەمریکا بەتایبەتی، کە ئێستاکانێ تاکە گەورە زلهێزی دنیایە، ناحاڵیبوونە لە چۆنییەتی سیاسەتکردن‌و سیاسەت داڕشتن لەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان ناسراوە.

ئەمریکا نە کورد بە تورک دەگۆڕێتەوەو نە تورک بە کورد. ئەمریکا لەناوچەکە سیاسەت دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ستراتیجییەتە گشتییەکانی لەناوچەکەو لەناوبردنی داعش کە بەشێکە لەو ستراتیجیەتە. بۆیە کاتێک کە ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕچەک دەکات بۆ دژایەتیکردنی تورکیا ئەم کارە ناکات. ئەمریکا لە گرنگیی پێگەی ستراتیجی تورکیا گەیشتوەو حەزناکات کە تورکیا بخاتە بەرەی ئەوانی دیکە کە لەم قۆناغەو لەم ناوچەیە بەرەی ڕوسیاو ئێرانە، کە بە بەرەی نەیارانی ئەمریکا ناسراون. بۆیە ئەمریکا هیچ کاتێک نایەوێت تورکیا زویربکات بەڵام لەوانەیە لەناچارییا سیاسەتەکانی ئەمریکا ببن بەمایەی ڕەنجان‌و توڕەبوونی تورکیا.

باشە ئەگەر ئەمریکا گرنگیی‌و پێگەی تورکیا درکدەکات‌و نایەوێت زویریبکات ئەی بۆ ئامادەنییە کە پشت لە کوردانی ڕۆژاڤا بکات، کە خواستی یەکەمی تورکیایە بۆ درێژدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەو دوو وڵاتە؟
لێرە هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هۆکاری پشتیوانی ئەمریکییەکان لە ڕۆژاڤا زۆرن بەڵام دەکرێت لێرە لەسەر گرنگترینیان هەڵوەستە بکەین:
یەکەم، ئەمریکا ساڵانێک پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی بەناو میانڕەوی سوریا کرد، بە جەیشی حوری سوریشەوە، بەڵام دوای خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلار هەموو هەوڵەکانی بە فیڕۆچوون‌و بەشێکی زۆری لەو چەکانەشی کە بە گروپە میانڕەوەکانی دا گەیشتنە دەست گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش‌و جەبهەی نوسرە. بۆیە ئەمریکا بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕا، هێزەکانی پەیەدەو سوریای دیموکرات ئەو بەدیلە چاوەڕوانکراوە بوون.

دووەم، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بەرگریکردن لە کۆبانی‌و شەڕڤانەکانی پەیەدە‌، کە لەژێر کاریگەریی میدیاو ڕای گشتی ڕۆژئاوا ئەنجامدران، سەرەتایەکی چاکبوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە کە توانای شەڕڤانە کوردەکانی لە بەرگریکردن لە خۆو شەڕکردن لەگەڵ داعش نیشاندا. ئەمە لە شەڕەکانی دواتر، بەتایبەتی شەڕی مەنبەج‌و ڕۆژئاوای فورات، زیاتر دەرکەوت. بەکورتییەکەی بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت کە کوردەکان هێزێکن ئەگەر پشتیوانیان لێبکرێت دەتوانن نەک هەر شەڕی داعش بکەن بەڵکو بەرگریش لە ناوچەکانیان بکەن. ئەزمونی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەڕڤانەکان هەیانبوو کاریگەریی خۆی هەبوو لە سەرنجڕاکێشانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ شەڕڤانەکان‌و سەرکردەکانیان.

سێیەم، ڕاستە ئەمریکییەکان نایانەوێت تورکەکان پەراوێزخەن بەڵام لە قەیرانی سوریا بۆیان دەرکەوت کە تورکەکان لە باشترین حاڵەتدا هاوپەیمانێکی خراپن چونکە ساڵانێک بوو سنورەکانی خۆیان نەک هەر بەڕووی داعش‌و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دانەخستبوو بەڵکو لە سنورەکانی تورکیا هاوکاری‌و کارئاسانی پێشکەش بە تیرۆریستەکان دەکرا، بەئاشکرا یان بەدزی. کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورانە تەنیا بەپشتیوانیکردن لە پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرا کە بەشی هەرە زۆری ئەو سنورانەیان لە ماوەی چەند ساڵێک لە داعش، هاوسنورەکەی تورکیا، پاککردەوە.

چوارەم، ئەمریکییەکان پێویستییان بە هاوکارێک‌و هاوپەیمانێک بوو کە پێویستی بە ئەمریکییەکان بێت بەڵام توانای ئەنجامدانی شەڕو بەڕێوەبردنی خەڵکیشی هەبێت لەسەر زەوی سوریا. هاوپەیمانێک کە لەبەرئەوەی پێویستی بە یارمەتی ئەوانە هیچ کاتێک لەژێر فەرمانی ئەوان دەرنەچێت. ڕاستیی ئەم خاڵە لەوکاتە زەقتر دەردەکەوێت کە بارودۆخی کوردانی ڕۆژاڤا ڕەچاوبکەین کە لەلایەکەوە تورکیا، لەلایەک پارتی، لەلایەکی دیکە داعش‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە میانڕەو و توندڕەوە تادەگات بەشار ئەسەد دەوردراوە کە بەئاشکراو بەدزی دژایەتی پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن. بەکورتی وەک چۆن ئەمریکا کەسی نییە لەسەر زەوی شەڕی بۆ بکات کوردەکانی ڕۆژاڤاش کەسیان نییە کە هانای بۆ ببەن‌و یارمەتیان بدات. لەئاکامدا هەردووکیان بوون بەتەواوکەری یەکدی.

چوارەم، تورکیا هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاو پێش ئەویش خەونی بە درێژکردنەوەی قوڵایی ستراتیجی خۆی دەدیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاراستەی کەنداوی عەرەبی، هاتنی بۆ ناو سوریا لەم ئامانجەی نزیکدەکردەوە. ئەمریکا ئەم پەلئاوێشتنەی تورکیای پێ باش نییە. ئەمەش کاتێک زەقتر دەردەکەوێت ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە تورکیا لە ٢٠٠٢ ـەوە حکومەتێکی ئیسلامیی-سوننیی ڕابەرایەتی دەکات‌و لەهەوڵی زیندوکردنەوەی خەونە ئیمپراتۆرییە عوسمانییەکانە لەسەر بنەمای دین‌و مەزهەبی سوننە. پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا بەشێکە لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ لەباربردنی ئەو خەونەی تورکیا.

پێنجەم، لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ دا پاش ئەوەی ئەمریکا باسی لە چارەسەری سیاسی کرد بۆ کێشەی سوریا، کە هاتنی ڕوسیای بۆ ناو هاوکێشەکانی سوریا بەچڕی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دواتر باڵادەستی ئێرانی نەک هەر لە سوریا بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێکەوتەوە. ئەمانە هەمووی وای لە ئەمریکا کرد کە پێیوابێت ئەگەر پشتیوانی لە کوردەکان نەکات‌و لەڕێگەی ئەوانەوە بازوی خۆی‌و ناوچەکانی ژێردەستی تاکە هاوپەیمانە ساواکەی بەهێزنەکات ئەوە سوریا لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ڕوسەکان لەلایەک‌و ئێرانییەکان‌و هاوپەیمانەکانی (وەک ئەسەد و حیزبوڵا) لەلایەکی دیکە. بەکورتی‌و بەکوردی ئەمریکا پشتیوانی لەڕۆژاڤاو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بۆ بەرگریکردن‌و ڕێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی ڕۆڵی ئێران لە سوریاو لە ناوچەکە.

شەشەم، دوای شڵەژانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئاکامی ئەوەی بە “بەهاری عەرەبی” ناسراوە ئەمریکییەکان بەگشتی‌و ترەمپ بەتایبەتی بەدوای بکەری سەقامگیریکەردا دەگەڕێن لەناوچەکە. کوردانی ڕۆژاڤا سەلماندویانە نەک هەر سەقامگیری ناوچەکانیان دەتوانن ڕابگرن‌و بپارێزن بەڵکو ئەو ناوچانەش کە وەک ناوچەی ناکوردی دانراون تائێستا کێشەیەکی وایان تێدا سەریهەڵنەداوە کە ببێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکییەکان. بۆ ئەمریکییەکان پرسی سەقامگیریی پێش دیموکراسی دێت. لەڕاستیشدا هەروایە چونکە توێژینەوەکان‌و ئەزمونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێماندەڵیت کە هەرێم‌و وڵاتە ناسەقامگیرەکان ژینگەیەکی چاکن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم‌و تیرۆریستان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. بۆیە ئەمریکا پێیوایە کاتێک کە پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات پشتیوانی لەو ئەزمونە سەقامگیرە دەکات کە بەخۆی بەرگری لەخۆی دەکات لەدژی سەرهەڵدان‌و تەشەنەی بیری توندوتیژی‌و تیرۆریزم.

حەفتەم، سەرکەوتنی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە ڕێزگرتنی فرەیی دینی‌و نەتەوەیی، ئەگەر ڕێژەییش بێت، لەو ناوچانەی کە بەڕێوەیان دەبەن لەگەڵ تەبەنیکردنی سێکولاریزم‌ وەک بنەمایەک بۆ یاسادانان‌و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەبووە لە نزیکبوونەوەی کوردو ئەمریکییەکان بەڵام پێموانییە بێ بوونی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمانپێکردن پەیوەندییەکان بەو ئاستە دەگەیشتن کە ئێستا پێیگەیشتون.
ئەم هۆکارانە بەگشتی پێماندەڵێن کە پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا، پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەندەی پەیوەندی بەیەکگرتنەوەو یەکنەگرتنەوەی بەرژەوەندی‌و ئامانج‌و ستراتیجییەکانی بکەر (actor) ـەکانە ئەوەندە پەیوەندی بە ئەخلاق‌و ئایدیۆلۆجیاوە نییە.

ئەگەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئایدیۆلۆجیا دامەزرابان هیچ کاتێک هێزێکی چەپڕەوی ژینگەپارێزیی ئینتەرناشناڵیستی وەک پەیەدە لەگەڵ ئەمریکای بازاڕی ئازادو دیموکراسخوازی سەردەمی باراک ئۆباما، یان ئەمریکای ناسیونالیستی ئابوری‌و کۆنزێرڤەتیڤی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، لێکنزیک نەدەبوونەوە. ئەخلاق‌و مافەکانی مرۆڤ‌و بەها دیموکراسییەکان لێرەو لەوێ قسەیان لەسەر دەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەشە جارجار کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک یان بکەرێک هەبێت، بەڵام بەگشتیی پرس‌و بەهای یەکلاکەرەوە نین، ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هاوئامانجی‌و هاوبەرژەوەندی‌و هاوستراتیجییە. بۆیە کوردو کوردستانیان چ لە ڕۆژاڤا چ لە هەر شوێنێکی دنیا بن دەبێت لەو ڕاستییە بگەن‌و لەسەر ئەم بنەمایانە لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دنیا نزیکببنەوە.




هەڵبژاردنی فەرەنسا، دەنگی نا بەدژی راسیزم سەرکەوت


عەبدوڵا مەحمود

دەورەی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا بە دەرچوونی ئیمانوێل ماکرۆن، کۆتایی هات. دەرچوونی ئیمانوێل لەم هەڵبژاردنەدا، بەمانای سەرکەوتنی کاندیكی باش بەسەر یەکێکی خراپدا نییە، وە بەمانای سەرکەوتنی چەپ و بەسەر راستدا لێک نادرێتەوە. دەرنەچوونی راستی پەرگیر و ڕوهەڵماراوی فاشیست لەفەرەنسا و لە جێگایدا دەرچوونی لیبرال و راستێکی نەرمی شاراوە تا ئەو ئاستەی نەیارەکانی بەچەپ ناوزەندی بکەن ناتوانێت هیچ ئومیدێکی باشی بۆ هاوڵاتیانی فەرەنسا لەسەر هەڵبهینجرێت. ئەوەی لەو پرۆسەیدا و لەم هەڵبژاردنەدا جێگای لێرامان و هەڵوێستەیە، مامەڵە و دیدی هاوڵاتیانی فەرەنسایە. خەڵکی فەرەنسا لەدۆخێکدا چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، کە کەشی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئەم سەردەمەدا، سەر راستکرانەوەی راسیزم و فاشیزم و پەرەگرتنی دوبارەی بزوتنەوە و رەوتە راستەکان و زاڵکردنی کەشی راسیستییە بەسەر کۆمەڵگادا. پۆستمۆدێرنیزم کە پایەکی بەهێزی راسیزم خوڵقێنی ئەم سەردەمەیە، هاوکات پایەکی بەهێزی سەرهەڵدانی داعشیزم و رەوت گەلی ئیسلامی نامۆن بەئینسان. ئەم رەوتە ئیسلامیانە نەک هەر بیانو پاساو دەبەخشنە راسیزم، بەڵکو بەکردەوە کۆمەك دەکەن بە راسیزم.

بۆیە مەدی دژە پەنابەری، دژە خاریجی، پێداگرتنەوە لەسەر مەزنێتی ناسنامەی میللی ونەتەوەیی و ئیتنیکی، گەرانەوە بۆ رابردووی بێ پەنابەری، کەشی زاڵی دنیای ژێر سایەی نیزامی سەرمایەداری ئەم چەرخەیە. چەرخی بەیەکدادانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی و رەوتەکانی بە پشتیوانی ئاشکرای خودی دەوڵەت و تیرۆریزمی دەوڵەتی، یەکێک لە ترساناکترین دۆخەکانی کۆمەڵگەی ئەم سەردەمەیە بۆسەر ئینسان و مافە جیهانداگرەکانی ئینسان و پێوانەو مافە فەردی و مەدەنیەکان. لە دڵی هەلومەرجێکی ئاوادا، چاوخشاندن بەسەر هەڵبژاردنەکانی فەرەنساندا و ئاکامێک کە بەدوای خۆیدا هێنای راستیەکی گرنگ و پڕ بەها نیشان دەدات. هاوڵاتیانی فەرەنسا بە دەنگ نەدانیان بە راستی پەرگیرو ئاشکراو بێپەردە، نایەکی گەورەیان وت، بەراسیزم و کەشی زاڵی راستی لە دنیایی ئەم سەردەمەدا.

بێداربوونەوەیەکی ئاشکرای کۆمەڵگای فەرەنسایان، بە دنیای ئەم سەردەمە راگەیاندا. ئەمەش ئاکامی ئەوەیە کە زوربەی زۆری خەڵکی فەرەنسا، نەک نەبوونەتە قوربانی کەشی راسیزمی دنیا کە ترامپ و تیز مەی و… لەخۆی هێنایە دەرەوە، بەڵکو کاردانەوەیەکی ئاشکرایان بەروویدا نیشاندا. دیارە هێشتا ناکرێت مەترسی راست و مەترسی زاڵبوونی زیاتری راسیزم، نادیدەبگیرێت، بەڵام ناشکرێت ئەم دەنگی نایەی هاوڵاتیانی فەرەنسا بە دژی راسیزم و کەشی راسیستیدا، نادیدە و کەم بایەخ بخوێندرێتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن بۆیە دەنگی هێنا، چونکە راسیزمی فەرمی و بانگەشەی فەرمی راسیستی وەڵامی نای وەرگرتەوە. بانگەشەکانی ئیمانوێڵ، بۆ بەیەکسان چاو تەماشاکردنی هاوڵاتیان.

پاشەکەوتی ٦٠ ملیارد یۆرۆیی و گێرانەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت. هێشتنەوەی فەرەنسا لە ناو یەکێتی ئەوروپا، بەڵین دان بە زامنکردنی هەلی کار بۆ ئۆردوی بێكاران، پێداگرتنەوە لەسەر درێژەدان بەجەنگی دژە تیرۆر… لەگەڵ ئەوەدا بێ کاریگەر نەبوون لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکە، بەڵام هێشتا هەموو ئەوانە لەچاو بێداربوونەوەی هاوڵاتیان فەرەنسا، بەرامبەر بە مەترسیەکانی راسیزم، زۆر لەخوارترن. لەدوای کارەساتی ١١ سێبتەمبەری ٢٠١١ وە، فەرەنسا لە ئەوروپادا گەورەترین قوربانی دەستی تیرۆریزمی ئیسلامییە. خوێن لەوکۆمەڵگەیە دەچۆرێت و ترس لە کردەوەی تیرۆریستی ساڵێک زیاترە باری نائاسایی داسەپاندووە. خەڵکی فەرەنسا لەم دەنگدانەدا، نەبوونەتە قوربانی بێ گوێ و بێ چاو لە ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی فەرەنسیدا. نەبوونە خۆراکی رووتی کایەکی دیموکراسی بۆژوازی بەتەنها، بەڵکو بە رەتکرنەوەی راسیزمێکی هەوسار پچڕاو پەیامێکی تریان دا بە گوێچکەی کۆمەڵگای ئینسانی ئەم سەردەمەدا. پەیامی پێداگرتنەوە لەسەر بەها ئینسانیەکان، مافی هاوڵاتی بوون. ئەمەش لەدڵی هەلومەرجی ئێستادا، وەکو سەرکەوتنی بەرەی وێڵی ئینسان بەدوای ئازادی و مافی هاوڵاتی بوون و پێداگرتنەوە لەسەر مافە جیهانداگرەکانی ئینسان، کە بەرهەمی خەباتی خودی ئینسانە هوشیارو خەباتگێرەکانە، دەکرێت لێی بڕوانرێت.

با بیهێنینە بەرچاو، ئەگەر لە جێگای ئیمانوێل، مارین لوپان لەم هەڵبژاردنەدا دەرچوایە چ مەترسیەک پێشبینی دەکرا بۆ فەرەنساو هاوڵاتیانی و بۆ تەواوی ئەوروپاش؟ دیارە دۆخەکە بەتەواوی ئاڵوگۆری بەسەردا دەهات. لەلایەکەوە مەدی راسیستی و دژی خاریجی و پەنابەری رەوتی روولەهەڵکشانی خێرای دەبری، هەروەها دەبووە بلوکێکی بەهێز لەناودڵی ئەوروپادا لەگەڵ هاوتاکەی لە بەریتانیادا، کە بێپەردە نوینەرایەتی راسیزمیان دەکرد و هەرەشەی دەرچوونی فەرنساش لەیەکێتی ئەوروپا، بەرجەستەتر دەبوو. هەموو ئەمانە پێشبینی ئاڵوگۆری گەورەی لە ئەوروپادا، بەدوای خۆیدا کێش دەکرد. وەڵامی خەڵکی فەرەنسا بە نا وتن بۆ مارین لوپان، نا وتن بوو بەو ئاڵوگۆرەی کە بەزیانی خەڵکی فەرەنساو تەواوی ئەوروپادا، دەشکایەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین، سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسادا دەنگی نای خەڵک بوو بە راسیزم و ئالوگۆرێکی تەکاندەر نەک سەرکەوتنی ئیمانوێڵ.

دیارە هەڵبژاردن، لە ژێر سایەی نیزامی دیلیهێنەری سەرمایەداریدا، هەرگیز چاوەروانی ئاڵوگۆری بنەرەتی و بەرجەستەی بە قازانجی خەڵکی کرێکار لێ چاوەروان ناکرێت. ئاڵوگۆری بنەرەتی بەندە بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و جەماوەری رێکخراو لە حزبی چینی کرێکارو رێکخراوە جەماوەری و رادیکاڵ و پیشەیی و جەماوەریەکانی خۆیاندا و لەژێر ئاڵا و ئاسۆی سوسیالیزمی کرێکاریدا، بەدژی سەرجەم باڵ و بزوتنەوەی بۆرژوازی و نیزامی سەرمایەداری. زەمینەی عەینی بۆ کارێکی ئاوا و دەستبردن بۆ شۆرشی جەماوەری لە خوارەوە لە فەرنسادا ئامادەیی هەیە. ئەوە نەبەردێکە سەرباری دواکەوتنی دەشێت فەرەنسا پێشەنگی لە دڵی ئەوروپادا بگرێتەوە دەست.
ئەو کاتە دنیای شارستانی شایستەی هەڵبژارنێکی راستەقینە دەبێت، کە جەماوەری کرێکاری و بەرهەمهێنی ئەم کۆمەڵگایە، بە بەرپاکردنی شۆرش، دەستیان بۆ بردووە…


ناوەراستی ئایار ٢٠١٧
عەبدوڵا مەحمود
www.abdulammahmud.com

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤ بەرواری ١٥ ئایاردا بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net




په‌تای گه‌نده‌ڵی و تێكشكانی كۆمه‌ڵگه‌ … شاخه‌وان سدیق


له‌ گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو)دا
“ڕۆمان هونه‌ری ئاماده‌كردنه‌وه‌و هێنانه‌ قسه‌و ناساندنی مرۆڤه‌ بێده‌نگه‌كانه‌” (به‌ختیار عه‌لی)

به‌درێژای مێژووی هونه‌ری نوسین و گێڕانه‌وه‌، وه‌ك سیحری بنیاتنانی پایه‌ گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب، ده‌لاقه‌ی خسته‌نه‌ڕووی ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بووه‌، زۆر جار ئه‌وه‌ی مێژوو نه‌ی توانیوه‌ بیڵیت و ده‌ركی پێنه‌كردووه‌، ئه‌ده‌ب وه‌ك ژانرێكی گرنگ ئه‌و سپه‌یسه‌ی پڕكردۆته‌وه‌و بگره‌ باشتر وێنا گه‌وره‌ی ڕووداوه‌كانی گواستۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ده‌ب جیاواز له‌ مێژووی ڕوداوه‌ واقیعیه‌كان كۆپی ناكات، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و به‌شانه‌ی ڕوداوه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ له‌ واقیعدا به‌ چاو نابینرێن و دیوێكی تریان ده‌خاته‌ ڕوو، (كۆڵن وڵسن) ده‌ڵێت” كاریگه‌ری ڕۆمان له‌سه‌ر كلتوری مرۆڤایه‌تی، له‌ تێكڕای تیۆریه‌كانی فرۆیدو داروین و ماركس زیاتر بووه‌” ئه‌وه‌ش كه‌ وای كردوه‌ (ئه‌ده‌ب) ئه‌م گرنگیه‌ی هه‌بێت، ده‌ست بردن و قسه‌كردنیه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ ئازارو كێشه‌ گه‌وره‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (دیستۆ ڤسكی) له‌ ڕۆمانی (تاوان و سزا)دا و (جۆرج ئۆروێڵ) له‌ ڕۆمانی (1984) دا و (گۆستاف فلۆبێر) له‌ ڕۆمانی (مادام بۆ ڤاری)دا، كردویانه‌. ئه‌وه‌ش كه‌ من له‌م نوسینه‌دا مه‌به‌ستمه‌ له‌سه‌ری بوه‌ستم و بدوێم ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو)ی نوسه‌ری مه‌غریبی، (تاهیر بن جه‌للون)ه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ش، هاوشێوه‌ی زۆرێك له‌ تێكسته‌كانی تری دونیا، قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ترسناكترین ده‌ردی كۆمه‌ڵگا كه‌ ئه‌ویش په‌تای (گه‌نده‌ڵی)ه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ باوترین دیارده‌ خراپه‌كانی مرۆڤ له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگاكاندا، به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵته‌كانی كۆمه‌ڵگاو نه‌مانی سیستم، مرۆڤیشی به‌ره‌و تێكشانی گه‌وره‌ی جسته‌یی و ڕۆحی ده‌بردوه‌.

نوسه‌ر له‌ چه‌ند دێڕێكدا.

تاهیر بن جه‌للون، ساڵی 1944 له‌ شاری (فاس) له‌ مغریب له‌ دایك بووه‌. ماسته‌ری له‌ فه‌لسه‌فه‌دا و دكتۆرای له‌ ده‌رون پزیشكیدا هه‌یه‌. ساڵی 1987 ڕۆمانی (شه‌وی قه‌در)ی بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌سه‌ری خه‌ڵاتی گۆنگۆری به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌م نوسه‌ره‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی ده‌نوسێت و به‌یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌ دیاره‌كانی پۆست كۆلۆنیالیزمی ئه‌فریقای باكوور له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌ دیارترین ڕۆمانه‌كانی( مناڵی لمه‌كان، ئه‌وتاریكیه‌ دره‌وشاوه‌یه‌، كۆچ و پیاوێكی تێكشكاو)ه‌.

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو) یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆمانه‌ گرنگ و دیاره‌كانی (بن جه‌للون) و ساڵی 1994 خه‌ڵاتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌ده‌ستهێناوه‌. نوسه‌ر خۆی ده‌ڵێت: بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی له‌ ڕۆمانی نوسه‌رێكی (ئه‌ندۆنیزی)ه‌ وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ناوی (پیرامۆدیا ئاناتا تویر) ئه‌مه‌ش ڕاستی قسه‌كه‌ی (میلان كۆندێرا) ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ده‌ڵێت” هه‌موو نوسینێكی نوێ‌، به‌ شێوه‌ك له‌ شێوه‌كان، كاریگه‌ری نوسینێكی پێشوتری له‌ سه‌ره‌” ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌زمانێكی جوان و كوردیانه‌ی پاراو له‌لایان وه‌رگێڕی به‌توانا (ئازاد به‌رزنجی)ه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی و ساڵی (2013) چاپی یه‌كه‌می له‌ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌م بڵاوبۆته‌وه‌.

چیرۆكه‌كه‌ به‌ كورتی.

موراد كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه‌، فه‌رمانبه‌رێكی ڕاستگۆو دڵسۆزی حكومه‌ته‌، ئه‌م پیاوه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌وه‌ به‌ خۆشه‌ویستی، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمێكدا ده‌كات به‌ناوی- (حه‌لیمه‌)وه‌، كه‌ دواتر كچێكی لێی ده‌بێت، ئه‌م خێزانه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێكه‌وه‌ به‌خته‌وه‌رو ئاسوده‌ن، به‌ڵام هه‌ژاری و ده‌ستكورتی موراد، له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م خۆشبه‌ختیه‌و، له‌ دواتردا هۆكاره‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌و به‌لاڕێدابردنیان له‌ چه‌ندین ڕوه‌وه‌، چونكه‌ موراد نایه‌وێت ببێته‌ كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ، ده‌یه‌وێت ژیانێكی ئابڕومه‌ندانه‌ بژی، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌م بیرو باوه‌ڕه‌ی ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی وێرانتر ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام توشی دابه‌شبون و كه‌رتبونی ده‌كات و به‌ تێكشكان و ڕوخانی كه‌سایه‌تی كۆتای دێت و ده‌بێته‌ پیاوێكی تێكشكاو كه‌ له‌ مرۆڤێكی وه‌فادارو ڕاستگۆوه‌، ورده‌ورده‌ ده‌بێته‌ مرۆڤێكی بێمتمانه‌ی گه‌نده‌ڵ. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌ (16) ڕۆمانه‌كه‌ به‌م جۆره‌ نوسه‌ر باس له‌ شێوازی بڵاو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ كۆمه‌ڵگادا ده‌كات.

” دوای ئه‌وه‌ی موراد سواری تاكسی ده‌بێت، كابرای ته‌كسی ئاوڕ ده‌داته‌وه‌و له‌ به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت” ده‌ دانه‌ ساڵه‌ ئه‌م ته‌كسیه‌م كڕیوه‌، بڕواده‌كه‌یت تا ئێستاش به‌رتیل به‌و كابرایه‌ ده‌ده‌م كه‌ مۆڵه‌تی شۆفێریه‌كه‌ی بۆ ده‌رهێنام” موراد به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگا حكومیه‌كان وه‌ك برپرس كارده‌كات، ڕۆژانه‌ توشی چه‌ندین حاڵه‌ت و دیارده‌ی به‌رتیلخواردن ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ته‌نها به‌ واژۆ كردنی له‌ سه‌ر كتابێك ده‌توانێت ژیانی بگۆڕێت، ئه‌وه‌ تا له‌ لاپه‌ڕه‌ (24)دا به‌م جۆره‌ باس له‌ هه‌ڵوێستێكی مۆراد ده‌كات” (فولان) كه‌ به‌ڵێنده‌رێكی بیناسازییه‌، له‌ یه‌كێك له‌ كافێكانی شاردا سه‌فته‌یه‌ك پاره‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م موراد و داوای ته‌نها یه‌ك واژۆی لێده‌كات، ئه‌و سه‌فته‌ پاره‌ هێنده‌ زۆربوو كه‌ موراد ده‌ی توانی ” ماتۆڕێك بۆ خۆی و كراسێك بۆ حه‌لیمه‌و قاتێك بۆ مناڵكه‌ی بكڕێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ی توانی هه‌مویان به‌رێت بۆ ڕیستۆرانت و ماسی بخۆن، خۆشی جگه‌ره‌ی ئه‌مریكی بكێشێت. به‌ڵام موراد ده‌ڵێت من. (به‌رتیل خۆر نیم)و به‌توره‌ بونه‌وه‌ تڤێك ده‌كاته‌ سه‌رزه‌وی و ده‌ڕوات.

له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ دواتردا و به‌هۆی غدره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ (موراد)یش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ پیاوانی به‌رتیل خۆری گه‌نده‌ڵ، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ش هه‌ست به‌ تاوان و ئازاری ویژدان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ڕووده‌دات له‌ ئه‌ساسدا به‌شێك نییه‌ له‌ كه‌سایه‌تی (موراد) به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیستمی حكومڕانی و ڕه‌فتاری ئاشكرای پیاوانی حكومه‌ته‌ كه‌ كه‌سایه‌تی ئه‌م ناچار به‌و گۆڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌و دا ده‌كه‌ن، موراد ته‌نها قوربانیه‌، وه‌ك چۆن مرۆڤ له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگانه‌دا بون و ژیانی به‌گشتی قوربانیه‌كی گه‌وره‌یه‌. ئه‌وه‌تا له‌ دواجاردا موراد ده‌ڵێت” ئای چه‌نده‌ سه‌خته‌ مرۆڤ هێنده‌ ڕووناكبین و ه‌وشیار بێت، كه‌ باوه‌ڕی به‌هیچ بیانوویه‌ك نه‌مابێت بۆ خراپه‌كاری و ناشیرینیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی و ناشیرینی مرۆڤایه‌تی و ناشیرینی مه‌رگ، ئاخۆ شه‌و له‌م غه‌مه‌ قووڵه‌ ڕزگارم ده‌كات، یان مه‌رگ دێت و ئه‌م باره‌ قورسه‌ی سه‌ر شانم لاده‌بات.

ته‌كنیك وه‌ك خاڵی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌:

ته‌كنیك یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ڕۆمانه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی ساده‌ ده‌ربڕین له‌ گێڕانه‌وه‌داو قوڵ ده‌ربڕین له‌ واتادا، بۆ خۆشی ئه‌م تێكسته‌ ڕۆمانێكی فره‌ ڕه‌هه‌ندی فره‌ كاره‌كته‌ره‌و، تێمای سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ی باسكردنه‌ له‌ دیارده‌ی هه‌ژاری و خراپی سیستمی حكومڕانی و فراوانی دیارده‌ی به‌رتیلخواردن و بڵاو بونه‌وه‌ی ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی له‌ ناو دامده‌زگاكانی حكومه‌تدا، ڕاوی گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕوداوه‌كان له‌لایان چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كه‌وه‌ ده‌گێردرێته‌وه‌، به‌ڵام جۆرێك له‌ هاو په‌یوه‌ستی له‌ نێوان گێڕه‌وه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌شێوه‌ی دیالۆگی كورت و خێراو له‌ ڕێگه‌ی گرێچنی ورده‌وه‌، ڕوداوه‌كانی پێكه‌وه‌ به‌سراونه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ ته‌كنیكه‌وه‌ سیحری خۆی له‌ خوێنه‌رده‌كات و واده‌كات كه‌ خوێنه‌ر نه‌توانێت به‌ ئاسانی ده‌ست له‌ خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی هه‌ڵگرێت.

په‌یوه‌ندی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌:

هه‌روه‌ك چۆن نوسه‌ر كه‌ (مه‌غریب)یه‌و خۆی ده‌ڵێت گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌م باسكردنه‌ له‌ واقیعی ژیانی هاوڵاتیانی مه‌غریب و بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌شی له‌ ڕۆمانی نوسه‌رێكی (ئه‌ندۆنیزیه‌وه‌) وه‌رگرتوه‌، ئاوهاش ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی به‌ شێوه‌ی ژیانی هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی (26) ساڵی ڕابردووی حكومڕانی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیانه‌ی كوردی، به‌هۆی بڵاو بونه‌وه‌ی فه‌سادو دیارده‌كانی به‌تیل خواردن له‌ داموده‌زگانی حكومه‌تی هه‌رێمدا، چه‌ندین هاوڵاتی و فه‌رمانبه‌ری دڵسۆزی ئه‌م هه‌رێمه‌ (موراد) ئاسا، كه‌ له‌ ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی پڕله‌ ئینتیما بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌دا سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌ژیان ناچار به‌ تێوه‌گلان و توشبوون به‌ ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی كران و له‌ ژێرفشاری هه‌ژاریشدا خێزانه‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌. بۆیه‌ به‌بۆچوونی من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ جیاواز له‌ زۆرێك له‌ تێكسته‌كانی كه‌ بۆ ئێمه‌ خوێنه‌رانی كورد پێویسته‌، چونكه‌ ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه‌ خاڵی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كانن و وه‌ك چۆن ئازاره‌كانیان هاوبه‌شه‌، ئاوهاش چیرۆكه‌كانیان هاوبه‌شه‌، بۆیه‌ كاتێك ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، واده‌زانیت (تاهیر بن جه‌للون) كورده‌و ڕۆمانه‌كه‌شی بۆ واقیعی ئێستا ئێمه‌ به‌كوردی نوسیوه‌، ئه‌وتا نوسه‌ر خۆشی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌ڵێت” ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌م له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ مه‌غریبی هاوچه‌رخدا ڕووده‌ده‌ن و ده‌مه‌وێت تیایدا ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ وه‌ختێ‌ به‌دبه‌ختی ڕووده‌كاته‌ ده‌روونی ئاده‌میزاده‌كان، ئیتر با هه‌زاران كیلۆمه‌تریش له‌ یه‌كه‌وه‌ دووربن و له‌ بارودۆخی جیاواز و له‌ ژێر ئاسمانی جیاوازدا بژین، به‌ڵام ڕاستی هه‌مان هه‌واو هه‌وه‌س و كه‌ڵكه‌ڵه‌ و فریوی شه‌یتانی ده‌بن” ده‌مه‌وێت له‌ دواجاریشدا له‌ دڵه‌وه‌ سوپاسی وه‌رگێری به‌توانا (ئازاد به‌رزنجی) ده‌كه‌م بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ جوان و ناوازه‌یه‌و ناساندنی به‌ خوێنه‌رانی كتێبخانه‌ی كوردی.




پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم … کامەران چروستانی

لە ئێستادا پرسی ڕیفراندۆم یەکێک لە گەرمترین باسەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی و وەها چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ئەو پرۆسەی دەنگدانە ئەنجام بدرێت. هاوکات هەروەک هەموو پرسێکی دیکە شەقامی کوردی بووە بە چەند ئاراستە و بۆچوون و لێکدانەوەیەکی جیاواز، کە ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە و بگرە بەشێکە لە ڕۆحە دیموکراسییەکەی کۆمەڵگای کوردیمان.

هەرچۆنێک تەفسیر و ڕوونکردنەوە بۆ ئەو پرسە دابنرێت، ڕاستییەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە: ئاسانترین هەنگاو بریتییە لە جێبەجێکردنی خودی دەنگدانی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام ئەوەی کە لە ئەنجامدانی ئەو ئەو پرۆسەیە گرانتر و ئاڵۆزترە بریتییە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و قۆناغی پاش ڕیفراندۆم، هەروەها ئەو پرسیار و پرس و بۆچوونانەی ڕووبەڕووی هەردوو قۆناغەکە دەبنەوە.

وەک واقیعێک لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردی بە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، کە جگە لە هەڕەشەی داعش، کە هەڕەشەیەکە بۆ سەرجەم ناوچەکە، بەڵام قەیرانی ئابووری بارێکی گرانی دیکەیە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە و لەگەڵ خۆیدا کێشەی دیکەی بۆ سەرجەم سوچ و کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگای هانیوە. هەتا ئێستاش هیچ تروسکاییەک بەدی ناکرێت، ئایا لە ئایندەیەکی دوور یان نزیکدا ئەو قەیرانە بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر دەکرێت یان نا.

جگە لەمەش پەکخستنی پەرلەمان، دوورخستنەوەی هەندێک وەزیر لە پۆستەکانیان، سێبەری کێشەی سیاسیی ناوخۆیی نێوان حیزبەکان باڵی بەسەر ژیانی سیاسیی کوردستاندا کێشاوە، نەبوونی هیوایەک بۆ ڕێککەوتن و یەکبوونی دەنگی کورد هۆکارێکی دیکەیە، کە تاکی کورد دۆخی سیاسیی ئێستای کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکی حیزبی و خزمەتکردنی ئەجیندای دەوڵەتانی دراوسێدا ببینێت، جگە لە دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو ناوچەی سەوز و زەرد هەمیشە مرۆڤی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەرییە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی ساڵانی نەوەدەکان.
بە کورتی و بە کوردی: نە کۆمەڵگا متمانەی بە دەسەڵات و حیزبەکان هەیە، نە حیزبەکانیش لەنێوان خۆیاندا متمانەیان هەیە و ئارەزوویەکی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئارادا بوونی نییە.

لەناو هەموو ئەم قەیران و کێشە ناوخۆییانەدا بەلایەنی کەمەوە پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ تاکی کورد دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بۆ بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسییەکەدا هان بدرێت، نەوەک “تاکی کورد” بکرێت بە ئامرازێک بۆ دەنگدانی پرۆسەکە: واتە ئامانجی پرۆسەکە دەبێت تاکی کورد بێت، نەک کەرەستەی پرۆسەکە. ئەمەش بێگومان کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر بێتوو لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان “بەئامانجکردنی تاکی کورد” بخەنە سەر زەمینەی واقیع، ئەویش لە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی، کە باری ژیان و ناخی تاکی کوردیان قورس کردووە. کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕێککەوتنی حیزبەکان، یەکخستنی شەقامی کوردی سەرباری جیاوازیی بۆچوونەکان، یەکدەنگیی سەرکردایەتی کوردی، بە نیشتمانیکردنی پرسی ڕیفراندۆم بەشێکن لەو هەنگاوانەی کە پێویستە دەسەڵاتداران، سەرکردە و حیزبەکانی کورد پێش ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، چونکە ئەو گێژاوە فرەلایەنییەی کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی، تەنها تروسکاییەکیش نابەخشێت بە ناخی تاکی کورد بۆ ئایندەیەکی باشتر جا ئەگەر لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقیدا بمێنینەوە یاخود ببین بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

جا ئایا ئەم ڕیفراندۆمە دەکرێت بە پرسێکی نیشتمانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز بەشداری تێدا دەکەن یان نا؟ ئایا لایەنە سیاسییەکان بە چ ئامانج و مەبەستێکەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانن؟ ئایا کوردستان دەبێت بە یەکەم ناوچە لە هەموو جیهاندا، کە ڕیفراندۆم بەبێ بوونی پەرلەمان ئەنجام بدات و لەژێر پەردەی رێکەوتنی چەند حیزبێکدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت؟
ئەگەرەکانی پاش قۆناغی گشتپرسی گەلێکن، چونکە بەر لە هەموو شتێک ناوچەکە بە قۆناغی گۆڕانکارییەکی گەورەی بالانسی هێز و نەخشەی جیۆپۆلیتیکدا دەڕوات. هەر ئەمەش وای کردووە، کە دەرگای هەموو گۆڕانکارییەکان واڵا بێت. بێگومان ئایندەی کورد لە عێراق و سوریاش دەکەونە بەر شاڵاوی ئەگەری ئەم گۆڕانکارییانە. هەموو ئەم ئەگەرانە و هەروەها باری واقیعی سیاسی ئێستای کوردستان چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە ناخی تاکی کورددا دروست دەکات.

ئایا ئامانجی ڕاستەقینەی پرۆسەی ڕیفراندۆم چییە؟ ڕاستە لە سیاسەتدا هەموو شتێک بە ئاشکرا ناوترێت و باسی لێوە ناکرێت، بەڵام ئامانجەکانی گشتپرسییەکە هەرچییەک بن، ئەگەرەکان دووانن: دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی یاخود ڕیفراندۆمەکە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار بهێنرێت. لە ئەگەری یەکەمدا تاکی کورد واقیعی ناتەبایی سیاسیی کوردی، نەبوونی سەروەریی یاسا و کارکردنی حیزبەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەبینێت. ئەمەش وێناکردنی قۆناغی پاش “دامەزراندنی دەوڵەی کوردی”یان لەلا دروست دەکات، کە جگە لە ئەگەری بەرەو دیکتاتۆربوونی دەسەڵات، ئەگەری سەرهەڵدانی کەشێکی نائارام و ناجێگیر لە کوردستاندا هیچ شتێکی دیکە بەدی نەکەن، ئەگەر بێتوو حیزبە کوردییەکان بە هەمان شێوازە بیرکردنەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی بەڕێوە بەرن. بەڵام ئایا هۆکار و هاندەر چییە بۆ ئەوەی شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردن بگۆڕن، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا هەمان کەسایەتییەکان پەتە سەرەکییەکانی یارییە سیاسییەکانی کوردستانیان لە دەستدایە. ئایا ئەگەری ئەوە هەیە وەکو باشووری سودانمان لێ ڕوو بدات، کە لایەنە ناتەباکانی ئەو کۆمارە نوێیە هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر بەرپرسانی سودان بۆ ئەوەی نێوەندگیرییان بۆ بکەن و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن؟
هاوکات تاکی کورد چ ئاسۆیەکی ڕووناک لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا بەدی بکات، لە کاتێکدا ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا و لە نەبوونی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەدا (لە هەموو دەوڵەتێکدا ئەو دوو وەزارەتە بڕێکی پارەی زۆر لە بوجە ڕادەکێشن) بەڵام حکومەت ناتوانێت نە نیوە موچە و نە چارەکە موچە و نە پارەی خانەنشینان بە شێوەیەکی دروست بدات، ئەی ئەگەر ببین بە دەوڵەت؟ ئەگەر لە ئێستادا بەشێک لە موچەی ئەم بەشە و ئەو بەشەی دامودەزگاکانی حکومەتی کوردی لە بەغدادەوە بێت و ئەگەر پشتیگرییەکی دارایی لە حکومەتی ناوەندییەوە بۆ دابین بکرێت، ئەی دوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بارودۆخی ئابووریمان بەرەو کوێ دەڕوات؟ لە کاتێکدا لە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە ئابوورییەدا هەناردەکردنی ژێربەژێری تەنکەرە نەوتەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەتا ئەم ساتەش هەر بەردەوامە. لەو گۆشەنیگایەوە تاکی کورد مافی خۆیەتی کە ڕەشبین و بێ هیوا بێت بەرامبەر بە ئایندەی ئابووریی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.

کۆمەڵگای کوردی لە ئێستادا لە قەیرانێکی فرەلایەنەدا دەژی لەژێر سەرکردایەتییەک، کە ٢٦ ساڵە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبات، بەرهەمی ڕێباز و سیاسەت و پلان و پرۆژەی ئەم سەرکردانە لەو قەیرانانەدا بەدی دەکرێت، کە کۆمەڵگای کوردی تیایاندا دەژی. پرسیارەکە ئەوەیە: لە هەمان ئەم کەسایەتییانە و لە هەمان بیروبۆچوون و ڕێبازی ئەم بەڕێزانە تاکی کورد هیوای بە چ باشتربوون و چاکسازییەک هەبێت، کە لە ڕاستیدا هەر خۆیانن هۆکاری سەرجەم قەیران و ئەو گەندەڵییانەی کە سەرتاپای هەرێمی گرتۆتەوە؟

خۆ ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم تەنها کارتێکی فشار بێت لەسەر بەغدا، ئەوا لێرەشدا هەندێک پرسیار و سەرنج دێنە ئاراوە: ئایا ئەو فشارە لە بەرژەوەندی حیزبیدا بەکار دەهێنرێت یاخود لە بەرژەوەندی نیشتمانیدا؟ سەردانی ئەم دوواییەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا پەیامێک بوو بۆ سەرجەم لایەنەکان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو لایەنەیە کە هەموو کاتێک دەتوانێت تاکلایەنانە گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکات و هەر ئەویشە خاوەنی ئەو پرۆسەیە و ئەنجام و کاریگەرییەکانێتی،ئەگینا بە لایەنی کەمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدادا سەبارەت بەو پرسە نیشتمانییە دەبووایە ئەندامانی یەکێتییان لەگەڵدا بووایە ئەگەر بێتوو ئەو پرسە لە ڕوانگەی ئەوانەوە “نیشتمانی” بێت. سەرهەڵدانی ئەم گومانەش لە مێژووی نوێنەرایەتی و چالاکیی حیزبە کوردییەکانەوە لە بەغدا سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ناتەباییەکەی سیاسەتی ناوخۆی کوردستانیان دەگواستەوە ناو بەغدا، جگە لەوەش هەندێک جار حیزبە کوردییەکان لەپێناوی ئەوەی بەشێکی زۆرتر لە شیرینیی کێکەکەی بەغدایان دەست بکەوێت هەنگاوێکی تاکلایەنەیان ناوە، ئەگەرچی لە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کورددا نەبووبێت.

دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتێک زانستە بەر لەوەی دروشمی بریقەدار بێت، جێبەجێکردنی هەنگاوەکانە بەر لەوەی بازدانێک بێت، پرۆسەیەکە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای لە ژێرسایەی خۆیدا کۆدەکاتەوە نەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو بێت، هەر بۆیە دەسەڵاتی کوردی، سەرکردە، بەرپرسان و لایەنە کوردییەکان گەلێک ئەرکی نیشتمانییان لەسەر شانە بۆ ئەوەی ئەم پرسە لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا پێناسە بکەن. ئەگینا تاکی کورد لەناو گێژاوی ژینگەیەکی نالەباردا دەخرێتە ناو پرۆسەیەکەوە، کە ئایندەیەکی نادیار و بێهیوا چاوەڕوانی دەکات.




نزیكبوونەوەی پەیەدە بە ئەمەریکا و پڕچەککردنی یەپەگە و هاوپەیمانەکانی جێگای نیگەرانییە:


زاهیر باهیر –لەندەن
13-05/2017

هاوکێشە سەربازیی و سیاسییەکان و دۆستایەتی و نەیارێتی لە نێوانی هێزەکانی ڕۆژاوادا لە بەرانبەر ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیادا بەبەردەوامی لە گۆڕاندایە. دینەمۆی ئەم گۆڕنکارییەش زۆر بە کەمی پەیوەندی بە داعش و هێزی ئەوانەوە هەیە ، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە پاوانخوازیی و بەرژەوەندییەکان و مل ملانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشەوە.
ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت گەیشتنی بە لێشاوی چەکی قورس و سووکە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ هێزی سوریای دیمۆکرات، کە ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە . وێڕای جیاوازی ئەو هۆکارانە، بەڕای من بۆ ئێمەیەك کە هاریکاریی ڕۆژاوا دەکەین دەبێت ئەمە جێگای نیگەرانییەکی یەکجار زۆرمان بێت ، لەبری شادومانیمان . ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:

یەكەم: ئەمەریکا لەسەردەمی ئۆبامادا، لە بەرانبەر ڕوسیادا بەرەو لە دەستدانی نفوس و کێشی سیاسی دەبووەوە، کە ئەمەش کارێکی نەشیاوە لە ئەمڕۆدا. چونکە ئەمەریکا هەتا بۆی بکرێت لە هەوڵی ئەوەدایە کە خۆی گەورەی مەیدانەکە بمێنێتەوە ، لێرەشدا بۆ ئەوەی کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت پشتگیرییکردنی هێزە کوردییەکانە لەوێ، ئەویش نەك لەبەر بەرژەوەندی کورد ، بەڵکو تەنها خودی خۆی.

دووەم: بۆ دەستەمۆکردنی هێزە کوردییەکانە و لەدەستدانی شۆرەتی باشیان و ناوبانگی ئازادیخوازانەیانە کە سەراپای جیهانی پڕکردبووەوە . هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت کە بیانکاتە هێزێكی ئەساسی لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی مەبەست و ئاماجەکانی، کە ئەمەش باشترین ڕێگایەکە بۆ ناجەماوەییبوونیان و بێ شۆرەتکردنیان.

سێیەم: دابڕینی ئەو هێزەیە لە پەکەکە و کەمکردنەوەی هەژموونی پەکەکە لەسەر ڕۆژاوا. ئەمەریکا کار لەسەر بچڕاندنی تەواوی پەیوەندی یەپەگە لەگەڵ پەکەکە دەکات.

چوارەم: دەبێتە هۆی تووندکردنەوەی تورکیا لە کورد و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژاواو هێڕشی دڕندانەی دیکە بۆ سەریان و هەروەها بۆ سەر قەندیل و شەنگاڵیش .

پێنجەم: چڕکردنەوەی شەڕەکە و لاوازکردنی هێزە کوردییەکانە هەم بەدانی قوربانی زیاتر و هەمیش بە لەدەستدانی ئەو شۆرەت و ناوبانگەی کە هەتا ئێستا هەیان بووە . ئەمە جگە لەوەی کە شەڕی داعش و گەورەکردنی قەبارەی هێزی سوریای دیمۆکرات، لەلایەکەوە زیاتر دەیانکاتە وابەستەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە لایەکی دیکەوە ئامانجی لەناوبردنی داعش دەکاتە ئامانجی سەرەکی، کە ئەمەش لەسەر حسابی بێ هێزکردن و پێشنەکەوتنی کۆنفیدراسوێنەکان دەبێت. چەندێکیش ئەم هێزە سەرکەوتنی زیاتری سەربازیانە بەدەستدبهێنێت و شوێنی زیاتر بگرێت، ئەوەندە زیاتر پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ، لە ڕۆژاوادا لەدەستدەدات. هەروەها گەورە بوونی قەبارەی هێزی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەسەر حسابی خۆسەرییەکان و بزوتنەوەی تێڤدەمە.
بە گوێرەی ئەوەی کە دەیزانین ژمارەی شەڕکەرانی هێزی سوریای دیمۆکرات ٥٠ هەزار کەسە. ئەگەر تەنها لەم ژمارە زۆرە تەنها ١٠ هەزاریان خەریکی کارکردن بوونایە لە کێڵگە کشتیارییەکان و هەرەوەزییەکان و دروستکردنی قوتابخانە و خەستەخانە و خانووبەرە بوونایە، ئێستا ژیان لە ڕۆژاوادا شتێکی دیکە دەبوو.

شەشەم: پاش ئەوەی کە دەرکەوت بزوتنەوەیەکی وەکو ڕۆژاوا لە ناوچەکەدا ڕوینەدا وەکو پشتوپەنایەك بۆیان هەروەها هاریکاریی و کۆمەكی نێونەتەوەیییش نەگەێشتە ئاستێكی کاریگەر، ئیتر مانەوەی ڕۆژاوا و هێزەکانی بەستراوەتەوە بە مانەوەی داعشەوە . کەی داعش نەما ئەو کاتە سەرەی ڕۆژاوا دێت، یاخود لەو پەڕی باشیدا کورد لە ڕۆژاوادا دەبێت ڕازی بێت بەوەی کە بۆی دیاری دەکرێت ، نەك بەوەی کە خۆی دیاریدەکات، ئەمە نەك هەر لە ڕوی داخوازییەکانەوە بەڵکو لە ڕوی بوونی سیاسیی و پەیوەندی دیبلۆماسیشی لە تەك دەوڵەتانی دەوروبەر بەتایبەت حکومەتی هەرێـم و تورکیا و سوریای ئێستاو داهاتووش.

حەوتەم: هەبوونی داعش وەکو هێزێك لەوێدا هاوکێشەیەك دادەنێت بۆ پێگەی سیاسی و سەربازیی کورد. دوای بەزاندنی داعش لە موسڵ و لە ڕەقە ، وەکو پێشتریش پێشبینیم کردووە لێدانی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەکەکە ئەو پەڕی چاوەڕونکراوە کە ئەمەش ڕەنگە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود ئەیلول- دا ڕووبدات ، لەو بارەشدا ئەگەریی هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی تورکیایە بە هاوکاریی پارتی . ئەم شەڕەش ماوەیەکی زۆرە لە لایەن توورکیا و وڵاتانی ناوچەکە و بارزانی و بە ئاگەداری ئەمەریکاو بریتانیا پلانی بۆ کێشراوە و کارەساتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هەشتەم: نزیکبوونەوەی پەیەدە و هێزی سوریای دیمۆکرات دەبێتە هۆی تووڕەبوونی ڕوسیا، ئەمەش ڕەنگە سەرنجامەکەی گۆڕانی هەڵوێستی سوریا بێت لەژێر داوای ڕوسیادا، گەر ئێستاش نەبێت ، ڕەنگە لە ئایندەدا. ڕەنگبوایە گەر پەیەدە ئەو نزیکبوونەوەی لە ڕوسیاوە بوایە باشتربوایە چونکە ڕوسیا هاوپەیمانێکی زیاتر متمانە پێکراوە تاکو ئەمەریکا. هەروەها لەوە دەکات کە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و زیاتریش گوێ بۆ ڕوسیا دەگرێت. ئا لەو بارەدا دوای وەستانی شەڕ ئەسەد لەژێر فشاری ڕوسیادا لە ڕۆژاوا دەگەڕا، تاکو ئایندەیەکی باشتری هەبێت ، باشتر لەوەی کە ئەمەریکا و ڕۆژاوا ڕەنگە بۆی دیاریبکەن.
بەڕای من لە دوای جەنگی کۆبانی و ڕزگارکردنی گوندەکانی ئەو دەڤەرە، دەبوایە یەپەگە و یەپەژە هەر لە هەڵوێستی بەرگریی-دا بمانایەتەوە، لە بری هێڕشکاریی. دوای ئەو جەنگە پاڵەوانانە و هاتنەناوەوەی ئەمەریکا و ڕوسیا، شەڕەکە لەشەڕی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەیەدە تا ڕادەیەکی زۆر دەرچووە و بووە بە شەڕێ ڕوسیاو ئەمەریکاو تورکیا و سوریا. هاوکاتیش پەیەدە دەبوایە باشتر مامەڵەی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندی ڕۆژاوای بکردایە . هەروەها دەبوایە پەیەدە دەسەڵاتی زیاتری بۆ تێڤدەم و خۆبەڕێوەبەرییەکان بهێڵایەتەوە تاکو ئەوان بەزۆرینە بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی بدەن.
ئێستا بە ئاشکرا دەبینین کە سروشت و ئاڕاستە و جەوهەری شەڕەکە گۆڕاوە و بووەتە شەڕی زلهێزەکان و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژاواو حکومەتەکانی ناوچەکە بە هەرێمیشەوە. ئەم شەڕەش شەڕی پاوانخوازیی و بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووریی هەموو ئەو لایەنانەیە، نەك کورد لە ڕۆژاوادا.
بۆ بەدبەختی، ئەم بارودۆخەی ئێستا ، لەوە ناکات سەرەنجامێکی باشی هەبێت. لەوە دەکات کە داعش لە موسڵ و ڕەقە دەرکران ئەو کاتە شەڕەکە بکەوێتە ڕۆژاوا و شەنگاڵ و قەندیل. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەمە پلانە و لە لایەن بارزانی و تورکیاوە بە ئاگەداریی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ڕەنگە ئێرانیش لێی بە ئاگابێت.

Zaherbaher.com




پڕۆفیسۆر قه‌‌ناتی كوردۆ: ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی … نووسینی: زانکۆ یاری

نووسه‌ر و زانای مه‌زنی كورد، پڕۆفیسۆر قه‌نات کڵاشۆڤیچ کوردۆیێف یان قه‌ناتی كوردۆ، (Prof. Qanatê Kalashevich Kurdo) له 30-9-1909، له گوندی سۆسز (Sûsiz) سه‌ر به پارێزگه‌ی قارسی (Qersê)باكووری كوردستان (ده‌وڵه‌تی عوسمانی)، له‌دایكبووه و ناوی ته‌واوی “قه‌نات كوڕی كوردۆ كوڕی كه‌له‌ش كوڕی خدر” بووه.

له‌كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌ساڵی1918 ، كه توركه‌كان به‌سه‌ر ئه‌رمه‌ندا زاڵبوون، له دوایی ده‌ساوێژی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکدا، بنه‌ماڵه‌ی قه‌نات و خه‌ڵكی ئاواییه‌كه‌یان خۆیان له‌چنگی توركه‌كان ڕزگار كردوو به‌ره‌و ناوچه‌ی ئاپارانی (Aparan) سه‌ر به پارێزگه‌ی بێریڤانی ئه‌رمه‌نستانی ژێر ده‌ستی ڕووسیا (یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو –(USSR كه‌وتنه‌ڕێ و له گوندی كۆربلاخ (Kurbolakh)نیشته‌جێ بوون، خه‌ڵكی گونده‌كه هه‌موویان كوردبوون و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا توركه‌كان ناوچه‌ی‌‌ ئاپارانیان داگیر كرد، به‌تایبه‌تی گونده‌كانی كورد، بۆیه ماڵی قه‌نات ماوه‌یه‌ك ده‌ربه‌ده‌ر بوون و له ‌دواییدا گه‌ڕانه‌وه ئاپاران. باوکی که پێشتر جوتیار بوو، به‌ حه‌ماڵی گوزه‌رانی ده‌كرد، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌که‌یان له‌سه‌ر ئایینی ئێزیدیش بوون.

له‌ ساڵی1920 دا ڕوویان كرده گورجستان و له ‌شاری ته‌بلیس (Tbilisi)سه‌قامگیر بوون و ملیان دایه ڕه‌نجبه‌ری، باوكی له1921 دا كۆچی دوای كرد و په‌روه‌رده كردنی ئه‌و كوڕه 12ساڵییه ‌كه‌وته ئه‌ستۆری دایكی. له‌ ساڵی 1922، له قوتابخانه‌ شه‌وو ڕۆژیه‌که‌ی هاگۆب گازاریانی ئه‌رمه‌نی ناسراوبه لازۆ (Hagop “Lazo” Ghazaria)ده‌ستی به‌خوێندن كرد و ئه‌و زانایه به پیتی لاتینی ئه‌رمه‌نی فێری كوردی بوو و دوایی ژنه‌كه‌شی زمانی ئه‌رمه‌نی فێری كرد.

قه‌ناتی كوردۆ له‌ساڵی 1928دا خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌و قوتابخانه تایبه‌تیه ته‌واو كرد، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له لاوانی کوردی ئه‌رمه‌نستان وه‌کوو عه‌رب شه‌موو (Erebê Şemo)له‌گه‌ڵ هه‌جده‌ لاوی دیکه بۆ شاری لێنینگراد (Leningrad)ڕێکه‌وتن. قه‌ناتیش له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه بوو و له ئه‌نستیتۆی زمانناسی (زمانه زیندووه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات) ده‌ستی به خۆێندن کرد، ئه‌م گرووپه دوای ماوه‌یه‌ک یه‌که‌م گۆڤاری کوردی بڵاو ده‌که‌نه‌وه. پاشان له رشته‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی زانستگای پترزبۆرگ (Petersburg) وه‌رگێڕا و له‌ كۆلیژی كارگه‌ران له‌شاری لێنینگراد وه‌رگیراو له‌ساڵی 1931دا ئه‌و كۆلیژه‌ی ته‌واو كرد، كه به‌رامبه‌ر قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بووه و له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا قه‌نات و دوو هاوڕێی كوردی كۆلێژی زمانه‌وانه‌ی زانستگای لێنینگراد وه‌رگیران. له‌ساڵی 1936دا کۆلێژی ڕۆژهه‌ڵاتی له ئه‌نستیتۆی مێژوو و توژێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانناسی له لێنینگراد ته‌واو كرد و هه‌ر ئه‌و ساڵه له ‌به‌شی دوكتۆرا وه‌رگیرا. له 20ی پووشپه ڕی 1940دا به‌رگری له تێزه‌که‌ی (له مه‌ڕ زمان و ئه‌ده‌بی کوردی) کرد و پله‌ی دوکتۆرای وه‌رگرت. له دوایی جه‌نگی جیهانی دووه‌میش وه‌کوو مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی کوردی وانه‌بێژ بوو.

له‌ ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای ته‌واو كرد و بڕوانامه‌ی دوكتۆرای وه‌رگرت و له په‌یمانگای ئه‌سنۆگرافیای ئه‌كادیمیای زانستی سۆڤیه‌ت دامه‌زرا، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م نێردایه “فابریقه‌ی شه‌فه‌قی سوو” تا مانگی شوباتی 1942 دوكتۆر قه‌ناتی كوردۆ له‌ساڵی 1945دا بووه ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیستی ڕووسیا و له‌پاش جه‌نگ بوو به مامۆستا و زمانی كوردی به خوێندكارانی به‌شی ئێرانی ده‌گوته‌وه. له‌ساڵی 1947ه‌و تاكوو 1960 سكرتێری لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی كۆمۆنیستی په‌یمانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناس بووه له‌و شاره‌ی لێنینگراددا تاكوو ساڵی 1958قه‌ناتی كوردۆ و ئیسحاق سوكه‌رمان (Îsahak Sûkêrman)و مارگریت ڕودینكۆ (M. B. Rūdankū) له‌ به‌شی ئێرانی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناسی خه‌ریكی كوردناسیی بوون.

له‌ساڵی 1958دا به‌شی کوردناسی له ئە‌نستیتۆی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی سن پترزبۆرگ به یارمه‌تی ئۆربێلی ڕووسی (Hovsêp Orbêlî) سه‌رۆكی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناس جیاكرایه‌وه و بووه به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ. له دوایی یه‌ک ساڵ ئه‌م به‌شه به قه‌نات سپێردرا و هه‌تاکوو مه‌رگی خۆی ئه‌‌م ئه‌رکه‌ی به ئه‌شق و ئیراده به‌سه‌ر برد. ئه‌م پیاوه مه‌زنه له 8ی 1947ه وه مامۆستای یاریده‌ر بوو، له 23ی 1950وه به باسکارێکی زانستییانه، له به‌شی دیراساتی ئێرانی سه‌ر به ئه‌نستیتۆی تۆژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی لێنینگراد دامه‌زرا و دوای دامه‌زراندنی به‌شی دیراساتی کوردی، له ساڵی 1955وه کرایه سه‌رۆکی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌و کۆڵێژه. (له‌سه‌ره‌تادا ئۆربێلی خۆی بووه سه‌رۆكی، به‌ڵام له‌دواییدا دوكتۆر قه‌ناتی كوردۆ به‌ سه‌رۆكی به‌شه‌كه هه‌ڵبژێردرا). مامۆستا قه‌نات له ساڵانی (1941-1939) و (1953-1945)دا له زانستگای لێنینگراد وانه‌بێژ بوو و له ساڵانی (1941-1939)دا له بواری دیراساتی کوردیدا باسکاری زانستییانه‌ی ئه‌تنۆگرافیا بووه.
ئه‌وه‌ی شایانی گوتنیشه دوكتۆر قه‌نات له‌ ساڵی 1968دا بڕوانامه‌ی دكتۆرای “ناووك” واته دوكتۆرای زانسته‌كانی وه‌رگرت و پله‌ی زانستی بووه‌ته پڕۆفیسۆر. هه‌روه‌ها قه‌نات ته‌نیا ئه‌ندامی ده‌ره‌کی كوڕی زانياری كورد له كوردستانی ئێراق بوو.
كوردناس، پڕۆفیسۆر قه‌نات، هه‌تاكوو ڕۆژی كۆچی دوایی له 18ی نوامبری 1985دا (5ی ربیع الاول 1406 ه.ق) و‌ه‌ك‌ سه‌رۆكی به‌شی كوردی و زانایه‌كی مه‌زنی كورد و كوردناسێكی دڵسۆز و لێهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خزمه‌تی زمان و وێژه‌ی و مێژووی كوردی كرد و به‌ڕێز و حورمه‌تی زۆره‌وه له شاری لێنینگراد به خاک سپێردرا. پڕۆفیسۆر قه‌ناتی كوردۆ گه‌لێك به‌رهه‌می به‌نرخی نووسیوه و بڵاوی كردۆته‌وه. به‌و بابه‌تانه‌وه که له کوردیێه‌وه بۆ ڕووسی وه‌رگێڕاون، زۆرتر له 100تۆژینه‌وه‌ی زانستییانه له بواری ئه‌ده‌ب و مێژووی کورده‌وه نووسیوه که دوایی له گۆڤار و ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی جیهاندا بڵاوه بوو.

هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی:
1-ته‌حویری مێژووی كورد له زانستی مێژوویی بۆڕجوازیی فارس، (1954)
2-خه‌پاتۆر ئابۆڤیان وه‌كوو كوردناس و ئه‌سنۆگراف، (1955)
3-بیروباوه‌ڕی ناڕاست له‌باره‌ی زمانی كوردییه‌وه، (1955)
4-په‌رتووكی ڕێزمانی كوردی – ئێره‌و‌ان، (1956)
5-كورد له په‌رتووكی نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، (1957)
-6ڕێزمانی کوردی (دیالێکتی کورمانجی ژوور)، مۆسکۆ، (1957)
-7فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی بۆ خۆیندکارانی سه‌ره‌تایی، مۆسکۆ،(1957)
-8دیرۆکه‌کانی ڕۆسته‌می زاڵ له نێو کورده‌کان، به زمانی ڕووسی، مۆسکۆ، (1976)
9-کۆمه‌ڵێک له چیرۆکه فۆلکلوره‌کانی کوردی، چاپی به‌غدا، (1978)
10-ڕێزمانی کوردی (به هه‌ر دوو دیالێکتی کورمانجی ژوورو و ژێرێ)، مۆسکۆ، (1958)
11-فه‌رهه‌نگی (کوردی-ڕووسی)، مۆسکۆ، (1960)
12-زمانی کوردی، له زه‌نجیره‌ی (زمانه کانی ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌فریقا)، مۆسکۆ، (1960)
13-په‌رتووکی کوردناسیی، (1961)
14-وه رگێڕانی چیرۆکی سێقا حاجی به ڕووسی، مۆسکۆ، (1962)
15-زمانی کوردی، چاپی فرانکفۆرت ئاڵمانیا، (1981)
16-فه‌رهه‌نگی كوردی – ڕووسی شێوه‌ی كورمانجی باشوو، (1983)
17-فه‌رهه‌نگی کوردی سۆرانی – ڕووسی ، (1983)
18-ئه‌حمه‌دی خانی و به‌رهه‌می وێژه‌یی.
19-دروستبوونی وشه له زمانی كوردیدا.
20-كوردی سۆڤیه‌ت له وێژه‌یی كوردی ده‌ره‌وه‌دا.
21-بیروباوه‌ڕی قاره‌مانیه‌تی له به‌رهه‌می وێژه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیدا.
22-وه‌رگێڕانی چیرۆکی ده‌مده‌م و قه‌ڵا به ڕووسی.
13-لێکۆڵینه‌وه یه‌ک بۆ كوردی زازاكی.
24-ئیزدی و مێژووی ئیزدیه‌کان..
25-لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌ده‌بی زاره‌کی کوردی. …

سه‌رچاوه‌کان:
-1کڵاشۆڤیچ کوردۆیێف، قه‌نات، کوردناسیی. و: ڕه‌وف حه‌سه‌ن، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری (به‌ڕێوبه‌ێتی خانه‌ی وه‌رگێڕان)، سلێمانی 2007.
-2روحانی، بابا مردوخ، تاریخ مشاهیر کورد (عرفا، علما، ادبا، شعرا)، جلد دوم، چاپ سوم-سروش 1390.
-3 خه‌زنه‌دار، دوکتۆر مارف مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، سه‌ده‌کانی چوارده‌م-هه‌ژده‌م، چاپی یه‌که‌م، به‌رگی دووه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003.
-4یاری، زانکۆ، زبان و ادبیات کوردی، پیشینه و مسایل اجتماعی-مقاله، بخش سوم (نامدران کورد در ترکیه)، خاکه‌لێوه‌ی 1395.
5-Http://www.kurdipedia.org/lng=1&q=100_.سالیا_زانا_ونڤیسەرێ_کورد_قەناتێ_کوردۆ
6-Boyik, Eskerê (27 October 2004), Qanatê Kurdo: Zanyarê Kurd Ê bi Nav Û Deng original (PDF) in Kurdish, Peyama Kurd (published 5 November 2004), p. 15, retrieved 30 December 2016 .
zanko.yari@yahoo.co.uk


نووسینی: زانکۆ یاری
کارناسی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی




٭نەرجسیەتی قەزافی لە ڕۆمانی “دواهەمین شەوی سەرۆک”دا … نوسینی: درەو مهدی

ئەمڕۆ پاش دوو ڕۆژ لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بوومەوە کە ڕۆمانێکی قەبارە مام ناوەندە بە بڕی ۲۲۹ لاپەڕە.
ڕۆمانەکە لە نوسینی نوسەری جەزائیری “محمد مولسهول” ناسراو بە “یاسەمینە خەزرا”یە و وەرگێڕی کورد “ئازاد زەرزنجی کردویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

بە بڕوای فەیلەسوفانی بواری دەرونناسی نەرجسیەت”خود پەسەندی” یاخود “خود شەیدایی” جۆرێکە لە تێکچوونی کەسێتی کە هەستکردنێکی نا ئاساییە بە خۆشویستنی خود و خۆ بەگەورە زانین.

ئەگەر بە وردی سەرنجێک لە قۆناغەکانی ژیانی دیکتاتۆرەکان بدەین دەبینین گەیشتنە لوتکەی “نەرجسیەت” تێیاندا وایکردووە کە لە عەرشی فەرمانڕەوایی بهێنرێنە خوارەوە و ئەم نەخۆشیە دەرونیە سەری بە با داون.

لێرەدا چەند نیشانەیەکی ئەم نەخۆشیە دەرونیە دیاری دەکەین:

۱.ئەم کەسانە بەردەوام وا هەست دەکەن کە خۆیان لە بەرزایدان و کەسانی تریش هەموویان لە خواریەوەن.

۲. زۆر لە خۆی ڕازیەو وا دەزانێت لە هەموو کەس جوانتر و باشتر و عاقڵتر و زیرەکترە.

۳.کەسی توشبوو بەم نەخۆشیە هەمیشە هاوسۆز و هاوخەمی بۆ بەرامبەرەکانی کەمە.

٤.زۆر سەرسامە بەکارەکانی خۆی و ڕەخنە و توانج و لۆمەکردن قبوڵ ناکات و پێی توڕە و دەمارگیر دەبێت.

٥.هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەرامبەر قورس و گرانە.

٦. هەمیشە حەزدەکات بەرامبەرەکانی بە فرمانی ئەم بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن.

دەرونناسی نەمساوی “سیگمۆند فرۆید”پێی وایە ئەم نەخۆشیە بەڕێژەی جیاواز لە هەموو کەسدا هەیە و هەموو کەسێک بە شێک لە “نەرجسیەت”ی تێدایە.

بەم پێیە، لە باری و نا لەباری ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی کەسەکە دەبێتە هۆی توش بوون و گیرۆدە بوون بەم نەخۆشیە.

ئەگەر چی شارەزایانی بواری دەرونناسی پێیان وایە کە دەرونناسی نەمساوی “فرۆید” لە سەدەی نۆزدە بۆ سەدەی بیستەم ئەم نەخۆشیەی دۆزیەوە بەڵام بە بڕوای “ئیدوارد سەعید” فەیلەسوفی فەلەستینی-ئەمریکی،ئەم نەخۆشیە مێژوویەکی کۆنتری هەیە و سەردەمی “نەرجسیەت” و گەورە تەماشاکردنی خود و کەمکردنەوەی ئەوانی تر و مێژووی ئەویتر، بۆ سەزدەمی یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە کە خۆیان دەردەخست وەک منێکی گەورە و باڵا و سۆپەرمان و ئەویترێکی ڕوخاو نەزان و ناشارستانی.

واتە، لەو سەردەمەوە تا ئێستا ئەم نەخۆشیە دیکتاتۆر بەرهەم دەهێنێت لە مێژوودا.

شارەزایانی دەرونی پێیان وایە ئەم نەخۆشییە دوای تەمەنی ۱۸ ساڵی دەردەکەوێت، ئەو هۆکارانەشی کە دەبنه هۆی توشبوون بەم نەخۆشیە،بریتین لە “زۆر سەرسامبوون بە کەسەکە لە منداڵیدا لە لایەن دەوروبەریەوە و گرنگی پێدان و خۆش ویستنی زۆر لە قۆناغی منداڵیدا لە لایەن دایک و باوکەوە” وە بە پێچەوانەشەوە” دەرنەبڕینی سۆز و عاتیفە بۆ منداڵ کە وا دەزانێت هیچ بە هاو گرنگیەکی لای ئەوانی تر نیە و کەموکورتی لە کەسایەتیدا هەیە”.

نوسەر،لەم ڕۆمانەدا دەیەوێت پێمان بڵێت: کە خۆش گوزەرانی و گرنگی پێدان و خۆش ویستنی زۆری دایک و باوک و گرنگی دان بە قەزافی لە لایەن دەوروبەرەکەیەوە لە سەرەتای منداڵیەوە وای لێنەکرد کە توشی نێرجسیەتێکی لە ڕادە بەدەر ببێت،بەڵکو پەراوێز خرانی ئەم کەسە و نەبوونی سۆزی دایک و باوک و هەستکردن بە کەموکورتی و بێ بەهایی و تۆمەتبارکردنی بەوەی کە کەسێکی”زۆڵ”ە، توشی لادان و نێرجسیەتی کردووە.

“کە منداڵ بووم بە پانتۆڵێکی پینە پینە و جوتێک نەعلی شڕەوە برسێتیم چەشتووە،بە پێخاوسی بەسەر چەوە داخەکاندا پیاسەم دەکرد، چواردەورم بەدبەختی بوو، ڕۆژی تاقە ژەمێکم دەخوارد،کاتێ برنج نەدەما خواردنی بەردەوامم لاسکی ڕووەکەکان بوو، شەوانە وەختێ لە ژێر پەتووەکەوە لەتاو سەرما خۆمم گرمۆڵە دەکرد،هەردوو قاچم بەسکمەوە دەنوساند،جاری وا هەبوو خەونم بە ڕانە مریشکێکەوە دەبینی و لیک بە دەممدا دەهاتە خوارێ”. ل۲٦.

بەدەم سزادانی لە لایەن قەزافیەوە، بەدیلگیراوێک هاوار دەکات” موعەمەر،تۆ بە زۆڵی لە دایک بوویت، موعەمەر تۆ زۆڵیت،زۆڵ”. ل۱۲۷.

قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا لە شەست و سێهەمین ساڵی تەمەنیدا بەهۆی گەیشتنە لوتکەی دیکتاتۆریەت لە دەسەڵاتدا لە لایەن گەلی لیبیاوە کۆتایی بە دەسەڵاتی هێنرا.
“ئەم ئێوارەیە پاش شەست و سێ ساڵ وا هەست ئەکەم ئەستێرەکانی ئاسمانی سیرت کەم بونەتەوە مانگە چواردەکەشم هیچی لێ نەماوەتەوە”.ل۱۹.

یەکێک لە نیشانە هەرەدیارەکانی نەخۆشی “نەرجسیەت” بەکار هێنانی بەردەوامی دەستەواژەی “من”ە، لە دەست پێکی قسەی کەسی توش بوودا.
“ خاڵم سوێندی دەخوارد، من کوڕە پیرۆزەکەی هۆزی غەوسم”.ل۱۹.

“من،کە پێم دەڵێن برای سەرکردە، ئەو پیاوە وردبینەم کە هەرگیز بە هەڵەدا ناچێت”.ل۲۰.

“من، موعەمەر قەزافیم، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەسە بۆ ئەوەی کە ئیمانت بە هێز بێت”.ل۲۰.
.ل۲۰“”ڕزگار بوون لە سەر دەستی من دێت

“من،موعەمەر قەزافیم، ئەو ئەفسانەی لە پیاوێکدا بەرجەستە بووە”.ل۲۲.
..ل۲٦“”منیش هەر قەزافیم،قەزافیش سەروەرە
ڕەنگە هەر لەبەر سەلماندنی ئەم نیشانە دیارەی نەخۆشیەکە دەرونیە بێت لە قەزافیدا کە نوسەری ڕۆمانەکە “یاسمینە خەزرا”لە تەکنیکی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا پەنای بۆ بەکارهێنانی جێناوی کەسی یەکەمی تاک “من” بردووە و تەواوی ڕۆمانەکەمان لەسەر زاری قەزافی بە کەسی یەکەمی تاک بۆ دەگێڕێتەوە کە گوزارشتە لە دوا ساتەکانی شەوی کۆتایی ژیانی قەزافی لە شاری سیرت زێدی لە دایک بوونی خۆی لە سەروبەندی شۆڕشی لیبیا لە ۱۷ی شوباتی ۲۰۱۱دا.

لەگەڵ ئەمەشدا نوسەر بە شێوەی “فلاشباگ” و تەکنیکی “یاد هێنانەوە” دەگەڕێتەوە بۆ باسکردن لە دەورانی منداڵی و سەردەمی لاوێتی قەزافی و سەردەمی حکومڕانیە دور و درێژەکەی قەزافی و باس لە ڕوداوە جیاوازەکانی سەرۆکی لیبیا دەکات لەو سەردەمە جیاوازانەدا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی لیبیادا.

“کە منداڵ بووم،خاڵم ناو بەناو لەگەڵ خۆیدا دەیبردم بۆ بیابان”.ل۱۷،سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆمانەکە.

قەزافی کاتێک لە ساڵی ۱۹٦۹ کودەتای بەسەر محمد پاشای سەنوسیدا کرد لە لیبیادا ئەو وەک کەسێکی هەڵگری بیری سۆشیالیستی دژ بە هەموو ڕەوتە ئاینیەکان لەو وڵاتەدا مامەڵەی کرد، بەڵام لە هەمانکاتدا هاو شێوەی سەرکردە دیکتاتۆرەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا سودی زۆری لە ئاین بینی بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی پێگەی تایبەتی خۆی.
“من خوام لەگەڵە،ئەی هەر ئەو خۆی منی لە ناو ئەو هەمووە پیاوەدا هەڵنەبژاردووە تا ڕووبەڕووی زلهێزەکان و چاوچنۆکی لە ڕادە بەدەریان ببمەوە بۆ هەژموون و دەسەڵات؟”.ل۲۱.
منێکی موسوڵمانی منەوەر کە هەمیشە بەسەر کەتن و پیلانەکاندا سەرکەوتووم”.ل۲۱.
لەگەڵ ئەمانەشدا زۆر جار قەزافی کێرڤی نەرجسیەتەکەی هێندە بەرز دەبێتەوە تا خۆی دەگەیەنێتە ئاستی خودا و پێغەمبەران و خۆی دەکات بە کەسێکی ئەفسانەیی.

کاتێک ژنە ڕۆژنامەنوسی ئیتاڵی “ئۆریانا ڤالاچی” چاوپێکەوتن لەگەڵ قەزافیدا دەکات،لە کۆتا پرسیاردا لێی دەپرسێت” تۆ باوەڕت بە خودا هەیە؟” قەزافیش لە وەڵامدا دەڵێت: “بێگومان، ئەوشتە ئاشکرایە، بەدڵنیاییەوە. بۆچی پرسیاری وا لە من دەکەیت؟” ئۆریاناش لە وەڵامدا دەڵێت:”چونکە وامزانی تۆخۆت خودایت”.
“ئەوەی ئەمڕۆ من ڕوو بەڕووی بومەتەوە، ئەم یاخیبونە نەخشە بۆ کێشراوە و ئەم جەنگە هەڵگیرسێنراوە ،بەڵگەیەکی ترە بۆ دروستی ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،ئەی هەر ئەم ئەزموونانە نین کە خوداوەند دروست دەکەن؟”.ل۲۲.
“منێکی موسوڵمانی منەوەر کە هەمیشە بەسەر کەتن و پلانەکاندا سەرکەوتووم “.ل۲۱.
“ئەوەی من دەیڵێم کە لامە و لە ئاسمانەوە دێت،ئەوەیشی بیری لێدەکەمەوە پێشبینی پێغەمبەرانەیە”.ل۱۰۳.

..ل۲۲٦“”من چیتر سەرۆک نیم، من پێغەمبەرم

هەمیشە دیکتاتۆرەکان، لەتاو خود پەسەندیەکی زۆر بەرزیان پێیان وایە کەپێویستیەکی حەتمین بۆ ئەو جێگایەی کە فەرمانڕەوایی دەکەن و پێیان وایە ئەگەر ئەوان نەبن ئەو جێگایە نابرێت بەڕێوە و حکومڕانی ناکرێت.قەزافیش هەمان بۆچوونی هەبوو.
..ل۱۰٤“”لیبیا بە بێ من نەگبەتیەکی بێ ناو بێ ئایندەیە
نوسەر بەردەوامە لە باسکردنی ڕەفتارە سەیر و سەمەرەکانی قەزافی بە هۆی نەرجسیەتەکەیەوە، ئەو پێمان دەڵێت هەر وەک چۆن سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری عێراق بەهۆی لە خۆبایی بوونیەوە لە دەسەڵاتدا پەلاماری وڵاتی کوێتی دا و ویستی داگیری بکات، ئاواش قەزافی هاوشێوەی ئەو لە ناوخۆی لیبیادا چەند کارێکی پەلاماردانی ئەنجامداوە.
“چەند مانگێک دوای ئەوە کە بە هاواری ستایشی میللەتەکەم مەست بووم،بیرم لە بەزمێکی تر دەکردەوە تا لە جیهاندا دەنگ بداتەوە، دوو دڵ بووم لەوەی لە نێوان ئەوەی فیرقەکانی بەریتانیا لە وڵاتەکەم دەر بکەم، یان بنکەی ئاسمانی ویلۆس لە دەستی ئەمریکیەکان دەربهێنمەوە. ئەوە بوو دیسان شەوێکیان ڤانکۆخ هاتە خەوم و تۆقاندمی. بۆ بەیانی سەرباری دوو دڵی پاساودراوی ڕاوێژکارەکانم،بڕیاری خۆممدا: نابێ خاچ پەرستان لە خاکە پیرۆزەکەی عومەر موختاردا بمێننەوە”.ل۸٥.

یەکێکی تر لە ڕەفتارە سەیر و سەمەرەکانی قەزافی سەرۆکی لیبیا هەر لە واقیعیشدا، شانازیکردن بوو بە نوسینی”کتێبی سەوز” کە بریتیە لە نامیلکەیەکی بچوک و ناوبراو لە ساڵی ۱۹۷٥ بڵاوی کردەوە، نامیلکەکە لە سێ بەش پێکهاتووە تێیاندا بیروبۆچونەکانی خۆی سەبارەت بە فەرمانڕەوایی و هەندێ چەمک و ڕێبازی سیاسی دەخاتە ڕوو.

ئەم سەرۆکەی لیبیا هێندە شانازی بەم نامیلکە بچوکەوە دەکرد تا کار گەیشتەئەوەی پەیکەری بۆ دروستکرد لە لیبیادا.
کاتێک “ئۆریانا ڤالاچی” ئیتاڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ قەزافی دەکات ناوبراو هەر پرسیارێک قورس بێت و نەتوانێت وەڵامی بداتەوە بە ڕۆژنامە نوسەکه دەڵێت: لە کتێبی سەوزدا ئاماژەی پێکراوە و لەو کتێبەدا هەموو شتێک ئاماژەی پێکراوە.

ئەوەتا قەزافی لەم ڕۆمانەشدا دەڵێت:”من موسا بووم و لە شاخەکان هاتمە خوارێ،بەڵام لە بری لەوحی شەریعەتەکان کتێبی سەوزم بەدەستەوە بوو”.ل۱۹٤.
خویەکی تری قەزافی کە بەهۆی نەرجسیەتەوە گیرۆدەی بوو بوو،بریتی بوو لە زەمکردن و گاڵتەکردن بە سەرکردەکانی تری وڵاتانی نیشتیمانی عەرەب، لەوانە “بن عەلی” سەرۆکی تونس و ” سەدام حسێن” سەرۆک کۆماری عێراق.

“ ئای خوایە! بن علی، خوێڕیەک لە بەرگی سەرکردەدا”.ل٥۳.

“دەی چەتە ترسنۆکەکان، کەمێک ئازایەتیتان هەبێت و وەرن بمگرن من نە بن عەلی و نە سەدام و نە بن لادنم”.ل۱٥۲.

قەزافی بەهۆی لە خۆبایی بوونی لە ڕادە بەدەریەوە کە بە درێژایی حکومڕانیەکەی وێڕای ئەو هەمووە زوڵم و ستەمەی کە بەرامبەر گەلی لیبیای کرد. پێی وابووە هەموو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە وەک باوکی خۆیان ئەویان حیساب کردووە و خۆشیان ویستووە، بەڵام کە زانی شۆڕشیان کرد لە دژی، ئیتر لە دوا ساتەکانی ژیانیدا پەشیمانە لەوەی هێندەی تر دیکتاتۆری نەنواندووە بەرامبەریان.
“دەبوایە نیوەی میللەتم لە ناو ببردایە تا نیوەکەی تر ڕزگار بکەم”.ل۹۷.
“من پەشیمان نیم لەوەی کە لە سزادانمدا دڵڕەق بووم،چونکە ئەوە هەم ڕەوابوو هەم پێویست بوو”.ل۲۱۷.

دوای ئەوەی کە دەگەنە لوتکەی دیکتاتۆریەت و هەموو جۆرەکانی زوڵم و ستەم بەرامبەر میللەتەکەیان تاقی دەکەنەوە، بەڵام دان دەنێن بەوەی کە لە ترۆپکی فەرمانڕەوایدا هێشتا دەرونیان نا ئارامە و ترس بەرۆکیان پێدەگرێت.
ئەوەتا قەزافی لەم ڕۆمانەدا دەڵێت:”نا ئارامی نیە بگاتە نا ئارامی فەمانڕەوا، نا ئارامیەکی قورس و زاڵ و بەردەوام”.ل۱۷٤

جێگەی ئاماژەیە لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە ئەوکاتەی قەزافی لە کۆشک و تەلارە ڕاقیەکانی خۆی شەوی سوری لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەسەر دەبرد کە دڵی دەیخواستن، هەر گیز لەو باوەڕەدا نەبوو کە کۆتا شەوی ژیانی لە بینای قوتابخانەیەکی وێراندا لە شاری سیرت بەسەر بەرێت.بەڵام تازە پەشیمانی دادی هیچ کەسێکی نەداوە لە مێژوودا.
.ل۲۱۲.“”من وام زانی کۆتاییەکی پرشنگدارم دەبێت
“دەبوو بە قسەی هۆگۆشاڤێزم بکردایە،پێشنیازی پەناهەندەیی بۆ کردم وا نەبوایە ئێستا لە ڤەنزوێلا دەبووم”ل۲۱۲.
٭سەرچاوە:
1. ڕۆمانی”دواهەمین شەوی سەرۆک” ن: یاسمینە خەزرا./ و: ئازاد بەرزنجی.

2.وتاری “کەسێتی نێرجسی” ن: زانا جەبار/ سود لە پەیجی: ڕێکخراوی ڕێنما بۆ وشیاری دەرونی و کۆمەڵایەتی وەرگیراوە،بۆ وتارەکە.

3. وتاری “سەرەتایەک لە بارەی چەمک و مێژووی ڕۆژهەڵاتناسیەوە” ن: دیاری خالید/سود لە ئەرشیفی ماڵپەری کوردستانی نوێ-۲۰۱٥ وەرگیراوە،بۆ وتارەکە.




بۆپێشەوە ژمارە 4

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 4ی بۆپێشەوە کلیکی ئێرەبکەن ….




گــــــــــۆرانی …. پشكۆ ناكام

…. چه‌ن سه‌یره‌ ، زۆر جار چه‌ن ساڵێكی هه‌وڵ و ته‌قه‌لان بۆ هێنانه‌دی مه‌رامێكی سیاسی گه‌وره‌، له‌ ڕێی كارێكی بچوك و كه‌م خایه‌نه‌وه‌ یه‌ته‌ دی و له‌ كۆڵ مه‌شه‌قه‌تی هێنانه‌ دی ئه‌و مه‌رامه‌ ده‌بینه‌وه‌ … بۆ نمونه‌ كاتێك سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ ده‌رچونه‌وه‌ی (مالكی ) بۆ پۆستی سه‌رەک وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیا بیتاقه‌كه‌و ده‌ست كه‌م كه‌س و میلله‌ت ئه‌كه‌وێت كه‌ خۆش به‌ختانه‌ زۆر به‌ ئاسانی و به‌ ( چه‌قه‌نه‌یه‌ك ) ده‌ست ئێمه‌ ئه‌كه‌وێت، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌ر وه‌عدی سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌ گه‌ر مالكی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وا یه‌كسه‌ر بێ قه‌یدو شه‌رت هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ئیعللان ئه‌كاو له‌ وه‌ به‌ دواوه‌ ئه‌بێت په‌پاسه‌پۆرتی كوردی هاتو چۆبكه‌ین جا ئێمه‌ كه‌ نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ (ڕه‌مه‌زان) هه‌قی خۆیه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئیرشاداتی تایبه‌تی بۆ مزگه‌وته‌كان بنێرێت كه‌ له‌ نوێژی رۆژانی جومعه‌و پاشان جه‌ژن، هه‌مو دوعا بكه‌ین كه‌ یاڕه‌بی كاكه‌ مالكی سه‌رخه‌یت و كورسی سه‌رۆك وه‌زیران حاسڵ بكات خوا نه‌كردوه‌ گه‌ر ئه‌وزاته‌ (F16 ) ‌ه كانیشی به‌ كارهێنا ئه‌وا ئه‌توانین ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ ئه‌درێت به‌ توركیا تۆزێكی لێ زیا كه‌ین و له‌ بری ئه‌و زیایه‌یه‌ (دیفاعاتی جه‌وی) وه‌ربگرینو به‌رگری له‌ ئاسمانی بێ غه‌ل وغه‌شی هه‌رێم بكه‌ین، ئه‌شكرێت له‌ نوێژی جومعه‌یا ئه‌و ئایه‌ت و حه‌دیسانه‌ بهێنرێنه‌وه‌ به‌ نمونه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ جه‌نابی مالكی یه‌وه‌ وه‌ك (مالكی یوم الدین) به‌مه‌یش هه‌م خزمه‌ت به‌ دینه‌كه‌و هه‌م خزمه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ قه‌ومییه‌كه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ هێنانه‌ دی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی نه‌یارێكی سه‌ر سه‌ختی خودی هه‌رێم و بودجه‌ی هه‌رێم هه‌ر له‌م بواره‌یش دا جێی خۆیه‌تی كه‌ جه‌ند گۆرانییه‌ك به‌ شانو باڵی (مالكی) یا هه‌ڵبه‌ین به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ زوزو خه‌ڵاتی پارتی وه‌رده‌گرن …




بۆ ” حەلیمە “ی دایکم … بایز مستەفا

١.
دایکم ..
سەرخەوێکی سەر کانی گوندەکەمان بوو
شکانی بوو بە دیوارێک
لە نێوان دوو دونیای زۆر جیاواز
٢.
دایکم ئەستێرەیەک بوو لە میهرەبانی
کە ڕژا ..
لە هیچ ڕژانێک نەدەچوو
ئێستاش
تەنها ڕژانی ئەستێرەکان
لە مەرگی دایکم دەچن
٣.
گۆڕستان جەستەی دووەمی منە
چونکە دایکم ،
نیوەی ڕۆحی منی
پەلکێشکرد بۆ گۆڕ
٤.
دایکم لەسەر بەرماڵەکەی
نوێژی بۆ خوداو
پاڕانەوەشی بۆ من بوو
نازانم لەم عیبادەتە
چی بۆ خۆی دەمایەوە ؟!
٥.
هێند گران بوون ،
گوێیەکانی دایکم
خەڵک ، بە ئەستەم پێی دەجوڵان
کەچی دەیانگوت
لە بێشکەدا ، بەو منداڵییەم
بە باڵی نوزەیەک بەرزمدەکردنەوە !!
خەڵک نەیدەزانی ،،
ئەو ، گوێیەکانی بە من بەخشیبوو
بۆیە ،جیاوازی نەبوو بۆی
گوێ لەمن بگرێ یا لە خۆی
٦.
منداڵیی و دایکایەتی
بە قەد منداڵ و دایک
لەیەکدێن
٧.
دوو شتی پیرۆزم هەبوون
دایکم و منداڵیم
ئێستا بە بێ هەردووکییان
چ بێنازێکی ڕەزا قورسم
٨.
تاقانەی خوشک و برابووم
بە تەنها دوای مەرگی دایکم
زانیم ،
برایەکی گەورەم هەیە
ناوی “مردن” ە
٩.
بە دڵ ، حەزم لە زیندوبونەوەیەکی ترە
تەنها بۆ ئەوەی جارێکیتر
یەکێک هەبێت ،
پڕ بە دەمی خۆم ، بانگی بکەم : دایە
١٠.
دوای مەرگی دایکم ، زانیم
ئێتر بۆ هەتا هەتایە
بۆم نیە وشەی ” دایە ” بەکاربێنمەوە
” چ کارەساتێک بوو گەلۆ ،
مەرگی ئەو ”
١١.
دایکیشم مرد و
هەر سێ کەس ،
لە سەر سفرەی ژەمەکان ماینەوە
بەڵام ، ئەمجارەیان
من و باوکم و هەژاری
١٢.
دایکم مرد و
سەرم بەرزکردەوە
سەیر لەوەدابوو ، لە دوای دە ساڵ
یەکەمجارمبوو هەستبکەم
ماڵمان ، لە کۆنە مەکتەبی ” فاتیمە ” ی
گه‌ڕه‌کێکی کۆنی شاری ‘کۆیه‌’یه
١٣.
گەر ژنێک ،
شانازی دایکایەتی
بە پیاو ببەخشێ
بەشی هەموومان دەکات

( بایز مستەفا )




ڕێگایه‌ک به‌ره‌و زیندان … هیوا سه‌عید

فیلمی ڕێگا یه‌کێکه‌ له‌ باشترین به‌رهه‌مه‌کانی یه‌ڵماز گونه‌ی، براوه‌ی چڵه‌خورمای زێڕینه‌ له‌ فیستیڤاڵی کان،‌ که‌ ئه‌وکات یه‌که‌م فیلم بووه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێدراوه‌. ئه‌و فیلمه‌ به‌ دایه‌لۆگێکی که‌م زیاتر به‌ زومی کامێرا باس له‌ پێنج زیندانی ده‌کا‌ به مۆڵه‌تی کاتی بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له‌ زیندان به‌رده‌درێن.
زیندانییه‌کیان هه‌ر ڕۆژی به‌ربونه‌که‌ی به‌هۆی ونکردنی کارتی مۆڵه‌تییه‌وه‌ له‌ ڕێگا له‌ بازگه‌ی پشکنین ده‌گیرێته‌وه‌. زیندانییه‌کی تر ئه‌و هه‌فته‌مۆڵه‌ته‌ ده‌کاته‌ هه‌لێک بۆ ئه‌وه‌ی ژنێکی تێدا به‌ڕادان بدا و دوای زیندان بیگوازێته‌وه‌. له‌ کن ئه‌و زیندانییه‌ ژن جگه‌ له‌ کاڵایه‌ک بۆ تێرکردنی ئاره‌زوی پیاو هیچی تر نییه‌. له‌ داخوازی کچێکدا پێی ده‌ڵێ:
که‌ به‌ربووم یه‌کسه‌ر ده‌تگوازمه‌وه‌.
وه‌ک سه‌رۆکی خێزان هه‌موو قسه‌یه‌کم ڕاسته‌، ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ قسه‌م بکه‌ی.
که‌ وتم ماست ڕه‌شه‌، ڕه‌شه‌.
نابێت له‌گه‌ڵ پیاوان بدوێی یان پێبکه‌نیت. زۆر توڕه‌ ده‌بم.
له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێک قسه‌ ناکه‌ی ته‌نیا برا و خزمی نزیکت نه‌بێ.
چیم وت ده‌بێ بیکه‌یت، به‌رپه‌رچی قسه‌کانم ناده‌یته‌وه‌.
نابێ بڵێی ئه‌مه‌م ده‌وێ و ئه‌وه‌م ده‌وێت. ئه‌گینا زۆڕ توڕه‌ ده‌بم زۆر.
من پێت ده‌ڵێم چ بکه‌ی و چی له‌به‌ر بکه‌یت. تێگه‌یشتی؟
له‌ وه‌ڵامدا کچه‌که‌ ده‌ڵێ: باش، چه‌ند به‌ جوانی قسه‌ت کرد ئه‌وه‌ له‌ زیندان فێربووی؟‌ مه‌به‌ستی له‌و شێوه‌ده‌ربڕین و پرسیارکردنه‌ دیوه‌ پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، واتا دیاره‌ ده‌ته‌وێ زیندانیم بکه‌ی!

له‌ کۆمه‌ڵگا لێک به‌ستراوه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ڕه‌فتاری خوشک له‌سه‌ر برا و هی کوڕ له‌سه‌ر باوک و هی ژن له‌سه‌ر مێرد و به‌ کورتی ڕه‌فتاری هه‌ر یه‌کێک له‌و ئه‌دامانه‌ی بنه‌ماڵه‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی یه‌کتر. به‌و مانایه‌ی مرۆڤ له‌ دۆخێکی وا به‌س خاوه‌نی کرده‌وه‌کانی خۆی نییه‌، که‌س و کاره‌که‌یشی پشکیان له‌ هه‌ڵه‌ و ڕاستییه‌کانیدا به‌رده‌که‌وێت. ئه‌و برایه‌ی به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ باخێکدا له‌گه‌ڵ کوڕێک بینراوه‌ ‌خوشکه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێ. ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ پاڵنه‌ر بۆ کوشتن ژوانه‌که‌ نییه، به‌ڵکو پێزانینی خه‌ڵکییه‌ به‌ ژوانه‌که‌یان. ئه‌وه‌ش سزای کۆمه‌ڵگای لێک به‌ستراوه‌یه‌ واده‌کا پێزانینی خه‌ڵکی ببێته‌ ئه‌و فشاره‌ به‌هێزه‌ شه‌رمه‌زاری بنه‌ماڵه‌که‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌ و شکۆی ته‌واوی ئه‌ندامه‌کانی پێوه‌ بشکێ. لێره‌دا چۆن خوشکه‌که‌ ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا لێک به‌ستراوه‌ و ناتوانێ موماره‌سه‌ی ئازادییه‌کانی تێدا بکا، دیسان باوک و برایه‌که‌یشی یان لۆمه‌که‌ره‌کانیش که‌ خه‌ڵکن ئه‌وانیش قوربانییه‌کی ترن. چاره‌سه‌ریش به‌ گیرانی بکوژ و خه‌تابارکردنی ئه‌و لۆمه‌که‌رانه‌ ناکرێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان بونه‌ته‌ هۆکاری ئه‌م تاوانه‌. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێناسه‌ی ئه‌خلاق و ژیانی کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌ک دابڕێژرێته‌وه‌ چاکه‌ و خراپه‌کانی مرۆڤ وه‌کو تاکێک هه‌رخۆی لێی به‌رپرسیار بێ. بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره‌ کۆمه‌ڵگایه‌ش ده‌بێ سه‌ره‌تا کلتوری کۆمه‌ڵگاکه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌. بۆ تیشک خستنه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌‌ زیندانییه‌کی تریان چونکه‌ له‌مێژه‌ گیراوه‌ و له‌و ماوه‌یه‌ش هاوسه‌ره‌که‌ی به‌رگه‌ی ته‌نیایی و بێ پاره‌یی نه‌گرتوه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر له‌شفرۆشی، ئه‌ویش وه‌ک مێردێکی خیانه‌تلێکراو له‌ نێوان لێبورده‌یی و ویستی ده‌وروبه‌ر که‌ بڕیاری ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنن پێویسته‌ ئه‌و له‌که‌ ڕه‌شه‌ له‌ ڕوی لاببا و شه‌ڕه‌فی خۆی و ئه‌وان بکڕێته‌وه‌. ئه‌و یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژێری و ده‌ستی ناچێته‌ خوێنی و هێشتا خۆشیده‌وێ‌.

کاتێک له‌ناو پاس و میتڕۆکانی تورکیا دڵداره‌کان گه‌مه‌ و ده‌ستله‌ملانێیانه‌ ئه‌وه‌ پێشکه‌وتوخوازی وه‌ک گونه‌ی شه‌ڕی له‌پێناو کردووه‌. له‌ دیمه‌نێکدا زیندانییه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مێکه‌ له‌ جه‌سته‌ی ژن به‌ دووره‌ که‌ ده‌گاته‌ ژنه‌که‌ی هه‌ر له‌ ڕێگا و له‌ ئاوده‌ستی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ ده‌کا. ئایا له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوو خه‌ڵک به‌سه‌ر دیمه‌نێکی له‌و جۆره‌ دابچن چ کاردانه‌وه‌یه‌کیان ده‌بێ؟
دوای ئه‌وه‌ی لێیان له‌ هه‌ڵڵا ده‌ده‌ن و سوکایه‌تییه‌کی زۆریان پێ ده‌که‌ن، ئه‌فسه‌ری لێپێچینه‌وه‌ به‌ پیاوه‌که‌ ده‌ڵێ: شه‌رمت به‌خۆت نییه‌؟
ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی لای تۆ شه‌رمه‌، بۆ من وه‌ک پێویستییه‌که‌.
دواتر ئه‌و زیندانییه‌ش له تۆڵه‌ی خوێن و دوژمنداری ده‌کوژرێته‌وه‌.

زیندانییه‌که‌ی تریش خه‌ڵکی گونده‌کانی سنووری نێوان تورکیا و سوریایه‌، به‌ بیانوی کاری قاچاخی ناوچه‌که‌یان مینڕێژکراوه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و مینڕێژییه‌ له‌به‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورده‌کانه‌ و حکومه‌ت هه‌ر به‌ چاندنی مین نه‌وه‌ستاوه‌ له‌ پاڵ ئه‌مه‌ به‌ ڕۆژ خه‌ریکی ڕه‌شبگیری و به‌ شه‌و خه‌ریکی ته‌قه‌کردن و کوشتنه‌ له‌و سنووره‌. براگه‌وره‌ به‌رمینکه‌وتوه‌که‌ی ئه‌و زیندانییه‌ ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی حاڵی له‌ قاچاخچیان خراپتره‌ کورده‌کانن.

له‌ کۆتایی په‌یامی فیلمه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌موومان زیندانین. زیندانین له‌ناو عه‌سکه‌رتارییه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان که‌ ژیانیان له‌ هاوڵاتییان کردووه‌ به‌ سه‌ربازگه‌، زیندانین به‌ده‌ست ڕێساکانی ئایین، زیندانین به‌ داب و نه‌ریت و بیرکردنه‌وه‌ی خێڵه‌کییانه‌، یان وه‌ک که‌مینه‌ زیندانین به‌ شۆڤێنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌ و سه‌رده‌سته‌. که‌واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌کانی ده‌وڵه‌تیش هه‌ریه‌که‌مان له‌ سوچێک له‌ زیندانێکی تر داین.




ڕاگەیاندراوێک لە کەمپینی تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە …

تاڵانکردنی تەندروستی لە لایەن وەزیری تەندروستیەوە ڕاگرن:هاوڵاتیانی خۆشەویست…نەخۆشە بێ دەرمانەکانی کورستانبەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، لە سەرۆی هەمووشیانەوە خودی وەزیری تەندروستی لە ڕێی سیاسەتە سەقەتەکانیانەوە ئێوەیان بێ دەرمان و بێ خزمەتگوزاری کردووە. مناڵەکانی ئێوە بەهۆی کەمتەرخەمی ئەوانەوە دەستیان دەبڕدرێتەوە. باوک و دایک و باپیر و داپیرەکانتان چاویان کوێر دەکرێ. برا و خوشک و دایک و باوکتان بە هۆی دەرزی ئیکسپایەرەوە گیان لە دەستدەدەن. رۆژانە سووکایەتی بە خێزانەکانتان دەکرێ و لە هۆڵەکانی لە دایکبوون جوێنی ناشرینیان پێ دەدرێ. ئەندامانی خێزانەکانتان ناچار دەکرێن لە دەرمانخانە و کۆکاگانی ئەوان دەرمانی گران بکڕن و دەست بەڕوویانەوە دەگیرێ و دەرمان و خزمەتیان لە خەستەخانە گشتیەکانا پێشکەشناکرێ.هاوکات، ئەو بەرپرسانە خەریکی تیجارەت و بازرگانی و خۆ دەوڵەمەندکردنن. زۆربەیان بە دەیەها پرۆژەی بازرگانیی و کۆمپانیا و کۆگای دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەت و بزنسی گەورەی تەندروستییان هەیە. خزم و کەسوکاری خۆیان لە باشترین پۆستە حکومییەکاندا داناوە و کاری نەشیاو و گەندەڵییان پێ دەکەن. ئێمە وەکو کەمپینی تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە لە پێناوی ئێوە بڕیارمان داوە دەستیان لێ نەپارێزین و هەر جارەو گەندەڵیی و خۆدەوڵەمەندکرنی بەپرسێکی تەندروستی ئاشکرا بکەین. ئەم جارە بە خودی وەزیری تەندروستیەوە دەستپێدەکەین. وەزیری تەندروستی سەرباری ئەوەی زۆرترین کاتی دراوەتی و لە کابینەی پێشووەوە وەزیرە جگە لە ماڵوێرانی بۆ تەندروستی و خۆدەوڵەمەندکردن هیچ دیکەی نەکردووە. ئەوەتا وەکو لەم وێنانەی لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوە بڵاویدەکەینەوە لە خۆشترین شوێنی شاری سلێمانی گرانبەهاترین ڤیللای دروستکردووە. ئێمە دەپرسین، ئاخۆ وەزیرێک ئەگەر دەستی لەگەڵ بازرگانەکانی بوارەکانی دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەت و کۆمپانیاکاندا تێکەڵ نەکردبێ دەتوانێ بە مووچەی وەزیریەوە ڤیلای ئاوەها دروستبکا؟ ئایە ڕەوای هەقە لە کاتێکدا ئێوە بێ دەرمان و بێ خزمەگوزارین و پزیشکان و کارمەندان بێ مووچەن، ئەو و هاوشێوەکانی بەم شێوەیە خۆیان دەوڵەمەند بکەن؟ ئێمە لە کەمپینی تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە داوا لە داواکاری گشتی و ئەندامانی پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکان دەکەین کە چیتر بێدەنگ نەبن لە سەر ئەم ناهەقیانە. داوا لە هەموو مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست دەکەین دەنگی لەگەڵ ئێمە هەڵبرێ و داوای کۆتایی هێنان بە تاڵانکردنی تەندروستی خەڵک بۆ پڕکردنی گیرفانی کۆمەڵێک بازرگانی نا وەزارەتی تەندروستی بکا. دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەمە یەکەم و دوا هەنگاومان نابێ و بەردەوام دەبین لە پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو ناهەقیانەی وەزیری تەندروستی و بەرپرسەکانی دیکە لە ناو وەزارەتی تەندروستیدا. کەمپینی تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە
٢٠١٧/٥/١٧