مرۆڤەکان وەکو خۆیان ببینن: نەوشێروان مستەفا لە نێوان تاوانباری و فریادرەسیدا

شاخەوان شۆڕش

ئەگەر بمانەوێ لە مێژوومان بگەین و ئەگەر بمانەوێ دوارۆژێکی رۆشن بۆ داهاتوو دروستکەین، دەبێ دان بەراستیەکاندا بنێین، دەبێ مێژووی رامیاری کوردستان وەکو خۆی ببینین. دەبێ بتوانین باش و خراپ لەیەکتر جیاکەینەوە و مێژووی کەسەکان وەکو خۆی ببینین. نەوشێروان مستەفا یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە مێژووەکەی هەلسان و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە دیووە، ئەگەرچی بەم دواییە سەرکردایەتی بزوتنەوەیەکی گۆرانخوازی دەکرد و مۆرکی ئەرێنی دیاری نواند، مێژووی رابردووی بەشێکن لەو کەسایەتیە.

نەوشیروان مستەفا یەکێ لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سکرتێری پێشووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لەماوەی خەباتی چەکداری یەکیتی لە شاخدا لە سیاسەتی پاکتاوی لایەنەکانی دیکە لە گۆڕەپانی خەباتدا رۆلێ دیاری هەبوو، وەکو سەرکردەیەکی مەیدانی لە شەڕەکانی ناوخۆدا بەشداری راستەوخۆی هەبوو، بڕیاری گوڵەبارانکردنی پێشمەرگەی دیلکراوی بێسڵەمینەوە داوە و خۆیشی راستەوخۆ پێشمەرگەی دیلی گولەبارانکردووە. بۆنمونە کۆمەڵکوژیەکەی ئاشقوڵقە، قرانقە و پشت ئاشان، یا گولەبارانکردنی پارتیزان و فەرماندەی هەرێمی ١٤ی سۆسیالست عەوڵا سور بەدیلی لەلایەن خۆیەوە راستەوخۆ. بەمجۆرە نەوشێروان مستەفا یەکێک بوو لە تاوانبارە سەرەکیەکانی شەڕی ناوخۆ.

لەدوای ڕاپەرینی ١٩٩١دا نەوشێروان مستەفا وەکو سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی بەشداری کەم یا زۆر لە هەنگاوەکانی یەکێتیدا هەبووە، لەشەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە ناوەراستی نەوەتەکاندا رۆڵی هەبوو، وەکو سەرکردەباڵاکانی یەکێتی، پارەیەکی زۆری بەرکەوتووە، موچەی باڵای هەبووە، زەوی بەرکەوتووە، لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیدا بەشداری هەبووە. لە نەخشکردنی سیاسەتی یەکێتی رۆڵی هەبووە، بەکورتی لە گەندەڵی و تاوانەکاندا بێبەری نەبووە. بۆنمونە دابڕینی داهات و سامانی گەل لەژێرناوی خەباتی شاخدا کە یەکێتی و سەرکردەکانی کردیان هەمووی سەد لە سەد گەندەلی و تاڵانی داهاتی گەلە. نەوشێروان مستەفا یەکێک بووە لەوان.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٧ وە لەبەر هەر هۆیەک بێت، نەوشێروان مستەفا خۆی لە رەوتی یەکێتی جیاکردوە و بزوتنەوەی گۆڕانی پێکهێنا، کە بەشێویەکی سەرەکی خەڵکی نارازی ناو یەکێتی بوون. نەوشێروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆران سودیان لەو دەنگە یاخی و سەربەخۆخوازە وەرگرت کە دەمێک بوو بەگژ دەسەڵاتی ناڕەوای بنەماڵەیی و ڕێکەوتنی نانیشتیمانی ففتی ففتی هاواری بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان توانی دەنگێکی ناڕەزایی گونجاو و بەهێز دژ بە دەسەڵاتی ناڕەوای بنەماڵەیی دروستبکات. رۆڵی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو توانی بۆ یەکەمجار لەمێژووی سیاسی باشوری کوردستاندا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانە لاوازەکەی کوردستان دروستکات و ئومێدێک بەر پرۆسەی دیموکراسیە ئیفلیجکراوەکەی باشوری کوردستان بخاتەوە. ئەو گۆڕانکاریەی ئەوسا گۆڕانێکی ئەرێنی هیوابەخش بوو بۆ ئاراستەی دیموکراتیزەکردنی کوردستان لەدوای چەقبەستنێکی درێژماوەدا.

بەڵام لە دوای هەلبژاردنی نوێ و دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان، بەمجۆرە نەهێشتنی ئۆپۆزیسیۆن لەپەرلەماندا، بەپێچەوانەوە پاشەکشەیەکی کوشندەبوو لە ڕەوتی دیموکراتیزەکردندا ئەگەرچی سست ولاوازیش بوو. هەروەکو بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێداویستیەکی هەرەگرنگی بێئەملاو ئەولای دیموکراسیە. بزوتنەوەی گۆڕان پەسندی نەمانی ئۆپۆزیسیۆنی لەپێناو دەسەڵاتدا کرد.

هەوڵەکانی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەماندا بۆ چاکسازی و چوون بەرەو سیستەمێکی دیموکراسی دوای نائومێدبوونیان لەدەسەلاتی بنەماڵەیی سەریانهەلدایەوە و زیندووکرانەوە، بەجۆرێ لە جۆرەکان بوونە ئۆپۆزیسیۆن لەناو زگی حکومەتدا، کە دواتر هەوڵی گۆرینی سیستەمی سەرۆکایەتی و رێگەگرتن لە دووبارە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکبوونی مەسعود بارزانی لەرێگەی پەرلەمان و پرۆسە دیموکراسیەکاندا، بووە هۆی لەکارخستنی پەرلەمان و سەپاندنی دەسەڵاتی حزبی و هێشتنەوەی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆک بەزەبروزەنگ و میکانیزمە نادیموکراسیەکان. بەشداری گۆڕان لەدەسەڵاتدا هەلەیەکی کوشندە بوو، چونکە یەکەم بەشداری لە حکومەت لەگەڵ ئەوانەی کە بە گەندەڵ و تاوانبار ناوزەددەکران پەسندکردنەوەی دووبارەی ئەوانە، دووەم بنەماڵەی بارزانی هیچی ئەوتۆیان لە رەوتی خۆیان نەگۆڕی و درێژەیان بە سیاسەتی بنەمالەیی خۆیاندا. گۆران لە راستیدا بژارێکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو یا دەبوایە مل بۆ تاوان و ناڕەوایەکان شۆڕکا یا جولەیەک بکات و ئەوی خراپی کردووە چاکیکاتەوە.

نەوشێروان مستەفا وەکو چۆن تاڵەبانی و بارزانی رەتیانکردەوە ببنە سەرۆکی پەرلەمان یا حکومەت، چونکە لەبەرژەوەندیاندا نەبوو، ئەویش نەبووە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوەش پاشەکشە و خۆلادان بوو لەبەرەوڕوو بوونەوەی راستەوخۆی دەسەڵات. نەوشێروان مستەفا لەناو گەل نەبوو و لەگەڵ خەڵک نەمایەوە، خۆی لە رووداوەکان دوورەپەرێزگرت. ئەوەش دووبارە خاڵی لاوازی ئەو وێنە دەکەن. ئەوە ئەگەر نەوشێروان مستەفا بڕوای تەواوی بە سیستەمی پەرلەمانتاری هەبوو و هیوای پەرلەمانێکی بەهێزی دەخواست.

نەوشێروان مستەفا رابروویەکی پڕشنگداری نەبوو، بەڵکو رابردووی ئەو تەژیە لە تاوان و پێشێلکاری، ئەو تاوانانەی نەوشێروان مستەفا کە وەکو سەرکردەیەکی یەکێتی ئەنجامیدان کۆن دەبن بەڵام وون نابن، ئەگەر دادوەری هەبووایە دەبوایە ئەو لەسەر ئەو تاوانانە بدرێتە دادگا. دیارە لە کوردستانی ئێمەدا تاوانبارە دەسەڵاتدارەکان نادرێنە دادگا، هەروەکو نە ئەو و نە هیچ یەکێ لە پاڵەوانەکانی شەڕی ناوخۆ نەدرانە دادگا. نەم بیستووە نەوشێروان مستەفا داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیان کردبێ. ئەو مێژووە نەرێنیە بەشێکی دیارە لە مێژووی خەباتی سیاسی نەوشێروان مستەفادا.
مێژووی دوای ٢٠٠٧ و دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، و بەرەورووبوونەوەی سیستەمی خۆسەپێنەری بنەماڵەیی و حزبی چەکدار، ئەو مێژووەیە کە وەرچەرخانێکی گرنگ و دیار لە مێژووی سیاسی ئەودا تۆمار دەکەن، مێژووەکی ئەرێنییە لە رەوتی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستان، ئەوەش لایەنە ئەرێنیەکەیە لە مێژووی ئەو مرۆڤەدا.

بەرەورووبوونەوەی دەسەڵاتی مافیایی و بنەمالەیی خۆسەپێنەر و نادیموکراسی، هەوڵەکانی بردنی سیستەمی سیاسی کوردستان بەرەو ئاقارێکی رەواو دیموکراسی بەر لە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆران لە ئاستی تاکەکاندا هەبوون، بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە بزوتنەوەی گۆڕان گوڕێکی باشی بە هەولەکاندا، ئێستا رەوتەکە بەگشتی سستکراوە، بەڵام بێگومان هەر بەردەوام دەبێ. چونکە دەسەڵاتێکی ڕەواتر لە دەسەڵاتی دیموکراسی و دەسەڵاتی گەل نییە، ئەوەش تەنها رێگەیە کە ئازادیخوازن بۆی دەچن.

شاخەوان شۆڕش
19-5-2017




رەهەندی سێهەم ( کۆمەڵناسی جیاوازی روانگەی نێوان کۆمەلگا و ئۆپۆزیسیونی کورد)


شاهۆ حوسینی

پێشەکی:

بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری خولی دوازدەهەم لە ئێران بوو بەهۆی زەق بوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێن و قەڵشی نێوان روانگەی کۆمەڵگا لەناوخۆ و ئۆپۆزیسیونی کورد لە دەرەوەی کوردستان، کەلێن و قەڵشێک کە ئەگەر خوێندنەوە و خەسارناسێ نەکرێت لە درێژەدا دەتوانێ ئەو قەڵش و دابرانە قوڵتر و قەیراناوی‌تر بکاتەوە، دیارە ئەو دەرکەوتەیە دەکرێ لەزۆر لایەن و بوعدەوە ئاوری لێ بدرێتەوە و تیشکی بخرێتە سەر، بەڵام ئەو نووسراوەیە هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ” دابرانی بەرەکان” وەک یەکێک لەگرینگترین و ئەکتیوترین کەلێنەکانی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگادا، بەجەخت کردن لەسەر رەهەندی بەرەی میژوویی مانهایم ، تیشک بخاتە سەر ئەو جیاوازەیە. مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژویی‌دا لەسەر ئەو باوەرەیە کەلێنی نێوان بەرەکان و دابرانی بەرەکان ئاکامی حەتمی ئەزموونی جیاوازی بەرەکانە لە رەوتی مێژویی‌دا, ئەگەرچی توێژینەوەی کۆمەڵناسانە بەکەڵک وەرگرتن لەو چمکە زۆر کۆن نیە، بەڵام توانیوێتی ببێتە بنەمای توێژینەوەگەلێکی زانستی کە دەرئەنجام و ئاکامی باشیان لێ کەوتۆتەوە.

دابرانی بەرەکان:

دابرانی بەرەکان وەک چەمکێک نیشان دەر و ئاماژەیەکە بۆ جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و جیاوازیکی مانادار لە هزر و باوەرەگەلی تاک کە رێگا پێشاندەر و نەقشە رێگای کردوەی تاکەکانە، خاوەن رایان لەسەر ئەو باوەرەن کە ئاڵوگۆری بەربڵاو و خێرا لەناو کۆمەڵگاکان و پێوەندی بەربەرین و بەردەوامی نێوان کۆمەڵگاکان بەتایبەتی لەپاش شۆرشی سەنعەتی و لەدرێژەدا شۆرشی تێکنۆلۆژیکی، دابرانی نێوان بەرەکان وەک قەڵش و کەلێنێکی کۆمەڵایەتی زەقتر و گرینگتر کردوە، ئەگەر لە کۆمەڵگا نەریتێکان‌دا ئەوا نەریتە کۆمەڵایەتێکانی سەرچاوە گرتوو لە پێوەندی هێرارشیکی بنەماڵەیی، گەورەسالاری و عەقڵانییەتی زەروورەتی ملەکەچ بوون بە نەریت و نۆرمەکان ئەرک و رۆڵی کۆمەڵ‌گر کردنی چین و بەرە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای لەئەستۆ بوو، ئەوا ئاڵوگۆری لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان، پەرەی زانستگا و زانستی مۆدێرن، هاتنە ئارای کەرەسە و ئامێر گەلی تێکنۆلۆژیکی مۆدێرن، دەور و نەقشی گەورەکان و بنەماڵەی لە کۆمەڵ‌گر کردنی بەرەکان کەم‌رنگتر کردوە، بە جۆرێ کە پێکهاتەی پیوەندی مانایی و رواڵەتی تاکەکانی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگا گوری و لەجیات عەقڵانییەتی ملکەچ کردن بۆ نۆرم و بەها کۆمەڵایەتێکان، عەقڵییەتی شک لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان و روانگە گەلی جوارجۆر و جیاوازی لەمەر ئانتۆلۆژی و ئیپیستمۆلۆژی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان هێنایە ئاراوە. ئەو رەوتەش بێ‌گومان دەگەرێتەوە بۆ پەرەی زانیاری و زانست بەتایبەتی لەپاش پەرەی تۆری ئینترنێت، رایەڵەگشتێکان، سۆشیال میدیا و کەرەسەکانی تری راگەیاند کە وەک شۆرشی زانیاری پیناسە کراوە. ئەو ئاڵوگۆریانە بوونە هۆی جیاوازی لە فام، خوێندنەوە، بۆچوون و کردوەی نێوان بەرەکان لەبەرامبەر دەرکەوتەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری‌دا.

مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژوویی‌دا تیشک دەخاتە سەر ئەو دەرکەوتە گرینگە مێژووییانەی کە لە بازنەی جوغرافیایەک‌دا و لە دەورەیەکی مێژوویی دا هەل و دەرفەت دەرەخسێنن هەتا تاکەکان بەیەکەوە و لە تەعامول لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەسەڵات، ئەزموون و تەجرەبەیەکی هزری و مەعریفی جیاوازیان دەست بکەوێت، بۆ وێنە لە پێکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا دەتوانرێت ئاماژە بە رووخانی سیستمی دوو جەمسەری و عەقڵییەتی چەپی ئۆرتۆدۆکسی، پەرەی خەباتی مەدەنی و سەرکەوتنی رەوتی رێفۆرمخوازانەی دێموکراتیزسیون لە وڵاتانی جۆراوجۆر بکرین و لەناوخۆش ئێمە دەتوانین باس لە دەور و نەقشی خاتەمی بکەین کە لە ساڵی ٧٦ را هەتا ٨٤ وەک سەرۆک کۆمار، بە لابردنی سیستمی گوزینیش لە زانکۆکان مەجال و دەرفەتی رەخساند کە بەشیوەیەکی بەرین خوێندکاری کورد لە بەشەکانی زانستی سیاسی، فەلسەفە، یاسا، کۆمەڵناسی و لە ئاستەکانی ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن، لەهەمان کات‌دا بەستێن و زەمینەی رەخساند کە بڵاڤۆکە گشتێکانی وەک رۆژنامە، گۆڤار، حەوتەنامە، دووحەوتەنامە و بڵاڤۆکە خوێندکارێکان بەشیوەیەکی بەرین دەربچن، هەروەها مەجالی چاپ و بڵاو بوونەوەی رێژەیەکی زۆری کتێب رەخساند کە پێشتر هێڵی سوور و بڤە بوون، ئەو رەوتە لەناو کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لەناو کۆمەڵگای کوردی بە تایبەتی بوو بە هۆی بەرهەم هاتنی بەرەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەو بەرەیەی کە هەڵگری عەقڵییەتی شۆرش و شەر و بەرخۆدان بوون، بە جۆرێک کە بەرەی تازە هەڵگری عەقڵییەتیک و فامێکی جیاواز بوون. ئەو بەرەیە ئەگەرچی دردوونگ و شل بوو لە پێوەندی و هەواهەنگی لەگەڵ هاوبەرەکانی تری لەناو زۆرینە، بەڵام وردە وردە بە تێکەڵاو بوونی نووخبەکان لەگەڵ بەرەی نوخبەی زۆرینە بەرە بەرە لێک نزیک بوونەوە، دیارە ئەو لێک نزیک بوونەوەیە بەمانای هاوئامانجی و هاو خواستی لە بیدایەتی خۆی‌دا نیە، بەڵام بە پێی سیگناڵەکانی پەرەی ئەو عەقڵییەتەیە، رێگای دەرباز بوون لە قەیرانی داپڵۆساندن و سرینەوە، سەرکەوتنی دێموکراسی لە کۆمەلگادایە و ئەو دێموکراسیەش بەرهەمی رەوتێکی هەنگاو بەهەنگاو لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنی و ئۆرگانەکانێتی.

ئاکام:

مانهایم بەگشتی لە تێئۆری بەرەی مێژویی‌دا پێ‌داگری لە سەر چەند خاڵ دەکات:
یەکەم: روودانی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی لە کۆمەلگادا، ئاڵوگۆریکی کە بتوانێ هێژمۆنی عەقلییەت و گوتاری کەمینەیەکی زاڵ لەرزۆک بکات و گوتارە پەراوێز خراوەکان بێنێتەوە ناو کۆمەڵگا.

دووهەم: ئەزموون کردنی ئەو ئاڵوگۆریانە لەنێوان تاکەکانی هاوپۆل و هاو تەمەن، بەجۆرێ کە ببێتە ئەزموونیکی کۆمەڵایەتی هاوبەشی بەرەیی.

سێهەم: بەدی هاتنی عەقڵییەتێک و زەینییەتێکی هاوبەش کە جۆریک مەعریفەت، دەرک و فامی هاوبەش ساز بکات.

چوارەم: کارتێکردنی ئەو زەینییەت و مەعریفەتە لە سەر کردەوە و هەڵسووکەوتی بەرە.
بەو پێیەش دەرکەوتی ئەو رەوتە دەبێتە هۆی ئەوەکە ئاڵوگۆری لە بنەمای باوەری تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە پێوەرەکانی ئەرزشی و مۆراڵی تاکەکان دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە خواست و ویستەکانی تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئالوگۆری لە شیوەی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ رووداوەکان لە هەناو و زەینی تاکەکان‌دا ساز ببێت.

ئاوردانەوەیەک لە مێژووی سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیونی کوردی دەرخەری ئەو راستێیە کە کاكڵی هزری و پێکهاتەیی ئەو ئۆپۆزیسیونە لەژێر هێژمۆنی چەپی ئۆرتۆدۆکس و نەزمی دووجەمسەری‌دا ساز بوە، هەر بەو پێیەش کردوە و خواست و ویستی ئەو ئۆپۆزیسیونەی کە لەخۆگری بەرەیەکی هزریە، سەرچاوە گرتووی ئەو سەردەمە میژوویەیە، دەکری ئەوە رەوتە وەک رەهەندی یەکەمی بزاڤی کۆمەڵگای کوردی چاوی لێ‌بکرێت. بەڵام لە درێژەدا و گۆرانی کەش و هەوای سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری هەم لە پیکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا و هەم لەناوخۆ بەستێن و زەمینەی رەخساند بۆ سەرهەڵدانی بەرەیەکی تر کە هەم لە هزر و عەقڵییەت‌دا و هەم لە کردوەدا جیاواز لە رەهەندی یەکەم دەرکەوتوون، دەکرێت ئەمەش وەک رەهەندی دووهەمی بزاڤی کوردی پیناسە بکرێت.

باوەری نووسەری ئەو دێرانە ئەوەیە کە هیچ کام لەو بەرانە نەکۆڵیان لێ ناکرێت و ناشتوانرێت کە نەبیندرێت، هەر جۆرە حەولێک بۆ نەدیتن و پشت‌گوێ خستنی ئەو دوو رەهەندە ئاکامی پێچەوانەی هەیە، کەوابێ لێک تێگەیشتن و لێک نزیک بوونەوە بۆ زیاتر کارتێکەر بوون و زۆرتر دەسکەوت وەدەست خستن زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی پێ‌داگری لەسەر گوتارێکی نەتەوەیی بکات کە داللی ناوەندی ئەو گوتارە دیموکراسی بێت و رەهەندی درەختی خەبات وەک مێتۆدیکی کۆن جێگای خۆی بداتە رەهەندی رایزۆماتیکی خەبات وەک مێتۆدیکی نوێی خەبات.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ … 63 …. كه‌ریم كاكه‌

یاده‌وه‌ری

٦٣

گوڵی كۆساران چه‌ند جوان پلكه‌ مه‌تێی ژنی مه‌لا ره‌وه‌نده‌كه‌ی دۆڵه‌ گاڕانی ده‌گێڕایه‌وه‌، ئه‌و مه‌لایه‌ی تاقه‌ مه‌لای ره‌وه‌ندا بوو، خۆزی ئێستا ئه‌و گوڵه‌ی كۆساران لێره‌ ده‌بوو، له‌ هۆده‌كه‌ی خۆی، هۆده‌ی پیری سوارچاكان، لێره‌ ده‌بوو، گوێی له‌ قسه‌كانی پلكه‌ مه‌تێ ده‌بوو، چۆن خڕخاڵی شكاو و زۆر شت ده‌گێڕێته‌وه‌، پلكه‌ مه‌تێ هه‌ر كه‌ره‌تێ ناوی گوڵی كۆساران دێنێ شه‌پێك له‌ رانی خۆی ده‌دات و ده‌ڵێ:
حه‌یف! بۆ ئه‌و ژنه‌ خانه‌دانه‌
ئاگام لێیه‌ پیری سوارچاكانیش له‌گه‌ڵ هه‌ر حه‌یف و شه‌پێكی پلكه‌ مه‌تێ، ئاهێكی قووڵ هه‌ڵده‌كێشێ، ئاهێكی سارد، سارد مینا پرووشه‌ی به‌فرێ، ئێستا به‌فر پرووشه‌ی ده‌كات، من پێیه‌كم له‌ حه‌وشێیه‌، پێیه‌كم له‌ كن سۆبه‌ی عه‌لادین كه‌ نێوان پیری سوارچاكان پلكه‌ مه‌تێ ئاگرێكی هه‌یه‌ كه‌سك كه‌سك، كه‌سكتر له‌ چاوه‌ كه‌سكه‌كانی پلكه‌ مه‌تێ، ئه‌و چاوانه‌ی ده‌تگوت ره‌نگیان له‌ قه‌زوان وه‌رگرتووه‌، كوڕه‌كه‌شی كه‌ ئه‌وه‌تا له‌ بن په‌نجه‌ره‌كه‌ پشتی به‌ دیوار داوه‌، گوتبووی: جێ جێ به‌هاری دۆڵه‌ گاڕان گه‌ڕاوم، بنه‌ گیایه‌كم نه‌دیته‌وه‌ وه‌ك چاوی دایكم كه‌سك..
چاوی كوڕه‌كه‌ی شتێك له‌ كه‌سكایی چاوی دایكیی تێدابوو، حه‌یف دواتر چاوه‌كانی له‌ ده‌ستدا له‌ رێوبانان ده‌ستێكی به‌ گۆچانه‌وه‌ و ده‌ستێكی له‌ سه‌ر شانی كوڕێكی، له‌ قسان قسه‌ی به‌ قورئانه‌كه‌ی بابی گوتووه‌، قورئانیش هه‌ستاوه‌ هه‌ردوو چاوی كوێركردووه‌! له‌وه‌ گه‌ڕێ، له‌ چاوی كوڕ گه‌ڕێ، با بزانین له‌ زاری دایك چ ده‌بارێ، ئه‌و رۆژه‌ زاری پلكه‌ مه‌تێ له‌ دیدی منه‌وه‌ له‌ ئاسمان ده‌چوو، له‌ ده‌رێ پرووشه‌ی به‌فر و له‌ ژۆرێ پرووشه‌ی وشه‌، تێدامابووم، بچمه‌ حه‌وشه‌ و ده‌ست بۆ به‌فر بكه‌مه‌وه‌، یان له‌ نزیك سۆبه‌ی ئاگر كه‌سك دانیشم گوێ بۆ قسه‌ی پلكه‌ مه‌تێ رادێرم.
ئیدی پێیه‌ك له‌ ده‌رێ، پێیه‌ك له‌ ژۆرێ، بۆیه‌ هه‌می قسه‌كانی پلكه‌ مه‌تێم نه‌ژنه‌وت، به‌ڵام ئه‌و هێنده‌یه‌ی كه‌ بیستم ، ئه‌گه‌ر له‌بیرم مابا، ئێستا كتێبێك بوو، قسه‌كانی وی گۆمێك ده‌بوون، ته‌نێ گۆلمێكم له‌و گۆمه‌ له‌ یاده‌، رووی قسه‌ی له‌ پیری سوارچاكانه‌:
ئه‌مه‌كداری، تۆ ئه‌مه‌كداری، چاوم كزه‌، به‌ڵام باوله‌كه‌ ده‌ناسمه‌وه‌، تا ئێستا پاراستووته‌..
هه‌ناسه‌یه‌كی زوقمی له‌ پیری سوارچاكانه‌وه‌:
نه‌ڵێن خه‌ره‌فاوه‌، ده‌ڵێم ئه‌و باول و خڕخاڵ و به‌رده‌ بخه‌نه‌ گۆڕه‌كه‌مه‌وه‌..
له‌ پلكه‌ مه‌تێوه‌ پێكه‌وتم، باوله‌كه‌ هی خه‌جێی نه‌نكمه‌، خه‌جێی دایكی بابم، ئه‌و خه‌جێیه‌ی بابم وا به‌ ئێمه‌ی ده‌ناساند: ((ژنێكی تا ده‌ستهه‌ڵبڕی كه‌ڵه‌گه‌ت، ره‌شتاره‌ی مێوژی، چاو ترێیی، برۆ گوڵه‌ گه‌نمی ره‌ژگوڵی، په‌نجه‌ی شووشوو باریك، كه‌پوو نه‌ختێ گه‌وره‌ به‌ڵام له‌ كه‌پووی من جوانتر، قه‌سپی هه‌ڵكه‌وتبوو، چاو…))
پلكه‌ مه‌تێ، له‌گه‌ڵ ئاودیوكردنی هه‌ر دنكه‌ ته‌زبێحێك، رسته‌یه‌كی ده‌گۆ، چه‌ند جوان به‌ په‌نجه‌ی وردیله‌ی سپیكه‌له‌ی لۆچ تێكه‌وتوو، دنكه‌ ته‌زبێحی به‌ دیوی خۆیدا ئاودیو ده‌كرد، له‌وه‌ جوانتر و شیرینتر له‌ زاری گوڵیه‌وه‌، ئا، زاری له‌ گوڵێكی كه‌مێك په‌ژمورده‌ ده‌چوو، له‌و زاره‌ی گوڵه‌یه‌وه‌ بۆنی رسته‌ی به‌ هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكاندا ده‌پژاند، خودایه‌، چه‌ند هه‌نگوینی خه‌جێ و باوله‌كه‌ی ده‌گێڕایه‌وه‌، پلكه‌ مه‌تێ پارچه‌ڵه‌ ده‌بێ كاتێ خه‌جێ بۆ پیری سوارچاكان به‌ بووك ده‌چێ، ئه‌و باوله‌ له‌ ناو جیازی بووكێ ده‌بینێ، ده‌یناسێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ:
حه‌یف بۆ تۆ خه‌جێ، خۆت له‌ ناو گڵی بانه‌قه‌راتێ، باوله‌كه‌شت له‌ هه‌ولێرێ، به‌ پشت سه‌ری مێرده‌كه‌ته‌وه‌، هێی، هه‌ینێ كل و كلچووك و شانه‌ و نه‌ینۆك و.. تێدا بوو، ئه‌دی ئێستا؟!
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
حه‌یف، ئێستا ته‌نێ..
له‌و كاته‌ به‌ ناخێری گیانم، حه‌زم چووه‌ پرووشه‌ی به‌فرێ، چوومه‌ حه‌وشه‌و ده‌ست و سینگم بۆ ئاسمان گرته‌وه‌، وه‌یش، ئه‌و ئاسمانه‌، چه‌ند چڕدۆیه‌، نابارێنێ، به‌فر نابارێنێ، تا ئێستا زه‌وی سپی نه‌كردووه‌، شه‌ڕه‌ به‌فرمان نابێ، چاوه‌ڕێی كه‌ویار و فازیل رێحانه‌شم بێن، نه‌هاتن، ئه‌گه‌ر نه‌هاتن من ده‌چم، ئاخر ناكرێ، ئاسمان نیازی به‌فری هه‌بێ و ئێمه‌ پێكه‌وه‌ نه‌بین، ده‌ی، تا كه‌مێ به‌فر ده‌كه‌وێ، با بچمه‌وه‌ لای زاری پلكه‌ مه‌تێ و بزانم چی لێ ده‌بارێ..
پلكه‌ مه‌تێ روو له‌ پیری سوارچاكان:
ئه‌رێ من تێنه‌گه‌یشتم، گۆڕی خه‌جێ، لۆ كه‌وته‌ بانه‌قه‌رات؟
پیری سوارچاكان چی نه‌گۆت، دایكم هه‌ڵیدایێ:
وه‌ك من بزانم له‌ داخی(….) بوو، نه‌یویست كه‌ به‌ زیندوێتی پێی له‌ سه‌ر سه‌ری داناوه‌، به‌ مردوێتیش پێ بخاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، ده‌یویست له‌و دوور بێ..
پیری سوارچاكان روو له‌ دایكم:
به‌سێ، كچم، ئه‌و كایه‌ كۆنه‌ به‌ با مه‌كه‌.
روو له‌ سابیته‌ی خانووش گوتی:
ئاخ! خه‌جێی من، دوو ژنم به‌ سه‌رت هێنا، برۆت تێكنه‌نا، گه‌ردنمت ئازاد نه‌كردبێت، پێم به‌ به‌هه‌شت ناكه‌وێ.
به‌ڵام بابم به‌ بیری بابی هێناوه‌ كه‌ دایكی گه‌ردنی خۆش و ئازادكردووه‌، به‌بیریهێناوه‌ پێشه‌وه‌ی بڵێ:
بمبه‌نه‌ بانه‌قه‌رات، گۆتی: قادرۆك گه‌ردنی تۆ و كوڕه‌ گچكه‌كه‌شم خۆش و ئازاد بێ.
پیری سوارچاكان به‌بیریهاته‌وه‌ و گوتی:
وایه‌، دێـته‌وه‌بیرم به‌ تۆشی گوت:
كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌م پێویستی به‌ گه‌ردن ئازادیی من نیه‌، چوونكێ خۆی به‌هه‌شتیه‌.
وه‌بیرمدێ، زۆر شاییم به‌وه‌ هات، كه‌ نه‌نكه‌ خه‌جێم بابمی خستۆته‌ رێزی به‌هه‌شتییانه‌وه‌.
} له‌و رۆژانه‌، رۆژانی گێڕانه‌وه‌ی كۆڵان كۆڵان، شوانه‌ گچكه‌ڵه‌ كه‌ ئێستا مووی ره‌ش به‌ سه‌ر و ردێنیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، وای گێڕایه‌وه‌: وه‌ك خه‌ون دێته‌وه‌بیرم، دوو فه‌رده‌ كای شیشكوتیان خسته‌ سه‌ر پشتی هێسترێك، ته‌شكه‌به‌ڕه‌یان له‌ سه‌ری راخست، نه‌نه‌ خه‌جێ كه‌ په‌ڕۆكێكی سپی لێوه‌ پێچرابوو، له‌ ناو جاجمێكیان لوولدا، به‌ چوار پێنجێ هه‌ڵیانگرت و له‌ سه‌ر پشت و هێستر و له‌ نێوان هه‌رد و فه‌رده‌ كایه‌كه‌یان درێژكرد، هه‌چه‌یان له‌ هێستر كرد، به‌ لای كانی پیاواندا لێژبوونه‌وه‌، كه‌وتمه‌ دوایان، گێڕامیانه‌وه‌، گریام، به‌ یه‌ك دوو كلۆ شه‌كر گیریانكردمه‌وه‌..{
پلكه‌ مه‌تێ، رووی رووه‌و ده‌لاقه‌ی نێوان ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ وه‌رگێڕا و روو له‌ پیری سوارچاكان:
به‌ من بلێ، ئه‌و خرخاڵه‌ چیه‌ له‌وێ؟
پیری سوارچاكان چی نه‌گۆ، كه‌س چی نه‌گۆ، وا پێده‌چوو خۆشی چاوه‌ڕێی چ گۆتنی كه‌س نه‌بێ، گۆتی:
ده‌یناسمه‌وه‌، كوو نایناسمه‌وه‌، من نه‌یناسمه‌وه‌ كێ ده‌یناسێته‌وه‌!
روو له‌ پیری سوارچاكان:
مه‌گه‌ر تۆ..
ناسیه‌وه‌، پلكه‌ مه‌تێ خڕخاڵه‌ شكاوه‌كه‌ی ناسیه‌وه‌، كوو نایناسێـته‌وه‌، سه‌ربرده‌ی خرخاڵ وا له‌ كنه‌ وی یه‌، پلكه‌ مه‌تێ خڕخاڵ و گوڵی كۆسارانی هێند جوان گێڕایه‌وه‌، هه‌قایه‌تبێژیش هیچ هه‌قایه‌تێكی وا نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، حه‌یف و مه‌خابن، من شتێكی كه‌مم له‌و سه‌ربرده‌یه‌ له‌بیرماوه‌، بێجگه‌ له‌ هه‌ندێش منی بێ ده‌مودوو كه‌ی ده‌توانم وه‌ك وی بیگێڕمه‌وه‌، بۆیه‌ خوێنه‌ر هه‌شتیه‌كی ئه‌و تامه‌ی لێوه‌رناگرێ كه‌ من له‌ زاری پلكه‌ مه‌تێوه‌ وه‌رمگرت، پلكه‌ مه‌تێ چیرۆكه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕایه‌وه‌ من له‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ و هه‌قایه‌تان نه‌مبیستبوو، گاڤێ به‌ ناوی خۆی، خۆی قسه‌یده‌كرد، گاهێ گوڵی كۆسارانی ده‌هێنایه‌ قسه‌ و له‌ سه‌ر زاری ئه‌وه‌وه‌ سه‌ربرده‌مان ده‌بیست، سالحۆكه‌ی كوڕیشی له‌بیرنه‌ده‌كرد، تاوێكیش كه‌سێك وه‌ك بڵێی له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشای كردبن و سه‌ربرده‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌:
گوڵی كۆساران و پلكه‌ مه‌تێ له‌ ره‌شماڵێ هاتنه‌ ده‌رێ، وه‌ی له‌ و دوو ژنه‌ جوانه‌، یه‌كیان هه‌ر گوڵه‌، چ گوڵێكی ئه‌و ئاقاره‌ چاوی هه‌ڵنایه‌ لێیبڕوانێ، ئه‌ویدی به‌ چاوه‌ كه‌سكه‌كانی به‌هار كه‌سكتر نیشانده‌دات، دۆڵی دۆڵه‌ گاڕانێ ئه‌وڕۆ سبیانێ له‌ من سێبه‌ر و تاوه‌، جێ جێ سێبه‌ره‌، جێ جێ هه‌تاوه‌، ئه‌وڕۆ چ وێناچێ ئاسمان با بیگرێته‌وه‌، ئاسمان جێ جێ په‌له‌ هه‌وره‌، په‌له‌ هه‌وره‌كان نه‌ ئه‌وه‌یه‌ قژیان تێكه‌ڵی یه‌كتر بكه‌ن، نه‌ ئه‌وه‌یه‌ پتر لێكدی دووربكه‌ونه‌وه‌، هه‌وره‌كان له‌و مێگه‌له‌ مه‌ڕه‌ ده‌چن كه‌ گورك لێیدابن، هه‌ر سه‌ره‌ مه‌ڕێ له‌ جێیێ كه‌وتبێ، به‌نگۆ بڵێم، هه‌ر به‌ راستی هه‌وره‌كان له‌ مه‌ڕی ئاسمان ده‌چوون، ئه‌نگۆ ده‌زانن مه‌ڕی ئاسمان چیه‌؟
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
ده‌زانم، مه‌تێ، ده‌زانم، من له‌ ئاسمان شوانایه‌تیم كردووه‌.
من كه‌م له‌ قسانم هه‌ڵده‌دایێ، هه‌ڵمدایێ:
باپیره‌، له‌ ئاسمان شوان هه‌یه‌؟ شمشاڵت پێبوو؟!
وه‌ڵامی پیری سوارچاكان له‌ یاد نیه‌، ئێ، له‌ زاری پلكه‌ مه‌تێوه‌:
ناوی گورگ هات، گورگ په‌یدا نه‌بێت!
ئه‌وه‌تا ئه‌و دوو ژنه‌ جه‌حێله‌ ته‌ڕپۆشه‌، قسه‌ خۆشه‌، به‌ ده‌م قسه‌ی ژنانه‌وه‌ به‌ ناو به‌هاری دۆڵی دۆڵه‌گاڕاندا به‌ڕه‌و ته‌ڕواری هه‌میشه‌ به‌هار به‌ كاوه‌خۆ و به‌ نازه‌وه‌ رێ ده‌بڕن، به‌ بن سێبه‌ر و هه‌تاودا، به‌ ناو گیاو گۆڵ و خه‌زێمه‌ و حاجیله‌ و گۆڵی بۆن گوڵاودا پێ به‌ پێ هه‌ڵده‌گه‌ڕێن، دۆڵه‌گاڕان له‌ چاو ته‌ڕوار له‌ قووڵایی دنیایه‌.
سالحی ئێستای هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكان و سالحۆكه‌ی هه‌ینێش له‌بیرنه‌كه‌ین، ئه‌وه‌تا له‌ پێشیانه‌وه‌ وه‌ك به‌رخۆله‌ی تێر شیر غارده‌دا و خۆی له‌ گیاگۆڵ هه‌ڵده‌سوێ..
+ژنێ، ئه‌وشۆ له‌ ماڵی ئێوه‌ خه‌ونه‌كی زۆر ناخۆشم دیت
– ژنێ، خه‌ونی ناخۆش مه‌گێڕه‌وه‌
+نه‌گێڕمه‌وه‌، دڵم ده‌ته‌قێ
– ده‌، بیگێڕه‌وه‌، به‌ڵام هه‌نده‌ك خۆشیی پێوه‌ربكه‌..
له‌ خه‌ون گه‌ڕێ، كێ له‌بیری ماوه‌!
گه‌یشتینه‌ كۆتایی دۆڵ، ئێستا له‌ هه‌ورازه‌كه‌ین، سالحۆك ماندووه‌، به‌ دوا كه‌وتووه‌، هێنكه‌ هێنكیه‌تی، ده‌ڵێ: دایه‌ له‌ كۆڵم بكه‌، ده‌ڵێم: كوڕم، ده‌ست به‌ لچكی كه‌وێكه‌مه‌وه‌ بگره‌، راتده‌كێشم..
ئێستا دوو ژن و منداڵێك گه‌یشتنه‌ كۆتایی هه‌وراز، بانیی نێرگزان به‌ دیار كه‌وتووه‌، به‌ڵام ته‌ڕوار نا، گورگ! وای گورگ! }دوور نیه‌ رێك ئه‌و شوێنه‌ بێ كه‌ من و بابم تووشمان به‌ تووشی گورگه‌وه‌ بوو، به‌ڵام گورگه‌كه‌ نابێ هه‌مان گورگ بێ، چوونكێ نێوان ئه‌و دوو گوڕگه‌ كێ ده‌زانێ چه‌ند ساڵه‌! باوه‌ڕناكه‌م گورگ هێنده‌ ساڵه‌ بژی، خۆ ته‌مه‌نی پلكه‌ مه‌تێی نیه‌{
ئێره‌ به‌ ده‌ستی چه‌پ به‌ سه‌رهه‌ڵدیرێكدا ده‌ڕوانێ، ده‌ستی شكاوم، وا نه‌بوو، زوو ده‌ستی بگرم و نه‌هێلم هه‌ڵدێرێ، هه‌ڵدێرا، گورگی دیت و هه‌ڵدێرا، ئه‌وه‌ی گورگی نه‌دیتبێ، نازانێ چه‌ند به‌سامه‌، شێریش لێی ده‌ترسێ، پلكه‌ مه‌تێ ده‌لێ: گورگ! خودایه‌، دوای گورگ ببڕی..
دایكم كه‌ زۆر له‌ گورگ داخ له‌ دڵه‌:
خودا نه‌ده‌بوو گورگ بێنێته‌ دنیا، دایكت كوێر بێ، عوسمانی كوڕم گورگ زراوی رژاند..
نازانم كێ بوو ده‌یگۆ:
گورگ له‌ ناو كه‌شتیه‌كه‌ی نووح زراوێ گیانله‌به‌رێكی رژاند و ئێستاشپێوه‌ په‌یدانه‌بۆوه‌..
دایكم ده‌ڵێ:
وای له‌ گورگ، خواش ناوێرێته‌ گورگ!
پلكه‌ مه‌تێ هه‌ڵدێرانی گوڵی كۆساران ده‌گێرێته‌وه‌:
رێ باریكه‌ رێیه‌، ئه‌و له‌ پێشه‌ مه‌ ده‌ڕۆیی، سالحۆكه‌م دابووه‌ پێشه‌ خۆم، له‌ مله‌كه‌ سووڕاینه‌وه‌، گورگی عیزرائیل په‌یدابوو، ئه‌وه‌تا له‌ پێشمان له‌ نزیك دار قه‌ره‌قاجه‌ گه‌وره‌كه‌ قیت قیت راوه‌ستاوه‌، من پڕم دایه‌ سالحۆكه‌م، ئه‌و له‌ كشانه‌وه‌ پێی خزی، ده‌ستم بشكێ، ده‌ستم نه‌گه‌یشته‌ ده‌ستی، دیتم بانگرۆزبۆوه‌، له‌ غلۆربوونه‌وه‌ گوێم لێیه‌ ده‌ڵێ:
كچێ مه‌تێ، گورگه‌ گورگ..
ئاگام له‌ گورگ بڕا، سالحۆكه‌شم له‌بیرنه‌ما، چاو له‌ رێیه‌ك ده‌گێڕم بمگه‌یه‌نێته‌ بنه‌بانی دۆڵێ، بگه‌مه‌ گوڵی كۆساران، نازانم رێم دیته‌وه‌ یان به‌ به‌ غلۆر بوونه‌وه‌ و قوونه‌خشكێ گه‌یشتمێ، وه‌ی خوایه‌، ئه‌و خوشكه‌ جوانه‌م ئه‌وڕۆ نیه‌ ده‌ڵێی دوو حه‌فته‌یه‌ مردووه‌، ده‌ستم راوه‌شاند، پێم راته‌كاند، فووم له‌ ده‌موچاوی كرد، خوایه‌ چ بكه‌م! گوێم به‌ سنگیه‌وه‌ نا، سوپاس خوایه‌، دڵی لێده‌دا، دڵی لێده‌دات و هه‌ستوخوستی نیه‌، گوێم له‌ گریانی سالحۆكه‌، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم، ده‌ڵێی پنچكه‌ گیایه‌ به‌ ته‌لانه‌وه‌، وای چه‌ند دووره‌، چه‌ند بڵنده‌، نێوان ئێمه‌ و كوڕه‌كه‌م، عه‌رد و عاسمانه‌، گورگم بیركه‌وته‌وه‌، ترسام پڕ بداته‌ سالحۆكه‌م، هه‌ناسه‌م سوار بوو، چاو ده‌گێڕم گورگ دیار نیه‌، پڕ به‌ ده‌نگی دۆڵ هۆیهام لێكرد، گورگ هۆیهای لێبكه‌یت هه‌ڵدێ، ئاهێكم هاته‌وه‌به‌ر، له‌ هۆیهای من گوڵی كۆساران به‌خۆهاته‌وه‌، ده‌ڵێ:
مه‌تێ ئاگات له‌ منداڵه‌كه‌ت بێ، گورگ نه‌یبا.
ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر ترساندمی، یه‌كپێ هه‌ستام و به‌ ته‌لاندا هه‌ڵگه‌ڕام، نازانم چه‌ند هه‌ڵگه‌ڕأم، هێنده‌م زانی سالحۆكه‌م له‌ باوه‌شه‌، توومه‌ز به‌ خشخشۆكی هاتووه‌، پێكه‌وه‌ چووینه‌وه‌ سه‌ر گوڵی كۆساران، قیتبۆته‌وه‌، ده‌ستی به‌ پێیه‌وه‌ گرتووه‌، ده‌ست و پل و پێی له‌ چه‌ند جێ رووشاوه‌، ده‌ستم گرت و دامانه‌وه‌ رێیه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر، پێی چه‌پی له‌ دووی نایه‌، هه‌ر من ده‌زانم به‌ چ ده‌ردێك گه‌یشتینه‌ سه‌رێ، له‌وێ له‌ بانی نێرگزان تووشی ئه‌و سواره‌ بووین- په‌نجه‌ی بۆ پیری سوارچاكان راكێشا- سواری ماینه‌كه‌ی كرد و..
له‌و ساته‌ پیری سوارچاكان هه‌ناسه‌یه‌كی وای هه‌ڵكێشا، هه‌ستمكرد ژووره‌كه‌ پڕبوو له‌ ته‌متومان، گوتم ره‌نگه‌ هه‌ور دابه‌زیبێـته‌ زه‌وی، ئاخر هه‌ر كاتێ ته‌مومژ دنیای داده‌گرت، بابم ده‌یگۆ: هه‌ور دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی، له‌و ده‌مه‌ چوومه‌ حه‌وشه‌، به‌فر لێیكردۆته‌وه‌، ئاسمان هه‌لیپرینگاندووه‌، حه‌یف شه‌ڕه‌ به‌فرمان نه‌بوو، چوومه‌وه‌ ژۆرێ، چیرۆكی خرخاڵ نازانم گه‌یشتبووه‌ كوێ، هێنده‌م له‌بیره‌، پیری سوارچاكان گۆتی:
وابوو، له‌وێ خڕخاڵه‌كه‌ی شكا، خرخاڵم بۆی كڕیه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری خرخاڵه‌ شكاوه‌كه‌ی نه‌بوو..
ئه‌و قسه‌یه‌ی ناوه‌ ناوه‌ ده‌یگوته‌وه‌، ئه‌ویشی گوته‌وه‌:
زۆر جار مرۆڤ له‌ ئاسنیش ئاسنتره‌.
هه‌ر له‌و پایزه‌ زستانه‌، سه‌ر له‌ئێواره‌یه‌ك مام كوێخاش كه‌ به‌ستی شه‌رغه‌ به‌ درێژایی شه‌وانی زستان چیرۆكی وی ده‌گێڕێته‌وه‌، هاته‌ دیداری پیری سوارچاكان، له‌بیرمه‌ له‌ سه‌ر ده‌رگه‌ حاجی قه‌دۆ له‌گژ پیڵاو له‌پێكردن بوو، مام كوێخا سڵاوی كرد، به‌ پێڵاو حاجی قه‌دۆم بیركه‌وته‌وه‌، پێڵاوه‌كه‌ی هێند جوان و بریقه‌دار بوو، خۆت تێیدا ده‌بینی، به‌و زستان و قوڕ و لیته‌یه‌، پشكه‌ قوڕێكی پێوه‌ نه‌بوو، پێده‌چوو له‌وبه‌ری كه‌ندێوه‌ كه‌ له‌ ترومبێله‌كه‌ی دابه‌زی جه‌لاتینی له‌ پێلاوه‌كه‌ی لوولدابێت یاخود به‌ ده‌ستیه‌وه‌ گرتبێ، ئه‌و قه‌دۆیه‌ له‌ شاریه‌ كۆنه‌كان بوو، خزمی نزیكی پیری سوارچاكان بوو، ئێ، من چ قسه‌ی نێوان پیری سوارچاكان و حاجی قه‌دۆم له‌ یاد نیه‌، لێ شتێكم له‌ مام كوێخا له‌بیره‌، پیری سوارچاكان، پرسیاری ته‌ڕواری لێده‌كات، پرسیاری به‌رد و كه‌سته‌ك و دار و بار ، پرسیاری به‌راو وكانی و رووبار، پرسیاری وه‌رد و شۆ و به‌یار، پرسیاری قه‌رسیل و گوڵه‌ گه‌نم و جۆ و گیاو گۆل و گوڵ و گوڵزار، پرسیاری كه‌ژ و هه‌وا و زه‌وی و ئاسمان، پرسیاری كونه‌ ته‌یاره‌ و لووره‌ی گورگ و گۆڕستان، پرسیاری هه‌وره‌ تریشقه‌، فیشكه‌ی مار، جۆت و خه‌له‌ و خه‌رمان…چی نه‌پرسی! پیری سوار چاكان ته‌مه‌نێك پرسیاری كرد و هه‌ستمكرد حه‌زیده‌كرد وه‌ڵامی درێژ و وردی ده‌ستكه‌وێ، به‌ڵام مام كوێخا به‌ كورتی وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌، من دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ چه‌ند پرسار و وه‌ڵامێكم له‌بیره‌، نه‌ باب نه‌ دایكیش كه‌ وه‌ك من له‌و دانیشتنه‌ دانیشتبوون، شتێكی ئه‌وتۆیان له‌بیرنیه‌، بابم ئه‌وه‌ی له‌بیرمابوو كه‌ بابی ده‌پرسێ:
ئه‌رێ، ئێستاش زستانان ئه‌شكه‌وتی به‌رماڵان وه‌ك جاران چلووره‌ ده‌كات؟!
مام كوێخا ده‌ڵێ:
وه‌ك جارانه‌، پار زستانێ، به‌ درێژایی ئه‌شكه‌فت، چلووره‌ گه‌یشتبووه‌ عه‌رد، تانۆكی درووستكردبوو، ناو ئه‌شكه‌فتت نه‌ده‌دیت، به‌و ده‌ستانه‌ی خۆم له‌ لاوه‌ سه‌هۆڵم شكاند و رێیه‌كه‌م بۆ ناو ئه‌شكه‌فت كرده‌وه‌..
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
خۆزگه‌م به‌ خۆت، من زۆر جاره‌ ئه‌وه‌م كردووه‌..
پیری سوارچاكان ده‌پرسێ:
به‌ من بڵێ، ته‌ڕوار هاوینان له‌گه‌ڵ ئاو چۆنه‌؟
مام كوێخا:
ئه‌و هاوینه‌ ئاوی زۆر كه‌م كردبوو، پایزه‌كه‌ی پێش بارین، ئاوێكی وای نه‌مابوو
پیری سوارچاكان نه‌رم ده‌ستی به‌ سه‌ر به‌ردی پیرۆزدا داهێنا و گوتی:
بیری به‌ردی پیرۆزیش؟!
مام كوێخا:
ئه‌ویش، وا بڕوا چه‌ند ساڵێكیتر، چۆڕی لێده‌بڕێ
پیری سوارچاكان:
ئه‌گه‌ر وابێ، دنیا روو له‌ وشكبوونه‌..
من له‌بیرمه‌ نازانم تۆ! ئه‌گه‌ر له‌بیرت نیه‌، وه‌بیرت دێنمه‌وه‌ گوتم، به‌ستی شه‌رغه‌ چیرۆكی مام حه‌مه‌ده‌مین كه‌ ئێستا مام كوێخای ده‌ڵێنێ، ده‌گێڕێته‌وه‌، چیرۆكێ له‌و چیرۆكانه‌: كوێخایه‌تیه‌كه‌ی له‌ دوای رووداوه‌كه‌وه‌ هات، له‌وه‌وه‌ هات كه‌ له‌ هه‌موو شت كه‌وت و له‌ ماڵی برا گه‌وره‌كه‌ی كه‌وت، ئه‌گه‌ر جاروبار له‌ به‌ر ماڵان چووبێته‌ به‌ر به‌رخان یان سه‌ردانێكی ته‌ڕواری كردبێ، ده‌نا هه‌ر له‌ ماڵێ و له‌ سه‌ر كۆسپی ده‌رگا داده‌نیشت و ده‌یڕوانیه‌ دنیایێ..
ئه‌و پیاوه‌ پێش رووداوه‌كه‌ له‌ له‌شسووكانی هه‌ردوو به‌ری به‌ستی شه‌رغه‌ بوو، عیده‌ خودا له‌ دوڕ ده‌وی بدات، وای به‌سه‌رهێنا، عیده‌ چه‌ند سه‌ر بزنێ ده‌دزێ، هه‌ینێ پیاوی كوێخا ده‌بێ، عیده‌ پیاوێكه‌، به‌ ده‌م و پل، دێ، له‌ كن كوێخای دێ دزیه‌كه‌ به‌ مل مام حه‌مه‌ده‌میندا دێنێ، ئه‌ویش دیاره‌ زۆر بێ ده‌م و دووه‌ و ناتوانێ له‌سه‌ر خۆی لا ببات، ئیدی به‌ ملیا ده‌بڕێ، كوێخا هه‌رده‌ستێ مام حه‌مه‌ده‌مینی هه‌ینێ و مام كوێخای ئێستا له‌ دار ده‌به‌ستێ، داره‌كه‌ تا دره‌نگ مابوو، ناوی به‌ (داری غه‌در) رۆیشتبوو، داره‌كه‌ له‌ ده‌و به‌ستێیه‌، به‌و چله‌ی زستانه‌ به‌ گوریس له‌و داره‌ی ده‌به‌ستنه‌وه‌، كوێخا ده‌ڵێته‌ عیده‌:
لێیده‌، بیكوته‌، ئه‌و به‌سته‌ جێی دزی لێنابێته‌وه‌.
عیده‌ به‌ داری روولكێ وه‌ریده‌گه‌ڕێتێ، ئه‌و شه‌وه‌ مام كوێخا له‌ ناو زووقمی زستانێ به‌ داره‌وه‌ ده‌مێنێـته‌وه‌، نازانم كێیه‌ هاوار بۆ پیری سوارچاكان دێنێ، به‌ڵام تا ده‌گاتێ، رۆژ ده‌بێته‌وه‌..سبه‌ی زوو، كوێخای گوندی ده‌ڵێ:
بڕۆن، بیكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مردووه‌، فڕێیده‌نه‌ پێش سه‌یان، ئه‌گه‌ر زیندووه‌، پێیبڵێن بیبینمه‌وه‌ به‌ زیندوێتی ده‌رخواردی سه‌یانی ده‌ده‌م..
سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ئیدی له‌ هه‌موو شت ده‌كه‌وێ، له‌وه‌وه‌ ناوی ده‌بێته‌ مام كوێخا، له‌بیرمبێ، كاتێ ئاشكراده‌بێ، مام كوێخا بێ به‌ریه‌ له‌ دزیه‌كه‌ و عیده‌ ئه‌وه‌ی كردووه‌، كوێخای گوند ده‌مێكه‌ دنیای جێهێشتووه‌..
ئێ، هه‌نووكه‌ كێ به‌ دیار پیری سوارچاكانه‌وه‌ دانیشتبێ، باشه‌! شێخه‌ شه‌ل، ئه‌و پیاوه‌ی دواتر بیستم شارێك به‌ هه‌موو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانیه‌وه‌ هاواریانده‌كرد:
بژی گه‌ل، هێزی گه‌ل
مام ره‌حمان و شێخه‌ شه‌ل
بابم دواتر ده‌یگێڕایه‌وه‌ كه‌ زۆر جار به‌ شێخه‌ شه‌لی گوتووه‌:
به‌لاشه‌، ئه‌و حوكمه‌ته‌ به‌ چه‌پڵه‌ نارووخێ.
ئه‌ویش گوتبووی:
زۆر جار چه‌پڵه‌ له‌ گولله‌ كاریگه‌رتره‌.
حه‌یف، شێخه‌ شه‌ل دره‌نگ گه‌یشت، ئاخر پیری سوارچاكان ئاگای له‌ خۆی نه‌مابوو، یه‌ك ناوی به‌ زاریدا ده‌هات، ئه‌ویش گوڵی كۆساران بوو:
بڕۆنه‌ دووی، بیهێننه‌وه‌، نه‌یبینم، نابێ.
وه‌بیرمدێ ئه‌و پیاوه‌ی گوڵی كۆساران ناوی ده‌هێناو ده‌یگۆ:
بیگرن، هات، ده‌مكوژێ..
ئه‌و پیاوه‌ گۆتی:
كه‌س بۆی نیه‌ بچێ به‌ دوایدا، چوونكێ له‌ وه‌ختێ مێرده‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت، نه‌ده‌بوو به‌جێیبێلێ.
بابم ده‌ڵێ:
به‌ڵام بابم ده‌ڵێ: بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ بێته‌وه‌، من ده‌چمه‌ دووی
ئه‌و ده‌ڵێ:
شتی وا نیه‌، بزانه‌، بچیه‌ دووی، به‌ینمان تێكده‌چێ و ناتناسم.
بابم تێداده‌مێنێ، پێیه‌كی ده‌چێته‌ پێشێ، پێیه‌كی ده‌چێته‌ پاشێ، بچێ ، نه‌چێ! وه‌بیرمه‌ بابم لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ رێگری لێنه‌كات و با بچێته‌ دوای گوڵی كۆساران، به‌ڵام ئه‌و له‌ كه‌لی شه‌یتان نه‌هاته‌ خوارێ و گۆتی:
ئه‌و پیرێژنه‌ بۆی نیه‌ سه‌ر به‌و ماڵه‌دا بكاته‌وه‌.
دایكیشم ده‌یگۆ:
پیاوه‌كه‌ به‌و شه‌ڕ و شۆڕه‌، به‌و دنیا وێرانه‌، بۆ كوێ ده‌چی؟ نایگه‌یتێ.
دوا جار بابم بڕیاری دوایی خۆی دا:
كێ تووڕه‌ ده‌بێ، با ببێ، دووسبه‌ی ده‌چم، له‌ بن سێبه‌ری فڕۆكه‌ و به‌ینی زنجیری ده‌بابه‌شدا بێ، ده‌چم و دایه‌ هه‌مینم بۆ بابم ده‌هێنمه‌وه‌.
تا دووسبه‌ی دێ، سه‌رێ له‌ ئاوده‌ستخانه‌كانی قوتابخانه‌ ده‌ده‌م، بزانین له‌وێ دنیا چ باسه‌و..




ئەودیوى یەقین یان گومان …. یوسف عزەدین

هەردەم سەقامگیر و ساویلکەکان
گومانى ئێمەیان پێ ناگیرێتە خۆ و
زۆر بەسادەیش راڤەى رووتەختى دنیامان بۆ دەکەن و
پێشمان دەڵێن ئەفسانەى قووڵاییەکان هەرزەگۆیى و گاڵتەجاڕییە – هێرمان هیسە-.

لەگەڵ ئەوەى نووسینى خوێندنەوەیەک کەوەک خۆى شیاوى خوێندنەوەیەکى جیدیانە بێت و توانستى داگیرکردنى شوێنجێگەیەکى دیاریکراوى مەعریفى هەبێت و سنوورەکانى سەلەفیەت و تەقلیدییەتى نووسین تێپەڕبکات، ئاستەم نییە!؟.. بەڵام هەن پێیان ئاستەمە، بەو پێیەى ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە تێڕوانین و تەسەوورێکیان نییە دەرحەق بەتەرزە نووسینێک کەتواناى تێپەڕکردنى سەلەف و تەقلیدى چەشنە نووسینێکى هەبێت کەزادەى دۆگما ئایدیۆلۆژییەکان و هەموو ئەو چەشن و شێوە تێڕوانینە رووکەشییە تەبسیتکراوانەیە کەساڵانێکە بەشێوەیەکى بەرچاو زۆرێک لەبوارەکانى نووسینى بەئەدەبیاتیشەوە دووچارى ئیفلیجبوون و گۆتبوون و راوحکردن کردووە.

رەنگە بتوانین بڵێین بەدرێژایى سەدەیەک لەنووسینى کوردى، ژمارەى هەرە زۆرى نووسراوەکان مەگەر لەفۆرمدا گۆڕانکارى تێدا ببینرێتەوە، دەنا لەبنەڕەتدا هەر کاوێژکردنەوەى ئەوەى پێشووە، بەچەشنێکى بێزارکەر و ناقۆڵا کەبۆتە مایەى نەخوێندنەوە یان دروستکردنى خوێنەرێکى ناخوێنەر، چونکە کاتێک خوێنەر دەبێتە خوێنەر کەتێکست بتوانێت حەزى کەشفکردن و گەڕانى تێدا ببزوێنێت و ویستى کردنەوەى دەرکەکانى تێدا بەرجەستەبکات، نەک بەپێچەوانەوە رایکێشێتە نێو خمخۆرکى بێزارى و وەڕسى و هەموو حەز و ئارەزووەکانى وەک خوێنەرێک تێدا بکوژێت و بگرە ئازاریشى بدات و تووشى چەندین کۆمپلێکسى سایکۆلۆژیشى بکات، کەم نین ئەو کتێب و نووسینە کوردیانەى لەکاتى خوێندنەوەیاندا خوێنەر ترسى ئەوە دایدەگرێتەوە ئەگەر پێچەوانەى ئەوەى کەپێى دەگوترێت، بەچەشنێکى دیکە بیر بکاتەوە رەنگە مەجازیانە فەلاقە بکرێت، ئەقڵییەتى حوجرە هەر ئەوە نییە لەدوو توێى هەندآ کتێبى ئاینییەوە ئێخەى خوێنەر دەگرێت و بەهەڕەشەو گوڕەشەو چاوسوورکردنەوەو ئەشکەنجەدانى رۆحى و خۆسەپاندن و ئیمپریالییەتى زمان و دۆگماى بۆچوون و تێزەکان دەچێتە نێو قووڵاییەکانى زەینى خوێنەرەوەو مێشکى دەسڕێتەوەو دایدەبڕێت لەهەر گومانێک کەبیەوێت دزەبکاتە نێو کەلێنەکانى تەسەوورییەوە، بەڵکو بەشێکى بەرچاوى ئەوەى لەبەرگێکى نوێداو لەم سەردەمەشدا نووسراوە هێشتاکە دانەبڕاوە لەئەقڵیەتى حوجرەگەرێتى و نووسەران و موریدانى بەچەشنى مەلا و فەقێیانى سەردەمانێک و بەهەموو کەرەستەکانى فەلاقەو ئەشکەنجەدانەوە گەڕاونەتەوەو خۆ کەس ناوێرێت تەسەوورێکى پێچەوانە بنووسێت یان دەرببڕێت، کاتێک دەزانرآ لەهەموو مینبەر و میحراب و پەنا و سووچ و کووچەو کۆڵان و گۆڕەپان و چایخانەو گوزەر و دەزگاو شوێنە رەسمى و ناڕەسمییەکانى ئەو پایتەختە وەهمییە لاهوتییە غەیبانییەوە تارماییە پارێزەرەکانى ئەو جۆرە ئەقڵییەتانە بەو پەڕى وەلائیانەوە بۆ مەرجەعێک کەخۆیان ئینتیمایان بۆى هەیە پەلامارى دەدەن.

وەک لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەم پێداوە: تێڕوانینێکى سەلەفیانەیە بۆ ئەوەى کەپێشووتر نووسراوەو ئەوەى کەدواتریش دەنووسرێت، گوتارێکى وەعز ئامێزەو هیچى لەگەڵ گوتارى مەلا و فەقێ و سوختەکانى حوجرەدا فەرق نییە، کاتێک دەڵێیت هێشتاکە رۆشنبیرى و هزرى کوردى نەچۆتە دەرەوەى دیوارە دۆگماکانى حوجرەوە، کەسانێکى زۆرت بەگژددا دێن، کەچى راستییەکەش ئەوەیە کەلەم رۆژگارەدا تازە بەتازە خۆى نوێ دەکاتەوەو جارێکى دیکە ئێخەمان پێدەگرێت و بەبەشێکى بەرچاوى نووسینەکانى ئێستاشەوە نەیانتوانیوە تەجاوزى ئەو دۆگمایە بکەن، نەیانتوانیوە لەدەرەوەى تەقدیسکردن و موقەدەسەوە خوێندنەوەیان هەبێت، مەسەلەکە لەگەمەکردن بەزاراوەکاندا نییە، وەک کەسانێک کەسانێکى دیکەمان بەسەردادەسەپێنن و بانگهێشتى خوێندنەوەى تێکستە تاقانە و ناوازەکانیان دەکەن، تێکستە جوانەکانیان، تێکستە مەزنەکانیان، تێکستە تا ئێستا نەنووسراو و لەمەو دواش نەنووسراوەکانیان؟!.

نازانم هیچ رێى تێدەچێت، تۆ خوێندنەوەیەکى زیندوو بۆ تێکستێکى زیندوو بکەیت، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى تێکست وەک خۆى هەڵبوەشێنیتەوە؟! بەبێ ئەوەى بیر لەنەگوتراوەکانى بکەیتەوە؟! تەنانەت ئەوەى کەخودى دانەرەکەشى بیرى لێنەکردۆتەوە، بەڵام تێکست بەرەو ئەوێت دەبات، بەرەو ئەو شوێنەى کەدانەر دەسەڵاتى بەسەریدا نەشکاوە، بەرەو ئەو شوێنەى کەوەک بۆشاییەک جێماوە، بەرەو ئەو شوێنەى کەبۆتە پەراوێز، بەبێ ئەوەى دانەر ئاگادار بووبێت، لەو پەراوێزخستنە، یان مەبەستى بووبێت.

مانەوەى هەندێک لە تێکستە ئایینییەکان تا ئەم ساتەوەختە، لەڕووى هەڵگرتنى خوێندنەوەو تەئویلکردنەوە، بەدەر لەو پێگەیەى کەپاراستویەتى یان سەپاندنى و هۆکارەکانى دیکە، بەشێکى دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو پەراوێز و پەنهان و نهێنى و بۆشاییانەى کەلەنێو تێکستەکەدا هەیە، کاتێک تێکستێکى ئایینى دیاریکراو سەبارەت بە”هاوڕێیانى ئەشکەوت” دەخوێنمەوە، ئەوەى کەسەرنجم رادەکێشێت، نەگوتنى ژمارەى تەواوى ئەو کەسانەیە کەچوونەتە نێو ئەشکەوتەکەوە، سەربارى دیاریى نەکردنى ساڵەکانى مانەوەیان، رەنگە سەرپێى ئەمە ببرێتەوە بۆ نەزانینى ژمارەى کەسەکان و ساڵەکانى مانەوەیان، لەکاتێکدا نەزانین و وەڵام نەدانەوە لەگەڵ رەهابوونى تێکستەکەو زانینى میتافیزیکییانەى پێشوەختى بەهەموو شتێک نەگونجاو و نەشیاوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر هەر ژمارەیەکى سەبارەت بەکەسەکان و ساڵى مانەوەیانى بگوتایە بێ چەندو چوون جێى قبووڵ بوو، کەواتە دەبێت لەڕوویەکى ترەوە تێى بڕوانین، وەک خۆم پێموایە گوتنى هەر زانیارییەک وەک یەقینێک سەبارەت بەژمارەى کەسەکان و ساڵەکانى مانەوەیان، ئەم رووداوەى دەبردە نێو مێژووییەکى بەرجەستەوە، ئەو دەمیش لەگەڵ راستى و دروستى ئەو مێژووە، ئەگەر وایە یان وانییە دەکەوتە ناکۆکییەوە، بەڵام بەوپێیەى کتێبە ئاینییەکان و تێکستەکانیان هەوڵى مانەوە لەدەرەوەى مێژوو دەدەن، کەواتە دەبێت ئەو بۆشاییە جێبهێڵن و خودى زانینەکە پەیوەست بکەن بەهێزە میتافیزیکییەکانەوە، تا تێسکتەکە خودى دەسەڵاتە میتافیزییکییەکەى لەدەست نەدات و هەمیشە بۆشایى و کەلێن و سوووچ و گۆشەى نەزانراو هەبێت، کەتێکست عاجیزە لەئاست وەڵامدانەوەیدا، لەکاتێکدا ئەو تێکستە وەک گوتەیەکى هێزەکانى پشت خۆى، خۆى نمایشدەکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بۆ نەفی نەکردنەوەى خۆى و مانەوەى بەردەوامى پێویستى بەنەزانراوە زیاتر وەک لەزانراو.
دروستکردنى خوێنەرى ناخوێنەر یان مردوو پێدەچێت بەدەر لەوەى کارێکى خۆبەخۆ بێت بووبێتە پرۆسەیەک، پرۆسەیەک بۆ موعتادکردنى خوێنەر بەخوێندنەوەى تێکستە مردووەکان و ئەودەم لەجێى گەڕان بەشوێن بۆشایى و کون و کەلێن مەوداو کایە مەعریفیەکان و پرسیارکردن، تەنها گوێقوڵاغى وەڵامەکان دەبێت و تەسلیم بەدیفاکتۆى ئەو چەشنە تێکستانە دەبێت و خۆشەى دەکەن بەگوێڕایەڵى و هیچ نەگوتن و پرسیارنەکردن، بەمەش دەبێتە خاوەن ئەقڵیەتێکى غەیبانى بەو مانایەى کەتەنها بەشى دەبێتە قایلبوون و خۆبەدەستەوەدان بۆ ئەو لێشاوە باوەى کەلەگەڵ خۆى دەیبات، ئیدى ئەو دەم خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەى هەر کتێب و نووسینێکى مردووى بارگاوى بەهەموو ئەو کەرستە میتافیزیکى و غەیبانیانەى کەلەناوەوە تێکی دەشکێنێت، دەبێتە ئەو خوێنەرەکڵۆڵەى کەلەگەڵ خوێندنەوەى هەرچەشنە کتێب و بابەتێکى لەو چەشنە وەک مردوویەک دەبێت چاوەڕێى تەلقیندانى بکات، ئیدى لەو ساتەوەختانەدا خوێنەرێکى ئاوها بەو چەشنە خۆشەکراو هیچ توانایەکى بەرپەرچدانەوەى ئەو تێکدان و شێواندنە ناوەکییەى خۆى نییەو دەرهێنانەوەشى لەو ئاستەنگە کارێکى سەختە، چونکە تەسلیمبوون بەدۆگماکان یەکێکە لەکێشە گەورەکانى نەک هەر خوێنەران بەڵکو نووسەرانیش لەئاست نووسینى تێکستێکدا کەبتوانێت پرسیار بوروژێنێت.

“عەلى حەرب” دەڵێت: ( وادێتە پێشچاو لەمابەینى وتارێکەوە بۆ وتارێکى دیکە من ناکۆک و دژ بەخۆم یان ناکۆک و دژ بەبیرۆکەکانى پێشووترم بم، نکوڵى لەمە ناکەم و ناکرێت شتێکى تریش بم).
لەدرێژەى هەمان گوتەشیدا دەڵێت:
( ئەگەر نەگۆڕێم و بەردەوام جیاواز نەبم رەنگە لەبیرکردنەوە رابوەستم، یان لانى کەم ببمە مزگێنیدەر و بیرمەندیش بەوە دەکوژرێت کەببێتە مزگێنیدەر).
رەنگە ئەوەى کە “عەلى حەرب” ئاماژەى پێدەدات یەکێک بێت لەڕێگەچارە سەرەکییەکانى وەستان و راوحکردن و بگرە مەرگى نووسەریش، ئیدى پێویستە هەردەم لەنێو قووڵایى ناکۆکییە خودییەکان و کرانەوە لەئاست مەعریفە جیاواز و راو و بۆچوون و تەرحەکاندا بگەڕێینەوە بۆ نووسین یان خوێندنەوەو هەر بەم شێوەیەش دەتوانین ئیدامەیەکى ئەکتیڤ بەخۆمان بدەین.

هەرچەندە زۆر جار بەناچارى و هێندەى رێزمان و دەستوورى زمان و وشە دەستەواژەکان رێمان پێدەدەن، تێکست بەجوان یان بەهێز و یان دژەکانى ناودێر دەکرێت، بەڵام ئیشکالێک لەهەموو ئەمانەدا هەیەو لەڕاستیدا کاتێک بەنووسینێکى دیاریکراو دەگوترێت تێکست، ئەو واتایە لەخۆ دەگرێت کەدەکرێت بخوێنرێتەوەو قابیل بەڕاڤە و تەئویل و قسە لەسەر کردنە، ئیدى دەکرێت تێکستێک تۆکمەتر بێت لەیەکێکى تر، یان لەئاست خوێندنەوەدا کراوەتر بێت و یەکێکى دى داخراو بێت و ئەمەو زۆر چەشنە تێڕوانین و دەستەواژەو زاراوەو کەرستەکانى دیکەى ناساندنى تێکست، ئەو راستیە ناشارێتەوە کەناکرێت تێکست ببێتە سێبەرێکى نووسەرەکەى، وەک لەو پانتاییە بەناو رۆشنفکرییەى کەئێمەى تێدا دەگوزەرێین سەربارى زۆر شوێنى دیکەى دنیا بەرچاو دەکەوێت، رەنگە تێکستە لاواز و لەرزۆکەکان پێویستیان بەنووسەرەکەیان بێت، لەکاتێکدا داکۆکى نووسەرێک یان هاوبیرەکانى لەتێکستێکى دیاریکراو زیاد و کەم هیچ ناخاتە سەر تێکستەکە، تەنها تێکستە زیندووکانن کەوەک خۆیان هەڵگرى تواناى تێکنەشکاندنن و دەتوانن مەوداکانى زەمەن تێپەڕبکەن و ئەمەش پەیوەست نییە بەچەشن و شێوەى لۆژیکى بوونى یان نەبوونى سەربارى زۆر شتى دیکە کەئەقڵیەتێکى تەقلیدى پێى وایە نهێنى مانەوەى تێکستە زیندووەکان لەوەدایە.
یەکێک لەو کتێبانەى کەلەسەردەمى خۆیدا بۆ بەرگرى کردن لەئایینى مەسیحى و دەسەڵاتى کڵێساو مەرجەعیەتى ئایینى لەلایەن “تۆماس فۆن ئەکوینو” بەناوى ” رەخنەگرتن لەکافرەکان”، دژ بە تەرح و بۆچوونەکانى “ئیبن روشد” نووسراوە، لەمڕۆدا وەک تێکستێکى زیندوو سەیر ناکرێت و خوێنەر بەخوێندنەوەى ئەگەر بەمەبەست بیەوێت بیخوێنێتەوە بێجگە لەدژایەتییەکى بێ بنەماى نووسەرێکى ئەوروپى چاخەکانى رابردوو بۆ تەرحەکانى “ئیبن روشد” و رکو کینێکى ئاشکرا، سەربارى ترس و خۆفێکى بێ وێنە لەبۆچوونە جیاوازەکان هیچى دیکەى تێدا نابینێتەوە، هەرچەندە سەیرە پێش ئەوەى نووسەرانى ئیسلام و نێوەندە ئایینییەکانى ئیسلام دژ بەبۆچوون و تەرحەکانى “ئیبن روشد” بنووسن نووسەرێکى ئەوروپى مەسیحى دژى وەستابێتەوە، لەکاتێکدا دواتر بیرو بۆچوونەکانى ئەو بیرمەندە کاریگەرییەکى بێوێنەى کردە سەر نەخشەى فیکریى و ئایینى ئەوروپاو ئەوە بوو ئەوان لەناوەوەڕا گۆڕان و کەچى وڵاتانى عەرەب و رۆژهەڵاتى ئیسلامى هەرچەندە ئەو کتێبانەى “ئیبن روشد” لەزۆر رووەوەو بگرە هەر لەناوەڕۆکەوە جا چ شاراوە یان بەئاشکرا دژ بەو دەسەڵاتە ئایینییە ئیسلامییە بوو کەلەمەرجەعێکدا کۆ ببۆوەو لەگەڵ دەسەڵات جیانەدەکرایەوە، بەهەرحاڵ ئەوروپایەک کەدەستپێشکەر بووە لەدژایەتى “ئیبن روشد” و قەدەغەکردنى کتێبەکانى گۆڕاو پانتاییە ئیسلامییەکەش وەک خۆى ماوەیەوە.

ئەوەى کەلێرەشدا پێویستە ئاماژەى پێبدرێت خوێندنەوەى ئێستامانە بۆ ئەو تێکستانەى “ئیبن روشد” کەماونەتەوەو لەسووتاندن و فەوتان رزگاریان بووە، هاوکات خوێندنەوەى تێکستەکانى “غەزالى” یشە لەگەڵ تێکستە رەخنەییەکانى “ئیبن روشد” بۆ فیکر و تێڕوانینى “غەزالى”. بەو پێیەى تێکستەکانى هەردوو نووسەر تۆکمەن و هەردەم قابیل بەخوێندنەوەن و هەڵگرى کۆمەڵێک تایبەتمەندى خۆیانن کەوا لەخوێنەر دەکات وەک تێکست بیانخوێنێتەوە ئەمە لەگەڵ ئەوەى کەوەک ئاماژەمان پێدا ئەوەى هەردوو نووسەر نووسیویانە دیارە پێشتر “غەزالى” و پاش نزیکەى هەشتا ساڵێکیش “ئیبن روشد”، وەک خۆیان هەڵگرى خەسڵەتەکانى تێکستن و قابیل بەخوێندنەوەن، بەبێ ئەوەى چۆنیەتى خستنە رووى میتۆدى و فیکریى و تێڕوانین و بۆچونەکان هیچ کاریگەریەکى هەبێت، چونکە بەدەر لەهەر دۆگماو بۆچوونێکى پێشوەخت و سەلەفى و راوەستاو لەپشت ئەوەى خستویانەتەڕوو، لەساتەوەختى کردەى نووسیندا زۆر شتیان رەنگە بەئاگا یان بێئاگا شاردبێتەوە کەئێستا بەخوێندنەوەیان هەوڵى کەشفکردنیان دەدەین، سەربارى ئەوەى کەویستویانە بیڵێن و نەیانوتووەو دەیان وردەکارى تر کەتێکستە زیندووەکانى پێدەناسرێتەوە، ئەمە جگە لەوەى کەتێکستەکانیان بۆ خۆیان هەڵگریین. وەڵامدانەوەى “ئیبن روشد” بۆ “غەزالى” سەبارەت بەوەى کە” غەزالى” لەڕێى خستنەڕووى بیست چەشنە بۆچوونەوە بەرپەرچى تێکستە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفەکان دەداتەوەو تا دەگاتە بەکافر لەقەڵەمدانى “فارابى” و “ئیبن سینا”، دەرحەق بەوەى کەئەوان دنیا لەهەموو شتێک بەکۆنتر دەزانن و پێیان وایە یەزدان وردەکارییەکان نازانێت و…تاد. “ئیبن روشد” لەکتێبى “تەهافوتى تەهافوت”دا بەرپەرچى تێڕوانینەکانى “غەزالى” دایەوەو ئیعتیبارى بۆ فەلسەفە گەڕانەوەو “ئیبن سینا” و “فارابى” یشى لەخانەى تەکفیر هێنایە دەرێ و هێرشێکى زۆر توندى کردە سەر “غەزالى” و بە پیاوێکى شەڕانگێز و جاهیل و خراپەکارى دایەقەڵەم کەلەپێناو سەپاندنى راوبۆچوونەکانى سڵى لەبەکار هێنانى هیچ شێوازێکى پڕ پێچ و پەناو دووڕووانە نەکردۆتەوە بەتایبەتیش لەپێناو تەکفیرکردنى ئەو دوو زاتەى کەناومان هێنان. بەڵام دیارە ئەوەى کە”ئیبن روشد” لەنووسینەکانیدا سەبارەت بەو مەسەلەیە شاردویەتییەوە، پاشگەزبوونەوەى “غەزالى” یە لەتەکفیرکردنى ئەو دوو زاتە وەک لەکتێبى “تەفرەقە” دا ئاماژەى پێداوە، بێگومان تێکستە زیندووە تۆکمەکان زۆر لەوە قووڵترن سەرپێى تێیبڕوانین و لێیخووردببینەوە. چى لەوە سەیرتر هەیە “ئیبن روشد” لەژێر پەردەى پەیوەست بوونى بەئایین و بیربۆچوونە میتافیزیکییەکانەوە بێت و ئاماژە بەوە بدات کەخوداوەند نابێت لەنێو زەمەندا قەتیس بکەین، چونکە ئەو خالیقى هەموو ئەو شتانەیە کەدروستى کردووەو بەو پێیەش هیچ یاسایەک کەئەو شتانە دەگرێتەوە ئەو ناگرێتەوە، کەواتە خوداوەند لەدەرەوەى زەمەندایە و هەموو شتەکانى دیکەش لەنێو زەمەندان، ئیشکالەکە تەنها ئەوەندە نییە بەڵکو لاى ئەو بیرمەندە شتێکى ترەو بەشارەوەیى و زۆر زیرەکانە خۆى لێداوە ئەویش ئەوەیە کەجەخت دەکاتە سەر ئەوەى کەجووڵە تەنها خەسڵەتێکى تایبەتە بەو شتانەى لەنێو زەمەندان و هیچ شتێک لەدەرەوەى زەمەن و دنیاى ماتەریاڵ جووڵەى نییە، لەڕوانگەیەکى ترەوە کەواتە هیچ شتێک نییە بکەوێتە دەرەوەى زەمەن و ئەگەر تەسەوورێکیش بۆ شتێکى وا هەبێت ئەوە ئەو شتە لەڕاستیدا نییە!؟.

ئەم ئاماژە پێدانەمان بۆ ئەوەیە کەبزانین تێکست تەنها ئەوە نییە کەوەک خۆى لەخۆى دەگرێت، بەڵکو شاراوەو نەگوتراو و تەنانەت ئەو گوتراوانەشى کەبەو چەشنەى لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا پەردەپۆشکراوە شتگەلێکى زۆر گرنگن بۆ کردنەوەى دەرکەکانى تێکست و دۆزینەوەى کۆدەکانى و کارى خوێنەرى جیدیش هەوڵدانە بۆ کەشفکردن و دۆزینەوەو گەڕانى زیاتر بەشوێن نهێنى و پەنهانەکانى تێسکتدا، ئەمەش لەکاتێکدا خوێنەر دەڕۆستى دێت کەتوانیبێتى ئەو وەهمە لەمێشکى خۆیدا بسڕێتەوە کە تێکستە تۆکمەکان بەچەشنى قەڵا سەختەکان پێویستیان بەسوپایەک هەیە تا ماوەیەکى دوور و درێژ گەمارۆى بدەن و لەڕێکەوتێکیشدا دیوار و دەرکەکانى تێک بشکێنن و ئەگەر توانیان داگیرى بکەن.

بەدرێژایى ساڵانێک سیستەمێکى بەرفراوانى فیکرى و رۆشنبیرى و ئەدەبیى میتافیزیکى کارى بۆ وێناکردنى تێکست کردووە وەک شاکارێکى موقەدەس و نووسەریش وەک بوونەرێکى تەقدیسکراو، بەمەش کارى خوێنەریان کورتکردۆتەوە بۆ وەرگرتنى ئەوەى کەهەیە بێ چەندوچوون و بگرەو بەردەى خوێندنەوەیەکى جیدیانە، نێوەندى ئەدەبى و رۆشنبیرى و فیکرى و رەخنەیى کوردیش بەشێوەیەکى بەرچاو هەندێک لەنووسەرانى کوردى کردۆتە قارەمان و هەوڵیداوە بەگێڕانەوەى ماجەراکانى ژیانیان و بەسەرهاتە جۆراو جۆرەکان و هەڵوێستە بەنامێیەکانیان نووسینەکانیان بخاتە پەراوێزەو هەردەم ئامادەگى بە ناوەکان بدات لەبرى تێکستەکان، ئەمەش لەسەرجەم کتێبە ئەدەبییەکانى قۆناغى خوێندن و لەدەرەوەى ئەوانیش لەزۆرێک لەنووسین و لێکۆڵینەوەکاندا دەبینرێتەوە، ئیدى بەشێکى زۆرى خوێنەرانى کورد ئاگادارن بۆ نموونە لەوەى فڵانە شاعیر کوڕى کێ بووەو دەچێتەوە سەر چ نەسەب و عەشیرەت و خێڵێک و لەکوێ فەقێ بووەو لەکوێ بۆتە مەلا و لەکوێ مردووەو چەندین شتى لەو بابەتەش، سەربارى خستنەڕووى سەرپێیانەو پێناسەکردنێکى بوار و مەوداکانى نووسینى و گرێدانەوەى بەقۆناغێکى دیاریکراوى ئەدەبییەوە، زۆربەى ئەوەى کەئەو دەم و ئێستاش دەکرێت:( تەنها لەکۆڵخۆکردنەوەو زیادکردنى ژمارە ناوەکانە و ئامرازێکە بۆ وروژاندنى هەست و سۆزى نەتەوەیى و شتى لەو بابەتەو ئەویش وەک زۆر شتى دیکە لەڕوانگە تیرەگەرییە فیوداڵییەکەوە مامەڵەى لەگەڵ کراوەو وەک دانانى ناوێکى نەشیاو لەگەڵ نووسەرانى سەردەمێک لەسەردەمەکان و ریزبەندیکردنى و ئاماژە پێدانى و حیساب بۆ نەسەب و جێگەو شوێنە کۆمەڵایەتییەکەى کراوە، ئەگینا هەن هیچى ئەوتۆیان نەنووسیوە ئەگەر نەڵێین هەر نووسینێکى ئەو تۆیان نییە کەوەک ئەدیب ناویان بهێنرێت، کەچى لێرەو له‌وێ بەویستى فڵان و فیسارە کەسى دەستڕۆیشتوو ناویان دەچێتە لیستی نووسەرانى سەردەمێکى دیاریکراوەوە، هەرچەندە ئەمە ئەگەر کێشەش بێت لەڕووى تاکەکەسییەوە هێندەى ئەوە کێشە نییە کەتۆ بەدرۆ مێژوویەک بۆ ئەدەبیاتى میللەتێک دروستبکەیت و فێڵ لەنەوەیەکى خۆت بکەیت و پێیان بڵێیت بۆ نمونە لەکاتێکدا تۆ ئەگەر خاوەنى بیست شاعیر بیت کەشاعیر بێت کەچى ناوى سەد شاعیریان بۆ ریزبکەیت و پێیان بڵێیت ئەمانەن کەڵەشاعیرەکانى شیعرى کوردى!!؟ لەکاتێکدا هەر وەک نمونەیەک عەرەب پاش ساڵانێک لەدانە پاڵى کۆمەڵێک شیعرى زۆر بۆ شاعیرەکانى سەردەمى جاهیلییەت، بەبێ ئەوەى وەک لایەنى ئیستەتێکى یان ناوەڕۆک هیچ کێشەیەکیش لەو شیعرانەدا بەدى کرابێت، کەچى وردبوونەوەو خوێندنەوەى لێکۆڵینەوەى رەخنەکارانى ئەدەبەکەیان واى لێکردن زۆربەى ئەو شیعرانەى کەپێشتر بەشیعرى شاعیرانى سەردەمى جاهیلییەت لەقەڵەمدرابوو وەلابنێن بیکەنە دەرەوەى بازنەکانى ئەدەبیاتى سەردەمى جاهیلییەتەوە وەک عەرەب خۆى ناوى دەبات).

ئەمە لەگەڵ ئەوەى هیچ کاتێک زۆرێک لەتێکستە باشەکان لەهیچ شوێنێکى دنیادا نەچوونەتە نێو رەسمیاتى دامو دەزگا رەسمى و کتێبەکانى قۆناغەکانى خوێندنى وڵاتانەوەو پێویستیشە نەچێت، ئەمەش باشترین شتێکە بۆ مانەوەى ئەو تێکستانە بەزیندووێتى، چونکە هەر کاتێک تۆ هەر تێکستێکت کردە ماتەریاڵى خوێندن بەزۆر و ئەزبەرەکردن و لێپرسینەوە، ئەوە گەورەترین بێحورمەتیت بەو تێکستە کردووەو بەتەواوى مرانووتە، هەروەک چۆن سەرۆکى یەکێک لەوڵاتەکانى ئەمریکاى لاتین پاش چاپکردنى ملیۆنەها نوسخە لە”دۆن کیخۆتە” و بەزۆر دابەشکردنى بەسەر خەڵکى وڵاتەکەیدا و بانگەشەکردنى بۆ ئەوەى کەدەبێت هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە، جوانییەکانى ئەو تێکستەى لاى بەشێکى زۆرى خوێنەران کوشت و “دۆن کیخۆتە”ى کردە ئامڕازێکى ریکلامى بۆ خۆى و دەسەڵاتەکەى.

ئەمە لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئەوانەى خۆیان سەرقاڵى نووسینى رەخنەیى کردووە، هێشتاکە نەگەیشتوونەتە ئەو تێڕوانینە رەخنەییەى کەدواجار لاى “غەزالى” دروست بووە، سەبارەت بەوەى رەخنەیەک لەسەر دژایەتى و لێدانى ئەم و ئەو دروست بووبێت، زۆر دەستەوسانترە کەحەقیقەتێکى مەعریفى بەرهەمبهێنێت، چونکە دژایەتى و لێدان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەتۆ حەقیقەتێکت لایە جیاواز لەوەى کەخراوەتەڕوو، بەمەش کارى تۆ دەبێتە پاکانەو پاساو هێنانەوە بۆ حەقیقەتێکى پێشتر زانراو و سەلمێنراو، بەو پێیەش هەرگیز ناتوانیت فیکر و مەعریفەیەکى نوێ بەرهەمبهێنیت، سەرقاڵبوونى رەخنە بەدانەرى تێستەوەو لەبیرکردنى تێکست دیاردەیەکى ترسناکەو تەنها پێکدادان و دژایەتییەکى بێماناى لێدەکەوێتەوە.

“رۆلان بارت” دەڵێت: ( دانەر بوونى نییە تەنها لەساتەوەختى بەرهەمهێناندا نەبێت، منیش وەک خۆم و لەم ئەزموونە خاکییەمەوە هەستم بەوە کردووە کە پاش نووسین هیچ نامێنێتەوە لەبارەیەوە بیڵێم و هیچ پێوەندییەکى موڵکایەتى و بەڕێوەبردنیش پێوەم نابەستێتەوە (.
یان دەڵێت:
) تێکست دادەنرێت و دەخوێنرێتەوە بەچەشنێک کە لەهەموو لایەنەکانەوە دانەر تێیدا غائیبە (.
زۆر جاران نووسینە جیدییەکان بەگشتى و شیعریش بەتایبەتى لەڕووى مامەڵەکردنى لەگەڵ یەقین و گومان و جێهێشتنى بۆشاییەکانەوە، “تاوییەکان”م بیردەخاتەوە.
“چوانگ تز” “تاو” بەو شتە دەچووێنێت کەهەم بۆشاییەو هەم نابۆشایى، لەکاتێکدا هیچیان نییە. دەیچووێنێت بەو شتەى کەڕەگ و قەدەکان دروست دەکات و بەڵام نابێتە ئەوان، کۆبوونەوەو جیاکردنەوە دروست دەکات، لەکاتێکدا خۆى نەجیادەکرێتەوەو نەکۆشدەکرێتەوە..وەک لەگوتەیەکى “تاوییەکان”دا هاتووە:
)له‌وێ سەرەتایەک هەبوو
له‌وێ سەرەتایەک هەبوو دەکەوتە پێش ئەو سەرەتایەوە
له‌وێ بوونێک هەبوو
له‌وێ نابوونێک هەبوو (.
رەنگە زیندووترین تێکست ئەو تێکستە بەراییە بێت کەدەیەوێت ببێتە سەرەتا یان بۆ خۆى ئەو سەرەتایەیە کەدەبێت هەوڵى دۆزینەوەى بدەین، ئەگەر پێشمان وابێت هەر سەرەتایەک سەرەتایەکى دیکەى لەپشتەوەیەو بەم چەشنە سەرەتاکان لەشوێنێکدا راناوەستن و سەقامگیرنابن، یان بەبڵێین تەواو نابن و نابنە کۆتایى، ئەو دەم خوێندنەوەمان بۆ تێکست دەبێتە کردەیەکى بەردەوامى گەڕان و هەوڵدان بۆ کەشفکردنى نەگوتراو و نەزانراوەکان.. هەوڵدانیشمان بۆ خوێندنەوەى نەنووسراو و نەگوتراو و نەزانراوەکان، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەى ئەو دنیا ونبووەى کە دانەر خۆشى لێى بێئاگایە.

izadyusf@gmail.com




گۆڤاری هانا ژمارە 2 …

بۆخوێندنەوەی ژمارە 2ی گۆڤاری هانا کلیلی ئێرەبکەن …..




ئه‌و پیاوه‌ی له‌ كه‌س نه‌ده‌چوو! … هێمن خورشید

بۆ مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین

19ی ئایاری 2017، ڕێك بیستوپێنج ساڵ دوای یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، مرۆڤێك ئێره‌ی جێهێشت و به‌ره‌و جیهانی نادیاری بێكۆتایی بنه‌ و بارگه‌ی پێچایه‌وه‌.
ئه‌و پیاوه‌ له‌ كه‌س نه‌ده‌چوو، خۆی خۆی بوو و ته‌واو. ئه‌و نه‌یاره‌كانیشی هاوشێوه‌ی یاره‌كانی پێی سه‌رسام بوون، ئه‌گه‌رچی ده‌یانشارده‌وه. ئه‌و هه‌م كه‌م قسه‌ی ده‌كرد و هه‌م كاتێ كه‌ قسه‌ی ده‌كرد جیاواز ده‌دوا. له‌ كاتێكدا سیاسییه‌كانی دیكه‌ قسه‌ی كڵێشه‌یی ده‌كه‌ن و قسه‌ی هه‌موویشیان كۆپیی یه‌كتره‌ و به‌ر له‌وه‌ی زار بكه‌نه‌وه‌، خه‌ڵكی ده‌زانن چی ده‌ڵێن و ده‌توانن ته‌واویان بكه‌ن، ئه‌و قسه‌كانی هی خۆی بوون و كه‌س نه‌یده‌توانی ته‌واویان بكات!
ئه‌و زیاتر وه‌ك نووسه‌رێك ده‌په‌یڤی، ڕسته‌كانی كورت و پڕ بوون، وشه‌یه‌كت لێ ده‌ركردبان ماناكه‌یان تێكده‌چوو، چون حیسابی بۆ ژماره‌ی وشه‌ و ڕسته‌كانی ده‌كرد. كه‌ قسه‌ی ده‌كرد وات هه‌ستده‌كرد قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، چاوی له‌ كامێرا نه‌بوو، بۆیه‌ بێمنه‌ت ده‌رده‌كه‌وت، ڕه‌نگه‌ تاقه‌ كوردێك بووبێت له ‌دنیادا، وه‌ختێ له‌ به‌رنامه‌یه‌كدا به‌شدار ده‌بوو و بێژه‌ره‌كه‌ لێی ده‌پرسی: دوا وته‌ت چییه‌؟ وتبێتی: “هیچم نه‌ماوه‌”. ئاخر تاكی ئێمه‌ قه‌ت تێر له‌ قسه‌ ناخوات و تا ڕێی بده‌یت قسه‌ ده‌كات!
ئه‌گه‌رچی وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئه‌م وڵاته‌، ئه‌ویش خاڵی نه‌بوو له‌ خه‌م و كه‌سه‌رگه‌لێك كه‌ باری شانیان خه‌م كردبوو و هه‌ندێ جار به‌ لاڕێیاندا ده‌برد، لێ هه‌رچۆنێك بێت جیاواز بوو.
قه‌ده‌ر منی سێ جار له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا كۆكرده‌وه‌، نێوان هه‌ر دوو جارێكیان چه‌ند ساڵێك بوو، جارێكیان نه‌ ئه‌و هیچ قسه‌یه‌كی له‌ زار ده‌رچوو و نه‌ من ڕێگه‌ی ئه‌وه‌م هه‌بوو هیچ قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بكه‌م. جاری دووه‌میان چه‌ند كه‌سێك له‌گه‌ڵیدا كۆبووینه‌وه‌ و هه‌م ئه‌و قسه‌ی كرد و هه‌م من ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خسا قسه‌ بكه‌م، وه‌لێ دانیشتنه‌كه‌ هه‌م گشتی بوو و هه‌م كورتخایه‌ن. لێ جاری سێیه‌م كه‌ نزیكه‌ی نیو سه‌عاتێكی خایاند، قسه‌ی زۆری تێدا كران، هه‌رگیز داخی ئه‌وه‌م ناچێت كه‌ نه‌ ئه‌و كات هیچم له‌باره‌ی دانیشته‌كه‌‌وه‌ نووسی، نه‌ قسه‌كانم تۆماركردن و نه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ره‌خاڵه‌كانیشم له‌ لای خۆم یادداشت كردن، بۆیه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكی گشتی، ورده‌كاریم بیرنه‌ماون. لێ له‌و دانیشتنه‌دا یه‌ك دوو قسه‌یه‌ك كران، بۆ مێژوو ده‌مێننه‌وه‌ و مافی شاردنه‌وه‌یان به‌ خۆم ناده‌م.

یه‌كه‌م جار ئه‌وم بینی، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم مابێت مانگی شوبات یان ئاداری 2001 بوو، له‌ به‌شی ناوخۆیی ئیسكانی شاری سلێمانی بووم، له‌پڕ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌ (مام جه‌لال) له‌ زانكۆی سلێمانییه‌ و به‌ره‌و به‌شی ناوخۆیی دێت! هه‌واڵه‌كه‌ كه‌مێك سه‌یر بوو و سه‌ره‌تا باوه‌ڕم نه‌كرد، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو چه‌ند ماشێنێك وه‌ستان و ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدار به‌ هه‌موو لایه‌كدا بڵاوبوونه‌وه‌، تاقی به‌یانی بوو،‌ به‌شی ناوخۆیی خوێندكاری زۆری لێ نه‌بوون، له‌یڕ تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وت، ڕه‌وانشاد د.كه‌مال خۆشناو كه‌ ئه‌و وه‌خت سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بوو به‌ شانییه‌وه‌ بوو و زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ئه‌و وه‌ختی یه‌كێتیی نیشتمانیشی له‌گه‌ڵدا بوون. ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ یه‌كه‌م نیگاوه‌ سه‌رنجی ڕاكێشام پیاوێكی باڵابه‌رزی كه‌مێك لاوازی جلوبه‌رگ ساده‌ی دووره‌په‌رێز بوو. ورده‌ورده‌ خوێندكاره‌كان دوو دوو و سێ سێ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و خه‌ڵكی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌یش ڕوویان له‌ به‌شی ناوخۆیی ده‌كرد.

زۆری پێ نه‌چوو ئاپۆرایه‌ك دروست بوو –لێره‌دا بواری باسكردنی ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ نییه‌- تاڵه‌بانی بۆ هه‌ركوێ هه‌نگاوی ده‌نا، ئاپۆراكه‌ له‌گه‌ڵی ده‌كشا، هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌یشی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا بوون، له‌ته‌ك ئاپۆراكه‌دا ده‌كشان، ته‌نیا‌ كه‌سێك كه‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ تاقی ته‌نیا وه‌ستابوو و كه‌سی به‌ ده‌وره‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و پیاوه‌ باڵابه‌رزه‌ بوو. له‌ هه‌ركوێی ئاپۆراكه‌وه‌ سه‌رنجت بدایه‌ سه‌ری ئه‌وت ده‌بینی، وا ده‌رده‌كه‌وت سه‌ری له‌ باڵای هه‌مووان بڵندتر بێت! دوای بیست خوله‌كێك مانه‌وه‌، تاڵه‌بانی بریاری ڕۆیشتنی دا، بوو به‌ جموجوڵ و ڕاكه‌ڕاك… چه‌كدار و پاسه‌وانه‌كان هه‌موو جووڵان، مه‌سوول هه‌ریه‌كه‌ی دوو سێ چه‌كداریان به‌ ده‌وره‌وه‌ بوون و كه‌وتنه‌ ڕێ، ماشێنه‌كان كردیان به‌ هۆڕنلێدان و خوێندكاره‌كان و ئه‌ودوای خه‌ڵكه‌كه‌یش به‌ره‌و لای ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی به‌شی ناوخۆیی هوروژمیان برد، كه‌چی ئه‌و پیاوه‌ باڵابه‌رزه‌ هه‌ر له‌ جێی خۆیدا وه‌ستابوو و نه‌ده‌جوڵا.

زۆری نه‌برد ماشێنه‌كان دایانكێشا و خه‌ڵكه‌كه‌ بڵاوه‌یان لێی كرد، منیش هه‌ر سه‌رنجی ئه‌و پیاوه‌م ده‌دا و نه‌مده‌زانی بۆ ناجووڵێت؟ بۆ كه‌س لێی نزیك نابێته‌وه‌؟ بۆ هه‌موو ڕۆیشتن و به‌جێیانهێشت؟ له‌م لێكدانه‌وانه‌دا بووم، ماشێنێكی مۆدێل كۆن له‌ دیوی ئه‌وبه‌ری جاده‌كه‌ی به‌رده‌م به‌شی ناوخۆییه‌وه‌ ‌ده‌ركه‌وت، هه‌ڵه‌ نه‌بم به‌رازیلییه‌كی سوور بوو، ته‌نیا یه‌ك چه‌كدار به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ وه‌ستابوو، چه‌كداره‌كه‌ چاوی هه‌ڵبڕی و ته‌ماشایه‌كی ئه‌می كرد، ئه‌میش به‌ دوو سێ هه‌نگاوی درێژی خێرا له‌ ده‌رگاكه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ چاوترووكاندنێكدا خۆی گه‌یانده‌ ماشێنه‌كه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی بڵێی بیسمیللا هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتن و به‌ ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی ماشێنه‌كانی تاڵه‌بانی و هاوه‌ڵه‌كانیدا به‌ڕێكه‌وتن!

پێشتر ناوی ویم بیستبوو، لێ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جارم بوو بیبینم. سام و هه‌یبه‌تێكی هه‌بوو، به‌تایبه‌ت بۆ ته‌مه‌نی ئه‌و وه‌ختی من، سامه‌كه‌ی له‌ دوو شتدا بوو: بێده‌نگییه‌كه‌ی و تیله‌نیگا‌ خه‌یاڵه‌وییه‌كه‌ی كه‌ ده‌یگرته‌ خاڵێكی دوور.

چه‌ند خوله‌كێك له‌نیوان داكێشانی ماشێنی مه‌سووله‌كان و ڕۆیشتنی ئه‌مدا هه‌بوو، له‌و چه‌ند خوله‌كه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێته‌وه، من و ئه‌و‌ كه‌سمان له‌نێواندا نه‌بوو، هه‌مووان دوای ئاپۆراكه‌ كه‌وتن و دواییش بڵاوه‌یان لێی كرد، كه‌چی نه‌متوانی لێی نزیك ببمه‌وه‌ و لێی بپرسم: تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده‌ ته‌نیای؟ بۆ جله‌كه‌ت وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ نییه‌؟ بۆ خه‌م ڕووخساری پۆشیوی؟!
جاری دووه‌می یه‌كتربینینمان هاوینی 2007 بوو، وه‌ختێ تازه‌ كۆمپانیای وشه‌ دامه‌زرابوو، هێشتا خوێندنی زانكۆم ته‌واو نه‌كردبوو، له‌گه‌ڵ پێنج شه‌ش هاوڕێیه‌كدا سه‌ردانێكی گردی زه‌رگه‌ته‌مان كرد و نزیكه‌ی سه‌عاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ دانیشتین. له‌و دانیشتنه‌یشدا هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ قسه‌كانی زیاتر سه‌رنجیان كێش كردم. هاوڕێیه‌كمان ده‌یگوت دیمه‌نی جگه‌ره‌كێشانی ئه‌و ڕۆژه‌ی وی، بناغه‌ی جگه‌ره‌كێشانی من بوو!
عاده‌تێكی هه‌بوو، پرسیارێكی هه‌ڵده‌دایه‌ ساحه‌ی به‌رانبه‌ره‌وه‌ و ئینجا به‌وردی گوێی له‌ وه‌ڵامه‌دانه‌وه‌كه‌ی ده‌گرت. ئه‌و ڕۆژه‌یش ڕووی له‌ ئێمه‌ كرد و پرسی: ئێوه‌ خوێندكاری زانكۆن، ڕاسته‌ ده‌ڵێن زۆرێك له‌ خوێندكارانی زانكۆ، جگه‌ له‌ زمانی كوردی هیچ زمانیكی تر نازانن؟ منیش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتم ئه‌وه‌یان شتێكی بێگومانه‌، تۆ بپرسه‌ ڕاسته‌ مامۆستای زانكۆ هه‌یه‌ جگه‌ له‌ زمانی كوردی هیچ زمانێكی تر نازانێت؟! ئه‌وه‌ی كه‌ نایزانێت قه‌ینا، به‌س نایشزانێت كه‌ نه‌زانینی كێماسییه‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌!
به‌و قسه‌یه‌ی من زۆر پێكه‌نی و وتی ئاوها؟! ئاماده‌بووان یه‌كڕا پشتیوانییان له‌ قسه‌كه‌م كرد.
قسه‌یه‌كی تری كه‌ له‌ هه‌مان دانیشتندا كردی و بیرم ناچێته‌وه‌، چونكه‌ ئاماژه‌ بوو بۆ وردیی و دووربینیی وی، ئه‌وه‌ بوو له‌ پسپۆڕییمانی پرسی و كه‌ زانی یه‌ك دووانێكمان له‌ كۆلێژی شه‌ریعه‌ ده‌خوێنین، وتی: ئێوه‌ ئێستا هه‌لی باشتان له‌ به‌رده‌مدایه‌، بیرتان كردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی دواتر فیقهی موقارن بخوێنن؟ زۆر پێویستمان به‌و فیقهه‌یه‌ بۆ بابه‌تی یاسا و ده‌ستوور!

كاتیك براده‌ران نیازی خۆیانیان بۆی ئاشكرا كرد –هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پێشتریش زانیبووی بۆ چ مه‌به‌ستێك چووینه‌ته‌ لای- پرسی: ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت گۆڤاری ئیسرائیلناسی ده‌ربكه‌ن؟ باشه‌ كه‌ستان زمانی عیبری ده‌زانن؟ ئه‌وه‌ مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه‌. دیار بوو باوه‌ڕی به‌ بیرۆكه‌كه‌مان نه‌بوو.
سێیه‌م یه‌كتربینینمان له‌ مانگی ته‌مموزی 2013دا بوو، دوو هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌سه‌ر داوای هاوڕێیه‌ك، له‌گه‌ڵ (د.فه‌همی عه‌لی)یدا سه‌ردانێكی گرده‌كه‌ی زه‌رگه‌ته‌مان كرد و زۆربه‌ی ژوور و جێگه‌ گرنگه‌كان گه‌ڕاین، خۆشترین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌و دانیشتنه‌ پێنج قۆڵییه‌ بوو كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی ویدا سازبوو.

كاتێ گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م ژووره‌كه‌ی، یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی و چه‌ند دۆستێكی تر پێشوازییان لێ كردین. پێیان وتین میوانی هه‌یه‌، ده‌بێت كه‌مێك چاوه‌ڕێ بین. زۆری نه‌خایاند میوانه‌كانی ڕۆیشتن، به‌ بێ وه‌ستان به‌ ئێمه‌یان وت فه‌رموون! كه‌ چووینه‌ ژووره‌وه‌، ته‌نیا كاك ڕێبین هه‌ردی له‌ لا بوو. ئێمه‌یش من و د.فه‌همی و كاك هوشیار عومه‌ر بووین، ئه‌مه‌ی دوایی ڕێكخه‌ری سه‌ردان و دانیشتنه‌كه‌ بوو.

مامۆستا هوشیار ئێمه‌ی پێی ناساند. ئه‌و كه‌ گوێی له‌ ناوی پزیشكیی ده‌روونی بوو، یه‌كڕاست به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی: كاكه‌ ئه‌وه‌ چل ساڵه‌ (پارتی) ده‌ڵێت نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خۆشیی ده‌روونیی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ من و ئه‌وه‌ ئێوه‌، فه‌رموون بزانن ڕاسته‌‌ نه‌خۆشم؟! هه‌موومان پێكه‌وه‌ پێكه‌نین. دوای كه‌مێك بێده‌نگی، ئه‌م جاره‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی جیددیتر كه‌وته‌وه‌ دوان و وتی: له‌ گاڵته‌ ده‌ربچێت، ئێوه‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی كورد به‌ ته‌واو ده‌زانن؟! پرسیاره‌كه‌ی هه‌ڵیدایه‌ ساحه‌ی ئێمه‌وه‌، تۆپێكی ئاگرین بوو و ده‌بوایه‌ خۆمانمان لێی بپاراستایه‌. من یه‌كسه‌ر تۆپه‌مه‌كه‌م لێی وه‌رگرت و هه‌ڵمدایه‌وه‌ ساحه‌ی خۆیه‌وه‌، بزه‌پێكه‌نینێكم كرد و پێیم وت: تۆ خۆت چۆنی ده‌بینیت؟ زۆر به‌جیددی وه‌ڵامی دایه‌وه‌، وتی: وه‌ڵا به‌ ڕای من له‌ سه‌دا هه‌شتامان، به‌ خۆیشمه‌وه‌، ته‌واو نین! من وتم به‌رپرسه‌كانی وڵاتی خۆمان زۆریان ته‌نیا ته‌ماشای ئاوێنه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ ڕوخساری خۆیانیان جوان پیشان ده‌دات‌، ته‌نیا گوێ له‌ كه‌سانێك ده‌گرن كه‌ مه‌دح و سه‌نایان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ هه‌رگیز ڕاستییه‌كانیان وه‌ك هه‌یه‌، ئاوها پێ بگات.

له‌ درێژه‌ی قساندا وتم: ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ڕێزت ده‌ینوێنیت، له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت، ده‌توانێت به‌بێ پرسگه‌ و نۆره‌گرتن بێت بتبینێت، شتێكی زۆر گه‌وره‌ نییه‌، لێ چونكه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ كه‌س به‌ئاسانی ده‌ستی پێیان ناگات، ئه‌مه‌ی‌ به‌ڕێزت ده‌یكه‌یت، بۆت بووه‌ته‌ ئیمتیاز!
نه‌ ئه‌و و نه‌ كه‌سی دیكه‌ هیچیان نه‌وت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌رچووین، به‌ خۆمم گوت ئه‌گه‌رچی له‌ ده‌ربڕینی ئه‌و بۆچوونه‌تدا نیازت خراپ نه‌بوو و ئه‌وه‌ی وتت ڕاستییه‌كی بێگومانه‌، لێ ده‌ربڕینه‌كه‌ت زه‌ق و ڕه‌ق بوو، دوور نییه‌ دڵی ئه‌و پیاوه‌ت به‌و قسه‌یه‌ت ڕه‌نجاندبێت.
گه‌لێ باس تاووتوێ كران، به‌داخه‌وه زۆرێكیانم بیرنه‌ماون، ئومێده‌وارم ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر بیریان مابن. باسی زمان كرا، چه‌ند وشه‌یه‌كی هێنایه‌ ناوه‌وه‌، ده‌بینم زۆر به‌چێژه‌وه‌ له‌ ڕه‌گوڕیشه‌یان ورد ده‌بێته‌وه‌. ئیمه‌یش بۆیمان ده‌سه‌نده‌وه‌.

شتێكی تر كه‌ له‌و دانیشتنه‌ بیرم مابێت، پرسیارێكی بوو ده‌رباره‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونیی درێژخایه‌ن، پرسی: ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی خێزانیان نییه‌ و بێلانه‌ن، له‌ لای ئێوه‌ جێیان ده‌بێته‌وه‌؟ ئێمه‌یش به‌وردی باسی دۆخی نه‌خۆشخانه‌ و شێوازی وه‌رگرتنی نه‌خۆش و كه‌میی جێگه‌مان بۆ كرد. وتی: ئه‌ی چۆن تا ئێستا بیر له‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ دروست بكرێت و هه‌موو نه‌خۆشه‌كان بگرێته‌ خۆی؟ ئێمه‌یش وتمان: ئێمه‌یش ده‌پرسین بۆ نه‌كراوه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێت‌‌ حكوومه‌ت وه‌ڵامی بداته‌وه‌. ئینجا ڕووی له‌ كاك ڕێبین كرد و پێی وت: “ئه‌مان ده‌زانن، نه‌خۆشانی شیزۆفیرینیا، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریان بدرێتێ، چاك ده‌بنه‌وه‌” له‌ ڕووم نه‌هات پێی بڵێم له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ وا نییه‌!

باسی زانكۆ و نووسین و ئه‌و شتانه‌یش كرا، په‌یمانم پێ دان دوو كتێبی خۆمیان بۆ بنێرم، دواتر په‌یمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ وی به‌سه‌ر برد و هه‌ردوو كتێبی (نه‌خوێنده‌واری له‌ زانكۆدا) و (فووكردن له‌ خۆڵه‌مێش)م بۆ نارد، كه‌چی تا ئێستایش قه‌رزرداری كاك ڕێبینم و بۆ ئه‌وم نه‌ناردوون‌!
ئه‌و ڕۆژه‌ وا دیار بوو جه‌وی خۆش بوو، تاقه‌تی قسه‌كردنی هه‌بوو، زوو زوو سوعبه‌تی ده‌كرد و پێده‌كه‌نی. نیو سه‌عاتێك یان زیاتر بوو دانیشتبووین، له‌پڕ بێده‌نگ بوو، ته‌ماشایه‌كی بنمیچی ژووره‌كه‌ی كرد، سه‌ری به‌ لای ده‌سته‌ڕاستیدا سووڕاند و بێده‌نگی قه‌یرێك ژووره‌كه‌ی داپۆشی، تاقه‌ شتێك بێده‌نگییه‌كه‌ی ده‌شكاند ده‌نگی كۆخه‌ی وی بوو. زانیم ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر دابنیشین، میوانێكی ڕه‌زاقورس ده‌بین. ڕووم له‌ د.فهمی كرد و به‌ئه‌سپایی لێیم پرسی: نه‌ڕۆین؟ ئه‌ویش سه‌ری ئه‌رێی له‌قاند. ڕوخسه‌تمان خواست و هه‌ڵستاین، خۆی و ڕێبین هه‌ردی له‌گه‌ڵمان هه‌ڵستان و خواحافیزییان لێ كردین.

له‌و سێ جار بینینه‌یه‌وه‌ و له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ كتێبییه‌وه،‌ بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سێكی بێمنه‌ته‌ له‌ قسه‌ و ڕای ده‌وروبه‌ر، زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژی، خه‌ڵكناسه‌، حه‌زی له‌ ساده‌ییه‌، قسه‌یه‌ك به‌ ڕاستی بزانێت ده‌یكات، ئه‌گه‌رچی ڕه‌ق و ئازارده‌ریش بێت، لێ مه‌رج نییه‌ مه‌به‌ستی ئازاردانی به‌رانبه‌ر بێت. هه‌ر سروشتی وایه‌. هه‌روه‌ها بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و پیاوه‌ زۆر زیاتر له‌وه‌ی ده‌ریده‌بڕێت بیر ده‌كاته‌وه‌ و خه‌میش زۆر هه‌ڵده‌گرێت، ڕه‌نگه‌ زۆر نهێنیی له‌ ژیاندا هه‌بووبێت، هه‌تا له‌ دنیایش ده‌رچوو كه‌سێكی شكنه‌بردبێت له‌ لای دركاندبێتنی!

ساده‌ییه‌كه‌ی دروستكراو و زۆرله‌خۆكردوو نه‌بوو، ئه‌و زیاتر بیركه‌ره‌وه‌ بوو، زیاتر نووسه‌ر بوو له‌وه‌ی سیاسی بێت. ڕاسته‌ هۆشی به‌سه‌ر زۆر شتدا ده‌شكا، لێ له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ نه‌یده‌توانی هه‌موو شتێك تێپه‌ڕێنێت. نه‌یده‌توانی به‌ نهێنی جنێو به‌ كه‌سێك بدات و ڕووبه‌ڕوویش ماچی بۆ هه‌ڵدات.
باسی ڕابردووی ده‌كرێت و ده‌ڵێن گوایه‌ خه‌ڵكێكی زۆری كوشتووه‌. من نازانم ئه‌وه‌یان تا چه‌نێك ڕاسته‌، لێ ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یشی كردبێت، كه‌سێتیی ئێستای درێژكراوه‌ی ئه‌ویانه‌، هه‌ركه‌سێكی كوشتبێت لای خۆی پاساوی هه‌بووه‌، چۆن سڵی له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ قسه‌ی ڕه‌ق به‌ هه‌ركه‌سێك بكات كه‌ به‌ شیاوی زانیوه‌، هه‌ر ئاوهایش گوللـه‌ی به‌ كه‌سێكه‌وه‌ ناوه‌ كه‌ به‌ شیاوی زانیوه‌. ئه‌مه‌ پاساوی كوشتن نییه‌، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و پیاوه‌ نه‌گۆڕاوه‌، وه‌ك بڵێێ جاران كه‌سێك بووبێت و دواتر بووبێت به‌ كه‌سێكی تر.

ئه‌وه‌ی خوێندته‌وه‌ نه‌ په‌سنه‌ و نه‌ شكاندن‌. هه‌رچییه‌ك دیومه‌ و پێی گه‌یشتووم هه‌ر ئه‌وه‌م خستووه‌ته‌ ڕوو. ئومێد ده‌كه‌م له‌ داهاتوودا ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت زیتر و ‌وردتر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سێتییه‌ جیاوازه‌ی نێو كایه‌ی سیاسی و ڕۆشنبیریی كوردی قه‌ڵه‌م بگێڕم.




خواندنه‌ك د رۆمانا (ناخێن ده‌رزی)* دا … عبدالرحمن بامه‌رنی

كه‌ره‌ستێ سه‌ره‌كی یێ‌ رۆمانا (ناخێن ده‌رزی) ل سه‌ر هاتیه‌ نڤیسین، تابلویێ‌ زارۆیه‌كێ‌ جگاره‌ فروشه‌! رۆماننڤیس دنیڤا ئێكێ‌ یا رۆمانا خوه‌دا و زێده‌تر، رولی دده‌ته‌ دووكاره‌كته‌رێن سه‌ره‌كی، ئه‌و ژی زارۆیه‌كه‌ بناڤێ‌ (كه‌ژو) دیسان هونه‌رمه‌نده‌كێ‌ شێوه‌كار بناڤێ‌ (زامدار)ه‌، ئه‌ڤ هه‌ردوو كاراكته‌رێن هه‌نێ‌، رولێ‌ سه‌ره‌كی دناڤا رۆمانێدا دگێرن و تا دوماهییا رۆمانێ‌ ناگه‌هن ئێك. رۆماننڤیسی ده‌رازینكه‌كا جوان دارشتییه‌ ژبو چوونا ناڤ ئاڤاهیێ‌ رۆمانێ‌، ئه‌و ژی، دووئالیا هه‌ردوو كاراكته‌رانه‌. برییا دروستكرنا تابلویێ‌ ڤی زارۆكی، خوانده‌ڤا كلیله‌كێ‌ دبینیت، چه‌ندین كودێن رۆمانێ‌ ب وێ‌ كلیلێ‌ دهێنه‌ ڤه‌كرن، ده‌ما زامدارێ‌ هونه‌رمه‌ند ل جاددێ‌ زارۆیه‌كێ‌ جگاره‌ فروش دبینیت و سه‌رێ‌ وی دناڤ چوكێن ویرا، هوسا دبێژیت: “ئه‌ها ئه‌ڤه‌ بوو ئه‌ز ل به‌ندێ‌!”، ل به‌رامبه‌ری كێشانا چه‌ند وێنه‌یێن وی، زامدارێ‌ شێوه‌كار لدویڤ داخازییا وی سوزا كرینا (فانێله‌یه‌ك به‌رشه‌لونا) پێدده‌ت. رۆمان رێره‌وا خوه‌ دگریت و رۆماننڤیس كاراكته‌رێن نوی راكێش دكه‌ته‌ ناڤا رۆمانێ‌ و تایه‌كێ‌ لدویڤ كه‌ژویێ‌ جگاره‌فروش و ژیانا وییا سه‌خت به‌ردده‌ت و تایه‌كێ‌ رۆمانێ‌ لدویڤ زامدارێ‌ شێوه‌كار به‌ردده‌ت، تشتێ‌ هه‌ردوو تایێن رۆمانێ‌ دگه‌هینته‌ ئێك، تابلویێ‌ زارۆكێ‌ جگاره‌فروشه‌، ئه‌ڤ تابلویه‌، گه‌له‌ك بناڤ و ده‌نگ دكه‌ڤیت و ب بهایه‌كێ‌ باش دهێته‌ فروتنێ‌ و چه‌ندین كوپی ژبه‌ر دهێنه‌ دروستكرن و ل دكانان دهێته‌ نمایشكرن، هه‌ر جار ئه‌و زارۆ هه‌ولدده‌ت وی تابلوی بده‌ست خوه‌ڤه‌ بینیت، به‌لێ‌ نه‌شێت و بده‌ستڤه‌ئینانا وی تابلوی بۆ وی دبیته‌ خه‌ون و ده‌ستان ژخه‌ونا خوه‌ به‌رناده‌ت، دزیكرن و كارێن خراب، دا پارێن تابلوی بده‌ست ڤه‌ بینیت و ده‌ما نه‌شیایی بهایێ‌ تابلوی كومڤه‌كه‌ت، تابلوی ژدكانێ‌ ددزیت و دهێته‌ قوتان و دكه‌ڤیته‌ ده‌ستێ‌ پولیسان. ل ئالیێدی، زامدار سوزاخوه‌ خو بۆوی زارۆی ژبیردكه‌ت. رۆمان لڤێره‌ ناراوه‌ستیت، به‌لكو روودانێن نوو، په‌لكێش دبن و رۆماننڤیس هه‌ولدده‌ت خوانده‌ڤانێ‌ خوه‌ لدویڤ ده‌زیه‌كی ببه‌ت، روودانان دده‌ته‌ دووڤ ئێك، دێ‌ چاوان زارۆكی و هونه‌رمه‌ندی گه‌هینته‌ ئێك، ئه‌ڤێ‌ ژی پێدڤی ب چه‌ندین كاراكته‌رێن نوو هه‌بویه‌ و دیسان چه‌ندین روودانێن نوو كو هنده‌ك جاران مروڤی هه‌ست دكر، روودان وه‌ك فلمه‌كێ‌ هندی دكه‌ڤن به‌رچاڤێن مروڤی.

جوگرافییا رۆمانێ‌:

پترییا جوگرافییا رۆمانێ‌ ل زاخو هاتیه‌ وێنه‌كرن، تشتێ‌ بالكێش ژ بو نڤیسه‌ره‌كێ‌ ژێیاتی بو باژێرێ‌ خوه‌هه‌ی، گرنگیدانه‌ ب به‌رچاڤكرنا رویێ‌ جوانێ‌ باژێری، دانه‌نیاسینا كه‌لتور و ناڤدار و شوونوارێن باژێرییه‌، وه‌ك (په‌یكه‌رێ‌ سه‌یدا سالح یوسڤی، ئه‌یاز یوسف و ئه‌رده‌وان زاخویی، پرا ده‌لال و ئاڤا خابیری و چیایێ‌ خامتیر و ناڤێ‌ چه‌ندین تاخان و دیسان ناڤێ‌ كوڤان سندی و ناڤئینانا رۆمانا وی….هتد).

زمانێ‌ رۆمانێ‌:
رولان بارت دبێژیت: “نڤیسینێ‌ زمانه‌كێ‌ تایبه‌ت و بێهنه‌كا سه‌ربه‌خو هه‌یه‌”، زمان دشێت ململانا دناڤبه‌را ئاخفتنێ‌ و نڤیسینێ‌ دا خورت بكه‌ت و دیسان زمانێ‌ ئاخفتنێ‌ جوداهییا خوه‌ ژ زمانێ‌ نڤیسینێ‌ هه‌یه‌ و ئه‌و تشتێ‌ رۆمانێ‌ بسه‌ر دئێخیت، زمان و خه‌یاله‌ و دیسان ره‌وشه‌نبیرییا رۆماننڤیسی. دخواندنا ڤێ‌ رۆمانێدا مروڤ زیق هه‌ست بڤێ‌ جوداهیێ‌ دكه‌ت و كا چه‌ند نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ خوه‌ بزمانیڤه‌ ماندیكرییه‌، هه‌ڤوكێن جوان، په‌یڤێن نوو و رسته‌یێن لێكدایی دكه‌ڤنه‌ به‌رچاڤێن مروڤی و دده‌مه‌كیدا، كوردستان بهه‌می زاراڤ و ده‌ڤوكێن خوه‌ ڤه‌، بو زمانه‌كێ‌ ستاندارد دنالیت، ئه‌گه‌ر هنده‌ك نمونا په‌لكێش بكه‌ین، وه‌ك (ئاژوكار بۆ شوفێری، چاگێر بۆ چایچی… هتد). هه‌ر چه‌نده‌ گه‌له‌ك جاران ژ كێم ئه‌زمونییا رۆمانڤیسی د زمانیدا، هنده‌ك په‌یڤان جهێ‌ خوه‌ نه‌گرتینه‌، وه‌ك (كوته‌ل نه‌ك كوده‌ل یان ده‌هول قوت نه‌ك ده‌هول ژه‌ن)، دیسان رۆماننڤیسی هه‌ولدایه‌ خوه‌ به‌ره‌ڤ ده‌ڤوكا باكور ڤه‌بكێشیت و دبیت بهزرا وی، ده‌ما ئه‌ڤ په‌رتوكه‌ ب پیتێن لاتینی دوباره‌ بهێته‌ چاپكرن، ره‌نگه‌ خوانده‌ڤایه‌كێ‌ زێده‌تر لدوورێن خوه‌ كومبكه‌ت و ئه‌ڤه‌ ژی مافه‌كێ‌ ره‌وایێ‌ نڤیسه‌ری یه‌، لێ‌ دیسان ژبه‌ركو جوگرافییا روودانێن ناڤا رۆمانێ‌ ل زاخونه‌، دڤیابا ده‌ڤوكا ڤێده‌رێ‌ زێده‌تر به‌رچاڤ هاتبایه‌ وه‌رگرتن، ما چ قه‌یدی یه‌، ئه‌گه‌ر شوونا په‌یڤا (خۆر) كو بده‌هان جاران درۆمانێدا دوباره‌بویه‌، په‌یڤا رۆژ شوونا وێ‌ هاتبایه‌ بكارئینان، بو نمونه‌.

ته‌كتیكا رۆمانێ‌:
ئه‌ركێ‌ رۆمانێ‌ بتنێ‌ دیاركرنا روودانان نینه‌، به‌لكو گه‌له‌ك گرنگه‌ سیحره‌ك درۆمانێدا هه‌بیت، كو خوانده‌ڤانی ددووڤخوه‌دا راكێشبكه‌ت، زمانێ‌ ڤه‌گێرانێ‌ زمانه‌كێ‌ فه‌نتازی بیت و خوانده‌ڤان دڤه‌كرنا كوداندا ماندی ببیت. رۆماننڤیسی لڤێره‌ هه‌ولدایه‌ بته‌كتیكه‌كا جوان، لدووڤ رێزبه‌ندیه‌كێ‌ روودانێن لدووف ئێك ئاڤاهیه‌كی پێك بینن، كو ره‌نگه‌ بده‌هان پسیار و تشتێن نوو بكه‌ڤنه‌ دناڤا مێشكێ‌ خوانده‌ڤانیدا و ئه‌و پێشبینیێن وی بو دوماهیا روودانان دیاركرین، ب وی ره‌نگی ده‌رنه‌چن. رۆماننڤیسی گه‌له‌ك وێنه‌یێن راست په‌لكێشكرینه‌ ناڤا روودانان، ژوان، هه‌ژاری، زارۆكێن بێخودان و ئه‌گه‌ر چاڤدێرییا زارۆكان نه‌هێته‌كرن، دێ‌ توشی ڤارێبونێ‌ بن، دزییا كه‌ن، وه‌ك (گوهدوی و شیموی و خه‌له‌كی) و دێ‌ ژلایێ‌ كه‌سانێن مه‌زن و خودان پاره‌ڤه‌ هێنه‌ (ئیستیغلالكرن) وه‌ك شیموی و دیسان زه‌نگینییا ژ نشكانڤه‌ و ئه‌ڤێن بوینه‌ كادرێن حزبان و چاوان پوستێن خوه‌ بو مه‌ره‌مێن خوه‌ بكار دئینن، وه‌ك بابێ‌ زامداری و چاوان ژ نشكه‌كێڤه‌ زه‌نگین بو و دیسان چاوان برییا پوستێ‌ خوه‌ یێ‌ حزبی شییا پولیسان بێده‌نگ بكه‌ت و وژدانا نوژداره‌كی بكریت! ئینانا چیروكا ماسیگری لده‌ستپێكا رۆمانێ‌ و گرێدانا وێ‌ چیروكێ‌ ب ئێڤاریه‌كا خوارنا ماسیێ‌ ڤه‌ و تا ئه‌ڤ مێهڤانداریه‌ دبیته‌ ئه‌گه‌رێ‌ ڤه‌كرنا مه‌زنترین كودێ‌ رۆمانێ‌ و چاوان لدوماهیێ‌ هه‌ڤژینا وی، ئه‌وا ماسیگری ژ مرنێ‌ رزگاركری وی ناس دكه‌ت و بهنده‌ك گوتنان، بیردانكا وی بۆ پاش دزڤرینیت، وه‌ك چیروكا ئوتیكرنا سه‌روچاڤان یا پیره‌مێری و پیره‌ژنێ‌، دیسان قه‌لاندنا مێلاكێ‌ و ده‌ما گوتیێ‌ ئه‌گه‌ر مێلاك نه‌بو دێ‌ بو ته‌ مێلاكا خوه‌ قه‌لینم، دیسان نمایشكرنا تابلویێن وی و ئه‌و چیروكێن ددووفرا دهێن، دگه‌ل ڤانه‌هه‌مییاندا، شێوازێ‌ قفلكرنا رۆمانێ‌، ئه‌ڤێژی بهزرا من شاره‌زای بو دڤێت، ئه‌گه‌ر هات و رۆمانا وی سه‌رگرت و خوانده‌ڤان لدوورێن خوه‌ كومكرن، بشێت به‌رده‌وامیێ‌ بده‌ته‌ به‌شێ‌ دوێ‌ ژ نڤیسینا ڤێ‌ رۆمانێ‌.

روودانێن رۆمانێ‌:
ئێك ژ مه‌رجێن نڤیسینا هه‌ر رۆمانه‌كێ‌، هه‌بونا روودانانه‌، لێ‌ دڤێت نڤیسه‌ری پاشخانه‌یه‌كا مه‌عریفی یا باش هه‌بیت، نڤیسه‌ر و ره‌خنه‌گر ئازاد عه‌بدولواحد دبێژیت: “مه‌رج نینه‌ هه‌می ره‌وشه‌نبیر نڤیسه‌ر بن، به‌لێ‌ مه‌رجه‌ هه‌می نڤیسه‌ر ره‌وشه‌نبیر بن”، رۆماننڤیس ژی دڤێت ژ باگراوه‌ندێ‌ خوه‌یێ‌ ره‌وشه‌نبیری بزانیت دێ‌ چاوان روودانان دروست كه‌ت و دانیته‌ جهێ‌ وان یێ‌ دروست. راكێشكرنا روودانان بو درێژكرنا قه‌بارێ‌ رۆمانێ‌ یان ژی بو ئازراندنا هه‌ستێن خوانده‌ڤانی وه‌ك ئه‌و كه‌سێ‌ دزیندانێڤه‌ چیروكا خوه‌ و كوشتنا ژنا خوه‌ بو زامداری ڤه‌گێرای، كو بهزرا من، روودانه‌كه‌ و رۆماننڤیسی ژ قه‌ستا زوم دایه‌ سه‌ر. چیروكا (كه‌ڤالێ‌) ئه‌و ژنا د مالا ماسیگریدا، بێی وێ‌ ناس بكه‌ت، ده‌ركه‌تنا هه‌ردوویان دگه‌ل ئێكدا و داخباربونا وی ب وێ‌ ژنێڤه‌ و تا داخوازا شیكرنێ‌ ژێدكه‌ت و ئه‌و دبێژتێ‌ ما چاوان مروڤ دوو جاران شیبكه‌ت، هه‌ر چه‌نده‌ دده‌مێ‌ مروڤ رۆمانێ‌ دخوونیت دیار دبیت، رۆماننڤیسی هه‌ولدایه‌ وێنه‌كێ‌ جوان و سه‌رنج راكێش ژوێ‌ روودانێ‌ دروست بكه‌ت، لێ‌ ئه‌ڤه‌ نابیته‌ به‌هانه‌، رۆماننڤیس پێ‌ خوانده‌ڤایێ‌ خوه‌ رازیبكه‌ت كو كور و كچه‌كان حه‌ز ژ ئێك كربیت و پاشی پروسا هه‌ڤژینیێ‌ پێكئینابیت و دلێ‌ ده‌یبابێن خوه‌ ل سه‌ر وێ‌ هه‌ڤژینیێ‌ بهێلیت و ببنه‌ خودان زارۆك و لدوماهیێ‌ و پشتی چه‌ندین دیداران وێ‌ ناس نه‌كه‌ت.

ئه‌نجام:

ژوان هه‌می رۆمانێن لده‌ڤه‌را بادینان من خواندین، ئه‌ڤه‌ ئێك ژوان رۆمانێن باشه‌ ب به‌رچاڤێن من كه‌فتی و لدووڤ ئه‌زمونا نڤیسه‌رێ‌ رۆمانێ‌ و ته‌مه‌نێ‌ وییێ‌ گه‌نج، ئه‌ز باوه‌رم دێ‌ پاشه‌روژه‌كا گه‌ش ل پاش وی هه‌بیت و دێ‌ مه‌ رۆمانێن جوان هه‌بن.
• ناخێن ده‌رزی، رۆمان، ئومێد سه‌گڤان، چاپخانا رێنما سلێمانی2016.
• دروژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ 1930 دا ل روژا 9/8/2016ێ‌ دا هاتیه‌ بلاڤكرن.




ڕیفراندۆم دژی بەدەوڵەت بوون … زانا شێخ محمد

کورد هەمیشە لەهەوڵی کیانێکی سەربەخۆی خۆیدا بوە بۆ ئەم مەبەستەش قوربانی زۆر زۆری داوە ئەگەر بگەڕێنینەوە بۆسەدەکانی ڕابردو ئەو هەوڵ و ماندو بونانەمان بەرچاو دەکەوێت هەر لەکۆماری مهابات و بابان و تا دوایی.. ئێمە ی کورد بەردەوام هەڵەکان دووبارە دەکەینەوە لەکاتێکدا چەندین هەڵەی گەورەمان کردوە کاتێک کە هەلی مێژویی هاتۆتە پێشەوە بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت بون بەڵام ئێمە پشت گوێمان خستوە یان لەبەر دوژمنان خۆمان لەو بابەتە نەداوە کورد بەردەوام دو بەرە بوە بەرەیەک هەوڵی کیانی سیاسی داوە لەچوارچیوەی یاسادا و تاک مافی پارێزراو بێت و خۆش گوزەرانی بۆخەڵک بێتە کایەوە بەرامبەرەکەشی بەردەوام پێچەوانە کاری کردوە هەوڵی تێکدانی ئەوەی داوە بەپشت بەستن بەبێگانە بۆ مانەوەی کەسێک یان حزبێک یان بنەماڵەیەک هەمو کات دروشمی هەمو لایەنەکان و کەسایەتیەکانی کوردستان بۆ کیانی سیاسی بوە پێشتر لەساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابردو پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی باوک لەگەڵ ڕژێم ڕێکەوتن بەئۆتۆنۆمی دواتر ئەوەش شکستی هێنا و شۆڕشکەشی پێوە لەناو چوو لەساڵی ۲۰۰۳ لەپڕۆسەی ئازادی عیراق کە ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکرد کورد هەلێکی گەورەی بۆدروست بو بەوەی لەعێراقدا دەوڵەت و هێزو حکومەت نەما بەڵام هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەت و هێز بوو دەیتوانی بەپێداگری لە دواخاکی کوردستان بکات و بیسەنێت بەڵام بەداخەوە لە یادەوەرییەکانی پۆڵ بریمەر حاکمی ئەوکاتەی ئەمریکا لەعیراق دەگێڕیتەوە زۆر لەوە دەترسام کوردەکان داوای کەرکوک و ناوچەکانی تر بکەنەوە چونکە مێژوی کوردم خوێندبۆوە دەمزانی دەیان ساڵە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ دەدەن بەڵام کاتێک هاتن بۆلام سەرکردە کوردەکان داوای بوجەیان کرد منیش سەرم سوڕما بۆم دەرکەوت ئەمانە سامانیان دەوێت نەک خاک و نەتەوە بۆیە منیش بەخۆشحاڵیەوە داواکاریەکەم بۆ جێ بەجێ کردن ئێستا دوایتپەڕ بونی ۱٤ ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادی عیراق پارتی دیموکرات کوردستانی عیراق بەسەرکردایەتی بەرزانی دەیەوێت کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم کە ماوەکەی تەواوبوە بەزەبری هێز لەو پۆستەماوەتەوە بیری میللەتی بەرێتەوە هەروەها دەرگای پەرلەمانیشی داخستوە تاوەکو میللەت ناچاربکات بەوەی کە دەنگ دان یان دەنگ نەدان سودی چییە کە پارتی کەی بیەوێت یاسا سەروەرە کەیش نەیویست پێشێلی دەکات پارتی بەم هەڵوێستە دەیەوێت چەند ئامانجێک بپێکێت .
۱ ـــ پارتی وەک هێزێکی خەمخۆری مییلەت بۆ دەوڵەتداری دەربخات
۲ ـــ مەسعود بەرزانی لەسەر پۆستە ناشەرعیەکەی بەردەوام بێت
۳ ــ دەرگای پەرلەمان بەداخراوی بمێنێتەوە ڕۆڵی پەرلەمان کۆتایی پێ بهێنێت
٤ ــ دەستەمۆ کردنی هەندێک حزب
٥ ــ بەردەوام بون لەسەر برسی کردنی خەڵک
٦ ـ بەردەوەم بون لەسەر بردنی سامانی میللەت
۷ ـ جێ بەجێ کردنی ئەجیندای تورکیا
دواتر ئەم ڕیفراندۆمە ئێستا کەیەکێتیش پەلکێشی ناو سیاسەتەکەی پارتی کرد بۆ ئەوەیە خەڵک بەنەخێر دەنگ بدات بە خۆبەڕێوەبردن بۆ لەهەڵبژارنەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بەتڕلێۆن پارەیان سەرف کردوە بۆخەڵک دەمانچەو لاپتۆپ و زەوی و ئوتۆمبێلیشیان تیایادا بەخشیوەتەوە و سزا سیاسی خەڵکیان داوە خەڵکیان زیندانی کردوە هەمو دەسەڵاتەکانی حکومە ت و هێزی چەکداریان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە و تەزویرێکر زۆریشیان کردوە ئەوجا جار بەجار دەنگەکانیان کەمی کردوەو کەمتر بۆتەوە ئێستا لەکاتێکدا خەڵک نانیان بڕیوە گوزەرانی خەڵک لەو پەڕی خراپیدایە لەسایەی حکومڕانی ئەم دو حزبە دەسەڵاتدارە نەوت و کارەباو خزمەت گوزاری و دەوامی فەرمانبەران و موچە هەموی کەمی کردوە پەرلەمان پەک خراوە وەزیر بێ وەزارەتەو وەزارەتی بێ وەزیر سەرۆکێکی نا شەرعی یاسا پێشێل کراوە بەئەجیندایەکی دەرەکی و بە ئەنقەست بۆئەوەی خەڵکێک زۆر بەهۆی ئەم خاڵانەی کە باسمان کرد و بەهۆی گوزەرانی خراپیانەو بە نەخێر دەنگ بدەن ئەوەش دەچێتەوە گیرفانی دوژمنان و جاریکی تر کورد مافێکی دەوڵەتداری لەدەست دەدات جا بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە کاتێک وەفدە حزبیەکەی ڕیفراندۆم سەردانی بەغدایان کردوە بەسەرۆک وەزیرانی عیراقیان ڕاگەیاندوە کەڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ناکەین وەفدی پارتی هەمان شتی بە تورکیا ڕاگەیاندوە لەهەموشی سەیرتر ئەوەیە لەکوردستاندا سیستەم حکومەت و دام و دەزگا بەڕێوە نابات حزب بەڕێوەی دەبات تەوای جومگەکان حیزبین دارایی سەربازی پەیوەندی دەرەوە ئەمنی بەدەستی حیزبە بەئارەزوی حزب هەڵسو کەوت دەکەن سنورەکانی هەرێمی کوردستان دوژمن بەسنوری خۆی دەزانێت نمونەش بۆردومانی تورکیا لەشەنگال کە شەڕڤان و پێشمەرە شەهید بوە و دەسەڵاتیش گوی خۆی لێخەواندوە کامە ڕێیفراندۆم کامە دەوڵەت .




پڕۆژەیەکی هەڵوێست ئامێز لەژێر ناونیشانی گێڕانەوەی ئینتیما بۆ نیشتیمان لای هەمومان

ئامانج کەریم

ڕونە ئەوەی کە هەرگیز حیزبی بەعس نەیتوانی پەیڕەوی بکات کە نەمانی ئینتیما بو بۆ خاک و نەتەوە و پێی جێ بەجێ نەکرا حیزبە کوردیە خۆماڵیەکان کردیان لە ئاکامی سیاسەتی بەرژەوەندی خوازی و پاوان خوازی و بە تاڵان بردنی نیشتیمان لە لایەن سەرانی یەکێتی و پارتیەوە کارێکیانکرد نەوەی نوێ و جیلی نوێ و بەتایبەت تر ئەو جیلەی دوای ڕاپەرین کە ئیستە دەبو هەمویان داینەمۆی برەو دان بە ئاوەدانی و درک کردن بەو زوڵمە گەورانەی کە لەپێشودا کورد چەشتونی بەدەست حوکمی عەرەب و داگیرکەرانەوە لە باشوری کوردستان دەبو ئەم جیلە بە شێوەیەک گۆش بکرایە کە لە پیناو هەناسەیەکی ئەو ئازادیەی وەبەر هێنراوە بە خوێنی هەزارەها شەهید و ڕەنج و ماندو بونی ئەو شۆڕشانەی کە کراوە لە پێناوی حوکمی سەربەخۆو خۆماڵی و ئازادی و دیموکراتیدا هەموچرکەیەک ئامادە بێت وەک مەبدەء گیانی خۆی ببەخشێت کە ئەمەیش بە پیشاندانی چەمکی ئازادی و ئابوری بەهێز و شەفافیەتی ئیداری و دەسەبەرکردنی ماف و ئەرکی هاونیشتیمانی دەکرێت کە بە داخەوە لە یەکەم کابینەی حکومەتی کوردیەوە تا ئەم چرکە ساتە خەڵک و هاوڵاتی جگە لە ئەرک بەسەردا سەپاندن و ڕوت کردنەوەو ڕاوەدونانی بچوکترین مافی بۆ دابین نەکراوە کە زۆر نەچینە قوڵای بابەتەکەوە تەنها هێندە بەسە باسی مافی هەبونی ئاوو کارەبا بکەین کە سەرەتای ترین مافی مرۆڤە کە دەبێ حوکمڕان بۆی دابین بکات .

بەم پێیە گەر ورد بینەوە تاک و هاوڵاتی هیچ جۆرە سۆز و هیچ جۆرە ئینتیمایەکیان نەماوە بۆخاک و نەتەوە بە جۆرێک شێوێنراوە تەنانەت کار گەیشتۆتە ڕادەیەک خەڵک بە گشتی بەزەی بە سروشت و جوانی خۆڕسکی نیشتیمانیشدا نایەتەوە هەر بۆیە بە پێویستی دەزانم یەکێک لە هەنگاوەکانی گروپەکانمان چ لە ناوخۆی وڵات و چ لەهاندەران گرتنی چەمکێکی گێڕانەوەی ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەی بێت ،، لە ئیستادا توانای ئێمە تەنها تەوعیەو نوسینە بە گێڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵکی بێ ئومێد کراو کە هێشتا خوێنێک ماوە لەم وڵاتەدا دەجوڵێت بە ئاڕاستەی شۆڕشی مەدەنی خۆنەویستی و دیفاع کردن لە خاکێکی پارچە پارچە کراو چ بە دەست حوکمی بێگانە بە پارچەی گەورە و چ بەدەست حوکمی خۆماڵی بە زۆن کردن وەک دەڵێن زۆنی زەرد یاخود زۆنی سەوز یاخود زۆنی نیلی ،، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم بەتایبەت بۆ هاوڕێیانی دەرەوەی وڵات دەکرێت ئێمە بۆ ئەم پڕۆژەیە ئازارەکان و نەهامەتیەکان بخەینە ژێر پەشتەماڵێکی کوردەواریانەوە و تەنها باس لە موعاناتی دوری و غەریبی نیشتیمان بکەن چونکە ئەو شیرینیەی نیشتیمان کە ئێمە لێی دەژین چێژمان لێی تێرە ئێوەن تەنها ئێوەن درکی تامەزرۆی دەکەن و هەموتان گەر ڕاستگۆیانە بێنە گۆ و بیر لە حوکمی ناعەدالەتی یەکێتی و پارتی نەکەنەوە دوا بەیەکتان کاتژمێرەکانتان دەژمێرن بۆ وادەی گەڕانەوەتان بۆ باوەشی نیشتیمانی دایک ،، ئێمە ئەوانەی لەکوردستان دەژین دەکرێت بەدەر لە هەمو گرفتەکان پیشانی هاوڕێو هەڤاڵەکانمانی بدەین کە ئەوە ئێمەین ئێشتا بۆ خاک بۆ نەتەوە خەبات دەکەین بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیمان وەلا ناوەو تێ دەکۆشین بۆ خۆشەویستی نیشتیمان و بەرجەستە کردنی ماف و حەقی هاونیشتیمانیان و لەپێناویدا دەستمان ناوە بەڕوی ئیمتیازات و پلەو پۆست و بەرژەوەندیەکان و بەردەوامیش دەبین نەمامێکەو ناشتومانە بە خوێنی خۆمان ئاوی دەدەین تا گەر خۆیشمان لە بەری نەخۆین بتوانین سایەو سێبەرێک بۆ نەوەکانمان وەبەر بێنین لەو پێناوەیشدا هەمو شتێک دەکەینە وەسیلە بۆ گەیاندن بەو بیرو باوەڕەی هەمانە حیزب و سیاسەت و دارای و بیرۆکەو ئەدەب و هونەر و تەواوی هەنگاوەکانمان و هەوڵەکانمان دەخەینە خزمەتی ئەو کارو پڕۆژانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە.




ڤایروسی خۆپەرستی و پەتای دەسەڵات…. یەریڤان شەهید شاسوار

کەمن ئەوکەسانەی پێش وەرگرتی پۆستێک دڵسۆزن و دوای وەرگرتنیشی بەدڵسۆزی بمێننەوە ٫بەڵام زۆرن ئەوانەی کە بەشان و باڵی هاوڵاتی و خزمەتدا هەڵەدەن بەڵام بە دوو پرسگە هاوڵاتی ئاسایی نایانبینێ . بەمەئەوترێ پەتای پۆست یان دەسەڵات لەم وڵاتە ئەگەر کارت بکەوێتە فەرمانگەیەکی حکومی ئەبێ سێ چوار فیوزی سەبرو تەحمولی زیادە ببەستی .
سەیرە خۆپەرستی بە شێوەیەک بەخوێنماندا ڕۆ چووە لەکاتێکا خاوەنی دەسەڵاتین زور ئاسایی یە بەلامانەوە کاتێک مامۆستا بەتەمەنەکەمان چەند سەعاتێ لەپرسگە چاوەروانی واژوویەکی سەر نوسراوی خانەنشینیەکەیەتی بێ گوێدانە تەمەن و خزمەت بەرێ ئەکرێ چونکە جەنابی بەرێوەبەری بەش !!!کوبونەوەی هەیە .
نازانین بڵێین تاکی گەندەڵ حکومەتی گەندەڵ دروست دەکات یان حکومەتی گەندەڵە تاکی گەندەڵ دروست ئەکات ئاخر ئێمەیەک ڕۆژانە چەندین بێ ڕێزی ببینین و بێ دەنگ بین چەندین هاووڵاتی خانەنشین کە روژانێک خزمەتێکیان پێشکەش بەم مللەتە کردوە بێ ویژدانانە چەندین مانگ هاتوچوی مامەڵەی خانەنیشینیەکەی پێ بکرێ لە چەندین فەرمانگە کارمەندێکی بێ رێز سوکایەتیان پێ بکا ئەبێ شایەنی چی بین؟! سەیرە ئەم وڵاتە هیچمان لە هیچ ناچێ نە کارمەند نە بەرێوەبەر نە ماموستا و نەهاوڵاتی ِ وڵاتێک ڤایرۆسی خۆپەرستی و خۆبەزل زانی خانەکانی مێشکی ڕزاندوە مللەتێک پەتای دەسەڵاتی لێ نەبرێ هەمیشە شایەنی بەزەیی یە بەداخەوە.
بۆ پشتراستکردنەوەی قسەکانیشم تکایە سەردانی ئەو بەرێوەبەرایەتیانە بکەن کە بەرێوەبەرەکەیان ڕۆژانێک دژی دەسەڵات بوە وە خۆی بە ئۆپۆزسیونێکی خەم خۆر زانیوە ئەوکات تێ ئەگەین زەرد و سورو نیلی و سەوز هەموویان یەکن زادەی بیری کویلایەتی پۆست و دەسەڵاتن.




زیندوکردنەوەی کلتوری بەعس … هیوا

چۆن لە ئیستادا بەعسی بون لەکەیە بە دوای ئەوانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەعسی بون ڕۆژێک دێت یەکێتی بون و پارتی بون دەبێتە هەمان عەیبە . دو حیزبی خۆ خۆری بە ناو کوردستانی کە لە مەسەلەی پارەو داهاتدا شەریکە بران و لە داڕوتاندنی نیشتیماندا هاوکارو هاو پیشەن هەمیشە خەریکی پڕ کردنی هەگبەی بێ بنیان و گەوجاندنی قاعیدەو جەماوەریانن بە دروشمی گەورەو خەیاڵی گەورەو لە پڕەنسیپیشدا جگە لە بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیەکانیان و ڕازی کردنی ئاغاو قارداشەکانیان هیچی تر له هەگبەیاندا نەبوەو نایشبێت . ئەمانە کارێکیان کرد هەروەک چۆن هەزارەها مناڵیان بێ نازی باوکیان کرد باوکو براکانیان لەشەڕی براکوژی لەسەر داهاتی نیشتیمان بەکوشت داو پاشگری شەهیدیان دەخستە پاڵ ناوەکانیان بۆ گەوجاندن بە هەمان شێوەیش ئێمەی ئاوارەو پەناهاندەی وڵاتانیان لە باوەشو لە سۆزی نیشتیمانی دایک بێ بەش کرد و ناچاریان کردین لە تاو ئەو هەمو زوڵم و ستەم و گرتن و بڕین و لەسەر بیرو ڕای جیاواز کە نەدەبو بەدەر لەوان بیربکەینەوە و یان دەبو زەرد پۆشی نەفرەتی لێ کراوی سەوز بین یان سەوز پۆشی نەفرەتی لێکراوی زەرد بین لە ئاکامی ئەم هەمو نا یەکسانیو ناعەدالەتیە بە ناچاری ملی ڕێگای ئاوەرەی و دەربەدەریمان گرتە بەر تا هەر هیچ نەبێت وەک مرۆڤ لەوڵاتێکدا بژین و بە چاوی مرۆڤانە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت ئێستە لە تاراوگە ئەوەی بۆی هاتین وەدەستمان کەوت . دەتوانین بڵێین مرۆڤین بەڵام شعورو ئیحساسی مرۆڤ گەر مرۆڤانە تێ بفکرێت تەنها مرۆڤ بونبۆ خودی خۆی بەس نیە ئەی نەتەوەو هاوڵاتیانی تری نیشتیمانەکەم ؟ ئەی مناڵە بێ باوکەکانی شەڕی ناوخۆ ؟ ئەی خزم و کەس و دراوسێ و گەڕەک و شارەکەم ؟ ئەی هەرێمە بێ نازو پارچەکراوو دابەشکراوەکەم بەسەر زۆنی سەوزو زەرددا ؟ مرۆڤ کاتێک لێرە لە وڵاتێکی غەریبی دور لە کلتوری خۆی دور لەزمانی خۆی دور خزمو عەشیرەت تەنها لەژێر چەتری یاساو مافی مرۆڤ بونیدا ئەم هەم و ماف و ڕێزە لە سیستەمێکی دامەزراوەیدا دەبینێت لێی دەگیرێت .. ئەنجا درک بەوە دەکات چەندین ساڵی تەمەنی کە تێی پەڕاندوە لە کوردستان لەژێر حوکمی کوردی و خۆماڵیدا چ بێ ڕێزیەک چ نا مرۆڤایەتیەک بە خاک و نیشتیمان و کلتورو زمان و کورد بونی کراوە ، ڕەوتی مێژو ڕەحم بە هیچ کەسێکو هیچ لایەنێک ناکات . لە ڕوسیالە شاری ستالینگراد دوو گۆڕستان هەیە یەکێکیان پێی دەوترێت گۆڕستانی شۆڕش گێڕەکان ئەوی تریان پێی دەوترێت گۆڕستانی خیانەت کاران لە دوای سەد ساڵ لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆیان دەرکەوت کە ئەفسەرێک لە ڕیزی شۆڕشگێڕەکان خیانەتی کردوەو زانیاری سەربازی داوە بە ئەڵمانیەکان لەدوای سەدەیەک پێیان ڕەوا نەبینی لەو گۆڕستانە گۆڕەکەی بمێنێتەوە ئێسک و پروسکیان لە گۆڕ دەرهێناو بردیانە گۆڕستانی خیانەت کاران ، ئەمە مێژووە هەر بۆیە دەڵێم چۆن لە ئێستادا بەعسی بون لەکەیە لە ئایندەدا یەکێتی بون و پارتی بون سەد هێندەی بەعسی بون دەبێتە لەکە.




لایەنەکان چۆن هەژمونی پارتی کەمدەکەنەوە ؟ … سوارە سەدووبیستی

لەماوەی ڕابردوودالەغیابی نەبونی لایەنێکی کاراو چالاکی ئۆپۆزسێۆنداسەرەڕای تاقیکردنەوەی چوارساڵی یەکەمی تەمەنی وەک ئۆپوزسیۆن بزوتنەوەی گۆڕان وەک کاراکتەرێکی سەرکەوتووتوانی بەرجەستەی خەمی خەڵک بکات بەڵام پاش تێپەڕبونی چوارساڵ بزوتنەوەی گۆڕان کەوتەناویارییەکانی یەکێتی وپارتی ئەوەی ئەوان مەبەستیان بوو گۆڕان تێوەبگلێنن لەهەمووناشرینیەکانی خۆیان ئەوابۆیان چوەسەر کەئەمەش خواستی هەندێک لەهەلپەرست وکورسی پەرستەکانی ناوبزتنەوەی گۆڕان بوو گەرچی خودی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەبون چوارساڵی تری ئۆپۆزسیۆن تاقیبکەنەوە .. ئەوەی ئێستاپێویستەبزوتنەوەی گۆڕان بیکات ئەوەیە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی یەکلابکاتەوە یان ئەوەتایەکێتی پابەندبکرێت بەجێبەجێکردنی بەندەکانی

ناوڕێکەوتنەکەوە یان ئەوەتاپشت بکاتەئەم ڕێکەوتنەوبەدیلەکانی بدۆزێتەوە کەخۆی لەهاتنەدەرەوەی لەحکومەت دەتوانێت بەیەکجاری کۆتای بەپاوەنخوازی هەردووجوت حیزب بهێنێت وهەنگاوی گەورەبنێت بەرەوسەرکەوتن وبەدەستهێنانی متمانەی تەواوی زۆرینەی خەڵکی کوردستان .. یان دەبێت گۆڕان لەگەڵ یەکێتی بەیەک لیست بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن وپارتی گۆشەگیربکەن لەگەڵ پارتەبچوک وپاشکۆکانی دەوروبەری کەدەبنەکەمینەئەوکات کەئەمەش دەبێت مەیلداربکرێت تاببنەهاوپەیمانێکی کاراوڕاستەقینەی گۆڕان وبەم کردارەش کۆتای بەدەنگۆی پاشکۆبونی یەکێتی دێت بۆپارتی..

دەبێت گۆڕان کاربکات بۆسەرخستنی هاوپەیمانی هەرسێ لایەنی ئیسلامی وبەهێزبونیان لەژێرنفوزی پارتی تازۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن و تاکارێکی وابکرێت پارتی تەنیالەناوچەیەکداتەنیابکرێت ئەگەربێتوو ئەم کارانەبکرێ ئەواسەنگ وقورسای ڕاستەقینەی خۆی دەردەکەوێت وئەوکات ناتوانێت بەم ڕێژەدەنگەکەمەوە زۆرترین دەسەڵاتەکانی لاکۆببێتەوە. ئەگەربێتوو لایەنەکان ئەم جارەدرک بەمەترسیەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن نەکەن کەپارتی بەنیازە بڕێکی زۆردەنگ تەزویربکات کەواتەبەدەستی خۆیان هەناسەلەخۆیان دەبڕن کەئەمەش خۆکوشتنەلەڕوی سیاسیەوە.. دەبێت هەمولایەنەکانیش بەوریاییەوەمامەڵەلەگەڵ یارییەمەترسیدارەکانی پارتی بکەن چونکە پارتی هێزێکەهەمیشەگۆشەگیری ناوچەیەکی دیاریکراوە بەڵام لەڕۆژی هەڵبژاردندا بڕێکی زۆر دەنگ تەزویردەکات وپاشان لایەنەکانیش بێدەنگ دەبن وپارتیش دەبێتەزۆرینەی نایاسای.




گەڕایەوە ..!! … ئەرکان محمد

لەدوای سەفەرکردنی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆوڵاتی بەریتانیا ئیدی لەوکاتەوە تاچەند ڕۆژێک پێش ئێستا هاتنەوە یان نەهاتنەوەی نەوشیروان مستەفا دەنگوباسی گەرمی ناوهاوڵاتیان بوو ..
هاوڵاتیان بەگرنگیەوە هەواڵی تەندروستی ئەم سیاسەت مەدارەیان دەپرسی چونکە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ئومێدێکی گەورەیان لەسەرهەڵچنیوە ووەکو ڕێگایەک بۆگەشتن بەئاسۆتەماشای دەکەن .. بەڵام ئەوەی گرنگەئەوەیەئاخۆوەک جاری پێشوو گرنگی دەدات بەڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یان جێگرەوەکانی ئەم ڕێکەوتنە دەدۆزێتەوە چونکە دوای تێپەڕبون لەساڵێک بەسەرواژۆکردنی ڕێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان ویەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەئامادەبونی تاڵەبانی ونەوشیروان مستەفاهەتائەم چرکەیە هیچ کام لەخاڵەکانی ناوئەم ڕێکەوتنە جێبەجێ نەکراوە ..
وەک هەموانیش دەزانین هاوڵاتیان لەباروگوزەرانێکی خراپدان وهیچ کام لەلایەنە سیاسیەکانیش خۆیان ناکەنەخاوەنی خەمی خەڵک وهەمویان خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وهەمویانیش خەمی خەڵکیان لەیادکردوە لەئێستاداهاوڵاتیانی بەش مەینەت بێکەس وبێ بەرگریکارن کەوابێت هاوڵاتیان پێویستیان بەڕابەڕێکە بۆڕزگاربون لەم دۆخەچەقبەستوەی هەرێم ..

گۆڕان لەغیابی نەوشیروان مستەفادانەیتوانی بڕیاربدات گەرچی خواستی زۆرینەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو گۆڕان لەحکومەت بکشێتەوە بەڵام بڕیاربەدەستەکانی ناوبزوتنەوەی گۆڕان کەچەندین کۆبونەوەیان ئەنجامداوزیاترلە (12)کاتژمێر لەکۆبونەوەی جفاتی نیشتیمانیدابون نەیانتوانی بڕیاربدەن کەبکشێنەوە لەم دەسەڵاتەکەتاسەرئێسقان بۆگەنی کردوە.. گۆڕان دەبێت ببێتەخاوەنی هەموودەنگەناڕازییەکان ولەژێرچەتری خۆیداکۆیان بکاتەوە ئەگەروانەکات گۆڕان زەرەرمەندەچونکە پشت وپەنای گۆڕان تەنهاهاوڵاتیانی ستەملێکراو بەش مەینەتە کەوابێت گۆڕان دەبێت بەوریاییەوەمامەڵەبکات ودیسانەوەنەکەوێتەوەناوبازنەی یارییەکانی دەسەڵاتەوە.. گۆڕان دەبێت جدیترکاربکات بۆگەیاندنی ئەوهەمووسوکایەتیەی کەدەسەڵاتی کوردی بەتاکی کۆمەڵگەی کوردی دەکات بۆجیهانی دەرەوەکەهەرڕۆژەو لەژێرناوێکی جیاوازدایاری بەهەستی تاکی کوردی دەکات.

دەبێت گۆڕان بەکردارخۆی جیابکاتەوە لەهەمووپارتەکوردییەکانی ترکەلەژێرناوی گەورەی دیموکراسیداکاردەکەن بەئاڕاستەی تاکڕەوی لەهەندێ ناوچەش هەوڵی زیندووکردنەوەی حوکمی بنەماڵەدەدرێت ولەهەندێ ناوچەش ئەم سیستەمەچەسپاوە.. دەبێت گۆڕان چیتر واز لەکڕوزانەوەی بەردەم ڕاگەیاندنەکان بهێنێت کەمن وەک بارانی بەهاردێتەپێش چاوم هەندێ جاربەلێزمەدادەبارن هەندێ کاتیش هەمیشەئاسمانیان ساماڵەچونکە هەمیشەدەڵێن : یەکێتی ئامادەنیەڕێکەوتنەکەی نێوانمان جێبەجێبکات یان دەڵێن : پارتی قفڵی داوەلەپەرلەمان و وەزیرەکانی ئێمەی ناردۆتەوە ماڵەوە ! ئەگەرگۆڕان ئەم کارانەوچەندین کاری باشتربەئاڕاستەی باشترکردنی خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان نەکات کەوابێت هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان هەرپێنج لایەنەکەی ناوحکومەت چونکە لەئێستادا هاوڵاتیان وەک تاڵانچی تەماشای حکومەت دەکەن.




سپیبوونه‌وه‌ … نه ژاد عزیز سورمێ

(1)
گه‌ڕانه‌وه‌ی بارانه‌ .
به‌همه‌نی به‌فره‌ سووره‌كه‌
كه‌س نه‌ما ڕاپێچی نه‌دا
كه‌و ،
ئاسك ،
كاره‌ وردیله‌كان ،
ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوانی و
شه‌رمی ئه‌فسانه‌یی كچانی لادێش …
كه‌س نه‌ما .. (كه‌ڵ) نه‌بێ‌ .
ئه‌وه‌ی نهێنی له‌ لا بوو
بێ‌ یاوه‌ر .. بێ‌ هاواروبانگ
بێ‌ نژده‌وان بوو ..
وه‌سا بوو ،
پڵنگێكی ماڵیی ، پاسه‌وانی تاریكی
تۆی تیا نووستی ، نوقمی نه‌بانی ..
شاش ببووی ، بێ‌ ئامان ..

(2)
گه‌ڕانه‌وه‌ی بارانه‌ .
ئاوه‌دانییه‌ .
بێدار بوویه‌وه‌ ،
خۆت ته‌نیا بینی :
(ئه‌وه‌ براده‌رایه‌تی نییه‌
هاوه‌ڵه‌كانت جێت بێڵن..)
بۆ كوێ‌ ده‌چن؟
وه‌رزی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارانه‌
ئاشی دیان پێ‌ نانرێته‌وه‌
فێڵ بوو ..
(هیپۆمینس) به‌هێزی بازوو
گره‌وی له‌ (ئه‌تلانتا) نه‌برده‌وه‌
هیپۆمینس گره‌وی له‌ بایش ده‌برده‌وه‌ .
ئه‌تلانتا خۆی وای ده‌ویست
ئاشی دیان پێ‌ نانرێته‌وه‌
وه‌رزی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارانه‌ .
(3)
ئاهه‌نگی جێژنی له‌دایك بوون نییه‌
گه‌ڕانه‌وه‌ی بارانه‌
پێوه‌دان نییه‌
چزووی په‌شمه‌ستی به‌فراوییه‌ ..
خه‌مه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ..
مه‌یدانی سێرك چۆل كراوه‌
خه‌به‌رت هه‌یه‌ (كلۆدیۆس)
له‌ سه‌ره‌مه‌رگایه‌.. ده‌مرێ‌ ؟
1/1986




بۆ تۆ … سه‌ردار جاف

له‌ سه‌فه‌ری ره‌نگه‌كانا
چاوه‌نواڕم
فڵچه‌ ده‌ستی نیكاركێشێ
له‌ ده‌رگای حه‌زه‌كانم با
په‌یامی خوای ئیشق بێ و
خۆی ته‌یار دا
له‌ مه‌لۆتكه‌ی كوڵمی ئاڵا
له‌ ده‌سرازه‌ی چاوی خومار
له‌ باڵا لاولاوی لێوێ
به‌ قامه‌تی گه‌ردن به‌رزی ته‌داره‌كێ
ئاڵاند بێ
له‌ كاروانی گه‌ڕانه‌وه‌
ده‌بێته‌ ده‌نگی ناوازه‌
چه‌پكێ حه‌زی سه‌رشێتی دڵ
بوخچه‌یه‌ك ماچی گڕ گرتووی
شتڵی لێوێ
باوه‌شێ هه‌ناری سۆمام
له‌ كۆڵ ده‌نێ
عه‌رشی له‌ خاواریی پڕ كرد
ئه‌وه‌ قه‌ده‌ری ئه‌وینه‌
بۆ ئامێزی سینه‌ی نه‌رمی
ناڵاند بێ

ئه‌ڵمانیا
19 / 5 / 2017




قۆستنەوەی منداڵان بۆ سواڵکردن تاوانە… رەزا شوان

سواڵکردن دیاردەیەکی کۆنی ناشارستانی و نامرۆڤایەتییە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سواڵکەران لە هەموو وڵاتێکدا هەن، شێوە و شێوازی سواڵکردنیش زۆرە.. سواڵکردن دیاردەیەکی ترسناکە و ئەنجامێکی نەرێنی و مەترسیداری لەسەر ئەمڕ و داهاتووی کۆمەڵگادا هەیە.. هۆکاری سەرەکی سواڵکردنیش نەبوونی و هەژاری و بێکاری و برسێتییە.. بەڵام بە داخەوە لەم دواییەدا بەشێکی زۆری سواڵکەران سنووری شەرم و شوورەییان بەزاندووە و ئالوودەی سۆاڵکردن بوونە و، سواڵکردن بووە بە پیشەی رۆژانەیان.. گەر ئیشیشیان بۆ هەڵبکەوێت ئیش ناکەن و سۆڵکردنیان پێ خۆشترە.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، بەکارهێنانی منداڵانە بۆ سواڵ پێوەکردن و ساوڵکردن پێیانەوە کە سواڵکەرە پیشەییەکان دڵپاکی و ساوێلکەیی و نەزانی منداڵانیان قۆستوونەتەوە و بۆ پارە پەیداکردن دەیان چەوسێننەوە و بازرگانییان پێوە دەکەن.. ئەم منداڵانانە دڵپاک و بێتاوانن، هێشتا باش و خراپ، راست و هەڵە لێک ناکەنەوە.

لە ئەمڕۆدا لە شارەکانی ئەو عێراق و کوردستانەی کە لەسەر دەریایەکی نەوت و گازی سروشتیدان، بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سواڵکەران زیادیان کردووە و لە زیادبوون دان.. بە هۆی نەداری و هەژاری و بێکاری و لەیەک جیابوونەوەی ژن و پیاوەوە.. بە تایبەتیش رێژەی سواڵکەرانی ژنان و منداڵان زۆر زیادیان کردووە.. وەکو وتمان سواڵکردن بۆتە پیشەیەکی ئاسانی سواڵکەرە خووگرتووەکان.. ئەم ژنە سواڵکەرانە بۆ راکێشانی سۆز و بەزەیی خەڵکانی خێرخواز، منداڵانی کۆرپە و ساوا و منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بەکاردەهێنن.. لە قرچەی هاوین و لە چلەی زستاندا بە رووتی یا بە جل وبەرگێکی تەنک و دڕاو و چڵکنەوە، ئەو کۆرپە و ساوا ناسک و بێتاوانانە، لەسەر شۆسەی شەقامەکانی شارەکان درێژیان دەکەن. بە ئەنقەستیش برسییان دەکەن، تا بگرین و بکڕوزێنەوە و بنووزێنەوە و خەڵکی بەزەیی پێیانبێتەوە.. زۆربەیان منداڵی خۆیان نین، بەرانبەر بە پارەیەکی رۆژانەی کەم لە خێزانە هەژار و نەبوونەکان بە کرێیان گرتوون.. ئەم منداڵانە تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە و دەبن.

بێگۆمان لە ئەمڕۆدا، چەندین تۆڕ و گروپی مافیای بێوژدان و بێڕەوشت هەن، کە بازرگانی بە منداڵانەوە دەکەن، بە بڕە پارەیەکی کەم سواڵیان پێدەکەن، یا بۆ دزی و کاری ناڕەوا و نەشیاو بە کاریان دەهێنن.. لەوانەیە دەستدرێژیش بکەنە سەریان، ئەو منداڵە ناسک و هەناسەسارد و بەدبەخت و بێنازانە، کە لە تەمەنی چرۆ و خونچەدان.. لە مافی خوێندن و فێربوون، لە خۆشی و شادی، لە یاری و خەندە و پێکەنین، لە سۆز و خۆشەویستی، لە خۆشیەکانی تافی منداڵییەتی بێبەشن.. وەکو منداڵێکی ئاسایی ناژین و، بە دروستی گۆش و پەروەردە ناکڕێن.. فێری فڕوفێڵ و درۆ و کاری ناپەسەندیان دەکەن.. خەڵکیش بە چاوێکی سووکەوە لێیان دەڕوانن. ئەم ساوا و منداڵە سواڵکەرانە تووشی گرێی دەروونی دەبن و نابنە کەسایەتیەکی ئاسایی و، رقییان لە کۆمەڵگاکەیان دەبێتەوە.. دەبنە زەمینەیەکی لەباریش بۆ ئەوەی کە لە رێ دەربچن و، کەسانێکی تاوانباریان لێهەڵبکەوێت و جۆرەها تاوان ئەنجام بدەن.. یا تووشی مادە هۆشبەرەکان ببن و بازرگانییان پێوە بکەن.. بە کورتی نەوەیەکی سەقەتیان لێدێتە کایەوە.

لە وڵاتی ئێمەدا، تا ئێستا یاسایەک نییە، کە منداڵان لەو گروپ و تۆڕە مافیانە بپارێزێت و سزایی یاسایی ئەو توانبارانە بدەن، کە دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵان دەقۆزنەوە و بۆ سواڵکردن و کاری نەشیاو بەکاریان دەهێنن.. ئەمەش شوورەیی و شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی دەسەڵاتدار.. لە داهاتوودا باجێکی زۆری ئەم گوێ پێنەدان و پەراوێزکردنە دەدەینەوە..؟ کوا رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان..؟ کوا لیژنەی مافەکانی منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی کوردستان..؟ بۆ هیچ هەڵوێستێکیان نییە..؟! بۆ ویژدانتان مردووە و بەزەییتان بەو منداڵە ناسکە بەدبەختانەدا نایەتەەوە..؟! لە ئەمڕۆدا تەنها لە شاری سلێمایدا نزیکەی (٤٥٠) منداڵ، لە شاری کەرکوکدا زیاتر لە (٣٥٠) منداڵ، لە شاری هەولێریشدا نزیکەی (٤٠٠) منداڵ، کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شانزە ساڵانن، لەسەر شەقامەکاندا کاری دەستگێڕی دەکەن یان لەسەر عەرەبانە شت دەفرۆشن.. یا پێڵاو بۆیەدەکەن، عەلاگە دەفرۆشن.. زۆربەیان نەچوونەتە قوتابخانە یا لەبەر هەژاری و نەبوونی و، دابین نەکردنی پێداویستییەکان، ناچار بوونە کە واز لە خوێندن بهێنن.
لە هەموو یاسا ناوخۆییەکانی دەوڵەتان و، نێودەوڵەتیدا، قوستنەوەی منداڵان بۆ سواڵ پێکردن یا سواڵکردن پێیانەوە بە تاوان دادەنرێت، سزای تاوانبارانی ئەم تاوانە دەدەن.
مانگی رابردوو لە کەرکوک بووم، لە شەقامی پزیشکان کە قەڵەباڵغترین شەقامی شاری کەرکوکە.. زیاتر لە دوانزە جار ئەم دیمەنە دڵتەزێنەم بە چاوی خۆم بینی.. کە ژنێکی سواڵکەری عەرەب کە تەمەنی چل و پێنج ساڵ دەبوو، بە بەرچاوی پۆلیسی کەرکوکەوە لە ناوەڕاسی شەقامی پزیشکان دانیشتبوو، لە بەردەمی خۆیدا چوار منداڵی لەسەر پشت درێژکردبوون، تەمەنی دوانیان لە نێوان حەوت مانگ بۆ نۆ مانگ دەبوون، ئەو دوانەی تریان لە ساڵ زیاتر بوون، منداڵەکان دەنوزانەوە، زۆر بێزار و سەغڵەت بوون.. رەنگە برسییان بووبێ، یا ئازاری جەستەییان هەبێت.. گومانم هەیە کەمنداڵی خۆی بن، رەنگە لە خێزانە هەژارەکان بەکڕێی گرتووبن بۆ مەبەستی سواڵکردن.

هەر لە کەرکوک، لەسەر پردی دووەم ژنێکی تری عەرەب منداڵێکی کوڕی سێ ساڵانی لە بەردەم خۆێدا دانابوو، سکی منداڵەکەی رووت کردبوو، منداڵەکە نەشتەرگەری بۆ کرابوو.. پانزە تەقەڵ زیاتر بە سکی منداڵەکەوە دیاربوو.. هێندە خۆر لە سکی ئەو منداڵەی دابوو.. رەنگی پێستی سکی قاوەیی ببوو.. لەوانەشە ژنە سواڵکەرەکە بە مکیاج رەنگی سکی قاوەیی کردووبێت.. من وا هەستم کرد کە خۆر سووتاندبووی.
ئەمانە و چەندین چیرۆک و دیمەنی تری هاوشێوەی ئەو دوو سواڵکەرم لە شاری سلێمانی و هەولێريش بینی، کە منداڵان بوونەتە کەرەستەی سواڵکردن.. بەشێک لەو ئافرەتانە لە ئاوارەکانی سوریا و خوارووی عێراق بوون.. هەندێکیان تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵان دەبوون و هەمووشیان منداڵی ساوایان پێ بوو.. گێچەڵ پێکردن و قسە و توانجی هەرزەکارانیش بەم ئافرەتانە لە لایەکی ترەوە.

بە دەیان منداڵانی ناسکیش کە تەمەنیان لە هەشت بۆ دوانگزە و سیانزە ساڵان دەبوون، بە نێو ئۆتۆمبیلەکانی سەر شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوکدا پێچیان دەکردەوە و لە شۆفێرەکان دەپاڕانەوە تا پاکەتێک کلینکسیان لێبکڕن.. لەسەر نیوەی ئەو منداڵانە منداڵی کورد بوون.. نەبوونی و رەشوڕووتییان پێوە دیاربوو.

هەموو ئەمانە تاوانن و پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی منداڵانن.. بە پلەی یەکەمیش ئۆباڵیان لە ئەستۆی حکوومەت دایە.. مەبەستیشم حکوومەتی عێراق و کوردستانیشە.. هیوادارم بە جددی و دڵسۆزی و سۆزەوە پەرلەمان و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و هەر هەموو ئەو رێکخراوانەی کە داکۆکی لە مافەکانی منداڵان دەکەن.. هەموو ئەو کەسانەش کە خۆیان بە خەمخۆری منداڵان دەزانن و هیواخوازی داهاتووەیەکی گەشتر و شیاوترن بۆ کورد و کوردستان.. بێنە سەرخەت و، هەڵوێستی جددییان هەبێت و بێدەنگ نەبن بەرانبەر بەم تاوانانەی لە منداڵان دەکرێن.

رەزا شوان
نەرویـج:(٢١ی/ ئایار/٢٠١٧)




پرسیار …. دەوەن مەعروف

لە دوای قوومێ شەراب، بەدەم خەیاڵەوە..
جگەرەیەکم داگیرساند!
خەیاڵم بە فیزێکەوە پێی وتم: ئەزانی ماڵی “پرسیار” لە کوێیە؟
لەناو خۆمدا کەوتمە گەڕان.. هیچم نەدۆزییەوە!
ئیتر بە ڕۆحێکی ماندوەوە هاتمە دەرەوەی خۆم و
بە خەیاڵ خۆم کرد بە وڵاتی (گریک)دا
لەوێ لە دووای هەواڵپرسین، ماڵی (پرسیار)م دۆزییەوە!
لە دامێنی (پارتینۆن) ئەشکەوتێکی ڕووخاوم بینی..
لێی نووسراو بوو (کونەکەی سوکرات)
لە وەڵامدا بە خەیاڵم وت: بێ قەزا بیت، هەی بێ مروەت،
پێکە ژەهرەکەی (سوکرات) دوواین ماڵی پرسیارە!