“شو لیژیی” ئەو شاعیرەی لەپێناو تەلەفۆنە دەستێکەی ئێوەدا مرد … وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵا

نووسینی : ئیمیلی ڕاوهاڵا / شێنزن / ژیانگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : گۆران عەبدوڵا

شو لیژیی (١٩٩٠ – ٢٠١٤)

بە سەدان هەزار خەڵک لە لادێ و شارۆچکەکانی چینەوە سەفەر دەکەن بۆ شارە گەورەکان، لە پێناوی کارکردن لە کارگە نێودەوڵەتییە مشەخۆرەکانی وەبەرهێنان و هەوڵدەدەن ژیانێکی باشتر پێکەوە بنێن بۆ خۆیان. شو لیژی وێنەیەکی تۆمارکراوی ئەو ژیانەی لە دوای خۆیدا بە جێ هێشت.

شو لیژی مردنی بینی کە دێت

خەوی پێوەبینی، لەبارەیەوە نووسی و بە دەوریا سوڕایەوە لە ناو لەپیدا. لە شەوە تاریکەکان ئیزافە کاری دەکرد “لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا، شولیژی کاتێک بیست و سێ ساڵان بوو هەستیکرد بورغوویەکە و لە شوێنی خۆیدا نییە، “بەرز دەبێتەوە و دائەکەوێ، زرنگەی دێ بە هێواشی، ” بزردەبێت لەسەر زەوی کارگەکە. ” سەرنجی کەس ڕاناکێشێ،” وەک ئەوەی نووسیویەتی. “ڕێک وەک جاری پێشوو، لە شەوێکی وەکو ئێستا، کاتێک کەسێک لەسەر زەوییەکە هەڵدەبەزییەوە.”
شو لیژی، کوڕێکی لادێیی، خوێندکاری ئامادەیی، جلەکانی دا بە شانیدا و لە ساڵی ٢٠١١ ڕووی لە خوارووی چین کرد و لە شاری شانژین گیرسایەوە. بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا لەدەرەوەی ژیانی لادێیی، ئومێدی وابوو فرسەتێک بدۆزێتەوە بۆ بەکارهێنانی مێشک. وەکوو سەدان هەزاری تر، ئەمیش خۆی یەکلایی کردەوە کە دەست پێبکات، لەو لاینەی (هێڵە)ی کە پارچەکان پێکەوە دەبەستن لە فۆکسکۆن تەکنۆلۆجی گروپ، مانیفاکتۆرە زەبەلاحەکەی تایوان کە بە لینکێک بە هەموو ناوە ئەلیکترۆنییەکانی ترەوە دەبەسترێتەوە، هەر لە ئەپڵەوە تا ئەسەر و مایکرۆسۆفت. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە دەیبینی، دەستی کرد بە نووسین، بەرهەمە هەستبزوێنەرەکانی تاقمێکی کەم لە دانیشتوانی گەرەکە بچووکەکانی شاری “داگۆن شیرن” یان لە ناو شاعیرە کۆچەرەکان، خستە دوای.
لەو سێ ساڵ و نیوەی لە شانژین بوو، شو ژیانێکی سەختی بەڕێکرد، لەگەڵ هەندێ وردەکاری جواندا. کورە لادێییەکە لە شاردا دەنگێکی دوزییەوە کە ئەیگوڕاند، شیعرەکانی لە ڕۆژنامەی کەمپانیای “فۆکسکۆن گەل”دا و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکردەوە.
کارگەکان زۆر جار کرێکارەکانیان دەگۆری و کرێکاری نەناسراویان دادەمەزراند. وشەکانی ئەو بۆ خوێنەران وەبیرهێنەری ئەوە بوون کە هەر کرێکارێک مێشک و دڵی هەیە. نووسین بۆ ئەو ئامرازی دەربڕینی ناخی بوو. لە چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەیدا لە گەل رۆژنامەنووسیکی چینیدا کە رۆژمانەی “تایم” بینیویەتی دەڵێ “نووسینی شیعر ڕێگایەکی ترم پیشان دەدات بۆ ژیان”، “ئەوکاتانەی شیعر دەنووسیت، قەتیس نابیتەوە بە جیهانی ڕاستەقینەوە”. بۆ یەکەمین جار، براکەی شو و هاوڕی نزیکەکانی باسیان لە چیرۆکەکانی کرد بۆ ڕۆژنامەی بیانی.

بورغوویەک کەوتە سەر زەوی (2014)

بورغوویەک کەوتە سەر زەوی
لەم شەوە تاریکەی ئیزافەکاریدا
ڕێک بەردەبێتەوە، زرنگەی دێ بە هێواشی
بەڵام سەرنجی کەس ڕاناکێشێ

هەر وەکوو جاری پێشو
لەشەوێکی وەک ئێستادا
کاتێک کەسێک بەردەبێتەوە سەر زەوی.

لە شاری کارگەکان، ساڵی ٢٠١١ کاتێکی سەیرو دڵتەنگکەر بوو. ئەو کۆمەڵگەیەی کە ناسراوە بە لۆنگوا، شوێنی حاوانەوەی نزیکەی سەد هەزار کرێکاری سەرجەم ناوچەکانی وڵاتی چینە. لە ساڵی ٢٠١٠دا، لانیکەم حەفدە حاڵەتی هەوڵدان هەبووە بۆ خۆکوشتن؛ چواردە مردنیش. بەوهۆکاری توندوتۆڵبوونی بارودۆخی پۆلیسیانەی ناو کارگەکان زەحمەت بوو بزانرێ لە ناوەوە چی ڕودەدات. دەستە کرێکارییەکان نالەباری بارودۆخی کرێکارانیان بۆ شەرایەتی کار دەگەڕانەوە: سەعات کاری زۆر، کرێی کەم و کاری یەکجۆر و نەگۆڕ. ستیڤ جۆبس (سەرۆکی پێشووی ئەپڵ) یەکێک لە گەوەرە کڕیارانی کەمپانیاکە ئەم مەرگانەی “بە جێی نیگەرانی” ناو برد بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێژەی خۆکوشتن کەمترە لە چاو ئەمریکا. فۆکسکۆن بەرپەرچی ئەم هەوالانەی دایەوە و وتی دۆخی کارکردن باشە. بۆ ڕێگەگرتن لە کاری خۆکوژی تۆڕیان هەڵواسیبوە بە بالکۆنی ژورەکاندا، کە خۆی نمایشێکی ترسناکانەیە و بوو بە سەردێڕی زۆرێک لە ڕۆژنامە جیهانییەکانیش. فۆکسکۆن بە تایم نیوز دەڵێ: “کەمپانییەکەمان بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کرێکار دابین دەکات لە سەرجەم بەشەکانمان( لقەکانمان) لە جیهاندا، هەروەها یاداشتەکانمان بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کەوا چاکسازی زۆر کراوە لە پەیوەند بە بارودۆخی کرێکارانەوە، وەک ئەوەی خراوەتە ڕوو لە لایەن لێکۆلەرە دەروەییەکانیش.”
سەرەڕای ڕاکشاندنی سەرنجی جیهانیان لە لایەن چالاکوانانی بەکاربەرەکان (مشتەری، کڕیار) لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ بۆ تیشک خستنە سەر بارودۆخی نالەباری کارگەی پۆشاک بە گشتی وکارگەکانی کەوشی کەتانیی لە گوانگدۆنس، ژیانی کرێکارانی کۆچەریی چین لەم شوێنانەدا زۆرلەمێژە هەر شاراوەیە. لە دەرەوەی بازنەی چالاکوانەکان، زۆرێک لە خەڵک گەشتوونە ئەو باوەڕە کە کرێکارانی لاو لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتردا مامەلە بە لاوێتیی خۆیان دەکەن. وایان بیردەکردەوە ئەمانیش وەک بەشەکانی تری چین بە پێچەوانەی خێرایی چوونە سەرەوەی بازاری سەرمایەداری، دەتوانن لە کرێی کارەکەیان پاشەکەوت بکەن و تەلەفۆنێکی نوێی بریقەدار بکڕن.
بەدڵنیاییەوە ئەوە تەنها بەشێکە لە چیرۆکەکە. ئەزموونی گەورەی ئابووری لەلایەن “ماوتسی تۆنگ”ەوە داڕێژراوە کە زیاتر لە سی و پێنج ساڵە گەشە دەکات و گۆڕانی قووڵی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لە نووسینی کتێبەکاندا ئاماژە بەو کادیرانە دەکرێت کە چۆن سەدان ملیۆنیان لە برسێتی ڕزگار کردووە، بەڵام ئەوە کەسانی سادەی وەکو شو بوون کە ڕێگەی کاری وەها سەخت و سەمەریان گرتە بەر کە دایک و باوکانیان هەر بەر خەیاڵیشیان دا نەدەهات. ئێستا ئیتر گەشەی ئابوری دوو ژمارەیی بەسەر چووە و و سۆسیالیسمی دەولەتیی”سۆشیالیزم بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی چینەوە”ی دامەزراندووە کە یەکێک لە چینایەتیترین و نەیەکسانترین کۆمەڵگەکانی سەرزەوییە. خەڵک ئیتر هاوئاهەنگی ناچنە پێش – هەیە بە خێرایی پێشدەکەوێت و هەیە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.
ئەو ساڵانەی شو لە شانژین دەژیا چەند کەسانێک لە کرێکارانی کۆچەری خۆیان فڕێدایە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا. شو هەرگیز نەیتوانی باز بدا بەرەو ئەو ژیانەی لە خەیاڵیدا بوو، ئێشیک لە پشت مێزێک، واتە تەنیا ریگەیەک کە فرسەتی بیرکردنەوەت پێبدا و ببێتە جێگەی شانازی خێزانەکەشت. دەستی لەو باوەڕە هەڵگرت کە خەڵک گوێ دەگرن لەوەی کە وەزعەکە دەکرێ بگۆڕدرێ. لە سی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ هەشت مانگ پاش ئەوەی هەستی کرد ئەویش دەپلیکێتەوە، شو لیژی چووە سەر ڕەفەی باڵەخانەکە.

بە دوادا چوونی گۆڤاری فۆرچن

کاتێک شو لادێیەکەی خۆیانی لە دەرەوەی شاری جیانگ بەجێهێشت جلە کۆنەکانی خۆی گۆڕی. خەڵکی خۆرهەڵاتی هەرێمی گانگدۆنگ سەدەیەک بوو بە بەردەوامی ڕوویان لە باشوور دەکرد بۆ کارکردن لە بەندەرەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، یان خۆخزاندنە ناو سنوورەکانی هۆنکۆکەوە بە هیوای بەدەستهێنانی کارێک. ئەو ناوچەیە بە چاوشان ناسراوە، وە لای چینییەکان بە شوێنی بازرگانی بە ناوبانگە و پێی دەڵێن شوێنی لە دایکبوونی خەڵکی بازرگان.
ئەوکاتەی شو لە دایک بوو لە تەمموزی ساڵی ١٩٩٠، کارکەرەکانی چاوشان بەئاراستەی ڕۆژئاوا دەڕۆشتن بەرەو رووباری مرواری دەلتا کە لە ڕووی ئابوورییەوە خاوەنی ئەزموونێکی گەورە بوو. شانژین ئەو لادێیەی بە جێگای ڕاوەماسی ناسرابوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ ناوەندێکی پیشەسازی وە دەتوانرا تێیدا پارە دروستبکرێت. زۆربەی کرێکاران لە بارێکی ناهەموار و کرێیەکی کەمدا کاریان دەکرد، بەڵام هەندێکیش دەوڵەمەند دەبوون. برا گەورەکەی شو لیژ لەسەر نانی ئێوارە لە جیانگ وتی: “لە لادێکەی(گوندەکەی) ئێمەدا، خەڵک زوو وازیان هێنا لە چوون بۆ شار، هەموو کەسێک بە قسە دەتوانێ بەهار بێنێتە چۆکان.”
پێدەچوو شو لیژی بڕیاری دابێت پەیوەست ببێ بە کۆچێکی گەورەوە. ئەو مناڵتر بوو لە هەرسێ براکەی تری، خێزانەکەیان بە کاری جووتیارییەوە سەرقاڵبوون و لەسەر ئەو پارچە زەوییەی کە هەیان بوو برنج و کەوەر و تارۆیان دەچاند. وەکوو براکەی باسی لێوە دەکرد ئەو کەسێکی شەرمن بووە و حەزی بە کاری جووتیاری نەبووە، زیاتر حەزی بە خوێندنەوە کردووە، (بەڵام بەدەستهێنانی کتێب ئاسان نەبووە چونکە نە کتێبخانە و نە کتێبفرۆشی لە لادێکەیان نەبووە. هەروەها دایک و باوکی نەخوێنەوار بوون) لە قۆناغی ئامادەیی لە جیاتی خوێندن زۆرتر سەیری بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی دەکرد. شولیژی پێیخۆشبوو وەک کوڕێکی جیاواز دەربکەوێت، هەر بۆیە لای خەڵکی ئاسایی زوو دەکەوتە بەرچاو.

شێوەیەک لە پەیامبەرێتی (٢٠١٣)

بە ساڵاچووانی لادێ دەڵێن
لە گەنجیی باپیرەگەورەم دەچم
کەچی من خۆم نەمدەبینی.
کاتێک دووبارە و چەند بارە گوێم لێگرتن
پێی گەیشتم
باپیرە و من لە یەک دەچین
لە حاڵەتی دەموچاوماندا
لە هەست و حەزەکانماندا
هەر وەک ئەوەی لە منداڵدانێکەوە هاتبین
ناویان لەو نابو “داری حەیزەران”
لە منیش “علاگەی جل هەڵگر”
ئەو جاروبار هەستەکانی خۆی قوتدەدا
منیش زۆر جار ملکەچ
لە پایزی ١٩٤٣، دڕندەکانی ژاپۆن پەلاماریان داو
باپیرە گەورەمیان بە زیندوویی سووتاند
لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا.
منیش ئەم ساڵ دەبمە بیست و سێ.

شولیژی ئارەزووی بوو پێش ئەوەی بچێت بۆ زانکۆ تۆزێک ڕەنگ و ڕووی بکرێتەوە، بەڵام لە تاقیکردنەوەی گشتی دەرنەچوو.ئەوە شکستێک بوو کە ئازاری دەدا. بە قسەی برایەکی و دوو لە هاوڕێکانی، خێزانەکەیان هانیان دا ئەمە لە بیر خۆی بباتەوە.
خەڵکی لادێکەیان بڕوایان وابوو: ژنهێنان بۆ کوڕ واتە دەبێت خانوو بکڕیت بۆی. خێزانەکەی ئەو دەبوایە پارە پاشەکەوت بکەن بۆ سێ کوڕە. شو هۆنگژی بە برا بچوکەکەی دەڵێ: “تاقیکردنەوەکەت لە بیر بکە و لەگەڵ هاوپۆلەکانت بەرەو شار بڕۆ، ئەوەی لە ڕابردوو ڕووی داوە، ڕابردووە، خۆت ماندوو بکە،ئیستاش دەتوانیت چارەنووست بگۆڕیت.” هەتا کۆتاییش خێزانەکەیان پێیان وابوو دەتوانێت.

چراخانە، شاری گەورە

بۆ گەنجێکی کونجکاوی، شاری شانژین زۆر شتی بۆی هەیە. شارێکی حەوت ملیۆنی سەرباری هەموو ئەو خەڵکانەی دەوروبەری و هەرێمەکانی تر (لە کتێبفرۆشیشی کەم نییە). لە ساڵی ٢٠١٣ لە شیعری “بە خوێن دەدوێم” دا، شو لیژی لە مڵە کرێگرتەکەیەوە بە سەیرکردنی دەورەوە لە ژوورە “پاکەتە شخارەتەییەکەی” ڕا نهێنیەکانی جیهانی بۆ دەرکەوت:

ژنانی سەرگەردانی دوورکەوتوو لە هاوسەرەکانیان
کوڕگەلی سیشوانی لە کاتی فرۆشتنی شۆربای مالا
پیرەژنانی “هینان”ی لە پاش دووکانی عەربانەکانیان
خۆشم بە درێژایی شەو
شەوارە گرتوو بۆ نووسینی شیعرێک
پاش ڕاکردنی تەواوی ڕۆژ
بەدوای بژێوی ژیان.

خۆبەخێوکردن کەم و زۆر ببوو بە ئەرکێکی دەرەتانبڕ و تاقەتپڕووکێن کە گیانی دەگوشی و هەستی دەرووشاند. لە یەکەمین کاری لە کەمپانیای فۆکسکۆن بە نۆرە هەر مانگەی لە نێوان شفتی شەو و ڕۆژ کاری دەکرد و سەعاتکارێکی زۆر لە سەر پێیەکانی دەوەستا، بە هاوڕێیەکی وتبوو “ئەو ڕا هاتووە لەسەر ئازارەکانی، وەک لە شیعرە ئازاراوییەکانیدا دەردەکەوێت.”

لەسەر هێڵی بە سەریەکدا بەستن
وەکو ئاسن ڕاست ڕادەوەستم،
دەستم وەکوو سەوڵی بەلەم.

هەروەها لە ئابی ٢٠١١ دا نووسیویەتی:

دەبێت چەند ڕۆژ، چەند شەو،
هەروەکوو ئێستا
بە پێوە خەوم لێکەوتبێت؟

ژیانی کارگە وای لە شو کردبوو هەر وەک ئامێرێک بیربکاتەوە، نیوە ئینسانێک لەگەڵ “گەدەیەکی ساختەی ئاسنینی پڕ لە ئەسید، کبریت و نێتریک”. ئەوە وای کردبوو “پێستی کرێکارەکان توێک بەربدات” داپۆشینی خانەکانی لەشیان بوو بە توێژاڵێک لە “تێکەڵەی ئەلەمنیۆم”. هەستی دەکرد بەریگیراوە و لە مرۆڤبوون خراوە، وەک ئەوەی کە کارەکەی خۆی لە خۆیدا توانایی سیحری زمانی لێ دزی بێت و لە وشەی کار وەکوو “کارگە”، “هێڵی سەریەکخستن”، “مەکینە”، “کارتی کار”، “ئیزافەکاری”، “هەقدەست”… واتر هیچت بۆ نەهێڵیتەوە.
جیهانی وشە تەنها مەودای حەسانەوەی ئەو بوون، لە ڕۆژە دەگمەنەکانی پشوودانیدا وەک ئەوەی هاوڕێکانی دەیانوت شو ئارەزووی سەردانی کتێبخانەکانی دەکرد و ورد ورد سەیری کتێبەکانی سەر ڕەفەی کتێبخانەکانی دەکرد. زۆر جاریش سەردانی کتێبخانەی کەمپانییەکەی دەکرد و چاوی بە نووسەران و ئێدیتەرەکانی (سەرنووسەرانی) ڕۆژنامەی کەمپانییەکە دەکەوت و دەستی بە ناردنی شیعرەکانی کرد بۆیان و پێداچوونەوەیان دەکرد بۆی. “زۆر دڵخۆش بووم بەوەی کە بۆ یەکەمین جار کارەکانیم بینی” ئەمە قسەی ئەو ئێدیتەرە بوو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هۆی کارەکەیەوە. هەروەها وتی: “کارەکانی شو چاوەکانی کردمەوە.”
شو دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ئۆنلاینی شیعرەکانی و دەیناردن بۆ گۆڤارە بچووکەکان. هەروەها پەیوەندیکرد بە کرێکارە شاعیرەکانی ترەوە چ وەک شەخسی یان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. یەکشەمەیەک لە بەهاری ٢٠١٢ بە سواری پاس ڕوویکردە یەکێک لە شارە نزیکەکانی گوانژەو بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەک. نووسەرێک بە ناوی گاو سەرنجیدا گەنجێکی باریکەڵە لە پەڕەوە دانیشتووە و گوێدەگرێت و یاری بە تەلەفۆنەکەی دەکات. گاو داوای لێکرد پەیوەست بێت بە گرووپەکەوە، ئەویش بە گوێیکرد.
پاش قسەوباسکردن، گاو، شوی گەیاندە وێستگەی پاسی شانژین، لە کاتی چاوەڕوانیشدا نانێکیان پێکەوە خوارد. ئەمان هەردووکیان لە بیستەکانی تەمەنیاندابوون و ڕقیان لە کارەکەیان دەبووەوە، پیاوگەلێکی هەستیار لە شارێکی دڵڕەق.
شو بە گاوی وت، هەست دەکات کەوتۆتە تەڵەوە، ئەو هیچ حەزی بە کارەکەی نییە، بەڵام ناچارە و کاری تری چنگ ناکەوێ. گاو وتی: “لیژی دەیزانی ئەو دەبێت قەڵەم بەکاربهێنێ نەوەک چەکوش، بەڵام هەمیشە جیاوازی هەیە لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا.”

تاڵی چێژتن

لە ساڵی ٢٠١٣ دا شو هەستی دەکرد شار قووتی دەدات. شوێنی مانەوەی گۆڕی لە بەشی ناوخۆی کارگەکەوە بۆ گرتنی ژوورێکی بچووکتر بەکرێ، ئەوەندە بچووک بوو هەستی دەکرد لە گۆڕ دەچێت. ڕۆژێکیان بە خەیاڵیدا هات وەکو پیاوە مەزنەکانی خانەدانی “تانگ” بنووسێت، وشەکانی لە شەراب و جوانیدا بخووسێنێ و لە شانۆی “مانگ لەسەر بەفر” ڕامێنێ. بەلام بۆی نەدەکرا. بێ خەو بوو وهەستی بە خنکان دەکرد. وەک خۆی نووسی: “ئەم راستییەی ژیانی من، تەنیا رێگەدەدا لە خوێن بدوێم”.

ژووری بەکرێ (٢٠١٣)

جێگایەکی دەمیتری چوارگۆشە
تەسک و شێدار، بێ تیشکی خۆر لە ساڵا
لێرە دەخۆم، دەخەوم، پیسی دەکەم و بیر دەکەمەوە
دەکۆکم، ژانە سەردەگرم، پیردەبم،
نەخۆش دەکەوم، بەڵام هێشتاش مردن لە دەستم ڕادەکات
لەژێر زەردی تیشکی بێزاریهێنەری گڵۆپەکەدا دووبارە بێ هەستانە زەق دەڕوانم
وەکوو گێژێک پێدەکەنم
لەسەر خۆ دێم و دەڕۆم،
بە نەرمی گۆرانی دەڵێم،
دەخوێنمەوە، شیعر دەنووسم
هەموو کاتێک کە پەنجەرەکە دەکەمەوە یان پەردەکە لادەبەم
لە پیاوێکی مردوو دەچم کە هێواش دەرگای تابووتەکەی دەکاتەوە.

شو هەوڵی دا کارەکەی بگۆڕێت لە بەشی خستنەسەریەکەوە بۆ بەشی دابەشکردن و گواستنەوە. وەکوو ئەوەی خۆی بە هاوڕێکەی وتبووی ئەو کارە تۆزێک زیاترهەمەجۆرە و دەرفەتی ئەوەی دەداتێ یاری بە تەلەفۆنەکەی بکات، بەڵام کارە نوێیەکەی هیچ شتێکی لە دڵەڕاوکێیەکانی کەم نەکردەوە و مردن لە ناو بەرهەمەکانیدا ڕاوی دەکرد. لە شیعری “جۆرێک لە پەیامبەرێتی” خۆی بەراورد دەکات بە باپیرەی، ئەو پیاوە باریکەڵەیەی هەستەکانی قوتداوە و بەلاوی مرد:

لە پایزی ١٩٤٣، دڕندەکانی ژاپۆن پەلاماریاندا و
باپیرە گەورەمیان بە زیندوویی سووتاند
لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا.
منیش ئەم ساڵ دەبمە بیست و سێ.

“شو هۆنگژی” برا گەورەی شو لیژی وتی: “شو لیژی” هیچ شتێکی بە ماڵەوەیان نەدەوت، زۆر کەمیش بە هاوڕێکانی. ئەو کاتانەی تەلەفۆنی دەکرد، تەنها هەواڵی خۆشی پێیان دەدا.”
خێزانەکەی هیچ ئاگادارییەکیان نەبوو لە بارەی نووسینەکانییەوە. شو لیژی بە ڕۆژنامەنووسێکی چینیی وتبوو: “من دڵنیام ئەوان تێناگەن، لەسەرێکی تریشەوە ئەوان لە شیعریش تێناگەن، منیش جارجار ئەزموونی دڵتەنگکەرانە لە شیعردا باس دەکەم، بۆیە نامەوێ نیگەرانیان بکەم.”
خەڵکەکانی دەوروبەری لەو بڕوایەدا بوون شێوەیەک لە خەمخۆری ئاساییە و تا ڕادەیەکیش پێویست. ئەگەر لە کرێکاری بە ئەزموونی کارگەکانی “شنزێن” پرسیار بکەی، وێدەچێ بە شانازییەوە باسی “تاڵی چێژتن”ت بۆ بکەن کە پەندێکی چینییە بۆ توانایی خۆڕاگری. لە دایکبوو لە خێزانیکی برسییەتی چێژتوو، یەکەم تاقمی کرێکارانی کۆچەر لە هەژاری لادێ ڕا گوازتیانەوە بەرەو کارگەکانی مەرگهێنەری هێزی هەرزانی کار لە شاردا. ئەو کرێکارانەی کە بە سلامەت دەرچوون بە چاوێکی سووک دەڕواننە “گەنجی ئەمرۆ” و پێیان وایە کە ناتوانن بەرگەی ئەم دۆخە بگرن.
شو هۆنگژی و ئەو سەرنووسەرەی کە داوای کرد ناوی نەبرێ، هەردووکیان وەکو ملیۆنەها کەسانی پێش خۆیان لە تەمەنی هەرزەکاریدا هاتنە شار، بە بارودۆخێکی قوورسدا تێپەڕین و بەهێز هاتنە دەرەوە. بڕوایان وابوو شو لیژیش وادەبوو ئەگەر ئارام بوایە و کاری بکردایە. سەرنووسەرەکە پێی وابوو توانایی زیاتر لە شودا بەدیدەکرا نەک نائومێدی، وەک ئەوەی وتی: “بارو دۆخی ئەمڕۆ زۆر جیاوازترە لەوەی کە هەبوو، بەڵام پێم وایە مناڵی ئەمڕۆ داخوازی و پێویستییەکانیان جیاوازن.”
شو لە نێوان هیوا و بێ هیواییدا گیری خواردبوو، هەوڵی دا هەناسەیەک وەبەر خۆی بێنێتەوە لەو جاڕس بوونەی، شانسی خۆی تاقیبکاتەوە لە بەکارهێنانی بەهرەکانیدا، لەو بارەشەوە دوو هەوڵیدا بۆ بەدەستهێنانی کاری فەرمانبەریی. یەکیان لە کتێبخانەی کارگەکەی و ئەوەی تریان لە کتێبفرۆشە دڵخوازەکەی یویی لە شانژین، بەڵام لەهەردووکیان نائومێد مایەوە. کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ناوخۆیی پرسیاری لێکرد سەبارەت بە ئایندەی، لە وەڵامدا وتی: “چاوەڕوانی شتێکی ئەوتۆ نیم: هەمووان ئومێدمان وایە ژیانمان باش و باشتر بێت، بەڵام زۆربەمان چارەنووسمان بە دەستی خۆمانەوە نییە.”

کۆتایی

براکەی وتی: “لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئاهەنگی بەهاری ٢٠١٤ دا، شو کارەکەی لە فۆکسکۆن بە جێهێشت بێ ئەوەی بە کەسوکارەکەی بڵێت. بە هاوڕێکانی وتبوو لەم شارە دەڕوا بۆ شارێکی تر بە ناوی سوژۆ کە دوور نییە لە “شەنگەهای”ەوە بۆ بینینی کچێک و سەر لە نوێ دەستپێکردنەوەی ژیان. ڕۆشن نییە ئەو بەهار و هاوینەی لە کوێ بردەسەر؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ نزیکترین هاوڕێکانیدا پچڕابوو، بەڵام هەر کرێی ژوورەکەی دەدا لە شانژین.”
لە مانگی ئەیلوول جارێکی تر لە شانژین دەرکەوتەوە و دووبارە گرێبەستی کاری ئیمزا کرد لەگەڵ فۆکسکۆن، دوو ڕۆژ دواتر، لە یەکی تشرینی یەکەم، ڕۆژی پشوی نیشتمانی چین، لەو کاتە شولیژی تەمەنی بیست و چوار ساڵان بوو، بەرەو مۆڵی ئەو بەر جادەکە بەڕێکەوت کە دەکەوێتە بەرانبەر کتێبفرۆشە دڵخوازەکەیەوە. بە ئەلیڤەیتەرەکە (ئەسانسەرەکە) سەرکەوت بۆ نهۆمی حەفدە و لەوێوە خۆی فڕێدایە خوارەوە. تا ئەوکاتە هەواڵێک نەبوو لەو خۆکوشتنە لە میدیاکانەوە کاتێک هاوڕێکانی ئەو شیعرەیان دۆزییەوە کە بڕیاربوو لە یەکی تشرینی یەکەم بڵاو بێتەوە بە ناونیشانی “ڕۆژێکی نوێ” کە لێی نووسرابوو “خوێنرایەوە”.
بەدوای مردنەکەیدا گرووپی کاری وەرگێڕان سەرلەبەری کارەکانی شویان وەرگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی، وەکوو هەواڵێکیش لە ڕۆژنامەکانی بلومبێرگ و واشنتنپۆست بڵاوکرانەوە. شاعیریكی چینیی بە ناوی چین شاویو فلیمێکی دۆکیمەنتاری لە سەر ژیان و کارەکانی شو دروستکرد. بەشێکی کەمیشی لە شیعرەکانیشی بڵاوکردەوە. بەرپرسەکانی کەمپانیایی فۆکسکۆن نەچوونە ژێر باری وەڵامدانەوە بەو پرسیارانەی سەبارەت بە شو کران.
شو هۆنگژی برای شولیژی لە شوێنی ژیانییەوە ڕێگایەکی دووری بڕی بە پاس، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کەمپانیەکە و یەکلاییکردنەوەی مافەکانی براکەی. هۆنگژی نەیتوانی تەرمی براکەی بەرێتەوە بۆ لادێکەیان، بۆیە خۆڵەمێشی تەرمی براکەی برد و بڵاویکردەوە بە دەریادا. “جەو چیزاو” وەکوو کرێکارێک لە شیعرێکی بەرگریدا بۆ ڕێزلێنان لە شو نووسیویەتی:

بورغوویەکی تر شل بووەوە
هاوڕێ کرێکارێکی کۆچەری تر
خۆی فڕێدایە خوارەوە
تۆ لە جیاتی من مردی و
منیش لە جیاتی تۆ دەنووسم.

شو لێژی شاعیری لاو و کرێکاری کۆمپانیای فۆکسکۆن لە ساڵی١٩٩٠ لە وڵاتی چین لە دایکبووە و لە سی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا زۆر تراژیدییانە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ و لە یەکێک لە نهۆمەکانی ئەو باڵەخانەیەی ئەپارتمانەکەی تێدا بەکرێ گرتبوو خۆی فرێ دەداتە خوارەوە. دوای کارەساتی مردنی ئەم شاعیرە لاوە و بلاوکردنەوەی شیعرەکانی لەلایەن هاوڕێکانییەوە، سەرنجی میدیای چینی و جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا. شیعرەکان و نووسینەکانی لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی (ئەی کەی) دوای رەزامەندی دەسەلاتدارانی حکوومەتی چین بڵاو کرانەوە.

————————
سەرچاوەکان :
1- http://time.com/chinapoet/
2- https://en.wikipedia.org/wiki/Xu_Lizhi_(poet)
—————-
پەراوێز:
1- هینان : هەرێمێکە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای چاینەوە
2- تانگ دینەستی: سەردەمی زنجیرەی پادشایەتی چاین
3- سیلینگمالای سیشوانی: جۆرێکی خواردنە

————————
ئەم بابەتە لە ژمارە2ی گۆڤاری هانا بڵاو بۆتەوە ….




دەسەڵاتی مافیا و مافیای دەسەڵات … کامەران چروستانی

مافیا لە کوێوە سەری هەڵداوە؟

ڕەگی گروپەکانی مافیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم کاتێک لە ناوچەی سقڵیەی وڵاتی ئیتالیا هەندێک خێزان و خێڵی دەسەڵاتدار باندی تایبەت بەخۆیان پێکەوە دەنا و لە ڕێگەی هەڕەشە و فشار و کوشتن و توندوتیژییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی بازرگانی و بازاڕی شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیەدا دەگرت. یەکێک لە بەهێزترین و دڕندەترین مافیاکانی ئەو ناوچەیە بە کۆسا نۆسترا (Cosa Nostra) ناسراوە، کە هەتا ئێستاش ئەم گروپە مافیایە لە ناوچەکەدا خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی و لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو حکومەتی ئیتالیا ڕووبەڕووبوونەوە و کێشەی گەورەی لەگەڵ ئەم باندەی مافیایە هەبوو.

مافیا لە دوو تەوەرەی سەرەکیدا کار دەکات: کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بە شێوەیەک چالاکییە ئابوورییەکانی سەرەکی و بەهێزەکانی ناوچەکە دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان بێت یاخود پشکی سەرەکییان هەبێت. تەوەری دووەمی کارکردنیان لەسەر بنەمای (هەر دەریایەک لە دڵۆپە ئاو پێک دێت)، کە هەڵدەستن لەژێر کاریگەریی هەڕەشە و فشاری توندوتژیدا بڕێک پارە لە خاوەن بازرگانییە بچوک، ناوەند و گەورەکان دەسەنن لەژێر پاساوی پاراستنیان، کە ئەمە خاوەن فرۆشگا و چێشتخانە و کافتریا و هەموو بوارێکی دیکەی بازرگانی دەگرێتەوە.
مافیای ئیتالی سنووری وڵاتەکەی خۆی بەزاند و لە ئەمریکا لەناو ئەو گەڕەکانەوە، کە خێزانە ئیتالییەکان زۆرینەی نیشتەجێبووانیان پێک دەهێنا، دەستیان کرد بە چالاکییەکانی خۆیان و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا توانا داراییەکانیان بەهێزتر دەبوون و کۆنترۆڵی گەلێک بازرگانی گەورەی وەکو کحول، جگەرە، شەکر، قومارخانە و بازرگانیی لەشفرۆشییان کرد. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە و لەگەڵ کرانەوەی ئابووری چین بە ڕووی جیهاندا مافیای چینی و پێش ئەوەش مافیای ژاپۆنی بە هەمان شێوە سەریان هەڵدا، کە ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی مافیای ئیتالی بوون.

پاش ڕووخانی دیواری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و گۆڕانکاریی لە سیستمی کۆمینیزمدا ئەو ناوچەیەدا و هەروەها لێکهەڵوەشاندنی یەکێتی سۆڤیەت جۆرێکی دیکە لە مافیا لەو ناوچەیەدا سەری هەڵدا، کە نە لە شێوازەی پێکهاتن، نە لە شێوازی کارکردن و سەرچاوەیاندا لە مافیاکانی ئیتالی و چینی و ژاپۆنی دەکرد.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە پسپۆرەکانی تۆڕەکانی مافیا بۆ پێناسەکردنی هەردوو جۆری مافیاکە بەم شێوەیە باسی لێوە کردن: مافیای ئیتالی لە ناو شەقامەوە سەری هەڵدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا خۆی خزانە ناو دەسەڵات، بەڵام مافیای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە دەسەڵاتەوە سەری هەڵدا و چووە ناو شەقامەوە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی زۆرینەی گروپە مافیاکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا بخشێنین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەشی زۆرینەی کەسانی خاوەن دەسەڵاتی ئەو گروپانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لوتکەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە هەبووە بەر لەوەی گروپە مافیاکانی خۆیان پێک بهێنن. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی حوکم ئەو وڵاتانە کەوتنە ناو بۆشاییەکی سیاسی، یاسایی، سەروەریی یاسا و ئابووریش کە ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بوو بۆ ئەوەی کەسانێک بتوانن لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەو بارە لاواز و نائاساییەی وڵات بەکار بهێنن. ئەوەیش بە:

– بەکارهێنانی سەرچاوەی زانیارییەکان لە بواری ئاسایش، یاسا و دادگا، ئابووری، بازرگانی و بەڕێوەبردن لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەویش بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی، کە لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا لە ڕابردوودا هەیانبووە.
– قۆرخکردنی ڕەگە سەرەکییەکانی ئابووریی ناوچەکە لە بەرژوەندی خۆیاندا، بە شێوەیەک لە هەندێک بواردا پاکتاوی هەر کەس و لایەنێکیان دەکرد کاتێک هەستیان بە سەرهەڵدانی ڕکابەر کردووە.
– بەکارهێنان و داتاشینی یاسا، ڕێکاری بەڕێوەبردن و شێوازی حوکم لە بەرژوەندی ئەو گروپانەدا، کە هەندێک جار دەگەیشتە ئەوەی دەسەڵات چاوەکانی خۆی بنوقێنێت لە پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەم گروپانە.
– بەرەنگاربوونەوەی مێدیای ئازاد بە هەموو شێوەیەکی توندوتیژییەوە کاتێک هەستیان بە مەترسیی ئاشکراکردنی زانیارییەکی نهێنی یاخود چالاکیی بنکەیەکی مێدیا یان مێدیاکارێک لە دژیان. بەرامبەر بەمەش دامەزراندنی چەندین بنکەی مێدیای (سێبەر) بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی کۆمەڵگا لە ڕاستییەکانی ئەم گروپانە.
– بەیاسایکردنی پارەی ڕەش و شتنەوەی ئەو پارانە لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی زەبەلاح لەو وڵاتانەدا لەژێر ناونیشان و خاوەندارێتی ناوی دیکەدا، کە نەتوانرێت بەدواداچوونەوەی یاسایی بۆ ئەو کەس و سەرچاوە داراییانە ئەنجام بدرێت.
– تێکەڵاوبوونی جومگەکانی لایەنی چاودێریکردن، جێبەجێکار، یاسادانان، بازرگان و دادگاکان لەناو پێکهاتەیەکی ئاڵۆزدا، کە بەرژەوەندی هەموویان لەناو ئەم تۆڕە داراییە زەبەلاحەدا پێکەوە بەستراوە و هەر لایەنێکیان ناچار بوون داکۆکی لە ئەوی دیکەیان بکات.
– ناچارکردنی شەقام بە پێدانی جۆرێک لە باج، جۆرێک لە پارە لەژێر پەردەی پاراستن، ڕێگەپێدان، مۆڵەت، هەندێک یاسای تایبەت و چەندین کۆمپانیای جیاوازی دڵنیاکردنەوە (Insurance).

ئەم دوو پێکهاتە جیاوازە دوو شێوازی جیاواز لە مافیا نمایش دەکات، کە یەکەمیان ڕەگەکەی لە شەقامدا داکوتاوە، بەڵام دووەمیان لەناو دەسەڵاتدا. بۆ کۆمەڵگا کێشەکان لە جۆری دووەمیان زۆر زیاترە چونکە لە جۆری یەکەمدا بە هەر شێوازێک و لە هەر کاتێکدا بێت یاسا و دەسەڵات دەتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە و بەلایەنی کەمەوە سنوورێکیان بۆ دابنێت. وەلێ لە جۆری دووەمیاندا کێشەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە نەک تەنها سەروەری یاسا بوونی نابێت و حوکم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی فرەلایەنەی مافیادا کار دەکات، بەڵکوو گەندەڵیی دامودەزگاکانی حوکمەت وەها دەکات، کە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت لەناویشیاندا ئاسایش و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانیش لە بەرژەوەندی ئەو گروپانەدا کار بکەن.
بەم شێوەیە دەسەڵات لە لوتکەوە دەبێت بە بەشێک لە مافیا و مافیا دەبێت بە بەشێک لە دەسەڵات و تاکی کۆمەڵگاش ناتوانێت سنوورێکی جیاکەرەوە بۆ ئەو دوو پێکهاتەیە دەستنیشان بکات.

لە سەردەمی بۆریس ئێلسنی سەرۆکی ڕووسیای پێشوو دەسەڵات و تواناکانی مافیا گەیشبووە ترۆپک بە شێوەیەک نەک تەنها دەمارە سەرەکییەکانی ئابووری ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدا بوو، نەک تەنها کۆنترۆڵی بازرگانی نەوت و گازیان کردبوو، بەڵکوو کۆنترۆڵی بازرگانییە بچکۆلەکانی (دڵۆپە ئاوەکان)ی ناو وڵاتەکەشیان کردبوو. ئەمەش وەهای کردبوو، کە هەموو هاووڵاتییەکی ڕووس لە هەر ساتێکدا چاوەڕوانی باجێک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەکرد لەلایەن مافیای وڵاتەکەیەوە. لە وڵاتێکی دیکەی وەک بولگاریاشدا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بواری گەشتوگوزار بە تایبەتی سەر کەنارەکانی دەریای ڕەش بە هەمان شێوە گروپە مافیاکان لەنێوان خۆیاندا بەپێی ناوچەی دەسەڵات دابەشیان کردبوو، کە لەو سەردەمەدا بە شێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دەدران و پشتگیرییان لێ دەکرا.

ئەرکی دەسەڵات بریتییە لە پاراستنی ژیان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی تاک، خێزان و کۆمەڵگا، دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشکەوتن، دادپەوەری و ڕەخساندنی بوار بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کۆمەڵگا بەپێی توانا و هەوڵی خۆی ببێت بە خاوەنی بەشێک لە سامانی ئەو وڵاتە. وەلێ کاتێک مافیا لەناو دەسەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت و جومگە گەورە و بچوکەکانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی خۆیدا قۆرخ دەکات، ئیتر سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە دەبن بە کەرەستەیەک کە لە بەرژەوەندی ئاوێتەی (مافیا-دەسەڵات)دا کاری لەسەر دەکرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئیتالیاوە مافیا لەناو شەقام دروست بووبێت و خۆی خزانبێتە ناو دەسەڵات، ئەی لەم سەردەمەدا و لە هەموو جیهاندا چەند دەسەڵات هەن، کە بوون بە بەشێک لەو مافیایەی کە وڵاتەکە با یاسایی و نایاسایی بە هەردوولایان بەڕێوە دەبەن؟




‌یاده‌وه‌ری كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ …64 … كه‌ریم كاكه‌

64

به‌ عیزرائیل بڵێن: كه‌مێك خۆی دوابخات، گوڵی كۆساران له‌ رێیه‌، چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كم ماوه‌، چاویشم له‌ رێیه‌

قوتابخانه‌، قوتابخانه‌ی پێشان نیه‌، هه‌ستده‌كه‌م ته‌نگبۆته‌وه‌، وه‌ك بلێی له‌ كۆڵیت كرابین، چ جێم لێ دیار نیه‌، تووشی هه‌ناسه‌بڕكێ ده‌بم، پێشتر وا نه‌بوو، به‌ دڵی خۆ بای باڵمان ده‌دا، سبه‌ینان زوو له‌گه‌ڵ ده‌نگی (ئه‌ی ره‌قیب) كێشكه‌ ئاسا به‌ سه‌ر دره‌خته‌كان هه‌ڵده‌فڕین، له‌گه‌ڵ (ئه‌ی شه‌هیدان) له‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ ده‌نیشتینه‌وه‌، به‌ (سێوه‌و مێوه‌..)وه‌ ده‌چووینه‌ پۆلێ، له‌ ته‌نیشت ئازادی هاوڕێم داده‌نیشتم و خواخوام بوو مامۆستا زوو زوو هه‌ڵمستێنێ، حه‌زمده‌كرد هه‌رچی پرسیار هه‌یه‌ له‌ منی بكات.
ئێستا وا نیه‌، خۆشیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ی ره‌قیب و شه‌هیدان و ئازاد هه‌ڵفڕین و نه‌هاتنه‌وه‌، له‌ بیرمان بێ، ناوه‌ ناوه‌ له‌و خه‌ته‌ ده‌رده‌چووین كه‌ به‌رێوه‌به‌ر بۆمانی كێشابوو، به‌رێوه‌به‌ر ده‌یگۆ:
ئه‌وه‌ی گۆتم خه‌ته‌، نابێت لێی ده‌رچن و پێ به‌ خواری دانێن.

یه‌ك له‌وانه‌ نه‌گۆتنی (ئه‌ی ره‌قیب ) بوو، به‌ڵام له‌ پڕ له‌ لایه‌كه‌وه‌ سه‌دای(ئه‌ی ره‌قیب) به‌رزده‌بۆوه‌، ئه‌و به‌ داره‌وه‌ ده‌گه‌یشتێ و په‌رته‌ی پێده‌كردن، ئێ، با له‌ ئاوده‌ستخانه‌ دوورنه‌كه‌ومه‌وه‌، پێشتر له‌ سه‌ر ده‌رگا و دیواری ئاوده‌ستخانه‌ی قوتابخانه‌ نووسینم نه‌دیتبوو، له‌ هی مزگه‌فتی شێخه‌للا و خانه‌قا و قیبله‌ خوارو.. دیتبووم، نووسینم دیتبوو، نازانم بۆچی بیرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووبوو كه‌ ئه‌و جێیه‌ جێی نووسین بێ، بۆیه‌ كه‌ دیتم، تووشی سه‌رسووڕه‌ هاتم، وه‌بیرمدێ، دانیشتبووم، سه‌رم هه‌ڵبڕی، له‌ سه‌ر ده‌ركه‌كه‌ به‌ خه‌تێكی درشت نووسرابوو(….)، ته‌وام نه‌كردبوو، شه‌رواڵم هه‌ڵكێشایه‌وه‌ و ده‌رپه‌ڕیم، نه‌متوانی به‌ دیاریه‌وه‌ دانیشم، پێموابوو ئه‌گه‌ر پتر ته‌ماشای ئه‌و شه‌ش حه‌فت پیته‌یه‌ بكه‌م، خۆم ده‌گرێته‌وه‌، وا بزانم تا چه‌ند حه‌فته‌ نه‌چوومه‌وه‌ ئه‌و ئاوده‌سته‌، چاوه‌ڕێم ده‌كرد دووه‌كه‌یدی چۆل بن، له‌ دڵی خۆم ده‌مگۆ، كه‌سێ كه‌س بێ، كوو له‌ ناو ئاوده‌ست شت ده‌نووسێ! كه‌چی زۆری نه‌برد به‌ ده‌ستی خۆم له‌ هه‌مان ئاوده‌ست شتم نووسی، بزانین چۆن وچیم نووسی.

ره‌نگه‌ له‌ ئاوده‌سته‌كه‌ی ناوه‌ندێ بووبێت، پێشمه‌رگه‌م دیت، سپی سپی، بریقه‌ی ده‌هات، پێشمه‌رگه‌كه‌ درشت بوو به‌ڵام (بژی)یه‌كه‌ی پێشی ورد، پێده‌چوو تازه‌ بێت، دوور نیه‌ ئه‌و كوڕه‌ی پێشه‌ من هاته‌ ده‌رێ نووسیبێتی، ئه‌رێ كێ بوو؟ له‌ ترسان به‌بیرمنه‌هاته‌وه‌، زۆر ترسام، به‌ پڕه‌پڕ هاتمه‌ ده‌رێ، گوتم نه‌بادا به‌ مل مندا بێ، رۆژێكیتر مه‌لا مسته‌فام دیت، نووسرابوو، (سه‌رۆكی كوردان مه‌لا مسته‌فای بارزان)، له‌و ساته‌ ده‌نگی به‌رێوه‌به‌ر هات، وه‌ی خوایه‌ چ بكه‌م، خۆ ببینێ بێ یه‌كودوو به‌ ملی منیدا دێنێ، باشه‌ خه‌ته‌كه‌ به‌ ده‌ستخه‌تی من ده‌چێ! ته‌ماشا ده‌كه‌م كتومت هی منه‌، ره‌نگه‌ واش نه‌بووبێ، به‌ڵام ترس وای نیشانم دابێت، قسه‌یه‌كی یاریده‌ده‌رم بیرهاته‌وه‌: نه‌كه‌ن له‌ئاوده‌ستخانه‌ و سه‌ر دیواران شتی قۆڕ بنووسن، ده‌ستخه‌تی هه‌مووتان ده‌ناسمه‌وه‌.
خودایه‌ چ بكه‌م، ده‌نگی به‌رێوه‌به‌ر نزیكتر ده‌بێته‌وه‌، هه‌وكه‌ ده‌گاته‌ سه‌رم و ئه‌و سه‌رۆكی كوردانه‌ به‌ ملی منه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌مهه‌نجنن، باش بوو بۆم هات، بیرێكی باشم بۆ هات، ده‌سته‌سڕه‌كه‌م ده‌رهێنا و پوخته‌ سه‌رۆكم ره‌شكرده‌وه‌، هاتمه‌ ده‌رێ، به‌رێوه‌به‌ر له‌وێ نه‌مابوو.

ئیدی ئاوده‌ستخانه‌ بووه‌ جێی: برووخێ حوكمه‌ت، بژی پێشمه‌رگه‌، بژی ….، بمرێ …ه‌ فه‌ندی، منیش هاته‌ سه‌رم شتێك بنووسم، چه‌ند جار ته‌باشیرم له‌گه‌ڵ خۆم ده‌برده‌ ئاوده‌ستێ، غیره‌تم ده‌دا خۆم، ده‌ست و ته‌باشیر له‌ دیوار له‌ ده‌رگه‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌، ده‌مگێڕانه‌وه‌، زۆری برد تا نووسیم: (بژی پێشمه‌رگه‌)، له‌ ساتی نووسینێ هه‌وڵمدا ده‌ستخه‌تم بگۆڕم، بۆوه‌ی نه‌ناسرێمه‌وه‌، له‌ ساتی نووسینێ ته‌ماشای بن ساپیته‌م ده‌كرد، نه‌وه‌ك چاوێك له‌وێوه‌ چاوی لێبێ، نووسیم و ده‌رپه‌ڕیم، تا ناو پۆلێ گیرنه‌بووم، وام هه‌ستده‌كرد، ئاشكرابوومه‌ و به‌ دوامه‌وه‌ن، ئه‌و رۆژه‌ حه‌زمده‌كرد تێكڕای قوتابیی قوتابخانه‌ی زێوه‌ر بۆ سه‌ر پێشاو بچنه‌ ئه‌و ئاوده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌كه‌ی منی تێدایه‌ و به‌ چاوی خۆیان بیبینن چۆن ده‌دره‌وشێته‌وه‌، له‌ پشووه‌كان ده‌چووم له‌ سه‌ر ده‌رگا گه‌وره‌كه‌وه‌ ته‌ماشامده‌كرد داخوا كێ ده‌چێته‌ دیداری پێشمه‌رگه‌كه‌ی من، ئه‌و رۆژه‌ زۆر شاییم به‌ خۆم ده‌هات، هه‌ستمده‌كرد ئازایه‌تیه‌كم نیشانداوه‌، له‌ ده‌ست كه‌م كه‌س دێ، حه‌یف كه‌س به‌و ئازایه‌تیه‌می نازانێ، ده‌مویست هاواربكه‌م: ئه‌وه‌ من بووم له‌ ناو ئاوده‌ستێ به‌ خه‌تی سپی نووسیم: بژی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ترسی سێداره‌ زارمی ده‌به‌ست، ئاخر ده‌مبیست له‌ سه‌ر قسه‌یه‌كی وا، له‌وه‌ش سووكتر، خه‌ڵك له‌ قه‌ناره‌خانه‌ی مووسڵێ له‌ قه‌ناره‌ دراوه‌.

له‌ قوتابخانه‌ ده‌هاتمه‌وه‌، باران نم نم ده‌باری، له‌ نزیك به‌رده‌بازی نزیك ماڵێ -له‌ كه‌نده‌كه‌ به‌رده‌باز هه‌بوو بۆ په‌ڕینه‌وه‌- پیاوێكم دی جڵه‌وی كه‌رێكی به‌ ده‌سته‌وه‌، ده‌بینم ده‌موچاوی خوێناویه‌، له‌ پێشه‌ من په‌ڕیه‌وه‌، له‌ پێش ده‌رگه‌ی ماڵێ مه‌ سنگه‌كه‌ی له‌ عه‌رد داكوتا، كه‌ره‌كه‌ی به‌سته‌وه‌، له‌ ده‌رگای دا، به‌ كه‌ره‌كه‌ی ناسیمه‌وه‌! ئه‌وه‌ پیاوه‌كه‌ی بنه‌سراوه‌یه‌، خزمه‌، زوو زوو دێ، ئه‌و پیاوه‌ فشه‌ زۆر ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ زۆر كه‌س(فشه‌ی بنه‌سراوه‌)ی ده‌ڵێنێ، ئێ، ئێستا وه‌ختی فشه‌ نیه‌، كابرا سه‌ر و چاو و یه‌خه‌ و سه‌ر شانی خوێناویه‌، له‌بیرمه‌ دایكم گۆتێ:
كوڕم، غارده‌ ماڵی مام تۆفیقی ره‌حمه‌تی بڵێ ده‌رمانی برژانه‌وه‌م بده‌نێ.
به‌ چاوجووقانێ گه‌یشتمێ، ماڵیان له‌ كۆڵانه‌ چه‌ند ماڵێ سه‌رێی ماڵێ مه‌، به‌ ده‌ستێدی، كچه‌كه‌ی شووشه‌یه‌كی دامێ، به‌ غاردان هاتمه‌وه‌، له‌ نزیك ماڵێ ساتمه‌م كرد، شووشه‌ به‌ به‌ردێك كه‌وت، گه‌وره‌ترین پارچه‌ی لای مله‌كه‌ی بوو، مله‌ شووشه‌م هه‌ڵگرته‌وه‌، چاو شۆڕانه‌ به‌رانبه‌ر دایكم راوه‌ستام، گوتی:
به‌ ملی شكاوت شكاندت!
كه‌مێك داما، گوتی:
غارده‌ ماڵی حه‌مه‌د، بڵێ ده‌رمانی برژانه‌وه‌.. به‌ڵام له‌و سه‌ر كه‌ هاتیه‌وه‌، غارنه‌ده‌ی.
ده‌و كه‌ند و كه‌ند شۆڕبوومه‌وه‌، حه‌مه‌د مه‌ستان پرسی:
بۆ چیته‌؟!
تێمگه‌یاند كه‌ فلانه‌ كه‌س برینداره‌، حه‌مه‌د مه‌ستان خۆی هات، برینه‌كه‌ی بۆ خاوێنكرده‌وه‌ و برژانده‌وه‌، فشه‌ی بنه‌سراوه‌ به‌ ده‌م چایه‌ خواردنه‌وه‌وه‌، سه‌رهاتی برینه‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌، سه‌ربازه‌كانی بازگه‌كه‌ی پشت باداوه‌، رایده‌گرن، كۆڵێ پرسیاری لێده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ شێوازی خۆی وه‌ڵامیانده‌داته‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌ن فشه‌یان پێده‌كات، ئیدی به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگان وه‌ریده‌گه‌ڕێنێ و شلوكوتی ده‌كه‌ن، ده‌بێت بڵێم من له‌و سه‌روبه‌نده‌ پێكه‌وتم كه‌ هه‌ر چوار ده‌وری شار سه‌ربازبه‌ند و جاشبه‌نده‌، وه‌كو پێشان نیه‌ هه‌ر ده‌مێ بته‌وێ روو له‌ شار بكه‌یت، یان ملی ئاقار بگری و كه‌س نه‌ڵێ، ها كابرا، كێوه‌!
له‌بیرمه‌ حه‌مه‌د مه‌ستان به‌ فشه‌ی بنه‌سراوه‌ی گۆت:
ما خرا، ده‌ڵێی له‌ چیای سیپان هه‌ڵدێراوی، جێیه‌كی ساغت نه‌ماوه‌.
سیپان سیامه‌ند نا، مام تۆفیقی بیرهێنامه‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ جه‌ڵه‌بوان بوو، دنیا و بنیای ده‌كرد، جار هه‌بووه‌ به‌ شه‌ش مانگ به‌ حه‌فت مانگ بزربووه‌، به‌ مێگه‌لێ بزنه‌وه‌ په‌یدابۆته‌وه‌، بزنی وا كه‌س نه‌ له‌ كوێستانێ نه‌ له‌ گه‌رمیانێ نه‌یدیتووه‌، ده‌تگوت هی دنیایه‌كی جیا له‌ دنیای ئێمه‌ن، ئه‌و پیاوه‌ به‌ پێڵاوه‌ چه‌رمینه‌كانی كه‌ له‌ پێی كه‌سم نه‌یدتبوو ئێران و توورانی ده‌كرد، سوێندتان له‌ سه‌رم نیه‌، ئه‌و پیاوه‌ بۆ كڕینی ماڵات گه‌یشتۆته‌ چیای قافیش، ئاخر زۆر جار له‌ سه‌ر نۆریزكانێ، له‌گه‌ڵ بابم ده‌یكرد، به‌فر و سه‌رمای چیای قافی ده‌گێڕایه‌وه‌، ئه‌و قافه‌ی من ته‌نێ له‌ هه‌قایه‌تان ناویم ده‌بیست، قسه‌كانی مام تۆفیقشم هه‌ر به‌ هه‌قایه‌ت وه‌رده‌گرت، ئێ، به‌هارێك مام تۆفیق بزر بوو، هاوین هات نه‌هاته‌وه‌، پایز به‌ سه‌ردا هات، مام تۆفیق په‌یدانه‌بۆوه‌، دره‌نگ هه‌واڵ هات: هه‌ڵدێراوه‌، له‌ دووره‌وه‌ فاتیحای بۆ بخوێنن، گیانی سپاردووه‌..
له‌ كوێ؟!
له‌ سیپان، رێك له‌و جێیه‌ی سیامه‌ند هه‌ڵدێرا و خه‌ج به‌ دوایدا چوو، به‌ڵام كه‌س به‌ دوای مام تۆفیقدا نه‌چوو، وه‌بیرمدێ، پلكه‌ نه‌خشینی ژنی ده‌یگۆ:
خۆزگه‌ ده‌گه‌یشتمه‌ سیپان، ده‌مزانی چی ده‌كه‌م، خۆ منیش له‌ خه‌ج كه‌متر نیم.
مام جه‌ڵه‌بوان جگه‌ له‌ بابم، زۆر براده‌ری حه‌مه‌د مه‌ستانیش بوو، وه‌بیرمدێ كه‌ ئاژه‌لێكی ده‌كوشته‌وه‌، قاپێكی گه‌وره‌ نه‌رمك و شتێَك له‌ پشته‌كه‌ی بۆ حه‌مه‌د مه‌ستان ده‌نارد و ده‌یگوت:
گۆشت قابیل به‌ بازه‌.
هه‌بوو ده‌یگۆته‌ مام جه‌ڵه‌بوان:
لۆی مه‌نێره‌، به‌ عاره‌قه‌وه‌ سندانی ده‌كات.
جه‌ڵه‌بوان له‌ بن برۆ پڕه‌كانیه‌وه‌ كه‌ داو داو سپیشیان تێكه‌وتبوو، نیگایه‌كی ده‌كرد و ده‌یگۆ:
قسه‌ی قۆڕڕ..
له‌ گۆشتی جه‌ڵه‌بوانه‌وه‌ تووری بابمم بیركه‌وته‌وه‌، بابم ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ باخچه‌كه‌ی ته‌نیشت باخی گڵكه‌ند باخچه‌وان بوو، به‌ تاریكی ده‌ڕۆیی و به‌ تاریكی ده‌هاته‌وه‌، حه‌مه‌د مه‌ستان ناوی لێنا پیاوی تاریكی بۆ تاریكی، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌، له‌و ته‌ڕانه‌ی له‌ شینایی هه‌بوو، سه‌ر و ده‌سكی ده‌هێنایه‌وه‌، ده‌سكێ كه‌وه‌ر، كه‌ره‌وز، ته‌ڕه‌ تووله‌، توور.. به‌ڵام تووره‌كه‌ دوو ده‌سك، ئاخر ده‌سكێكیان بۆ حه‌مه‌د مه‌ستان بوو.
دیمه‌نه‌كه‌ له‌ خه‌ون لێلتر خۆ نیشانده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌تا پیاوێك به‌ده‌م مژی قووڵ له‌ جغاره‌ كه‌ خۆی و بابمی خستۆته‌ ناو دووكه‌ڵه‌وه‌، ده‌ڵێته‌ بابم:
تۆ وه‌ك ئه‌وه‌ وای له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌د مه‌ستان دانیشتبی و عاره‌ق بخۆیته‌وه‌، ئه‌دی نازانی له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌لكه‌ توورێك شووشه‌یه‌ك عاره‌ق ده‌خواته‌وه‌؟! گوناحت ده‌گاتێ، چیدی تووری مه‌دێ.
بابم كه‌ به‌ ده‌ست دووكه‌ڵی له‌ رووی خۆی دوورده‌خسته‌وه‌، به‌ ده‌م كۆخه‌وه‌:
ناوه‌لڵا به‌وه‌ گوناهم ده‌گاتێ كه‌ له‌گه‌ڵ تۆ راوه‌ستاوم.
ئه‌وه‌شی گوت: حه‌مه‌د مه‌ستان به‌ پێی خۆی منیش به‌ پێی خۆم، تۆش حه‌زده‌كه‌ی له‌ سه‌ر ده‌ست بڕۆ.
(( حه‌مه‌د مه‌ستان تۆڵه‌ی ساڵێك ده‌سكه‌ تووری كرده‌وه‌)) ئه‌وه‌ قسه‌ی ئێوارانه‌ی دایكم بوو، ئێواره‌یه‌ له‌ ده‌رگا درا:
كوڕم ده‌ركه‌یه‌، بزانه‌ كێیه‌؟
كردمه‌وه‌، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانه‌، به‌ مه‌نجه‌ڵێكه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌رگایه‌، ئه‌و كچه‌ی دایكم به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ به‌ سوورتك بانگیده‌كات، كچه‌ بزۆزه‌كه‌ به‌ده‌م پێكه‌نه‌ینه‌وه‌:
دایكم ناردی، مه‌نجه‌ڵه‌كه‌م لۆ بده‌نه‌وه‌.
مه‌نجه‌ڵ گه‌وره‌یه‌، ده‌مویست سه‌ری بكه‌مه‌وه‌، نه‌مكرده‌وه‌، دایكم رۆیكرده‌ مه‌نجه‌ڵێكی گه‌وره‌تره‌وه‌، وای ئه‌وه‌ چیه‌، تا مه‌نجه‌ڵی به‌تاڵم بۆ كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان برده‌وه‌، رێ بووه‌ ساڵه‌ رێ، ئاخر ده‌زانن مه‌نجه‌ڵی پڕ چی تێدایه‌! بابم ده‌ڵێ:
له‌ كه‌و ده‌چێ، كه‌وه‌، ئا، كه‌وه‌.
چه‌ند كه‌وێ له‌ ناو چه‌لاوی كه‌وێ به‌ تام راكشابوون، وه‌رگه‌ڕاینه‌ سه‌ر كه‌و، خودایه‌ چ تامێكی هه‌بوو، من جاری ئێكێیه‌ گۆشتی كه‌و بخۆم، گۆشتی سووسكه‌ و ره‌شۆڵه‌ و كێشكه‌م خواردبوو، به‌ڵام كه‌و نا، وه‌بیرمدێ بابم گۆتی:
حه‌مه‌د مه‌ستان دڵی گه‌له‌ك باشه‌، له‌ سه‌ر ئه‌و دڵباشیه‌ی وا پێده‌چێ خودا بیباته‌ به‌هه‌شتێ.
دایكیشم قسه‌كه‌ی خۆی كرد، مه‌به‌ستم تۆڵه‌ی ده‌سكه‌ تووره‌كانه‌.

له‌گه‌ڵ كچه‌ قشتیله‌ سوورتكه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان، یاده‌وه‌ریم زۆره‌، ئه‌و كچه‌ له‌ سووكه‌ڵه‌یی له‌ كه‌ویار ده‌چوو، له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێ، له‌ هه‌ڵاتنێ كه‌س نه‌یده‌گه‌یشتێ، له‌بیرمه‌ (زیل)ێ له‌ لای سه‌ید مارفه‌وه‌ ده‌هات، له‌ راست ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان، زرم، زرمه‌یه‌كی وای لێوه‌ هات وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌وی ته‌قیبێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ پێش ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان دانیشتبووین، دیتم كچه‌ سوورتكه‌ له‌شسووكه‌كه‌، ده‌رگای نه‌دیته‌وه‌، یان پێویستی به‌ ده‌رگا نه‌بوو، به‌ بازێ خۆی هه‌ڵدایه‌ سه‌ر دیوار و ئاودیوی حه‌وشه‌ی خۆیان بوو، من له‌ ده‌رگاوه‌ چوومه‌ ماڵیان، ژنه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان، جامه‌ ئاوی بۆ راگرتین:
ئاو بخۆنه‌وه‌، چ نه‌یه‌، زیله‌كه‌ تایه‌ی ته‌قی.
به‌ ترسه‌وه‌ له‌ ده‌وری زیل ده‌سووڕاینه‌وه‌، دیتم، له‌ پشته‌وه‌ی زیل چه‌ند سه‌ربازێ سه‌ریان به‌ سه‌ر یه‌كتر كردووه‌ خه‌وتوون، به‌ڵام دواتر پێكه‌وتم، سه‌ربازه‌كان نه‌خه‌وتوون، مردوون و به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كوژراون، ئه‌وه‌ش جاری ئێكێ بوو، سه‌ربازی كوژراو ببینم، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و رۆژ بووبێ كه‌ حه‌مه‌د مه‌ستان وا له‌ خودا پاڕایه‌وه‌:
خودایه‌، بۆ خاتری ئه‌و عه‌ره‌قه‌ نازداره‌، له‌ دنیایێ تۆوی سه‌رباز ببڕیه‌وه‌..
سه‌ربرده‌یه‌كیدی كچه‌ سوورتكه‌كه‌م بیركه‌وته‌وه‌، هه‌ڵاتنه‌كه‌ی ناو قه‌یسه‌ری، له‌وێ له‌و سه‌ره‌ كۆڵانه‌ی كه‌ به‌و دیوه‌ی (قه‌برۆكه‌)كه‌ بۆی ده‌سووڕێیته‌وه‌، دووكاندار‌ێك هه‌یه‌، نازانم كێ كنێری ده‌ڵێنێ، نازانم كنێره‌كه‌ی له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ڵام ده‌زانم گۆپاڵه‌كه‌ی ده‌ستی وه‌ك ده‌ڵێن له‌ كنێره‌، دوور نیه‌ له‌ گۆپاڵه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ی وه‌رگرتبێ، ئێ، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان دیاره‌ حه‌زی چۆته‌ كنێر، په‌لاماری كنێری دا، كنێره‌كه‌ی له‌ ده‌ست راپسكاند و هه‌ڵات، دایكی ده‌ڵێـته‌ من:
كوڕم، بكه‌وه‌ دووی لێی بستێنه‌وه‌.
دایكم ده‌ڵێته‌ دایكی:
كچێ، ژنێ، ئه‌و كچه‌ی توو به‌ كوڕی من ده‌گیرێته‌وه‌؟!
به‌ قسه‌ی دایكیم كرد و كه‌وتمه‌ دووی، قه‌یسه‌ری زۆر پڕ نه‌بوو، له‌ ناو په‌نیرفرۆشان گرتم، وا بزانم خۆی راوه‌ستا، ترسا له‌وه‌ی بزر بێ، به‌ زۆر له‌ ده‌ستم ده‌رهێنا و هه‌ڵاتم، كه‌وته‌ دووم، كاتێ ده‌ستی گه‌یشته‌ شانم و رایته‌كاند، گۆپاڵ له‌ ده‌ست من نه‌مابوو، مام كنێر، گۆپاڵی گۆمك كنێری لێ راوه‌شاند و گوتی:
ئه‌و جاره‌ شتی وا بكه‌یت، به‌و گۆپاڵه‌ تێروپڕ ده‌تكوتم.
دایكی ده‌ڵێ:
سوورتك، له‌ تۆ كه‌متر بم، ئه‌گه‌ر جارێكیدی له‌گه‌ڵ خۆم بتهێنمه‌ باژێڕ.
سوورتك ده‌ڵێ:
ئه‌وجا چیه‌، له‌گه‌ڵ بابم دێم.
ئۆی! گوێم له‌ لووره‌ی سه‌گه‌، با بچمه‌وه‌ كن پیری سوارچاكان، لووره‌ی سه‌گ ئیزرائیلی له‌گه‌ڵه‌، ده‌ترسم زۆر نزیك كه‌وتبێته‌وه‌، ده‌چم له‌ سه‌ر ده‌رگا تاكه‌ پێڵاوێكی خۆم ده‌مه‌ونخوون ده‌كه‌مه‌وه‌، گوڵی كۆساران زۆر جار ده‌یگۆ:
ئه‌گه‌ر سه‌گ لووراندی، پێڵاو ده‌مه‌ونخوون بكه‌نه‌وه‌، به‌وه‌ عیزرائیل دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، وام كرد، من ترسی پیری سوارچاكانم هه‌یه‌، ده‌ترسم ئیزرائیل زه‌فه‌ری پێببات، سه‌گ له‌ لووره‌ ناكه‌وێ، تاكێكیدیشم ده‌مه‌ونخوون كرده‌وه‌، سه‌گی سندانكوشتی پتر ده‌نگ هه‌ڵدێنێ و لووره‌ی گوێ كاسده‌كات، هه‌رچی پێڵاو له‌وێ بوو سه‌ره‌ونخوونم كردنه‌وه‌، سه‌گ نه‌یبڕیه‌وه‌، كه‌وتمه‌ پاڕانه‌وه‌:
خودایه‌، به‌ عیزرائیل بڵێ لێره‌ دانه‌به‌زێ.
سه‌گ له‌ لووره‌ كه‌وت، ئۆخه‌یه‌ش، عیزرائیل له‌ به‌لاشاوه‌ دووركه‌وته‌وه‌، زۆری نه‌برد له‌و سه‌ری كۆڵانه‌وه‌ بووه‌ هاتو هاوار و رۆڕۆ، گه‌ڕه‌ك رژایه‌ كۆڵان، چ بووه‌؟
خانوو رووخاوه‌، عیزرائیل كه‌تنی خۆی كرد، ژنی شێلمفرۆشه‌كه‌ بن كه‌وتووه‌ و وه‌كات گیانی ده‌رچووه‌، شێلمفرۆش له‌ كۆڵانی ئه‌ودیو خانووێكی خۆشی هه‌بوو، له‌ به‌لاشاوه‌ی هه‌ینێ خانووی وا خۆش كه‌م هه‌بوو، خانووه‌كه‌ی به‌ كرێدابوو، هاتبوو له‌ كۆڵانی ئێمه‌ له‌ خانووێكی رزیو ده‌ژیا، زۆر كه‌سیش پێیانگوتبوو:
ئه‌و خانووه‌ به‌ری دوو باران ناگرێ، ده‌رووخێ..
شیلمفرۆش تا ژنه‌كه‌ی له‌ سه‌ر دانه‌نا، گوێی له‌ كه‌س رانه‌گرت، ئێ، له‌وه‌وه‌ پتر باوه‌ڕم هێنا كه‌ له‌گه‌ڵ لووره‌ی سه‌گ عیزرائیل به‌ رێوه‌یه‌، باوه‌ڕیشم به‌وه‌ هات، پێڵاو نخوونكردنه‌وه‌، كاری خۆی ده‌كات، هیچ نه‌بێ، چه‌ند ماڵێ ئیزرائیل له‌ ماڵێ دوورده‌خاته‌وه‌، له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ ده‌مگوت، ئه‌گه‌ر وام نه‌كردبا، ئیزرائیله‌كه‌ له‌ حه‌وشه‌ی ئێمه‌ داده‌به‌زی و ده‌چووه‌ گژ پیری سوارچاكان! پێنه‌ده‌چوو زۆر باوه‌ڕم به‌و قسه‌یه‌ی خۆم هه‌بووبێ، ئاخر له‌ دیدی منه‌وه‌ پیری سوارچاكان له‌ هه‌مزه‌ پاڵه‌وانیش پاڵه‌وانتر بوو، پێموابوو ئه‌گه‌ر سه‌د ئیزرائیل ده‌وری بده‌ن، به‌رانگژیان ده‌بێته‌وه‌ و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ره‌وانه‌ی ئاسمانیان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بڵێم من هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بووم خودا سێ رۆژ جاحێلی بكاته‌وه‌ و له‌و سێ رۆژه‌ دنیای چۆن ده‌وێ وا دایڕێژێته‌وه‌، پیری سوارچاكان توند بوو، له‌ زۆر شت توند، بابم ده‌تگوت له‌و پیاوه‌ نیه‌، من زۆر جار هه‌ندێ قسه‌ی ئه‌و كوڕو بابه‌م له‌ كن یه‌ك راده‌گرت، له‌ رسته‌یه‌كیش خزمی ئێكدی نه‌ده‌بوونه‌وه‌، دواتر دوو قسه‌ی ئه‌و كوڕو بابه‌م به‌و شێوه‌یه‌ داڕشته‌وه‌:
شه‌ڕ و نیوه‌ شه‌ڕ یه‌كه‌، لێگه‌ڕێ با تیر بێ، تیر تیر، چ سووكه‌ شه‌ڕ چ شه‌ڕی تیر مه‌سره‌تی ده‌وێ..
پیری سوارچاكان كه‌مێ شه‌ڕانی بوو، ناوه‌ ناوه‌ خه‌یاڵی ده‌چووه‌ كن بڕِنۆ و سێتیرێ.
بابم ده‌ڵێ:
با تاڵ بێ تا دوا تاڵی تاڵ، قاوه‌ چه‌ندی تاَل بێ، دانیشتن و قسه‌ شیرینترن
بابم ، ئاماده‌ بوو قومه‌ ژه‌هرێ فڕبكات، بۆ سه‌رسمتدانی سووكه‌ شه‌ڕێ
منی منداڵ تێدا مابووم، له‌ نێوان باب و باپیر،
ئه‌رێ بچمه‌ كۆڕی ژه‌هر و قاوه‌، یان مه‌یدانی بڕنۆ و سێتیر!
باشه‌، با بگه‌ڕێمه‌وه‌ كن بابم، ئه‌و ئێواره‌یه‌ رادیۆ قسه‌ی خۆشی زۆر كرد، پێشمه‌رگه‌ له‌ زۆر به‌ره‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان تۆماركردووه‌، سه‌رباز قڕانیان تێكه‌وتووه‌، دیاره‌ پیری سوارچاكان چه‌ند شه‌وێكه‌ گوێ له‌ رادیۆ راناگرێ، ئێ، له‌ ته‌نیشت بابم دانیشتووم لایه‌كی ساقۆكه‌یم به‌ خۆمدا داوه‌، حه‌زده‌كه‌م بچمه‌ كۆشی، ئاخر سبه‌ی ده‌ڕوا، ده‌چێته‌ دوای گوڵی كۆساران، داخوا كه‌نگێ دێته‌وه‌، رێگه‌ش ناخۆشه‌، شار به‌ جاش و سه‌رباز ته‌لبه‌نده‌، وه‌ك ده‌ڵێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاریش شه‌ڕوشۆر و تۆپبارانه‌، به‌ڵام دڵم به‌ رۆیشتنیش خۆشه‌، ئاخر گوڵی كۆساران دێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان به‌ یه‌كودوو شادده‌بنه‌وه‌، پیری سوارچاكانیش ئه‌و ببینێ سه‌ر پێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌و شه‌وه‌ دره‌نگ نووستم، سبه‌ینێ زۆر دره‌نگ هه‌ستام، له‌و شه‌وه‌ له‌ نێوان خه‌وتن و هه‌ستان به‌فرێكی ئه‌ستوور كه‌وت، چۆكێ ده‌بوو، به‌ دیار به‌فره‌وه‌ حه‌په‌سابووم، به‌ ده‌نگێ به‌ ئاگا هاتم، چاوم گێڕا به‌فر نه‌بوو، ده‌ستم گێڕا بابم نه‌مابوو، رۆیشتووه‌، به‌ دوای گوڵه‌كه‌ی پیردا چووه‌!
به‌ نیازی چوونه‌ سه‌ر ئاوێ هاتمه‌ حه‌وشه‌، ئای، ئه‌و چیه‌، رێ نیه‌ بگه‌مه‌ ئاوده‌ست و به‌لووعه‌كه‌، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ چ ده‌كه‌ن له‌ ماڵی ئێمه‌، هه‌ر هێنده‌م زانی خۆم له‌ بن ساقۆكه‌ی بابم دیته‌وه‌، ده‌ستی به‌سه‌رمدا هێنا و گوتی:
خه‌م مه‌خۆ، باپیرت عه‌مرێ خوای كرد.

غارمدایه‌وه‌ ژۆرێ و خۆم خسته‌ بن لێفه‌وه‌ و تێروپڕ گریام، له‌ سه‌ر راسپارده‌ی خۆی بردیانه‌ سه‌ید مارف، پیری سوارچاكان گوتبووی:
به‌ زیندوێتی چوومه‌ته‌ خزمه‌تی سه‌ید مارف و براده‌ر بووین، به‌ مردوویش با پێكه‌وه‌ بین.
بۆ پیری سوارچاكان زۆر گریام، كه‌س هێنده‌ی من بۆی نه‌گریاوه‌، له‌ بن لێفه‌، له‌ ناو ئاوده‌ست، له‌ په‌نا دیوار، له‌ بن كێلێك بۆی ده‌گریام، نه‌مده‌هێشت كه‌س گریانم ببینێ، كه‌س گریانی منی نه‌دی جارێك نه‌بێ، ئه‌ویش كاتێ قسه‌یه‌كی پیری سوارچاكانیان گێڕایه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ گوتبووی:
((به‌ عیزرائیل بڵێن: كه‌مێك خۆی دوا بخات، گوڵی كۆساران له‌ رێیه‌، چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كم ماوه‌، چاویشم له‌ رێیه‌)) به‌ بیستنی ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ پڕمه‌ی گریانم دا و به‌ره‌و گۆڕستان به‌ره‌و گۆڕی پیری سوارچاكان هه‌ڵاتم، له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ده‌مگوت: عیزرائیل گه‌یشت و گوڵی كۆساران هه‌ر نه‌گه‌یشت.
وه‌بیرمدێ بابم تۆپ وكلیلی له‌ ده‌رگای پیری سوارچاكان دا و گوتی:
تا دایه‌ هه‌مین نه‌یه‌ته‌وه‌، كه‌س بۆی نیه‌ بیكاته‌وه‌.

گوڵی كۆساران هاته‌وه‌ به‌ڵام كه‌نگێ! پیری سوارچاكان كفنیشی زه‌رد كردبوو، هاته‌وه‌، ئه‌وه‌تا له‌ جێی پیری سوارچاكان بستێ واوه‌تر دانیشتووه‌، هۆن هۆن فرمێسكان هه‌ڵده‌وه‌رێنێ، ده‌كڕووزێته‌وه‌، ده‌نووزێته‌وه‌، چاو به‌ دیوار و بن ساپیته‌دا ده‌گێڕێ و نازانم له‌ چی ده‌پاڕێته‌وه‌، وه‌ك من دیتم، ئیزرائیل دیتبای ده‌چوو پیری سوارچاكانی بۆ ده‌هێنایه‌وه‌..

به‌ هاتنه‌وه‌ی گوڵی كۆساران من كه‌ ئاگری كۆچی پیری سوارچاكان گرتبوومی، كه‌مێك فێنكبوومه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ دڵم ئاوپرژێن بكه‌ن وابوو، تا ئه‌و نه‌هاته‌وه‌ چاوم به‌رایی نه‌ده‌دا له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ش ته‌ماشای چاوه‌كه‌ی پیری سوارچاكان بكه‌م، هه‌ر ئاوڕم له‌ولا نه‌ده‌دایه‌وه‌، له‌ دڵی خۆم هه‌زار جار گوتوومه‌:
به‌خێربێیته‌وه‌ نه‌نه‌ جوانه‌كه‌م، له‌مه‌ودوا شه‌وان له‌ كن تۆ ده‌خه‌وم.
وای! گوڵی كۆساران نیازی چیه‌؟ به‌ ناو ماڵ كه‌وتووه‌، به‌ش به‌شی ده‌كات و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌و سۆبه‌ بۆ بووكی گچكه‌م، ئه‌و جاجمه‌ بۆ بووكی گه‌وره‌م، ئه‌وه‌…
شتێكی كه‌می بۆ خۆی هێشته‌وه‌، له‌ دابه‌شكردنی فه‌رده‌ خوریه‌كانیش به‌شی خۆشی دایه‌ دایكم، تكای دنیایان لێكرد نه‌ڕوات، رۆیشت، ده‌یگۆ:
ده‌ڕۆم، تا نه‌یكوشتووم، با بڕۆم..
رۆیشت و بێ نه‌نك و باپیر مامه‌وه‌، بۆ رۆیشتنی ویش به‌ دزیه‌وه‌ رۆندكی زۆرم هه‌ڵوه‌راند، دره‌نگ سێ پیرۆزه‌كه‌( به‌رد، خڕخاڵ، باول)م بیركه‌وته‌وه‌ به‌ دوایاندا گه‌ڕام، نه‌مدیتنه‌وه‌.

به‌ دوویدا دێ..




به‌ته‌نیشت كاك نه‌وشیروانه‌وه‌ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ ده‌ركه‌وت، ڕوخساری ئه‌وانه‌ی بیر ناكه‌نه‌وه‌ و چاوه‌ڕێن كه‌سێك بیریان بۆ بكاته‌وه‌. ڕوخساری ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ دژی به‌ مه‌سیحكردنی سیاسیه‌كان بوون كه‌چی مه‌رگی سه‌ركرده‌یه‌ك به‌ مه‌رگی مه‌سیح ده‌چوێنن. ئه‌وه‌ی من لێی ده‌ترسام ئه‌م تایپه‌ بوو له‌ هه‌وادار. ئیتر تۆش وه‌ك پارتیه‌كان گۆڕێك هه‌یه‌ سه‌ردانی بكه‌ی، ئیتر تۆش فێری ئه‌وه‌ بوویت له‌مه‌ودووا بڵێی ” گه‌وره‌م” و “نه‌مر”، ئیتر ماسكی ده‌موچاوت هه‌ڵماڵی وه‌ك ئه‌وه‌ی تازه‌ زانیبێتت سه‌ركرده‌كان ده‌مرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار مه‌رگی ئینسان ببینیت. هه‌زاران ئیسنانی یه‌زیدی مردن، شیوه‌نت نه‌كرد، بۆ خوێنی منداڵێك سورتره‌ یان خوێنی سه‌ركرده‌یه‌ك؟ جینوسایدی نه‌ته‌وه‌یه‌ك گرنگه‌، ڕۆحی منداڵێك شیرینتره‌ یان ڕۆحی به‌رپرسێك؟

دوو به‌رپرسی گۆڕان دوو لاوانه‌وه‌یان نوسیوه‌ نه‌ك بابه‌ت، یه‌كیان ده‌ڵێ: (كاكه‌ گیان كه‌ له‌و دنیا پێت شاد بوومه‌وه‌) وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئێستاوه‌ خۆی بۆ به‌هه‌شتیش حازر كردبێ، یه‌كێكی تریان ده‌ڵێ: (بۆیه‌ كاكه‌مان له‌ گرده‌كه‌ ناشت تا هه‌میشه‌ له‌ناوماندا بێت) وه‌ڵاهی عه‌زیزان ئه‌مه‌ دینه‌ نه‌ك سیاسه‌ت، وه‌ڵاهی دۆستان ئه‌مه‌ دروستكردنی بته‌ نه‌ك شكاندنی بته‌كان. پێم بڵێ ئه‌م هه‌موو شیوه‌نه‌ هیچ نیه‌ جگه‌ له‌و به‌تاڵیه‌ی لێی ده‌ترسام، له‌و حه‌شاماته‌ی كه‌ بیر ناكاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت كه‌سێكی تر له‌جیاتی هه‌موان بیر بكاته‌وه‌. عه‌زیزان مه‌گرین، ده‌زانن ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ سه‌ركرده‌ ده‌مرێت و دواینجاریش نابێت. ئه‌م مه‌رگه‌ ده‌بێت وات لێ بكات خۆت بیر بكه‌یته‌وه‌ و خۆت ببیته‌ سه‌ركرده‌ و ته‌وره‌كه‌ خۆت هه‌ڵیبگریت بۆ شكاندنی بته‌كان.

ساڵی 1993 ته‌رمی مه‌لا مسته‌فا و ئیدریس بارزانیان هێنایه‌وه‌، هه‌موو كورد بۆی ده‌رگریا، شه‌وێك له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی مانه‌وه‌ و هه‌موو شار بۆی ده‌گریا، من ده‌پرسم له‌ ئێستادا شتێك هه‌یه‌ به‌ناوی ڕێبازی بارزانی كه‌ دوای بكه‌وی؟ چونكه‌ به‌ عه‌تف و سۆز لات وابوو سه‌ركرده‌كان گرنگن دواجار ڕێبازی بارزانی جگه‌ له‌ به‌ڵا بۆ تۆ و نیعمه‌ت بۆ نه‌وه‌كانی چی به‌رهه‌م هێنا؟ ساڵی 2000 ته‌رمی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هێنرایه‌وه‌ بۆ سلێمانی، له‌ سنوری ئێرانه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌گریان تا سلێمانی، كێ ئێستا ڕێبازی ئیبراهیم ئه‌حمه‌دم پیشان ده‌دات؟ كێ ده‌زانێت به‌ڕاستی ڕێبازی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كامه‌یه‌؟ عه‌زیزان، سه‌ركرده‌كان كوڕی مێژوو و خه‌بات و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی خۆیانن، هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك كۆمه‌كت ناكات ئه‌گه‌ر خۆت له‌و وه‌همه‌ ڕزگار نه‌كه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌كان ژیانت جوانتر ده‌كه‌ن، له‌ مه‌رگی بارزانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ بۆ مه‌رگی كاك نه‌وشیروان تۆ هه‌ر خه‌ریكی فرمێسكڕشتن و شیوه‌ن و دروستكردنی بت و باوكی سیاسیت.

كاك نه‌وشیروان سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ بوو، به‌ڵام زۆرینه‌ی هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه‌ یان بازرگانن یان ڕوویان له‌ ماڵی بارزانیه‌ یان خه‌ریكی مه‌لها و قومارخانه‌كانیانن. یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئێستای گۆڕانم پێ بڵێ توزقاڵێك له‌ كاك نه‌وشیروان بچێت، له‌ نوسین، له‌ ساده‌یی، له‌ خاكێتی و له‌ پشتكردنه‌ ئاره‌زوه‌كانیان، ته‌نانه‌ت له‌ پۆشینی جل و به‌رگ. زۆربه‌یان ختوكه‌یان بده‌ توڕه‌ ده‌بن، ڕه‌خنه‌یان لێ بگره‌، لوت به‌ودیودا ده‌كه‌ن. كاك نه‌وشیروان خۆی بوو هه‌رخۆشی ڕۆیشتووه‌، ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر میراتگره‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی به‌دوای باوكی ڕه‌مزیدا ده‌گه‌ڕێت هیچ نه‌كات با “حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم” ی شێرزاد حه‌سه‌ن بخوێنێته‌وه‌ ئه‌وسا ده‌زانێت ناتوانێت به‌بێ باوك بژی.

مۆم خۆتی هاوڕێ، ڕووناكی خۆتی، كاك نه‌وشیروان ئه‌گه‌ر ئازایی تۆ نه‌بوایه‌، ئه‌گه‌ر تۆ به‌رگریت نه‌كردایه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ نانبڕاو نه‌كرایتایه‌، ئه‌ویش نوسه‌رێك یان سه‌ركرده‌یه‌ك یان پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین ده‌بوو، هاوڕێ یه‌ك تۆز له‌ به‌رگی موقه‌ده‌سكردنی ئه‌وی تر وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و هیچ نه‌بێت بڕۆ كتێبه‌كانی بخوێنه‌وه‌، له‌ شیوه‌ن و باوكه‌كڕۆ باشتره‌. هه‌موومان گریاین به‌ڵام نابێت ببینه‌ گرینۆك. شۆڕش و گۆڕانكاری به‌ شكاندنی بته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆمان ده‌كرێت، به‌كاره‌كته‌رێك ده‌كرێت بیر بكاته‌وه‌، نه‌ك به‌ گرینۆك و پاسه‌وانانی سه‌ر گۆڕه‌كان.




كورد و مێژوو … به‌ختیار محه‌مه‌د

پتر له‌ دوو هه‌زار ساڵه‌ كورد له‌ مێژوودا ون و بێ ده‌نگه‌. واته‌ ((نه‌ ده‌نگی هه‌یه‌ نه‌ ڕه‌نگ)). ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی نه‌بێ، كه‌ له‌ ده‌رگای سیاسه‌ته‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ ناو مێژوو (كورد له‌ مێژوودا هه‌ر ده‌رنه‌كراوه‌، به‌ڵكو خۆیشی خۆی ده‌ركردووه‌: هه‌موو ته‌به‌عیه‌تێك بۆ ئه‌وانی دیكه‌، خۆده‌ركردنه‌ له‌ مێژوودا: كورد له‌ مێژوودا ته‌به‌عیه‌تی فارس و تورك و عه‌ره‌ب بووه‌؛ مێژووی هه‌موو میرنشینه‌كان وامان پێ ده‌ڵێن)؛ به‌ درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی وێستگه‌كانی مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، كورد رۆڵی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌؛ ئه‌گه‌ر هه‌شیبووبێ، ئه‌وه‌ ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی دیكه‌دا بووه‌ (تورك، فارس، عه‌ره‌ب)، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خۆی.

ڕاستییه‌كه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یێكه‌ (تاكه‌ نه‌ته‌وه‌یێكی ده‌گمه‌ن)، كه‌ دره‌نگ هه‌ستی به‌ بوونی خۆی (وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ و وه‌ك نه‌ته‌وه‌، واته‌ وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و شارستانی) كردووه‌. تورك و عه‌ره‌ب و فارس (له‌ مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا) له‌ ڕێی ئیسلامه‌وه‌ خزمه‌تی خۆیان كردووه‌، به‌ڵام كورد له‌ ڕێی خۆیه‌وه‌ خزمه‌تی ئیسلامی كردووه‌؛ له‌مه‌وه‌ كورد له‌ماوه‌ی به‌ موسڵمانبوونیشی (كه‌ ده‌كاته‌ ماوه‌ی 1400 ساڵ) نه‌یتوانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ ببێته‌ خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ؛ لێره‌وه‌ كورد دووجار له‌ ده‌ریای مێژوودا ون بوو: جارێك به‌ر له‌ ئیسلام (به‌ر له‌ ئیسلامبوونی)، جارێكیش له‌ دوای ئیسلام (له‌ دوای ئیسلامبوونی)؛ به‌م شێوه‌یه‌ش خه‌باتی كورد بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، خه‌باتێكی هه‌مه‌لایه‌نی یه‌كجار سه‌خت و دژواره‌ (من باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م، كه‌ سایكس پیكۆ و لۆزان له‌ مێژووی هاوچه‌رخماندا، چ لێدانێكی كوشنده‌ بوون بۆ ئێمه‌ی كورد)؛ به‌ڵام ئێستاش گه‌وره‌ترین گرفتی كورد ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌ند له‌ مێژووی تراژیدیی خۆی وه‌رناگرێ: هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌كانی دوێنێی (هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی) وه‌ك خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه: حه‌زی له‌ قه‌واره‌ و ده‌سه‌ڵاتی حزبی و ناوچه‌گه‌رییه‌، وه‌ك له‌ قه‌واره‌ و ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی…‌




زمانێ‌ ره‌خنێ‌ د (بارانا دره‌وا)ن یا (عه‌بدولغه‌نی كۆڤلی) دا … عبدالرحمن بامه‌رنی

كۆمه‌له‌ هه‌لبه‌ستێن (بارانا دره‌وا)، دیوانا پێنجێ‌ یا هه‌لبه‌ستڤان عه‌بدولغه‌نی كۆڤلی یه‌، ئه‌ڤ دیوانه‌ ژ (113) ناڤ و نیشانێن هه‌لبه‌ستێ‌، دناڤا 130 لاپه‌رێن په‌رتۆكه‌كا ژ قه‌بارێ‌ نیڤ a4 دا هاتینه‌ چاپكرن. پێشه‌كیا ڤێ‌ دیوانێ‌ ژی ژلایێ‌ نڤیسه‌ر (ئه‌دیب عه‌بدوللا) ڤه‌ هاتیه‌ نڤیسین. دگه‌ل خواندنا من بۆ ڤان هه‌لبه‌ستان، ل جارا ئێكێ‌ ئه‌ز ل سه‌ر شعریه‌ت دڤێ‌ دیوانێ‌ دا ره‌وستام، یا راست من قه‌له‌مێ‌ خوه‌ بۆ تیژ كربوو، لێ‌ تشته‌كێ‌ دی بالا من زێده‌تر راكێشا، ئه‌و ژی زمانێ‌ ره‌خنێ‌ دناڤا ڤان شعران دا. تشتێ‌ به‌رێخوه‌دانا من ژ هزرا من ئه‌ز پاشكێش كریم، هه‌لبه‌ستڤانی خوه‌ هند نزیكی جاددێ‌ و كۆمه‌لگه‌هی كریه‌، لایه‌نێ‌ شعریه‌تێ‌ ژبیرا مرۆڤی وه‌ك خوانده‌ڤا دبه‌ت.
(خواندن ژی هه‌ر هۆسانه‌، ئه‌و خواندنا نه‌شێت تام و خۆشیه‌كێ‌ ب مێشكێ‌ ب به‌خشیت، مروڤ نه‌شێت دگه‌ل دا یێ‌ به‌رده‌وام بیت…!)

بۆچی ره‌خنه‌ ل سه‌ر شعریه‌تێ‌ زال ببیت:
هه‌ست و ده‌ربرینێن هه‌ر كه‌سه‌كی، هێزا خوه‌، ژ ره‌نگڤه‌دانا تشتێن ل ده‌ردۆرێن وی روو دده‌ن وه‌ردگرن. تشتێن وی دكه‌نینن و دلگران دكه‌ن. تشتێن خشیێ‌ پێ دبه‌خشن و وی نه‌ ئارام دكه‌ن. ئه‌ڤ ره‌نگڤه‌دانێن هه‌نێ‌ ژی بۆ هه‌ر كه‌سه‌كی، خوه‌ بره‌نگه‌كێ‌ جوداتر دیاردكه‌ن. هه‌لبه‌ستڤان ژی ژبه‌ركو خوه‌دان هه‌ستن و ئه‌ڤ هه‌ستێن هه‌نێ‌ دناڤا نڤیسنیێن وان دا په‌یدا دبن، بره‌نگه‌كی و دوان، بێی ئه‌ڤ هه‌لبه‌ستڤانێ‌ هه‌نێ‌ هه‌ست پێبكه‌ت، بێی بزانیت یێ‌ كه‌تیه‌ بن باندورا وان تشتان، ئه‌ڤ هه‌می تشتێن هه‌نێ‌ دناڤا وێ‌ هه‌لبه‌ستێ‌ دا به‌رچاڤ دبن.

مه‌رج نینه‌ ئه‌و تشت ژی هه‌می گاڤان دبیاڤه‌كێ‌ ده‌ستنیشانكری دا بن، عه‌شق و ئه‌ڤینی یان شوره‌شگێری یان ره‌خنه‌یا جڤاكی بیت. لێ‌ راستیه‌ك ل پشت ڤێ‌ چه‌ندێ‌ هه‌یه‌ و خوانده‌ڤایه‌ك بو ڤان جوره‌ نڤیسینان یێ‌ هه‌ی و خوه‌شیێ‌ ژێ وه‌ردگریت و تا به‌رگریێ‌ ژی ژێدكه‌ت. نمونا شعرا به‌ری سه‌رهلدانێ‌ و ئه‌و خوانده‌ڤایێ‌ شعرێن وی ده‌می دخواندن و تام و خوه‌شی ژ وان شعران و هێمایێن دناڤا وان شعراندا ددیت، هه‌مان ئه‌و خوانده‌ڤا نۆكه‌ تامێ‌ و خوه‌شیێ‌ ژ شعرا نۆكه‌ نابینیت و ئه‌ڤه‌ ژی تشته‌ك سروشتی یه‌.
(خوه‌ ژبیرنه‌كه‌ین ژی، خوانده‌ڤا ره‌خنه‌گره‌كێ‌ ئه‌كادیمی نینه‌، دا بزانیت مه‌رجێن شعریه‌تێ‌ دناڤ ڤان شعراندا هه‌نه‌ یان نه‌، بتنێ‌ وی دڤێت، كه‌سه‌ك یا ب دلێ‌ وی بێژیت و هنده‌ك ژ ئازارێن وی كێم بكه‌ت و تام و خوه‌شیه‌كێ‌ بده‌تێ‌…!)

ره‌خنه‌ ب زمانێ‌ خه‌لكی:
ئه‌ڤ قه‌یرانێن روی ل هه‌رێمێ‌ كرین، خوه‌ د دو جۆرێن كێشه‌یان دا دبینن، ئێك سیاسی و یا دوێ‌ ژی ئابوری. تا وی رادده‌ی، كارلێكا ڤان قه‌یرانان ل سه‌ر خه‌لكی هه‌یه‌، گه‌له‌ك جاران قه‌یرانێن ئابوری ب وی ره‌نگی كارتێكرنێ‌ ل سه‌ر ژیانا خه‌لكی دكه‌ن، ئه‌ڤ خه‌لكێ‌ رۆژه‌كێ‌ بتنێ‌ ئومێدا وی رزگاركرنا كوردستانێ‌ ژ ده‌ستێن دۆژمنی و خه‌ون و هیڤی ل سه‌ر ڤێ‌ چه‌ندێ‌ ئاڤاكرین، ئه‌ڤرو ئه‌و خه‌ون هه‌می بوینه‌ تشته‌كێ‌ ژبیركری، ئه‌ڤ چه‌ندا هه‌نێ‌ ژی ب ئاشكه‌رایی دناڤ ڤان هه‌لبه‌ستان دا دیار دبیت، ئه‌گه‌ر په‌ره‌گرافه‌كی بۆ نمونه‌ به‌رچاڤ بكه‌ین:

(ئه‌ڤه‌ سالا نوی هات/ نزانم دێ‌ به‌رپه‌رێن نوی ڤه‌كه‌ن/ ده‌ستێن هه‌ڤدوو گرن/ شه‌رمێ‌ ژ خوینا شه‌هید و سێوی و بێ‌ باباكه‌ن/ ئێكودو ماچی كه‌ن و لێك بورن/ یان دێ‌ كوردستانێ‌ فروشن/ پارچه‌ پارچه‌ كه‌ن؟؟؟ (ژ هه‌لبه‌ستا ئه‌ڤ ساله‌ چوو، لاپه‌ره‌ 37،38).

دخواندنا ڤێ‌ پارچه‌ هه‌لبه‌ستێ‌ دا و بتایبه‌ت ئه‌م ل ده‌ستپێكا سالا نوی، خوانده‌ڤای دڤێت به‌رسڤه‌كێ‌ ژ سیاسه‌تمه‌دارێن كورد وه‌ربگریت! هه‌بونا داعش وه‌ك دوژمنه‌كێ‌ راسته‌وخو گه‌فێن به‌رده‌وام؟ هه‌بونا ترسا (حه‌شد ئه‌لشه‌عبی) پشتی نه‌مانا داعش؟ هه‌بوونا ئیرانێ‌ و توركیا و كارتێكرنا وان ل سه‌ر پارتێن سیاسی؟ په‌رله‌مانه‌كێ‌ ژ كاركه‌فتی و حكومه‌ته‌كا ئفلیج؟ قه‌یرانێن نه‌بوونا موچه‌ی و كاره‌بێ‌ و گازێ‌ ووووو هتد. دڤی په‌ره‌گرافی دا، ئه‌وا هاولاتی نه‌شیایی بگه‌هینت، هه‌لبه‌ستڤان یێ‌ بۆ به‌روڤاژی دكه‌ت، ئه‌و ب لێكئینانێن خوه‌ یێن شعری یێ‌ دبێژیت: ژ ئه‌نجامێ‌ ناكوكیێن دناڤبه‌را وه‌ دا، كوردستان یا دهێته‌ فرۆتن!

یان ڤی په‌ره‌گرافی:
(دده‌مه‌كی/ جاش هه‌بوون/ لێ‌ هێران و ئاش هه‌بوون/ مه‌ دزانی كیش جاشه‌/ كی پارتیه‌/ كی ئاشه‌/ كی ئاشڤانه‌/ كی كاروانییه‌/ كی خودانه‌/ كی دزو موغلاچیه‌/ كی سیخور و تالانچیه‌/ كی شوره‌شڤانه‌/ ئه‌ڤرۆ/ هه‌می بوونه‌ جاش/ پشتی نه‌ماین/ هێران و ئاش/ جاش بوونه‌ حاكم و پاشا/ رۆژێ‌ سه‌د جار/ دبێژن حاشا/ خودێ‌ حه‌شرا مه‌ نه‌كه‌ت دگه‌ل/ گه‌نده‌لچیا و خودانێت بیست معاشا. هه‌لبه‌ستا حاشا لاپه‌ر 209، 210).

هه‌ر كه‌سێ‌ ژیانا به‌ری سه‌رهلدانێ‌ دیتی و ڤێ‌ پارچه‌ هه‌لبه‌ستێ‌ بخوینیت، ئه‌و زولم و زورداریا به‌عسیان دگه‌ل خه‌لكێ‌ بێگۆنه‌هـ دكر، بتنێ‌ ژبه‌ركو كوردن، چ جاران ئه‌و رۆژ ژ بیرێ‌ ناچن. راسته‌ ئه‌و رژێم روخیا نه‌ما، به‌لێ‌ كه‌سانێن دی هه‌بون و داروده‌سته‌كێن دی هه‌بون، خه‌لكی نه‌خوشیا خوه‌ ژ به‌ر ددیت، ئه‌و ژی ره‌فیق و چه‌ته‌ و موسته‌شار بوون، دگه‌ل روخیانا وێ‌ رژێمێ‌، جاره‌كا دی هه‌ڤكێشه‌ دبه‌رژه‌وه‌ندیا وان كه‌سان دا زڤریڤه‌، ئه‌و كه‌سێن ئه‌ڤ هاولاتیێ‌ بێگونه‌هـ، چ ژیارا خوه‌ ژ به‌ر وان نه‌، ئه‌و كه‌سێن ل سه‌ر حسابا خوینا كوردان، یاری بو خوه‌ ب پاران دكرن، ئه‌ڤرو ژی خوه‌دان چه‌ندین موچه‌نه‌ و خوه‌دان پایه‌نه‌، هۆسان هه‌لبه‌ستڤان به‌حسێ‌ ڤێ‌ نه‌دادیێ‌ دكه‌ت.
(خوه‌ خوانده‌ڤانی ژی، دڤێت هه‌مان تشتی ژ ڤان سیاسه‌تمه‌داران را بێژیت…!)

بۆچی بارانا دره‌وا؟
دا كو ژیان به‌رده‌وام بیت، دڤێت زڤرینا عه‌ردی یا دروست بیت و ده‌مێ‌ ژیان ل سه‌ر عه‌ردی به‌ره‌ڤ مرنێ‌ دچیت، پایز دهێت و داروبار به‌لگێن خوه‌ دوه‌رینن و زڤستان گه‌فێن مرنێ‌ ل سه‌ر هه‌می شینكاتیێ‌ دكه‌ت، خه‌لك هیڤیا ل سه‌ر هاتنا بارانێ‌ رادچینن، ژبه‌ركو باران دشێت به‌ردوامیێ‌ بده‌ته‌ ژیانێ‌، لێ‌ ده‌ما هیڤیێن خه‌لكی دره‌و پێڤه‌ بهێن، هینگێ‌ خه‌لك بێ‌ ئومێد دبیت و بهزرا من هه‌لبه‌ستڤان ده‌هلبژارتنا ڤی ناڤی دا بو په‌رتۆكه‌كا تژی ره‌خنه‌، ناڤه‌كێ‌ دروست و دجهێ‌ خوه‌دا یێ‌ هه‌لبژارتی، ژبه‌ركو، ئه‌و هیڤیێن خه‌لكی خه‌ون ل سه‌ر راچاندین، دره‌و هاتنه‌ شینێ‌ و بێزاری بخه‌لكی ڤه‌ دیار بو. ئه‌ڤ چه‌ندا هه‌نێ‌ ژی دشعرا (ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌؟) دا ب ئاشكه‌رای و ده‌ق و ده‌ق دیار دبیت، وه‌ك ڤان په‌ره‌گرافان ژ هه‌مان هه‌لبه‌ست:

+ (ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌/ دز و گه‌نده‌ل تێدا دگرنژن؟).
+ (ئه‌ڤه‌ چ ماندیبوون و خه‌باته‌/ فه‌رمانبه‌ر و ماموستا/ بێ‌ به‌رامبه‌ر خو دوه‌ستینن و پێڤه‌ دمرن؟).
+ (ئه‌ڤه‌ چ خانه‌نشینن/ ب دوسه‌د هزارا سالێ‌ خرێ‌ دقه‌تینن؟/ دیاره‌ حكومه‌ت یا ل هه‌وه‌ شاره‌زایه‌/ چ دكیسك و قه‌لینێت وه‌ نه‌مایه‌).
+ (ئه‌ی وه‌لاتێ‌ پری په‌ترول/ ئاخا ته‌ زێره‌/ بۆ ترك و عه‌جه‌ما خێر و بێره‌). ژ هه‌لبه‌ستا ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌؟ لاپه‌ر 114، 115، 116.

خوانده‌ڤا ژ ڤێ‌ په‌رتۆكێ‌ ل كیڤه‌یه‌!
هه‌لبه‌ستڤانی ددیوانا (بارانا دره‌وا)ن دا، بالانسا شعرێن خوه‌ ب ئالیێ‌ هه‌ست و ده‌برینیان دا ئالیسه‌نگ كریه‌ و هه‌ر كه‌سه‌كێ‌ ڤان هه‌لبه‌ستان بخوینیت، ڤێ‌ راستیێ‌ ب زیقی دبینیت و خوه‌ دناڤ وێ‌ جیهانێ‌ دا دبینیت، یا هه‌لبه‌ستڤانی بو خوه‌ بناڤێ‌ شعران پاوان كری.
(هه‌ر هۆسایه‌ ژی، شعر بخوه‌ دویركه‌فتنه‌ ژ جیهانا راستیان، ره‌ڤینه‌كه‌ به‌ره‌ڤ خه‌یاله‌كا چێكری و دڤێ‌ جیهانێ‌ ژی دا، بتنێ‌ خوانده‌ڤایه‌ بریارێ‌ دده‌ت، كا چاوان د دشعرێ‌ بگه‌یت و چ شروڤه‌كرن بده‌تێ‌…!).

تێبینی:
دروژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ 2035 یا روژا 17/1/2017ێ‌ دا هاتیه‌ بلاڤكرن.




شیینکردن یاخود ڕشانەوە !! … زاهیر باهیر

کەسانێکی زۆر لە ناوەوەی گۆڕان و دەرەوەشی بە کۆچی دوایی نەوشیروان، زۆر خەمبار بوون. هەمیشە هەر وابووە ئەوەندەی کورد بە سۆز ( عاتیفە) قسە دەکات چارەکێکی ئەوە بە هۆش و بیرکردنەوەوە قسە ناکات ، ئەمە جگە لەوەی پیاهەڵدانی کۆچکردوان و بە شان و باڵ هەڵدانیانا و گەیاندنیان بە کەشکەلانی فەلەك زیاتر کولتورمانە، لەوەی بڕوا و باوەڕ پێبوونمان، بێت . هەر ئەو کوڵتورەشە کە ڕەرخنەگرتن ، لە هەڵسوکەوتی “سەرکردەو ڕابەر و سەرۆك” و ڕێڕەوەکەیان، کاتێك کە دەمرن قەبوڵ ناکرێت. ئەم ڕەخنانەش لە لایەن بەرانبەرەکانییەوە ، بە هەر هۆکارێك بن، هەرس ناکرێن و دەئاخنرێنە خانەی تەهیوین و تەحقیر و تەخوین و ڕێز نەگرتن لە کوڵتور و مرۆڤانی کۆچکردوو . ئەمانەمان لەم ڕۆژانەدا لە لایەن گەلێك کەسەوە بینی تەنانەت هەندێك برادەر ڕووبەڕووی هەڕەشەش لە لایەن ” کوڕانی گەلەوە ” لە فەیسبوکدا، کە دیارە کۆمەڵێكن لە گۆڕان ، بوونەوە.

ئەم جۆرە ئیرهابی فکرییە لە لایەن ئەو دەستەیەوە و لەلایەن دەستەی نوسەرانیی ڕؤشنبیریش گەر لای ئەوان پاساوەکەی هەرچی بێت ، لای خەڵکانی وەکو من نەك هەر قەبوڵ نییە، بەڵکو هیچ کەسی دیکەش نابێت قەبوڵی بکات .
کەسانی ڕؤشبیری لیبراڵ کە هەم خۆیان بە ڕۆشنبیر و بە پسپۆر لە زمانناسی و زمانزانی و هەمیش بزنسمان، دەزانن، کە هێڵنجدەدات و دەڕشێتەوە دژ بە کۆمۆنیستەکان و یەخەی ئەنارکیستەکانیشی گرتۆتەوە. ئەم ڕؤشنبیرە ڕێگای بەخۆی داوە و ئەوەی ناشیرینە وتویەتی .
ئاخر ناکرێت کە تۆ پێگەیەکی فکریت نەبێت ، هەڵوێستێکی عەمەلیت نەبێت ، تۆ لەو پەڕی لایەنگیریی نەوشیروان موستیەفا و گۆڕانەوە ببیتە ڕەخنەگریان و دواتریش لە دوای مردنی نەوشیروان ببیتە دۆستایان و ئاوا بڕشێیتەوە بەرانبەر هەرکەسێك کە ڕەخنەی لە ڕابوردوو و ئێستاو ئایندەی نەوشیروان و گۆڕان گرتبێت!!!.

ئاخر کاکی نوسەر تۆیەك نەتوانیت یەك بڕگە، تەنها یەك بڕگە ، بنوسیت و ئەوەندە کۆڵەواربیت لە زمانا، بێ ئەوەی چەندەها وشەی عەرەبی و ئینگلیزی تێکەڵاو نەکەیت!! هاوکاتیش تۆ خۆت بە پسپۆڕ لە زمانی کوردیدا بزانیت!!.
ئاخر تۆیەك کە لە ماوەیەکی کەمدا خاوەنی 3 هەڵوێستی جیا بیت ، چۆن دەتوانیت خۆت بە توێژەرەوە و شیکەرەوەی بارودۆخی کوردستان بزانیت!!، با نەك هەر ماستەر بکەیت لە هەر بوارێکدا، تەنانەت ، با پڕۆفیسۆریش بێت [ کورد زۆر پڕؤفیسۆر بە گرنگ دەزانێت ] . ئاخر مەگەر گێلە خوێنەر باوەڕ بەوە بهێنن کە تۆ لە بواری زمان و بواریی توێژینەوەی سیاسی و بارودۆخی کۆمەڵاییەتیدا شارەزایت هەیە .
ئاخر تۆیەك لە پۆستێکدا دەستخۆشی لە قەتڵ و عامکەرانی قەسابخانەکەی پشتئاشان و قەڕناقان ، بکەیت ، کەچی لەولاوە بۆ کوردانی باشور و باکور و ڕۆژاو فرمێسك هەڵڕێژیت و بپاڕێیتەوە و دژایەتی دیکتاتۆرییەت و فاشیەت بکەیت!!، دیسانەوە مەگەر هەر گێلە نوسەر و گێلە خوێنەوارەکان باوەڕت پێبکەن تۆ وەك کابرایەکی دیمۆکراتی و دۆستی دادوەریی کۆمەڵایەتیی بناسن و ئەو وتارانەشی کە دەیاننوسیت ، لە متمانە و قەناعەتتەوە ، لێت وەرگرن !!

تۆیەك کە وەکو من هیچ نیت ، کەچی بەو پەڕی مەغروریی و ڕازییبوون لە خۆوە، هەڕەشە لە برادەرەکانی فەیسبوکت دەکەیت کە گەر ئاوا بن ….. تۆ ‘ ئەنفرێندیان ‘ دەکەیت [ تەنانەت لەمەشدا نەتتوانیوە بە کوردی بنوسیت ] وەکو ئەوەی برادەرایەتیی و هاوەڵگرتنی فەیسبووك بە پارە ڕابگیرێت ، کە تۆ برادەرەکانت لە برادەرایەتی خست ئیتر ، موچەکانیان لای تۆوە دەبڕێت!!
تۆ ڕەنگە لە بزنسەکەتا سەرکەوتو بیت ، چونکە دەزانین بزنس و دەوڵەمەندبوونیی لەسەر چ بناخەیەك دروست دەکرێت، بەڵام لەم سیانەی دیکەیانا : توێژینەوە و زمانناسی و مرۆڤدۆستی ، بەداخەوەم کە دەڵێم سەرکەوتوو نیت .

زاهیر باهیر- لەندەن
30/05/2017




جه‌نگ له‌ بێستانی ته‌ماته‌ سپییه‌كاندا … نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

” ئه‌مه‌ هه‌ندێكه‌ له‌ ڕۆژی من به‌ڕێزان ڕه‌جمی بكه‌ن !
به‌ڵام شه‌و بۆ من لێگه‌ڕێن .
یه‌حیا جابر
له‌ ( ئه‌ستێره‌كانی نیوه‌ڕۆ ) دا

په‌رستگای لایه‌نگیریی
هانا بۆ ساقیی خه‌راباتان ده‌با..
گه‌واڵه‌ باجستێنه‌كان
سێبه‌ر له‌ شاخ ،
له‌ كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ده‌كه‌ن ..
به‌یداخی هاوار
نركه‌ی نه‌خۆشان
پۆلی په‌پولان ڕاده‌كێشن..
به‌ نازه‌وه‌
به‌هێمنی
له‌نجه‌دار..
خه‌یاڵمان ،
له‌ چاڵێكی به‌ردیندا
ده‌تگوت به‌ ده‌ست خۆش كراوه‌
لێ‌ به‌جێما..
ئێستا له‌ بیره‌وه‌ریماندا..
له‌ پشووه‌ به‌تاڵه‌ ،
یه‌ك به‌دوای یه‌ك هاتوه‌كانمان
دێنه‌ ده‌رێ‌ ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی مێرووله‌ بن
بۆ ده‌نكه‌ دانه‌وێڵه‌یه‌ك ،
سه‌رادووی یه‌كتریان نابێ‌ ..
من به‌ته‌نێم
پاڵم به‌ دارگوێزێك داوه‌
نه‌وتیان به‌ بندا كردووه‌ .
ئه‌مڕۆ زانیم
ئاوی ژێر دارگوێزی په‌لك وه‌ریو
بێ‌ ڕه‌نگ و تام و بۆن نییه‌ .
ئه‌مڕۆ زانیم
له‌م به‌هه‌شته‌ به‌ردراوه‌دا
تۆخیی گه‌ڵای دره‌ختان
ڕه‌نگی نارنجی گریانی
هه‌زاران ساڵ ده‌داته‌وه‌..
من به‌ته‌نێ‌ بووم
هه‌ور هێشتا ئه‌ستێره‌ی
ئازاد نه‌كردبوون
چه‌ندی بانگم كردن ،
بێدار نه‌بوونه‌وه‌..
چه‌ندی هه‌ڵمته‌كاندن ، نه‌بزووتن..
ده‌یانگوت به‌ گوڵه‌مێخه‌ك كه‌وتوون
له‌ بیابان پڕ بووبوون
به‌ڵام گریانیان نه‌ده‌هات..
ئێستاش له‌ خه‌وی هه‌رهه‌ریدا
له‌ ناو ته‌می خۆڵباراندان
خه‌ریكن ئاگردانان
بۆ زستانه‌كانی دادێمان دروست ده‌كه‌ن.

ئه‌ی ته‌بعی دێوه‌ره‌و عه‌تتاران!
بزانه‌ ئێمه‌ له‌كوێ‌ بووین؟
بزانه‌ چ ڕێیه‌كمان گرتووه‌؟
سێ‌ وه‌خته‌ی ڕۆژێ‌ ،
له‌باتی خۆر
له‌باتی چرا
له‌باتی مۆم
شكۆی ڕه‌هایی تۆ
داده‌گیرسێنین..
گۆرانی بێباكی
له‌ ده‌وری ده‌واری
قه‌ره‌جان ده‌چڕین..
شایی بێهووده‌ییمان
له‌سه‌ر كانی مرادان دابه‌ستووه‌..
كانی چ كانی
ڕامانی ستراتیژیمان ئاسا
شه‌خته‌ی شوباتێی لێ‌ داوه‌ ،
داپۆشراو.. زیندانی.. به‌ترس .
ئیتر لێره‌وه‌
له‌گه‌ڵ زایه‌ڵه‌ی سپێده‌دا
من و زه‌مه‌نه‌ به‌ هه‌ڵپه‌كان
من و ئه‌سه‌ف لێكدابڕاین..
به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ چین
به‌ كه‌روێشكه‌ی گوڵپه‌ری
شكارتانه‌وه‌ ده‌زرنگێنه‌وه‌ و نایانبینم ؟
ئه‌و ده‌نگانه‌ كه‌ ده‌ڵێن
ده‌سته‌ویه‌خه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌ته‌وه‌
له‌ وه‌رزی په‌ژمورده‌یی شیعردا
له‌ كوێ‌ ، له‌ چ دڵێكی سارددا ده‌زرنگێنه‌وه‌ ؟
له‌ بازاڕی كوتاڵفرۆشان ،
كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ژنان
هه‌ڕمێنیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؟
یا له‌ دێر و كه‌نیسه‌ و مزگه‌وتانه‌وه‌یه‌؟
ئه‌و ده‌نگانه‌
بۆ له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌ بێ‌ ئومێده‌كاندا
تێكه‌ڵ ده‌بن ؟
ئای به‌هاری نائومێدی !
بنمیچی ئه‌و سێبه‌ره‌
چه‌ند نه‌وی بوو ،
زه‌رده‌ هێشتا
له‌ سه‌ران ئاوا نه‌ده‌بوو
پاڵمان به‌ پارده‌ی
ته‌نیشت چیله‌مێوه‌كه‌ ده‌داو
ئه‌و چوكلاتانه‌مان ده‌خوارد
به‌ دزی له‌ گیرفانمان نابوو..
چه‌ند نه‌وی بوو
ئه‌و سایه‌یه‌ ، بنمیچی چه‌ند نه‌وی بوو
كه‌ پێم ده‌گووتی :
تۆ هه‌میشه‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ جوانتری .
ئه‌وه‌ خه‌می من بوو
به‌سه‌ر شانی ڕابوردوودا
نوقڵی له‌ دایك بوونی دابه‌ش ده‌كرا.
بڕوانه‌ !
ئه‌وه‌ به‌شی ئێمه‌ بووه‌
خه‌می زێڕین ،
به‌ كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ،
به‌ باخچه‌ی مرادان وه‌ركه‌ین ..

( تازه‌ خه‌تی دانابوو
بیری له‌ باخچه‌ی مرادان ده‌كرده‌وه‌.
بیری له‌ بووكی خه‌مباری
ده‌ریا ده‌كرده‌وه‌ ،
كه‌ ده‌ڵێن ماسی له‌ خۆشی ئه‌و
له‌ ده‌ریادا ماونه‌ته‌وه‌
كه‌چی ئه‌و له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێك دانیشتووه‌
قژی دادێنێ‌.. )

وه‌ختێ‌ بیر له‌ باخچه‌ی مرادان
له‌ كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ده‌كه‌مه‌وه‌ ،
هه‌زاران گوڵ ده‌پشكوون
هه‌زاران مه‌ل
له‌شه‌قه‌ی باڵیان ده‌ده‌ن ..
هه‌زاران ماسی
هه‌زاران ماسی ده‌خۆن ..

تازه‌ خه‌تی دانابوو
گوێی له‌ ده‌نگێك بووبوو
له‌ بێستانی ته‌ماته‌ سپییه‌كانه‌وه‌ هاتبوو
ده‌یانگوت برایان
شه‌ڕی مان و نه‌مانی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن !!
ڕوون نه‌بووه‌ ،
ده‌نگی خۆر بووه‌ ، یا تاریكی .
ئێوه‌ ده‌نگی خۆرتان بیستووه‌ ؟
كه‌ له‌ هاواری كپی ئۆقیانووس ده‌چێ‌ ؟
له‌ ده‌نگی په‌پولان ده‌چێ‌
كاتێ‌ دێن به‌ گۆرانی
فریوی گوڵان ده‌ده‌ن ؟
ده‌نگی تاریكیتان لێك داوه‌ته‌وه‌؟
ئای له‌ ده‌نگی تاریكی
چ ده‌نگێكی له‌سه‌رخۆیه‌
له‌ شه‌قامه‌ ئه‌به‌دییه‌كانی به‌هه‌شت ده‌چێ‌ ،
په‌ری له‌ شۆسته‌ لازوه‌ردییه‌كاندا
ده‌دره‌وشێنه‌وه‌..
ته‌ماته‌ی تێدا سوور ده‌بن .

ئای ته‌بعی دێوه‌ره‌و عه‌تاران!
ئێمه‌ بۆ؟
بۆ له‌و هه‌موو مه‌زره‌عه‌و باخچانه‌
جه‌نگمان برده‌
بێستانی ته‌ماته‌ سپییه‌كان ؟
ئێمه‌ بۆ قه‌ت با نامان با
باران ڕۆژێ‌ ته‌ڕمان ناكا ؟
بۆچی خۆر هه‌ڵمانناكێشێ‌ ؟
ده‌ریا هه‌ڵماننالووشێ‌ ؟
ئێمه‌ی ئاده‌میزاد ،
چ ده‌كه‌ین لێره‌
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ ،
كه‌ هه‌ر دڕكی تیا ده‌ناسین ؟
له‌ ژێر ئاسمانی پێكه‌وه‌ لكاودا ،
ئێمه‌ تا دێ‌
له‌ ڕوحی سه‌رده‌م دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌ ..
ئێمه‌ له‌ سه‌ده‌ی ئه‌فسانان له‌ دایك بووین
خوێنی ته‌كنۆلۆژیامان تیا ده‌گه‌ڕێ‌ !

هه‌میشه‌ بڵێسه‌یه‌ك
له‌ بۆشایی مێژووه‌وه‌
تاوی بۆ هێناوین..
هه‌میشه‌ بڵێسه‌ تاومان بۆ دێنێ‌ و
به‌ سرووتی نه‌فره‌ت ،
په‌روه‌رده‌مان ده‌كا..
ئێمه‌ سه‌تان ساڵه‌
خۆمان لێ‌ ون بووه‌..
ده‌مانه‌وێ‌
به‌ نه‌خشه‌ی ساویلكه‌یی
خه‌ونی عاقڵان ببینین ..
له‌ له‌رینه‌وه‌ی قامچیدا
با ده‌ناسین .

( شه‌پۆله‌كان مه‌رگهێنه‌ر بوون..
ڕه‌نگی ئێواره‌ له‌ ژنێك ده‌چوو
پڕ پڕ پڕ له‌ ژنایه‌تی..
به‌ڵام درێغ
لوتكه‌ له‌ بیابان كۆ بووبوونه‌وه‌
ئاڵای خه‌و ڕه‌نگاوی پێدا
ده‌هاته‌ خوار
خه‌ولێكه‌وتووان
به‌ هیچ داد و یه‌خه‌دادڕینێك
بێدار نه‌ده‌بوونه‌وه‌..)

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر
ڕه‌نگی مردووانمان لێ‌ نیشتبێ‌
ده‌بێ‌ به‌رگی مردووان بپۆشین..
ده‌زانن؟
ئێوه‌ ده‌زانن
ئێمه‌ به‌ پێوانه‌ی پۆشین
چه‌ند ڕووتین ؟
چی له‌ خۆر بكه‌م
ده‌گاته‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌مان و ناگات
هه‌ڵده‌خلیسكێ‌ ؟
چی له‌و داربریایانه‌ بكه‌م
له‌ وه‌همیان زیاتر نه‌گرت ؟

( میوه‌ی ژه‌نگاوی
بڕكی ده‌رد گرتووی ته‌ماته‌ سپییه‌كان
له‌ بیابانی جه‌نجاڵدا
بێ‌ ئاكام ده‌یه‌وێ‌
تۆزی خۆڵپه‌رستی
له‌ خۆیدا بته‌كێنێ‌..)
ده‌مزانی
چاوم به‌ری له‌ ماڵێ‌ نییه‌
ده‌مزانی ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌مان ئه‌سته‌م بوو.
ده‌مزانی
ڕه‌نگه‌ باسی شیعر و
شتی له‌و بابه‌ته‌م لێ‌ بپرسی.. ده‌مزانی
به‌ڵام چی بكه‌م
مۆسیقای غه‌فڵه‌ت
ماندوویه‌تی گوڵانمان پێشان ده‌دا
كه‌ به‌ هه‌ناسه‌سوارییه‌وه‌
سه‌ر له‌ ئینجانه‌ ده‌ردێنن..

( چۆله‌كه‌یه‌ك له‌ سنگمدایه‌
نه‌ جێی ده‌بێته‌وه‌
نه‌ بواری هه‌یه‌ بفڕێ‌ ..
منیش
وه‌ك ئه‌وه‌ی
بچووك بچووك بووبمه‌وه‌
له‌سه‌ر دوگمه‌ی كراسی ژنێك
ڕاكشابم
له‌ پرسه‌ی ئاسكه‌ هه‌تیو كه‌وتووه‌كان
دانیشتووم..)

ئه‌ی نهێنی سه‌ر ئه‌ندازه‌ی وجوود !
با ئه‌م پێكه‌یش
له‌ په‌رستگای لایه‌نگیریدا هه‌ڵده‌ین
ئه‌ویدی ،
بۆ ڕێوڕه‌سمه‌ به‌ جۆشه‌كانی
خانه‌قای ڕه‌هایی هه‌ڵده‌گرین
بۆ وه‌ختێ‌ ،
سه‌مای یاخیبوون
له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ته‌وژمی
تاریكی و بێهوده‌یی
جه‌سته‌ی هه‌ڵكوڕوزاوی به‌ ئێشمان
وێنه‌ی باڵی گرانی
پاسارییه‌كانی به‌ر باران
بێ‌ نه‌زیر.. ڕژد
له‌سه‌ر سوانده‌ چۆله‌كاندا
باڵ ده‌كه‌نه‌وه‌
ده‌له‌یزن گه‌رم ببنه‌وه‌..

وه‌ختێ‌ سه‌هۆڵ
ئاگری پێ‌ خۆش ده‌كرێ‌ ،
ساڵ به‌ پێش مانگ و
مانگ به‌پێش حه‌فته‌ و
حه‌فته‌ به‌ پێش ڕۆژ
ڕۆژ به‌ پێش سه‌عات
سه‌عات به‌ پێش ده‌ققه‌ و
ده‌ققه‌ به‌ پێش چركه‌ ده‌كه‌وێ‌ ،
ئێمه‌ ده‌گه‌ینه‌ ڕه‌هایی
ده‌گه‌ینه‌ مه‌یدانی جه‌نگ
بێستانی ته‌ماته‌ سپییه‌ ڕه‌نگ تێنه‌گه‌ڕاوه‌كان ..

( ئه‌گه‌ر هه‌ر كیسرایه‌ك بووایه‌
گرفت نه‌بوو
ئه‌گه‌ر هه‌ر سوڵتانێك
هه‌ر میرێك بووایه‌
گرفت نه‌بوو..
به‌ڵام نه‌ هی ئێمه‌
كیسرایه‌ك و سوڵتانێك و میرێك نییه‌..
ئاوڕ به‌ لای ڕۆژهه‌ڵاتێ‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌
هه‌زار كیسرا
چاو زه‌ق بۆمان ڕاوه‌ستاون .
سه‌ر بڵند ده‌كه‌ین
سوڵتانه‌كانی گۆڕستانیش
لێمان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌..
ڕوو بۆ باشور وه‌رده‌گێڕین
هه‌زاران هه‌زار شمشێری دوو ده‌م
هه‌ڵكێشراون..)

چیاو مێرگ
به‌ قه‌ڵه‌مڕه‌نگی ئه‌وان
دروست نه‌كراون
ئاوی ڕه‌وان
ئه‌وان ڕێیان بۆ
هه‌ڵنه‌به‌ستووه‌
ئه‌وان شه‌پۆلیان ،
به‌ گه‌ڵای سپیدار
نه‌به‌خشیوه‌
سێبه‌ر بگرن
ڕوناهی له‌ گیرفانی
تاریكایی بشارنه‌وه‌..
ئه‌وان عاشق نین بتوانن
ڕێبه‌ندانان سه‌فه‌ر بكه‌ن .
ئاسمان نه‌با
له‌ زه‌وی ڕۆده‌چوون
زه‌وی نه‌با
كێلگه‌ی ئه‌سترییان
ده‌رزیئاژنی ده‌كردن
خۆ خۆری و شه‌رمنی ئێمه‌ش نه‌با
به‌ ته‌نیا ده‌مانه‌وه‌..

ئای نهێنی سه‌رئه‌ندازی وجوود !
مردم ئه‌وه‌نده‌ی
ئادی ئه‌ستیران بكه‌م .
لێم بڕا ئه‌وه‌نده‌ی
ڕووبار و ده‌ریایان ئاو بده‌م..
ئه‌وه‌نده‌ی دان به‌سه‌ر
جۆخین و خه‌رمانان وه‌ر بكه‌م
نه‌ ڕێگام دیته‌وه‌
نه‌ كۆده‌كانم پێ‌ كرانه‌وه‌..
ئێستا بیابان چۆڵ نییه‌
شه‌به‌قی بۆ كپ كردن ،
ئاگری ناو پووشه‌.. ته‌نیوه‌ته‌وه‌..
ئێمه‌ش هاتووین
چیامان بۆ چه‌ند بیره‌ نه‌وتێك
چۆڵ كردووه‌
بێ‌ ڕۆح ،
له‌ سه‌رابی بیاباندا
پاڵمان لێ‌ داوه‌ته‌وه‌ ..
نه‌ قومێ‌ ئاوی شینكاڵه‌كانمان پێیه‌
نه‌ چه‌پكه‌ گوڵێكی كیوی
خۆمان به‌ بیر بێنێته‌وه‌..
ڕووت و قووت
هاتووین چاومان بڕیوه‌ته‌ سه‌راب
سه‌راب و سه‌راب و سه‌راب ..

ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ دوا عه‌شقمان بێ‌
خوایه‌ وانه‌بێ‌ !
ڕه‌نگه‌ دوا جارمان بێ‌
چه‌كه‌ره‌ی چرۆیان
كرانه‌وه‌ی گوڵان ببینین
خوڕه‌ی ئاو و قاسپه‌ی كه‌و و
جڕیوه‌ی مه‌لان ببیستین
خوایه‌ وانه‌بی
خوایه‌ با ئه‌وه‌ مۆته‌كه‌یه‌ك بووبێ‌
ڕاستی نه‌بێ‌
بێین دار به‌ڕوو
له‌ ته‌نیشت بیره‌ نه‌وتان بڕوێنین
ئاسكه‌ كێویله‌كانی كوێستان
له‌ حه‌وزی نه‌فره‌تیی نه‌وت باوێین
خوایه‌ وا نه‌بێ‌ ..

شوباتی 2016




سێ … یوسف عەبدوڵڵا

لە ٣ چرکەدا
ئەو خەیاڵەم پچڕا..
کەچی
هێشتا هەر چاوم لەسەر هەمان جێگەیە و خەیاڵم لە
٣٠ شوێن!

پاش ٣ خولەک
ئەو رێگایەم جێهێشت..
تائێشتاش نەگەشتومەتە کۆتایی و
بە ٣٠٠ هەنگاوی تر ئەوێ تێناپەڕێنم!

دوای ٣ کاتژمێر
ئاسمانەکە شینایی لێبڕا..
وەلێ
لەچاوی مندا
٣٠٠٠ تەبەقەو شین دەکاتەوە!

دوای ٣ هەفتە
بەفرەکە توایەوە..
بەڵام
لەسەری مندا
٣٠٠٠٠ تاڵی سپییەو ئەڵێی ئەمڕۆ باریوە!

دوای ٣ مانگ
درەختەکە گەڵای پێوەنەما..
کەچی
٣٠٠٠٠٠پەلی بە قەدی منەوە سەوزدەکەنەوە!

٣ ساڵ لەمەوبەر
روبارەکە وشکی کرد..
هێشتا
لەکەناری منا
بە ٣٠٠٠٠٠٠شەپۆلەوە هاژەی دێت!

بە ٣ شنە باوە
ڕۆیی دوکەڵەکە..
تا ئێستاش
٣٠٠٠٠٠٠٠ حەسرەتی لەسینەمدا دێن و دەچن!

تەنیا ٣ دڵۆپی بارانەکە
لەسەر رومەتم ماوە..
بەڵام
٣٠٠٠٠٠٠٠٠ فرمێسکی لەچاوانما خورەیان دێت!




بەرزتر لە ئەستێرە … پشكۆ ناکام

دیسان بارانە ..
دیسان بارانی غەم بەخوڕ، خوڕتر لە چەمەکانی ئەم خاکە ئەبارێ …
دیسان هەوری تەڵخی (مەرگ) ئاسمانی ئەم وڵاتە دائەپۆشێ..
دیسان ئاهو ناڵەی بێ کەس و بێ دەرەتانی کوچەو شەقامی شارەکان وەک سەمفۆنیایەکی شیوەن، بوە بەسەردێڕی هەواڵەکان ..
***
دیسان و دیسان ..
سفرەی خاڵی هەژارەکان لە (ئومێد) دابڕا..
بەمەرگی تۆ ..
بەدوا سەفەری تۆ ..
دەریا وشک بێ، فرمێسکی بێ دەرەتانی ئەم خاکە وشک نابێ ..
هەرچی زامە ساڕێژ بێ، زامی (سەفەری) تۆ ساڕێژ نابێ …
قەتماغە ناگرێ ..
کۆن نابێ …
تۆز ناگرێ …
***
هەرچی پایزەکانی مێژو هەیە، وەک خەزانی پایزی (ماڵئاوایی) تۆ نیە ..
کوێ بۆ تۆ بگەڕێین؟
لەهەورازو نشێوەی شاخەکان !
لە روخساری دایکی شەهیدو رۆڵە ونبوەکان !
لە فرمێسکی لەئومێد بێ بەشەکانی ووڵات !
لەناو ووشەو دێڕەکانی مێژوویەکی نیو سەدەی کاروانێکی نەسرەوت و بێ دابڕان !
***
لە کوێ گوێمان لە تۆ بێ !
لەناو ناڵەو هەناسەی ساردی سفرە خاڵیەکان؟
لەئاپۆڕەی شیوەنی دوا سەفەری تۆ؟
لەگەڵ جریوەی باڵندەکانی 19 ی ئایار؟
کوێ بۆ تۆ بگەڕێین و … لە کوێوە گوێمان لێت بێ؟
***
ئیتر کێ (ئومێد) بگەڕێنێتەوە بۆ سەر لێوی وشکی هەژارو ستەم دیدەکانی خاک و وڵات؟
کێ (زەردەخەنە) بهێنێتەوە نێو روخساری دایکە جل رەشەکانی دەیان ساڵی مێژویەکی خوێناوی بست بە بستی وڵات !
کێ بەرامبەر ناعەدالەتی و جەردەکان سەنگەرێک بگرێ؟ کە جگە لە وتەی پاک و رەفتاری ئینسانی و بیری خۆشگوزەرانی هەموان، هیچ چەکێکی تری نەبێ !
دوای تۆ ..
کێ نەعرەتەی پڕ لە غەزەبی هەژاران بگەیەنێتە گوێ ی هەر مشەخۆرو
هەر چەوسێنەرێک و
***
هەر ناحەزێکی بەدی هێنانی خەونی مناڵە هەژارەکان؟
کێ ئەیەوێ شایەتحاڵی (نەمریی) تۆ بێ ..
با بڕوانێتە گردەکەی زەرگەتەو ئەو هەمو خەڵکە ماتەم گێڕەی، بە پەرۆشەوە لەسەر گڵکۆی دوا مەنزڵت سڵاوت لێ ئەکەن …
کێ ئەیەوێ دوا وێنەی روخساری تۆ ببینێ !
با بڕوانێتە تابلۆی فرمێسکی سەر رومەتی هەمو ئەوانەی ئومێد لای ئەوان کاکە (نەوە)یەک بو ..
کێ ئەیەوێ لە (ورە) ی تۆ بڕوانێ !
با دێڕە گەشەکانی پەنجا ساڵی کاروانی سەختی، هات و نەهاتی ئەم نیشتمانە بخوێنێتەوە ..
کێ ئەویەوێ لە مانای (خاکی) بونی سەرکردە تێ بگا !
با ساتێ سەیری وێنەکانی ویستگە جیاکانی کاروانی پڕ لەشانازی پەنجا ساڵەی تۆو ئەم نیشتمانە بکا ..
***
خودایە، چی ئەگوزەرێ و چ نەهامەتیەک وەک زریان روی تێکردوین؟
هەژارەکان لە نێوانی باوەڕکردن و باوەڕنەکردن بە کۆچی تۆ ، نقومی لافاوی ون بون …
ئەم هەورە تریشقە نەگریسە چی بو، هەواڵی دوا سەفەری تۆی هێنا؟
ئەم دەستە رەشە نەفرەت لێکراوە لە کوێوە هات پێش تۆ، هەمو ئاواتە سەوزنەبوەکانی کێڵگەی خەونەکانی هەژارانی خنکان !
ئەم شەپۆلە پڕ لە هستریایە هی کام وەرزە، کە ویستی بەهار بکا بەوەرزی خەزان؟
ئەم هەورە تەڵخە رەشە لە کام دێڕە شاراوەکانی چیرۆکەکانی مەرگ، ئاسمانی لێڵ کردو بەرچاوی ئێمەی ناڕون کردو، تەنها وێنەی روخساری تۆ نەبێ، وەک خۆی هەر مایەوەو هەر ئەمێنێتەوە …
***
گردەکەی زەرگەتە بەتۆوە جوان بو ..
بەدوا مەنزڵگای تۆ گەشتر، جوان تر، روناک تر بو ..
مێژوی گۆڕان بەبونی تۆ چەسپێنرا، لە مەرگی تۆشا ئەو مێژوە نەلەقیوتر بو ..
کەی (گردەکە) جوڵێنرا، ئەو کات مێژوەکەمان جێ گۆڕکێ ئەکا …
***
هێشتا زو بو …
جی هێشتنی سفرەی بێ نازەکان زو بو …
ئەم سەفەرەت پێشوەخت بو …
بەڵام، سەفەرت باش .. سەفەرت سەلامەت …
لە ژیانتا خۆشەویست بوی …
لەدوا سەفەرتا خۆشەویست بوی …
لە ژیانتا روناکی مۆمەکەی گۆڕان بوی …
لە دوا سەفەرتا، جێ ی زامی دڕک وداڵی هەنگاوەکانی تیمار ئەکەی …
گەر ئێمەش بێ دەنگ بین، هەنسک نەیەین، خۆ ناوزەنگ لەگریان ناکەوێ …
ئەی قەندیل؟ ئەی سەرگەڵو؟ ئەی دەشتی هەولێر؟ ئەی قەراغ و گەرمیان و خانەقی؟ ئەی و ئەی و ئەی؟
***
ئێمە کاسی خەوێکین، کە حەز ئەکەین هەر خەو بێ …
ئێمە بەسەفەرەکانی تۆ عادەتمان گرتبو ..
بەڵام بە دوا سەفەری لە نێوان عادەت گرتن و عادەت نەگرتن ون بوین و زۆر ئەستەمە بڕوا بکەین، کە ئەمەیان دوا سەفەر بو …
***
کاکە (نەوە) ی ئومێدی نەوەکان …
نوسەری مێژوی پێشمەرگە …
سەرکردە خاکیەکەی، خاکی سور بوی وڵات …
باوکە دڵسۆزەکەی
هەزاران نما
هەزاران چیا
هەزاران چرا
تۆ ! لەگەڵ ئاگی برسیەکان (نما)ت کرد
بۆ بەرەنگاری لە مافی برسیەکان (چیا) بوی
بۆ رێگەی پڕ لەمەشەفەتی برسیەکان چرا بوی
هەر بۆیە تۆ نەمریت ..
هاوڕێ ی میوانی سفرە خاڵیەکان !
تۆ نەمریت، بەرزتریت لە ئەستێرە




سرودی من … ڕەزا شوان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن ….