(كۆ) ی دیل….(تاك) ی ئازاد! … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

هه‌ر ڕێژیمێكی سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی یا كولتووری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵای به‌ یه‌كه‌م له‌ ڕیزبه‌ندی بایه‌خ و گرنگیه‌كانی خۆی وه‌رنه‌گرت، هه‌رگیز متمانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ده‌ست ناهێنێ‌ و ناچێته‌ نێو ویژدان و ده‌روونی تاكه‌كان و شوێنێكی شیاو له‌ یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ ناگرێ‌.
ته‌واوی كار و پڕۆسێسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووریه‌كان له‌ مێژووی ئه‌ده‌بیاتی خه‌بات و جولانه‌وه‌ پێشكه‌وتووخوازه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ن به‌شێك له‌ متمانه‌ لای پانتاییه‌كی دیاریكراو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ گلده‌نه‌وه‌، متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كڕۆكی داهات و ده‌سكه‌وتی مه‌عنه‌وی هه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی و جولانه‌وه‌یه‌كه‌ ڕۆژگارێك ویستبێتی یا ئێستا بیه‌وێ‌ نه‌ته‌وه‌ یا كۆمه‌ڵگه‌ له‌ بارێكه‌وه‌ بباته‌ بارێكی تر.

لای ده‌روونناسسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان پێوه‌ری پته‌وی و له‌رزۆكی پێوه‌ند و ڕایه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌نها پێگه‌یشتنی ” متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی” یه‌، هه‌ر كاتێك كێشه‌ كه‌وته‌ ئه‌و فاكته‌ره‌ زیندوو و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ یه‌كدیگیری و شیرازه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ ته‌واوی شیرازه‌كانی تر ده‌گرێته‌ خۆی بۆ ئه‌وه‌ ناشێ‌ پشتی پێ‌ ببه‌سترێ‌ و پێتوابێ‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ هوشیاریه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی بهاوێ‌.
كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئێمه‌ی كورد به‌ درێژایی مێژوو له‌ هه‌ناوی كولتوور و سیستمی به‌هایی و ترادیسیۆنماندایه‌، ئێمه‌ به‌ر له‌ ئاراسته‌كردنی (كۆ) پێویستمان به‌وه‌یه‌(تاك) ێك بێنینه‌ ئارا هوشیار بێ‌ به‌رانبه‌ر به‌ گرنگی (كۆ) نه‌ك ته‌نها بۆ پاراستنی بوونی جه‌سته‌یی خۆی (كۆ) ی بوێ‌ و په‌نای بۆ به‌رێ‌، هه‌میشه‌ له‌(كۆ) دا كه‌سه‌كان خۆیان ون ده‌كه‌ن و دوای هه‌ڵچوون و سۆز و میزاجی گشتی ده‌كه‌ون و له‌ گردبوونه‌وه‌دا تاك به‌شێكی زۆر له‌ ئیراده‌ و مه‌یل و حه‌زی له‌ده‌ست ده‌چێ‌ و توانای خۆ كۆنتڕۆڵكردنی نامێنێ‌.

(كۆ) هه‌رگیز ته‌واو هوشیار نابێ‌ ئه‌گه‌ر(تاك) به‌ر له‌ بایه‌خی (كۆ) بایه‌خی (خود) ی خۆی نه‌زانێ‌، گرنگی هوشیاری (تاك) له‌وه‌دایه‌ چه‌نده‌ كه‌سێك هوشیار بێ‌ به‌ خۆی و بایه‌خی خۆی له‌ ژیاندا بزانێ‌ ئه‌وه‌نده‌ش بوونی تاك و كه‌سه‌كانی تر له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی به‌ گرنگ ده‌زانێ‌. ئه‌م ڕایانه‌ی من سه‌لمێنراوی زانستین و هه‌روا قسه‌ و ده‌ربڕینێك نین بۆ جوانكاری گوتاری كولتووری و هزری ڕازێنرابنه‌وه‌. درووستكردن و به‌خێوكردنی(تاك) پڕبایه‌خترین پڕۆژه‌یه‌كه‌ هه‌ر ڕێژیمێك یا داروده‌سته‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت بیانه‌وێ‌ یا ویستبێتیان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست بێننه‌ ئارا. ئازادی (كۆ) هه‌رگیز مه‌رج نه‌بووه‌ بۆ ئازادی(تاك)، پێچه‌وانه‌كه‌ی ته‌واو له‌ جێی خۆیه‌تی.

غه‌ریزه‌ی ئازادی هه‌ر كه‌سێك كه‌ دێته‌ ژیان هه‌وڵ ده‌دا به‌ پێی توانا و هوشیاری خۆی وه‌ڵامی بۆی هه‌بێ‌ و ئامانجه‌كه‌ی وه‌دیبێنێ‌، بابه‌تێك نیه‌ به‌ ساده‌ و سوك سه‌یری بكرێ‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ‌، ئازادی غه‌ریزه‌یه‌ زۆر دیالێكتیكیانه‌ له‌ دووتوێی جوڵه‌ی هاوسه‌نگی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری(تاك) و (كۆ) دا ڕێی خۆی ده‌گرێته‌ به‌ر، هه‌ر تاكێك گه‌ردوونێكه‌ بۆ خۆی و سه‌ره‌تا ئه‌م گه‌ردوونه‌ ده‌بێ‌ بپشكنرێ‌ و نهێنیه‌كانی بدۆزرێته‌وه‌ ئینجا ئیش له‌سه‌ر گه‌ردوونێكی تر بكرێ‌ كه‌ تاك تیایدا هه‌ناسه‌ ده‌دا و له‌ ده‌وری خولگه‌كانی خۆی ده‌خولێته‌وه‌. دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی تاك كار و پڕۆسێسێكی هه‌ره‌ سانا و ساده‌یه‌، تاكی هوشیار هه‌میشه‌ هه‌م خۆی لا گرنگه‌ و هه‌م خۆیه‌كانی تر و هه‌میش كۆمه‌ڵگه‌، تاكی ئازاد و هوشیار بایه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ لای ئه‌و، ئه‌و ماڵه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئامێز و باوه‌شی وه‌ك ئامێز و باوه‌شی دایك وایه‌ و تیایدا ئه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ بێ‌ تیاماندا ناهێڵێ‌.
كۆمه‌ڵگه‌ ئارامگه‌یه‌كی ڕۆحیه‌ بۆ هه‌موومان و ئه‌و ئارامگه‌یه‌ به‌هه‌شتێكه‌ هه‌موو تاكه‌كان تیایدا تا هه‌ن له‌و باوه‌شه‌ گه‌رم و ئارامه‌دا ده‌چنه‌وه‌ نێو سرووت و سیناریۆی دایك و كۆرپه‌ و كۆرپه‌ و دایكدا.

تاك له‌ مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ئێمه‌دا هه‌میشه‌ بایه‌خی خۆی له‌و هێز و كڵان و گرووپانه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ پاراستوونی، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ زۆرمان نووسیوه‌ و زۆریشمان گووت، به‌ڵام مه‌ترسی وابه‌سته‌یی ناهوشیارانه‌ی تاك لای ئێمه‌ به‌ (كۆ) وه‌ مه‌ترسیه‌كی وجودیه‌ و له‌ ڕاستیشدا نه‌خۆشیه‌كی كولتووریه‌ و تا په‌ی به‌م ڕاستیه‌ نه‌برێ‌ و ئیش بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌ وجودیه‌ نه‌كرێ‌، هه‌رگیز و دیسان به‌ جه‌خته‌وه‌ هه‌رگیز و تا هه‌تایه‌ نه‌(تاك) و نه‌(كۆ) مان چێژی ئازادی ناكه‌ن و زه‌مینه‌ و زه‌مه‌نه‌كانی نابینن و ئه‌زموونی ناكه‌ن.

به‌ هاناوه‌ چوونی به‌ قه‌ولی كۆن(مه‌عاریف!) ی ئێستا و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێ‌ (خوێندنی باڵا) لای من و ئه‌وه‌ش ڕایه‌كی100% زانستیه‌ له‌ به‌هاناوه‌ چوونی ته‌واوی جه‌سته‌ و بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستامان گرنگتره‌، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر نیه‌، ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ره‌(تاك) ه‌كانی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌مانن، هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگه‌كان سرووشتیانه‌ هاتوونه‌ته‌ دنیا و باش و خراپ، جوان و ناشیرین، به‌هێز و بێهێز، هه‌ن و هه‌ر ده‌شمێنن و له‌ نێو ناچن. مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ بوون و مانه‌وه‌ی تاكه‌ له‌ڕ و لاوازه‌كان مانه‌وه‌یه‌كی شه‌رافه‌تمه‌ند و ئومێد به‌خش نیه‌، ئه‌وه‌ جۆری په‌روه‌رده‌ و هوشیاری و به‌خێوكردنی تاكه‌كانه‌ جۆری كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ وه‌ده‌رده‌خا.
لاوازترین و ناهوشیارترین سیستمی!! په‌روه‌رده‌یی و خوێندنی باڵا ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ن، ئه‌م لاوازیه‌ لاوازی حزبێك یا وه‌زاره‌تێك یا وه‌زیرێك یا سیستمێك ته‌نها لای خۆی نیشان نادا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ناهوشیاری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ درێژه‌ی مێژووی خۆی و درێژه‌ی جولانه‌وه‌ شۆڕشگێڕیه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ڕوو.
تا (تاك) نه‌بێته‌ ته‌وه‌رێكی سه‌نتڕاڵ له‌ ته‌واوی پڕۆسه‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و به‌ر له‌وه‌ش كرده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریه‌كاندا، تا (تاك) نه‌بێته‌ تاكه‌ سه‌رمایه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌چێته‌ پێش پاره‌ و نه‌وت و ده‌سه‌ڵاتخوازی و پاوانخوازیه‌وه‌، تا(تاك) نه‌بێ‌ به‌ دنیایه‌كی نه‌پشكنراو و به‌ر له‌وه‌ی به‌ قوڵاییه‌كانی زه‌وی بۆ كانزا و كانه‌كان ڕۆچنه‌ خوار ده‌بێ‌ خودی ئه‌و له‌و ونبوونه‌ ئه‌زه‌لیه‌ ڕزگاری بێ‌، هه‌موو دنیا ببه‌ینه‌وه‌ تاك هه‌ر دۆڕاوه‌، چون گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی مرۆڤ به‌ تێگه‌یشتنه‌ ئینسانیه‌ باڵاكه‌ی عه‌قڵ و هوشیاریه‌تی به‌و عه‌قڵه‌ و تا تاك نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی خۆی وه‌ك بوونێكی به‌ڕێز بناسێ‌ هه‌رگیز هیچ بوونێكی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێز نیه‌.

ئۆرگانه‌كانی ئیشكردن له‌سه‌ر مێشك لای ئێمه‌ ئۆرگانی ناسه‌ربه‌خۆ و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتن، چاره‌كی ئۆرگانه‌كانی سك و باخه‌ڵ به‌ هێز نین، به‌م ئۆرگانه‌ لاوازانه‌ قه‌تاوقه‌ت تاك و هاوڵاتی گونجاومان بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان پێنایه‌ته‌ ئارا، دایه‌نگه‌ و باخچه‌كانی ساوایان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا و به‌م ناهوشیاریه‌ په‌روه‌رده‌یی و فێركاریه‌ زیانیان له‌ قازانجیان زیاتره‌، قۆناغه‌كانی به‌ر له‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی ئاماده‌باشیه‌كی هه‌ره‌ گرنگن بۆ منداڵ و ساوایه‌كانمان تاوه‌كو به‌ حه‌ز و زه‌وق و پاڵنه‌ره‌وه‌ بچنه‌ نێو ژیان كه‌ ده‌رگاكه‌ی و كۆده‌كانی وان له‌ نێو سیستمه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا، قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی شێواندنی مرۆڤبوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بنه‌وه‌، ئاماده‌كردنی قوتابیانی دواناوه‌ندی بۆ زانكۆكان وه‌ك هه‌ڵدانیان و له‌ كۆڵخۆكردنه‌وه‌یانه‌ بۆ دوورگه‌یه‌كی تر كه‌ پێشتر هیچیان له‌باره‌وه‌ نه‌زانیوه‌ و ته‌نانه‌ت تیاشیدا ونتر ده‌بن، چون حاڵی زانكۆكانمان زۆر له‌ دۆخی ئۆرگانه‌كانی سیستمی په‌روه‌رده‌یی به‌ربادتره‌.
له‌ زانكۆی ئێمه‌دا مه‌عریفه‌ و زانین هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ نه‌بوون و ئێستاش ته‌نها گوزه‌راندنی كات و ساتێكن له‌ بێهۆشی و نه‌زانی و ساده‌له‌وحیدا. زانكۆ وه‌ك چه‌مك و وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ نه‌ (زان)ینی تیا هه‌یه‌ نه‌(كۆ) واته‌ ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ زانكۆ به‌ ئامانجی(زانین) نه‌چووه‌ و ناچێ‌، ئامانجی ئه‌و هه‌ر له‌ كۆنی ئه‌م زانكۆیانه‌ماندا سازكردنیانه‌ بۆ ئه‌رك و وه‌زیفه‌ و دواتر بۆ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌وه‌ش له‌ بنچینه‌دا سه‌رچاوه‌ی نه‌زانی و هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌یه‌.

سیستمی په‌روه‌رده‌یی نوێ‌ و ئه‌كادیمیاكانی خوێندنی باڵا ی مۆدێرن (تاك) وه‌ك تاك و خودێكی هوشیار به‌ خۆی ئینجا به‌ (كۆ) و به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ساز ده‌كه‌ن، له‌ سیستمه‌ زانستیه‌ ئینسانیه‌ نوێیه‌كاندا قوتابی بۆ(زانست و زانین) ده‌چێته‌ زانكۆ نه‌ك بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تێك بۆ كار، بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆیی و ناسینی خۆی ده‌چێته‌ زانكۆ نه‌ك ته‌نها به‌ پیرۆزهێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، تاكێك خۆی نه‌ناسێ‌ قه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش ناناسێ‌ و تاكێك ڕێز له‌ بوونه‌ ئینسانیه‌ باڵاكه‌ی نه‌گیری َهه‌رگیز ئه‌ویش نازانێ‌ ڕێز له‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگرێ‌.

من پێشتر له‌ نووسینێكی تر و له‌ ده‌ربڕینێكدا وتم: حوجره‌كانی جاران كه‌ فه‌قێ‌ تیایاندا ده‌یانخوێند له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكانی ئێستامان سیستماتیك تر بوون، ئه‌وان ئه‌گه‌ر چی شێوازێكی كلاسیكی خوێندن و فێركردنیان هه‌بوو و زیاتر زانیاریه‌ دینیه‌كانیان ده‌خسته‌ مێشكی قوتابیان و به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌لقینی، به‌ڵام فه‌قێ‌ جۆرێك له‌ پاڵنه‌ری لا هه‌بوو حه‌زی خرابووه‌ سه‌ر ئه‌م خوێندنه‌ و خۆیشی هه‌میشه‌ هه‌وڵی ده‌دا مه‌لا و مامۆستای باشی هه‌بێ‌ تاوه‌كو دواتر سه‌روه‌ریه‌كی كه‌سایه‌تی له‌و پایه‌یه‌دا ده‌سته‌به‌ر بكا. پاشان مۆڵه‌تی ده‌رچوونیشیان كه‌ پێیان ده‌وت ئیجازه‌ی 12 ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوێكی ئاینی گه‌وره‌ بوایه‌ و پیاوه‌ ئاینیه‌كه‌ش هه‌میشه‌ چاودێرێكی له‌سه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بینی كه‌ (خوا) یه‌ له‌ ترسی ئه‌و نه‌یده‌وێرا گه‌نده‌ڵی له‌ پێدانی بڕوانامه‌كه‌دا بكا.
له‌ راستیدا ده‌بوایه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌مان بڕیبوایه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ڕزگاركردنی نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڵكو له‌ پێناو ڕزگاركردنی تاك و ئازادكردنی له‌ هه‌موو ئه‌و ئایكۆنانه‌ی ئه‌و فێربووه‌ وه‌ك كولتوور و هه‌ر كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو پڕۆسێسی فێركردن و فێربوونه‌وه‌ ئازادیه‌كانی خۆی له‌ ترسان بداته‌وه‌ ده‌ستیان.

تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ فێربوون له‌ ئازادی خۆیان بترسێن، فێركراون له‌ شادمانی بترسێن، فێركراون له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بترسێن، فێركراون له‌ دایك و باوك بترسێن ، فێركراون له‌ ……….تاد بترسێن، ئه‌م ترسه‌ بووه‌ته‌ ئاسانترین میكانیزم بۆ كۆنتڕۆڵ و ئاسانترین میكانیزم بۆ خه‌ساندن.
تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌ عه‌جیب بۆ نادیارگه‌لێگ غلۆر بۆته‌وه‌، عه‌جیب له‌ كونه‌ ڕه‌شه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ون بووه‌، تا ئۆرگانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ له‌ گرنگی و بایه‌خی ڕزگاركردنی تاك و ئازادكردنی هوشیار نه‌بنه‌وه‌، تا ئاراسته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له‌ كه‌ره‌سته‌وه‌ نه‌گۆڕن بۆ مێشك ئه‌وا نه‌ خۆیان ئازادن و نه‌ توانای ئازادكردنی خۆیان و نه‌ته‌وه‌شیان هه‌یه‌.
ئه‌وان تا تاك نه‌كه‌نه‌وه‌ سه‌نته‌ر هه‌رگیز خۆشیان له‌ سه‌نته‌ر نین چون كۆمه‌ڵگه‌ی نا ئازاد هه‌رده‌م تاكی نائازاد دێنێته‌ ئارا و باڵاترین سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵاتیش ته‌نها چێژ له‌ ته‌سلیمكردنی ئازادیه‌كانی خۆی به‌ ناوه‌ندی تر ده‌كات.




گابریل گاریسیا ماركێس له‌ نێوان رۆمان و سینه‌مادا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

رۆماننووسی ناوداری كۆڵه‌مبی گابریل گاریسیا ماركێس كه‌ بۆ سه‌رده‌مێكی دوورو درێژ ته‌ختی پاشایه‌تی رۆمانی له‌ سه‌راپای جیهاندا داگیر كردووه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ماركێز خه‌ڵاتی نۆبلی پێ‌ به‌خشراوه‌،به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌ ملیۆنه‌ها بینه‌ریشی له‌ جیهاندا راكێشی به‌رده‌م شوێنی پلیت بڕین كرد له‌ هۆڵه‌كانی سینه‌مادا،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ سیحراوییانه‌ی ژماره‌یه‌كی بێ‌ هاوتای خوێنه‌ریان هه‌بوو، به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ش بینه‌ریان هه‌بێت له‌ سینه‌مادا .
ره‌خنه‌گره‌ سینه‌ماییه‌كان ده‌ڵێن: ماركێس جیا له‌ رۆماننوسه‌ جیهانییه‌كان چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی رووبه‌رێكی به‌رفره‌وانی بۆ خه‌یاڵ هه‌بووه‌ له‌ دروست كردنی رۆماندا،به‌هه‌مان شێوه‌ش شوێنێكی به‌رفره‌وانی بۆ دروست كردنی وێنه‌و رووداو جێ‌ هێشتووه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ره‌كان كه‌ بتوانن سیناریۆی سرنج راكێشی لێ‌ دروست بكه‌ن،بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌ پڕشنگداره‌ جیهانیه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ ملیۆنه‌ها له‌ بینه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی خۆی له‌ سینه‌مادا به‌رجه‌سته‌ بكات،بۆیه‌ ئه‌و پێگه‌ ئه‌ده‌بیه‌ی ماركێس له‌ رۆماندا هه‌یبووه‌،هه‌مان ئه‌و پێگه‌یه‌شی له‌ سینه‌مادا هه‌یه‌،چه‌ند هه‌وادارو ئاشق به‌ رۆمانه‌كانی هه‌بووه‌،ئه‌وه‌نده‌ش هه‌وادارو ئاشق به‌ سیناریۆ سیحراوییه‌كانی هه‌یه‌،ئه‌وه‌تا ژماره‌ی ئه‌و فیلمانه‌ ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆرو زه‌وه‌ندن،گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌ره‌ سینه‌ماكاره‌كانی جیهان كاریان له‌سه‌ر كردووه‌،جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ی كه‌ ماركێس به‌رپرسی ئه‌كادیمییای سینه‌ما بووه‌ له‌ كۆبا،زۆر سیناریۆی سینه‌مایی نووسییووه‌،كه‌هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ رۆمانه‌كانییه‌وه‌ نه‌بووه‌،وێڕای ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له‌ مه‌كسیك ده‌یانی نووسی،بۆیه‌ ئه‌مڕۆكه‌ فیلمێكی زۆر هه‌ن ناوی ماركێسییان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌ رۆمانه‌كانییه‌وه‌ وه‌رگیراون ،چ ئه‌وانه‌ی ئه‌و خۆی وه‌ك سیناریۆ به‌ تایبه‌ت بۆ سینه‌ما نووسیوویه‌تی ..

رۆمانی(خۆشه‌وستی له‌ زه‌مه‌نی كولێرادا) یه‌كه‌م فیلم نیه‌ له‌ رۆمانه‌كانی ماركێس وه‌رگیرابن ،به‌ڵكوپێش ئه‌ویش فیلمی(ئاریندیرای كێوی) هه‌بوو كه‌ ساڵی 1983 له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی(رای جویرا) به‌رهه‌م هاتوه‌،له‌ هه‌مان ساڵیشدا ده‌رهێنه‌ری ناسراوی ئیتاڵَی( فراننسیسكۆ) رۆمانی( روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو )ی ده‌رهێَناوه‌،كه‌ هه‌ردوو ئه‌كته‌ری جیهانیی ( ئه‌فیریت و ئارنیللا ) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تییان تیادا بینییووه‌،هه‌روه‌ها رۆمانی ( كۆلۆنێَل شتێكی نیه‌ بۆ نووسین) ساڵی 1999 له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری مه‌كسیكی(ئارتۆرۆ ریمبیستین)كراوه‌ته‌ فیلمێكی سینه‌مایی،له‌ نواندنی ( فرناندۆ لوجان و سه‌لما حایك) بوو، دواتر فیلمێكی دیكه‌ی به‌ ناوبانگی شاكاره‌كانی ماركێس كه‌ له‌ ساڵی 2004 به‌رهه‌م هاتووه‌ فیلمی(له‌ ساته‌كانی په‌شێوی دا) دابوو كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی (رای جویرا) ده‌رهێندراوه‌ .

ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی جۆزیف ساندراـ ده‌ڵێ‌: چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ماركێَس ده‌ست رۆیشتوو بووه‌ له‌ نووسینی رۆماندا،ئه‌وه‌نده‌ش توانستی نووسینی سیناریۆی هه‌بووه‌،له‌چه‌ندین ئه‌زموونیش دا ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا بووه‌،كه‌ ماركێس له‌ رۆمانه‌كانیدا خه‌یاڵێكی سینه‌ماییشی هه‌بووه‌ له‌ دروست كردنی وێته‌ی سینه‌ماییدا،بۆیه‌ ئه‌و وێنانه‌ زه‌مینه‌یان خۆش كردووه‌ بۆ دروست كردنی وێنه‌ی سینه‌مایی .
ئه‌و لێك نزیكییه‌ له‌ نێوان رۆمان و سیناریۆی وێنه‌یی وای كردووه‌ كه‌ ئه‌و فیلمانه‌ی له‌ رۆمانه‌كانی ماركێز به‌رهه‌م هێندراون ببن به‌ خاوه‌نی زۆرترین داهات،وه‌ك چۆن رۆمانه‌كانی بوون به‌ خاوه‌نی زۆرترین خوێنه‌ر له‌ جیهاندا،ئه‌م دوو باڵیه‌ له‌ نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا وای كردووه‌ كه‌ هه‌وادارانی ماركێز ببن به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان له‌ هه‌موو جیهاندا ..

فیلمی(خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا) ئه‌گه‌رچی رۆمانه‌كه‌ی به‌ زمانی ئیسپانی نووسراوه‌ ،به‌ڵام فیلمه‌كه‌ پشتی به‌ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌ وه‌رگێَڕاوه‌كه‌ به‌ستووه‌،هه‌روا رۆمانی یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری دانیماركی (هۆنگ كاسلن )كراوه‌ته‌ فیلم به‌ هه‌مان ئاستی فیلمه‌َكانی تر سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ ده‌ست هێناوه‌،فیلمه‌كه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی پیره‌مێردێكی رۆژنامه‌نووس ده‌كات له‌ گه‌ڵ كیژۆڵه‌یه‌كی چوارده‌ ساڵی،ئه‌و فیلمه‌ له‌ خولی پانزه‌هه‌مینی فیستیڤاڵَی ئیسپانیا نمایش كرا كه‌ تێیدا ئه‌كته‌ری ناسراوی فره‌نسی( جیرالد شاپلن ) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تی تێدا بینی ..
ئه‌م فیلمه‌ دوای ره‌زامه‌ند بوونی خانه‌واده‌كه‌ی ماركێس له‌ لایه‌ن (كارلسن و جان كلود ) سیناریۆكه‌ی بۆ نووسراو بۆ سینه‌ما ئاماده‌ كرا،سیناریۆكه‌ له‌ ره‌سه‌ندا به‌ زمانی دانیماركی بوو،دواتر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فره‌نسی و ئینگلیزی و ئیسپانی وێنه‌كانی له‌ ویلایه‌تی (كامبتشی) خوارووی مه‌كسیك گیراوه‌ ..

دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی فیلمی(له‌ مه‌ڕ خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر) و سرنج راكێشانی خه‌ڵكی و ره‌خنه‌گران،له‌ فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی (كارتا خیتادی ئه‌ندیاسی)جارێكی دیكه‌ فیلمه‌كه‌ له‌ كۆلۆمبیا نمایش كرایه‌وه‌،فیلمه‌كه‌ باس له‌ روداوێك ده‌كات له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م ،كاتێ‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵی به‌ ناو( سیدبا ماریا) له‌ چینی نه‌جیب زاده‌كان دووچاری ڤایرۆسی نه‌خۆشی گازه‌ سه‌گ ده‌بێت و له‌و كاته‌دا مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ پێی داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌كان ده‌ستی جنۆكه‌ی له‌ سه‌ره‌،دواتر راهیبه‌یه‌كی ئیسپانی گیانی منداڵه‌كه‌ له‌و خه‌ته‌رناكییه‌ رزگار ده‌كات ..
كلارا ماریا – به‌رهه‌م هێننه‌ری فیلمه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م فیلمه‌ ده‌ڵێت:ره‌خنه‌ گره‌كان وای بۆ ده‌چن كه‌ تا ئێستا ئه‌م فیلمه‌ باشترین فیلمێك بووه‌ له‌و فیلمانه‌ی كه‌ له‌ رۆمانه‌كانی گه‌وره‌ نووسه‌ری كۆلۆمبی گابریل گاریسیا ماركێس وه‌رگیرابێت.. بۆیه‌ ئاواته‌ خوازین فیلمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ ده‌ست بێنێت،بێگومان ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ فیلمه‌كه‌ هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ناگرێته‌وه‌،به‌ڵكو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری فیلمه‌كه‌ كه‌ دووچاری داوی خۆشه‌ویستی هاتوون ..

ئه‌م فیلمه‌ 2.2 ملیۆن دۆلاری تێ‌ چووه‌،چواره‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی بووه‌ كه‌ له‌ شاكاره‌كانی ماركێسه‌وه‌ كرابن به‌ فیلم .
به‌رله‌وه‌ی ماركێس ده‌رگا به‌ رووی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانی سینه‌ما بكاته‌وه‌ بۆ به‌ فیلم كردنی رۆمانه‌كانی،ترسێكی زۆری هه‌بوو كه‌ سینه‌ما ده‌ستی به‌ سه‌ر رۆمانه‌كانیدا نه‌شكێ‌ و ئه‌و فیلمانه‌ ببن به‌ مایه‌ی به‌ها شكاندنی رۆمانه‌كانی كه‌ ئه‌و زۆر به‌ پیرۆزییه‌وه‌ هه‌ڵسوو كه‌وتی له‌ گه‌ڵدا ده‌كردن،بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی ئیجگار زۆر ره‌زامه‌ندی خۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌دا،به‌ڵام دواتر دوای به‌ڵێن وه‌رگرتن له‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كان كه‌ بتوانن وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ی كاره‌كانی بكه‌ن،ئینجا ئه‌و ده‌رگایه‌ی خسته‌ سه‌رپشت بۆ هه‌ندێ‌ له‌و به‌رهه‌م هێنه‌رانه‌ ..
ئه‌و ره‌واجه‌ی فیلمه‌كانی ماركێس له‌ جیهانیی سینه‌مادا به‌ ده‌ستی هێنا وای له‌ زانكۆی ماجدالینا كۆلۆمبی كرد دكتۆرای فه‌خری له‌ بواری سینه‌مادا به‌ ماركێَس ببه‌خشێت ..

ماركێس ئه‌گه‌رچی له‌ ده‌سپێكدا رێگر بووه‌ له‌ به‌ فیلم كردنی كاره‌كانی به‌ڵام ئه‌و خۆی ئاوێته‌ بوونێكی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ سینه‌مادا چونكه‌ ئه‌و خۆی یه‌كێكك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ڤیستیڤاڵی هاڤانای سینه‌مایی و دامه‌زرێنه‌ری سینه‌مای نوێ‌ له‌ ئه‌مریكای لاتینی ..
به‌ گشتی گرنگترین سیناریۆكانی ماركێس بریتی بووون له‌ :
گه‌ڵاوه‌ریوه‌كان 1955
شتێ‌ نیه‌ كۆلۆنیل بینووسێت 1961
له‌ كاژبَڕێكی پڕ له‌ په‌ژاره‌ییدا – 1962
سه‌د ساڵ له‌ گۆشه‌گیریدا – 1967
پایزی به‌تریك – 1975
روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو – 1981
خۆشه‌ویستی له‌ زه‌مه‌نی كولێرادا – 1985
ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر 1994
یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان – 2004

به‌ قسه‌ی ره‌خنه‌گگره‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌كان فیلمی خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا دیارترین و به‌رچاوترین ئه‌و فیلمانه‌ن كه‌ له‌ رۆمانه‌كانی ماركێس وه‌رگیرابن،فیلمه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر مایك نۆبل ده‌رهێندراوه‌،ئه‌كته‌رانی وه‌ك خافییر باردم و بننجامین برات جیۆڤانا میزو گیور،رۆڵی تێدا ده‌بینن ،ساڵی 2007 به‌رهه‌م هاتووه‌،50 ملیۆن دۆلاری تێ‌ چووه‌ ..

ستایندۆف – ی به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵ هه‌وڵی له‌ گه‌ڵ ماركێس داوه‌ بۆ رازی بوونی تا رۆمانه‌كه‌ بكرێته‌ فیلم،روداوه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ له‌ سه‌ر زێ‌ ی ماگدالینای وڵاتی كۆلۆمبیا وێنه‌ی گیراوه‌،باس له‌ سه‌رده‌می دوای كولێرا ده‌كات …
بۆ یه‌كمجار بووه‌ كه‌ هۆلیۆد له‌م فیلمه‌دا كار له‌ سه‌ر رۆمانه‌كانی ماركێس بكات،گۆڤاری كولۆمبی رینستاسیمان ده‌ڵێت:كاتێ‌ (ستایندۆف) له‌ مه‌كسیك فیلمه‌كه‌ی نمایش كرد،ماركێس خۆی ئاماده‌ی نمایشه‌كه‌ بوو،دوای كۆتایی هاتنی نمایشه‌كه‌ به‌ رووخسارێكی پڕ له‌ زه‌رده‌خه‌ نه‌ سێ‌ جار له‌ سه‌ر یه‌ك گوتی : براڤۆ .. براڤۆ .. براڤۆ




لە پاپ ئایدل هەتا کورد ئایدل !؟…. برایم فەڕشی

وشەی”Idol” بە مانا گشتییەکەی بەو کەسانە دەگوترێ کە وێنەیەکی دوور لە چاوەڕوانی لە خۆیان دەنوێنن. هەر بەو مانایە، مامەڵە لە گەڵ ئەو کەسانە دەکرێ کە لە بەرنامەی “سوپر ستار” و موزیک ئایدل دەردەکەون. نوواندنی ئەم وێنە لە خۆ، یانی تێپەڕبوون لە سنووری تواناکانی ژیانی ئاسایی. پێوانی ئەم ڕێگایە و بڕینی ئەم پرۆسەیە، تەنیا بەوە نابڕێتەوە چەند کەسی ژووریی وهەزاران بینەر ڕازی بکرێن! ئەو کەسانە تا ئەو ئاستە دەبێ هەڵکێشێندرێن کە شیاوی دەرکەوتن لە بەرنامەیەک بن کە خەرجی میلیۆنی تێدا دەکرێ! هەر ئەمە گرفت بۆ بەشداربووان ساز دەکات. ئاسایی بوونەوەی ژیان دوای تێپەڕبوونی ئەم پرۆسەیە، گرفتی نوێ بۆ کەسەکان دەخوڵقینێ!

کوردئایدل تازە بە تازە وەک دیاردەیەکی نوێ گەیشتۆتە باشوور و بە وتەی دەستەی ژووری و مێدیای کوردسات بە پانتای هەرچوارپارچەی کوردستان و گۆی زەوی، سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بۆتە مایەی شادی خەڵکانێک و مایەی هیوای کۆمەڵێک کەنیشک و کوڕی کورد، کە پێیانوایە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی خەون و خەیاڵەکانیان ڕەخساوە. مەبەستی سەرەکی ئەم نووسراوەیە کە لە چەند بەش پێک هاتووە، دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەو شەپۆلەیە لە ژێر ناوی پاپ ئایدل کە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە، دەستی پێکردووە.

سەردەمی زێرینی بازاڕی موسیقا بە هاتنی ئینترنێت، تووشی قەیران بوو. یەک بە دوای یەک دام و دەزگا و شیرکەتەکانی موسیقا داخران، بۆ وێنە مەزنترین شوێنی فرۆشی سەفحەی گرامافۆن و سی دی جیهان، کە لە بینایەکی چوارنهۆم پێکهاتبوو و زیاتر لە میلیۆن سی دی و سەفحەی لە خۆ گرتبوو لە شاری کۆڵن، لە ماوەی چەند ساڵدا نەما. دەیان ئاژانس و ستۆدیۆ یان دەرگایان داخرا، یان ڕێگەیەکی تری بەرهەمهێنانیان گرتە بەر! ئەم سەردەمە لە کوردستانیش بازاڕی موسیقای پێکهێنا. گۆرانی و موسیقای کوردی لە ڕێگای ڕادیۆ، سەفحەی گرامافۆن، زەبتی سەوت(بەکرەیی) بە پانتایی هەموو کوردستان دەبیسترا و دەیان گۆرانبێژ کە بە دەگمەن کارەکەیان بە پیشە دەزاندرا و تەنیا لە گوند و ناوچەکەی خۆیان دەناسران، لە ناکاو دەنگیان سنوورەکانی بڕی و بووە هۆی مانەوەی بەشێکی ڕەنگین لە مێلۆدی و کەلام و شێوەکانی موسیقا، کە لە ٢٤ سەعات بەرنامەی کوردئایدل، بە خەستی ڕەنگی دایەوە!

چرای پاپ ئایدل لە بریتانیا ڕۆشن کرا و وروژاندنی جەماوەری لە گەڵ خۆی هێنا. ئەمە خەون بوو کە کەسێکی دەنگخۆشی ئاسایی لە چل دەرگا و دەروازەی داڵانەکانی پێچەڵاوپووچ دەرباز بێت و بگاتە سەر سەکۆی گۆرانێبێژەکان. ساڵی ٢٠٠٣ دەرگای گەیشتن بە ستۆدیۆکانی تەلەوزیۆن و شەریکەکانی موسیقا بە سەر ئەو کەسانەدا کرایەوە.

پاپ ئایدل بە ڕواڵەت ڕێگای بۆ سەرکەوتنی گۆرانیبێژانی ئاسایی کردەوە و بەمەش لە ماوەیەکی کورتدا، لە ناکاو ئەم شێوە لە شۆوی تەلەویزیۆنی جیهانی داگرت. لە سەر هەمان بنەما و هەمان فۆرم و هەمان ناو و هەمان لۆگۆ بە زمانگەلی جیاواز مەیدان بۆ موزیک ئایدل کرایەوە! رێکخەرانی ئەم بەرنامانە بەم ئیدەیە، شێوەیەکی نوێیان بۆ ئاکتیڤکردنی خەڵک لە بەرنامەکانی تەلەوزیۆنی و کۆنسێرتەکانی موسیقا دۆزییەوە و هەروەها بازاڕێکی نوێیان بۆ مێدیا و موسیقا، ڕەقس و هونەرەکانی تر پەیدا کرد، کە ڕەنگە فەلسەفەکەی بۆ ئەم گوتنە بگەڕێتەوە کە دەگوترێ” لە قاپشۆردنەوە هەتا بوون بە میلیۆنێر”. بەرنامەی سوپرستار و موزیک ئایدل ئەم فەلسەفەیان پیادە کرد و نموونەی بەرچاویش لێرە و لەوێ هەیە کە فڵان دەنگخۆشی سەر شەقام، فڵان قاپشۆر، سەرتاش، بوونەتە میلیۆنێر .

بەم چەشنە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە ساڵانە لە هەر وڵاتێک هەزاران کەس بەشداری ئەم بەرنامانەیان کرد و رێژەی بینەرانی تەلەویزیۆن گەیشتە چەند میلیۆن. لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان، دەزگای تەلەوزیۆنی RTL و کەسێک بە ناوی دیتر بۆلن(Dieter Bohlen) بوون بە خاوەن ئیمتیازی ئەم بەرنامەیە.

بەشداربووی ئەم بەرنامانە هەر لە سەرەتاوە بە ئیمزاکردنی قەرارداد، دەستی خاوەن بەرنامە بۆ هەر چەشنە کارێک لە بەرژەوەندی بەرنامەکە و سەرکەوتنی، ئاواڵە دەکات و خۆی دەبەستێتەوە. ئەوانەی کە شانسی بەشداربوون لەم بەرنامانە پەیدا دەکەن، زۆربەیان لە سەرەتاوە خەیاڵی سەرکەوتن سەرمەستیان دەکات و بیر لە ئاکامی دواڕۆژی واژۆکردنەکەی خۆیان ناکەنەوە.
بەشداربوو بە بێ ئەوەی پارەیەک وەربگرێ دەبێ کات و ئێنێرژی و لێهاتوویی خۆی بخاتە خزمەتی بەرنامەکە کە خۆشی دەگرێتەوە. واتە سەرکەوتنی بەرنامەکە لە گەڵ سەرکەوتنی بەشداربووان گرێدەدرێ و ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەشداربووان دەبێ بە مەیلی ڕێکخەرانی بەرنامەکە هەڵسووڕێن، بۆ ئەوەی تووشی کێشەی قانوونی و جوبڕانی خەسارەت و زیان نەبنەوە.

هەر وەک باسکرا، ساڵانە هەزاران کەس کە زۆربەیان خەونی سەرکەوتن دەبینن، بەشداری ئەم بەرنامانە دەکەن و بە خەرجێکی کەم نزیک شەش مانگ بەرنامەی پڕ لە بینەر بۆ تەلەویزیۆنەکان پێکدەهێنن، کە لە باشترین کاتی شەوی هەفتە بڵاو دەکرێتەوە. ئەوەش باشترین ئیمکان بۆ بڵاوکردنەوەی تەبلیغاتی تیجاری شەریکە و کۆنسێرنە گەورەکان، کە توانای خەرجی میلیۆنیان هەیە، دەڕەخسێنێ. جگە لەوە هەر شەوێک کە بەرنامەکە بڵاو دەکرێتەوە، پرسیارێک لە بینەران دەکرێ وەک ئەوەی ناوی فڵان ئەندامی ژووری” دیتر بۆلنە یان چەرخ و فەلەک”؟ بینەر بۆ بردنەوەی دەهەزار ئۆیڕۆ دەتوانێ تەلەفۆن بکات و بۆ هەر تەلەفونکردنێك ٥٠ سێنت دەبێ بدات. گەر کۆی بەرنامەکە لە ساڵێکدا ٢٤ بەش بێت، تەنیا پارەی تەلەفونکردن دەگاتە ٥٠ میلیۆن و گەر پارەی تەبلیغی تیجاریشی بێتە سەر، دەرامەتی دەزگاکە لە ڕێگای ئەم بەرنامەیەوە خۆی لە ١٠٠ میلیۆن ئۆیڕۆ دەدات. بۆ بەرنامەیەکی وا گەر بیست میلیۆن ئۆیرۆش خەرج کرێ، دیسان هەشتا میلیۆن وەک خێر و بێری بەرنامەکە دەمێنێتەوە.

لەم تیجاڕەتەدا، بەشداربووان بە تایبەت ئەوانەی دەگەنە بەرنامەی زیندوو، لە قەراخ دەریا، هۆتێل و شوێنی ڕابوواردن نیشان دەدرێن بۆ ئەوەی منداڵ و لاو و گەورە وەسەر تەماح کەون. هەرچەند هەر لەم بەرنامانەدا بینەر وێنەی دۆڕاوەکانیش دەبینێ، بەڵام کامێڕا بە باشترین شێوە وێنەی سەرکەوتووەکان و سەرکەوتووترین کەس وەها نیشان دەدا، کە چاو و زەینی بینەر کەمتر بۆ لای دۆڕاوەکان بادەداتەوە و ئەوە لە زەینی غەریزی بینەردا دەچەسپێ کە لە ژیانی ڕۆژانەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم باسە دواتر لە بەشی منداڵان – لاوان و موزیکئایدل، هەراوتر دەکرێتەوە.

ئەمساڵ چاردەهەمین خولی سوپرستاری ئاڵمانی کۆتایی پێهات و دەبوو ئێستا ئاڵمان ١٤ گۆرانیبێژی لێ زیادبووبێ، بەڵام هیچیان نە دەنگیان ماوە و نە ڕەنگ و نە ناو. ئەم ١٤ کەسە و هەزارانی بەشداربوو، لە دەرەوەی بازاڕی موسیقا ماونەتەوە، بەڵام بەرنامەی سوپر ستار لە ئاڵمان و ئەو وڵاتانە بەردەوامە و ساڵانە ئارەزوومەندانی تازەتر بەرەو خۆی دەکێشێ، بە بێ ئەوەی بزانرێ ئەوانی پێشتر بە کوێ گەیشتوون، چییان لێهات و بۆچی هاتن و بۆچی نەمان!

هەرچەند ژمارەی بەشداربووان و بینەرانی ئەم بەرنامانە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کەمی داوە، بەڵام خولیای منداڵان و لاوان و بگرە قەیرەکان بۆ بوون بە سوپر ستار و سوپر تالێنت و بەناوبانگبوون و گەیشتن بە ژیانی ڕەنگین و زەنگین لەم ڕێگایەوە بەردەوامە و بۆ ئینترنێت و پلاتفۆرمەکانی وەک یوتووب گوێزتراوەتەوە کە تەنانەت منداڵان تێیدا چالاکن و ئاژانسەکانی تەبلیغاتی بە دانی پارە بە تاک و تەرایان چالاکتریان دەکەن کە لە ناو ئەوانەدا کەسانی وەک Ariana Grande “ئاریانا گڕاندە” هەڵکەوتووە کە لە کۆنسێرتەکەیدا لە مەنچستر بۆمب تەقێندراوە و منداڵی هەشت ساڵانەش لە ناو کوژراوەکاندا بیندرا، کە ڕەنگە خولیای ئەوەی لە سەردا بووبێت کە ڕۆژێک خۆی لە سەر سەکۆ ببینێتەوە. هەروەک کیژۆڵە کوردەکەی کورد ئایدل کە بۆی گرنگە بزانێ چەند کەس چاوەڕوانی دەکەن و نووسیویەتی :” سلاو هاوریان ئه م کاته تان باش چه ن که س چاوه روانمه ئه مشەو؟ “!
ئێستا کە لە رۆژئاوا سوپر ستار و موزیک ئایدل ڕۆژیان ئاوا دەبێ، تازە لە وڵاتی ئێمە ڕۆژی کورد ئایدل هەڵدێت.

درێژەی هەیە…




خودا … سمکۆ ئەحمەد

ئەی ئەوانەی
لە پێناوی ، لەژێر ناوی
خوداکاندا
چەند سەدەیە خوێن دەڕێژن
کەی تێ دەگەن ؟
هیچ خودایەك نەبووەو نابێ
هیچ کڵێسایەك یان مزگەوتێك
نەببووەو نابێ
خودا لە دەرگای دابێ !
هیچ کتێبێك نەببوەو نابێ
قەڵەمی خودایەکی پیا خشابێ !
گەر دەتەوێ خوایەك بینی؟
بڕۆ لە نێو پەڕەی گوڵێ
لە نێو شادەماری دڵێ
لە نێو باڵی پەپوولەدا
لە نێو ڕەزا
بۆی بگەڕێ..!

سمکۆ ئەحمەد
لەندەن ۲٠۱۷
کارە هونەریەکەم دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکان




گرنگی کتێبخانەی ماڵەوە لە رۆشنبیری منداڵان … رەزا شوان

خوێندنەوە زۆر گرنگ و پێویستە، لەم سەردەمەدا بووە بە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ.. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن و یاری کردن، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە.. وەکو چۆن لەشمان پێویستی بە خۆاراکی هەمەجۆرە هەیە بۆ ئەوەی بڕسکێ و گەشەبکات، خوێندنەوەش خۆراکی مێشکمانە. لە رێگای خوێندنەوەوە زانست و زانیاری هەمەرەنگە بە دەستدەهێنین، بۆ گەشەکردنی هۆش و گۆش و هزر و بیر و زەینمان.. (ستیل) دەڵێ:” خوێندنەوە وەرزشی هۆشە” خوێندنەوە هۆیەکی گرنگی فێربوون و خۆڕۆشنبیرکردنە.. بنەمایەکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی کەسایەتییەکی دروست و تەواو و سەرکەوتوو لە ژیاندا.

خوێندنەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیری منداڵان.. شارەزایانی پەروەردە هاوڕان لەسەر گرنگی چاندنی حەز و خۆشەویستی خۆێندنەوە لە قۆناخی زووی منداڵیدا لە دەروونی منداڵاندا، باشتر وایە هەر لە منداڵییەوە منداڵان هۆگر و ئاشنای کتێب و گۆڤارەکانی منداڵانیان بکەین و، ببن بە هاوڕێی هەمیشەی کتێب.. خوێندنەوە ببێت بە خوویەکی بەسوودیان و دەقی پێوەبگرن و، ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.
(داردین) دەڵێ:” تۆ لە ماڵی خۆت دایت و، بە خوێندنەوەی کتێب، گوزەری جیهان دەکەی” لەو رستە جوانانەی کە لەسەر دیوارە بەجێماوەکانی فەرعەونییە میسرییەکان هەڵکۆڵراون:” رۆڵەکەم وات لێدەەکەم کە چۆن دایکت خۆشدەوێ.. ئاوهاش کتێبت خۆشبوێت.. یا زیاتر”
دەربارەی رۆڵی ئەرێنی دایکانیش کە پێشەنگبن لە خوێندنەوەدا بۆ منداڵەکانیان.. شاعیرێکی ئینگلـیزی لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی( دایکی خوێنەر) ەوە دەڵێ:
دەشـــــێ ســــامانێکی شـــاراوەی راســــــتیـت هــــەبێ
قوتـــوویەک پـــڕ لە دوڕ و سەنــووقێ زێــڕت هــــەبێ
بـەڵام هـەرگــــــــیز لە مــــن دەوڵەمـــەنـــــــتر نیــــــت
چونکە من دایکێکم هەیە فێرم دەکا و بۆم دەخوێنێتەوە

هەموو ساڵێک، عاشقان لە رۆژی (١٤ی/ فبرایەر) دا بە بۆنەی (جەژنی خۆشەویستی) یەوە، پیرۆزبایی دەکەن و گوڵی سوور پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە رۆژی (١٤ی/ فبرایەر) رۆژێ خوێندەوەشە بۆ منداڵان، بە ناوی ( بۆ منـداڵەکەت بخـوێنەوە) ئەمەش گوزارشتە لە بەرجەستەکردنی خۆشەویستیی خوێندنەوە بۆ منداڵان.. لەم رۆژەدا لە زۆر شوێنی جیهاندا، خێزانەکان هەریەکە بە شێوازێک ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە دەگێڕن و چالاکی رۆشنبیری ئەنجام دەدەن، وەک: هەڵبژاردنی کتێبێک بۆ ممنداڵان و خوێندنەوەی لە نێو خێزاندا، یا بە کۆمەڵی دەچن لە یانەیەکدا دەخوێننەوە، یا لە قوتابخانەکاندا دەبێتە رۆژێکی تایبەتی بە خوێندنەوەوە. یا خوێندنەوەی چەند کتێبێک لە لایەن خودی منداڵانەوە، کە باوکانیان یا دایکانیان، کاتێ کە منداڵ بوون، حەزیان بە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە بووە.. یا گەڕانی دایکان و باوکان بە کتێبخانەکاندا بۆ کڕینی کتێب و گۆڤاری تازە و پێشکەشییان دەکەن بە منداڵەکانیان.

خۆزگە ئەم نەریتە جوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو.. منداڵانی کوردیشمان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لەم رۆژەدا ( بۆ منداڵەکەت بخوێنەوە..) ئاهەنگی شیاو و چالاکی جۆراوجۆریان لە بواری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان ئەنجام دەدان.. دایکان و باوکان کتێب و گۆڤاری کوردییان بۆ منداڵان پێیشکەش بە منداڵەکانیان دەکردن..تا خۆشەویستی خوێندنەوەی و گرنگی کتێب و گۆڤارەکان لە دڵ و دەروونی منداڵە چاوگەشەکانمان شیرین بکردان. هیوای ئەوەش دەخوازم، کە رۆشنبیریکردنی منداڵەکانمان کە هیـوای داهـاتووی کوردستانن، ببێت بە خواست و خەمی سەرەکیمان هەموومان هاندەر و پاڵپشتیان بین.

برای دڵسۆز و خۆشەویستم، ئەندازیار کاک (محـەمەد بـەرزی) کە نووسەرێکی بە توانا و، شاعیر و چیرۆکنووسێکی ناسروای بۆاری ئەدەبی منداڵانە.. خاوەن چەند کتێبێکی هۆنراوە و چیرۆکی چاپکراوە بۆ منداڵان.. ئەو ئێستادا لە ئەمریکادا دەژی. جارێکی وەکو بیرەوەرییەکی منداڵیی خۆی بۆمی نووسیبوو:” کە منداڵ بووم باوکم خەنجەرێکی دەبانی بە دیاری بۆ کڕیم و پێی وتم، ئەمە لەژێر سەەرینەکەتدا دابنێ.. خۆ ئەگەر باوکم کتێبێک یا گۆڤارێکی منداڵانی لە جێی ئەو خەنجەرە بۆ بکڕیمایە.. ئێستا لە ئاستێکی تـردا دەبـووم”

دێینە سەر باسەکەمان کە گرنگی کتێبخانەی ماڵەوەیە لە رۆشنبیریکردنی منداڵدا. منداڵی ژیر و وریا و زانست و زانیاری پەروەر، لە پشووی هاویندا کاتێکی زۆری بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی سوود لە بەهرە و لە توانا و ئارەزووەکانی وەربگرێت، یەکێک لەو ئارەزووە بەسوودانە، خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵانە.. منداڵ لە رێی خوێندنەوەوە فێردەبێت و بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە ئاشنادەبێت و زاخاوی بیر و هۆش و بەهرەکانی دەدا و بیر لە داهێنان دەکاتەوە.. ئاسۆی رۆشنبیری گشتیشی فراوانتر و بەرزتردەبێتەوە.. جیاوازیشی دەبێت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە ناخوێننەوە.. بایەخی خوێندنەوە لە دەرەوەی قوتابخانەدا، لە بایەخی بەرنامەکانی خوێنـدن لە ناو قوتابخانەدا کەمترنییە.. بۆیە کتێخانەی ماڵەوە بە پێویستێکی پەروەردەیی دەزانین. چونکە درێژەدەر و تەواوکەری بەرنامە و پرۆگرامی خوێندنە.

توێژینەوە زانیارییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان توانای خوێندنەوە و پێشکەوتن لە خوێندندا.. کتێبخانەی ماڵەوەی منداڵ، هۆکارێکی پەروەردەییە، بۆ زاخاودانی هـزری منداڵ و گەشەکردن و پێشکەوتن و زۆرزانینی.
وەکو دەڵێن: “فێـربوون لە منـداڵـیدا.. وەکو نەقـشی سەر بـەرد وایـە”

شارەزایانی پەروەردە و دەروونناسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێگەیشتنی منداڵ لە خێزانێکدا، کە دایک و باوکیان خوویان بە خوێندنەوەوە گرتووە، کتێبخانەش بەشێکی گرنگە لە ماڵەکەیاندا، منداڵکانیشیان چاویان لێدەکەن و هۆگری خوێندنەوە دەبن، چونکە دایکان و باکانی خوێنەری پێشەنگ کارتێکردنێکی تەواوی ئەرینیان هەیە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانیشیان چاویان لێبکەن.. دەشێ منداڵ سوود لە کتێبخانەکەی باوک و دایکی وەرنەگرێت، بەڵام تەنها بوونی لە ماڵەوەدا، خۆشەویستی زانست و داهێنانی لا بەهێز و شیرین دەکات.. سووریش دەبێت لەسەر ئەوەی، کە پێویستە ئەمیش کتێبخانەی تایبەتی خۆی هەبێت.. گەر لە ماڵەوە کتێخانەی تایبەتی منداڵیش نەبێت، پێویستە دایک و باوک ئەو کتێانەی هەڵیان دەبژێرن و دەیانکڕن هەمەچەشنە بن تا بۆ هەموو کەسانی خێزان لەباربن.. خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار کەرەستەیەکی گرنگی پەروەردەییە و رۆڵێکی ئەرێنی هەیە لە گەشەکردنی دروستی منداڵان.. لە ئەمڕۆدا زۆری کتێبخانەی گشتی و کتێخانەی قوتابخانە و کتتێبخانەی ماڵەوە و، دەوڵەمەندییان بە کتێب و گۆڤاری هەمە بابەت، بە پێوەرێکی رۆشنبیری و بە دیاردەیەکی شارستانی و پێشکەوتن و، بایەخدان بە فێرکردن و پەروەردە دە دەزانرێت.

بۆ نموونە: لە هەر شارێک و قەزا و ناحیە و گەڕەک و گوندێکی وڵاتی (نەرویج) دا، کتێبخانەیەکی گشتی گەورە هەیە.. لە هەر قوتابخانەیەکدا هۆڵێکی گەورە کراوە بە کتێبخانە بۆ قوتابیان و مامۆستایان، لە بەردەم هەر پۆلێکدا کتێبخانەیەک هەیە، لە ناو هەر پۆلێکیشدا دۆڵابێکی پڕ لە کتێبی تایبەت بە ئاستی خوێندنی ئەو پۆلەوە هەیە.. لە هەر ماڵێکیشدا کتێبخانەیەک هەیە، لە ژووری هەر منداڵیکیشدا کتێبخانەیەکی قنـج هەیە.. لە هەر شەقام و سەنتەرێکدا کتێبخانەی فرۆشتنی کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان هەن.. تەنانەت لەو مارکێتانەی کە خواردەمەنی و خواردنەەوە و میوەهاتیش دەفرۆشن، لە بەشێکیاندا کتێبان بۆ فرۆشتن داناون بە تایبەتیش کتێبیی منداڵان.. لە راستیشدا زۆر دەوڵەتی تری ئەوروپی هەن، کە لەم بورەدا لە پێش نەرویجەوە.
بە لای ئێمەشەوە، کتێبخـانەی ماڵەوە، لە چێشتخـانەی ماڵەوە گرنگترە.. ئەو ماڵەی کتێبخانەی تێدا نەبێت.. بە ماڵێکی ناتەواوی دەزانـم..(شیشرۆن) دەڵێ:” ماڵێک بەبێ کتێب، گیانێکی بێ رووحـە” پێویستە ئەوەش بڵێین، نابێت کتێبخانەی ماڵەوە تەنیا وەکو دیکۆرێک بۆ جوانی و بۆ رازانەوەی ماڵ دابنرێت و، کتێببەکان خوێنەریان نەبێت، پێویستە وا لە منداڵان بکەین کە ببن هاوڕێی هەمیشەی کتێب و، خوێندنەوەش ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.. هاوکاریان بین لە هه ڵبژاردنی کتێب و گۆڤاری بەسوود و لەبار بۆ کتێبخانەکانیان.
لە دیمەنی ئەو منداڵە ژیرە جوانتر نییە، کە کتێبێک یا گۆڤارێکی کراوەی منداڵانی بە دەستەوەیە و بە وردی لێی دەڕوانێت.

ئامانجەکانی کتێبخانەی منداڵان لە ماڵەوەدا:

بە کورتی چەند ئامانجێکی گرنگی کتێبخانەی ماڵەوە بۆ رۆشنبیریکردنی منداڵان، لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕدەکەینەوە:
١ـ کتێبخانەی ماڵەوە، یارمەتی منداڵ دەدات کە بە زانست و زانیاری هەمەچەشنەی بەسوود زاخاوی بیر و هۆشی بدات و.. خۆی بە زانستی و زانیاری هەمەچەشنە رۆشنبیر بکات و.. زۆرزانتر و.. زەینتیژتربێت.. دانەمێنێت.
٢ـ منداڵ هەر لە منداڵییەوە لەسەر خوێندنەوە رادێت و خووی پێوە دەگرێت و، کتێب دەبێت بە هاوڕێی و خوێندنەوەش دەبێت بە بەشێک گرنگ لە ژیانیدا.

٣ـ رەوشت و خووی جوان فێردەبێت و، بە ئاراستەیەکی راست و دروستدا دەڕوات، بەهای جوان و پەندی بەرز وەرردەگرێت.
٤ـ بازنەی شارەزایی فـراونتر دەکات، دەرگاکـانی رۆشنبیری لە بەردەمیدا دەکـرێنەوە. ٥ـ خوێندنەوە چێژ و خۆشی و دڵخۆشی پێدەبەخشێت.
٦ـ زمانی پاراوتر دەبێت و، سامانی وشە و رستەکانی زیاتر دەبن.. دەتوانێت بێ دامان و رامان، بە ئاسانی بە قسە و بە نووسین گوزارشت لە هۆش و لە ناخی خۆی بکات.

٧ـ ئاستی تێگەیشتنی بەرزتر دەبێتەوە، بە شێوەیەکی دروستیش بیردەکاتەوە.
٨ـ کەسایەتییەکی بڕوابەخۆ و دڵنیا دەبێت.. دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و رووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و، چارەسەریان بۆ دابنێت.
٩ـ گەشە بە بەهرە و تواناکانی دەدات.. ئارەزووی زنیاری زیاتری دەبێت و، هەوڵی داهێنان دەدات.. حەزیش بە نووسینی پەخشان و چیرۆک و هۆنراوەی سادە دەکات.

١٠ـ گەر کتێب لە بەردەستی منداڵدا دابێت، لە کاتی پێویستیدا،سوودیان لێوەردەگرێت.
١١ـ کتێبخانەی ماڵەوە هاندەرە بۆ بەهێزکرددنی پەیوەندی رۆشنبیری و راگۆڕینەوە و دەمەتەقێ لە نێوان ئەندامانی خێزاندا.
١٢ـ منداڵ بە هۆی خوێندنەوەی ئەو کتتێبانەی کە لە بەردەستی دان.. وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی کە لە هزر و خەیاڵیدان.. دەستیدەکەون.
١٣ـ لە رێی کتێبخانەی ماڵەوە، ئارەزووی سەردانی کتێبخانەی گشتی دەکات و، بە دوای کتێب و گۆڤار و سەرچاوەی زیاتردا دەگەڕێ.. لە ئایندەدا دەبێت بە خوێنەرێکی هەمیشە و دانەبڕاوی کتێخانەی گشتی.

١٤ـ بەشێکی زۆری کەڵەشاعیر و نووسەران و رۆشنبیرانی بە ناوبانگی جیهانی، ئەوانەن کە لە منداڵییەوە لە ماڵەوە ئاشنای کتێیب و خوێندنەوە بوونە.. یا لە خێزانێکی خوێنەر و رۆشنبیردا چاویان هەڵهێناون.. دایک و باوکیان هاندەر و پاڵپشتیان بوونە.
بەم وتەیەی ( دیگــۆن لایــلی) کۆتایی بەم نووسیەم دەهێـنم.. کە دەڵێ:
” کتێبخـانەکەت پڕبێـت لە کتـێب.. باشترە لەوەی کە جـزدانەکەت پڕبێـت لە پـارە ”

رەزا شوان
نەرویـج: (٣ی/ یونی/ ٢٠١٧)