ستراتیژی نوێی ڕوسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان … هیوا خۆشناو

دوای ئاشکرابونی کۆدەکانی ستراتیژی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، ڕوسیا بە هاوبەشی لەگەڵ چین و ئێران نەخشەیەکی ستراتیژی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەفقاسیا و کوردستان “پەیمانی گواستنەوەی نەوت” جێبەجێ دەکات.
ترامپ لە ئیدارەکانی دیکەی بەر لە خۆی زیاتر کار بۆ مانەوەی سیستێمی تاکجەمسەری جیهان دەکات، لە بەرانبەردا ڕوسیا بە هاوکاری ئێران و چین هەرچی لە توانایاندایە دەیخەنە گەڕ بۆ یەکگرتن و بەهێزکردنی یەکێتی “ئەڤراسیا”.

چین لە ڕێگای پڕۆژەی “یەک کەمەر یەک ڕێگا” کە یەک ترلیۆن دۆلاری تێدەچێ، مۆسکۆ لە ڕێگای پڕۆژەی ئابوری ئەڤراسیا لەگەڵ وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئێرانیش لە ڕێگای سەربازی و کرداریەوە کار بۆ یەکێتی ئەڤراسیا دەکەن کە پڕۆژەیەکە بۆ ژیاندنەوەی سیستێمی جیهانی دوجەمسەری.

ڕۆژهەڵاتی دوور و ئەفریقا

سەردانەکەی ئەو دواییەی دۆناڵد ترامپ بۆ سعودیە، نیشانی ئەدات ئەمریکا جارێکی دیکە پێویستی بە ماکینەی وەهابیەکانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەندا و تا دەگاتە ئەفریقا. ترامپ گوشارەکانی بۆ سەر قەطەر چڕتر ئەکاتەوە تاکو کۆتایی بە ماکینەی پڕۆدوکسیۆنی ڤێرۆسی ئیسلامی ڕادیکاڵ بێنێ لەناوچەکە.
لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی ئەمریکا، ڕوسیا بە سەرۆکایەتی پوتین کار لەسەر خاڵە لاوازەکانی هێزەکانی ناوچەکە دەکات و بەر لەهەمویان پەنای بۆ میسڕ برد.
دوای کۆدەتایەکەی سیسی بەسەر ئیخوان موسلیمیندا کە لە لایەن وەهابیەکانی کەنداو و تورکیا قورمیش ئەکرا، حکومەتی میسڕ بە ناچاری پەیمانی کڕینی چەکی قورسی لەگەڵ مۆسکۆ ئیمزاکرد. هاوکات بۆ ئەوەی قاهیرە ناچاری ملشۆڕکردن بۆ سعودیە نەبێ، سیسی بڕیاری سازکردنی دەیان وێستگەی بەرهەمهێنانی نوکلێری دا و کڕینی نەوتی سعودیەی کەمکردەوە.

قەفقاسیا و ئاسیای ناوەڕاست

هەرسێ وڵات لەوە گەیشتوون ئەمریکا هەر کاتێک بیهەوێ لە ڕێگای نائارامی ئەڤغانستان و پاکستان دەتوانێ تەواوی ناوچەکە توشی شێواندن بکات و ئەوەش کاریگەری لەسەریان سازدەکات و پڕۆژە ئابوریەکانیان پەک دەخات. حکومەتی پەکین لەو ساڵەدا هەرچی لەدەستی هات بۆ ئەوەی لە نێوان کابول و ئیسلامئاباددا کارێکی نەخوازراو ڕونەدات ئەنجامی دا. کۆمپانیا چینیەکان لە پاکستان کاراتر دەبن و لەو ماوەیەدا شەڕی پاسەوانانی سنورەکانی هەردو وڵات ڕاگیراوە.

شەڕی قەرەباغ کە ساڵی پار لە نێوان ئەزەربێجان و ئەرمێنیا ڕویدا، بەهارکاری ڕوسیا و چین کۆتایی پێهات. ئێستا ڕوسیا لە هەرێمەکە ڕاستەوخۆ هاوپەیمانیەکی پتەوەی سەربازی-ئابوری لەگەڵ هەریەکە لە (ئێران، چین، سوریا، کازاکستان، تاجیکستان و کرغزستان) ئەنجام ئەدات. پەیمانی فرۆشتنی چەک لەگەڵ هەریەکە لە (هیند، میسڕ و پاکستان) ئەنجامداوە.
پڕۆژەی ئەڤراسیا بە سەرکردایەتی (ڕوسیا، چین و ئێران) کە شیمانە ئەکرێ ١٠ ساڵی دیکە تەواو بکرێ، بەهۆی شوێنە ستراتیژیەکەی “یەکێتی نێوان ئاسیا و ئەوروپا” کە پەیوەندی زەوی و زەریای بە هەرچوار دەوری جیهانەوەیە، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ستراتیژی ئەمریکا و سیستەمی جیهانی تاکجەمسەری.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە نێوان بەرداشی ستراتیژی ئەمریکا و ڕوسیادا
شەڕی بەوەکالەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغی سێیەم دایە.

قۆناغی یەکەم: ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی تونس و مسڕ بوون. لە هەردو وڵاتدا خەڵک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردە نەبو و نەیاندەزانی وڵاتانی ناوچەکە چۆن ڕاپەڕینی خوێندکاران ئەگوازنەوە بۆ شەڕی وەهابیەکان و حکومەتە دکتاتۆرەکان. بۆیە لە مسڕ و تونس بەهۆی بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، هەردو ڕژێم ڕوخان.
قۆناغی دووەم: لە لیبیا و بەتایبەتی سوریادا خەڵک کەمتر بەشداریان لە ئینتیفازەکاندا کرد. لیبیا بەهۆی بێخاوەنی ڕوخا، بەڵام پیلاندەڕێژەرەکان سەرنەکەوتن و ئێستاش لیبیا دابەشبوە بەسەر دەیان گروپی تێرۆریستی کۆنتڕۆڵنەکراو. شۆڕشی ئیخوانەکان لە میسڕ شۆڕش و پاشان کۆدەتای بەسەردا کرا. تونس لە مەترسی دایە. شەڕی سوریا و یەمەن هەرگیز سەرکەوتو نەبو، بەڵکو بو بە بەڵا بەسەر پیلانداڕێژەران و تەواوی ناوچەکەو جیهان.

قۆناغی سێیەم: ئیتر لەو قۆناغەدا تەواوی جیهان گەیشتۆتە ئەو بڕوایە کە دەبێ کۆتایی بەو قەیرانەدا بێنن بەڵام هەرکەسێک دەیهەوێ بەشی شێری بەرکەوێت لە داهاتوی ناوچەکەدا. ئێستا شەڕەکە شەڕی لەناوبردنی تێرۆر نیە، بەڵکو شەڕی دابەشکردنی ناوچەکەیە لە پاش تێرۆر و قەیرانەکاندا.
جیاوازی قۆناغی سێیەم لەگەڵ یەکەم و دووەمدا ئەوەیە کە چیتر کەسانێک شەڕ بەوەکالەت ناکەن، بەڵکو زلهێزەکان بە سوپای خۆیانەوە دێنە مەیدانەکەو لە جوگرافیایەکی بچوکدا ڕوبەڕوی یەکتری دەبنەوە. ئێستا بەتەنیا لە بەشێکی بچوکی خاکی سوریادا، سوپای، ڕوسیا، ئەمریکا، ئێران و تورکیا ئامادەن. چوار وڵاتی زلهێز و چوار سوپای بەهێزی جیهان لەبەرانبەر یەکتریدا دانیشتون. ئەگەری زۆرە هێزەکان ماوەیەک شەڕی یەکتری بکەن، بە بڕوای من ئیدارەی نوێی ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیاش ئامادە نین ئابوری خۆیان بخەنە مەترسی و شەڕێکی دوور و درێژ بەرپا بکەن. لە خراپترین حاڵەتدا، هێزەکان پەلاماری یەکتری دەدەن و دوایی لەسەر مێز کۆدەبنەوە. واتە هێزەکان سنور بۆ یەکتری دادەنێن و هێرشی بچوک دەکەنە سەر یەکتری، نمونە: “خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ڕوسیا لەلایەن تورکیا و بە هەمان شێوە هێرشی فڕۆکە ڕوسیەکان بۆ سەر سوپای تورکیا لە ناوچەی الباب کە لە کۆتاییدا هەردووکیان ڕایانگەیاند هێرشەکان بە ئەنقەست ئەنجام نەدراون”.

شەڕی ئەوجارەی قۆناغی سێیەم، بۆ ئەوە نیە کێ حکومەتی فلان و ….. دەڕوخێنێ، بەڵکو بۆ ئەوەیە کێ لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و کێ دەردەکرێ. لەو بوارەیەوە پێئەچێ کارتی ئێران لە ئەوانی دیکە بەهێزتر بێ. ئێران چۆن توانی دوای ڕوخانی سەددام، ئەمریکیەکان ناچار بکات لە عێراق بچنە دەرەوە، لە داهاتودا بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ چەند هێزێکی دیکە “تەنانەت هێزە سونیەکانیش” و حیزب اللە، دەتوانێ سوپای ئەمریکا لە سوریا تەنگەتاو بکات. ئەو ئەگەرە لە بەرانبەر سوپای ڕوسیاشدا لە ئارادایە وەک ئەوەی لە ئەڤغانستاندا هێزە جیهادیەکان دژ بە سوپای سۆڤیەت ئەنجامیاندا. ئێران و تورکیا دو هێزی گەورەی ناوچەکەن. ئێستا ئەمریکا و ڕوسیا هەست بەوە دەکەن و هەوڵ ئەدەن بە شێوەیەکی دیکە لەناوچەکەدا بمێننەوە نەوەک بە شێوەی ئەڤغانستان و عێراقی دوای سەددام.

ئێستا تورکیای ئەردۆغان باوەڕی جارانی نەماوە بەوەی کە کولتور و ناسنامەکان بتوانن سازش بکەن. ئەردۆغان بە ناسنامەی تەعەسوبی ئیسلامی سونی، خەیاڵی گەڕانەوە بۆ ٤٥٠ ساڵ بەر لە ئێستای هەیە. تاقە لایەنێک بە بڕوای خۆرئاوا ڕێگری لە پڕۆژەی عوسمانیزمی ئەردۆغان بگرێ کوردە، هەبونی ئەمریکا لە ڕۆژئاواو پڕچەککردنی کوردانی ئەوێ بۆ ئەو مەبەستەیە. من پێموابێ ئەمریکا و ئەوروپا ئامادەن لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانیەکەیان نوێ بکەنەوە بەڵام بە مەرجێک ئەردۆغان و تورکیا دەستبەرداری پڕۆژەی عوسمانیزمی ببن و دەستوەرنەدەنە ئەو ناوچانەی کە بۆ گواستنەوەی گاز و نەوت گرینگن، بەڵام وادیارە ئەنکەرە ئامادە نیە دەست لەو ئامانجانەی هەڵگرێ.
ئیدارەی پوتین تا ئێستاش هەوڵ ئەدات کورد و حکومەتی سوریا سازش بکەن، بەڵام دو خاڵ بەلای بەعسیە ناسیۆنالیستیەکانی سوریا زۆر هەستیارن؛ یەکەمیان نابێ هێزێکی بیانی دەستوری بنچینەیی سوریا دیاری بکات. دووەم نابێ بەهیچ شێوەیەک لە دەستوری سوریادا پێگەی کورد وەک فێدرالی یان کۆنفێدرالی دیاری بکرێ. ئێستا ڕوسیا بە ئەمریکیەکان دەڵێ: “ئەگەر ئێوە هێز لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوا ئەجولێنن، منیش هێز لە عەفرین و مەنبەج دەجولێنم و کوردی سوریا بەتەنیا هی ئێوە نین”.

ڕێککەوتنی ئەو دواییەی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی لەگەڵ حکومەتی بارزانی بەشێکە لەو ستراتیژیەی ڕوسیا لە ناوچەکە. ڕوسیا خاڵە لاوازەکانی حکومەتی بارزانی وەک پەراوێزکردنی لەلای بەغدا، نەمانی گرینگی جارانی بۆ ئەمریکا و دەیان کێشەی ناوخۆیی دەزانێ. ڕەنگبێ ئێران و تورکیا ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنە بن بۆ ئەوەی لە داهاتودا هەرێم بەتەنیا پابەند نەبێ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە. ڕەنگبێ ئەوە ڕێککەوتنی دیکەی بەدوادابێت. بەڵام ئەوانە هەر هەمویان لە داهاتودا ڕوداوی گرینگتر لەگەڵ خۆیاندا دێنن و ئاراستەکەی بە کوێ دەگات دیارنیە.




هەلبژاردنی پەرلەمان دوای ریفەراندۆم!؟ … شاخەوان شۆڕش


نەدەبوایە ڕیفەراندۆم بخرێتە دوای هەلبژاردنی پەرلەمان!؟
هەلبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم چۆن و بە پێی چ مۆدێلێک؟

هەر گەلێک کە هەوڵی خۆدروستکردن و کار بۆ گەیشتن بە سەروەری خۆی دەکات، بەر لەهەرشتێ لە قۆناغی گواستنەوەدا لەسایەی دەسەڵاتێکی کاتیدا دەزگا و دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات وەکو دامەزراوە یاسایی، ڕامیاری، دادوەری و بەڕیوەبەریەکان پێکدەهێنێ، دەستوری نیشتیمانی دادەڕێژێ و گشتپرسی لەسەر دەکات، پاشان هەڵبژاردن بەپێی دەستوری نوێ دەکات، پاشان دەسەڵاتی یاسادانان و بەرێوەربردن بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بەکار دەبێت. ئەو هەنگاوە کۆڵەگەی هەرە گرنگ و بنچینەیی دروستکردنی ناسیۆنە. دوای ئەوە دوای سەلماندنی کارکردنی دامودامەزراوەکانی وڵات، پرسێکی گرنگی مافی چارەنوس پرۆژەیەکی بۆ ئامادەدەکرێت، پەرلەمان پەسندی دەکات و دەیخاتە بەردەم گشتپرسیەوە. ئەو ڕێگەیە ڕێگەیەکی تەندروست و دانپێندراوە و دەتوانێ پشتگیری ناوخۆ و دەرەکی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت.

بەداخەوە لە باشوری کوردستاندا دیموکراتیزەکردن ئەنجام نەدرا و پرۆسەکە بەو شیوەیە نەبووە. دوو پارتی چەکدار بە هێز و زەبروزەنگ پاوانی باشوری کوردستانیان کرد و وڵاتیان تووشی قەیرانی رامیاری و ئابوری کرد، لە ماوەی ٢٦ ساڵدا تەنانەت نەیانتوانی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پێکەوە بنێن. لە هاوینی ٢٠١٥ـە وە باشوری کوردستان کەوتۆتەژێر قەیرانێکی کوشندەی هەمەلایەنە. هەروەکو سەرۆک ئامادە نییە واز لە پۆستە درێژکراوەکەی بهینێت و پەرلەمانیش لەکارکەوتووە. بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئامادە نییە دەستبەرداری دەسەڵاتی رەهای خۆی بێت، نایەوێ پەرلەمانێکی بەهێز ببینێ، نایەوێ پەرلەمان ببێتە شوێنی چارەسەری کێشەکان، لەڕێگەی میتۆدە نادیموکراسیەکان درێژە بەدەسەڵاتی ئاغایانەی خۆی دەدات و سەپاندنی خۆی دووپات دەکاتەوە.

دوای چەقبەستنی بارەکە هەنگاوی دروست تەنها ئەوەیە کە هەلبژاردن بکرێت و لانی کەم دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات رەوایەتی وەرگرنەوە و هەوڵی چارەسەر و دەرچوون لە قەیرانەکە لەلایەن نوێنەرانی لەنوێ هەلبژێرداودا بە هەناسەیەکی نوێ و هەوارێکی رامیاری نوێدا بدرێت. دیارە لە باشوری کوردستاندا کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی لەسایەی حزبی چەکداردا ئازاد نین، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەو کەشە میلیتسگەرایەدا دەبێت. لە ئێستادا و لەسایەی ئەو دەسەڵاتە میلیتسگەرایەدا دیموکراتیزەکردن ئەستەمە، بەلام ئەگەر ویست هەبێت دەکرێ ئەو هەلبژاردنە وەکو تێپەربوونیک بەکاربهێندرێت و دواتر هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردن بەکردەوە بنرێن و دامەزراوە نادیموکراسیەکان هەڵوەشیندرێنەوە، ئەوەش بە ویستی شێلگیرانە دەکرێ بکرێت.

لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خاوەن حزبی چەکدار خاوەنی دوا گوتنە، پرۆسەکە بەو شێوەیە نەبوو کە لە کۆمەلگە خاوەن دامەزراوەکاندا ڕوودەدەن، بەڵکو بەجۆرێکە کە لەگەل ئارەزووەکانی بنەماڵەو پارتی دەسەڵاتدار دەگونجێت. هەروەکو لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارت و لایەنەکاندا کۆمەڵی بڕیار دراوە ئاماژە بە گونجاندنی خاڵە گرنگەکان لەگەڵ ویست و بەرژەوەندیەکانی سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداردا دەکەن.
پرسی ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس خراوەتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان. واتە بەبێ بوونی دامەزراوە رەوا یاسایی و جێبەجێکاریەکان، بەبێ رەزامەندی دیموکراسیانەی پەرلەمان، پرسەکە سەپێندراوە و بڕیارە ئەنجام بدرێت. خەڵک بێگومان سەربەخۆیی دەوێ، هەروەکو سەربەخۆیی خەونی دێرینەی خەڵکی کوردستانە! ئەو سەپاندن و پەلە پەلە لەبەرچی لە کاتێکدا هیچ گومان لەوەدا نییە کە خەڵک سەربەخۆیی هەلدەبژێرن؟ ئەو سەپاندن و پێداگریە لە سەپاندنی ویستی منداڵیکی کەلەش گەورە دەچێت، کە لە لۆژیک و بنەما و دەرئەنجامەکانی پرسەکە ناگات. چی دەبوو ئەگەر ریفەراندۆمەکە سێ چوار مانگ دوای هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت؟ وادیارە ئەوان ٢٦ ساڵە نوستبوون، ئێستا بەئاگاهاتوون، بۆیە نایانەوێ چیتر دوابکەوێ و بەر نرخێک بێت دەبێ هەرئێستا ریفەراندۆم ئەنجام بدرێت؟!

هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخراوە و خراوەتە مانگی ١١ ، کە دەبوایە یەکەم کاری گرنگ بایە و پەلەی لێکرابا. ئەگەر بەرژەوەندی گەل و کوردستان لەبەرچاوبگیرابایە، دەبوایە دەستەیەکی بێلایەنی دوور لەدەستی حزبەکان، دەستورێکی مۆدێرن دابڕێژن و لەسەر بنچینەیەکی نوێ و مۆدێرن هەڵبژاردن بکرێت. دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ناسەرکەوتوو بوو و وڵاتی ئیفلیج کرد، بۆیە پەرلەمانتاریزم تاکە ئەلتەرناتیڤی گونجاوە. پێموایە ئەگەر دەستوری نوێ گرنگی بەولایەنە بدابایە، زۆرینەی رەهای خەڵک پشتگیریان دەکرد. هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر بنەمای کۆن کێشە کۆنەکان لەگەڵ خۆیدا زیندوو دەکاتەوە، ئەوەش لەباشترین باردا جگە لە تێپەڕبوون لەباری ئێستادا لە داهاتوودا هیچی نوێی لێ شین نابێت.
هەلبژاردنی سەرۆکایەتی کە خراوەتە تەک هەڵبژاردنی پەرلەمان، نازاندرێ لەسەر چ بنچینەیەک و بەپێی چ مۆدێلێک؟ ئایا لەسەر بنچینەی ئێستایە کە فەشەلی هێنا و ناسەرکەوتوو بوو، یا لەسەر بنچینەیەکی نوێ و جیاوازە؟ لەسەر ئەو پرسە گرنگە کە بووە هۆی دواترین قەیرانی رامیاری باشوری کوردستان هیچ ڕێکەوتنێکی روون نییە. ئەگەر بڕیاروایە لەسەر هەمان بنەمای پێشوو و جێبەجێکردنی داواکانی مەسعود بارزانی بێت، ئاماژەی لایەنەکانە بە ملکەچی بە باری ستاتوس کۆ وەکو پێشوو.

لایەنگرانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم ئەگەر لە راستیدا هەبن، دەکرێ ئەو ڕێکەوتنە بکەنە مەرجی هەنگاوەکانی دواتری دیموکراتیزەکردن و چوون بەرەو سیستەمی پەرلەمانی. مەرجەکان وەکو: هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە نادیموکراسیەکان، نەهێشتنی حزبی چەکدار یا چەکداری سەر بەحزب، چەککردنی بەرپرس و کەسایەتیە فیودالەکان، سەندنەوەی دەسەڵات لە بنەماڵە، گەڕاندنەوە سامانی دزراو بۆ وڵات و کۆمەڵگە، بەناسیونالکردنی بوارە گرنگەکانی بەرهەمهینان و سامانی سروشتی، بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دادوەری بێلایەن، پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دوور لەدەستی حزب هتد. ئەگەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی ملکەچی ئەو مەرجانە نەبوو، جگە لە ڕاپەرین ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەمدا نییە.

سەیری خاڵەکانی رێکەوتنەکە لە خوارەوەدا بکە:

رۆژی گشتپرسی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکران
لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان
رووداو – هەولێر

کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبەکانی باشووری کوردستان کۆتاییهات و بڕیاردرا رۆژی 25-9-2017، گشتپرسی ئەنجام بدرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەکاتی خۆی و لە رۆژی 6-11-2017، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

بڕیاردرا چەند کۆمیتەیەکی باڵای گشتپرسی دروستبکرێت بە سەرۆکایەتی بارزانی بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

راگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان

رۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ریفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەزووعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانەی ڕێككەوتن:

یەكەم: رۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.

دووەم: هەر لە رۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا رێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ریفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان

حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان

پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان

لیستی هەولێری توركمانی

بەرەی توركمانیی عێراق

پارتی گەشەپێدانی توركمان

لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

مجلس الشعبی الكلدانی الاشووری

————

7-6-2017




تێگەیشتنى بازنەیى لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک)ى کەریم دەشتى

تێگەیشتنى بازنەیى
لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک)ى کەریم دەشتى- 2016 هەولێر- ناوەندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا…………….

تەنیا ماینەوە
من و باقەیێ خەیاڵ
کە بەشى پێکێکى قەیتانى نەدەکرد
من بەو خەیاڵە
سەراپا تراژیدیاى ژیانم نوسییەوە. ل3
(کەریم دەشتى) شاعیرێکى بە ئەزموونى پڕ بەرهەمە، بە یەکێک لە شاعیرانى (نەوە)ى هەشتاکانى شیعرى کوردى دەژمێردرێت، هەڵگرى جۆرێک لە تایبەتمەندى شیعرییە و پشت بە “بیرکردنەوە” و “خەیاڵ ” دەبەستێت و بایەخ بە (چنینى ریتم)ى شیعرى، دەنگ و سەروا دەدات، ئەوەى دوایى واى کردووە شیعرەکانى لە روونى و سادەیى نزیک ببنەوە! لەو ئەزموونە نوێیەدا بە شێوەیەکى گشتى برەوى بە (تێگەیشتنى بازنەیى) و بە تایبەتى (تێگەیشتنى وشە) داوە.
لە کتێبى (رەوانبێژى خەیاڵ) کە بەشە پراکتیکەکەى بە ناونیشانى وێنەى “کتێب” لە ئەزموون و ئەزموونگەرى “کەریم دەشتى”شاعیردا. قسەم لە بارەى میکانیزمى کارکردنى شاعیر کردووە و پێموایە شاعیر وەک میکانیزمى کارکردن زێتر بەلاى هەڵبژاردنى زمانى شیعرییدایە، هەمیشە هەوڵەکانى خۆى لەوەدا کۆ دەکاتەوە، کە (رێگاى گوتن) بۆ زمان خۆش بکات. لەو رێگا خۆش کردنەشدا هەندێجار شاعیر ئیشکالى گەیاندن و نەگەیاندنى بیرۆکەى شیعریى لە رێگاى ئەزموونەوە چارەسەر دەکات. وەک چۆن ئیشکالیەتى وێنە و تەعبیرکردنى شیعریى لە رێگاى تێگەیشتنى ناوەکى زمانەوە، یان بە مانایەکى دیکە لە رێگاى ئەزموونگەرییەوە چارەسەر دەکات. لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ بڵێم ئەزموونى شاعیر لەگەڵ زمان و شێوازگەریى تەعبیرکردن، لە سەر دوالیزمى ئەزموون و ئەزموونگەرى – بەردەوامى زمان و چرکەساتى ئازادى دەربڕین – وەستاوە. ئەو بیروڕایەى من کۆى بەرهەمە شیعرییەکانى تا ساڵى (2011) دەگرێتەوە.

لە خوێندنەوەى کتێبى ناوبراودا پێموایە شاعیر لە (پرۆسەى نوسینى شیعرى) زۆر جاران (بابەتێک) یان (فیکرەیەک) بەرەو نوسینى دەبات؟! فیکر و مانا لە دروستکردنى وێنەدا بەشدارى تایبەتى خۆیان هەیە، بەڵام دیارە لێرە مەبەست لە فیکر و مانا وەک رەگەزێکى شیعرى بینراوە، نەک وەک لۆژیک و تێگەیشتن!! بەڵام لەو ئەزموونە نوێیەدا من وەک خوێنەرێکى کۆى بەرهەمەکانى شاعیر هەندێک گۆڕانکارى دەبینم، یان هەندێ ئەزموونکارى دەخوێنمەوە، ئەوەى زۆر بەرجەستەشە گۆڕانکارییە لە شێوازیى تەعبیرکردن و هێنانە ناوەوەى تێگەیشتنى بازنەییە لە خولانەوەى وشەدا.
لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) شاعیر وەک ئەزموونگەرایەک لە رووى مەعریفەى شیعریى و تەعبیرکردن، کارى لە سەر (تێگەیشتنى بازنەیى) کردووە… بەو مانایەش دەشێ خوێنەران جیاوازییەکانى ئەو ئەزموونە شیعرییە، نەک هەر تەنها لە رێگا گۆڕانکارى لە شێوازیى تەعبیرکردن، بەڵکو لە رێگاى بەرجەستەکردنى تێگەیشتنى بازنەیشەوە زێتر هەست پێبکەن!

شاعیر لە هەموو ئەزموونەکانى خۆیدا لە (رێگا خۆشکردن بۆ زمان) دوور نەکەوتۆتەوە، ئەوەش بە بڕواى من پەیوەندى راستەوخۆى بە سەرچاوەى مەعریفى شیعریى –یەکەمەوە- هەیە، واتە باوکى وەک شاعیرێکى کلاسیزمى کوردى لە پرۆسەى نوسیندا وەک بنەمایەکى سەرەکى زمانى شیعریى فەرامۆش نەکردووە!
لێرە قسەکردنم لە سەر تەعبیرکردنى شیعریى دەکەوێتە نێوان سنورى (دەق -تەعبیرکردن) و سنورى (وەرگر -تەئویل) کردن! دەمەوێ بڵێم چەمکى تەعبیرکردن، خۆى لە بەرفرەوانکردنى سنورەکانى توانا و ئەزموون و ناخى شاعیردا دەبینێتەوە، وەک چۆن نابێ سنورەکانى توانا و ئەزموون و ناخى وەرگریش فەرامۆش بکەین! بێگومان نابێ لە بیرمان بچێ، بەشێکى زۆرى ئەو ئەزموونگەرییە دەکەوێتە سەر ئازادى بیرکردنەوە و ئاستەکانى خوێندنەوەى خوێنەرەوە؟!
بە دیوەکەى دیکەش هەمیشە شێوازى تەعبیرکردن بە شێوە جۆراوجۆرەکانى زمانى ئەدەبییەوە بەندە! زمانى ئەدەبى دوورە لە راستەوخۆیى، هەڵگرى روویەکە لە رووەکانى حەقیقەت، زمانى ئەدەبى لە سەر لادان و خوازە و رەمز بەرەو کەشفکردن هەنگاو دەنێت… هەڵبەتە لە بەرانبەر شێوازى زمانى تەعبیرکردن، شێوازى زمانى ئەبستراک هەیە… شێوازى زمانى ئەبستراک هەموو هێزى خۆى لە لادان و ئاماژە و رەمز خەرج دەکات، هەمیشە بۆ پرکردنەوەى بۆشاییەکانى پشت بە خوێنەران دەبەستى… ئەوەش یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانى جیاوازى نێوان زمانى تەعبیرى و زمانى ئەبستراک.

بەڵام دواجار زمانى ئەدەبى بە هەموو ئاستە جیاوازەکانییەوە پشت بە ئازادى بیرکردنەوە و ئاستەکانى خوێندنەوە دەبەستێ… هەموو ئەو قسانەم بۆ ئەوەیە بڵێم بزاڤى زمانى تەعبیرکردنى کەریم دەشتى لە کۆى ئەزموونەکانى پێشووى تا ساڵى 2011 لە زمانى تەعبیرکردنى (زیندەگی)یەوە بەدەر نییە، یان بە شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە بەندە… بە شێوەیەکى گشتى شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە، پشت بە ریتمى ناوەکى ژیان دەبەستێ و هەندێجار کار لە تێکشکانى گرایمەر و رەنگاوڕەنگى دەکات، بێ ئەوەى پەرتەبڵاو بێت… (جەلال بەرزنجى، دلاوەر قەرەداغى، بەرۆژ ئاکرەیى، هیوا قادر…) لەگەڵ جیاوازییەکانیان نموونەى دیارى ئەو شێوازەن…
بە بڕواى من شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە، بۆ کەریم دەشتى تا (ساڵى 2011) درێژ دەبێتەوە، بەڵام دواتر شێوازى زمانى تەعبیرکردنى شاعیر خۆى لە تەعبیرکردن لە رێگاى دنیابینییەوە دەدۆزێتەوە، لە (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) ئەو شێوازە بە ترۆپک دەگات، لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) دنیایەکى دیکەى نوێ لە پەیوەندى نێوان وشەکان و شتەکان دروست دەکات.
بە شێوەیەکى گشتى شێوازى تەعبیرکردن لە رێگاى دنیابینى، شێوەیەکە لە شێوەکانى زمانى تەعبیرکردنى شیعریى، کە ئەزموونى هەستى کەمتر تێدا دەردەکەوێت، زۆرتر پشت بە درێژکردنەوەى تێگەیشتنەکان و خولانەوە دەبەستێ، کار لە ریتمى دەرەکى دەکات، کەمترین دەنگى دژکارى تێدایە، چڕە، هەندێجار لەگەڵ پلەکانى گرایمەر دژ دەکەوێتەوە. ئەوەش گۆشەنیگاى شاعیرانە بۆ خوێنەر دەنەخشێنێ!

گۆشە نیگاى شاعیرانە پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە دیتن یان دنیابینى و خەونبینییەوە هەیە، ئەوە دەشێ تێگەیشتنى من بێت، بۆ روانینى شاعیرانە و دیتنى دنیا و شتەکان بە چاوێکى نوێوە… (شێرکۆ بێکەس، رەفیق سابیر، هاشم سەراج، دلشاد عەبدوڵڵا، ئەحمەدى مەلا، جەمال غەمبار…) بە جیاوازییەکانیانەوە لە بارەى زمان و تێڕوانین و هەستى شیعرییەوە… نموونەى دیارى ئەو شێوازەن: بۆ نموونە زمان و تێڕوانینى هاشم سەراج پەیوەستە بە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون — نیگەرانى — مردن) و لەگەڵ تێڕوانینى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) وەک لە خوارەوە ئاماژەى بۆ دەکەم، جیاواز دەکەوێتەوە… دلشاد عەبدوڵڵا، هەوڵدەدات لە رێگاى هاوکێشەى بابەتییەوە شیعرییانە بەسەر گێڕانەوەکاندا بچێتەوە. دەیەوێت هاوکێشەى بابەتى لە نێوان شیعر و گێڕانەوە دروست بکات! ئەو شێوەیە لە تێڕوانین هەمان زمانى گێڕانەوەى شیعریى و رەگەزى زاڵى گێڕانەوەى جەمال غەمبار نییە، ئەحمەدى مەلا هەندێجار لەگەڵ پلەکانى گرایمەر دژە و زێتر لەگەڵ گۆشەنیگاى شاعیرانە دێتەوە… (بۆ ئەوەى لە بابەتى نوسینەکە دوور نەکەومە ئەو پۆلینکردنەى زمانى تەعبیرکردن و جیاوازییەکانى بۆ کاتێکى دیکە هەڵدەگرم)

لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانم بڵێم تایبەتمەندییەکانى شێوازى زمانى تەعبیرکردنى شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) خۆى لە بزاڤى جوانى و تواناى شێوەگرتن و گەشەکردنى تێگەیشتنى بازنەییدا دەبینێتەوە، شاعیر بە ئاگاییەوە لە رێگاى هاوگونجانێکى هونەرى بەرزەوە تێڕوانین و دنیابینى خۆى دەخاتە روو. دەشێ خوێندنەوەم بۆ تێگەیشتنى بازنەیى، لەو ئەزموونە نوێیەى شاعیردا لەوێوە خۆى هەڵبگرێتەوە، کە (تێگەیشتنى بازنەیى) بەلاى منەوە، ناونانى میکانیزمى کارکردنێکە بۆ چەسپاندنى تێگەیشتن لە سەر خودى تێگەیشتن! پێموایە دەشێ دوو بنەماى بنەڕەتى بۆ ئەو میکانیزمە دەستنیشان بکەم: یەکەم، بنەماى فیکرەى دابڕان: فیکرەى دابڕان لە مانایەکەوە بۆ گەیشتن بە مانایەکى دیکە، یان لە تێگەیشتنێکەوە بۆ بەرجەستەکردنى یەکێکى دیکە… دیارە تایبەتمەندییەکانى ئەو بنەمایە بە بڕواى من لە سەرسامبوونى خوێنەردایە، چونکە خودى فیکرەى دابڕان لە شیعردا وا لە خوێنەر دەکات، جارێکى دیکە بۆ خوێندنەوە بگەڕێتەوە، تاکو بتوانێ باشتر لە هەردوو ئاڕاستەکە بگات و چێژى زێتر بە دەست بهێنێ. بڕوانە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون — دابڕان— هەتاهەتایى)
باش وەکو دڵم تاقە خۆشەویستێکى هەبوو
هەتا ماوە بۆى ئەگەڕێ
تەنیا من و تۆ ماینەوە ئەى با. ل30
بنەماى دووەم، فیکرەى دووبارەبوونەوە، یان خولانەوەى وشە: واتە شاعیر هەوڵدەدات هەمان ئەو تێگەیشتنە دووبارە بکاتەوە کە هەموو حەزى لێدەکەین، ئەویش لە پێناو جێگیرکردن! راستە دروستکردنى حاڵەتێکى دەروونى لە پشتەوەیە… بۆیە مەرج نییە بتوانێ هەمووان رازى بکات، بەڵام هێزى دەربڕینى شاعیر پۆشاکێکى دیکەى نوێى پێدەبەخشێ، کە لەبەر دڵان بێت. بڕوانە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون— دووبارەبوونەوە—هەتا هەتایى)
زۆرم بیر کردەوە شیعر شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ بازنە

زۆرم بیر کردەوە بازنە ئەبەدییە و کۆتایى نایەت. ل62
هەمیشە کەریم دەشتى لە ئەزموونەکانى خۆیدا بۆ ئەو هێزەى زمانى تەعبیرکردن، پەناى زۆرى بۆ موزیکاى وشە و هاوگونجان ((چنینى ریتم)) و دواتریش بەرجەستەکردنى چییەتى زمان بردووە، بەڵام لەو ئەزموونە نوێیە پێگەییوەدا بەرجەستەکردنى تێگەیشتنى زمان، پێش ماهیەتى زمان دەکەوێت؟! دەشێ بۆ (چییەتى زمان) بە دواى دەنگ و مانادا بگەڕێین، بەڵام دەبێ بۆ بەرجەستەکردنى (تێگەیشتنى بازنەیى) پەنا بۆ ئاشکراکردن و بە دواداگەڕانى تێگەیشتنى تایبەتى وشە و خولانەوەى وشە بەرین…
هەوڵێکى زۆرم دا بە چەند وشەیێ خۆم بکوژم
کەچى وشەیەکى زۆرم کوشت و هەر نەکوژرام
زۆر هەوڵم دا دوژمنێ بۆ خۆم دروست کەم
بەڵام لە خۆم زێتر کەسم نەدۆزییەوە. ل102

شاعیر چۆن لە ناو و ناونانەوە گەیشتووە و چۆن ئەو ناو و ناونانە بە هەبوونى شیعرییەوە دەلکێنێ؟! بە مانایەکى دیکە (دەرخستن) و (ئاشکراکردن) و (نواندن)ى تێگەیشتن، لەو ئەزموونە نوێیەى شاعیردا دەرخستن و ئاشکراکردن و نواندنى تێڕوانینە بۆ (بوون) لە شیعردا، بە دیوەکەى دیکە لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) تێگەیشتنى شاعیر یان (هەبوونى شیعریى) لاى ئەو مەعریفەى شیعریى شاعیر دەخاتەوە، بەڵام مەعریفەیەکى جیاواز لەوەى لە سەرچاوەکانى یەکەمەوە پێیگەیشتبوو! هەمیشە مەعریفەى شیعریش دنیابینى شیعرى رەنگ دەکات… کەواتە شاعیر ئەو کاتە ناو لە شتەکان دەنێت، کە تێگەیشتنى تایبەتى خۆى دەنوێنێ، بە مانایەکى دیکە تەنها ئەو وشانە دەتوانن تێگەیشتنى شاعیر بەرجەستە بکەن، کە دەتوانن ئەوە بڵێن کە شاعیر بە پێى دنیابینى خۆى دەیەوێت، هەر ئەوەش تایبەتمەندى هەبوونى شیعرى لاى کەریم دەشتى ئاشکرا دەکات.
بە کورتى شاعیر وێنەى تێگەیشتنى خۆى یان (تێگەیشتنى بازنەیى) لە چوارچێوەى شیعردا بە خولانەوەى وشە و خولانەوەى فیکر لە لایەک و فیکرەى دابڕان لە لایەکى دیکە سپاردووە.

1/5/2017 هەولێر
نوسینێکى بڵاو کراوە لە رۆژنامەى چاودیر 5/6/2017




میتا ره‌خنه‌ … د.فوئاد ره‌شید

چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر وتارێكی به‌ڕێز (حه‌مه‌ مه‌نتك)

(كوشتنی ده‌ق له‌ پێناوی لێدانی نووسه‌ردا) ناونیشانی وتارێكی نووسه‌رو مامۆستای زانكۆ كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) ه‌ ، كه‌ له‌ڕێكه‌وتی 16/5/2017له‌ ماڵپه‌ری ده‌نگه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
ناوبراو له‌م نووسینه‌یدا به‌ بۆچوونی خۆی – له‌چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌دا – چه‌ند سه‌رنجێكی ره‌خنه‌یی له‌باره‌ی ئه‌م سێ‌ وتاره‌ ره‌خنه‌ییه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌:
– (شیعر و یاخیبوونی ساختە) ی ئارام سدیق.
– (سەردەمی نەهامەتی و پاشەکشەی شیعر لای بەڕۆژ ئاکرەیی)ی پشتیوان عەلی .
– (شاعیری پۆزەتیڤ)ی زانیار محەمەد .
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م سێ‌ وتاره‌ له‌ ژماره‌(3) ی گۆڤاری (شیعر) بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
هه‌ندێ‌ له‌ سه‌رنجه‌كانی كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) له‌ جێی خۆیدان و هه‌ندێكیشیان قسه‌ی دیكه‌ هه‌ڵده‌گرن ،
لێره‌دا به‌ بۆچوونی خۆم له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌یانخه‌مه‌ روو:
1- به‌ڕێز (حه‌مه‌ مه‌نتك) هه‌ر له‌ په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می نووسینه‌كه‌یدا ، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیرانه‌ ره‌خنه‌ی (نه‌بوونی میتۆدێكی ره‌خنه‌یی دیاریكراو) له‌و وتاره‌ ره‌خنه‌ییانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌ سه‌ر شیعری شاعیرانی كورد نووسراون، پێیشی وایه‌ زیاتر قسه‌یان له‌سه‌ر شاعیره‌كان كردووه‌ ، نه‌ك ده‌قه‌ شیعرییه‌كان، لێره‌شه‌وه‌ وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك له‌م جۆره‌ پێكه‌وه‌ گرێدانه‌ی ده‌ق و نووسه‌ر به‌ ره‌هایی ده‌ڵێت(( ئه‌مه‌یش له‌ سه‌رده‌می فۆرمالیسته‌كانه‌وه‌ باوی نه‌ماوه‌)).
(مه‌نتك) ده‌یتوانی ره‌خنه‌ی له‌ چۆنیتی باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان (ده‌قی شیعریی و خودی شاعیر) لای ئه‌م براده‌رانه‌ بگرتایه‌ ، نه‌ك به‌ ره‌هایی جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه‌ باوی نه‌ماوه‌، چونكه‌ راسته‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری بزاڤی فۆرمالیستی و سه‌رهه‌ڵدانی میتۆدی بونیادگه‌ری زمانه‌وانی ، جاڕی (مه‌رگی نووسه‌ر ) دراوه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو ره‌خنه‌گرێكی وه‌كو (لۆسیان گۆڵدمان) له‌ رێی میتۆدی (بونیادگه‌ریی پێكهاتوویی) ه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی و كاریگه‌ریی نێوان نووسه‌رو ده‌قی دووپاتكرده‌وه‌. حاڵی حازریش توێژینه‌وه‌كانی بواری (ره‌خنه‌ی كه‌لتووری) ،( ره‌خنه‌ی Post-colonialism ) ، (مێژووگه‌رایی نوێ‌) ده‌ق له‌ چوارچێوه‌ سیاسی و جڤاكی و مێژوویی و كه‌لتوورییه‌كه‌ی دانابڕن . بێگومان رێبازو ئاراسته‌ی دیكه‌ش هه‌ن – دوور له‌ نووسه‌ر – ته‌نها كار له‌سه‌ر بنیاتی ئیستایكی و شیعرییه‌تی ده‌ق ده‌كه‌ن.
2/ له‌ په‌ره‌گرافی دووه‌می نووسینه‌كه‌یدا كاك(حه‌مه‌ مه‌نتك) نووسیوێتی(( له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ منیش ده‌مه‌وێ‌ مۆدێلێكی دیكه‌ی ره‌خنه‌ ، كه‌ ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌یه‌ بهێنمه‌ ناو كاری توێژینه‌وه‌ی كوردییه‌وه‌….
من ده‌مه‌وێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كار بكه‌م ، ئه‌ویش به‌راوردی نووسینه‌ ره‌خنه‌یه‌كه‌ و ده‌قه‌كان بكه‌م…. بێ‌ ئه‌وه‌ی كارێكم به‌ كه‌سی ره‌خنه‌گرو شاعیره‌وه‌ هه‌بێت)) .
له‌ ئاست ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ دا پێویسته‌ بگووترێ‌:
• خوێنه‌رێك ئاگاداری مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نوێی كوردی نه‌بێت و ئه‌م قسیه‌ی كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) بخوێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ((منیش ده‌مه‌وێ‌ مۆدێلێكی دیكه‌ی ره‌خنه‌ ، كه‌ ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌یه‌ بهێنمه‌ ناو كاری توێژینه‌وه‌ی كوردییه‌وه‌…)) وا تێده‌گات ره‌خنه‌ی كوردی بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ رێگه‌ی كاك(حه‌مه‌ مه‌نتك) ه‌وه‌ ئاشنای ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌بێت ، به‌ڵام له‌ راستیدا سه‌ره‌تاكانی (ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌) له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌ماناو مه‌به‌سته‌ زانستییه‌كه‌ی و به‌ناوی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، كاتێ‌ گۆڤاری (پرۆژه‌) له‌ ژماره‌ یه‌كی ساڵی (1992)نووسینێكی كاك (رزگار ساڵح) ی له‌ژێر زاراوه‌ی (ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌) دا بڵاوكرده‌وه‌
ساڵانی دواتریش له‌ زانكۆكانی سه‌لاحه‌دین و به‌غداو دهۆكیش چه‌ند نامه‌یه‌كی ماسته‌رودوكتۆرا پێكه‌شكراون كه‌ به‌مانا زانستییه‌كه‌ی سه‌ر به‌ بواری (ره‌خنه‌ ی ره‌خنه‌)ن (1)
نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌ش 12 ساڵ به‌ر له‌ئێستا وتارێكی سه‌ربه‌خۆی به‌ناونیشانی (ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌) وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌(2) دوور نییه‌ به‌رهه‌می دیكه‌ش هه‌بێت و به‌رچاوی من نه‌كه‌وتبێت.
• هه‌ر له‌ په‌ره‌گرافی دووه‌مدا كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) باس له‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ كه‌سانی پێش ئه‌م
له‌ چوارچیًوه‌ی نووسینی ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر وتارێكی ره‌خنه‌یی، زانستیانه‌ كاریان نه‌كردووه‌ و هێنده‌ی مه‌به‌ستیان لێدانی كه‌سه‌كه‌ بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ قسه‌یان له‌سه‌ر نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ نه‌كردووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م ( واتا حه‌مه‌ مه‌نتك) خۆی له‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌پارێزێت و دێت ((به‌راوردی نووسینه‌ ره‌خنه‌یه‌كه‌ و ده‌قه‌كان)) ده‌كات ، هه‌روه‌كو خۆی ده‌ڵێت بێ‌ ئه‌وه‌ی كارێكی ( به‌ كه‌سی ره‌خنه‌گرو شاعیره‌وه‌ هه‌بێت ).
 سه‌ره‌تا مامۆستا (حه‌مه‌ مه‌نتك) راست ده‌كات كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا ، ده‌یان وتارمان به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌ زیاتر هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كترن نه‌ك ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بن به‌مانا زانستییه‌كه‌ی ، ته‌نانه‌ت ده‌كرێ‌ بڵێین ئه‌م جۆره‌ وتارانه‌ (شه‌ڕه‌ وتارن) وله‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بابه‌تیی دانه‌مه‌زراون.
 راسته‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ دا ناكرێ‌ به‌یه‌كجاریی ده‌ق فه‌رامۆش بكرێت، به‌ڵام گوتاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ به‌مانا بابه‌تی و زانستییه‌كه‌ی زیاتر رووی له‌ خودی كاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌و چه‌مك و زاراوانه‌ وردبینه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كاندا بۆ كاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ به‌كار هاتوون به‌ ئاسانی درك به‌م راستییه‌ ده‌كه‌ین ، بۆ نموونه‌ (شیكردنه‌وه‌ی گوتاری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ) ، (خوێندنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌) (خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌) (میتا ره‌خنه‌ Meta-Criticism) .
زۆربه‌ی پیناسه‌كانی (ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌)ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م راستییه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
بۆنموونه‌ (د.نجوی الریاحی) ده‌ڵێت ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ له‌ شه‌نگست و زمان و ئامرازه‌ شیكارییه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌كۆڵێته‌وه‌ (3)
ته‌نانه‌ت توێژه‌ری مه‌غریبی (د. محمد الدغمومی) بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ خودان گوتارێكی هێنده‌ سه‌ربه‌خۆ بێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌چێت(4)
كه‌واته‌ كاری بنه‌ڕه‌تیی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ شیكردنه‌وه‌ی نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌یه‌ ، به‌مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ ره‌خنه‌ییه‌ی كه‌ نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ وتا چی راده‌یه‌ك بابه‌تییانه‌ و زانستییانه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌ ، كه‌واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ق له‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاودا ، ئه‌مه‌ به‌جێهێشتنی ئاستی سه‌ره‌كیی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌یه‌ .
 نووسه‌ر (حه‌مه‌مه‌نتك) له‌ په‌ره‌گرافی چواره‌می وتاره‌كه‌یدا نووسیوێتی(( یەکێک لە بنەماکانی ڕەخنەی ئەدەبی (بە هەموو ژانرەکانییەوە) نابێت نووسینەکە بۆچوونی ڕەها و گردەبڕی تێدا بێت، چونکە ئەمە لە بڕیار دەچێت، لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا بڕیاردان جێی نابێتەوە.))
– نووسینی ره‌خنه‌یی نابێ‌ بۆچوونی ره‌های تێدا بێت ، ئه‌مه‌یان دروسته‌ ، له‌زۆربه‌ی بواره‌كانی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كاندا بیرو بۆچوونه‌كان ڕێژه‌یین . له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌جێی خۆیدابوو (مه‌نتك) ره‌خنه‌ی له‌ زمان وشێوازی بریاری ره‌خنه‌یی له‌ وتاره‌كاندا بگرتایه‌ ، نه‌ك به‌ ره‌هایی بلًێیت (( لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا بڕیاردان جێی نابێتەوە))
ئه‌مه‌ جێی سه‌رنجه‌، جارێ‌ خودی وته‌كه‌ به‌ره‌هایی گووتراوه‌ كه‌ئه‌مه‌ش زانستی نییه‌ ، چونكه‌ جۆریك له‌ جۆره‌كانی ره‌خنه‌ كه‌ (ره‌خنه‌ی پێوه‌ریی = النقد المعیاری) پێده‌گووترێت باوه‌ڕی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاری ره‌خنه‌ییه‌.
خۆ ئه‌گه‌ر كاك (ح مه‌نتك) پێیوابێت ئه‌مه‌ بۆچوونێكی كۆنی ره‌خنه‌ی كلاسیكییه‌ ، ئه‌مه‌ش وانییه‌ ، چونكه‌ ، توێژه‌رو میتۆدی ره‌خنه‌یی هاوچه‌رخیش هه‌یه‌ لایه‌نی بریارو هه‌لسه‌نگاندنیان فه‌رامۆش نه‌كردووه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌: (ئیبرامز) له‌ فه‌رهه‌نگه‌ شرۆڤه‌كارییه‌كه‌یدا كه‌ پێناسه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌كات سێ‌ ئاستی بۆ دیاریده‌كات (شیكردنه‌وه‌و پۆلینكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن) (5)
ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی (رینیێ‌ وێڵك1902- 1996) كه‌یه‌كێك بوو له‌ لایه‌نگرانی ره‌خنه‌ی نوێ‌ ،ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر كارێكی ره‌خنه‌یی گه‌ر خاڵیی بێت له‌ ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌وا كامڵ و سه‌ركه‌وتوو نابێت.(6)
ئه‌وه‌تا وتاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ی (د.محمد كه‌مال) (هۆڵده‌رلین و تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فییانه‌) كه‌ له‌ هه‌مان ژماره‌ی گۆڤاری (شیعر)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و به‌رێز ( ح مه‌نتك) لێشی رازییه‌ ، خاڵیی نییه‌ له‌ بریارو هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌خنه‌یی(بروانه‌ لا44-45)ی گۆڤاری ناوبراو.
هه‌ڵسه‌نگاندن و بریاری ره‌خنه‌یی – نه‌ك هه‌ر بۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی – به‌ڵكو له‌ نێو گوتاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌شدا ئاماده‌یی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ بایه‌خ و گرنگیی ئه‌م جۆره‌ گوتاره‌مان بۆ به‌دیار ده‌خات.
 ئاماده‌بوونی ده‌ق له‌گوتاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌دا:
ده‌رباره‌ی ئه‌م وته‌یه‌ی كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) كه‌ ده‌ڵێت ((من ده‌مه‌وێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ كار بكه‌م ، ئه‌ویش به‌راوردی نووسینه‌ ره‌خنه‌یه‌كه‌ و ده‌قه‌كان بكه‌م…. بێ‌ ئه‌وه‌ی كارێكم به‌ كه‌سی ره‌خنه‌گرو شاعیره‌وه‌ هه‌بێت)) .
لێره‌دا ده‌ڵێین:
– گوتاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ له‌ ئاست و ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یدا- هه‌ر وه‌كو ئاماژه‌مان پێدا- كار له‌سه‌ر (ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی )ده‌كات نه‌ك (ده‌قی ئه‌ده‌بی) به‌ڵام كاتێكیش له‌ئاستی ده‌ق كار بكات ئه‌وا له‌دوو ته‌وه‌ره‌وه‌ قسه‌ی خۆی ده‌كات : (سیماو سروشتی پرۆسه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی) به‌گشتی ، (ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی ده‌ق) ی كار له‌سه‌ر كراو به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش – به‌ پله‌ی یه‌كه‌م- له‌پێناو ده‌رخستنی چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی ئاستی مه‌عریفی نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ نه‌ك ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ .
مه‌نتك له‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت ده‌ق و ره‌خنه‌كه‌ به‌راورد ده‌كات ، بێ‌ ئه‌وه‌ی كارێكی ((به‌ كه‌سی ره‌خنه‌گرو شاعیره‌وه‌ هه‌بێت)) .
– ناوبراو ئه‌گه‌ر وایبكردایه‌ كارێكی باش بوو، به‌ڵام ئایا له‌ رووی پراكتیكه‌وه‌ وایكردووه‌؟؟
له‌ هه‌لسه‌نگاندنی وتاره‌كه‌ی (ئارام سدیق) دا ئاماژه‌ به‌ بۆچوونیكی( ئارام) ده‌كات كه‌ گوتوویه‌تی((یەکێك لە کێشەکانی شیعری کوردی بە درێژایی مێژووەکەی تەقدیسکردن و ستایشکردنی بووە……))
ئیدی لێره‌وه‌ به‌رێز (ح مه‌نتك) خودی وتاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێ‌ له‌ كات و شوێنێكی تره‌وه‌ ،(بۆچوونێكی پێشووتری) (ئارام) ده‌هێنێت و ره‌خنه‌بارانی ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ ئارام كه‌وتووه‌ته‌ نه‌سازییه‌وه‌ ، گوایه‌ دوێنی َ په‌سنی شیعری كوردی كردووه‌و كه‌چی ئێستا له‌م وتاره‌ی گۆڤاری شیعردا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شیعری شاعیرانی كورد..لێره‌دا كارم به‌ هه‌لسه‌نگاندنی بۆچوونه‌ ره‌خنه‌ییه‌كانی كاك ئارامه‌وه‌ نییه‌ ((كه‌ هه‌ندێكیان جێی ره‌خنه‌ شن)) ، رسته‌ی سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌(ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌) به‌م شێوه‌یه‌ كار ناكات ، به‌ڵكو له‌ ناوه‌وه‌ی وتاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌وه‌ له‌ چۆنێتی ئاماده‌بوون و نه‌بوونی میتۆدو زاراوه‌ ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌ و سازیی و نه‌سازیی نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ دیاری ده‌كات ، نه‌ك به‌ڵگه‌ی ده‌ره‌كی بۆ بهێنێته‌وه‌. .
له‌ ئاست وتاره‌كه‌ی (پشتیوان عه‌لی) یش جگه‌ له‌و سه‌رنجه‌ ره‌خنه‌یه‌ی كه‌ده‌ڵێ‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی ده‌قدا نابێ‌ ده‌سته‌واژه‌و رسته‌یه‌ك به‌ته‌نها وه‌ربگرین ، به‌ڵكوپێویسته‌ كۆی ده‌قه‌كه‌ له‌به‌رچاوبگرین – ئه‌مه‌ش سه‌رنجێكی دروسته‌- له‌م سه‌رنجه‌ بترازێت ئیدی نووسینه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌ی به‌لاوه‌ ناوه‌وه‌ یه‌خه‌ی ره‌خنه‌گری گرتووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ، قسه‌ی خه‌ڵكی تر دووباره‌ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی له‌ شاعیرانی تری داوا كردووه‌ كه‌ رابردوو جێبهێڵن ، كه‌چی خۆیشی نه‌یتوانیوه‌ وابكات وله‌ شیعری خۆیشیدا گه‌راوه‌ته‌وه‌ رابردوو…!! به‌راستی ئه‌مه‌ میتۆدی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ نییه‌ ، چونكه‌ راسته‌وخۆ سه‌نگه‌ری له‌ ره‌خنه‌گر گرتووه‌ نه‌ك له‌ گوتاری ره‌خنه‌یی.
قسه‌كانی له‌ ئاست وتاره‌كه‌ی (زانیار محمد) یش پتر تۆمه‌تباركردنه‌ به‌وه‌ی كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستی لێدانی شاعیره‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێ‌ چه‌مكی هێناوه‌و هه‌وڵی گونجاندنی داوه‌ ..!!) (*
له‌راستیدا زمان و شێوازی كاركردنی به‌ڕێز كاك (حه‌مه‌ مه‌نتك) له‌م وتاره‌یدا نه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌وه‌ –به‌ماناو چه‌مكه‌ زانستییه‌كه‌ی – نه‌ (سه‌رخستنی میتۆدی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ )ش به‌م شێوه‌یه‌ دیًته‌ دی . (مه‌نتك)زیاتر سه‌نگه‌ری له‌ ره‌خنه‌گره‌كان گرتووه‌ ، كه‌چی ده‌بوو سه‌رقاڵی شیكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌و میتا جه‌سته‌ی وتاره‌كان بوایه‌….ئه‌گه‌رناوبراو ئه‌و سێ‌ نووسه‌ره‌ ( ئارام و پشتیوان و زانیار ) له‌ وتاره‌كانیاندا به‌ لێدانی شاعیر تاوانباریان ده‌كات ، ئه‌وا خۆیشی- به‌شێوه‌یه‌كی تر – كه‌وتووه‌ته‌ هه‌مان كێشه‌وه‌و له‌ئاستی تاكه‌كه‌سیی و خودییدا ، مژیلی لێدانی ره‌خنه‌گر بووه‌ ،. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا بریاری دابوو ((كاری به‌سه‌ر كه‌سی ره‌خنه‌گره‌وه‌ نه‌بێت)) .
هه‌روه‌ك چۆن له‌ بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا ده‌گووترێ‌، هه‌مووجۆره‌ قسه‌كردن و نووسینێك له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ناژمێردرێت به‌ماناو مه‌به‌سته‌ زانستی و بابه‌تییه‌كه‌ی ، ئاوه‌هاش لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین بڵێین هه‌موو جۆره‌ قسه‌كردنێكیش له‌سه‌ر نووسینێكی ره‌خنه‌یی به‌ ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ دانانرێت، چونكه‌ گوتاری ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ش وه‌كو كایه‌یه‌كی مه‌عریفی زمان و بنه‌ما و ستراتیژییه‌تی خۆی هه‌یه‌.

په‌راوێزه‌كـــــــــــــــــــــــان:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی چه‌مكی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ له‌ رۆشنبیریی كوردییدا پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ .
(2) بڕوانه‌ كتێبی (ناسنامه‌ی ده‌ق) فوئاد ره‌شید ، له‌بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد – كه‌ركووك، 2005،ل89-97.
(3) گۆڤاری (عالم الفكر) ژ(1)2009، ل 33.
(4) گۆڤاری (الاقلام) ژ(6) 1990، نقد النقد : مدخل ابسنیمولوجی، ل 50.
(5) گۆڤاری (الپقافه‌ الاجنبیه‌) ژ (3)1987، م.ه.ابرامز : المدارس الحدیپه‌ فی معجم المصگلحات الادبیه‌:ت د.عبدالله الدباغ.
(6) مفاهیم نقدیه‌ ، رینیه‌ ویلك،ت: محمد عصفور ، 1987، لا 440.
( *) لێره‌دا من به‌رگری له‌ م سێ‌ وتاره‌ی ئه‌م نووسه‌رانه‌ ناكه‌م ، چونكه‌ له‌رووی زمان و هۆشمه‌ندیی ره‌خنه‌ییه‌وه‌ كێماسییه‌كی مه‌عریفی پێوه‌ دیاره‌ ، ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ ئه‌م وتاره‌ی من ته‌رخانكراوه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی ئاماده‌بوونی چه‌مكی ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د مه‌نتك.

د.فوئاد ره‌شید-7/6/2017




پرسەنامە … کارا فاتح

گەر ئەو دیوی پرسەنامە بخوێنینەوە، دەتوانین جگە لە ڕووکارە تەشریفاتی و موجامەلەیییەکەی، ئەم خەسڵەتانەی تری ببینین:

١- غەم و نیگەرانی

پرسەنامەكان دەربڕینی غەم و نیگەرانین بۆ كۆچكردوو، بەڵام ئایا غەم و نیگەرانی لە پرسەنامەدا دەتوانێت تەعبیر لە خۆی بكات؟ غەم لە دەروون\دڵ دایە، دەروونناسی دەڵێت، بۆ ئەوەی غەم لە دەرووندا زۆر پەنگ نەخواتەوە و مرۆڤ بەرگەی بگرێت، پەنا بۆ گریان دەبات، گریان نەفەسێكە بۆ سوككردنی غەمی ناو دەروون، ئەدەب و هونەریش بە ڕێگەی خۆیان غەمی ناو دڵ دەگۆڕن بۆ بەرهەم. پرسەنامە نە گریانی مرۆڤێكی ئاسایییە، نە بەرهەمێكی هونەری و ئەدەبییە، بۆیە ئەو غەم و نیگەرانییەی بەیانی دەكات، تەنها نماییشییە، نماییشێك جارێك دەبێتە چالاكییەك بۆ خاوەن پرسەنامە و بوونی نماییشیی خۆی تێدا دەردەخات، جارێكیش كە غەم و نیگەرانیی نماییش دەكات، دڵتەنگی لە ڕەهەندی ئەنتۆلۆجی بەتاڵ دەكاتەوە و دەیكاتە كاڵا، كاڵای ڕاگەیاندن و بۆنەكان، كە غەم بوو بە كاڵا فڕێ دەدرێت و بیر دەچێتەوە، بۆیە غەم و نیگەرانیی ناو پرسەنامەكان، دروستكراو و درۆ زیاتر نیین.

٢- سڵاو:

پرسەنامەكان سڵاو دەنێرن بۆ گیانی مردوو، سڵاو چییە؟ مردوو یان گیانی مردوو چ پێویستی بە سڵاوە؟ سڵاو بۆ ئەوەیە بە ڕوویەكی خۆش و كراوە و سیمایەكی ئاشتیخوازانەوە بە ئەوی تر بگەیت، كە مردن پێوەندیی كەسێك بە ژیانەوە دەپچڕێنێت، چۆن دەتوانین بە سڵاوكردن لێی كراوەیی و ئاشتیخوازیی خۆمانی بۆ دەربخەین. سڵاوكردن نامۆیی و زبریی پێوەندیی نێوان سڵاوكەر و سڵاولێكراو هێور دەكاتەوە، بەڵام پێوەندیی ئێمە و مردوو پچڕاوە، ئیتر سڵاوكردن بۆ چییە؟ بۆیە سڵاوی ناو پرسەنامەكان وەك وشەیەكی بێ ناوەرۆك و بێ مانایە و ناگاتە جێ‌، هەر هیچ نەبێت سڵاو ڕەقی و ناخۆشیی ناو پێوەندییەك كەمێك نەرم و سازگار دەكاتەوە، ئەی سڵاو بۆ مردوو چی دەكات؟

٣- ڕێز:

پرسەنامەكان بە دەنگی بڵند ڕێز لە مردوو دەنێن، بەڵام ئایا دەربڕینی ڕێز بۆ مردوو، مرۆڤدۆستی دەگەیەنێت؟ ڕێزگرتن لە مردوو، گەر مجالەمە و ساختەكاریش نەبێت، لە بریی ڕەوشتێك بۆ دەرەوە و ئەوانی تر، بۆ ناوەوەی مرۆڤ ئاراستەی دەكرێت، واتە ڕێزگر تەنها دەروونی خۆی پێ ئاسوودە دەكات و دەیەوێت ویژدانی ئازار نەچێژێت، بۆیە ئەمە مەرج نییە مرۆڤدۆستی بگەیەنێت، بەڵكوو زۆر جار ڕێزگرتن دەگۆڕێت بۆ دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ ناوەرۆكە، یاخود بێنرخكردنی ناوەرۆكە، چونكە دروشم هەوڵ دەدات، پەیام لە ئاستی قسەدا بهێڵێتەوە و نەگۆڕێت بۆ كردار، دروشم پەرۆشی و ڕۆحی جیدیەت دەكوژێت، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی پرسەنامە بە دروشمكردنی پەیامەكانە لە ژێر ناوی ڕێزلێگرتندا.

٤- داواكاری:

پرسەنامەكان هەمیشە داواكارییان تێدایە، جارێك بە زمانی دینی داوا دەكرێت كۆچكردوو جێگەی بەهەشتی خودا بێت، جارێكی بە زمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی داوا دەكرێت و ڕێچكە و ڕێبازەكەی بەرنەدرێت و سوور بن لە سەر بەرنامە و خەباتەكەی.
داواكاری بە زمانی دینی و ئایدیۆلۆژی زۆر جار، سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت، تەنها دوعا دەكات، نەك كار بۆ ئەو داوایانە بكات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، لەبریی ئەوەی بیر لە مردن بكەنەوە، خواست بۆ مردوو هەڵدەڕێژن، لە بریی ئەوەی ڕەهەندی بیركردنەوەی دونیایی بەهێز بكەن، ڕەهەندی میتافیزیكی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ تۆخ دەكەنەوە.
ئەمانە هەندێك بوون لە دیوە نەبینراوەكانی پرسەنامەكان، كەواتە ئای لە گەوجیی ئەوانەی حیسابی گەورە و ئومێدیی مەزنیان بە درێژی و كورتی، یان گەرمی و ساردیی پرسەنامەكان هەیە!




بۆچی پێویستە پشتیوانی لە جیابونەوەی کوردستانی عێراق بکرێت؟ … حەمید تەقوایی

سیما بەهاری: بەم دوایانە مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند کە بە زوویی لە پێناو جیابونەوەی کورستان لە عێراق ڕیفراندۆم ئەنجامدەدات. لەداوی هێرشی دەوڵەتی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ڕوخانی حکومەتی ناوەندی، کوردستانی عێراق لەڕوی وابەستەیی بە عێراقەوە لە سەربەخۆییەکی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی بەرفراوان بەهرەمەند بوو.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا نەخشە و داواکاری ڕیفراندۆم بۆ جیابونەوە لە عێراق دەتوانێت چ مانایەکی هەبێت؟

حەمید تەقوایی: ئەم خواستە هەروەک کە ئاماژەت پێدا مەسعود بارزانی ڕایگەیاندوە. ئەو پێشتریش چەندجار ئەم بابەتەی هێناوەتە کایەوە بەڵام ئەمە بۆ یەکەمجارە کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار یانی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لەم بارەیەوە هاوڕابن. ئەمجارە مەسەلەکە بەشێوەیەکی بەرجەستەتر و بە هاوڕاییەکی زیاترەوە لە نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراقدا هاتۆتەوە ئاراوە. لە ڕوانگەی ئەم حیزبانەوە پرسی جیابونەوە، هەرچەندە کە بەمشێوەیە ناوی دەبەن، کارتێکە بۆ گفتوگۆ و سازش و ڕێکخستنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و هەروەها دەوڵەتانی تری ناوچەکە. بۆ ئەم حیزبانە پرسی جیابونەوە دەسکێکی فشارە لە پێناو بەدەستهێنانی بەشی زیاتر لە دەسەڵاتدا، و لەپێناو ئەوەی کە هەرچی زیاتر میلی تەرازوەکە لە قازانجی حکومەتی هەرێم و قازانجی خۆیاندا بشکێننەوە و قورستری بکەن. هەڕەشەی جیابونەوە زیاتر مانۆڕێکی دیپلۆماسی و تاکتێکی ئەحزابی ناسیونالیستی دەسەڵاتدارە لە پێناو بەدەستهێنانی زیاتری دەسەڵات و بەهێزکردنی جێگاوڕێگای خۆیان لە حکومەتی هەرمێدا. هەڵبەتە ئەو ئەگەرەش هەیە کە ئەم جارە بە واقعی ریفراندۆم ئەنجامبدرێت بەڵام ئەو ئەگەرە بەهێزترە کە ئەمجارەش بابەتەکە لە ئاستی مانۆڕێکی سیاسی و دیپلۆماسی واوەتر نەڕوات.

ئەم “دیبلۆماسیەتی جیابونەوەیە” بەپێی هەلومەرجی تایبەتی عێراق مانا پەیدا دەکات. ئێستا دوای ‌هێرشی یەکەمی ئەمریکا (جەنگی کەنداو) ئەوە بۆ ٢٥ ساڵ دەچێت ئەحزابی ناسیونالیستی لە کوردستانی عێراقدا دەسەڵاتدارن و بەم پێیەش ئەو باسە کلاسیکەی کە گوایا جیابونەوە خواستێکە بۆ لابردنی ستەمی میللی، وە لە دیدگای بۆرژوازی یان ناسیونالیستەکانی بەناو میللەتە ژێردەستەکان، بۆ بەهرەمەندبون لە بازاڕ و وڵاتی خۆ و گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، ئیتردروست نییە.

تا ئەو شوێنەی کە بە ستەمی میللی دەگەڕێتەوە لەو ماوەیەدا کە ئەم حیزبانە دەسەڵاتداربون تەقریبەن شوێنەوارێک لە ستەمی میللی نەماوەتەوە. خەڵکی کوردستانی عێراق بە زمانی دایکی خۆیان ئەخوێنن، میدیاکان، ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکان، ڕادیۆ وتەلەفیزیۆن و ‌چەندانی تر هەموی بە زمانی کوردییە، خەڵک لە پەیوەند بە ئەنجامدانی مەراسیم و نەریت و فەرهەنگ و پۆشینی جلوبەرگی خۆیان لەژێر هیچ فشارێکدا نین، وە لە ڕوی ئابوریشەوە لە چاو سەرجەم خەڵکی عێراقدا لەهەلومەرجێکی خراپتردا نین. حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان ئێستا گەیشتون بەدەسەڵات و سەروەت وسامانێکی زۆر، هەر ئەو ئامانجەی کە بە گشتی حیزبە ناسیونالیستیەکان لە ژێر ناوی سەربەخۆییدا دەیانەوێ پێی بگەن، ئێستا بە دیهاتوە. لەبەر ئەوە نابێت مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە چوارچێوە کلاسیکیەکەی ڕوبەڕوبونەوەی ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەبدا ببینین. تا ئەو شوێنەی کە بە حیزبە ناسیونالیستیەکان دەگەڕێتەوە هەروەک وتم هێنانەئارای پرسی جیابونەوە باسێکە کە ئەوان لە پێناو بەدەستهێنانی پێگە و بەشی زیاتر لە دەسەڵات و بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی ئابوری و سیاسییەوە ئیمتیازاتی زیاتری پێ بەدەستبهێنن.

سیما بەهاری: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە ساڵی ١٩٩٥ دا واتە بیست ساڵ زیاترە کە خواستی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق پێشنیار دەکات. هۆکاری بەرگری حیزب لە خواستی جیابونەوە چییە؟

حەمید تەقوایی: لە بنەڕەتدا مەسەلەکە ئەوەیە کە لەکوردستانی عێراقدا دوای هێرشی ئەمریکا هەلومەرجێکی تایبەت هاتەئاراوە، سەرگەردانی و پاشاگەردانیەکی سیاسی و ئابوری دروستبوو کە کاریگەربوو لەسەر قوڵکردنەوەی دوژمنایەتی و ڕق وکینەیەکی مێژویی کە ناسیونالیزمی کورد وعەرەب لە نێوان خەڵکدا دروستیانکردبوو. ئەگەر لە یادتان بێت لەو سەردەمەدا هێزە ناسیونالیستیە کوردیەکان پشتیوانیان لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق کرد و لەژێر چاودێری ئاسمانی ئەمریکادا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە دروستکردنی حکومەتی هەرێمی و خودموختاری خۆیاندا لە کوردستانی عێراقدا کە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆ بوولە دەوڵەتی عێراقی لاوازبوو. دوای هێرشی دوەمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا ئاڵۆزتر و زیاتر و زیاتر تێکچوو، شیرازەی کۆمەڵگا لە بەریەکهەڵوەشا و بارودۆخێک هاتە ئاراوە کە جۆرەها دارودەستەی ئیسلامی و قەومی کەوتنە گیانی یەکتر و تا ئەمرۆش ئەم کارەساتە بەردەوامە.

دەستەواژەیەک کە ئێمە بۆ پێناسەی بارودۆخی عێراق بەکاریدەهێنین “سیناریۆی ڕەش”ە. ماوەیەکی زۆر پێش ئەم بارودۆخە لە عێراقدا، مەنصور حیکمەت لە وتارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران دەستەواژەی سیناریۆی ڕەشی بۆ کۆمەڵگایەک بەکارهێنا کە بەهۆی بارودۆخی سیاسی جۆربەجۆرەوە ڕژێمەکەیان لەبەریەک هەڵدەوەشێت، بارودۆخی ئاسایی و پێناسەکراو لەدەستدەدەن، ناسیونالیستەکان و دەستەوتاقمی قەومی و دینی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەمارگیری میللی و قەومی و مەزهەبی بەردەبنە گیانی یەکتر، و کۆمەڵگە دەگۆڕێت بە مەیدانی شەڕ وململانێی ئەم هێزە کۆنەپەرستانە. بارودۆخی عێراق لە دوای هێرشی دوەمی ئەمریکا ڕێک نیشاندەری بونی سینارێۆی ڕەشە. دیارە کاتێک کە مەنصور حیکمەت ئەو باسەی هێنایە ئاراوە هێشتا هێرشی دوەمی ئەمریکا بۆسەر عێراق ڕوینەدابوو بەڵام دوای ئەو هێرشە باردۆخێک لە عێراقدا هاتەئارەوە کە ڕێک مەنصور حیکمەت پێشبینی کردبوو.

بە جیابونەوەی کوردساتنی عێراق لە ڕوانگەی جەماوەری خەڵکەوە ئەم بارودۆخە جێگاوڕێگایەکی تر پەیدادەکات. ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دوو دەیەی دوایی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی عێراقی لە بنەڕەتەوە لە بارودۆخی بەشەکانی تری عێراق جیاکردۆتەوە، وە هەر بەو دەلیلەش هەلومەرجی خەبات و هاوسەنگی هێز و گرفتەکانی خەڵک لەو دوو بەشە، سەرەڕای ئەوەی لە چوارچێوەی یەک وڵاتدان، بەتەواوی لەیەکتر جیاوازە. ئەوە دوو دەیە زیاترە کە دەردەسەریەکانی خەڵکی سلێمانی و هەولێر و شارەکانی تری کوردستان لێکچویەکی ئەوتۆیان لەگەڵ شارەکانی تری عێراقدا نییە.
وە ئەم جیاوازیەش هەر ڕۆژە زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت. خەڵکی شارەکانی بەغدا و بەسرە و موسڵ نەک تەنها هەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەڵکو لەوە گرنگتر بە جۆرەها دەستەو تاقمی ئیسلامی – قەومی کە جیابەجیا کەوتونەتە گیانی یەکتر و خەڵک ڕوبەڕون. بەڵام لە کوردستانی عێراق ئەم بارودۆخ و سیناریۆی ڕەشە لە ئارادا نییە. کێشەی سەرەکی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێراق حکومەتی حیزبە ناسیونالیستیەکانە. حکومەتی هەرێم کە لە کوردستانی عێراق دەسەڵاتدارە حکومەتێکە کە بەتەواوی گەندەڵکارە و دز و پشتبەستووە بە کۆنەپەرسترین سیاسەتی هەڵاواردنی قەومی وناسیونالیستی و ڕەگەزی و ئیسلامی. لە لایەکەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان هاوشێوەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران پلەو پایە و پۆستە حکومەتیەکانیان لە نێوان دارودەستە و لایەنگرو ئاغاکانی خۆیاندا دابەشکردوە، دەستیانگرتوە بەسەر سەروەت وسامانی کۆمەڵگەدا و پارە و سەروەتەکانیان زیاتر و زیاتر دەبێت ولە لایەکی تریشەوە لە کۆمەڵگادا هەژاری و بێکاری و بێمافی داد وبێدادیەتی. بۆ نمونە چەندین مانگە تەنانەت کرێ و موچەی کارمەندانی حکومەتیان نەداوە و ناڕەزایەتی گەورە وبەرفراوان دژ بەو باردوخە لە کۆمەڵگادا شکڵی گرتوە.

بەمانایەکی تر لە کوردستانی عێراقدا بارودۆخێکی هاوشێوەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ئارادایە، حکومەتێکی گەندەڵ و دژە مرۆیی وە خەڵکێکی ناڕازی و توڕە لەو حکومەتە. لەم دوو دەیەی دوایدا، لە کاتێکدا کە لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژ بەرۆژ ڕەشتر و شێواوتر دەبێت و هێزە قەومی و ئیسلامیەکان، کە داعش دواین نمونەیانە، پەرتەوازەتر دەبن، بارودۆخی کوردستانی عێراق هەرچی زیاتر بە ئاڕاستەی قوڵبونەوەی ململانێی چینایەتی و توندبونەوەی ڕوبەڕوبونەوەی خەڵکی کوردستانی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم وەرچەرخاوە.

لەبارودۆخۆکێکی ئاوادا خەڵکی کوردستان بە جیابونەوەیان لە عێراق لە بارودۆخیکی باشتر و یارمەتیدەر بەهرەمەند دەبن لەپیناو خەبات لە ڕاستای بەدیهێنانی خواستە ئینسانیەکانیاندا. بەتایبەتی تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ڕوبەڕوبونەوەیە لەگەڵ حکومەتدا بارودۆخەکە لە قازانجی خەڵک دەگۆڕێت. ئەگەر گومان نەکەم ساڵێک لەمەوپێش بوو کە خەڵکی سلێمانی لە ناڕەزایەتیەکانیاندا دژ بە حیزبە دەسەڵادارەکان بە شێوەیەکی سیمبولیک حکومەتیان خستە ناو تابوتێکەوە و بەخاکیان سپارد. خەڵک بەشێوەیەکی بەرفراوان لە حکومەت بێزارن بەڵام ڕوخاندنی حکومەتی هەرێم، حکومەتێکی ناوچەیی کە جوگرافیایەکی سیاسی سەربەخۆی نییە و بەشێکە لە وڵاتێکی تر، مانایەکی ئەوتۆی نییە. کاربەدەستێک وە یان دەسەڵاتداری هەرێمێک کە هەرچەندێکیش خودموختار بێت، ناتوانرێت بڕوخێنرێت.

لە بارودۆخی ئێستادا هەرجارێک خەڵک ناڕەزایەتی ئەنجامدەدن حکومەتی هەرێم حکومەتی ناوەندی پیشاندەدات کە بودجە نانارێت و بەشی ئێمە لە پاری فرۆشتنی نەوت نادات و چەندانی تر، وە ئەگەر موچە نادریت و هەژاری وبێکاری و خراپی باری ئابوری هەیە ئەوە کەمتەرخەمی حکومەتی ناوەندییە. لە لایەکی ترەوە حکومەتی ناوەندی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوە حکومەتی هەرێمە کە بەرپرسە لە نەهامەتیەکانی خەڵک لە ناوچەکانی کوردستاندا. پێویستە ئەم بارودۆخە بە جیابونەوەی کوردستان کۆتایی پێبهێنرێت. لە کوردستانی سەربەخۆدا، وەک هەر کۆمەڵگایەکی تر کە لەوێدا چەوساندنەوە و هەڵاواردن و بێمافی بێئەندازەیە، خەبات لەپێناو ڕوخاندنی حکومەتدا مانای سیاسی وبابەتیانە وزەمینەی خۆی پەیدا دەکات. لە دەوڵەتی کوردستاندا و بەدەر لە بارودۆخی سیناریۆی ڕەش لە عێراقدا، خەباتی خەڵک دەتوانێت ئامانجیکی ڕون و ڕۆشن پەیدا بکات، قوڵبێتەوە، و جەمسەربەندی نێوان خەڵک و حکومەت شێوازێکی ڕۆشن ودیاری وەک ڕەش و سپی بەخۆیەوە بگرێت.

لە ئێستادا واقعیەت ئەوەیە کە لە کوردستانی جیانەبوەدا سەربەخۆ لەوەی کە حکومەتی هەرێم چ جۆرە پەیوەندیەکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هەیە، هۆکاری نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستانی عێراق حکومەتی حیزبە ناسیونالیستیەکانە. زیاتر لە دوو دەیەیە کە ئەم حیزبانە دەستیان لەهەر بەرپرسیاریەتیەک لەبەرامبەر ژیانی خەڵک کێشاوەتەوە و لەگەڵ بێزاری وڕق و ڕوو وەڕێگێڕانی خەڵک لێیان ڕوبەڕون و بە بۆچونی من دەلیلێکی بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆیی لەلایەن ئەوانەوە، سەرڕای لایەنە تاکتیکیەکانی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، هەوڵدانە لەپێناو دەرچون لەو بنبەست و بارودۆخە قەیراناویەی حکومەتەکەیان. لە کاتێکدا مەسەلەکە بەپیچەوانەوەیە. لە کۆتایدا جیابونەوە جێگەوڕێگای حیزبە ناسیونالیستیە دەسەڵاتدارەکان لاواز دەکات. جوگرافیای سیاسی سەربەخۆ بەهانەی “حکومەتی ناوەندی” لە ناسیۆنالیستەکان وەردەگرێتەوە و لە دیدگا و لەبەرچاوی خەڵکدا ئەوان بە ناونیشانی بەرپرسی ڕاستەوخۆی گرفت و نەهامەتیەکانی کۆمەڵگە سەیردەکرێن.
بەم دەلیلانەیە کە ئێمە لە جیابونەوەی کوردستانی عێراق پشتیوانی دەکەین و لەوباوەڕەداین کە پێویستە هیزە کۆمۆنیست و چەپ و هێزە مەدەنیەکان لە کوردستان خوازیاری جیابونەوە بن.

سیما بەهاری: وڵاتانی ناوچەکە و دەوڵەتی ئەمریکا چۆن بەرخورد بە پرسی جیابونەوەی کوردستان دەکەن؟ هەڵوێستیان چی دەبێت؟

حەمید تەقوایی: ئەو وڵاتانەی کە بە پرسی کورد ڕوبەڕون – تورکیا و ئێران و سوریایە ¬¬¬¬¬– بە دڵنیایەوە دژی جیابونەوەی کوردستانی عێراقن. ئەوان نیگەرانی ئەوەن کە جیابونەوەی کوردستانی عێراق ببێتە نمونەو ئەڵگۆیەک بۆ هێنانەئارای جیابونەوەی کوردستان لە وڵاتەکانی خۆیاندا. لەم ڕوەوە بەتەواوی ئەوە ڕۆشنە کە دەوڵەتانی ناوچەکە دژ بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستانی عێراق و جیابونەوەی دەبن. بەڵام لە سەر یەک ئاستی ستراتیژیتر و گشتی ترهێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق وە بارودۆخێکی شێواو و بێسەروبەرە کە دروست بووە دروستبونی وڵاتێکی کوردنشینی زیاتر لە ڕابردوو لەسەر ڕوی نەخشەی جوگرافیای ناوچەکە فەراهەمکروە.

ئەو ئەگەر و گریمانەیە لە ئارادیە کە عێراق وە تەنانەت سوریاش بەشیوەی یەک وڵات نەمێننەوە. دەوڵەتی ئەمریکا لە سەردەمی بۆشدا دەمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دەکوتا کە لە چوارچێوەی ئەم پێشنیارەدا ئەگەر وگریمانەیەک دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ ناوچەی کورد و سونی و شیعە نشیندا. ئەم پێشنیارە لە ئاستی گریمانەیەک واوەتر نەچوو بەڵام جوگرافیای سیاسی ناوچەکە تا ئێستا ناڕۆشنە و یەکلانەبۆتەوە. ئەمرۆ ئەو پرسەی کە چارەنوسی سوریا دوای ئەسەدیش چی بەسەردێت هاتۆتەسەر بارودۆخە ئاڵۆزەکە. لە هەلومەرجی ئێستادا حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریادا دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرتوە و تا ڕادەیەکی زۆریش حسابی خۆیان لە دەوڵەتی ناوەندی جیاکردۆتەوە. لە سوریادا بەهەمانشێوە جیاوازی هەلومەرجی سیاسی لە نێوان ناوچە کوردنشینەکان و هەلومەرجی سینارێۆیەکی ڕەش کە لە باقی شارەکانی تری سوریادا هەیە زیاتر بەرفراوانتر دەبێت.

ئەم بارودۆخە بەبەرارد بە سەردەمی پێش هێرشی ئەمریکا بۆسەرعێراق، بەتەواوی تازەیە. لەم چوارچێوەیەدایە کە پرسی کورد دورنمایەکی تری بەخۆوە گرتوە و جیابونەوە و سەربەخۆیی لانی کەم بە ناونیشانی یەکێک لە ئەگەرەکان دێتەپێشەوە. بە تایبەتیش ئەمرۆ دوای هاتنەسەرکاری ترامپ حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان پێیان وایە کە دوبارە دەتوانن پرسەکە بهێنەوە ئاراوە و مومکنە لە پشتی پەردەوە چرای سەوزیان بۆ هەڵبکرێت. تەنانەت ئەگەر بەمشێوەیش نەبێت لەم چوارچێوەیەدا کە وتم پرسی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە بەگشتی کراوەیە و لە ژیر پرسیاردایە و کەس نازانێت بارودۆخی عیراق چی بەسەردێت وە یان جەنگی ناوخۆی سوریا بەچ ئەنجامێک دەگات. بەپێی ئەم زەمینەیەیە کە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی بەهاوبەشی دەم لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکوتن و ئەم پرسە دەبێتە جیگای باس و گفتوگۆیەکی بەربڵاو لە ناو هێزە سیاسیەکانی ناوچەکەدا.

سیما بەهاری: ئایا پێت وانییە کە بونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە گشتی ناسیونالیزمی کورد لە ناوچەکە و بەدیاریکراویش لە ئێراندا بەهێز دەکات؟

حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من بە پیچەوانەوەیە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە حیزبە ناسیونالیستیەکان بە خێرایی دەستیان بۆ خەڵک ئاشکرا ببێت. ئەزمونی کوردستانی عێراق تا ئێستا ئەوەی نیشانداوە. حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان تا پێش گەیشتنیان بە دەسەڵات بانگەشەی زۆریان هەبوو لەسەر بنەمای ئەوەی کە لە پێناو جەماوەری خەڵکدا خەبات و تێکۆشان دەکەن، لە پێناو مافی کورد و کۆتایهێنان بەستەمی میللی خەبات دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان مافەکانیان بەدەستبهێنن و ئازاد ببن و هتد. بەم بانگەشە و دروشمانە هەژمون وپێگەیان هەم لەناو کۆمەڵگا وە هەم لە ناو خەڵکدا بەدەستهێنابوو. بەڵام ئەمرۆ لە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم پوچی و ڕیاکاری ئەم بانگەشە و دروشمانە بۆ جەماوەری خەڵک، لە کوردستانی عێراق و ولاتانی تر، بەتەواوی ئاشکرا بوە. بۆ بەشێکی بەرفراوانی خەڵک ڕۆشن بۆتەوە کە کوردایەتی ناسیونالیستەکان و بەرگریان لە خەڵکی کورد و مافی کورد مانا واقعیەکەی گەیشتن بوو بە دەسەڵات و سەروەت و تاڵانکردنی خەڵک، ئەم جارە لە ڕێگەی ناسیونالیزمی “خۆماڵی” یەوە، خەڵکیان لەبەردەم چنگاڵی هەژاری و بێمافیدا بەرەڵاکرد. ئەم ئەزمونە لە کوردستانی عێراقدا لە پێش چاوی هەموانە. بەم پێێە بەوشێوەیە نییە کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ ببێت ناسیونالیزمی کورد بەهێز دەبێت وە یان هەژمونی زیاتر بەدەست دەهێنێت، بە پێچەوانەوە ڕیسواتر و بێئابڕۆتر دەبێت.

ئێمە هەمیشە گوتومانە کە چەوساندنەوەی میللی، ستەمی میللی و کێشەی میللی پەردەیەکی شاردراوەیە کە واقعیەت لە پێش چاوی خەڵک دوردەخاتەوە و مۆڵەت دەدات بە ناسیونالیستەکان کە بانگەشەی ئەوە بکەن و بلێن کە ڕیشەی هەموو کیشە وگرفتەکانی خەڵک چەوساندنەوەی میللی و ناسیونالیزمی باڵادەستە وە ئەگەر دەستی دەوڵەتی ناوەندی کۆتا بکرێت هەموو گرفتەکان چارەسەر دەبن و کۆمەڵگە دەبێتە گوڵزار. ئەم بانگەشانەی ناسیونالیزمی کورد لە ئۆپۆزیسێۆن بونیدا، کاتێک کە بە دەسەڵات دەگەن لە کوردستانی عێراق لە ئاستێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتیدا بێ ئیعتیبار دەبن، ئەم پەردە شاراوەیە دەچێتە کەنارەوە و واقعیەتی هەڵاواردن و جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا، قڵشتی نیوان یەکدەرسەدیەکانی دەسەڵاتدار و جەماوەری خەڵکی هەژار، ڕاست وئاشکرا خۆی نیشان دەدات. زەمینە لە پێناو درککردنی ئەو واقعیەتە بە تەواوی فەراهەم دەبێت کە ناسیونالیزم و کوردایەتی بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژیە و لە خزمەت چینی سەرمایەداردایە. ئەمە ئەو ڕاستیەیە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان بەردەوام جەختی لێدەکەینەوە و بۆ خەڵکی ڕۆشندەکەینەوە بەڵام کاتێک ئەزمونی مێژویی لە چەشنی دەسەڵاتی حیزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستانی عێراق دروست دەبێت بە شێوەی ئۆبجەکتیڤ و پراکتیکی بۆ بەشێکی بەرفراوان لە خەڵک ڕۆشندەبێتەوە کە سەرمایەدار “خۆماڵی” و “دەرەکی یا ناخۆماڵی” نییە و حیزبی ناسیونالیستی “خۆماڵی” کاتێک بە دەسەڵات دەگەن لە دزیکردن و تاڵانکردن و سەپاندنی هەژاری و بێمافی بەسەر جەماوەری خەڵکدا هیچیان لە ناسیونالیستەکانی تر کەمتر نییە. هەموو لەوە تێدەگەن کە کۆمەڵگە دابەش دەبێت بەسەر چینەکاندا نەک بەسەر میللەتەکاندا.

سیما بەهاری: وەک دوا پرسیار ئایا ئێوە هیچ پێشمەرجێک یان داواکاریەکی دیارکراوتان هەیە سەبارەت بە پشتیوانی لە خواستی خەڵکی کوردستانی عێراق لە پیناو جیابونەوەدا؟

حەمید تەقوایی: تا ئەو کاتەی کە پەیوەستە بە ڕیفراندۆمەوە هیچ پێشمەرجێکی بابەتی بونی نییە. ڕیفراندۆم سەبارەت بە یەک پرسیاری سادەیە کە ئایا دەتەوێ لە عێراق جیابیتەوە یان نەخێر. وەڵامی ئێمە بەم پرسیارە پۆزەتیڤە و بە بەڵێیە. ئێمە داوادەکەین کە خەڵکی کوردستانی عێراق بە جیابونەوە دەنگ بدەن. لە هەمانکاتدا ئێمە خوازیاری دروستبونی دەوڵەتی کوردی وە یا حکومەتی کوردی نین بەڵکو خوازیاری دەوڵەتی کوردستانین کە پێکهاتوە لە هاوڵاتیانی ماف یەکسان. لە کوردستانی سەربەخۆدا هەموو خەڵک، چ خۆیان بە کورد بزانن وە چ بە عەرەب و تورکمان و یان هەر میللەتێکی تر پێویستە لە سەر هەموو ئاستەکان لە مافی یەکسان بەهرەمەندبن. دیارە ئەمە پێشمەرجی ڕیفراندۆم نییە بەڵکو پێویستە ببێتە گۆشەیەکی بانگەشە و هوشیارکردنەوە بۆ کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم.

ئێمە خوازیاری کوردستانێکین کە لەو کۆمەڵگایەدا هەلومەرجی خەبات و تێکۆشان لە پێناو ڕزگاری لە دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار بە باشترین شێوە فەراهەم ببێت. سەرئەنجام ڕزگاری خەڵکی کوردستان هاوشیوەی سەرجەم وڵاتانی تر، لە کۆتایدا بەیەکلایبونەوە لەبەرامبەر بۆرژوازی خۆماڵی “خودی” و گەیشتن بە یەک کۆمەڵگای سۆسیالیستی فەراهەم دەبێت. هەمیشە ئەم ڕاستیە بەشێک لە بانگەشە و هوشیارکردنەوەی ئێمە بوە و ئەمرۆ بەتایبەتی پێویستە کۆمۆنیستەکان لە کوردستانی عێراقدا جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە سەربەخۆیی کوردستان هەنگاوێکە بەرەوپیشەوە لە ڕاستای خەبات بۆ گەیشتن بەیەک کۆمەڵگای ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانی سۆسیالیستی.

٢٧ /٤/٢٠١٧
* ئەم بابەتە چاوپێکەوتنێکی سیما بەهاریە لە تەلەفیزیۆنی کەناڵ جەدید لەگەڵ حەمیدی تەقواییدا و دواتریش کراوەتە نوسین و لە ئەنتەرناسیوناڵی ژمارە ٧٠٧ دا بڵاوکراوەتەوە.
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: هیوا ئەحمەد




زستان وەرزی خەمانە … جەلال بەرزنجی

بەرای من دووجۆر نووسەر هەن، بۆ نوسین پشت بە هێزی خەیاڵ دەبەستن، دەتوانین جیمس جۆیس و مارسێل برۆست بە نمونە بۆ ئەم جۆرە نووسینە بهێنینەوە. جۆری دووەم دەبێت نووسەرەکە ئەزموونی ژیان بکات بۆ ئەوەی بیکاتە بناغەی نووسین، وەک ئارنست هێمنگوای و پاولۆ کۆیلۆ. من هەست دەکەم لە جۆری دووەمیانبم. بۆیە هەیشە بەدوای ئەزموون و یادەوەری نوێدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بیانکەمە بناغەی نووسین، بۆ ئەم مەبەست، زستانی ٢٠٠٨چوومە (داسن) لە باکووری گۆی زەوی. ئەو ئێوارەی گەیشتم ، پلەی گەرما ٧٠ لە ژیر سفر بوو.پێشتر سەرمای وام نەبینی بوو. زۆربەمان لە ژیاندا گەشت دەکەین، رەنگە حەزنەکەین هەندێکیان تەواوبکەین، ئەوگوشتەم یەکێک بوو لەوانەی حەزم نەدەکرد تەواوی نەکەم،بەڵام نوسین سەبری پێ دام وتەواوم کرد. ئەو ئەزموونە بوویتە کتاب، ئامادەیە بۆ چاپ. هیوادارم بە دەردی (پیاوە بێجامە شینەکە) نەچێت،بەکوردی پێش ئینگلیزی بڵاوبێتەوە.
دڵشاد عەبدوڵای‪ ‬شاعیر‪,‬لە کوردستان بەو هەواڵەی زانی، شیعرێکی جوانی بەناوی” مردنی گۆرانی بێژ” لە سەر ئەو گەشتەم نووسی. ئەم شیعرە لە داسن لە دوای خوێندنەوەی شیعرەکەی ئەو لە دایک بوو.
دوای هەندێک دەستکاری جارێکی دی بڵاوی دەکەمەوە.

زستان وەرزی خەمانە

هۆ برادەر،
بۆئەوەی بگەڕێینەوە پێش دووری کەوتنەوە لە ماڵەوە
جارێکی تر
بەخۆمان بن کەوشێک لەکتاب
بە نەعلی ئتسفەنج
و کراس و شەرواڵ
رۆژانی هەینی بچینە پارکی کوران بۆ سەعی
تا تۆ ببیتە ئەندازیاری کشتوکاڵ
لە باخی کەلەکی یاسین ئاغا
بە بینینێکی جیاواز لەوەی لە زانکۆ فێری بووی
درەخت ببیبنیت
شەوان گوێ لە بەربوونەوەی ترپەی هەڵوژەی گەیوو بگریت
دەست لە سنگ ومەمکی ئەودارانە وەردەیت
کە دەست نۆێژمان لێیان ناشکێت
منیش ببم بە مامۆستا
بچمە سکتان
سەمای بەفری ئێواران بنووسم
پایزانێش لە پرسەی درەختەکان دابنیشم
برادەر لەبیرمە
شەوان کاتی سەعی کردن لە سێتاقان
لەبەر گلۆپی سەر شەقام
حەزم دەکرد دەفتەری رەسم دەربێنم
رەسمی خۆرە نیوە عاسێ بووەکەی
گەڵی چیا
بە قەڵەم رەنگە کورتەکەم رەسم بکەم
هۆ برادەر
دەترسم ئێستاش ئەو خۆرە بەتەواوی لە چیاکانمان
هەڵنەهاتبێت
برادەر حەزم دەکرد لە هەولێرێ بام
یادی ئەو شەوانە بکەینەوە
لەکۆڵانە پڕ ترسەکانی هەشتاکان
بانگی شیعری جیاوازمان دەدا
یان لە هۆڵە شوشەکەی یانەی فەرمان بەران
دەزانم تەخت کرا
بەڵام نازانم ئێستا کراوە بە چی
زستانان لە دڵۆپە بارانی ئەو دیوی جامەکە وردبینەوە
هاوینانیش
لە باخچەکەی
لە ژێر دارکالیپۆزێک
هەست لە خشپەی باڵندەی ناوگەڵا بگرین
لە گەڵ کۆمەڵێک برادەر
رەنگە هەندێکیان نەمابن
هەندێکیشیان
دووڕیانەکانی سەر رێگای ژیان
یان شەڕەکان لێکیان کردبین
لە ترسی سیخورە کراس چوار بەرکەکان
بەچرپە باسی کوردایەتی بکەین
برادەر وەک تۆ دەڵێی
دەترسم تا من دێمەوە
کەسمان نەمێنێین
هێی برادەر
گەڕانەوەێکی زۆرمان لە پێشە
زەحمەتە من بە هەموویان رابگەم
برادەر
پشتم لە بەر خەمی ئەو هەموو گەڕانەوەیە چەماوەتەوە
دەزانم هەتا هەریەکەمان لە شوێنێک نەمرین گرفتی گەڕانەوەش چارە ناکرێت
برادەر
لە داسن
بەفر هێرشەکانی راناگرێت
لە داسن
هاوسێی ئاڵاسکام
تەماشام تای گرتووە
بووە بە چۆلەوانی
لێرە لەداسن
لە سەرمان هەموو شتێک شین دەنوێنێت
لێرە
هەستم پێش چوڵەکەکانی زێدم لە خەوهەڵدەستێت
برادەر
منی غەریب
کە نیشتمان تەنگ بوو
بۆ پیاسەی ئێوارانی شاعیران
لە شەڕ هەڵاتم
بەخۆم و جانتایێکی پڕلە نامەی گەچراوی زیندان
چارەنووسم دایە دەست قاچاغیان
بووم بە قەلقەلاشکێکی دەستی قەدەر
خانەنشینێکی تاراوگە
راست دەکەی برادەر
منیکی گەرماسێری و سەرمای ئالاسکای
ئەوسەری دنیا
کوجا مەرحەبا
وابزانم چوونم بۆ تاراوگەیێکی دوورتر
زێدەڕۆی بوو
بەڵام چی بکەم دەستی نووسینم شکاوە
برادەر
لەداسن
مالەکەم پەنجا مەترێک لە ماڵی جاک لەندەن دوورە
بیست مەتریکتش لە ماڵی ( سیرڤس)
بەفر بەراستی بەسەرهەموواندا دەبارێت
چوار تارمایم لێ دیارە
یەکیان لە ناو بەفر دەژیت
ئەوەی تریان لە ناوگیا
سێیەمینیان کراسێکی لە گەلای وەریوی لەبەرە
چواەمینیش
تاجێکی پوشی لە سەرە
هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین
زستان وەرزی خەمانە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خانوی برتن: پیر برتن نووسەرێکی بە ناوبانگی کەنەدایە، خانویێکی لە داسن هەیە،پێش ئەوەی بمرێت پێشکەشی کرد بە نووسەرانی نێونەتەوەیی کەنەدا. ئەوێش کردویەتی بە پرۆگرام هەر سێ مانگ جارێک نووسەرێکی ناسراو لە سەر ئەرکی خۆی بە بزنس کلاس دەنێرتە ئەوشوێنە بۆ نووسین.
* رۆمانووسی بە ناوبانگی ئەمریکی جاک لەندەن چوارساڵ بۆ نووسن لە داسن ماوەتەوە.
* شاعیری ناسراوی کەنەدی رۆبرت سێرڤس شەش ساڵ لە داسن ژیاوە.