بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە … بەشی دووەم …. هه‌رێم عوسمان


بەشی دووەم: رەخنە و هەڵسەنگاندن

یەکەم: رەخنەی رادیکاڵ:

نووسین وەک ئەگەری تێکست تەنیا بابەتێکی ناسین نییە، بەڵکو نیشاندانی راستی بوونە. لێرەوە تێکست لەسەر تاقیگەی خوێنەر بۆ پشکنین رانەوەستاوە، بەڵکو لەسەر پەیوەندی بۆ تیاژیان وەستاوە. لەبەرئەوەی نووسین وەک ئەگەری تێکست راستی بوونی تێدایە، ئەوا جۆری پەیوەندیمان راستی نووسین دەردەخات یاخود ونی‌دەکات. هاوکات تێگەیشتن سروشتێکی مرۆڤانەی هەیە، لێرەوە پەیوەندی واتا پەیدا دەکات؛ کاتێک نووسین لە تێگەیشتنەوە بۆ تێگەیشتنە(٤٨). تێگەیشتنی دازاین لە بوونی خۆی، بنەمای تێگەیشتنە لە نووسین. وەک هایدیگەر دەڵێت”تێگەیشتن لە جیهان بەردەوام تێگەیشتنە لە بوون-لەنێو. تێگەیشتنیش لە بوون تێگەیشتنە لە جیهان”(٤٩) کاتێک نووسین نایەتە دەنگ و رۆشننابێتەوە، مانای ئەوەنییە نووسین ناتێکستە، دەکرێت کێشە لە روانین و کەم ئاشنایی بخوێن لە خۆی و خۆی پەیوەست بەتیاژیانی لەناو نووسیندا بێت. هەروەک ڕۆشنبوونەوەی نووسین بەروانینی تێگەیشتنئامێزو تیاژیان و راڤەو بەشداریکردن و ناسینەوەی ئەزموونی بوون پەیوەستە.(٥٠) لەم روانینەوە رەخنەیەکی رادیکاڵ لەو دابڕان‌و کاردانەوانەی مێژووی رەخنە دەگرین، کە هەرجارەو یەکێک لەسێکوچکەکەیان مراندووە، لە کاتێکدا تێگەیشتنی هەریەکێکیان بێ ئەویدیکە نەکردەیەو لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوانیان رەخنە دەژی. هایدیگەر نموونەی گوتن و بیستن دێنێتەوە، کە دازاین دەبیستێت بۆیە تێدەگات، گەر نەبیستێت تێناگات، هاوکات گوێگرتن بە گرنگتر لە بیستن دەزانێت، لەبەرئەوەی تێگەیشتنی رەسەنانەی لێدەکەوێتەوەو تەنیا هەستکردن بە بیستنێکی دەنگەکانی سایکۆلۆجی نییە. خوێدنەوەی تێگەیشتن‌ئامێزیش پێویستی بە نزیکبوونەوەو ئارامی و نیشتەجێبوون هەیە، لەبەرئەوەی وەڵامی خوێنەری رەسەنی لێوە سازدەبێت؛ تێگەیشتن لە نووسین بنەمای وەڵامدانەوەی خوێنەرە. زۆر بنووسی‌و خێندنەوە(بەمەبەست بنووسی-خێندنەوە دانراوە) مەرجی تێگەیشتن نییە، بەڵکو چۆنێتی هاوبەشیکرن، تێداژیان و بەشداری ئەگەری تێگەیشتن زیاد دەکەن، وەک هایدیگەر دەڵێت”کەسێک هەموو شتێک ببیسێت بەڵام نەتوانێت لێیتێبگات. تێگەیشتن لە زۆرگوتن و زۆر بیستنەوەوه‌ پەیدانابێت”(٥١)لەبەرئەوە خوێندنەوەی رەسەنانە تێگەیشتنی رەسەنانەی لێدەکەوێتەوەو خوێنەر ئەوە لە بیر ناکات، کە لەگەڵ کێ(بەمەبەست دەق وەک کەس دانراوە) گفتوگۆ دەکات، هاوکات بخوێن و بنووسی نارەسەنیش وەک بابەت مامەڵە لەگەڵ زمان و نووسیندا دەکەن. لەبەرئەوە لێرەدا جیاکارییەکی دیکە لەنێوان نووسین و تێکستدا، بریتییە لە کێیەتی تێکست، بابەتێتی و چییەتی ناتێکست. لەکاتێکدا لە رەخنەی کۆندا زۆر کات وەک شت و بابەت لە نووسینیان روانیوە. دەکرێت بڵێین بەو جۆرە مامەڵەکردن لەگەڵ نووسین جۆرێکە لە روانینی میتایانە بۆ تێکست، واتە سەیری تێکست وەک بوون نەکراوە، بەڵکو وەک هەبوویەکی دەرەکی سەیری کراوەو هەوڵدراوە، بەناوی خوێندنەوەو راڤە داگیر بکرێت، یان داگیربکات(هۆکاری باڵادەستی نووسەرسەنتەری بۆ ئەم روانینە دەگەڕێتەوە). بەڵام لێرەدا پێمانوایە تێکست بابەت نییە و خودیش خود نییە، بەڵکو مرۆڤێکمان هەیە لەنێو تێکستدا دەژی. واتە وەک هایدیگەر دەڵێت مرۆڤ دۆڵاب نییە تاوەکو زانینی لەناودا هەڵبگیرێت، بەڵکو ئەو لەنێو جیهاندایە، هەروەک تێکستیش پاکەت نییە بە کردنەوەی، کەشفبکرێت.

١ـ نووسەرسەنتەری

تیۆرەو میتۆدە رەخنەییەکانی بواری لێکۆڵینەوەی تێکست، بەتایبەتیش تێکستی ئەدەبی گەلێک زۆرن. لەبەرئەوە بەپێی بایەخدانیان بە یەکێک لە سێکوچکەکە دابەشکراون، یاخود بەپێی دابەشکردنی نووسین بۆ ناوەوە/رووخسار- دەرەوە/ناوەڕۆک. یاخود میتۆدی رەخنەی تەواوکاری، کە ناوەوەو دەرەوە تێهەڵکێش دەکات(٥٢). لەم بەشەدا بە کورتی رەخنە لە هەندێک لەو میتۆدە بنەڕەتیانەی، کە سێکوچکەکەیان لەیەک دابڕیوە دەگرین.
لەسەردەمی کۆنەوە نووسین راستەوخۆ بە نووسەرەوە پەیوەستکراوە. بەتایبەت رۆمانسییەکانی سەدەی نۆزدە دۆخی ئەدەب‌و رەخنەی ئەدەبیان بە نووسەرو تێگەیشتن لە نووسەر دەزانی(٥٣). هاوکات میتۆدە سیاقییەکانی وەک دەروونگەرایی و بیۆگرافی، واقعی، بەهەمانشێوە کار لەسەر دەروون‌و ژیننامەو واقعی ژیان‌و ژینگەی نووسەر دەکەن(٥٤). ئەم میتۆدانە کاریان لەسەر دەرون و ژینگەی نووسەر بۆ تێگەیشتن لە تێکست دەکرد، بەپێچەوانەشەوە لە تێکستەوە ژینگەو دەروونی نووسەریان دەردەخست(٥٥). واتە ئەمسەرو ئەوسەری رەخنە لە تێگەیشتن لەنووسەردا کۆدەبووەوە.
ئەم جۆرە لە باڵادەستی نووسەر، سەرئەنجام کاردانەوەو رەخنەی لێگیرا. دەتوانین یەکەم رەخنەی رادیکاڵ لە ‘خودا مرد’ی نیتشەدا تێبینی بکەین(٥٦). گرنگی راگەیاندنی ئەم مەرگە پەیوەست بە نووسەرسەنتەری ئەوەیە، کە نووسەر وەک خواوەندێکی لێهاتبوو، هەموو شتێک لەلایەن ئەوەوەیەو بۆ هەموو شتێک دەبێت بۆ لای ئەو بگەڕێنەوە. لە فەلسەفەدا نیتشە بە کوشتنی خودا یان ‘خۆی’تازەگەری شۆڕشێکی بەسەر ‘نووسەرسەنتەر’یدا کرد.(٥٧) ئەم شۆڕشە رێگەی بۆ دەق‌سەنتەرەکان خۆشکرد بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەی نووسیندا بۆ نووسەر نەگەڕێنەوە، چونکە ‘نووسەر مردووە’ دەبێت بایەخ بە تێکست بدرێت. تێبینی دەکەین مەرگی ‘خودا-نووسەر-مرۆڤ’ پەرچەکردارن بۆ باڵادەستی و رەهایەتی ئەم هێزە، کە بەدرێژایی مێژوو هەیبووە. رۆلان بارت لەنووسینێکی خۆیدا بە ناونیشانی ‘مەرگی نووسەر-دانەر’ نموونەی بەلزاک دەهێنێتەوە، کە لەبارەی ژنێکەوە دەنووسێت‌و پەسنی دۆخی ژنێک دەکات. بارت لەو نووسینەدا کۆمەڵێک پرسیارو گومان دەخاتەڕوو، کە ئایا بەلزاک وەک نووسەرێک لەبارەی ژنێکەوە دەنووسێت، یان پاڵەوانی رۆمان، یاخود ئەزموونی سایکۆلۆژی دڵداری نووسەرە؟ بارت لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا مەرگی نووسەر رادەگەێنێت، چونکە لە نووسیندا ‘دەنگ‌وسەرچاوە’ لەناودەچن، لەبەرئەوە نووسەر ناتوانێت رۆڵێکی سەنتەری بگێڕێت، بەڵکو خودی تێکستەکە وەک جیهانێکی سەربەخۆ ئەو رۆڵە دەگێڕێت(٥٨). لێرەوە فرەدەنگی و فرەسەرچاوەیی دێتە ئاراوەو تاک نووسەری لەناودەچێت. ئەمە رەخنەیەکی رادیکاڵبوو ئاراستەی نووسەرسەنتەری کرد(٥٩). بەو پێیەی نووسەر ببووە خودایەک و هەموو زانینێک لەوەوە دەردەچوو.

لێرەدا تا ئەوشوێنەی، کە رەخنە لە نووسەرسەنتەری دەگیرێت وەک تاقانەو بیری تاقانەیی نووسەر رەخنەیەکی گرنگ و بنەڕەتییە، بەڵام کاتێک رەخنەگرتنەکە توندڕەوی تێدا دەکرێت و نووسەر دەسڕێتەوە، ئەوا رەخنە لەو بیرە سەرهەڵدەدات. بەپێی ئەم ئایدیا نوێیە نووسەر بوونی هەیە وەک چۆن نووسین هەیە. لەبەرئەوەی نووسین گوزارشت لەبوونی نووسەر پەیوەست بە لە جیهاندا بوون و لەگەڵ ئەواندا بوون و نیگەرانییەکانی دەکات. واتە تێکست تێگەیشتنی نووسەرە لە جیهان، بوون و بوون لەگەڵ، نووسەر بوونی خۆی بەتێکست بەخشیوە، لەبەرئەوە تێکست و نووسەر لەزۆرشوێندا ئاماژە بۆ یەکدی دەکەن، بوونی یەکدی لەنێو بووندا دەردەخەن. کاتێک نووسەر دەمرێنین ئەوکات بەرپرسیارێتی نامێنێت. مردنی نووسەر بریتییە لە مردنی تێگەیشتن لە جیهان و بوون، لە کاتێکدا تێکست بریتییە لە داهێنانی تێگەیشتن لە بوون و بوون لەنێو جیهان.
بێگومان نووسەر عەمباری زانین نییە، بەڵام نووسەر زانەرە لەنێو جیهان و بووندا. نەک وەک هەبوویەکی خواوەندئاسای وەک کۆجیتۆی دیکارت’من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم'(٦٠)، کە بۆ تێگەیشتن تەنیا پێویست بە گەڕانەوە بە بیری نووسەر بکات، ئەم هەبووە بە بیرکردنەوە نییە، بەڵکو پێش بیرکردنەوە هەیەو بوونیشی پەیوەستە بە بوونی لەنێو جیهان و لەگەڵ ئەوان. گەڕانەوە بۆ ژینگەو تەمەن، ئایدۆلۆژیا، دەروونی، بچووککردنەوەی نووسەرە لەنێو بوونی ئۆنتیک، دەرکردنیەتی لە پێشمەرجە بنەڕەتیەکانی بوونی.
بە واتایەکی دیکە ‘نووسەر سەنتەری’ خۆی بەسەربەخۆ لە جیهان و بوون لەگەڵ ئەوانیتر دەزانێت، کە ئەمەش بەپێی ئۆنتۆلۆجیا نەکردەیە. هاوکات ئەم نووسەرسەنتەرییە بەهۆی ئەم هێزە باڵاو رەفزکەرەوەیەی بۆ جیهان و بوون هەیەتی، خۆی بە سەرچاوەو بنەمای زانین دادەنێت و لێرەوە پەیوەندی نێوان نووسەرو جیهان دەپچڕێت و جیهان لەبری نیشتمان دەبێت بە شوێنی داگیرکاری و رووخاندن(وەک چۆن لە شیعرەکەی گۆراندا زانست رووخێنەرە، بەکوشتنی وەک دانەرێک بەرپرسیارێتی لە زانست دەسەنرێتەوە). نووسەر بەهۆی بێ‌جەوهەریەوە بەتێگەیشتنی لە جیهان و بوونی لەگەڵ ئەوانیترو نیگەرانییەکانی بۆ پرسین لەبوون جیهانی خۆی بنیاد دەنێت، واتە تێکست داهێنراوی نووسەرە لەسەر بنەمای بوونی لەنێو جیهان‌و بوون لەگەڵ و نیگەرانیەکانی. لەبەرئەوە نووسەر جیهانسازی لەنێو جیهاندا دەکات. خوێنەری رەسەن لەسەر بنەمای بوونی لەنێو جیهاندا لە جیهانی نووسەر دەکۆڵێتەوە، نەک وەک خۆیەکی هەمووشتزان.

کۆمەڵێک ئەفسانە دراوەتە پاڵ نووسەر وەک (شاعیر شتێکی پیرۆزو باڵدارە و سروشی لە خوداوە بۆ دێت، یان کولرج شیعری (کوبلەخان)ی لە خەوندا نووسیوەو لە ژێر ئەفسونی جادویەکدا بووە. یان مرۆڤ دەبیستێ بێ ئەوەی گوێڕادێرێت، وەردەگرێ بێئەوەی بە دوایدا بگەڕێت و بپرسێت کێ دەیداتێ(٦١). ئەمانە بۆ کاری مرۆڤ دوورە لە راستییەوە. لەرووی ئۆنتۆلۆجییەوە ئەم بۆچوونانە پوچەڵن‌و لەدەرەوەی ئۆنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ و پێشمەرجەکانن. نووسەر هەبوویەکە بە نیگەرانییەوە بوونی لەنێو جیهاندایەو لەگەڵ ئەوانیدیدایە، نە پیرۆزەو نە باڵدارە، بەڵکو ئاگامەندەو زانەری نێو جیهانە. نووسەر بەهۆی ئەوەی ناتەواوەو بە نیگەرانیەوە لەنێو جیهاندایەو لەگەڵ ئەوانیتردایە و ئاگامەندە پرۆژەی تێکست داهێنێت. واتە تێگەیشتنی نووسەری رەسەن پەیوەست بە ناسینی جیهان و ئەوانیدیکەو نیگەرانی بۆیان بوونی خۆی و جیهانی خۆی دادەهێنێت. خوێنەری رەسەن بەو پێشمەرجانەوە لەنێو تێکستی نووسەردا کاردەکات، واتە جۆرە کارلێکێک لەنێوان تێگەیشتنی خوێنەری رەسەن بۆ بوون و جیهان و ئەوانی دی پەیوەست بە نیگەرانییەوە لەنێو تێکست رووئەدات و سەرئەنجامی ئەم پەیوەندییە خوێنەری رەسەن جیهانی خۆی سازدەکات. نووسەروخوێنەر دوو هەبووی نێوجیهانن و خاوەن تێگەیشتنن، بەڵام خاوەنی دوو ئەزموون و تێگەیشتنی جیاوازن، لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە داهێنانی تێکستی دیکە دێتەئاراوە. بەهۆی ئەم هاوبەشییەوە دەردەکەوێت نووسەرسەنتەر نییە خوێنەر لەدەوری بخولێتەوە، یاخود نووسەر خوانییەو خوێنەر عەبدی، نووسەرپیرۆز و خوێنەر ناپیرۆز نییە، یاخود ئەویان بتوانێت بفڕێ و ئەویان نەتوانێت. هەردوکیان دوو هەبووی خاوەن تێگەیشتنی نێو جیهان و بوونن، رەسەنیەت و نیگەرانییەکانیان تێکستی جیاوازی لێدەکەوێتەوە.

لێرەدا نامانەوێت جارێکی دیکە نووسەرسەنتەر یان خوێنەرسەنتەری بخولقێنین، چونکە ئەوان ناتەواو ناکامڵن، هاوکات نووسەر بە زانەرو پرۆژەی تێگەیشتن لە بوون و جیهان دادەنێین، لەبەرئەوە ناکرێت نووسەر فەرامۆشبکرێت، یاخود بمرێنرێت، بەڵام بە ناکامڵیەکەی لە دەسەڵاتی رەهای دەدرێت. نەریتی تاقانەی نووسەر لەم بۆچوونەوە لەناودەچێت، بەڵام نامرێت، چونکە بوونە لەنێو جیهانداو توانای داهێنانی پرۆژەی ئەگەرەکانی بوونی لەنێو جیهاندا هەیە. لەبەرئەوە تێکست هەمیشە گوزارشت لە هەبوویەک لەنێو جیهان و لەگەڵ هەبووەکانی دیکە دەکات. بەلزاک وەک بوونێک لەنێو جیهاندا، بوونی لەگەڵ ئەوانیتردایەو خاوەنی پرۆژەی تێگەیشتنە، دەتوانێت لە ژن وەک هەبوویەکی جیهانی تێبگات، لەبەرئەوەی ئەویش هەبوویەکی نێو جیهانە و لەگەڵ ئەواندایە، خاوەن نیگەرانی و بوونی رەسەن و نارەسەنێتیە. هاوکات نووسەرسەنتەری سڕینەوەی بوون و هەبووەکانی دیکەیەو جۆرێکە لە دەسەڵاتی میتافیزیکی نووسەر. بەڵام کاتێک نووسەر وەک هەبوویەکی ناتەواو لەم نووسینەدا رەچاوکراوە، مەبەست شکاندنی دەسەڵاتی میتایەتی نووسەرە، نەک مردنی نووسەر وەک هەبوویەک لەنێو جیهاندا. لە نووسەرسەنتەریدا بەردەوام بایەخ بەکۆمەڵێک لایەنی دەروونی و مێژوویی و واقعی دەدرێت، کە خوێنەر نوقمی نێویان دەبێت و لەبیری دەچێت، کە خۆی و نووسەر هەبوویەکی نێو جیهانن. لەم روانینەدا خوێنەر بەردەوام دەچێتە دەرەوەی جیهان بۆ ئەوەی لە جیهان تێبگات. لە کاتێکدا پێویستە لەنێو جیهانەوە بۆ جیهانی نووسەر بڕوانێت. لێرەوە پێویستە نووسەر خاوەندارێتی نووسین بکات، لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و وەک هەبوویەکی نێو جیهان، نووسین ئەگەری هەڵبژاردنی ئەوەو نابێت لێی زەوتبکرێت‌و بەناوی رووخاندنی دیکتاتۆریەتەوە دیکتاتۆریەت سازبکرێت. چونکە بنەڕەتی رەخنەی (مەرگی دانەر) بۆ ئەو دەسەڵاتە رەهایەی دانەر دەگەڕێتەوە، بەڵام مراندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریەتەو لێسەندنەوەی بوونی ئەم هەبووەیە لەنێو جیهان و جیهانی تێکست. لەبەرئەوە تێگەیشتن لە تێکست بە کوشتنی نووسەر نایەتە ئاراوە، بەڵکو بەپەیوەندییەکی وجودیانە لەگەڵ تێکست و نووسەری تێکست دێتەئاراوە، کاتێک خاوەن ماڵێک بکوژین و ماڵەکەی داگیر بکەین یاخود بانگەشەی بێخاوەنی بکەین، هەرگیز ناتوانین وەک نیشتمان لەنێو ئەو ماڵەدا بژین و نیگەرانی‌بین، ئەو ماڵەش خۆی وەک نیشتمان بۆمان ناکاتەوە. لەبەرئەوە میتۆدو تیۆرەکانی نووسەرسەنتەر نەیانتوانیوە لە نووسەر وەک هەبوویەکی نێو جیهان تێبگەن، ئەمەش بووەتە هۆی دەرنەکەوتنی نووسین. سەبارەت بە’تێکست’ لە نووسەرسەنتەریدا، رەخنەو کاردانەوەی بوونیادگەرو فۆرمالیستەکان بەڵگەی بایەخنەدان و سڕینەوەی تێکستە.

٢ــ تێکست‌سەنتەری

فۆرمالیست و بوونیادگەرەکان، کە رەخنەی توندیان ئاراستەی نووسەرسەنتەری گرت و بارت مەرگی دانەری راگەیاند، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بۆ ئەدەب بگێڕنەوە و زانستی ئەدەبی دابمەزرێنن(٦٢). ئەمەش لەسەر بنەمای تێکست‌سەنتەری روویدا، کە ‘تێکست’یان وەک جیهانێکی داخراوو سەربەخۆ دەبینی، کە پەیوەندی بە رەهەندی مرۆڤانەوە نییە. ئەمەش باڵادەستی تێکستی بەسەر نووسەرو خوێنەری لێکەوتەوە. لەلای ئەم ڕێبازانە دەق گوزارشت لە نووسەرەکەی ناکات، بەڵکو سەربەخۆیەو خاوەنی سیستمی خۆیەتی. بنەمای لێکۆڵینەوەی دەقیش بریتییە لە زمان، کە سودیان لە زمانەوانی سویسری (فردیناند دی سوسێر) وەرگرت. سوسێر زمان وەک سیستم، کە خاوەنی چەند رێساویاسایەکی رێزمانی و فەرهەنگی وشەیە دەبینێت(٦٣). فۆرمالیست‌و بوونیاگەرەکان بەڕەچاوکردنی زمان وەک سیستم، ئەدەبیان لە زانستی زمان بۆ رزگارکردنی ئەدەب لەزانستەکانی دیکە نزیککردەوەو بانگەشەی سەربەخۆیی و زانستی ئەدەبیان کرد. یاکۆبسن، کە دیارترین ئەدەبناسی فۆرمالیستی رووسە، هونەری شیعری لەسەر زمانەوانی دامەزراند و پێیوابوو شیعر هونەری وشەیە(٦٤) ئەم میتۆدانە بەهۆی جەختیان لەسەر زانست‌و سیستم، کۆمەڵێک بنەمای گرنگیان بۆ دەق داڕشت. جیاکاریان لەنێوان زمانی رۆژانەو زمانی شیعرو گێڕانەوەدا کردو گرنگیان بە جۆرەکانی لادان‌و ئاشنایی‌سڕینەوەو نائاسایی(نائۆتۆمات)بوون دەدا.
لەسەر بنەمای جیاکاری زمان دەقیان شیدەکردەوە، زمانی دەق‌یان بۆ (ئاوەڵناو، ناو، کردار، بزوێن، تاک، کۆ..) دابەشدەکرد(٦٥) بە کورتی ئەم میتۆدانە بە بنەڕەتی لەسەر خودی تێکست کاریان دەکرد و پێیانوابوو تێکست جیهانی لێکۆڵینەوەیەو بۆ تێگەیشتن لێی پێویست بە چوونە دەرەوە بۆ بوارە جیاوازەکانی دیکە ناکات(٦٦).

لێرەدا بەگشتی رەخنە ئاراستەی میتۆدی ‘تێکست‌سەنتەر’یەکان دەگرین. لای هایدیگەر زمان ماڵی بوونە. بەڵام ئەوەی تێبینی ئەم میتۆدانە دەکرێت، نیگەرانیان بۆ زمان وەک ماڵی بوون رەچاونەکردووە. زمانیان بە ناوی لێکۆڵینەوەی زمانگەری تێکست کەرت کردووە. لەکاتێکدا مرۆڤ لەنێو زماندا نیشتەجێیە، زمانیش ماڵی بوونە، ئەوا نیگەرانی بۆ زمان بنەمایە. لە رووکەشدا تێبینی هاوبەشی گرنگی زمان بۆ هایدیگەرو تێکست‌سەنتەرەکان دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا گەلێک جیاوازن. لەدیدی هایدیگەردا، زمان بەر لەوەی شتێک بڵێت، نیشان دەدات، واتە ئاماژە نییە، بەڵکو ئاشکراکەری راستیی بوونە(٦٧). بەڵام ئەو میتۆدانە ماڵ و خاوەن ماڵ، بوونی دازاینیش، کە بە نیگەرانییەوە لە نێو ماڵدا نیشتەجێیە، فەرامۆشیانکردووە. ئەوان لە زمان دەکۆڵنەوە بێئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکەن، کە زمان بنەمای تێگەیشتنی دازاینە لە بوون. ئەم میتۆدانە جگە لە کوشتنی وزەی داهێنەرانەی زمان هاوکات بایەخ بە جیهان و دەرکەوتنی راستی بوون نادەن، کە چۆن زمان لە دەرکەوتنی راستی بووندا گوزارشت لەم دەرکەوتنانە دەکات. لەنێو تێکستدا بەدوای ئەوەدا ناگەڕێن، کە راستی بوون‌و نیگەرانی نووسەر لەکوێی دەقدایە. لەبەرئەوە ئەم میتۆدانە هێندەی لەبیربەرەوەی بوون و پەیوەندین هێندە یادخەرەوەی نین. تێکستەکەی گۆران بۆ تێکست‌سەنتەرەکان بریتییە لە ناو، ئاوەڵناو، کێش و سەرواو دووبارەبوونەوەو لادان… نەک دەرخەری راستی بوونی شاخی بێ‌دار بێت. ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ تێکست، هایدیگەر گوتەنی هەتیو، بێ‌ماڵ‌و نیشتمانمان دەکات(٦٨).

تێکست بەرلەوەی سیستم و نووسینەوەی خودی نووسەر بێت، داهێنانی خودی نووسەرە پەیوەست بە دەرخستنی راستی بوونەوە(٦٩)، هاوکات نووسەر ناتەواوە لەنێو جیهان‌و بووندا ئەگەرەکانی دادەهێنێت، بەڵام تێکست‌سەنتەری لەم ئەگەرانە ناگات و رێگەنادات ئەم ئەگەرانە بۆ خوێنەر دەربکەون. تەنانەت رێگەنادەن تێکست سەربەخۆ بێت و جیهانی خۆی دروستبکات، چونکە ئەوان تێکست پارچە پارچە دەکەن بەناوی دۆزینەوەی تێکست و لایەنی جوانیناسی تێکست، لەکاتێکدا تێکست لەپێشدەم خوێنەردا بوونی بۆ نیشتەجێبوون هەیە، نەک بۆ شیتەڵکردن، بەڵکو بۆ دەرخستن و نیشاندان. ئەوان لەبری بەدەنگهێنانی تێکست، تێکست بێدەنگ دەکات، چونکە لەبری دەرخستنی جیهانی تێکست، لادان، ناو، ئاوەڵناو، راناوەکانی تێکست دەردەخەن. ئەم کارکردنە زانستییە لەسەر شیعرێک یان هەر تێکستێک کاتێک منی خوێنەری لێکۆڵینەوەکە دەیخوێنمەوە، گەر پێشتر شیعرەکە نیگەرانی منی جوڵاندبێت، ئەوا ئیستا لەبەردەم شیکاری تێکست‌سەنتەرەکان، شیعرەکە بۆ کۆمەڵێک ژمارەو وشەی پۆلێنکراو دەبینم، کە نیگەرانییەکەم بۆی ئاوادەبێت. لەبەرئەوە خوێنەری رەسەن سەرەتا نیگەرانییەکەی بۆ دەرکردنی تێکستە لە پۆلێن و دابەشکاری، بۆ ئەوەی تێکست خۆی دەربخات. هایدیگەر، کە شیعرو زمانی شیعری بە باشترین داینەمۆی پرسین لە بوون دەزانی، بەڵام زمان لای تێکست‌سەنتەرەکان کەرەسەی جوانیەو تاریککەری پرسی بوونە.

هاوکات زانستیبوون‌و دامەزاراوەیی ئەدەب و رەخنە بنەمایە بۆ ناراستی دەربڕین، لەبەرئەوەی هیچ سەرنج لە راستی بوون نادات و خۆی بەهەبووی هەبووەکانەوە سەرقاڵدەکات و رەچاوی بنەمای هەبووەکان، کە بوونە ناکات؛ واتە خۆی بە سەرئەنجامەوە سەرقاڵدەکات‌و گرنگی بە هەقیقەتی بنیادی ئەنجام نادات.(٧٠). لەلایەکی دیکەوە تێکست‌سەنتەری و مەرگی دانەر، کوشتنی ئەگەری داهێنانی دازاینی رەسەنە. لەبەرئەوەی بەرهەم هەتیوو بێکەس دەخات و تێکستیش بە هەبوویەکی سروشتی و بێخاوەن دەکات، تاوەکو بە ئاسانی بتوانێت بەکاریبهێنێت. ئەنجامی ئەمەش لەتەنیشت دیدگای تێکست‌سەنتەری مەرگی تێکست دەخاتەوە، چونکە تێکست لەزیندوێتی‌و تێگەیشتن و بوونی لەنێو جیهان، پەیوەندی بە جیهان و دازاینەوە بەتاڵ دەکات. ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە، کە ئەم میتۆدانە بە نیازی هەیمەنەکردن بەسەر تێکستدا، تێکست لە زیندوێتی‌و نووسەریش لە خاوەندارێتی دەخەن. تێکست وەک زۆڵ تەماشا دەکەن، کە بێ باوکە؛ ئەمەش نیگەرانی بۆ تێکست و دانەرەکەی پەیوەست بە بوونی لەنێو جیهاندا دەکوژێت. ستراتیژەکە بەو جۆرەیە، سەرەتا بوون وەک بنەما لەناو دەبات، پاشان ئەو هەبووەی لە بوون دەپرسێت، ئەنجام ئەوەی دەمێنێتەوە شتێکە ناوی دەنرێت تێکست، کە بریتییە لە هەبوویەکی ئامرازو بەردەست. تێکست هەمیشە ئاماژەیە بۆ دازاین یاخود بوونی مرۆڤ، تەنانەت پەندی پێشینانیش، کە بە بێ خاوەن ناودەبرێت، ئاماژە بۆ پەیوەندی و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ لەنێو جیهان و لەگەڵ مرۆڤ دەکات. دابڕینی تێکست لە نووسەر، تێکست نامۆ و بێ واتا دەکات. نەبوونی واتا لە تێکستدا نیشانەی نیهلیزم و ئایدیالیزمە. تێکستی بێکەس، تێکست بێ واتا دەکات، وەک ئەوەی تێکست‌و تێکست‌نووس هەبووی نێو جیهان و بوون و دازاین نەبن.
لەبەر رۆشنایی ئایدیاکەمان، مەرگ و سەنتەر گرتنی هەریەک لەسێکوچکەکە مەرگی پەیوەندی‌و رەخنەی لێدەکەوێتەوە. لەبەرئەوەی پەیوەندی داهێنەرانەی خوێنەری رەسەن وەک کاڵا بۆ تێکست و خوا بۆ نووسەر نییە، بەڵکو بە نیگەرانیەوە وەک تێگەیشتن لە بوونی دازینێکی رەسەن بۆ بوون و جیهانە.

بارت لەمەرگی دانەردا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو رۆڵەئاراستەکراوەی دانەر گرت و بە ئایدۆلۆژیای کاپیتالیزمەوە پەیوەستی‌کرد. ئەمە تێگەیشتنێکی گرنگ و بنەڕەتیە لە نیازی دانەر و جیاکردنەوەی لە نووسەر، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین، کە نیازی دانەر بۆ خوێنەری رەسەن تەنیا ئاراستەکەرێکی جێبەجێکارانە نییە، بەڵکو خوێنەری رەسەن دەزانێت لەکوێدایەو لەگەڵ کێ لە پەیوەندیدایە. بە نیگەرانییەوە پەیوەندی لەگەڵ تێکستدا دەگرێت و نیگەرانیی نووسەر درک دەکات و لەوێوە بڕیار لەسەر نووسین دەدات؛ واتە خوێنەرێکی نەزان و دەرە جیهانمان نییە، کە تەنیا داردەستی نووسەر و تێکست بێت، بەڵکو ئەو هەبوویەکە هەست بە مەترسی و ئارامی، راستی و ناراستی دەکات و تەنیا لەسەر ئاراستەو ویستەکانی دانەر و تێکست ناژی. بەڵام خوێنەری نارەسەن دەکرێت بە درێژکراوەی ویستی دانەرو تێکست بزانین. وەلێ خوێنەری رەسەن لە تێکست وەک کردەیەکی داهێنەرانە دەڕوانێت، نەک تەنیا دەربڕی خود بێت و خود بکوژێت بۆ ئەوەی هەیمەنەی لەسەر تێکست نەمێنێت.(٧١). سەرەڕای ئەمانە لە مەرگی دانەردا، دانەر ئامادەیە، چونکە ئەوەی بڕیارەکە دەدات دانەرە(٧٢).

٣ــ خوێنەرسەنتەری

لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە، تیۆری وەرگرتن و لاکردنەوە بەلای خوێنەرو هاتنەوەڵامی خوێنەر لە رەخنەی ئەوروپی‌و ئەمریکیدا بە کاریگەری پەرەسەندنی هێرمینیۆتیک هاتەئاراوە. ئەم تیۆرانە رەخنەیان ئاراستەی نووسەرسەنتەرو تێکست‌سەنتەرەکان گرت‌و بە پشتگوێخستنی خوێنەر تاوانباریان کردن(٧٣). لەم تیۆرانەدا وەرگر بە بنەمای زیندوێتی و کەشف و واتای تێکست دەزانن. تیۆری ئیستاتیکای وەرگرتن، کە (یاوس‌و ئایزەر) دامەزرێنەرین، جەخت لەسەر پەیوەندیکردن و بەیەکگەیشتنی خوێنەر لەگەڵ تێکست دەکەن و خوێنەر بە داهێنەری لایەنی ئیستاتیکی دەق دەزانن. پێیانوایە خوێنەر لە ئاراستەی پرسیارە باوەکە، کە دەق چیم پێدەڵێت؟ تێدەپەڕێت بۆ پرسیاری چی بە دەق دەڵێم.(٧٤).
هاوکات ئەو بۆشایی و درزەی دەکەوێتە نێوان ئاسۆی مێژوویی داهێنانی تێکست و وەرگر، خاڵێکی گرنگی راڤەو داهێنانی تێکستە لەلایەن وەرگرەوە. رۆدڵف بۆلتمان دەڵێت یەک کتێبی پیرۆزی ئینجیل نییە، بەڵکو هەر سەردەمەو کتێبێکی نوێ سازدەکرێت(٧٥).
‘ئاسۆی چاوەڕوانی’ یەکێکە لە زاراوە گرنگەکانی تیۆری وەرگرتن. مەبەست لێی ئەو پێوەرو زانینە جێگیرانەی خوێنەرە، کە بوون بە ئاسۆی چاوەڕوانی لە تێکستێک. بەڵام تێکستیش ئاسۆی خۆی هەیە. لەبەرئەوە:
١ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر گونجاوە.
٢ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق، خوێنەر توشی نائومێدی دەکات چونکە لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەردا ناگونجێت.
٣ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق بەجۆرێک دەکەوێتەوە، کە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر دەگۆڕێت، پێوەری دیکەی لا دروستدەکات(٧٦). بەپێی ئەم دوو ئاسۆیە دەق واتای نوێی لێوەپەیدا دەبێت و خوێنەر دەبێتە هاوبەشی بەرهەمهێنەری واتاو ئیستاتیکای دەق، ئەمەش خوێنەر لە ناچالاکەوە چالاک دەکات و خوێندنەوەش بەشداری لە بنیاتنانی کەسایەتی خوێنەردا دەکات(٧٧). تیۆری وەرگرتن، گەلێک سودی لە فەلسەفەی فەیلەسوفانی وەک، هوسرەڵ، هایدیگەر و گادامەر وەرگرتووە. لەبەرئەوەی یەکێکە لە تیۆرە تەواوکارەکان، چونکە جۆرە یەکخستنێکی لە لایەنی دەرەوەو ناوەوەی تێکست لەسەر بنەمای وەرگرسەنتەری ئەنجامدا. وەرگری بەو هەبووە داهێنەرە دانا، کە ئاگایی و ژیانی تێکستە(٧٨).

سەبارەت بە رەخنەی وەرگرسەنتەری، پێویستە سەرەتا دانبەوەدابنێم، بەشێکی بنەمایی ئەم ئایدیا نوێیە سودی لەم میتۆدانە وەرگرتووە. بەڵام ئەم میتۆدە لە هەندێک شوێندا زێدەڕەوەی لە بنەما سەرەکییەکانی خۆیدا کرد، کە تا ئەوە رۆشت بانگەشەی مەرگی دەق بکات و خوێنەر بە ژینبەخشی تێکست دابنێت. لەکاتێکدا پێموایە تێکست ئەگەر تێکست بێت بەرگری لە ژیانی خۆی دەکات، دەکرێت بۆ ماوەیەک کپ و خامۆشبێت؛ بەڵام نامرێت. خوێنەریش راستە چرای تێکستە، بەڵام خودی ماڵ/تێکست نییە، نرخی چراش لە رۆشنکردنەوەی ماڵدایە. چرا لەنێو نیشتمانی تێکستدایە. واتە خوێنەری رەسەن بۆ ئەوەی نیشتەجێبێت دەبێت ماڵی هەبێت. هاوکات جیاکاری لەنێوان خوێنەری رەسەن و نارەسەن و جۆری پەیوەندی گرنگە، لەبەرئەوەی هاتنەزمانی دەق و ئاشکرابوونی بۆ هەموو خوێنەرێک نالوێ، ئەمە دەبێتە هۆی جیاکاری نێوان تێکست‌و ناتێکست. بەڵام کاتێک خوێنەر هاندەدرێت‌و بە ژیانبەخشی تێکست دادەنرێت، ئەمە دەبێتە پاڵنەر کە هەرچی مەعریفەیەتی بیخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە وازیبکات. لەم کاتەشدا رەنگە شێواندنی جیاکاری تێکست‌و ناتێکست لەسەر ئەم رۆڵەی وەرگر بێتە ئاراوە. لەبەرئەوە بڕیاری رادیکاڵ لەسەر جیاکردنەوەی تێکست لە ناتێکست گرنگە.

ئەم تیۆرە بەجۆرێک دەرکردنی دەق‌و نووسەرە لە بەرپرسیارێتی گەیاندنی زانین سەبارەت بە بوون. لێرەدا مەبەست لەئەو پابەندیە نییە، کە سارتەر بۆ پەخشاننووسی دادەنێت‌و هونەرمەندی لێ بێبەری دەکات(٧٩) بەڵکو ئەو پابەندیەی، کە تێکست و نووسەر ئەگەر رەسەن بن، نابێت بوون لەبیربکەن. سارتەر گوتەنی ناپابەندی نووسەر وادەکات خوێنەر بەپێی ئاسۆی چاوەڕوانی خۆی، کە دەشێ ئەو ئاسۆیە لەگەڵ دەق و نووسەریش یەکنەگرێتەوە، تێکست شیبکاتەوە. لەبەرئەوە پابەندی سێکوچکەکە بە پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی بوونەوە گرنگە، کە رێگە لە خوێنەر بگرێت، دیدگا ئایدۆلۆژی و میتافیزیکییەکانی خۆی تێکەڵ بە تێکست نەکات. هاوکات وەک ئەو خوێنەرە ساویلکانە نەبێت، کە ئەفلاتوون شاعیرانی بۆ دەرکردن، لەبەرئەوەی بە ئاسانی فریودەخۆن، بەڵکو مەبەست بوونی خوێنەری رەسەنە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەم ئایدیا نوێیە هاوبەشی زۆری لەگەڵ ئەم تیۆرە هەیە، لەبەرئەوەی ئەم تیۆرە بە پشتبەستن بەو جیهانبینییە فراوانانەی لەپشتییەوەبوون، تاڕەدایەکی زۆر توانی تێکست لە کەرەسەو کاڵایەتی رزگاربکات و ئازادی خوێنەرو تێکست لەبەرچابگرێت. هاوکات بەسودوەرگرتن لە گادامەر گرنگی بە پەیوەندی و وتوێژی خوێنەرو بەرهەم دەدا یان وتوێژی زەمەن دەدا.

دووەم: سەبارەت بە رەخنەی کوردی

لە ئایدیاکەماندا راستەوخۆ وه‌ک بوونێکی زه‌مه‌نی له‌ سێکوچکه‌کەمان‌ نەڕوانیوە، تا پرسیار بکرێت، چۆن دەشێت تێکست بێ‌نووسه‌ر هه‌بێت؟ بەڵام بۆ وەڵامی وەها پرسیارێکیش‌، پێمانوایە، پێش نووسه‌ر تێکست هه‌یه‌، ئه‌ویش جیهانه‌. تێکست به‌بێ جیهان بوونی نییه‌؛ جیهان خۆی بریتییه‌ له‌ تێکست، که‌ مرۆڤ وەک بوونێکی ئاگامەند ده‌یه‌وێت بیناسێت. بەڵام ئەم روانگەیە زیاتر جیهان بە بابەت دەکات؛ ئێمە وەک نیشەتجێبوون لەنێو جیهان/تێکستداین. هاوکات به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و روانینه‌ هه‌نوکه‌یه‌یی ئیستا، هیچ تێکستێک له‌ خۆوه‌ نایه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵکو هه‌موو تێکستێک به‌ هه‌وای تێکستی پێشخۆی ده‌ژی(٨٠)‌بوونی سێکوچکەکە پێکەوە به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندی، په‌یوه‌ندیش به‌ڵگه‌ی ناسین و جوڵه‌و چالاکیە. به‌ڵام ئایا له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا ئه‌م سێکوچکه‌یه‌ به‌ دیوه‌ ره‌سه‌نه‌که‌ی بوونی هه‌یه‌؟ که‌ په‌یوه‌ندی تیایدا دێته‌ئاراوه‌. لێرەدا مه‌به‌ست تاکه‌ نووسه‌ر، تێکست و خوێنه‌رێک نییه‌، به‌ڵکو وه‌ک بوون‌وگشتێک. وه‌ک ئاماژەم‌پێدا روانینه‌که‌مان رادیکاڵه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ دانه‌و دوان خۆمان ده‌بوورین. یاخود ئایا هه‌ست به‌ په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و چالاکی ده‌که‌ین؟ گه‌ر سێکوچکەکە هه‌بێت دەبێت جوڵه‌و چالاکی هه‌بێت؟ هاوکات بنه‌مای په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و چالاکیش ئازادییه‌، لێره‌وه‌ کێشه‌ی ئازادی وه‌ک کێشه‌ی وجودی رەخنە دیارو به‌رچاو ده‌بێت، چونکه‌ به‌بێ ئازادی په‌یوه‌ندی؛ رەخنە بوونی نییه‌. لەبەرئەوە کێشه‌ی ئازادی و رەخنە وه‌ک کێشه‌ی وجودی ده‌رده‌که‌وێت.
سه‌باره‌ت بە مرۆڤی کورد چۆن ده‌کرێت کێشه‌ی ئۆنتۆلۆجی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین. کاتێک تێبینی په‌یوه‌ندیکردن لای ئه‌م مرۆڤه‌ ده‌که‌ین، هه‌ست به‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی چالاکانه‌و رەخنە دەکه‌ین؟ واته‌ ئایا ره‌خنه‌ی کوردی بوونی هه‌یه‌؟ لەم ئایدیایەدا نەبوونی رەخنە، بریتییە لە کێشەی وجودی. لەبەرئەوە ئەمە کێشه‌ی وجودی بوونی کورده‌. بەڵام دەبێت بڵێین نەبوونی رەخنە، مانای نابێت نییە؛ بەڵکو دەکرێت هەبێت و لە ئیستادا نەبێت.

لەئێستای مرۆڤی کورددا تێبینی دوو جۆر هەوڵ دەکەین:
١ــ رەخنە لەناو زانکۆکان.
٢ــ رەخنەی دەرەوەی زانکۆ.

لێرەدا بۆ ئاسانکاری ئەم جیاکارییە کراوە، دەنا دەتوانین بۆ دەرەوەی زانکۆ جیاکاری دیکە بکەین. ئەگەر سەرنج لەو چالاکییانە بدەین، تێبینی دەکەین پەیوەندی و ئاڵۆگۆڕیان لەنێواندا نییە؛ بەڵکو لەیەکدی دابڕاون. ئەوەی لەناو زانکۆکاندا دەکرێت، بریتییە لە کۆمەڵە هەوڵێکی ناکاریگەرو بێجوڵە. بەشێکی زۆری ئەو کارانەی لەناو زانکۆکاندا کراون و دەکرێن(بەتایبەت لەبەشی رەخنەی ئەدەبی و زمان)دا، کە تاڕادەیەک ئاگاداریانم، کارکردنن لەسەر هەبووەکان. واتە ئەو میتۆدانە بەشێوەیەکی بەکارهێنەرەوەیی بۆ شیکاری نووسینەکان بەکاردەبرێن، بێئەوەی توانای بڕیاردانی تێکست و ناتێکستیان هەبێت. زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی دەکرێن میتۆدی خوازراون‌و بەشێوەیەکی ناداهێنەرانە لەسەر نووسین جێبەجێی دەکەن. هاوکات پێوەرەکانی وەرگرتن‌و جێگرتنی ئەو توێژینەوانەش لە ئاستێکی داهێنەرانەدا نین، بەڵکو زیاتر شکڵین. زۆرینەی ئەو میتۆدانەی لە زانکۆکاندا سودی لێوەردەگیرێت، ئەو میتۆدانەن، کە نووسین وەک کەرەسە تەماشا دەکەن؛ جگەلەوەی تێگەیشتنی قوڵ و رەخنەیی لە میتۆدەکاندا نابینرێت. هاوکات مامەڵەی زانستخوازانەش رێگری کردووە، لەوەی توێژەر لەگەڵ رۆحی نووسین لەپەیوەندیدا بێت. هەروەها پاڵنەری زۆرینەی کارە بەناو رەخنەییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەرزکردنەوەی باڵانسی مادییە، واتە مامەڵەی بەرژەوەندیخوازی کاری رەخنەیان پێدەکات، لەکاتێکدا بنەمای کاری رەخنە ئازادییە. لەبەرئەوە پەیوەندی بەکارهێنەرانەو بەرهەمهێنەرانە بنووسی لەم نێوەندەدا زیادکردووە. ئەم نێوەندە نەیتوانیوە تێکستەکان وەک تێکست بناسێنێت، چونکە بخوێنی توێژەری لە خوێنەری رەسەن زیاترە. لەم نێوەندەدا پرسیار و گومانی بنەڕەتی داناهێنرێت، لەکاتێکدا تێکست گومان و پرسیاری بنەڕەتی بەجێدێڵێت. بەڵام تێبینی بەشێکی ئەو پرسیارانەی نێو توێژینەوەکان دەکەین، پرسیاری وەرگیراو و دووبارەن. سەرئەنجام ئەوەی لەناو زانکۆکان دەکرێت، نەک جوڵەی بۆ دەرەوە نەبووە؛ بەڵکو بۆ ناو زانکۆکان خۆشی نەیبووە.

سەبارەت بە رەخنەی دەرەوەی زانکۆ، زیاتر هەست بە جوڵە دەکرێت. بەڵام ئەم جوڵەیە راگەیاندن تێیدا باڵادەستە؛ لەبەرئەوە جوڵەیەکی نەزۆک و ئازاربەخشە. جوڵەو رەخنەی نێو راگەیاندن رەسەن نییەو زیاتر دامرکانەوەو ترسە لەبەجێمان. یاخود جوڵەی ناچارانەی پڕکردنەوەی لاپەڕەکانە. هاوکات ئەم جوڵەیە بەهۆی پەرش‌وبڵاویەوە نابینرێت. جگەلەوەی رۆژانەییەو دڵسۆزی، شارەزایی‌و نیشتەجێبوونی لەنێو تێکستدا تێدانییە. هاوکات ئاگادارنەبوون و نەشارەزایی لە دنیایی فەلسەفە لە زانکۆ و دەرەوەی زانکۆدا هۆکاری پەیوەندییەکی ناتەندروستە لە سێکوچکەکەدا. ئەم نامۆییە مەعرفییە ترس یان بێباکی لەبری نیگەرانی زیادکردووە، لەبەرئەوە مرۆڤی کورد وەک مرۆڤێکی بێ‌پرۆژە دەردەکەوێت، ئەمەش جۆرێکە لە نارەسەنی و نائاگایی بەرامبەر بە بوون و بوونی خۆی و جیهان(٨١). ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان کردووە، وانەی فەلسەفە لە هیچ ساڵێکی خوێندنی بەش جیاوازەکاندا نییە. لە پێش خوێندنی زانکۆییدا وانەی فەلسەفە هەیە؛ بەڵام نەبوونی باشترە؛ لەبەرئەوەی زۆرتر رقی لە فەلسەفە زیادکردووە.

کاتێک سەرنج لە وشەی (رەخنە) لە فەرهەنگ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد دەدەین، هەستی نەرێنی و دژایەتی تیایە، نەک پەیوەندی دڵسۆزی و نیشتەجێبوون. رەخنە بۆ کورد لەبری پەیوەندی دابڕانە، شکاندن‌و کەمکردنەوەیە لەبری دۆزینەوەو دەرخستنی راستی. یان دۆستایەتی لەگەڵ نووسەرە نەک مەعریفی واتە زۆرکات راسپاردنە، لەبەرئەوە رەخنەی کەسە نەک تێکست، لەم کاتەشدا لێدانە یان باڵاکردنی کەسێتیە. لێرەوە ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی رەخنەی کوردییەوە ئەوا بۆ شاردنەوەی راستییە نەک نیشاندان و ئاشکراکردنی.
لەم نێوەندەدا زیاتر بنووس و بخوێن ئامادەن، پەیوەندی رۆژانەو بەکاربەری رێگرە لە دەرکەوتنی پەیوەندی داهێنەرانە. هاوکات نیگەرانی بۆ نووسین هەستپێناکرێت. جۆرێک لە چەلەحانێ لەباتی گفتوگۆ هەیە، ئەم چەلەحانێیەش زیاتر بە هەیمەنەی پرسە سیاسییەکانی ناو راگەیاندنەکانەوە دەبینرێت. ئەو ئاسۆیانەی لەم نێوەندەدا دیاربوون بەهۆی دەرگیربوونیان بە بابەتە سیاسییەکانی رۆژەوە، ئارامی و نیشتەجێبوون، کە ئۆنتۆلۆجی رەخنە دەیخوازێت لەبیرچووەتەوە. لە دەرەوەی زانکۆ، لە پاش ئازادبوونی عێراق و زۆربوونی راگەیاندن، نووسینکه‌ر یان بنووس‌و بخوێن بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە(ئەمە تەنانەت بووەتە نوکتە) پرۆژەی بڵاوکراوەی گرنگیش کەمی کردووە. گەر تێبینی ساڵانی رابردوو بەراورد بەم ساڵانە بکەین، پرۆژەی گرنگ و نیگەرانئامێز کەمبووەتەوە. کاتێک گۆڤاری گەلاوێژ دادەخرێت چەندین هۆنراوە لەشێوەی شینکردن بۆ داخستنی دەنووسرێت، ئەم نیگەرانییە ماڵئاوایی کردووە. هاوکات لە ساڵانی نەوەد بۆ دوو هەزار چەند گۆڤارێکی گرنگی وەک(بوون، ئازادی، گوتار، رەهەند..) هەبوون، کە لەلایەنی مەعریفییەوە چالاکتربوون لە زۆرینەی بڵاوکراوەکانی هەنووکە. هاوکات جۆری خوێنەرەکانیشیان گۆڕاوە. لەم نێوەندەدا هەنوکە رەخنە بریتییە لە پەخشکردن، واتە نووسینێکی چەند سەد پەڕەیی، بە نووسینی نیو لاپەڕەی رۆژنامە رەخنە دەکرێت، ئەمە گوزارشتی نائارامی و نەشارەزاییە، ئەمە سڵاوکردنە لە نووسین نەک نیشتەجێبوون.
لێرەدا دەبێت بڵێین بێهۆ نییه‌، که‌ بوونی مرۆڤی کورد وه‌ک نه‌بوو ته‌ماشا کراوه‌؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی بوونێکی له‌م جیهانه‌دا نه‌بێت. بوون له‌نێو جیهاندا بریتییه‌ له‌ بوونێکی په‌یوه‌ندیکه‌رو چالاک؛ به‌ڵام ئایا مرۆڤی کورد بوونێکی چالاکی له‌ جیهاندا هه‌یه‌ و هه‌بووه‌؟ ئەم مرۆڤە تەنانەت هەست بە قەیرانەکانی بوونی خۆی ناکات، چونکە هەستکردن، ئاگایی بۆ جوڵەیە دەتوانێت هەنگاوی دەرچوون لە قەیران بنێت، بەڵام تێبینی دەکەین ئەم ئاگاییە نییە، زیاتر ناڕازیبوون و پرتەو بۆڵە هەیە، نەک پرۆژە.

هایدیگه‌ر پێیوایه‌ تێکست راستی بوون دەردەخات؛ (دازاین)یش ئەو هەبووەیە راستی بوون ده‌ردەخات. لێرەدا تێکست ده‌بێته‌ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی کاریگه‌ری و پرسیارو گومان، نیگه‌رانمان ده‌کات. بەڵام تێبینی بکەین مرۆڤی کورد لە ئیستادا نووسین و بخوێن و بنووسی هەیە. ئەمەش هۆکاری سستی و بێجوڵەیی، بوون و ژیانی مرۆڤی کوردە.‌ ئەمڕۆ زیاتر لە رابردوو نووسین دەبینرێت. دەپرسین ئەگەر ئەم نووسینانە تێکستن ئەی جوڵە بۆ نابینرێت؟ کێشەی ئەم مرۆڤە کوردە لەوێدایە، کاتێک تێکستەکانیش دەبینێت یاخود وەریدەگێڕێت ناتوانێت وەک تێکست مامەڵەی لەگەڵ بکات و نیگەران و نیشتەجێبێت، چونکە بەشێکی دوور لەنیگەرانی تێکستەکان وەردەگێڕێت. چونکە تێکست وه‌ک هه‌ر بوونێکی زیندوو ده‌توانێت جوڵه‌ بخاته‌ نێو ژیان و بوونمانه‌وه‌. به‌ڵام کاتێک تێکستمان نییه‌؛ جوڵه‌و زیندوێتیشمان نییه‌. به‌ زمانێکی باو بڵێین ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڵگری گوتاری لەکارکەوتوو، مانه‌وه‌یه‌؛ له‌نێو ترسداین و نیگه‌رانیمان نییه‌؛ واته‌ بوونێکی ناره‌سه‌ن نه‌ک نیگه‌رانمان هەیە، بوونێک دڵنیانییە له‌بوونی، به‌ڵکو پێویستە دڵنیابێت له‌بوونی و بۆی نیگەران‌بێت. ترسمان به‌ڵگه‌ی بوونمانه‌؛ نه‌ک نیگه‌رانیمان.

لەکۆتاییدا ده‌رنه‌که‌وتن یاخود به‌ ئیفلیج ده‌رکه‌وتنی په‌یوه‌ندی؛ گوزارشت له‌ نه‌خۆشی تێکست و ناره‌سه‌نی نووسەرو وه‌رگر دەکات‌. له‌به‌رئه‌وه‌ سێکوچکه‌کە سیانه‌ی په‌یوه‌ندی سازکه‌رن و پرۆسه‌یه‌کی دیالێکتیکی ئۆنتۆلۆجی پێکه‌وه‌یان گرێده‌دات. مه‌به‌ستیش له‌ دیالێکتیکی ئۆنتۆلۆجی بریتییه‌ له‌و کرده‌و جوڵه‌یه‌ی له‌نێو ئه‌م سیانه‌ پێکه‌وه‌ به‌ستراوه‌دایه‌؛ که‌ وه‌ک هه‌بووی زیندوو په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و گه‌شه‌یان له‌نێواندا هه‌یه‌. تەنانەت ئه‌گه‌ر دیالێکتیکیانه‌ له‌ سێکوچکه‌که‌ بڕوانین، ده‌بێت ئه‌م جوڵه‌و بزاوته‌ ده‌رکه‌وێت. بۆ نمونه‌(نووسه‌ر/تێز-تێکست/دژە‌تێز-وه‌رگر/تێهەڵکێش) له‌م پرۆسه‌یه‌دا جوڵه‌ و گه‌شه‌کردن ئاماده‌یی هه‌یه‌، واته‌ جوڵه‌و چالاکی نووسه‌ر، تێکست سازده‌کات، له‌ جوڵه‌ی تێکسته‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌بینرێت. لێره‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌بێته‌ ده‌رخه‌رو دیارکه‌وتی چالاکی ژیان، به‌ڵام ئه‌م جوڵه‌یه‌ی ژیان له‌ کوێی ژیانی مرۆڤی کورددا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر نووسه‌رو تێکستمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ ئه‌م هه‌موو نووسینه‌ گوزارشت له‌ جوڵه‌ی نووسه‌رن، ئه‌ی جوڵه‌ی خوێنه‌ر و تێکست کوا؟ ئایا جوڵه‌ی خوێنه‌ر په‌یوه‌ست‌نییە به‌ جوڵه‌ی ژیانه‌وه‌؟

—————
سەرچاوەکان:

٤٨ـ س.پ، لا، ٢٨٦.
٤٩ـ س.پ، لا. ٢٦٢.
٥٠ـ س.پ. ، ٢٦٢-٢٨٧.
٥١ـ س.پ. لا ٢٩٠.
٥٢ـ ڕێبین خلیل قادر، نامەی ماستەر-میتۆدی رەخنەی تەواوکاری(التکاملي) لەئەدەبی کوردیدا، هەردوو کتێبی(شیعرو ئەدەبیاتی کوردی)و(کاروانی شیعری نوێی کوردی) بەنموونە. زانکۆی سەلاحەدین٢٠٠٦-٢٠٠٧. لا٤١، ٦٤.
٥٣ـ د.یادگار لطیف شارەزووری، تیۆرەکانی وەرگرتن، لەئیستاتیکای وەرگرتنەوە بۆ رەخنەی هاتنەوەڵامی خوێنەر. لەبڵاوکراوەکانی شانزهەمین فیستڤاڵی گەلاوێژ-سلێمانی ٢٠١٢. لا، ٢٧.
٥٤ـ پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر، تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، وەرگێڕان و ئامادەکردنی د.ئەنوەر قادرمحمەد، مەڵبەندی کوردۆلۆجی-سلێمانی، ٢٠١٠، لا، ١٦٩.
٥٥ـ رێبین خلیل قادر، میتۆدی رەخنەی تەواوکاری،لا، ٦٣.
٥٦ـ گۆڤاری رۆشنگەری-سلێمانی، ژمارە ٣٤، ئومێد حمەعلی، مەرگی دانەر: کۆتایی راستینەی رەها..لا، ٥٧٥.
٥٧ـ د. محەمەد کەمال، نیتشەو پاش تازەگەری، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠٠٦، لا، ٥٨.
٥٨ـ گۆڤاری رۆشنگەری، لا.٥٧٦-٥٧٧.
٥٩ـ جۆن هال، ولیام بویلوور، ولیامز شۆپان، چەند وتارێک دژی بونیادگەری، وەرگێڕانی، حسەین لەتیف. بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١٣. لا ١٦.
٦٠ـ د.محەمەد کەمال، سارتەرو خوێندنەوەیەکی نوێ، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠٠٣. لا. ٦٧.
٦١ـ د. کەمال میراودەلی، فەلسەفەی جوانی‌و هونەر-ئیستاتیکا، چاپی دووەم، خانەی چاپ وبڵاوکردنەوەی قانع-سلێمانی-٢٠٠٥. لا، ٢٦٨-٢٦٩.
٦٢ـ گراهام آلن، رولان بارت، ترجمەی پیام یزدانجو، نشر مرکز-تهران. ص ١١٣.
٦٣ـ س.پ.، ص. ٧٠.
٦٤ـ پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر،تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی.لا، ١٤٨.
٦٥ـ پ.س.لا، ١٥٢.
٦٦ـ دیاردەگەری..٥٣.
٦٧ـ بابەک ئەحمەدی،حەقیقەت و جوانی ٦٢٥.
٦٨ـ کۆوانە، رامین جهانبگلو،http://www.agorapf.org/heidegger3.
٦٩ـ د.یادگار شارەزووری، دیاردەگەری لا.٤٠.
٧٠ـ بابەک ئەحمەدی، ئەفراندن و ئازادی، وەرگێڕانی مەسعود بابایی، دەزگای موکریان-هەولێر، ٢٠٠٧. لا ٣١.
٧١ـ د.یادگار شارەزووری، دیاردەگەری.لا ٤٥.
٧٢ـ گۆڤاری رۆشنگەری، لا ٥٨٦.
٧٣ـ . د.علی طاهر حسین، د.شنۆ محمد محمود، زاراوەی ئاسۆی چاوەڕوانی و خوێندنەوەی دەقی شیعری. گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە ٣٣، ٢٠١٢.. لا٦٠.
٧٤ـ د.یادگار لطیف شارەزووری، تیۆرەکانی وەرگرتن لەئیستاتیکای.. لا، ٣٤.
٧٥ـ بابەک ئەحمەدی، حەقیقەت و جوانی لا. ٤٦٢-٤٦٣.
٧٦ـ د.علی طاهر حسین، د.شنۆ محمد محمود، زاراوەی..لا. ٦٣.
٧٧ـ د.یادگار شارەزووری، تیۆری وەرگرتن، لا ٣٢.
٧٨ـ بابەک ئەحمەدی، حەقیقەت و جوانی.٥٠٥-٥١٢.
٧٩ـ جان پول سارتر، ادبیات چیست..ص١٥-١٦.
٨٠ـ بەختیار عەلی، خوێنەری کوشندە، چاپخانەی رەنج-سلێمانی. لا ٥٨.
٨١ـ عبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، داهێنان سەر بەکەشفکردن‌وخەون ودنیابینیە-گفتوگۆی ئەدەبی و فکری، دیداری هەرێم عوسمان، لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد-هەولێر-٢٠١٢. لا ١٨٠-١٨٢.




سیمناری دەنگەکان بۆ بەڕێزسەعید کاکەیی لە شاری تۆرۆنتۆ

لە ژێر سەردێڕی “بزووتنەوەی گۆڕان لە پاش مەرگی نەوشیروان مستەفا ” دەنگەکان هەڵدەستێت بەڕێکخستنی سیمنارێ بۆ بەڕێز سەعید کاکەیی ڕێکخەری گۆشەی ستراتیجی‌یە لە ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان

یەکشەممە ١٨/٦/٢٠١٧
1:00 بۆ 4:30ی پاشنیوەڕۆ

لەم ناونیشانەی خوارەوە:

Albert Campbell Library
496 Birchmount Rd,
Scarborough, ON M1K 1N8
Jun 18,2017—Sunday
1:00 PM to 4:30 PM

سەعید کاکەیی - سیمنار




به‌ بۆن كه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ ” بۆنی بنیاده‌م” ی جه‌لیل كاكه‌وه‌یس دا …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

ڕۆمانی ” بۆنی بنیاده‌م ” ی ڕۆمان و چیڕۆكنووسی به‌ناووده‌نگی كورد هاوڕێم ” جه‌لیل كاكه‌وه‌یس ” م خوێنده‌وه‌، چێژێكی ئه‌ده‌بی زۆرم لێ‌ وه‌رگرت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م چێژه‌ به‌ستراوه‌ی باش چنینی خه‌یاڵ و جوان داڕشتنی زمان و پاكی هاڕمۆنیای ڕوداوه‌كان و نزیكی ڕۆحی مه‌ولانا بێ‌ له‌ ڕۆحی من و مامۆستای گه‌وره‌ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس.

ڕۆمانه‌كه‌ مانیفێستۆیه‌كه‌ بۆ لێبورده‌یی و هۆنینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ تووڕه‌یی و تابلۆیه‌كه‌ له‌ ڕه‌نگاڵه‌یی، كه‌ هه‌میشه‌ ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر جیاوازیه‌كان و ڕیتمه‌ سه‌رسامكه‌ره‌كانی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جوداكان. مامۆستا جه‌لیل دۆنادۆنی ڕۆحی مه‌ولانا خالید بووه‌ و له‌ ژێر گوشاری نادادپه‌روه‌ری و ناشیرینی و تاڵی و تڕشی ئه‌م زه‌مه‌نه‌ی ئێمه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زه‌مه‌نه‌كه‌ی مه‌ولانای نه‌قشه‌به‌ندی و هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌باته‌ هیندوستانی فرچكگرتوو به‌ ڕۆحی بوزا بۆ خزمه‌ت شا عه‌بدوڵڵای نه‌قشبه‌ند به‌و مه‌رامه‌ی له‌ ڕۆحی ئه‌و بنۆشین و به‌ هۆشی ئه‌و ببینین و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێری ئێستاتیكای جیاوازیه‌كان و به‌زم و نه‌زمی ئاوازه‌كانی دڵ و ده‌روونه‌ پاكه‌كان بین.

له‌م سه‌فه‌ره‌یدا كاكه‌وه‌یس له‌ خزمه‌ت مه‌ولانا خالید بۆ ماوه‌ی چوار مانگ خه‌ڵوه‌تی هه‌ڵبژارد و من لای خۆمه‌وه‌ حه‌زم ده‌كرد منیشی له‌گه‌ڵ بوام به‌ڵكو نه‌مهێشتبا ئه‌م چوار مانگه‌ی به‌س بێ‌ و هه‌ر نه‌بوا به‌یه‌كه‌وه‌ زیاترمان له‌ ڕۆحی مه‌ولانا نۆشیبایه‌. زه‌مه‌نی كاكه‌وه‌یس له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌ره‌تا هێواشه‌ تا به‌ هاوڕێیه‌تی مه‌ولانا ده‌گاته‌ هیند و پاشان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا كه‌مێ‌ خێرایی زیاد ده‌كا و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م خێراییه‌ زیاتر له‌ نه‌ستی كاكه‌وه‌یسه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێ‌ به‌ زووتر گه‌یشتنه‌وه‌ نیشتمان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌م گه‌شته‌ ڕۆحانیه‌ چنیویه‌ته‌وه‌ به‌ته‌نها نه‌یخوا و به‌شی هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێ‌ بدا كه‌ وه‌ك ئه‌و تینووی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌جد ئامێزن بۆ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ و وه‌ك ئه‌و ئومێدی هاتنه‌ ئارای هه‌موو ئاواته‌كان ده‌كه‌ن و ئاره‌زووی نیشتنه‌وه‌ی ڕقه‌ ئه‌ستووره‌كانی وڵاتخۆركه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆشێكی مه‌ولانایی و به‌ ڕۆحێكی شاهانه‌، ئه‌مما شاهانه‌ی سۆفیانه‌ بێنه‌وه‌ ئاستی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان و چیتر له‌ لووتكه‌ی چیاكانی سامانه‌وه‌ سه‌یری ئینسانه‌ ئاساییه‌كان نه‌كه‌ن.
زمانی مامۆستا جه‌لیل له‌ “بۆنی بنیاده‌م” دا له‌وپه‌ڕی جوانی و شیرینیه‌تی، وشه‌سازیه‌كی شاره‌زایانه‌ی تیایه‌ و بێ‌ گرێ‌ و گۆڵه‌ و ئاوازی ریتمه‌ زمانه‌وانیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبات و نامانوه‌ستێنێ‌.
ته‌كنیكی به‌كارهاتوو شێوازێكی هونه‌ریانه‌ی پێوه‌ دیاره‌ و گێڕانه‌وه‌ی نه‌خستۆته‌ ئه‌ستۆی تاكه‌ گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ك و گرنگ له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ دوو یادگه‌ یه‌كێكیان زیندوو و ئه‌وه‌ی تریان نوسراو له‌ نێو ده‌فته‌ره‌كه‌ی میرزا فه‌تۆ تێكه‌ڵی یه‌كتر ده‌بن و بوونه‌وه‌ره‌كانی نێویان تا دوا ساتی ڕووداوه‌كان هاوڕێی یه‌كترن.

یه‌كێتی زه‌مه‌ن به‌ هه‌ستیاری سیناریزه‌ كراوه‌ و كاكه‌وه‌یس ژیرانه‌ توانیویه‌تی دوو زه‌مه‌نی دوور له‌ یه‌كتر كه‌ دوو سه‌ده‌ی جیاوازن بخاته‌وه‌ نێو یادگه‌ی كورده‌واری، و ئه‌وه‌شمان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ حه‌یف زه‌مه‌ن بۆ له‌وێ‌ ڕۆژێوه‌ هیچی نه‌هاتۆته‌ سه‌ر و ئه‌وه‌تا دنیا له‌م دوو سه‌ده‌یه‌دا گۆڕا كه‌چی ئێمه‌ مانان و سه‌رداره‌كانمان هه‌ر له‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ر و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رین و تۆزقاڵێ‌ هزرمان له‌ میزاج جیانه‌كرده‌وه‌ و هه‌رده‌م كۆیله‌ی شادیه‌ ساته‌وه‌خته‌كان بووین و نه‌مانتوانی شادی بۆ هه‌موو كاتێك درێژه‌ پێبده‌ین و وه‌ك یه‌ك بیبه‌شینه‌وه‌.
كاراكته‌ره‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌سه‌كانی سه‌رده‌مه‌كانی خۆیانن، بینین و هه‌ڵبژاردنه‌كانی كاكه‌وه‌یس له‌ ڕووی سینۆگرافیشه‌وه‌ وریایانه‌یه‌ و ئه‌و توانیویه‌تی كه‌ره‌سته‌ی دیمه‌نه‌كانی ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمان به‌ باشی و لێزانانه‌ بدۆزێته‌وه‌ و بیانخاته‌وه‌ شوێنی خۆیان، هوشیاری به‌ سازكردنی سینۆگرافیانه‌ی دیمه‌نه‌كان هۆشێكی ده‌رهێنه‌رانه‌ی ده‌وێ‌ و بێ‌ ئه‌م توخمه‌ زه‌مه‌نه‌كان ناناسینه‌وه‌.
جه‌لیل كاكه‌وه‌یس له‌م ڕۆمانه‌یدا هه‌موومان ده‌خاته‌ نێو سرووتگه‌لی سۆفیانه‌وه‌ و به‌ رۆحه‌ ناسك و دڵه‌ ڕووناكه‌كه‌ی خۆی داوای ڕووناكایی بۆ هه‌موو ئه‌و دڵانه‌ ده‌كا كه‌ ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاون و ترووسكاییه‌ك له‌ گه‌شانه‌وه‌یان تیا نه‌ماوه‌، چون چیدی به‌رگه‌ی ئه‌م وه‌ستانه‌ زه‌مه‌نیه‌ ناگرین، زه‌مه‌نی ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ زۆر دوور و له‌ مێژه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات یاخود جوانتره‌ بڵێین بۆ زۆر دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ساته‌وه‌خته‌كانی ئێستا كه‌ لێیانه‌وه‌ ده‌چینه‌وه‌ خزمه‌ت مه‌ولانا خالید، لای كاكه‌وه‌یس هه‌مان زه‌مه‌نه‌ و ئه‌مه‌ش ڕێك ئه‌و زه‌مه‌نه‌ میتۆلۆژیه‌یه‌ كه‌ داریوشی شایگان له‌ كتێبی” بته‌ زه‌ینیه‌كان و یاده‌وه‌ریه‌ ئه‌زه‌لیه‌كان” باسی ده‌كا و به‌و بازنه‌یه‌ی ده‌چوێنێ‌ كه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌كیه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ هه‌مان خاڵ. زه‌مه‌نی میتۆلۆژی له‌م ڕۆمانه‌دا زه‌مه‌نی ڕوودانی هه‌رچی ڕووداوی نێو ڕۆمانه‌كه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ئه‌و به‌د به‌ختیه‌ی مه‌ولانا وێڵی زه‌مه‌نێكی تر ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان تیایدا وه‌ك یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وینه‌وه‌.

كاكه‌وه‌یس ده‌یه‌وێ‌ زه‌مه‌نی كوردی بۆ زه‌مه‌نه‌ باشلاریه‌كه‌ وه‌رگێڕێ‌ و هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌كی بۆ ئه‌وه‌ی تر ببێ‌ به‌ هێز و ئینێرژی و تیایدا تین و تاقه‌ت بۆ چالاكیه‌كانی نێو ئه‌ڵقه‌ له‌ دوایه‌كه‌كان كۆكاته‌وه‌ و جیاوازی زه‌مه‌نه‌كان به‌ جودایی چالاكیه‌ ئینسانیه‌كانه‌وه‌ بناسرێنه‌وه‌. ئه‌و سۆفیانه‌ وشه‌ و قه‌ڵه‌م و كاغه‌زی خۆش ده‌وێ‌ و كه‌ ده‌شیانڕازێنێته‌وه‌ تێكست ده‌خه‌نه‌ سه‌ما و له‌گه‌ڵیشیدا خوێنه‌ر به‌ سه‌ماوه‌ له‌سه‌ر ئاوازی ڕووداوه‌كان به‌ستراوه‌ی زنجیره‌یه‌كی یاده‌وه‌ری و به‌سه‌رهاته‌كان ده‌كا تا ئه‌و ده‌مه‌ی به‌ حه‌مده‌له‌یه‌ك خۆی ده‌حه‌سێنێته‌وه‌.
ده‌ستخۆشی له‌ برای گه‌وره‌ و هاوڕێی هه‌ره‌ پاك و بێگه‌ردم ڕۆماننووسی گه‌وره‌ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس ده‌كه‌م، به‌ ڕاستی ” بۆنی بنیاده‌م ” هه‌مان بۆنی ڕۆمانه‌ جیهانیه‌كانی لێده‌هات و تام و چێژیشی له‌وان كه‌متر نه‌بوو.




هه‌قایه‌ته‌ تاقانه‌كه‌ی دایكم … ئەدیب نادر

ساڵی دووهه‌زار و چوار بوو, كه‌ كتێبه‌كه‌ی ئێچ. جی. وێڵز, “ماشێنی كات”م له‌ دووكانی ده‌ستی دووه‌ خێرخوازییه‌كه‌ی بلاك ستۆك ڕۆد به‌ پاوه‌ندێك كڕی, خۆ كتێبه‌كه‌ی ڕۆبنسن كرۆسۆی دانیال دێفۆیش له‌ناو ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كاندا جێی به‌ خۆ گرتبوو, وه‌لێ‌ ئه‌وم نه‌كڕی, ئه‌گه‌ر بكرێ‌ له‌ خۆم بپرسم بۆچی؟ ئه‌وا ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامم بۆ خۆم هه‌ر ئه‌وه‌ بێت بڵێم : چونكه‌ من به‌ كرده‌وه‌ سی ساڵا بوو وه‌كو ڕۆبنسن كرۆسۆ ده‌ژیام و ده‌مویست هه‌لێك, یاخود بابڵێم كه‌شتییه‌كم له‌ ئاسۆكانی ئه‌م ده‌ریای تاراوگه‌یه‌دا لێ په‌یدا بێت و بمگێڕێته‌وه‌..”ماشێنی كات”یش ئه‌و كه‌شتییه‌ بوو له‌ ئاسۆكانی ئه‌و خه‌مۆكییه‌وه‌ لێم ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ریای تاراوگه‌ دایم و ده‌رهه‌م خۆی پێ ده‌ڕازانده‌وه‌. ئه‌و كتێبه‌, هه‌ر بۆ خۆی ماشێنێكی دانسقه‌ی ئه‌وتۆ بوو هه‌ر تاقه‌ وشه‌یه‌كی, چه‌ند مه‌ترێك, یان چه‌ند كیلۆمه‌ترێك, منیان بۆ دنیای تاسه‌ و ئاره‌زوویه‌كی بێئامان ده‌گێڕایه‌وه‌, ئه‌و تاسه‌ و ئاره‌زووه‌ی كه‌ چه‌شنی پشیله‌یه‌ك, به‌ قه‌پاڵێكی میهره‌بان ملی ده‌گرتم و به‌سه‌ر دیواره‌كانی حه‌وت مه‌مله‌كه‌تدا ده‌یبردم, تاوه‌كو له‌ ژیانمدا, جارێكی تر چاوم له‌وێ‌ بكرێته‌وه‌, له‌وێ‌ به‌یه‌كجاریی ڕوون بێته‌وه‌. به‌ڵێ‌, وه‌كو به‌چكه‌ پشیله‌یه‌كی تازه‌ له‌دایكبووی چه‌ند ڕۆژه‌, له‌وێ‌, له‌و دنیا دووره‌ چاو ئاوه‌ڵا بكه‌مه‌وه‌..كه‌ هاوكات دنیایه‌كه‌, یان دنیایه‌ك بوو, هه‌م له‌ بۆته‌ی خه‌یاڵیشدا و هه‌م له‌ تانوپۆی ڕاستیشدا خۆی له‌ قاڵب دابوو..
ئه‌م كتێبه‌ نیوداشته‌, له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیدا تووڕی هه‌ڵده‌دامه‌ نێو كووچه‌ و كۆڵانگه‌لێكی سه‌یر و عاجباتی. سه‌ره‌تا, كه‌ به‌ناویاندا ده‌گه‌ڕام, ئاوا خۆم ده‌دواند: ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ساڵه‌كانی ترس و ڕاكردن, ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ نه‌یان ده‌هێشت به‌ گه‌نجیی ئاشنا بم, چێژ له‌ چركه‌ساته‌ گه‌وهه‌رئاساكانی وه‌ربگرم, نازانم ئه‌م كتێبه‌ جادووی لێ ده‌كردم, یان من هێشتاكێ‌ نه‌متوانیبوو خۆم له‌و شوێنه‌ به‌له‌سه‌ بكه‌م كه‌ وه‌كو فاق و ته‌ڵه‌ گرتبوومی و لێنه‌ده‌گه‌ڕا له‌ده‌ستی ڕه‌ها بم. سه‌یرییه‌كه‌ی له‌ باوه‌ڕ به‌ده‌ر بوو, جاروبار ته‌مه‌نی له‌ بیر ده‌بردمه‌وه‌, هه‌ستم ده‌كرد هێشتا ساڵه‌ سپییه‌كانم ته‌شریفیان نه‌هێناوه‌ و له‌ ساتی له‌دایكبوونه‌وه‌ نزیكترم وه‌ك له‌وه‌ی له‌ ساتی مردن نزیكبووبمه‌وه‌. جاروباریش: وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆڵی په‌ڕه‌شووتێك ببینێت و له‌ فه‌زایه‌كی به‌رفراوانه‌وه‌ بمخاته‌ ناو شوێنێكی ئه‌وتۆی وا كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا دیاریشه‌ و نادیاریشه‌..
چوار..چوار..چوار..

ئه‌و ده‌مه‌ و عه‌سره‌, چه‌ند كه‌ڕه‌تێك ته‌ماشای سه‌عاته‌ دیوارییه‌كه‌م كرد, هه‌ڵبه‌تا به‌ده‌م په‌ڕه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌وه‌ تیله‌ی چاوم ده‌گرته‌ سه‌عاته‌كه‌ و هه‌ر جاره‌یش وام ده‌زانی میله‌كه‌ وه‌كو شمشێره‌كه‌ی دیمۆكلیس له‌سه‌ر ژماره‌ چواردا گیرسابووه‌وه‌, كه‌چی دیقه‌تدان پاشگه‌زی ده‌كردمه‌وه‌ و هه‌سته‌كه‌می له‌ شه‌رم ده‌گه‌وزاند. نه‌خته‌ تووڕه‌ بوونێك داوێن گیرم بوو, تفێكم له‌ سه‌عاته‌كه‌ كرد..ئاخر من قه‌ت نایه‌ته‌ بیرم ئاوا تووڕه‌ بووبم, ده‌توانم بڵێم من له‌ هیچ شتێك تووڕه‌ نه‌بوومه‌,بۆیه‌ له‌و كاره‌ی خۆم تێنه‌گه‌یشتم و واقووڕمانێك داڵده‌ی دام..چوارچوارچوار..ئه‌م ژماره‌یه‌ ژووره‌كه‌ی ته‌نییه‌وه‌, نه‌یده‌ویست ده‌ست له‌ یادم هه‌ڵبگرێت. تۆزێك هێدم دایگرتم, به‌ڵام..ئه‌و سه‌عاته‌ نه‌فره‌تییه‌, سه‌عات نه‌بوو, به‌ڵكو چیلكه‌یه‌ك بوو ده‌ستێكی لاسار و بزۆز له‌ ئاوه‌زم وه‌ری ده‌دا و حه‌جمانی لێ هه‌ڵده‌گرتم..به‌ نه‌عله‌ت بێ له‌ به‌رانبه‌رم بوو, چیبكه‌م؟ ڕۆیشتمه‌ ژووری خه‌وتنه‌كه‌م و گه‌یشتمه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌:”ئینجا گومانه‌ سه‌خڵه‌ت كه‌ره‌كان ده‌سته‌ویه‌خه‌م بوونه‌وه‌. داخۆ بۆچی مۆڕڵۆكه‌كان ماشێنی كات-ه‌كه‌ی منیان بردبوو؟”و فاقئاسا باڵنده‌ی نیگاكانی گرتم. وه‌كو پله‌ی ئه‌و ساردییه‌ی زستانی جه‌مسه‌رێكی دووریش ڕایان گرتم, كه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌م كه‌سیره‌ بوونه‌ ئه‌و تامه‌یان پێبه‌خشیم كه‌ جارناجار شرینقه‌ی یاده‌وه‌ریی ده‌یچۆڕێنێته‌ ناو ده‌ماره‌كانی گیانمه‌وه‌.. یه‌كه‌مجار كه‌ ئاوڕم له‌ دیواره‌كه‌ی به‌رامبه‌رم دایه‌وه‌, ڕووتوقووت بوو, به‌ڵام كه‌ سه‌رله‌نوێ‌ سه‌رم هه‌ڵبرییه‌وه‌, تارمایی سه‌عاته‌كه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌, وه‌ك بڵێی ئه‌فسوونێكی ناوازه‌م لێبكات, دیار بوو, دیاریش نه‌بوو. له‌وه‌ دڵگران بووم كه‌ ژماره‌ چوار شوێنی خۆی به‌جێ‌ نه‌هێشتبوو..به‌ خۆم گوت: ئه‌ی ده‌ستم بۆ خاڵییه‌, كتێبه‌كه‌ چی لێهات؟ كتێبه‌كه‌ ببووه‌ ماشێنی كات و وه‌ك بڵێی له‌ شوێنێكی گه‌رم گه‌رمه‌وه‌, یان له‌ دۆزه‌خێكی سارده‌وه‌ گه‌یشتبمه‌ شوێنێكی دیكه‌. شه‌ماڵێكی ئاره‌ق ڕه‌وێنه‌ره‌وه‌ لێیدام و په‌ییم به‌وه‌ برد كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ زۆرجار وه‌كو گه‌رده‌لوولێك وردوخاشیی بیركردنه‌وه‌ و خه‌یاڵم بۆ لای خۆی ڕاپێچ ده‌كات و ده‌یبات, ده‌یبات و ده‌یشزانم وه‌كو خه‌ونێك وایه‌, خه‌ونێك, كه‌ وه‌كو چاوترووكانێك ته‌مه‌ن كورته‌ و درێژه‌ ناكێشێت و..كه‌ وه‌كو مووی ناو ماستیش له‌ناو خه‌وه‌كانم خۆی ده‌رده‌كێشێت, هه‌ست به‌ مایه‌ پووچییه‌كی بێڕاده‌ ده‌كه‌م, گێجه‌كه‌ی ئومێدی ناخم ڕیكۆردی پێچه‌وانه‌ ده‌شكێنێ‌. ده‌كه‌ومه‌ شوێنێك..وردوخاشییم چیدی وردوخاشیی نییه‌.. لێره‌: شته‌كانی یاده‌وه‌رییم به‌رجه‌سته‌ ده‌بنه‌وه‌, یان شته‌كان به‌ر له‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریی بنه‌خشێن ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌..شته‌كان ئازارم ده‌ده‌ن, سه‌رشكان, دڵشكان و..شكانه‌كانی تریش…كۆڵانه‌كان ختووكه‌ی ئاره‌زووی قاچه‌كانم ده‌ده‌ن, به‌ر له‌وه‌ی شه‌قاوه‌كانم تاوبده‌م, به‌ردێك ده‌گرمه‌ حه‌وشه‌یه‌كی ئاشنا, له‌ ده‌رگاكه‌وه‌, عه‌له‌درێژ دێته‌ ده‌رێ‌, مه‌وداكان پڕ ده‌بن له‌ سه‌رسامیی: پێی ده‌ڵێم: ده‌ڵێی ڕۆژێك له‌ عومرت تێنه‌په‌ڕیووه‌, ئه‌ویش لۆمه‌بارانه‌ لێم وردده‌بێته‌وه‌ و هه‌مان شتم پێ ده‌ڵێت. پێم هه‌رس ناكرێت. خۆم ده‌دوێنم: یانی چی؟ یانی ئێمه‌ هێشتا هه‌ر گه‌نجین؟ زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مه‌ وه‌ك باوه‌ڕ بچه‌سپێت,به‌ڵام..به‌ هه‌شتاو به‌رنامه‌یه‌كی سه‌رپێیی داده‌نێین. كات هێشتا گره‌وی لێمان نه‌بردۆته‌وه‌, په‌نجه‌ره‌یه‌كی ئه‌فسووناویی سه‌رمان پێ هه‌ڵده‌بڕێت, ئه‌وه‌ په‌نجه‌ره‌ پیرۆزه‌كه‌ی ئوم مه‌جیده‌, ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی ده‌بوو له‌ كوڕه‌وه‌ بمانكات به‌ پیاو, كه‌چی مخابن! شار ده‌بێته‌ كیژێكی نایابی ئه‌وتۆ نیگاكانمان به‌ باڵای خۆیدا ده‌دوورێته‌وه‌, ئێمه‌یش گۆرانی: ئه‌نگوستت ده‌رزی زولفت خه‌یاته‌ی بۆ ده‌ڵێین. بارانێكی به‌سته‌زمان ده‌كه‌وێته‌ بارین, ئێمه‌ ته‌ڕ ناكات, وه‌لێ‌ زه‌وی ده‌كاته‌ جه‌سته‌یه‌كی خنكاو, ئێمه‌یش هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌مان له‌ده‌ست دێت ته‌ماشای بكه‌ین..كۆڵانه‌كان باوه‌شن, باوه‌شی گه‌رم و گوڕن و به‌دوای خۆیاندا ڕاپێچمان ده‌كه‌ن, بۆ هه‌ر كوێ‌ ده‌چین, له‌ هه‌ر كوێ‌ سه‌یری سه‌عات ده‌كه‌ین, سه‌عات هه‌ر چوار نیشان ده‌دات..به‌ كۆتایی جاده‌كه‌ی شاترلوو, ئه‌و جاده‌یه‌ی حه‌مام عه‌لی به‌گ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری, پێ هه‌ڵده‌گرین, گۆڕستانه‌كه‌ی تالیم ته‌پپه‌ نیگاكانمان تۆزاویی ده‌كات و به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه‌ پێچه‌كه‌ی ده‌سته‌ ڕاستی شه‌قامی جمهووری, مامۆستا عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج به‌ره‌و پیرمان دێت, زۆر سه‌رسامانه‌ پێمان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ هێشتا نه‌ڕۆیشتوون؟ ئه‌ی من نه‌مووت خۆتان له‌م بارانه‌ ناڕه‌سه‌نه‌ ده‌رباز بكه‌ن؟ ئه‌ی من نه‌م..
ئیدی نازانم عاشقین, یان سه‌رخۆش..
به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و كتێبخانه‌كه‌ی ئاسۆ شۆڕبینه‌وه‌, له‌ پێچه‌كه‌دا, وه‌ك هه‌میشه‌, حسێن میسری و سه‌عید كاكه‌یی سه‌رقاڵی ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی شانۆییانه‌ بوون سه‌باره‌ت به‌ پرۆڤه‌كانی”ترێی ڕێوی”, كه‌ به‌ منداڵان تایبه‌ت بوو, له‌وێ‌ قه‌ده‌رێك له‌ ته‌كیان ڕاوه‌ستاین و هه‌ندێك سه‌رم نایه‌ سه‌ریان, به‌ڵام هیچ ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی لێ سه‌وز نه‌بوو, پاشان میهره‌بانانه‌ بۆ جه‌نه‌ڕاڵا پرۆڤه‌كه‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌یان داوه‌تیان كردم, له‌وێوه‌ داگه‌ڕاینه‌ خواره‌وه‌ و ئینجا چووینه‌ ناو “ئاسۆ” و نه‌ختێك چاومان به‌ كتێبه‌كاندا گێڕا و ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌ ده‌مانویست ئه‌وێ‌ به‌جێ‌ بێڵین, كاك جه‌بار له‌ ژێر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می, كتێبێكی بچكۆلانه‌ی خسته‌ ناو هه‌فته‌نامه‌یه‌كی هاوكارییه‌وه‌ و وتی: كاك فه‌خره‌دین چوار سه‌د و بیست و پێنج فلسمان بده‌رێ‌. منیش هه‌فته‌نامه‌كه‌م كرده‌وه‌”ناڵه‌ی جودایی- یه‌كه‌ی هێمن”م تێدا بینی, وامزانی به‌ به‌لاش ده‌مداتێ‌, پاره‌كه‌م دایێ‌ و ده‌رچووین..له‌وێوه‌ په‌ڕینه‌وه‌, به‌ره‌و”كازینۆ نه‌سر”سه‌ركه‌وتینه‌ سه‌ره‌وه‌, پیشانگای شێوه‌كار”سوعاد ستار”ی تێدا نمایش كرابوو, تابلۆ تاریك و خه‌ڵووزئاساكان بێ ترووسكایی بوون, هه‌ندێك مشتومڕم له‌گه‌ڵا كاك سوعادداكرد و نه‌گه‌یشتمه‌ هیچ ئه‌نجامێك, ئینجا بوو به‌ مشتومڕێكی گه‌رم و گوڕ, من نه‌متوانی شێوازه‌كه‌ی قبووڵا بكه‌م,كه‌چی”ئه‌ییوب شه‌ریف”باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ شێوازێكی ته‌عبیرییه‌ و گشت تابلۆیه‌ك به‌ مانایه‌كی په‌رده‌پۆشكراو دووگیانه‌, له‌ڕاستیدا, ده‌متوانی ده‌رك به‌ قووڵییه‌كانیان بكه‌م, به‌ڵام دانم پێیاندا نه‌ده‌نا,ده‌مویست خه‌ڵك بخرۆشێنن, هه‌ستم ده‌كرد بۆ من تابلۆكان به‌یه‌ك ده‌چن, چۆن گومه‌زی مزگه‌وته‌كان هه‌ر هه‌موو هاوشێوه‌ن, ئه‌ ئاوا. بۆیه‌ پێم گوت: نه‌ده‌بوو پڵیته‌یه‌ك له‌ناو ئه‌م هه‌موو شه‌وه‌دا تیشك بداته‌وه‌, خۆ له‌م هه‌موو تاریكاییه‌دا چاو چاو نابینێت. پاشان مشتومڕ هه‌ر به‌رده‌وام بوو, عه‌له‌درێژیش, وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌وڵیدا شته‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی فه‌لسه‌فییدا به‌رێت, به‌ڵام بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر, ئیدی ئه‌و كه‌شوهه‌وا بارگاوییه‌مان به‌جێ هێشت و لێماندا ڕۆیشتین ..هه‌موو كۆڵانه‌كان گه‌ڕاین, لای مه‌زاتخانه‌كه‌ عه‌لی وتی: با سه‌رێك له‌ باوكت بده‌ین, من پێویستم به‌ سپرایه‌كی خۆڵه‌مێشیی هه‌یه‌, ڕه‌نگه‌ لای ئه‌و ده‌ست بكه‌وێت.

چووینه‌ لای, هه‌ر به‌ خووخده‌ی جارانی خۆی, وه‌كو ئه‌وه‌ی پارچه‌ شیرینییه‌ك بێت و مێش و مه‌گه‌ز تێی ورووكابێت, ده‌وری جمه‌ی ده‌هات, پێكه‌نین خانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی دامه‌زراندبوو ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بوو, هه‌ر كه‌ له‌ چاوه‌كانی ده‌ركه‌وتین, هاواری كرد: ها كرماشانی..كه‌ڵه‌شێر كرماشانی چۆنی؟ عه‌له‌درێژیش وه‌كو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی شتێكی دیكه‌ی لێبكات, ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات, ئیتر باوكم ده‌ستێكی به‌ سمێڵه‌ زله‌كه‌یدا هێنا و به‌ پێچه‌وانه‌ی گرژ و مۆنیی و كه‌مدووییه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ی, ڕووخۆشانه‌ و گاڵته‌جاڕانه‌ وتی: وتت به‌ دایكت؟ وتت به‌ دایكت سه‌روپێیه‌كمان بۆ بكات و دوو پێمان بۆ هه‌ڵبگرێت؟ ئیتر ناگه‌هان ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ بوو به‌ شایلۆغانی پێكه‌نین, من زۆر ته‌ریق بوومه‌وه‌, به‌ڵام عه‌له‌درێژ, ئه‌گه‌رچی ده‌یزانی باوكم له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و گاڵته‌ بێحه‌ددوسنوورانه‌ی بێ مه‌به‌ست بوون, وه‌لێ‌ له‌ ناخه‌وه‌ وه‌ك كه‌فوكوڵی قاوه‌ هه‌ڵچبوو.. ساتێك بێده‌نگیی حه‌په‌سانی پێبه‌خشین و ئیدی وه‌كو دوو دز قه‌لفڕمان بۆ كرد و ئه‌وێمان به‌جێ هێشت. پاش ئه‌وه‌ی نه‌ختێك دڵیم دایه‌وه‌, لێخنییه‌كه‌ی ڕه‌وییه‌وه‌ و به‌لای حه‌سیره‌كه‌دا, به‌ره‌و پریادی شۆڕبووینه‌وه‌, دوو ڕۆژ بوو ئازاد شه‌یدا دیار نه‌بوو تاسه‌مان ده‌كرد و ده‌بوایه‌ بیبینین, ئیتر نازانم دواتر له‌وێوه‌ بۆ كوێ‌ چووین..به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ ڕاوه‌ستان به‌رۆكی نه‌گرتین, هه‌ر ڕۆیشتین و ڕۆیشتین, هه‌ستم كرد ئه‌م شاره‌ گه‌نجییمان ناداته‌ ده‌م هیچ ڕه‌وت و ته‌ووژمێك, گه‌نجییمان هه‌ر تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌, گه‌نجییمان مسۆگه‌ر له‌ودا پارێزراوه‌..ئینجا به‌ بێ ئه‌وه‌ی ماندوو بووبین به‌ لای سینه‌ما خه‌ییام دا لێژبووینه‌وه‌ و به‌سه‌ر پرده‌كه‌ی سه‌رخاسه‌دا ملی كۆڕنیشمان گرت و به‌ره‌و لای قوتابخانه‌كه‌م, ناوه‌ندیی باوه‌گوڕگوڕ په‌ڕینه‌وه‌, ده‌بوایه‌ هێدمه‌یه‌كی قووڵا دامبگرێت, به‌ڵام..چاوم له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كانی گیرسانه‌وه‌, ته‌نانه‌ت یه‌ك شووشه‌ی ساغ چییه‌ پێیانه‌وه‌ نه‌مابوو, بێده‌نگ به‌ هه‌ورازه‌كه‌دا هه‌ڵگژاین, له‌سه‌ر پرده‌ بچكۆلانه‌كه‌وه‌, به‌لای چه‌پدا خوار بووینه‌وه‌, له‌ قه‌برسانه‌كه‌وه‌, به‌ هه‌نگاوی سووك, سووكتر له‌ كێشی ئه‌و په‌پووله‌پاییزه‌ی كه‌ شوێنه‌كان گه‌مه‌ی پێده‌كه‌ن, لێژ بووینه‌وه‌ و به‌ره‌و ته‌پپه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا, ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ ئه‌م گه‌شته‌ پیاده‌یه‌مان ده‌ستیپێكرد, گه‌ڕاینه‌وه‌. هه‌ر كه‌ نزیك بووینه‌وه‌, یه‌كه‌وڕاست ده‌نگی دایكم منی كرده‌وه‌ به‌ منداڵێك و كه‌وتمه‌ ناو دوورگه‌ی تاقه‌ هه‌قایه‌ته‌ كاریگه‌ره‌كه‌ یه‌وه‌..هه‌قایه‌تی “بولبوولێكی دڵشكاو”, گوێم سه‌رله‌نوێ‌ پڕپڕ بووه‌وه‌ له‌م هه‌قایه‌ته‌, وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی سه‌یر ڕووبدات, ته‌ماشای سه‌عاته‌كه‌م كرد, سه‌عات چوار بوو, هاوكات به‌ یه‌كمان گوت: كوێڕا كات زه‌فه‌ری پێ بردین؟ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ هێزێكی جادوویی هه‌بوو, وه‌كو هۆكه‌س پۆكه‌سی جادووگه‌رێك وابوو, هیچ شتێك له‌ ده‌وروبه‌رم دیار نه‌ما, كتوپڕ گوێم له‌ ده‌نگی قاژقاژه‌ بوو, داره‌كان ڕه‌نگی خۆیان ته‌كاند, دنیا به‌ ته‌واوه‌تیی خۆی له‌ تۆزی خۆڵه‌مێش وه‌ردا, تاق و ته‌نیا خۆم به‌دی كرد, نه‌ عه‌له‌درێژ, نه‌ ته‌پپه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا, نه‌ ده‌نگه‌كه‌ی دایكم, نه‌ هه‌قایه‌ته‌ تاقانه‌كه‌ی و نه‌ شار و نه‌ ئه‌و دنیایه‌یش چیدی له‌به‌رچاوم دیار نه‌ما, كه‌ پێیه‌كانم تێیدا جێ ئه‌ته‌ری كۆنی خۆیان هه‌ڵده‌گرته‌وه‌. هه‌ستم كرد سێبه‌ری من جارێكی تر ناكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌رزی ئه‌م شاره‌, ئه‌و شاره‌ی كه‌ پارێزگاریی له‌ گه‌نجییم كردبوو, ڕه‌ویبووه‌وه‌, بۆشاییه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كانی هه‌ر ته‌نها ده‌نگی ئه‌فسووناویی قاژقاژه‌ تژییان كرد و سێبه‌ره‌كانیشی بایه‌كی بێ یاده‌وه‌ریی له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبردن. له‌ناكاو كتێبه‌كه‌ له‌ ده‌ستم په‌یدا ده‌بێته‌وه‌, چاوه‌كانم به‌ سه‌عاتی سه‌ر دیواره‌كه‌دا هه‌ڵده‌شاخێت, میله‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌عات چواردا به‌ قه‌تیسیی ده‌بینم, تفێكی لێده‌كه‌م و لاپه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ڵا ده‌ده‌مه‌وه‌, لاپه‌ڕه‌ی كۆتاییه‌: ئاوا دوا دێڕی ده‌بینم: یان دوا دێڕی وای لێ دێت:”گه‌شتیاره‌كه‌ی كات به‌ر له‌- سی ساڵا- دیار نه‌ما. ئێستا ئیدی هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێ‌ كه‌ ئه‌و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه‌”.

ئیتر دایده‌خه‌م..بیرده‌كه‌مه‌وه‌, بیركردنه‌وه‌ وه‌كو په‌نجه‌ره‌یه‌كی هه‌ڵماویی لێدێت, بۆ ساتێكی كه‌مخایه‌ن ڕوون ده‌بێته‌وه‌: ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی دوور له‌ كۆڵانه‌كه‌ی جارانم هه‌میشه‌ هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ شتێكم بزر كردووه‌, هه‌میشه‌ هه‌ستم كردووه‌ كه‌ بكه‌ومه‌وه‌ ناوی, ئه‌و هه‌سته‌م وه‌كو شله‌یه‌ك ده‌بێ به‌ هه‌ڵم و دیار نامێنێ‌, به‌ڵام..ئێستا, ئێستا پاش ئه‌وه‌ی پشیله‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان, به‌ قه‌پاڵا ملی تاسه‌ و ئاره‌زووه‌كانی بینینه‌وه‌م به‌سه‌ر دیواره‌كانی حه‌وت مه‌مله‌كه‌تدا ده‌بات و ده‌مگه‌یه‌نێته‌وه‌, هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و هه‌سته‌ شله‌ ئاسایه‌م ناپاكیی لێكردووم. ئیتر په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌م كه‌ برژانگی چاوه‌كانم چه‌شنی گژوگیای سه‌رله‌به‌یانی به‌ دڵۆپه‌ی ورد ته‌ڕ ته‌ڕ بوونه‌.

ئه‌یلوولی2016: هه‌ولێر




ژەھری مار Snake venom …. د.ناجح گوڵپی

ژەهری مار بریتیە لە لیکی مار کە ژەهری تیدایە،بەهۆی کەڵبەکانیەوە دەیکاتە لەشی نێچیرەکەی، دەبێتە هۆی ئیفلیج بونی نێچیرەکەی و یارمەتی هەرس کردنیشی دەدات، ھەندێ ماریش هەیە لە کەلبەکانیەوە ژەهر دەپرژێنی، زەھری مار پێکھاتوە لە( مادەی پرۆتینیو پێپتاید ، ئەنزیم وخوێی کانزا،ھەندێک مادەی نا ژەھراوی کە سود بەخشن بۆ ژیان ) لە شوێنێک کۆبۆتەوە پێ دەوترێ کیسەی ژەھر لە ژێرو پشتی چاوەکانیدایە، ئەم کیسە ماسولکەییە بە بۆریەک بەستراوە بە بنکەی کەڵبەکانیەوە تا کاتی پێوستو پێوەدان دەی ڕژێنێت ، کاریگەری ژەھری مار دەگۆریت بەپیی جۆر و گەورەو بچوکیو،شووینی ژیانی مارەکە، وەک لەسەرەتای جۆرەکانی ژەھرەوە باسمان کردوە ،ژەھری مار زیندە ژەھرە یان ژەھری بایۆلۆجیەو لەلایەن گیانەوەرەکانەوە بەرھەم دێت ، ژەھری مار دوو جۆری سەرەکی ھەیە بەپێی کاریگەری لەسەر ئەندامانی لەشی گیانلەبەرەکە:
یەکەم : ژەھری شیکەرەوەی خوێنو لوولەکانی خوێن (hemotoxins) واتە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی سوڕی خوێنو دڵ ولوولەکانی خوێن دەکات، خرۆکە سورەکان شی دەکاتەوە کاری لوولەکانی خوێن تێک ئەدات،ناهێڵێت خوێن بمەیێت، خوێنڕێژی دروست دەبێت پاشان لەئەنجامدا گەنگرین دروست دەکات لەشوینی پیوەدانەکە، هەندێ ژەهریشیان هەیە دەبێتە هۆی خوێن مەیین و دروست کردنی کڵۆی خوێن، هی واشیان هەیە رادەی دەڵاندن لەنیوان خانەکاندا زیاتر دەکات و تا ژەهرەکانی تر بەئاسانی بچنە ناو خەنەکانی لەشو ئاسان بلاو ببنەوە، جۆرێکیشیان دەبێتە هۆی نزمکردنەوەی فشاری خوێنو کارەکانی دڵ تێکدەدات ،چەندین جۆری کارو میکانزمی تریان هەیە، بۆیە مرۆڤ توانای بەرگەگرتنی پیوەدانی ماری زۆرکەمە و زۆربەی کات مردن دەبێتە میوانیان ، ئەو مارانەی کوردستان لەم جۆرەن و ئەنزیم گەلی (proteases پرۆتیاسیس) تیدایە کە خوێنو ڕیشالی ماسولکەکان شی دەکاتەوە. مار ژەهریکی تایبەتی هەیە بۆ ئەو گیانلەبەرانەی کە دەیەوێ بیان خوات لەکاتی برسێتیدا پاش پێوەدان یارمەتی هەرس کردنی نێچیرەکەی دەدات پاش قووتدانی و لە ناو کۆئەندامی هەرسیدا وەک ( ئەمینۆئەسید ئۆکسیدەیس و پرۆتیاسیس)، ئەم جۆرە مارانە لەهەمو جیهاندا بلاون بەتایبەتیش لەکوردستان ،کەڵبەکانیان درێژە و توانای جوڵانیان هەیە، لەخێزانی (Viperidae ) ڤایپەریدین.

دووەم : ژەھری مار کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار دەکات( neurotoxic )، واتە کاری دەمارەکان تێک دەدات وماسولکەکان توشی ئیفلیجی دەکات، دەبیتە هۆی وەستاندنی ئاماژەکان (ناردنو هاتن) لە ناو دەمارەکاندا،کاتێ مادەی ئەسیتیل کۆلین دەڕژێت و دەبێتە هۆی گرژ بونی ماسولکەکان و خاو نابنەوە چونکە ئەنزیمی کۆلین ئیسترەیس کەلەناو ژەهری مارەکەدایە کاری ئەسیتیل کۆلین تێک ئەدات، ،لەکۆتایدا دەبێتە هۆی ئیفلیج بونی کۆئەندامی هەناسەو خنکانی گیانلەبەرەکە، هەروەها ئەم ژەهرە بۆ نێچێرەکانیشی بەسودە کاتێ دەیەوێ قوتیان بدات،جونکە ژەهەرکە وا دەکات لە گیانەوەرکە کە ماسولکەکانی هیزیان تیدا نەمینێتو لەجوڵە بکەون، ئەم جۆرە ژەهرە لەو مارانەدایە کە کەڵبەکانی ژەهریان کورتە و ناجوڵێن وەک ماری کۆبرا و مامبا، کەلە خێزانی (elapidae ) ئیلاپیدای ن ،لە ناوچەکانی هێڵی ئیستواو خواری ئیستوا دەژین، نمونەی ئەو ئەنزیمانەی کە دەبنە هۆی ڕەق بونی ماسوڵکەکان و ئیفلیج بوون ( کولین ئیسترەیسcholinesterase ) و ( phospholipase A2 فۆسفۆ لایپەیس ). جۆریکی تری ئەنزیم هەیە دەبێتە هۆی ڕەقبونی ماسولکەکان راستەوخۆ،هەشیانە دەبێتە هۆی لەکار خستنی ئاماژە دەماریەکان واتە هەستەدەمارو جوڵەدەمارەکان لە کار دەکەون، ئەنزیمی واشی تیدایە کاری دڕاندنی دیواری خانەکانە.

ماری کۆبراو هاوخیزانەکانی واتە ئەوانەی کەڵبەکانیان کورتە توانای پرژاندنی ژەهریان هەیە لەدورەوە بۆ دوژمنەکانیان( 1-1.5 مەتر) دەی پرژینی ، هەوڵئەدات ژەهرەکە ئاراستەی چاویان بکات،ئەگەر بچیتە چاو ئەوا دەبێتە هۆی کوێربونی نێچیرەکە، ئەگەر بۆ مرۆڤی بوەشێنی ،ئەوا دەکرێ یەکسەر بە ئاو بیشۆیت و کاریگەری ژەهرەکە کەم دەکاتەوە،هەروەها ئەگەر بەر لەش بکەوێت و پێستەکەی بریندار یان ڕوشاو بێت ئەوا کاریگەری ژەهراوی بونی هەیە.

هەندێ پۆلینیش هەیە ژەهری مار و کاریگەریەکانی لەسەر لەشی نێچیرەکەی دەکات بەچوار جۆرەوە:
1- ژەهری شیکەروەی شوینی پێوەدان(گەستن) ،هەرچی پرۆتینی ناو خانەکان هەیە تێکیان دەدات
2- ژەهری خوێن کار لە سەر کۆئەندامی دڵو لوولەکانی و پێکهاتەی خوێن دەکات
3- ژەهری دەمار کار لە کۆئەندامی دەمارو مێشک دەکات
4- کاریگەری ژەهراوی کردنی خانەکانی دەورو بەری شوێنی گەستنەکە

پێكهاتەی ژەهری مار: زیاترلە ٪90 ی ژەهری مار مادەی پڕۆتینی جۆراوجۆرە کە بەرپرسە لەهەموو زیندە گۆرانکاریەکانی دوای گەستن ، هەروەها ئەنزیم و مادەی سود بەخشییشی تێدایە،(ئەنزیمەکانیش پێکهاتەی پرۆتینین) ، بەشێوەی گشتی ژەهری مار نزیکەی 20 جۆر ئەنزیمی تیدایە ، بەپێ جۆری مارەکە، ژمارەو جۆری ئەنزیمەکان جیاوازن، ،هەر ئەنزیمێکو کاری خۆی هەیە بۆ لەناو بردنی نێچیرەکەی،هەموو مارێک لانی کەم (6-12) ئەنزیمی هەیە،پێکهاتەی ئەنزیمەکانیش جۆرە پرۆتینێکن ،کە دەبنە هۆی زیادکردنی کارلێک و چالاکی خانەکان و دواتر لەکار خستنیان و مردنی گیانەوەرەکە.
ژەھری مار کاتێک لەڕێگەی دەمەوە دەخورێت،ئەوا لە گەدەدا وەک ھەموو پرۆتینێک ھەرس دەکرێت و ھیچ کاریگەری ژەھراوی نابێت لەسەر مرۆڤ.
نیشانەکانی مار پیوەدان: سەرەتا چۆن بزانین کەسێک مارناگازە ؟ نیشانەکانی ئەمەیە ( دوو کونی مارگەستن دیارە ،سوربونەوەو ئاوسانی شوێنی گەستن،ئێشو ئازاری شووینی گەستن، ڕەنگی دەپەرێت ، هەست بە تینیویەتی دەکات ، فشاری خوێن دائەبەزێ، سەرئێشەیەکی توند،گێژ بوون،هەست بە دڵخاوبونەوە ڕشانەوە دەکات، ئازاری ناوسک، لەرزینو ئارەق کردنەوە ).
چارەسەری مارانگاز:
بەپێی بڵاو کراوەکانی ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی ئیستاش ٪80 ی چارەسەرەکان لەڕیگای بەکار هێنانی دەرمانەوەیە، هەندێک دەرمان هەیە کە لە پێکهاتەی درەخت و گیاکان دروست کراوە لەگەڵ کهول و زەیتوندا پێکەوە لە شوشەدا هەڵگیراون ، وێنەی ماریان لەسەرە ،ئەمانە سودیان هەیە بۆچارەسەری خیرای مارانگاز هەتا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، هەروەها جاران باس لە بڕینی شوێنی گازی مارەکە و هەڵمژینی ژەهرەکەی لەلایەن کەسێکی ترەوە،و بەستنی قاچ یان دەست لەسەرووی ئەو شووێنی گەستنەوە تا دەگاتە بنکەی تەندروستی، دەبێت هێمنی بپاریزیت و ئینجا شووێنی گەستن بە سەهۆڵ داپۆشیت تاکو سارد بێتو ڕێگا بگرێت لە بلاو بونەوەی زیاتری ژەهرەکە.
هەروەها لەنەخۆشخانەکاندا چارەسەر هەیە بە بەکار هێنانی سیرەم ( serotherapy ) دژی ژەهری مار، وەدەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگیریت ئەو سیرەمە دەبێت بەرگری بدات و هەماهەنگبێت لەگەڵ ژەهری مارەکانی ناوچەکە، چونکە ئەوسیرەمانەی لە ولاتیک دروست دەکرێن تایبەتن بە ماری ناوچەکانی خۆیان،و بەرگری نادەن بە ژەهر ماری ناوجەیەکی تر، ئەمەش وادەکات ئاڵۆزی و گرفت پەیدا بکات لە چارەسەری مارانگازدا.

ئایا مارەکان ژەهرواین بۆ یەکتری؟ : لیکۆڵینەوەکان دەریان خستوە هەندیک لەمارەکان بەرگەی پیوەدان و گەستنی مارەکانی تری هەیە ،بەتایبەت ئەوانەی کە لەناوچەیەکدا دەژین.
هەندێ لەگیان لەبەرەکان ژەهری مار کاریان تێ ناکات وەک ( ئەو باڵندانەی کە مار دەخۆن، هەروەها بەراز ،جونکە ئەنزیمێکی هەیە لەناوخوێنیدا کە کاریگەری ئەنزیمەکانی مار هەڵدەوشێنێتەوە، پاشان سمۆرە یەکێکە لەو گیانەورانەی کە ژەهری مارو پێوەدنی مار کاری لێناکات ئەویش بەهۆ بوونی جۆرە پرۆتینو ئەنزیمێک لە خوێنیدا کە کاریگەری ژەهری مارەکە پوچەڵ دەکاتەوە) .
مرۆڤیش هەردەم لەهەوڵدا بووە بۆ پەیاد کردنی بەرگری و ڤاکسینی مار پیوەدان، بۆنمونە “بیل هاست ” چەندین جار بە دەرزی ژەهری ماری داوە لەخۆی بەهیوای ئەوەی بەرگری لەشی بەهیز بکات، ئەم کەسە لەماوەی ژیانیدا کە تەمەنی 100 ساڵ ژیاوە،،و 172 جار لە مار گەستن ڕزگاری بوە ئەویش بەهۆی ئەو ژەهرەوە بوە کە پێشتر بەکاری هێناوە،ئێستاس هەولەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک بۆ بەرگری لەش لەمار پیوەدان.
سودەکانی ژەھری مار: وەک لەسەروە وتمان ژەھری مار ھەندێ مادەی سودبەخشی تیدایە ، ھەروەھا مادەژەھراویەکانیش دەتوانرێ سودیان لێ وەربگیرێت وەک:
1. ژەھری مار بەکار دێت بۆ کاتی خوێن مەین و سەکتەی مێشک: واتە ناھێڵێ خوێن بمەیێت ، ئەوەیش بە ھەڵھێڼجاندنی مادەی “دیفیبرینەیز” کە ئاستی فایبرینۆجین کەم دەکاتەوە لەناوخوێن،بەم شیوەش کڵۆبونی خوێن کەم دەبێتەوە.
2. بۆچارەسەرکردنی تێكچونی مێشک لەمرۆۋدا سودی ھەیە.
3. یارمەتی نەھێشتنی سەکتەی دڵ ئەدات ،دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی ماسوڵکەکنی دلو خوێنبەری تاجی
4. بۆچارەسەری نەخۆشی شەکرە،ئاستی شەکر لەخوێندا ڕیک دەخات
5. پاریزگاری لە فشاری خوێڼ دەکات،ناھیلێت بەرزو نزم بکات
6. بۆ دروستکردنی ھەندێ مەرھەمی تایبەت بە جوانکردنو نەرم کردنی پێست،و دەبێتە ھۆی درەنگ دەرکەوتنی نیشانەی پیری.
7. وەک سیرەم دەدرێ بە مناڵ تاکو بەرگری پەیدا بکات دژی مار گەستن
8. لە پێکھاتەی ھەندێ دەرماندا بەکار دێت

د.ناجح گوڵپی
13/6/2017 ھەورامان
————————
سەرچاوە:
1. http://www.chm.bris.ac.uk/webprojects2003/stoneley/types.htm
2. https://en.wikipedia.org/wiki/Snake_venom
3. https://www.scienceabc.com/eyeopeners/why-does-snake-venom-kill-humans-but-not-the-snake-that-is-filled-with-venom.html
4. http://mawdoo3.com/%D9%81%D9%88%D8%A7%D8%A6%D8%AF_%D8%B3%D9%85_%D8%A7%D9%84%D8%AB%D8%B9%D8%A8%D8%A7%D9%86
5.




کاراکردنەوەی پەرلەمان! … تاهیر حاجی حەسەن

پێش دەسپێک دەکرێت بزانین پەرلەمان بۆ هەیبەتی پەیداکردوەو هەیبەتیان پێداوە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا. ئاخۆ دەکرا بۆرژوازیەت لەدەرەوەی پەرلەمان بیتوانیایە ئەم شەرعیەتە یاساییەی ئێستا مسۆگەری کردوە،لەدەرەوەی دەزگای پەرلەمانیش بیکردایە؟ ئاخۆ ئەو شوێنەی ناونراوە پەرلەمان و هەیبەتێکی نێونەتەوەیی وەرگرتوە،لەبنەڕەتدا بۆ چارەسەری کێشە و کەموکوڕیەکانی چین و توێژە چەوساوەکانە یان بۆ شەرعیەت دانە بەو چەوساندنەوە چینایەتیانەو پەردەپۆش کردنی چەتەیی و تاڵانیەکانی سیستەمی چەوسێنەری حاکمە؟ لەکام سەردەم و لەکام ساتدا پەرلەمان بوە بەو هێزەی توانیبێتی شەرعیەت بۆهێزوئیرادەی گەل یان چینە چەوساوەکان بگێڕێتەوەو دەسەڵاتی لەدەستی چینە جەوسێنەرەکە سەندبێتەوە؟
لەسەردەمی ئاڵوگۆرە ڕیشەییەکانی قۆناخی کەوتنی سیستەمی فیودالیەت و جێخستنی بەسیستەمێکی جیاوازتر وە خاوەن تێگەیشتنێکی وریایانەتر بۆ بردنە پێشی مەدی چەوساندنەوەی چینە بەرهەمهێنەرەکان و گەشە سەندنی پیشەسازی و پێشکەوتنی جیهانبینی زانستی لەکۆی بوارە جۆربەجۆرەکاندا،بەناچاری بۆ سیستەمی نوێ کارێکی نوێیشی دەخواست کەبتوانێت لەجێی دیوەخانی ئاغاو دەرەبەگ و پاپاکان، شوێنێکی پیرۆزکراو جێ بخات تا گشت لایەک لەژێر ئەو چەترەدا کۆ بکاتەوە کەخۆی دروستی کردوە. ئەو جێگایەیش پەرلەمان بوو.

زیاد لە سێ سەدە دەبێت پەرلەمان کراوە بەجێگایەک کەخاوەندارێتی تایبەتی تێدا پیرۆزتر کراوە و لەڕێی یاساکانی پەرلەمانەوە مافی خاوەندارێتی تایبەت هێندەی تر تۆخ تر کراوەتەوە و دەستی دەوڵەت و خاوەن کارەکان و خاوەن شەریکاتە قازانج پەرستەکان هێندەتی تر مەشروعیەتی یاسایی و ئیداریان پێ بەخشراوە، لەبەرانبەردا، هەرچی هاتوە، دەوڵەتی سەرمایەدارەکان، کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و کۆی ئەو ئەڵتەرناتیفانەیان مایەپوچ کردۆتەوە کەخواستویانە لەڕێی دەرەوەی پەرلەمانەوە ئاڵوگۆڕەکان بەئەنجام بگەیەنن،یانی لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەهەیمەنەتی دەسەڵاتی چینێکی چەوسێنەری کەمایەتی. بۆیە، دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداران،هەمیشە، لەڕێی پارتە جۆراجۆرەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە، کەلەئەسڵدا هەر سەر بەو خێزانە بۆرژوازیەن،کاریان کردوە لەسەر ئەوەی پەرلەمان بکرێتە تەنها مەرجەع بۆیەکلایی کردنەوەی کێشمەکێش و ململنێ چینایەتیەکان و ململانێکانی نێو خودی چینی بۆرژوازیەت. دیارە بەو کارەیشیان توانیویانە تائێستا درێژە بەو چەواشەکاریانەیان بدەن و دەزگای پەرلەمانیش وەک هەریەک لەو پایانەی کەهەیبەتی دەوڵتی چەوسێنەرانیان ڕاگرتوە،هەمان ڕۆڵ بگێڕێت.

پەرلەمان لەهەر وڵاتێکدا، کارامەیی و ئەوەی بڵێین کارێکی کردبێت کەلەخزمەتی خواست و داواکاریەکانی چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکاندا بوبێت،لەڕاستیدا،ئەوە ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی ئەو چین و توێژە بەرهەمهێنەرانە بوە کەپەرلەمانی ناچار کردوە، بەناڕاستەوخۆ،وە،وەک دیاریەکی دەستی خۆیشی دواتر ئەو داوایانەی جێبەجێ کردوەو تاکاتی نادیار لەسەری کاری کردبێت. بەپێچەوانەوە لەو وڵاتانەی ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاوازە، پەرلەمان، نەیتوانیوە هیچ کارێک ئەنجام بدات کەلەخزمەتی چینوتوێژە چەوساوەو بەرهەمهێنەرەکاندا بوبێت. بەپێچەوانەوە هەمیشە، کاری هەڵخەڵەتاندن و دەستی دەستی پێکردنی خواست و ئامانجە ڕەواکانی جەماوەری زۆرینە بوە. چونکە لەو وڵاتانەدا، بەهەرێمی باشووری کوردستانیشەوە، ئەوەی دەور دەبینێت، هەیبەتی سەرۆکە دیکتاتۆرەکان و پارتە بۆرژوا قەمی و دینیەکانە،نەک هەیبەتی پەرلەمان. بۆیە هەرچ خواست و بڕیارو بەرژەوەندیەک کەلەخزمەتی هەیبەتی سەرۆکدا نەبوبێت،مایەپوچ کراوە. پەرلەمان، لەدەوڵەتانی خاوەن پیشەسازی و بەدامودەزگا بونیشدا، زۆر زیاتر لەخزمەتی بەرژەوەندیە چینایەتەکانی دەوڵەت و خودی چەتە دەسەڵاتدار و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندایە تا لەخزمەتی چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکاندا بێت. دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی وەک دەوڵەتی ئەمریکی و دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی وەک ڕوسیا، کاتێک جەنگە کاول کاریەکانیان بەرپا دەکەن و هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتانی تر، پێشتر لەڕێی پەرلەمان و یاساکانیانەوە بەهانەو هۆکار دەدۆزنەوە،دواتر دەست دەکەن بەچەتەگەریەتەکەیان،تا بەو کارەیان شەرعیەتی بەپیرۆز کردن و لەسەر هەق بەونی جەنگەکانیان جی بکەنەوە و جەماوەری لەدەور خڕ بکەنەوە،یانی چۆن شەرعیەتی یاسایی بدەن بەجەنگەکانیان و کارە دڕندانەکانیان،کەسەدان هەزار لەمرۆڤی زەحمەتکێش بەکوشت دەدەن لەپێناو ئامانجەکانیان،یانی وەدەست خستنی قازانجی زیاتر و کەڵەکە کردنی سەرمایە لەژێر دەستی ئەو چینە کەمایەتیەدا، کەبەزۆری خۆسەپاندن و سەرکوتەوە تەمەنی خۆیان درێژ دەکەنەوە و جەماوەریش دەکەن بەکۆیلەی نێو خواستە ناڕەواکانی خۆیان.

ببینن، بزانن پەرلەمانی دەوڵەتی تورکیا چۆن بەدەنگی زۆرینە،بڕیارو خواستە شۆفێنیستیەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی دەکەن بەیاسایی و لەو ڕێگایەوە،دەرگا واڵا دەکەن بۆ سوپا کەبەئارەزوی خۆی کوشت و بڕی خەڵکی زەحمەتکێش و سیڤیلی باکوری کوردستان بکات. هەر ئەو پەرلەمانەیشە، دەستی دەوڵەت ئاواڵا دەکات لەپەلاماردانی بزوتنەوە کرێکاریەکانی ناو تورکیاو لەڕێی پۆلیسەوە کوشتوبڕیان بکەن. پەرلەمانی دەوڵەتی ئاخوندەکان ببینن،بزانن بەچ ڕادەیەکی وەحشیانە یاسا ئیسلامیەکان ڕەواج پێدەدەن و دەست و پێی ژنانی پێدەبەستنەوە تا دەگات بەیاسای لەسێدارەو زیندانی کردنی هەتای. ئەوە پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی تادەگات بەشورای ئیسلامی عەرەبستانی سعودی. بەکۆ ئەو پەرلەمانانە،هیچیان کەمتر نیە لەهەیبەتی دەسەڵاتی پۆلیس لەسەرکوت کردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا.

هەرێمی باشووری کوردستانیش وەک بەشێک لەو خێزانە چەوسێنەرەی بۆرژوازیەت،خێزانێکی چەتەیان کراوە بەڕیشەوە و پەرلەمانێکی دەستەمۆی حزبیشیان بۆ دامەزراندون. لەنێو ئەو پەرلەمانەدا،کەتائێستا یاسایەکی نەبوە لەبەرژەوەندی واقعی ژیانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان بوبێت،دەیان حزبی بۆرژوا قەومی و دینی و خێڵەکی لەخۆی گرتوە. تەمەنی پەرلەمان لەباشووری کوردستاندا ٢٥ ساڵی ڕەبەقی پڕکردۆتەوە. بەڵام دەبێت بپرسین لەو ماوە دورودرێژەدا کامە یاسا و دەست ڕۆیشتووی هەیبەتی پەرلەمانی بەناو مۆدێرنەو مەدەنیەوە بوو،کەتوانیبێتی دەورێکی هەبێت لەکەم کردنەوەی سەر پەروەردەی دڕندانەی پیاوسالاری و کەم کردنەوەی پەروەردەو هەیبەتی دیکتاتۆریانەی خۆسەپێنەری ئاینی و کەمکردنەوەی هێزوخواستی سەرۆک و سەرۆکی حزبەکان؟ ئاخۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان،دیوی دوەمی دیوەخانەکانی حزب نین؟ ئاخۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان توانیویەتی کۆتای بەهەیبەت و هەیمەنەی سەرۆکی خێڵ بێنێت تابتوانێت سەرۆکی هەرێمی ماوە بەسەرچویش کۆتای پێبێنێت؟ کەوایە دەبێت بپرسین: بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان هێندە پیداگیری دەکات لەسەر کارا کردنەوەی پەرلەمان؟ بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بەشوێن ئەڵتەرناتیفێکی تردا ناگەڕێت کەبەفعلی لەخزمەتی هۆشیار کردنەوەی سیاسیانەی زۆرینەی جەماوەردا بێت و ئیرادە ڕاستەقینەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە؟ ئاخۆ ئەو پەرلەمانەی بزوتنەوەی گۆڕان شێتی بوە، دەتوانێت لەخزمەتی جەماوەری ستەم لێکراودا بێت، یان بۆ شەرعیەت دانی یاسایانەی بۆرژوازیەتە بەو چەوساندنەوە چینایەتیانەی بونی هەیە؟ ئاخۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت کۆتایی بەهەیمەنەتی بنەماڵەی بارزانی و بەپیرۆز کراویەکەیان بهێنێت لەڕێی کارا کردنەوەی پەرلەمانەوە،یان بەناڕاستەوخۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرانبەر شکستەکانیدا، دێت و قبوڵی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانەکەیشی دەبێت و هەیمەنەی مەرجەعیەتی بارزانیش قبول دەکات؟

ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کردی،خزمەت کردنێکی زۆری بوو،بەو خێزانە چەتەیەی بۆرژوازیەتی کوردی، ئەویش لەڕێی بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەکارهێنانیان لەپێناو بەرژەوەندیە ناڕاستەوخۆکانی خۆیاندا، دیارە بزوتنەوە ئیسلامیەکانیش هاودەردو هاوئامانجن لەگەل کۆی بزوتنەوەی چینایەتی بۆرژوازیەتی کوردیدا.

مەخان، چونکە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستان، خاوەنی ڕابەرایەتیەکی ڕاستەقینەی خۆیان نین، کەڕێکخراویان بکات و لەدەوری خواستە ڕەواو یەکسانیخوازەکانی خۆیان کۆیان بکاتەوە، لەوێدا لەناڕۆشنی هۆشیاری سیاسی چینایەتیاندا، لەلایەن پارتە بۆرژوا جۆراوجۆرەکانەوە، تەفرە دراون و کراون بەکۆیلەی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو پارتانە. بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکێکە لەو پارتانەو بۆڵە بۆڵ و گازندەکانی، لەپێناو پێشوەچونی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی هەرێم نیە، بەڵکو لەڕێی بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە توانیان، بۆ قۆناخێکی تر، تەمەنی بۆرژوازیەتی کوردی بەرنە پێشەوە. بۆیە کارا کردنەوەی پەرلەمانیش هەر لەپێناو ئەو ئامانجەیاندایەو ڕیفراندۆمەکەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانیش تەنها بۆ خۆسەپاندنی زیاتریانە بەسەر گەلی زەحمەتکێشی باشووردا. جابۆیە، نابێت بەخەڵەتاندنی زیاترمان لەڕێی کارا کردنی پەرلەمانەوە،چاوەڕێی دەرکەوتنی بەختەوەریە دزراوەکانمان بین لەخاوەن دزە ڕاستەقینەکانی کە حاکمن لەسەر سەرمان!

تاهیر حاجی حەسەن
١٤/٠٦/٢٠١٧




لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل (بەشی سێهەم) … برایم فەڕشی

تەبلیغاتی بازرگانی لە ڕادیۆ و تەلەوزیۆن بە پێی قانوون بڵاو دەکرێتەوە و تەلەویزیۆنی گشتی و ئەهلی دەگرێتەوە. ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی گشتی لەبەر ئەوەی بە پارەی ماڵیات و پارەی مانگانەی خەڵک بەڕێوە دەچن، ئەو مافەیان نییە، زیاتر لەوەی بۆیان دیاریی کراوە، ڕاگەیاندنی بازرگانی بڵاو کەنەوە. ئەوان بۆیان هەیە لە ماوەی ٢٤ سەعات لە چەند دەرفەتی دیاریکراو، تەنیا ٢٠ خولەک ڕێکلامی بازرگانی بڵاو کەنەوە. واتە یەک و سێ لە دەی سەت(١،٣%).
ئەم تەلەویزیۆنانە مافی پچراندنی بەرنامە، فیلم و سەریالیان پێنەدراوە و ناوبەر لە نێوان هیچ بەرنامەیەکدا نییە. هەر بە پێی قانوون، هونەرمەند و خوڵقێنەری فەرهەنگ، ئەو مافەی هەیە بەرهەمەکەی بە بێ پاڕازیت و قرتاندن و ناوبەر بڵاو بێتەوە، ئەو مافە بینەریش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەکانی تەلەویزیۆن وەک خۆی ببینێ و بژنەڤێ.
لە ڕۆژانی تایبەت و ڕۆژانی پشوو ڕێژەی ڕێکلام لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی هەتا ٥ خولەک لە ٢٤ سەعاتدا دادەبەزێندرێ، واتە لە بەرانبەر هەر ١٠٠٠ سەعات بەرنامە، یەک سەعات ڕێکلامی بازرگانی بڵاو دەبێتەوە! بەم چەشنە رێکلام کەمترین زیان بە فەرهەنگ و هونەر و بەرنامەگەڵ دەگەیینێت.

تەلەویزیۆنەکانی ئەهلی(شەخسی) کە بە پارەی خۆیان بەڕێ دەچن و مافی وەرگرتنی پارەی ماڵیاتیان نییە، مەجالیان بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێکلام زیاترە و بیست لە سەدی ٢٠% بەرنامەکانیان دەکرێ رێکلام بێ، واتە لە ماوەی بیست و چوارسەعاتی شەو وڕۆژ، چوار کاتژمێر و چل وهەشت خولەک، مافی بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی بازرگانیان پێدراوە. بەم مانایە لە هەر یەک سەعات بەرنامە، دەکرێ ١٢ خولەک لە میانەی فیلم یان بەرنامەی چەشنی سوپرستار، پاپ ئایدل ڕێکلام بڵاو کرێتەوە. بۆ وێنە لە بەرنامەیەک بە دڕیژایی ٩٠ خولەک، دەکرێ ١٨ خولەک رێکلام بڵاوکرێتەوە بە مەرجێک لە نێوان دوو بڕگە ڕێکلامی بازرگانی، بیست خولەک مەودا هەبێ و ماوەی ڕێکلام لە ٧ خولەک تێنەپەڕێ. ئەم قانوونە لە یەکیەتی ئوروپا بەڕێوە دەچێ، جگە لە وڵاتی تورکیا.

تەلەویزیۆنی کوردسات نە تەلەویزیۆنی حکوومەت، نە ئەهلی و نە گشتییە، تەلەویزیۆنی حزبێکی کوردییە! لە ئوروپا ئێزن بە حزبەکان، پەێرەوانی ئایین، فرقەی ئیدئۆلۆژیک و هەرچەشنە گرووپێکی سیاسی نادرێ ڕادیۆ و تەلەویزیۆنیان هەبێ. بۆ ئەوەی نەبنە بلیندگۆی تاقمێک دژ بە تاقم و گرووپی تری ئایینی، سیاسی، فکریی و ئیتنیکی کە ئەمە زیانی بۆ سەرجەم کۆمەڵگا لێدەکەوێتەوە و کۆمەڵگا لە جەغزی تاک ئایین، سیاسەت، فەرهەنگ، ئیدئۆلۆژی، قەتیس دەهێڵێتەوە و ڕێگا بۆ دیکتاتۆری و تواندنەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان خۆش دەکات.

مێژووی ٨٨ ساڵەی جیهان پڕە لە کارەساتی ئینسانی کە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و سینەما دەوری گەورەیان تێدا گێڕاوە، وەک دوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، وەک هەموو ئەو شەڕانەی کە لە سەدەی بیست و بیست ویەک دژی کورد کراوە. وەک ئەو دەورەی کە لە بێ ناسنامەکردنی تاکی کورددا گێڕاویەتی. هەر لەم ڕۆژانەدا مێدیای کۆماری ئیسلامی بە تایبەت ڕادیۆ و تەلەویزیۆن بە بیانووی تیرۆر لە تاران، ماشێنی تەبلیغاتی خۆی بە دژی کورد وەڕێخست و مێللەتێکی خستە ژێر جەخت و فشار، هەر ئەو کارەی کە مێدیای ترک بۆ بە ترک کردنی تاکی کورد کردۆیەتی، ئەوە نیشان دەدا کە وێنە و پەیڤ دەتوانێ کاریگەرتر لە تانک و تۆپ و فیشەک بە دژی کورد بەکار بهێندرێ.

بۆمبارانی مێشکی مرۆڤی کورد گەورە و بچووک بە وێنە و پەیڤ بە درێژایی شەو و ڕۆژ و هەموو ژیان مرۆڤی خۆی پێکدەهێنێ. هەر لە رێگای مێدیای ئەو حکوومەتانەوە جیل جیل مرۆڤی کورد لە ناسنامەی خۆیان شۆردراونەتەوە. رێک نیوسەدەیە کورد لە ڕێگای مێدیای ئەو حکوومەتانەوە داگیرکراوە و ئێستا خۆی بە مەیلی خۆی لە بەر شاشەکانیان دادەنیشێ. کارەسات ئەوەیە گەر تەلەویزیۆنی حزبەکانی کوردستان کۆپی مێدیای ئەو وڵاتانە بن!

تەلەویزیۆن حزبی دەوری لە تێکدانی پێکاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان گێڕاوە و بەشێک لە گرفتی سیستەمی حکوومڕانی لە وڵاتی ئێمەیە و بەربەست دەخاتە سەر ڕێگای پێشکەوتنی گشتی فەرهەنگ، هونەر، سیاسەت و کۆمەڵگای مەدەنی و لە باشترین حاڵەتدا دەزگایەکە لە خزمەتی کۆمەڵێک کەس دژی کۆمەڵێکی تر! بە تایبەت گەر ئەوە لە بیر نەکەین کە فەرهەنگ و تێگەیشتنی گشتی لە ڕێگای تەلەویزیۆنەکانەوە لە گرێژنە چۆتە دەر و شیرازەی کۆمەڵگا لەبەر یەک ترازاوە.

کوردسات سەر بە رێکخراوی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە کە لە سەرەتاوە بە بیری مارکسیستی- مائۆیستی و لایەنگری لە کرێکاران و زەحمەتکێشان دامەزرا و گەلێک کەسی باوەڕمەند بە بیری چەپی لە خۆی کۆکردبووە. ئەمڕۆ ئەم هێزە سیاسی- نیزامی- ئیدارییە، کە مێدیا و دام و دەزگای هەیە، ‌هەرچەند ناوی لە لیستی ئینترناسیۆنال سوسیالیست تۆمار کراوە، بەڵام نە خزمایەتی لە گەڵ سۆسیالیزم ماوە نە کرێکار و زەحمەتکیش، بە تایبەت گەر مێدیاکەی کوردسات و بەرنامەکانی چەشنی کوردئایدل بن. مێدیایەک کە کاری سەرەکی بۆتە تیجاڕەت و بەرنامەکانی بۆنەتە مەیدان نە بۆ کرێکاران و زەحمەتکیشان بەڵکوو مەیدانی کاڵای بۆدلەی نە شەریکەکانی کوردستان، بەڵکوو شەریکەی ترک و عاڕەب و ئێرانی!

بەرنامەی کوردئایدل شەوی ٣ی مانگی ژوئەنی ٢٠١٧ بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەعات ٨ی شەو بەکاتی بەڕلین هاوکات لە تەلەویزیۆن و ئینترنێت بڵاوکرایەوە. تەنیا دوای تێپەڕبوونی حەوت خولەک لە دەستپێکردنی بەرنامە، وێژەری کوردئایدل بە بێ هۆ تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی تیجاری، ناوبەری ڕایگەیاند. ئەم بێ پڕێنسیپییە لە مێدیای باشووری کوردستان و لەو وڵاتانە دەبیندرێ، کە سەرەڕۆن و بێ ڕێزی بە خەڵک و بینەر لایان بێ سنوورە!

وای دابنێنن کتێبێکی رۆمان دەخوێننەوە. لە ناکاو دەستێک کتێبەکەتان لێ دەفڕێنێ، خاوەن دەست بەوە ڕازی نابێ، دەیکات قیژە وهەرا و هەڵبەز هەڵبەز و مێشکی سەریشتان دەبا. ئەوجا دوای تێپەڕبوونی حەوت خولەک هەمان دەست کتێبەکەتان دەداتەوە دەست، ئێوەش وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، درێژە بە خوێندنەوە دەدەن و دوای ١٥ خولەک، خراپتر لە جاری یەکەمتان بە سەر دەهێندرێ و ١٢ خولەک لە جیاتی کتێب خوێندنەوە، گوێتان لە قاوەقاو دەبێ . هەموو شەوەکەتان بە درێژایی دوو سەعات و نیو بەم شێوەیە تێپەڕ دەبێ. پاشان سەری گێژتان هەڵدگرن و دەچن پاڵدەکەفن. هەتا شەوێکی تر و بەرنامەیەکی تر!

سەعات هەشت و نیو، ناوبەری دووهەم ١٢ خولەک دەکێشێ. تا ئێرە ٤٢ خولەک لە بەرنامەکە تێپەڕیوە، ١٩ خولەک بە ڕێکلام و ١٨ خولەک بە وێژەر و ئەندامانی لێژنە بەخشراوە، ئەشکان و چەنگیز بە هەرکیان ٥ خولەک گۆرانیان چڕیوە. لە ٤٢ خولەک ٣٧ خولەک درابوو بە ڕێکلام و فەرمایشتی وێژەر و لێژنە و ٥ خولەک بە گۆرانیبێژ! واتە ٢،١% بۆ هونەری هونەرمەندان و ٩٧،٩% بۆ تیجارەت و هەڵسوڕاندنی بەرنامەی کوردئایدل! باس کرا کە لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی ١،٣% بۆ ڕێکلام و ٩٨،٧% بۆ بەرنامە تەرخان دەکرێ، لە کوردستانی یەکیەتی نیشتمانی و کوردسات و کوردئایدل ٤٥% ی بەرنامەیەکی ٤٢ خولەکی، بۆ ڕێکلام دادەندرێ!

لە سەعاتی یەکەمی بەرنامەی کوردئایدل ئەشکان، چەنگیز،مستەفا، غەزاڵ و وێدات گۆرانیان چڕی و بە هەمویان نزیک دوازدە خولەک کاتیان پێبڕا. واتە یەک لە پێنجی کاتی بەرنامە، ئەوەش بە پێچەوانەی تەلەویزیۆنی ئەهلی ئوروپایە کە ١٢ خولەک مافی بڵاوکردنەوەی رێکلامیان لە یەک کاتژمێرێدا هەیە. کوردئایدل یەک لە پێنجی بەرنامەکەی بۆ پێشکەشکردنی هونەری پێنج هونەرمەند و ١٩ خولەک بۆ رێکلام و ٢٩ خولەک بۆ وێژەر و لێژنە تەرخان دەکات.

سەعاتی دووهەمی بەرنامە بە ڕێکلام درێژەی پێدرا، هەتا نۆ و هەشت خولەک . زێرەوان، ژیندا، ئاشتی عەزیز و بانە شیروان دوای ڕێکلام هەتا کاتژمێر نۆ نیو گۆرانیان چڕی و ناوبەری چوارەم هەشت خولەکی کێشا و پاشان هەتا سەعات دەی شەو ئەڤین عوسمان، فەرزاد و ڕۆنی فریای گۆرانی گووتن کەوتن. بەم چەشنە لە سەعاتی دووهەم، حەوت کەس بۆ ماوی نزیک حەفدە خولەک کاتی گۆرانیکوتنیان بەرکەوت و ڕێکلام ١٦ خولەک و وێژەر و لێژنە ٢٧ خولەکیان بەرکەوت! لە سەعاتی دووهەم کاتی ڕێکلام و بەرنامە هاوسەنگ بوو، واتە فیفتی فیفتی!

لە ماوەی ١٢٠ خولەک بەرنامەی کوردئایدل، تەنیا ٢٩خولەک کات بۆ سوژەی سەرەکی بەرنامە تەرخان کرابوو کە تێیدا ٩ هونەرمەند گۆرانیان چڕی. لە ٩١ خولەکی باقی بەرنامە ٣٥ خولەک بەر ڕێکلام و ٥٦ خولەک بەر لێژنە و وێژەران کەوت. بە کورتی ٢٤% بۆ گۆرانیبێژەکان، ٢٩% بۆ ڕێکلامی بازرگانی و نزیک ٤٧% بۆ لێژنە و وێژەران تەرخان کرابوو. گەر کاتی لێژنە و وێژەرانیش وەک کاتی بەرنامە دابنرێ ٧١% بۆ بەرنامەکە و ٢٩% بۆ ڕێکلامی بازرگانی تەرخان کریابوو.

ناوبەری پێنجەم نۆ خولەکی پێچوو، پاشان هەتا کاتژمێر دەونیو عەبدوڵا، تانیا ئاسۆ و ڕۆزا لە ماوەی نزیک ٨ خولەک گۆرانیان چڕی. ناوبەری شەشەم بۆ ماوەی حەوت خولەک درێژەی کێشا و دوا گۆرانیبێژ سۆنگوڵ بوو. کاتژمێر دە و چل ونۆ خولەک کۆتایی بە بەرنامە هێندرا!

لەم سێ چارەکە سەعاتەی کۆتای بەرنامە دە خولەک گۆرانی چڕیا و ٣٥ خولەک وێژەر و لێژنە و ڕێکلام بردیان. رێکلام ١٦ خولەک و لێژنە ١٩ خولەک. واتە گۆرانیبێژ ٢٢%، ڕێکلام ٣٥% و لێژنە و وێژەر ٤٣% . هەر بەم پێیە گەر کاری گۆرانیبێژ و لێژنە و وێژەران سەرجەم وەک بەرنامەی کوردئایدل بگرین، ٣٥% ی بەرنامەکە ڕێکلام بوو.

هەر چۆنێک لێکبدرێتەوە و حیساب بکرێ کوردسات و کوردئایدل یەک لە سێی بەرنامەکەیان بۆ تیجاڕەتی بازرگانی شەریکەکان تەرخان کردبوو. هەر بۆیە بۆ کوردسات ئاسایی دەینوواند گەر وێژەری بەرنامەی کوردئایدل شەوی ١٠/٦/٢٠١٧ سپاسی یەک لە خاەون شەریکەکانی وەک ساناتێلی کردبا.

پیشتر باسکرا کە لە کاتی ڕۆژانی پشوو لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی بۆ هەر هەزار سەعات بەرنامە، یەک کاتژمێر ڕێکلامی بازرگانی هەیە، ڕۆژانی ئاسایی واتە دووشەممە هەتا هەینی ئەم ڕێژەیە لە هەر هەزار سەعات بەرنامە ١٣ کاتژمێرە . ئەم ڕێژەیە بۆ تەلەویزیۆنەکانی ئەهلی زۆرترە و لە هەر هەزار سەعات ٢٠٠ کاتژمێر دەتوانن ڕێکلام بڵاو کەنەوە، کەچی لە کاناڵی کوردسات و بەرنامەی کوردئایدڵ ئەم رێژەیە بۆ هەر هەزار سەعات ٣٥٠ هەتا ٤٠٠ کاتژمێرە.

ئەوان لە میانەی بەرنامەیەکی دوو سەعات و چل و پێنج خولەکیدا، شەش جار بەرنامەکەیان بۆ پێشکەشکردنی ڕێکلامی بازرگانی پچڕاند و لەو ١٧ کەسە بۆ ناوئاخنی ڕێکلامەکان کەڵکیان وەرگرت و سەرجەم پرۆگرامەکەیان بە بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ کوردستانی گەورە و پشتگیری موسیقا وهونەرمەندی کورد و خەمخواردنی داهاتووی موسیقا بە بینەر فرۆشت و بەرنامەکەش بە هەزاران کڕیاری هەبوو.
لە ڕێگای ئەم چەشنە بەرنامانەوە چی بە سەر مێشک و دەروونی مرۆڤی کورد بە گەورە وبچووکەوە دەهێندرێت و چ کارتێکردنێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و پێداگۆگی لە پاش بە جێ دەمێنێت، باسگەلێکن کە بە جیا و لە درێژەی ساڵەکاندا دەبێ لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ، بۆ ئەوەی دەرکەوێ کە تەلەویزیۆنەکانی کورد لە باشوور، چ خاوەن مێشک و هەست و فەرهەنگ و تێگەیشتنێک باردەهێنن، بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە شانۆ، سینەما و هونەرەکانی دیکە فەوتێندراون و خەڵک یان سەیری تەلەویزیۆنەکانی باشوور دەکەن یان تەلەویزیۆنی عاڕەبی، ترکی و ئێرانی، کە کوردساتیش یەک لەوانە.

لە ١٦٥ خولەک بەرنامەی زیندوو ئەشکان ٢، چەنگیز ٣ ، عەبدوڵا ٢،٢٠، تانیا ئاسۆ ٢،٢٠، ڕۆزا ٢،٥٥، ئەڤین ٣،١٠، فەرزاد ٣،٣٠، ڕۆنی یاسین٢،٣٠ زێرڤان ٣، ژیندا٣،١٠ ، ئاشتی عەزیز٢،٤٠ ، بانە شیروان٢،١٠ ، مستەفا ٣، غەزاڵ٢،١٠ وێدات١،٤٥ ، سونگول٢،٢٠ ، ڕەوان٢ خولەک کاتیان پێبەخشرابوو. ٤٤ خولەک بۆ ئەوان ١٢١ خولەک پڕکردنەوەی ڕێکلام و وتەی چەند بارەکراوی وێژەر خشتەی تەواوی بەرنامەی شەوی ٣/٠٦/٢٠١٧ کوردئایدلی پێکهێنا .
ڕێک دوو کاتژمێر لە هەر بینەرێک لەم شەوەدا بە فیڕۆ چوو، کە بینەر ڕەنگە پێیوابووبێ ڕایبواردووە! چەند هەزار و چەند میلیۆن سەعات لە ژیانی خەڵکی کورد لە باشوور و شوێنی تر بەم شێوەیە بە دیاریی بەرنامە و تەلەویزیۆنی هاوشێوە، زایە دەبێ، با ببێتە بابەت بۆ لێکۆڵینەوەی زانستگاکانی کوردستان.

گەر کات هەمان مانای بۆ مرۆڤی کورد هەبایە کە بۆ میللەتانی وەک ئاڵمان، ژاپۆن و شوێنی تر هەیەتی، تێگەیشتووانە مامەڵەی لە گەڵ کات کە هەمان ژیانە دەکرد. گەر لە وڵاتێک لە سەرەوە کاتی مرۆڤ بێ قیمەت بکرێت و بە فیرۆ ببردرێ و لەو ڕێگایەوە بازرگانی بە کات و ژیانی خەڵکەوە بکرێت و ئەم ڕووتاندنەوەیە بە خزمەتی فەرهەنگ و هونەر قەڵب بکرێت و پلاک و مۆری نیشتمانی پێدا هەڵواسرێ، دەبێ ناوی ئەنفالی فەرهەنگی لێبندرێ! گەر بەناوی کورد ئەو کارە کرابێ، زانایانە و نەزانانە لە گەڵ کۆمەڵێک باندی فەرهەنگ و هونەر ڕووبەڕوو دەبیین کە تێگەیشتنی مرۆڤ تێکدەدەن، گەر ئەم پرۆژەیە لە لایەن خەڵکانی دیکەوە بە کورد کرابێ، دەبێ ناوی ئەنفالی میللی لێبندرێ.

کوردسات و یەکیەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەم بەرنامانەوە سوود بە خاوەن کالا و سەرمایە دەگەیینن، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەستانی حزبەکان خۆیانن. تێگەیشتنی ئەم کۆمەڵە کەسە لە فەرهەنگ، هونەر، مودێڕنبوون، شارستانیەت، کە ئەمڕۆ سەرمایەی ئەم وڵاتەیان لە چنگ دایە، تێگەیشتنی توێژی ئاریستۆکرات و مڵکدار و سەرمایەداری سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست و بیست ویەکی ڕۆژئاوا لە فەرهەنگ و هونەر و شارستانیەت و مودێڕنیزم نییە، تێگەیشتنێکی سەرسەری ڕووکەشیانە، لاساییکەرانەی بە بێ پێشینەیە، کە فەرهەنگەکەیان گرێدراوی ڕووی دەرەوەی ماڵەکانیان و هەڵواسینی تابڵۆ و جەندەکی ڕەنگراوی خۆیانە، ئەوان ویترینسازن!
ویترینی دێموکراسی، ویترینی پارلەمان، ویترینی حکوومەت، ویترینی زانست، هونەر، ویترینی شار و ویترینی پڕ لە ژن و پیاو. ماڵەکان، عیمارەتەکان، کەسەکان، بەرنامەکان، ماشێنەکان، کەرەسە و دەزگاکان و بەرنامەی هونەریی و فستیواڵ و تەنانەت سمپۆزیۆمەکانیان نمایشی ڕووی دەرەوەی ویترینەکانە! هوتیلی لوکس ساز دەکەن، دوای دوو ساڵ بناخەکەی درزی تێدەکەوێ، دەوڵەت و وەزارتخانە دادەمەزرێنن دەبێتە چەقەخانە و چایخانە، پێشانگا و فستیواڵ و کۆنگرە بە ناوی قەبە قەبە بەڕێوە دەبەن بە بێ ئەوەی شتێکی لێدەرکەوێ، بە میلیۆن خەرج دەکەن بۆ ئەوەی ناویان دەرکەوێ.
وڵاتێک کە لە ناوەوە وێران کراوە خۆی بە ئێلێمێنتە جیهانییەکانەوە هەڵدەواسێ بۆ ئەوەی خۆی مودێرن بنوێنێ، جار دەبنە پاپانوئێل، جار بەسەرەوە دەکەونە ڕۆژی خۆشەویستی. سەرجەم تەفرعونی عەرەب و تورک و ئێرانی لە جستە و ڕواڵەتیان دەچۆڕێتەوە، بۆ ئەوەی قاوغی خۆیان نیشان بدەن و وەک کوردی مودێرن، ئەمڕۆیی وەربگیرێن. تەنانەت سەرۆکی عێراق و کوردستانیان، لە دیدارە ڕەسمییەکان، دوای تێپەڕینی ٢٥ ساڵ، ئەو باوەر وفەرهەنگەیان پەیدا نەکردووە،کە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان لە میمیکی سەروچاو و زمانی لەشیاندا، بنوێنن. ئەوان لە ناوەوە کۆیلەی بەرانبەرکەیان ماونەتەوە و هەرکە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئۆتۆماتیک کەسایەتی پێشتری خۆیان نیشان دەدەن و کوردئایدلیش سەروچاو و لەشی نامۆیان دەنوێنێ!

بینەرانی ناو ستۆدیۆ، وێژەر و دەستەی ژووری و هەر حەفدە بەشدار لەو کاتەوە کە لە بەرنامەی زیندوو و لە ژێر چاوەدێری بەرنامەگێڕەکاندا دەردەکەون، چەشنێک نمایشی مۆدێلیان دەست پێکردووە، کە لەخراپیش ناچێ. زۆربەی هونەرمەندەکان خۆیان لەو جل و بەرگ و فەزایەدا لێ ونبووە و دەنگیان وەک خۆی نەماوە و پسپۆڕانی بەرنامە وەدەزانن لە بەر ئەوەیە عاقڵانە گۆرانییەکانیان هەڵنەبژاردووە.
لە دوو هەفتەی ڕابووردو کاری ئەو حەفدە کەسە دابەزیوە، لە بەر ئەوەی بۆ نمایشی لەو چەشنە ڕانەهاتوون و ڕانەهێندراون و سرووشتیە کە هەست و دەنگیان بگۆردرێ. ئەمە باشترین نیشانەیە بۆ ئەوەی بزاندرێ،کە کوردئایدل فەزایی خۆی داسەپاندووە و کەسەکان دەبێ خۆیان لە گەڵ فەزای دڵخوازی بەرنامەکە بگونجێنن، ئەمە بۆ هەموو کەس دەست نادات و دەرهێنەرانی بەرنامەکەش، لەوە دەچێ شێوەی گونجاو بۆ گەشەساندنی لێهاتوویی بەشداربووان بەکار نەهێنن، هەر بۆیە بەشداربووان لە ناو تیشک و ڕەنگ و فەزایی نامۆدا، خۆیان نابینەوە و لە ماوەی دوو هەتا سێ خولەکدا ناتوانن خۆیان لە گەڵ فەزاکە ڕێکبخەن.
ئەوە قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر مێشک و هەستی ئەوان و ناموزونییەکەی لە دەنگ و دەم وچاو و جەستەیاندا خۆی دەنوێنێ. گەر هەڵبژاردنی گۆرانییەکانیش کاری گۆرانیبێژەکان خۆیان نەبووبێ، گرفتی گۆرانیبێژ زۆرتر کراوە. گۆرانییەکی نامۆ، فەزایەکی نامۆ کارێکی نامۆی لێدەردەکەوێ!

مێدیای لەو چەشنە فەرهەنگ و هونەر بەرەو پلاستیکی کردن دەکێشن و گەرەکیانە هورەچڕ و دەنگبێژێش بکێشینە ناو تابووتی خۆیانەوە و بە ناوی هونەری مودێڕن و پێشکەوتوو بە خۆیان و خەڵکی بفرۆشن. گەر دەرهێنەرانی بەرنامە گرنگی بە “جەو و فەزا و ئاتمسفۆر” دەدەن، دەبوو ئیمکان بخوڵقێنن بۆ ئەوەی سروشتی هۆرە و بەیت و حەیران لە جەوی خۆیدا دەربکەوێ و هۆرەچڕ و دەنگبێژ بتوانن دەنگ هەڵبرن، ئەم کارە بە تیشک و وێنە و ئەنیماسیۆن دەکرا، لە جیاتیان فەزا و تیشکی دیسکۆئاسا، یەکجۆر و یەکتەرز سەپێندراوە بەسەر دەنگبێژ و هۆرەچڕ و گۆرانیبێژ و چاوەڕوان دەکەن لە فەزایەکی بێ رووحی پلاستیکیدا هورەچڕ و دەنگبێژ و گۆرانیبێژ دەنگ هەڵبڕێ؟!

کوردئایدل نوێکاری تریشی هێنایە ناو بەرنامەکە. گۆرانیبێژەکان بە هەموو زاراوەکان گۆرانیان گووت ، ئەندامانی لێژنە بە سۆرانی و کرمانجی دەئاخڤتن، کەچی دوو وێژەرەکە کوردیان بۆ کوردی هەڵدەگەڕاندەوە. ٢٢ ساڵە خەڵکی کورد بە هەموو زاراوەکان لە ڕێگای تەلەویزیۆنەکانی زاتەڵایەتی هەر چوارپارچەوە قسە دەکەن و لە یەکتر تێدەگەن، بەڵام دوو وێژەر لە چاردەجار هاتن و چوون بۆ سەر سەکۆ ٢٨ خولەک لە کاتی بەرنامە بە دوبارەکردنەوەی کوردی بە کوردی پڕدەکەنەوە! هەمووی ئەو خاڵانەی کە باس کران لاوازی دەرهێنان و نوقم بوون لە زەرق و بەرقی بەرنامە و ڕووکەشی بیرکردنەوەی خاوەن کۆنسێپت، دەگەیێنێ!

لە سەردەمی هەرزانخڕکردنی هونەر کە لە هەموو ڕێکلامەکانی کوردسات دا ڕەنگی داوەتەوە و شیعر و گۆرانی و ئاوازی شاعیران و هونەرمەندان تێک دەدرێ بۆ چای و برینجی ئەحمەد، سوێندخواردن بە کوردستانی گەورە و مزگێنی بەرزکردنەوە و پێشخستنی موسیقای کوردی بە ناوی پڕۆژەی کوردئایدل، لە خەمخۆرانەترین حاڵەتدا گەمەکردنە بە هونەر و فەرهەنگ و شعوری بینەر، لەو کارەدا کوردئایدل سەرکەوتوو بووە و بەوەش دەبێتە دیاردەیەکی کەم وێنە لە مێژووی ٨٨ ساڵەی تەلەویزیۆن!

برایم فەڕشی

درێژەی هەیە….




ڕیفراندۆمێک لەسەر دەستی پارتی بکرێت ئاقیبەتی ئاشبەتاڵێکی ترە. … هیوا ئەحمەد

پرسی ڕیفراندۆم بە مانا زانستیەکەی واتە گشتپرسی ، گشتپرسی بۆ پڕۆژەی یاسای و سیاسی و نەتەوەی وەک پرسی دەستوری و پرسی هەڵبژاردن و پرسی سەربەخۆی و جیابونەوە ، ئەم پرسە چارەنوس سازانە تەنهاو تەنها دەبێت بخرێنە بەردەم ڕای گشتی گەل و گەل خۆی بڕیاری لەسەر چارەنوس و ئایندەی خۆی و خاکەکەی ئەدات ، بەم پێیە ئەم جۆرە پرسانە نە لەدەسەڵاتی حکومەت و ڕێکخراوو هیچ جۆرە سەرۆکایەتیەکدا نییە کە بتوانرێت بە چەن کارەکتەرێک وەک سیاسی یاخود کەسانی ناو ئۆرگانی حکومی بە نمونە ئەنجومەنی وەزیران و تەنانەت لە دەسەڵاتی پەڕلەمانیشدا نیە بڕیاری لەسەر بدات سەرۆکایەتی یاخود حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران یاخود پەڕلەمان تەنها دەسەڵاتی میکانیزمی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پڕۆسەکەیان هەیە و لەگەڵ دابین کردنی تێچ و خەرجی پڕۆسەکەو دانانی کاتێکی شیاو لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا تاکە دامەزراوەی شەرعی کە ئیستیحقاقی بڕیاردان و دانانی میکانیزمی جێبەجێ کردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی هەبێ پەڕلەمانە چونکە پەڕلەمان نوێنەرایەتی گەل دەکات بۆ چاودێری بەسەر پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانیەوە و تەنها دامەزراوەیە کە کۆی پارتو لایەنەکانی لە خۆ گرتوەو لە ژێر سەقفێکی شەرعی و دامەزراوەیدا کۆی کردونەتەوە . بێگومان ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆی خەونی هەموو گەلانی ژێر دەستەیە کە ببن بە خاوەنی دەوڵەت و ئاڵاو دەستوورو یاساو ژیان و کیانی خۆێان لە چوار چێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا . ئێمەش وەک و گەلی کورد ئەم خەونی سەربەخۆییە بۆتە خەونی هەموو تاکیکی کورد بە هەموو چین و تۆێژێکانەوە . ئەما پڕۆسەی سەربەخۆی کوردستان ئەمە پڕۆسەیەکی هەستیارە چون ئەم پڕۆسەیە چارەنوسی نەتەوەیەکە ئەمە وەک پەڕلەمانێکی ناوخۆی نییە سەرۆکی حیزبێک بە میزاجی شەخسی و بە زەبری هێزی میلیشیای و مافیا گەری ڕێگا لە سەرۆکەکەی بگرێت و کەی بیەوێت بڕیار بدات پەڕلەمان دابخات . کێشە سەرەکیەکە لەم خاڵەدا چڕ دەبێتەوە کە هەمان ئەو کەسەی بە ناشەرعی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی قۆرخ کردوە و بە زەبری هێز شەرعی ترین دامەزراوەی گەلی پەک خستوە کە پەڕلەمانە ،هەمان کەس بێت و پرسی ڕیفرادۆم بکاتە پرسێکی شەخسەنە کراوو بیەوێت خۆی ببێتە خاوەنی پڕۆژەکەو لە هەمان کاتیشدا بە ئاشکراو بێ شاردنەوە بە هاوڵاتی و بە دەوڵەتی عێراق و ئیرانی دراوسێ و تورکیای دراوسێ بڵێیت کار بە نەتیجەی ڕیفراندۆم ناکەین !! بە گریمانە وەری بگرین گریمان سیاسیەکی حەکیمەو خۆڵ دەکاتە چاوی ناحەزانی گەلی کوردو لەدوای ڕیفراندۆم و هێنانی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆی دەڵێت بڕیاری گەلەو من دەسەڵاتم بەسەریدا نییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت . ئەی ئەم دەوڵەتە لە سەر چ بنەمایەک ڕا دەگری ؟ ژێر خانی ئابووری و بەهێزو نیشتیمانیت ؟!! هێزی سەربازی و هێزی پێشمەرگەی یەک ویەکگرتوت ؟!! دامو دەزگای دامەزراوەیی نیشتیمانیت ؟!! پەیوەندی دیبلۆماسی و بەهێزت لەگەڵ وڵاتانی زل هێز و وڵاتانی ناوچەکە ؟!! گەر سکۆتلەندا بە نمونە سەیر بکەین کە دەوڵەمەنترین هەرێمە لە سەر ئاستی وڵاتی بەریتانیا لە هەموو روویەکەوە وە چەند سەدەیەکە خاوەنی پەرلەمان و هەموو کارە یاسایی و دەستووریەکانە. وە بەریتانیا و هەموو ووڵاتانی ناوچەکەش رێگر نین لە بەردەم راپرسی و بۆ سەربەخۆیی بۆ سکۆتلەندا بینیمان لە راپرسی ساڵی ۲٠۱٤ گەلی سکۆتلەندا زۆرینەی بە نەخێر دەنگیان دا بۆ جیابونەوە دیارە گەلی سکۆتلەندا پێی باشە لە گەل بەریتانیادا بمێنێتەوە گەلی سکۆتلەندا بەو هەموو هێزەو بنەمای ئابوری بەهێز و نەوت و زانست و پیشەسازی و دەیان زانکۆی جیهانی نەیانویست جیا ببنەوە و ببنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ چون ئەو گەلە هۆشمەندە مانەوەیان لەگەڵ بەریتانیا بە پێویست و بە بەرژەوەندی سکۆتلەندا دەزانی . لە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان کە بە قۆرخ کاری دەسەڵات و نەبونی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافی ئازادی ڕۆژنامەوانی و نا شەفافی و قەرزاری کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانیاکان ناسراوە بە شێوەیەک باس دەکرێت نەک ئەم جیلە بگرە نەوەی ئایندەیش دەبێ قەرزی حیزب و بەناو سیاسی و بەناو فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ بداتەوە . دەوڵەت داری بەمجۆرە کەسانە دەکرێت ؟! دەوڵەت داری کەسانی ئەکادیمی و سیاسەت مەداری نەتەوەی و بیری تازەو خوێنی تازەو نەوەی تازەی دەوێت لەسەر بنەمای مەعریفە و زانست نەک بە ناو سەرۆک و کوڕو کوڕەزاو برازاو بنەماڵە چون ئەزمونی پێشو سەلماندوێتی ئەوانەی ئێستە دەیانەوێت موزایدە بە چارەنوسی نەتوەیەکەوە بکەن لە هەرە قێزەونترین وەجهە بە ناو سیاسیەکانی ئەم هەرێمەن کە لەسایەی حوکم ڕانیدا جگە لە هەڕاج کردنی نیشتیمان و پڕکردنی تورەکەی جۆرەها دراوی خۆیان بەردێکیان سەر بەردێک نەنا بۆ داڕشتنی بنەمای دەوڵەت داری . بگرە ئەم هەوڵە نا تەندروستە دەچێتە بابی لەبار بردنی دروست بونی دەوڵەتی کوردستان. مایەی سەرسوڕمانە لەچاو ئەو هەرێمانەی وەک کەتەلۆنیا و سکۆتلەنداو وەیڵس و دەیان شۆینی تر بە سەدان سیاسی ئەکادیمی بەتواناو کەسانی یاسای و پەرلەمان و ژێر خانی ئابوری بەهێزیان هەیە بێ ئەوەی هیچ بەربەست و دژایەتیەک بکرێن ناتوانن بریار بدەن بۆ سەربەخۆی. ئێوە کە تا ئەم ساتە وەختە جێبەجێ کاری سیاسەتو ژێردەستەی ئەژمونی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و تورکیان چۆن دەتوانن بڕیاری لەو شێوەیە بدەن بۆ موزایەدەی سیاسی و پەردە پۆش کردنی تاوانو گەندەڵی و خۆ دزینەوەتان لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی سیاسی و چەواشە کردنی مێژو . هەرکەس سەرچاوەکانی CIA ئەمریکی بخوێنێتەوە لە سەر کوردو چارەنووسی کورد چی نووسراوە و چی ئەڵێت ئەو کاتە تێدەگات ئەم بەناو سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کە حکوم دەکەن سەد ساڵێان ماوە لە ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی تێبگەن. بۆیە ئەم بریارەی سەرۆکی ناشەرعی ماوە بەسەرچوی هەرێمی کوردستان و دەست و دایەرەکەی واتە حیزبە بەشداربووەکان کە لە پێناوی پشکی نەوت و پۆستدا خەونی دەوڵەتی کوردی و بەرهەمی خۆێنی هەزاران هەزار شەهیدوئەنفال و کیمیاباران و روخاندن و سوتاندنی هەزاران گوندو




“ڕیفراندۆم هەر دەکرێت و ئەنجامەکەشی سەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیدا نین، خەجاڵەتیان بۆ دەمێنێتیەوە”

جیهاد محمەد …….

ئەم قسە پڕوپووچانە چییە، ئەم هەڕەشەو گوڕەشانە چییە! لێمان دەکەن. خاوەنی ئەم قسە پروپوچ و هەڕەشانە، پێش هەموو شت لە مانای ئازادی ناگەن، دەیانەوێت خۆیان و ئاغاکانیان چۆن بیرییان کردەوە، خەڵکیش بە هەمان شێوە بیربکاتەوە! ئەم قسە پڕوپوچانە وەک ئەوە وایە بوترێت، کە ئاغا قسەی فەرموو، هەرکەس نەیەژێ قوربان قسەی جەنابەتە، کافرە.
لە لایەکی تریش خاوەنی ئەم قسە پڕوپووچانە، جگە لەوەی لە ئازادی تێنەگەیشتوون، لە بیرکردنەوەی جیاوازیش تێنەگەیشتوون، دەیانەوێت کەس بیر نەکاتەوە، هەموو کەس مێشکی خۆی دابخات، لەبەرئەوەی جەنابی دیکتاتۆر بیریان بۆ دەکاتەوە.
خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لەوەی بیرکردنەوەیەکی فاشیانەیە، گوێی خۆشیان کەڕ و کاس کردووە، نایانەوێت لە جیاوازییە فکرییەکان تێبگەن، نایانەوێت لە حەقیقەتی یارییە گڵاوەکانی پشتی بانگهێشتکردن بۆ ڕیفراندۆم تێبگەن.
ڕیفراندۆم سەریش بکەوێت، دەوڵەتی کوردیش دروستبێت وەک خۆیان دەلێن (دەوڵەتی کوردی)، هیچ جیاوازیەکی نابێت لە دەوڵەتە فاشیی و دڕندەکانی نموونەی جارانی دەوڵەتە فاشییەکەی سەددام و دەوڵەتی کەمالیستەکان بە جارانی و ئێستاشیەوە، کە هەرچی نەشێت بە گەل و نەتەوەی کوردیان کرد، چونکە لەسەر دوو بنەما دروستدەبێت، یەکەم لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستی، دووەم، لەسەر بنەمای خێڵ و بنەماڵە، کە هەتا هەتایە دەبێت بنەماڵیەک دەستبەسەر سەروەت و سامانی وڵات و کولتوور و عەقڵی هەموو خەڵکی وڵاتەکەدا بگرێت.

ئێستا، ئەم منەورو عەقبقەریانەی دەوڵەتی کوردی، دەیانەوێت لەسەر بنەمای هەمان دەوڵەتی کەمالیستی و فاشییەکانی جارانی سەددام ڕێفراندۆم ئەنجامبدەن بۆ دەوڵەتی کوردی.
کە باشتر وابوو، ـ ئەگەر کاتی ئەم ڕیفراندۆم و بانگەشیە بوایە بۆ دەوڵەت ـ بۆ گەلێکی ستەمدیدە و زوڵم لێ کراو و دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتی فاشیدا، کە سەد ساڵە لەسەر دەستی دەوڵەتە ڕەگەزپەرست‌و نەژادپەرستەکاندا دەچەوسێنرێتەوە، هەوڵبدرایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتیمانی لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هەموو ئەو تاکانەی کە لە چوارچێوەی وڵات و دەوڵەتی کوردستنادا دەژین، هیچ جیاکارییەک نەکرێت لە نێوانی تاکەکاندا بە هۆکاری جیاوازی زمان و ڕەنگی پێست و کولتوور و نەتەوەی جیاواز، بەڵکو هاوڵاتییبوون بنەمایەکی یاسایی بوایە بۆ هوموو تاکەکان و هەموو تاکێک کە لە چاوارچێوەی کوردستاندا بژی خاوەنی شکۆمەندی و ڕێز و ئازادی خۆی بێت، هیچ کولتوورێک بۆی نەبێت کولتوورە جیاوازەکان بتوێنێتەوە لە خۆیدا، بەڵکو فرەکولتوورخوازی دروستبێت لە نێوانیاندا.
کەی ئەوە لۆژیک و عەقڵە لە ئێستاوە کە دەوڵەتت نیە بیر لەوە بکەیەتەوە کە دەوڵەتێکی نەژادپەرستی دروستبکەیت.

جگە لەمانەش، ٢٦ساڵە گەلی کوردی کوردستانی عێراق، سەرەڕای زوڵم و جیاکارییەکانی حوکمڕانە شیعەگەراییەکەی ئێستای عێراق بەرامبەر بە کوردی عێراق، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەوان خراپتر و زۆر زیاتر خەڵکی کوردستان دەچەوسێننەوە و دەڕوتێننەوە.
هەرچ تاک و کۆمەڵگە و گەلێک گوێی خۆی کەڕکرد لە ئاستی ئەزموونەکانی، سا ئەو ئەزموونە چاک یان خراپ بووبێت لە ژیانیدا، تاک و کۆمەڵگەیەک دەردەچێت کە ناتوانێت خۆی بپارێزێت و ژیانی بەختەوەر بۆ خۆی دروستبکات.
٢٦ ساڵە گەلی کوردی عێراق، لە لایەن ئەو حیزب و بنەماڵانەی ئێستا بانگهێشت دەکەن بۆ ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی، ژیانیان لێ زەوتکراوە، دڵەڕاوکێیانە، دەترسن لە هەرچ پێشهاتێک کە بۆیان بێتە پێشەوە. هەر ئێستا لە ساییەی ڕیفراندۆمخوازە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە هەڕەشەی چەندین ملیار دۆرلا لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە دەبێت بیبژێرێتەوە بۆ کۆمپانیای دانا گاز. ئەم چ عەقڵ و لۆژیکێکە دەسەڵاتێک ٢٦ساڵە بەروبووم و داهاتی خەڵکی کوردستان دەدزێت و خۆی دەوڵەمەند دەکات لەسەر حسابی کوێرەوەری خەڵکی ڕەشوڕووت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خەڵکە ڕەشوڕووتە بکەیت بە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلارەوە و ئنجا بێیت تەپڵی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی لێ بدەیت.

جیهاد محمەد/ کوردستان




گەشتی ریفراندۆم، بە شەرابی نەوت و قوماری نەتەوە…! … بەیان ئیبراهیم

‎بە ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری ئێستای هەرێم، بە خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکەو وڵاتانی دراوسێ، بەڕوانین لە وجودی بنەماکانی دەوڵەت و یاسا نێو دەوڵەتیەکان بۆ رەزامەندی بون بە دەوڵەت، بە ڕامان لە وجودی سەرکردە ریفراندۆم خوازەکان.. ڕابردو ئێستایان، چانسەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم و دەرەنجامەکانی حکومڕانیان، بە تێگەیشتن لە دۆخی نا هەمواری گوزەرانی خەڵک و دواجار بە دیتنی دیمەنی سیاسیە بازرگان و سەرۆکە خۆسەپێنەکان و دواجار وجودی “نا”یەکی حیزبی و هاوکات جەماوەری بەرفراوان.. دەکرێت لە هۆکاری سوربونی هاوئاوازەکانی ریفراندۆم و ئاوازدانەرەکەیان تێبگەین ، ‎ تیمی ڕیفراندوم کێن؟ ‎ یەک بەیەکی ئەوانەی لەم تیمەدان وەک موگناتیس زۆرترین گەردو پەڵەی ناشرینی ئەنتی نیشتمانی و نەتەوەیی بەسیماو جەستەیانەوەیە، سەرجەمیان لەوانەن کە لەگەڵ هەردو چەمکی خیانەت فەساد بەجۆرێک ئاوێتە بوون وەک دوانەیەکی هاوشێوەیان لێهاتوە.. ‎با بەنمونە (مسعود بارزانی و هۆشیار زێباری) وەرگرین.. بارزانی وەک مونەزری ریفراندۆم و زێباری وەک سەرۆکی لیژنەی ریفراندۆم.. بارزانی پاش دوو خولی سەرۆکایەتی و دوو ساڵی درێژکراوەو ساڵ و نیوێکیتری خۆسەپاندن هیچ هۆکارو ئامرازێکیتری مانەوەی نەماوە لەسەر کورسیەکەی، هیچ بیانو تەبریرێکی گونجاو نەگونجاو نەماوە بۆ مانەوە لەسەر کورسیەکەی، نە یاسا نەعورفی سیاسی و نە تەفسیرو تەئویلی یاسایی دەروێشەکان و راوێژکارەکانی، ئەو بۆ مانەوەی بەتەنها ئەم بەهانەی ریفراندۆمەی ماوە و هیچیتر، دوای ریفراندۆم .. ئەو دەڵێت ئەرکی ڕاگەیاندنی دەوڵەت وادەکات لەسەر کورسیەکەم بمێنمەوە تا ڕۆژی قیامەت. گەر بەسادەیی بپرسین بارزانی بۆ مانەوە لەسەر کورسیەکەی ریفراندۆم نەکات.. چی بکات.؟ ‎هۆشیار زێباری ئامرازی ئەتککردنی ریفراندۆم و ئەمانجی نەتەوەیی! كە سەرۆكی لیژنەی ریفراندۆمە ئەو كە دەكاتە خاڵی بارزانی بەزۆرینەی دەنگ و لەناو ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی لێوەرگیراوەتەوە دەزگای یاسادانان دادگایی کردوەو سزای داوە.. ئایا بەسەرۆککردنی گەندەڵێك لەخەمی چارەنوسی نەتەوەیەکدایە یان سوکایەتی بە نەتەوەو ئامانجی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک..؟ بارزانی بۆ زێباری کرد بەسەرۆکی لیژنەکە…؟ بۆ ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و …چەندینیتر بکاتە شاگرد و بەردەست و ئەندامی لیژنەکەی ، ‎کە وشیار زێباری گەورە دەستپیس بووە سەرۆکی لیژنەکە ئیدی ڕۆژانە دەیان نوسەرو قەڵەمی دەرباری دەبێت بەشان و باڵیدا هەڵبەن، گەر زۆر بەسادەیی بپرسین تەنها بۆ رێزگرتن لە ئامانجی لەمێژینەی سەربەخۆیی نەدەکرا بارزانی کەسێکیتری بکردایە بەسەرۆکی لیژنەکە..؟ ئایا هاوئاوازەکانی بارزانی بەتایبەت (کۆسرەت رەسول و مەلا بەختیار) نەدەکرا یەکێکیان ببونایە بە سەرۆکی لیژنەکە؟ ‎٭

هەیمەنەی وڵاتانی دراوسێ و هەیبەتی ئاوازدانەرو هاو ئاوازەکانی..! ‎هەرێم لەساڵی ۱۹۹۱ و لە سەروەختی ئاودیوکردنی یەکەم شۆفڵ و محاویلەی کارەباوە بێ هەیبەت و بێ سیادەترین ‎گروپ و حکومڕانی سەر زەوییە، تا ئێستاش ئەم جوگرافیا زەلیلە مەیدانی تەراتێنی میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێرانە، تا ئێستا ئەم دەسەڵاتە ئەتککراوە کلک و سێبەرو موتیعی سیاسەت و بیرۆکەی تورک و فارسە، مەیدانی بنکە سەربازی و سیخوڕیەکانی ئەوانە، ئەم دەسەڵاتە مارەکراوە زۆر بێ هەیبەتترە لەوەی جورئەتی جەنگی سەربەخۆیی هەبێت لەبەرامبەر تورک و فارس. ‎٭
سەربەخۆیی و یاسا نێودەوڵەتیەکان.! ‎کاتێک ئاڵای کوردستان دەچێتە ڕیزی ئاڵای دەوڵەتان و دەبێتە۱۹٤ مین دەوڵەتی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان، بە تەنها سێ مەرجێ نێو دەوڵەتی پێویستن، وەک (بونی خاک و خەڵک، دەسەڵاتێک بۆ بەڕێوەبردن، دانپێدانانی نێو دەوڵەتی) ئیدی لەو سێ مەرجەدا هیچ وابەستەییەک بە ریفراندۆم و گشتپرسیەوە بونی نییە، ریفراندۆم دەکرێت لەهەرێم (رۆژنامەی ئاوێنە ئەنجامی بدات)، یان (رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی) ئەسڵەن یەکێتی قوتابیانی پارتی و کۆمەڵەی خوێندکارانی یەکێتی دەتوانن ئەنجامی بدەن.! کەناڵی ( rudaw nrt ) دەتوانن، ‎ ریفراندۆم (لەسوید ئەنجامدرا بۆ فرۆشتنی شەریکەی ئەپسلود “ڤۆدگا” ، (لە ئەڵمانیا بۆ راکێشانی سکەی قیتار).. ئایا ریفراندۆم..؟ گەر زۆر بەبەهایە بۆ کاریان بە دەرەنجامی ریفراندۆمی ساڵی ۲۰۰۵ نەکرد؟ ‎٭ ریفراندۆم (گەل و دەسەڵات) ‎لە دنیادا دەسەڵاتێک جورئەتوو روی ریفراندۆمی هەیە کە گەلەکەی تێرو خۆش گوزەران بن، بۆ شایی نێوان گەل و دەسەڵات لەهەرێم سنوری تێپەڕاندوە، ئەم دەسەڵاتەی هەرێم بێسومعەترین جۆری دەسەڵاتە لەسەر زەوی، روو قایمیەکی گەورەیە کە ئەمانە باس لە ریفراندۆم دەکەن بۆ پشتگیری جەماوەری لەهەرپرسێک کە ئەم دەسەڵاتە بە دەنگدانی خەڵکێ بسپێرێت.. بەتەنها گرەنتی لە تەزویرو فاوڵی ئینیخابیدایە، بەکورتی دەسەڵاتێکی تەزویرچییەو ریفراندۆمێکی مزەور ئەنجام دەدات، ئابوری هەرێم و دەمامکی ریفراندۆم زیاتر لە سی ملیار دۆلار قەرزی قومارو دوا گرێبەستی بیست ساڵەی روسنەفت.! بەچی دادەپۆشرێت و چۆن لەبیر خەڵک دەبرێتەوە؟ کام کارتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت لە گاڵتەجاری ریفراندۆم بەهێزترو گونجاوتربێت.؟ هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری و بێ موچەیی کە کوشندەترین دەردی کۆمەڵایەتییە… بە ریفراندۆم نەبێت کام گۆشە نیگای سیاسی دەتوانێت بۆ ماوەیەک لەبیر خەڵکی بباتەوە.؟ ٭ ریفراندۆم و سیاسیە جامبازەکان.؟ دەستەبژێری حکومڕانی هەرێم چین لە باندێکی تاجرو جامبازی خۆسەپێن زیاتر؟ کام لە ئاوازدانەرو هاوئاوازەکانی چەندین پرۆژەی بازرگانی ناشەرعی و نایاسایی نییە؟ کێ دەتوانێت لەو پێڕەدا جنسێکی نامۆ بە گەندەڵی و بە فەسادی سیاسی و ئەخلاقی بە خەڵک بناسێنێ و پیشانبدات؟ ٭

ریفراندۆم و دوکانە سیاسیەکان؟

سێ رۆژ لەمەوبەر هێزە تازەکەی حەمەی حاجی مەحمود یەکەم موچەیان لە پارشێودا وەرگرت، ئێستاش سەر دەرناکە بۆچی هێزە تازەکەی کاکە حەمە لە پارشێودا موچەکانیان وەرگرت، دەیان پارتی سیاسی کە بە هەمویان کورسیەکی پارلەمانیان نییە چۆن و بۆچی لەدەوری ئەم گاڵتەی ریفراندۆمە کۆبونەوە.؟ حیزبیان تیایە بەتەنها باوکێک و کوڕەکانیەتی.. بێ گومان هۆکاری زۆر سادە پارشێوە موچەکەی هێزە نوێکەی کاکە حەمەیەو ئەمە بۆ حیزبەکانی تریش ڕاستە.




ماڵپەڕی “سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیونال” بەکوردی دەستی بەکارکردن کرد


بۆ سەردانیکردنی ئەم ماڵپەڕە کلیکی ئێرەبکەن ……
سۆشیالیستەکان