چەند تێزێک دەربارەى ڕیفراندۆمەکە … ڕزگار عەلى

تێزی یەکەم/ دەوڵەت دروست دەکرێت، نەک ڕادەگەیەنرێت:
کاتێک تێزى یەکەم بەکاردەهێنین، وا لێکدەدەینەوە کە قۆناغى ڕیفراندۆمەکە بۆ دەوڵەتە، واتە تۆزێک خاتری برادەرانى دەوڵەتدار دەگرین و لەو مەعمەعەیە دەچینە دەرەوە ئایا ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتە یان نا، چونکە گەر بۆ دەوڵەت نەبێت ئەوە مناقەشەى لەسەر نییە، بۆیە ئێمە لێرەدا وا حساب دەکەین بۆ دەوڵەتە، ئایا ئەگەر بۆ دەوڵەت بێت چۆنە؟

بونیادى دەوڵەت بۆ ئەوەیە لەناو قەوارەیەکى تر و جوگرافیایەکى تر بيت، کەواتە دۆزینەوەى دامەزراوەى نوێی حوکمەتدارییە، یان بە جۆرێک بەهێزکردنى دامەزراوە گەلێکى جیاوازە کە پێشتر بوونى نەبووە. لێرەدا(مافی چارەى خۆنووسین)ى هەر گەلێک دەبێتە ئەلتەرناتیڤى ئەو حوکمڕانە کە لەناویدا هەین و پێی ڕازی نین، بەڵام خواستى (چارەى خۆنووسين) بەس تەنیا بریتی نییە لە دەوڵەتدارى یان چوون بەرەو دەوڵەت، بەڵکو جۆرێکى ترە لەوەى ئینسان سەربەخۆ بێت نەک دەوڵەت، کەرامەتى ئینسان پارێزراو بێت نەک دەوڵەت، یاسا پارێزگارى لە کەمینەیەکى بێ هێز بکات نەک دەوڵەت، واتە دەوڵەتبوون لە رێگەى سەربەخۆبوونى تاک و پارێزراوى کەرامەتى تاک و پارێزگارى لە کەمینە سەربەخۆ دەبیت، ئەکرێت ئەمانەت هەبێت و دەوڵەتت نەبێت بەڵام هەست بە ئینسانبوون و دەوڵەتبوون بکەیت، بەڵام ناکرێت ئەمانەت نەبێت دەوڵەتت هەبێت.

ئەم هاوکێشەیە ئەوەیە دەوڵەتیش پڕۆسەیەکە بۆ خزمەتى ئینسان، نەک هەرچى خزمەتى ئینسانە بکەیتە قوربانى دەوڵەت، ئەگەر وابێت ئەو کات دەوڵەتێکی وەکو سوریا و عێراق و سۆماڵ و هایتى و کەمبۆدیا و بۆسنە و کۆسۆڤۆ و تەیمورى رۆژهەڵات.. لەدایک دەبێت، ئەو کات دەوڵەتێکى وەکو یەمەن و میسر و سودان لەدایک دەبێت کە دەبێت سەدان ساڵ تێبکۆشین بۆ ئەوەى پایەکانى بڕوخێنین تا کەرامەتمان پارێزراو بێت. لێرەدا ئەگەر ئەو ئەو پڕۆسانەى سەرەوەی لەگەڵ بێت دەوڵەت ئامرازێک دەبێت بۆ خزمەتى ئینسان، ئەگەر لەگەڵى نەبێت دەوڵەتەکە دەوڵەتێکى دابڵۆسێنەر و زۆرەملێ دەبێت بۆ سەر ئینسان، ئەگەردبڵۆسێنەر بێت وەکو ئەو نمونەمان لێ دێت کە فرانسیس فۆکۆیاما لە کتێبى بونیادى دەوڵەت هێناییەتەوە: (( جەوهەرى دەوڵەتى زۆرملێ و دابڵۆسێنەر ئەو حەقیقەتەیە کە لە تواناى ناردنى کەسێکدا بەرجەستە دەبێت، جل و بەرگێکى فەرمى لەبەر دەکات و دەمانجەیەک هەڵدەگرێت و بۆ ناچارکردنى ئەوانى دیکە و ملکەچکردنیان بۆ یاساکانى دەوڵەت)) لێرەدا ئەوەى بۆ دەوڵەتە کوردییەکە زیاتر داپڵۆسێنەرە ئەوەیە، ملکەچى ئینسان و ئەوانى دیکە بۆ یاساکانى دەوڵەت نییە، بەڵکو بۆ حەزى تاکە شەخسێکە، کە دەیەوێت هەمان زمانى سەدام بەکاربهێێت و پێمان دەڵێت (من دەوڵەتم و دەوڵەتیش منە). لێرەدا گولەکان و لولەى دەمانجەکان بۆ تەوقی سەرى ئەو کەسانەیە کە مل نەک بۆ یاساکانى دەوڵەتە کوردییەکە نانێن، بەڵکو مل بۆ یاساکانى شەخسێک نانێن.
هەرچى تایبەتە بە دەوڵەت و پایەکانى دەوڵەت لێرەدا دەوڵەت ڕادەگەیەنرێت نەک دروستبکرێت، ئەمەش لە هیچ کوێى دونیا نەبووە و نییە، واتە دەوڵەت بریتی نییە لە شتێک یان شیعارێک کە پێ دەڵێین دەوڵەت، بەڵکو بریتییە لەو دامەزراوە یاسایی و ئابورى کەلتورى و پەروەردەیی و سیستەمەى کە شوێنەکە بونیادی ناوە، واتە دامەزراوەکانى وڵات دەوڵەتن، نەک ناو هێنان و شیعاری قەبە و ڕاگەیاندنى فشۆڵ. ئەگەر دەمەزراوەت نەبوو، ئەوا دەوڵەتەکە هاوشێوەى ئەو خانووەیە کە لە ( لم ) دروستکراوە، ئایا کێ ئامادەیە خانوویەک لە لم دروست بکات؟ یان نیشتەجێی خانوویەک بێت پایەکانى لە لم دروست کرابێت؟

لە کوردستانی عێراق جیاوازێکە زۆر خەتەرتر دەڕوات، چونکە سەرەوەى ئەو خانووەى کە لم دروستکراوە، یان دەیانەوێت دروستى بکەن، سەقفێکى پان و بەرینە و ئەستورە، هەرچى فەزاى کۆمەڵایەتییە ئەو لمەیە کە لم بوون قبوڵ ناکات يان فەزا کۆمەڵایەتییەکە دیوارەکەیە کە قبوڵى سەقفێکى زۆر قورس ناکات، بەڵام سەقفەکە بۆ ئەوەى لمەکە یان دیوارەکە ڕازى بکات دەیەوێت بۆ ئەوەى بە بەرزى بمێنێتەوە و بە سەقفى بمێنێتەوە دەیەوێت دیوارەکە بیهێنێتە ناو خانووەکەى خۆى و بیکاتە دیوار، لە دواجاردا کە دیوارەکە بەرگەى نەگرت دادەمڕێت بەسەریدا و بەیەکجاری پارچە پارچەى دەکات، تا جارێکى تر خۆى بۆ کۆ نەکرێتەوە ناڕەزایەتى بنوێنێت.

تێزى دووەم/ شتێک نییە ناوى سیادەى عێراق بێت لەسەرمان تا جیا ببینەوە، بەڵکو بچڕانى پەیوەندییەکی جەردە ئاسایە، کە دەترسین لە داهاتوو دادگای بکرێین لەسەرى.
لەماوەى سالى ١٩٩١ دا تا ئێستا، یان لەو کاتەى ناوچەى دژەفڕین دروستبووە، ئێمە نیمچە سەربەخۆییمان هەیە، یان هەموو لایەک دەزانن ئەو فیدڕالییەتەى کە هەیە لە کوردستانى عێراق لە ڕووى دەسەڵاتەوە لە هیچ کوێی دونیا فیدڕاڵى بەو شێوەیە نییە، لە هیچ کوێی دونیا فیدڕاڵییەتێک نادۆزیتەوە ئەونە دەسەڵاتى هەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ساڵی ١٩٩١وە هیچ کاتێک سیادەى عێراق بەسەر ئێمە بەشێک نەبووە لە کێشەکانمان، واتە ئەو کێشانەى کوردستانى عێراق هەیبووە هى عێراق یان بەغدا نەبووە هاتبێت بۆمان، بەڵکو هەموو کێشەکان سەرچاوەکەى لەناو خۆدى خۆمان بووە، ئایا بەغدا دواى ئەنفال و کیمیاباران، دواى ئەوەى خوینمان لێ دەتکا، هات شەڕی ناوخۆى پێ کردین و هەزاران ڕۆڵەى ئەم نیشتیمانەى بە کوشتن دا؟ ئایا بەغدا دەبابەى هێنایە سەر پەرلەمانەکەمان؟ ئایا بەغدا دوو ئیدارەیی دروست کرد؟ ئایا بەغدا گوتى پارتى یەکێتى دوو زۆن دروست بکەن و سەروەت و سامانەکەى تاڵان بکەن بە یەکسانى؟ ئایا بەغدا شەنگالى تەسلیم کرد؟ ئایا بەغدا دواى چەندین ساڵ نایەڵێت حوکمەتە ساوەکە کارەبا بدات؟ ئایا بەغدا قوتى هاوڵاتیان دەبڕێت؟ ئایا بەغدا پەرلەمان دادەخات؟ ئایا بەغدا هەزاران گەنجى کورد ناچار دەکات ببنە قوربانى حوتەکانى دەریاى ئیجە؟ ئایا بەغدا دەڵێت سەرۆکى هەرێم تا دەمریت لە کورسییەکەت مەیەرە خوارەوە؟ ئایا بەغدا بە شەق پەرلەمان دادەخات و سەرۆکەکەى ئاودیوى سنورێک دەکات کە دەسەڵاتى نییە تێیدا، دەنا دەسەڵاتى هەبایە لە کوردستانیش دەریدەکرد؟ ئایا بەغدا پڕۆسەى دیموکراسى پەک دەخات؟ ئایا بەغدا دەیان ملیۆن و ملیار دۆلارى بە کۆمپانیاکان پێ دۆڕانیت؟ ئایا بەغدا ئابوری سەربەخۆکەتى شەلەل کرد؟ ئایا بەغدا جەردەیی و فەسادى و فێرکردن؟ ئایا بەغدا بونیادێکى وێرانی بۆ دروستکردووین؟ ئایا بەغدا نایەڵێت ئەم حوکمەتە ساوایە بەرمیلێک نەوت بداتە هاوڵاتییانى، لەکاتێکدا عەرزو عاسمانى ئەم وڵاتە نەوتە؟ یەکێک پێم بڵێت دەسەڵاتداری هەرێمەکەمان کەى ویستویانە خزمەتێک بەم هەرێمە یان تاکى ئەم هەرێمە بکەن و دەسەڵاتدارانى بەغدا نەیانهێشتبێت؟
ئەى کەواتە ئەو خزمەتە چییە بەغدا ڕێگرە و ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەى سەربەخۆییەوە بماندەنێ؟
ئەى کەواتە چى ڕوودەدات، بۆ دەیانەوێت لە بەغدا جیا ببنەوە، لە چى جیا دەبنەوە؟

هەر لەکاتى دروستبوونى عێراقى نوێوە تا ئێستا، دەسەڵاتدارانى کورد بەشێک بوون لە بونیادنانى عێراق، یان ڕاستر بڵێین بەشێک بوون لەوەى بێ لەوەى ئابورى خۆمان تاڵان بکەن هی عێراقیشیان بەو دەردە دەبرد، واتە ئیشکردنى مافیایەکانى کوردایەتى بۆ کوردایەتى بوون نەبوو لە عێراق، یان بۆ ئەوە نەبوو خزمەتى ئەم هەرێمە بکەن، بەڵکو بۆ ئەو نانە چەورە بوو کە لە بەغدا دەستیان دەکەوت، یان بۆ ئەوە بوو وەکو دەڵێن (هی خۆم بۆ خۆم هی تۆش دەخۆم)، ئەمە تا جاڕدانى (ئابورى سەربەخۆ) بەردەوام بوو، تا ئێرە هەزاران هەزار دۆلارى عێراق و کوردستانیان هاوشێوەى ئەو شۆفڵ و تەلە کارەبایانەى ساڵى ١٩٩١ ئاودیوى دەرەوە کرد. واتە خۆیان (بەرەو کوردستانى سەربەخۆیان) لەناو بردو چوونەوە بۆ عێراق، ئەم چوونەوەیە ئەوە نەبوو کە سیادەى عێراق دیسان لەسەرمان بێت هاوشێوەى دەوڵەتان و هەرێمەکەیان، بەڵکو پەیوەندییەک بوو لەسەر ئەساسی جەردەى و دزى و ڕاوڕووتى نیشتیمان کە سوڵتان و ئاغاکانى نەوت دروستیان کرد، ئەم پەیوەندییە بەردەوام بوو تا شیعارى (هی خۆم بۆ خۆم هی تۆش دەخۆم) بچڕێنرا، ئەم شیعارە و بە کردابوونى ئەم شیعارە لە لایەن مافیایەکانى کوردایەتییەوە لە عێراقى نوێ سەرى نەگرت، هەرچەند تا ئەو کاتەش بەردەوام بوو کە وەزیرەکانى کوردیان لەسەر دزى ئاودیوی هەرێمى کوردستان دەکردەوە، بەڵام لێرەدا بەتەواوى بچڕانى ئەو پەیوەندییە دروست بوو.

ئەو پەیوەندییەی کە لەسەر ئەو شیعارە دروست بووبوو، بە جۆرێکى تر کە لە بەغدا سەری نەگرت هاتەوە هەرێمى کوردستان خۆى مانفێست کرد. ئەو شیعارە لە ژێر ناوى (ئابورى سەربەخۆ و چاکسازییەوە) هەرچى خێرو بێرێک هەیە کە هاوڵاتى کورد لەسایەى عێراقی نوێوە چەند ساڵێک دەستمان کەوتبێت لێی سەندینەوە، واتە شیعارەکە (هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش دەخۆم) مافیایەکانى کوردایەتى ڕێک لەسەر خەڵکى کوردستانيان جێبەجێیان کرد، ئەمەش دواى داخستنى پەرلەمان ڕوویداو تا ئێستاش بەرەدەوامە، سولتان و ئاغاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان هەر بەوەوە نەوەستان نەوتى کەرکوک و عەرز و عاسمانى ئەم وڵاتەشیان یان بۆ کۆمپانێکان دۆڕاند یان ئاودیوی تورکیاى دەکەن، لە ئێستا هیچ ترسێکیان لە خەڵکى هەرێمى کورستان نەماوە بۆ ئەو جەردەیی و ڕاوڕوتییە، بەڵکو تاکە ترس مابێت عێراقە یان بەغدایە، کە ڕۆژیک یان دواى موسڵ سیادەی خۆى وەرگرێتەوە و لەسەر ئەو هەموو کارە مافیایە لێپرسیننەوەیان لەگەڵ بکات، تاکە ڕزگاربوونیشیان ئەوەیە هەم ئەو پەیوەندییە بپچڕێنن لەگەڵ بەغدا، هەم مافیابوونیان بگاتە لوتکەى ڕەهایەتى و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکى نە لە ئێستا نە لە داهاتوو نەبێت. لە کۆتای ئەم تێزە دەڵێین هیچ دەسەڵاتدارێک بە قەت دەسەڵاتدارانى کورد سەربەخۆ نین، بەڵام ئەو سەربەخۆییە هەیانە و دەیانەوێت بۆ گەیشتنیانە بە ترۆپکى ستەمکارى.

تێزى سێیەم/ گەیشتن بە بە ترۆپکى ستەمکارى لە ڕێگاى خەونێکى ناکامڵ و یۆتۆپیایەکى درۆزنانە.

هەموو ستەمکارێک بۆ ئەوەى بگاتە دەسەڵاتى ڕەهای ستەمکار خۆى، پێویستى بە کۆمەڵێک ڕێوشوین هەیە بۆ ئەوەى هەم جەماوەر بکاتە حەشامات و ڕایانبێنێت لەسەر ئەو کارانەى دەیکات، هەم خۆشى قەناعەت بە خۆى بکات. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە کە زۆربەى ستەمکاران دەیگرنە بەر ڕێو شوێنى ئایدۆلۆژییە، باشترین ئایدۆلۆژیش ئەوەیە کە تاکێک بێ غەبەر و بێ هەواڵ بکات لەوەى چى ڕوودادەت.
یەکێک لەو تەکنیکانەى کە دوا چەکە بۆ دەسەڵاتدارانى خۆمان بۆ گەیشتنیان بە خەونى ستەمکارى ڕەها، چەکى ئایدۆلۆژیاى ناسیونالیزمە، ئایدۆلۆژیا ناسیونالیزم یۆتۆپیایەکی خەیاڵى( بەهەشتێکى خەیاڵى) لە داهاتوو دەخوڵقێنێ بۆ ئەوەى مژدەی سەرزمینێکى تر لەم سەرزەمینە وێرانە هەیە کە خۆیان دروستیان کردووە بە خەڵک بدەن، وەکو گوتمان ئەم چەکە پێشتر بە تەکنیکى جیاواز دیکتاتۆرە گەورەکان تاقییان کردۆتەوە. هیتلەر دواى ئەوەى کە گەیشتە دەسەڵات بۆ ئەوەى کردارە چەپەڵەکانى لاى تاک و کۆمەڵگە بە ئاسانى قبوڵ بکرێت (مرۆڤى ئارى) داهێنا، ئاریبوون لاى هیتلەر ئەوەبوو مرۆڤێکى باڵا لە چاو ئەوانى تر بەرزترە، واتە دەسەڵاتى سیاسى نازى ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە نەژادێکى بێگەرد.

ئەم تەکنیکە بە جۆرێکى تر لاى گەورە دیکتاتۆرى عێراق تاقیکراوەتەوە، سەدام حوسێن بانگەشەى (پانعەرەبیزمی) دەکرد، ئەم ئایدیا فاشیستەى کە بریتییە لە بانگەوازبوونى یەک نەتەوەى عەرەب و دامەزراندى یەک دەوڵەتى عەرەبى بووە ئایدیاى حزبی بەعس، ئەم ئایدیا بووە شەڕی ئێران و کۆیت و ئەنفالی کرد. لە ناوچەکەشدا ئەوەى ئێستا هەیە و ئەو خەونەى تا ڕادەیەک کردە واقیع (ئەردۆگانە). ئەردۆگان لە ڕێگاى ناسیونالیستى تورکەوە ئەو مافە بە خۆى دەدات تەواوى کورد قڕ بکات. ئێستاش بە تەکنیکیکى هەندێک جیاواز، ئەمەش چونکە ئێمە دەوڵەت نین دەسەڵاتدارانى خۆمان دەیانەوێت بەو ڕێگە ئایدۆلۆژییە ناسیونالیستە خێزانييە بڕۆن.

ئەگەر کەمێک یادەوەریمان هەبێت بگەرێینەوە بۆ چەند مانگێک و ساڵێک پێش ئێستا هەر ئەم تاقمە دەسەڵاتە بوو کە چەندین جار وەعدى چاکسازییان بە خەڵک دەدا، ئەم چاکسازییە نەک نەکرا بەڵکو وڵاتیان بەردەوام لە قەیرانى تازەوە تێوەدەگلان، بەڵام بەردەوام خۆیان لەو قەیرانانە دەدزییەوە، هانا ئارێنت لە کتێبى (بنەماکانى تۆتالیتاریزم) ئاماژە دەکات بۆ ئەوەى ستەمکار خۆى لە قەیرانەکان بدزێتەوە و بارى نائاسایی لەناو خەڵکدا بچەسپێنێت پێویستى (بە شەڕی بەردەوام، دوژمنى بەردەوام، سازدانى سیناریۆی بەردەوام) هەیە، سوڵتان ئاغاکانى نەوتی هەرێم لە ڕێگەى پڕوپاگەندەى مەکینە گەورەکەى ئیعلامیانەوە ئەم شەڕە درۆینانەیان بۆ خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان دەخوڵقاند، ئەم پڕوپاگەند و درۆیانە کە هەموو دیکتاتۆرەکان دەیگرنە بەر بۆ ئەوەى هەم جەماوەر هاوشێوەى سەگەکەى (پاڤلۆڤ) لێ بکەن، (سەگەکەى پاڤلۆڤ بە جۆرێک پەروەردە کرابوو تەنیا بە بیستنى زەنگ خواردنى دەخوارد ئەویش نەک برسی بێت بەڵکو وا پەروەردە کرابوو)، ئەمە بۆ جەماوەر لە لایەک و لە لایەکى تریش ئەم درۆکردنە بۆ خۆشیان بۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە.

دەسەڵاتدارانى کورد تا ئێرە هێنایان لە چەمکى بێ بەها دەیان سیناریۆیان داتاشى تا واى لێ هات خۆیان بڕوا بە درۆ بەردەوامەکانى خۆیان بکەن و ئەو درۆیانە بووە کۆت و لە ملیان ئاڵا و نەیانتوانى خۆیانى لێ قوتار بکەن، کاتێکیش لە ڕێگەى پلانەکانیانەوە شکستى گەورەی ئابورى و سیاسەییان تووشبووە، دەمامکى نەگریس و ڕییاکارییان هەڵدراوەتەوە، ئا لەم کاتەشدا کاتێک کە پەردەى حەیا و شەرمیان نەما دەیانەوێت ئەم شەڕە تا کۆتایی بەردەوامیی پی بدەن، بەڵام ئیدامەدانى ئەم شەڕە لە ڕێگەیەک مافە نیشتیمانێکانە کە ناشرینترین ڕێگەیە، دەسەڵاتدارانى هەرێم ناشیرینترین و ستەمکارترینن لەناو ستەمکارەکانى مێژوو، چونکە یارى بە شتێک دەکەن کە خەونى سەدان ساڵەى میلەتێکى ژێر دەستە بوو، بەڵام ئەمان نەک هەوڵى ڕزگاربوونى ئەو میلەتیان نەداوە بەڵکو لە سایەى ئەم حوکمڕانیکردنەى بونیادیان ناوە ژێردەستتریان کردووە.

ئەم خەونە کە ئەوان هەڵیدەگرن ئیتر خەونێکى زۆربەى ستەمکارانى مێژووە، خەونى مانەوەیە لەسەر کورسی بۆ ئەبەد بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، ئەم خەونى ناسیونالیزمە لە ڕیفراندۆم و دواتر دەوڵەت و دواتر نەژادە وە دەستپێدەکات، بۆیە دەبێت هەموو لایەک بزانین ئەم خەونە خەونێکى هەتا هەتاییە، بیروباوەڕێکى هەڕەمەکی پڕوپوچ و بەهەشتێکى درۆینەى خەیاڵییە لەسەر حسابى شکستە یەک لەدواى یەکەکانى ڕۆژانە دروست دەبێت، لەسەر ئەساسى برسیکردنى خەڵک دروست دەبێت، ئەم خەونە خەونێک بوو هیتلەر و مۆسۆلینى ڕوخاند و سەدامی بەو هەمو دەسەڵاتە گەورەیەى خۆیەوە لە پەتى سێدارە ئاڵاند.




هزری تاکی کورد و پرۆسەی ڕیفراندۆم … کامەران چروستانی

عەلی ئەلوەردی لە پەرتوکی (وعاظ السلاطین) دەفەرمووێت: بە درێژایی کات لە مینبەرەکانەوە مامۆستا ئاینییەکان جەختیان لەسەر پابەندبوون بە ڕەوشتی بەرز و بنەما جوانەکانی ئاینەوە دەکرد، بەڵام ئەوەیان نەدەزانی کە تێزی ڕەوشت پرۆسەیەکی پەروەردەیی دوور و درێژە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت و ناکرێت بە خوتبەیەک یان بە چەند وتەیەک بێتە سەر ڕێچکەی دروستی خۆی.
ئەم چەند دێڕە پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بەبیر هێنامەوە، کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
ڕیفراندۆم لە هەموو وڵات و لە هەموو کاتێکدا پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە هەموو تاکێکی ئەو ناوچەیەوە هەیە سەرباری هەموو بۆچوون و ئاراستە جیاوازەکانیان، چونکە ئەو ڕاپرسییەی کە ئەنجام دەدرێت بۆ وەرگرتنی ڕای هاووڵاتییانە و بڕیاردانە لەسەر هەنگاوەکانی دواتر سەبارەت بەو پرسە.

وەلێ ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت سەبارەت بە پرۆسەی ڕیفراندۆم شایەنی هەندێک سەرنجی تایبەتە، چونکە سەرباری تێپەڕنەبوونی ئەو بڕیارە بە پەرلەماندا و کێشە سیاسییەکانی ناو هەرێم،بەڵام لەناو شەوامی کوردیدا لەبری (بەنیشتیمانیکردن)ی پرۆسەکە زیاتر خەسڵەتێکی (بەحیزبیکردن)ی پێوە دیارە هەرچەندە دروشمەکان باس لە شتێکی دیکە بکەن. لایەنگرانی ئەنجامدانی پرۆسەکە پشتگیری لە ڕیفارندۆم دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک لە هەنگاوەکانی دواتر و ئەگەرەکانی پێش و پاش ڕیفراندۆم ڕووبەڕووی خۆیان بکەنەوە، ئەوانەش کە لە بەرەکەی دیکە وەستاون، ئەو پرسیارەش لە خۆیان ناکەن ئایا ئامانجێکی وەها گەورە شایەنی ئەوە نییە کە قوربانی بدرێت، سازش هەتا سنوورە سوورەکانیش بکرێت ،کێشە و گرفتەکان لە بیر بکرێن. ئەم دوو بەرەیە وەهای کردووە زیاتر لە گۆشەنیگای حیزبەکانەوە تەماشای سەرجەم پرۆسەکە بکرێت.

ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ وتەکەی عەلی ئەلوەردی و چاوێک بە پەروەردەی حیزب و دەسەڵاتی کوردیدا لە بیست و شەش ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، دەبینین حیزبەکان هێندەی کاریان لەسەر تەسکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری و چڕکردنەوەی هزری حیزبایەتی کردووە، لە هیچ بوارێکی دیکەدا هێندە کار و چالاکییان نەنواندووە. بگرە لەبری نیشتمانێکی کوردستان، حیزب و سەرکردەکان بوون بە سومبول. مەخابن کارەکان لەو سنوورەشدا نەوەستاوەن، بەڵکوو ناوچەگەرێتی و دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە چەوتە لە کاروبارە فەرمی و نافەرمییەکانی ناوچە و شارە جیاوازەکانی هەرێمدا ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە. ڕۆحی نیشتمانپەروەریی، بینینی ڕیفراندۆم وەک پرسێکی نیشتمانی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان پرۆسەیەکی پەروەردەی دوورودرێژن، کە پێویست بوو دەسەڵاتدارانی کورد بەر لە ٢٦ ساڵ دەستیان بە کارکردن لەسەری بکردایە
کەواتە تاکی کورد هەرچەندێک گوناهبار بێت بەوەی کە دەستبەرداری ئەوە بووبێت، بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو سیاسەتەوە و بەپێی ویستی حیزب و لایەنە جیاوازەکان کار بکات، هێندەش قوربانیی پەروەردەی ٢٦ ساڵی ڕێچکەیەکی هەڵەیە، کە حیزبەکان تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی خۆیاندا کاریان لەسەر کردووە. جا ئەگەر لە گۆشەنیگایەکەی مێژوویی و پەروەردەییەوە تەماشای ڕەنگدانەوەکان بکەین، ئەوا ئاساییە کە تاکی کورد لە گۆشەنیگایەکی تەسکی حیزبایەتییەوە تەماشای ئەو پرۆسەیە و هەر پرۆسەیەکی دیکەی سیاسیی ناو هەرێم بکات.

ئەم دیاردە مەترسیدارە گەیشتۆتە ئاستێک کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەلێک لە لایەنگرانی بەرە جیاوازەکان هەڕەشە و سوکایەتی بە یەکتر دەکەن، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژ بە ڕۆژی کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەکانیان تۆختر و ڕەقتر دەبێت، بەبێ ئەوەی هەر لایەنەیەکیان خۆی لەو بەندی بیرکردنەوەیە ڕزگار بکات و قەناعەت بە خۆی بهێنێت، کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی سەرەوە و خاوەن بڕیارە سیاسییەکان لەنێوان خۆیاندا یەکگرتوو و تابە بوونایە، ئەوا منیش و تۆیش و سەرجەم تاکە سادەکانی ناو شەقامی کوردی بە هەمان شێوە یەکگرتوو و تەبا دەبووین.
کاردانەوەکانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیش زۆرن و یەکەم کاردانەوە بریتییە لە شەقبوونی کۆمەڵگا و شەقامی کوردی نەک بۆ دوو بەرەی جیاواز، بەڵکوو بۆ دوو بەرەی دژ بە یەک: ڕەش و سپی، نیشتمانپەروەر و بەکرێگیراو، دۆست و دوژمن. کە هەر بەرەیەکیان ئەوی دیکە بە خۆفرۆش و بەکرێگیراو و دەروێش و کۆیلە دەبینێت.

ئەمەش نەبوونی ڕۆحی دیموکراسی و قبوڵکردنی بەرامبەر دەخوێنێتەوە و هاوکات کاریگەریی بیری تەسکی حیزبایەتی لەسەر بیرکردنەوەی تاکی کورد پێشان دەدات چونکە هەر یەکەیان دەرگای هزری خۆی بەرامبەر بە پرسیار و بۆچوونەکانی لایەنەکەی دیکەدا داخستووە، کە ئەم خەسڵەتەش نەک تەنها لە شەقام بەڵکوو لە لوتکەی دەسەڵاتدارانی سیاسییدا لە قبوڵنەکردنی یەکتردا بەدی دەکرێت. تاکەکانی هەردوو بەرەکەش هەر ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە مێدیا حیزبییەکان پەخشی دەکەن و کۆنترۆڵی بیرکردنەوەی شەقامی کوردی پێ ئەنجام دەدەن.

ئەوەی گەلی کورد پێویستییەتی بریتی نییە لە تەنها ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، نە قبوڵکردن یان قبوڵنەکردنی ژیان لەناو عێراقێکی داڕوخاو و لێکپچڕاودا، ئەوەی کورد پێویستییەتی بریتییە لە بوژاندنەوەی ڕۆحی نیشتمانپەروەری و تێڕوانین لە گۆشەنیگای کوردستانێکەوە، کە هەموو بۆچوونەکان، ئاینەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، نەتەوە و ڕەگەزەکان لە خۆ دەگرێت، کوردستانێک کە تاکەکانی قبوڵی بۆچوونی بەرامبەر بگرن و ڕێز لە بیرۆکە جیاوازەکان بگرن، چونکە مانەوەمان لەناو ئەو بوارە تەسکەی بیرۆکەی حیزبیدا ڕۆحی دوژمنایەتی و پەراوێزکردنی بەرامبەر و بگرە ئەگەری شەڕی براکوژیش هەمیشە لە ئارادا دەبێت و هەمیشە تاکی کورد قوربانی و کەرەستەیەکی ئاسان دەبێت بە دەست لایەنە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیە قۆرخ بکرێن، کە لە بەرژەوەندی ئەم لایەنە یان ئەو لایەنەدا دەبێت.




ڕەخنەی ئەدەبی ئێمە و پێویستی بە “کۆندرا” … کاوان محەمەدپوور

میلان کۆندرا لە بەشی (کافکالۆژی) کتێبی (وەسییەتە چەواشەکراوەکان)دا، هەرچی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی سەر بەرهەمەکانی کافکایە بە دوور لە ڕوانگەی شیاو بۆ ناسینی کارامەی و پسپۆری چیرۆک‌نووسی کافکا دەزانێ. کۆندرا پێی وایە ڕوانگەگەلی فەلسەفی و مارکسیستی و دەروونشیکارانە توانستی هەڵسەنگاندنی ئەدەبیات لە مەڕ چەمکی جوانیناسیی ئەدەبیات و خوێندنەوەی لایەنە نادیارەکانی داهێنانی هونەرییان نییە، کە واتە “ئەدەبیات” دەبێت بە “ئەدەبیات” هەڵسەنگێندرێت نە زانستێکی‌تر.
تۆدۆرۆف لە کتێبی (بووتیقای پێکهاتەخوازی) دا ئەم قسەی کۆندرا بە چەشنێکی‌تر پاتەدەکاتەوە ” ڕەخنەی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسیی و … لە ئەدەبیات تەنیا دەبێتە هۆی پێشکەوتنی ئەم زانستانە، نەوەکوو پێشکەوتنی ئەدەبیات”!!. لە تاوتوێی ئەم باسەدا دەبێت ئاماژەکەم، زانستگەلی فەلسەفی و مارکسیستی و دەروونشیکارانە و.. هتد،
بۆیە لە لایەن نووسەرانی ئەدەبی و ڕەخنەگەرانی ئەدەبی دێتە بەر ڕەخنە کە ئەم زانستانە بەهیچ روو لە داهێنانی ئەدەبی و لایەنە جوانیناسانەی ئەدەبیات نادوێن، هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییەکە ئێمە بۆمان نییە کە ئەدەبیات بەم چەشنە بخوێنینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئەم زانستگەلە، لایەنە بە هێزەکانی دەقی ئەدەبی پێناسە ناکەن و تەنانەت ئەگەر دەقێک هیچ لایەنی ئەدەبی شایانی نەبێت ئەوە دیسان دەتوانین بە هەر کام لەو زانستانە تاوتوێی کەین و مانایەی دەروونناسانە یان فەلسەفی تێدا بدۆزینەوە. بەڵام ئەوەی کە دیاری دەکات چ دەقێک داهێنانی ئەدەبی و هونەری تێدایە و بۆ نموونە بە باشترین شێوە “تراژێدی” یان “کۆمێدی” وەک چەمکێکی ئەدەبی پێشان دەدات، پرسیارێکە کە لە گریمانەی ئەدەبی دێتە دەرێ نە لە زانستی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە، ڕەخنەی ئەدەبی بەشێک لەم گریمانەی ئەدەبییە. کاتیک دەڵێن “هاملێتی” شێکسپیر بەرهەمێکی تراژێدیک و بەهێزە بەو مانایەیە کە تراژێدی ئەدبی و لایەنە هونەریەکانی یەک دەقی شانۆیی بە باشترین شێوە نیشان داوە،
کە واتە بە مانایی دەقێکی فەلسەفی یان کۆمەڵناسانە نییە- پرسیاری کۆمەڵناسانە لە ئەدەبیات پرسیار لە تراژێدی یان کۆمێدی نییە-. واتە ئێمە ناتوانین ئەم دەقە لە ریزەی دەقی ئەفلاتوون یان کانت و دێکارت دانێین. ڕوانگە و شێوەی بەرەووروو بوونەوەی فەلسەفە و کۆمەڵناسیی لە گەڵ ڕوانگەی ئەدەبیات بە جیهان جیاوازی بنەڕەتی هەیە. شێوەیەک کە سێروانتێس بە دۆن‌کیشۆت جیهان ئەبینێت جیاواز لە شێوەی دێکارتە. هەر دووک مرۆڤ وەک پێشەنگی ناسینی جیهان دەزانن، بەڵام – بەڕای کارل لۆس فۆئنتێس- دۆن‌کیشۆت بەرهەڵستی جیهانێک دەبێتەوە کە خەریکە بە واقعییەت نزیک دەبێتەوە!!- وەلی دیکارت هەوڵی تەواوکۆ بۆ نزیک بوونەوە لە واقعیەت ئەدا. دۆن‌کیشۆت بە خەیاڵ و ئیمان ئەچێتە پێش و دیکارت بە عەقڵانییەت. کە واتە دەقی ئەدەبی زانست و ڕوانگێکی جیاوازی بە جیهان هەیە. هەڵبەت بۆ نووسینی ئەدەبیات ئەندێشە و بیر کردنەوە پێویستە بەڵام ئەندێشە بەشی بەربڵاوتر لە فەلسەفەیە- لێرەدا مەبەستی من لە فەلسەفە ئەوەی کە لە مێژوویی فەلسەفەدا باس دەکرێتە نە ئەدندێشە و ڕامان-، بێ گومان ڕۆمان نووس بۆ ئەوەی چیرۆکێکی شیاو و کاراکتێرگەلێکی تایبەت بخۆڵقێنێت، ئەوە دەبێت ئەندێشە و بیرێکی تایبەتی هەبێت بەڵام بە مانای ئەوە نییە کە دەبێت وەک فەیلەسووفەکان لەسەر چەمکەگەلی فەلسەفی و بە مێتۆدی فەلسەفەی بیرکاتەوە. کاتێک لە فلۆبێر ئەپرسن (مادام بوواری کێیە؟) ئەوە دەڵێت خۆمم!!، ئیتر ئیستدلالی عەقڵانی بۆ ئەم پرسیارە ناهێنێتەوە. نووسەری ئەدەبی لە هەوڵی نیشاندانی جیهانەکانی مرۆڤە. ئەم کارەش بە خەلقی کاراکتێر و ڕوانگەگەلی جیاوازیە کە هیچکامیان بە زمانێکی فەلسەفی نادوێن. بەڵکوو بە زمانی ئاسایی جیهانی خۆیان بەرەو پرسیار ئەکەنەوە. بۆ روونکردنەوەی ئەم مەبەستە وا باشە ئاماژە بە بیرەوەریەکی کۆندرا کەم، کۆندرا لە ڕۆمانی (میوانی خوداحافزی)دا فەزایەکی پڕ لە گوشار و ناکۆکی دەخوڵقێنێت،
ئەو لەم فەزایەدا باسی پزشکێک دەکات کە بە “تەزریقی ئیسپێرمی” پیاوانەی خۆی، بەو خێزانانەی کە مناڵیان نابێت توانایی مناڵ بوونیان پێ ئەدات و لە سەرئەنجام عەشق و خۆشەویستی بە خێزانەکان ئەبەخشێت. هیچکام لەو خێزانانە ئاگاداری کاری ئەم پزشکە نابنەوە و تەنیا بەوەی کە بەچوون بۆ لای ئەو پزشکە مناڵیان دەبێت خۆشییەکەی تایبەت لە ناو ژیانیان دەکەوێت. کۆندرا لە کتیبی (وەسییەتە چەواشەکراوەکان)دا دەگێڕێگتەوە، “کاتێک ئەم ڕۆمانەم بڵاوکردەوە هێستا زانستی پزشکی بەم دەسکەوتە نەگەیەشت بوو کە بە “تەزریقی ئێسپێرم” ئەو خێزانانی مناڵیان نابێت مناڵداریان کات،
هەر بۆیە رۆژێک پزشکێک لە فەڕەنسە پێوەندی پێوەگرتم کە من رۆمانەکەی تۆم خوێندۆتەوە و پێم خۆشە بتبینم. منیش لە ڕاستی دا بەم دیدارە خۆشحاڵ بووم. کاتێک چوومە لای بە سەر سامییەوە وتی: ئێمە تازە بەم ئەنجامە گەیشتووین کە زانستی پزشکی دەتوانێت تەزریقی ئیسپێرم بۆ منداڵ بوون بکار بێنێت، تۆ چۆن چەند ساڵ لەوەپێش ئەمەت باس کردوە. منیش لە وەڵام دا گوتم: من ڕۆمان نووسم!!” کۆندرا دەڵێت هەر چی ئەم پزشکە پرسیار دەکات من دەمگووت: من تەنیا رۆمان نووسم!!. ئەم بیرەوەریەی کۆندرا -و دەیان بیرەوەریتری چیرۆک نووسەکان- ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نووسەری ئەدەبیات تەنیا بە شوێن گێڕانەوەی جیهان دایە نە شیکردنەوەی فەلسەفی و باسکردنی دەروونشیکارانە لە کاراکتێرەکانی. هەر بۆیەش نووسەری ئەدەبی وەها باشە خۆی لەقەرەی ئەم باسانە نەدات و مەجال بدات بەردەنگ و ڕەخنەگەر ئەم لایەنانە شاراوانە بدۆزنەوە. هاوتەریت لەگەڵ خوڵقاندنی کەسایەتی و بەرهەمهێنانی “ئەدەبییەت” لە دەقی ئەدەبیدا، نووسەر خەریکی پێکهێنانی فەزایەکی هونەری و جوانیناسانەیە، واتە شێوەیەک لە دەق بەرهەم دێنێت کە یان لەمە پێش بوونی نەبووە یان تا هێستا بەم شێوە نواندنی نەبووە!، لێرەدایە کە ڕەخنەی ئەدەبی لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو لایەنە نادیارانی ئەدەبیات بۆ پێش بردنی ئەدەبیاتە.

ئەم پێشەکییە کورتەم بۆیە باس کرد کە دەرفەتێک بۆ ورووژاندن و تاوتوێی فەزای ڕەخنە لە ئەدەبیاتی کوردی بدۆزمەوە. بێگومان هەرکام لە ئێمە بە دەیان جار لەگەڵ دەقێک لە ژێر ناوی (ڕەخنەی ئەدبی) بە زمانی کوردی بەرەوروو بووینەوە کە ئەوەنە باسی فەلسەفی و هێنانەوەی ڕستەی فەلسەفی تێدا بووە کە دەڵێی لەگەڵ دەقێکی فەلسەفی بەرەورووی تا دەقێکی ئەدەبی. ڕەخنەگەرانی ئەدەبی ئەم شێوە ڕوانین بە ئەدەبیات وەک خەسار ئەناسن و هیچ شوێنەوارێکی ئەدەبی بۆ نادۆزنەوە. ئەم شێوە ڕوانیینە جێگە و پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە مەڕ ئەدەبیات‌دا دیاری ناکات و زیاتر ناوەڕۆکی دەقەکە دێنێتەبەر باس. بێگومان هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک بە زانستگەلی جیاواز پێویستە بەڵام بەو مانایە نییە کە ڕەخنەی ئەدەبی- کە خۆی بنەما و پێوەر و دەستەواژەی تایبەتی هەیە- لەبیر کەیەن. مێژوویی ئەدەبیات ئەوکات دەقێ بە شاکار دەزانێ کە لە ئاستی بەرهەم هێنانی ئەدەبی، داهێنانی هەبێت، نە ئەوەی کە تەنیا کاراکتێرەکەی هێمای کەسایەتی شۆرشگێرە یان کەسایەتییەکەی لە قەیرانێکی دەروونی مرۆڤ دەدوێت و زمانی فڵان شاعیرە زمانێکێ شارستانی یان لادێییە!!. تا هێستا هەزاران چیرۆک لەسەر کێشەی مرۆڤی مۆدێڕن نووسراوە بەڵام تەنیا کەسانێک وەک کافکا و کامۆ و هاروکی مۆراکامی ناسراوان،
لێرەدا ڕەخنەی ئەدبی دەڵێت تەنیا باس کردن لەو کێشە بە مانای بەهێزبوونی بەرهەمی ئەدەبی نییە بەڵکوو تەکنیکی ئەم گێڕانەوەیە کە کافکا و کامۆ و… ئەکاتە نووسەرێکی بەتوانا.

بۆ نموونە کاراکتێر و رووداوەکانی ئەدەبی زارەکەی و فۆلکلۆری هەر نەتەویەک شایەد کەمترین پێوەندی بە جیهانی واقع هەبێ واتە کاتێک “ئیلیاد و ئۆدیسە” یان “مەم و زین” یان بەیتێک وەک “قەڵای دم دم ” ئەخوێنینەوە بە باشی دەزانین پێژیار و نووسەر بەشێکی زۆری لە ڕووداوەکان و هەڵسووکەوتی قارەمانەکانی پێوە زیاد کردوە. کاتێک هۆمێر باس لە چیرۆکی ئۆدیسیووس، “تاڵکین” باس لە جیهانە فانتێزیەکان و بەیتی کوردی باسی خۆشەویستی ئەکات، ئەوە –یەکێک- لەلایەنە گرینگەکانی دەگەرێتەوە سەر “ئەدەبییەتی” نووسراوەکان،
واتە چەشن و شێوەگێڕانەوە و چۆنییەتی پێکهێنانی رووادو و نەقشاندنی فەزایەکی جوانیناسانە- کە بۆ دیاری کردنی ئەم بەشە بێگومان پێویسمان بە “ڕەخنەی ئەدەبییە”! نەک تەنیا “ڕەخنە لەسەر ئەدەبیات”!. کە واتە، ئەوە ڕەخنەی ئەدەبییە کە توانستی دیاری کردنی و دەستنیشان کردنی شاکارەکانی ئەدەبی و هەڵسەنگاندنی ئاستی نووسەرێک لەمەڕ ئەدەبیاتەوە هەیە. مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبییە کە ڕیگە و پێگەی شیاو بۆ تاوتوێی ئەدەبی دیاری ئەکەن. چیرۆکێک کە لە چوارچێوی ئەدەبی ریالیستی‌دا نووسرابێت بێگومان نیشاندەری هەڵسووکەوت و رووداوەکانی واقعییە بەڵام ئایا هەر کارێکی ریالیستی شاکاری ئەدەبییە؟!. یان چۆنە کە لە ریالیسمی سیحراوی دا ڕۆمانەکانی گارسیا مارکێز لە چیرۆکەکانی “ماریۆ بێندێتی” ناسرواتر و شاکارترن؟. ئەمە لە حالێک دایە هەر دوو لەو نووسەرانە هەر لە یەک شێوە بۆ نووسین کەڵکیان دەگرت و هەر دووکیش گەورەبووی یەک فەزای کۆمەڵایەتی –سیاسی بوون. بێ‌گومان ڕەخنەی ئەدەبییە کە بە ئێمە دەڵێت مارکز لە ئەدەبیاتدا بەهێزتر لە ماریۆ بێندێتیە.

بەداخەوە ئەم شێوەڕوانینە بە ڕەخنەی ئەدبی لە ناو کورددا زۆر دەگمەنە، و بە ناوی وتار و کۆڕی ڕەخنەی ئەدەبی، خەریکی ڕەخنەی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسیی و هتد…ین. بێگومان ڕەخنەی ئەدەبی پسپۆری تایبەتی دەوێت و وەک زانستەکانی تری زانستەمرۆیەکانی هەڵگرای ڕوانگەی تاکی و هێنانەوەی ڕەستە لەم‌لاولەولا نییە.
هەڵبەت ڕەخنەی کۆمەڵناسیی لە ئەدەبیات یان- دەروونناسیی- شێوەیەکی بەتوانا لە ڕەخنەیە و ناتوانین لەپەراوێزی خەیەن بەڵام بەو مەرجە کە بەجێ و لەشوێنی خۆی بەکار بێت. بۆ نموونە ڕەخنەی کۆمەڵناسیی لە دەقێکی ئەدەبی پێویستی بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی گشت کارکێردەکانی ئەدەبیات و هەڵسووکەوتی مەدەنی و مێشکی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی ئاسایی و دەیان چەمکی تری دیکەی کۆمەڵایەتی هەیە تا بتوانین دەقێک کە بەرهەم هاتووی کۆمەڵگایەکی تایبەتە، بە ڕوانگێکی کۆمەڵناسانە بخوێنینەوە!! نە ئەوەی کە تەنیا دەقەکەمان بە دەستەو بێت و ئیتر بێ هیچ کارێکی توێژینەوەی لەسەر هەڵسووکەوت و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دەقە تەنیا و تەنیا بە دوو سێ کتێبی گریمانەیی کۆمەڵناسیی و چەند ڕستە لە لوکاچ و گۆڵدمەن بڵێن ئەوە خەریکم هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵناسانە لەسەر ئەدەبیات دەکەم. دیسانەکە وا چاکە ئاماژە بدەم کە ئەم ڕەخنە کۆمەڵناسیی (یان زانستەکانی تر) ئاستی هونەری ئەدەبیات دیاری ناکات واتە نابێتەوە ئەم هۆیە کە بە ناوی شاکارێکی ئەدەبی بیناسین ،
مێتۆدی زانستەکانی‌تر نە پرسیار، نە شێوەی توێژینەوەیان لەسەر چەمکەکانی ئەدەبی نییە بەڵکۆ لە هەوڵی تاوتوێی ناوەڕۆک دەقی ئەدەبی لەمەڕ جیهانن ئەویش بە ڕوانگێکی تایبەت، واتە دەرفەتێک بە ڕەخنەگەر نادەن کە لە لایەنە هونەری و نوێگەریەکانی دەق بدوێن. بۆ نموونە سارتر کەسێک وەک “فلوبێر” بە نووسەرێکی بەتوانا نازانێت چوون کاراکتێرەکانی شۆرشگێر نیین بەڵام “ژاک رانسییێر” وەک باشترین نموونەی نووسەری بەتوانا دێنێتە ئەژمار چوون کاراکتێرەکانی هێمایی ئالۆگۆڕی مرۆڤ و “دابەشکردنی ئەستێتیکە”!، بەڵام هیچ یەک لەم دووانە لایەنە ئەدەبییەکانی فلۆبێر باس ناکەن، واتە لە شێوەی جیاوازی گێڕانەوەی چیرۆک و نەقشاندنی رووداوەکان و پێکهێنانی کاراکتێر و لایەنە جوانیناسانەی چیرۆکی فلۆبێر نادوێن، ئەمەش بەم هۆیەیە کە خەریکی ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر فلۆبێر نیین و ڕوانگە و مێتۆدی ڕامان لە ئەدەبیات بۆ ئەوان شتێکی‌ترە.

لە بەرهەمەکانی کەسانێک وەک _کۆندرا، کاڕلۆس فوێنتێس ، تۆدۆرۆف ، ژرارژێنت ، بارت ، روورتی ، ئێمبێرتۆ ئێکۆ و… هتد، ئەم باسە بەدەیان جار پاتەکراوەتە و بە چەشنێکی زانستی مێتۆدی ڕەخنەی ئەدەبییان دیاریکردوە. بەداخەوە فەزای رۆشنیری ئێمە هیچ کات (ڕەوتی زانستی) ڕەخنەی ئەزموون نەکردوە و هەر کات کە ڕووی لە ڕەخنە هێنا، “بنەما فەلسەفییەکانی” ڕەخنەی ئەدەبی هەر وەک مێتۆد وشێوەی تاوتوێی ڕەخنە بەکار دێنێت!!. واتە فەزایی ڕۆشنبیری ئێمە لە سەرەتا و ئێستاشی لەگەڵ بێت وەها بیردەکاتەوە کە بە هێگل و هایدیگەر و ئادۆرنۆ ڕخنەی ئەدەبی دەکرێت و ئەتوانین ئاستی ئەدەبی دەقێک هەڵسەنگێنین و بێ خەبەر لەمەیە کە ئەم فەیلەسووفانە و دەیان فەیلەسووفی‌تر تەنیا وەک “بنەماکانی ڕەخنە” ئەناسرێن! نە ڕەخنەگەری ئەدەبی!، ئەوەش بەو مانایەیە کە فەلسەفە وەک بنەما چەشنێک لە ڕوانین و تاوتوێ، لە ناو پارادایمێکی تایبەت پێک دێنێت کە ڕەخنەگەر وەکوو چەمکی زانستی بۆ دیاری کردنی مانا و دەرک و فامی لە گشت چەمکەگەلی جیهان و مرۆڤ بەکاری دێێت، نەوەک مێتۆدێک بۆ تاوتوێ بەرهەمی ئەدەبی. بێ‌گومان هەر زانستێک بنەمایەکی فەلسەفی بۆخۆی دیاری دەکا، تا شێوەڕوانینی لە ڕوانینەکانی‌تر جیاکاتەوە و لایەنەکانی‌تری ژیان و مرۆڤ بناسێ. بەڵام دیاری کردنی بنەمای فەلسەفی بەمانای بەکار هێنانی مێتود و دەستەواژەی فەلسەفی بۆ تاوتوێی چەمکێکی تایبەت نییە.

فەلسەفی مێتود دۆزینەوەی بنەما فەلسەفییەکانی مێتودە، واتە فەلسەفەی مێتود پێمان دەڵێت کە کام مێتۆد و زانستە، توانستی هەڵسەنگاندن فەڵان چەمک و کێشەیی هەیە و توێژەر مەجالی کام پرسیارەی هەیە. فەزای ئەدەبی کوردی-بەتابەتی لە کوردستانی ئێران- بە بێ ئەزموون و ناسینی ئەم بنەڕەتانە، بنەما فەلسەفییەکان وەک مێتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی بەکار دێنێت، شایەد ئەم خەسارە وەک دەیان خەساری زانستی ئێمە بگەرێتەوە سەر پاژبەپاژ و سیسیتەمی ئەزموون نەکردنی زانستی مۆدێڕنە. لە ڕاستی‌دا ئێمە لە کوردستان هیچ‌کات ڕەخنەی کلاسیک -بۆ نموونە ئەرەستووی-مان ئەزموون نەکرد و لە پڕرا بەبێ ناسینی بنەما و بنەڕەتەکان خۆمان لە قەرەی ڕەخنەی مۆدێڕن دا. هەر بۆیەش نووسەری ئەدبی ئێمە زیاتر خەریکی نەقشاندنی فەزایەکی فەلسەفی -ئەویش زۆر ناکۆک و ساویلکە-یە، تا نووسینی دەقێکی ئەدەبی. دیارە لەم فەزایەش‌دا زیاترین ڕستەی فەلسەفی لە ڕەخنەی ئەدبی دا و زیاترین ئیدعایی نوێخوازی لە ئەدەبیات دا دەقەومێ و هەر کات یەکێک لەم دەقانەت بەرەورووی ڕەخنە کردەوە ئەوە نووسەرەکەی دەڵێت :” کاکی خۆم ئەوە بەرهەمێکی پۆست مۆدێڕنە”!!، یان شاعیر لە هەوڵی شیکردنەوە و ناساندنی داهێنانەکانی خۆی بە زمانێکی فەلسەفی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دێت، ئەوەش لە حاڵێکدا کە تەنیا ڕەخنەگەری ئەدەبی بە مێتۆدی دیاری کراو بۆی هەیە بڵێت ئەم نووسەرە تا چ ڕادێک دەقێکی ئەدەبی جیاوازی بەرهەم هێناوە. بەڕاستی لەم فەزایەدا کەسێکی وەک میلان کۆندرامان پێویستە کە پێمان بڵێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ئەخوێندرێتەوە.

سەرچاوە:

• حەوتەنامەی سیروان، ژمارەی 936




ته‌رمی نه‌ناسێك‌و ڕانانێكی خێرا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ته‌رمی نه‌ناسێك، ناونیشانی كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكێكی نووسه‌رو وه‌رگێڕ، ئازاد به‌رزنجییه‌و له‌وماوانه‌ی ڕابردوودا له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه‌، چاپ‌و بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌، پێنچ چیڕۆكی چیرۆكنووس‌و ڵێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی به‌ پێنووسی ڕه‌خنه‌گری به‌توانا،مامۆستا عبدلله‌ تاهیر به‌رزنجی، كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و خوێنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ چیڕۆكه‌كان، له‌ خۆ ده‌گرێت. ڵێكۆلینه‌وه‌كه‌، ده‌روازه‌یه‌كی باشه‌ بۆ تێگه‌یشتنی زیاتری چیڕۆكه‌كان‌و مه‌به‌ست‌و ئاماژه‌كانی ئه‌و دیوی ده‌قه‌كان. ئه‌و چیڕۆكانه‌، به‌ زمانێكی ئه‌ده‌بیانه‌ی ساده‌و جوان نووسراون‌و له‌ فۆڕمدا ساده‌ن. وه‌لێ له‌ناوه‌ڕۆكدا، ده‌كرێ هه‌ر چیڕۆكێكیان، خوێنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت‌وشرۆڤه‌ بكرێن.

تیمه‌ی چیڕۆكه‌كان، هه‌موویان چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ شیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش تێكه‌ڵیه‌كن له‌ واقیع‌و فه‌نتازیا‌و ئه‌ندێشه‌ی كراوه‌.خوێنه‌ر كه‌ سه‌ره‌تا چیڕۆكه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌،واهه‌ست ده‌كات چیڕۆكنووس ڕووداوێكی واقیعی باسده‌كات،دواتربابه‌ت‌و زنجیره‌ی ڕووداوه‌كان، ده‌بنه‌ فه‌نتازیا‌و چیڕۆكنووس باس له‌ بابه‌تێك ده‌كات، كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی واقیع‌وله‌ سه‌رووی خه‌یاڵه‌وه‌یه‌. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌، له‌هه‌ر پێنچ چیڕۆكه‌كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت. بابه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ چیڕۆكه‌كان،دواتر ده‌بنه‌ فه‌نتازیا ڕووداوێك،كه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ واقیع ڕووبدات. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چیڕۆكی مه‌مه‌له‌كه‌تی سیسرك ده‌یبینین كه‌ دواجار مرۆڤه‌كان هه‌موویان ده‌بنه‌ سیسركه‌و، به‌رده‌بنه‌ گیانی كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌.هاوشێوه‌ی چیڕۆكی كافكا، كاتێ پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ ده‌بێته‌ زینده‌وه‌رێك.ئازاد به‌رزنجیش له‌ چیڕۆكه‌كانیدا، خه‌سڵه‌تی وه‌ها ، كه‌ ته‌نها له‌ خه‌یاڵ‌و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ودا بونیان هه‌یه‌،ده‌داته‌ پاڵ كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كانی، ده‌نا له‌ واقیعدا، كاره‌كته‌ری له‌و شێوه‌یه‌ بوونیان نییه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چیڕۆكی ده‌ریاچه‌ی سیندا، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ده‌ریاچه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵی شار دروست ده‌كرێت‌و هه‌ركه‌سێك مه‌له‌ له‌و ده‌ریاچه‌یه‌ بكات، ئیدی گه‌نج ده‌بێته‌وه‌. كه‌ بێگومان ئه‌مش مه‌حاڵه‌. چونكه‌ مرۆڤ كه‌ پیر بوو، هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێ گه‌نجی بكاته‌وه‌. كه‌ ئه‌م چیڕۆكه‌ به‌لای منه‌وه‌، مانایه‌كی قوڵی هه‌یه‌و ده‌كرێ له‌ داهاتوودا،خوێنه‌وه‌ی زیاتری بۆ بكرێت.

لایه‌نێكی دیكه‌ی چیڕۆكه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كان،پێچه‌وانه‌ی واقیعی باوی كۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤه‌كان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن‌ودژه‌باون. به‌ده‌ربڕینێكی تر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كان چه‌ندشوناسێكی هاوبه‌ شیان هه‌یه‌،وه‌ك دووره‌ په‌ڕێزی‌و نامۆبوون‌وده‌رچوون له‌و ژیانه‌ باوه‌ی مرۆڤه‌كان تیایدا ده‌ژین.واته‌ چیڕۆكنووس كاره‌كته‌رێكمان پێده‌ناسێنێت، كه‌ چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سایكۆلۆژی‌وهزری جیایان ده‌كاته‌وه‌ له‌ مرۆڤه‌كانی تر. كاره‌كته‌ره‌كان، تێڕوانین‌و دنیابینی خۆیان هه‌یه‌و هه‌رگیز تێكه‌ڵی واقیعی باونابن‌و هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌كان ناژین. به‌ڵكو خۆیان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌و ژیانێكی تایبه‌تی ده‌ژین‌و سه‌ره‌نجامیش باجی ئه‌و جیاوازبوونه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.بۆنموونه‌: له‌ چیڕۆكی مه‌مله‌كه‌تی سیسركدا، دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه‌ له‌ ژووره‌وه‌ ده‌بێت‌وده‌رگا له‌كه‌س ناكاته‌وه‌، سه‌ره‌نجام مرۆڤه‌كانی دیكه‌ شاڵاو ده‌هێنن‌وده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ ده‌شكێنن‌و دواتریش له‌ به‌رچاوی كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌، مرۆڤه‌كان هه‌موویان ده‌بنه‌ سیسركه‌و به‌رده‌بنه‌ گیانی ‌و په‌لاماری هه‌مووشتێك ده‌ده‌ن.سه‌ره‌تا كتێبه‌كان،دواتریش گیانی كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌.یاخود له‌ چیڕۆكی ده‌ریاچه‌ی سیندا، دوای ئه‌وه‌ی شاره‌وانی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ پێناو خزمه‌تی هاووڵاتییان، مه‌له‌وانگه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن‌و هه‌ركه‌سێك، بچێته‌ ناویه‌وه‌ گه‌نج ده‌بێته‌وه‌و سیما‌و شوناسی ده‌گۆڕدرێت.

دواتركه‌سه‌كان ده‌چنه‌ نێو مه‌له‌وانگه‌كه‌و به‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی گه‌نج ببنه‌وه‌.به‌ڵام ده‌بینین ته‌نها كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه‌، كه‌ شاعیرێكه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كانی دیكه‌، هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات‌و ناچێته‌ نێو ئاوه‌كه‌. واته‌ خۆی جیاده‌كاته‌وه‌ له‌ كه‌سانی دیكه‌ی ده‌وروبه‌ری. سه‌ره‌نجامیش باجی ئه‌و جیابوونه‌ی خۆی ده‌دات‌وده‌یكوژن. به‌لام مرۆڤه‌كان نه‌ك هه‌ر گه‌نج نابنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بنه‌ زینده‌وه‌ری سه‌یر‌و نامۆ كه‌ نیوه‌ی له‌ شیان مرۆڤه‌و نیوه‌كه‌ی تر، گیانه‌وه‌ر. واته‌ حاله‌ته‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌وله‌بری ئه‌وه‌ی گه‌نج ببنه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك شوناسی مرۆڤبوونیان ده‌گۆڕێت،ده‌بنه‌ گیانه‌وه‌ری سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌و،دواتریش په‌لاماری شاعیره‌كه‌ ده‌ده‌ن‌و ده‌یكوژن‌وته‌رمه‌كه‌ی له‌ نێوه‌ندی شاردا، هه‌ڵده‌واسن.

له‌هه‌ردوو چیڕۆكه‌كه‌دا، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی كه‌سانی جیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌وشوناسی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌.كه‌هه‌رگیز له‌مرۆڤه‌كانی تر ناچن. له‌ هه‌ردوو چیڕۆكه‌كه‌شدا، سه‌ره‌نجام چاره‌نووسیان،یه‌ك ده‌بێت.ئه‌مه‌ش گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تیمه‌و فه‌زای چیڕۆكه‌كان، له‌ یه‌كتریه‌وه‌ نزیكن‌و هه‌موویان بونیادێكی هونه‌ری هاوبه‌شیان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌ توخمه‌كانی دیكه‌ش. وه‌ك شوێن‌و كات.به‌و پێیه‌ی ماڵ‌و ژوور‌وشوێن، له‌ چیڕۆكه‌كاندا،دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌،وه‌ك باسمان كرد به‌زمانێكی ساده‌نووسراون. به‌ڵام ده‌لاه‌تێكی قوڵیان هه‌یه‌وده‌كرێ له‌ چه‌ندین كڵاوه‌ ڕۆژنه‌وه‌ خوێنه‌وه‌یان بۆ بكرێت. ئه‌و كورته‌ وتاره‌ی ئێمه‌ش، ڕانان‌و ناساندێكی خێرای به‌ شێك له‌ چیڕۆكه‌كانی ته‌رمی نه‌ناسێك بوو، كه‌ چێژم له‌ خوێنه‌وه‌یان بینی، وه‌ك خوێنه‌رێكی چیڕۆك. هیوای به‌رده‌وامی بۆ ئازاد به‌رزنجی ده‌خوازم‌و ئومێده‌وارم له‌ پاڵ كاری وه‌رگێڕانه‌ جوانه‌كانی، له‌ چیڕۆكنووسینیش به‌رده‌وام بێت.

تێبینی/ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌997ڕۆژی/8/6/2017بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




سەرنجێک لەسەر باسەکەی کاک نیهاد جامی ’’شانۆی سه‌رشه‌قام ’’! …


بەهادین حاجی بەکر دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف…..

ئەوانەی بە نوویسن و بەرهەمە هونەریەکانی شانۆکاری ئەزیز کاک نیهاد جامی، ئاشنان ئاگادارن کە ئەم سالانەی دوای کاک نیهاد خەرمانێک لەبەرهەمی بەپێزی خستووەتە بەردەست هونەرمەندان وخۆینەران. بۆیە بۆمن ئەم بابەتە ئەوەندەی سەرنجراکێشانێکە لەسەر نووسینێکی، ئەوەندەش پرسیارگەلێکە بۆ نزیکبوونەوەیەکی ڕۆشنتر لە مێژوویەک کەنووسەر باسی دەکات. بەم مانایە ئەم باسە ئەوەندە ڕەخنەیەک نیە بۆ رەخنەگرتن، بۆیە ئەوەی مەبەستە لەم نووسینەدا ڕاگرتنی کاک نیهاد لەدووڕیانی ئەمڕۆو دوێنێدا بۆ وردبوونەیەکی زیاتردا لە مێژووی شانۆی شەقام لە کوردستاندا.
هەربۆیە ئەگەر بمەوێ سەرنجەکەم لەدەربڕینێکی چردا بخەمەڕوو ئەوەیە کە نەدەبوو کاک نیهاد لەم نووسینەدا ئەوەندە حوکمێکی خێرابدا، بەتایبەت ئەمە لەکاتیکدا کە چاوەڕوانی ووردبینیەکی زیاتری لەم نووسەرە دەکرێت. بۆیە لەمبارەوە هەوڵدەدەم ئاوڕیک لە نووسینەکەی بدەمەوە بەناوی’’ کاریگه‌ریی شانۆی سه‌رشه‌قامی ئێرانی له‌سه‌ر نمایشه‌ کوردیه‌کان’’

جەوهەری ئەو پرسیارەی کە لەم نووسینەدا پەلکێشیکردم بەدوایخۆیدا، لەو پەرگرافەوە دەستپیدەکات، کە نووسەر دەلێ’’ ئه‌زموونی شانۆی سه‌رشه‌قام له باشوری ‌کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌ش له‌چه‌ند هه‌ولێکدا که‌ مه‌به‌ست گوزارشت کردن بوو له‌ ئازاره‌کانی مرۆڤی کوردیی، ئازاره‌کانی یاده‌وه‌ری ئه‌و مرۆڤه‌.. به‌داخه‌وه‌ تائێستا ووتارێکی نووسراومان نیه‌ باس له‌و سه‌ره‌تایه‌ بکات،… ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌کانیش بگه‌رێته‌وه‌ بۆ شانۆکار ڕزگار ئه‌مین ئه‌و ده‌مه‌ی له‌که‌لاوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ کارێکی گه‌رۆکی ئه‌نجامدا کەچه‌ندین شیو به‌رده‌وام بوو،…هه‌روه‌ها شانۆکار به‌کر ڕه‌شید کارێکی تاکئه‌کته‌ری شه‌قامی ئه‌نجامداوه‌ له‌ سلێمانی و له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م …’ ئاماژە بە چەند نموونەیەکیتر دەکات لەسلیمانی ،دەربەندیخان، هەولیرو شارەکانیتری کوردستاندا …

لەمبارەوە سەرنجتان بۆ مەسەلەیەکی لەڕوالەتدا سادەو بەلام لەناوەڕۆکدا گرنگ ڕاکیشم. لەسالی1986 پێشمەرگەی کۆمەلە ڕێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئیران بووم، لە ئۆردگای مالومە شانۆگەریەکمان پێشەکەشکرد، کە لەنووسینی ڕێبوار مسلح و دەرهێنانی ڕێبوار عارفـ، بەناوی ’’مامە حەمە بوو بە کۆمۆنیست’’… بۆ سبەی نیوەڕۆ کاتیًک کە لە هۆلی نانخواردن دانیشتبووین دوو پیشمەرگەو پیاوێکی کەمێک بەتەمن هاتنە تەنیشتمەوەو دەستیانکرد بە نان خواردن… ئاگاداربووم مامە پیرەکە زوو زوو سەیریکی دەکرم، سەرئەنجام کەوتە قسەکردن لەگەلمدا… ووتی دوێنی زۆر بە ئاسانی منت گەراندەوە سەردەمی مندالی…منیش ووتم چۆن مامە گیان؟ ووتی بەلی کاتێک کە مندال بووم مالمان لەهەجیج بوو دواتر چووینە دەوربەری پاوە، ئەوکاتەی کە مندال بووین بەو شێوەی ئێوە هەندێک جار کەسانێک دەهاتن و بەهەمان شێوە نمایشیان دەکرد… قسەکەی یەکجار بۆ من سەرنجراکیش بوو، منیش کەوتمە دوان و بەدواچوون لەسەر باسەکەی … پاشان ووتم باشە مامە گیان تۆ باسی نمایشکردنی شانۆ دەکەیت لە هەجیج کەحەتمەن ئەوکات لادیەکی زۆر بچکتربوو، بەلام هەر بەراست شانۆ بوو یان کوڕوکاڵی ئاوای کۆدەبوونەوە و حیکایەتیان دەکرد.. لە وەلامدا ووتی وەلا ڕۆلە هەروەک ئەمەی ئێوە وابوو، تازە ئێوە لەم دەشت و دەرەدا بوو، ئەوەی ئەوان لە سەر سەکۆیەک بوو کە زۆرجار دەرویشەکانیش تیدا کۆدەبوونەوە زکرو خواپەرستیاندەکر.. بەدەم زەردەخەنەیەکەوە ووتی ئەگەر جیاوازیەک هەبووبیت، ئیوە باسی مامە حمە دەکەن کە چۆن دەبیت بە کۆمۆنیست و ئەوانیش باسی خواپەرستی عبادەتیان دەکرد…ئەم دەربرین و زانیاریە ماوەیەکی زۆر منی خستە سەر کەلکەلەی ناسینی ئەوجۆرە شانۆیەو بەلام بێفایدەبوو…تادواتر پاش تیپەربوونی 20 سالیک برای بەریزم کاک (حەکیم مەلا سالح)م لەکوردستان بینیەوە،
ئەیش بەدەر لەوەی کە چەندین لیکولینەوەو باسی میژووی هەیە، هاوکات یەکیک کە هونەمەندەدیارەکانی شاری هەلەبجە بوو لە خەفتاکاندا… بەهەمان شێوە ئەویش لەو دیدارەدا باسی ئەوەیکرد کە چۆن لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە لەهەندی ناوچەی هەورامان و بەتایبەت لە هەجیج شانۆیان لە تەقسی خواپەرستی و ئاینیدا نمایشکردوە…بائەم میژووە دیرینترە لیرەدا راگرین و بینەوە سەر باسەکەی کاک نیهاد سەبارەت بەمیژووی شانۆی شەقام لە هەلەبجە.

بەبروای من پیموایە مێژووی شانۆی گەر لە هەر فرمێکی جیاوازیشدا بووبیت دەگەریتەوە بۆ قۆناغگەلێکی زۆر دوورترو کەمیک گۆمانم هەیە لەو سەردەمەی کە کاک نیهاد ئاماژەی پیدەکات. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو مێژووەم بەلاوە دەقیق نەبێت، بەڵکو جیاواز لەوە لایەنی کەم ئەوەندەی کە بۆ خۆم بەشداریم تیداکردوەو ئاگادارم لەهەمان شاری هەلەبجەدا لەسالانی 1976 تا 77 چەندین جار لە لاکۆن و کەلاوەکانی هەلەبجەدا شانۆگەریمان پیشکەشکردوە. لەمەش زیاتر من تارمای هەمان ئەو رۆژانەم لەیادە کە لە ئازاری سالی 1970 یان 71دا لە گەرەکی ئەوکاتی شەهیدانی هەلەبجە بەهەمان شیوە شانۆگەری شەقامیان پیشکەشکرد. لەپال ئەمەشدا ئەگەر بماویت ئاماژەیەکی دوورتر بکەم بەم جۆرە نمایشانە دەبیت بگەریمەوە بۆ سالانی کۆتای پەنجاکان کە ئەو کات بە بۆنەی یەکی ئایارەوە لە تەویلە لەم جۆرە شانۆگەریانەیان پیشکەشکردوە.
جیاواز لەمەش دیویکیتری ئەو میژووەی کە کاک نیهاد ئاماژەی پیدەکات دروست قۆناغی سەرهەلدانی و گەشەکردنی شانۆی شەقامە ’’ڕۆژهەڵاتی کوردستان’’ ناوەندی ئاوڕدانەوەو دەستپیشخەریی بووە لە شانۆی سەرشەقامدا. ئەم جرەقەیە سەرەتا لەسالەکانی دوای 1990دا بەدیکرا. دەکریت بلین شانۆکارانی مەریوان، لەم بوارەدا پشکی شیریان بەردەکەویت کە لە کۆتای سالانی نەوەدەکانەوە هەستان بە بەرپاکردنی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، کە دواتر نەک هەر لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئەم جۆرە شانۆی شەقام تەنیەوە، بەلکو لە زۆریک لە شارەکانی ئیرانیشی گرتەوەو دواتر فیستیڤالەکانیان تیپ و هونەرمەندانی تری پارچەکانیتری کوردستانیشی پەلکیشکرد بەدوای خۆیداو بەمانایەک فیستفالەکانیان ناوچەیتر بووەوە. تازە لە چاوپیکەوتنیکدا کە رۆژنامەی کوردستان لەگەل به‌ڕێز جه‌مشید به‌هرامی شاره‌زای بواری شانۆ سازداوه‌، باس لەوە دەکات کە لەم فیستیفالانەدا هونەرمەندان و شانۆکارانی بەشێک لەولاتانی ئەوروپاش بەشداریان تیداکردوە.*

بۆیە دواتر لەمبارەوە دەڵێم ئەگەر کاک نیهاد نمایشکردنی بەرهەمەکانی ئه‌سخیلۆس، یۆرپیدس ،سۆفۆ کلییس لە یونان بەبەشێک لە سەرەتای سەرهەلدانی مێژووی شانۆی یونان بزانیت، ئەوا دەکرێت بۆ ناسینی و دلنیابوونمان لە میژووی شانۆی شەقام لەکوردستانیشدا بەدواچوونیکی وردترو زیاتر بکەین لەو شانۆگەریانەی کە لە ناوچەکانی ترو بەتایەبت لە هەورامان و هەجیجدا بەرپاکراوە کە هەرئێستە سەرەداوگەلێکمان لەبەردەستدایە.

لیرەوە ئەگەر ئەو دەربرینەی کاک نیهاد بەهەندوەرگرین کە دەنووسیت’’ له‌دایک بوونی شانۆیه‌ ده‌کرێت له‌دوو ئاستدا بیبینین له‌لایه‌ک وه‌ک خواستێکی کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌ت له‌چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان که‌ شاتۆکارانی ناچارکرد بڕژێنه‌ شه‌قامه‌کان و له‌وێ خواستی کۆمه‌ڵگا بخه‌نه‌ ڕوو، ئاستی دووه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ ئایدیۆلۆژیا کردنی شانۆ به‌و پێیه‌ی ئه‌و شانۆیه‌ مه‌رامێکی سیاسی ڕوونی له‌ پشته‌’’. لەپال ئەوەشدا کە ئەم بۆچونەم بەلاوە دروستە، بەلام نامەویت واحالیبم لە کاک نیهاد کە گوایە پیوایە دیواریکی چین هەیە لەنیوان سیاسەت و ئایدۆلۆژی و شانۆدا. کاتیک کە شانۆ مەکۆی رەنگدانەوەی باسوخواست و کیشمەکیشەکانی ناو کۆمەلگا بیت، بەدلنیا شانۆ شانۆکارانیش بەهەمان تونیلدا تیپەردەبن. گرنگ ئەوەیە ئەو کردەیە بەچ رادەیەک و لە چ ئاستیکدا وەلامی پرسیارەکانی رۆژو بە پاراستنی نازمەی هونەریکی خولقینەرو لەزەتبەخش داوەتەوە.

دواجار ئەوەی بەلای منەوە جیگەی پرسیارە ئەوەیە کە تۆبلی لەو قۆناغەدا کە شانۆی گەرەک لە گروگالدایە دەرفەتێکی زیاتر دەرخسینیت بۆ ئەوەی کە بەناچار پەرستگاکان بکرینە دەروازەی نمایشکردنی شانۆگەریەکان لە تەقسیکی ئاینداو، دواتریش لەو قۆناغەدا کە ستەم و چەوسانەوەیەکی یەکجار زۆرتر لەگورۆیدایە دووبارە لە بارودۆخیکدا کە کۆمەلگا ڕەنج دەبات لە هەڵکشانی ستەم و چەوسانەوەو نەبوونی ماف و ئازادیەکانیان بەتایبەت ئازادی بەیان و بیرورادەربرین، ڕەنگە وا لە شانۆکاران بکات کە لە دەرەوەی ئەو بزوتنەوە تەقلیدیەی کە نزیک بە سەدەیەکە لە کۆمەلگای ئیمەدا دەستبردن بۆ چەکی وەک سەرەکیترین و یان تەنیا ریگە لەقەلەمدات، ئەوا هونەرمەندانیش بۆ نیشاندان و جەختکردنەوە لە ریگەیەکی شارستانیانەو کارا رەنگە دەنگی نارەزایەتیەکانی خەلک بەشیوەیەکتر لە سەر سەکۆی شانۆکان بەرزکەنەوە تا کۆمەلگا بەرەو ئایندەیەکی باشتر بەرن.

ئەم بابەتە لە مالپەری شانۆکاردا بلاوکراوەتەوە!

تیبینیەک لەسەر وینەکان
وینەی یەکەم/ ناوشاری تەویلەیە لە یەکی ئایاری 1958 کە شانۆگەری تیدا پیشکەشکراوە
وینەی دووهەم/ بەهادین حاجی بەکر لە دەوری مەلا مارفدا،هەروەها ئەوکەسەی تەنیشتم، سەلام تۆفیفی مختار.

وینەی سیهەم / ئەوە بەریزانةي لەم وینەیەدان بريتين، لە پیالَە بەدەستەكە، فەرهەنگی حەمەی سمائیل، سەر کورسیەکە خۆم (/ بەهادین حاجی بەکر ) ئەولاتر، لە پشتەوە ئەحمەد شاسوار، ناوەراست ئیحسان شیخ حەسن، لای راستەوە فواد حەمەفەرج نانەوا




کەسێک بەرێوە خەون راودەکات … جەلال بەرزنجی

لە نێوان دوو زەریادا
کەسێک بەرێوە خەون راو دەکات.
باڵندەیێک،
هێلانە ون دەکات.
شیعر،
هاودەنگمە.
سەبرم لە سەر گۆچانە.
چرای روحم بە خەم دەسووتێ.
لە نێوان هەردوو زەریادا،
لە وشە زیاترم نیە،
بەڕەڵای کەمە ئاسمان
نازانم،
نە دەگەڕێتەوە ناو قەفەز،
نەدەفڕێت بۆ رؤژهەڵات !
لە نێوان هەردوو زەریادا،
چاوەڕوانی ئەو کەسەم،
خەونەکەی راوبکات.
بگات،
پیلانێک بۆ کوشتنی نائومیدی دابنێن
ئاگردئک لە وەرزی گەرم نەبوونەوە بەردەین..

کەنەدا




بوێری سیاسی (political bravery)… چالاک ئـاغجەلەری

کەش وھەوای سیاسی ھەر دەستە و گروپ و کۆمەڵەێ لە ژێر چەتری ڕێکخراوبووندا ، سەرەتای ھەنگاوەکانی ژیانی سیاسی بوون دەبێت ھاوشانی ھێڵە ڕامیاری و فەرھەنگیەکەی خۆیان بە فۆرمێک ئـاشنا بکەن بۆ خەڕخاندنی ئـەو بزاوتە نوێیە و بەردەوامیدان بەو تەوژمە فیکر و فەرھەنگیە گەیشتن بە دوا وێستگەی مەبەست ئـەویش فۆرمی بوێری سیاسیە ( Political bravery) ، ھەرچەندە فۆرمگەلێکی تر وەکو ( ھرزی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و سەربازی) لەزۆر وێستگەدا ھاوکار و پشتیوانی ئـەو فۆرمەیە کە شایەنی وەستان و ڕاڤەکردنە لێی. دیارە ئـامانج لەم ھەموژنە زیندوە بۆ ھێزێکی سیاسی چالاک کۆنترۆڵکردنی ئـەو ژینگەیەیە کە خودی بزاوتە سیاسیەکە لە پێناویدا دەجوڵێنرێت، بۆ خۆی ئـەم جۆرە خواستە پێویستی بە ھەناسیەکی بەردەوامە لە پەیوەند بە ھێڵی بنەڕەتی و ستراتیژی درێژمەودا بۆ ھەرچی مکۆمکردنی میکانیزم و ئـالیەتی کارکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی وەکو فاکتەرێکی ھەناویی بەھێز بۆ گەیشتن بەو خواستەی لە چواچێوەی پەیڕەوەکەیدا نەخشەی بۆ کێشراوە. لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە دەبێتە ھێزێک بەجۆرێک لە ناو ناسنامەی ھێزە سیاسیەکەدا ئـەژماردەکرێت ، ھەر بۆیە تەوژمێکی لەم جۆرە ھەردەم ئـامادەگی ھەیە بۆ ھەر پێشھاتێک کە قەوارە سیاسیەکە دووچاری دەبێتەوە.

ئـەگەر تەماشای شانۆی سیاسی دونیا بکەین چەندین نموونەی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و تەنانەت خۆجێیشمان ھەیە لەمەڕ ئـەم پرسە ، دیارە زۆرێک لە نموونەکان شایەنی پێداھەڵدانی مرۆڤایەتی نین چونکە لە جیھانی سەرمایە و بەرژەوەندیدا ئـەوەی کەمترین پشکی پێدەبڕێت خەڵکی سڤیلە. وەکو پێشتر ئـاماژەم پێکرد نموونەکان ھەمە چەشنن بۆیە ئـەگەر تەماشای زۆرانە نێودەوڵەتیەکان بکەین ڕوونترین و بەرجەستەترین نموونە ھەڵوێستی بوێری سیاسی و عەسکەری ووڵاتی ڕوسیایە لە ھەمبەر بە پاوانخوازی و قەڵەمڕەوی ووڵاتێکی بەھێزی وەکو ئـەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەت ووڵاتی سوریا، بینیمان چۆن بەچی شێوازێک ئـەم فۆرمەی لە بەرامبەر ئـەمریکا جوڵاند تەنانەت بەجۆرێک شکایەوە شیکەرە سیاسیەکان نوقڵانەی جەنگێکی ماڵوێرانی جیھانیان لێدەدا، لە کاتێکدا سەرکێشی ئـەم ووڵاتە ( ڕوسیا) بە جۆرێک شکاوەتەوە وەک تۆمەتباری سەرەکی دەخالەتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئـەمریکا تا ئـەم ساتەش باس و خواسێکی گەرمی فەزای سیاسی ئەمریکایە، ھاوکات ھێڕشە ئـەلکترۆنیەکانی بۆ ووڵاتانی ئـەوروپاش بە وێنەی شەبەحێکی پڕ دڵەڕاوکێ تەنگی پێھەڵچنیوون.

لە نموونەی ھەرێمایەتیدا بوێری سیاسی ھەدەپە لە کوردستانی تورکیا و یەگەپە ویەپەژە لە کورستانی سوریا دوو نموونەی جوانی ئـەو بوێرەیە سیاسیەیە کە ھەقە شانازی پێوەبکرێت ،بە دیوێکی تردا داعش بۆ خۆی بوێریەکی سیاسی و عەسکری مەینەت ھێن بوو بۆ خەڵکی ناوچەکە، بۆ ناوخۆی کوردستانی عێراقیش ٣١ ی ئـاب١٩٩٦ ھەمان فۆرم دەێگرێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و عەسکەریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لای کەسیش شارەوە نییە کە ئـەم بوێرییەی پارتی داینەمۆی باڵادەستی وھەژمونگەرایی ئـەو ھێزەیە وەکو حزبی حاکم ، بەڵام تەنھا ھەڵوێست کە بە بڕوای من لەکۆی کێشمەکێشەکانی ناوخۆدا جەماوەری یەکێتی بوێریەکی سیاسی کەمرشکێنیان ئـاراستەی حزبەکەیان کرد کاتێک گوێیان بەخواستی ئـەو جەماوەرە ماندووە نەدا کە ھەزارەھا کەسیان لەو ھێزەدا خۆیان فیداکرد دەنگی نەخێریان بۆ بەرزکردنەوە ، ھەر بۆیە ئـێستا لەھەر ھەنگاوێکدا سەرکردایەتی ئـەو ھێزە ھەستیاری جەماوەرەکەیان وەکو ڕمێکی تیژ دەبینن ، وەک بانێک دوو ھەوا ئـەوترسەی لە یەکێتیدا ھەیە لە جەماوەرەکەی لە ھەمانکاتدا بۆ پارتی پاداشتە.

ئـەنجام ئـامانج لەم فۆرمە بە بەستنەوەی کەشی سیاسی کوردستانی عێراق ، بێگومان پێویستیەکی ھەنوکەییە ، بەتایبەت بۆ ھێزە سیاسیە ناڕازیەکان و خەڵکی سڤیل جارێکی تر دەبێت خۆیان پێناسەبکەنەوە بۆ تەواوی پرۆسە چەقبەستوەکە ، چیتر بوار بۆ تەحەفوزی سیاسی نەماوە و دەبێت بۆێری سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا ببێتە ئـەو فۆرمەی بزاوتی گۆڕنکاری سەرڕێخات و لەو شەرمە سیاسیە خۆکوژیە دەربازی بێت.




سه‌گێك هاوڕێمه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

من له‌بێكه‌سی
سه‌گێكم هێنا
كردم به‌هاوڕێم
چونكه‌ ده‌مزانی
رۆژگارێ دادێ‌
به‌شێوه‌ی مه‌سیح
تیر باران ده‌كرێم
ئه‌وه‌تا ئیستاش
كه‌پره‌كه‌ی ئه‌وه‌
جێگه‌ی شه‌وانم
له‌نێو یاوه‌رو
دۆستانی كۆنما
خۆم به‌بێكه‌س و
نامۆ ده‌ زانم
چه‌رخی زه‌مانه‌
چه‌نده‌ چه‌پ گه‌ڕی
لاپه‌ڕه‌ی راستی و
سنگی ماف ئه‌دڕی
ئاژه‌ڵ ده‌خه‌یته‌
پێستی مرۆڤۆ
تاوان ده‌كه‌یته‌
ده‌سرازه‌ی درۆ
ئیتر بۆ نه‌مرم
له‌سای سێبه‌رێ‌
منه‌تی زوڵم و
ناكه‌س هه‌ڵنه‌گرێ‌
سه‌گێك هاوڕێت بێت
له‌وه‌ چاكتره‌
زۆردار پێت بڵێ‌
سه‌رت داگره‌
له‌ئاستی جه‌ورو
ناله‌باریی من
ناخی خۆت له‌گه‌ڵ
ده‌روون و هه‌ستا
بكات به‌دوژمن