کۆچی دووایی پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەن پور ١٩٤٣ – ٢٠١٧

ئەمڕۆ ٢٤/٦/٢٠١٧ کاتژمێر ٦ی بەیانی بە کاتی تۆرۆنتۆ کەسایەتی ڕۆشنبیر و کۆمۆنیست پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەن پور بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین.
پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەن پور کەسایەتییەکی ناسراوی نێوەندی ئەکادیمیایە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا. خاوەنی دەیان نووسین و توێژینەوەیە لە بوارەکانی زمان و جینۆساید و مێژوودا. کەسایەتییەک ئەگەر تەمەن و تەندرووستی ڕێیان دابایە زۆر شتی تری دەخستە سەر خەرمانەی ئەکادیمیایی کوردی.
دکتۆر ئەمیر کەسایەتییەکی دامەزراو بوو لە ڕووی فیکرەوە و هەڵگری بیرو باوەڕی کۆمۆنیستی بوو. هەموو ئەو گۆڕانکاری و بەسەر یەکتدا کەوتنەی بەناو بلۆکی کۆمۆنیستی و هەراو زەنای مەرگی کۆمەنیزم نەیانتوانی کاریگەری نەگەتیفانە دابنێت لەسەر زهنیەتی ئەم ئینسانە.
دکتۆر ئەمیر لە دوواین قسەو باسەکانیدا لە دوو ساڵی تەواو پێش ئێستادا لە سیمنارێکدا لە شاری تۆرۆنتۆ کە وەکوو ناوەندی کەلتوری کوردستانیانی کەنەدا بۆیمان سازکرد بوو، زۆر ڕۆشن پێداگری لەسەر حەقانیەتی دونیای سۆشیالیزم دەکرد و بە تاکە چارەسەری دەبینی بۆ نەهامەتێکانی ئەمرۆی دونیا. شایانی باسە لەو سیمنارەدا پشتیوانی تەواوی خۆی دەربری بۆ ئەزمونی کوردستانی ڕۆژئاوا.
لێرەوە وەکوو دەنگەکان پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆ هەموو ئەوکەسانە ڕادەگەیەنین کە هەواڵی مەرگی دکتۆر ئەمیر دڵتەنگی کردن.

لێرەدا لینکی نووسینێکی دکتۆر ئەمیر دادەنێن کە نۆ ساڵ پێش ئێستا لە دەنگەکاندا بڵاوی کردۆتەوە:

https://dengekan.info/%D9%87%D9%87-%D9%84%D9%87-%D8%A8%D8%AC%D9%87-%D8%AF%D9%88%D8%A7%DB%8C-%D8%A8%DB%8C%D8%B3%D8%AA-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%D8%A7%D9%86-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%88%D9%87-%DA%A9-q/

یادت بەرزو بەڕێز بێت

دەنگەکان
24/6/2017




ڕاگه‌ردان و ڕێگه‌کانی ژه‌هر دوو کتێب و یه‌ک ئه‌زموون … ئاراس وه‌هاب

ڕاگه‌ردان و ڕێگه‌کانی ژه‌هر دوو کتێبی تری (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور)ن، که‌ ئه‌مساڵ (ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس) چاپی کردوون. یه‌که‌میان له‌ کۆمه‌ڵێک تێکستی چیرۆک و شیعر پێک هاتووه‌، به‌ڵام تێکستێکی شانۆییش له‌ خۆی ده‌گرێت. وه‌ک زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی پێشووی له‌مه‌یه‌شیاندا چه‌ند گوته‌یه‌کی وه‌ک ده‌ستپێک داناوه‌، که‌ زیاتر سیمای چیرۆکی کورتیان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ نووسیویه‌تی: (من خاوه‌نی دوو کۆیله‌م، یه‌کێکیان ناوی (چاکه‌) و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان ناوی (خراپه‌)یه‌. باوه‌ڕ ده‌که‌م ئێستا بزانیت ئه‌وه‌ منم ئه‌وان هه‌ڵده‌سووڕێنم، نه‌وه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (1949)وە یاسای قەدەغەکردنی کۆیلایەتیی دەر کردووە، بەڵام گوێ بەو یاسایە نادەم و کۆیلەکانم ئازاد ناکەم).

چیرۆکه‌کان هه‌ندێکیان زۆر کورتن وه‌ک (کۆترباز)، (شه‌قلیپه‌قلییه‌کان) و (چوار گریمان دابنێ)، به‌ڵام هه‌یشیانه‌ زۆر دریژه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ڕۆمانه‌ وه‌ک (چیرۆکی کوڕه‌که‌چه‌ڵ نا، هیی کوڕه‌قژدرێژ) و (گۆشتی خاو).
پێشه‌کییه‌کی درێژیشی بۆ کتێبه‌که‌ نووسیوه‌.‌ پێشه‌کییه‌که‌ لانی که‌م جووتێ ئه‌رک له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، یه‌که‌م، ئه‌رکی بایۆگرافی. واته‌ نووسه‌ر چۆن ئاشنایه‌تیی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا په‌یدا کردووه‌، چ کتێبێک کاری کردووه‌ته‌ سه‌ری، ده‌وروبه‌ره‌که‌ی چ ڕۆڵێکیان له‌ پێگه‌یاندنیدا هه‌بووه‌، که‌ی ده‌ستی داوه‌ته‌ نووسین و شتی تری له‌م بابه‌ته، به‌ڵام له‌ شێوه‌ی یاداشتدا نووسیویه‌تی و هه‌وڵی داوه‌ گێڕانه‌وه‌که‌ چێژ ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی ئه‌و شیعره‌ سادانه‌ی له‌ گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه‌دا هه‌ڵیبه‌ستوون. ئه‌و نوکتانه‌یش، که‌ له‌سه‌ر خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک و هاوڕێکانیدا دروستی کردوون. زۆربه‌یان کۆمیدین و ته‌عبیرن له‌ هه‌ستی هه‌رزه‌کارێک له‌ ئاستی ده‌وروبه‌ریدا. ئه‌رکی دووه‌می پێشه‌کییه‌که‌ پێشاندانی دیدگه‌ی نووسه‌ره‌ بۆ چه‌مکه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان. شێوه‌ و ناوه‌رۆک، ته‌کنیک و شێوازه‌کانی گێڕانه‌وه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ قسه‌یان لێوه‌ کراوه‌. هه‌روه‌ها باسکردنی ئه‌و کتێبانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێندوونیه‌تیه‌وه‌ و کاریگه‌رییان له‌و دیدگه‌یه‌ی کردووه‌. له‌و پێشه‌کییه‌دا جیاوازیی نێوان سلێمانی و هه‌ولێر له‌ ڕووی سۆسیۆلۆجییه‌وه‌ پێشان دراوه‌. خوێندنه‌وه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌و دوو شاره‌، بۆیه‌ مه‌به‌ستمه‌ له‌سه‌ری بوه‌ستم.

له‌ شوێنێکدا ده‌نووسێت: (دوور لە خواستی خۆم لە هەولێر لە دایک بووم، بەڵام بە ویستی خۆم چوومە سلێمانی، بۆیە هەردووکیان ڕابوردووی منن و شانازییان پێوە ناکەم، بگرە دەمەوێت مێتافیزیکییانە تێکیان بشکێنم)، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆر زوو جیاوازیی نێوان ئه‌و دوو شاره‌ی هه‌ست پێ کردووه‌: (خەڵکی سلێمانی پێت دەڵێن: مەیەرە شارەکەم، لە ماڵەکەماندا چی دەکەیت، بیکە، لە کاتێکدا هەولێرییەکان پێت دەڵێن: لە ماڵەکەم نزیک مەبەرەوە، بەڵام شارەکە بۆ خۆت!). ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بنووسێت: (هەموو ئەوانەی دەچنە هەولێر، خێرا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت، کە لەو شارەدا نەک نامۆ نین، بەڵکوو دەکرێت خۆیان ببنە خاوەنی، بەڵام لێرەدا شتێک نابینن، ئەویش ئەوەیە، کە ئەمە نیشانەی کرانەوە نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە نیشانەی داخراوییە. هەر تاک و گرووپێکی دەرەوە دەتوانێت ببێتە بەڕێوەبەری ئەو شارە، بێ ئەوەی نەک هەر ڕووبەڕووی ناڕەزایی ببێتەوە، بەڵکوو وایش هەست بکات چاکەی گەورەی لەگەڵدا کردوون، بە چاوپۆشین لەوەی چۆنی بە ڕێوە دەبات. هەر ئەمەیشە وا دەکات لەو شارەدا ناڕەزایی نەبێت، یان کەم بێت، بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە، وردتر لەو کاتەوە کەسە یاخییەکانی ئەو شارە ڕاو نران و دەربەدەر کران. دەی، با ئەو تاک و گرووپانە لە ماڵەکەی نزیک ببنەوە، بزانن بە هەمان شێوە بێدەنگ دەبێت!). له‌م ڕووه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک نهێنیی له‌م شارانه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌نجام هه‌ردووکیان به‌ داخراو ده‌زانێت.

نموونه‌ی شاری کراوه‌ لای (کاکه‌سوور) به‌رلینه‌. (ئێمە دەتوانین بڵێین بەرلین شارێکی کراوەیە و لەسەر ئاستی جیهانیشدا وا ناسراوە. بۆیە دەتوانین ئەوە بە بەرلین بڵێین، چونکە بە ئاشکرا لە پشت ئەو کرانەوەیەیدا هۆشیارییەکی گەورە دەبینین. لە بەرلیندا هەر بۆچوون و هەڵسوکەوتێک دەتوانێت ئازاد بێت، بەڵام ئایا لە هەولێردا وایە؟ ئەگەر بەرهەمی کرانەوەییی بەرلین بە ڕوونی هەست پێ دەکەین، ئەدی کوا بەرهەمی کرانەوەییی هەولێر؟). که‌واته‌ نه‌ سلێمانی شارێکی کراوه‌یه‌ و نه‌ هه‌ولێریش، مادام به‌رهه‌می کرانه‌وه‌ییان نییه‌. ده‌نووسێت: (هەولێرییەکان ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە، دەرەوەی سنووری ماڵیانە، بەڵام ماڵی سلێمانی بەو ئەندازەیە داخراو نییە. لە بەرانبەردا ئەمەیش نیشانەی کرانەوەیی نییە، چونکە ئەوان پێچەوانەی بەرلینییەکان شارەکەیان تەواو داخستووە، لە کاتێکدا ئەوەی شار دادەمەزرێنێت و گەشەی پێ دەدات، ئەوانەن لە دەرەوە ڕووی تێ دەکەن). تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێت: (بەم شێوەیە هەولێری پاسەوانی ماڵەکەیەتی، نەبادا یەکێ لێی نزیک ببێتەوە و سلێمانەیی توند شارەکەی لە باوەش گرتووە، نەوەکا بێگانەیەک بەری بکەوێت و گۆڕانی بەسەردا بهێنێت، چونکە ترسی گەورەی لەوەیە، بگرە دەرەوە بۆ ئەو فۆیبیایە. دەتوانم بڵێم (شار) ماڵی سلێمانەیی و (ماڵ) شاری هەولێرییە.

لە هەردووکیاندا داخرانی کوشنده‌ هەن، بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز، کە ئەمە لای بەشێکی زۆری نووسەرانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. سلێمانەیی هێندەی بە شارەکەیدا هەڵدەڵێت، هێندە بە لای باسی ماڵەکەیدا ناچێت، لە کاتێکدا هەولێری وەک چۆن هەر ناوی شارەکەی ناهێنێت، هەوڵی گەورەیش دەدات چەند بۆی بکرێت قسە لەبارەی ماڵەکەیەوە نەکات). ئه‌گه‌ر هه‌ولێری بوونه‌وه‌رێکی ساده‌یه‌ و که‌م جووڵاوه‌، ئه‌وه‌ سلێمانه‌یی زیاتر له‌ناو وه‌همدا بزوواوه‌: (هەولێری زۆر کەم جووڵاوە و هەستی بە شار هەر نەکردووە، لە کاتێکدا نەشیویستووە هیچ لەبارەی ماڵەکەیەوە بڵێت، بگرە وەک گوترا هەمیشە هەوڵی داوە بیشارێتەوە. بە مانایەکی دیکە هێندە پێویستی بەوە نەبووە چیرۆکیان بۆ هەڵببەستێت، بۆیە بوونەوەرێکی کاڵ و سادەیە و بە شێوە سروشتییەکەی خۆی ماوەتەوە، بەڵام سلێمانەیی گیرۆدەی دەستی ئەو وەهمانەیە، کە بەردەوام لە ڕێگەی هەڵبەستنی چیرۆکەوە کەڵەکەی کردوون. هەولێری منداڵێکە، هێشتا نە زمانی گرتووە و نە پێ، بەڵام سلێمانەیی تەمەنی پێنج شەش ساڵانە و چووەتە دەرێ. ئەوەی بیستوویەتی، تەنیا چیرۆکە). ئه‌و دوو شاره‌ چۆن ده‌توانن دۆخی ئێستا‌ی خۆیان تێ بپه‌ڕێنن؟ ده‌کرێت وه‌ڵامه‌که‌یمان هه‌ر له‌وێدا ده‌ست بکه‌وێت: (لە سلێمانیدا کاتێ گۆڕانکاری دەست پێ دەکات، کە ئەوان شارەکە وەک ماڵیان دەخەنە سەر پشت و ئەو چیرۆکانەی بیستوویانن، وەک چیرۆک گوێ لێ دەگرن. بە مانایەکی دیکە بۆ ماڵ بگەڕێنەوە، بەڵام لە هەولێردا ئەو گۆڕانکارییە تەنیا بەوە دێتە دی، کە دەرگە و پەنجەرەی تۆکمە و ئەستووری ماڵیان بشکێنن و بێنە دەرەوە). به‌شێکی زۆری پێشه‌کییه‌که‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌ سۆسیۆلۆجییه‌کانی ئه‌م دوو شاره‌ ته‌رخان کراوه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی ئه‌و چه‌ند په‌ره‌گرافه‌ی لێ وه‌ربگرم.

تێکستی شانۆییه‌که (کراسی ئاهه‌نگه‌کان)‌ له‌ شێوه‌ی میلۆدرامادایه‌، به‌ڵام میلۆدرامایه‌کی جیاواز. کوڕێکی گه‌نج مێژووی ژیانی تێکشکاوی خۆی بۆ کراسێک ده‌گێڕێته‌وه‌، که‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی دزیوه‌، به‌ مه‌رجێ کراسه‌که‌ ته‌عبیر له‌ ژنێک ده‌کات و به‌ ده‌نگێکی ژنانه‌یش ده‌دوێت. ئێتمۆسفێرێکی ئیکزۆتیکییانه‌ی هه‌یه‌. له ڕێگه‌ی‌ دایه‌ڵۆگی نێوان کوڕێک و کراسه‌که‌یه‌وه‌ تیشک ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی به‌سه‌ر بواری ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری و سایکۆلۆجیی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هاتوون‌. هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و تێکشکانی، په‌رته‌وازه‌بوونی شۆڕشگێڕان و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتووان به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاماژه‌یان پێ دراوه‌، که‌ جارێک وه‌ک تراژیدیا و جارێک وه‌ک کۆمیدیا خۆیان ده‌نوێنن.

ئه‌گه‌رچی شیعره‌کان هه‌مان هێزی چیرۆکه‌کانیان نییه‌، که‌ (کاکه‌سوور) به‌رده‌وام گوتوویه‌تی زوو وازی له‌ نووسینی شیعر هێناوه‌ و خۆی بۆ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ ته‌رخان کردووه‌، به‌ڵام‌ کاتێ ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو ده‌گرین هه‌ستێکی ترمان له‌ به‌رانبه‌ریاندا ده‌بێت. له‌ هه‌ندێکیاندا به‌ ڕوونی سیمای ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ ده‌بینین وه‌ک له‌ (مه‌رگی هاوسه‌رم)، (یاری له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا)، (دوو خوشک)، (قوتابخانه‌ی خۆشه‌ویستی) و یه‌ک دووانێکی تردا دیاره‌. زمانی شیعره‌کان ڕوونه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستی بووه‌ مانای قووڵ به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌ن وه‌ک له‌ (خۆکوشتن)دا به‌رچاومان ده‌که‌وێت:
چووم چه‌کێ بکڕم،
له‌ ڕێگه‌ تۆم ناسی‌.
چه‌که‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ بوو خۆمی پێ بکوژم.
ئه‌وه‌ی له‌ منتدا گۆڕی، دوو شت بوون:
ڕێگه‌ و مانا،
به‌ڵام پلانه‌که‌ هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی.

به‌شێکی زۆری به‌رهه‌مه‌کانی (ڕاگه‌ردان) هیی پێش ڕاپه‌ڕینن، به‌ڵام پێیاندا چووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستکاریی کردوون، به‌تایبه‌تی چیرۆکه‌ درێژه‌کان، بۆیه‌ ناوی (ڕاگه‌ردان)ی لێ ناون، که‌ به‌ مانای دانانی شتێکه‌ له‌ شوێنی شتێکی ونبوو، یان شکاودا.
هه‌رچی کتێبی، یان ڕۆمانی (ڕێگه‌کانی ژه‌هر)ه‌ له‌ هه‌شت به‌ش پێک دێت، که‌ هه‌ر به‌شه‌ی چیرۆکێکی درێژه‌. خوێنه‌ر ده‌توانێت چیرۆکه‌کان هه‌م به‌ جیاواز و هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بخوێنێته‌وه‌. واته‌ هه‌ر چیرۆکێک سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌ڵام پێوه‌ندییشی به‌وانه‌ی تره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی به‌ چیرۆکی دوای خۆیه‌وه‌، که‌ ژه‌هر خاڵی هاوبه‌شی هه‌موویانه‌. له‌وێیشدا کۆمه‌ڵێک گوته‌ی نووسیون‌ و هه‌ر هه‌موویان به‌ ژه‌هره‌وه‌ پێوه‌ستن‌. ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌کیانه‌: (بە منداڵی وام دەزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ژەهر دەمرم. ئێستا گەورەم و پێکەنینم بە ئەقڵی ئەوسام دێت، نەک لەبەر ئەوەی بە ژەهر نامرم، به‌ڵکوو لەبەر ئەوەی نەمدەزانی بە ژەهری ناوەوەی خۆم دەمرم).

چه‌مکی ژه‌هر له‌ (ڕێگه‌کانی ژه‌هر)دا ته‌نیا لایه‌نی کیماویی نییه‌، که‌ به‌شێکی زۆری کاره‌کته‌ره‌کان پێی مردوون، به‌ڵکوو لایه‌نێکی گرنگتری هه‌یه‌، که‌ ئۆنتۆلۆجییه‌. واته‌ ژه‌هر ده‌بێته‌ پرسیاری فه‌لسه‌فی و ده‌چێته‌ ناو سیستێمی بیرکردنه‌وه‌وه‌. هه‌ر کاره‌کته‌رێک پرسیاری جیاوازی له‌باره‌ی ژه‌هره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌. ژه‌هر ده‌شێ مانای پێوه‌ندیی تاک به‌وی تر بێت، ده‌شێ ته‌نیایی و گۆشه‌گیرییش بێت، ڕه‌نگه‌ له‌ شێوه‌ی غوربه‌تدا ده‌ربکه‌وێت و له‌وانه‌یه‌ وه‌ک چه‌پاندن (کبت) خۆی پێشان بدات. دووریش نییه‌ ببێته‌ سێکسواڵێتی. به‌گشتی ژه‌هر له‌ هه‌موو شوێنێکدا هه‌یه‌، که‌ مرۆڤی لێیه‌، به‌ڵام هێنده‌ی له‌ ناوه‌وه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ له‌ زماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان کێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ زماندا هه‌بێت‌. ئاسان نییه‌ ته‌عبیر له‌و ژه‌هره‌ی ناوه‌وه‌یان بکه‌ن، بۆیه‌ به‌دوای ڕێگه‌ی تری گه‌یاندندا ده‌گه‌ڕێن. یه‌کێ له‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا ورووژێنراوه‌، به‌ریه‌ککه‌وتنی که‌لتووری کوردی و که‌لتووری ئه‌وروپاییه‌، که‌ شوێن له‌ چوار چیرۆکدا کوردستانه‌ و هه‌ندێجار به‌غدایشی تێ ده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌ چوار چیرۆکه‌که‌ی تردا ئه‌وروپایه‌، که‌ ئه‌مه‌ مانا و ئاماژه‌ی ژه‌هر قووڵتر ده‌کاته‌وه‌. به‌شێکی کاره‌کته‌ره‌کان له‌ ئه‌وروپا زمان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی ته‌عبیرکردن په‌نا بۆ ڕیگه‌ی تر ده‌به‌ن وه‌ک له‌ به‌شی سێیه‌مدا ده‌یبینین، که‌ ناونیشانی (کۆیله‌ی پیته‌کان)ی هه‌یه‌.

ئه‌زموونی (کاکه‌سوور) ئه‌زموونێکی تایبه‌ته‌ له‌ بواری نووسیندا، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌کانی چه‌ند له‌ ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه‌ له‌ یه‌کتر جیاواز بن، دواجار هه‌موویان سه‌ر به‌ یه‌ک ئه‌زموونن. زۆر نین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌بنه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونی خۆیان. ده‌توانین چه‌ند خاڵێک ده‌ستنیشان بکه‌ین، که‌ وایان کردووه‌ ئه‌زموونی (کاکه‌سوور) جیاواز و تایبه‌ت بێت، یه‌کێکیان زمانه‌. بیستوپێنج ساڵه‌ (کاکه‌سوور) ده‌ناسم، که‌ له‌ یه‌کێ له‌ که‌مپه‌کانی دانمارکدا یه‌کمان گرت و کتێب و خوێندنه‌وه‌ و نووسین له‌ یه‌کتری نزیک کردینه‌وه‌. شتێک زۆر له‌نێوانماندا بووبێته‌ جێگه‌ی گفتوگۆ، زمان بووه‌. زمان لای (کاکه‌سوور) ته‌نیا ڕێنووس، خاڵبه‌ندی، وشه‌سازی و ڕسته‌سازی نییه‌، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و نووسه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی کورد ئه‌وانه‌ به‌ دروستی به‌ کار ده‌هێنن، به‌ڵکوو له‌وه‌یش زیاتره‌. واته‌ پرسیاری (زمان چییه‌) له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جێگه‌ی بایه‌خی ئه‌و نووسه‌ره‌ بووه‌. له‌ گفتوگۆکانیدا به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌و پرسیاره‌ کردووه‌ته‌وه‌.و‌ سه‌رجه‌م لینگویستیکی کردووه‌ته‌ بواری لێکۆڵینه‌وه، نه‌وه‌ک ته‌نیا به‌شێکی دیاریکراوی زمان. بۆ نموونه‌ له‌و گفتوگۆیه‌دا، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م و (به‌ختیار عه‌لی) له‌ژێر ناونیشانی (زمانی ڕۆژانه‌ و زمانی نووسین له‌ ڕۆمان)دا کراوه‌، به‌ ڕوونی تێگه‌یشتنی جیاوازی ئه‌م له‌و بواره‌دا‌ هه‌ست پێ ده‌که‌ین.




لە پاشەکەوتی موچەوە بۆ پاشەکەوتی ئاکامی ریفراندۆم ….. عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

لە دنیای هاوچەرخدا، هیچ هیزو حزب و دەسەڵات و وڵاتێک نادۆزینەوە، بە ئەندازەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی داهێنانی نامۆ بکەن… داهێنان نە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پرسە گرنگەکانی خەڵکی کوردستان و گرتنە بەری رێگایەک کە لایەک لەخەڵکی ستەم دیدە و برسیکراو و قەرزدارکراو و بێئیرادەکراوی کوردستان بکات… هەموو داهێنانەکانیان، لە درێژەی سیاسەتی پاراستنی دەسەڵات و بیئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان و بێ بەها کردنی، هەموو پرسە گرنگەکانی دنیای هاوچەرخە…
موچەی کارمەندان و موچەخۆران… کە لەهەموو شوینێکی دنیادا، تەنها بەشێکە ناچیزە لە فرۆشتنی هێزی کار… ئەوا لەکوردستان ئەم موچەیە زۆر لەوەش کەمترە کە لەوڵاتانی تری دنیادا، دەدرێت بە فەرمانبەران و کرێکاران. لەزوربەی هەرەزۆری دنیادا، موچە بەپێی لانی کەمی بەڕیچوونی ژیان دادەنرێت… لەکوردستان دیاریکردنی موچە بەپێی مەزاجی دەسەڵات و بنەماڵەی حزبی بریاری لێدەدرێت و پێودانگێک لە ئارادا نییە، تا بەلەبەرچاوگرتنی بازار و پێداویستی لانی کەمی بەڕیوەچوونی ژیانی هاوڵاتیان، بری موچە دیاری بکات و بەپێی چونە سەری نرخی کاڵاکان و چاوەروانیەکانی ئینسان و زۆر بوونی پێداویستیەکان موچە بەرز بکاتەوە، نەک هەر ئەوە بێ گویدانە هیچ پرانسیب و بێ لەبەچاوگرتنی ئاکامی هەنگاوی دژە ئینسانیان، موچەی زوربەی زۆری موچەخۆران و کارمەندانی کوردستانیان کردووە بە نیوەو چارەکە موچەو گوایە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، موچەی هاوڵاتیان پاشەکەوت دەکات و دواتر بۆیان دەگێرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە فرۆشتنی نەوت لرفەی دێت و خەڵکی کوردستان لەسەر دەریایەک لە نەوت و سامانی سروشتین. وە لەکاتێکدایە کە بەپێی چەندین سەرچاوەیی میدیایی داهاتی بەشێک لە بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەست لە کوردستاندا، بە سەدان ملیۆن دۆلارە.

بەڵی ئەم حزبانە لەژێر ناوی پاشەکەوتی موچەدا، و برینی موچەکان بۆ نیوەو کەمتریش دەستیان ناوەتە بینەقاقای هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، دۆخێکیان لە برسێتی و هەژاری خوڵقاندووە، کە نمونەکەی لە دنیای هاوچەرخدا کەم وێنەیە، ئەوە لەپاڵ گرانی بازارو بێکاریی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان.
وا ماوەیەکیشە شەیپوری وەرێخستنی ریفراندۆم لێدەدەن و بەتایبەتی پارتی رای گەیاندووە کە ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ پرسی جیابوونەوەی کوردستان وەرێدەخەن. یەکێتی و زوربەی حزبەکانیتریش چونەتە پشتی ئەم بانگەشەیە. دیارە بەو هۆیەوە پرسی جیابوونەوەو خەونی پێكهاتنی دەوڵەت، خولیاو ویستێکی بەرینی جەماوەرییە، سەرئەنجام هەموو حزب و رێکخراوەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد” بە قەومی و دینییەوە” دەچنە پشتی. بەتایبەتیش لە ئێستادا کە مەسەلەی هەڵبژاردنەکان لەپێشە، پشتکردنە بانگەشەو نەخشەی ریفراندۆم بۆ هەموو حزبەکانی تر خۆکوژیی سیاسیە لە بەرامبەر بە پێداگری پارتی بۆ ریفراندۆم.

ئەوەی جیگای لێرامان و هەڵوێستەیە، ئەوەیە کە پارتی ریفراندۆمی بۆ جیابوونەوە لەئیستادا ناوێت و دەیەوێت ئاکامی ریفراندۆم و دەنگی هاوڵاتیان، وەکو موچە پاشەکەوت بکات و وەکو دۆسیەیەکی تر… بەدەستیەوە دەگرێت بۆ ململانێی لەگەڵ ناوەند، بەتایبەتیش لە هەلومەرجی ئیستادا، کە شەر و کۆتاییهێنان بە توانایی سەربازی داعش لە کۆتاییدایە. ئەم مەسەلەیە کارت و هەوڵێکی لەپێشدا دراو و پێشگیرانەیە… بە سیاسەتەکانی عەبادی و ئامادەکارییە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو دۆسییەو فایلانەی بەهۆی شەری داعشەوە، هەڵپەسێردرابوون. لە پرسی پێشمەرگەوە بۆ سنور و ناوچە کیشەلەسەرەکان، لە مادەی ١٤٠ وە بۆ یاسای نەوت و غاز، لە مەسەلەی بودجەوە بۆ سەرژمیری و تادەگاتە ململانێ لەسەر پۆست و بەشداری سیاسی لە بەغدادا.

راگەیاندنی ئەوەی کە ریفراندۆم مەرج نییە بۆ جیابوونەوە بێت، گەورەترین سوکایەتییە بە دەنگی هاوڵاتیان و بەشداریان لە ریفراندۆمدا. ریفراندۆم پرانسیبی گەرانەوەیە بۆ رای خەڵکی تا پرسێک و مەسەلە و دۆسیەیەکی تایبەت، بەلایەکدا بخات و هاوڵاتیان تیایدا بەشێک بن لەو بریارەی کە دەیدەن. کەچی پارتی و حزبەکانی تر، دەیانەوێ ئەم پرانسیبەش بشێونن و بیکەنە پرسێکی حزبی و بۆ دەستکەوتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو پێشیلکردنی ئیرادەی راستەوخۆی خەڵکی کوردستان. یانی دەیانەوێ ریفراندۆم بکەنە بەشیک لە پرۆسەی ساتوسەودا لەگەڵ بەغداد و دایبماڵن لە ناوەرۆکی واقعی خۆی. پارتی و حزبەکانی بۆرژوازی کورد دەیانەوێ ئاکامی ریفراندۆم، کە دەزانن بە بەڵێی زۆربە تەواو دەبێت بۆ جیابوونەوە، دەیانەوێ وەکو دۆسیەیەک بیبەن بۆ بەغدا و بلێین ئەمە ئاکامی ریفراندۆمەکەمانە. خەڵکی کوردستان بە دەنگی زوربەی رەها داوای جیابوونەوە دەکەن، بەڵام ئێمە بەقسەیان ناکەین و ئێوە هەڵدەبژێرین. ئێوەش دەبێ لە بەرامبەر وەستانەوەی ئیمە بەرووی ئیرادەی زوربەی خەڵکی کوردستاندا، پاداشتمان بکەن. هەمان دۆسیە دەبەن بۆ تورکیاو ئیرانیش. نیشانی دۆستە ئەوروپی و ئیدارەی ئەمریکای ئەدەن کە هێشتا یەکپارچەیی خاکی عێراق دەپارێزن و گوێ بە دەنگی خەڵکی کوردستان نادەن… و لە بەرامبەردا سواڵی سیاسی و دارایی دەخەنە بەردەمیان.

پاشەکەوتی و موچە و ئێستاش نەخشە چنین بۆ پاشەکەوتی ئاکامی ریفراندۆم، بەمانای وێرانکردنی کوردستانە. لەرێگای پاشەکەوتی موچەوە، دۆخی ئابوری خەڵکی کوردسان و پرسی نانیان کردۆتە دیوەزمەی سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و دەیانەوێ بەمامەڵە بەپرسی خەڵکی کوردستانیشەوە، و بە پاشەکەوتی ئاکامی ریفراندۆم، پرسی خەڵکی کوردستان وەکو پرسێک کە دەبێ بەبەشداری خەڵکی کوردستان و بە هەندگرتنی ئیرادەی سیاسی و حقوقیان بە شوێنی شیاوی خۆی بگات و سەرئەنجام کوردستان لە عێراقی ئیسلامی و عروبی جیابێتەوە، دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێک بێت… بکەنە بەردەبازێک بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی خۆیان و کردنی بە کایەیەک بۆ سات و سەودا.

ئەم دەسەڵاتە… پرسی ئازادی لە ژێر ناوی مقدەساتە دینی و قەومی و کەلتوری و نیشتیمانی و نەتەوەیی و سەرکردەو رەمزەکان و ژێر پێخستوەو ژێر پێ دەخات. بە دزی و تاڵانی و برسیکردن و پاشەکەوتی موچە. پرسی نانی کردۆتە پرسی مانەوەی فیزیکی ژیان. پرسی ئایندەی خەڵکی کوردستان و سەربەخۆیش کە کیشەیەکی سیاسی و حقوقی و واقعی و میژووی و ناوچەیی ئەم سەردەمەیە، دەیانەوێت بیکەنە کاریکاتۆرو تەیریکی نامۆ. خەڵکی کوردستان پێویستە لەبەرامبەر بەم سیاسەتی برسیکردن و سەرکوتی ئازادی و کایە کردن بە پرسی خەڵکی کوردستان و ریفراندۆمەوە بە پلاتفۆرم و پاکیجی تایبەتەوە بێنە مەیدان و ئەم دەسەڵاتە لەرێگای تێکوشان بۆ پاکیجی خۆیان، لەسەر ژیان و گوزەرانی خۆیان وەلابنێن و وەڵامی کارسازو ئینسانی دروستی خۆیان بۆ هەرکام لە پرسی ئازادی و نان و دیاریکردنی ئاینندەی سیاسی خەڵکی کوردستان و شیوازی بەرێوەبرنی کۆمەڵگا… بخەنە روو. دیارە ئەمەش بەبێ سنوربەندی رۆشن و هەمەلایەنە لەگەڵ ئاسۆی ناسیونالیزمی کورد، لەتوانادا نییە. پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی و نەریتەکانی ئەم رەوتە لەخەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پارێزەریان لەلایەن دەسەلاتی بۆرژوازی کوردەوە، لێک هەڵپێکرێت و کۆتایی بەم دەسەڵاتە زاڵم و دیکتاتۆرو کۆنەپەرستە بهێنرێت. بەدەستەوە گرتن و کۆبونەوەو تیکۆشان لەدەوری ” نان، ئازادی، جیابوونەوەو سەربەخۆیی، دەسەڵاتدارێتی شورایی” ئەو پرۆژە سیاسیەیە کە کۆمۆنیستەکان دەبێ پێشرەوایەتی بکەن، گومان هەڵنەگرە ئەمانە وەکو پاکیجێک ویستی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانەو دەبێ نەخشە رێگای جێبەجێکردنی، بۆ دابرێژرێت و رابەرایەتیەکی کارامە و لێبراوی کۆمۆنیستی ئەرکی بەسەرکەوتن گەیاندنی بخەنە ئەستۆی خۆیان. دیارە ئەمە بەرامبەرکێییەکی کۆمەڵایەتی و هەمەلایەنە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی دەخوازێت. پێویستە بۆ ئەو نەبەردە ئامادەکاری پێویست بکرێت.
١٧ حوزەیرانی ٢٠١٧




كۆچێكی بێ سه‌روشوێن … سه‌ڵاح شوان

تایبه‌ته‌ به‌ شاعیری جوانه‌مه‌رگ: جه‌لالی میرزا كه‌ریم …………….

گه‌ڵایه‌كی خه‌مباری ده‌م
ڕووباری به‌فراوی مه‌رگی
ده‌ڕۆیت و ناگه‌ڕێیته‌وه‌
له‌ بیابانێكی وشك و برینگی ناوله‌پی شه‌ودا
كه‌س ناناسیت و كه‌س ناتناسێ‌ و بیرم ده‌كه‌ی
بیرم ده‌كه‌یت و بیرت ده‌كه‌م و هه‌ر شه‌وه‌ی
له‌ قوژبنێكی تاریكی
مه‌یخانه‌یه‌كی به‌غدادا
ده‌خۆمه‌وه‌ و باست ده‌كه‌م
باست ده‌كه‌م و ده‌گریم و ده‌خۆمه‌وه‌
تا له‌ بیرم ده‌چێته‌وه‌
له‌ناو به‌فردا
له‌به‌ر زریانی هه‌ناسه‌ی ساردمدا دانیشه‌ و مه‌ڕۆ
له‌به‌ر هه‌تاوی هاویندا
له‌ناو گڕی گریانمدا دانیشه‌ و مه‌ڕۆ
تۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی كزی
ده‌ست بۆ خۆری
وه‌ڵامی گشت پرسیاره‌كان درێژ مه‌كه‌
ڕێگا خزه‌
ئه‌گه‌ر ده‌شڕۆی جێم مه‌هێڵه‌
نێرگزێكم
ده‌توانی بمده‌ی له‌ یه‌خه‌ی
به‌ ئاوی خۆر نه‌شۆراوت
ئه‌سپه‌كه‌ت شاره‌زا نییه‌
توێشه‌به‌ره‌م و بمبه‌سته‌ پشتی خۆت و جێم مه‌هێڵه‌
بمبه‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا بمبه‌
بۆ شه‌و و تاریكیی ڕێگات
چرام و هاوده‌می ڕێگام
جێم مه‌هێڵه‌
خه‌م و مه‌یخانه‌كان و خۆر
به‌جێ دێڵم
بمكه‌ بازیبه‌ند و بمكه‌ قۆڵی خۆته‌وه‌ و جێم مه‌هێڵه‌
ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌
هێشتا ده‌ریا
ناتوانێت سه‌ر به‌ره‌و لووتكه‌كان هه‌ڵگرێت
ناتوانێت دوای
په‌ڵه‌ هه‌ورێكی په‌ره‌وازه‌ بكه‌وێت
ده‌ڕۆم له‌گه‌ڵ هه‌وردا ده‌ڕۆم
له‌گه‌ڵ باراندا دێمه‌وه‌
ده‌ڕۆم له‌گه‌ڵ خه‌مدا ده‌ڕۆم
له‌گه‌ڵ گریاندا دێمه‌وه‌
گشت هاتنێك ڕۆیشتنه‌وه‌یه‌كی به‌دوایه‌
ده‌ڕۆم له‌گه‌ڵ خۆردا ده‌ڕۆم
خۆر جێگای به‌رزه‌
تۆ هێشتا مه‌لێكی به‌رزه‌فڕ نیت
ده‌ترسم ڕه‌هێڵه‌ی خه‌م
ئه‌م به‌هاره‌
په‌ڕ و باڵت ته‌ڕ بكات و په‌كت بخا و نه‌تبینمه‌وه‌
جێم مه‌هێڵه‌
خۆشه‌ویستم ڕووبارێكی به‌هاره‌یه‌
دڵیشم ده‌كه‌مه‌ پاپۆڕ
بۆ لووتكه‌ی كام چیات ده‌وێ‌
سه‌رت ده‌خه‌م
جێم مه‌هێڵه‌
دڵمت بۆ ده‌كه‌مه‌ چه‌تری
خوێنینی مه‌مكی شه‌وگار
له‌ دابارینی ئه‌ستێره‌ و سه‌رمای شه‌وانی سایه‌قه‌
ده‌تپارێزم جێم مه‌هێڵه‌
جێم مه‌هێڵه‌
بارانم و بۆ هه‌ركوێ‌ بڕۆیت
ده‌توانم لێوی غه‌ریبی و نوێنی ته‌نیاییت بۆ ئاوڕشێن كه‌م
جێم مه‌هێڵه‌
ده‌ڕۆم و ناگه‌ڕێمه‌وه‌
خه‌می خۆت بگره‌ باوه‌ش
بیلاوێنه‌وه‌ و بیمژه‌ و خۆشت بوێ‌
خۆشم ده‌وێ‌
من خه‌می خۆمم خۆش ده‌وێ‌
خه‌م میوانی ئازیزی شه‌وی پایزه‌
به‌ درێژایی گشت شه‌وه‌كان
بۆم ده‌ڵێت و بۆی ده‌ڵێم
خه‌وم نایه‌ و خه‌وی نایه‌ت
خه‌م دۆستی شه‌وه‌ و دڵدارمه‌
تا به‌یانی سه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر دڵم
به‌ڕووتی له‌گه‌ڵمدا ده‌نوێ‌
خۆشم ده‌وێ‌
من خه‌می خۆمم
خۆش ده‌وێ‌
11/11/1975 به‌غدا

———————————

دوو شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم

بڕوای شار

له‌ گیانێكا … ئینسانێكا
له‌ قووڵایی ئاسمانێكا
له‌ شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له‌ كسپه‌ و چزه‌ی ژانێكا
زۆر شت بینرا، ئێجگار نوێبوون.
* **
بۆ گه‌ل
مه‌شخه‌ڵ
چرای ڕێبوون.
وای كرد پێڵووی چاو لێكنه‌نرێ‌
له‌ ڕووی تیشكی ئه‌و بڕوایه‌
هه‌ژاری شار هه‌نگاو بنێ‌
به‌ره‌و سه‌ختی ئه‌و ڕێگایه‌
كه‌ نان
ژیان
به‌ختیاری بۆ ئه‌م تیایه‌.
***
له‌ گیانێكا … ئینسانێكا
له‌ تاریكی ڕۆژانێكا
فرمێسك تیایا له‌رزی و ترسا
گه‌لێك پردی مه‌زن ڕووخا
كه‌سێك بینرا
كه‌سی گشت كه‌س
ژیان لای به‌س
مردنێكی سه‌ر به‌رزی بوو
تاقه‌ بڕوا
قوربانی پڕ دڵسۆزی بوو
كه‌سێك بینرا
به‌ پێشمه‌رگه‌ی كورد ناو ئه‌برا
چه‌ند لێی درا
ئازار درا
هه‌تا كوژرا
ناوی كورد و كوردستانی له‌ ده‌م نه‌بڕا.
***
له‌ قووڵایی ئاسمانێكا ….
له‌ ئاهی چه‌ند شاوانێكا
مانگی ڕووی دایك ئه‌بینرا
مات و بێده‌نگ
فرمێسكی مه‌نگ
نم نم له‌ چاوی ئه‌ڕژا
بۆ كۆرپه‌ شیره‌خۆره‌كه‌ی
كه‌ دوژمن له‌ بێشكه‌ی گڕا
به‌ نێزه‌ فێره‌ خوێنه‌كه‌ی
دوا تریقه‌ی گه‌شی خنكا
ئاسمان ڕووخا
زه‌وی جووڵا
مناره‌كه‌ی مزگه‌وتی شار
هات به‌لادا
نوێژ تێكدرا
خوێن په‌ڵه‌ی دا
به‌ڕووی خوادا هه‌ڵپژینرا
له‌ تاوانی ئه‌و مناڵه‌ی
وا سه‌ر بڕا.
***
له‌ شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕ بارانێكا
كڵپه‌ی تۆڵه‌ له‌چاوێكا
دڵی دوژمنی ئه‌پێكا
چاوی جوانێكی ….
كچه‌ شوانێك
كه‌ نامه‌ردێ‌ … جانه‌وه‌رێ‌
داگیركه‌رێ‌
ڕێی لێبگرێ‌
له‌دوای تێربوون سه‌ری بڕێ‌
له‌ چاوێكا ….
له‌ چاوی كچه‌ كوردێكا
بینرا تۆڵه‌
نه‌ك یه‌ك تۆڵه‌ … هه‌زار تۆڵه‌
تۆڵه‌ی زامی
بێئارامی
ژێر پێله‌قه‌ و مشته‌ كۆڵه‌.
***
له‌ كسپه‌ و چزه‌ی زامێكا
ته‌پاوتلدانی ژانێكا
باخێك بینرا
باخی هیوا
تۆوی بڕوا پێدا ئه‌كرا
بڕوا به‌گه‌ل … به‌ ڕابه‌رێ‌
به‌و زه‌حمه‌تكێشه‌ی، ڕاپه‌ڕی
بڕوا به‌وه‌ی
ئامانجی كورد … هیوای نه‌وه‌ی
به‌رناگرێ‌ …
ئه‌گه‌ر خوێنی بۆ نه‌ڕێژرێ‌
• گۆڤاری ڕزگاری، ژماره‌ (9) كانوونی 1969، سلێمانی. ل: 17.

————————

ڕازێكی ده‌روون

گوێ‌ شلی ئه‌و وتانه‌م له‌ شه‌وه‌زه‌نگا
چرپه‌یانه‌ له‌ خامۆشی تاری سنگا
ئه‌و سكاڵا تاڵه‌ی هه‌رده‌م
هه‌ڵده‌ڕێژێ‌ زووخاوی خه‌م
ئه‌و پرسیاره‌، بێ‌ وه‌ڵامه‌ی، ڕێی پێنابه‌م
نه‌ تێی ئه‌گه‌م
نه‌ ئه‌شتوانم لێی هه‌ڵبێم و خۆم ده‌ربازكه‌م.
***
چیم له‌ بوونما ئاخۆ ده‌سكه‌وت
بڵێسه‌ و گڕ؟
یا هێمنی، گیانی نه‌سره‌وت
شادمانی، یا خه‌می دڕ
***
دنیا و ته‌مه‌نی له‌مه‌ودوام
ئاخۆ چۆن بێ‌؟
پڕ جریوه‌ی ئه‌ستێره‌بێ‌
ئه‌سمانه‌كه‌ی دوێنێی بڕوام.
***
ئه‌ی خۆم، كێ‌ بم؟
به‌زه‌یی بم، یا شه‌ڕخواهی
خۆشه‌ویستی، یا ڕقاوی
ئاخۆ چی بم؟
***
ته‌زوویه‌كیش به‌گیانما دێت
فرمێسك و بزه‌ی لێده‌تكێت
كاتێك ده‌روون
دێته‌ گڕ و كفت و هه‌ڵچوون
وێنه‌یه‌كی پرسیاراوی
ئه‌خه‌مه‌ به‌رچاوی وێڵم
تیایا دڕكی ئاگراوی پڕ له‌ چزه‌ی ژین ده‌شێلم.
***
له‌ فرمێسكا … له‌ بزه‌ی یادی جارانما
له‌هه‌نسكا … له‌ شاڵاوی بیرسووتانما
له‌ ناخه‌وه‌
له‌ ناخێكی به‌ داخه‌وه‌ …
ڕوخساری خۆم، به‌دی ئه‌كه‌م
ڕووم تێ‌ ئه‌كا … ڕووی تێ‌ ئه‌كه‌م
دێینه‌ دووان …
له‌من یه‌ك و له‌و به‌سه‌دان.
***
جا له‌ ڕوخسارم تێ‌ ئه‌گه‌م
بۆ وته‌یه‌ك گوێ‌ شل ئه‌كه‌م
له‌ قووڵایی دڵمه‌وه‌ دێت
ئه‌نه‌ڕێنێت و پێم ئه‌ڵێت
نازانیت كێیت؟
پایه‌ت چه‌نده‌؟ كامه‌یه‌ جێت؟
***
تۆ مرۆڤیت … بڵنده‌ جێت
چه‌ند به‌ژان بێ‌ ژینی دوێنێت
ئه‌مڕۆ ئازاد، ملی ڕێگات
بگره‌ به‌ره‌و دنیای هیوات
ئه‌وسا هه‌ر وێنه‌ی ڕووی دوێنێت
هه‌زار و یه‌ك ڕه‌نگ ئه‌نوێنێت
باخی وشكی زه‌ردی سیسبوو
به‌ ده‌ریای گوڵ ئه‌نه‌خشێنێ‌
به‌ هه‌زاران وته‌ی نوستوو
له‌ خه‌وی قورس هه‌ڵئه‌سێنێ‌
په‌ڵه‌ هه‌وری ڕه‌شی سنگت
دێته‌ ڕه‌وینه‌وه‌ و نه‌مان
لێڵی گۆمی خولیای مه‌نگت
ڕوون ئه‌بێته‌وه‌ گه‌ش و جوان
تێده‌گه‌یت كێیت
بۆچی ده‌ژیت … كامه‌یه‌ جێت
به‌ره‌و كوێیه‌ هه‌نگاوی ڕێت
تێئه‌گه‌یت كێیت …

• گۆڤاری تووتن، ژماره‌ (4)ی ئایاری 1970، به‌غدا. ل: 61.




روحم دێشێ … چنوور نامیق

روحم دێشێ و ته‌بیبى روح بوونى نیه‌ ئه‌من چیبكه‌م؟
ده‌وه‌رانمه‌، له‌گه‌ڵ سووڕى زه‌ویى فانى
كه‌ خاڵى راوه‌ستان نه‌بێ ، چی بكه‌م؟
چاوم دێشێ كه‌ شه‌و كوێر بم
له‌ سوور و زه‌رد و سه‌وزایى ئه‌من چى بكه‌م؟
له‌ ده‌سپێكم هه‌تا كۆتا، كه‌ تووشى په‌تاى ونبوونم
له‌ ته‌لار و له‌ ڤیلاى عه‌شق، دڵنیا به‌ له‌ تیاچوونم

روحم دێشێ و ده‌روون خاڵى له‌ هه‌را و زه‌ناى ئارامى
شه‌وى ناخم، قاڵ بێ له‌ زره‌ى پێك و چاوى مه‌ست
له‌ دیوانى درۆى ژیان كامه‌یه‌ كاتى مه‌ستبوونم؟
ده‌مێ خه‌نده‌ ئه‌كه‌مه‌ هۆگرى درۆ و ده‌مێ
تووڕه‌یى ئه‌مباته‌ حه‌وشه‌ى درۆیه‌كى دوورتر
له‌م هه‌رێمه‌ شه‌رمه‌زاره‌
كه‌جوگرافیاى بێداڵده‌یى له‌ناخمدا جێنیشین بێ
كه‌بستێ خاك بۆمن نه‌بێ
ئه‌دى چیبكه‌م؟

كه‌ مانگ و خۆر بێ وه‌فان و قه‌ت ناگه‌نه‌ وه‌سڵى دیدار
له‌م راوڕاوێنى ژیانه‌ مه‌یلى دیدار و ئارامى چی بكه‌م؟
ئا له‌م نه‌خشه‌ شه‌رمه‌زاره‌ى كه‌س باكى نییه‌ به‌ وه‌فا
كه‌ سازگارى وه‌فا نه‌بێ، ده‌ پێم ناڵێن لێره‌ چی بكه‌م؟
روحم دێشێ و ته‌بیبى روح بوونى نیه‌ ئه‌من چیبكه‌م؟
چاوم دێشێ كه‌ شه‌و كوێربم
له‌ سوور و زه‌رد و سه‌وزایى ئه‌من چى بكه‌م؟

22-6-2017




موسـڵمانی کورد ڕەنج بەبـایە … کاوە هادی

دینداری ئامڕازێکە بۆ گەشـتنە ئامانج ، گچکەترین و ئاسـانترین ئامانج ، رازیکردنی دید و تێڕوانینی کۆمەڵگەیە لە تاکی ناو کۆمەڵگە ، بە داخەوە ئەم تاکانە زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدێنن . ئەم زۆرینەیە بەرهەمی هـزر و ئەقڵی خۆیان نا چـننەوە ، وەک مـشەخۆر بەرماوەی ریش سپیەکان گەرم دەکەنەوە ، کە هەمان بەرماوەی چەند سـەدەیەکی رابوردوە ، نەوە لە دوای نەوە ئەم چێشتی مجەورە دەرخواردی یەک دی دەدەنەوە ، بێگومان زۆرینەی رەها کۆکن لە ئامانجدا بەڵام ناتوانن یەک رەنگ و یەک دەنگ بن لە هەڵسوکەوت و دید بۆچونیاندا . هەندێکیان کەیف و سەفای خۆیان دەکەن و مسـقالە زەڕەیەکیشی تێدا دەهێڵنەوە بۆ بەرقاپیەکەی خودا ، کـفرناکەن و بە ئینشەڵاوماشەڵا قسـەدەکەن ، لەو دوازدە
مانگەی سـاڵ یەک مانگی خۆیان دەپارێزن لە زگ و نەفەس و هەوەسبازی . هەندێکیان هەرچی خودا پێی ناخۆشـە دەیکەن و دەیخۆن و دەیخۆنەوە ، هەرلە دزی و درۆزنی و لاقەکردنی ژن ومنداڵ هەتا دەگات بە پیاوکوشـتن و خوێنڕێژی ، هەرکاتێ تەمەن هەڵکشـا بۆ لێواری مەرگ ئیدی ، گۆشـەی مزگەوت بەرنادەن و سـەریان بچێت یەک نوێژیان ناچێت ، ئاخر دەنگۆیەکی زۆر ترسـناک هەیە دەڵێت … گرنگ نیە چیت کردوە و چیت نەکردوە ، چەندە پیاو و ژن و منداڵت کوشـتوە ، گرنگ ئەوەیە یەک جار بەڕاستی و لەدڵەوە بڵێیت (( شـایەتمان دێنم کە تەنها اللە خودایە وە موحەمەدیش نێردراوی خودایە )) ئیدی دڵنیابن لە ڕۆژی دواییدا قاپیکانی بەهەشـت بۆ ئێوە دەکەونە سەر گازەرەی پشـت و هەتا هەتایە لەو باغانەی بەهەشـت ، بە سـێکس و شـەراب و میوەهاتی خۆش دەیگوزەرێنن !!!. هەندێکی دی لە هەرەتی منداڵی و تافی لاویدا لە گشت مافەکانی ئەو تەمەنە جوانە خۆیان بێ بەشدەکەن ، رەنگ زەردو لەڕو و لاواز ، لەترسـی عەزابی قەبر ناوێرن سـەری خۆیان بخورێنن ، ئاواتە خوازن یەک رۆژ زودتر ماڵئاویی لەم ژیانە کاتییە بکەن و بگەن بەو ژیانە بێ کۆتاییە بە مولاقاتی پێغەمبەری نازدار و خوا گیان شـادبن !!!.

هەندێکی دی هێندە بە گوتەکانی قورئان و فەرمودەکانی موحەمەد بێ هۆشـکراون ، ئەگەر لە سـاتێکدا خوێنی ١٠٠مرۆڤ برێژن ، بریسکەی سـمێڵیان دێت و شـانازی دەکەن کە بوون بە شـێری خودا ، هێندە تامەزرۆی ئەو باغانەی بە هەشـتن دەسـت وەرئەدەن لە کاری خودا ، خۆیان دەست دەنێن بە دوگمەی مەرگ و شـەهادەتـدا ، ئەم شـێرانەی خودا شـەهـیدن لە پێناو سـەرکەوتنی دینەکەی خودا ، بە پۆسـتاڵی قوڕاوی بە دەسـتی خوێناوی یەکڕاست بۆ بەرزایەکانی بەهەشت بۆ باغ و کۆشـکە تاپۆ کراوەکان بۆ شـەهیدانی سـەروەر دەڕۆن ، حۆرلعەین و کەنیزەکی پاکیزە و سـەرمۆرکراو بۆ ئەمان بێ حسـاب و کیتابە لە ٧٧ وە دەستپێک دەکات هەتا ٧٧هەزار !!!. تەواوی جەنگاوەرانی ئەم ئاینە له هەردوو دیرۆکی کۆن و نوێیدا ، بەم شەرابە هۆشـبەرە بێ هـۆشـکراون ، بنواڕنە قەتڵوعامی تیرە و هۆزەکانی مەکە و مەدینە ، قەتلوعامی بابوباپیرانمان نوێترین خوێنڕێژی تاوانی شـەنگاڵ و قەتلوعامی خوشکو برا ئێزیدیەکان بوو . تەواوی پاداشـتەکانی ئەودونیا بۆنێرینەکانە ، من تەنها یەک پاداشـتم بیسـتوە بۆ مێیینەی موسـڵمان … گەڕانەوەیان بۆ لای مێردەکانی ئەم دونیایان خۆ ئەگەر زاڵمێکیش بووبێت و سێ ژەمە نانوشـەقی دەرخوارد دابێت ، بەمەرجێک دەبێت ئەو ئافرەتە ئەهلی بەهەشـتبێت و ڕۆژێ لە ڕۆژان دڵی مێردەکەی نەڕەنجاندبێ ، دەنا چاوی بە پشـتەملی خۆی بکەوێت چاوی بە بەهـەشت ناکەوێت ، هەرچەندە موحەمەد لە دێڕزەمانەوە نوقلانەی دۆزەخی بۆ لێ داون ، ئەوەنیە کە لەسەر پشتی بۆراق فڕی بۆ ٧تەبەقەی ئاسـمان و بینی … زۆرینەی ئەهلی جەهەنەم ژنان بوون ، ئەمە لە کاتێکدا هەم قورئان و هەم موحمەد خۆیشی دەڵێت ، بەهەشـت و دۆزەخ دوای ڕۆژی ئاخیر بەرپادەبن ، واتە هێشـتا نە بەهەشـت ڕازاوەتەوە نە ئاگرکەی دۆزەخیش گڕدراوە ، تۆ بڵێیت ئەم نێردراوی خودایە سەردانی کام دۆزەخی کردبێت ؟ .

ئەم پەرەگرافەی سـەرەوە تەنها تایبەت نیە بە بڕوادارانی کورد و ئاینی ئیسـلام ، گشتگیرە بە تەواوی ئاین و نیمچ ئاینەکان ، وێڕای رێز و تێگەشـتنم بۆ تەواوی بیروباوەڕەکانی تاک بە تاکی ئەم گۆی زەمینە ، من چەند سوورم لەسەر بڕواکانی خۆم ، تۆش مافی خۆتە دە هێندە سـووربیت لەسـەر بیروبڕوای خۆت ، هەر لە مانگاپەرست و گاپەرست و خوداپەرست هەتا ئاگرپەرست و سروشت پەرست و جوان پەرستان ، بوونی بڕوا و نەبوونی بڕوا زۆر تایبەت مەندە بەو مرۆڤەوە ، ئەوەش کاریگەریی شـتگەلێکن کە تەنها ئەو کەسە لەو کەمەنکێشـیە تێ دەگات ، جا ئەگەر ئەرێنی بێت یان نەرێنی خۆی سەرپشک و فریاڕەسی خۆیەتی . تەنیا خاڵی جیاوازم ئەوەیە بەتۆپزی بیروباوەڕی خۆت نەسەپێنی بە سەر کەسێکی دی کەدا ، ترسولەرزی درۆ بڵاو نەکەیتەوە بە نێو چینە لاواز و کەم تواناکان ، خۆ ئەگەر کار گەشـتە بەکارهێنانی شمشێر و چەک بۆ سەپاندنی بیروڕا ، ئەوا دڵنیابە کە تۆ بەکتریا و ڤایرۆس بڵاودەکەیتەوە نەک بیروبڕوا . بنەبڕکردنی هەموو ئەو بەکتریا و ڤایرۆسـانە ئەرکی سەرشـانی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و خاوەن بیرێکی مرۆڤ دۆسـتانەیە . بە گوتەیەکی بیرمەندی میسری کۆتایی بەم درێژدادڕیە دەهێنم و دواجار دێمە سەر ڕەنجەڕۆیی موسـڵمانی کورد ، سەید ئەلقمنی لە کۆڕبەندێکا گوتی … هەموو دوپشکێک کوشـندەیە ، بەڵام ئایا هەموو دوپشـکێک لە ماوەی تەمەنیدا شـەرەفی کوشـتنی مرۆڤێکی بەردەکەوێت ؟ .

ئاین دەشـێت وەک تەواوی ئایدۆلۆژیەکان بکرێت بە ئامرازێک بۆ بەرفراونی قەڵمڕەوی دەستەڵات ، بۆ داگیرکردنی خاک و نیشـتمانی دەرودراوسـێکانی دوور و نزدیک . جێگەی سـەرسـوڕمانە ئاینێک لە بیابانێکی وشکی پر لە کێشە و تاوان ، بارگاوی بەدڕندایەتی و خوێنڕێژی سـەرهەڵبدات و لە ماوەیەکی کورتدا خۆی بسـەپێنێ بەسـەر تەواوی ناوچەکەدا ، پەل هاویشـتن بۆ وڵاتانی دراوسـێ ، ناعەرەب و ناموسڵمان بن و خاوەنی فەرهەنگ و شـارستانی خۆیان بن ، نەک تەنها داگیرکردنیان بەڵکو گۆڕانیشـیان بۆ عارەب و بۆ موسـڵمان ، نموونەی میسـر و شـام و تونس و مەغریب ، تەواوی سەرچاوە مێژویەکان پێمان دەڵێن … نیشـتمانی عارەب تەنها نیمچە دورگەی عارەب بووە ، جگە لە چەند هۆزێکی پەرت وبڵاو نیشـتەجێ لە دەرەوەی ئەم نیمچەدورگەیەدا ، بەڵێ ئەوە تەنها هێز و شەڕانگێزی عارب نەبوو بەڵکو ئەوە ئاینی ئیسـلام بوو کە عارەبی کرد بە یەکێک لە نەتەوە گەورەکانی جیهان و کاریگەر لەسەرمـێژوی گشت دونیا ، دواجار قۆستنەوەی ئەم ئاینە لە لایەن خەڵکانی ناعارەبەوە ، بۆ بەهێزکردن و بەرفراوانیی دەسـەڵتی قەڵمڕەویان ، ئەوە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی * عوسـمانیەکان بوو گەیشـتە ئاوروپا و ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست ، بە هێزوبازوی شـەڕانگێزی خۆیان و وزەی ئەم ئایدۆلۆژیەی کە ناویان لێ نابوو ئاینی ئیسـلام ، دەنا تەنها دڕندەیی تورک وتەتار بەس نەبوو بۆ ئەم پێشـڕەفتە گەورەیە و بەردەوامیی حوکمی ٦٠٠سـاڵەی عوسمانیەکان ، هەر ئەمەش بوو بە بەردی بناغەی دامەزرانی دەوڵەتێکی گەورە و گرنگی وەک تورکیای ئەوڕۆ .
دوای داگیرکردنی ئێران و خاپورکردنی کلتور و شـارستانیەتیان لە لایەن عاربی موسـڵمانوە ، ئێرانیەکان دەستەوەستان بەچۆکدا نەهاتن ، هەر زوو بەزوو خۆیان کردە موسـڵمانی شـیعە ، دەنا کێشمەکێشی سونە و شـیعە نە لە دوور نە لە نزدیک پەیوەندی بەو خەڵکەوە نەبوو ، بەڵام ئەوە وزەی ئەو ئایدۆلۆژیە بوو کە ناویان لێ نا (( ئالی شیعە ))و خۆیان پاراست لە داگیرکاری عارەب و تورک و دامەزرانی دەوڵەتی* سەفەوی ، دواجار بوو بە بەردی بناغەی دەوڵەتێکی بەهێزی خاوەن دەسەڵات لە تەواوی ناوچەکە و جیهاندا . هەرچەنەدە ئەوڕۆ تێگڕای دوڵەتە عاربەکان ، لەژێر هەم هەڕەشە و هەم ڕەحمەتی هۆردک ئێرانی شیعە و تورکیای سونەدایە ، بەڵام ئەمە شەقی مێژوە مێژوش شەرمی لە هیچ کەس نیە ، هەرکەسـە باج و خەراجی هەڵە و ڕاستی خۆی دەدا . هاوشێوەی عآرەب سەرجەم ئەم گەل و وڵاتانە ، بە کۆمەکی بەکارهێنانی ناوی ئیسـلام و دینداری خۆیان پێ دروستکرد و لە بوون بە عارەبیش خۆیان پێ پاراست .

لە مەحاڵ مەحاڵتر بوو میللەتێکی لاوازی پەرتوبڵاو ، لە فۆرمی تیرە و هۆزدا بەرگری بکات لە خەڵک و خاکەکەی ، لە کاتێکدا دوژمنێکی دڕندەی مرۆڤخۆری بەربەری ، بە شـمشێرێکی خوێناوی و ئایدۆلژیەکی سـیحراوی هەڵی کوتابێتە سـەری . تەسلیم بوونمان و موسـڵمان بوونمان ، باشـترین و تەنها بژاردە بوو لە پێناو مانەوە و درێژەدان بە ژیانی کولەمەرگی ، خۆ ئەگەر کوردیش بیتوانیایە هاوشـێوەی ئەو نەتەوانە ئەم ئاینەی بەکاربهێنایە بۆ خۆدروسـتکردن و دامەزرانی ئەمارەتێکی کوردی و پاشـان بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرنی بەهێز و خاوەن پێگە ، ئەوامن یەک بسـتەڕێ ڕێم نەدەکرد بەبێ مێزەر یان عەمامە ، ئەو فرسـەتە لەدەست دەرچوو ، مۆدێلی بەکارهێنانی ئاین و بەناوی سەرخستنی ئاینی خودا بۆ دامەزرانی ئیمارە و خەلافە و ئیمپراتۆری نەما ، تەنانەت ئەبوبەکر بەغدادی و ئۆردوغانیش ئەسـپی خۆیان تاودا بەڵام نەیان توانی ڕۆح بکەنەوە بەر سـوڵتان و خەلیفەکاندا . ئەی کورد لەم بێ حاڵوئەحواڵیەیدا چیداوە لە هەڵگری ئاڵای ئیسـلام ؟ دەیەوێت لە پێناوی چـیدا ئاینی ئیسـلام سـەربخات ؟ بۆ خۆی لێ بوگە بە موسـڵمانی نمرە یەک ؟ جارجارە دەدەن بەگوێماندا کە گوایە کورد لە عارەبی نیمچە دورگەی عارەب باشـتر لە قورئان تێ دەگات ، تورک و فارس خواڕەحم بە ئیمانیان بکات ، گوایە ئەوان لەنگاوقوچ لەم ئاینە پیرۆزە گەیشـتون !!!. خوا هەڵناگرێت ناوبەناو دوژمنانی کورد ، بە کیمیاباران و ئەنفالکردن و ڕفاندنی کچ و خوشـکەکانمان وە بیرمان دەهێننەوە ، بە ئاشـکرا دەڵین ئێوە هێشـتا کافرن و سـەر و ماڵتان حەڵاڵە بۆ ئێمەی موسوڵمان . لەمیمبەری مزگەوتێکی ئالی شـیعەوە کاکی ئیمام دەیشـڕاند بۆ ئەو هەموو لە خواترس و خەڵکە نورانیە (( نەکەن خوێنتان تێکەڵی خوێنی کورد بکەن ، جونکە بە ئیسپاتەوە ، کورد قەومێکە لە قەومەکانی جـــن ))ئێسـتا قبوڵمانە موسـڵمانیەتیمان لێ وەرناگرن ، قەیناکە کافروبێ دینین بەڵام خوا

هەڵناگرێت ئێمە نە خێوین و نە جنۆکە ، مەلایەکی تورکی سـونی لە مزگەوتێکی فرە گەورە و پڕ حەشاماتدا ، هەردووک دەسـتی ڕوەو خودا بەرز کردبۆە ، یەک لە سەریەک دوعـای خراپی لێ دەکردین و حەشـاماتەکش بە دویدا ئامین ئامینیان بوو ، کاکی مەلا بە تۆپ و تەیارە دڵی ئاو ناخواتەوە ، بە ڕەجەب طەیب ئۆردوغانی دەگوت ، حەق وایە بە چەکی نەوەووی لەم مار و دوپشـکانە بدەیت ، ئاخر من کەسم نە دیوە نان بداتە مار و دوپشـک ، ئەو حەشامەتەش ئامین ئینشـڵایان دەگوتەوە ، باوکم بمانکوژن چـەکی نەوەوویش بەکاربێنن بەڵام ویژدان خۆشـە بۆ مرۆڤ ، ئێمە لە پێش هەموو ئێوە مرۆڤ بوین لە سـەر ئەم خاکە . ئێمە نە جنۆکەین نە مارین نە دوپشـک ، تەنها تاوانمان کوردبوونمانە . ئیدی بە هەموو خوشـک و برا جنۆکە و مار و دوپشـکەکانم دەڵێم ، چی دی خۆمان هەرزان فرۆش نەکەین و چی دی وزەی خۆتان بە بادا مەدەن .

کاوە هادی
……………………………………………………………………………………………………………………..
( * ) دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1299 وە هەتا ساڵی1923 حوکمیان کرد . بۆ ماوەی نزدیکەی 600 ساڵ .
لە سەدەکان ١٦ و ١٧ دا زۆربەی خاکی هەرسێ کیشوەری جیهانی کۆنی لەژێردەستابوو ، واتە هەموو ئاسیای
ناوەڕاست ، بەشێکی زۆری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ، ڕۆژئاوی ئاسیا و باکوری ئەفریقای دەگرتەوە .
( * ) دەوڵەتی سەفەویی .. سەفەوییەکان لە ساڵی 1501 وە هەتا ساڵی 1736 حوکمیان کرد ، دەوڵەتێکی
بەهێزی شیعە مەزهب بوون ، لە گەڵ عوسمانیەکان لە ڕۆژئاواوە و لە گەڵ ئوزبەکەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە
شەڕ و کێشەی زۆریان هەبوو .




ڕووحی تورکی لە جەستەی کوردی کوردئایدل-دا!؟ (بەشی کۆتایی) … برایم فەڕشی

لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل

” پێناسەی تازەی عێراقی کە لە دهۆک بڵاوکراوەتەوە یەک وشەی کوردی تێدانییە! گەلێک مامۆستا لە فێرگەکان وەرەقەی ئیمتیحان دەفرۆشن، یان کارێکی وا دەکەن شاگردەکانیان لە دەرەوەی مەدرەسە، دەرسی خسوسی لای خۆیان وەرگرن! فرۆشتنی دیپلۆم، بەکەلۆری، دوکتورا بازاڕی گەرمە! دوکتورەکان لە جیاتی کاری پزیشکی خەریکی تیجارەتن!! … لەو وڵاتە لە شارە گەورەکان کتێب خوێندنەوە باوی نەماوە، بەڵام ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە زیادی کردووە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر کراونەتە مووچەخۆری حزب و حکوومەت! لەش فرۆشی و خوشگوزەرانی و بازاڕی سێکس لە گەشەسەندندایە!… نەخۆشخانە بە پێی پێویست نییە!… ژێربینای ئابووری(کشت وکاڵ) تێکقرماوە و ژێربینای سەنعەتی لە گۆڕێدانییە، ئەوەی بڕەوی هەیە تیجارەتی پڕڵە گەندەڵی بازاڕ و بیناسازییە کە بە میلیارد پارەی تێدادەگەڕێ، کە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دوور سوودی گەورەی لێدەبینن…. !” (ئەمە کورتەی قسەی چەند کەسە لە لە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢)
ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سولەیمانی لە نەوشیروان مستەفام پرسی،- چ دەکەن بۆ ئەو کەس و شەریکانە کە گەرەکیان بێ لە کوردستان سەرمایەکەیان وەکار بخەن؟- گوتی “هاسانکاریان بۆ دەکەین و پێنجساڵ باجیان لێ داوا ناکەین.”
ئەم تێگەیشتنە کاکلی سەرەکی تێڕوانینی بەرپرسانی باشووری کوردستان لە سیاسەت دەردەخات. ئەوان سازان لە گەڵ دەرەوەیان لا گرنگتر بووە، هەتا ناوخۆی وڵات و خەلک. کەسیش لێیان ڕاست نەبووە بپرسێ” بۆچی دەبێ پیشەکار و خاوەنکاری کورد باج بدەن و بیانییەکان ببخشرێن؟” ئەم تێگەیشتنە سەرچاوەی وێرانی ئابووری و فەرهەنگ و هونەر و کەسایەتی کوردستان بووە و تێگەیشتنی تاکە کەس و حزب و لایەنێک نییە و تێگەیشتنی حزب و حکوومەت و بەرپرسانە!
حزب و حکوومەت و بیانییەکان و بازرگانانی تازە پێگەیشتوو، باشووری کوردستانیان کردۆتە ویترینی هەر چەشنە کالایەک و مەیدانی داڕمانی ژێرخانی ئابووری، فەرهەنگی، هزریی و هونەریی تا ئەو جێگایەی کارهاسانی بۆ ترکەکان کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەکانیان بە جێگای ئەستانبوڵ و ئانکارا لە ستۆدیۆی کوردسات تۆمار بکەن و ڕاستەوخۆ رەوانەی ماڵە کوردەکانی بکەن!

لە باشوور پڕۆژەی ساخکردنەوەی کەسایەتی تاکی کورد لە ئارادا نەبووە، سیستەمی پەروەردەی پێشوو بە داپۆشینی ڕووکەشی کوردی بەردەوام کراوە. مێدیا کەتۆتە سەر خەتی مێدیای وڵاتانی دەوەر وبەر. لەم بیست وپینج ساڵە هیچ بەرهەمێکی جیاواز لە ڕابووردو کە مۆری وڵات و خەڵکێکی جیاواز لە ترک و عاڕەب و فارسی هەبێت، نەبیندراوە. ئەوەی بیندراوە لاسایی کردنەوەی لاساییکەران و کڕنۆش بردن بۆ ئەوان و بوغزاندنی پسپۆڕانی دەرەوەی بازنەی حزبەکان بووە!
پرۆفیسۆرێکی کورد بێڕێز کراوە بۆ پیرەسەربازێکی بریتانیایی، پرۆفیسۆرێکی تر بێڕێزکراوە بۆ شاگردە فەڕانسەوییەکەی، بەرپرسی دەفتەری بازرگانی کورد و ئاڵمان، بێڕێز کراوە بۆ تاجرێکی پلە نزمی ئاڵمانی، دەیان پڕۆژەی کارسازانەی پسپۆڕان و خەمخۆرانەی کورد ڕەد کراونەتەوە و جێگای ئەوان بە ترک و فارس و عاڕەب و فڵانە شۆفیرتانکێری،ئەندامی فڵان حزبی ئاڵمانی پڕکراوەتەوە! تورک ئایدل کە بە کوردئایدل دەفرۆشرێ، ڕوخساری پرۆژەکانی هاوچەشن و کەسایەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دەردەخات!

ئەمەی خوارەوە ڕاگەیاندنی کوردساتە و وەک خۆی بە هەڵەکانیەوە بڵاو دەکرێتەوە. لەم ڕاگەیاندنە دا، تەنیا یەک مەرج بۆ داواکار هەیە، زانینی زمانی”تورکی” نەک لە ئەستانبول لە سولەیمانی.
>> کورد ئایدل بە دوای هاوکاری نوێ دەگەڕێ هەڵدەستین بە دامەزراندنی هاوکاری نوێ(کە زمانی تورکی بزانێت) بە شێوەی پارت تایم لە بەشە جیاجیکانی ستافەکمان لە ماوەی پەخشی راستە وخۆدا ئەگەر تۆش پێت خۆشە ببیت بە بەشێک لە ستافی کورد ئایدل ئەوا apply@kurdidol.tv دەتوانی سیڤی خۆت بۆ ئەم ئیمەیلە بنێری<< ئەم ناوانەی خوارەوە لە تیتراژی کورد ئایدل وەرگیراون : "ئۆنور دۆئان، ئیلیف بوشرا تاتڵ، دوعا ئۆزبێلنلەر، فەیسەل ئۆزێر، دیجلە فورات ئامەک، ئێرسین ئالدەمیر، زانا ئیکنچی، هەزاڵ یەشیلئمراک، ئووزگور کورت، موستەفا کۆکسەلەن، عەلی ئیحسان چایر، سەرکان کایا، ئۆرکوون ئیسەر، سەرهات ئاک، ئێسێن یەلماز، ئۆیا فانوسچوو، خەدیجە کۆکسەلەن، ئۆزگی گیزین، زینەب گدێر، کامێن پامۆکۆڤ! ". ڕێک هەشتا لە سەدی هاوکار و بەرپرسانی سەرەکی "کورد ئایدل" ناوی ترکیان هەیە و کوردەکان کاری لاوەکیان پێکراوە! لێرە باس لە TRTی تورکیا و سەحەری ئێران نییە، باس لە بەرنامەی تەلەویزیۆنی حزبێکی باشووری کوردستانە، کە بۆخۆی چۆتە ژێر ڕێکفی موستەشارەکانی تورک. لە کاتێکدا هەر لە باشوور و دەرەوەی کوردستان دەرهێنەری بە توانای باشووریی هەیە، کە دەیانتوانی جێگای چایر و کایا و کۆکسەلەن و ئەوانی دی بگرنەوە. چوونە ژێڕ ڕکێفی تورک و عاڕەب و ئێرانی و بیانی لە وڵاتەکەی خۆت، هەرچەند ناتوانێ خسلەتی خوێنی و بیۆلۆژیکی هەبێت، بەڵام ئاکارێکی لۆژیکی ڕەنگدانەوەی پێشینە و تەجرووبەی مێژوویی تاک مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردە! ئەمە ئاکارێکی ئۆتۆماتیک و عادەتییە کە لە مرۆڤی کورددا هەیە و وا عەمەل دەکات و کەسەکە بەم شێوە ڕاهاتووە کە خۆی لە حاند دیکتاتۆر و داپلۆسێنەرەکەیدا بچووک ببینێ، گەر چەکی لە شان نەبێ. هەڵگەڕانەوە و ڕوو وەرگەراندن لەم ڕابووردو و مێژوو و عادەت و تێگەیشتنە، پرۆسەیەکی خۆویستی ئاگاهانەیە. بیری پێکهێنانی ئیمکان بۆ بڕینی پرۆسەیەکی لەو چەشنە بۆ هاووڵاتی کورد لە مێشکی حزب و سەرکردەکان و ماقوڵانی فەرهەنگ و هونەر و پەروەردە-دا نەبووە و هیچ تێز و بەرنامە و پرۆژەیەک لە هیچ دەزگایەکی ئەم حکوومەتە بە درێژایی ٢٥ ساڵ لەم بەستێنەدا نەبیندراوە و بەپێچەوانە، دەیان پرۆژە بۆ وێرانکردنی کەسایەتی کورد جێ بەجێ کراوە، کە تەنیا یەکیان کوردئایدل بووە! میعمارانی حکوومەتی باشووری کوردستان لە پێشینە و تەجرووبەی خۆیان کە ژێرچەپۆکەیی بووبێت، دانەبڕاون و بیر و بەرنامەی دابڕان لە گۆڕێدا نەبووە، ئەوان خۆیان پاش ڕووخانی سەدام بە مەیلی خۆیان تێکەڵ بەغدا بوونەوە، کە ئێران و تورکیا و عەڕەبستان و ڕۆژئاواشی لێ زیاد کرا. ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان پێناسەیەکی روون بۆ نوواندنی کەسایەتی کورد لە ئارادا نییە، لە سەرووی هەموویانەوە، بەرپرسانی پلە یەک بێ کەسایەتی سیاسی- نەتەوەیی ماونەتەوە و بۆچوونێکی ڕوون لە کەسایەتیان دەرناخەن! ئەوە سەرجەم ئیلیتی کورد لەم بەشەی وڵات دەگرێتەوە، کە تێکەڵ حزب و حکوومەت و دەزگاکانی بوونە! بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری گشتی کوردئایدل کەسێکە بە ناوی موستەفا کۆکسەلەن، دەرهێنەری بڕیاردەر کەسێکە بە ناوی عەلی ئیحسان چایر و هەمیسان دەرهێنەر و بەرپرس سەرکان کایا. ئەم کەسانە لە تورکیا و ئاڵمانەوە هێندراون بۆ سولەیمانی. عەلی ئیحسان چایر سینەماکارێکی تورکە و سەرکان کایا شانۆکار و گۆرانیبێژە، کە لە شاری دوسلدۆرف گەورە بووە و لە شاری ئێسن خوێندوویەتی و بنەماڵەکەی بە پێی ویکیپێدیا لەو کرێکارانە بوون کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ کار لە تورکیاوە ڕەوانەی ئاڵمان کراون. سەرکان لە ئاڵمان شانۆکار بووە و لە کۆمەڵێک لە شارەکانی ئاڵمان دەوری لە شانۆکاندا گێڕاوە و هەروەها کاری موزیک و گۆرانی ترکی کردوە و لەوە دەچێ پاش ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٦ تێکەڵ بە بەرنامەی کوردئایدل کرابێ. لە کوردستان کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانییەکانی کراونەتە کوردی و وەک ژێرنووس لە کلیپەکانیدا بڵاو کراونەتەوە! ئەوەی ترکەکان چۆن گەیشتوونەتە کوردسات و بوونەتە خانەخوێ بە هەڵکەوت نییە و درێژەی پلانێکی کۆنترە کە لە کوردستان باسی لێوە ناکرێ! بەهاری ساڵی ١٩٩٤ سەردانی مەدرسەی تورکمەنەکانمان لە شاری هەولێر کرد، بەسەرهاتی ئەم سەردانە لە کتێبی "هەڵەبجە وکۆسار، مەهاباد و گوڵەباخ لە وڵاتی هێمن و چنار"، لە ژێر ناوی "کۆماری چاویلکە لەچاوەکان" تۆمار کراوە، کە لێرە بڕگەیەکی ڕادەگوێزرێت:" لێرە کەسانێک وەک مامۆستا خەریکی فێرکردنی موسیقا و سرودی ڕەسمی دەوڵەتی تورکیان کە نە لە کورد دەچن، نە لە تورکمەن دەچن، نە کوردی دەزانن، نە ئیزن دەدەن وێنەیان بگرین، هەمووشیان چاویان بە چاویلکەی ڕەش داپۆشراوە... "،" هانس مارتین یەک لە کتێبەکان وەردەگرێ لە ڕووپەڕی یەکەم، وێنەی ئاتاتورک دەبیندرێ." ساڵی ٩٤ تەنیا دوو ساڵ لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم تێپەڕیبوو، ئێستا پاش تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک، پێگەی تورکەکان بۆتە بەشێک لە ستروکتوری باشووری کوردستان! هەر ئەو کات ئەم دیاردەیەمان لە گەڵ مەسعوود بارزانی و یەکیەتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە باس کرد. ئەوان ئەوەیان وەک نموونەی دێموکراسی لە باشووری کوردستان پێفرۆشتین. یازدە ساڵ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری سولەیمانی و هەولێر شوێنگەلێکمان چاو پێکەوت کە وەبیر ئەستانبوڵی دەخستینەوە. تورکیا بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە پاڵ لەشکەرکێشی و بۆمبارانی ناوچەکانی باشووری کوردستان و مامەڵاتی بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، لە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، نیزامی، جاسووسی و دامەزراندنی دام و دەزگای بازرگانی هەتا کردنەوەی چێشتخانە و دەبستانەکانی گولەن، پەلی هەتا ناو تەلەویزیۆنەکانیش داکوتاوە. ساڵەهایە مێدیای تورکیا لە ڕێگای فیلم و سەریال و گۆرانیبێژەکانییەوە بۆتە ئەندامی هەمیشەیی ناو بنەماڵە کوردەکان. ئەوە یانی ئیفلاسهێنان بە بەرهەمی هاوچەشنی کوردەکان. ئێستا لە ستۆدیۆی هەموو تەلەویزیۆنەکانی باشووری کوردستان دۆبلەی فیلمی تورکی، ئێرانی و عاڕەبی هێندە پەرەی ساندووە کە جێگا بۆ بەرهەمی کوردەکان نەماوە. سیستەمی حوکومڕانی لە کوردستان خۆی کەوتۆتە گیانی خۆی و لەناوبردنی بنج و بنەوان و بەیسی بوونی خۆی و لە ڕێگای تورک ئایدلیشەوە چەواشەکارانە بانگەوازی خزمەت بە هونەری کوردی دەکات. هونەری موسیقای کوردیان کردۆتە قوماری بردنەوە و دۆڕاندن و بەم چەشنە تورکەکان ستاندارد بۆ موسیقای کوردی دیاری دەکەن کە خۆی لە براوەی کوردئایدل دا دەبێ دەربخات. ئەو کەسانەی سەرجەم موسیقای کوردی دەخەنە گەمەیەکی لەو چەشنە و بە "موزایدەی" دادەنێن، تەور لەو دارە دەوەشێنن کە خۆیان لە سەری "هەڵنیشتوون". لە باشووری کوردستان سیستەمێک لە باوەڕپێکراون پێکهاتووە کە مافیائاسا لە گەڵ شانۆ، سینەما، تەلەویزیۆن، موسیقا، ئەدەبیات، فەرهەنگ و هونەر مامەڵە دەکات. ئەم سیستەمە لە سەرەتا لە پێوەندی ساکار بە کەسانەوە و کەسان بە بەرپرسانەوە و پێوەندی بەرپرسان بە دام و دەزگاکانی کورد لە ئوروپا لە ژێر ناوی پێشخستنی فەرهەنگ و هونەر و زانست دەستی پێکرد. لە درێژەدا بە بەشداری کۆمەڵێک لەو کەسانەی سەردەمێک هونەرمەند، نووسەر و کەسی بواری فەرهەنگ و هونەر و هزر بوون، مافیای پرۆژە، فستیواڵ، سێمینار، کۆنفرانس پێکهات. کوردستانی ئەمڕۆ تەنیا بەرهەمی سیاسەتی حزبەکان و کەسانی ئەوان و گەندەڵی حکوومەت نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو کەسانەشە کە سەردەمێک خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، فەرهەنگی و مەعریفەتی حزبەکان و حکوومەت دەزانی. ئەمڕۆ پاپ ئایدل، سوپرستار، کورد-عاڕەب- ترک ئایدل مارکێکی جیهانییە بۆ شۆوی تەلەوزیۆنی کە فۆرماتێکی نوێ بۆ بەرنامەی تەلەوزیۆنی دەداتە دەست، ڕەنگە هەر ئەوە مایەی شانازی بینەرانی ئەم بەرنامەیە و کوردسات بێ! ئەم فۆرمۆلە واتە گرێدانی کەسانی ئاسایی، مێدیا، شەریکەکانی بازرگانی و خۆازیارانی موزیک لە یەک بەرنامەدا بازاڕێکی مەزنی بۆ لایەنەکان پێک هێناوە، کە لە سەر حیسابی دوو گرووپ هەڵدەسووڕێ! یەکەم ئەوانەی خەون و خەیاڵی بەناوبانگبوونیان هەیە، دووهەم کەسی ئاسایی بە تایبەت لاوان کە هەم دەبنە بینەری تی وییەکان و کڕیاری کالاکانی تیجاری و هەم جار بەجار دەبنە قوربانی کۆنسێرتەکان کە لەم ئیدول هەڵبژاردنانەوە سەرچاوە دەگرێ وەک کارەساتی دویسبورگی ئاڵمان، پاریس و مەنچیستێر. ئیدەی سوپر ستار لە ناو مێشکی گەلێک لە لاونی جیهاندا وەها چەسپاوە کە زۆرێک لەوانە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لێ تێکدەچێ و هەرکام لە خەیاڵی سەرکەوتنی بە پەلەدان. موزیک، فیلم، مێدیا، ئینترنێت، ئای تی، وەرزش، رەقس، مود بە خەیاڵ ئەم ئیمکانە بۆ منداڵان و لاوان دەڕەخسێنن. ئێستا لە وڵاتانی رٶژئاوا سوپرستاری منداڵانیش پەرەی ساندووە و منداڵانی ژێر چواردە ساڵ تێیدا بەشدار دەبن و ڕێژەی بینەرانی بەرنامە و نڕخی چرکەکانی ڕێکلامی بازرگانی دەبەنە سەر! گەر یەک تاکە کەس تایتڵی کوردئایدل سەر بە تەلەویزیۆنی حزبێک، لە شارێکی باشووری کوردستان وەربگرێ، کام کەلێنی ژیانی خۆی و موسیقای کوردی پر دەکاتەوە، لە وڵاتێکدا کە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی بێکار و بێ بازاڕن؟ گەر کوردسات و یەکیەتی نیشتمانی و حزبەکان و حکوومەت و دام ودەزگاکانیان خەمی موسیقای کوردی دەخۆن، دەبا بە جێگای دەیان دووکان بە ناوی ئەنستیتۆ و دەزگای تر، پلانی درێژخایەن بۆ پێشخستنی موسیقا بەڕێوە بەرن، دەبا وەزارەتخانەکان پلانی ڕاهێنانی موسیقاپێدگۆگی، شانۆپێداگۆگی، نەققاشی پێداگۆگی بەڕێوە بەرن بۆ ئەوەی موسیقا، شانۆ، نەققاشی و هونەر بە گشتی ببێت بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵ و گەورەی کورد! کێ بەرکێی کوردئایدل سوودی نە بۆ موسیقای کوردی لێدەکەوێتەوە، نە بۆ گۆرانیبێژانی بەشدار، سوودی ئەم بەرنامانە بۆ گرووپەکانی مافیا و شەریکەکانی بازرگانی و تورکەکانی بەشدار دەبێت. پاش تەواوبوونی بەرنامەکە، خەڵاتوەرگر و وەرنەگر، دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بەناوبانگبوون چی بە ژیانی ئەوان و هونەرەکەیان بەخشیوە؟ لە سەرەتای ئەم زنجیرەیەدا باسی چاردە دەورە سوپرستاری ئاڵمان کرا کە خەیاڵی هیچیان نەهاتۆتە دی، لە وڵاتێک کە قانوون و دام و دەزگا و بازاڕ بۆ موسیقا و پارێزگاری لە مافی هونەرمەند و بەرهەمەکەی هەیە. لێرە بە کورتی لە یەک ڕستەی کورتدا ژیانی ئەمرۆی ئەو کەسانە باس دەکرێ. لەم چاردە کەسە تەنیا یەک کەس لە ڕێگای چوون بۆ زانستگا پلەی بەرزتری موسیقای پێواوە، بەشی هەرە زۆریان لە گەڵ گرووپەکەیان لێرەو و لەوێ بەرنامە پێشکەش دەکەن و کەمتر لەو ڕێگایەوە دەژین، یەک کەس لەوانە ستودیۆی دەنگی دانەوە.[ "ئێستاش بەردەوام کاری موسیقا دەکات!" ، " ئێستا لێرەولەوێ کاری موسیقا دەکات "، "موهەندیسی بینا لە زانکۆیە" ،"کۆنسێرت لێرەو و لەوێ بەرپا دەکات"، "ئێستا لە ستۆدیۆیەکی تۆمارکردن کار دەکات."، "چەند گۆرانییەکی تۆمار کردووە و لە ژنەکەی جیا بووتەوە"، "لێرە و لەوێ گۆرانی دەچڕێ."،"لێرە و لەوێ بەرنامەی هەبووە."،" ساڵی ٢٠١٧ گۆرانییەکی لێ بڵاو بۆتەوە."، "ئێستا هاوکاری کۆمەڵەیەک دەکات کە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە لە زیندان دەرباز دەبن"]! کۆتایی ٢٢/٦/٢٠١٧ ئاڵمان- کۆڵن




بەداخەوە لە ناکاودا دیارنەماو تەرمەکەی سەر ئاوکەوت.

کاکە یـــاد تەمەن شەش ســـاڵـــ لەمەلەوانگەیەکی ناوچەی باکوری ئەڵمانیا خنکاو خێزانەکەی ماوەی ساڵێکە لە غەم و پەژارەو ناخۆشیدان هێشتا نەتواندراوە لە ئێشو ئازاریان کەمکرێتەوە. ! ؟

کاکە یاد لەگەڵ خانەوادەکەی لە کۆتاهی ساڵی ٢٠١٥ هاتونەتە ئەڵمانیا .دوای ئەوەی جێنشینی هەتایی بون لە شارۆچکەی برێم شتادت لە باکوری ئەڵمانیا شەش مانگ بوو لە وڵاتی ئەڵمانیابوون یاد دەخرێتە بەر یەکەم قۆناغی گەشەکردنی مناڵ و لە باخچەی ساوایان وەردەگیرێ تا فێری زوبانی ئەڵمانی بێت و ساڵی ٢٠١٦ بخرێتە بەرقۆناغی خوێندن , بەڵام بەداخەوە لە کۆتاهی یەکەم هەفتەی چونی بۆ باخچەی ساوایان , بێ ئەوەی مۆڵەت لە باوک و دایکی وەرگیرێ لەگەڵ گروپەکەی دەبرێت بۆ مەلەوانگە بە سەرپەرشتی سێ چاودێری شارەزا لە ڕوانگەی پەروەردەکردنی مناڵ و چاودێری باخچەی ساوایان , پاش دو کاتژمێر لەمەلەوانگەکە لەناکاودا کاکە یاد دیارنامێنێت کاتێک دەچنە شوێنی مەلەکردنەکە کەسێك دەڵێت من یادم لە ئاوەکەدا دەرهێناوەتەوە.

بەڕێزان ٢٤ / ٦ /٢٠١٧ یادی مردنی کاکە یادە و تائێستا دەزگاکانی ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە کەمێک لە ئێش و ئازاری دایك و باوك بەگشتی خانەوادەکەیان کەمکاتەوە ئێمەی ڕەوەندی کوردی لە باکوری ئەڵمانیا بە ئامادەبونی خانەوادەی یاد بەشدار دەبین لە ڕۆژی یادی دواساتەکانی تەمەنی کاکە یاد ، لە ئستادا ئەو چیرۆکە گواستراوەتەوە بۆ مێدیا گرنگەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و لەسەر داوای دایك و باوکی یاد بەهەرچۆنێكبێت ئەم باسە بچێتە لای دادوەرو لێپرسینەوەی لێبکرێ ” گەر تا کۆتاهی هەفتە بڵاو نەکرایەوە ڕەوەندی کوردی بڕیاری ئەوە دەدات خۆپشاندانێك سازبکات ” تکایە پستیگیری خانەوادەی کاکە یاد بکەن .

هاوکارو داکۆکی کاری خانەوادەی یاد لە وڵاتی ئەڵمانیا
فەرەیدون کونجرینی و پشتیوان عوبەیت ” داواکارین پشتیوانیمان بکەن جا بەهەر بیرۆکەیەکی فشاربێت بۆ زایاتر بەدواداچون و هاوکاری پێشنیارو ناوی خۆت تۆمار بکە .

شوێنی یادکردنەوەکە لەم ناونیشانەی لای خوارەوەیە

Roland Oase Warmwasserfreibad Bad Bramstedt
Am Badesteig. 5
24576 Bad Bramstedt

لێرەوە چیرۆکی کاکە یاد لە زاری خێزانەکەیانەوە بخوێنەرەوە

به‌رزان ره‌وئوف مه‌حمود كه‌ باوكی یاده‌ وخه‌ڵكی سلێمانیه‌
دەگێڕێتەوەو دەڵێت سه‌عات 8ی به‌یانی رێكه‌وتی 23.06.2016 خۆم بردم بۆ شاره‌كه‌م به‌ناوی باتدرامشتادت دوای ئه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و له‌كاتی ته‌واو بونی ده‌وامی یادا کاتژمێر 02:00 ی پاش نیوه‌ڕۆ بوو ، چووم یاد بهێنمه‌وه‌ کاتێک جومه‌ ئه‌وێ ئۆتومبێلی پۆلیسی لێ بو له‌گه‌ڵ گردبونه‌وه‌یه‌كی زۆری دایك و باوكانی منداڵانی تر كاتی چومه‌وه‌ ژوره‌وه‌ هیج منداڵێكی لێ نه‌بوو ژنێكم بینی وه‌ستابوو به‌ناوی نورته‌ن كه‌ توركه‌ لێم پرسی منداڵه‌كان له‌كوێن؟ له‌وه‌ڵامدا نورته‌ن وتی منداڵانیان بردوه‌ بۆ مه‌له‌وانگه‌، دوای ئه‌وه‌ وتم ده‌كرێت بچین بیان هێنینه‌وه‌ خانمكه‌ ئۆتۆمبێلی پێبوو نه‌گه‌یشتینه‌ مه‌له‌وانگه‌كه‌ مامۆستاكانمان بینی ده‌ستی منداڵه‌كانیان گرتوبوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ دایه‌نگا ئه‌وه‌بوو هه‌رگه‌یشتمه‌ به‌رده‌م مه‌له‌وانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری دایه‌نگاكه‌ باوه‌شێكی حه‌زینی پیاكردوم وتی یاد ته‌نها دوو قوم ئاوی جۆته‌ قورگیه‌وه‌ نه‌خنكاوه‌ به‌س به‌هه‌لی كۆپته‌ر بردومانه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هامبۆرگ و سه‌لامه‌ته‌.

به‌رزان دەڵێت ” ئه‌و ده‌قه‌یه‌ به‌ شله‌ژاویه‌وه‌ تێلم بۆ رۆژكاری خێزانم كرد دوای ئه‌وه‌ خێزانه‌كه‌م به‌گریانه‌وه‌ هات و په‌یوه‌ندی به‌ (بیتانا) پاڵ كه‌ به‌خێوكه‌ری یاده‌ دوای ئه‌وه‌ هاتن بۆ دایه‌نگاكه‌ و به‌ئاماده‌بونی ئه‌م خانمه‌ پۆلیس وته‌یان لێوه‌رگرتین و پاشان بیتینا من و خێزه‌نه‌كه‌میان برد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هامبۆرگ، له‌وێ مامۆستایه‌كی دایه‌نگاكه‌ له‌وێ بوو لێمان پرسی كوا یاد وتی: له‌هۆلی نه‌شته‌رگه‌ریه‌ له‌ ژوره‌وه‌ پاشان دكتۆره‌كان هاتن و ئێمه‌یان برد بۆ نهۆمی دووهه‌م بۆ چاوه‌ڕوانی تا ده‌ی هێنینه‌ ده‌ره‌وه‌ ، دوای ئه‌وه‌ چی ببینین هه‌موو سنگی یاد هه‌ڵدرابوو چاوی نوقام بوو بوو، هه‌ناسه‌ی نه‌مابو هه‌مووگیانی خوێن بوو ، دوای ئه‌م رۆژه‌ دكتۆره‌كان وتیان بڕۆنه‌وه‌ به‌یانی وه‌رنه‌وه‌ رۆژی دواتر چوینه‌وه‌ بنكه‌ی پۆلیس بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌داوێكمان ده‌ست بكه‌یت له‌روداوه‌كه‌ وتیان به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایمان مامۆستایان وتویانه‌ پانزه‌ منداڵن و دوای ئه‌وه‌ كه‌ زانیویانه‌ منداڵێك كه‌مبووه‌ سه‌یریان كردوه‌ یاد سه‌رئاوكه‌وتووه‌ پۆلیسیش وتی به‌رده‌وامین له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ .

به‌رزان وتی من و رۆژگار دایكی یــاد گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری و سێ دكتۆر وه‌ستابون له‌ به‌رده‌م هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ پێیان راگه‌یاندین كه‌ به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌توانامانا بووه‌ كردومانه‌ و هیچ له‌ده‌سه‌ڵاتیشمان نه‌ماوه‌ و بابشزانن سه‌ره‌تا به‌مردوی یاد یان هێناوه‌ بۆلامان بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ بیست ده‌قه‌ زیاتر له‌ئاوا ماوه‌ته‌وه‌ و مێشك و سیه‌كانی پڕبوه‌ له‌ ئاو پاشان رێیان داین بۆ دواجار بۆ ماوه‌ی 3 سێ کاتژمێر توانیمان بۆنی بكه‌ین پاشان وتیان ده‌تانه‌وێت چۆن بینێژن ئێمه‌ش وتمان به‌شه‌رعـی ئیسلام دوای پانزه‌ رۆژ ، خاتوو بیتینا بال كردیه‌ هه‌راو وتی له‌هامبۆرگ پرسه‌ی بۆ دامه‌نێن دواتر له‌م شاره‌ی خۆم ناشتمان و گرێ به‌ستی گۆڕه‌كه‌شیان تا بیست و پێنج ساڵ بۆ كرا و پرسه‌یه‌كی پچوكیشمان بۆ دانا و ئێستا حكومه‌ت ده‌یه‌وێت گیانله‌ده‌ستدانی یاد بشارێته‌وه‌و باسی نه‌مێنیت سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێمه‌ كه‌داوای مافی په‌نابه‌رێتیمان كردوه‌ ئیهانه‌ده‌كرێین و پێمان ئه‌ڵێن باسی منداڵه‌كه‌تان هه‌ر مه‌كه‌ن له‌وه‌ش ترسمان هه‌یه‌ هه‌ر له‌ئه‌لمَانیان به‌ده‌رمان بكه‌ن بۆیه‌ داوا له‌ره‌وه‌ندی كوردی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و حزبه‌كوردییه‌كان ده‌كه‌ین بێن به‌هانامانه‌وه‌ و هاوكاریمان بكه‌ن.

دایکی یاد دەڵێت ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ هاتینه‌ ئه‌وروپا و ئه‌لمانیا كه‌ ژیانمان پارێزراو خۆشگوزه‌ران بین كه‌چی ژیانی یاد یان لێسه‌ندینه‌وه‌و به‌داخه‌وه‌ رۆڵه‌كه‌م كۆچی هه‌تاهه‌تایی كرد و دو كوڕه‌كه‌ی تریشم توشی نه‌خۆشی ده‌رونی هاتوون و منداڵێكی تریشـان بوه‌و له‌ خۆشی یادی كۆچ كردو ناومان ناوه‌ یاد .
دایکی یاد داواکارە لە ڕەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا تكایه‌ رێكخراوه‌كان و حكومه‌تی ئه‌ڵمانی وه‌رن به‌هانامانه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت داوای قه‌ره‌بوی رۆحی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌ هه‌ر چه‌نده‌ رۆحی یاد قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌ دەمانەوێت هەندێ لە ئێشو ئازارەکانمان کەمکەینەوە.

ئامادەکردنی: فەرەیدون کونجرینی




بەییانامە لەسەر بەرپا کردنی ڕفراندۆم!! … حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

کێشەی نەتەوایەتی بە سەربەخۆێی کوردستانی عێراق لە ڕیگای ڕفراندۆمەوە چارەسەر دەبێ!!
زوڵمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان لە چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا( عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە کە نزیکەی یەک سەدەیە، دەیان کارەسات و کۆمەڵ کوژی و کاولکاری و دەربەدەری و ماڵ وێرانی بە دژی ئەم شوێنە کورد نشینانە لە ناوچەکەدا دروست کردوە، سەرباری قەدەغە کردنی بەکار بردنی زمانی دایکی و پۆشینی جل بەرگ وپراکتیک کردنی بۆنەکانیان. بەشێکی سەرەکی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە، ئەم زوڵم و زۆرداری و ئەم غەدرەیە. ئەم کێشەیە لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەک چارەسەر دەبێ.

لەکوردستانی عێراقدا لەچەند دەیەی ڕابردودا گەورەترین کۆمەڵ کوژی بە بەکارهێنای چەکی کیمیایی لە هەڵبجە و دەیان شارو دێی و ناوچەدا و ئەنفال کردنی ١٨٠ هەزار کەس و لەناوبردنیان و کاولکردنی دەیان شارو شارۆچکەو وێران کردنی هەزارن لادێ و ڕاپێچ کردنی دانشتونەکانیان و گردکردنەوەیان لە ئودوگا زۆرەملێکان و دابڕێنیان لە شوێنی نشتەجی بوونیان و مەحروم کردنیان لە کارو ژیانیان، ئیعدام کردنی بەکۆمەڵی لاوانی ناڕازی و سەرکوتی بێ پەردەی حکومەتە ناسێونالستە عەرەبیە یەک لەدوای یەکەکاندا لەسەرخەڵکی کوردستان، هەروەها کارکردی تەبلیغاتی ناسێونالستی حزبە ناسێونالستیە کوردیەکان، قەڵشتێکی زۆری لە نێوانی خەڵکی کوردستان و عێراقدا دروست کردوە. سڕێنەوەی ئەم قڵشتە و کارکردەکانی ئەم هێزە کۆنەپەرستانە کارێکی ئاسان نیە، بەتایبەت لە غیابی دەوڵەتێکی سۆشیالستی یان دەوڵەتێکی سیکیولاری غەیرە قەومیدا، ولە ئەمڕۆشدا و لە چوار جێوەی دەوڵەتێکی ئیسلامی- قەومیدا کە هەر ڕۆژە باوەشێنی دەمارگیری دینی و قەومی دەکات.

لە ٢٦ ساڵی ڕابردودا لە دوای جەنگی خەلیجی یەکەمەوە، چەند جار فرسەت هاتوەتە پێشەوە ئەم کێشە نەتەوایەتیە چارەسەر بکرێ و بەگەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و لە ڕێگای ڕفراندۆمەوە بۆ جیابونەوە لە عێراق و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، بەڵام ناسێونالزمی کوردو حزبە دەسەڵاتدارەکانی لە ڕێگەی ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی بەعس و دواتر لەگەڵ هێزە ئیسلامی وقەومیەکانی بەغداوە، ڕێگای بەغدا و حوکمی زاتی و فیدراڵیەتیان هەڵبژارد، ئەوەندەی تر ئەم کێشەیەیان قوڵتر کردەوە. ئەگەرچی زوڵمی قەومی لەسەر خەڵکی کوردستان کۆتایی هاتوە، بەهۆی کورد بونەوە خەڵک زوڵمیان لێ ناکری، بەڵام کێشەی قەومی لەسەر جێ خۆیدایە، هەر ئێستا ئەگەری پێکدادن و شەری ماڵ وێران کەری تر لەدەرگای خەڵکی کوردستان دەدات.

کۆمۆنزمی کرێکاری بەڕابەرایەتی مەنسوری حکمەت لە ١٩٩٥ وە ستراتیژی جیابوونەوەی خستە بەردەم کۆمەڵگە، حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ڕیگری جدی بوون لە جێ بەجێ کردنی ئەم ستراتیجیەدا. لەو کاتەوە ئەگەر چی ناوەڕۆک و هۆیەکانی داواکاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتوە بەڵام کۆمۆنزمی کرێکاری و حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق هەمیشە و لە کۆنگرەی یەکەمی خۆیدا و لە بەییانامەکانیدا تەئکیدی لەسەر رفراندۆم وسەربەخۆیی کردوەتەوە بە رێگا چارەی گونجاوی زانیوە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی قەومی لە کوردستانی عێراقدا.
ئێستا کە بەشێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و لە زمانی مەسعود بەرزانیەوە چونەتە ژێر باری گەڕانەوە بۆ ڕئی خەڵک و بەرپا کردنی ڕفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جابوونەوە لە عێراق، خەڵکی کوردستان نابێ ئەم فرسەتە لەدەست بدەن، لە ٢٥ ئەیلولدا کە وەک کاتی بەرپاکردنی ڕفراندۆم دیاری کراوە بەشدرای جددی بکەن، نابێ ڕێگە بدەن ناسیونالزمی کورد مامەڵە بە دەنگی ئەوانەوە بکات بۆ سازش لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە. ئێمە بانگەوازی خەڵک دەکەین دەنگ بدەن بە جیابوونەوە. پێمان وایە جیابوونەوەی کوردستان کێشەی نەتەوایەتی چارەسەردەکات و زەمینەی گەشەکردنی خەباتی چینایەتی خۆشتر دەکات بۆ دامەزارندنی دنیایەکی ئازاد و یەکسان و سۆشیالست، ئەو دارە لە دەستی بورژوازی کورد دەخاتە خوارە کە ئەم خەباتە بەلاڕیدا ببات و ڕوو بەڕووی بەغدای بکاتەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ رزگار بوون لە دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کورد و حزبەکانی کە هەر ئێستا بوەتە خواستێکی سەر زمانی هەموو خەڵک و جێ پێیان پێ لەق دەکات. پێویستە سەرنجامی رفراندۆم بە جیابونەوە و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە قەومی و غەیرە دینی کەلەسەر بنەمای هاوڵاتی بوونی یەکسان دابمەزرابێت کۆتایی بێت.

بۆ بەرپا کردنی ڕفراندۆم و سەرکەوتنی پرۆسەی جیابوونەوە ئەم خاڵانە بە گرنگترین هەنگاو دەزانین:
١- ڕفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستانە و پێویستە فرسەتی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان فەراهەم بکرێ بۆ دەنگدان لە سەر جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراقدا.
٢- ڕفراندۆم دەبێ هەموو کوردسان بگرێتەوە بە هەموو ئەو شوێنانەی زۆرایەتی دانشتوانەکەی کورد زمانن، کە هەرئێستا لەرووی عەمەلیەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان. ئەگەر دواتر هەر ئیدعایەک چی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە یان لەلایەن بەشێک لە خەڵکی ئەو شارانەوە بخرێتە ڕوو، پێویستە ڕفراندۆم بۆ ئەوە بکرێت ئەو شارە دەیەوێ لە چاورچیوەی کوردستان یان عێراق بێت.

٣- پێویسەت ڕفراندۆم سەرپەرشتی بکرێت لە لایەن ئورگانە نێو دەوڵەتیەکانەوە وەک نەتەوە یەکگرتوەکان.هەروەها بوار بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانیەکان خۆش بکرێت ڕووماڵی ڕفراندۆم بکەن.
٤- سەرنجامی ڕفراندۆم هەرچیەک بێت دەبی هێزە سیاسیەکان و حزبەکان پابەندی جێ بەجێ کردنی بن، ئیرادەی خەڵک دەبێ بە ڕەسمی بناسرێت لەسەرووی هەموو ئیرادەیەکەوە بێت.
٥- بە دوای ڕفراندۆمدا و بە بەدەست هێنانی دەنگی پێویست بۆ جیابوونەوە، دەبێ هەنگاوەکانی جیابوونەوە دەست پێ بکات و ئورگانی پێویستی بۆ دیاری بکرێت.
ئێمە هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بانگەواز دەکەین ڕفراندۆم زۆر بە جدی بگرن و بە دەنگی بەڵی بۆ جیابوونەوە بەشداری هەمەلایەنە بکەن.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق
٢٢ حوزەیران ٢٠١٧