چاوە لە خەمی کۆچی ئەمیر ئەدوێ


بە بۆنەی ماڵاوایی ئەمیری حەسەنپوورەوە
(٢٠١٧/٦/٢٤ – ١٩٦٣/٨/١٠)
…….

مەرگ ناخۆشترین هەواڵە. تاڵترینی هەواڵی مەرگی ئەزیزانە کە بێڕادە جەرگبڕە. تەکانێکی ئێگجار گرانە دڵت پێی ئەتەزێ، ئەهەژێ، ڕائەچڵەکێ. تەزووی چیامانی تا سەر مۆخی ئێسقانت ئەچێ، تەنانەت ئەگەر ئاگاداریش بووبی کە ڕەنگبێ بەو زووانە ڕوو بدا.
بۆ وایە؟ چونکە ئەزانی ئەوە دیسان چاوگەیەکی ژیان، ژیانی ئینسانێک، لەوانەی پڕبەدڵ خۆشت ویستوون، وشکانی هاتوە و هەرگیزیش ناژیێتەوە. هەواڵی هەر مەرگێک، با چاوەڕوانکراویش بێ، شەقژنێکی تاڵە، مەرگێکی ناگەهانیە، تەنینەوەی وەکوو ژەهری هەلاهەل ئانیە، دەسبەجێ بە گشت گیانتدا ئەگەڕێ.
بۆ من وا بوو. هەواڵی کۆچی هاوڕێی دێرین و خۆشویستەنیم ئەمیری حەسەنپوور دڵی تەزاندم. زەینی هەژاندم. ڕایچڵەکاندم. بردمیەوە ڕۆژانی سەرچاوەی ئاشناییمان. گەڕاندمیەوە لای دواسووڕی گفتوگۆکانمان بەرلەوەی ماڵاوایی بکا. دەفتەری داستانێکی نۆستاڵژیکی لاپەڕ لاپەڕ هێنایەوە بەر چاوم.
دە وەرە بیخوێنەوە!
دە مەهێڵە هێرشی فرمێسک و هەنسک بەری ڕەهێڵەی بیرەوەریەکانت بگرن!

“پۆلە کۆتر”ەکەی زانستگای تاران

سەرەتای ساڵانی چلی هەتاوی (شەستەکانی سەدەی بیست)، ژمارەیێک خوێندکاری کوردزمان کە لە خوار و ژووری کوردستانەوە ڕوومان کردبووە زانکۆکانی تاران، لەوێ یەکمان ناسیەوە، بەرەبەرە تانوپۆی ئاشنایەتیمان لەسەر ڕایەڵی زانست و سیاسەت و ئەدەب و هونەر تەنیەوە و کۆمەڵێکی نیمچە هاوشێوەمان پێکەوە نا. لە بارودۆخی تایبەتی ئەو شوێن و زەمانەدا، زەمینە بەر لە هەموو شت بۆ گەشەی شێعر و زمان لەبار بوو، گەشەیەک لە بەر تیرێژی کزی سیاسەتی تاریک و ڕوونی ئەو سەردەمەی ئێران و کوردەواریدا. لە تاران جموجووڵی تازەی “جەبهەی میللی”، کرانەوەیەکی سیاسی هێنابووە ئاراوە، لە کوردستانی ئەودیویش بزووتنەوەی ئەیلوول سەری هەڵدابوو، سەرنجمانی ڕاکێشابوو.
چەن ساڵێک دەرفەتمان دەست کەوت، ئەوەندەی لە وزەماندا بوو، بەو پێیەی حاڵ و هەوای سەردەمی لاوەتی مەجالی ئەهێشتەوە، جێ پەنجەی نوێخوازی کاڵ و کرچی خۆمان بە ڕەوتی شێعری مۆدێرنی کوردیدا نا و نەخشینمان کرد. دیارە دەرفەتەکە کەمخایەن بوو، بە کۆتایی خوێندنی هەر کەسە، کەلێنێکی تێئەکەوت. زۆری نەبرد وەک تۆوی هەرزن پەرژوبڵاو بووین و هەر کامە لە بن دەوەنێک گرساینەوە. هۆنراوەی “بەسەرهات”ی عەلی حەسەنیانی: “پۆلە کۆترێک بووین، بێخەم، بێخەیاڵ …” گێڕانەوەی ڕۆمانتیکی ئەو کورتە داستانەیە(١).

“هیوا” و شێوەی شێعری گۆران

لەو کەشوهەوایەدا ئەمیری هێشتا تەمەن بیست ساڵ، چالاکوانێکی چازانی مەیدانی زمان و شێعر و ئەدەب بوو. ژمارێکی تریش تێکۆشەری ئەو بوارانە هاودەم و هاوڕێی بوون؛ لە ناویاندا سێ لاوی شێعردۆستی نوێخوازی ژانری شێعر: سوارەی ئێلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی و فاتحی شێخولیسلامی (چاوە)، سێ کەسێ بوون کە دواتر بە “سێکوچکەی شێعری نوێی کوردستانی ئێران” ناویان دەرکرد.
کاتێک هەواڵ گەیشت کە ٢١ دێسامبری ١٩٦٢ ئه‌ستێره‌ی ژیانی گۆران، داهێنەری شێعری نوێی کوردی، لە ئاسمانی ئه‌ده‌ب ئاوا بوە، ئەو کۆمەڵە خوێندکارە بڕیارمان دا چەن بابەتێک شێعر و وێنە و وتار بۆ ژمارەیەکی تایبەتی “ڕۆژنامەی کوردستان” بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕەسواری نوێگەری شێعری کوردی، فەراهەم بکەین. کارەکان کران و بە یارمەتی دوکتۆر صدیقی مفتی زاده سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، ژمارەی تایبەتی گۆران (ژمارەی ١٩٧، ٨ی ئه‌سفه‌ندی ١٣٤١، ٢٧ی فێڤریەی ١٩٦٣)، جوان و ڕێکوپێک دەرچوو.(٢)
“تاران: هیوا”، ئەمیری حەسەنپوور، وتارێکی پڕۆفێشناڵی نووسی بە ناوی: “بەسەرهات و شوێنەواری مامۆستا گۆران”. لەوێدا بە شەیداییەکی شیرین ئەداوە، وێچوونی شێوەی شێعری نوێی گۆران و شێوەی “بەیت و چریکە”ی کۆنی کوردی بەراورد کردوە و بە وێنە هێنانەوەی وەستایانە هەر دوو بەری وێچوونەکەی پیشانی خوێنەر داوە.

با بەشێکی بخوێنینەوە:

“به‌ڕاستی شێعری گۆران مۆسیقای تێدایه؛ كه خوێنه‌ری شێعره‌كانی له كاتی خوێندنه‌وه دا گوێی لێ ده‌بێ و ئێحساسی ده‌كا. له “به‌یت و چریكه‌”ی كوردیدا نه‌سر و هه‌ڵبه‌ست و مۆسیقا تێكه‌ڵن. به‌یتبێژ له به‌یتێكدا ئه‌وی هه‌ڵبه‌سته ده‌بێ به ئاهه‌نگ بیخوێنێ و ده‌نگی لێ هه‌ڵێنێ. هه‌ر هه‌ڵبه‌سته‌ش هه‌وای خۆی هه‌یه. هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆران ده‌ڵێی به‌شێكه له‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له چریكه‌یه‌ک هێنراوه‌ته ده‌رێ و عنوانێكی له‌سه‌ر دانراوه.
لێره دا وێنه‌یه‌ک له هه‌ڵبه‌ستی دوو چریكه‌ی به‌ناوبانگی كوردی (خه‌ج و سیامه‌ند) و (مه‌م و زین) ده‌بینین كه به دوای واندا هه‌ڵبه‌ستێكی گۆران دێ. ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه ئی زۆر كۆنن. شه‌باهه‌تی شێوه‌ی شێعری گۆران (نه‌ک شه‌باهه‌تی مه‌عنا) له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له بیرێكی ساكار و ژیری كوردی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌رده‌كه‌وێ:

ئه‌وه برام هاتووه، یه‌كه، سه‌ر تا پێی كینه و چه‌كه.
برام هاتوون دوونه، خه‌نجه‌ریان ده‌سوونه،
له بۆ گرتنی من هاتوونه،
برام هاتوون سێنه، هه‌موو شمشیر پێنه،
بۆ گرتنی من دێنه،
برام هاتوون چوارن، ته‌واو لێم داخدارن،
له گرتنی من هارن… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
چۆن بڵێن ئه‌وه‌تانێ ماوه! (خه‌جێ) (سیامه‌ند)ییه؟
به خودای خودای پاكی، به یه‌زدانی ڕووناكی
سوێند به جوانی و چاكی، به (تۆ) ڕۆڵه‌ی ئاو و خاكی
به خۆشه‌ویستی و جوانێ، به مه‌رگ و ژیانێ
به ڕۆژی ئاسمانێ، به ئاوه‌ڕوونكه‌ی كانێ،
به پیری كامرانی، لاوۆ هه‌رتۆم خودانی… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
میران ئه‌تۆ گه‌لێک به فیكری
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م میر مه‌م خۆی له‌سه‌ر ئه‌سپی ڕاناگری
میر! په‌كی خۆت مه‌خه خراپم لێ قه‌وماوه
ئه‌من گه‌لێكم پێ له تۆ خۆشتره ئه‌و ڕاوه
ئه‌مما، نه‌خۆشێكی بێ ئیختیارم، جه‌رگم بڕاوه
میر ده‌ڵێ: كاكه‌مه‌م له خۆم نابینم مراد و كاوێ
حوكمه ده‌بێ ده‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌مه ڕاوێ… [چریكه‌ی مه‌م و زین[

ئه‌وه‌ش به‌شێكه له “گوڵی خوێناوی” مامۆستا گۆران:

كوڕ:
بڕوانه: شایی‌یه، چۆپی‌یه، له‌و ماڵه،
گوێ بگره! زوڕنایه، ده‌هۆڵه، شمشاڵه!
زه‌رد و سوور تێكه‌ڵ بوون، ژن و پیاو، هه‌رایه،
له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه!
سا تو خوا، خێرا كه، با بڕۆین، ده‌ست بگرین،
به كامی دڵداری پێكه‌وه هه‌ڵپه‌ڕین!

كچ:
گوڵ نه‌بێ بۆ سه‌رم: ئاڵ چه‌پكێ، زه‌رد چه‌پكێ،
نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ن، نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ!

گۆران له ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی ئێجگار توانایه. مه‌به‌ستی خۆی ده‌توانێ وا ده‌ربڕێ كه خوێنه‌ری هه‌ڵبه‌سته‌كانی ئێحساسی وه‌ی بكا كه له‌گه‌ڵ خۆی قسه ده‌كا، وه یان له باسی دیمه‌نێک خوێنه‌ری هۆنراوه‌ی وی وه‌ده‌زانێ ئه‌و دیمه‌نه به چاو ده‌بینێ. “س. ج. ئێدمۆندس” مامۆستای زمانی كوردی له له‌نده‌ن، له كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: “له بابه‌ت هه‌ورامانه‌وه هیچ ته‌وسیفێكی من جوانتر نابێ له‌وه‌ی كه میرزا عه‌بدوڵڵا گۆران، هۆنه‌ری ئێسته‌ی كورد له گه‌شتی هه‌ورامان دا كوتوویه كه…”. هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌وێ باسی هه‌ورامان ناكا و گه‌شتی هه‌ورامانی گۆران وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر ئینگلیزی وه پێشكه‌ش خوێنه‌رانی ده‌كا:
شنه‌ی سێبه‌ری داری گوێز و توو
ئه‌سڕێ ئاره‌قی ڕێبواری مانوو
ته‌سكینی ڕێگای باخه‌وباخی وێڵ
“مانوو نه‌بی”یه: له‌م كێڵ بۆ ئه‌و كێڵ
“سه‌لامون عه‌له‌یک” مامه‌ی بن دار گوێز
سه‌لامی مانوو له پیری بێ هێز
“مه‌رحه‌با سه‌ر چاو” به‌چكه‌ی كاكۆڵ قیت [له گه‌شتی هه‌ورامان – ڕێگای ناو باخ]”(٣)

“فەرهەنگی زارەکی”:
لێکۆڵینەوەی زانستی و بابەتی دڵڕفێن

ئەمیر ئەو خۆشەویستی و شارەزایەتیەی بۆ “بەیت و چریکە” و بەگشتی ئەدەب و کولتووری زارەکی کوردی، لە بیست ساڵیدا بوویە و لەو وتارەی یادی گۆراندا تۆماری کردوە، لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا پەرەی پێداوە و بە یارمەتی شارەزایی زیاتری لە زانستی مۆدێرندا، پاراوی کردوەتەوە.
لە نووسراوێکی پڕپێزی زمانەوانیدا بە ناوی: “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، لە پێشەکی کتێبی “فەرهەنگی زارەکی موکریان” (بەرگی یەکەم دانانی سەلاح پایانیانی)دا. بە وردبینی شارەزایانە، خوێنەر دەباتە گوڵزاری دەیان بابەتی دڵڕفێنی ئەدەبی زارەکی: “بەیت و باو” و داستانی شیرینی خۆشخوانەکان و بەیتبێژەکان، لەوانە بەیتبێژی هەرەگەورە عەلی بەردەشانی، بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی “هەڵکەتی و خڕناڵ” و “وسوو شایەر”….(٤)
هەر لە وتاری فەرهەنگی زارەکیدا، ئەمیری حەسەنپوور وێڕای داکۆکی لە هەوڵدان “بۆ کۆ کردنەوەی کەلەپووری زارەکی و بڵاو کردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی نووسراو”(٥) باسێکی تێروتەسەلی ڕوونکەرەوە ئەکا لە موخالەفەتی “پەتی گەری” لە زمانی کوردیدا، بەتایبەت لە لایەن ژمارەیێک فەرهەنگنووسەوە. ئەمیر لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەیدا دەڵێ: ” دوو سیاسەتی پەتی کردن و پەتی نەکردن، هیچ کامیان یەکدەست و یەکدەنگ نین. بۆ وێنە، لە بزووتنەوەی پەتی کردنی کوردستانی عێراق و ئێراندا، هێڵی ئەهوەن و سەرەڕۆ بەدی دەکرێ. مامۆستا هێمن لەگەل ئەوەشدا وشەی پەتی، بەتایبەت ئی زمانی زارەکی، دەکاردێنا، دژی پەتی کردنی سەرەڕۆیانە بوو… پەتیگەرە سەرەڕیەکان زمانی کوردییان تەواو کز و هەژار کردووە. ئەگەر فەرهەنگی زمانی ئینگلیسی پڕە لە وشە، کە لە سەدان زمانی دنیا وەرگیراون، ئەگەر فەرهەنگی فارسی پڕە لە وشەی عەرەبی و تورکی و یۆنانی و هیندی و فەرانسەیی و ئینگلیسی و زۆر زمانی تر، زۆربەی فەرهەنگە کوردیەکان، وشە خوازراوەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە بێژنگی پەتیگەری دەدەن، بۆ وێنە ئەو وشانە لە شێعری نالی، شاعیری پایەبەرزی کلاسیکدا دەکار هاتوون: حازر- حوجرە- حوسن- حەقیقەت- عوجب- عوریان- عوزار- عوقدە- عومر- عەسر- عەیب- عەیش-عیبادەت- عیشق- عیلم- عینایەت- غارەت- غوربەت- غوفران- غوڵام- غەرامەت- غەریق- غەواس {دیوانی نالی و فەرهەنگی نالی، مارف خەزنەدار، بەغدا، ١٩٧٧}(٦)

ناسیۆنالیسم و زمان لە کوردستان
١٩٨٥- ١٩١٨
ئەم کتێبەی ئەمیری حەسەنپوور (٧) تێزی دوکتۆراکەی بووە کە بە ناوی “فاکتەری زمان لە ئاڵوگۆڕی نەتەوەییدا: ستانداردیزە کردنی زمانی کوردی، ١٩٨٥- ١٩١٨”(٨)، ساڵی ١٩٨٩ لە زانستگای ILLINOISی ئەمریکا قبووڵ کراوە. لێکۆڵینەوەیێکی وردی پڕزانیاریە بە ئینگلیسی کە بەداخەوە تا ئێستا وەر نەگێردراوەتە سەر کوردی یان فارسی. بەشکەم تێکۆشەرانی نەسڵی نوێ کە توانا و ئێنێرژی ئەو کارە لە خۆیاندا شک ئەبەن، دەس بدەنێ تا خەڵکانێکی فراوانتر کەڵکی لێ وەرگرن.
هەر لەو بوارەدا ئەمیر لێکۆڵینەوەیێکی ورد و بەسوودی هەیە لەسەر ئەو وشە کوردییانەی مانایان پیاوسالارانە و دژ بە ژنە و پاشماوەی کولتووری کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارین کە ئێستاش هەر بە کار دەبرێن و بەرهەم ئەهێنرێنەوە. بۆ وێنە وشەی “پیاو” یان “مرۆڤ” بۆ مانای ئینسان، بەشەر و …(٩).

دوا بەرهەمەکان:

تەدریسی کۆمەڵناسی لە ئێرانی ساڵەکانی ١٣٤٠
ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان

ئەمیری حەسەنپوور تێکۆشەرێکی نەسرەوتووی مەیدانی سیاسەت و زانست و زمانەوانی و میدیا، لێکۆڵەرێکی وردبین و قووڵ تێوەچووی ئەدەبیاتی نووسیار و زارەکی بوو. لە چاو باری دژواری تەندوروستی ئەم ساڵانەی، لە گیان و لەش بە بەرداکردنی ئەوەی لە زەینیدا زەخیرەی کردبوون بە شێوەی کتێب و نوسراو و وتووێژ بە سێ زمانی ئینگلیسی و کوردی و فارسی، زۆر چالاک بوو.
دوو نووسراو کە ساڵی ڕابردوو (٢٠١٦) بڵاوی کردوونەوە، یەکیان وتارێکی ئاکادێمی فارسیە بە ناوی: “امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠”(١٠)، ئەوی تریان وتارێکی کوردیە بە ناوی: “ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان” بۆ ناساندنی پڕۆژەیەکی تەحقیق و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕاپەڕینی وەرزێران لە ناوچەکانی بۆکان و فەیزوللابەگی لە ساڵانی ١٣٣٢- ١٣٣١ لە دەورەی سەرۆک وەزیری مصدق و دواتر ڕووخان و زیندانی کردنی مصدق بە کوودەتای ٢٨ی موردادی ١٣٣٢(١١). ئەوەندەی ئاگادارم کاک ئەمیر لە ژوور بیست ساڵەوە سەرقاڵی کۆ کردنەوەی زانیاری و بەڵگە و ئەنجامدانی دەیان وتووێژ بووە لەسەر ئەو ڕاپەڕینەی جووتیاران. مێژوویەکی پشت گوێخراو کە جیا لە ئەمیر تەنیا سێ کەسی تر دەستیان بۆ بردوە: ئەنوەری سوڵتانی، عومەری عەسری و ڕەحمانی موحەممەدی. بەرهەمەکەی کاک ئەمیر کە قەرارە چوار بەرگ بێ، کارێکی کارستانە لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی چینایەتی کوردستانی ئێراندا.

چاوێک بکەین لە بەشیکی وتارەکە:

“… له بارودۆخی کوردستاندا، ته بایی و ناتهبایی، ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكی
پێوەندی ئاڵۆز و بەرینیان ھەیە، چ لە سیاسەت چ لە بەرھەمھێنانی زانست و ھونەردا، ناكۆكی ناوخۆیی لەبیردەكرێ و لە سای ناكۆكی دەرەكیدا دەشاردرێتەوە. بەڵام بێدەنگ بوون لە ناكۆكی ناوخۆیی ھەڵە یان فەرامۆشكاری نییە و زۆرتر رێبازێكی سیاسی و ئیدەئۆلۆژییە… لەو نووسراوەدا باسی بارودۆخی لێكێۆڵینەوە لە بابەتێكی وەپشت گوێخراو دەكەم راپەڕینی وەرزێرانی موكریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢). بە كورتی، ئیمكانات، دەستكەوتەکان وكۆسپەكانی لێكۆڵینەوە لە مەڕ ئەو ڕاپەڕینە وەبەرچاو دەخەم، دەوری رێبازی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی لە گێڕانەوە و دانان و خوڵقاندنی مێژووی ئەو ڕاپەڕینەدا پێشان دەدەم. ئەوەی لێرە نووسیومە خودی لێكۆڵینەوەكە نیە و گوزارشتێكە سەبارەت بەو پڕۆژەیه كە بە ھیوام تا ساڵێكی دی لە چوار بەرگدا بڵاو بێتەوە … لەو گشتە ناتەباییانەی لە كوردەواریدا ھەبووە، ئەوەی لە زانستی کۆمه ڵی و مێژوونووسیی و
ھونەردا كەمتر باسی كراوە، ناكۆكی چینایەتی بە تایبەت خەباتی وەرزێران لە دژی چینی ده سەڵاتداری دەرەبەگ )ئاغا؛ به گ؛ خان؛ فئۆدال( و خه باتی چینی کرێکار )که پێکھاتەیێکی نوێیه ( له دژی چینی سەرمایەدار. كێشەكە ھەر بێدەنگی كردن لە خەباتی چینایەتی نییە. كاتێكیش ئەو باسانە كراون كێشەوبەرە دەگەڕێتەوە سەر ھەڵوێست و روانگە و بۆچوون. لێكۆڵینەوە و وەدیھێنانی زانیاری سەبارەت بە خەباتی چینایەتی خۆی ده بێته گۆڕه پانی خەباتی چینایەتی. باسی راپه ڕینی 1331 له سه ره تاوه تا مێژوونووسینی ئێسته ی له خه باتی چینایه تی دا نوقم بووه “.(١٢)

یادی ئازیزە
باسی کارەکانی ئەمیری حەسەنپوور ناکرێ لە کورتی ببڕێتەوە. بە پێی ناسیاوی شەخسیم دڵنیام سەرباقی ئەوەی بەرهەمی زۆری بڵاو کردوەتەوە، هێشتا چەن قاتی ئەوانە لە زەینیدا مابوون کە بەداخەوە مردن مەجالی نەدا بیانڕەخسێنی. سەد حەیف و خەسار! خەسارەتێکی گەورەیە تەنیا بەوە قەرەبوو دەکرێتەوە کە ئەوانەی ناسیومانە، ڕێز و پێزانمان بۆ یادگارە بەپێزەکانی هەبێ و تا لە دەستمان دێ زیاتر بیناسێنین.

چاوە/ فاتح ش.

١٤/٤/ ١٣٩٦ – ٥/٧/ ٢٠١٧

———
(١) “بزەی زەمەند”، هۆنراوەی عەلی حەسەنیانی (١٩٩٢-١٩٣٩) ، بڵاوکەرەوە جەعفەر حوسێنپوور (هێدی)، ١٩٩٣. لل. ١١٤-١١٢
(٢) یادی مامۆستا گۆران،
http://hedih.blogspot.se/2004/03/blog-post_14.html
(٣) بڕوانە ژمارە (٢)
(٤) “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، دوکتۆر ئەمیر حەسەن پوور، پێشەکی کتێبی: “فەرهەنگی زارەکی موکریان”، سەلاح پایانیانی، ١٣٨٥، لل. ٧٧-١٣
(٥) هەمان جێ، ل. ٦٥
(٦) هەمان جێ، لل. ٦٧-٦٥
(٧) Nationalism and language in Kurdistan 1918- 1985,
Mellan Reseach University Press, 1992, 520 pages
(٨) THE LANGUAGE FACTOR IN THE NATIONAL DEVELOPMENT: THE STANDARDIZATION OF THE KURDISH LANGUAGE, 1918-1985
(٩) The (Re)production of Patriarchy in the Kurdish Language, WOMEN OF A NON-STATE NATION,
Edited by: Shahrzad Mojab, pp 227-263
(١٠) امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠، ایراننامە، شمارە ١، سال ١، بهار ٢٠١٦
(١١) ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢)، گۆڤاری Derwaze ، ژمارە ١ .
(١٢) هەمان جێ، لل. ٢-١
***




بەرەو بایکۆتکردنی ڕیفراندۆم سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان!


ڕزگار ئاکرێی
وەرگێڕانی: نەجات عەزیز
……….

تەوەر: کەیسی کورد

کەیسی نەتەوایەتی لە عێراق گرنگترین و ئاڵۆزترین کەیسە لە وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین. ئەبێ بە شێوازێکی شارستانیانە-مرۆڤایەتیانە و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و لەسەر بنەمای مافی یەکسانی و مافی هاوڵاتیبوون و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووس یەکلایی بکرێتەوە. ئەگەر پێکەوەژیانیان فیدراڵیانەیان لەگەڵ گەلانی تردا هەڵبژرد یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەمە مافی هەموو نەتەوە و کەمایەتیەکانی تری عێراقە.
عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە دەسپێکی سەدەی ڕابوردوو دوای دابەشبوونی ئیپراتۆریەتی عوسمانی، وەکو دەوڵەتێکی عەرەبی ئیسلامی ناسرا. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر بنیادنانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە سەر بنەمای نەتەوایەتی و ئایینی نەتەوە و ئایینی زۆرینە- عەرەب و ئیسلام- وە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوو بەهۆی وەکەنارنانی ڕۆڵی کەمینە نەتەوایەتیەکان و ئایینێکان کە ڕؤڵێکی سنوورداریان هەبوو لە بەڕێوەبردنی جەمسەرە گرنگەکانی دەوڵەتدا.
دوای باڵادەستبوونی سوپا لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەسەر شێوازی دکتاتۆریانەی تاکە کەسی و تاکە حیزبی، بیری نەتەوایەتی دەمارگیریانەی عەرەبی لە دەوڵەتدا بەتینتر بوو و کەسانی سەر بە نەتەوەکانی تر و ئایینەکانی تر وەکو هاوڵاتی ژمارە دوو ئەژمێردران. پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە سیاسەتانە بوو بە هۆی بەهێزبوونی ڕۆڵی پارتە نەتەوایەتیەکانی سەر بەو کەمینەنانە لە عێراق. بەتایبەتی نەتەوەی کورد وەکو خەباتگێڕو داکۆکیکەرێك لە مافێكی نەتاوایەتی زەوتکراو. ئەم داکۆکیکردنەش شێوازی ئاشتیانە و چەکداریشی گرتەبەر بە گوێرەی ئاستی توندوتیژێکان لە سەرکوتکردن لەلایەن دەساڵاتدارانی دیکتاتۆری دەوڵەتەوە.

هەرێمی کوردستان و شێوازی حوکم

دوی ڕاپەڕینە جەماوەریە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ کە زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتەوە، دوو حیزبە کوردیەکە -پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتینیشتیمانی کوردستان- دەستیان گرت بەسەر زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتدا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. وەکو هێزگەلێکی هاوچینی برژوازی، لەگەڵ پاشماوەی بەعسێ فاشیستەکان- لە کۆنە موستەشار و ئامر فەوجی جاشەکان-، و کارمەندانی دەزگا سەربازی و سیخوڕیەکان و ئەو سەرۆک عەشرەتانەی دەستیان بە خوێنی میللەتانی عێراق سور بووبوو یەکیان گرت.
هەردوو حێزب دەسەڵاتی خۆیان جێگیر کرد لەڕێی داپلۆسین و سەرکوتکردن و تیرۆر و گەندەڵاندن و کڕینەوەی کەسانی خۆفرۆش. شەڕیان لەپێناو گرتنەدەستی دەسەڵات و قۆرخکاری، کۆمەڵگای کوردستانی لە شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەرەوە تێگلاند لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو. لەگەڵ بەعسێکان هاوتابوونەوە لە ئەنجامدانی تاوانی دڵڕەقانە و کوشتنی دیل و بریندارەکان، گرتن و ئازاردانی وەحشیانەی بەندەکان و لەناوبردنیان، دەرکردن و کۆچپێکردنی ئەندامانی حیزبی بەرامبەر و…… هتد.

دوای ڕوخانی دەسەڵاتی بەعسی فاشی لە ساڵی٢٠٠٣ بوون بە هاوپەیمانی سەرەکی هێزە سیاسیە ئیسلامێکان. بەشدارییان بوون لە گیرۆدەکردنی عێراق لە شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەر. بەشدار بوون لە کشانەوەو و بەدەستەودانی بەشی زۆری پارێزگای نەینەوا بە تاوانبارانی -داعش- کە کوشتارێکی زۆریان کرد لە کەمینە ئایینێکانی وەکو یەزیدی و کرستیانەکان. هەروەها دەسەڵاتی میلیشیاکانیان دەستکراوە و بە هێز کرد، بێکاری و هەژاری پەرەی سەند، گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و چاوپۆشین لە تاوان دژبە ئافرەتان، پێشێلکردنی ئازادی تاك و ئازادیە سیڤیلیەکان، سەپاندنی سیستمی پشکپشکێنەی ئایینی و نەتەوایەتی بەدناو…….هتد. هاوپەیمان بوون لە ڕێگریکردن و لەناوبردنی هەر هەوڵێك بەئاراستەی بەشارستانیکردن لە هەموو بوارەکاندا.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبە پاشکۆکانیان گەندەڵیەکی سیستماتیکی زۆریان کرد لەو دەمەوەی دەسەڵاتیان گرتە دەست لە هەرێمی کوردستان. هەموو دامەزراوە گشتێکانیان تاڵان کرد بە ئاشکرا وبەبێ شەرم. سەرکردەکانی حیزب و دەوروبەرەکانیان بوون بەچینێکی بورژوای مشەخۆر کە بە پاساوی خەباتیان! و شەرعیەتی شۆڕشگێری ونەتەوایەتی، هەموو سامان و داهاتی دەوڵەتیان خستەگر لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و حیزبی وخێڵەکی خۆیانەوە لە ژێر ناو و ناونیشانی جۆراوجۆردا. سامانی هەردوو حیزب لەڕادە دەرچوو دوای ڕوخانی ڕژێمی دکتاتۆرپاش بڕینەوەی بودجەیەک لە نەوتی عێراق بۆ کوردستان. سەرباری بەربڵاوی گەندەڵی و بێکاری ڕازیکەر-بندیوار- لە دامودەزگا حکومێکاندا لە ئەنجامی دامەزراندن لەسەر بنەمای بەحزبیبوون بەمەبەستی کڕینی لایەنگییری جەماوەر و پەسەندکردنی سیاسەتەکانیان و دەنگپێدانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. سەرەڕای ئەو بودجە زۆرەی بۆ هەرێم تەرخان کرابوو لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێم، دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها چەند پرۆژەیەکی جادەوبان، نیشتەجێبوون، هەندێک باخچە وپردیان جێبەجێ کرد.

جێبەچێکردنی ئەم پرۆژانە کاری باش بوون، بەڵام لەهەمان کاتدا هەل بوون بۆ تاڵانی زیاتری سامانی گشتی. ئەم دەسەڵاتدارانە هیچ هەوڵێکی کردەیی و ڕاستیان نەدا بۆ بنیاتنانی بنەمایەکی مادیانە بۆ برەودان و بەرەوپێشبردنی ئابوری هەرێم بە کەمکردنەوەی سیما ئابوریە رەیعیەکەی. هەوڵیان نەدا بۆ کەمکەدنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو و هاوردەکردن بە بنیادنانی پیشەسازی و پێشخستنی کشتوکاڵ، بەڵکو بنەما پیشەسازی و کوشتوکاڵیە کۆنەکەشیان لەناوبرد. هەرێم ئێستا بە قەیرانێکی ئابوری و سیاسی گەورەدا تێئەپەرێ. مەودای نێوان چینەکان گەورەتر ئەبێت و چەوساندەوەی چینایەتی زیاتر و بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر ئەبێت. هەژاری و بێکاری، نەدانی موچە، زۆرداری و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ، کێشەی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و…… کۆمەڵی کێشەی تر.

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان

زۆربەی پارتە نەتەوایەتیە سەرەکیە کوردێکان لە هەرێمی کوردستان ڕێك کەوتوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥/ سێپتەمبەر/٢٠١٧. ڕیفراندۆم کارێکی شارستانیانەی مافپەرەوەرانەیە و شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە بەشداریپێکردنی بەربڵاوی جەماوەر بۆ ىڕیاردان لەسەر ڕێسا گرنگەکان. بڕوام وایە باشترین شێوازی بڕیاردانە لە سەر چارەنوسی نەتەوەکانی عێراق؛ بەمەرجێ ئامادەکاری باشی بۆ بکرێت، لەکەشێکی گونجاودا یەنجام بدرێت، گفتوگۆ و هاوکاری لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت، ماف و توانای یەکسان بۆ هەموان لە بانگەشە کردن بۆ بۆچوونکانیان لەسەر پرۆسەکە دابینکراو بێت، بەرچاوڕونی هەبێت، دەستپاکی و سەرپەرشتی بێلایەنانە و سازانی ناوخۆیی و سەرپەرشتیکردن و پشتگیری نێودەوڵەتی دەستەبەر بکرێت.
وەکو چەپێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی سەربەخۆ و چالاکوانێکی مافناسی بەڕەچەڵەك خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەستانەوە دژ بەم ڕیفراندۆمە و بایکۆتکردنی یان دواخستنی لە ئێستادا و دیاریکردنی ڕۆژێکیتر و لە هەلومەرجێکی باشتر و لە ژێر چاودێریەکی نێودەوڵەتیدا بەپێویست ئەزانم لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

• زۆربەی ئەو حیزبانەی بانگەشەی ڕیفراندۆم ئەکەن حیزبانێکی نادیموکراسین و بەبەکارهێنانی- زەبر و مافی نەتەوایەتیەوە- سیستمێکی حوکمی گەندەڵ و تاکڕەوی خۆسەپێنەریان پەیڕەو کردوە لە هەرێم. مێژوی دەسەڵاتی ڕەشیان سەلمانندویەتی کە لە دژبەیەکیەکی زەقدان لە گەڵ مافەکانی میللەتی کورد و تەواوی دانێشتوانی هەرێم و چەوساوەکانی هەرێم، کە مافەکانیانیان بە ئاشکراو بەشێوەیەکی بەربڵاو پێشێل کردوە. خەمی گەورەیان تەنها گەندەڵاندن و دزیکردن وقۆرخکردنی دەسەڵات بووە. شکستیان هێناوا لە بنیادنانی حکومەتێکی دامەزراوەیی مافپەروەری پێگەیشتو و دەساودەسکردنێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانەی دەسەڵات. ئەمانە سەرباری نەبونی دادپەروەی و شەفافیەت لە ئیدارەدان و خەرجکردنی داهاتی هەرێم کە بەشێوەیەکی گشتی تاڵان ئەکرێت لەلایەن پارتەکانی دەسەڵات و سەرکردەکانیانەوە.

• لاوازی لە ئامادەکاری و خوڵقاندنی زەمینەی گونجاو بۆئەنجامدانی ریفراندۆم. لەبەرچاو نەگرتنی باری سیاسی ناوەکی هەرێمی پڕ قەیران و باری عێراق و ناوچەکە و جیهان. پرۆسەکە تەنها هەنگاوێکی بەپەلەیە بۆ خۆدزینەوە لە کێشە ئابوری و سیاسیە گەورەکانی هەرێم و پەردەپۆشکردنی بێزاری هەڵکشاوی جەماوەر لە کوردوستان. بەکارهێنانی کارتی- هەست و دەمارگیری نەتەوایەتی- بۆ سەرقاڵکردنی جەماوەر و بۆ موزایەدەی سیاسسی لەدەرەوە و ناوەوەی هەرێم بەمەبستی گەڕاندنەوەی شکۆمەندی و درێژەپێدان بە شەرعیەتی دەسەڵاتی حێزبە نەتەوایەتیەکانی سەر کورسی حوکم، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین پارتی کوردستانە و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی سەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی تەواودایە بەسەر هەموو هەرێمدا.

• نەبوونی هەمەئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا، سەرەڕای تێبینی تەواوم لەسەر لایەنەکانی بەشدار بوو لەو حکومەتە و سیاسەتە دژ بە جەماوەرێکەیان لە عێراق وشەرعییەتە لاوازەکەی. ئەم خاڵە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵکشانی تەنگژەی نەتەوایەتی لە عێراق نەک چارەکردنی. هەروەها ئەگەری هەڵگیرسانی شەری ناوخۆیی و گیرۆدەکردنی هاونیشتمانیانی عێراقی تێدایە لەژێر ناوی جیا جیادا. بەتایبەتیش، بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی هاوبەشی هەڵپەسێراوی وەکو کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.

• نەبوونی کۆدەنگی لەنێوان هەموو هێزە سیاسیەکانی هەرێم لەسەر ڕیفراندۆم و هەبوونی نارەزایەتیەکی زۆری حیزبی و جەماوەری دژ بە ڕیفراندۆم، سەرباری هەبوونی کێشەی سیاسی قوڵ لەنێوان حیزبە سیاسێکان و پەکخستنی پەرلەمان بە بڕیارێکی دیکتاتۆریانەی ناشەرعی. بەشێوەیەکی گشتی بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێکی بەپەلەی نەوەکامە وسادەترین بنەماکانی پرۆسەی ریفراندۆمی تێدا نیە بە بەراورد بە ستاندەردی جیهانی یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم نموونەی ڕیفراندۆمەکەی باشوری سودان.

• نەبوونی دامەزراوەی بێلایەن و سەربەخۆ و دەستپاك بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە. ئەزمونی ڕابوردوی حیزبە بەدەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردوستان و عێراق سەلماندویەتی کە هەموو ڕێگایەك و ئامرازێک بەکار ئەهێنن وەکو کڕینی دەنگەکان، بەرتیل، بەکارهێنانی سامانی گشتی، بێدەنگکردنی بەرامبەر وشتیتریش بۆ خۆسەپاندن و درێژەدان بە سیاسەتەکانیان لە ڕێی هەڵبژاردنی ڕووکەشانەوە، بە سەرپەرشتی کۆمسێۆنی سەربەخۆی..! هەڵبژاردنەکان- کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی نەتەوایەتی و حزبی و تایفی دامەزرێنراوە و سەرتاپای گەندەڵ بووە و هیچ دەستپاکیەکی تێدا نەماوە.

• ڕەتکردنەوە، بەڵکو هەبوونی کۆدەنگیەکی جیهانی دژ بە بڕیاری ڕیفراندۆم، تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئاشکرای کرد کە هیچ دەستێوەردانێك لەم پرۆسەیە ناکات.

یەکپارچەیی خاکی عێراق هیچ بۆ من ناگەێنێ لەبەرامبەر ژیان و مافەکانی جەماوەری چەوساوە. وەکو مارکسیەك، پشتگیری ئەکەم لە مافی دیاریکردنی چارەنووس تا جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆش. بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوایەتی بێت یان جوگرافی یان ناوچەیی، ئەگەر یەکسانی و ماف و ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەر بکات. هەڵچوون و بەیەکاگژانی نەتەوایەتی و ئایینی و تایفی کەم بکاتەوە. بەهیچ شێوەیەک دژ پیادەکردنی مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی کوردستان نیم، بەڵکۆداواکاریشیم، چونکە کارێکی گرنگ و پێویستە ئەبێ ئەنجام بدرێ زوو یان درەنگ. بەڵام چۆن و لە چ هەلومەرجێکدا و پێداویستیەکانی چین؟
ئەم رێفراندۆمەی پێشنیارکراوە لەم هەلومەرجەدا، ناڕاستگۆییی ئەو لایەنانەی بەڕێوەی ئەبەن، گوزارشت لە داخوازی ڕاستی خەڵکی کوردستان ناکات. متمانەی پێناکرێ و دانپێدانانی ناوچەیی جیهانێش دەستەبەر ناکات. بەڵکو تەنها گوزارشت لە بەرژەوەندێکانی چینە مشەخۆرەکانی دەسەڵات ئەکات لە هەرێم.

پرۆسەکە تەنها ئامرازێکە بەکار ئەهێنرێ لە ناکۆکیە ناوخۆیی و ناوچەییەکان. بەدڵنیایشەوە بە خراپی بەکار ئەهێنرێ لەلایەن هێزە نەتەوەیەتیەکانی دەسەڵاتەوە لە هەرێم. لەلایەن سەرۆکی ماوە بەسەرچوو مەسعود بەرزانیەوە! بۆ مانەوە لە دەسەڵات، خۆی و حیزبەکەی. دکتاتۆریەت و زوڵمێکی زیاترو سەرکوتکردنی زیاتری رکابەر و نەیارەکانیان بە پشتبەستن بە -شەرعیەتی نەتەوایەتی- کە بەهیوان بەدەستی بێنن بەئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە چاوەڕێی هەرێم ئەکات.
لە سەرەتای نەوەتەکانەوە جەماوەری چەوساوەی هەرێمی کوردستان بە گەواهیەکی ڕوونی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتێکی نەتەوایەتی نیمچە سەربەخۆدا ئەژی. دورن لە چەوساندنەوە لەسەر بنەمای نەتەوایەتی. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش چاوەڕێی کار، خۆشگوزەرانی، ئابوریەکی گونجاو، سەرفرازی و پاراستنی شکۆی تاك، بەرزڕاگرتنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و یەکسانی، مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینێکان لە هەرێم، دەساودەستکردنی دەسەڵات، دەسەڵاتێکی پەرلەمانی دیموکراسی پاراو و ڕوون، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و تاوانباران و بنیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی مەدەنین لەبەرامبەر دەسەڵاتی حیزب و دەستبەسەراگرتنی بە سەر هەموو جومگەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا و کۆمەڵێ زۆر کێشەی تر. حیزبە کوردییە نەتەوەییەکانی دەسەڵات لە هەوڵی خەڵەتاندن و فریودانی جەماوەردان بە بەکارهێنانی تێزی نەتەوەیی و فریودانیان بەوەی کەوا سەربەخۆیی هەموو کێشەکان چارە ئەکات و دوژمنانی نەتەوەکەیان لێیان بەرپرسیارە! بەتەواوی وەکو حیزبە باڵادەستەکانی کانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە جاماوەریان سەرقاڵ کردووە بە ئایین و تایفەوە بۆ شەرعیەتدان بە گەندەڵی و تاوانەکانیان.
بە بروای من یەکێک لە گرنگترین ئامانجە شاراوەکانی ڕیفراندۆم هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی ڕاپرسی ڕاستەقینە لە بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووسی خەڵکی هەرێم، بە شێوەیەکی ئاشتیانەیە و بە چاودێری نێودەوڵەتی و بە بەشداری هەموو لایەنەکانی هەرێم. مەبەست لەم کارەش هێشتنەوەی کارتی یاری پڕسودی نەتەوایەتیە بەدەست دەسەڵاتدارانی مشەخۆری هەرێمەوە، کەناتوانن دڕێژە بە دەسڵاتداریان بدەن و خەڵك لەوە زیاتر هەڵخەڵەتێنن بەهەمان شێوازی کۆن لەپاش ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیە قوڵانەی هەرێمی گرتۆتەوە. ئەنجامی ریفراندۆم نە كێشەی نەتەوایەتی چارەسەر ئەکات و نە لە بەرژەوەندی جاماوەریشدا ئەبێت.

بە پێچەوانەوە، دکتاتۆریەت لەهەرێم توندتر و بەهێزتر ئەکات پاش ئەوەی مەسعود بەرزانی ئەبێتە -پاڵەوانی نەتەوایەتی- و پرۆسەکەش بەکار ئەهێنرێت بۆ بەهێزتر کردنی پێگەکانیان بە مەبەستی گرێبەست و دەسکەوتی زیاتر لە ناوەو دەرەوە. ئاشکراشە کە تەنگژە نەتەوایەتێکانیش لە ناوچەکەدا هەڵئەکشێن و ئەگەری کەوتنەوەی توندوتیژیشی لێئەکەوێتەوە.
پێویستە داوای سنوەردارکردنی ڕۆڵی ئایین و نەتەوە بکرێت لە دەوڵەتدا. خەبات بکرێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت و سیستەمێك لەسەر بنەما یاساییە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و بڕوابوون بەهاوڵاتیبونی یەکسان و دادی کۆمەڵایەتی. وەکو ئەیبینین لە مێژوو و ئەزموونی دەوڵەتە نەتەوایەتێکان، بەتایبەتیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیانتونیوە دەوڵەتێکی شارستانی دیموکرات بنیاد بنێن. سەرکەوتوو نەبوون لە دەستەبەرکردنی کەمترین ئاستی یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیانیان، بۆیە زۆربەیان گۆڕان بۆ ڕژێمگەلێکی داپلۆسێنەری سەرکوتکەر و دیکتاتۆری گەندەڵ.

سەرچاوە:
الحوار المتمدن-ژمارە: 5570- ٣/٧/٢٠١٧
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=564135




بۆچی هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان ڕوونادات؟ … نەبەز سەمەد

بۆچی لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی، بێمووچەیی، برسیکردن، بێئاوی، بێکارەبایی، گەندەڵێ، کوشتن، تێرۆرکردن … هتد، هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە، هیچ سەرهەڵدانێک، هیچ شۆڕشێک ڕوونادات؟ ئەمەی لە هەرێمی کوردستان ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتی حیزبی کوردی [نامەوێ بڵێم حکوومەت، چونکە ئێمە لە بنەڕەتەوە لەم هەرێمەدا حکوومەتمان نییە، ئەوە حیزبە لەم هەرێمەدا دەسەڵاتدارە و بەڕێوەی دەبات] دەگوزەرێت، لە هەر وڵات و هەرێمێکی زیندوو، هۆشیار بوایە، ئەوا دەسەڵاتە سیاسییەکەی دەمێک بوو کۆتایی هاتبوو. لەم وتارەدا دەمەوێ چەند هۆکارێک بۆ نەبوونی یاخیبوونی ڕاستەقینە دیاری بکەم.

هۆکاری یەکەم:

حیزبی کوردی بەتایبەتی یەکێتی و پارتی بەڕێی حیزباندنی سەرجەم کۆمەڵگەی کوردییەوە توانیویانە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو حەشامات و ئاپۆرەیەکی بێشێوە وەربگۆڕن. لەم ڕێگەیەشەوە مرۆڤی کوردیان بێئیرادە، بێهەڵوێست و بە کۆیلەکردووە، ڕێزمەندی و شکۆمەندی مرۆڤی کوردیان لەکەدار کردووە، مرۆڤی کوردیان لەنێو پڕۆسەی نامرۆڤاندندا لە مرۆڤبوون خستووە. پرۆسەی نامرۆڤاندن سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت، هەنگاوی یەکەم، مرۆڤەکان مافی یاسایی و هاووڵاتیبوونیان لێدەسەنرێتەوە، واتا چیدیکە یاسا نایان پارێزێت. وەک ئێمە دەبینین لەم هەرێمەدا یاسا سەروەر نییە، یاسا تەنیا بەرپرسەکان، سەرۆک عەشیرەت و پیاوسالارەکان [ژنکوژەکان!] دەپارێزێت و هەر بەدەست خۆشیانەوەیە. مافی ئازادی ڕادەربڕین بە یاسا نەپارێزراوە، بۆیە دەبینین لەم هەرێمەدا مرۆڤ لەسەر دەربڕینی بۆچوون و ڕوانگەی خۆی دەکوژرێت، کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەڵگەنەویستە. هەنگاوی دووەم، کەسی مۆڕاڵی لەنێو مرۆڤدا دەکوژرێت، واتا هەموو کردارنواندن، هەڵبژاردنێکی ئازاد لە مرۆڤەکە دەسەنرێتەوە، هەنگاوی سێیەم، شکۆمەندی و ڕێزمەندی مرۆڤ تێکدەشکێندرێ. ئێمە ئێستا لەم هەرێمەدا بە پرۆسەی نامرۆڤاندندا تێدەپەڕین.

هۆکاری دووەم:

جنێودان، لە کۆمەڵگەی کوردیدا جنێودان بووە بە خوو، کوردەکان ئالوودەبوونە بە جنێودان. مرۆڤی کورد جنێو بە هەموو شتێک دەدات. کاتێک تووڕەیە، ناڕازییە، جنێو دەدات، جنێو بە مەسعوود بارزانی، بە جەلال تاڵەبانی، بە سەرکردەکانی دی، بە دەسەڵات، بە حکوومەت، بە حیزب، بە ڕێگەوبان، بە گەرما، بە سەرما، بە بێئاوی، بە بێکارەبایی، بە فەرمانگەکان، بە دین، بە خوا، بە مەلا … هتد دەدات. کورد هیچ شتێکی نەهێشتۆتەوە کە جنێوی پێنەدات. ئالوودەبوون بەم جنێودانە زیانی هەیە، چونکە بەڕێی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و پێی وایە تەواو بەشی ڕۆژەکەی سیاسەت کردووە. بۆیە تووڕەییەکەی، ناڕەزاییەکەی نابێت بە کردار، نابێت بە ئەکت، چونکە لە ڕێگەی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و ئاسوودە لێی دادەنیشێت.

هۆکاری سێیەم:

بەشێک لە کورد هەموو شتێکی داوەتە دەست خوا، خۆی هیچ کردارێک نانوێنێت، هەر دەڵێ خوا چاکی بکات، حەواڵەی خوابن، خوا بیان گرێت، خوا تۆڵەیان لێ دەکاتەوە. ئەم لێگەڕانە بۆ خوا، وەهای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵک بێهەڵوێست بن، بێکرداربن، ناچالاک بن، بەشداری هیچ ناڕەزاییەک نەکەن، بەڵکو دانیشتوون دەستەوەستان داوا لە خوا دەکەن چاکی بکات و لە خوا دەپاڕێنەوە و نزا دەکەن، ژیان و گوزەرانیان خۆش بکات.

هۆکاری چوارەم:

گلەیی و گازەندە و زۆربڵێیی: زۆرینەی کورد لەبری ڕەخنەی جیدی و هەڵوێستی کارا و کردارنواندن، خەریکی گلەیی، گازەندە، پرتە و بۆڵە و زۆربڵێین. دەمی هەر کوردێک دەکەیەوە لەم هەرێمە نەگبەتییە گلەیی و گازەندەی هەیە و پرتە و بۆڵەیەتی، تەنانەت بە دەسەڵاتداران و مەکتەب سیاسی حیزبەکانیش لەم پرتە و بۆڵە و چەقە چەقە بێبەش نین. کاکی بەرپرس و مەکتەب سیاسی، خۆی لە دەسەڵاتدایە، خۆی بەرپرسیارە لەم دۆخەی کە دروستبووە کەچی گلەیی هەیە و خەریکی زۆر بڵێییە. هەمووان ناڕازین، بەڵام تا ئەو کاتە ناڕازین، پرتە و بۆڵەیانە کە بێبەشن، کە بەرژەوەندییان نییە، کە ئێسکێکیان بۆ هەڵدرا، کە بڕێک پارەیان پێدرا، کە زەوییەکیان پێدرا، ئیدی چیدی ناڕازی نین، لەبەر ئەوەی لێرە هەمووان تەنیا بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، نەک بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی هەمووان. لێرە لەم هەرێمە نەگبەتییە، هەمووان خەون بەوەوە دەبینن کە لە جێگەی بەرپرسەکان بن، بۆئەوەی ئەوانیش وەک بەرپرسەکان بتوانن گەندەڵی بکەن، نەوت بدزن، خۆش بژین، دەسەڵاتیان هەبێت، لە سەروو یاساوە بن، … هتد نەک بۆئەوەی دۆخەکە بگۆڕن و ژیانی خەڵکی بگۆڕن.

هۆکاری پێنجەم:

فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: جاران کورد لە دیوار و دەرگەی توالێتی مزگەوتەکان هەرچی جنێو و قسەی ناشرین و پیس هەبوو دەیان نووسی، چۆن دواوەیان خاڵی دەکردەوە، ئاواش سەر و سنگیان لێ خاڵی دەکردەوە، ئێستا دیواری فەیسبوکی کوردی بۆ زۆرێک لە کوردان هەمان ڕۆڵی دیواری توالێتی مزگەوتەکان دەبینێت. هەرچی پیس و پۆخڵی، ناشرینی و جنێو هەیە بە دیواری فەیسبوکییەوە هەڵدەواسێت. لە فەیسبووک لە پشتی لاپتۆپەکەیەوە قسەی زل دەکات، داوای خۆپیشاندان و ڕووخاندنی حکوومەت و دەسەڵات دەکات، کەچی سبەی خەوی لێکەوتووە و تاکو سەعات ١٢ و ١ نیوەرۆ بێدارنابێتەوە. تۆ کە شەو و ڕۆژت لێتێکچووە لەبەر فەیسبووک، چۆن دەتوانیت یاخی ببیت، چۆن دەتوانی کرداربنوێنی و هەوڵوێستت هەبێت. ئەوەی لە فەیسبووک دەینووسن و لە لایڤەکانیانەوە دەیڵێن پێیان وایە کە ئەمە سیاسەتکردن و یاخیبوونە، بەڵام سیاسەت لە فەزای گشتیدا دەکرێت، سیاسەت بە کردار دەکرێت نەک بە قسەی زلی پشت لاپتۆپەکانەوە.

هۆکاری شەشەم:

ڕاگەیاندنەکان: ڕاگەیاندنە کوردییەکانی ئەم هەرێمە نەگبەتییە هەموویان ئیش لەسەر خاڵیکردنەوە و دامرکاندنەوەی هەستی ناڕەزایی خەڵک دەکەن، لە ڕێگەی بەرنامەی بێمانا بەناوی کۆمیدی کە پڕیەتی لە سوکایەتی بە مرۆڤ و بەتایبەتی بە ژنان، وەک بەرنامەی بەرنامە (ی جاران)، بەزمی بەزم، ستوننووسی قۆشمەیی، بۆ خاڵیکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی خەڵک و قاقا پێکەنین بەدیاریانەوە و بێئاگا لەوەی کە ئەمە چ مەبەستێکی لە پشتە. دۆبلاژکردنی درامای تورکی بێمانا و ئاستنزم و سووک، چۆن کەرەستە و خواردەمەنیی تورکی بازاڕی کوردستانی داگیرکردووە، بە هەمان شێوە درامای تورکیش هۆش و دڵ و دەروونی مرۆڤی کوردی داگیرکردووە. چۆن دەسەڵاتە سیاسییەکەت پاشکۆی تورکیایە، بازاڕ و ڕاگەیاندنەکانیشی بوونە بە پاشکۆی تورکیا.

هۆکاری حەوتەم:

نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە: تاکو ئێستا لەم هەرێمەدا هیچ بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە دروست نەبووە، نە بزووتنەوەی سیاسی، نە کۆمەڵایەتی، نە ڕۆشنبیری. ئۆپۆزیسیۆنێک کە ئەلتەرناتیڤی هەبێت، ڕێکخراو بێت، پەروەردەکراو بێت و بزانێ سیاسەت بکات، فەلسەفەی سیاسی هەبێت، نەک وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان عەشایەری و خێڵەکی بێت. ئێستا بەناو ئۆپۆزیسیۆنێکت هەیە، قاچێکی لە حکوومەتدایە و قاچێکی لە ئۆپۆزیسیۆندایە، خۆی وەزیرەکانی دەرکراوە، مافی زەوتکراوە، سەرۆک پەرلەمانەکەی دیپۆرتی ئەو دیوی دێگەڵە کراوەتەوە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن مافی خەڵک بسەنێت، ناڕەزاییەتییەکان ئاڕاستە و ئۆرگانیزە بکات، ئەو چاوەڕێیە خەڵک ڕاپەڕینی بۆ بکات و مافەکانی بۆ بەدەستبهێنێتەوە.

هۆکاری هەشتەم:

شێواندن و لێڵکردنی ڕاستییەکان: لەم هەرێمەدا بە بەرنامە ئیش لەسەر شێواندن، لێڵکردن و تەمومژاویکردنی زانیارییەکان، هەقیقەتەکان و ڕاستییەکان دەکرێت. ڕاگەیاندنەکان لەمەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، چونکە سەرچاوەی هەواڵیان فەیسبووکە و مانشێتەکانیان مەتەڵە. ئێستا هەموو کورد دەزانێ ئەم حیزبانە گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن … هتد، بەڵام ئەمانە هەموو شتی گشتی و زانیاری گشتین، وردەکارییەکان شێوێندراون، تەمومژاوی کراون، ئاڵۆزکراون، سەرچاوەکانیان دیارنین. ئاخر یەکێک لە ڕستە دیارەکانی ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەیە لە سەرچاوەیەکەوە کە نەی ویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات! ئەندام پەرلەمانەکان زانیارییەکان وەک مەتەڵ دەڵێن، دەبێ بۆ خۆت هەڵی بهێنی مەبەستیان کام حیزب، کام بەرپرس و مەکتەب سیاسییە. ئەندام پەرلەمانێک دەڵێ: بەرپرسی حیزبی هەیە ٢٠٠ شوقەی لە ئەڵمانیا هەیە، بەرپرسەکان پارە دەنێرنە دەرەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا ڤێلایان هەیە. ئەمانە هەموو قسەی گشتی و زانیاری گشتین، ئەگەر ناوی بەرپرسەکە و بەڵگەکە بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ئەو زانیارییە کەڵکی هیچی نییە.

هۆکاری نۆیەم:

زانیارییەکان نابن بە کردار: زانیاری، زانین و مەعریفەیەک کە نەبێتە دەسەڵات، نەبێتە هێز و نەبێتە هۆی هەڵوێست و کردارنواندن هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. با هەموو کورد بزانێ یەکێتی و پارتی گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن، نووسەر، ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکەن، ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ بەرشەق دەدەن … هتد ئەگەر ئەم زانینە نەبووە هۆی هێنانەگۆڕێی هەڵوێست، یاخیبوون، هێز و دەسەڵات، نەبووە هۆی کردارنواندن، نەبوو بە ئەکت، هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. بۆ نموونە، ڤیدیۆیی هاووڵاتییەک کە قسە بەم دەسەڵاتە دەڵێ و ناڕازییە لێی، لە nrt نزیکەی دوو ملیۆن بینەری هەبووە. ئەگەر ئەم دوو ملیۆن بینەرە هەر لە فەیسبووکەوە نەڵێ قسەی چاکی کرد، ڕیسوای کردن، بەڵکو بێت بە کردەوە پشتگیری لە قسەکانی ئەم هاووڵاتییە بکات و بەیەک دەنگ و بەیەک جار دوو ملیۆن کەس ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت، یەکێتی و پارتی چۆن دەتوانن بەرگەبگرن، بەڵکو دەلەرزن و دەڕووخێن.

هۆکاری دەیەم:

مێنتاڵێتی خێڵەکی و ناوچەگەری و شارچێتی، کورد سروشتێکی خێڵەکی هەیە، پتر ئینتیمای بۆ خێڵەکەی و عەشیرەتەکەی هەیە نەک بۆ چاکەی گشتی و بۆ نیشتیمان، هەر بۆ نموونە، زۆرینەی کورد تەنیا ماڵەکەی خۆی و بەردەرگەی خۆی پاک ڕادەگرێت، بەڵام بەلایەوە گرنگ نییە کۆڵانەکەی کە موڵکی گشتیییە و بۆ هەمووانە پاک ڕابگرێت. کورد لەم هەرێمە نەگبەتییە سێ (چوار) پارێزگاییە خەریکی ناوچەگەری و شارچێتییە، ئەوەندەی ئیش لەسەر ناشرینکردن و نوکتە لەسەر شارەکانی یەکدی دروستدەکەن (وەک بەزمی هەولێری و سلێمانی)، ئەوەندە ئیش لەسەر یەکدەنگی و پێکەوەیی ناکەن. بۆیە ئەو ناڕەزاییانەی ڕووشیانداوە، سەرتاسەری نەبوونە، بەڵکو یەک پارێزگا، و چەند شار و شارۆچکەیەکی گرتۆتەوە. لەنێو ئەم پارێزگا و شارۆچکانەشدا هەموو خەڵکەکە پێکەوە نەبووە بەڵکو چەند چین و توێژێکی کەم ناڕەزایی دەربڕیوە.

هۆکاری یازدەیەم:

کورد ئەوەندی بە ژیانی تایبەتی ئەویدییەوە خەریکە و قسەی لەبارەوە دەکات ئەوەندەی باسکردن لە چاوساندنەوەی خۆی لەلایەن ستەمکارەکانییەوە پێ گرنگ نییە. بۆ نموونە، ئەوەندەی بە لایەوە گرنگە دراوسێکەی، هاوڕێکەی، خزمەکەی، … هتد چ دەکات، چ لەبەر دەکات، چ دەخوات، دەچێ بۆ کوێ، لەگەڵ کێ پەیوەندی هەیە، … هتد، بەلایەوە گرنگ نییە بوجەی وڵاتەکەی چی لێبەسەر دێت، کارەبای نییە، مووچەی نییە، ئاوی نییە … هتد. ئەوەندەی چاودێری لەسەر دەوروبەرەکەی، هاوڕێ و خزم و دراوسێکانی داناوە و چاودێریان دەکات و تەداخولی ژیانی تایبەتیان دەکات، ئەگەر نیو ئەوەندە چاودێری لەسەر حکوومەتەکەی دابنابوایە، نیو ئەوەندە لە حیزبەکانی بپرسیبوایەوە، نیو ئەوەندە تەداخولی کاروباری حکوومەت و حیزبەکانی بکردبوایە، ئەوا ئێستا دۆخێکی دیکە دەهاتە ئاراوە و بەناو حکوومەتەکەمان زۆر شەفاف (ڕۆشن)تر دەبوو، گەندەڵی کەمتر دەبوو. ئەو چاوبزی و چاوتیژییەی بۆ ئەوانی دی و دەروبەرەکەی هەیەتی، گەر بۆ حکوومەتە گەندەڵەکە و حیزبەکان هەیبوایە ئەوا ئێستا بێمووچە نەدەبوو، بێکارەبا و بێئاو نەدەبوو، حیزبەکان ئەوا نەدەبوونە ستەمکار بەسەرییەوە.
تۆش هۆکاری دیکە بژمێرە.




تەڵەی سۆسیدیدیس ی پارتەكانی كوردستان …. عەلی مەحمود محەمەد

لە جیهاندا ئێستا مشتومڕەكان گەرمن لە سەر ئەوەی ئەمەریكا سەركردایەتی جیهان بۆ چین چۆڵ بكات, وەلێ پێیان وایە ئەم پرۆسەیە ئەگەری هەیە بە شەڕێكی ماڵوێرانكەردا تێپەڕێت , وەك چۆن لە مێژووی 500 ساڵی رابردوو لە كۆی 16 گۆڕانكاری و دەستاو دەستكردن لە سەركردایەتیكردنی جیهان رویانداوە, لەوانە 12 ەیان لە رێگای شەڕەوە بووە, وەلێ بە دۆزینەوەی چەكی كوشندەی ئەتۆمی و هایدرۆجۆنی و ئەوانی بەدوایدا دێن , ململانێ لە رێگای شەڕەوە زەحمەت بووە, چونكە شەڕی سەرانسەری گەورەی سوپەر هێزەكانی ئێستای جیهان كۆتایی مرۆڤایەتییە, هەر بۆیەشە سەدەی رابردوو دوو بەزینی هێزی باڵادەستی جیهانی بەخۆوە بینیوە, كە بەریتانیاو یەكێتی سۆڤیەت بوو لەبەرامبەر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا , پرۆسەی پێش ئەوە بەزینی ئەڵمانیا بوو لە رێگای جەنگەوە بەرامبەر بەریتانیا , ئەم پرۆسەی گۆڕانكارییە لەسەركردایەتی جیهانی پێی دەوترێت تەڵەی سۆسیدیدیس.

پاش تەسلیم بوونی بەریتانیاو یەكێتی سۆڤیەت لە سەدەی 20 بە ئەمەریكا, مانەوەی ئەمەریكا بۆ ماوەی 19 ساڵ لەسەر عەرشی ئەو سەركردایەتیە ( لە 1989 دوای روخانی دیواری بەرلین تا قەیرانە ئابورییەكانی ساڵی 2008) ئێستا باڵادەستی ئەمەریكا لە روی ئابوری و سیاسییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە ئاو دەچێت , هەرچەندە هێشتا گەورەترین هێزی سەربازی و ئابووری و زانستی و رۆشنبیری جیهانییە (خاوەند نیوەی بودجەی سەربازی جیهان, بەرهەم هێنانی 70%ی زانستی جیهانی ,بوونی پەیوەندی بە پاشكۆكردن لە گەڵ نزیك 110 وڵاتی جیهانی , یەكەم ئابوری جیهانە چین تەنها نزیك 60%ی ئابوری ئەمەریكایە ) وەلێ رۆژ بە دوای رۆژ دەسەڵاتە سیاسییەكەی لە ئاو دەچێت وەلێ لەسەر خۆ , بە تایبەتیش دوای هاتنە سەركاری ترامپ و كشانەوەی لە رێكەوتنامەی بازاڕی ئازاد تی تی پی و كشانەوەی لە پەیماننامەی پاریس و پیادە كردنی سیاسەتی ئەمەریكا یەكەمجار هەمو ئەمانە وا دەكات تەریك بكەوێتەوە و سەرۆكایەتی جیهان تەسلیم بكات.

ئەدی لە كوردستان ئەم پرۆسەی گۆڕانكاری لە سەركردایەتی چۆن رویداوە لە 7 دەیەی رابردوودا, پاش دامەزراندنی پارتە سیاسییەكان بەشێوەی گشتی لە ناوەڕاستی چلەكانەوە, دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد و هاتنی رێكخستنەكانی حشع(حیزبی شیوعی عێراقی) لە رێگای قوتابییە كوردەكانەوە لە زانكۆكانی عێراقەوە بۆ كوردستان , ئەم دوو هێزە بوونە ركابەری سەرسەختی یەكتر بۆ سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان, ئەم ركابەرییە نزیك 20 ساڵێكی خایاند, وەلێ بەهۆی باڵادەستی دكتاتۆریەتی حكومەتی ناوەندی و نزیكایەتی فكری لە یەكتر, ململانێكە نەگەیشتە ئاستی پشت شكاندنی یەكتر, بگرە ئەم دوو پارتە وەك دوو لایەنی نزیك لە یەكتر بەردەوام لە كوردستان كاریان كردووە, هەرچەندە حشع لە روی رێكخراوەیی و چالاكی جەماوەری و شەڕی چینایەتییەوە زۆر لە پێش پارتییەوە بووە تا كۆتایی 1959, ئەم بارودۆخە دەڕواتە پێش تا هاتنەوەی بارزانی بۆ كوردستان و كۆبونەوەی ئاغاو دەرەبەگەكانی یاخی لە دابەشكردنی زەوی لە دەوری پارتی و كودەتای باڵی راست بەسەر باڵی چەپی پێشكەوتنخواز ی ناو پارتی بە سەرۆكایەتی حەمزە عەبدوڵا و هاورێكانی , وە هەڵگیرسانی خەباتی چەكداری لە ئەیلولی ساڵی 1961 و پشتیوانی وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە لە بزوتنەوە چەكدارییەكە , دواتر كودەتای 8ی شوباتی بەعسییەكان و قەڵاچۆكردنی شیوعیەت , هەموو ئەمانە وای كرد دوای ئەم پرۆسەیە بێ ململانێ سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری كوردستان بدرێتە پارتی , حشع بە خشكەیی لە سەركردایەتی ژیانی سیاسی خەڵكی كوردستان كشایەوەو تەسلیم بە ئەمری واقع بوو , كە دواتریش ئەگەر لە عێراق هێزی هاتبێتەوە بەر , ئەوا لە كوردستان توانای سەركردایەتی نەما, بە بەیانی 11ی ئازاری 1970 , باڵی مەكتەبی سیاسیش تەسلیمی باڵی بارزانی بوون, تا ئازاری 1975 ئەم باڵەی پارتی سەرۆكایەتی ژیانی سیاسی كوردستانی گرتە دەست بێ ركابەر, دەتوانین بڵێین لە مێژووی باشوری كوردستاندا , هیچ كات بەو رێژەیە خەڵك لەدەوری تاك لایەنی سیاسی كۆ نەبۆتەوە, ئەم كۆبونەوەیە دوا كۆبونەوەی یەكگرتوانەی خەڵك بوو لە دەوری تاك لایەنێك .

وەلێ لە دوای هەرەسی ساڵی 1975 ەوە , باڵی مەكتەبی سیاسی دێنەوە گۆڕەپانەكە بەناوی ینك ەوە كاردە كەنەوە , باڵی بارزانیش بە ناوی قیادەی موەقەتە سەرەتا , دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان , لە هەندێك ناوچەش وەكو دەشتی هەولێرو شارەزور پارتی سۆسیالستیش بووە ركابەری سەرەكی , وەلێ ئەو تەنها 4 ساڵ لەو ركابەرییە ناوچەییانە مایەوە , شەڕی ناوخۆیی و مفاوەزاتی 1983 ی ینك لە گەڵ بەعس و كەمی ئەزمونی سەركردایەتییەكەی بوون هۆی لادانیان لە پرۆسەی ململانێ بۆ سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری كوردستان , سۆسیالست وەك هێزێكی ناوچەیی نەك سەرتاسەری فڕێ درایە دەرەوەی كێشمە كێشەكەو لە هاوكێشە سیاسییەكاندا ژمارە بچوكەكەی بۆ مایەوە , ئیتر تا هەنووكە 41 ساڵ شەڕ لەسەر سەركردایەتیكرنی باشوری كوردستان لە نێوان هەردو باڵەكەی ئەوسای پارتی بەردەوامە , تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە .
53 ساڵ ململانێی ئەم دوو باڵە شكل و شێوەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیووە , هەندێك جار هانا بردنە بەر ئایدۆلۆژییە جیهانییەكان وەك چەكێك بۆ ململانێ , جاری واش شێوازی عەسكەری و شەڕی خوێناوی بەخۆوە بینیوە , كە هیچكامیان تا هەنووكە ئاكامی نەبووە, ئەوەشی ململانێكەی ئاڵۆز كردووە, هەر لایەنەی ناوچەی نفوزو قەڵەمڕەوی سیاسی خۆیان هەیە, بۆ پاراستنی هێزو باڵادەستیان كۆمەڵگا بەرەو شەڕی شارچێتی و لەهجە چێتی دەبەن , لە ئێستاشدا ململانێكە شێوازی جۆری حوكمڕانی و بەڕێوەبەرایەتی و ململانێ لەسەر دەست كەوتی بە خۆوە گرتووە, كە لە ناوەڕۆكدا هەر پەیامەكەی 53 ساڵ لەمەوپێشە, رێكەوتنی دەباشان هەر پەیامی كۆنگرەی ماوەتە لە ناوەڕۆكدا .

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر لە 2003 ەوە تا رادەیەك سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستانی كەوتبێتە ژێر دەستەوە ئەوا بە هۆی كۆمەڵ بوونی كێشەكان لە سەر یەكتر و هاتنی هەمویان پێكەوە بۆ ناو ئۆفیسەكەی ( كێشەی یاسایی سەرۆكی هەرێم , كێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان , كێشەی ئابوری و دارایی هەرێمی كوردستان بەشی شێری بەر ئەو دەكەوێت بەهۆی سەركردایەتیكردنی پرۆسەكەوە , كێشەی ریفراندۆم و ئەگەرە كراوەكان بەردەمی , بوونی پشتیوانی تەنها نزیك بە 26%ی هاووڵاتیانی كوردستان لێی, كزی متمانەی لاوان … ) هەموو ئەمانە وا دەكات پارتیش وەك ئەمەریكا بێ شەڕ بەدوای شەریكێكدا بگەڕێت بۆ سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستان , تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شكستی سەربازی و سیاسی و ئابوری لایەنێك نابێت , بگرە رێگایەكی پراگماتیكیتر ئەویش پەیدا كردنی شەریك بێت بۆ قۆناغی راگوزەری تا سەرۆكە تازەكان كلیلی بەڕێوەبەرایەتی وەرە گرن دوای سەركەوتنەكانی ئایندە.

دابەزینی ئاستی شتیوانی بەتایبەت لاوان لە هێزە سیاسییەكان و لە دەستدانی متمانە , بەتاڵبونەوەی كاری حیزبایەتی لەناوەڕۆكە سیاسییەكەی , هژمۆنیای ئۆلیگارشییەكان بەسەر پرۆسەی سیاسی و ئابووری كوردستان, بەرز بونەوەی ئاستی نایەكسانی و كەڵەكە بوونی سەرمایەی كوردستان لە دەستی ژمارەیەك ئۆلیگارشی سیاسی بە ئەندازەیەك سەرمایەی ئەوان زۆر زیاترە لە كۆی بەرهەمی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان , نەمانی رەوایەتی بە ململانێی 53 ساڵی جەلالی و مەلایی …… هەموو ئەمانە وا دەكەن بڵێین تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شانس بە هێزێكی نوێ دەدات و خەڵكی كوردستان لەم مەرگەساتەی ئەم دوو لایەنە رزگار دەكات, شانس بەوان ناداتەوە ,بۆ ئەوەی بە پرۆسەی سەربازی یان سیاسی یەكیان هەرەس بەوی تریان بێنێت.
((پوسیدیدس: میّونوسی یۆنانی لە 460 پ زاین لە دایك بووە , 395 پ زاین كۆچی دوایی كردووە , پەرتوكی لەسەر جەنگی بیلۆبۆنسیە نووسیوە , جەنگی نێوان ئەسینا و ئەسبپارتە , تیایدا دەستنیشانی ئەوە دەكات گەشەی ئەسینا , ترسی لای ئەسپارتەكان دروست كرد وای كرد شەڕ ببێتە حەتمی لە نێوانیان ) .
بۆ یەكەم جار گراهام ئەلیسۆن لە ساڵی 2015 ئەم دەستەواژەیەی بەكار هێنا لە پەرتوكی : رۆیشتن بەرەو جەنگ, ئایا ئەمەریكا و چین دەتوانن خۆیان لە تەڵەی پوسیدیدس بپارێزن .




غه‌زه‌ل…ده‌نگێكی نوێ‌ له‌هونه‌ری گۆرانی و مۆزیكی كوردیدا … نه‌جم محه‌مه‌د

كیژه‌ به‌هره‌مه‌ندی به‌شداربووی به‌رنامه‌ی كورد ئایدل به‌ڕای من ده‌نگێكی نوێ‌ یه‌ له‌ هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكای كوردیدا دیاره‌ توانای و ئاست و خۆشی ده‌نگی ئه‌م خاتوونه‌ له‌ووتنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند كاك (عه‌زیزی شارۆخی)ه‌وه‌ به‌ناوی (كیژه‌ كوردی) ده‌ركه‌وت وزیاتر ناسراو ئه‌م گۆرانیه‌ زیاتر بردیه‌ ناو خه‌ڵكیه‌وه‌ وبه‌جۆرێك ئه‌م گۆرانیه‌ به‌ده‌نگی غه‌زه‌ل ده‌نگی دایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی چه‌ندین ساڵه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند كاك عه‌زیزی شلرۆخی ئه‌م گۆرانیه‌ی گوتووه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ .

لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك قسه‌له‌سه‌ر ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگ خۆشه‌ بكه‌م و هه‌ندێ‌ ڕاوسه‌رنج و پێشنیاریش بخه‌مه‌ ڕوو له‌پێناو زیاتر به‌ره‌وپێش چوون و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خاتوونه‌دا له‌ كاروانی هونه‌رو مۆزیكای كوردیدا من پێم وایه‌ ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگێكی تازه‌و تایبه‌ته‌ پێویستی به‌په‌روه‌رده‌كردن و ڕێنمایكردن هه‌یه‌ئه‌م خاتوونه‌ تۆنی ده‌نگی بۆ هه‌موو گۆرانیه‌ك نابێ‌ و ناشێ‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رنامه‌ی كورد ئایدل دا ده‌بینم به‌سه‌بكی جۆراو جۆرو تۆنی جۆراو جۆر گۆرانی بۆداده‌نێن وگۆرانی ده‌ڵێت ویاری به‌ده‌نگی ده‌كات ده‌نگی تاقی ده‌كاته‌وه‌جانازانم خۆی ئه‌و گۆرانیانه‌هه‌ڵده‌بژێرێت یان تیپه‌مۆزیكیه‌كه‌ی به‌رنامه‌كه‌یه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر تیپه‌كه‌بێت غه‌در له‌م ده‌نگه‌ ده‌كات وتواناییه‌كان و خۆشیه‌كان و ئیحساس وجوانیه‌كانی ده‌نگی كاڵ و كه‌م ڕه‌نگ ده‌كاته‌وه‌ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆشی بێت دیسان من پێم وایه‌ خۆشی هه‌مان غه‌در له‌ده‌نگی خۆی ده‌كات هه‌روه‌ها به‌داخه‌وه‌ ده‌بینم لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رنامه‌كه‌ش زۆر جار موجامه‌له‌ی ئافه‌رینی ئه‌م خاتوونه‌ده‌كه‌ن كه‌یاری به‌ده‌نگی ده‌كات وبه‌ شێوازو له‌هجه‌ی جیاجیاگۆرانی ده‌ڵێت من پێم وایه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ش دیسان غه‌در له‌م ده‌نگه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵێ‌ ئه‌م خاتوونه‌ ده‌توانێ‌ شێوازی جیاواز جیاواز له‌گۆرانی كوردی بڵێت ئه‌و تواناییه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام توانای شتێكه‌و تابع وتۆنی ده‌نگ شتێكی تره‌ده‌نگی ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگێكه‌ بۆگۆرانی شادو خێرا نابێت چونكه‌ كاتێك گۆرانی خێرا وشاد ده‌ڵێت خۆشی و جوانی و ئیحاس وتام وبه‌رامه‌ی ده‌نگی بزرده‌بێت خێرای ڕیتمه‌كه‌ شیرینی ده‌نگه‌كه‌ی هه‌ڵده‌مژێت و وونی ده‌كات هه‌روه‌ها ده‌نگی( بۆگۆرانی هه‌ورامی و كرمانجی )نابێت ده‌نگی بۆ گۆرانیه‌كانی مامۆستا (خالقی و كامگاره‌كان) نابێت وناگونجێت ئه‌و ده‌نگێكی ڕۆژهه‌ڵاتی جوانی ناوچه‌ی (سه‌رده‌شت …موكوریانه‌) تیشكه‌ ده‌نگێكه‌له‌رشۆژهه‌ڵاته‌وه‌هه‌ڵهاتووه‌ ده‌نگی ئه‌و بۆگۆرانی ئارام وسلۆونیمچه‌خێراگونجاو له‌باره‌ ده‌نگی ئه‌و بۆگۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (عه‌زیزی شارۆخ ومحمد دانش و میكایل و ماملێ‌ و جه‌مال موفتی )زۆر له‌بارو گونجاوه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگێكی جوانی ژنانه‌یه‌ بۆ ووتنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كانی (فه‌تانه‌ی وه‌لیدی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و شه‌هێن تاله‌بانی و له‌یلای فه‌ریقی )زۆر گونجاوه‌ هه‌روه‌ها له‌ووتنی گۆرانی دوێتدا ده‌نگی بۆگۆرانیه‌دوێته‌كانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر( عه‌باسی كه‌مه‌ندی و شه‌هێن تاله‌بانی) گونجاوه‌وله‌باره‌ .

بۆیه‌ لێره‌وه‌ پێشنیارده‌كه‌م بۆ ئه‌م خاتوونه‌ وئه‌وتیپه‌ مۆزیكیه‌ی به‌رنامه‌ی كورد ئایدڵ كه‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانیه‌كان بۆغه‌زه‌ل له‌هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ناوم هێنان هه‌ڵبژێرن من پێم وایه‌ یاریكردن به‌ده‌نگی گۆرانیبێژ له‌لایه‌ن ژه‌نیارو و خودی گۆرانیبێژه‌كانیشه‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌ك نه‌ك له‌وبه‌رنامه‌دا به‌ڵكو له‌هونه‌ری گۆرانی و مۆزیكای كوردیشدا به‌گشتی من ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌دیارده‌یه‌كی هه‌ڵه‌ و ناته‌ندروست ده‌زانم وزۆرجار نه‌ژه‌نیاره‌كه‌ ونه‌گۆرانیبێژه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوونابن تیایدا مافی خۆی ناده‌ن به‌گۆرانی وئاوازه‌كه‌بۆیه‌ ناسینی ده‌نگ و توانای ده‌نگ و هه‌ڵبژاردنی گۆرانی زۆر گرنگه‌ هه‌رئه‌و ه‌به‌ته‌نیاگرنگ نیه‌ كه‌تۆ به‌شێوازو له‌هجه‌جیاجیاكانی زمانی كوردی بتوانی گۆرانی بڵێت كه‌له‌ڕووی فۆنه‌تیك و زمانه‌وانیشه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌وه‌ نابێت له‌وڕوه‌وه‌ به‌هه‌ستێكی ته‌سكی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌وه‌ بیربكرێته‌وه‌ و گۆرانی بوترێت چونكه‌ هونه‌ری گۆرانی مۆزیكا بۆخۆی به‌یانكردنی ئیحساسی مرۆڤانه‌یه‌و هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكاش زمانێكی جیهانی یه‌وهه‌موو زمانه‌كانی میلله‌ته‌جیاجیاكانی دونیا پێكه‌وه‌ تیایدابه‌شدارن ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌گه‌شه‌كردن وداهێنان وبه‌ره‌و پێش بردنیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسه‌ری به‌ناوبانگی ڕووسی (ڕه‌سوڵ هه‌مزه‌تۆف) زۆر جوان ده‌ڵێ :-زمانێك دوژمنی زمانێكی ترنیه‌و گۆرانیش گۆرانی له‌ناو نابات)بۆیه‌ زۆر گرنگ وپێویسته‌ كه‌ئێمه‌ له‌ڕووی مرۆیی وئیحساس و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بڕوانینه‌ هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكا .

من پێم وایه‌ ده‌نگی غه‌زه‌ل ده‌نگێكی نوێ‌ ی كوردیه‌ وهونه‌ری كوردی پێویستی پێیه‌تی ئه‌گه‌رچی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌بێت یان یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌نه‌بێت ده‌نگێككی نوێ‌ ی جوانی ژنانه‌یه‌ وهونه‌ری كوردی پێویستی پێیه‌تی ئه‌م ده‌نگه‌ هێشتا له‌هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تادایه‌ و كاروانێكی دوورو درێژی له‌پێشه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌نگه‌ په‌له‌ نه‌كات ووریابێت له‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانی كه‌له‌گه‌ڵ تۆن و ده‌نگی خۆیدا بێته‌وه‌نابێت فریووی مجامه‌له‌كان بخوات ده‌بێت ووریابێت له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆرانیه‌ دوێته‌كاندا نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری و خواست وداواكاری وده‌نگی گۆرانیبێژی به‌رامبه‌ر به‌جۆرێك گه‌ر گۆرانیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگیدا نه‌هاته‌وه‌ ڕاشكاوانه‌ ڕای خۆی بڵێت و ئه‌و گۆرانیه‌ نه‌ڵێت وپێشنیارده‌كه‌م دوای ته‌واوبوون وكۆتای هاتنی به‌به‌رنامه‌یكوردئایدڵ ئیتروازله‌لاسایكردنه‌وه‌ بهێنێت هه‌وڵ بدات ئیترخاوه‌نی ڕێچكه‌ی خۆی بێتوسه‌بكی خۆیبدۆزێته‌وه‌ وله‌ئاینده‌دا توانا ده‌نگیه‌كه‌ی له‌لاسایكردنه‌وه‌دا به‌خه‌سارسه‌رف نه‌كات وخاوەنی گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆی بێت چونكه‌لاسایكردنه‌وه‌ به‌هره‌یه‌كی هونه‌ریه‌ نه‌ك داهێنانێكی هونه‌ری من پێم وایه‌ گۆرانی بۆخۆی ژه‌نینی ئیحساسه‌ به‌مانایه‌كی تر ئیحساس ژه‌نینه‌ بۆیه‌ هه‌رگۆرانیه‌ك به‌ئیحساسه‌وه‌ نه‌وترێت سه‌ركه‌وتوونابێت ئه‌گه‌ر ئه‌وگۆرانیه‌ گۆرانی گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندیش بێت بۆیه‌ پێشنیارده‌كه‌م بۆئه‌م خاتوونه‌ كه‌خۆی خۆی بێت وده‌نگی خۆی وون نه‌كات به‌ئیحساسی خۆیه‌وه‌ گۆرانی بڵێت وهه‌وڵ بدات به‌ئیحساسێكی ژنانه‌وه‌ گۆرانی بڵێت نه‌ك ئیحساسێكی پیاوانه‌بۆنموونه‌ له‌گۆرانیه‌كانیدا وه‌ك ژنێك موخاته‌به‌ی پیاو بكات نه‌ك وه‌ك پیاوێك موخاته‌به‌ی ژن بكات به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گۆرانیبێژه‌ ژنه‌كانی كورد به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك پیاوگۆرانی ده‌ڵێن نه‌ك وه‌ك مرۆڤێكی ژن.




بۆچی پارتی گومانی هه‌مووان له‌مه‌ر ریفراندۆم ناره‌وێنێته‌وه ؟! … عیماد عه‌لی

تۆ له‌وه‌گه‌رێ كه‌ خه‌ڵكانێك به‌ پشتخانی حزبیه‌وه‌ هه‌میشه‌ گومانی ته‌واوره‌ها له‌ ره‌فتار و بۆچونی پارتی له‌مه‌ر هه‌موو كه‌یس و پرسێك ده‌كه‌ن و، تاراده‌یه‌كیش ناحه‌قیان نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا پارتی له‌ سه‌ر بنه‌مای كورتبینیه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر و له‌ چوار چێوه‌ و قاوغی دیاریكراوی قازانجی تایبه‌تی حزبی و شه‌خسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو بابه‌تێك دا ده‌كات و له‌ روانگه‌ی ته‌سكی حزبیه‌وه‌ ته‌نانه‌ت بۆ پرسه‌ گرنگه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌روانێت و، ئه‌گه‌ر كوردستان به‌ هه‌ڵوێستۆكه‌یه‌كی ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو وه‌رگرێت له‌سه‌ر حسابی كه‌سی یه‌كه‌م و پارتیه‌كه‌ بكه‌وێت، زۆر دوور نیه‌ هه‌زار و یه‌ك نه‌فره‌تی لێبكات و پشت له‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ بكات . ئاخر ئه‌وێك حزب وه‌ك ئامانج به‌كاربێنێت نه‌ك ئامراز، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌ده‌ست دێت و بۆیه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌ناوی حزبه‌وه‌ گه‌مه‌ ده‌كات جگه‌ له‌ رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زیان به‌ میله‌ت و قازانج به‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی حزبیی خۆی هیچ شتێكی نه‌به‌خشیوه‌ به‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردستان. تا ئێستاش بۆ هه‌مووانی سه‌لماندووه‌ كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌ی حزبیدا ته‌نانه‌ت ده‌ستی بۆ شه‌یتان درێژكردۆته‌وه‌ و ته‌نازولی بۆ دوژمنانیش كردووه‌، ئه‌مه له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ حاڵ و تۆزقالێك هه‌ستی كردبێت زه‌ره‌یه‌ك پارتی زه‌ره‌ر له‌ نه‌رمی نواندنی هه‌ڵوێستێك ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ راكێشانی هێز و ده‌ستی سه‌رجه‌م دوژمنانی ده‌وروبه‌ر و هه‌ر جاره‌ و یه‌كێك سڵی نه‌كردۆته‌وه‌ .

ئه‌وه‌ میژووی پارتیه‌ و بۆ هه‌موو چاودێریك روون و ئاشكرایه‌ و گه‌وره‌ و بچوك ده‌یناسن، هه‌رچه‌ند زۆر جار خه‌ڵكی دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان به‌ سۆزه‌وه‌ هیوادارن قازانجه‌كانی پارتی وه‌ك له‌ باری كاروباری حزبی خۆی به‌ رووت و قووت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بكه‌وێته‌وه‌ و ناچار بێت هه‌نگاوی حزبی وا بنێت تێكه‌لی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌ل بێت، جا ئه‌گه‌ر له‌ پێناو خۆ قوتاركردنیش بێت له‌ گۆشه‌ی لاته‌ریكبون و قه‌یراناوی خۆیه‌وه‌ و هه‌نگاوی وا بهاوێت به‌ڵكو خوادیه‌ میله‌ت له‌و رێره‌وه‌ی كاری حزبی خۆیدا ته‌كانێك بچێته‌ پێشه‌وه‌ و له‌م دێوه‌زمه‌ی كاری حزبایه‌تیه‌ كلاسیكیه‌یدا سودێك ببینێت، وه‌ك ئه‌مه‌ی له‌مه‌ر ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ پروشه‌ی ده‌رئه‌نجامی باشی به‌ركه‌وێت . وا هه‌مووانیش باش ده‌زانن پارتی ناچاربووه‌ بۆ هه‌وڵی بازدانێك به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بنێت ئه‌گه‌ر بۆ خۆقوتاركردن له‌ ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و به‌و ئامانجه‌ی حزب و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌رزكی بانانه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی شكستی حوكمرانی ده‌ربچن و زۆرینه‌ی رۆشنبیر و خه‌ڵكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی خه‌باتگێر و دڵسۆزی كوردیش ئه‌گه‌ر پشتگیری ریفراندۆمی له‌م جۆره‌ رێگه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ پێناو قازانجه‌كه‌ی میله‌ته‌ به‌گشتی كه‌ له‌پاڵ ئامانجه‌ ته‌سكه‌كه‌ی پارتیه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خات و له‌وانه‌یه‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كه‌ مه‌یسه‌ر بكات .

پاش هه‌ستكردنمان به‌ خاووخلیچكی و كه‌مته‌رخه‌می رۆژ له‌ دوای رۆژی پارتی له‌مه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ به‌خۆی ده‌ستی بۆ بردووه‌، ئه‌وه‌ بۆ هه‌مووانی ده‌رده‌خات كه‌ نیازی راسته‌قینه‌ی له‌مه‌ر ریفراندۆم ململانێی حزبیه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ به‌دیهێنانی خودی ئامانجه‌كه‌ بێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ هۆكاره‌كانی ملهوری و بوغرایی و له‌ خۆبایی پارتی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵكی تر و ركابه‌ره‌كان و خاوه‌ن مه‌یلی حزبی و ته‌سكبین و فكری بچوكی ناوچه‌یی و حزبی و كه‌له‌ره‌قی و خۆدانه‌ سه‌رقۆچانێ و كه‌له‌بازی و شه‌ڕه‌ده‌ندوكی هه‌رزه‌كارانه‌ی سیاسی و رۆشنبیری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ .
با له‌وه‌وه‌ نیه‌تی پارتی روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌چۆن گومانی وای خستۆته‌ دلێ هه‌مووانه‌وه‌، ته‌نها مانه‌وه‌ی بارزانی بێت و مه‌به‌ست له‌م ئیدعایه‌ی تۆماركردنی مه‌جده‌ كه‌سیه‌كه‌ی بێت له‌ رێگه‌ی به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش وا ده‌یسه‌لمێنێت له‌ هه‌موو كورد و دوارۆژه‌كه‌ی لا گرنگتر بێت، ئه‌مه‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌ی بیكردنه‌وه‌ی پشتی ئه‌و مه‌رجه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ حاڵه‌تی گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، داوای ده‌ستنه‌بردن بۆ پرسی سه‌رۆكی هه‌رێم و سیستمی سیاسی ده‌كات، كه‌ پێشتر به‌ كه‌ڵه‌گایی داوای كاندیدكردنی خه‌ڵكی تری ده‌كرد بۆ جێگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وئه‌مرۆ ناچار بووه‌ گه‌رانه‌وه‌كه‌ی قبوڵ بكات، هه‌ر به‌خۆیشیان بۆ چه‌واشه‌یی داوای دیاریكردنی كه‌سێكی تریان ده‌كرد بۆ شوێنگره‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی داهاتوو .

به‌م مه‌رجه‌ی ئه‌مرۆش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ رێگری له‌ یوسف موحه‌مه‌د و خه‌تی سوری پارتی له‌و باره‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ده‌ستبردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ بڤه‌یه‌ بووه‌، ئه‌گینا له‌سه‌ره‌تادا وتیان نابێت باس له‌ گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ كاره‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ داواكاریه‌كانی تردا بكرێت، كه‌چی ئێستا ته‌نها باس نه‌كردن و ده‌ست نه‌بردن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆته‌ مه‌رجی سه‌ره‌كی پارتی و بارزانی و، له‌و حاڵه‌ته‌دا گه‌رانه‌وه‌ی یوسف موحه‌مه‌د هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ ئه‌وان نیه‌ . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی راست ده‌كات و هه‌موو شتێك ده‌كاته‌ قوربانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رزانیشه‌وه‌، ئه‌وا با دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ پێشوه‌خت مه‌سعود بارزانی په‌یمان ده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واده‌ی شه‌رعی خۆی ته‌واو بووه‌ و ناتوانێت خۆی كاندید بكاته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌جێ ده‌هێڵیت و هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ده‌كرێت و یاسای ریفراندۆم هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نیه‌ و كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بێ مه‌رج ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، جیا له‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفرندۆم و مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئه‌وله‌ویاتی كاری په‌رله‌مان بێت و سه‌رجه‌م كیشه‌كان به‌ گورزه‌یه‌ك بخرێنه‌ نێو كۆبونه‌وه‌ چرو فروان و یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ .
به‌ڵێ جگه‌ له‌مه‌ش، زۆر رێگای تر هه‌یه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان له‌ لایه‌ن بارزانی و پارتیه‌وه‌؛ له‌وانه‌ش دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌ته‌كێتی حزبی وته‌كتیكی رۆژانه‌ و بوغرایی و له‌خۆبایی و ملنه‌دان بۆ داواكاریه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی گه‌ل و سه‌لماندنی نیازپاكی بۆ گه‌ل و نیشتمان و خستنه‌ به‌رده‌ستی سه‌رجه‌م تواناكان بۆ سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و بریاری سه‌ربه‌خۆیی بێ قه‌ید و شه‌رت و مه‌رج .

لێره‌شد چه‌ندین هه‌نگاویی به‌رایی پێویسته‌، ئه‌گه‌ر پارتی و بارزانی راست ده‌كه‌ن و نیازیان به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستانه‌ نه‌ك كاری حزبیی لاوه‌كی و خۆ قوتاركردن له‌ ئالۆزی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵه‌ی سیاسی و هه‌وڵدان بۆ رزگار بون و ده‌رچون له‌ لغاوی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان وده‌ردانه‌كانی بریاری سه‌رپێی و هه‌ڵه‌ی ملهوری و خۆ به‌ گه‌وره‌زانی و نه‌بونی شاره‌زایی و ئه‌زمون و هه‌نگاوی خۆبه‌زێنی دوو ده‌یه‌ و نیوی حوكمی حزبی .
ئه‌گینا ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی كورت و خێرا و به‌ خودی كاك مه‌سعود بارزانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ راستی قوربانی به‌ شتی تایبه‌تی خۆی و حزبه‌كه‌ی له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی بدات، له‌وانه‌ش :
1-دوور له‌ كه‌لی سه‌ری ره‌ش، سه‌ردانی سلێمانی بكات و له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی یه‌كێتی وگۆران و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی و به‌ روحیه‌تێكی نیشتمانیانه‌ی دوور له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی حزبی و راستكۆیانه‌وه‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت و بریاری زۆری هاوپه‌یوه‌ست به‌ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كیشه‌كان و به‌ كاراكردنه‌وه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رتی په‌رله‌مان و گه‌رانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆران و نه‌رمی نواندن له‌ سیستمی سیاسی و به‌ یاسایی كردنی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ریككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ل عیراق و ده‌وروبه‌ر و هاوهه‌ڵوێستی له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاران و دۆستانی گه‌لی كوردستان و وه‌رگرتنی راوبۆچونه‌كان و بره‌ودان به‌ كاری پێكه‌وه‌یی و وه‌لانانی خه‌ڵكی كورتبینی حزبه‌كان له‌ مه‌ر پرسه‌گه‌وره‌كه‌ی گه‌لی كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ ئه‌م كارانه‌ به‌ شێوه‌یكی ساكار و ئاسایی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر نیاز و مه‌رامی بارزانی و پارتی پێش هه‌موو شتێك خودی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بێت .
2- نیشاندانی نیازپاكی به‌ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی ده‌كرێت، به‌ شه‌فافی وبه‌ كرده‌وه‌ بۆ خه‌لك بیسه‌لمێنن و، خاڵه‌ زۆر پێویسته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌ پێش هه‌مو شتێك بریاردانه‌ له‌ سه‌ر كات و چۆنێتی پیاده‌كردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنێتی به‌ یاسایی كردنیه‌تی له‌ غیابی سه‌رۆكێكی شه‌رعی هه‌رێمی كوردستان و چۆنێتی جیبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ كاتی گونجاوی خۆیدا و به‌ بێ دواكه‌وتن .
3- هه‌وڵدانی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ریفراندۆم وه‌ك قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كورد و دوارۆژی میله‌ت و له‌ پێناو هیچ مه‌به‌ستێكی حزبی و كه‌سی نیه‌ و ته‌نها بۆ به‌دیهێنانی ئاواتی شه‌هیدان وگه‌لی كوردستانه‌، به‌دوور له‌ ته‌كتیكه‌ حزبیه‌كان .
4- له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، ‌هه‌مووان پێكه‌وه‌ ده‌توانن كه‌شێكی له‌باری سیاسی و ئابووری دروست بكه‌ن، كه‌ متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان دروست بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ ریفراندۆم به‌شداری بكه‌ن و بێ كه‌موكورتی و به‌یه‌ك ده‌نگ به‌ڵێ هه‌ڵبژێرن، وه‌ك چۆن پێشتر به‌هه‌مان روحیه‌ته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی نافه‌رمیدا ئه‌و رێگه‌یان هه‌ڵبژارد .
بۆیه‌ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان لای پارتی وكاك مه‌سعود بارزانیه‌ زیاتر له‌وه‌ی لای لایه‌نه‌كانی تر بێت، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك ده‌نگی خودپه‌رستی نه‌شاز بۆ مه‌رامی تایبه‌تی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌روانن و هیچ شتێكیان له‌به‌رچاو نیه‌ جگه‌ له‌ خواستی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی و ته‌سكبینی خۆیان و بۆ مه‌رامی تایبه‌تی نه‌بێت سه‌ریان له‌سه‌ر پارتی داناوه‌ و هیچیتر نیه‌، ئه‌وانیش به‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ وه‌ك پوش و په‌ڵاشی ئاو به‌ لافاوێك په‌راوێز ده‌خرێن .
ئه‌گه‌ر به‌م روحیه‌ته‌وه‌ نه‌جۆلێنه‌وه‌، ئه‌م هه‌له‌ش له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت و بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر به‌ ژێرده‌سته‌یی ده‌مێنینه‌وه‌ و ده‌بێت چاوه‌رێی قۆناغێكی له‌م جۆره‌ بین كه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌ . ‌