ئاگادارییەک لە (کاروان عومەر کاکەسوور)ـەوە بۆ سەرجەم خوێنەران

من (کاروان عومەر کاکەسوور)م… تاکوو ئەمڕۆ کۆمەڵێک کتێبم چاپ کردوون، بڕیارم دا واز لە نووسین بهێنم، یان دروستتر بڵێم یەک وشەی دیکە بڵاو نەکەمەوە.
دیارە بیرۆکەی وازهێنانم نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە. لە گوتارێکیشمدا، کە پێوەندیی بە نووسەرێکی لاوەوە هەیە و لە (08.07.2011)، لە ماڵپەڕێکدا بڵاو کراوەتەوە؛ گوتوومە: (من هیچ کاتێک ترسم لە وازهێنان نەبووە و زۆر جار ویستوومە ئاگادارییەک بۆ مێدیاکان بنووسم و بڵێم ئیتر واز لە نووسین دەهێنم).
بەوەدا ئەزموونێکی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەکەمیان، بۆ ناو بیرکردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە کاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسک دەکاتەوە. ئەو نائومێدییەی لە دنیای کوردیدا بەری دەکەویت، لە جۆری دووەمیانە. هەمیشە وا هەست دەکەیت ماڵەکەت پڕە لە نووسەر و تەنیاییت لێ داگیر کراوە، لە کاتێکدا من بە زگماک شێتی تەنیاییم و بەرگەی قەرەباڵغی ناگرم.
((بەوەدا لەو کەسانە نیم، کە هەموو گوناهێک دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ترەوە، ئەوە دەمەوێت بڵێم دەشێ منیش بۆ ئەوانەی تر بووبێتمە هۆکاری نائومێدی. ڕەنگە هێزی منیش هەر هێندە بووبێت، کە بتوانم بەرگەی ئەو دۆخەی پێ بگرم. کەواتە مەبەستەکەم دوورە لەوەی خۆم بە دروست دابنێم و ئەوانەی تریش بە چەوت)). ڕاستییەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)ی کوردی نائومێد دەبووم، تاکوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، کە مەبەستی سەرەکیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەکم بەو دنیایەوە نەماوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم سەرنجانە بخەمە ڕوو:

یەکەم: لە هەندێک نووسەرەوە بابەتم پێ گەیشتوون، بەو مەبەستەی بۆیان بخوێنمەوە و سەرنجیان بۆ بنووسم. بەوەدا بەڵێنم پێ داون، ناکرێت ئەو بەڵێنە نەبەمە سەر، بەڵام هیوادارم لەمەودوا یەک بابەتی ترم پێ نەگات. تکام وایە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنمی لایە، کاتێ پێوەندیم پێوە دەکات، لەبارەی ئەم بڕیارەوە هیچم لەگەڵدا نەڵێت. بەگشتی پێم خۆش نییە کەس لەبارەی ئەدەب، هونەر، فکر و هەر چەمکێکی تری لەم بابەتەوە بمدوێنێت، بەڵام لەبارەی ڕووەکانی دیکەی ژیانەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەی گفتوگۆم. وەک پێشتر گوترا مەبەستی سەرەکیم لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و ئیدی نامەوێت لەبارەی ئەو شتانەوە قسە بکەم.

دووەم: لەگەڵ هەر دەستگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، یان لەگەڵ هەر کەسێک ڕێک کەوتووم کتێبم بۆ چاپ بکات، لە ڕێکەوتنەکەم پاشگەز نابمەوە، مەگەر ئەوان خۆیان هەڵیانوەشێننەوە. هەر ئێستایش کتێبی (ڕاگەردان) و (ڕێگەکانی ژەهر)م چاپ کراون و لەم نزیکانەیش (منارەی ئاوەدانی)م چاپ دەکرێتەوە. بۆ چاپکردنەوەی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) و ئەوانەی تریشم پار گفتم بە کەسێک داوە، کە تاکوو ئێستا دوو ئەزموونم لەگەڵی هەن. ئەگەر ویستی پەشیوان بێتەوە، گرفت نییە. ئەوە سەرجەم گفتوگۆ و گوتارەکانیشم دەگرێتەوە، کە بۆ چاپکردنیان بەڵێنم لێ وەرگیراوە.

سێیەم: هەر نووسەرێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردووم و هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە، مافی خۆیەتی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام خۆزگە لە پەراوێزدا دەنووسێت پێش بڕیاری وازهێنانەکە بووە!
چوارەم: نووسەر و وەرگێڕێک لە ڕۆژهەڵات خەریکی وەرگێڕانی سەرجەم کتێبەکانمە بۆ زمانی فارسی، کە تاکوو ئێستا (کازینۆی منداڵان)، (منارەی ئاوەدانی) و (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)ی وەرگێڕاوە. بەوەدا بەڵێنم پێی داوە لەم ڕووەوە هەر پرسیارێکی هەبێت، وەڵامی دەدەمەوە، ئەوا ئەو بەڵێنەیشم دەبەمە سەر.

پێنجەم: داوای لێبوردن لە هەر نووسەر و خوێنەرێک دەکەم، ئەگەر بە هۆی وشەیەکی منەوە دڵی بریندار بووبێت. هەوڵم داوە کاتێ لەبارەی بابەتی نووسەرانەوە بنووسم، چ دوور و چ نزیک بە لای ژیانی تایبەتیاندا نەچم، بەڵام بەوەدا زمان ئاڵۆزترین شتە، ئەوا ڕەنگە جارێک لە جاران شتەکە بە شێوەیەک کەوتبێتەوە، کە لە مەبەستی من دوور بووبێت. هیچ بابەتێکم بڵاو نەکردووەتەوە، ئەگەر پێشتر بۆ هاوڕێ نزیکەکانمم نەناردبێت، بەو مەبەستەی بیخوێننەوە و لە هەر شوێنێکدا هەستیان کرد وشەیەک بە نووسەرێک گوتراوە، زبرە، لای ببەم و بە یەکێکی تری بگۆڕم.

شەشەم: وا ڕاهاتووم بەر لە بڵاوکردنەوە بەرهەمم بۆ چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێک دەنێرم، بەو مەبەستەی گوێ لە سەرنجیان بگرم و تا دەکرێت بە چاکی بکەونە بەرچاوی خوێنەر، بەڵام لەمەیاندا وام نەکردووە، بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەڵێم. هێندە هەیە جارێکیان وا پێویستی کرد ڤێرژنە سەرەتاییەکە بۆ هاوڕێیەکی ئازیزم بنێرم، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابوردوودا ئەزموونی هاوبەشمان پێکەوە هەبووە. دەبێت ئەوەیش بگوترێت سێ چوار مانگ پێش بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، بیرۆکەکەم بە هەندێک هاوڕێی نزیکم گوتووە. واتە گوتوومە زۆر نائومێدم و ئەو نائومێدییەم لە ڕێگەیەکەوە دەردەبڕم، کە ڕەنگە نەزانن چییە، بەڵام لەم مانگەی ڕابوردوودا پێم گوتن ئەم ڕاگەیاندنەم نووسیوە، بێ ئەوەی بۆیان بنێرم.

حەوتەم: هەوڵم داوە ئەم ئاگادارییە بە سادەیی بنووسم. ویستوومە لەو سنوورەدا بمێنێتەوە، کە ئاگادارییەکە و هیچی تر. بە مانایەکی دیکە بە پێویستم نەزانیوە بۆچوونی خۆم لەو ڕووەوە بگەیەنم، مەگەر لێرە و لەوێ بە ناچاری یەک دوو وشەم گوتبن. چاکترە بگوترێت ئەوەی ئەم ئاگادارییەی نووسیوە، مرۆڤێکی ئاساییە، نەوەک نووسەر. هەر هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەکرێت، با بۆی بکرێت! وەڵامی من، وەڵامی منی دەرەوەی بواری نووسین و بڵاوکردنەوە لە ئێستاوە ئەوەیە: نووسەر و ڕۆشنبیر بووم، نەوەک جەنگاوەر. بەڵێنم بە هیچ کەسێک نەداوە ڕزگاری بکەم، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ویستوومە ئەو تیۆرییانە بە درۆ بخەمەوە، کە مژدەی ڕزگاری دەدەن. ئەوەی ئێستا پەنام بۆی بردووە، ئازادییە، کە وەک هەر کەسێکی تر هەمە. بەپێی ئەو ئازادییە دەمنووسی و ئەمڕۆ هەر بەپێی ئەو ئازادییەیش واز دەهێنم. لەم دەلاقەیەیشەوە هێندە دەڵێم دنیای کوردی ئەدەب و هونەرێکی دەوێت و دەیانپارێزێت، هاوشانی سیاسەتەکەی بن. بە مانایەکی تر، چارەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی ناوێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سیاسەتمەدارەکانی جیاوازن. مرۆڤ لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا بەر هەمان ئەو مۆڕاڵە دەکەوێت، کە لە دنیای سیاسەتدا بەری کەوتووە. بەشێکی زۆری ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە چەند گلەییان لە سیاسەتمەداران هەیە وا خۆیان پێشان دەدەن جیاوازن، بەڵام لە دنیای خۆیاندا، واتە لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرتووە و خاوەنی هەمان خەسڵەتەکانی ئەوانن.
دەیڵێمەوە دنیای ئەمڕۆی کەلتووریی کوردی بە دەگمەن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەهێڵێتەوە، کە تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ئەستەتیک هەیە، بەڵکوو ئەوانە دەپارێزێت، وا بە هەمان چاوی خەڵک لە چەمکەکانی ئەدەب و هونەر دەڕوانن و بە زمانی میللییش دەنووسن. ((دیسان نامەوێت خۆم بێگونا‌هـ بزانم و ئەوانەی تر وەک گوناهبار سەیر بکەم. دەشێ خۆیشم بووبێتمە بەشێک لەو دۆخە)). لام ڕوونە هەر من نیم لەم ڕووەوە ئەزموونی تاڵم هەیە، بەڵام خۆم بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبمەوە و دەشێ ئەوانەی تریش هەر یەکەی شێوازێک بە گونجاو بزانێت.

ئێستا کاتێک وەک نووسەر نا، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئاوڕ لە ڕابوردووم دەدەمەوە، بەوە خۆشحاڵم، کە بۆ ساتێک سەرم بۆ هیچ حزب و سەرکردەیەک شۆڕ نەکردووە و لەمەودوایش هەر نایکەم، بە مەرجێ لەناو سیاسەتدا چاوم کردووەتەوە و تاکوو هاوینی (1992)یش ئامادە بووم خوێنم لەپێناوی ئایدۆڵۆگیدا بڕێژم. لە گوتارێکیشدا ئەوەم گوتووە: (کورتترین دێڕی نووسینەکانی خۆمم پێ لە هەموو حزب، گروپ، حوکوومەت، کۆمپانیای بازرگانی و سەرکردەی دنیا گەورەترە).

هەرگیز چاوم لە یەک دیناری دەستەڵاتی کوردی نەبوو، وەک چۆن پێشتریش چاوم لە هیی بەعس نەبوو. قەرزاری یەک بەرپرسی کورد نیم، تەنانەت چایەکی یەکێکیانم نەخواردووەتەوە. ناوم لە هیچ یەکێ لەو لیستانەدا نییە، کە بۆ وەرگرتنی پارە، زەوی، خانوو و شتی تر کراون. هەر کەسێکیش پێی وایە ڕاست ناکەم، با بێت ڕووبەڕووم ببێتەوە! ((ئەمانە تەنیا پێوەندییان بە خۆمەوە هەیە و ئارەزوی خۆمن، دەنا مەرج نییە ئەو خەسڵەتانە مرۆڤ بکەنە ڕۆشنبیری قووڵ و گەورە.
دەشێ هەبێت هەر لەم ڕووەوە بە شێوەی جیاواز لەمانە بڕوانێت)). جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بوێر لێی پرسیم: (ئەگەر لیستێک بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بکەم، کە سەریان بۆ دەستەڵات شۆڕ نەکردووە، دەوێریت ناوی خۆت بنووسیت؟)… وەڵامی من ئەوە بوو: (تاکوو ئێستا هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ناوم لە لیستەکاندا چەندەمە، بەڵام هیوادارم بۆ ئەم لیستەی تۆ یەکەمم بەر بکەوێت!).

ناوی ڕۆژنامەنووسەکە ناهێنم، چونکە نامەوێت هیچ ناوێک لەم ڕاگەیاندنەدا هەبێت، نەبادا وا بکەوێتەوە لەبەر کەسێکی دیاریکراو بڕیاری وازهێنانم داوە. ڕاستە دیاردەکان ئەنجامی هەڵسوکەوت و تێڕوانینی تاکەکانن، بەڵام لەم کاتەدا کەسێکی دیاریکراوم لە خەیاڵدا نییە. پێی لەسەر دادەگرمەوە چ لە بواری نووسین و چ لە دەرەوەی بواری نووسیندا کەسێک نادۆزمەوە، ناخۆشیم لەگەڵیدا هەبێت.
ڕێگەم بە خۆم نەداوە لەبارەی یەکێکیانەوە وشەیەکی نەگەتیڤ لای یەکێکی تریانەوە بڵێم. ئەمانە بۆیە ئاوا بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز دەردەبڕم، چونکە لام ڕوونە یەک کەس نییە بە درۆم بخاتەوە. دیارە ئەگەر ویستبێتم لەبارەی بەرهەمی هەر نووسەرێکەوە بدوێم، بۆچوونی خۆمم ڕاشکاوانە دەربڕیوە، کە هەرگیز تێکەڵی کەسایەتییەکەیم نەکردووە. ئەوەی بە گرنگم زانیوە، تەنیا ئەو بابەتە بووە، کە ویستوومە لێی قووڵ ببمەوە، بۆیە هەمیشە گوتوومە لە هەر وشە، ڕستە و پەرەگرافێکم بەرپرسیارم و ئاماژەم بە سەرچاوە و کۆنتێکستەکانیشیان داوە، بگرە ئامادە بوومە لەبارەی هەر یەکێکیانەوە زیاتر بنووسم، ئەگەر پێویستی کردبێت… ڕەنگە هاوڕێ نزیکەکانم بزانن لە هەشتاکانەوە تاکوو ئەمڕۆ گوتوومە لە دنیایەکی گەرم و خنکێنەردا دەژیم، بۆیە هەموو ڕابوردووم دەکەمە باخچە! بەڵێ، باخچە، شتێکی تر نا. واتە لەگەڵ هیچ کەسێکی دیاریکراودا ناخۆشی دروست ناکەم، بەڵکوو خۆمی لێ دەپارێزم، نەبادا ڕۆژێک بێت نەتوانم هەناسە بدەم. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە باخچەیەکم هەیە و بۆی دەگەڕێمەوە، تاکوو بە ئارامی ژیانمی تێدا ببەمە سەر، کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەگەڵ دنیادا ململانێ ناکەم. ئەوەی خۆمم لێی دوور گرتووە و خۆمی لێ دوور دەگرم، تەنیا ململانێیە لە ئاستی کەسێتیدا، دەنا هەمیشە لە ململانێدام.
لەمەودوایش هاوڕێکانم هەمان ئەوان، پێشتر هەمبوون و شانازیم پێوە کردوون، یەک دانەیشیان کەمی نەکردووە، بەڵام لە ئاستێکی تردا، بەوەی پێوەندییەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، مادام لە بواری نووسین و بڵاوکردنەوەدا نەماوم. بەگشتی هاوڕێ و ناسیاوەکانم دەستکەوتی ئەو ڕابوردووەمن.

بەوەیش خۆشحاڵم، کە لە کاتێکدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵم دا دیناری حزبێکی کوردی لە شێوەی مووچەیشدا نەچێتە گیرفانمەوە، بەڵام هەرگیز بۆچوونی خۆمم بەسەر نووسەر و ڕۆشنبیرانی تردا زاڵ نەکرد. جارێ وشەیەکی ناشیرینم نەخستە پاڵ یەکێکیانەوە، کاتێ لە دەستگەی ئەو حزبانەدا کاری کردبێت. باوەڕم وا بووە ئازادی سنووری بۆ دانانرێت و جیاوازییش شتێکە، دەکرێت لە هەموو کات و شوێنێکدا خۆی دەربخات. ئەوەیش دەڵێم جیاوازیم کەم هەست پێ کردووە. ((دەشێ ئەوانەی تریش هیچ جیاوازییەکیان لە مندا نەدیبێت. مەبەستمە بڵێم نامەوێت لە ڕێگەی ئەم وشانەوە خۆم پاک و بێگەرد پێشان بدەم)).

لای من دەستەڵات تەنیا لە فۆرمی سیاسەتدا نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک فۆرمی دیکەیشدایە، کە ملم بۆ هیچ یەکێکیان کەچ نەکردووە. ((ئەمەیش تەنیا ئارەزووی خۆمە و پێوەندیی بە کەسێکی دیکەوە نییە، کە دەشێ ئەوانەی تر لەو بارەیەوە ڕوانینی جیاوازیان هەبێت)).
بەکورتی لە یەک وشەی خۆم پەشیوان نیم.

من بۆیە پەنام بۆ نووسین برد، تاکوو لەوەی هەم، ئازادتر بم، بەڵام بەداخەوە بۆم دەرکەوت نووسین، دروستتر بڵاوکردنەوە ئازادیم لێ دەستێنێتەوە، بۆیە هەر شتێک ئازادیم لێ داگیر بکات، تێکی دەشكێنم، بەو هیوایەی لەودیو زۆر لەوە پتر بە دەست بهێنمەوە. ((کەواتە ژیانم ئەوەی لێ داوا کردووم، بۆیە مەرج نییە ئەم بڕیارەم بۆ ئەوانەی تر نرخێکی هەبێت)). گوتوومە بۆ ئەوە نووسیم، تاکوو بە ژەهری ناوەوەم بگەم، بەڵام بۆ ئەوە دەستم دایە بڵاوکردنەوە، بەو مەبەستەی ژەهرەکە بگەیەنمە دەرەوە. ئێستا دەزانم ژەهرەکە لە دەرەوە دەگۆڕێت و هەمان ئەو پێکهاتەیەی نامێنێت، کە لە ناوەوە هەیەتی. لەمەودوا، لە باخچەکەمدا تەنیا لەگەڵ ژەهری ناوەوەی خۆمدا دەژیم.
لەم ساتەوە هەست بە سەربەستییەکی بێسنوور دەکەم و لە ڕێگەی ئەو پێوەندییەوە ئازادیم لێ داگیر ناکرێت. ((ڕەنگە منیش ئازادیم لەوانەی تر داگیر کردبێت)).
ئازیزان، من خۆمم ڕزگار کرد! دەمێکیشە گوتوومە ئەوەی دەمکاتە کۆیلە، هەر خۆمم و ئەوەی ڕزگارم دەکات، هەر خۆمم. مادام هەموو بڕیارەکان لە دەست خۆمدان، چاو بۆ هیچ هێزێکی دەرەوەم ناگێڕم.
سەرنج: بڕیار بوو نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئەم ڕاگەیاندنە بڵاو بکەمەوە، بەڵام لەبەر یەک دوو هۆکار گەیشتە ئەمڕۆ، کە بەوە دڵخۆشم، چونکە هەمیشە هەوڵم داوە چاکتری بکەم.




شەڕی حاجی ئۆمەران سەرەتایەك بۆ جینۆسایدی كورد … عەلی مەحموود محەمەد

كاتێك بارزانییەكان لە هەمبەر بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران بە كۆمەڵ جینۆساید كران, كورد نەك ئەزموونی وەرنەگرت, بەڵكە دوای 3 ساڵ , هەمان هەڵەی كوشندانەتر لە لێدانی چاڵە نەوتییەكانی كەركوك دوبارە كردەوە , ئیتر بۆ هێزەكانی ینك , پدك , حسك , بزوتنەوەی ئیسلامی لە سێ ساڵی داهاتوو بووە نەرێتی باو , تەنانەت كەوتنە پێشبڕكێی یەكتر لە كەوتنە پێش سوپای پاسداران, ئەم پێشبڕكێیەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی ببینە خاوەند زۆرترین كەیسی جینۆساید لە جیهانداو قوربانی نمرە یەك لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
ئەو حیزب و كەسایەتیانەش كە بڕیار بەدەستی ئەو تاكتیكە كوشندەیە بوون, نەك بۆ جارێكیش وەك ئەركێكی ئەخلاقی دانیان بە هەڵەكانی خۆیاندا نەنا, بگرە بێ دەربەستانە لە نوسین و یاداشتەكانیانا یان باسیان نەكرد وەك ئەوەی هیچ روینەدابێت, یاخود ئۆباڵەكانیان خستە سەر بەرامبەرەكانیان , یاخود بێ منەت لە خەڵك و قوربانیان كارەكان خۆیان بەرز نرخاند .
دەبوایا خەڵك ئەم لایەن و كەسایەتیانەی سزای سیاسی بدابایا , ئەمانە گەلیان لە كارەساتێكەوە بۆ خراپتر بردووە بەردەوام , ئەزمونیان لە هەڵەو پێشێلكارییەكان وەرنەگرتووە , باجی هەڵەكانیان تا ئێستا نەداوە , تەنانەت دوای راپەڕین و تا ئێستاش هەر كارەكتەری سەرەكی سیاسەتكردن بوونە لە كوردستان, بێ ئەوەی دان بە راستییەكاندا بنێن , داوای لێبوردن بكەن , قەرەبوی قوربانیان بكەنەوە لە بەرامبەر هەڵەكانیان , تەنانەت لە یاداوەریەكانیشیان بەشداری ناكەن و تاوانبارانی جینۆسایدیش لە ریزەكانی خۆیان داڵدەدەن.

هێرشی هاوبەشی پارتی وئێران بۆ حاجی ئۆمەران لەساڵی 1983 دا ,بە یەكەم نموونەی ئەنجامدانی شەڕی هاوبەشی پارتە كوردییەكان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن ,لێرەوە ئەم تەرزو شێوە هاوكارییە سەربازی سیاسییە ,دەبێت بە تەرزو مۆدێلێكی بەشێك لە لایەنە كوردییەكانی دیكەی باشوور ئیلهامی لێ وەردەگرن , لە پشت پەرتووكە سورەكان و ئاڵاكانی كوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێكەڵ كرا پرۆژەی شەری هاوبەشیان لە گەڵ ئێران دادەڕشت . لێرەوە بوونە ویڵی ڕێگای پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران , وایان دەنواند بەخت یاریان بووەو رێوی بەرەو پیرییانەوە چووە ,دڵیان بەوە خۆش بوو , ئێران كاری هاوبەشیان لەگەڵ دەكات . بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە هێزی یەكەم و چوار مشقی لەسەر باڵا دەستی لە كوردستان دابنیشن , ینك وپدك ,خولیای بوون بە یەكەم هَێز لە كوردستان ,بەردەوام لەمَیشكیان خولی دەخوارد ,پاش ئەوەی چەكیان لە ئێران وەر گرت ئومێدیان باڵای دەكرد.
بە بێ ئەوەی بزانن مامەڵە كردن لەگەڵ دوژمندا خیانەت كارییە لە گەل و لای فاشییەكانیش گەل بەرەو چارەنووسێكی ڕەشە بات . بەم كارەشیان كەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە ,لە گەڵ ئەودا بەرەو چارەنووسی نادیار ملیان دەنا .

پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان ((عێراق)) زۆر جەنگی هاوبەشی شان بە شانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی كوردستانی خۆرهەڵات (بە تایبەت دیموكرات و كۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچكە رۆڵی گێرابوو ,نمونەیەكی سەركەوتووی لە كاری سەربازی –سیاسی هاوبەشی خستبووە سەر سفرەی كون بووی كۆماری ئیسلامی ئێران ,ئەم پەیمانامەیە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو ( لەو پەیماننامەیە فاوست روحی خۆی بەشەیتان فرۆشت) بەلام فاوستەكەی ئیمە دوایی بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج نەك تەنها ڕوحی خۆیان بە لكە ڕوحی هەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەكەی ئەودیو سنوور فرۆشت , بەم كارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران .تاكتیكی ماڵویرانكەر سەدان هەزار كەسی كردە قربانی , بەم كارە ناشرینەشیان دۆزی كوردییان لە جەنگی كۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنكاندو شەڵاڵی خوێنیان كردو ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیان تیایدا كوشت و ناشرینیان كرد .

ئەم جەنگە هاوبەشانە دەستپێكی خۆكوژی بە كۆمەڵی ( خێڵێك دواتر گەلێك ) ی لێكەوتەوە , هەرچەندە پارتی بۆ خۆی هاشا لەوە دەكات , لەو شەڕە (( حاجی ئۆمەران )) بەشدار بوو بێت و پێش بە سوپای پاسداران كەوتبێت و چاوساغی بۆیان كردبێت ( بە شەفەیی چەند جارێك لەسەر زاری بەرپرسانییەوە ئەمە ڕاگەیەنراوە ), بەڵام بۆ خۆی تاوانەكە بەو بەهانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدرا و لەژێر ئەو كارە خۆی شاردەوە, لێ ڕەتكردنەوەكانی پارتیش بەشێوەی فەرمی نییە , لە بەرامبەردا زۆر سەرچاوە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو كارە سەربازییە هاوبەشە بەرفراوانە ئەنجامدراوە , تاڵی لەوەدایە هەمان پارتی سیاسی دوای 3 ساڵ لەو كارەساتەی هاشا لە ڕۆڵی خۆی دەكات تیایدا , دێت هەمان تاكتیك جارێكی تر هەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەكاتەوە , جارێكی دیكە بە ئاشكرا بە شێوەی ر بەرفاوانتر و بەربڵاوتر و ئاشكراتر دووبارەی دەكاتەوە , ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەكرداری تا ئەو دەمی ڕژێم وەرناگرێت بەرامبەر بە گەلەكەی تەنانەت كەسە نزیكەكانی سەرۆكەكانی , بۆ جاری دووەم دێت زنجیرەیەك چالاكی سەربازی هاوبەش , لەگەڵ هێزەكانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشكرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە . بەم كارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە كوردستان ,بەڵام مەخفەرەكەیان لە ئێران بوو , لەو دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا , لەم دیو كوردیان دەكردە سوتەمەنی نەخشەكانیان . بەم شێوەیە هەموویان بەشدارن لە مێژوویییەكی هاوبەش , مێژووییەكی هەتیو تا ئێستا دانی پێدا نانێن.

بۆچی حاجی ئۆمەران !!

گرتنی شارۆچكەی حاجی ئۆمەران بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو , بۆ ئێرانییەكان لە پاڵ سەركەوتنە سەربازییەكە بەسەر عێراقدا ,هاوكات دەروازەیەكیش بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكاتە بەشێك لە جەنگەكە و بەسەر نەیارەكانیدا سەركەوێت لە كوردستان , ناوچەیەكی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی هێزەكانی دیموكرات و كۆمەڵە لە ناوچەكانی پیرنشار و شنۆو …. كۆنترۆڵ بكات و بارەگاكانی پشت جەبهەیان پێ چۆڵ بكات وسنووری چالاكیەكانیان بەرتەسك بكاتەوە ,بۆ ئێران سەركەوتنەكە دوو بوو هەم بەسەر عێراق و هەم بەسەر كورددا بوو .

هەرچی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە ,بە بەشداریكردنی لە شەڕەكە لە لایەكەوە دڵسۆزی خۆی سەلماندەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ,لە ڕێگەی ئەو كارەوە شەرعییەتی مانەوەی لە ئێران و هاوكاریكردنی لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە وەرگرت , لە لایەكی دیكەوە :
– دەڤەری حاجی ئۆمەران ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازی گرنگ بوو ,ناوچەی قەڵەمڕەوی ینك بوو, هاوسنوور بوو لەگەڵ ناوچەكانی قەڵەمڕەوی ئەو ,بەسانایی دەیتوانی پاش جەنگ كۆنترۆڵی بكات و بیخاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی , هیلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە دەكات (( پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان(كە لە مەلا مستەفاوە چووبووە لای ئیدریس و مەسعودی كوڕی) بە ئاوارەیی لە ئێران دەژیا, دەستدرێژی عێراق, هیوای بە (پ د ك)پەیدا كردەوەو لە ساڵی1983دا پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەكان , بە تایبەت لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كە هاوسنوور بوون لە گەڵیان, یارمەتییەكی گەورە بوو بۆ ئێرانییەكان ,كە توانیان لە كۆتایی تەمووزدا حاجی ئۆمەران و دەوروپشتی بگرن, كوردۆسمان واگنەر ڕاپۆرتی ئەوە دەدەن كەوا ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو “سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت” كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل39 )) (( هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەهۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. میلشیاكانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا رۆڵێكی بەرچاوی بەرگریكردنیان بینی لە ناوچەی عەشیرەتەكەیان. بە پێی سروشتی سیاسەتی كوردی, ئەوە بوو كە دوژمنایەتی پدك بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پدك و ینك ,هاوپەیمانییەكی تەكتیكی لێكەوتەوە یەكەم لە نێوان ینك و برادۆستییەكان و دواتر لە نێوان ینك و ڕژێمی بەغدا كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل118. )) .(( حاجی ئۆمەران ناكۆكی ینك و پدكی قولِتر كردەوە, پەیوەندی بەهێز بوو لە گەڵ قاسملوو – كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنەل42)).

– پارتی لەوكاتەدا ململانێ و شەڕی توندی لەگەڵ حدكا هەبوو ئەوەش بە بەشێك لەو جەنگە هاتە ژماردن ,هلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە لە جەنگەكە دەكات ((یەكەمین تۆماركردنی هێرش و پەلامارەكانی گاز بە شێوەیەكی ورد و تۆكمە, لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتنە شەڕێكی سەختەوە لە چیاكانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, كە شارۆچكەیەكی سەر سنوورە لە كوردستانی عێراقدا, شەڕەكە , بێجگە لە هێرشی وەلفەجر دووی ئێرانی, بەشێوەیەكی سەرەكی مەبەستی دەرپەڕاندنی یاخیبووە كوردە ئێرانیەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان(حدكا)ی سەر بە عەبدالڕەحمان قاسملوو بوو, پاشان جێگیربوون لەو شوێنەدا كە یاخیبووان چۆڵیانكردو بۆ ناو عێراق پاشەكشەیان كردبوو,لەم هێرشەدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق دایانە پاڵ هێزەكانی ئێران و بەرچاوترینیان (پ د ك)ی مەسعود بارزانی بوو, لە گەڵ هەندێ تاقمی تازە پەیدا بووی فەیلەقی بەدر و میلیشیای چەكداری سەر بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق, كە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی شیعە بوون, ساڵی1982 لەسەر دەستی ئێران درووست بوون و بنكە و بارەگاكانیان لە تاران بوو, لەملاشەوە نەك تەنها (حدكا)پاڵپشتی هێزەكانی ئێراقی دەكرد, بەڵكو ئەو كوردە ئێراقیانەی ناوچەكەش كە ناحەزی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و بە تایبەتی هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی كەوا سەرۆكەكەی كەریم خانی برادۆستی موستەشار بوو, دواتر سەدام چەندین جار مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشی كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە(ل38-39) )) .
كەواتە هەردوولای پەلاماردەر پێویستیان بەو جەنگە هاوبەشە هەبوو , هەردوو لاشیان پێویستیان بە سەركەوتن هەبوو لەو كات وساتەدا , پارتی بەهۆی سەركەوتنەكانی ینك بەسەر بەرەی جود , ئێرانیش بۆ بەرینكردنەوەی بەرەی جەنگ و تەعویزی زیانەكانی باشوور, ئەمە پێویستییە بووە دەستپێكی مۆدێلێكی كاری هاوبەش لە نێوان هەندێك لایەنی كوردی و ئێران , ئیِران وەك سودمەندی یەكەم لەم تاقیكردنەوەیە دەرچوو و براوەی كایەكە بوو.

ئەو پرسیارانەی دەبوایا وەڵامیان هەبوایا !!!

كۆمەڵێك زانیاری دەبێت لە بەردەستدا بێت , راڤە كردنی هەمە لایەنەی هێرشەكە , پێویست بوو وەڵامی هەموو ئەم پرسیارنە بە سانایی لە ئەرشیفدا جنگ بكەوتنایە , سەبارەت بە پرۆتۆكۆڵی واژۆكراوی نێوان پارتی وئێران بۆ ئەنجامدانی پەلامارەكە و ئازاد كردنی ئەو بەڵگە و دۆكۆمێنتانەی قەراردادی نێوان هەردوو لابوو بۆ ئەنجامدای ئەو پەلامارە سەربازییە , ئایا ئەندزیار و خاوەند بیرۆكەی كارەكە كێ بوو؟ئەدی ئیمزا كەرەكەی ؟, بەرپرسی سیاسی و دیبلۆماسیكەی ؟ كەسی یەكەمی سەربازی ؟ ,هێزەكان كێ بوون ؟, لەسەر چی ڕێك كەوتن ؟ , لە روی سەربازی و كارگێڕی و سیاسییەوە , وە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەوكارە سەربازییە ؟؟, نەخشە و پلانەكانی ,فەرماندە و لەشكرەكەی لەڕوی كەسەكان و ژمارەیان , روداوەكانی ناو بەرەكانی جەنگ ,دەستكەوت و زیانەكان ,قوربانی و بریندار وشەهیدەكان , كاریگەری لەسەر ناوچەی جەنگەكە ؟, فەرماندەی گشتی و ناوچەیی پەلامارەكە ,زیانی هاووڵاتیان گیانی ومادی , رۆڵی پارتی و فەرماندەكانی لە پەلامارەكە چی بوو ؟؟ , پاشكۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوون یان تەنها كاری هەواڵگرییان دەكرد دوور بەدوور ؟, پاراستنی سەروت و سامانی خەڵك ,خاڵی دەستپێكی پەلامارەكە لە كوێوە دەستی پێكرد ؟ ,هەڵوێستیان لە پارستنی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵات چی بوو ؟ , سەبارەت بە هەموو ئەم پرسیارانە نە بە بەڵگە نامە ,نە یاداشتنامە و وتاری بەرپرسانی بەشدار بووی ئەو كات هیچ زانیارییەك لە بەردەستدا نییە . بۆیە لێكۆڵینەوە لە سەر ئەم پەلامارە بەهۆی ئازاد نەكردنی زانیارییەكانەوە زۆر سەختە و كەماسی دێنێت .

شێوازی گرتنی خەڵكەكە لە لایەن بەعسەوە

لەم برَگەیەدا وێرای ئوەی بەعس لە دۆكۆمێنت و نامەكانیدا ئاماژەی داوە بە گرتنی ئەو هاووڵاتیانە , لێ ئێمە پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستین ,یەكەمیان پشكنینی چالاكڤانێكی قوربانییە و دوەیان مورافەعەی داواكاری گشتییە كە ئامادەكراوە بۆ دادگای تاوانباری دۆسیەی 8000 بارزانی ,هەردوو ئەحداسەكەنی ئەنجام دانی تاونەكە و میكانیزمی جێبەجێكردنی بە هەندێك جیاوازیی كەمەوە نزیكن لەیەكتر .
كاك ڕێكار مزووری بەم شێوەیە پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەكەمان بۆ دەگێرَێتەوە : (( لە 29-7-1983 شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە گەڵ كوڕەكەی شێخ عیماد لە هەولێرەوە بەڕێكران بۆ بەغدا بە بیانووی كۆبونەوە لە بەرواری 0-7-1983,هەندێك لە شێخەكانی بارزان وبارزانییەكانی دەوروبەریان لە بەغدا كۆكرانەوەو دەست بەسەر كران. )) .

(( بە هێزێكی گەورەی پاسەوانی كۆماری و تانك و تۆپ و فرۆكەی هەلیكۆپتەر هەردوو كۆمەڵگای قادسیە و قودس لە ناحیەی قوشتەپە كۆنترۆڵكران سەربازەكان و ئەفسەرەكانی بەعس رژانە ناو ماڵەكان بە بڵندگۆ بانگەوازی خەڵكەكەیان دەكرد و پێیان رادەگەیاندن كە دەبێ هەموو ئامادە بن بۆ ئەوەی كۆبونەوەیەكی بەرفراوان لە كەركوك هەیەدوای دەیان گەرێننەوە ,لە دوای ئامادە نەبوونی خەڵكەكە دەستكرا بە پشكنینی ماڵەكان بە گشتی بگرە سەروی مناڵی تەمەن10ساڵی تاوەك پیرەمێردی 90ساڵیان گرت و ڕەوانەی ناو پاسی پەردەكراوی سەربازی كران و گوێزرانەوە بۆ شوێنێكی نادیار لەم قۆناغە ڕێژەیەكی زۆر دەستگیر كران. )) .
(( لە ڕێكەوتی 10-8-1983بە هەمان شێوەی پێشوتر كۆمەڵگاكانی بەحركە ,حەریر ودیانا كۆنترۆڵ كران دەستكرا بە پشكنینی ماڵەكان ئەو نێرینەی بەر دەستیان كەوت راپێچی ناو پاسەكان كران وگوێرانەوە بۆ شوێنێكی نادیار. )) .
(( لە ڕێكەوتی 11-8-1983 هەردو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە دوبارە كۆنترۆڵكرانەوە و بەهێزی ئەمن و ئیستخبارات ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و ئەو مێرد منداڵانەی دایكیان جاری پێشووتر لە ناو كەنتۆر و سەلاجە وشوێنە نادیارەكان دا شاردبویانەوە دەستگیران و بێسەروشوینكران )) (( ل202. شێواز و میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان – رَێكار مزوری )) .

هەرچی لە مورافەعەی داواكاریی گشتییە ,دەقی ڕوداوەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دەگێڕێتەوە :
((لە 1983_7_30 پیاوانی رژێمی پێشوو شێخ عوسمان و شێخ ئەحمەد و كوڕانی عیماد و رەزوانیان دوای تەبلیغكردنیان بە ئامادەبوون لە كۆشكی كۆماری دەستگیركرد. )) .
((لە 1983_7_31ش كۆمەڵگەكانی -قودس و قادسیە- لە ناحیەی قوشتەپە تەوقدران، ئەو كۆمەڵگایەش دەكەوێتە سەر رێگای هەولێر كەركووك كە كۆمەڵگەی زۆرەملێ بوون و تایبەت بوو بەو بارزانیانەی دەستگیركراون و بە زۆر لە لادێكانیانەوە لە ساڵی 1975ەوە رەوانەی ئەوێ كرابن دوای ئەوەی ماوەیەك لە پارێزگاكانی باشوور بوون و بەزۆر ڕەوانەی ئەو كۆمەڵكایانە كران و هەزاران كوردی بارزانیش لە رەگەزی نێر لە تەمەنی 10،5 ساڵی تا زیاتر لە 70 ساڵی دەستگیركران ئەو ئۆپەراسیۆنەش لەلایەن هێزێكی گەورەوە جێبەجێ كرا ئەو هێزەش لە ئاسایش و حەرەسی جمهوری پێكهاتبوو بەوپەڕی نهێنیەوە جێبەجێكرا. دەستگیركراوانیش پێیان گوترابوو كە دەچنە كۆبوونەوەیەك و دەگەڕێنەوە، بەڵام دواتر بەرەو كەركووك گوێزرانەوە )).
(( لە 1983_8_10 جارێكی دیكە هەزاران كورد لە رەگەزی نێر لە عەشیرەتی بارزانی دەستگیركران. هەمان هێزی ناوبراو ئەو كارەی جێبەجێكرد ئەو جارە لە كۆمەڵگاكانی بەحركە و دیانا و مێرگەسوور هیچ كەسێكیش لەوان بە گەورەو بچووك هەڵاوێرد نەكران نەمنداڵ نەپێر نە نەخۆش نە فەرمانبەری دەوڵەت.)).

(( وردەكاریی یاسایی بەپێی پێداچوونەوەی ئیفادەی شكایەتكاران و شایەدحاڵەكان دوای رووپێوی ناوچەكەش ئاشكرابوو لە 1983_7_30 و 1983_7_31 و 1983_8_15 هەزاران كوردی بارزانی لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و حەرەسی جمهووری دەستگیركران و بەرەو چارەنووسێكی نادیار بردران و خانەوادەكانیان لەبارودۆخێكی سەختدا دەژیان و پەیوەندییان بە كەسوكاریانەوە پچڕا. )).

(( ئەو شاڵاوانە لە بەرەبەیانی رۆژی 1983_7_31 دەستیان پێكرد كاتێ هێزە سەربازی و ئەمنییەكان كۆمەڵگەی قوشتەپەیان پەلاماردا لە نزیك شاری هەولێر.
لە شەوی 10_1983_8_9 دا كۆمەڵگای هەریر لە هەولێر پەلامار دراو هەموو كوڕو پیاوان تیایدا دەستگیركران. )).
(( لەرۆژی 1983_9_26 دا ناحیەی سەلاحەددین بەشێكی دیكەی قوربانیان دەستگیركران.)).
فەرمانی سەركردایەتیش بە ئاشكرا داوای دەستگیكردنی پیاوانی دەكرد بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ بەدواوەیە بەڵام تاوانباران منداڵانیشیان دەستگیركردو ژنانیان بەبێ بەرپرس و بەخێوكەر جێهێشت و هەژارییان زیاتر بوو لە نێو برسێتی و ئەوان باوك و كوڕو برایان لەدەستدا دەستگیركراوان لەپاسی گەورەی ئامادەكراو بۆ ئەو مەسەلەیە كۆكرانەوەو بۆ بەغدا دواتر بۆ باشوور گوازرانەوە. )). (( پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال.. داواكاری گشتی: تاكە تاوانی ئەنفالكراوانی بارزان كورد بوون و بارزانی بوونیان بوو-04 Mar 2009-خەبات )) .

هۆكاری گرتنیان !!

بەهانەی ڕژێم بۆ نێر قڕكردنی بارزانییەكان , تۆڵە كردنەوە بوو لە پارتی و سەرۆكەكەی لە ئاكامی ئەو هێرشە هاوبەشەیان بوو لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران وگردمەند كردیان .با بزانین لە روانگە جیاجیاكانەوە چی وتراوە سەبارەت بە هۆكاری ئەو پەرچە كردارەی بەعس .
سامانسا پاوەر دەڵێت : كوردەكان هەمیشە فورسەتخواز بوون , كاتێكیش جەنگی ئێراق-ئێران دەستیپێكرد, هەردوو حیزبە سەرەكییەكەی كورد بونە هاوپەیمانی ئێران.لە ساڵی 1982 دا یەكێك لەم لایەنە سەرەكیانە (لایەنگری بارزانی) یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێكی سنووریی, بە ناوی حاجی هۆمەران. هێزەكانی ئێراق بە شینەیی تۆڵەیان كردەوە نزیكەی 8000 پیاوی كوردی سەر بە خێڵی بارزانیان دەستگیركرد,لە ناویاندا 315 منداڵ هەبوون ,تەمەنیان لە نێوان هەشت و حەڤدە ساڵاندا بوو.
سەدام گوتی :خیانەتیان لە وڵاتەكەیان و لە یاسا كرد,ئێمەش سزایەكی ووندمان بۆ بڕینەوە و چوونە بۆ دۆزەخ.” بەشی 3 ئەمەریكا و ئانفال ئەنفال و ئامەریكا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار كەریم “.
توێژەر یۆست هلتەرمان دەڵێت : روداوەكانی حاجی ئۆمەران سێ دەرەنجامی گرنگی لێكەوتەوە,بۆ سزادانی (پدك) لە بەر ئاسانكاریی كردنی بۆ سەركەوتنی ئێرانیەكان لە حاجی ئۆمەراندا, ڕژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەر بە عەشیرەتی بارزانی ڕاپیچكرد,كە زۆریان لە پاش هەرەسی ساڵی1975ی شۆڕشی ەوە بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگاكانی دەوروپشتی هەولێر كرابوون, لە30تەموزدا لە نێوان 5000تا8000 پیاوی بارزانی ,كە ژمارەی ڕاستەقینەیان بە تەواوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچكران و هەرگیز جارێكی دیكە نەبینرانەوە, دوو مانگ دوای سەدام حوسێن لە وتاردانێكدا بێ سێ و دوو وتی:” ئەوانەی خیانەتیان بە نیشتمان وپەیمان كرد و ئێمە بە سزای سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان كرد”.ئەم تۆڵە سەندنەوەیە ,بۆ ئاگاداركردنەوەیەكی هاوشێوەی میتۆد و ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی1988ی تێدا بوو,كوشتاری بارزانیەكان بۆ ڕژێم رۆڵی ڕاهێنان و خۆ ئامادەكردنیبینی بۆ كوردیش خۆی تامكردن و چەشنێكی بچووك بوو بۆ ئەوەی كە دواتر روویدا (كارَیكی كیمیاوی -ل41-42 ) .
هەردوو ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەم شەڕە هاوبەشەی پارتی و ئێران دەكەن , بەم شێوەیەی خوارەو ئاماژەبەهۆكاری قركردنەكە دەدەن و دەنووسن : KDP ئەو دەمە یەكێك لە كوڕانی بارزانی , كە مەسعود بوو , سەركردایەتی دەكرد و هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تاراندا زیندوو كردبوەوە و لە ساڵی 1983 دا دەستەكانی KDP یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان دا لە گرتنی شارۆچكەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنوور .

تۆڵەی ئەمەش خێراو كتوپڕی بوو ! لە عەمەلیاتێكی لە ناكاودا بۆ سەر ئەو كۆمەڵگایەی بارزانییە ڕاگوێزراوەكانیان تێدا نیشتەجێ كرابوو , هێزەكانی عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار نێرینەیان ڕا فڕاند كە تەمەنیان لە دوانزە ساڵ وەبان بوو . ئەوانە جارێكی تر هەرگیز نەبینرانەوە بە زۆری وا پێدەچێت كەوا پاش ئەوەی چەندین مانگ بە دەستبەسەری ماونەتەوە , هەموو كوژراون (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك – ل53 )) .
سەدام حوسێن لە وتارێكدا لە ساڵی 1983 سەبارەت بە هەمان ڕوداو وتی : ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و خیانەتیشیان لە پەیمان كرد . بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن – (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد ,ەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاك – ل107-108 ) .
لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە كە توێژەرانی بێلایەنی بیانی لە ئاكامی خوێندنەوەی وردی روداوەكان دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و هەستداری , بە پشت بەستن بە شیكاری ورد و خوێندنەوەی بەڵگەنامەكان دەریان بڕیوە, لە بەرامبەردا دوو هەڵوێستی دژ بەم ئاراستەیەش دەخەینە بەر دەستتان :

(( سەدام لەسەر تەلەفزیۆن وتی ئەمانە خیانەتیان لە وڵات و لەپەیمان كرد و بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان كردن- ل204 )).(( گرتنی بەشێك لە ناوچە ستراتیژییەكانی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری و شكستی لەشكری عێراقی لە ناوچەكەدا بەرامبەر بە لەشكری ئێران. ئەمەش بۆ دروستكردنی دووبەرەكی لە ناو بارزانییەكاندا و دڵدانەوەی هەڤاڵان و هەوادارانی بەعسییەكان و زیندوكردنەوەی دەروون و ورەی روخاوی سەربازانی جەنگی قادسیە )).(( میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكی جینۆساید لەعێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆسەر كورددا دەڵێت :هۆكاری گرتنی بارزانییەكان گرتنی شارۆچكەی حاجی عومران بوو – شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان -رَێكار مزوری -ل 204كۆنگرەی بەجیهانناساندی جینۆسایدی گەلی كورد-2008-چاپخانەی دەزگای ئاراس )) .
هەرچی داواكاری گشتی دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەكانە لە مرافەعەكەی خۆیدا لەدادگا لەم بارەیەوە دەڵێت : بە بیانووی ئەوەی ئەوان یارمەتی ئێرانیانیان دەدا. لەوانە یەكێك پرسیار بكات ئەگەر ژمارەی ئەوانەی لەسوپای ئێرانەوە زەلیل بوون دەبێ لە كورد چەند زەلیل بووبن؟ كەواتە ژمارەی هێزی هێرشبەری ئێرانی چەندە؟ ئایا دەكرێ ئافرەت ببنە وا بەستەی سوپای دەوڵەت؟ -پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال.-خەبات-4-3-2009 )) .

با بزانیین بەڕێز نەوشیروان مستەفا , كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە گرنگەكانی ئەو سەردەمەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد بە ئێستاشەوە , لە پەرتووكی پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق (1979-1983) چی دەربارەی ئەم كارەساتە وهۆكارەكانی نوسیووە :
” گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل321 , نەوشیروان مستەفا )).
بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەر بۆچونەكەی و دەنووسێت : بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا , بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد .
لێرەدا بەرێز كاك نەوشیروان تەئكید دەكاتەوە لەوەی پارتی بەشداری شەڕی حاجی ئۆمەرانی كردوو ئەو هاوكارییەی پارتی لەگەڵ ئێران خیانەت بووە , پاداشتی خیانەتكارانیش لای دەسەڵاتێكی فاشی دیارە چییە؟.
كاك نەوشیروان درێژەی پێدەداو دەنووسێت : بارزانی یەكان لە عێراق مابونەوە لە ئۆردوگای بەحركەو قوشتەپەدا كۆكرانەوە . زۆری پیاوەكانیان بووبوون بە چەك هەڵگری جەیشی شەعبی و بە دڵسۆزی ئەركەكانی خۆیان بەجێ ئەهێنا (( پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322 , نەوشیروان مستەفا )) .

لە ڕاستیدا لەوكاتە ژمارەیەكی زۆری هاوولاتیانی كوردستان تێكەڵ بە هێزە چەكداری و حیزبییەكانی بەعس ببوون , نەك تەنها بارزانییەكان , وێڕای ئەوەی جەیشی شەعبی بوونەكەی ئەو بارزانییە سڤیل و سادەو ساكارە نەخوێندەوارانە ئەگەر راستیش بێت ؟؟, كە لە ڕابردوودا قوربانی و بەرداشی هەموو جوڵانەوەیەكی چەكداری بوونە لە كوردستان , بە ئەندازەی پەیامەكانی هەندێك لە سەرانی ئەو كاتی ینك شەرمەزاری نەبووەو نییە , كە لە ساڵانی 83-1984, بۆ هەزاران قوتابی كوڕ و كچی مانگرتووی زانكۆی سەلاحەدین بەردەوام دەیان دا و دوبارەیان دەكردەوە , كە دەست بەرداری خوێندنەكەیان ببون , لە بەر ئەوەی ئامادەیی لەبەركردنی بەرگی جەیشی شەعبیان نەبوو , كەچی پارتەكەی ئەوسای بەڕێز كاك نەوشیروان كە لەو كاتەدا بۆ خۆشی دووەم كەسایەتی ناو ینك بوو داوای لەبەركردنی بەرگی جەیش شەعبییان لەو خوێندكارە مانگرتووانە دەكرد یاخود نەرمییان دەنواند لە بەرامبەری , لە ترسی ئەوەی نەوەك مفاوەزاتەكەیان لە گەڵ ڕژێمدا هەڵبوەشێَتەوە كە چەند مانگێك بوو لە بیابانەكانی سەماوە لە سوتگەی جهەنمی ئەو گەرمایە بە كۆمەڵ بارزانییەكان گولە باران كران .

سزا دانی سەرجەم عەشیرەتێك لە بەرامبەر كردەوەی پارتێكی سیاسی , كە سەركردایەتیەكەی بە دەست ئەو بنەماڵەیەوە بوو , ئەمە بۆ خۆی سزادانێكی فاشیستانەیە , بارزانییەكان ئەم خێڵە پارێزگارە داخراوەی كوردەواری , كە بە توندی بە سەركردایەتی خێڵەوە گرێدراون , لەوێشەوە بە پارتییەوە , چونكە لە لوتكەدا سەركردایەتی پارتی و خێڵی بەرزانی یەك دەگرنەوە .
لە كاتێكدا ئەو خەڵكەی كۆمەڵكوژی كران , بۆ خۆیان لەو چركە ساتە و لەحزە مێژوییەدا سڤیل بوون و هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و ڕێكخستنیان بەو پارتەوە نەبووە , بگرە بەشێكیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییان كاریان دەكرد , بۆیە سەپۆرتكردنی ئەو كۆمەڵكوژییانە بەهەر بەهانەیەك بێت تاوانە .

لێرەوە بەعس بوو بە كیمیا وەشێن!!

حاجی ئۆمەران ئەگەر یەكەمین ئەزموونی شەڕی هاوبەشی كورد-ئێران بوو لە چوار چێوەی شەڕی ئێران – عێراقدا ,بۆ ئێران بووە شەڕێكی كەم مەسرەفی كاریگەری براوە ,شەڕی لەسەر سنوورەكانەوە هێنایە ناو عێراقەوە ,سنوورە لوغمكراوەكان و سەنگەرە مەحكەمەكانی بێ زیان گرتران و بڕان , لەو لاشەوە بۆ عێراق لە ئاكامی كاردانەوەی توند و بۆ ڕێگەگرتن لەدوبارەكردنەوەی ئەم تاكتیكە و ترساندنی لایەنی كوردی , بووە یەكەم ئەزموونی وەشاندنی چەكی كیمیاوی . بە پێی وتەی توێژەر ولێكۆلەر یۆست هیلتەرمان (( یەكەمین تۆماركردنی هێرش و پەلامارەكانی گاز بە شێوەیەكی ورد و تۆكمە, لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتنە شەڕێكی سەختەوە لە چیاكانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, كە شارۆچكەیەكی سەر سنوورە لە كوردستانی عێراقدا – كارێكی … ,ل38 ).

لەو پەلامارە كیمیاوییە قوربانی هەبووە ,وەلێ مخابن تا ئێستا لە ئامری زیانەكان ئاگادارییەكمان نییە , یۆس هیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت (( ئەو كوردە عێراقیانەی كە دكتۆر سوهرابی بینیبوونی زۆر پێدەچێت یەكەمین بەڵگەی تۆماركراوی قوربانیانی گازی خەردەل بووبن لە كاتی جەنگدا ئێراق لەو دەمەدا پەنای بردە بەر گاز بۆ بەر پەرچدانەوەی هێرشێكی ئێرانی لە تەموز-ئابی 1983دا, كە یاخیبووانی هاوپەیمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان(پ د ك) بوون بە پێشەنگی هێزەكانی ئێران بۆ سەر خاكی دوژمن ,گازی خەردەل چەكێكی نوێی سامناك بوو, یەكەم جار بەكار هات لەو شەڕە )) . كەواتە ڕاستە كە حاجی ئۆمەران بوو بە وەچەرخان بۆ ئێراق لێرەوە چاوی كرایەوە و ترسی شكا و ئەزموونی پەیدا كرد و بوو بە كیمیا وەشێنێكی ناودار .

ئەی بەڵگەنامەكانی بەعس چۆنمان بۆ دەگێڕنەوە ؟؟؟

دیارە بەعس چیرۆكە تۆقێنەرەكان و دڵ ڕەقی هێزەكانی و ژووری گازی سوتێنەری خۆرەتاوی سەربازگەكانی باشوور و بە كۆمەڵ كوژییان ناگێڕێتەوە بۆمان , باسی ئەو حەكایەتانە ناكات لە زیكتە جیا جیاكانی نیشتەجێی بارزانییەكان ئەنجامیان داوە. ئەوەی ئەو دەیگێڕێتەوە تاوانبار كردنێكی بێ بنەمای ئەو خەڵكە بێ تاوانەیە ,كە باجی كاری لایەنێك سیاسی دەدەن كە ئاوێزانی سیاسی دەوڵەتی دوژمن بووەو تەنها لە بەر هاو عەشیرەتی و یەك ڕەنگی جامانەی سەریان .
زمانی بەڵگەنامەكانی ئەوكاتی بەعس , باسی ئەوەمان بۆ دەكەن , كە ئەم هاووڵاتیانە هاوكاری پارتیان كردووە بۆ چاوساغیكردن بۆ ئێران و هێرشی سەر حاجی ئۆمەران , كە لە ئەنجامدا ناوچەیەك داگیر كراوە , ئەمەشیان بە خیانەتی گەورە لەنیشتمان نا پاكی بۆ وڵات ناوزەد كردووە , خیانەتیش لای سستەمە دیكتاتۆرەكان پێناسی خۆی هەیە و بەرزترین ودڵ ڕەقانەترین سزا دەیان گرێتەوە .
با پێكەوە چاوێك بە بەڵگەنامەكانی ئەو كاتی حیزبی بەعسدا بخشێنین و بزانین لەو ڕۆژگارەدا بەڵگەنامەكان بۆ پاساوی ئەم تاوانەیان چییان نووسیوەو وتووەو هۆكاری ئەنجامدانی ئەم تاوانەیان بەچی پاساو دەدەنەوە :

دەقی وەرگێڕدراوی ئەم بەڵگەنامەیە لەخوارەوە بەزمانی كوردی بخوێننەوە :

(( بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەروار 29-3-1989
بەڕێز م م ع كاروباری ڕامیاری هێژا
1- لە كۆتایی مانگی تەموزی ساڵی1983 هاتمە ئاگادار كردنەوە لە گەڵ كۆمەڵێك ئەفسەری ئاسایشی بەغدا لە گەڵ ئاسایشی گشتی و لە لایەن بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدای پێشوو (عەقید عەلی عەبدوڵا برع) بۆ ئەوەی كۆمەڵێك بارزانی خائین وەر بگرم كە لەحوكمی زاتی ئاسایشی گشتی هۆبەی سێ بە دەستمان گەیشت هەروەها بەشێكی تر دەست بەسەر بوون لە گرتووخانەی ئەبو غرێب.
2- 2225 خائینمان وەرگرتن بە ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر هاتنە گواستنەوە بۆ ناوچەی بوسیە كە لەوێ دەست بەسەر بوون.
3- بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا فەرمانی دا بۆ درووستكردنی دەستەیەك لە ژێر فەرمانی ئەو بن ,دوای ئەوە فەرمانی دا كە سزای گەل بەسەر ئەم خائینانەی سەرەوەڕا جێبەجێ بكرێت.
4- لەسەرەتای مانگی ئابی ساڵی1983 دەست كرا بە جێبەجێ كردنی سزای گەل لە بەرامبەر خائینەكان سەرەوە كە ژمارەیان 2225 كەس دەبوون .هەندێك لەوان لە پارێزگای موسەنا ناوچەی بوسیە بوون.بەتەنسیق لە گەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگا ناو براو.
5- رێنمای دەرچوو لە لایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشوو بڕێز دكتۆر فازڵ بەڕاك وە وبۆ رێكخستنەكانی كێشەی تایبەت بە تاوانبارانەوە و بە پێی ئەمە دەستكرا بە ڕێكختسنی 16 كێش بۆ 667 كەس ,كە ئەم كێشانە بەرز كرانەوە بۆ سەرۆكایەتی دادگای شۆرش و سزای لەسێدارەدان بە سەریاندا هاتە سەپاندن و بەڵگەنامەكان مردن نەیانگراندنەوە.
6- ئەوانەی مانەوە 1558 تاوانبار بوون هیچ كێشەیان بۆڕێك نەخستبوو.
7- لیژنەیەك هاتە دامەزراندن لە ئەفسەران بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو تاوانبارانەی سەرەوە كە لەگەڵیان دا بوو, ئەو پارەیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هۆبا3 كرا بە پێی چەكەكان.
وێنەیەك بۆ :
بەڕێز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری هێژا نووسراوی 4439 لە 23-8-1987بۆ كاری پێویست لە گەڵ ڕێزا.
بەڕێز بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی هێژا بۆ كاری پێویست
بەڕێز ئاسایشی هێژا بۆكاری پێویست تكایە . (( شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان -رَێكار مزوری -ل207-208)) .

لە بەڵگ نامەیەكی دیدا ئاو باسی مۆتیڤی تاوانەكە دەكرێت : (( ئەوەی بەردەستمان راپۆرتی بەرپرسی هەواڵگرییە كە بۆ سەرۆكی كۆمار لەسەر داوای ئەوەی دوایی لەمبارەیەوە بەرزكراوەتەوە كەتیایدا هاتووە:
بڕگەی 1 لە تەممووزی 1983، لە میانەی هێرشی دوژمنانی ئێران بۆ كەرتی حاجی ئۆمەران و سەلماندنی بەشداریی خیانەتكاران كە زۆربەیان بارزانین فەرمانێك لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی -فازڵ بەڕاك- بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی حوكمی زاتی ڕەوانەكراوەو ئەركەكەش بەوپەڕی نێهینەوە ئەنجامدرا تاوەكو لەبەرەبەیانی رۆژی ئایندە ئامادەبوو لە 1983_8_10 بەهێزێكی سەربازیی حەرەسی جمهووری كۆمەڵگاكانی -قودس و قادسیە- و قوشتەپە كە بۆ نیشتەجێبوونی خانەوادەی بارزانیان دانرابوو هەمووشیان دەستگیر دەكران تەنها لە رەگەزی نێر و تەنانەت ئەوانەی لە 18 ساڵیش كەمتربوون لەو كردارە بێبەش نەبوون. ئۆتۆمبێڵی گەورەی ئامادەكراویش بەیاوەریی هێزی سەربازی ئەو دەستگیركراوانەی گواستەوە.

بەهەمان شێوەش بارزانیانی هەریر لە ناوچەی شەقڵاوە دەستگیركران كە ژمارەیان 403 كەس دەبوو. زۆربەشیان بارزانی و شێروانی و مزووری بوون ئەوە جگە لە دیاناو رەواندزو مێرگەسوور لە پارێزگای هەولێر برگەی
برگەی 2: بە ئاراستەی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هێزێك لە كارمەندانی ئاسایشی گشتی و ئەمنی بەغدا پێكهێنرا تا ئەوانەی لە كۆمەڵگاكان هێنراون و بەندكراوانی ئەبوغریب لە بارزانیان وەربگرێنەوە.
ئەو هێزە 2225 كەسی وەرگرتەوەو بەرەو ناوچەی بۆسەیەی گواستنەوە لە پارێزگای موسەننا و تیمێك حوكمی گەلی بەسەریاندا سەپاند.
بڕگەی
-3: بەپێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشووتر 16 كەیس بۆ 667 كەس لەبەندكراوان ئامادەكراو كەیسەكان بەرەو دادگای سەورە گوازرانەوەو حوكمی لەسێدارەدانیان بۆدەرچوو بەڵگەنامەی وەفاتیشیان بۆ دەرنەهێنراو 1558 كەسیان كەیسی بۆرێك نەخرا. بڕگەی
4: ئەوپارەی لە لای بەندكراوان بوو كە بڕی 194684 دینارو 440 فلس بوو لێیان وەرگیرایەوەو لەژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی دانرا.

بڕگەی 5: بەپێی بەردەوامیی تەئكیدی مسعود بارزانی بۆ ئەو پرسە، سەرۆكایەتیی كۆمار سكرتێری بە نووسراوی ژمارە 2651-ت لە 1978_8_24 راسپارد وەڵامی دیاریكراوو یەكگرتوویان بۆ هەر داوایەكی پەیوەندی پێوەكردنەوە هەبێ بەبێ ئەوەی كەسی دیكە جگە لەسەر كردایەتیی دەوڵەت هیچیان لەسەر بزانێ چونكە مەسەلە سەرەكیەكە لە پرسی ئەو خانەوادانە گەورەترە- ئەو وەڵامەش بەبنەمای وەڵامی هەرپرسێك دەربارەی چارەنووسی ئەو خانەوادانە دادەنرێ. هەروەها بەڕێوەبەری ئاسایش گشتی لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات كە خانەوادەی بارزانی لە دژی حزب و سەورەو نیشتمانن و ئەوە دەیەها ساڵە ئەوانە دژی هەموو پرەنسیپەكانن چونكە تا ئێستا هەروەكو جاران لە دژی یەكبوونی نیشتمانە. تائێستاش خۆی بەگەورەترین عەشیرەت و نوێنەری گەلی كورد دادەنێت و خاوەن دەروونێكی پڕ لە رق و كینەیە.((پڕۆسەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال-4-3-200-خەبات)) .

لە بەڵگە نامەیەكی دیدا هاتووە : (( بهڵگهنامهی بریاری حوكمی لهسیدارهدان و دهست بهسهرداگرتنی سهروهت و سامانی شمس اللهخالد خدر بارزانی و پهنجا كهس لهههڤاڵانی به نووسراوێك لهسهرۆكایهتی دادگای شورش بهژمارهله12\11\1983 دهرچووه بۆ سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆمار، كهبریاری گرتنیان لهلایهن دادهوهری لێكۆلینهوه سهر به بهرێوهبهرایهتی ئهمنی بهغدا/ش31 دراوه بهنوسراوی ژماره8\83 له11\8\1983 .
هۆكاری گرتنیان بهمادهی 175و159و162\2-49و50و53 لهق.ع له داوایهك به ژماره 1610/ج/1983 لهسهر شمس اللهخالد خدر بارزانی و ههڤاڵانی شیكراوهتهوه كه له لایهن سیخۆرێك پێیان دراوه، داواكه به نووسراوی ژماره23/1434 له27\9\1983 بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوهو له 10/11/ 1983 حوكمی لهسیدارهدانیان بۆ دهرچووه.

ئهم راپۆرته باس له شهری حاجی عمران –گردهمهند و بهشداری پارتی لهم شهره دهكات، له ناوهرۆكی راپۆرتهكهدا دهلێت”مۆتهههم” شمس اللهخالد خدر بارزانی كهسهر بهمسعود بارزانی و محمد خالید بارزانیه بههاوكاری لهگهڵ ئهو كهسانهی ناویان له خوارهوه هاتووهو ئامادهكاری و هاوكارییان لهگهڵ تێكدهران و هێزهكانی ئێراندا كردوهزانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه،ههروهها رێنمایی كردنی بهرپرسانی عسكری ئیرانی له ناوچهكهدا بۆ ئهنجامدانی كاری تێكدهرانهدژی هێزهكانی چهكداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزهكانی ئێران لهكهرتی باكوور و گرتنی ناوچهی حاجی عمران تۆمهتبار كراون و بهبهكرێگرتهی ئیران ناوزهدی كردوون ، ئهوهی شایانی باسه دادگای شورش له/11/1983 به سهروكایهتی عهواد بهندهر بهستراوهو بهم ماددانه175و159و162و\2\49و50و53 له ق.ع تۆمهتبار كراوهن و حوكمی لهسیدارهدانیان بهسهردا سهپاندوون و بهنووسراوی ژمار(3864) له/11/1983 سهرۆكایهتی دیوانی سهرۆكایهتی كۆماریان لێ‌ ئاگادار كردۆتهوه. ئهمهش ناوهكانیانه:

1.شمس اللهخالد خدر بارزانی 2.سلیمان مفردی خانو 3. احمد حمود مستهفا4.ێوفی سیف الدین وستا 5. سعید محمد محمدامین 6.یوسف زبیر حاجی 7.حدو جلو فقی 8.حاتم جیجو حاتم 9. حسن حسین حسن 10. تهها محمد ابراهیم11.فریق میران مح12. نعمان حسین یاسین 13.یاسین حسین یاسین 14.حسكو رشید نبی 15.تهلعهت سعید عمر 16.رهمهزان عبداللهیاسین 17.وجدی مستهفا ناوخۆش 18.مستهفا حسین سالح 19.حسین محمد احمد 20.اسعد حسن عبدالله21.سلیمان ابابكر احمد 22 .جادر محمد حسین 23.عبدالرحمن محمد حسن 24.احمد سعید حسن 25.مستهفا باجو مستهفا 26.عزیز سالح سلیم 27.حكیم زادهمحمد 28.زكری جلو مالی 29.باجو حسین ملكو30غفور احمد محمود 31.محمد علی عباس 32.خدر مولود سالح 33.سعید اخدل شیخ عمر 34.عبدالعزیز حجی عبدالله 35.ێبری رهمهزان حسن 36.ویس یوسف رهمهزان 37.میرخان محمد مرزا38.نادر حبیب حسن 39.فقو خوجهناێر40.قرتاس سالح حسین 41.حسن حاجی ابراهیم قادر 42.جمیل عبدالله فارس 43.اسماعیل سلیمان الیاس 44.یونس حسن یونس 45.بحری محمد ملكو 46.زلفو احمد جوهر 47.شهاب زادهمحمود 48.ێوفی درویش محمد 49.شهاب احمد جوهر 50.بیرو حمد ابراهیم 51.جوهر حدو حاجی (( عهدالهت عومهر-چالاك لهبواری ئهنفال و بێ‌ سهروشوینهكان-227-2007 )).

لە بەلگەنامەیەكی دیكە سەبارەت بەهەمان پۆل هاتووە : (( به‌ڵگه‌نامه‌ی بریاری حوكمی له‌ سیداره‌دان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی خورشید رشید سلمان بارزانی و هه‌ڤاڵانی هه‌روه‌ها ملا سعید حسن بارزانی و هه‌ڤالانی به‌ نووسراوێك له‌ سه‌روكایه‌تی (دادگای شورش) به‌ ژماره‌4066 له‌ 24\11\1983 ده‌رچووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه‌ بریاری گرتنیان له‌ لایه‌ن داده‌وه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی به‌غدا/ش31 دراوه‌ به‌نوسراوی ژماره‌ 15\83 له‌ 1\8\1983 .
هۆكاری گرتنیان به‌ ماده‌ی 175و159و162\2-49و50و53 له‌ ق.ع له‌ دوو داوا كه‌ داوای یه‌كه‌م به‌ ژماره‌ 1775/ج/1983 له‌ سه‌ر خورشید رشید سلمان بارزانی و هه‌ڤاڵانی و داوای دووه‌م به‌ ژماره‌ 1609/ج/1983 له‌ سه‌ر ملا سعید حسن بارزانی و هه‌ڤاڵانی شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سیخۆرێك پێیان دراوه‌ ،داواكان به‌ دوو نووسراو یه‌كه‌میان به‌ ژماره‌ 23/1563 له‌ 19/10/1983 دووه‌میان به‌ نووسراوی ژماره‌ 23/1433 له‌ 27/ 9/1983 بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوه‌ن به‌لام هه‌موویان له‌ 22/11/ 1983 حوكمی له‌ سیداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌.

ئه‌م راپۆرته‌ش هه‌ر باس له‌ شه‌ری حاجی عمران –گرده‌مه‌ند و به‌شداری پارتی له‌م شه‌ره‌ ده‌كات،له‌ ناوه‌رۆكی راپۆرته‌كه‌دا ده‌لێت”مۆته‌هه‌م حسن محمد شیرۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك له‌ تێكده‌ران كه‌ ناویان له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌ سه‌ر به‌ مسعود بارزانی زانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه‌ وئاماده‌كاری و هاوكارییان له‌گه‌ڵ تێكده‌ران و هێزه‌كانی ئێراندا كردوه‌ ،هه‌روه‌ها رێنمایی كردنی به‌رپرسانی عسكری ئیرانی له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌نجامدانی كاری تێكده‌رانه‌ دژی هێزه‌كانی چه‌كداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزه‌كانی ئێران له‌ كه‌رتی باكوور بۆ گرتنی ناوچه‌ی حاجی عمران تۆمه‌تبار كراوه‌ن و به‌ به‌كرێگرته‌ی ئیران ناوزه‌دی كردوون ، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ دادگای شورش له‌ 22/11/1983 به‌ سه‌روكایه‌تی عه‌واد به‌نده‌ر به‌ستراوه‌و به‌م ماددانه‌ 175و159و162و\2\49و50و53 له‌ ق.ع تۆمه‌تبار كراوه‌ن و حوكمی له‌ سیداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندوون و به‌ نووسراوی ژمار(4066) له‌( 24/11/1983 سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریان لێ‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌:

1.خورشید رشید سلمان 2.احمد حدو محمد 3. یاور علی محمد4.یوسف فرخو محمد 5. حسین عمر حسین 6.محمود فقی محمد حسین 7. حسین ملا حبیب عبدالرحمن 8.عیسی محمد حسن 9. جهور یونس ابراهیم 10.جزیری برایم محمد 11. محمد ابراهیم محمد 12.نعمان شریف شمیرن 13.عزیز فقی سعید 14.خلیل تاهیر عبدالله‌.15.نیاز عزیز عبدالله‌ 16. حاجی عمر عبدالله‌17.عوسمان حسن عوسمان 18.عزیز ملا عبدالله‌ فقی 19.ابراهیم عوسمان حاجی 20.علی قاسم علی 21.نزمی محمد محمدامین 22. محمد تاهیر حجی ابراهیم23.عمر احمد عمر 24.حسن خالد ملا 25.عیسی حسن شریف 26.حسین عبدالحمن حسین 27.ته‌ها محمد یوسف 28. حسین محمد یوسف 29. ایوب محمد عیسی 30.مولود جوج مولود 31.محمد قرتاس سالح 32. شیخ عمر باپیر 33.خوشوی داود محمد 34.شاكر خالد سالح 35.عمر حدو محمد 36.تاهیر عبدالرحمن علی 37.حسین محمد حسین 38.عزیز ابراهیم شێخو 39.سلیمان سه‌بری عیسی 40.عمر تاهیر عمر 41.حسین فقی محمد حسین 42.نزهت شریف عمر 43.ممو سه‌بری عیسی 44.فریق ملمكو تاهیر 45.حدو محمد احمد 46.فرات ابراهیم باپیر 47.عبدالله‌ ابوبكر فتح الله‌ 48.حسن محمد شیرو 49.درویش عمر یاسین 50.تمر محمود قرتاس 51.عبدالواحد عمر سعید -عه‌داله‌ت عومه‌رچالاك له‌ بواری ئه‌نفال و بێ‌ سه‌روشوینه‌كان 22-7-2007 )).

لە بەڵگە نامەیەكی دیدا باسی ئیعدامی 23 هاووڵاتی هاتووە :(( به‌ڵگه‌نامه‌ی بریاری حوكمی له‌ سیداره‌دان و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی سه‌روه‌ت و سامانی سابر مسته‌فا محمد عبدالسلام بارزانی و (22) كه‌س له‌ هه‌ڤاڵانی به‌ نووسراوێك له‌ سه‌روكایه‌تی (دادگای شورش) به‌ ژماره‌1446\ج\1983 له‌ 30\8\1983ده‌رچووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه‌ بریاری گرتنیان له‌ لایه‌ن داده‌وه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی به‌غدا دراوه‌
هۆكاری گرتنیان به‌ ماده‌ی 175و159و162\2-49و50و53 له‌ ق.ع له‌ داوایه‌ك به‌ ژماره‌1\83 له‌ 26\7\1983له‌ شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سیخۆرێك پێیان دراوه‌ .
ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌ شه‌ری حاجی عمران –گرده‌مه‌ند و به‌شداری پارتی له‌و شه‌ره‌دا ده‌كات له‌ ناوه‌روكی راپۆرته‌كه‌دا ده‌لێت “:موته‌هه‌م سابر مسته‌فا محمد عبدالسلام بارزانی له ‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك له‌ تێكده‌ران كه‌ سه‌ر به‌ مسعود و ادریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سه‌ركردایه‌تییان داوه‌ته‌ تێكده‌ران به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و جێگایانه‌ی ستراتیژی و حه‌ساسن و ئاماده‌كاری و هاوكارییان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر له‌گه‌ڵ تێكده‌ران كردووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هیزه‌كان له‌ كه‌رتی باكوور له‌ حاجی عمران له‌ رێگای مسعود و ادریس”.
هه‌روه‌ها ئه‌وانی به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانی چه‌كداری عێراق به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری هیزه‌كانی ئیران بۆ گرتنی ناوچه‌ی حاجی عمران تۆمه‌تبار كردووه‌و به‌ به‌كرێگرته‌ی ئیران ناوزه‌دی كردون . عه‌داله‌ت عومه‌ر-چالاك له‌ بواری ئه‌نفال و بێ‌ سه‌روشوینه‌كان-له‌ زمانی به‌ڵَگه‌نامه‌كانه‌وه‌ –

به‌شی سێیه‌م

ئایا پارتی چاوساغی كردبوو بۆ ئێران ؟؟

لە بەر ئەوەی هێرشی حاجی ئۆمەران راستەوخۆ لە بەرەكانی جەنگ كارەساتی مرۆیی گەورەی لێنەكەوتەوە و تاكو پشكنینی بۆ بكرێت و بەشداربوان قسەیان پێبكرێت , یان هێرشەكە بۆ سەر شارێكی قەرەباڵغ پڕ دانیشتووان ئەنجام نەدرا وەك ئەوەی لە هەڵەبجە كرا , بەڵكە كارەساتی ئەم بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و لە دەرەوەی بازنەی شەڕەكە پیادە كرا , لایەنی بەشداریش ئابلوقەی زانیاری و بەڵگە نامەو شایەدیدانی بەرپرسانی ئەو كاتی خۆی خستۆتە سەر و ڕێگا نادات ,هیچ زانیارییەك سەبارەت بە سكانداڵەكانی ئەو كردە سەربازییە بڵاو ببێتەوە .
یۆست هیلتەرمان شایەدی لە سەر ئەوە دەدات , كە پارتی چ وەك جەنگاوەر و چ وەك هێزی ئیستیتلاع بەشداری ئەو شەڕەی كردووە, بەڕێزی دەڵێت :…بەو چەشنە لە هاوینی ساڵی1982دا جەنگاوەرانی (پدك) و هێزی ئیستڵاعیان كەوتنە تەك هێەكانی ئێران لە هێرشكردنیاندا بۆ سەر حاجی ئۆمەران.بە دوای ئەم شەڕەدا ,كە تاڕادەیەك سەركەوتنیان تێدا بەدەستهێنا, ئێرانییەكان چەند هەوڵێكی تریان دا بە هاوكاری (پدك),بۆ ئەوەی مەودایەكی قووڵتر بچنە ناو عێراقەوە.هەموكات ئەم هەوڵانە پێشكەوتنی بە دەست دەهێنا تا ئەو كاتەی لە ساڵی1986دا,هێزەكانی ئێران بە تەواوی گێڕدرانە دواوە – كارێكی ..ل118.

ئەی بەرامبەر بەم پەلامارە هاوبەشەی ئێران-پارتی ,ینك و حدكا چیان كرد؟؟؟

ئەگەر پەلامارەكە بە ناو وەك بەشێك لە جەنگی ئێران-عێراق و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە درێژخایەن و سەرانسەرییەكانی ئەو جەنگەدا بووبێت ؟؟ , وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا , هەردوو لای پەلاماردەر ئامانجی دیكەیان لە لێدانی لایەنی كوردی هەبوو , ئێران لە حدكا و پارتی لە حدكا و ینك .
بۆیە هەر زوو لایەنەكانی بەرامبەر كاتێك ئامانجی پەلامارەكە زیانی پێ دوورینەوەو ترسی ئەوە دایانی گرت لە ناوچەی دیكەش درز بدۆزنەوەو هەمان سیناریۆ دوبارە بێتەوە ,بۆیە ئەوانیش لە بەرامبەردا سیناریۆی پێچەوانەیان ئەنجامدا , بە ڕێك كەوتن لەگەڵ بەرامبەرەكەدا كە ئەویش بەعسە (( لە 31 ئاب سیناریۆی پێچەوانە ڕویدایەوە ینك بووە هاوپەیمانی ئێران و پارتیش ئەوجارە عێراقی هێنایە هەولێرەوە )). هیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت : لە تەموزی1983دا,كە هێشتا شەڕەكەی حاجی ئۆمەران هەر بەردەوام بوو, فەرەیدوون عەبدوالقادری گەورە دانوستانكاری تاڵەبانی, كەوتە گفتوگۆی ناڕەسمی لەگەڵ ڕژێمداو كۆبوونەوەی لە گەڵ سێ بەرپرسی موخابەراتی عێراقدا كرد لە بنكەیەكی حدكا لە ناوچەی ئالانی ڕۆژئاوای سەردەشت لە ناو ئێراندا و دەست بەجێ بانگهێشتی بەغدا كرا, فەرەیدوون لە ماڵی قاسملوو لە بەغدا مایەوەو زنجیرەیەك لە گەڵ تاریق عەزیز و سەركردە پایە بڵندەكانی تردا ئەنجامدا لە ئۆكتۆبەر و نۆڤەمبەردا –كارێكی ….. ل119.

حاجی ئۆمەران دەرگایەك بۆ مفاوەزاتی 1983ی ینك وبەعس

بەم شیَِوەیە ئەم هێرشە هاوبەشەی پارتی و ئێران ,لە بەرامبەردا دژەكانیشی یەك خست و دەرگای بۆ ڕێككەوتنی ینك و بەعس خۆش كرد (( هەرچەندە هەندێك پێیان وایە ئەم پەیوەندییە پێشتر زەمینەی خۆشە كرابێت )) , كلیلی ئەو ڕێكەوتنە هێرشی حاجی ئۆمەران بوو ,یۆست هلتەرمان لەسەر زاری فەرەیدوون عەبدالقادرەوە دەگێڕێتەوە : (( لێرە بە دواوە پەیوەندیمان زۆر كۆك بوو, بەڵام كاتێ گەڕاینەوە بۆ بنكەكانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەكترمان دەوت: بەڕاستی كورد بەد بەختە .هەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, كەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق- كارێكی …… ل124.

بەعس چی پێیان وت و چۆن هەڕەشەی لێیان كرد ؟؟

بەعس لە دوای ئەو هاوپەیمانییە نا پیرۆزەی نێوان پارتی وئێران هوشیاری دایە هەموو لایەك , كە دەست تێكەڵكردن لە گەڵ ئێران هێڵی سوورە بۆ ئەوان , هەرچەندە كاك نوشیروان لە وەڵامی تاڵەبانیدا دەلێت : ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ باسی‌ ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌و گه‌یشتبێت، به‌ من نه‌گه‌یشتوه‌، چونکه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ به‌عس هیچ رێگه ‌په‌یوه‌ندیه‌كی‌ له‌گه‌ڵ من نه‌بو تا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ بگه‌یه‌نێ، ئاغای‌ تاڵه‌بانیش شتی وای به‌ ئێمه‌‌ نه‌وتبو.. ئۆباڵی گوێنه‌دان به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌، ئه‌گه‌ر راست بێ، له‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌ودایه‌.(( له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین-نه‌وشیروان مسته‌فا)).
بەڵام هەر بۆ خۆی بەڕێز كاك نەوشیروان لە چاوپێكەوتنێكی پێشووتری پێش ئەوەی ئەم جەدەل و وەڵام و وەڵام كارییەی لە گەڵ تاڵەبانی ڕوبدات وتبووی : بە پێی قسەی نەوشیروان مستەفا ئەمینی جێگیری تاڵەبانی ( لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی1983دا), تاریق عەزیز بە سەركردە كوردەكانی ڕاگەیاندووە) (ئەگەر ئێوە یارمەتیمان بدەن هەرگیز لە بیری ناكەین, بەڵام ئەگەر لە دژمان بووەستنەوە ئەوەش هەرگیز لە یاد ناكەین و پاش ئەوەی جەنگ كۆتایی دێت, تێكتان دەشكێنین و هەموو گوندەكان بە تەواویی خاپوور دەكەین ))-كارێكی …… , ل119.

هاوپەیمانیەتیەكی سەقەت !

مەلە كردن بە پێَچەوانەی تەوژم , زۆر جار خنكانی كەسەكەی لێ دەكەوێتەوە , كوردیش بزووتنەوەكەی بەو هاوپەیمانییەتییە بەتاڵبوەوە لە بیروباوەڕە ئازادیبەخشەكەی و لە بەرامبەر تەوژمی جیهانیش خۆی بینییەوە .
لە بیرمان نەچێت ,ڕۆژئاوا تا ساڵی 1991 بە بەهانەی مەترسی كۆمۆنیزم لایەنگری سەر سەختی ئاپارتاید بوو (( ئامەریكا, ئینگلیز ,ئیسرائیل ,فەرەنسا((1981)) , ریگان یارمەتی جەنگاوەرانی ئازادی ئەفغانی دەدا (( حكمەتیار و رەبانی )), لە بەرامبەر مەترسی سوور .بۆیە زۆر ئاساییە بە بەهانەی مەترسی پان ئیسلامیزمیشەوە پشتیوانی لە ئێراق كردبێت .بۆیە ئەم پەیوەندییە جگە لە ماڵ وێرانی هیچی دیكەی لێ شین نەبوو .
راستییەك خۆی حەشار داوە , ئەویش ئەوەیە ئێراق چەند لە بەرەكانی جەنگ تێك دەشكا , ئەوەندە زیاتر خۆشەویست دەبوو لای وڵاتان و پشتیوانی سەربازی و دارایی و دیبلۆماسی زیاتری لێدەكراو خێر و بەرەكەت بۆی دەباری , هەمووكارَكی چاوی لێدەپۆشرا , بەكارهێنانی هەموو چەكێك بۆی حەڵاڵ كرا (( . … عێراق ڕۆڵێكی بە كەڵكی دەبینی بۆ بەردەوامی پێدانی هاوسەنگیی هێز لە كەنداودا ,لای كەمەكەی شۆڵز لە پایزی ساڵی 1983 ەوە دەیزانی كە عێراق چەكی كیمیاوی بەكار دێنێ – كارێكی كیمیاوی , ل289 )) .
(( مافی مرۆڤ و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بە ڕێی خۆیان لە زۆر لایەنەوە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوورییەكانمان لەگەڵ ئەوانەی ئێراقدا هاوتەریبن ” لە یاداشتێكی نهێنی ئەمەریكییدا نووسراوە “”بەشی 15 ئامەریكا و ئەنفال”.(ئەنفال و ئامەریكا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار كەریم –بەشی 21 “كۆتایی “-24-9-2006 دەنگەكان ).
ئا لێرەوەیە , ئەم لایەنە سیاسییانە هەر جارەی یەكێكیان , دوایش بە جووتە وچوار قۆڵی (( ینك,پدك,سۆسیالست, بزوتنەوە)) كورد گورگان خواردی دەكەن .
خۆشیان ئەوەیان هەر لە سەرەتاوە زایووە (( فەرەیدوون عەبدوالقادر دەڵێت: كاتێ گەڕاینەوە بۆ بنكەكانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەكترمان دەوت: بەڕاستی كورد بەد بەختە .هەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, كەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق-كارێكی كیمیاوی ,هیلتەرمان )).
تاَڵەبانی كە بۆ خۆی دواترسەركردایەتی شەڕی هاوبەشی ئێران-ینك ی كرد لە داستانی ڕزگاری دەڵێت : له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ سیاسی‌ و فكرییه‌دا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ زۆرمان له‌گه‌ل سه‌دامییه‌كاندا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی‌ سیاسه‌تی‌ سه‌دام له‌جه‌نگی‌ عێراق-ئێراندا، سروشتی‌ فاشیانه‌ی‌ رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه‌ ئه‌م فاشیستانه‌ له‌هیچ تاوانێك نه‌ده‌سڵه‌مینه‌وه‌، مفاوه‌زاته‌كه‌شمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆی‌ شۆڤێنیه‌تی‌ به‌عسی‌ سه‌دامی‌ و ته‌كنه‌لۆژیای‌ جه‌نگی و فشاره‌ ئیقلیمیه‌كه‌، شكستی‌ خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانه‌مان ده‌زانی‌، بۆیه‌ ده‌بوو ژیرانه‌تر هه‌ڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چی‌ له‌وكاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانی‌ جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانی‌ له‌ مه‌یدانی‌ سیاسه‌تو فكره‌وه‌، گه‌یانده‌ ئاستێكی‌ ترسناك، ئه‌ویش بواری‌ عه‌سكه‌رییه‌، ده‌قی‌ ته‌واوی‌ قسه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوكرایه‌وه‌-26-12-2009.

هیومان ۆچ لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیاندا هۆكاری كۆمەڵكوژی بارزانی و ئەنفالكراوەكان بە هاوشێوەی یەكتر دەناسێنن : لە گەلێ ڕوەوە , عەمەلیاتی ساڵی 1983 ی بارزانییەكان دەسپێكی ئەو تەكتیكە بوو كە لە مەودوا بە ئەندازەیەكی هێجگار گەورەتر لە سەردەمی پەلاماری ئەنفالدا بەكارهات 5 .
لە ڕوی مۆتیڤ و چارەنووسی مرۆڤەكانەوە .

نەك هەر ئەزموون لە ڕابردوو وەرنەگیرا , بەڵكە دواتر ویستیان مێژوو دوبارە بكەنەوەو شان بەشانی ئێران هێرش بكەنەوە سەر هەمان دەڤەر ( لە نێوان قەڵادزێ و هەڵەبجە و حاجی ئۆمەران سەركردایەتی لەسەر هەڵەبجە گیرسایەوە) (كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە – ل 148 )) .
بێشك هەموو سیاسییەكانی ئەو كات , ئەوانەی بەشداری ئەو گفت و گۆیانە بوونەوسەپرتیانكردووە و واژۆیان لەسەر پەیماننامەی شەڕە هاوبەشەكان كردووە , یاخود فەرماندەی مەیدانی بە پراكتیزە كردنی ڕێككەوتننامەكان بوونە , یان لە بڕیاری سیاسیدا بوونەو نقەیان نەكردووەو سەری ڕەزامەندییان بۆ لەقاندووە , دەبێت هەموو بە كۆمەڵ , ئاوی ئەو بیرە نۆش بكەن , كە بۆ یەكیان لێ داوە , بەشی خۆیان لەو سكانداڵە سیاسییە بخۆنەوەو لە كێڵگەكەی پشكی خۆیان بدورنەوە . ئەوەی رونە بردنەوە هەزاران باوكی هەیە ,دۆڕانیش زۆڵە و هەموو باوكەكان خۆیانی لێ بێ بەری دەكەن.


كەی دان بە ڕاستییەكان دەنێن؟

نابێت مێژوو , بەتایبەت ئەو چركە ساتانەی خوێنی قوربانیانیانی لێ دەتكێت , لە خزمەتی سیاسەتی باڵادەستدا بنووسرێتەوە , نابێت مێژوو نووسان و توێژەرەوان بە پێی ڕەوتی ئاو مەلە بكەن , مێژوو وەك ئەوان چۆنن دەنووسرێتەوە, نەك ئەوان چۆن سەیری خۆیان دەكەن وگەرەكیانە, ئێستا پێوستمان بە مێژووە ڕاستییەكەیە بنووسرێتەوە, پێویستە مێژووە تاڵەكان ,ئەوانەی پڕن لە هەڵەو تێكشكان وەك خۆی باس بكرێت , ئەگەر باسكردنی تاڵییەكە بە نرخی ژیانیش تەواو بێت .نەك چیرۆكی خەیاڵی لە خزمەت سیاسییەكان بهۆنرێتەوە .مێژووی ئێمە پڕە لە فەزیحەی سیاسی , فەزیحە تەنها كارە ژێر بە ژێرەكان نییە ,بەڵكە ئەو كارانەیە بە ئاشكرا كران وكەسیش باسیان ناكات .
27 ساڵە ئازاری ویژدانی خۆیان ئەدەن ,لەبەر ئەوەی دان بە راستییەكانی ئەم هەڵەیە نانێن و ڕاستییەكان ئازاد ناكەن, هێزی ئاشتی پارێزی هۆڵەندی تەنها كەمتەرخەمی كردووە لەپاراستنی بۆسنییەكان , دادگایی دەكرێن بە تاوانی جەنگ .

تا ئێستا ئینكاری ئەم هەڵە گەورەیە دەكرێت , ئەمە پێویستی پێداچوونەوەی ویژدانە ,پێویستی بە نەعلەت بارینە لەو شێوازە كارە سیاسییە.
شكستی كورد تاكو ئێستا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە , كە ئەزموون لە ڕابردووە تاڵەكان خۆی وەرناگرێت , بەڵكە دەشیان شارێتەوە و زانیارییەكان زیندانی دەكات, دواجار لەچركە چارەنووس سازەكاندا دوبارەیان دەكاتەوە .ڕەوایەتی دان بە هەڵە مێژوووییەكان , پاكانە هێنانەوە بۆیان و دان نەنانە بە ڕاستییەكان , ڕەوایی دانە پێی و تاوانی مەزنە بەرامبەر بە مێژوو و قوربانیان .

با درۆزن نەبین بەرامبەر بە مێژووی رابردووی خۆمان , باجی هەڵەیەك نەدەین بەرپرسیارییەتیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كەسانێك , هەموو مێژووی خۆیان بەپاكیزەیی دەناسَنن و هەڵە لەڕابردوویان وجودی نییە.
سەركردایەتی كورد ناوەندی یادگەی كورت بینە,هاوكات لە شاردنەوەی راستییەكان و دوبارە كردنەوەی سكانداڵەكان شارەزایە.
با لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە , لە راستی واقعی ئەو رۆژگارەوە قسە بكەین. وتنی راستییەكان و دان نان بەهەڵەكانی ڕابردوو , قسەكردن لە پێگەی حەقیقی خودەوە , داوای لێبوردنكردن لە قوربانیان و قەرەبووی زیان لێكەوتووان ئەركی لایەنە بەر پرسەكانی ئەو كاتە .زیان لێكەوتووانی هێرشی حاجی ئۆمەرانیش گوندنشینانی ناوچەكە , بنەماڵەی 8000 بارزانییە . (( سەركەوتوترین كەسانی دنیا ئەوانەن لە هەموویان زیاتر وەڵامی ڕەد بیستووە -ل277,سەركەوتنی بێ سنور لە 20 ڕۆژدا-ئەنتۆنی رابینز,و.عەبدوڵای حەسەن زادە -2009چاپخانەی ڕۆژهەڵات )) , وەلێ سەركردەكانی ئێمە نایانەوێت وشەی ڕەد و وەڵام ببیستن.

پارتی ناتوانێت بە پاساوی بارزانی بوون خۆ لە داوای لێبوردنكردن و قەرەبووكردنەوەی ئەو 8000 بنەماڵەیە دەر بكات , كێشكە كێشەیەكی ئەخلاقی و ویژدانی و یاساییە نەك عەشایەری . پێویستە بەرپرسیارَتی پەلاماری حاجی ئۆمەران لە لایەن پارتییەوە بگرترایەتە ئەستۆ ,بۆ ئەوەی لێوەی فێر بونایە و دوبارەیان نەكردایەتەوە , وەك بینیمان كە كردیان و دوبارەشیان كردەوە , وەكئەەی فرچكیان پێوەی گرتبێت

ئەزموونی سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوە هەیە نەك شاردنەوە وداپۆشین ,پێویستە لێكدانەوەی هەمەلایەنەی لەسەر بكرێت , پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە شكستخواردووانەی رابردوو بكردرێت ,هەموو ئەزموونێك بە نرخە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری, شیكردنەوەی ئەزموونەكان رابردوو باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان دەناسێنێت بە مێژوو .

شكست هیچ كات لە ئاسمانەوە نابارێت , هەموو كات ئاكامگیری كارە ((ناپلیۆن هێل دەڵێت : سەركەوتن جار جارە بە هەل دەڕەخسێت, بەڵام شكست و دۆڕان هۆكاری هەیە ,كەواتە دەبێت هۆكارەكانی شكست و دۆڕان لە خۆماندا لە ناو ببەین (( ل46-47 – زیادكردنی توانای زیرەكی –ئاوات نەسرواللە-چاپخانەی چوار چرا-2009 )) , بەڵام سەركردایەتی كورد هەڵەكان لەناخی خۆیاندا ,لە رەحمدانی سیاسییان پەروەردەی دەكەن.

هیچ تاوانێك لە گەڕان و خوێندنەوەی نوێ و ڕەخنە گرتندا نییە بۆ كارەساتەكانی رابردوو ,بەڵكە شاردنەوەیان تاوانە بەرامبەر بە مێژوو . گرنگترین ڕێگا بۆ گۆڕینی شكستەكان بۆ سەركەوتن ئەوەیە هەڵەكان خەینە ژێر پرسیارەوە .
بۆ ئەوەی سەركەوتوو بین , پێویستە بەردەوام كارەكامان هەڵسەنگێنین وراڤەیان بكەین و رۆچینە بنج وبناوانیانەوە (( یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی هاوبەشی مرۆڤی سەركەوتوو, هەڵسەنگاندنی هەمیشەیی و نایابی ئەوانە (( ل172.هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز , و.محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 )) .

ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ هێرشی حاجی ئۆمەران بكرابایە ,ئەنجامەكانیان بزانیایە , چما جاریكی دی نغری هەڵەو كەمو كوڕی نابونەوەو گەلیان تووشی ئەو هێدمەگرتنە ناكرد , ئەوا هەمان هەڵە لە ئەنفال و هەڵەبجە بە كاری هاوبەش لە گەڵ ئێران دوبارە ناكرایاتەوە ,كورد وتوویەتی (( ئەگەر یەكەمجار تووش بووم خوا خەتا بارەكەم بگرێت, ئەگەر جاری دووەم تووش بووم خوا خۆم بگرێت. )) .
دەتوانرێت كەوتن و هەڵەكان بگۆردرێن بە سەركەوتن , ئەگەر مامەڵەی بەرپرسانەی لە گەڵدا بكرێت (( سەركەوتن ئەنجامی بڕیاری باشە, بڕیاری باش ئەنجامی ئەزمونە و ئەزمونیش بەردەوام ئەنجامی بڕیارێكی خراپە – ل10. هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز ,و.محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 )) .
جۆرج سانتیانا ڕاستی كرد كە وتی(( ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی – ل132.نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009 )) . ڕێك ئەو وتەیە لە كوردستاندا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە ,كارەساتەكان وەك خۆیان دووبارە و دەبارە دەبنەوە .




خۆری مه‌ولانای رۆمی له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

ڕۆمی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
….

(شیعره‌كانی رۆمی تاكه‌ هیوایه‌ له‌م رۆژگاره‌ تاریكه‌ی تێدا ده‌ژین)

هانز ماینك …..

ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌م نووسینه‌

(ئه‌وكات له‌ سه‌ره‌تای 2015 كه‌ وتاره‌كه‌م نووسی به‌ناونیشانی (خۆری مه‌ولانای ڕۆمی له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت) هه‌مووی چه‌ند دانه‌ كتێبێك له‌سه‌ر جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی له‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا هه‌بوون، ئه‌وانیش نامیلكه‌ بچووكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د تاقانه‌ به‌ناونیشانی (جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی و سروودی نه‌ی) كه‌ ساڵی 1979 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه‌، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ی ئازاد قه‌زاز به‌ ناونیشانی (مه‌ولانای ڕۆمی) كه‌ من له‌ رێگه‌ی چاپی دووه‌میانه‌وه‌”2013″ پێم زانی، چونكه‌ ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی 1985 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه‌. هه‌روه‌ك قه‌زاز له‌و كتێبه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردوه‌ دیاره‌ كاتێبێكی تریش هه‌بووه‌ به‌ ناونیشانی (ئاوێنه‌) سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێك له‌ چیڕۆكه‌كانی مه‌وڵانای ڕۆمی، كه‌ محه‌مه‌د شه‌لماشی كردونی به‌ كوردی.
پێم وابێ‌ له‌ نێو ئێمه‌دا هیچ نووسه‌رێك تا ئێستاش بۆ وه‌ها بۆچوونێك نه‌چووه‌، سه‌باره‌ت به‌ گرێدانی دونیای ته‌سه‌وفی مه‌ولانای ڕۆمی به‌ دونیای سیاسه‌ت، به‌ تایبه‌تی له‌ دووای 11-ی سپتێمبه‌ر كه‌ ئه‌مریكا زۆر هه‌وڵی داوه‌ له‌ رێگه‌ی مه‌ولاناوه‌، ڕووبه‌ڕوی بیری ئیسلامی توندڕۆ ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ك (كۆڵمان باركس) وه‌رگیری سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ولانای ڕۆمی بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی له‌ ئه‌مریكا ده‌ڵی: “دوای 11-ی سپتێمبه‌ر ڕۆمی بووه‌ ڕه‌مزی لێك نزیككردنه‌وه‌ی موسلمانان و ئه‌مریكییه‌كان”.

ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ر دوای ئه‌و وتاره‌ی منیش، له‌ كوردستان ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێراو به‌رفراوان له‌ سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی مه‌وڵانا هه‌ستی پێده‌كرێ‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا به‌ ده‌یان كتێب له‌سه‌ر مه‌ولانای ڕۆمی نووسران و وه‌رگێڕدران.
كه‌ من پێم وایه‌ ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ ڕۆمی به‌ده‌ر نییه‌ له‌و تێگه‌یشتنه‌ سیاسی و فیكریه‌ی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر سه‌ری هه‌ڵدا)
باسه‌كه‌:
پێشتریش له‌ وتارێكمدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، كه‌ له‌ دوای رووداوه‌كانی 11-ی سبتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه‌ گرنگی به‌ “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌م ئه‌مریكا، هه‌م خۆرئاوا، ده‌یانه‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی مه‌ولانای رۆمی-یه‌وه‌ ده‌رگایه‌كی تر به‌ڕووی خۆرهه‌ڵاتدا بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ته‌شه‌نه‌كردنی بیری ئیسلامی توندڕه‌و له‌ ناوچه‌كه‌دا، خه‌ریك بوو ببێته‌ هۆی لێكدابڕان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی قورس له‌ نێوان خۆرئاوا و خۆر هه‌ڵاتدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی”توینبی” مێژوو نوسی ناوداری به‌ریتانیش له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ شه‌ڕی سه‌ده‌ی داهاتوو، له‌ نێوان سه‌رمایه‌داری و كۆمه‌نیسته‌كاندا نابێت، به‌ڵكو له‌ نێوان مه‌سیحییه‌كان و موسڵماناندا ده‌بێت، به‌ومانایه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی دوو كلتوری دژ به‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی رابردوو ناكرێ‌ به‌رده‌وام بێت.
بۆیه‌، ده‌كرێ‌ بڵێن وێڕای ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ڕۆژ ئاماژه‌كانی ئه‌م لێكترازن و دووركه‌وتنه‌وه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ و پێكدادانی نێوان شارستانییه‌كان زیاتر ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا به‌ دیوێكی تردا، گه‌ڕان و دیتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یك بۆ ده‌ربازبوون له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئارادایه‌، هه‌م خۆرئاواییه‌كان و هه‌م خۆرهه‌ڵاتییه‌كان هه‌موویان به‌ ته‌واوی نه‌كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ لێكدابڕان و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ هیچ هیوایه‌ك بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی شارستانییه‌كان نه‌ماوه‌.

بۆیه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ ده‌بینین له‌ ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ له‌راده‌به‌ده‌ره‌یان بۆ “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی” هه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی پرسیار، ئه‌و هه‌موو بایه‌خ پێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا به‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ؟
زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان ئه‌م بایه‌خ پێدانه‌ی خۆرئاوا به‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ ساڵی 1995 ده‌گێڕنه‌وه‌، كاتێك شاعیرو وه‌رگێری ئه‌مریكی”كۆلمان باركس” كه‌ ئه‌و كات ماموستای زمانی ئینگلیزی بوو له‌ زانكۆی جۆرجیا، شیعره‌كانی مه‌ولانای رۆمی وه‌رگیڕاوه‌، كتێبه‌كه‌شی به‌ ناوی “رۆمی دانسقه‌” ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ بوو كه‌ مه‌ولانای رۆمی وه‌ك خۆرێك ده‌رخست و وایكرد ئه‌مریكا بایه‌خی پێبدات. ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ تا ئێستا خاوه‌نی نزیكه‌ی نۆ كتێبه‌، له‌ باره‌ی مه‌ولانا و ته‌سه‌وفه‌وه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆلمان باركس بووه‌ هۆی ناساندنی مه‌ولانای رۆمی به‌ ئه‌مریكییه‌كان، دواتریش ناساندنی به‌ خۆرئاوا، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا هاوڵاتیانی ئه‌مریكی پتر له‌ هه‌ر نووسه‌ر و ئه‌دیبێكی دیكه‌ی ئه‌مریكی مه‌ولانای رۆمی ده‌ناسن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌” مادۆنا و دیمی مور”كه‌ دوو هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئه‌مریكین، ده‌قی شیعری مه‌ولانای رۆمی-یان كردۆته‌ گۆرانی.
هه‌روه‌ها رێكخراوی یونسكۆ له‌ ساڵی 2007 به‌ بۆنه‌ی (800) ساڵه‌ی له‌ دایكبوونییه‌وه‌ یادی مه‌ولانای كرده‌وه‌ و رێزی لێنا، (بی بی سی)یش له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رۆمی به‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و ساڵه‌ ناودێر كرد و رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا مه‌ولانای رۆمی له‌ ئه‌مریكا به‌ ناسراوترین و جه‌ماوه‌رترین شاعیر داده‌نرێ‌.
زۆر له‌ چاودێران وایان لێكدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ی مه‌ولانای رۆمی له‌ لایه‌ن یونسكۆوه‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌ بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و ئایینه‌ جیاوازه‌كان، تا ئه‌و شوێنه‌ی پیێان وابوو ده‌كرێ‌ رۆمی ببێته‌ هۆكارێك بۆ په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و دونیاێكی نوێ‌، هه‌روه‌ها”هانز ماینك” شاعیری ئه‌لمانی مه‌ولانای رۆمی به‌ تاكه‌ هیوای ئه‌م رۆژگاره‌ تاریكه‌ وه‌سف ده‌كات.

ئازاد قه‌زاز له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناوی “مه‌ولانای رۆمی” كه‌ له‌ ساڵی 1985 چاپی كردوه‌ و له‌ 2013 دا جارێكی دیكه‌ چاپی كردۆته‌وه‌ ده‌ڵێ‌: (پاش 33 ساڵ جارێكی دی رێم له‌ رۆمی ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌نوكه‌ له‌ رۆژئاوا گرنگیه‌كی زۆر به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئیسلام ده‌درێت، به‌ تایبه‌تیش سۆفیگه‌ری زۆر سه‌رنجی رۆژئاوای راكێشاوه‌). به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ له‌ ناو سۆفیگه‌ریدا سنوری نێوان ئاینه‌كان به‌زێنراوه‌ و هه‌موو ئاینه‌كان به‌ یه‌ك چاو ده‌بینرێن، له‌ رووی كۆمه‌لایه‌تیشه‌وه‌ زۆر گرنگی به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی كلتوره‌ جیاوازه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی مه‌ولانای رۆمی-شه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: (رۆمی یه‌كیكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ گرنگانه‌ی كه‌وتۆته‌ به‌رچاو، هه‌روه‌ك “بودا” له‌و كه‌سایه‌تییه‌ گرنگانه‌یه‌ حزورێكی به‌رچاوی له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئه‌وروپیدا هه‌یه‌)
هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ نێو دونیای ته‌سوفدا جگه‌ له‌ مه‌ولانای رۆمی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌ی گه‌وره‌ش هه‌ڵكه‌وتون، به‌ڵام بۆچی هه‌ر ته‌نیا مه‌ولانای رۆمی، كه‌ ئه‌مه‌ش پرسیاریكه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێویستی به‌ باتێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ئێستادا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ ئه‌و روحی خۆشه‌ویستی و ژیان دۆستی و سه‌مایه‌یه‌ كه‌ مه‌ولانای رۆمی ویستویه‌تی له‌ ناخی مرۆڤه‌كاندا بیچێنێ‌، بۆ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و به‌خشینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به‌ یه‌كتری هیچ رێگا چاره‌یه‌كی دیكه‌ نییه‌.

ئه‌مریكا و خۆرئاوا هه‌ر كاتێك هه‌ستیان به‌وه‌ كردبێت دۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و گرژی ده‌چێت، زیاترو زیاتر رویان به‌لای مه‌ولانای رۆمی وه‌رگێڕاوه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ دوای هێرشه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری ساڵی 2001 بۆسه‌ر تاوه‌ری بنكه‌ی بازرگانی جیهانی له‌ نیورك و و باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌ ڤیرجینیا، ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا زیاتر بووه‌، ئه‌و یادكردنه‌وه‌ی یونسكۆش هه‌ردوای ئه‌و هێرشانه‌ بوون، له‌ كاتێكدا په‌رچه‌كرداری ئه‌مریكا له‌ چركه‌ ساتی یه‌كه‌مدا، بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پێشبینییه‌ی “توینبی” بوو، كاتێك “بوش”ی باوك له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیونه‌كان ده‌ركه‌وتو و له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا وتی: (ئه‌مه‌ هه‌ڵمه‌تی سه‌لیبیه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ دژی تیرۆر ماوه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ‌). ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی بوش دونیای توشی دڵه‌ڕاوكێ‌ كرد، بۆیه‌ هه‌رزوو كۆشكی سپی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له‌ راگه‌ێنراوێكدا رایگه‌یاند: “له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا، بوش هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كات” هه‌رچه‌نده‌ دوای ئه‌وه‌ جارێكی تر كه‌س گوێبیستی ئه‌و لێدوانه‌ نه‌بوه‌وه‌، به‌ڵام ناكرێ‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی “بوش” به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ‌ و پێمان وابێت، هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ربڕینی زمانه‌وانی بووه‌، كاتێك ده‌ركه‌وت ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكاندایه‌ له‌ خۆرئاواوه‌ بۆ خۆرهه‌ڵات، وه‌ك چۆن “كارل ئیردمان” مێژوونوسی ئه‌ڵمانی له‌ كاتی خۆیدا وتی: شه‌ڕی سه‌لیبیه‌ت له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی”ئاشتی خوایی”و گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكانی خۆرئاوا بوو بۆ خۆرهه‌ڵات، دوور له‌ ئه‌وروپا، هه‌رچه‌نده‌ “هانز ئیبرهارد مایه‌ر” نووسه‌ری “مێژووی شه‌ڕه‌كانی سه‌لیبیه‌ت” دژی ئه‌و فیكره‌ی “كارل ئیردمان” بوو.
زۆر له‌ نووسه‌رانی عه‌ره‌ب پێیان وایه‌ ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی خۆرئاوا به‌ “مه‌ولانای رۆمی” هه‌روا له‌ خوت و خۆڕای نه‌هاتوه‌، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی هه‌ڵكشانی ملمڵانێكانی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامییه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای هێرشه‌كانی 11ی سپتێمبه‌ر، كه‌ له‌م كاته‌دا زۆربه‌ی خۆرئاواییه‌كان به‌م چاوه‌ سه‌یری ئیسلامیان ده‌كرد، كه‌ سه‌رچاوه‌و پاڵنه‌ری تیرۆره‌، بۆیه‌ بۆچوونێك هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ پێی وابوو كۆتایهێنان به‌ تیرۆر پێویستی به‌ گۆڕینی ئه‌و تێگه‌یشتن و فیكره‌ توندڕه‌وییه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ناخی هه‌ندێ‌ له‌ موسڵماناندا چه‌كه‌ره‌ی كردوه‌، به‌و مانایه‌ی موسلمانان بگه‌نه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له‌ توانایاندا هه‌یه‌ تێكه‌ڵ به‌ شارستانییه‌تی خۆرئاوا ببن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا، جگه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ خوا، ئه‌م موسلمانانه‌ تا ئێستاش ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان نییه‌ كه‌ خۆرئاواییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دیموكراتییه‌ت و لیبرالیه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌یانه‌.

خۆرئاوا پێی وابوو ئه‌مه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێ‌، بۆیه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ خۆرئاوا شه‌ڕی دژه‌ تیرۆریان راگه‌یاند، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بوش رایگه‌یاند: به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤدایه‌.
به‌ڕووه‌كه‌ی دیكه‌شدا له‌ ساڵی 2004 ئه‌مریكا له‌ زاری”رامسفێلد” وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاتیدا “شه‌ڕی فیكری” راگه‌یاند، به‌و ئامانجه‌ی له‌م رێیه‌وه‌ بتوانن كاریگه‌ری زیاتر له‌ سه‌ر گه‌نجه‌كان دروست بكه‌ن، كه‌ هه‌ندێ‌ نووسه‌ری عه‌ره‌ب ئه‌و هه‌نگاوه‌ی خۆرئاوایان به‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی رۆشنبیری و فیكری موسلمانان له‌ قه‌ڵه‌مدا و پێیان وابوو ئه‌وان به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌ماكانی كلتوری خۆرئاوایی ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ ئسلامییه‌تییه‌ك دروست بكه‌ن له‌ سیاسه‌تدا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ زیاد له‌ پێویستییه‌ی خۆرئاوا به‌ كه‌له‌پوری سۆفیگه‌ری و مه‌ولانای رۆمی وه‌ك كه‌سایه‌تیكی دیاری دونیای ته‌سه‌وف، له‌ نه‌زری هه‌ندێ‌ نووسه‌ر وا كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ ئه‌مریكا بۆته‌ پردی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئیسلام، به‌ تایبه‌تیش كه‌ شه‌ڕ و سیاسه‌ت له‌ فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی ئه‌ودا جێگه‌ی نه‌بۆته‌وه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مه‌ولانای رۆمی كه‌ زۆر باوه‌ڕه‌ی به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی كلتورو نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌ جیاوازه‌كان هه‌بووه‌، مه‌ڕاسیمی به‌خاك سپاردنییه‌تی.
ئه‌و كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ 17 ی دیسێمبه‌ی ساڵی 1273 زاینی له‌ شاری”قونییه‌”ی وڵاتی توركیا كۆچی دوایی كرد، ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆرستان به‌ڕێكرا، ده‌مه‌و ئێواره‌ گه‌ینرایه‌ گۆڕستان، شه‌وه‌كه‌شی به‌ خاك سپێردرا.
حه‌شامه‌تێكی زۆر له‌ هاوئاینانی و شوێنكه‌وتوانی ئاینه‌كانی تر به‌ غه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵگرتنی ته‌رمی مه‌ولانا و به‌خاك سپاردنیان كرد، هه‌مووان به‌ جارێ‌ بۆ گیانی پاكی مه‌ولانا ده‌گریان، له‌ مه‌ڕاسیمی به‌ خاك سپاردنیدا جوله‌كه‌و دیانه‌كان به‌ ده‌نگی به‌رز ئینجیل و ته‌واڕاتیان ده‌خوێنده‌وه‌، موسڵمانه‌كان هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌یان ده‌دان، به‌ڵام بێسوود بوو، كاتێ‌ ئه‌م باسه‌ گه‌یشته‌ ده‌م فه‌رمانڕه‌وای وڵات، به‌قشه‌و راهیبه‌كانیان وت: ئێوه‌ چ كارێكتان به‌مه‌ هه‌بوو؟
ئه‌وه‌ ته‌رمی زانایه‌كی موسڵمانان بوو، ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا وتیان:”به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ حه‌قیقه‌تی پێغه‌مبه‌ركانمان زانی و له‌ خۆڕه‌وشتی ئه‌ودا سیره‌تی ئه‌ولیا پێگه‌یشتوه‌كانمان بینی”.




درەختی کەتناوە … کەریم کاکە


بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی ” درەختی کەتناوە” کلیکی ئێرەبکەن …..
كەریم کاکە




مۆراڵ … پشکۆ ناکام

…..چۆن هەموو ئەزانین کە بنەماڵە و پارتی پاشکۆی گەندەڵترین هۆز و بنەماڵەن لەسەر ئاستێکی زۆر بەر فراوانترلە کوردستان، هەرواش ئەزانین ئەم بنەماڵەیە و بیرکردنەوی ” ئەقڵانی” ئەوەنە دوورن لە یەک وەک دووری 30/ی لە 31/ ی ئابەوەیە ، سەرەڕای ئەوەش کەسانی غەبغەبەیاری سەر بەم بنەماڵە هەزار پیاوە جار و بار خەڵکەنی تر بەوە تۆمەتبار ئەکەن کە خۆیان نەک هەر نیانە ، بگرە دەستیشیان ناکەوێت کە ئەویش بیر کردنەوەی ئەقڵانیە ،، ئەیشیانەوێ خۆیان لەگەڵ کەسێک بەراورد بکەن کە زەحمەتە ڕێگە بدرێت هەروا بو ئاسانی بێ جواب یانەوە تێپەڕێت..ئەوەی پەیوەندی بە سەرکردایەتی تازەی گۆڕانەوە هەیە لێی ئەگەڕێم بۆ خۆیان بێنە جواب ، بەڵام وەک کەسێکهەم بنەماڵەی کاکی غەبغەیار و هەم کاک نەوشیروان بناسم ڕێگە بە خۆم ئەیەم کە سەرنجی خۆم بخەمە روو :
– جێی شانازییە کە کاک نەوشیروان زێباری نیە و بە ناوی باوکییەوە ناو ی ئەهێنرێت ، بەڵام ووشیارێک زێبارییەکەی لێبکەیتەوە ڕەنگە دراوسێکانیش نەیناسنەوە، ئەقڵانیەتی کاک نەوشیراون لەوایە وەک خۆی ناسراوە ، ئەویش بە عەشیرەتەکەی و جیاوازی ناوی زات و ناوی خێڵەکی جیاوازی ئەقڵانی و نا ئەقڵانیە..

– کاتێک بنەماڵەی غەبغەبە زێباری دوای چواردەساڵ لە سەرکردایەتی کردنی بزووتنەوەی ئەیلول و گۆڕینەوەی خەبات و خوێنی خەڵکی کوردستان بە دست ماچکردنێکی “شاهنشاە آریا مهر” و ئیعلان کردنی ئاش بەتاڵ و دانان بەوەی کاری ئەوان، کاری ئەوان تەواو” کاری من تمام شد ” ، لە و میحنەتەی خەڵکی کورد کاک نەوشیروان واز لە خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی دکتۆرا ئەهێنێ و ئەگەڕێتەوە بۆ کوردستان بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ بەرنگاری و بەگژاچونەوەی چەکداری ، جا ئەم هەنگاوەی کاک نەوشیروان ئەقڵانی بوو یان ئاشبەتاڵ و خۆبەدستەوەیانەکەی جەنابتان..!!
– کاتێک کاک نەوشیروان لەگەڵ ی،ن،ک هاوکارو هاوخەباتی ڕۆژهەڵات بوو ئێوە وەک بنەماڵە بوو بون بە بەشێک لە سوپای پاسداران و بەناوی قیادەمەوقوتە و لەشکری ئیسلامییەوە دژی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵەت شەڕتان ئەکرد، ئەوەش جیاوازییەکی نەتەوەیی ئەقڵانی و نا ئەقڵانیە…
– لەگەڵ سەرهەڵدانی دزینی قوتی خەڵک لەلایەن بنەماڵەکەی تۆ و هاو وقاسە سەوزەکانت ، کاک نەوشیروان بزووتنەوەی گۆرانی دامەزران بۆ بە گژا چونەوەی گەندەڵی و دزی و جەردەیی ، جا لە بەینی ئەم دوولایەنەیا کامیان بیرردنەوەیەکی ئەقڵانی نیشتمان پەروەرانەیە ، بەگژاچونەوەی دزی کردن لە خەڵک یان پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵک..!!

– کاکتێک کاک نەوشیروان کۆچی دوایی کرد دەیان سەرکردە و سیاسەتمەدار و کەسایەتی لە بەغاوە هاتن بۆ بەشداریکردن لە بەخاک سپاردنی ئەو سەرکردە خاکیە خۆشەویستە،،لەو بەغایەکەوە هاتبوون کە جەنابتی لێوە لەسەر گەندەڵی و دزی پارەی گشتی حکومەت نێردرابویتەوە هەولێر تا خوشکەزاکەت بۆ داپۆشینی ئەو شەرمەزارییە و دەیان فەزیحە و شەرمەزاری تر ئەرکی قیادەکردنی ردیفراندۆمی خستە ئەستۆت،، جیاوازی ئەقڵانی و نا ئەقڵانی هاتنی خەڵکە لە بەغا و “دەرکردن” لە بەغاوەیە…
لام پێویست بەناکات زۆر لەسەر ئەقڵانیەتی ێێرە و ئەوێ باس بکەین ..ئەقڵانی ئەویە کەسێک دوای خۆی گردێک لە بیرکردنەوە و پاکێتی و خەمخۆری وخەڵک پەروەری جێ هێشت لەبەرامبەر کەسانێک نیشتمان و خاکێک تاڵان ئەکەن و مەلەفی ئەو برادەرە “زێباری” یەش لە بەغا ئەیسەلمێنێت کە ئەو گیرفانی یان ئەقڵانی بیر ئەکاتەوە..بیرکردنەوە لە گیرفان شتێکی ترت لەبیر ئەباتەوە کە پێی ئەڵێن” موراڵ” ….




چوار قۆناغ له‌ ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك به‌ناوی (هه‌ولێر) … ئاری محمد سابیر

ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك له‌ ساڵانی (1950 تا 1952 )له‌ (1970 تا 1973 ) له‌ (1999 تا 2006)، له‌ (2006 تاكو ئێستا) به‌رده‌وامه‌، له‌م چوار قۆناغه‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان هه‌ر به‌ ناوی (هه‌ولێر) بووه‌, هه‌ر قۆناغه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه‌ له‌ڕووی كارگێڕی و نووسینی بابه‌ته‌كان به‌م شێوه‌یه‌:
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر (1950 ـ 1953)

قۆناغی یه‌كه‌م:
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر سێ‌ ساڵ له‌ (1950 تا 1953) ده‌رده‌چوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی (16)ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی (1950), دانه‌ی به‌ (12 فلس) بوو، گۆڤارێكی گشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆشنبیری بوو گرینگی ده‌دا به‌ بابه‌تی هه‌مه‌جۆر له‌ ژیانی خه‌ڵك, كه‌ بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و ڕۆشنبیری له‌خۆوه‌ گرتبوو. ئه‌م گۆڤاره‌ بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستایانی ئه‌و سه‌رده‌م بوو, به‌ هاوكاری شاره‌وانی هه‌ولێر ئه‌ركی ئه‌م گۆڤاره‌یان له‌ ئه‌ستۆ بوو.. گرینگیشی ده‌دا به‌ ڕێكلام كه‌ ڕێكلامی به‌ (250 فلس) بوو. قه‌باره‌ی گۆڤاره‌كه‌ش (40 × 70سم) بوو هه‌رجاره‌ی (750) دانه‌ی لێ‌ چاپ ده‌كرا.
ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌یه‌ك له‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو لایه‌كی دڵخۆش كردبوو، هه‌روه‌ك سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌كه‌ له‌یه‌ك له‌ ژماره‌كان ده‌لێ‌: چه‌ند خۆشه‌ له‌ گوێمان ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ـ جریده‌ أربیل له‌ شه‌قامه‌كان گاز ده‌كرێ!.
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، بانگه‌وازی بۆ هه‌موو ڕۆشنبیر و لاوان و خوێنه‌ران و پارێزه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كردووه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌.
خه‌ڵك له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر ئیشتیراكی بۆ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ هه‌بوو.
سیفه‌ته‌كانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، سیفه‌تێكی گه‌شبینانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بوو، ڕه‌خنه‌ی قبوول بوو، داوای ڕه‌خنه‌ی كردووه‌ هه‌روه‌ك له‌ یه‌ك له‌ ژماره‌كان ده‌ڵێ: زۆر كه‌یف خۆش ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ته‌نقیدێك كه‌ به‌ دڵپاكی بكرێت و له‌ ئینتیقاد ئیستیفاده‌ ده‌كات و ئه‌غلاتی چاك ده‌كاته‌وه‌.
پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ پێ‌ ده‌نێته‌ ساڵی سێیه‌م مقۆ مقۆ هه‌بوو كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ دابخرێت.. به‌ڵام به‌هه‌وڵی مامۆستایانی قۆتابخانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م و هه‌وڵی ڕۆشنبیرانی هه‌ولێر دانه‌خرا, له‌مباره‌وه‌ (ابراهیم هۆشیار) شیعرێكی خۆش بڵاو ده‌كاته‌وه‌:
له‌سه‌ر چه‌رخی فه‌له‌ك ڕۆژێ‌ به‌ نوكی خامه‌ نووسرابوو
كه‌وا ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر نه‌ما له‌م شاره‌ ئاوا بوو
.. یان وه‌كو ئه‌م دوو دێڕه‌ش
ده‌سا ئێوه‌ش به‌ هیممه‌ت بن له‌هه‌رلا حورمه‌تی بگرن
هه‌تاكو پێشكه‌وێ هه‌ولێر، نه‌ڵێن شارێكی ساوابوو

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ نازانین!
سه‌رنووسه‌ر (عیزه‌دین فه‌یزی) خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو.
مدیر مه‌سئول (جه‌میل ڕه‌شید) سه‌رۆكی شاره‌وانی خه‌ڵكی موسڵ بوو.
ده‌سته‌ی نووسه‌ران (عه‌بدولمه‌جید حه‌سه‌ن), خه‌ڵكی موسڵ بوو و زاوای هه‌ولێریان, له‌گه‌ڵ (عیزه‌دین فه‌یزی, ئه‌ستێر سه‌عید) كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر.
به‌ عه‌ره‌بی و به‌ كوردی بابه‌ته‌كانی ده‌نووسرا و چاپ ده‌كرا.
نموونه‌:
ئامانجی ئه‌ده‌بیات ـ (گیو موكوریانی).
المرأه‌ والمجتمع ـ (عه‌بدولمه‌جید حه‌سه‌ن).
دانه‌ی به‌ (12 فلس) بوو, له‌ چاپخانه‌ی (كوردستان) به‌شه‌ كوردیه‌كه‌ی چاپ ده‌كرا، به‌شه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ی له‌ چاپخانه‌ی (ام الربیعین) له‌ موسل چاپ ده‌كرا، دوایی له‌ ژماره‌ (4) تا دوا ژماره‌ له‌ چاپخانه‌ی (ام الربیعین) چاپ ده‌كرا, كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستایانی قوتابخانه‌ پاڵپشتی ماددی و مه‌عنه‌وی گۆڤاره‌كه‌یان ده‌كرد. وشه‌ی عه‌ره‌بیش به‌كارده‌هێنرا وه‌ك (اعلان ـ ئینتیقاد ـ حوڕ ـ محامی ـ حساب ـ وه‌سل ـ موحافز ـ ته‌سجیل).
له‌و ڕۆژنامه‌یه‌شدا شیعریش بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، وه‌كو شیعری شاعیرانی وه‌ك (خادم ـ بورهان جاهید ـ كه‌ریم شاره‌زا ـ كه‌ریم زه‌كی هه‌ناری).
نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مانه‌ بوون:-
(ئیبراهیم باڵدار ـ زه‌كی هه‌ناری ـ خالید دلێر ـ مارف خه‌زنه‌دار ـ جه‌میل ڕۆژبه‌یانی ـ شاكر فه‌تاح ـ بورهان جاهید ـ عه‌بدوڵڵا گۆران ـ ڕه‌شاد موفتی ـ نوری علی ئه‌مین ـ مسته‌فا نه‌ریمان ـ جه‌لال جۆبار ـ جه‌مال خه‌زنه‌دار ـ پیرباڵ مه‌حمود). واته‌ نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێریش به‌شداری ئه‌و ڕۆژنامه‌یان كردووه‌.
ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ به‌ نووسراو و بڵاوكراوه‌كان و بابه‌ته‌ گشتیه‌كانی دیاره‌ زیاتر هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگابووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌, چونكه‌ نووسه‌رانی گۆڤاره‌كه‌ خۆیان داوای ڕه‌خنه‌یان كردووه‌, گه‌ر هه‌ر عه‌یبێكیان هه‌بوو ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرێ و ده‌زانرێ‌ زیاتر له‌ (100) ژماره‌ی لێ‌ چاپ كراوه‌، زۆربه‌ی ژماره‌كانیش لای كه‌سێكه‌ كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێره‌.

گۆڤاری هه‌ولێر (1970 ـ 1972)
قۆناغی دووه‌م:
گۆڤاری هه‌ولێر (1970 تا 1972) دوو ساڵ ژماره‌كانی ئه‌م گۆڤاره‌ ده‌رده‌چوو, كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی شاره‌وانی هه‌ولێر ده‌رده‌چوو، دیاره‌ له‌سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ ده‌نوسرا (شاره‌وانی هه‌ولێر ده‌ری ده‌كات)، به‌رگی پێشه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ نه‌خشێنرابوو به‌ وێنه‌ی (قه‌ڵاو مناره‌ و به‌لكه‌ گه‌نم), كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری ئه‌و سه‌رده‌می شاری هه‌ولێر مامۆستا (سلێمان شاكر) ده‌كێشرا.
له‌ ساڵی (1970 تا مایسی 1972) سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌ولێر شاعیر (كاكه‌مه‌م بۆتانی) بوو، كه‌ مامۆستا بوو خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌ بوو، به‌ ئه‌سل كوردی ئێران بوو، له‌و ماوه‌یه‌شدا (7) ژماره‌ی لێ‌ ده‌رچوو.
شاره‌وانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێیباش بوو بۆ پێشكه‌وتنی شاره‌كه‌ و ئاستی ڕۆشنبیری شاره‌كه‌ گۆڤارێكی هه‌بێ‌، (كاكه‌ مه‌م بۆتانی) خۆی زیاتر به‌هره‌ی شیعری هه‌بوو، بۆیه‌ ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌ زیاتر ئه‌ده‌بی و ده‌نگوباسی شاره‌وانی، كه‌متر كۆمه‌ڵایه‌تی بوو.
كاكه‌مه‌م بۆتانی له‌یه‌ك له‌ ژماره‌كان ده‌ڵێ‌: زۆرجار ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌م ده‌برده‌ ناو قه‌یسه‌ری هه‌ولێر, بۆ لای پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان, نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێنده‌وارن, به‌ڵكو له‌به‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی خۆیان چونكه‌ ده‌مزانی ئیشیان به‌ شاره‌وانی ده‌بێ‌.
گۆڤاری هه‌ولێر (1970 ـ 1972) حكومه‌ت و شاره‌وانی و خه‌ڵكی دڵسۆز و پاره‌داری شاره‌كه‌ پاڵپشتیان ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌شی هه‌بوو كه‌ نامیلكه‌ی (قه‌ڵاتی هه‌ولێر و پڕۆژه‌ی ڕێكخستن) بوو.
وا باسكراوه‌ گۆڤاره‌كه‌ به‌ نائومێدی سه‌ری نایه‌وه‌، ئامانجی خۆی نه‌پێكاوه‌، هه‌روه‌ك (كاكه‌ مه‌م) ده‌ڵێ‌: كه‌چی به‌ گشتی نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كه‌لێنه‌ و ئاسۆی ژیان و كولتووری ژیانی هه‌ولێر پڕبكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی گوێ‌ نه‌دانی كاربه‌ده‌ستانی شاره‌كه‌ بوو.
وا دیاره‌ نووسه‌رانی ئه‌و گۆڤاره‌ ئامانجیان هه‌بوو..
به‌ گشتی گۆڤاری هه‌ولێر (1970 ـ 1972) به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
گۆڤاری هه‌ولێر (12) ژماره‌ی لێ‌ ده‌رچوو.
ئه‌و تیراژانه‌ی كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو نووسه‌ره‌كانی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بوون (نزار جه‌رجیس ـ تاریق شه‌ریف ـ زوبێر بلال اسماعیل ـ سامی شۆرش), جگه‌ له‌مانه‌ش نووسه‌ری ئافره‌تیش هه‌بوو (كوردستان موكریانی ـ گه‌لاوێژ شه‌جیع ـ دایكی سۆران ـ جه‌میله‌ ئبراهیم ـ سامیه‌ چاوه‌شلی).
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ به‌ كوردی بابه‌تیان بڵاو ده‌كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ژیان ماون و هه‌ندێكیشیان كۆچی دواییان كردووه‌، وه‌ك (پیرباڵ مه‌حموود ـ عه‌زیز گه‌ردی ـ عه‌بدوڵڵا په‌شێو ـ جه‌میل ره‌نجبه‌ر ـ خورشید دزه‌یی ـ كه‌ریم شاره‌زا ـ حه‌مه‌ كه‌ریم هه‌ورامی).
ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاره‌كه‌ هه‌موو جارێك وه‌ك یه‌ك نه‌بوون (120 ـ 96 ـ72 ـ 64) لاپه‌ڕه‌ بوو. به‌ڵام نه‌خشه‌ و وێنه‌ی به‌رگی پێشه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ جێگیر و نه‌گۆڕ بوو له‌ هه‌موو ژماره‌كان.
به‌ڵام له‌ڕووی هونه‌ری ڕۆژنامه‌وانی لاوازبوو، زۆر كه‌م سوود له‌ وێنه‌ وه‌رده‌گیرا, به‌ڵام له‌ڕووی پیته‌وه‌، شێوه‌ی قه‌باره‌ی پیته‌كان ده‌گۆڕدرێت, له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ چاپخانه‌ی تایبه‌تی به‌خۆی نه‌بوو, بۆیه‌ له‌ چاپخانه‌ی شاره‌وای كه‌ركوك چاپ ده‌كرا.
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوو شیعری شاعیر وه‌كو (مامۆستا هێمن ) كه‌ زۆربه‌ی له‌ ساڵی یه‌كه‌می گۆڤاره‌كه‌ به‌ ناوی (مام ـ حه‌سه‌ن ـ ه. هیمن) بڵاو ده‌كرایه‌وه‌.
گۆڤاره‌كه‌ هه‌موو ژماره‌یه‌ك گۆشه‌ی تایبه‌تی هه‌بوو به‌ناوی (خاڵۆی ڕێبوار) كه‌ (كاكه‌مه‌م بۆتانی) ده‌ینووسی، تایبه‌ت بوو به‌ كێشه‌و گرفته‌كانی خه‌ڵك.

گۆڤاری هه‌ولێر (1999 ـ 2006)
قۆناغی سێیه‌م:
له‌ ساڵی (1999) ده‌ستكرا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری هه‌ولێر كه‌ گۆڤارێكی گشتی ڕۆشنبیری بوو, هه‌ر له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه‌ ده‌نووسرا (گۆڤارێكی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ)یه‌ گۆڤاره‌كه‌ وه‌رزی بوو، تایبه‌ت بوو به‌ پارێزگای هه‌ولێر. ئه‌و گۆڤاره‌ ڕووه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و ئه‌تنوگرافی و جوگرافی، هه‌موو بوارێك كه‌ تایبه‌تبوو به‌ شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری له‌خۆوه‌ ده‌گرت, ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و نووسه‌رانه‌ی كه‌ بابه‌تیان تێدا بڵاوده‌كرده‌وه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر بوون و بابه‌ته‌كانیان تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ولێر، به‌ شێوه‌كی گشتی له‌و قۆناغه‌یه‌دا (گۆڤاری هه‌ولێر) به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
خاوه‌ن ئیمتیاز ـ فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریری. پارێزگاری هه‌ولێر.
سه‌رنووسه‌ر ـ فه‌یسه‌ل ده‌باغ.
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین ـ فواد سه‌دیق.
ـ ئه‌م سێ‌ كه‌سه‌ی كه‌ ناومان بردن خه‌ڵكی هه‌ولێر بوون.
به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ ـ به‌رگی پێشه‌وه‌ له‌ڕووی ڕه‌نگ هه‌رجاره‌ی به‌ وێنه‌ی شوێنێكی شاری هه‌ولێر به‌ڕه‌نگێك ده‌ڕازێندرایه‌وه‌, به‌رگی دواوه‌شی له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی به‌رگی دواوه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ وێنه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر، یان هه‌ندێك جار تابلۆی هونه‌رمه‌ندێك ده‌ڕازێندرایه‌وه‌.
له‌ هه‌موو ژماره‌كان خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر گوتاریان ده‌نووسی به‌ناوی (سه‌ر وتار).
گۆڤاره‌كه‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌ركی پارێزگا و پارێزگاری هه‌ولێر چاپ ده‌كرا, به‌ ڕێنووسی عه‌ره‌بی و زمانی كوردی بابه‌ته‌كان ده‌نووسرانه‌وه‌, واته‌ به‌ دیالێكتی خواروو. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێكیش زۆربه‌ی جار وێنه‌ و به‌ڵگه‌ بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، واته‌ وێنه‌دار بوو. زۆر گرینگی به‌ كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌كانی هه‌ولێر ده‌دا, وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ـ ڕۆشنبیری.. .
له‌سه‌ر به‌رگی پێشه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ به‌ گه‌وره‌یی ده‌نوسرا (هه‌ولێر) كه‌ به‌ زمانی كوردی و رێنوسی عه‌ره‌بی بوو. له‌ چاپخانه‌ی رۆشنبیری له‌ هه‌ولێر چاپ ده‌كرا.
له‌ دوا لاپه‌ڕه‌ی هه‌رجاره‌ و چه‌ند وێنه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر و كه‌سایه‌تیه‌ هه‌ولێریه‌كان بڵاو ده‌كرایه‌وه‌. ژماره‌ی په‌ڕه‌كانی گۆڤاره‌كه‌ هه‌رجاره‌ی زیاتر له‌ (100) په‌ڕ ده‌بوو و زیاتر به‌ تیراژی (500) دانه‌ چاپ ده‌كرا, واته‌ گۆڤاری هه‌ولێر زیاتر كۆمه‌ڵه‌ زانیاری و به‌ڵگه‌یی بوو، نه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌ك یان بیر و بۆچوونێك. كۆی ژماره‌كانی (گۆڤاری هه‌ولێر) له‌و قۆناغه‌ زیاتر له‌ (20) ژماره‌ی لێ‌ ده‌رچوو. له‌ به‌رگی دواوه‌ی گۆڤاره‌كه‌ به‌ ڕێنوسی (ئینگلیزی) ده‌نوسرا (HAWLER).
نووسه‌ره‌كانی گۆڤاری هه‌ولێر، به‌ زۆری هه‌ر ئه‌مانه‌ن:
* نموونه‌ی یه‌ك له‌ ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه‌:
(عه‌بدولخالق سه‌رسام ـ مه‌ولود بێخاڵی ـ عه‌باس سلێمان سمایل ـ جه‌لال خدر ـ عه‌بدوڵڵا حه‌داد ـ جه‌لال سنجاوی ـ پیرداود محموری ـ ئه‌كره‌م مولود ـ كه‌ریم ده‌شتی ـ فه‌یسه‌ل ده‌باغ ـ تاریق ئیبراهیم شه‌ریف ـ چه‌ندانی تر..)

ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ (2006 تا ئێستا به‌رده‌وامه‌)

چۆناغی چواره‌م:
له‌ قۆناغی چواره‌م وه‌كو (ڕۆژنامه‌) به‌ناوی (ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) ده‌رده‌چێ‌، به‌شێوه‌ی ڕۆژنامه‌ی قه‌باره‌ی گه‌وره‌ به‌ڵام لاپه‌ڕه‌كانی سنووردار بوو، واته‌ كه‌م بوو تا (8) لاپه‌ڕه‌ ده‌بوو، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م به‌ گه‌وره‌یی له‌سه‌ره‌وه‌ نووسرابوو ـ هه‌ولێر، له‌ ته‌نیشتی وێنه‌ی (قه‌ڵا و مناره‌) هه‌بوو، له‌ خواره‌وه‌ وێنه‌ی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی كار و چالاكیه‌كانی حكومه‌ت. لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌ی كورته‌هه‌واڵ و هه‌واڵی ناوخۆی هه‌ولێر له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاروباره‌كانی حكومه‌ت، لاپه‌ڕه‌ی كۆتاییشی گشتی و هونه‌رییه‌.
* ئه‌و قۆناغه‌ی به‌ دوو شێوه‌ بوو:
شێوه‌ی یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد، به‌ڵام به‌ڕیوه‌بردنی به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
خاوه‌ن ئیمتیاز: نه‌وزاد هادی. پارێزگاری هه‌ولێر (خه‌ڵكی هه‌ولێر).
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: تاهیر عه‌بدولڵا. جێگری پارێزگاری هه‌ولێر (خه‌ڵكی هه‌ولێر).
سه‌رنووسه‌ر: فه‌یسه‌ڵ دێهاتی. سه‌رنووسه‌ر (خه‌ڵكی هه‌ولێر).
ده‌رچوونی (ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) له‌م قۆناغه‌ به‌م شێوه‌ تا ماوه‌یه‌ك بوو، چه‌ند ژماره‌یه‌كی ده‌رچوو تاكو نزیكه‌ی (100) ژماره‌، پاشان ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر و شێوه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ گۆڕا، كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.
شێوه‌ی دووه‌م: قه‌باره‌ و شێوه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ گۆڕا بۆ قه‌باره‌یه‌كی بچوكتر، نیوه‌ی قه‌باره‌ی شێوه‌ی یه‌كه‌م، له‌سه‌ر به‌رگی ڕۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ره‌ره‌وه‌ به‌شێوازێكی خه‌تجوانی نووسرایه‌ (هه‌ولێر)، كه‌ ڕه‌نگی (شین و سوور)ه‌, له‌گه‌ڵ هه‌ولێر تێكه‌ڵ بووه‌, له‌خواره‌وه‌ش و هه‌واڵ (مانشێتی گه‌وره‌) نووسراوه‌، دوایی له‌ خواره‌وه‌ كورته‌ هه‌واڵا له‌گه‌ڵا وێنه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ بڵاوكرایته‌وه‌ كه‌ ده‌ستنیشانه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌. ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌و قۆناغه‌ی ئێستاش هه‌روا ده‌رده‌چێ كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی گشتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و ته‌ندروستی و هونه‌رییه‌. ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێین (ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) له‌ ساڵی (2006)وه‌ ده‌رده‌چی درێژكراوه‌ی (ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر)ی ساڵی 1950یه‌، چونكه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی دووه‌می ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ی نووسراوه‌، (یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌ ساڵی 1950 ده‌رچووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ ساڵی (2006) به‌م شێوه‌یه‌:

ده‌سته‌ی نووسه‌ران:

خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر: ئاریان فه‌ره‌ج (خه‌ڵكی سلێمانی).
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: جه‌بار قادر (خه‌ڵی رانیه‌).
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: هاوده‌نگ فاروق (خه‌ڵكی هه‌ولێر).
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین: شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان (خه‌ڵكی هه‌ولێر).
ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی (24) لاپه‌ڕه‌یه‌, ڕۆژانه‌ بابه‌تی (سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و ته‌ندروستی و جاره‌به‌جار فۆلكلۆری..) له‌خۆوه‌گرتووه‌. نووسه‌رانی هه‌موو شاره‌كانی كوردستان و هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، به‌رهه‌می تێدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. به‌گشتی ڕۆژنامه‌یه‌كی وێنه‌دار و هه‌واڵی وێنه‌ییه‌, لاپه‌ڕه‌كانی پێكهاتوونه‌ له‌ (ڕێپۆرتاژ ـ هه‌واڵ و به‌دواداچوون ـ بۆچوونی سیاسی ـ ئاگاداری له‌ دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم ـ لاپه‌ڕه‌ی (پشوو) كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ وشه‌ی یه‌كتربڕ و كه‌لوه‌كان.
ماوه‌یه‌ك ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌، چه‌ند پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه‌ی هه‌بوو به‌ ناوی (هونه‌ر. هه‌واڵی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان) (زانستی. هه‌واڵی زانستی نوێ‌ و زانست به‌گشتی) (وه‌رزشی. هه‌واڵی وه‌رزشی كوردستان و جیهان) (ئه‌ده‌ب. گوتار و بابه‌تی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زمانه‌وانی).
لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌م قۆناغه‌ تایبه‌ته‌ بۆ ڕێكلامی بازرگانی هه‌موو جۆره‌ كه‌لووپه‌لێك بوو.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ به‌رهه‌میان هه‌بوو له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، بۆ نموونه‌:
سیاسی : ئاریان فه‌ره‌ج ـ جه‌مال عبدلله ـ هاوده‌نگ فاروق ـ عه‌بدولڕه‌زاق علی ـ سامی ئه‌رگۆشی ۆ سالار عوسمان ـ عه‌بدولسه‌لام به‌رواری ـ چه‌ندانی تر.. .
هونه‌ری: حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان ـ حه‌مه‌ سوار.. .
ئه‌ده‌بی: عه‌زیز مه‌لا ره‌ش ـ محمد كه‌ریم نانه‌وا ـ شیعری ـ به‌هات حه‌سیب قه‌ره‌داغی ـ نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی ـ كه‌ریم ده‌شتی ـ شه‌نگه‌ هاوار كاكه‌یی ـ به‌هزاد حه‌وێزی ـ بۆتان جه‌لال.. .
وه‌رزشی: ئومێد ئیبراهیم ـ ئه‌سعه‌د ئیسماعیل ـ مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د ـ بۆتان جه‌لال.. .

پوخته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی قۆناغه‌كانی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری هه‌ولێر:
ـ قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌م دوور بووه‌ له‌لایه‌نی هونه‌ری و كه‌می وێنه‌ تێدا بڵاوبۆته‌وه‌.
ـ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م به‌شداربوون، له‌ قۆناغی دووه‌میش به‌شدار بوونه‌.
ـ قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می، به‌ پاڵپشتی مامۆستایانی قوتابخانه‌ بووه‌.
ـ قۆناغی یه‌كه‌م بێ‌ پڕۆژه‌، به‌ڵام ئامانجیان زیاتر هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بووه‌ له‌ هه‌ولێر.
ـ قۆناغی دووه‌م زیاتر نزیكه‌ له‌ پڕۆژه‌، چونكه‌ جاربه‌جار نامیلكه‌ی له‌گه‌ڵ بووه‌, به‌ ناوی (پرۆژه‌ی ڕێكخستنی قه‌ڵاتی هه‌ولێر)، ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌م له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌كه‌ به‌ ناوی (خالۆی ڕێبوار) تاكو خه‌ڵك هۆشیار بكاته‌وه‌.
ـ قۆناغی یه‌كه‌م ژماره‌ی زۆرتربووه‌ له‌ قۆناغی دووه‌م كه‌ زیاتر له‌ (100) ژماره‌ی لێ‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌ قۆناغی دووه‌م (12) ژماره‌ی لێ‌ ده‌رچووه‌.
ـ له‌ قۆناغی دووه‌م بۆ یه‌كه‌مجار نووسه‌ری ئافره‌ت ده‌ركه‌وتووه‌.

ـ قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌م، وێنه‌ی نه‌بووه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كه‌.
ـ به‌ڵام قۆناغی سێیه‌م به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ بووه‌، لاپه‌ڕه‌كانی وێنه‌دار و به‌ڵگه‌یی بوون.
ـ قۆناغی سێیه‌م ته‌نیا تایبه‌ت بووه‌ به‌ پارێزگای هه‌ولێر، سیاسی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نه‌بووه‌.
ـ قۆناغی چواره‌م زیاتر سیاسی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و وێنه‌داربووه‌ و ڕێكلامی بازرگانی هه‌بووه‌ كه‌ پاڵپشتی ڕۆژنامه‌كه‌ بووه‌.
ـ ته‌نیا یه‌ك نووسه‌ر له‌ قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م نوسینی هه‌بووه‌، ئه‌ویش ڕۆژنامه‌نووسی به‌ئه‌زموون مامۆستا (كه‌ریم شاره‌زا)ی شاعیر و نووسه‌ر بوو.
ـ له‌ كۆی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك به‌ ناوی (هه‌ولێر)، ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵه‌كان یه‌كبخه‌یین ده‌كاته‌ (15) ساڵه‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك هه‌یه‌ به‌ناوی (هه‌ولێر).
ـ واته‌ له‌م (15) ساڵه‌ (2) گۆڤار، (2) ڕۆژنامه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌كو (ڕۆژنامه‌) ته‌مه‌نی درێژتربووه‌.
ـ قۆناغی چواره‌م درێژه‌پێده‌ری قۆناغی یه‌كه‌مه‌.




ئایین … نوسینی / عدنان الصائغ …. گۆرینی: ئارا برزان

مادام،ئێمە لە- خۆرا- ئاینمان بە میرات بو
گوناهی من چی یە ؟
بە سنی ، یان بە شیعی ، مەندانی ، میترائی ، ناموسی ، فەریسی ،سدوقی،
کاسۆلۆکی ، پرۆستانتی ، ئەرسەدوسکی، بوزی ،سیخی مارۆنی ، یەزیدی ،
بە هائی ، زەردەشتی ، تاوی، تد
لە زیکرو خۆێندنەوە
یان خاچ پەرستی
خە تایە ک ، گوناهی من چی یە ؟
هە ڵگرم بە دەستی خۆم نە بووە ،
یان شەڕێک کە من هەڵمننە گیرساندووە
گوناهی من چی یە ؟
نرخی مێژوویە ک بدەم
کە من دروستم نە کردووە
یان گوناهی ووڵاتێک
کە بۆمن شۆێن پێە ک ، یان گۆڕێک
بە موڵکم نە بووە ؟ ،
گوناهی من چی یە؟
گە ر هاتوو
ناوم ، مایکل ، یان زەید ، یان عەدنان ،
یان عومەر ، یان عبدول حوسێن بوو
من ناوی خۆمم
هە لنە بژاردووە
خاناوادەم ،شێوەم ، ڕەگەزم ، ئاینم ، زمانم
هە تا دەگا، بە نیشتمان و
ڕەنگی چاوم
خودایە ک هە ڵی بژاردووم
لە گیانێکدا یا لە مشتە خۆڵێکدا، تا
من دروست کا
دە ئە ی پیاوانی ئایینی گە ر ،
لێرەدا حیسابێک هە یە ؟
یە خە ی من بۆ دەگرن
گوناهیی خودایە ، لە و حیساب و پرسیار بکە ن .

———————————
سەرچاوە:




كۆچ … عه‌بدولوه‌هاب شوانی

له‌م هیچه‌ تاریكه‌ ده‌رم بێنه‌
گیانی منت زۆر ئازاردا
له‌ دووباره‌ی ووته‌كانی تۆ بێزارم
دڵم به‌م شه‌قامانه‌ ته‌نگه‌
ته‌مه‌نێك له‌گه‌ڵ تۆ گفتوگۆم كرد
په‌نجه‌ره‌ی ئه‌وینێكت نیشان نه‌دام
ئێستا هه‌ر یه‌كێكتان پاشایه‌كن ، ئیمپڕاتۆرێكن بۆ خۆتان
من سوپام نه‌بوو ، وه‌ك تۆ بوونه‌وه‌رێك نه‌بووم
پڕ بم له‌ منداڵی و نیوه‌شم له‌ ئه‌هریمه‌ن.
هێزی من خۆشه‌ویستی بوو
له‌شكری تۆ ڕق
ووزه‌ی من ته‌نها سۆزبوو
سوپای تۆ كینه‌
ئاخر تۆ ده‌ستت له‌ ته‌ور و
دڵت له‌ كێو خواستووه‌
په‌نجه‌كانت له‌ چڕنووك و
ددانه‌كانت له‌ كه‌ڵبه‌ی گیاندارانی تر دزیوه‌
ئاخر تۆ دڕنده‌ی
تۆ به‌ شكانی دڵی من، دڵت خۆش ئه‌بێ‌ و
له‌ نێو فرمێسكه‌كانم كه‌ف و كوڵت داده‌مركێته‌وه‌
تۆ، كوا وه‌ك (سوهراب) تیشكه‌ جوانه‌كانی خودا ده‌بینی؟
كوا له‌وه‌ تێده‌گه‌ی باخچه‌ش توانای گۆرانی گوتنی هه‌یه‌؟
من دام نابوو تۆ دیواری ته‌نهاییم بڕوخێنی
وه‌ك خوێن و له‌ش
وه‌ك لێو و هه‌ناسه‌ له‌ لات ئۆقره‌ بگرم
به‌ڵام منت دایه‌ ده‌ست ژووره‌ نه‌خۆشه‌كان
ئیدی ده‌بێ‌ ئه‌مشه‌و بڕۆم
خه‌ریكه‌ بۆنی كۆچم لێبێ‌
ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌ڕۆم
ده‌ڕۆم و منداڵیت بۆ جێده‌هێڵم
ئاخر هیچ نیگایه‌كی عاشقانه‌م له‌ تۆ نه‌بینی
هیچ كات نه‌گوت: ڕه‌نگی شیعره‌كانت له‌ خۆت ده‌چن
جاریك نه‌تووت: شوانی
ده‌ڕۆم و هه‌ر ناڵێی: عه‌بدولوه‌هاب كێوه‌ ؟.

………..
عه‌بدولوه‌هاب شوانی




مورتەد … پشکۆ ناکام

…..ریفراندۆم وەک رووداوێکی گەورە و مێژوویی لەسەر دەستی بنەماڵەیەکی مێژوویی و جوگرافی جائیز نیە هەروا بە سادەیی و بێ رازاننەوە بێتە دی ، بەتایبەتی گەر زانیمان ڕیفراندۆم وەک “مەنجەڵ” یەکەم کەرەسەی لێنانی دەوڵەتی کوردیە و بۆ خۆشکردنی تامی ئەو خواردنە کە هەرگیز لە ژێر دانا دەرناچێت پێویستە چەن بەهاراتێک بەکار بێنین ، هەم خواردنەکە واتە تامی دەوڵەتە کوردیەکە خۆش ئەکات ، هەم بۆن بەرامێکی وای ئەیاتێ تا بینایەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەمریکا بچێت، هەندێک بابەت و بەهارات بۆ رازاننەوەی ریفراندۆم ئەمانەن :
= هەر هەنگاوێکی گەورەی وەک ریفراندۆم و پاشان دەوڵەتی کوردی پێویستی بە سرودە. بۆیە ئەبێت سرودێک بۆ ریفراندۆم دابنرێت کە کەناڵە زەرد و زەرد هەڵگەڕاوەکان بیست و چوار سەعات پەخشی بکەن ، ئەمەش ئەرکێکی قورس نیە ، ئەو شاعیرەی شیعری” زێڕە” ی داناوە ئێستا دەرسی ڕێبازی بارزانی لە مەعهەدی پێگەیاننی!! کادیرانی پارتی ئەڵێتەوە، ئەو زاتە دەستی لەو شیعرانەیا هەیە و ئەتوانێت بەدەم چارەکێکەکەوە( مەشروب نەک مووچە) شیعرێکی زۆر جوان و لایەق بە ریفراندۆم بنوسێ ، خۆ سەرۆک هەر سەرۆکە ئیتر زێڕە کەی دوێنێ بێت یان ئەوەی ئەمڕۆ..ئاوازەکەیشی هونەرمەندێک هەیە گەر کاتی هەبێت” چونکە زۆر مەشغوڵی گورانی بێژە ئافرەتەکانە ” لە ئاواز دانانا سەری ڕووتاوەتەوە، شارەزاییەکی تەواوی هەیە لە سوود وەرگرتن لە ئاوازی سرودەکانی بەعس و تێکەڵکردنی بە سرودەکانی پارتی، ئەتوانێت بەشەو و ڕۆژێک ئاوازێک بۆ شیعرەکەی شاعیری زێڕە لەسەر ریفرابدۆم دانێ، بۆ وورتنی ئەو سرودەش پەک ناکەوێت “داود القیسی” مان زۆرە…

= جێی خۆیەتی ریفراندۆم ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیشی هەبێت ، ئەمەشیان کارێکی قورس نابێت ، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم بەسەرپەرشتی و لەسەر دەستی پارتی و هاوئاوازەکانی یەتە دی . هەقە تەختی ئاڵاکە زەرد بێت و وەک ئیشارەتێک بە شانازیەکی پارتی 31/ ئەستێرەی لەسەر بێت کە سیمبولی پارتیە بۆ گەرانەوەی بۆ هەولێر لە 31/ئابی 1996 ، رەنگە بوونی ئەستێرەش لەسەر ئاڵاکە دڵی ئەمریکیەکان خۆشکات ئەوان پەنجا ئەستێرەیە هی ریفراندۆم سی و یەک ، لەوانەیە ئەمەش کاربکاتە سەر بەهێز کردنی پەیوەندی ئەمریکا و هەرێم لەکاتی کۆڵانی دەوڵەتە کوردیەکە مەنفەعەتی خۆی هەبێت و دەعوەتیش بکرێن…..
= ناوی هەموو ئەو جاش و خائین و خۆ و ریفراندۆمە فرۆشانەی کە دژی ریراندۆمن و لەبەرەی(نەخێر)ن ، ناو و رەسمیان بەسەر هەموو دوکان و سوپەرمارکێتەکانی هەرێما بڵاو بکرێتەوە تا کەس هیچیان پێ نەفرۆشێت و دواتر لە ڕێگەی داداگاکانی هەرێمەوە بە تایبەتی ئەوانەی هەوڵێر کە خۆشبەختانە لەڕووی بێلایەنی ونەزاهەتەوە ناو و ناوبانگێکی عالەمییان هەیە، سزای ڕەوای خۆیان وەربگرن، خراپیش نابێت ئەگەر خۆیان و کەس و کاریان دوور خرێنەوە بۆ دوورگەیەکی زۆر دوور لە هەرێم تا چی تر نەتوانن بگەڕێنەوە و کوردستانی بنەماڵە و ئابووری سەربەخۆ و دیموکراسی و ریفراندۆممان لێ پیس بکەن “بۆ جێ بەجێ گەیاننی ئەو جۆرە هەنگاوە ئەتوانرێت سوود لە تەجروبەکانی ئەتا تورک و رەزا شا وەربگیرێت لە مامەڵە کردن لەگەڵ یاخی و مورتەد…….”




گەر نیشتمان، دایك بێت … ئەرسەلان مەحمود

بەنێرو مێر چواندنی زەوی و ئاسمانەكان، چەند مەجازییە، هەزار ئەوەندە وەها تەبلیغاتێك لەهزرینێكەوە دێ‌ دژە بەهاو مۆڕاڵی جێندەری، ئەمە هەم وەك فكرو، هەم وەك ئایدیاو، هەم وەك ئەندێشەو، هەم وەك پرانسیپ و بوونیە مرۆییەكەیش، هەر ڕاستە.

لەزیهنیەت و ئەندێشەی كۆمەڵگەی سوننەتی و تیپیاوسالاریدا، ئەوەی نەتوانێ‌ هێزمەندانە واتا لەباری جستەییەوە بەرگە بگرێ و بەرگری لەخۆی بكات مێرە، مێر وەك هاوێ، وەك دۆست و دەزگیران، وەك خوشك وەك هاوژین وەك دایك!

كاتێك دەگوترێت: نیشتمان دایكە. ئەمە بەبنەما لەوەها پیرۆزی یا خۆشەویستییەكەوە نەهاتووە دایك هەیەتی لەماناو مەغزاو پێكهاتە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكەیدا، بەڵكە لەمەوە هاتووە، دایك مێرە، مێریش خاوەنی ئەو هێزمەندییە فیزیكییە نیە لەواقیعدا، لەبەر ئەوە ئەوەی دەبێت بیپارێزێ‌ پیاوە، پیاو وەك باوك، پیاو وەك سوژە، وەك بكەرو كێڵەرو، وەك چێنەر، پیاو وەك ئاسمان، ئاسمان وەك سەرو سەروەر، وەك نێر لەسەرەوەو ڕەها، لەسەرەوەو ڕەها وەك ئەوەی چۆنی بیەوێت ئاوا زەوی و، ئاوا ئەوەی پێیدەگوترێت نیشتمان، تەڕو توش و تەی بكات!!

هەروەك چۆن ئەوەی لەبەرامبەردا ئەم زەوی و ئەم نیشتمانە، خوا نەكا ئەگەر هەر چەند بیەوێ‌ لەخۆیدا بتەقێتەوە بەڕوی ئەم سەروەرو ئاسمانەی خۆیدا، زات نەكاو نەتوانێ‌ هاوكێشەكە هاوسەنگ و هاوتەریب بكات !!

رەشەبای خود پەسندی و خۆ سەپاندنی سیاسەتكارە دژە جێندەرو ڕەگەزپەرستەكانی دنیا، ئەگەر لەخۆرئاوا، وایكردبێ‌ خۆر بخەنە دەریاوەو، جۆرە ڕۆمانسییەتێك ببەخشنەوە بەژیان، لەكوردەواری و لەناو كوردە سیاسەتكارەكانی كوردستاندا، وڕە وڕو گڕە گڕەكەی ئەوەندە تاقەت پڕوكێن بێت، تكە تك و تەمە تەم و منە منەكەی وابكا ڕۆناكی هەر تیادا هەڵنەیەت!!

سەیركە هاوڕێ! هەیانە خۆی بەهەڵگری پەیامی دنیای ئەودیوو دەزانێ‌، بەڵام دەیەوێت لەم دنیایەدا بەر بگرێ‌ و، بەهەشتێك لەدرۆ بەرپاو ساز بكات! هەشیانە خۆی بەسترانبیژو ئاوەز ژەنی ژیانكردنی مەملەكەتێك لەنوێگەرایی دەزانێ و‌، هات و هاواری كەشكەلانی فەلەك دەبڕێ، بەڵام بەشنە بایەك لەدەرو دراوسێكانیەوە گەر هەڵبكات‌، دەكەوێتە هەلەكە سەما لەپراكتیك و لەئەدا كردندا!!

نیشتمانی كورد، ئەوەندەی بەدەست سیاسەتكارە كوردییەكانیەوە بووە بەتەنگەبەرو تونێلێك لەرژانی جۆرەها تاریكی، هەرگیز ئەوەندە دژو دوژمنایەتییە دەرەكییەكانی، نەیانتوانیووە زیانی لێبدەن!!

هەڤاڵ، نیشتمانی كورد ئەمڕۆ لەهەر كاتێك زیاتر، لەخەونێك دەچێت ناخۆش، بووە بەجەنگەڵێك بەرەڵڵا، بووە بەحەوشەیەك سامناكی بتوانێ دڵخوازانە تەراتێنی تیادا بكات، سیاسەتكارەكانی دەرزییەك بەدەستیانەوە هەیە ڕۆح ئەشكەنجەو، جەرگ كونكون دەكات، بەجۆرێ هەرچەند بڕوانی شتێكی دی بەدینەكەی وجودو بەهای هەبێ‌ و مابێت جگە لەخودی خۆیان لەخۆدا!!

ئەرێ‌ ئەم نیشتمانە، كەسێكی تیادا نیە قارەمانەكانی لەبێشەی شكاندنی شكۆی میللی و یەكتریدا بێدار بكاتەوە؟! ئەرێ ئاوێنەی هۆڵێك نییە لەم وڵاتەدا، شۆڕشگێڕەكانی دوێنێی، بتوانن ئەمڕۆی خۆیان و ژیانی ئێستای خەڵكی نیشتمانەكەی خۆیانی تیادا ببیننەوە؟! ئەرێ‌ گەر نیشتمان دایك بێت، مرۆ چۆن جورئەت دەكات ئەمە بەدایكی خۆی بكات؟! چۆن دەكارێت هەر جارەو دەوڵەتێك، هەر جارەو دەرو دراوسێیەك بهێنێتە سەر سینگ و كەرامەت و عیززەتی نەفس و مەئوای میهرەبانی دایكی خۆی و، زات بكا بەدەستەكانی خۆی ئەتكی پێبكات؟! چۆن دەتوانێ شیرو بیرو‌ خێرو بێرەكەی دایك هەروا سادەو سانا هەرزانفرۆش و نیشتمان بەدەر بكات؟!

دایك، دایكە، نە نیشتمان دایكەو، نە دایك نیشتمانە، ئەگەر دایك نیشتمان بێت، ئێستا من و هەزارەهای وەك من بێ نیشتمانترین مرۆڤی سەر ئەم زەمینەین، گەر نیشتمان دایك بێت، كەس لەكورد بێ دایك تر نیە!!

نیشتمان، ئەو بوعدە جوگرافی و، ئەو فەزا مرۆیی و، ئەو فەرهەنگە هاوبەش و مەدەنییەیە، مێرو بەكڵۆیەك شەكر دەگرێت، نەك كەروێشك بەسیحرو جاددو عەرەبانە! نیشتمان ئەو مەوداو مەغزا مرۆییە خاوێنەیە، یەكە پێكهێنەرە جڤاتییەكەی تیایدا هەست بەهاوڵاتیبوون و، درك بەشارۆمەندیبوونی خۆی وەك تاك بكات، نەك هەڵاوێردو هەڵاتن لێی!!

نیشتمانی كورد، نیشتمانی هەڵاوێردی بەشەرییە، شك نابەی هەبێ‌ و بتوانێ‌ لەوسەر بۆ هەتا ئەوسەری سنورەكەی، كوێی بوێ‌ ئازادانەو سەربەستانە تیایدا بژی و بمێنێتەوە! نیشتمانی كورد، بەدەست سیاسەتكارە هەناو پیسەكانیەوە، هەردەم لەبیانوێك زیاتری هەیە تا ئەندێشەو خەیاڵەكانی تاك و خەڵكەكەی تیادا بكوژی! هەردەم لەئامرازێك زیاتری تیادا دەژی تا ژیانكردنی وەك ئەوەی شایستە بەهەبوونە تیادا نەهێڵێ و بكوژیت!

لەڕاستیدا، حەز ناكەم بڵێم: ئەگەر نیشتمان دایك بێت، سیاسەتكارە هەناو ڕەشە كوردەكان لەڕیزیبەندی هەرە خراپترین بوونەوەرە دایك خۆگێكانی دنیادان، بەڵام لەڕاستیدا وان!!




بەهمەن قوبادی لە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان

مەنسوور جیهانی ـ “بەهمەن قوبادی” لە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان، لە لایەن رەخنەگرانی سینەمایی رێکخراوەی گرینگی “رۆتین تۆمەیتۆ” دیاریکرا.
لە دوای توێژینەوەیەکی تێرووتەسەل و بە بڕوای کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی و هەروەها بە پێی پێوانەی ڕەخنەکان و نووسراوەکان لە لایەن ڕێکخراوەی گرینگی سینەمایی “رۆتین تۆمەیتۆ” Rotten Tomatoe و ماڵپەڕیی گرینگی سینەمایی “مێتاکریتیک” Metacritic، 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان رێزبەندیی کران.

دەرئەنجامەکان دەریدەخات کە ئەم ریزبەندییە بە پێی فیلمسازانێک لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشانکراوە کە لە رۆژی 1ی ژانوییەی 2000ی زایینی بەدواوە یانی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە تا ئێستا، لانی کەم چوار فیلمی سینەماییان سازکردبێت و بەم بەرهەمانە لە فیستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکانیدا بەشدارییان کردبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، رێژەی ئەو فیلمسازانەی کە لەم بەشەدا جێدەگرن زۆر لەم رێژەیە زیاترە کە لە زەیندا دەگونجێت.

لەم ریزبەندییە پڕشانازییەی دەرهێنەرە جیهانییەکاندا، ناوی “بەهمەن قوبادی” فیلمسازی ناوداری کوردیی ئێرانی بەرچاودەکەوێت و بە ناونیشانی یەکێک لە باشترین فیلمسازانی سەدەی بیست و یەکی دنیا دیاریکراوە و بە هۆگرانی سینەمای جیهان ناسێندراوە.
“بەهمەن قوبادی” وەکوو ئەندامی کارا لە نێوان ئەم دەرهێنەر ناودارانەی سینەمای جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها ناوی فیلمسازانی ناوداری دیکەش لەوانە: “ئالفۆنسۆ کۆارۆن” Alfonso Cuarón، “ئێلێکساندێر پێین” Alexander Payne، “پۆل تۆماس ئاندێرسۆن” Paul Thomas Anderson، “برایانی داردێن” Dardenne brothers، “نووری بیلگە جەیلان” Nuri Bilge Ceylan و … بەرچاودەکەوێت.

کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی ڕێکخراوەی گرینگی سینەمایی “رۆتین تۆمەیتۆ” لەم ڕاپرسییەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ فیلمە سینەماییەکانی “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە ساڵی 2000، “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکییم” لە ساڵی 2002، “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە ساڵی 2004، “نیوە مانگ” لە ساڵی 2006 و “کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە” لە ساڵی 2009 لە بەرهەمەکانی “بەهمەن قوبادی” کرد.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.metacritic.com/pictures/best-movie-directors-21st-century?ref=hp




ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستی پێكردوه‌ … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستی پێكردوه‌
ئه‌مریكا به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ڕقیان لێمانه‌؟
…..

رووداوه‌كه‌ی 11 سپتێمبر سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ بوو، كه‌ ئه‌مریكای له‌وه‌ به‌ ئاگا هێنایه‌وه‌، كه‌ ئه‌و رقه‌ی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌واندا هه‌یانه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌ستورتر ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك دوای ئه‌م ڕووداوه‌، ئه‌مجاره‌یان ئه‌مریكا زۆر به‌جدی تر ویستی به‌ دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێت كه‌ ئه‌و ڕقه‌ی ئه‌وان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، ئه‌وان بۆ هێنده‌ ڕقیان لێ‌ ده‌بنه‌وه‌؟
دوای ئه‌و قسه‌یه‌ی (دوژمنه‌كانمان رقیان له‌ ئازادیمانه‌) جۆرج بوش گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی “بۆچی رقییان لێمانه‌؟”.

ساڵی 1963 (ئه‌یزنهاور) سی و چواره‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ گفتوگۆیه‌كیدا له‌ گه‌ڵ گرووپه‌كه‌یدا هه‌ڵمه‌تی رق لێبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكای له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا به‌وه‌ لێكداوه‌ته‌وه‌، كه‌ “ئه‌م رقه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌یه‌”. واته‌ له‌ لایه‌ن كومه‌ڵگای ئیسلامی و عه‌ربییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكاش، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و رقه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پشتیوانی حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌ركوتكه‌ره‌كان ده‌كات و له‌ گه‌ڵ پێشكه‌وتنی سیاسی و ئابوری وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا نییه‌” ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و ویسته‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت” دوای 11 سپتێمبه‌ریش له‌ ئه‌نجامی راپرسییه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ هه‌ر له‌ ئارادا ماون، بۆیه‌ ئه‌و ڕقانه‌ش هه‌م ماون، هه‌م ئه‌ستورتر بوونه‌.

هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات، ئه‌وه‌شی له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا روویدا، كه‌ به‌رووخاندنی رژێمه‌كانیان كۆتایی هات، له‌و خاڵ‌و رووداوه‌ گرنگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ پێده‌ڵێن «11-ی سێپتێمبه‌ر»
11-ی سێپتێمبه‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌مریكاو ئه‌وروپای له‌به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵات به‌گشتی‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی به‌ته‌واوی گۆڕی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆربه‌ی رۆشنفكر‌و سیاسییه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی خۆرئاواش، كه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان نه‌بوو، یان نه‌یانده‌ویست باوه‌ڕ به‌و راستییه‌ بێنن كه‌ نابێت، هێنده‌ به‌سۆزو دڵ گه‌رم بن له‌به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵاتییه‌كاندا، ده‌بینین دوای ئه‌م رووداوه‌ په‌یتا په‌یتا ده‌یانه‌وێ‌ هه‌رچۆنێك بێت پێ‌ له‌جه‌رگی خۆیان بنێن و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ دورودرێژه‌ی ساڵانێكه‌ له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌كراون به‌قسه‌و به‌نوسین ده‌ریببڕن، تا ئاستی ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه‌ش هاوشێوه‌ی توندڕه‌وێكی خۆرهه‌ڵاتی په‌نا به‌رنه‌ به‌ر كوشتنی مرۆڤ و سه‌ره‌نجام ده‌ستیان به‌خوێن سوركه‌ن، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ڕابردوودا هه‌رگیز باوه‌ڕیان پێی نه‌بووبێ‌، یان رۆژێك له‌رۆژان خۆرئاواییه‌ك به‌خه‌یاڵیدا نه‌هاتبێت، له‌و روه‌وه‌ لاسایی خۆرهه‌ڵاتییه‌ك بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و كوشتاره‌ی «ئه‌ندرس به‌رنگ بریفیك» كه‌ هاوڵاتییه‌كی مه‌سیحی نه‌رویجی بوو له‌ساڵی «2011» له‌ئۆسلۆ ئه‌نجامیدا، وه‌ك گه‌یاندنی په‌یامێكی توڕه‌ییانه‌ی خۆرئاواییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمی توندڕه‌ویانه‌ی ئیسلامییه‌كان.

ئه‌وان ویستیان دوای ئه‌و په‌یامه‌ی» قه‌شه‌ ئۆگستین» بكه‌ون كه‌ له‌كتێبی شاری خودا دا ده‌ڵێت: (بۆ مرۆڤی مه‌سیحی واچاكتره‌ ئازار بچێژێت نه‌ك ئازار به‌كه‌سانی تر بگه‌یه‌نێت). به‌ڵام خه‌ریك بوو توندو تیژییه‌كان ئه‌وانیش له‌و په‌یامه‌ی ئۆگستین هه‌ڵگه‌ڕێنێته‌وه‌.
من نازانم ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی بۆچی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌وان به‌ترسنۆكی‌و بێ‌ توانایی‌و له‌خۆڕانه‌دیتنیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین‌و پێمان وایه‌ خۆرئاواییه‌كان هێنده‌ مه‌ستی ژیانی دونیایی بوونه‌، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت دیانه‌وێ‌ ده‌ست به‌و ژیانه‌یانه‌وه‌ بگرن، بێ‌ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ره‌شه‌بای خۆرهه‌ڵات هێنده‌ به‌ته‌وژمه‌، ئه‌وان به‌م ئه‌قڵییه‌ته‌وه‌ ناتوانن خۆیان بگرن، ته‌وژمێك كه‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕێكی قایم‌و توندو دوژمنكارانه‌ بونیادنراوه‌.
ئه‌و بونیاده‌ی سه‌ید قوتب به‌درێژایی مێژووی نوێ‌ له‌مێشكی هه‌ر تاكێكی شوێنكه‌وتوه‌ ئیسلامییه‌ گه‌نجه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا چاندویه‌تی رۆژانه‌ش گه‌نجه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌كانی پێ‌ جۆش ده‌درێته‌وه‌، هه‌روه‌ك «تاریق ئه‌لبشری» له‌وتاریكیدا به‌ناوی «سید قگب قراه‌ تاریخیه‌»دا ده‌ڵێت: (تایبه‌تمه‌ندی هزری سه‌ید قوتب له‌وه‌دایه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر مێژووی هزر‌و بزاوتی ئیسلامی سیاسی پاش خۆی هه‌یه‌، هیچ بزاوتیكی جیهادی‌و رادیكالی ئیسلامی له‌دنیادا نییه‌، میراتی فیكری سه‌ید سه‌رچاوه‌و مه‌رجه‌عی نه‌بێت).

«سه‌ید قوتب» به‌شێوه‌یه‌ك كاری له‌سه‌ر دروستكردنی بیری سڕینه‌وه‌ی خۆرئاوا كردوه‌، ئاسان نییه‌ بۆ ئه‌وان، بتوانن ئاوا به‌ئاسانی، به‌ئه‌قلییه‌تی مۆدێرنه‌و، بیرو فكری فه‌لسه‌فییه‌وه‌ رووبه‌ڕوی خۆرهه‌ڵات‌و بیروبۆچوونه‌كانی سه‌ید قوتب ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ( موسڵمانان، باكار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، رق‌و بوغز‌و رۆحی تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ناخی ملیۆنان خه‌ڵك‌و خوای خۆماندا بچێنن، با هه‌ر له‌مندالێیه‌وه‌ فێریان بكه‌ین، كه‌ پیاوی سپی دوژمنی مرۆڤایه‌تییه‌، پێویسته‌ كه‌ هه‌لێكمان بۆ ره‌خسا، ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ تاروماركه‌ین، با دڵنیاش بین له‌وه‌ی كه‌ كۆلۆنیالیزمی ئه‌وروپایی سه‌روه‌ختێك ده‌بینێ‌ ئێمه‌ ئه‌م تۆوی رق‌و بوغزو توڕه‌یی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ناخی نه‌وه‌كانماندا ده‌چێنین ترس دای ده‌گرێت‌و په‌لوپۆی ده‌شكێ‌).

هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتن‌و بیركردنه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتییه‌كانیشه‌ وایكردوه‌ خۆرئاواییه‌كانیش سه‌بر سه‌بر، بێنه‌ سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی كه‌ ناكرێت ئه‌وانیش هێنده‌ ده‌ست‌و پێ‌ سپیانه‌ به‌دیار هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی رووده‌ن دابنیشن‌و هه‌ر سه‌یر بكه‌ن‌و هیچ نه‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بینین له‌به‌رامبه‌ر بیروبۆچوونه‌كانی كه‌سێكی وه‌ك «قه‌شه‌ ئۆگستین»داو له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كدا كه‌سێكی وه‌ك »گزافێ‌ دی سی» دێت و له‌ناوجه‌رگه‌ی خۆرئاوادا رووده‌كاته‌ خه‌ڵك‌و خوای هه‌مان شوێن‌و ده‌ڵێت: (بۆ خۆرئاواییه‌كان واچاكتره‌ دوو ده‌ستی ره‌ش‌و چه‌په‌ڵیان هه‌بێت نه‌ك بێ‌ ده‌ست‌و ده‌سته‌وه‌ستان بن).

هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ به‌رهه‌می دوای 11-ی سێپتێمبه‌رن، دوای ئه‌م ڕوداوه‌ ئه‌م دوو تێگه‌یشتنه‌ی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌ونه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك‌و گره‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ئایا هه‌ردولا وه‌ك یه‌ك بكه‌ن‌و وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌‌و وه‌ك یه‌ك رووبه‌ڕوی یه‌كتر ببنه‌وه‌، وه‌ك جۆرێك له‌رۆشنبیرانی خۆرئاوا پێی گه‌یشتن‌و هه‌ندێكیشیان پێشتر تێگه‌یشتبوون، وه‌ك چۆن (ژاك دێریدا) له‌مه‌ڕاسیمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی «ئۆدۆرنۆ»دا ده‌ڵێت:(من باوه‌ڕم به‌زه‌رووره‌تی به‌كارهێنانی توندوتیژی هه‌یه‌ له‌پێناو به‌رقه‌راركردنی عه‌داله‌تدا).

دواتریش »تونی بلێر» سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی به‌ریتانا-ش له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی ساڵی 2005 له‌نده‌ن-دا وتی: (چاكتر وایه‌ ناهه‌قی به‌رامبه‌ر به‌ماف‌و ئازادییه‌كان بكه‌یت، نه‌ك رێگه‌ بده‌یت له‌شه‌قامه‌كاندا خه‌ڵك بكوژرێت).
مه‌ترسی‌و دڵه‌خورپه‌ی هاوڵاتیانی خۆرئاوا له‌دوای 11-ی سێپتێمبه‌ر گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ پێم وانییه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا توانیبێتیان به‌هه‌مان خه‌یاڵ‌و بیرو فیكری به‌ر له‌ «11-ی سێپتێمبه‌ر» لێیدابنیشن.
«ئۆریانا ڤالاچێ‌» كه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌نوسه‌ورو رۆژنامه‌نووسی ناوداری دونیا داده‌نرێ‌ له‌ژیانیدا شاهیدی زۆر له‌و رووداوانه‌ بووه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ویان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردوه‌، هه‌میشه‌ به‌گومان‌و دیدێكی جیاواز له‌خه‌ڵكانی تر بڕوانێته‌ پێكه‌وه‌ژیانی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵات، هیچ كاتێكیش ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی خۆی نه‌شاردۆته‌وه‌، له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (الغچب و الكبریا)دا، ده‌ڵێ‌: (دره‌نگ یازوو خۆرئاوا ده‌بێته‌ كۆلۆنێیه‌كی ئیسلامی) له‌به‌رامبه‌ر پرسی ئیسلامیشدا ده‌ڵێ‌: (هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك زۆركراوه‌و دیموكراسی بێت تیرۆر زیاتر زه‌فه‌ری پێ‌ ده‌بات) ره‌خنه‌ش له‌خۆرئاوا ده‌گرێت‌و ده‌ڵێ‌: (خۆرئاوا نه‌ وه‌ك پێویست شین بۆ قوربانیانی ده‌كات، نه‌ وه‌ك پێویستیش ده‌زانێت رق له‌دوژمنه‌كانی هه‌ڵگرێت‌و بیان بوغزێنێت).
ئه‌وه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ دوای «11-ی سێپتێمبه‌ر» بوو به‌قسه‌ی خۆرئاواییه‌كان (دوژمنه‌كانمان قینیان به‌رامبه‌ر به‌ئازادیمان هه‌یه‌) یان ئه‌و پرسیاره‌ی «بۆش»ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا كردی، ئه‌گه‌رچی یه‌كه‌م كه‌سیش نه‌بوو بپرسێت ( بۆچی رقیان لێمانه‌؟).

ئه‌و رقه‌ی «دوایت دیڤید ئه‌یزنهاور» پیاوی سیاسه‌ت‌و سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی‌و «34»م سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گفتگۆیه‌كیدا له‌ گه‌ڵ گروپه‌كه‌یدا نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی ئه‌و رق‌و قینه‌-یان ده‌كات: (ئه‌و هه‌ڵمه‌تی رق‌و قینه‌یان له‌دژمان»له‌جیهانی عه‌ره‌بی» له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌یه‌).
له‌نێوان رقی خه‌ڵك‌و رقی حكومه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا . ئه‌مریكا ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنێكی تازه‌، به‌تایبه‌تیش له‌دوای «11-ی سێپتێمبه‌ر» وه‌.

یه‌كه‌م نه‌خشه‌رێگای ئه‌مریكا گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕبوو بۆ ئه‌و ناوچه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌كارگه‌ی به‌رهه‌مێنانی ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌و تیرویستیانه‌ ده‌زانرا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ بكاته‌ چه‌قی ملمڵانێ خوێناوییه‌كان، و رێگه‌ نه‌دات جارێكی تر فرمێسكی گریانی ئه‌مریكییه‌كان دووباره‌بێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ناوچه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێ‌ ئه‌و یارییه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌یه‌كه‌م ساتی رووداوی «11-ی سێپتێمبه‌ر»دا نه‌خشه‌ی بۆ كێشا‌و ئه‌و رووداوه‌ی كرده‌»خاڵی وه‌رچه‌رخان‌و تێگه‌یشتن»
ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی قاعیده‌ بیریان لێكردوه‌‌و ویستیان بیكه‌نه‌ نه‌خشه‌ رێگای سیاسی‌و سه‌ربازیان، وه‌ك ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری له‌كاتی هێرشه‌كانی»11-ی سێپتێمبه‌ر»دا وتی: (پێویسته‌ شه‌ڕ به‌رینه‌ ماڵی دوژمنه‌كانمان تا ده‌ستی ئه‌وانه‌ بسوتێنین كه‌ ئاگر له‌ماڵه‌كانی ئێمه‌دا خۆش ده‌كه‌ن).

به‌ڵام ئه‌مریكا به‌ر له‌وان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نا، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌ جاران.
«چومسكی» له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی «مداخلات» ئه‌وه‌ی باس كردوه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و رق‌و قینه‌ی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی «جیهانی عه‌ره‌بی» بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌: (ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پاڵپشتی حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵ‌و سه‌ركوتكه‌ره‌كان ده‌كات، و رێگری له‌پێشكه‌وتنی سیاسی ئابوری ده‌كات) «ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و گرنگیدانه‌یان به‌كۆنترۆلكردنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت له‌ناوچه‌كه‌دا»
دواتریش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و راپرسیانه‌ كردوه‌ كه‌ دوای رووداوی «11ی سێپتێمبه‌ر» ئه‌نجامدران، كه‌ هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌یان ئاشكرا كردوه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ر ماون.

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ دوور نییه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ روخاندنی هه‌ریه‌ك له‌حكومه‌تی تالیبان له‌ئه‌فغانستان‌و دواتریش رژێمی به‌عس له‌عیراق جێبه‌جێكردنی یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌م وڵاته‌ بێت به‌ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی لێدانی حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكاره‌كان، دواتریش جێبه‌جێكردنی پلانی شه‌ڕ له‌ دژی تیرۆر كه‌ زۆر له‌سیاسه‌مه‌تدارو نووسه‌رانی خۆرئاوا ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ به‌مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ده‌زانن، «مایكل كریبون» رۆژه‌كانی كۆتایی ساڵی 2002 زۆر به‌ترسناك وه‌سف ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك پێی وایه‌ (ئه‌و رۆژانه‌ زۆر مه‌ترسیدارترن له‌قه‌یرانی موشه‌كه‌كانی كوبا له‌ساڵی1962) هه‌روه‌ها «ئارچر شلینزنچر»وتی: (مه‌ترسیدارترین ساته‌ له‌مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا) ئه‌مه‌ وه‌ك پلانی خێرا، كه‌ من پێم وایه‌ پرۆسه‌ی راپه‌رینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی له‌چه‌ند ساڵی رابردووشدا پلان‌و هه‌نگاوی دووه‌می ئه‌مریكا بووبێت به‌ئاراسته‌ی، هه‌م لێدانی حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكه‌رو دیكتاتۆره‌كان، به‌مه‌به‌ستی راستكردنه‌وه‌و گێرانه‌وه‌ی متامانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ئه‌مریكایان به‌ پاڵپشتی مانه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌تانه‌ ده‌زانی، له‌لایه‌ك‌و گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕو ئاشوب بۆ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و پلانه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ هه‌وڵده‌دا شه‌ڕه‌كه‌ خۆبه‌خۆ له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵگای ناوچه‌كه‌ ‌و له‌سه‌ربنه‌مای مه‌زه‌هه‌بی‌و جیاوازی ئاینی به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌مه‌رجێك ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ساڵی 2005 هاته‌ پێش، ئه‌ویش هاندانی دیموكراتییه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ سیاسه‌تێكی سه‌ره‌كی‌و ئاشكراو راگه‌ێنراوی ئه‌مریكا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌و مانایه‌ی ئه‌مریكاو خۆرئاوا له‌ئێستادا چه‌ند شه‌ڕێك به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ ئاینده‌كه‌ی بۆ هه‌موان وه‌ك یه‌ك روون نییه‌، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگه‌ شه‌ڕی تیرۆره‌ له‌سه‌ر خاكی خۆیان، كه‌ خۆرئاوا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هیوای ئه‌وه‌ی خواست ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆر درێژه‌ نه‌كێشێ‌، به‌ڵام سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا «بۆش» هه‌رزوو وتی:» به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤدایه‌» هه‌روه‌ها وتی: (كه‌س نازانی ژماره‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌ چه‌ندن، كه‌ ده‌كرێن بۆ چه‌سپاندنی ئازادی له‌ وڵاتدا) دیاره‌ پێشتریش سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل (شاباك) وتبووی (ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌خوازن له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆر «شه‌ڕێكیان ده‌وی بێ‌ كۆتایی)

له‌كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا «كانت» گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی له‌نامیلكه‌یه‌كی بچووكدا به‌ناونیشانی(مشروع للسلام الدائم)دا واته‌ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئاشتییه‌كی به‌رداوام، هه‌وڵی ئه‌وه‌یدا هه‌ندێ‌ بنچینه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ دروستبوونی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام له‌نێوان وڵاتانی جیهاندا دابڕێژێ‌، به‌ڵام «هیگل» پێی وابوو «خه‌ونی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام ته‌نیا خه‌یاڵه‌‌و هه‌رگیز نایه‌ته‌ دی، ناكۆكی نێوان وڵاتانیش ته‌نها جه‌نگ ده‌توانێ‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا جه‌نگ دادگایی مێژوو بووه‌»

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌بێ‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌مریكاش كه‌ ساڵی «2004 « له‌سه‌ر زاری وه‌زیری پێشووی به‌رگری»دونالد رامسفیلد» كردی، به‌هه‌ند وه‌رگیرێ‌، كه‌ هاوكات له‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕی تیرۆردا»شه‌ڕی فیكر»یشی راگه‌یاند: (شه‌ڕی فیكر بۆ گۆڕینی بیری گه‌نجانی ئیسلامی)، كه‌ هه‌ندێ‌ نوسه‌ری عه‌ره‌بی ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌جۆرێك له‌داگیركاری فیكرو رۆشنبیری ئیسلامی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌پشت به‌ستن به‌بنه‌ماو تێگه‌یشتنی رۆشنبیری خۆرئاوا، به‌تایبه‌تیش دروستكردنی ئیسلامی نوێ‌ كه‌ به‌قسه‌ی ئه‌وان ئه‌م جۆره‌ ئیسلامییه‌ هیچ جۆره‌ پێگه‌یه‌كی سیاسی‌و ئاینی نییه‌، هه‌ر ته‌نها قسه‌یه‌‌و هیچی تر.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌و نووسه‌ره‌ عه‌ربانه‌، بایه‌خدانی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا به‌كلتور‌و كه‌له‌پوری»ته‌صه‌وف» به‌یه‌كێ‌ له‌و بنه‌ما‌و تێگه‌یشتنه‌ تازانه‌ی داده‌نێن كه‌ خۆرئاوا له‌دوای رووداوه‌كانی «11-ی سێپتێمبه‌ر»دا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ فیكرییه‌ی رایگه‌یاندوه‌ ده‌ستی داوه‌تێ‌‌و پێیان وایه‌ بایه‌خدانی ئه‌وان به‌»جه‌لاله‌دین رۆمی» ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ فیكرییه‌وه‌.
له‌دوای «11-ی سێپتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌هه‌ر كاتێكی دیكه‌ گرنگی به‌»جه‌لال ئه‌لدین رۆمی» ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ساڵی «2007» رێكخراوی یونسكۆ-ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌و ساڵه‌ی وه‌ك ساڵی نێوده‌وله‌تی دیاری كرد، بۆ ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی یادی سه‌د ساڵه‌ی له‌دایك بوونی «جه‌لاله‌دین رۆمی»

ئێستا ئه‌مریكییه‌ك نییه‌»جه‌لاله‌دین رۆمی» نه‌ناسێ‌، زۆر له‌نووسه‌رانی عه‌ره‌بیش پێیان وایه‌ ئه‌و بایه‌خ‌و گرنگییه‌ی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا هه‌روا له‌خۆڕایی نییه‌، و پێیانوایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ دوای هه‌ڵكشانی ملمڵانێكانی نێوان خۆرئاوا‌و جیهانی عه‌ره‌بی‌و به‌تایبه‌تیش له‌دوای رووداوه‌كانی»11-ی سێپتێمبه‌ر»ی ساڵی 2001 هاتۆته‌ پێش، ئه‌وان وای بۆ ده‌چن كۆتایی پێهێنانی تیرۆر پێویستی به‌گۆڕینی تێگه‌یشتن‌و بیری موسڵمانان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك وایان لێبكرێت به‌ئاسانی تێكه‌ڵ به‌كلتور‌و شارستانیه‌تی خۆرئاو ببن.


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم




بەرنامەی ڕاونگە: وتوویژ له گه ل ئه کرم میهرداد سه باره ت به پرسی ریفراندوم


وتوویژی مه هدی حوسه ینی له گه ل ئه کرم میهرداد سه باره ت به :
پرسی ریفراندوم: سه ربه خویی و هه ل و مه رجی ئیستای کوردستان

بۆ گوێگرتن لەم بەرنامەیە کلیکی ئێرەبکەن ….




كەمپەێنی بارزانی بۆ ریفراندۆم, چەپ لە کوێ ڕاوەستاوە؟ …. سەعید کەرامەت

كامپەینی مەسعود بارزانی بۆ ریفراندۆم سەبارەت به سەربەخوێی کوردستان ئەوەنده بە ڕوڵەت جوان و باڵکیشە، که بە داخەوه بەشی هەرە زۆری چەپی لەگەڵ خۆێدا هاو ئاهەنگ کردووە. بە لەبەر چاو گرتنی ئەزمونی ٢٦ سالەی حوکمرانی بارزانی و ئامانجه ڕاستەقینەکانی ئەم پرۆژەیە، بۆچۆنی چەپ له‌م بوارە جێگای سەرنجە. ڕەوت یان کەسایەتێک کە خوی لە بواری ئابوری و بەڕیوەبردندا سەرچاوەێ گەندەڵیە و به هۆی پێشێل کردنی زەق و ناشیاوی یاسا متمانەی لە ژێرپرسیار دایە، نابێت سەر پەرشتی پرۆژەیەکی ئاوا گرنگی پێ بسپێردرێت.

كیشەکە تەنها لە ناشیاوی کارگێری ئەم سیناریۆیه‌دا کورت نابێتەوه. ئامانجی ئەم ڕیفراندۆمە ئەوە نیه که خەڵکی کوردستان بە درێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو سەرو ماڵیان بۆ داناوه . ئەم سیناریۆیە، پلانێکی لە پشت پەردەوەیەو پڕە لە ناڕونی.
زۆربەی ڕەوته چەپەکان لە جیاتی ئەوەی جموجۆڵی پشت پرده و مەترسی ئەنجامەکانی ئەم سیناریۆیە بخوێننەوە، کەچی تەنها ڕواڵەتی بابەتەکەیان بینیوه.
ڕاپرسی گشتی ڕاسەقینە پێویستی بە کۆمەڵێک کاری بنەڕەتی و یاسایی هەیە کە دەبێت لەلایەن لایەنی داواکارەوە ئەنجام درابێت، کە لێرەدا بە چەند خاڵێک دەیانخەمە ڕوو.

ئامانجی ڕیفراندۆم

ئەم پروژە سیاسیە بۆ ئەوەنیه کیشەیەکی سەد ساڵەی کورد چارە سەر بکات. بە پێچەوانه‌وە ئەمە پیلانێکە لە بنەڕەتدا بۆ دەربازکردنی ئەزمەی شەرعیتی سیاسی کورسیەکەی مەسعود بارزانیە. ئەوە زیادتر لە دوساله ماوەی یاسایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر چووە، بەڵام، عاشقبونی بە کورسی دەسەڵات وای لێکردووە دەستهەڵنەگرێت لە کورسی سەرۆکایەتی هەرێم. ئەم کێشەیە بۆتە هۆی ئەوه که پارلەمان سەبارەت به پۆستی سەروکایەتی هەڵوێست بگرێت. پاش وروژاندنی بابەتی سەروکایەتی لە لایەن باڵی ئۆپزسیۆنی ناوپەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بڕیاری دا ئەو دامەزراوەیە دابخات و سەرۆکەکەی لە هەولێر دوور بخێرتەوه.

لەوکاتەوه که ئەم ئالۆگورە هاتۆتە ئاراوە، قەیرانی ئابوری و سیاسی کوردستان گەیشتۆتە قوناخێکێ قوڵتر.
سەرەڕای ئەم تەنگوچەڵەمەیە، ئەوە زیاتر لە دوو دەیەونیوه لە حوکمڕانی بارزانی لە کوردستان تێپەڕدەبێ، کەچی ‌‌هێشتا ئەو وڵاتە یاسای بنەڕەتی یان “دەستورێکی” بۆ بەڕیوه بردنی کومەڵگا نیە. پێکهاتەی کارگێڕی هەرێمی کوردستان تێگلاوە لە گەندەڵی و توشی قەیرانێکی ماڵی گەورە هاتووە. قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و کێشە جۆراوجۆرەکانی تر، بونەتە مایەیی فشارێکی زۆر لە دژی بارزانی.

سەرباری ئەم کیشانە، بارزانی نیگەرانی ئەوەیە که ئەزمونی کوردستانی ڕۆژئاوا سەر ڕێژ بكات بۆ کوردستانی باشور. لە كاتێکدا که شەنگال لە دەس داعش ئازاد کرا، دانیشیتوانی ئەو شارەو ناوچەکانی دەوروبەری پێشنیاری خۆبەڕێوەبردنی “یەکینەکانی پاراستنی گەل” ، کە سەر به حیزبی یەکیەتی دموکراتێکی سوریەن، هەلبژارد بۆ بەڕیوی بردنی ناوچە کەیان. هێزەکانی بارزانی چەند جارێک، به یارمەتی تورکیە، هەوڵیان دا که بەڕێوه بەرایەتی ئەوشاره لە نوێنەڕانی دانیشتوانەکەی بستێننەوه بەڵام خۆراگری خەڵکەکە ئەو پلانەیان بەر پەرچ دایەوه. ئەگەر ئەزمونی ڕوژئاوا لە باشور پەرە بستێنی، ئەوا بزوتنەوی جەماوەری ئەبێتە هەرەشەیکی جددی تر لە ئۆپوزیسیۆنی ئیستا لە سەر بارزانی.

بارزانی هەستێ بەو مەترسیانە کردوه و ئەوی بەو دەرئەنجامە گەیاندوه که دەبێ ڕێگایکی تر بۆ به‌لاڕێدابردنی خەڵکی کوردستان بدۆزێتەوه. ڕیفراندۆمی ئێستا بۆ خزمەتکردنە بەم گرفتە، بەڵام ئەم گرفتە تەنها یەک کێشەیە لە کێشەکانی ئەم گشت پرسیە.

گرفتەکانی تر کامانەن؟

‌هیج تاکێک ئاگای لە ناوه‌ڕۆکێ ئەم گشت پرسیەی بارزانی نیە. کارگێڕانی ئەم سیناریۆیه، خەڵکیان به سندۆقێک داخراو دڵخوش کردووه. ‌هاوڵاتیان نازانن لە ژێر دەسەلاتی دەوڵەتی کوردی پاش ریفراندۆم چۆن پێ ناسە دەکرێن و مافەکانیان کامەن، بۆیان ڕون نیه به چشێوەیەک لە سیستمی حوکمرانی دەنگ دەدن.
پاش سەربەخۆی سیستەمی حوکمڕەوایی دلخوازی بارزانی چۆن حوکومەتێک دەبی؟ دەبێتە پاشایەتی، کوماری سیکولار، کوماری اسلامی یان عەشایەری؟ کەس نازانی هاوسەنگی هێز لە نێوان دامەزراوەکانی یاسا دانان، کارگێڕی و داد دا چۆن پێک دێت.

کوردستان دەبێتە خاوەنی چ جۆرە دەستورێک، شێوازی دەستاو دەست کردنی دەسەڵات چۆن دەبێ؟ ئاخوا بواری دەساو دەسکردنی حکومەت و کەڵک وەرگرتن لە یاسای بنەڕتی وڵات دەدرێت؟ سنور و جوگرافیای سیاسی کردستان کامانەن؟
سەرەڕای ئەمانە، ئەو کەسانەی که یاساو ڕێسای ئەم یاریە دا دەڕێژێن، لە جیاتی ئەوەی نێونەرایەتی خەڵک بکەن، هەر هەمویان دەستەمۆی بارزانین. بۆیە سودی ئەم سیناریۆیە لە جێاتی ئەوەی بڕواتە خەزێنەی هاوڵاتیانی کوردستانەوە، دەچێتە گیرفانی بنەماڵەیەکەوە.

چەپ لە كوێی ئەم یارییە ڕاوستاوە؟

سەره‌ڕای ئەو کەم و کوڕییانە، تا ئەو جێگایەی من بە دووادا چوونم بۆ ئەدەبیاتی هێزه چەپە کانی کوردستانی باشور و ڕوژهەڵاتم کردبێت، هەمویان پێشوازیان لەم بانگێشتەی ڕیفراندۆم کردووە. لە ناو کەسایەتییە دیارە کانی چەپ، لێرەدا چند سەرنجێکی هاوڕی رێبوار ئە‌حمەد، سکرتێری پێشوێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و یەکێ له رابەرانی بزوتنەوه‌که لەم ناوچەیە، شی دەکەمەوه.
هاوڕێ رێبوار له‌نووسراوێکدا بە ناو نیشانی ” ڕیفراندۆم مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیۆنالیسم خاڵی لاوازن!” وێڕای پشتگیری لە هەڵمەت بۆ ئەم گشت پرسیە، دەنۆسێ:

“لەوەش زیاتر دژایەتی کردنی ریفراندۆم بەهانەی “بەکارنەخستنەوەی پەرلەمان” جگە لە بە فیداکردنی چارەنوسی خەڵک لە پێناو بەدەستهێنانەوەی بەشە دەسەڵات و بەشیان لە سامانی بە تاڵانبراو هیچی تر نیە. بە گشتی ئەو بۆچونەی کە راوەستانی بارزانی و پارتی لە پشتی ریفراندۆم دەکاتە بەهانەیەک بۆ دژایەتی کردنی ئەم پرسە، هەڵوێستێکی تەسکی ئەنتی پارتیە و پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵک و ئایندەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگاوە نیە. ”

نووسەر لە درێژە دا دەڵی،” پرۆسەی ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان پرسێکی گرنگ و چارەنوسسازە، ناوەرۆکی ئەم پرۆسەیە شتێک نیە جگە لە بواردان بە دەربڕینی رای ئازادانەی خەڵک لەسەر ئایندەی ئەم کۆمەڵگایە.”

تائەو شوینە که قسە و باسەکە لە سەر سەربەخۆی و مافی چارەی خۆنووسینە، منیش هاوڕام لەگەڵ هاوڕێ ڕێبوار. کیانی سیاسی عیراق له سەر بنەمای نەژادی و ئاینی بنیاد نراوە. ئەم شێوه‌یە له حوکمڕانی بەربەستە لە پێش گەشەکردنی مەدەنیانەی هاوڵاتیاندا و زیاتر مەیلی بەلای قوڵکردنەوەی کێشە نەژادێکاندایە.
بەدڵنیاییەوە ئەگەر بێت و هێزیکی پێشکەوتوخواز، بەرگریکەر لە سیستمێکی سیکولار، پابەند بە مافی هاوڵاتیان و دادوەری کۆمەڵایەتی، داوای ڕیفرندۆم وسەربەخوێ کوردستان بکات دەبێت پشتگیری بکرێت.
بەڵام بزووتنه‌وەو کەسایەتی بانگەوازکەر بۆ گشت پرسی ئەم جارە، هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ بزوتنەوەیەکی وادا نیە.

سەره‌ڕای ئەمە، شێوەی بیرکردنەوەی هاوڕێ ڕێبوار لە پاراگرافی سەرەوە ئەو تەسەورە دەدا بە خوێنەر که گوایا بارزانی خەریکه خەڵکی کوردستان بەرەو ئایەندەیەکی باشتر دەبات. پێوایە که نەیارانی ڕیفراندۆمی ئەمڕۆ لەم پرسە گرینگە تێناگەن.
پێشتر ئیشارەتەم دا که کەم کوڕی بنەڕەتی ئەم ڕیفراندۆمە ناڕوون بونی ناوەڕۆکەکەیەتی. حكومەتی بارزانی لە درێژەی فەرمانرەوایی خۆیدا نەی توانیوە کارەبا و ئاو ۆ خەڵک دابین بکات. سەرەڕای بە پیت و بەرەکەتی بونی خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ، کوردستان هێشتا خەیار و تەماتە وماستاو له ئیران و تورکیاوە هاورده دەکات.
سیستمی بیرکردنەوەی بارزانی تا ئەو ڕادیە عەشایەرییە که تائیستا نەیتوانیەوه سیستمی دووئیدارەیی کوردستان بکات به‌یەک، جا چۆن دەتوانێت یەک نەتەوە به پێکهاتە جۆراوجۆره‌کانی و کیشە کەڵەکە بووەکانیەوە لهم تەنگەژە میژوییەدا درباز بکات بەرەو ئاسۆیەکی باشتر و ئایندەیەکی ئاسود‌یان بۆ دابین بکات؟

هاوڕێ ڕێبوار لە درێژه‌دا دەڵی،” ناوەرۆکی ئەم پرۆسەیە شتێکنیە جگە لە بواردان بە دەربڕینی رای ئازادانەی خەڵک لەسەر ئایندەی ئەم کۆمەڵگایە”. ئەم شێوە بیڕوکه دەربڕینە لەگەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵگا و ئەزمونه مێژووییه کاندا ناگونجێت. لێرە دا پروژەیەکی سیاسی خەریکه لە خوڕا تیۆریزە دەکرێت. هەموان دە زانن که حکومەتی عێراق لە سەر بنەمای قەومی و ئاییینی دامەزراوە. دام ودەزگای حکومەتی کوردیش له سەر بنەمای فەرهەنگی خێڵ و عەشائێری بە ڕێوه دەچێت.
ئەگەر له ١٣ ساڵی ڕابردو له بەغەدا چەندین جار حکومەت دەستاو دەست بووه، بەڵام ئاڵوگوڕێک لەو چەشنە که لە ٢٦ ساڵی رابردو لە کوردستان ڕوی نەداوە. ئێستا بارزانی بەو پێشینە سیاسیەوه ڕێگای بۆ “دەر بڕینی ڕای ئازادانە” هەموار دەکات؟ ئایا سبەێنی ڕێز لە سەرئەنجامی دەنگەکان دەگرێ؟

بەشداری له ڕیفراندۆم، له ژێر هەر هەلومەرجێکدا، مانای ڕێگەدان بە بەشداری پوزەتیڤیانەی هاوولاتیان لە کومەڵگەدا نیه. دەسکەوت و سەر ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک پەیوەندی به‌وەوە هەیه که چ هێزێک و به چ ئاسۆیەکەوه پرۆسەی ئەو گشتپرسیەی ڕێک خستوە. سەر ئەنجامی دەنگدان له خۆیدا به تەنها بە سود ناگەڕێتەوە بۆ خەڵک، تەنانەت سودی هەڵبژاردنەکان لە زۆربەی وڵاتە دیموکراسێکانی جیهان به‌شێوەیەکی گشتی بۆ خەڵک ناگەڕێتەوە.
ئەو لایەنەی پرۆسەکە دەبات بە ڕێوە، هەر ئەو لایەنەش بەرەکەی دەچنێتەوە. نمونەی مێژووی زۆرمان هەیە که خەڵک بە هەڵبژاردن و گشت پرسی دیکتاتۆری و نەهامەتیان بۆ خویان هێناوە. هەڵبژاردنی ‌هێتلر و ریفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، تەنیا دوو نموونەن که پیشان دەدەن دەسەلاتداران چۆن به ئاسانی دەتوانن دەنگی خەلک بکەنه سەرمایە بۆ خۆیان.

با له گۆشەیەکی ترەوه چاو لە کیشەکە بکەین. لە سالی ٢٠١٣ خەڵکی کوردستان لە پروسەی ‌هەلبژاردنێکدا بەشداریان کرد که بارزانی زیاتر لە هەر هێزێکتر دەوری هەبوو لە دارشتنی یاسای هەلبژاردنەکه. لە ئەنجامی ئەو هەلبژاردنە کۆمەڵیک هەڵسوراوی سیاسی هڵبژێردران. ئایا بارزانی ڕێزی لەو هەلبژاردنەگرت تا بایەخ به سەرئەنجامی ئەم گشت پرسیە بدات؟
ئەم باسەنه لە بەر ئەوه دەکەم بۆ ئەوەی ڕۆشنبێت، که‌سەر بەخۆی لە ژێر سەرپەرشتی بارزانی بەو مانایە نیە که کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی گونجاو دەبات. ئەم ڕێفراندۆمە لە بنەمادا ڕفاندنی دەنگی خەڵکە بۆ دەرباز بون لە قەیران. شەرعییەتدانە بە کورسی سەروکایەتی بارزانی.

ئەو پلەیە ئەوەنده گرینگه بۆ بارزانی که ئامادەیە دەست له تەواوی ناوچه کێشەلەسەرەکان و بگرە سلێمانی و هەلەبجەیش بکێشتەوە بە مەرجێک کورسیەکەی بپارێزری.
گرنگی ئەم کورسیە بۆتە هۆی ئەوه که ئاماده نیه پێش ئەم گشتپرسیە قەیرانی ناوچه‌ کێشەلەسەرکان یەکلایی بکاتەوه. بارزانی سوور دەزانێ هاتنی بە فەرمی ئەو ناوچانە بۆ سەرکوردستان ڕێژهی دەنگی هێزه سیاسیەکانی تر بەرز دەکاتەوە و پارتی دەخاتە پەراوێزەوه. لە بەر ئەوە پێ باشترە بەجێیان بهێڵێت بۆ بەغدا تابتوانێ کورسێکەی لە هەوڵیر بپارێزی.

ڕێگە چاره چیە؟

لە وانەیە خوێنەر پرسیار بکات که “ڕێگە چاره چیە؟ ئایا دەبێ لە بەڕانبەر ئەم هەلومەرجه بێدەنگ دانیشین؟ بە باوەڕی من لە جیاتی بەشداری کردن له شای و لۆغانی ئەم پرۆپاگەندەیە، دەبێ ئەم کەمپەێنه بكرێت به بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی بۆ دەستە بەر کردنی موچە “پاش کەوت کراوەکان” و هەروەها گوشارخستنە سەر بارزانی بۆ دەستهەڵگرتنی لە کورسی سەروکایەتی.

ڕیفرندۆم پێویستی به ڕەوشێکی باش لە ڕێکخستن و جێبەجێکردنە، پێوێستی بە بنەمای ئابوری و دامەزراوه مەدنی و حکومی و سەروەری یاسا هەیە. ناوەندی بەدوادا چونی پرسێکی گرنگی لەم چەشنه دەبێ لە دیوەخانی سەرۆک حیزبەکان بێتە دەرەوە بۆ ناو هوڵی دەمەزراوه مەدنێکان که نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن.

بۆ پێش بردنی ئەم پەرسە، سەرەتا دەبێ چارەنوسی ناوچە كیشەلەسەرەکان دیاری بكرێت. پاشان، لە ڕێگای هەڵبژاردنی شەفاف و قانونمەند و دادپەروەرانە نوێنەرانی خەڵک هەڵببژێردرێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە. ئەونوینەرانە دەبێت ئەرکی ئامادەکردنی پێویستییەکانی ئەم پرسە بگرنە سەرشان به‌دوور لە دەستێوەردانی لایەنەکان..
ئەگەر پروژهی رێفرندۆم بەو شێوەیەی ئێستا باسێ لێوەدەکرێ بڕواتە پێشەوە، بەر‌هەمەکەی دەچێتە گیرفانی بارزانی و کوردستان وەکو بەشێک لە سیستەمێکی قەومی- ئایینی دەکەوێتە دەس دەزگایەکی عەشایری، خوسەپێن و ناسەقامگیر.

s.keramat@gmail.com
July 13, 2017




ڕیفڕاندۆمی کۆمۆنیستی و ڕیفڕاندۆمی بۆرژوایی ! … و. صابر

چەپە ڕیفۆرمیستە کرێکاری و شەعبەویە پاشکۆکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بانگەوازی ئەوە ئەکەن کە ئەو ڕیفڕاندۆمەی ئەوان دیمۆکراتیانەو ڕیفڕاندۆمەکەی حیزبە کوردیەکان و پارتی نا دیمۆکراتیکانەیە و ناکۆمۆنیستانەیە ؛ گەرچی پارتی و حیزبە کوردیەکانیش هەر ئەگەڕێنەوە بۆ مەرحەمەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و بڕیاردان و چاودێری ئەوان لە کاتی ئەنجامدانی ئەم ڕیفڕاندۆمە ، کە وەک هێزێکی بۆرژوائاسا مافی خۆیانە لە بۆرژوا ئیمپریالیستەکانی دنیا کۆمەک و مصداقیەت وەرگرن ، بەڵام ئەوەی کە مایەی تووڕەی مارکسیستەئەنتەرناسیۆنالیست و کرێکارانی تێکۆشەریەتی ئەوەیە کە ناوی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بزڕێنرێت و ڕوحیەتە شۆشگێڕانیەکەی بمرێنرێت بە ناوی ( ڕیفڕاندۆمی کۆمۆنیستانە ) ، کە گوایە ئەم چەپە حاشیەیەی و ڕیفۆرمیستە پاشکۆیانە کە بە بەرنامەی سیاسی خۆیان شۆڕشیان کردۆتە قوربانی ڕیفۆڕم ، وە مەرجیان بۆ شۆڕش داناوە ئەویش پێ بەپێی چوونەپێشەوەی ڕیفۆرم و چاکسازی لە ژیانی کرێکاراندا ، وە ئەم ڕستە برنشتانیە بەکار ئەهێننەوە و ئەیڵێنەوە کە گوایە ” تا کرێکاران گوزەرانیان باشتر بێت ، باشتر ئامادەی شۆڕش ئەبن ” ! .

ڕیفڕاندۆم یانی دەنگدان لە ژێر ڕابەرایەتی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی ، لە هەرشوێنێکی دنیای سەرمایەداریدا ئەنجام بدرێت ، ئایا دەنگدانەکان لە ژێر ڕابەرایەتی حیزبە قەومی یە کوردیەکان و سەرکوتی بۆرژوازی کوردی ئەتوانین بڵێین توانای ئەنجامدانی هەیە بەشێوەیەکی دیمۆکراتیانە ؟ ئایا مارکسیستەئەنتەرناسیۆناڵەکان کاتێک ناچنە پای ئەم جۆرە دانگدانانە بە مانای ئەوە دێت کە دژ بە مەسەلی کورد و مافی چارەی خۆنوسینن ؟

ئایا مافی چارەی خۆنوسین بەبێ شۆڕشی سۆسیالیستی نێونەتەویانەی کرێکاری توانای ئەنجامدانی هەیە ؟ ئایا ڕێکخستنی چینی کرێکار وەک هێزێکی سەربەخۆ بە جیا لە ڕیفڕاندۆمی بۆرژوایانە بەمانای ئەوە دێت کە کۆمۆنیستەکان دژ بە یەکلاکردنەوەی مافی چارەی خۆنووسینن ؟ دواتر مانای کۆمۆنیسیتانەو لێنینیانەی “مافی چارەی خۆنوسین چییە ؟ ئایا بە مانای گۆڕینی دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەبی دێت بە بۆرژوازی کوردی ؟ یان بە مانای دەسەڵاتداریەتی سەربەخۆیانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش دێت ؟ کە ئەویش تەنها و تەنها بە هەڵپێچان و وەلانانی دسەڵاتداریەتی بۆرژوازی کوردی و عەرەبی دێت ؟

هەروەک هیگڵ ئەڵێت ئەگەر ویستت کارێک ئەنجام بدەیت پەکت لەسەر بەهانەو بیانو ناکەوێت ؛ چەپە ڕیفۆرمیستە کرێکاریەکان ڕێچکەی خیانەتی چەپە شەعبەویەکانیان گرتۆتە بەر وە ئەمە باشترین فرسەتی مێژوویی و صەفبەندی چینایەتییە کە بزوتنەوەی داکۆکی لە ڕیفڕاندۆم بکەن شان بەشانی ڕیفڕاندۆمی حیزبە قەومیە کوردی و ئیسلامیەکان ئەم دەسەڵاتداریەتەی بۆرژوازی کوردی پتەوتر بکەن .

بەهانە و بیانوویەک بۆ گەوجکردن کە بەکاری ئەهێنن ئەوەیە ئێمە ڕیفڕاندۆمەکەمان جیاوازە بەڵام لە ژێر ڕابەرایەتی پارتی و حیزبە کوردیەکان کاری خۆمان ئەکەین !!!
هەڵوێستی شەرمئاوەرانەی ئەم تاقمە ڕیفۆرمیستە حاشییەی بۆرژواکان بۆ ڕزگار بوون لەم حاشییەیەی کە تیایدا ئەناڵێنێت وەک توێژێکی ووردە بۆرژوازی پێویستە پەیوەست بن بە جیهانی سیاسی بۆرژوازی لە هەرێم لە چەشنی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و ح. ش ، و دەستە خوشکەکانیان …

خیانەت لە مارکسیزم بە ناوی مافی گەلی کورد ، بەڵام مافی گەلی کورد لە ژێر ڕابەڕایەتیەکی پتەوەی بۆرژوازی کوردی ، ووردەبۆرژوازی بۆیە هاوشانی ڕیفڕاندۆمەکەی پارتی بزوتنەوەی داکۆکی لە ڕیفڕاندۆم دروستکردووە ، لای ڕوون وئاشکرایە کە هێزی شۆشگێڕانەی چینی کرێکارو نەوەی نوێی مارکسیستە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان هاتوونەتە مەیدان و دووربێت یان نزیک ئەوان ڕسوائەکەن و شیعاراتی درۆزنانەی ئەوان سەبارەت بە کرێکاران و مارکسیزم بەدرۆ ئەخەنەوە ڕیسوایان ئەکەن و ، هەرئێستا ئەم بزوتنەوەیە لە ئارادایەو ڕووەو گەشەسەندنە ، هەربۆیە پێویستە خوازیاری پتەوبوونی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی کوردە بۆ دژایەتیکردنی چینی کرێکارو کۆمۆنیستە ئەنتەرناسیۆناڵەکان و لەم پێناوەشدا ئەرکی ڕاوێژکاری خۆڕایی و بۆ دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کورد هەڵبژاردوەو، لەم پێناوەشدا لە سەر سک لە بەردەمی ڕابەڕایەتی پارتی بۆ حەملەی دەنگدانی ڕیفڕاندۆم ڕاکشاوەو خۆی تەسلیم بە سیاسەتەکانی ئەوان کردووە ، بۆ ئەوەی نزیکایەتی خۆیان لەگەڵ بۆرژوازی حاکمی عەرەب بکەن لە بەغا مسۆگەر بکەن ، بەناوی دیفاع کردن لە مافی خەڵکی کوردستان و سەربەخۆیی ئەوان لە ژێر سایەی هەمان بۆرژوازی کە ۲٦ ساڵە بە چەندین شێوە شیلەی گیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و دەستەنگی ئەو هەرێمە ئەمژێت .

صەفبەندی چەپە ڕیفۆرمیستە کرێکاریەکان و شەعبەویەکان هاوشانی ڕیفڕاندۆمی بۆرژوایانەی دەسەڵاتداریەتی کوردی و عەرەبی پێش ئەوەی بە هۆیەک بۆ گەوجکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بژمێردرێت ، بە خیانەتێکی ئاشکراو بێشەرمانەی ئەوان لە مێژوودا بۆ مارکسیزم تۆمار ئەکرێت ، کە تەنانەت ئومێدی ئەوەشیان لەدەستداوە کە جێگەی متمانە ی خەڵکانی تێکۆشەر بن بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئایندەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەو ناوچەیەدا .

و. صابر




ئێمە کۆمۆنیستکان دژی دروسکردنی دەوڵەتین .؟ … سەروەرکەریم

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ،لەڕوانگەی مارکسیزمەوە قسە ،لەسەر دەوڵەت و دروسکردنی دەوڵەت بکەین ،کەلەئێستادا کۆمەڵگای کوردی زیاتر بەخۆیەوە سەرقاڵکردووەو ،هەموو بزووتنەوەسیاسیەکان قسەی لەبارەوە دەکەن و تیئۆرداتاشینی بۆ دەکەن و لەڕوانگەی پێگەو مەکانەی خۆیانەوە ڕوانگەی خۆیان بەیان دەکەن .
پرسیارە گرنگەکەئەوەیە خەلکی کوردستان بەشوێن چی جۆرە دەوڵەتێکەوەیە،یان دەوڵەت ئەو چوارچێوەیەیە ،کەماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستانی تیا فەرهەم دەبێت ،یان دەوڵەت وەسیلەیەکە بەدەست چینەباڵاکان و دروسکردنی چوارچیوەیەکە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی بەردەوام بوونی چەوساندنەوەی چینایەتی بەناوی ئاشتی کۆمەلایەتی .

لینین ،لەبەرامبەر ئەو جۆرە دیدە بۆ دروسکردنی دەوڵەت زۆر وورد شیکاری کردوەو ئەو ئامانجەی بۆرژوازی ڕوونکردوەتەوە ،کەبۆژوازی ئامانجی لەدروسکردنی دەوڵەت چی یەو ،بۆ دەیەوێت لەژێر پەرچەمی دەوڵەت دا درێژە بە چەوساندنەوەی چینایەتی بدات و بەردەوامی بدات ،بەدەسەڵاتی ستمگەری خۆی و دابین کردنی مانەوەی لەژێرناوی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی و لەوبارەیەوە دەڵێت(تێکۆشان لەپێناوی ڕزگاری جەماوەری زەحمەتکێش لەژێرکاریگەری بۆرژوازی بەشێوەیەکی گشتی و بۆرژوازی ئیمپریالستی بەشێوەیەکی تایبەتی.بەبێ تێکۆشان لەدژی خورافەی ئیمپریالستی سەبارەت بەدەوڵەت مەحاڵە).

تیڕوانینی ئیمپریالستی و بۆرژوازی ناسیونالستی بۆ دروستکردنی دەوڵە ،جگە لەفریودانی خەڵک و خۆشباوەڕکردنیان بەوەی هۆکاری جەوساندنەوەیان نەبوونی دەوڵەتە ،لەکاتێک دا دەوڵەت چوارچیوەیەکە بۆپاراستین و مانەوەی دەسەلاتی بۆرژوازی قەومی و هیچ شتێک بە کریکاران و مافەکانیان نابەخشێت ،جگە لە کۆیلەبوونی زیاتر و مانەوەی زنجیرەکانی چەوساندنەوە.
بیریارانی مارکسیزم زۆر بەڕوونی قسەیان لەبارەی دەوڵەتی قەومی کردوەو ،بەڕۆشنی مەهامی دەوڵەتێک ،کەبۆرژوازی قەومی ئیمپریازم مەبەستیانە ڕوونکردوەتەوە،کەمەهامی کرێکاران چی یە لەبەرامبەر هاتوهاواری بۆرژوازی بۆدروسکردنی دەوڵەتی قەومی چی یە .

مارکس و ئەنگلس و بڕوایان وایە دەوڵەت ئورگانی باڵای دەسەلاتی چینایەتیە وئۆرگانی چەوساندنەوەی چینێکە بەسەر چینێکی ترەوە،بۆ بەدیهێنانی نیزامێک ،کەبەریەکەوتنە چینایەتیەکان خاودەکاتەوە،ئەم چەوساندنەوەیە بە یاسا ئەسڕێتەوە و جێگیری ئەکات.بەبۆچوونی سیاسەتمەدارانی ووردەبۆرژوازی ،نیزام بەتەواوی ماناکەی یانی،ئاشتی نێوان چینەکان .
بوونی دەوڵەت ،پارێزەری نیزامی چینایەتی یەو ،بەردەوام دەسەڵاتی بۆرژوازی بەرگری لەمانەوەی خۆیی و بەردەوام بوونی دەسەڵاتی سەرو خەڵک دەکات ،بۆ ئەم بەبەستەش چەندین دامو دەزگای سەرکوتگەری دروسکردوە،پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئیستیخبارایتەکان ،کەکاریان چاودێری کردنی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگاو هەموو دەنگە ناڕازیەکان ،بەو نیزامەی سەرو خەلک ،جگە لەبوونی هێزی چەکدارو زیندان .

بۆیە دەوڵەت هیچ کاتێک ،لەخزمەتی چینی کرێکارو زەحمەتکێش دا نەبوەو نابێت ،ئەوانەی دەوڵەت وەک ئەفسانەی خۆشگوزەرانی بەخەڵک دەناسێنن ،بۆرژاوزی و ووردە بۆرژوازی و نووسەران و تیئۆریسۆنانی سەربەو ڕەوتەن ،کەبەردەوام کاریان بۆ دامەزارندی دەسەڵاتی سەروخەڵک و بەدەست هێنانی ئیمتیازی زیاترە.

لەڕوانگەی ئەو چەند دێڕەوە قسەیەکیش ،لەسەر گاڵتەجاری بۆرژوازی کوردو مەسەلەی دەوڵەت و رێفراندۆمی گاڵەتەجاری بۆرژوا ناسیونالیزمی کوردەکەین و متەوەهم بوونی بەشێک لەکۆمۆنیستەکان و خۆشخەیاڵیان بەو
ئەوەی سەرانی مافیای کوردایەتی بانگەشەی بۆ دەکەن جگە لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆیان باڵادەستی سەپاندن بەسەر کۆمەڵگادا و بەردەوام بوونی لغاوکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا شتێکی تر نی یە .ئیدیعاکەرانی دەوڵەت ،هەمیشە واپیناسەی ژیان و گوزەران و نەبوونی پێداویستیەکان دەکەن ،کەئەمە لەنەبوونی دەوڵەتەوەیە ،لەکاتێک دا دروست پێچەوانەکەی راستە ،چونکە دەوڵەتی بۆرژوازی ئامانجی سەرکوتی کۆمەڵگاو ئینسانەکانی یەتی و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دامەزراوەی سەرکوتگەری دروستکردوە ،کەتەنها کاریان پاراستنی ئەو دەسەڵاتی دەوڵەتە سەرکوتگەرەیە ،هەڵبەت ئەوە بۆ تەواوی دەوڵەتە بۆرژوازی و سەروخەڵکیەکان ڕاستە ،لەباتی ئینسانەکان و ماف و ئازادیەکانیان موقەدەس بێت ،دەسەڵات و سەرکردەکانی دەسەڵات و دەوڵەت موقەدەس دەبن و هیچ هێزێک نابێت دژی کردەوە هۆڤیەکانیان بوەستێت ،چونکە خودبەخود دەبێتە دژی پیرۆزیەکانی دەوڵەت و سەرکردەکانی ،بۆیە لەباشترین حاڵەتی دا دەوڵەت بۆ لغاوکردنی دەنگە ناڕەزایەتیەکان و پارێزگاری کردنە ،لەدەسەڵاتی سەروخەڵک .

لینین لەوبارەیەوە بەهێنانەوەی قسەکانی ئەنگلس زۆر دروست باسی دەوڵەتی بۆرژوازی دەکات ،کەئامانجی ئەو دەوڵەتە تەنها بۆلغاوکردنی خەڵکە و دەڵێت (دەوڵەت بەهێزترین چینی باڵادەستی ئابورییە ،کەبەهۆی دەوڵەتەوە،دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیش و لەم ڕێگەیەوە هۆگەلی نوێ بۆسەرکوت ووەبەرهێنانی چینی ستەمکێش بەدەست دەهێنی).
دەوڵەت پەرچەمێکی شەرعیە بۆ بەردەوام بوونی چەوساندنەوەو سەرکوتکردنی چینی کرێکارو قوڵکردنەوەی زیاتری هەژاری و نەداری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگاو ،دابین کردنی ژیانی شاهانە بۆ دەوڵەت مەداران .

ئەوەی سەرانی مافیای کوردایەتی ئێستا لەژێر پەرچەمی گاڵتەجاری رێفراندۆم و مژدەی دەوڵەت سەربەخۆ ڕمڵی بۆ لێدەدەن ،جگە لەوەی لەهەموو ئاستەکاندا دووچاری شکستی سیاسی و مۆڕاڵی بوون و ٢٦ساڵە خەریکی دزی و تاڵانی وپێشێل کردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانن و هەموو ئەمەشیان لەژێر پەردەی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ شاردوەتەوە.ئێستا کە تەواوی سیناریۆکانیان ئاشکراو ڕوونە ئیتر جارێکی تر بایانداوەتەوە بەڵای گاڵتەجاری ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ ،کەتەنهاو تەنها مەبەست مانەوەی خۆیان و بەردەوام بوونی دزی و گەندەڵی و تاڵانیەکانیان .ئەگەرنا ئەم دەسەڵاتە مافیایەی سەرانی بۆرژوازی کوردی ٢٦ ساڵە حاکمی موتڵەقن و خاوەنی هەموو ئەو دەزگا سەرکوتکەرانی دەوڵەتانن و بەهەمان شێوەی دەوڵەتە ناسیونالستەکان سەرکوتی ئازادیان کردوەو تیرۆریان کردوەو ،یاسایان ،لەپێناوی مانەوەی خۆیان بەکارهێناوە ،جگەلەوەی خاوەنی دیوەخان (پەڕلەمان) وحکومەت و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و هەوالگری و جەیش بوون ،جگە لەفرۆشتنی نەوت و سەندنی باج و خەراج …هتد.

ئیتر دەوڵەتی بۆرژوازیش هەرئەوەی هەیە کەئامەنە هەیانەوە،ئیتر دەبێت بانگەشەی دروسکردنی دەوڵەت و گاڵتەجاڕی ئەو گاڵتەجاڕیەی سەرانی مافیای کوردایەتی دەستیان داوەتی و رمڵی بۆ لێدەدەن ،بەشێک لەکۆمۆنیستەکانیشیان متەوەهم کردوە بەوەی ئەمانەدەوڵەت دروست دەکەن و ستەمی میللی کۆتایی پێدەهێنێت .
هەڵبەت داخڵ بوونی کۆمۆنیستەکان بەپڕۆسەی گاڵتەجاڕی سەرانی مافیای کوردایەتی و خەونی بەدەوڵەت بوونی ئەم دەسەڵات مافیاگەریە ،جگە لە تێنەگەیشت لەدیدی مارکس و مارکسیزم هیچی تر نی یە .
دەبێت ئەوش بلین لەکوێ دا مارکس پشتیوانی لەدەوڵەتی بۆرژازی کردوەو ،تابەشێک لەکۆمۆنیستەکان بچنە ژێر ئەو تەرحەی سەرانی مافیای کوردایەتی و خۆش باوەربن بەگالتەجاڕی رێفراندۆمی سەرانی مافیای کوردایەتی و ئارگۆمێنتێکی مارکسیمان بۆبکەن بەبەڵگەی ڕاستی ئەو هەڵوێستەیان .
هوڵەندا
٢٧/٧/٢٠١٧
تێبینێ :بۆنوسینی ئەم ووتارە سودم لە کتێبی دەوڵەت و شۆڕش لینین وەرگرتوە .وەرگێڕانی بۆکوردی سالار ڕەشید
ئەوانەی ناوکەوانەکان قسەی لینینە




گەنجانی گۆڕان و کورسیەکەی عومەری سەید عەلی..! … بەیان ئیبراهیم

تێپەڕاندنی یەکەم تەجروبەی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەها کەوتەوە کە هێڵێکی (گەنج )خواز… بزوتنەوەکەی دابەشی دووبەرە کردووە.
تیمی گەنجانی بزوتنەوەکە کە بەهەر هۆیەکبێت نەگەیشتنە خانەی راپەڕاندن لە ئیستادا بیانوونیگەرانیەکانیان سنوری لۆژیک و ئارامی تێپەڕاندووە. بەجۆرێک لەهەڵەیەکی حەیاتیەوە گلاون کە دوورنییە دەرچەو روناکی دەربازبوون نەدۆزنەوە. ناکرێت تین و تاوی گەنجان لەبەردەم وەها پرۆسەیەکدا بەچۆکدابێ و جگەلە هێرش و بێ ئەرزشکردنی بزوتنەوەکە هیچ دەرچەو دەروازەو دیدێکی لۆژیکیان نەبێت بۆ مانەوەو بەردەوامی و کێبڕکێ هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەم لەسەر ئاستی ململانێی نەوە (گەنجە)ەکان.

ئایا گەنجانی گۆڕان پەراوێزخراون.؟

لەسەر ئاستی پلەو ئیمتیاز و فەراهەمکردنی دەرفەت بۆ گەنجان… لە ئاستەکانی (پەرلەمان و حکومەت و رێکخراوەیی) و لەلوتکەی هەرەمی ئۆرگانە حیزبی و حکومیەکاندا تا ئێستا زیاتر لە (٦۰٪)ی پێگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەست گەنجانەوەن. ئایا وەها دەرەنجامێک کۆتایی بەشکۆی گەنج دەهێنێت لە بزوتنەوەکەدا.؟ کە بە بۆچونی من ئەمڕۆ بەشێک لەهەڵسوڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کەوتنە هەڵەیەکی حەیاتی و ستراتیژیەوە. بەجۆرێک کە پارتە ڕکابەرەکانی گۆڕانیان پڕو سەرڕێژکرد بە بیانو و کارتی میدیایی. لەگۆشەیەکی تەسکی شکستی خۆیانەوە گەمەیان بەچاوەڕوانیەکانی خەڵک و شکۆی بزوتنەوەی گۆڕان کرد.

گەنج و خانەی ڕاپەڕاندن.!

ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەر کەس و هەرچی بن… لەسەرو جڤاتی نیشتمانیەوە نین، جڤات دەسەڵاتی هەیە هەر حەوت ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن بخاتە بەردەم (بانگێشت، لێپرسینەوە، لێ سەندنەوەی متمانە)ەوە. چڤات لە دەسەڵاتیا هەیە متمانە لەڕێکخەری گشتی بسەنێتەوە، گەنجە بەرهەڵستکارەکانی گۆڕان تا ئێستا ئەم هاوکێشەیە بە پێچەوانەوە تێگەیشتون.کە هاوکات زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گەنجانن و دەبوو بۆ بەردەوامی ئەم تایبەتمەندیەی جڤات بە هەند وەربگرن.
کورسیەکەی عمری سەید عەلی.!
ڕێکخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان… ئەگەر لە تواناو بیری سیاسی و ستراتیژیدا لە ئاستی کاک نەوشیرواندا نەبێت، ئەوا لە ماندوبون و تێکۆشان و قوربانیدان و خۆڕاگری و دەست و دەم و داوێن پاکی و جورئەت و سادەییدا وێنەی دوەمی کاک نەوشیروانە.

تا ئێستا عمری سەید عەلی لەسەر کورسیەکی ئاسایی و لە تەنیشت درگای ژورەکەیدا دادەنیشێ و هەرگیز سەروی هیچ کام لەمیوانەکانی ناکەوێت. تا ئێستا ئەم پیاوە بە قەمەرەیەکی زۆر سادەو ئاسایی هاتوچۆ دەکات، وەک سێبەرە پڕ شکۆکەی کاک نەوشیروان نە دەستەی پاسەوان و نەستافی نوسینگەی تایبەت و نە قسەکەرو درگاوان و نەهیچ کام لە ئامڕازە تەقلیدیەکانی دەسەڵاتی هەیە.

بەبۆچونی من دەبێت گەنجانی گۆڕان پشت و پشتیوانی ئەم پیاوەبن، دەبێت گەنجانی گۆڕان بە ئومێدەوە لەو هانیشتمانیە بڕوانن کەلەسەر کورسیە پڕ شکۆکەی کاک نەوشیروان دانیشتوە.
لێرەوە ڕاگرتنی هاوسەنگی نەوە (گەنجە)ەکان دەست پێدەکات.

عومەری سەید عەلی جگەلەوەی یەکێکە لە رەمزەکانی خۆڕاگری زیندان.. یەک جار بوە خاوەنی فڕۆکە بە موجازەفەیەکی خەیاڵی دەیان بریندارو بێ دەست و قاچی شۆڕشی گەیاندە کەنارەکانی ئارامی، بۆیە گەنجانی گۆڕان ناچارن دەرفەت بدەنە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و کاریان لەگەڵدا بکەن وەک چۆن جڤاتی نیشتمانی ئەو دەرفەتەی پێداون.

لەکۆتاییدا پێموایە گۆڕان بزوتنەوەی نەوە(گەنجە)ەکان نییەو چارەنوسیشی پەیوەست نییە بە ململانێی نێوان نەوەکان، بەڵکو ئەمە بزوتنەوەی خۆڕاگیری و بەردەوامی و هەڵوێستە لوتکەییەکانە، چارەنوسی ئەم بزوتنەوەیە سەرکەوتن و شکستی پەیوەستە بە جورئەت و ئاستەکانی پێداگری و ململانێ و مساوەمە نەکردن لە ماف و ئازادیەکانی هاونیشتمانیان… وەک چۆن ڕێکخەری گشتی و ستافی خانەی ڕاپەڕاندنیش مەحکومن بەهەڵگرتنی ئاکارە سیاسی و کۆمەڵایەتیە مەزنەکانی کاک نەوشیروان.




ریفراندۆم به‌ڵكو هۆكارێكه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئیراده‌ی‮ ‬میلله‌ت‮، ‮ ‬بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی‮ ‬كورد زه‌رووره‌تێكی‮ ‬زۆر گونجاو و هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕووداوو پێشهاته‌ خێرایانه‌ی‮ ‬ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی‮ ‬كوردستانی‮ ‬گرتووه‌ته‌وه‌‮. یه‌كێك له‌و هێزه‌ سه‌ره‌كی‮ ‬وكاریگه‌رانه‌ی‮ ‬كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی‮ ‬هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پشتی‮ ‬پێببه‌ستێت‮،‮ ‬هێزی‮ ‬گه‌له‌‮.
ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه‌ سه‌رۆك بارزانی پێدا ڕویشتووه‌ و ده‌ڕوات، دروسته‌ وگوزارشت له‌ ئامانجی پیروزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیمان ده‌كات كه‌ ئه‌ویش هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خویی كوردستان، ئه‌مڕۆكه‌ هه‌موو تاكێكی‮ ‬كورد چاوه‌ڕوانی‮ ‬ڕاگه‌یاندنی‮ ‬ده‌وڵه‌تی‮ ‬كوردییه‌ له‌ باشووری‮ ‬كوردستان، به‌ڵام لێره‌وله‌وێ، ده‌نگێكی‮ ‬نه‌شاز، ‬له‌ ئاوازێكی‮ ‬دژ به‌ خواست و ویستی‮ ‬خه‌ڵكی‮ ‬كوردستان، ‬دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی‮، ده‌خوێنێت،‮ ‮ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌وڵه‌ سیاسی و دیبلوماسییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ورد ببینه‌وه‌، گشت هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه‌ نیشتیمانییه‌ پیروزه‌ن و له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ڕزكاركردنی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی له‌ ژێرده‌ستی و كوێلایه‌تی، توانیویه‌تی به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی خوی له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ تومار بكات و دۆزی كورد بگه‌یێنێته‌ ئاستێكی وه‌ها كه‌ كومه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تایبه‌ت وڵاته‌ زلهێزه‌كان پشتگیری داوای ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن.
ڕیفراندۆم بۆ گه‌ییشتن به‌‮ ‬سه‌ربه‌خۆیی‮، ‬مافێكی‮ ‬ڕه‌وایه‌،‮ ‬ئازادیش وه‌رده‌گیرێت و به‌كه‌س نابه‌خشرێت،‮ له‌ په‌یماننامه‌،‮ ‬یاسای‮ ‬مافی‮ ‬مرۆڤ،‮ ‬یاسا نێوده‌وڵه‌تی‮ ‬و نێوخۆییه‌كان ده‌قێكمان نه‌بینوه‌، تانه‌ له‌ ئازادی‮ ‬گه‌لێك بدات،‮ هه‌ربۆیه‌ كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هاتووه‌، پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا، سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنین، ڕۆژه‌كانمان به‌وه‌ی‮ ‬ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی‮ ‬دێت هه‌ر هه‌موویان مێژووین‮، كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی دونیایه‌ك قوربانی داوه‌، شه‌هیدی داوه‌، ئه‌نفالكراوه‌، زیندان و ناره‌حه‌تی بینیوه‌، خه‌باتی بێ پچرانی كردووه‌، ده‌بێت خاڵێكیش هه‌بێت، له‌دواجاردا پێی بگات، كه‌ ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ وێستگه‌ی حه‌سانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی بۆ هه‌موو تاكێكی كورد و كوردستانیان.




گه‌شته‌كه‌ی لانه‌ بۆسه‌رمانگ… فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی

ئه‌م ئێواره‌یه‌ لانه‌ زۆر دڵخۆشه‌”چونكه‌ به‌یانی ڕۆژی جیهانی منداڵانه‌وئه‌میش له‌گه‌ڵ گروپێكی هونه‌ ریداخۆی بۆنمایشێكی شانۆیی ئاماده‌كردووه‌”به‌سه‌ماوگۆرانی چووه‌ ناوباخچه‌كه‌وله‌سه‌ر ئه‌وكورسییه‌دانیشت كه‌ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاباوكی له‌سه‌ری دانیشتبوو..چاوه‌كانی بڕییه‌ ئاسمان چاوی به‌مانگ كه‌وت كه‌له‌تۆپێكی خڕی زه‌ردباوده‌چوو,.

هێنده‌ جوان بووحه‌زت ده‌كردچاوله‌سه‌ری نه‌تروكێنی””لانه‌ له‌چاوه‌كانی مانگدازۆرشتی جوانی بینی”هاوڕێكانی”
میزه‌ڵانی ڕه‌نگاوڕه‌نگ”یارییه‌كانی شاری یاری”كه‌تابلۆیه‌كی وه‌هایان له‌به‌رچاویدا دروستكردبوو ده‌تووت ڕۆژی فیستیفاڵه‌كه‌یه‌…پاش ماوه‌یه‌ك لانه‌ هه‌ستیكرد له‌گه‌ڵ تیمێكی كه‌شتیوانی ئاسمانیدا گه‌شت ده‌كه‌ن بۆسه‌رمانگ.

لانه‌ به‌رگێكی تایبه‌ت به‌وگه‌شته‌وكه‌مامه‌ی هه‌وایی به‌ستبوو”لانه‌ زۆردڵی خۆشبوو وایده‌ زانی بۆفیستیفاڵه‌كه‌ ده‌چێت.
كاتێك گه‌یشتنه‌ سه‌رمانگ”یه‌كێك له‌كه‌شتیوانه‌كان هاته‌لای “ووتی:كچم لانه‌ دابه‌زه‌ واگه‌یشتینه‌ سه‌رمانگ!!لانه‌ به‌هۆی ئه‌وكڵاوه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌له‌سه‌ریدابووهه‌تائه‌وكاته‌ نه‌یزانی ئه‌وكه‌شتیوانه‌ باوكێتی…پاش ئه‌وه‌ی به‌ده‌وری خۆیدا ڕووانی جگه‌ له‌ خۆڵ ووورده‌به‌رد هیچی تری نه‌بینی بۆیه‌ ووتی:باوكه‌ ئه‌ی كوان هاوڕێكانم؟؟كوان میزه‌ڵانه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان؟؟ئه‌ی ئێره‌ شاری یاری لێ نییه‌؟؟.باوكی پێكه‌نی و ووتی:كچم ئه‌وشتانه‌ لێره‌ نین”چونكه‌ ئێره‌ نه‌ ئاوی لێیه‌”نه‌ هه‌وا “ئێره‌ ژیانی تێدانییه‌”هیچ كه‌سێك ناتوانێت به‌ئاسانی بێته‌ ئێره‌”ئه‌وه‌ تائێمه‌ به‌رگی تایبه‌تمان له‌به‌ردایه‌ ته‌نانه‌ت به‌هۆی ئه‌وئۆكسجینه‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین كه‌له‌سه‌رزه‌وییه‌وه‌ هێناومانه‌””لانه‌ زۆرحه‌زی ده‌كرد زانیاری زیاترده‌رباره‌ی مانگ وه‌ربگرێت”به‌ڵام هۆشیی هه‌رلای فیستیفاڵه‌كه‌ بوو”””.لانه‌ ووتی:بابه‌ گیان ئێستا هاوڕێكانم چاوه‌ڕێم ده‌كه‌ن”ئه‌ی ئه‌ونمایشه‌ی ئاماده‌م كردووه‌ بۆیه‌كی شه‌ش ؟!ئۆف خوایه‌ گیان من چووزانم له‌سه‌رمانگ یادی ڕۆژی منداڵان ناكرێته‌وه‌!!هه‌ركوردستان خۆشه‌”ئاووهه‌واو شاری یاری لێیه‌..بابگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كوردستان..”باوكی ووتی :لانه‌ گیان”ئاڵای كوردستانم هێناوه‌ ئێستا لێره‌دا ده‌یچه‌قێنم ئینجا سواری كه‌شتییه‌كه‌
ده‌بین وده‌گه‌ڕێینه‌وه‌بۆسه‌ر زه‌وی””له‌وكاته‌دا كه‌به‌ره‌و كه‌شتییه‌كه‌ ده‌ڕۆیشتن”لانه‌ له‌خه‌و ڕاچڵه‌كی و ڕووانی باوكی له‌ژوورسه‌ریه‌وه‌ وه‌ستاوه‌”به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ به‌لانه‌ی ووت:كچم بڕۆ له‌جێگه‌كه‌ی خۆتدا بخه‌وه‌ بابۆفیستیفاڵه‌كه‌ی به‌یانی به‌تواناو وزه‌یه‌كی باشه‌وه‌ نمایشه‌كه‌ت پێشكه‌ش بكه‌یت.




نوشستی میدیای ئەدەبی … رێژوان نووری

گومانی تێدا نییە چەند فاکتەرێك هەن، دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی رەوتی ئەدەبیات و هونەر لە هەر کۆمەڵگایەکدا، لەوانە بزاوتی میدیا جۆراوجۆرەکانە، لەنێوان ئەو میدیایانەشدا؛ میدیای ئەدەبی خوێندراوەیە.
لە کوردستانی باشوور لەگەڵ هەڵکردنی قەیرانی ئابووریدا زۆربەی گۆڤارو رۆژنامەو تەنانەت پەڕتوکە چاپکراوە ئەدەبیەکانیش داخران، یان ڕێژەیان زۆر کەم بووەوە، ئەو کەمەش پاداشتی ڕێزلێنانی تواناو بەهرەکانی نووسیاریان نەهێشت و بڕییان، بە بیانووی قەیران؛ هەرچەندە نووسەر هەر ئەو پیشەیە بزانێت و بۆ نموونە دارتاشی و جۆڵایی و ئاسنگەریی نەزانێت، بەڵام بەرهەمەکەی بێ بەهایە لەم ڕووەوە.
ئەمە با لە لایەك بووەستێ، ئەوەی زیاتر جێی خەمگینی و کارەساتە ئەوەیە، ئەو بڵاوکراوانەش کە هەن نەك لە ئاستی پێویستدا نین و تینوویەتی خوێنەرانی ئەدەبی ناشکێنن، بەڵکو کەسانێکی ئاست لاواز بەڕێوەی دەبەن و رەنگە هەر خۆیان بە نووسیار ببینن، یان جۆرێك پەراوێزخستنی میزاجی خوێنەرانی ئەدەبی و هونەری بێت، کە خۆیان لەقەرەی بابەتە گرنگ و هەمەلایەن و ئەکادیمیەکان نادەن، یان تەنیا هەر بۆ خۆیانی دەردەکەن و خۆیان تیایدا دەنووسن، بۆ نموونە وەك لە ژمارە (١٠٠٣) ی دووتوێی پاشکۆی ئەدەب و هونەردا دەبیندرێت لە کۆی چوار بابەت سیانیان هی خۆیانە، کە دووانیان تەرجەمەی فارسییە!
لێرەدا چەند پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە؛ لەوانە ئایا چیدی نووسەران و هونەرمەندان بایکۆتی ئەو بڵاوکراوانەیان کردووەو هیچیان بۆ نانووسن؟ واتا لە بێ بەرهەمیدا بێت؟ یان تەسکی بازنەی بڵاوکردنەوەی دەرەوەی خۆیان وادەکات کەسانێکی کەم بەشداری تێدا بکەن؟ باوەڕ ناکەم ئەوەی یەکەمیان بێت؛ چونکە جارێکیان زۆر پێم سەیر بوو و تێبینی ئەوەم کرد کە چەند ساڵێك دوای وەفاتی چیرۆکنووس (سەلام مەنمی) کورتە چیرۆکێکی ئەویان بڵاوکردبووەوە، نازانم هی چەند لە پێشتر بووە چیرۆکنووس بۆی ناردوون!

نەبوونی تێگەشتنی مەوسوعی بۆ ئەدەب و هوشیاریی میدیایی و ئەکادیمیبوون لە بیینی بابەتی باش و داهێنەرانەو هەڵسەنگاندندا، وا دەکات ئەو بڵاوکراوانە بمرێنێت و خوێنەرانیان روو لەکەمی بێت، لە لایەکی تریش داخستنی دەرگا دەبێت بە رووی بڵاوکردنەوەی بابەتی جدی و جوڵێنەرداو لە ئاکامیشدا داخستنی دەرچە دەبێت و هێشتنەوە بێت لە ناو بازنەی خولانەوە بە دەوری شتە سادەو دووبارەو سواوەکاندا.
بە دیقەتدان لە بڵاوکراوە پێشکەوتووە جیهانییەکان دەبینین دەستەی نووسەرانی تایبەتمەندیان هەیە بۆ هەر ژانرێك، ئەو پێوەرە ئەکادیمیەیە بڕیاری بڵاوکردنەوەی بابەتەکان دەدات نەك میزاجی تاکەکەسیی.
پەراوێزخستنی بابەتی باش وەك نموونەی ئەو مامۆستایە وایە قوتابییەکی زیرەك ئیکمال بکات و قوتابییەکی تەمەڵیش دەربچێنێت، کە ئەمە زۆر حاڵەتێکی ئاساییە گەر شەفافییەت و فاکتەری ویژدان پێودانگ نەبێت و ئیدی خوێنەر هەست بە بێزاری موتابەعەکرنی ئەو جۆرە بڵاوکراوانە دەکات.




درۆینە تەبلیغات … ئەرسەلان مەحمود

ئەندێشەو خەیاڵ، زیندانی ناكرێن، بەڵام دەكوژرێن، ئەحزابی كوردی بكوژە هەرە گەورەو كاریگەریەكەی ئەندێشەو خەیاڵە لەكوردەواریدا، ئەمە هەم لەسەر ئاستەكانی تاك، هەم لەكۆشدا هەر ڕاستە.

مەجاز جوانە، بەڵام لەئەدەبدا، چونكە دەگمەن بەماناو بەرجەستە دەبێت لەواقیعدا، یەكێك لەهۆكارە هەرە دیارەكانی سەركەوتنی فەڕەنسیەكان لەشۆڕەشەكەیاندا، واقیعبینییان بوو لەدروشمەكانیاندا، كورد لەژێر دروشمی” داری ئازادی بەخوین ئاونەدرێ‌، بەرناگرێت ” وەك شیعارات و تێكستێكی مەجازی، شكستیهێنا، دروشمێك بوو پتر هەڵخڕێنەر، سەدان هەزاری لەتێكۆشەرەكانی گەیاندە كاروانی شەهیدان، كەچی ئەو دارەی بەئەژمار بەخۆێن ئاودرا، نەك بەرەكەی، سێبەرەكەیشی لەژیانی خەڵكیدا دیار نەما! لەڕاستیدا، هەر دارێك بەخوێن ئاودرا، وشك دەبێت لەواقیعدا، وەها دارێك بەرو سێبەری لەكوێ‌ بێت! لەبەر ئەوە، ئەم وشكە دارە تاڵە، داری ئازادی و دیمۆكراسییەت نیە دەبێت بەخۆێن ئاو بدرێت، بەڵكە لانیكەم ئەوە دار زەقنەبووتێكە لەو گۆڕەی !!

شتگەلێك هەن، هەرگیز نابێ‌ بەزۆر بسەپێندرێن، چونكە دواجار لەواقیعدا ناسەپێندرێن، بەنمونە: هەر یەك لە”تێگەیشتن & هاوڕێیەتی”. ئەم فزوڵیەت و گشتاندنە هزریەی لەكوردەواری و، لەناو حزب و، لەنێوان ئەحزابی كوردیدا، سەبارەت بەوەتەنیەت و دیمۆكراسییەت و هەماهەنگ كارییەوە پێڕۆ دەكرێت، هەزار بەهەزار پێچەوانە بەوەها بەهاو بابەتیبوونێكە هەم لەفۆڕم و هەم لەناوەرۆكدا، هەمووان لەگەڵ كوردایەتیدان، بەڵام بەشەرتی چەقۆ، هەمووان لەگەڵ دیمۆكراسیەتدان، بەڵام بەبێ بوونی جیاوازی، وەك ئەوەی جیاوازی بەپرەنسپ كەوتبێتە دەرەوەی فەلسەفەو هزری دیمۆكراسیەت!!

لەوەیش بەولاوە، هەبوونی جیاوازی بەهەردو بارەكەدا، وەك خیانەت و لاڕێكاری ئەژمار دەكرێت لەسەر یەكتری، هەمووان باس لەهەڤاڵبەندی و، بەیەكەوە هەڵكردن و كاركردن دەكەن، بەڵام لەدەرەوەی هاوتەریبی و هاوسەنگی وەك مۆڕاڵ، هاوڕێ دەبین بەڵام برا گەورایەتی هەر هیمنە، نەتەوەگەر دەبین، بەڵام بەقیادەی من، دیمۆكراسی دەبین، بەڵام بەبێ هەبوونی جیاوازی!!

چەكە كورد كوژە هەرە كاریگەرەكە بەدرێژایی مێژو، لەڕاستیدا ئەو منە منەیە لەتێگەیشتن و لەهاوڕێیەتیدا، ئاخر تۆ گەر هەر دەتەوێ براگەورە بیت، هەر دەتەوێ خۆت سەركردەو خۆت ڕابەرو مێشكە مەجازی و میزاجییەكەی دیموكراسیەت بیت، هەڵبژاردن و ریفراندۆم و تەبلیغاتی هەماهەنگاری و دۆرینەت لەچییە؟ مەسەلەن دەتەوێ كێ بخەڵەتێنیت؟! یان دەخوازی وەك ئەوەی بەرنامەی بەرنامە لەزۆرینەی بەرنامەكانیدا حیوارەك هەبوو كاتیخۆی دەیگوت” حەی حەی! مستەر هەر خۆی كێشەكان دروست دەكاو، هەر خۆیشی حەلییان دەكا” بكەی!!




پەروەردەکردنی منداڵانی داهێنەر…. رەزا شوان

بێگومان شارستانییەتەکانی مرۆڤایەتی، هەموو ئەو شتە سەیر و سەمەرانەش، کە لە ئەمڕۆدا هەن و مرۆڤ لە بەریاندا حەساوەتەوە، هەموویان بەری زادەی بیر و هۆش و کۆشش و کۆڵنەدان و تاقیکردنەوە و کاری بەرجەستەکردنی داهێنەرانن.. ساڵ لە دوای ساڵیش لە سایەی بیرکردنەوە و کۆششی داهێنەراندا، شتی تازەتر و سەیر و سەمەرەتر دێنە ئاراوە، چونکە مرۆڤ هەمیشە نوێخواز و پێشکەوتووخوازە، حەز بە سڕبوون و سواوبوون و بە ژیانێکی چەقبەستوو ناکات.

پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵانی داهێنەر، لەوەدایە کە چۆن بتوانین زەمینەیەکی لەباری ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنین، تا گەشە بە توانا و خەیاڵ و بە بیرۆکەکانیان بکەن. راستە کە داهێنان بەری زیرەکی و ژیرییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، مەرج نییە کە منداڵانی داهێنەر، پلەیەکی زۆر بەرز و باڵای زیرەکیان هەبێت. لەوانەیە کە منداڵی داهێنەر پلەی زیرەکی ناوەندی بێت. ئەمەو داهێنان بە تەنها بواری زانیاری ناگرێتەوە، منداڵەکانیشتان بەم چەمکە پەروەردە مەکەن، کە دەبێت لە بۆاری زانیاریدا، سەرکەوتوو و هەڵکەوتوو و باڵادەستبن، ئەگینا نابن بە داهێنەر. ئەمە بۆچوون و تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە داهێنان هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە: بۆاری زانیاری، وێژەیی، رۆشنبیری، هونەری، وەرزشی، تەکنۆلۆژی،…تاد.

پێگەیاندنی منداڵانی داهێنەریش، کارێکی هێندە گران و ئەستەم نییە، کە تووشی دامان و رامانمان بکەن، پێویستی بە تێگەیشتن و هەوڵی زۆر و بەردەوابوون هەیە. پێویستی بە هاندان و دەستخۆشی و پشتگیریکردن و یارمەتیدان و دابینکردنی زەمینە هەیە.
هەموو دایکان و باوکان، هیوای ئەوە دەخوازن، کە منداڵەکانیان جیاواز و داهێنەربن. بەڵام تەنیا بە حەز و هیواخوازی ئەم خواستەیان نایاتەدی.
دەبێ ئەوەش بزانن، کە هەر منداڵێک ئاستێکی بڕکراوی زیرەکی و توانای بیرکردنەوە و خەیاڵکردنی هەیە، بە زۆر و بە فشار ناتوانن بیانکەن بە داهێنەر.

هەندێ پێیان وایە کە (لە سەدا هەشتا)ی زیرەکی بۆماوەیە (لە سەدا بیست)ی زیرەکی لە ڕێی فێربوون و وەرگرتنەوە گەشەدەکات و پێشدەکەوێت. بەڵام زانایانی پەروەردە و دەروونناسی، پێیان وایە کە پەروەردەی دروست و راههێنانی بەرنامەیی و دابینکردنی پێداویستییەکان و هۆکارەکانی گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی داهێنانی منداڵان، لە ڕێی بیرکردکردنەوە و خەیاڵی زانستی و بیرۆکەی نوێ و تاقیکردنەوەدا، داهێنان بەرجەستە دەبێت.. بە کورتیش کەس لە سکی دایکییەوە داهێنەر نەبووە.
ئایا دەتوانین ئەو توانا و خەونانەی کە منداڵان هەیانە، گەشەیان پێبدەین؟ ئایا دەتوانین منداڵەکانمان بەسەر پەیژەی شارەزایی و بەهرەکانیاندا، بەرەو قۆناغی داهێنان سەریان بخەین؟ لە وەڵامدا، دەڵێین ئەگەر پشوودرێژبین لە گەڵیاندا، بەری ئازادییان لێنەگرین، هاندەر و یارمەتیدەر و پشتیوانیان بین، ئەوەی لە منداڵەکانمان دەخوازین، دێنەدی.

چەند پێناسەیەک بۆ چەمکی داهێنان:

داهێنان کردارێکە، کە داهێنەر هەوڵی ئەوە دەدات، لە رێی گوزارشتکردن لە خەیاڵ و بیرۆکەکانییەوە، خۆی بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی شتێکی بەرهەم بهێنێت، کە بەلای خۆی و بە لای کۆمەڵەوە تازەیە.
داهێنان دەرئەنجامێکی داهێنانەی دژەباوە، وەکو: هۆنراوەیەکی تازە، تابلۆیەکی هونەریی تازە، یا تیۆرێکی زانیاری تازە،…تاد.

منداڵی داهێنەر، ئەو منداڵەیە کە جیاوازە و توانایەکی هۆشی باڵای هەیە، لە ئاستێکی زیرەکی و تێگەیشتووی ئەوتۆشدایە، کە لە ئاستی دیایکراوی ئاسایی باڵاترە. لە یەکێک لە بورەکانیشدا، لەگەڵ منداڵە هاوتەمەنەکانیدا، جیاوازای هەیە، ئایا لە بواری زانیاری ، وێژەیی، رۆشنبیری، هونەری، وەرزشی، یا لە هەر بوارێکی تردا بێت.
منداڵی داهێنەر، منداڵێکە حەز بە خۆبردنە پێشەوە و خۆدەرخستن و خۆهەڵقورتاندن و خۆسەلماندن دەکات، دەیەوێت شت بزانێت، منداڵێکی پرسیارکەرە، دەپرسێت و وەڵامی دروستی پرسیارەکانی دەوێت. بە کورتی منداڵی داهێنەر، هۆشی پڕە لە خەیاڵ و بیرۆکە و پرسیار، پڕە لە خەون، دەیەوێت بە پراکتیکی تاقیان بکاتە و بەرجەستەیان بکات.

(تۆماس ئەدیسۆن) کەڵەزانـای داهێنەر، داهێنەری وزەی کارەبا و گـڵۆپ و زیاتر لە هـەزار داهێنانی تر. کاتێ کە منداڵ بوو، زۆر پرسیاری دەکرد، هەچ کەسێکی بدیبایە پرسیارێکی لێدەکرد.. وای لێهات خەڵکییەکە لە پرسیارەکانی بێزاربوون. بە (نازانین) وەڵامیان دەدایەوە.. دیسان ئەدیسۆن لێیانی دەپرسی: ئەی بۆ نازانن؟ ئەم منداڵە زۆر پرسە، بوو بەو زانا داهێنەرە مەزنە، کە تا هەتایە مرۆڤایەتی قەرزاری ئەوەن.

خەسڵەتەکانی منداڵی داهێنەر:

١ـ منداڵێکی خۆهەڵقورتێنە: منداڵی داهێنەر، خەیاڵ فراون و کراوەیە، بیر لە هەموو شتێک دەکاتەوە. هەمیشە دەیەوێت خۆی بەرێتە پێشەوە، دەرکەوێت و بوونی هەبێت. ئەوەی نایزانێت دەیەوێت بیزانێت، پەیوەندی بە ئەمەوە هەبێت یا نەبێت، دەیەوێت بە شتەکانی دەوروبەری ئاشنابێت و زانیاریی نوێی دەستبکەوێت. شتەکان و بابەتەکانی یاریکردنەکانی تاقی دەکاتەوە وەکو: بووکۆکە، ئۆتۆمبیل، فرۆکە، بابەتی پارچەداری تر، پارچەکانیان لێک هەڵدەوەشێنێتەوە، هەوڵیش دەدات، کە دووبارە پێکەوەیان بنێت.
هەندێ لە دایکان و باوکان، لەم چەشنە رەفتارانەی منداڵەکانیان نیگەران و پەست دەبن. لەوانەیە وەکو سزادانێک بابەتەکانی یارییەکانیان لەبەردەست لابدەن و هەڵیان بگرن. بەڵام مەبەستی منداڵان لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەتانە، ئەوەیە کە بزانن چۆن پێکەوە نراون و چۆن دووبارە وەکو خۆیانی لێبکەنەوە. پێویستە دایکان و باوکان، لەو جۆرە بابەتانەیان بۆ بکڕن، کە منداڵانی تا تەمەن پێج ساڵان واتە (منداڵانی قۆناغی باخچەی منداڵان) بتوانن هەڵیان بوەشێننەوە و دووبارە پێکەوەیان بنێنەوە، وەکو: میکانۆی رەنگاوڕەنگ، بووکەڵەی باغە، موورووی دەنک گەورەی رستەکراو،…تاد.
٢ـ منداڵێکی نەرمڕەوە: منداڵی داهێنەر، هەڵەشە و شپرزە و خۆشباوەڕ و خێرابڕیار نییە، نەرم و لەسەرخۆیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی. مەبەستیشمان لە نەرمڕەوی، بیرچەقەبەستوو نییە، بیرۆکەیەکی دیاریکراو و شێوازێکی رۆتینی دەقگرتووی نییە، ئەو سەربەست و رەهایە، بە دوای هەڵبژاردە و چارەسەری تریشدا دەگەڕێت.
٣ـ زمان پاراوە: منداڵی داهێنەر، بە زوویی زمانی گەشەدەکات، زوو فێری وشە و رستە و قسەکردن و گوزارشتکردن دەبێت، دەستکەوتی زمانی، لە سامانی زمانی هاوڕێ هاوتەمەنەکانی زیاترە.
٤ـ بڕوابەخۆیە: منداڵێ داهێنەر، شانازی بە کەسێتی خۆیەوە دەکات، بڕوا و متمانەی بە هێز و بە تواناکانی خۆی هەیە. هەردەمیش :گەشبینە، رووخۆشە، لێو بەخەندەیە، خۆڕاگرە، کۆڵنەدەرە، قسەخۆشە، پەرتووک و گۆڤاریش دەخوێنێتەوە.
٥ـ زۆر دەپرسێت: یەکێک لە سیما گرنگەکانی منداڵی داهێنەر (زۆرپرسە) دەپرسێت و هەموو هەستەوەرییەکانیشی بەکاردەهێنێت، رۆژی بە دەیان جار دەپرسێت: بۆ؟ چۆن؟ بۆچی؟ بۆ ئەوەی، ئەوەی نایزانێت دەیەوێت بیزانێت، یا شتی زیاتری لەسەر بزانێت.

نابێت دایکان و باوکان و مامۆستاکان، وەڵامی دروستی پرسیارەکانیان نەدەنەوە، یا بە ڕێیان بکەن و وەڵامێکی هەڵە و سەقەت و نادروستیان بدەنەوە.. ئەگینا زۆر لەسەر منداڵان و لەسەر ئەو کەسانەش دەکەوێت، کە بە هەڵە وەڵامیان داونەتەوە.. رەنگە منداڵان پرسیاری سەیر و نابەجێش بکەن، هەر دەبێت بە دروستی و گۆنجاوی وەڵامیان بدەنەوە.. زۆر پرسیارکردنی منداڵان، لایەنێکی ئەرێنییە و نیشانەی زیرەکی و ژیرییە. زۆر لە دایکان و باوکانی نابەڵەد، بە منداڵەکانیان دەڵێن: دەمتان داخەن، ئێوە منداڵن و خۆتان لە هەموو قسە و باسێکدا هەڵمەقورتێنن. بۆیە:
(یۆنامات) دەڵێ:”تا تەمەنی سیانزە ساڵيم، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخـە ـ یە”
(سوکرات) لە فێرکردنی قوتابییەکانیدا، زۆر پشتی بەم رێبازە دەبەستی، واتا شێوازی پرسیارکردن وەڵامدانەوە. تا ئەو رادەیەی کە هەندێ لە پەروەردەکاران و وانەبێژان بە (رێبازی سوکراتی) لە فێرکردندا ناوی دەبەن.
٦ـ حەزی سەرکردەیی هەیە: منداڵی داهێنەر، حەزدەکات ببێت، بە سەرکردە، بە پێشڕەو، بە سەردەستە، بە رابەری گرووپی منداڵان. ببێت بەخاوەنی بڕیار. حەزیش دەکات هەمیشە یەکەم بێت. لە نێو گرووپ و کۆمەڵی منداڵاندا، ئامادەبوونی هەبێت. تواناکانی خۆی دەربخات، رۆڵی هەبێت، را و بۆچوونەکانی بەهەند بزانن.

٧ـ خەیاڵفراوان و بیرتیژە: منداڵی داهێنەر،خاوەنی خەیاڵێکی فراوان و بیرێکی تیژه.
٨ـ چاونەترس و ئازایە: منداڵی داهێنەر، منداڵێکی سەرکیش و چاونەترسە، بە بڕواوە کار و تاقیکردنەوەکانی ئەنجام دەدات. هەڵە و شکستییەکانی کۆڵیپێنادەن. بەرپرسێتی دەرئەنجامی کارەکانی هەڵدەگرێت. خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە و دان بە ئەستەمدا نانێت.
٩ـ حەز بە سەربەخۆیی دەکات: منداڵی داهێنەر، حەز بەوە ناکات کە فشار بخەنەسەری و سنوورداری بکەن، حەزیش ناکات کەسانی تر، دەست لە کارەکانی و لە بڕیارەکانی وەربدەن. نایەوێت پشت بە کەسانی تریش ببەستێت. دەیەوێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت. بە ئەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆییشەوە بڕیار بدات و رەفتار بکات.
١٠ـ خێرا لێکدەرەوەیە: منداڵی داهێنەر، بە خێرایی و بە وردی تێبینی شتەکان دەکات و لێکیان دەداتەوە و هەڵیاندەسەنگێنێت. گەر رووبەڕووی کێشەیەکیش بێت، بە خێرایی لێکیدەداتەوە و بە خێراییش چارەسەرێک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
چەند هەنگاوێک بۆ بە داهێنەرکردنی منداڵان:
١ـ دۆزینەوەی بەهـرە و توانا و، لایەنە جیاوازەکانی کەسێتی منداڵەکانتان.
٢ـ ناوبردن و پۆلێنکردنی، هەموو ئەو شتانەی لە بەرچاوی منداڵەکانتانن. ناو زانین و بۆچی بەکارهێنانی ئەوشتانە، گرنگن لە کرداری داهێناندا.
٣ـ سەیرکردنی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی پەروەردەیی و فێرکردن و خۆشیبەخشەکان، بە شێوەیەکی لەبار، کە هەست بە بێزاری وەرستبوون نەکەن.
٤ـ بابەتی یاریکردنی تازەیان بۆ دابین بکەن. ئەو بابەتانەشیان بۆ دابین بکەن کە گەشە بە زیرەکییان دەکەن. یا بۆ راهێنانی هۆشی منداڵان لەسەر بیرکردنەوە، مەتەڵیان لێبپرسن. بە سەدان مەتەڵی کوردەواریمان هەن. بۆ نموونە، ئەمە چییە و چی پێدەڵێن: “سەوزە وک خەیار، بەرزە وەک چنار، مزرە وەک هەنار، لە دێوە دەیهێنن بۆ شار؟”
٥ـ منداڵەکانتان لەسەر هەمیشە کۆششکردن و ئارامی و دانبەخۆگرتن رایان بهێنن.
٦ـ منداڵەکانتان رابهێنن کە بەبێ ترس، رەخنەبگرن و را و بۆچوون و تێبینییەکانیان دەربڕن. هەوڵی راستکردنەوەی هەڵەکانیش بدەن.

٧ـ رێز لە ئازادی و سەربەخۆیی و لە تایبەتمەندییەکانیان و لە را و لە بۆچوونەکانی منداڵەکانتان بگرن. وەکو: کاتی نووستنیان، هەڵبژاردنی رەنگەکانی جلوبەرگەکانیان.
٨ـ گەر بلوێت، شوێنێکی دیاریکراو، بۆ چالاکییەکانی منداڵەکانتان تەرخان بکەن.
٩ـ مەرج و سانسۆر و سەپاندن، مەخەنە سەر یارییەکانی منداڵەکانتان، با بە کامی دڵیان، حەزیان لە چ یارییەکە ئەوە یارییە بکەن. تەنها یاریی زیانبەخش نەبن.
١٠ـ ئەوەش مەخەنە دڵیانەوە کە ئێوە لێیان دەترس کە تووشی ئازاربن، چونکە ئەم نیگەرانییەی ئێوە، ئازادییان زنجیر دەکات، ناهێڵن بە هەوەسی خۆیان یاری بکەن. نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە: لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، لە شاری (بێرگن) لە (نەرویج) لە باخچەیەکی منداڵان دا، پراکسیسم دەکرد. کچێکی منداڵی خرپن، بە دارێکی بەرزدا هەڵگژا و ویستی بچێتە سەر دارەکە، منیش هاوارم لێکرد، سەرنەکەوی، دابـەزە. بەڕێوەبەری باخچەکەش چاوی لێبوو، بە منی وت:”مەیترسێنە، با سەربکەوێت، پێشتر بە دارێکی نزمدا سەرکەوت. ئەو دەیەوێت لە بەردەم هاوڕێکانیدا، هێز و توانا و ئازایی خۆێ دەربخات. دەشێوێت لەسەر دارەکەوە، دیمەن و رووبەرێکی زیاتر ببینێت”
١١ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن، با فێری یاریی شەترەنج و تاوڵە بن، یا یاری (وشەسازی) دروستکردنی چەند وشەیەک لە چەند پیتێک یا پڕکردنەوەی خانە بەتاڵەکان بە پێت، بۆ دۆزینەوەی وشەی داواکراو. ئەمانە و چەندین یاریی هاوشێوەی تر هەن. ئەم جۆرە یارییانە مێشکی منداڵان چالاک دەەکەن.

١٢ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن، با بە هەوەسی خۆیان وێنەکانیان بکێشن. منداڵان لە رێی وێنەکانیانەوە، گوزارشت لە ناخی دڵ و دەروونیان دەکەن، لە راز و نیـاز و هیـوا و لە خەون و خواستەکانیان دەکەن.

١٣ـ دەتوانن هەندێ چیرۆکیان بۆ بگێڕنەوە یا بخوێننەوە. ئێمەی کورد گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی چیرۆکی فۆلکلۆری و چیرۆکی بەرئاگردانمان هەیە. ئەمەو چیرۆکەکانی ئیزۆپ، لاڤۆنتین، هانس کریستیان ئەندەرسن، برایانی گریم، لیۆن تۆڵستۆی، ئەسترید لیندگرین، کلیلە و دیمنە ی عەبدوڵڵا بن موقەفەع،…تاد. چیرۆکەکانی ئەم نووسەرانە لەبارن بۆ منداڵان، لە(٣ـ١٢) ساڵان. کۆمەڵێک چیرۆکنووسی هاوچەرخی کوردیشمان، چیرۆکەکانیان بۆ منداڵان لە ئاستێکی جیهانیدان، لەوانەش چیرۆکنووسانی منداڵان: فەرەیدوون عەلی ئەمین، لەتیف هەڵمەت، محەمەد فەریق حەسەن، جەلال مەحموود، تاهیر ساڵح سەعید، عومەر عەبدولرەحیم، جەزا عەلی ئەمین، سەلام مەنمی، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، سەلاح نیساری، فەوزیە مەنمی،…تاد.

١٤ـ گەشتی رۆشنبیری و زانیاری بۆ منداڵەکانتان رێکبخەن وەک: سەردانی مۆزەخانە، گەلەری وێنە، شوێنە رۆشنبیرییەکان، کتێبخانەی گشتی، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، چاپخانەکان، کارگەکان، ئەو شوێنانەش کە گۆڤارەکانی منداڵانیان لێ ئامادە دەکرێن.
١٥ـ خێزانان بە گشتی و دایکان بە تایبەتی، رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵانی نوێخواز و داهێنەر و پێشکەوتووخواز. هەر بۆ نموونە، دووبارە (تۆماس ئەدیسۆن) دەڵێ:”ئەوە دایکم بوو کە دروستی کردم” بۆیە هەمیشە خۆی بە قەرزاری دایکی دەزانی.

١٦ـ هاندان و ستایش و ئافەرین و دەستخۆشی لە منداڵان، لە کاتی ئەنجامدانی کارێکی داهێنەرانە، کارتێکردنێکی ئەرینیان لەسەر منداڵان و درێژەدان بە داهێنانەکانیان هەیە.
١٧ـ لە ئەمڕۆدا، ئینتەرنێت و ئایپاد، رۆڵێکی گرنگیان لە گەشەکردنی هۆش و خەیاڵی منداڵاندا هەیە، بەڵام پێویستە کۆنترۆڵبکرێن و بەرەو لایەنە ئەرێنییەکان ئاراستەبکرێن.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە منداڵانی بەهرەمەند و زیرەک و داهێنەری کوردمان زۆرن. بەڵام بە داخەوە، کە وەکو پێویست، نە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن و داهێنانیان بۆ دابین دەکەن، وەکو پێویستیش نە پشتیتان دەگرن و نە هانیان دەدەن.

نەرویـج: (٢٢ی/٧/٢٠١٧)




فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵی كوردی …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


(كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار په‌ نا ئه‌باته‌ به‌ر گڕی ئاگر بۆ راكردن له‌ له‌ ده‌ست گه‌رما) …..

یه‌كێ‌ له‌و هۆكاره‌ هه‌میشه‌یانه‌ی عه‌قڵی كوردی ده‌جولێنێ‌، به‌كرده‌و تێپه‌ڕاندن و تێپه‌ڕینه‌ به‌ خودی رووداوه‌كاندا، به‌ومانایه‌ی، تا به‌كرده‌وه‌ بۆیان ده‌رنه‌كه‌وێ‌، ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ بیكه‌ن باشه‌ یان خراپ، قازانجه‌ یان زه‌ره‌ر، لێكدانه‌وه‌ و تێڕوانینه‌ عه‌قڵییه‌كان هیچ بایه‌خ و ئه‌رزشێكیان نییه‌، له‌ كاتێكدا عه‌قڵی مرۆڤ رۆلێكی گه‌وه‌ ده‌گێرێت له‌ تێگه‌یشتن له‌ هه‌نگاوه‌كان و شرۆڤه‌كردنی رووداوه‌كان و لێكه‌وته‌كانی هه‌ر هه‌نگاوێك، به‌هه‌ر ئاراسته‌یكدا بێت، له‌م چواچێوه‌یه‌دا و بۆ زیاتر سه‌لماندنی ئه‌و راستییانه‌، ده‌كرێ‌ ئاوڕێكی خێرا له‌ مێژووی رابردووی دوورو نزیكی بزووتنه‌وه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كان بده‌ینه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی.
تا ئه‌و كاته‌ی به‌ كرده‌وه‌ ملمڵانێێ‌ یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشته‌ چله‌پۆپه‌ی خۆی و به‌ چه‌ندین قۆناخی مه‌ترسیدارو ماڵوێرانكه‌ردا تێنه‌په‌ڕی و ده‌ست تێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو 31-ی ئابی به‌ دوای خۆیدا نه‌هێنا، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ده‌بێت واز له‌و ملمڵانێ‌ خوێناوییه‌ و خه‌یاڵی یه‌كتر سڕینه‌وه‌یه‌ بێنن و قۆناخێكی نوێ‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌ عه‌قڵیه‌تی كوردی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان درێژبوه‌وه‌ی یه‌ك عه‌قڵییه‌ت و هه‌مان عه‌قڵیه‌تی پێش خۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ روانیومه‌ته‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌دا روونادات، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زیاتر لایه‌نی رووكه‌شی سیاسییه‌كانه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ كۆمه‌ڵگا و سه‌ره‌نجام هه‌ڵسوڕاندنیان به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێ‌ بۆیه‌ تا ئه‌م ساته‌ش پێم وانه‌بووه‌ هیچ كام له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماندبێت، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا په‌یامی به‌رهه‌ڵستكارنه‌ی خۆیان به‌ڕووی یه‌كێتی و پارتی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رزكرده‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ له‌ رووی جه‌وهه‌ری عه‌قڵییه‌وه‌ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌.

هه‌موو جیاوازییه‌كان تا ئه‌م شوێنه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ مه‌رامه‌كانیان ده‌گه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسه‌ت، كه‌ سه‌ره‌نجام خۆی له‌و دوو پێناسه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌م پێناسه‌ ته‌قیلیدیه‌كان و هه‌م پێناسه‌ نوێكان ئاماژه‌یان بۆ كردوه‌، له‌و روانگه‌یه‌ی ته‌قلیدییه‌كان سیاسه‌ت به‌ حوكمكردنی ده‌وله‌ت پێناسه‌ ده‌كه‌ن و نوێیه‌كانیش به‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات،( به‌و مانایه‌ی چالاكی سیاسه‌ت زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و ململانێكردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ حوكمكردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌بێت) كه‌ سه‌ره‌تا ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك و دواتر به‌ جۆرێكی تر له‌ راگه‌یاندن و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌م حزبانه‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌م راستییه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هه‌م ئالوگۆڕی ده‌سه‌ڵات هه‌م لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ به‌ قۆناغێكی تایبه‌تدا تێده‌په‌ڕێ‌ كارێكی حه‌تمییه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ملمڵانێكان ته‌نیا بۆ گه‌یشتن و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ی چاكسازی و گوزارشت كردن له‌ داخوازی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ وه‌ك هێزی به‌رهه‌ڵستكاری ده‌سه‌ڵات تا ئه‌و شوێنه‌یه‌، تا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست.
عه‌لی وه‌ردی له‌ كتێبی گاڵته‌جاڕی عه‌قڵی مرۆڤدا ده‌ڵێ‌: (حزبی به‌رهه‌لستكار هیچ كات باشترو ده‌روون پاكتر نییه‌ له‌ حزبی فه‌رمانڕه‌وا. چونكه‌ ئه‌ویش كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته‌ ده‌ست ناتوانێ‌ خۆی له‌ سروشته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی رزگار بكاو ببێ‌ به‌ فریشته‌).

ئه‌م راستییه‌ش زیاتر دوای ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، كاتێك ده‌بینین هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی دوێنێ‌ دێنه‌ نێو ئه‌و فه‌رمانڕوایه‌ی كه‌ پێشتر پێیان وابوو لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ یه‌كێتی و پارتی تاكه‌ رێگای كۆتایی هێنانه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مڵهوڕییه‌ و نادادپه‌روه‌ریه‌ی كه‌ هه‌یه‌، به‌ومانایه‌ی چی حه‌قیقه‌ت و راستی و جوانی هه‌یه‌ لای ئه‌مانه‌، ئه‌وان له‌ رێگای گه‌وجاندنه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دانیشتون، له‌ كاتێكدا فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی ولیام جیمس ده‌ڵێ‌: ( ئه‌وه‌ی پێده‌ڵێن حه‌قیقه‌ت و راستی، ته‌نیا خه‌یاڵێكه‌ مرۆڤ خۆی دروستی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆیه‌وه‌ گرفت و كێشه‌كانی خۆی پێ‌ چاره‌بكات) بۆیه‌ كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سه‌ره‌تادا هه‌موو خه‌ون و خه‌یالی به‌و ئاراسته‌یه‌ بوو كه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیانه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرێت و كۆتایی به‌و پاشا گه‌ردانییه‌ ده‌هێنێ‌ به‌ وته‌ی خۆیان گوایه‌ زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشاوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ واقعی سیاسی و جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ربه‌ستێكی دێكه‌ی به‌رده‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بوون، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌ هه‌رێمێكی حزب سالاری و حكومه‌تێكی بێ‌ سیسته‌مدا یان راستر بڵێین وڵاتێكی سیستم حزبیدا و وڵاتێكی بێ‌ ده‌ستوردا بتوانرێ‌ به‌ ناوی دیموكراسییه‌ت و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هێزێك وه‌ربگیرێته‌وه‌ كه‌ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و به‌سه‌ر به‌شێكی كوردستاندا به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ جێی قسه‌ له‌سه‌ر كردن نییه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئاسمان و زه‌وی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراونی له‌ چه‌نگدایه‌و له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا چوله‌كه‌ش بێ‌ ئیزن ناتوانێ‌ به‌ ئاسمانی ئه‌م ناوه‌دا بفڕێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ده‌ركه‌وت كه‌ رێژه‌ی ده‌نگهێنانی پارتی له‌ هه‌ندێ‌ ئه‌و ناوچه‌ داخراوانه‌دا له‌ سه‌دا سه‌د بووه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مانیشدا كه‌ بۆ دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ 29/4 یه‌ك رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بوو ئه‌گه‌ر له‌ رابردووشدا وا بووبێت، ئه‌وه‌ ئێستاش هه‌ر وایه‌ سه‌رۆكێكی بێ‌ ركابه‌ر دانرا، نه‌مان بینی هیچ كه‌سێكیش له‌م باره‌یه‌وه‌ دووقسه‌ بكات، كه‌ له‌ رابردوودا هه‌میشه‌ قسه‌ی هه‌بووه‌، بۆ ساتێكیش بێده‌نگ نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگییه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌و نووسه‌رو قسه‌ وه‌شێنانه‌ی جاران جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ركردنه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موویان له‌ پرخه‌ی خه‌وێكی خۆشدا بوبن، قسه‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: (خه‌ڵك نووستون، كه‌ مردن به‌ ئاگا دێنه‌وه‌).

زۆر له‌ شاره‌زایانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی پێیان وایه‌ ته‌بایی و چوونه‌ نێو یه‌ك بازنه‌ی هاوبه‌ش كه‌ مه‌به‌ستم هاوپه‌یمانییه‌تی یه‌كێتی و پارتییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات هۆكارێكی بنچینه‌یی خاوبوونه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی بوو به‌ درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو، كه‌ زۆر له‌ رۆشنبیران و سیاسییه‌كانی كوردیش هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ كه‌وتنه‌ گیانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نه‌وشێروان مسته‌فاش له‌ رووكه‌شدا هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی جیابووه‌وه‌ دواتر كۆمپانیای وشه‌و دواتریش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێكهێنا ( وتارو لێدوان و خیتابی سیاسی و راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوابه‌دوای جیابوونه‌وه‌یان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن) دواتر ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و بیانوانه‌ جگه‌ له‌ خۆ جیاكردنه‌وه‌ و بوون و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ شتێكی تر نه‌بوون.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ روانگه‌ی لۆژیكی جۆرێك له‌و نوسه‌رانه‌ و شارزایانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ركه‌وت كه‌ چۆن یه‌كبوونی یه‌كێتی و پارتی پڕۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئیفلیج كرد بوو، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌م یه‌كبوونه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ قۆناخێكی دیاریكراوی راگوزه‌ر كرد، كه‌ مومكین نه‌بوو به‌ بێ‌ ئه‌م یه‌كبوونه‌ بتوانرێ‌ ئه‌م قۆناخه‌ هه‌ستیارو پڕ له‌ گۆڕانكاریه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش تێپه‌ڕێنرێ‌، له‌ كاتێكدا عه‌قڵیه‌تی كوردیش نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی تێگه‌یشتن بتوانێ‌ ئیداره‌ی ملمڵانێكانی نێوخۆی بدات له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌نابردنه‌ به‌ر هه‌ر جۆره‌ توندو تیژییه‌ك. واته‌ عه‌قڵییه‌تێك به‌ درێژایی مێژوو له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر سڕینه‌وه‌ راهێنرابێت، ئاسان نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ئیداره‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بدات.

عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێ‌: (كۆمه‌ڵگه‌ی ئامیزاد ناتوانێت به‌ ته‌نها، به‌ یه‌كده‌نگی بژی، به‌ڵكو ده‌بێت شتێك له‌ دووبه‌ركیشی تێدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بجولێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌، پێشینان كه‌ جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌نیا یه‌كبوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سه‌یری یه‌ك رووی مه‌سه‌له‌كه‌یان كردووه‌ رووه‌كه‌ی تریان فه‌رامۆش كردبوو، به‌ مانایه‌كی تر نیوه‌ی راستییه‌كانیان دركاندووه‌و نیوه‌كه‌ی تری ماوه‌ته‌وه‌ به‌ شاراوه‌یی و كه‌س نه‌یوێراوه‌ لێی بكۆڵێته‌وه‌).
به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ك چۆن ده‌بێت له‌م روه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌ی یه‌كبوونه‌ بكرێ‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌بێت سه‌یری رووه‌كه‌ی تریشی بكرێت. ئه‌وتا عه‌لی وه‌ردی ئاماژه‌ به‌ هه‌ردوو روه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ‌: (یه‌كده‌نگی یه‌كگرتن دروست ده‌كات له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ هه‌مان كاتدا راوه‌ستانیش دروستده‌كات، یه‌كێتی رۆله‌كانی گه‌ڵ هێزێكی وا دروست ده‌كات گاڵته‌ی پێنه‌كرێت به‌رامبه‌ر كۆمه‌لانی تر به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و هێزه‌ ده‌سته‌وسانی ده‌كات له‌ نه‌شونماكردن و خۆ گونجاندن له‌گه‌ل بارودۆخی تازه‌دا، یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و مانه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك حاله‌ت دوانه‌یكن به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بن، به‌ ده‌گمه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كت ده‌ست ده‌كه‌وێ‌ كه‌ یه‌كگرتوو بێت هه‌م پێشكه‌وتوو).

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا جیا بوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ یه‌كێتی و به‌گه‌ڵكه‌وتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركردایه‌تی و كادیرانی یه‌كێتی به‌گه‌ڵ گۆڕان و قۆستنه‌وه‌ی گرفت و كه‌مو كورتییه‌كان و ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گۆڕانیان وه‌ك هێزێكی حیساب بۆكراوی كاتی ده‌رخست. بۆیه‌ ده‌بینێن له‌ گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی هاتنه‌ پێشیان عه‌قڵیه‌تی سڕینه‌وه‌ باڵ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یاندا ده‌كێشێ‌، بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها له‌ ناوچه‌كه‌دا كار له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كێتی و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كۆنترۆلكراو ده‌كه‌ن، نه‌وشێروان وه‌ك كه‌سێكی به‌ ئه‌زمون له‌ بواری سیاسه‌تكردندا له‌وه‌ تێده‌گات بێ‌ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كۆنترۆل مه‌حاله‌ بتوانێ‌ درێژه‌ به‌ ملمڵانێكانی بدات و بتوانێ‌ به‌و خه‌ونه‌ بگات كه‌ له‌ پێناویدا له‌ یه‌كێتی جیا بۆته‌وه‌، واته‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ له‌ كۆتایدا مێژوویه‌ك بۆخۆی دروست به‌كات، بۆیه‌ هیچ دوور نییه‌ جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشێروان سه‌ره‌نجام بۆ دروستكردنی ئه‌و مێژووه‌ بووبێت كه‌ هه‌موو مرۆڤێك به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێ‌، وه‌ك له‌ بنه‌ما مێژووییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووشدا هاتوه‌، سێ‌ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ دروست بوون (مرۆڤ، زه‌مه‌ن، شوێن)، له‌وه‌شدا نه‌وشێروان مسته‌فا هه‌رسێ‌ ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌به‌رچاو گرتوه‌ خۆی و خه‌ڵكه‌ ناڕازی و دڵشكاوه‌كان و زه‌مه‌نی جیابوونه‌وه‌ی و سلێمانی وه‌ك شوێن و چه‌قی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، ئه‌مانه‌ ئه‌م سێ‌ ره‌گه‌زه‌ن كه‌ ئاماژه‌م بۆی كردوه‌، وه‌ك زۆر له‌ لێكۆله‌ره‌واكانیش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ (مرۆڤ له‌ پێناوی پاشه‌ڕۆژدا ده‌ژی).

هه‌موو جولانه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ره‌تادا به‌ دیهێنانی دونیایه‌كی جوانی پڕ له‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و هه‌ڵته‌كاندنی شته‌ نابه‌جێكان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆنه‌خوازی ئه‌نجامدانی چاكسازی وه‌ك ئامانجی راسته‌قینه‌ی خۆی به‌ گوێی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌دات، بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ هه‌مان ئامانج و دروشم و سیماوه‌ خۆی ده‌رخات، خه‌ڵكانێكیش هه‌بن باوه‌ڕی پێ بكه‌ن.

مانهایم گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفی بوای كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێ‌: (بیرو فكری مرۆڤ دوو جۆر دژ به‌ یه‌كی هه‌یه‌ یه‌كه‌میان هه‌ندێ‌ بیروڕای كۆنه‌خواز كه‌ پشتگیری ده‌كا له‌ سیستمی سه‌ركار، دووه‌میش ئه‌و بیروڕا نه‌یارانه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌ی سیستمێكی نمونه‌یی ده‌كه‌ن). كه‌ ئه‌مه‌ش مانای به‌رداومبونی ملمڵانێكان ده‌گه‌ینێ‌ و دۆخێكی نا ئارام و ناسه‌قامگیر دێنێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ كورد كه‌ هێشتا به‌ ئامانجه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتوه‌ و وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌م لێكراو نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قۆناخه‌ی پشتی خۆی لێبكاته‌وه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌ هه‌ڵێنێ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێم وانییه‌ له‌ رووی عه‌قڵی و واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ناوچه‌كه‌شدا، كورد بتوانێ‌ ئه‌زمونێكی جیا له‌و واقیعه‌ی باڵی به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا كێشاوه‌ بێنێته‌دی.

وه‌ك مانهایم ده‌ڵێ‌: به‌ هۆ و بیانوی ئه‌وه‌ی (سیستمێكی له‌و چاكتر ناتوانێ‌ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ هه‌ر چاكسازییه‌ك ده‌بێته‌ هۆی ئالۆزبوونی كۆمه‌ڵگا و نیگه‌رانی دروست ده‌كات).
هه‌ر وه‌ك ئه‌فلاتونیش له‌ له‌ كتێبی كۆماره‌كه‌یدا ده‌ڵێ‌: ( ئه‌وه‌ی راستی بێت دادوه‌ری، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ئاكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ ، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌و كردارانه‌ی كه‌ له‌ ناخییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قولێن و ئه‌وه‌ی خوی پێوه‌گرتوه‌ و له‌ توانای دایه‌ بیكات).

زۆربه‌ی زانایانی بواری كۆمه‌ڵناسیش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌م بیربۆچوونه‌ی مانهایم، به‌ تایبه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌ (فبلن و سمتر) كه‌ هاوڕان له‌ گه‌ڵ مانهایم،و پێیان وایه‌ باڵاده‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كان هۆكارێكی بنچینه‌یین بۆ مانه‌وه‌ و به‌هێزی به‌ره‌ی كۆنه‌خواز، بۆیه‌ ده‌بینین به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ چوارچێوه‌ی پارستنی ئاسایش و دابینكردنی بژێوی ژیان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی نائارامی و دروست نه‌بوونی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و فاكته‌رانن كه‌ لایه‌نی باڵاده‌ست هه‌میشه‌ بۆ مانه‌وه‌ی وه‌ك ژماره‌ یه‌ك و درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ كاریان ده‌هێنێ‌، هه‌روه‌ك وێنه‌یه‌ك له‌ مێشكی هه‌ر تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا دروست كراوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نیچیرڤان بارزانی كه‌سێكی دیكه‌ نییه‌ بتوانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و وینه‌یه‌ له‌ ئاستی خواره‌وه‌تریشدا وا وێناكراوه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌گه‌ر پارتی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م نه‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌م شاره‌ دووچاری پاشاگردنی ده‌بێته‌وه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینین ئه‌م ئاماژه‌و بیركردنه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌وام هاوڵاتیانی پێوه‌ راده‌كێشرێت.

من بۆیه‌ نمونه‌ به‌ پارتی ده‌هێنمه‌وه‌ چونكه‌ یه‌كێتی به‌ كرده‌وه‌ ئه‌م قۆناخه‌ی تێپه‌ڕاندوه‌ و ده‌مێكیشه‌ باوه‌ڕی به‌ ده‌سه‌ڵاتی پێكه‌وه‌یی هێناوه‌ و، له‌ ئێستاشدا مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌زمونێكی تازه‌ پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر وای كردوه‌ نه‌توانرێ‌ هه‌نگاوی خێرا هه‌ڵبهێنرێ‌، یان ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌ كاڵ و بێ‌ بایه‌خ بێنه‌ به‌رچاو، ئه‌م واقیعه‌ سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ به‌ هۆی سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌ سیسته‌م نه‌كردنی ده‌ماوده‌زگاكان و نه‌بوونی ده‌ستور، وای كردوه‌ متمانه‌ به‌ یه‌كتركردن لاواز بێت، تا ئاستی بێمتمانه‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كان به‌ یه‌كتری، به‌ شێوه‌یه‌ك وای كردوه‌ هه‌موویان به‌ یه‌كه‌وه‌ بیر له‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یان به‌شداریكردن له‌ ده‌سه‌ڵات، یان راده‌ست نه‌كردنی ده‌سه‌ڵات به‌ یه‌كتری بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ واقیعی كوردستان چوونه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو لایه‌ك به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ مانای فه‌راموشكردن و له‌ بیركردنی به‌شێكی به‌رفراوانی كۆمه‌لگه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رگیز وانابێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بتوانێ‌ ته‌عبیر له‌ خواستی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدابێ‌ به‌ به‌راورد به‌ وڵاتانی دیموكراسی و پێشكه‌وتنخواز هێشتا ئێمه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌رداین، دیاریش نییه‌ ئه‌م قۆناغی راگوزه‌ره‌ تا كوێ‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌موو ئه‌م بیروبۆچونانه‌ ده‌مانگه‌ێنێته‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌ك یه‌كێتی و پارتی له‌ جه‌وهه‌ردا جیاوازییه‌كیان نییه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ‌ تاراده‌یه‌ك بیر له‌م جیاوازیه‌ش بكه‌نه‌وه‌ ناتوانن، چونكه‌ كورسی ده‌سه‌ڵات و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌م جیاوازییه‌ ناهێڵێته‌وه‌.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستانیش، هۆكارێكی كاریگه‌ر بوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز و تێپه‌ڕاندنی دۆخێك كه‌ دوور نه‌بوو به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ مه‌یدانی سیاسی، هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و باڵاده‌ستی یه‌ك هێزی كاریگه‌ری به‌ هێزو هێزێكی لاوه‌كی و بێهێز، بۆیه‌ بایه‌خی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتایی به‌و ناوهاوسه‌نگییه‌ و عه‌قڵییه‌ته‌ هێنا ، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر بوو، به‌ درێژایی مێژوو عه‌قڵیه‌تی سڕینه‌وه‌ گۆشه‌یه‌كی دیاری مێشكی مرۆڤی داگیركردوه‌، ره‌نگه‌ له‌ قۆناخه‌ جیا جیاكانی شارستانیه‌تدا وا رێككه‌وتوه‌ زۆر نه‌ته‌وه‌و شارستانییه‌ت له‌ سه‌ر زه‌وی بسڕێنه‌وه‌ و هیچ ئاسه‌وارێكیشیان نه‌مێنێ‌، ده‌كرێ‌ پێمان وابێت چه‌كه‌ره‌كردن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ له‌ چاخه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤایه‌تی و شارستانییه‌كاندا و دواتر ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ مێژووی رابردووی دوورو نزیكدا، مه‌سه‌له‌یه‌ك بووبێت په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی سیاسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد هه‌بووبێت، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ عه‌قل و بیرو هۆشی مرۆڤدا.

بۆیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بڕوابوون به‌ دیموكراسیییه‌ت له‌ كاتێكدا (دیموكراسی باوه‌ڕی به‌ حه‌قیقه‌ت و راستی بێ‌ چه‌ن و چۆن نییه‌)و داننان به‌ ئه‌نجامی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، به‌ تایبه‌تی له‌ دۆخێكی وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، پێویسته‌ هه‌موان به‌ ئاراسته‌ی پێكه‌وه‌ بونێك له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیدا هه‌نگاو بنێن، دوور له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر توندو تیژی و تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌ و خه‌یاڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری.
جۆن لۆك ده‌ڵێ‌: (كه‌س بۆی نییه‌ ده‌سه‌ڵات بۆخۆی زه‌وت بكات و به‌ پێچه‌وانه‌ی ویست و ئاره‌زوه‌كانی هاوڵاتیان فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات، ئه‌گه‌رنا ده‌بێته‌ داگیركه‌ر، داگیركه‌ریش ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ مافی یه‌كێكی تره‌).




هه‌ڵه‌باشیی … به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕه‌نگه‌ كوشنده‌ترین شت له‌ ژیانی تاكدا، توندڕه‌ویی و زوو بڕیاردان بێ. ئێمه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌دا هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ توندڕۆیانه‌ بڕیار له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیرۆكه‌ و باوه‌ڕه‌كانمان ده‌ده‌ین. زۆربه‌ی جار حوكمدانی به‌ په‌له‌ په‌شیمانی به‌دواوه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌موومان له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆماندا ئه‌وه‌مان ئه‌زموون كردبێ، كه‌ هه‌ر كاتێك ده‌رباره‌ی شتێك، حوكمی پێشوه‌ختی خێرای له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانیش ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ نه‌رێنیی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ پاشان سارد و په‌شیمان ببینه‌وه‌؛ پاشانیش له‌ دۆخی هێمن بوونه‌وه‌دا به‌خۆماندا ده‌چینه‌وه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ین و ده‌زانین، كه‌ له‌ بۆچوون و بڕیاره‌كه‌ماندا په‌له‌مان كردووه‌ و به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی حوكممان له‌سه‌ر شتێك، یان كه‌سێك، یان دیارده‌یێك داوه‌؛ بۆیه گرنگه‌، كه‌ له‌ كاتی هه‌ڵچووندا (له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك بێ)، بڕیار نه‌ده‌ین؛ چونكه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌موو ته‌نگه‌تاوییه‌ك (له‌ هه‌ر بوارێكی ژیانماندا بێ)، دووچاری هه‌ڵه‌ی كوشنده‌مان بكا‌.

من بۆیه‌ ئه‌مه‌ ده‌نووسم، چونكه‌ زۆرجار ئه‌مه‌ گرفتی كه‌سایه‌تی منه‌ (واته‌ به‌ هه‌ڵچوونه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كانی ده‌وروبه‌رم ده‌كه‌م. لێره‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی تووڕه‌ئامێز‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و له‌ حوكم و بڕیاردانی ڕاست و بابه‌ته‌كی {مه‌وزوعی} دوورمان ده‌خاته‌وه). ڕاستییه‌كه‌ی گه‌وره‌ترین حیكمه‌ت له‌وه‌دایه‌، كه‌ به‌ میانڕه‌ویی بژین و خۆمان له‌هه‌ر جۆره‌ ده‌مارگیریی و توندڕه‌وییه‌ك بپارێزین.

ده‌بێ بزانین، ڕه‌خنه‌گرتن و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌ ئاست واقیعی پڕ له‌ زوڵم و زۆری ده‌وربه‌رمان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، جودایه‌ له‌وه‌ی، كه‌ ئێمه‌ به‌ هێمنی بیربكه‌ینه‌وه‌ و خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌ بگونجێنین، به‌ڵكو ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا بتوانین، ڕه‌خنه‌ی ڕاست و دروست و كاریگه‌ر و دوور له‌ هه‌ڵچوونی شێتگیرانه‌، كه‌ له‌ ئاكامدا له‌وانه‌یه‌ به‌ نه‌رێنی به‌سه‌رماندا بشكێته‌وه‌‌، له‌م واقیعه‌ بگرین و هه‌ڵوه‌ستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی له‌ ئاستدا بنوێنین (پێم وایه‌ له‌ حاڵه‌تی وادا تووڕه‌بوونی ڕاست و ڕه‌واش هه‌یه: تووڕه‌بوون جودایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌مارگیریی و توندڕه‌ویی. دیاره‌ تووڕه‌بوونیش، كه‌ ده‌بێته‌ سیفه‌تێكی هه‌میشه‌یی له‌ كه‌سایه‌تیمان، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشیی ده‌روونیی وێرانكه‌ر‌‌)، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ ئیراده‌ی به‌هێز له‌ تووڕه‌بوون باشتره‌: ئیراده‌ی به‌هێز ده‌توانێ شته‌كان (واقیع) بگۆڕێ، نه‌ك تووڕه‌بوون.

به‌ختیار محه‌مه‌د




خودی پرۆسەی ڕیفرۆندەم دیمۆکراتیانە نییە … زاهیر باهیر

با لەوەی گەڕێین کە کێ ڕیفرۆندەم لە کوردستانا دەکات و بۆ چ مەبەستێك و ئەنجامێك دەیکات . من لام وایە ئەمە لای زۆربەی زۆرمان ڕوون و ئاشکرایە.
ئەوەی کە گرنگە بیزانین ئەوەیە کە خودی پرۆسەی ڕیفرۆندەم ، پرۆسەیەکی دیمۆکراسیانە نییە ، ئاخر وەرەقەی هەڵبژارادن تەنها دوو هەڵبژاردەت بداتە دەست و تەنها یەك وەڵامیشت پێڕەواببینێت، دەبێت دیمۆکراتییەکەی لە کوێدا بێت؟!! کە لەم بارەدا هیچ وەخت وردەکارییەکان و زەرەر و زیانەکانی سەرنجامەکەیت پێناڵێت . ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ڕیفرۆندەمانەی کە لە جیهانیشدا کراون، ئەوەندەی کە من ئاگەداربم لێیان ، یا خواستی دەوڵەتەکان بووە ، یا حیزبەکانی ناوەوە و دەرەوەی پەڕلەمان بووە ، ئەوانیش وەکو هەموان دەزانین نمایندە و نوێنەرانی بزنسن و دەوڵەتەکەشیان یا ئەو دەوڵەتەشی کە موعارەزە دەیەوێت دروستی بکات، بەشێکی یەکگرتوی سیاسەتی لیبراڵ و ئابوریی نیو-لیبراڵ دەبن. کەواتە ڕیفرۆندەم لەلایەن گەلەوە کە هەرە زۆرینەیە نە بڕیار دەدرێت و نە لێدوانی لەسەر دەکرێت و نە لەسەر دەستی ئەوانیشدا ئەنجامدەدرێت.
ڕەنگە دۆستان و خوازیارانی ڕیفرۆندۆم پێمانبلێن ، ئەمە ڕاستە بەڵام ڕیفرۆندەم پێشوەخت کەمپەینی بۆ دەکرێت و هەردوو بەرەکەش ماف و ئازادی خۆشیان بە تەواوی هەیە لە دەربڕینی مەبەستی خۆیان و ئەوەی کە دەدیانەوێت بیگەیەننە جەماوەر یاخوود هاووڵاتیان .
بەڵام ئەم دۆستانە ئەوەیان لەبیردەچێت کە جگە لە میدیا کێی تر پەخشی ڕاوبۆچونی هەڵمەتکەرانی ڕیفرۆندەم دەکات. لەم بارەشدا گەر میدیا دەوڵەتی بێت ئەوە هەمیشە بەلای دەوڵەتدا دایدەشکێنێت ، واتە بە ناڕەستەوخۆ لەگەڵ ئەو لایەنە کەمپەینەدایە کە دەوڵەتی لە پشتەوەیە . خۆ ئەگەر میدیای ئەهلیش بێت ، تایبەتی/ کۆمپانیا بێت، ئەوە بە پارە دەکەوێتە گەڕ ، بەرەیەك لە هەڵمەتکەران گەر پارەی تەواویان نەبێت بۆ بەکارهێنانی میدیا بۆ مەبەستەکەیان ، ئەوە مەبەستەکەیان یا پەیامەکانیان ناگاتە بەرچاو و بەرگوێی جەماوەر. کەواتە لێرەدا کە شتێك بە پارە بەڕیوە برا، ئیتر دیمۆکراسییەتی تیادا نامێنێت.
دووهەم: لە بریتانیادا، ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا دوو ڕیفرۆندەممان بینی یەکەم سکۆتلەند و دووهەم ئەمەی بریتانیای 23/06/2016 ، کەواتە ئێمە ئەزموونی ڕیفرۆندەمممان لەبەر چاوە و کەمەپەینێکی چڕوپڕیش لە هەردووکیانا لە لایەن هەردوو کەمپەکەوە بەڕێوە چوو تا گەیشتنە ڕادەی سوکایەتیکردن بە کەسایەتی لایەنەکانیش .
من لێرەدا تەنها باس لەمەی 23/06/2016 دەکەم کە بۆ مەبەستی مانەوە یا دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا کرا . ڕاستە کەمپەینێكی چڕوپڕ کرا بەڵام هەرگیز خۆیان نەدا لە خاڵە سەرەکیەکان بەتایبەت لە لایەن کەمپی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا ، ئەسڵەن هەر کەمپەینەکە لەسەر بناخەی درۆ و ساختە دروستکرا و بۆشیان چووە سەر و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچون ، کە ڕەنگە گەر ئەمە لە هەندێك وڵاتانی تردا بکرایە، ئەوانەی کە ڕؤڵی سەرکییان هەبوو لەوێدا و ئێستاش هەر ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئیدارەی دەوڵەتدا ، ببرانایەتە دادگاو سزای پێویست بدرانایە .
ئەمان پێیان وتین کە بە دەرچون لە ئەوروپا دەتوانرێت مانگانە 350 ملیۆن پاوەند پاشەکەوت بکرێت و ئەمەش بدرێتە سیستەمی چارەسەر و تەندروستی و ئەو قەیرانەی کە هەیە دەفعی بکات . وتیان بریتانیا دەبێتە خاوەنی بڕیاری خۆی و لە پاشکۆی بڕیارەکانی برۆکسل دەردەچێت. وتیان کە ئیتر سنور بۆ پەنابەران و کۆچبەران دادەنرێت، سنوریان لێدەبەسترێت و خەڵکانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەلات و شوێنەکانی دیکە دەنێرنەوە. لە هەر هەموویا درۆیان کرد.

بەڵام پێیان نەوتین : کە نرخی پاوەن هەر ئەو شەوە گەر خەڵک بۆ دەرچون لە ئەوەروپا دەنگ بدات بە ڕێژەی لە سەدا 18 دەشکێت، پێیان نەوتین، کە نرخی میوە و سەوزەو بەروبومی ئاژەڵ کە دەهێنرێن بۆ ئەم ولاتە لە ئەورپاوە بە ڕێژەی لە سەدا 13 بۆ لە سەدا 35 دەچێتە سەرەوە [ دەکەوێتە سەر ئەوەی کە هاوردە دەکرێت] ، ئەوەیان شاردەوە کە لە ساڵی 2014 دا 260 هەزار کەس هاتۆنەتە ئەم وڵاتەوە بۆ کارکردن بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2015 بووە بە 280 هەزار کەس . پێیان نەوتین بە ناردنەوەی خەڵکی بۆ وڵاتانی خۆی سیستەمی تەندروستیمان { خەستەخانەکان و کلینیکەکان ] هەرەس دەهێنێت و تەواو دەبێت بەهۆی ئەوەی کە لە سەدا 60 دکتۆر و نێرس و کارمەندان، خەڵکانی وڵاتانی دیکەن . پێیان نەوتین كە کێڵگەکانی بریتانی متمانەی لە سەدا 70 چنەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵییان، لەسەر خەڵکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن ، ئەوەیان شاردەوە بە هاتنە دەرەوەمان لە یەکێتی ئەوروپا هاوردەی ئەوێ بۆ ئێرە کەمتر باجی لەسەر دەبێت وەك لە هەناردەی ئێرە بۆ ئەوێ ، پێیان نەوتین کە مەنحەی کێڵگەوانەکان دەبڕێت و دەوڵەتی بریتانیاش ئەو هەقەیان بۆ ناکاتەوە . ئەوەیان باش ڕووننەکردەوە بە هاتنە دەرەوە لە ئەوروپا ژینگە خراپتر و پیستر دەبێت و ئیدی بریتانیا لە گەڵ ستاندەری ئەوەروپادا ناڕوات و خواردەمەنی ئۆرگانیك و نائۆرگانیك لە یەکتری جیا ناکرێنەوە [ واتە وەرەقەی لەسەر دانانێن تاکو ببینرێت کە ئۆرگانیك یا نائۆرگانیك ] گەلێك خاڵی دیکە کە هاووڵاتیانی بریتانی لێی بێ ئاگا بوون . ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری خەڵك لێرە زیاتر تەماشای بەرنامەی دیکە دەکەن وەك لە ئەخبار و کەمپەینی هەڵبژاردن ، هەروەها زیاتریش ڕۆژنامە ڕایسست و سێکسییەکان و ئەوانەی کە بابەتی باش باس ناکەن دەخوێننەوە . بەڕاستی لەم وڵاتە خەڵکانێکی زۆر کەم گوێ لە دەنگوباس دەگرن و ڕۆژنامە باشەکان دەخوێننەوە.
ڕیفرۆندەم کاتێك دیمۆکراتیانەیە کە خەڵکی خۆی بیکاتە پرسی خۆیی و دواجاریش لە سێنتەرەکانی گەڕەك و سەرکار و شوێنەکانی دیکەدا لێدوان و قسەی لەسەر بکات و تاووتوێی بکات و بڕیاری لەسەر بدات ، نەک پرۆسەیەکی دەوڵەتی و حیزبە سیاسییەکان بێت و میدیای دەوڵەت و کۆمپانییە زەبەلاحەکانیش بانگەشەی بۆ بکەن.

زاهیر باهیر
لەندەن – 26/07/2017




سێبەرەکانی جەنگ …. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..شاخەوان برایم عەبدوڵڵا




ڕۆشبیری یاخی … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئێمه‌ ده‌بێ هه‌وڵ ده‌ین نیچه‌یانه‌ شه‌ڕی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ین: شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و داب و نه‌ریت و ئایین (1) و هه‌موو شته‌ خراپه‌كانی جیهانی كۆن؛ ئه‌و شتانه‌ی ئازادی ویست و بیركردنه‌وه‌ و حه‌زه‌كانمان كۆت و به‌ند ده‌كه‌ن. ده‌بێ وه‌ك نیچه‌ له‌ هه‌موو شتێك یاخی بین. ده‌مه‌وێ بڵێم: ده‌بێ نووسین به‌ شێوه‌یه‌‌ك له‌ شێوه‌كان نیچه‌یانه‌ بنووسرێ. ماركسانه‌ش دژی سته‌م و زوڵم و زۆر و نادادپه‌روه‌ری بوه‌ستێ. نووسین ده‌بێ فه‌وزا (ئاژاوه‌) (2) بخوڵقێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌كرد، ئه‌وه‌ له‌ناو ڕۆتیندا (ڕۆتینی زمان و گوتاردا) خۆی ده‌كوژێ.

هه‌موو داهێنانێك (شتێكی تازه‌) سه‌ره‌تا له‌ فه‌وزاوه‌ له‌دایك ده‌بێ (كه‌ونیش له‌ فه‌وزای ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌ له‌دایك بووه‌). ئه‌م فه‌وزایه‌ ژانی له‌دایك بوونی داهێنان و شته‌ تازه‌كانه‌ (ئه‌م فه‌وزایه‌ ده‌شێ له‌ ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ته‌قلیدیی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌دا ڕوو بدا. ده‌بێ بزانین له‌ بیركردنه‌وه‌دا ئارامیی بوونی نییه‌. بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ ناتوانێ ئارام بێ. لێره‌وه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدییدا فه‌وزا ده‌خوڵقێنێ. ئه‌م فه‌وزایه‌ ده‌شێ سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كان بێ: گۆڕان له‌ بنه‌مای باوه‌ڕ و تێڕوانینمان بۆ دیارده‌ و شته‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌ و جیهان)؛ نیچه‌ و ماركس و فرۆید به‌م شێوه‌یه (له‌ یه‌ك سه‌رده‌مدا: كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست و دواتریش)‌ فه‌وزایان له‌ نه‌ریت و فیكری باوی ڕۆژئاوادا دروست كرد، تا مزگێنی ژانی له‌دایك بوونی جیهانێكی نوێ به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نن. پتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ئه‌م سێ كه‌ڵه‌ فه‌یله‌سوف و زانایه‌ ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی تازه‌گه‌ریین له‌ هه‌موو ئاستێكی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا (هه‌ر هیچ نه‌بێ داینه‌مۆی ڕۆحی ئه‌م تازه‌گه‌رییه‌ن). پتر له‌ سه‌ده‌یه‌كیشه‌ ئه‌وان (فیكر و ڕێبازه‌كانیان) له‌ پێناو نوێ بوونه‌وه‌ و تازه‌گه‌رییدا فه‌وزا له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا ده‌خوڵقێنن: نیچه‌ ده‌ڵێ خوا مرد (ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م گوته‌یه‌ هه‌رگیز ته‌واو نابێ). ماركس عه‌رشی كه‌پیتاڵ ده‌هه‌ژێنێ. فرۆیدیش جارێكی دیكه‌ ئیرۆس (خوای عه‌شق و سێكس) زیندوو ده‌كاته‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وان ((هه‌رسێكیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ڕۆڵ و واتای هێزه‌ شاراوه‌ ناهۆشیاره‌كان تێبگه‌ن، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا چالاكی مرۆڤ و داهاتووی مرۆڤایه‌تی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن. ئه‌وان له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن، كه‌ ده‌كرێ له‌ پره‌نسیپێكدا كۆ بكرێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ جیهان شه‌فاف نییه‌؛ به‌ڵكو باشتر وایه‌ بگوترێ، كه‌ ئه‌وان درك به‌و شه‌فافیه‌ته‌ وه‌همییه‌ی جیهان ده‌كه‌ن، كه‌ باوه‌ڕ وایه‌ ساف و بێگه‌رده. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وان كاریان بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌و میكانیزمه‌ داپۆشراوه‌ بناسنه‌وه‌، كه‌ په‌ره‌ستاندنی ئه‌م جیهانه‌ ڕاڤه‌ ده‌كا. ئه‌م میكانیزمه‌ش‌ لای ماركس ئابوورییه‌؛ لای نیچه‌ ئایینیی و ئه‌خلاقیی و ڕۆشنبیرییه‌؛ لای فرۆیدیش ده‌روونییه‌ و له‌سه‌ر كۆڵه‌گه‌ی نا‌هۆش به‌نده. له‌ هه‌موو بارێكدا كار بۆ ئه‌وه‌ كرا، كه‌ هێزه‌ مژاوییه‌ شاراوه‌كان یان چه‌پێندراوه‌كان، به‌ ڕێگه‌یه‌كی ده‌ستكرد بۆ هۆش ده‌ربهێندرێن ‌)). (3)به‌ڵێ، ئه‌وان كاریان بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ((هێزه‌ شاراوه‌كان)) به‌ ئێمه‌ بناسێنن. ئه‌وان لێره‌وه‌ فه‌وزایان له‌ جیهانی كۆندا خوڵقاند بۆ دامه‌زراندنی جیهانێكی نوێ: جیهانێك، كه (هه‌وڵ بدرێ)‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و دادپه‌روه‌ری دابمه‌زرێ.

———————————-

په‌راوێزه‌كان:

1- من لێره‌ هه‌رگیز مه‌به‌ستم له‌ ئایین باوه‌ڕی كه‌سیی كه‌سه‌كان نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له‌ گوتاری (سیستمی) باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی ئایینه‌، كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی له‌باوه‌ش گرتووه‌.

2- چه‌مكی فه‌وزا لێره‌ لای ئێمه‌ به‌واتای تێك دانی شیرازه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئارامی ته‌قلیدیی دێ. ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر بیرۆكه‌ و باوه‌ڕێكی تازه‌ تووشی ڕاچڵه‌كاندن و شۆك دێ. لێره‌وه‌ جۆرێك له‌ په‌شێویی و ئاژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو سیستمی ئارامی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م فه‌وزایه‌ ده‌شێ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سیستمی باوی كۆمه‌ڵایه‌تیش، له‌وێش گۆڕانكاریی و شۆڕش له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا به‌رپا بكا. ئایا هه‌موو شۆڕشێكێش فه‌وزا له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ناخوڵقێنێ و سه‌ره‌تای هه‌موو گۆڕانكاریی و شۆرشێكیش فه‌وزا نییه‌؟

3- مارك جيمينيز, ما الجمالية؟, ت: د. شربل داغر, المنظمة العربية للترجمة (الطبعة الاولى: بيروت, نيسان 2009)، ص288.

به‌ختیار محه‌مه‌د

‌‌




ڕاگەیاندنی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بەپرسی ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا

بەدەستپێشکەری و بڕیاری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، رۆژی ٢٥ ی مانگی ئەیلولی داهاتوو وەک رۆژی ریفراندۆم و گشتپرسی لەهەرێمی کوردستاندا دیاریکرا. بڕیارە خەڵکی کوردستان لەو ڕیفراندۆمەدا، بەتایبەتی لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێمدا، لەو رۆژەدا بە «بەڵێ» و «نەخێر» دەنگبدەن بەوەی کەسەربەخۆ بن لەعێراق یاخود لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا وەک هەرێمێک بمێننەوە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کەقۆناغی دوای داعش پێشبینی توندبوونەوەی کێ بەرکێ و ململانێی زلهێزەكان‌و دەوڵەتانی ناوچەکە‌و لایەنە عێراقیەکان بۆ دەستشکانەوەی یەکترو پچڕینی بەشی زیاتر دەكرێ‌. لەم بارودۆخە تازەیەدا تاڕادەیەک تەرازووی هێز بەزەرەری پارتی دیموکراتی کوردستان شکاوەتەوە، ئەو پارتە بەهۆی هاوکاری تورکیا و داعش، بەهۆی سیاسەتە ستەمکارو تاکڕەویەکانی لەکوردستاندا، بەهۆی سەرکێشیەکانی لەگەڵ بەغداو ناوەنددا، بەهۆی شکستی سیاسەتە ئابوریەکانی لەناوخۆ و دەرەوەداو شکانەوەی باری قورسی قەیرانە ئابوریەکان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، وە سەرباری ئەوانە كارەساتی سەر ئێزیدیەکان و دروستبوونی هێزگەلێك لەناوچەکەدا كە رۆحی بەرەنگاری‌و هەستانەوەی لە ناخی شكستا دروستكرد ، وە سەرهەڵدانی ئەزمونی رۆژئاوا لە سوریاو دەرکەوتنی ئەزمونێکی تر بەتام و رەنگ و بۆیەکی جیاواز لەئەزموونی ستەمکارانەی هەرێم،…..، بەهۆی گشت ئەوانەوە کێرڤی دەسەڵاتەکەی هاتۆتەخوار، و بڕیاری ڕیفراندۆم درێژەی هەوڵێکە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستانەو هاتنەوە مایە.

بۆ پشتگیری لەو هەوڵە توركیا رۆڵێكی كارا دەگێڕێ‌, هەرچەند لێرەو لەوێ ئۆردۆگان و سەرانی تورکیا هۆشداری دەددەن لەئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەنگاوە بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ تورکیادا نەبووە، توركیا کە دەترسێ لەقۆناغی دوای داعش، کەهاوپەیمانێکی سەرەکی خۆی و ووڵاتانی کەنداوبوو ، ناوەند بەهێزبێتەوەو دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکەدا زیاتربێ، لەو پێناوەدا دەیەوێ پارتی دیموكراتی كوردستان وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆز لەهەرێمدا بەهێز بمێنێتەوەو کوردستان وەک قەوارەیەك لەڕێگەی پارتیەوە لەژێر دەستیدا بێ، و ببێ بەهاوکارو هاوپەیمانی سونەکان لەعێراق و ناوچەکەدا، لەبەر ئەم هۆیانە ئێران بۆ دژایەتی ریفراندۆم و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی یاخود پووچەڵکردنەوەی، هاتۆتە سەر هێڵی گەرم و هەم ڕاستەوخۆ و هەم لەڕێگەی ناوەندەوە گوشارەکانی زیادکردووە.

هەروەها ئەم بڕیارە ئەگەرچی بەفەرمی لەلایەن ئەمریکاو رۆژئاواوە پێشوازی لێناکرێ، بەڵام هاوکات لەگەڵ دژایەتی ڕاستەوخۆیان بەرەو ڕوو نیە، چونکە ئەوانن ئاوری شەڕو جەنگی نەتەوەیی و تائیفی خۆشدەکەن و جاروبار لەڕێگەی ئەم سیناریۆو پڕۆژانەوە پاڵ بەپێکهاتەکانەوە دەنێن بکەونە بەرانبەر یەکتر، وە دەست بەباڵی ئەم هێزانەوە دەگرن، لەسایەی ئەواندا و بەهۆی ئەوانەوە پارتی و یەکێتی و هاوکارەکانیان لەکوردستاندا دەسەڵاتێکی چاوچنۆکی سەرمایەدارانەی ستەمکارانەیان ساغکردۆتەوە، سەرانی کورد وەک گەورە سەرمایەدارو بزنسمانی ناودار لەئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپادا فەرشی سووریان بۆ ڕادەخرێ و دەرگای بانکە گەورەکان بەڕووی پارە تاڵانکراوەکانیاندا دەکرێتەوە، ئەگەر سبەی بەقازانجی خۆیانی بزانن هەر ئەمانە دەکەن بە میرو سوڵتانی بیرو چاڵە نەوتەکان و ناوی لێدەنێن دەوڵەت! ئەوانن کە لایەنگری «دەوڵەتە فاشیلەکان» و دەسەڵاتە میللیشیایەکانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەناوچەکەدا.

لەلایەکی ترەوە هەڵوێستی فەرمی حکومەتەکەی عەبادی و هێزەجیاوازەکانی ئەو حکومەتەو هەڵوێستی ئێران و ووڵاتانی تر لەمەڕ پڕۆژەی ریفراندۆم بۆ جارێکی تر ئەوەی دەرخست کە ئەو مەترسیانەی لەدەرگای هەرێم دەدەن چەند زۆرو زەبەندن. دەوڵەتانی ناوچەکە، تاچ ڕادەیەک لەپیلاندان لەدژی خەڵکی کوردستان، چۆن بەهەزارو یەک بیانوو مافی دیاریکردنی چارەنوس بەخەڵکی کورد رەوانابینن و پیلان دەگێڕن، لەگەڵ یەکتر سات و سەودا دەکەن و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ رەتکردنەوەی پێشهاتەکانی، هێزگەلی بۆ ئامادە دەکەن و بەشێوەی جۆراوجۆر کەوتونەتە هەڕەشەو گوشارو دانانی گەمارۆ، وەحکومەتی بەغداد چۆن کەوتۆتەخۆ بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و پەراوێزخستنی. کۆی ئەو هەڵویستە نەگۆڕانە کەدووپاتکرایەوە نیشانیدا سەربەخۆیی بە گفتوگۆو دانوستان و ڕێگاچارەی دیموکراسی فۆرماڵی چەند دوورە لەواقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی ئەم ووڵاتەو ناوچەکەوە، وە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبری ئامادەکاری جددی، لەبری بەرەنگاری، لەبری پلانی ووردو چڕ بۆ پووچەڵکردنەوەی مەترسیەکان، بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان، دەستەووەسانن و زیاتر کەوتوونەتە سات و سەودا لەگەڵیان، تەنانەت خەریکن پڕۆژەی ڕیفراندۆم دەکەن بەسیناریۆو بۆ ئەو مەبەستە بەکاریدەهێنن. هەر بۆیە هیچ ئامادەکاریەک نابینرێ بۆ ئەوەی زەمینەی سەربەخۆیی، زەمینەی قەوارەیەکی سیاسی نوێ بۆ ژیان و دەسپێکردنێکی نوێ لەئارادا بێ.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەم پڕۆژەیە دابڕان نیە و ناشتوانێ دابڕان بێت لەو سیاسەتانەی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان لەئەزمونی حوکمڕانیاندا بەسەر ئەم هەرێمەدا سەپاندویانە، بەڵکو ئەڵقەیەکی ترەو درێژەی تەقەلای کۆی ناسیونالیزمی کوردە بۆ بەهرەمەندبوون لە دەسەڵاتی زیاتر بەسەر خەڵکی کوردستاندا، هەر بۆیە دەیانەوێ لەڕێگەی یاریکردن بەستەمی میللییەوە، پارسەنگ دروستبکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و ئابڕوچوونەکانیان و سەقامگیرکردنی زیاتری پنتەکانی دەسەڵاتێکی ستەمکاری. لەم سۆنگەیەوە قسەکردن لەبارەی گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک و پرسپێکردنی تەنها خۆڵ لەچاوکردنە و باس لەسەربەخۆیی تەنها بریتیە لەوەی لەناوخۆدا رەهاتربن لەدەسەڵاتدارێتی و دەستکراوەتر بن لەخۆشخزمەتی بەسەروەرەکانیان. ئەگینا ماوەی ٢٦ ساڵە زۆرینەی خەڵکی کورستان بە تەواوی لەسیاسەت و ئەکتی سیاسی دوورخراونەتەوەو بەپێی ئەو بونیادە لەدەسەڵاتدارێتی کە لەئەزموونی هەرێمدا ساغکراوەتەوە، شارو شارۆچکەکان تێکڕا لەدەسەڵات خراون و کۆی دەسەڵاتەکان لەبونیادێکی قوچەکی حزبی- حکومی دا کۆکراوەتەوە، لەناو ئەویشدا بازنەی بڕیاردان تاهاتووە تەسکتربۆتەوەو کۆی دەسەڵاتە ئابووری و سیاسیەکان لەدەستی کەمینەیەکی ستەمگەردا قۆرخ کراوە، بۆ پاراستنی ئەم قۆرخکاریە و بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستاودەستکردنی لەناو خۆیاندا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیان کردووە بەچوارچێوەو ئامراز، کە لە ئێستادا بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکیەکانیانەوە ئەم چوارچێوەیەش لەنێوچووەو بەدەسەڵاتە حزبیەکان پڕکراوەتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر پەرلەمان کارا بێ یان پەکخرابێ، شەڕ لەگەڵ سەرۆکە تاکڕەوەکان بکات یاخود بوکەڵەیەکی دەستی ئەوان بێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە لەکوردستاندا هەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی کەمینەیەک دایەو بۆ بەرژەوەندی ئەو یەکلاکراوەتەوە، لەباشترین دۆخدا پەرلەمان ناتوانێ ئەو بونیادە ستەمکارانەیە بگۆڕێ و دەسەڵات لەپارت وسەرۆکە خاوەن میللیشیاکان وەربگرێت، بەڵام دەتوانێ ڕەوایەتی پێبدات، وە ئەگەر سبەی بگەن بەسازان و ڕێککەوتن و کارای بکەنەوە بۆ رەوایەتی بەپڕۆژەکەیان یان بەبیانووی نائامادەیی ڕیفراندۆم دوابخەن بۆ کاتی هەڵبژاردنە گشتیەکان (پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم) دیسانەوە ئەوە ناتوانێ چاکسازی بێ لەجەوهەری پڕۆژەی ڕیفراندۆمداو لەو ڕاستیەش ناگۆڕێ کە ئەو پڕۆژە مەحاڵە بگۆڕێ بەشتێکی ترو هەرچەشنە هەوڵێک لەو بارەیەوە لەخۆشباوەڕی زیاتر هیچی تر نیە.

لەڕاستیدا پڕۆژەی ڕیفراندۆم، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە دەسەڵاتدارانی هەرێم، سیاسەت و بەرنامەکانیان لەدەوری چەقی دەسەڵاتی خۆیان دەسوڕێتەوە، بە بەکارهێنانی کارتی ستەمی میللی دەیانەوێ لەسەر ئاستی عێراق بەشی زیاتر بپچڕن و لە ناوخۆی هەرێمیش بەهرەمەندبن لەدەسەڵاتی رەها، لەم ڕوانگەیەوە ڕیفراندۆم پێش ئەوەی ئەنجامبدرێ دەنگەکانی رژاوەتە گیرفانی ئەم دەسەڵاتەوە، ئەگەر چانسی سەرکەوتنیشی هەبێ ئەنجامەکەی نە سەربەخۆییەو نە دەبێ بە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری ستەمی میللی، بە پێچەوانەوە دەبێ بەگەمەکردن بەکارتی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەمەش هەوڵێکی ترسناکە بە ئاراستەی وێرانکردنی زیاتری هەرێم، چونکە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێ‌ كەدەوڵەتی نەتەوە لەبەردەم دووڕیانێكدایە، لەلایەكەوە لەبەریەك هەڵدەوەشێتەوەو داروپەردووەكەی بەسەر سەری خەڵكی ئەو وڵاتەدا دەڕووخێ‌، لەلایەكی ترەوە بە باوەشێنكردنی نەتەوەپەرستی قوتی دەكەنەوەو خەڵكی بۆ دەكەنە سووتەمەنی‌و سەرەنجام كەمینەیەك بەهرەمەند دەبن لە خێرو بەرەكەتەكەی. هەر بۆیە بەرزکردنەوەی ئەم کارتە لەبری ئەوەی کەنالیزەی چارەسەری کێشەی نەتەوەیی بێ لەم بارودۆخەدا ئاگری تێبەردەدات و دەیخاتە پاڵ کێشەی تائیفی لەعێراق، کەماوەی 14 ساڵە ئاگری لەم وڵاتە بەرداوەو تەڕو ووشکی پێکەوە سوتاندووەو زەمینەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی ببێ بەمۆڵگەو پەناگاو ژینگەی تیرۆریزم و زیاتر بوونی دەستتێوەردانی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە.
هەڵبەت نەمانی داعش و دەوڵەتە ئیسلامی و فاشیەکەی، فرسەتێکە بۆ دەستپێکردنێکی نوێ، بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و قەوارەیەکی سەربەخۆ لەکوردستان کە هاوبەشی و هاوژیانی کوردو پێهاتەکانی تر دابین بکات و دەسەڵاتدارێتی تیایدا لەخوارەوە بۆ سەرەوە رێکخرابێ، تا ببێ بە نمونەیەکی کاریگەر لەعێراقێکدا کە بەدەست پێکدادانی قەومی و مەزهەبی و تائیفیەوە دەناڵێنێ و هەنگاوێکی پێشڕەو بێت بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوری و سەربازیەی لەناوەندیش دامەزراوە.

ئەم فرسەتە وادەخوازێ کە هەرێم لەئامادەکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گونجاودابێ بۆ ئەو کارە، بەکردەوە قەوارەیەکی سەربەخۆ دروستبکات کە دانیشتوانەکەی خۆیان بەخاوەنی بزانن، هەست بکەن لەچوارچێوەیدا و لەڕێگەیەوە ژیان و گوزەرانیان بەرەو باشتر دەڕوات، لەئازادی و لەخزمەتگوزاری مۆدێرن و ئەمنیەت و ئاسایشی زیاترو ئاسودەیی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند دەبن، هەروەها ئامادەکاریەکان بەجۆرێک بێ کە مەترسی دەوڵەتانی ناوچەکە، هێزە شۆفێنیەکانی ناوەند و تورکیا و ئێران و پیلانگێڕی و سات و سەودای ئەو دەوڵەتانە پووچەڵ بکاتەوە. لەکاتێکدا بەکردەوە هەرێم هیچ ئامادەکاریەکی بۆ ئەو کارانە نەکردووە، هەر لەبەرئەوە بارودۆخی ئێستا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەربەخۆیی کورد لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە نە لەڕووی کات و نە لەڕووی ئامادەکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەوە لەبار نیەو کارێک بۆ لەبارکردن و ئامادەکردنی زەمینەی سەرکەوتنی نەکراوە.

لەم سۆنگەیەوە هەڵوێستی دروست لەدەوری بەشداری بە «بەڵێ» یان «نەخێر» یان بایکۆتکردنی رێفراندۆم نیە، بەڵکو هەنگاو نانە بۆ ئەو ئامادەکاریانە، هاوکات جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆیە لەهێزە ناسیونالیستە کوردیەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم بڕیارەو ئەم پڕۆژەیەیە وەک ئەڵقەیەک لەئەڵقەکانی کۆی سیاسەت و ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم، وە لەو ڕێگەیەوە پەردەهەڵماڵین و پرۆتستۆکردنی کۆی ئەو سیاسەت و بەرنامە کۆنەپەرستیەی ئەو پارتانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا ساغیان کردۆتەوە.


یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
کۆتایی تەموزی 2017




ژینگه‌پارێزم … ڕۆسته‌م خامۆش

بۆ مناڵان …….

ژینـگـه‌ پارێـزم دڵسـۆزی خاكــم
په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی سێ كه‌سی پاكـم
ئه‌وانیـش دایه‌و بابـه‌و مامــۆستـا
هه‌رسێكیان بۆ مـن ڕووناكن ئێستـا

ژینگه‌ پارێزم شـه‌یدای سرووشـتـم
پاك و خـاوێنـم جـوانه‌ ڕه‌وشـتــم
شارم پیـس ناكه‌م به‌ زبڵ و خـاشاك
له‌نێو دڵمایه‌ خــۆشه‌ویسـتی خـاك

ژینگـه‌پارێزم مــن جـوانیـم ده‌وێ
من دۆستی ژینم شـارم خـۆش ده‌وێ
وڵاتی شیـرین كـوردستانـی خــۆم
خۆشه‌ویسته‌لام نیـشتمانـی خــۆم

ڕۆسته‌م خامۆش _ هه‌ولێر 2014




ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت …. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

وەڵامێک بۆ عەلی باپیر دەربارەی سیکۆلاریزم و دیموکراسی ….

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..شاخەوان برایم




سوكرات…. ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌ر زه‌وی

سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم…

به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان و قسه‌ی شاره‌زایان، سوكرات به‌ یه‌كێ‌ له‌ ڕابه‌ره‌ هه‌ڵكه‌وتوه‌كانی رێبازی سه‌فسه‌ته‌ی سۆفستاییه‌كان داده‌نرێ‌، ئه‌گه‌رچی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌سانێكیش هه‌ن سوكرات نه‌ك هه‌روه‌ك سۆفستاییه‌ك ناناسن، به‌ڵكو به‌نه‌یاری مه‌زه‌هه‌بی سۆفستایشی داده‌نێن.
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ ئایا به‌ڕاست، سوكرات فه‌یله‌سوفێكی سۆفستایی بووه‌، یان نا. ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ بۆیه‌كه‌م جار هه‌واڵه‌كانیان لێوه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی. ئه‌و سه‌رچاوه‌ و زانیاریانه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن نه‌یارانی سۆفستاییه‌كانه‌وه‌ گوزاراوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌فلاتون، وه‌ك نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی سۆفستاییه‌كان.

ده‌كرێ‌ بڵێین جگه‌ له‌و زانیاریانه‌ی له‌ دوژمنه‌كانی سۆفستاییه‌كانه‌وه‌ گه‌یشتون، هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نین، چونكه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ سوكرات له‌ دوای خۆیدا هیچ نووسینێكی جێ‌ نه‌هێشتوه‌.
پرۆتاگۆراس-یش كه‌ به‌ یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفی سۆفستایی داده‌نرێ‌، به‌ هۆی بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رجه‌م كتێبه‌كانیان سووتاند و خۆشی به‌ به‌له‌مێك رای كرد، به‌ڵام له‌ ده‌ریادا به‌له‌مه‌كه‌ی شكا و ئه‌ویش له‌ ده‌ریاكه‌دا خنكا.

واته‌ هه‌موو زانیارییه‌كان له‌ یه‌ك لایه‌نه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ ناكرێ‌ یه‌كسه‌ره‌ باوه‌ڕی پێبكرێ‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌فلاتون خۆی نه‌یارێكی سه‌ر سه‌ختی سۆفستاییه‌كان بوو.
به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی سۆفستاییه‌كان وه‌ك مه‌زهه‌بێكی دیاری فه‌لسه‌فی بوونیان هه‌بوو هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ وه‌ك دوو نه‌یاری سه‌رسه‌خت هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ ناشرینكردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان، واته‌ ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه‌ له‌ ناشرینكردن و سه‌ره‌نجام زینده‌به‌چاڵكردنی ئه‌و رێبازه‌، یه‌كێ‌ له‌ بیانوه‌كانیشان بۆ ناشرینكردنیان ئه‌وه‌ بوو، گوایه‌ سۆفستاییه‌كان به‌هه‌رمی عه‌قڵیان له‌ رێی وتنه‌وه‌ی وانه‌كانیاندا به‌ پاره‌ ده‌فرۆشن.

به‌دوور نازانرێ‌ ئه‌فلاتون وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی سه‌ر به‌ خانه‌واده‌یه‌كی ئورستۆكراتی هه‌ر له‌ هه‌وه‌له‌وه‌ له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووبێت، له‌سه‌ر عه‌ڕشی فه‌لسه‌فه‌ دابنیشێت، بۆهێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌ش ده‌بوایه‌، ته‌خت و تاراجی سۆفستاییه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوشێنێ‌.
بۆیه‌ ده‌بینین به‌ژه‌هرخواردكرنی سوكرات وه‌ك دواهه‌مین سۆفستایی مه‌یدانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا ته‌خت بوو. ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ناشرینكردنی رێبازه‌ سه‌فسه‌ته‌ییه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردو به‌ مه‌رگی سوكرات كۆتایی پێهات.
سوكرت زیاتر له‌ رێی هه‌ڵسوكه‌وت و بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ك سۆفستاییه‌ك ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ شتێك نییه‌ بمانگه‌ێنێته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ سوكرات سۆفستایی بووه‌. سوكرات له‌ نێو خه‌ڵكی ره‌ش و رووت و كوچه‌و كۆلانه‌كاندا وانه‌كانی ده‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش شێواز و ئامانجێكی سه‌ره‌كی سۆفستاییه‌كان بوو، كه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ش پاشه‌كشه‌ی لێنه‌كرد، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌فلاتون زۆر دژی ئه‌وه‌ بوو، پێی وابوو ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ سووك و بێقیمه‌تكردنی فه‌لسه‌فه‌، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی دواتر بده‌ین، به‌تایبه‌تی دوای ژه‌هرخواردكردنی سوكرات، ده‌بینین ئه‌فلاتون چۆن فه‌لسه‌فه‌ی له‌ كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ئه‌سیناوه‌ گواسته‌وه‌ بۆ كۆشكی ئه‌كادیمیا.

ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ی كه‌ به‌سه‌ر باخی ئه‌كادیموس-یدا ده‌ِروانی، هه‌ر به‌م هۆیشه‌وه‌ بوو ناونرا ئه‌كادیمیا.
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێان وایه‌ ئه‌قلاتون به‌ په‌یژه‌كانی سوكراتدا سه‌ركه‌وت و گه‌یشت به‌و ناو و ناوبانگه‌ی.
عه‌لی وه‌ردی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ئه‌فلاتون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی سوودی له‌ ناوی سوكرات وه‌رگرتوه‌ ئه‌و ده‌ڵێ‌:( ره‌نگه‌ ویستبێتی كوژرانی سوكرات بكا به‌ بیانوویه‌ك بۆ له‌ ناوبردنی رێبازی سه‌فسه‌ته‌و دیموكراتی كه‌ زۆر رقی لێیان بوو). له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی سوكرات بوو له‌ كاتی خۆیدا.

عه‌لی وه‌ردی ڕۆشنای ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان سوكرات و ئه‌فلاتون كه‌ له‌زۆر بیروبۆچونی دیكه‌ی ئه‌واندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. (سوكرات هات فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌رزه‌وی و ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌شه‌ بۆ گه‌ڕان به‌ دوای مرۆڤدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ، له‌ بڕی تێڕامان و وردبوونه‌وه‌ له‌و حه‌قیقه‌ته‌ خه‌یاڵییانه‌ی هیچ سودیكیان نییه‌ بۆ خه‌ڵك، به‌ڵام “ئه‌فلاتون” جاریكی دیكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان و جیهانێكی نوێی دروستكرد كه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌ ناسراوه‌”جیهانی نموونه‌ییه‌كان” واش گومان ده‌كرێ‌ ئه‌و بیروبۆچوونه‌ خه‌یاڵییانه‌ی كه‌ داویه‌ته‌ پاڵ “سوكرات” هه‌مووی زاده‌ی خه‌یاڵی خۆی بێ)‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ گومانێكی زۆر هه‌یه‌ ‌ له‌وه‌ی ئه‌فلاتون له‌سه‌ر رێبازی سوكرات بووبێ‌.
“كونفورد” ده‌ڵێ‌: ( سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ “ئه‌فلاتون” فه‌لسه‌فه‌و رێبازه‌كه‌ی خۆی لێوه‌رگرتووه‌ رێیبازی فیساگۆرس بووه‌) هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پڕۆفیسۆر “زیلر” ده‌ڵێ‌: ( ئه‌فلاتون “ئه‌كادیمیا” ی دروستكرد له‌سه‌ر شێوه‌ی خوێندنگه‌ی فیساگۆرس كه‌ یه‌كه‌م خوێندنگه‌ بوو له‌ مێژووی مرۆڤدا).
ئه‌مه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ بنه‌ما فیكرییه‌كانی سوكرات یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه‌، سوكرات هاوشێوه‌ی سۆفستاییه‌كان، باوه‌ڕی به‌وه‌ بوو ئه‌وان بچنه‌ نێو خه‌ڵك و وانه‌كانیان بۆ بڵێنه‌وه‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان دانیشن و خه‌ڵك بێته‌ لایان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌فلاتون كردی و ئه‌كادیمیای دامه‌زراند و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ خۆیان له‌ خه‌ڵكی ئاسایی جیاكرده‌وه‌.

هه‌ر بۆ لێدانی سۆفستاییه‌كان ئه‌فلاتون قسه‌یه‌كی “فیساگۆرس” كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو وشه‌ی “فه‌لسه‌فه‌ی” به‌كارهێناوه‌، داوه‌ته‌ پاڵ سوكرات و ده‌ڵێ‌: (من حه‌كیم و زانا نیم، چونكه‌ ته‌نیا خوا حه‌كیم و زانایه‌، من ته‌نیا فه‌یله‌سوف-م)
عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێ‌: (یه‌كێك له‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانی زه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌فلاتون سوكراتی واده‌خسته‌ پێش چاوی خه‌ڵك كه‌ دوژمنی گه‌وره‌ی رێبازی سه‌فسه‌ته‌یه‌).
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ سوكرات نه‌ك هه‌ر دژی سۆفستاییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌وان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوكرات له‌ رابه‌رانی دیكه‌ی سۆفستایی جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو،‌ كه‌سوكرات له‌ هه‌ندێ‌ رووی مه‌زهه‌بییه‌وه‌ ناكۆك بووه‌ له‌ گه‌ڵیان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌رگرتنی پاره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكییه‌ی سوكرات به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ك ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ دژی سۆفیستاییه‌كان بووبێ‌، به‌ڵكو سوكرات به‌ داڕێژه‌ری بنه‌ماو به‌ مه‌نهه‌جیكردنی سه‌فسه‌ته‌ داده‌نرێ‌، به‌ شێوه‌یه‌ك سوكرات له‌ باره‌ی ئه‌خلاقییه‌وه‌، چه‌شنی سوفستاییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رێسا ئاكارییه‌كاندا به‌ڵگه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی زاتی بوونی ئه‌خلاقی سووننه‌تیی ره‌تده‌كرده‌وه‌ هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ نوسه‌ره‌ “كۆنزه‌ر ڤاتییه‌كان”ی وه‌ك “ئه‌ریستۆفانس” به‌ سوفیستیان داده‌نا. (“ئه‌ریستۆفانس” یه‌كێك بووه‌ له‌ نووسه‌ره‌كانی ده‌قی شانۆی كۆمیدی، كه‌ له‌ سه‌رده‌می سوكراتدا ژیاوه‌ و خاوه‌نی بیری نوێ‌ بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ رێگه‌ی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كانییه‌وه‌ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كان و رێبازی سه‌فسه‌ته‌ و له‌ رێگه‌ی توانجه‌كانییه‌وه‌ شعوریانی بریندار كردوه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ “سوكرات”) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پرسیاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق یه‌كه‌مجار له‌ لایه‌ن سوكرات و سوفیسته‌كانه‌وه‌ گه‌ڵاله‌ كرا، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان، نه‌ك سوكرات هه‌ر به‌ سۆفیستایی، داده‌نێن، به‌ڵكو هه‌ندێكیان به‌ ئیمامی سۆفستایی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و پێیان وایه‌ یه‌كێ‌ له‌و بلیمه‌تانه‌ی سه‌فسه‌ته‌ كه‌ مێژوو ناسیویه‌تی “سوكرات”ه‌.

“شیشڕۆن” به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی سوكراتی كردوه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌ بۆ نێو شارو له‌ وێشه‌وه‌ بۆ نێو ماڵه‌كان و كردی به‌ پێویستییه‌كی پێویست بۆ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ ژیان و ئه‌خلاق، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ گه‌ڵ رێبازی سۆفستاییه‌كاندا دێته‌وه‌، راسته‌ سوكرات له‌ رووی مه‌زهه‌بییه‌وه‌ ناكۆك بوو له‌ گه‌ڵیان، به‌ڵام له‌ رووی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ هیچ ناكۆكییه‌كی له‌ گه‌ڵیان نه‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ باره‌ی مرۆڤ و ئه‌خلاق و ژیان.
له‌ كتێبی (مێژووی فیكری عه‌ره‌بی” تا رۆژانی ئیبن خه‌لدون”)دا ‌ سوكرات “399-470” وه‌ك دواین سه‌فسه‌تایی ئاماژه‌ی بۆكراوه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین “پرۆتاگوراس” وه‌ك یه‌كه‌م سۆفستایی و خاوه‌نی (ئاده‌میزاد پێوه‌ری هه‌موو شتێكه‌) به‌ هۆی بیرباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ كتێبه‌كانیان سووتاندو خۆشی له‌ كاتی هه‌ڵاتندا له‌ ده‌ریادا خنكا، وه‌ك چۆن “سوكرات”یش خاوه‌نی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی په‌رستگای “دلفی” ( ئه‌ی مرۆڤ به‌ خۆت، خۆت بناسه‌) ی گواسته‌وه‌ بۆ دیدگایه‌كی فه‌لسه‌فی و كردییه‌ رێبازی ژیان، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی ژه‌هرخوارد كراو بووه‌ یه‌كه‌م قوربانی ئازادی بیروڕا له‌ جیهاندا، واته‌ یه‌كه‌م و دواین سۆفستایی به‌م شێوه‌یه‌ له‌ نێوبران و كۆتایی به‌م رێبازه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هێنرا.




چیرۆکنووسی منداڵان خاتوو (فرانسیس هۆدسۆن)…. رەزا شوان

خاتوو (فرانسیس هـۆدسۆن برنێت) رۆماننووس و شانۆنووس و چیرۆکنووسێکی ناسراوی ئینگلیزییە. خاوەنی چەندین رۆمان و شانۆی چاپکراو و بڵاوکراوەیە. بە تایبەتیش لە رێی ئەو چیرۆک و رۆمانانەی کە بۆ منداڵان نووسینی، زیاتر ناسرا و ناوبانگی دەکرد و لای منداڵان شیرین و خۆشەویست بوو. منداڵانی ئەمڕۆش چێژ و خۆشییەکی زۆر لە چیرۆکەکانی وەردەگرن.
فرانسیس هۆدسۆن لە (٢٤ی/ نۆڤەمبەر/١٨٤٩) لە شاری مانشستەر لە ئینگلتەرا لە خێزانێکی هەژار و دەستکورت لەدایکبوو.. سێ خوشک و دوو برابوون، فرانسیس منداڵی گەورەی خێزانەکەی بوو. تەمەنی پێنج ساڵان بوو کە باوکی کۆچی دوایی کرد.
هێندەی تر ژیان و گوزەرانیان سسەختربوو.

لەسەر داخوازی مامیان لە ساڵی (١٨٦٥) دا، کۆچیانکرد بۆ ئەمریکا، لە شاری (ئۆکسفێڵ) دا گیرسانەوە. تەمەنی فرانسیس هەژدە ساڵان بوو کە دایکیشیان کۆچی دوایی کرد. خەمی چاودێری و دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی کەوتە ئەستۆی. بە تایبەتیش دوو براکەی کە هێشتا بچووک بوون.
فرانسیس هەر لە منداڵییەوە حەزی لە خوێندنەوە و نووسین بوو، هۆگر و سەرسامی نووسینەکانی (شارلۆت بـرونی) و (نیملی بـرونی) و (هـێلین کیلەر) بوو. دەستپێکی نووسینی، بە نووسینی کورتە چیرۆک بۆ منداڵان دەستی پێکرد. فرانسیس بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (١٨٨٦) دا، یەکەمین نووسینی خۆی لە گۆڤاری (گودی) دا بڵاوکردەوە، کە گۆڤارێکی ئەدەبی مانگانە بوو، بە زۆریش ئەو بابەتانەی بڵاودەکردەوە کە ژنـان دەیانووسین. فرانسیس بچووکترین نووسەری ژن بوو کە لەو گۆڤارەدا نووسینەکانی بڵاودەکردەوە. دواتریش بە رێکی و بەبێ دابڕان، لە چەند گۆڤارێکی ئەدەبی تریشدا وەکو (سکرینەر) و (پترسۆن لیدز) کە مانگانە بوون، نووسینی بابەتی هەمەچەشنەی بڵاودەکردەوە. بەو بڕە پارە کەمەی کە لەبری نووسینەکانی لەو گۆڤارانە پێیان دەدا، خوشک و براکانی پێی دەژیان. گەرچی فرانسیس لە نووسینەکانیدا دەیویست وەکو نووسەرێکی ریالیزمی دەرکەوێت، بەڵام لە زۆربەی رۆمانەکان و چیرۆکەکانیدا، رۆمانسییەت و خەیاڵئامێزی زاڵن و رەنگیان داونەتەوە.

فرانسیس هۆدسۆن لە ساڵی (١٨٧٣) دا، لەگەڵ دکتۆر (سوان برنێت) دا لە واشنتۆن هاوسەرگیریان کرد، دوو کوڕیان بوو. لە ساڵی (١٨٩٨) دا، لە یەکتری جیابوونەوە.
لە ساڵی (١٩٠٠) دا، بۆ جاری دووەم لەگەڵ (ستیڤن تاونسەند) دا، کە پیاوێکی بزنسمان بوو، هاوسەرگیریان کرد. لە (١٩٠٢) دا، لەگەڵ ئەمیش جیابۆوە.
لە ساڵی (١٩٠٥) دا، پاسپۆرتی ئەمریکی وەرگرت، بوو بە هاوڵاتییەکی ئەمریکی.
لە ساڵی (١٨٩٠) دا کوڕی یەکەمی (لیـۆنێل) بە نەخۆشی سیل مرد. مردنی کوڕەکەی زۆر کاری دەروونی تێکرد. ماوەیەک چووە جیهانی رووحیانەت و سۆفیگەرییەوە، ئەمەش لە هەندێ لە رۆمانەکانیدا رەنگیان داونەتەوە.
فرانسیس هۆدسۆن کۆمەڵێک رۆمان و دراما و چیرۆکی نووسیون. ئێمە تەنها باس لەو سێ رۆمانەنەی دەکەین کە بۆ منداڵان نووسیونی، پاڵەوانەکانیشیان خودی منداڵانن، سێ رۆمانە بە ناوبانگەکەشی بۆ منداڵان. کراونەتە زنجیرە درامای کارتۆنی تەلەفزیۆنی و بە فیلمی سینەمایی. زۆر بە کورتی و بە چڕی باسی ئەم سێ رۆمانەی دەکەین:
١ـ لە ساڵی (١٨٨٦) دا، رۆمانی (لۆردی بچووک فۆنتلڕۆی)ی چاپکرد و بڵاویکردەوە. زیاتر لە نیو ملیۆن دانە، لەم پەرتووکەی فرۆشرا. کە بۆ ئەو سەردەمە ژمارەیەکی زۆر بوو. ئەم رۆمانەی کرایە زنجیرە درامای کارتۆنی تەلەفزیۆنی، دواتریش کرایە فیلمێکی ئەنیمەیشنی سینەمایی. لە دۆبلاجکراوی عەرەبیدا کراوە بە (کـوڕە باشـەکە).

٢ـ لە ساڵی (١٨٨٨) دا، رۆمانی (سارا کـریو)ی نووسی و بڵاوی کردەوە. لە ساڵی
(١٩٠٥) دا، دووبارە ئەم رۆمانەی دەستکاری کرد و دایڕشتەوە، ناونیشانەکەشی گۆڕی و کردی بە (شـازادە بچـکۆلەکە) ئەم رۆمانەشی کراوە بە زجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی. لە لایەن کۆمپانیایەکی فیلمسازی یابانیش، لە ساڵی (١٩٥٨) دا، کراوە بە فیلمێکی کارتۆنی سینەمایی لەژێر ناوی (سـالی) دا، لەو بڕوایەدام کە زۆربەی منداڵانی جیهان، فیلمی (سالی) یان بینیون. چێژ و خۆشییان لێوەرگرتوون. ناوی راستی پاڵەوانی ئەم چیرۆکە (سارا کریو)ە، کە بە (شازادە بچۆلەکە) ناوبراوە. کچێکە باوکی هیندییە و دایکیشی فەرەنسییە. بەڵام لە سەرچاوە ئینگلیزییەکاندا، باوکیشی بە ئینگیزی ناویان بردوون.. لە کاتێکدا سارا لە ئینگلتەرا دەیخوێند. هیچ کێشەیەکی نەبوو، خۆشەویست و رێزداربوو لای هاوڕێکانی و لای مامۆستاکانی و لای بەڕێوەبەری قوتابخانەکەشی. بەڵام لەپڕێکدا، ژیانی لێتاڵ بوو. هەواڵی کۆچکردنی دوایی باوکی بە گرانەتا لە هیند پێگەیشت.. پارێزەرەکەی باوکی، پێی دەڵێت کە باوکت پێش مردنی مایەپووچی خۆی راگەیاند. سارای تاقانە بێ باوک و بێ دایک دەمێنێتەوە. هيچ بژێوییەکی ژیانی نەما، تووشی هەژاری و نەبوونی بوو. بەڵام گەشبین بوو، بێ هیوا نەبوو، ناچاربوو کە کارەکەری بکات، تا خۆی بژێنێت و درێژە بە خوێندنەکەی بدات.

بەڕێوەبەری قوتابخانەکەشی هیچ بەزەییەکی بە سارا کریو دا ناهات، وەکو کارەکەرێک لە ماڵەکەیدا کار و خزمەتی پێدەکرد. سارا کچێکی باش و دلۆڤـان و رووخۆشبوو، بۆیە رێز و خۆشەویستیی هاوڕێکانی لەدەست نەدا.
دوای ماوەیەکی درێژ هاوڕێیەکی دڵسۆزی باوکی، کە سامانەکەی باوکی وەرگرتبوو. لەبەر ئەوەی ئەم هاوڕییەی باوکی منداڵی نەبوو، سارا کریوی بە کچی خۆی دەزانێ. سامانەکەی باوکی و سامانەکەی خۆشی خستە خزمەتی خۆشگوزەرانیی ساراوە. لێرەوە ژیان و گوزەرانی سارا بۆ باشی و شادی و خۆشگوزەرانی دەگۆڕێ. دەبێتە کچێکی خۆشەویست و رێزدار لە لای هەمووان. لەگەڵ هاوڕێ دلۆڤانەکەی باوکیدا دەژین.
سارا کریو (سالی) لە دوو جیهانی جیاوازدا ژیا، جیهانی یەکەم جیهانی خەونەکانی کە لەڕیی خوێندنەوە بە دەستی بهێنێت. جیهانەکەی تریش، ئەو جیهانە دڵڕەقەیە، کە بەزەیی بە هەژار و نەبوودا نایات، دوای ئەوەی کە چی هەبوون بە جارێ هەمووی لە لەدەست دان و بێدەرەتان بوو. بەڵام لەم دۆخە سەختەشدا، هێشتا هاوڕێ دڵسۆزەکانی لەگەڵیـدابوون. سارا هەرەم رووگەش و لێو بە خەندە بوو. کچۆڵەیەکی خۆراگر و هیـوادار بوو. بە کورتی ئەمەیە ناوەڕۆکی چیرۆکی (سارا کریو) یا (شازادە بچکۆلەکە). کە چیرۆکێکی کلاسیکی ئەنیمەیشنی سینەماییە بۆ منداڵان. تا ئەمڕۆش منداڵان بە جۆش و پەرۆشەوە سەیری دەکەن. ئەم فیلمە سینەماییە بۆ بەشێکی زۆری زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە.
٣ـ فرانسیس لە ساڵی (١٩١١) دا، رۆمانی (باخـچە نهێـنییەکە) ی نووسی. کە کراوە بە فیلمێکی سینەمایی بۆ منداڵان. ئەم رۆمانەی بە شاکارێکی ئەدەبی منداڵان ناسراوە.
پاڵەوانی ئەم چیرۆکەی، کچێکە بە ناوی (مـاری لینۆکس).

باخچە نهێنییەکە باس لە چیرۆکی کچۆڵەیەک دەکات، کە لە دایک و باوکێکی ئینگلیز لە هیند لە دایکبووە. روداوی چیرۆکەکەش پێش جەنگی جیهانیی یەکەمە. کە هیندستان لە لایەن ئینگلتەراوە داگیرکرابوو و بەڕێوە دەبرا. باوکی (ماری) کاربەدەستێکی باڵای ئینگلیزی بوو، لە هیندستان سەرقاڵی بەڕێوەبردن و کاری سەربازی بوو. دایکیشی ئافرەتێکی ئوستوکراتی زۆر جوان بوو. هەر خەریکی گەڕان و چوونە ئاهەنگ بوو. ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن و چاودێریی ماری، درابوون بە چەند کارەکەرێکی هیندی. دایک و باوکی ناپەرژانە سەر ئەوەی، کە ماری لە ئامێز بگرن و مەستی ناز و خۆشەویستییانی بکەن. ماری تا رادەیەک گۆشەگیر و دەروون نائاسایی بوو.

تەمەنی ماری نۆ ساڵ بوو، لە ماوەیەکی کەمدا باوکی و دایکی و چەند کارەکەرێکیش لەوانەی خزمەتیان دەکرد، بە نەخۆشی کولێرە لە هیندستان کوچی دواییان کرد. ماری بێ دایک و باوک دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرا. لە خانوویەکی زۆر گەورەدا، لە ماڵی خاڵیدا دەژی، خاڵۆژنیشی دە ساڵ بوو کە کۆچی دوایی کردبوو. خانووەکەی خاڵی زۆر کۆن و گەورەبوو، دروستکردنی دەگەڕایەوە بۆ (٦٠٠) ساڵ، (١٠٠) ژووریشی تێدابوو، کە زۆربەیان کوڵم کرابوون، باخێکی زۆر گەورەی پڕ لە دار و دەوەن و گوڵزاری جوان و سەوزاییش، بە دەوری خانووەکەدا بوون. ماری لەگەڵ چەند کارەکەرێکدا ئاشنا دەبێت بە تایبەتیش لەگەڵ (مارتا) دا، گوێی لە چەند چیرۆکێک دەبێت کە بۆیان گێڕایەوە. لەوانەش ئەو باخچە دەرگا داخراوەی ماڵی خاڵی، کە لە کاتی مردنی خاڵۆژنییەوە، خاڵی دایخستبووە و چاوی بەرایی نادا کە بیکاتەوە. کلیلی قوفڵی دەرگاکەشی لە یەکێک لە ژوورەکاندا شاردبۆوە. رۆژێک ماری بە رێکەوت لە ژوورێکدا، کلیلی باخچە نهێنییەکە دەدۆزێتەوە. دەرگای باخچە نهێنییەکە کە دەکەوتە پشتەوە دەکاتەوە. سەرسام دەبێ و خۆی لە باخچەیەکی سەیر و سەمرەی خەیاڵیدا بینییەوە. لەوەدوا ژیانی ماری دەگۆڕێ، بە خۆشی و گەشی و شادی و بەختەوەری لە کۆشکەکەی خاڵیدا ژیانی بەسەردەبرد. ئەم چیرۆکەش کراوە بە زنجیرە درامایەکی کارتۆنی تەلەفزیۆنی و بە فیلمێکی ئەنیمەیشنی سینەمایی بۆ منداڵان، هەر بە ناوی (باخـچە نهێـنییەکە) وە.
فرانسیس لە ساڵی (١٨٩٣) دا بیروەرییەکانی ژیانی سەردەمی لاوی خۆی بڵاوکردەوە.
فرانسیس هۆدسۆن لە (٢٩ی/ ئوکتۆبەری/١٩٢٤) دا کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی
(رۆسلین) لە نیویۆرک، لە تەنیشت کوڕەکەیەوە نێژرا.

نەرویـج: (٢٢ی/ یولیۆ/ ٢٠١٧)




له‌ پێناوی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی منداڵاندا … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

له‌ ئێستادا ئه‌ده‌بی منداڵان وه‌ك لقێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌ده‌ب دا جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه‌ . ئه‌وه‌ش كه‌ بۆ منداڵانی كورد كراوه‌ شان به‌شانی ئه‌ده‌بی منداڵانی وڵاتانی دراوسێ هه‌نگاوی ناوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ .ئه‌ده‌بی منداڵان چونكه‌ جیاوازتره‌ ، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ .هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت بۆ منداڵان بنوسن ،پێویسه‌ ئه‌وانیش خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی بن و شاره‌زایی ته‌واویان هه‌بێت له‌و بواره‌دا.چونكه‌ ته‌نها بوونی به‌هره‌ و توانای نوسینی ئه‌ده‌بی به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ منداڵ بنوسن .دنیای منداڵ دنیایه‌كی تایبه‌ته‌ و زۆر جیاوازه‌ .مه‌رج نییه‌ هه‌ركه‌س له‌ بواری نوسین بۆ گه‌وره‌ دا سه‌ركه‌وتوو بوو بتوانێت بۆ منداڵ بنوسێت و به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنین به‌و نوسینانه‌ی كه‌ بۆ منداڵان نوسراون،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می جوان و باش و شایسته‌ بۆ منداڵ ده‌بینین،له‌ هه‌مان كاتیشدا كۆمه‌ڵێكی تر له‌ به‌رهه‌می نه‌شیاو و سه‌پێنراو ده‌بینین كه‌ بۆ منداڵ ناگونجێن و مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بی منداڵانیان له‌خۆ نه‌گرتووه‌ و ئاراسته‌ی منداڵان كراون.كه‌ لێره‌دا ده‌توانین بیگێڕینه‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك،له‌وانه‌ش نه‌شاره‌زایی نوسه‌ر له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان دا و نه‌خوێندنه‌وه‌ی نوسه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆ منداڵ و ده‌رباره‌ی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان نوسراون. نه‌شاره‌زایی له‌ ده‌رونزانی منداڵ و قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رقۆناغه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌.چونكه‌ ته‌نها هه‌ر به‌هره‌ و توانای نوسین به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ منداڵان بنوسین.هه‌روه‌ها نه‌بونی ره‌خنه‌ی جدی و بنیات نه‌رو تایبه‌ت به‌و كاره‌ ئه‌ده‌بییانه‌ی كه‌ بۆ منداڵان ئه‌نجام دراون،هه‌ر له‌ گۆڤار و كتێب و نامیلكه‌.ئه‌و هه‌مووه‌ هه‌یه‌ تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی تایبه‌ت ،یان خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو، یان ره‌خنه‌ ،كه‌ باش و خراپ له‌ یه‌ك جیا بكاته‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت نه‌كراوه‌.راسته‌ مامۆستای چیرۆك نوس (محمد فریق حسن) له‌ كتێبه‌كه‌ی دا كه‌ له‌م دواییه‌دا كه‌وته‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ران(ئه‌وسا و ئێستای چیرۆكی منداڵان)كه‌ پێشتریش هه‌ندێكی له‌ كتێبێكدا كه‌ یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد لقی سلێمانی چاپی كرد بڵاوكردۆته‌وه‌..كه‌ تیایدا باسی له‌ هه‌وڵی چه‌ند نوسه‌رێك كردووه‌ له‌ بواری چیرۆك نوسین دا و خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردووه‌.باشه‌ ئه‌مه‌ له‌ بواری چیرۆك دا .ئه‌ی له‌ بواری شیعردا تا ئێستا چی كراوه‌؟هه‌ندێك جار لێره‌ و له‌وێ ره‌خنه‌ یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌بینرێت به‌ڵام به‌و به‌رفراوانییه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌و هه‌مووه‌ی كه‌ ئێستا ده‌رده‌چن و هه‌ن.وه‌ك هه‌وڵه‌كانی كاك نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د و مامۆستا ڕه‌زا شوان و مامۆستا حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی و مامۆستا رازاوه‌ رشید صه‌بری و مامۆستا حه‌مه‌صاڵح فه‌رهادی و ناهیده‌ ئه‌حمه‌د و چه‌ند كه‌سانێكی تر ….كه‌ ئه‌ویش زۆر كه‌مه‌.له‌وه‌شدا نابێت هه‌وڵی كاك( ئه‌مین محمد ) له‌بیر بكرێت كه‌ هه‌ر له‌و كتێبه‌ی یه‌كێتی نوسه‌راندا له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ی مامۆستا (محمد فریق حسن) دا ده‌رباره‌ی شیعری منداڵان بڵاوی كردبۆوه‌،كه‌ به‌ بڕوای من كارێكی به‌سود و هه‌وڵێكی باش بوو له‌و بواره‌دا ،خۆزگه‌ كاك ئه‌مین فراوانتری بكردایه‌ و بیكردایه‌ به‌كتێبێك ،دڵنیام سودی باشی ده‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ شیعر بۆ منداڵان ده‌نوسن یان پێشتریش نوسیویانه‌.ده‌توانین بڵێین ئه‌و كتێبه‌ی كه‌ یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد لقی سلێمانی چاپی كرد كه‌ پێشتریش وه‌ك كۆڕ پێشكه‌ش كرا له‌ دوو رۆژدا و دوایی بابه‌ته‌كانی كۆڕه‌كان به‌ شێوه‌ی كتێب پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كران.كارێكی زۆر باش بوو وه‌ك سه‌ره‌تا به‌ڵام هه‌وڵی تری له‌و شێوه‌یه‌ی به‌دوادا نه‌هات.له‌ هه‌مان كاتیشدا تیراژی كتێبه‌كه‌ كه‌م بوو چونكه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا نابینرێت. هه‌روه‌ها مامۆستای نوسه‌ر حسێن به‌فرین به‌ چه‌ند زنجیره‌یه‌ك له‌ پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ كتێبی( ماڵی باران)ی كاك (ئه‌مین محمد) ی شاعیر كرد ، له‌وانه‌یه‌یه‌ لێره‌ و له‌وێ كاری وای تریش كرابێت به‌ڵام له‌به‌ر به‌ربڵاوی و زۆری بڵاواكراوه‌كان ده‌ستمان نه‌گه‌یشتبێتێ . خۆیشم چه‌ند جارێك ده‌رباره‌ی شیعر و چیرۆك و گۆڤاری منداڵان بابه‌تم بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر وه‌كو پێویست نه‌بوون و به‌ته‌واوی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ به‌رده‌ست هه‌مووان.بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم له‌به‌ر گرنگی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵ پێشنیارێك ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌م كه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌ده‌بی منداڵان خه‌می گه‌وره‌یانه‌،كه‌ ئێمه‌ ئێستا پێویستیمان به‌ گۆڤارێكی تایبه‌ت به‌ ره‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێشتر و ئێستاش به‌به‌رده‌وامی بۆ منداڵان ده‌رچون و ده‌رده‌چن.چونكه‌ باوه‌ڕتان بێت زۆر جار چیرۆك یان شیعر یان بابه‌تێك ده‌بینم كه‌ نوسراوه‌ بۆ منداڵان جا چ له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بێت یان له‌و كتێب و نامێلكانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵان كراون و كه‌س لایان لێ ناكاته‌وه‌ و مایه‌ی سه‌رسوڕمان و تێڕامانن.چونكه‌ منداڵ بنیات نه‌ری كۆمه‌ڵگایه‌ و وه‌ك زانایانی بواری په‌روه‌رده‌ و ده‌رونزانی باسی ده‌كه‌ن ،كه‌سێتی منداڵ له‌سه‌ره‌تای پێنج ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی دا دروست ده‌بێت ..جا چ زانیارییه‌ك بدرێت به‌ منداڵ ئه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت ، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم كه‌ له‌و هه‌مووه‌ باش و خراپ جیابكرێته‌وه‌،تا خراپه‌كان نه‌بن به‌ ماڵ به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه‌ و دڵنیام وه‌ك له‌ پێشدا باسم كرد هه‌ندێكیان له‌ نه‌شاره‌زایی یانه‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ و له‌ روانگه‌ی خۆشه‌ویستییان بۆ منداڵان ئه‌وه‌یان نوسیوه‌.چونكه‌ ده‌بێ لای هه‌مووان ئه‌و راستییه‌ ئاشكرابێت .من ده‌پرسم كام له‌و گۆڤاره‌ تایبه‌تانه‌ی كه‌ بۆ منداڵان ده‌رده‌چن له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه‌؟یان ده‌رباره‌ی نوسراوه‌ و شه‌ن و كه‌وێكی زانستیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ی بۆ كراوه‌؟كام گۆڤار هه‌ر لای خۆشیانه‌وه‌ بیبلۆگرافیایه‌كی بۆكراوه‌ بۆ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی ؟وه‌ك ئاگاداربم مامۆستا ئه‌حمه‌د قادر سه‌عید بیبلۆگرافیای بۆ 50یان 60 ژماره‌ی گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان ئه‌نجامدا وه‌ك كتێبێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر لای كه‌سانی نزیك گۆڤاره‌كه‌ هه‌بێت.ئه‌ی بۆ ژماره‌كانی تری؟ به‌شداری كۆڕێكم كرد كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی ژماره‌ 100ی گۆڤاری گوڵه‌كانه‌وه‌ سازكرابوو برای نوسه‌ر كاك (خالد عه‌بدول ) باسێكی گۆڤاری(گوڵه‌كان) ی كرد وه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌ك ، به‌ڵام وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌مبینی كه‌ ئێمه‌ش له‌و كۆڕه‌دا راوبۆچوونی خۆمانمان ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كه‌ خسته‌روو ئه‌و كاته‌.یان ئه‌و كتێب و نامێلكانه‌ی كه‌ ناو به‌ناو ده‌رده‌چن ؟یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ زمانه‌كانی تره‌وه‌ ده‌كرێن به‌ كوردی؟چی كراوه‌؟پێویسته‌ دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی دنیا جوانه‌كه‌ی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵ لایه‌ك له‌و بواره‌ بكه‌نه‌وه‌ .به‌ڕاستی له‌ ئێستادا زۆر پێویسته‌.
من وه‌ك شاعیر و نوسه‌ر له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵان دا له‌ زۆر چاوپێكه‌وتن دا باسی ئه‌وه‌م كردووه‌ ،تا له‌ ۆرك شۆپێك كه‌ له‌ هه‌ولێر یه‌كێتی نوسه‌ران مه‌ڵبه‌ندی گشتی سازی كرد باسم كرد و له‌ دهۆكیش له‌ یه‌كه‌مین كۆنفرانسی ئه‌ده‌بی منداڵان دا باسمان كرد .بۆیه‌ لێره‌دا به‌ پێوستی ده‌زانم كه‌ ئه‌و زه‌نگه‌ جارێكی تریش لێبده‌مه‌وه‌ و بڵێم پێویستیمان به‌ گۆڤارێكی تایبه‌ت به‌ ره‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ و خۆندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵان ده‌كرێن ،جا له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌ بێت یان یه‌كێتی نوسه‌ران یان له‌لایه‌ن (ئه‌نجومه‌نی نوسه‌رانی منداڵانی كورد) ه‌وه‌ بێت كه‌ دروست بوو ئه‌مه‌شیان پێشنیاره‌ بۆ دروستبوونی ئه‌نجومه‌نێك له‌ خه‌مخۆران و دڵسۆزان له‌و نوسه‌ر و ئه‌دیب و شاعیرانه‌ی كه‌ بۆ منداڵانی كورد ده‌نوسن له‌ ئێستادا،یان هه‌ر لایه‌ك كه‌ گرنگی به‌ منداڵ و دنیای منداڵ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵ ده‌دات.من لام سه‌یره‌ كارێكی وا گرنگ و پڕ بایه‌خ پشت گوێ خراوه‌ و وه‌كو پێویست لای لێ ناكرێته‌وه‌ .چونكه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ منداڵ و دوارۆژی منداڵ و كۆمه‌ڵگاشه‌وه‌ هه‌یه‌،له‌ ئه‌ده‌بی منداڵاندا بوونی ئه‌و گۆڤاره‌(گۆڤارێك كه‌ گرنگی به‌ خوێندنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ بدات) گرنگی له‌م خاڵانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
1. هه‌موو بابه‌ته‌كان له‌وێ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ،به‌ ئاسانی نوسه‌رانی ئه‌و بواره‌ ده‌یگه‌نێ و ده‌یخوێننه‌وه‌ چونكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواره‌كه‌ی خۆیان .ئه‌وی راستی بێت له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك گۆڤار له‌ كوردستاندا ده‌رده‌چن ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی به‌سودیش تیایاندا بڵاوبكرێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان و باسی گۆڤارێك یان كتێبێك یان هه‌رباسێك كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵانه‌وه‌ بێت به‌ گران نوسه‌رانی ئه‌و بواره‌ ده‌یگه‌نێ چونكه‌ هه‌ندێكیان تیراژیان كه‌مه‌ و هه‌ندێكیان ته‌نها له‌ ناوچه‌یه‌كدا بڵاوده‌بنه‌وه‌ و هه‌ندێكیان گرانن.
2. به‌ پێی توانا جیاكردنه‌وه‌ و ناسینی ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ی كه‌ گونجاون و شیاون و له‌ هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ بێ كه‌مو كوڕین و ده‌توانرێت بخرێنه‌ به‌رده‌ست منداڵ تا بیانخوێننه‌وه‌ یان بۆیان بخوێنرێنه‌وه‌.خۆ هه‌ر ره‌نگاوره‌نگی مه‌رج نییه‌،ئه‌ی ناوه‌رۆك و بابه‌ته‌كانی؟ئه‌ی وێنه‌كانی ناو كتێبه‌كه‌؟ئه‌مانه‌ زۆر گرنگن بۆ منداڵ چونكه‌ زۆر جار وێنه‌یه‌كی نه‌شیاو كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ دروست ده‌كات.هه‌روه‌ها له‌هه‌مان كاتیشدا ناسینی ئه‌و نوسه‌ر و شاعیرانه‌ی كه‌ توانیویانه‌ بابه‌ته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی دروست و دوور له‌ سواوی و دووباره‌ بونه‌وه‌ بگه‌یه‌ننه‌ منداڵان و هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوون دان و هه‌وڵی داهێنان ده‌ده‌ن .
3. به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانیاندا كه‌موكوڕی هه‌یه‌ و به‌ره‌وپێشیان ده‌بات و رێنیشانده‌ریش ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ تازه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت كار بۆ منداڵان بكه‌ن.
4. به‌دیهێنانی ئه‌ده‌بێكی دروست و جوان بۆ منداڵان.
5. به‌رز راگرتنی هه‌وڵ و ماندوو بوونی هه‌موو ئه‌و دڵسۆز و خه‌مخۆرانه‌ی كه‌ له‌و جیهانه‌ جوانه‌ی منداڵاندا كار ده‌كه‌ن و پێدانی گوڕوتینی زیاتر پێیان.
6. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ بنچینه‌ بێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ بۆ جیهانی منداڵان(په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌) كه‌ كۆمه‌ڵێك شت له‌خۆ بگرێت له‌وانه‌:
• ده‌سته‌یه‌كی شاره‌زا و كارامه‌ و لێهاتوو له‌ ئه‌ده‌بی منداڵاندا پشت به‌ تواناكانیان ببه‌سترێت و دوور له‌ هه‌موو شتێكی لاوه‌كی.
• ئه‌و ده‌زگایه‌ ببێته‌ جێگه‌ی چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ نوسه‌ران و شاعیرانی كورد ده‌یانه‌وێت پێشكه‌ش به‌ منداڵانی كوردی بكه‌ن.هه‌روه‌ها هه‌وڵی ته‌واو بدرێت كه‌ به‌رهه‌مه‌كان گشت مه‌رج و پێداویستییه‌كانی كتێبی منداڵانیان تێدابێت.و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌م بوارانه‌شی تێدابێت .چونكه‌ نابێت كه‌موكوڕی تێدابێت كه‌ ده‌كاته‌ ده‌ست منداڵ.به‌ بڕوای ئێمه‌ گۆڤاری منداڵان ده‌بێت ستافێكی هه‌بێت كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ خۆ بگرێت.خۆ ئه‌گه‌ر وه‌كو ستافیش نه‌كراو نه‌گونجا ئه‌وا ده‌توانرێت ته‌كلیف له‌و كه‌سانه‌ بكرێت بۆ چاوپێداخشاندنی پێش چاپكردنی و بڵاوكردنه‌وه‌ی.
• شاره‌زا له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا.(چیرۆك،هۆنراوه‌،ئۆپه‌رێت …..)
• شاره‌زا له‌ بواری زمانه‌وانی دا.
• شاره‌زا له‌ بواری زانست و ته‌ندروستی و ژینگه‌دا.
• شاره‌زا له‌ بواری ده‌رونزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا.
• شاره‌زا له‌ بواری هونه‌ری و دیزاین و ره‌نگ و وێنه‌كردن دا.
• شاره‌زا له‌بواری یاسا و مافه‌كانی منداڵاندا.
• شاره‌زا له‌ بواری كلتور و كه‌له‌پوردا.
• شاره‌زا له‌ بواری وه‌رگێڕاندا.
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست و هاوئامانج كاربكه‌ن بێگومان به‌رهه‌مێكی باش و به‌سود و شایسته‌ به‌ منداڵ ده‌هێننه‌ به‌رهه‌م .با كه‌میش بێت ،گرنگ نییه‌ ،چونكه‌ هه‌رگیز زۆر و بۆر بۆ ئه‌و بواره‌ ناگونجێت و باش نییه‌.گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ تیراژێكی زۆر بێت و هه‌رزان بێت و به‌ئاسانی بگاته‌ ده‌ستی هه‌موو منداڵێكی كورد له‌ شار و شارۆچكه‌ و لادێكانی كوردستاندا.من ئه‌وه‌ به‌باش نازانم كه‌ كتێبێك یان گۆڤارێك به‌ ژماره‌ زۆر بێت به‌ڵام به‌ تیراژی ده‌رچوون كه‌م بێت.بۆ نمونه‌ من زۆر كتێب یان نامیلكه‌ی منداڵان ده‌بینم تیراژه‌كه‌ی (500) دانه‌یه‌ كه‌ نوسه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌موو منداڵانی كوردی نوسیوه‌.جا خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌راستی بمانه‌وێت خزمه‌ت به‌ منداڵان و ئه‌ده‌بی منداڵان بكه‌ین ئه‌وه‌ له‌ سنوری گه‌ڕه‌كێك ده‌رناچێت چونكه‌ به‌شی منداڵانی دوو قوتابخانه‌ ناكات .بۆیه‌ لای ئێمه‌ به‌رهه‌می باش به‌ تیراژێكی زۆر گرنگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك بكرێت و به‌ تیراژێكی كه‌م.چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێین ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ی كه‌ ته‌نها 500 دانه‌یان لێ چاپكراوه‌ و بۆ منداڵانن پاش ماوه‌یه‌ك نامێنن له‌ كتێبخانه‌كاندا .له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكیان هه‌ر له‌ سنوری شارێك یان شارۆچكه‌یه‌كدان.ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ لێره‌دا باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ زۆر جارنامیلكه‌یه‌ك یان كتێبێكی منداڵان له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كه‌وه‌ چاپ ده‌كرێت چونكه‌ تیراژه‌كه‌ی كه‌مه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ون ده‌بێت ،چونكه‌ ده‌زگاكه‌ خۆی به‌سه‌ر چه‌ند شوێنێكدا دابه‌شی ده‌كات و له‌ كتێبخانه‌كانی بازاریشدا نابینرێن و لای نوسه‌ره‌كه‌ش نامێنێت .ئێمه‌ وای به‌باش ده‌زانین كه‌ بابه‌تی منداڵان شیعر ،چیرۆك یان ئۆپه‌رێت یان شانۆگه‌ری یان به‌رهه‌می وه‌رگێڕراو كه‌سانێكی تریش پێش چاپكردن بیبینن ،وه‌ك پێشتر باسمكرد نه‌ك یه‌كسه‌ر نوسه‌ر یان شاعیر یان وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ رێزی زۆرمدا خۆی چاپی بكات و بیخاته‌ به‌رده‌ستی منداڵان .خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ش نه‌بوو واباشه‌ و واپێیست ده‌كات كه‌ له‌كاتی پێدانی ژماره‌ی سپاردن دا به‌تایبه‌تی به‌رهه‌می منداڵان لیژنه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی باسمكرد پێشتر په‌سه‌ندی بكات و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات ئه‌وسا چاپ بكرێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گرنگی و هه‌ستیاری منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان. ،به‌ڵام بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشچون و سه‌ركه‌وتنی زۆرتری پێویستی به‌ ئاوڕی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی ئه‌و بواره‌ هه‌یه‌ .به‌هیوای به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له‌ كوردستاندا ئێمه‌ راو بۆچوونی خۆمان خسته‌ روو چاوه‌ڕوانی ئاوڕدانه‌وه‌ی دڵسۆزانی ئه‌و بواره‌ین.


نوسینی: عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی




ریفراندۆم و تاوانباركردنی دڵسۆزان … عیماد عەلی

له‌م كاته‌دا، له‌ ناو خه‌ڵكدا سێ هه‌ڵوێست له‌مه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا ده‌رده‌كه‌ویت، یه‌كێكان پشت به‌ بۆچون و هه‌ڵوێستی حزبی و هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك ده‌به‌ستێت؛ لایه‌ك به‌ نه‌خێر كه‌ هه‌زار و یه‌ك به‌هانه‌ی بۆده‌هێنێته‌وه‌ و، دووه‌م به‌ به‌ڵێ و ئه‌میش به‌ چه‌ندین بۆچون و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ته‌سك و كارتی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆی ململانێكان شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات و ته‌نها له‌ چاوی حزبه‌وه‌ به‌رگری له‌ به‌لێكه‌ی خۆی ده‌كات، سێیه‌میش ته‌نها له‌ روانگه‌ی دلسۆزی و دوور له‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سكی حزبی و به‌ دیدێكی دوور بینی باڵاتر له‌ كێشه‌ بچوكه‌كانی رۆژانه‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌نده‌كانی مێژوو له‌م پرسه‌ ده‌روانێت و ئه‌م به‌شه‌ش یان به‌ نه‌خێر یان به‌ به‌ڵی كه‌ به‌قازانجی گشتیی ده‌زانێت، خۆی یه‌كلاییكردۆته‌وه‌ .
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وێت قۆناغێكی تر ده‌ست پێده‌كات، جا به‌ پیاده‌كردن یان نه‌كردنی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی . ئه‌گه‌ر شكستیش بهێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ لایه‌نه‌ نه‌رێنیه‌كه‌یه‌وه‌ زه‌برێكی مه‌عنه‌وی و نیمچه‌ هه‌ره‌سێك روو له‌ هه‌رێم ده‌كات و زۆرێك له‌و روانینه‌ بۆ هه‌رێم له‌ لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه‌ ده‌گۆرێت و سیاسه‌ته‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما تازه‌یه‌ بنیات ده‌نێن و ده‌توانن هه‌ر شتێكیان بوێت له‌سه‌ر هه‌رێم فه‌رزی بكه‌ن و قۆناغی قورسایی بۆچون و سه‌نگی رۆڵی كورد له‌ مه‌ر كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ گۆرانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت . له‌و رووه‌وه‌ ده‌بیت بڵێین؛ ئێمه‌ له‌ دووریانێكی ناروونداین و نازانین به‌ پیاده‌كردن یان نه‌كردنی پرۆسه‌كه‌ رێژه‌ی سود و زیانه‌كانی چه‌نده‌ و كامیان له‌دواجارد باشتر ده‌بێت . به‌ڵام زۆر به‌ روونی هه‌ڵوێستی ناوه‌ندی عیراق و وڵاتانی ده‌روبه‌ر و لایه‌نه‌ نێوخۆییه‌كانی كوردستان و زۆرێك له‌ خه‌ڵكیش به‌ كرداری و عاقڵمه‌ندی و ئاستی بیركردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ و روناكبیری زۆرێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی خۆشمان بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت .
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بزانرێت، وه‌ك چۆن روو ركدنه‌ پرسه‌كه‌ به‌ كتوپری و له‌ ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و نه‌بونی زه‌مینه‌سازی و بۆ ئامانجی حزبی بوو زیاتر نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ كه‌س به‌ قووڵی بیری لێ نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دوارۆژی گه‌لی كوردستان، هه‌ڵوێستی هیچ كه‌س و لایه‌نێك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر كه‌س به‌ هۆكاری كه‌سی و حزبی ته‌سكه‌وه‌ خۆی لێی لاده‌دات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگدان له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ نێوان دوو هه‌ڵوێستدا چرده‌بێته‌وه‌، كه‌چی خه‌ڵكێك خۆی بێبه‌ری ده‌كات له‌و باره‌وه‌ و ته‌نها له‌ بیرێكی حزبی و كه‌سی ته‌سك و خوێندنه‌وه‌ی وه‌زعه‌ سیاسیه‌ ئابووریه‌ قه‌یراناویه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ پاڵنه‌ری هه‌موو بۆچون و هه‌ڵوێسته‌كانیه‌ .
ئه‌وه‌ی راستی بێت ئه‌م دوو بنه‌مایه‌ به‌ردی بناغه‌ی چۆنێتی ده‌نگدانه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا، كه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر دیاری بكه‌ن :
1-ده‌نگدان به‌ به‌لێ؛ ده‌بێته‌ ده‌نگدان به‌ پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئامانجی دووری دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك بێت به‌ بونی پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ له‌ حوكمدا گه‌نده‌ڵی سه‌پاندووه‌ و شكستیخواردووه‌ و، به‌ دیاریكردنی سنوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵدانێك مه‌یسه‌ر ده‌بێت كه‌ خه‌بات بۆ گۆرینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ شكستخواردووه‌ ده‌ست پێبكات .
2- ده‌نگدان به‌ نه‌خێر؛ ده‌بێته‌ ده‌نگدان به‌ مانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمێك كه‌ تا ماوه‌ به‌ ره‌سمی له‌ژیڕ ده‌ستی ناوه‌ندی عیراقێدا بێت، كه‌ به‌شێكی توركیا وه‌ك موسته‌عمه‌ره‌یك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات و، به‌شێكی تری ئێران به‌ ناراسته‌وخۆ حوكمی ده‌كات و هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌ وه‌زعێكدا قه‌تیس ده‌كات وه‌ك له‌ ئێراندا كردویه‌تی و كوردستانی له‌ته‌نها پارێزگایه‌ك به‌ ناوی پارێزگای كوردستان كورت كردۆته‌وه‌ .
له‌م پرۆسه‌یه‌، هه‌ر كه‌سێك ئازاده‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو بۆچونه‌دا ده‌كات و باوه‌ر و قه‌ناعه‌تی به‌ كام هه‌ڵوێست هه‌یه‌ و، له‌وێدا كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت . ئه‌مه‌ش رێگه‌ی سێیه‌می تێدا نیه‌ . جا زۆر پێویسته‌ به‌م روحیه‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكرێت و دڵسۆزانی دوور له‌ حزبایه‌تی و ده‌رده‌كانی به‌ هیچ خه‌وشێكی فكر و بیروباوه‌ری نابه‌جێ تاوانبار نه‌كرێن .




گووتار و فیكری رۆشنبیر و كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵ -2-…. د. شه‌ونم یه‌حیا /


(2-2)………

ئاسته‌نگه‌یه‌كانی به‌رده‌م رۆشنبیر ………..

رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌ رووبه‌رووی دوو جۆره‌ به‌ربه‌ست ده‌بنه‌وه‌ ، له‌وانه‌ به‌ربه‌ستێكی ئۆبژێكتیڤ “بابه‌تی” و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان سوبژێكتیڤ” خودی” ، به‌ربه‌ستی ئۆبژێكتیڤ له‌وانه‌ هۆكاره‌ سیاسیه‌كانیان لای رۆشنبیران بۆ دیارده‌ی به‌ حیزبیبوونی رۆشنبیرانی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژییای جیاجیاكان ده‌گه‌رێته‌وه‌ ، چونكه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی رۆشنبیران خۆیان بوونه‌ته‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژییای حزبی ، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وای كردووه‌ كه‌ نوخبه‌ی رۆشنبیران نه‌توانن نوخبه‌ی سیاسی به‌لای تێڕوانین و بۆچوون و ئاراسته‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیان رابكێشن .

ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌ داببڕێت و بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ك دروست بێ‌ هه‌ست به‌ نائومیدی بكات له‌ به‌رامبه‌ر رۆڵیان له‌ هه‌نگاونانیان به‌ره‌و ریفۆرمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ، به‌شێك له‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ سامپڵی توێژینه‌وه‌كه‌مان بوون پێان وایه‌ ” حزبه‌ سیاسیه‌كان به‌ هه‌موو ئایدیۆلۆژییایه‌كی چه‌پ و راست و ئیسلامی رۆشنبیریان به‌كارهێناوه‌ بۆ به‌ هێزكردنی پارت و رێكخراوه‌كانیان و پاوانكردنی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌” .
پێمان وایه‌ ئه‌وانه‌ له‌بازنه‌ی رۆشنبیر نین به‌ڵكو زیاتر ئه‌كته‌ری رۆشنبیرین ، چونكه‌ رۆشنبیری هه‌قیقی هه‌رگیز ناكه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵات تا ده‌سه‌ڵات وه‌ك پروپاگه‌نده‌كارێك بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆی به‌كاریان بهێنێ‌.
كاركردنی رۆشنبیران له‌ نێو دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ل به‌گشتی و ده‌زگا حزبیه‌كان به‌ تایبه‌تی دوو ئه‌ركی جیاوازیان هه‌یه‌ ، یه‌كێكیان ئه‌ركی كۆ ئه‌وه‌ی دیكه‌یان ئه‌ركی رۆشنبیره‌ ، چونكه‌ حزب به‌ كۆ ئیش ده‌كات نه‌ك به‌ تاك ، حزب یه‌ك دوو كه‌س نیه‌ به‌ڵكو زیاتره‌ ، حزب ده‌بێته‌ وسیله‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ”كۆدا ” له‌ دۆخی كۆشدا رێژه‌ له‌ جیاتی به‌كارهێنانی معریفه‌یه‌ ، جیاوازی ئاستی معریفی له‌ ناو كۆدا.
هه‌روه‌ها ئه‌ركی رۆشنبیر ده‌نگی نوخبه‌یه‌ له‌ ناو كۆدا ، رۆشنبیران له‌ دۆخی كۆدا باڵابوونی خۆیان له‌ رووی ئه‌كادیمیه‌وه‌ له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن له‌ حاڵه‌تی وادا ووتاری رۆشنبیران له‌ ناو كۆدا داده‌به‌زێت ، كاتێك رۆشنبیر ره‌خنه‌ له‌ پارته‌ سیاسیه‌كه‌ی ده‌گرێت ، له‌لایه‌ن كۆوه‌ گومان ده‌خه‌رێته‌ سه‌ر لایه‌نی دڵسۆزیه‌وه‌ی ، ململانی كردنی له‌لایه‌ن كۆوه‌.

یه‌كێك تر له‌ هۆكاره‌كان عه‌قڵی ڕه‌خنه‌یی له‌ مێژووی رۆشنبیری كوردیدا كه‌له‌ ئاستێكی نزمدایه‌ چونكه‌ عه‌قڵی ستایشكه‌ركردن له‌ عه‌قڵی ڕه‌خنه‌ی بابه‌تی ڕه‌واجی زیاتری هه‌بوو . هه‌روه‌ها به‌لای رۆشنبیران “رۆشنبیری كورد نه‌بۆته‌ نوخبه‌یه‌كی خاوه‌ن شوناسی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ده‌نگ و جیهانبینی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژی و سیسته‌می حزبه‌كانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان وایان له‌ رۆشنبیر كردووه‌ ، چ ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ حزبه‌كانن چ ئه‌وانه‌ی پاشكۆی حزبه‌كانن هه‌ندێ‌ جار نه‌ك ده‌بنه‌ پاشكۆی حزبه‌كان به‌ڵكو ده‌بنه‌ پاشكۆی كه‌سه‌ دیاره‌كانی ناو حزبه‌ سیاسیه‌كان”
له‌ بارێكی وه‌هادا ناتوانرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌ رۆشنبیرانی كورد بكرێت كه‌ رۆڵی كاریگه‌ری ئه‌و تۆی هه‌بێت ، جگه‌ له‌وه‌ له‌شه‌ڕی ناوخۆدا رۆشنبیرانی ناو حزبه‌كان دووباره‌ بوون به‌ به‌شێك له‌ دۆخی سیاسی و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر حزبه‌كان ، به‌شێكی زۆر له‌ رۆشنبیران نه‌یانتوانی به‌ڵانسی پابه‌ندی سیاسیان و پابه‌ندی مۆرالی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵ بپارێزن ، ئه‌مه‌ش ده‌رچوونه‌ له‌ بازنه‌ی رۆشنبیر ، چونكه‌ له‌و دۆخه‌دا سه‌نگی رۆشنبیری كوردی كه‌م كرده‌وه‌ ، رۆشنبیرانی ناو حزبه‌كانیش وه‌كو ئامرازێك له‌شه‌ڕ به‌كار ده‌هێنران .

به‌ربه‌ستێكی دیكه‌ی سیاسی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دامه‌زراوه‌ی ودابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی و میزاجی تایبه‌تی و بنه‌ماڵه‌ی وعه‌شیره‌تگه‌ری ، ده‌سه‌ڵات و حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی خێزانی گه‌ره‌ویه‌ له‌ناویدا چه‌ندان لق و پۆپی دیكه‌ی خێزانی لێ ده‌بێته‌وه‌ ، جا ئه‌م كلتوره‌ دابه‌شی سه‌ر یه‌كه‌ یه‌كه‌ی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵ بووه‌ كه‌ هیج بوارێكیان بۆ “كالیفیكاسیۆن ” واتا لێهاتووی و شاره‌زایی و داهێنان نه‌هێشتۆته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م رۆشنبیر ، گرنگه‌ رۆشنبیر رۆڵی له‌ تیكشاندنی ئه‌م دۆخانه‌دا هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌ به‌ربه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان رۆشنبیران پێان وایه‌ “له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تقلیدیدا رۆشنبیران ناتوانن ببنه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك و ده‌نگی ئه‌وان بگه‌یه‌ننه‌ حكومه‌ت ، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیدا رۆشنبیران ده‌توانن ببنه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك و بۆشایی نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ت له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه‌ ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش چونكه‌ هێشتا له‌ قۆناغی ڕاگواستنه‌ به‌ره‌و مه‌ده‌نیه‌ت ، دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و زاڵبوونی بونیادی خێڵه‌كی و عه‌شائیری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رووی پراكتیزه‌كردنی ترادیسیۆن و ئاین و عورف ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێزه‌ هه‌ندێ‌ جار رۆشنبیرانیش ناتوانن پابه‌ندی نه‌بن ، چونكه‌ نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێزه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن رۆشنبیر ده‌توانێ‌ خۆی لێ‌ رزگار بكات ، چه‌ندین به‌ها و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ رۆشنبیرانیش ده‌سته‌ و ستان ده‌بن و ناتوانن له‌و به‌هایانه‌ تێبپه‌رێنن و له‌ ناویان به‌رن و گۆران دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ رۆشنبیران به‌رده‌وام قسه‌ له‌سه‌ر شته‌ حه‌رامه‌كان و هێله‌ سوره‌كان ده‌كه‌ن ، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا روو به‌رووی ویژدانی جمعی كۆمه‌لگه‌ ده‌بیته‌وه‌ .”
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كیه‌ و داوكه‌وتووه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگی ئاغاو و به‌گ و شێخ به‌هێزتر بووه‌ له‌ ده‌نگی رۆشنبیران .

خالێكی تر بوونی ئیزدواجیه‌ت له‌ كه‌سایه‌تی رۆشنبیر به‌وه‌ی هه‌ندێ‌ له‌ رۆشنبیران له‌ ده‌ره‌وه‌ باس له‌ ئازادی و یه‌كسانی ئافره‌ت ده‌كات و باس له‌ شكاندنی نه‌ریته‌ دواكه‌وتووه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و گۆرانیان ده‌كات كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ نێو خودی خێزانه‌كه‌ی په‌یڕه‌وی ناكات واتا لێره‌دا رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دا ناتوانن له‌ نه‌ریت و پرنسیپه‌ گشتیه‌كانی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی لابدات بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانی گۆرانیان لێ‌ ناكرێت .

هۆكاره‌ ئابوورییه‌كان به‌شێكی زۆر له‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ وه‌كو سامپڵ وه‌رمانگرتبوون لاوازی رۆشنبیریان بۆ بارودۆخی ئابووری و خراپی باری ئابووری رۆشنبیران گه‌رانده‌وه‌ و سه‌رقاڵبوونی رۆشنبیران به‌ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌یان وه‌كو هاوڵاتیه‌ك و ناسه‌قامگیری بارودۆخی ئابووری رۆشنبیران كاریگه‌ریه‌كی نیگه‌تیڤی له‌سه‌ر به‌رهه‌می رۆشنبیران كردووه‌ و ناسه‌قامگیری باری گوزه‌رانی رۆشنبیران له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ وای كردووه‌ رۆشنبیران كۆچ بكه‌ نبۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ( له‌گه‌ڵ بوونی هۆكاری تری سیاسی ) و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌كۆمه‌ڵگه‌ له‌ پێناو فه‌راهه‌مكردنی گوزه‌رانێكی باشتر بۆ خێزانه‌كانیان .

هۆكارێكی تر له‌ رووی ئابوورییه‌ ئه‌ویش بۆ به‌رهه‌می رۆشنبیرانیان گه‌رانده‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ، چونكه‌ تا ئیستا به‌رهه‌می رۆشنبیران نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابووری بۆ رۆشنبیران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ته‌نیا له‌ رێگای كاری فیكری و به‌رهه‌مه‌كانیان ژیان و گوزه‌رانیان دابن بكه‌ن .
زۆر زحمه‌ته‌ رووناكبیرێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا بتوانێت له‌سه‌ر به‌رهه‌می خۆی بژیت ،چونكه‌ یه‌كێك له‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ ده‌كرێت بۆ رۆشنبیر ئه‌ویه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی تاچه‌ند ده‌فرۆشریت ، بۆ نموونه‌ (ئۆرهان پامۆك ) به‌رهه‌مه‌كانی به‌ ئینگلیزی چاپ ده‌كرێت ویه‌ك میلۆن دانه‌یه‌ و له‌سه‌د وڵات لێ‌ ده‌فرۆشریت و بۆ چه‌ندین زمان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستاندا باشترین رۆماننوس ئه‌گه‌ر كتێبه‌كه‌ی بشفرۆشرێت هه‌ر (2-3) هه‌زاری لێ‌ ده‌فرۆشرێت له‌ كۆی (5) ملیۆن كه‌س بۆیه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ له‌وه‌ی كه‌ رۆشنبیران نه‌توانن رۆڵی خۆیان ببینن ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ پێشوازی لێ‌ كرا ئه‌وا بیگومان هه‌م له‌ رووی دارییه‌وه‌ بۆ رۆشنبیران سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی ده‌بێت هه‌م له‌ رووی فكرییه‌وه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن وه‌كو پێویست ژیانی رۆشنبیرانی دابین نه‌كردووه‌ .
به‌ربه‌سته‌ی “سوبژێكتیڤ” یان خودیه‌كانی به‌رده‌م رۆشنبیران بریتین له‌ ” قه‌یرانی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و لایه‌نگیری بوونی رۆشنبیران ئه‌مه‌ش بۆ دوالیتی سروشتی رۆشنبیر ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ ناتوانێت بێ‌ لایه‌نی خۆی بپارێزێت ، خالێكی دیكه‌ لاوازی “سیبلاژ ” واتا قه‌یرانی پێكاندنی ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ، به‌و مانایه‌ رۆشنبیر زۆر جار له‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌ دۆخێكی دیاریكراودا دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خه‌ریكی بابه‌تیكی دیكه‌ ده‌بێت ، بۆ نموونه‌ له‌ كاتی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ جیاتی چاوخستنه‌ سه‌ر چه‌قی دۆخی شه‌ڕ ، ئه‌و دێت قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌تیكی دیكه‌ ده‌كات كه‌ زه‌روور نیه‌ له‌و دۆخانه‌دا باسبكرێت واتا دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دۆخی ئێستا.

جگه‌ له‌مه‌ دووره‌ په‌رێزی یان په‌ناگیری رۆشنبیران یه‌كێك له‌ ئیشكالیه‌ته‌كانی رۆشنبیر ، هه‌روه‌ها تابۆی فیكری رۆشنبیر ، علی حه‌ره‌ب له‌ كتێبی ره‌خنه‌ی رۆشنبیران یان وه‌همی نوخبه‌ “ل163″ ده‌ڵی ” گرفته‌كانی به‌رده‌م رۆشنبیر په‌یوه‌ندی نه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یان ئاینیه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ بیركردنه‌وه‌ی رۆشنبیره‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌زموونی رووناكبیران و فه‌یله‌سوفان پێشووتر هه‌ر له‌ ئه‌فلاتۆنه‌وه‌ تاوه‌كو حافیزی شیرازی، له‌ دیكارته‌وه‌ تاوكو میشیڵ فۆكو . گرفتی گه‌وره‌ لای ئه‌فلاتۆن و فه‌یله‌سوفانی یۆنان بوونی ئه‌و شتانه‌یان لێكده‌دایه‌وه‌ كه‌ بونیان هه‌یه‌ ، لای فارابی به‌هه‌مهێنانی یه‌ك و هه‌موو و كه‌م و زۆر له‌ دنیادا ، سه‌باره‌ت به‌ شیرازی تێگه‌یشتن له‌ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندنی نێوان مافی باڵا “ریالیزم ” و خولقاندنی خه‌یاڵ ، لای دیكارت دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی دروسته‌ بۆ گه‌یشتنی عه‌قڵ به‌ مه‌عریفه‌یه‌كی ئه‌رگیومێنتی ، لای كانت دۆزینه‌وه‌ی كۆنسیپتی معریفه‌ی ئه‌زموونگه‌رایی . هه‌رجی ئه‌و ململانێ‌ و پێكدانانه‌ی كه‌ له‌ نێوان ئه‌هلی فیكرو ده‌سه‌ڵات و رژێمه‌كانن ئه‌وانه‌ به‌ربه‌ستی ده‌ره‌كین له‌ روانگه‌ی بیرمه‌ندانه‌وه‌ له‌وانه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ سوقراته‌وه‌ تا سیپینۆزا ، یان له‌ ئین رشد تا نه‌سیر حامد ئه‌بو زید ، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا ئه‌م ئیشكالیه‌ته‌ گرفتێكی شۆرشگێرییه‌ و په‌یوه‌ندنی به‌ ئازایه‌تی فیكریه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ ئه‌نجامدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی رۆڵ نه‌بینینی رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو پێویست بۆ چه‌ندین هۆكاری بابه‌تی “ئۆبژێكتیڤ ” و خودی ” سوبژێكتیڤ” ده‌گه‌رێته‌وه‌ ، رۆشنبیری كورد له‌ بری ئه‌وه‌ی رۆشنبیرێكی ئۆرگانی یان رۆشنبیرێكی خاوه‌ن دید و ره‌هه‌ندی جۆراوجۆر بێت رۆشنبیرێكی تاك دید و تاك ره‌هه‌نده‌ بینین بووه‌ ، زیاتر رۆشنبیری حیزبی یان ئایدیۆلۆجی بووه‌ ، دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر راست و چه‌پ و جگه‌ له‌ ململانێ‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ هیچی تری نه‌بینیوه‌ ، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌میشه‌ وه‌كو پاشكۆی ئه‌و دوو ئاراسته‌ ئایدیۆلۆجیه‌ ده‌ربكه‌وێت و نوسین و به‌رهه‌م و هه‌ڵویسته‌كانی له‌ نێوان ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌دا دابه‌ش ببێت .

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا رۆشنبیران وه‌كو پێویست نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ نوێنه‌ری چین و توێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ و رۆڵ ببینن ، به‌ هۆی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و نه‌ ده‌سه‌ڵاتیش توانیویه‌تی به‌پێ‌ پێویست سود له‌ بیروبۆچوون و به‌رهه‌می فیكری رۆشنبیران وه‌ربگرێ‌ ، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و میكانیزمانه‌ كار بكرێت تا رۆشنبیران بتوانن په‌یام و پرۆژه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات تاوتۆ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌موو هه‌ولێك بۆ رۆشنبیران بڕه‌خسێنێ‌ تا بتوانن نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن ، دیاره‌ ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ یه‌ و ئه‌ركی رۆشنبیرانیش به‌شداریكردنه‌ له‌ دروستكردنی بارودۆخێكی نوێ‌، ژیان و گوزه‌رانێكی باشتر له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان به‌گشتی ، لێره‌دا هیچیان بێ‌ ئه‌وه‌ی تر ناتوانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو به‌رهه‌مبهێنن و مه‌ده‌نیه‌ت بونیاد بنێن كه‌ جێگه‌ی بڕوابوونی هه‌موو هاوڵاتیان بێت ، بۆیه‌ش رۆشنبیران نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو پێویست له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆڵ ببینن ، چونكه‌ په‌یوه‌ندی نێوان رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵات له‌ قه‌یراندایه‌ و پێویستی به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌ هاوكاریكردنی یه‌كتر ، چونكه‌ هه‌م رۆشنبیر و هه‌م ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌و دوو فاكته‌ره‌ گرنگه‌ن كه‌ پێویسته‌ له‌ پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ریته‌كانی بن نه‌ك ئه‌وانیش ببنه‌ كوێله‌ی سیسته‌می خێڵه‌كی و عه‌شائیری ، به‌ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م رۆشنبیران ده‌توانن بنه‌ كاراكته‌ری به‌ هێز بۆ گۆرانكارییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان .

دكتۆرا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی = سۆربۆن پاریسی 1




گرنگیی بڕیاری دەستەجەمعی بۆ گۆڕان … شێرکۆ کرمانج

لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا گرنگترین پرسیار کە ڕووبەڕووی گۆڕان‌و گۆڕنخوازان بووبێتەوە ئەوەیە داخۆ سەرانی گۆڕان بەبێ نەوشیروان دەتوانن ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکەو بزوتنەوە جەماوەرییەکەی کوردستان بکەن کە خەون‌و ئامانجی سەرەکیان گۆڕانکاریی‌و چاکسازییە لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم. وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە سوک‌و ئاسان نییە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە:
یەکەم، سەرکردەیەکی دیکە نییە لەناو گۆڕان کە وەک نەوشیروان مستەفا توانای گردکردنەوەی دەنگ‌و ڕەنگە جیاوازەکانی ناو گۆڕان‌و بزوتنەوە جەماوەرییەکەی هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو سەرکردە دروستنابێت بەڵکو بەو مانایەیە کە ئێستا بوونی نییە یان هێشتان دەرنەکەوتوە.
دووەم، گۆڕان ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجییە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە خەڵکانی سەر بە بیرو بۆچوونی جیاجیا لە دەوری ئەو ڕێکخراوە کۆبوونەتەوە کە لە غیابی نەوشیروان لەوانەیە زەحمەتبێت دانویان پێکەوە بکوڵێت.

سەرەڕای ئەم دوو تەحەدایە بەڵام گردکردنەوەی گۆڕانخوازەکان لە دەوری یەک ئەستەم نییە چونکە گۆڕانخوازەکانی ناو گۆڕان دەتوانن لەسەر کۆمەڵێک بەهاو پەیام‌و دیدو جیهانبینی نەوشیروان وەک سەرکردەو، گۆڕان وەک ڕێکخراو، کۆببنەوە، لەوانە: عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئازادی، یەکسانی‌و هەلی هاوتا، شەفافییەت، چاکسازی، پێکەوژیان، قەبوڵکردنی ئەوی دی، سیستەمی پەرلەمانی، مێریتۆکراسی (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو). ئەمانە بەهاگەلێکن کە دەکرێت زۆربەی گۆڕانخوازەکان لە دەوری کۆوەبن، بەکۆن‌و نوێکان، بەچەپ‌و ڕاستەکان، بەلیبرال‌و موحافیزکارەکان، بەدین‌و بێدینەکان.
لەناو گۆڕاندا، جیاوازی فکری‌و جیاوازی لەشێوازی کارکردن، هەم لەنێوان نەوە کۆنەکەی گۆڕان‌و نەوە نوێکەی گۆڕان هەیە، هاوکات لەنێوان چەپڕەو ڕاستڕەوەکانی نێو گۆڕانیش جیاوازی بیرکردنەوە هەیە، بەهەمانشێوە لەنێوان توندڕەو و میانڕەوەکانیش جیاوازی لەشێوازی کارکردن هەیە. ئەمانە کۆمەڵێک جیاوازیین کە بوونیان لەنێو ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجی ئاساییە بەڵام ئیدارەدانی ئەو جیاوازییانە کارێکی ئاسان نییە. چۆن ئەو جیاوازییانە ئیدارەدەدرێن‌و کێ ئیدارەیان دەدا ئاراستەکانی گۆڕان لە دواڕۆژ دیاریدەکات.

گۆڕان دوای نەوشیروان دەکرێت شکست بێنێت لە کۆوەبوون لە دەوری بیرو دیدو پەیام‌و بەهاکانی نەوشیروان چونکە کەسانێکی زۆر هەن لەناو گۆڕان کە لە بەهاو پەیامەکانی نەوشیروان نەگەیشتون. هاوکات گۆڕان دەکرێت شکست بێنێت لە ئیدارەدانی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو ڕێکخراوەکە، تەنانەت دەرەوەی ڕێکخراوەکەش چونکە گۆڕان تەنیا دەنگی ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە نییە، خەڵکێکی زۆر ڕێکخراویش نەکراوە بەڵام خۆی بە گۆڕانخواز دادەنێت یان دەنگدەری گۆڕانە. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دوو بابەتە ئاراستەکانی گۆڕان دەستنیشادەکات.
بۆ تێگەیشتن لە پەیام‌و بەهاکانی نەوشیروان واچاکە گۆڕان کار لەسەر نیشاندان‌و بەرزڕاگرتنی بەهاو پەیامەکانی نەوشیروان بکات. هاوکات گۆڕانخوازەکان، لەسەر هەر نەوەیەک هەژماربکرێن یان سەر بە هەر ڕەوتێکی ناو گۆڕان بن دەبێت میکانیزمی لێکتێگەیشتن‌و بڕیاردان لەناو ڕێکخراوەکە دیاریبکەن.
میکانیزمی بڕیاردانی دەستەجەمعی، بەمەرجێک جەمعەکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو بزوتنەوەکە بکات، زۆر گرنگە. گرنگی ئەم خاڵە لە غیابی سەرکردەیەکی دیار کە ئێستا بە ڕێکخراوەکە دیارە هێندەی دیکە بایەخدارە. دوای دەرکەوتنی ڕابەرێک بڕیاری دەستەجەمعی هەر گرنگە بەڵام ڕابەرەکە ئەوکات دەتوانێت بەڕاوێژ لەگەڵ ئەو گروپە سەرکردەیە بڕیاربدات.

تا ئەو ڕادەیەی من ئاگاداربم ناوەندێک هەیە لە هەیکەلیەی گۆڕان کە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی گۆڕان ئاماژەیپێکراوە ئەویش “خانەی ڕاپەڕاندن”ـە کە وابزانم دەبوو لە حەوت کەس پێکبێت، کە تا ئێستا پێکنەهاتوە.
ئەمڕۆ پێکهێنانی خانەی ڕاپەڕاندن کە لە حەوت ئەندام زیاتر نەبێت نەک هەر زۆر گرنگە بەڵکو زەرورەتێکی حەتمییە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بۆئەوەی توانای بڕیاردانی خێراو بەدەنگەوە هاتنی خێرای گۆڕانکارییەکانی هەبێت.
ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن واچاکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو گۆڕان بکات بۆئەوەی هەموویان هەست بکەن کە بەشدارن لە پڕۆسەی بڕیاردان‌و ئاراستەکردنی گۆڕان. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کەسانی خانەی ڕاپەڕین مرۆگەلی جەماوەریان تێدابێت. مرۆگەلێک کە توانای کارکردنیان هەبێت لەگەڵ خەڵک‌و لەنێو خەڵک. هاوکات کارابن لە هەڵسوڕاندن‌و وەگەڕخستنی جەماوەر.




ئەبوشوارب و نادر ئاوێنە و واحیدی عەلینەژاد … بەکر ئەحمەد

برادەرێکم لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا نیازی گەرانەوەی کوردستانی لەسەردا بوو. چوار سالێک دەبوو گەیشتبووە دەرەوەی وڵات و خوازیاری سەردانەوەی کەس وکاری بوو. ئەم ئارەزووە بەهێزە بۆ شادبوونەوە بە ئاشنا و ناسیاو، هەمیشە تێکەلێک لە ئارەزووی نەگەڕانەوەیشی تێدا دروستدەکرد. ئاخر دەبوایە بەسەر و سمێلێکی پاک تاشراوەوە بگەڕێتەوە. یان دەبوایە چاوەڕێ بکات تا سەرورێش درێژدەبێتەوە و دەبێتەوە بە کاک فڵان کەسەکەی جاران. ئەو هەر تەنها یەک کاک فلان بوو، بەڵام بە سمێڵەوە کەسێک و بە بێ سمێڵ کەسێکی دیکە. ئەوەی کە ئینسانێک دەکرێ دوو کەسایەتی بۆ دروست بکرێت و سەرنجی جیاوازی لێبدرێت، جێگاوڕێگای سمێلە لە کەش و هەوا کولتوورییەکانی ژیانی ئەم برادەرەدا.
لە ئەوروپا، ئەوەی باشترین و پیاوترین پیاو بێت، سمێڵی نییە. لە کوردستانیش ئەوەی سمێڵی نەبێ، پیاو نییە. نەک بە پێوەرەکانی هەموو زەمەنەکان، بەلکو تا رۆژگاررێکی درێژ، سمێڵ و بیسمێڵی سنوورەکانی پیاوبوون و پیاونەبونییان تۆخدەکردەوە. ئەگەرچی دەرویشەکانی کوردستان قژدرێژ بوون و کەسێک گوومانی لە پیاونەبوونی ئەوان نەدەکرد و نەشکراوە، بەلام هەمان قژهیشتنەوە بۆ پیاوی دی، لوولەی جنێوەکانی دیسکو و خەنافس و لاجانگشۆری تێدەکرا.

بیرم دێ یەکەم جار کە سمێڵم تاشی، هەستمدەکرد کارێکی هەتا بڵێی قورس ئەنجامدەدەم. تا هەفتەیەکیش بەر سمێڵم هێندە نەرم دەهاتە بەر زمان کە حەزمدەکرد هەمیشە گازی لێبگرم. لە مۆسکۆ بوو سمێڵم تاشی. ئەگەر لە کوردوستان بوومایە، دەبوایە وەک کوڕی کابرای خاوەنماڵەکەی گاورانمان بە شەوان و بەیانیانی زوو بێمەدەر کە کەس بە کووچە و کۆڵانەوە نەبوو.
ئەم درێژدادڕییەی من لەسەر سمێل و سمێڵداری و نەداری ئەو، جێگایەکی تایبەتی داگیردەکات لە پرۆسەی سەرنجدان لەو مۆدێلی نێرینەییەی یان پیاوێتییەی کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بوونی هەیە. پرسیارێک کە تا ئێستا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.

ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لە پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخرێتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکرێ و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ماشێنە ژنکوژەی هەیە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیە.
جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل

کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی و پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، “نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن”. واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار، کە پێستی ڕەشە لە ناو رژێمی جەندەری کوردەواریدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان یان پیاوێتییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، خوڵقێنەری ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.

یەکەم: نیرینەیی هەژمووندار.

کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن لەو بچن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.

لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی ئینسانی کورد دەخاتە ژێر پرسیار بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەیی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.

پەیوەندی دووەم، نێرینەییەکی بەشدار

ئەم جۆرە لە نێرینەیی ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێ لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێ بێ کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکان بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەر نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایەکانی سیستەمی جەندەر وەک خۆی دەهێڵێتەوە.

نێرینەییەکی ژێردەستە

وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی نێرینەی هەژمووندار خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان.

ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوا تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەر نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن، دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار و لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە.

نێرینەیی لەپەڕاوێزخراو

کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیستەمی ڕەگەز، سیستەمی چین، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییاندا.

کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل

بە بڕوای من ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.

لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رسمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێرینەیی بوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێکی شایەنی نووکتەلەسەرکردن توانیویانە بژین و توانای گۆڕینی هیچ ستراکتۆرێکی نێرینەییانەی کۆمەلگایان نەبووە. کەریمەزلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.

دوا وتە

بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە ئەبوشوارب دەکرێ ناوببرێت بۆ پیاوێکی بێسمێڵ و عەیبنەبوونی بێسمێڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا لەمرۆکەدا ، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدیالبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالیزەیشنی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێیان، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریاندا.

ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە کە بناغەی لێکۆلینەوەکانی ماسکۆلێنیتییە وەک تاکە سەرچاوە بەکارهێنراوە.

R. W . Conell 2003, , Maskuliniteter , Daidalos AB

2017-04-17




پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كان …. گۆران ڕه‌ئوف

1

شه‌ماڵ، دوێنێ شه‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوژرا. ڕووداوێك هه‌مووانی تووشی خه‌م و ئازاركرد. له‌ ته‌مه‌نی په‌نجا و پێنج ساڵیدا، خۆی كوشت، یان كوژرا؟ یان باشتره‌ چیرۆكه‌كه‌ وه‌ك خۆی بگێڕینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هاوڕێكه‌ی كوشتبیه‌تی.

ئه‌وه‌ی شه‌ماڵی كوشت، هاوڕێی كۆنی شه‌ماڵ بوو، ئێستا پله‌به‌رزی ناو سوپایه‌، ناوی ڕه‌زایه‌.. من بۆخۆم كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌تان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌، به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چ پله‌یه‌كی هه‌یه‌، یان بۆم گرنگ نییه‌، ناوی پله‌ی سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌ درووستی بپرسم و بۆ ئێوه‌ی نه‌قڵ بكه‌م، چونكه‌ خۆم هیچ له‌باره‌ی پله‌ و ئه‌و ناوه‌ قۆڕانه‌ی سوپاو و سه‌ربازییه‌وه‌ نازانم، به‌ڵام ده‌زانم پله‌ به‌رزێكی ناو سوپایه‌.. من شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ هه‌مووان باشتر ده‌ناسم، ده‌زانم دوای یه‌كتر بینینی قاوه‌خانه‌كه‌، ڕه‌زا بیرۆكه‌ی كوشتی شه‌ماڵی بۆ دروست بوو، ده‌شبوو بیكوشتبا! له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ من ئێستا ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ ده‌نووسمه‌وه‌، دواتر بكوژرێم! چونكه‌ ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ ئه‌وانه‌ی له‌نێو سوپادا كارده‌كه‌ن، ئاگایان له‌هه‌موو شتێكه‌، ته‌نانه‌ت ده‌شزانن شه‌وان چ خه‌وێكت بینیوه‌، ده‌ترسم منیش كه‌شف ببم و بمدۆزنه‌وه‌ و بزانن من بووم ئه‌م چیرۆكه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌.

ڕه‌زا پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ كوشتنی شه‌ماڵ بكاته‌وه‌، وه‌ك دوو هاوڕێ له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا دانیشتبوون، باسی سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌كاری و لاوێتییان كردبوو. وه‌ك دوو هاوڕێ، كه‌ له‌مێژه‌ یه‌كتریان نه‌بینیوه‌.. ده‌ڵێن سه‌رده‌می زانكۆ، كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌یانخوێند، ڕۆژێك شه‌ماڵ له‌ ڕه‌زا ونبووه‌، تا ئه‌و رۆژه‌ی له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا یه‌كتریان بینیوه‌ته‌وه‌، یان باشتره‌ بڵێین ڕه‌زا شه‌ماڵی دۆزییه‌وه‌ته‌وه‌! كه‌مێك پێكه‌وه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ نێو چیرۆكه‌كانی ڕابردوویان. هه‌ندێك كه‌س ئه‌و دووانه‌یان بینیوه‌ ده‌لێێن پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ ونبوونی شه‌ماڵ هه‌ندێ كاغه‌زییان له‌به‌رده‌مدابووه‌ و شتیان نووسیوه‌، به‌ڵام بریا هه‌رگیز یه‌كتریان نه‌بینیبا! چونكه‌ ئه‌و یه‌كتر بینینه‌ بووه‌ هۆی كوشتنی شه‌ماڵ.

دیداری ئه‌و رۆژه‌ی شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا، باسی زۆر شتیان كردبوو، گرنگترینیان نهێنییه‌كی ڕه‌زا بوو، كه‌بۆ شه‌ماڵی باسكردبوو، نهێنییه‌ك یان باشتره‌ بڵێین: باسكردنی ده‌ردێك، كه‌ ته‌نیا كه‌سه‌ بۆی باسكردووه‌. ئه‌و جارجار شه‌ماڵی لێ ده‌بێت به‌خۆی. ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌ی پێیه‌تی، له‌مێژه‌ شتێكی گرنگی له‌ شه‌ماڵ شاردۆته‌وه‌، یان نه‌یشاردۆته‌وه‌. له‌ كاتی ونبوونی شه‌ماڵه‌وه‌ ڕه‌زا ده‌یه‌وێت شه‌ماڵ ببینێت و باسی ئه‌و نهێنییه‌ گرنگه‌ی خۆی بكات. باسی نهێنییه‌ك كه‌ ڕه‌زا به‌ده‌رد ناوی ده‌بات. دواتریش شه‌ماڵ باسی كارێكی شانۆیی خۆی بۆ كردبوو. كارێكی شانۆیی كه‌ بووه‌ هۆی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی شه‌ماڵ، بووه‌ هۆی كوشتنی.. یان ڕه‌نگه‌ هۆكارێكی تر بووبێت.

2
ڕه‌زا چۆن شه‌ماڵی بینییه‌وه‌؟

كاتێك شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ زانكۆ له‌به‌شی فیزیا ده‌خوێنن، به‌یانیان زوو وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان پێش هه‌مووان ده‌چنه‌ زانكۆ، پێكه‌وه‌ كۆشش ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ داده‌نیشن، پێكه‌وه‌ ده‌خوێنن، پێكه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌، خۆشیان پێیان سه‌یره‌ كه‌ مامۆستاكان ڕێگه‌ده‌ده‌ن ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه‌، ته‌نیا خۆیان پێیان سه‌یره‌! هه‌رچه‌نده‌ له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ هه‌ر پێكه‌وه‌بوون، هه‌ر پێكه‌وه‌ش هه‌موو شتێكیان كردووه‌، به‌جووته‌ خه‌ریكی شانۆبوون، خه‌ریكی نووسینی ده‌قی شانۆ بوون، به‌ڵام له‌پڕ ڕۆژێك شه‌ماڵ ونده‌بێت، ڕه‌زا هه‌رچه‌ن ده‌گه‌ڕێت نایدۆزێته‌وه‌، نازانێت بۆ كوێ چووه‌، به‌ڵام گومانێكی هه‌یه‌، ئه‌و تا بینینه‌وه‌ شه‌ماڵ وایبرده‌كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ماڵ ئیتر نایه‌وێت بخوێنێت، ئه‌و خوێندنی وه‌ك نه‌مانی پارچه‌كانی جه‌سته‌ی خۆی بینیوه‌، شه‌ماڵ ڕۆژ دوای ڕۆژ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ خوێندن ئه‌وا ئیتر جه‌سته‌ی، خه‌یاڵه‌كانی، حه‌زه‌كانی بۆ شانۆ ونده‌بێت.
ڕه‌زا زه‌مه‌نێك به‌ته‌نیا ژیا، دوای شه‌ماڵ ئه‌ویش وازی له‌ زانكۆ هێنا، جارێكی تر په‌یوه‌ندی به‌ حزبه‌وه‌ كرد. ئیتر ده‌یزانی به‌بێ شه‌ماڵ خوێندنی بۆ ته‌واوناكرێت. هاوڕێكانی تری بینیبوو هه‌ریه‌كه‌یان ببوونه‌ پله‌دار له‌نێو حزب و حكومه‌تدا، ئه‌میش ده‌یوسیت هه‌مان شت بێت، ده‌یوست ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت. پاسه‌وانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ئاسان بوو، چونكه‌ رۆژگارێك له‌ شاخ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی شۆڕش خه‌باتی كردووه‌، كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناو حزب هه‌ر زووه‌ بووه‌ پله‌دار و به‌رپرس.

ڕه‌زا و شه‌ماڵ، كاتێك له‌ شاخیش بوون، خه‌ریكی شانۆ بوون، چه‌ندین تێكستی شانۆییان نووسی بوو. بۆیه‌ حه‌زی شانۆ شتێك بوو، له‌ خه‌یاڵی هه‌ردووكیاندا برووسكه‌ی ده‌دا. دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زا بووه‌ پله‌داری سه‌ربازی، ئه‌وه‌ی له‌بیری كرد شه‌ماڵ بوو. ئه‌وه‌ی تێیدا نه‌ما شانۆ بوو. ببوو به‌ پیاوێكی دڵڕه‌ق. پیاوێكی سه‌ربازی. پیاوێكی شه‌قوه‌شێنی حزب. پاوكوژی حزب. ده‌ڵێن برای خۆی كوشتووه‌ بۆ حزب. برای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له‌تله‌تكردووه‌.. به‌ڵام ته‌مه‌نێك له‌ ئازاردانی خه‌ڵك و شه‌قوه‌شاندن بۆ حزبه‌كه‌ی، له‌پڕ بیری ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه‌، شانۆییه‌ك بنووسێت! پیاوێكی سه‌ربازی دڵڕه‌ق ده‌یه‌وێت شانۆ بنووسێت.. ڕه‌زا به‌یانییه‌ك به‌ پاسه‌وانه‌كانی ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵم مه‌یه‌ن، قه‌ڵه‌م و هه‌ندێ كاغه‌ز هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕواته‌ قاوه‌خانه‌یه‌ك، به‌ته‌نیا داده‌نیشێت، ده‌ستده‌كات به‌نووسینی ئه‌و شانۆییه‌ی خه‌یاڵیان به‌گیرهێناوه‌. ده‌نووسێت، ده‌نووسێت، ده‌نووسێت.. له‌وكاته‌دا شه‌ماڵ پاش ته‌مه‌نێك له‌ ونبوونی دێت و به‌رامبه‌ر ڕه‌زا داده‌نیشێت، سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن، ته‌نیا كه‌مێك پێده‌كه‌نن و به‌ ساردییه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای یه‌كتر ده‌كه‌ن و شانۆییه‌كه‌ ده‌نووسن.

3
به‌شێك له‌ گفتوگۆی نێو قاوه‌خانه‌كه‌.

ڕه‌زا: شه‌ماڵ گیان، قسه‌یه‌كی تۆ كه‌ كاتی خۆی كردت، ژیانی منی گۆڕی، قسه‌یه‌ك كه‌ زۆركات بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌، دڵته‌نگ ده‌بم، پێده‌كه‌نم، فرمێسك پێشچاوم لێڵ ده‌كات. به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و قسه‌یه‌، ده‌خۆمه‌وه‌، له‌ خۆم ده‌ده‌م، گولله‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نێم، دواجار له‌خۆم ده‌پرسم بۆ وامكرد؟

شه‌ماڵ: ئێ ڕه‌زا گیان، من و تۆ زۆر قسه‌مانكردووه‌، نازانم كامه‌یانت مه‌به‌سته‌، ڕه‌نگه‌ ته‌واوی گفتوگۆكانی خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه‌ تاكۆتایی ته‌مه‌ن بۆمان كۆنه‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ قسه‌مانكردووه‌..

ڕه‌زا: ده‌زانم شه‌ماڵ گیان، به‌ڵام من تا ئێستاش نازانم بۆ ئه‌و به‌شه‌ی ژیانم هه‌ڵبژارد؟ تێناگه‌م بۆ فریوی شتێكم خوارد، كه‌خۆم نه‌مده‌زانی و هه‌ستم پێنه‌كردبوو، نه‌مده‌ویست وه‌هابم، نه‌ باوه‌ڕم وابوو ڕۆژێك وه‌ها بژییه‌م؟ نه‌ هه‌رگیز كه‌سانی وه‌هام خۆشویستووه‌، به‌ڵام تازه‌ واملێهاتووه‌ و ته‌نیا تۆش ده‌زانی من كێم و له‌كام جۆره‌ مرۆڤانه‌م.

شه‌ماڵ: ئه‌ها ئێستا تێده‌گه‌م! راسته‌كه‌یت، به‌ڵام خه‌م مه‌خۆ كۆمه‌ڵگا به‌ گشتی وایلێهاتووه‌، دنیا والێهاتووه‌، مرۆڤایه‌تی هه‌موو وه‌هان.. تۆ ئێستا ئیتر به‌ده‌ریت له‌و گوزارشته‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ت ده‌بێت ئه‌وه‌بن، پاسه‌وانه‌كانت وه‌ك تۆن، ئه‌وجا تۆ..

ڕه‌زا: شه‌ماڵ.. شه‌ماڵ.. شه‌ماڵ.. به‌سیكه‌، من ده‌زانم مرۆڤایه‌تی والێهاتووه‌، ده‌زانم كۆمه‌ڵگا چی به‌سه‌رهاتووه‌، به‌ڵام من نه‌ده‌بوو واملێبێت، چونكه‌ هاوڕێی تۆبووم! هاوڕێی كه‌سێك بووم، كه‌ به‌رله‌هه‌موو كه‌س ده‌ركی به‌م ده‌رده‌ كرد، من خه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌خۆم، كه‌ به‌ده‌ستی خۆم و ئاگایانه‌ وه‌كو ڕێبازێك هه‌ڵمبژارد.

شه‌ماڵ: به‌ڵام من هێشتا تووشی ئه‌و ده‌رده‌ نه‌بووم، هێشتا دژی ئه‌و مرۆڤانه‌م، ئه‌سڵه‌ن ئێستا خه‌ریكی شانۆییه‌كم به‌ جوانی باس له‌و ده‌رده‌ ده‌كات. ئه‌ی نازانی بۆ وازم له‌ زانكۆ هێنا، ته‌نیا هه‌ستمده‌كرد منیش خه‌ریكه‌ تووشی ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بم! ئێستا خه‌ریكی شانۆییه‌كم نازانم بۆ یه‌كێك له‌ كاراكته‌ره‌كانی له‌تۆ ده‌چێت، من پێش ئه‌وه‌ی بشزانم تۆ به‌ ویستی خۆت، خۆت تووشی ئه‌و ده‌رده‌ كردووه‌، هاوكات ئه‌م كاراكته‌ره‌ی منیش به‌ویستی خۆی و ئاگایانه‌ ئه‌و ده‌رده‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.

ڕه‌زا: ئۆهــــــ ده‌ی كۆتایی پێبهێنه‌، بابه‌ مێشكم تێك مه‌ده‌، من خۆم بێزارم له‌خۆم، بێزارم له‌وه‌ی بۆ وامكردووه‌، تۆش هێنده‌ی تر ئازاری ئه‌خلاقم ده‌ده‌یت، ئازاری ویژدانم ده‌ده‌یت، من زۆرجار ویستوومه‌ خۆم بكوژم، ویستوومه‌ خۆم له‌كۆڵ خۆم بكه‌وم، وا خه‌ریكه‌ تۆش ده‌كه‌ویته‌ سه‌ر كۆڵم.

شه‌ماڵ: باشه‌ ڕه‌زا گیان، ئه‌وه‌ چیته‌؟ وه‌ك منداڵ مه‌جووڵێره‌وه‌، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی سه‌یرمان ده‌كه‌ن، هه‌سته‌ بابڕۆین.

4

گفتوگۆی شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌باره‌ی پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانه‌وه‌

یه‌كه‌مین گفتوگۆی شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌باره‌ی پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانه‌وه‌، كاتێك بوو له‌ زانكۆ ده‌یانخوێند. كاتێك كه‌ شه‌ماڵ هێشتا وننه‌بووبوو، به‌یانییه‌كی زستان له‌ باخچه‌ی كۆلێژ، به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه‌، شه‌ماڵ باسی پاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانی بۆكردبوو..

شه‌ماڵ: ڕه‌زا تۆ باوه‌ڕده‌كه‌یت، پیاوانیش له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن؟
ڕه‌زا: هاهاها ئاده‌ی چۆن بابزانم..
شه‌ماڵ: من ڕۆژانه‌ هاوڕێی خۆمان ده‌بینم له‌شی خۆیان ده‌فرۆشن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ وه‌ك له‌شفرۆشه‌كان به‌ بڕێك پاره‌ له‌شفرۆشی بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ نیگایه‌ك وه‌ك نیگای سه‌ر مه‌سره‌ح، به‌ پێكه‌نینێك، كه‌نه‌ده‌بوو پێبكه‌نن، به‌ تووڕه‌بوونێكی ساخته‌، به‌ ڕازیبوون به‌ دۆخگه‌لێك یان به‌ جۆره‌ ژیانێك كه‌ هیچ باوه‌ڕێكیان پێی نییه‌، كه‌چی به‌رده‌وامن له‌سه‌ری. ئه‌وان له‌شی خۆیان به‌زۆر شێوه‌ ده‌فرۆشن. من هه‌ركات بیریان لێده‌كه‌مه‌وه‌ سه‌رم ژان ده‌كات. جاران مرۆڤ كه‌ی وابوو، ئێمه‌ كه‌ی وه‌ها ژیاین؟ ئێمه‌، كه‌چووینه‌ شاخ و بووینه‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ی بۆ ئه‌مه‌ رۆیشتین؟ من مرۆڤگه‌لێكی زۆر ده‌بینم، كه‌ ڕۆژانه‌ له‌م وڵاته‌ی من و تۆدا، به‌لاماندا تێده‌په‌ڕن و سه‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه‌ سه‌ركرده‌، ده‌بنه‌ كاربه‌ده‌ست، ده‌بنه‌ هه‌مووشتێك. ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان له‌شی خۆیان ده‌فرۆشن، تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی ئیتر له‌ش ده‌كڕن! تۆ شه‌هابت بیرماوه‌؟ ڕه‌زا به‌ تێڕامانه‌وه‌ سه‌یری شه‌ماڵ ده‌كات، به‌وردی گوێی بۆ قسه‌كانی گرتووه‌، به‌سه‌ره‌له‌قێ پێده‌ڵێت به‌ڵێ.. باوه‌ڕده‌كه‌یت ئه‌و ئێستا هه‌مووشتێكه‌ له‌م وڵاته‌دا، پاره‌، خانوو، ماشین و ژن، هه‌رچی خۆی بییه‌وێت هه‌یه‌تی. ئه‌و ته‌نیا له‌شی خۆی فرۆشت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و شتانه‌. شه‌هاب، به‌ده‌م هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ پێده‌كه‌نی، مرۆڤێكی بچووك بوو، پڕبوو له‌ ڕق، پڕبوو له‌ لاوازی، بۆیه‌ ته‌نیا پێده‌كه‌نی و به‌ پێكه‌نیینه‌كه‌ی دڵی هه‌مووكه‌سی ڕازی ده‌كرد. كاتی خۆیشی له‌گه‌ڵ ڕژێم هه‌موو شتێكی ده‌كرد، ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مووكه‌سێكی تردا ئه‌وه‌ ده‌كات. ئه‌و ئێستا هه‌موو شتێكه‌ به‌ڵام ئه‌و ئیتر لای من، له‌شفرۆشێك زیاتر نییه‌، بۆیه‌ ده‌توانین به‌و كه‌سانه‌ بڵێین: پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كان.. به‌ڵام ڕه‌زا گیان ئه‌وه‌ی زیاتر من نیگه‌ران ده‌كات، مرۆڤه‌ پاكه‌كانن، مرۆڤه‌ جوانه‌كانن، ئه‌و پیاوه‌ قاره‌مانانه‌ن، كه‌ هه‌موو ژیانیان فرۆشت له‌پێناو سه‌ربه‌زی و شۆڕش و خاك و بیروباوه‌ڕیاندا، كه‌چی ئێستا له‌شیان ده‌فرۆشن، هه‌یانه‌ خۆی بازاڕ بۆخۆی په‌یدا ده‌كات. هه‌یانه‌ چێژ له‌ له‌شكڕین وه‌رده‌گرێت! له‌شكرێت له‌شی كڕیوه‌ و تێرنابێت، فێریان ده‌كه‌ن چۆن له‌ش بكڕن.

5

شه‌وی كوشتنی شه‌ماڵ

ڕه‌زا خۆی و پاسه‌وانه‌كانی، دێت بۆ ماڵی شه‌ماڵ، شه‌وێكی سارده‌، نازانم بۆ زۆربه‌ی چیرۆكه‌كان، ڕووداوه‌ سه‌یره‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ شه‌وه‌ سارده‌كانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی شه‌وێكی سارده‌.. شه‌ماڵ دیسانه‌وه‌ به‌ تێكستی شانۆییه‌كه‌دا ده‌چێته‌وه‌، ده‌یخوێنێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ئیشێكی جوان بێت، هه‌رخۆی له‌ماڵه‌وه‌یه‌، یان باشتره‌ بڵێن: ئه‌و هێشتا هه‌ر به‌ته‌نیا ده‌ژی. چیرۆكی ته‌نیاییه‌كه‌ی چیرۆكێكی دوورودرێژه‌.. پاسه‌وانه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی شه‌ماڵ وه‌ستاون. ڕه‌زا به‌جلی سه‌ربازییه‌وه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌، سڵاو له‌ شه‌ماڵ ده‌كات، شه‌ماڵ ترس دایده‌گرێت، نازانێت چی بڵێت.. ته‌نیا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵێت: ڕه‌زا!

ڕه‌زا به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت: بیرم له‌قسه‌كانی قاوه‌خانه‌كه‌ كرده‌وه‌، پێمخۆشبوو بێم بۆ لات، به‌ڵام هاتووم داوایه‌كت لێبكه‌م، سه‌رت سوڕنه‌مێنێت و بڵێی داوا؟ به‌ڵێ داوایه‌كم لێت هه‌یه‌.. شه‌ماڵ كاغه‌زه‌كانی هێشتا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌ ڕه‌زا ده‌ڵێ: تۆ جارێ دانیشه‌ و دواتر داواكه‌شت بڵێ بزانم ده‌توانم بۆت بكه‌م.

ڕه‌زا به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێت: تۆ ده‌توانی خۆت بكوژیت؟
شه‌ماڵ: خۆكوشتنی چی؟ بۆ خۆمبكوژم؟!
ڕه‌زا: ئێستا تۆ ده‌توانی خۆت بكوژیت له‌به‌ر من؟
شه‌ماڵ: نه‌خێر، نه‌خێر، ئاخر بۆ خۆم بكوژم؟
ڕه‌زا: به‌داخه‌وه‌ وامزانی ده‌توانی خۆت بكوژیت، وامزانی ده‌توانی خۆت به‌خت بكه‌یت بۆمن، به‌ڵام قه‌ینا من خۆم ده‌تكوژم، من خۆم له‌ناوت ده‌به‌م و خۆم ڕزگار ده‌كه‌م له‌ مێشكم، خۆم ڕزگارده‌كه‌م له‌ تۆ، له‌ ڕابردووم، له‌وه‌ی، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك خۆمم وه‌ك له‌شفرۆشێك بێته‌ پێشچاو.
شه‌ماڵ: جارێ تۆ له‌ ئێستادا ئیتر له‌شفرۆش نیت، به‌ڵكو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ش ده‌كڕن، له‌و به‌شه‌رانه‌ی هه‌موو سامانه‌كه‌ت ده‌به‌خشێت له‌شێكی تر بكڕیت.. ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت له‌شی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بكڕن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به‌های له‌شی خۆتان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌، بۆیه‌ بووه‌سته‌، واز له‌و بیرۆكه‌ خراپانه‌ت بهێنه‌..
ڕه‌زا: بێده‌نگبه‌ كوڕی سه‌گ! تۆ كوڕی سه‌گیت سه‌گ، من نه‌مده‌زانی له‌شفرۆشی چییه‌، نه‌مده‌زانی ڕێگاكانی له‌شفرۆشی چین، نه‌مده‌زانی ئه‌وانه‌ی به‌لاماندا تێده‌په‌ڕن و ده‌بنه‌ خودایه‌كی بچكۆله‌ له‌شفرۆشن، تۆ بۆت شیكردمه‌وه‌، تۆ ناڕاسته‌وخۆ هانتدام ببمه‌ له‌شفرۆش، من ڕقم له‌خۆمه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ڕقم له‌خۆم بێت، ڕقم له‌تۆیه‌، تۆ بۆ خۆت ونكرد؟ من حه‌زده‌كه‌م خۆم بكوژم، چونكه‌ ده‌زانم مرۆڤێكی ناشیرینم، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی حه‌زبكه‌م خۆم بكوژم، حه‌زده‌كه‌م تۆ بكوژم، چونكه‌ تۆ ناشیرینیت نیشاندام، تۆ دنیایه‌ك نابووتیت نیشاندام و خۆت ونكرد! شه‌ماڵ تۆ نه‌تده‌زانی مرۆڤگه‌لێكی وه‌ك من هه‌یه‌، كه‌ ناكرێت ناشیرینی ببینن، له‌گه‌ڵ بینینی نابووتییه‌كاندا زمانیان لیك ده‌كات، وه‌ك سه‌گه‌هاره‌كان حه‌زده‌كه‌ن گازبگرن و له‌نێو نابووتییه‌كاندا بتلێنه‌وه‌، تۆ له‌من تاوانبارتریت، تۆ به‌هه‌موو كه‌س ده‌لێی له‌شفرش، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانیت ئێستا هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌شفرشی ده‌كات، ئێستا زه‌وی بۆته‌ له‌شفرشخانه‌، تۆش له‌شفرشیت..
شه‌ماڵ: من؟ جا بۆمن له‌شفرۆ…
ڕه‌زا، ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و به‌هاواره‌كه‌ی ناهێڵێت شه‌ماڵ قسه‌كه‌ی ته‌واوبكات.. هاوارده‌كات بێده‌نگبه‌ كوڕی سه‌گ.. گه‌ر ئێمه‌ له‌شفرش بین، تۆ كوڕی سه‌گیت، شانۆیی له‌باره‌ی منه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌یته‌وه‌؟ له‌ قاوه‌خانه‌كه‌ تۆ شانۆییت له‌باره‌ی منه‌وه‌ ده‌نووسی، من ده‌تكوژم ئه‌وجا جه‌سته‌ت له‌تله‌ت ده‌كه‌م.
شه‌ماڵ: ده‌ی بمكوژه‌، تۆ له‌م پارچه‌ كاغه‌زانه‌ ده‌ترسیت؟ له‌سه‌ر پارچه‌ نووسینێك ده‌مكوژیت..
دیسان ناهێڵت قسه‌كانی ته‌واوبكات و هاوارده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت: من له‌سه‌ر شانۆ و مانۆ تۆ ناكوژم، من ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ تۆ ده‌كوژم، كه‌ تاكه‌ كه‌سی ده‌زانیت منیش له‌شفرشیم كردووه‌ تا گه‌یشتووم به‌ ئێستام. تۆ تاكه‌ كه‌سی كه‌ ده‌زانی من خۆم به‌ده‌ستی خۆم له‌شفرشیم هه‌ڵبژارد، من له‌و مرۆڤانه‌م عاشقی ناشرینی و نابووتییه‌كان بووم، به‌ڵام كێ ئه‌وه‌ ده‌زانێت جگه‌ له‌تۆ؟ ته‌نیا تۆ ده‌زانیت كه‌ من ته‌واوی جه‌سته‌ی خۆمم برده‌ به‌رده‌م به‌رپرسه‌كان و پێمفرشتن. به‌ ده‌سته‌كانم گولله‌م ده‌نا به‌ كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ خۆم نه‌مده‌ویست پێیانه‌وه‌ بنێم، جۆره‌ها قسه‌م ده‌كرد، كه‌ خۆم نه‌مده‌ویست بیانكه‌م، شه‌قم له‌ كه‌سانێك داوه‌، كه‌ هه‌رگیز نه‌مویستوه‌ شه‌ق بوه‌شێنم، من مرۆڤم لاقه‌كردووه‌، به‌ڵام كه‌ی خۆم ویستوومه‌؟! به‌هۆی ئه‌وه‌ی من جه‌سته‌ی خۆمم فرشتووه‌ ناتوانم به‌ دڵی خۆم به‌ بیروباوه‌ڕی خۆم بجووڵێمه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌یه‌ ده‌مه‌وێت تۆ بكوژم، ده‌مه‌وێت ڕزگارمبێت له‌تۆ، ڕزگارم بێت له‌خۆم!

6

ڕه‌زا ئه‌مه‌ی وت و فیشه‌كێكی نا به‌سه‌رییه‌وه‌، شه‌ماڵ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی.

7
به‌ده‌نگی فیشه‌كه‌كه‌دا، پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ ژووره‌وه‌، بینیان خۆی كوشتووه‌، جله‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌به‌ردایه‌ و هێشتا كاغه‌زه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.




هەڵوەستەیەك لەسەر هەڵبژاردنە ناو خۆییەكانی گۆڕان … عەلی مەحمود محەمە

دبڕیار وایە 25 ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای سەركردەی كۆچكردو نەوشیروان مستەفا , كە بۆ ماوەی 8 ساڵ, لە چركە ساتی دامەزراندنیەوە رێكخەری ئەو بزوتنەوەیە بوو تا كۆچی دوایی, رێكخەرێكی گشتی و خانەی راپەڕاندن بۆ رێكخراوەكەیان هەڵبژێرن.
لێرە من باسی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان جڤاتەكان و دەستەی راوێژكاری و ناوەندەكانی دیكە و چۆنیەتی دیاریكردنیان و هەڵبژاردنیان ناكەم , باسی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەو دوو ناوەندە گرنگە دەكەم لە روی دیموكراسی بوونەوە كە رێكخەرو خانەی راپەڕاندنە.
دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان , راگەیاندنی و دابەشكردنی فۆرمی خۆ كاندیدكردن بۆ دەزگا گرنگەكانی هەرەمی بڕیارو رێكخراوەیی هەنگاوێكی ئەرێنییە, وە دەتوانم بڵێم دەستپێشخەرییەكی دیموكراسی باشە لە ژیانی سیاسی كوردستاندا كە تا ئێستا دەستپێشخەری سیاسی وا لە ئاستی هێزێكی كاریگەردا نەنراوە, هەرچەندە دەبوایا لە سەردەمی مانی كاك نەوشیروان , بە تایبەت لە ساڵی 2005 كە 6 ساڵی رێكخەرییەكەی تەواو ببوو ئەنجام بدرابایا , ئەوكاتە دەبووە دەستپێشخەرییەكی گرنگ لە ژیانی رێكخراوەیی لە كوردستاندا.

ئێستاش نەچووە بچێت , ئەم هەنگاو گفتوگۆ سیاسییەی ئەم هەڵبژاردنە ناو خۆییە هێناویەتییە پێشەوە گرنگە, هەرچەندە وەك حیزبەكانی دیكەی كوردستان ئەنجامەكان پێشوەخت خۆیمان نیشان دەدەن , چۆن لە دوو حیزبە سیاسیە بە دسپلینەكەی كوردستان (وەك ژیانی سیاسی و بەستنی كۆنگرە) ( یەكگرتووی ئیسلامی – حیزبی شیوعی) یش پێش كۆنگرە ئەنجامی سكرتێری حیزب ئاشكرا بوون, لێرەشدا ئاماژەكان لەسەر كاك عومەری سەید عەلین .
وەلێ هەڵبژاردنی ئەم ئۆرگانانە (خانەی راپەڕاندن ) لە جڤاتی نیشتمانی و رێكخەر لە خانەی راپەڕاندن , سیاسەتێكی تەقلیدی حیزبایەتییە لە كوردستان , كە ژیانی حیزبایەتی لە جیهان جێی هێشتووە , تەنانەت لە كوردستانیش , ئاخر نموونە یەكگرتوو راستەوخۆ لە ناو كۆنگرە ئەمینداریان هەڵبژارد , هاوكات شیوعیش كۆمیتەی ناوەندی سكرتێر هەڵەبژێرێت.

وەلێ لە حالەتی گۆڕاندا تەنها 6 كەسی دیكە رێكخەر هەڵەبژێرن لە خانەی راپەڕاندن , ئەمە وێڕای ئەوەی ئایا ئەوانەی ئەو كەسانە هەڵەبژێرن چەندە شەرعیەتی نوێنەرایەتیان هەیە, بۆیە سپاردنی هەڵبژاردنی رێكخەر(سكرتێر) بە خانەی راپەڕاندن(مەكتەب سیاسی) هەنگاوێكە بۆ دواوە لە ژیانی سیاسی كوردستاندا, واتا ئەم خاڵەیان دەستپێشخەرییەكی نەرێنییە .ئێستا لە جیهاندا نەرێتی حیزبایەتی بەرەو ئەوە دەڕوات تەواوی ئەندامانی حیزب بەشداری راستەوخۆی هەڵبژاردنی كەسی یەكەمی پارتەكەیان بكەن , نموونە وەك بینیمان پارتی كرێكارانی بەریتانیا , پارتی كاری هۆڵەندا …….. نموونەی زۆری دی , یاخود ئەندامان لە كۆبونەوەی راستەوخۆ ی گشتی, بە پەیرەو كردنی دیموكراسی راستەوخۆ وەك لە حالەتی پارتی پۆدیمۆسی ئیسپانیا دەستەی سەركردایەتی بە كەسی یەكەمەوە هەڵەبژێرن.
دواتر ئەوی هەستی پێ ناكرێت , ململانێی سیاسییە لەسەر بنچینەی بۆچوونی سیاسی و پرۆژەی كاركردن لە نێوان كاندیدەكاندا , لە كۆتادا دەڵێم دەرگای خۆ كاندیدكردن واڵایە , وەلێ كەس نایاتە ژورێ , پرۆسەكە ساردو سڕە كات و دەستپێشخەرییەكە دەمرێنێت , دەبوایا جەمسەر گیری لەناو گۆڕان وەك پارتی و یەكێتی لەسەر بنچینەی دەموچاوەكان نەبونایا , بەڵكە لەسەر بنچینەی بۆچوونە سیاسییەكان بوایا , لێ ئازاد كردنی ململانێكە لە هۆڵی داخراوی كۆنگرەوە بۆ فەزای ئازاد و رێگا گرتن لە خۆ كاندیدكردنی نوێنەران و خاوەند پۆستەكان گرنگە, وەلێ بە موتەربەكردنی ململانێكان بە بۆچوونە سیاسییەكانەوە جدیەتی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات.




بەیاننامەی ناوەندی لێکۆڵینەوە سۆسیالیستیی-کوردستان دەربارەی شانۆگەریی ڕیفراندۆم لە کوردستان

گومان لەوەدا نییە بە درێژایی مێژوو سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان،لایەنگری مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان بوون، ئەمەش بۆتە یەکێک لەو پڕەنسیپانەی کە سۆسیالیستەکانی پێ دەناسرێتەوە. هزر و هەڵوێست و پڕاکتیکی مارکسیزمی ڕەسەن، هەر لە سەردەمی مارکس و ئەنگڵس (لە سەدەی نوزدەیەمدا) و دواتر تێز و تیۆرەکانی لینین و بەلشەڤیکەکان لەمەڕ مافی میللەتان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا و پیادەکردنی (لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا)، خاڵێکی پرشنگدار و دەوڵەمەندە بۆ سۆسیالیستەکانی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی. پاشخانێکی مێژوویی و ئەزموونێکی گرنگە هەتاوەکو بتوانن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و ڕاستەقینەی خۆیان بەرامبەر مەسەلەی ڕیفراندۆم لە کوردستان وەربگرن.

لەکاتێدا کوردستانی باشوور نوقمی قەیرانی ئابووری و سیاسی و ئیداریی بووە و دوو پارتی سیاسی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)، کە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی میلیشایی و بنەماڵەیی و نەریتگەرایی کوردستانیان بەڕێوەبردووە و تائێستاش بەرێوەی دەبەن، وەک نوێنەری چینی بۆرژوازیی باڵادەست بوونەتە لەمپەڕ لەبەردەم گەشەی ئابووری و سیاسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کوردستان.
لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجە ناجێگیر و پر لە قەیران و فەوزایەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هاوشانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هێزە ئیسلامییەکان و پاڵپشتیی یاخود بێ هەڵوێستیی لایەنەکانی دیکە، یان لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین هەڵوێستی دیماگۆگی و ڕیفۆرمگەرایانەی لایەنەکانی دیکە، بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی تێیکەوتووە، هاتووە شانۆگەری و کاریکاتۆری ڕیفراندۆم نمایشدەکات. لە ڕێگای ئەم شانۆگەرییە ساختەیەوە دەیەوێت ئەم ڕق و نەفرەتە چینایەتییەی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دامرکێنێتەوە، کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەو حزبانەوە سەریهەڵداوە.

لەکاتێدا حزبی فەرمانڕەوا لە کوردستانی باشوور بڕیاری ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنێت و لەسەر بنەمای نەتەوەیی بەرەو جاڕدانی سەربەخۆیی قەڵەمڕەوەکەی خۆی دەڕوات (بە گوتەی خۆیان)، لە هەمان کاتدا ئەم هێزە بۆرژوا ناسیونالیستەی باشووری کوردستان، هاوپەیمانی هێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکانی پارچەکانی تری کوردستانە و ئەو نەتەوەیەی لەم پارچەیە کردویەتییە کاڵایەک و دەیەوێت دەوڵەتێکی بەبەردا بکات، لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە بەرەیەکی دژ بە مافەکانیاندا وەستاوەتەوە و بێ پەردە دژایەتی خەبات و تێکۆشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات، بەتایبەت لە کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا. لەکاتێکدا هەموومان دەزانین خەبات و تێکۆشان لەو دوو پارچەیە ئاستێکی باشی بڕیوە و خاوەنی تێکۆشانێکی جەماوەریی بەرزن. ئەمەیە پارادۆکسەکەی بۆرژوا-ناسیۆنالیزمی کوردیی، کە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان زۆرترین قسەی لەسەر دەکەن.

ئێمە بە گشتی باوەڕمان وایە پرسی ڕیفراندۆم، وەک پڕۆسەیەکی جەماوەریی و دیموکراسی و ڕاگیریی، مافێکی بێ قه‌ید و شه‌رتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که که بڕیاری جیابوونه‌وه‌ یان پێکه‌وه‌ژیان لەگەڵ نیشتیمان یان نەتەوەیەکی دیکەدا هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕیفراندۆمە دەربڕی خواستی ڕاسته‌وخۆی دیموکراسییانه‌ی خه‌ڵک بێت، پێویستە بەشداربووانی پڕۆسەکە متمانەیان بە بوونی بنەماکانی دیموکراسی هەبێت لەو جێگەیەی تێیدا دەژین. ناکرێت پرۆسەیەکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی نادیموکراسییانە بڕیاری لەسەر بدرێت و لە سایەی حکومێکی داپڵۆسێنەرانە و نادیموکراسیانەدا ئەنجام بدرێت.
ئەمە سوکایەتی کردنە بە خواستی جەماوەر و بێ نرخکردنی ڕیفراندۆمە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسی، بەتایبەت لە هەرێمێکدا کە دانیشتوان خۆیان شاهیدی ئەوە دەدەن هەمان ئەو هێزەی ئێستا بانگەشەی گەڕانەوە دەکات بۆ ڕای خەڵک، هەستاوە بە داخستنی ئەو دامەزراوەیەی گوایە گوزارشتە لە ڕای جەماوەر و بەرئەنجامی دەنگدان و پڕۆسەیەکی دیموکراسییە؛ ئەویش پەڕلەمانە، کە چینی بۆرژوازی خۆی لە جیهاندا گەلێک شانازیی پێوە دەکات. بۆیه له‌ هه‌لومه‌رجێکی وەهادا خواستی جیابوونه‌وه و سەربەخۆیی،‌ که دژ بە هەموو پڕەنسیپێکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ ده‌سه‌ڵاتداران پێش جه‌‌ماوه‌ر بانگەشەی بۆده‌که‌ن! خواستێکی ڕاسته‌وخۆی دیموکراسییانه‌ی خه‌ڵک نییه. جه‌ماوه‌رێک که لەسه‌ر بچوکترین مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی سه‌رکوت و تیرۆر و به‌ند بکرێت، بێکار و بێ نان و بێ موچه بکرێت، بێگومان خواستی جیابونه‌وه‌ نابێته خواستێکی هه‌نوکه‌یی ئەو جەماوەرە، بەڵکو شەڕکردن لە سەنگەری بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژیانیدا، دەخاتە پێش شەڕکردن لە سەنگەر جیابوونەوەیەکی نەتەوەیی بێ چارەنووس. بۆ سەربەخۆییش سەرەتا هەوڵی جیابوونەوە لە چینە ستەمکارەکەی خۆی دەدات و دواتر هەر ئەو جەماوەرە مافی چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دیاریدەکات و خۆی لە هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار دادەماڵێت.

ئێمه دووپاتی دەکەینەوە مەسەلەی جیابوونه‌وه‌ و پێکەوەژیان لەگەڵ هەر نیشتیمان و نەتەوەیەکدا مافێکی سەرەتایی خەڵکە و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانی لەم خه‌باتە دەکەین. به‌ڵام به مه‌رجێک که جه‌ماوه‌ر خۆیان خاوه‌نی ئه‌م ڕزگارییه‌ بن و هه‌ر خۆشیان لێی به‌‌‌هره‌مه‌ند بن. لەکاتێکدا لە کوردستان، که ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی، مۆنۆپۆڵی هه‌موو جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کردووه ‌و جەماوەر و خەڵک ته‌واو بێده‌سه‌ڵات له‌ ژیان و ئاینده‌ی خۆی هێشتۆته‌وه‌‌، ناکرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شی لێبکرێت ڕیفراندۆمێک، که ئەو چەشنە دەسەڵاتدارە و بانگه‌شه‌ی بۆ بکات، گوزارشت لە خواستی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک بکات، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانەی که خۆیان بۆ خه‌ڵکیان خوڵقاندوه، بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆی پێکه‌وه‌ژیانی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ نەتەوەکانی تر لە عێراقدا، بۆیه جیابوونەوەیان کردووە بەو بەهەشتە بەڵێنپێدراوەی زامنی ڕزگاربوونە لە نەهامەتییانە.

ئێمە لە ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان، پشتیوان و هاوپشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانین لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان تا سنووری جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ. هاوکات خەڵکی کوردستان دەبێت ئەوە باش بزانن، کە پارچەپارچەکردن و داگیرکردن بەرهەمی سیاسەتی هێزە ئیمپریالیستەکانە و ئەو سیاسەتە تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە، بۆیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەم دەبێت هیچ خواست و مافێکی خۆی نەبەستێتەوە بە دەستی خێر و مەرحەمەتی زلهێزەکانی جیهانەوە، هەم باوەڕ بە چەواشەکاریی ئەم دەسەڵاتە نەکات کە گوایە بەدوای گڵۆپی سەوزی هێزگەلێکدا دەگەڕێت بۆ جیابوونەوە، کە لەڕاستیدا پێکەوە لکاندن و دابەشکردنەکە لەسەر دەستی ئەوان ئەنجامدراوە. بۆیە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادیی کوردستان سێکوچکەی تێکۆشانە لەپێناو:

١-ڕزگاربوون لە هەر هێز و ئایدۆلۆژیایەک لەناو نەتەوەکەی خۆیدا، واتە لەناو کوردستاندا، کە بەربەست لەبەردەم بەرزترین ئاستی ژیانی کۆمەڵانەی خەڵکدا دابنێت و ستەم لە خەڵکی خۆی بکات
٢-ڕزگاربوون لەو دەسەڵاتدارانەی جڵەوی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتانەیان بەدەستەوەیە (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا) کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە (بەبێ ئەوەی ئەم خاڵە ببێتە ناکۆکیی نەتەوەیی نێوان جەماوەری دوو نەتەوە، بەڵکو ئەمە خەباتە دژ بە دەسەڵاتدارانێک، کە بە ناوی نەتەوەیەکی دیکەوە ستەم لە خەڵکی کوردستان دەکەن)
٣- ڕزگاربوون لە هەژموونی ئیمپریالیزمی جیهانیی کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆی لەم ناوچەیەدا بەدیدەهێنێت و لە ڕێگەی جەنگە بەربەرییەکانیانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە خاک و زەوی و هەوا و ژینگەی ئەم ناوچەیە وێران دەکەن.

هەربۆیە لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەم شێوەی ڕیفراندۆمە لە سایەی ئەم دەسەڵاتە لە کوردستانی باشوور بە چارەسەر نازانین و پێمان وایە کێشەکانی نێوان نەتەوە جیاوازەکان زەقتر دەکاتەوە و یەکێتی و یەکڕیزی نێوان کرێکاران تێکدەدات و داتەپینی باری گوزەرانی خەڵک زیاتر و دیموکراسی بەرتەسکتر و داپلۆسێن و دەسەڵاتی تاکڕەوی و دیکتاتۆری بەهێزتر دەکات. ئەمەش تەنها و تەنها بە قازانجی هێزە ئیمپریالیستەکان و بۆرژوازی ناوخۆیی و ناوچەکەیە. ئەمڕۆ لە سەردەمی جیهانگیریی سەرمایەداریدا، ڕێگەچارە بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ڕەگەزی، بۆ ڕێگرتن لە وێرانبوونی ژینگە و تاڵانکردنی شارستانیەت و مێژوو و …هتد لە سەرتاسەری جیهاندا، وەهمی ناسیونالیزم و بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزم و دەسەڵاتی یۆتۆپیی ئایینی و مەزهەبیی نییە، بەڵکو پێکەوەژیانی ئازادانەی نەتەوەکان و بە دیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
20/7/2017




هۆنراوه‌ی (2 رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ) ئاستێكی ئاسۆیی بیركردنه‌وه‌ی شاعیر …. ئاری محمد سابیر

شاعیروشیعر وه‌ك (گوێز) توێكڵ و كاكڵ و په‌لك و ناوكی یه‌كترن و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن, گه‌ر شاعیر واته‌ په‌لك و توێكڵ باش و به‌هێز بێت شیعره‌كه‌ واته‌ ناوك و كاكڵه‌كه‌ی باش و به‌هێز ده‌بێت.شاعیروپه‌لك پارێزه‌ری شیعروناوك و كاكلن, شیعر هه‌ست و سروشه‌ (الهام) و نه‌ستیشه‌ لای شاعیر كات وساتی نیه‌ !
شیعر , گوتن و ده‌ڕبڕین و نوسینێكه‌ هی ئێستا جیاواز له‌ هی دواتر هی ئه‌مساڵ جیاواز له‌ هی پارساڵ, لێره‌دا هونه‌ری شیعر دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ (هونه‌ر)هاته‌ كایه‌وه‌ (بیركردنه‌وه‌) دێته‌ كایه‌وه‌ لای (شاعیروخوێنه‌ر) بیركردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئاستی( ئاسۆیی و ستونی) بۆ شیعر(هۆنراوه‌) كه‌واته‌ شیعر بۆ (خود) نیه‌ بۆ(گشته‌).
په‌لكێشمان ده‌كات بۆ رابردوو ئێستاو داهاتوو. بیركردنه‌وه‌ی (ئاسۆیی و ستوونی) له‌ (ده‌ق) بوونی هه‌یه‌ تا چه‌ ند یه‌كیان زاڵه‌ به‌سه‌ر (ده‌ق) یانیشخوێنه‌ر به‌كامه‌ ئاست ده‌ڕوانێته‌ ده‌قه‌كه‌, ئه‌مه‌ش جار هه‌یه‌ ده‌قه‌كه‌ بڕیاڕده‌دات چونكه‌ شاعیر خۆی (ئاسۆیانه‌) ده‌قه‌كه‌ی به‌رهم هێناوه‌ نه‌وه‌ك شۆڕبوونه‌وه‌قوڵبوونه‌وه‌ی (ستوونیانه‌) بۆ (ده‌ق) .
هۆنراوه‌ی (2 رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ) شاعیر ( نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌) هه‌م له‌ بیركردنه‌وه‌ی شاعیر خۆی هه‌م لای خوێنه‌ر
ئاستێكی بیركردنه‌وه‌ی (ئاسۆیی) شاعیرو تێگه‌یشتنێكی (ئاسۆیی) خوێنه‌ر ده‌بینرێت, به‌تایبه‌ت گه‌ر به‌راوردی به‌ هۆنراوه‌كانیتری شاعیر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌بیردنه‌وه‌یه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌وه‌ ئاستی (ستوونی) . هۆنراوه‌ی ( 2 رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ) خوینه‌ر ماندوو ناكات له‌ قوڵبوونه‌وه‌و شۆڕبوونه‌وه‌ی ماناو مه‌غزاكان.
خوێنه‌ر هه‌ست به‌ تێگه‌یشتنێكی زوو ڕاسته‌وخۆ ده‌كات له‌ ئاست هۆنراوه‌كه‌ باس و خواسی هۆنراوه‌كه‌. شاعیر نه‌یویستووه‌ به‌ دوو (2) رۆژ ناشتوانرێت (ستوونیانه‌) بیربكاته‌وه‌ خوینه‌ریش پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌ی (ستوونیانه‌) نیه‌ بۆ ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ گه‌ر پێشینه‌یه‌كی رۆشنبیری و مێژوویان هه‌بێت.
هه‌م شاعیر خۆی نه‌یویستووه‌ (ستوونیانه‌) به‌ دوو رۆژ بۆ مه‌سه‌له‌كان بچێت هه‌م خوێنه‌ریش گه‌ر (ستوونیانه‌) بۆ مه‌سه‌له‌كان بچێت سه‌رئێشه‌ ده‌یگرێت.
خاوه‌نی هۆنراوه‌ی ( 2رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ) وه‌كو ( نالی و حاجی و پیره‌مێرد) شاعیره‌ ئه‌مه‌ درێژكراوه‌ی ئه‌و مێژوه‌یه‌ كه‌تاكو ئێستا رۆشنبیرو شاعیرانمان هاوسۆزن به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ڵام شاعیری ئێستامان بێمنه‌ت نه‌وه‌ك وه‌ك ( نالی و حاجی وپیرمێرد) بێ‌ گفتوگۆ بێ‌ شیكردنه‌وه‌ ئه‌سته‌نبۆڵیان به‌ جێگاو حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان زانیوه‌ , شاعیری ئێستامان دیاڵۆگ و گفتوگۆ ده‌كات به‌رگریش ده‌كات له‌ مافی كه‌سانێك كه‌ ده‌ربه‌ده‌روو لێقه‌وماون له‌ شاری ئه‌سته‌نبۆڵ، ئه‌سته‌نبۆڵ هه‌رچه‌ند وه‌ك مافوورێكی ڕازاوه‌و گه‌ش به‌ڵام بێ‌ گیان بۆ هه‌ندێك كه‌س به‌ تایبه‌تی بۆ شاعیری (2رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبۆل).
باروودۆخی (نالی وحاجی قادری كۆیی و پیره‌مێرد) شێوه‌وجۆرێك بوو له‌ یاخی له‌ وڵاتی خۆیان كه‌ (كوردستانه‌) به‌رامبه‌ر به‌ ناعه‌داله‌تی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌م به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شاعیری ئێستامان یاخیه‌ له‌ ناعه‌داله‌تی ئه‌سته‌نبۆڵ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕووی تێده‌كه‌ن و نیشته‌جێن كه‌ له‌ سه‌رده‌می ( نالی و حاجی و پیره‌مێرد) نه‌بووه‌و هه‌ستی پێنه‌كراوه‌.
شاعیری ئێستامان خۆی به‌ داكۆكیكارو به‌ لێقه‌وماو نازانێت به‌ دوو رۆژ هه‌ڵوێستی خۆی په‌خشكردووه‌ واته‌ شاعیری ئێستامان ئه‌و گرێیه‌ شل و نه‌رمده‌كاته‌وه‌ گرێی ئاواره‌یی و غه‌ریبی كه‌ هه‌بووه‌ له‌ سه‌رده‌مانی پێشوو چونكه‌ شاعیری ئێستامان دوو رۆژ له‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌ و وڵاتی خۆی هه‌یه‌ لێی ڕازیه‌ پێچه‌وانه‌ی (نالی و حاجی و پیره‌میرد). گه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی (ئاسۆیانه‌) بۆ هۆنراوه‌ی
(2رۆژ له‌ ئه‌ سته‌نبۆڵ) بكه‌ین ده‌بینین شاعیر به‌ دوو رۆژ ئه‌وه‌ هه‌سته‌ی لا دروستبووه‌ ئه‌ی گه‌ر چه‌ندین رۆژ بمێنێته‌وه‌ واته‌ ده‌زانێت دوو سه‌د ساڵیش بێت (ئه‌سته‌نبۆڵ) قبوڵی من ناكات هه‌ر رۆژێك بێت دادگایمان ده‌كات چونكه‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ئه‌و ئه‌سته‌نبۆڵه‌ی زه‌مانی (نالی و حاجی و پیره‌مێرد) نیه‌ ! ئه‌سته‌نبۆڵ هی هه‌مووان نیه‌ و ته‌نیا بۆ چه‌ند رۆژێك و بۆ گه‌شت له‌سه‌ر ئه‌م مافووره‌ ڕازاوه‌و گه‌شه‌ پاڵكه‌وه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئۆقره‌و حه‌وانه‌وه‌شت نیه‌.




پێش ئەوەی بۆ منداڵان بنوسیت … ئاکۆ محەمەد سابیر

لە جیهاندا نووسەرانی منداڵان پێگەو سەنگی زۆر تایبەت و گرنگیان هەیە.
بەتایبەتی کیشوەری ئەوروپا بەتایبەترین وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دیارترین وڵاتیان وڵاتی سویدە زۆر باش گرنگی وبەهای بەرهەمی منداڵان دەزانن چەند ئەرکێکی گرانە ئیش کردن لە جیهانی جگەرگۆشەکانو نەوەی داهاتوو ، نووسەرانی گەورەکان زۆرن لە جیهاندا ، بەڵام نووسەرە سەرکەوتوە
کانی منداڵان بە پەنجەی دەست دەبژێردرێن، ئەدەبیاتیو هونەری منداڵان بە تایبەتی هۆنراوەو چیرۆک وێنە کێشان ومۆزیک تەنها جوانی ونمایشکردن نی یە وەک پێداوی ستی یەکی پەروەردەیی و دەرونی هەر لەسکی دایکەوە پێش لە دایک بوون ، دایکان یان باوکان چیرۆک هۆنراوە بۆ منداڵەکە دەخوێننەوە ئاشانای دەکەن بە گۆرانی منداڵان ، واتە وەک پێویستیەک بۆ گەشەکردنی ، تا لە پاش لەدایکبوون وەک زەمینە سازکردنێک ئاسان تر چێژی لێوەرگرێت وکاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر نەشونما ی هەستەوەراکانی دروست بکات ،وەک ئەرکێک چۆن منداڵەکە خاوێن دەکەیتەوە خۆراکی دە دەیتێ شیری دەدەیتێ ئاوی میوەی دەدەیتێ دەبێت جیرۆکی بدەتیێ هۆنراوەی بدەیتێ کاسێتی گۆرانی مۆزیکی بدەیتێ وێنەی پیشان بدەیت
پێنوسو کاغەزی بدەیتێ ئاشنای کەیت بەڕەنگەکان بەلەرەو ئاوازو گۆران یەکانی دنیای خۆی.لەزۆر بەی ماڵەکانی سوید کتێب زیاترە لە کەرەستەکانی تری یاری وەک بوکە شوشەو میکانۆو ماشێنو تۆپ وشتی تر، ئەوە باخچەی ساوایان هەر لەهۆڵەکانەوە تا پۆلەکان وەک گوڵو ئینجانە کتێبو نامیلکەی منداڵان دانراون.

بەرهەمە جوانو بەپێزەکانی نوسەرەکان خۆیان فەرز کردووە شوینیکی گەورەیان لە سیستەمی پەرەوەردە داگیر کردووە وەک بناغەیەک بۆ پەرە وەردەو فێربوون.
ئێمە نوسەرانی کورد لە کوردوستان ڕوو بەڕووی پرسیار گەلێکی زۆر دەبینەوە ؟ ئایا نووسەرانی ئێمە بۆ نەیانتوانیوە لە دنیای منداڵان هێندە نزیک ببنەوە ؟ کە زۆر بەی زۆری بەرهەمە جیهانی یەکان بەزمانەکانی دراوسێکانمان بە عە رەبی و تورکی و بەتا یبەتی فارسی ئامادەن ، وە بەشێکیان وەرگێردراونەتە سەر زمانی کوردی بەڵام نەک منداڵان نوسەرەکانیش پێی ئاشنا نین،بەڵگەشم ئەوەیە کە ئەوبەرهەمانەی نوسەرە خۆماڵی یەکان دەینووسن هیچ تازە گەریو دا‌هێنانانی نوێی تیا نابینیت
ئێمە کێشەی نوسەری منداڵانمان هەیە بۆیە من زیاتر دەمەوێت لەسەر ئەو کێشەیە درێژە بەنوسینەکەم بدەم ڕووی پێنوسەکەم بکەمە نووسەرەکانو بڵێم پێش ئەوەی بنوسیت بۆمنداڵ دەبێت تۆ شارەزای ئەدەبی مناڵ ناسی ئیمڕۆژی بیت، ئاگاداری ئەو نوسینانە بیت کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بۆمنداڵان دەنوسن کتێبو بەرهەمی نوسەرە دیارو شارەزاکان بخوێنیتەوە خۆت ماندوو کەیت پاشخانێکی ئەدەبی منداڵان وەدەست خەیت ، هەموو کتێبە وەرگێڕاوەکان بە وردی بخوێنیتەوە بۆ نموونە گەر چیرۆکەکانی ،ڕینە گۆسینی، بەتایبەتی چیرۆکی نیکۆلای چکۆل.. بخوێنی تەوە تەواو تێ دەگەیت دنیای منداڵ چی یە و دەتاباتەوە بۆڕۆژانی ڕابوردی منداڵی و زۆر بەی وێنە راست و چەوتەکانی ژیان دەخاتەوە پێش چاو منداڵی خۆتت پێ دەناسێنێتەوەو پێت دەڵێت ئاسایی یە تۆ ئەوهەموو هەڵەو پەڵەو بزێو یەت ئەنجامداو چێژت لێوەرگرت لە بەر ئەوەی تۆ منداڵ بویت منداڵی ئاوایە زۆر جاران پێکەنین و گریان تێکەڵ دەکات دروست و نادروست پێکە وە گرێ دەدات لە ساتێکدا ئارامو ژیرە لەساتێکدا پێچەوانەیە ؟ لە کوردوستان زۆر بەی نوسەرەکان مامۆستان، کێشە کە ئەمەنی یە کە مامۆستان خۆی خودی مامۆستابوون مانای نزیکی یە لە دنیاو جیهانی منداڵان، کێشەکە ئەوەیە مامۆستا نوسەرەکانی ئێمە بەو سیستەمی پەرەوەردەیەی کە خانەی مامۆستایانیان تەواو کردووە ئەدەبی هۆنراوەو چیرۆکی منداڵانی پێ لە قاڵب دەدەن

بۆ نموونە ئەوان لە چیرۆک و هۆنراوەکانیاندا بۆ منداڵێک دەنوسن یان دە خوازن ئەو منداڵە ، زۆ بە ئەدەب بێت، پاکو خاوێن بێت، لەپۆلدا فزەی لێوە نەیەت. بەرابمەرتەختە ڕەشەکەی پۆل قیت دانیشتبێت، نوزوەی لێوە نەیەت، منداڵێک شەڕناکات، درۆناکات، تەواو جدی یە گاڵتەو گەپ نازانێت، دەی ئەوە منداڵ نی یە، تۆ لە بەرهەمەکانتا وێنای دەکەیت ئەوە ڕۆبۆتە یان فریشتەیە،نوسەرە ناودارەکانی جیهان بە پێچەوانەوە دەنووسن بۆمنداڵانێک دەنووسن ،کەتن دەکات شت ئەشکێنێت ،چێژ لە گەمەو گاڵتەو گەپ دەبینێ درۆش دەکات شەڕیش دەکات نوسەر دەتوانێت لەزمانی پەپولە ومانگ و ماسی و سمۆرەوە مامۆستاودایکو باوکەوبگەڕێت بۆ چارەسەر بە هونەری ڕەنگاو ڕەنگی پڕلە خەیاڵی چیرۆکو هۆنراوە نەک زمانی ئامۆژگاری ڕۆژانە ، نوسەرانی خۆمان هەر بە رهەمەکانیاندا دەزانیت بێ ئاگان لە دنیای ئەمڕۆی ئەدەب و نوسینی منداڵان ، ئایا کاکی نووسەر هەر بەڕاستی کاتێ کە خۆت منداڵ بویت ئاوا فریشتە بویت ؟ گاڵتەت بە مامۆستاکەت نەکردووە ، لەگەڵ هاوڕێکانت بەشەڕ نە هاتویت. بەلای باخو ڕەزو میوەیەکدا تێپەڕیویت دەستت بۆ نەبردووە؟
نوسەری منداڵان نابێت تەنها لە گۆشەنیگایەکەوە بۆ منداڵان بنوسێت
دەبێت هەموو دنیای ڕاست چەوتی منداڵ وەک خۆی ببینێت،

تۆ لە هەر بۆ نەیەکدا هۆنراوەیەکی کاکەی فەلاح یان ع.ع. شەونم هەڵگێڕیتەوەو بە شێوازێکی تر دایڕێژیتەوەو ، هەموو نەورۆزێک
یان هەموو بەفر بارانێکی زستان ئارەزوی شیعر نوسینت ببزوێتو بێ ئەوەی شتێکی تازە بە منداڵانی ئەمڕۆ ببەخشیت، هەموو جارێک ئەم قاوانە لێ بدەیتەوە من نامەوێت ناوی هیچ نوسەرێکی منداڵان لێرەدا بێنم
گەر ناویان بێنمو ئەو بەرهەمە کاڵو کرچانەیان دەبێت دێڕ بە دێر شی بکەمەوە ئەوە کتێبێکی دەوێت، جگە لەوەی ئێمە ڕەخنەگری منداڵانمان نی یە وەک پێویست و من ڕەخنە گرنیم، وێڕای دەست خۆشی لە مامۆستا حەمە فەریق حەسەن کە توا نیوەیەتی خۆی لە بواری ڕەخنە بدات و کڵۆڵی نوسەرانی منداڵانی ئێمە وەک خۆی نیشان بدات، نووسەرەکانیشمان ئەزموونی قوبڵ کردنی ڕەخنەیان نیە ، تا ئێستاش پێیان وایە نوسین و بەرەهەمی نوسەرە ڕۆ ژئاوایی یەکان ڕەوشتی منداڵانی کورد خراپ دەکات.لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانە یەکێکن لە هۆکارە بەهێزەکانی پێشکەوتنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی. هە موو نوسەرێکی منداڵانی کورد پێش ئەوەی بنوسێت دەبێت خاتوو (ئاسترید لیندگرین) نوسەری سویدی بناسێت بەرهەمەکانی بخوێنێتەوە کە بەزمانی کوردی هەن تا بزانێت دنیای منداڵان چینو چۆن؟ نزیک دەبیتەوە لێی، چۆن؟ چێژ دەبەخشیتە منداڵان بە نوسینەکانت ، کە ئەم خانمە سویدیە لەڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە شۆرشێکی نوێی بەرپا کرد بۆ ناسینی منداڵو خەون و خولیاکانی، هەر چەندە لە سەرەتادا بەربەستو کێشەی زۆریان بۆ دروست کردوو تۆمەتی خراپ کردنی ڕەوشتی منداڵانی خرایە پاڵ بەرهەمەکانی بەڵام دوا جار بە سەرکەوتنێکی گەورەوە توانی هەموو بەربەستەکان تێک بشکێنێت بەرهەمەکانی بە هەموو ولاتانی جیهاندا بڵاوبێتەو ئێستا وێنە ی ئەم خانمە بوێرە لەسەر دراوی بیست کرۆنی سویدی چاپ کراوە ، دوایی کۆچکردنی ماڵە کەی وەک مۆزەخانە یەک سەردانی دەکرێت.
دنیای ڕەنگاو ڕەنگی منداڵان تێکەڵە بە شادی وبە گریانو پێکەنین و نەخۆشکەوتن و سەمارماو گەرمای ژیان ئەوەی پێویستە لە نوسینەکانی تۆی نوسەردا گەشبین یو چێژی منداڵانە ی پێ ببەخشیت و هەموو وێنەکانی ژیانی وەک خۆی بۆ بکێشیت تا وەک ڕاهێنا نێکی ئاسایی
لەژیان تێبگات، تێبگات ئەوکاتەی قوڕگی دێشێت ئەودەرمانەی دەیخوات تاڵە بێزار کەرە، وە نوسینەکان دوربن لە گیانی تۆڵە سند نەوەو کینە.

بۆ نموونە تۆ وێنە یەکی پشیلە ی لە چیرۆ کو هۆنراوەکەتدا وا پیشان بدەیت
کە سپڵەو ناحەزە دەبێت بەند کرێت ، ڕق و تۆڵەوسزادانی تیا زیات دەکەیت لە کاتێکدا پشیلە ئەمڕۆ لە زۆربەی ماڵەکاندا هەنو منداڵ خۆشی دەوێت،منداڵان سەرنجیان وردەو پرسیاری سەیر سەیر دەکەن کاتێک چیرۆکێکی ئەفسانەی بۆ دەخوێنی تەوە و پاڵەوانەکە بە فەرشە ئەفسونا ویە کە دەفڕێت و دەگاتە لای مانگو ئەستێرەکان ئیتر ئەو جێژی منداڵانەی خۆی لێ دەبینێت و تێدەگات کە فەرشە کەی ماڵی خۆیان نافڕێت ئەوە تەنها چیرۆکێکی خۆشە فێری ئازایەتی دەکات وێڕای ئەوەی
هەندێک جار هەندێک پرسیاری بۆ دروست دەبێت وڕاشکاوانە پرسیاری خۆی دەکات و نای شارێتەوە.
بۆ پێشکەش کردنی بە رهەمێکی جوانو دروست دەبێت ماندوبیت
ورد بیتەوە بگەڕێیت بکڕیت بخوێنی تەوە گەشتێک بکەیت بۆ ئاسمانی فراوانی کتێبو نامیلکەو بەرهەمی نوسەرانی جیهانی ئەمڕۆ.

منداڵ ئەو بێچووەمرۆڤە بزیو یاخی و سەرکێشەیە خشتیلە و جوانەیەهەمیشە دەبزوێت وپرسیار دەکاو لاسایی دەکاتەوەو وەک پشیلە دەمیاوێنێ و وەک بەرخۆلە دەباعێنێ ووەک ئەسپ غاردەداو وەک کەڵە شێر دەقوقێنێ و
وەک و ڕێوی شت دەفڕێنێ و وەکو شێر هێرش دەباو دەنەڕێنێ
شت ئە ڕژێنێ وشت ئەشکێنێ ،ئەگری کە یاریەکە ئەدۆرێنێ کە ئەیباتەوە پێ ئە کەنێ، دە یە وێت هەموو شتێک تاقی بکاتەوە بەدەم ڕێگاوە گۆرانی دەڵێت شەق لە بەردو دار دەدات زۆر جارژیرەو ژیرانە خۆی دەنوێنێ بەدست خۆی نی یە لەبەر ئەوەی منداڵە منداڵێتی وادەخوازێت چاک خراپ خۆی نمایش دەکاو خۆی دەنوێنێ
تا ئەو قۆناغی منداڵی یە تەواو نەکات هیچکەس ناتوانێت لەو کردارو گفتارە شیرینانەی بی وەستێنێ.
منداڵ حەزدەکات کە نوێژ دەکات لە نوێژەکەیدا پێ بکەنێت
لەپۆلدا زمان لە هاوڕێکە دەربێنێت. لای مامۆستاو لای بابو دایکی خۆی ژیر بنوێنێت
دە خوازیت هەموو خۆشمان بوێت
بە خەندەوە سەیری کەین گرنگی بە پرسیارەکانی بدەین
لە خۆشیدا باڵ دەگرێت کە دیاری پێشکەش بکەین
گوێ مان بۆ دەگرێت بە قسەمان دەکات لە بیری دەچێتەوە
لە قسەمان دەر دەچێت خوشکاو برا گچکە کەی ماچ دەکات شتی بەش دە دات و شتیشی لێ دەسەنێت ،دەیخاتە پێکەنین، دەشی گرێنێت
کاکی نوسەری منداڵان تۆ بۆ ئەم بونەوەرە ناسکو ئاڵۆزە دەنوسیت
دەشتەوێت ماندوو نەبیت؟

نوسینی .. ئاکۆ محەمەد سابیر.


سەرچاوەکان..

نیکۆلای چکۆل
نوسینی،، ڕێنەگۆنسی
وەرگێڕانی.. هیواشەمسی بورهان
ژیان نامەو کتێبی جوجەڵەی گۆرەوەی دڕێژ ..پیپی.
خاتوو ئاستریدلیندگرین،،Astrid Lindgren




پرد… پشکۆ ناکام

…..بەکار هێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وەک تاکتیک بۆ گەیشتن بە مەرامی تایبەتی حیزب هەردەم لەو حیزب و گروپانە ئەوەشێتەوە کە سیستەمی بنەماڵەیی تیایا بەڕێوە ئەچێت و پرنسیپێکی سەرەکی کارکردنیانە وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان لەسەر دەستی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ئەبینرێت ، پارلەمان کە دەستکەوتێکی نیشتمانی هەموو خەڵکی کوردستانە بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە کە نوێنەرایەتی نیو ملیۆن دەنگ ئەکات ئەمڕۆ لای بنەماڵە بۆتە( بارمتە) واتا دەستی بەسەرا گرتوە و ئەیەوێت بۆ مەرامی خۆی و مساوەمەکردن بە نەیارەکانی خۆی بەکاری بهێنێت ، کە بنەماڵە مەسەلەی پارلەمان وەک یەکێک لە دوا بابەتەکانە کە گرنگی پێ بات لای خۆی کردویەتی بە ” بارمتە” و کەی بیەوێت ئەڵێ ئەوە کارای ئەکەمەوە و کەی لە قازانجی خۆی نەبێت هەر بە قفڵەکەوە وازی لێئەهێنێت ، بنەماڵە کە زۆر باس لەوە ئەکات کە پارلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە( هەر چەنە مەفهومی شەهید لای کۆمەڵانی خەڵک ئەوە نیە کە لای بنەماڵەیە..) کەچی دەستی بەسەرا ئەگرێت و کەی زانی پێویستی پێیەتی بۆ تەواوکردنی بەرنامەی تایبەتی خۆی ئەڵێت فەرموون با پارلەمان بکەوێتەوە گەڕ ،!! وەک ئەوەی ئەو بەرهەمی خوێنی شەهیدانە بارمتەیەک بێت بەدەستی بنەماڵەوە کەی ویستی بۆ بەڕێ کردنی تاکتیک” ێکی خۆی لە بەرامبەر پشتگیریی کردنی بە گۆڕینەوە ئەیخاتە ساحەکەوە ، ئەو ئەڵێ ئەوە پارلەمان “ئەوە بەرهەمی خوێنی شەهیدان..” بخەنەوە ئیش بەو شەرتەی لەم چاڵەی ڕیفراندۆم دەرم بێنن، بە مانایەکی تر بەرهەمی خوێنی شەهیدان بە سوود وەربگیرێت بۆ پشتگیریی هەناگوێکی شکست خواردوی بنەماڵە کە جگە لە خۆی و زەردهەڵگەڕاوەکانی نزیکی کەسی تر بەرپرسیار نیە لێی و ئەبێ کۆمەڵانی خەڵک بە بەرهەمی خوێنی شەهیدانیشەوە باجەکەی بەن..بەم بارمتەگرتن و گۆڕینەوەیەش بنەماڵە و پارتی پاشکۆی سەلماندیان کە بەرامبەر دروشمەکانی خۆشیان ڕاستگۆ نین ، ئاخر چۆن یاری بە خوێنی شەهیدانەوە ئەکرێت و ئەخرێتە لیستی مامەڵە پێکردن لە کاتی تەنگانەیا وەک ئەوەی ئەمڕۆ کە چۆن بنەماڵە نازانێت چۆن لە داوی ریفراندۆم-“کورسیراندۆم..” نەجاتی بێت و چۆن ئەیەوێت بە هەر نرخێک بێت باری خواربوی خۆی بە مەکرەمەی کاراکردنەوەی پارلەمان ڕاست بکاتەوە ، بنەماڵە لە بیری چوە سەرۆکایەتی پارلەمان نوێنەری نیو ملیۆن دەنگی هەرێمە ، ئایا بنەماڵە ئەتوانێت متمانە بۆ خۆی لای ئەو نیو ملیۆن دەنگە دروست بکاتەوە؟ بەبێ شک نەخێر، چونکە ئەو” متمانە”یەش قورسایی خۆی هەیە و ناکرێت وەک نەوتەکەی هەرێم مامەڵەی پێوە بکرێت و کەی و چۆن و بەچەن ویستیان بیفرۆشن و داهاتەکەشی بخەنە تەنکەی باخەڵیان..، بنەماڵە هەموو شتێک وەک پارە سەیر ئەکات بە متمانەی خەڵکیشەوە.. لە کاتێکا سەرۆکی بنەماڵە باس لەوە ئەکات کە گوایە ریفراندۆم بریاری هەموو گەلە و پشگەز بونەوەی تیا نیە ، کە بڕیارەکە هی هەموو گەلی کوردە ئیتر بۆ جێبەجێی ناکات و چ پێویستی بەو هەموو بەگ دانانە هەیە و بۆ سەری ئەو عالەمە ئەیەشێنن ! کە گەل بریاری یاوە ئیتر بۆ بەناو ریفراندۆمی بۆ ئەکەن ؟بڕۆن خەریکی دروستکردنی پاسەپۆرتی کوردی بن کە 31/ لا پەڕەیە و با لە ئابیشەوە دەست بکرێت بەبەکار هێنانی،،،یان ئەوەتا لە سەردانەکانتان بۆ ئەوروپا بۆتان دەرئەکەوێت چەن سیسایەکی نەشارەزا و چەن حیزبێکی بچوک و چەن هەنگاوەکانتان نەزانانە پێش دەست پێکردنیان بە شکست و خەلەل تەواو ئەبێت و ئەبێت ئەو” گەل” ەی بە ناوییەوە قسە و رەفتار ئەکەن و بریار ئەیەن باجە قورسەکە ی بات ، قوماری ریفراندۆمەکەی بنەماڵە نەگەشتە ئەوەی پارەی حەوزەکە بۆ خۆی بەرێت، دوا وەرەقەی لە جیاتی جۆکەر ” مڕ” بوو بەوەش پێڕەکەی پێ تەواو نەکرا ئەنجا ئەیەوێت بە ناچاری پارلەمان بکا بە جۆکەر و کۆنکەنەکەشی پێ تەواو بکات بەڵام بەم تاکتیکەیشی بە دۆڕاوی واز لە یارییەکە ئەهێنێت چونکە گەر پارلەمانیش بە ڕەزامەنێتی دەنگدەرانی گۆڕان بکەوێتوە کار ئەبێت پرۆسەی ریفراندۆم هەر لەوێوە بریاری لەسەر بدرێت یاسای بۆ دەربکرێت و ڕێ و شوێنە یاساییەکانی بگیرێتە بەر چونکە بریارەکانی گەل ئەبێت مەرجەعەکەی گەل خۆی بێت کە پارلەمانە نەک حیزب و کەس و بنەماڵە ، جا ئایا بنەماڵە رازییە بەوەی لێرەیا ” کوێخا” نەبێت،؟ بێگومان نەخێر..

…….لە کاتێکا هیچ موستەلزەماتێکی لەبار بۆ ریفراندۆم لەبەر دەستا نیە بنەماڵە دوای ئەوەی شوشەی پەنجەرەی فەشەلەکانی شکا و کەوتنە ڕوو ، ئێستا ئەیەوێت بە مامەڵە کردن بە پارلەمانەوە وەک ” بارمتە” بکاتە پەردەیەک و پەنجەرەی موسیبەتەکانی پێ بشارێتەوە کە تووشی هەرێمی کردوە ، کە هەرێم لە دە لاوە کونی تێ بوە ئیتر بە هێنانەوەی بەهانەی بەناو ریفراندۆم هیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێت ئەگەر خراپتری نەکات ، کە ئەیشیکات..لێرەیا ووتەیەکی بەناوبانگی ” نیکیتا خرۆتشێڤ – سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی رەحمەتی ” م بیر ئەکەوێتەوە کە ئەڵێت ( سیاسیەکان لەو شوێنەی ڕوباری لێ نیە ، بەڵێنی دروست کردنی پرد بە خەڵک ئەیەن..!.).. زۆر راستە ، ئەوەتا ێستا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی بۆ دەرباز بوون و ڕا کردن لەو نەهامەتیانەی تووشی خەڵکیان کردوە ، ڕیفراندۆمیان کردوە بە پرد………………………………………………………………………………

Reply Reply to All Forward More




یادی کیمیابارانی گوندی”زەردە” … دکتۆر ناجح گوڵپی

بیستو نۆساڵ لە مەوپێش و لە ڕۆژی 31 ی پوشپەڕی ساڵی 1367 هەتاوی و هاوکات لە ڕۆژی 22/7/1988 دا گوندی زەرەدەی ڕێژاو لەناوچەی داڵاهۆی سەر بە شارستانی سەرپێڵ زەهاو، کەوتە بەر هێرشی چەکی کیمیایی لەلایەن فرۆکەکانی ڕژێمی لەناوچوی بەعسەوە.
ئەم پەلامارە لە دواین ڕۆژەکانی کۆتایی هاتنی جەنگی ئیراق ئیراندا ئەنجام درا،کە بوە هۆی شەهید بونی زیاتر لە 275 کەسی مەدەنیو بریندار بونی زیاتر لە 1146 کەس، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە کیمیایە پەلامارێکی تری یەکێک لەهێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە زەمیندا دەستی پێکرد بۆ ئەو ناوچەیە، لەژێڕ ناوی “مرصاد ” ، بۆیە سەرلێشێواوی پەیدا بوو لە نێو خەڵکەدا نەیان دەزانی کێ بۆمبارانی کردوون.

ئاشکرایە لێکەوتەکانی بە کار هێنانی چەکی کیمیایی هەتا چەندین ساڵ بەردەوامی دەبێت ، بەتایبەت گازی خەردەل “موستارد” ، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەناو ژینگەو لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە و کاریگەری خراپی تەندروستی دەبێت .
تا ئیستا و دوای بیستو نۆ ساڵ لە کیمیاباران کردنی زەردە خەڵکی بەر کەوتووی ئەم ئاوایە بە دەس برین و لێکەوتەکانی بۆمبارانکردنی گوندەکەیان بە چەکی کیمیایی دەنالێنن، دەوڵەتی ئیرانیش وەک پێوست چارەسەری بریندارەکانی نەکردوە بۆ چەندین نەخۆشی لەناویاندا بەبەردەوامی هەیە وەک (کۆکەو هەناسە تەنگی و هەوکردنی سیەکان ، نەخۆشی چاو و کوێڕ بون ونەخۆشی ڕیخۆڵەوە و پێست ) ،دواین راپۆرت دەلێ کە ” 98 کەس تائیستا توشی شێرپەنجەی خوێن بوگن ، و 20 کەس توشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بوگن، 40 ژنیش سکیان لەبار چوە و مناڵەکانیان مردوون” .
هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش تائیستا بەفەرمی ئەم یادە بەرز رانەگیراوە، هۆکارەکانیش دیارن !!

هەر لەم ڕۆژەدا هەردو گوندی ” نساردیرە” و “شامار دیرە” ی سەر بە گیلان غەرب کیمیاباران کران ، ژینگەی گوندەکان تێکو پێکدراو ژیانی تیدا وەستا و هەزار کەس لە گوندی نسار دیرە شەهید بوون.
هەروەها گوندی “شیخ سەلە” ی سەلاسی باوەجانی و ، گوندی “دودان” ی سەر بە شاری پاوە ، و گوندی “باوەجانی” سەر بە داڵاهۆ ش کیمیاباران کران.
لە سەروەختی جەنگی ئیراق -ئیراندا جەنگی مەدەنی و بۆمبارانی شارەکان پەرەی سەند، ئەمە لەکاتیکدایە هەردو دەوڵەت دەزانن کە پێشێلی یاساکانی جەنگ و پەیماننامەی جنیڤ یان کردوە، کەنابێت خەڵکی مەدەنی و لاشەڕی ناو شارەکان لە کاتی جەنگدا بەئامانج بگیرێن، هاوکات ڕژێمی ڕوخاوی بەعس چەکی کۆکوژی قەدەغەی دژی خەڵکی مەدەنی شارو گوندەکان بەکار دەهێنا لەم جەنگەدا، لە دوای سەردەشتو هەڵەبجە و سەدان گوندی تری کوردستان، ئەم گوندانەشی بۆردومان کرد.

گوندی زەردە ی ناوچەی ڕێژاو لە دالاهۆ بە ئاین یارسانن و بە زمانی کەڵهوری و هەورامئ قسە دەکەن، و مەزارگەی باوایادگار لەو گوندەیەو بە شوێنێکی پیرۆزی یارسانەکان دێتە ئەژمار.
لەم یادەدا سەری ڕیز بۆ شەهیدانی زەردەو گشت شارو گوندەکانی تری کوردستان دائەنەوێنین کەبە چەکی کیمیایی گیانیان بەخت کرد..

دکتۆر ناجح گوڵپی….هەڵسوراوی جینۆساید
22/7/2017




دیكارت هەڵەیكرد! كورد بیرناكاتەوەو هەیشە … ئەرسەلان مەحمود

هزر، چییە یا لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەكوێدا دەتروكێت، كەی دەخەمڵێت و چەندی دەوێ‌ تا دەفراژێت، پرسیارێكە تەواو زانستیانە، ئەو كەسەی دەكارێ‌ هزرینبكات، لەڕاستیدا دەبێ‌ خۆی لەو بابەت و شتانە بپارێزێ‌ و ببوێرێ‌ بەبنەما كارو ئەرك و شارەزایی ئەو نینەو، ڕۆشنبیرییەكەی كۆمەك بەڕانانیان ناكات، قسەی ئەز لێرەدا نەلەسەر وڵامدانەوەی وەها پرسیارێكەو، نەشرۆڤە كردنی هزر ناسیش، ئەوەی هەیە تەتەڵەكارییەكە لەهەمبەر سوژەكەی، سوژەی هزرینكار، واتا ئەو كەسەی هزریندەكات یا بیر دەكاتەوە، نەك خودی هزرو بیر بەمانا زانستییەكەی.

زۆرم نەوتووە گەر بڵێم: دیكارت هەڵەی كرد كاتێك دەڵێت” من بیر دەكەمەوە كەواتا هەم “. بەڕامانێك لەكورد، دەگەیتە ئەو باوەڕەی مەرجنییە بیركردنەوە هەبوویی بگەیەیەنێت لەمرۆڤدا، ئەوەتا كورد بیرناكاتەوەو، هەیشە! دیقەت بدەن: كورد وەك تاك، وەك جڤات، وەك ئەوانەی پێیان دەگوترێت سەركردەو تەواوی یەكە پێكهێنەرە سیاسیەكەی، كاتێك دەدوێ‌ و قسە دەكات، وەك ئەوە وایە باپیرە گەورەی بێ‌ و بدوێت، وەك ئەوە وایە هۆزو عەشرەت و مەلاو سەرخێڵەكەی بێ‌ و قسە بكات، تەنانەت وەك ئەوە دەئاخافێت هەر لەشێخ عوبێدوڵڵای نەهرییەوە تا بەئێستای دەگات، ئەوەی بەسەر كورد هاتووەو، دێت، بەدبەختییەو بەتەنها هەر لەبەر كوردبوونەكەی بووەو دەبێت!!

كورد، ئاوڕ لەخۆی ناداتەوە، ناتوانێ‌ ئێستای لەخۆداو بەدەرەوەی خۆیدا، وەك ئەوەی هەیە واقیعبینانەو ڕاستگۆیانە بەموخاتیب بگرێ‌ و بدوێنێت، توانای خۆ دەردەشەكردنی خۆی نیە لەخۆیدا، هەناسە كۆمەڵایەتییەكەی لەفەرهەنگ و نەرێتگەرایی عروبەو، وەنەوزو نەفەسە سیاسییەكەی لەئانكاراو تارانەوە دێت، كورد سەر بەهەر شتێكە خۆی نەبێ‌، سەریش وەك كانگای هزرینكاری و بیركاری، ئەگەر بەخۆت نەبێ‌، مومكیننیە بتوانی بیری پێلەخۆت بكەیتەوە. هەر ئەمەیشە وایكردوە ڕۆژی كورد هەر یەك ڕۆژو، ساڵەكەیشی هەر یەك ساڵبێت و، نەتوانێ‌ تێپەڕێ‌ و بپەڕێتەوە لەڕابردوی خۆی!

بیركردنەوە بوونت نا، نەوعیەتی هەبوونەكەت دیاری دەكات، كورد هەبووێكە تەریك، هزرینكارییەكەی زۆر تەنگەبەرو كەم خوێنە، لەبازنەیەكدا دەخولێتەوە تاریك، جگە لەبەزیندو هێشتنەوەی ڕابردوی، جگە لەڕەنگ و ڕەسمكردنەوەی تەشریفاتخانە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەی، مێشك بەشتانی دییەوە خەریك ناكات! بەمەیش ناگوترێت بیركردنەوەو، هزرینكاری. ئەوانەی بیرناكەنەوە چەند لەشكڵدا جیاواز دەربكەون، لەفۆڕم و ناوەرۆك و پێكهاتەدا بەردێكن خاوەن كەرامەت و هیچی تر، كورد بیرناكاتەوە، بەڵام وەك بەردێك خاوەن كەرامەتی خۆیشیەتی!!

ئەوانەی بیر دەكەنەوە، دەشێت بیناكارو، هەم وێرانكاریش بن، دەشێت جیاواز بژی و، هەم بكوژی جیاوازییەكانیش بن، كورد بیناكار نییە، خودی بیرنەكردنەوەیش لەخۆیدا یەك شتە، ئەوشتەیش وێرانكارییە، هیچ هێزێك بەهێندەی هێزە ناوەكییەكەی خۆی لەكوردا، كوردی وێراننەكردوە، ئەوانەی بیر دەكەنەوە، ئاساییە ئەگەر هەردەم هاوڕایی نەبێت لەنێوانیاندا، بەڵام ئاسایی نیە بەردەوام ناكۆك بژین لەخۆیان و لەنێوان خۆیاندا، كوردو ناكۆكی هەمیشەیی لەخۆدا، دوانەییەكی لێكدانەبڕاون، وەك ئەوەی بەیەكەوە لەدایكبووبن و، بیانەوێ‌ هەر بەیەكەوەیش یەكتری گەورە بكەن!!

لەڕاستیدا، ئەمە دەرهاویشتەی بێكڕۆكییە لەبیركردنەوەی كورددا، بێكڕۆكیش لەبیركردنەوەدا، بێناوەرۆكییە لەخۆدا، لەخۆدا وەك شوێنگە لەسەر نەخشە، لەخۆدا وەك فەزا، فەزاش وەك كەش و هەوا نا، وەك پێكهاتە مرۆییەكە، ئەو پێكهاتە مرۆییەی جگە لەمرۆڤ هەر شتێك هەیە تیایدا ئامانجە!! ڕاستە، زۆرینە جا لەژێر هەر ناوێكدا بووبێ‌، وەك هەمیشە لەبندەست كەمینەیەكدا حوكمیكراوە، ڕاستە تەنانەت دیمۆكراسیەتیش لەدنیادا نەیتوانووە ئەو بگۆڕە هاوسەنگ و بنەڕەتیە بێت، بەڵام خودی ئەو كەمینە دەگمەنانەی بەهەردو بارەكەیشدا ‏حوكمێكی باشیشیانكردوە لەقۆناغێك لەقۆناغەكاندا، سەرئەنجام بونە مایەی سەرئێشەو سەركوتكردنی ‏هەزارەها لەهاوڵاتی و هاوەڵە نزیك و دورەكانی خۆیشیان!!

دەی باشە، هۆكار چییە هەتا ئێستایش تاك و یەكە دەستە جەمعییە بەئەژمار بیركەرەوەكانی كورد، گروپە خاوەن بیروڕا باڵاكانی مەملەكەت، بێباك و ملكەچ بەوەها ‏سوكایەتی پێكردنێك و جیاكارییەكی مرۆین؟! هەر بەجیددی ئایا پێگە لەپێشە كۆمەڵاتی و ئابوری و سیاسیەكانی كورد، بەرزە مرۆڤن و، خەڵكانی ئاسایی نزمە مرۆڤ و ناتەواون لەڕوی توانستە بەدەنی و نواندنی ‏چالاكییە عەقڵانی و زیهنییەكانەوە؟ ئەگەر وابێ‌ ئایا ئەمە ‏سوكایەتیكردن نیە بەهزرو هزرینكارییەكی مەدەنی و عەقڵانی؟ ئەی ئەگەر هیچ لەمانە وانیە، مرۆڤی كورد كوا لەكوێی ئەم سیستمە جیایانەی هەن لەدنیادا، خودیخۆی وەك مرۆڤ بەئامانجگرتووە؟ ئایا ئەمە بەتەنها هەر پەیوەندی بەغیابی هزرینكاری كورد خۆیەوەتی، بێگومان نەخێر، ڕاستە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش بەشێك لەو ئۆباڵەی دەكەوێتە سەرشان.

بۆیە بەڕەهایەوە دەتوانم بڵێم: ئەگەر وەها ڕزیوو هزری و هەڵاوێردكارییەك لەئەوروپاو تەنانەت دنیای هەرە پێشكەوتووشدا، هێشتا هەر لەژێر پرسیاردا مابێ‌ و بژیت، ئەوا كوردەواری وەك گۆشەك تەنگ و تاریك لەم دنیایەدا، لەژێر مەترسیدا دەناڵێنێت، هزرینكاری لەیەكە پێگە لەپێشەكانی كوردەواریدا، هەر چەند لەهەنگاوی یەكەمدا بیناكار بووبێت، دواجار وێرانەیی لێكەوتووەتەوە، یانی دوای ئەوەی قۆناغەكانی سەرەتایی و هەرزەیی بڕیووە، لەگەورەییدا لەبری ئەوەی ڕوبكاتە ئامانجە مەزنەكەو، مرۆڤ وەك میحوەر بەئامانج بگرێت، خێوەتگەو خێڵگەی بەرژەوەندییە خودییەكانی كردوەتەوە بەئامانج، لەبری ئەوەی گەشە بكاو بەهێزی بیركردنەوە بپەڕێتەوە لەئێستاو ڕابردوی، بەردەوام دەجۆێتەوەو، دەجمێتەوە لەخوڵكەو بازنە داخراوە نەرێتگەراو سووننەتیەكانی خۆیدا.




به‌ده‌ر له‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌ڵته‌رناتیڤی تۆ چیه ؟… عیماد عه‌لی

راسته‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی زۆر دواكه‌وتووه‌ و، هه‌لی زۆرتر له‌به‌رده‌ستامندا بوو، له‌ده‌ست ده‌رچوو، نه‌مانقۆسته‌وه‌، به‌لێ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌ك زه‌مینه‌سازیان نه‌كرد بۆ ئه‌م پرسه‌ گه‌وره‌یه‌ و، به‌ڵكو به‌خۆیان عیراقیان بنیاتنایه‌وه‌ و خه‌ڵكیان ناچار كرد ده‌نگ بۆ ده‌ستورێك بده‌ن كه‌ دواچاره‌سه‌ر فیدراڵی بێت له‌چوارچێوه‌ی عیراقدا، به‌لی باش ده‌زانین ئه‌گه‌ر بشت به‌ عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش ببه‌ستین چاومان به‌ سه‌ربه‌خۆیی ناكه‌وێت، به‌ڵێ ناته‌بایی و ناكۆكی نێوخۆیی له‌ لوتكه‌دایه‌ و حزبه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت، به‌ڵی جه‌مسه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و راسته‌وخۆ كاری نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ ریفراندۆم ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تونده‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌یزانین بۆ جاردانی سه‌ربه‌خۆیی هارده‌بن، به‌ڵێ هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهان به‌گشتی له‌ ئاست پرسێكی چاره‌نوسسازی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی دڵخۆشكه‌ر نیه‌، به‌ڵی ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ستی به‌م قه‌یرانه ‌گه‌وه‌ره‌ نێوخۆییه‌ی كارده‌ستی خۆی و حزبه‌كانی تر نه‌كردایه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كانی و دوارۆژیان ده‌كات و له‌هه‌موو بوراه‌كاندا ئاستیان به‌ره‌و لاوازی ده‌بات، ده‌ستیان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ و چاره‌نوسسازی ئاوها نه‌ده‌برد، ئه‌مه‌و چه‌ندین به‌لێی تر كه‌ وا ده‌كات سه‌رمان سوره‌دمێنێت له‌ ده‌ستبردنی پارتی و ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ریفراندۆم وه‌ك ئامرازێك، هه‌رچه‌ند بۆ قوتاركردنی حزبه‌كه‌شی بێت و، له‌دواجاردا نازانین، ئایا به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆم كه‌ بارودۆخه‌ حزبیه‌كه‌ی راست بكاته‌وه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی دیزه‌به‌درخونه‌ ده‌كات یان نا .

سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ترس و گومان و ناله‌باریه‌ی كه‌ هه‌موو دڵسۆزێك بیری لێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ؛ تۆیه‌ك به‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و به‌م ململانێ سه‌خته‌ی كه‌ دوور له‌ خه‌تی سوور و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان به‌رپات كردووه‌ و جگه‌ له‌ رووكردنه‌ نشێوی سیاسی و پاشه‌كشه‌، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش نه‌كرێت هیچ شتێكی ترمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، تۆیه‌ك جگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و جگه‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆزێك كه‌ جگه‌ له‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی عیراقێك به‌ده‌ست حزب گه‌لێكی دینی مه‌زهه‌بیه‌وه‌ حوكم ده‌كرێت و، باش ده‌زانین كه‌ تا ئێستا چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ ملكه‌چبوی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان پێش گه‌له‌كه‌ی، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌‌ ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌یه‌تی له‌ گه‌ڵ كورد و ئامانج و خواسته‌كانی، به‌ڵێ له‌ شكستهێنانی ریفراندۆم پرسه‌كه‌ خراپترمان ده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵێ جگه‌ له‌م جگانه‌ و جگه‌ له‌ ماڵویرانیه‌كی تر چیمان بۆ ده‌كرێت و تۆش كاكه‌براهه‌ر دژی تاكه‌ رێگه‌یه‌كی سه‌ركیشانه‌ی بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌وه‌ستیته‌وه‌ .

ئه‌گه‌ر تۆیه‌ك له‌ بیركردنه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه‌دا بیت و هه‌ندێك پرسیار له‌ ئه‌نتی ریفرادنۆمه‌كان بكه‌یت وه‌ڵامیان چی ده‌بێت، له‌وانه‌ :
1-ئه‌ڵته‌رناتیڤی باشترت پێیه‌ كه‌ وه‌زعه‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكات به‌ مه‌رجێك گه‌رانه‌وه‌ نه‌بێت بۆ ژێر ده‌سته‌یی و كه‌وتنه‌وه‌ چاڵی چه‌ندساڵی زوڵم و زۆرداری ناوه‌ند و وڵاتانی داگیركه‌ر ؟
2-ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كرێت به‌م سه‌ركردایه‌تی و حزبانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌كان ده‌كرێت و ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌، یان له‌ ئاست كیێبركی و ركابه‌ری و ململانێی عیراقی دوای داعش وقورسی هاوكێشه‌كان و له‌به‌ر ره‌حمه‌تی زه‌بری وڵاتانی نه‌یاری ناوچه‌كه‌ ده‌بین، یان له‌ حاڵه‌تی ئاشتی و ئاسایی عیراق وه‌زعمان خراپتر نابێت و ته‌نانه‌ت رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ مافه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانمان كه‌متر نابێته‌وه‌، تا راده‌ی ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی هیرشی سه‌ربازی .

3- وه‌زعی ناوچه‌ دابراوه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ و خراپتریش ناكه‌ونه‌وه‌ ، له‌ حاڵه‌تێكدا ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ عیراق گیرۆده‌ی شه‌رو ناكۆكیه‌ و هیچ كارێكی به‌ ده‌ستوره‌كه‌ی نه‌كردووه‌ له‌وباره‌وه‌، ئه‌ی عیراقی پاش داعش و جێگیربونی وه‌زعه‌ سیاسیه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی لاواز له‌و كاته‌دا چیمان پی ده‌كرێت، چیمان به‌ده‌ست دێت له‌و ناوچانه‌، به‌ڵام به‌ بونی با وادانێین ته‌نها كارتێكی ریفراندۆم و ئیدعای سه‌ربه‌خۆیی، باری ئه‌و ناوچانه‌ باشتر نابن، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت نه‌كه‌ونه‌ سه‌ر هه‌رێم یان وڵاتی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و وه‌زعی هه‌رێم له‌ به‌هێزیدا نامێنێته‌وه‌ ؟
4- به‌ڵێ ئێمه‌ نازانین كه‌ له‌م كاته‌دا ته‌نها ئه‌م سه‌ركیشیه‌ تاكه‌ رێگایه‌ بۆ خۆ رزگاركردن له‌ سه‌رجه‌م ته‌گه‌ره‌ و و به‌ربه‌سته‌ سه‌خته‌كانی به‌رده‌م رێره‌وی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری گه‌لی كوردستان، یان ته‌نها بۆ ته‌كتیك به‌كاری دێنین ؟
5- باسی یاسا و جێبه‌جێكردنی له‌ عیراقدا ناكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا چه‌ندین یاسا پێشێلكراوه‌ و ته‌نانه‌ت یاسا بنه‌ره‌تیه‌كان بێ تێپه‌راندن بۆ رۆژێك به‌جێهیڵراوه‌ كه‌ له‌ وه‌زعی به‌هێزی ناوه‌نده‌وه‌ تێپه‌رێنرێت و ده‌ستی تۆش له‌ بنی هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت و هه‌م له‌ عه‌لی ده‌بیته‌وه‌ و هه‌میش له‌ وه‌لی، له‌و كاته‌دا تۆ چیت له‌ده‌ست دێت ؟
6- سه‌ره‌رای دواكه‌وتنی ریفراندۆم و جاردانی سه‌ربه‌خۆیی و نه‌بونی زه‌مینه‌ سازی پێویست، ئایا پیاده‌كردنی له‌ نه‌كردنی باشتر نیه‌ ؟
7- سه‌ركردایه‌تیه‌ك كه‌ نه‌توانێت هه‌رێمێك ببات به‌رێوه‌ و له‌وه‌زعێكی دڵه‌راوكێی به‌رده‌وامدا بێت یان سنورمان هه‌بێت و قۆناغێكمان بریبێت بۆ شتی باشتر و هه‌وڵی جدیتری نێوخۆیی، دوور له‌ ترسی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ؟
8- پرسیارێكی زۆر گرنگتر؛ ئایا باوی ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه‌، یان عیراق گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ تۆ به‌بێ ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژی چه‌ندین ساڵه‌ی تردا تۆ وه‌ك هاوڵاتی پله‌ یه‌ك ته‌ماشا بكرێێت و هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌ی بن ده‌ست نه‌بیت ؟
له‌م مشتومر و كه‌ین و به‌ینه‌دا هیچ وه‌ڵامێكت ده‌ست ناكه‌وێت كه‌ واقعی بێت و دووربێت له‌ پشتخانی كاری حزبی ته‌سك و هه‌ندێك بۆچونی مه‌رحه‌لی و له‌ چوارچێوه‌ی عه‌قله‌یتێكی وابه‌سته‌ی بیرو بۆچونێكی كورت مه‌وداو دوور له‌ ستراتیجیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و خوێندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ و وه‌زعی سیاسی به‌ فكرێكی تیۆری دوور له‌ واقیع و خه‌سڵه‌تی میله‌ت و سه‌ركردایه‌تی و به‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی بیری خه‌ڵك و ئاستی رۆشنبیریان و به‌ بیرێكی نوخبه‌ویانه‌ی تا راده‌یه‌كی زۆر ئایدیالی نه‌بێت هیچ تری به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌شێكی بارگاوی به‌ ململانێی دواكه‌وتوانه‌ی حزبگه‌رایی و كه‌سگه‌رایی و له‌ فه‌زایه‌ك كه‌ هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دروستت له‌ جێگای ریفرندۆمت پێ نه‌بێت سه‌ره‌رای كه‌موكورتیه‌كانی، ئه‌ی ته‌نها بۆچونه‌كانت له‌سه‌ر قه‌ده‌ر بنیات دنێیت كاكه‌ برا . به‌ڵێ تا ئێواره‌ مشتومر بكه‌ و ئه‌ڵته‌رناتیڤی باشترت پێ نه‌بێت بایی تورێك ئه‌رزشی نابێت و لێتی ناكرن جگه‌ له‌وانه‌ی كوێرانه‌ دوات كه‌وتوون .

به‌ كورتیه‌كه‌ی؛ پارتی سه‌ركێشیه‌ك ده‌كات و به‌م ره‌فتاره‌ی ده‌یه‌وێت خۆی قوتار بكات، به‌ڵام ئه‌م قورساییه‌ی خۆی وای كردووه‌ كه‌ به‌ هه‌ر ده‌رئه‌نجامێك له‌ پرسه‌دا ده‌ربچێت كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان ده‌بێت و به‌ شكست و سه‌ركه‌وتن به‌ راسته‌خۆ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ به‌ نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی باشتر و واقعی كه‌ پارتی و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ناچار بكات هه‌ڵیبژێرن، ئه‌وا دژایه‌تی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌تخاته‌ خانه‌ی نه‌یاران و ته‌نانه‌ت دوژمنانیشه‌وه‌ .




پێشمه‌رگه‌ی دێرین حه‌مه‌ سه‌عید قه‌ره‌داغی ماڵئاوایی لێكردین

هاورێ حه‌مه‌ سعید حاجی محه‌مه‌د ناسراو به‌ {حه‌مه‌ سه‌عید قه‌ره‌داغی} له‌ ناو بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكیشی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ره‌داغ له‌ ساڵی 1953 چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێناو له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا باوكی كۆچی دووایی ئه‌كات و له‌ گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌ی هاورێ حه‌مه‌ ره‌شید قه‌ره‌داغی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كارو كاسبی بۆ په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌یان كه‌ داێكێك و چوار خوشك و دوو برا بوون.

هاورێ حه‌مه‌ سه‌عێد له‌ به‌ر سه‌ختی ژیان و خراپی بارودۆخ نه‌یتوانی له‌ قوتابخانه‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بدات، ته‌نها شه‌شی سه‌ره‌تایی ته‌واو ئه‌كات و، وه‌ك گه‌نجێكی ئیشكه‌ر رووی كرده‌ كاركردن.
له‌ ساڵی 1971 بوو به‌ سه‌ربازو له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا به‌ باشی فێری زمانی عه‌ره‌بی بوو، له‌ پاش سێ سال خزمه‌تی سه‌ربازی ته‌واو كردو، له‌ شاری به‌غدا مایه‌وه‌و، ده‌ستی كرده‌ووه‌ به‌ كرێكاری و، له‌ به‌ر ده‌ستپاكی و راستكۆیی ودڵسۆزییه‌وه‌ خاوه‌ن كارگه‌كه‌ كردوویه‌تی به‌ سه‌رپه‌رشتیارو به‌رپرسی كارگه‌كه‌ی و، له‌وێ له‌ گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و ده‌ربه‌ندیخان كاریكردووه‌و، ئه‌و كه‌سانه‌ش شاهیدی ده‌ستپاكی بۆ ئه‌ده‌ن.

له‌ ساڵی 1970 داو له‌ سه‌ره‌تای لاوێه‌تییه‌وه‌ هاورێ حه‌مه‌ سه‌عید په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی حزبی شیوعی له‌ رێكخراوی قه‌ره‌داغ كردو، له‌ پاش شاڵاوه‌ درندانه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ ساڵی 1978و، لێدانی حزبی شیوعی و، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌مه‌ ره‌شید قه‌ره‌داغی برای یه‌كێك بوو له‌ فه‌رماندو پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی حزب، سیخوره‌كانی به‌عس هه‌میشه‌ به‌ دوای حه‌مه‌ سه‌عیدوه‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیری بكه‌ن و، بۆیه‌ ناچار كرا شاری به‌غدا به‌جێبێڵێت و، گه‌رایه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و،پاشان ئه‌چێته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌داغ و، چه‌كێك به‌ پاره‌ی خۆی ئه‌كرێت و، په‌یوه‌ندی به‌ مه‌فره‌زه‌كانی حزبه‌وه‌ ئه‌كات و، له‌و رۆژه‌ سه‌خت و دژوارانه‌دا له‌ گه‌ڵ هاورێیان و مه‌فره‌زه‌كانی حزب به‌شداری چه‌ندین چالاكی كردووه‌.

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ پایزی ساڵی 1979 مه‌فره‌زه‌یه‌كی هاورێیان له‌ سه‌ربازگه‌ی قه‌ره‌داغیانداو، هاورێ حه‌مه‌ سه‌عید له‌ رووی ئازایه‌تییه‌وه‌ رۆڵێكی باشی نواندو به‌شدارییه‌كی جوامێرانه‌ی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بوو هاورێ به‌ وردی شاره‌زای ناوچه‌كه‌ بوو، پلاندانه‌ری لێدانی ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌و باره‌گای مونه‌زه‌مه‌ی به‌عس بوو له‌ قه‌ره‌داغ و، له‌ زوربه‌ی چالاكییه‌كانی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان به‌شدار بووه‌و، هاورێیه‌كی لێهاتوو بوێرو هێمن بووه‌و، باوه‌ری ته‌وای به‌ حزب و سیاسه‌ته‌كانی هه‌بووه‌و، له‌ ساڵی 1980 وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وام تۆپبارانی باره‌گاكانی حزبیان له‌ گونده‌كانی هێرتاو زی له‌ سه‌ر سنووری عێراق – ئێران ئه‌كردو، جارێكیان هاوه‌نێك به‌ر پاره‌گاكانی حزب كه‌وت هاورێیان حه‌مه‌ سه‌عیدو شه‌هید مه‌جید دۆكانی برێندار ئه‌بن.

سه‌ره‌تا له‌ كاتی بریندارییه‌كه‌ی پزیشكه‌كانی حزب دكتور دڵشادو نه‌جمه‌دین هه‌ورامی زۆر هه‌وڵیان له‌ گه‌ڵ هاورێ حه‌مه‌ سه‌عیددا بۆ چاره‌سه‌ری برێنه‌كه‌ی و، هاوری نه‌جمه‌دین چوو له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامانی رۆژهه‌ڵات (جه‌راحی) كورده‌واری هێناو، ئه‌ویش قاچی ئه‌گرێته‌وه‌و، ماوه‌ی سێ مانگ له‌ بن ئه‌شكه‌وتێك له‌ چیاكانی نه‌وسوودو هه‌ورامان ئه‌مێنێته‌وه‌و، هاورێیانی پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تی ئه‌ده‌ن، پاشان حزب بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌ینێرێت بۆ ئێران و دواتر بۆ سوریاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤێتی جاران و، له‌ پاش تیمارو چاره‌سه‌ری‌ له‌ ساڵی 1982 گه‌رایه‌وه‌ بۆ كوردستان و، هه‌رچه‌نده‌ كه‌می باشبوو بوو زۆرجار هه‌ستی به‌ ئازار ئه‌كردو، له‌ باره‌گاكانی حزب له‌ شاخی سورێن و كه‌ره‌جاڵ مایه‌وه‌و، له‌ دواییدا له‌ به‌تالیۆنی 15 ی قه‌ره‌داغ جێگیر بوو.
هاورێ حه‌مه‌ سه‌عید په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناو دانیشتوانی گونده‌كان هه‌بوو، له‌لایه‌ن هاورێیان و خه‌ڵكه‌وه‌ زۆر خۆشه‌ویست بوو، شاره‌زاییه‌كی باشی له‌ بواری ئێداری و سه‌ربازی هه‌بوو، له‌ ژیانی پێشمه‌ركایه‌تیدا ئامر مه‌فره‌زه‌و جێگری سه‌رپه‌ل و سه‌رپه‌ل بووه‌و، مێژوو شاهیدی ئه‌وه‌یه‌ هاورێ حه‌مه‌ سه‌عیدو شه‌هید مه‌جید دوكانی و چه‌ند هاورێیه‌كی تر رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ نه‌خشه‌دانان و گرتنی شاری قه‌ره‌داغ.

حه‌مه‌ سه‌عید له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا دووجار به‌ سه‌ختی بریندار بووه‌، ساڵی 1980 له‌ بارگای حزب له‌ هێرتاوزی و له‌ ساڵی 1988 له‌ كیمیا بارانی سێوسێنان كه‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌كی تر چوو بوو بۆ یارمه‌تیدانانی خه‌ڵكی بریندارو هێنانیان بۆ نه‌خوشخانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوكی حزب و، هه‌روه‌ها له‌ شه‌ره‌كانی ئه‌نفالی دووی قه‌ره‌داغ و سێی گه‌رمیان و، شانبه‌‌ شان له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوكی حزبی شیوعی به‌شدارییه‌كی كاریكه‌ری هه‌بووه‌و، هه‌روه‌ها له‌ بنكه‌كانی دۆڵه‌ كۆگاو قه‌ندیل و پاشبه‌رد له‌ ناوچه‌ی پێنجوین و شوێنه‌ سنووریه‌كانی تر درێژه‌ی به‌ پێشمه‌رگایه‌تی داوه‌و، به‌شداری راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991 ی كردووه‌و، له‌ كۆتایی هه‌مان ساڵدا ژیانی هاوسه‌ركیری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی كورێك و دوو كچه‌ به‌ ناوه‌كانی { سه‌فین و ساڤان و ئاسیا} و قوتابی زانكۆن و، زۆر بایه‌خ و گرنگی به‌ منداڵه‌كانی ئه‌داو، ئاواتی ئه‌وه‌ بوو خوێندن ته‌واو بكه‌ن و، هه‌موو كات ئه‌یوت حه‌زئه‌كه‌م منداڵه‌كانم له‌ خۆم پاشتر بن.

به‌ هۆی ئازارو سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ساڵی 1996 دا له‌ رێكه‌ی چه‌ند هاورێیه‌كی‌ خۆی سه‌ردانی شاری به‌غدا ئه‌كات به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و، هه‌ر له‌ به‌غدا نه‌شتگه‌رییه‌كی قورسی بۆ ئه‌كرێت و، له‌ ساڵی 1998 روو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌كات و، هاورێیه‌كی خۆی یارمه‌تی ئه‌دات و ئه‌گاته‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیاو، ئه‌چێته‌ ماڵی چه‌ند خزم و دۆستان و، به‌ هۆی هیلاكی و ماندوبوونی رێگاوه‌ تووشی نه‌خۆشی ئه‌بێت و ته‌ندروستی تێكئه‌چێت و، له‌ خه‌سه‌خانه‌ ئه‌یخه‌وێنن و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌كه‌ن و، دۆستان و خزمان سه‌رداری ئه‌كه‌ن و یاره‌مه‌تی ئه‌ده‌ن و، ماوه‌ی ساڵێك له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌مێنێته‌وه‌و هیچی بۆ ناكه‌ن و، دواجار روو له‌ وڵاتی نه‌رویج ئه‌كات و، له‌وێ باری ته‌ندروستی خراپ ئه‌بێت و، دووجار نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌كرێت بۆ قاچی و پشتی و، ماوه‌ی ده‌ ساڵ له‌ وڵاتی نه‌رویج ئه‌مێنێته‌وه‌و، زوربه‌ی كاته‌كانی به‌ ئازارو چاره‌سه‌ری به‌ سه‌ر ئه‌بات و، ئه‌و ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ له‌وێ ئه‌بێت به‌رێزان له‌ دۆست و خزمان به‌باشی یارمه‌تی ئه‌ده‌ن و، هاورێ حه‌مه‌ سه‌عید هه‌میشه‌ ناویانی به‌ چاكه‌و پیاوه‌تی ئه‌بردو ئه‌یوت من قه‌رزای ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌م.
له‌ ساڵی 2010 ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌ هۆی به‌رده‌وامی خه‌بات و دانه‌برانی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی دووجار میدالیه‌ی رێزلێنانی پێئه‌بخشرێت له‌ ساڵی 2015 له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان و له‌ ساڵی 2017 له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستانه‌وه‌و، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی ماڵئاویی لێكردین به‌شێكی جه‌سته‌ی شوێنه‌واری سوتاندنی كیمیاوی پێوه‌ مابوو. هاوری حه‌مه‌ سه‌عید زوربه‌ی ژیانی به‌ نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و برینداری به‌ سه‌ربردو، ته‌نها خانه‌نشینی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆكراوه‌و، خانه‌نشینی كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ری بۆنه‌كراوه‌و، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی دووجار بریندار بووه‌و، له‌ ساڵی 2012 وه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌و مه‌عامه‌لاتی كردووه‌ به‌ڵام تائێستا خانه‌نشینی كه‌مئه‌ندامی بۆنه‌كراوه‌و وه‌ڵامنه‌دراوه‌ته‌وه‌‌.

هاورێ حه‌مه‌ سه‌عید كه‌سێكی به‌وه‌فا بوو، به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ی لێیانئه‌قوما یارمه‌تی ئه‌دان و، زۆر به‌ داخه‌وه‌ له‌ رۆژی 1/6/2017 له‌كاتی گه‌رانه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ هاورێیان له‌ مه‌راسیمی به‌ خاكسپاردنی هاورێ عه‌زیز محه‌مه‌د له‌ هه‌ولێر به‌ رووداوێكی نه‌خوازراو گیانی له‌ ده‌ستداو، هاورێ ئه‌و كه‌سه‌ بوو ته‌مه‌نی خۆی له‌ پێناو پێشمه‌رگایه‌تی و به‌رگریكردن له‌ گه‌ل و نێشتمان و چینی زه‌حمه‌تكێش به‌ سه‌ربرد، هاورییه‌ك حێی متمانه‌و بۆنی ساده‌یی وخاكێتی لێئه‌هات.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاكی هاورێی كۆچكردوو هه‌موو شه‌هیدانی رێگای رزگاری نیشتمان.‌

كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان
حزبی شیوعی كوردستان
21/7/2017




فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ….. ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن

-وه‌رگێڕانی له‌ سویدییه‌وه‌: نوری که‌ریم
بێریڤان جەمال حەمەسەعید……

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە نووسینی ‘ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن’ــە، یەکێکە لەو کۆمەڵە کتێبەی کە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

مه‌رگی فادیمه‌، هه‌ر تراجیدیای رۆمێو و جولێتی شکسپیری سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م نییه، کە به‌ ته‌نیا ناکۆکی و ناته‌بایی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی چینی جیاوازی له‌ خۆگرتبێت، کاره‌ساتی ئه‌و، چیرۆکی دڵته‌زێنی ئه‌و، بەیەک نەگەیشتنی دوو خۆشەویست نه‌بوو، به‌ڵکو بە شەڵاڵ خوێنکردنی ئەو بە دەستی باوکی له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا، کارەساتێک بوو لە کۆمەڵگای سوید کەوت و لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە. درامای ئه‌و، چیرۆکی تاکه‌ که‌س و بنه‌ماڵەیەک نه‌بوو، شۆکێک بوو سیاسه‌تمه‌دارانی سویدی به‌ خه‌به‌ر هێنایەوە، تا دان بەو ڕاستییەدا بنێن، که بە‌ سه‌دان کچ و ژنی گه‌نجی وه‌کو فادیمە، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی باوک، برا، مامدان، تا بکەونە خۆیان و پرسی شەرف بە هەند وەربگرن و لەو پەیوەندەدا، چاو بە یاسا و ڕێساکانیاندا بخشێننەوە. داستانی ئەوینی فادیمە بۆ کوڕێک لە دەرەوەی بنەماڵە و پێداگری ئەو لەسەر ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، بەڕەی لەژێر پێی داب و نه‌ریتی خێڵه‌کییانه‌ی کوردەواری ده‌رهێنا و لایەنگرانی هزری پیاوسالاری شەرمەزار کرد. فادیمە، نەک هەر ئەو “سۆزانی” نەبوو، وەک ئەوەی باوکی لەکاتی پەلامار و تەقەلێکردنەکەیدا هاواری لێدەکات، بەڵکو کچێکی ئازاو و بوێر بوو، ده‌نگێک بوو ببووە‌ هێمای ئازادی و یه‌کسانی به‌بێ لەبەرچاوگرتنی جێنده‌ر، ئایین و نه‌ژاد. لایه‌نگری تێکەڵبوون و دژ به‌ په‌راویزخستن بوو. هه‌ر ئه‌و تاسه‌ و بوێریه‌ی بوو بۆ ژیان، بووه هۆی لەدەستدانی ژیانی. ‌بێگومان کوشتنی فادیمه لە ئاکامی هه‌ڵچونێکی دەروونی یان دڵپیسیه‌وه‌ نەبوو، بەڵکو وەک باقی کوشتنە ناموسییەکانی تر، پلانداڕێژراو بوو، کەسوکاری پێیهەڵساو و کۆمەڵانی بەرینی کوردەواری پشتیوانیان لێکرد.

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە وەرگێڕانی ‘نوری کەریم’ــە لە زمانی سویدییەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لەو زنجیرە کتێبانەی کە وەرگێڕ لەسەر پرسی یەکسانیخوازی ژنان کردوونی بە کوردی، کە بریتین لە: کچانی خوا ــ جێراڵدین بروکس، گوڵێک له‌ بیابانی ئه‌فریقا ــ واریس دیریه، زینده‌سووتێنراو ــ سوعاد، به‌بێ کچه‌که‌م، هه‌رگیز نا ــ بیتی مه‌حمودی، کچه سه‌ماکه‌ره‌کانی لاهور ــ لویس براون و ئافرەت لەژێر ڕکێفی ئاینەکاندا ــ ئۆفێلیا بێنسۆن و جێریمی ستانگروم. هەموو ئەم کتێبانە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراون و ئاستی بڵاوبوونەوەیان جیهانی بووە.

بۆ ناساندنی ‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، دەگەڕێمەوە بۆ پێشەکی کتێبەکە وەرگێڕدراوەکە، کە وەرگێڕ نووسیویەتی.
ڕۆژی بیست و دووی کانوونی دووەمی 2002، بۆ من وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی وا بوو. بەیانی زوو کاتژمێری شەش چووبوومە دەرەوە بۆ کار و چواری ئێوارێش، خۆم گەیاندە قوتابخانەی بنەڕەتی کچەکەم بۆئەوەی لەگەڵ خۆم بیبەمە ماڵەوە. هەر وەکو ئێوارانی تر، تەلەفیزیۆنم داگیرساند و پێکەوە بە دیار بەرنامەی منداڵانەوە دانیشتین. زەنگی تەلەفون لێیدا، چووم بۆ وەڵامدانەوە و گفتوگۆ درێژەی کێشا. لەپڕ کچەکەم هاواری لێکردم بچم بۆ لای. ئەوەندەی نەبرد ئەو هات بۆ لام، بەچاوانی پڕ فرمێسک و قورگی پڕگریانەوە، شتێکی پێوتم تێینەگەیشتم. زۆر ترسام و پێموت چی بووە، دیسانەوە قسەکەی بۆ دووبارە کردمەوە، “فادیمە بەدەستی باوکی کوژراوە”. لەگەڵ ئەوەی هەواڵێکی پڕکارەسات بوو، بەڵام پێمسەیر بوو، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵە، فادیمە لە کوێوە دەناسێت و بۆ دەبێت پەیوەندی بە خۆی و منەوە هەبێت.

کوشتنی فادیمە ساهینداڵ، بوو بە هەواڵی یەکەمی تەواوی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنی سوید و پاش هەواڵەکانیش قسەوباس هەر لەسەر ئەم تاوانە بوو. کوشتنی کچێک لەلایەن باوکییەوە، لەپەیوەند بە کێشەیەکی نامووسیدا، لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی بەهەند وەردەگیرێت و ویستی بەرابەرخوازی لە ئاستێکی بەرزدایە، هەتا بە بەراورد بە باقی وڵاتانی ئەوروپا، بە کارەساتێکی ئاسایی چاوی لێناکرێت. لەگەڵ ئەوەش فادیمە کەسێکی نەناس نەبوو بۆ کۆمەڵگاکە، وەک هەزاران قوربانی تری کوشتنی نامووسی، کە تەنیا ناوێک یان ناو و وێنەیەکن ئەگەر ناونیشانێکیان هەبێت. فادیمە خەباتگێڕێکی نەبەزی لێهاتووی سەنگەری پێشەوەی بەرابەرخوازی بوو، دەنگی ناڕەزایەتی هەزاران کچی پەنابەر بوو، کە بەدەست دابونەریتی نامووسپەرستییەوە دەناڵێنن. لەدژی ئەم نایەکسانییە، پڕ بەدەنگی زوڵاڵی لەناو پەرلەماندا هاواری کرد، ڕۆیشتە بەردەم کامێرای تەلەفیزیۆنەکان، مایکی ڕادیۆکانی بەدەستەوە گرت و کەم ڕۆژنامە و گۆڤار نەما، چەند لاپەڕەیەکی تێیدا ڕەشنەکاتەوە. کوشتنەکەشی ئەم چالاکییانەی بەو پەڕی گەیاند، کاردانەوە بەرامبەر ئەم تراجیدیایە، سنووری سویدی بەزاند و بوو بە هەوڵێکی جیهانی. فادیمە ئێستا بووە بە سیمبولی ناڕەزایەتی و هەموو ساڵێک لە یادی کوشتنیدا، لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەم چالاکییانە لە ئاستێکی سەراسەری و باڵاتردا بەڕێوە دەبرێن. لەبەرامبەردا، زۆربەی ڕەوەندی کوردی لە سوید، بەدەستپێشخەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان (ڕێکخراوێکی فەرهەنگییە، کە نوێنەران و لایەنگرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەکەی کوردستانی تێدایە)، سەرسەختانە دژی ئەم چالاکییانە دەوەستنەوە و بەتایبەتی لە کاتی کوشتنەکەیدا، فادیمەیان تاوانبار کرد بەوەی پێی لە بەڕەی دابونەریتی کوردەواری زێتر ڕاکێشاوە، حەیای کوردی بردووە و …. ئەم کێشمەکێشە تاکو ئیمڕۆ بەردەوامە. چالاکییەکانی فادیمە، کوشتنەکەی و دادگایییەک کە بەدوایدا هات، کاریگەرییەکی هەمەلایەنەی داناوە لەسەر کۆمەڵگا. ئەگەر لەلایەک ئاستی ئاگاهی و هەڵوێستی سیاسی لەسەر ئەم کێشەیە بەرز کردەوە، ئەوا لەبەرامبەردا ڕووی ڕاستەقینەی دابونەریتی پیاوسالاری لەنێو بەشێکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردیدا هەڵماڵی و تەکنیکێکی تازەی ژنکوژی هێنایەکایەوە بەناوی ‘کچانی باڵکۆنی’1.
دە ساڵ دواتر، کچەکەم چوو بۆ هەمان کۆلێژ و هەمان زانکۆی فادیمە ساهینداڵ لە ئوستەرشۆند. لە یەکەم ڕۆژی چوونیدا بۆ کۆلیژەکە لەگەڵ باقی خوێنکارانی قبووڵکراو، لەلایەن ڕاگر و مامۆستایانەوە گەشتێکیان پێدەکرێت بەناو کولێژەکەدا بۆ ناساندنی. کاتێک کە خۆیان دەکەن بە یەکێک لە ساڵۆنەکانی وانەخوێندندا، ڕاگرەکە ڕوو بە قوتابیان دەڵێت، “ئەمە ئەو ساڵۆنەیە کە فادیمە ساهینداڵ دوا وەرزی خوێندنی تێیدا خوێندووە”. وەک کچەکەم بۆی گێڕامەوە، “لەپڕ بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەمووماندا، بزە و خەندەی سەر لێوان جێگەی دا بە داخێکی قووڵ، کە لە ڕووخساری هاوپۆلەکانمدا بۆم دەرکەوت، فادیمە لە دڵی هەر هەموواندا کەسایەتییەکی نەمرە”.

بەبۆنەی هاتنە پێشەوەی یادی دە ساڵەی کوشتنەکەی، هەواڵی داتاشینی پەیکەری فادیمە لەلایەن شارەوانی شاری ئۆپسالای نیشینگەی فادیمەوە، بڵاو بۆوە. بوو بە هەراوهوریا و دەنگی ناڕەزایەتی نامووسپەرستان بەرز بۆوە بەوەی، “کە دروستکردنی پەیکەر بۆ کچێکی کوردی کۆژراو بەدەستی باوکی، مایەی شەرمەزارییە بۆ ئێمەی کورد”. نوێنەرانی شارەوانی ڕێکوڕەوان وەڵامیان دانەوە، کە “بەڵێ، ئێمە بۆ ئۆلوف پاڵمە2 پەیکەرمان دروستکردووە و بۆ فادیمەش دروستی دەکەین. بەڵێ، ئەمە ڕسوایییە بۆ دابونەریتی نامووسپەرستی و پارێزەرانی”.

لە مەڕاسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری فادیمە، لەگەڵ سەدان کەس بەشداریم کرد. گوێم دەگرت لە وتاری وەزیری هاوپەیوەستی بەم بۆنەوە، لەپڕ چاوم بە کچێک کەوت کە بۆم نائاشنا نەبوو، زۆرم لە خۆم کرد تا ناسیمەوە، سونگوڵی خوشکی فادیمە بوو، کە نزیک دە ساڵ لەوەوپێش دەبوو لە دادگادا بینیبووم، ڕووبەڕوو و چاوبەچاو بەرامبەر بکوژی خوشکەکەی، ڕەحیمی باوکی، لەنێوان پارێزەری بەرگری، کە یەکێک لە نووسەرانی ئەم کتێبە و پارێزەری گشتی دانیشتبوو. تەواو ژاکاو و لە پەلوپۆ کەوتبوو، بەڵام لە گورگێکی بریندارکراو دەچوو، کە بەو پەڕی دڕندەییەوە پەلامار دەدا، لەدژی باوکی سەرشکستە شایەتی دەدا. لە قووڵایی دەروونی خۆمدا بووم، ژنێک کە تا ئاستێک بە یەکتری ئاشنا بووین و لە کۆبوونەوەی ژناندا بینیبووم، بە چرپە پرسیارێکی لێکردم، “ئەگەر خەڵک لە کوردستاندا، بۆ هەر قوربانییەکی کوشتنی نامووسی پەیکەرێک دروستبکات، ئاخۆ دەبێت چەند دانە دابتاشێت؟” ماوەیەکی ویست تا وەڵامم دایەوە، “ئەو پەڕی یەک یان دوو دانە”. “مەبەستت ئەوەیە کە لەهەر مەیدان و چوارڕێگایەکدا”، ژنە هاوڕێکەم وتی. ” نا، مەبەستم لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانە. ئەگەر هاتوو دەسەڵات لە کۆمەڵگادا، ژن لە مەیدانەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەر نەکات، هەر ڕۆژە یاسا و ڕێسایەک دەرنەکات بۆ هێشتنەوەی ژێردەستەیی ئافرەتان، شەو و ڕۆژ مەلای مزگەوتەکان بەرنەداتە گیانی کچان، بکوژانی کوشتنی نامووسی لەجیاتی دەستخۆشی و بەڵگە هۆنینەوە بۆیان، لە چواردیواری زینداندا حوکمی هەمیشەیییان بۆ دەربکات، خەڵکانێکی وەک ئەمانە دێنە ئاراوە، کە هەر ڕۆژەی بەشێوەیەک لەبەرامبەر نایەکسانیدا دەوەستنەوە، ئیتر ئەوسا کێ دەوێرێت ژنکوژی بکات”.

تەواوی ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە، کاردانەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای سویدە بەرامبەر بە کوشتنی فادیمە ساهینداڵ. مەبەستی منیش لە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی هەر ئەوەیە، چونکو پێموایە لە کوردستاندا، ئەو خێزانانەی کە دەستیان دەچێتە خوێناوی کچەکانیانەوە، زۆر دەگمەنن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، بە قبووڵکردن و ڕەزایەتدان کاردانەوەی خۆیان پیشاندەدەن. لەم پەیوەندەدا، لە ساڵی 2012دا، ماریانە سپانەر لە مێزگردی ئافتۆنبلادت دەنووسێت: “فادیــــمە تا حەز بکەیت، نەبەز و جوان بوو. بـــــەڵام ئابڕووی خێزانەکەی و خزمەکانی خۆی بردبوو. کەسوکاریشی ئێجگار زۆر بوون. لەوانەیە سێ سەد کەس لە سوید و هەر زۆر زێتریش لە زێدی باوباپیرانی. ئەوانە بێشمار بوون کە داوای گەڕانەوەی ئەم ئابڕوویەیان دەکرد. ئەوە باوکی بوو کە دەستی چووە خوێناوییەوە. بەڵام ئەوە داوای گەلێک خەڵک بوو، کە خوێناوەکەی بخورێتەوە”.

…………………………………………………………………….

پەراوێز:

1. کچانی باڵکۆن: تەکنیکێکی تازه‌ی کچکوشتنه‌، هه‌ر وه‌کو تەکنیکی په‌ره‌مێزته‌قینه‌وه‌کانی کوردستان یان به‌سه‌ردا کەتنه‌ ناو ته‌نووره‌وه‌ له‌ فه‌له‌ستین. ئه‌م شێوه‌ تازه‌یه‌ له‌ داهێنانی په‌نابه‌رانی دانیشتووی سویده‌. له‌م شێوه‌یه‌دا کچانی به‌سزمان، “هه‌ر له‌خۆوه”‌ له‌ باڵکۆنی خانووه‌ نهۆمییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ خواره‌وه‌ و گیانیان ده‌رده‌چێت. لایه‌نی “ئه‌رێنی” ئه‌م داهێنانە تازه‌یه‌ ئه‌وه‌یه،‌ که‌ پۆلیس چه‌ند گومانی هه‌بێت لەسەر ئەوەی‌ ئه‌م کوشتنه‌ پلانداڕێژراوه،‌ به‌ڵام زۆر سەختە بۆی بتوانێت بیسەلمێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ی کوشتنی کوردییه‌وه‌‌ بۆ نموونه‌ (ئه‌گه‌ر واژه‌ی میدیای سوید به‌کار بهێنین، له‌ئاکامی زۆر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ناو په‌نابه‌رانی کورددا)، که‌ تێیدا کوشتنه‌که‌ به‌ئاشکرا پلانداڕیژراوه‌ و بکوژ به‌پێی خۆی ده‌چێت بۆ لای پۆلیس یان پۆلیس ئەو زەحمەتە دەکێشت ده‌چێت بۆ لای.

2. ئۆلۆف پاڵمە Olof Palme: (1927 ــ 1968) سەرکردەیەکی سیاسی سویدی بووە، سەرۆکی پارتی سوسیال دەیموکراتی سوید بووە لە ساڵی 1968وە. لە نێوان ساڵی 1969 ــ 1976 و 1982 تا ڕۆژی کوشتنەکەی لە ساڵی 1986دا، سەرۆکوەزیرانی سوید بووە. یەکێک بووە لە بەشداربوونی ناڕەزایەتی دژی کوشتاری ئەمریکا لە ڤێتنام.




یاده‌وه‌ری كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ – 67 -….. كه‌ریم كاكه‌


ئه‌و پیاوه‌ی سه‌گ دیتیه‌وه‌ و ژنی سه‌موونفرۆش ناسیه‌وه‌، جاشكوژ بوو، جاش كوشتی
……

67 ………..

له‌ كۆڵانی ئه‌ودیوه‌ی مزگه‌فتی حاجی له‌قله‌قێ، حه‌مه‌ شێت چۆته‌ سه‌ر دارتێلێ، له‌ سه‌ری سه‌رێ قیت قیت راوه‌ستاوه‌، خۆی به‌ هیچ نه‌گرتووه‌، نازانم چۆن به‌رنابێته‌وه‌! خه‌ڵك ده‌وری دارتێلیان داوه‌ و لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌:
حه‌مه‌، حه‌مه‌ی خۆمان، وه‌ره‌ خوارێ، ره‌شه‌با ده‌تبات، وه‌ره‌ خوارێ، با برووسكه‌ لێت نه‌دات، زۆر نزیكی له‌ هه‌ورێ، پیاوی چاك به‌، به‌و سه‌رمایه‌ كه‌س تینی گۆڕلێدانی نیه‌.
حه‌مه‌ شێت ده‌لێ:
به‌ سه‌ری حاجی له‌قله‌قێ نایه‌مه‌ خوارێ، بێزارم ، له‌ قه‌یسه‌ری، له‌ شێخی چۆلی، له‌ خڕتان بێزارم..
گوێم لێیه‌ ده‌ڵێن:
چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی حاجی له‌قله‌قه‌، بێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ باڵیه‌وه‌ بگرێ و بفڕێ.
له‌هیكه‌وه‌ بووه‌ چه‌یڵه‌ و هێ هێ، حه‌مه‌ شێته‌ و نیشته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و نه‌فڕی.
خه‌ونه‌كه‌م گێڕایه‌وه‌، نازانم له‌ زاری كێوه‌ گه‌یشته‌ زاری مه‌ستانی ژنی حه‌مه‌د مه‌ستان، ئه‌و ژنه‌ خه‌ونزان بوو، خه‌ونی گه‌ڕه‌كی لێكده‌دایه‌وه‌، بۆ خه‌ونه‌كه‌ی من گوتبووی:
حه‌مه‌ شێت دوو سێ ساڵیتریش ده‌ژی.
ئه‌و مه‌ستانه‌ خه‌ونزانه‌، له‌ خه‌ونی هه‌موو كه‌سی ده‌زانی، به‌ڵام سه‌ره‌ده‌ری له‌ خه‌ونی حه‌مه‌د مه‌ستانی مێردی ده‌رنه‌ده‌كرد، ده‌یگۆ:
خه‌ونی حه‌مه‌د له‌ خه‌ونی بنیاده‌مان ناچێ، توخوا ئه‌وه‌ خه‌ونه‌! له‌ كه‌ندووی ئاردێ عاره‌ق بخۆیته‌وه‌ و ئیمامی عه‌لیش به‌ ده‌ستی خۆی لیمۆت لۆ بگوشێ و به‌ زارته‌وه‌ كات! حه‌مه‌د خه‌ونی ئه‌وها ده‌بینێ.
زێوه‌ر، خۆزی زێوه‌رم وا نه‌دیتبا، زێوه‌ری حه‌فته‌ی پێشی له‌ زێوه‌ری پاشی ناچێ، بۆ وا شێواوه‌؟ له‌ چاوی منه‌وه‌ دار و دیواری ره‌نگیان پێوه‌ نه‌ماوه‌، زه‌نگه‌كه‌شی ده‌نگی جارانی نیه‌،، وه‌ك بڵێی نووساوه‌، له‌ ده‌نگی به‌رده‌سته‌كه‌ ده‌چێ ، جگه‌ له‌ ئه‌و و یه‌ك دووه‌كیدی چ مامۆستایه‌ك تینی قسه‌ی تێدا نیه‌، ئه‌لیاسه‌ فه‌ندی ده‌ڵێی مووی گونی راده‌كێشن، تووڕه‌ تووڕه‌، پتی لێده‌ی ده‌ته‌قێ، تایه‌ره‌ فه‌ندی كه‌ له‌ ته‌ماته‌ی تاو نه‌دی ده‌چوو، ره‌ش ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و له‌ باینجان ده‌چێ، جه‌وده‌ته‌ فه‌ندی پێشتر له‌ دارتێل قیتتر راده‌وه‌ستا، هه‌نكه‌ كه‌مێ لار بۆته‌وه‌، شێركۆ فه‌ندی قاپی شێلمی به‌ ده‌سته‌وه‌ نیه‌، ده‌سته‌كانی خستوونه‌ته‌ به‌ڕكی پانتۆڵه‌وه‌ و چاوی له‌ ساپیته‌ بڕیوه‌ و لێیناكاته‌وه‌، مامۆستا حه‌مه‌ سالح نه‌ سه‌لام له‌ كه‌س ده‌كات نه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌، تایه‌ره‌ فه‌ندیی وه‌رزش، پێكه‌نینی بیرچۆته‌وه‌، مڕومۆچ، چاوی تێبڕی وه‌رتده‌گه‌ڕێتێ، كێ پێده‌كه‌نێ، جگه‌ له‌ حه‌سه‌نه‌ فه‌ندی و سالحه‌كه‌یدی و ئه‌و مامۆستایه‌ی له‌ سه‌ر تی نه‌با، راسته‌ی رانه‌ده‌وه‌شاند.
زێوه‌ر كوا زێوه‌ری پێشانه‌، زێوه‌ر وا نه‌بوو، زێوه‌ری پێشان چوو، نه‌ سروودی لێده‌بیستی، نه‌ سێوه‌و مێوه‌ و دایه‌ دایه‌ی شیرینم، زێوه‌ر زێوه‌ر نیه‌، پۆل ته‌نگه‌ وه‌ك بڵێی وێكهاتبێـه‌وه‌ و جێمان نه‌بێته‌وه‌، تاره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌وری ره‌شی هێنابێ و دایكردبێته‌ رێژنه‌ بارانێ و كاره‌باش كوژابێته‌وه‌، پۆلی له‌ دیدی منه‌وه‌ ته‌نگو تاره‌، كتومت له‌ گۆڕی ناو گۆرانیه‌كه‌ی خورشید ده‌چێ، مامۆستای راسته‌ی درێژ له‌ ده‌ست كه‌ له‌ سه‌ر تی نه‌بێ، نایوه‌شێنێ، ده‌ڵێ:
كێ گۆرانیه‌ك ده‌ڵێ؟
كه‌س ده‌ست به‌رزناكاته‌وه‌، كه‌س شتێ ناڵێ، مامۆستا چاو ده‌گێرێ، خورشید هه‌ڵده‌ستێنێ و پێیده‌ڵێ كه‌ گۆرانیه‌كه‌ی خۆی بڵێته‌وه‌، گۆرانیه‌كه‌ی وی (هه‌ولێر پشتی چیایه‌) بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانی، له‌ جیاتی ئه‌ی ره‌قیب و ئه‌ی شه‌هیدانیش هه‌ولێر پشتی چیایه‌ و ناوه‌راستی قه‌ڵایه‌ی ده‌گۆته‌وه‌، هه‌ستا، گۆتیه‌ مامۆستا:
گۆرانیه‌یكیدی ده‌ڵێم، گۆتی:
فاتێ مه‌گری مه‌گری
وێكڕا بچینه‌ قه‌بری
قه‌بر ته‌نگو تاره‌
پڕ له‌ مشك و ماره‌
مشك و مار حه‌زیایه‌
خۆی له‌ كونێ نایه‌
حه‌زیا هووكه‌ هووكه‌
بردیان جۆته‌ بووكه‌
جۆته‌ بووكی میری
بردیان لۆ یه‌خسیری..
گۆرانیه‌كه‌ی ته‌وانه‌كردبوو، مامۆستای ده‌نگ گه‌وره‌ كه‌ به‌رێ خۆی دابووه‌ په‌نجه‌ره‌، ئاوڕی لێدایه‌وه‌ و گۆتی:
دانیشه‌ زرته‌ زه‌لام، عه‌مری خۆت و گۆرانیت نه‌مێنێ.
پۆل له‌ دیدی منه‌وه‌ گۆڕی ناو گۆرانیه‌كه‌ بوو، ته‌نگوتار، (ش) ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێ:
مامۆستا، ئه‌من بڵێم
مامۆستا:
ئه‌تووش گۆرانی ده‌زانی؟!
ئه‌و كوڕه‌ نه‌ له‌گۆڕه‌پانی راوه‌ستانێ، نه‌ له‌ ناو پۆلێ سترانی نه‌چڕیبوو، له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت، من بیستبووم، ده‌نگی له‌ ده‌نگی من ناخۆشتر بوو، هه‌ر كێ گوێی له‌ ده‌نگی با، ئه‌گه‌ر رێی هه‌ڵاتن هه‌با، دانه‌ رۆژه‌ك لێی دوور ده‌كه‌وته‌وه‌، چووه‌ پێش ته‌خته‌ره‌ش و دۆخینه‌كه‌ی كه‌ به‌ سه‌ر گونیدا شۆڕببۆوه‌، خستیه‌وه‌ ناو شه‌رواڵه‌كه‌یك ئحم ئحم، وا قوڕگی خاوێنده‌كاته‌وه‌، له‌ قورگی نه‌ببۆوه‌، زه‌نگی ده‌رێ لێیدا، دوایی ده‌یگۆ:
به‌ فه‌خری عاله‌م، ده‌مویست( پێشمه‌رگه‌ی به‌ هه‌ڵمه‌تین) بڵێم.
قسه‌یه‌كیدی ئه‌وكوڕه‌م بیركه‌وته‌وه‌، له‌ ئاوده‌ستێ ده‌هاته‌وه‌، دۆخین به‌ ده‌سته‌وه‌، ده‌یبه‌سته‌وه‌:
كه‌ریم، ئازاد ره‌وفم دیت، سبه‌ی دێته‌وه‌ مه‌كته‌ب، هه‌تیم با ئه‌وه‌شت پێبڵێم، دنیا خراپ تێكچووه‌، ئاگامان له‌ خۆمان نه‌بێ، عاره‌ب سوارمان ده‌بن..
به‌ سواربوونی عه‌ره‌ب زۆر تێكچووم، تام هاتێ، قسه‌كانی پیری سوارچاكانم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌یكردن، لێ هه‌واڵی هاتنه‌وه‌ی ئازاد شنه‌ی به‌هاری بوو، فێنكی كردمه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر باوه‌ڕم پێنه‌كرد، گوتم ره‌نگه‌ هه‌ر لۆ فشه‌ وا بڵی، سبه‌ی ئازاد هاته‌وه‌، قسه‌ی كوڕه‌ راست ده‌رچوو، له‌ ته‌نیشت یه‌ك دانیشتینه‌وه‌، له‌ دڵی خۆم ده‌مگوت:
خودایه‌، قسه‌كه‌یتری وه‌راست نه‌گه‌ڕێ و عاره‌ب سوارمان نه‌بن.
به‌ هاتنه‌وه‌ی ئازاد گه‌شامه‌وه‌، پۆل له‌ گۆڕه‌وه‌ گۆڕا بۆ گۆڕایی، گۆڕاییه‌كی كه‌سك، وه‌ك گۆڕاییه‌كه‌ی پێش ماڵی خۆیان، ئازاد ماڵیان نزیكبۆوه‌، هاتنه‌ سه‌ر رێی قوتابخانه‌، له‌ هاتنێ له‌ سه‌ر ده‌رگا چاوه‌ڕێی ده‌كردم، له‌ چوونه‌وه‌ تا سه‌ر ده‌رگا پێكه‌وه‌ بووین، ماڵیان له‌ نزیك دیواری خانه‌ی مامۆستایان، پێشتر دوور بوو، له‌و سه‌ری به‌لاشاوه‌ی قوڕ، هه‌وكه‌ له‌ نزیك ماڵی ئه‌و كچه‌ی….
ئێستا به‌لاشاوه‌ یه‌ك به‌لاشاوه‌یه‌ و گه‌وره‌یه‌، لێره‌وه‌ ماڵی ئازاد دوا ماڵه‌، به‌لاشاوه‌ تا بن مزگه‌فته‌كه‌ی ده‌روێش برایم، پێش چه‌ند رۆژێ حه‌وشه‌ی مزگه‌فت پڕبوو له‌ پیاوی له‌ش تۆزاوی، سه‌ر و ریش هاتوو، روومه‌ت تێكقوپاوی پێڵاو دڕاو، چه‌ند پۆلیسێكیش به‌ ده‌وریانه‌وه‌ بوون.
له‌ سه‌ری ئه‌و سه‌ره‌وه‌ به‌لاشاوه‌ وا به‌ سه‌ر به‌سته‌كه‌ی گڵكه‌نده‌وه‌، ئه‌و به‌سته‌ی له‌ زستانان و به‌هاران فوراتێك ئاوی ده‌ڕژانده‌ شاره‌وه‌، ئه‌و كه‌نده‌ وه‌ختایه‌ك ناوی ببووه‌ كه‌ندی خوێن، ئاخر چ كه‌ندێ هێنده‌ی ئه‌و كه‌نده‌ خوێنی لێ نه‌ڕژاوه‌، خوێنی پێشمه‌رگه‌، خوێنی جاش و سه‌رباز..
به‌ ده‌ستی خوارێ به‌لاشاوه‌ گه‌یشتۆته‌ نزیك ئاوباره‌كه‌ی حه‌سه‌ناغا، ئه‌و ئاوباره‌ی پێشان له‌ دووره‌وه‌ به‌لاشاوه‌ی ئاوده‌دا، بیر زۆر دوور بوو، له‌ حه‌ساره‌كه‌وه‌ بڕنۆی نه‌ده‌گه‌یشتێ، به‌وه‌ ده‌زانم ئه‌كره‌م بڕنۆ له‌ سه‌رده‌می بڕنۆ له‌ حه‌سه‌ناغا تووڕه‌ ده‌بێ، تووڕه‌بوونه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئاو بوو، ئاوی به‌رنه‌ده‌داوه‌، ئه‌كره‌م سێره‌ له‌ ئاوبار ده‌گرێ، ده‌ڵێ:
ده‌زانم ناگاتێ، به‌ڵام هه‌ر خۆشه‌ پێوه‌ی نێم.
له‌و رۆژانه‌ حه‌سه‌ناغا به‌ چاوی دادابۆوه‌، به‌ ته‌وسه‌وه‌:
ئه‌و جاره‌ ئه‌گه‌ر ئاوم له‌ سه‌رت بڕی، به‌رده‌قانیم تێده‌گری!
به‌لاشاوه‌ به‌ دیوی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ر له‌ جێی خۆیه‌تی، دوا كۆڵان كۆڵانی ماڵی دێوانه‌ محه‌مه‌دی گۆرینه‌، له‌وێوه‌ جۆت دارتێلان هێنده‌ دوور نیه‌، به‌رده‌قانی ده‌گاتێ، له‌ ناو جۆ و گه‌نمی بن ئه‌و دارتێڵانه‌ كه‌ به‌ژنێ به‌ژنی كردووه‌، پێش چه‌ند رۆژێ ته‌رمێ دۆزرایه‌وه‌، به‌ چه‌قۆ كووژرابوو، كه‌س نه‌یناسی، پۆلیس هاتن و بردیان.
به‌لاشاوه‌ له‌ كه‌رخی موفتیه‌وه‌ له‌ ماڵی ئێمه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، نێوانمان به‌ستی به‌لاشاوه‌ و رێیه‌كی پانی زستان قوڕاوی و هاوین خۆڵاوی، ئه‌و رێیه‌ له‌ شه‌ستمه‌تریه‌وه‌ ته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌ستا دێ دێ، له‌ راستی دارتێلی یاد كه‌مێك له‌ به‌ست دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌ ته‌نیشت سه‌ید مارفدا ده‌گاته‌ باداوه‌ و له‌وێ هێند ته‌سكده‌بێته‌وه‌ بزر ده‌بێ.
رێی به‌رین تژیه‌ له‌ یاده‌وه‌ری تاڵ و شیرین، له‌وێ بوو مه‌لای دۆزه‌خێ گێچه‌ڵی به‌ حه‌مه‌د مه‌ستان كرد، شانی راته‌كاند:
حه‌مه‌د، واز له‌ گوو خواردنه‌وه‌ بێنه‌، ده‌نا له‌ گه‌ڕه‌ك جێت نابێته‌وه‌.
حه‌مه‌د پێده‌كه‌نێ و ده‌ڵێ:
مه‌لا، ناتوانم وازی لێبێنم، چوونكه‌ بۆی نووسیوم.
مه‌لا له‌ پاسه‌وانی دۆزه‌خ تووڕه‌تر:
چ دختۆرێكی ته‌ره‌س بۆی نووسیوی؟
حه‌مه‌د مه‌ستان له‌ مه‌لاش تووڕه‌تر:
مه‌لا، زوو بڵێ گووم خوارد، گووی سه‌ و به‌راز نا، هی حه‌مه‌د مه‌ستانم خوارد، ئه‌تو نازانی ئه‌وه‌ی بۆی نووسیوم كه‌ بخۆمه‌وه‌ خودای سه‌ر سه‌رانه‌، ده‌ی تۆبه‌ بكه‌ و به‌ له‌پ گووی من بخۆ.
مه‌لا و مه‌ستان پیس تێكده‌گیرێن، منداڵه‌ ورتكه‌ لێیان خڕده‌بنه‌وه‌، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان خڕكه‌ به‌ردێكی ده‌ستداوه‌تێ، ده‌ڵێته‌ بابی:
بابه‌ لێیده‌م، قوونه‌جۆره‌ی مه‌لا بشكێنم؟
بابی ده‌ڵێ:
كچم، لێیمه‌ده‌، دووركه‌وه‌، بۆ خۆمی لێگه‌ڕێ.
كچه‌ به‌ قسه‌ی بابی ناكات، هه‌ر دیتت رایه‌وه‌شانده‌ مه‌لا، له‌و ده‌مه‌ فاته‌ كورده‌ به‌ سه‌ردا دێ، ئه‌و ژنه‌ زۆر سه‌نگینه‌، گه‌ڕه‌ك شه‌رمی لێده‌كات، كاتێ به‌ كن كۆمه‌ڵه‌ زه‌لامێكدا ره‌ت ده‌بێت و سه‌لام ده‌كات، زۆریان له‌ به‌ری هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ده‌ڵێته‌ مه‌لا:
ئه‌رێ به‌ من بڵێ، ئه‌وه‌ كێ پفی داوی؟ بۆچی له‌و پیاوه‌ت هه‌ڵكێڵاوه‌؟
مه‌لا مێزه‌ره‌كه‌ی سه‌ری رێكده‌خاته‌وه‌ و ده‌ڵێ:
جگه‌ له‌ خودای باری ته‌عالێ كه‌س پفی نه‌داوم و به‌ قسه‌ی كه‌س ناكه‌م، شه‌ڕی من له‌ رێی خودایه‌، بۆ خودایه‌.
فاته‌ كورده‌ به‌ كاوه‌خۆ ده‌ڵێ:
مه‌لا ئه‌گه‌ر لۆ خودا شه‌ڕده‌كه‌ی، بڕۆ شه‌ڕی حوكمه‌ت، ئه‌و ده‌دزێ و ده‌گرێ و ده‌كوژێ و ده‌بڕێ، له‌ قاحپه‌خانه‌ش عاره‌ق ده‌خواته‌وه‌، خۆ حه‌مه‌د له‌و شتانه‌ دووره‌، له‌ ماڵی خۆی عاره‌ق ده‌خواته‌وه‌، واز له‌ حه‌مه‌دی بێنه‌.
مه‌لا كه‌مێ هێورده‌بێته‌وه‌، بۆ ره‌وادان به‌ شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌مه‌د مه‌ستان، ئایه‌ت و فه‌رموودان ده‌هێنێته‌وه‌، فاته‌ كورده‌ ده‌ڵێ:
مه‌لا بڕۆ له‌ مزگه‌فتێوه‌ ئه‌و قسانه‌ی خودا و پێغه‌مبه‌ر به‌ گوێی حوكمه‌تدا بده‌، ئه‌و عاره‌بی باش ده‌زانێ، بڕۆ، به‌رۆكی ئه‌و حه‌مه‌ده‌ به‌رده‌، ده‌نا منداڵه‌ ورته‌كه‌ی به‌لاشاوه‌ت به‌ دوو دێخم و له‌ چ مزگه‌فته‌ك جێت نه‌بێته‌وه‌.
مه‌لا نه‌رمی ده‌كێشێ و باریكه‌ی ده‌داتێ و ده‌خشێ، چیدی له‌ نزیك ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان نه‌مدیته‌وه‌.
هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و رێیه‌، دارتێلێ دوو خوارتر له‌ ماڵی فاته‌ كورده‌، چه‌ند دارتێلێ وێوه‌تر له‌ ماڵی یه‌كه‌مین جاشی به‌لاشاوه‌، نزیك ئه‌و جێیه‌ی كه‌ به‌ سه‌ر كه‌ندڕێكی گه‌وره‌دا ده‌كه‌ویت و هه‌نده‌ك هێوه‌تر كه‌ند كه‌مێك پێچده‌كاته‌وه‌، دوا ریزه‌ ماڵی به‌لاشاوه‌ی روو له‌ سه‌یداوه‌، بنه‌ داره‌ تازه‌ هه‌ڵچووه‌كانی پێش ده‌ركه‌یان ده‌رده‌كه‌وێ، له‌وێ، له‌و سه‌ر رێیه‌ خوێنێكی زۆر رژاوه‌، گایه‌كیش بكوژیه‌وه‌ هه‌ر هێنده‌ خوێنه‌ی لێدێ، كاك حووج ده‌ڵێ:
خوێنه‌كه‌ زۆر تازه‌یه‌، ئه‌و خوێنه‌ له‌ كێ رژابێ، ئه‌گه‌ر سه‌ریش بڕابێ، له‌وه‌یه‌ هێشتا گیانی له‌ به‌ردا مابێ.
رۆژ تازه‌ له‌ زوورگ و بانیه‌كانی كه‌سنه‌زانێ، گزنگی داوه‌ته‌ قه‌راتێ، كاك حووج به‌ دیار خوێنه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌، به‌ ده‌وری خۆیدا چاو ده‌گێڕێ، نزیك دوور، كه‌س دیار نیه‌ له‌و ناوه‌، كاك حووج به‌ رێچكه‌ی خوێندا ده‌چێ و سه‌ر به‌سه‌ر كه‌ندڕ و ئاودڕه‌كه‌شدا ده‌گرێ، چ نادینێ، دره‌نگ سه‌گه‌كه‌ی ماڵی سه‌موونفرۆشه‌كه‌ له‌ رێی حه‌و حه‌و و بڕۆ و بگه‌ڕێوه‌ و بۆن به‌ عه‌رده‌وه‌ كردن و لمووز بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕین گه‌ڕه‌ك ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پیاوێكی خوێناوی وا له‌ ناو ئاودڕه‌كه‌ كه‌وتووه‌.
ئه‌و پیاوه‌ی سه‌گ دیتیه‌وه‌ كێیه‌؟ كه‌سێ ده‌یناسێته‌وه‌؟ منیش گه‌یشتمه‌ سه‌ر خوێنی رژاو به‌ڵام كابرام نه‌دی، خه‌ڵك ده‌ڵێن وه‌ك له‌ گۆمی خوێن هه‌ڵكێشرابێ وایه‌، جێپه‌نجه‌یێ له‌ له‌ش و جلكوبه‌رگیه‌وه‌ نابینیه‌وه‌ خوێنی پێوه‌نه‌بێ، گه‌ڕه‌ك له‌ ده‌وری پیاوی له‌ خوێن گه‌وزیو خڕبۆته‌وه‌، گوێم لێیه‌ ده‌ڵێن:
ژنی سه‌موونفرۆش ناسیه‌وه‌، ئه‌وه‌ جاشكوژه‌.
ئه‌و پیاوه‌ی سه‌گ دیتیه‌وه‌، ژنی سه‌موونفرۆش ناسیه‌وه‌، خزمی نزیكیان بوو، ئه‌و جاشكوژه‌ له‌مێژ نه‌بوو له‌ سه‌رێ هاتبۆوه‌، ئه‌و سه‌رێیه‌ی به‌ سه‌ر هه‌موواندا رووخا، ئه‌و پیاوه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێ جێ به‌ جاشكوژ ناوی ده‌هات، پێش چه‌ند ساڵێ نازانم له‌ چ شه‌ڕێ دوو سێ جاش ده‌كوژێ، یان به‌ ملی ویدا دێ، له‌وه‌شه‌وه‌ جاشكوژی به‌ سه‌ردا ده‌بڕێ، كه‌سوكاری جاش دیاره‌ ده‌مێكه‌ به‌ دوویه‌وه‌ن، به‌و سبه‌ینێ زووه‌ تۆڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ خوێنی ده‌گه‌وزێنن، پێده‌چێ جاشكوژ به‌ نیازی كار به‌و سپێده‌یه‌ له‌ ماڵ ده‌رچووبێ، رێی مه‌یدانی كرێكارانی بن قه‌راتێی گرتبێ ، ترومبێلی پۆلیس هات و ته‌رمی جاشكوژیان برد.
ئه‌و رێیه‌ پر كۆسپ و كه‌ندوله‌نده‌، ئه‌و كه‌نده‌ تژی له‌ ورده‌ به‌رده‌، تژین له‌ چیرۆك و سه‌ربرده‌، لێره‌ هێنده‌ی ورده‌ چه‌و و شوێنپێی رێبواران سه‌رهاتم له‌ سه‌ره‌، بگێڕمه‌وه‌ بنی نایه‌، وه‌ك گلۆڵه‌ی مووی داده‌ پنچكی ژنی كاك حووج وایه‌، ئه‌و ژنه‌ هه‌ر هێنده‌ی پنچكه‌ گیایه‌ك ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و گلۆڵه‌ مووانه‌ی له‌ ته‌شیه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه‌ كه‌ شتێك له‌ به‌ژنی خۆی كورتتره‌، ده‌كه‌ونه‌ گۆڕێ، سه‌ریان لێره‌ بنیان بێ كۆتایه‌، گلۆڵه‌ی وا گه‌وره‌ له‌ ده‌ستی چ ژنه‌ك نایه‌، هێنده‌ی گومبه‌دی مزگه‌فتێ ده‌بێ، وه‌بیرمدێ پیسۆ، ئه‌و كوڕه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كێ به‌ چڵمشۆڕ ناوی رۆیشتبوو، گلۆڵه‌ی له‌ داده‌ پنچك دزی، له‌ پێش چاوی من لێی دزی، ئه‌و ئاگای لێنه‌بوو، منیش چ قسه‌م نه‌كرد، باش بوو قسه‌م نه‌كرد، قسه‌م كردبا ئه‌و گه‌مه‌ خۆشه‌م نه‌ده‌دی، ئه‌وه‌تا دز سه‌ری گلۆڵه‌ مووی له‌ دارتێله‌كه‌ی ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، داتێلی یاد گرێدا و بانگرۆزی كرده‌وه‌، رێ و رێ، ده‌و كه‌ند و كه‌ند غلۆربۆوه‌، منداڵ كه‌وتنه‌ دووی گلۆڵه‌ موو، له‌ هه‌ر جێ راوه‌ستابا، به‌ شاپێ ده‌كه‌وته‌وه‌ رێ، من وا بزانم جارێكم به‌ر كه‌وت شاپێكی لێبده‌م، غارده‌ غارده‌، رێ و رێ، ده‌و كه‌ند و كه‌ند غارده‌، به‌ دوای گلۆڵه‌ی موو رێمان ده‌بڕی، وا گه‌یشتینه‌ جاده‌ی شه‌ستمه‌ته‌ری، نزیك چاخانه‌كه‌ی خدر یابه‌، گلۆڵه‌ موو زۆری ماوه‌، به‌ قسه‌ی كوڕه‌كه‌ی فاته‌ كورده‌ بێ، ده‌بێ بگاته‌ بن قه‌راتێ، ده‌یگۆ:
ده‌ی مه‌وه‌ستن، با غلۆری بكه‌ینه‌وه‌..
له‌ شه‌ستمه‌تری په‌ڕیینه‌وه‌، نه‌گه‌یشتبووینه‌ پێش ماڵی مامه‌ حووده‌ و دایكه‌ مه‌نیج، حه‌مكه‌ منداڵێ به‌ چه‌قۆوه‌ له‌ پێشمان قیتبوونه‌وه‌، هه‌ڵێ، دوو پێمان هه‌بوو، چوارمان قه‌رد كرد، ئاگام له‌ وان نیه‌، من له‌ سه‌ر تخووب، نزیك یه‌كه‌م ریزه‌ ماڵی به‌لاشاوه‌ گیرام، ئێره‌ تخووبی نێوان سه‌یداوه‌ و به‌لاشاوه‌یه‌، سێ چوارێك وه‌رگه‌ڕانه‌ سه‌رم، باشیان تێهه‌ڵدام، كچه‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ نه‌گه‌یشتبا، ده‌یانكوشتم، نه‌شمردبام، نیوه‌ مردوو ده‌بووم، گورێ، عه‌مرم گورێ، خدری زنده‌ی من، ئا له‌و ساته‌ گورێی كچی پلكه‌ به‌ندبێژ بۆ من بووه‌ خدری زنده‌، چه‌قۆی ده‌رهێنا، ئه‌و كچه‌ جوێنی كوڕانه‌ی ده‌دا، چه‌قۆی لێ هه‌ڵكێشان:
خوشك حیزینه‌، ئه‌وه‌ له‌ كێ ده‌ده‌ن، لۆم راوه‌ستن.
هه‌ر یه‌كه‌ی به‌ لایه‌كدا هه‌ڵات، دیار بوو ده‌یانناسی و ده‌یانزانی چه‌قۆكێشه‌ و له‌ كه‌سیش ناترسێ، ئه‌و كچه‌ چ كوڕ نه‌بوو لێی نه‌ترسێ، چه‌قۆی وای ده‌وه‌شاند سابیر سارووخ وای نه‌وه‌شاندووه‌، وا بزانم تاكه‌ چه‌قۆكێشی گه‌ڕه‌ك و شار بوو، له‌بیرمه‌ گوتی:
كوڕه‌كه‌ی پلكه‌ به‌سێ، به‌ بێ چه‌قۆ له‌ به‌لاشاوه‌ ده‌رمه‌چۆ.
دیاره‌ من له‌ كێرده‌كه‌ی ده‌ستی ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌وه‌ خولیای چه‌قۆ له‌ سه‌رم گه‌ڕا، به‌ڵام چه‌قۆی ناو به‌ڕكی كه‌وێی كچه‌كه‌ی پلكه‌ شایه‌ر وه‌ك بڵێی چه‌قۆی خسته‌ به‌ڕكمه‌وه‌، ئێ، جارێ له‌ چه‌قۆ گه‌ڕێ، له‌ رێی پڕ سه‌رهاتیش دوورده‌كه‌ومه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ چڵمشۆڕ ده‌چینه‌ كن ده‌وی دێوێ..
به‌لاشاوه‌ به‌و دیو، دیوی نێوان گڵكه‌ند و ئاوباره‌كه‌ی حه‌سه‌ناغا، رێك له‌ پشت ماڵی مه‌لارۆكه‌وه‌ له‌ ده‌وی دێو نزیكده‌بۆوه‌، جێی ده‌وی دێو پاشترێ و له‌ ده‌ورانێك بووه‌ گه‌ڕه‌كی میری پێداوان، به‌ ڕه‌وه‌ به‌عسیی نه‌خوێنده‌وار و بڕوانامه‌دار لێیان داكوتا، كۆلیژی ئه‌ده‌بیاتیشیان له‌وێ په‌ستا، دنیا ده‌وران ده‌ورانی كرد و له‌ ده‌ورانێكیدی بووه‌ جێ هه‌واری عه‌زیز محه‌مه‌دی خاوه‌ندی خه‌ڵاتی لینین، ئا، ده‌وی دێو كه‌وتبووه‌ ئه‌وێ، چوار ده‌وری ده‌وی دێو گردۆلكه‌یه‌، خه‌ڵك به‌ لچ و لێوی ده‌وی دێو ناوی دێنن، به‌هاران له‌ دووره‌وه‌ كه‌سكده‌چێته‌وه‌، جێ جێی یه‌ك پارچه‌ گوڵاڵه‌ سووره‌یه‌، جێی سه‌یرانه‌، به‌ڵام له‌ ترسی ده‌وی دێوێ گه‌وره‌كان ناهێلن منداڵ هێنده‌ لێی نزیكببنه‌وه‌، ده‌وی دێو قووڵه‌، هێند قووڵ بێ بنه‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن:
ده‌وی دێو له‌و دیوی زه‌ویه‌وه‌ كوناوده‌ره‌.
هێشتا باوه‌ڕم به‌ خڕبوونی زه‌وی نه‌هێنابوو، بۆیه‌ گومانم له‌ كوناوده‌ریه‌كه‌ هه‌بوو، كاتێ له‌ سه‌ر لێوی ده‌وی دێوه‌وه‌ به‌ردێكی زلمان فرێده‌دایه‌ ناو زاری دێو، هه‌ستمان راده‌گرت، دوای به‌ینێك گوێمان له‌ شلپه‌یه‌ك له‌ ده‌نگێكی نازانم چۆن ده‌بوو.
ده‌وی دێو بیرێكی زار گه‌وره‌ی تا خودا حه‌زبكات قووڵه‌، ده‌مگوت باشه‌ ئه‌و بیره‌ ده‌بێت چۆن لێدرابێ! به‌ ده‌ست، وه‌ك ئه‌و بیره‌ی پیری سوارچاكان كه‌ به‌ردی پیرۆزی تێدا دیته‌وه‌، نا، نابێ كاری ده‌ست بێ، كه‌س نه‌یوێراوه‌ پێ بخاته‌ ناویه‌وه‌، ئه‌و بیره‌ی هه‌ندێك ده‌یانگوت:
بنی ئه‌گه‌ر نه‌شگه‌یشتبێته‌ ئه‌و په‌ڕی گۆی زه‌وی، بێ یه‌كودوو له‌ نیوه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌.
دواتر دێمه‌وه‌ دیار ده‌وی دێو، هه‌وكه‌ هێنده‌ له‌ سه‌ری ناڕۆم ته‌نێ سه‌ربرده‌ی چڵمشۆڕ و كه‌ره‌كه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌، چڵمشۆڕ ئه‌و كوڕه‌ی نه‌ ده‌یزانی كه‌پووی بسڕێ، نه‌ فن بكات، له‌ هه‌ردوو كونه‌كه‌پوویه‌وه‌ هه‌میشه‌ شۆڕبوونه‌وه‌ و هه‌رلووشینه‌وه‌یه‌، ماڵیان كه‌وتبووه‌ په‌ڕگه‌ی به‌لاشاوه‌ به‌ لای ماڵی عه‌لیه‌ فه‌ندیی ناو ته‌له‌ڤزیۆنێ، دیاره‌ دواتر ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ جوانه‌ گچكه‌یه‌ له‌ نێوان به‌لاشاوه‌ و ئیسكان و موفتی قیتبۆوه‌ و منداڵ ناویان نا گه‌ڕه‌كی عه‌لیه‌ فه‌ندی، هه‌نده‌كیش به‌ ئیمزاوه‌ ناویان دێنا، ئه‌وه‌ش له‌وه‌ هاتبوو، گوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وێیان به‌رده‌كه‌وت، ده‌بوو واژۆیه‌ك بۆ حوكمه‌ت بكه‌ن، پاشترێ رێم به‌ ئیمزاوه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
ئێ، ئه‌و كوڕه‌ نازانم له‌ سه‌ر چی له‌ كه‌رێك تووڕه‌ ده‌بێ، سێ چوار چه‌قۆی لێده‌دات، به‌ڵام هێشتا دڵی داناكه‌وێت، له‌بیرمبێت عه‌باسی ماڵ له‌ خوار ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان گوتبووی:
ئه‌و كه‌ره‌ به‌ كه‌ر ترسی خۆی له‌ چه‌قۆ وه‌شاندن ده‌شكێنێ.
دواتر عه‌باسم بیربخه‌نه‌وه‌، باشه‌، چڵمشۆڕ له‌ كه‌ر به‌ رقداچووه‌، چاوم لێیه‌ وا له‌ سه‌ر گردۆلكه‌ی لێوی دێوێ كه‌ره‌ برینداره‌كه‌ كه‌ جێ چه‌قۆی وی پێوه‌ دیاره‌، راده‌كێشێ، كه‌ر له‌ دووی ناچێ، باشه‌ ئه‌و كوڕه‌ چی له‌و كه‌ره‌ ده‌وێ؟
من له‌و دیوه‌ی ده‌وی دیوه‌وه‌ راوه‌ستاوم، ئه‌و و كه‌ر له‌ دیوه‌كه‌یدی، ته‌ماشاده‌كه‌م جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی له‌ ملی خۆی كرده‌وه‌، چڵمشۆڕ زستان و هاوین جه‌مه‌دانیی له‌ مل ده‌ئالاند، توند هه‌ردوو پێی پێشه‌وه‌(ده‌ست)ی كه‌ری به‌ست، كه‌ر به‌ دیوی لێژی، دیوی ده‌وی دێو كه‌وت، چڵمشۆڕ كلكی كه‌ری به‌ ده‌سته‌وه‌، ئای، ئه‌وه‌ چ ده‌كات! تێگه‌یشتم چی له‌ بن سه‌ره‌، ویستم به‌ ده‌وری ده‌و بسووڕێمه‌وه‌، له‌و ده‌مه‌ مه‌لارۆكیش نازانم له‌ كوێوه‌ په‌یدابوو، به‌ڵام پێڕانه‌گه‌یشت و دێو كه‌ری قووتدا، مه‌لارۆك ئه‌و كوڕه‌ی له‌ دنیایێ كه‌سم نه‌دی هێنده‌ی وی كه‌ردۆست، پشتی ملی چلمشۆڕی گرت و دایه‌ به‌ر شاپان، له‌گه‌ڵ هه‌ر شاپێ به‌ به‌ژنی خۆی له‌ عه‌رد بڵندده‌بۆوه‌ و زیڕه‌ی ده‌گه‌یشته‌ ئاسمانێ، مه‌لارۆك سه‌ری به‌ سه‌ر ده‌وی دێودا داگرتووه‌، منیش هه‌ستمراگرتووه‌، گوێم به‌ لێوی دێوه‌وه‌ ناوه‌، كه‌ر زۆڕه‌یه‌ك ، مشه‌یه‌كی نایه‌، كه‌ر رۆیی كه‌وته‌ ناو زگی ئه‌و زه‌ویه‌ی بیستبووم خڕ خڕ نا، مه‌یله‌ و خڕه‌، كه‌مه‌ك له‌و هێلكه‌یه‌ ده‌چێ كه‌ پتر داویه‌تیه‌ خڕۆكی نه‌ك درێژووكانی.
به‌نگۆ بڵێم، مه‌لارۆك واز له‌ چڵمشۆڕ ناهێنێ، دوو سێ جارێ هاته‌سه‌ری به‌ دوای كه‌ره‌كه‌دا بینێرێ، نازانم له‌ چی په‌شیمانده‌بۆوه‌، چه‌ند جار رووی له‌ من كرد:
به‌ من بڵێ چ له‌و قوونده‌ربابه‌ بكه‌م؟
من قسه‌م نه‌ده‌كرد، دواجار گوتم:
گوناحه‌، لێیگه‌ڕێ.
مه‌لارۆك:
گوناحه‌! ئه‌و كه‌ری كه‌ربابه‌ گوناحه‌!
مه‌لارۆك چی لێبكات باشه‌، ده‌بینم، دۆخینی چڵمشۆڕی كرده‌وه‌ و له‌ شه‌رواڵه‌كه‌ی ده‌ركێشا، ئای، به‌ ته‌مای چیه‌، به‌ دۆخینی خۆی هه‌ردوو ده‌ستی له‌ پشته‌وه‌ به‌ست، نافه‌كی شه‌رواڵه‌كه‌شی له‌ دوو سێ جێ لوولدا و گرێدا و نه‌یهێشت قوونی بكه‌وێته‌ گۆڕێ، پێیگوت:
ئه‌وجا بڕۆ ماڵێ، به‌ داكه‌ حیز و بابه‌ ته‌ره‌سه‌كه‌ت بڵێ: مه‌لارۆك وای لی‌َكردم.
چلمشۆڕ به‌ ده‌ستی به‌ستراوه‌وه‌ له‌ رێیێ له‌ من خۆشتر ده‌ڕۆیی، گۆتی:
كوڕه‌ به‌ قوربانت بم، ده‌ستم بكه‌وه‌، با خه‌ڵك نه‌مبینن.
گۆتم:
راوه‌سته‌، با له‌ مه‌لارۆك بزربین، هه‌ینێ ده‌تكه‌مه‌وه‌.
فازیل رێحانه‌مان تووش بوو، ده‌ستی كرده‌وه‌ و به‌ دارووچكه‌یه‌ك دۆخینمان بۆی تێهه‌ڵكێشاوه‌.
به‌ر له‌ هاتنی پشووی هاوینه‌ی ساڵی به‌دیووم، شتێ له‌ زێوه‌ر ده‌گێڕمه‌وه‌، ئۆی! دیسان حه‌مه‌ شێت هاته‌ پێشم و كه‌مێ دره‌نگ ده‌گه‌مه‌وه‌ زێوه‌ر.




فرۆید/ لاكان فانتازیای وێناكردنی دوو باوك …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

“مرۆڤ ده‌بێ‌ له‌ ژیاندا بۆ مانای بوونی خۆی بگه‌ڕێت” …

ره‌نگه‌ ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ رووه‌ ئاشكراكه‌یدا فرۆید و لاكان وه‌ك دوو باوكی ده‌روونشیكاری وێنه‌ بكات، به‌ڵام چاوتێبڕینی ئه‌و نوسینه‌ له‌وێدا نییه‌، له‌ دوولایه‌نی باوك به‌ واته‌ فرۆیدییه‌كه‌ و له‌ فانتازیای وێناكردنی (باوك، منی باڵا، ڤالوس) وه‌ك (دال) به‌ واته‌ لاكانییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌… به‌و مانایه‌ش چه‌مكی فانتازیا وه‌ك تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ره‌گه‌زه‌كانی ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی ده‌بینین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ری واقیع و خه‌یاڵ! (له‌ سه‌ده‌ نۆزده‌ نائاگامه‌ندی – Unconscious – به‌ شێته‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كرا، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ناتوانێ‌ له‌ رێگای عه‌قڵه‌وه‌ بیر بكاته‌وه‌. فرۆید ده‌ڵێت له‌ سیستمی نائاگامه‌ندی نه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌، نه‌ پله‌كانی یه‌قین بوونی هه‌یه‌. به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی منداڵییه‌ و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌، به‌ڵام به‌ بڕوای لاكان نائاگامه‌ندی شوێنه‌وارێكی ئاڵۆز و پڕ له‌ ژاوه‌ژاو نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به‌ یه‌كتره‌وه‌، به‌ پێی ئه‌و بۆچوونه‌ نائاگامه‌ندی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دایه‌، نه‌ك ده‌روونمان) له‌گه‌ڵ فانتازیا فێری ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ چۆن ئاره‌زوو ئه‌زموون بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین ئاره‌زوو یان (حه‌ز) به‌ وردی بابه‌تی نییه‌، به‌ڵكو حه‌زكردن له‌ شتێكه‌، شتێك كه‌ ونبووه‌ یان (له‌ده‌ستچووه‌- منداڵ به‌ ئه‌زموونێكی تراژیدی ونكردن دۆزینه‌وه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌و ساته‌ی كه‌ دایكی له‌ پێش چاوی ونده‌بێت و ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌و ساته‌ی كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌- كورتترین چیڕۆك كه‌ بكرێ‌ بیری لێبكرێته‌وه‌: شتێك ون ده‌بێ‌ و دواتر ده‌دۆزرێته‌وه‌- چیرۆك: بریتییه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی دڵدانه‌وه‌… شته‌ ونبووه‌كان هۆكاری دڵه‌ڕاوكێی ئێمه‌ن و ره‌مزن بۆ هه‌ندێ‌ شتی له‌ ده‌ستچووی نائاگامه‌ندی و به‌ پێی تیۆری لاكان ئه‌و ونبووه‌ جه‌سته‌ی دایكه‌، كه‌ چیرۆكی ژیانی ئێمه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و ناچارمان ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌جازی و بێكۆتایی به‌دوای جێنشینێك بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌ ونبووه‌ بگه‌ڕێین. دۆزینه‌وه‌ شتێكه‌ چێژ به‌خش. رۆیشتن ته‌نها له‌گه‌ڵ هاتندا مانای ده‌بێت….)

(1)
چه‌مكی (ئاره‌زوو-الرغبه‌) لای ده‌روونشیكاران مه‌یلی هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی منداڵانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات، به‌مجۆره‌ش ئاره‌زوو ده‌چه‌پێنرێ‌… ئاره‌زووه‌ تێرنه‌كراوه‌كانمان یان چه‌پێنراوه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ ناهۆشمه‌ندییه‌وه‌ بۆیه‌ ئاگامان له‌و واقیعه‌ نییه‌، كه‌ تێیدا ده‌ژین. لاكان له‌ دووباره‌ دابه‌شكردنی فرۆیدی بۆ ده‌روونی مرۆڤ و كه‌سایه‌تی مرۆڤ ، له‌ (ره‌مزی و خه‌یاڵی و ریاڵ) ده‌دوێت، واته‌ ئه‌وه‌ی فرۆید له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ به‌ (پێش ئاگامه‌ندی) یان له‌ رووی كه‌سێتییه‌وه‌ به‌ (سوپه‌ر ئیگۆ) ناوی ده‌بات، لای لاكان ره‌مزییه‌ و سیستم و یاسای ره‌مزی هه‌یه‌، به‌ ره‌مزكردن پێش خه‌یاڵی ده‌كه‌وێت، له‌ میانی ئه‌نترۆپۆلۆژیادا سیستمی رۆشنبیریی ده‌گه‌یه‌نێت… (ئاگامه‌ندی) یان (ئیگۆ)ی فرۆیدی، به‌ خه‌یاڵی ناو ده‌برێت (یه‌كه‌مجار كه‌ منداڵ خۆی له‌ ئاوێنه‌دا ده‌بینێ‌، وا خه‌یاڵ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ جه‌سته‌ی باوكی نییه‌، كه‌واته‌ ئایا ده‌بێ‌ خودی خۆی بێت) شوێنی خه‌یاڵكردن و گۆڕان و گۆڕین… ده‌گرێته‌وه‌. (نائاگامه‌ندی)ی فرۆیدی یان (ئید)، لای لاكان هیچ شوێنێكی نییه‌، ته‌نها له‌ قوڵایی مانادا نه‌بێت، ده‌رناكه‌وێت، واته‌ شوێنی بێ‌ شوێنانه‌، یان هۆیه‌كه‌ بۆ بونیادی بزر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاكان ناوی (ریاڵ)ی لێناوه‌ و پێش ره‌مزی ده‌كه‌وێت…

(2)
ژاك لاكان ناوی (باوك) وه‌ك تاكێكی واقیعی نابینێ‌، ناوی باوك دالێكه‌ كه‌ دووانه‌ی (دایك/ منداڵ) لێكجیا ده‌كاته‌وه‌، منداڵ ئاشنای (له‌ده‌ستدان) ده‌كات… به‌ مانا فرۆیدییه‌كه‌یشی منداڵ تووشی گرێی ئۆدیب ده‌كات (گرێی ئۆدیب- لای فرۆید په‌یوه‌ندی سیانه‌ی خێزانی –باوك و دایك و منداڵ-ه‌، واته‌ رێكوپێككردنی پاڵنه‌ره‌ سێكسییه‌كان و چاودێریكردنی منداڵ له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌)… به‌و مانایه‌ش كاری باوك ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی منی باڵا، یان ڤالوسی له‌ ده‌ستچوو (ڤالوس دالێكی به‌تاڵه‌، دالی له‌ ده‌ستدانه‌)، كه‌واته‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی به‌ ده‌روونیكردنی باوك، منی باڵا دروست ده‌بێت، به‌ بۆچوونی فرۆید ناوی باوك به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌كانه‌وه‌ ده‌لكێ‌! به‌ڵام به‌ بۆچوونی لاكان گرێی ئۆدیب هه‌ر ته‌نها له‌ سێ‌ ره‌هه‌ندی بنه‌ڕه‌تی (فرۆیدی) پێكنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی چواره‌می هه‌یه‌، ئه‌ویش ره‌هه‌ندی ره‌مزییه‌ كه‌ رێگا بۆ هه‌موو تاكێك خۆش ده‌كات، بارودۆخێكی ئاڵوگۆڕئامێز و سنوردار له‌سه‌ر ئاستی قسه‌كردن بۆ خۆی بسازێنێ‌… لای لاكان باوك سیستمی ره‌مزی و پرسه‌ی ده‌لاله‌ت “ڤالوس”ییه‌ و له‌ ژێر كاریگه‌ری میتافۆری باوك و سه‌پاندنی یاساكانی باوكدایه‌. منداڵ كه‌سێكی دوو پارچه‌یه‌ له‌ نێوان دوو ژیاندا ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی، خود و حه‌زه‌ چه‌پێنراوه‌كان.. منداڵ له‌به‌ر باوكی (له‌به‌ر سیستمی ره‌مزی) نابێته‌ خاوه‌ن، بۆیه‌ له‌ دالێكه‌وه‌ بۆ دالێكی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌، هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه‌، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه‌.

(3)
تیری ئیلگلتۆن ده‌پرسێ‌ ئایا به‌ خوێندنه‌وه‌ی مالارمێ‌ ده‌كرێ‌ ده‌وڵه‌تی بورژوازی له‌ناو ببرێت؟ بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و رسته‌یه‌ گوته‌یه‌كی جۆلیا كریستیڤا ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: نائاگامه‌ندی شوێنی ئه‌و پاڵنه‌رانه‌یه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی شێوه‌ (ره‌مزییه‌كانی باوكایه‌تی، یان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی) ده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام نابێ‌ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت، كه‌ نائاگامه‌ندی هه‌میشه‌ وه‌ك رووبه‌رێكی بۆش، هه‌موو ره‌مزه‌كان تێیدا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌و گوته‌یه‌ ده‌مانخاته‌ سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی لاكان: چۆن هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به‌ یه‌كتره‌وه‌، به‌ نائاگامه‌ندیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌… له‌ بیرمان نه‌چێ‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئیبداعی ئه‌ده‌بی نائاگایی ده‌ینوسێته‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌روونشیكاری ده‌یسه‌لمێنێ‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دژه‌ كاره‌… وه‌ك ده‌زانین روانینی دژه‌كار ئه‌وه‌ی حه‌زی لێنه‌كات نایبینێ‌ و به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خۆی له‌ باره‌ی ئه‌و شته‌ی حه‌شاری داوه‌ فریو ده‌دات! هێز له‌ ده‌ست ئه‌ودایه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌توانێ‌ خۆی به‌و گومانه‌وه‌ فریو بدات، كه‌ ئه‌و شته‌ نابینێ‌! ده‌شێ‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ گه‌وجێتی واقیعخواز ناو به‌رین، بێگومان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئه‌و دژه‌كاره‌ی خۆی له‌ پانتایی نائاگامه‌ندی پرۆسیسه‌ ده‌كات، به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی بۆ ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی شوێنی فریودان و شاردنه‌وه‌یه‌! هه‌ر له‌ باره‌ی ئایدیۆلۆژیاوه‌ ئاڵتۆسێر ده‌ڵێت پێشتر ماركسییه‌كان ئایدیۆلۆژیایان به‌ “ئاگایی درۆیین” “په‌یوه‌ندی چینایه‌تی” ده‌زانی، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ كێشه‌كانی ئاگاییه‌وه‌ نییه‌، دواجار به‌ بڕوای ئاڵتۆسێر ئایدیۆلۆژیا نائاگاییه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ی ئاڵتۆسێر به‌لای لاكاندا ده‌چێ‌، به‌و مانایه‌ش ئایدیۆلۆژیا ده‌رخه‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خه‌یاڵی سوبێكته‌كانه‌.

كه‌واته‌ چیرۆكی سیستمێكی ده‌سه‌ڵاتخواز و تۆتالیستی وابه‌سته‌ی په‌یوه‌ندی نائاگامه‌ندی و پشتگیری نائاگامه‌ندی گشتی ده‌كات… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌سه‌ڵات شتێك له‌ عه‌وام ده‌شارێته‌وه‌، عه‌وامیش شتێك به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێگیره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یشارێته‌وه‌ حه‌قیقه‌ته‌، ئه‌وه‌ی عه‌وام له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێگیر په‌نای ده‌دا خه‌ونی خۆشبه‌ختییه‌، ده‌سه‌ڵات به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ فریودان و عه‌وام به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ خۆشبه‌ختی ده‌گه‌نه‌ گه‌وجێتی واقیعخواز، كه‌ نه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی سته‌مكاری بوونی هه‌بێت، نه‌ پله‌كانی بڕوا به‌ خۆبوون بوونی هه‌بێت… ئه‌گه‌ر نا ئه‌و سیستمانه‌ زۆر به‌ خێرایی له‌ناوده‌چن.

وه‌ك گوتمان په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیستی به‌ عه‌وامه‌وه‌ له‌ رێگای وڕوژاندنی نائاگامه‌ندییه‌وه‌یه‌! به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی خه‌ڵكی به‌ ئاگامه‌ندییه‌وه‌ پشتگیری ئه‌و جۆره‌ سیستمانه‌ ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا (دوو باوك) دوو لایه‌نی باوك، دێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌. باوكی یه‌كه‌م، باوكی گرێی ئۆدیب كه‌ خۆی له‌ په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی زارۆك/ دایك هه‌ڵده‌قورتێنێ‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ لێكهه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌و باوكه‌ی كه‌ یاساكان ده‌گوازێته‌وه‌- دیماگۆجیه‌ت به‌ خۆشبه‌ختی ناوزه‌د ده‌كات- (یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌م) ئاره‌زووی زارۆك بۆ دایك به‌سه‌رپێچیكردن له‌ یاسا ده‌زانێت. باوكی دووه‌م، باوكێكه‌ خۆی ناخاته‌ سنوری هیچ یاسایه‌كه‌وه‌، نموونه‌ی هێزی ره‌هایه‌، باوكێكه‌ كه‌ به‌ ده‌ركردنی كوڕه‌كان و نه‌یاره‌كانی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ژنان و میراتی خێڵه‌كه‌یدا ده‌گرێت، باوكێكه‌ هیچ كات پابه‌ندی یاسا نییه‌. هه‌ردوو جۆری باوكه‌كان له‌ روانگه‌ی ده‌روونشیكاری له‌ چوارچێوه‌ی منی باڵادا كار ده‌كه‌ن.

هێز له‌ ده‌ست ئه‌ودایه‌، بێگومان فریودانیش هێزی ده‌وێ‌، كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی هێزی خۆی له‌ شتێك به‌ ده‌ست ده‌هێنێ‌، كه‌ بۆ خۆیشی هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دات، ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی وه‌ك چۆن هێزی له‌ ده‌ستدایه‌، به‌ رووه‌كه‌ی دیكه‌ش هێزی له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێ‌! ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بێت، مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به‌ ئه‌و زێتر ده‌بێت، كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی بریتییه‌ له‌ پێكهاته‌ی فانتازیی تایبه‌ت، كه‌ رێگا بۆ بابه‌تی دژ به‌یه‌كبوونه‌وه‌ی خۆش ده‌كات!

(4)
هاملێت تراژیدیای ئاره‌زووه‌، تراژیدیای پیاوێكه‌ كه‌ رێگای ئاره‌زووی ونكردووه‌… به‌ بۆچوونی لاكان، هاملێت توانای پرسه‌گێڕانی نییه‌، چونكه‌ دایكی له‌ ناكاو هه‌ڤژینی له‌گه‌ڵ مامیدا پێكده‌هێنێت. به‌و مانایه‌ش دایك (- objectئه‌و شته‌ی كه‌ منداڵ ئاره‌زووی ده‌كات) یان بابه‌ته‌ له‌ ده‌ستچووه‌كه‌ی به‌ بابه‌تێكی دیكه‌ گۆڕیوه‌ته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی هاملێت بتوانێت ئاره‌زووی خۆی رابگرێت و سه‌رنجی كه‌سی دیكه‌ بدات.
هاملێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانێ‌ پرسه‌ دابنێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری جولاندنی ئاره‌زووی دایك. فرۆید ده‌ڵێت له‌و حاڵه‌ته‌دا پرسه‌گێڕان ده‌گۆڕێت بۆ مالینكۆلیا (melancholia) یان ره‌شبینی… فرۆید جیاوازی گرنگ له‌ نێوان پرسه‌گێڕان و ره‌شبینی داده‌نێت، پرسه‌گێڕان شتێكی هیچ و به‌تاڵه‌، به‌ڵام له‌ مالینكۆلیادا (من- Ego) ئه‌و دۆخه‌ به‌تاڵه‌ی هه‌یه‌.

(5)
به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ناوی باوك زارۆك له‌ جیهانه‌ زارۆكییه‌ به‌رفره‌وانه‌كه‌ی فڕێده‌درێته‌ ناو جیهانی سیمبولی، گرێی ئۆدیبیش یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیاره‌كانی ئه‌و تێپه‌ڕینه‌ی زارۆك كه‌ له‌ ئاستی خه‌یاڵییه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو ئاستی سیمبولی-ل76. ئه‌و رستانه‌ی وه‌رگێڕی كوردی (غه‌ریبه‌ حوسێن) له‌ كتێبی (ژاك لاكان، نوسینی شۆن هۆمه‌ر، ده‌زگای رۆسا، له‌ 2017 چاپی كردووه‌) به‌شێك له‌ هه‌ستی متمانه‌یی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت و به‌ڵگه‌ی حاڵیبوون ده‌جولێنێ‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی جیا بكه‌ینه‌وه‌، یان كۆی كتێبه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی لاكانناس (شۆن هۆمه‌ر) به‌و به‌ڵگه‌ ساكارانه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌كه‌ین، چونكه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی حاڵیبوون خوێنه‌ر پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆی كتێبه‌كه‌یه‌، دواجار ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ خوێنه‌ر و ئاستی خوێندنه‌وه‌ و ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و پانتایی كه‌مخوێنی رۆشنبیریی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، (وه‌ك هه‌ندرێن له‌ پێشه‌كی ئه‌و كتێبه‌ قسه‌ی له‌و هه‌ژارییه‌ كردووه‌) به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی خوێنه‌ر له‌و چه‌ند دێره‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، هه‌ر ته‌نها ده‌ستخۆشیكردن له‌ وه‌رگێڕی كوردی نییه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌كی دیكه‌ش فره‌ به‌كارهێنانی چه‌مكی (سۆبژه‌ و ئۆبژه‌- به‌كارهێنانی وشه‌ی حه‌ز له‌ بری رغبه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ له‌ زمانی كوردی به‌ زۆری وشه‌ی ئاره‌زووی بۆ به‌كار ده‌هێنرێت، به‌كارهێنانی زاراوه‌ی –كمون- وه‌ك چۆن له‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هاتووه‌، به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی هێدمه‌ی ده‌روونی، كه‌ له‌ كوردی زه‌بری ده‌روونی بۆ به‌كار هاتووه‌، په‌رتووك له‌ بری كتێب…هتد) هه‌موو ئه‌و زاراوه‌ و چه‌مكانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌دحاڵیبوون ناسه‌پێنێ‌، به‌ڵام هێنانه‌وه‌ی هۆكارێكی شیاوی ده‌وێت، وه‌ك چۆن ئاگایی و چاوپێداخشانه‌وه‌یشی پێویسته‌.




هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی -٢ … سامان کەریم

بەشی دووەم ………..

لەم بەشەدا کە دوابەشی ئەم باسەیە. پێش چوونە ناو باسەکەوە دوو تەوەرەی گرنگ پێویستە ئاماژەیان پێبکرێت. یەکەمیان: بەهۆی لاوازی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبەکانیەوە، هەموو مەسائیلە سیاسی یە گرینگەکانی کۆمەڵگا کە ڕوومان تێدەکات، تەواوی کۆسپ و گرێوگۆڵەکانی کۆمۆنیزم جارێکی دیکە دێنێتەوە ژیر زەڕەبین و باسەوە… باسەکانی جەنگی دژی تیرۆر، جەنگ لە موسڵ ، وە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابوردوودا لە نێو بزووتنەوەکەماندا جێگای گفتوگۆ و چەلنجی گرینگ بوون… بۆ نموونە ئێستا داعش لە موسڵ ڕزگاری بووە “نەک موسڵ ڕزگار کراوە” لەمبارەوە ئایا ئاوڕدانەوەیەک پێویست نیە لە سیاسەتە ڕەسمیەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیە؟!. بۆ باسی سەربەخۆیی لە ڕوانگەی منەوە کۆسپی سەرەکی ئەوەنیە ، کە باسێکی گەرممان هەیە و هەڵوێستی جیاواز هەیە، بەڵکو باسی سەرەکی و ناوەرۆکی ئەم باسە لە بناغەوە هەڵدەگەڕیتەوە بۆ لاوازی بزووتنەوە و حزبی ئێمە لە کوردوستان، هەڵدەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەت و ئیستراتیژ و قیبلە نمای کۆمۆنیستی. سیاسەتی دژی تیرۆرمان چی لێکرد؟! ئەی هەنگاوەکانی جەنگی موسڵ کوان؟! بەهەرحاڵ تا ئەم مەسائیلانە لە ڕوانگەی کۆمۆنستیەوە وەڵام وەرنەگرنەوە.. هەزار ڕیفراندۆم بێت و بڕاوت، لەگەڵی بین یان نا، ئێمە لاواز تر دەبین.

دووەمیان: ئەگەر چی باسی سەرەکی لە ڕوانگەی کۆمۆنیستی یەوە و ئەوەندەی پەیوەندی هەبێت بە “مافی دیاریکردنی چارەنوسەوە” لە هەر قۆناغ و سەردەمێکی سەرمایەداری و ئێستاشی لە گەڵدا بێت، تەنها و تەنها لەڕوانگەی بەرژەوندییە جیهانیەکانی چینی کرێکارو بەهێزکردنی خەباتی ئەم چینە لە ئاستی ئەو ووڵاتە دیاریکراوەدا بڕیاری لێ دەدرێت. بەڵام لێرەدا من ناچارم کە ئەو تەوەر و تێز و گۆشانە کە ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەم باسە بخەمە بەردەست، ئەگەرچی بە کورتیش بێت. تێزو تەوەرەکانی کە پەیوەندیان هەیە بەم باسەوە یان لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەگشتی وەک خالێکی پۆزەتیڤ باس دەکرێن بە قازانجی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی. بابەتەکانی: وەک دەوڵەت و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەریدا هاتوە، ئاڵوگۆرە سیاسیەکان و قۆناغی ئینتقالی کە ئەم خاڵەیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە لێکدانەوەی کۆنکرێت لە هەلومەرجی دیاریکراودا، ئاڕاستەی سەرمایە ئەوەندەی پەیوەندی هەبێت بە پێکهێنانی دەوڵەتەوە بەگشتی لەم هەلومەرجەدا، مەنسوری حیکمەتی ساڵی 1995 و تا مەنسور حیکمەتی 2017. هەروەها چەند باسێکی تری پێویست بۆ زیاتر ڕۆشنکردنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیان بەم باسەوە هەیە.

دەستپێک

پایەیەکی سەرەکی لێکدانەوەی کۆمۆنیستی بۆ پرسێکی دیاریکراو، هەلومەرج و قۆناغی دیاریکراوی مێژوویی یە. بە بێ هەلومەرجی دیاریکراوی مێژوویی، پرس و بابەت و قەزییە و ڕووداوەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن. هیچ پرس و باسێک لە دەرەوەی مێژوو، واتە لە دەرەوەی کات و شوێنی دیاریکراو مانای نیە. بەڵام مێژوو، وە قۆناغی دیاریکراوی مێژویی دۆگم و وەستاو نیە، وەکو ئاووی ڕوبارێک هەمیشە لە نائارامیدایە، هەمیشە کەفوکوڵیەتی و دەڕوات و لە هەندێ جێگا مەنگ دەبێتەوە، دوایی خوڕ. مێژوو وە تێڕوانینی مارکسیستی بۆ مێژوو لەم ڕوانگەیەوە، واتە لەڕوانگەی یاسای بزووتنەوەی خۆیەوە، کە هەمیشە لە گۆڕاندایە سەرنج دەدرێت. بە تایبەت هەلومەرجێک کە سەرمایەداری جیهانی لەگەڵیدا دەرگیرە مێژوویەکی ئینتقالی گەلێک ئاڵۆزە. کەواتە بۆ مارکسیست و هێزێکی مارکسیستی، چی پێویستە؟! یان پێویستە سەبارەت بەم باسە دیاریکراوەی لە بەردەستماندایە وەک گەرمترین باسی کۆمەڵگای کوردوستان چۆن لێکدانەوەی خۆمان دەست پێبکەین، سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی دەوڵەت لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی دا؟! بەقەولی لینین وە هەروەها مەنسوری حیکمەت کە لەسەرەوە هاتوون” لەبەشی یەکەمدا”، ئەو ڕەهاییەی تیوری مارکسیستی چیە کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین یان ئەو ئاڵوگۆڕە مێژوویانە چین کە لەماوەی 27 ساڵی ڕابوردوودا ڕوویان داوە؟! ئێمە وەک نەوەی ئەم قۆناغەی کۆمۆنیزم دەبێت چۆن سەیری ئەم هەلومەرجە مێژووییە دیاریکراوە بکەین؟! لەم بارەوە کۆلێک نوسین و بۆچوون و تیورمان لە بەردەستدایە لە مارکسەوە تا دەگاتە مەنسور حیکمەت. لینین باسی مەسەلەیەکی هێجگار گرینگ دەکات سەبارەت بە مەسەی “مافی دیاریکردنی نەتەوەکان بۆ چارەنوسی خۆیان”. ئەو لە نوسراوێکدا بەناوی “تێبینی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی”، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا پێمان دەڵێت: “سەرمایەداری لە ڕێچکەی گەشەکردنی خۆیدا، سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی دوو ئاڕاستەی مێژوویی ناسیوە: یەکەمیان بووژانەوەی ژیانی نەتەوەیی و بزووتنەوە نەتەوەییەکان، خەبات دژ بە هەر چەشنە چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. و دووەمیان، گەشەسەندنی هەمەلایەنەی پەیوەندی نێوان نەتەوەکان و زۆربوونی زیاتریان، و ڕووخانی بەربەستە نەتەوەییەکان، پێکهێنانی یەکێتی سەرمایەی جیهانی، و یەکبوونی ژیانی ئابوری بەشێوەیەکی گشتی، یەکبوونی سیاسەت و زانست، هتد. هەردوو ئاڕاستەکەش، یاسای جیهانین بۆ سەرمایەداری. یەکەمیان لە سەرەتای گەشەکردنیدا زاڵ بوو، وە دووەمیان سەرمایەداری گەشەکردوو ئاڕاستەگرتوو بەرەو ئاڵوگۆر بۆ کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی جیادەکاتەوە. وە بەرنامەی مارکسیەکان لە پرسی نەتەوەیی دا، هەردوو ئاڕاستەکە لە بەرچاو دەگرێت، بۆیە یەکەم بەرگری دەکات لە مافی یەکسانی نێوان نەتەوە و زمانەکان، وە لە مبارەوە هیچ ئیمتیازاتێک قبوڵناکات (وە مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، کە دواتر باسی دەکەین)، وە دووەم بەرگری دەکات لە پرەنسیبی ئەنتەرناسیونالی و لە هەر هەلومەرجێکدا خەباتی لێبڕاوانە و توند دەکات دژ بە ژەهراوی کردنی پرۆلیتاریا بە ژەهری دەمارگیری نەتەوەیی بورژوایی.( لینین: هەلبژاردەکان بەرگی پێنجەم/ لاپەرە ٦٧/ تەئکیدەکان هی منە).

بۆ مارکسیستێک، وە بۆ هیزێکی کۆمۆنیستی مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا کە تایبەتمەندیەکی هێجگار دیاریکراو و کۆنکرێتی هەیە لە بەرچاو بگرێت، کە ئەویش قۆناغی ئینتقالی مێژووە. لە چەند نوسیندا، ئەم قۆناغەم باسکردووە و لێرەدا بە ناچار، بە کورتی باسی دەکەمەوە. بۆ ئەوەی بتوانین بەقەولی لینین لەسەردەمی ئەمڕۆی سەرمایە و نیولیبرالیزمی ئەمریکی و ململانێی توندو تیژو خوێناوی لە سەر دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و جیهان و بەکورتی لەسەر دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانی … کە هەنگاوێکی گەورەی بڕیوە، …. ئاراستەی مەسەلەی نەتەوەیی بناسین و لێرەوە بگەینە دوا لێکدانەوەی مەنسوری حیکمەت لەسەر ئەم باسە کە مەسەلەی سەرەکی ئەو باسی “قەزییە” یە واتە مەسەلەی نەتەوەیی تا ئاستی مەسەلەی کۆمەڵایەتی گەورە و داخ، بەرزبووبێتەوە. لە دوای ئەوە ئاڵوگۆڕەکانی 27 ساڵی ڕابوردوو بە کورتی ئاماژە پێبدەین و بزانین چ کاریگەریەکیان هەیە لەسەر ئەو تیۆرو تێڕوانینانەی مەنسوری حیکمەت و بە دیاریکراویش لە پەیوەند بەم باسەوە. هەموو ئەمانە پێویستن بۆ هێزێکی کۆمۆنیستی وە بۆ کەسێکی کۆمۆنیست چ جا بگات بە ڕابەری کۆمۆنیستی. پێویستن، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکریت وەڵام بە ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتەکەی بدەینەوە، وەڵام بە باسێکی گەرم بدەینەوە کە چەلەنجێکی کۆمەڵایەتی فراوانی دروستکردووە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسیەکان، بە جیاواز لە بیرکردنەوە و سیاسەتیان. هەروەها لەئاستی ووڵاتانی زلهیزو ناوچەکەدا. ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی کرێکار و بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار و پاشان خەڵکی کوردوستان، لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە ڕاستیەکانیان پێ بووترێت و ناوەرۆکی ڕاستەقینەی سیاسەتی بورژوایی کورد لەمبارەوە ئاشکرا و پووچەڵ بکەینەوە. پێویستن بۆ ئەوەی کرێکاران و ڕابەرانی ئەم چینە و خەلكی ئازادیخواز سیاسەتێکی کۆمۆنیستی دروست ببینن بۆ ئەوەی بتوانن بیکەنە ڕێنیشاندەری خۆیان لە خەباتیاندا دژی ناسیونالیزم و ‌‌هێزە ناسیونالسیتیەکان و دژی ناسنامەی نەتەوەیی و خودی پێکهاتەی نەتەوە کە پێدەچێت هێشتا لە تەمومژی ئەمەی دووایی رزگارمان نەبووبێت، یان هەڵگری ڤایرۆسەکەی بین و تاو ناتاوێک لەرزوتاکەی لە نێو بزووتنەوە و حزبەکانی ئێمەشدا بڵاوبێتەوە.

ئاڕاستەی ئەمرۆی سەرمایە

سەرمایە ئەمڕۆ لە هەموو ئاستەکانی دا بە هەموو پێوانەیەک گلۆباڵە. گلۆباڵە نەک ئەوەی کە گوایا سەرمایەداری وەک سیستەمێک تازە جیهانی بۆتەوە. نا، ئەوە لە مێژە کۆتایی هاتووە. باسی گلۆباڵی سەرمایە لە مڕۆدا لە ئاستی ئابوری دا، لە چڕبوونەوەی سەرمایە و مۆنۆپۆڵکردنی کەرتە جیاوازەکانی ئابورییە لە دەستی چەند ملیاردێرێکدا وە لە کۆمپانیا جیهانیەکاندا دەردەکەوێت، کە بانکەکان و کاری وەبەرهێنان و، بازرگانی و پێشەسازی جیاوازو گواستنەوە لە نێو یەک کۆمپانیادا بەرجەستە دەبێتەوەو لە بەکاربردنی تەکنۆلۆژیای های تیک High Technology لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و کاروباری بانکی و کاری بۆرسە و پەیوەندییە نیوخۆی و جیهانیەکانیدا، خۆی نیشان دەدات. ئەم جەستەیە سنوری نیە و یەک یاسای هەیە ئەویش دواکەوتنی قازانج و کاری هەرزانە. ئایدۆلۆژی ئەم ‌جەستەیە، ئایدۆلۆژی بازاڕە، کە پشتی بەستوە بە هێزی سەربازی. دەوڵەت، ناوچەی ئارام و ئاسایش ئەگەر چی گرینگن بۆ ئەم جەستانە، بەڵام کاری خۆی لەسەر ئەم زەمینانە ڕاناگرێت، دوای قازانج دەکەوێت. واتە ئەو تێزەی قۆناغی ڕابوردوو وە بەتایبەت لە جەنگی ساردا باو بوو کە سەرمایە وەبەرهێنان ناکات ئەگەر ناوچەیەکی ئارام و ئاسایش نەبێت، یان سەرخانی ئابورییەکەی لە باری فەرهەنگ و مافەوە جووت نەبێت لەگەل سەرمایەی جیهانی دا کە زیاتر مەبەست سەرمایەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی بوو. ئەم تێزە بەسەر چووە. بە جیا لەوەی کە دەوڵەتێک یان حکومەتێک چی دەڵێت لەمبارانەوە، بەڵام جەستەی سەرەکی سەرمایە لەم قۆناغەیدا خۆی بەهیچ یەک لەو پرەنسیب و تێزانەوە نابەستێتەوە. سەرمایە و سەرمایەداری، پرەنسیبی نیە جگە لە قازانج. بۆ سەرمایە ئیتر ناوچەی ئەمن و ئارام بۆ وەبەرهێنان، بۆتە مێژوو وە بەسەرچووە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ئەوەی کە ناوچەیەک یان ووڵاتێک ئارام و ئاسایش نیە خۆی بۆتە زەمینەی زیاتر وەبەرهێنانی سەرمایە لایەنی کەم لەئاستی تەکنولوجیا و پیشەسازی ئەمنیەت و سەربازی دا. لەم هەلومەرجە دیاریکراوەی ئەزمەی قوڵی سەرمایەداری و ئەم قۆناغە سەختەی کە سەرمایەو سەرمایەداری پێیدا تێپەڕ دەبێت، و لەسایەی نەبونی ئاسایش و ئارامی لە ئاستی جیهانیدا، لە جەنگەکانەوە بگرە، تا کاری تیرۆریستی، کەشو هەوای نائەمن…دەبیینین کە وەبەرهێنان لە مەیدانی پیشەسازی ئەمنی و تەکنۆلۆجیای زانیاری و چەک چەند بار چۆتە سەرەوە. لە تەکنۆلۆجیای چاودێری و کۆنترۆلی فڕۆکەخانەکانەوە، تا دەگاتە چاودێری سەرشەقام و تونێل و وێستگەکانی شەمەندەنەفەر و میترۆ، وە تا دەگاتە فرۆشتنی چەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان…لە کێشەی فەلەسەتین ئیسڕائیلەوە بگرە تا دەگاتە فراونبوونەوەی هێزە تیرۆریستەکان و کارەکانیان وە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست… مەسەلەی ئەمنیەت و پیشەسازی ئەم مەیدانەی کردۆتە دیاردە و ئابورییەکی پیش مەرج بۆ هەر ووڵاتێک. لایەنێکی دیکە ئەوەیە ئەمرۆ سوپا وهێزە ئەمنیەکان دەکڕدرێن وەک هەر کاڵایەکی دیکە، بۆیە سەرمایەداری گەورە ئەو کاڵایانە دەکڕێت بەهۆی کۆمپانیە ئەمنی و سەربازییەکانەوە ئەمنیەت بۆ کۆمپانیاکەی دابین دەکات. ئەمڕۆ بڵاوبوونەوە و کاری ئەم کۆمپانیا ئەمنی وسەربازییانە نەک لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵکو لە عێراق و کوردوستان و ووڵاتانی کەندا و دەبینین.

لە لایەکی دیکەوە سەرمایەی گلۆباڵی ئەمڕۆ لە کاری سندوقی پول و بانکی جیهانی و لە چڕبوونەوەی کەڵەکەی سەرمایە لە دەستی چەند کەسێکدا دەردەکەوێت لە ئاستی جیهانیدا، کە ئەمەی دواییان شێوازی کارو شێوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە ئاستی حوکمڕانیدا دەگۆرێت و گۆڕیویەتی و بەتەواوی سیما و خەسڵەتی چینایەتی دەوڵەت و ملیاردێرەکان نیشان دەدات وە دەبێت نیشانی بدات. وە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم و مافی مرۆڤ و یەکسانی یاسایی… کە بەگشتی وەک فەرهەنگی بورژوایی ڕۆژئاوا باسدەکرا، هەمووی ئاشکرا بووە و ناوەرۆکی پووچیان دەرکەوتووە. وە ئێستا بە شێوەیەکی ڕۆشن دەیبینین. پێوانەکانی بەهای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی “غەربی” و ئەوانە نەک باویان نەماوە لە ئاستی جیهانیدا بەڵکو ‌لە نێو ئەوروپادا هێرشی توندیان لەسەرە.
سەرمایە لە ئاستی گلۆباڵدا لەمڕۆدا، واتە بەکۆنکرێتی لە هەلومەرجی ئێستادا کە خۆی هەلومەرجێکی ئینتقالیە، یەک سیاسەتی جیهانی هەیە لە باری ڕێخستنی بازاڕ و، لیبرالیەت و پڕیڤاتیزەیشن و تەقەشوفەوە، کە ڕووی لە ئاراستەو قیبلە نومای سەرمایەیە لەم هەلومەرجەدا، کە چڕبوونەوە و مۆنۆپۆڵکردنی زیاتری سەرمایە وە سیستەمی سەرمایەداریە لە دەستی ملیاردیرەکاندا، واتە نەک تەنها ئابوری بەڵکو لەگەڵیدا دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆ. بەمانایەکی دیکە ئەلگۆی ترامب ئەمڕۆ ئەو ئەڵگۆیەیە کە سەرمایە پیویستی پێی هەیە، واتە نەک تەنها لە ڕێگای نوێنەری سیاسی یەوە، بەڵکو نوێنەری سیاسی و نوێنەری ئابوری سەرمایە بەرەو یەکبون دەڕوات. لە جیاتی بلێرو تاتشەرو… ملیاردێرەکان پێویستە جێگایان بگرنەوە. بەڵام ئەم ئاڕاستەیە بەتایبەت لە ئەوروپادا ماوەی پێویستە. لە کوردوستانی عێراق و تا ڕادەیەک لە عێراقدا ئەم پڕۆسێسە تەواو بووە و دەسەڵات و ملیاردێرەکان لە یەکبونێکی تەواو دان، واتە ملیاردێرەکان خۆیان دەسەڵاتدار و حوکمڕانی دەکەن.
یاسای گشتی وەک یاسایەک کە کار دەکات، هەژارکردنی چینی کرێکار و زۆربەی زۆری خەڵكە لە ئاستی جیهانیدا. سەرمایە لەمڕۆدا تەنها ڕووی لە هەژارکردنی ووڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالستی نیە لە ڕێگای کاری هەرزانەوە، بەڵکو لەوە واوەتر چەقی بەستۆتە سەر هەژارکردنی کرێکارانی ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەم تەوەرەیە وەڵامێکە بۆ پەیوەندی پێکهێنانی دەوڵەت لە سەر دەستی بورژوایی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا. لەسەر دەستی بورژوایی هیج دەوڵەتیک ناتوانێت هیچ کێشەیەکی کرێکار و خەڵک بەگشتی چارەسەر بکات. هیچ هێزو بزووتنەوەیەکی بورژوایی نەماوە وە نیە، کە دەوڵەتێک پێک بهێنێت بە دژ بە ئاراستەی سەرمایە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا.

هەلومەرجی ئینتقالی

ئاڕاستەی سەرمایە کە لەسەرەوە باسکرا لە جەرگەی ململانێ و گرفتی توندی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی، لە نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەدا دەچێتە پێشەوە و لە جەرگەی ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری و قۆناغێکی ئینتقالی دا. گرفتی سەرەکی ئەم قۆناغە دیاریکراوەی ئێمە، گرفتی یەکلایکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی سەرمایەیە، جیهانێکی چەند جەمسەری “کە بە بڕوای من ئەم ڕەوتە دەستیپێکردوە و بە واقعی ئێستا ئێمە لە قۆناغی دونیای چەند جەمسەریداین” یان مانەوەی تاک جەمسەری بە ڕابەری ئەمریکا ، کە ئەمریکا تا ئێستا سەرەڕای پاشەکشە و لاوازبوونی ئابورییەکەی لە چاو پێشوودا، بەڵام لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە لەو پێگەیەدا، یان لایەنی کەم پێگەی یەکەمی ئابوری لە دەست نەدات بۆ وولاتی چین. لەم قۆناغە ئینتقالیەدا مێژوو یاسای جوڵانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە زۆر ڕووەوە لە قۆناغی ئاسایی و نۆرماڵی سەرمایەداری ناچێت. پێگەی سیاسەت هێجگار دێتە پێشەوە و دەبێتە دەستپێکی گشت دەوڵەت و ‌هێزە سیاسیەکان. یاسا جیهانیەکان یان ڕێکەوتنە جیهانیەکان، لە شوێنی خۆیان نامێنن. هەر لایەک یان هەر زلهێز و ووڵاتێک دەیەوێت بە قازانجی خۆی دووبارە پێناسەی بکاتەوە یان بە تەواوی بیگۆڕێت یان بیخاتە لاوە. وەڵامی سیاسی توند و تیژ و تا ڕادەی جەنگ جێگای خۆی دەدات بە چارەسەر لە ڕێگای گفتوگۆو دیبلوماسیەوە. لەم قۆناغە دا زەمینەی ڕوودانی جەنگی جیهانی هەرچی زیاتر بەهێزتر دەبێت.
ئەگەر وەک گریمانەیەک لە قۆناغی ئاسایی “موتەعارف” دا هێزێک یان ووڵاتێکی سەرمایەداری هەبێت، باسی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی بکات و لۆکەڵی یان ناوچەیی بتوانێت چارەسەریان بکات، ئەوا لەم قۆناغەدا هیچ هێزێکی بورژوازی لە ئاستی دونیادا نیە کە سیاسەت و ئاڕاستەی سیاسی بەرژوەندی خۆی جووت نەبێت یان جووتی نەکات لە گەڵ جەمسەرە بەهێزەکانی سەرمایەدا. هەموو کێشەیەکی بچووک لە ئاستی دونیادا جیهانی دەبێتەوە.
ئەم تەوەرەیە وەک بناغەی باسێک بۆ تێگەیستنی کۆنکرێت و دیاریکراو لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سەردەمە کە لە خوارەوە دیت پێویستە. بە بێ ناسینی ئەم سەردەمە، ناتوانین لێکدانەوەی سیاسی دروست بکەین: بۆ ئاڵوگۆرەکانی ئەم قۆناغە وجیگۆرکێی هێز هاوسەنگی خێرای نێوان هێزو ووڵاتەکان، هەروەها گۆرێنی هەلوێستی سیاسی دەوڵەت و هێزە بورژواییەکان …

دەوڵەت و سۆڤەرێنتی

پۆینتێکی دیکەی پێویست، لە باری سیاسی یەوە ئاڕاستەی ئەمرۆی سەرمایە بە ناچار سۆڤەرێنتی “سیادە” دەوڵەت ناهێلێت یان بەرەو ئەوە دەڕوات و لەمبارەوە چارێکی نیە. سۆڤەرێنتی نامێنێت بەڵام سنوری دەمێنێت، وە دەیانەوێت سنوری تازە دروست بکەن. ئەمە یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم ووڵاتانی جیهانە، بەتایبەتی ووڵاتانی زلهێز. بۆیە باسی سۆڤەرێنتی بە شێوەیەکی گشتی گۆڕاوە بۆ باسی دەسەڵات، باسی هێز. دەسەڵاتی هەیە بەڵام سۆڤەرێنتی نیە بەسەر ووڵاتەکەیدا. زۆربەی زۆری ووڵاتانی دونیا لەم چوارچێوەیەدا جێگایان دەبێتەوە. کاتێک بانک یان سندوقی پولی جیهانی مەرجەکانیان دەسەپێنن بەسەر ووڵاتاندا لە پەیوەند بە قەرزەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو ووڵاتە دەسەڵاتی هەیە، بەڵام سۆڤەرێنتی تەواوی نیە بەپێی چەمکی پێشووی دەوڵەت، کە هەموو کەس پێی وایە، یان پێی وابووە کە دەوڵەت مانای “سیادەیە”. ئەمە ئەگەر واز لە ووڵاتانی وەک سوریا و عێراق ولیبیا و سۆماڵ و مالی و ئەفغانستان و ئۆکرانیا و جۆرجیاو یەمەن و… چەندین ووڵاتی بچوک بهێنین، کە نەک سوڤەرێنتیان نیە بەڵکو دەسەڵاتیشیان بەرتەسکە لە نێو ووڵاتەکەی خۆیاندا، کە ناونراون ” دەوڵەتی فاشل”. وە ووڵاتانی زلهێزیش لە ڕێگای ڕێککەوتنامە نێونەتەوەییەکان لە پەیوەند بە بازرگانی و ژینگە و کۆچ و …. بەگشتی لە ڕێگای بازاڕەوە، هەرگیز ناتوانین بڵێین کە بەتەواوی سۆڤەرێنتیان پارێزراوە.
ئەم تەوەرە وەڵام بەو تێگەیشتنە نادروستە دەداتەوە کە گوایا ئەگەر دەوڵەت پێک بێت لە کوردوستان ئەوە میلیشیا نامێنێت، یان زۆنی سەوزو زەرد نامێنێت. لە خوارەوە زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە.

سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی لەم قۆناغەدا
سیاسەتێکی ناسیۆنالیستییە

ئەم باسە کورتەی سەرەوە، کە دەکرێ باسی دیکەی سەبارەت بە سیاسەت و فەرهەنگ و پێوانە ئینسانی و ئەخلاقیەکان بۆ زیاد بکەین لە پەیوەند بە سەربەخۆیی کوردوستانەوە، هەم پێویستە وە هەم ئەوەندە بەسە بۆ ڕۆشنکردنەوەی باسەکەمان. کەواتە هەموو ئەم باسانە پەیوەندی چی یە بە “مەسەلەی سەربەخۆیی یەوە” لە کوردوستان؟! ئایا ئاڕاستەی سەرمایە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا شتێکی دیکەی جیاواز دەخاتە سەر باسەکانی مارکس وە لینین یان مەنسور حیکمەت. لەم بارەوە گەلێک پرسیارگەلی دیکە دێتە پێشەوە بەتایبەت ئەگەر باسی مەنسورحیکمەت وەک دوا باسێکی گونجاوی مارکسیستی لەم بارەوە لە قەڵەم بدەین. 22 ساڵ لەمەوبەر باسەکەی مەنسور نوسراوە، ئەوکات جیهانی سەرمایەداری بە کام قۆناغی خۆیدا تێپەر دەبوو، وە ئێستا چۆنە؟! ئایا ئاڵوگۆرە گەورەکانی ئەم دوو دەیە کامانەن کە کاریگەری دەکەنە سەر ئەم باسەی ئێمە و پەیوندییان هەیە پێوەی؟! وە ئایا کاریگەری دەخەنە سەر باسی “مەسەلەی نەتەوەیی” یان “مافی دیاریکردنی چارەنوس” و “سەربەخۆیی” لە کوردوستانی عێراق… ؟! هەروەها ئایا پەیوەندی نێوان “نەتەوە” و ” ناسنامەی نەتەوەیی” و هەروەها پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و نەتەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە لە کوردوستاندا؟! لەم چوارچێوەیەدا پۆینتی کۆنکریت و دیاریکراو لە باری مێژوویی یەوە چیە کە ئێمە ناچار دەکات هەڵوێستە و تێڕامانێکی زیاتر بکەین لەم هەلومەرجەدا بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردوستانی عیراق؟!
باسی “ميلله‌ت ‏و ناسيوناليزم‏ و به‌رنامه‌ى كۆمۆنيزمى كرێكاریی” مەنسور حیکمەت، باسێکی تیوری سیاسی چڕووپڕە لە پەیوەند بە کێشەی نەتەوەیی و”مافی دیاریکردنی چارەنوس” کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ درکی ڕۆشن نیشان دەدات لە تێگەیشتنی هەلومەرجی ئەوکاتەی سەرمایە و سەرمایەداری و جێگا و ڕیگای سەربەخۆیی و جیابوونەوە و پێكهاتنی ووڵاتی نەتەوەیی بۆ سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا. لەم ڕوانگەیەوە دەگاتە دوالێکدانەوەکانی خۆی کە بەگشتی ڕۆشنە و هەموو کەس دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی بەتایبەت تێگەیشتن لە باسی سەربەخۆیی و پێشنیازی جیابوونەوەی کوردوستانی عێراق کە ووتارێکی تایبەتە، بەبێ ئەم باسەی قابیلی تێگەیشتن نیە، یان درکێکی ناتەواو دەدات بە دەستەوە.

سەربەخۆیی ئەمڕۆ دژە سەربەخۆیی مەنسور حیکمەت

پایەی سەرەکی باسی مەنسور حیکمەت وەک لینین و مارکس، بەهێزکردنی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکارە. کۆنکرێتە، باسی تەکتیکی کۆمۆنیستیە، باسی بەهێزکردنی کۆمۆنیزمە لە کوردوستان و ناوچەکەدا، باسی گۆڕینی هێزی سێهەمە بۆ یەکەم، باسی گۆرینی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوکاتە بۆ هێزێکی سیاسی بەهێز و بەتوانا. باسی لاوازکردنی ناسیونالیزم و دەسەڵاتەکەیەتی. باسی هەنگاوی یەکەمە ڕووەو شۆڕشی کرێکاری … دیارە ئەم تاکتیکە پایەی هەیە: پایەکەی ڕۆشنە یەکەم: ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵکی کوردوستان، لە سایەی حکومەتی بورژوای قەومی بەعس… دووەم: هەڵواسراوی کوردوستان وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی کە بەشێک نیە لە دەوڵەتی عێراق وە سەربەخۆش نیە لێی. ئەمە پایەی کۆمەڵایەتی تەکتیکی سەربەخۆیی مەنسور حیکمەتە. تاکتیکی کۆمۆنیستی پێویستی بە پێگەی کۆمەڵایەتی و بابەتی خۆی هەیە. مەنسور ئەم دوو پایەیە لەو هەلومەرجەدا ڕۆشن دەکاتەوە و دەگاتە ئەوەی کە ئەمرۆ”1995″ سەربەخۆیی بۆ کوردوستان لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە، باشترین و کارسازترین هەنگاو و تاکتیکی کۆمۆنیستی یە، بۆ بە هێزکردنی کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی. مەنسور حیکمەت ” سەربەخۆیی” وەک یەکەم هەنگاو دانانێت بەڵکو وەک دوا هەنگاو و بە ناچاری پەنای بۆ دەبات لە پێناو گەشەی کۆمۆنیزمدا. باسی مەنسور ئەگەر باسی گۆرینی هێزی سێهەم بۆ یەکەمی لێدەربکێشێت، نامێنێت، یان ئیتر باسی ئەو نیە، بەڵکو باسێکی دیکەیە کە سەربەخۆیی خوازە. پەیوەندی نامێنیت نە بە مەنسور حیکمەتەوە ونە بە ساڵی 1995 وە. مەنسور حیکمەت بەبێ بوونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وەک ‌هێزی سێهەم وە لە هەمانکاتدا و بە پێچەوانەی ئێستاوە، سیاسەتێک بوو کە ڕاستەوخۆ یەخەی ‌هێزەکانی ناسیونالێزمی دەسەلاتداری کوردی دەگرت و دەیهێنانە خوارەوە، بەبێ ئەو واقعیەتە و پایە کۆمەڵایەتیەکانی، لە ڕوانگەی مارکسستیەوە تاکتیکی سەربەخۆیی پێشنیاز نەدەکرد. ئەو لە سەرەتا و کۆتایی باسەکەیدا، جەخت لە تاکتیکی کۆمۆنیستی دەکاتەوە دەنوسێت: “ئه‌مڕۆ له‌ كوردستانى عێراقدا قسه‌ له‌ زه‌رووره‌تى سه‌رهه‌ڵدانى هێزیكى سێهه‌م ئه‌كرێت(ئەوە سەرەتای وتارەکەی)….(لێرەوە بڕگەی کۆتایی وتارەکەیەتی) من خۆم نه‌ك وه‌كو ئه‌حكامێكى دۆگم ‏و بێ مرونه‌ت به‌ڵكو وه‌كو خستنه‌ڕوويه‌كى سه‌ره‌تايى ڕێبازێكى تاكتيكيى گرنگ له‌ عێراقدا ده‌ڕوانمه‌ ئه‌م تێزانه‌ كه‌ ده‌بێ له ‌درێژه‌ى قسه‌وباسه‌كاندا وورد و قووڵ بكرێته‌وه‌”.(لە پێناو داکۆکیکردن لە خواستی سەربەخۆیی کوردستانی عێراقدا/ سەعید ئەحمەد وەرگیڕاوەتە سەر زمانی کوردی/ هەردوو کەوانەکانی ناوەوە هی منە). بەجیا لەوە سەرنجی کۆی باسەکە و بڕگەکانی بدەین بە ڕۆشنی مەنسور پێمان دەڵیت ئەم باسەی باسی تەکتیکی کۆمۆنیستی یە. سەرنج بدەینە بڕگەکانی وەک” ئایا خواستی سەربەخۆیی خواستێکی ناسیونالستی نییە؟”، وە “”ئايا كوردستانى سه‌ربه‌خۆ ناكه‌وێته‌ ده‌ستى حزبه‌ ناسيوناليسته‌كان؟”….

ئەمڕۆ لەم قۆناغەدا ئەگەر واز لە تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی دیکە بهێنین، لە هاوین و پایزی 2017دا، هیچ پایەیەک لەو پایانەی مەنسور حیکمەت بوونی نەماوە. ستەمی نەتەوەیی نەک نەماوە بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و لە باری فەرهەنگ وجیهانبینیشەوە ئەوە نەتەوەی کورد و ئەو هەستەیە کە لە کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی دەورووبەری جەلەولا و شوێنەکانی دیکە عەرەب زمان و تورکمان زمانەکان دەچەوسێنیتەوە، داد و هاواریانە. ڕوخاندنی گوندە عەرەب و تورکمان نشینەکان و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی لە دەوروبەری موسڵ و ناوچەکانی کەرکوک کە لە راپۆرتەکانی هیومان ڕایتس ۆچ دا باسی ڕوخان و کاولكردنی 21 گوند دەکات کە 17 یان لە دەوروبەری کەرکوکو ئەوی تر لە دەوروبەری موسڵ، بەجیا لەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچانە باسی دەکەن. ئەمە تەنها نمونەیەکە لە کار وسیاتەکانی ناسیونالیزمی کورد سەربارەت بە پاکتاوکردنی نەتەوەیی.

بەجیا لەوە پێکەوە لکانەوەی کوردوستان بە عێراقەوە، ئەمجارە لە دەستوری عێراق و لە ڕێگای ڕیفراندۆمی گشتی خەڵکی عێراقەوە تۆمارکراوە. عێراق ووڵاتێکی” فیدراڵە!” ناسیونالیزمی کورد بەشی شێری وەرگرتووە لە دەسەلات و لە بودجە و لە نەوت. وە ئەمە مانای ئەوەیە کە پایەی دووەم کە “هەڵواسراوی جوگرافیای سیاسی کوردوستانە” بە شێوەیەکی بنبڕ نەماوە و کوردوستان بەشێکە لە عێراق ،وە تازە وە ئەمجارە بە زۆر نا، بەڵکو لە ڕیگای ڕیفراندۆمی دەستور و هەوڵی ناسیونالیزمی کوردەوە. ئەوە دووپایەی تەکتیکی مەنسور حیکمەت کە نەماوە و کەس ناتوانێت لەسەر مانەوەیان قسەیەک بکات.

دەمێنێتەوە سەر پۆینتی سەرەکی، وە ناوەرۆکی باسی مەنسور ئەویش “گۆرینی هێزی سێهەمە بۆ ‌هێزی یەکەم” ئەم زەمینە و پایە گرینگە بە داخەوە نەماوە و زۆر چۆتە دواوە. بەمانایەک ئێمە ‌هیزێکی کۆمۆنیستیمان نیە “باس لە جەستەی تەشکیلاتی نیە” تا باس لە گۆرینی بکەین بۆ هێزی یەکەم. لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجە و سیاسەتی ریفراندۆمی پارتی دا، لیکدانەوەو بۆچونی بەهێزکردنی حزب لەم ڕیگایەوە، هەڵەیەکی کوشندەی سیاسی یە و برەو بە ناسیونالیزم دەدات، لە ڕیگای پاشکۆکردنی کۆمۆنیزمەوە بە هێزێکی ناسیونالیستی.
ئەگەر ئەمساڵ ٢٠١٧ ئەو رێفراندۆمە لە جیاتی پارتی ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێشنیازی بکردایە، هێزی هەبوایە کە دەتوانێت لایەنی کەم بیکاتە هێزیکی کۆمەڵایەتی، ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بوایە ئەوکات باسەکە بەتەواوی دەگۆرا. نە لە بەر ئەوەی هەموو باسەکە ئەوەیە کە ئەوە هیزێکی کۆمۆنیستی یە، بەڵکو لە بەرئەوەیە کە ئەو هەنگاوە “لەو بارەدا” ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ووڵاتانی زلهێزی سەرمایەدا دەوەستا، وە لە بەرئەوەش کە مژدەی ژیانێکی باشتری دەدا بە کرێکار و خەڵكی کوردوستان، وە لە بەرئەوەی دەبووە هۆی گێڕانەوەی ئیرادە بۆ کرێکارو خەڵکی ستەم دیدە و ڕێخراوبوونی زیاتریان بە دەوری ئاڵای کۆمۆنیزم و حزبەکەیدا، وە دەبووە هۆی لاوازبونی ناسیونالیزم و دەسەڵاتەکەی هەروەک چۆن مەنسور ئەوکات جەخت دەکاتە سەری. وە هەروەها سەرکەوتن یا بەهێزبونی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار لە هەر جێگایەک دەبێتە هۆی هێزگرتنی ئەم چینە لە ئاستی ناوچەیی و ئەنتەر ناشیونالستی دا. بەم مانایە من ئەوکات بە دە پەنجە واژۆم دەکرد و لە ڕیزی پێشەوەی ئەو خەباتەدا دەبووم. بەڵام بە داخەوە ئەمرۆ هەموو ئەو هیوایانە بە پێچەوانەوە دژ بە کرێکار و خەڵکی کوردوستان دەشکێتەوەو دواکەوتنی ناسیونالیزمی کوردە بە شێوەیەکی پراتیکی.

نەبوونی ستەمی نەتەوەیی و مانەوەی کێشەی نەتەوەیی

مەسەلەیەکی دیکە هێشتا ماوە ئەویش پرسیارگەلێکن، کە پەیوندە بە “كێشەی نەتەوەیی” یەوە. ئایا ئەم کێشەیە ماوە یان نا؟ ئەگەر ماوە چۆن دەردەکەوێت و ئایا سەربەخۆیی “پارتی” چارەسەری دەکات؟!. باسی سەرەکی یان ناوەرۆکی کێشەی نەتەوەیی هەر ستەمی نەتەوەیی نیە ئەگەر چی بۆ ئێمە بۆ کۆمۆنیستەکان مەسەلەی سەرەکی لە پەیوەند بە سەربەخۆیی یەوە تەنها “ستەمی نەتەوەییە” لەمبارەوە مەنسور دەڵیت”كليلێكى سه‌ره‌كى له‌باسى كومۆنيستى له‌باره‌ى مه‌سه‌له‌ى ميللی يه‌وه‌، سته‌مى ميللی يه‌” (هەمان سەرچاوە). هەروەک ئاماژەمان پێکرد ستەمی نەتەوەیی نەماوە، بەڵام هێشتا پرسیار گەلێک کە زیاتر پەیوەندی هەیە بە بەرژوەندیە دژ بەیەکەکانی نێوان ناسیونالیزمی کوردو عەرەب و هەروەها پەیوەندی هەیە بە مانەوەی “نەتەوە” و “هەستی نەتەوەیی یە”وە. بەشێك لەم پرسیارانە پێش هەر لایەن و کەسێک یەخەی کۆمۆنیستەکان خۆمان دەگرێتەوە. چیمان کردووە بۆ ئەوەی “نەتەوە” وە هەستی نەتەوەیی وەکو سۆزو پراتیکێک تا ئاستی موقەدەس ناکام بکەینەوە؟ چیمان کردووە کە ناسنامەی نەتەوەیی بێ ئوتۆریتە بکەین لە جیاتی ئەوە ناسنامەی چینایەتی و ئینسانی جێبخەین. چیمان کردووە لەمبارانەوە؟! پێم وابێت کەم یان هیچ. ئەمە مەسەلەیەکی هێجگار گرینگە بۆ هەر ئینسانێکی کۆمۆنیست چ جا بگات بە هێزو ڕابەرێکی کۆمۆنیستی. هەڵوێستی لینین لەم بارەوە نموونەی ڕابەریکی سەرسەختی پراتیستی و ئەنتەر ناسیوناڵە و مەنسور حیکمەت بەشێک لە باسەکەی بۆ ئەم مەسەلە گرینگە تەرخانکردووە.

لەم بارەوە پێگەی ئێمە و حزبەکانمان دیار نیە، نە لە عێراق وە نە لە کوردوستان. ئەمە کۆسپی گەورەیە بۆ ئێمە. باسی من ئەوە نیە کە بەکاری ئێمە دەبوایە ئەم مەسەلەیە یان ئەم کێشەیە نەمایە، نا. دەزانم تاکو دامەزراندنی کۆمەڵگای سوشیالستی بەرژوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی نەتەوە جیاوازەکان و ” ئەم هەست وکێشەیە” دەمێنێت. بەڵکو باس ئەوەیە کە پراتیکی ئێمە لەم مەیدانەدا دیار نیە و لەم مەیدانە گرینگەدا ئامادەنین. خەڵكی کوردوستان و ئەوانەی کە نەفرەت لە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەن، شانازی بە کوردبوونەوە دەکەن، ئەمە کۆسپیکی گەورەیە. ئەو باسەی کە دەڵی ئەم ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆمی پارتی نیە هەروەک پارتی خۆی ڕەواجی پێ دەدات بەشێکە لەم دیدگایە. چۆن ڕیفراندۆمی 1995 خاوەنەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو، وە تائێستا باسدەکرێت و لە هەموو بەیان و نوسینەکاندا هەیە، بەهەمان شێوە خاوەنی ئەم ڕیفراندۆمە وڕابەرەکەی بارزانی و پارتی یە. بزووتنەوە و سیاسەتێک وە پێشنیازێک کە کراوە، وە ‌هێزێک کە ڕابەری دەکات پارتی و بارزانی یە، بەجیا لەوەی کە لەبەشی یەکەمی ئەم باسەدا باسمان کردوە. ئیتر مانای چی یە بۆ ئەو کۆمۆنیستانەی کە دەڵێن ڕیفراندۆم بۆ پارتی نیە و هی پارتی نیە ؟! و مانای چی یە بەشداری دەکەین و فشار دەخەینە سەر پارتی و ئەنجامەکەی بە قازانجی خەڵک دەگۆڕین؟! ئەم پرسیارەی دواییان هی ئەو ‌هێزو کۆمۆنیستانەن کە ڕاڕان و گومانیان هەیە لە جێبەجیکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم. زاڵبوونی ئەو دیدگایە لە نێو ڕیزەکانی ئێمەدا کوشندەیە. لە سەرو بەندی هێرشەکانی داعش بۆسەر کۆبانی ئێمە دەرگیر بووینەوە لەگەڵ ئەم دیدگا و هەستەدا تا ڕادەی ئەوەی کە لە نێو بزووتنەوەکەی ئێمەدا، ئامادەبوونی ژنانی جەنگاوەر و ئازا لە گەڵ یەدەپەدا ناسیونالیزم بوونی ئەم هێزەی لێ شاردبوونەوە. ئەمڕۆ ئاڵوگۆرەکە بە مانا لۆکەلیەکەشی نزیکترە لە مالێ خۆمان بۆیە کاریگەری ناسیونالیزمەکەشی بەهێزترە بەتایبەت کە ئێستا هەلومەرجی دوای شەڕی داعشە بە مانا سەربازییەکەی، بەم پێیە ئاڵوگۆرەکان گەورەترن و کاریگەریان زیاتر دەبێت. لیرەدا ئەگەر ئەو بڕگەیەی مەنسور باسبکەینەوە تەواوی ئەو باسەی ئەو پێچەوانەوە دەبێتەوە. بڕگەکانی “ئایا خواستی سەربەخۆیی خواستێکی ناسیونالستی نی یە؟”، وە “ئايا كوردستانى سه‌ربه‌خۆ ناكه‌وێته‌ ده‌ستى حزبه‌ ناسيوناليسته‌كان”. ئێستا و لەم هەلومەرجەدا خواستی سەربەخۆیی جگە لە خواستی ناسیونالیستی شتێکی دیکە نیە، چونکە نەک زەمینەی بەهێزبوونی بزووتنەوەی چینایەتی ناڕەخسێنێت و کرانەوە و شەفاف بوونی زیاتری ئەم خەباتەی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەبنەوە بەتایبەت کە وەڵامی پرسیارەکەی دیکەی مەنسور ئەوەیە کە بەڵێ کوردوستانی سەربەخۆ وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە دەکەوێتە دەسی ناسیونالیزم و پارتی دیموکراتی کوردوستان بە سەرکردایەتی کاک مەسعود بارزانی.

با بزانین “کێشەی نەتەوەیی” ماوە؟! بەڵێ. زۆریش بە خەستی و بە فراوانی ماوە و دەمێنێت. یەکەم ئەمە چ پەیوەندی هەیە بە باسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە؟!. دووەم: ئەوە بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی عەرەب و کوردە و، پڕوپاگەندەی شۆفێنیزمی عەرەبی و شۆفینیزمی کوردیی یە و تا ئەم هێزانە لەسەر کاربن هەر دەمێنیت. بە تایبەت لەمڕۆدا پارتی زۆر لەمبارەوە پڕوپاگەندە دەکات، بەڵام خەڵکی کوردوستان بە خۆپیشاندانەکانیان لە دژی بڕینی موچە و کارەبا و خواستی دامەزراندن… نیشانیاندا کە ئەم پڕوپاگەندانە پووچن. هەر بۆیە ڕووی ناڕەزایەتیان لە بەغدا نەبوو بەڵکو دژ بە دەسەڵاتی پارتی بوو بە تایبەت. سەربەخۆیی و جیابونەوەی کوردوستان هیچ پەیوەندی نیە بە باسی مان و نەمانی ئەم کێشەیەوە. لە ڕوانگەی منەوە بە گریمانەی ئەوەی کە کوردوستان جیادەبێتەوە پارتی باڵادەستە و بارزانی ڕابەریەتی. ئەوکات وە بەپێی پێشنیازی خودی بارزانی وپارتی کێشەکان گەورەتر دەبن. ئەو دوای ڕیفراندۆم جیابوونەوە ڕاناگەیەنێت، بەڵکو دانوسان دەکات هەروەک خۆی دەڵێت. بە جیا لەوە ئەوکات دەوڵەتی کوردی ڕۆشن نیە کە چوار شارە؛ سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆک. یان کەرکوک و شوینەکانی دیکەشی لەگەڵە. سەرەڕای بڕیاری بارزانی کە ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەش دەگەرێتەوە، بەلام هەرگیز ئەوە ڕوون نیە تا ئێستا ڕیفراندۆم لە کەرکوک و خانەقین و دوز…. ئەو ناوچانە لە هەمانکاتدا بکرێت. وە من پێم وایە لەو ناوچانەدا ناکرێت. گریمانە ئەوەیە کە بارزانی ئەم ڕیفراندۆمە دوا دەخات بۆ ماوەیەکی دیکە یان نادیار. بەجیا لەوانە ئەی کێشەکانی ئاوو ڕیژەی ئاو کە هەرئێستا کۆسپێکە لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا… مەبەستم ئەوەیە باسێکی لەو چەشنە کە گوایا دوای دەوڵەتی کوردی” کێشەی نەتەوەیی” نامێنێت لە خەیالیش کەمترە.

بەجیا لەوەی کە لەو ناوچانە دەکرێت یان نا. بارزانی بۆ ڕاگەیاندنی مەملەکەتەکەی دانوسان دەکات لە گەڵ ئەمریکا و روسیا و ئۆردوگان و خامنەئی و بەغداو …. کەواتە کێشەکە ماوە. ئەگەر ئەو ووڵاتانە ووتیان نا؟! کە ووتویانە، ئەو کات چی دەبێت؟!. کۆمۆنیستەکان وەڵامیان چی دەبێت؟! چۆن وەلام بە خەڵک دەدەنەوە لە پرسیاری دەنگەکانمان چی لێهات؟!. کەواتە، نەک هەر کێشەکە ماوە بەڵکو دەگاتە لوتکەی بەرزبوونەوەی کێشەی نەتەوەیی و قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی. ئەوکات ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک هێز بەرەوڕووین، کەتەنها زمانی گفتوگۆ و شارستانی نازانن: حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، حەشدی عەشائیری ، سوپای عێراق، هێزە‌کانی دژە تیرۆری هەردوولا، ئەمە جگە لە سوپای تورکیا و حەرەسی سەوری ئیران و بەرژەوەندیی یە جیاجیاکانی روسیا و ئەمریکا. ئەمە ئەگەر واز لەوە بهێنین کە کاک مەسعود ئەو دەنگانەی ڕیفراندۆمی بۆچی بوو؟ لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا باسی ئەمەمان کردووە. بەڕۆشنی وتومانە کە ڕیفراندۆم لە میکانیزمێکەوە گۆراوە بۆ سیاسەت، واتە خۆی سیاسەتە.

بە جیا لەوانە وەک واقعیەتێکی کۆمەڵایەتی و گەورە. گریمان ئەوەش نابێت. بارزانی بە قودرەتی قادر ئەو کێشانە چارەسەر دەکات و بێ دەردی سەر دەوڵەت ڕادەگەیەنێت و دڵی ئەو ووڵاتانە ڕازی دەکات. بەڵام کەی وە لەکوێ دەوڵەت و سەربەخۆیی ئەم کێشەیەی چارەسەر کردوەو؟! دەیان کێشە لە دونیای ئەمرۆدا لە نێوان دەوڵەتەکاندا ماوە لەسەر سنور و ئەم پارچە زەوی و ئەو لەتە شاخ و ئەم شاخە بەفرینە و ئەو چاڵە نەوت و گازە، ئەو کانی ئەلماس و یۆرانیوم و… سعودیە لەگەڵ هەموو ووڵاتانی دەوروبەریدا کێشەی هەیە، تازە لەم ماوەیەدا، کێشەی دوو جەزیرەیان (تیران و صەنافیر) لەگەڵ میسردا تاوتۆێکردووە. عێراق و ئێران، ئێران و ئیمارات، روسیاو ئێران لە دەریای قەزوین، تورکیا و سوریا و تورکیا و عیراق، ئوکرانیا و ڕوسیا، ئازرباینجان و ئەرمینیا، ئەرجەنتین و بەریتانیا، سودان و باشوری سودان کە نمونەیەکی زۆر تازەیە و کێشەکان گەورەتر بوون، ئێستاش ختوکەی مێرکل و ماکرون بدەیت لە سەر سنوری فەرەنسا وئەلمانیا دەیکەنەوە بە هەرا… سنوری نیشتمان هەمیشە سنوری دەسەڵات بووە، بەپێی توانا و دەسەلاتی زیاتری دەوڵەتی نەتەوەیەک سنورەکەی زیاتر دەبێت. سەرنج لە ئیسڕائیل و ئەو سنورە بدەن کە دیاریکراوە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان. تەنها وە تەنها سۆشیالیزم ئەویش لە قۆناغە گەشەسەندوەکانیدا کۆتایی بەم کێشانە دەهێنیت. بەشێکی سەرەکی ئەمکارە، کاڵکردنەوە و بە ناکام هێشتنەوەی کاریگەری ڕوانگە و جیهانبینی “نەتەوەیە” وەک یەک جەستەی موقەدەس. خود بە خود وەلانان و ڕووخاندنی دەسەڵاتە نەتەوەییەکان ئەمکارە فەراهەم ناکات، ئەگەرچی کاریگەری گەورەی هەیە لە بەئەنجام گەیاندنی ئەم ئاراستە و ئامانجەدا.

بۆیە بەو گریمانەیە، ئەوکات دوای ئەوەی کە بارزانی دەوڵەتەکەی ڕادەگەیەنێت ، ئەوکات کێشەی کەرکوک و خانەقین و شەنگال و جەلەولا و دەوربەری تکریت وەکو شارەکانی توز خورماتوو داقوق، کێشەی ڕێڕەوی بۆری یە نەوت و گازەکان سەرهەڵئەدا… کە کۆتایی نایەت و لەو نێوەشدا جەنگ لە سەر پای نەعرەتە و ڕق و کینەی نەتەوەیی حەتمیە. لەسەر سنوری کوردوستان و عێراقی عەرەبستان، شەڕ و کێشە نەتەوەییەکان بەردەوامە.

دامەزراندنی دەوڵەت و نەمانی میلیشیا یان نەمانی زۆنی سەوزو زەرد

دەوڵەت وەک هەر دیاردەو فۆنکسیونیکی کۆمەڵایەتی دیکەی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دەوڵەتی ئەمرۆ دەولەتی جاران نەماوە. بەسادەیی دەوڵەت لەم قۆناغەدا ناتوانێ سنورەکانی دابخات لەبەرامبەر وەبەرهێنانی سەرمایەی دەرەوەدا. ناتوانێت گوێڕایەڵی ڕێنوێنی و ئەوامری بانکی جیهانی نەکات….. باسی دەوڵەت و سنوری دەسەڵاتی دەوڵەتێک لەم قۆناغەدا جیاوازییەکی فراوانی هەیە لەگەڵ سەردەمی جەنگی سارددا. سنوری دەسەڵات و بواری بە پراتیک دەرهێنانی دەسەلاتی دەوڵەتیک و خودی دەوڵەتەکە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا” ئینتقالی” پەیوەندی هەیە بە ململانێی سیاسی توندی نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەوە لە ئاستی جیهانیدا. ئەمڕۆ ئاراستەی سەرمایە لە پێشەوە سیاسەت دەیبڕینێتەوە و لە مەیدانی جەنگدا دیاریدەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر سەرمایەی ئەو جەمسەرە سودی خۆی ببینێت.
دەوڵەتی کوردی ئەگەر پێک بێت لەم قۆناغە دیاریکراوەدا بە ڕابەری بارزانی، بڕیار نیە هیچ کێشەیەک چارەسەر بکات بۆ خەڵکی کوردستان وە عێراق، بە پێجەوانەوە کێشەکان قوڵتر وە توندتر دەکاتەوە، ئەوە نیە بارزانی بە ئاشکرا دەلێت” خەلكی کوردوستان ئامادەن لەم پێناوەدا لە برسا بمرن” ئەمە تەنها لایەنێکی ئەو کۆسپانەیە و لە ئیستاوە ڕێگا خۆش دەکات بۆ یاسایکردنی هەژاری و بڕینی موچە و بێکاری لە دەوڵەتەکەی دا. لەسەر ئەم ڕاگەیاندنەی بارزانی حزبی ئێمە بەیانێکی نەبوو لە کوردوستان، کە تەنها ئەوە کافیە بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکی ئاوهادا بەشداری نەکەین. پێدەچێت وەک لینین و مەنسورو مارکس لەم مەیدانەدا بیر نەکرێتەوە، سەربەخۆیی لە هەموو مافێک گرینگتر بێت، هەم تاکتیک و هەم ئیستراتیژ بێ. وادیارە سەربەخۆیی بەشێوەیەک بەری چاوی کۆمۆنیستەکانی گرتووە، کە “لە برسا مردنی خەڵک” بۆیان نابێتە مەسەلە لە چاو تەقدیسی سەربەخۆیی بارزانی دا.
گریمان دەوڵەت پێکهات و ئێمە لە نێو دەوڵەتی کوردی دا دەژین!. ئایا ئەم دەوڵەتە، کێشەی مانەوەی میلیشیا چارەسەر دەکات؟! ئایا هێزەکانی خۆیان یەکگرتوو دەکەن؟ ئایا ئەوکات خەڵکی کوردوستان لە بەرانبەر سوپایەکی دەوڵەتی دا دەبێت؟! وە ئایا زۆنی سەوز و زەرد نامێنێت و سنورەکەی دەسڕدرێتەوە؟! ئایا بە گشتی دەوڵەتێکی کوردی کە لەم سەردەمەدا پێک بێت ئەمە سیاسەت و پراتیکیەتی؟! وەڵامی هەمویان نەفی یە. چونکە لەم هەلومەرجەدا پێکهێنانی دەوڵەت پەیوەندی بەو بابەتانەوە نیە. خۆ ئەگەر پەیوەندیشی هەبێت ، تۆ بلێی یەکگرتووی سوپاو یەکێتی هێزەکانی بورژوایی بوبێتە خواستێکی کۆمۆنیستی؟!!

دەوڵەت بڕیار نیە ئەو کۆسپانەی بەردەم بورژوای کورد چارەسەر بکات. دەڵێم کۆسپی بورژوای کورد، چونکە بە تەجروبە لەماوەی ٢٧ ساڵی دەسەڵاتدارێتی ناسیونالێزمی کورد دا بەڕۆشنی دەرکەوتووە کە یەکگرتووبوون و یەک حکومەتی ئەوان یان کێشە و شەڕی ئەوان، هەر دووکیان نەهامەتیە بۆ خەڵکی کوردوستان. تێگەیشتن لەمە زۆر سادەیە بیر کردنەوەیەکی ناوێت. پاشان دەوڵەتی ئەم سەردەمە، سەردەمی گلۆبالی سەرمایەداری کوا ئەو ئەرکانە دەکاتە ئەرکی دەوڵەت، واتە ئەو دەوڵەتانەی کە تازە پێکهاتوون یان پێکدێن. سەیری لوبنان بکەن کە چەندین دەیەیە دەوڵەتە لەوێ هێشتا ملیشیای حزب اللە چەند جار لە سوپای دەوڵەتەکەی بەهێزترە. لە سۆمال بەهەمان شێوە، لە لیبیا، لە سوریا لە یەمەن، لە ئەفغانستان، لە ئۆکرانیا، لە نێو خودی ئێراندا، کە سەدان ساڵە دەوڵەتە و خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە دەوڵەتداری… بە پێچەوانەوە ئەمرۆ وە لەم قۆناغەو سەردەمەی سەرمایەدا لە ووڵاتانێک کە پێکدێت مانەوەی میلیشاکان و تەنانەت پێکهێنانی میلیشای تازە لە کەناری سوپاوە بۆتە مۆدێلیکی باو. ئەوەی کە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعەی لە عێراق ڕزگار کرد و ئەوەی زیاتر ڕۆلی هەبوو لە پاکردنەوەی تا ئێستای داعش هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو. “سوپای نیشتمان” ی وەک چەمکێک بە حوکمی گەشەی سەرمایە هەروەک لەسەرەوە بە کورتی باسکراوە، ڕۆلی جارانی نەماوە و پێگەی گۆڕاوە، سنوری نیشتمانێک کە موقەدەس نەبێت، سەرمایە ئیتر بە پێویستی نەزانێ کە موقەدەس بێت. وە هەموو ڕۆژێک لە لایەن سەرمایەی جیهانی یەوە، ئەتک بکرێت و ببەزێنرێت، ئیتر سوپا ڕۆڵی جارانی نامێنێت. بەتایبەت خودی سوپا ئەمرۆ لەم هەلومەرجەدا و لەم سەردەمەدا کە دەمێکە دەستی پێکردووە، وردە وردە پریڤایتی دەکەنەوە. سەرمایەداری وە سیستەمێک بەو ئاستەی کە دەسەڵاتی چڕ دەبێتەوە لە دەستی چەند میلیاردێرێکدا و بواری یاریکردنی دیموکراسیەکەی کەم دەبێتەوە، زیاتر ئاڕاستەی پریڤایتی سوپا وەردەگرێت. سەرنج بدەینە سوپاکەی “ئیرک دین برنس” کە وەک ملیاردێریکی ئەمریکی بەرێوەبەری سوپایەکی گەورەی وەک ” بلاک ۆتەر” بوو زۆر لایەنمان بۆ ڕۆشن دەبێتەوە. لە کوردوستان هەر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارکردنی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەدا، ‌پاراستنی ئەمنیەکەی سپێردرا بە هێزی پریڤایت نەک ‌هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی و پارتی. باسی ئەم پڕۆسیسە بۆ بورژوای گەورەی دونیا مەسەلەیەکی گرینگە، بەڵام باسی ناوەکەی نیە، بەلكو باسی عەقیدەی سوپایە. سوپای ئەمریکی یان عێراقی یان کوردوستانی هەر هەمان ناوی دەبێت بەلام پەیوەندی نامێنێت بە عەقیدەی “نیشتمانی یەکگرتووەوە”. ئەم باسە باسێکی تایبەتە، لێرەدا ‌هێندە بەسە و بەشێکی وەک تەجروبە دەرکەوتوە.

بۆ بورژوای کورد مەسەلەکە ئەوەنیە کە هێزەکانی پێشمەرگە یەکگرتوو بێت لە سوپایەکی نیشتمانی کوردوستانی دا، بەڵکو باسی هێزێکی ملیشاییە کە سەرمایەی سەرمایەداران بپارێزێت، سەرمایەدارانی دەرەوە و ناوخۆ، و پاسەوانی سیستەمی خاوەندارێتی بورژوایی کورد بکات نەک لە ‌هێرشی دەرەکی بەڵکو لە خەڵکی کوردوستان. وە تاکو ناوی پێشمەرگە بمێنێت، مانای ئەوەیە میلیشیاکان ماون. لە کوردوستان سیستەمی پریڤایتی سوپا و چڕبوونەوەی سەرمایە لەدەستی سەرمایەدارانی خاوەن دەسەڵاتدا زۆر زیاتر پێش ئەمریکا کەوتووە، لیبرالیزمی کوردی، وە تەنها لە مەیدانی بازاڕدا لیبڕالێکی چالاکە، و لەسەر دەستی بارزانی هەنگاوی هێجگار گەورەی بڕیوە کە ووڵاتانی دیکە بە چەندی ساڵی دیکە نایگەنێ. لەمبارەوە و لە باسی یاساییەکەیەوە، سەرنج بدەنە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم. هەر دەسەڵاتدارێکی ملیاردیر”کە بەناوی خۆیانەوە نیە” سوپایەک پارێزگاری دەکات! باخەکانیان بۆ حەوانەوەی خۆیان و خێزانەکانیان دەیان دۆنم زەوی یە و باشترین دار و ئاژەڵەکانی دونیایان بۆ هێناوە، ئەمە بە تەنها بە گەندەڵی ناکرێت ئەمە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرمایەیە لە کوردوستانی عێراقدا. بۆ کوردوستان دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە سوپا ناتوانێت سنورەکەی بپارێزێت لەبەرانبەر ئێران یان تورکیا و عێراق، بۆیە هەر پێویستی نیە و گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە سوپای ئەمریکی بەکرێ دەگرێت بۆ پارێزگاری چاڵە نەوت و غازەکان. “بنکە ئەمریکیەکان” کە تا ئێستا 17 دانەیە ئەمکارە دەکەن وە هەر ئیستا کاری وا دەکەن، جگە لە کارەکانی دیکەیان. ئەوەنیە ئەمریکا دوو دەیە زیاترە، سعودیە و کوەیت و قەتەر و بەحرەین دەپارێزێت.

بۆیە مەسەلەی بورژوایی کورد و دەسەڵاتەکەی، لە مەڕ یەکگرتنەوەی هێزەکانی هەفتاو هەشتای یەکێتی وپارتی یان یەکگرتنەوەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە وڕکردن و چەپاندن و گێژکردنی خەڵک هیچی دیکە نیە، ئەگەر نا یەکگرتنەوەی دوو ‌هێز 12 ساڵی بۆچییە؟!!. دوای دەوڵەتیش بەهەمان شێوە ئەوە ئەرکی “سوپای کوردی نیە” کە سوپا نابێت، دەوڵەتەکەی بارزانی بپارێزێت بەڵکو ئەوە هێزەکانی ئەمریکایە و بە گریمانەی گەورە هێزی پریڤایتی ئەمریکی دەبێت ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ.
زۆنی سەوز و زەرد، سنوری یەکێتی و پارتی، لە ڕاستی دا نەماوە، ئەوە نیە، یەکێتی و پارتی نەوت وغازی کوردوستان وەک برا دەخۆن و نیوە زیاتری سەرکردایەتی خۆشیان ئاگاداری ئەملاولاکەی نین، بۆیە زۆنی سەوز و زەرد لە خولیای سایکۆلۆژی خەڵکدا ڕاگیراوە و میدیای ئازادی “نا ئازادی” کوردوستان ئەم خولیا و مانەوەیە دەمەزەرد و تازە دەکاتەوە. ئەگەر نا نەوتی کەرکوک و تەقەتەق و کانی شۆک و گەرمیان و… کە هەمووی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی یە چۆن دەڕواتە تورکیا و چۆ پارتی دەیفرۆشێت؟!!مەسەلەی مانەوەی ئەم دوو زۆنە، وەک گرێیەکی سایکۆلۆجی کە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیە، ماوەتەوە. مانەوەی ” کە نەماوە” کراوەتە خواستێک و هەرگیز لای ئەم دەسەڵاتەوە وەڵام وەرناگرێتەوە.

ئاڵوگۆڕە گەورەکان لەم سەردەمەدا

مەنسور حیکمەت کە باسەکەی دەنوسێ، بەڕاستی جیهانێکی دیکە بوو. جیهانێک کە تازە “کۆمۆنیزم” نێژرا بوو. ئەمریکا دەسەڵاتی یەکەم و بێ بەرابەری دونیا بوو. نەک هەر ئەوە بەڵکو هیچ ووڵاتێک ئیدعای نەبوو کە شان بدات لە شانی ئەمریکا. ووڵاتی چین دەستی بە هەنگاوەکانی کردبوو، بەڵام نە ئیدعایەکی هەبوو، وە نە توانای ئابوری لە ئاستی هێزی یەکەم و دووەمدا بوو. ووڵاتی چین لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دێتە ناو زلهیزە ئابورییەکانەوە و ساڵی 2003 دەگاتە ‌هێزی‌ شەشەمی ئابوری بە پێوانەی کۆی گشتی بەرهەمی نێوخۆیی . ڕوسیا ئەوکات غەرقی شەڕ و گەندەڵی و داڕوخان بوو لە هەموو بوارەکاندا، لیبرالیزمی نوێی ئەمریکی بەتەواوی کلۆری کردبوو، لە ڕاستیدا هەر قاوغ بوو.

لە هەموو ئەوانە گرینگتر بۆ ئەم باسە، بوونی حکومەتی بەعس بوو وەک حکومەت و دەوڵەتێکی ناسیونالیزمی عەرەب، وەک یاسا و دەستورێکی قەومی عەرەبی شۆڤێنی. ئەم حکومەت و دەوڵەتە ١٥ ساڵە ڕووخاوە. ئەمریکا ئێستا خۆشی ئیدعا و کبریائی ساڵی 1995 ی نەماوە و چەندین هێز لە بەرانبەریدا سەریان بەرزکردۆتەوە. لە چینی ئابوری گەورەوە بگرە تا دەگاتە ڕوسیای ئەتۆمی و ساروخی و ئەلمانیای تەکنۆلۆجی و ڕابەری ئەوروپا، لایەنی کەم ئەم سێ هێزە بەرجەستە ودیارن، لەو لای دیکەشەوە لە بەرانبەر هەموو دەستەکەوتە جیهانیەکانی ئەمریکا و رۆژئاوادا بەرانبەری تازە پێکهاتوون لە بریکسەوە تاکو سندوقی گەشەپێدانی ئابورییەکەی، کەچین ڕابەری دەکات و لە بەرانبەر بانکی جیهانی ڕؤژئاوادایە.. لە سوریا و عیراق و یەمەن و لیبیا و میسر و جەزائیر و فەنزویل او ئۆکرانیا و کۆریا …. ڕوسیا ئامادەییەکی گەورەی هەیە لە بەرانبەر ئەمریکادا. ئەوکات ئێرانی ساروخی و ئەتۆمیمان نەبوو. ئەوکات ئێرانمان نەبوو کە وەک ئەختەبوت پەلی هاویشتبێتە نێو هەموو ووڵاتانی ناوچەکەوە. ئاڵوگۆرەکان هێجگار فراوانن و بەوەندە واز دەهێنین.

بەلام ئەم ئاڵوگۆڕانە کە گەورەترن لە ئاڵوگۆرەکانی دوای ساڵی ١٩٩٠، پەیوەندیان چیە بە باسەکەمانەوە؟ بە جیا لە باسی سەرەوە لە پەیوەند بە بزووتنەوەی خۆمان و بوونی ئامادەیی یەکی سیاسی بەرچاو سەرەڕای ئەوەی کە ‌هێزێکی سیاسی نەبووین” وەک ‌هێزی سێهەم یان وەک ‌هێزێکی فشاری دیار و بەرچاو. بەجیا لەم باسە. ئەوکات ئەمریکا بکوژو ببڕی دونیا خۆی بوو، بۆ هەنگاو و پیادەکردنی سیاسەتەکانی لەو کاتانەدا پێویست نەبوو دڵی ووڵاتانی دیکە ڕازی بکات. دەوڵەتی کوردی بارزانی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی ناتوانێت دەرچێت. بۆیە ئەوکات ئاسانتر ئەم کارە دەچووە سەر، واتە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی. ئەوکات تورکیا بەتەواوی لە ژێر ڕکێفی ئەمریکی دا بوو وە یەدەپەی سوریا نەبوو. ئەوکات ئێران تازە لە جەنگی عێراق هاتبووە دەرەوە و توانای ئابوری و سەربازی و ساروخی و پێگەی لە ئاستی ناوچەکەدا هێجگار لاوازبوو، حزباللە ‌هیج نەبوو لە چاو ئێستادا و حەشدی شەعبی و حۆسیەکان نەبوون و… ئەگەر چی مەنسور باسی ئەم پۆینتەی بەم شێوەیە نەکردووە لە باسەکەیدا، بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لە باسەکەیدا ڕۆشنە. بەڵام ئەم باسە ڕێگری و کۆسپەکانی بورژوازی لە بەردەم دەوڵەتدا ڕۆشن دەکاتەوە، ئایا پەیوەندی هەیە بە باسی ئێمەوە؟!. پەیوەندییەکەی ئەوەیە کە سنوری گرفت و کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.

لە ڕووی بابەتیەوە و لەچوارچێوەی بوار و کەلێنی نێوان وولاتانی زلهێزو کێشەکانیاندا، ئەمڕۆ ڕێگرییەکان لە بەردەم پێکهینانی دەوڵەت لە کوردوستان هێجگار گەورەتر و فراوانترن لە چاو ساڵی 1995دا. بەتایبەت کە باس لە قۆناغی ئینتقالی دەکەین، قۆناغێک کە شەڕە لە سەر دووبارە دابەشکردنەوەی دونیا و ناوچەکە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم نێوەدا پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی کە لە لایەن بورژوای کوردەوە ڕابەری دەکرێت ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەمریکادا بوو، وە هەیە. لە بەرنامەی ئەمریکادا بوو کە لە پاڵ دەوڵەتێکی داعشی سوننی دا، دەوڵەتێکی کوردی بوونی هەبێت. دەوڵەتێکی سوننی کە سنوری عێراق ببەزێنێت و تێکەڵ بە سوریای بکات. ئەمە ناوەرۆکی پڕۆژەی داعش بوو. ئەمریکا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەسەر ئەم سیاسەتەی ماوە و هەوڵی بۆ دەدات، لە ڕوانگەی منەوە شکست خواردووە. وە دوای “ڕوخاندن و کاولکردنی موسڵ و رزگار بونی داعش” تیایدا، بڕیارە دووبارە نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەکە پێناسە بکرێتەوە.

ئەم سیاسەتەی بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی لەم چوارچێوەیەدا قابیلی تێگەیشتنە. وە لەم چوارچێوەیەدا بارزانی دەیەوێت دەوڵەتەکەی پێکبهێنێت، کە وەک پایەیەکی سیاسی و سەربازی و وزەی ئەمریکی لە ناوچەکەدا پێناسە بکرێت. بەتایبەت ئەمریکا جگە لە ئیسڕائیل هاوپەیمانێک و بنکەی بەهێزی لە ناوچەکەدا نەماوە. بەمانایەکی دیکە لەم هەلومەرجەدا سیاسەتی پێکهێنانی دەوڵەت بڕیارە لە چوارچێوەی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکەدا بەڕابەری ئەمریکا پێک بێت. بەڵام لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، جەمسەرەکانی دیکەو هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی دیکە سەریان بەرزکردۆتەوە و لە بەرانبەریدا وەستاون. هەموو جەمسەرەکان بورژوای کۆنەپەرستن و شەڕیانە لەسەر بەشی خۆیان. کۆمۆنیزم ناتوانێت لایەنگری جەمسەرێک بکات یان سیاسەتی یەکێک لەم جەمسەرانە پیادە بکات یان ببێت بەهۆی بەهێز بوونی لایەنێکیان.

پەیوەندی نێوان هێزەکانی ناسیونالیزم و”نەتەوە” یان خەڵکی کوردوستان

دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، بە کورتی یەکێتی و پارتی لەماوەی 27 ساڵی دەسەڵاتدارێتیاندا، چ دەسەڵاتی یەکگرتویان وە چ دەسەلاتی زۆنەکانیان، دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسک دژ بە ویست و خواست و هیوا و ئامانجەکانی خەڵکی کوردوستان بووە. پاش 27 ساڵ کارەبا نیە، پاش ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردی و هاتنی چەندین کۆمپانیای وزەی جیهانی بۆ وەبەرهێنان، موچەیان بڕی. دابینکردنی کار لەلایەن حکومەتەوە هەر نەماوە و بازاڕ ئازادە. سەرکوتی لە ڕادەبەدەری ناڕازیان لە زۆنی زەرد بە تایبەت. شەری ناوخۆ و کوشتن و برینداربونی هەزارەها و وونبونی سەدانی دیکە. دزینی ئاشکرای سەرەوەت و سامانی کۆمەڵگا بەلۆری و بە تڕێلە و بە فڕۆکە. هەژاربوونی زۆربەی زۆری خەڵک و هەڵئاوسانی سەرمایەدارانێکی ملیاردێر. فراوان بوونەوەی هەژاری و بێکاری. قووڵبوونەوە و فراوانبوونەوەی دامێنی جیاوازی چینایەتی. هێنانی حوکومەتەکانی بەعس و تورکیا و ئیران بۆ نیو خۆی کوردوستان لە شەڕی ناوخۆدا. زەمینە خۆشکردن بۆ پەلامارەکانی داعش لە سالێ 2014دا.
لەبەرانبەردا خەڵک بێدەنگ نەبوون و ناڕازی بوون. لەماوەی 6 ساڵی ڕابووردوودا هەموو ناڕەزایەتیەکان ڕووی لە دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەت پارتی بووە. لەبەرانبەر موچەدا، بۆ کارەبا، بۆ دابینکردنی کار، بو ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین،… کەس ڕووی لە بەغدا نەبووە و کەس باوەڕی بە دەسەڵاتداران نەکردووە کە بەغدا هۆی بێ موچەیی بێت. تەنانەت 17ی شوبات کە بزووتنەوەیەکی بورژوای بوو لە باری ئاسۆ و ئامانج و پراتیک و رێخستن و ڕابەرییەوە، بەتەواوی رووی لە پارتی بوو ، دواتر یەکێتی. وە هەموو دروشم و خواستەکان دژ بە بارزانی و پارتی بوون وپاشان یەکێتی.

هەموو ئەمانە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد “یەکێتی و پارتی” لەگەڵ خەلكی کوردوستان، لەگەڵ کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەتەکەیدا، توشی گرفت و بێ باوەڕی کردووە. ئەمڕۆ بە شکستی پڕۆژەی گۆڕان کەش و هەواو گاپێکی گەورەی بێ بەدیلی هەیە. ئەم پۆینتە گرینگە بۆ کۆمۆنیزم، بۆ ڕێکخراوبوون، بۆ هێنانە پێشی نەوەیەکی نوێی کۆمۆنیستی کە ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر سەرمایە و سەرمایەداری دا گەشە بکات و ڕووی لەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بێت، لە سەرەتاوە، خۆی لە نەتەوە و نەتەوەسازی و هەستی نەتەوەی داماڵیبێت.
بونی ئەم پۆینتە وای کردووە کە مەسەلەی ڕیفراندۆم لە نێو خەڵکدا گەرم نەبێت، کەمتر باس بکرێت. لە شارێکی وەک کەرکوک، خەڵک دەڵین بەس نیە ئێمە کارەبا و موچەمان هەیە. ئەمە مەسەلەیەکی هێجگار گرینگە بۆ کۆمۆنیزم. وە بۆ ئەوانەی کە خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە نان و بێکاری و موچەی خەڵک بە گرینگ تر دەزانن. ئەوە کۆمۆنیزمی قەومیە، پەیوەندی نیە نە بە مارکسەوە نە لینین وە نە مەنسور. پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد، هێجگار لاوازبووە، هێجگار شەق و شڕە و بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ساڵی 1995دا کە شەڕی ناوخۆش بوو.
ناڕەزایەتی توند و ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی قوڵپ دەدات. بەڵام “نەتەوە” و “هەستی کوردبوون” هێجگار بەهێزە. لەسە ئەم بناغەیە و سوودبینین لەم واقعیەتی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان کە لەسەرەوە باسکران، پارتی دەیەوێت بە مەسەلەی سەربەخۆیی، مێژوویەکی تازە بۆ خۆی و بۆ بارزانی دروست بکات. ناکرێت کۆمۆنیستەکان ئەم ئاراستەو سیاسەتە بەهێز بکەن. کارێکی کوشندەی سیاسی یە.

سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستانە!

لە ئێستاوە خەڵکی کەرکوک، لە جیاتی خۆشحال بن بەوەی بچنەوە سەر هەرێمی کوردوستان، کە لایەنی کەم ئەمنیەتی باشترو ئاوەدانترە، بەڵام ترسیان لێنیشتوە کە موچەکەیان ببڕێت، و کارەبایان خراپتر بێت، ئەمە مۆتەکەیەکە دەترسن لێی. واقعیەتێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نان و هەژاری و سفرەی خەڵکەوە هەیە. خەڵکی کەرکوک ئەگەر دەنگدان بێت لەو ناوچانەدا، بەپێی لۆجیکی بیرکردنەوەی ئێستایان دەنگ نادەن بە جیابوونەوە. بەڵام هەر خەڵكی نێو شاری کەرکوک نیە، چەندین شارۆچکەی دیکە دەگرێتەوە. باسی ڕیفراندۆم لە هیچ ناوچەیەکی کوردوستان تائێستا گەرم نیە. لە ناوچەی سلێمانی و دەورووبەری خەڵک باوەڕیان پێناکات، لە کاتێکدا کە دوومانگ و چەند ڕۆژیکی ماوە بۆ دەنگدان. نەک هەر ئەوەندە لە سلێمانی ریفراندۆم بووە بە جێگای گاڵتە پێکردن و نوکتە بازی پێی دەلێن” ڕیفە”. نوسەری تەنزلێدەرو کاریکاتیرستی ناسراو. دکتۆر شیرکۆ عەبدوللە دەنوسێ “پرسیار: كەمپین كردن بۆ ڕاپرسییەكە حەڵاڵە یان حەرام؟ . وەڵام: ئەگەر بۆ گەوجاندنی جەماوەربێ‌ جیهادی عەینییە، بەڵام ئەگەر هەقیقەتی مەبەست بێ‌ ئەوا لە (زیناكردن) بەم مانگی رەمەزانە حەرامترە.(ڕاپرسی و میدیا/ پێگەی میدیای یەکێتی نیشتمانی کوردوستان.)
بێ باوەڕی بە پارتی لەئاستی هەرە فراوانیدایە و ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆیان. خەڵکی کوردوستان، بەتایبەت شارو گوندە سەرسنورییەکان، لە حاجی هۆمەرانەوە بگرە تا قەلادزەو ڕانیەوە پێنجوین و خانەقین… ترسێکی گەورەیان لێنیشتووە لە بەرپاکردنی شەڕو هێرشی ئێران…
باسی ئەوەی کە ئەم سیاسەتە لەم هەلومەرجەدا دژ بە هیوای خەڵکی کوردوستانە، لە واقعیەتی نێو خۆی کوردوستان گەورەترە. بەڵام نەهامەتی و کێشەو گرفتەکان ڕووی لە خەڵکی کوردوستان و عێراقە.
مەسەلە سەرەکیەکان ئەوانەن:
یەکەم: کیشە نەتەوەیی و بەرژەوەندی یە جیاوازە نەتەوەییەکان نەک هەر دەمێنێت بەڵکو چەند بار زیاد دەکات بەتایبەت لەم هەلومەرجە ئینتقالیەدا. هەلومەرجێکی ناجێگیر و ئاڵوگۆر بەخش بەشێوەی خێرا و تاو ناتاو و کتوپڕ. لەمبارەوە نموونە هێجگار فراوانە لە هاتنی داعشەوە بگرە تا دەگاتە کیشەی نێوان قەتەر و ووڵاتانی کەندا و میسر. مەسەلەکە ئەوەیە کە بە گریمانی بەدیهاتنی سەربەخۆیی و پیادەکردنی ڕیفراندۆم زۆر بابەتی جێناکۆک لە شوێنی خۆی دەمێنیت. ناوچە کورد نشینەکان یان ئەوەی پێی دەڵێن جێناکۆکەکان. خۆ ئەگەر زۆر گەشبینیبن بە بارزانی و پارتی ئەگەر کەرکوکیش چارەسەر بکرێت وگریمان ناوشاری کەرکوک، دێتە سەر کوردوستان و موچە بڕاو دەبن. ئەوکات دیسان دەیان ناوچەی دیکە ماوەتەوە و جێگای کێشەیە. کەواتە هۆکارەکانی پڕوپاگەندە و ژەهراویکردنی بیر و ڕای خەڵک و هەڵخەلەتاندن و بەڵارێدا بردنیان لە شوێنی خۆی دەمێنێت. ئەوکات بە شێوەیەکی توندتر وە فرانتر لەڕێگای سەپۆرتی جەمسەرێکی زلهێزی جیهانیەوە، ئەمکارە زیاتر پەرەدەستێنێت. بەم مانایە خەڵکی کوردوستان، هەموو ڕۆژێک لەبەردەم دەمەزەرکردنەوەی کێشە نەتەوەییەکاندا دەبن، هەموو رۆژێک دەکرێنە قوربانی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی کوردو عەرەب.

بەم مانایە لەم هەلومەرجەدا هەروەک لینین باسی دەکات:” چینی کرێکار سەپۆرتی بورژوایی ناکات تەنها لە بەرژەوەندی ئاشتەوانی نەتەوەیی نەبێت”(لینین / مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان/ سەرچاوەی پێشوو/ لا١٦٣).لە هەموو باسەکەماندا، وە تەنانەت گوێگرتن لە هەواڵەکان ئەوەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە کە ئەم هەولەی بورژوایی کورد بە ڕابەری پارتی ، نەک ” ئاشتەوانی نەتەوەیی” بەدیناهێنێت بەڵکو، کێشەکان زۆر توندتر دەکاتەوەو “ئاشتەوانی نەتەوەیی” لە عێراق و ناوچەکەدا زۆر دەباتە دواوە.
دووەم: جیابونەوەی کوردوستان لەم هەلومەرجەدا، هەروەک باسکراوە، لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی دا مەیسەر دەبێت و بەگشتی ئەم ڕەوت و ڕێبازە سیاسی یە شاراوە نیە و ڕۆشنە و ناسیونالیزمی کورد شانازی پێوە دەکات. بەم مانایە خەڵکی کوردوستان هوشیار بن بۆ مەسەلەیەکی ئاوا یان نا، ئەوا چارەنوسی داهاتویان لە سایەی سیاسەتی ئەمریکی دا مۆر دەکرێت. دەکەونە بەرەیەکەوە کە ڕاستەوخۆ بۆتە هۆی پتەوکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. وەک ئیسڕائیل هەمیشە دەبێتە دەوڵەت و سنورێک کە لەخۆی و دەوڵەتەکەی بترسێت. هەروها سەربەخۆیی لەم هەلومەرجەدا دەکەوێتە بەردەم هێرشی جەمسەری بەرانبەر. مەگەر لە سایەی ڕیکەوتنی تازەی جیهانیدا بێت، لە نێوان زلهێزانی دونیادا. کە بە بڕوای ئامانجی ئاوەها بۆ بورژوای هێجگار دوورە، ڕێگای جێبەجێبونی هێجگار کەمە. هەروەها دەکەویتە بەردەم ناڕازی بونی خەڵکی ناوچەکەوە. بەکورتی بۆ ئەمریکا پاش فەشەلی پڕۆژەی داعش، مەسەلەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ “کوردەکان” مەسەلەیەکی گەورەو جدییە. ئایا لەم هەوڵەدا کۆمۆنیستەکان بەشدار دەبن؟!. ئەمریکا ناچارە ئەمکارە بکات، باسی سەرکەوتنی ئەمکارە مەسەلەیەکی دیکەیە و لە ڕوانگەی منەوە فاشلە. ئەمریکا ناچارە، بۆ ئابلوقەدانی ڕوسیاو ئێران، ڕیگای زۆر بە دەستەوە نەماوە. بەتایبەت کە ئێستا سوریا وەک پێگەیەکی گەورەو گرینگی گاز لە دونیادا باس دەکرێت و پاشان ناردنی نەوت و گاز بۆ دونیاو بەتایبەت بۆ ئەوروپا، مەسەلەیەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا دەیەوێت ڕێڕەوی وزە لە سایەی کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.
سێهەم: بەئاشکرا بارزانی ڕایگەیاندوە، ” کە ئامادەین لە برسا بمرین” لەوەش زیاتر لە ووتەکەی دا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسل دەلێت ” جەنگی خوێناوی بە دور نازانم”… تۆ بلێی خەڵکی کوردوستان لە برسا مردنی پێ باشتر بێت وەک لەوەی کە لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە. پاشان ئەگەر بۆ ئەم کارە و بۆ دوای ڕیفراندۆم خەڵک دەرگیر بێت لەگەڵ جەنگی خوێناوی دا کە نزیک 40 ساڵە خەڵکی کوردوستان لە جەنگی جۆراوجۆردا دەژین، ئیتر خەڵک جیابونەوە و ڕیفراندۆمی بۆچیە؟! ئایا بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستان لە برسا مردن و لە جەنگی خوێناویدایە دوای ڕیفراندۆم.؟! ئەم ڕاگەیاندنانە پێویستە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە، وەڵامێکی مارکسیستی وەرگرێتەوە. بێدەنگ بوونی کۆمۆنیزم لەبەرانبەر ئەم بابەتانەدا لە کوردوستان دەیکات بە پاشکۆی نەک تەنها ناسیۆنالیزم بەڵکو بە دیاریکراوی پاشکۆی بارزانی و پارتی.
چوارهەم: لایەنگرانی ڕیفراندۆم دەلێن “جیابونەوەی کوردوستان دەبێتە هۆی شەفاف بوون و ئاوەڵابونی زیاتری خەباتی چینایەتی”!!. لەمبارەوە یەک ووشە ناڵێن جگە لە تێزە هەرە کۆنەکان لەسەر دەوڵەت و دەوڵەتداری. هەر ڕاگەیاندنەکانی بارزانی بەسە بۆ ئەوەی کەسێک یان هێزێک بڵێ ئەو تێزە کۆنە و باوی نەماوە. ئەگەر ئێمە لە برسا بمرین و بکەوینە جەنگەوە، وە ئەگەر کێشەی نەتەوەیی لە شوێنی خۆی بمێنێت “وەک لەسەرەوە” باسمان کرد، خەباتی چینایەتی لەم هەلومەرجەدا بە دیاریکراوی لێڵتر و تاریک تر دەکات. وە هەستی نەتەوەیی و تەنانەت جێگا و ڕێگای ناسیونالێزم و پارتی زیاتر دەباتە سەرەوە بەتایبەت کە، کۆمۆنیزم وهێزی چینایەتی کرێکار لەم هەلومەرجەدا لاوازە.

بە جیا لەوانە هەروەک لەسەرەوە باسمان کردوە، دەوڵەتێک کە ئەمڕۆ پێک دێت، چ پەیوەندی بەوەوە ماوە، کە خەباتی چینایەتی ڕۆشن بکاتەوە یان نا، مەگەر بازاری ناوخۆ ماوە، مەگەر کریکاری لۆکەڵی ماوە. بۆیە ئەم جۆرە لێکدانەوانە هێجگار کۆنەو پەیوەندی بە سەرمایەداری ئەمرۆوە نەماوە. دەوڵەتێک کە لەسەر بناغەی هەلومەرجێکی پێشکەتوی خەباتی چینایەتی نەهاتبێتە کایەوە “باسی هەلومەرجی شۆرشگێرانە ناکەم” … دەوڵەتێک کە هەموو رۆژێک ئەتکی سنورەکەی بکرێت لەلایەن ڕێکخراوە جیهانیەکانی وەک بانک و سندوقی پولی نێونەتەوەیی، دەوڵەتێک کە ئێستا پێک نەهاتووە 17 بنکەی ئەمریکای تێدا بێت، دەوڵەتێک کە چەندین کێشە و بابەتی چارەسەر نەکراوی ماوە وە دەمێنێت لەگەل ووڵاتی عێراقدا… بەکام پێوانە خەباتی چینایەتی ئاوەڵاو روشن و شەفاف تر دەکاتەوە؟! مەگەر ئەم دەوڵەتە و بارزانی بێئاگان و گێژن. باسی پێکهێنانی دەوڵەت لە هەلومەرجی ئەمرۆی دونیادا هیچ پەیوەندییەکی بەم مەسەلەیەوە نیە. لە کۆسۆڤۆ مەگەر خەباتی چینایەتی گەشەی کردوە یان داعش؟!لە جنوبی سودان خەباتی چینایەتی گەشەی کردوە یان ڕق و کینە دۆزی زیاتر؟! دونیای ئەمڕۆ بە جۆرێکی دیکە دەچەرخێت.
پێنجەم: سەربەخۆیی و جیابونەوە لەم هەلومەرجە ئینتقالیەدا بە زەرەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیدا. بە سادەیی لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی بەهێزبوون و پتەوبوونەوەی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا کە پێگەی ئەم زلهێزە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاواز بوون دەڕوات. ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. لایەنێکی دیکە ئەوەیە، کە ڕابەری ئەم سیاسەتە ناسیونالیزمە و پارتی دیموکراتە، بە جیا لەوەی وەک هەر هێزێک مافی پێشنیازی ڕیفراندۆمی هەیە، بەڵام ناسیونالیزم بوونی ئەم هێزە و سیاسەتەکانی دەیان ساڵی ڕابووردوی، ڕیگا نادات بە هاو سۆزی و هاوپشتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازان لە ناوچەکە و ئاستی جیهاندا. بۆ خەڵکی دونیا ڕۆشن بۆتەوە کە ئەم هێزە دژ بە ویست و خواستی کرێکارو خەڵکی کوردوستانە و سیاسەتەکانی بە توندی بە جەمسەری ئیسڕائیل –ئەمریکاوە بەستراوە لە ناوچەکەدا. بە جیا لەوەی دەوڵەتێک کە لەم پڕۆسەیەدا دێتە دەرەوە دەوڵەتی پارتی و مەملەکەتی بارزانیە.

خاڵیکی تر لەم بەشەدا پیویستە ئاماژەی پێبکەین، ئەوەیە: کە بۆچونێک لە نێو بزووتنەوەی ئێمەدا نەک ماوە، بەڵکو پێدەچیت بەهێز بێت، ئەویش ئەوەیە لەم ڕێگایەوە، لێرەدا و لەم باسەدا لە ڕیگای ئەم ڕیفراندۆمەوە حزب وە کۆمۆنیزم بە هێز دەبێت. ئەوە خەیالێکی ورودە بورژوایی بێ تەجروبەیە. بۆچونێکە کە دیاردە و بابەتە کۆمەڵایەتیە گەورەکان لە چوارچێوەی لێکدانەوەی چینایەتی دەردەکێشێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕیفراندۆم لەسەرو چینەکانەوەیە، پارتی بیکات، حسک یان ئیسلامیەکان یان کۆمۆنیزم یا حزب اللە بیکات بۆ ئەم ڕوانگەیە جیاوازی نیە. چونکە بەشداری دەکات و دەیەوێت لەم ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر دابنێت. چونکە ڕیفراندۆمە و پەیوەندی بە چینەکانەوە نیە و بە قودرەتی قادر ئەم دیاردە و میکانیزمە لە سەرمایەداری ئەمڕۆدا ماوە کە پەیوەندی بە چینەکان و خەباتی چینایەتیەوە نیە!!. خۆ ئەگەر ڕەخنەگری بیت و بەرانبەری بوەستی ئەوە ئەنتی پارتیت و لە دونیا نەگەیشتویت. ئەم بۆچونە کە تا ئێستا برەوی هەیە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و هێزە سیاسیەکانیان ناناسێت و درک ناکات، کە هەر بزووتنەوە و جووڵانەوە و کردارێکی سیاسی، خاوەنی هەیە و ڕابەری هەیە و شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە، لە پشتیەوە بەرژەوەندی چینێک هەیە. ولە ڕیگای بزووتنەوەیەکی سیاسی و دواجار لە لایەن هێزێکەوە ڕابەری دەکرێت. بەتایبەت ئەگەر دوو سەدە لە حوکمی بورژوای و ئاڕاستەی ئەمڕۆی سەرمایە بۆ ئەم باسە زیاد بکەین ڕؤشن دەبێتەوە، کە بۆچونێکی لەم چەشنە کۆمۆنیزم دەکاتە پاشکۆی بزووتنەوە و هێزەکانی دیکە و لێرەدا ناسیونالیزمی کورد. ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە بێ ڕکابەر پارتی و بارزانیە، خالێ بەهێزی ئەم ڕیفراندۆمە بارزانی یە، بەبێ بارزانی هیچ کەس وە لەوانە کۆمۆنیستەکان ئەم باسەیان نەدەهێنایەوە پێش. لەسەرەتای هاتنە پێشەوەی ئەم باسەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردوستان لە بەیاننامەی “ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان! بە دروست دژ بە ڕیفراندۆمی پارتی دەوەستێتەوە، دوای ئەوە کەمتر لە دوو مانگ تەواوی هاوکێشەکان لای حزب دەگۆڕێت لە دژەوە دەبێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە. حزب دەبێت بە خەڵک بڵێت لەکام هەلوێستیاندا ڕاستە و لەکامیاندا هەڵەیە.

هەوڵدان بۆ بەهیزکردنی کۆمۆنیزم لەڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە کە پارتی دەیکات لەم هەلومەرجەدا وەک بەشداریکردن وایە لە بزووتنەوەی “هخا” و “سەوز” لە ئێران یان “سەدر” لە عێراق. وە ئەوەی کە ئامانج ئەوە بێت کە دواتر فشار دەخەیتە سەر ئەم هێزانە و بەقازانجی خەڵک تەواوی دەکەیت، خۆشباوەڕی یە. بەڵام خۆشباوەری لێرەدا سیاسەتە، وە سیاسەت لێرەدا ناسیونالیستی یە.
سیاسەتی حزبمان لە کوردوستان ناسیونالیستی یە
سەرەڕای ئەوەی کە بەدرێژایی ئەم باسە ڕۆشن بۆتەوە بەڵام لێرەدا، جێگای خۆیەتی وەک چەند بڕگەی جیاجیا بەیانی بکەینەوە:

یەکەم: دواکەوتن و پاشکۆبوونی پڕۆژەیەکی سیاسی هێزێکی بورژوای کوردە کە ڕاستەوخۆ نەک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەم هێزە لۆکەلیە بەتەنها بەڵکو لەوە نابەجێ تر، دەبێتە لایەنگری جەمسەری ئەمریکی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە.
دووەم: زەربەیەکی گەورە دەدات لە بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار لە هەر سێ ئاستی جیهانی و لۆکەلی و ناوچەییدا.
سێهەم: پێدانی پەڕەیەکی سپی واژۆ کراوە لە لایەن هێزێکی کۆمۆنیستی یەوە بە هێزێکی بورژوایی بۆ جێبەجێکردنی کاری جیابونەوەی کوردوستان. ئەمکارە لە سەردەمی لینین و مارکسیشدا کە دونیایەکی تەواو جیاواز بوو، وە بورژوازی لە زۆر شوێنی دونیا هێشتا نەفەسی شۆرشگێرێتی تێدا بوو، کۆمۆنیستەکان سیاسەتی لەم چەشنەیان پیادە نەکردووە. کاتێک کە لێکدانەوەی کۆنکرێت لە هەلومەرجی دیاریکراودا لە دەست دەدرێت، کە وەک پرەنسیپ و مێتۆدێک بۆ لێکدانەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە بناغە بووە، ئەوکات دەرگیر دەبین لەگەڵ پەڕەی سپی واژۆکراوی کۆمۆنیستی بۆ بورژوازی. حزبی ئێمە ئیمزای کردووە بۆ کاک مەسعود کە فەرموو ڕیفراندوم بکە. بەڵام هیچ کاتێکی دیاری نەکردووە کەی دەوڵەت ڕاگەیەنێت، وە تەنانەت ئەمەی نەکردۆتە مەرجێک بۆ بەشداری لە ڕیفراندۆمدا. وەک ئەوەی باوەڕێکی گەورەی بە پارتی بێت. هیچ هێزێکی کۆمۆنیستی کاری وای نەکردووە. رۆشنە بارزانی لەمبارەوە چی دەڵێت و بەیان نووسین سودێکی نیە لەم مەسەلەیەدا.

خەتەری ئەم پۆینتە لەوەدایە کە حزبی ئێمە ئاڵوگۆڕەکانی نەبینیوە، وە کاریگەری ئەم ئالوگۆڕانە لەسەر جیابوونەوە یان پێکەوە ژیان لەگەڵ عێراقدا نابینێت. سوێندی خواردووە هەر جیادەبێتەوە، بۆیە پەڕەی سپی واژۆ کردووە. ئەم لێکدانەوەیە زۆر دورە لە لێکدانەوەی کۆمۆنیستی یەوە. ئەم پۆینتە ڕاستەوخۆ حزب دەکاتە پاشکۆی پارتی لە ڕوانگەی گشتی خەڵكەوە. سەیر لەوەدایە کە5 دانە پرنسیب لە بەیانی حزبدا هاتووە، بەڵام هەر لە بەیانەکەدا ڕؤشنە کە بە زیادە نوسراوە و خودی حزب هیچ ڕێزێک بۆ پرەنسیپەکانی خۆی دانانێت. ئەگەر نا پێویست بوو هەر لەو بەیانەدا بوترایە ئەگەر ئەم پرەنسیپانە جێبەجێنەکرێن ئێمە بەشداری پڕۆژەی وا ناکەین. کە لایەنی کەم سودی دەبوو بۆ کاتێک کە حزب هەڵوێستی خۆی بگۆڕیایە. بەڵام پێدەچێت “سەربەخۆخوازێکی” شێلگیر بین!!!

ڕێگا چارەیەک
ئایا ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان وەک چەند حزب ولایەنێکی کۆمۆنیستی، ڕێگایەک هەیە کە لەم ئاڕاستەیە ڕزگارمان بکات. پێم وایە پێویستە کارێکی وا ئەنجام بدەین و ڕێگای گونجاومان لە بەردەمدایە. خاڵی یەکەمی ڕەخنەیەکی دروستکەری مارکسستی یە، لەو سیاسەتەی گیراوەتە بەر، وە خالی دووەمی: ڕاگەیاندنەکانی بارزانی هەریەکەیان بگرە بەسە بۆ ئەوەی نەک کۆمۆنیستەکان بەڵکو هێزێکی “خەمخۆری” خەڵک لەو پرۆژە سیاسی یە بێتە دەرەوە و ئاڕاستەی خۆی بگۆرێت. ئایا دەرگیرکردنی خەڵكی کوردوستان لەگەل جەنگی خوێناوی دا یان “ئامادەین لە برسا بمرین” بەس نیە بۆ ئەوەی ئاڕاستەیەکی شۆرشگێرانە و ڕەخنەیەکی پراتیکی گونجاو بنێین. خۆ ئەگەر ئەمانە بەس نین و ناتوانین ڕەخنەیەکی شۆڕشگێرانە لە خۆمان بگرین، دیسان ڕێگایەک هەیە ئەویش چاوەڕی بوونە بۆ ڕاگەیاندنێکی دیکەی بارزانی یان پارتی. کە ئەمەی دواییان ئەزعەفولئیمانە و درەنگە، بەڵام حەتمەن هەنگاوێکی بەسود و باشتر دەبێت، لەو سیاسەتەی ئێستا.

سیاسەتی کۆمۆنیستی
لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، لەهەلومەرجی ئینتقالی ئەمڕۆی دونیادا، وە لە کوردوستانی عێراقدا، تاکە ڕێگایەک کە کۆمۆنیستی بێت و ببێتە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکارو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەمدەرامەت و زەحمەتكیش، ژنان و لاوان مسۆگەر و دابین بکات، تەنها لە ڕێگای هێزێکی کۆمۆنیستیەوە مەیسەر دەبێت. ڕیفراندۆمێک وە هەوڵدان بۆ بەرپاکردنی ڕیفراندۆمیک کە ئەنجامەکەی بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە لە ڕیگای ڕابەریکردنی هێزێکی کۆمۆنیستیەوە مەیسەر دەبێت…. ئەگەر نا هەر هەوڵ و تێکۆشانێکی هێزەکانی بورژوای کورد لەم قۆناغەدا، ڕاستەوخۆ بەزەرەری خەڵک و کرێکار و توندبوونەوەی کێشە و شەری نێوان نەتەوەکان کۆتایی دێت.
لەبەرانبەر ئەم سیاسەتە و ئەم ڕیفراندۆمەی پارتی لەم هەلومەرجەدا ئەگەر پیادەبکرێت. کە بە گریمانەی زۆر دوادەکەوێت. پێویستە لە ئێستاوە ئەم سیاسەتە و ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکرێت وەکو بەیانەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردوستان لە ئەپریلی ئەمساڵدا و لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە. وە پێ بەپێی ڕاگەیاندنی بارزانی و پارتی و حزبەکانی دیکە، وەلامی دروست بدرێنەوە. لە هەمانکاتدا بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە ” نا” یەکی گەورە بۆ ئەم جیابونەوەیەی پارتی و بارزانی. خەڵکی کوردوستان پێویستە خەباتی خۆی دژ بە نەدانی موچە و دژ بە برسێتی و بێکاری و دانەمەزاندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پێناو ئازادی ڕادەربڕین وڕۆژنامەگەریدا… هەرچی زیاتر بەهێزتر و ڕێکخراوتر بکات و بێتە مەیدان و وەڵامێكی شۆرشگێڕانە بە بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی بدەنەوە.
خەڵک و کرێکاران لە کوردوستان ئەگەر دەیانەوێت ڕیفراندۆم بکەن و دەوڵەتێک پێکبێت لە کوردوستان، دەتوانن بە خەباتی یەکگرتووی خۆیان ئەم خواستە بسەپێنن بەسەر نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، دەتوانن لە ڕێگای بەهێزکردنی هاوپشتی و هاوسۆزی چینایەتیەوە لەگەڵ کرێکارانی عەرەب زمان و نەتەوەکانی دیکە پەیوەندی و هاوپشتیەکی چینایەتی تۆکمە بە وجودبهێنن. دەوڵەتێک لەم ڕاستایەدا پێک بێت ناتوانێت خواست و داواکارییەکانی خەڵک چارەسەر نەکات و لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت، وە ناسیونالێزم و نەتەوەو هەستی نەتەوەی لاواز ئەکات.

١٧.٧.٢٠١٧

Saman.karim5@gmail.com




شۆڕشی سپی لە هونەری شێوەکاریی ئەمڕۆدا … فەرهاد پیرباڵ

ڤایرۆس بوونی من لەناو زانکۆ و لەناو ناوەندەکانی هونەری شێوەکاریی ئەم ٢٥ ساڵەی دووایی کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە من چووم باکووری سیستەمی شێوەکاریی مۆدێرنم گۆشاگۆش سەربڕی؛
“دەیانگوت: منی ڤایرۆس، بەهای سەیر و سەمەرە و “نرخی زۆر بەرز”م دادەنایە سەر هونەر و تابلۆکانم – بۆ نموونە”!
Yes, I am..

هاوزەمانی پیشانگەی دووەمم بەناونیشانی (تووڕەبوونی کێ..)، کە بە زەکەری خۆم، واتە بە تەکنیکی لەناو ڕەنگ وەردانی زەکەرم، سیستەمی قۆڕی ئەوانم سەربڕی، یەعنی چووم سیستەمێکی جیهانبینیی “نەخۆش” و “شێت” و یاخیگەرانەی شەخسیی خۆمم بەسەریاندا کردە ئەمری واقیع. ئەمەش لەشێوەی شێوازێکی ورووژێن، قوتابخانەیەکی تایبەت.. شۆڕشی خەت!
توانیشم –بێگومان بەزەبری خودی بەرهەم و جەنگە هونەرییەکانم- ئەو تاکگەرایی و پێوەرە شەخسییانەی خۆم بۆ داهێنان، فەرز بکەمە سەر زانکۆ و خاوەنی پیشانگا و ناوەندە شێوەکاری و گەلەرییە حکوومەتییەکانیش. ئەمەش بۆ من سەرکەوتنێک بوو بەسەر ئەکادیمیەتی ئەوان و ڕێچکە گێل و وێل و بەیەکترچووەکانیان، ئەوانەی کۆکن لەسەر ئەوەی کە من یان ڤایرۆسم یانیش شێت.
من لەسۆنگەی نووسەربوونم، لەچاو شێوەکاران کە زۆربەیان ڕەنگدیت و فیگەربین دەژین، من زۆرتر پیتبین، لەناو حەڕفان ژیو، زیاتر حەڕفدۆست و خەتڕاکێش و حەڕفناسم. هێڵ و ژمارە و (شەخابیت) و خەت لەلام نێزیکتر و خۆشەویستتر و گرنگترن (ئاخر من کلک و لچک و گوێی ژمارەکانیش هەر دەبەمەوە سەر نووسین و خەت: هەم ژمارەکان و ڕەمزەکانی ماتماتیک، هەم خەت و هێڵسازی – شێوەکاری، بە هونەر و زانستێکی وەسەنی دەسەلمێنم).

بەم شێوەیە، بێ ئەوەی نەخشەم بۆی دانابێت من هێڵناس دەرچووم. زانیم بزانم چۆن بتوانم هەوڵبدەم سوود لە گەنجینەکانی ناو ئەشکەوت و مێترۆ و ئاودەسخانەکان وەربگرم، زانستەکانی لە قوتابخانە و لە خەڵک و زانکۆکان وەرمگرتبوون، هیچ و پێنەزان حسێب بکەم و هێزێک پەیدا بکەم بەهۆیان تا بکارم پێوەرەکانی خۆم و لەسەرحەقبوونی خۆم –هەم لە ژیانمدا و هەم ئی هونەرەکەم، فەرز بکەمە سەر جیهانی بچووکی ئەم ئەنعام و نەدیتکۆکانەی کە لە خیتاب و هاوارە ڕوون و ئاشکرا ئاشکرا ئاشکراکانیشم هەر تێ نەدەگەیشتن.
پێش ئەم شۆڕشی خەتەی من، هونەرمەندی فەرەنسی (ئەندرێ ماسۆن) نا، بەڵکو ئیسماعیل خەییات یەکەم شێوەکاری کوردستان بوو وایکرد سەرنجی من بۆ بایەخی هێڵ ڕابکێشێت و گرنگیی خەتم تێ بگەیەنێت لە نیگارکێشانی مۆدێرندا. من خەتم بە شێواز و تەکنیک و جەوهەرێکی تایبەت بە خۆم هێنایەوە مەیدان بۆئەوەی بەها و ئێستاتیکای خوداوەندانەی خەت بە خودی خەت ببەخشمەوە، ئنجا بتوانێت دەوری خۆی لە ڕەنگ بستێنێتەوە! بۆیە دەستم پێکرد بچم هێڵ و سیستەمی هێڵ و خاسیەتەکانی خەت سەرببڕم..
بەڵێ، من، لەسەر ڕێگای نێوان عەنکاوە – هەولێر، بەبەر چاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی هەموو مامۆستایان و هونەرمەندانی شێوەکارەوە، لەناوجەرگەی کۆلێژی هونەر جوانەکاندا، بەمەبەست و بەشێوەیەکی نەخشەبۆکێشراو چووم هێڵم سەربڕی؛ هێڵم سەربڕی و بە خوێنی ئەو بوو ئەو هەموو تابلۆیانەم..

هێڵ، پێش من، هیچ کەس نەیدەتوانی بێ ئیحتیرامی بەرامبەر بکات، زۆر زۆر ڕێزی لێ دەگیرا؛ ئوسووڵی ڕاکێشانی خۆی هەبوو، چەند شێوەیەکی باوی خۆی هەبوو، هونەرمەندانی تەنانەت گەنجیش ڕاهاتبوون دەچوون لاسایی شێوە ئاسایی و باوەکانیان دەکردەوە، یانیش زۆربەیان تەنیا وەک دیاریکردنی سنووری فیگەرەکان و ئاوت لاینەکان بەکاریاندەبرد، یان بۆ دەربڕینگەرایی و توانای ئەکادیمی بۆ سکێچ و پۆرترێت دروستکردن، بەکورتی: لای هەموو هونەرمەندەکان و لە هەموو قۆناغەکانی پێش خۆم، دەمدیت هێڵ، نەیتوانیبوو یاخی ببێت و بەتاقی تەنیا بتوانێت شتێک بێت، یان وەک من کردم ئەویش –هێڵ- خۆی بکاتە شێوازێک؛ بگاتە ئاستی ئەوی هونەرێکی عەنتیکە دروست بکات.
چۆن ڕەنگ بەتەنیا دەڕۆستی ئەوە هات تەجرید و ئەبستراکت و فۆڤیزم دابهێنێت، لەخۆمم پرسی: بۆچی هێلیش بەتەنیا نەتوانێت شۆڕشێک بەرپا ؟!
من هێڵم لەناو شێوەکاریی سەردەمی خۆمدا ڕوواند و ڕشاند و ڕەنگاند و ڕەنگیناند و ڕاوەشاند و ڕژاند و ژیاندەوە و ڕشاندەوەش.

فەرهاد پیرباڵ




پرسی ریفراندۆم وگرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك … عەبدولموتەلیب رەفعەت سەرحەت

ماوه‌یه‌كه‌ باسی ریفراندۆم وئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر گه‌رم بووه‌و بووه‌ته‌ مانشێتی زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤارو كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ ناوخۆی كوردستان. وهه‌ندێ‌ جاریش كه‌ناڵه‌ ڕاكه‌یاندنه‌كانی عیراق به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕمان توانجه‌وه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن به‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی ناوماڵی كوردی كه‌ هه‌موو جیهان هه‌ستی پێكردووه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ بابه‌ته‌كه‌مان نییه‌, به‌ڵام هه‌وڵ ده‌درێت بابه‌تی ریفراندۆم قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێبدرێت وهه‌ر شكستێكی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌كرێته‌ بیانوویه‌ك وئه‌گه‌رێندرێته‌وه‌ بۆ پرسی ریفراندۆم كه‌ هه‌رێمی كوردستان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات. نموونه‌یه‌كیش له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بابه‌تی (گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووباری زێی بچووكه‌ له‌ لایه‌ن ئێران)ه‌وه‌. دیاره‌ من دژی ریفراندۆم نیم به‌ڵكۆ پێم وایه‌ كه‌ مافی حۆچاره‌نووسین مافێكی ڕه‌وای هه‌موو نه‌ته‌وه‌یك وكه‌مینه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ جیهاندا. به‌ڵام به‌ستنه‌وه‌ی بابه‌تی گرتنه‌وه‌ی ئاو به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ جگه‌ له‌ گه‌وره‌كردنی پرسی ریفراندۆم, خۆدزینه‌وه‌یشه‌ له‌ واقیع وهه‌وڵدانه‌ بۆ چه‌واشه‌كردنی هاوڵاتیان. چونكه‌ گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌ لایه‌ن وڵاتانی داروسێه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی وڵاتی ئێران په‌یوه‌سته‌ به‌ سیاسه‌تی ئاوی ئه‌و وڵاته‌وه‌, هه‌روا په‌یوه‌سته‌ به‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری وكه‌رتی كشتوكاڵ ‌و به‌دیهێنانی ئاسایشی خۆراك له‌ وڵاتی ئێران كه‌ گرنگیه‌كی یه‌جگار زۆری پێدراوه‌.

دیاره‌ (42) ڕووبارو جۆگای نێوده‌وڵه‌تی بوونیان هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات و له‌ ئێرانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ته‌نها (22)یان ڕووباری سه‌ره‌كیین. ئێران چه‌ندین پرۆژه‌ی ئاودێری جۆراوجۆری له‌سه‌ریان دروست كردووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی دابه‌زینی ئاستی ئاو له‌نێو خاكی عیراق و زیانێكی یه‌جگار زۆری به‌ ئابوری ئه‌م وڵاته‌ی گه‌یاندووه‌. دوای ئه‌وه‌ ئێران هه‌وڵه‌كانی چڕتر كرده‌وه‌و هه‌نگاوه‌كانی خێراتر, توانی (35) ڕووباری (كه‌ هه‌موویان نێوده‌وڵه‌تیین) ببڕێت به‌ بیانوی بووژانه‌وه‌ی ئابوری وڵاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕی ئاوی هاتوو بۆ خاكی عیراق به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 60% كه‌ دواتر بووه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی ڕووبه‌رێكی زۆر له‌ زه‌وی كشتوكاڵی له‌نێو خاكی عیراق وبه‌ تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئێران له‌ حه‌ڤده‌ ساڵی ڕابردوودا چه‌ند پلانێكی كشتوكاڵی توكمه‌ی به‌رێكرد. وله‌ هه‌موو پلانه‌كانی گرنگیه‌گی تایبه‌ت درابووه‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو وبه‌ تایبه‌تی رووباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وهاوبه‌شه‌كانی له‌ گه‌ڵ عیراقدا. وتا ڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووبوو له‌ پلانه‌كانی به‌ هۆی لاوازی وپه‌رته‌وازه‌یی عیراقه‌وه‌. یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی ئێران، كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئاوی به‌كارهاتوو له‌ كشتوكاڵدا له‌ 92% به‌ 87% وه‌ك هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی سیستمی نوێی ئاودێرییه‌وه‌ كه‌ بڕی ئاوی ونبوو كه‌م ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌وڵی زیادكردنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌ ئاوییه‌كان ده‌دات به‌ بڕی (1,76) ملیۆن هیكتار له‌ چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێران ده‌ستی بردووه‌ بۆ رووباره‌ نێوده‌وڵتی وهاوبه‌شه‌كانی له‌ گه‌ڵ عیراق. ویه‌كێك له‌و ڕووبارانه‌ رووباری زێی بچووكه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی دیاری كراوی هه‌یه‌ بۆ هه‌ردوو وڵات. بۆ عیراق به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی سه‌ره‌كییه‌ بۆ زۆربه‌ی ناوچه‌ سنووریه‌كانی ئه‌و ئاوه‌زێڵه‌ وشاده‌ماری سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌نداوی دوكان كه‌ ئاو بۆ پاریزگای كه‌ركوك وهه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌راستی عیراق دابین ده‌كات, ئه‌مه‌و جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با. وڵاتی ئێرانیش دوو ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌م ڕووباره‌ كه‌ یه‌كه‌میان به‌كارهێنانیه‌تی بۆ ئاودێری وگۆرینی ڕه‌گه‌زی زه‌وییه‌ ده‌یمه‌كانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت بۆ زه‌وی كشتوكاڵی به‌راو. ودووهه‌میان گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ئاوی ئه‌م رووباره‌یه‌ بۆ ده‌ریاچه‌ی (ئورومیه‌) له‌ رێگه‌ی تونێڵێكی ئاوی گه‌وره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی بووژانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ تووشی گرفت بووه‌و ئاستی ئاو تیێدا به‌ رێژه‌یه‌كی یه‌جگار زۆر دابه‌زیووه‌و گرفتی ژینگه‌یی گه‌وره‌ی درووستكردووه‌ وكاریگه‌ری دیاری بووه‌ له‌ سه‌ر گه‌شتوگوزار له‌ ئێران. بۆیه‌ ئێران ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌و رووباره‌یه‌و وپه‌رته‌وازه‌یی نێوخۆی عیراق وشه‌ڕی داعش هه‌لێكی باش بوو بۆ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێوری پرۆژه‌ ئاوییه‌كانی ئه‌نجام بدات.

له‌مه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووباری زێی بچووك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكۆ پرۆژه‌ ئاوییه‌كانی وڵاتی ئێران هه‌ندێكی زۆری ته‌واو بووه‌و هه‌ندێكیشی له‌ ته‌واوبووندایه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو كه‌سێك ئه‌زانێت كه‌ ئێران چ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا وسیاسه‌ته‌كانی ئێران زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ به‌ گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووبارێك فشار درووستبكاته‌ سه‌ر هه‌رێمێكی بچووك وپه‌رته‌وازه‌و خۆخۆر. ئێران ئاگای له‌ هه‌موو قوشبنێكی عیراق وئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت كه‌ وه‌كو باسده‌كرێت كاریگه‌ری له‌ سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش هه‌یه‌, جا چ پێویست ئه‌كات ئاوی رووبارێك بگرێته‌وه‌؟!. به‌ڵگه‌یه‌كی تریش له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ نییه‌, ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تری له‌ سه‌ر رووباره‌كانی سیروان وقۆره‌توو وئه‌ڵوه‌ند ته‌واو بووه‌و ده‌ستی كردووه‌ به‌ گرتنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌و رووبارانه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ جددی وه‌ربگیرێت وهه‌وڵ بدرێت به‌ زووترین كات ده‌رگای گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ ئێران بكرێته‌وه‌ له‌ رێی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌. وفشاری نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر ئێران درووستبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ند بێت به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌ت به‌ رووبار وسه‌رچاوه‌كانی ئاو, یا به‌لانی كه‌مه‌وه‌ پابه‌ند بكرێت به‌ ئیمزا كردنی په‌یماننامه‌ی نوێ وماڤی عیراق وهه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاودا نه‌فه‌وتێت.




شیعرەكانم ناخوێنیتەوە …. ستار ئەحمەد

وشەكانم …
دەبنە نامەو
نامەكانم بەر ئاوێنەی ژوورەكەت و
چاویلكەی نیگات دەكەون .
هەڵیان ناگری …
لەژێر پێتدا پان دەبنەوە .
ئێستا خوێناوی نامەو
شیعری منە …..
ژوورەكەتی ئاڵ كردووە.
هەموو شتێك رەنگی چاوو
رۆحی شرینتی گردووە .
تەماشاكە ..
دیواری حەوشەی ماڵتان و
دارەكانتان ..
چۆن گوڵی هۆنراوەی شەنگیان
دەركردووە .
بۆ لەبەرامەی ئەوین و
بۆنی شیعرو
رۆحی شاعیر حاڵی نابی ..؟!
ئەی نابینی …؟!
پەرچەم و بسكۆڵەی كاڵت …
ئاوازی عەشق و
ئەمەكی من ..
لەگەڵ بادا دەڵێنەوە .
هەتاكوو كەی پەیڤەكانم …؟
لەدووری تۆ …
لەنێو رەنگا بتوێنەوە .
سەرینەكەت …
یەك پارچە گوڵی هەڵبەستە،
سنگی نیانت …
دوو كاڵەبەی ..
ژانە شیعری بەرزبووەتەوە .
بۆ هەست ناكەی .. ؟!
جوانی و پاكیی ..
لەعەشقی تۆدا دەبینمەوە ..
لێگەڕێ.. دەروازەكان بكرێنەوە .
سنوورەكان تێكبشكێن و
عاشقەكان ئاشت ببنەوە .
خۆت مەدەرە ..
دەست رارایی و گومانەوە .
رەوا نییە..
من بكوژی بەژانەوە .
شەوان و
تەمەنی جوانیت ..
لەژوورێكی سێبەڕۆیا بەسەر ببەی
بەئازارو گریانەوە .




دادگایەک بۆ مردووەکان و پاشماوەی زیندووەکان … سۆران ئازاد

ژیان پێویستە سەکۆی دادگایکردنی مردووەکان بێت، ئەگەرنا پاشماوەکانیان دەبن بە زەقترین بەربەست بۆ گەشەکردن. ئەوانەی دەست بە پیرۆزکردنی مردووەکانیانەوە دەگرن، ئەوانەن، کە بەڕووی ئاسۆی گەشەکردندا نەکراونەتەوە. مردووەکان ڕۆیشتوون، مادام لێرە نین، پێویست ناکات وەهمی لێرەبوونیان ژیان پڕ بکەن لە پۆخڵەواتی ڕابردوویان.
دەستگرتن بە مردوو مانایەکی زۆر ئاشکرای هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە دەمانەوێت گەشەی مێژوو لە خاڵێکدا چەق پێ ببەستین، چونکە کەمن ئەوانەی توانای دروستکردنی بەردەوامی مێژوویان هەیە. ئەوەی ناتوانێت بەردەوام هەڵکشێت بەسەر ژیاندا، ئەوەی ناتوانێت ڕووبەڕووی نیگەرانییەکانی ئێستا و ئایندەی ببێتەوە، ئەوەی لە تەنیابوون و پەراوێزخستن دەترسێت، ڕێی تێدەچێت پەنا بۆ تارمایی مردووەکان ببات تاکو مانایەکی وەهمی بە ژیانە بێ ماناکەی ببەخشن.

مردوو هەر کەسێک بووبێت، پێویستە تێبپەڕێندرێت. زۆر زۆر دەتوانین لە کاتی ناشتن یان سووتاندنیدا، ماڵئاواییەکی ڕێزدارانەی بۆ بکەین و هیوای ئاسوودەیی بۆ بخوازین کاتێک گەیشتووە بە دواین مەنزڵگەی خۆی. لەوە زیاتر، هەر جۆرە هەوڵێکی تر، هەر جۆرە دەستگرتنێک بە بەها، کار، خەون، پڕۆژە یان هەر شتێکی تری بێت، کۆیلەبوونێکی قبووڵکراوە چ لای خۆی و چ لەو کۆمەڵەی، کە هەمان ئاستی هۆشیاری و تێڕامانیان هەیە.

لە مێژووی ئاگایی گشتیماندا (collective consciousness)، شوێنی مردووەکان بەرزتر و بە بەهاتر بووە لە شوێنی زیندووەکان. بێگومان مردووەکان خۆیان نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی ئەوەمان بەسەردا بسەپێنن، لە کاتێکدا ئەوەی دەمرێت ناگەڕێتەوە، ناشتوانێت بگەڕێتەوە، لەوەیش بێ دەستەڵاترە بتوانێت بگەڕێتەوە، لانی کەم بۆ هەمان جەستە و هەمان ژیان. خۆ ئەگەر توانیبای بگەڕێتەوە، لە بنچینەدا دەیتوانی نەمرێت. بەڵکو، ئەوەی شوێنی ئەوانی پیرۆز کردووە خودی زیندووەکانن.
لەناو ئەوانیشدا ئەوانەن، کە نازانن چۆن و بە چ شێوەیەک بەردەوامی بە ژیانێک بدەن، ئەگەر پشتگیری وەهمیانەی مردووەکانیان نەبێت. لەم ڕووەوە، مردووەکان بە مردنیان خزمەتێکی گەورەیان بە تەمبەڵیی هۆشی و ویستی ئەو تاکانەیان کردووە. ئێمە دەزانین، کە تەنیا ئەو مردووانە پیرۆز دەکرێن، کە لە ژیاندا خاوەن دەستکەوتێک بوون بەرزتر لە ئاستی کۆمەڵ. ئەو دەستکەوتانەن دەبن بە پێوانەی پیرۆزکردنیان. بۆ ئەوەی زیندووە مردوو دۆستەکان ڕێنیشاندەرێکیان هەبێت تاکو ببن بە شتێک یان شتێک پیرۆز بکەن، پێویست دەکات وەفا و پابەندبوونێکی قووڵ بۆ کەسی مردووی خاوەن دەستکەوت پێشان بدەین.

لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا، پێویست دەکات خودی چەمکی دەستکەوت بخەینە بەر باس. کێیە ئەوەی دەستکەوتی هەیە و چییە ئەوەی وایکردووە دەست بخرێت؟ ئێمە کاتێک دەڵێین دەستکەوت، مانای وایە شتێک دەستخراوە، کە پێش ئەو دەست نەخرابوو لەناو ئەو گرووپەی، کە تێیدا ژیاوە. ئەو دەستکەوتە دەشێت هەر بەرهەمێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاینی، فەلسەفی، ئەدەبی و زۆر بواری تر بێت. بۆ ئەوەی شتێک دەستبخرێت، پێویست دەکات چەند پێشمەرجێکمان هەبێت. یەکەم شتێک، کە پێویستە دەست بخرێت. دووەم کەسێک، کە بتوانێت شتەکە دەست بخات، کە پێش ئەو کەس نەیتوانیبێت پێی بگات. سێیەم، بوونی ئەوانی تر بۆ ئەوەی بەهای دەستکەوتەکە بزانن. دەشتێک لە جیاتی کەس، گرووپێک بە شێوەی کاری هاوبەش بگەن بەو دەستکەوتە.

لێرەدا پێشمەرجی سێیەم بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، کە ئایا پێزانینی بۆ دەستکەوتەکە هەبێت یان نا. بۆ ئەوەی پێشمەرجی دووەم پێزانینی ئەوانی تر بۆ دەستکەوتەکەی مسۆگەر بکات، سەرەتا هەوڵی ئەوە دەدات، کە پێشمەرجی یەکەم، کە شتە دەستنەخراوەکەیە، پیرۆز بکات. کاتێک پێشمەرجی یەکەم پیرۆز دەکرێت، پێشمەرجی دووەم، کە کەسی خاوەن دەستکەوتە، ئۆتۆماتیکیەن پیرۆز دەبێت، چونکە ئەو بووەتەوە خاوەن دەستکەوت. بەم هۆیەشەوە، گەرەنتی ئەوە دەست دەخات، کە پێشمەرجی سێیەم پێزانینیان بۆ توانا و دەستەڵاتە پیرۆزەکەی هەبێت.

گومان لە گرنگیی دەستکەوت ناکرێت، بەڵام ئەو وەهمانەی دەخرێنە پاڵ دەستکەوت، کوشتنی ناوەڕۆک و گرنگیی دەستکەوت خۆیەتی. دەستکەوت دەبێت لە دەرەوەی پیرۆز و وەهمدارکردنی بێت. ئەگەرنا لە جیاتی ئازادبوون، زیندانی گەورەتر بۆ مرۆڤ دروست دەکەن. ئەوەی شتێک دەست دەخات و ئەوەی شتێک دەکات، بەر لەوەی بۆ هەر کەسێکی بکات، بۆ خۆیەتی. لەم ڕوانگەیەوە، پیرۆزکردن و بە وەهمیکردنی دەستکەوت، ئاماژەیەکی ئاشكرای لاوازیی ئەو رۆحانەیە، کە بە دەستکەوتەکانیانەوە دەنازن. پیرۆزکردنی دەستکەوت لە لایەن ئەوانەیە، کە سواڵی شتی وەهمی دەکەن، لەوانە دەشێت پێزانینی ئەوانی تر، سامان و پایەی کۆمەڵایەتی. ئەو رۆحانەی لە خۆیاندا گەشەکردوون، پێویستیان بەوە نییە دەستکەوتەکانیان بکەن بە بیانوویەک بۆ سواڵکردن. جگە لە سواڵکردنی خواردن، کە بەرزترین پایەی سواڵکردن و ڕووتبوونەوەیە لە هەر وەهمێکی کەسی، هەموو سواڵکردنەکانی تر ئاماژەن بە لاوازیی رۆح، بە تایبەت لە لای ئەوانەی، دەستکەوت بە ئەوانی تر دەفرۆشنەوە.

ئەوە کاری ئەوانەیە، کە دەستکەوت پیرۆز دەکەن و دەیانەوێت هەر بەو وەهمە خۆیان گەورە بن. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ترەوە سەیری مرۆڤ بکەین، ئەوا لەوە تێدەگەین مرۆڤ هەر دەبێت دەستکەوتی هەبێت. ئەگەر بێ دەستکەوتە، چ کارەیە لە ژیان؟ بۆچیەتی ژیانێکی دووبارەی پڕ لە ڕۆتین؟ لێرەدا دەستکەوت لە دەرەوەی وەهمە.

ڕووداوگەلی جیاواز لە کۆمەڵی ئێمەدا سواڵکەرەکانی دەستکەوتی وەهمیمان بۆ دەردەخەن. یەکێک لە ڕووداوەکان، مردنی (نەوشیروان مستەفا) بوو. خودی مردنی نەوشیروان مستەفا دیاردەیەکی سرووشتییە و هیچ مانایەکی زیاتر لەوەی، کە بۆ مردن هەیە، نادات بە دەستەوە. بەڵام، مامەڵەکردنی زیندووەکان لەگەڵ ئەو ڕووداوە کۆمیدیایەکی گەورە بوو. ئەو مامەڵەکردنی جارێکی تر بۆی دەرخستین، کە ئەو تاکانە چەندە لە ژیان دەترسن، بۆیە هەر زوو پەنایان بۆ پیرۆزکردنی (نەوشیروان مستەفا) برد. دیارە (نەوشیروان مستەفا) چەند دەیەکی ژیانی بۆ تێکۆشان و دەیەکانی تری ژیانی بۆ پیرۆزکردنی تێکۆشانەکانی تەرخان کرد. ئەگەر بۆمان هەبێت مردووەکان بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی وەهمەکانیان ببەنەوە، لە ڕیزی یەکەمیان دەبێت نەوشیروان مستەفا بێت. ئەو کارەکتەرە بە هەوڵەکانی بۆ خۆ-سەپاندن و خۆ-چەسپاندن، هۆشی (هەژارن!)ی ئەقڵ-ی پڕ لە وەهم کرد.

بۆیە، کە دەڵێن باوکی هەژاران بوو، لەو ڕوانگەیەوە ڕاستە، کە باوکی ئەوانە بوو لە هەژاری گەشەکردنی رۆحیدا دەژین. سواڵکردنەکانی (مستەفا) لە هەموو لایەکەوە بوو؛ کاتێک بزوتنەوەی مارکسیزم لە کاتی شۆڕشدا بەربڵاو بوو، هەر زوو خۆی خستە پاڵ ئەو ئایدۆلۆگیایە بۆ ئەوەی زۆرترینی بەرکەوێت. کاتێک لەدوای ڕاپەڕین فیکری ئیسلامی گەشەکردن بە خۆیەوە دەبینێت، بە ماچکردنی قورئان بە دوای پشتگیریی جەماوەر دەگەڕێت. ئەو کارەکتەرە بە خوێندنەوەی ئەوانەیش بێت، کە بەرگری لێ دەکەن، هەرگیز ئەوە نەبوو، کە دەردەکەوت، بەڵام پێویستیمان بە چاوی نوێیە تاکو شتەکان ببینین. یەکەم بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لە لەندەن بووە بۆ هەر مەبەستێک بێت.
چ شۆڕشگێڕێکی ئاسایی لەو دۆخەی ئابووریەی کوردستاندا دەتوانێت دوو ساڵ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی لە شارێکی گرانبەهای وەکو لەندەن بژیێت؟ دووەم لە گرانبەهاترین نەخۆشخانەی سلێمانی مردووە. سێیەم نایاساییانە وەسیەت دەکات لە موڵکێکی گشتی بنێژرێت، کە گۆڕستان نییە. دیارە پێویست ناکات باس لە وردەکارییەکانی تر بکەین، مادام لە ناوەڕۆکی بابەتەکە دەردەچین. بەڵام لەم ڕوانگەیەوە، (مستەفا) یەکێکە لەو کارەکتەرانەی لە هۆشیاریی ئێمەدا، پێویستە دادگایی بکرێت و ئەو وەهمانەی بە درێژایی ژیانی زیادی کردن لە هۆشیاریی گشتیماندا، پێویستە هەڵبوەشێندرێنەوە.

لە پاڵ ئەودا، کارەکتەری (تاڵەبانی) هەمان ئەو بەشەی بەردەکەوێت. وەکو (مستەفا)، ئەو کارەکتەرە بە ڕووداوێکی سرووشتی، ڕۆڵە مێژوویەکەی مرد. ئەو مردنە کۆمەڵێک کێشەی خستەوە و کۆمەڵێک کێشەی چەپێندراویش، جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە. (تاڵەبانی) یەکێکە لەو کارەکتەرانەی، کە زۆرترین خراپ بەکارهێنانی وزە و تێکۆشانی ئەوانی تر دەکەوێتە ئەستۆ، لەوانەی تێکۆشکانی ئەوانەی گیانیان بەخشیووە. ئەو کارەکتەرە تەنانەت بۆ گەورەکردنی کەسایەتی سیاسیی وەهمیی خۆی، خەسارەتێکی گەورەی لە کێشەی نەتەوەیی کوردی دا. گەورەکردن و پڕ دەستەڵاتکردنەوەی بنەماڵەی بارزانیش، بەشێکی گەورەی بەرپرسیاریەتەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو کارەکتەرە. کۆمێدیا ئەوەیە لە باوکێک یاخی بێت و هێز بەو یاخیبوونە بەدەست بهێنیت، بەڵام کوڕەکانی ئەو باوکەی پێ پیرۆز بکەیتەوە! ئەو ئاگاییەی زۆرەی (تاڵەبانی) لە یەکەم شەڕکردن و دووەم پیرۆزکردنی بنەماڵەی (بارزانی) تەرخانی کرد، پێمان دەڵێت یاخیبوونەکەی (تاڵەبانی) کورتخایەن و شکستخواردوو بوو. هەر لە بچووکترین دەرئەنجامدا، نەیتوانی خودی حیزبەکەی لە بە بنەماڵەیی-بوون بپارێزێت.

کۆمێدیایەکی تر ئەوەیە، کە لەژێر چەتری دەستەڵاتەکەیدا، ڕەوانەکردنی گیانی (عەلی بۆسکانی) بۆ ئاسمان بە کۆمەڵێک گوللە پێویستییەکی گەورەتر بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بنەماڵەی بارزانی. لەدوای مەرگی (عەلی بۆسکانی) نەریتی لەناوبردنی دەنگە ئازاد ڕووداوگەلی تیرۆرکردنی (ئەبوبەکر عەلی)، (سۆرانی مامەحەمە)، (سەردەشت عوسمان)، (کاوە گەرمیانی)، و (ویدات حسێن) و زۆرانی تری بە دوای خۆیدا هێنا. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لە سەد ساڵی داهاتوودا باس لەوە بکرێت کێ دەستپێشخەری ئەو نەریتە بوو، ئەو پەنجانەی ئاڕاستەی دەستەڵاتی ژێر دەستی (تاڵەبانی) دەکرێن، زۆرترین دەبن.

سەیر نییە ئەو حەشامەتەی بۆ مردنی (نەشیروان مستەفا) شین دەکات، هەمان ئەو حەشامەتەیە، کە لە ئاست گیانی دەنگە ئازادەکان بێدەنگ دەبن. سەیر نییە هەمان ئەو حەشامەتە وەهمی سلێمانیبوون دەکەن بە بیانوو بۆ وەستانەوە لە دژی وەهمی بە بارزانیبوون. ئەو وەهمە یەکێکە لەو دیاردانەی (نەشیروان مستەفا) زەقتری کردنەوە. کار گەیشتووەتە ئەوەی نووسەرانی و ئەدیبانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەویش بە تیۆریزەکردنی جیاوازییەکانی سلێمانی و هەولێر. تا دێت ئەو وەهمەی جیاکاریی لەنێوان سلێمانی و هەولێر زەقتر دەبێت و بێئگایی ڕۆشنبیر و ئەدیبەکانیشمان خزمەتی گەورە بەو وەهمە دەکەن. ئەگەرنا بە ئاسانی دەمانبینی چۆن ئاسمانی ژێر دەستەڵاتی (بارزانی)، ئیلهامێکی گەورەیان لە تیرۆرکردنی (عەلی بۆسکانی) لە ناوچەی ژێر دەستەڵاتی (تاڵەبانی) وەرگرت، بۆیە لێرەدا وەهمی سلێمانیبوون و هەولێریبوون ناتوانن ڕێگە لە کارلێکردنی سرووشتیانەی ڕووداوەکان بگرن، مادام ئێمە لە هۆشیارییەکی گشتیی ناو زمان و شوناسی هاوبەشدا دەژێین.

نەریتی جیاکاریی لەنێوان سلێمانی و هەولێر سەرەتا لە دابەشبوونی دەستەڵاتی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتی خۆی سەپاند و دواتر لە نائاگایی ڕۆشنبیرانیشدا ڕەنگی دایەوە. هەمان ئەو نەریتە ئاگایی ئێمەی پڕ کردووە لە پۆخڵەواتی هۆش، کە هیچ جۆرە دەرگایەکی ئاگایمان بە ڕوودا ناکەنەوە، جگە لە دروستکردنی زیندانی تر لەناو زمان و بیرکردنەوەماندا.

لێرەدا بۆ ئەوەی پێناسی من بۆ مردن ڕۆشنتر بکەم، ئەوا پێویستە بڵێم مردن وەهمە و پیرۆزکردنی مردن یەکسانە بە پیرۆزکردنی وەهم. هەر شتێک گوزراشت نەبێت لە واقیعی سرووشتیانەی بوون، ئەوا وەهمی ئافریدەی هۆشە. ڕووداوگەلی کوشتنی دەنگە ئازادەکان لەوە دەردەچێت وەهم بێت، مادام ئەو دیاردەیە نەریتێکی گەورەی لە شێوەی ژیانی هۆشیارییدا داگیر کردووە. بۆ ئەوەی قسەکەی (مارشێلۆ) لە (هاملێت)ی (شکسپێر)دا بگۆڕم بۆ کوردستان، ئەوا پێویستە بڵێم “شتێک لە هۆشیاریی ئێمەدا بۆگەنی کردووە.” تاکو ئەو شتە و ئەو شتانە نەدۆزرێنەوە، مەودایەک بۆ ژیانکردنی نموونەیی و ئازادانە دروست نابێت. ژیان لە هۆشیاریی ئێمەدا هێشتا توانای خۆ-دەرخستنی نییە لەبەر وەهمەکانی هۆش. شتەکان لەگەڵ مردندا لە لای ئێمە کۆتاییان پێ نایەت، مادام ڕووداوی مردن یەکسان نییە بە ڕووداوی نەمانی وەهم.




بیردۆزه‌كانی گۆڕان …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

ئه‌و (كۆڕبه‌ند – تۆڕبه‌ند) انه‌ی ڕاوی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پێده‌كه‌ن …

به‌ تێگه‌یشتنی من قه‌ته‌ڕ وڵاتێكه‌ له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ربی ئیسلامی به‌ده‌ست ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ره‌نجام گواستنه‌وه‌ی ئاشوب بۆ نێو جه‌رگه‌ و لانه‌ی ئیسلام، به‌و مانایه‌ی ئه‌م نیمچه‌ دوورگه‌یه‌ له‌ مێژووی كۆندا، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ئیسلامی لێ له‌ دایك بووه‌، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه‌ یه‌كه‌م خیلافه‌تی ئیسلامی لێوه‌ دروست بوو، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م فیتنه‌ی نێوخۆیی ئیسلام له‌وێوه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ دوای ئیسلام یه‌كه‌م خۆر و په‌یامی وه‌حدانیه‌ت و بووژاندنه‌وه‌ی ئیسلام له‌ وێوه‌ هات، ئه‌و شوێنه‌یه‌ بۆ جاری دووه‌م بوو به‌ ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیسلام له‌سه‌ر ده‌ستی (محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب) و بنه‌ماڵه‌ی (ال سعود) ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ بۆ جاری دووه‌م جیهاد له‌ لایه‌ن ( اخوان من گاع الله‌) له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكرد، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ سه‌له‌فییه‌ت كرا، ئه‌وشوێنه‌ی بووه‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی، بۆیه‌ له‌ دوای 11ی سپتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌م نیمچه‌ دورگه‌یه‌ له‌وه‌ ده‌رچووه‌ وا بمێنێته‌وه‌.

ئه‌یمه‌ن زه‌واهری كاتێك ڕایگه‌یاند ئه‌وان شه‌ڕ ده‌به‌نه‌ نێو ماڵه‌كانیان له‌ خۆرئاوا و ئه‌مریكا، ئه‌وان له‌وه‌ تێگه‌یشتن ده‌بێ‌ له‌مه‌ودوا به‌ پلان و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی ئیسلامی نوێ‌ ببنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان شه‌ر به‌ته‌واوی بگه‌ێننه‌ نێو ماڵه‌كانی ئه‌وان ئه‌وان شه‌ڕیان گه‌یانده‌ به‌ر ده‌رگای نیمه‌چه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامی، به‌هاری عه‌ره‌بی چه‌خماخه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بوو كه‌ ده‌بێ‌ دواجار له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی خامۆش بێت.
بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و نه‌خشه‌ و پلان و پیلانانه‌ی داڕێژراوه‌ چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆر گیراوه‌ته‌ به‌ر. یه‌كێ‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی جێبه‌جێده‌كات، تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ رێگه‌ی چه‌ندین گرووپی بچووك بچووك پلان و نه‌خشه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌كادیمیای گۆڕان (اكادمیه‌ التغییر) ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ كه‌ چالاكییه‌كانی له‌ به‌هاری عه‌ربیدا زۆر به‌ زه‌قی ده‌ركه‌وت .
ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئاداری ساڵی 2006 له‌ له‌ندن دامه‌زرا، دواتریش به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌ ساڵی 2009 له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕ و له‌ ساڵی 2010 له‌ ڤیه‌ننا (لق)یان كرده‌وه‌ .

سه‌ره‌تای ساڵی 2005 سێ‌ گه‌نجی میسری به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌ دوای كاردا ڕووده‌كه‌نه‌ له‌نده‌ن، له‌وێ‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری بیری( ئه‌وتبور) واته‌ به‌رگری، كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌نجانه‌ی (سربی) بوو، له‌ ساڵی 2000 له‌ دژی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) ده‌ستیان دایه‌ خۆپیشاندان و مانگرتن و و ڕاپه‌رین به‌شێوه‌یه‌كی (ناتوندوتیژی) .
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی له‌ 16-دیسمبه‌ری 1998 به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا نه‌خشه‌و پلانی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلافیای پێشووی بۆ چه‌ند ده‌وڵتێك تێدا به‌یان كردبوو. ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی لاواز كردنی به‌ره‌ی (سۆڤیه‌تی جاران).

ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ نه‌خشه‌و پلانه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان به‌بێ‌ توندوتیژی) داڕشتبوو، دروشمی گه‌نجانی 6-ی ئیبریل له‌ میسر هه‌مان ئه‌و دروشمه‌ی (ئه‌وتبور) یه‌كان بوو كه‌ بریتی بوو ( له‌ مستێكی به‌رزكراو) وه‌ك له‌و راپۆرته‌دا كه‌ به‌ناونیشانی (ئه‌كادیمای گۆڕان- كه‌رسته‌یه‌كی ئه‌مریكی بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشه‌ عه‌ربییه‌كان) له‌ گۆڤاری (المجتمح) كویتی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وتبور رێگایه‌كی موخابه‌راتی ئه‌مریكی بوو، بۆ له‌ ده‌سه‌ڵات لادانی سه‌ركرده‌ی سربی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) له‌ ساڵی 2000.

هه‌ر وه‌ك له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتوه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پلانه‌ له‌ سربیا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیش جێبه‌جێ بكرێ‌، ئه‌مه‌ش دوای مه‌شه‌ق پێكردنی گه‌نجانی عه‌ره‌ب له‌ سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان). دواتریش خستنه‌گه‌ڕیان بۆ سه‌راوژێركردنی داموده‌زگاكانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا بڕیاری گۆڕینیانی دابوو ، وه‌ك ئه‌و لیسته‌ی له‌ كاتی خۆیدا كۆندالیزا ڕایس ئاماده‌ی كردبوو، كه‌ بریتی بوو له‌ گۆڕین، یان گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستێكه‌وه‌ بۆ ده‌ستێكی دیكه‌، به‌ڵام به‌ شێوازێكی ناتوندوتیژیانه‌.

له‌سه‌روبه‌ندی 2004 –وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (التغییر) “گۆڕان” به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وته‌ سه‌ر وێردی گه‌نجانی ناڕازی، كه‌ هیچ گوومانێكی تێدا نییه‌ ئه‌م پڕۆسه‌ی گۆڕانه‌ به‌رنامه‌ و پلانێكی زۆر پێشوه‌خته‌ بووه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان قۆناغی جێبه‌جێكردنی به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی ده‌گه‌ڕێته‌ه‌ بۆ دوای ڕووداوه‌كانی (11)ی سپتێمبه‌ری 2001.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌، زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌مریكا درێژ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی ورده‌وه‌ نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ی له‌ په‌راوێزی ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 داڕشتوه‌، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كۆندالیزا ڕایس-ش بده‌ین كه‌ له‌ كاتی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌رده‌م كۆنگریسدا ئاشكرا كرد. (كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویان گۆڕانكاری ده‌بێ‌ له‌ دۆسته‌كانیان، واته‌ گۆڕینیان به‌ دۆستی نوێ‌، له‌و ده‌مه‌شدا لیستی ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بڕیاری گۆڕینیان دابوو، له‌ ده‌ست دابوو).

بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك هێنانه‌ پێشی ده‌سته‌واژه‌ی بیردۆزی ( گۆڕان) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌مریكی بوو، كه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ته‌نیا له‌ڕووی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌. پڕۆسه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا پێكه‌وه‌نانی گروپی بچووك بچووك بوو بۆ وروژاندنی شه‌قام و سه‌ره‌نجام ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی ناتونوندوتیژیانه‌.

ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ‌ به‌ هۆی لادان یان له‌ده‌ست ده‌رچوونی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێشتر بڕیاری لێداربوو جۆرێك له‌ توندو تیژی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ شتێك نه‌بوو كاربكاته‌ سه‌ر ئه‌جنداو نه‌خشه‌ی ستراتیژی، چونكه‌ گروپه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك مه‌شق و راهێنانیان پێكرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خۆیان دوور بگرن له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر هه‌ر جۆره‌ توندو تیژییه‌ك، هه‌م له‌ كاتی توندو تیژییه‌كاندا چۆن خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ .چونكه‌ پلانه‌ی ستراتیژی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زایه‌تییانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوور بن له‌ توندوتیژی.
بۆیه‌ ده‌بینین له‌ هه‌ر شوێنێك توندوتیژی لێكه‌وتبێته‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ئامانجه‌كان وه‌ك پێویست به‌ده‌ست بهێنرێن.

ئه‌گه‌ر دیقه‌تیش بده‌ین سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و جوولانه‌وه‌یدا بوو كه‌ ئاماژه‌مان بۆی كرد، چونكه‌ هه‌میشه‌ سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه‌ئارای ره‌وتی فكری و سیاسی تازه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دابڕاو، یان بێ‌ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ یه‌كترییه‌وه‌.
له‌ڕووی ستراتیژییه‌وه‌ به‌هامان شێوه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان ستراتیژییه‌تی ناتوندوتیژی په‌یڕه‌وكرد، به‌هامانشێوه‌ش له‌ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه‌ بریتی بوو له‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی جۆراوجۆری فكری، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانی له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی ڕاست تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ له‌ نێو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا كۆ بكاته‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامیشدا دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دوور له‌توندوتیژی هاوشێوه‌ و هاوئامانج بوو له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی (ئه‌كادیمیای گۆڕان) ئه‌گه‌ر دیقه‌تی زیاتریش بده‌ن له‌ هه‌ر شوێنێك و هه‌ركاتێك چالاكییه‌كان شێوازی توندوتیژییان به‌خۆوه‌ بینیت بێت جوولانه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌ ئبه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی دووركه‌وتۆته‌وه‌.
به‌دووریش نازانرێ‌ ده‌ستێك هه‌بووبێت بیه‌وێت ئه‌و چالاكییه‌ مه‌دنیانه‌و دوور له‌ توندوتیژییه‌ سیاسیانه‌، به‌ئاراسته‌ی توندوتیژیدا به‌رێت، به‌ئامانجی دوورخستنه‌وه‌ و به‌لارێدابردنی جوولانه‌وه‌كه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام و دواتر خۆپیشاندن و چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان به‌و ئاراسته‌ توندوتیژیه‌دا ڕۆیشت، كه‌ به‌لای منیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا.

به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ میسر-یش بزووتنه‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ر له‌ دامه‌زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا.
سه‌ره‌تای 2004 به‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی ئه‌كادیمای گۆڕان، بزووتنه‌وه‌ی میسری له‌ پێناو گۆڕاندا ، به‌ ناوی (كفایه‌) سه‌ری هه‌ڵدا، كه‌ له‌ڕووی ئامانجه‌وه‌، ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كوردستان، ته‌واو هاوشێوه‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بوو له‌ میسر.
هه‌روه‌ها له‌ شوباتی ساڵی 2006 له‌ قه‌ته‌ر كۆڕبه‌ندی ئاینده‌ “منتدی المستقبل” له‌ لایه‌ن ئه‌كادیمای گۆڕان كه‌ (هیشام مورسی) زاوای یوسف قه‌رزاوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌مه‌ش به‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ داده‌نرێ‌، كه‌ دواتر سه‌ركردایه‌تی ڕاپه‌ڕینه‌كانی ناسراو به‌ به‌هاری عه‌ره‌بی كرد.
هه‌ره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و كۆڕبه‌نده‌دا كه‌ له‌ قه‌ته‌ر به‌سترا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌شداربوانی مونته‌داكه‌، هه‌ستیان كرد ده‌ستێك و پلانێكی داڕێژاو له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و مونته‌دایه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ كشانه‌وه‌.

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ بۆ بۆ بێئاگایی قه‌رزاوی ده‌كه‌ن له‌و به‌رنامه‌یدا كه‌ زاواكه‌ی ئیداره‌ی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێ‌ له‌ وتاره‌كانی قه‌رزاوی بگرین وه‌ك موسڵمانێكی میسری نیشته‌جێی قه‌ته‌ر و وه‌ك مونه‌زرێكی ئه‌هلی سووننه‌و جه‌ماعه‌ی ئه‌شعری تێده‌گه‌ین ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه‌ی قه‌ته‌ر هه‌روا له‌ خۆڕایی نییه‌، قه‌رزاوی له‌ وتارێكی ڤیدیویدا زۆر به‌ڕاشكاوی ئاماژه‌ بۆ خاوه‌ندارییه‌تی قه‌ته‌ر ده‌كات له‌ ڕاپه‌رینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، له‌ ڕووی راگه‌یاندن و ماددی و هه‌تا ئاماژه‌ بۆ به‌شداری به‌شه‌ریش ده‌كات.

هیشام مورسی كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی میسری له‌ قه‌ته‌ر نیشته‌جێ‌ بوو، به‌شێوه‌یه‌ی زۆر ستراتیژی كار ده‌كات بۆ پێگه‌یاندنی گه‌نجانی سعودی و ئیماراتی و به‌حرێنی، به‌ ناوی بونیادنانی كۆمه‌ڵه‌گه‌یه‌كی زانستی به‌هێز كه‌بتوانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مودێرن و به‌ئاراسته‌یه‌كی زانستی ڕووبه‌ڕووی شارستانییه‌تی خۆرئاوایی ببنه‌وه‌، بۆیه‌ كاتێك پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ هیشام مورسی ده‌كرێ‌ كه‌ ئایا شۆڕش نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ربیش ده‌گرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ هه‌زاران گه‌نج له‌ سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌و له‌ رێگای ئاكادیماكه‌تانه‌وه‌ خولیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر هه‌موو شێوازێكی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ راهێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی گلپه‌ی شۆڕش بگاته‌ خه‌لیج، به‌ڵام ئه‌و له‌بڕی شۆڕش ئاماژه‌ بۆ چاكسازی ده‌كات، كه‌ ده‌بێ‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی خه‌لیجه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێ‌.

له‌م ڕوه‌وه‌ قه‌ته‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌كادیمای گۆرانه‌وه‌ ڕۆلێكی به‌رچاوی گێڕا، بۆ ڕوخاندنی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌ عه‌ره‌به‌كان، له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا ده‌مێك بوو نه‌خشه‌ی سه‌رنگومكردنی سه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ی خستبووه‌ به‌رنامه‌ی خۆیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م كۆتایی به‌و ڕژێمه‌ دیكتاتۆرانه‌ بێنێ‌، كه‌ دوای لێكۆلینه‌وه‌كانی ڕووداوه‌كانی 11 سپتێمبه‌ر ئه‌مریكا به‌و ئاكامه‌ گه‌یشت بوو كه‌ هه‌ڵكشانی(الكراهیه‌) ڕق و قینه‌ی گه‌لانی موسڵمان له‌ به‌رامبه‌ریدا خاڵێكی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ی به‌ دیموكراتییه‌ت كردنی جیهان ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا پشتیوانی له‌و ڕژێمه‌ دژ به‌ گه‌لانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ دروشمه‌ كانی ئه‌گه‌ر به‌ درۆش بێت نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ قه‌ته‌ڕ و ئه‌كادیمیای گۆڕان و چه‌ندین ڕێكخراوێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ ئاگایه‌وه‌ بووبێت یان به‌بێ‌ ئاگایی خزمه‌تی ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ی ئه‌مریكایان كردوه‌ كه‌ تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌و ئه‌كادیمایه‌ ئامانج و دروشمه‌كانیان بریتی بوو له‌ بونیاد نانی كۆمه‌لگه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر كاتێك بییه‌وێ‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بوه‌ستێك كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ كۆتایی پێبێنن، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه‌، چونكه‌ ئاماده‌كردنی هاوڵاتیانی خودی وڵاته‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاسانترین و سه‌ركه‌وتوترین كارێكه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بیه‌وه‌ی ده‌توانێ‌ بیجوولێنێ‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش قه‌ته‌ڕ ده‌وری حراك ده‌بینێ‌ بۆ بونیادانی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ به‌هێزبن و له‌ كاتی پێویستدا به‌ گژ ئه‌و ده‌سه‌لات و فه‌رمانڕه‌وایانه‌یاندا بده‌ن كه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا كۆتاییان هاتوه‌.

شێواز و به‌رنامه‌ی ڕاهێنانه‌كانی ئه‌م ئه‌كادیمیای بۆ گه‌نجان بریتی بوو له‌ هۆكاره‌كانی خۆپیشاندان و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها زاڵ بوون به‌سه‌ر سه‌گی پۆلیسی و دواتریش ده‌رچوون له‌ خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شێوازه‌كانی هاندانی هاوڵاتیان بۆ خۆپیشاندان و شۆڕش، هه‌روه‌ها ڕاهێنان و پیشاندانی ئه‌و كه‌رستانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی شكست پێهێانی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی فیلمی فێركاری ڤیدیویه‌وه‌.

وه‌ك له‌ په‌یجه‌كانی فه‌یس بووكیش بڵاویان كردۆته‌وه‌ ئامانجیان له‌و ڕاهێنانه‌ (بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری گۆڕان) و به‌رجه‌سته‌كردنی پێویستییه‌كانی شۆڕشه‌، له‌ ڕیگه‌ی راهێنانی كه‌وادرو ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارتی سیاسی و كه‌سه‌كانه‌ له‌ سه‌ر ستراتیژیه‌تی هۆكاره‌كانی گۆڕان.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی میسر په‌یوه‌ندیان كرد به‌م ئه‌كادیمیایه‌وه‌.

به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ كاری له‌ سه‌ر پێگه‌یاندنی هه‌زاران چالاكوانی میسری و عه‌ره‌ب كرد له‌سه‌ر شێوازی نوێی یاخیبوونی مه‌ده‌نی، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین كوراسی فێركاریان چاپ و بڵاوكرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی چۆنیه‌تی خۆپاراستن و به‌رگری له‌ خۆكردن له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و راهێنانه‌ش له‌ چه‌ندین چالاكی و خۆپیشاندانه‌كانی (شۆڕشی 25 یه‌نایر)ی میسری به‌رچاو ده‌كه‌ون كه‌ بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كان سودیان لێوه‌رگرت.
دوای وازهێنانه‌كه‌ی (حسنی مبارك)یش ئه‌م كادیرانه‌ی ئه‌كادیمیای گۆڕان له‌سه‌ر هه‌مان نه‌هج، هه‌مان شێوازیان به‌كارهێنا له‌ دژی (ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی) به‌ڵام به‌هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری كه‌ تێدا په‌نایان برده‌ به‌ر (به‌رد هاوێشتن و سووتاندانی ماشێنه‌ سه‌ربازییه‌كان).

وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م بۆی كرد زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ به‌ هه‌نگاو و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی داڕێژاوی ئه‌مریكی ده‌زانن بۆ جۆشادانی جه‌ماوری ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا ده‌یهه‌وێ‌ ئاشوبیان بخاته‌ نێو، ده‌زگاكانی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی به‌ر له‌ ڕووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر چه‌ندین لێكۆلینه‌وه‌یان له‌ باره‌ی قۆناغی داهاتووی چۆنیه‌تی به‌گشداچوونه‌وه‌ی بیری توندڕۆی ئیسلامی بڵاوكرده‌وه‌.

(دامه‌زراوه‌ی ڕاند) “Rand Corporation” یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین دامه‌زراوه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا كا له‌ ڕابردوودا كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی (1600) لێكۆره‌وه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت كار له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ساڵانه‌ گۆژمه‌یه‌كی (100 تا 150) ملیون دۆلاری بۆ ته‌رخان ده‌كرێ‌.
ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ ساڵی 1999 واته‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر كتێبێكی به‌ناونیشانی (ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری نوێ‌) و له‌ باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕێكی شاره‌زای ئه‌مریكی ئاماده‌ كرابوون.

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێ‌ له‌و پێشنیازانه‌ی خستیانه‌ به‌رده‌م بڕیار به‌ده‌ستانی ئه‌مریكی (جه‌نگی فیكر بوو له‌ گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی).
له‌ دوای رووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر-یش ڕامسفێلد هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا جگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی پێویستی به‌ به‌رپاكردنی جه‌نگێكی فیكریش هه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا به‌ر له‌ رووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان وایان لێكدابێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان كێشه‌یان ته‌نیا له‌ گه‌ڵ ڕوته‌ ئیسلامی و ئیسلامییه‌ توندڕۆكان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ كێشه‌ی خۆرئاواو ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ئیسلام و كۆمه‌ڵگای ئیسلامه‌، هه‌ربۆیه‌شه‌ دروستكردنی تۆڕی جه‌ماوه‌ری و ئیسلامی له‌ چوارچێوه‌ی جوولانه‌وه‌ی لابه‌لای ئیسلامی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئامانج گه‌لێكی دیراسه‌كراو بوون، بۆ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ پێكدادانه‌ نێوخۆییه‌كان له‌ وڵاتانی ئیسلامی، به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆستایه‌تی و ڕێككه‌وتنه‌ دوو قۆلییه‌كان، كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بۆ مێژوویه‌ك ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌رده‌مانی نه‌شونمای كۆمه‌نیزمه‌وه‌ هه‌بوو.




تیۆریى وێنە لاى هوسەرل … کاوە جلال

پێشەکى

وێنە هەمیشە لەنێو هۆش و ژیانى دەرەکیى مرۆڤدا ئامادەیە، وەک وێنەى ئەندێشەیى، ئەدەبى، وێنەى دروستکراوى دیمەن، کورسى، پۆرترێ و هتد. ئایا ئەم بوونەوەرە تایبەتییە چییە و بەچیدا لە بوونەوەرە دروستکراوەکانى وەک مێز و خانوو جیادەبێتەوە؟
“بەگشتى” لە ناوچەى کولتووریى ئێمەدا وا باوە کە مرۆ لە وێنەدا (جا وێنەى خۆیى یان شێوەسازى و ئەدەبى بێت) هێمایەک بۆ شتێک دەبینێت، لێرەشدا لە ترادیسیۆنەوە هەڵوێستى خوێندنەوە یان لێچواندن (شوبهاندن) وەردەگرێت، بەڵێ تەنانەت پەرچەکردارى ئایینی یان پسیکۆلۆژیانە ئاڕاستەى وێنە دەکات. ئایا ئەم جۆرە هەڵوێستانە پێویستن؟ ئایا پەرچەکردارى جیهانبینیانە دژى داڕشتنێک لە تابلۆدا، یان لە فۆتۆگرافی و رۆماندا، زیادە نییە؟

ئێمە لەم پرسیارانەوە دەگەین بە مەبەستی ئەم توێژینەوەیە لەبارەی تیۆریی فێنۆمێنۆلۆژیانەی وێنە
کە ئێدموند هوسەرل ( ) گۆڕانی پێدا. لێ سەرەتا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ئێمە ناتوانین لەم توێژینەوەیەدا ‘ڕاستەوخۆ‘ وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوە بدەینەوە، چونکە توێژینەوەکە، لە ڕووى مێتۆدییەوە، شرۆڤەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانەى تیۆریى وێنەیە لاى هوسەرل، توێژینەوەیەکى بەم چەشنەش کە فەلسەفەییە، دەشێت تەنیا بناغەیەک بۆ وەڵامى زانستى هونەریانەى ئەو پرسیارانەى سەرەوە پێکبهێنێت. پابەند بە مەبەستى توێژینەوەکەوە دەتوانین ببێژین کە ئەم کارە هەوڵێکى تیۆریانەیە بۆ ئازادکردنى وێنە لە کۆتى هێما. وێنە بە دیدى هوسەرل دەبینرێت نەک ئاگاییەک بیخوێنێتەوە. بینین و خەریکبوون لەتەک ئەوەدا کە دەبینرێت، دەشێت هەڵوێستى راڤەکارانەى وێنە یان نرخاندنى وێنە لە ئیدیۆلۆژییەوە (جا ئایینی بێت یان جیهانی) بخەنە ژێر پرسیارەوە. کەواتە پرسیارەکە جارێ ئەوەیە کە پێشکاریى تیۆریانە بکرێت بۆ ئەوەى “کاری هونەرى” وەک جیهانێکى تایبەتیى جیاواز لە ریالێتیى کۆمەڵایەتى ببینرێت، جیهانێک کە بەبێ پابەندکردنى بە ریالێتییەوە بتوانێت پاڵهێز بە مرۆڤ بدات بۆ ئاوەڵاکردنی هزرینى ئێستێتیکى.

رێبەرى
هوسەرل لە تێگەى مەبەستەکێتییەوە (Intentionalität) گۆڕان دەدات بە تیۆرییەکى فێنۆمێنۆلۆژیانەى وێنە. لەم روانگەیەوە وێنە لاسایى فۆرمە ئەزەلییەکان نیە، دانەوەى ئۆبژێکتەکانى نێو فەزا نییە، بەڵکو وێنە لە ئاگایى مەبەستەکییەوە وەک پێکهێنان (ترکیب /Synthesis) شیاوى دیاریکردنە.
ئەم توێژینەوەیە لە چوار بەش پێکدێت. لە بەشى یەکەمدا بە ناونیشانى “فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل” هەوڵ دەدەین مێتۆدى هزرینى فێنۆمێنۆلۆژیانە ڕوون بکەینەوە، تاکو لێرەوە لە پرسى هاتنەئاراى وێنە نزیکبکەوینەوە. کلیلى فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل بریتییە لە ئاگایى مەبەستەکى، واتا: ئاگایى هەمیشە شتئاگاییە، بێگومان بەبێ ئەوەى شت کە لەنێو فەزادایە، هاتبێتە نێو ئاگاییەوە، بە پێچەوانەوە، ئاگایى خۆی هەمیشە شتێکى وەک هاوبەند (Korrelat) لەخۆگرتووە.

هوسەرل لە موئایەشەى (Erlebnisse) مەبەستەکیانەى کەسییەوە (‘من‘ى ئەمپیریەوە) کە کەس لەنێو ژینجیهاندا (Lebenswelt) پێش ئاگایى فەلسەفەیى هەیەتى، هەنگاو دەنێت بۆ شرۆڤەى وەسفکەرانەى ئاگایى. تەوەرى یەکەم بە ناونیشانى “هەڵوێستى سروشتى” ڕوودەکاتە موئایەشەى ژینجیهانیانەى تاکەکەس. جیهان کە بە شت و ڕەوشەکانى نێوییەوە لە دەرەوەى دەرککردن هەیە، جیهانێکى ترانسسێندێنتە، واتا هەرگیز سەرجەمییانە یان تەواو ئاشکرا بە سەبژێکت نەدراوە، بۆیە نەشیاوە سەبژێکت بتوانێت بەتەواوى لەبارەی ئەو جیهانە بزانێت و بڕیاری بەسەردا بدات. لێ لەبەر ئەوەى ئاگایى هەمیشە شتئاگاییە، ئەوا ئەرکى سەرەکیى سەبژێکت ئەوەیە کە لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە بۆ ئەوەى بە مەئریفەى ڕوون و ئاشکراى ئەو شتە بگات کە وەک ئۆبژێکتێتییەکى هاوبەند لەنێو ئاگایى ئەودا دراوە. مێتۆدى ئەم توێژینەوەیەى ئاگایى بریتییە لە ئێپۆخێ (Epoché)، واتا خۆبەدوورگرتن لە بڕیار کە لە دوو کورتکردنەوە ڕووەو کرۆک (Reduktion) پێکدێت.

کاتێک سەبژێکت خۆى لە بڕیاردان بەسەر هەر دەرککردنێکى دەرەکیدا بەدووردەگرێت، ئیدی ئەو بەم ڕێیەوە هەڵوێستى سروشتى وەردەگۆڕێت بۆ “هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە” (تەوەرى دووەم)، لەم ڕەوتەشدا دەرککردنی دەرەکی یان شتدەرککردن دەبێت بە دەرککردنى ناخەکى یان بە دەرککردن_دەرککراو. لێ ئێستا بە پەڕینەوەی سەبژێکت لە هەلوێستی سروشتییەوە بۆ هەڵوێستی فێنۆمێنۆلۆژیانە ‘من‘ى ترانسسێندێنتال سەرهەڵدەدات کە لێوەى ئاگایى ترانسسێندێنتال (نۆئێزیس / Noesis) پێکەوە لەتەک هاوبەندە ترانسسێندێنتالەکەیدا (نۆئێما / Noema) پەخشدەبنەوە. گەر لە هەڵوێستى سروشتییەوە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە مرۆ دەتوانێت هەتا بێدوایەکى لە روانگەى جیاوازەوە ئاگایى شتێکى هەبێت، واتا بۆ نموونە لێی بڕوانێت و لە هەر ڕوانگەیەکەوە ناوەرۆکێکی جودای ئەو بابەتەی هەیە، لێ ئەو لەم دۆخەدا جارێ لەنێو موئایەشەکەیدایە، بۆیە نازانێت کە ئەو لە هەر روانگەیەکەوە ناوەرۆکێکى تایبەتیى بابەتەکەى لەنێو ئاگاییدا هەیە. کەواتە ئێمە لە هەڵوێستى سروشتیدا جارێ ئۆبژێکتمان نییە، بەڵکو دوای ئەوە کە سەبژێکت هەڵوێستێکى ئاگامەندانە / فێنۆمێنۆلۆژیانە بەرانبەر دەرککراو وەردەگرێت، ئیدی ئۆبژێکت دێتەگۆڕێ، لێرەشدا سەبژێکت بۆى دەردەکەوێت کە ناوەرۆکگەلى ئەو بابەتەى لە ئاگاییدا هەیە.

هوسەرل ئەم ئاگاییە کە ئێستا سەربارى ناوەرۆکە جیاوازە موئایەشەکراوەکان لە خودی هەمان بابەت بەئاگایە، بە واتایەکی دی: هێشتا هەر دەرککەرانە هەمان بابەت دیاریدەکات، ناودەنێت ئاگایى پێکهێنەرى بابەت کە ئاگاییەکى هەمەکییە و لەبەر ئەم هۆیە “زۆرترە” لە کۆى ئەو شئورانە کە ئاگاییەکە خۆی پێکیاندەهێنێت. هەر ناوەرۆکێکى ئاگایى دەشێت بە شێوازى جیا لێیبڕوانرێت: ناوەرۆکەکە دەشێت تەنیا وەک دەرککردن بکرێت بە بابەتی لێتوێژینەوە، لێ دەشێت وەک یادەوەرى یان وێنە و هتد وەربگیرێت. هوسەرل جەخت دەکات کە بەبێ ئەم ساتە هەمەکییەى (سەرجەمییەى) پێکهێنان هیچ ئاگاییەکى بابەت نابێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاگایى وێنە بریتییە لە پێکهێنانێکى وێنەخەرەوە.

لە بەشى دووەمدا بە ناونیشانى “بناغەڕشتنى وێنەئاگایى” ڕوو دەکەینە پرسى وێنەیەتى (Bildlichkeit) لاى هوسەرل. تەوەرى یەکەم بە ناونیشانى “ئاگایى وێنەیەتى” پیشانى دەدات کە وێنەیەتى لاى هوسەرل ژانرێکى وێناکردنە (Imagination). لێ ئێمە پێویستە لەم پەیوەندییەدا جیاوازى بکەین لە نێوان وێنەى هۆشەکی و فیزیکیدا. بڕگەى یەکەم بە ناونیشانى “وێنەى هۆشەکى”، بڕگەى دووەم بە ناونیشانى “وێنەى فیزیکى”، بەم کێشەیەوە خەریک دەبن. پابەند بە وێنەى هۆشەکییەوە دەتوانین ببێژین: گەرچى ئەندێشە (Phantasie) وێنەییە، لێ “وێنەیەتى” تەنیا بەڕێى ئاگاییەکى تایبەتیەوە دێتەئاراوە کە هوسەرل ناوى دەنێت “ئاگایى وێنەیەتى”. هوسەرل پەیوەند بە وێنەى فیزیکییەوە سەرەتا سێ تێگە دەچەسپێنێت کە بریتین لە وێنەهەڵگر (Bildträger)، وێنەئۆبژێکت (Bildobjekt) و وێنەسوژێ (Bildsujet). وێنەهەڵگر بریتییە لە کەرەسەى داڕشتن، وەک کاغەز، خام، تەختە و هتد. کاتێک ئێمە دەبێژین: “وێنەکە دڕاوە” یان “وێنەکە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە”، ئەوا مەبەستمان لە وێنەهەڵگرە. وێنەسوژێ بابەتى ڕیالى دەرەکییە کە لە وێنەدا دەدرێتەوە بەبێ ئەوەى هەرگیز دیاربدات.

لێ وێنەئۆبژێکت دانەوەى وێنەسوژێیە لەنێو وێنەدا و بۆ نموونە لە تابلۆدا بەڕێى رەنگ و فۆرماندنى تایبەتییەوە دیاردەدات، کەواتە ئەوە وێنەئۆبژێکتە کە مرۆڤ دەرکی دەکات. پاشان لە تەوەرى دووەمدا بە ناونیشانى “هاوشێوەیى لەنێوان وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا” دەبینین، گەرچى ئەم دوو جۆرەى وێنە شیاوى جیاکردنەوەن لە یەکترى، سەرەڕاى ئەوە لایەنێکى هاوبەشیان هەیە: بۆ سەرهەڵدانى وێنەى فیزیکی پێویستە بابەتێکى دەرەکى وەک پێشمەرج هەبێت کە پاشان دوای دەرککردنی شیمانەیەک بۆ سەرهەڵدانى وێنەیەکى هۆشەکى دێتەگۆڕێ، هەروەها لە ڕەوشی وێنەى هۆشەکیدا وێنەیەکى هۆشەکى لەگۆڕێیە بەبێ ئەوەى بەند بێت بە بابەتێکى فیزیکییەوە وەک وروژێنەر، لێ وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا وێنەیە و سوژێیەک پیشان دەدات، لە ڕەوشی هەردووکیاندا ئاگاییەکى وێنەخەرەوە، پێکهێنەر، دێتە پاڵ ئاوێتەى شئورەکان و ناوەرۆکەکانیان دەخاتە پەیوەندییەکى بابەتییەوە. ئێمە لێرەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت ڕووبکەینە هەموو جۆرەکانى وێنە: شێوەسازى، فۆتۆگرافى، ئەدەبى، وێنەى بزۆک (سینەما).

لێ لە هاتنەئاراى وێنەئاگاییدا دوو پێکهێنان کاران کە لەنێو یەکتریدان و وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ پێکدەهێنن. لە تەوەرى سێیەمدا بە ناونیشانى “وێنەئاگایى وەک یەکێتیى دوو پێکهێنان” ئەم پەیوەندییە ڕوون دەکەینەوە. لەم ڕەوشەدا کە دوو پێکهێنان کاران، پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت دەبێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانى وێنەسوژێ، لێ گەر لە ڕووى مەبەستى (فینالێتیى) ئاگاییەوە بڕوانین، ئێستا پەیوەندییەکە ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە لەم ڕووەوە وێنەئۆبژێکت لەژێر ڕکێفى وێنەسوژێدایە. بەکورتى، وێنەئاگایى بریتییە لە یەکایەتیى دوو پێکهێنان، لێ یەکایەتییەک کە ئیدێنتیتێ (شوناس) نییە، بەڵکو یەکایەتییەکى ئاپۆرییە (بێ رێگەچارەیە) و هوسەرل ناوى دەنێت وێنەدانەوەى ناخەکى (immanente Repräsentation).

لە بەشى سێیەمدا بە ناونیشانى “رێپرەزەنتاسیۆن لە وێنەدا” ڕوو دەکەینە دیدى هوسەرل بۆ وێنە وەک فۆرمێکى ئاپۆریانەى یەکایەتى کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى نادات، بەڵکو بۆ خودى خۆى. لێ بۆ ئەوەى وێنەخستنەوەى ناخەکى هەردەم ڕوانینێکی هەقیقى بێت، واتا هەردەم بەدیبێت، ئەوا پێویستە پتر بگۆڕرێت و بکرێت بە ڕوانینێکی ئێستێتیکى لە وێنە. هوسەرل بە ڕەخنە لە تیۆریى هێما گۆڕان دەدات بە پرسی ڕوانینى ئێستێتیکى. لە تەوەرى یەکەمدا بە ناونیشانى “ڕەخنەى تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆن” پیشانى دەدەین، کە لاى هوسەرل تەنیا وێنەدانەوەى ناخەکى رۆڵێک بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە دەگێڕێت، کەواتە هوسەرل وێنەئاگاییەک کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى بدات، بە ئاگاییەکى ئێستێتیکى دانانێت.

تیۆریى هێما پەیوەندییەکى ڕێژەیى لە نێوان دوو تەوەرەدا وەردەگرێت و هەردووکیان بەڕێى هێماوە پەیوەندى بە یەکترییەوە دەکەن، لێرەشدا ئۆبژێکتى دیاردەر چواندنى بۆ خۆى نییە، بەڵکو چواندنی بۆ شتێکى دى هەیە کە گۆیا هاوشێوەیەتى یان لە خۆى دەچێت. هوسەرل لەدژى ئەم تیۆرییە کە وێنە دەخوێنێتەوە یان راڤە دەکات، جەخت لە ساتى بینین دەکات لە لایەن لێڕوانەرەوە، لێرەشدا بێگومان بەبێ ئەوەى لێڕوانراو بەڕێى بینینییەوە ببێت بە هێما. پاشان تەوەرى دووەم بە ناونیشانى “وێنەئاگایى ئێستێتیکى” پیشانى دەدات، کە ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە تەنیا ڕوودەکاتە شێوازى بەوێنەکردن (Verbildlichung)، لێرەشدا بەردەوام بۆ لاى وێنەئۆبژێکت دەگەڕێتەوە. ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە ڕوانینێکی هەمەکییە.

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل پرسیارێک سەبارەت بە “ئەزموونى ئێستێتیکى” دەخاتەوە (بەشى چوارەم). ئەم کێشەیە ڕوودەکاتە پرسى وەرگرتن (Rezeption) و توێژینەوە لە هونەر. بە دیدى هوسەرل هونەر جیهانى ئەندێشەى فۆرمێنراوە، بریتییە لە هونەرى ئێستێتیکیى پەتی، بەمەش تێزى هونەر وەک لاسایى رەتدەکاتەوە. ئەرکى هونەر ئەوەیە کە دۆخە ناخەکییەکانى وەرگر (Rezipient) بەرزبکاتەوە بۆ نێو کایەى جوانیى ئێستێتیکى، وەرگر (توێژەر) بخاتە نێو دۆخى ڕوانینی یان پێشبینیکردنى ئێستێتیکیى پەتییەوە، لێ وەرگر بۆ ئەوەى بەم ئەزموونە بگات، گەرەکە هەڵوێستى سروشتیى خۆى لەکاربخات تاکو هەر دیاردەیەکى لێڕوانراو یان پێشبینیکراو بەڕوونى ببینێت. هونەر لەم روانگەیەوە هیچ گرنگییەکى پراکتیکیى نییە، نەخێر، مەسەلەکە لاى هوسەرل تەنیا ڕوودەکاتە بینینى وێنە و وەسفکردنى.

-1 فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل

بە تێڕوانینى هوسەرل تەنیا فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانە پێیدەکرێت بە بنەماکانى زانستێکى بێکەلێن بگونجێت، چونکە فێنۆمێنۆلۆژى خۆى بەدووردەگرێت لە پێشبڕیار (بڕیاری پێشوەخت) بەسەر جیهاندا. ئاخر جیهان ترانسسێندێتە، واتا سەبژێکتى زانست هەرگیز ناتوانێت بەتەواوى لەبارەى جیهان بزانێت و بڕیارى بەسەردا بدات. سەبژێکت هەر بڕیارێک لە هەڵوێستى ژینجیهانیانەى خۆیەوە بدات، لە بنەڕەتدا بڕیار نییە، بەڵکو پێشبڕیارى مێتافیزیکییە. لێ سەربارى ئەم راستییە هیچ کێشەیەکى توێژینەوە بۆ سەبژێکت چێنابێت، چونکە ئاگایى ئەو هەمیشە شتئاگاییە، کەواتە ئاگایى لە سەرجەم شێوە جیاکانیدا شت و رەوشەکانى لەخۆگرتووە، بۆیە ئەوەندە بەسە کە سەبژێکتى هزرڤان لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە تاکو بەم رێیەوە بە مەئریفەى ڕوون و ئاشکراى ئەو شتە بگات کە هاوبەندى ئاگاییەتى.

لێ فێنۆمێنۆلۆژى، وەک مێتۆدێکى هزرین، یان ڕوونتر ببێژین، وەک هەر هزرینێکى مێتۆدى، بنەمایەکى رەهاى بۆ ئاوەڵابوون پێویستە، ئەم بنەمایەش بریتییە لە لۆگیکى پەتى. مرۆ تەنیا کاتێک دەبێت بە سەبژێکتى زانست، گەر سەرەتا بە شێوەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانە لە لۆگیکى پەتى بتوێژێتەوە، ئەو گەرەکە “ڕوون و ئاشکراییەکى” مەئریفەیی بە “ئیدێ لۆگیکییەکان، بە تێگە و یاساکانى لۆگیک”ى پەتى بدات ( ). مێتۆدى ئێپۆخێ (Époche)، واتا خۆبەدوورگرتن لە بڕیار کە لە دوو کورتکردنەوە ڕووەو کرۆک (Reduktion) پێکدێت، گەرەکە سەبژێکت ڕووەو ئەم ئامانجە بەرێت. بەکورتى مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار تاکە رێگەى توێژینەوەى فێنۆمێنۆلۆژیانەیە لە هەر بوارێکدا.
کەواتە هوسەرل جیاوازى لە نێوان شێوازى جیاى هەڵوێستوەرگرتندا دەکات، بە واتایەکى دى، لەپاڵ هەڵوێستى سروشتی یان ئاسایى ڕۆژانەدا، هەڵوێستى فەلسەفەیى هەیە کە هەڵوێستوەرگرتنێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەیە. سەبژێکت گەرەکە بە مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار هەڵوێستى سروشتى لەکاربخات، بەمەش بپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە و لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە، تاکو بەم رێیەوە بگات بە ئاگایى فەلسەفەیى.

-1.1 هەڵوێستى سروشتى

تێگەى ئاگایى مەبەستەکى (Intentionalität) بریتییە لە کلیلی فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل. ئاگایى مەبەستەکی ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە ئاگایى هەمیشە ئاگایى شتێکە، هەمیشە شتێک وەک مەبەست هاوبەندێتى. ئەم بنەمایە چواندنى بۆ هەموو شێوەکانى ئاگایى هەیە: “لە دەرککردندا شتێک دەرکپێدەکرێت، لە پێشبینیى وێنەدا شتێک وێنەییانە پێشبینى دەکرێت، لە گۆزارەدا شتێک دەردەبڕرێت، لە خۆشەویستیدا شتێک خۆشدەویسترێت، (…) لە حەزدا شتێک حەزلێدەکرێت و هتد” ( ). لێ ئەم شتە کە هاوبەندى ئاگاییە، بوونەوەرێکى نێو فەزا / ڕاوم (Raum) نییە و هاتبێتە نێو ئاگاییەوە ( )، واتا پەیوەندییەک لە نێوان ئاگایى و شتەکەدا نییە. تێگەى مەبەستەکێتى لاى هوسەرل تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە هەموو موئایەشەیەکى خۆیى “کردارێکى ئۆبژێکتخەرەوەیە” (متموضع/ objektivierend)( ).

کەواتە مرۆ لە هەڵوێستى سروشتیدا بەئاگایە لە شتەکانى نێو فەزا، هێندە نەبێت کە ئەو وەک ئۆبژێکت وەریانناگرێت، بەڵکو لەنێو دەرککردنى دەرەکیانەى جیهان و رەوشەکانیدا قاڵبووە. لێ گەرچى جیهان و شتەکانى نێوى “لە دەرەوە”ى دەرککردنن، واتا ترانسسێندێنتن بە ئاگایى (بە دەرککردن) و بەمەش نەشیاوە سەبژێکت بتوانێت بەتەواوى لەبارەیان بزانێت، هێشتا هەر دەرککردنى دەرەکى کە پێش هەڵوێستى فەلسەفەیی هەیە، بریتییە لەو موئایەشەیە کە تێیدا هەقیقەتى ترانسسێندێنت ڕاستەوخۆ، واتا بەبێ گەیاندن (Vermittlung)، دیارە، یان “بابەتەکە لە دەرککردندا وەک بابەتى ئامادە (…) لە ئێستاى هەنووکەییدا لێرەیە” ( ). لێ دوای ئەوە کە سەبژێکت بە مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار دەپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە، ئیدی کەرەسە دراوەکانى کردارێکى دەرککردن دەبن بە ئاگالێبووى بابەتى، واتا ئەو دوای ئەم پەڕینەوەیە چیدى خۆى لەنێو موئایەشەکانیدا نابینێتەوە، بەڵکو ڕەچاوى کرۆکى موئایەشەکانى دەکات و ئەوجا هەنگاو دەنێت بۆ دیاریکردنى وسفکەرانەى کرۆکیان.

-1.2 هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە

هەڵوێستى سروشتی بە خۆبەدوورگرتن لە بڕیار وەردەچەرخێت بۆ هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانە کە کایەیەکى ترانسسێندێنتالى خۆییە و تێیدا ئاگایى-ئاگالێبووى (دەرککردن-دەرککراوى) ترانسسێندێنتال پێکەوە هاتوونەتە ئاراوە و نەک لە من-ی ئەمپیرییەوە، بەڵکو لە منى ترانسسێندێنتالەوە ‘پەخش دەبنەوە‘: ئێستا ڕوانین لە درەختێک کە درەختڕوانینە، دەبێت بە دەرککردنى ترانسسێندێنتالى ئەو درەختە. ئێمە بەم شێوەیە دەگەین بە “خودى دەرککراو (…) کە (…) دەتوانین بە گۆزارەى وەک ‘شتى ئەستوویى‘، ‘ڕووەک‘، ‘درەخت‘، ‘گەشاوە‘ و هتد دەریببڕین. (…) خودى درەختەکە کە شتێکى نێو سروشتە، هیچى دیکە نییە جگە لەم درەختدەرککراوە کە وەک مەغزا هاوبەندی دەرککردنەکەیە. لێ کاتێک درەختەکەى نێو سروشت ئەدگارى ڕیالى هەیە، ئەوا مەغزاى دەرککردن بەدەرە لە هەر ئەدگارێکى ریال”( ).

لەم جێیەدا پێویستە ڕووبکەینە تێگەیەکى کرۆکى لە فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرلدا: تێگەى “داپۆشین” (Abschattung). گەر ئێمە ڕوانین بە نموونە وەربگرین، ئەوا مرۆ لەم ڕەوشەدا دەتوانێت هەتا بێدوایەکى لە ڕوانگەى جیاوازەوە لە هەر لاڕوویەکی بابەتێک بڕوانێت، لێ هەر ڕوانگەیەکى وەرگیراو لاڕووەکانى دیکەى بابەتەکە دادەپۆشێت. کەواتە شتى دەرککراو وەک “لاڕوو” (Seitenansicht)، واتا پێرسپێکتیڤییانە، لەنێو ئاگاییدا دیاردەدات. ئێمە هەرگیز ناتوانین ڕوانگەیەکى کامیلمان بۆ شتەکان هەبێت، کەواتە هەرگیز ناتوانین بەتەواوى دەرک بە بابەتێک بکەین، چونکە هەرگیز شتەکان سەرجەمییانە بە ئێمە نەدراون، بەڵکو لە لاڕووەوە خۆیان پیشانى ئێمە دەدەن. لێ گەرچى شتەکان لە لاڕووەوە دەرکدەکرێن، سەرەڕاى ئەمە هوسەرل جەخت دەکات کە ئێمە لەم دەرککردنەدا مەبەستمان لە هەمان شتە وەک سەرجەم.

بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم کێشەیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ موئایەشەکردن لە هەڵوێستى سروشتیدا. ڕوانین لە شتێک (درەختێک) شێوەیەکى دەرککردنە لە هەڵوێستى سروشتیدا، لێ مرۆ لێرەدا دەرککردنەکەى خۆى نابینێت. ئەو لەم ڕوانینەدا ناوەرۆکێکى ئاگایى هەیە، لێ گەر لە لایەکى دیکەوە لەو درەختە بڕوانێت، ئەوا ئاگایى ئەو ناوەرۆکێکى نوێى درەختەکەى لەخۆگرتووە و هتد. گەر ئەو پاشان لە هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا ڕوو بکاتە درەختى دەرککراو، ئەوا ئێستا ناوەرۆکە دەرککراوەکە وەک دیاردەى بابەتە مەبەستلێبووەکە وەردەگرێت، لێرەشدا بۆى دەردەکەوێت کە ئەو ناوەرۆکگەلى خودی بابەتەکەى لە ئاگاییدا هەیە. ئەم ئاگاییە کە سەربارى ناوەرۆکە جیاوازە موئایەشەکراوەکان هێشتا هەر دەرککەرانە ڕوو لە هەمان بابەت دەکات، یان مەبەستی ئەو هەمان بابەتە، هاوشێوەى “کۆی شئورەکان (کە بەو بابەتە دەکرێن) لەنێو دەرککردندایە”. هوسەرل ئەم ئاگاییە مەبەستبووە لە خودی هەمان بابەت ناو دەنێت (Auffassung) ( ) لە واتاى “پێکهێنان”دا (Synthesis). لێ ئەم ئاگاییە نوێیە کە ڕوویکردۆتە شئورەکان یان دەرککردنى لاڕووەکان، “زۆرترە” لە کۆى شئورەکان بەو بابەتە: “هیچ پێکهێنانێکى بابەت ڕێنادات بگەڕێنرێتەوە بۆ کۆى ئەو شئورانە کە بە بابەتەکەوە بەندن یان شیاوى بەندکردنن بە ئەوەوە. بەبێ ساتە سەرجەمییەکەى پێکهێنان هیچ ئاگاییەکى بابەت نابێت” ( ).

کەواتە هوسەرل لێرەدا جەخت لە تێزەکەی تیۆریی گێشتالت دەکات کە سەرجەمى بابەتێک (بۆ نموونە فۆرمى خانوویەک) وەک زۆرتر لە کۆى کەرتەکانى ئەو بابەتە (بۆ نموونە دیوار، دەرگا، پەنجەرە، ڕووپۆش و هتد) دادەنێت. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەى ئێرە ئەوەیە کە مەبەستەکێتى لە ڕەوشی پێکهێنانیشدا کارایە، لێ هێندە نەبێت کە ئێستا پێکهێنان تەنیا پەیوەند بە ناوەرۆکە دراوەکانى نێو ئاگاییەوە مەبەستەکییە. کاتێک هوسەرل شرۆڤەى فێنۆمێنۆلۆژییانە ئەنجام دەدات، ئەوا لە لایەک ئاگایى مەبەستەکى لە ناوەرۆکە دراوەکانى ئاگایى جیادەکاتەوە، ئەوجا لە لایەکى دی بە تێگەى پێکهێنان جەخت لە پێکەوەبوونى ناوەرۆکەکان دەکات، لێ وەک گۆتمان ئەمە کۆکردنەوەى ناوەرۆکەکان نییە، چونکە بابەتى پێکهێنراو بریتى نییە لە کۆى شئورەکان، بەڵکو هەمەکێتییەکى زۆرترە لە ئەوان. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنان کردارێکى ئاگامەندانەى ئۆتۆنۆمە و ڕوویکردۆتە ناوەرۆکى شئورەکان، هەروەها بریتییە لە بناغەى “ئاگایى ئیدێنتیتێ کە لێرەبوونى بابەت بۆ من پێکدەهێنێت” ( ). بەکورتى: من لە دەرککردنى درەختێکدا تەنیا لاڕوویەکى دەبینم، تەنیا ناوەرۆکێکى ئەو درەختەم لە ئاگاییدا هەیە، لێ لەتەکیدا لاڕووە نادیارەکانى درەختەکەم پێدراون. هەموو داپۆشینێکى هەنووکەیى ئاماژە بۆ نادراوى (نادیارى) دیکە دەدات، بەمەش من ئاگایی هەمان بابەتم هەیە.

وەک گۆتمان، کاتێک سەبژێکت لە هەڵوێستى سروشتییەوە دەپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە، ئەوا لەم هەنگاوەدا ئاگایى مەبەستەکیى جیهان لەکاردەخات، بەم رێیەشەوە دەگات بە کایەى ترانسسێندێنتالى خۆیى کە تێیدا ئاگایى ترانسسێندێنتال (نۆئێزیس) و هاوبەندە ترانسسێندێنتالەکەى (نۆئێم) دراون. نۆئێزیس کە چالاکییەکى ئاگاییە، لە منى ترانسسێندێنتالەوە دەپەخشێت و شئورگەلى ئاگایى پێکدەهێنێت، کەواتە لەنێو خۆیدا کەرەسەیەک (بابەتى دەرککراو) و پێکهێنانى ئەو کەرەسەیەى هەڵگرتووە، بە واتایەکى دى، چالاکییەکە ئەو کەرەسەیە پێکدەهێنێت و بەم رێیەوە نۆئێمى (مەغزاى) جیاواز دەهێنێتە ئاراوە. مەغزاکان کە هاوبەندى هەر جۆرە چالاکییەکى ئاگایین، چیدى ناوەرۆکى ڕیال نین (واتا وەک ناوەرۆکە شئور پێکراوەکان نین)، بەڵکو مەبەستلێبووى ئیدیالن (هۆشەکین). جگە لەوە دەشێت هەر مەغزایەک بە شێوازى جیا هاوبەندى نۆئێزیس بێت، واتا هەمان بابەتێک کە وەک خودى خۆى پێکهێنراوە، دەشێت وەک دەرککردن، یادەوەرى یان وێنە دیار بدات، بکرێت بە پرسی پێوەخەریکبوون. لەم روانگەیەوە ئاگایى وێنە بریتییە لە “پێکهێنانێکى وێنەخەرەوە” ( ). وێنە بریتییە لە هاوبەندێکى نۆئێمیی، بریتییە لە فێنۆمێن.


-2 بناغەڕشتنى وێنەئاگایى

بە دیدى هوسەرل وێنە لاسایى فۆرمە/ئیدێ ئەزەلییەکان نییە، هەروەها دانەوەى یان پەرچاندنى ئۆبژێکتەکانى نێو فەزا نییە کە ئیدی بەم رێیەوە وێنەى ئۆبژێکتێک لەنێو ئاگاییدا بێت، بە پێچەوانەوە وێنە لە ئاگایى مەبەستەکییەوە شیاوى بناغەڕشتنە.

-2.1 ئاگایى وێنەیەتى

وێنەیەتى (Bildlichkeit) جۆرێکى پێشبینییە کە بەڕێى وێنەئاگاییەوە دێتە ئاراوە. ئێمە دەتوانین ئەم ڕەوشە بە نموونەى وێنەى فیزیکى (تابلۆیەک) و وێنەى هۆشەکى (هەژدیهاى سێسەر) ڕوونبکەینەوە. لەم روانگەیەوە وێنە لاى هوسەرل تەنیا بابەتى دروستکراو نییە و لێڕوانەر بییەوێت بۆ نموونە بزانێت کە داخۆ دابەشاندنەکانى رەنگ لەسەر پارچە خامێک چی بن و چۆن فۆرمێنرابن.

-2.1.1 وێنەى هۆشەکى

بۆ ئەوەى لە تێڕوانینى هوسەرل سەبارەت بە وێنە نزیک بکەوینەوە، گونجاو دەبێت گەر لە جیاوازیی نێوان دەرککردن و ئەندێشە بڕوانین. لێ پێویستە سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە جیاوازییەکى کرۆکى لە نێوان گرنگیدانى فێنۆمێنۆلۆژی و پسیکۆلۆژیدا بە ئەندێشە هەیە. گەر ئێمە بە شێوەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانە لەتەک دیاردەى ئەندێشەدا خەریک ببین، ئەوا گرنگیدانمان ڕوو دەکاتە “ئەدگارى ناخەکیى ئەو موئایەشانە کە تەواو وەک خودى خۆیان لێیان روانراوە”، بە واتایەکى دى، کرۆکى ئەندێشە کێشەی فێنۆمێنۆلۆژیە ( ). لەم ڕوانگەیەوە فێنۆمێنۆلۆژى گرنگى بە دیاریکردنە پسیکۆلۆژییەکانى ئەندێشە نادات، بۆ نموونە ئەندێشە وەک توانستى هۆشەکى، وەک بەهرە و موئایەشەى هەنووکەیى کە لە توانستى مرۆڤەوە سەرهەڵدەدەن.

دیاردەى ئەندێشە نزیکە لە دیاردەى دەرککردن، چونکە لە ڕەوشی هەردووکیاندا پێکهێنانى (Auffassung) ئۆبژێکتخەرەوە هەیە، جگە لەوە دەشێت لە ڕەوشی هەردووکیاندا هەمان بابەت بە هەمان تایبەتمەندییەوە ببێت بە دیاردە، لێ سەربارى ئەمە دەرککردن و ئەندێشە جیاوازن لە یەکترى. دەرککردن دەشێت دەرەکى یان ناخەکى بێت، واتا بریتى بێت لە دەرککردنى بابەتێکى ترانسسێندێنت وەک شتدەرککردن و دەرککردنى ناخەکى وەک دەرککردن-دەرککراو، لێ ئەندێشە بە پێچەوانەوە هەمیشە ناخەکییە. کەواتە دەرککردن و ئەندێشە لە دوو لایەندا جیاوازن لە یەکترى: “ئەو ناوەرۆکانە کە پێکدەهێنرێن، هەروەها جۆرى پێکهێنانەکان” ( ). “ئەمانە جیاوازیى فێنۆمێنۆلۆژیانەن” ( ).

جیاوازیى دەرککردن و ئەندێشە لە ڕووى ناوەرۆکى پێکهێنانەوە لەوەدایە کە شئور (Empfindung) بناغەى دەرککردنە، لێ وەهمى (Phantasma) سێنسی (مەحسوس) بناغەى ئەندێشەیە، هەروەها جۆرى جیاى پێکهێنان لەوەدایە کە لە دەرککردندا “بابەت وەک خودى خۆى، وەک ئامادە، دیاردەدات”؛ بێگومان لە ئەندێشەشدا بابەت دیاردەدات، “لێ نەک وەک بابەتى ئامادە، بەڵکو وەک هێنراو بۆ نێو ئامادە (vergegenwärtigt)؛ ئەو بە شێوەیەکە کە هەروەک ئامادە بێت، لێ سەرەڕاى ئەوە لەنێو وێنەدا دیاردەدات” ( ). کەواتە مۆرکى ئەندێشە بریتییە لە “بەوێنەکردن (Verbildlichung)” ( ).

ئێمە دەتوانین ئەم جیاوازییەى دەرککردن و ئەندێشە لە ڕووى ناوەرۆکى پێکهێنان و جۆرى پێکهێنانەوە بە نموونەى دیمەنێک ڕوونبکەینەوە کە دەرکمان کردووە و لە هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا پێکیدەهێنین، لێ ئێمە هاوکات خۆمان دەتوانین لە ئەندێشەدا پێشبینیى هەمان دیمەن بکەین (vergegenwärtigen). لێرەدا بناغەى دەرککردن ڕوانینی مەبەستەکییە لە دیمەنەکە کە وەک خودى خۆى، وەک دەرککراو، پێکدەهێنرێت بۆ دەرککردن-دەرککراو، لێ ئێمە هەروەها دەتوانین ئەو دیمەنە لێڕوانراوە لە کاتى دیکەدا و لەنێو ئەندێشەى ئازاددا بهێنینە نێو ئامادەوە، واتا پێشبینیى بکەین، لێرەشدا ئەوە وەهمە سێنسییەکانن (مەحسوسەکانن) کە وەک بناغەى بەوێنەکردنەکە کاران.

هێنانى بابەتێک بۆ نێو ئامادە، بە واتایەکی دی، پێشبینیکردنى وێنەیى بابەتێک، بریتییە لە وێناکردن (Imagination)، ئەمەش کردارێکە کە ئێمە لە سروشتى پرۆسەکەوە دەیزانین. لێ پرسیارەکە لە ڕووى فێنۆمێنۆلۆژییەوە ئەوەیە کە چۆن مرۆ بە ڕوون و ئاشکرایى بزانێت “وێنەیەتى (Bildlichkeit) بەڕێى ئاگاییەکى تایبەتییەوە مەغزایەکى هەیە”. هوسەرل ئەم ئاگاییە تایبەتییە ناودەنێت ئاگایى وێنەیەتى. لەم روانگەیەوە گەر لە پێشبینیکردندا ناوەرۆکێک هەبێت و شێوەى لە شتێکى دى بچێت، ئەوا لێرەدا دیاریکردنى وێنەیەکمان نییە، چونکە “هاوشێوەیى (Ähnlichkeit) بەڕێى ئاگایى وێنەیەتییەوە دەبێت بە هاوشێوەیى” ( ).

گەر ئێمە فێنۆمێنۆلۆژیانە بپرسین “وێنە چییە؟”، ئەوا ناچار دەبین جیاوازى لە نێوان وێنە و شت (Sache)دا بکەین، لێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا شتێکى دەرەکى وێنەیەکى لەنێو ئاگاییدا خستبێتەوە، بە پێچەوانەوە شت ئەوەیە کە “ئاگایى وەک مەبەست لە خۆى گرتووە” ( ). کەواتە شت ئەو هاوبەندەى ئاگاییە کە لە فێنۆمێنۆلۆژیدا بەهەند وەردەگیرێت. بۆ نموونە گەر مرۆ پێشبینیى قەڵای شێروانە بکات، ئەوا لێرەدا قەڵای شێروانە مەبەستلێبووە. لێ ئێمە پێویستە لە خودی قەڵای شێروانە وێنەکە کە وێنەى ڕاستەقینەى قەڵای شێروانە نییە، جیابکەینەوە، چونکە وێنە شتەکە پیشان دەدات، لێ ئەو وێنەیە خودى شتە ریالەکە نییە. وێنەى قەڵای شێروانە لە واتایەکى تەواو جیاوازدا وەک شت دیاردەدات و لەتەک قەڵا ڕیالەدا یەکناگرێتەوە ( ). هوسەرل ئەم جۆرەى وێنە ناودەنێت وێنەى هۆشەکى.

-2.1.2 وێنەى فیزیکى

وێنەى فیزیکى لە هەڵوێستى سروشتیى مرۆڤدا بەبێ کێشە دەرکدەکرێت، هەموو ساتە جیاوازەکانى وێنە لەنێو یەکێتییاندا وەردەگیرێن. لێ وێنەى فیزیکى دەبێت بە کێشە، گەر مرۆ زانستیانە لێى بتوێژێتەوە. هوسەرل بەڕێى چەسپاندنى سێ تێگەوە وێنەى فیزیکى دەکات بە کێشەى توێژینەوەى فێنۆمێنۆلۆژیانە لە وێنە “بەگشتى”، ئەم تێگانەش بریتین لە: وێنەهەڵگر (Bildträger)، وێنەئۆبژێکت (Bildobjekt)، وێنەسوژێ (Bildsujet). ئەم سێ ساتەى وێنە لە هەڵوێستى سروشتیدا یەکترییان داپۆشیوە و وەک یەک دیار دەدەن.
وێنەهەڵگر، لە ڕەوشی تابلۆدا، بریتییە لەو کەرەسەیە کە لەسەرى وێنەیەک دادەڕێژرێت، بۆ نموونە کاغەز، تەختە، خام و هتد. کاتێک ئێمە دەبێژین وێنەکە دڕاوە یان بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە، ئەوا مەبەستمان لە وێنەهەڵگرە. “بە هەر حاڵ وێنەهەڵگر ‘سنوورى هەیە. ئەو سنوورە وێنەکە لە دەوروبەرى جیادەکاتەوە و دەرفەت بۆ ئەزموونکردنى یەکایەتیى وێنەکە دەڕەخسێنێت‘” ( ). بۆ نموونە قەراگەکانی پارچەیەک تەختە یان چێوەیەک کە لە تەختەکە گیراوە، بریتین لەو سنوورە. وێنەهەڵگر پێشمەرجێکە بۆ دانەوەى وێنەیى وەک فێنۆمێنێکى دیارى پەتی، ئەمەش وێنەئۆبژێکتە وەک لایەنی دووەمى وێنە کە تەنیا بەڕێى بینینەوە پێمان دراوە: وێنەئۆبژێکت بەڕێى ڕەنگى تایبەتى و فۆرماندنى تایبەتییەوە ئاوها یان بە جۆرێکى دى دیاردەدات، کەواتە مۆرکى وێنەئۆبژێکت ئەوەیە کە ئەو ‘دیار‘ە، یان بابەتى دەرککردنە. وێنەئۆبژێکت وێنەدەرى (Repräsentant) یان پیشاندەرى وێنەسوژیە، واتا ئەو بابەتە ریالە کە وەک وێنە دەدرێتەوە. مۆرکى وێنەسوژێ ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک دیار نادات. “لە ڕووى تیۆریى وێنەوە جیاکردنەوەى وێنەهەڵگر، وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت پێویستە، چونکە هاوشێوەیى دوو بابەت، کە گەر تەنانەت یەکجار زۆر بێت، (…) هێشتا هەر یەکێکیان ناکات بە وێنەى ئەویدیکەیان” ( ). لێ پێویستە پەیوەند بەم پۆلێنکردنەى وێنەى فیزیکییەوە لە لایەن هوسەرل ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە هوسەرل نابێژێت گۆیا تێگەى وێنە “سیانەتییەک لەخۆدەگرێت، بە پێچەوانەوە، بەرانبەر شتى وێنەدراوە (وێنەسۆژێ) هەردوو ساتەکەى وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکت هەن. هوسەرل ساتەکانى وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ پێکەوەنالکێنێت و بییانکات بە ‘وێنە‘، ئەوجا لەم وێنەیە وێنەهەڵگر وەک ساتێکى دەرەکى جیابکاتەوە، بەڵکو ئەو لەم پۆلێنکردنەدا شوێن جیاوازیى نێوان ئامادەیى و پەنام (نائامادە) دەکەوێت، پاشان وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکت پێکەوەدەلکێنێت و هەردووکیان بەو ڕێیەوە دەبن بە یەکێتییەکى دیارى ئامادە” ( ). جگە لەمە نائامادەیى وێنەئۆبژێکت بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ئەو “لێرە نییە”، بەڵکو وێنەئۆبژێکت نائامادەیە چونکە “هەبوونێکى ڕیالى نییە؛ ئەو ‘لە ئامادەییەکى بێ هەنووکەدا‘ بۆ لێڕوانەر هەیە” ( ).
ئێمە لە بنەڕەتدا واژەى وێنە چە بۆ وێنەهەڵگر و چە بۆ وێنەئۆبژێکت بەکاردەهێنین. لەبەر ئەوەى وێنەئۆبژێکت لەسەر وێنەهەڵگر دەردەکەوێت، ئەوا نەشیاوە لە یەکترى جیابکرێنەوە، لێ ئەوان نەک تەنیا لە ڕووى فێنۆمێنۆلۆژییەوە، بەڵکو هەروەها بە دەربڕینى ساناى زارەکى، شیاوى جیاکردنەوەن لە یەکترى. بۆ نموونە کاتێک ئێمە وەسفى شێوازى داڕشتنى هونەرى و کەرەسەى هەڵگرى داڕشتنەکە دەکەین. یەکێتیى هەردووکیان بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا دەردەکەوێت: “‘وێنەى سەر دیوارەکە هەڵگەڕاوەتەوە‘. بابەتى سەر دیوارەکە تەنیا دەشێت وێنەهەڵگر بێت، لێ ئەوە کە هەڵگەڕاوەتەوە، تەنیا دەشێت وێنەئۆبژێکت بێت”( ). لەم روانگەیەوە “ڕوانین لە وێنە گەیاندنێکە (Vermittlung) لە نێوان وێناکردن و دەرککردنى ئاگایى لێڕوانەردا. ڕوانین لە وێنە کردارێکى پێکهێنەرە”، لەم رەوتەشدا “ئاگایى لێڕوانەر” یان ڕوانینی ئەو بە شێوازێکى تایبەتى چالاک بووە و “پێویستى بە بەدیهاتن هەیە. وێنەئۆبژێکت لە نێوان بابەتى دەرککردن و وێناکردنى ئاگاییدایە و دەرفەت دەدات لە هەردوو کایەدا دابنرێت” ( ).

-2.2 هاوشێوەیى لە نێوان وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا

وێنەى هۆشەکى و فیزیکی سەربارى جیاوازیان لە یەکترى لایەنێکى هاوبەشیان هەیە: ئاشکرایە لە وێناکردنى فیزیکیدا بابەتێکى فیزیکى وەک پێشمەرج دادەنرێت و ئەو بابەتە کاراییەک بۆ هاتنەئاراى وێنەیەکى هۆشەکى وەردەگرێت، هەروەها ئاشکرایە لە ڕەوشی وێناکردنى ئاساییدا وێنەیەکى هۆشەکى لەگۆڕێیە بەبێ ئەوەى بەند بێت بە بابەتێکى فیزیکییەوە وەک وروژێنەر (بۆ نموونە لە ئەفراندنى ئەدەبیدا). سەرەڕاى ئەمە وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا وێنەیە، وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا بابەتێک (سوژێیەک) وێنەدەداتەوە.

بە دیدى هوسەرل دەرککردنى سانا ناتوانێت هەروا ئاسان وێنەى هۆشەکى لەنێو ئاگاییدا چێبکات. سەرەتا لە ئەندێشەدا، یان دواى دەرککردنێک (بۆ نموونە ئەزموونى ‘هەڵەبجە’)، هیچ ئاگاییەکى وێنە لەگۆڕێ نییە. ئەوە کە سەرەتا هەیە، تەنیا ئاوێتەى وەهمەکانە وەک ناوەرۆکى سێنسى، یان شئورە لەتەک شئورى دیکەدا کە پێکەوە ئاوێتەیەکى نوێى شئور دەخەنەوە. ئێمە لەم دۆخەدا جارێ وێنەئاگاییمان نییە، بە پێچەوانەوە وێنەئاگایى دێتە ئاراوە، گەر ئاگاییەکى تایبەتى ئاوێتەى وەهمەکان یان شئورەکان پێکبهێنێت. لە هەردوو ڕەوشی وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا ئاگاییەکى وێنەخەرەوە، یان پێکهێنەر، دێتە پاڵ ئاوێتەى وەهمەکان یان شئورەکان و ناوەرۆکەکانیان دەخاتە نێو پەیوەندییەکى بابەتییەوە. ئێمە لێرەدا دەگەین بە تێڕوانینى بنەمایى هوسەرل سەبارەت بە ئەدگارى پێکهێنان. هوسەرل جەخت دەکات کە بەم پێکهێنانە پێشبینیى شتێک دەکرێت، لێ ئەو شتە پێشبینیکراوە خودى شتەکە نییە، بەڵکو بەو رێیەوە تەنیا شتێک کراوە بە مەبەست. بۆ نموونە لە وێنەى فیزیکیدا “شێرێکى وێنەکێشراو دیاردەدات، لێ شێرێکە کە نییە، بەڵکو شتێکى ڕاستەقینە، واتا شێرێکى تایبەتى، وێنەدەداتەوە کە لە لایەنى خۆیەوە هەیە و (…) دیارنادات” ( ). کەواتە وێنە (وجودى) نییە، وێنە بریتییە لە نەبوون (هیچ) ( ). هۆى ئەمە لەوەدایە کە وێنەئۆبژێکت نە لە دەرەوەى ئاگایى و نە لەنێو ئاگاییدا هەیە؛ ئەوە کە جگە لە تابلۆیەک وەک شت (Ding)ى فیزیکى هەیە، “بریتییە (ist) لە ئاوێتەیەکى تایبەتیى شئورگەل کە لێڕوانەر لەکاتى لێڕوانینى تابلۆکەدا لەنێو خۆیدا موئایەشەى دەکات، هەروەها بریتییە لەو پێکهێنان و مەبەستە کە ئەو لەسەر بناغەى لێڕوانینەکەى خۆی بینایان دەکات و بەم ڕێیەشەوە لاى ئەو ئاگایى وێنە دێتە ئاراوە” ( ). کەواتە شئورەکانى ڕەنگ و ناوەرۆکە دیارەکانى دیکە جارێ وێنە نین، بۆ نموونە جارێ هیچ شتێک لە جەستەیەکى سێڕەهەندیى تایبەت بە وێنەى دیاردەر لە خۆ ناگرن. وێنە تەنیا بۆ ئاگاییەکى وێنەخەرەوە وێنەیە.
لە هاتنەئاراى وێنەئاگاییدا دوو پێکهێنان کاران کە سەربەخۆ نین لە یەکترى، بەڵکو لەنێو یەکتریدان و دوو بابەت دروست دەکەن: “وێنەئۆبژێکت کە دیاردەدات، هەروەها ئەو بابەتە (وێنەسوژێ) (…) کە بەڕێى وێنەکەوە دراوەتەوە”( ).

-2.3 وێنەئاگایى وەک یەکێتیى دوو پێکهێنان

وێنەئاگایى پێکهێنانێکى تایبەتییە، ئاگاییەکى وێنەخەرەوەیە و وا دەکات کە ئێمە وێنەیەک ببینین. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە دیاردەى دەرککردنمان نییە (دەرککردنى شتێک یان ڕووداوێک)، بەڵکو “دیاردەى وێنەمان هەیە، لێرەشدا بابەتێک لەسەر بناغەى شئورە موئایەشەکراوەکان دیاردەدات کە وێنەییانە پێشبینیکراوە” ( ). کەواتە لە لایەک “بناغەى وێنە لە دەرککردندایە، لێ چواندنى وێنە ناگەڕێتەوە بۆ ئەم بناغەیە (ئاخر وێنە بەڕێى پێکهێنانەوە چواندنى هەیە)، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە دەرککردنەوە” ( ). لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانێکى جووتەنى بنیاتنەرى هەموو پەیوەندییەکى وێنەییە. لێ ئێمە لێرەدا دوو پێکهێنانمان نییە کە لەسەر یەکترى بیناکرابن، بۆ نموونە پێکهێنانی دەرککردنەکانی وێنەسوژێ ببێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی وێنەئۆبژێکت، بە پێچەوانەوە “پێکهێنانى نوێ پێکهێنانە کۆنەکە دەتەنێت و دەیهێنێتە نێو خۆیەوە” ( )، بەمەش “ئەدگارێکى نوێ بە پێکهێنانە کۆنەکە دەدات و پەیوەندییەکى نوێى بابەتى دەخاتەوە” ( ). ئێمە لە هەردوو پێکهێنادا بناغەدانمان هەیە کە تێیدا پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت دەبێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانى وێنەسوژێ، لێ گەر “ئاڕاستەوەرگرتنى وێنەئاگایی” وەربگرین، ئەوا “پەیوەندییەکان ئاوەژوو دەبنەوە”، چونکە ئێستا لەم ڕووەوە “وێنەئۆبژێکت لەژێر ڕکێفى وێنەسوژێدایە” ( ).

گەر ئێمە وێنەى هۆشەکى وەربگرین، ئەوا دەبینین کە ئێمە لەم ڕەوشەدا دیاردەیەکى وێنەییمان هەیە و لەتەک جیهانى ڕیالدا یەکناگرێتەوە، چونکە بابەتى ڕیال کە لە وێنەدا دراوەتەوە، تەنیا بابەتێکی مەبەستلێبووە نەک ئامادە، لێ بە پێچەوانەوە وێنەئۆبژێکت وەک مەبەست بۆ لێڕوانەر هەیە و لەنێویدا شتێکى دیکەى کەم یان زۆر جیاواز لە خۆى، کەم یان زۆر لە خۆى چوو، کراوە بە وێنە. کەواتە ئێمە لە ڕەوشی ئەم وێنەیەى بابەتێکى ڕیالدا پێکهێنانێکى دیکەى ئۆبژێکتخەرەوەمان هەیە و بۆ چێکردنى بناغەیەک پێویستە، ئەم بناغەیەش بریتییە لە پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت. لەم کردارەدا پێکهێنانێکى نوێ پێکهێنانە سەرەتاییەکەى تەنیوە، ئێستا “پترێک” لە پێکهێنان هەیە و تێیدا وێنەئۆبژێکت چێبووە. بۆ نموونە من وێناى کۆشکى بەرلین دەکەم، لێ مەبەستى من ڕووى نەکردۆتە وێنەى کۆشکى بەرلین، واتا “لەنێو پێکهێنانى وێنەکەدا پێکهێنانێکى دیکە هەیە کە ئەدگارێکى نوێ بە پێکهێنانى وێنەکە دەدات و پەیوەندییەکى نوێى بابەتى دەخاتەوە. من لەو وێنەیەدا کە خودى کۆشکەکە نییە، لە کۆشکەکە دەڕوانم، وێنەکە کۆشکەکەم بۆ دەهێنێتە نێو ئامادەوە (پێشبینیى کۆشکەکە دەکات)، ئەوجا مەبەستى من تەنیا ڕووناکاتە وێنەئۆبژێکت، بەڵکو ڕوو لەوەش دەکات کە بەڕێى وێنەئۆبژێکتەوە وێنەدراوەتەوە (repräsentiert)، واتا شوبهێنراوە” ( ). ئێمە لێرەدا “دوو پێکهێنانمان هەن کە لەنێو یەکتریدان: پێکهێنانێکى سەرەکی کە لەنێویدا دیاردەیەکى کۆشک هەیە، لێ ئێمە بەم دیاردەیە وێنەییانە پێشبینیى کۆشکەکە لە بەرلین دەکەین؛ ئێمە کۆشکەکە وەک وێنەدەرى هاوشێوەیى پێکدەهێنین” ( ).

ئێمە هاوکات دەتوانین پرسى وێنە وەک ئەزموونێکى جووتەنى بە نموونەى وێنەى فیزیکى ڕوونبکەینەوە. من بۆ نموونە لە تابلۆیەک دەڕوانم کە وێنەى کەسێکە، لێ من لێرەدا ڕوو لەو کەسە ناکەم، بەڵکو تەنیا وەک کەسێک وەریدەگرم. کاتێک من پێشبینیى تابلۆکە دەکەم (لە واتاى پێکهێناندا)، ئەوا پێشبینیکردنەکەم بابەتێکى نوێ چێدەکات، ئێستاش بۆم دەردەکەوێت کە پێکهێنانى تابلۆکە فێنۆمێنێکى ئاڵۆزترە لە پێشبینیکردنەکەى دەرککردن (ڕوانین). لەم پێشبینیکردنە وێنەییەدا دوو پێکهێنان هەن: پێشبینیکردنى تابلۆکە بریتییە لە وێنەى ئەندێشە کە دیاردەدات، پاشان خستنەوەى بابەتێکى نوێ (واتا بابەتى داڕێژراوى وێنەیی) کە بریتییە لە وێنەسوژێ. لێرەدا مەبەستلێبوونێک سەر بە پێشبینییە وێنەییەکەیە و ڕوودەکاتە بابەتى بەوێنەکراو، واتا ڕوودەکاتە ئەو کەسە کە پۆرترێکەى دروستکراوە. کەواتە وێنەى فیزیکى وێنەى هۆشەکى بێداردەکاتەوە، وێنەى هۆشەکیش بریتییە لە پێشبینیکردنى سوژێیەک – سوژێیەک وەک شتێکى دى. وێنەى بێدارکراوەى هۆشەکى بابەتێکى دیاردەرە، بۆ نموونە کەسێک کە لە وێنەدا دیاردەدات، سوژێش خودى کەسەکەیە کە مەبەستلێبوو نییە و نەشیاوە بەهۆى رەنگ و قەوارەى وێنەییەوە هەرگیز مەبەستلێبوو بێت، چونکە ڕەنگى ئەو کەسە بریتى نییە لە ڕەنگکراوى تابلۆیى، بەڵکو ڕەنگى ڕاستەقینەى سروشتییە. هەرگیز کەسى ڕیال وەک دووەمێک بەپاڵ وێنەى تابلۆوە دیارنادات ( ).

وێنەئاگایى وەک یەکایەتى دوو پێکهێنان ئەو واتایە دەگەیەنێت کە “وێنەسوژێ ڕاستەخۆ (واتا بە نەگەیەنراوى = unvermittelt – ن) بەشدارە لە کردارى وێنەخەرەوە”دا، چونکە “وێنەسوژێ ‘لەوبەر‘ وێنەوە نییە” ( )، بەڵکو پێشبینیى وێنەسوژێ دەچێتە نێو پێشبینیى وێنەئۆبژێکتەوە و بەمەش ئەدگارى وێنەئۆبژێکتى پێدەدات. (بڕوانە بەشی سێیەم، تەوەری یەکەم: ڕەخنەی تیۆریی ڕێپرەزەنتاسیۆن).
وێنەئۆبژێکت وێناکردنێکى دەرپەڕێنراوە/ وەدەرنراوە و لە لایەن وێنەهەڵگرێکەوە دەگەیەنرێت. تایبەتیی وێنەئۆبژێکت لەوەدایە کە ئەو بە کاریگەریى نێویەکیانەى لێڕوانەر و وێنەهەڵگر دێتەگۆڕێ، لێ سەربارى ئەمە سەربەخۆیە لە وێنەهەڵگر. هوسەرل پەیوەند بەم کێشەیەوە لە ناتەبایى (Widerstreit) دەدوێت کە لە نێوان وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکتدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە لێڕوانەر دەتوانێت لە هەر یەکەیان سەربەخۆ لە ئەویدیکەیان بڕوانێت: خام یان وێنە. لێ هاوکات ناتەباییەک لەنێوان وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێدا هەیە: وێنەئۆبژێکت ناتەبایە بەو بابەتە کە دەشێت بەڕێى وێنەکەوە ڕووى تێبکرێت، وەک بۆ نموونە دیمەنى سروشتى کە قەوارە و ڕەنگى سروشتیى هەیە، یان ڕوخسارى مرۆڤ لە فۆتۆگرافیدا کە جیاوازە لە ڕەنگى سروشتیى ڕوخسار.

لەم روانگەیەوە “وێنەئاگایى بریتییە لە ئەزموونى ‘دوو-لەنێو-یەک‘دا، بریتییە لە چنینى ئەزموونێکى ئاڵۆز (…). لەنێو وێنەئاگاییدا دوانەتییەک هەیە (هینى وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ) کە نابێت وەک جیاکراوە لە یەک لێیان تێبگەین” ( ). بێگومان “ئەم یەکایەتییە ئیدێنتیتێ نییە”، بە پێچەوانەوە “وێنە فۆرمێکى ئاپۆریانەى/ بێڕێگەچارەی (aporetisch) ‘یەکایەتى‘” دەخاتەوە( ). هوسەرل ئەم یەکایەتییە ناو دەنێت وێنەدانەوەى ناخەکى (immanente Repräsentation)
-3 رێپرەزەنتاسیۆن لە وێنەدا

تێگەى ڕێپرەزەنتاسیۆن لە ترادیسیۆنى فەلسەفەدا، پابەند بە وێنەوە، واتاى نوێنەرایەتیکردن ناگەیەنێت، بەڵکو مەبەستی لە وێنەدانەوەى یان پیشاندانى شتێکى دەرەکییە. لێ هوسەرل بە پێچەوانەوە وەک وێنەدانەوەى ناخەکى لێی تێدەگات، بە واتایەکى دی ببێژین: وێنەئاگایى پێکهێنانە، لێ هاوشێوەیى (Ähnlichkeit) بە زەروورى سەر بە وێنەئاگاییە، بەبێ ئەوەى پێکهێنان بگەڕێتەوە بۆ هاوشێوەیى، چونکە پێکهێنان کردارێکى ئۆتۆنۆمە. لەم ڕوانگەیەوە وێنەدانەوەى ناخەکى بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دەرەکى (بۆ شێرێکی ڕیال) نادات، بەڵکو بۆ خودى وێنەکە. لێ گەر بەم چەشنە لە وێنەدانەوەى ناخەکى تێبگەین، ئەوسا دەکەوێنە بەردەم “پرسى بەدیهاتن”ى ئەو وێنەدانەوەیە. واتا پێویستە وێنەدانەوەى ناخەکى “بریتى بێت لە ڕوانینێکی هەقیقى” ( ) و تەنیا وەک ئەم ڕوانینە شیاوى بەدیهاتنە، بێگومان نەک کتومت لەو شێوەیەدا کە ئەو لەگۆڕێیە، بەڵکو دەبێت وەربگۆڕرێت بۆ “وێنەئاگاییەکى ئێستێتیکى”. هوسەرل بە خەریکبوونى ڕەخنەیى لەتەک تیۆریى رێپرەزەنتاسیۆندا بناغەى وێنەئاگایى ئێستێتیکى دەڕێژێت.

-3.1 رەخنەى تیۆریى رێپرەزەنتاسیۆن

بە دیدى هوسەرل وێنەئۆبژێکت بریتى نییە لە وێنەدانەوەى بابەتە ڕیالەکان، بەڵکو بریتییە لە ئۆبژێکتى دیاردەر وەک وێنەدەرى (Repräsentant) وێنەسوژێ. لێ ئەوە کە هوسەرل ناوى دەنێت وێنەئۆبژێکت، لە تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆندا (وێنەدانەوەدا) وەک هێما دادەنرێت، واتا مرۆ پەیوەندییەکى ڕێژەیى لە نێوان دوو تەوەرەدا وەردەگرێت کە بەڕێى هێماوە پەیوەندى بە یەکترییەوە دەکەن، لێرەشدا ئۆبژێکتى دیاردەر چواندنى بۆ خۆى نییە، بەڵکو وەک وێنەدەر چواندنى بۆ شتێکى دیکە هەیە کە هاوشێوەیەتى یان لە ئەو دەچێت.
هوسەرل لەدژى تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆن جەخت دەکات کە وێنەئۆبژێکتى دیاردەر شیاوى لێڕوانینە بەبێ ئەوەى پێویست بێت بەڕێى لێڕوانینەوە بکرێت بە هێما: “بێگومان ئەم دیاردەیە دروست بووە، سەرەڕاى ئەمە هێشتا پەیوەندییەک بە وێنەسوژێوە دروست نەبووە” ( ). کەواتە هوسەرل مەغزا یان ناوەرۆک بە وێنەدانەوە نادات، نەخێر، “ئەو دەیەوێت پێگەیەکى ئۆنتۆلۆژیانەى تایبەتى بە داڕشتنى نێو وێنە بدات: ئەو وەسفى داڕشتنەکە دەکات وەک بابەتێکى تایبەتى کە لە وێنەدا دیاردەدات”، لێ ئەوە کە دیاردەدات، بابەتێکى ڕیال نییە ( ) و ئەوجا پرسیار لەبارەی مەغزاکەی لە وێنەدا بکەین. بە واتایەکى دى، لە وێنەدانەوەى ناخەکیدا ئاماژە بۆ خودى وێنەکە دەدرێت نەک بۆ بابەتێک کە نامۆیە بە دیاردەر. بێگومان هوسەرل نکۆڵى لەوە ناکات کە لە وێنەدانەوەى ناخەکیشدا ئاماژە بۆ بابەتێکى دى دەدرێت، لێ بابەتێک کە لە وێنەدا دەرکەوتووە. بە واتایەکی دی: وێنە لەنێو خۆیەوە ئاماژە بۆ بابەتەکە دەدات، لێ ئەم بابەتە دەرەکى نییە، بەڵکو “بریتییە لە (…) هاوشێوەکەى وێنەى ئەندێشە” ( ).

هوسەرل بە جیاوازیکردن لە نێوان وێنەهەڵگر و وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکتدا “ئامرازێک دەخاتە بەردەم کە بەتایبەتى جەخت لە ساتى بینین دەکات. لێڕوانەر لە ڕوانگەى فێنۆمێنۆلۆژییەوە وەرگرى وێنەیە”، واتا دەیبینێت. ئەم گریمانەیە تەواو پێچەوانەى تیۆریى هێمایە کە گرنگى بە ساتى بینین نادات، بەڵکو ئاگاییەک وەک ڕاڤەکەرى وێنە وەردەگرێت. لە بنەڕەتدا هێما تەنیا کاتێک دێتەگۆڕێ، گەر ئاگاییەک بیخوێنێتەوە: “هێما دەبێت بە هێما، گەر لە لایەن ئاگاییەکەوە وەک هێما راڤە بکرێت، کەواتە واتاکەى تەنیا لە خودى هێماکەوە ناکەوێتەوە، بەڵکو هێما دەیەوێت وەک هێما بخوێنرێتەوە” ( ). لێ مرۆ لە ڕەوتى خوێندنەوەدا ناچارە شوێن ڕێسایەک بکەوێت کە “دەرفەت نادات دەرک بکرێت. ئاخر مرۆ ئەوپەڕی دەتوانێت بە بینین ئەزموونی رێسا بکات، بۆ نموونە وەک رێساى چەسپێنراو بە وشە” و پاشان لەسەری بڕوات. “تیۆریى هێما لە هێما و لە ئەمیشەوە لە وێنە ئامرازێک تێدەگات کە لە خزمەتى دانەوەى مەغزا و دانى مەغزادایە بە کەسانى دى. هێما بەندە بە ڕێکخراوێکى پێشدراوەوە کە تەنیا ڕێ بەوە دەدات لە لایەن ئاگاییەکى راڤەکەرەوە بناسرێتەوە، لێ بە هیچ شێوەیەک رێ بە ناسینى شتى نوێ نادات” ( )، بۆ نموونە لە لایەن ئاگاییەکەوە کە وێنەئۆبژێکتى وەک هاوبەند لەخۆگرتووە. وەک گۆتمان، وێنەهەڵگر بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەى وێنەئۆبژێکتێک پیشان بدرێت، لێ لەبەر ئەوەى وێنەئۆبژێکت بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ هیچ شتێکى دەرەکى نادات، ئەوا هیچ مەغزایەکى نییە لە واتاى هێمادا، بە پێچەوانەوە بریتییە “لەو ئۆبژێکتە کە وەسف دەکرێت، بۆیە هەمیشە ئۆبژێکتە بۆ کەسێک. ئێمە دەتوانین ببێژین کە وێنەئۆبژێکت فێنۆمێنە لە وێنەدا. وێنەئۆبژێکت تەنیا ئەو کاتە هەیە کە کەسێک لە وێنەهەڵگر دەڕوانێت، چونکە وێنەئۆبژێکت ئەوەیە کە لە لایەن لێڕوانەرى وێنەوە مەبەستە، کەواتە ئۆبژێکتێکى مەبەستەکییە” ( ).

-3.2 وێنەئاگایى ئێستێتیکى

بەدیدى هوسەرل تەنیا وێنەئاگایى ناخەکى “رۆڵێک بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە دەگێڕێت” ( ). لەم روانگەیەوە هوسەرل وێنەئاگایى هێمایى کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى دەدات، بە ئاگاییەکى ئێستێتیکى دانانێت. لێ لەبەر ئەوەى هوسەرل هاوکات بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە جەخت لە “رۆڵ”ى وێنەئاگایى ناخەکى دەکات، ئەوا “وێنەئاگایى ئێستێتیکى هاوتا نییە بە وێنەئاگایى ناخەکى، بەڵکو لاى هوسەرل وەرگۆڕینى/ هەموارکردنەوەی (مۆدیفیکاسیۆنی) وێنەئاگایى ناخەکییە” ( ). هۆى ئەمە لەوەدایە کە وێنەئاگایى ناخەکى ناتوانێت لە شێوەى هاتنەئارایدا گەرەنتى بە پرسى بەدیهاتن بدات وەک “ڕوانینێکی هەقیقى”، بۆیە دەبێت بکرێت بە ڕوانینێکی ئێستێتیکى لە وێنە، واتا ڕوانینێک کە “تەنیا شێوازى بەوێنەکردن (Verbildlichung) بەهەند وەردەگرێت” ( ).
ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە ڕوانینێکی هەمەکییە (تۆتالە) نەک دابەشێنەر. مرۆ لەم ڕەوشەدا دەیەوێت لە ئەدگارە ناخەکییەکانى وێنەئۆبژێکت بڕوانێت، لێرەشدا بێگومان دەرفەتی گەمەی ڕوانینی هەیە: “وێنە لە ڕوانینی ئێستێتیکیدا دەشێت بە چەشنێک کارا ببێت کە ئیدی پێشبینییەکى نوێ چالاک ببێت و سوژێ یان هەر پێکهاتەیەکى سوژێ بکات بە لێڕوانینێکى پڕتر، بۆ نموونە بیکات بە ڕەنگێکى گونجاوتر”، کە ئیدی “کاتێک ئێمە لە وێنەکانى پاولۆ ڤێرۆنێزە دەڕوانین، هەست دەکەین خراوینەتە نێو ژیان و سەفاى پرشنگدارى توێژە باڵاکانى ڤینیسیاى سەدەى شازدەیەمەوە، یان کاتێک لە دارهەڵکۆڵینە پڕسۆزەکانى دیوڕەر دەڕوانین، ئیدی ڕازاندنەوەى دیمەن و مرۆڤى ئەڵمانى دەبینین”. بێگومان وێنەئۆبژێکت لەم گرنگیدانەى لێڕوانەردا بەشدارییەکى کرۆکیى هەیە، چونکە گرنگیدانەکە لە سوژێ وردنابێتەوە، “بەڵکو بەردەوام بۆ لاى وێنەئۆبژێکت دەگەڕێتەوە، لە ناخەوە خۆى پێوە هەڵدەواسێت و چێژ لە شێوازى بەوێنەکردنەکەى دەبینێت” ( ).
لەبەر ئەوەى وێنە سوژێیەک ناداتەوە، ئەوا ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنەئۆبژێکت هەمیشە “شوێنێکى دى” نەک شوێنە ڕیالەکەى سوژێ ئاشکرا دەکات. “ئەم ڕەهەندە نوێیەى هاوشێوەیى بەند نییە بە (…) ئاسۆى ناخەکیى دیاردەوە، بەڵکو ئاسۆ دەرەکییەکەى (…) دەگرێتەوە. لە هەموو ڕەهەندە شیاوەکانى هاوشێوەییدا (وەک وێنەى ئاخڤەر، بزۆک، ڕەنگین، تەنانەت سینەما، یان وێنەى هاوقەوارە پەیوەند بە دیاردە سروشتیەکەیەوە)، وێنە لە ڕووى پەیوەندیى فەزاییەوە وەک ‘بە شوێن نەگونجاو‘(deplatziert) دیاردەدات” ( ). لەم ڕوانگەیەوە وێنە سەربەخۆیە لە هەر یاسایەکى تایبەت بە شوێنێکى دیاریکراو. دیاردەى وێنەیى هەموو بابەتەکان لە کۆنتێکستە (سیاقە) سروشتییەکەیان دادەبڕێت ( ). لێرەدا بەڕوونى هەڵوێستى دژبەرى هوسەرل بەرانبەر تیۆرییەکانى وێنەدانەوەى جیهانى دەرەکى و پەیوەندییە ڕیالەکان ڕووندەبێتەوە. بۆ نموونە وێنەى بزۆک (سینەما) جیهانێکى دیاردەییە بۆ خۆى و نەشیاوە لێڕوانەر بتوانێت تێیدا شوێنێکى تایبەتى لە جیهانى ریالدا ببینێت و راڤەى بکات، یان ڕووداوەکانى نێوى بگەڕێنێتەوە بۆ ڕووداوە ریالەکان، جا گەر تەنانەت ئەو وێنەیە لە هەندێک ڕووەوە هاوشێوەیان بێت یان کەرەسەکانى لە ڕووداوى ریالەوە وەرگیرابن. “وێنەکانى ئەنفال” بۆ خۆیان جیهانێکى دیاردەیین “لە دەرەوەى ئەنفالى ریال”؛ وێنەکانى “مەلایەکى خراپ” لە فیلمێکدا تەنیا لەنێو پەیوەندیى وێنەییدان و هیچ پەیوەندییەکیان بە پیاوانى ڕیالى ئاینییەوە نییە؛ وێنەی زاتێکی پیرۆز، پێغەمبەرێک، هیچ پەیوەندییەکی بە کەسێکی وەک پیرۆز پێشبینیکراوی ڕیالەوە نییە.

-4 ئەزموونى ئێستێتیکى

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل دەمانخاتە بەردەم پرسیارى وەرگرتنى (Rezeption) هونەر وەک ئەزموونێکى ئێستێتیکى، لێرەشدا گەرەکە لە واتایەکى جووتەنیدا لە تێگەى وەرگرتن تێبگەین: وەک ڕوانین یان خوێندنەوە یان بیستنى هونەر لە لایەک، هەروەها توێژینەوە لە دیاردە هونەرییەکان لە لایەکى دى.
بە دیدى هوسەرل هونەر جیهانى ئەندێشەى فۆرمێنراوە، تەنیا کارایى وێنەى هەیە لە مەغزاى وێناکردنى ڕاستەوخۆدا. هونەر کە واتاى “هونەرى ئێستێتیکیى پەتى” دەگەیەنێت، گەرەکە دۆخە ناخەکیەکانى وەرگر بەرزبکاتەوە بۆ نێو کایەى جوانیى ئێستێتیکی، بیخاتە نێو “دۆخى لێڕوانینى (…) ئێستێتیکیانەى پەتییەوە” ( ). لێ پێشمەرجى ئەم شێوەیەى ئەزموونکردنى هونەرى ئەوەیە کە لێڕوانەر، هاوشێوەى فێنۆمێنۆلۆژ کە خۆى لە هەر بڕیارێک بەسەر جیهانى دەرەکیدا بەدوور دەگرێت، گرنگیدانى رۆژانەیی خۆى لەکاربخات بۆ ئەوەى بتوانێت بە ئەزموونى ئێستێتیکی بگات.

هوسەرل جەخت دەکات کە لە هونەردا، بۆ نموونە لە نمایشکردنى شانۆییدا، تەنیا پەیوەندیى دیاردەیى هەیە، بۆیە “ئێمە پەیوەست بە لێڕوانراوەوە هیچ هەڵوێستێکى ڕیال وەرناگرین. سەرجەمى ئەوە کە لەوێدا بە شت و کەسانەوە ڕوودەدات، سەرجەمى ئەوە کە دەگۆترێت یان دەکرێت و هتد، کارەکتەرى ‘ڕەنگەیەتی‘ (Als-ob)ى هەیە” ( ). لەم روانگەیەوە لێڕوانەر ئەزموونێکى گشتگیرى هونەریى دەکات و تێیدا جیهانێکى فۆرمێنراوى هونەرى ‘دەبینێت‘. کاتێک ئەو گشتگیرانە دەڕوانێت، ئەوا لە ڕوانینیدا نەک تەنیا ئەکتەرەکان، بەڵکو تەنانەت کوالیس و مۆبیلەى تەختەیی و هتد “‘تەمسیل‘ دەکەن، ئەوان سەراپا لەوێن بۆ ئەوەى ئێمە بخەنە نێو دۆخى ئەندێشەى هونەرییەوە” ( ). ئاخر مۆبیلەکان چیدى “مۆبیلەى ڕیال نین لە خزمەتى شتێکدا، بەڵکو مۆبیلەن لە ژوورى سەرۆک و هتد، کەواتە مۆبیلەى ئەندێشەیین، کەواتە ئەوانیش دیاردەن (Schein) و جیاوازن لە جیهانى ڕیال، واتا لە جیهانى مۆبیلە ڕیالەکان. ئاخر مۆبیلە بابەتێکى بەکارهێنانە و وەک ئەمە لەنێو ژووردا کاراییەکى تایبەت بە خۆى هەیە، لێ ئەو ژوورەى سەر شانۆ بریتییە لە ئەندێشەیەکى نمایشکراو بەڕێى ناتەباییەوە، هەروەها ئەو بەکارهێنانە کە مۆبیلەکان دەخرێنە ژێر ڕکێفییەوە و هەر بۆ ئەوەش لەوێن، بەڕێى ناتەباییەوە تەنیا بەکارهێنانێکى (…) نمایشکراوە لەنێو ئەندێشەدا، واتا بەکارهێنان بۆ کەسانى ئەندێشەیى کە لەسەریان دادەنیشن و هتد، لێ دانیشتنێک کە هەقیقى نییە، بەڵکو دانیشتنێکى ئەندێشەییە، جا گەر تەنانەت ئەکتەرەکە بەڕاستى دابنیشێت” ( ). بێگومان مەبەستى هوسەرل لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییە پەتییە ئەوە نییە کە لێڕوانەر هەستى نەبێت، بۆ نموونە خەفەت نەخوات یان شادمان نەبێت، لێ سەربارى ئەوە هەڵوێستى لێڕوانەر ڕوودەکاتە جیهانێکى ئەندێشەیى و دەزانێت ڕووداوەکان هیچ سوژێیەک وێنە نادەنەوە.

وەرگرتنى هونەرى، بە پێچەوانەى ئەفراندنى هونەری کە لە ئازادیدا و پابەند بە ئیدیالى ئێستێتیکییەوە چالاک دەبێت، ئازاد نییە، بەڵکو وێناکانى “وەک ڕێنوما” بەسەردا سەپێنراون ( ). بۆ نموونە خوێنەری (توێژەرى) چیرۆک ناچارە لەنێو ئەندێشەیدا ئەو جیهانە وێنەییە بهێنێتەوە گۆڕێ کە لە چیرۆکەکەدا ئاوەڵاکراوە، ئەمەش بەڕێى زنجیرەى دەرککردنەکانیەوە ئەنجام دەدات، واتا ئەو دەرککردنانە کە لە ناتەبایى بەردەوامى دەرککردندا (لە نێوان وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێى داڕێژراودا) سەرهەڵدەدەن.

لەم پەیوەندییەدا، لایەنى کەم پەیوەند بە وێنەى ئاخڤەرەوە، گونجاو دەبێت گەر ڕووبکەینە فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانەى زمان لاى هوسەرل، چونکە هەڵوێستى توێژەر لە فەلسەفەى زماندا هاوشێوەى هەڵوێستى توێژه‌رییە به‌رانبه‌ر ئەم جۆرەى دیاردە هونەریەکان. هوسەرل لە فەلسەفەى زماندا جیاوازى لە نێوان دوو تەوەرى فیزیکى و پسیکۆلۆژیانەى واژەدا دەکات، واتا لەنێوان وشەى دەربڕراو یان تۆمارکراو لە لایەک، ئەوجا مەبەستى دەربڕراو لە لایەکى دى، لەم پەیوەندییەشدا فێنۆمێنۆلۆژى تەنیا گرنگى بە مەبەستی دەربڕراو دەدات، چونکە بە دیدى هوسەرل کردارى دەربڕین گەیاندنى مەبەستێکە بە دەسوێژى وشە.

لە کردارى مەبەستەکیدا بابەت بەڕێى لێڕوانینەوە وەک بابەتى هەنووکەیى یان وەک بابەتى هێنراو بۆ نێو ئامادە (پێشبینیکراو) دیاردەدات، لێرەشدا کرۆکە مەبەستەکییەکە کارایى مەغزاخستنەوەى هەیە. هاوشێوەى ئەمە چیرۆکی چاپکراویش ‘مەغزا‘ى تایبەتیی لەخۆگرتووە، لێ ئەو مەغزایانە داپۆشراون. ئەرکى توێژەر ئەوەیە کە هەڵوێستى سروشتیى خۆى، واتا دەرککردنى پسیکۆلۆژیانەى بابەتەکە، لەکاربخات، بۆ ئەوەى جیهانى فۆرمێنراوى هونەرى لە هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا دەرکبکاتەوە، ئەوجا گەر هەوڵ بدات وەسفى ڕەوتى کردار و کارەکتەر و مۆتیڤى کەسایەتییەکان و هتد بکات، ئەوا سەرەتا مەغزاى کردار و کارەکتەرەکان شرۆڤە دەکات و شرۆڤەکانى بە گۆتە (مەقولە) دەردەبڕێت، لێرەشدا بڕیارەکانى (ڕستەکانی) تەنیا ڕوودەکەنە وێنەی فۆرمێنراو، کەواتە بڕیار نین بەسەر کەرەسەیەکى (سوژێیەکى) فۆرمێنراوى هونەریدا، بەڵکو بڕیارى ڕەنگەیین بەسەر کەسان و کرداردا. لێ گەرچى ئەم گۆتانە ئەدگارى ڕەنگەییان هەیە، سەرەڕاى ئەمە، وەک هوسەرل جەخت دەکات، ڕاستییەکى تایبەتییان لەخۆ گرتووە، چونکە گۆتەکان لەو جۆرە دەربڕینانە تێپەڕدەکەن کە لە هەڵوێستێکى سروشتییەوە لەنێو ئەندێشەدا بەرهەمدەهێنرێن. بڕیارەکان بەسەر بابەتگەلى ئەوتۆدا دەدرێن کە وەک هاوبەندى نۆئێمیی لەنێو ئاگاییدا دراون.

لەم روانگەیەی تیۆریی وێنه‌ی هوسه‌رله‌وه‌ ئێمە لە ئەزموونى ئێستێتیکییانەى هونەردا گرنگیدانى پراکتیکیمان نییە، بە پێچەوانەوە گرنگیدانمان ڕوودەکاتە ‘لێڕوانراو‘ و وەسفکردنى. “بەها”ى کاری هونەری تەنیا لەم شێوازەى بەدیهێناندایە. جارێکى دى دووپاتى دەکەینەوە: داڕشتنى وێنەیى، وێنەسوژێیەک وەک بابەتێکى دى دەهێنێتە ئاراوە، لێرەشدا “پەیوەندیى ڕاستەوخۆ دیارى نێوان وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت دەرفەت بۆ توێژەر دەڕەخسێنێت کە لە پرۆسەى توێژینەوەدا گەورەترین بەرجەستەکردنى شیاو ئەنجام بدات. کاتێک توێژەر وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت بەیەک دەگەیەنێت، ئیدی لەم کارەیدا دەتوانێت تا زۆرترین ڕادە هەر هەوڵێکى راڤەکارانە پشتگوێ بخات” ( ).

سەربارى ئەم ئینجازە مەزنەى تیۆریى فێنۆمێنۆلۆژیانەى وێنە هێشتا هەر پرسیارێک بە کراوەیى دەمێنێتەوە کە ڕوو دەکاتە کارایى هونەر بۆ هەڵوێستى تاکەکەس لەنێو جیهاندا. پەیوەند بەم پرسیارەوە پێویستە سەرەتا ئاماژە بۆ هەقیقەتێک بدەین: هوسەرل گۆڕانى نەدا بە “ئێستێتیکێک” (ئەم کارە ئینگاردن ى شاگردى ئەنجامى دا)، ئەمەش پێدەچێت نەشیاو بووبێت، چونکە ئامانجى هوسەرل فێنۆمێنۆلۆژییەکى ترانسسێندێنتال بوو، واتا فێنۆمێنۆلۆژییەک کە “بابەت بەگشتى” مسۆگەر بکات، بەمەش نەک تەنیا ببێت بە مێتۆدى توێژینەوەى فەلسەفەیى، بەڵکو ببێت بە مێتۆدى تاکە زانستەکانیش. ئاشکرایە کە هەر زانستێک بابەتێکى بە خۆتایبەتمەندى هەیە، لێ بەهۆى دیاریکردنى فێنۆمێنۆلۆژیانەى “بابەت بەگشتى”یەوە دەرفەتى بۆ دەڕەخسێت کە فێنۆمێنۆلۆژیانە لە بابەتە تایبەتییەکەى بتوێژێتەوە. هاوکات پەیوەند بە وەرگرتنى هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەوە لەبارەى وێنە دەتوانین ببێژین: ئەم جۆرە وەرگرتنەى هونەر کە بینین و وەسفکردنى وێنەیە، دەشێت بەدوورمان بگرێت لە هەوڵى بێواتاى راڤە و خوێندنەوە، کە هەمیشە کورت دەهێنن، چونکە نەشیاوە ئاگایى بتوانێت وێنەدانەوەیەکى کتومتى هەر ڕیالێتییەک لە هونەردا ببینێتەوە. جگە لەوە هەوڵەکانى راڤە و خوێندنەوە دەشێت (پەیوەند بە هەندێک ناوچەی کولتوورییەوە) لە جیهانبینیی تایبەتییەوە ئەنجام بدرێن، بەمەش ببن بە داواکاری یان بە پاڵهێز بۆ یاساغکردنى وێنەى نەخوازراو لە روانگەى ئیدیۆلۆژی یان ئایینییەوە.

پەراوێز:

) ئێدموند هوسەرل 8/4/1859 لە پروسنیتس (مێرن) هاتە جیهانەوە، ساڵى 1868 لە ڤیین دەچێتە بە خوێندن، ساڵى 1876 لە زانکۆى لایپتسیگ وەردەگیرێت و بەشەکانى خوێندنى بریتى دەبن لە: ئەستێرەناسى، ماتماتیک، فیزیک و فەلسەفە. ئەو ساڵى 1881 بە توێژینەوەی “هەوڵێک لە تیۆریى ژمارەدا” دکتۆرا دەکات، پاشان لەژێر کاریگەریى تۆماس گ. مازاریک روو لە فەلسەفە دەکات و لە 1883 هەتا 1886 لە لاى فرانتس برێنتانۆ فەلسەفە دەخوێنێت. دوای ئەوە لاى کارل شتومپف کە خوێندکارێکى برێنتانۆ بوو، بە توێژینەوەى “لەبارەى تێگەى ژمارە” (ساڵى 1887بڵاودەبێتەوە) هابیلیتاسیۆن دەکات. هوسەرل ساڵى 1906 لە زانکۆى گوێتینگن دەبێت بە پرۆفیسۆر، دەرنگتر ساڵى 1916 لە زانکۆى فرایبورگ کورسیى فەلسەفەى پێدەدرێت، لێ لەبەر ئەوەى هوسەرل بە ڕەچەڵەک جوولەکە بوو، ئەوا رژێمى نازى ساڵى 1936 مۆڵەتى وانەبێژیى لێدەسێنێتەوە. هوسەرل لە 27/4/1937 جیهان جێدەهێڵێت.
نووسینە بەواتاکانى دیکەى هوسەرل بریتین لە: “فەلسەفەى زانستى حساب” (1891)، “توێژینەوە لۆگیکییەکان، بەشى یەکەم: رێبەرییەک بۆ لۆگیکى پەتى” (1900)، “توێژینەوە لۆگیکییەکان، بەشى دووەم: توێژینەوە لەبارەى فێنۆمێنۆلۆژى و تیۆریى مەئریفە” (1901)، “فەلسەفە وەک زانستى حاسم” (1911)، “ئێدێى فێنۆمێنۆلۆژیى پەتى و فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانە” (1913)، “فەلسەفە لەنێو تەنگژەى مرۆڤایەتیى ئەوروپیدا” (1936)، “هزرینە کارتێسییەکان” (1950).
( Husserl, Edmund: Logische Untersuchungen, Zweiter Band, 1. Teil. Untersuchungen zur Phänomenologie und Theorie der Erkenntnis, hrsg. v. U. Panzer, 1984. Husserliana Band XIX 1. S. 9 (LU II, 1).
) LU II/1, S. 380.
) بڕوانە بەشی ئایندە.
) LU II/1, S. 427.
) Husserl, E: Ding und Datum. Vorlesungen 1907, Hrsg. U. Claesges1973. Husserliana Band XVI. S. 14.
) Husserl, Edmund: Ideen zu einer reinen Phänomenologie und phänomenologischen Philosophie. Erstes Buch, hrsg. V. W. Biemel1950, Husserliana Band III. S. 221 f.
) LU II/1, S. 45f.
) Ebenda, S. 399.
) Ebenda, S. 397.
) Ebenda, S. 399.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. Herausgegeben und eingeleitet von Eduard Marbach. Texte aus dem Nachlass, Bd. XXIII. Hamburg 2006. S. 12.
) Ebenda, S. 7.
) Ebenda, S. 13.
) Ebenda, S. 18.
) Ebenda, S. 18.
) Ebenda, S. 19.
) Ebenda, S. 20.
) Ebenda, S. 20.
) Simmel, George: Der Bilderrahmen. Ein ästhetischer Versuch, in: Georg Simmel, Aufsätze und Abhandlungen 1901–1908, Band 1, Georg-Simmel Gesamtausgabe Band 7, Herausgeber: Kramme, R., Rammstedt, A. und Rammstedt, O., Suhrkamp, Frankfurt a.M., 101–108, 1995[1902]. (zit. n. Dirksmeier, P.: Der Husserlsche Bildbegriff als theoretische Grundlage der reflexiven Fotografie: Ein Beitrag zur visuellen Methodologie in der Humangeografie. www.soc-geogr-discuss.net/2/1/2006/ ).
) LU II/1, S. 436.
) Seemann, Hans Jürgen: Zur Phänomenologie des Bildes im Anschluß an die Untersuchungen E. Husserls. Urn:nbn:de:hbz:468-20070839. S. 81.
) Wiesing, Lambert: Artifizielle Präsenz. Studien zur Philosophie des Bildes. Frankfurt/Main 2005. S. 70.
) Ebenda, S. 46.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 8.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 23.
) Ebenda, S. 23f.
) Ebenda, S. 24.
) Ebenda, S. 26.
) Husserl, Edmund: LU II/1, S. 399.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 55.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 32.
) Ebenda, S. 26.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 92.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 26.
) Ebenda, S. 29.
) بڕوانە
Ebenda, S. 31.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 94.
) Ebenda, S. 88f.
) Ebenda, S. 89.
) Ebenda, S. 98.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 28.
) Wiesing, Lambert, a.a.O., S. 30.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 19.
) Trabant, J.: Zeichen, in: Vom Menschen. Handbuch Historische Anthropologie, Herausgeber: Wulf, C., Beltz, Weinheim/Basel 1997. S. 630.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 10.
) Wiesing, Lambert, a.a.O., S. 30 f.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 38.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 100.
) Ebenda, S. 100.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 39.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 114.
) Ebenda, S. 115.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 212.
) Ebenda, S. 212 f.
) Ebenda, S. 213.
) Ebenda, S. 215 f.
) Ebenda, S. 216.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 11.




ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری وڵاتانی G20 لە هامبۆرگ …. نوری بەشیر


هەلومەرجی بەستنی کۆبوونەوەی ئەمساڵی گروپی ٢٠:

کۆبوونەوەی ئەمساڵی گروپی ٢٠ لەکاتێکدا دەبەسترێت، کەسەرمایەداری لەدرێژەی ئەزمەیەکی ئابووری کە لە ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردوە دەورانی خۆی بەسەر دەبات، هەروەها دەوڵەتانی سەرمایەداری دەرگیری کێشمەکێش و لێکدابڕانێکی ریزەکانی بووە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە یەخەی گرتوون، کەدەورەی یەک تا جەمسەری و یەک قوتبی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دەورانی خۆی تەواو کردوەو ئێستا دەورانی چەند جەمسەری خۆی نیشاندەدات. لەلایەک جەمسەری روسیاو چین و هاوپەیماننانی، لەلایەکی ترەوە جەمسەری ئەمریکاو هاوپەیمانانی و هەروەها ریزەکانی ئەوروپای یەکگرتوو وەک پێشوو لە جەمسەری ئەمریکا بەهۆی لەدەستدانی جێگاو رێگای سیاسی و ئابوری ئەمریکا وەک پێشوو نەماوەو هەم ریزەکانی شلوێ بووەو وڵاتانێک دەیەوێت بەتەنیاو لەبەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆی روو لەبەرژەوەندییە تەنیاکانی خۆی بکات لە چەشنی بریکزست کە حزبی پارێزگاران و حزبی قەومپەرستی بەریتانی UKIP دەستی بۆبرد، هەروەها کێشەکانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا و زۆرێکیان لەگەڵ روسیا، وە کێشەکانی ئەمریکاو روسیا لەسەر سوریاو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها نەبوونی ئەلتەرناتیفی حکومەتی ئەمریکاو غەرب بۆ وڵاتانی ئەزمە گرتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەکان لەسەر کۆریای باکور، هەموو ئەمانە کێشە گەلێکی چاوچنۆکی دەوڵەتانی سەرمایەدارین لەبەرامبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیاندا و ئەزمەیەک کەتێیدان.

بەڵام هاوکاتی ئەم کێشە ناوخۆییانەیان، سەرانی سەرمایەداری دەگیری ناڕەزایەتی بەرفراوانن لەدنیادا، کەنموونەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگاو حزب و رێکخراوە چەپ و سۆشیالسیت و بەرەی ئازادیخوازە لەدنیادا، کە جیا لە ناڕەزایەتیە فراوانە جەماوەریەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تورکیاو وڵاتانی کە لەدنیادا لەچەند مانگی ئەمساڵدا بەشێوەی ناڕەزایەتی پۆپۆلیستی دەرکەوتن، هەروەها ناڕەزایەتی بەرچاو بە سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی وڵاتان لە گروپی ٢٠ کە رۆژەکانی ٧و٨ی ئەم مانگە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا ئەنجامدارا، نموونەیەکی واوەتر لە ناڕەزایەتیە پۆپۆلیستیەکانی دەورەی پیشوتر چەپانەتر بوو.

سەرانی گەورە وڵاتانی سەرمایەداری، کە جیهانیان لەناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا کۆنترۆڵ کردوەو هەروەها بازاڕی جیهانیان بەپێی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری دەبەن بەڕێوەو کۆمەڵگەیان بۆ کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت کردووە بە جەنگەڵستان و زیندان و کوشتارگە، رووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی گەورە بوونەوە کە لەچەند رۆژی پێش کۆبوونەوەی گروپی ٢٠ و تا چەند رۆژ دوای کۆبوونەوەکەش سەرنجی دنیای بەرەو خۆی راکێشا. ئەم ناڕەزایەتە نەک لە لایەن دەوڵەتی ئەڵمانیا و مێرکلەوە چاوەڕێ نەدەکرا، نەک بۆ سەرانی وڵاتانی جی ٢٠ یش چاوەڕوانی ئاوا ناڕەزایەتیەک نەبوون، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی سەرمایەداری جیهان و دەوڵەت و دەسەڵاتیان زەنگێک بوو، کە سیستەمی سەرمایەداری و چەوسانەوەو سەرکوت و کوشتارو نابەرابەری و جەنگەکانی بەجۆرێکە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی قابیلی قبوڵ نەماوەو مرۆڤایەتی بەمشێوەیەی ئەمڕۆ و لەژێر سایەی ئەو دەسەتەجاتە مافیایەی ئەمڕۆ کە دەسەڵاتدارانی دنیان، هەناسەی لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگەکان بڕیوەو زەرورەتی ئەوەی هەیە کە هەڵپێچرێن و بڕۆن.

سەرانی وڵاتانی سەرمایەداری گروپی ٢٠ ئەوەیان دوپات کردەوە لەگەڵ هەرکێشەو و ناکۆکیەک هەیانە، بەڵام لەبەرامبەر بەرژەوەندی و یەکریزی چینی کرێکارو چەپ وکۆمۆنیزمدا یەک هێزن و ناکۆکیەکانیان دەخەنە لاوەو وەڵامێكیان بۆ باشترکردنی ژیان و نەهامەتیەکانی کۆمەڵگە نییە.

گروپی ٢٠ لەکێ پێکاتوەو کارەکانی چیە؟

وڵاتانی گروپی ٢٠ کەپێکهاتووە لەم وڵاتانە ” ئەڵمانيا، بەريتانيا، ئەمریکا، فەرنسا، ئیتاليا، توركيا، روسيا، چین، يابان، ئوستراليا، هندستان، كەندا، ئەرجەنتين، بەرازيل، مەكسيك، كۆريای باشور، ئەندەنوسيا، ئەفریقای باشور، سعوديە و هەروەها یەکێتی ئەوروپا”، کەبەجیا لەسەرانی ئەم وڵاتانە کۆمەڵیک لەرێکخراوە جیهانیەکانی تریش بەشداری دەکەن، وەک ” بانکی نێودەوڵەتی، رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، رێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاری ئابوری، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی، و هەروەها سەرانی وڵاتانی بەشدار مافی ئەوەیان هەیە سەرانی وڵاتانی تر لەدەرەوەی گروپی ٢٠ بانگێشت بکەن و هەروەها بەدوای ئەزمەی ئابووری ٢٠٠٨ دا کەیەخەی سەرمایەداری گرت بەناچار کۆبوونەوەکانی چووە ئاستی سەرانی وڵاتەکان و کۆبوونەوەکانی ساڵانە دەکات بەئامادەبوونی وەزیرەکانی ئابووری و مدیری بانکە گەورەکان.
ئەگەرچی گروپی ٢٠ بەناو وەک چوارچێوەیەکی هاوکاری و کۆمەکی ئابووری پێکهات بۆ هاوکاری ئابوری و ماڵی و کاری بازرگانی وڵاتانی ئەندام، کە لە وەزیرە ئابوری و سەرانی بانکەکانی ٧ وڵاتی گەورە پێکهات، بەڵام لە کۆبونەوەی سەرانیان لە ١٩٩٩دا بڕیاریاندا لە سەرانی ١٩ وڵات و ئەوروپای یەگرتوویان بۆ زیادکرد وە وەک وڵاتانی گروپی ٢٠ بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن و بەو ناوەوە ناسرا. کاری ئەم گروپە و کۆبوونەوە ساڵانەکانی، بەهۆی ئەوەی ئەزمەیەک یەخەی گرتوون لەدنیادا و بەسەریاندا نەشکێتەوەو پێچەوانەی کەنەوە بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و چینی کرێکار بەتایبەتی بزوتنەوە سۆشیالستی و ئازادیخوازەکان لەدنیادا، بۆیە مەسائیلە سیاسیەکانیش لەپاڵ کاری ئابوری و بازرگانی ئەولەویەت پەیدا دەکات بۆیان، کۆبوونەوەی ئەمساڵ لەدەوری ئەم چەند خاڵە تەوەرەی بەستبوو: بازرگانی جیهانی، جەنگی سوریا، تاقیکردنەوەکانی چەکی کۆریای باکور، ئەزمەی پەنابەران، ئاڵوگۆڕی ئاو و هەوا.

ناڕەزایەتی چەپ و ئازادیخوازان بەسەرمایەداری لە هامبۆرگ:

لەچەند رۆژ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی سەرانی سەرمایەداری گروپی ٢٠ لە هامبۆرگ، چەپەکان کەپێشتر ئامادەکاریان بۆ کردبوو و هەروەها کۆبوونەوەی بەرەی ئازادیخواز لەدەوریان و لە چەند جێگا بەرەسمی شوێنیان گرتبوو و توانیبوویان چادری تێدا هەڵدەن و بەکەمپی دژی سەرمایەداری ناودەبرا، توانیان بەچالاکی جۆراوجۆر بە بەدژی وڵاتانی بەشداری گروپی ٢٠ و دنیای سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی بۆ مرۆڤایەتی بنوێنن و نەک تەنیا نەزەری خەڵکی ئەڵمانیا و حکومەتی سەرمایەداری ئەڵمانیا و مێرکڵ راکێشن، بەڵکو روو بەدنیا و میدیا لەجیهاندا ببێتە گەرمترین باسەکانی رۆژ، وە ئەو بەرە فراوانە کە گەورەترینی خۆی لەچەپەکانی ئەڵمانیا و ئازادیخوازانی ئەو وڵاتەدا دەبینیەوەو هەروەها چالاکوانی کۆمۆنیستی وکرێکاری و کوردەکانی سەر بە پەکەکە و پەیەدە و ئەنارشیستەکانیش بەشدار بوون تیادا، هەروەها بەهەزاران کەسی تریش لەچەپ و ئازادیخوازانەوە لە وڵاتانی تری دنیاوە پەیوەست بوون پێیانەوە. ئەگەرچی پۆلیس و دەزگاکانی تری حکومەتی ئەڵمانیا هەر لەرۆژەکانی ٤ی مانگەوە ویستیان ئەو شوێنانە بەناڕازیان چۆڵ بکات و ویستی بەزۆرو هەڕەشەو هێنانی چەک و ماشێنی جەنگی و هەلیکۆپتەرو چەکی گازی فرمێسک و ئاو رێژ و دەیان هەزار پۆلیس لەسەرتاسەری ئەڵمانیاوە بۆ چاوترسێن ئامادە بکات، بەڵام ئەمانە دادی نەدا، وە بەبەشداری سەدان هەزار کەس ئیشارەی پێدەدرێت، ئەگەرچی هەندێ لە میدیای بۆرژوازی دەیەوێت بچوکی کاتەوە بۆ ٧٥٠٠٠٠ هەزار بەڵام زۆربە لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشداربوانی ناڕازی بەسەرمایەداری سەروی ٠٠٠ ١٠٠ هەزاری کەسی تێپەڕاندووە.

ناڕەزایەتیەکانی رۆژانی ٤ تا رۆژی ٨ مانگ کە تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی سەرانی سەرمایەداری وڵاتانی گروپی ٢٠ بوو، تەنیا ناڕەزایەتی نەبوو بەسەرانی ئەو ٢٠ وڵاتە، بەڵکو ناڕەزایەتی بوو بە کولی نیزامی سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی، ناڕەزایەتی بوو، یەک بەیەک وڵاتانی سەرمایەداری جیهانیی و سەرانیان کەبەهەموو کێشەو ناکۆکی و بەرژوەندیە ئابوری و سیاسیە جیاوازەکانیانەوە لەجۆرەها بەرەو گروپ و دەستەجاتی بازرگانی مافیایی کۆبوونەوەتەوە لەبەرامبەر چینی کرێکار و بزوتنەوەی رادیکال و چەپ و ئینساندۆستی و کۆمۆنیستی چینی کرێکاردا.

ئەگەر نموونەی رۆشنتر بهێنینەوە؛ لەکاتێکدا حزبی پارێزگارانی بەریتانیا و تریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ریزی ئەوروپای یەکگرتووی هاوەڵانی جێدەهێڵێت بۆ بەرەژوەندی وڵاتی خۆ، بەڵام لە گروپی ٢٠ دا دەمێنێتەوەو بەشداری دەکات. لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی تردا بۆ بۆ بەرێخستنی کوشتارگا لە عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیادا بەرەی دژی خەڵکی و بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێکەوەن. ئەوەتا بۆ هەموویان ئاشکرایە کە ئۆردوگان و دەوڵەتی تورکیا نەک بەدژی سەرجەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی تورکیا و کوردەکان دەکوژێت و دەبڕێت، هەروەها لەبەرەی داعش و کۆنەپەرستیدایە، بەڵام لەگەڵ خۆیاندا لەگروپی ٢٠ و چەندین دەستەجاتی تری بۆرژوایدا دایدەنێین. کێشەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ روسیا و پۆتین کەم نین، بەڵام لە گروۆی ٢٠ و کۆبونەوەکانی ئەستانەو جنێف هاوکارن و پێکەوەن بەدژی بەرژەوەندیەکانی خەڵک مانەوەی بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن. بۆ حزب و دەستەجاتە ئیسلامی و قەومیەکانی عێراق و کوردستانیش وایە لەگەڵ هەر ناکۆکی و کێشەیەکدا هەیانە، بەڵام لەبەرامبەر پاراستنی کورسی و دەسەڵات و دژایەتی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتدا یەکدەست و ناکۆکیەکانیان دەخەنە لاوەو یەکدەگرن و خۆیان سازدەدەنەوە.

دەرسەکانی ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری لەهامبۆرگ:

ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەکانی چەند رۆژی هامبۆرگ بەدژی سەرمایەداری و سەرانی سەرمایەداری وڵاتانی گروپی ٢٠، چەندین بەش و شێوەی بەخۆوە گرتبوو، وە دەرسێکی باش دەخاتە بەردەم کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار. چالاکیەکان لەنمایشی سەرشەقامەکان بەشێوەی زومبی ” مردووە زیندوەکان ” و نمایشی ناو ئاو بە بەلەم و رێگا گرتن و شکادنی تەوقی پۆلیس و ئاهەنگ و دانسی شەوانەو رووبەڕوو بوونەوەو تا دەگاتە لافتەو شیعارەکانی ” بەخێر بێن بۆ دۆزەخ، نا بۆ سەرمایەداری، نا بۆ کۆبوونەوەی گروپی ٢٠، بەڵی بۆ یەکێتی و هاوپشتی جیهانی، نا بۆ جەنگ”، بەو دەلیلە ناڕەزایەتیەکی بەرەی چەپ و ئازادیخوازو هەتا چینایەتی بوو لە شیعارەکاندا وە کۆبوونەوە بوو لەدەوری چەپ و لەسەر بانگەوازی چەپەکانی ئەڵمانیا بوو.

ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە بەپێچەوانەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی دوای دەنگهێنانی ترامپ کە زیاتر پۆپۆلیستی بوون و هەتا ناو و جێگاو رێگای چەپەکانی تیدا چووە سەرەوەو بەجۆرێک دەورەیەک بوو هەتا دەتوانیین بڵێین لەچەپی ناو لەیبەر بەڕابەری جێرمی کۆربنی زیاتر هێنایە سەرەوە. بەڵام دەرسەکانی یۆنان لەهاتنە مەیدانی ناڕەزایەتیەکانیی چینی کرێکار کە چەپی وەک سریزای بردە سەرەوەو تاسیری ناوچەیی دانا و پۆدیمۆسی لەئیسپانیا و جیرمی کۆربنی لەبەریتانیا هێنایە سەرەوە، بەڵام بەداخەوە خۆی نەیتوانی وەڵامدەرەوەی هەلومەرجی یۆنان بێ لەزەمینەسازی بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکار کەزۆر لەبار بوو، یۆنان بە روسیای ١٩١٧ دەچوو، بەڵام ئەمیان لە حزبی بەلشەفی و رابەرەکەی لینینن بەهەرەمەندبوو، بەلام یۆنان نا.

ناڕەزایەتیە چەپیەکەی هامبۆرگ و دەنگدانەوەی جێگاورێگای چەپ بەدژی سەرمایەداری و بێبەهەرەمەند بوون لەحزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری رێکخراوو مەیداندار، جارێکی تر چەپ دەبێتە زەخیرەیەک وەک بزوتنەوە پۆپۆلیستیەکان و دەچێتە گیرفانی هێزە سوشیال دیموکرات و چەپێک تەنیا شیعارە ریفۆرمیستیەکان بەرزدەکاتەوە و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر باڵی راستی بۆرژوازی بۆ چوونە دەسەڵات. چەپێک کە ئێستا لەدنیادا مەوجودە هێندەی حاشیەیی و مەیدانداری کەمپینی ناڕەزایەتیە هێندە چەپی دەسەڵات نییە، بۆ ژیرەوژورکردنی سەرمایەداری و دامەزراندی سۆشیالیزم نییە، بۆیە بەدوای ناڕەزایەتیەکان دەچێتە ماڵەوەو لەباشترین حالدا باڵی سۆشیال دیموکراتی ناو دەسەڵات و هێزی پۆپۆلیست تیادا مەیداندار دەبێت. بەبێ بوونی حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکار بۆ دەسەڵاتی سیاسی، چەپ لە کێشەکانی کۆمەڵگەدا ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی بۆرژوازیدا تەواو دەبێت.

١٣/٧/٢٠١٧




له‌ نێوان (چنوور)ی قوتبه‌دین سادقی و(میدیا)ی محه‌مه‌د جه‌میل دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ چوارچیوه‌ی دووه‌م فیستیڤاڵی مۆنۆدرامای هه‌ولێر وا ڕێكه‌وت هه‌ردوو نمایشی (قوتبه‌دین سادقی )و(محه‌مه‌د جه‌میل)له‌ رۆژێكا ببینم،ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو ده‌رهێنه‌ر جیاوازییه‌كی زۆریان له‌ نێوان دا هه‌یه له‌ رووی نه‌وه‌ و ئه‌زموون و ته‌مه‌ن و ستایل وته‌كنیكی شانۆیی،به‌ڵام له‌ رووی بابه‌تی نمایشه‌كانیان لێك نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو،هه‌ردوكییان موخاته‌به‌ی مردووه ئازیزه‌كانی خۆیانیان ده‌كرد له‌ گۆڕه‌كانیاندا،به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌وان به‌ ته‌كنیك و فۆرمێكی جیاواز له‌وی تریان.
قوتبه‌دین سادقی ده‌رهێنه‌رێكی پڕ له‌ ئه‌زموونه‌و ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌كاری شانۆیییدا هه‌یه‌‌،ستایلێكی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه‌و هه‌میشه‌ پشت به‌ دوو مه‌تریالی سه‌ره‌كی ده‌به‌ستێت له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی كاره‌كانیدا،كه‌ یه‌كێكییان تێكسته‌ و ئه‌وی تریان ئه‌كته‌ره‌ .

له‌ رووی تێكسته‌وه‌ هه‌میشه‌ قوتبه‌دین سادقی خۆی تێكسته‌كانی بۆ شانۆگه‌ریه‌كانی خۆی ده‌نووسێ چونكه‌ وه‌ك چۆن ده‌رهێنه‌رێكی لێهاتووه‌،له‌ هه‌مان كاتێشدا نووسه‌رێكی باڵا ده‌سته‌ له‌ نووسینی تێكستی شانۆییدا،تێكسته‌كانی فۆرمێكی ئه‌ده‌بی رۆمان ئامێز ده‌گرنه‌ خۆیان و‌ پڕن له‌ روداوو به‌سه‌رهات و دیالۆگی درێژ،ئه‌و پێی وایه‌ شانۆ وه‌ك هونه‌ره‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌ده‌بیشه‌و ته‌ژییه‌ له‌گوزارشتی فانتازیایی و هه‌ر تێكستێك سه‌ربورده‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌،له‌ توێ ی ئه‌و سه‌ربوردانه‌ وێنه‌ درامیی و دیالۆگه‌كان له‌ نمایشدا داده‌ڕێژێ،كه‌ زۆر جاران بینه‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌دا پێویستی زؤری به‌ ئه‌تمۆسفیرو ئاماده‌باشییه‌كی ده‌روونی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێكسته‌كه‌ وه‌ك خۆی وه‌ربگرێت،خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ریشی نه‌گرێت قورساییه‌كی زۆر له‌ سه‌ر باری ده‌روونی دا دروست ده‌كات و له‌ نمایشه‌كه‌ی داده‌بڕێنێ.

له‌ راستیدا زۆرینه‌ی ئه‌و جۆره‌ تێكستانه‌ پێویستییان به‌ ئاماده‌ كردن هه‌یه‌،بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر له‌ هؤڵێكی ته‌سكو تریسك و خنكاوی چه‌شنی هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانؤ،دووچاری ته‌نگه‌تاوییه‌كی ده‌روونی نه‌یه‌ت،كه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی نه‌بێت و به‌ ناچاری له‌ شانۆدا دابڕێ،جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ تێكستانه‌‌ هه‌ر ته‌نها قورسایی ناخه‌نه‌ سه‌ر بیری بینه‌ر،بگره‌ ئه‌كته‌ریش گیروده‌ی ئاسته‌نگ ده‌كه‌نه‌وه‌و زۆر جاریش له‌ سه‌ر حیسابی نمایش و ئه‌كشن و ئه‌دای ئه‌كته‌ر هه‌ڵده‌كه‌ونه‌وه‌،چونكه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش بینه‌ر تامه‌زرۆی دیالۆگی كورت و درامییه‌،ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌كته‌ر پێویستی پێیه‌تی بۆ بژارده‌كردنی ریتمی جه‌سته‌و ئه‌دای جوان”
دیاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تی وه‌رگرتنی بینه‌ر له‌ شانۆدا (چاوه‌)زیاتر له‌وه‌نده‌ی گوێ بێت،هه‌ر هونه‌رێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریش ئامرازو زمان و مه‌تریالی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ شانۆدا زیاتر به‌دوای بینین دا ده‌گه ڕێین،هه‌موو هه‌سته‌كانی خۆمان له‌ چاودا كۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌،له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌و ئامرازانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی دایه‌ بتوانێت ئێمه‌ بوروژێنێ،به‌ڵام له‌ هه‌ندێ نمایشی وه‌ك (چنوور) ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرین كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌رهه‌می قوتبه‌دین سادقیه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌رئاستی به‌رهه‌م دا بۆ بكه‌ین،ئه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین تا دوا دیمه‌نی نمایشه‌كه‌چاومان به‌ برسیه‌تی به‌ جێ ده‌مێنێ، شتێ نیه بمانوروژێنێ! چواردیوار و فه‌زایه‌كی ره‌ش كه‌ ته‌نها دره‌ختێكی تێدایه‌،بلاجكتۆرێكی له‌ سه‌ر جێگیر كراوه‌” ئیدی نه‌ سینۆگرافیایه‌ك” نه‌موزیك و ریتمێك،جگه‌له‌ ته‌كنیكێكی ته‌قلیدی نه‌بێت كه‌ بریتیه‌ له‌ دوو ته‌خته‌ی مردووی بێ وه‌زیفه‌..‌
هه‌موو فه‌زای شانۆگه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌رگ ده چێت،به‌ڵام مه‌رگێك كه‌ جوانیه‌كت پێ نه‌به‌خشێت و هه‌ستت ناجولێنێ .

‌‌ له‌و نێوه‌نده‌دا بینه‌ر له‌ شانۆدا هیچی بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ ئه‌كته‌ر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست ئه‌و فۆرمه‌ كلاسیكیه‌ی ده‌رهێنان رزگاری بكات،به‌ڵام ئاخۆ ئه‌كته‌ر له‌ شانۆدا هه‌موو شتێكه‌؟
ئه‌كته‌ری (نمایشی چنور ــ فه‌رشیدگه‌ویڵی)ئه‌كته‌رێكی به‌ توانایه‌،له‌ سه‌ر شانۆدا ماندوو بونێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌،نزیكه‌ی یه‌ك كاژێر له‌نێو كۆمه‌ڵێ ئه‌كشنی بێ ده‌لاله‌ت وهێما وه‌ك حیكایه‌ك خوانێك تێكستی بۆ ده‌خوێندینه‌وه‌،بێ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیف و بۆشاییه‌كانی سینۆگرافیا پڕكاته‌وه‌،وه‌ك هه‌ندێ جار سینۆگرافیا توانستی ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ر شانۆدا داده‌پۆشێ .
ده‌رهێنه‌ر كه‌ هه‌موو پشت به‌ستنێكی به‌ تێكست و ئه‌كته‌ره‌،ناتوانێت هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌و دوو توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌دا دروست بكات،خۆ ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر شانۆیه‌ رۆح بخاته‌ به‌ر تێكست و وێنه‌كانت بۆ به‌رجه‌سته‌ بكات و كاراكته‌ره‌كانت نیشان بدات،نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قت بۆ بخوێنێته‌وه‌.
كاتێك ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگی له‌ ده‌ست ده‌دات،كه‌ نه‌توانێت ریتمی جه‌سته‌ و ریتمی دیالۆگ هاوسه‌نگ بكات و ئه‌و هارمۆنیایه‌ له‌ نمایشدا دروست بكات كه‌ بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌كات ..ره‌نگه‌ بینه‌ر ده‌لالاته‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رت به‌ ته‌نیا لێ وه‌ربگرێ،به‌ڵام ئاماده‌ نیه‌ دیالۆگی بێ ده‌لالاتی جه‌سته‌یی قه‌بوڵ بكات،چونكه‌ ئه‌و له‌و له‌و له‌‌حزه‌یه‌ی له‌ شانۆ دانیشتووه‌(بینه‌ره‌) نه‌ك(خوێنه‌ر)
زۆر جاران ده‌رهێنه‌ر نه‌ك به‌ له‌ ده‌ست دانی هاوسه‌نگ بوون ریتمی نمایش له‌ ده‌ست ده‌دات و بینه‌ر ناچاری باوێشك دان ده‌كات،له‌ هه‌مان كاتیشدا گڕو تینی نمایش لای ئه‌كته‌ریش ده‌كوژێ و ئه‌و بواره‌ی بۆ به‌ جێ ناهێڵێ كه‌ به‌ دوای جوانترین ئه‌دادا بگه‌ڕێـت،ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای دیالۆگی دوورو درێژه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیری لای ئه‌دای نواندنی خۆی نیه‌.
ده‌رهێنه‌ریش به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌كته‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پانتاییه‌ به‌رفره‌وانی تێكستی نابێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانكات به‌ وێنه‌ی شانۆیی،بۆیه‌ ناچاری ئه‌وه‌ده‌بێت تێكست به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ كۆڵ خۆی بكاته‌وه‌،بۆیه‌ كه‌متر ده‌توانێت دراما له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو وێنه‌ی شانۆیی دا نیشانی بینه‌ر بدات …ئه‌وه‌تا ده‌رهێنه‌ر هه‌ندێ كرده‌ی بێ پاساو به‌ ئه‌كته‌ر ده‌كات بۆ شڵه‌قاندنی ئه‌تمۆسفیریی شانۆ،كه‌ هیچ ده‌لالاتێكیان نیه‌ وه‌ك وه‌رگڕاندنی كورسیه‌كان و هه‌ندێ په‌لاماری تر كه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی درامییان پێوه‌ دیار نیه‌ جگه‌ له‌ ده‌سته‌پاچه‌یی نه‌بێت بۆیه‌ من پێم وایه‌ هه‌ڵبژاردنی گه‌وێڵی به‌ باشترین ئه‌كته‌ری پیاوی فیستیڤاڵ ره‌نگه‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵێ ئیعتیباراتی لابه‌لایی بێت، وه‌ك رێز لێنانی شانۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌و فیستیڤاڵه‌و قه در راگرتنی قوتبه‌دین سادقی،ئه‌گه‌رنا ئه‌كته ری دیكه‌مان هه‌بوو له‌ فه‌رشیدی زێتر شایه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوون.

ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌رهێنه‌ر له‌(چنوور)دا دوا دیمه‌نی كۆتایی بوو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی درامیانه‌ی نمایشه‌كه‌و سه‌رتاپای دیمه‌نه‌ په‌راوێزه‌كانی تر له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌و دیمه‌نه‌ دروست كرابوون،ته‌نها دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌ بوو كاتێ كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌خزێته‌ شوێنی گۆڕه‌كه‌و چه‌پكه‌ گوڵه‌ سپیه‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش له‌ سه‌ر كێله‌كه‌ی خۆیدا داده‌گیرسێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ بۆ هه‌میشه‌ رووناكی ببه‌خشێت .

به‌ڵام محه‌مه‌د جه‌میل له‌نمایشی(میدیا) دا تێكستێكی زمان ساكاری هه‌یه‌،به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌و ئایدیایێكی چڕ به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرن ده‌رباره‌ی مه‌رگ و ئازاره‌كانی ته‌نیایی .
ئه‌و دیالۆگه‌ سادانه‌،كه‌ زۆربه‌یان گوزارشتێكی مرۆیی و سایكۆلۆژی ده‌به‌خشن،بۆ كه‌سێك كه‌ ژیان له‌ سه‌ر دنیادا بۆ ئه‌و له‌گۆڕی ئازیزه‌كه‌ی ته‌سكتره‌”له‌ رووی نمایشه‌وه‌ بارگرانییه‌كی نه‌خستۆته‌ سه‌ر ئه‌كته‌ر،به‌ڵكو یاریده‌ی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی ئه‌و دیالۆگانه‌ له ناو نمایشدا بتاوێنێته‌وه‌.

ده‌رهێنه‌ر ستایلێكی ته‌عبیری هه‌یه‌ و به‌ دیكۆرێكی هێمادار له‌ وه‌ره‌قه‌كانی قومارو ئامێره‌ ره‌نگ سپییه‌كانی ته‌له‌فون و جۆلانه‌و په‌یكه‌رێكی دروست كراو له‌ دارو تا‌بوتێك كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆ راكیێشراوه‌،كۆمه‌ڵێ ده‌لالاتی فه‌لسه‌فی و سایكۆلۆژیت پێ ده‌به‌خشێت و بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وهێمایانه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌تمۆسفیری روداوه‌كان و شوناسی كاراكته‌ره‌كانی .

ده‌رهێنه‌ر به‌ سینۆگرافیا هه‌م جوانیه‌ك به‌ نمایش و فه‌زای شانۆیی ده‌به‌خشێت بۆ به‌رجه‌سته‌ بوون،هه‌م ئامرازه‌كانی ده‌كات به‌ فاكته‌رێكی دیكه‌ی گوزارشت كردن،ئه‌گه‌ر توانی رۆڵێك به‌ سینۆگرافیا ببه‌خشێت و بۆ خزمه‌تی نمایش به‌رجه‌سته‌ی كرد.

ئه‌م سینۆگرافیا هێمادارانه‌ ی نمایشی (میدیا) له‌ (چنوور)دا كه‌متر ده‌بیندرێـت..بۆیه‌ كاریگه‌رییه‌ فه‌لسه‌فی و ده‌روونییه‌كانی نمایش به‌ سه‌ر بینه‌ردا لاوازتر ده‌بێت .
ده‌رهێنه‌ر محه‌مه‌د جه‌میل وه‌ك چۆن به‌ فۆرمێكی هاوسه‌نگ تێكست و سینۆگرافیای به‌كارهێناوه‌،هه‌ردوكیانی بۆخزمه‌تی ئه‌كته‌ر به‌رجه‌سته‌ كردووه‌،ئه‌كته‌رێكی كچ (رۆزانا فه‌رهاد) كه‌ هه‌م بۆته ‌داینه‌مۆی راگرتنی ریتمی نمایش”هه‌م ستاتیكایێكی سروشتی به‌ وێنه‌ درامیه‌كان به‌خشیووه‌.
وه‌زیفه‌ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بتوانێت سه‌رچاوه‌كانی وروژاندن له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ردا بۆ دروست كردنی وێنه‌ی درامی‌ ته‌وزیف بكات،ره‌نگه‌ به‌رجه‌سته‌ بوونی دیمه‌نی وروژێنه‌ریش زێتر له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ری ئافره‌تدا كاریگه‌رتربن .

بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر توانیویه‌تی بوێری و چاو نه‌ترسی(رۆزانه‌) بقۆزته‌وه‌ بۆ دروست كردنی دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كان كه‌ هه‌ندێ جار له‌ تابلۆیه‌كی دراماتیكی جوان ده‌چوون و گه‌شه‌یان به‌ ریتمی تمایش ده‌دا،ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ندێ دیمه‌نیش دا بینه‌ر ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ كه‌ ئاستی هونه‌ری دروست كردنی دیمه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك نین،هه‌ندێ دیمه‌نی لاوازی ئه‌وتۆ هه‌بوون كه‌ نمایشه‌كه‌یان ده‌خسته‌ ژێر مه‌ترسی روخانی بونیاتی درامی و هه‌ره‌س هێنان …

به‌ گشتی رۆزانا فه‌رهادــ ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی هونه‌ریی كورته‌و له‌ ده‌ستپێكی ئه‌زموونه‌كانیه‌تی له‌ گه‌ڵ شانۆدا” به‌ڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا ده‌رهێنه‌ر توانی توانسته‌كانی به‌ ده‌رخاوئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكات له‌ رووی نواندنه‌وه‌،به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌دای جوان جوانی له‌ نمایشه‌كه‌دا نیشان داین” به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر جۆلانه‌كه‌،له‌ راكردن له‌ ترس،له‌ پچڕاندنی كفن،له‌ راكێشانی تابووته‌كه‌،له‌ ریتمی جوانی پێكه‌نینه‌كه‌و زۆر وێنه‌ی تردا،بۆیه‌ من پێم وابوو ده‌كرا ئه‌و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌تی له‌ گه‌ڵ رووبار ئه‌حمه‌د دابه‌ش كردایه‌.

له‌ شانۆدا سه‌ختترین ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌وه‌ دایه‌ كه‌ چۆن چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ نمایش دابنێت،چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به‌و فۆرمه‌ هونه‌رییه‌ بێت كه‌ بینه‌ر له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی نمایش نغرۆ بكا،ئه‌وه‌بوو جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان هه‌ردوو نمایش دا هه‌بوو بۆئه‌و راده‌ست كردنه‌ درامیه ئه‌وه‌تا له‌(میدیا)دا ده‌رهێنه‌ر نمایشه‌كه‌ی به‌ئاراسته‌یه‌كی خیتابی ده‌باو كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێ دروشمی لاواز هێنا” ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تی زۆر له‌ بارتر هه‌بوون بۆ كۆتاییه‌كی به‌هێزتر له‌وه‌ی بینیمان.

به‌ پێچه‌وانه‌ی نمایشه‌كه‌ی قوتبه‌دین سادقی كه‌ كۆتاییه‌كی رۆمانسی پر له‌ ستاتیكای درامی بوو،كاتێ كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو گۆڕی یه‌كه‌م و به‌ ده‌ستی خۆی چه‌پكه‌ گوڵه‌ سپیه‌كه‌ له‌ سه‌ر سینگی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌رینی … به‌مه‌ زۆر له‌ بۆشاییه‌كانی نمایشی به‌و كۆتاییه‌ هێماداره‌ پڕ كرده‌وه‌،كه‌ بینه‌ر به‌ ئاسانی ئه‌و وێنه‌ درامیه‌ی له‌ زه‌هندا دا كاڵ نه‌بێته‌وه‌ .




چۆڕاوی تریفە …. عەبدولڕەحمان فەرهادی


شیعر ……

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..عەبدولڕەحمان فەرهادی




وەختی شەو پێ دەکەنێ؛ زەوی دەپژمێ… بۆتان لەتیف عەبدولقادر

ئەم شەو کە چوومە دەرەوە
زەوی ئارەقەی ڕەش وشینی لێ دەچۆڕا !
ئاسمان ٣٠ ئەستێرەی پێ کردبوو !
ئەم شەو..
ئەم شەو کەچوومە دەرەوە
ئاسمانم دیت
خۆشەویستی ئەکردە باران و
پەردەیەکی لەڕەنگی من هەڵکێشراوی
بەسەر ئەستێرەکانی دادابوو !..
ئەم شەو ئاسمان
حەوتەوانەو ٢٣ ئەستێرەی دیکەی
بەپێکراوی هێشتبوونەوە !..
لەسەرەخۆ
سەرم بەرز کردەوە بۆی
تێی ڕامام وهەناسەکەم پێکەنینێکی هەڵکێشا
بەس نەم زانی ئەمە نمایشی چی یە؟!..
زانی سەرسام وشاگەشکەم..
زانی چاوم
زمانی ئەم نمایشەی نازانێت و
هۆش ونەستیش سەرگەردان !..
دوای دوو سێ جار چاو تروکاندن وئامێز
ئامێزی برژانگەکانی!..
شەو پێکەنی..
پ گوتی: من (ب)ێم
ێ گوتی: من (ۆ) م
ك گوتی: من (ت)ێم
ئە (ە) گوتی: من (ئا=ا)م
ن گوتی: من هەر (ن) و
(ی) ش گوتی:
منیش ئامرازی پەیوەندی
نیوانی تۆو دڵی ئاسمان !..
ئاسمان:
لەگەڵ هەموو ساڵێکی شەو
پەردە لەسەر ئەستێرەیەک لائەبەم !..
هەتا شەوت ڕاکشاو بێ
دڵی منیش رۆشنترو
باڵام تێرتر لەئەستێرەو
روخسارم تەژی لەبەژنت !..
یەکسەر زەوی پژمی و
دووگوردێکی سەوزی بۆ ڕاخستم و
بە فرمێسکی دەستنوێژی بۆ هەڵگرتم !..
سوجدە..
سوجدە..
سوجدە..
چەمانەوەی سۆزو
کڕنۆشی باوەڕو
داهاتنەوەی بیرو
ڕژانەوەی ڕەنگم بۆ خودا !..
خودایە رێزم ٣٠ چراو
ئومێدم ئاهەنگی ئاسمان !..
من داماو..
تۆ پڕ سۆزو خۆشەویستی و
ڕژاندنی میهرەبانیت پەسارمە
لەنیگەرانی وئاڵۆزی ڕازو نیگا !..
خودایە..
خۆزگەی خواردنەوەی بۆنی خاک
تەریک بوونمە لەباخچەی ئاژەڵان !..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پــایـــان”

٢١ ی ١٠ ی ٢٠١٣ ALEX




چیرۆک بۆ منداڵان.. گلەییەکانی بەشەکانی دارقۆخێک … نووسینی: رەزا شوان

رۆژێک رەگ و قەد و لق و گەڵا و گۆڵ و بەری دارقۆخێک، کەوتنە گلەیەکردن لە یەکتری. هەریەکەیان ئەرکەکانی، لە ئەرکەکانی هاوڕێکانی تری بە گرانتر دەزانی.
رەگەکان: ئێمە لە هەمووتان ماندووترین، کێتان وەکو ئێمەتان پێدەکرێ؟ بە ناخی زەویدا چووینە. بە رۆژ و بە شەو ئـاو و خوێی کانزایی هەڵدەمژین، بۆ ئێوەیان دەنێرین. گەر ئێمە نەتان گرین، رەشەبا بە پاڵێک دەتان خات.
قەد: هاوڕيێی شیرینمان، پێزانینمان بۆ ماندووبوون و ئەرکی گرنگی ئێوە هەیە. بەڵام ئێوەش خۆتان بە منەوە گرتوون. ئەو ئاو و خوێیە کانزاییانەی ئێوە هەڵیاندەمژن، من دەیان گەیەنمە لقەکان. منیش لە رووی گەرما و سەرما و رەشەبادا خۆم گرتووە، لق و گەڵا و گوڵ و بەر، هەموویان بەسەر شانی منەوەن، ئەرکەکانی منیش لە ئەرکەکانی ئێوە کەمتر نین.
لقەکان: ئەو ئاو و خوێیە کانزاییانەی تۆی قەد پێمان دەگەیەنێ، ئێمەش دەیان گەیەنینە گەڵاکان. سیما و قەوارەیەکی جوانیشمان پێبەخشیون. سەرەتای هەموو بەهارێکیش چرۆی تازە دەکەین، دەیانکەین بە گەڵای تازە. بە سەدان گەڵا و گوڵ و قۆخمان بە کۆڵەوەیە، رۆژانەش چۆلەکە و مەلی جوان و دەنگخۆش، لەسەرمان دەنیشنەوە. بێجگە لەمانە ئەرکی تریشمان هەیە.
گەڵاکان: ئیمەش بە رەنگی سەوز و گەشمان، جوانیمان پێبەخشیون، ئێمە چێشتخانە ئاسایین، لەو ئاو و لە کانزایانەی پێمان دەگەیەنن، لەگەڵ چەند گازێک و تیشکی خۆر و لە ماددەی تر کە لە سەوزیماندا هەیە، کارگە ئاسایی خواردن بۆ هەمووتان دروست دەکەین، هەموومان بەو خواردنە دەژێن. چەندین ئەرک و سوودی تریشمان هەن.
گوڵەکان: ئێمەش رەنگێکی پەمەیی زۆر جوان، بۆنێکی زۆر خۆش، دیمەنێکی رەنگین و سەرنجڕاکێشمان هەیە. بەرەکانیش لە ئێمە لە دایک دەبن و پێدەگە، دەبنە ئەم قۆخە خۆش و بەتام و بەسوودانە.
قۆخەکان: ئێمەش کە بەری ئێوەین، بە هاوکاری هەموو لایەکتان پێگەیشتووین، هێمای جوانی و بەسوودین. گەر ئێمە نەبین، مرۆڤ هێندە خزمەتمان ناکات و بە دەورماندا نایەت. ئێمە لەناو سکماندا ناوکمان هەڵگرتوون. بە ناوک ژمارەمان زۆرتر دەبێت و لەناوناچین.
هەموویان: کەواتە هەموومان لە خزمەتی مرۆڤداین، ئەو سوودمان لێوەردەگرێت.
قۆخەکان: بەڵێ وایە، بەڵام نابێ بێ ئەمەک و پێنەزان بین، مرۆڤیش خزمەتی ئێمە دەکا، پەین دەکاتە ژێرمان، گەر توینیشمابێت ئاومان دەداتێ، لە دژی نەخۆشییەکان و کـرم و مێشوولە و میکرۆبی زیانبەخش، دەرمانمان پێوەدەکات و دەمانپارێزێت. ئەویش مافی خۆیەتی کە سوودمان لێوەربگرێت.. ئەویش نەمان کاتەوە دەوەرێن و بۆگەن دەبین. جوانیشمان لە سوودبەخشیمان دایە.
قەد: هاوڕی دڵسۆزەکانم، قسەکانی قۆخەکان بەجێن، راستییەکیش هەیە، کە هەموومان دەیزانین، هەریەکە لە ئێمە گرنگی و ئەرک و کاری تایبەتی خۆمان هەیە، کە بە ئەوانی ترمان ناکرێن. من ناتوانم کارەکانی ئێوەی رەگ یا ئێوەی لقەکان یا ئێوەی گەڵاکان یا ئێوەی گوڵەکان یا ئێوەی بەرەکان ئەنجام بدەم. ئێوەش ناتوانن کارەکانی من ئەنجام بدەن. بەڵام ئێمە گیانێکین لە شەش جەستەدا. بەبی هاوکاریکردنی و پێکەوەکارکردن کارەکانمان ناتەواو دەبن و نـاژین. با کۆتایی بەم گلەییانەمان بهێنین، درێـژە بە ئەرک و کارەکانمان بدەین.

نەرویـج: ٢٠١٧




ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ … سه‌باح شێخانی

پێویسته‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد، پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ مافی خۆمان خۆشنابین و به‌ كه‌متر له‌وه‌ رازی نه‌بین تاكو له‌ مافدا یه‌كسان ده‌بین له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دونیا.
پرسی سه‌ربه‌خۆیی مافی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، بۆیه‌ كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان ده‌توانیت ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین بكات، جاڕدانی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بۆ گه‌لی كورد بووه‌ته‌ ئه‌مری واقیع و ئیدی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌شیوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، له‌ بۆنه‌ی جیاوازدا، پێشوه‌خته‌ ئاماژه‌یان به‌ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان داوه‌. ڕیفراندۆم له‌ ئاسته‌ گشتییه‌كه‌یدا، مافه‌، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ڵگری هه‌ر ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕێك بین، دواجار له‌وه‌دا هاوبه‌شین كه‌ كێشه‌یه‌كی مێژوویی له‌مێژینه‌ و دوورمان هه‌یه‌.

دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌ موزایه‌ده‌‌یه‌ و نه‌ پڕۆپاگه‌نده‌ی كه‌سی و حیزبی، له‌ ئێستادا دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بۆ پاراستنی ژیان و شكۆی گه‌لی كوردستان ئه‌ركێكه‌ له‌ ئه‌ستۆی هه‌موومان، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ تاكی كوردستانی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌یانه‌وێت بڕیاری سه‌ربه‌خۆییی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بده‌ن و خوێنی شه‌هیدان و قوربانی گه‌له‌كه‌مان به‌ فیڕۆ نه‌ده‌ن، یان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ دژی ده‌وڵه‌تن و هه‌ندێكیان به‌و په‌ڕی بێشه‌رمی و به‌ بێ ترس له‌ یاسا ماوه‌یه‌كه‌ بانگه‌شه‌ی به‌ هه‌رێمكردنی سلێمانی ده‌كه‌ن، بۆچی ده‌ڵێن هه‌رێمی سلێمانی دروست ده‌كه‌ین، با به‌ئاشكرا بڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراقی مالیكیداین و دژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیین.

هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا روویان داوه‌، رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ ئێمه‌ی كورد كه‌ ئیتر ده‌رفه‌ته‌كان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، چونكه‌ به‌ له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تێكی وه‌هادا، چه‌ندان ساڵ ده‌مانباته‌وه‌ دواوه‌، شێخی سه‌عدی جوانی فه‌رمووه‌: “هه‌موو باشن به‌ڵام نه‌ بۆ هه‌موو كارێك” بزاڤی رزگاریخوازی هچ گه‌لێك بێ گه‌وره‌ و سه‌ركرده‌ نه‌بووه‌ و نابێت، له‌و بارودۆخه‌ سه‌خت و هه‌ستیاره‌ش بۆ ڕێبه‌رایه‌تیكردنی سه‌ربه‌خۆییی كورستان كه‌س له‌ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان شیاوتر نییه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ كورد و دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان كردویه‌تی، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی كورد نه‌یكردوه‌، با هه‌مووان ده‌ست له‌ناو ده‌ست هه‌نگاو بنێین به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان.




ڕاگەیاندنی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان

کەمپینی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە لە ١٨ ساڵ لەمەوبەرەوە هەڵسوراو دەست بەکاربووە، بۆ بەرزکردنەوەی خواست و دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەدەست ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لەم پێناوەدا کاری میدیایی و کەمپەینی سیاسی لە کوردستان و لەووڵاتانی ئەوروپادا ئەنجامداوە، لەناساندنی فکرە و میکانیزمی رفراندۆم لە کوردستان و ناساندنی خواستی سەربەخۆیی لە دەرەوەی وڵاتدا و ڕاکێشانی پشتیوانی لەلایەن کەسایەتی وحزب و ڕێکخراوەکاندا دەوری بووە.
ئەم کەمپەینە لە دوای ڕوخانی بەعسیشەوە دوبارە دەورەیەکی نوێی دەستپێکردەوە بۆ هەمان رفراندۆم بۆ خواستی سەربەخۆیی. بەتایبەت لە کاتی دانان و دەنگدانی گشتی لەسەر دەستوری نوێی عێراق دژ بەم دەستورە فیدرالیەوەستایەوە کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بانگەوازیان بۆکرد . لە ڕێگەی کۆڕو کۆنفرانس و میدیاوە بانگەوازی خەڵکی کوردستانی کرد کە دەنگ نەدەن بەو دەستورەی کوردستان دەکاتەوە بە پاشکۆی دەستور و دەوڵەتێکی ئیسلامی عەرەبی.
سەرەڕای ئەم هەوڵانەی “کەمپینی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان” و کاری “بزوتنەوەی رفراندۆم” و دەنگدانی ٩٨٪ خەڵکی کوردستان بەسەربەخۆیی لەرفراندۆمی نافەرمی ساڵی ٢٠٠٥دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرژەوەندی خۆیان لە پلە و بەشە دەسەڵات و داهاتی فیدرالیدا دەبینیەوە و بە پێچەوانەی خواستی خەڵکەوە کوردستانیان وەک پاشکۆی عێراق هێشتەوە.
دوای چەندین ساڵ لە گێرەوكێشەی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندو ئاکامە سەلبیەکانی لە سەر خەڵکی کوردستان، لە ئێستادا پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە بە بەرپاکردنی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧دا. ئاشکرایە ئەمە ئاکامی شکستی ڕێگا چارەی فیدرالی و ڕەوایەتی ڕێگاچارەی سەربەخۆییە، کە چەندین ساڵ “کەمپینی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان” و “بزوتنەوەی رفراندۆم” و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان خەباتی لەپێناودا کردوە و فشاری خستۆتە سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان، تاکو ئەم مافەی خەڵکی کوردستان بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە رفراندۆمێکدا بەڕەسمی بناسێ و جێبەجێی بکات.
ئێستا کە بەرپاکردنی رفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە دانی پێدانراوە، هەنگاوی گرنگ بریتیە لە جێبەجێکردنی رفراندۆمێکی ئازادو ڕەسمی و جێبەجێکردنی ئەنجامی ئەم دەنگدانەی خەڵکی کوردستان، کە ئاشکرایە سەربەخۆیی کوردستانە.
هەربۆیە ئەم کەمپینەش لێرە بەدوا لەژێر ناوی “ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ” کاردەکا تاکو بتوانێ ئەو دەنگدانەی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بگەیەنێ. لەم پێناوەدا هەم کاردەکا بۆ دروستکردنی بزوتنەوەی فشاری جەماوەری بۆ سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ پابەندبون بە جێبەجێکردنی بڕیاری جیابونەوە لە عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، وە هەم کاردەکا بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ بەڕەسمیەت ناسینی ئەنجامی رفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
لە ڕوانگەی دەورو دەخالەتی خەڵکی کوردستان بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان و دەرکێشانی کوردستان لە گێژاو ناجێگیری سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەت لە کوردستاندا “ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان” بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردستان لەو رفراندۆمەدا کە بڕیارە ئەنجام بدرێ.
هاوکات بەپێی تەجروبەیەک کە ئێمە و خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمانە، پێویستە کە خەڵکی کوردستان خۆیان لە مەیداندا بن و بزوتنەوەیەکی فشاری جەماوەری سازبکەن تا لەم ڕێگەیەوە پێداگری جدی بکەن لە سەر جێبەجێ کردنی ئەنجامی دەنگەکانیان تا حزبە دەسەڵاتدارەکان یاری بە چارەنوسیان نەکەن و دەنگەکانیان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکار نەهێنن و نەیکەنە سەودا ومامەڵەی لەسەر زیادکردنی بەشە فیدرالیەکەی داهات و دەسەڵاتیان.
هاوکات کاردەکەین بۆ ڕێگاگرتن لەوەی خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بکرێتە قوربانی کێشەی دەسەڵاتی حزبەکان و پێویستە سەرجەم حزبەکانی کوردستان پابەندی مافی بەرپاکردنی رفراندۆم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بن، بەجیا لەهەر جیاوازیەکی سیاسی و کێشەی نێوخۆیان یاخود ڕا و سیاسەتێک کە سەبارەت بە ئایندەی کوردستان هەیانە .
هەروەها ئەم ناوەندە هەوڵئەدات بۆ ئەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی ئەم رفراندۆمە لە ناوچە کوردنشینەکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمیش بکا و ڕەسمیەت بدا بە ئەنجامەکەی و بە سەربەخۆیی کوردستان.
ئەم بزوتنەوە جەماوەریە دەوری گرنگی دەبێ لە ڕاوەستانەوە بەرامبەر هەڕەشەی وڵاتانی دەوروبەر و ناکامکردنەوەی هەوڵەکانیان دژی سەربەخۆیی، وە هەروەها ڕۆڵی دەبێ لە هێنانە سەرکاری دەوڵەتێکدا کە دەستور و یاسا و دامودەزگا و کارەکانی مۆری خواست و ماف و فشاری جەماوەری هەژار و ئازادیخوازی پێوەبێ و دەوڵەتێکی سێکولار و غەیرە قەومی و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ دانیشتوانەکەی دابین بکا بەبێ جیاوازی نەتەوە و ڕەگەزو زمان و ناوچە.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بانگەوازی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و حزب و لایەن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان دەکا کە بەشداری لەم ناوەندەدا بکەن و لە هەموو شار و شارۆچکە و وڵاتێکدا هەڵسوراوان دەستەکانی دروست بکەن تا یەکدەست و پێکەوە بزوتنەوەی سەرتاسەری جەماوەری ڕێک بخەین لەپێناو سەرخستنی خواستی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و کاربکەین بۆ ناکامکردنەوەی ڕێگریەکانی بەردەم سەرکەوتنی بڕیاری خەڵکی کوردستان لە سەربەخۆبونیدا.

ئاسۆکمال ڕێکخەری
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
‏17‏/07‏/2017
پەیوەندی : https://www.facebook.com/asokamal, Tel:00447760131203,asokamal@yahoo.com,




مرۆڤی نامۆ … هیوا سه‌عید

زۆر سەیرە مرۆڤ نامەی مردنی دایکی پێ بگا کەچی دوای خوێندنەوەی بێ هیچ شڵەژان و نیگەرانییەک بە کەمتەرخەمییه‌وه‌ بڵێ کێ ناڵێ دوێنێ یان پێرێ مردووە، خوا دەزانێ!
یان لەکاتی ناشتنی تەرمی دایکی دەوروبەرەکەی هەمووی خەریکی شین و گریان بن ئەویش لەودەمە بەشوێن لەزەتی خۆی بێ و بیرلەوە بکاتەوە لەکوێ قاوەیەکی دەستبکەوێ و سیگارێکی لەگەڵ داگیرسینێ!
یان لە نێوان دوو کەسی بەشەڕهاتودا بێئەوەی کێشەکە پەیوەندییەکی بە ئەوەوە هەبێ لەخۆیەوە یەکێکیان بداتە بەرگوللە و بیکوژێ!
یان لە هۆڵی دادگاییدا دادوەر لێی بپرسێ بۆچی ئەو مرۆڤەت کوشت، بڵێ له‌به‌رئه‌وه‌ی تیشکی خۆرەکە لە چاومی دا!
یان بە تۆمەتی کوشتن لە زیندان بێ و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبێ و سبەی وادەی لە سیدارەدانەکه‌ی بێ، بەر لە مردن قەشە لێی بپرسێ باوەڕت بەخوا هەیە، لەو دۆخە لاوازەش هێشتا بڵێ ئەو پرسیارە جێی بایەخی من نییە!

لێرەدا ئەوەی دەبێتە شایانی تێرامان، ئایا بەڕاستی ئەو جۆرە بونەوەرە نامۆ و بێهەست و خوێنسارد و لەمرۆڤکەوتوە بونی هەیە یان هەر کارەکتەرێکی ناو چیرۆک و ڕۆمانەکانە و بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌رێکی وه‌ک کامۆیه‌ به‌ ته‌نیا‌؟
چاڕلی چاپڵن لە شاکاره‌ جوانه‌که‌ی به‌ناوی سەردەمی مۆدێرن که‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی چاپڵن وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ مۆدێرنه‌ ته‌ماشا ده‌کرێ به‌ تایبه‌ت له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ماشێن. لە دیمەنێک ڕۆڵی کرێکارێک نمایش دەکا ڕۆژانە لەسەریەک و بە چه‌ندباره‌یی سەرقاڵی بەستنی بورغییە لە کارگەکەی. بەهۆی ئەو کارەوە ئاگای لە هیچی دەوری خۆی نییە و هه‌موو هه‌ست و سەرنجی لەسەر ئەو ماشێنەیە بورغییەکانی تێدا ده‌به‌ستێ. لە کۆتایی دیمەنەکە بەوە تەواو دەبێ کرێکارەکە دەکەوێتە ناو ماشێنەکە و وەکئەوەی ئەویش ببێ بە بورغییەک یان بە پارچەیەک لە ماشێنەکە.
دیارە کۆی ئەو دیمەنە دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێ مرۆڤ لەناو ژیانی هەمیشە وەکیەک و دوبارەییەکی بێزارکەردا نامۆ دەبێ و دەبێتە ئاسن. بۆ ئەوەشی مرۆڤ لە نامۆیی ڕزگاری ببێ پێویستە لەناو یەکجۆرە ژیان نەخولێتەوە، به‌ڵکو ژیان بکاتە پڕۆژەیەک و دەستکاری و داهێنانی تێدا بکا، واتا هونەرمەندانە بژی. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌ش به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و هونه‌ره‌ نییه‌ لەناو کارگە و قالبەکانەوە کلتوری بازاڕی دروست ده‌کا و جارێکی تر وەکیەکی بەرهەم دێنێتەوە. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌ ئەوەیە لە بەرهەمهێنانی ئێستای نوێ نه‌که‌وێ. وه‌ک چۆن شیعر له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئێستای نوێ ناکه‌وێ.
که‌واته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ ئێستای نوێیه‌ ده‌بێ شیعر وه‌ک هونه‌رێک کۆمه‌کمان بکات، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین شیعر چییە، مەبەست لەوەیە شیعر وێنەیه‌یه‌که‌ له‌ خەیاڵه‌وه‌ یان هه‌ر وشەیە، یان ئه‌گه‌ر شیعر وێنە بێ ئەو وێنەیە بۆ، یان ئەگەرهاتوو وشە بێ ئەوکاتە ئیشی شیعر دەبێتە چی؟

لە کن هیندۆئەوروپییەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دانانی کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤ چاو ئەو پردە سەرەکییەیە پەیامەکانی دەرەوەی لێوە دەپەڕێتەوە بۆ ناوەوە. وەک نمونەی پەیکەری بودا و وێنەی خوایەکانی هیندۆسی. به‌مانای ئه‌وه‌ی کاردانانه‌که‌ به‌ ڕێگای دیمەن و چاویش وه‌ک سه‌نته‌رێکی سه‌ره‌کی په‌یام و کاریگه‌رییه‌کانی پێ ده‌گوازرێته‌وه‌. بە پێچەوانەوە بە نەریتی گەلانی سامی بە دیاریکراوی لە ئایینەکانی ئەو گەلانە پەیکەر و وێنە جۆرێکە لە حەرام (هەرچەندە لە ئایینزای شیعە ڕێگەدان بە وێنەی ئیمامی عەلی لەپێناو پاراستنی شوناس و هەڵگەڕانەوەیە لە مەزهەبی سەردەستە، یان پەیکەری لە خاچدانی مەسیح و تابلۆی مریەمی پاکیزە بۆ دروستکردنی جیاوازی و خۆجیاکردنەوەیە لە ئایینی جولەکە)، لەبری چاو گوێ ئەو هێڵی گواستنەوەیەیە بۆ ئه‌و په‌یامانه‌ی لە دەرەوە دێن و بە دەنگ و بە ڕێی گوێ به‌ ناوەوە ده‌گه‌ن. وەک نمونەی خوێندنەوە و تیلاوەی قورئان لە ئایینی ئیسلام.

هەر لەو ڕوانگەیەوە مامەڵه‌یان لەگەڵ شیعر مامەڵەیەکە شیعر به‌س وەک وشە دەبینێ و پێیوایە شیعر قسەیه‌که‌ و ده‌بێ ئەو قسەیە کاری پێ بکرێت ئەگەرنا دەبێتە قسەیەکی پوچ و درۆ. بێئاگا له‌وه‌ی کاتێک شیعر دەبێتە کردەوە و کاری پێ دەکرێ جگە لەوەی دەق و کەس تێکەڵ دەبێ و دەبن بە یەک دواجار شیعریش شیعربوونی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا و دەبێتە هوتاف و دروشم، ده‌بێته‌ هەڵوێست.
کاتێکیش شیعر ده‌بێته‌ کێشانی وێنە بە وشە و کاری وشه‌ش ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆ گواستنەوەی خەیاڵ ئەوکاتە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌ شاعیر وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ناکرێ قسە بگۆڕێ و بیکا بە کردار چونکە ئەو به‌رله‌وه‌ بانگەشەی شتێکی دیکە دەکا و هەوڵی داهێنانی دیمەنێکی تر بە خەیاڵ لەپاڵ دیمەنە وەکیەک و دوبارەکانی واقیع دەدا، ئەوەش له‌پێناو هونه‌ر وه‌ک ته‌کنیک و فه‌نتازیا له‌ هه‌مان کات بۆ چێژ و ڕەواندنەوەی بێزاری و بەخشینی مانایە بە ژیان. لێره‌وه‌یه‌ شیعر ئه‌مجاره‌یان لەباتی هەڵوێست دەبێتە داهێنان.




ئەزموونی حکومڕانی و هەڵوێستەیەک لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە کوردستانی باشوور

ڕیفراندۆم و پرسی ڕیفراندۆم باسێکی گەرمە بەتایبەت لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی ومیدیاو تاڕادەیەکیش کۆمەڵگا ڕاکێشراوەتە ناو ئەو باسەوە لە باشوری کوردستان، بۆیە دەنگەکان بە باشی زانی سەبارەت بەو پرسەو زەمینەکانی، سیمنارێک بۆ بەڕێز کاوە جەباری ساز بکات لە شاری تۆرۆنتۆ لەژێر سەردێڕی :
ئەزموونی حکومڕانی و هەڵوێستەیەک لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە کوردستانی باشوور




“فاولەکانی” مەسعود بارزانی …. شاخەوان شۆڕش

لەو وتارەدا هەروەستەیەکی کورت لەسەر هەندێ لەو خاڵە گرنگانە دەکەین کە لە دوایین سەردانی سەرۆکی پارتی و نوێنەری هەندێ لایەن بۆ برۆکسل لەسەر پرسی ریفەراندەم هاتنەوە بەرگوتن.
سەبارەت بە رەخنەی یەکێتی ئەوروپا، پێشتر نوێنەری یەکێتی ئەوروپا پێیان گوت: ریفەراندەم ئەوها یەکلایەنە خراپە و پێویستە لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەن و بە پێی دەستور ڕێککەون. مەسعود بارزانی ئەو ئامۆژگاریەی ئەوانی پێ باش نەبوو و گوتبووی “دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان مەوەستنەوە”. ئەو لە مەبەستیان نەگەیشتووە، وەڵامەکەی چەوتە، چونکە ئەوان نەیانگوتووە دژی سەربەخۆیی کوردستانن. جگەلەوەی ئەو ریفەراندەمە لەبەر خواستی خەڵک سەری هەڵنەداوە، هەروەکو ئەوان هەرگیز گوێیان بە خەڵک و خواستەکانی نەداوە، ئەگەر گوێیان لە خواستی خەڵک بگرتایە لە ٢٠٠٣ دا پرسیان بە خەڵک دەکرد و نەدەچوونەوە بەغدا.

لە ١٢ ی مانگدا ئەو سەرۆکایەتی شاندێکی شەق و شڕی کرد و چووە برۆکسل، لەنێو گوتنەکانیدا مەسعود بارزانی دەڵێ: “ئەگەر پشتگیریشمان ناکەن ئەوا لانی کەم بێلایەن بن!” . گوتنەکەی چەوت و هەڵەیە، چونکە یەکەم ئەو هەڵەی یەکەم دووبارە دەکاتەوە و سووڕە لەسەری. ئەوەش بۆ ئەوروپیەکان ژیری وێنە ناکات، بەڵکو سەیردەکەن ئەو پیاوە لە ئامۆژگاریەکەی ئەوان ناگات و پێداگری لەسەر گوتن و هەنگاوی چەوتی خۆی دەکات. ئەوان سەیردەکەن کەسێک کە نادیموکراسیانە درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە و خۆی سەپاندووە، مەترسیەکانی سەر کوردستان و خەلکەکەی بەهەند هەڵناگرێ. بەنیگەرانیەوە زەنگی مەترسی داهاتوویەکی کارەساتئامێزی نەخوازراو لە پێشبینی ئەواندا لێدەدات.

دەسەڵاتدارە گرنگەکان لەوانە ئەمەریکا ناتەبایی خۆی پێشتر لەسەر ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی راگەیاند. مەسعود بارزانی گوتی ‘ئێمە لە بڕیارەکەمان هەرگیز پاشگەز نابینەوە”. دووبارە لە برۆکسل هەمان شتی دووبارە کردەوە. ئەمەریکا لەلایەن خۆیەوە دووبارە هۆشداری دەدات، کە ئێراق پێوستی بە ئارامبوونەوە و سەقامگیری هەیە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی تێکچوونی ئارامی لە ئێراق و دەوروبەری. ئەو پێداگریە چەوت و هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری پرۆسەکە نەکات یا دژی بوەستێت، کوردستان ناتوانێ سەربەخۆ بێت. سەبارەت بە ئێراق، ئەمەریکا دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەیە. رێکراگری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمەریکا و رۆژئاوا پرسی لەپێشن، ئەگەر ببینن باری ئێستا بە هۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی خراپتر دەبێت، نەک هەر لایەنگری نابن، بەڵکو ڕێگەشی پێدەگرن.

هەموو گوتنەکان لەسەر ناتەبایی و ناکۆکی لەگەڵ گۆڕان، ئاماژە بە شەقبوونێکی کوشندە لە کۆمەلگەی کوردیدا دەکەن، ئەوەش تەنها بە خراپ بۆ ئەو کە خۆی وەکو سەرۆکی کورد سەپاندووە دەگەڕێتەوە. ئەو گوتنانە هەڵە و هەنگاوە نادیموکراسیەکانی ئەو بیر ئەوروپیەکان دەهێننەوە، ئەوەش دووبارە لەدەستدانی متمانەی ئەوروپیەکانە بەو. لای ئەوروپیەکان دەسەڵاتی رەوا ئەو دەسەلاتەیە، کە پشتگیری خەلکی هەبێت، پەرلەمانی هەبێت، حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، سوپای نیشتیمانی هەبێت، مافی مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێت و ئازادی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا هەبن، هەڵبژاردن بێ دواکەوتن هەبێت و ئاڵووێری دەسەڵات هەبیت. ئەوانە هەموویان لە ئێستادا بزرن. بنەماگرنگەکانی دەسەلاتێکی رەوا نین، یا لاواز و شەق و شڕن، بەمجۆرە بنەما گرنگەکانی ستات ئامادە نین.

گوتنی ئەوەی کە “گۆڕان شەڕی دژی داعش نەکردووە” فاولێکی کوشندەیە و گۆڵ لە خۆکردنە! ئەو خۆی بە ئەوروپیەکان دەڵێ، ئیمە سوپای نیشتیمانیمان نییە! هێزەکانی ئێمە هێزی میلیتس و حزبین و هەر حزبە لەسەریەتی هێزەکانی خۆی بنێرێ و شەڕبکات. ئەوەی ئەو شانازی پێوە دەکات، لای ئەوروپیەکان رەتکراوەیە! چونکە لەئەگەری دەسەڵاتی رەوادا حزبی چەکدار قەدەغەیە. لەئەگەری بوونی سوپای نیشتیمانیدا وابەستەیی حزبی بەلاوەدەندرێت و هێزی سەربازی وابەستەی حزب نابێت. بەرگری نیشتیمانی پێویستی بە بوونی سوپای بەهێزی نیشتیمانی هەیە، ئەو خۆی پێی گوتن نیمانە.
مەسعود بارزانی دەڵێ، بەدرێژایی مێژووی ئێراق کورد چەوسێندراوەتەوە، کۆمەڵکوژکراوە، تاوانی ژینۆسایدی ئەنفال و هەلەبجە و بارزانیەکان و فەیلیەکان ئاماژەیان بۆ دەکرێت. هەموو کوردێکی ئازادیخواز ئەو راستیانە دەزانن، دەسەڵاتدارانی جیهانیش ئەوە دەزانن، ئەگەر ئەنگۆ ئەوەتان دەزانی بۆچی لە ٢٠٠٣ دا چوونەوە ژێر سەرداری ئێراق، لە کاتێکدا بزوتنەوەیەکی خەڵکی سەرتاسەری داوای لێکردن ریفەراندەم لەسەر چارەنوس بکەن و مەچوونەوە بەغدا!؟ ئەگەر چوونەوە بەغدا، بۆ مافی چارەنوستان نەکردە بەندێک لە دەستوری ئێراقیدا!؟ ئەو خۆی دەستوری ئێراقی بێ ئەو مافە مۆرکرد. بێ گوێگرتن لە ڕەخنەگران لێکدانەوەیەکی چەوتی هەڵبژارد و بەدوای کەوت، کە لەو خاڵەی خوارەوەدا هاتووە.

ئەو دیسان ئاماژە بە دەستوری ئێراقی دەکات و دەڵێ لە دەستوردا نوسراوە “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن و بڕیارەکانی دەستور رانەگیرێت، ناتواندرێ وڵات بە یەکگرتوویی بمێنیتەوە”. لێرەدا دووخاڵ گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت: یەکەم: ئەو کە دەستورەکەی مۆرکرد ئاماژەی بەو رستەیەی دەستورکرد و ەکو مافی چارەنوس لێکیدایەوە و گوتی بە روونی مافی چارەنوس لەدەستوردا نوسراوە. ئێستاش ئاماژە بەو ڕستەیە دەکاتەوە و هەمان لێکدانەوەی هەڵە دووبارە دەکاتەوە. ئەو خاڵە واتای مافی چارەنوس ناگەیەنێت، جگە لە خۆی و لایەنگرانی کەسیتر ئەو ڕستەیە والێکناداتەوە. کاردانەوەکانی ئێراق لەمبارەیەوە ئەو تێگەیشتنە رەتدەکەنەوە. ئەگەر مافی چارەنوس لە دەستوردا هەبوایە، دەنوسرا کەوا کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و دەکرا ئاماژە بە کاتی ئەنجامدانەکەش بکرێت. ئەوە لەدەستوردا نییە. من کاتی خۆی لەکاتی دانوستانەکاندا پێش و دوای پەسندکردنی دەستور لەسەر ئەو خاڵەم نووسی. دووەم: دەڵێ “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن”! لە ئێراقدا لایەنە سەرەکیەکان بەپێی بەرژەوەندیەکانیان هەلسوکەوت دەکەن. کەس دەستور ناخوێنیتەوە، ئەگەر پێویستکات ئاماژەی بۆ دەکەن. راستە لایەنەکان ملکەچی دەستور نین، بەڵام ئەو خۆی یەکێ لەو لایەنە گرنگانە بووە کە پێشێلی ئەو دەستورەی لە هەمووان زیاتر کردووە کە خۆی مۆری کردووە. لە فیدرالیدا حکومەتە ناوچەیی یا هەرێمیەکان لەهەموو ئەو پرسانەی پەیوەیدنیان بە سەرەوری ستاتەوە هەیە ناسەربەخۆن، بەڵکو دەسەڵاتی ناوەندە خاوەنی دوا وتەیە. بۆنمونە سەبارەت بە کۆنتراکتە سەربەخۆکانی نەوت، پەیوەندیەکانی بە وڵاتانی دەرەوە بێپرسی بەغدا، هێنای سوپای تورکیا بێ پرسی بەغدا هتد. هەمووی پێشێلکارین لە دەسەڵاتی ناوەند، کە ئەو خۆی پێشتر رەزامەندی ملکەچی خۆی بۆ دەربڕیووە. هەبوونی مافی چارەنوس لە دەستور زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو، بەڵام کە ئەوە نەچەسپێندرا، ئەو چەکە دراوەتە دەست ئێراق دژایەتی هەر جوڵانەوەیەک بکات کە ئاراستەکەی جیابوونەوەیە.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، کە لە ئەگەری بوونی دەسەلاتی بەهێز و رەوادا، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بنەما بنچینەیەکانی ستات بێت و خاوەنی سوپایەکی بەهێزی نیشتیمانی بێت، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بڕیار بێت و سەرەوەری خۆی پاراستبێت، دەکرێ ئەو بەهێزیە پاڵنەری سەرەکی هەنگاوی سەربەخۆیی بێت، لەکاتێکدا کە مەترسی دەرکیش هەن. بەڵام باشوری کوردستان ئەوەشی نییە، مەترسیە دەرەکیەکانی زۆر بە کراوەیی هەن، نەک هەر ئەوە هێزەکانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستاندا بوونیان هەیە، سوپای ئێران بەپێی ئارەزووی رامیاری و سەربازی خۆی دێت و دەڕوا. دەزگای هەواڵگریەکانی تورکیا و ئێران خزاونەتە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان. ئەوجا ئەوەی خۆیان هێناویانە یا بەسەریاندا سەپێندراوە، یانیش لە ژێر ناوی دیکەدا و بەنهێنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن. هەموو بینیومانە لەسەر کێشەی نێوانیان چوونەتە تاران و ئەنقەرە، داوای پشتگیری و یارمەتیان لەوان کردووە.

14-7-2017




بورجێك كه‌ خۆی هه‌ر لار بوو! … جه‌مال موحسین

كاتێك ئه‌و مرد، وتیان بورجی كاریزمایه‌ك ڕووخا، بۆیه‌ ئاسمانیش گریا. من له‌ ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠ دا كزه‌ له‌ جه‌رگی دایك و باوك و خوشك و برام و كه‌سوكاری دڵسۆزم و خۆم و هی هاوڕێیانێكیش كه‌ له‌گه‌ڵ شێخ عه‌بدولدا له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری سلێمانی گولـله‌باران كران هات و له‌ ڕووی هه‌سته‌وه‌ تاڵی زۆرمان چه‌شت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وانه‌مان كه‌ سیاسه‌ت ئه‌كه‌ین، هاوسه‌نگی سیاسیمان له‌ ده‌ستنه‌دا و درێژه‌مان به‌ كار و خه‌باتی خۆمان دا. كه‌سێك كه‌ به‌ مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا دڵته‌نگ و غه‌مباره‌، له‌ ڕووی هه‌سته‌وه‌ مافی خۆیه‌تی به‌ڵام با له‌پاڵ ئه‌و ”كۆست”ه‌دا كه‌ لێی كه‌وتووه‌ بڕێك ته‌حه‌مولی هه‌بێ بۆ بیستنی قسه‌ و ڕه‌خنه‌ی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسیه‌ و بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ پاڵی پێوه‌داوه‌. با چ ئێمه‌ و چ ئه‌وان لێره‌دا هه‌ست بخه‌ینه‌ لاوه‌ و به‌ لۆجیكی سیاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌دا بكه‌ین، جا چ به‌ قبوڵكردن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ بێ.

كاره‌ساتی ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠ كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان (به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌وه‌یه‌) ئه‌یزانن و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیش گه‌واهی به‌شێك له‌ ڕووداوه‌كه‌ بده‌ن، ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی و به‌رپرسیارێتی نه‌وشیروان مسته‌فا و بڕیاری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌وانه‌شی خه‌ڵكی شاری سلێمانی نین و نه‌یانبینی یان نایزانن یان ته‌مه‌نیان ئه‌و كات ڕێی پێ نه‌دان و ئه‌م مێژووه‌یان لێ شاردراوه‌ته‌وه‌، لانی كه‌م با ئه‌مه‌ بزانن:‌
دوای هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری له‌ ساڵی ٢٠٠٠ دا كه‌ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی به‌شداری تیا كرد و كاندیدی به‌رچاومان هه‌بوو وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا هه‌بوو، حزب له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ناڕازی بوو وه‌ به‌ به‌یانێكی سیاسی ناوه‌ڕۆكی نائازادانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و هه‌موو ساخته‌كاریه‌ی تیای ڕوویدا خسته‌ڕوو و ڕاپۆرتی كۆتایی له‌گه‌ڵ حزبه‌كاندا واژۆ نه‌كرد و دانی پێدانه‌نا. ئه‌م سیاسه‌ته‌ و هاوكاتیش سیاسه‌تی ڕادیكاڵانه‌ و پێشڕه‌وانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ژیان و دۆخی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و یاسای یه‌كسانی ژن و پیاو بوونه‌ مایه‌ی ڕقهه‌ستانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ ئه‌و كات نه‌وشیروان جێگری سكرتێری بوو. له‌ مانگی ٣ ی هه‌مان ساڵدا به‌ ئیمزای نه‌زه‌ری عه‌لی ئه‌كبه‌ر، كه‌ ڕاوێژكاری یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بوو، ڕسوانامه‌یه‌كیان ”ده‌عوانامه‌ی یاسایی” له‌ دژی حزب ده‌ركرد كه‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌باره‌ت به‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م حزبه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌كات و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ل یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدا نایه‌ته‌وه‌ و ئه‌م حزبه‌ داوای یه‌كسانی ژن و پیاو ئه‌كات ئه‌مه‌ش لادانه‌ له‌ شه‌رع و ده‌ستوری عێراق. وه‌ سێ كادری لێ زیندانی كردین.

به‌ڵام ئه‌م ده‌عوانامه‌یه‌ زۆر له‌ ڕسوا ڕسواتر بوو له‌وه‌ی لایه‌نگری بۆ په‌یدا ببێ و له‌ ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ یه‌كێتی تووشی شكستێكی گه‌وره‌ بوو. تاكو وه‌كو مارێكی سڕ خۆی هه‌ڵگرت بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانی سێقۆڵی به‌عس_كۆماری ئیسلامی ئێران_یه‌كێتی. پلانێك كه‌ شه‌خسی نه‌وشیروان سه‌رپه‌رشتی كرد، به‌ پشتیوانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، و له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی ته‌موزی ٢٠٠٠ دا باره‌گاكانی حزبی گه‌مارۆدا و ئاو كاره‌با و هێڵی ته‌له‌فونی لێ بڕی، چه‌ندین هه‌ڵسوڕاو و خێزان و كه‌سوكاری ئه‌ندام و كادرانی حزب كه‌ بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ ئه‌هاتن بۆ باره‌گاكانی ده‌ستگیری كردن و ته‌قه‌ی له‌ خۆپیشاندان ئه‌ندامان و لایه‌نگران كرد و…هتد. له‌ كاتێكدا كه‌ وه‌فدی باڵای حزبمان له‌گه‌ڵ شه‌خسی خۆی دانیشتبوون، هاوڕێیانمان كه‌ له‌ بازاڕه‌وه‌ خواردنیان كڕیبوو و ئه‌یانهێنایه‌وه‌ بۆ باره‌گاكان له‌به‌رده‌م ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ی عه‌قاری كه‌وتنه‌ كه‌مینیانه‌وه‌ و چواریان لێ كوشتن و هاوكاتیش به‌ قه‌ناس یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی كۆمیته‌ ڕابه‌رییان كوشت. هه‌ر له‌و كاته‌دا حه‌ریقیان هێنابوو به‌ په‌له‌ جاده‌وبانی به‌ خوێنی هاوڕێیان سووربوویان شته‌وه‌ و ته‌رمه‌كانیان برده‌ پزیشكی دادوه‌ری، به‌ڵام نه‌یانهێشتبوو یه‌ك لاپه‌ڕه‌یان له‌سه‌ر بنووسرێ و ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دایه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاریان. هێشتاش كه‌وتنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خێزانه‌كان و هاوڕێیان كه‌ گه‌ر خۆپیشاندان ساز بكه‌ن له‌ خوێنی هه‌ڵئه‌كێشن و كاره‌ساتی زیاتر ئه‌خوڵقێنن. له‌ كاتی پرسه‌كانیشدا ده‌وری ماڵه‌كانیان به‌ هێزی چه‌كدار ته‌نی بوو و ته‌نانه‌ت كه‌وتنه‌ ته‌عقیبی كه‌سانێك كه‌ ئه‌وان پێیان وابوو سه‌ره‌له‌قه‌ ئه‌كه‌ن…. تا ئێره‌ با به‌س بێ و به‌ڵگه‌نامه‌كان هه‌مووی له‌سه‌ر وێبلاگی حزب ده‌ست ئه‌كه‌وێت (http://www.hkkurdistan.org ). ئه‌وان به‌م ڕه‌فتاره‌ ویستیان به‌ر به‌ هاتنه‌مه‌یدان و گه‌وره‌بوون و به‌هێزبوونی كۆمۆنیزم بگرن كه‌ له‌سه‌ر وه‌ته‌ری هه‌ژاری و برسێتی و بێمافیه‌كانی خه‌ڵك ئاوازی شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتگرتنی كرێكارانی و خه‌ڵكی بێبه‌ش ئه‌ژه‌نی.

ئه‌مه‌ مێژوویه‌كی زۆر دوور نییه‌ و تاوانكاری ١٤ ی ته‌موز كه‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌وشیروان ده‌ستی تیا هه‌بوو، یه‌كێتیش دواتر كه‌ لێیان بوو به‌ ”ئۆپۆزسیۆن” لێی كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ و له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ ”تیرۆریست ناویان برد” (https://www.youtube.com/watch?v=dObWcMCzHpk&feature=share ). جا با جارێ دووڕوویی سیاسی یه‌كێتیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ كه‌ ئێستا ئه‌م ”پیاوه تیرۆریسته‌” به‌و ”پیاوه‌ی دوای مردنی له‌ دایك بوو”‌ ناوئه‌بات. (http://www.gksat.tv/details.aspx?jimare=42861&cor=Kurdistan )
به‌ جیاله‌وه‌ی كه‌ تا كاتێكیش له‌ ژیاندا بوو ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ی سیاسی خۆمان له‌و زاته‌ نه‌شاردۆته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رگیشی وامان لێ ناكات ده‌ستمان بله‌رزێ قسه‌ی سیاسی و ڕه‌خنه‌ی سیاسی له‌و كه‌سه‌ كه‌ سه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كورده‌ بخه‌ینه‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر، چ به‌وانه‌وه‌ كه‌ لایه‌نگری ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی ئه‌و بوون و هه‌ن و چ خه‌ڵكێكیش كه‌ له‌ خۆشخه‌یاڵی یان بێبه‌دیلیه‌وه‌ جادوی ئه‌م كاریزمایه‌یان لێكراوه‌. جا دووباره‌ ته‌حه‌مولتان هه‌بێ و با چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌می مێژووی دوور و نزیك هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.

ئاوڕێكی كورت له‌ مێژوو

له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌ كاتێك ئه‌و حزبانه‌ له‌ شاخ بوون جێگاوڕێگای پێشمه‌رگه‌یه‌كی ساده‌ و سه‌ر به‌ خێزانی هه‌ژار و كرێكار و زه‌حمه‌تكێش جیاواز بوو له‌ هی سه‌ركرده‌كانیان. ئه‌مانه‌ی دوایی له‌ شوێنی گه‌رم و به‌رگی پۆشته‌ و ئیمكانیه‌تی باشدا نوقم بووبوون. هه‌رچی پێشمه‌رگه‌ ساده‌كانیشه‌ پێستیان به‌ سه‌رماوسۆڵه‌ی زستان و قرچه‌ی گه‌رما سووتاو و وشكه‌ڵاتوو بووبوو. ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی بینراو و هه‌ستپێكراو بوو به‌ڵام له‌به‌ر بوونی دوژمنی دڕنده‌ی به‌عس سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌م قڵشته‌ دورخرابۆوه‌ و ونكرابوو. هاوڕێیه‌ك كه‌ كاتی خۆی سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌ بووه‌ و چه‌ند گه‌نجێك بوون ڕادیكاڵتر و ڕوانگه‌ی چه‌پیان هه‌بووه و نه‌یار بوون بۆ سیاسه‌تی باوی كۆمه‌ڵه‌‌، گێڕایه‌وه‌ كه‌ بانگ كراون بۆ لای نه‌وشیروان دیاره‌ به‌ مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ له‌و بۆچوونه‌ جیاوازه‌یان. كه‌ چوونه‌ته‌ ژووره‌وه‌ بینیویانه‌ له‌ خانوی گه‌رم وگوڕدایه‌ و بێبه‌شیش نییه‌ له ویسكی خواردنه‌وه‌ و جگه‌ره‌ی ڕۆسمان كێشان. به‌ڵێ ئه‌و ئاوها له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تدا بووه‌ و هێشتاش محاسه‌به‌ی ئه‌مانی كردووه‌ كه‌ بۆچی نه‌یاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌كه‌ن. ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ جلی كه‌تافی و پاته‌ی له‌ پێدابووبێ، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندی چینێكی تره‌وه‌ بووه‌ و وه‌ك خۆشی دواتر دانی پێدانا هه‌رگیز ماركسی نه‌بووه. خۆهه‌ڵواسینی ئه‌و به‌ ماركس یان چه‌پگه‌راییه‌وه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ئه‌وده‌م بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی بۆرژوازی وه‌ك مۆدیلێك باو بووه‌ ئه‌و ئاڵایه‌ له‌ ئامانجه‌ شاراوه‌كانیه‌وه‌ بپێچێ. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی پۆپۆلیستی وه‌ك نه‌وشیروان ئه‌وه‌ سه‌یر نییه‌ به‌ سه‌روچاوی خۆڵاوی و پاته‌لاسیكه‌وه‌ خۆی نیشان بدات تاكو مه‌رامی تر به‌رێته‌ پێشه‌وه‌. بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری مفاوه‌زات هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌عسه‌دا كه‌ دوژمنی پێشمه‌رگه‌ هه‌ژاره‌كان بوو به‌شێكی به‌م كه‌سه‌ ئه‌بڕێت. مه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست نه‌برده‌ نێو كۆڵانه‌ ته‌سكه‌كانی هه‌ژارانه‌وه‌ تا بییكات به‌ دیوه‌خانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورددا؟ دواتر دێمه‌وه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. تا ئێره‌ به‌ كورتی كه‌ چۆن له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا ده‌ركه‌وتنی چینه‌كان له‌وكاته‌دا له‌ شاره‌كاندا مه‌یلی چه‌پ و چه‌پگه‌رایی به‌هێزكردبوو، بۆرژوازی كورد ئه‌یویست تای ته‌رازووه‌كه‌ به‌لای خۆیدا سه‌نگین بكات و چه‌پیش هه‌وڵی ڕادیكاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌دا. بۆ بۆرژوازی بوونی ’’سه‌ركرده‌ی خاكی‘‘ پێویستیه‌ك بوو تا بتوانێ ئه‌و كاره‌ بكات. ده‌ركه‌وتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی موڵك و ماڵه‌كانی له‌م دواییانه‌دا و گواستنه‌وه‌ی پشكه‌كانی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی پوچی ئه‌و دیعای خاكی بوونه‌ به‌ ڕۆشنی ده‌رئه‌خات.

كه‌مێك له‌وه‌ش واوه‌تر بڕۆین ئه‌توانین بپرسین چۆنه‌ ئێستا كه‌س نه‌ له‌ناو یه‌كێتی و نه‌ له‌ شوێنێكی تر باسی ته‌وروه‌شاندنه‌كه‌ی جه‌بار فه‌رمان و پلانه‌كه‌ی نه‌وشیروان له‌و كاته‌دا ناكات له‌ دژی وریا؟! هه‌ر ئه‌و كاته‌ و له‌ شاخ نه‌وشیروان چی به‌ مه‌لا به‌ختیار نه‌كرد؟ ئاشكراترین و دیارترین مه‌سه‌له‌ كه‌ خوڵقاندنی كاره‌ساته‌كانی قڕناقا و پشتئاشانه‌ و تا ئێستا چه‌ندین به‌ڵگه‌ و بابه‌ت له‌سه‌ریان بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی نه‌وشیروان ئه‌نجامدراوه‌. زۆر به‌كورتی و له‌زۆر شوێن تۆماركراوه‌: كاتێك كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م تێپه‌ڕیبوو به‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی و حزبی شیوعیدا له‌ ساڵی ١٩٨٣ دا، و له‌ یه‌كی ئایاردا هێزێكی پۆشته‌وپه‌رداخی یه‌كێتی كه‌ وه‌ك شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌یگێڕنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی ڕێكه‌وتنی كردبوو له‌گه‌ڵ به‌عسدا، داویانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ باره‌گاكانی حزبی شیوعی لێ بووه‌ له‌ پشتئاشان و ئه‌و كاره‌ساته‌ خوڵقاوه‌ كه‌ نزیك به‌ ٧٠٠ پێشمه‌رگه‌ی شیوعی كوژراون (http://rhewal.com/sorani/?p=35205.( ‌
كه‌مێك له‌وه‌ش واوه‌تر بڕۆین ئه‌توانین بپرسین چۆنه‌ ئێستا كه‌س نه‌ له‌ناو یه‌كێتی و نه‌ له‌ شوێنێكی تر باسی ته‌وروه‌شاندنه‌كه‌ی جه‌بار فه‌رمان و پلانه‌كه‌ی نه‌وشیروان له‌و كاته‌دا ناكات له‌ دژی وریا؟! هه‌ر ئه‌و كاته‌ و له‌ شاخ نه‌وشیروان چی به‌ مه‌لا به‌ختیار نه‌كرد؟ ئاشكراترین و دیارترین مه‌سه‌له‌ كه‌ خوڵقاندنی كاره‌ساته‌كانی قڕناقا و پشتئاشانه‌ و تا ئێستا چه‌ندین به‌ڵگه‌ و بابه‌ت له‌سه‌ریان بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی نه‌وشیروان ئه‌نجامدراوه‌. زۆر به‌كورتی و له‌زۆر شوێن تۆماركراوه‌: كاتێك كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م تێپه‌ڕیبوو به‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی و حزبی شیوعیدا له‌ ساڵی ١٩٨٣ دا، و له‌ یه‌كی ئایاردا هێزێكی پۆشته‌وپه‌رداخی یه‌كێتی كه‌ وه‌ك شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌یگێڕنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی ڕێكه‌وتنی كردبوو له‌گه‌ڵ به‌عسدا، داویانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ باره‌گاكانی حزبی شیوعی لێ بووه‌ له‌ پشتئاشان و ئه‌و كاره‌ساته‌ خوڵقاوه‌ كه‌ نزیك به‌ ٧٠٠ پێشمه‌رگه‌ی شیوعی كوژراون (http://rhewal.com/sorani/?p=35205(

هیچ كاتێك به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ ڕه‌تنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هیچ دادگایه‌كیش نه‌ تاوانه‌كان و نه‌ بێتاوانیه‌كانی نه‌سه‌لماندووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و كات پێشمه‌رگه‌ یاخود به‌رپرسی سه‌ربازی بوون به‌مجۆره‌ ئه‌یگێڕنه‌وه‌. به‌ڵام وێنه‌كانی سورداشی سه‌رانی كوردایه‌تی، به‌ تاڵه‌بانی و نه‌وشیروانیشه‌وه‌ له‌پاڵ عیزه‌ت دوری و عه‌لی كیمیاییدا زۆرتر سه‌نگه‌كه‌ به‌لای ڕێككه‌وتن و تاوانباریدا قورس ئه‌كه‌ن.
ئیتر ئایا پێویست ئه‌كات زیاتریش له‌مه‌ به‌ مێژوودا ڕۆبچینه‌ خواره‌وه‌ و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ تاڵه‌بانی به‌ ئاشكرا و له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا دایه‌ پاڵ ’’كاكه‌ نه‌وه‌‘‘ كه‌ هۆكارێك بووه‌ و ده‌ستی بووه‌ له‌وه‌ی كه‌مپینی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان له‌ كوردستاندا له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ بكرێ به‌وه‌ی كه‌ پێشله‌شكری بۆ سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه‌ بۆ سه‌ر چاڵه‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك بهێنینه‌وه‌ سه‌ر مێزی باس؟ خۆش ئه‌وه‌یه‌ پاشخانی سیاسی ئه‌م سه‌ركردانه‌ی بۆرژوازی كورد یه‌ك له‌ یه‌ك پڕ تۆمه‌ت و تاوانتره‌ و هه‌ر خۆشیان لاپه‌ڕه‌كانی یه‌كتری هه‌ڵئه‌ده‌نه‌وه‌. به‌ڵام جه‌خار كه‌، ماركس وته‌نی، چونكه‌ دادگاكان ئامڕازێكن بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ و یاساداڕشتن بۆ پیسی سیستم و یاساكانی خۆیان، به‌ردێكی گه‌وره‌ ئه‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و مه‌له‌فه‌ هه‌زار لاپه‌ڕه‌ییانه‌. كاتێكیش مه‌رگ ئه‌یانباته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ته‌واوی ئه‌و مه‌له‌فه‌ ئه‌به‌نه‌ ژێرگڵ.
به‌ وتنی كورته‌یه‌ك و ڕاستیه‌كه‌ی له‌م فرسه‌ته‌دا ته‌نها دڵۆپێك له‌ ده‌ریای ڕاستیه‌كان، ئه‌بێ هه‌موو كه‌سێك وادار بكات بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ئه‌م كاریزمایه‌ و ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ بۆ كێ بووه‌ و بۆ كێیه‌؟ گه‌ر ئامانج له‌م كارنامه‌ و ئاكته‌ سه‌ربازی و سیاسیانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی داراكان، خاوه‌ن كۆشك و سه‌رمایه‌ گه‌وره‌كان نه‌بووبێ بۆ چی تر بووه‌؟ با بڕێك زیاتر وردبینه‌وه‌.

ئێستا گه‌ر شاخ و پێچ و په‌ناكانی كه‌ ئه‌و كات نه‌ ئینته‌رنێت و نه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوونی هه‌بووه‌، له‌ دوو توێی خۆیدا لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م مێژووه‌ی بۆ شاردرابێته‌وه‌، ئه‌ی هاتنه‌ شار و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و بۆرژوازی كورد چی له‌ هه‌گبه‌كه‌یدا هه‌ڵگرتووه‌؟ ئیتر ئه‌مه‌ شتێك نییه‌ كه‌ بتوانرێ وا به‌ ئاسانی بشاردرێته‌وه‌! من و هاوڕێكانم كه‌ خۆمان له‌ كۆمیته‌كانی ڕاپه‌ڕیندا ڕێكخستبوو، كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كانی ئه‌و كاته‌وه‌ سازدرابوو، هاتینه‌ سه‌رجاده‌ و له‌ دژی به‌عس ڕاپه‌ڕین و ده‌سپێشخه‌ری پێكهێنانی شوراكانمان كرد. ئێمه‌ به‌و هێز و ئاماده‌ییه‌وه‌ كه‌ هه‌مانبوو ویستمان پێش به‌ هاتنه‌وه‌ی به‌عس بگرین به‌ڵام دیار بوو كه‌ نه‌مانتوانی و به‌ داخه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و له‌ كه‌ركوك و چه‌مچه‌ماڵ و سنووری سلێمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هاوڕێمان گیانیان له‌ ده‌ستدا، به‌عس به‌ كۆپته‌ر و هێزه‌كانیه‌وه‌ هاته‌وه‌ ناوشاره‌كان. ڕێك له‌و كاته‌دا سه‌رانی كوردایه‌تی به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌ ماچكردنی لاملی سه‌دام و ڕژێمی به‌عسیان لاپه‌سه‌ندتر بوو. بۆچی؟ چونكه‌ مردنی خه‌ڵك له‌ڕێگا و له‌ برسێتیدا و له‌ سه‌رمای شاخه‌كاندا و ته‌نانه‌ت لاقه‌كردنی ژنان و مناڵانێك له‌ لایه‌ن كه‌سانی چه‌كبه‌ده‌ستی كوردایه‌ته‌وه‌ له‌و دۆخی ئاواره‌ییه‌دا ده‌ستمایه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌م سه‌رانه‌ی كوردایه‌تی كه‌ داوای به‌شكردنی سه‌رمایه‌ و پولێك بكه‌ن كه‌ له‌ عێراقدا له‌ چه‌رخاندندا بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مه‌شدا دوای ئه‌وه‌ هه‌رچی بۆ خه‌سته‌خانه‌كان پێویست بوو، هه‌رچی كاره‌با و وزه‌ی ئه‌دا، هه‌رچی ئامێری گرنگ هه‌یه‌ هه‌ر به‌ پاته‌ لاسیكه‌كانیانه‌وه‌ ئاودیویان كرد و كردیانه‌ به‌شێك له‌و سه‌رمایه‌یه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ڕازاندنه‌وه‌ی ڤیللاكانیاندا به‌كاریئه‌هێنن. كه‌سی دووه‌می یه‌كێتی ئه‌و كاته‌ كێ بوو؟

زۆر پێویست ئه‌كات ژنانی فیمینیست، كه‌ قردێله‌ی ڕه‌شیان بۆ مه‌رگی ئه‌و سه‌ركرده‌ خاكیه‌ له‌ یه‌خه‌یان داوه‌ و زۆریان پێ خۆشه‌ وه‌ك ’’ئه‌ندازیاری موچه‌ بڕینه‌وه‌ بۆ كابانو‘‘ بیناسێنن بیریان بخه‌ینه‌وه‌ مه‌فره‌زه‌كانی كوشتنی ژنان له‌ دوای ٩١ ه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی كوشتنی ژنانی موخابه‌رات و به‌دئه‌خلاقدا كێ دروستی كردن؟ مه‌گه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م سه‌ركرده‌ پاته‌لاسیك له‌ پێیانه‌ نه‌بوو؟ گه‌ر یه‌ك تۆزقاڵ دڵسۆزی فیمینیزمه‌كه‌یان بن و له‌ مه‌ئساته‌كانی له‌شفرۆشانێك كه‌ بۆ بژێوی مناڵه‌كانیان ملیان به‌و سوكایه‌تیه‌ی به‌عس دابوو، وه‌ ئه‌وانه‌شیان كه‌ هه‌روه‌ك له‌ كتێبی (ئۆقیانوسێك له‌ تاواندا) دان به‌وه‌دا ئه‌نێن كه‌ به‌هۆی هه‌ژاری و شتی جیاوازه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی ئه‌منی و مه‌ده‌نی خزاندوویاننه‌ته‌ ناو بازاڕی له‌شفرۆشیه‌وه‌ بڕوانن، ئیتر ئه‌بێ دوای سڕینه‌وه‌ی فرمێسكه‌كانیان عاره‌قی شه‌رمه‌زاریش بكه‌نه‌وه‌.

ئۆپۆزسیۆن

له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ی ڕق و بێزاری و نه‌فره‌تی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ته‌گه‌ریی یه‌كێتی و پارتی و په‌ره‌گرتنی بێبڕوایی به‌ سیاسه‌ته‌كانی ناسیۆنالیزمی كورد و حزبه‌كانی له‌ نێو خه‌ڵكدا، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی بیر له‌ هه‌ڵپێچانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ و حزبه‌كانی بكه‌نه‌وه‌‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك فریادڕه‌سێك سه‌ریهه‌ڵدا. تا هه‌م ناسیۆنالیزم و ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كانی ڕزگار بكات و هه‌م خۆی هه‌ڵواسێ به‌م نه‌فره‌ته‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ و دواتر به‌ وه‌همی چاكسازیه‌وه‌ بیخاته‌وه‌ ژێر هه‌مان ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌وه‌. به‌ دروست هاوڕێ خه‌سره‌و سایه‌ له‌ وتاری ’’بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چیمان پێ ده‌ڵێت، ئاناتۆمی بۆرژوا_ناسیۆنالیزم له‌ به‌رگی چاكسازیدا، به‌شی ١‘‘ دا ئه‌ڵێ: ’’ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و پێكهێنه‌رانی‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ كه ‌پێشتر رۆلی‌ سه‌ره‌كیان له‌شکڵگرتن و هاتنه‌سه‌ركاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیستادا هەبووه‌، به‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌وه‌ له‌وانی‌ تر جیا ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌ خانه‌واده‌ی‌ ناسیونالیزمی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ داكه‌وتووه‌ و پێی ‌ناوه‌ته‌ مه‌وقعی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ ناڕازی‌ و ره‌خنه‌گره‌وه. ئەم شوێن گۆڕینەش بەناچار لەژێر کاریگەری ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتی و چینایەتی و سیاسیەکاندا هەمان ڕەوتی ناسیونالیزمی تەقلیدی دوێنێی بەبەرگی ئەمڕۆی ڕیفۆرمخوازیەوە بەرجەستەکردۆتەوە، تابتوانێ وەک حزبێکی “جیاواز” و باڵێكی تری بۆرژوازی کورد، هێڵی سنوری ڕواڵەتیانەی لەڕیزی حزبە بۆرژواناسیونالیستە تەقلیدیەکان بکێشێ. بێگومان ئامانجی سەرەکیش لەم سنورکێشانەدا خۆهەڵخستنیەتی لەبەردەم جوڵانەوەی جەماوەری و ناڕازی کوردستاندا و ڕاکێشانیانە بۆ ژێر ئاڵای باڵێکی تری بۆرژوازی کە بە زمانی چاکسازی و دیموکراسی و”گۆڕان”ەوە دەدوێ، تا تەجروبەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد، لە لێدانی شۆڕشگێڕانە بپارێزێ.”

ئه‌و شته‌ی كه‌ به‌ ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ شكڵی پێدا هیچ نه‌بوو جگه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ و درێژه‌كێشانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا_ناسیۆنالیستی كورد كه‌ له‌سه‌ر حسابی برسی و هه‌ژاركردنی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش خۆی بنیاتناوه‌. ئۆپۆزسیۆنێكی شكڵ پێدا كه‌ ده‌ستی ئیسلامیه‌كانی زیاتر گرت و هێنانیه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. هه‌موو ئه‌مه‌شی به‌ ناوی پڕۆژه‌ی چاكسازیه‌وه‌ گرت، چاكسازیه‌ك كه‌ ده‌ستی ئیسلام و ئیسلامیزمی زیاتر كرده‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌ری كۆمه‌ڵگادا.
ئه‌وان خۆ كاریان گۆڕانكاریه‌ك نه‌بوو. ببینن له‌وكاته‌وه‌ چییان كردووه‌؟ ١٧ ی شوباتیان به‌ ئاژاوه‌گێڕی له‌ قه‌ڵه‌مدا و كه‌چی دوایی خۆیان به‌ فرمێسكی دایكی گه‌رمیان و باوكی سوركێو و… هتدا هه‌ڵواسی. ئه‌و كاته‌ كه‌ دوای شۆڕشه‌كانی میسر و تونس خه‌ڵكی كوردستانیش هاتبوونه‌ مه‌یدان و به‌ شوێن ئاڵوگۆڕێكه‌وه‌ بوون، ڕێك له‌و كاته‌دا گۆڕان كارێكی كرد كه‌ توڕه‌یی خه‌ڵك ڕوو به‌ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌ بگۆڕێت به‌ لاڵانه‌وه‌ و پاڕانه‌وه‌ی به‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ناسۆنالیزمێكی كورد كه‌ كه‌وتبووه‌ به‌ر قینی خه‌ڵك. جه‌ماوه‌ری ناڕازی به‌ خۆشباوه‌ڕی چاكسازی له‌ په‌رله‌مان و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ساردكرده‌وه‌ و بگره‌ له‌ هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی شۆڕشگێڕانه‌ دووری خستنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ بوو دواتر و له‌ دوای به‌ناو هه‌ڵبژاردنی ٢٠١٤ كه‌ ده‌نگێكی زۆریان هێنا، چوونه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و ئیتر ئۆپۆزسیۆن بوو به‌ ده‌سه‌ڵاتی بنكه‌فراوان. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی واقعی له‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه‌وه‌ نه‌هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كی چینایه‌تی تری هه‌بێ، خۆ ناتوانێ وه‌ڵام به‌ قوتی خه‌ڵك و شیری مناڵان و خانه‌ بۆ خه‌ڵكی بێمه‌سكه‌ن و بیمه‌ بۆ بێكاران و دابینكردنی ژیانی خانه‌نشینان و … هتد بداته‌وه‌. دۆخی قه‌یراناوی كوردستان، كه‌ دوای قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری جیهانی هات، قه‌یرانی حكومه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی و ئیداری به‌ شوێندا هات و پڕۆژه‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی بنكه‌فراوانیش وه‌ك بڵقی ئاو ته‌قی. ئیتر باشه‌ له‌به‌رامبه‌ر شه‌قهه‌ڵدانی پارتی له‌ په‌رله‌مان و نیشاندانی لوله‌ی تفه‌نگ بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پایماڵكردنی هه‌رچی ”موقه‌ده‌ساتی په‌رله‌مانی و هه‌ڵبژاردن” هه‌یه‌ گۆڕان چی پێكرا و چی كرد؟ وه‌ شه‌خسی نه‌وشیروان چی بۆكرا؟ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچی بۆ نه‌كرا له‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد هیچی به‌رامبه‌ر ناكرێ، ئامانجی ئه‌وه‌ نه‌بوو.
ته‌واوی گه‌مه‌ی سیاسی گۆڕان و سه‌ركرده‌كه‌ی یاریكردن بوو به‌ جێگه‌وڕێگای خه‌ڵكی هه‌ژار و هه‌ژاریه‌كه‌یانه‌وه‌، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی كورد وه‌ك باڵێكی بۆرژوازی و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی واقعی به‌ خواست و داواكانی خه‌ڵك بوو. هێشتاش باسی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ گۆڕان و سه‌ركرده‌كه‌ی نوێنه‌ری یاخود كاركه‌ر بوون بۆ سێكیولاریزم و ئازادی و ئازادی بیروڕا. خراپ نییه‌ لێره‌دا هه‌ندێ شت بهێنینه‌وه‌ یاد.

له‌سه‌ر ئازادی بیروڕا با باسێكی ١٧ شوبات بكه‌ین. من خۆم له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی بووم. چه‌ندێك وه‌ك كۆمۆنیستێك كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌ سه‌رسه‌خته‌كاندا هه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوه‌ به‌رچاوه‌كانی گۆڕاندا. ئاخر كابرای ئیسلامی به‌ ئاشكرا ئه‌یوت و ئه‌یسه‌لماند كه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوون و پلانی ڕادیكاڵانه‌ی ئێمه‌ كۆمۆنیسته‌كاندا نییه‌. گۆڕانخوازه‌كان نه‌یانئه‌ویست ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ به‌رچاوه‌كاندا بین، حه‌زیان نه‌ئه‌كرد ئێمه‌ به‌یان و ڕاگه‌یاندن و به‌رنامه‌ی داواكاریه‌ هه‌نووكه‌یی و ستراتیژیه‌كان بنووسین. مینبه‌ریان له‌ ده‌ست ئێمه‌ ئه‌فڕاند و ئه‌یاندا به‌ مه‌لا و ئیسلامیه‌كان. ئه‌وان به‌ ئاشكرا له‌گه‌ڵ هێڵكێشانی نێوان ژنان و پیاوانی سه‌رای ئازادیدا بوون. وه‌ زۆر شتی تر. ئێستا قسه‌كه‌م له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی ١٧ ی شوبات نییه‌ بگره‌ ئه‌مه‌وێ پرسیاری ئه‌وه‌ لای خه‌ڵك دروست بكه‌م كه‌ ئاخۆ ئه‌م كاره‌ی گۆڕان ئه‌یكرد زه‌ڕڕه‌یه‌ك نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ ئازادیخوازی و سێكیولاریزمدا هه‌یه‌؟! مه‌گه‌ر چ پێش ئه‌وه‌ سه‌ردانی سه‌ركرده‌كه‌یان بۆ مزگه‌وته‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی مه‌لا و مێزه‌ربه‌سه‌ره‌كان و ته‌نانه‌ت پۆستی سه‌ره‌كی دان به‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌بوو؟ مه‌گه‌ر چه‌مانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئیسلامیه‌كان و شێخ و مشایه‌خاكاندا و ماچكردنی قورئان و نیشاندانی ئه‌مه‌ش له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ بۆ موقه‌ده‌سكردنی ئه‌و سه‌وابته‌ دینیانه‌ نه‌بوو كه‌ لای ئه‌وان موقه‌ده‌س و لای خه‌ڵكی ئازادیخوازیش بێناوه‌ڕۆك؟ ئایا پێداگری له‌ سه‌وابتی دینی و په‌نجه‌گه‌وره‌به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ مه‌لاكان و سه‌ندنه‌وه‌ی مینبه‌ر له‌ سه‌رای ئازادی چ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ سێكیولاریزمه‌وه‌ هه‌یه‌؟ مه‌گه‌ر چاو له‌ ئه‌جێنداكانی مارتین لوثه‌ری مه‌سیحیش بنوقێنین تاكوو ئه‌مه‌ی كاكی سه‌ركرده‌ به‌ سێكیولاریزم له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین.

ئه‌مه‌ی گۆڕان و تاقانه‌ سه‌ركرده‌كه‌ی كردوویانه‌ ڕێك و ڕه‌وان كردنی هه‌ژاری خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و بێكاری و نه‌داری خه‌ڵكی و ته‌نانه‌ت نه‌فره‌تی خه‌ڵكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ بارمته‌ و بوكه‌ڵه‌ی یاری ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد. زۆری ناوێ تێبگه‌ین له‌وه‌ی كه‌ نه‌بوونی خواردن و شیر و دایبی مناڵانی جه‌ماوه‌ی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش به‌ هیچ جۆرێك په‌یوه‌ست نابێته‌وه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ریڕه‌ش و پیرمام و قه‌ڵاچوالان و ڕێككه‌وتنه‌كانی ئه‌م هێزانه‌وه‌. نه‌وتی ڕه‌ش و قه‌رز و ده‌عوا ساخته‌كانی دانا غاز و بردنی به‌رهه‌مه‌كانی ئاسن و چیمه‌نتۆ و… ئه‌وانی تر مه‌سه‌له‌ی دانیشته‌كانی ژووره‌ داخراوه‌كانیان بووه‌ نه‌ك ژیان و بژێوی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش.

كاریزما

كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ و زاده‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه‌ن كه‌ لێیه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌. له‌سه‌ره‌وه‌ نیشانمدا كه‌ نه‌وشیروان سه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ی بۆرژواناسیۆنالیزمی كورد بووه‌. به‌ڵام ئه‌و جادوه‌ موگناتیسیه‌ی ئه‌م كه‌سێتیه‌ هه‌یبووه‌ له‌ چیدایه‌؟ ئایا پۆشینی جلوبه‌رگێكی ساده‌ و پاته‌ لاسیك ئۆتۆماتیكی ئه‌توانێ مانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ ئه‌بێ خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بێ؟ ئاخر خۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی فڵانه‌ وڵات و فڵانه‌ وه‌زیری فیساره‌ وڵاتیش به‌ پاسكیله‌وه‌ ئه‌چن بۆ ده‌وامی كاره‌كه‌یان. به‌ڵام له‌ولاوه‌ كۆنتراكتی كۆمپانیایه‌ك ئیمزائه‌كه‌ن‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای فڵانه‌ وڵات كه‌ سه‌ر به‌ حه‌وزه‌ی كاری هه‌رزانه‌ و گه‌وره‌ترین هێزی كار ئه‌چه‌وسێننه‌وه‌. بڕیاری بڕینی بیمه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مافی خانه‌ولانه‌و به‌پاره‌كردنی خوێندن و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی خه‌سته‌خانه‌كان… هتد ئیمزا ئه‌كه‌ن. ئیتر خاكی بوون چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كانی بۆرژوازیدا جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ جلوبه‌رگ و ته‌نانه‌ت به‌ گرنگیدان به‌ پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامان و كۆشك و هه‌بوونی پڕۆژه‌ خۆی ده‌رنه‌خستووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی پۆپۆلیستی (شه‌عبه‌وی) بووه‌. ته‌واوی جادوه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌وجۆره‌ چاوی كه‌سانێكی به‌ستووه‌ كه‌ سه‌رسام بوون پێی تا نه‌توانن ڕاستی ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌ چ سیستمێك ئه‌كات ببینن. گه‌ر ڕوو وه‌رگێڕانی ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی خه‌ڵك به‌ره‌و بۆته‌ی چاكسازی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌ربازكردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد له‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش نه‌بینرێت، یانی جادوی ئه‌م كاریزمایه‌ی بۆرژوازی گرتوویه‌تی. ئه‌و خه‌ریكی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی بوو: له‌لایه‌ك بۆرژوازی و ورده‌بۆرۆژوازی ناڕازی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پارتی و یه‌كێتی كه‌ ئیتر ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌یان نه‌ئه‌كرد به‌ ته‌نها بنه‌ماڵه‌كان سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگای كوردستان لوش بده‌ن، كۆبكه‌یته‌وه‌ و به‌ڵێنی پچڕینی پشك و سازدانی سیستمێكی وا كه‌ بازاڕ بۆ ’’لیبراڵ بۆرژواكان‘‘یش هه‌بێ كارێكی هه‌روا ئاسان نه‌بوو. پێشنیاره‌كانی له‌ جۆری به‌ نیشتمانی كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌ موئه‌سه‌ساتكردنی ده‌زگاكانی حكومه‌ت و … چی و چی كه‌ به‌ ئاسته‌میش خۆی له‌ جیاوازی چینایه‌تی و گۆڕینی ڕیشه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان نه‌داوه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو بازاڕێكی ئارام بۆ بۆرژوازی كورد دابین بكات. له‌پاڵ بوونی بۆرژوازیه‌كی میلیشیایی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتدا كه‌ هه‌موو شتێك مافیایانه‌ كۆنترۆڵ ئه‌كات، بۆ ئه‌و به‌شه‌ له‌ بۆرژوازی كه‌ ئه‌و له‌ پێشیانه‌وه‌ بوو له‌ خه‌یاڵ زیاتر هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزێك بخاته‌ پشت خۆی و هێزهاوسه‌نگی نێوان خۆی و یه‌كێتی و پارتی به‌رزبكاته‌وه‌ ئه‌بوا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگێكی زیاتر بدات. له‌نێو زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگادا بۆ ئه‌م هێز و ده‌نگه‌ گه‌ڕا، واته‌ له‌ناو كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی نه‌بووی كوردستاندا.‌ ئیتر خۆ ئه‌بوایه‌ خۆی به‌ شوشه‌ی شیری مناڵانی ئه‌م چینه‌ و عاره‌بانه‌ی ده‌ستگێڕه‌كان و پرچی سپی دایكانێكیه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵه‌كانیان به‌ ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی كوژرابوون هه‌ڵبواسێ. كارێكی ئاسان نییه‌ بتوانی جه‌ماوه‌رێكی زۆر فریوی گۆڕانكاری، ئه‌ویش ته‌نها له‌ڕێی چاكسازیه‌وه‌، بده‌یت و لرفه‌ و لوره‌ی توڕه‌ییه‌كه‌شیان بكه‌ی به‌ تونێڵی سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بۆرژوازیدا، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ ئه‌مجاره‌ خۆشی و ئه‌و توێژه‌ له‌ بۆرژوازی ناڕازیشی تیا بێ.

به‌ڵام حكومه‌تی بنكه‌ فراوان پڕۆژه‌ شكستخواردووه‌كه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بوو چونكه‌ قه‌یرانێكی ئابوری و سیاسی و حكومه‌تی و ئیداری كه‌ بۆرژوازی كوردی تێكه‌وتووه‌ ئه‌و ئه‌جێندایه‌شی پێچایه‌وه‌. ئێستا هه‌موویان له‌و قه‌یرانه‌ سه‌راپاگیره‌دا په‌ل ئه‌كوتن. بۆرژوازی كورد یه‌كده‌ست نه‌بووه‌ و نییه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ ئابوری و سیاسیه‌كانی كوردستان. كوردستان به‌ كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ بازاڕی جیهانی، به‌ تایبه‌تی به‌ هۆی بوونی نه‌وت و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌. دیاریكردنی ئه‌م بازاڕه‌ له‌ ده‌ستی بۆرژوازی كوردا نییه‌. كوردستان وه‌ك حه‌وزه‌یه‌كی هێزی كاری هه‌رزان، حه‌وزه‌یه‌ك و بازاڕێك بۆ چه‌رخاندن و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌ی جیهانی چاوی لێ ئه‌كرێ. بۆرژوازی جیهانیش له‌م ڕووه‌ یه‌كده‌ست نییه‌ چ جای بۆرژوازی كورد. ئه‌مه‌ی دواییان به‌ ده‌ست خۆی نییه‌ پێی ئه‌خزێننه‌ ناو جه‌نگه‌كان و چه‌ك پێفرۆشتن و قه‌رزداركردنی بانكی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، ئه‌میش ئه‌بێ هه‌موو ئه‌مانه‌ بشكێنێته‌وه‌ به‌سه‌ر قوتی ده‌می خه‌ڵكدا.

هه‌ربۆیه‌ دوای وه‌ده‌رنانی په‌رله‌مان و قوڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان گۆڕانیش پێشنیار و ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تری پێ نه‌بوو، باشترین ڕێگاچاره‌یان ڕێكه‌وتنی ده‌باشان بوو له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌و هێزه‌ نه‌یاره‌ی دوێنێیاندا كه‌ پێشتر زۆری نه‌مابوو ململانێی نێوانیان بگاته‌ شه‌ڕێكی تری ناوخۆ. بێده‌نگی دواتری نه‌وشیروان و ده‌خاڵه‌تنه‌كردنی له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان و ته‌نانه‌ت جێهێشتنی كوردستان، له‌و ’’كاته‌ هه‌ستیار‘‘ه‌دا، وه‌ك خۆیان ئه‌یڵێن، په‌یوه‌ندی نه‌بوو به‌ نه‌خۆشیه‌وه‌، بگره‌ بێبه‌دیلی و شكستی سیاسی و ته‌نانه‌ت بێئومێدییه‌ك بوو كه‌ بزووتنه‌وه‌كه ده‌مێك بوو تیایدا كه‌وتبووه‌ مه‌له‌. به‌خشینه‌وه‌ی وه‌همی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و گۆمه‌كه‌ ئه‌شڵه‌قێنێ و موعجیزه‌ ئه‌خوڵقێنێ، به‌ ئه‌ندازه‌ی داستانه‌كانی زیوسی خواوه‌ندی هێزی گریكیه‌كان ئه‌فسانه ‌ده‌رچوو.
ئه‌و كاریزما بوو بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ی خۆی، بۆرژواناسیۆنالیزمی كورد. به‌ڵام كاریزمایه‌ك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ خێزانه‌ چینایه‌تیه‌كه‌ی خۆشیدا شكستی خوارد.

بێئومێدكردنی خه‌ڵك

له‌ دنیایه‌كدا كه‌ جێگه‌وڕێگای چینایه‌تی و مێژووی كه‌سه‌كان لێڵ ئه‌كرێ و كه‌سایه‌تی دۆن كیشۆتییان لێ دروست ئه‌كرێ بوونی خۆشخه‌یاڵی خه‌ڵك پێیان و هه‌تا ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و خۆشخه‌یاڵیه‌ش ئه‌بێته‌ شتێكی ئاڵۆز. كاتێك به‌ ده‌یان میدیا و نووسین و وتار و خوتبه‌ی سیاسی و به‌رنامه‌ی سیاسی و… هتد ئامانجی چینایه‌تی كه‌سێكیان، كه‌ پێشتر كه‌مێكیم باسكرد، كردبێته‌ شتێكی جیاوازتر و نه‌هێڵرێ ئه‌وه‌ ببینرێ و كاریان له‌سه‌ر به‌لاڕێدابردنی ئه‌ندێشه‌ی كه‌سه‌كان كردبێ، ئیتر نازناوی ’’باوكی هه‌ژاران‘‘ و ’’گاندی كورد‘‘ و ’’ماندێللای كورد ‘‘ و شتی تری له‌م بابه‌ته‌ ئاسایی دێته‌ به‌رچاو. ئه‌ژنۆشكان و بێئومێدبوون له‌ دنیایه‌كدا كه‌ دێوه‌كانی بارزانی و تاڵه‌بانی و چه‌ك و تفه‌نگه‌كانیان هه‌ژموونیان هه‌یه‌ ئه‌بێته‌ نسیبی هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و ڕه‌شوڕووته‌. ئاخر ڕوكه‌شی مه‌سه‌له‌كه‌ وا بوو كه‌ نه‌وشیروان به‌رامبه‌ر به‌و دێوانه‌ وه‌ستابۆوه‌. ئاخر ئه‌و پاڵه‌وانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ’’دوژمنه‌ خه‌یاڵیه‌كان‘‘ بوو، وه هه‌ر به‌ شوێن له‌سه‌ركردنی خودده‌ی جه‌نگاوه‌ره‌ پێشینه‌ییه‌كه‌ی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بوو. خراپ نییه‌ جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی خۆشخه‌یاڵكراو دوای سڕینی فرمێسكه‌كانیان چاوێك به‌ ئه‌لبوم و كتێبی ’’موغامه‌رات ‘‘ه‌كانی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌دا بخشێننه‌وه‌ و له‌ خه‌ونی وه‌همه‌وه‌ بگه‌نه‌وه‌ به‌ بینینی دنیای واقع و ڕاستیه‌كان.

بۆرژوازی هه‌میشه‌ به‌ شوێن ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی وه‌همه‌كانه‌وه‌یه‌ و ئه‌یه‌وێ جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له‌ نه‌شئه‌ی سه‌رمه‌ستبوونی تریاكه‌ خه‌یاڵیه‌كاندا بن. له‌پاڵ ئه‌فیونه‌كانی تردا ئه‌فسانه‌سازی له‌ كاراكته‌ره‌ سیاسیه‌كانی سه‌ر به‌ چینه‌كه‌ی خۆیدا چه‌كێكی كارامه‌یه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ تاكو كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له‌ مه‌مله‌كه‌تی وه‌هم و خه‌یاڵه‌كاندا بهێڵێته‌وه‌ و ڕاستی ڕێگای ڕزگاربوونی چینایه‌تی خۆیان نه‌بینن. به‌ڵام بورجێك كه‌ خۆی لار بوو هه‌زاران ئه‌فسانه‌ش ناتوانێ ڕاستی بكاته‌وه‌.‌
به‌هه‌رحاڵ كردنی قسه‌ی سیاسی و گرتنی ڕه‌خنه‌ی سیاسی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كه‌سایه‌تیه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ته‌نها كاری ئێستای كۆمۆنیسته‌كان نییه. له‌پاڵ ڕه‌خنه‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتیدا هه‌میشه‌ گۆڕانیشمان داوه‌ته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و ئه‌جێندای ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌مان خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. كه‌سانێكی كه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ئه‌جێندایه‌یان كردووه به‌ر هه‌مان ڕه‌خنه‌مان كه‌وتوون. پێداگری ئێستاشمان كۆمه‌ك ئه‌كات به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا وه‌ك خۆی ببینین، چینه‌كان و ململانێی چینه‌كان و ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌ كوێی خه‌باتی چینایه‌تیدا و له‌پاڵ چ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی چینایه‌تیدا وه‌ستاون ببینین.

ئێستاش كاتێك ئه‌م لاپه‌ڕانه‌ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ هێشتا لایه‌نه‌كانی بۆرژوازی هه‌وڵی زیاتر گه‌وره‌كردنی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌می گۆڕان ئه‌ده‌ن. ئێستاش داتای واقعی موڵك و ماڵه‌كانی كه‌ بۆ نه‌وه‌كانی و بزه‌ه‌تنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مێنێته‌وه به‌ ڕۆشنی و شه‌فافی (شه‌فافیه‌تێك كه‌ گوێی خه‌ڵكیان پێ كه‌ڕ كردووه‌) له‌به‌رده‌ستی كه‌سدا نییه‌. هێشتاش دادگایه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش نه‌هاتۆته‌ بوون تاكو مه‌له‌فی تاوانه‌كان و تێوه‌گلان له‌ كاره‌ساته‌كان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن سه‌رانی بۆرژوازی كورده‌وه‌، به‌م كه‌سایه‌تیه‌شه‌وه‌، یه‌كلایی بكاته‌وه‌. ڕۆژێك هه‌ر دێ كه‌ وردودرشتی مه‌له‌فه‌كانی ١٤ ی ته‌موز و قڕناقا و پشتئاشان و شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌كان و كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی سه‌رانی بۆرژوازی له‌سه‌ر حسابی مردنی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش به‌ نه‌خۆشی و برسێتی و نه‌بوونی و بێكاری و هه‌ژاری لێپێچینه‌وه‌یان لێ بكرێ و سزای خۆیان وه‌ربگرن گه‌ر مه‌رگیان نه‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌وه‌. ‌‌‌

١٣ ی ته‌موز، ٢٠١٧




باجی جیانووسین: ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر … د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا

شیعر لای سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌ شیکلی جیهانێکدایه، که‌ نه‌ سه‌ره‌تای دیاره‌ نه‌ کۆتایی، به‌ڵکو له‌ په‌ڵه‌ی جوانیی، له‌ ده‌نگی نامۆ، له‌ بزاوتێک، له‌ ئاماژه‌یه‌ک، له‌ ساتمه‌یه‌ک، له‌ بیره‌وه‌رییه‌ک پێکهاتووه‌؛ له‌ کۆتاییدا، هه‌موو شتێک لای شاعیر ده‌بێته‌ مادده‌ و مایه‌ی شیعر. ره‌نگه‌ باس له‌سه‌ره‌تایه‌ك بکات، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌کی زه‌مه‌نی نییه‌، به‌ڵکو له‌ ئێستایه‌ک پێکدێت، که‌ زه‌حمه‌تیشه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین. له‌ زمانی ئینجیله‌وه‌ ئه‌وه‌ فێرده‌بین که‌ (له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌ هه‌بوو)، ئه‌گه‌ر (وشه) مه‌به‌ست له‌ کرده‌ی خه‌لق بێت، ئه‌وه‌ به‌ (کردار)یش ده‌کرێت لێکبدرێته‌وه‌, به‌ڵام له‌ ژێر زمانی شاعیر ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ که‌ (له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو). جوانیی لای رۆمانسییه‌کان دونیایه‌کی خه‌یاڵییه‌، دونیایه‌کی دووره‌ده‌سته‌, به‌ڵکو له‌ زۆرباریشدا، ئاوێته‌ی مه‌رگیش ده‌بێت. هه‌ر ئه‌و جوانییه‌یه، دواتر‌ رامبۆ به‌ (تاڵ) ده‌یچوێنێت.

لۆژێکی شیعر، له‌ سه‌ر نالۆژیک به‌نده‌، جیهانیئه‌م شاعیره‌ وه‌کو نارنجۆکێک هه‌پروون به‌ هه‌پروون بووه‌، هیچی به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ نه‌ماوه‌، پارچه‌کانی جارێکی دی مه‌حاڵه‌ پێکه‌وه‌ گرێ بدرێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر پارچه‌یه‌ک خۆی له‌ خۆیدا پێکهاته‌یه‌کی شیعرییه‌. ئه‌م جیهانه‌ ئینسان تووشی گێژبوون ده‌کات، ئه‌و گێژبوونه‌ی که‌ رامبۆ ده‌یویست ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت. ئایا ئه‌م کرده‌یه‌ به‌ شیعر ئه‌نجام ده‌درێت، ئایا شاعیر ده‌توانێت ئه‌م جیهانه‌ له‌یه‌کترازاوه‌، له‌ یه‌کداماڵاوه‌ جارێکی دی بداته‌وه‌ ده‌م یه‌ک و وه‌ک سه‌نعه‌تکارێک، هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات برین و شوێنه‌واری ئه‌و ئازارانه‌ بسڕێته‌وه‌؟

شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له‌ دووره‌وه‌ هاتووم و نه‌زرم له‌ خۆم گرتووه‌
نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ بناسم

شاعیر زۆر خولیای جیهانی خۆیه‌تی، هه‌ست ناکات که‌ کات تێده‌په‌ڕێت، هه‌ست ناکات که‌ ده‌ره‌وه‌ کاریگه‌ریی به‌ سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ بیه‌وێت، جیهانه‌ شیعرییه‌که‌ی خۆی ببێته‌ مه‌رجه‌ع، نه‌ک ئه‌زموون، بۆیه‌ هه‌ست به‌ گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی و ده‌قه‌ تازه‌ نووسراوه‌کانی ناکه‌ین. جیهانی شیعریی ئه‌و به‌ بێ که‌لێن دروست بووه‌؛ ره‌نگه‌ بواریشمان نه‌داتێ هه‌ناسه‌ی تێدا بده‌ین. وه‌کو ئه‌وه‌ی ئینسان له‌ دوا ساته‌کانی خۆیدا بژێت و ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر شیعر بێت. به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و جیهانه‌ به‌ بێ خاڵ، به‌ بێ وێرگوڵ، به‌ بێ مه‌سافه‌ی نێوان وێنه‌کان، به‌ بێ سپێتی، به‌ بێ په‌نجه‌ره‌ و ده‌رگا. جیهانێکی سیخناخه‌ به‌ خودی خۆی. ده‌ق جێگای واقیع ده‌گرێته‌وه‌.

وەك یەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە لافاو لەو جۆگەیە نیشتەوە خوداناس بۆ دەستنوێژ گرتن دەچنە سەری ئەو شەقامانەی هاتوچۆیان لێ بەستراوە ڕێكخراوی جانەوەران بە دەستە بەدەكانیان ڕووناكییان لە بن دروشمەكانیان درۆزن كرد

ئه‌م جیهانه‌ سوریالیئامێزه، له‌هه‌مان کاتیشدا لۆکاڵیشه‌، به‌ تێرم و موفره‌ده‌ی ده‌شتی دزه‌یی ئاوس ده‌بێت، به‌ ئاماژه‌یه‌کیش بۆ فه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر کۆتایی دێت؛ پانتاییه‌کی خاوه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی، که‌مێک هه‌ست به‌ ره‌تابه‌ت ده‌کرێت، به‌رجه‌سته‌کان له‌ نێو دژایه‌تی و به‌ دژایه‌تی خۆیان ده‌ژین. هیچ شتێک له‌ کۆتاییدا، په‌یوه‌ندی به‌ هیچ شتێکه‌وه‌ نه‌ماوه‌‌. هه‌موو (پنت)ێک سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌؛ بۆ خودی خۆی واقیعێکه‌. شاعیر که‌س ئاشت ناکاته‌وه‌، بانگه‌شه‌ی که‌س ناکات، قسه‌ له‌ گه‌ڵ که‌س ناکات، نایه‌وێت ده‌می ئاراسته‌ی هیچ که‌سێک بکات. ئینسان له‌ ده‌قی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، به‌ بێ هیچ ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراو هه‌نگاو ده‌نێت.‌

لە ژووری زێوانی خۆم گۆڕەپانێكی گشتیم چۆڵ و قەرەباڵغ

بۆیه‌ لای وی، به‌رجه‌سته‌کان، مادده‌کان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی رووت، که‌وتوونه‌ته‌ هه‌ره‌که‌ت و گیانیان له‌به‌ره‌. زمان له‌ سه‌ر هێڵی به‌یانی ئاراسته‌کراو به‌کار نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو له‌ ئاماژه‌، هه‌ندێ جار ئه‌و ئاماژه‌یه‌ بۆ خودی خۆی ‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ شیعره‌ له‌ نێو ئه‌ده‌بییاتی کوردیدا، ره‌نگه‌ خوێنه‌ری زۆری نه‌بێت، چونکه‌ ده‌یان ده‌یه‌یه‌، شیعریان به‌وه‌ راهێناوه‌ که‌ (سیاسی) بێت و حه‌ماسییانه‌ بێته‌ ده‌نگ، په‌یامی هه‌ڵوێستبازیی هه‌بێت، له‌ یاوه‌ر و مورید و چه‌پڵه‌ بگه‌ڕێت؛ یان (رۆمانسی) بێت، ختووکه‌ی هه‌سته‌ چه‌پکراوه‌کان و داپلۆسراوه‌کان و مه‌حروومه‌کان بدات، ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکلۆژی ببینێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار وه‌کو وێنه‌ی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، له‌ پێناو فێنككردنه‌وه‌ی ده‌روونێكی گڕگڕتوودا به‌كارهاتبێت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌م دیده‌وه‌ دژه‌ شیعر ده‌نووسێت.

ئه‌م دژه‌ شیعره‌ ده‌مێکه‌ له‌ نێو ئه‌ده‌بییاتی کوردیدا ده‌نووسرێت، نه‌یاری له‌ یاوه‌ر زۆرتره‌. هه‌ندێ جار تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌درێته‌ پاڵ که‌ له‌ پاشۆڵی رێتۆریکی ته‌قلیدی نه‌هاتۆته‌ خوارێ، بۆ په‌رده‌ی گوێی کوردان قورس و به‌دفه‌ساڵه‌، هه‌ندێ جاریش گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێت که‌ دیمه‌نی دڵڕفێنی خه‌یاڵیی ناکێشێت و ده‌مێکیش به‌ لاترازاو له‌ سیاقی گشتیدا ده‌خوێدرێته‌وه‌.

ئه‌م تۆمه‌تانه‌ هه‌ند راستن، ئه‌گه‌ر نووسین وه‌کو ته‌قلیدێکی قوتابخانه‌یی سه‌یر بکرێت، نه‌ک وه‌ک ئافرێندراوێکی تاک. بۆیه‌ ده‌بینین، ئه‌گه‌ر لای شاعیر ئاماژه‌یه‌کیش بۆ جه‌سته‌ی ژن کرابێت، ئه‌وه ته‌نیا هه‌ر‌ به‌م جۆره‌ به‌ ژێر قه‌ڵه‌می شاعیردا تێپه‌ڕیوه‌ :

ئاو چاوی كوێر نەبوایە بەلەشی نەرمی كیژان وشك نەدەبووەوە

یان ئه‌گه‌ر بێت و ئاماژه‌یه‌ک بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی براکوژییه‌کانی دوای راپه‌ڕینیش کرابێت، ئه‌وه‌ شتێکمان پێ ده‌ڵێت، که‌ ره‌نگه‌ ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌ درکی پێ بکه‌ن که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخه‌که‌ بوونه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ئاماژه‌ بۆ دوو له‌قله‌قه‌که‌ی سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وتی خانەقا ده‌کات. ئه‌و دوو ته‌یره‌ وه‌کو له‌ ئه‌به‌دییه‌ته‌وه‌ هاتبێتن و له‌ سه‌ر ئه‌و مناره‌یه‌ نیشتبێتنه‌وه‌. له‌ ته‌یرێتی خۆیان که‌وتبێتن و بووبێتنه‌ رۆحی زیندووی شاره‌که‌, به‌ڵام مه‌خابن ئه‌م رۆحه‌ به‌ ده‌ستی (نیشتیمانییه‌ک) وه‌کو نارنجۆک هه‌پروون به‌ هه‌پروون ده‌بێت. شاعیر به‌ ته‌وزێکه‌وه‌ باسی لێوه‌ ده‌کات. هه‌ولێری دێرین ده‌بێته‌ باڵنده‌ی دێرین. کێ کۆنتره: پیره‌‌ حاجی له‌قله‌ق, یان شاری هه‌ولێر؟ بێگومان له‌ کوشتنی باڵنده‌دا په‌یامێکمان پێ وتراوه‌: (کوشتنی شار و ئینسان و شارستانییه‌ته). ئینسان به‌ تاقی ته‌نیا به‌ هیچ جۆرێک ئیمکانییه‌تی ژیانی نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌ برینداره‌.

نیشتیمانییه‌ك باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری كوشت

هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ خاڵێکی دیکه‌ له‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌دا بکرێت، ئه‌ویش زمانی سیحره‌. شیعر و سیحر دوو ده‌سته‌خوشکن، به‌ڵکو دوو جمکانه‌ن. ئه‌وه‌ی به‌ کردار ناکرێت، به‌ خه‌یاڵ ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌م دوو جمکانه‌یه‌ پێکه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و پێکه‌وه‌ش هه‌ڵده‌که‌ن. ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ سه‌رهه‌ڵدانی زمان له‌ پێناو سیحرکردن بووه‌. سیحرکردن له‌ گه‌ردوون، له‌ شته‌ بینراوه‌ و نه‌بینراوه‌کان. واته:‌ ئاشتکردنه‌وه‌ی دونیا له‌ رێگای زمانه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ شیعر نزیکترین زمانی ئاشتکردنه‌وه‌یه‌. شیعر شه‌ڕێکه‌ له‌ پێناو ئاشتکردنه‌وه‌دا‌.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر شاعیری سرکه‌، ئه‌و وه‌کو ئه‌کرۆپاتانه‌ی گه‌مه‌ به‌ وشه‌کانی ده‌کات، له‌ پێناو سڕینه‌وه‌ی ئه‌و نێوه‌نده‌، شاعیر گه‌مه‌یان پێده‌کات که‌ واقیع له‌ زمان جودا ده‌کاته‌وه‌، هه‌وڵدانێکه‌ بۆ رووخاندنی ئه‌و پردانه‌ی که‌ ئینسان له‌ زمان جودا ده‌که‌نه‌وه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و زمان ببنه‌وه‌ به‌ یه‌ک جه‌سته‌. ئیتر شتێک نییه‌ به‌ ناوی فیکره‌وه‌ و شتێکی دیکه‌ش‌ به‌ ناوی زمانه‌وه‌، به‌ڵکو جه‌سته‌ ده‌بێته‌ زمان و زمانیش وه‌کو جه‌سته‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێی کرد، شیعر لای شاعیر له‌سه‌ر لۆژیک به‌ند نییه‌، به‌ڵکو دژه‌ لۆژیکیش ئیش ده‌کات، لێره‌وه‌ وڕێنه‌ كردن پانتاییه‌کی مه‌زن له‌ ده‌قی ئه‌م شاعیره‌ داگیر ده‌کات. ورێنه‌ی نه‌خۆشێک نا، به‌ڵکو چه‌ماندنه‌وه‌ی زمان بۆ ئاستێکی دی، زمان ئه‌و ئاسنه‌ گه‌رمبووه‌وه‌یه،‌ که‌ شاعیر به‌ که‌یفی خۆی ده‌یچه‌مێنێته‌وه‌، پاشانیش که‌ سارد ده‌بێته‌ شیکلی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان وه‌رگرتووه‌. هه‌ڵدانی ماسی بۆ حه‌وزی شووشه‌، به‌ هه‌ڵدانی وشه‌یه‌ک ناکات بۆ ناو رسته؟‌ :

ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ناو حه‌وزی شووشه‌

هه‌ندێ جاریش به‌رانبه‌ر به‌ وێنه‌ی سوریالیئاسا خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌بێت, چونکه‌ ئه‌م ئه‌کرۆپاتکردنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستێک، که‌ ره‌نگه‌ دوا سنووری خه‌یاڵ بێت. خوێنه‌ری که‌مخه‌یاڵ ته‌واو بێزار ده‌کات.

ده‌می به‌ قاقبقابی ئاسووده‌یی گه‌رم كرد

یان

پێغه‌مبه‌ران له‌ شه‌رمی ڕووناكیدا مردن

شاعیر ده‌سته‌واژه‌ ئاینییه‌کان، ئاماژه‌کردن بۆ پیاوچاکان و پێغه‌مبه‌ران و ئه‌ده‌واتی بواری پیرۆز به‌کار ده‌هێنێت، له‌ پێناو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، یان له‌ پێناو ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌ به‌کاریان ده‌هێنێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا زمان ده‌به‌ستێته‌وه‌ بۆ زه‌مانێکی دێرین، زه‌مانێکی به‌سه‌رچوو و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر بڵێت ئه‌م ده‌قانه‌ ره‌گوڕیشه‌یان هه‌یه‌. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، ئینسان وه‌کو یه‌که‌م کائین و یه‌که‌م بوونه‌وه‌ر و یه‌که‌م به‌رجه‌سته‌ دێته‌ پێشه‌وه‌. ئینسان کائینێک نییه‌ له‌ گۆڕانکارییه‌ سروشتییه دێرینه‌وه‌کانه‌وه‌ هاتبێته‌ کایه‌وه‌، به‌ڵکو سه‌ره‌تا ئه‌و دروست ده‌بێت، ئینجا ره‌گه‌زه‌ بێ ئه‌ژماره‌کانی سروشت دروست ده‌بن. ئه‌م دیده‌ ئاماژه‌ بۆ تێرمی (ئیومانیسم) ده‌کات و له‌ هه‌مان کاتیشدا ره‌گه‌زێکی ئۆرگانیکی ده‌قی سه‌باح ره‌نجده‌ره‌.

ئاسمان له‌ ده‌مودووی هه‌ور
پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌‌
باران یان به‌فر
ته‌رزه‌ یان شه‌خته‌
ئێمه‌ی دروست كرد

زۆر ره‌گه‌زی دیکه‌ هه‌ن ده‌کرێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بکرێن و بهێنرێنه‌ زمان. خوێنه‌ر ده‌توانیت له‌ تێرمی (گه‌رم) بڕوانێت و له‌ سیاقه‌ جیاوازه‌کانی وردبێته‌وه‌. چۆن ئه‌م موفره‌ده‌یه‌ تێکهه‌ڵکێشی وێنه‌ی شیعری ده‌بێت و ره‌گورێشه‌کانی له‌ قووڵایی چ خاکێکدا، ته‌ڕیی و گه‌رمایی ده‌قۆزنه‌وه‌. خوێنه‌ر, یان توێژه‌ر ده‌توانێت له‌سه‌ر چه‌ند ره‌گه‌زی دیکه‌ بگیرسێته‌وه‌ و زیاتر په‌ی به‌ دونیا شیعری شاعیر به‌رێت, به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، ئه‌و جیا ده‌نووسێت و باجی ئه‌م جیانووسینه‌ش دیاره‌.




موعجیزە … پشکۆ ناکام

…..لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە وا باوە کە کەسێک لە ناو خەڵکا بە چی ناسرا، ئەم بۆ داپۆشینی، پێچەوانەکەی باس ئەکات، تا ۆێنەیەکی رێک ئەو دیوی خۆی نیشان بات، کەسێکی ڕەزیل و پیسکە زۆر باسی دست بڵاوی خۆی ئەکات و چۆن مەسرەف گرانی پارەی پێ نەهێشتوە، نەخوێنەوارێک حەز ئەکات دایمە لە پشتی چەن مایکرۆفۆنێکەوە بە سەعات باس لە هەموو شتێک بکات تا پێی بوترێت خوێنەوار و لەبیق..ڕەنگە ترسنۆکێکیش زوو زوو باس لەوە بکات ڕۆژانە لە چەن کەس هەڵئەیا و چەن دانیشی زنجیری مودەڕەعەیە…وهتد..کەسانێکی پیلانگێڕ کە هەڵکوتانە سەر خەڵکی تر پیشەی بێت، هەردەم باس لەوە ئەکات چۆن کەس و خەڵکانی تر هەر خەریکی پیلان و داڕشتنی کودەتان لە دژی..؛؛ سەرۆکی بنەماڵە لەم خیسڵەتە سایکۆلۆجیە بێ بەش نیە و هەمیشە بۆ داپۆشینی کودەتاکانی دژی کەس و لایەنەکانی تر زۆر باس لەوە ئەکات کودەتایان لەسەر کردوە یان کودەتایەک بەڕێوە بوە ، تازەترین نوکتەی ” کودەتا” کانی بەرامبەر بنەماڵە و پارتی پاشکۆی کرا بێ ئەو نەکتەیە بوو کە سەرۆکی بنەماڵە لە بروسێل(بە عەرەبی بروکسل ئەوترێت)ی پایتەختی بەلجیکا لەبەردەم دوو ئەندامی کۆی حەوسەدوپەنجا ئەندامی پارلەمانی ئەوروپا گێڕایەوە کە “گۆڕان” کودەتای بەسەریانا کردوە..! پێش ئەوەی زیاتر بچینە ناو ئەم باسە هەزەلیە، چەن کودەتایەک ئەخەینە روو کە بنەماڵە و پارتی پاشکۆی پێوەی ناسراون :
– کاتێک مەکتەبی سیاسی پارتی لە شەستەکانا لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتەی بنەماڵە هاو هەڵوێست و بیروڕا نەبوو ، بنەماڵە بە هێزێکی چەکدارەوە هەڵی کوتایە سەر بارەگا و حەشارگاکانی مەکتەبی سیاسی لە ماوەت و هەمویانی ڕاو نا و کردنی بە ئێرانا ، ئەوەی دەرچو ،دەرچو و ئەوەی دەرنەچو یا کوژرا یا گیرا..

– ساڵی1994 بەناوی سوڵحی عەشایەریەوە لە دێی “کەڵەکین” هێزێکی زۆری بنەماڵە هێرشیان کردەسەر عەشیرەتی سوورچی و پاش قەتڵ و عام کردنی دانیشتوانەکەی، ئەنفال ئاسا موڵک و ماڵەکان تاڵان کرا…
– دوای ئەوەی بنەماڵە نەیتوانی بە هێز و توانای میلیشیاکەی خۆی ململانێکانی لەگەڵ “ی.ن.ک” یەکلایی بکاتەوە، لە31/ی ئابی 1996 سوپای بەعسی هێنایە سەر هەولێر و ڕۆژێکی ڕەشی وای لە مێژووی خۆی تۆمار کرد کە لەبیر ناکرێت..و بەم کودەتایەش بنەماڵە توانی تا ئێستاش لە هەولێر بحەسێتەوە و دەستەڵاتی خۆی لەو کاتەوە بەسەر هەرێما بسەپێنێت..
– کاتێک لە هەڵبژاردنەکانا بنەماڵە زانی لەبەردە م (گۆڕان)ا شکست ئەهێنێ لە سلێمانی ، هێزێکی زۆری میلیشیای زێڕەڤانی” دوای ڕزگارکردنی کەرکوک”!! هێنایە شارەکە هێنا بۆ هێرش کردنە سەر گردەکە، بەڵام لە ترسی ڕق و کینەی خەڵکی شارە حەیاتەکە ، و لەترسی شاربدەر کردنیان نەیانتوانی ڕۆژ لە شارەکە بکەنەوە و گەڕانەوە خزمەت سەرۆکی بنەماڵە…

….. ئەمانەی سەروە تەنها چەن نمونەیەکن، ئەگینا لە لابەلا کردنی کێشە زۆر و زەبەنە عەشایەری و خێڵەکیکانی خۆی لەگەڵ ئەوانی تری ناوچەکەیان بە زەبری هێز و هەڵکوتانەسەر ، نمونەمان ئەوەنە زۆر لایە باسکرنیان زۆر ئەخایەنێ و بابەتی ئەم باسە نیە،،،
بە ناو سەرۆکێکی هەرێم بۆ جێبەجێ کردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ڕێگری لە دروستکردنی دیکتاتۆری بە”کودەتا” بزانێت ، ئیتر ئەبێ چ دڵێکمان بە سەرۆکی بنەماڵەی دەستەڵاتدار لە هەرێم ئایندەکەی خۆش بێت… ئەم زاتە ئەیەوێت وا لە ئەوروپیەکان بگەیەنێت کە ئەوە ( دکتۆر یوسف) بوو بە سواری چەن دەبابەیەک و دوو سێ کەتیبەی کۆماندۆی تایبەت و دەیان تۆپی هەر زۆر دووور هاوێژ ، ویستیان لە سلێمانیەوە بچنە هەولێر و دەست بەسەر پارلەمانا بگرن..! بەڵام بنەماڵە بۆ دیفاع کردن لە دیموکراسی و پاراستنی شکۆی ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتیان ڕێگری کرد لەو کودەتایە و توانیان سەرۆکی پارلەمان بەو هەموو هێزە زۆرەی لەگەڵیا بوو بگەڕیننەوە سلێمانی..!..!.. ئای لەم مەهزەلەیە و لەم موسیبەتەی بە هۆی بنەماڵەیەکەوە توشی هەرێم بوە ، ..بۆ ڕێگرتن لە بەربەستەکانی بەردەم چەسپاندنی دیکتاتۆری بە یاسای دەنگی خەڵک بە”کودەتا” لە قەڵەم بەیت و بەوەشەوە نەوەستیت و وەک کۆبونەوەیەکی سەری سوور ببورن سەری ڕەش بتەوێ لە پارلەمانی ئەوروپا وا بگەیەنیت کە سەرۆکی پارلەمان کودەتای کردوە ! سەرۆکی بنەماڵە وا ئەزانێ خەڵکی تریش لە گوێ ی ئوردوگانا نووستون و لە دونیا بێ حاڵین..سەرۆکی دەستەڵاتی هەرێم بڕوای بە پارلەمانی هەرێمەکەی خۆی نیە بۆ ڕیفڕاندۆم”کورسیڕاندۆم” ،بەڵام بۆ بەدەست هێنانی پشتگیری بۆ خۆی ، داوای هاوکاری پارلەمانی ئەوروپا ئەکا بە پەلە پروسکێ ئەگاتە ئەوێ، ئەی حەزەری ئەوە ناکات ئەو پارلەمانەش لە بەلجیکاوە کودەتای بەسەرا بکەن، چونکە لەوە ئەچێت ئەو زاتە ترسی لە ووشەی” پارلەمان” هەبێت،ئیتر لە هەر شوێنێک بێت….

کاتی ئەوە هاتوە بنەماڵە و پارتی پاشکۆی چاک لەو ڕاستیە تێبگەن کە بۆچی خەڵک ئامادە نیە دەنگ بات بە ڕیفڕاندۆمێک کە ئەوان بیبەن بەڕێوە، کۆمەڵانی خەڵک بە چ ئەقڵێک دەنگ بەن بە درێژە پێیانی دەستەڵاتی بنەماڵەیەک کە پارلەمانی دەزگای شەرعی دەنگدانی داخستوە و لە ئەوروپا ئەڵێت کودەتام لەسەر کراوە! هێشتا ڕیفڕاندۆم نەکراوە ئەیەوێت وا خەڵکی چەواشە بکات(دیارە بە حساباتی خۆی چەواشەی ئەکات..) جا ئەگەر بنەماڵە سەربەخۆیی ڕآ بگەیەنێت ڕەنگە ئەو کاتە سەرۆکی بنەماڵە لە پارلەمانی ئەوروپا بڵێت: گۆڕان نیازی وابوو بە ساروخی نەوەوی لێمان بات و بە موعجیزە رزگارمان بوو……….




جوگرافیای سیناریوکانی پارتی و دیزاینی ڕیفراندۆمی تورکی …. بەختیار شارەزوری

والی میرنشینی زەرد و سەبەتەی دەوڵەتی عوسمانی .
بۆ هەر ڕوداێک لەسەر ئاستی لۆکاڵی دەبێت بچینەوە سەر ئەو هێزانەی کە لە دەرەوە خۆیان بە میراتگیری ناوچە بچوکەکان دەزانن ، هێشتا جیهان فراوانخوازی تینەپڕاندوە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەم مانایە ئەوەی لە ناوخۆی باشوری کوردستاندا ڕوو دەدات جگە لە گەمەیەکی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی لە ڕێ ی وەکیلەکانیانەوە هیچی تر نیە ، جگە لە بەشکاری لەسەر زەمینی ئێمە هیچی تر نیە ، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت هاوسەنگی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوڕاستدا دروست بکات ئەو دەبێت بچیتەوە سەر هەمان بەشکاری مێژوویی و تورکیا لەم جۆرە دەستەڵاتە دابماڵێ و دەستەڵاتێکی بە دڵی زل هێزەکانی تیا بێت ، بۆ ئەوەی هێزێک هەبێت لە بەرامبەر ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئێرانە و سەر بە بلۆکی ڕوسییە هاوسەنگی بگێڕێتەوە ، ئەڵبەت ڕوسیا و ئەمریکاش تا ئاستێک ڕێکن لەسەر ئەوەی هاوسەنگی هێز بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کەواتە ئەمریکیەکان و ناتۆ پێویستیان بە تورکیا هەیە بۆ ئەم هاوسەنگیە ( وەک بینیمان دوا وتاری ترامپ ناوی ئێرانی هێنا و ناوی تورکیای نەهێنا ) بەڵام ئەم هاوسەنگیە چۆن دەبێت ، بە گۆڕینی ئەم حکومداریەی ئێستا لەتورکیا هەیە بە گولەنیەکان ، یان ئەردۆغانیەکان ناچار بکات بچنەوە سەر هێڵی بەرژەوەندی ڕێککەوتنی ڕوسی – ئەمریکی ، هەر لەم ڕاونگەیەوە ئەگەر لەسەر ئاستی ناوچەیی سەیر بکەین و فۆکس بخەینە سەر عێراق و باشوری کوردستان ئەوا دەبینین ناوەند بە دەست ئێرانەوەیە و هەرێمیش بەدەست تورکیاوەیە ، واتا ڕیکەوتنێک هەیە بە (کارت بە کارت ) لە بەرامبەر ناوەندا هەرێم بدرێتە دەست تورکیا ، بەڵام ئەمە بۆ سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێوستی بە سیناریو هەیە تا لەبەردەم هەڵبژرادنەکاندا بتوانن تەمەنێکی تر لە حوکمڕانی بدەنەوە بە یەکتر ، بۆ تورکیا هەرێمی زەرد وەک میرنشینێک لەسەر دەوڵەتی عوسمانی حساب دەکرێت و مەسعود بارزانیس والی ئەم میرنشینەیە ، ئەمەش وا دەکات تورکیا و ئێران ئەگەر لەسەر هەمو شتەکان ناکۆک بن ئەوا لەسەر هەرێمی کوردستان کۆکن و ڕێکەوتننامەی ستراتیژی لە نێوان تورکیا بە نمایندەی پارتی و ئێران بە نمایندەی یەکێتی هەیە ، بۆیە دەکرێت بزانین سنوری جوگرافیای سیناریوکانی پارتی تا کوێ دەڕوات ، ئەم جوگرافیایە بۆ سیناریو لە سنوری زەرد تێدەپەڕێت و سنوری سەوزیشی گرتوەتەوە ، بە گڵۆپی سەوزی ڕێککەوتنی تورکیا و ئیرانەوە ، دیزاینی ڕیفراندۆم دیزانێکە کە لە ئەنقەرەوە دادەڕێژرێت و ڕەزامەندی ئێرانیشی لەسەرە ، لە بەرامبەر دروست نەکردنی کێشە بۆ ناوەند کە لای ئێرانیەکان زۆر گرنگە ، هەر بۆیە بۆ ئەم جۆرە لە ڕیکلام ئێران یەکیتی خستوەتە ژێر باری ڕیفراندۆمەوە لە ڕێگەی عەبادیەوە پارێزگاری کەرکوک دەنێرێت ، تا تورکەکان لە ڕێگەی سونەکانەوە ( بە تایبەت دوای موسڵ ) کێشە بۆ ئێران دروست نەکەن ، جوگرافیای ئەم سیناریویەی پارتی بە دیزاینی تورکی و ڕەزامەندی ئێرانەوە کێشەی لە سنوری زەرد نیە ، بەڵکو دەیەوێت فراوانتر بێت سەراپا سنوری سەوزیش داگیر بکات ، ئەم ڕیفراندۆمە تەنها بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی بارزانیە و هیچی تر ، دیزانی ئەم سناریویەش لە ئەنقەرەوە دەکرێت و بۆ ئەوەی بتوانێت پارتی و بارزانی وەک خۆی بهێلێتەوە ، چونکە لەسەر ئاستی بەرژەوندی گشتی تورکی ، تورکیا سودێکی زۆری لەم میرنشینە وەرگرتوە ، وە تا ئێستا والی میرنشنی زەرد بەردەوام هەمو هێلکەکانی خستوتە ناو سەبەتەی عوسمانیەوە ، دوای موسڵ هەمو عێراق دەخرێتە بەردەم هەڵبژاردنێکەوە ، بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت گەورەترین دروشم بەرێتە ناو ساحەی ململانێ ی هەڵبژاردنەوە ، دیزاینی ڕیفراندۆم و دەوڵەتیان بۆ داناوە ، تا بتوانێت هەمو شکستەکانی پێ بشارێتەوە ، هەر لە حکومەت و سەرۆکایەتیەکی ناشەرعی و فەشلی کەرتی نەوت و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و وە پارتی نەیتوانیوە وەک سەرۆکایەتی هەرێم سەرۆکایەتیەک بێت ببێتە هۆی ڕەزامەندی زۆرینەی هاوڵاتی و حیزبکان ، بگرە لە سنوری زەرد تێپەڕی نەکردوە ، هەر بۆیە دەبێت دروشمێکی گەورە بەکار بهێنێت تا وەک ماکیاج شکشت و ناشیرینیەکانی پێ بشارێتەوە ، لە ئیستا جوانترین ماکیاج ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیە ، ئەوەش دەزانین کە دەوڵەتی کوردی دەبێت لەسەر بنەمای زانستێکی سیاسی ىیت و دەبێت پایەکانی دەوڵەتداری چەسپی بێت لە ڕوی ( سیاسی و ئابوری خۆ بژێنی و ئاشتەوای نیشتمانی و حکومەتێکی دامەزاروەیی و سوپایەکی نیشتمانی ) کە ئەمانە نین ئیتر چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی کوردی دروست بکرێت ، ئەڵبەت چی بۆ ئیران و چی بۆ تورکیا ئەگەر دەوڵەت سیناریویەک نەبێت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان ، هەرگیز ڕێگەیان نەدەدا هەر باسیشی بکرێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی سیناریویەکە و هیچ لە پێگەی کوردی باشور ناگۆڕێت ، خۆیان دەڵین ئەوە بکەن و ئێمەش ناو بەناو تۆزێ دژایەتیتان دەکەین هەر خۆیان پێیان دەکەن و هەر خۆشیان بە ڕاگەیاندن دژایەتی دەکەن ، ئەم دژایەتی کردنە سنورەکانی ڕاگەیاندن زیاتر نابڕێت ، ئا لێرەوە دیسانەوە بەم سیناریویانە دەچنەوە سەر ڕێکەوتننامەی ستراتیژی و جارێکی تر بەشکاریە و نایانەوێ پارتی بکەوێت ، چونکە لەو باشتریان دەست ناکەوێت ، ئەوەی دەمێنێتەوە بزوتنەوەی گۆڕانە ، کە شەڕی گۆڕان شەڕی پارتی و یەکێتی نیە ، بەڵکو گەورەترە لەوان و دەیەوێت شەری کۆتایی هێنان بە دابەشکاری بکات لەسەر زەمینی باشوری کوردستان ، دەیەوێت پایەکانی دەوڵەت لەسەر ئیرادەی لۆکاڵێ بێت و نەهێلێت دیزاینەکەی لە تاران و ئەنقەرە بکرێت ، گۆڕان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بە نیشتمانی کردنی دام و دەزگا و سوپا و خۆبژێییەوە ، پارتی و یەکیتی لە سوارەی حەمیدیەوە و بەسیجەوە بهێنێتە ژێر باری ئیرادەی خۆیی و لەوێوە بە تورکیا و ئێران و دنیا بلێێت ئا لێرەدا ئەم مێژووە ڕابگرن ، ئەو کات چی تورکیا و چی ئێران ناچار دەبن مامەڵە لەگەڵ واقع بکەن ، بۆیە هەمو سیناریوکان بۆ ئەوەیە بە دروشمی قەبەوە بێن و شکشتەکانیانی پێ ماکیاج بکەن ، چونکە چی پارتی چی یەکێتی لەبەردەم ئەگەری کەوتندان لە هەڵبژاردنەکاندا ، خۆشیان ئەو ڕاستیە دەزانن ئەگەر پێشتر درۆ و دراویان پێ بوێت ، ئەم جارە ئەوەشیان پێ نەماوە بۆیە دەبێت سیناریویەکی گەورەیان پی بێت تا بتوانن درێژە بە ڕێکەوننامەی ستراتیژی و دزییەکانیان بدەن و جارێکی تر ڕو بە ڕوی گۆڕان ببنەوە ، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوڵاتی پشتی کەوالیسەکان دەبینێت و دەزانێت لەسەر شانۆ ئەم دروشمانە ماکیاجن بۆ درێژکردنەوەی جوگرافیای سناریوکانی پارتی و دەیانەوێت والی میرنشینی زەرد هەمو هێلکەکان بخاتە ناو سەبەتەی دەوڵەتی عوسمانیەوە بە گڵۆپی سەوزی ئێرانییەوە .




گۆڕان و پارتی ” ڕیفراندۆم و کورسی … فەرەیدون کونجرینی

تائەم ساتەوەختە بزوتنەوەی گۆڕان هیچ هەڵەیەکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام نەداوە، هەمیشە راستگۆیانە لەبەرەی گەلدا هەنگاوی ناوەو هاوڕاو هاودەنگی خەڵکی مەدەنی بووە، تاكلایەنە پشتیوانی لەتەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان و خەڵکی هەژار کردوە، ئاشکرایە گۆڕان جێگەی متمانەیە، لە سەرەتای کاری سیاسی و بەشداریکردنی لە حکومەتدا هیچ گەندەڵیەکی لەسەر تۆمار نەکراوەو خەڵکیش ناڕەزایی دەرنەبریوە دژ بەم بزوتنەوەیە، بەڵکو ئەوە پارتیە زۆرینەی هاونیشتمانیان و نوسەرو لایەنەکان رەخنەی لێ دەگرن و خۆپیشاندان ئەنجام ئەدەن و لە تۆڵەی خراپ بەکار هێنانی دەسەڵاتیان بارەگاکانیان دەسوتێنن .

تەوەری ڕیفراندۆم قسەی زۆر لەسەرکراو ئاشکرایە کە سەرۆکی پارتی لەپێناو مانەوەی خۆیی و متەمانەی لایەنگرانی و ناووناوبانگی پارت و بنەمالەکەی پێداگیری دەکات و دەڵێت دەبێت بکرێت ڕیفراندۆم ، لە ٪65ی مەبەست لە ڕیفراندۆم پەرتەپۆشکردنی تاوانی کوتەتای 12ی ئۆکتۆبەرەو دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانە ئەمەش نەك بە ڕیفراندۆم بەڵکو بەزیندانی کردنی هەتایی سەرۆکی پارتی و ئەوانەی هاورای بون پەرتەپۆش نابێت چونکە ئەمە یەکێکە لە تاوانە هاوشێوەی دیکتاتۆرەکان کە لە ساڵی 1933 لەولاتی ئەڵمانیا لەسەرەتای دەسەلاتی ئادۆلف هیتلەر ڕویدا” كودەتای عەبدولكەریم قاسم لە ساڵی 1958 ساڵی 2016 ئەردۆگان دەیان پەرلەمانتاری کوردی ناردەوە بۆ مالەوەو سەرۆکی هەدەپەی زیندانیکرد، سەرۆکی پارتیش هاوشێوەی دیکتاتۆرەکان کرداردەکات و ئایندەکەی هەرەس هێنانە.

شەرمە بۆ سەرۆکێک بەوجۆرە بێتە سەرکورسی دەسەڵات.! دەیەوێت بەناو سازانی نیشتیمانی و لێک گەیشتنی بەرنامەکاری ئایندەو سەربەخۆی کوردستان، چاوبەستمان بکات و بڵێین دەبێت داوای لێبکەین و ڕازیبێت بۆمان بکات. قبوڵ بفەرموێت بە مانەوەی لەسەرتەختی شاهانە و دەسەڵاتەکانی، ئەمەیا دەبێت لەبیر بکات هیچ کام لە پارتەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن داوای لێناکەن و ئیدانەی دەکەن بۆ ئەم کارە بەڕاستی قێزەونە، گەر خۆشی مەمنون دەبێت و دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی بیکەنەوە بە سەرۆک دەبێت لەوە بگات کە دەچێتەوە بەردەم یاسا و پەرلەمان و دەنگدەرکانی، ئەو گوێی خۆی لێخەواندو گرنگی بە دەنگدان و هەڵبژاردن نەداو هیچ ئامادەسازییەکی بۆ نەکردو خۆی کردوە بەتەوق بەملمانەوە و دەشڵێت ئیتر چارەم کەن. بەڕاستی پیاوێکی کاڵفام و گێژ دراو و پفکراوە بە وەهم و خەیاڵدانی کاسەی سەرۆک.!

بەهۆی ئەم ئارامیەی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان ئەنجامی ئەدەن لەوەرزێکی ئەوها قەیراناویدا کارێکی باشەو کۆمەڵگە توشی نەهامەتی دوبارە بونەوەی جەنگی ناوخۆ نەبونەوە” خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لایەنێکی توندڕوو لەپێناو دەسەلاتیاو لەبەرژەوەندی حیزبەکەیدا کاری بکردایە! جەنگی ناوخۆ دوپات دەبوەوەو هەڵەکان دوپات دەبونەوە، کە ساڵەهای ساڵە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێیانەوە دەناڵێنیت و، بووە هۆکاری دواکەوتنی ئاستی شارستانی دەیان ساڵە

هۆکاری سەرەکی کێشەکان کە پارتی ئەنجامی داوەو بۆتە کێشە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە کە لەژێر دەستی دوو پارتی خۆسەپێنەردایەو، دەسەڵاتی حیزب لەبڕیارو یاساکانی حکومەت خاوەنی هەربڕیارێکەو جڵەوی خۆیان بەئاشکراو تاکڕەوی ئەنجام ئەدەن. لەهەمان کاتدا هاوڵاتیان بەئاگان ئەمەش دەبێتە لە دەستدانی دەسەڵات و، خەڵك خاوەنی بڕیاری هەر هەڵبژاردنێکە. لای زۆرینە ئاشکرایە ئەم نەخشە هەڵەی پارتی ڕووخانی کۆتایی دەبێت و حوکمی تاكڕەویی شکستدێنێت و لەگەشەی سیاسی دەکەوێت بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان راستیەکانی بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا کردوە کە لەماوەی 24 ساڵی رابوردودا چەندیان دزیوەو چەندیان بەخشیوەو زیاتریان بەتاڵان فرۆشتووە لە سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان بەگومرکە سنوری و ناوخۆیەکانەوە.

پلان و کودەتای پارتی نەخشەڕێگایەکی تۆکمە سیاسی داڕشتبو لە 12ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دوایی’ بەم پلانە توانی خەڵکی بێزارکات و ناڕەزاییەکان بەرزتر لە رابوردو دەرببڕن و بارەگاکانی خۆی کردە قوربانی و رەوشی خۆی بۆ خەڵك شلکرد تا بسوتێندرێن و تەقینەوەکان بە ئاراستەیەکی جیاوازدا فراوانبن، بێگومان ئەوەی پارتی دیموکرات مەبەستی بو بزوتنەوەی گۆڕان لەکەدار بکات و لەنێو خەڵکدا بچوکی بکاتەوە و بەوجۆرە پلانەی دایڕشتوە تا لەنەخشەی بەرێت و دەسەڵاتی سیاسی لێ بستێندرێتەوە.

پارتی هێشتا کاتی بەدستەوەیە لەم گەمە سیاسیەی ئەنجامی ئەدا کەلەپلانەکەیدا بەردەوامەو ویستیەتی بۆ ئەو مەبەستەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمێنێت” بەهۆی هەمو ئەوتاوانانەی ئەنجامیداوە دەستبەرداری دەسەڵات نابێت یان جەنگێکی ناوخۆیی بەرپادەکات لەپێناو کورسی و دەسەڵات.

هەوڵەکانی پارتی و ” وەبیرخسنەوەی 12 ی ئۆکتۆبەر ؛
1- رۆژی رێگیری سەرۆکی پەرلەمان لەپردێ بقۆزێتەوە بەوەی چاودێرو پاسەوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان توڕە بکات و سوربن لەسەر چونیان بۆ هەولێر تا لەوێوە جەنگی ناوخۆ دامەزرێنن.
2- موچەی فەرمانبەرانیان زیاتر لە پێنج مانگ تێپەڕاندو توڕەیی مامۆستایانیان گەیاندە ئەوەی خەڵکی مەدەنی بڕژێنە سەر شەقام، ئەوەبو خۆپیشاندان ئەنجامدراو توڕەیەکان گەیشتنە ئەو ئاستەی ناوچەی قەڵادزێ و ناوچەکانی شارەزوری گرتەوە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هۆشیارانە کاری سیاسی خۆی بەڕێ کرد.
3- پارتی هەمو هەوڵێکیداو خەڵکی بێزارکرد تا بزوتنەوەی گۆڕان توڕەبکات و پشتیوانی هاوڵاتیانبێت و خۆپیشاندانەکان بگوازرێتەوە هاوشێوەی 17ی شوبات و رۆژانی دوای بەردەوامبێت تاهەمان هێزبردن بۆ گردی زەرگەتە لە 2011دا دوپات بێتەوە و بزوتنەوەی سیاسی گۆڕان داماڵێت لە دەسەڵات و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان .
بچنەوەنەوە هەولیرو خاوەنی نێت و بڕیاری خۆتانبن تا متمانەتان لای هاولاتیان بمێنێت، وەبەچونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و گەرانەوەی وەزیرەکان گۆڕان لوتکەی دەسەلات دەپێکێت و دەبێتە هێزی سەرەکی سیاسی.

لەگەرانەوەتان بۆ هەولیر و مەبەستان

١/ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کۆتابکرێت و پەرلەمان ئەرکەکانی راپەڕێنێت تا هەڵبژاردنەکانی داهاتو، ئەم پرسە هۆکاری سەرەکی کێشەکانەو دەبێت یەکلابکرێتەوە، هەروەکو رۆژی 25 حوزەیرانی 2015 پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەی چوار پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرد دەبێت لەوێوە ئەم بابەتە زیندوبکرێتەوەو سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم کاربکات بۆ هەموارکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتەکانی کەمبکرێتەوە، بەو یاسایە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوی هەرێم نەبێ کە ئێستا کاری پێ دەکرێت.

2- گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی رەوانەی بانکەکانی دەرەوە کراوە بەتایبەت داهاتی کۆمپانیاکانی حکومەتی ناوەند کە دوای هێرش و پاش چۆڵکردنی داعش لەوناوچانە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی پارتی کە بەمەبەستی گەندەڵی هەژماردەکرێ لەکاتێکدا داهاتەکەی نەگەرێندرێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی دارای .
٣/ وەزیرەکانی گۆڕان بە هەمان بەردەوامی داکۆکی لەسەر سامانی گشتی و بنەبڕکردنی گەندەڵی بکەن و بوێرانە تاخۆیان لە دڵەڕاوکێی خەڵك یەکلابکەنەوەو هاوشێوەی رۆژانی بەر لە 12ی ئۆکتۆبەر تێبکۆشن، و لێپرسینەوەی تەواو بکرێت بەتایبەت خەرج کردنی پارە لە غیابیاندا.

٤/ دوابەدوای گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئامادە سازی بکرێت و لەلایەن پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگ دادگایەکی نیشتیمانی دابمەزرێت بۆ لێپرسینەوەی تاوانی گشتی و گەندەڵی و ئەکتیڤ کردنەوەی سەرجەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم پرۆسەیە، لەناو پەرلەماندا هەڵبژاردن بکرێت دادوەری راستەقینە هەڵبژێردرێت بۆ سەرۆکی دادگای گشتی لە هەرێمی کوردستاندا .

٥/ وەزیری دارایی هەرێم راستەوخۆ سەردانی ئیبراهیم خەلیل بکات و تەواوی داهاتی ئەو دەروازەیە لەژێر چاودێری لیژنەی دارایدا بێت و لەدەستی حیزبدا نەبێت کە بڕی داهاتی رۆژانەی پتر لە یەك ملیۆن دۆلارە.

٦/ خۆسازدان و ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنی 2017 نەخشەڕێگای بۆ بکرێت و لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

فەرەیدون کونجرینی




گه‌شمه‌رگی فه‌رمانده‌ ئازادی حه‌مه‌گه‌محان…. دڵشاد تاقانه‌

مه‌گه‌م مێژوو بتانی وێنای ئه‌و که‌ڵه‌پیاوه‌ بکێشی ده‌نا هیچ گۆته‌ و پێنوسێک ئادگاری ته‌واو ناکات… پیاوێک له‌سێبه‌ر و زۆرپێکراوی هه‌رگیزنه‌زان، هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی دبلۆماسی له‌کام پله‌ و پایه‌با هه‌رڕێبه‌ر و ڕاوێژه‌ربوو، مامۆستای په‌یوه‌ندی و هه‌واڵگری، پێشمه‌رگه‌کی لێوه‌شاوه‌ی بێ سڵه‌مینه‌وه‌ بوێر و سزاده‌ری هه‌ردژه‌کوردێک ئه‌گه‌ر نازانم کوڕی کێش بی! فه‌رمانده‌یه‌ک له‌به‌رێوه‌بردن و ئامانج ئانگێو.

مرۆڤناسی..
سه‌رناس و چاوناس، ده‌یتوانی زۆر به‌ئاسانی بتخوێنێته‌وه‌، کلیلی ده‌روازه‌کانی له‌ڕوانینێکدا ده‌گرته‌وه‌. چاوه‌ڕه‌شه‌کانی زۆر قول و تیژبین، پرچه‌ لوول و به‌گروازه‌که‌ی چه‌ندان ده‌وری سه‌رده‌می دی بوو، زۆرکه‌م تێده‌که‌وت هه‌میشه‌ به‌ئاگابوو. ڕاکێشه‌ر به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌دیتنێکیدا وات ده‌زانی ده‌یان ساڵه‌ ده‌یناسی چونکه‌ خاکی و ساده‌ له‌بلیمه‌تیدا.

قسه‌زان..
گفتولفتی شیرین ته‌وه‌رێکه‌ له‌کاڕکاڕه‌ی که‌سایه‌تی کاک ئازاد ده‌یان و سه‌دان ڕێچکه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێ، که‌سه‌کی قسه‌زان و بڕواپێهێنه‌ر زۆربه‌ئاسانی تێیده‌گه‌یاندی. پشی درێژی گفتوگۆ له‌مه‌نگاویدا ده‌یخولاندیه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ئازارت بدا به‌خۆبه‌زلزانی یان پشتگوێخستن و شه‌رگه‌ی ده‌روونی. وه‌ک هه‌ڵۆیه‌ک له‌چنگی به‌ڵام بێ ئازار و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ گه‌مه‌ی ده‌کردی نه‌یده‌ڕه‌نجاندی. هه‌موو که‌سێکی پێویست بوو، هیچ که‌سی وه‌لانه‌ده‌نا، ده‌توانی برێی جۆکه‌ری هه‌موو پێڕێکی توانامه‌ندی بوو، له‌ڕسته‌یه‌کدا دۆست خۆشیان ده‌ویست دوژمنیش لێی تۆقی بوون.

چاخانه‌ی حه‌مه‌گه‌محان..
چایخانه‌که‌ی بابی پێگه‌یه‌نه‌ری سه‌ره‌کی که‌سایه‌تی و تیکه‌ڵ بوونی به‌رده‌وامی به‌خه‌ڵکی بوو له‌لاویه‌وه‌ ببووه‌ ئه‌لبومی براده‌رایه‌تی و زۆرینه‌ی ده‌ناسی. ئه‌و چاخانه‌ مه‌کۆی ده‌یه‌ها شاعیر و سیاسی و ناوداری شاری کۆیه‌ بوو که‌س نیه‌ له‌وێوه‌ ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ره‌تاکانه‌وه‌ ته‌ماشا نه‌کردبی، شه‌وانه‌ به‌دیار ئوم که‌لسومی عه‌ره‌بی ئێشکی نه‌گرتبی، زرینگه‌ی چای خه‌ست و شرقه‌ی دۆمینه‌ی گێ لێ نه‌بووبی، له‌گه‌ڵ ئاوی به‌فراو یا ماستاوی خه‌ست به‌جامی فافۆن فڕنه‌کردبی لێوه‌کانی پێ نه‌ته‌زی بی!

بیتوێن..
له‌ژێر پێی ده‌له‌رزی، کێ هه‌بوو له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان سه‌رتیپی ده‌شتی بیتوێن بکا له‌گه‌ڵ جڕ و جانه‌وه‌ری خێڵه‌کیه‌تی ئاغا و مسکێنی ئه‌وێ هه‌ڵبکا؟ به‌قه‌رد نه‌ترسێ و سه‌رچیخ هه‌موو چڕنۆکداره‌کان بریندار بکا! هه‌موویان که‌وی له‌قه‌فه‌زی خۆیدا له‌باڕیه‌تی بخات. تیپی 99 ی بیتوێن به‌فه‌رمانده‌یی خۆی جێگه‌ و پێگه‌ی مێژوویی خۆی وه‌رگرت له‌مێژووی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌توانین بڵێن: سیاسیترین سه‌رتیپ بووه‌. له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌یان و سه‌دان کادیر و پێشمه‌رگه‌ پێگه‌یین. ئه‌وێ ڕۆژێ له‌به‌رچاومان مامۆستایه‌کی پێشمه‌رگه‌یی، وره‌یه‌کی جه‌ربه‌زه‌ و خۆڕاگری، پێشه‌نگێکی دانوستانکاری کارامه‌ی هه‌ل نه‌ته‌رفێن بوو.

سه‌رکردایه‌تی..
پێکهاته‌ی خودی کاک ئازاد فه‌رمانده‌یی بوو هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ش تیشکه‌کانی بڵاوبوو، ئه‌وانی سه‌ره‌وه‌ باشتر هه‌ستیان پێده‌کرد، ڕێگری لێده‌کرا ده‌نا له‌زۆرانێک ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌ب سیاسی ئه‌وێ ڕۆژێ لێزان و به‌تواناتر بوو ده‌کرا ئه‌وانێک شاگردی بن و لێی فێرببن. نرخی پێشمه‌رگه‌ی له‌لابوو ده‌کرێ برێین: باب و برای هه‌ره‌زۆری بوو. هه‌میشه‌ له‌ئاپۆرای پێشمه‌رگه‌دا بزرده‌بوو نه‌ت ده‌ناسیه‌وه‌ که‌ فه‌رمانده‌یه‌.

ڕێکخستنی ناوشار..
کاتی نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکان کاک ئازاد کارمه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن بوو له‌دواناوه‌ندی کۆیه‌ی کوڕان. ئامێری تایپی چاپکردنه‌که‌ی به‌کارده‌هینا لۆ نوسینی بڵاوکراوه‌کانی شۆڕشی نوێ ئه‌وجا به‌ڕۆنیۆیه‌که‌ چه‌ندین نموونه‌ی لێده‌گرته‌وه‌ له‌بنه‌ گونیه‌کی ده‌یبرد و دابه‌شی ده‌کرت به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ڕێکخستن ته‌نانه‌ت لۆشاره‌کانی هه‌ولێر و ڕانیه‌ و سلێمانیش ده‌ناردرا چونکه‌ تایپی چاپ که‌م و ده‌گمه‌ن بوو ڕژێمی ئه‌وسا چاودێری له‌سه‌ر دانابوو. زۆر نه‌ترس و به‌هیمه‌ت و بوێربوو له‌و ڕۆژانی ئه‌نگوسته‌چاوه‌دا ئه‌و هه‌میشه‌ چرای شۆڕشی نوێی ده‌دیت و هه‌ڵکاری چراکان بوو.

جه‌مه‌دانی له‌مل..
جه‌مه‌دانی له‌مل بوو یان ده‌یکرده‌ ده‌مامک. که‌س نه‌یده‌زانی شه‌وێ له‌کوێ و کام ژوور ده‌خه‌وێ! هیچ لاملیه‌کی نائاگایی نه‌ده‌کرد، لۆ هه‌موو گچکه‌ئه‌گه‌رێک ئاماده‌باش و چاوه‌ڕوانکار، زیت و زرینگ. له‌هه‌موو پێچ و که‌لێک ڕه‌وان ئاواده‌بوو. هیچ شوناسێ جێ پێی پێ هه‌ڵنه‌ده‌گیرا، مانگی شه‌و و ڕۆژی ئاسمان بوو.

دڵشاد تاقانه‌




با ئیتر جیا بینه‌وه‌ … سه‌باح شێخانی

بیری سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌ درێژایی دیرۆكی شۆڕشه‌كانی كوردستان، بووه‌ته‌ دروشم و ئامانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد و شتێكی تازه‌ نییه‌، هه‌نووكه‌یش پرسی كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان جۆرێك له‌ جووڵه‌ و ئه‌كتیڤبوونی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێرینه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان ئاماژه‌ی پێده‌كات، ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌، خۆزگه‌ هه‌موو كوردستانی گه‌وره‌ی‌ ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ته‌نیا بۆ باشووری كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بارودۆخی كوردستان بده‌ین به‌ روونی‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین و ده‌بینین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕابه‌رایه‌تی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تی بوونی پرسی كورد هه‌یه‌، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانیش هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد نییه‌، هێنده‌ی جه‌نابی مسعود بارزانی له‌ سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز بێت، ده‌كرێت بڵێین وجوودی به‌ڕێز مسعود بارزانی فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌كتیڤبوونی پرسی كورد، لێدوان و هه‌وڵه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك مسعود بارزانی‌، له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعییانه‌یه‌ بۆ ڕه‌وشی سیاسی كوردستان، عێراق، ناوچه‌كه‌ و خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ری گونجاوه‌ بۆ پرسه‌كان، به‌ تایبه‌ت پرسی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌م كاته‌دا بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ سه‌رده‌می ڕزگاری و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌كان له‌ ژێرده‌سته‌یی و دیكتاتۆریه‌ت ناسراوه‌، كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوازێكی‌ ئاشتیانه‌، دوور له‌ هه‌موو ئاریشه‌ و كێشه‌یه‌ك، جیابوونه‌وه‌ ڕابگه‌ینین، به‌ جیابوونه‌وه‌مان له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ پرسی كورد ده‌چێته‌ قۆناخێكی دیكه‌وه‌، نابێت پرۆسه‌كه‌ له‌به‌ر هیچ هۆكار و بیانووێك دوابخرێت، هه‌نووكه‌ هه‌لومه‌رجێكی هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی، هاوكات ده‌رفه‌تێكی گرنگ بۆ كورد دروست بووه‌ و نابێت له‌ده‌ست بدرێت. من له‌وه‌ نیگه‌رانم ئه‌گه‌ر پێش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رنه‌گرین، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد و شه‌قامی كوردی له‌هه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌ینوێنن مافێكی یاسایی و ده‌ستووری تاك به‌تاكی كوردستانیانه‌، مانه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ ڕێز له‌ مافی هاونیشتیمانیانی نه‌گرێت و پارێزگاریان لێ نه‌كات، شایه‌نی مانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو جیابونه‌وه‌ لێی، به‌ر له‌وه‌ی‌ ماف بێت، ئه‌ركێكی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌، وه‌ك كورد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ (1921) تا ئێستا، مێژوویه‌كی‌ تاڵ و ڕابردوویه‌كی‌ پڕ له‌ ناخۆشیمان له‌سه‌ر خاكی‌ عێراقدا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ با ئیتر جیا بینه‌وه‌.




هاوەڵی هەمیشە بە باوەڕ … شیعر : ایرج جنتی عطائی … پشکۆ ناکام


ئاواز : فرید زولاند…….
ووتنی: داریوش اقبالی..

(پێشکەشە بەڕۆحی پاکی شاعیری شەهید “بەرزان عوسمان” ی هاوڕێم ،کە زۆر حەزی
لە گوێگرنتی ئەم گۆرانیە ئەکرد و بە سەدان جار پێکەوە گوێمان لێگرتوە……………..

ئەی بەدەنگەوە هاتوی هاواری من
تۆ ڕۆژگاری خۆت تێکشاند……
ئەی چرای میهرەبانی
بۆ تاریکایی شەوانم
ئەی شرۆڤەی حەقیقەت
بۆ ساتەکانی نیگەرانیم
کە شەوت لێبردم،،
منت گەیاندە خۆر….
گەر لێرەیت یا لێرە نیت
وەک”تەکیەگا”ی منی
بۆ منێکی غەریب
تۆ داڵدەدەری ڕۆحمیت

…………….

هاوەڵی هەمیشە بە باوەڕ
تۆ بڕۆ..سەفەر سەلامەت
غەمی منت نەبێ،
کە دوور بوونت بوە بە عادەت
سەرچاوەی هەموو عاتیفە و سۆزم
شیعری من لە تۆوە ڕۆحی گرتوە
ڕەگی ووشک بووی “بوون” ی من
لە تۆوە خوێن ئەگرێ…
گەر بە “تۆ “وە پەیوەستم
گەر بە تۆوە “ڕۆح”م “بوون”ی هەیە
لەو ساتە گرنگتر نابێ
کە بویتە مایەت”بوون” ی من

……………………..

شەو..شەوی سەفەر بو
لە کۆڵانە تاریکەکانا
ئەو ساتەی سێبەری هەر کەسێک بو
کە گەیانمیە تاریکی
ئەو ساتەی هەر سانیەیەکی شەو
ئاگردانی “ترس”م بو
ئەو ساتەی زامی خەنجەری دۆست
باشترین “بەرگ” م بو
تۆ، بەدەستی میهرەبانی
زامەکەت ساڕێژ کرد..
لە ڕووناکی دوایت
و
پەردەی شەوت دڕاند..

………………….

هاوەڵی هەمیشە بە باوەڕ
تۆ بڕۆ سەفەر سەلامەت
غەمی منت نەبێ
کە دوور بوونت بوە بە عادەت

………………..

ئەی هەڵهاتنی یەکەم دۆست
تۆ ، ئەی دوا هاوڕێم
..سەفەرت خۆش..
ئەی تاقە هاوەڵی من
شوێن مەبەستت هەر کوێیەک بێ
لە هەر جێیەکی دونیا بی
ڕۆشنایی سنووری “گوڵاڵە”
ساتە وەختی دەرکەوتنی تۆیە…

……………………

یادت باش، کە دڵت
قەڵغانی بەردەم ” بەڵا” کانم بو
…تەنیا دەستی تۆ
هاوڕێ ی
دەستی سارد و سڕی من بو
هاوەڵی هەمیشە بە باوەڕ
تۆ بڕۆ، سەفەر سەلامەت
غەمی منت نەبێ
کە دوور بوونت بوە بە عادەت
….بوە بە عادەت

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
لە فارسییەوە بە کەمێک دەستکارییەوە
پشکۆ ناکام
تەمموز/2017




گووتار و فیكری رۆشنبیر و كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵ …1 .. د. شه‌ونم یه‌حیا


(1- 2)….

گووتاری رۆشنبیران و كاریگه‌رییان ، ته‌وه‌رێكه‌ له‌ كاره‌كانم له‌سه‌ر رۆلی رۆشنبیران له‌ گۆرانكارییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، رۆشنبیر زمانحاڵ و ده‌نگ و ڕه‌نگی میلله‌ته‌كه‌یه‌تی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رۆشنبیریی پێده‌بینێت.
هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك نۆرم و به‌ها و ترادیسیۆنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش خاوه‌ن پێكهاته‌یه‌كی فره‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌رنامه‌ رێژی و كاركردن به‌ فیكر و گوتارێكی دیاریكراو كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ ، به‌ شێكی زۆری سامپڵی توێژینه‌وه‌كه‌مان له‌و بڕوایه‌دا بوون ” ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناتوانێت فیكر و گووتارو به‌رنامه‌ی رۆشنبیران قبوڵ بكات ، چونكه‌ به‌ ئیمتیاز كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسیه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری حزب و سه‌ركرده‌كانی به‌سه‌ریه‌وه‌یه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری رۆشنبیرانی به‌سه‌ریه‌وه‌ نیه‌ ، رۆشنبیری كوردیش به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌ی پلانی بۆ چاكسازی و گۆرانی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شیبێت زیاتر به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیه‌ و به‌ پاڵپشتی حزبێكی سیاسی ، نه‌وه‌ك گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ”
توندوتیژی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌هه‌رم و گوتار و فیكری رۆشنبیراندا هه‌بوو ، ئه‌گه‌ر گووتاری رۆشنبیرانی كورد توندوتیژ بووبێت ، ئه‌وا ده‌رئه‌نجامی توندوتیژیی داگیركه‌رانی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ كورد بووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ بۆ رۆشنبیرانی دوای خۆیان ترانسفۆرم ده‌بێت ، ئه‌ویش به‌هۆی دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ نێوان حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ 1994 تا 1997 رۆشنبیران به‌ حوكمی نزیكی و كاریگه‌ربوون به‌ ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌بنه‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕ و به‌رهه‌م و گوتاری رۆشنبیران دیسان گووتاریكی توندوتیژ له‌ خۆ ده‌گرێت ، له‌و بارودۆخدا رۆشنبیران دابه‌شی سه‌ر حزبه‌ سیاسیه‌كان ده‌بن .

حمه‌سه‌عید حه‌سن له‌ كتێبی (ته‌ور و شیعر )باس له‌ هه‌ڵویستكی شاعیرێكی وه‌كو شێركۆ بێكه‌س ده‌كات له‌ شه‌ڕی نێوان (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ) له‌ 22/12/1993 ئه‌و شه‌ڕه‌ روویدا ، حمه‌ سه‌عید ده‌ڵی َ ( شێركۆ بێكه‌س له‌ شیعری ( هه‌تاو )دا نه‌ك هه‌ر فتوای كوشتنی ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌دات، به‌ڵكو داواش ده‌كات بكرێن به‌ ( زووخاڵ) ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان دژی ژن و شیعرن ، له‌به‌رامبه‌ریشدا مه‌لا عوسمان رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوا له‌ چه‌كدارانی حزبه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ هه‌رچی تواناییان هه‌یه‌ لێنان بده‌ن ، لێره‌دا مه‌لا عوسمان مه‌به‌ستی چه‌كدارانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌ . حمه‌ سه‌عید حه‌سن ده‌ڵی “مه‌لا عوسمان رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ شێركۆ بێكه‌سی شاعیر دلۆڤانتره‌ ، چونكه‌ مه‌لاكه‌ ته‌نیا داوای لێدانیان ده‌كات ، شاعیر داوای سوتاندنیش ده‌كات “.
هه‌روه‌ها مهاباد قه‌ره‌داغی له‌ لێكۆلێنه‌یه‌كی دا له‌سه‌ر شیعره‌كانی شاعر (شێركۆ بێكه‌س) له‌ كتێبی (ژن و كۆمه‌ڵگا له‌ قۆناغی باڵنده‌یی شێركۆ بێكه‌س دا ) كار له‌سه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ ده‌كات كه‌ تێدا شاعیر باس له‌ گرنگی ره‌گه‌زی مێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و ئازاره‌كانی ئافره‌ت و سیسته‌می باوكسالاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له‌ كۆمه‌ڵ ده‌كات.

ده‌توانین بڵین له‌ ئه‌نجامی تیشك خستنه‌ سه‌ر گووتار و شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س وه‌ك رۆشنبیرێك له‌م دوو نموونه‌یه‌دا بۆمان به‌دریارده‌كه‌وێت كه‌ رۆڵی شێركۆ وه‌ك رۆشنبیرێك له‌ بوارێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر جیاواز بووه‌ ، له‌ به‌رهه‌مه‌كانی پارادۆكێسێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بیندرێت ، رۆڵی شێركۆ له‌و شیعرانه‌ی كه‌ باس له‌ واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ شێركۆ وه‌ك كه‌سایه‌تێكی زۆر ( ئازادیخواز ، لێبورده‌ ، و دلۆڤان ، یاخیبوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی باوكسالاری ، نه‌هیشتنی چه‌وسانده‌وه‌ له‌سه‌ر ژن و داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانیان ) . له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وشدا كاتێك شێركۆ ده‌كه‌وێته‌ ناو گه‌مه‌ی سیاسیی و ململانێ‌ سیاسیه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ كاتی شه‌ڕی ناوخۆ شاعیر بێ‌ لایه‌ن نابێ‌ و گووتار و به‌رهه‌مه‌كانی تێكه‌ڵ به‌و دۆخه‌ نێگه‌تیڤه‌ ده‌بێت ، بۆیه‌ كه‌سایه‌تی شێركۆ و هه‌ڵَویسته‌كانی زۆر توندوتیژ ، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رۆڵه‌یه‌ كه‌ شاعیر له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌یگێرێت .

بۆیه‌ گرنگه‌ له‌رووی سیۆسیۆلۆژییای ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ته‌واوی بواره‌كانی دیكه‌ی رۆشنبیری كار له‌سه‌ر به‌ عقڵانی كردنی خۆشه‌ویستی بۆ نه‌ته‌وه‌ وڵات و حزب بكرێت ، چونكه‌ توندڕه‌وی كردن لێان ده‌رئه‌نجامی نێگه‌تیڤی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، رۆشنبیران به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ رۆڵیان بزرده‌بێت هه‌ڵویسته‌كانیان له‌ نێوان لایه‌نگری ئایدیۆلۆژییایه‌كی سیاسی و بێ‌ لایه‌نی و ته‌نیانه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ناو ململانێ‌ ییه‌كانی شه‌ڕ گووتار و به‌رهه‌مه‌كانیشیان چوارچێوه‌ی بابه‌تی تێده‌په‌رێنیت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌ سامپڵی توێژینه‌كه‌ماندا پێیان وابوو به‌لێ‌ “ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی په‌یام و دیسكۆرسی رۆشنبیرانی قبوڵكردووه‌ و رۆشنبیرانیش ده‌ورێكی گرنگیان له‌و رووه‌وه‌ بینیوه‌ “له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان و شكاندنی بێ‌ ده‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌بوونی نادادپه‌روه‌ری و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و گه‌نده‌ڵی و ده‌سه‌ڵاتی كلیبتۆكراتی (چه‌ته‌سالاری) و تاكڕه‌وی و دروستكردنی ره‌خنه‌ی سیاسی له‌ پێناو زیاتر به‌ دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ ، جگه‌ له‌مه‌ رۆڵیان له‌ دامه‌زراندنی چه‌ندان بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و گۆرینی یاساكانی تایبه‌ت به‌ باری كه‌سی …. هتد هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رهه‌می رۆشنبیران بووه‌ له‌ رێگای میدیاكانه‌وه‌ كاریگه‌رییان به‌سه‌ر هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌بووه‌. ”
ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ وا ده‌كات ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌رهه‌می بیری رۆشنبیران قبوڵ نه‌كات له‌وانه‌:-
1- بۆ جیاوازی فكر و گوتاری رۆشنبیران چونكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆشنبیران جیاوازن ، رۆشنبیری ئاینی و رۆشنبیری نادینی واتا عه‌لمانی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ گووتاره‌كانیان له‌یه‌كدی جیاواز و كاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ جیاواز ده‌بێت، كاتێك كه‌ ده‌ڵین رۆشنبیری ئاینی ئه‌وا قۆناغی ئه‌كته‌ری رۆشنبیری ئاینی تێپه‌راندووه‌ و له‌بازنه‌ی رۆشنبیری ئاینی یه‌.

2- داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی بونیادی خێڵه‌كی و دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و زاڵبوونی ترادیسیۆنه‌كان به‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاكه‌كان ، كۆ بیركردنه‌وه‌ ، له‌ خیتابی كۆدا رۆشنبیران ئاستی گووتاریان داده‌به‌زێت، چونكه‌ له‌ نێوان ویژدانی گشتیدا گووتاری رۆشنبیران گووتارێكی شاز ده‌بێت.

3- نه‌بوونی گروپێكی رۆشنبیری به‌ هێز بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن گووتار و به‌رنامه‌یه‌كی به‌ هێزیان هه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌ سیاسیه‌كان و ده‌سه‌ڵات له‌ پێناو گۆرانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و بارودۆخێكی باشتر.

4-كاریگه‌رییه‌كانی ئاین له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی گووتار و به‌رهه‌می رۆشنبیران ، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پیاوانی ئاینی له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان له‌ رێگای گوتاری هه‌ینی یه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر به‌رهه‌می رۆشنبیران و ڕه‌خنه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌گرن و خه‌ڵكی هان ده‌ده‌ن دژ به‌ رۆشنبیران به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌كی علمانیه‌كان هه‌یه‌ ،واتا ده‌ست تێوه‌ر دان و چاودێركردنی به‌رهه‌می رۆشنبیران له‌لایه‌ن ئیسلامی رادیكاڵه‌وه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م رۆشنبیران كه‌ نه‌توانن به‌ ئازادی بیروڕایه‌كانیان ده‌رببڕن .

5- غیابی رۆشنبیران له‌ نێو دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمی یه‌كان ، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ داده‌نرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌رهه‌می رۆشنبیران قبوڵ نه‌كات .

لێره‌دا پێمان وایه‌ كه‌ ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی فره‌ ئاین و فره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێكهاته‌یه‌كی ئالۆزه‌ بۆیه‌ پێشوازیكردن له‌ گووتارو به‌رنامه‌و فیكرێكی دیاریكراو كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ .
له‌ هه‌رێمی كوردستان تا پێش هاتنی داعش له‌ 2014 باڵی ئاینی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و گووتاری پیاوانی ئیسلامیزمی توندڕه‌و به‌تایبه‌ت هه‌ژموونی یه‌كجار به‌ هێزی به‌سه‌ر بونیاده‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بوو . ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌وتبووه‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی و نه‌ی ده‌توانی لێ‌ ده‌ربچێ‌ ، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات به‌گشتی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی موجامه‌له‌ی پیاوانی ئاینی ده‌كرد .

ده‌سه‌ڵات كار له‌سه‌ر زۆرینه‌ ده‌كات ، پێویستی به‌ ده‌نگی زۆرینه‌یه‌ نه‌ك كه‌مینه‌ ، كه‌ ئه‌ویش نوخبه‌ی رۆشنبیرانه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌و رۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ و علمانین ، بیگومان له‌ پرۆسه‌ی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش زۆرینه‌ بڕیار ده‌دات ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ستراكتۆریكی حزبی و سیاسیه‌ و ئاینیه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ داده‌نرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ پاڵ ئاین و زۆرینه‌دا بێت ، نه‌ك نوخبه‌ی رۆشنبیران .
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گووتارو په‌یام و فكری رۆشنبیران به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سیكۆلارن له‌لایه‌ن ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌وه‌ قبوڵ نه‌كرێت ، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ستراكتۆرێكی به‌ حزبی و سیاسی و به‌ئاین كراوه‌ ، و ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ پاشخانێكی ئاینی له‌ پشت رۆشنبیری ئه‌وانه‌وه‌یه‌ ، پێشوازیكردن له‌ گووتار و فكریان له‌ناو كۆمه‌ڵ بۆیان ئاسانتره‌ ، وه‌ك له‌ گووتاری رۆشنبیرانی سیكۆلار و سه‌ربه‌خۆ ، چونكه‌ ئه‌وان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ترادیسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵ و بڕوادارانی ئیسلامیزمی رادیكاڵ تكفیر و ڕیگرییان ڵی ده‌كرێت.

به‌ڵام دوای هاتنی داعش هاوكێشه‌كان بۆ دۆخێكی تر ده‌گۆردرێن ، گووتاری رۆشنبیرانی سیكۆلار به‌ شێوه‌یه‌كی فراوانتر له‌سه‌ر ئیسلامی رادیكاڵ و به‌ دیدێكی ره‌خنه‌ی له‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانی ئاین قسه‌ ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بێ‌ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی تكفیر و هه‌ڕه‌شه‌ی توند ببنه‌وه‌ . به‌ر له‌ هاتی داعش رۆشنبیرانی سیكولار نه‌یانده‌توانی به‌ ئازادی خۆیان ڕه‌خنه‌ له‌ فیكر و تێكسته‌ دینیه‌كان و مه‌لاكان بگرن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی فیكری توندڕه‌وییه‌یان بڵاو ده‌كرد و جیهادی بوون ، یه‌كسه‌ر له‌لایه‌ن حزبه‌ ئیسلامیه‌كان و هه‌ندێ‌ له‌ مه‌لاكانه‌وه‌ ته‌كفیر ده‌كران ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی داعش هێرشی كرد سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌ناوی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و ژن و كچی یه‌زیدیه‌كانیان وه‌ك سه‌بایه‌ گرت و ده‌ست درێژیان كرده‌ سه‌رییان و جگه‌ له‌ كوشتنی هه‌زاران هاوڵاتی ، ده‌رگا بۆ رۆشنبیرانی سیكولار زیاتر كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ راشكاوی بۆجوونی خۆیان له‌سه‌ر توندڕه‌وی ئاین به‌تایبه‌تی ئیسلامیزمی رادیكاڵ بڵین ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بێ‌ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی تكفیر و هه‌ره‌شه‌ ببنه‌وه‌.
دكتۆرا له‌ زانكۆی سۆربۆن پاریسی یه‌ك




١٠ پرسیار سەبارەت بە ڕیفراندۆم …. دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود

ڕیفراندۆمی کوردستان لەبەردەم ژمارەیەك پرسیاری بێ وەڵامە. لێرەدا هەندێك لەم پرسیارانە دەخەینەروو و پێشنیارێکیش دەخەینەروو بۆ چۆنیەتی کردنی ڕیفراندۆم.
یەکەم،
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ئەگەر ملیۆنیش نەبێت ، ئەوا چەند سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ کەچی هەر قەرزارین !
پرسیار ئەوەیە: ئایا کوردستان بەرگەی ئەوە دەگرێ سەربەخۆیەکەشی بەدەردی نەوتەکە ببات ؟

چۆن پێویست بە گۆڕینی دەستەی سەرپەرشتیاری نەوت فرۆشتن بۆ هەموان ئاشکرایە ( Common Knowledge)، ئاواش ناکرێ مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیش بە هەمان دەستە بسپێردرێ.

دووەم،
هەرێمی کوردستان دەستیکرد بەنەوت فرۆشتن، لەبەرامبەردا حکومەتی عیراق ١٧ بلیۆن دۆلاری سالانەی داهاتەکەی بڕی.

پرسیار ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەکاری کردوەوە بۆ پەرچەکرداری حکومەتی عیراق، ئێران، تورکیا و ئەوانی تریش بەرامبەر هەر بریارێکی سەربەخۆیی.

هەرێمی کوردستان بەم هەلومەرجە سیاسیەی ئیستا بەرگەی هیچ ئابلۆقەیەکی ئابوری ناکات.

سێیەم،
دەلێن دوا ئامانجی ڕیفراندۆم سەربەخۆییە نییە، تەنها مەبەست لێی ئەوەیە کە بە دۆست و دوژمن نیشان بدریت کە گەلی کورد پشتیوانی جیابوونەوەو پێکهێنانی دەولەت بوون دەکات.
ئەگەر سەربەخۆیی مەبەستی ڕیفراندۆم نەبێت، ڕیگای ئاسنتر و بێمەسرەفتر هەیە بۆ نیشاندانی پشتیوانی خەلکی کوردستان بە جیابونەوە پێکهێنانی دەولەت ، ئەویش ڕاگیرییە (Polling).
پرسیار ئەوەیە: کە سەربەخۆیی ئامانجی ڕیفرادۆم نییە ، کوردستان بۆ ڕاگیری لەجیاتی ڕیفراندۆم ناکات؟

بۆ ئەوەی بزانرێت شەکر شیرینە، پێویست ناکات فەردەیەك شەکر بخۆرێت، تەنها کەوچکێکی چا بەسە. بۆ ئەوەی بزانرێت خوێ سوێرە، پێویستت بەچەند گرامێكە نەك تەنێك خوێ. ڕاگیریش تەنها بە وەرگرتنی نمونەیەك (Sample) لە ڕای خەلکی کوردستان دەتوانێ ڕای خەلکی کوردستان بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی نیشانبدات. ئەم بابەتە زانستیە و دۆست و دوژمن لێێ تێدەگەن. ڕاگییری بێمەسەرەفتر و ئاسانتر لە ڕیفراندۆم و ئەم مەبەستەی سەرەوەش دەپێکێ.

چوارەم،

ووشیار زێباری لەبەرچاوی دونیا لەسەر گەندەلی لە بەغداد دەرکرا، کەچی ئەو سەرپەرشتی ڕیفراندۆم دەکات. ئەمە چی بە دۆست و دوژمن دەلێت ؟ ڕایەك هەیە دەلێت، چونکی زێباریان لە بەغدا دەرکرد، ئەو دەیەوێت لە کوردستانەوە تۆلە بکاتەوە.
پرسیار ئەوەیە، ئایا کردنی ڕیفراندۆم بە پلانە یان مەزاجی تاک، پەرچەکردار و تەوەکەلییە ؟

ناکرێ چارەنوسی میللەتێك بدرێتە دەست قەدر، مەزاج یان تۆڵە کردنەوە. ئەگەر ئەم بابەتە مەزاجی، شەخسی و پەرچەکردار نییە، کوا پلانەکان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسیەکان (Risk Management) ؟ لەمەسەلەی نەوت فرۆشتنەکەش بە پارتی و نێچیرڤان بارزانیمان ووت: نرخی بەرمیلی نەوت و نرخی دۆلار بەدەست ئێوە نییە، عیراق بێ پەرچەکردار نابێت. کەچی گوێان نەگرت. ئایا دەکرێ هەمان هەلە دوبارە ببیتەوە ؟

پێنجەم،
بۆ دوای تێکشکانی داعش لە موسل، تورکیا خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندیە ناهاوسەنگەی ئێستایە لەگەل هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا هانی هەرچی زیاتر دورکەوتنەوەی هەرێمی کوردستان دەدات لەبەغدا. بۆ بەرژەوەندی ئێران هەمان کار، شای ئێران بەرەحمەتی مەلا مستەفای کرد.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم ڕیفراندۆمە بە فیتی تورکیایە ؟ بۆ ڕازیکردنی تورکیایە ؟ ئایا هەرێمی کوردستان چ قازانجێك دەکات لە ژێر دەستەیی /وابەستەیی تورکیا ؟ کاریگەری ئەم وابەستەییە چیە لەسەر خەباتی گەلی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا ؟

هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئێستای هەرێمی کوردستان و هێرشی داعش بۆ سەرکوردستان پێمان دەلێت چەمانەوەی چەند سالەی هەرێمی کوردستان (پارتی) لەبەردەم تورکیا هیچی لێشین نە بوو. هەر هیوایەك لەسەر ئەوەی لەچەمانەوەی زیاتر لەبەردەم دەرگای تورکیا هیچی لێ شین دەبێت سەرابە. بەپێچەوانە تورکیا خۆی لەبەردەم هەلوشاندەوەیە، هەرچی زوتر خۆ دورگرتن لە تورکیا لەبەرژەوەندی کوردستاندایە.
لەمەش زیاتر، هەمو ئەو قازانجەی هەرێمی کوردستان گەیاندویەتی بەتورکیا، بە نیوەی ئەم مەسرەفە لەگەل ئێراق، ڕەنگە کورد کێشەی لەگەل ئێراقدا نەمێنێت. ڕەنگە بە نیوەی ئەم مەسرەفەی (Investment) لە تورکیا کرا، ئەگەر لە ڕۆژئاوا بکرایە، هەرێمی کوردستان بگەیشتبایە سەر دەریایی ناوەراست.

شەشەم،
لەگەل ڕوخانی ئێراق لە ٢٠٠٣ پێشنیار جۆراوجۆر بۆ سەربەخۆیی کوردستان خراوەتەوەروو. جدیتریان کارکردن بوو لەسەر هاوشیوەی ئیگلیزەکان لە هۆنگ کۆنگ. واتا، پێشخستنی ئابوری، پیشەسازی و ڕیفۆرمی سیاسی. زامنکردنی ئازادی تاک و ڕای جیاواز، مافی ئافرەتان و مافی مرۆڤ.
کارکردن هاوشیوەی ولاتی بریتانیا ، نەك هەر زامنی سەروەری تاکی کوردستانی دەکرد، بەلکۆ مەترسیەکانی سەر سەربەخۆیی کوردستانی دەگەیاندە نزمترین ئاست.
ببینە، سەرەرای ڕادەستکردنی هۆنگ کۆنگ بە سین لە ١ی تەموزی سالی ١٩٩٧، سین بریاریدا بەهۆی جیاوزای لە سەرخان، ژیرخان و کەلتۆر وەك خۆی بهێلێتەوە و جیاواز بیت لە ولاتی دایك، واتە سین. کوردستانیش چۆن هۆنگ کۆنگ بەناو/یاسا سەر بەسینە، بەلام لەهەمو شتێك جیاوازە، دەیتوانی بەناو/یاسا هەر سەر بەئیراق بێت، بەلام لە هەمو شتێك جیاواز بێت.

پرسیار ئەویە: ئایا ئیستا درەنگە بۆ ئەوەی سەربەخۆی خۆمان لە ئەرزی واقع بسەپێنین؟ بەبێ ئەوەی دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان لە خۆمان بورژێنین؟

ئێستاش درەنگ نییە، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەپلان جیبەجی بکرێت و مەترسی سەرئەم سەربەخۆیەش بۆ نزمترین ئاست دابەزێنرێت. دەکرێ سودی گەوەرە لە شیوەی کاری بەریتانیا لە هۆنگ کۆنگ وەربگیری بۆ ئەم کێشەیە. نەزانییە ئەگەر خۆمان روبەروی ئەگەری مان و نەمان بکەینەوە، لەکاتێکدا ڕێگاچارەیتر بۆ سەربەخۆیی هەیە؟

حەوتەم،
لە سیاسەتدا کۆنسێپتێك هەیە پێی دەلێن لەگەسی (Legacy) . بەگشتی لەسیاسەتدا لەگەسی مانای “سیاسی بەچی دەناسریتەوە” چۆنە چۆتە مێژوو. بۆ نمونە، لەگەسی رۆنالد ڕێگن کۆتایی هێنان بەشەری ساردە و دواتریش ڕوخانی دیواری بەرلینە. لەگەسی جۆرجی بۆشی باوك، بەرپاکردنی شەری کەنداوی یەکەمەو بۆشی کوریش ڕوخانی ڕژێمی سەدامە لەدەسەلات. بەهەمان شێوەش کلینتۆن، ئۆباما ، تاتشر، بلێر، شیراك … تاد، هەریەك لەگەسی خۆی هەیە.
بارزان و بنەمالەی باررزانی ناوێکی دیاری بزاڤی نیشتمانی کوردستانن. دەوری بارزانیەکان گەیشتە لوتکە کاتێك رەحمەتی مەلا مستەفا سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولی دەکرد. بەلام، بەداخەوە ئەم شۆرشە شکستی هینا. ئەوانەی بەچاوی ڕەخنەگرانە سەیری ئەم شکستە دەکەن دەلێن ئاشبەتالی کرد.
نسکۆ بێت یان ئەشبەتال، هەمو لایەك لەسەر ئەوە کۆکن شۆرشی ئەیلول شکستی خوارد. بۆیە رەحمەتی مەلا مستەفا بە ڕابەری شۆرشێکی شکستخواردو چووە ناو مێژوو. واتە لەگەسی رەحمەتی مەلا مستەفا بەشکستدانی شۆرشی ئەیلولە.
مافی بەرێز مەسعود بارزانییە کە بیر لەوە بکاتەوە، ئەو بەشیوەیەکی جیاواز بچێتە ناو مێژوو و شکستەی باوکی ڕەحمەتی قەرەبو بکاتەوە. بەلام لەماوەی دەسەلاتداریەتی بەرێز مەسعود بارزانی کار ئیجابی بۆ کۆمەلگای کوردستان زۆر کەمکراوە. سلبیەکان لە ئیجابیەکان زیاترن.

پرسیار ئەوەیە: ئایا بەرێز مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستانە یان بۆ دروستکردنی لەگەسی بۆ خۆی و بنەمالەی بارزانییە ؟

بەرێز مەسعود بارزانی ماوەیەکی کەمی ماوە لەسیاسەت، چ بەهۆی تەمەنی بێت یان فشاری کۆمەلگای کوردستان. ئەو دەیەوێت لەو ماوە کەمەی لەبەردەمی ماوە لە سیاسەت لەگەسیەکی ئیجابی بۆ خۆی و بنەمالەکەی دروست بکات. بیرکردنەوە لە لەگەسی ئیجابی کارێکی خراپ نییە. بەلام، ئەمە ڕیفراندۆمە بێ بەرنامەیە رەنگە وەلامەدەرەوە نەبێت.

هەشتەم،
پارتی دەزانێت بەبێ چارەسەرکردنی کێشە سیاسەکانی لەگەل گۆڕان ئەنجامی ڕیفراندۆم، ئەگەر بکرێت، دلخۆشکەر نابیت. پارتی بۆ چارەسەرکردنی كیشەکانی لەگەل گۆڕان بەهەمان شێوەی کارکردنی (Method) لەگەل یەكێتی مامەلە دەکات.
پرسیار ئەوە: ئایا پارتی لەوە گەیشتوە گۆڕان جیاوازە لە یەکێتی؟ پارتی لەکێندەری ئەم جیاوازیە تێناگات؟
تا ئەوکاتەی پارتی جیاوازی نێوان یەکێتی و گۆڕان نەبێنێت ناتوانێ گرفتەکانی لەگەل گۆڕان چارەسەر بکات.

نۆیەم،
چونکی هیچ ئامادەکاریەك بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەکانی سەر سەربەخۆیی کوردستان نەکراوە، بەرێز مەسعود بارزانی ئامادەیی مردن نیشانی خەلك دەدات لەکاتی مەترسیەکان.
ئەمە ڕاستە لە میژوودا ولاتان بۆ سەربەخۆییان قوربانی ملیۆنیان داوە. سەیری ولاتی جەزایر بکەن. بەلام، ئەوەش ڕاستە ئەوانەی بانگەوازی قوربانیدان دەکەن، دەبیت پشت ئەستور بن بە کۆدەنگی هاونیشتمانیان.

پرسیار ئەوەیە: پارتی چۆن دەتوانی داوای قوربانی لەخەلک بکات و ئامادەش نەبیت گوێیان لێبگرێت و بارزانی بلێ ئیمە حیساب بۆ دەنگی جیاواز/نارزای ناکەین ، با هەلپەرن ؟

ئایا پارتی نازانێ تەنانەت حکومەکەی ئیئتلافی بوو ؟ ئایا نازانی لە دوایین هەلبژاردن لە ٪٦٢ خەلکی کوردستان دەنگیان بە پارتی نەداوەوە و لە ئێستاشدا ئەم دەنگانە زیادی کردەوە.
ئەگەر کۆمەلگای کوردستان بەگومان بن لەنیەتی ڕیفراندۆم، ئەگەر بزانن مەبەست لە ڕیفراندۆم بەرژەوەندی حیزبیە نەك بەرژەوەندی گشتی چۆن ئامادەی قوربانیدانیان دەبن ؟

دەیەم،
هەمو لایەك دەزانێ کە پارتی بەرژەوەندی حیزبی لە بابەتی ڕیفراندۆم هەیە. بەلام، بەداخەوە ئەوان ئینکاری ئەم بابەتە دەکەن و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوان ئەم کارە بۆ بەرژەوەندی خەلکی کوردستان دەکەن ، کەوا نییە.

پرسیار ئەوەیە: ئایا ناکرێت ڕیفراندۆمێك بکرێت هەم حیزب و هەم نیشتمان لێی سودمەند بن؟

بەلێ دەکرێت. با سەرتا کێشە سیاسەکانی ناومالی کوردی چارەسەر بکەین. كیشە یاسایەکانی بەردەم ڕیفراندۆم چارسەر بکەین. متمانەی هاولاتیان بەدەسەلات بگەرێنینەوە. ئینجا هەمو لایەك بە پلانێکی تۆکمە، دوربین و درێژ ماوە پلانی سەربەخۆیی دابنێن. سەربەخۆیەك بە پشتیوانی هاولاتیانی کوردستان بێت، بۆ سەروەریی ئەوان بێت و بەکەمترین زەرەییش بێت.

دەرئەنجام
باشترین بژاردە بۆ مەسەلەی ڕیفراندۆم ، ئەسپاردنیەتیەتی بۆ دوای هەلبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم.
ڕیفراندۆم لە دوای هەلبژاردن باشترە چونکی:
یەك، کێشەی یاسایی نابیت. پەرلەمانی نوێ دەتوانێ تاوتوی ئەم بابەتە بکات.
دوو، هەلبژاردن دەتوانێ کێشە سیاسەکانی ئیستای کوردستان تا ڕادەیەکی باش چارەسەر بکات و کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر ئامانج و چۆنیەتی کردنی ڕیفراندۆم بەدەست بێنێت.

پارتی دەتوانێ، مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکاتە کرۆکی کەمپینی هەلبژاردنی. بەمەش بەرژەوەندە حیزبیەکان و بنەمالەکانیان بپارێزن.

گۆڕان و ئەوانیتریش دەبێت بزانن هەلومەرجی سیاسی عیراق دوای شکستی داعش وەك ئیستا نابیت. بۆیە، دەبیت خۆیان بۆ بریار و ڕووداوی گەورە ئامادە بکەن و دەوری تەماشاکەر نەبینن یان بە پەرچەکردار کار نەکەن.




یادەوەرییەکانی گایشا … خەندە حەمید

ئەو فیلمەی زیاد لە چەند جارێک بینیومە و هەموو جارێک بۆ من شتێکی نوێی پێیە، لەلام زۆر پەسندە دەتوانم بڵێم فیلمی هەموو سەردەمەکانە. فیلمێک کە لات ڕوون نییە دیمەنەکانی بەرەو کوێت دەبەن؟ لە یادەورییەکانی گایشا دەچیتە نێو جیهانێک کە پڕە لە نهینی، فێڵ و پلان بۆ مانەوەی خۆت و لە ناوبردنی ئەویتر، هەروەها ئەو یادەوەری و نۆستالیژییانەی کە نمایش و گێڕانەوەکان دەیان کات بە یادەوەری. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم فیلمە زۆر شتمان پێ دەڵێت سەبارەت بە کولتووری ژاپۆن. فیلمەکە لە ڕۆمانی ڕۆماننووس Arthur Golden وەرگیراوە بەناوی Memoirs of a Geisha)). ئارسەر نووسەرێکی ئەمریکییە، پسپۆڕی لە مێژووی هونەردا هەیە، هەروەها لە هونەری ژاپۆنیدا شارەزایە. دڵنیام هەستێکی ئەدەبی جوان لە ڕۆمانەکەدا هەیە، هەروەک چۆن پێم وایە ئەو فیلمە یەکێکە لەو فیلمانەی کە وەک ڕۆمانەکە جوان بەرجەستە کراوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لەو فیلمانەی کە لە ڕۆمان وەرگیراون و بەم شێوەیە نین، واتا وەک ڕۆمانەکانیان جوان نین. هەروەها لە لایەن دەرهێنەر Rob Marshall کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ بڵاوبۆتەوە.
فیلمی یادەوەرییەکانی گایشا بە دیمەنێکی ئازاراوی دەستپێ دەکات، دوو خوشک لە لایەن دایک و باوکە هەژارەکەیانەوە بە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ دەفرۆشرێن لە کیۆتۆ (Kyoto). خوشکە گەورەکە لە ڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادەیە بۆ سێکسفرۆشتن، بۆیە ڕاستەوخۆ دەبردرێت بۆ سۆزانیخانە، لە کاتێکدا خوشکە بچوکە نۆ ساڵانەکە وەک خزمەتکار دەبرێت بۆ ماڵی گایشاکان و لەوێ ئیشی پێدەکرێت، بێ ئەوەی هیچ پاداشت و مانگانەیەکی هەبێت. تا ئەوکاتەی کە گەورە دەبێ بۆ ئەوەی بزانن لێهاتوو و گونجاوە بۆ بوون بە گایشا، ئەوجا پاداشت وەردەگرێت، چونکە گایشاکان بەرانبەر بەو خزمەتەی دەیکەن پاداشت وەردەگرن.

بوونی گایشا لە کولتووری ژاپۆنی زۆر باوبووە، تەنانەت ئێستاش گایشا بە شێوازی خۆی هەیە. لە کاتێکدا گایشا وەک هونەرمەند ناسێنراوە، چونکە ئەوان سۆزانی نین بەڵکو ئیشی سەرەکی گایشا ئەوەیە کە خزمەت یاخود میوانداری و هاودەمی پیاوەکان بکات، بەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات یاخود خواردن و خواردنەوەیان پێشکەش بکات، هەندێک جاریش سەما و میوزیک و گۆڕانی دەڵێن. هەر بۆیە لە کولتووری ژاپۆنیدا گایشاکان نایاسایی نەبوون. دەکرێ ئەوان وەک خزمەتکار یاخود هاودەمێک بۆ پیاوە باڵادەستەکان ببینرێ، کە وایان لێ بکات هەستێکی تایبەتیان هەبێت لە کۆبوونەوە و کات بەسەربردنەکانیاندا.

دوای فرۆشتنی Chiyo (کچە بچوکەکە) بە ماڵی گایشایەک، دوای گەورەبوونی لەلایەن گایشایەکی تری بە ئەزموونەوە دەکڕدرێت و پەروەردە دەکرێ تەنانەت ناوەکەشی دەگۆڕدرێ بۆ سایۆری. خانمەکە ناوی مامیایە، سایۆری پەروەردە دەکرێ و ڕاهێنانی پێدەکرێ، سکوڵی میوزیک و سەما و چۆنییەتی گفتوگۆی باڵا دەخوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا گایشا بە مانای هونەرمەند دێت؟ ”بەجەختی وشەی گایشا واتا هونەرمەند، بۆ ئەوەی ببی بە گایشا دەبێ وەک ئیشێکی هونەری جوڵاو بریارت بەسەردا بدرێ. ناتوانی بەخۆت بڵێی گایشای ڕاستەقینە، تاکو بە یەک نیگا پیاوێک لەنێو هەنگاوەکانیدا نەوەستێنی.” لێرەدا دەرک بەوە دەکرێ کە گایشا لەسەر ویست و حەزی پیاوانە پەروەردە و ڕاهێنانی پێدەکرێ. ئەوەی بەدیدەکرێ پیاوەکان ئەوان وەک بوکەڵەیەک بۆ کات بەسەربردن و چیژ وەرگرتنی خۆیان دەبینن، نەک وەک هونەرمەندێک. هەرچەندە هەمووان بە سەماکەی سایۆری سەرسامن، بەڵام لە ڕاستیدا سەرسامن بە جوانییەکەی نەک توانا جەستەیی و هونەرییەکەی. چونکە چاوەکانی سایۆری ڕەنگی دەریایان هەیە، بەڵام ئاگر لە دڵی هەر کەسێک بەردەدات کە دەیبینێ. ”گایشا ڕووخساری خۆی ڕەنگ دەکات بۆ ئەوەی ڕووخساری بشارێتەوە، چاوەکانی ئاوێکی مەنگ و قووڵن. بۆ گایشا نییە کە بیەوێت. بۆ گایشا نییە کە هەست بکا. ئەو هونەرمەندی جیهانێکی سەرئاوکەوتووە، کە سەما دەکات، گۆرانی دەڵیت، خۆشیت پێدەدات، هەرچییەک کە بتەوێ. ئەوەی دەمێنێتەوە سێبەر و نهێنییە.”
لە کولتووری ژاپۆنیدا، مرۆڤەکان دیسپلینکراون، سنوور و یاسای توند بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارنواندنیان لەگەڵ یەکدی بۆ دانراوە، بەڵام گایشاکان دووجار دیسپلینکراون، هەم وەک تاکێکی ژاپۆنی و هەم وەک کچە گایشایەک کە دەبێ پابەند بێت بەو دەستوور، یاسا و ڕێسایانەی لەسەری ڕاهێنراوە، کە ئەو ڕێسایانەش لە خزمەت خواست و ویستەکانی پیاودان. واتا گایشاکان لە ئیرادە خراون وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لەلایەن پیاوە سیاسی و دەوڵەمەندەکانەوە بۆ چێژ وەرگرتن و کات بەسەربردن بەکاردەهێنرێن، ئەوان بە ئۆبژێکت کراون هیچ ویست و ئازادییەکیان نییە. کەواتە گایشاکان بەحەز و ئیرادەی خۆیان نابنە گایشا، یاخود بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، بەڵکو دەبن بە گایشا چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە.

بەدرێژایی ئەم فیلمە هەوڵ و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم کچە هەست پێدەکەی کە دەیەوێت خۆی قەدەری خۆی دیاری بکات و شەڕ بۆ مانەوە و بەردەوامبوون بکات، چونکە دەزانێ کە ئەو دەبێ لە شوێنێکی دیکە بێت، بەمەش تووشی نەهامەتی و کێشەی زۆر دەبێت. کارەکتەری سەرەکیziyi) (zhang کە ئەکتەرێکی چینییە، ڕۆڵێکی جوان بەرجەستە دەکات بەڕادەیەک هەست دەکەی ئەو بەڕاستی گایشایە نەک تەنیا ڕۆڵەکەی ببینێ.
سایۆری لە جیهانێکی پڕ خەون، تێکۆشان و کۆڵنەداندا دەژیت، ئەو دەیەوێت بە یادەوەرییەکانییەوە بمرێ نەك بە خەونەکانییەوە، بەو مانایەی هەوڵ دەدات بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی. هەروەها ئەو جوانی خۆشدەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕوانگە و ڕوانین بەرانبەر بە گایشاکان دەگۆڕێ. چونکە خۆشویستنی جوانی چێژە، بەڵام خوڵقاندن و داهێنانی جوانی هونەرە. هەر بۆیە دەکرێ گایشاکان هونەرمەندبن، چونکە بە سەما و گۆڕانی جوانی دەخوڵقێنن. ئەمەش بەئارامییەکی قووڵ، هەروەها خۆتەرخانکردن بۆ ئەو کارەی کە بە ئەرکی خۆی دەزانێ. ئەم کچە دەکەوێتە خۆشەویستییەکی نهێنی و تاکلایەنانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسەکان (بەڕێوەبەر)، خۆشەویستییەک بە تین و هێزی منداڵانەوە. ئەو پیاوە کاتێ لەسەر پردەکە چیۆ دەبینێ، کچێکی بچوکەو دەگریا، هێمنی و بەخشندەیی ئەم پیاوە وا لە چیۆی بچوک دەکات کە ئاشقی ببێت و ئەم هەستە هەڵبگرێ تا گەورەبوونی. ئەو دەڵێ: ”نایبینی؟ هەر هەنگاوێک کە ناومە، لەوکاتەوەی ئەو منداڵە بووم لەسەر پردەکە، بۆ ئەوە بووە کە خۆم لە تۆ نزیک بکەمەوە.”

سایۆری بەرگری و هەوڵ بۆ ئەو خۆشەویستییەی دەدات کە بۆ بەڕێوەبەر هەیەتی. لێرەدا سەختە لە هەمان کاتدا دەستگرتن بە خۆشەویستییەکی نهێنی و کارەکەیدا، سایۆری هەمان شت دەکات، دواتر دەتوانێت بە لێهاتووی و سووڕبوون لەسەر ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت.
لەم فیلمەدا لێڕوانەر بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، قۆناغی جەنگ و دوای جەنگ. هەموو شتێک دوای جەنگ دەگۆردرێ بەکاڵاکردن و بەئۆبژێکت کردنی ژن بەڕوونی دەبینرێ، سێکسفرۆشی زۆر زیاد دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوەی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە، هەمیشە ئازایەتییەک بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە سایۆریدا هەیە. لەوەیە ئەو فیلمە لەسەر چۆنییەتی ژیانی ڕاستەقینەی گایشا نەبێت، بەقەد ئەوەی ویستوویەتی جوانی و هەستناسکی گایشا دەربخات، لە هەمان کاتدا دەڵێم ڕەنگە ئەرکی فیلمیش هەر ئەمە بێت کە جوانی لەنێو ئەرک و ڕۆژگارە سەختەکان، توێژە چەوساوە و بەکارهاتووەکان بدۆزێتەوە و لە کۆنتێکستێکی هونەریی جواندا نمایشی بکات.




یوسف عزه‌دین له‌هه‌ڤپه‌یڤینێكدا … سازدانی: وریا باقر

هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌ت وفره‌ڕه‌هه‌ند سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێك له‌نهێنی و شاراوه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی عیرفانیی و دنیای ته‌سه‌ووف له‌گه‌ڵا رۆماننووس و نووسه‌ر “یوسف عزه‌دین”

شاعیر و عاریف “فه‌ریده‌ددینی عه‌تتار” سه‌باره‌ت به‌”لۆژیكی باڵنده‌”ه‌كه‌ی خۆی، ده‌فه‌رمووێت:
( ئه‌هلی وێنه‌ نغرۆی زه‌ریای ئاخافتنه‌كانم بوون، ئه‌هلی ماناش پیاوانی نهێنییه‌كانی منن، ئه‌م هه‌ڵبه‌ستانه‌م خاسییه‌تێكی سه‌یریان هه‌یه‌، له‌هه‌ر ئان و ساتێكی جیادا مانای نوێ‌ و جودا ده‌به‌خشن.. ئه‌گه‌ر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان له‌گه‌ڵا هه‌ر جارێكدا جوانتر ده‌بێت.. تا رۆژی قیامه‌تیش كه‌سێكی دیكه‌ نابینیته‌وه‌، بتوانێ‌ وه‌ك منی عاشق بنووسێت)

” سه‌دره‌ددینی شیرازی” سه‌باره‌ت به‌پێوه‌ندییه‌كانی خۆی و خه‌ڵكی، ده‌فه‌رمووێت:
( دووركه‌وتمه‌وه‌ له‌تێكه‌ڵبوون و خۆسه‌رقاڵكردن به‌خه‌ڵكییه‌وه‌.. ئاسان بوو به‌لامه‌وه‌، دژایه‌تی شته‌ باوه‌كان و منجڕی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی زه‌مانه‌دا بكه‌م، تاگه‌یشتمه‌ نكوڵیكردن له‌خۆیان و راوبۆچوونیان ده‌رحه‌قم.. به‌رز و عه‌زیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گه‌یاندبام، هه‌روه‌ك یه‌ك بوو لام.. به‌غه‌ریزه‌و به‌ته‌واویی روومكرده‌ هۆكاری سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان، كه‌وتمه‌ پاڕانه‌وه‌ له‌ئاسانكاری كاره‌ سه‌خته‌كان.. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌په‌نهانی و دووره‌ په‌رێزیی مامه‌وه‌.. تا ئه‌و نهێنییانه‌م لا كه‌شف بوو كه‌تا ئه‌و ده‌م نه‌مده‌زانین…).

وریا باقر: سه‌ره‌تاكانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی هه‌ر له‌سه‌رده‌می باباتاهیری هه‌مه‌دانی-یه‌وه‌، ئه‌ده‌بیاتێكی عیرفانی بووه‌و خودی باباتاهیریش سۆفییه‌كی خوداناس بووه‌و به‌باباتاهیری عوریان ناوبانگی ده‌ركردووه‌..درێژه‌ی ئه‌م ته‌وژمه‌ تا ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جزیری و نالی و مه‌حوی و بێخود و تاك و ته‌را هه‌ندێك له‌شاعیرانی تر به‌رده‌وام ده‌بێت.. به‌ڵام مه‌خابن به‌هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روویدا، هه‌ر پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و به‌تایبه‌تیش دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، پاشه‌كشه‌ی به‌م ته‌وژمه‌ ئه‌ده‌بییه‌ عیرفانییه‌ سۆفیگه‌رییه‌ كردو چه‌ند ته‌وژمێكی تری دروشم ئامێزی تێكه‌ڵا به‌ئایدۆلۆژیای سیاسی هاته‌ پێشه‌وه‌.. له‌دوای مه‌حوی-یه‌وه‌ هه‌ست ده‌كرێت ئه‌ده‌بیاتی كوردی قووڵی و جوانییه‌ عیرفانییه‌كانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. پرسیاره‌كه‌مان له‌به‌ڕێزتان وه‌ك رۆماننووس و ئه‌دیبێكی شاره‌زا له‌ئه‌ده‌بیاتی عیرفانیدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئاخۆ ئه‌ده‌بیات و هونه‌ری جیهانیش، به‌تایبه‌تیش ئه‌ورپایی كه‌وته‌ ژێر هه‌مان ته‌وژمی سه‌رزاره‌كی ئایدۆلۆژیی سیاسییه‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ئۆروپادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌و به‌رچاو گوزه‌راوه‌و زیاتریش په‌یوه‌ست بێت به‌پرسیاره‌كه‌تانه‌وه‌.. بۆیه‌ ده‌بێت بپرسین، كه‌داخوا كاتێك ئه‌ده‌بیاتی عیرفانی و سۆفیگه‌ری لێره‌ پاشه‌كشه‌ی پێده‌كرێت، له‌ئۆروپادا چی لێ به‌سه‌ردێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ باشترین نموونه‌ ئه‌زموونه‌ شانۆییه‌كانی “پیته‌ر برۆك”ی به‌ریتانی، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك لیتوانی-یه‌، پێش چه‌ند ساڵێك، دوای به‌شداریكردنی له‌فێستڤاڵی”ئه‌فینیون” له‌فه‌ڕه‌نسا، كاتێك پرسیاری لێده‌كه‌ن، ده‌رحه‌ق به‌و فیلمه‌ی له‌ده‌رهێنانی “سیمۆن برۆك”ی كوڕیه‌تی به‌ناونیشانی”برۆك به‌سه‌ر گوریسێكی شه‌ته‌ك دراودا تێده‌په‌ڕێت” و حه‌قیقه‌تی فیلمه‌كه‌ش زێده‌تر په‌یوه‌سته‌ به‌وێنه‌گرتنی پشت كه‌والیس و په‌نهان و نهێنییه‌كانی “پیته‌ر برۆك”ه‌وه‌ له‌كاتی پرۆڤه‌كردن و نمایشكردنی شانۆییه‌كانیدا، له‌شانۆی “بۆف دو نۆر”ی پاریسی، كه‌هه‌ر خودی برۆك خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆكه‌یه‌. “پیته‌ر برۆك” له‌وه‌ڵامی بوونی ئه‌و ترس و سامه‌ی له‌رووكاری ته‌ماشاچییه‌كاندا ده‌بینرێته‌وه‌، كاتێك ته‌ماشای په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌كه‌ن به‌سه‌ر گوریسێكی شه‌ته‌ك دراوی وه‌همییانه‌ی سه‌ر هه‌ڵدێرێكدا.. له‌كاتێكدا خودی گوریسه‌كه‌ پارچه‌ قوماشێكه‌ و له‌سه‌ر عه‌رد راخراوه‌.. “برۆك” ده‌ڵێت: ( ئه‌وه‌ی ده‌یبینن گه‌شتی باڵنده‌كانی شاعیر و سۆفی فه‌ریده‌ددینی عه‌تتاره‌، كاتێك ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و لای “سیمرغ” بچن، ده‌بێت به‌سه‌ر حه‌وت دۆڵا و شیودا بفڕن، تاده‌گه‌نه‌ دواهه‌مین دۆڵا، ئه‌ویش دۆڵی تواندنه‌وه‌یه‌ له‌زاتی ئیلاهیدا، بۆیه‌ توانیوومانه‌ خه‌یاڵا و ئه‌ندێشه‌ی ته‌ماشاچییان ببزوێنین، كه‌وا بزانن ئه‌كته‌ران به‌سه‌ر گوریسێكی هه‌ڵواسراودا ده‌ڕۆن، هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ده‌شبینرێت، ته‌نها په‌ڕینه‌وه‌ی دۆڵی یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام ئامانج گه‌یشتنه‌ دۆڵی حه‌وته‌مه‌، دۆڵی سه‌رسامبوونی په‌تی).

وریا باقر: هه‌رچه‌ند “پیته‌ر برۆك” وه‌ك ئه‌وه‌ی باس له‌بابه‌تێكی ئاسایی بكات، زانیاری سه‌باره‌ت به‌مه‌قامه‌كانی ته‌سه‌ووف و عیرفان ده‌خاته‌ڕوو.. ئه‌وه‌تا باسی دۆڵی یه‌كه‌م تا حه‌وته‌می پله‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی سۆفیگه‌رانه‌ ده‌كات!؟ چۆن ده‌بێت ئه‌و زانیارییه‌ عیرفانییانه‌ی لای خۆمان كوێر بوونه‌ته‌وه‌و كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ڕووی تێوری و پراكتیكی-ییه‌وه‌ شاره‌زاییان تێیدا هه‌بێت، كه‌چی ئه‌وێكی ئینگلیز، به‌زمان و كلتووری جیاوه‌ گه‌یشتبێته‌ ئه‌و قووڵاییه‌ مه‌عریفییه‌ی كه‌له‌زاتێكی خوداناس و گه‌وره‌ موته‌سه‌وویف و شاعیرێكی وه‌ك “فه‌ره‌یده‌دینی عه‌تتار”و دنیا ته‌سه‌ووفییه‌كه‌ی تێگه‌یشتبێت؟

یوسف عزه‌دین: وه‌ك لای عه‌تتار و له‌”لۆژیكی باڵنده‌”كه‌یدا ئاماژه‌و كاری بیناكردنی چامه‌ شیعرییه‌كه‌ی له‌سه‌ركراوه‌و هه‌روه‌ها كرۆكی كاركردنی ئه‌هل و سالیكانی ته‌سه‌ووفه‌..خۆی ئه‌و پله‌ومه‌قامانه‌، یان ئه‌و دۆڵانای كه‌سالیك و ئه‌هلی ته‌سه‌ووف ده‌یبڕێت، حه‌وته‌، یه‌كه‌م دۆڵی داواكارییه‌”ته‌ڵه‌به‌”، سالیك له‌م قۆناغه‌دا ده‌ست له‌ چێژ و له‌زه‌ته‌كانی دنیا ده‌شوات و لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌. دووه‌م دۆڵا، دۆڵی عیشقه‌، سالیك به‌ئاگری عیشقی ئیلاهی ده‌سووتێت، تا خۆی له‌بیرده‌چێته‌وه‌. سێیه‌م، دۆڵی مه‌عریفه‌یه‌، سالیك خودای به‌چه‌شنێك تێدا ده‌ناسێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بیبینێت. چواره‌م، دۆڵی ده‌ستبه‌رداربوونه‌، كه‌سالیك تێیدا ده‌ست به‌رداری هه‌موو كه‌س و شتێك ده‌بێت، بێجگه‌ له‌خودا. پێنجه‌م، دۆڵی یه‌كتاپه‌رستییه‌، سالیك به‌جۆرێك خودای لا ته‌جه‌للی ده‌بێت، به‌چه‌شنێك تۆزقاڵه‌ گه‌ردێك له‌شه‌ریك بۆ خودا دروستكردن له‌دڵیدا نامێنێت. شه‌شه‌م، دۆڵی سه‌رلێشێوایی و په‌رته‌وازه‌بوونه‌”حیره‌”یه‌، سالیك له‌م قۆناغه‌دا خۆی به‌خۆی نامۆ ده‌بێت و به‌شوێن كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت، ده‌ستی بگرێت و بۆلای مه‌حبوبی به‌رێت. حه‌وته‌میش، دۆڵی هه‌ژاربوون و فه‌نایه‌، لێره‌دا سالیك ته‌نها پێویستی به‌خوداو فه‌نابوونی ته‌واوه‌ له‌خودادا.

وریا باقر: پێمان باشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی “لۆژیكی باڵنده‌”ی شاعیر و عاریف”فه‌ریده‌ددینی عه‌تتار-مان پێبناسێنیت؟

یوسف عزه‌دین: “لۆژیكی باڵنده‌” بریتییه‌ له‌چوار هه‌زار و پێنج سه‌د به‌یتی شیعری.. بابه‌ته‌كه‌ی بریتییه‌ له‌گه‌ڕانی كۆمه‌ڵێك باڵنده‌ به‌شوێن باڵنده‌یه‌كی نه‌بینراودا. له‌وه‌رگێڕانه‌ بیانییه‌كانی تێكسته‌كه‌دا “لۆژیكی باڵنده‌” كراوه‌ته‌ “كۆنفرانسی باڵنده‌كان” و خۆی له‌ڕاستیدا به‌كۆبوونه‌وه‌ی باڵنده‌كان ده‌ست پێده‌كات، به‌مه‌به‌ستی فڕین و گه‌یشتنه‌ لای جوانترین و ناوازه‌ترین و كامڵترین و مه‌زنترین باڵنده‌یه‌ك، كه‌سوڵتانی موتڵه‌قه‌و ناوی “سیمرغه‌”.. په‌پووسڵێمانكه‌ ده‌كه‌نه‌ مورشیدیان و پاش بگره‌و به‌رده‌و گفتوگۆ، كۆمه‌ڵێكیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پاكانه‌ بۆ به‌شداری نه‌كردنیان، له‌و سه‌فه‌ره‌ ترسناك و توڵانیی و پڕ مه‌شه‌قه‌ته‌دا ده‌كه‌ن. بولبول ده‌ڵێت، من عاشقی گوڵم و ناتوانم به‌جێی بهێڵم.. تووتی ده‌ڵێت، به‌هۆی قه‌شه‌نگی و جوانیمه‌وه‌ بوومه‌ته‌ ئه‌سیری قه‌فه‌س و ئیمكان نییه‌ به‌جێی بهێڵم.. تاووس ده‌ڵێت، چونكه‌ ناوی منیان وابه‌سته‌و په‌یوه‌ستی ده‌ركردنی ئاده‌م و حه‌وا له‌به‌هه‌شت كردووه‌، شه‌رم ده‌كه‌م ڕێگه‌ی سه‌فه‌رێكی وا بگرمه‌به‌ر.. مراوی ده‌ڵێت، ناتوانم له‌ئاو دوور بكه‌ومه‌وه‌.. كه‌و ده‌ڵێت، شاخ و دۆڵم پێ جێ‌ ناهێڵرێت.. قورینگ ده‌ڵێت، ته‌نها له‌ده‌ریاچه‌ ساف و بێگه‌رده‌كاندا ده‌توانم بژیم.. كوونده‌په‌پووش ده‌ڵێت، ناتوانم كه‌لاوه‌ وێرانه‌كان جێ بهێڵم.. هه‌ڵۆش ده‌ڵێت، جێگه‌ی من سه‌رده‌ستی پاشایانه‌و ناكرێت ئه‌و شوێنه‌ تایبه‌ت و گرنگه‌ به‌جێ بهێڵم.. ئیدی به‌م ته‌رزه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ گرتنه‌ به‌ری رێگه‌ی سه‌خت و پڕ مه‌شه‌قه‌تی سه‌فه‌رێكی تووڵانیی.. ژماره‌یه‌كی زۆریشیان هه‌ر له‌ڕێگه‌دا ده‌مرن.. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌گاته‌ حزووری زاتی باڵنده‌ بێ هاوتاو مه‌زنه‌كه‌، ته‌نها “سی” باڵنده‌ن و له‌هه‌مان كاتیشدا ” سیمرغ” به‌واتای “سی-مرغ” دێت، كه‌ده‌كاته‌ “سی” باڵنده‌. ئه‌و ره‌مزییه‌ت و ده‌لالاته‌ی له‌”لۆژیكی باڵنده‌”ی عه‌تتار-دا هه‌یه‌ جودایه‌ له‌هه‌ردوو “باڵنده‌ نامه‌”ی “ئیبن سینا” و “غه‌زالی”، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی غه‌زالی گومان هه‌یه‌ بۆ خۆی نووسیبێتی، زیاتر پێده‌چێت درابێته‌ پاڵی، وه‌ك درانه‌ پاڵی زۆربه‌ی ئه‌و چوارینانه‌ی به‌ناوی خه‌یام-ه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و پێده‌چێت له‌و سه‌رده‌مانه‌دا به‌مه‌به‌ست و له‌پێناو ونكردنی دانه‌ری حه‌قیقی و پاراستنی له‌كوشتن و سزادان، یان له‌نه‌زانی و به‌هه‌ڵه‌ زۆر تێكستی كه‌سانی تر دراونه‌ته‌ پاڵ كه‌سانێك كه‌خاوه‌نی نین و نه‌یاننووسیوه‌.. وه‌ك چۆن له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی تێكسته‌كانیش له‌لایه‌ن نه‌ساخه‌كانه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ خۆی و وه‌ك خۆی هه‌ر جاره‌ زیاد و كه‌مێكی خستۆته‌ سه‌ر تێكستی نووسراو و له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌شێت هه‌ندێك تێسكت یه‌كه‌مین ده‌ستنووسیان مابێت و به‌و شێوه‌یه‌ش له‌شێواندن و گۆڕان قورتاریان بووبێت.
لای “ئیبن سینا”، كۆمه‌ڵێك باڵنده‌ی دیلكراو له‌قه‌فه‌سدا هه‌ڵدێن و پاش بڕینی هه‌شت قۆناغی سه‌خت ده‌گه‌نه‌ كۆشكی شای مه‌زن و پاشای پاشاكان و پاش لابردنی حیجاب له‌نێوانیاندا، شه‌كوای حاڵی خۆیانیان له‌یاد ده‌چێته‌وه‌و له‌مه‌ست بوونێكی هه‌میشه‌یدا ده‌مێننه‌وه‌، ئیدی ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌به‌ده‌ره‌ له‌هه‌موو كه‌موكورتی و ناكامڵییه‌ك.
لای غه‌زالی-یش كۆمه‌ڵێك باڵنده‌ به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی پاشایه‌ك بۆ خۆیان، رێگه‌ی سه‌فه‌رێكی تاقه‌ت پڕووكێن و زه‌حمه‌ت ده‌گرنه‌به‌ر، دوای به‌هیلاك چوون و مردنی ژماره‌یه‌كیان، ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌مێننه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ دوورگه‌ی پاشاو كاتێك لێیان ده‌پرسن بۆ هاتوون، ئه‌وانیش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێن هاتووین، تا “عه‌نقا” بكه‌ینه‌ پاشامان.. له‌وه‌ڵامدا پێیان ده‌ڵێن، خۆتان ماندووكردووه‌، بتانه‌وێت و نه‌تانه‌وێت، ئێمه‌ پاشاتانین و هیچ پێویستییه‌كمان به‌ئێوه‌ نییه‌.. وه‌ختێك باڵنده‌كان تووشی یه‌ئس و سه‌رلێشێواویی و په‌رته‌وازه‌یی ده‌بن.. پێیان ده‌ڵێن، هه‌یهات..هه‌یهات.. نه‌كه‌ن مه‌یئووس بن له‌ڕه‌حمه‌تمان، ته‌نها كه‌سه‌ دۆڕاوه‌كان مه‌یئووس ده‌بن له‌ڕۆحی خودا.. هه‌ر بۆیه‌ له‌لایه‌ن زاتی عولیاوه‌ قبووڵ ده‌كرێن. به‌ڵام لای عه‌تتار، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا كراوه‌و له‌كۆتایی تێكستی “لۆژیكی باڵنده‌”دا سی باڵنده‌كه‌” سی مرغ”ه‌كه‌ فه‌نا ده‌بن له‌زاتی”سیمرغ-سی مرغ”دا.. یان بابڵێین خۆیان سی باڵنده‌ن و كه‌ده‌شڕواننه‌ سیمرغ هه‌ر سی باڵنده‌ ده‌بیننه‌وه‌ كه‌خۆیانن، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕواننه‌ ئاوێنه‌، خۆیان خۆیانن بێ‌ زیاد و كه‌م!؟

وریا باقر: ئه‌م وێنه‌یه‌ی كۆتایی “لۆژیكی باڵنده‌” هه‌ر كتوومت به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌ له‌تێكستی یه‌كێك له‌وانه‌ی ئێستا له‌وه‌سه‌تی كوردیدا، بووه‌ته‌ ناوێكی دیار له‌دنیای چیرۆك و رۆماننووسیندا.. بینیومه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ی دزیوه‌ به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌و به‌ڵام له‌جێی باڵنده‌كان، كردوویه‌تییه‌ كه‌سێكی…تاد؟! ئه‌ی به‌ڕای ئێوه‌ چی ده‌رحه‌ق به‌م كه‌سانه‌ بگوترێت باشه‌؟

یوسف عزه‌دین: هه‌ر بیستنی وشه‌ی دزی بۆ خۆی شتێكی ترسناك و مایه‌ی سڵه‌مینه‌وه‌یه‌، ئیدی چه‌شنی دزییه‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت.. پێم وانییه‌.. وه‌ك ئاماژه‌تان پێدا، نووسه‌رێك ئه‌وه‌ ئاستی بێت، به‌دزینی جه‌وهه‌ری تێكستێكی زیندووی زاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك “عه‌تتار” یان به‌دزینی تێكسته‌كانی تر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌و دیمه‌ن و لاسایی كردنه‌وه‌ی جوانییه‌كانی ئه‌و دنیا تایبه‌ت و پڕ لوغز و په‌نهان و قووڵاییه‌ رۆحییه‌ شاراوانه‌، بتوانێت نه‌ك خودی وێنه‌كان، به‌ڵكو نێگه‌تیفه‌كه‌شی بخاته‌ڕوو.. ده‌رحه‌ق به‌پرسیاره‌كه‌شتان، ئه‌ی به‌ڕای ئێوه‌ چی ده‌رحه‌ق به‌م كه‌سانه‌ بگوترێت باشه‌؟.. جارێ‌ له‌م رۆژگاره‌دا پێناچێت، كه‌سان و ره‌خنه‌گرانی ئاسایی ده‌ڕۆستی ئه‌و توخمانه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌پشت كه‌والیسه‌وه‌ كاریان بۆ ده‌كه‌ن بێن و كه‌ئه‌م جۆره‌ نه‌وه‌یه‌ش، له‌ئه‌ربابی ئه‌م توخمه‌ له‌نووسه‌ر و هاوپشت و هاوكار و قه‌وم و قیله‌كانیان به‌حوكمی رۆژگار نه‌مان، ئه‌وه‌ نه‌وه‌ی دواتر، چی ده‌ڵێت و چۆن ئه‌م بگره‌و به‌رده‌و هێنان و بردنه‌ ره‌خنه‌ییانه‌ ساغ ده‌كاته‌وه‌، یان نایكاته‌وه‌و وه‌زعه‌كه‌ هه‌ر وه‌ك خۆی و بگره‌ خراپتریشی لێ به‌سه‌ردێت.. ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا وه‌ڵامی نه‌ده‌ینه‌وه‌و بۆ داهاتووی جێ بهێڵین باشتر بێت.

وریا باقر: ئایا فه‌نابوون له‌زاتی ئیلاهیدا لادان نییه‌ له‌یه‌كتاپه‌رستی؟

یوسف عزه‌دین: عه‌تتار له‌ده‌ستپێكی “لۆژیكی باڵنده‌”دا وه‌ڵامی ئه‌م كۆتاییه‌ی تێكسته‌كه‌ی خۆی ده‌داته‌وه‌. ده‌ڵێت: ( ئه‌وه‌ی ده‌یڵێیت و ده‌یزانیت له‌خۆته‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێت و خۆت به‌خۆت بناسه‌و خوداش به‌خودا خۆی بناسه‌، نه‌ك به‌خۆت. رێگه‌ بۆ لای ئه‌و له‌خۆیه‌وه‌یه‌تی نه‌ك له‌تۆوه‌… ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌گوترێت ته‌نها راڤه‌كارییه‌.. ئه‌و له‌سه‌رو هه‌موو وه‌سفه‌كانه‌وه‌یه‌.. ته‌نها شتێك كه‌ئێمه‌ ده‌رحه‌قی ده‌یزانین ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵه‌، زانینی هه‌ر هه‌واڵێكی ئه‌و مه‌حاڵه‌.. ئه‌وه‌ی باش و خراپ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌گوترێت ته‌نها له‌خه‌یاڵی خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێت، ئه‌و له‌سه‌روو دیاریكردن و عیلمی ئێمه‌وه‌یه‌). جێگه‌ی باسیشه‌ هه‌ر خودی عه‌تتار له‌شوێنێكی تردا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و “حلولیی” نییه‌، به‌واتای گه‌یشتنی سالیك به‌مه‌رته‌به‌ی “ئولوهییه‌ت” و پێی وایه‌ ته‌سه‌ووراتێكی له‌و چه‌شنه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ئایینی ئیسلام و به‌ڕای ئه‌و نابێت كه‌س ئیدیعای ئه‌وه‌ بكاته‌ كه‌”حه‌ق”ه‌.

وریا باقر: ئه‌ی بۆ كۆتایی تێكستی “لۆژیكی باڵنده‌” شتێكی تره‌؟

یوسف عزه‌دین: ره‌نگه‌ شتێكی تر نه‌بێت و هه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌! یان بۆی هه‌یه‌ وابێت!؟ به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵ و كاره‌كاندا تێسكته‌ زیندووه‌كان وه‌ك خۆیان و بۆ خۆیان چه‌ندین خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل و ته‌فسیر هه‌ڵده‌گرن. عه‌تتار كاریگه‌ری فیرده‌وسی و سه‌نائی و حه‌للاج و بایه‌زیدی بوستامی و كه‌سانێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر بووه‌. هه‌روه‌ها كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی و حافز و جامی و نه‌وائی و شاعیرانی دیكه‌ی ته‌سه‌ووف هه‌بووه‌. وه‌ك له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، سی چل ساڵێكی ته‌مه‌نی له‌كۆكردنه‌وه‌ی شیعری شاعیرانی عاریف و گوته‌كانیاندا سه‌رفكردووه‌. به‌ڵام دواجار پاش ئه‌وه‌ی له‌كتێبێكیدا، به‌شیعر وه‌سفی “ئیمامی عه‌لی” و تێكه‌ڵێك له‌مه‌یلی شیعه‌گه‌ری ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ست و بۆ دژایه‌تی فه‌قیهه‌ سونییه‌ ده‌مارگیره‌كانی سه‌مه‌رقه‌ند ده‌كات.. ئه‌وانیش پاش ته‌كفیركردنی، خه‌ڵكی لێ هان ده‌ده‌ن، تا گڕ به‌رده‌نه‌ ماڵی و به‌زه‌حمه‌ت قورتاری ده‌بێت و به‌ره‌و مه‌كه‌ هه‌ڵدێت و له‌وێش كتێبێك به‌ناوی “زمانی غه‌یب” ده‌نووسێت و هه‌ن ده‌ڵێن دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆی و مه‌غۆله‌كان له‌وێ‌ شه‌هیدیان كردووه‌، گۆڕیشی له‌نیساپوور هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هی ئه‌و بێت.

عه‌تتار جیاواز له‌زۆرێك له‌نووسه‌ران و شاعیرانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، هه‌رگیز وه‌سفی سوڵتان و میر و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانی نه‌كردووه‌و ئاماده‌نه‌بووه‌ له‌ده‌رباری پاشاكاندا وه‌ك شاعیران و خه‌ڵكه‌ خوێنه‌واره‌كه‌ی تر ژیان به‌رێته‌ سه‌ر، بۆیه‌ بۆ خۆ ژیاندن و په‌یداكردنی قووتی رۆژانه‌ی ناچاری كاركردن بووه‌و به‌و مه‌به‌سته‌ش دوكانێكی عه‌تتاری هه‌بووه‌و ده‌رمان و مه‌رهه‌می تێدا فرۆشتووه‌و هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت، هه‌ردوو كتێبی “موسیبه‌ت نامه‌”و”ئیلاهی نامه‌”ی له‌دووكانه‌كه‌یدا نووسیوه‌، له‌كاتێكدا رۆژانه‌ پێنج سه‌د نه‌خۆش روویان تێكردووه‌و پاش پشكنین و گرتنی ترپه‌ی دڵیان ده‌رمانی پێویستی پێداون. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌یاد نه‌كه‌ین هه‌رده‌م كه‌سانێك هه‌بوون، له‌ژێر په‌رده‌ی خوداناسی و ته‌سه‌ووف و عیرفان و ده‌روێش بوونیانه‌وه‌، له‌پاڵا پاشاو كاربه‌ده‌ستاندا موعه‌زه‌ز و موكه‌رره‌م ژیاون، یه‌كێك له‌خاڵه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌م جۆره‌ش له‌گه‌ڵ عه‌تتار و هاوچه‌شنه‌كانی، كارنه‌كردنیان بووه‌.. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌حه‌قیقی ئه‌هلی ته‌ریقه‌ت و سالیكی ئه‌و رێگه‌یه‌ بوون، كه‌سانێكی كارگه‌ر و خاوه‌ن سنعه‌ت و پیشه‌گه‌ر و له‌و جۆرانه‌ بوون، به‌هێزی بازووی خۆیان و ماندووبوونیان قووتی رۆژانه‌ی خۆیان په‌یداكردووه‌، یان هه‌ر به‌ڕاستی ته‌ركی دنیایان كردووه‌و ته‌نها به‌په‌یداكردنی پارچه‌ نانێك ئه‌م رۆژ بۆ سبه‌ی رۆژیان به‌ڕێكردووه‌. ته‌نانه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌ كاتێك كوڕی یه‌كێك له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، ده‌یه‌وێت ببێته‌ سۆفی و له‌نێو ئه‌هلی ته‌ریقه‌تدا جێی بێته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ كه‌سانێكی موته‌سه‌وویف ده‌بات تا رێگه‌ی پیشان بده‌ن، یه‌كه‌م شت داوای لێده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌موو شكۆ و ده‌سه‌ڵاته‌ بێت كه‌هه‌یه‌تی و دواتریش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی له‌قه‌ره‌باڵغترین شوێنی شاردا، بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی حه‌ڵاڵا، ناخۆشترین و ئاست نزمترین كار بكات، دیاره‌ پیاوانی باوكی ئه‌مه‌ ده‌بینن و هه‌واڵا ده‌چێته‌وه‌ بۆ باوكی و پاش گێرمه‌و كێشه‌یه‌كی زۆر، ئه‌و زاته‌ هه‌ر واز له‌قه‌ناعه‌تی خۆی ناهێنێت و تا سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. كه‌واته‌ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و پله‌و مه‌قامه‌ عیرفانییانه‌ كارێكی ئاسان نه‌بووه‌و هه‌روه‌ك سه‌فه‌ری باڵنده‌كانی عه‌تتار، به‌ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆر قۆناغ به‌ قۆناغ گیراوه‌ته‌ به‌ر.

هه‌ر بۆیه‌ عه‌تتار و هاوشێوه‌كانی توانیوویانه‌ سنووری رۆژهه‌ڵات و لۆكاڵبوونیان ببڕن و ببنه‌ كه‌سایه‌تی جیهانی، ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مانێك له‌ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر داوای گۆته‌-ی شاعیر، په‌یكه‌ر بۆ عه‌تتار دروست ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعره‌كانی عه‌تتار به‌وه‌رگێڕدراوی بۆ زمانه‌ ئۆروپاییه‌كان، لاسایی كه‌ره‌وه‌ی زۆر بوون، یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌كاریگه‌ری ئه‌م تێكسته‌ ناوازه‌یه‌ی عه‌تتار شیعری نووسیوه‌، شاعیری ئینگلیزی “چوسه‌ر” بووه‌، چامه‌یه‌كی به‌ناوی “ئه‌نجومه‌نی باڵنده‌” نووسیوه‌. بێگوومان لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ سه‌نائی بده‌ین وه‌ك شاعیرێكی پێش عه‌تتار و هه‌روه‌ها مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی كه‌دوای عه‌تتار دێت و به‌هه‌ر سێكیشیان سێكوچكه‌ی مه‌سنه‌وی-یان پێ ده‌گوترێت و یه‌كێك له‌كتێبه‌ شیعرییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی سه‌نائی-ش “باخچه‌ی حه‌قیقه‌ت”ه‌. بابگه‌ڕێینه‌وه‌ لای “پیته‌ر برۆك” و ئه‌وه‌ بڵێین له‌كاتێكدا تووشی چه‌قبه‌ستن و وشكبوونی داهێنان و مه‌رگی خه‌یاڵا ده‌بێت، ئه‌م تێكسته‌ی عه‌تتار وه‌ك فریادڕه‌سێك فریای ده‌كه‌وێت و له‌چه‌قبه‌ستن و راووحكردن رزگاری ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی “لۆژیكی باڵنده‌” هه‌موو ژیانی هونه‌ریی “پیته‌ر برۆك” ده‌گۆڕێت و لای ده‌بێته‌ نمایشێكی سه‌رسامكه‌ر و هه‌ژێنه‌ر.

وریا باقر: جیاوازی جه‌وهه‌ریی “باڵنده‌ نامه‌”كه‌ی “ئیبن سینا”و “لۆژیكی باڵنده‌”ی عه‌تتار له‌چییدا ده‌بیننه‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: “ئیبن سینا” عاریف و سۆفی نه‌بووه‌، وه‌ك ناسراوه‌ فه‌یله‌سوف و زانا بووه‌، بۆیه‌ كاتێك “باڵنده‌ نامه‌”كه‌ی نووسیوه‌، هه‌وڵیداوه‌ وه‌ك عاریفان و سۆفییان بیربكاته‌وه‌و ئه‌وه‌ ببینێت كه‌ئه‌وان ده‌یبینن. به‌ڵام عه‌تتار سۆفی و عاریف بووه‌و به‌شێك له‌ئه‌زموونی خۆی و سۆفی و پیاوچاكانی دیكه‌ی له‌ تێكستكه‌یدا به‌رجه‌سته‌كردووه‌و به‌یه‌قینه‌وه‌ خۆی له‌وێناكردنی ئه‌و دنیا مه‌جازییه‌ داوه‌، كه‌لای ئه‌وان بینراو و یه‌قینه‌، واته‌ عاریفان ئه‌وه‌ ده‌بینن كه‌فه‌یله‌سوفان ته‌نها ده‌توانن بیری لێبكه‌نه‌وه‌.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جۆر و چه‌شنی گه‌یشتنه‌ مه‌عریفه‌ لای هه‌ردووكیان جوداو جیاوازه‌و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كێشمانكێشی جه‌وهه‌ریانه‌ی مابه‌ینی فه‌یله‌سوفان و عاریفان.. ده‌بینین هه‌ر خودی عه‌تتار پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی عیشقدا ناوی فه‌یله‌سوفی لێنرابێت، هه‌رگیز شاره‌زای عیشق نییه‌.. له‌شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت، “نابیته‌ هه‌ڵگری حیكمه‌تی ئایین، ئه‌گه‌ر واز له‌و حیكمه‌ته‌ نه‌هێنیت”. كاتێك یه‌كێك له‌باڵنده‌كان له‌په‌پووسڵێمانكه‌ ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر گه‌یشتمه‌ لای سیمرغ چی لێ داوا بكه‌م، پێی ده‌ڵێت:” ئه‌وه‌ی بچێته‌ حزوورییه‌وه‌، مه‌عریفه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، باشتره‌ مه‌عریفه‌ی لێ داوا بكه‌یت”.
مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی ده‌فه‌رموێت:” جه‌هل له‌به‌ر ده‌ستی كامڵدا ده‌بێته‌ عیلم و عیلمیش له‌به‌ر ده‌ستی نوقسان و نه‌زاندا ده‌بێته‌ جه‌هل.. ئه‌وه‌ی نه‌خۆش و ده‌رده‌دار ده‌ستی تێوه‌رده‌دا ده‌بێته‌ ده‌رد و نه‌خۆشی، به‌ڵام كه‌سی كامڵا ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ كوفریش ببات، ده‌بێته‌ ئایین”.

وریا باقر: ئاشكرایه‌ عه‌تتار تێكستی تری هه‌بوون، به‌ڵام دیاره‌ مه‌به‌ستی بووه‌، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیا به‌”لۆژیكی باڵنده‌” ببه‌خشێت، ئاخۆ خۆی هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌مه‌ داوه‌؟

یوسف عزه‌دین: عه‌تتار له‌كۆتایی ” لۆژیكی باڵنده‌”دا بۆ خۆی ده‌فه‌رمووێت: ( ئه‌هلی وێنه‌ نغرۆی زه‌ریای ئاخافتنه‌كانم بوون، ئه‌هلی ماناش پیاوانی نهێنییه‌كانی منن، ئه‌م هه‌ڵبه‌ستانه‌م خاسییه‌تێكی سه‌یریان هه‌یه‌، له‌هه‌ر ئان و ساتێكی جیادا مانای نوێ‌ و جودا ده‌به‌خشێت.. ئه‌گه‌ر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان له‌گه‌ڵا هه‌ر جارێكدا جوانتر ده‌بێت.. تا رۆژی قیامه‌تیش كه‌سێكی دیكه‌ نابینیته‌وه‌، بتوانێ‌ وه‌ك منی عاشق بنووسێت).
چه‌ند جوانه‌ له‌سه‌رده‌مانێكی خوێناوی و شه‌ڕانگێز و دزێودا، له‌سه‌رده‌مانێكدا كه‌نووسینه‌وه‌و له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی كتێب و به‌ده‌ستهێنانی كه‌ره‌سته‌كانی ئاسان نه‌بووه‌، كه‌چی ئه‌م و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌م بوون، هه‌وڵی مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی تێكسته‌كانیان داوه‌، بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆژی قیامه‌ت ده‌كات، كه‌ئیتر تا ئه‌و ده‌م كه‌سێكی تری وه‌ك ئه‌م عاشق دووباره‌ نابێته‌وه‌، به‌و هه‌موو قووڵی و عیشقه‌وه‌ بنووسێت.

وریا باقر: هه‌رچه‌ند ده‌كرێت تاڕادده‌یه‌ك به‌شێك له‌خوێنه‌ره‌ هه‌وڵده‌رو كۆڵنه‌ده‌ره‌كان، به‌خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌به‌شێك له‌چه‌مك و تێڕوانین و جیهانبینییه‌كانی سۆفی و عاریفان تێبگه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، زۆرجار تێگه‌یشتن و حاڵی بوون لێیان زه‌حمه‌ته‌؟

یوسف عزه‌دین: راسته‌.. محه‌مه‌د حسێن ئه‌سفه‌هانی سه‌باره‌ت به‌كتێبی “چوار سه‌فه‌ره‌ ئه‌قڵییه‌كه‌”ی “سه‌دره‌ددینی شیرازی” ده‌ڵێت: ” ئه‌گه‌ر بزانم كه‌سێك هه‌یه‌، نهێنی و په‌نهانه‌كانی كتێبی سه‌فه‌ره‌كان په‌ی پێده‌بات، گه‌ر له‌و سه‌ری دنیاشدا بێت، به‌ره‌و لای ده‌چم”.. “سه‌دره‌ددینی شیرازی” یه‌كێك بووه‌ له‌و زاته‌ ده‌گمه‌نانه‌ی هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌و عیرفانی داوه‌و تووشی گه‌لێك مه‌ینه‌تی و به‌دحاڵیبوون و چه‌رمه‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تی بووه‌.. ده‌رئه‌نجام خۆی له‌شوێنه‌ دووره‌ ده‌سته‌كاندا بۆ ماوه‌یه‌ك ونكردووه‌. ئیدی له‌و خه‌ڵوه‌ت و ته‌نهاییانه‌دا، زانسته‌ باتنییه‌كانی لا كه‌شف ده‌بێت و پاشان به‌حیكمه‌تێكی باڵای تێكه‌ڵا له‌فه‌لسه‌فه‌و عیرفان دێته‌وه‌ نێو خه‌ڵكی..بابی ئه‌م زاته‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌زیر بووه‌و سه‌دره‌ددین-یش كوڕی تاقانه‌ی بووه‌، ئیدی هه‌م له‌ژیانی بابیدا سوودی له‌سه‌روه‌ت و سامانی وه‌رگرتووه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنان و فێربوونی زانست و زانیاری، هه‌م دوای مه‌رگی بابیشی سه‌رجه‌م میراته‌كه‌ی ده‌خاته‌ خزمه‌ت فێربوونه‌وه‌و بۆ خۆی ده‌ڵێت: ( دووركه‌وتمه‌وه‌ له‌تێكه‌ڵبوون و خۆسه‌رقاڵكردن به‌خه‌ڵكییه‌وه‌.. ئاسان بوو به‌لامه‌وه‌، دژایه‌تی شته‌ باوه‌كان و منجڕی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی زه‌مانه‌دا بكه‌م، تاگه‌یشتمه‌ نكوڵیكردن له‌خۆیان و راوبۆچوونیان ده‌رحه‌قم.. به‌رز و عه‌زیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گه‌یاندبام، هه‌روه‌ك یه‌ك بوو لام.. به‌غه‌ریزه‌و به‌ته‌واویی روومكرده‌ هۆكاری سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان، كه‌وتمه‌ پاڕانه‌وه‌ له‌ئاسانكاری كاره‌ سه‌خته‌كان.. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌په‌نهانی و دووره‌ په‌رێزیی مامه‌وه‌.. تا ئه‌و نهێنییانه‌م لا كه‌شف بوو كه‌تا ئه‌و ده‌م نه‌مده‌زانین…).

وریا باقر: به‌ڕای ئێوه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی قبووڵنه‌كردنی ئه‌قڵییه‌تی باو، بۆ هه‌موو جۆره‌ بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینێكی جیاوازی حه‌للاج و سوهره‌وه‌ردی كه‌به‌كوشتنیان كۆتایی هات، تا عه‌تتار و سه‌دره‌ددینی شیرازی، كه‌تائێتستاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان گوتویانه‌ به‌ئه‌قڵێكی كراوه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت؟

یوسف عزه‌دین: هۆكاره‌كان زۆرن و سه‌ره‌كیتریان نه‌گونجانی گوتراوه‌كانی ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵا ته‌رح و بۆچوونه‌ سه‌له‌فییه‌كان و تێڕوانینه‌ دۆگماكانه‌.. هه‌ندێك جار و به‌پێی ئاڵوگۆڕه‌ سیاسی و قۆناغه‌كانی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانه‌كان، كه‌م و زیاد له‌هه‌ندێك نێوه‌ندا رێگه‌ی خستنه‌ڕووی ته‌رح و بۆچوونه‌ فیكرییه‌ جیاوازه‌كان، ته‌نانه‌ت ئایینییه‌كانیش دراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌بازنه‌ داخراو و شوێنه‌ تایبه‌ته‌كانی ئاخافاتن و گفتوگۆكردنه‌ جیاوازه‌كاندا..به‌ڵام ئه‌م رێگه‌ پێدانانه‌ له‌لایه‌ن خودی ئۆتۆریته‌و مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كانه‌وه‌، تا كوێ‌ بڕیان كردووه‌و خۆیان لێ‌ خافڵكردووه‌، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌؟ بوونی فه‌لسه‌فه‌ی ئیشراقی و ته‌رح و بۆچوونه‌كانی سوهره‌وه‌ردی، پێناچێت راسته‌وخۆ هیچ زیانێكی بۆ خودی “سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی” هه‌بووبێت، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌دوژمنانیشی وه‌ك كه‌سێكی نه‌رم و نیان و خاوه‌ن میهر و به‌زه‌یی ناساندوویانه‌، به‌ڵام كاتێك مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كان، ده‌سته‌ودامێنی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی ده‌بن و داوای له‌ناوبردنی زاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك “سوهره‌وه‌ردی” لێده‌كه‌ن، بێ دوودڵی فه‌رمانی له‌ناوبردنی ده‌دات، هه‌رچه‌ند راوبۆچوونی جیا جیا هه‌ن سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی كوژرانی سوهره‌وه‌ردی..به‌ڵام دواجار ده‌كوژرێت. “سه‌دره‌ددینی شیرازی”یش هه‌رچه‌ند نه‌كوژرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه‌، فه‌توا له‌دژی درا، به‌تایبه‌تیش بیرۆكه‌ی “وحده‌ الوجود”ی شیرازی جێگه‌ی قبووڵ نه‌بوو، سه‌رباری ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی شیرازی به‌ گوته‌یه‌كی “ئیبن عه‌ره‌بی”و به‌باش زانینی كه‌ده‌ڵێت:
” ان فرعون مات مومنا موحدا”.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ئاماژه‌پێدانی به‌نه‌مانی عه‌زاب له‌و دنیاداو نكووڵیكردن له‌نه‌مربوون و مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی له‌نێو ئاگردا.. مه‌عریفه‌ی “سه‌دره‌ددینی شیرازی” په‌یوه‌ست بووه‌ به‌گه‌لێك سه‌رچاوه‌ی جیا جیاوه‌ هه‌ر له‌”ئیبن عه‌ره‌بی”-یه‌وه‌ تا دنیابینییه‌كانی ئه‌رستۆ و ئه‌فلۆتین چ وه‌ك خودی خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان و چ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی “ئیبن سینا”وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌به‌ر ده‌ستی شیرازی-دا بووه‌، زانراویشه‌ ئیبن سینا وه‌ك قوتابییه‌كه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌رستۆ و راڤه‌كار و په‌ره‌پێده‌ری تێزه‌كانی ده‌نگ و سه‌دای تایبه‌تی هه‌بووه‌.. شیرازی-ش بۆ خۆی له‌به‌رایی كتێبی” چوار سه‌فه‌ره‌ ئه‌قڵییه‌كه‌”یدا ئاماژه‌ به‌ناوی كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوف ده‌كات، له‌وانه‌ فیساگۆرس و سۆكرات و ئه‌فڵاتوون و ئه‌رستۆ-یه‌و داوا له‌خودا ده‌كات پیرۆزییان بكات و له‌دوعاو به‌ره‌كتیشیان بێبه‌شمان نه‌كات و درێژه‌ی ده‌داتێ‌ و ده‌ڵێت:( ئه‌وان حه‌كیمی زاهید و خواپه‌رستی باڵا بوون، پشتیان كرده‌ ئه‌م دنیاو روویان كرده‌ ئه‌و دنیای په‌تی…).

ئه‌رستۆ پێی وابووه‌، هه‌موو بزوێنه‌رێك پێویستی به‌بزوێنه‌رێكی تر هه‌یه‌و به‌م شێوه‌یه‌ ئیدامه‌ی ده‌بێت، تا ده‌گاته‌ ئه‌و بزوێنه‌ره‌ی پێویستی به‌هیچ بزوێنه‌رێكی تر نییه‌و ئه‌و خۆی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جووڵه‌و بزاوندنه‌كانه‌.. ئه‌رستۆ پێی وابووه‌، ماده‌ كۆنه‌و بزوێنه‌ری یه‌كه‌م مادده‌ی دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو رێكیخستووه‌و دواجاریش وازی له‌دنیا هێناوه‌ بۆ خۆی و ئه‌مه‌ش لای ئه‌قڵی سه‌له‌فی جێگه‌ی قبووڵ نه‌بووه‌و له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌و ته‌رحه‌ فه‌لسه‌فییانه‌، هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه‌، جێگه‌ی گفتوگۆو كێشمانكێشه‌ فه‌لسه‌فیه‌كان بوون، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌، نزیكترین و باشترین قوتابی ئه‌رستۆ كه‌ ئه‌فڵوتین-ه‌ پێی وابووه‌ دنیا له‌خۆیه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌و ئه‌وه‌ی دروستی كردووه‌، زاتێكه‌ ئه‌قڵ و فیكر له‌ماهییه‌تی تێناگه‌ن، ئه‌و زاته‌ لای ئه‌فڵوتین، زاتێكی ئه‌زه‌لی و باقیی و زاڵه‌ به‌سه‌ر مادده‌و رۆحدا.. به‌ڵام پرسیاره‌كانی ئه‌و له‌وه‌دا بووه‌، چۆن ده‌بێت ئافه‌ریده‌كارێكی “نافانی” و “باقیی”، دنیایه‌كی فانی دروست بكات؟ یان بۆ ده‌بێت شه‌ڕانگێزی و خراپه‌ له‌دنیادا هه‌بێت؟ یان نه‌فس له‌كوێی به‌ده‌ندایه‌و پاش مه‌رگ ده‌چێته‌ كوێ‌ و ئه‌مه‌و چه‌ندین پرسیاری دیكه‌ی له‌و چه‌شنه‌، هه‌میشه‌و هه‌رده‌م بوونه‌ته‌ باس و خواسی دیالێكتیكیانه‌ی سه‌رجه‌م زه‌مه‌نه‌كان و خودی نێوه‌نده‌ ته‌قلیدییه‌كانیش به‌ده‌ر نه‌بوون له‌بگره‌و به‌رده‌ی ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌، ئیدی وه‌ڵامه‌كه‌یان هه‌رچییه‌ك بووبێت، مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕووكه‌شدا ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه‌ لای ئه‌وانیش قابیلی پرسیار و وه‌ڵام بوون، تا ئه‌و شوێنه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی و مه‌رجه‌عیه‌تیانی دروست نه‌كردبێت.

وریا باقر: وه‌ك ئاماژه‌تان پێدا، پرسیاری ئه‌و بیرمه‌ند و عاریفانه‌، له‌سه‌ره‌تاكانی بوونه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.. پێتان وانییه‌، بنه‌ڕه‌تی گرفته‌كه‌ش له‌گه‌ڵا ئه‌قڵییه‌تی باودا له‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟

یوسف عزه‌دین: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ موعه‌مماكانی گه‌ردوون و هه‌وڵدانی وێناكردنی ئه‌و ساته‌ زۆر نادیارانه‌ی ده‌ستپێكی سه‌رجه‌م شته‌كان، نه‌ك هه‌ر قووڵ و فره‌ ره‌هه‌ند و هه‌مه‌چه‌شن و جودا و جیاوازه‌، له‌ڕووی جودایی تێڕوانینی مه‌دره‌سه‌و قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فی و ته‌رح و بۆچوونه‌ جیاجیاكانه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكیشه‌، تۆ ته‌سه‌وور بكه‌، له‌هیچه‌وه‌ هه‌موو شتێك دێته‌ بوون، ئه‌و كون فه‌یه‌كون-ه‌ ئیستیعابێكی ئه‌قڵیی گشتگیر و زه‌ینێكی هێجگار زرنگی ده‌وێت، تا هه‌زمی بكات، راسته‌ ره‌نگه‌ پێم بڵێیت، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌، ژماره‌یه‌كی بێشووماری خه‌ڵك بێ‌ هیچ بیركردنه‌وه‌و دوودڵییه‌ك باوه‌ڕیان پێیه‌تی، خۆی له‌ڕاستیدا گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ له‌یه‌قینه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قووڵاوه‌..ئاسته‌مه‌ بێ گومان و پرسیاركردن بگه‌یته‌ یه‌قین، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ساته‌ وه‌ختێكدا، زاتێكی خودا ناسی وه‌ك “غه‌زالی” كه‌ له‌ته‌مه‌نی چل په‌نجا ساڵیدایه‌و بابایه‌كی مه‌عروف و پایه‌دارێكی ئایینی به‌غدایه‌، ده‌كه‌وێته‌ گومانه‌وه‌و موناجاتی خودا ده‌كات و كۆمه‌ڵێك پرسیاری لا مه‌تره‌ح ده‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌خۆی بڵێت، خودایه‌ خه‌ڵك ده‌زانن كه‌من كه‌سێكی ئیماندارم، به‌ڵام ناتوانم گومانه‌كانی خۆم له‌ئێوه‌ی تاك و ته‌نها بشارمه‌وه‌.. ئیتر هه‌ر ئه‌م گومانانه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون و ته‌رك كردنی دنیای، بۆ ماوه‌ی كه‌متر یان زیاتر له‌ده‌ ساڵێك و تاقیكردنه‌وه‌ی رێچكه‌و رێگه‌ی سالیكانی ته‌ریقه‌ته‌كان و قووڵبوونه‌وه‌ی له‌ته‌سه‌ووف و خوداناسیدا، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو مه‌ده‌نییه‌ت و ده‌ستپێكردنی به‌نووسینی كتێبی “رزگاركار له‌گومڕایی” كه‌وه‌ك زانراوه‌و ده‌گوترێت “دیكارت” مه‌نهه‌جیه‌تی به‌كارهێنانی گومان و گه‌ڕانی لۆژیكیانه‌ی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گریش بۆ ساغكردنه‌وه‌ی خراوه‌ته‌ روو.. ئه‌م كتێبه‌ی غه‌زالی یه‌كێكه‌ له‌كتێبه‌ گرنگه‌كان و بۆ خۆی له‌ڕێگه‌ی ئیجتیهاداتی قه‌لبی و په‌یڕه‌وكردنی ته‌سه‌ووفه‌وه‌، ده‌گاته‌ یه‌قینی موتڵه‌ق و ده‌رحه‌ق به‌هه‌موو گومانه‌كانی پێشووتریشی وه‌ڵامی لا دروست ده‌بێت.

وریا باقر: چۆن ده‌ڕواننه‌ چه‌مكی هاوڕێیه‌تی حه‌قیقی و به‌تایبه‌تیش هاوڕێیه‌تی عاریفان و موته‌سه‌وویفان؟

یوسف عزه‌دین: “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” ته‌سه‌وورێكی جوان و ناوازه‌و دانسقه‌ی هه‌یه‌، كه‌ده‌فه‌رمووێت: ( هاوڕێی هه‌مووان ببه‌و به‌ڵام وه‌ك ئه‌وانه‌ی بت دروست ده‌كه‌ن، له‌به‌رد هاوڕێیه‌ك بۆ خۆت دروست بكه‌). واته‌ ته‌نها له‌ڕوو و به‌ناچاری هاوڕێی هه‌مووان ببه‌و خه‌ڵكی بناسه‌.. ئه‌گینا به‌ڕاستی و به‌دڵا، راز و نهێنییه‌كانت، ته‌نها لای هاوڕێ‌ له‌به‌رد دروستكراوه‌كه‌ت بدركێنه‌و ته‌نها هاوڕێی ئه‌و به‌، ئه‌وێك كه‌له‌هیچ و ئان و ساتێكدا ناتوانێت ئێره‌یت پێبه‌رێت، ناتوانێت ببێته‌ ناحه‌ز و دوژمنت ، ناتوانێت زیانت پێ بگه‌یه‌نێت، ناتوانێت هه‌موو شتێكت لێوه‌ فێر بێت و پاشانیش خیانه‌تت لێبكات، ناتوانێت چه‌ندین چیرۆكی ناڕاست و درۆت له‌باره‌وه‌ دروست بكات.. ئه‌و هاوڕێ‌ له‌به‌رد دروستكراوه‌كه‌ت، نه‌ ده‌بێته‌ تۆ و نه‌ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی ناحه‌زو دوژمنه‌كانت، ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌، هاوڕێ‌ راسته‌قینه‌ له‌به‌ر دروستكراوه‌كه‌ته‌!؟

وریا باقر: به‌ڕێزتان پێتان راسته‌، مرۆڤ هێنده‌ گۆشه‌گیر و دووره‌ په‌رێز بێت، ته‌نها هاوڕێیه‌كیشی كه‌جێی متمانه‌و باوه‌ڕی بێت، له‌به‌رد دایتاشیبێت؟

یوسف عزه‌دین: هاوڕێیه‌تی یان ده‌بێت ئه‌وه‌ی “شه‌مسی ته‌برێزی”و “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” بێت، یان نه‌بێت چاكتره‌!؟ ئه‌و هاوڕێیه‌تیه‌ی كه‌ناحه‌زان نه‌یانهێشت به‌رده‌وام بێت، ئیتر وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌شه‌وێكدا پاش ده‌ركه‌ لێدانی جێگه‌ی مانه‌وه‌ی له‌شاری”كۆنیا”، “شه‌مسی ته‌برێزی” ده‌چێته‌ ده‌ر و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ كه‌س نایبینێته‌وه‌.. یان وه‌ك ده‌ڵێن گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری”خویی” و له‌وێدا مردووه‌ یان كوژراوه‌، ئه‌و گۆڕه‌شی كه‌له‌وێدا به‌گۆڕی ئه‌و دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م، له‌لایه‌ن یونیسكۆ-وه‌ كراوه‌ته‌ شوێنجێگه‌و شوێنه‌وارێكی جیهانی پارێزراو.
راستی پێكگه‌یشتن و ناسینی ئه‌م دوو زاته‌ بۆ یه‌كتری و زۆر ورده‌كاری كاركردن و كاركردنه‌ سه‌ر یه‌كتریان لوغزه‌.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه‌ گوایه‌، “شه‌مسی ته‌برێزی” سه‌ره‌تا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی بناسێنێت، ده‌چێته‌ وه‌عزه‌كانی “مه‌ولانا”و پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن له‌یه‌كه‌مجاری بینینیدا زانیوویه‌تی، هێشتاكه‌ “مه‌ولانا” ماویه‌تی بۆ ئیستیعابكردنی ئه‌و مه‌عریفه‌ عیرفانییانه‌ی لای ئه‌و هه‌بووه‌، “شه‌مس” گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و پاش چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ وه‌ك بازرگان خۆی به‌ شاری “كۆنیا”دا كردۆته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان كه‌پێگه‌یشتن و ئاماده‌گی رۆحییانه‌ی “مه‌ولانا”ی بینیوه‌ بۆ وه‌رگرتنی گه‌لێك له‌و مه‌عریفه‌و ته‌وه‌جووهه‌ غه‌یبیانه‌ی كه‌په‌ی پێبردووه‌، دیاره‌ خۆی پێده‌ناسێنێت و به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ئاڵوگۆڕ له‌بونیادی فیكری و مه‌عریفی و ئایینی مه‌ولانا-دا رووده‌دات، مه‌ولانا-یه‌كی مورشید و واعیز و ئیمام، ده‌بێته‌ سه‌ماچیی و عاشقێكی سه‌رمه‌ستی ئیلاهیی، له‌كۆڕی وه‌عز و ئیرشادو تێكه‌ڵبوونی خه‌ڵكه‌وه‌، ده‌كشێته‌وه‌ بۆ نێو ته‌نهایی و بێده‌نگی و خه‌ڵوه‌ت و كه‌م دوویی، ئیدی هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ به‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی و هه‌موو براده‌ران و كه‌سانی نزیك له‌مه‌ولانا قبووڵ ناكرێت، مه‌ولانا-یه‌ك كه‌پێشتر هی ئه‌وان بووه‌و بۆ ئه‌وان بووه‌، ئێستا ویڵ و سه‌رگه‌ردان عه‌وداڵی سه‌وداو سه‌ماع و سه‌ما و نغرۆی دنیا بینییه‌كانی “شه‌مسی ته‌برێزی”یه‌.. جاری یه‌كه‌م پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك “شه‌مس” شار به‌ده‌ر ده‌كه‌ن، مه‌ولانا ده‌نێرێت و ده‌یهێننه‌وه‌، به‌ڵام جاری دووه‌م، پاش ئه‌و ده‌ركه‌ لێدانه‌و ده‌رچوونی شه‌مس-ه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كێیه‌، ئیتر شه‌مس نامێنێت.. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر و كاریگه‌رتر، ئه‌و چل رۆژه‌ زۆر سه‌یر و عیرفانییه‌ی ئه‌و دووانه‌یه‌، كه‌پاش رۆژوو گرتنێكی چل رۆژه‌و ئیعتیكاف كردنیان چل رێسا-كه‌ی عیشق ده‌نووسنه‌وه‌، ئه‌و چل رێسایه‌ی كه‌له‌و ده‌مه‌وه‌و تا ئێستا بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رسامیی، وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رجه‌م بنیاده‌مانی سه‌ر رووی زه‌مین، دێن و چل رێسای بنه‌ڕه‌تی پڕ مه‌حه‌ببه‌تی عیرفانی، وه‌ك مانیفێستۆ-یه‌ك بۆ مانه‌وه‌و پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی داده‌ڕێژن و جێگه‌ی سه‌رنجیشه‌ هه‌ر رێسایه‌كیان له‌وه‌ی تریان كاریگه‌رتر و قووڵتره‌، له‌كۆتایی ئه‌م دیالۆگه‌شماندا، پێم باشه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌رێسای “سی و نۆ” بكه‌م: ( هه‌رچه‌ند به‌شه‌كان ده‌گۆڕێن، به‌ڵام گشت وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ كاتێك دزێك ئه‌م دنیایه‌ جێده‌هێڵێت، دزێكی دیكه‌ له‌دایك ده‌بێت، كاتێك كه‌سێكی ره‌وشت به‌رز دنیا جێ ده‌هێڵێت، ره‌وشت به‌رزێكی تر جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌.. به‌م شێوه‌یه‌ هیچ شتێك نییه‌ نه‌گۆڕدرێت، له‌كاتێكدا له‌ڕاستیدا هیچ شتێك ناگۆڕدرێت.. چونكه‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر سۆفییه‌ك كه‌ده‌مرێت، سۆفییه‌ك له‌شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م دنیایه‌دا له‌دایك ده‌بێت.. ئایینی ئێمه‌ ئایینی عیشقه‌و سه‌رجه‌می مرۆڤه‌كان به‌زنجیره‌ دڵێك پێكه‌وه‌ ئاڵقاوون، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌كی لێ بترازێت، ئه‌ڵقه‌یه‌كی تر جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌، ناوه‌كان ده‌گۆڕدرێن، دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام جه‌وهه‌ر هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌).

———————————–
ناساندن
یوسف عزه‌دین
رۆماننووس و نووسه‌ر

له‌ساڵی 1990-1991زیندانی بووه‌ له‌مودیریه‌تی ئه‌منی سلێمانی سه‌رده‌می ڕژێم”ناسراو به‌ئه‌منه‌ سووره‌كه‌”و پاش ئه‌وه‌ی خۆی و هاوڕێكانی فه‌رمانی گولله‌بارانكردنیان بۆ ده‌رده‌چێت ، كه‌ده‌بوو له‌21-3-1991دا له‌مه‌لعه‌به‌كه‌ی سلێمانی گولله‌بارانبكرێن..به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ له‌مپه‌ر و له‌ به‌رواری 8-3-1991 پاش شاڵاوی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوو بۆ ئه‌منه‌سووره‌كه‌ ئازادكرا.
یه‌كێكه‌ له‌و ناوانه‌ی نه‌وه‌ی نووسه‌رانی پاش ڕاپه‌ڕینیان پێده‌وترێت و هه‌وڵی جدیی هه‌یه‌، چ له‌بواری رۆماننووسینداو چ له‌بواری ته‌رحی فیكری و بگره‌و به‌رده‌ فه‌لسه‌فییه‌كاندا وه‌ك له‌دیالۆگ و گفتوگۆكانیدا دیاره‌. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌و ده‌نگانه‌ی كه‌هه‌میشه‌ له‌به‌رچاوان و ده‌ور قه‌ره‌باڵغن.. نووسه‌رێكی ته‌نها و دووره‌په‌رێزه‌، هیچ تێكه‌ڵیی و خوڵقی نێوه‌نده‌ ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و سه‌نته‌ر و كایه‌كانی تری نییه‌..
ئه‌م نووسه‌ره‌ چه‌ند زمانێك ده‌زانێت، له‌وانه‌ زمانی توركی و عه‌ره‌بی به‌باشی ده‌زانێت، چ بۆ نووسین و چ بۆ وه‌رگێڕان.. كۆمه‌ڵێك بابه‌تی وه‌رگێڕدراوی له‌زمانی توركی و عه‌ره‌بییه‌وه‌ هه‌یه‌.. بابه‌تی نووسراو و بڵاوكراوه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌، كه‌له‌ كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌و سایتی عه‌ره‌بیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
نووسه‌ر و وه‌رگێڕی مه‌غریبی “سه‌عید بلغربی” كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌م نووسه‌ره‌ی له‌زمانی عه‌ره‌بی-یه‌وه‌ كردۆته‌ ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا له‌مه‌غریب به‌چاپی گه‌یاندووه‌و شایانی باسه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ تێكستی كوردی بكرێته‌ ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكدا چاپبكرێت.. به‌تایبه‌ت مه‌غریب وڵاتی نووسه‌رانی به‌توانای وه‌ك “تاهیر بن جه‌لون”و “محه‌مه‌د زفزاف”و”محه‌مه‌د شوكری”یه‌و خاوه‌ن خوێنه‌رانێكی جدییه‌.. هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبه‌ بۆته‌ ماته‌ڕیاڵی دیراسی كۆلێژی ئادابی یه‌كێك له‌زانكۆكانی مه‌غریب و وه‌ك وه‌رگێڕش له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا ئاماژه‌ی پێداوه‌، ئه‌و خۆی له‌نێو كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراوی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری كورددا، به‌بێ‌ ناسینی خودی نووسه‌ر، ته‌نها تێكسته‌كانی “یوسف عزه‌دین” سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌و سه‌رسامی جدییه‌تی بووه‌و هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژی بۆ وه‌رگێڕان و پاشان به‌چاپ گه‌یاندنی ته‌رخان كردووه‌.

كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر
دیوێكی دیكه‌ی حیكایه‌ته‌ نه‌نووسراوه‌كان/رۆمان/چاپخانه‌ی شڤان-سلێمانی2006
ته‌نها ڕۆژێكی سارد/رۆمان/ده‌زگای موكریان/هه‌ولێر/2008
پێخه‌فێك له‌خوێن/هونه‌ری گێڕانه‌وه‌/ده‌زگای ئاراس/هه‌ولێر/2008
ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی/رۆمان/یانه‌ی قه‌ڵه‌م/سلێمانی2009
وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ گریمانكراوه‌كان/ رۆمان/به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی/2009
وه‌هم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانه‌ی یاد/ سلێمانی/2012
كۆتاییه‌كان/ئه‌نفارار/ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌-سردیات/به‌زمانی ئه‌مازیغی-دار كه‌به‌دانی-مه‌غریب2015




توێژینەوەی دەق لە ڕوانگەی زمان و ئەدەبەوە …. عەبدوڵڵا ڕەحمان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن barg_abdullahRahman_sm




حزب و حكومەت و مزگەوت … ئەرسەلان مەحمود

ئازادی، لەدیدو زیهنیەت و ئەندێشەو ئەدەبیات و ئەفكاری حزبە نەتەوەییگەراو چەپگەراو ئیسلامیگەراو سۆسیالیستیە كوردییەكاندا، نەك هەر وەك بەها تاكگەراییەكەی بوونی نیە لەواقیعدا، یەكە جڤاتییەكەیشیان لەخۆیدا بەوەها هزرینك لاڕێ‌ و گلاراو كردوە، ئەوەی هەیە بەتەنها لەرزگاری نیشتمانی و ئازادی نەتەوەیی و دەستەجەمعیەتدا، پەت و پێوەند كراوە، وەك ئەوەی ستەم و ستمكاری لەڕاپەڕیندا، كۆتایی پێهاتبێت و، ئازادی تاك مرۆ بەرەو لادان و بادانە فەرهەنگی و كۆمەڵاتیەكان بەرێت!!

ئەمە تۆمەتباركاری و بەشینەوەی نادیدگەرایی و تێكەڵكاریەك نیە لەناهۆشمەندییەوە هاتبێت، كەسێك هەیە لەماوەی ئەم دەیانساڵەی دوای ڕاپەڕیندا، بیریكردبێتەوەو، دەیانجار لەشعوری نەدرابێت!! تاكێك هەیە لەماوەی ئەم دو دەیەو نیووە زیاترەیشدا، ڕای هەبووبێ‌ و، چەندینجار ڕاو نەنرا بێت!! هەیە لەخەیاڵێكدا فڕیبێت و، نەڕفێندرا بێت!! ئەرێ‌ ڕویداوە یەكێك زریكەی ئازادانەی لێدابێ‌ و، زیندانی نەكرابێت!! باشە دەشێت هەبێ‌ زاتیكردبێ‌ لەكەوڵە نەرێتیەكەی خۆی دەركەوتبێتە دەرەوە، بەڵام لەشەقام و بڵندگۆكانەوە كەرامەت شكاو نەكرابێت!! ڕۆژنامەوانێك گوتی: ئەمە مەلەفی فەسادی كارگێڕی و ئەخلاقی، فڵان و فیسار مەسئولەیە، كوشتیان!! میدیاكارێك دەڵێت: ئەمە شوناس و ئەمە وجودە ئەسڵییەكەی ئێوەیە، نەفییانكرد!! نووسەرێك ڕق نا، تەنها گوتی: كچەكەی سەرۆك/م خۆشدەوێ‌، تیرۆریانكرد!! هاوڵاتییەك لەسەر ماچێك وڵاتبەدەر كرا!! سەدانی دی خنكێندران، هەزارانی دی سوتان، تەنها لەسەر ئەوەی گوتوویانە خۆشمدەوێی!! نامەوێ‌ بەمە ڕوایەتی بدەمە جنێودان و خۆ هەرزانفرۆشكردنە خودییەكان، بەڵام ئەمە كەی ڕوایە: دەسەڵات و بەرپرسەكانی ئەم وڵاتە، ئازادانە سەروەت و سامانی وڵات بدزن و بەهەدەر بدەن، گەنجێك ئازادانە، بەنمونە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەتوانێ‌ پێیانبڵێت دزو نەزان و پشتە چاوتان برۆیە. ئەی ڕوایە خۆت بەسەرۆك بزانی و نەشتوانی بەپێیەكانی خۆت بەناو بازاڕو خەڵكەكەتدا بڕۆیت و، بانگەوازی ئازادی و سەربەخۆیش بەگوێی خەڵكدا بدەی !!

سەیر دەگوزەرێ‌ لەم وڵاتەدا، ڕۆژ نیە رۆژنامەوانێك لانیكەم داركاری نەكرێت! ڕۆژ نیە مێنیەك نەكوژرێ‌، یا لەژێر فشاردا خۆی نەكوژێت! ئەگەر بەیاسا نەتواندرا بەر بەئازادی و ئازادییە فەردییەكان بگیرێت، تارمایی حزبی دەبێت بەجێگرەوە! ئازادی لەعورف و نەرێت بدا، دنیا خرابوونە! هەمیشە لەبیانوێك زیاتر هەیە بۆ زەوتكردنی ئازادییەكانی تاك، دەنگە ئازادەكان وەك شێرپەنجەو نەخۆشییە جەستەیی و دەرونییەكانی كۆمەڵگە حزبی و كۆمەڵگە مرۆییەكە دەبیندرێن!! ئەگەر نا، ئەوە چجۆرە حزب و پێكهاتەیەكە بەرگەی ئازادی وتن و نووسین و ئەزمونكردنی زانینگەرایی جەستەو ئاكاری و عەقلانیەت لەخۆدا ناگرێت! مەگەر مرۆڤ بەسروشت بونەوەرێك نیە ئازادو سەربەست، مەگەر لەڕاستیدا هیچ حزب و دەسەڵات و مزگەوتێك مافی ئەوەی هەیە كەس ناچار بەملكەچگەرایی پێناو ویستەكانی خۆی بكات، ئەمە چجای قانگدان و، تۆقاندن و، ڕفاندن و، ئەشكەنجەو، تیرۆركاری دەرونی و جەستەیی و مۆڕاڵی !!

حزب و حكومەت و مزگەوت، بەسروشت ئەو دامەزراوە مەدەنی و ڕەهایە ڕێگە پێدراوە نینە چۆنیان بوێت ئاوا ببنە لەمپەرو بەربەست لەبەردەم گەشەكردنی ئازادی خود لەخۆدای تاكەكان، ئەو ساتە نەشئە بەخشە كورتخایەنانەی سەردەمی دوای ڕاپەڕین، تێپەڕین، ئێستا هەم دنیا لەشوێن و شوێنگەی ترەو، هەم مرۆڤی كوردیش پەڕیوەتەوە لەم ڕابردوەو، رویكردوەتە بیركردنەوەو ڕامان لەڕەهەندە جیاوازەكانی ئازادی و دەیەوێ‌ ئەزمونیان بكات، ئەو ئازادییە فرە ڕەهەندانەی خۆیان لەئازاد بوونی خۆ لەخۆدای تاك دەبیننەوە، ئاخر مرۆڤ تا دەربازی زیندانە ناواخنە تاریكەكەی خۆی نەبێت، نەیتوانیووە رزگاری بێ‌ و بەخۆی بڵێت ئازادم، نەیتوانیووە ڕزگاری بێت لەدەست ئەو بەندو باوە نەرێتگەراو سووننەتگەراو دەستەجەمعیانەی خۆركەی تاكن.

پارت و حكومەت و مزگەوتەكان، بەپیوەری یاساو ڕێسا ئەرزی و ئاسمانییەكان و لەبنەماشدا، ئامرازی بەدیهێنەری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی و فكری و تەنفیزی و، بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و گەشەپێدانی هزری بەیەكەوە ژیانی خەڵكن، نەك ژەهراویكردنی بیرو باوەڕی تاك و خەڵك لەپێناو بەدناوكردنی ئەوانتری بەرامبەرو جیاواز، ئازاد بوون لەخۆدا‌، هەرگیز بەمانای دژایەتیكردنی حزب و دەسەڵات و دین نایەت لەڕاستیدا، ئازادی ئەزمونكردنی مافە لەخۆدا وەك تاك، مرۆڤی ئەم سەردەمە، ناتوانێ‌ بڕوا بەو وەهمە بهێنێت هەتا ئێستایش بانگەشەی ئەزمونكردنی ژیانكردن دەكات لەڕابردودا، ستەم هەر ستەم و ستەمكار هەر ستەمكارە، ئەوەی دەرودراوسێكانی كوردستان بەرامبەر بەكوردو خاكەكەی دەیكەن، چەندە ستەم و ستەمكارییە، ئەگەر لەناوخۆی كورد خۆیشیدا بەنمونە: هەبێ‌ و بیەوێ‌ ستەم لەئازادی و ئازادیخوازی بكات، هەر ستەم و هەر هەمان ستەمكارییە، ئازادی نابەخشرێت وەك ئەوەی تا هەنوكەیش پارتە كوردییەكان ئیددیعای دەكەن، گوایە ئەمان ئەم ئازادییەیان بەخشیووەتە خەڵك، بەم عیبارەتە بێت هەر كاتێك بیانەوێ‌ دەشتوانن ئەو بەخشینە زەوت بكەن و بیگەڕێننەوە لای خۆیان، ئازادی بەرهەمی بەریەككەوتنی مرۆڤەكانەو، لەگەڵ خۆیاندا لەدایك دەبێ‌ و گەورە دەبێ‌ و پەرەیپێدەدەن، ئەوەی بەها دەداتە پارت و دەسەڵاتە جیاوازەكان، خەڵكە، نەك بەپێچووپەناو پێچەوانەكەییەوە.




چۆن حیزبه‌كان په‌رتبوونه‌، ئێوه‌ په‌رت مه‌بن ! … سه‌لام ناوخۆش

له‌ پاش هه‌ره‌سی هه‌رسێ ئه‌زمونی حوكمداری شێخ مه‌حموود 1918-1924 ، قازی محه‌مه‌د 1945-1946 ، مه‌لا مسته‌فا 1970-1974 ، ئه‌زموونی حوكومه‌تی هه‌رێم ئه‌زمونێكی دی حوكمداری كوردییه‌ .
هه‌رسێ حوكمداریه‌كه‌ی پێشوو ، جگه‌ له‌ هۆكاری ده‌ره‌كی قوربانی ململانێی سیاسه‌تمه‌دار و رۆناكبیری كورد بوون ! بۆ نموونه‌ زۆربه‌ی ڕۆناكبیری كورد پێش 1991 وا وێنه‌ی شێخ مه‌حموودی له‌ زاكیره‌ی خوێنه‌ری كورد وێناكردبوو كه‌ پیاوێكی ده‌ره‌به‌گی دیندار بووه‌ ، هه‌ر دینیش وه‌یلێكردووه‌ تۆقه‌ له‌گه‌ڵ ئینگلیز نه‌كات !!

له‌ ڕاستیدا شێخ مه‌حموود نه‌ك هه‌ر تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلیز كردووه‌ ، به‌ڵكو ئینگلیز هه‌ر له‌ كه‌ركوك بوو به‌ نهێنی نامه‌ی بۆ ئینگلیز هه‌نارد هه‌روه‌ها له‌ به‌رایی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م سێ نامه‌ی بۆ ( فلادمیر لینین) سه‌رۆكی یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی شیوعی هه‌نارد . لازاریف له‌ باره‌ی ئه‌و نامانه‌ی شێخ ده‌ڵێت :” لینین نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی شێخ بداته‌وه‌ چونكه‌ ده‌ره‌به‌گی دیندار بوو ، ئه‌ویش كۆمۆنیست بوو…” ئه‌و پاساوانه‌ ته‌نیا له‌ گیرفانی كۆمۆنیسته‌كان هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌رنا پاشای ئه‌فغانی كۆمۆنیست و نا ده‌ره‌به‌گ بوو! كه‌ وه‌رامی دایه‌وه‌ !
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕه‌وتی شێخ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ بوونه‌ پۆستداری حكومه‌تی عێراقی به‌ جۆرێك هه‌ر یه‌كێك له‌و ڕۆناكبیرانه‌ دامه‌زرێنه‌ری سوپای عێراقیه‌ یه‌كی تر وه‌زاره‌تی مه‌عریفه‌ی ئاوه‌دان كرده‌وه‌ !!
له‌ پاش 1991 له‌ دژی هه‌بوونی ( مه‌لا مسته‌فا ) له‌ ده‌ڤه‌ری زه‌رد ، له‌ ده‌ڤه‌ری كه‌سك وێنه‌ی شێح مه‌حموود زیندوكرایه‌وه‌!

له‌ ماوه‌ی 1925-1958 چه‌ندان په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا دروست بوون ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ نوێنه‌ری ده‌ڤه‌ر و عه‌شیره‌تی كوردی بوون ، نه‌ك حیزب و ویستی كوردی! له‌ ماوه‌ی 1958 هه‌تا 1970 كه‌سانێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ده‌ركه‌وتن ، كه‌سێك له‌وانیش جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كرد قسه‌ له‌ سه‌ر دۆزی سیاسی كورد بكه‌ن.

ئه‌و كوردانه‌ی له‌ 1975 هه‌تا 1990 له‌ په‌رله‌مانی عێراق و ته‌شریعی كوردستان ده‌ركه‌وتن ، ڕێك وه‌ك حه‌سه‌ن خه‌یری و برنجی…وابوون!!
له‌ 2004 هه‌تا 2017 كوردێكی زۆر له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی ده‌ركه‌وتن كه‌ سه‌د له‌ سه‌د نوێنه‌ری حیزبی كوردی بوون !
ئه‌و براده‌رانه‌ چه‌نده‌ها پۆستی گرینگیان داگرت له‌وانه‌ سه‌رۆك كۆمار ، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ، جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مان ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ، وه‌زیری مالیه‌،….له‌ سه‌ره‌وه‌ی 60 په‌رله‌مانتاری كورد…ئه‌و هه‌موو حه‌شاماته‌ نه‌یانتوانی ته‌نیا یه‌ك گوند ، كوره‌ بڵێ بستێك زه‌وی كوردی بگێڕێنه‌وه‌!

له‌ تازه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوونی مالیكی ، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان به‌نده‌ له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها مامۆستای زانكۆ به‌ دیداری مالكی گه‌یشتین. له‌و دیداره‌ دكتۆر عوسمان ئه‌مینی ڕه‌حمه‌تی وتی :” جه‌نابی مالكی لوتفت هه‌بی سه‌باره‌ت به‌ كورد به‌ تایبه‌تی شاری هه‌ولێر شه‌هاده‌ی پێداوی! ..” مامۆستایه‌كی تر وتی :” جه‌نابی مالكی بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌ نیه‌ت سافی جه‌نابت بگات ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ( شارۆچكه‌ی مه‌خموور) خراوه‌ته‌ سه‌ر (موصڵ) به‌ نوكه‌ قه‌ڵه‌مێك بیگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ( هه‌ولێر)!
مالكی وتارێكی مه‌تاتی دا ، مامۆستایه‌كی براده‌ر لێی پرسیم : ڕات ده‌رباره‌ی قسه‌كانی چییه‌؟ وتم : صه‌دامێك –ه‌ له‌ قالبی مالكی!
براده‌ران : كه‌س دۆستمان نییه‌ له‌ عیراق! ساڵی 2004 هه‌مان قسه‌م له‌ سه‌ته‌لایتێك كرد ، به‌رامبه‌ره‌كه‌م وتی : سه‌لام زۆر ڕه‌شبینه‌ ، ئه‌گه‌رنا سه‌دان كه‌سی وه‌ك عه‌مار حه‌كیم دۆستمانن!!
كاك عه‌مار هه‌ر چ نه‌كردبی به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆله‌به‌رده‌م نوێنه‌رانی كورد هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ جیابوونه‌وه‌ و ریفراندۆمی كوردستان گرت ، كه‌س مته‌قی لێوه‌نه‌هات دكتۆر مسه‌نا نه‌بی ، به‌مه‌ش نوێنه‌ری كوردی كرده‌ سێ پارچه‌ :
پارتی ، یه‌كێتی-گۆڕان-كۆمه‌ڵ ، یه‌كگرتوو

پوخته‌ی قسان
چۆن هیچ چاوه‌ڕێ نیم له‌ حكومه‌تی كوردستان ده‌ ئه‌وه‌نده‌ش چاوه‌ڕێی هیچ نوێنه‌رێكی كورد نیم له‌ به‌غدا چونكه‌ له‌ 2004ه‌وه‌ هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نیا گوندێك به‌ قانون بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر كوردستان …به‌ ڕاستی ئه‌وه‌نده‌ هاوڵاتیه‌ك په‌ستم لێتان وه‌خته‌ بڵێم شیعری (ئه‌ی وه‌فدی كوردستان-پیره‌مێرد) و (شیرین به‌هاره‌ی هه‌ژار! له‌ ڕه‌دی (بله‌)تان) له‌ سه‌ر ته‌تبیق ده‌بی! پێشمه‌رگه‌ی مووچه‌ 500 هه‌زار به‌ خوێنی 2000 پێشمه‌رگه‌ توانی به‌شێكی زۆری ناوچه‌ی داگیركراو رزگار بكه‌ن كه‌چی ئێوه‌ی مووچه‌ 12ملیۆن دینار به‌ 12 ساڵ یه‌ك گوند به‌ قانون ڕزگار بكه‌ن !
به‌س نییه‌! ئێمه‌ نه‌قدی شێخ مه‌حمود و مه‌لا مسته‌فا و سمكۆ…مان ده‌كرد به‌وه‌ی هیچیان بۆ نه‌كردینه‌ ئه‌رێ ئێوه‌ چ ده‌كه‌ن ؟ هه‌تا قیامه‌ت چاوه‌ڕێ بین؟!
تكایه‌ خه‌ڵك وه‌ك حیزبه‌كان مه‌بن …با چیتر نه‌تانكه‌نه‌ مه‌ڕ!

سه‌لام ناوخۆش \ مامۆستای زانكۆ




له‌ ڕابندرانات تاگووره‌وه‌ … له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ : نه‌ژاد عزیز سورمێ‌


گۆرانییه‌كه‌م

ئه‌وه‌ گۆرانییه‌كه‌مه‌،
مۆسیقای به‌ ده‌وری تۆدا ده‌خولێته‌وه‌ ڕۆڵه‌!
وه‌ك باوه‌شی خۆشه‌ویستی به‌سۆزم .
گۆرانییه‌كه‌م وه‌ك ماچی لێڕازیبوون
له‌ هه‌نیه‌ت ده‌سوێ‌ ..
كه‌ به‌ ته‌نێی، له‌ ته‌نیشتت داده‌نیشێ‌ ..
كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی قه‌ره‌بالغیشیدای ،
به‌ گوێتدا ده‌چرپێنێ‌ ..
به‌ دووره‌په‌رێزیت ده‌وره‌ ده‌دا..
گۆرانییه‌كه‌م بۆ خه‌ونه‌كانت ده‌بنه‌ دوو باڵ
دڵت ده‌گوازنه‌وه‌ لێواری نادیاری ..
وه‌ك ئه‌ستێره‌ی دڵسۆزیان لێ‌ دێ‌ له‌ ئاسمان
كه‌ شه‌وی ده‌یجوورت له‌ ڕێدا ده‌بێ‌ ،
گۆرانییه‌كه‌م له‌ گلێنه‌ی چاوه‌كانت داده‌نیشێ‌ و
نیگا بۆ جه‌وهه‌ری شته‌كان هه‌ڵده‌گرێ‌ ..
كاتێ‌ ده‌نگیشم له‌ مه‌رگدا ئۆقره‌ ده‌گرێ‌ ،
گۆرانییه‌كه‌م له‌ دڵی زیندووته‌وه‌ ده‌ئاخڤێ‌ …

منداڵََََی فریشته‌
ڕۆڵه‌م !
لێ‌ گه‌ڕێ‌ ژیانت وه‌ك مه‌شخه‌ڵێكی ڕوناهی بێت
پاك ، بێ‌ شڵه‌ژان و بێده‌نگ شادومانییان بكا
ئه‌وان له‌ ته‌ماح و ئیره‌ییدا دڵڕه‌قن ..
وشه‌كانیان وه‌ك چه‌قۆی شاراوه‌
تینووی خوێنن..
بڕۆ ڕۆڵه‌م !
بڕۆ له‌ ناوه‌ڕاستی دڵه‌ مۆنه‌كانیان بوه‌سته‌
لێ‌ گه‌ڕێ‌ چاوه‌ گه‌شه‌كانت له‌سه‌ریان بێ‌ !
وه‌ك سڵاوی لێبورده‌یی ئێواره‌ی
دوای كۆششی ڕۆژانه‌ ..
لێیان گه‌ڕێ‌ سیمات ببینن ڕۆڵه‌ !
به‌و چه‌شنه‌ له‌ مانای شته‌كان ده‌گه‌ن .
لێیان گه‌ڕێ‌ خۆشیان بوێی و
یه‌كتریان خۆش بوێ‌ ..
وه‌ره‌ جێگات له‌ باوه‌شی بێسنووریدا بكه‌وه‌ ڕۆڵه‌ !
دڵت وه‌ختی ڕۆژهه‌ڵاتن بكه‌وه‌
بڵند وه‌ك گوڵێك ده‌پشكوێ‌
له‌ خۆرئاوابوونیشدا سه‌ردانه‌وێنه‌..

له‌سه‌رخۆ دڵه‌كه‌م
با وه‌ختی جودایی دڵگیر بێ‌
ڕێ‌ مه‌ده‌ ببێته‌ مردنێكی بێ‌ دیماهی !
با خۆشه‌ویستی ،
به‌ره‌و یادگاران سه‌وڵ لێ‌ دا و
ئێش و ئازار ببنه‌ ستران ..
با بنمیچ بگاته‌ ئاسمان ..
بۆ وێكهاتنه‌وه‌ی باڵه‌كان له‌ ده‌وری هێللانه‌دا ..
با دوا به‌ركه‌وتی ده‌سته‌كانت
وه‌ك گوڵی شه‌و ته‌نك بێ‌ ..
بوه‌سته‌ ئه‌ی كۆتایی سه‌رسوڕهێن !
چركه‌یه‌ك..
له‌ بێده‌نگی دوا وشه‌تدا یادت بێته‌وه‌
من بۆت داده‌نوێمه‌وه‌ و
چرام هه‌ڵده‌گرم ،
ڕێگات بۆ ڕووناك بكه‌مه‌وه‌.

چرا بۆچی كوژایه‌وه‌ ؟

چرا بۆچی كوژایه‌وه‌ ؟
چرا بۆیه‌ كوژایه‌وه‌ ،
باڵتوكه‌مم تێوه‌رگرت
دوور بێ‌ له‌ با
چرا بۆیه‌ كوژایه‌وه‌..

گوڵ بۆ سیس بوو؟
هاتم به‌ ئه‌ڤینێكی نیگه‌رانه‌وه‌
به‌ دڵمه‌وه‌م نووساند
بۆیه‌ سیس بوو..

ڕووبار بۆچی وشكی كرد؟
به‌ربه‌ستێكم له‌ پێش هه‌ڵنا
تا به‌ته‌نێ‌ بۆ خۆم بێ‌
بۆیه‌ ڕووبار وشك بوو..

ژێی پێژه‌ن بۆچی پسا؟
هه‌وڵمدا ئاوازێكی پێ‌ بژه‌نم
به‌رزتر له‌ خۆی ، له‌ توانای ،
بۆیه‌ ژێی پێژه‌ن پسا..

من ناسێمه‌وه‌
من تینووی
شته‌ دووره‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانم ..
ڕۆحم هه‌ڵپه‌یه‌تی
به‌سۆزه‌ بۆ گرتنی مه‌ودای تاریك
ئای ، ئه‌ی ترسی دووری ئه‌ودیو ئاسۆ !
هه‌ی هه‌ی له‌ بانگی به‌ ئێشی
له‌ (نه‌ی)دا هه‌ڵقووڵاو !
من له‌ بیرم ده‌چێ‌
هه‌میشه‌ له‌ بیرم ده‌چێ‌ باڵم پێوه‌نین بفڕم و
هه‌میشه‌ گیرۆده‌ی ئه‌م شوێنه‌م
من به‌قه‌د شه‌وقه‌وه‌ مردووم
بێدار…
من غه‌ریبم
له‌ خاكێكی عه‌جیبدا!

ئای دونیا!
ئای دونیا!
تۆ گوڵی خۆتت چنی و
به‌ دڵمه‌وه‌ت نووساند
دڕكی تێڕاچوو ..
كه‌ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون چوو ،
تاریكی كشا ..
گوڵم له‌ گۆشه‌یه‌ك دانا
لێ‌ ئێشی دڕكه‌كه‌ی هێشتا مابوو
ئای دنیا!
گوڵ گه‌نجییه‌تی و بۆنت ده‌داتێ‌
به‌ڵام وه‌ختی گوڵوه‌چنی
كه‌ من چاوه‌رێم ده‌كرد، له‌ ده‌ستم چوو و
له‌ شه‌وی ده‌یجووردا ؛
ئیدی ناتوانم گوڵێكم ده‌ست كه‌وێ‌
له‌ ئێشی چزووی زیاتر
كه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

گله‌یی
تۆڕم هاوێشته‌ ده‌ریاو
له‌ قووڵایی تاریكیدا ،
شتی سه‌یر و زۆر جوانم ده‌رهێنا ..
هه‌ندێكیان ده‌تگوت زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌
شه‌وقیان ده‌دایه‌وه‌ ..
هه‌ندێ‌ وه‌ك فرمێسك ده‌دره‌وشانه‌وه‌ و
هه‌ندێكیش ئاڵ وه‌ك گۆنای بووك..
كه‌ دره‌نگی ئێواره‌ به‌خۆو به‌ده‌ستكه‌وته‌وه‌
گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ،
خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ باخچه‌ دانیشتبوو
به‌ ته‌مه‌ڵییه‌كه‌وه‌ په‌ڕه‌ی گوڵی هه‌ڵده‌كێشان
به‌ شه‌رم و ویقاره‌وه‌
ئه‌وه‌ی ڕاوم كردبوو
خستمه‌ ژێر پێی
به‌ سووكییه‌وه‌ لێی ڕووانی و وتی:
ئه‌م شته‌ سه‌یرانه‌ چین؟
نازانم سوودیان چییه‌ !
سه‌رم به‌ شه‌رمه‌وه‌ دانه‌واند و
بیرم كرده‌وه‌:
” پێیانه‌وه‌ ماندوو نه‌بووم
ئه‌وانه‌ شایانی تۆ نین ”
به‌درێژایی شه‌و خه‌ریك بووم
یه‌ك یه‌ك له‌ ڕێگادا فڕێم دان
به‌یانی موسافیر هاتن
كۆیان كردنه‌وه‌ و
بۆ وڵاتی دووریان بردن…

گۆرانیی شاعیر

كه‌ چه‌نگه‌كه‌م
له‌گه‌ڵ ئاوازی پچڕپچڕم ده‌هێنایه‌وه‌ ،
تۆ له‌وه‌ دوور بووی تێم بگه‌ی..
چۆن بمتوانیایه‌ بزانم
ئه‌و سترانانه‌
له‌ كه‌ناری نادیاریدا
هه‌ڵپه‌ی تۆیانه‌؟
كه‌ نزیكم بوویه‌وه‌
گۆرانییه‌كانم
به‌ ئاهه‌نگی هه‌نگاوه‌كانتا
سه‌مایان ده‌كرد
وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌سیمی شادییه‌كی باڵا
له‌و یه‌كگرتنه‌دا
به‌ جیهان بڵاوده‌بێته‌وه‌ و
ساڵ دوای ساڵ
گوڵ له‌ سترانی شاعیردا ده‌پشكون ..
قژی بووك ده‌ستی درێژ ده‌كا
قوربانی دێ‌ قبوڵ بكا
ئه‌وه‌ی له‌م گه‌ردوونه‌دا مه‌علوومه‌
له‌گه‌ڵ نادیاردا
یاری چاوشاركێ ده‌كه‌ن.

ئای له‌ یاسه‌مه‌نی سپی !

ئه‌و ڕۆژه‌م له‌بیر ناچێ‌
یاسه‌مه‌نی سپی ئامێزی له‌ ده‌ستم وه‌رێنا..
خۆر و
ئاسمان و
خاكی سه‌وزم خۆشه‌ویست و
له‌ شه‌وێكی تاریكدا
گوێم له‌ هاژه‌ی ڕووبار بوو ..
له‌ گه‌وه‌ی ڕێگادا ڕۆژم لێ‌ ئاوا بوو
پایزێكی ته‌نیا
شتی وای جێهێشتووه‌
وه‌ك بووكێك، كراسی بووكێنی
له‌ وه‌ختی پێكگه‌یشتندا
بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی هه‌ڵده‌كا..


كۆتایی

وه‌ختی سه‌فه‌ره‌ دایه‌ !
من ده‌ڕۆم
له‌ تاریكایی ڕه‌نگپه‌ڕیوی
به‌ره‌به‌یانی چۆلدا
كه‌ باسكه‌كانت له‌سه‌رجێدا
بۆ مناڵه‌كه‌ت درێژ ده‌كه‌یت ..
له‌ سه‌رمه‌ بڵێم:
” مناڵه‌كه‌ لێره‌ نییه‌ ”
دایه‌ من ده‌ڕۆم !
ده‌بم به‌ ته‌وژمی كزه‌بایێك و
دڵنه‌واییت ده‌كه‌م ..
كه‌ خۆت ده‌شۆی
له‌ناو ئاودا شه‌پۆلان ده‌ده‌م و
ماچت ده‌كه‌م و
جارێكی دی ماچت ده‌كه‌م ..
له‌ شه‌وی باوبۆراندا
كه‌ باران نه‌رمۆكه‌ له‌ گیا ده‌دا
چپه‌ی من ،
له‌ پێخه‌فه‌كه‌تدا ده‌بینی
پێكه‌نینم بروسكه‌یه‌ك
له‌ په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌ی ژووره‌كه‌تدا داده‌یسێنێ‌
نه‌نووستبووی ،
كه‌ پاڵ كه‌وتی
وێنه‌ی ئه‌ستێران گۆرانیت بۆ ده‌ڵێم
” بنوو.. دایه‌.. بنوو ”
له‌ تریفه‌ی ماهی خه‌یاڵڕۆیودا
ده‌خزێمه‌ سه‌رجێت كه‌ نووستوی
له‌سه‌ر سنگت پاڵ ده‌كه‌وم
ده‌بم به‌ خه‌ون و
له‌ نێوانی پێڵووه‌ نه‌ختێ‌ كراوه‌كانتا
ده‌خزێمه‌ ناو قووڵایی نووستنت ..
كه‌ له‌ خه‌و ڕاده‌بی و
به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری ده‌وروبه‌رت ده‌كه‌ی
له‌ تاریكیدا
وێنه‌ی په‌پووله‌ی ڕوناهیدار
ده‌فڕم ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌
له‌ ئاهه‌نگی جێژنی مه‌زنیی دایكیش
كه‌ مناڵانی هاوسێ‌ دێن و
یاری له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵ ده‌كه‌ن
له‌ ئاوازی نه‌ی دا ده‌توێمه‌وه‌ و
به‌درێژایی ڕۆژێ‌ له‌ دڵتدا لێ‌ ده‌ده‌م و
(سنتا)ی خۆشه‌ویستیش
به‌دیارییه‌كانته‌وه‌ بۆ ڕۆژی دایك دێ‌ و
لێت ده‌پرسێ‌:
كوڕه‌كه‌ت له‌ كوێ یه‌ خوشك ؟!
تۆش به‌ هێمینه‌وه‌ پێی ده‌ڵێی
له‌ بیلبیله‌ی چاوه‌كانمه‌
كوڕه‌كه‌م جه‌سته‌مه‌.. ڕۆحمه‌..

 شاعیرو شانۆنووس و ڕۆماننووس (ڕوبندرانات تاگوور) له‌ به‌شی به‌نگالی شاری كه‌لكه‌تا ساڵی 1861 له‌دایك بووه‌. بۆ یه‌كه‌مین جار هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی باوكی كه‌ ئه‌ویش زاناو شاعیرو شانۆنووس بووه‌ خوێندوویه‌تی، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ویش فێری وه‌رزشی (جۆدۆ) بووه‌. تاگوور زمانی سانسكرێتیشی له‌ هه‌رێمی نیكتانهی ڕۆژئاوای به‌نگال خوێندووه‌، خانه‌واده‌ی تاگوور هه‌بوویی بوون‌و له‌ چینی (براهما) بوون. زۆربه‌ی خوێندنی تاگوور له‌ ماڵه‌وه‌ بووه‌ له‌ژێر چاودێری مامۆستای تایبه‌تی و سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی خانه‌واده‌كه‌ی… زۆربه‌ی زانسته‌كانی خوێندووه‌، له‌ زانستی زمانه‌وه‌ بگره‌ تا فه‌له‌كناسی و زانسته‌كانی نوێ و مێژوو و كولتووروی جۆراوجۆر… له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه‌ شیعری نووسیوه‌، له‌ حه‌ڤده‌ ساڵیشه‌وه‌ باوكی ده‌ینێرێته‌ ئینگلستان، به‌ڵام پاشان له‌وێدا زانكۆ به‌جێده‌هێڵێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌لكه‌تا. ئه‌زموونی شیعری تاگوور له‌و ده‌مه‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ ژماره‌یه‌ك كۆشیعری بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ پازدان و تێپه‌ڕاندنێكی گرینگ ناسێنرا نه‌ك هه‌ر به‌ گوێره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی خۆی، به‌ڵكو له‌ناو تێكڕای (شیعری به‌نگالی)دا. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ چه‌ندین شـانۆیی و ڕۆمـان و كـورته‌ چـیرۆكی دی، لـه‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا

تاگوور له‌ قۆناغه‌كانی دوایی ژیانیدا وێنه‌كێشێكی كارامه‌یشی لێ ده‌رچوو (له‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیدا) و له‌ ژماره‌یه‌ك پیشه‌نگاشدا تابلۆكانی نمایش كردن، تاگوور كه‌ ده‌چێته‌ ئینگلستان، له‌گه‌ڵ براده‌رێكی پێكده‌گه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ده‌بێ، ئه‌و براده‌ره‌ی ناوی (رۆتنستاین)ـه‌، هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگ بووه‌، تاگوور له‌ هیندستانه‌وه‌ ناسیبووی پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ كرد شیعره‌كانی بۆ بكاته‌ ئینگلیزی، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زانی له‌به‌رابه‌ر شیعری ئینسانی به‌رز دایه‌، پاش وه‌رگێڕانیش، بۆ پێداچوونه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ شاعیری ئایرلاندی ناسراو (ولیه‌م بتله‌ر یێتس)ـه‌وه‌ ده‌كا ، لێره‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانی تاگوور ناسران و له‌ دوای ئه‌وه‌شدا زۆری نه‌برد (خه‌ڵاتی نۆبل)ی وه‌رگرت. له‌ ئه‌نجامی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوو كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌لكه‌تا ساڵی 1947 بۆی كرا ، پاش ئه‌وه‌ی دوا شیعری بۆ ئاماده‌بووانی نه‌خۆشخانه‌ خوێنده‌وه‌ گیانی سپارد. ئه‌م قه‌سیدانه‌ی تاگوور له‌ (رابندرنات گاغور- روائع فی المسرح والشعر)ـه‌وه‌ كراون به‌ كوردی.




ڕۆژی بڕیاردان … سه‌باح شێخانی

دیاریكردنی ڕۆژی گشتپرسی له‌ ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2017، بڕیارێكی مێژووییه‌، ڕۆژی بڕیاره‌ ڕاسته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌، له‌م ڕۆژه‌دا، خه‌ڵكی كوردستان بریار له‌ چاره‌نووسی خوی ده‌دات، ریفراندۆم پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌، ده‌توانێت كێشه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ربكات با هه‌موومان ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی یه‌كتر هه‌نگاو بنێین، ئیتر كاتی بڕیار و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورده‌، تا له‌ داهاتوودا له‌ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان هه‌ناسه‌ بده‌ین.

ڕۆژی 7ی حوزه‌یرانی 2017 بڕیاره‌ گرنگ و مێژوویه‌كه‌ درا، دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی و دانانی یه‌ك هه‌فته‌ بۆ لایه‌نه‌كان تا نوێنه‌ر ده‌ستنیشان بكه‌ن و نووسراوی سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆمسیۆن تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت نه‌خشه‌رێگای پراكتیكین بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر، له‌ ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، به‌ ده‌نگی هه‌ر تاكێك مێژوویه‌كی جوان بۆ نیشتیمان تۆمار ده‌كرێت.

سه‌ربه‌خۆیی، خواستی شه‌قامی كوردییه‌، بازنه‌ی ئه‌م خواسته‌ مه‌زنه‌ زۆر فراوانتره‌ له‌ ئاره‌زووی تاكه‌ كه‌سێك، یان تاقمێك، یان حیزبێك، بۆیه‌ به‌رگرتن به‌م خواسته‌، یان ته‌گه‌ره‌ دروستكردن له‌به‌رده‌میدا، هیچ ئاكامێكی نابێت، جگه‌ له‌ مایه‌پووچی نه‌بێت له‌ به‌رده‌م مێژوودا.
ڕیفراندۆم چه‌تری كوردایه‌تییه‌، خوانێكه‌ بۆ هه‌موومان، گرنگه‌ نێوماڵی كوردیمان یه‌كبخه‌ینه‌وه‌ و متمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو پرۆسه‌ی سیاسی و ئاشته‌وایی نیشتیمانی بونیاد بنێینه‌وه‌.

هه‌نگاونان و دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم بووه‌ته‌ ڕۆژه‌ڤ، ‮ ‬ڕۆژ به‌ڕۆژ پێی‮ ‬ده‌نێته‌ قۆناخێكی‮ ‬پێشكه‌وتوتر له‌ باشووری‮ ‬كوردستان، هاوڵاتیان به‌گه‌رمی‮ ‬و به‌ جۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‮ ‬ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كه‌ن، ریفراندۆم، جگه‌ له‌وه‌ی بابه‌تێكی‮ ‬یاسایی‮ ‬و سیاسییه‌، هاوكات ده‌سكه‌وتێكی به‌هاداره‌ بۆ گه‌ڵی كوردستان، چاوه‌ڕوانی چه‌ندان سه‌ده‌، له‌م ڕۆژه‌دا ده‌بینم، چاره‌نووس و هیوای میلله‌تی تێدا بڕیار ده‌درێت، بۆیه‌ سێ وشه‌ی جوان هه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی كوردیدا، هیچ كات له‌ یاد ناكرێن، هه‌میشه‌ له‌ناو فیكر و ده‌روونی كوردستانیاندا، به‌ زیندوویه‌تی ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌: پێشمه‌رگه‌، بارزانی، سه‌ربه‌خۆیی.




ئـاوێنەی گەل … چالاک ئـاغجەلەری

کاتێک دەمانەوێت بیربکەینەوە لە شێوازی بەڕێوەچوونی ژیان لەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگەیە ی نیشتمانێکدا کە زۆرینەی تاکەکانی بە نزیکایەتی و ھاوخوێنی نەژادێکیان پێکھێناوە وەکو تەواوی کۆمەڵگەی دونیا گوزارشت بە کلتور و ڕەسەنایەتی خۆمان دەکەین ھاوبەش لەگەڵ چەندین نەژاد وئـاینزای جیاواز ، وەک گەلێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا کە شوێنگەی چاو ھەڵھێنان و گەشە وگەورەبوونمان بۆتە شوناسی کەسێتیمان بە کۆی سەرکەوتن و نوشستەکان ، تەواوی ئـازار و خەندەکان ، لە پێویستی پێدانی ژیانێکی ڕەنگاو ڕەنگ کە گوزارشت بکات لە جوانیەکانی ئـەم میللەتە ھەنگاوەکان بۆ پێشەوە پێویستی بە ھاوڕێکی و ھاوتەریبی تاک بە تاکی ئـەم کۆمەڵگەیەیە بۆ دوا وێستگەی ئـارام.

شەرم ئـامێز نییە ئـەگەر وەکو میللەتێکی دواکەوتو بە وێنەی زۆرینەی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین خۆمان بکەینە ئـەم کاتەگۆرییەوە، کاتێک بە پۆشینی ئـەم بەرگە خۆمانناساند ، ھەربۆیە لە وەرگرتنی ئـەم دۆخە لە کەمی وبەکمزانینەوە نییە ، چۆن وە بۆچی؟
میللەتێک بە درێژایی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کارکتەرێکی بنەڕەتی پێنەدرابێت لە کۆی سیناریۆکانی ژیانی ھاوچەرخ ، ھەمیشە دەقە ھێنراوەکان لە دەرەوەی ناخی خۆی شوناسیان پێدابێت لەزۆربەی بوارەکاندا و ھەروەھا بەردەوامیی ھێرشی شەپۆل خنکێنەرەکان میللەتی ئـاڵودەی دۆگمایی و دواکەتوی ھزری کردوە، لێرە بەدواوە بە ھەستکردن یان پەیبردن بەم دەردە دەبێت وێڵی چارەسەر و ڕێگەچارەی ئـەو دۆخە بین کەخەفەی کردوین ، خێرایی ھەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی ھێڵە بڤەکان دەبێت ھاوتای تەوژمی باڵەکانی ھەڵۆ بێت بۆ ھەرچی زووتر ماڵئـاوی کردن لە مێژوویەی سەپێندرا بەسەرماندا.

بە جیاواز لە مێژوویەی کە داگیرکەرانی ئـە م میللەتە بە خاک و فەرھەنگ و فیکرییەوە کەوتنە وێزەی تاوەکو ئـەندازەی خۆ وونکردن لەوەی ئـێمە کێن و مێژەری ڕەوایەتی بۆ ژیان بەرپرسیارێتیمان بۆی بە ناڕۆشنی دەرکەوت ، ھاوکات خۆشمان و ھەنگاوەکانمان لە ھەر ھەولێک بۆ دەربازبوون لە نەھامەتیەکانی نەمان توانی لیخنی ئـەو واقعە سەپێنەرە ببەزێنین ، وەک بەکارھێنەرێکی ستەم لێکراو سینەی خۆمان پاک بکەینەوە ، بەردەوام بەھەمان نەفەسی داگیرکەر ھەڵسوکەوتمان لەگەڵ خۆدا کرد، بە نموونە زۆربەی ڕەوتە سیاسیەکانی ئـەم گەلە چۆن ڕەقیبەکان وەک دێوەزمەیەکی ترسناک و خوێن ھێنەر خۆیان خاڵی کردوە پێمان ، ئـەم فریادڕەسانەش فەرھەنگێکی لەمە زیاتریان لە کەشکۆڵەکەیاندا نەبوو ، خاڵی خاڵی بوون لە ھەموو ئـەو خواستە مێژینەی وەک ستەم لێکراوێک خەونی ئـەرخوانیمان پێوە دەبینی، ئـەوەی ئـەمانی لە ئـەوان جیاکردەوە تەنھا وتەنھا زمانی ئـاخاوتنەکەبوو و ھیچی تر.

ئـێستا تێگەیشتین لەکامە فەزای ژیاندا ھەناسەدەدەین ، ڕوونی ئـاسۆمان چ لێڵیەک بەری گرتوە و کێن ئـەوانەی بڕیار لەسەر ئـایندەمان دەدەەن، ئـەمڕۆ ھاتوون گەرەکیانە وەکو کەسێکی نەخوێنەوار پەنجەمان بگرن و مۆری نەگبەتیمان پێبکەنە سەر کاغەزی سپی و ئـازادمان بکەن!!!، لە کاتێکدا خۆیان بوونەتە سەرچاوەی ئـێش و ئـازار بەسەرمانەوە، ھەرکەسێ بە ئـازادی بیربکاتەوە و قسەی ھەبێت تا پێیان بکرێت دوژمن ئـاسا بەرامبەری ڕادەوەستن و پاکتاوی جەسەدی دەکەن، تەواوی وێنا جوانەکانی ڕوح و ژیانمان لە ناشیرینی ئـەواندا وون بوونە.

تەماشاکەن بیرکورتی ئـەم کۆمەڵە چۆن ژیانمان بە ھەڵگەڕاوەیی پێدەناسێنن ، ئـازادیەک کە خواستی ھەموو گەل بوو ووردە ووردە دەیکەنە باخەڵی خویانەوە ، خەریکە وەکو بڵقی سەرئـاو وون دەبێت لە پێش چاومان. ئـەمڕۆ ئـەوەی ھاوڕای داخوازیەکانی ئـێوە نییە بە ئـاگاییەوە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئـایندەی خۆی دەکات، ھەر یەکێک کتێبخانەیەکی گەڕۆکی لە باخەڵدایە و دونیا بە ڕەنگا وڕەنگی دەبینێت ، چیتر ڕێگە نادات ئـێوە ببنە ڕۆشنگەری ڕێگەیان ، دەزانێت ڕیفراندۆم کەی و چۆن دەکرێت ، ھاوکات ئـاگادارە لە فەزایی دواکەوتویی عێراق، لەم ساتە ھەستیارەدا جوڵەیەکی ئـیفلج بووی لەم جۆرە چەندین بار لە باشوری سودان خراپتر دەشکێتەوە بەسەریدا، لەوەش بە ئـاگایە جیاوازی فیدراڵیەتی کەنەدا و کوبێک ، عێراق و ھەرێمی کوردستان بەراوورد ناکرێت بەدەر لە ناوەکەی. ھێشتا ھیچ نەبووە عومەر بەشیرەکانی بەغدا ھەڕەشەی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی لێ دەکەن و دەبێت ھەرچی کوردی بەغدا وباشورە خۆیان ئـامادەبکەن کە ھەمان ھەناسەی شۆڤێنی بەعس ئـاسا ئاودووی سنوری ووڵاتێکی تەواو دزراویان دەکەنەوە ، ووڵاتێک ئـەوەی تێیدا سەورەر نییە ئـازادی و یاساکانی ڕێکخستنی ژیانە، دەمارگیری خێڵەکیتان لە ئـاستێکدایە مردن و ھەژار کەوتنی گەلێکی ٤ بۆ ٥ ملیۆنی بکەیتە پێش مەرجی ئـەو گرەوە سیاسیەی ھەرچی دۆست و دوژمنە ئـەنجامی دۆڕانەکەیت پێدەڵێن، بەڵام سوربوونتان بەدەر لە بێ ڕوئـیایی سیاسەتتان خواستێک ئـامادەیی ھەیە تەنھا خۆتان لێی سودمەندن .

ئـەوەی ماوەتەوە و شایەنی وەستان بێت لەسەری بۆ پرسێکی ھێند چارەنووس ساز و نە ھێڵین جارێکی تر خەرمانی ماندوبوونی ئـەم گەلە توشی ئـاشبەتاڵێکی تربێت، مێژووی ٢٥ ساڵی دەسەڵات و فەرمانڕەواییەتیتان پێمان دەڵێت نەخێر .. نەخێر بۆ ئـەو ئـازادییەی ئـێوە فەرمانڕەوایی بکەن. کەڵبەی تیژی دوژمنان پێمان دەڵێت بە ووریاییەوە ھەنگاوەکانمان بھاوێژین، دونیای دەرەوە و بەرژەوەندیە زەبەلاحەکانیان لە عێراق و ناوچەکە تەرازوی خواستەکانیان ناھاوسەنگە بەم پرسە و دەبێت دووجار ھەڵوێستەبکەین ، عێراقی دوای داعشیش داشی سوارە و کارێک بکرێت ھەموو قوربانی و نەبەردیەکانی پێشمەرگە و گەریلا بە باڵای ئـەواندا نەبڕێت ، ژیرانە مامەڵەیەکی سیاسی تەندروست بەگەڕ بخرێت بۆ وەرگرتنی زۆرترین پاداشت ( سیاسی وئـابوری)، ھەر بۆیە تەواوی ئـەگەرەکان ئـاماژەن بۆ سەنگینی ئـەو بەردەی کە پێتان ھەڵناگیرێت ، تەنھا ئـامۆژگاریش بۆ ئـێوەی مەینەتھێن پێش ھەر ھەنگاوێک ئـەگەر دەکرێت لەبەردەم ئـاوێنەی گەلەدا تەماشایەکی ڕوخسارتان بکەن.




ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لەسەر چ بنەمایەک دەبێت؟؟! … شکار ئەسعەد

فاکتەری سەرەکی و خاڵی جەوهەری بنەمای داڕشتنی بناغەی دەوڵەت بریتییە لە ئابوریەکی پتەوو بەهێز کە ئێستا کوردستان بەداخەوە خاوەنی ئەو ئابوریە نیە کە ئەویش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی و نەبونی پڕۆژەی ئابوری بەهێز لە پێشودا کە ئەم هەرێمە هێندەی سێ دەوڵەتی ناوچەکە بودجەی لە بەغدادەوە بۆ دەهات لە پشکی لەسەدا حەڤدەی داهاتی عێراق و ئەم بڕە زۆرە هەموی لە نێوان حیزبەکاندا دیزە بەدەرخۆنە دەکراو لەهەدەر دراو نەتوانرا بکرێتە بنەمایەکی بەهێز بەجۆرێک کە ئیستە نەک ئابوری بەهێز نیە بەڵکو فەرمانبەرەکانیشی موچەی تەواوەتی وەرناگرن نموونەش فەرمانبەرێک گەر خاوەنی ١٠ ساڵ خزمەت بێت لە وەزارەتی پەروەردەدا موچەکەی ناگاتە ٤٥٠$ دۆلاری ئەمریکی .دەوڵەت دروست کردن پشت ئەبەستێت بە سستماتیک کردنی سەرجەم دامەزراوەفەرمیەکانی وڵات کە تا ئێستاش بە فەرمانگە بچووکەکانیشەوە بێ ئینتیمای حزبی و خزم خزمێنە نەبێت مامەڵەو کاروباری هاوڵاتیان ناچێتە ڕێوە جا مامەڵەکەت گەورەبێت یان بچووک . دروست کردنی دەوڵەت پێویستی بە دامەزراوەیەکی سەربازی بەهێزو توند و تۆڵ و تێرو تەسەلە لەڕوی پێداویستی و مەشق و چەک و جبەخانەوە و کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی وڵاتدا بێت نەوەک وەک ئێستای ھەرێمی کوردستان کە ھەردوو حزبی فەرمان ڕەوا(ی.ن.ک) و (پ.د.ک) خاوەنی دەیان جۆری ھێزی تایبەت و حزبین و تا ماوەک پێش ئێستا لە ھاوڕێ و دۆستە پێشمەرگە کانمان ئەمان بیست کە خۆیان فیشەک ئەکڕن بۆ سەنگەرەکانیان بۆ ڕووبەڕوبنەوەی تیرۆریستانی داعش . دورست کردنی دەوڵەت پێویستی بە برەودانە بە کەرتی کشتوکاڵ بەجۆرێککە بتوانرێت جگە لە پێداویستی ناوخۆ بتونرێت بەھەناردە کردنی بەرووبومی کشتوکاڵی بۆ دەرەوەی وڵات کەرتی بازرگانی و کەرتی ئابوری پێ بەهێز بکرێت کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە دەستی کاری ناوخۆی و بێ کاری نەک کەم دەکاتەوە بەڵک و بنە بڕیشی دەکات .دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سەروەری یاسایە ، بەجۆرێک هاوڵاتیەکی ئاسای بێ پلە و پۆست ی ئەم وڵاتە لەگەڵ باڵاترین بەرپرسی ئەم ھەرێمی کوردستانەدا کە گەر سکاڵایەکی یاسای لەسەر تۆمار کرا لە دادگا لەبەردەم دادگادا ملکەچی یاسا بێت خۆ گەر نەهاتە بەردەم دادگا دەوڵەت بوێر بێتو توانای ڕاپێچ کردنی هەبێ بۆ بەردەم دادگا بێ سڵەمینەوە لە چاوو سورکرنەوەی حزب و شەخس دەوڵەت و پیاوانی یاسا هەڵبستن بە بە جێ کردنی ئەرکی فەرمی خۆیان دروست کردنی دەوڵەت پێویستی بە بنەبڕ کردنی گەندەڵی ھەیە کە ھەر کەس و تاکێک گەندەڵی کرد و یاخود کار ئاسانی کرد بۆ گەندەڵی بێ جیاوازی کە خاوەنی خەباتی شاخبێت یان خاوەنی خەباتی شار وە ھیچ پاساوێک قبوڵ نەکرێت بۆ دادگایی نە کردنی ، دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سستمێکی کەرتی تەندروستی بەھێزە کە ھێندەی کارمەندو دکتۆری بەتواناو خاوەن ئەزمون و دەرمان و ئامێرە پزیشکیەکان ھەبێت کە خەڵکی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوبکەنە وڵاتە کەمان ، نەک وەکو ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕویدا لەبەر هۆکاری نەزانینی کارمەندو پزیشک و کەمو کوڕی لە چۆنیەتی کوالێتی دەرمان و بەکار هێنانی دەرمانی ماوە بەسەرچو دەستی منداڵێک بڕدرایەوە. نموونەی وڵاتی سوید ئەکەمە نموونە کە یەکێکە لەو وڵاتانەی جیھان کە خاوەنی سستمێکی تەندروستی بەھێز و وردە کە نەخۆشێک چارەسەرە کانی بە تەواوەتی وەرنەگرێت ڕاستەوخۆ دکتۆرەکەی ئاگادارە و پێی دەڵێت کە ھێندەت دەرمان وەرگرتوە و ھێندەشت وەر نەگرتوە !! دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سستمێکی بەھێزی پەروەردەیەکە خۆی ببینێتەوە لە دایبینکردنی کۆی پێداویستیەکانی پرۆسەی پەروەردەکردن نموونە ی خۆماڵیش تائێستا یەک بینای خوێندنگەی بنەڕەتی ٣ بۆ ٤ دەوامی تێدا دەکرێت ، دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە ڕێزگرتنی دەنگی خەڵکی و سەجەم دامەزراوەفەرمیەکانی وڵاتە و نموونەی خۆماڵیش پەکخستنی پەڕلەمانی کوردستانە . کەی ئەوانەی باسم کردون جێ بەجێ کرا ھەموومان بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگمان خۆمان ئەکەینە فیدای ئەو دەوڵەتەنەک بمانکەنە خاوەنی دەوڵەتێک وەک یەکێک لەدەوڵەتە هەژارەکانی قاڕەی ئەفریقیا




مانا سایكۆبوونناسیه‌كه‌ی ” سه‌ربه‌خۆبوون” …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

ئه‌م چه‌مكه‌ هه‌رچی له‌باره‌وه‌ گوترابێ‌ و هه‌رچۆن به‌كارهاتبێ‌ و هه‌رچی پاڵنه‌رێك له‌ پشت به‌كارهێنانیه‌وه‌ بووبێ‌ و هه‌ركێش دایهێنابێ‌ و پاشان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك وه‌ربگێڕدرێته‌ سه‌ر زمانه‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، جگه‌ له‌ ویستێكی دیار یا شاراوه‌ بۆ “خۆبوون” یا بوون به‌ “خۆ” چیتر ناگه‌یه‌نێ‌.

“خۆبوون” ململانێیه‌كی وجودی درێژخایه‌نه‌ له‌ نێو كه‌سه‌كان خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری كار و كردار و ئه‌رك و جولانه‌وه‌ و قسه‌ و گوفتار و په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌ بڕیارێك له‌ “خۆ”یانه‌وه‌ ده‌رچێ‌ و كه‌مترین كاریگه‌ری و گوشاری ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر بێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی تاكه‌كان چالاكن و ده‌یانه‌وێ‌ به‌ هێزی كێشكردنیان هه‌رچی “خۆ” یه‌كانی ده‌وروبه‌ریان هه‌ن له‌وانه‌وه‌ هێز وه‌رگرن به‌ هه‌موو شێوه‌ و گه‌وهه‌ره‌كانی هێزه‌وه‌.
“خۆبوون” بابه‌تێكی وجودیه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ “ئیراده‌” وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ “خۆ” ی بێ‌، هوشیاره‌ به‌وه‌ی له‌ بنچینه‌دا خۆی نیه‌ و له‌وه‌ته‌ی هۆشیشی به‌و خوده‌ی خۆی هه‌یه‌ زانیویه‌تی به‌رده‌وام خودی ئه‌و له‌ ژێر سته‌مێكی ده‌ره‌كیدایه‌ و داپڵۆساوه‌ و كه‌وتۆته‌ ژێر بارێكی به‌رزه‌فته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواسته‌كانی خۆیه‌تی و مه‌به‌ست تیایدا ته‌نها پاراستنی جۆرێكی تره‌ له‌ هاوسه‌نگی كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ناهاوسه‌نگی خودی تاكه‌كان تین و تاقه‌ت وه‌رده‌گرێ‌.

“ئیراده‌” ی هه‌ر كه‌سێك له‌ ئه‌نجامی بڕاندنه‌وه‌ی ململانێیه‌كی تاقه‌ت پڕوكێنی ناوه‌كیه‌وه‌ له‌ نێوان {“ده‌بێ‌” و “نابێ‌”}یه‌كانه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و تادێ‌ به‌ خۆدواندن و له‌خۆگه‌یشتن و خۆناسین و خۆده‌ربڕین و خۆئاشكراكردن و خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و خۆهه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌ به‌هێزتر ده‌بێ‌ و دواتر هێواش هێواش ده‌بێته‌ كردار و له‌ ڕه‌فتار و كه‌سێتی تاكه‌كانه‌وه‌ ڕه‌نگده‌داته‌وه‌.

ئیراده‌ هه‌روه‌ك نیتشێ‌ ده‌ڵێ‌ (هۆكارێكه‌ هه‌رده‌م ئه‌و هۆكاره‌ له‌ مه‌به‌ستێكه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا)، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ مه‌به‌ستێكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕوودانی هه‌ر ڕووداوێك یا ڕه‌فتارێك، ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ بنچینه‌دا له‌ تێگه‌یشتنی كه‌سه‌كه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و له‌ ده‌ربڕینی جۆراوجۆردا له‌ “ئیراده‌” دا خۆیان مانیفستۆ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئیراده‌ ده‌بێ‌ سه‌ره‌نجام به‌رهه‌می هه‌ستكردن و ئاگاییی و په‌یبردن و هۆشیاری بێ‌ و هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونێكی ئینسانی وه‌ك “خۆ”یمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن، و وه‌ك شوبنهاوه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌كا ئیراده‌ عه‌قڵ پێشخۆی ده‌دات و وه‌ك توخمێكی په‌یبه‌ر له‌ مه‌عریفه‌ی ڕاسته‌وخۆدا ڕۆڵی خۆی ده‌بینێ‌. ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌ له‌ پێشدا كه‌س یا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یانه‌ یا دیاریده‌كه‌ن ده‌بێته‌ بیانه‌وه‌كانی ئیراده‌ و وا له‌ تاك ده‌كه‌ن تا ئاستێكی باشی لێ‌ نه‌هێننه‌ دی كۆڵ نه‌ده‌ن، جا یا ده‌یگه‌نێ‌ یا ئه‌وه‌تا كۆسپه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆیان و دواتر ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ به‌ر له‌و ئیراده‌یه‌ ده‌گرن و له‌ ڕاستیشدا ژیان هه‌ر له‌و جۆره‌ ململانێیانه‌وه‌ مانا وه‌رده‌گرێ‌.

ئیراده‌ هه‌رده‌م وریاكه‌ره‌وه‌ی عه‌قڵه‌، عه‌قڵ مرۆڤ زۆر ماندوو ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ به‌ درێژایی مێژوو ته‌نها داهێنه‌ر و خاوه‌ن ئیراده‌كان توانیویانه‌ له‌و ته‌مبه‌ڵیه‌ وجودیه‌ ڕزگاریان بێت، ئیراده‌ هه‌میشه‌ ده‌بێ‌ له‌ پێشدا عه‌قڵی له‌گه‌ڵدا بێ‌ ئینجا وزه‌ و پاڵنه‌ری ده‌روونی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌و ئامانجانه‌ی سه‌ره‌تا دیاریكردوون. مه‌گه‌ر نا چۆن ئیراده‌ بۆ كار و جوڵه‌ و داهێنان هه‌یه‌ ئاوه‌هاش ئیراده‌ی ته‌مبه‌ڵی و سستی و خاوبوونه‌وه‌ مرۆڤ داده‌هێزرێنێ‌ و له‌ ڕاستیشدا ئه‌و جۆره‌ ئیراده‌یه‌ تاكه‌كان له‌ كه‌سێتی ده‌خات و له‌ خۆیان دایانده‌ماڵێ‌ و ده‌یانكا به‌ موڵكی ئه‌وانی تر.
“خۆبوون” له‌ (عه‌قڵ) دا مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌ (ئیراده‌) شدا هێز و تین و تاقه‌ت، ئه‌گه‌ر عه‌قڵ بریتی بێ‌ له‌ ڕێكخستن و به‌ سیستمكردن هه‌روه‌ك شوبنهاوه‌ر له‌ كتێبی (حیكمه‌تی ژیان) دا باسی ده‌كا، ئه‌وا ئیراده‌ بۆ هێنانه‌ ئارای هه‌ر ویستێكی عه‌قلانی به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێ‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ لانه‌كردنه‌وه‌ له‌ به‌ سیستمكردن و خۆڕێكخستنه‌وه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی عه‌قڵ و ئه‌وسا ئیراده‌ش بۆ به‌ره‌و پێشبردنی هه‌ر تێز و بڕیارێك لاواز ده‌بێ‌ و به‌ره‌و ئامانجه‌كانی ناجولێ‌، یا كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ی دێنه‌ پێش و زیاتر كه‌س یا هه‌ر ناوه‌ندێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی تاك به‌ كێشه‌كانی به‌رده‌م ئیراده‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك توانا خه‌رجكردن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج.

ئیراده‌ی “خۆبوون” لای هه‌ر كه‌سێك یا هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ و گرووپێك بێت، هه‌وڵێكی نه‌پساوه‌یه‌ بۆ “خۆ” ڕزگاركردن له‌ خودێكی ساخته‌، بۆ ڕزگاربوون له‌و بوونه‌ی له‌ نێو شت و هه‌بووه‌كانی تردا ونبووه‌، جا چ ته‌مبه‌ڵیه‌ وجودیه‌كه‌ پاڵی پێوه‌ ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌ سه‌رئێشه‌ی “ئازادی” دوریخاته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ حه‌سانه‌وه‌یه‌كدا بێ‌ ته‌نها بوونه‌ بیۆلۆژیكیه‌كه‌ی بۆی به‌س بێ‌، یا ئه‌وه‌تا ئه‌و هێزانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كارابوون نه‌یانهێشتووه‌ خواسته‌كانی ئه‌و بگه‌نه‌ مه‌به‌سته‌كانیان تاوه‌كو ئه‌و ناوه‌ندانه‌ وه‌ك تیشكده‌ره‌وه‌ و سه‌رچاوه‌كانی تین و تاقه‌ت بۆیان تا ئه‌به‌د بمێننه‌وه‌ و به‌ به‌رده‌وام بچوككردنه‌وه‌ی تاكه‌كان بایی ئه‌وه‌نده‌یان بده‌نێ‌ ته‌نها پێی بژین و به‌س.

مرۆڤ به‌ سرووشتی خۆی به‌ره‌و چێژ ده‌چێ‌ و له‌ ئازار خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ زانستی و فه‌لسه‌فیه‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ و نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها ده‌روونشیكاری فڕۆید ئیشی له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵكو نه‌یاره‌كانیشیان له‌ ڕه‌فتاریزم به‌ تایبه‌تی بۆرهۆف فریدریك سكینه‌ر له‌ كتێبی” ته‌كنۆلۆژیای ڕه‌فتاری مرۆڤ” به‌ هه‌مان مانا به‌ڵام به‌ داڕشتنه‌وه‌یه‌كی تر پێمان ده‌ڵێ كه‌: هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌ زیندووه‌كان له‌ ژیاندا بۆ ئه‌وه‌ ده‌كۆشن خۆیان له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئازاراویه‌كان ڕزگار بكه‌ن، ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ش له‌ سه‌رچاوه‌كانی كێشه‌ و سه‌رئێشه‌كان ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینێ‌ له‌ تێكۆشان بۆ ئازادی له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌لومه‌رجی قه‌ڵس و بێزاركه‌ر له‌ لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ست بۆیان درووست كرابن.

سكینه‌ر پێیوایه‌ جۆره‌كانی خۆڕزگاركردن له‌و وروژێنه‌ره‌ قه‌ڵسكه‌رانه‌ زۆرن هه‌ر له‌ ڕاكردن و كۆچكردنه‌وه‌ بیگره‌ تاوه‌كو خۆ بێبه‌ریكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆوه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ‌ نابێ‌ بچێته‌ قالبی شڵه‌ژانی زیاتری هه‌لومه‌رجه‌ ژینگه‌ییه‌كان، چون ڕه‌فتاریزمی سكینه‌ر پێیوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتاری نوێ‌ و هه‌لومه‌رجی تازه‌ ساز بكرێ‌ پێویسته‌ تا ئاستێكی زۆر وروژێنه‌ر و موعته‌یاته‌ پێویسته‌كانیان له‌ ژینگه‌دا فه‌راهه‌م بكرێن و دۆخه‌كه‌ وه‌ك ئه‌زموونێكی ورد بخرێته‌ به‌ر مه‌ددی نه‌زه‌ر.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌فتاری نوێ‌ بێنه‌ ئارا ده‌بێ‌ زه‌مینه‌ی هاتنه‌ ئارای ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ تا ئاستی ماقوڵ ساز بكرێن و دۆخه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بسازێ‌ كه‌سه‌كان وه‌ڵامی پۆزێتیڤیان بۆ وروژێنه‌ری پۆزێتیڤ هه‌بێ‌، خۆ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ پڕاوپڕ بێ‌ له‌ وروژێنه‌ری قه‌ڵس و تاقه‌ت پڕوكێن ده‌بێ‌ ئاساییانه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بین وه‌ڵامه‌ جۆراوجۆره‌كانی كه‌سه‌كان بۆ ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بار و شڵه‌ژاوه‌ نێگه‌تیڤ بێ‌.

نه‌بووه‌ تۆ زه‌مینه‌ پڕكه‌یت له‌ ورژێنه‌رstimulate ی قه‌ڵس و ئیزعاج تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌سه‌كان خۆیان ته‌نها بۆ سكیان ته‌رخان كه‌ن و بیكه‌ن به‌ ئامانجی سه‌ره‌كیان، له‌ولاشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی پۆزێتیڤ بی بۆ ئه‌و وروژێنه‌ره‌ ئیزعاجانه‌، ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناعه‌قلانیه‌ له‌ هیچ چوارچێوه‌یه‌كی هزری و عه‌قلی و مه‌عریفی و ڕه‌فتاریش جێگه‌ی شیاو بۆ خۆی نادۆزێته‌وه‌. هاوسه‌نگی و دینامیكیه‌تی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان وروژێنه‌ر و وه‌ڵام وه‌ك وێنه‌یه‌ك ده‌بێ‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا گه‌وره‌تر بكرێته‌وه‌ و جوڵه‌ی ژیانویستی له‌و ژینگه‌یه‌دا هه‌میشه‌ له‌ هاوسه‌نگی نێوان سه‌نته‌ره‌كانی پرسیار و وه‌ڵامدا بێن و بچن.

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی پرسیاركه‌ره‌ و هه‌میشه‌ له‌ ژیانیدا به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خۆی له‌ خۆیان ده‌كا یا بۆی درووست ده‌بن وێڵه‌، هه‌ندێك وه‌ڵام بین و بڕی ده‌شكێنن و ده‌یبه‌نه‌ دۆخێكی ڕه‌حه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیشیان له‌ دوودڵیه‌كی ئه‌به‌دیدا ده‌یهێڵنه‌وه‌ و له‌ ڕاستیشدا ژیان هه‌رگیز هه‌روه‌ك ڕۆلۆ مای له‌ كتێبی” مانای دڵه‌ڕاوكێ‌ The Meaning of Anxiety” دا ده‌ڵێ‌ له‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌ كه‌ به‌ وجودیی ناوی ده‌با ڕزگاری نابێ‌َ و بگره‌ بۆ ژیان به‌ پێویستیشی ده‌زانێ‌.

ئه‌م بینینه‌ سایكۆوجودیه‌ لای ڕه‌فتاریزمی سكینه‌ریش هه‌یه‌ و له‌وێدا ژیان پڕۆسێسێكی به‌رده‌وامی پرسیار و وه‌ڵامسازیه‌ كه‌ خۆی له‌ په‌یوه‌ندی و به‌ره‌نجامی نێوان وروژێنه‌ر و وه‌ڵامه‌كان دا ده‌بینێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی چاك و پڕ به‌ پێستی پرسیاره‌كه‌ی خۆت ده‌سكه‌وێ‌ ده‌بێ‌ وروژێنه‌ره‌كه‌ت تا ئه‌و ئاسته‌ كه‌سانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بوروژێنێ‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌یده‌نه‌وه‌ وه‌ك وروژێنه‌ره‌كه‌ وابێ‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر وروژێنه‌ر نه‌شیاو بوو وه‌ك هه‌موو ئه‌و وروژێنه‌رانه‌ی له‌سه‌ر زه‌مینی ئێمه‌ هه‌ن ئه‌وا وه‌ڵامه‌كانیش به‌قه‌د وروژێنه‌ره‌كان نه‌شیاو و قه‌ڵس ده‌بن، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌شیاو و توندتر نه‌بن.

ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ ته‌واو سایكۆفه‌لسه‌فیه‌ و بگره‌ تا ئاستێكی زۆر ئیمبیریكی و ئه‌زموونیشه‌، په‌یوه‌ست نابن به‌ خاتر خاترێنێ‌ و دانوستان و دیبلۆماسیه‌ته‌وه‌، له‌ زانستدا ئه‌م میكانیزمانه‌ نایخۆن و جێیان نابێته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك تاك پێكهاتووه‌ و هه‌موو ئه‌و تاكانه‌ به‌رهه‌مهێنی هێزن چ بۆ خۆیان وه‌ك خاوه‌ندارێتیان بۆ كه‌سی خۆیان، چ وه‌ك كۆ وه‌ك ئه‌ندامبوونیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنی هێز هه‌میشه‌ پێویستی به‌ كه‌ره‌سته‌ و شمه‌كه‌ خاوه‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌یه‌، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی هێز به‌ قه‌زاو قه‌ده‌ر و درووشم و ڕازاندنه‌وه‌ی گوتار و ده‌م و له‌بی شیرین ناچێته‌ ڕێوه‌.

ئێمه‌ له‌ كورده‌واری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆماندا هۆشمان به‌ تێكچوونی باڵانسی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووری و دواتر سیاسی خۆمان ده‌شكێ‌ و له‌ ڕاستیشدا ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ وه‌ك (ئه‌نجام) له‌ هه‌نووكه‌دا پێویستی به‌ په‌یبردنی هوشیارانه‌ی ئه‌م ناهاوسه‌نگیه‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ هه‌نگاوی په‌له‌ی تردا پێویستی به‌ بژارده‌كاریه‌كی خێرای هه‌ندێ‌ له‌و وروژێنه‌ره‌ قه‌ڵس و ئیزعاجانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا به‌ پاسیڤییان چالاكن و به‌رده‌وام وه‌ڵامی تاكه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ كرێتتر و توندتر ده‌كه‌ن. ئینجا هاتنه‌وه‌ هۆش خۆی سه‌نته‌ره‌كانی بڕیاری پێده‌وێ‌ تاوه‌كو قه‌واره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌م بار لاربوونه‌ په‌یبه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی تاكی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ ورده‌ ورده‌ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وێ‌ كه‌ تادێ‌ وروژێنه‌ری ماقولتر ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌مه‌ش له‌ ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه‌ هه‌لومه‌رجه‌ ئیزعاجه‌كه‌(له‌سه‌ر قسه‌ی سكینه‌ر و سۆرندایك) هێواش هێواش ده‌شارێته‌وه‌.

لای من ” خۆبوون” یا سه‌ر به‌ “خۆ” بوون بابه‌تێكه‌ ته‌واو سایكۆبوونناسیه‌ و ده‌بێ‌ وه‌ك دیارده‌ له‌سه‌ر زه‌مین و ژینگه‌دا ئادگاره‌كانیان ببینرێن، ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ و ده‌ركه‌وته‌كانی هه‌ر بابه‌تێك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی یه‌كڕوخسار و ناوه‌رۆكمان بۆ ده‌رده‌خا تاوه‌كو وه‌ك ڕووداو بێته‌ به‌رچاومان، مه‌گه‌ر نا با هه‌ر به‌ ناوهێنان و قسه‌كردن باس له‌ ڕووداو و دیارده‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر به‌به‌رچاوانه‌وه‌ نه‌یه‌ت و نه‌چێ‌ قه‌ناعه‌ت لای كه‌سانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ دروست ناكات، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر بابه‌تێك له‌ هه‌لومه‌رجی واقیعیبوونیدا به‌ قه‌واره‌ی هه‌ڵچوون و سۆز ناپێورێ‌ به‌ڵكو به‌ ئاستی هاڕمۆنیه‌تی وه‌ڵامسازیه‌ عه‌قلانیه‌كان دێته‌ پێوان.

سه‌ربه‌خۆبوون جگه‌ له‌ مانا بوونناسیه‌كه‌ی به‌ قالبی هیچ فۆڕمێكی دیكه‌وه‌ ناچێ‌، چون چه‌مك و داهێنراوێكی مۆدێرنه‌ و به‌ر له‌ مۆدێرنیزم ته‌نها سه‌ره‌تاكانیمان هه‌ر له‌ ئه‌ده‌بیاتی فه‌لسه‌فی و سۆفیزمدا بینیوه‌، له‌سه‌ربه‌خۆبووندا ده‌بێ‌ كه‌سه‌كان یا سه‌نته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌م له‌ گشته‌وه‌ بۆ تاك شۆڕبنه‌وه‌ و هه‌میش له‌ تاكه‌وه‌ بۆ گشت، هه‌ردوو میكانیزم له‌ هه‌نووكه‌دا داینامیكیانه‌ ئیشی خۆیان نه‌كه‌ن و په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پڕمتمانه‌یان لێ‌ نه‌یه‌ته‌ ئارا و ئه‌م په‌یمانه‌ بۆ ئێمه‌ی هه‌میشه‌ پاسیڤ له‌ مێژوودا نه‌بێته‌ په‌یمانی متمانه‌ و كه‌رامه‌ت نه‌ك (شه‌ره‌ف) به‌ مانا كلاسیكیه‌كه‌ی، ئه‌وا بابه‌ته‌كه‌ تا هه‌ین هه‌ر له‌ قالبی فۆلكلۆری سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌مێنێته‌وه‌.

ڕاسته‌ جگه‌ له‌ خۆمان هۆكاری دیكه‌ی ئه‌م دۆخه‌مان زۆرن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ له‌ نێو ئه‌م هه‌راوهوریای ناعه‌قلانیه‌ته‌ی خۆمان و ده‌وروبه‌رو دنیادا عه‌قلانیه‌ت له‌ خۆڕێكخستندا به‌ ئاراسته‌ی ده‌ركه‌وتن وه‌ك”خۆ”یه‌كی كوردی ئازاد له‌ هه‌موو شت پێویستتر و ته‌نانه‌ت پیرۆزتره‌. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م سه‌رزه‌مینه‌ هه‌یه‌ و ده‌گوزه‌رێ‌ له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت و ئیراده‌ی وجودی “خۆبوون” نایه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ش هه‌ر به‌م ناهاڕمۆنیه‌ته‌ به‌رده‌وام بێ‌ پێموایه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا ئه‌نجامێكی سه‌لمێنراوه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ شكسته‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییمان.




شه‌ش وێستگه‌ی ژیانم دوایین وتاری: جۆرج ته‌ڕابشی … و: ئاكۆ قادر حه‌مه‌

من كه‌ له‌ گه‌شتی كۆتایی ژیانمدام، و دوایی شه‌ش ده‌یه‌ له‌ هاوه‌ڵی پێنوس كه‌ به‌ باشترین هاوه‌ڵم دانابوو، له‌ دوایی هاوسه‌رو منداڵه‌كانم، وا ده‌ گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر شه‌ش وێستگه‌ له‌ ژیانمدا كه‌ ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینیوه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه‌ نوسیومه‌و له‌ ئه‌و ئاراسته‌یه‌شدا كه‌ پێم نوسیوه‌و هه‌تا له‌و بوارانه‌شدا كه‌ وه‌رگێڕانم تێدا كردوه‌.

وێستگه‌ی یه‌كه‌م:

له‌ خێزانێكی مه‌سیحیدا له‌ دایك بووم، له‌ سه‌ره‌تایی هه‌رزه‌كاریمدا زۆر به‌ توندی ئایندار بووم، ئه‌ركه‌ ئایینه‌یه‌كانم ئه‌وه‌نده‌ به‌ هه‌ستیاریه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دا هه‌تا برا چكۆله‌كه‌شم گاڵته‌ی پێم ده‌كرد.
ڕۆژێكیان له‌ قوتابخانه‌، له‌ پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی ئه‌وكاته‌ بووبومه‌ 14 ساڵ، له‌ ناو وانه‌كاندا وانه‌یه‌كی ئایینی هه‌بوو كه‌ كاهینێك ده‌یوته‌وه‌ كه‌ ناسرابوو به‌ سروشت توندی، تا ئه‌و قۆناغه‌ بیرۆكه‌یه‌كی ڕوونمان وه‌رگرتبوو ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی گه‌ردوون و بازنه‌یی زه‌وی و خولگه‌كه‌ی و قه‌باره‌كه‌ی، له‌ یه‌كێك له‌ وانه‌كانی ئاییندا مامۆستای كاهین پێ‌ ی وتین:” منداڵه‌كانم ئێستا ده‌زانن زه‌وی چی یه‌، هه‌روه‌ها ده‌زانن قه‌باره‌كه‌ی چه‌نده‌، ده‌مه‌وێت ئێستا ئه‌وه‌ بێننه‌ پێش چاوتان كه‌ زه‌وییه‌ك هه‌یه‌ ملیۆنێك جار له‌م زه‌ویه‌ گه‌وره‌تره‌، وه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ گه‌وره‌تره‌ به‌ ملیۆن جار له‌م زه‌ویه‌ له‌ ئاوو خاك پێك نه‌هاتوه‌ به‌ڵكو له‌ ئاسنی له‌ پۆڵا توندتر پێكهاتوه‌، ئه‌و زه‌ویه‌ ملیۆن جار گه‌وره‌تره‌ له‌ زه‌وی و له‌ ئاسن توندتر پێكهاتوه‌، هه‌ر ملیۆن ساڵ جارێك باڵنده‌یه‌ك دێته‌ سه‌ری باڵه‌كانی پێدا ده‌خشێنێت، به‌ چه‌ند و به‌ چه‌ند -ئه‌م وشه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌ گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌- چه‌ند ملیۆن ملیۆن ساڵی پێویسته‌ ئه‌م باڵنده‌یه‌ بتوانێت به‌ باڵه‌كانی كه‌ ملیۆن ساڵ جارێك به‌و زه‌ویه‌ ملیۆن جار گه‌وره‌تره‌ له‌ زه‌ویدا ده‌یخشێنێت ده‌توانێت ئه‌و زه‌ویه‌ بسڕێته‌وه‌(نه‌یهێلێت)؟ ئه‌و زه‌ویه‌ نامێنێت به‌ڵام سزای ئێوه‌ له‌ دۆزه‌خدا ده‌مێنێت ئه‌گه‌ر به‌ گوناهه‌وه‌ بمرن.

ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌ ژمێریاریه‌ توشی له‌رزی كردم. –هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی تێگه‌شتم ئه‌وكاته‌ منداڵێكی زیره‌ك بووم- له‌ قوتابخانه‌كه‌ هاتمه‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ ڕێگادا سه‌رم باده‌دا. قوتابخانه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكی كۆن و خه‌مناك بوو، بۆنی شوێنه‌ داخراوه‌كانی لێ‌ ده‌هات، له‌ دووری 200 مه‌تر له‌ ده‌روازه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ردا كه‌ له‌ شه‌ودا به‌ ده‌رگایه‌كی ئاسنین كڵۆم ده‌درا، له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ ده‌چویته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كێكی پان و كراوه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ یه‌كه‌م شت ده‌تبینی باڵه‌خانه‌یه‌كی تا ئاستێك تازه‌بوو كه‌ له‌ نهۆمی دووه‌هه‌میدا خێزانێكی ئیتاڵی ده‌ژیان، كه‌ سێ‌ كچی گه‌لێك جوانیان هه‌بوو، زۆرجار ده‌ماندیتن له‌ “باڵكۆنه‌كه‌یاندا” داده‌نیشتن به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كی شه‌قامه‌كه‌وه‌ بۆ بینین واڵا بوو. ئه‌و ئێواره‌یه‌ هه‌ر كه‌ ته‌ماشام كردن به‌ په‌له‌ نیگام له‌ سه‌ریان لابردو چاوم داخست، بۆ؟ لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌سیحیه‌ته‌ی كه‌ له‌ ناویدا له‌ دایك بووم و بنه‌ماڵه‌كه‌شم له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌یان كردبوم.

له‌ مه‌سیحیه‌تدا ده‌وترێت كه‌ گوناه سێ‌ كوچكه‌ییه‌: گوناه له‌ كرده‌وه‌دا، گوناه له‌ گوتندا، گوناه له‌ بیركردنه‌وه‌دا، هه‌تا ئه‌م گوناهه‌ی سێ‌ یه‌م ده‌كرێت گوناهێكی كوشنده‌ بێت، و سزاكه‌شی به‌ پێ‌ ی لاهوتی مه‌سیحی چونه‌ دۆزه‌خ بێت بۆ هه‌تا هه‌تایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ باره‌ی سێكسه‌وه‌ بێت به‌ پێ‌ ی ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی كه‌ ده‌ڵێت: “ئیشتیهای ئافره‌تی كه‌س مه‌كه‌”. به‌و پێ‌ یه‌ی هه‌موو ئافره‌تێك ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری شه‌رعیت نه‌بوو ئافره‌تی ئه‌وی تره‌، كه‌واته‌، ئاره‌زوی سێكسی خۆی ده‌بێته‌ هۆی گوناهێكی كوشنده‌ كه‌ خودا له‌ مرۆڤی نابورێت وه‌ له‌ سزای دۆزه‌خی ڕزگار ناكات ئه‌گه‌ر له‌ به‌رده‌م كاهینێكدا دانی پێدا نه‌نێت. ئه‌م كاهینه‌ش له‌م وانه‌ ئاینیه‌دا جه‌ختی له‌ سه‌ر گوناهی بیركردنه‌وه‌ بوو، چونكه‌ ده‌یزانی كه‌ بواری بیركردنه‌وه‌ی هه‌رزه‌كاران له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا هه‌ر له‌ سه‌ر سێكسه‌. به‌مشێوه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌روازه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌ی قوتابخانه‌كه‌وه‌ ده‌رچووم به‌ره‌وه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ فراوانه‌ی كه‌ كراوه‌بوو به‌ سه‌ر باڵكۆنی سێ‌ كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌ ئیتاڵیه‌كه‌دا، من دابه‌شبووم به‌سه‌ر ئاره‌زووی ته‌ماشاكردنیان و ترس له‌ سزای هه‌تا هه‌تایی ئاگری دۆزه‌خ به‌و شێوه‌ ترسناكه‌ی كه‌ مامۆستا كاهینه‌كه‌مان بۆی وێنا كردبویین له‌ ڕێگای نمونه‌ی باڵنده‌كه‌و زه‌وییه‌ ئاسنینه‌ ملیۆن جار گه‌وره‌تره‌كه‌ له‌ زه‌وی. به‌مشێوه‌یه‌ ته‌نها به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستام كه‌ چاوم داخه‌م، به‌ڵكو به‌و ڕێگایه‌دا به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌ڕۆشتم، هه‌وڵم ده‌دا وێنه‌ی سێ‌ ئیتاڵیه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵم ده‌ركه‌م و هه‌موو ترسم له‌وه‌ بوو به‌ رێكه‌وت له‌و باڵكۆنانه‌وه‌ ئینجانه‌یه‌ك له‌و ئینجانه‌ گوڵانه‌ی كه‌ نه‌ریتێكی خه‌ڵكی شاره‌كه‌م “حه‌له‌ب” بوو كه‌ باڵكۆنه‌كانیان پێ‌ ده‌ڕازانده‌وه‌ بكه‌وێت به‌سه‌رمداو بمرم و من له‌ باری گوناهێكی كوشنده‌دابم. گه‌شتمه‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ بارێكی تائاستێك شێواودا بووم و وڕێنه‌م ده‌كرد و تایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ لێ‌ ی دام و دوو ڕۆژ له‌ جێگادا خستمی، كاتێك به‌ئاگا هاتمه‌وه‌ یه‌كه‌م په‌رچه‌كردارم ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ خۆمم ووت: نا، ئه‌و خودایه‌ی كه‌ ئه‌و كاهینه‌ بۆی باسكردم ناكرێت هه‌بێت و ناكرێت تا ئه‌و ئاسته‌ سته‌مكار بێت، له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌وه‌ كه‌وتم مه‌سیحی بم.

وێستگه‌ی دووه‌م :

كه‌ ئاراسته‌ی كۆتایی ژیانی دیاریكردم، جگه‌ له‌ چیرۆكی وازهێنانم له‌ مه‌سیحیه‌ت، ئه‌و كاته‌بوو كه‌ له‌ قۆناغی ئاماده‌ییمدا ده‌چوومه‌ قوتابخانه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ی له‌ یادم بێت ساڵی 1955 بوو. ئه‌ویش دوایی ڕوخانی ژه‌نه‌راڵی سه‌ربازی ئه‌دیب ئه‌لشیشكلی ده‌سه‌ڵاتداری دیكتاتۆری سوریا بوو، كه‌ هاوپه‌یمانی نێوان حزبی به‌عس و حزبی شیوعی و ئیخوان موسلمین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ڕوخاند، كاتێك گفتوگۆیان له‌ نێوان خۆیاندا كردوه‌، له‌ ئیخوان موسلمینیان پرسیوه‌: چیتان ده‌وێت؟ چ وزاره‌تێك؟ ووتیان: ئێمه‌ وزاره‌تمان ناوێت، ئێمه‌ یه‌ك داواكاریمان هه‌یه‌ ئه‌ویش دانانی وانه‌ی فێركردنی ئایینیه‌ له‌ قوتابخانه‌ ئاماده‌ییه‌كاندا. فێركردنی ئایینی له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیدا ڕێگاپێدراو بوو به‌ڵكو سه‌پێنرا بوو. به‌ڵام له‌ قۆناغی ئاماده‌ییدا وانه‌كانی زانستی ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانی ده‌خوێنرا و وانه‌ی فێركردنی ئایینی تێدا نه‌بوو. به‌مشێوه‌یه‌ بڕیاردرا به‌ زیادكردنی وانه‌ی ئایینی بۆ قۆناغی ئاماده‌یش، منیش له‌و ساڵه‌دا چومه‌ ئاماده‌یی.

ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ پێم وترا وانه‌ی ئایینی هه‌یه‌، به‌ هاوڕێكانم ووت، ئه‌و كات خه‌ریك بوو به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چوو ببم كادرێكی سۆشیالیستی ناو “حزبی به‌عس”، وتم: ده‌مه‌وێت بچمه‌ وانه‌ی ئایینیه‌وه‌ تا زیاتر فێربم، چونكه‌ پێشتر له‌ قوتابخانه‌دا ته‌نها وانه‌ی په‌روه‌ره‌ی مه‌سیحیم وه‌رگرتبوو، به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێت زیاتر ده‌رباره‌ی ئیسلام بزانم كه‌ ئایینی زۆرینه‌ی سوریه‌كانه‌، چوومه‌ وانه‌كه‌وه‌، مامۆستاكه‌ شێخێكی باڵا به‌رز بوو، تا ئێستاش ڕه‌نگی دیزداشه‌ خۆله‌مێشیه‌ ڕازاوه‌كه‌ییم له‌ یاده‌، پێشتر به‌ ته‌باشیر له‌ سه‌ر سه‌بوره‌كه‌ نوسیبووی: “هه‌ركه‌س موسڵمان نه‌بێت دوژمنی ئیسلامه‌”، ئه‌مه‌ بابه‌تی وانه‌كه‌ بوو. ئه‌مه‌ی شیده‌كرده‌وه‌و شیده‌كرده‌وه‌ و هاوپۆله‌كانیشم له‌منیان ده‌ڕوانی، هه‌مویان به‌ وریاییه‌وه‌ تێیان ده‌ڕوانیم تا په‌رچه‌كرداری من ببینن، نیوه‌ی كاتی وانه‌كه‌ ته‌واو بوو منیش هه‌ر گوێم له‌ وانه‌كه‌ ده‌گرت، پاشان شێخ گووتی: ئێستا ده‌رگای گفتوگۆ ده‌كه‌یینه‌وه‌. منیش یه‌كسه‌ر ده‌ستم به‌رزكرده‌وه‌، وتی: فه‌رموو، ناوت چییه‌؟ به‌ جه‌ختكردن له‌ ناوه‌كه‌م وتم: ناوم: “جۆرج ته‌ڕابشی” یه‌، وه‌ك ئاشكرایه‌ جۆرج ناوێكه‌ جگه‌ له‌ مه‌سیحیه‌كان كه‌س به‌كاری ناهێنێت، په‌شۆكاوو دڵۆپه‌ی ئاره‌ق له‌ نێوچه‌وانیه‌وه‌ ده‌رچوو، درێژه‌م دایه‌ و گوتم: مامۆستا من موسڵمان نیم، من به‌ بنه‌چه‌ مه‌سیحیم، ئایا من دوژمنی تۆم؟
وتی: په‌نا به‌خوا، كێ‌ ئه‌مه‌ی ووتوه‌؟ چۆن وا ده‌ڵێیت؟
پێم وت: مامۆستا وا 30 خوله‌كه‌ تۆ ده‌ڵێیت ئه‌وه‌ی موسڵمان نه‌بێت دوژمنی ئیسلامه‌، ئایا من دوژمنی تۆم؟ ئیدی مامۆستاكه‌ هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی بۆ ده‌ركه‌وت، و وتی: نا نا مه‌سیحیه‌كان ئه‌هلی كتابن، ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ لای من دروست بوو ئه‌وه‌ بوو كه‌ بۆچی نه‌یزانی و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و هه‌ڵاوێرده‌ی بۆ ئه‌هلی كتاب نه‌كرد؟ به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر پرسیاریشم لێ‌ نه‌كردایه‌ ئایا هه‌ر كه‌سێك موسڵمان نه‌بێت ده‌بێت به‌ دوژمنی ئیسلام؟ ده‌بوو ئه‌و كات ئه‌و پرسیاره‌شم لێ‌ بكردایه‌: هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌هلی كتابیش نه‌بم ئایا من دوژمنی تۆم؟ به‌ڵام خۆم گرت.
له‌و ساته‌وه‌ تێ‌ گه‌شتم كه‌ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانماندا چاوه‌ڕێمانه‌ و پرسه‌كه‌ ته‌نها نه‌ گۆڕینی سیاسه‌ته‌ و نه‌ گۆڕینی وزاره‌ت، به‌ڵكو یه‌كه‌م ئه‌رك و پێ‌ ده‌چێت دوا ئه‌ركیش هه‌ر پرسی گۆڕین بێت له‌ بواری بیركردنه‌وه‌دا، به‌ڕێكه‌وت له‌ دواییدا وا هه‌ڵكه‌وت كاتێك بووم به‌ مامۆستا، ڕۆژی كردنه‌وه‌ی وه‌رزی تازه‌ی خوێندن، چاومكه‌وت به‌ هه‌مان مامۆستا له‌ هۆڵی مامۆستایان ئه‌و هه‌ر مامۆستای په‌روه‌رده‌ی ئایین بوو له‌و قوتابخانه‌یه‌دا كه‌ من به‌ مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی تێیدا دامه‌زرام، به‌ په‌له‌ له‌ كۆرسیه‌كه‌ی هه‌ستا و به‌ره‌و ڕووم هات له‌ ئامێزی گرتم و وتی: ببوره‌ مامۆستا، هه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ ژیانمدا كردم هه‌رگیز دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌.

وێستگه‌ی سێ‌ یه‌م:

له‌ ژیانمدا ڕووبه‌ڕووی ڕوداوێكی هاوشێوه‌ بوومه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ گه‌ڵ هاوڕێ‌ حزبیه‌ مه‌سیحیه‌كانمدا. ئه‌و ڕووداوه‌ گۆڕانێكی قولێ‌ له‌ ناخمدا و له‌ هۆشیاریمدا دروست كرد و بوو به‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌كی له‌وه‌ی بووم به‌ نوسه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستم كرد نوسین تاكه‌ ڕێگایه‌ كه‌ بتوانم بیگرمه‌ به‌ر بۆ گۆڕینی هزری له‌ كۆمه‌ڵگادا. ڕووداوه‌كه‌ش به‌مشێوه‌ بوو: وه‌ك نه‌یارێكی ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس خرامه‌ زیندانه‌وه‌. پێشتر ئینتیمام بۆ حزبی به‌عس هه‌بوو پێش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، پاش ساڵێك له‌ هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس وازم له‌و حزبه‌ هێنا به‌هۆی ناكۆكی سیاسی و ئایدۆلۆجیم له‌ گه‌ڵیاندا كه‌ لێره‌دا ده‌رفه‌تی چونه‌ ناو ورده‌كاریه‌كانیمان نیه‌. پاش ئه‌وه‌ی وازم له‌و حزبه‌ هێناو بووم به‌ ئۆپۆزیسیۆن خرامه‌ زیندانه‌وه‌. له‌ زیندان ژماره‌یه‌ك به‌عسی زیندانیكراو هه‌بوون كه‌ سه‌ر به‌ ئاراسته‌ی ڕاست ڕه‌و بوون كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات و پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی چه‌پیش بوو كه‌ من ئینتیمام هه‌بوو بۆی دوای ئه‌وه‌ی حزب به‌سه‌ر باڵی جیاوازدا دابه‌شبوو، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ خه‌ڵكی جه‌به‌ل حۆران بوون له‌ سوریا كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می غه‌ساسنه‌كان و دوای ئه‌وانیشه‌وه‌ هه‌ر مه‌سیحی بوون. له‌ زیندان پێنج یان شه‌ش له‌و به‌عسیه‌ مه‌سیحیانه‌ له‌ ژوورێكی به‌كۆمه‌لدا پێكه‌وه‌ بووین كه‌ ده‌یه‌ها زیندانیكراوی له‌ خۆده‌گرت. ئه‌وكات ژیانی هاوسه‌ریم له‌ گه‌ڵ خانمی نوسه‌ر “هنرییت عه‌بودی” پێكهێنابوو، یه‌كه‌م منداڵم لێ‌ ی هه‌بوو كه‌ ته‌مه‌نی ساڵێك یان دوان ده‌بوو، بیرم نه‌ماوه‌. له‌ زینداندا بووم و ته‌نها بیرم له‌ ژنه‌كه‌م و له‌و منداڵه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ لای ئه‌و جێم هێشتبوو، نازانم چۆن باس هاته‌ سه‌ر باسی شه‌ره‌فی سێكسی كه‌ پێویسته‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ بكوژرێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی ناشه‌رعی ده‌به‌ستێت ئه‌گه‌ر موسڵمان بێت یان مه‌سیحی، وه‌ وا باشتریشه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن براكه‌یه‌وه‌ سه‌رببردرێت له‌ پێناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی له‌كه‌داربودا. قسه‌ دوای قسه‌ گفتوگۆكه‌ گه‌یاندنی به‌مه‌ی، پێم وتن: من له‌ بنه‌مای تاوانی شه‌ره‌ف له‌ بناغه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌، وه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ناتوانم قبول بكه‌م له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ خۆی وا پیشان ده‌دات پێشكه‌وتوخواز یان سۆشیالیستی یان به‌عسی بێت. له‌و كاته‌دا یه‌كێكیان به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ هه‌ڵیدایه‌و وتی: تۆ ژنت هێناوه‌؟ وتم: به‌ڵێ‌، وتی: چیت هه‌یه‌؟ وتم: كچێكم هه‌یه‌. گوتی به‌دڵنیاییه‌وه‌ منداڵه‌؟ وتم: به‌ڵێ‌. وتی: وا دانێ‌ كچه‌كه‌ت گه‌وره‌ بووه‌ و له‌ گه‌ڵ گه‌نجێكدا هه‌ڵه‌ی كرد ئایا سه‌ری نابڕییت؟؟ پێم وت: من مایای كچم (كچه‌كه‌م ناوی مایایه‌) سه‌ربڕم له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بینیومه‌ كوڕێكی په‌سه‌ندكردوه‌! وتی: چۆن؟ سه‌ری نابڕیت؟ پێم وت: هاوڕێ‌ شێت بوویت!! مایا سه‌ر بڕم؟ ئه‌و وتی: تۆ شه‌ره‌فت نیه‌! تۆ عه‌ره‌ب نیت و شایسته‌ی ئه‌وه‌ش نیت نه‌ عه‌ره‌ب بیت و نه‌ به‌عسیش بیت! ئه‌و هاوڕێ‌ زیندانیكراوانه‌م بڕیاری دابڕان و قسه‌ له‌ گه‌ڵ نه‌كردنیان له‌ گه‌ڵ دام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی شایسته‌ی شه‌ره‌فمه‌ندی ئه‌وه‌ نه‌بووم كه‌ نه‌ عه‌ره‌ب بم و نه‌ به‌عیش بم گه‌رچی وه‌ك ئه‌وان ئۆپۆزیسیۆنی ڕه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداریش بووم. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م پشت تێ‌ هه‌ڵكردنه‌یان له‌ من و ئه‌و كاره‌ دوژمناكارانه‌ی دواتر له‌ به‌رامبه‌رم نواندیان داواكارییه‌كم بۆ ئیداره‌ی زیندان به‌رزكرده‌وه‌ تێیدا داوامكردبو بمگوازنه‌وه‌ بۆ ژوورێكی تاكه‌كه‌سی، له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ ناو هاوه‌ڵانێكدابم كه‌ پشتم لێ‌ كه‌ن و ڕقیان لێم بێته‌وه‌.

له‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ وانه‌یه‌كی تازه‌ فێربووم ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ پرسه‌كه‌ ته‌نها پرسی موسڵمان و نا موسڵمان، ومه‌سیحی و نامه‌سیحی نیه‌، له‌ ڕووی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌… گه‌رچی سه‌ر به‌ یه‌ك ئایدۆلۆجیاش بن. پرسه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ قوڵتره‌. پرسه‌كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پرسی بونیادی هزرییه‌. له‌ ناو مۆخی مرۆییدا دوو چین هه‌یه‌: چینێكی سه‌ره‌وه‌ی ڕووكه‌ش كه‌ ده‌كرێت سیاسی بیت، پێشكه‌وتوخواز بیت، سۆشیالیستی، وه‌حدوی بیت، له‌ گه‌ڵ چینێكی بونیادی له‌ خواره‌وه‌ كه‌ له‌ ناو ئه‌م مۆخه‌یاندا ده‌كرێت تا سه‌ر مۆخ تا سه‌ر ئێسقان كۆنه‌په‌رست بیت، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگره‌كه‌ی مه‌سیحی بێت یان موسڵمان. له‌و ڕۆژه‌وه‌ بڕوایه‌ك له‌ لام به‌هێز بوو كه‌ هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ژن له‌ كۆمه‌ڵگاكانماندا هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر سه‌رتاپای جیهان دیاریده‌كات. له‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ بڕوایه‌ك له‌ لام له‌ هه‌ر كاتێكی تر زیاتر بناغه‌ی داكوتی ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ پێویسته‌ خه‌بات بكه‌یین له‌ ڕێگای وشه‌وه‌ له‌ پێناوی گۆڕینی شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌، گۆڕینی بونیادی ناوه‌كی عه‌قڵ، نه‌ك ته‌نها بونیادی ڕووكه‌شی سیاسی یان ئایدۆلۆجی.

له‌ وێستگه‌ی چواره‌می:

ژیانمدا، له‌ دوای قۆناغی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بی و به‌عسی بوون و چه‌پبوون و ماركسی بوندا، نۆبه‌ی فرۆید هات.
چیرۆكی من له‌ گه‌ڵ فرۆیددا به‌ ڕوداوێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستی پێ‌ كرد، دوای ئه‌وه‌ی ژنم هێنا و دوو كچم هه‌بوو، هه‌ر كه‌ له‌ سه‌ر سفره‌ داده‌نیشتم بۆ نانخواردن، نانه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه‌ده‌گرت -له‌ سوریا نانێكی عه‌ره‌بیمان هه‌یه‌- له‌ زۆر له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانی تردا باو نی یه‌، ناخودئاگایانه‌ له‌ لێواره‌كانیه‌وه‌ پاره‌پاره‌م ده‌كرد و هاوسه‌ره‌كه‌م و كچه‌كانیشم له‌ به‌رامبه‌رم دانیشتون نان ده‌خۆن، نه‌مده‌توانی به‌ر به‌خۆم بگرم كه‌ نانه‌كه‌ وا پارچه‌ پارچه‌ نه‌كه‌م هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر سفره‌كه‌ش میوانیشمان هه‌بوبێت.
هاوسه‌ره‌كه‌م به‌ دیالێكته‌ حه‌له‌بیه‌كه‌ی پَی ده‌وتم: جۆرج عه‌یبه‌، خه‌ڵك ده‌تبینن، و كچۆڵه‌كانیشت ئه‌م نه‌ریته‌ت فێر ده‌بن، هه‌تا كه‌ میوانێكیشمان ده‌بێت ده‌تبینن چۆن به‌رامبه‌ریان نان به‌وشێوه‌یه‌ پارچه‌ پارچه‌ ده‌كه‌ییت! منیش پێم ده‌گوت: ڕاست ده‌كه‌ییت. به‌ڵام هه‌موو جارێك خۆم له‌ بیر ده‌كرد و به‌ بێ‌ مه‌به‌ست ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر لێك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نان به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ئاگام لێ‌ ی بێت. وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ هه‌تا ڕۆژێكیان به‌ ڕێكه‌وت وتارێكم خوێنده‌وه‌- له‌و بڕوایه‌دا نیم هی فرۆید بێت به‌ڵكو هی یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كانی بوو- ده‌رباره‌ی ئه‌م دیارده‌ ده‌رونیه‌ ده‌دوا و وای داده‌نا كه‌ نیشانه‌یه‌كی عه‌سابی (ده‌ماری) بێت به‌و پێ‌ یه‌ی كرده‌یه‌كی لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆنه‌ویستانه‌ و ناخودئاگایانه‌ی باوكه‌. كاتێك ئه‌و وتاره‌م خوێنده‌وه‌ ته‌زوو به‌ گیانمدا هات: كه‌واته‌ من باوكم پاره‌ پاره‌ ده‌كه‌م! له‌ ڕاستیدا له‌ هه‌رزه‌كاریمدا نێوانم له‌ گه‌ڵ باوكم باش نه‌بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌م خۆێنده‌وه‌ كراوه‌مه‌وه‌ به‌ڕووی شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونیدا، ده‌ستمكرد خوێندنه‌وه‌ی فرۆید پاشان ده‌ستم كرد به‌ وه‌رگێڕانی، دواجار له‌ گه‌ڵ باوكم ئاشت بومه‌وه‌- ئه‌وكاته‌ ساڵانێك به‌سه‌ر مردنیدا تێ‌ په‌ڕیبوو- له‌ به‌رامبه‌ر باوكمدا به‌خۆمدا چووه‌مه‌وه‌ و ئاستێكی باش له‌ ئارامی ده‌رونیم بۆ گه‌ڕایه‌وه‌ و وای لێ‌ كردم تا ڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی نوێ‌ ته‌ماشای ژیان بكه‌م. نزیكه‌ی 30 كتێبی فرۆیدم وه‌رگێڕا، به‌ڵام دیاره‌ كه‌ له‌ زمانی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیه‌ وه‌رم نه‌گێڕا، به‌ڵكو له‌ زمانی فه‌ڕه‌نسیه‌وه‌ وه‌رمگێڕا. ئێوه‌ ئه‌و په‌نده‌ ئیتاڵیه‌ ده‌زانن كه‌ ده‌ڵێت: وه‌رگێر خائنه‌ Traduttore, traditore. منیش ئه‌گه‌ر له‌ وه‌رگێڕاوێكه‌وه‌ وه‌رگێڕان بكه‌م ئه‌وا خیانه‌تێكی دوانه‌ییه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌م ناچاری بوو چونكه‌ له‌ ناو ڕۆشنبیری عه‌ره‌بیدا، كه‌ به‌هۆی كۆڵۆنیالیستی پێشوه‌وه‌ دوو زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی باڵاده‌ست بوون تێیدا، ئه‌وانه‌ی وه‌ڕگێڕانیان له‌ ئه‌ڵمانیه‌وه‌ ده‌زانی كه‌مینه‌یه‌كی بچوك بوون. ئه‌گه‌ر من فرۆیدم وه‌رنه‌گێڕایه‌ و كه‌سی تریش له‌ ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسیه‌وه‌ وه‌ریان نه‌گێڕایه‌ ئه‌وا ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی به‌ بێ‌ فرۆید و شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی ده‌مایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی په‌سه‌ند كراو نیه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ من خیانه‌تێكی دوانه‌ییم ئه‌نجامدا له‌وه‌رگێڕانم له‌ بۆوه‌رگێردراوه‌وه‌، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام خزمه‌تێكی پێویستم به‌ ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی كردوه‌. من ئێستا سه‌رقاڵم، نزیكه‌ی ساڵێكه‌، به‌ چاو پیاخشاندنه‌وه‌ به‌ وه‌رگێڕانه‌ فرۆیدیه‌كانمدا به‌ سود وه‌رگرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی تازه‌ی فرۆید بۆ سه‌ر زمانی فه‌ڕه‌نسی- دوو وه‌رگێڕان یان سیان بۆ یه‌ك كتێب- بۆ ئاماده‌كردنی نوسخه‌یه‌كی پاكژكراو و زیاتر هاوشێوه‌ به‌ ده‌قه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌، به‌ ئاواتی ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بێت وه‌رگێڕمان هه‌بێت ڕاسته‌وخۆ له‌ زمانی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ وه‌رگێڕان بكه‌ن.

له‌ وێستگه‌ی پێنجه‌می:

ژیانمدا له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابری ده‌وه‌ستم كه‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كم له‌ ژیانمدا بۆ ته‌رخانكرد.
له‌ ساڵی 1972 گواستمه‌وه‌ بۆ لوبنان بۆ گرتنه‌ ده‌ستی سه‌رنوسه‌ری له‌ گۆڤاری “دراسات عربیه‌” ی مانگانه‌ كه‌ له‌ لوبنان ده‌رده‌چوو له‌ خانه‌ی الگلیعه‌. جابری له‌ سه‌رتای هه‌شتاكانه‌وه‌ هه‌ندێك وتاری بۆ ده‌نارم بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ گۆڤاره‌كه‌دا. پاشان كتێبێكی نارد بۆ خانه‌ی الگلیعه‌ به‌ ناونیشانی “پێكهاته‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی”، كه‌ به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی “ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” بوو. خاوه‌نی خانه‌كه‌ به‌شیر ئه‌لداعوقی كۆچكردوو ده‌ستنوسه‌كه‌ی پێدام و گوتی: ته‌ماشایه‌كی ئه‌م كتێبه‌ بكه‌ تۆ باشتر له‌ من له‌ كه‌له‌پور تێ‌ ده‌گه‌یت. كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه‌ و پێم وت: ئه‌مه‌ كتێبێكی نایابه‌، یه‌كسه‌ر بڵاوی بكه‌ره‌وه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر له‌و كاتانه‌دا بوو بڕیاری خۆم دابوو- له‌ شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانیش بێزار بووبوم- به‌ كۆچكردن له‌ به‌یروته‌وه‌ بۆ پاریس بۆ كاركردن له‌ گۆڤاری “الوحده‌”.
له‌ كاتێكدا من ماڵئاواییم له‌ وار و له‌ هاوڕێیان و له‌ به‌شیر ئه‌لداعوق ده‌كرد كتێبی “پێكهاته‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” بڵاوبوبوه‌وه‌، ئه‌م كتێبه‌ش تاكه‌ كتێب بوو له‌ گه‌ڵ خۆم هه‌ڵمگرتبوو له‌ به‌یروته‌وه‌ بۆ پاریس له‌ گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی “المنهل”ی سوهێل ئیدریس، له‌ كتێبخانه‌كه‌م كه‌ پێنج هه‌زار كتێبی تێدابوو ته‌نها ئه‌و دوو كتێبه‌م له‌ گه‌ڵ خۆم برد.
گه‌شتمه‌ پاریس و له‌ ماڵه‌ تا ڕاده‌یه‌ك چۆڵه‌كه‌مدا دووباره‌ ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه‌، به‌ ته‌واوه‌تی به‌ كاریگه‌ری كتێبه‌كه‌ كاریگه‌ر بووم. یه‌كه‌م وتار كه‌ له‌ گۆڤاری “الوحده‌” بڵاوم كرده‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م كتێبه‌ بوو. به‌ ڕوونی وتبووم- زۆر له‌و كه‌سانه‌ی ژیاننامه‌ی منیان خوێندۆته‌وه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ ده‌زانن- “ئه‌م كتێبه‌ ته‌نها هۆشیارت ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌تگۆڕێت، هه‌ر كه‌س ئه‌م كتێبه‌ بیخوێنێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه‌”. به‌م حه‌ماسه‌ته‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كم له‌ سه‌ر كتێبه‌كه‌ له‌ گۆڤاری “الوحده‌” بڵاوكرده‌وه‌. به‌ڵام خاڵێكی ته‌فسیلی بچوك له‌ كتێبه‌كه‌دا هه‌بوو هه‌ندێك گومانی لا ده‌وروژاندم ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوێستی جابریه‌وه‌ هه‌بوو له‌ باره‌ی “ئیخوان ئه‌لسه‌فا”. له‌ خوێندنی زانكۆییمه‌وه‌ له‌ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له‌ زانكۆی دیمه‌شق بیرۆكه‌یه‌كی گشتیم له‌ باره‌ی ئینتیمای ئیخوان ئه‌لسه‌فام بۆ عه‌قڵانیه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی لادروست بووبوو. جابریش هه‌ندێك قسه‌ی زۆر نێگه‌تیڤی ده‌رباره‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا كردبوو ئه‌وانی به‌ “عه‌قڵی دابڕاو (جیابوه‌وه‌) له‌ ئیسلام” دانابوو، به‌ جه‌تكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان دژ به‌ عه‌قڵ، و دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌، ولۆژیك، و و دژی خاوه‌نی لۆژیكیش كه‌ ئه‌رستۆیه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ گومانێك له‌ باره‌ی ئه‌م خاڵه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ لام دروست بوو، له‌ تواناشمدا نه‌بوو یه‌كلایی بكه‌مه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به‌رده‌ست نه‌بوو له‌م تاراوگه‌ پاریسیه‌مدا.

بارودۆخ وای هێنا كه‌ گه‌شت بكه‌م بۆ یه‌كێك له‌ وڵاتانی كه‌نداو كه‌ بانگێشكرابووم بۆ كۆنگره‌یه‌ك، له‌و ولاته‌ی كه‌نداودا به‌خۆمم وت من ئه‌و نامانه‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به‌رده‌ست ده‌خه‌م بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌. ڕۆشتم بۆ كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌وێ‌ له‌ فرۆشیاره‌كه‌م پرسی: كتێبی “نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا”ت هه‌یه‌؟ به‌ تۆنێكی سه‌رسوڕماوه‌ وتی: نه‌خێر مامۆستا. پێم وت: له‌ كوێ‌ ده‌توانم ده‌ستم بكه‌وێت؟ وتی: مامۆستا، تۆ ئه‌زانی ئه‌م كتێبه‌ ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌؟ پێم وت: به‌ڵێ‌. وتی: كتێبی فه‌لسه‌فی لێره‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجارم بوو ببیستم كتێبی فه‌لسه‌فی قه‌ده‌غه‌ بێت، دواتر بۆم ده‌ركه‌وت نه‌ك ته‌نها له‌م وڵاته‌ی كه‌نداودا كتێبی فه‌لسه‌فی قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداودا قه‌ده‌غه‌ بوو. به‌ فرۆشیاره‌كه‌م گوت: ببوره‌، به‌خودا من نه‌مزانیو. له‌ قسه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ قسه‌یه‌كی تر ده‌ستمكرد به‌ گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌ له‌ گه‌ڵیدا و پێم وت: من كتێبه‌كه‌م پێویسته‌، چی بكه‌م؟ وتی: له‌وێدا كتێبخانه‌یه‌كی تر هه‌یه‌. ناو و ناونیشانه‌كه‌ی پێدام و وتی: به‌ڵكو لای بێت.

چووم بۆ كتێبخانه‌ی دووه‌م و له‌ باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ له‌ فرۆشیاره‌كه‌یم پرسی. بێگومان هه‌مان وه‌ڵامی دامه‌وه‌، پێم وت: ڕێگه‌م بده‌ خۆمت پێ‌ بناسێنم: من نوسه‌رو وه‌رگێڕم ناوم “جۆرج ته‌ڕابشیه‌”. هه‌ر به‌ بیستنی ئه‌وه‌ی وتم جۆرج ته‌ڕابشی، وتی: به‌خێر بێیت و ده‌ستی كرد به‌ پیشاندانی ئه‌و كتێب و وه‌رگێڕانانه‌ی من كه‌ لای ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وت، پاشان درێژه‌ی دایه‌: ڕوخسه‌تم به‌. چووه‌ ژووره‌وه‌ و خاون كاره‌كه‌ی كه‌ خاوه‌نی كتێبخانه‌كه‌ بوو بانگكرد ئه‌ویش هات وتی: به‌خێر هاتی ئوستاز جۆرج، و میوانداری كردم، پێویستیه‌كه‌ی خۆمم به‌ كتێبه‌كه‌ بۆ گێڕایه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ پاریس ده‌ستم ناكه‌وێت و ناشتوانم له‌ لوبنانه‌وه‌ بیهێنم به‌ هۆی شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانه‌وه‌، وهتد، وتی: به‌خودا ئوستاز تۆ نازانی ئه‌م كتێبانه‌ قه‌ده‌غه‌ن؟ پێم وت: ده‌زانم به‌ڵام به‌ڵكو یارمه‌تیم بده‌ییت. وتی: له‌گه‌ڵم وه‌ره‌. پێكه‌وه‌ ڕۆشتینه‌ ژێر زه‌مینێكه‌وه‌ دیتم كۆمه‌ڵێك سندوق و كتێبی تری تێدا بوو، چوار به‌رگی گه‌وره‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فای ده‌رهێنا، وتی: فه‌رموو ئوستاز. نه‌یده‌ویست پاركه‌ی وه‌ربگرێت به‌ڵام من مكوڕبوم نرخه‌كه‌یم به‌ گشت سوپاسێكه‌وه‌ دا.
من له‌ ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌مدا له‌ فڕۆكه‌كه‌دا و له‌ ماڵه‌وه‌ش هه‌موو خه‌یاڵم لای ئه‌وه‌ بوو ئه‌و ده‌قه‌ بدۆزمه‌وه‌ كه‌ جابری له‌ باره‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فاوه‌ ده‌یڵێت گوایه‌ ئه‌وان دژ به‌ لۆژیك و دژ به‌ ئه‌رستۆ و دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌ بوون.
به‌شی چواره‌مم له‌ نامه‌كان كرده‌وه‌ به‌دوای ئه‌و ده‌قه‌دا ده‌گه‌ڕام كه‌ له‌ په‌راوێزی كتێبی “ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” ئاماژه‌ی بۆ كرابوو به‌ڵام نه‌مدۆزیه‌وه‌، گه‌ڕام و گه‌ڕام و پاشان به‌ خۆمم وت: پێ‌ ده‌چێت هه‌ڵه‌یه‌كی چاپ بوبێت بۆیه‌ پێویسته‌ دوباره‌ هه‌ر په‌نجاو یه‌ك نامه‌كه‌ بخوێنمه‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ستم كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به‌ هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ تا گه‌شتم به‌ نامه‌كانی 10-11-12-13-14، زۆر به‌ توندی حه‌په‌سام. له‌م پێنج نامه‌یه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی خویان ناساند، به‌ ڕوونی شتێكی وا ده‌ڵێن: ئه‌ی براكه‌م، خودا به‌ ڕۆحی خۆی پشتیوانی تۆ و ئێمه‌ش بێت، بزانه‌، هیچ ده‌روازه‌یه‌كت نیه‌ به‌ ڕووی ئێمه‌دا له‌ ڕێگای لۆژیكه‌وه‌ نه‌بێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها لۆژیكه‌ ده‌توانێت گوتار له‌ نێوانماندا شیاو بكات، وه‌ره‌ با لۆژیك و كتێبه‌كانیت بۆ ڕاڤه‌ بكه‌ین، پاشان نامه‌كانی 10 بۆ 14 ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ ڕاڤه‌ كردنی كتێبی لۆژیكی ئه‌رستۆ وه‌ك گوزاره‌ و گوتراو و پێوه‌ر و به‌ڵگه‌، زاراوكانیش به‌ شێوازه‌ یۆنانیه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنن وه‌ك ئه‌نالۆتیكا و كاتیگۆریاس و هتد.

كاتێك من ئه‌م پێنج نامه‌یه‌م ده‌خوێنده‌وه‌ كه‌ ڕاڤه‌یه‌كی تێروپڕی لۆژیكی ئه‌رستۆ بوو له‌ خۆمم ده‌پرسی: چۆن جابری ده‌ڵێت ئیخوان ئه‌لسه‌فا ئه‌رستۆیان ڕه‌تكردۆته‌وه‌؟ لۆژیكیان ڕه‌تكردۆته‌وه‌؟ چۆن وتویانه‌ مرۆڤ پێویستی به‌ لۆژیك و به‌ فه‌لسه‌فه‌ نیه‌؟ دوباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كان تا گه‌شتمه‌ نامه‌ی حه‌ڤده‌یه‌م كه‌ به‌ناونیشانی: هۆی جیاوازی زمانه‌كان، جابری ئه‌و ده‌قه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك به‌كاریده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئیخوانه‌ ئه‌ڵسه‌فا گوایه‌ وتبێتیان كه‌ مرۆڤ پێویستی به‌ لۆژیك نیه‌. به‌ هه‌ر حاڵ ده‌قه‌كه‌ چی ده‌ڵێت؟ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه‌: له‌ سه‌ره‌تای نامه‌كانماندا باسمان له‌ گرنگی لۆژیك كرد له‌ تێگه‌شتن و تێگه‌شتنی نامه‌كانماندا. به‌ڵام براكه‌مان بزانه‌ كه‌ دوو لۆژیك هه‌یه‌. لۆژیكێكی فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ بۆمان باس كردویت، هه‌روه‌ها لۆژیكێكی زاره‌كی هه‌یه‌ واته‌ گوتن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گوتن نه‌بێت ئه‌وا لێكتێگه‌شتن له‌ نێوان مرۆڤدا نه‌ده‌بوو. دوای ئه‌وه‌ی باس له‌ ڕۆڵی زمان ده‌كه‌ن وه‌ك بنچینه‌ و ئامرازی لێكتێگشتن له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: بزانه‌ ده‌رونانێكی بێ‌ گه‌رد هه‌ن پێویستیان نه‌ به‌ وتن و نه‌ به‌ لۆژیك نیه‌ له‌ تێگه‌یاندنی یه‌كتریدا، واته‌ ده‌رونانێكی ڕوحانی له‌ ڕێگای چاو، له‌ ڕێگای به‌ركه‌وتن، له‌ ڕێگای ڕۆح، و ویژدان، وختوره‌وه‌ یه‌كتر تێ‌ ده‌گه‌یه‌نن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یڵێین، بێ‌ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ لۆژیكی زاره‌كی و گوتن ببێت. به‌مشێوه‌یه‌ جابری ئه‌م دێڕه‌ی ئه‌وانی به‌هه‌لزانیوه‌ “پێویست به‌ لۆژیك ناكات” و وشه‌ی زاره‌كی فه‌رامۆش كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌مانه‌ دژی لۆژیك بوون به‌ مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی. پاشان چاوم كه‌وت به‌ به‌ڵگه‌یه‌كی تر ئه‌ویش هه‌ڵوێستی ئیخوان ئه‌لسه‌فا بوو له‌ باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئایین و فه‌لسه‌فه‌ كه‌ دۆگماییه‌كان له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا (سه‌دی چواره‌می كۆچی) ده‌یانویست ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ببچڕێنن و داوای حه‌رامكردنی فه‌لسه‌فه‌یان ده‌كرد به‌ ناوی ئایینه‌وه‌. به‌ڵگه‌كه‌ به‌ ڕوونی ده‌ڵێت: بزانه‌ برای چاك، خودا پشتیوانت بێت به‌ نوری خۆی، ئه‌وه‌ی ئه‌حكامه‌كانی ئایین بزانێت ئه‌وا ته‌ماشاكردنی زانستی فه‌لسه‌فه‌ زیانی پێ‌ ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو زانستی ئایینی پێ‌ زیاد ده‌كات و زیاتر په‌ی به‌ ماناكانی ده‌بات”. پاشان زیاتر ڕوونی ده‌كاته‌وه‌: “لۆژیك ته‌رازووی فه‌لسه‌فه‌و ئامرازی فه‌یله‌سوفه‌. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ چاكترین هونه‌ره‌كان بێت بۆ مرۆڤ دوای پێغه‌مبه‌رایه‌تی ئه‌وا ده‌بێت ته‌رازوی فه‌لسه‌فه‌ ببێته‌ ڕاسترین ته‌رازوكان و ئامرازی فه‌یله‌سوفیش چاكترین ئامرازه‌كان بێت و هونه‌ری (پیشه‌- صناعه‌) لۆژیك به‌ نیسبه‌ت عه‌قڵ و مه‌عقولات وه‌ك هونه‌ری نه‌حوو وایه‌ بۆ زمان و ده‌ربڕین”.
من كاتێك ئه‌م نامه‌و به‌ڵگانه‌م ده‌خوێنده‌وه‌ توشی شۆكێكی مه‌زن و برینداربونی كبریائم بووم وه‌ك ڕۆشنبیر، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌م له‌ باره‌ی كتێبه‌كه‌ی جابریه‌وه‌ نوسیبوو كه‌ نوسیم: “ئه‌م كتێبه‌ هه‌ر كه‌س بیخوێنێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ی جارانی كه‌ له‌ سه‌ری بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌”.

له‌و ڕۆژه‌وه‌ گله‌یه‌كه‌م ئیدی ئاراسته‌ی جابری نه‌كرد، به‌ڵكو ئاراسته‌ی خۆم كرد، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیارێكم له‌ باره‌ی كتێبێكه‌وه‌ داوه‌ له‌ بابه‌تێكدا بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو كلیله‌ مه‌عریفیه‌كانیم پێ‌ بێت. وه‌ سوێندێكم له‌ گه‌ڵ خۆمدادا كه‌ له‌و كاته‌ به‌دواوه‌ هیچ شتێك نه‌ڵێم و هیچ بڕیارێك نه‌ده‌م بێ‌ ئه‌وه‌ی ته‌واو دڵنیا نه‌بم له‌ باره‌ی هه‌موو زانیارییه‌كانم له‌ باره‌یه‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ بڕیاری دوباره‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ی خۆم دا، دوباره‌ ڕۆشنبیركردنه‌وه‌ی خۆم. به‌مشێوه‌یه‌ من سه‌رمكرده‌ سه‌ر، من كه‌ زمانی عه‌ره‌بی و كه‌له‌پوری عه‌ره‌بیم به‌ شێوه‌یه‌كی به‌شه‌كی له‌ زانكۆ خوێندبوو، به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك سه‌رمكرده‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی كه‌له‌پور و ده‌یه‌ها و ده‌یه‌ها له‌و سه‌رچاوانه‌م به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ جابری ئاماژه‌ی بۆ كردبوون و هه‌موو به‌ڵگه‌كانم یه‌ك به‌ یه‌ك وردبینی ده‌كرد و له‌ ڕاستی هه‌موو بواره‌كانیم ده‌كۆڵیه‌وه‌. به‌ ڕاشكاوی پێتان ده‌ڵێم به‌ڵگه‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا ته‌نها به‌ڵگه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو چاوم كه‌وت به‌ ده‌یه‌ها و ده‌یه‌ها به‌ڵگه‌ی وه‌ك ئه‌و به‌هه‌ڵه‌دابردنانه‌ی كه‌ جابری به‌رامبه‌ر خوێنه‌ره‌كانی كتێبه‌كه‌ی خۆی كردبووی كه‌ منیش یه‌كێكیان بووم له‌وانه‌، ئیدی ئه‌مه‌ی به‌ مه‌به‌ست كردبێت یان بێ‌ مه‌به‌ست –نازانم-.
ئه‌مڕۆ من به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێم: من دانپێدانانێك بۆ جابری ده‌كه‌م، كه‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ته‌واوم له‌ گه‌ڵ به‌سه‌ر برد و ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئه‌وم خوێنده‌وه‌ و سه‌رچاوه‌كانی و سه‌ده‌ها له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌له‌پوری ئیسلامی و پێش ئه‌ویش مه‌سیحی و له‌ پێش ئه‌وانیشه‌وه‌ كه‌له‌پوری یۆنانی و هه‌ر شتێك پێویست بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌ گه‌ل پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ودا خوێندمه‌وه‌، من دانی پێدا ده‌نێم، له‌ به‌رده‌م ئێوه‌دا، كه‌ سودێكی زۆر گه‌وره‌ی پێ‌ گه‌یاندوم، ئه‌و ناچاری كردم دوباره‌ ڕۆشنبیریه‌ كله‌پوریه‌كه‌م بونیاد بنێمه‌وه‌. من زۆر قه‌رزاری ئه‌وم سه‌ره‌ڕایی هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌م كردوه‌.

وێستگه‌ی شه‌شه‌م:

ئه‌و پێنج وێستگه‌یه‌ی كه‌ پێشتر باسكراوه‌ هه‌مووی وه‌ك وێستگه‌ی ده‌رچوون وابوون، له‌وێوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌م نوسی كه‌ له‌ ماوه‌ی ژیانمدا نوسیم له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و وتار كه‌ ژماره‌كه‌ی نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ پێنج سه‌د، وه‌ كتێب كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ له‌ سی دانه‌، وه‌ زیاتر له‌ سه‌د وه‌رگێڕان. به‌ڵام به‌ پێچوانه‌وه‌ وێستگه‌ی شه‌شه‌م وه‌ك وێستگه‌ی وه‌ستان و بێ‌ ده‌نگی و ئیفلیجی ته‌واوه‌تی بوو له‌ نوسین: وێستگه‌ی ئازاری به‌رده‌وامی سوریا له‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆوه‌ هیچ موژده‌یه‌كی كۆتایی هاتنی ده‌ركه‌وێت.
به‌ درێژای ئه‌و چوار ساڵه‌ پێنوس هیچ یارمه‌تی ده‌رم نه‌بوو ته‌نها له‌ نوسینی دوو وتاردا نه‌بێت: كه‌ یه‌كه‌میان له‌ 21/3/2011 هاوكات له‌ گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ تونس و میسر و لیبیا، دوه‌میشیان له‌ 28/5/2011 له‌ گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوونی سوریاش به‌ هه‌راوهوریای ئه‌و به‌هاره‌.

وتاری یه‌كه‌م ئه‌م ناونیشانه‌ی له‌ خۆ گرتبوو: مێژویه‌كی بچوك له‌ په‌راوێژی مێژویه‌كی گه‌وره‌دا. مه‌به‌ستم له‌ مێژوی گه‌وره‌ شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بوو كه‌ ئه‌و كات وا ده‌رده‌كه‌وت وه‌ك ئه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی بخاته‌ ناو قۆناغی شۆڕشه‌ مێژویه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ ساڵی 1789 به‌خۆیه‌وه‌ بینی یان ئه‌وروپای ڕۆژئاوا له‌ ساڵی 1848 یان ده‌وڵه‌تانی بلۆكی ناسراو به‌ سۆشیالیستی له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا. به‌ڵام مێژووی بچوك مه‌به‌ستم لێ‌ ی ئه‌و مێژووه‌ كه‌سیه‌ی خۆم بوو كه‌ هاوپه‌یوه‌سته‌ به‌ نائومێدییه‌كی گه‌وره‌. من، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی خۆم له‌ كۆتایی ئه‌و وتاره‌دا ده‌رباری شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی ئاماژه‌ی بۆ كرد، كوڕی نائومێدیم به‌ شۆڕشی ئاوابووی ئێران زیاتر له‌وه‌ی كوڕی ئومێد بم به‌ شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌ڵهاتوو، كه‌ له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌مدا وتم كه‌ ئه‌گه‌ر من ئومێدێكم به‌ شتێك هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڵكو ئه‌م ترس و به‌دگومانیه‌م له‌ شوێنی خۆیدا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م شۆڕشه‌ عه‌ره‌بیانه‌ هه‌مان ئه‌نجامی شۆڕشی ئێرانی نه‌بن كه‌ هێزه‌ چالاكه‌كانی له‌ ژێر ناوی ئایدۆلۆجیای ئایینی دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵكو خۆشبه‌ختیم به‌و به‌هاره‌ هاوه‌ڵی هه‌میشه‌ییم بێت له‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌ ماومه‌.
به‌ڵام، وه‌ك به‌ره‌و پێشڤه‌چونه‌كانی دواتری ڕوداوه‌كان سه‌لماندییان، به‌ڵگه‌ بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ترسه‌كه‌م له‌ جێگای خۆیدا بوو: به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌رگایه‌كی نه‌كرده‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌رگای دۆزه‌خ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پێش تازه‌گه‌ری چاوه‌ڕوانكراو و سه‌ر له‌ نوێ‌ نغرۆبوون له‌ ناو زه‌لكاوی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی خاچپه‌رستی- هیلالی.

به‌ڵام وتاری دووه‌مم كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ئایاری 2011 نوسیم ناونیشانه‌كه‌ی ئه‌مه‌بوو: سوریا: ده‌سه‌ڵاتێك له‌ چاكسازیه‌وه‌ بۆ خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌. كه‌ ناواخنه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ سوریای، فره‌ ئایین و فره‌ تایه‌فه‌و ئیتنیك، به‌ نۆبه‌ی خۆی له‌ به‌رده‌م ده‌رگای دۆزه‌خی شه‌ڕی ناوخۆدا وه‌ستاوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كات به‌ چاكسازی كردن له‌ خۆییدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌. به‌ بێ‌ ئه‌م هه‌ڵوشانه‌وه‌یه‌ هیچ ڕێگایه‌كی تر نیه‌ بۆ چاكسازییه‌كی ئاشتیخوازانه‌ كه‌ وڵات له‌ وێران بوون بپارێزێت. به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌تا خۆی له‌و به‌ڵێنانه‌ش دزیوه‌ كه‌ بۆ چاكسازی دابوی. به‌ڵام با دان بنێم به‌وه‌شدا كه‌ بڕوابونم له‌و كاته‌دا به‌ بڕێك له‌ ئومێد، به‌وه‌ی داوا له‌ ڕژێم بكه‌م كه‌ له‌ پێناوی دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی تایه‌فی وێرانكه‌ر خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌ جێگای خۆیدا نه‌بوو چونكه‌ ئه‌وكات، واته‌ له‌ هه‌فته‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕینی سوریادا، ڕۆڵی ده‌ركی له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندن و پاره‌پێدان و چه‌كداركردنه‌وه‌م درك پێ‌ نه‌كردبوو، ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌لی سوریا به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ نرخه‌كه‌ی به‌ خوێن و به‌گیان و به‌ وێرانكردنێك ده‌ده‌ن كه‌ له‌ هۆلاكۆوه‌ وێنه‌ی نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ بارودۆخێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تدا كه‌ ڕووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی گه‌رموگوڕی تایفی سونی/ شیعی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ زه‌نگی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و ململانێ زۆر دڕندانه‌ی كاسۆلیكی/ پرۆستانتی لێ‌ ده‌دات كه‌ ئه‌وروپا له‌ سه‌ده‌ی شازده‌و حه‌ڤده‌دا به‌خۆیه‌وه‌ بینی.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ كۆتاییدا بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیفلیج بوونم له‌ نوسین، منێك كه‌ هیچ شتێكم له‌ ژیاندا نه‌كردوه‌ جگه‌ نوسین، وه‌ك مردن وایه‌. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ وه‌ك مردنێكی بچوك دمێنێته‌وه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌و مردنه‌ گه‌وره‌یه‌دا كه‌ مردنی نیشتیمانه‌.

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ دواهه‌مین وتاری بیرمه‌ندی سوری “جۆرج ته‌ڕابشی”یه‌، پێش كۆچی دوایی نوسه‌ر له‌ 16/3/2016 .
————————————–

سه‌رچاوه‌:

http://www.atheer.om/archives/11257/%D8%B3%D8%AA-%D9%85%D8%AD%D8%B7%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%AA%D9%8A/




حیكایه‌تی عه‌شقێكی ناكام … شاخه‌وان سدیق


له‌ گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌)
” زیاد له‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ فریودانی مرۆڤ، هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی ئاسانترینیانه‌”
(عه‌تا محه‌مه‌د)
………

یه‌كێك له‌و بابه‌ت و تێما سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ مرۆڤ به‌درێژای مێژوی نوسین قسه‌ی ده‌رباره‌ كردوه‌، له‌ چه‌ندین گۆشه‌ نیگای جیاوازه‌وه‌، بابه‌تی خۆشه‌ویستی و عه‌شق،ه‌ ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانیی و هه‌میشه‌ زیندوه‌، به‌ڵام قسه‌كردنیش ده‌رباره‌ی هه‌میشه‌ پێویستی به‌ شێوازو فۆڕمی نوێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گۆشه‌ نیگا جیاوازه‌كانی ببینی، و دوربیت له‌ خۆ دوباره‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ عه‌شق زیاتر له‌ هه‌موو شتێك وه‌ك بابه‌تێكی ڕوحی و زاتی په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی مرۆڤ خۆیه‌وه‌، بۆیه‌ وێناكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی وێناكردنی بنه‌مای خه‌ونه‌ تایبه‌ت و گشتیه‌كانی مرۆڤ خۆیه‌تی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) پێی وایه‌” مرۆڤ ناتوانێت له‌ هه‌بوونی خۆی تێبگات، ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له‌ خودی خۆیه‌وه‌ نه‌بێت، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و خوده‌ی كه‌ هه‌یه‌ درك به‌و وجوده‌ی خۆی ده‌كات كه‌ هه‌یه‌” ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ست بونی عیشق به‌ حاڵه‌ته‌ وجودیه‌كانی مرۆڤه‌وه‌، له‌ سه‌ر چه‌ندین ئاست بۆ ده‌ربازبونی خودی مرۆڤه‌ بێت له‌ چه‌ندین حاڵه‌تی زاتی، كه‌ ڕه‌نگه‌ ساده‌ترینیان ده‌ربازبوون بێت له‌ ته‌نیایی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش)ده‌ڵێت” مرۆڤ بۆیه‌ عاشق ده‌بێت، هه‌تا ته‌نها نه‌بێت” ئه‌وه‌ش كه‌ كۆمه‌كی مرۆڤ وه‌ك ده‌رۆزه‌ كه‌رێكی ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌كات بۆ به‌زیندوی هێشتنه‌وه‌ی، هه‌میشه‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ بووه‌، (عه‌تا محه‌مه‌د) پێی وایه‌” ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد، گێڕانه‌وه‌بوو” (ڕوداوه‌كان، چیرۆكه‌كان، په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕی هه‌سته‌كان)، له‌ گێڕانه‌وه‌یانه‌وه‌ واتا و مانای نوێ‌ وه‌رده‌گرن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ و خۆشه‌ویستی وه‌ك دوانه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی، زیندوێتیان به‌ ژیان به‌خشیوه‌. ئه‌گه‌رچیش زۆرجار و له‌ سه‌ر زۆر ئاست عیشق و خۆشه‌ویستی یان بۆ هه‌میشه‌ یان به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی مرۆڤیان له‌ ناكامی و تاریكیدا هێشتۆته‌وه‌. كه‌ به‌رهه‌می ئه‌مه‌ش، سه‌ره‌نجام جگه‌ له‌ دڵشكان شتێكی تر نه‌بووه‌. (مه‌ریوان وریا قانع) له‌ مه‌سه‌له‌ی باسكردن له‌ دڵشكاندا له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت” دڵشكان به‌شێكه‌ له‌ بوون، پارچه‌یه‌ك یان چه‌ند پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژیانه‌. ڕه‌نگه‌ دڵشكان سه‌ركیترین هه‌ستێك بێت مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیابكاته‌وه‌. ده‌شێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ زیندوه‌ره‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه‌ بوونی زمان و عه‌قڵ و خه‌یاڵ نه‌بێت، یاده‌وه‌ریی كورت و درێژ نه‌بێت، توانای نووسین و حیسابكردن و دروستكردنی ئامێرنه‌بێت، به‌ڵكو دڵشكان بێت. وه‌ك چۆن باوه‌ڕناكه‌م ئاژه‌ڵه‌كان دڵیانبشكێت، ئاواش باوه‌ڕناكه‌م به‌درێژایی هه‌موو مێژوو یه‌ك مرۆڤ هه‌بێت چه‌نده‌ها جار دڵی نه‌شكابێت. من ئه‌م كورته‌ باسه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌قۆزمه‌وه‌و له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، كه‌مێك بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌)ی نوسه‌ری ئێرانی(ڕه‌سوڵ یۆنان) ده‌رببڕم، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی عه‌شقێكی ناكام، عشقێك كه‌ خۆشه‌ویستیه‌كی پاك و ساده‌و جوان ده‌ستپێده‌كات و به‌ كۆتایه‌كی هه‌ژێنه‌ر ته‌واو ده‌بێت، كه‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی وڵاتی ئێران به‌ناوی گوندی مه‌رجان سه‌نته‌ری ڕودانی چیرۆكه‌كه‌یه‌.

نوسه‌ر له‌ چه‌ند دێڕێكدا:

نووسه‌ر و شاعیر و وه‌رگێڕی ئێرانیی، (ره‌سوڵ یۆنان) ساڵی(١٩٦٩) له‌ گوندێكی رۆخی ده‌ریاچه‌ی ورمێ له‌ دایكبووه‌،.. جگه‌ له‌ ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌) تا ئێستا (4) كۆمه‌ڵه‌ شیعری چاپكردوه‌و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی فارسی و چه‌ند كتێبێكی شانۆنامه‌شی چاپ و بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كتێبی (فرشته‌كان)، كه‌ به‌شێوه‌ی (مینیماڵ ) نوسراوه‌. ئه‌م نوسه‌ره‌، ئێستا له‌ شاری تاران نیشته‌جێیه‌.

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ژیانی خێزانێكی چواركه‌سیه‌، له‌ گوندێكدا، به‌ناوی ئاوایی(مه‌رجان) كه‌ له‌ (دایك و باوك و كچێك و دایه‌گه‌وره‌)یان، پێكهاتوه‌، باوكه‌ كه‌ ناوی (ڕه‌جه‌به‌و دایكه‌كه‌ ناوی جه‌میله‌ و كچكه‌ش ناوی له‌یلایه‌) ئه‌م خێزانه‌ وه‌ك هه‌موو خێزانه‌كانی تری گونده‌كه‌ له‌ ژیانێكی ساده‌و ئاسایدا به‌دڵخۆشیه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ (له‌یلا) ڕۆژێك له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئاوهێنان له‌ كانی گونده‌كه‌یان، به‌ ڕێكه‌وت چاوی به‌ پیاوێكی غه‌ریبی شۆفێری ترێله‌یه‌ك ده‌كه‌وێت، به‌ناوی (ئیبراهیم) پاش ئه‌وه‌ی كابرا داوای ئاو له‌(له‌یلا) ده‌كات، هه‌ندێك گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌و ساته‌ به‌دواوه‌، هه‌ردوكیان عاشقی یه‌كترده‌بن، له‌ دواترداو پاش چه‌ندینجار له‌ یه‌كتر بینینه‌وه‌، ئه‌و عه‌شقه‌ گه‌وره‌ترو قوڵتر ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (43)ی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌م جۆره‌ باسی ده‌كات” له‌یلا دڵی كه‌وته‌ په‌له‌ په‌ل، هیوای ده‌خواست هه‌میشه‌ ئیبراهیم ببینێت، به‌ڵام ئیبراهیم دوربوو، زۆر دور، له‌ نێوان ئه‌و ئیبراهیمدا چه‌ندین شاخ و ده‌ریاو بیابانی بێژمار هه‌بوو، ئاره‌زووی ده‌كرد كه‌ دونیا بچوك بوایه‌، تا ئه‌وان بیانتوانیبا هه‌موو ڕۆژێك یه‌كتر ببینن، به‌ڵام دونیا گه‌وره‌بوو، گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بیری لێده‌كرده‌وه‌” دوای به‌رده‌وام بونی ڕوداوه‌كان، به‌هۆی جوانی و سه‌رنجراكێشانی گه‌نجانی گوند، له‌یلا ڕۆژانه‌ دڵخوازو داواكاری تا دێت زۆرترده‌بێت و چه‌ندین گه‌نج عه‌شقی خۆیانی بۆ به‌یان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ (بولودی كوڕی سوغرا، یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی، بایرامی كوڕی ئه‌لبای دارتاش) به‌ڵام (له‌یلا) داوای هه‌مویان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و به‌هیچیان ڕازی نابێت، پاش به‌رده‌وام بونی یه‌كتربینینه‌كانی (ئیبراهیم و له‌یلا) هه‌فتانه‌ به‌ نهێنی، و بینینیان له‌ لایان (بولودی) كه‌ڕوڵاڵه‌وه‌و پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ له‌ ئاوایدا، ئیتر باوكی له‌یلا زۆر نیگه‌رانده‌بێت و له‌یلا ناچار ده‌بێت، له‌گه‌ڵ (ئیبراهیم)ی خۆشه‌ویستیدا هه‌ڵبێت، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چنه‌ شارێكی سه‌ر سنوری، له‌وێ‌ هاوسه‌ر گیری ده‌كه‌ن و ماڵێك پێكه‌وه‌ بنیات ده‌نێن، له‌ یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كاندا، ئیبراهیم له‌ به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی بارێكدا به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ناچاره‌ سه‌فه‌رێكی هه‌فته‌یی بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌یلا ڕازی نابێت، به‌ڵام له‌ دواجاردا(ئیبراهیم) ڕازی ده‌كات، به‌ڵام له‌یلا بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌ دواجار ده‌بێت ده‌ڕوات وئیتر هه‌رگیز ناگه‌رێته‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌ زاری (موراد)ی هاوڕێی (ئیبراهیم)ه‌وه‌، ده‌گات به‌ له‌یلا، كه‌ دواتر ئه‌م (موراده‌) چاوی ته‌ماع له‌ (له‌یلا) ده‌بڕێت و ناپاكی له‌ هاوڕێكه‌ی ده‌كات، (له‌یلا) له‌ درێژه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌دا توشی زۆر ڕوداوی ناخۆش ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه‌ ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كه‌یان ناچاره‌ كاربكات، دواتر موراد ده‌یباته‌ كافتریاو یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌و دیكاته‌ گۆرانبێژ، دوای بڵاو بونه‌وه‌ی وێنه‌كانی له‌ سه‌ر دیواری یانه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی ناوناوبانگی، كوڕانی گوند به‌هۆی زراندنی ناوی گونده‌كه‌یانه‌وه‌ بڕیارده‌ده‌ن بچنه‌ شاربۆ سۆراغی، ئه‌وسا به‌دیتنه‌وه‌ی یان بیكوژن یان بیبه‌نه‌وه‌، پاش گه‌یشتنیان به‌شارو مانه‌وه‌یان له‌ ئوتێلێك، شه‌و ده‌چنه‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كان و له‌وێ‌ (یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی) كه‌ یه‌كێك له‌ ئاشقه‌كانی (له‌یلا) په‌لاماری كچه‌ گۆرانی بێژی ناو یانه‌كه‌ ده‌دات، كه‌ پێی واه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام پاسه‌وانه‌كانی یانه‌كه‌ زۆر به‌ خراپی لێی ده‌ده‌ن و فڕێی ده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ ئوتێله‌كه‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌ خزمه‌تكاره‌كان كه‌ ده‌وچاو ڕوخساری سوتاوه‌، چاره‌سه‌ری (یه‌شار)ده‌كات، و پێی ده‌ڵێت، من ده‌زانم به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و ژنه‌ی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، هاوڕێی من بوو، ئه‌و دوای بیستنی هه‌واڵی مردنی باوكی، گڕی له‌ كافتریاكه‌ به‌رداو خۆی سوتاندو ئێمه‌شی ماڵوێرانكرد، بۆیه‌ بڕۆنه‌وه‌و چیتر به‌دوادا مه‌گه‌ڕێن، كوڕه‌كان، به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ دڵشكاوی و ناكامانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌و گونده‌كه‌یان كه‌ (ئاوای مه‌رجانه‌)، ئه‌و خزمه‌تكاره‌ ڕوخسار سوتاوه‌ش، كه‌ به‌هۆی سوتانی ڕوخساری و چونه‌ناوته‌مه‌نیه‌وه‌ كوڕه‌كان نه‌یان ناسیه‌وه‌، جگه‌ له‌ خودی (له‌یلا) خۆی هیچ كه‌سێكی تر نه‌بوو. ئه‌و (له‌یلا)یه‌ی كه‌ ڕۆژانێك جوانترین كیژۆڵه‌ی گونده‌كه‌یان بوو، به‌ڵام عه‌شق چاره‌ره‌نوسی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی.


ناونیشان و ده‌سپێك وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌:

یه‌كێك له‌ كلیل و سه‌ره‌تای چونه‌ ژوره‌وه‌ی هه‌ر تێكستێك، بێگومان (ناونیشان)و ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌رنجراكێش، واده‌كات، نوسه‌ر سیحری خۆی له‌ خوێنه‌ربكات بۆ ڕاكێشانی و به‌رده‌ومیدان به‌ خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی، هه‌ڵبژاردنی ناوی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌) بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناونیشانه‌ سه‌رنج ڕاكێشانه‌ی كه‌وای كردوه‌ له‌ به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌ هزری خوێنه‌ر بۆلای خۆی ڕابكێشێت. ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكیش، نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گری ئێرانی (محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رشار) پێی وایه‌” ده‌ستپێك پانتایی و پێگه‌ی زه‌مه‌ن و شوێنی چیرۆك شیده‌كاته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی باویش كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ده‌هێنێته‌ ناو چیرۆكه‌كه‌ و زانیارییه‌كی گشتی و سه‌ره‌تای له‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌خوێنه‌ر ده‌دات” له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر عاقڵانه‌ به‌ ده‌ستپێكێكی سه‌رنج ڕاكێش ده‌ستپێده‌كات و خوێنه‌ر ناچار به‌ شوێنكه‌وتن و خوێنه‌وه‌ی دێڕبه‌دێڕو ته‌واوی ڕسته‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌كات به‌م جۆره‌” له‌یلا له‌ ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ نوستبوو، بزه‌یه‌ك كه‌ به‌سه‌ر لێوه‌كانیه‌وه‌ بوو، پیشانی ده‌دا خه‌ریكه‌ خه‌ونێكی خۆش ده‌بینێت، بێئه‌وه‌ی بزانێت ڕۆژێك چیرۆكی ژیانی، خه‌و له‌ چاوی زۆرێك ده‌تارێنێت”

زمان و شیعر له‌ نوسین و گێڕانه‌وه‌دا.

بێگومان یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزو پته‌وه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر تێكستێك به‌سراوه‌ به‌ چۆنێتی زمانی نوسینه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ك (كاروان كاكه‌ سور)یش پێی وایه‌” زمان مه‌رجی یه‌كه‌می داهێنانه‌ بۆ هه‌ر نوسه‌رێك) له‌م ڕۆمانه‌شدا و بۆ چۆنێتی به‌باشی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌، نوسه‌ر پشتی به‌ شێوازێكی ساده‌ له‌ ده‌ربرین و قوڵ له‌ گه‌یاندندا به‌ستوه‌ كه‌ شیعریه‌ت ته‌واوی زمانی ده‌ربڕینه‌كانی داپۆشیوه‌، ئه‌مه‌ش چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ سوزداربونی ڕوداوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به‌ خێراتر گه‌یاندنی بیرۆكه‌و تێمای تێكسته‌كه‌یه‌ به‌ وه‌رگر. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (6)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” له‌یلا خه‌ونی بینیبوو گوڵێكی سووری گه‌وره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌ی گونده‌كه‌دا ڕواوه‌و ئه‌و له‌ ژێریدا، له‌ قوڵایی ده‌ریاچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ په‌رییه‌كاندا ده‌ژی” یان له‌ شوێنێكی تری ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” شاپه‌ری له‌ سه‌ر تاشه‌ به‌ردێك دانیشتوه‌و ده‌فی مانگی ده‌ژه‌ند. په‌ریه‌كان به‌ چوار ده‌وریدا له‌ سه‌رخۆ سه‌مایان ده‌كرد، ده‌فی مانگ به‌ جووڵه‌ی ده‌سته‌كانی شاپه‌ری، به‌رزو نزم ده‌بۆوه‌ و ڕووناكییه‌كه‌ی، سه‌مای په‌رییه‌كانی جوانتر ده‌كرد.

ته‌كنیك وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌:

گێڕانه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ بڕوای من یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌كان كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ مرۆڤ ئاره‌زووی به‌رده‌وامبون له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام چه‌ند چیرۆكه‌كه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌نده‌ش شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه‌ به‌ ته‌كنیكی به‌هێز، نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا تا كۆتایی به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاویه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه‌، كه‌ ئاگاداری ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌یه‌ سه‌رجه‌م ڕوداوه‌كان له‌سه‌ر زمانی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆتا به‌شی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌ ته‌كنیكێكی به‌رز خوێنه‌ر توشی دڵڕاوكێی و شڵه‌ژان ده‌كات، به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كاره‌كته‌رو كه‌سایه‌تیه‌ك باس له‌ خۆی و چۆنێتی ڕودانی چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌، چیرۆكه‌كه‌ له‌ ئه‌ساسدا بونی نه‌بوه‌و ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌ و ئه‌سڵه‌ن (له‌یلا) هه‌ر بوونی نه‌بووه‌، (ڕه‌جه‌ب) كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا باوكی له‌یلایه‌، ده‌ڵێت” ئه‌و هه‌ر كچی نه‌بووه‌ به‌ناوی له‌یلا،” ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌و چیرۆكه‌ دایكی، كه‌ ده‌كاته‌ دایه‌ گه‌وره‌ی له‌یلا له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا خۆی دروستی كردوه‌و هه‌ڵی به‌ستوه‌، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی بێتاقه‌تی ژنه‌كه‌ی واته‌ (جه‌میله‌) كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، دایكی (له‌یلا)یه‌. له‌كاتێكدا یه‌كێك له‌ ئاشقه‌كانی له‌یلا كه‌ ناوی (بلود)ی كوری سوغرایه‌، ده‌ڵێت” چیرۆكه‌كه‌ ڕاسته‌و ئه‌و به‌ ڕاستی عاشقی له‌یلا بووه‌و له‌یلا ڕاسته‌قینه‌یه‌، كه‌ دواجاریش هه‌ر له‌ پێناو ئه‌ودا خۆی فڕێداوه‌ته‌ ده‌ریاوه‌” به‌م جۆره‌ش نوسه‌ر گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌كات و له‌كۆتا به‌شی یاداشته‌كانیدا، كۆتایه‌كی كراوه‌ بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵت و به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت” ئه‌م چیرۆكه‌ خه‌یاڵییه‌و هه‌ر جۆره‌ وێكچوونێك له‌ نێوان كه‌ سێتیه‌كانی چیرۆكه‌كه‌و كه‌سێتی ڕاسته‌قینه‌دا ڕێكه‌وته‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ندێك كات، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م چیرۆكه‌ ڕووی داوه‌. ئه‌ی بۆچوونی ئێوه‌ چییه‌؟؟؟

دوا سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:

ئه‌گه‌رچی چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌بڕوای من چیرۆكێكی سۆزداری ساده‌یه‌ و هاوشێوه‌ی نوسین و گێڕانه‌وه‌ی له‌م جۆره‌ له‌ زۆرێك له‌ ئه‌ده‌بیاته‌كاندا بونی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ر له‌ ئه‌ده‌بیاتی (ئێرانی)خۆیدا كه‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ له‌لایان نوسه‌رانی دیكه‌وه‌ چیرۆك گه‌لی وا دارێژراون و له‌ ئه‌ده‌بیات و حیكایه‌تی كوردیشدا هاوشێوه‌ی هه‌یه‌ و شتێكی زۆر نوێ‌ نییه‌، وه‌ك بابه‌ت، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌و شێوازی داڕشتنی ڕوداوه‌كان به‌و گرێچنیه‌ ورده‌ و به‌و زمانه‌ ساده‌و پاراوه‌، به‌ڕاستی له‌ زۆرێك له‌ تێكسته‌كانی دیكه‌ی جودا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ واده‌كات خوێنه‌ر چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ببات و ئاره‌زووی ته‌واونه‌كردنی تێكسته‌كه‌ بكات. ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌قه‌باره‌ی نیو(A4) و له‌ دوتوێی (204) لاپه‌ڕه‌دا، له‌لایان ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ساڵی (2013)یه‌ و هاوڕێی وه‌رگێریش (جه‌بار سابیر) به‌زمانێكی جوان و شیرینی پاراوی كوردیانه‌، وه‌رگێڕاوه‌، كه‌ به‌ ڕاستی جێگای سوپاس و ده‌ستخۆشیه‌. من له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووجاری ئه‌م ڕۆمانه‌ چێژی زۆرم بینی بۆیه‌ ته‌مه‌نا ده‌كه‌م ئێوه‌ش بیخوێنه‌وه‌و له‌و چێژه‌ بێبه‌شنه‌بن. چونكه‌ وه‌ك (میلان كۆندێرا) ده‌ڵێت” عه‌قڵی ڕۆمان عه‌قلی ئاڵۆزییه‌، هه‌موو ڕۆمانێك به‌ خوێنه‌ری خۆی ده‌ڵێت: شته‌كان له‌وه‌ ئاڵۆزترن كه‌ بیریان لێده‌كه‌یته‌وه‌”

————————————

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتوه‌.
هونه‌ری ڕۆمان_ میلان كۆندێرا_ لێكۆڵینه‌وه‌.
ده‌ستپێك له‌ چیرۆكی كوردیدا_ ئارام سدیق_ لێكۆلینه‌وه‌.
ڕێبه‌ری كتێبسازه‌ كوژراوه‌كان_ عه‌تا محه‌مه‌د_ ڕۆمان.

Shaxi83@yahoo.com




تێگه‌یشتنی بازنه‌یی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك)ی كه‌ریم ده‌شتی- 2016 هه‌ولێر- ناوه‌ندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

ته‌نیا ماینه‌وه‌
من و باقه‌یێ‌ خه‌یاڵ
كه‌ به‌شی پێكێكی قه‌یتانی نه‌ده‌كرد
من به‌و خه‌یاڵه‌
سه‌راپا تراژیدیای ژیانم نوسییه‌وه‌. ل3

(كه‌ریم ده‌شتی) شاعیرێكی به‌ ئه‌زموونی پڕ به‌رهه‌مه‌، به‌ یه‌كێك له‌ شاعیرانی (نه‌وه‌)ی هه‌شتاكانی شیعری كوردی ده‌ژمێردرێت، هه‌ڵگری جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی شیعرییه‌ و پشت به‌ “بیركردنه‌وه‌” و “خه‌یاڵ ” ده‌به‌ستێت و بایه‌خ به‌ (چنینی ریتم)ی شیعری، ده‌نگ و سه‌روا ده‌دات، ئه‌وه‌ی دوایی وای كردووه‌ شیعره‌كانی له‌ روونی و ساده‌یی نزیك ببنه‌وه‌! له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بره‌وی به‌ (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) و به‌ تایبه‌تی (تێگه‌یشتنی وشه‌) داوه‌.

له‌ كتێبی (ره‌وانبێژی خه‌یاڵ) كه‌ به‌شه‌ پراكتیكه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی وێنه‌ی “كتێب” له‌ ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری “كه‌ریم ده‌شتی”شاعیردا. قسه‌م له‌ باره‌ی میكانیزمی كاركردنی شاعیر كردووه‌ و پێموایه‌ شاعیر وه‌ك میكانیزمی كاركردن زێتر به‌لای هه‌ڵبژاردنی زمانی شیعرییدایه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌وه‌دا كۆ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ (رێگای گوتن) بۆ زمان خۆش بكات. له‌و رێگا خۆش كردنه‌شدا هه‌ندێجار شاعیر ئیشكالی گه‌یاندن و نه‌گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی شیعریی له‌ رێگای ئه‌زموونه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات. وه‌ك چۆن ئیشكالیه‌تی وێنه‌ و ته‌عبیركردنی شیعریی له‌ رێگای تێگه‌یشتنی ناوه‌كی زمانه‌وه‌، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ له‌ رێگای ئه‌زموونگه‌رییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات. له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌شێ‌ بڵێم ئه‌زموونی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان و شێوازگه‌ریی ته‌عبیركردن، له‌ سه‌ر دوالیزمی ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری – به‌رده‌وامی زمان و چركه‌ساتی ئازادی ده‌ربڕین – وه‌ستاوه‌. ئه‌و بیروڕایه‌ی من كۆی به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی تا ساڵی (2011) ده‌گرێته‌وه‌.

له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ناوبراودا پێموایه‌ شاعیر له‌ (پرۆسه‌ی نوسینی شیعری) زۆر جاران (بابه‌تێك) یان (فیكره‌یه‌ك) به‌ره‌و نوسینی ده‌بات؟! فیكر و مانا له‌ دروستكردنی وێنه‌دا به‌شداری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام دیاره‌ لێره‌ مه‌به‌ست له‌ فیكر و مانا وه‌ك ره‌گه‌زێكی شیعری بینراوه‌، نه‌ك وه‌ك لۆژیك و تێگه‌یشتن!! به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌دا من وه‌ك خوێنه‌رێكی كۆی به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر هه‌ندێك گۆڕانكاری ده‌بینم، یان هه‌ندێ‌ ئه‌زموونكاری ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی زۆر به‌رجه‌سته‌شه‌ گۆڕانكارییه‌ له‌ شێوازیی ته‌عبیركردن و هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییه‌ له‌ خولانه‌وه‌ی وشه‌دا.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) شاعیر وه‌ك ئه‌زموونگه‌رایه‌ك له‌ رووی مه‌عریفه‌ی شیعریی و ته‌عبیركردن، كاری له‌ سه‌ر (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) كردووه‌… به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ خوێنه‌ران جیاوازییه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌ رێگا گۆڕانكاری له‌ شێوازیی ته‌عبیركردن، به‌ڵكو له‌ رێگای به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌یشه‌وه‌ زێتر هه‌ست پێبكه‌ن!

شاعیر له‌ هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا له‌ (رێگا خۆشكردن بۆ زمان) دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای من په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی شیعریی –یه‌كه‌مه‌وه‌- هه‌یه‌، واته‌ باوكی وه‌ك شاعیرێكی كلاسیزمی كوردی له‌ پرۆسه‌ی نوسیندا وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی زمانی شیعریی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌!

لێره‌ قسه‌كردنم له‌ سه‌ر ته‌عبیركردنی شیعریی ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنوری (ده‌ق -ته‌عبیركردن) و سنوری (وه‌رگر -ته‌ئویل) كردن! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم چه‌مكی ته‌عبیركردن، خۆی له‌ به‌رفره‌وانكردنی سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی شاعیردا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك چۆن نابێ‌ سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی وه‌رگریش فه‌رامۆش بكه‌ین! بێگومان نابێ‌ له‌ بیرمان بچێ‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئازادی بیركردنه‌وه‌ و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌؟!

به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌میشه‌ شێوازی ته‌عبیركردن به‌ شێوه‌ جۆراوجۆره‌كانی زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ به‌نده‌! زمانی ئه‌ده‌بی دووره‌ له‌ راسته‌وخۆیی، هه‌ڵگری روویه‌كه‌ له‌ رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت، زمانی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌ر لادان و خوازه‌ و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت… هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ به‌رانبه‌ر شێوازی زمانی ته‌عبیركردن، شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌یه‌… شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌موو هێزی خۆی له‌ لادان و ئاماژه‌ و ره‌مز خه‌رج ده‌كات، هه‌میشه‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی پشت به‌ خوێنه‌ران ده‌به‌ستی… ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی جیاوازی نێوان زمانی ته‌عبیری و زمانی ئه‌بستراك.

به‌ڵام دواجار زمانی ئه‌ده‌بی به‌ هه‌موو ئاسته‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ پشت به‌ ئازادی بیركردنه‌وه‌ و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ ده‌به‌ستێ‌… هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێم بزاڤی زمانی ته‌عبیركردنی كه‌ریم ده‌شتی له‌ كۆی ئه‌زموونه‌كانی پێشووی تا ساڵی 2011 له‌ زمانی ته‌عبیركردنی (زینده‌گی)یه‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌، یان به‌ شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌ به‌نده‌… به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌، پشت به‌ ریتمی ناوه‌كی ژیان ده‌به‌ستێ‌ و هه‌ندێجار كار له‌ تێكشكانی گرامه‌ر و ره‌نگاوڕه‌نگی ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی په‌رتوبڵاو بێت… (جه‌لال به‌رزنجی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، به‌رۆژ ئاكره‌یی، هیوا قادر…) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن…

به‌ بڕوای من شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌، بۆ كه‌ریم ده‌شتی تا (ساڵی 2011) درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شاعیر خۆی له‌ ته‌عبیركردن له‌ رێگای دنیابینییه‌وه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، له‌ (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) ئه‌و شێوازه‌ به‌ ترۆپك ده‌گات، له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) دنیایه‌كی دیكه‌ی نوێ‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست ده‌كات.

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی ته‌عبیركردن له‌ رێگای دنیابینی، شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شێوه‌كانی زمانی ته‌عبیركردنی شیعریی، كه‌ ئه‌زموونی هه‌ستی كه‌متر تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، زۆرتر پشت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌كان و خولانه‌وه‌ ده‌به‌ستێ‌، كار له‌ ریتمی ده‌ره‌كی ده‌كات، كه‌مترین ده‌نگی دژكاری تێدایه‌، چڕه‌، هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش گۆشه‌نیگای شاعیرانه‌ بۆ خوێنه‌ر ده‌نه‌خشێنێ‌!

گۆشه‌ نیگای شاعیرانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ دیتن یان دنیابینی و خه‌ونبینییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ تێگه‌یشتنی من بێت، بۆ روانینی شاعیرانه‌ و دیتنی دنیا و شته‌كان به‌ چاوێكی نوێوه‌… (شێركۆ بێكه‌س، ره‌فیق سابیر، هاشم سه‌راج، دلشاد عه‌بدوڵڵا، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، جه‌مال غه‌مبار…) به‌ جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ له‌ باره‌ی زمان و تێڕوانین و هه‌ستی شیعرییه‌وه‌… نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن: بۆ نموونه‌ زمان و تێڕوانینی هاشم سه‌راج په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون — نیگه‌رانی — مردن) و له‌گه‌ڵ تێڕوانینی (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌… دلشاد عه‌بدوڵڵا، هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای هاوكێشه‌ی بابه‌تییه‌وه‌ شیعرییانه‌ به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كاندا بچێته‌وه‌. ده‌یه‌وێت هاوكێشه‌ی بابه‌تی له‌ نێوان شیعر و گێڕانه‌وه‌ دروست بكات! ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ تێڕوانین هه‌مان زمانی گێڕانه‌وه‌ی شیعریی و ره‌گه‌زی زاڵی گێڕانه‌وه‌ی جه‌مال غه‌مبار نییه‌، ئه‌حمه‌دی مه‌لا هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژه‌ و زێتر له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگای شاعیرانه‌ دێته‌وه‌… (بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌تی نوسینه‌كه‌ دوور نه‌كه‌ومه‌ ئه‌و پۆلینكردنه‌ی زمانی ته‌عبیركردن و جیاوازییه‌كانی بۆ كاتێكی دیكه‌ هه‌ڵده‌گرم)
له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانم بڵێم تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) خۆی له‌ بزاڤی جوانی و توانای شێوه‌گرتن و گه‌شه‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییدا ده‌بینێته‌وه‌، شاعیر به‌ ئاگاییه‌وه‌ له‌ رێگای هاوگونجانێكی هونه‌ری به‌رزه‌وه‌ تێڕوانین و دنیابینی خۆی ده‌خاته‌ روو. ده‌شێ‌ خوێندنه‌وه‌م بۆ تێگه‌یشتنی بازنه‌یی، له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی شاعیردا له‌وێوه‌ خۆی هه‌ڵبگرێته‌وه‌، كه‌ (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) به‌لای منه‌وه‌، ناونانی میكانیزمی كاركردنێكه‌ بۆ چه‌سپاندنی تێگه‌یشتن له‌ سه‌ر خودی تێگه‌یشتن! پێموایه‌ ده‌شێ‌ دوو بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و میكانیزمه‌ ده‌ستنیشان بكه‌م: یه‌كه‌م، بنه‌مای فیكره‌ی دابڕان: فیكره‌ی دابڕان له‌ مانایه‌كه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مانایه‌كی دیكه‌، یان له‌ تێگه‌یشتنێكه‌وه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كێكی دیكه‌… دیاره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌ بڕوای من له‌ سه‌رسامبوونی خوێنه‌ردایه‌، چونكه‌ خودی فیكره‌ی دابڕان له‌ شیعردا وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات، جارێكی دیكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، تاكو بتوانێ‌ باشتر له‌ هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه‌ بگات و چێژی زێتر به‌ ده‌ست بهێنێ‌. بڕوانه‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون — دابڕان— هه‌تاهه‌تایی)
باش وه‌كو دڵم تاقه‌ خۆشه‌ویستێكی هه‌بوو
هه‌تا ماوه‌ بۆی ئه‌گه‌ڕێ‌
ته‌نیا من و تۆ ماینه‌وه‌ ئه‌ی با. ل30

بنه‌مای دووه‌م، فیكره‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌، یان خولانه‌وه‌ی وشه‌: واته‌ شاعیر هه‌وڵده‌دات هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو حه‌زی لێده‌كه‌ین، ئه‌ویش له‌ پێناو جێگیركردن! راسته‌ دروستكردنی حاڵه‌تێكی ده‌روونی له‌ پشته‌وه‌یه‌… بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ بتوانێ‌ هه‌مووان رازی بكات، به‌ڵام هێزی ده‌ربڕینی شاعیر پۆشاكێكی دیكه‌ی نوێی پێده‌به‌خشێ‌، كه‌ له‌به‌ر دڵان بێت. بڕوانه‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون— دووباره‌بوونه‌وه‌—هه‌تا هه‌تایی)

زۆرم بیر كرده‌وه‌ شیعر شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ بازنه‌
زۆرم بیر كرده‌وه‌ بازنه‌ ئه‌به‌دییه‌ و كۆتایی نایه‌ت. ل62

هه‌میشه‌ كه‌ریم ده‌شتی له‌ ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا بۆ ئه‌و هێزه‌ی زمانی ته‌عبیركردن، په‌نای زۆری بۆ موزیكای وشه‌ و هاوگونجان ((چنینی ریتم)) و دواتریش به‌رجه‌سته‌كردنی چییه‌تی زمان بردووه‌، به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ پێگه‌ییوه‌دا به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی زمان، پێش ماهیه‌تی زمان ده‌كه‌وێت؟! ده‌شێ‌ بۆ (چییه‌تی زمان) به‌ دوای ده‌نگ و مانادا بگه‌ڕێین، به‌ڵام ده‌بێ‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) په‌نا بۆ ئاشكراكردن و به‌ دواداگه‌ڕانی تێگه‌یشتنی تایبه‌تی وشه‌ و خولانه‌وه‌ی وشه‌ به‌رین…

هه‌وڵێكی زۆرم دا به‌ چه‌ند وشه‌یێ‌ خۆم بكوژم
كه‌چی وشه‌یه‌كی زۆرم كوشت و هه‌ر نه‌كوژرام
زۆر هه‌وڵم دا دوژمنێ‌ بۆ خۆم دروست كه‌م
به‌ڵام له‌ خۆم زێتر كه‌سم نه‌دۆزییه‌وه‌. ل102

شاعیر چۆن له‌ ناو و ناونانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ و چۆن ئه‌و ناو و ناونانه‌ به‌ هه‌بوونی شیعرییه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌؟! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ (ده‌رخستن) و (ئاشكراكردن) و (نواندن)ی تێگه‌یشتن، له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی شاعیردا ده‌رخستن و ئاشكراكردن و نواندنی تێڕوانینه‌ بۆ (بوون) له‌ شیعردا، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) تێگه‌یشتنی شاعیر یان (هه‌بوونی شیعریی) لای ئه‌و مه‌عریفه‌ی شیعریی شاعیر ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌عریفه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه‌ پێیگه‌یشتبوو! هه‌میشه‌ مه‌عریفه‌ی شیعریش دنیابینی شیعری ره‌نگ ده‌كات… كه‌واته‌ شاعیر ئه‌و كاته‌ ناو له‌ شته‌كان ده‌نێت، كه‌ تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌نوێنێ‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ته‌نها ئه‌و وشانه‌ ده‌توانن تێگه‌یشتنی شاعیر به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، كه‌ ده‌توانن ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ شاعیر به‌ پێی دنیابینی خۆی ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی هه‌بوونی شیعری لای كه‌ریم ده‌شتی ئاشكرا ده‌كات.

به‌ كورتی شاعیر وێنه‌ی تێگه‌یشتنی خۆی یان (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) له‌ چوارچێوه‌ی شیعردا به‌ خولانه‌وه‌ی وشه‌ و خولانه‌وه‌ی فیكر له‌ لایه‌ك و فیكره‌ی دابڕان له‌ لایه‌كی دیكه‌ سپاردووه‌.

1/5/2017 هه‌ولێر




له‌نێوان “به‌ڵێ” و “نه‌خێر” دا … عه‌زیز ڕه‌ئووف

چه‌ند سه‌خته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كتان هێناوه‌ته‌ سه‌ر چۆك و داوای غیره‌تیشیان لێ ده‌كه‌ن. چه‌ند سه‌خته‌ له‌ بیست و شه‌ش ساڵی ڕابردوودا به‌ناوی كوردبوونه‌وه‌ كه‌رامه‌تی كوردایه‌تیتان شكاندووه‌ و ئێستا ته‌نها به‌ به‌ڵێ و نه‌خێرێك ده‌تانه‌وێت شكۆی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌. چه‌ند سه‌خته‌ یه‌ك مژده‌تان بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌جێ نه‌گه‌یاندووه‌ ئێستا ختوكه‌ی هه‌ستی ناسیۆنالیستیان ده‌ده‌ن و له‌نێوان كوردبوون و كوردنه‌بووندا دنیایان بۆ دابه‌ش ده‌كه‌ن.

كێشه‌كانی ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ ئاڵۆزترن به‌ به‌ڵێ و نه‌خێر چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌مه‌ كاربه‌ڕێكردنه‌ ته‌نها له‌م تاریكییه‌دا بته‌وێت به‌ به‌ڵێ یان به‌ نه‌خێر ڕای خۆت ده‌رببڕیت. نه‌ته‌وه‌ دروست ده‌كرێت، كه‌ ماڵ دروستكرا خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و پێویستی به‌ ڕیفراندۆم نیه‌ ئایا ئێمه‌ ماڵمان هه‌یه‌ یان نا. كه‌ دیواره‌كه‌ دروست كرا قه‌ڵا بۆخۆی پته‌و ده‌بێت، به‌ڵام یه‌ك به‌ردتان نه‌هێناوه‌ بۆ بنیادنانی قه‌ڵاكه‌ و ئێستا له‌نێوان به‌ڵێ و نه‌خێری دروستكردنی قه‌ڵایه‌كدا كۆمه‌ڵگه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵـتان نه‌بێت ته‌خوینی ده‌كه‌ن.
چه‌ند سه‌خته‌ وه‌ك وه‌ستایه‌ك شكستت هێنابێت له‌ دورستكردنی وشكه‌ كه‌ڵه‌كێكدا ئێستا باس له‌ دورستكردنی قه‌ڵا بكه‌ن و له‌كاتێكدا هه‌ر خۆتان قه‌ڵاكه‌تان پڕ كردبێت له‌ مار و مێروو، هه‌رخۆتان قه‌ڵاكه‌تان به‌ سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وییه‌وه‌ تاڵان كردبێت و كورده‌كانی ناو قه‌ڵاكه‌تان برسی و كردبێت و زیاد له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ شكۆیان ده‌شكێنیت و ئێستاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵتان نه‌بێت به‌ خائینی ده‌كه‌ن.

چه‌ند سه‌خته‌ كوردبوون، ئه‌وه‌ی باسی كوردایه‌تی ده‌كات خاڵیه‌ له‌ هه‌ناسه‌ی كوردبوون و كوردبوونی ته‌نها بۆ ڕه‌فاهیه‌ت و تاڵانی ده‌وێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش كوردبوون بۆیان بۆته‌ ئازارێكی سه‌خت و ئێستاش به‌ به‌ڵێ و نه‌خێر تاقی ده‌كرێنه‌وه‌. چه‌ند سه‌خته‌ كوردبوون كه‌ به‌ ڕۆژی ڕووناك قاچاخچییه‌كان باسی كوردایه‌تیت بۆ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ی كه‌ بیست و شه‌ش ساڵه‌ له‌سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ ناشرینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كۆی ئازاره‌كانیان چه‌شتووه‌، كه‌چی ئه‌وسه‌ری تونێڵه‌كه‌ت لێ بگرن و كوردایه‌تیت پێ بفرۆشنه‌وه‌. چه‌ند سه‌خته‌ كوردبوون به‌ئاشكرا خائینان و نیشتیمانفرۆشان و تاڵانچییه‌كان باسی نیشتیمانپه‌روه‌ری و كوردایه‌تیت بۆ بكه‌ن و تۆش له‌نێوان به‌ڵێ و نه‌خێر دا ته‌نها ده‌توانی بۆ كوردبوونی خۆت بگریت.

چه‌ند سه‌خته‌ كوردبوون، سندوقێكتان داناوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ نه‌خێر ده‌نگ بده‌ین ئه‌وا به‌دنیا ده‌ڵێین ئێمه‌ ژێرده‌سته‌ییمان قبوڵه‌و نامانه‌وێت خۆمان به‌ڕێوه‌به‌رین، ئه‌گه‌ر به‌ به‌ڵێ ده‌نگ ده‌ده‌ین، ئه‌وا بێقانونی و كه‌رامه‌تشكاندنمان قبوڵه‌ هه‌ر به‌ده‌ستی ئێوه‌ و هه‌م به‌ دنیا ده‌ڵێین ئێمه‌ قاچاخچیه‌كانی نه‌وتمان قبوڵه‌ چ بڕیارێك ده‌رده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیانین.
چه‌ند سه‌خته‌ كوردبوون هاوڕێیان.




چەند پەیامێكی مەزن بە دوولێوی بچووک … نیگار نادر

ڕەوان ژیکەلەترین و شیرینترین هاوڕێ و هاوزمان و هاوڕووحی لەندەنمە ، ئەو ڕەوان پاکە لە تەمەنی سێ مانگیەوە هەتا سێ ساڵی لەکوردستان زمانی فراژاوە بەو مانایەیی خۆڕسکانە کوردە و هێشتا کە تەمەنی چوارساڵە و گەڕوەتەوە لەندەن تائێستاش بە لەندەن نامۆیە و لەزمانی ئینگلیزی دەترسێ و هەرگیز نایەوێ تێیبگا و قسەی پێبکا ، ئەو پێیوایە تەنها دەبێت بەکوردی قسە بکا لەوجیهانەدا هەموو کەسیش لە لەندەن لێی تێبگا ،هەروەها تاسەیەکی شیرین و گەرمی بۆ نیشتیمان هەیەو هەمیشە بۆنی کوردستان لەمن دەکا ، ئەو سەربزێوترین و ڕووحبزێورترین منداڵە لە ژیاندا بینیبێتم کە جۆرەها پرسیارو پەیامی بۆ خودا هەیە ،هەروەها جوانترین و پاکترین جیهانبینی هەیە، هیچ بەربەستێکی مەودا و سنوورو زمان و جوگرافی و ڕێزمان ڕەچاوناکات، ئەو بە ڕەوانی دەدوێ و داوای فەلسەفیانە لە ژیان دەکا ، بەڵام چونکە پێیوایە ئەو زۆر بچوکە و زمانی تەواو نیە حەزدەکا زۆربەی پەیامەکانی خۆی لەڕێگای منەوە بنێرێ ، ئەوە یەکە لە پەیامە هەرە پاک و شیرین و جوانەکانیەتی:
ئیگەسۆر ؟ ها گیان..
ئێرە کوێیە ؟ ئێرە لەندەنە.. لەندەن کوێیە؟ لەندەن بەریتانیایە
بەریتانیا چیە ؟ بەشێکە لە زەوی و دونیا
ئەویش هی خودایە ؟ بەڵی
ئەی ئێرەش خودا دەیخوڕێنێ؟ بەڵی
ئەی بەخودا بڵی بۆ کوردوستان دوور دوورە؟
دەی پێی بڵی؟ بۆ کوردستان لەجێگای ئەو ماڵە درواسێیەمان نیە؟
ئاخر من حەزدەکەم هەموو شتەخۆشەکان لەتەنیشت یەک بن..
دە دیسان پێی بڵی؟
چی چ بڵێم؟ بڵی با هەموو ئەوانەی خۆشمدەوێن بیانکاتە داروسێمان…
ئاخر من بە پێیە بچوکانەم ناتوانم بگەمە هەموو شوێنێک هەموو رۆژێ و دەترسم وون ببم ..

(نیگە سور) نازناوی منە *
*(دەیخوڕێنی) ڕیزمانی تایبەتی خۆیەتی / مەبەستی لێخوڕینە
*دواتر پەیامەکانی تری دادەنێم

نیگار نادر / لەندەن




مه‌رگ …. سه‌ردار جاف

پێشكه‌شه‌ به‌ مه‌رگی خۆم ……

ئه‌گه‌ر هاتی
به‌ ئاسپایی له‌ ده‌رگاكه‌ی دلًم بده‌
چونكه‌ منیش ….
ناخی كه‌سم ، هه‌رگیز دانه‌خورپاندووه‌
فێری سه‌مای ماسی ببه‌
شه‌پۆل له‌ نێو چاوانمه‌وه‌ لرفه‌ ده‌كا
چونكه‌ رۆحم بۆنی ده‌ریای هه‌ڵگرتووه‌

*************************
ئه‌گه‌ر هاتی
چۆڕێ فرمێسك
له‌ كانیاوی كێلی گڵكۆی دایكم بێنه‌
تینوێتی شه‌وم بشكێنه‌
چونكه‌ خه‌وم وا ساڵێكه‌ بێدارییه‌ و وشكبوونه‌
گۆزه‌یه‌ك سۆزی باوكیشم
لێوه‌كانمی پێ ته‌ڕته‌ڕكه‌
چونكه‌ خه‌مم خه‌رمانێكی پڕ باڵایه‌
كه‌س لێی ناگا
هه‌ر هه‌ردووكمان
چاومان پڕپڕ ئه‌شكی روونه‌

******************************

ئه‌گه‌ر هاتی
له‌ سه‌ر ژێكانی مۆسیقا
هه‌نگاو بنێ
با خه‌یاڵم نوقمی به‌سته‌و گۆرانی بێ
چاوه‌نواڕی روخسه‌تی بێدادیم مه‌كه‌
با ژان و ئازاری ژیان
هه‌ر ده‌سله‌ملی شه‌وانی بێ

*************************

ئه‌گه‌ر هاتی
به‌ ئاونگی سپێدانی دولبه‌ره‌كه‌م
پاراوم كه‌
چونكه‌ هه‌ر ئه‌و پاكشۆری زه‌خمم ده‌ر ده‌كا
له‌ سه‌ر هه‌ر گردێكی وڵات
له‌ نێو هه‌ر چه‌مێكی ئه‌وێ
نغرۆی جوانی سروشتم كه‌
نه‌با له‌ پڕ خۆشه‌ویستی خاك و خۆڵم
له‌ نێو گۆڕیشا ده‌رم كا

****************************

ئه‌گه‌ر هاتی
به‌ر له‌ هاتن ، ئه‌و ته‌ڵقینه‌م له‌ گه‌ڵ خۆدا بۆ مه‌هێنه‌
نه‌با پاساری و كه‌ناریی
چه‌مه‌ جوانه‌كانی ئه‌وێ لێم یاخی بێ
به‌ر له‌ هاتن ، كفنه‌ سپییه‌كه‌ تووڕ بده‌
له‌ په‌ڕه‌ گوڵی گزنگا
ئاڵای ئه‌وێم بۆ بدووره‌
نه‌با خواكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بێته‌ ده‌نگ و
نزای ره‌قیبان ساقی بێ

*****************************

ئه‌گه‌ر هاتی
پێیان بڵێ ، گریان و شیوه‌ن به‌ سه‌رچوو
ده‌نگ هه‌ڵمه‌بڕن
نه‌با ره‌شۆڵ و مه‌ردان و كاوێسه‌كه‌م
نه‌عره‌ته‌ی سۆز و ئاوازیان نه‌ڵێنه‌وه‌
پێیان بڵێ ، ڕشپۆش مه‌بن
به‌ر له‌ جاویدانی هاتن
سه‌راپا دڵم ڕش بووه‌
نه‌با ئاوه‌ز و بیرم له‌ وه‌ڵامی گۆڕ هه‌ڵه‌ بكه‌ن
ڕێی سروودی زمانی خود به‌ربده‌ن و
ته‌ریقه‌تێ بڵێنه‌وه‌

****************************

ئه‌گه‌ر هاتی
با گۆڕه‌كه‌م نهێنی بێ
نه‌ له‌ پارك و نه‌ له‌ گرد و مه‌زارگه‌دا
نه‌عشم نه‌چێته‌ ژێر خاكێ
نه‌با به‌ ڕاڕه‌وی دوژمن
ئه‌و دڵخۆش و ئه‌زیزانم ئه‌سرین ڕێژ بێ
جه‌سته‌م سووتماكی وڵات كه‌ن
له‌ مه‌زاری شێمحێدینی شاره‌كه‌ما
په‌رش و بڵاوه‌ی سوتووم كه‌ن
با ئه‌و خاكه‌ به‌ر ژیله‌مۆی رۆحم كه‌وێ و
برینی گیانم سارێژ بێ

9 / 7 / 2017
ئه‌ڵمانیا




بۆ ده‌ڵێم ( نا ) بۆئه‌م ڕیفراندۆمه‌ !؟ … عه‌بدوڵا ساڵح

دوای كۆبونه‌وه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ حیزب و لایه‌نه‌كان ڕۆژی 7 / 6 / 2017، بڕیاری دا له‌ 25 ئه‌یلولی ئه‌م ساڵدا ڕیفراندۆمێك به‌رپا بكا بۆ جیا بوونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.!
سه‌ره‌تا پێویسته‌ بڵێم من بێ هیچ قه‌یدوشه‌رتێك له‌گه‌ڵ جیابونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی ده‌وله‌تێكی سه‌ربه‌خۆی سیكویلاری غه‌یره‌ قه‌ومیم وه‌ك مافێكی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای هه‌موو میلله‌تێك ، ئه‌وه‌ مافێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌ك پێویسته‌ به‌رگری لێبكرێ ، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ كه‌ باسم كرد ؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ باشتر وایه‌ چه‌ند ڕاستیه‌ك بخه‌ینه‌ به‌ر چاو :

1- گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای خه‌ڵك له‌ پرسێكی ئاوا چاره‌نوسازدا كارێكی پێویسته‌ ،به‌ڵام :
مه‌گه‌رهه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پرسێكی‌ چاره‌نوساز نه‌بوو!؟ ، مه‌گه‌ر به‌ فه‌رمانێكی‌ بارزانی به‌هه‌وادا نه‌چوو !؟ وه‌ ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ هه‌ر چوار حیزبه‌كه‌ی تر ده‌سته‌و دوعا له‌به‌ر باره‌گای بارزانی ده‌پاڕێنه‌وه‌ تاكو كارای بكاته‌وه‌ ! ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی كاتێك ئه‌و په‌رله‌مانه‌ كاراش بوو پرسه‌ چاره‌نوسازه‌كان هه‌ر له‌ دیوه‌خاندا یه‌كلا ده‌كر‌انه‌وه‌ ! بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ،وه‌ك مه‌رجێك بۆ به‌رپاكردنی ڕیفراندۆم، جگه‌ له‌ گاڵته‌جاریه‌ك به‌و لاوه‌ ناتوانێ هیچی تر بێ ، كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ‌مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ مه‌رجه‌ع بێ، واتا باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بێ ، به‌ڵام له‌كوردستان یاسا وه‌ك هه‌موو چمكه‌كانی دیكه‌ به‌ حیزبی كراوه‌، واته‌ ده‌بێ له‌خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و پڕۆژه‌كانی دابێ ده‌نا چ یاساكه‌ خۆی و چ ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌ری كردوه‌ ئا‌وا‌یان به‌سه‌ردێ كه‌ به‌سه‌ریان هات ! باس له‌ شه‌رعیه‌ت ده‌كه‌ن ، له‌ كاتێكدا هه‌موو ده‌زگایه‌ك و دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌م ووڵاته‌ مۆركی حیزبی پێوه‌یه‌و كون و كه‌له‌به‌رێك نه‌ماوه‌ به‌ حیزبی نه‌كرێ و نه‌خرابێته‌ ژێر چاوه‌دێری و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ، په‌رله‌مان زه‌قترین نمونه‌‌یه‌تی .

2- تۆ بڵێی خه‌ڵكی كوردستان له‌ماوه‌ی 26 ساڵ حاكمیه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌و ڕاستیه‌یان بۆ ئاشكرا نه‌بووبێ كه‌ واده‌و به‌ڵێنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاو وایه‌ ؟ یا وه‌ك كاره‌با 24 سه‌عاته‌كه‌ی ئاشتی هه‌ورامی وایه‌ ؟ تۆ بڵێی ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێویستیان به‌وه‌بێ جارێكی كه‌ بچنه‌‌ پای تاقی كردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ، ئه‌ویش له‌ پرسێكی ئاوا چاره‌نوسازدا ؟ ده‌سه‌ڵاتێكی ئاوا فشه‌ڵ ، ئاوا گه‌نده‌ڵ ، ئاوا مافیایی و ئاوا بێده‌ربه‌ست له‌ ئاقار ساده‌ترین پێداویستی خه‌ڵك ئه‌وه‌ چۆنه‌ ئه‌مڕۆ كه‌وتۆته‌ غه‌می ئه‌وخه‌ڵكه‌‌و ده‌یه‌وێ ئاینده‌ی نه‌وه‌كانی داهاتووی بۆ مسۆگه‌ر بكا ؟ له‌ كاتێكدا به‌ به‌ڵگه‌ ئاشكرا بووه‌ له‌سه‌ری، وه‌ك د. شێركۆ جه‌وده‌ت ،كه‌ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانه په‌كخراوه‌كه‌ی كوردستانه‌ ،‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ئێن ئار تی دا ئاشكرای كرد ‌ له‌ %53 زه‌وی كوردستان كه‌ده‌كاته‌ 41597 كم دووجا بۆ 25 ساڵ فرۆشراوه‌ و ئه‌وه‌شی نه‌فرۆشراوه‌ شارو لادێكانن و خانویان له‌سه‌ره‌ !

3- ئه‌گه‌ر من كاریكاتێرستێك بام بۆ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ وێنه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكم ده‌ كێشا فارغۆنی یه‌كه‌می، واته‌ مه‌كینه‌كه‌ی ، پارتیه‌و شۆفێریش بارزانی ، فارغۆنی دوای ئه‌و ‌ گالیسكه‌یه‌كه ئه‌‌و ڕایده‌كێشێ ئه‌ویش یه‌كیه‌تیه‌ ، ئه‌مجا حیزبه‌كانی كه،‌ وه‌ دوا فارغۆنیش ئه‌و چه‌پ و لایه‌نه‌ كۆمۆنیستانه‌ن كه‌ دوای هه‌ڵلا كه‌وتون و نایانه‌وێ وه‌ك چه‌پی حاشیه‌یی له‌قه‌ڵه‌م بدرێن ، وه‌ یا هه‌ندێكیان به‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی كوردستان جیا بێته‌وه‌ هیچ به‌هانه‌یه‌ك به‌ده‌ست ناسیونالیزمی كوردو حیزبه‌كانیه‌وه‌ نامێنێ تا شان خاڵی بكه‌نه‌وه‌ له‌ ئاقار داخوازیه‌كانی خه‌ڵك و ئه‌و كاته‌ كێشه‌ی چینایه‌تی شه‌فاف تر ده‌بێ وئه‌وان ده‌توانن ئێخه‌یان بگرن وقۆڵی لێهه‌ڵماڵن به‌ره‌و سۆسیالیزم ! ئه‌م بیانوه‌ جگه‌ له‌ڕاكردن له‌ به‌رامبه‌ر مه‌سئولیه‌تێكی مێژوویی كه‌ ئه‌وان له‌ ڕاستایدا بێده‌سه‌ڵاتن شتێكی دیكه‌ نیه‌ ! ئه‌و كۆمۆنیستانه‌ی ئێستاس به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ڵێن مافیایی، گوایه‌ دوای پێكهێنانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان له‌ مافیایی بوون ده‌شۆرێن ؟ كلكایه‌تی كردنی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ، وه‌ له‌ پێشیانه‌وه‌ پارتی ، وه‌ك بازدانه‌‌ له‌ بۆشاییدا !

4- له‌و ڕیفراندۆمه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێ ، ده‌سه‌ڵات كارتێكمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م دوو ئیختیاری تێدایه‌ { به‌ڵێ یا نا } بۆ جیابونه‌وه ، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كارته‌ چ پێویست ده‌كا ، مه‌گه‌ر كه‌س هه‌یه‌ دژی جیابوونه‌وه‌ بێ ؟ مه‌گه‌ر له‌ ساڵی 2005 دا هه‌مان پرس به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ته‌مان ڕێكی بخه‌ن، نه‌خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و ڕای زۆرینه‌ی ڕه‌های نه‌هێنا ، ئه‌ی بۆ جیا نه‌بوونه‌وه‌ ؟ به‌ڵام ئه‌وان له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا هاتون ڕێگای ڕیفراندۆمیان گرتۆته‌ به‌ر چونكه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌توانن به‌هره‌به‌رداری سیاسی خۆیانی لێبكه‌ن، قۆناغی دوای داعش و هه‌وڵی سونه‌كان بۆ پێكهێنانی ئیقلیمێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك ئارایشێكی نوێ ، ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناچار ده‌كا ئه‌و كارته‌ بخاته‌ گیرفانی بۆ موساوه‌مه‌و پچڕینی نفوزی زیاتر له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، ده‌نا كارته‌كه‌ بخه‌نه‌‌ ئه‌رشیفه‌وه‌ بۆ ڕۆژی مه‌بادا!

5- ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ده‌زگا ئیعلامیه‌كانی ئه‌و حیزبانه‌ ، به‌تایبه‌ت پارتی ، ده‌نگۆیه‌ك جاڕده‌ده‌ن گوایه‌ هه‌ركه‌س به‌به‌ڵێ به‌شداری نه‌كا ` خائینه‌ ` لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی هه‌ندێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژوویه‌كی نه‌ چه‌ندان دوور و بپرسین ته‌عریفی خیانه‌ت چی یه‌و ده‌بێ به‌ كێ بگوترێ ` خائین ` !؟ ، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ك ، له‌ لایه‌كی دیكه‌ ئێوه‌ كه‌ ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن و له‌ كارته‌كه‌دا دوو بژارده‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌م خه‌ڵك [ ئا یا نا ] ئیتر بۆ پێشوه‌خت فه‌رزی ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ده‌نگده‌ردا كه‌ ده‌بێ حه‌تمه‌ن به‌ دڵی ئێوه‌ ده‌نگ بدا ده‌نا ` خائینه‌ ` ،تكایه‌ بیكه‌ن به‌ یه‌ك بژارده‌ و با هه‌ردووك [ ئا ] بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك تازه‌ترین مۆدێلی دیموكراتیه‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی بفرۆشنه‌‌وه‌ كه‌ حاكمه‌كانیان له‌ شێوه‌ی ئێوه‌ن !

6- هه‌مان ئه‌و كارته‌ وه‌سیله‌یه‌كه‌ بۆ بێده‌نگ كردنی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌ك كه‌ ده‌مێكه‌ په‌نگی خواردۆته‌وه‌و خڵافاندنی خه‌ڵكه‌ به‌ بابه‌تێك كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان‌ نه‌ك جێگای هیچ ئومێدێك نیه‌ ، بگره‌ دووباره‌ دواخستنی ویستێكی به‌ر حه‌ققی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ بۆ جیابونه‌وه‌ له‌ عێراق و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ.

7- سه‌رانی ئه‌و حیزبانه‌ ، ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌و كه‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی ڕاسته‌وخۆ نیه‌ ، وه‌ك لێدوانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی بارزانی بۆ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ، به‌ڵام گریمان ده‌وڵه‌تیشیان دروست كرد ، كێ ده‌بێته‌ حاكمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌؟ مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌زاران كۆچبه‌رانه‌ی ڕۆژانه‌ به‌به‌رده‌وامی خۆیان به‌ ئاوه‌كاندا ده‌ده‌ن و زوربه‌یان ده‌خنكێن، ووڵاتیان نیه‌ !؟ ئه‌ی بۆ لێی ڕاده‌كه‌ن ؟ ئه‌و خه‌ڵكه‌ چ له‌ وولاتێك بكا ئاینده‌ی خۆیی و نه‌وه‌كانی داهاتوی نه‌ك مسۆگه‌ر نه‌بێ ، بگره‌ به‌به‌رده‌وامی له‌ ژێر فشاری برسی كردن و سه‌ركوت و دڵه‌ ڕاوكێ دابێ !

8 / 7 / 2017




بۆنی پوونگ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

خۆر تاڵه‌ تیشكێكی خۆی
به‌ باڵی سه‌مه‌نده‌رێ
بۆ تنۆكێ شه‌ونم نارد
ئه‌ویش خستیه‌ گیرفانی
تاكوو ده‌مه‌و ئێواره‌
زه‌رده‌په‌ڕ بوو به‌ میوان
شه‌وقێكی بۆ شه‌ونم نارد
كه‌ شه‌ونم تاڵه‌ تیشكی
له‌ گیرفانی ده‌رهانی
ببوو به‌ په‌ڕی تاووس
كۆتر ملیان پێ ڕه‌نگ كرد
ئاسۆ خۆی پێ داپۆشی
سروشت كردیه‌ مافۆرێ
پڕ له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌.
2
شالوورێكی وێل و سه‌رمه‌ست
به‌ چاوی پڕ خوماره‌وه‌
هاته‌ نێو دێڕه‌ شیعرێكم
كه‌ ده‌نووكی له‌ پیته‌كانی ناوت دا
سروشت پڕ بوو
له‌ بۆنی پوونگی به‌هاری
هه‌ر ئه‌وكاته‌
ته‌مێكی پڕ باقوبریقی
شه‌به‌نگاوی
به‌لووزه‌وه بۆ داباری.

3
ڕۆژانه‌ ده‌چمه‌ نێو ڕه‌زێ
بولبولێكی ده‌نووك مۆری
وێڵ و ته‌ریو
ده‌نووك له‌نێو بۆڵێ ئه‌نگوور
بزر ده‌كا
سه‌رمه‌ستانه‌ سه‌ر ده‌ردێنێ
ڕه‌ز و باخ و ده‌شتوده‌ریش
پڕ ده‌كا له‌
سه‌دا و نه‌وای
شه‌پۆله‌كانی میلۆدی
به‌ چریكه‌ی سه‌رمه‌ستانه‌ی
ده‌مخاته‌ نێو
خه‌یاڵی خۆشی مه‌یكه‌ده‌
له‌ كونجێكا
بێ باده‌ و مه‌ی
به‌ ئازارێ ده‌تلێمه‌وه‌
پڕ له‌ نیهادی ته‌نیایی
وه‌ك هه‌میشه‌ به‌یادی تۆ
ده‌كه‌ومه‌ ناڵه‌ی جودایی.
4
نیوه‌ڕۆیان
تیشكێ خۆر له‌ ڕۆچنه‌وه‌
خورجینه‌یێ
پڕ له‌ نسارم بۆ دێنێ
تژی له‌ به‌فراوی وشه
شێدار به‌ ئاونگی شیعر و‌
مشت له‌ ڕه‌نگی
شین هه‌ڵگه‌ڕاوی وه‌نه‌وشه‌.
5
خۆر مشتێ له‌
ئه‌له‌ندی ده‌مه‌و كازیوه‌ی
ڕژانده‌ نێو گیرفانی ته‌م
ئه‌ویش دایه‌ به‌ر بارانی
تیشكی ئاره‌نگی ئه‌ستێره‌
دواتر كردیان
به‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ و ناردیان
بۆ ئه‌و ئاسمانه‌ی كه‌ تۆی لێی.




سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان … رەزا شوان

لەگەڵ بوونی کورد دا، گـۆرانی کوریش هەبووە، گـۆرانی بووە بە بەشێک لە ژیانی کورد، بووە بە هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە هەست و سۆز و لە خۆشەویستی و لە لە خۆشییەکانی ناخی دەروونی.. ئێمەی کورد خاوەنی گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەندین لە گۆرانی فۆلکلۆری هەمەبابەتی رەسەن، کە مۆرك و تایبەتمەندی و رەنگ و بۆی کوردەوارییان پێوەیە دیارن و جیاوازیاشیان هەیە لەگەڵ گۆرانییەکانی گەلانی تر.. بە سەدان بەیت و بالۆرێ و گۆرانی فۆلکلۆری و میللی کوردیمان هەن، کە تا ئەمڕۆش چـێژ و خۆشییان کاڵنەبوونەتەوە.. داگیرکەرانی کوردستانیش نەیانتوانی ژینوسایدی گۆرانییە کوردییە رەسەنەکانمان بکەن، گەرچی بەشێکیان لێدزیوین و شیواندوویانن.

باسەکەمان دەربارەی گۆرانییە بۆ منداڵانە، ئەو گۆرانییانەی کە گۆرانبێژە گەورەکان بۆ منداڵانی دەیانڵێن.. یا بە دەنگی ناسکی خودی منداڵان بە تاک یا بە کۆمەڵ دەوترێن. گۆرانییەکانیش بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان پۆلێن دەکرێن.. پێویستە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆک و واتا و کێش و ئاواز و ترپەوە، لەگەڵ قۆناغەکانی توانای وەرگرتن و فێربوون و وتنەوەی منداڵاندا بگونجێن.
من لە کتێبەکەمدا (چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان) کە لە ساڵی (٢٠١٥) لە لایەن (کۆمەڵەی رۆناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک) ەوە چاپکراوە. لە بەشێکی ئەم کتێبەمدا، باسمان لە سوودەکانی (لای لایـە) کردووە، کە لە لایەن دایکانەوە بۆ کۆرپە و ساوا جگەرگۆشەکانیان دەکرێ.
(لامارتین) دەڵێ:” جوانتـرین هۆنـراوە لە سەرانسەری جیهانـدا لای لایـەی دایکـانە”
لای لایە و لاواندنەوە بۆ منداڵانی کۆرپە و ساوا دەکرێن، کاتێک کە دایکان دەیانخەنە نێو لانک یا بێشکەوە یا جۆلانێ، لەگەڵ راژەنیندا، بە لای لایە و گۆرانی گونجاو، سۆز و خۆشەویستی و ئاهی ناخی دڵیان بۆ کۆرپەکانیان دەردەبڕن.. تا خەو بیانباتەوە.

لەم نووسینەماندا، بە کورتی باس لە سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان و قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی دەکەین.. بە تایبەتیش قوناغی باخچەی منداڵان، کە بە قۆناغی زووی منداڵیش ناودەبرێت، لە چەند باسێکی پەروەردەیی تریشدا، باسمان لە گرنگی و لە هەستیاری ئەم قۆناغە لە ژیانی مرۆڤ کردووە.. یەکەمین خشتی بناغـەی کەسایەتی هەر کەسێک لەم قۆناغەدا دادەنرێت، لێرەوە پێشبینی ئەوەی لێدەکەین کە لە داهاتوودا دەبێتە چ کەسایەتییەک.. هەر لەم قۆناغەدا چەمکە بنەڕەتییەکان لای منداڵان جێگیردەبن، کە لە ئایندەدا دەتوانن زیاتر و زیاتر پەرەیان پێبدەن.. لەم قۆناغەدا زمان زۆر بە خێرایی گەشەدەکات، چونکە زمان لە پێویستی و پێداویستییەکانی پەیوەندیکردن و دەربڕین و گوزارشتکردنە.. پێویستە ئەم هەلە لە بەرژەوەندی منداڵاندا بقۆزرێتەوە، تا منداڵان بتوانن رادەیەکی زۆری وشە و دەستەواژە و رستە و چەمکەکان وەربگرن و فێربن، گەنجینەی زمان و زانست و زانیاری گشتیشیان دەوڵەمەند بکەن.. هەر لەم قۆناغەدا،هۆش بە ئەوپەڕی خێراییەوە گەشەدەکات.. لە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکیدا، ئەوە دەرکەوتووە، کە رێژەی زۆری گەشەکردنی هۆشی منداڵان تا تەمەنی چوار ساڵی دروست دەبێت.. ساڵانی پێش قوتابخانەش بە (تەمەنی یـاری) ناسراوە، چونکە منداڵان رۆژانە کاتێکی زۆریان بە یاریکردن و خۆشی بەسەردەبەن.. بە (تەمەنی دۆزینەوە)ش ناودەبرێت، منداڵان لەم تەمەنەدا، دەیانەوێت شتی تازە و زیاتر بزانن و بدۆزنەوە، لە سروشتی ژینگە و دەوروبەریان دەگەن، رۆڵ و پێگەی خۆیان لە نێو خەڵکیدا دەزانن، تا بۆیان بکرێت دەیانەوێت زیاتر بزانن، شت تاقیبکەنەوە و، شتی تازە بدۆزنەوە.

چەمکی گۆرانی منداڵان:

تا ئێستا گەلێ پێناسە و راڤەی جیاواز، بۆ چەمکی گـۆرانی منـداڵان کراون، وەکو:
گۆرانی منداڵان، بریتییە لەو پارچە هۆنراوە سوک و ئاسانانە، لە فۆرم و ناوەڕۆک و واتادا، کە لەسەر کێشێکی سووکی تایبەتی دەهـۆنرێنەوە، دەگونجێن کە منداڵان بە تاک یا بە کۆمەڵ بە گۆرانی و ئاوازەوە بیان چڕن.
(ئەحمەد نەجیب) ش دەڵێ:”هۆنـراوە لە شێوەی، گۆرانی، سروود، ئۆپەرێت، نمایش، شانۆشیعردا خۆی بە جیهانی منداڵان ئاشنادەکات”
لە پێناسەیەکی تردا: گۆرانی منداڵان بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی ئەدەبی شیرین و بڵاو، ئاوازەکانیان منداڵان دەوروژێنن و دەیاهێننە جۆش خرۆش.
خۆشەویستی و ئارەزووی منداڵان بۆ گۆرانی، حەزێکی سروشتییە، گۆرانی هۆکارێکی ئاسانە بۆ شیرین کردنی فێربوون لە قۆناغی باخچـەی منداڵاندا.. ئەوان لە بنەڕەتدا، لە رێی وشە و رستە دووبارەکردنەوەوە، فێری زمـان دەبن.. بۆ نموونە، ئەم کۆپلەیە:
هــەر دەرنــایە….هــەر دەرنــایە
قاچمــان تەزی….بووک دەرنـایە
هــەر دەرنــایە….هـــەر دەرنـایە
دەستمان تەزی….بووک دەرنایە
هــەر دەرنــایە….هــەر دەرنــایە
گۆرانی ئەو چالاکییەیە، کە منداڵان بە هەموو هەستێکیانەوە، بە شێوەیەکی نەستی تیدا نوقـم دەبن.. بە ئازادیش گوزارشت لە هەستەکانیان دەکەن.. ئەم هەست و نەستەش ئارمییەکی قووڵی دەروونییان پێدەبەخشێت.. منداڵان حەز لە گۆرانی رتم خێرا دەکەن و، حەزیان بە رتمی خاو نییە.
شاعیری ناسراوی سوری (سلێمان ئەلعیسا) لە کێبەکەیدا (دیـوانی منـداڵان) دەڵێ:
“لە منداڵان بگەڕێن، با سروود بچڕن، گۆرانی بڵێن، بە نرخترین دیاری کە پێشکەشیان بکەن، ئەو وشە جوانـانەن کە دەیانخـەنە سەر لێوەکـانیان.. بۆ ئەوەی کە زمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە نیشتمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە خەڵکی و گـوڵ و بەهـار و ژیانیان خۆشبوێ.. پێویستە فێری سـروودی خۆشیان بکەین.. هۆنـراوەی جوانیان بۆ بنووسین”
زۆر جاریش ئەم جووتە وشانە پێکەوە دێن و دەبنە پێویستی و بە تەواوکەری یەکتری: (سروود و گۆرانی، هۆنراوە و گۆرانی، سروود و موزیک، گۆرانی و موزیک، گۆرانی و هەڵپەڕکێ، گورانی و چەپڵە، هۆنراوە و ئاواز، گۆرانی و ئاواز).
سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک گۆرانی فۆلکلۆری رەسەنمان بۆ منداڵانی کورمان هەن، وەکو (هەیاران و مەیاران، بووکە بە بارانە، هەلوور بەلوور، حل حلی و بل بلی، حێلانێ، هۆ رێوی رێوی، هەتەرێ و مەتەرێ.. نەورۆزە وەرنە دەرێ، پام سۆ دەستم سۆ.. شەکری عەمارانم سۆ، حاجی لەقلەق مار هات، چەندین گۆرانی فۆلکلۆری تریش، کە منداڵان بە کۆمەڵ لەگەڵ یاریکردن دا، دەیان ڵێنەوە.
کۆمەڵێک شاعیری ناسراویشمان، هۆنراوەی شیرین و ناسکیان بو منداڵان نووسیون، هۆنراوەکانیان لە لایەن هۆنەرمەندانی ئاوازدانەرەوە، کراون بە گۆرانی بۆ منداڵان، لەو شاعیرانەش (زێوەر، فایق بێکەس، گۆران، عەلی عەبدوڵڵا شەونم، کاکەی فەللاح، هەژار موکریانی، فەرەیدوون عەلی ئەمین، لەتیف هەڵمەت، دایکی سۆلاڤ، كازم کۆیی، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، سەلاح نیساری، رۆستەم باجەلان، سەبری بۆتانی، سیمین چایچی، علیڕەزا محەمەدیان، جگەرسۆز پێندڕۆیی، ئەمین گەردیگلانی، عوسمان هەورامی، عەبدولڕەحمان فەهیمی،… هتد)
لە راستیشدا، تا ئێستا گۆرانبێژێ چ پیاو چ ئافرەتمان نییە، کە بە تایبەتی لە بواری گۆرانی منداڵاندا کاربکەن.. تەنها گۆرانیبێژ مامۆستا (سەلاح محەمەد کۆیی) نەبێت، کە لە لای منداڵان بە (مام عـەوڵا) ناسراوە.. کە نزیکەی دە کلیپی تۆمارکراوی بۆ منداڵان هەیە لەوانەش (هەلوور بەلوور) و(دێوەرە) و (بووکانە) و ( ئەم مەشـکێ.. نە دۆی دەخورێ و نەکەشکێ) و (پۆلیسی هاتوچۆ) کە بە زۆری لە کەناڵەکانی پێلیستانک و کوردماکس پەپوولە و زارۆک دا نمایش دەکرێن.. هەر لەم کەناڵانەشدا، کۆمەڵێک منداڵانی چاوگەشی بەهرەمەند، چەندین گۆرانی خۆشیان تۆمارکردوون.. ئەم منداڵانە و ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەش کە رایانهێناون شایانی ئافەرین و دەستخۆشین.

ناشبی رۆڵی گەورە و بەرچاوی هونەرمەند کاک (فوئـاد مەولانەیی) لە یاد بکەین، کە وەرچەرخانێکی بە گۆرانی کوردی منداڵان کرد، چەندین ئاوازی بۆ هەڵبەستی منداڵان دانا و ئامادەی کردن و منداڵانی بەهرەمەندی راهێنان.. ئەو گۆرانییانە بە دەنگی منداڵانی شاری سلێمانی بۆ کەناڵی کوردسات تۆمارکران و نمایش دەکران.. هیوای ئەوەم دەخواست کە کاک فوئاد لەم خزمەتە پیرۆزەیدا بەردووام بوایە.. بەڵام ئەویش ئەو چالاکییانەی نەمان و.. هۆکاری وازهێنانیشی لای خۆیەتی.
لە سلێمانی و لە هەولێر و دهۆک ساڵانە فێستیڤاڵی منداڵان بۆ گورانی و هەڵپەڕکی و شانۆگەری پێشکەش دەکرێن، هیوادارم سەرپەرشتیارانی ئەم فێستیڤاڵانە زیاتر خۆیان ماندووبکەن و جوانتر ئەم فێستیڤاڵانە بە باتی گۆرانی منداڵان بڕازێننەوە و زۆرترین منداڵان چ وەکو تاک یا کۆرس بەشدارییان تێدابکەن، تا چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکانیان لە ئاستی گرنگی و پێویستییەکانی ئەم سەردەمەدابن.
سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان:
گۆرانی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە فێرکردن و لە رۆشنبیری کردن و لە بە کۆمەڵایەتی کردنی منداڵان، گۆرانی هەست و ویژدان دەبزوێنێ و دەدوێنێ، لە سایەی گۆرانیدا گەلێ سوود و ئامانجی پەروەردەیی و زمان و کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی منداڵان دێنەدی.. گرنگترین سوودەکانی گۆرانیش بۆ منداڵان ئەمانەن:
١ـ گۆرانی ئاسوودەیی دەروونی و چێژی هونەری و ئەدەبی بە منداڵان دەبەخشێت و، خۆشی و شادی دەخاتە دڵیانەوە.. لەسەر بە جوانی گوێگرتنیش رایان دەهێنێت.
٢ـ گۆرانی بوارێکی گرنگ و باشە بۆ ئەوەی کە منداڵانی بەهرەمەند و هونەرپەروەر ، بەهـرە هونەرییە خەپەکراوەکانیان ئاشکرابکەن و بە ئاوازەوە دەنگیان دەربڕن.
٣ـ سامانێکی زمانی و هۆشی بە منداڵان دەبەخشێت، دەشتوانن باشتر گوزارشت بکەن.
٤ـ گۆرانی یارمەتی منـداڵان دەدات، کە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان شیرینتربن، شانازیش بە فۆلکۆر و ئەدەبی گەلەکەیانەوە بکەن.
٥ـ گۆرانی کە جوولە و ترپەی تێدایە، چالاکی منداڵان چالاکتر دەکات و، لە بێزاربوون و وەرستبوون و بێمەیلی دووریان دەخاتەوە.
٦ـ گۆرانی هۆکارێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو قوتابییانەی کە شەرم دەکەن و گۆشەگیر و دوورەپەرێز و نائارام و راڕا و کەمدوون و کەمتێکەڵن.
٧ـ گۆرانی هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی رەفتاری جـوان و دروست و بەهـای بەرز.
٨ـ گۆرانی کە زانست و زانیاری لەخۆگرتوون، بە سەرچاوەیەک دادەنرێت کە منداڵان لێوەی فێری ئەو زانست و زانیارییانە دەبن کە لە دووتوێیاندان.
٩ـ منداڵان فێری ئەوەدەبن، کە بە تەواوێ و بە رەوانی وشە و رستەکان دەربڕن.
١٠ـ لە دووتوێی هەندێ گۆرانیدا بۆ منداڵان، رێنمایی باشیان لەخۆگرتوون، وەکو:
پێبەندنبوون بە رێنماییەکانی ترافیک، ژینگەپاڕێزی، رێزگـرتن، هاوکاری کردن، هەروەزی کردن، چاکەخوازی، خوشکایەتی و برایەتی، کۆششکردن، ريزگرتن لە یاسا، ئازایی، ئازادیخوازی، دیموکراتیخوازی، دادپەروەری، یەکسانی، ئاشتیخوازی،… هتد.

رەزا شوان
نەرویج: (٨ی/یولی/٢٠١٧)




گەورەترین تیرۆریست تۆێ ئەرۆگان … رەزا شوان

رۆژی شەممە (٧/٧/٢٠١٧) لەو کۆنگرە رۆژنامەییەی کە دیکتاتۆرە رەگەزپەرست و لەخۆباییەکی تورکیا، لە پەراوێزی کۆنگرەی لووتکەی وڵاتانی بیست لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.. لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکی کورد دا، دەربارەی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان، هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان ـ هەدەپە ـ ئەردۆگانی دیکتاتۆر، توومەتی تیرۆریستی خستە پاڵ سەلاحەدین دەمیرتاش و بە تیرۆریست ناوی برد، لە وەڵامی ئەو رۆژنامە کوردەش، دەربارەی چارەنووسی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەردۆگان وتی:” من بەرپرس نیم لە بەردانی ئەوانەی کە لە زیندانی تایبەت بە تیرۆریستانن، ئەوەشی دەربارە بپرسێت ـ مەبەستی دەربارەی سەلاحەدین دەمیرتاش بپرسێت ـ ئەویش تیرۆریستە”
بەڵی لە دیدی ئەردۆگانی دیکتاتۆر و رەگەزپەرست و لەخۆبایی و کورسی پەرست.. هەر کەسێک چەپڵەی بۆ لێنەدات و کڕنۆشی بۆ نەبات و بە درۆکانی نەڵێ ئەشەدوبیلا. یا ئەوەی داوای ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری و ئاشتی و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی و ماف بکات، ئەردۆگان بە تیرۆریست و ناپاک تومبەتباری دەکات.. ئەردۆگان تووشی کوردفۆبیا بووە، تا سەر ئیسقان رقی لە کوردە و دژایەتی هەموو مافەکانی کورد دەکات.. ئەوەی بە گۆڕبەگۆڕی رەگەزپەرست ئەتاتورک دەرهەق بە کورد تەواوی نەکرد، ئەم دەیەوێت تاوانی زیاتر دەرهەق بە کورد بکات.. بێدەنگی کۆمەڵگای نێدەوڵەتیشی قۆستۆتەوە لە ئاست تاوانەکانیدا. گەلەکەمان زیاتر لە سەد ساڵە بووە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زل هێز، کە هەرگیز گوێ بە بەها و بە چەوسانەوەیی گەلانی نیشتمان داگیرکراو نادەن.. ئەردۆگان ئەم باردۆخەی ئێستای ناوچەکەی قۆستۆتەوە و، بە هیچ کلۆجێک دەست لە کوشت و بڕین و لە گرتنی کورد و لە وێرانکرنی کوردستان هەڵناگرێ، نەک هەر لە باکووری کوردستاندا، بەڵکو لە رۆژئاوا و لە باشووری کوردستانیشدا، تا ناقڕگەی بە خوێنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان و بێدەرەتانانی گەلەکەمان سوورە.

ئەردۆگان دەستە چەورەکەی بە کورد دا دەسڕێ، بە پاشەڵی پیسییەوە، قارەمانێکی وەکو سەلاحەدین دەمیرتاش بە تیرۆریست تاوانبار دەکات، بەڵکو ئەوانەشی کە دەربارەی پرسیاری لێدەکەن، ئەوانەش بە تیرۆریست دەزانێت.. بەڵام گەر بە ویژدان و ئازاییەوە قسەبکەین، گەر لە دنیادا تەنها تیرۆریستێک هەبێت ئەوە ئەردۆگانە، تاوانە قێزەوەنە ئاشکرا و نەشاراوەکانی ئەم راستییە دەسەلمێنن.. هەموو دەوڵەتان و گەلانی جیهان باش دەزانن، کە تورکیای ئەردۆگان، زۆر بێشەرامانە و بە ئاشکرا، یارمەتی و پشتگیری لە داعشی تیرۆریستی هاوپەیمانی تورکیای دەکرد.. بە چەک، بە پارە، بە زانیاری سیخوڕی، بە دا و دەرمان، بە چارەسەرکردنی بریندارەکانی داعش، بە سیخوڕیکردن لەسەر پێشمەرگە و شەڕڤانان، بەڵکو تورکیا دڵنیاترین پرد و دەروازەی سەرەکیی داعش بوو بۆ پەڕینەوە بۆ سوریا و عێراق. هەر بە پلانڕێژی و یارمەتیدان و چاوساغی تورکیا و رژێمە فاشستییەکەی، داعش شاری موسڵ و کۆبانی و شەنگال و مەنبەج و رەقە و شارەکانی تریان گرت.. هەر کاتێکیش کە شەرڤانان و پێشمەرگە تەنگیان بە داعش هەڵچنیبێ و شکستیان بە هێڕشەکانیان بۆ سەر کوردستان هێنابێ، تورکیا گڕی دەگرت و، فشاری سەربازی و راگەیاندنی دەخستە سەر کوردستان.. ئێستاش، دوای چەندین داستانی قارەمانێتی و سەرکەتنەکانی شەڕڤانانی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا لە شاری (رەقە)دا، دیسان ئەردۆگان ئاوسی رقبنووە لە کورد بووە، بە قورسترین و تازەترین تۆپ و تانک فرۆکەی جەنگی، بە سوپایەکی زەبەلاح و بە سەدان جاشی بە کرێگیراویان، تگەمارۆی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیان داوە و تۆپبارانی دێهات و گەڕەکە کوردییەکان دەکەن و، دەیانەوێت رەشەکوژی کوردی ئەو شارە کوردستانییەمان بکەن و، فشار لەسەر داعش سووک بکەنەوە و شەرڤانان لە رەقە پاشەکشێ بکەن.. بەڵام گەر بێت و سوپای تورکیا بچێتە ناو عەفرینەوە، ئەوا عەفرین دەبێت بە گۆڕستانیان، چونکە ئیرادە گەلەکەمان زۆر لە چەکەکانی تورکیا رەگەزپەرست بەهێزترە.

ئەمڕۆ لە سایەی ئۆردۆگانی دیکتاتۆردا، تورکیا بووە بە گرتووخانەیەکی گەورە بۆ ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازان، لە تورکیادا ملی ئازادی بە پەتی سیدارەوەیە و، ئەوەشی بە ئەردۆگان بڵێت پێت خوار داناوە، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبێتەوە.. چونکە لە فەرهەنگی ئەردۆگان و پارتە رەگەزپەرستەکەیدا، ئازادی، دیموکراتی، دادپەروەری، یەکسانی، ماف، مافی دەربڕین، ئاشتی، بوونیان نییە.
بەڵی ئەی تێکۆشەری ئازا و دلێر و قارەمان و خۆڕاگر و کۆڵنەدەری گەلەکەمان کاک (سەلاحەدین دەمیرتاش) راستەکەی، میژوو دەیسەلمێنێت کە کێ تیرۆریستە.. گەرچی بە دەیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن کە لە ئەمڕۆدا تیرۆریستی ئەردۆگان دەسەلمێنن.
تێکۆشەری گەلەکەمان برای خۆڕاگرمان سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانت، ئێوە وا گۆش و پەروەردە نەکراون کە بۆ دیکتاتۆرییەت و ستەم و نادادپەروەری چۆک دادەن.. دەزانین کە ئێوە مردنی سەربەرزیتان پێ باشترە لە ملکەچی و ژیانی ژێردەستی.
سەیر لەوەدایە و مایەی پێکەنینە، کە تا ئێستا ئەردۆگان، چەند جارێک وڵاتانی ئەوروپی بە رەگەزپەرست و دیکتاتۆر ناوبرد.. بێ ئەوەی بۆنی پاشەڵی بۆگەنی خۆی بکات.. سەیرە پووشێک لە چاوی خەڵکیدا دەبینێ، گەچی راژەیەکی نێو چاوی خۆی نابینێ.. زۆر جاریش بێشەرمانە باسی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەریش دەکات.

زۆرن ئەو دیکتاتۆر و ستەمکار و لەخۆباییە گۆڕبەگۆڕانەی کە زبڵخانی میژووش لەخۆی نەگرتن.. چارەنووسی ئەردۆگانیش لە هی ئەوان باشتر نابێت.. رۆژێک دێت کە سەدام حوسێن ئاسایی، کونەمشکی لێببێت بە قەیسەری و، شوێن نەبێت کە خۆی لێبشارێتەوە.
سەرکەوتنیش بۆ گەلانی تێکۆشەر و خۆڕاگر و کوڵنەدەرە.. سەربەرزی و شکۆداری و نەمریش شایەنی تێکۆشەرانی کۆڵنەدەر و خۆڕاگرن.




بەهمەن قوبادی بووە ئەندامی رەسمی ئاکادیمیای ئۆسکار گەورەترین رێکخراوەی سینەمایی جیهان

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری نادواری کورد “بەهمەن قوبادی” بووە ئەندامی رەسمی ئاکادیمیای “ئۆسکار” گەورەترین رێکخراوەی سینەمایی جیهان.

ئاکادیمیای زانست و هونەرە سینەماییەکانی “ئۆسکار” کە لە ئێستادا بە گەورەترین و گرینگترین رێکخراوە سینەمایی جیهان دێتە ئەژمار، هەموو ساڵێک ژمارەیەک لە سینەماکارانی ناودار و ناسراوی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا بانگهێشت دەکات و دەبنە ئەندامی رەسمی ئاکادیمیای “ئۆسکار”.

ئەمساڵ سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” کە بە فیلمەکانی بۆتە سینەماکاری بەناوبانگی کوردی ئێرانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ساڵی 2017 بە رەسمی لە لایەن ئاکادیمیای “ئۆسکار”ەوە بۆ بەئەندامبووم لەم رێکخراوە گرینگە بانگهێشت کراوە.

لە ئاکادیمیای “ئۆسکار” ئەندامییەتی تەنیا بە کەسانێک دەبەخشرێت کە لە هونەرەکانی پەیوەسیت بە سینەما دەستکەوتی بەنرخیان بەدەستهێنابێت و شایستەی ئەوەن کە لە لایەن لێژنەی هەڵبژاردنەوە پەسەند بکرێن.

پێشتریش لە مانگی ژانوییەی 2017 “بەهمەن قوبادی” بە رەسمی ببوە ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمەریکا.




بۆچی به‌ نه‌خێر بۆ ریفراندۆم حوكمی بنه‌ماڵه‌یی درێژتر ده‌بێته‌وه‌ ؟ … عیمادعه‌لی

له‌ سیاسه‌تدا هه‌میشه‌ ده‌رئه‌نجام كاری خۆی ده‌كات و ئه‌وه‌ی رای گشتی و خواستی جه‌ماوه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی پته‌و ده‌كات و درێژه‌ به‌ بونی خۆی ده‌دات و خۆفه‌رزكردنی چواشه‌كارانه‌ و بێ بنه‌ما چاره‌نوسیشكست و كه‌وتنه‌ زوو بێت یان دره‌نگ .
یه‌كێتی تا ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی نێوخۆیی زاڵبوو، تا ئه‌وكاته‌ی روحی سه‌ركرادیه‌تی و تێگه‌یشتن له‌ واقعی كوردستان و خۆفه‌رزكردن به‌سه‌ر كۆر ی خه‌بات و پشت به‌ستن به‌ جه‌ماوه‌ر خاڵی هه‌ره‌ له‌ پیشینه‌ی سیما و سیفه‌ت و كرده‌وه‌كانی بوو، تا ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك سیفه‌ته‌كانی میله‌ت و ویست و ئاره‌زوو و ئامانهجه‌كانیان به‌ جوانی ده‌خوێنده‌وه‌، هێزی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر بوو .
پارتی له‌ سه‌ره‌تای شۆرشی ئه‌یلول و به‌ پشت به‌ستن به‌ جه‌ماوه‌ر له‌ سۆران و بادینان، هیچی بۆ هێزی نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی نه‌هێشتبووه‌ و ته‌نها پشتو په‌نای جه‌ماوه‌ری ئه‌و كات بوو كه‌ واقعی رۆشنبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ تاوه‌كو نسۆكۆ و هه‌ره‌سه‌ گه‌وره‌كه‌هێزی پاڵپشتیی بوو .
گۆران كه‌ له‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و تایبه‌تی و له‌ واقعێكی تا راده‌یه‌ك به‌خودگۆراوی پێش دروتبونی ئه‌م رێكخراوه‌ و له‌ كاتێكی چاوه‌روانكراوی وه‌رچه‌رخانی سیاسی و كه‌فوكولی جه‌ماوه‌ری و زۆربونی رێژه‌ی ناره‌زایی جه‌ماوه‌ر و گه‌لی كوردستان، زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی مسۆگه‌ر كرد و ئه‌گه‌ر زۆر گزی و ساخته‌ وه‌ده‌رنێین له‌ پرۆسه‌ی دیاریكردنی جه‌ماوه‌ریی حزبه‌كاندا، گۆران ته‌نانه‌ت پله‌ی یه‌كه‌می جه‌ماوه‌ریبونی هێزه‌كانی به‌ده‌ست هێنا ئه‌گه‌ر به‌راورد به‌ حزبه‌كانی تره‌وه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ پارتیشدا، له‌لایه‌نی نه‌بونی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی مادی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌وانه‌ی پشتگیریان ده‌كرد” به‌ پێچه‌وانه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات .
هه‌روه‌ها حزبه‌كانی تر، هه‌ریه‌كه‌ و تا راده‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك پێناسه‌ی خۆی به‌ جه‌ماوه‌ریبونیه‌وه‌ ده‌رده‌خات و، هه‌ر یه‌كه‌و بونی خۆی به‌ بنكه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و بچوكی و گه‌وره‌یی به‌ نزیكی و توانای خۆبه‌ستنه‌وه‌ی به‌ مه‌یلی جه‌ماوه‌ره‌وه‌یه‌” جگه‌ له‌ هۆكاری تر .
ئالێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌ره‌رای بونی جۆره‌ها به‌رژه‌وه‌ندی و خۆفه‌رزكردنی ساخته‌كارانه‌ و گزی و فزی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌وڵی هێزی دسه‌ڵات و پاره‌وپوڵ و چیژی هه‌مه‌چه‌شن، كه‌چی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی هه‌ر حزبێك و نزیكبونی له‌ بنكه‌ی حه‌ماوه‌ری فراوانه‌وه‌، له‌ دوو بنه‌مای سه‌ره‌كیه‌وه‌ ده‌ستبه‌ر ده‌كرێت :
1-راستكۆیی هه‌ر رێكخراوێك له‌گه‌ل بنكه‌ و جه‌ماوه‌ری خۆیدا به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و دوور له‌ چێژی هه‌مه‌ چه‌شنی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازات كه‌ قورسه‌ بۆ زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر فه‌راهه‌م بكرێت .
2- خواستی جه‌ماوه‌ری له‌ بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی قۆناغه‌كه‌ و چۆنێتی مه‌یسه‌ر بونی له‌ رێگه‌ی راستودروستی بێ غه‌لوغه‌شی ده‌سه‌ڵاتدارێتی . ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌زمونه‌كانی جیهاندا بی روونی ده‌ركه‌وتوو ه‌ و خواستی گشتی جه‌ماوه‌ر به‌ هیچ تموحێكی مادی و چێژی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی ناكردرێت، بۆیه‌ هێزی نوێی گونجاو به‌ نوێنه‌ری راستو گونجاو په‌یوه‌ست ده‌بێت وسه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش له‌ سه‌رجه‌م وڵاتاندا ده‌بێت و نزیكترین نمونه‌ش سه‌ركه‌وتنی ماكرۆنه‌ به‌سه‌ر هێزه‌كانی تردا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسادا ئه‌وه‌مان به‌ جوانی بۆ ده‌رده‌خات .
بۆیه‌، پارتی له‌م ئامانجه‌ سه‌خت و حزبیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ تایبه‌تی له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ بۆ حزبه‌كه‌ به‌ده‌ستی بێنێت، خۆ په‌یوه‌ستبونیه‌تی به‌ جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان و، هه‌ست و سۆز و نیاز و ئامانجه‌ راسته‌قینه‌ و خه‌ونه‌كانیان به‌ سه‌رمه‌شقی ئامانجه‌كانه‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ . به‌ڵی پارتی ترسی له‌هه‌موو شیعارێكی له‌و جۆره‌ بوو، به‌ڵێ پارتی هێزێكی موحافزكار و هه‌میشه‌ بینینی ستراتیجی له‌ سنوور و ده‌رگای عیراق به‌ده‌ر نه‌بووه‌ و تا شیعاره‌كه‌ی له‌ خودموختاریه‌وه‌ بۆ فیدراڵی گۆری قیر سپی بوو، به‌ڵێ پارتی بۆ ماویه‌هكی دوور له‌ جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی كوردستان دوور بوو و ته‌نها پشتی به‌ كلتوری سیاسی باوو و ئاستی رۆشنبیری زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌مه‌ر بیركردنه‌وه‌ی خۆی و دوور له‌ نوخبه‌ ده‌به‌ست . به‌ڵام ئه‌مرۆ له‌ به‌دبه‌ختی هه‌مووان وا به‌م بازدانه‌ سیاسیه‌ حزبیه‌ و به‌ بیری حزبی و ناخی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسی و حزبیه‌وه‌، ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ته‌گه‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی و شكسته‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی خۆیدا باز بدات، كه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌م رێگه‌وه‌ بتوانێت سه‌ربكه‌وێت .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مشتومره‌ و سه‌رسورمانی ئێمه‌ومانانه‌، كه‌ زۆرینه‌ی نوخبه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵێك ده‌رسترۆیشتویی سه‌رجه‌م حزبه‌ نه‌یاره‌كانی پارتی به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌فتار و ئامانجه‌ی پارتیدا ده‌كه‌ن كه‌ به‌ قازانج به‌ پارتی و جه‌ماوه‌ریبونی ساخته‌یی و موزه‌یه‌فی ژماره‌ی هه‌وادارانی له‌كوردستاندا بشكێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ راسته‌خۆ و له‌ رێگه‌ی دژایه‌تیكردنی ئامانجێكی پیرۆزی جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان و كه‌ پارتی له‌ پێناو مه‌به‌ستی حزبی هه‌ڵیگرتووه‌ و، به‌م سه‌ركێشیه‌ی خۆی له‌ سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌كان رزگار ده‌كات و شسكتی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی به‌ ریفرانۆم و سبه‌ه‌رخۆیی زاره‌كی دیلێت ده‌كات و جه‌ماوه‌رێتی خۆی دووباره‌ به‌ خه‌ونه‌ دێرینه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و له‌دواجاردا ئه‌وانه‌ی به‌ رێگه‌ی نابه‌جێ و هه‌ڵه‌شه‌یی و شییكاری تیریانه‌ی رووتوقوتی زانستیانه‌ی سیاسی وبێ پشتب به‌ستن به‌ واقعه‌كه‌ی كوردستان و بێ خوێندنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵك و چۆنێتی روانینی بۆ حزب و كاری سیاسیان، قسه‌ی وا ده‌رده‌برن و هه‌ڵوێستی وا ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ جگه‌ له‌ قازانج به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی پارتی و به‌ زاڵبونی چه‌واشه‌ هیچ شتێكی لێ سه‌وز نابێت و له‌وێشدا پارتی به‌م ره‌فتارانه‌ شاگه‌شكه‌ی خۆشی ده‌كات، له‌ دواجاردا پارتی به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنی ریفرندۆم كه‌ ئه‌گه‌ری زۆرتره‌ له‌ شكست و ئه‌نجامنه‌دانی، دووباره‌ خۆی فۆرمات ده‌كاته‌وه‌ و قسه‌ی حه‌ق و راستی زۆرینه‌ی نوخبه‌ ده‌خاته‌ گۆشه‌یه‌كی كه‌ناری بیروبۆچونی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌وه‌ .
بۆیه‌ ده‌بێت له‌ مامه‌ڵه‌ كردن به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌به‌رچاو بگیرێت:
1-هه‌روا به‌ئاسانی نه‌یارانی ریفرندۆم له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری راست و ره‌وا به‌ ره‌فتار و هه‌ڵوێستی رووكه‌شانه‌ ریفرندۆم نه‌كه‌نه‌ موڵكی پارتی و ئه‌و ده‌زوله‌ باریكه‌ی له‌ نیوان ئه‌م كاره‌و مانه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ موڵكداری هه‌مووان به‌ ئاسانی نه‌دۆرینن، كه‌ پارتی به‌و كرده‌وانه‌ له‌ ناخی خۆیدا له‌ شاگه‌شكه‌ی خۆیدا ببورێته‌وه‌ و به‌ خۆی بره‌و به‌و ئیدعاتانه‌ بدات و به‌ رووكه‌ش نارازیبونی خۆی ده‌ربرێت و خه‌ڵك بكاته‌ دووبه‌ره‌وه‌ و نه‌یاره‌كانی كه‌متر بكاته‌وه‌ وبه‌ نهێنیش باش بزانێت ئه‌و جۆره‌ راوبۆچونانه‌ له‌ رووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ له‌ قازانجی خۆیدایه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ تر سه‌رجه‌م خواست و دسه‌ڵات و ده‌سترۆیشوویی خۆی بۆ ده‌یان ساڵی تر به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا فه‌رز بكات و خه‌باتی نه‌هێشتنی ناعه‌داله‌تی و بنبركردنی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی قورستر بكات .
2- هه‌وڵی رێگه‌ی ناسكی جه‌ماوه‌ری بۆ تێگه‌یشتن له‌ فرتوفێڵی حزبی و ته‌كتیك و مانۆر به‌ ستراتیجی كۆی گشتی میله‌ت گرێ نه‌ده‌ن و بواری فرۆشتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستنی به‌ پارتی له‌ رێگه‌ی هه‌ندێك هه‌ڵویستی كورتبینی سیاسی رووتی رۆژانه‌وه‌ نه‌فرۆشنه‌وه‌ .
3- له‌م باره‌وه‌ زۆر سه‌خته‌ جه‌ماوه‌ر له‌ نیاز و كرده‌وه‌ی پارتی به‌ناوی ئه‌وانهوه‌‌ روون بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا ئێمه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی عاتفی و زور له‌بیركه‌ری كرده‌وه‌ و ره‌فتاره‌ سه‌خته‌كانی ته‌نانه‌ت نه‌یارانیشین بین نه‌ك حزبه‌كانی كوردستان، ئه‌ی چۆن شكسته‌كانی پارتی و ده‌سه‌ڵاتمان له‌بیر ناچێت .
با كارتی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ده‌ست چه‌واشه‌ و خاوه‌ن مه‌به‌تسی ته‌سك به‌ ره‌فتار و كرده‌وه‌ی راست و دوور له‌ هه‌ڵچون ده‌ربێنین و رێگه‌ی رزگاری هه‌میشه‌یی له‌ حوكمی بنه‌ماله‌یی و موحافزكاری ماوه‌به‌سه‌رچوو كورت كه‌ینه‌وه‌، نه‌ك به‌ خۆمان ته‌مه‌نی قۆناغی چه‌قبه‌ستن له‌ دونیای رابردوو و دووری لهبیر و ره‌فتاری ‌سه‌رده‌میانه‌ زیاتر كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌م كاته‌دا به‌ هه‌ڵوێستی راست و دروستی هه‌موان له‌مه‌ر ریفراندۆم ده‌كرێت، ده‌بێت نه‌هێلین به‌ ئاسانی ئه‌م ئامانجه‌ گشتی وپیرۆزه‌ به‌ نرخی چه‌واشه‌ و ئامانجی حزبیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شكستخواردووه‌ به‌ خه‌ڵك بفرۆشرێته‌وه‌ .
به‌ زۆر كورتیه‌كه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، یان سه‌ربه‌خۆیی به‌هه‌ر ێگایه‌كه‌وه‌ بێت موڵكی شه‌رعی و ئامانجی پیرۆزی میله‌ته‌ و خه‌ونی له‌میژینه‌ی گه‌لی كوردستانه‌ به‌ سه‌رچه‌م بیروبۆچون و فكر و عه‌قیده‌یانه‌وه‌، با به‌ هه‌رزان راده‌ستی حزب و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندخوازی نه‌كه‌ین به‌ قسه‌و كاری تێۆری ره‌ق و دوور له‌ واقعی كوردستان كاریان مه‌یسه‌ر نه‌كه‌ین و سه‌ربه‌خۆیی به‌ موڵكی گه‌ل بمێنێته‌وه‌ وناخ و مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌ی یاری پێده‌كه‌ن بۆ جه‌ماوه‌ر روون بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و هاوكێشه‌یه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ نه‌خێر بۆ ریفرندۆم ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی چه‌ند قات درێژتر ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وجا قوره‌كه‌ خه‌ستر ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆمی بێ ئاماده‌یی پێداویستیه‌كان و نه‌بونی زه‌مینه‌ سازی .




چاوە لە خەمی کۆچی ئەمیر ئەدوێ


بە بۆنەی ماڵاوایی ئەمیری حەسەنپوورەوە
(٢٠١٧/٦/٢٤ – ١٩٦٣/٨/١٠)
…….

مەرگ ناخۆشترین هەواڵە. تاڵترینی هەواڵی مەرگی ئەزیزانە کە بێڕادە جەرگبڕە. تەکانێکی ئێگجار گرانە دڵت پێی ئەتەزێ، ئەهەژێ، ڕائەچڵەکێ. تەزووی چیامانی تا سەر مۆخی ئێسقانت ئەچێ، تەنانەت ئەگەر ئاگاداریش بووبی کە ڕەنگبێ بەو زووانە ڕوو بدا.
بۆ وایە؟ چونکە ئەزانی ئەوە دیسان چاوگەیەکی ژیان، ژیانی ئینسانێک، لەوانەی پڕبەدڵ خۆشت ویستوون، وشکانی هاتوە و هەرگیزیش ناژیێتەوە. هەواڵی هەر مەرگێک، با چاوەڕوانکراویش بێ، شەقژنێکی تاڵە، مەرگێکی ناگەهانیە، تەنینەوەی وەکوو ژەهری هەلاهەل ئانیە، دەسبەجێ بە گشت گیانتدا ئەگەڕێ.
بۆ من وا بوو. هەواڵی کۆچی هاوڕێی دێرین و خۆشویستەنیم ئەمیری حەسەنپوور دڵی تەزاندم. زەینی هەژاندم. ڕایچڵەکاندم. بردمیەوە ڕۆژانی سەرچاوەی ئاشناییمان. گەڕاندمیەوە لای دواسووڕی گفتوگۆکانمان بەرلەوەی ماڵاوایی بکا. دەفتەری داستانێکی نۆستاڵژیکی لاپەڕ لاپەڕ هێنایەوە بەر چاوم.
دە وەرە بیخوێنەوە!
دە مەهێڵە هێرشی فرمێسک و هەنسک بەری ڕەهێڵەی بیرەوەریەکانت بگرن!

“پۆلە کۆتر”ەکەی زانستگای تاران

سەرەتای ساڵانی چلی هەتاوی (شەستەکانی سەدەی بیست)، ژمارەیێک خوێندکاری کوردزمان کە لە خوار و ژووری کوردستانەوە ڕوومان کردبووە زانکۆکانی تاران، لەوێ یەکمان ناسیەوە، بەرەبەرە تانوپۆی ئاشنایەتیمان لەسەر ڕایەڵی زانست و سیاسەت و ئەدەب و هونەر تەنیەوە و کۆمەڵێکی نیمچە هاوشێوەمان پێکەوە نا. لە بارودۆخی تایبەتی ئەو شوێن و زەمانەدا، زەمینە بەر لە هەموو شت بۆ گەشەی شێعر و زمان لەبار بوو، گەشەیەک لە بەر تیرێژی کزی سیاسەتی تاریک و ڕوونی ئەو سەردەمەی ئێران و کوردەواریدا. لە تاران جموجووڵی تازەی “جەبهەی میللی”، کرانەوەیەکی سیاسی هێنابووە ئاراوە، لە کوردستانی ئەودیویش بزووتنەوەی ئەیلوول سەری هەڵدابوو، سەرنجمانی ڕاکێشابوو.
چەن ساڵێک دەرفەتمان دەست کەوت، ئەوەندەی لە وزەماندا بوو، بەو پێیەی حاڵ و هەوای سەردەمی لاوەتی مەجالی ئەهێشتەوە، جێ پەنجەی نوێخوازی کاڵ و کرچی خۆمان بە ڕەوتی شێعری مۆدێرنی کوردیدا نا و نەخشینمان کرد. دیارە دەرفەتەکە کەمخایەن بوو، بە کۆتایی خوێندنی هەر کەسە، کەلێنێکی تێئەکەوت. زۆری نەبرد وەک تۆوی هەرزن پەرژوبڵاو بووین و هەر کامە لە بن دەوەنێک گرساینەوە. هۆنراوەی “بەسەرهات”ی عەلی حەسەنیانی: “پۆلە کۆترێک بووین، بێخەم، بێخەیاڵ …” گێڕانەوەی ڕۆمانتیکی ئەو کورتە داستانەیە(١).

“هیوا” و شێوەی شێعری گۆران

لەو کەشوهەوایەدا ئەمیری هێشتا تەمەن بیست ساڵ، چالاکوانێکی چازانی مەیدانی زمان و شێعر و ئەدەب بوو. ژمارێکی تریش تێکۆشەری ئەو بوارانە هاودەم و هاوڕێی بوون؛ لە ناویاندا سێ لاوی شێعردۆستی نوێخوازی ژانری شێعر: سوارەی ئێلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی و فاتحی شێخولیسلامی (چاوە)، سێ کەسێ بوون کە دواتر بە “سێکوچکەی شێعری نوێی کوردستانی ئێران” ناویان دەرکرد.
کاتێک هەواڵ گەیشت کە ٢١ دێسامبری ١٩٦٢ ئه‌ستێره‌ی ژیانی گۆران، داهێنەری شێعری نوێی کوردی، لە ئاسمانی ئه‌ده‌ب ئاوا بوە، ئەو کۆمەڵە خوێندکارە بڕیارمان دا چەن بابەتێک شێعر و وێنە و وتار بۆ ژمارەیەکی تایبەتی “ڕۆژنامەی کوردستان” بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕەسواری نوێگەری شێعری کوردی، فەراهەم بکەین. کارەکان کران و بە یارمەتی دوکتۆر صدیقی مفتی زاده سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، ژمارەی تایبەتی گۆران (ژمارەی ١٩٧، ٨ی ئه‌سفه‌ندی ١٣٤١، ٢٧ی فێڤریەی ١٩٦٣)، جوان و ڕێکوپێک دەرچوو.(٢)
“تاران: هیوا”، ئەمیری حەسەنپوور، وتارێکی پڕۆفێشناڵی نووسی بە ناوی: “بەسەرهات و شوێنەواری مامۆستا گۆران”. لەوێدا بە شەیداییەکی شیرین ئەداوە، وێچوونی شێوەی شێعری نوێی گۆران و شێوەی “بەیت و چریکە”ی کۆنی کوردی بەراورد کردوە و بە وێنە هێنانەوەی وەستایانە هەر دوو بەری وێچوونەکەی پیشانی خوێنەر داوە.

با بەشێکی بخوێنینەوە:

“به‌ڕاستی شێعری گۆران مۆسیقای تێدایه؛ كه خوێنه‌ری شێعره‌كانی له كاتی خوێندنه‌وه دا گوێی لێ ده‌بێ و ئێحساسی ده‌كا. له “به‌یت و چریكه‌”ی كوردیدا نه‌سر و هه‌ڵبه‌ست و مۆسیقا تێكه‌ڵن. به‌یتبێژ له به‌یتێكدا ئه‌وی هه‌ڵبه‌سته ده‌بێ به ئاهه‌نگ بیخوێنێ و ده‌نگی لێ هه‌ڵێنێ. هه‌ر هه‌ڵبه‌سته‌ش هه‌وای خۆی هه‌یه. هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆران ده‌ڵێی به‌شێكه له‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له چریكه‌یه‌ک هێنراوه‌ته ده‌رێ و عنوانێكی له‌سه‌ر دانراوه.
لێره دا وێنه‌یه‌ک له هه‌ڵبه‌ستی دوو چریكه‌ی به‌ناوبانگی كوردی (خه‌ج و سیامه‌ند) و (مه‌م و زین) ده‌بینین كه به دوای واندا هه‌ڵبه‌ستێكی گۆران دێ. ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه ئی زۆر كۆنن. شه‌باهه‌تی شێوه‌ی شێعری گۆران (نه‌ک شه‌باهه‌تی مه‌عنا) له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له بیرێكی ساكار و ژیری كوردی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌رده‌كه‌وێ:

ئه‌وه برام هاتووه، یه‌كه، سه‌ر تا پێی كینه و چه‌كه.
برام هاتوون دوونه، خه‌نجه‌ریان ده‌سوونه،
له بۆ گرتنی من هاتوونه،
برام هاتوون سێنه، هه‌موو شمشیر پێنه،
بۆ گرتنی من دێنه،
برام هاتوون چوارن، ته‌واو لێم داخدارن،
له گرتنی من هارن… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
چۆن بڵێن ئه‌وه‌تانێ ماوه! (خه‌جێ) (سیامه‌ند)ییه؟
به خودای خودای پاكی، به یه‌زدانی ڕووناكی
سوێند به جوانی و چاكی، به (تۆ) ڕۆڵه‌ی ئاو و خاكی
به خۆشه‌ویستی و جوانێ، به مه‌رگ و ژیانێ
به ڕۆژی ئاسمانێ، به ئاوه‌ڕوونكه‌ی كانێ،
به پیری كامرانی، لاوۆ هه‌رتۆم خودانی… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
میران ئه‌تۆ گه‌لێک به فیكری
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م میر مه‌م خۆی له‌سه‌ر ئه‌سپی ڕاناگری
میر! په‌كی خۆت مه‌خه خراپم لێ قه‌وماوه
ئه‌من گه‌لێكم پێ له تۆ خۆشتره ئه‌و ڕاوه
ئه‌مما، نه‌خۆشێكی بێ ئیختیارم، جه‌رگم بڕاوه
میر ده‌ڵێ: كاكه‌مه‌م له خۆم نابینم مراد و كاوێ
حوكمه ده‌بێ ده‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌مه ڕاوێ… [چریكه‌ی مه‌م و زین[

ئه‌وه‌ش به‌شێكه له “گوڵی خوێناوی” مامۆستا گۆران:

كوڕ:
بڕوانه: شایی‌یه، چۆپی‌یه، له‌و ماڵه،
گوێ بگره! زوڕنایه، ده‌هۆڵه، شمشاڵه!
زه‌رد و سوور تێكه‌ڵ بوون، ژن و پیاو، هه‌رایه،
له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه!
سا تو خوا، خێرا كه، با بڕۆین، ده‌ست بگرین،
به كامی دڵداری پێكه‌وه هه‌ڵپه‌ڕین!

كچ:
گوڵ نه‌بێ بۆ سه‌رم: ئاڵ چه‌پكێ، زه‌رد چه‌پكێ،
نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ن، نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ!

گۆران له ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی ئێجگار توانایه. مه‌به‌ستی خۆی ده‌توانێ وا ده‌ربڕێ كه خوێنه‌ری هه‌ڵبه‌سته‌كانی ئێحساسی وه‌ی بكا كه له‌گه‌ڵ خۆی قسه ده‌كا، وه یان له باسی دیمه‌نێک خوێنه‌ری هۆنراوه‌ی وی وه‌ده‌زانێ ئه‌و دیمه‌نه به چاو ده‌بینێ. “س. ج. ئێدمۆندس” مامۆستای زمانی كوردی له له‌نده‌ن، له كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: “له بابه‌ت هه‌ورامانه‌وه هیچ ته‌وسیفێكی من جوانتر نابێ له‌وه‌ی كه میرزا عه‌بدوڵڵا گۆران، هۆنه‌ری ئێسته‌ی كورد له گه‌شتی هه‌ورامان دا كوتوویه كه…”. هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌وێ باسی هه‌ورامان ناكا و گه‌شتی هه‌ورامانی گۆران وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر ئینگلیزی وه پێشكه‌ش خوێنه‌رانی ده‌كا:
شنه‌ی سێبه‌ری داری گوێز و توو
ئه‌سڕێ ئاره‌قی ڕێبواری مانوو
ته‌سكینی ڕێگای باخه‌وباخی وێڵ
“مانوو نه‌بی”یه: له‌م كێڵ بۆ ئه‌و كێڵ
“سه‌لامون عه‌له‌یک” مامه‌ی بن دار گوێز
سه‌لامی مانوو له پیری بێ هێز
“مه‌رحه‌با سه‌ر چاو” به‌چكه‌ی كاكۆڵ قیت [له گه‌شتی هه‌ورامان – ڕێگای ناو باخ]”(٣)

“فەرهەنگی زارەکی”:
لێکۆڵینەوەی زانستی و بابەتی دڵڕفێن

ئەمیر ئەو خۆشەویستی و شارەزایەتیەی بۆ “بەیت و چریکە” و بەگشتی ئەدەب و کولتووری زارەکی کوردی، لە بیست ساڵیدا بوویە و لەو وتارەی یادی گۆراندا تۆماری کردوە، لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا پەرەی پێداوە و بە یارمەتی شارەزایی زیاتری لە زانستی مۆدێرندا، پاراوی کردوەتەوە.
لە نووسراوێکی پڕپێزی زمانەوانیدا بە ناوی: “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، لە پێشەکی کتێبی “فەرهەنگی زارەکی موکریان” (بەرگی یەکەم دانانی سەلاح پایانیانی)دا. بە وردبینی شارەزایانە، خوێنەر دەباتە گوڵزاری دەیان بابەتی دڵڕفێنی ئەدەبی زارەکی: “بەیت و باو” و داستانی شیرینی خۆشخوانەکان و بەیتبێژەکان، لەوانە بەیتبێژی هەرەگەورە عەلی بەردەشانی، بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی “هەڵکەتی و خڕناڵ” و “وسوو شایەر”….(٤)
هەر لە وتاری فەرهەنگی زارەکیدا، ئەمیری حەسەنپوور وێڕای داکۆکی لە هەوڵدان “بۆ کۆ کردنەوەی کەلەپووری زارەکی و بڵاو کردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی نووسراو”(٥) باسێکی تێروتەسەلی ڕوونکەرەوە ئەکا لە موخالەفەتی “پەتی گەری” لە زمانی کوردیدا، بەتایبەت لە لایەن ژمارەیێک فەرهەنگنووسەوە. ئەمیر لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەیدا دەڵێ: ” دوو سیاسەتی پەتی کردن و پەتی نەکردن، هیچ کامیان یەکدەست و یەکدەنگ نین. بۆ وێنە، لە بزووتنەوەی پەتی کردنی کوردستانی عێراق و ئێراندا، هێڵی ئەهوەن و سەرەڕۆ بەدی دەکرێ. مامۆستا هێمن لەگەل ئەوەشدا وشەی پەتی، بەتایبەت ئی زمانی زارەکی، دەکاردێنا، دژی پەتی کردنی سەرەڕۆیانە بوو… پەتیگەرە سەرەڕیەکان زمانی کوردییان تەواو کز و هەژار کردووە. ئەگەر فەرهەنگی زمانی ئینگلیسی پڕە لە وشە، کە لە سەدان زمانی دنیا وەرگیراون، ئەگەر فەرهەنگی فارسی پڕە لە وشەی عەرەبی و تورکی و یۆنانی و هیندی و فەرانسەیی و ئینگلیسی و زۆر زمانی تر، زۆربەی فەرهەنگە کوردیەکان، وشە خوازراوەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە بێژنگی پەتیگەری دەدەن، بۆ وێنە ئەو وشانە لە شێعری نالی، شاعیری پایەبەرزی کلاسیکدا دەکار هاتوون: حازر- حوجرە- حوسن- حەقیقەت- عوجب- عوریان- عوزار- عوقدە- عومر- عەسر- عەیب- عەیش-عیبادەت- عیشق- عیلم- عینایەت- غارەت- غوربەت- غوفران- غوڵام- غەرامەت- غەریق- غەواس {دیوانی نالی و فەرهەنگی نالی، مارف خەزنەدار، بەغدا، ١٩٧٧}(٦)

ناسیۆنالیسم و زمان لە کوردستان
١٩٨٥- ١٩١٨
ئەم کتێبەی ئەمیری حەسەنپوور (٧) تێزی دوکتۆراکەی بووە کە بە ناوی “فاکتەری زمان لە ئاڵوگۆڕی نەتەوەییدا: ستانداردیزە کردنی زمانی کوردی، ١٩٨٥- ١٩١٨”(٨)، ساڵی ١٩٨٩ لە زانستگای ILLINOISی ئەمریکا قبووڵ کراوە. لێکۆڵینەوەیێکی وردی پڕزانیاریە بە ئینگلیسی کە بەداخەوە تا ئێستا وەر نەگێردراوەتە سەر کوردی یان فارسی. بەشکەم تێکۆشەرانی نەسڵی نوێ کە توانا و ئێنێرژی ئەو کارە لە خۆیاندا شک ئەبەن، دەس بدەنێ تا خەڵکانێکی فراوانتر کەڵکی لێ وەرگرن.
هەر لەو بوارەدا ئەمیر لێکۆڵینەوەیێکی ورد و بەسوودی هەیە لەسەر ئەو وشە کوردییانەی مانایان پیاوسالارانە و دژ بە ژنە و پاشماوەی کولتووری کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارین کە ئێستاش هەر بە کار دەبرێن و بەرهەم ئەهێنرێنەوە. بۆ وێنە وشەی “پیاو” یان “مرۆڤ” بۆ مانای ئینسان، بەشەر و …(٩).

دوا بەرهەمەکان:

تەدریسی کۆمەڵناسی لە ئێرانی ساڵەکانی ١٣٤٠
ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان

ئەمیری حەسەنپوور تێکۆشەرێکی نەسرەوتووی مەیدانی سیاسەت و زانست و زمانەوانی و میدیا، لێکۆڵەرێکی وردبین و قووڵ تێوەچووی ئەدەبیاتی نووسیار و زارەکی بوو. لە چاو باری دژواری تەندوروستی ئەم ساڵانەی، لە گیان و لەش بە بەرداکردنی ئەوەی لە زەینیدا زەخیرەی کردبوون بە شێوەی کتێب و نوسراو و وتووێژ بە سێ زمانی ئینگلیسی و کوردی و فارسی، زۆر چالاک بوو.
دوو نووسراو کە ساڵی ڕابردوو (٢٠١٦) بڵاوی کردوونەوە، یەکیان وتارێکی ئاکادێمی فارسیە بە ناوی: “امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠”(١٠)، ئەوی تریان وتارێکی کوردیە بە ناوی: “ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان” بۆ ناساندنی پڕۆژەیەکی تەحقیق و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕاپەڕینی وەرزێران لە ناوچەکانی بۆکان و فەیزوللابەگی لە ساڵانی ١٣٣٢- ١٣٣١ لە دەورەی سەرۆک وەزیری مصدق و دواتر ڕووخان و زیندانی کردنی مصدق بە کوودەتای ٢٨ی موردادی ١٣٣٢(١١). ئەوەندەی ئاگادارم کاک ئەمیر لە ژوور بیست ساڵەوە سەرقاڵی کۆ کردنەوەی زانیاری و بەڵگە و ئەنجامدانی دەیان وتووێژ بووە لەسەر ئەو ڕاپەڕینەی جووتیاران. مێژوویەکی پشت گوێخراو کە جیا لە ئەمیر تەنیا سێ کەسی تر دەستیان بۆ بردوە: ئەنوەری سوڵتانی، عومەری عەسری و ڕەحمانی موحەممەدی. بەرهەمەکەی کاک ئەمیر کە قەرارە چوار بەرگ بێ، کارێکی کارستانە لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی چینایەتی کوردستانی ئێراندا.

چاوێک بکەین لە بەشیکی وتارەکە:

“… له بارودۆخی کوردستاندا، ته بایی و ناتهبایی، ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكی
پێوەندی ئاڵۆز و بەرینیان ھەیە، چ لە سیاسەت چ لە بەرھەمھێنانی زانست و ھونەردا، ناكۆكی ناوخۆیی لەبیردەكرێ و لە سای ناكۆكی دەرەكیدا دەشاردرێتەوە. بەڵام بێدەنگ بوون لە ناكۆكی ناوخۆیی ھەڵە یان فەرامۆشكاری نییە و زۆرتر رێبازێكی سیاسی و ئیدەئۆلۆژییە… لەو نووسراوەدا باسی بارودۆخی لێكێۆڵینەوە لە بابەتێكی وەپشت گوێخراو دەكەم راپەڕینی وەرزێرانی موكریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢). بە كورتی، ئیمكانات، دەستكەوتەکان وكۆسپەكانی لێكۆڵینەوە لە مەڕ ئەو ڕاپەڕینە وەبەرچاو دەخەم، دەوری رێبازی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی لە گێڕانەوە و دانان و خوڵقاندنی مێژووی ئەو ڕاپەڕینەدا پێشان دەدەم. ئەوەی لێرە نووسیومە خودی لێكۆڵینەوەكە نیە و گوزارشتێكە سەبارەت بەو پڕۆژەیه كە بە ھیوام تا ساڵێكی دی لە چوار بەرگدا بڵاو بێتەوە … لەو گشتە ناتەباییانەی لە كوردەواریدا ھەبووە، ئەوەی لە زانستی کۆمه ڵی و مێژوونووسیی و
ھونەردا كەمتر باسی كراوە، ناكۆكی چینایەتی بە تایبەت خەباتی وەرزێران لە دژی چینی ده سەڵاتداری دەرەبەگ )ئاغا؛ به گ؛ خان؛ فئۆدال( و خه باتی چینی کرێکار )که پێکھاتەیێکی نوێیه ( له دژی چینی سەرمایەدار. كێشەكە ھەر بێدەنگی كردن لە خەباتی چینایەتی نییە. كاتێكیش ئەو باسانە كراون كێشەوبەرە دەگەڕێتەوە سەر ھەڵوێست و روانگە و بۆچوون. لێكۆڵینەوە و وەدیھێنانی زانیاری سەبارەت بە خەباتی چینایەتی خۆی ده بێته گۆڕه پانی خەباتی چینایەتی. باسی راپه ڕینی 1331 له سه ره تاوه تا مێژوونووسینی ئێسته ی له خه باتی چینایه تی دا نوقم بووه “.(١٢)

یادی ئازیزە
باسی کارەکانی ئەمیری حەسەنپوور ناکرێ لە کورتی ببڕێتەوە. بە پێی ناسیاوی شەخسیم دڵنیام سەرباقی ئەوەی بەرهەمی زۆری بڵاو کردوەتەوە، هێشتا چەن قاتی ئەوانە لە زەینیدا مابوون کە بەداخەوە مردن مەجالی نەدا بیانڕەخسێنی. سەد حەیف و خەسار! خەسارەتێکی گەورەیە تەنیا بەوە قەرەبوو دەکرێتەوە کە ئەوانەی ناسیومانە، ڕێز و پێزانمان بۆ یادگارە بەپێزەکانی هەبێ و تا لە دەستمان دێ زیاتر بیناسێنین.

چاوە/ فاتح ش.

١٤/٤/ ١٣٩٦ – ٥/٧/ ٢٠١٧

———
(١) “بزەی زەمەند”، هۆنراوەی عەلی حەسەنیانی (١٩٩٢-١٩٣٩) ، بڵاوکەرەوە جەعفەر حوسێنپوور (هێدی)، ١٩٩٣. لل. ١١٤-١١٢
(٢) یادی مامۆستا گۆران،
http://hedih.blogspot.se/2004/03/blog-post_14.html
(٣) بڕوانە ژمارە (٢)
(٤) “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، دوکتۆر ئەمیر حەسەن پوور، پێشەکی کتێبی: “فەرهەنگی زارەکی موکریان”، سەلاح پایانیانی، ١٣٨٥، لل. ٧٧-١٣
(٥) هەمان جێ، ل. ٦٥
(٦) هەمان جێ، لل. ٦٧-٦٥
(٧) Nationalism and language in Kurdistan 1918- 1985,
Mellan Reseach University Press, 1992, 520 pages
(٨) THE LANGUAGE FACTOR IN THE NATIONAL DEVELOPMENT: THE STANDARDIZATION OF THE KURDISH LANGUAGE, 1918-1985
(٩) The (Re)production of Patriarchy in the Kurdish Language, WOMEN OF A NON-STATE NATION,
Edited by: Shahrzad Mojab, pp 227-263
(١٠) امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠، ایراننامە، شمارە ١، سال ١، بهار ٢٠١٦
(١١) ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢)، گۆڤاری Derwaze ، ژمارە ١ .
(١٢) هەمان جێ، لل. ٢-١
***




بەرەو بایکۆتکردنی ڕیفراندۆم سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان!


ڕزگار ئاکرێی
وەرگێڕانی: نەجات عەزیز
……….

تەوەر: کەیسی کورد

کەیسی نەتەوایەتی لە عێراق گرنگترین و ئاڵۆزترین کەیسە لە وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین. ئەبێ بە شێوازێکی شارستانیانە-مرۆڤایەتیانە و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و لەسەر بنەمای مافی یەکسانی و مافی هاوڵاتیبوون و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووس یەکلایی بکرێتەوە. ئەگەر پێکەوەژیانیان فیدراڵیانەیان لەگەڵ گەلانی تردا هەڵبژرد یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەمە مافی هەموو نەتەوە و کەمایەتیەکانی تری عێراقە.
عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە دەسپێکی سەدەی ڕابوردوو دوای دابەشبوونی ئیپراتۆریەتی عوسمانی، وەکو دەوڵەتێکی عەرەبی ئیسلامی ناسرا. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر بنیادنانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە سەر بنەمای نەتەوایەتی و ئایینی نەتەوە و ئایینی زۆرینە- عەرەب و ئیسلام- وە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوو بەهۆی وەکەنارنانی ڕۆڵی کەمینە نەتەوایەتیەکان و ئایینێکان کە ڕؤڵێکی سنوورداریان هەبوو لە بەڕێوەبردنی جەمسەرە گرنگەکانی دەوڵەتدا.
دوای باڵادەستبوونی سوپا لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەسەر شێوازی دکتاتۆریانەی تاکە کەسی و تاکە حیزبی، بیری نەتەوایەتی دەمارگیریانەی عەرەبی لە دەوڵەتدا بەتینتر بوو و کەسانی سەر بە نەتەوەکانی تر و ئایینەکانی تر وەکو هاوڵاتی ژمارە دوو ئەژمێردران. پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە سیاسەتانە بوو بە هۆی بەهێزبوونی ڕۆڵی پارتە نەتەوایەتیەکانی سەر بەو کەمینەنانە لە عێراق. بەتایبەتی نەتەوەی کورد وەکو خەباتگێڕو داکۆکیکەرێك لە مافێكی نەتاوایەتی زەوتکراو. ئەم داکۆکیکردنەش شێوازی ئاشتیانە و چەکداریشی گرتەبەر بە گوێرەی ئاستی توندوتیژێکان لە سەرکوتکردن لەلایەن دەساڵاتدارانی دیکتاتۆری دەوڵەتەوە.

هەرێمی کوردستان و شێوازی حوکم

دوی ڕاپەڕینە جەماوەریە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ کە زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتەوە، دوو حیزبە کوردیەکە -پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتینیشتیمانی کوردستان- دەستیان گرت بەسەر زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتدا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. وەکو هێزگەلێکی هاوچینی برژوازی، لەگەڵ پاشماوەی بەعسێ فاشیستەکان- لە کۆنە موستەشار و ئامر فەوجی جاشەکان-، و کارمەندانی دەزگا سەربازی و سیخوڕیەکان و ئەو سەرۆک عەشرەتانەی دەستیان بە خوێنی میللەتانی عێراق سور بووبوو یەکیان گرت.
هەردوو حێزب دەسەڵاتی خۆیان جێگیر کرد لەڕێی داپلۆسین و سەرکوتکردن و تیرۆر و گەندەڵاندن و کڕینەوەی کەسانی خۆفرۆش. شەڕیان لەپێناو گرتنەدەستی دەسەڵات و قۆرخکاری، کۆمەڵگای کوردستانی لە شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەرەوە تێگلاند لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو. لەگەڵ بەعسێکان هاوتابوونەوە لە ئەنجامدانی تاوانی دڵڕەقانە و کوشتنی دیل و بریندارەکان، گرتن و ئازاردانی وەحشیانەی بەندەکان و لەناوبردنیان، دەرکردن و کۆچپێکردنی ئەندامانی حیزبی بەرامبەر و…… هتد.

دوای ڕوخانی دەسەڵاتی بەعسی فاشی لە ساڵی٢٠٠٣ بوون بە هاوپەیمانی سەرەکی هێزە سیاسیە ئیسلامێکان. بەشدارییان بوون لە گیرۆدەکردنی عێراق لە شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەر. بەشدار بوون لە کشانەوەو و بەدەستەودانی بەشی زۆری پارێزگای نەینەوا بە تاوانبارانی -داعش- کە کوشتارێکی زۆریان کرد لە کەمینە ئایینێکانی وەکو یەزیدی و کرستیانەکان. هەروەها دەسەڵاتی میلیشیاکانیان دەستکراوە و بە هێز کرد، بێکاری و هەژاری پەرەی سەند، گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و چاوپۆشین لە تاوان دژبە ئافرەتان، پێشێلکردنی ئازادی تاك و ئازادیە سیڤیلیەکان، سەپاندنی سیستمی پشکپشکێنەی ئایینی و نەتەوایەتی بەدناو…….هتد. هاوپەیمان بوون لە ڕێگریکردن و لەناوبردنی هەر هەوڵێك بەئاراستەی بەشارستانیکردن لە هەموو بوارەکاندا.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبە پاشکۆکانیان گەندەڵیەکی سیستماتیکی زۆریان کرد لەو دەمەوەی دەسەڵاتیان گرتە دەست لە هەرێمی کوردستان. هەموو دامەزراوە گشتێکانیان تاڵان کرد بە ئاشکرا وبەبێ شەرم. سەرکردەکانی حیزب و دەوروبەرەکانیان بوون بەچینێکی بورژوای مشەخۆر کە بە پاساوی خەباتیان! و شەرعیەتی شۆڕشگێری ونەتەوایەتی، هەموو سامان و داهاتی دەوڵەتیان خستەگر لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و حیزبی وخێڵەکی خۆیانەوە لە ژێر ناو و ناونیشانی جۆراوجۆردا. سامانی هەردوو حیزب لەڕادە دەرچوو دوای ڕوخانی ڕژێمی دکتاتۆرپاش بڕینەوەی بودجەیەک لە نەوتی عێراق بۆ کوردستان. سەرباری بەربڵاوی گەندەڵی و بێکاری ڕازیکەر-بندیوار- لە دامودەزگا حکومێکاندا لە ئەنجامی دامەزراندن لەسەر بنەمای بەحزبیبوون بەمەبەستی کڕینی لایەنگییری جەماوەر و پەسەندکردنی سیاسەتەکانیان و دەنگپێدانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. سەرەڕای ئەو بودجە زۆرەی بۆ هەرێم تەرخان کرابوو لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێم، دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها چەند پرۆژەیەکی جادەوبان، نیشتەجێبوون، هەندێک باخچە وپردیان جێبەجێ کرد.

جێبەچێکردنی ئەم پرۆژانە کاری باش بوون، بەڵام لەهەمان کاتدا هەل بوون بۆ تاڵانی زیاتری سامانی گشتی. ئەم دەسەڵاتدارانە هیچ هەوڵێکی کردەیی و ڕاستیان نەدا بۆ بنیاتنانی بنەمایەکی مادیانە بۆ برەودان و بەرەوپێشبردنی ئابوری هەرێم بە کەمکردنەوەی سیما ئابوریە رەیعیەکەی. هەوڵیان نەدا بۆ کەمکەدنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو و هاوردەکردن بە بنیادنانی پیشەسازی و پێشخستنی کشتوکاڵ، بەڵکو بنەما پیشەسازی و کوشتوکاڵیە کۆنەکەشیان لەناوبرد. هەرێم ئێستا بە قەیرانێکی ئابوری و سیاسی گەورەدا تێئەپەرێ. مەودای نێوان چینەکان گەورەتر ئەبێت و چەوساندەوەی چینایەتی زیاتر و بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر ئەبێت. هەژاری و بێکاری، نەدانی موچە، زۆرداری و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ، کێشەی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و…… کۆمەڵی کێشەی تر.

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان

زۆربەی پارتە نەتەوایەتیە سەرەکیە کوردێکان لە هەرێمی کوردستان ڕێك کەوتوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥/ سێپتەمبەر/٢٠١٧. ڕیفراندۆم کارێکی شارستانیانەی مافپەرەوەرانەیە و شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە بەشداریپێکردنی بەربڵاوی جەماوەر بۆ ىڕیاردان لەسەر ڕێسا گرنگەکان. بڕوام وایە باشترین شێوازی بڕیاردانە لە سەر چارەنوسی نەتەوەکانی عێراق؛ بەمەرجێ ئامادەکاری باشی بۆ بکرێت، لەکەشێکی گونجاودا یەنجام بدرێت، گفتوگۆ و هاوکاری لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت، ماف و توانای یەکسان بۆ هەموان لە بانگەشە کردن بۆ بۆچوونکانیان لەسەر پرۆسەکە دابینکراو بێت، بەرچاوڕونی هەبێت، دەستپاکی و سەرپەرشتی بێلایەنانە و سازانی ناوخۆیی و سەرپەرشتیکردن و پشتگیری نێودەوڵەتی دەستەبەر بکرێت.
وەکو چەپێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی سەربەخۆ و چالاکوانێکی مافناسی بەڕەچەڵەك خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەستانەوە دژ بەم ڕیفراندۆمە و بایکۆتکردنی یان دواخستنی لە ئێستادا و دیاریکردنی ڕۆژێکیتر و لە هەلومەرجێکی باشتر و لە ژێر چاودێریەکی نێودەوڵەتیدا بەپێویست ئەزانم لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

• زۆربەی ئەو حیزبانەی بانگەشەی ڕیفراندۆم ئەکەن حیزبانێکی نادیموکراسین و بەبەکارهێنانی- زەبر و مافی نەتەوایەتیەوە- سیستمێکی حوکمی گەندەڵ و تاکڕەوی خۆسەپێنەریان پەیڕەو کردوە لە هەرێم. مێژوی دەسەڵاتی ڕەشیان سەلمانندویەتی کە لە دژبەیەکیەکی زەقدان لە گەڵ مافەکانی میللەتی کورد و تەواوی دانێشتوانی هەرێم و چەوساوەکانی هەرێم، کە مافەکانیانیان بە ئاشکراو بەشێوەیەکی بەربڵاو پێشێل کردوە. خەمی گەورەیان تەنها گەندەڵاندن و دزیکردن وقۆرخکردنی دەسەڵات بووە. شکستیان هێناوا لە بنیادنانی حکومەتێکی دامەزراوەیی مافپەروەری پێگەیشتو و دەساودەسکردنێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانەی دەسەڵات. ئەمانە سەرباری نەبونی دادپەروەی و شەفافیەت لە ئیدارەدان و خەرجکردنی داهاتی هەرێم کە بەشێوەیەکی گشتی تاڵان ئەکرێت لەلایەن پارتەکانی دەسەڵات و سەرکردەکانیانەوە.

• لاوازی لە ئامادەکاری و خوڵقاندنی زەمینەی گونجاو بۆئەنجامدانی ریفراندۆم. لەبەرچاو نەگرتنی باری سیاسی ناوەکی هەرێمی پڕ قەیران و باری عێراق و ناوچەکە و جیهان. پرۆسەکە تەنها هەنگاوێکی بەپەلەیە بۆ خۆدزینەوە لە کێشە ئابوری و سیاسیە گەورەکانی هەرێم و پەردەپۆشکردنی بێزاری هەڵکشاوی جەماوەر لە کوردوستان. بەکارهێنانی کارتی- هەست و دەمارگیری نەتەوایەتی- بۆ سەرقاڵکردنی جەماوەر و بۆ موزایەدەی سیاسسی لەدەرەوە و ناوەوەی هەرێم بەمەبستی گەڕاندنەوەی شکۆمەندی و درێژەپێدان بە شەرعیەتی دەسەڵاتی حێزبە نەتەوایەتیەکانی سەر کورسی حوکم، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین پارتی کوردستانە و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی سەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی تەواودایە بەسەر هەموو هەرێمدا.

• نەبوونی هەمەئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا، سەرەڕای تێبینی تەواوم لەسەر لایەنەکانی بەشدار بوو لەو حکومەتە و سیاسەتە دژ بە جەماوەرێکەیان لە عێراق وشەرعییەتە لاوازەکەی. ئەم خاڵە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵکشانی تەنگژەی نەتەوایەتی لە عێراق نەک چارەکردنی. هەروەها ئەگەری هەڵگیرسانی شەری ناوخۆیی و گیرۆدەکردنی هاونیشتمانیانی عێراقی تێدایە لەژێر ناوی جیا جیادا. بەتایبەتیش، بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی هاوبەشی هەڵپەسێراوی وەکو کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.

• نەبوونی کۆدەنگی لەنێوان هەموو هێزە سیاسیەکانی هەرێم لەسەر ڕیفراندۆم و هەبوونی نارەزایەتیەکی زۆری حیزبی و جەماوەری دژ بە ڕیفراندۆم، سەرباری هەبوونی کێشەی سیاسی قوڵ لەنێوان حیزبە سیاسێکان و پەکخستنی پەرلەمان بە بڕیارێکی دیکتاتۆریانەی ناشەرعی. بەشێوەیەکی گشتی بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێکی بەپەلەی نەوەکامە وسادەترین بنەماکانی پرۆسەی ریفراندۆمی تێدا نیە بە بەراورد بە ستاندەردی جیهانی یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم نموونەی ڕیفراندۆمەکەی باشوری سودان.

• نەبوونی دامەزراوەی بێلایەن و سەربەخۆ و دەستپاك بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە. ئەزمونی ڕابوردوی حیزبە بەدەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردوستان و عێراق سەلماندویەتی کە هەموو ڕێگایەك و ئامرازێک بەکار ئەهێنن وەکو کڕینی دەنگەکان، بەرتیل، بەکارهێنانی سامانی گشتی، بێدەنگکردنی بەرامبەر وشتیتریش بۆ خۆسەپاندن و درێژەدان بە سیاسەتەکانیان لە ڕێی هەڵبژاردنی ڕووکەشانەوە، بە سەرپەرشتی کۆمسێۆنی سەربەخۆی..! هەڵبژاردنەکان- کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی نەتەوایەتی و حزبی و تایفی دامەزرێنراوە و سەرتاپای گەندەڵ بووە و هیچ دەستپاکیەکی تێدا نەماوە.

• ڕەتکردنەوە، بەڵکو هەبوونی کۆدەنگیەکی جیهانی دژ بە بڕیاری ڕیفراندۆم، تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئاشکرای کرد کە هیچ دەستێوەردانێك لەم پرۆسەیە ناکات.

یەکپارچەیی خاکی عێراق هیچ بۆ من ناگەێنێ لەبەرامبەر ژیان و مافەکانی جەماوەری چەوساوە. وەکو مارکسیەك، پشتگیری ئەکەم لە مافی دیاریکردنی چارەنووس تا جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆش. بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوایەتی بێت یان جوگرافی یان ناوچەیی، ئەگەر یەکسانی و ماف و ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەر بکات. هەڵچوون و بەیەکاگژانی نەتەوایەتی و ئایینی و تایفی کەم بکاتەوە. بەهیچ شێوەیەک دژ پیادەکردنی مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی کوردستان نیم، بەڵکۆداواکاریشیم، چونکە کارێکی گرنگ و پێویستە ئەبێ ئەنجام بدرێ زوو یان درەنگ. بەڵام چۆن و لە چ هەلومەرجێکدا و پێداویستیەکانی چین؟
ئەم رێفراندۆمەی پێشنیارکراوە لەم هەلومەرجەدا، ناڕاستگۆییی ئەو لایەنانەی بەڕێوەی ئەبەن، گوزارشت لە داخوازی ڕاستی خەڵکی کوردستان ناکات. متمانەی پێناکرێ و دانپێدانانی ناوچەیی جیهانێش دەستەبەر ناکات. بەڵکو تەنها گوزارشت لە بەرژەوەندێکانی چینە مشەخۆرەکانی دەسەڵات ئەکات لە هەرێم.

پرۆسەکە تەنها ئامرازێکە بەکار ئەهێنرێ لە ناکۆکیە ناوخۆیی و ناوچەییەکان. بەدڵنیایشەوە بە خراپی بەکار ئەهێنرێ لەلایەن هێزە نەتەوەیەتیەکانی دەسەڵاتەوە لە هەرێم. لەلایەن سەرۆکی ماوە بەسەرچوو مەسعود بەرزانیەوە! بۆ مانەوە لە دەسەڵات، خۆی و حیزبەکەی. دکتاتۆریەت و زوڵمێکی زیاترو سەرکوتکردنی زیاتری رکابەر و نەیارەکانیان بە پشتبەستن بە -شەرعیەتی نەتەوایەتی- کە بەهیوان بەدەستی بێنن بەئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە چاوەڕێی هەرێم ئەکات.
لە سەرەتای نەوەتەکانەوە جەماوەری چەوساوەی هەرێمی کوردستان بە گەواهیەکی ڕوونی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتێکی نەتەوایەتی نیمچە سەربەخۆدا ئەژی. دورن لە چەوساندنەوە لەسەر بنەمای نەتەوایەتی. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش چاوەڕێی کار، خۆشگوزەرانی، ئابوریەکی گونجاو، سەرفرازی و پاراستنی شکۆی تاك، بەرزڕاگرتنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و یەکسانی، مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینێکان لە هەرێم، دەساودەستکردنی دەسەڵات، دەسەڵاتێکی پەرلەمانی دیموکراسی پاراو و ڕوون، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و تاوانباران و بنیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی مەدەنین لەبەرامبەر دەسەڵاتی حیزب و دەستبەسەراگرتنی بە سەر هەموو جومگەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا و کۆمەڵێ زۆر کێشەی تر. حیزبە کوردییە نەتەوەییەکانی دەسەڵات لە هەوڵی خەڵەتاندن و فریودانی جەماوەردان بە بەکارهێنانی تێزی نەتەوەیی و فریودانیان بەوەی کەوا سەربەخۆیی هەموو کێشەکان چارە ئەکات و دوژمنانی نەتەوەکەیان لێیان بەرپرسیارە! بەتەواوی وەکو حیزبە باڵادەستەکانی کانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە جاماوەریان سەرقاڵ کردووە بە ئایین و تایفەوە بۆ شەرعیەتدان بە گەندەڵی و تاوانەکانیان.
بە بروای من یەکێک لە گرنگترین ئامانجە شاراوەکانی ڕیفراندۆم هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی ڕاپرسی ڕاستەقینە لە بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووسی خەڵکی هەرێم، بە شێوەیەکی ئاشتیانەیە و بە چاودێری نێودەوڵەتی و بە بەشداری هەموو لایەنەکانی هەرێم. مەبەست لەم کارەش هێشتنەوەی کارتی یاری پڕسودی نەتەوایەتیە بەدەست دەسەڵاتدارانی مشەخۆری هەرێمەوە، کەناتوانن دڕێژە بە دەسڵاتداریان بدەن و خەڵك لەوە زیاتر هەڵخەڵەتێنن بەهەمان شێوازی کۆن لەپاش ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیە قوڵانەی هەرێمی گرتۆتەوە. ئەنجامی ریفراندۆم نە كێشەی نەتەوایەتی چارەسەر ئەکات و نە لە بەرژەوەندی جاماوەریشدا ئەبێت.

بە پێچەوانەوە، دکتاتۆریەت لەهەرێم توندتر و بەهێزتر ئەکات پاش ئەوەی مەسعود بەرزانی ئەبێتە -پاڵەوانی نەتەوایەتی- و پرۆسەکەش بەکار ئەهێنرێت بۆ بەهێزتر کردنی پێگەکانیان بە مەبەستی گرێبەست و دەسکەوتی زیاتر لە ناوەو دەرەوە. ئاشکراشە کە تەنگژە نەتەوایەتێکانیش لە ناوچەکەدا هەڵئەکشێن و ئەگەری کەوتنەوەی توندوتیژیشی لێئەکەوێتەوە.
پێویستە داوای سنوەردارکردنی ڕۆڵی ئایین و نەتەوە بکرێت لە دەوڵەتدا. خەبات بکرێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت و سیستەمێك لەسەر بنەما یاساییە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و بڕوابوون بەهاوڵاتیبونی یەکسان و دادی کۆمەڵایەتی. وەکو ئەیبینین لە مێژوو و ئەزموونی دەوڵەتە نەتەوایەتێکان، بەتایبەتیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیانتونیوە دەوڵەتێکی شارستانی دیموکرات بنیاد بنێن. سەرکەوتوو نەبوون لە دەستەبەرکردنی کەمترین ئاستی یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیانیان، بۆیە زۆربەیان گۆڕان بۆ ڕژێمگەلێکی داپلۆسێنەری سەرکوتکەر و دیکتاتۆری گەندەڵ.

سەرچاوە:
الحوار المتمدن-ژمارە: 5570- ٣/٧/٢٠١٧
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=564135




بۆچی هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان ڕوونادات؟ … نەبەز سەمەد

بۆچی لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی، بێمووچەیی، برسیکردن، بێئاوی، بێکارەبایی، گەندەڵێ، کوشتن، تێرۆرکردن … هتد، هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە، هیچ سەرهەڵدانێک، هیچ شۆڕشێک ڕوونادات؟ ئەمەی لە هەرێمی کوردستان ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتی حیزبی کوردی [نامەوێ بڵێم حکوومەت، چونکە ئێمە لە بنەڕەتەوە لەم هەرێمەدا حکوومەتمان نییە، ئەوە حیزبە لەم هەرێمەدا دەسەڵاتدارە و بەڕێوەی دەبات] دەگوزەرێت، لە هەر وڵات و هەرێمێکی زیندوو، هۆشیار بوایە، ئەوا دەسەڵاتە سیاسییەکەی دەمێک بوو کۆتایی هاتبوو. لەم وتارەدا دەمەوێ چەند هۆکارێک بۆ نەبوونی یاخیبوونی ڕاستەقینە دیاری بکەم.

هۆکاری یەکەم:

حیزبی کوردی بەتایبەتی یەکێتی و پارتی بەڕێی حیزباندنی سەرجەم کۆمەڵگەی کوردییەوە توانیویانە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو حەشامات و ئاپۆرەیەکی بێشێوە وەربگۆڕن. لەم ڕێگەیەشەوە مرۆڤی کوردیان بێئیرادە، بێهەڵوێست و بە کۆیلەکردووە، ڕێزمەندی و شکۆمەندی مرۆڤی کوردیان لەکەدار کردووە، مرۆڤی کوردیان لەنێو پڕۆسەی نامرۆڤاندندا لە مرۆڤبوون خستووە. پرۆسەی نامرۆڤاندن سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت، هەنگاوی یەکەم، مرۆڤەکان مافی یاسایی و هاووڵاتیبوونیان لێدەسەنرێتەوە، واتا چیدیکە یاسا نایان پارێزێت. وەک ئێمە دەبینین لەم هەرێمەدا یاسا سەروەر نییە، یاسا تەنیا بەرپرسەکان، سەرۆک عەشیرەت و پیاوسالارەکان [ژنکوژەکان!] دەپارێزێت و هەر بەدەست خۆشیانەوەیە. مافی ئازادی ڕادەربڕین بە یاسا نەپارێزراوە، بۆیە دەبینین لەم هەرێمەدا مرۆڤ لەسەر دەربڕینی بۆچوون و ڕوانگەی خۆی دەکوژرێت، کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەڵگەنەویستە. هەنگاوی دووەم، کەسی مۆڕاڵی لەنێو مرۆڤدا دەکوژرێت، واتا هەموو کردارنواندن، هەڵبژاردنێکی ئازاد لە مرۆڤەکە دەسەنرێتەوە، هەنگاوی سێیەم، شکۆمەندی و ڕێزمەندی مرۆڤ تێکدەشکێندرێ. ئێمە ئێستا لەم هەرێمەدا بە پرۆسەی نامرۆڤاندندا تێدەپەڕین.

هۆکاری دووەم:

جنێودان، لە کۆمەڵگەی کوردیدا جنێودان بووە بە خوو، کوردەکان ئالوودەبوونە بە جنێودان. مرۆڤی کورد جنێو بە هەموو شتێک دەدات. کاتێک تووڕەیە، ناڕازییە، جنێو دەدات، جنێو بە مەسعوود بارزانی، بە جەلال تاڵەبانی، بە سەرکردەکانی دی، بە دەسەڵات، بە حکوومەت، بە حیزب، بە ڕێگەوبان، بە گەرما، بە سەرما، بە بێئاوی، بە بێکارەبایی، بە فەرمانگەکان، بە دین، بە خوا، بە مەلا … هتد دەدات. کورد هیچ شتێکی نەهێشتۆتەوە کە جنێوی پێنەدات. ئالوودەبوون بەم جنێودانە زیانی هەیە، چونکە بەڕێی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و پێی وایە تەواو بەشی ڕۆژەکەی سیاسەت کردووە. بۆیە تووڕەییەکەی، ناڕەزاییەکەی نابێت بە کردار، نابێت بە ئەکت، چونکە لە ڕێگەی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و ئاسوودە لێی دادەنیشێت.

هۆکاری سێیەم:

بەشێک لە کورد هەموو شتێکی داوەتە دەست خوا، خۆی هیچ کردارێک نانوێنێت، هەر دەڵێ خوا چاکی بکات، حەواڵەی خوابن، خوا بیان گرێت، خوا تۆڵەیان لێ دەکاتەوە. ئەم لێگەڕانە بۆ خوا، وەهای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵک بێهەڵوێست بن، بێکرداربن، ناچالاک بن، بەشداری هیچ ناڕەزاییەک نەکەن، بەڵکو دانیشتوون دەستەوەستان داوا لە خوا دەکەن چاکی بکات و لە خوا دەپاڕێنەوە و نزا دەکەن، ژیان و گوزەرانیان خۆش بکات.

هۆکاری چوارەم:

گلەیی و گازەندە و زۆربڵێیی: زۆرینەی کورد لەبری ڕەخنەی جیدی و هەڵوێستی کارا و کردارنواندن، خەریکی گلەیی، گازەندە، پرتە و بۆڵە و زۆربڵێین. دەمی هەر کوردێک دەکەیەوە لەم هەرێمە نەگبەتییە گلەیی و گازەندەی هەیە و پرتە و بۆڵەیەتی، تەنانەت بە دەسەڵاتداران و مەکتەب سیاسی حیزبەکانیش لەم پرتە و بۆڵە و چەقە چەقە بێبەش نین. کاکی بەرپرس و مەکتەب سیاسی، خۆی لە دەسەڵاتدایە، خۆی بەرپرسیارە لەم دۆخەی کە دروستبووە کەچی گلەیی هەیە و خەریکی زۆر بڵێییە. هەمووان ناڕازین، بەڵام تا ئەو کاتە ناڕازین، پرتە و بۆڵەیانە کە بێبەشن، کە بەرژەوەندییان نییە، کە ئێسکێکیان بۆ هەڵدرا، کە بڕێک پارەیان پێدرا، کە زەوییەکیان پێدرا، ئیدی چیدی ناڕازی نین، لەبەر ئەوەی لێرە هەمووان تەنیا بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، نەک بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی هەمووان. لێرە لەم هەرێمە نەگبەتییە، هەمووان خەون بەوەوە دەبینن کە لە جێگەی بەرپرسەکان بن، بۆئەوەی ئەوانیش وەک بەرپرسەکان بتوانن گەندەڵی بکەن، نەوت بدزن، خۆش بژین، دەسەڵاتیان هەبێت، لە سەروو یاساوە بن، … هتد نەک بۆئەوەی دۆخەکە بگۆڕن و ژیانی خەڵکی بگۆڕن.

هۆکاری پێنجەم:

فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: جاران کورد لە دیوار و دەرگەی توالێتی مزگەوتەکان هەرچی جنێو و قسەی ناشرین و پیس هەبوو دەیان نووسی، چۆن دواوەیان خاڵی دەکردەوە، ئاواش سەر و سنگیان لێ خاڵی دەکردەوە، ئێستا دیواری فەیسبوکی کوردی بۆ زۆرێک لە کوردان هەمان ڕۆڵی دیواری توالێتی مزگەوتەکان دەبینێت. هەرچی پیس و پۆخڵی، ناشرینی و جنێو هەیە بە دیواری فەیسبوکییەوە هەڵدەواسێت. لە فەیسبووک لە پشتی لاپتۆپەکەیەوە قسەی زل دەکات، داوای خۆپیشاندان و ڕووخاندنی حکوومەت و دەسەڵات دەکات، کەچی سبەی خەوی لێکەوتووە و تاکو سەعات ١٢ و ١ نیوەرۆ بێدارنابێتەوە. تۆ کە شەو و ڕۆژت لێتێکچووە لەبەر فەیسبووک، چۆن دەتوانیت یاخی ببیت، چۆن دەتوانی کرداربنوێنی و هەوڵوێستت هەبێت. ئەوەی لە فەیسبووک دەینووسن و لە لایڤەکانیانەوە دەیڵێن پێیان وایە کە ئەمە سیاسەتکردن و یاخیبوونە، بەڵام سیاسەت لە فەزای گشتیدا دەکرێت، سیاسەت بە کردار دەکرێت نەک بە قسەی زلی پشت لاپتۆپەکانەوە.

هۆکاری شەشەم:

ڕاگەیاندنەکان: ڕاگەیاندنە کوردییەکانی ئەم هەرێمە نەگبەتییە هەموویان ئیش لەسەر خاڵیکردنەوە و دامرکاندنەوەی هەستی ناڕەزایی خەڵک دەکەن، لە ڕێگەی بەرنامەی بێمانا بەناوی کۆمیدی کە پڕیەتی لە سوکایەتی بە مرۆڤ و بەتایبەتی بە ژنان، وەک بەرنامەی بەرنامە (ی جاران)، بەزمی بەزم، ستوننووسی قۆشمەیی، بۆ خاڵیکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی خەڵک و قاقا پێکەنین بەدیاریانەوە و بێئاگا لەوەی کە ئەمە چ مەبەستێکی لە پشتە. دۆبلاژکردنی درامای تورکی بێمانا و ئاستنزم و سووک، چۆن کەرەستە و خواردەمەنیی تورکی بازاڕی کوردستانی داگیرکردووە، بە هەمان شێوە درامای تورکیش هۆش و دڵ و دەروونی مرۆڤی کوردی داگیرکردووە. چۆن دەسەڵاتە سیاسییەکەت پاشکۆی تورکیایە، بازاڕ و ڕاگەیاندنەکانیشی بوونە بە پاشکۆی تورکیا.

هۆکاری حەوتەم:

نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە: تاکو ئێستا لەم هەرێمەدا هیچ بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە دروست نەبووە، نە بزووتنەوەی سیاسی، نە کۆمەڵایەتی، نە ڕۆشنبیری. ئۆپۆزیسیۆنێک کە ئەلتەرناتیڤی هەبێت، ڕێکخراو بێت، پەروەردەکراو بێت و بزانێ سیاسەت بکات، فەلسەفەی سیاسی هەبێت، نەک وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان عەشایەری و خێڵەکی بێت. ئێستا بەناو ئۆپۆزیسیۆنێکت هەیە، قاچێکی لە حکوومەتدایە و قاچێکی لە ئۆپۆزیسیۆندایە، خۆی وەزیرەکانی دەرکراوە، مافی زەوتکراوە، سەرۆک پەرلەمانەکەی دیپۆرتی ئەو دیوی دێگەڵە کراوەتەوە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن مافی خەڵک بسەنێت، ناڕەزاییەتییەکان ئاڕاستە و ئۆرگانیزە بکات، ئەو چاوەڕێیە خەڵک ڕاپەڕینی بۆ بکات و مافەکانی بۆ بەدەستبهێنێتەوە.

هۆکاری هەشتەم:

شێواندن و لێڵکردنی ڕاستییەکان: لەم هەرێمەدا بە بەرنامە ئیش لەسەر شێواندن، لێڵکردن و تەمومژاویکردنی زانیارییەکان، هەقیقەتەکان و ڕاستییەکان دەکرێت. ڕاگەیاندنەکان لەمەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، چونکە سەرچاوەی هەواڵیان فەیسبووکە و مانشێتەکانیان مەتەڵە. ئێستا هەموو کورد دەزانێ ئەم حیزبانە گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن … هتد، بەڵام ئەمانە هەموو شتی گشتی و زانیاری گشتین، وردەکارییەکان شێوێندراون، تەمومژاوی کراون، ئاڵۆزکراون، سەرچاوەکانیان دیارنین. ئاخر یەکێک لە ڕستە دیارەکانی ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەیە لە سەرچاوەیەکەوە کە نەی ویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات! ئەندام پەرلەمانەکان زانیارییەکان وەک مەتەڵ دەڵێن، دەبێ بۆ خۆت هەڵی بهێنی مەبەستیان کام حیزب، کام بەرپرس و مەکتەب سیاسییە. ئەندام پەرلەمانێک دەڵێ: بەرپرسی حیزبی هەیە ٢٠٠ شوقەی لە ئەڵمانیا هەیە، بەرپرسەکان پارە دەنێرنە دەرەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا ڤێلایان هەیە. ئەمانە هەموو قسەی گشتی و زانیاری گشتین، ئەگەر ناوی بەرپرسەکە و بەڵگەکە بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ئەو زانیارییە کەڵکی هیچی نییە.

هۆکاری نۆیەم:

زانیارییەکان نابن بە کردار: زانیاری، زانین و مەعریفەیەک کە نەبێتە دەسەڵات، نەبێتە هێز و نەبێتە هۆی هەڵوێست و کردارنواندن هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. با هەموو کورد بزانێ یەکێتی و پارتی گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن، نووسەر، ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکەن، ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ بەرشەق دەدەن … هتد ئەگەر ئەم زانینە نەبووە هۆی هێنانەگۆڕێی هەڵوێست، یاخیبوون، هێز و دەسەڵات، نەبووە هۆی کردارنواندن، نەبوو بە ئەکت، هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. بۆ نموونە، ڤیدیۆیی هاووڵاتییەک کە قسە بەم دەسەڵاتە دەڵێ و ناڕازییە لێی، لە nrt نزیکەی دوو ملیۆن بینەری هەبووە. ئەگەر ئەم دوو ملیۆن بینەرە هەر لە فەیسبووکەوە نەڵێ قسەی چاکی کرد، ڕیسوای کردن، بەڵکو بێت بە کردەوە پشتگیری لە قسەکانی ئەم هاووڵاتییە بکات و بەیەک دەنگ و بەیەک جار دوو ملیۆن کەس ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت، یەکێتی و پارتی چۆن دەتوانن بەرگەبگرن، بەڵکو دەلەرزن و دەڕووخێن.

هۆکاری دەیەم:

مێنتاڵێتی خێڵەکی و ناوچەگەری و شارچێتی، کورد سروشتێکی خێڵەکی هەیە، پتر ئینتیمای بۆ خێڵەکەی و عەشیرەتەکەی هەیە نەک بۆ چاکەی گشتی و بۆ نیشتیمان، هەر بۆ نموونە، زۆرینەی کورد تەنیا ماڵەکەی خۆی و بەردەرگەی خۆی پاک ڕادەگرێت، بەڵام بەلایەوە گرنگ نییە کۆڵانەکەی کە موڵکی گشتیییە و بۆ هەمووانە پاک ڕابگرێت. کورد لەم هەرێمە نەگبەتییە سێ (چوار) پارێزگاییە خەریکی ناوچەگەری و شارچێتییە، ئەوەندەی ئیش لەسەر ناشرینکردن و نوکتە لەسەر شارەکانی یەکدی دروستدەکەن (وەک بەزمی هەولێری و سلێمانی)، ئەوەندە ئیش لەسەر یەکدەنگی و پێکەوەیی ناکەن. بۆیە ئەو ناڕەزاییانەی ڕووشیانداوە، سەرتاسەری نەبوونە، بەڵکو یەک پارێزگا، و چەند شار و شارۆچکەیەکی گرتۆتەوە. لەنێو ئەم پارێزگا و شارۆچکانەشدا هەموو خەڵکەکە پێکەوە نەبووە بەڵکو چەند چین و توێژێکی کەم ناڕەزایی دەربڕیوە.

هۆکاری یازدەیەم:

کورد ئەوەندی بە ژیانی تایبەتی ئەویدییەوە خەریکە و قسەی لەبارەوە دەکات ئەوەندەی باسکردن لە چاوساندنەوەی خۆی لەلایەن ستەمکارەکانییەوە پێ گرنگ نییە. بۆ نموونە، ئەوەندەی بە لایەوە گرنگە دراوسێکەی، هاوڕێکەی، خزمەکەی، … هتد چ دەکات، چ لەبەر دەکات، چ دەخوات، دەچێ بۆ کوێ، لەگەڵ کێ پەیوەندی هەیە، … هتد، بەلایەوە گرنگ نییە بوجەی وڵاتەکەی چی لێبەسەر دێت، کارەبای نییە، مووچەی نییە، ئاوی نییە … هتد. ئەوەندەی چاودێری لەسەر دەوروبەرەکەی، هاوڕێ و خزم و دراوسێکانی داناوە و چاودێریان دەکات و تەداخولی ژیانی تایبەتیان دەکات، ئەگەر نیو ئەوەندە چاودێری لەسەر حکوومەتەکەی دابنابوایە، نیو ئەوەندە لە حیزبەکانی بپرسیبوایەوە، نیو ئەوەندە تەداخولی کاروباری حکوومەت و حیزبەکانی بکردبوایە، ئەوا ئێستا دۆخێکی دیکە دەهاتە ئاراوە و بەناو حکوومەتەکەمان زۆر شەفاف (ڕۆشن)تر دەبوو، گەندەڵی کەمتر دەبوو. ئەو چاوبزی و چاوتیژییەی بۆ ئەوانی دی و دەروبەرەکەی هەیەتی، گەر بۆ حکوومەتە گەندەڵەکە و حیزبەکان هەیبوایە ئەوا ئێستا بێمووچە نەدەبوو، بێکارەبا و بێئاو نەدەبوو، حیزبەکان ئەوا نەدەبوونە ستەمکار بەسەرییەوە.
تۆش هۆکاری دیکە بژمێرە.




تەڵەی سۆسیدیدیس ی پارتەكانی كوردستان …. عەلی مەحمود محەمەد

لە جیهاندا ئێستا مشتومڕەكان گەرمن لە سەر ئەوەی ئەمەریكا سەركردایەتی جیهان بۆ چین چۆڵ بكات, وەلێ پێیان وایە ئەم پرۆسەیە ئەگەری هەیە بە شەڕێكی ماڵوێرانكەردا تێپەڕێت , وەك چۆن لە مێژووی 500 ساڵی رابردوو لە كۆی 16 گۆڕانكاری و دەستاو دەستكردن لە سەركردایەتیكردنی جیهان رویانداوە, لەوانە 12 ەیان لە رێگای شەڕەوە بووە, وەلێ بە دۆزینەوەی چەكی كوشندەی ئەتۆمی و هایدرۆجۆنی و ئەوانی بەدوایدا دێن , ململانێ لە رێگای شەڕەوە زەحمەت بووە, چونكە شەڕی سەرانسەری گەورەی سوپەر هێزەكانی ئێستای جیهان كۆتایی مرۆڤایەتییە, هەر بۆیەشە سەدەی رابردوو دوو بەزینی هێزی باڵادەستی جیهانی بەخۆوە بینیوە, كە بەریتانیاو یەكێتی سۆڤیەت بوو لەبەرامبەر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا , پرۆسەی پێش ئەوە بەزینی ئەڵمانیا بوو لە رێگای جەنگەوە بەرامبەر بەریتانیا , ئەم پرۆسەی گۆڕانكارییە لەسەركردایەتی جیهانی پێی دەوترێت تەڵەی سۆسیدیدیس.

پاش تەسلیم بوونی بەریتانیاو یەكێتی سۆڤیەت لە سەدەی 20 بە ئەمەریكا, مانەوەی ئەمەریكا بۆ ماوەی 19 ساڵ لەسەر عەرشی ئەو سەركردایەتیە ( لە 1989 دوای روخانی دیواری بەرلین تا قەیرانە ئابورییەكانی ساڵی 2008) ئێستا باڵادەستی ئەمەریكا لە روی ئابوری و سیاسییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە ئاو دەچێت , هەرچەندە هێشتا گەورەترین هێزی سەربازی و ئابووری و زانستی و رۆشنبیری جیهانییە (خاوەند نیوەی بودجەی سەربازی جیهان, بەرهەم هێنانی 70%ی زانستی جیهانی ,بوونی پەیوەندی بە پاشكۆكردن لە گەڵ نزیك 110 وڵاتی جیهانی , یەكەم ئابوری جیهانە چین تەنها نزیك 60%ی ئابوری ئەمەریكایە ) وەلێ رۆژ بە دوای رۆژ دەسەڵاتە سیاسییەكەی لە ئاو دەچێت وەلێ لەسەر خۆ , بە تایبەتیش دوای هاتنە سەركاری ترامپ و كشانەوەی لە رێكەوتنامەی بازاڕی ئازاد تی تی پی و كشانەوەی لە پەیماننامەی پاریس و پیادە كردنی سیاسەتی ئەمەریكا یەكەمجار هەمو ئەمانە وا دەكات تەریك بكەوێتەوە و سەرۆكایەتی جیهان تەسلیم بكات.

ئەدی لە كوردستان ئەم پرۆسەی گۆڕانكاری لە سەركردایەتی چۆن رویداوە لە 7 دەیەی رابردوودا, پاش دامەزراندنی پارتە سیاسییەكان بەشێوەی گشتی لە ناوەڕاستی چلەكانەوە, دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد و هاتنی رێكخستنەكانی حشع(حیزبی شیوعی عێراقی) لە رێگای قوتابییە كوردەكانەوە لە زانكۆكانی عێراقەوە بۆ كوردستان , ئەم دوو هێزە بوونە ركابەری سەرسەختی یەكتر بۆ سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان, ئەم ركابەرییە نزیك 20 ساڵێكی خایاند, وەلێ بەهۆی باڵادەستی دكتاتۆریەتی حكومەتی ناوەندی و نزیكایەتی فكری لە یەكتر, ململانێكە نەگەیشتە ئاستی پشت شكاندنی یەكتر, بگرە ئەم دوو پارتە وەك دوو لایەنی نزیك لە یەكتر بەردەوام لە كوردستان كاریان كردووە, هەرچەندە حشع لە روی رێكخراوەیی و چالاكی جەماوەری و شەڕی چینایەتییەوە زۆر لە پێش پارتییەوە بووە تا كۆتایی 1959, ئەم بارودۆخە دەڕواتە پێش تا هاتنەوەی بارزانی بۆ كوردستان و كۆبونەوەی ئاغاو دەرەبەگەكانی یاخی لە دابەشكردنی زەوی لە دەوری پارتی و كودەتای باڵی راست بەسەر باڵی چەپی پێشكەوتنخواز ی ناو پارتی بە سەرۆكایەتی حەمزە عەبدوڵا و هاورێكانی , وە هەڵگیرسانی خەباتی چەكداری لە ئەیلولی ساڵی 1961 و پشتیوانی وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە لە بزوتنەوە چەكدارییەكە , دواتر كودەتای 8ی شوباتی بەعسییەكان و قەڵاچۆكردنی شیوعیەت , هەموو ئەمانە وای كرد دوای ئەم پرۆسەیە بێ ململانێ سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری كوردستان بدرێتە پارتی , حشع بە خشكەیی لە سەركردایەتی ژیانی سیاسی خەڵكی كوردستان كشایەوەو تەسلیم بە ئەمری واقع بوو , كە دواتریش ئەگەر لە عێراق هێزی هاتبێتەوە بەر , ئەوا لە كوردستان توانای سەركردایەتی نەما, بە بەیانی 11ی ئازاری 1970 , باڵی مەكتەبی سیاسیش تەسلیمی باڵی بارزانی بوون, تا ئازاری 1975 ئەم باڵەی پارتی سەرۆكایەتی ژیانی سیاسی كوردستانی گرتە دەست بێ ركابەر, دەتوانین بڵێین لە مێژووی باشوری كوردستاندا , هیچ كات بەو رێژەیە خەڵك لەدەوری تاك لایەنی سیاسی كۆ نەبۆتەوە, ئەم كۆبونەوەیە دوا كۆبونەوەی یەكگرتوانەی خەڵك بوو لە دەوری تاك لایەنێك .

وەلێ لە دوای هەرەسی ساڵی 1975 ەوە , باڵی مەكتەبی سیاسی دێنەوە گۆڕەپانەكە بەناوی ینك ەوە كاردە كەنەوە , باڵی بارزانیش بە ناوی قیادەی موەقەتە سەرەتا , دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان , لە هەندێك ناوچەش وەكو دەشتی هەولێرو شارەزور پارتی سۆسیالستیش بووە ركابەری سەرەكی , وەلێ ئەو تەنها 4 ساڵ لەو ركابەرییە ناوچەییانە مایەوە , شەڕی ناوخۆیی و مفاوەزاتی 1983 ی ینك لە گەڵ بەعس و كەمی ئەزمونی سەركردایەتییەكەی بوون هۆی لادانیان لە پرۆسەی ململانێ بۆ سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری كوردستان , سۆسیالست وەك هێزێكی ناوچەیی نەك سەرتاسەری فڕێ درایە دەرەوەی كێشمە كێشەكەو لە هاوكێشە سیاسییەكاندا ژمارە بچوكەكەی بۆ مایەوە , ئیتر تا هەنووكە 41 ساڵ شەڕ لەسەر سەركردایەتیكرنی باشوری كوردستان لە نێوان هەردو باڵەكەی ئەوسای پارتی بەردەوامە , تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە .
53 ساڵ ململانێی ئەم دوو باڵە شكل و شێوەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیووە , هەندێك جار هانا بردنە بەر ئایدۆلۆژییە جیهانییەكان وەك چەكێك بۆ ململانێ , جاری واش شێوازی عەسكەری و شەڕی خوێناوی بەخۆوە بینیوە , كە هیچكامیان تا هەنووكە ئاكامی نەبووە, ئەوەشی ململانێكەی ئاڵۆز كردووە, هەر لایەنەی ناوچەی نفوزو قەڵەمڕەوی سیاسی خۆیان هەیە, بۆ پاراستنی هێزو باڵادەستیان كۆمەڵگا بەرەو شەڕی شارچێتی و لەهجە چێتی دەبەن , لە ئێستاشدا ململانێكە شێوازی جۆری حوكمڕانی و بەڕێوەبەرایەتی و ململانێ لەسەر دەست كەوتی بە خۆوە گرتووە, كە لە ناوەڕۆكدا هەر پەیامەكەی 53 ساڵ لەمەوپێشە, رێكەوتنی دەباشان هەر پەیامی كۆنگرەی ماوەتە لە ناوەڕۆكدا .

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر لە 2003 ەوە تا رادەیەك سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستانی كەوتبێتە ژێر دەستەوە ئەوا بە هۆی كۆمەڵ بوونی كێشەكان لە سەر یەكتر و هاتنی هەمویان پێكەوە بۆ ناو ئۆفیسەكەی ( كێشەی یاسایی سەرۆكی هەرێم , كێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان , كێشەی ئابوری و دارایی هەرێمی كوردستان بەشی شێری بەر ئەو دەكەوێت بەهۆی سەركردایەتیكردنی پرۆسەكەوە , كێشەی ریفراندۆم و ئەگەرە كراوەكان بەردەمی , بوونی پشتیوانی تەنها نزیك بە 26%ی هاووڵاتیانی كوردستان لێی, كزی متمانەی لاوان … ) هەموو ئەمانە وا دەكات پارتیش وەك ئەمەریكا بێ شەڕ بەدوای شەریكێكدا بگەڕێت بۆ سەركردایەتیكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستان , تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شكستی سەربازی و سیاسی و ئابوری لایەنێك نابێت , بگرە رێگایەكی پراگماتیكیتر ئەویش پەیدا كردنی شەریك بێت بۆ قۆناغی راگوزەری تا سەرۆكە تازەكان كلیلی بەڕێوەبەرایەتی وەرە گرن دوای سەركەوتنەكانی ئایندە.

دابەزینی ئاستی شتیوانی بەتایبەت لاوان لە هێزە سیاسییەكان و لە دەستدانی متمانە , بەتاڵبونەوەی كاری حیزبایەتی لەناوەڕۆكە سیاسییەكەی , هژمۆنیای ئۆلیگارشییەكان بەسەر پرۆسەی سیاسی و ئابووری كوردستان, بەرز بونەوەی ئاستی نایەكسانی و كەڵەكە بوونی سەرمایەی كوردستان لە دەستی ژمارەیەك ئۆلیگارشی سیاسی بە ئەندازەیەك سەرمایەی ئەوان زۆر زیاترە لە كۆی بەرهەمی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان , نەمانی رەوایەتی بە ململانێی 53 ساڵی جەلالی و مەلایی …… هەموو ئەمانە وا دەكەن بڵێین تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شانس بە هێزێكی نوێ دەدات و خەڵكی كوردستان لەم مەرگەساتەی ئەم دوو لایەنە رزگار دەكات, شانس بەوان ناداتەوە ,بۆ ئەوەی بە پرۆسەی سەربازی یان سیاسی یەكیان هەرەس بەوی تریان بێنێت.
((پوسیدیدس: میّونوسی یۆنانی لە 460 پ زاین لە دایك بووە , 395 پ زاین كۆچی دوایی كردووە , پەرتوكی لەسەر جەنگی بیلۆبۆنسیە نووسیوە , جەنگی نێوان ئەسینا و ئەسبپارتە , تیایدا دەستنیشانی ئەوە دەكات گەشەی ئەسینا , ترسی لای ئەسپارتەكان دروست كرد وای كرد شەڕ ببێتە حەتمی لە نێوانیان ) .
بۆ یەكەم جار گراهام ئەلیسۆن لە ساڵی 2015 ئەم دەستەواژەیەی بەكار هێنا لە پەرتوكی : رۆیشتن بەرەو جەنگ, ئایا ئەمەریكا و چین دەتوانن خۆیان لە تەڵەی پوسیدیدس بپارێزن .




غه‌زه‌ل…ده‌نگێكی نوێ‌ له‌هونه‌ری گۆرانی و مۆزیكی كوردیدا … نه‌جم محه‌مه‌د

كیژه‌ به‌هره‌مه‌ندی به‌شداربووی به‌رنامه‌ی كورد ئایدل به‌ڕای من ده‌نگێكی نوێ‌ یه‌ له‌ هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكای كوردیدا دیاره‌ توانای و ئاست و خۆشی ده‌نگی ئه‌م خاتوونه‌ له‌ووتنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند كاك (عه‌زیزی شارۆخی)ه‌وه‌ به‌ناوی (كیژه‌ كوردی) ده‌ركه‌وت وزیاتر ناسراو ئه‌م گۆرانیه‌ زیاتر بردیه‌ ناو خه‌ڵكیه‌وه‌ وبه‌جۆرێك ئه‌م گۆرانیه‌ به‌ده‌نگی غه‌زه‌ل ده‌نگی دایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی چه‌ندین ساڵه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند كاك عه‌زیزی شلرۆخی ئه‌م گۆرانیه‌ی گوتووه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ .

لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك قسه‌له‌سه‌ر ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگ خۆشه‌ بكه‌م و هه‌ندێ‌ ڕاوسه‌رنج و پێشنیاریش بخه‌مه‌ ڕوو له‌پێناو زیاتر به‌ره‌وپێش چوون و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خاتوونه‌دا له‌ كاروانی هونه‌رو مۆزیكای كوردیدا من پێم وایه‌ ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگێكی تازه‌و تایبه‌ته‌ پێویستی به‌په‌روه‌رده‌كردن و ڕێنمایكردن هه‌یه‌ئه‌م خاتوونه‌ تۆنی ده‌نگی بۆ هه‌موو گۆرانیه‌ك نابێ‌ و ناشێ‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رنامه‌ی كورد ئایدل دا ده‌بینم به‌سه‌بكی جۆراو جۆرو تۆنی جۆراو جۆر گۆرانی بۆداده‌نێن وگۆرانی ده‌ڵێت ویاری به‌ده‌نگی ده‌كات ده‌نگی تاقی ده‌كاته‌وه‌جانازانم خۆی ئه‌و گۆرانیانه‌هه‌ڵده‌بژێرێت یان تیپه‌مۆزیكیه‌كه‌ی به‌رنامه‌كه‌یه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر تیپه‌كه‌بێت غه‌در له‌م ده‌نگه‌ ده‌كات وتواناییه‌كان و خۆشیه‌كان و ئیحساس وجوانیه‌كانی ده‌نگی كاڵ و كه‌م ڕه‌نگ ده‌كاته‌وه‌ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆشی بێت دیسان من پێم وایه‌ خۆشی هه‌مان غه‌در له‌ده‌نگی خۆی ده‌كات هه‌روه‌ها به‌داخه‌وه‌ ده‌بینم لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رنامه‌كه‌ش زۆر جار موجامه‌له‌ی ئافه‌رینی ئه‌م خاتوونه‌ده‌كه‌ن كه‌یاری به‌ده‌نگی ده‌كات وبه‌ شێوازو له‌هجه‌ی جیاجیاگۆرانی ده‌ڵێت من پێم وایه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ش دیسان غه‌در له‌م ده‌نگه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵێ‌ ئه‌م خاتوونه‌ ده‌توانێ‌ شێوازی جیاواز جیاواز له‌گۆرانی كوردی بڵێت ئه‌و تواناییه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام توانای شتێكه‌و تابع وتۆنی ده‌نگ شتێكی تره‌ده‌نگی ئه‌م خاتوونه‌ ده‌نگێكه‌ بۆگۆرانی شادو خێرا نابێت چونكه‌ كاتێك گۆرانی خێرا وشاد ده‌ڵێت خۆشی و جوانی و ئیحاس وتام وبه‌رامه‌ی ده‌نگی بزرده‌بێت خێرای ڕیتمه‌كه‌ شیرینی ده‌نگه‌كه‌ی هه‌ڵده‌مژێت و وونی ده‌كات هه‌روه‌ها ده‌نگی( بۆگۆرانی هه‌ورامی و كرمانجی )نابێت ده‌نگی بۆ گۆرانیه‌كانی مامۆستا (خالقی و كامگاره‌كان) نابێت وناگونجێت ئه‌و ده‌نگێكی ڕۆژهه‌ڵاتی جوانی ناوچه‌ی (سه‌رده‌شت …موكوریانه‌) تیشكه‌ ده‌نگێكه‌له‌رشۆژهه‌ڵاته‌وه‌هه‌ڵهاتووه‌ ده‌نگی ئه‌و بۆگۆرانی ئارام وسلۆونیمچه‌خێراگونجاو له‌باره‌ ده‌نگی ئه‌و بۆگۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (عه‌زیزی شارۆخ ومحمد دانش و میكایل و ماملێ‌ و جه‌مال موفتی )زۆر له‌بارو گونجاوه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگێكی جوانی ژنانه‌یه‌ بۆ ووتنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كانی (فه‌تانه‌ی وه‌لیدی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و شه‌هێن تاله‌بانی و له‌یلای فه‌ریقی )زۆر گونجاوه‌ هه‌روه‌ها له‌ووتنی گۆرانی دوێتدا ده‌نگی بۆگۆرانیه‌دوێته‌كانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر( عه‌باسی كه‌مه‌ندی و شه‌هێن تاله‌بانی) گونجاوه‌وله‌باره‌ .

بۆیه‌ لێره‌وه‌ پێشنیارده‌كه‌م بۆ ئه‌م خاتوونه‌ وئه‌وتیپه‌ مۆزیكیه‌ی به‌رنامه‌ی كورد ئایدڵ كه‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانیه‌كان بۆغه‌زه‌ل له‌هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ناوم هێنان هه‌ڵبژێرن من پێم وایه‌ یاریكردن به‌ده‌نگی گۆرانیبێژ له‌لایه‌ن ژه‌نیارو و خودی گۆرانیبێژه‌كانیشه‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌ك نه‌ك له‌وبه‌رنامه‌دا به‌ڵكو له‌هونه‌ری گۆرانی و مۆزیكای كوردیشدا به‌گشتی من ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌دیارده‌یه‌كی هه‌ڵه‌ و ناته‌ندروست ده‌زانم وزۆرجار نه‌ژه‌نیاره‌كه‌ ونه‌گۆرانیبێژه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوونابن تیایدا مافی خۆی ناده‌ن به‌گۆرانی وئاوازه‌كه‌بۆیه‌ ناسینی ده‌نگ و توانای ده‌نگ و هه‌ڵبژاردنی گۆرانی زۆر گرنگه‌ هه‌رئه‌و ه‌به‌ته‌نیاگرنگ نیه‌ كه‌تۆ به‌شێوازو له‌هجه‌جیاجیاكانی زمانی كوردی بتوانی گۆرانی بڵێت كه‌له‌ڕووی فۆنه‌تیك و زمانه‌وانیشه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌وه‌ نابێت له‌وڕوه‌وه‌ به‌هه‌ستێكی ته‌سكی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌وه‌ بیربكرێته‌وه‌ و گۆرانی بوترێت چونكه‌ هونه‌ری گۆرانی مۆزیكا بۆخۆی به‌یانكردنی ئیحساسی مرۆڤانه‌یه‌و هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكاش زمانێكی جیهانی یه‌وهه‌موو زمانه‌كانی میلله‌ته‌جیاجیاكانی دونیا پێكه‌وه‌ تیایدابه‌شدارن ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌گه‌شه‌كردن وداهێنان وبه‌ره‌و پێش بردنیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسه‌ری به‌ناوبانگی ڕووسی (ڕه‌سوڵ هه‌مزه‌تۆف) زۆر جوان ده‌ڵێ :-زمانێك دوژمنی زمانێكی ترنیه‌و گۆرانیش گۆرانی له‌ناو نابات)بۆیه‌ زۆر گرنگ وپێویسته‌ كه‌ئێمه‌ له‌ڕووی مرۆیی وئیحساس و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بڕوانینه‌ هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكا .

من پێم وایه‌ ده‌نگی غه‌زه‌ل ده‌نگێكی نوێ‌ ی كوردیه‌ وهونه‌ری كوردی پێویستی پێیه‌تی ئه‌گه‌رچی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌بێت یان یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌نه‌بێت ده‌نگێككی نوێ‌ ی جوانی ژنانه‌یه‌ وهونه‌ری كوردی پێویستی پێیه‌تی ئه‌م ده‌نگه‌ هێشتا له‌هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تادایه‌ و كاروانێكی دوورو درێژی له‌پێشه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌نگه‌ په‌له‌ نه‌كات ووریابێت له‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانی كه‌له‌گه‌ڵ تۆن و ده‌نگی خۆیدا بێته‌وه‌نابێت فریووی مجامه‌له‌كان بخوات ده‌بێت ووریابێت له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆرانیه‌ دوێته‌كاندا نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری و خواست وداواكاری وده‌نگی گۆرانیبێژی به‌رامبه‌ر به‌جۆرێك گه‌ر گۆرانیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگیدا نه‌هاته‌وه‌ ڕاشكاوانه‌ ڕای خۆی بڵێت و ئه‌و گۆرانیه‌ نه‌ڵێت وپێشنیارده‌كه‌م دوای ته‌واوبوون وكۆتای هاتنی به‌به‌رنامه‌یكوردئایدڵ ئیتروازله‌لاسایكردنه‌وه‌ بهێنێت هه‌وڵ بدات ئیترخاوه‌نی ڕێچكه‌ی خۆی بێتوسه‌بكی خۆیبدۆزێته‌وه‌ وله‌ئاینده‌دا توانا ده‌نگیه‌كه‌ی له‌لاسایكردنه‌وه‌دا به‌خه‌سارسه‌رف نه‌كات وخاوەنی گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆی بێت چونكه‌لاسایكردنه‌وه‌ به‌هره‌یه‌كی هونه‌ریه‌ نه‌ك داهێنانێكی هونه‌ری من پێم وایه‌ گۆرانی بۆخۆی ژه‌نینی ئیحساسه‌ به‌مانایه‌كی تر ئیحساس ژه‌نینه‌ بۆیه‌ هه‌رگۆرانیه‌ك به‌ئیحساسه‌وه‌ نه‌وترێت سه‌ركه‌وتوونابێت ئه‌گه‌ر ئه‌وگۆرانیه‌ گۆرانی گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندیش بێت بۆیه‌ پێشنیارده‌كه‌م بۆئه‌م خاتوونه‌ كه‌خۆی خۆی بێت وده‌نگی خۆی وون نه‌كات به‌ئیحساسی خۆیه‌وه‌ گۆرانی بڵێت وهه‌وڵ بدات به‌ئیحساسێكی ژنانه‌وه‌ گۆرانی بڵێت نه‌ك ئیحساسێكی پیاوانه‌بۆنموونه‌ له‌گۆرانیه‌كانیدا وه‌ك ژنێك موخاته‌به‌ی پیاو بكات نه‌ك وه‌ك پیاوێك موخاته‌به‌ی ژن بكات به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گۆرانیبێژه‌ ژنه‌كانی كورد به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك پیاوگۆرانی ده‌ڵێن نه‌ك وه‌ك مرۆڤێكی ژن.




بۆچی پارتی گومانی هه‌مووان له‌مه‌ر ریفراندۆم ناره‌وێنێته‌وه ؟! … عیماد عه‌لی

تۆ له‌وه‌گه‌رێ كه‌ خه‌ڵكانێك به‌ پشتخانی حزبیه‌وه‌ هه‌میشه‌ گومانی ته‌واوره‌ها له‌ ره‌فتار و بۆچونی پارتی له‌مه‌ر هه‌موو كه‌یس و پرسێك ده‌كه‌ن و، تاراده‌یه‌كیش ناحه‌قیان نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا پارتی له‌ سه‌ر بنه‌مای كورتبینیه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر و له‌ چوار چێوه‌ و قاوغی دیاریكراوی قازانجی تایبه‌تی حزبی و شه‌خسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو بابه‌تێك دا ده‌كات و له‌ روانگه‌ی ته‌سكی حزبیه‌وه‌ ته‌نانه‌ت بۆ پرسه‌ گرنگه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌روانێت و، ئه‌گه‌ر كوردستان به‌ هه‌ڵوێستۆكه‌یه‌كی ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو وه‌رگرێت له‌سه‌ر حسابی كه‌سی یه‌كه‌م و پارتیه‌كه‌ بكه‌وێت، زۆر دوور نیه‌ هه‌زار و یه‌ك نه‌فره‌تی لێبكات و پشت له‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ بكات . ئاخر ئه‌وێك حزب وه‌ك ئامانج به‌كاربێنێت نه‌ك ئامراز، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌ده‌ست دێت و بۆیه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌ناوی حزبه‌وه‌ گه‌مه‌ ده‌كات جگه‌ له‌ رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زیان به‌ میله‌ت و قازانج به‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی حزبیی خۆی هیچ شتێكی نه‌به‌خشیوه‌ به‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردستان. تا ئێستاش بۆ هه‌مووانی سه‌لماندووه‌ كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌ی حزبیدا ته‌نانه‌ت ده‌ستی بۆ شه‌یتان درێژكردۆته‌وه‌ و ته‌نازولی بۆ دوژمنانیش كردووه‌، ئه‌مه له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ حاڵ و تۆزقالێك هه‌ستی كردبێت زه‌ره‌یه‌ك پارتی زه‌ره‌ر له‌ نه‌رمی نواندنی هه‌ڵوێستێك ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ راكێشانی هێز و ده‌ستی سه‌رجه‌م دوژمنانی ده‌وروبه‌ر و هه‌ر جاره‌ و یه‌كێك سڵی نه‌كردۆته‌وه‌ .

ئه‌وه‌ میژووی پارتیه‌ و بۆ هه‌موو چاودێریك روون و ئاشكرایه‌ و گه‌وره‌ و بچوك ده‌یناسن، هه‌رچه‌ند زۆر جار خه‌ڵكی دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان به‌ سۆزه‌وه‌ هیوادارن قازانجه‌كانی پارتی وه‌ك له‌ باری كاروباری حزبی خۆی به‌ رووت و قووت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بكه‌وێته‌وه‌ و ناچار بێت هه‌نگاوی حزبی وا بنێت تێكه‌لی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌ل بێت، جا ئه‌گه‌ر له‌ پێناو خۆ قوتاركردنیش بێت له‌ گۆشه‌ی لاته‌ریكبون و قه‌یراناوی خۆیه‌وه‌ و هه‌نگاوی وا بهاوێت به‌ڵكو خوادیه‌ میله‌ت له‌و رێره‌وه‌ی كاری حزبی خۆیدا ته‌كانێك بچێته‌ پێشه‌وه‌ و له‌م دێوه‌زمه‌ی كاری حزبایه‌تیه‌ كلاسیكیه‌یدا سودێك ببینێت، وه‌ك ئه‌مه‌ی له‌مه‌ر ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ پروشه‌ی ده‌رئه‌نجامی باشی به‌ركه‌وێت . وا هه‌مووانیش باش ده‌زانن پارتی ناچاربووه‌ بۆ هه‌وڵی بازدانێك به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بنێت ئه‌گه‌ر بۆ خۆقوتاركردن له‌ ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و به‌و ئامانجه‌ی حزب و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌رزكی بانانه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی شكستی حوكمرانی ده‌ربچن و زۆرینه‌ی رۆشنبیر و خه‌ڵكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی خه‌باتگێر و دڵسۆزی كوردیش ئه‌گه‌ر پشتگیری ریفراندۆمی له‌م جۆره‌ رێگه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ پێناو قازانجه‌كه‌ی میله‌ته‌ به‌گشتی كه‌ له‌پاڵ ئامانجه‌ ته‌سكه‌كه‌ی پارتیه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خات و له‌وانه‌یه‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كه‌ مه‌یسه‌ر بكات .

پاش هه‌ستكردنمان به‌ خاووخلیچكی و كه‌مته‌رخه‌می رۆژ له‌ دوای رۆژی پارتی له‌مه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ به‌خۆی ده‌ستی بۆ بردووه‌، ئه‌وه‌ بۆ هه‌مووانی ده‌رده‌خات كه‌ نیازی راسته‌قینه‌ی له‌مه‌ر ریفراندۆم ململانێی حزبیه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ به‌دیهێنانی خودی ئامانجه‌كه‌ بێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ هۆكاره‌كانی ملهوری و بوغرایی و له‌ خۆبایی پارتی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵكی تر و ركابه‌ره‌كان و خاوه‌ن مه‌یلی حزبی و ته‌سكبین و فكری بچوكی ناوچه‌یی و حزبی و كه‌له‌ره‌قی و خۆدانه‌ سه‌رقۆچانێ و كه‌له‌بازی و شه‌ڕه‌ده‌ندوكی هه‌رزه‌كارانه‌ی سیاسی و رۆشنبیری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ .
با له‌وه‌وه‌ نیه‌تی پارتی روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌چۆن گومانی وای خستۆته‌ دلێ هه‌مووانه‌وه‌، ته‌نها مانه‌وه‌ی بارزانی بێت و مه‌به‌ست له‌م ئیدعایه‌ی تۆماركردنی مه‌جده‌ كه‌سیه‌كه‌ی بێت له‌ رێگه‌ی به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش وا ده‌یسه‌لمێنێت له‌ هه‌موو كورد و دوارۆژه‌كه‌ی لا گرنگتر بێت، ئه‌مه‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌ی بیكردنه‌وه‌ی پشتی ئه‌و مه‌رجه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ حاڵه‌تی گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، داوای ده‌ستنه‌بردن بۆ پرسی سه‌رۆكی هه‌رێم و سیستمی سیاسی ده‌كات، كه‌ پێشتر به‌ كه‌ڵه‌گایی داوای كاندیدكردنی خه‌ڵكی تری ده‌كرد بۆ جێگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وئه‌مرۆ ناچار بووه‌ گه‌رانه‌وه‌كه‌ی قبوڵ بكات، هه‌ر به‌خۆیشیان بۆ چه‌واشه‌یی داوای دیاریكردنی كه‌سێكی تریان ده‌كرد بۆ شوێنگره‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی داهاتوو .

به‌م مه‌رجه‌ی ئه‌مرۆش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ رێگری له‌ یوسف موحه‌مه‌د و خه‌تی سوری پارتی له‌و باره‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ده‌ستبردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ بڤه‌یه‌ بووه‌، ئه‌گینا له‌سه‌ره‌تادا وتیان نابێت باس له‌ گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ كاره‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ داواكاریه‌كانی تردا بكرێت، كه‌چی ئێستا ته‌نها باس نه‌كردن و ده‌ست نه‌بردن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆته‌ مه‌رجی سه‌ره‌كی پارتی و بارزانی و، له‌و حاڵه‌ته‌دا گه‌رانه‌وه‌ی یوسف موحه‌مه‌د هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ ئه‌وان نیه‌ . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی راست ده‌كات و هه‌موو شتێك ده‌كاته‌ قوربانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رزانیشه‌وه‌، ئه‌وا با دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ پێشوه‌خت مه‌سعود بارزانی په‌یمان ده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واده‌ی شه‌رعی خۆی ته‌واو بووه‌ و ناتوانێت خۆی كاندید بكاته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌جێ ده‌هێڵیت و هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ده‌كرێت و یاسای ریفراندۆم هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نیه‌ و كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بێ مه‌رج ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، جیا له‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفرندۆم و مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئه‌وله‌ویاتی كاری په‌رله‌مان بێت و سه‌رجه‌م كیشه‌كان به‌ گورزه‌یه‌ك بخرێنه‌ نێو كۆبونه‌وه‌ چرو فروان و یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ .
به‌ڵێ جگه‌ له‌مه‌ش، زۆر رێگای تر هه‌یه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان له‌ لایه‌ن بارزانی و پارتیه‌وه‌؛ له‌وانه‌ش دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌ته‌كێتی حزبی وته‌كتیكی رۆژانه‌ و بوغرایی و له‌خۆبایی و ملنه‌دان بۆ داواكاریه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی گه‌ل و سه‌لماندنی نیازپاكی بۆ گه‌ل و نیشتمان و خستنه‌ به‌رده‌ستی سه‌رجه‌م تواناكان بۆ سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و بریاری سه‌ربه‌خۆیی بێ قه‌ید و شه‌رت و مه‌رج .

لێره‌شد چه‌ندین هه‌نگاویی به‌رایی پێویسته‌، ئه‌گه‌ر پارتی و بارزانی راست ده‌كه‌ن و نیازیان به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستانه‌ نه‌ك كاری حزبیی لاوه‌كی و خۆ قوتاركردن له‌ ئالۆزی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵه‌ی سیاسی و هه‌وڵدان بۆ رزگار بون و ده‌رچون له‌ لغاوی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان وده‌ردانه‌كانی بریاری سه‌رپێی و هه‌ڵه‌ی ملهوری و خۆ به‌ گه‌وره‌زانی و نه‌بونی شاره‌زایی و ئه‌زمون و هه‌نگاوی خۆبه‌زێنی دوو ده‌یه‌ و نیوی حوكمی حزبی .
ئه‌گینا ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی كورت و خێرا و به‌ خودی كاك مه‌سعود بارزانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ راستی قوربانی به‌ شتی تایبه‌تی خۆی و حزبه‌كه‌ی له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی بدات، له‌وانه‌ش :
1-دوور له‌ كه‌لی سه‌ری ره‌ش، سه‌ردانی سلێمانی بكات و له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی یه‌كێتی وگۆران و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی و به‌ روحیه‌تێكی نیشتمانیانه‌ی دوور له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی حزبی و راستكۆیانه‌وه‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت و بریاری زۆری هاوپه‌یوه‌ست به‌ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كیشه‌كان و به‌ كاراكردنه‌وه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رتی په‌رله‌مان و گه‌رانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆران و نه‌رمی نواندن له‌ سیستمی سیاسی و به‌ یاسایی كردنی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ریككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ل عیراق و ده‌وروبه‌ر و هاوهه‌ڵوێستی له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاران و دۆستانی گه‌لی كوردستان و وه‌رگرتنی راوبۆچونه‌كان و بره‌ودان به‌ كاری پێكه‌وه‌یی و وه‌لانانی خه‌ڵكی كورتبینی حزبه‌كان له‌ مه‌ر پرسه‌گه‌وره‌كه‌ی گه‌لی كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ ئه‌م كارانه‌ به‌ شێوه‌یكی ساكار و ئاسایی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر نیاز و مه‌رامی بارزانی و پارتی پێش هه‌موو شتێك خودی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بێت .
2- نیشاندانی نیازپاكی به‌ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی ده‌كرێت، به‌ شه‌فافی وبه‌ كرده‌وه‌ بۆ خه‌لك بیسه‌لمێنن و، خاڵه‌ زۆر پێویسته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌ پێش هه‌مو شتێك بریاردانه‌ له‌ سه‌ر كات و چۆنێتی پیاده‌كردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنێتی به‌ یاسایی كردنیه‌تی له‌ غیابی سه‌رۆكێكی شه‌رعی هه‌رێمی كوردستان و چۆنێتی جیبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ كاتی گونجاوی خۆیدا و به‌ بێ دواكه‌وتن .
3- هه‌وڵدانی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ریفراندۆم وه‌ك قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كورد و دوارۆژی میله‌ت و له‌ پێناو هیچ مه‌به‌ستێكی حزبی و كه‌سی نیه‌ و ته‌نها بۆ به‌دیهێنانی ئاواتی شه‌هیدان وگه‌لی كوردستانه‌، به‌دوور له‌ ته‌كتیكه‌ حزبیه‌كان .
4- له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، ‌هه‌مووان پێكه‌وه‌ ده‌توانن كه‌شێكی له‌باری سیاسی و ئابووری دروست بكه‌ن، كه‌ متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان دروست بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ ریفراندۆم به‌شداری بكه‌ن و بێ كه‌موكورتی و به‌یه‌ك ده‌نگ به‌ڵێ هه‌ڵبژێرن، وه‌ك چۆن پێشتر به‌هه‌مان روحیه‌ته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی نافه‌رمیدا ئه‌و رێگه‌یان هه‌ڵبژارد .
بۆیه‌ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌مووان لای پارتی وكاك مه‌سعود بارزانیه‌ زیاتر له‌وه‌ی لای لایه‌نه‌كانی تر بێت، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك ده‌نگی خودپه‌رستی نه‌شاز بۆ مه‌رامی تایبه‌تی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌روانن و هیچ شتێكیان له‌به‌رچاو نیه‌ جگه‌ له‌ خواستی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی و ته‌سكبینی خۆیان و بۆ مه‌رامی تایبه‌تی نه‌بێت سه‌ریان له‌سه‌ر پارتی داناوه‌ و هیچیتر نیه‌، ئه‌وانیش به‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ وه‌ك پوش و په‌ڵاشی ئاو به‌ لافاوێك په‌راوێز ده‌خرێن .
ئه‌گه‌ر به‌م روحیه‌ته‌وه‌ نه‌جۆلێنه‌وه‌، ئه‌م هه‌له‌ش له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت و بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر به‌ ژێرده‌سته‌یی ده‌مێنینه‌وه‌ و ده‌بێت چاوه‌رێی قۆناغێكی له‌م جۆره‌ بین كه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌ . ‌




مه‌لا … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ ئیسلامییه‌كاندا، چه‌ند خوله‌كێك گوێم له‌ گوتاری مه‌لایه‌ك گرت. ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گوتاره‌كه‌ی شوكرانه‌بژێری بۆ خوا بوو. ئه‌و گوتی ئێمه‌ ده‌بێ هه‌موومان سوپاسی خوا بكه‌ین، كه‌ نیعمه‌تی ئارد و نان و ئه‌من و ئامانی پێ به‌خشیوین (گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نموونه‌ی ته‌نگانه‌ی سه‌رده‌می گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر كوردستان و عێراق، كه‌ چۆن ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نیعمه‌تی نان و ئارد به‌ ئه‌سته‌م ده‌ست ده‌كه‌وت)؛ گوتیشی وڵات هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌‌ له‌دو ته‌قینه‌وه‌‌ی تێدا ڕوو ده‌دا و به‌ سه‌دان خه‌ڵكیان لێ ده‌كوژرێ و ده‌كه‌ونه‌ ژێر خانییه‌كانیان (بێ گومان ئه‌مه‌ هه‌مووی ڕاسته‌ و واقیعی حاڵه‌)؛ به‌ڵام مه‌لا له‌بیری كرد، ئێمه‌ به‌بیری ده‌هێنینه‌وه‌ (نازانم هیچ كه‌سێكیش له‌و سه‌دان گوێگره‌ ئاماده‌بووه‌ی له‌وێ بوون ئه‌م پرسیاره‌یان به‌خه‌یاڵدا هاتووه‌؟)؛ پرسیاره‌كه‌ش ڕووی له‌ مه‌لایه‌ و ده‌ڵێ: باشه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌من و ئارامی و نان و ئاردمان هه‌یه‌ سوپاسی خوا بكه‌ین، ئه‌دی خه‌ڵكی ئه‌و شار و وڵاتانه‌ی، كه‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌یان تێدا ڕوو ده‌دا و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ژێر دار و په‌ردووی خانووه‌ ڕووخاوه‌كانیان، له‌ ئاست خوادا چ بكه‌ن و چ بڵێن؟ ئه‌وانیش هه‌روه‌كو ئێمه‌ومانانی خاوه‌ن ئه‌من و ئارامی و نان و ئارد سوپاسی بكه‌ن و بڵێن: ئه‌ی خوا، سوپاس بۆ نیعمه‌ت و به‌شت، كه‌ پێت داوین؟ ئایا سوپاسی خه‌ڵكی وڵاتی ئارام و وڵاتی نائارام هه‌روه‌كو یه‌كن؟…

ئای چ حه‌ماقه‌تێك لێره‌ ده‌گوزه‌رێ، كه‌ هه‌زاران و ملیۆنان مرۆڤی كردۆته‌ كۆیله‌ی خۆی! ئاخۆ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ خورافییه‌ چ په‌یامێكی پێیه‌، جگه‌ له‌ گێلكردنی مرۆڤ و ڕازی بوون به‌ واقیعی تراژیدیی باو و له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا ئه‌م سوپاسكردنه‌ سوپاسكردنی ئه‌م واقیعه‌یه‌‌، نه‌ك خوا: لێره‌دا تۆ، كه‌ فێر ده‌كرێی سوپاسی خوا بكه‌ی، واته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاده‌هێنرێی، كه‌ سوپاسی واقیعی باو (واقیعی نه‌گۆڕ) بكه‌ی… ئه‌ی ئه‌گه‌ر هاتو خوانه‌خواسته‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و هه‌موو ناز و نیعمه‌ته‌ی لێ تێك بچێ، كه‌ به‌ قه‌ولی مه‌لا خوای به‌خشنده‌ پێی به‌خشیوه‌، ئه‌وسا ده‌بێ چ بكا؟ دیاره‌ دیسان هه‌رده‌بێ سوپاسی خوا بكا، به‌ڵام كه‌س نازانێ سوپاس بۆ چی؟ هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌ سوپاسكردن بۆ خوا هێمایه‌، كه‌ تۆ سوپاسی ئه‌م واقیعه‌ بكه‌ی، كه‌ به‌ هه‌ر جورێكه‌ هه‌یه‌؛ واته‌ ته‌سلیم بیت و ڕازی بیت به‌وه‌ی، كه‌ هه‌یه‌!…

***

عاده‌ته‌ن ئه‌م مه‌لایه‌ش وه‌ك هه‌موو مه‌لایه‌كانی دیكه‌ له‌ گوتاره‌كه‌یدا هاته‌وه‌ سه‌ر پرسی ((فه‌لسه‌فه‌ی؟)) سه‌رپۆش و نه‌یتوانی ئه‌و گرێ كوێره‌یه‌ی ده‌روونی بشارێته‌وه‌ (كه‌ مێژوو و شارستانیه‌تی ئیسلامه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌شدا له‌ به‌رانبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێدا هه‌یانه‌): سه‌رپۆش ڕه‌مزی دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئیسلام و نیشانه‌ی زه‌لیلی و به‌كه‌مزانی و كه‌سایه‌تی نه‌رێنی ئافره‌ته‌. سه‌رپۆش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێمای – له‌ ڕووی ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ – تاوانباركردنی ئافره‌ته‌. واته‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت سه‌رپۆش نه‌كا، ئه‌وه‌ له‌ ئاست خوا و پیاودا گوناهبار و تاوانباره‌. لێره‌وه‌ ئافره‌ت بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ مه‌حكومه‌ به‌ پره‌نسیپی گوناح؛ تا به‌ ڕه‌هاییش گوناهبار نه‌بێ، ده‌بێ سه‌رپۆش (ڕه‌مزی پێناسه‌ی گوناهی ئافره‌ت) له‌سه‌ر بكا. زۆربه‌ی ئافره‌تان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هه‌سته‌ (ئه‌م حوكمه‌ ئه‌خلاقییه‌ ئایینییه‌ زاڵمانه‌یه)‌ سه‌ریان داده‌پۆشن. كۆمه‌ڵگه‌ی پاتریاركی ئیسلامی له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌مزی گوناهه‌وه،‌ ئافره‌ت تاوانبار و گوناهبار ده‌كا. لێره‌وه‌ سه‌رپۆش ڕه‌مزی زه‌لیلی و جیاكارییه‌ دژی ئافره‌ت.




ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له‌ ئاسمانی سیسته‌می په‌روه‌ده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵانمانا، به‌داخه‌وه که‌‌ گوێی ڵێ نه‌گیراوه‌

زاهیر باهیر – لەندەن
26/10/2017 *
…..

فوئاد قه‌ره‌داخی مامۆستا و په‌روه‌ردکار، ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و سوشیالیست ، نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی به‌ ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسه‌ت وساڵانێکی دوورودرێژی مامۆستایه‌تی و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵان و کارکردن له‌ سێنته‌ری ڕاهێنان و خه‌مخۆری مامۆستایان و یه‌کێتی مامۆستایان و نقابه‌ی مامۆستایان و خستنه‌به‌رده‌می چه‌نده‌ها پێشنیار له‌ ئامۆژگاریکردنی وه‌زیران و به‌ڕیوه‌به‌ره‌ باڵاکانی بواری پێگه‌یاندن و ڕؤشبیری و گه‌لێك له‌مانه‌ زیاتر، دیارە . به‌ڵی نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی له‌و بورانه‌دا دیاره‌ به‌ڵکو کارێکی یه‌کجار جددیشی له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵانه‌وه‌، کردوه‌.
فوئاد قه‌ره‌داخی هه‌ر له‌ ساڵی 1972 وه‌‌ بیری له‌ گۆڕینی سیسته‌می خۆوێندن و په‌روه‌رده ‌کردۆته‌وه‌‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌و کاته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بارودۆخی سیاسی و که‌سی و خێزانی خۆی ڕێگای پێدابێت‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ نوسینی وتار له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و گۆڤاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانی یه‌کێتی مامۆستایانا. خولیای بردنه‌سه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ له‌ گۆڕینی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ و بایاخ و گرنگیدان به‌ منداڵان و ده‌رونناسییان و پێداویستییه‌کانیان و په‌روه‌رده‌کردنیان له‌ ڕێگایه‌کی ڕاسته‌وه‌، گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه‌ ، بووه‌ . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ك به‌ ده‌یه‌ها وتاری گرنگ و به‌پێزی نوسیوه‌ به‌ڵکو چه‌ند کتێبێکیشی نوسیوه‌.

له‌ سه‌ردانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌مدا بۆ کوردستان که‌ کۆتایی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ، بوو ، [نیسانی 2016 ] وه‌کو هه‌مو جارێك ، دێنی هاوڕێی دێرین و که‌سی نزیکم، کاك فوائاد قه‌ره‌داخی کرد . دوای ده‌مه‌ته‌قێ و قسه‌کردنێکی زۆر له‌ کۆتاییدا دوو په‌رتوکی خۆی که‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سیسته‌می خۆێندنی هه‌نووکه‌یی ،بوون، پێشکه‌شکردم .
به‌ڵام تا مانگی پێشوو ، مانگی ئه‌یلول، بواری خوێندوه‌یانم نه‌بوو . من پێشتر هه‌ندێك له‌ وتاره‌کانی کاك فوئادم، که‌ له‌ فه‌یسبووکدا ، بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌،‌ بینیبوو. به‌ڵام هه‌رگیز سه‌رنجی به‌ قه‌ده‌ر ئه‌م وتارانه‌ی که‌ له‌م دوو په‌رتووکه‌دا هه‌یه‌ ، ڕانه‌کێشاوم .

من لێره‌دا نه‌ له‌و ئاسته‌دام که‌ سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌و ڕؤشنبیری له‌ کوردستانا هه‌ڵسه‌نگێنم و نه‌ له‌ ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندنی نوسینه‌کانی کاك فوئادیش-دام. به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ ، که‌ ئه‌و دوو په‌رتووکه‌م ته‌واو کرد ، وه‌کو خه‌یاڵ و خه‌و بوبێت، لام ئاوابوو، پێشتر هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنم ، که‌ که‌سێك ئه‌وه‌نده‌ کارامه‌ و مێشكکراوه‌ له‌ کۆمه‌ڵێکی داخراوی وه‌کو کوردستاندا هه‌بێت، که‌ ئه‌وه‌نده‌شی من بزانم کاك فوئاد نه‌چووه‌ته‌ هیج وڵاتێکی دیکه و‌ ئه‌وروپی بۆ وردبووه‌نه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و لاساییکردنه‌وه‌ی سیسته‌مێکی ئاوا له‌ کوردستاندا. به‌ڕاستی ده‌بێت مایه‌ی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی و پێزانین بێت که‌ ئێمه‌ که‌سێکی وه‌کو فوئاد قه‌ره‌داخی-مان هه‌یه‌ و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده شاره‌زایه‌ له‌و بوراه‌دا به‌ڵکو زۆر به‌ جددیش هه‌وڵی بۆ داوه‌ ، به‌ڵام‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌گوێی بۆ ڕاگیراوه‌ و نه‌ قه‌دریشی زانراوه‌ و نه‌ ئه‌و هه‌موو زانیاری و پێشنیار و هه‌وڵه‌شی ڕێزی لێگیراوه‌ و کاری پێکراوه‌.
مه‌خابن گه‌لۆ ، ئێمه‌ ده‌مانتوانی به‌ لانی که‌م 3 ده‌یه‌ سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ وڕؤشنبیریمان ، ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستان و فرمانڕه‌وایان ، گوێیان له‌و بگرتایه‌ ، ببردایه‌ته‌ پێشه‌وه‌. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم به‌داخه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر خۆی وه‌کو که‌سێکی ناسراو و خاوه‌نئه‌زموون فه‌رامۆشکراوه‌ ، به‌ڵكو بایاخیش نه‌درا به‌ ئامۆژگاری و لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانیشی . پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، به‌م کاره‌ کێ زه‌ره‌ر ده‌کات ، نه‌ خۆیی و نه‌ منداڵه‌کانی به‌ڵکو نه‌وه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، که‌ ئێستاش هه‌ر ده‌بێت له‌ سێبه‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌عس-دا پێبگه‌ن ، که‌ گه‌وه‌ره‌ش ده‌بن کۆپیییه‌کی کۆنه‌کان ده‌رده‌چنه‌وه‌.

هه‌ر که‌س به‌ ته‌نها هه‌ر ئه‌و دوو کتێبه‌ بخوێنێته‌وه‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێت ، گه‌ر ئه‌و کابرایه‌ له‌ ئه‌وروپادا بوایه‌ ( هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و کاته‌ ئه‌و بۆ منداڵی ئه‌وێی ده‌نوسی ، چونکه‌ ده‌یزانی که‌ ده‌بێت چی بنوسێت) به‌رهه‌مه‌کانی له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکاریدا بۆ چه‌نده‌ها زمان وه‌رده‌گێررا. به‌ڵام ئینگلیز وته‌نی ” پیاوێك به‌ هه‌ڵه‌ له‌ شوێنێکی هه‌ڵه‌ له‌ وه‌خت و سه‌رده‌مێکی هه‌ڵه‌” . ئەوە فوئاد قەرەداخی-یە
له‌ بریتانیا زۆر له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و فێرکردن ده‌نوسرێت به‌ڵام زیاتر بواری په‌روه‌رده‌یی منداڵه‌کان و ده‌روونناسیانه‌ ، بزنس و ئاماده‌کردنیانه‌ بۆ بزنس، ڕێزگرتن له‌ کوڵتوری سه‌قه‌تی ئێمه‌مانانه‌ ، یادکردنه‌وه‌ی پوچگه‌رایی و بۆنه‌ی توره‌هات و گوێگرتن له‌ به‌هاو سه‌رکه‌وتنی جه‌نگ و کوشتارگه‌لێك که‌ به‌ ملیۆن خه‌ڵکی تیادا بووه‌ به‌ قوربانی ، نه‌ك ئاماده‌کردنیان و تێگه‌یاندنیان بۆ داخوازییه‌ زه‌روورییه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانی .
په‌رتوکێک، که من بزانم له‌‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌ نوسرابێت و بۆ چه‌ند‌زمانی ئه‌وروپی غه‌یری ئه‌وروپی وه‌رگێڕرابێت ، کتێبه‌که‌ی پاولۆ فرێرییه‌ که‌ له‌م دوایه‌شدا کاک جیهاد حه‌مه‌که‌ریم کردی به‌ کوردی وکاك فوئادیش پێشه‌کییه‌کی تێر و ته‌سه‌لی بۆ نوسیوه‌ . من وه‌رگێڕانه‌که‌ی هاوڕێ جیهاد و ئینگلیزییه‌که‌شیم خوێندوه‌، بڕوا بکه‌ن ئه‌و کتێبه‌ به‌ ده‌یه‌کێکی وتار و نوسینه‌کانی کاك فوئاد سوودبه‌خش و گرنگ نییه‌ . من لێره‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و‌ کتێبه‌ بدێم چونکه‌ من به‌ نامه‌یه‌کم بۆ هاوڕێی دێرینم، جیهاد ، که‌ کۆپییه‌کیم بۆ کاك فوئادیش نارد ، ڕای خۆمم له‌سه‌ر کتێبه‌که‌، ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌لیم خۆزگه‌ کاك جیهاد و ئه‌وانه‌ی دیکه‌مان که‌ به‌ ته‌نگ په‌روه‌رده‌ و فێرکردنه‌وه‌ دێین کارمان له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ی کاك فوئاد بکردایه‌ و تاکو له‌ پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکاخه‌زی فه‌رامۆشکراوه‌وه‌ بکرایه‌ته‌ ‌ پرۆژه‌یه‌کی کارا و زیندوو . جێگای داخه‌ نه‌ك هه‌ر باڵاده‌ستانی په‌روه‌رده ‌و فێرکردن ئه‌و پرۆژه‌یان پشتگوێ خست ، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی ئه‌و کتێبانه‌ی کاک فوئاد له‌ کتێبخا‌نه‌ی په‌روه‌رده‌ وقوتابخانه‌کانی سه‌ره‌تایی و بنچینه‌یی دانێن و هه‌ر هیچ نه‌بێت داوا له‌ مامۆستاکان به‌ جددی بکرێت که‌ بیخوێننه‌وه‌ . ئه‌مه‌ش که‌ نه‌کراوه‌ جێگای که‌سه‌رێکی گه‌وره‌یه و ده‌بێت باجه‌که‌ی بده‌ین.‌ به‌ڵام ئێستاش هه‌ر زووه و نه‌چووه‌ و بچێ،‌ چونکه‌ هیچ گۆڕانکارییه‌ك بۆ گۆڕینی په‌روه‌رده ‌و سیسته‌می خوێندن نه‌کراوه‌ ، بۆیه‌ ده‌توانرێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی کاك فوئاد کاری جددی له‌سه‌ر بکرێت تاکو بخرێته‌گه‌ڕ پێش ئه‌وه‌ی که‌ دوو نه‌وه‌ی دیکه‌ش به‌ سه‌قه‌تی په‌روه‌رده‌ بکرێت. ‌

*خوێنەری بەڕێز من ئەم وتارەم لە 26/10/2016 دا نوسیوە . بە تەواوبوونی ناردم بۆ کاك فوئاد تاکو ڕای وەرگرم . ئەو لە وەڵامدا ئەم پەیامەی بۆ ناردم کە دەیبینیت. لەبەر ئەوە وەستام لە بڵاوکردنەوەی بەڵام ئیتر بیانویەك نابینیم لە دواخستنی زیاتری، بۆیە بڕیارم دا کە بڵاوی بکەمەوە.
برای بەڕێزم کاک زاهیر بەهیوای خۆشیتانم .. ببورە لەدواکەوتنی وەڵامەکەم بەهۆی کێشەی کۆمپیوتەرەوە . دەستەکانت خۆش بۆ نووسینەکەت ، سوپاسی هەستت دەکەم . لەڕاستیدا هیچ شتێکی وەهام نەکردووە ، زوربەی کاتەکان زرووف رێگرم بووە ، بارودۆخەکە ئەولەویاتی نوێی هێناوەتە پێشەوە کەژیانی خەڵک گرنگترینیانە .پڕۆسەی خوێندن لە داڕماندایە ، هەتا ئەم دەسەڵاتەش هەبێت ئومێد بە چاکبوونی نییە ، بۆیە گۆڕانکاریی پەروەردەیی لەهەموو کاتێکیتر زیاتر پەیوەستە بە گۆڕانکاریی سەرلەبەری ئەم کۆمەڵگایەوە ، لەبەر ئەوە هەر ریفۆرمێک سەرەنجامەکەی سەرنەکەوتن دەبێت . بەڕای من بڵاوکردنەوەی نووسینەکەت دوابخەیت بۆ هەلومەرجێکی لەبارتر ، ئەگەر هەر ویستیشت وەک دەنگێک کەهەست بەکەمووکووڕییەکان دەکات بڵاوی بکەیتەوە ، ئەوا دوو گۆڕانکاریی تێدابکەیت باشە : ١) هەرچی مەدحێکی منی تێدایە لایبەریت ، هەوڵەکانم وەک کەسێکی ئاسایی پەروەردەیی باس بکەیت ، ٢) ئەو بڕگەیەی لێ لاببەیت کە پەیوەندی بە پاولۆ فرێرییەوە هەیە چونکە هەرگیز من لە ئاستی ئەودا نیم ، ئەو کەسێکی گەورەی پەروەردەییەو ، من تەنها دەتوانم لە بواری پەروەردەدا قوتابییەکی ئەو بم . لەگەڵ ئەوپەڕی رێزو خۆشەویستیم .
لە وەڵامیدا منیش ئەم پەیامەم بۆ ناردەوە:

یەکەم : من حه‌ز ده‌که‌م واز له‌ ته‌وازوعی بێنین پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی که‌ڵچه‌ره‌وه‌ کاربکه‌ین که‌ له‌مانه‌ش پێزانینی ئه‌رکو دڵسۆزی خه‌ڵکییه‌ که‌ له‌ ژیاندان نه‌ك که‌ مردن ، ئه‌و کاته‌ ستایشیان بکه‌ین و کتێبیان له‌سه‌ر ڕه‌شبکه‌ینه‌وه‌ ، من زۆر ڕقم له‌م نه‌رێته‌یه‌ چونکه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر بێ ماناشه‌ به‌ڵکو زه‌ره‌رمه‌ندیشه‌ . له‌مه‌نانش گرنگتر به‌ڵکو ئه‌م نوسینه‌ ببێته‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ تۆ له‌ لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ که‌ ئێستا ده‌یانه‌وێت شتێك سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندان بکه‌ن و تاکو خۆت له‌ ژیانتا ماویت ، بتوانن بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ خۆت ده‌رباره‌ی ئامۆژگاریی و شیکردنه‌وه‌ی قوڵتری مه‌به‌ستی نوسینه‌کانت. سه‌باره‌ به‌ داواکارییه‌که‌ت ، بمبه‌خشه‌ که‌ من ناتوانم به‌ قسه‌ت بکه‌م . دووهه‌م : من که‌ ئه‌مه‌م نوسیوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خزمایه‌تی و که‌سایه‌تی و هاوڕێیه‌تییه‌ وە ‌ نییه‌و تۆ شایسته‌ی زۆر زۆریت نه‌ك چه‌ند دێڕێك که‌ له‌لایه‌ن منه‌وه‌ ده‌نوسرێت که‌ خوا ده‌زانێت چه‌ند که‌س ده‌یخوێنێتەوە . سێیەم : تۆ له‌ باولۆ باشترت نوسیوه‌ ‌ باولۆ کادیری حیزبه‌ زیاتر له‌ په‌روه‌رده‌کار، موحازه‌ره‌ی حیزبی وتوته‌وه‌ له‌بری کارکردن له‌سه‌ر ته‌واوی په‌روه‌رده‌ی منداڵان ، گه‌ر شتێكیشی له‌و بواره‌دا کردبێت ، هه‌ر بۆ ته‌رویزی فکری حیزبییانه‌ بووه‌ نه‌ شتێكی دیکه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ باولۆی کرد به‌ ناسراو ئه‌و کتێبه‌ی نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌ گه‌وه‌ره‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ماشێنی حیزبییه‌و بۆی ده‌کرا که‌ زیاتر له‌ سه‌ده‌ها حیزب له‌ جیهاندا پشتگیری ده‌کرد . به‌ڵام تۆیه‌کی که‌م ده‌رفه‌ت له‌ وڵاتێکی خاپورکراو و کۆمه‌ڵێکی داڕزاوو و کۆمه‌ڵێ حیزبی به‌ خوێنی سه‌ریی یه‌ك تینوو بوو ، نه‌ك هه‌ر خۆت بویته‌ قوربانی به‌ڵکو مێتودی په‌روه‌ده‌کارییه‌که‌شت بوه‌ قوربانی ، ده‌نا تۆ ئه‌گه‌ر له‌ باولۆ به‌تواناتر نه‌بیت دڵنیابه‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌من له‌سه‌ر هه‌ردووکتانم خۆێندۆته‌وه‌ ، که‌متر نیت . که‌ بڵاوم کرده‌وه‌ – دوای وه‌ڵامه‌که‌ی تۆ سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی به‌ ده‌ره‌فه‌ت- ، ده‌توانم تێبینییه‌که‌ی تۆ له‌ دامێنی نوسینه‌که‌وه‌ وه‌کو خۆی دانێمه‌وه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش وه‌کو ڕێکه‌وتنی نێوانی کابرای کورده‌ی ده‌ستومۆچی سوار و پیاده‌که‌ی ، لێده‌که‌ین . هیوام خۆشی و ته‌ندروستی باشه‌ بۆت .




کرێچی و ڕیفراندۆم . .. . زانـا شـێـخ مـحـمـد

. ماوەیەکە هەراو ووریاک نراوەتەوە گوایە هەندیک حزب و خێڵ دەیانەوێت خزمەت بەگەل و نیشتمانی بریندار بکەن لەکاتێکدا کوردستانیان وویران و تاڵان کردوە هەمو میللەتیان کردۆتە بندیوار ئەوانەی کە دەیان ساڵە لەسەر سکی ئەو مللەتە هەژارە دەخۆن و دەخۆنەوەو خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و پێگەی خۆیان قایم دەکەن و لەهەوڵی بەدەست هێنانی پۆست و ئیمتیازی زیاتردان و ئەوەی پێی بڵێیت خەمی میللەتی برسێی و هەژاریان نیە پێمان دەڵێن ڕیفراندۆم دەکەین بۆ ئەوەی دواتر سەربەخۆیی ڕابگەیەنیین من لەگەڵ سەربەخۆیدام و هەمو کوردیش چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکات بەڵم ئەو ڕۆژە پێویستی بە دانانی پایەکانی دەوڵەتداری یە ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت جا بە چەند ووشەو ڕستەیەک تەواو ناکرێت بۆیە من باس لە چەمکێکی بچوکی ئەو بابەتە دەکەم سەرەتا بەنمونەی کرێچی دەست پێ دەکەم ئەگەر کەسیک کرێچی بێت و خانوی خۆی نەبێت پێویست بەوە دەکات بڵێی خانوت دەوێت بێ گومان نەخێر ئەمەش بەڵامێک دەکات و دەڵێ بەمەرجێک دراوسێی خراپم نەبێت خانوەکە جنۆکەو جانەوەری تێدانەبێت و ڕێمان لێ نەگێرێت کە ئازادانە بچینە دەرەوەو تیایدا لەبرسا نەمرین کەمن بزانم خانویەکم دەدەنێ تیایدا لەبرسا بمرم بە تورێک نامەوێت بابێنەوە سەربابەتەکە پایەکانی دەوڵەتداری خۆی لەچەند پایەیەک دەبێنێ کە ئێمە هیچیمان نیە سوپای نیشتمانی کە ئێمە جارێ نەگەشتوینە بەو ئاواتە ئابوری سەربەخۆ ئێمە بەناو ئابوری سەربەخۆمان هەیە بەڵام میللەت چارەکە موچەی دەدەنێ و بەدومانگ جارێک هەروەها دەبێت ژێرخانی ئابوری هێندە بەهێز بێت توانای ئەوەت بێت بەلای کەمەوە ۳ ساڵ بتوانی میللەت بەڕێوەبەری بە پارە پاشەکەوتکراوەکان کە لەبانکداهەیە کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ ئابڵوقەت دەخەنەسەر کە ئەمەمان نەک نیە بەڵکو دەسەڵات پارەی تاک بەتاکی خەڵک قەرزاراوە کەسی واهەیە دو دەفتەر دۆلار زیاتری لای حکومەتەو حکومەتیش مێشێک میوانی نیە سەرچاوەی دارای و ئابوریمان خۆی لەهەناردەی نەوتدا دەبینێت و هیچ سەرچاوەی تری بەدیلی ترمان نیە تا پشتی پێ ببەستین.

ڕێزگرتنی یاسا ئەمەش لەکوردستاندا بونی نیە چونکە بینمان بۆکورسی کەسێک پەرلەمان داخراو حکومەتیش ئفلیج کرا گەورەترین دەزگای هەڵبژێردراوی خەڵک سوکایەتی پێ کرا لەلایەن حزبەوەو بەهێزی چەکدار پەرلەمان پەک خرا. شەفافیە ت لەکوردستاندا شەفافیەت هەر ووجودی نیەو بنەماڵەیەک یاری بە موقەدەراتی میللەتێک دەکەن. مافی مرۆڤ مافی مرۆڤیش نەماوە بۆ نمونە لە ٨ مارسدا ڕۆژی ژناندا موچەی ژنان و منداڵانیان بڕی لە زیندانەکان ئاماری دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ کە ئەشکەنجی زیندانیان لە حاڵەتەو بوە بەدیاردە . ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەمەش بونی نیە چونکە هەر ڕۆژنامە نوسێک باس لەپشتی پەردەی بابەتەکان بکات یان دەستگیر دەکرێت یان تیرۆر دەکرێت یان خۆیان ووتەنی ئاوودیووی دێگەڵە دەکرێت.

سەرچاوی ئاو ئێمە چەند ساڵە بەناو حکومەتین تەنها بیریان لەگیرفانی خۆیان کردۆتەوە هیچ سەرچاوەیەکی ئاومان نیە پشتی پێ بەستین سەرچاوەی ئاوەکانی کوردستان لەتورکیاو ئێرانن بۆخۆمان باش دەزانین چەند کەم بۆتەوە بەهۆی بەنداو دروست کردن و گلدانەوەی ئاوەکان لە ووڵاتی خۆیاندا و دژایەتی پێ کردنی ئێمە ئەم دەسەڵاتە هێندە باڵەخاەی شەخسی و حزبی دروست کرد هێندە بەنداوی دروست نەکرد تا لەکەم ئاوی کوردستان بپارێزن. ئازادی بازاڕ ئەویش خۆی لەدوکۆمپانیایی حزبی دەبێنێت کۆمپانیاکانی پارتی و کۆمپانیاکانی یکێتی تەواوی تەندەری پڕۆژەو کارەکانی حکومەت بۆ ئەم دو کۆمپانیایە دەردەچێت و بەهیچ جۆرێکیش باج نادەن بەحکومەت دو تۆڕی موبایلمان هەیە تۆڕەکانی یەکێتی و تۆڕەکانی پارتی کە بەئاشکرا کارتێکی ٥۰۰۰ دینار دەدەنە ٦۰۰۰ دینارو بە ئاشکرا دزی لەو میلەتە دەکەن و حکومەتیش توانای لێپرسینەوی ئەم کۆمپانیانەی نیە چونکە خۆیان بەجۆرێک لەجۆرەکان کارمەندی حزبن و حزبیش خاوەنی تۆڕەکانە و کۆمپانیاکانە خراپی دۆخەکە لەوەدایە سزای کۆمپانیا نادەن نمونە کوێر کردنی دەیان کەس بەدەرزی خراپ لەهەولێر کەس سزانەدرا هێنانی سوتەمەنی ژەهراوی بە تەنەکەر بۆسلێمانی و دوای دەستگیرکردنی ڕەوانەکردنەوەی بۆ سنو بێ سزادان و تەلەف کردنی بەنزینەکەو بێ گومان هاوردەکردنەوەی بە شێوازێکی تر کەرتی تەندروستی ئەوکەرتەش لەبەرچاوی هەموان ڕونە تەواوی بەرپرسان بۆ هەڵامەتیش نایەنە ناو نەخۆشخانەکانی خۆمان بۆیە ئەوان خۆین پێش هەمو کەسێک فەشەلی ئەوکەرتە بەگویماندەدەن.

کەرتی پەروەردەلەدنیادا زۆرترین گرنگی بەم کەرتە دەدرێت بۆئەوەی نەوەیەکی لێهاتو نیشتمان پەروەر متمانە بەخۆ دروست بکەن و حکومەت بەردەوام لەخەمی ئەم کەرتەدایە چونکە تەواوی حکومڕانان دەبێت بەم کەرتەدا تێ پەڕن جگە لەحکومی قەرەقوشی کوردی سەرەڕای بڕین موچەو کەمکردنەوەی بۆ چارەکە موچە حکومەت دەوامی ئەم کەرتەی کەم کردۆتەوە بە پێچەوانەی جیهان هەروەها زۆر جارئەو وەزیرەی کە ئەم کەرتە بەڕێوە دەبات لەهوڵی بە کۆیلەکردنی نەوەی نوێیە و ڕەسمی سەرۆکە بەزۆر سەپاوەکە بەسەر خویندکاران دابەش دەکات و وینەیان لەگەڵ دەگرێت تا بیکاتە چالاکیەک بۆ سەرۆکی حزبەکەی و خۆی پێ بەرێتە پێشێ کەرتی خوێندنی باڵا ئەم کەرتەش هیچی لەوانێ تر کەمتر نەبێت زیاتر نیە دیاردەی قبوڵ خاس و دواتر واستەو واستە کاری بۆ ئەوەی فڵان دەرچێت و مامۆستا با پرسیارەکانت سوک بێت تا خوێندکار گلەیی نەکەن لای بەرپرسانی سەرو خۆمان یان دەڵێن فڵان خوێندکار نەخۆشەو بەڵکو لەم تاقی کردنەوە بەشداری نەکات زۆر قورسە بەمەرجێک هەمو مامۆستایان زانکۆ و پەیمانگاکان شەهادی بەرزی خۆێنیان هەیەو ئەگەر خوێندکارێک نەخۆش بێت پێویست بەوەناکات واستەی بۆ بکرێت خۆیان دکتۆرن و ئیجازەی دەەن بەسەرهاتێک باوە لەکوردستان دەڵێن کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ کۆبونەوەیەکی جیهانیان هەبوو دەبو بە فڕۆکە بڕۆن کاتێک هەمو سواری فڕۆکەکە بون کاپتنی فڕۆکە کە پێی ووتن مامۆستایان ئەم فڕۆکەیە یەکێک لەخوێندکارەکانی ئێوە درویستی کردوە مامۆستاکان دادەبەزن یەک مامۆستا نەبێت دەڵێن مامۆستا چۆن تۆ دانەبەزیت دەڵێت پاخر من دڵنیام خوێندکاری ئێمە دروستی کردبێت نافڕێت من ڕێزم بۆ مامۆستاو دکتۆرە بەڕێزە نیشتمان پەروەرەکە هەیە ئەوان بەردەوام لەهەوڵی چاک کردنێی ئەو کەرتدان بەڵام دەسەڵات ڕێگرەو نایەوێت خەڵک لە خۆیان زیرەکربێت.

دادوەری و دادگاکان بەداخەوە ئەمیش حزب کۆنتڕۆڵی کردوە نمونەیەکی سادە ئەنجومەنی دادوەری پارتی بەتەعینات دایناون واتە بە ئیمزای سەرۆکی پارتی داندراون تەواو وەلائیان بۆ پارتی و بارزانی هەیە ی کەچی دێن تەداخول لەکاری یاسای پەرلەمان دەکەن و وادە بۆ ئوکەس درێژ دەکەنەوە کە ئەوانی داناوە بەکورتی سەربەخۆ نین و ژێر دەستەی حزبن هەر کەیسک دژی ئەم حزبە دەیەڵات دارانەبێت هیچ کات سەرکەوتو نەبوەو تاوانباران دەست گیر نەکراون نمونەش زۆرە بکوژی فول لایتەکەی هەولێر. کەرتی پیشەسازی هەر گرنکی بەو کەرتە نەدراوە بەڵکو زۆر جار ڕێگریشی لێکراوە بەپاساوی جۆراو جۆر بەڵام لەڕاستیدا بەرپرسان داوای بەش و سەهمیان کردوە . کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری ئەویش هیچ کارگەو سایلۆیەکی ئەوتۆمان نیە تا بەرهەمی جوتیاڕان بکڕدرێتەوە لەبازارەکاندا و بهەکر بهێانێت بۆ ناوخۆ.

پەیوەندیەکان ی دەرەوە کەئەمە بابەتێکی گرنگی ئەم پڕۆسەیەیە بەڵام بەداخەوە ئەویش حزبیەو وەک دەزگای نیشتمانی کارناکات کاتک پارتی لەگەڵ ووڵاتێک باش بێت ئەوە پەیوەندیەکان باشن کاتێکیش خراپ بو پەیوەندیەکان خراپن تەواوی پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای بازرگانی هەڕاج کردنی سامانی نیشتمان بنیاد نراوە نەک نەتەوە بۆیە هێزیکی ئەو تۆی نیە لەگەڵ هەر سێ پارچەکەی تری کوردستاندا کۆک و تەبانین بۆ نمونە پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی لەسەر داوای تورکیا حزبێکی تری لە ڕۆژ ئاوا دروست کردو هێزیکی جەکداریشی بۆ دروست کرد تا دژایەتی کانتۆنەکانی پێ بکات کاتێک تورکیا ویستی بۆنمونەش شەڕەکانی ئەم دواییەی شەنگال کە ئەوهێزەی پارتی دروستی کرد شەڕی شەڕڤانی پێ دەکرد پارتی ئابڵوقەی خستە سەر ڕۆژئاواو خەندەقی لێدا دژی کوردانی ئەوێ لەسەرداوای تورکیا چونکە تاکە ڕێگای کوردستانی گەورە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست لە کوردستانی ڕۆژئاوایە بۆ یە تورکیا بەردەوام هێرش دەکات تا کوردانی ڕۆژئاوا نەگەنە سەر دەریا پارتیش بێ گومان لەخزمەتی تورکدایەو هەمو کارێک دەکات بۆڕازی کردنیان کوردستای باکور دیسان پارتی لەسەرداوای تورک پارتێکی بۆ کوردستانی باکور دامەزراندوە لەسەر بو جەو قوتی خەڵک تەنها بۆ مەرامی حزبی و ڕازی کردنی دوژمنانی کورد و دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم پارتی سود لەداهاتی کوردستان وەردەگرێت بۆ چەکدار کردنی نەیارەکانی کوردستانی باکورو ڕۆژ ئاوا بەکورتی جاشەکان .

بەکورتی و پوختی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و فاشیلترین کەسی ناو حزب دەستیان بەدەسەڵاتی کوردیەوە گڕرتەو دوای برسی کردنی خەڵک و دروست کردنی دەیان قەیران دەیانەوێت بە ڕیفراندومێک خۆیان لەو گوناح و تاوانانە پاک بکەنەوە کەبەسەر میللەتدا هێناویانە بەوشیوەیە کەتەنها بۆ گیرفان و مانەوەی خۆیان بەکاربێنن بەمەر جێک بۆ سەربەخۆیی نیە بۆ مانەوەیڵان لەدەسەڵات و برسی کردنی زیاتری خەڵک بۆیە ئەگەر نیەتان پاک بوایە دەبو دوساڵ پێش ئیستا ئامادەسازیتان بۆ بکردایە نەک دوساڵ پێش ئێستا دۆخەکەتان تێک بدایە و میللەتان بێ ئومێد بکردایە ئەگەر بەکرێچیەک بڵێی بچۆرە خانویەک بۆ خۆت بەڵام ئاوی نیە کارەبای نیە پارە نیە کار نیە یاسا نیە ئازاد نیت دەبێت برسی بیت و ببیتە کۆیلە دراوسێکانت خراپن دژایەتیت دەکەن کۆڵانەکانی پشتەوەش هەر دژی تۆن خانوەکەش پڕە لەجانەوەرو جنۆکە و دەعبا بێ گومان دەڵێی نەخێر با هەر کرێچی بم منیش دەڵێم نەخێر بۆ گەوجاندۆم هەرکات پارە دزراوەکانی موچە خۆرانتان گەڕاندەوە دەست بەرداری کورسیە ناشەرعیەکە بون یاسا سەروەر بوداهات شەف بوو قەیرانە دروست کراوەکان نەمابو کەرتەکان چاک ببون ئەوکاتە قسەمان نامێنێت.




نووسین و فه‌یسبووك … به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ندێك جار له‌ فه‌یسبووكدا نووسینه‌كانمان ده‌بنه‌ دروشم. واته‌ له‌ ڕووی ناوه‌رۆك و شێوه‌وه‌ له‌ دروشم نزیك ده‌بنه‌وه‌ (یان هه‌ندێ جار له‌ په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌ق): فه‌یسبووك حه‌زی له‌ كورتبێژییه‌ (مه‌رج نییه‌ كورت و پوختی). به‌ كورتییه‌كه‌ی فه‌یسبووك نووسه‌ر ته‌نبه‌ڵ ده‌كا، كه‌ به‌ نووسینی كورت و دروشماویی ڕازی بێ و واز له‌ نووسینی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌ و گوتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی جددیی و ڕاسته‌قینه‌ بێنێ.

فه‌یسبووك نه‌ك هه‌ر نووسه‌ری ته‌نبه‌ڵ، به‌ڵكو خوێنه‌ری ته‌نبه‌ڵیش دروست ده‌كا. ئه‌و خوێنه‌ره‌ی ته‌نها هه‌واڵ و قسه‌ی هه‌نووكه‌یی ‌ سه‌رنجی ڕاده‌كێشێ، نه‌ك پرسی فیكری و زمان و گوتاری ئیستاتیكی. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ فه‌یسبووكدا هه‌یه‌ پتر بینه‌ره‌، خوێنه‌ر نییه‌. ئه‌و بینه‌ره‌ی له‌ جیاتی عه‌قڵ و هزر ته‌نها چاوه‌كانی به‌كار ده‌هێنێ (كارێكی چێژاویی ئاسان). هه‌ربۆیه‌ش بینه‌ری ڤیدیۆ و وێنه‌كان زۆر له‌ خوێنه‌ری نووسین به‌ گشتی و نووسینی جددیی زیاتره‌.

به‌ كورتییه‌كه‌ی – پێم وایه‌ – فه‌یسبووك و لاپتۆپ (كۆمپیوته‌ر) خه‌یاڵ (خه‌یاڵی ئازاد) ده‌كوژن (یان به‌رته‌سكی ده‌كه‌نه‌وه‌). خه‌یاڵ پتر ده‌توانێ له‌گه‌ڵ ڕووپێوی كاغه‌ز (كتێب) دا به‌خته‌وه‌ر و به‌رزه‌فڕ و ئازاد بێ. كاغه‌ز كه‌شێكی هێمنتر به‌ زه‌ینمان ده‌به‌خشێ. لێره‌شه‌وه‌ باشتر و زیاتر ده‌توانین بیر بكه‌ینه‌وه‌ و خه‌یاڵ بكه‌ین. واته‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌كنۆلۆژیا، سه‌یروره‌ی كاتی‌ كاركردنی ده‌روون و بیركردنه‌وه‌مان بۆ خۆی داگیر ده‌كا و قووتی ده‌دا (ته‌كنۆلۆژیا هه‌ر جه‌سته‌مان كۆنترۆڵ ناكا، به‌ڵكو ده‌روون و زه‌ین و بیركردنه‌وه‌شمان بۆ خۆی ده‌با). لێره‌وه‌ ئێمه‌ – به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان لێ بێ – كاتێكی زۆرمان له‌ناو گه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌كنۆلۆژیادا به‌فیڕۆ ده‌چێ: بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌و هه‌ژموونی ته‌واوی به‌سه‌رماندا هه‌یه‌؛ ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ئازادییه‌كانمان ده‌خاته‌ ناو قووڵایی فه‌زای خۆیه‌وه‌؛ كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌ شوێنی خۆمانه‌وه‌، بێ جووڵه‌ و بێ ده‌نگ ئازادین: فه‌یسبووك ئازادی گوته‌مان پێ ده‌به‌خشێ، به‌ڵام ئازادی كردارمان لێ ده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌و ئازادی به‌ چاومان ده‌به‌خشێ، به‌ڵام خه‌یاڵ و بیركرنه‌وه‌مان (له‌ ڕێی زه‌مه‌نی خێرایی خۆیه‌وه)‌ كۆت و به‌ند ده‌كا. به‌ كورتییه‌كه‌ی ئه‌و جه‌سته‌ و بیركردنه‌وه‌مان (عه‌قڵمان) ده‌كاته‌ موڵكی خۆی. لێره‌شه‌وه‌ ئێمه‌ ئازادین، به‌ڵام له‌ زه‌مه‌ن و شوێنێكی دیاریكراودا، كه‌ ئه‌ویش زه‌مه‌ن و شوێنی ماددیی دیاریكراوی فه‌یسبووكه‌؛ ئه‌و زه‌مه‌ن و شوێنه‌ی ته‌نها له‌ ژووره‌كانماندا بوونیان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م ئازادییه‌ به‌رته‌سكه‌ دیاریكراوه‌، ده‌شێ ئازادی فره‌وانی فیكری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ واقیعی پراكتیكی كۆمه‌ڵگه‌كاندا به‌دوای خۆیدا بێنێ.




شتێك بهێڵەوە* … سۆران محەمەدە سوورە

تۆپێك… خۆشنووده‌ ،
منداڵێك یاری لەگەڵ دەكات.
2
پیانیستێك… دەهرییە
لە خۆی و پیانۆكەی،
كە ناچنەوە سەر تەبابوون لەگەڵ:
ڕیتمی گەڵا و
بایەكی پاییزە و
ڕاكشانی ژن بە هەورییەكی تەنكی ئاودامان.
3
تەسبیحێك
ڕۆژەكانی تەمەنی ژنێكی بۆ ناژمێردرێت،
كە بەرۆكی تەنیایییان گرتووە.
4
سەگێك
هەڵبەز و دابەز… تێدەپەڕێ!
شاگەشكەیە
كوخێك، شەوان خۆی دەخزێنێتە باوەشیەوە.
5
لەو ئایەت بۆ ئەو ئایەت… ڕاهیبێك
سەر دەرناكات
لە ناكۆكی خودا و شەیتان.
6
خودایەك،
دوای شەڕە نەبڕاوەكەی خۆی خستین و
خۆر: ئاوازی كەمانێك… دوور.
مانگ: سەفەر تا ئەوسەری عیشق.
سێو: شەوچەرەی سەر مێز.
ژن: سوكنایی تەنیایی.
شەڕاب: هەر بۆ خۆی بوو.
7
سێو: قینی هەمیشەیی خودا لە مرۆڤ.
سێو: خاڵی ناتەبایی و
ڕێگە نەخشەی شەیتان.
ئەو سێوە تا خۆی نیشان نەدابا
ئەو خودایەی وێرانەیەك بوو لە غروور
ئارام نەدەبوەوە.
8
ژیان مەزەندەی درۆیێك بوو
ئێمە ڕێكەوتمان كرد.
دۆڕانێ بوو
یەك یەكی هەنگاوەكانی نزیك ڕاكشانی ژن و
فڕین لە باڵە خۆڵەمێشیەكەی كۆتر و
چاوەڕوانی دایكێك
لە گەڕانەوەی منداڵە گوڵەبەڕۆژ فرۆشەكەی
ئەو دۆڕانە
چی بەرسیلەی عیشق هەبوو، پێی دۆڕاندین و
ڕۆشنایییەك چییە
لە یادگە شەقار بووەكەی نەهێشتینەوە.
9
بمبوورن، كە هێندەی شینایی ئاسمان
سپییەتی دڵی مەسیح
سادەیی دوو منداڵ
بیرم لە فڕینی كەنارییەك نەكردبێتەوە
نەم وتبێت، بۆ خاتری چریكەی ئەم” پێغەمبەر”ە**
شتێ بكە… خودایە!
ئەم پاسارییە لە خەونی فڕین دایە
ئەم پیاوە هێشتا خوێنی لێدەتكێ
ئەم منداڵە دڵی بە كایەكانەوە خۆشە، با گەورە نەبێ.
10
درەنگانێك ختوكەم دەدا
درەنگانێك لە چاوەڕوانیمدایە…
خۆم مەڵاس بدەم
قفڵ لە دەرگه‌ بدەم
یەك یەكی پەردەكان دابدەمەوە.
درەنگانێك نیگام دەبا توولەڕێی ئاوایی.
درەنگانێك جگەرەیەك لە نووتەكی لاڕێوە، دادەگیرسێ
تا دێ نزیك دەبێتەوە
تاریكیش قووڵتر دەڕوانێ.
درەنگانێك… هەوا سارد
نیگا… تەرمێك بێوادە پیر
تا بڵێیت شەوێك… ئەنگوستەچاو
ختووكەدانی خۆكوشتنێك… نێزیك
تەمی بێدەنگیێك… وەربووبێتە خۆم
11
سێ هەنگاو دوور و نێزیك
ترس رژاوە
كۆڵانێك… بەسەر خۆرهەڵاتنی بەیانیان!
كەسێك… تەپە تەپ بە كۆڵانەكەدا…
قیژەیەك بەرز دەبێتەوە
سێبەرێك دەنیشێتە سەر پەنجەرەكەم و
دەخزێمە قوژبنێكەوە.
بەرەبەیان… دەرگه‌ بستێك دەكەمەوە
خۆر ڕمێ دێتە ژوور
سەرەتاتكێیەك دەكەم
هەنگاوێ دەكشێمەوە
سەیر… دەكەم، دنیا هەر وەك خۆیەتی
وەك جاران فریودەر و
وەك جاران جوان و
وەك ژن میهرەبان خۆی نواندووە.
ئیتر بێدەنگی و خۆم
دەخزێنمە گۆشەیەكی لاچەپی ئێوارانمەوە و
ڕۆژ و
مانگ و
ساڵ
بیر لە تۆ دەكەمەوە، لە خۆم نا.
12
كەسێك پەنهان… لەمندا
لەودیو مەینەتییەكان، كەڕەنا دەژەنێ
دەستێك خاڵی لە مروەتی ئێوارە، دەنووسێ:
ئێوە هەر هێندە
شەقەی كەنارییەك ئیستێكی پێدەكردن
غەریزەی مێینەتی كوێری دەكردن و
ماندوو دەچوونەوە؛
لە بە ئەدرەسكردنی جەنگ و وێرانكردن.
شپرزە تا شكۆفەی كزە تاریكییەكی درەنگ.
ئێوە ئەو ئافرێنراوه‌ دۆڕاوانه‌ی شەڕە پیرۆزییەكان بوون
دواجار خوداكانتان لەسەر بەرماڵێكی لەخوێنا مەییو
تەنیا، تەنیا جێوهێشتن… نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
بەڵام بە بێگوناهیتان
نەتانتوانی بێ عیشق، بێ خوێن بژین
گۆزەی خەتای خوداكانتان
لە ئێوارەی منداڵیتان؛ ورد وخاش كرد.
13
كەسێك لەمندا… چاوەڕوان
وەك منداڵێك
ورك لە دایكی گرتبێ و
قاچەكانی خستبێتە خۆڵی حەوشەكەوە.
14
خودایە! ئەگەر ڕۆژێك خواستت شتێك بەریتەوە
هەموو شتێكم ببە
تەنیا گریان لە نووتەكی ژووری منداڵیم نەبێت.
قەینا ئەگەر ڕووت و قووت
پێخاوسیش جێی بێڵیت.
15
ڕابردوو… حیكمەتی شپرزەی شەوێكی دڕدۆنگە
لە یادگەی خودا.
تارمایی پرسیارێكی چاوەڕواننەكراوە
لای موسافیرێكی ڕێلێونبوو.
ئێستا… ژنێكە لە نێوان بزربوون و خۆ دزینەوە.
پیاوێكە لەنێو گومان و خۆ بیرچوونەوە.
داهاتوو… مقۆمقۆی خوداكانە
لەسەر دڵۆپێك خوێن.
خەمە سیزیفییەكەی جەنجاڵییە، بۆ تریفە:
بەقوربان؛ دواجار مەرگ
بە ماچ، چەپكێ گوڵ،
ڕووانینێكی یاسەمینانە فریومان دەدا
ڕێی ئەم هەموو گریانەت بەرەو كوێ؟!
ترسته‌! پیاسەكانی ئێوارەی دوێنێ،
لە گەڵ دارسێوێكی تر بتبینن؟
16
ئێستا خەیاڵ
لای ڕاكشانی ژنە بە هەورییەكی تەنك.
لای پیاسەیەكە لەگەڵ سەگە تووكن سپییەكە.
لای دان دانە بەو كۆترانەی
دەنووكیان لێوانلێو لە حیكایەت،
چون و هاتنی ڕاڕەو و
تەنیایی سەر جێگەیەك؛ پیاوێكی تێدا نەخست.
17
ئێوارە بوو… نێزیك تەنیایی باغ
پیرە مێردێك پرسی: تۆ بڵێی
ستیانێ گوڵەبەڕۆژە بە چەند بێ؟
ئەو خوی هەمیشەیی، دزینی ئەو ستیانانە بوو
ژنە دێهاتییەكان
لە چاوەڕوانی جەنگاوەرە شكست خواردووەكانیان
بە تەنافی بێمروەتی هەڵیان دەخستن،
كە هەندێكیان گەڕانەوە و
ئەوانی تریش؛
لە خەیاڵی ڕاكشانی ژنە ئاوییەكانیان… مەراق كوشتنی.
18
ئێواران…
خۆر دەخزێتە باوەشی تەپۆلكەیەكی لمین.
دەنگی ئومێدی گەڕانەوەیەك دەپڕژێتە سەرم.
منداڵێك دەست بۆ لێكردنەوەی سێوێك ڕایەڵ دەكات.
لەژێر سنەوبەرێك
نابینایێك… بۆن بە دەسماڵَێكەوە دەكا
دەست بە لاڕوومەتی چەپی دادێنێ
هەست بە كڕووزانەوەی ماچێك دەكات
19
ماچ: گەڕاندنەوەی نسێی بەیانی باشێكە… بەدزی كۆتر.
گمەیەك ڕووناكییە، لە تروسكایی لاچەپی دێیێكەوە.
گێڕانەوەی حیكایەتێكە لەدەمی پیرەژنێكی دنیا دیتە.
ئەفسانەی ئەو پەپولە مەلوولانەیە؛
تەنیایی چاوی هەڵگڵۆفیون لە لۆچ.
نیگا بڕینە لە خنجیلەیی جووچك و
پاسارییەكی هەڵكوڕماوی غەمگین،
وەك هەستی كردبێ ئەم ئێوارەیە دەمرێ.
20
دەتزانی!
سەوڵ بۆ بەلەمی ئێوارەیێكی لێڵ پڕ زەحمەتە
پەنجەكردن بە تارا
لەبەردەم پەنجەرەی مارێك،
ئەم نێڵە نێڵەی ناخی منی پێهێور نابێتەوە.
ئیتر بۆ كام ئێوارە گەڕانەوەیەك… درەنگ،
ئەم بەردەرگه‌یە چۆل ناكەیت.
بۆكام خۆشنوودی بەیانیان
پەنجەرەكەت ئاوەڵایە و
خاك مێخەك ڕێژ دەكەیت.
بەم دەستە نائومێدانەتەوە
خۆت و ئەم زەمبیلەیە، بۆ كوێ دەبەیت؟
كە چنگێ ڕووناكییان تێدا نییە!
21
بەفر حینجەی دایكێكە
لە خوێندنەوەی چیرۆكێكی كوردیی بۆ منداڵە تاقانەكەی.
خۆرەتاو سەركێشی منداڵێكە
لە هەڵماتێن بە هێلكەكانی شەیتانی بوون.
ژیانیش لە شیرین خەودا
حیكمەتی لاڵانەوەی خوناوە
لە گومانی خەنجەر.
نا دەشێ، سێ هەنگاو لێتەوە دوور
ڕامانی پشیلە تووكن سپییەكە بێ،
كە بێهوودە لە گەڕانەوەی ڕووحێكی پەژمووردەدا
نیگای بڕیوەتە ڕووبارەكە.

* ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌ (510)ی ھەفتەنامەی زاری كرمانجی، بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
** مه‌به‌ست له‌ “مه‌زهه‌ری خالقی”یه‌.




دوو دڵدار … سمکۆ ئەحمەد

هەنگێك و گوڵێك دڵدار بوون
هەنگەکە هەموو ئێوارانێ
ماچی هەنگوێنی لەژێر پەڕەی
گوڵ دادەنا
گوڵیش هەموو بەیانیەك باوەشی
پەمەیی بەودا دەکرد و
نەرم نەرم شیللەی مەمکی
لەنێو دەمی هەنگ دادەنا

باخچەو و گوڵ و مەل و چیمەن
هاوڕێیان بوون
تەختەی شانۆو
پەڕەی شیعری هەردووکیان بوون
ڕۆژ هات و چوو
بەفرو نێرگز سەرچۆپیان
ئالوگۆڕ کرد
دارو باخچە بەرگی سەوز و سپی و نارنجیان یەک لە دوای یەک
لەبەژن هەڵکرد

بەیانیەکی پرچ زەرد هات
گوڵی پەمبە زەرد هەلگەڕا
کاتێ زانی ئەو بەیانی یە لە ژێر لۆچی مەمکی
پەڕەکانیا ماچی هەنگوین دانەنرابوو
هاواری لە باخچەو چیمەن کرد
سەودایەکی هەنگی چاوزەردی بۆ بکەن
گوڵ و باخچەو مەل و چیمەن
کەوتنە گەڕان
بەدوای هەنگی عاشقدا لەگەڵ باران
شاخ و دەشت و حەوشەی ماڵان
کەوتنە گەڕان

مەلی باڵشین بە چاوی خۆی
هەنگی چاوزەردی بینیبوو
لە نێو پورەی باخی سەرۆك
زیندانیکی بە تەل چنراو
لە باتی گوڵ کەللە شەکر
لەکەمەری هەنگ بەسرابوو

گوڵی پەمبە لەو رۆژەوە شیلەی نەما
ووردە ووردە قەترە ماچی هەنگوینی هەنگ لە ژێر پەرەی پەمەیدا وەک زەنگیانە کەوتنە خوارێ
رۆژ لەدوای رۆژ چرچ و سیس بوو
لە پایزدابۆ دواجاریش لە چاو وونبوو

سمکۆ ئەحمەد
لەندەن ۲٠۱۷




نێرەموکینه‌ … هیوا سەعید

نێرەموکینە
دەزانن بۆ نە ژنەکان لە باوەشتان دەگرن،
نە پیاوەکان چارەی ئێوەیان دەوێ؟
ئۆدیب نەمردووە ئۆدیب.

ئۆدیب دەعبایەکی یەکچاوە
ژیان بە یەک ڕەنگ دەبینێ
ئێوە دوو ڕەنگن
هەتا لە ژێر چاودێری ئەو دەعبایە بن
دەبێ خەون بە باوەشی ژنەوە ببینن،
دەبێ بە خەیاڵ ماچی پیاو بکەن.

بەڵام پەندێک هەیە دەڵێ:
تامی سێو بە خەیاڵ ناکرێ.
به‌لکو بەڕاستی گاز له‌و سێوه‌ بگرن
سەرەتا دەبێ بوێرن ئۆدیب، ئەو پاسەوانە بکوژن.

ئەگەرنا لە بێ دەسەڵاتی بڕوا بەوە دێنن لە دەرەوەی خەیاڵتان هیچ سێوێک بونی نییە
یان ئەگەر هەشبێ لەلاتان گرنگ نییە لەبەرئەوەی دەترسن دەستی بۆ ببەن
یانیش دەگەنە ئەو باوەڕەی سێوی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ئەم دنیایەیە
کەواتە تا دەمرن دەبێ بە خەیاڵ بژین.

بۆ ئەوەی لەو زیندانەی خەیاڵتان ئازاد بن
وەرن فێرتان بکەم
ئۆدیب چۆن دەکوژرێت

هەموو کەسێک دۆست و دوژمنی هەیە
ئەویش دۆستەکانی ئەو ژیرانەن
خەیاڵتان بە تامی ڕاستی دەرخوارد دەدەن
دوژمنەکانی ئەو شێتانەن
دەڵێن چێژی خەیاڵ سەرکوتبوونە
نێرەموکینە ببنە دۆستی دوژمنەکانی ئۆدیب
وەها دەمرێ.




چـیرۆکی مامۆســتا و قوتــابی … و: رەزا شوان

لە یەکەمین رۆژی دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندندا، خاتوو( تۆمسـۆن ) لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتیدا، لە بەردەم قوتابییەکاندا وەستا، بۆ خۆشی چەند رستەیەکی ناسک و شیرینی بە گوێی قوتابییەکانی دا، ئینجا پێی وتن:” من هەمووتـانم خۆشـدەوێت” بەڵام لە دڵی خۆیدا، تەنها قوتابییەکی لێدەرکردن، کە ناوی (تیـدی ستۆدارد) بوو، لە ریزی پێشەوەدا دانیشتبوو.
مامۆستا تۆمسۆن، لە ماوەی ساڵی رابردوودا چاودێری (تیـدی)ی قوتابی دەکرد، تێبینی ئەوەی کرد، کە لەگەڵ منداڵانی تـردا یاری نەدەکرد، جلەکانی هەمیشە چڵکن بوون، هەموو کاتێک پێویستی بە خۆشۆرین هەبوو، سەرەڕای ئەمانەش منداڵێکی رووگەش و دڵخۆش نەبوو.
کار گەیشتە ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن، خۆشی لەوە دەبینی کە بە پێنووسێکی سوور، بە هێـڵێکی پان لەسەر لاپەڕەکانی نووسینەکانی تیـدی دا، نیشانەی هەڵە (ِئێکس)ی بۆ دادەنـا، دوایش لە سەرووی لاپەڕەکانیشیدا، وشەی (دەرنەچــووی)ی بۆ دەنووسی.
لەو قوتابخانەیەی کە مامۆستا تۆمسۆنی لێبوو.. وا پێویستی دەکرد کە بە تۆمارەکانی خوێندنی (کارتی کەسێتی) ساڵەکانی پێشتری هەر قوتابییەکدا بچێتەوە.. دوا کارت کە تەماشای کرد، تۆمـاری تایبەتی نمرەکانی تیـدی بوو، لە کاتێکدا کە بە پـرۆفـایلەکەیدا دەچۆوە و ئەو کورتە ڕاپۆرت و تێبینییانەی دەخوێنـدەوە، کە مامۆستایانی پۆلەکـانی پێشتر دەربـارەی تیـدی نووسیبوویان، لەپڕ شتێکی سەیری بۆ دەرکەوت!!

مامۆستای پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، ئەمەی بۆ تیـدی نووسیبوو:” تیـدی منداڵـێکی زیرەکە، رووخۆش و دڵخۆشە.. کارەکانی زۆر بە وردی و بە رێکی و بە جوانی ئەنجام دەدا، خـاوەنی رەوشت و رەفتـارێکی بەرزیشە..”
مامۆستای پۆلی دووەمیش ئەمەی، دەربارەی نووسیبوو:” تیـدی قوتابیەکی باشە لە لای هاوڕێکانی پۆلەکەشییەوە خۆشەویستە، بەڵام بێزار و رارایە، بە هۆی ئەوەی کە دایـکی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە.. ژیانێکی گـران و کێشە و دڵتـەنگی و ناخۆشی و ماندووبوون باڵی بەسەر ماڵەکەیەنادا کێشاوە..”
بەڵام مامۆستای پۆلی سێیەم، دەرەباری تیـدی نووسیوێتی:” کۆچکـردنی دایکی، بە قورسی کاری تێکردووە.. بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵدات و کۆشش دەکات.. بەڵام باوکی گوێی پێنادات.. گەر بە خێرایی هەندێ رێوشوێن نەگیرێنەبەر.. ژیانی نالەباری ماڵەوەیان، زیـاتر و بە خێرایی کاری تێدەکات..”
مامۆستای پۆلی چوارەمیش، ئەمانەی لەسەر تیدی نووسیبوو:” تیـدی قوتابییەکی داماو و گۆشەگیرە، زۆر حەزی بە خوێندن نییە، کەم کەسیش هاوڕێتی دەکا.. هەندێ جاریش لە کاتی وانەوتنەوەدا، باوێشک دەدا و خەودەیباتەوە..”
لێرەوە مامۆستا تۆمسۆن هەستی بە کێشەکەی کرد.. زۆریش هەستی بە شەرەمەزاری و شوورەیی خۆی کرد.. بەرانبەر بەو نـادروستییەی کە دەرهـەق بە تیـدی کردنی.

مامۆستا تۆمسۆن زیاتر هەڵوێستی بەرەو خراپتر تێکچوو، کاتێ کە قوتابییەکـانی بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، دیاری جوانیان بۆ هێنابوو، بە شریتی رەنگاوڕەنک و بە کاغـەزی جـوانی بریقەدار دیارییەکانیان پێچـابوونەوە.. تەنها تیـدی نەبێت، ئەو دیارییەی کە لەو رۆژەدا پێشکەشی کرد، بە ساکاری و ناڕێکی بە کاغـەزێکی بۆری رەنگ تاریک پێچابوویەوە.. بەو کیسە بۆرانە پێچابوویەوە، کە عەتـارەکان شتیان تێدەکردن.. کاتێ کە مامۆستا تۆمسۆن دیارییەکەی تیـدی کردەوە، سوێ چووەدڵیەوە. هەندێ لەقوتابییەکان، کە دیارییەکەی تیـدی یان بینی، کە ملوانکەیەک بوو، لە بەردی ئەڵماسی ناڕەسەنی ئاسایی دروستکرابوو، بەردێکیشی کەم بوو، شووشە بۆنێکیش کە تەنها تا چارەگێکی گوڵاوی تێدابوو.. قاقا پێی پێـکەنین.. بەڵام ئەو قوتابیانە بە خێرایی پێکەنینەکەیـان وەستاند، کاتێ کە مامۆستا تۆمسۆن زۆر بە گـەرمی و دڵخـۆشییەوە سەرسامی خۆی بە جوانی ملـوانکەکەی تیـدی دەربڕی.. دواییش کردییە ملـی، چەند دڵۆپێک لە بۆنەکەشی کردنە سەر مەچەکەکانی.

تیـدی ئەو رۆژە دوای تەوابوونی خوێندن، یەکسەر لە قوتابخانە دەرنەچوو بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە، بەڵکو ماوەیەکی کەم چاوەڕێی کرد، بۆ ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن ببینێت و پێی بڵێت: ئەمـڕۆ بـۆنت لە بـۆنی دایـکم دەچێـت..!!
کە قوتابییەکان قوتابخانەیان بەجێهێشت.. مامۆستا تۆمسۆن زیاتر لە کاتـژمێرێـک، بە کوڵ گـریا و خۆی پێ ژیـرنەدەبۆوە.. چونکە تیـدی ئەو شـوشە گـوڵاوەی بۆ هێنـابوو، کە دایـکی لە خۆی دەدا، بۆنە خۆشەکەی دایـکی لە مامۆستاکەیدا بە دەبینێـتەوە.
لەو رۆژەوە مامۆستا تۆمسۆن بڕیاری دا، کە نەک تەنها خوێندنەوە و بیرکاری، بەڵکو هەموو وانەکـان بە پۆلی پێنجەم بڵێـتەوە، ببێتە (مامۆسةتای پـۆل) ەکە، لەو رۆژەش بە دواوە گرنگییەکی تایبەتی بە تیـدی دەدا، تێبینی ئەوەشی کرد کە تیـدی هۆشی هاتەوە سەرخـۆی، چالاکییەکانی گەڕانـەوە.. کە زیاتر هـانی دەدا، وەڵامدانەوەی تیـدی خـێراتر دەبوو.

لە کۆتایی ساڵدا، تیـدی بووە قوتابییەکی جیاوازی پۆلەکەی و، لە هەمووشیان زیرەکتر بوو، مامۆستا تۆمسۆن نازی پێدەدا و دەیلاواندەوە.
دوای ساڵێک، مامۆستا تۆمسۆن، لەسەر دەرگای ماڵی خۆیان نووسراوێکی بینی، کە تیـدی قوتابی بۆی نووسیبوو:” باشـترین مامۆسـتایە کە لە ژیـانمـدا بینیـبێتم”
شەش ساڵ تێپەڕی.. بێ ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن هیچ نووسراوێکی تری لە تیـدی یەوە پێبگات.. دوای ئەوە تیـدی نامەیەکی بۆ نـارد، لە نامەکەیدا بۆی نووسیبوو، کە قۆنـاغی ئامادەیی تەواوکردووە، بە سێیەمی قوتابخانەکەی دەرچووە نووسیبووشی:” تا ئێستا ئەو باشـترین مامۆسـتایە کەبە درێـژی ژیانم بینیـبێتم”

دوای چوار ساڵی تر، نامەیەکی تری لە تیـدی یەوە بۆ هات، ئەمجـارەیان بۆی روون کردبۆوە، دوای ئەوەی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت، بڕیـاری دا کەمێ زیـاتر لە خوێندندا بچێتە پێشەوە.. بۆ جارێکی تر دڵنیای کـردەوە کە ئەو باشـترین و خۆشەویسترین مامۆستایە کە بەدرێـژایی ژیانی بینیـبێتی.. بەڵام ئەمجارەیان ناوەکەی هەنـدێ درێژبوو، دکتـۆر سیـۆدۆر ئێـف. سـتۆدارد!!
چیرۆکەکە تا ئێرە کۆتایی نەهات، لە بەهـاری ئەو ساڵەدا، لە تیـدی یەوە نامەیەکی تری بۆ هات، تێیدا نووسیبووی، کە چاوی بە کچـێک کەوتووە، کە دەیخوازێت، پێشتریش ئاگاداری کردبۆوە، کە پێش دوو ساڵ بـاوکی کۆچـی دوایی کرد.
تیـدی لە نامەکەیدا، داوای لە مامۆستا تۆمسۆن کـرد، کە بێت و لە ئاهانـگی ژن گۆاستنەوەکەیدا، لە شوێنی دایکی دابنیشێت.. مامۆستا تۆمسۆن زۆر بە پێخۆشییەوە بە داواکـەی تیـدی قایل بوو.. سەیریش لەوەدا بوو، کە ملوانـکەکەی دایکی لە مل کردبوو، کە تیـدی چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە جـەژنی لەدایکبوونیدا پێشکەشی کـردبوو، کە بەردێکی ناتەواو بوو، لەوەش دڵنیابوو کە هەمان بـۆنی لە خۆی دابـوو کە لە دوا جەژنی لەدایکبوونی پێشکەشی کردبوو.. هەردووکیان باوەشیان بە یەکتریدا کرد.
(دکتـۆر ستـۆدارد) بە گوێی (مامۆستا تۆمسۆن) ی دا چرپاند، وتی:” سوپاست دەکەم کە بڕوات بەمنە، زۆریش سوپاست دەکەم کە وات لێکردم، کە من گرنگم و، من بەرز و جیاوازدەبم .
مامۆستا تۆمسۆن، کە چاوەکانی پڕببوون لە ئەسرینی شادی، وەڵامی دایەوە و وتی: تۆ بە هەڵەداچووی، ئەوە تۆ بووی فـێرتکردم، کە ببم بە مامۆستایەکی بـەرز و جیـاواز، نەمدەزانی کە چـۆن فـێربم، تا ئەوکـاتەی کە تۆم بینی.
(*) تیـدی سـتۆدارد، پزیشـکێکی بەناوبانـگی ئەمریکییە، بەشـێکی تایبـەتی هەیە لە نەخۆشـخانەی (میسۆددست) بە ناوی ناوەنـدی(سـتۆدارد) بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە، کە لە هەموو ئەمریکادا، بە باشترین ناوەند بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە دادەنـرێ.
(*) خوێنەرانی هێـژا و دڵـسۆز: ژیـان پڕە لە چیـرۆک و لە بەسەرهات و کارەسات، گەر بە هیـوا و گەشبینییەوە لێیان بڕوانین، پەنـد و وانـەی بەسوودیـان لێـوەردەگـرین.. مـرۆڤی ژیـریش، لەجـێی نـاوک بە توێـکڵ ناخـەڵەتێ.
رەزا شوان/ ٢٠١٧




گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی ئیستابڵەشمەنتی … ئیدریس مستەفا

ئیستابڵەشمەنت ئەو زاراوەیەیە کە لەم ساڵەی دواییدا لە ئەمریکا زۆرتر هاتە نێو سیاسەتەوە. ئیستابڵەشمەنت بەو مانایە دێت کە ئامیزێک بێت بۆ بە بەها و پاشماوەکۆنەکان، جێگۆڕکێ پێ نەکردنیان لە جێگەی دامەزراوی خۆیان و تەنها کاتێک جولەیان پیدەکات گەر بزانی ئەو بەهایانە خەریکن سڕ دەبن و دەبێ بزوێدنرێن. گۆڕان وەک هەر بزووتنەوەیەکی ئیستابڵەشمەنتی لەسەر دوو کایە بنیاتنراوە، یەکێکیان وەستانەوە بەرەو رووی دەسەڵاتی چەقبەستووە لە رووە پێشکەوتووییەکەیەوە نا بەڵکو لەو رووە کۆنەپەرستیەکەیەوە کە بەو مانایەی دەبێ لەو سووڕە متبوونەی دەربچێ. دووەمیشێان قسەکردن لەسەر ناشیرینی ئیداری و دارایی وڵات. کارکردن لەسەر ئەو دوو چەمکە دۆناڵد ترامپی کرد بە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو دوو جمکە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بونی هەیە و کاراکتەری خۆی بۆ پەیدا دەبێ چالاکیان بکاتەوە.

گەر کەمێک بە مێژووی شاخ و نوسینەکانی نەوشیروان مستەفادا بچینەوە دوو رەگەزی سەرەکی دەبینین. یەکێکیان دژە چەپێتی بوون، ئەوی دیکەشیان دژە دەسەڵاتی-بنەماڵەیی بوون. دوو بابەت دژە چەپێتی بوون پردەکەنەوە ئەوانیش نیشتمانچێتی و ئاینە. دژە-دەسەلاتی بنەماڵەیی بوون بە شێوەیەکی سەرەکی واتە دژە-دەسەڵاتی پارتیبوون کە قۆرخکراوە لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە. بە دانپیانانی شەخسی خۆی نەوشیروان مستەفا هیچ کات باوەڕی بە چەپێتی بوون نەبووە لە کاتێکدا سکرتێری کۆەمەڵەیەکی مارکسی بووە، پاشان لێدان لە شیوعیەکان لە شاخ و لە کۆمونیستەکان لە نێو شار و تەریکخستنی بەرەی چەپ لە نیو گۆڕاندا و بەهێزی بوونی لە رادەبەدری بیر و خەڵکی ئاینی لە نیو گۆڕاندا بەڵگەنەویستی ئەو راستیەن. وڵاتی دامودزگایی کەمتر پەیوەندی بە دەسەڵاتی بنەماڵەێیتیەوە هەیە. زۆربەی ولاتانی رۆژئاوا و هەندێ وڵاتانی ئاسیا دەسەڵاتی بنەمالەیی تێیدا حاکمە و وڵاتیش داومودەزگاییە. بۆیە دەبینین کاتێک خودی نەوشیروان مستەفا دەیەوێ حوکمرانی دامودەزگایی بکات بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئیسلامیەکان دەکات و حساب بۆ هیچ لایەن و کەسێکی چەپی ناکات لە کاتێکدا چەپەکان لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایە بن لە خراپترین ڤێرژنی خۆیاندا لە باشترین بزووتنەوەی ئاینی باشتر و زەرورترن لەوان. چونکە هەر هیچ نەبێ چەپەکان مەدەنیەتی کۆمەلگا دەپارێزن.

گۆڕان نمونەیەکی بەرجەستەی ئیستابڵەشمەنتە کە لەو رۆژەوەی دروسست بووە تاکو ئێستاکانێ ئامێزێک بووە بۆ گردکردنەوە و رێکخستن و داکۆکیکردنی بەها کۆنینە و بایەخە کۆمەڵایەتیە کۆنەپارێزەکان. گؤران وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی چونکە خاوەن تیۆریەکی سیاسی-فکری نەبووە نەیتوانیوە یەک گۆڕانی بنەڕەتی بهێنێتە کایەوە یاخود تەنانەت بیانبزوێنێ، بەڵکو ئەوەی تاکو ئێستا کردوویەتی تەنها کارکردن بووە لەسەر تەرحێکی سیاسی کە ئەو تەرحە پێشتر لە نێو کۆمەڵگەدا بوونی هەبووە و نوسین و گوتاریشی لەسەر دراوە. گەندەڵی ئەو تەرحە سیاسیە بووە کە گۆڕانی پێ نیشان کراوە و خەڵک لەو ئاراستەیەوە بە دوای کەوتوون. پێش گۆڕان چەندان کەس و وێبسایتی جۆراوجۆر فایلی گەندەڵی ئیداری و ماڵیان هەلماڵی لەوانە کوردستان پۆست. کاتێک ئەم تەرحە کەوتە نێو قەوارەیەکی سیاسیەوە و لە رووی کرداریەوە هیچی نەکرد و تەنانەت نەیتوانی رابەرایەتی ناڕەزایی خەڵک بکات لەسەر تەرحە سیاسیەکەی خۆی و بگرە خۆی بوو بە دایەنگایەک بۆ دروستکردنی گەندەڵکارانی نوێ و لاواندنەوەی کۆنەپەرستی لەو پەڕی میانروەیەوەوە تاکو ئەوپەڕی توندڕەوی.

گۆڕان ئەوەندەی گۆزارشتی بیرێکی بەرجەستەی کەسێک و تەیفێک بوو کە لە ئاکامی بێ ئومێدیدا دەستیان دایە ئەو کارە سیاسیە، ئەوەندە گوزارشتی لەو جوڵانەوە ناڕازیە نەکردووە کە خەڵک دەخوازن دۆخەکەیان بگۆڕن. لەوەش زیاتر، گۆران هێندە گورزێکی توندی لەو جولانەوە گۆڕانخوازیەداوە کە ئەستەمە بە زوویی هەڵسێتەوە. گۆڕان لە خودی چەمکی گؤران نەگەیشت لەوەی کە ئایا مەبەستێتی لە وڵاتدا چت بگۆڕێ لە کاتێکدا ئەوە روونە لە کوردستان هێز و پارە و تۆقاندن و کوشتن گەمە سیاسیەکان دەبەنەوە. کاتێک ئەم راستیە پشتگوێ دەخرێ ئەوە مانای ناسیاسی بوون و نەزانین لە چەمکی گۆڕانە لەو وڵاتەدا. تێنەگەیشتن لەوەی کۆمەڵگە لە چەندان کایەی دەسەڵات پێکهاتووە و گەندەڵی یەکیکە لە بەرئەنجامەکانی ئەو کایانە و دەسەڵاتی دامودەزگایی یەکێکە لەو دەسەلاتانە. رۆشنایی خستنەسەر ئەو بابەتانە واتە گەر گۆران وەک دەزگایەیکی رۆشنبیری و فکری-سیاسی بکەوتایەتە کار دەیتوانی خزمەت بە عەقڵی کوردی بکات و بیگەینیتە ئەو ئاستەی بتوانێ خێر و شەڕی خۆی لەیەک جیابکاتەوە.
ئەوەندەی من بزانم ئەمە دەبوو هەنگاوی سەرەکی بێ نەک کاری سیاسی-تەقلیدی کە قوڕی کرد بەسەە هەر پرۆژەیەکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی گۆڕانخوازیدا.
کاتێک تەماشای گۆڕان دەکەیت، هەموو سیما کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و کەلتوریەکانی تێدایە. ئەمە بە مانای بەهێزی یاخود کۆمەڵایەتی بوونی گۆڕان نایات بەڵکو بە مانای لاوازی و بێسەروبەرەیی سیاسی و فکری دێت. دیارە هەر قەوارەیەکی سایسیەکی تەمسیلی بزووتنەوەیکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دەکات نەک هی هەموو بزووتنەوەیکی کۆمەڵایەتی لە خۆبگرێت. لیرەد چەمکی خەڵک ناڵێم بەڵکو ئەو بزاوتە کۆمەڵایەتیانە دەڵێم کە هەر یەکە و قەوارەی سیاسی خۆی هەیە بگرە هەیان چەندان قەوارەی سیاسی هەیە وەک هەمەجۆرەیی حزبە ئیسلامیەکان. خڕبوونەوەی چەپێک کە جارانەکەی لەوپەڕيڕی بێ رێزی و کەم ئاستی کۆمەڵایەتیدا بوو، نیشتمانچیەک کە مانگێ پێش دروستبوونی گۆڕان دەیگوت فەخامەتی سەرۆک تاڵەبانی، لەگەڵ یەکگرتوویەکەک یان سەلەفیەک کە تاسەر ئێسقان باوەڕیان بە رەنگاڵەیی بکەلتورەکان و فرە سیاسی بوون نیە و راستوخۆ لە لایەن وڵاتانی ترەوە ئاراستە دەکرێن… هتد ئەم خڕبوونەوەیە جگە لە چێشتی مجێور لە هیچی تر ناچیت.

بەو پێیەی گۆڕان لە زادەی بیروکردەی کەسێکەوە بەرجەستە بوو لە جوڵانەوەیەکی سیاسیدا هەر ئەویش پایەی راگرتنەکەی بوو، جا لەگەڵ نەمانی ئەویشدا ئەو بەرجەستەییە نامێنێ و بگرە لەوەتەی کە دروستبوو بە ئەزمەوە لە دایکبوو هەر بە ئەزمەشەوە تاکو ئێستە ماوە و بەرەو قەیرانی قوڵتر دەڕوات. ئەو دەمەی گۆڕان بوو بە تابلۆیەک کە خەڵکی تەنها ئەوەیان تێدا دەبینی کە گۆران رزگاریان دەکات لەو گەندەڵی و بێ ئیدارییە کەچی گەندەڵکاری و بێ ئیدارەیی بەهێزتربوون؛ ئەو دەمەی گۆڕان پشتی لە خەڵکی نارازی کرد و گەنجان ولاتی خستە باوەشی نائومییەوە و ئەوانیش خۆیان دایە دەستی گۆڕانێکی تر کە بریتی بوو لە رۆیشتنی بە شەپۆل بۆ هەندەران؛ ئەو دەمەی تەنها پارتی و سەرۆکەکەی کران بە تەنها سەرچاوەی نەهامەتیەکانی وڵات و یەکیتی و مافیاکانی ناوی لە بیری خەڵک چوونەوە؛ ئەو دەمەی کاراکتەری فرەبڵێ و گرفانپڕکەر و هەوادارانی القاعیدە و جند الاسلام و … ئەو دەمەی….. ئەو دەمەی… بەڵێ هەر ئەو دەمە گۆڕان و ریكخەرەگشتیەکەی گۆڕان بە قەیرانێکی تر و بوون بە کۆڵێکی زیادەتر بەسەر شانی خەڵکەوە.

ئێستا کە رێخەری گشتی کۆچی دوایی کردووە و گۆڕەکەی کراوە بە مەزاری نەمرانێکی تر ئەوە پیشان دەدات کە گۆڕان چەندە بزووتنەوەیکی ئیستابڵەشمەنت و تەقلیدیەوە و چۆن لە بری هۆشیاری و سەربەخۆیی بوون و نەجاتدانی خەلک لە کەسپەرستی و کۆنەپەرستی، سۆزداری و پاشکۆیەتی و جەهل جێگەی گرتۆتەوە.
قسان زۆرماون بکرێن بەلام جارێ ئەو چەند سەرخەتە بەسە لیرەدا.




ئاورێک له شێعری «هه‌وایه‌کی نوێ»ی پۆل ئێلوار … زانکۆ یاری


پێشه‌کی و وه‌رگێڕان له فه‌ڕانسه‌وییه‌وه: زانکۆ یاری
کارناسی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی
…….

“پۆل ئێلوار” (۱۸۹٥-۱۹٥۲) نووسه‌ر و شاعێری ناوداری فه‌ڕه‌نسی، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی مام ناوە‌ندی له شاری “سه‌ن دێنی” له دایک ده‌بێ. خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له خوێندنگه‌ی Colebert ته‌واو کردوه. له ته‌مه‌نی پازده ساڵی‌دا به هۆی نه‌خوشییه‌ک واز له خوێندن دێنێ و بۆ ده‌رمان ڕوو ده‌کاته کوێستانه‌کانی سوویس و ساڵ و نیوێک له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. پاش چاره‌سه‌ر بوونی نه‌خۆشییه‌که‌ی ده‌گه‌‌ڕێته‌وه پاریس و هۆگری شێعر و ئه‌ده‌بیات ده‌بێ.

بو یه‌که‌مین جار چه‌ند کورته ‌شێعر له گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌و‌کاتی فه‌ڕه‌نسه‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه. له ۱۹۱٤ ده‌یبه‌نه سه‌ربازی و له به‌شی په‌رستاری‌دا دایده‌مه‌زرێنن. له ۱۹۱۷ یه‌که‌مین ده‌فته‌ری شێعری خۆی به‌ناوی “کۆمه‌ڵە شێعرێک بۆ ئاشتی” بڵاو ده‌کاتە‌وه. ئێلوار پاش کۆتایی شه‌ڕی دووه‌م، له‌گه‌ڵ “ئاندری بیرتۆن”، “لووییی ئاراگۆن” و “فیلیپ سۆپۆ”دا ئاشنا ده‌بێ و به‌شداریی ئه‌وان ڕاگه‌یه‌ندراوی شێعری سوورئالیستی فه‌ڕه‌نسه واژۆ ده‌کا و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی سووریالیسم داده‌مه‌زرێنن. له ۱۹۲٤دا پاش جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌که‌ی “گالا” که زه‌برێکی ڕووحی بوو بۆ ئه‌و، بێزار و وه‌ڕز و یاغی سه‌فه‌رێکی دوور و درێژ بۆ ده‌وری دنیا ده‌ست پێده‌کا. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌م سه‌فه‌ره ئه‌م چه‌ند به‌رهه‌مه بڵاو ده‌کاته‌وه: “مه‌رگ بۆ نه‌مردن”، “چاوه پڕ سه‌مه‌ره‌کان” و “پێته‌ختی غه‌م” که ئه‌م به‌ر‌هه‌مه له شاکاره هه‌ره مه‌زنه‌کانی ئێلوار دێته ئه‌ژمار. بۆیه هێندێ له ڕه‌خنه‌گه‌ران له‌مه‌ڕ ئه‌م کتێبه‌وه ده‌ڵێن: هه‌ر ئه‌م کتێبه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئێلوار بکه‌ینه نوێنه‌ری شێعری نوێی فه‌ره‌نسه.

ساڵی ۱۹٤۲له کاتی داگیرکردنی فه‌ڕه‌نسه‌دا ده‌چێته نێو حیزبی کۆمۆنیستی فه‌ره‌نسه و خه‌باتێکی شاراوه دژ به نازییه‌کانی ئه‌ڵمانی ده‌ست پێده‌کا. کۆمه‌ڵه‌ شێعری “شێعر و ڕاسته‌قینه” ۱۹٤۲،”شیاوی ژیان” ۱۹٤٤، “له جێژوانی ئه‌ڵمانی” ۱۹٤٤، له‌م که‌ش و هه‌وا پڕاوپڕ له بێ هێوایی و سامناکه‌دا خوڵقاون و له گرنگ‌ترین هه‌ڵبه‌سته سیاسییه‌کانی سه‌ر‌ده‌می خۆڕاگری فه‌ڕه‌نسه دێنه ئه‌ژمار. له ساڵی۱۹٤۸،پیکاسۆ و ئێلوار بۆ ئه‌ندامانی له کۆنگره‌ی جیهانیی ئاشتی له له‌هیستان بانگهێشت ده‌کرێن. هه‌ر له‌م ساڵه‌دایه شێعره سیاسییه‌کانی خۆی به پێشه‌کییه‌کی “لوویی ئاراگۆن”ه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه. “قۆقنووس” دوایین به‌ر‌هه‌می ئێلوار که له ساڵی ۱۹٥۲ و له کۆتاییه‌کانی ژیانی‌‌دا نووسراوه.

کاتی ئاشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئامێزی فه‌ڕه‌نسه، ئێلوار ئیدی واز له شێعری سیاسی دێنێ. به بۆچوونی ژان ڕۆسلۆ نووسه‌ری فه‌ر‌هه‌نگی شێعری هاوچه‌ر‌خی فه‌ڕه‌نسه، پۆل ئێلوار میناک یه‌کێک له نوێنه‌رانی سوورئالیسم، ئه‌و که‌سه‌یه که به‌رین‌ترین و کاریگه‌ر‌ترین ده‌وری له سه‌ر شاعێرانی به‌ره‌ی نوێ داناوه. بابه‌تی شێعر له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه، ده‌نگی ئێلوار ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌کانه. ئێلوار هه‌ر چه‌ند له‌و چه‌ند له‌و سلووک و عیرفانه باوه‌ی که له شێعری ئورووپایی‌دا بوونی هه‌یه به دووره و ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا دژ به “ماورائولتبعیه” ڕاده‌وه‌ستێ، به‌ڵام به ڕای هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسه وه‌کوو “بوودلێر” ۱۸٦۷،هه‌میشه بۆن و به‌ره‌مه‌یه‌کی مه‌زهه‌ب و ئایین له شێعره‌کانی‌دا هه‌ست پێده‌کرێ که ته‌نانه‌ت ئه‌م جۆره شێعرانه‌ی له‌گه‌ڵ هێندێ له ئایه‌ته‌کانی کتێبی پێرۆز (عهد عتیق) به‌روارد ده‌کرێن.
ئێلوار له هه‌ژده‌ی نۆڤامبری ۱۹٥۲له باڵه‌خانه‌ی خۆی‌دا به هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه ماڵاوایی له ژیان ده‌کا و له گۆڕستانی “پێرلاشز”ی پاریس به خاک ده‌سپێردرێ. شێعری ئێلوار به هۆی نێوه‌ڕۆکێکی مرۆڤ دۆستانه و پڕ له ئه‌وین و ده‌ر‌بڕینی هه‌سته قووڵە ئینسانییه‌کان کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی له سه‌ر هه‌موو چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا داناوه. ئه‌و هه‌موو کات لایه‌نگری چینی چه‌وساوه و ئازادیخوازێکی مرۆڤ په‌روه‌ر بووه. شێعری “ههوایه‌کی نوێ” که له هه‌لبه‌سته هه‌ره به‌ناو بانگه‌کانی ئه‌وه، له ساڵی ۱۹٤۱ له کاتی داگیرکردنی فه‌‌ره‌نسه به ده‌ستی ئه‌ڵمانییه‌کان نووسراوه. به قسه‌ی ئێلوار ئه‌م شێعره سه‌ره‌تا ته‌نیا شێعرێک بۆ شایی بووه و بۆ هێمن بوونی ڕووحی مرۆڤه‌کان نووسراوه، به‌ڵام دوایی‌دا دێته سه‌ر ئه‌م ڕاستییه که شێعر ناتوانێ ته‌نیا بۆ شتێکی ئاوهها بێ.

Air vif, poème de Paul Éluard
J’ai regardé devant moi…
Dans la foule je t’ai vue
Parmi les blés je t’ai vue
Sous un arbre je t’ai vue
Au bout de tous mes voyages
Au fond de tous mes tourments
Au tournant de tous les rires
Sortant de l’eau et du feu
L’été l’hiver je t’ai vue
Dans ma maison je t’ai vue
Entre mes bras je t’ai vue
Dans mes rêves je t’ai vue
Je ne te quitterai plus

“هه‌وایه‌کی نوێ”

خۆمم بینی…
له نێو جه‌ماوه‌ردا تۆم بینی
له نێو گەنم‌زاردا تۆم بینی
له ژێر (سێبەری) دارێک تۆم بینی
له کۆتایی هه‌موو سه‌فه‌ره‌کانم
له قووڵایی هه‌موو ئازاره‌کانم
له توێ توێی هه‌موو پێکه‌نینه‌کانمدا
که له ئاو و ئاگر سه‌‌ر ده‌ردێنێ
له هاوێن و زستان تۆم بینی
له خانووکه‌م‌دا تۆم بینی
له باوشی خۆمدا تۆم بینی
له خه‌و‌نه‌کانم تۆم بینی
ئێدی به‌جێت ‌ناهێڵم…

zanko.yari@yahoo.co.uk

(ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕی 10ی حه‌وته نامه‌ی سۆران، ژماره‌ی 364،ساڵی نۆ‌هه‌م/شه‌ممه 10ی پووشپه‌ڕی 2716،چاپ کراوه)




ده‌سه‌ڵات و ڕیفراندۆم … به‌ختیار محه‌مه‌د

ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێمه‌، گه‌لی كوردی (ته‌نانه‌ت هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیشی) له‌ ئاست ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا (ڕیفراندۆمدا) دووچاری شه‌رمه‌زاریی و خه‌جاڵه‌تی زۆر كردووه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئێمه‌ی له‌ ئاست هه‌موو شتێكدا (كه‌ پێوه‌ندییان به‌ داهاتووی سیاسی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌) بێ متمانه‌ كرد. له‌مه‌وه‌ من پێم سه‌یره‌ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ پاش (26) ساڵ له‌ نموونه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خراپی پڕ له‌ گه‌نده‌ڵیی و نادادپه‌روه‌ریی و حزبایه‌تی… ئێستا بێ داوا له‌و خه‌ڵكه‌ بكا، كه‌ ئه‌و به‌خۆی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك سته‌می لێكردوون‌، ده‌نگ بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌و بده‌ن!
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ (26) ساڵه‌ ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ی تێكشكاندووه‌، ئێستاش ده‌یه‌وێ بێ به‌ ئیراده‌یه‌كی حزبیانه‌ی ساخته‌ خه‌ڵك بۆ پرسی ڕیفراندۆم ڕابكێشێته‌وه‌… به‌نموونه‌ ده‌ڵێم: چۆن ده‌بێ منێكی بێلایه‌نی ناسوودمه‌ندی پاك له‌گه‌ڵ حزبییه‌كی هه‌لپه‌رستی سوودمه‌ند (ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆنه‌ به‌عسی و جاشیش نه‌بووبێ)، پێكه‌وه‌ بچین ده‌نگ به‌ ڕیفراندۆمێك بده‌ین، كه‌ دواجار – ده‌زانم – ناز و نیعمه‌ت و خۆشی و سووده‌كه‌ی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌؟
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌رپرس و قسه‌كه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ران دێن لێره‌ و له‌وێ، به‌ هێمنی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ده‌كه‌ن و موخاته‌به‌ی هه‌ستی برینداری پڕ له‌ نائومێدیی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ به‌ به‌شێك له‌ خۆیان ده‌زانن و كوردستانیش به به‌شێك له‌‌ خاكی عێراق، خاكی یه‌ك نیشتمان ده‌زانن…
ڕاستییه‌كه‌ی ڕیفراندۆم به‌ر له‌هه‌ر شتێك بریتییه‌ له‌ چاكسازی. واته‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌بێ ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی بكرێ (تا متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌)؛ ئه‌وسا ده‌كرێ هه‌نگاوی ئومێدبه‌خش بۆ ڕیفراندۆمیش بهاوێژرێ.
ئێمه‌ له‌خۆمان ده‌پرسین: ئاخۆ ڕه‌وشه‌كه‌ چه‌ند جیاواز ده‌بوو، ئه‌گه‌ر ئێستا بهاتبا له‌بری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ حزبییه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتمانپه‌روه‌ری دیموكرات هه‌بوایه‌؟ ئه‌وسا هه‌ڵوه‌ستی خه‌ڵك له‌ ئاست پرسێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی وه‌ك ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی چه‌ند پڕ له‌ جۆش و خرۆش و گه‌رم و گوڕتر ده‌بوو!
گه‌لۆ، ده‌با دیسان له‌ خۆمان بپرسین: جگه‌ له‌ خۆفرۆش نه‌بێ، كێ هه‌یه، كه‌ بڕوای به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی دیموكراتی كوردستان نه‌بێ، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵكاران و سته‌مكاران لێگه‌ڕێن؟

به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش و له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا نابێ بهێڵین، كه‌ داگیركه‌ران ناكۆكی ناوخۆمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و مه‌رامی گڵاوی سیاسی خۆیان، دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ئازادییه‌كانمان‌ (ئه‌م نیمچه‌ كیانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌) بقۆزنه‌وه‌.
بێ گومان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێمه‌ هه‌رچه‌ند خراپ بێ (كه‌ بێ گومان ده‌سه‌ڵاتێكی خراپه‌)، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌كو نموونه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵاته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان خراپ نابێ. ده‌بێ بزانین، ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌ر گه‌لێك ماڵ حیسابه‌، ئینجا ئه‌م ماڵه‌ باش بێ یان خراپ؛ به‌ڵام بێ گومان ئێمه‌ ماڵێكی باشمان ده‌وێ، نه‌ك ماڵێكی خراپ، كه‌ له‌وانه‌یه‌ سبه‌ینێ به‌سه‌رماندا بڕووخێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




هەڵمەتی نیشتمانی بۆ داکۆکی لە خانەننشینان


یاداشتنامە
بۆ بەرێزان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان

خانەنشینان ئەو کەسانەن تەمەنى لاوێتى خۆیان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگاکەیان بەخشى، کەچى ئەمرۆ بەهۆى سیاسەتى ئابورى حکومەت و پێنەدانى موچەکانیان لە کاتى خۆى و دابەزینى ئاستى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وبیمە کۆمەڵایەتییەکان، رووبەرووى پەراوێزخستن و برسیەتى ونادڵنیایى کۆمەڵایەتى دەبنەوە،.لە کاتێکدا ئەوان لە هەمووکەس زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزارى تەندروستى و دڵنیایى کۆمەڵایەتى هەیە .
ئێمەى خانەنشینان و سەرجەم هاوڵاتیان لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە مافی خانەنیشینان داواکارین:
1. دابەشکردنى مووچەى سەرجەم موچەخۆران ،خانەنشینان بەتایبەت لەکاتى خۆى وهەڵوەشاندنەوەى پاشەکەوتى ئیجبارى وگەرانەوەى سەرجەم مووچە نەدراوەکان .
2. بۆ پاراستنى شکۆیان ، بەمیکانیزمێکی گونجاو و هاوچەرخ موچەکانیان پێ بدرێ نەک لەبەردەم بانکەکاندا بەسەرمای زستان و گەرمای هاوین چەند کاتژمێر بوەستێنرێن .
3. زەمانەتکردنى سندوقى خانەنشیانى لە کەرتى تایبەت و گشتى بۆ بەرژەوەندى چین وتوێژەکان .

بۆ پشتیوانیکردن لەم هەڵمەتە کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکەن ….

هەڵمەتی نیشتمانی بۆ داکۆکی لە خانەننشینان




نامه‌یه‌ك بۆ خوا … چنوور نامیق

نامه‌یه‌ك بۆ خوا ئه‌نووسم
ئه‌ڵێم گه‌وره‌م
چۆن بتوانم ئازادی به‌ده‌ست بهێنم؟
دوو فریشته‌ی به‌رگ سپی به‌ سێو ژیانم ئه‌شكێنن….
خوا به‌ نیگا گله‌یی بارانم ئه‌كا و بێده‌نگ ئه‌بێ‌
بێده‌نگتر له‌ هه‌موو جارێ‌
یه‌كێك له‌وێ‌ له‌ پرسگه‌ی به‌هه‌شت دانیشتووه‌
لای خۆمانیش وا بزانم له‌ وه‌زاره‌تی پاره‌كان بوو
له‌سه‌ر سینی زیوینی مه‌رگ پێكێك هه‌نگوێنی ژه‌هرینم له‌ بۆ دێنێ‌
ئه‌مجاره‌یان فریشته‌كان به‌ لیمۆی عه‌شق ره‌جمم ئه‌كه‌ن…
ده‌مم بۆنی سێو ئه‌دات و ره‌نگم تاڵی لیمۆ ئه‌گرێ‌
خوا به‌ ئاماژه‌یه‌كی سارد ئه‌ڵێ‌
بێده‌نگ به‌ ئێستا تۆ حۆرییه‌كی ده‌سبه‌سه‌ری……
دوو فریشته‌ له‌ چه‌شنی پیاوه‌ جیاوازه‌كانی لای خۆمان
له‌سه‌ر مان و نه‌مانم به‌شه‌ڕ دێن
ئه‌وان به‌ خه‌نجه‌ری هابیل و قابیل شه‌ڕ ئه‌كه‌ن
پرشێ‌ خوێنی ناته‌بایی به‌ر یه‌خه‌ی سپی كراسه‌كه‌م ئه‌كه‌وێ‌
خه‌نجه‌رێك سینگم ئه‌پێكێ‌
خوا سه‌یرێكی رووم ئه‌كات و
مشتێ‌ به‌زه‌یی و مه‌راقم پێدا ئه‌كا
خزمه‌ دووره‌كانی قابیل
ده‌ستێكم رائه‌كێشن
و خزمه‌ نزیكه‌كانی هابیلیش
ده‌سته‌كه‌ی دیم….
ناوبژیوانێكی تریش
چه‌پكێ‌ قژم ئه‌با بۆ خۆی
له‌م هه‌راو شه‌ڕی حیرمانه‌ ئه‌كه‌ومه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی
بێ ده‌ستو پێ
له‌ ده‌واری كچه‌ ده‌ربه‌ده‌ره‌كه‌ی به‌هه‌شت ئۆقره‌ ئه‌گرم .

8-5-2017




بۆرژوازی گۆڕ هەڵکەنی خۆیەتی …. سەردار عەبدوڵا حەمە

من ئەوەم لێ مەعلومە کە ریفراندۆمەکەی پارتی ویەکێتی وبارزانی ئەنجامی قەیرانێکە رووی تیێکردوون و دەیانەوێ لەو قەیرانە بێنە دەرەوە و ڕزگاریان بێت بەڵام دەسەڵاتی بۆرژوازی دەسەلاتێکە خودی قەیرانەکانی دەبنە هۆی لە ناو بردنی ، قەیران بۆ نیزامی سەرمایەداری وەک کوشندە ترین نەخۆشیە تا لە ناوی نەبات واز ناهێنێ تا ئەوەندە ئەتوانێ بژی کە قەیرانەکان بە سەر خەڵکدا بشکێنیتەوە وبەڵام تا سەر ناتوانێ ئەمە بکا سەرەنجام قەیرانەکان دەبنە هۆی تەفروتونا کردنی . زۆر جار بۆ رووبەروونەوەی قەیرانەکانی ، بورژوازی دەست بۆ کارێک دەبات کە بۆ خەڵکی باشترە تا بۆ خۆی یەکێ لەوانە ڕیفراندۆمە واتە گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی یان فراوان کردنی ئازادی سیاسی وبیرو ڕا کە خەڵک زیاتر ئەتوانن هێزو توانای خۆن بێبنە مەیدان بۆ داەسەپاندنی خواستی زیاتر.

خواستی ریفراندۆم پێش ئەوەی خواستی حزبێک یا بنەماڵەیەک بێت خواستی خەڵکی ستەم دیدەیە خواستێکە وەک خواستەکانی نەمانی بێکاری وگرانی وهەژاری وئازادی سیاسی و بیرورا و پێدانی مووچە،،هتد خواستێکە وەک داوا کردنی ئاووکارەبا ،،هتد ، وا فەرز بکەین دەسەڵات چووە ژێر باری دابین کردنی کارەبا بە نمونە دەکرێ بڵیم نامەوێ چونکە ئەو دەسەڵاتە دەیدا ،مەنتیق نیە چونکە خەڵک هەتا خواستێکی زووتر بێتە دی هاوسەنگی ئەو لەمملانێکەیدا لەگەڵ دەسەڵات باشتر دەکات بە قازانجیەتی خەلک ئەگەر کارەبای هەبێت ئیتر بیر لە باشتر کردنی شتی تری دەکاتەوە خەڵکی هەتا مووچەی هەبێ بیر لە شتی باشتر دەکاتەوە بۆ ریفراندۆمیش هەروایە دەکرێ بڵێم ئەو دەسەڵاتە دەیکات کە نەفرەت لێ کراوە لە لایەن خەلکەوە مەنتیق نیە بڵیم نامەوێ ، ئەگەر ریفراندۆم بکرێ خەڵک سەربەخۆی بێت ئێتر موشکیلەیەکیان لە کۆڵ دەبیتەوە ترسی ئەوەیان نامیـنێ جارێکی تر ئەنفال بکرێ وکیمیا باران بکرێ ورۆلەکانی ئیعدام بکری ترسی لەشکرکیشی حکومەتی مەرکەزیان نابێت ئەنجا ترسی ئەوەیان نامێنێ دسەڵاتدارانی کوردیش بکەونە مفاوەزات و سات وسەودا بکەن بە مەسەلەی ستەمی میللیەوە . ئەو موشکیلەیە هەتا زووتر حەل ببێت باشترە .

وا دابنین بارزانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ناوێ بەڵکو بۆ قازانجی خۆیەتی پێگەی خۆی پێ بە هێز دەکا واتە نیوەی خواستەکەی خەڵکی بەجێ هیناوە کە سەربەخۆی خواستی خەڵکیە لەم ریفراندۆمە خواستێک ئەگەر نیوەشی بەجێ بێت باشترە لە سفر بەڵام ئەوکات خەلک دەتوانن بەرۆکی بارزانی بگرن بۆ نیوەکەی تریش تا سەربەخۆیی بە سەردا فەرز دەکەن ئەم ململانی ی نێوان خەلک و دەسەڵات ڕا ناوەەستێ بەردەوام درێژەی دەبێت . دیارە من پێم باشەریفراندۆمی کوردستان بە هاوبەشی هەموو حیزبەکانی ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت واتە (لایەنەکانی دەسەڵات و لایەنەکانی ئۆپۆ زسیۆنیش) چونکە هەر شتتیک ببێتە هۆی سەرنەخستنی ڕیفراندۆم و ڕاپرسی لە زیانی خەڵک تەواو دەبێت ئەگەر لەو مەنتییقەوە چاو لە ڕیفراندۆم بکەین کە گرفتێکی سەرەکی خەڵکی کوردستان چارەسەر دەێیت و یەکێ لە خواستە گرنگ ومێژوویەکانی ئەم خەلکە جێ بە جێ دەکرێ ، بۆیە پێم وایە هەردوو لای دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنیش ئەو مەنتیقە نابینن بۆیە گرفت لە بەردەمیا دروست دەکەن بە هەردوکاینەوە. .

خواستی رەیفراندۆم دوو سیفەتی باشی هەیە یەکەمیان ئەوەیە لە کاتی جیابونەوە کۆمەڵێ گرفتی خەڵکەکە ی چارەسەر دەکات وەک نەمانی هەرجۆرە ستەمێکی میللی دوەمیان دەوڵەتی مەرکەزی لە ترسی جیابوونەوە مافی زیاتر دەدەات بە خەڵکەکەی تا ئاستی مافی یەکسان لەگەل خەڵکەکەی بن دەستی خۆی کە ئەمە وادەکا چەند جاریش ناسیونالیزمی نەتەوەی بن دەست داوای ریفراندۆمیش بکات دەنگی پیویست نەهێنێ بۆ جیابونەوە، لە بەر ئەوەی خەڵککەی هەست بە دەرەجە دووی ناکا کە ئەمەش جۆرە حەلێکی باشە واتە پێکەوە ژیان بە یەکسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان . کوبێک لە کەنەدا هەرێمێکی فەرەنسی نشینە حیزبێکی ناسیونالیستی گەورەی هەیە هەر جارە ناجارە ئەم حیزبە داوای ریفراندۆم ئەکا بۆ جیا بوونەوە بەڵام دەنگی پێویست ناهێنێ چونکە حکومەتی کەنەدا بە یەک چاو سەیری خەڵکی ئەم هەرێمە دەکا لە هەموو بارێکەوە مافی یەکسانی یان هەیە لە گەڵ سەرجەم خەڵکی هەرێمەکانی تری کەنەدا کەوایە ستەمێک نابینرێ ئیتر خەڵککەی بۆ جیابونەوەی بوێ ؟. جا لێرەدا ئەمەوێ ئەوە بڵیم جیابوونە وە زۆر جار باش نیە بەڵام دەکرێ بە هۆی ئەم فشارەوە دەوڵەتی مەرکە زی مافی زیاتر بدات وئەوکاتە جیابونەوەکە ڕوونادات . بەڵام بۆ عێراق کە بە وولاتیکی عەرەبی خۆی ناساندووە سەد ساڵە نەیتوانیوە خواستی خەڵکی کوردستان جێ بە جی بکات کە مافی یەکسان بوونیانە لە گەل سەرجەم هاوڵاتیانیدا جیابوونەوە باشترە لێی واتە گرفتی خەڵکی کوردستان بە دەوڵەتی سەربەخۆ چارەسەر دەێیت.

یەکی تر لە باشیەکانی ریفراندۆم ئەوەیە ئەگەر خەلک رەئی بدات بە جیا بووبنەوە و دەولەەتی سەربەخۆ بەڕە لە ژێر پێی ناسیونالیزمیش دەر ئەکێشرێ ئیتر بۆ جواب بەنارەزایەتیەکانی خەلک ناڵێت خەتای دەوڵەتی مەرکەزیە خەڵکی ڕاستەوخۆ یەخەی خۆیان دەگرن بۆ داخوازیەکانیان ، ئەگەر بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵک بە ‌‌هێز بێت ویەکگرتوو بێت زۆر ئاسانتر دەتوانێ ئەو دەسەلاتە خۆجێ یەی بورژوازی لا بدەن و دەسەڵاتی خۆیان دامەزرێنێنن ، هەموو ١٧ شوبات و نارەزایەتیەکانی تری کوردستانمان لە بیرە کە چەندە بە هێز بوو هیچی کەمتر نەبوو لەو ناڕەزاتیانەی لە میسروتونس ولیبیا ویەمەن کرا کە بووە هۆی لە ناوبردنی دەسەلاتەکانیان کە لە کوردستانیش بۆ ڕووخانی ئەم دەسەلاتە خەلکی هاتنە سەر جادە بەلام خەلک نەیدەزانی بلی کێ برووخێ شتێک بە ناوی حکومەتەوە نەبوو وەک ئەو دەوڵەتانەی تر ،بۆیە ئەوە هۆیەکی سەرەکی سەرنەکەوتنی ئەو ڕاپەرینانەی خەڵکی کوردستان بوو.
کە دەولەتی سەربەخۆی کوردستان دامەزرێ و خەڵکی کرێکار وزەحمەتکیش دەتوانن بە هێزی یەکگرتوویی خۆیان وبە ئیرادەی خۆیان دەسەلاتی خۆیان بسەپێنن بە سەر بورژوازیدا نەک تەنها دەوڵەتێکی سکۆلار بەڵکو سۆشیالیزمیش دامەزرێنن بۆیە ریفراندۆم ودەوڵەتی سەربەخۆ لە قازنجی ئەم چینەیە . بۆرژوازی کوردی بەم هەنگاوەی دەتوانێ ئەم چینە نزیک بکاتەوە لەم ئامانجەی ،راستە دە ڵین “بۆرژوازی گۆڕ هەلکەنی خۆیەتی” لەم مەنتیقە وەیە پشتگیری ریفراندۆم دەکەم.


سەردار عەبدوڵا حەمە
٢جولای ٢٠١٧




گۆڕان و سه‌ركرده‌ …. به‌ختیار محه‌مه‌د

گۆڕانیش بووه‌ سه‌ركرده‌په‌رست: ئه‌و كه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ حزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانی وه‌ك پارتی و یه‌كیه‌تی ده‌گرت، هه‌مان شتی (هه‌مان تقووسی سه‌ركرده‌په‌رستی ئه‌وانی) دووباره‌ كرده‌وه‌؛ به‌ڵام به‌ جیاوازییه‌ك: كه‌ ئه‌مه‌ له‌پاش مه‌رگدا ڕووی دا.

زۆرجار گۆڕانه‌كان (به‌رله‌ مه‌رگی كاك نه‌وشێروان) ده‌یانگوت (ئه‌م گوتاره‌ زاڵ بوو) غیابی كاك نه‌وشێروان هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ویست و ئه‌دای حزبییمان نابێ، به‌ڵام ده‌رچوو، كه‌ ئه‌مه‌ وا نییه‌ (من پێشتریش ڕام وا بووه، كه‌ سه‌ركرده‌ كاریزماكان له‌ جیهانی ئێمه‌دا ڕۆڵی زۆریان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كاندا هه‌یه‌؛ به‌ تایبه‌تیش له‌سه‌ر سیستمی كاركردنی ئه‌و حزب و ڕێكخراوه‌ی، كه‌ سه‌ربه‌ سه‌ركرده‌ی كۆچكردووه‌.
هه‌ر ئه‌م هه‌موو خه‌ریك بوونه‌ تقووسییه‌ی مانگ و شتێكه‌ به‌ مه‌رگی كاك نه‌وشێروانه‌وه‌، به‌ڵگه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێمه‌یه‌: گۆڕان نزیكه‌ی مانگ و نیوێكه،‌ بێجگه‌ له‌ ڕووداوی ((ئه‌فسانه‌یی؟)) مه‌رگی سه‌ركرده‌كه‌یان‌ باسی هیچ شتێكی دیكه‌ ناكه‌ن: هه‌موو ڕووداوه‌كان بوونه‌ته‌ په‌راوێزی ئه‌م ڕووداوه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ له‌ كوردستاندا. ئایا ئه‌مه‌ تقووسی سه‌ركرده‌په‌رستیی نییه‌؟ تۆ بڵێی حاڵه‌تی خۆشه‌ویستی شه‌به‌قیانه‌ بۆ كه‌سایه‌تییه‌ك، دۆخی زه‌ینی و ده‌روونی په‌رستن دروست بكا؟ هه‌ندێك له‌ هاووڵاتییان، كه‌ له‌یادی مه‌رگی كاك نه‌وشێرواندا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا، باسی سه‌ركرده‌ی پیرۆز و گۆڕی پیرۆز و خاك و مه‌رگی پیرۆزی كاك نه‌وشێروانیان ده‌كرد.
هه‌ندێك ده‌یانگوت به‌قوربانی خاكی گۆڕه‌كه‌ی ده‌بین؛ هه‌ندێكیش ده‌گریان: شۆك به‌ ڕوخساری هه‌مووانه‌وه‌ دیار بوو: شۆكی مه‌رگی كه‌سێكی پیرۆز، شۆكی مه‌رگێكی مه‌سیحانه‌.
ڕاستییه‌كه‌شی ئه‌‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێك جار بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو پێغه‌مبه‌رێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگی سه‌ركرده‌كه‌یدا ده‌كا؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌، كه‌‌ كاك نه‌وشێروان له‌ ژیانی سیاسی خۆیدا دژی ئه‌م حاڵه‌تی په‌رستنییه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌دی بۆ ئێستا لایه‌نگرانی وا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌یپه‌رستن؟ ئایا ئه‌وان كه‌ گۆڕانن، ته‌نها له‌به‌ر نه‌وشێروان گۆڕان بوون – ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وابێ، ئه‌وه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌م بزووتنه‌ویه‌ هه‌یه -، یانیش له‌به‌ر گۆڕان گۆڕانن، كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ و ده‌یه‌وێ ڕیفۆرم و گۆڕانكاریی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌دی بهێنێ؟‌).

ئێمه‌ هیوادارین، كه‌ قۆناغی ‌دوای دامركاندنه‌وه‌ی جۆش و خرۆشی ده‌روونیی دوای چله‌ی ماته‌مینی كاك نه‌وشێروان، نه‌بێته‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی و جۆرێك له‌ ساردی و له‌ سستی له‌ كاری ره‌خنه‌گرانه‌ی بوێرانه‌ی (تا ئێستای) ئۆپۆزۆسیۆنبوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌رده‌وام به‌ڵێنی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن)؛ هیوادارین وا نه‌بێ، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و هه‌ر حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك ئۆپۆزۆسیۆنی نه‌بوو و تێدا نه‌بوو، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی مردووه‌ و ده‌بێته‌ لانه‌ی ترووكانی هه‌زاران گه‌رای تیمساحی دیكتاتۆریه‌تی! ئه‌وسا چۆن بتوانین خۆمان له‌ هێرشی هه‌زاران تیمساحی برسی دیكتاتۆرایه‌تی بپارێزین؟

له‌ ئاكامیشدا ده‌ڵێین: ئایا نه‌وشێروان نموونه‌ی هێمای كه‌سێكی ڕزگاركه‌ره‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ناو نائومێدیی و نادادپه‌روه‌ریی و ڕه‌شبینیی و گه‌نده‌ڵییدا نقووم بوونه‌؟ بۆیه‌ش به‌ڕاده‌ی په‌رستن (له‌ كاتی مه‌رگیدا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ) خۆشیان ده‌وێ و وه‌ك مه‌سیحێك لێی ده‌ڕوانن؟ (ده‌بێ بزانین ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ ته‌نها خۆشه‌ویستییه‌كی حزبیی نییه‌، به‌ڵكو خۆشه‌ویستییه‌كی جه‌ماوه‌رییشه‌. واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش خه‌ڵك ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌یان خۆشده‌ویست.
له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانیش هه‌موومان {له ‌نه‌وه‌ی ئێمه} له‌بیرمانه‌، كه‌ ته‌رمی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ كوردستان هێنرایه‌وه‌، هه‌مان كه‌رنه‌ڤاڵی خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر دروست بوو: كه‌رنه‌ڤاڵی خۆڕسكی جه‌ماوه‌ری گه‌ل، نه‌ك هی دروستكراوی حزب. ڕۆژگارێك بارزانی مه‌سیحی ڕزگاركه‌ری گه‌لی كورد بوو له‌ باشووری كوردستان؛ ئێستاش هه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌عی گه‌وره‌ی ڕه‌مزیی پارتییه‌).

به‌هه‌رحاڵ ئایا مه‌رگی نه‌وشێروانیش ده‌بێته‌ مه‌رجه‌ع (مه‌رجه‌عێكی گه‌وره‌ی ڕه‌مزیی) بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌رده‌وامیی و هێز و یه‌كگرتوویی خۆی بپارێزێ؟ دیاره‌ ئه‌مه‌ داهاتوو پێمانی ده‌ڵێ…

***

من كه‌ كاك نه‌وشیروان كۆچی دوایی كرد، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ئه‌مه‌م له‌ په‌یگی فه‌یسبووكی خۆمدا نووسی:
((هه‌موو پیاوێكی سیاسی مه‌زن به‌وه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ دز و گه‌نده‌ڵ نه‌بووبێ؛ به‌ڕێز نه‌وشێروان – یش یه‌كێك بوو له‌م سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌.
به‌ڵێ ئه‌و له‌ ڕابردوودا هه‌ڵه‌ی (تاوانی) كردووه‌، به‌ڵام دانی به‌م تاوان و هه‌ڵانه‌یدا ناوه‌؛ واته‌ په‌شیمانه‌ لێیان.
ئه‌و له‌ لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هیچ ئیمتیازێكی ماددی نه‌ویست، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌یی ئه‌م پیاوه‌یه‌.
نیگه‌رانم بۆ كۆچی دوایی به‌ڕێزت، چونكه‌ دژی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران ده‌جه‌نگای…
من هه‌رگیز گۆڕان نیم، ڕۆشنبیرێكی بێ لایه‌نم، به‌ڵام هاوسۆزتم ئه‌ی سه‌ركرده‌ی ماندوونه‌ناسی گه‌لێكی به‌شمه‌ینه‌تی خێر له‌خۆ نه‌دیو!)).

به‌ختیار محه‌مه‌د




کورسیڕاندۆم … پشکۆ ناکام

…شکست و هەنگاوە فاشیلەکانی دەستەڵاتی کوردی و بەناو حکومەتەکەی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەڵەکە ئەبێت و وا بڕوات بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ئەبێت چەن “سایلۆ” یەک بۆ هەڵگرتنی قەیرانەکان دروست بکەن، لە گەرمەی ڕوو بەڕوو کردنەوەی بەرپرسیارێتی فەشەلەکان بەرامبەر بە دەستەڵات، تازە بەتازە ئەیەوێت مۆدێلێکی تری خۆڵ کردنە چاو بهێننە کایەوە بۆ داپۆشینی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان لە دروست کردنی قەیرانەکان کە ئەو خۆڵەش ریفراندۆمە،،گوایە بنەماڵە و دەستەڵاتەکەی ئەوەنە دیموکراسین بۆ پرس کردن ئەگەڕێنەوە بۆ خەڵک! ئەم پرسە گورگانەیە عەرەب واتەنی “سابق لاوانه..” گەر بنەماڵە و حکومەتەکەی ڕێز لە ڕای خەڵک ئەگرن خەڵکی هەرێم جارێک بڕیاری خۆی بە”بەڵێ” یاوە، ئەی بۆ کار بە سەرئەنجامی ئەو ریفراندۆمە ناکرێ؟ یان ئەم ماستە گوریسێکی تیایە….!گەر سەرۆکی بنەماڵە ڕێز لە ڕای شەقام ئەگرێت، بۆ ڕێزی لە ڕای خەڵک نەگرت کاتێک لەسەر و بەندی 17/ی شوبات زیاتر لە سەدو پەنجا هەزار ئیمزا لە دوو سەعاتا کۆکرایەوە بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی خەڵک لە دروشمی نا بۆ دەستەڵاتی بنەماڵە و سەرۆکەکەی…..

بنەماڵە ئەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی کێوە ؟..ئەو خوڵکەی بەناوی شۆڕشەوە ! چواردە ساڵ قوربانیان پێ یا و دوایی دەرکەوت بزوتنەوەکە لە ژێرەوە بە ” مقاوەلە” درا بوو بە شای ئێران و ئەویش کەی ویستی ووتی ” تەواو” ئەوانیش ووتیان بەڵێ” کاری ئێمە تەواو بوو” و هەموو قوربانارەت بە رابرددی و خوێن و زەحمەتی ئەو خەڵکەیان گۆڕییەوە بە دۆلاری جانتاکانیان و خۆیان گەیانە ئەودیو سنور،، ئێستاش ئەیانەوێ بەناوی ڕیفراندۆمەوە سەرلەنوێ هەرێم تووشی نەهامەتیەکی گەورە بکەن، ئاخر ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانیە ، بنەماڵەش بەو ڕابردوەی هەیەتی هەر لە ئاشبەتاڵ و قیادە مەوقوتە و 31/ی ئاب و….و…هتد..ناسنامەی بنەماڵە و حیزبێکی نیشتمان پەروەری نیە و پرسی ریفڕاندۆم خەڵکی خۆی هەیە نەک ئەوان..ریفراندۆم بە دەنگی خەڵک ئەکرێت ، ڕای خەڵکیش پارلەمانە، بنەماڵەش پارلەمانی پەکخستوە،کەواتە ئیدیعاکردنی ریفراندۆم و پەکخستنی پارلەمان دوو هەنگاوی دژ بەیەکن…هەر کە پارلەمان جورئەتی کرد و باسی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کرد ئیتر کێچ چوە کەوڵی بنەماڵە و نەیتوانی چیتر لە ژێر پەچەی دیموکراسیا خۆی بشارێتەوە و کودەتای لەسەر کرد… بنەماڵە لە بزوتنەوەی ئەیلول داوای لە خەڵک کرد بۆ سەربەخۆیی”ئۆتۆنۆمی..!” بەرگری بکەن و قوربانی بەن(بێ ئەوەی خۆیان بگرێتەوە.. ) ، سەرئەنجامەکەی ئاش بەتاڵ بوو، ئێستاش هەر هەمان بنەماڵە ئەڵێت بۆ ریفڕاندۆم خۆتان برسی بکەن !! وەک ئەوەی ئێستا خەڵک زۆر لە های لایف یا بژی..بەرهەمی چواردە ساڵ قوربانی بە چی گەیشت برسی کردنی خەڵکیش بەناوی ریفراندۆمەوە هەر هەمان بەرهەمی ئەبێت..جیاوازییەکەی ئەوەیە کە لە ئاشبەتاڵی یەکاما خۆیان کرد بە ئێرانا و لە ئاشبەتاڵی ریفڕاندۆما خۆیان ئەکەن بە تورکیا یا…کەسیش نازانێت گەرەنتی بەجێ گەیاننی ئەم بەناو ڕیفراندۆمە چۆن و چەنە..بنەماڵە و پارتی پاشکۆی چۆن ئەتوانێت باس لە سەربەخۆیی دوای ریفراندۆم بکات کە خۆی دەستەڵاتێکی سەربەخۆ نیە، تۆ جارێ بێ زەحمەت ئەو چەن بنکە و معەسکەرە (قارداش) نشینانە بکەرەوە بەودیوا تا بزانین ئەتەوێت سەربەخۆ بیت،ئەنجا بۆ باس کردنی ریفڕاندۆم خوا کەریمە..” تۆ بڵێیت ئەو هەموو قارداشانە بۆ ئەوە لە هەرێمن تا دەنگ بە ریفڕاندۆم بەن..!” ..هیچ کەس و لایەک ناتوانێت باسی سەربەخۆیی بکات گەر خۆی سەربەخۆ نەبێت، لەبەر ئەوە هەقە پارتیی پاشکۆی بنەماڵە کە باسی سەربەخۆیی کرا بۆ خۆی فیکە لێبا و خۆی مەشغوڵ بکات چونکە شمولی ئەو ناکات……
ئەم بنەماڵەیە ئەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت کە سەبارەت بە رابردووەکەی، کۆمەڵانی خەڵک گومانیان لە هەر هەموو جوڵەیەکی خۆی و پارتە پاشکۆکەی هەیە، گەر وانەبێت و خەڵک ئەم هەنگاوی ریفڕاندۆمە بە ” علوج” نەزانێت چۆن ئەو هەموو خەڵکەی سلێمانی وگەرمیان و کەرکوک و هەڵەبجە ..و ناوچەکانی تر بە ئاشکرا لە ئێستاوە ئەڵێن” نەخێر” بۆ ریفراندۆمەکەی بنەماڵە، تۆ بڵێی ئەو هەموو خەڵکە خائین و جاشی “مالک”بن، یان ئەوەیە خەڵکەکە باش لە رابردوو و مەرامی ئێستای موبتەکیرانی هەنگاوی ریفراندۆم تێ ئەگەن ،ئەو خورمایەی بنەماڵە ئەیخوات، دەنکەکەی وا لە گیرفانی کۆمەڵانی خەڵکا، ئەو خەڵکەی خوا بنەماڵە بگرێت جارێک ئاشبەتاڵی پێ کرا، بەڵام ئەگەر ئەمجارە ئاشبەتاڵی پێ بکرێت، خوا خۆی بگرێت….خەڵک لە نەفامییەوە دژی ئەم تاکتیکەی ریفراندۆم نیە، کە سەرۆکی بنەماڵە ئەڵێت ئەو لە ژێر ئاڵای کوردستانا لە دایک بوە ، ئەی هەر هەمان ئاڵا لەسەر بینایەی پارلەمانی کوردستان نەبوو کە دەبابەی بەعسی هێنایە سەرو و بە تۆپخانەی بەعس هێرشی کردە سەر!! هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە رابردووی خۆی لەبیر بەرێتەوە کە ئەوەش زەحمەتە، بەڵام ناتوانێت ئەو رابردووە لە بیر خەڵک بباتەوە،، جا ئەوە رابردووەکە خۆ ئێستاکەتان
لەوەی دوێنێتان پاکتر نیە….خەڵکیش چاک لە وە تێگەیشتوە و کاغەزی سپی ئەخوێنێتەوە بۆیە بڕیاری .”نەخێر”ی خۆی بۆ هەنگاوی گوماناوی ڕیفڕاندۆم هەڵبژاردوە و نایەوێت جارێکی تر بەدەستی خۆی چاڵ بۆ خۆی هەڵکەنێت….وهەر لەم سیاقەشا
کاتێک کۆمەڵانی خەڵک کورسییەکەی سەرۆکی بنەماڵە و هەنگاوی ریفراندۆم ئەبەستن بە یەکەوە وەک توانجێک ناویان ناوە ” کورسیڕاندۆم” …………………………………..




فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە فیستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان نمایشکرا … مەنسوور جیهانی

ـ کورتە فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە دەرهێنانی “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” لە فیستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان نمایشکرا.
کورتە فیلمی کوردیی “سکوت” واتە “بێدەنگ” The Silence لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیا “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” بەرهەمی وڵاتانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا کاتژمێر 8:30 شەوی دووشەمە لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای نێودەوڵەتی” لە میانەی 30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە سینەما “نقش جهان” لە شاری ئیسفەهان نمایشکرا.
ئەم کورتە فیلمە چیرۆکی کچێکی کورد و دایکی پەنابەریی لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە سەردانی دکتۆر دەکەن بەڵام کچەکە بە جیاتی ئەوەی کە قسەکانی دکتۆرەکەی بۆ وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بێدەنگ دەبێت.
“بێدەنگ” کە بۆ یەکەمین جار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێودەوڵەتی شەست و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان لە وڵاتی فەڕەنسا و هەروەها کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جیهانی نمایشکراوە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێناوە لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا.
ئە فیلمە کوردییە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی” بە ناونیشانی “سینەمای سەعادەت” لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران نمایشکرا.
ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی “بێدەنگ” بریتین لە:
دەرهێنەر: عەلی عەسگەری و فەڕنووش سەمەدی، نووسەرانی سیناریۆ: عەلی عەسگەری و فەڕنووش سەمەدی، بەرهەمهێنەر: جیووانی پۆمپلینی و ئۆلیوێر شانتریۆ، ساڵی بەرهەمهێنان: 2016.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان.




مارکسیزم و شۆڕش! … و. سابیر

شۆڕش لە ڕوانگەی مارکس وئەنجلسەوە یانی کۆتایی هێنان بە ” خاوەنداریەتی تایبەتی ” یانی کۆتاییهێنان بە جیاوازی چینایەتی ،پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە جیاوازی چینایەتی ئەبێ لە ڕێگەی شۆڕشەوە بێت ، شۆڕش بەبێ نوخبەیەکی تێکۆشەر کە چەکدار بن بە هۆشیاری مارکسی واتە پاراستنی تا سەری ئەو هۆشیاریە کە تا ئەو کاتەی کە کۆتایی بە خاوەنداریەتی تایبەتی نەهێنرێت توانای کۆتایی بە جیاوازی چینایەتی نیە ، دەوڵەتان و حاکمانی کۆمەڵگای سەرمایەداری نمایەندی چینە بۆرژواو دەسەڵاتدارەکانن ، ئەوان لە ڕێگەی پۆلیس و سەرباز و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرو سەرکوتگەرەکانیان ومێدیاکانیان و بنکەو مزگەوتە ئاینییەکانیانەوە درێژە بە چەوساندنەوەی چینی کرێکار و خەڵکی تری زەحمەتکێش ئەدەن لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتداریەکەیان کە ئەویش بۆ بەدەستهێنان و درێژە دانە بە ژیانێکی خۆشتر بۆ چینەکەی خۆیان ، ئەم نوخبەیەی کە تاسەرئەتوانێت پارێزگاری لەم هۆشیاریە بکات بە واتای مارکس وئەنجلس بریتییە لە ( ڕێکخراو ـحیزب ) ، حیزب یان ڕێکخراوی مارکسیستی هەڵگری ئەم ناوەرۆکەسەرەکییەی ڕوخانی نیزامی سەرمایەداریە ، شۆڕش بە قۆناغ و شێنەیی و پلە بە پلەی پێشکەوتن و دواکەوتنی بۆرژوازی و مەرج بۆدانان ناچێتە پێش و ئەنجام نادرێت ؛ شۆڕش یانی ژیان ، ژیان یانی شۆڕش ، ژیان بە مانای خەبات و تێکۆشان و خۆشەویستی دێت ، و ئەم پرۆسەی خەباتەش شۆڕش بە رهەم ئەهێنێت ؛ بۆرژوازی کوردی ودەسەڵاتەکەی میلیشیایی یان دەوڵەتی مؤسساتی بێت هیچ مەرج بەندیەک بۆ شۆڕش دانانێت و لە گرنگی شۆڕشی چینە هەژارو نەدارەکان کەم ناکاتەوە .

زۆرن ئەوانەی کە بەگوێرەی بەرژەوەندی چینە داراکان بیر ئەکەنەوە ، لەوانەش ڕۆشنفکرانی ووردەبۆرژوازی ، لەبەر ئەوەی خودی توێژە ووردەبۆرژوازیەکان سەرچاوەی گەشەی سیستەمی سەرمایەداری و خاوەنداریەتی تایبەتین ، و بنەمای ئابووری ئەم چینەو کەڵەکەی سەرمایە پێکئەهێنن ، هەربۆیە پرۆتیستکردنیان بۆ ڕوخاندنی ڕژیمی سەرمایەداری نییە ، بەڵکە بۆ باشتر کردنی ژیانی خۆیان و کۆنەپەرستن و هەوڵ ئەدەن کە ڕێگە بە ڕەوڕەوەی مێژوو بگرن لە گەشەی سەرمایەی گەورە ، لە پێناو ئەوەدا کە ئەوان لە ژێر دەست وپێی بۆرژواکان تیا نەچن و بەرەو هێزی یەدەگی بێکاران و کرێکاران نەنێردرێن ؛
“حوکومەتی هەرێم ” پێش ڕیفڕاندۆم یانی ئێستا ودوای ڕیفڕاندۆم هەر ” حوکومەتی هەرێمە ! ، گۆڕینی مؤسساتی ئەم حوکومەتە و شکڵ و شێوەکانی بۆ شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانی کۆمەڵگا هیچ بایەخێکی نییە .

ووردەبۆرژوازی ڕۆشنفکر کە باس لە چەپ و مارکیسیزم و چینی کرێکار ئەکات ، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی حوکومەتی هەرێم ئامادەی هەموو دانوساندن و هاوکاریەکە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ڕەش و سەرکوتگەرەی حیزبە قەومییە کوردییەکان و مەسەلەی شۆڕش ئەسپێرێت بە قۆناغی دروستبوونی دەوڵەتی مؤسساتی قەومی کوردی. لای ئەوان شۆڕش یانی نەخشەی سۆسیال دیمۆکراتیانە بۆی نەک نەخشەی ( چی بکەین ) ی لێنین .

لای ئەوان شۆڕش بەستراوەتەوە بە ڕیفۆرم ، لای ئەوان شۆڕش ئاکامی چەندین ڕیفۆرمە لە چەندین بوراە جیاوەزەکانی ژیاندا ، لای ئەوان کۆمەڵگای سەرمایەداری بە ڕیفۆڕم بەرەوپێشەوە ئەچێت ، لای چەپی ووردەبۆرژوایی ڕیفۆرمیستی سۆسیالیسزمی میللی و شەعبوی و ڕیفۆرمیستە کرێکاریەکان ، مارکسیزم بە واتای زنجیرەیەکی بەردەوامی ئەنجامدانی ڕیفۆرمەکانە ، لای وردەبۆرژوازیەکانی ژێر باڵی ڕیفراندۆمەکەی پارتی و کوردایەتی و حیزبەکانی ، چالاکی مارکسیستی و کۆمۆنیستی بە واتای بەشداریکردن لە چالاکی سەندیکاو ڕێکخراوە جەماوەریەکانی ژێر باڵی بۆرژوازی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان دێت.

لای ئەوان چالاکی مارکسیستی بۆ شۆڕش کلکایەتی و پاشکۆیی هەموو ناڕەزایەتییەکی ڕیفۆرمیستانەیە کە لە لایەن حیزبەکان ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت هەر هەنگاوێکی سیاسی کە خودی پارتی و یەکێتی ئەینێن چ بۆ دژایەتی موخالیفینی سیاسی خۆیان وەک ئسلامییە توندڕەوتەکا ن و ئیرهابییەکانیان ، چ بۆ ڕیفۆرمی سیاسی ، چ بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بە بیانووی سەربەخۆیی کوردستان و لەژێر پەردەی ( ڕیفڕاندۆم) ، بەرنامەی سیاسی و فیکری ئەم چەپە ڕیفۆرمیستە پێکهاتووە لە دوودیوی دانەبڕاوو بەیەکەوە بەستراوی شۆڕش و ڕیفۆرمە ، واتە پێشمەرجی شۆڕش ڕیفۆرمە ، بەبێ ڕیفۆرم پێشکەوتن و چوونە پێشەوەی دسەڵاتداریەتی حیزبە کوردییەکان لە میلیشیایەوە بە رەو دامەزراوە دەوڵەتیەکان ناچێتە پێشەوە ، وە زەمینە سازی بۆ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان شۆڕش کاتی نییە وپێویستە شان بەشانی بۆرژوازی ئەم قۆناغە ببڕین ، ئەمە قۆناغ بەندیکردنی شۆڕشە ، ئەمە هەمان سۆسیال شۆفینیزمێکە کە ستالین بانگەوازی بۆ ئەکرد کە پێویستە پشتی ووردەبۆرژوازی و بۆرژوازی نەتەوەکان بگرین بۆ سەربەخۆیی سیاسیان.

لای ڕیفۆرمیستە سۆسیالیستە شۆفینیزمەکانی ستالین شۆڕش یانی گەشەی ئابووری نیشتمانی ، هەروەها ئەوان پێیان وایە مانگرتنی سەندیکاکان و نەقابەو ڕێکخراوە قانوونی و عەلەنییەکان و فشار لەسەر پەرلەمانی حوکومەت زەمینە سازی ئەکات بۆ شۆڕش ، سەرمایەداری تەنها یەک جۆر شۆڕش ئەخوازێت ، نەک چەندین جۆر شۆڕش وەک جۆری یەکەم و دووەم و سێیەم تا ئەو کاتەی کە زەمینە بۆ شۆڕشی دژ بە سەرمایەداری ساز بکەین ، ئەم تێڕوانینە خیانەتە لە مارکسیزم و خیانەتە لە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان ، واتە خیانەتە لە شۆڕش ؛ شۆڕش تەنها بە بڵاوکردنەوەی عیلمی مارکسیستی ئەنجام نادرێت و نایەدتە دی ، ئەگەر خاوەنی حیزبی تێکۆشەری خۆی نەبێت ، تەواوی دنیای سەرمایەداری وخودی تاکتیکی بۆرژوازی جیهانی لەمڕۆدا ئەوە نییە کە کتێبەکانی مارکس بسوووتێنێت ، بەڵکە بە ملیۆنەها نوسخە لە ناو کتێبخانەو سایتەکانی ئەنتەرنێتدا وجودیان هەیە ، ئەوەی کە مەبەستە بۆ بۆرژوازی دژایەتی شۆڕش و حیزبە ، دژایەتی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەیی کرێکاران و زەحمەتکێشانە لە ڕیکخراوبوونیان ببە ئاڕاستەی بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی ئەنتەرناسیۆناڵانە .

شۆڕش یانی تێگەیشتن لە لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە میسۆدی جەدەلی مارکس وئەنجلسە لە مەڕ شۆڕش ، هەروەها تێگەیشتنە لە لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنەکانی لێنین لەسەر حیزب و ئیمپریالیزمە ،وێڕای ئەمانە شۆڕش یانی تێگەیشتنە لە لێکدانەوەو جیدال و خەباتێکە کە ترۆتسکی درێژەی پێدا لەبەرامبەر سۆسیالیزمی شەعبەوی شۆڤێنیانەی میللی و سۆسیالیزم لە یەک ووڵاتی ستالین و شۆڕشی بەردەوام و لەسەر بیرۆکراتیزمی حوکومەتی کرێکاری یەکێتی شوورەیی و ئومێد بەخشین بە خەباتی ئایندەی چینی کرێکاری جیهان بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆناڵانە ؛
چەپی ڕیفۆرمیست کۆتایی ئیفلاس و هەڵوەشاندنەوەی مادی و مەعنەوی و ڕوحی خیانەتکارانەی خۆ بەوە ڕاگەیاند کە هاوکاری و دەستلەملانێی خۆی لەگەڵ بۆرژوازی کوردی ڕاگەیان ، بە بیانووی سەربەخۆیی و مافی چارەنووسی کوردان ، کە ئەمە لای ئەوان بەمانای پاراستنی چارەنووسی بۆرژوازی کوردی دێت .
بێمافی یان مافی دیمۆکراتیکی خەڵکی کورد بۆ چارەنووسی خۆی بۆتە بەشێک لە شۆڕشی سۆسیالیستی ئەنتەرناسیۆنالیستی کرێکارانی کوردو ناوچەکە و جیهان ، کۆمۆنیستەکان ئەیانەوێت چارەنووسی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا کە کرێکار و زەحمەتکێش و خانەنشین وپەککەوتەو ژنانی تێکۆشەرو چەوساوە لە پێش هەموویانەوە بپارێزن و بەئەنجام بگەیەنن ، نەک چارەنوسی داهاتووی بۆرژوازی کوردی و دەوڵەتە مؤسساتیەکەی لەبەرچاوبگرن .
…..
و. صابر




لەبەرچی رەخنە لە ریفەراندۆمی یەکلایەنە دەگیرێت؟ …. شاخەوان شۆڕش


“گەلی هوشیار هەنگاوی خۆکوژانە نانێت”

دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا، کاردانەوە نێونەتەوەییە رەخنەگر و دژەکان خێرا کەوتنەبەرچاو. دژایەتیکردنی سەربەخۆیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە وەکو پێشوو کەوتنەوەبەرچاو، ئەوەش رەنگ لە پۆلیتیکی نکۆڵیکەرانە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی داگیرکەر دەداتەوە کە هەمیشە وابووە، لەو وتارەدا گرنگی بەو کاردانەوانە نادەین. ئەوەی لێرەدا گرنگی پێدەدەین، رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان یا رەخنەی تاوتوێکراو و کۆنسترەکتیڤانەی رۆژئاوا بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ نمونە ئەلمانیایە لەمبارەیەوە. دیارە جودایەکی زۆر لەنێوان رەخنەکاندا هەیە، وڵاتانی داگیرکەر و هەوادارانیان راستەوخۆ دژن، هەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە لەگەڵ جۆر و شێوەی هەنگاوەکەدا ناتەبان.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە “بەهیچ جۆرێک خۆیان تێکەڵی ریفەراندۆمی کوردستانی ئێراق ناکەن”. یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی باشوری کوردستان و ریفەراندۆمی یەکلایەنە بە باش نابینێ، بەڵکو ئاماژە بە ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس لە رێگەی رێکەوتن و دەستورەوە دەکات. ئەوان پێیانوایە پێویستە کوردستان و ئێراق لەسەر هەموو کێشەکانی نێوانیان ڕێکەون و دیموکراسیانە گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس ئەنجام بدرێت. ئەلمانیا لەلایەن خۆیەوە رەخنە و ئامۆژگاریەکی لەو شێوەیە ئاراستەی بەرپرسانی کورد لە باشور دەکات. ئەڵمانیا پێیوایە گشتپرسی یەکلایەنە لە هەرێمێکدا کە ئازاری ناکۆکی و شەڕ دەچێژێ لە ئێستادا باش نییە، پێویستە پرسیارە کراوەکان لە رێگەی دایەلۆگ و رێکەوتنەوە لەنێوان کوردستان و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. رەخنەی ئەو لایەنانە زیاتر پەیوەندی بە مەترسی و پرسە دەرەکیەکانەوە هەبووە، دیارە ئەوان ئاگاداری رەوشی ئاڵۆزی ناوخۆی باشوری کوردستانن و ئاگادارن لەوەی کەوا دامەزراوە ستاتیەکان لەکار کەوتوون و کێشەیان هەیە. بۆ کورد و بۆ پرسی سەربەخۆیی گرنگی ئەو لایەنە ناوخۆییە کەمتر نییە لە مەترسی و پرسە دەرەکیەکان.

یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی رۆژئاوا ئاگاداری ئالۆزی کێشەی کوردن، بەڵام ئەگەر نەشیانگوتبێت ئەوان دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەوان پێیانوایە کورد وەکو هەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ڕەخنەکەی ئەوان هۆشداری و ئامۆژگاریە بۆ سەرانی باشوری کوردستان. ئەوان گشتپرسی یەکلایەنە و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوای ئەوە بە مەترسی لەسەر ڕێکڕاگری و ئاسایشی هەرێمەکە و رۆژهەلاتی ناوەراستدا دەبینین، ئەوان مەترسیەکە لەوەدا دەبینن کە ئەو هەنگاوە ببێتەهۆی شەڕی ئێتنی نێوان کورد و عەرەب، دەستێوەردان و داگیرکاری لەلایەن ئێران و تورکیا، فراوانبوونی شەڕ بۆ ولاتانی دەوروبەر، برسیەتی، کوشتار و ماڵوێڕانی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، خۆبەدوورگرتنی زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە پشتگیری جیابوونەوەکە، ڕەوکردنی خەڵک لە وڵاتانی خۆیان و بەمجۆرە شوپۆلێکیتری پەنابەران بۆ ئەوروپا هتد.

یەکێتی ئەوروپا پشتگیری ڕێگەیەک دەکات کە ئەو مەترسیانە رەچاو بکات و بەریان پێ بگرێت. رێگەیەک کە بتوانی پشتگیری نێونەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، بەمجۆرە پارێزگاری سەرەوەری باشوری کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەپێی رێککەوتنە جیهانیەکان بەدەستبهێندرێت، واتە بەدەستهێنانی مافی سەروەری و پارێزگاری لە سەروەری رامیاری و جوگرافی وڵات بەپێی پەرەگراف و چارتەرە پەسندکراوە نیونەتەوەیەکان، وەکو چارتەری ٧ ی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆیە ئەوەی ئەوان دەیلێن یەکەم هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دانپێنان و رەوایەتی لە ئاستی ئێراقدا، دووەم لەو ڕێگەیەوە بەرگرتنە بە هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی ئەتنی و نێونەتەوەیی بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە کوشتار و ماڵوێرانی داهاتوو، سێیەم بەدەستهێنانی پشتگیری نێونەتەوەیی لەسەر بنچینەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا، واتە بەرگرتن بە دژایەتی وڵاتانی دراوسێ و دوور، گۆشەگیرکردنی کوردستان و خەڵکەکەی، چەقبەستنی پرسەکەیە لە بارێکی نەخوازراودا.

بەکورتی ئەوان لەگەڵ گەیشتن بەسەربەخۆیین لە رێگەیەکی ئاشتیانە و دایەلۆگئامێزی کۆنسترەکتیڤی دانپێندراودا. ئەوەش لەلایەک دەسەڵاتێکی رەوا و بەهێز، هوشیار و خاوەن ستراتیژیی ناسیونالی ناوخۆ دەخوازێ، لەلایەکیتر رێکەوتن لەگەڵ ئێراقدا لەڕێگەی دایەلۆگ و دانوستاندا دەخوازێ. گومان لەوەدا نییە کەوا یەکێتی ئەوروپا بەپێی ئەزموونەکان دەدوێ و ئاماۆژگاری دەکا، کە پرۆسەکە بەڕێگەیەکی دروست و پەسندکراودا ببردرێت.

ئەو گەلە ناسەربەخۆیانەی کە لەڕێگەی دایەلۆگەوە گەیشتنە ڕێکەوتن و لە ڕێگەیەکی کۆنسترەکتیڤانەی دیموکراسیانەدا گەیشتنە سەربەخۆیی، توانیان مەترسی شەڕ و ناکۆکی، گەماڕۆ و گۆشەگیری بەلاوەبنێن، توانیان سەرکەوتووانە بگەنە هەواری سەربەخۆیی و زوو پشتگیری وڵاتانی جیهان بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی نوێ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. بۆ نمونە جیابوونەوەی سلۆڤاکیا لە چیک، جیابوونەوەی مۆنتنیگرۆ لە سربیا، جیابوونەوەی خوارووی سودان لە سودان.

سلۆڤاکیا: لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، هەروەها روخانی بلۆکی سوور، وڵاتە بەزۆر یەکخراوەکانی سۆڤیەت و یوگوسلاڤیا هەڵوەشانەوە و زۆر گەل سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. ئەو گۆڕانکاریە جیهانیە لەسەر چیکوسلۆڤاکیاش کاریگەری راستەوخۆی هەبوو. لەدوای سەرهەلدانی “شۆڕشی قەدیفەیی” لە ساڵی ١٩٨٩ دا ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نەتەوەیی سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دەستوری سەربەخۆی دارشت، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی زۆر لە مانگی ئۆگستی ١٩٩٢ سەرۆکی چیک و سەرۆکی سلۆڤاکیا لەسەر پارچەکردنی چیکوسلۆڤاکیا ڕێکەوتن، لە مانگی نۆڤەنمبەری ١٩٩٢ دا پەرلەمانی فیدرالی چیکوسلۆڤاکیا دەنگی لەسەر پارچەکردنی وڵات لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ١٩٩٢ دا، وە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ دا سەربەخۆیی سلۆڤاکیا بێ ئەنجامدانی ریفەراندۆم راگەیەندرا. بەمشیوەیە سەربەخۆیی سلۆڤاکیا لە رێگەی دایەلۆگ و بەپێی ڕێکەوتن ئەنجامدرا. وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان ڕاگەیاند و دانیاننا بە وڵاتی سەربەخۆی سلۆڤاکیا. جیابووەنەوەیەکی بێ کێشە و ئازار ئەنجامدرا.

مۆنتینیگرۆ: وەکو هەرێمەکانی دیکەی یوگوسلاڤیای کۆن لەگەڵ روخانی یوگوسلاڤیا لە یوگوسلاڤیا جیانەبۆوە، بەڵکو کۆماری فیدرالی یوگوسلاڤیایان ڕاگەیاند، کە لەلایەن کۆمەلگەی نێونەتەوەیەوە ڕەتکرایەوە و دانی پێنەندرا. لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەگەڵ سربیا بەیەکەوە کۆماری سربیا و مۆنتینیگرۆیان راگەیاند. لە رێگەی دایەلۆگ و دانوستانەوە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە مافی چارەنوسی مۆنتینیگرۆ لە دەستوردا بنوسرێ ، مافی ئەوە بدرێتە مۆنتینیگرۆ کە لە داهاتووی نزیکدا گشتپرسی لەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ سربیا ئەنجام بدات.

بەپێی دەستور بڕیاردرا گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی دوای سێ ساڵ ئەنجام بدرێت و ئەوەش لەپەرلەماندا پەسندکرا. لە ڕێکەوتی ٢١ مای ٢٠٠٦ دا گشتپرسی ئەنجامدرا و زۆرینەیەکی کەم بە بڕی ٥٥% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. لە ٣ ی مانگی ژونی ٢٠٠٦ دا مۆنتینیگرۆ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. بەمشێوەیە جیابوونەوەیەکی دیموکراسیانە و بەپێی دەستوور ئەنجامدرا. وڵاتی سەربەخۆی مۆنتینیگرۆ پشتگیری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان بەخێرایی بەدەستهێنا و بووە ئەندامێکی نوێ لەنێوان وڵاتە سەربەخۆکاندا.

دیارە ئەو وڵاتانە ئەوروپین و ئاستی هۆشیاری و پێگەیشتووییان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرزترە، وە کێشەکانیان هێندە ئاڵۆز نەبوون بەبەراورد لەگەڵ باشوری کوردستان. نمونەیەکی گونجاو بۆ باشوری کوردستان دەکرێ جیابوونەوەی خوارووی سودان بێت، هەروەکو خواروی سودان و سودان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شەڕی ناوخۆیی خوێناویدا بوون. دوای سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦ دا ناکۆکیە ناوخۆیەکان لەنێوان سەروو و خواروو دەستیان پێکرد و دواتر بووەهۆی شەری ناوخۆی درێژخایەن کە دوای دامەزراندنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان لە ساڵی ١٩٧٢دا ئارامیەکی بەخۆیەوە بینی و پاشان لە دوای ساڵی ١٩٨٣ دەستی پێکردەوە.

دوای شەڕی وێرانکەری ناوخۆ و ناکۆکی بەردەوام لە ٩ ی ژانیوەری ساڵی ٢٠٠٥ دا “رێکەوتنی بەرفراوانی ئاشتی” لەنێوان حکومەتی سودان و بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان مۆرکرا. هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان دروستکرایەوە و رێکەوتن لەسەر گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس کرا و بڕیاردرا دوای ٦ ساڵ خەڵکی خوارووی سودان ریفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەن. لە رۆژی ٧ فێبریوەری ٢٠١١ دا خوارووی سودان گشتپرسی ئەنجامدا و ٩٨% خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. لە رۆژی ٩ ژوڵای ٢٠١١ دا خوارووی سودان سەربەخۆیی ڕاگەیاند. دوای ئەوە خوارووی سودان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری کرا و هاتەریزی وڵاتە سەربەخۆکان. دیارە لەبەر ناسەرکەوتوویی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان لە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراسی رەوا، هەروەها بوونی کێشە و ناکۆکی خەستی ئێتنی ناوخۆ کەبۆتەهۆی روودانی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی، خوارووی سودان نەیتوانی نمونەیەکی سەرکەوتوو وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ پیشان بدات، ئەوەش نەبۆ ناووناوبانگی خوارووی سودان باش بووە نە بۆ ئەو گەلانەش باشە کە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە و هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن.

لەو نمونانەی ئاماژەمان پێدان، گەیشتن بە سەربەخۆیی لە رێگەی دایەلۆگ و ڕێکەوتن، دواتر ئەنجامدانی گشتپرسی لە باری مۆنتینیگرۆ و خوارووی سودان، کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەکەن. ئەگەر مۆنتینیگرۆ یا خوارووی سودان بێ ریکەوتن و بێ گوێدانە دەسەڵاتی ناوەند هەنگاوی سەربەخۆییان نابا، بێگومان شەڕ و ناکۆکی دروست دەبوون و دەکرا ببێتەهۆی دەرئەنجامی زۆر نەخوازراو بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە.

گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین، کەوا هەردوو دەسەڵاتی سلۆڤاکیا و مۆنتینیگرۆ دەسەڵاتی دیموکراسی و رەوا بوون، ئەوەش کۆڵەگەی گرنگ بوو بۆ هەنگاوی سەربەخۆیی ئەو گەلانە. خوارووی سودان خاوەنی دەسەڵاتی دیموکراسی نەبوو و کێشەی ناوخۆیی هەبوو، بەڵام خوارووی سودان توانی بەربەستی سەرداری سەپێندراوی سودان لە رێگەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا تێپەڕێنێ. دیارە ناکۆکی ناوخۆیی ئێستا هەڕەشە لە بوونی ئەو وڵاتە تازە سەربەخۆییە دەکات. خوارووی سودان نمونەیەکی نەگەتیڤە و وادەکات وڵاتانی زلهێز یا رۆژئاوا کە دەسەڵاتی گرنگیان لە رۆژەڤی جیهاندا هەیە بە وریایەوە هەلسوکەوت لەگەڵ هەرێمە ناکۆکیئامێزەکان بکەن و هەروا ئاسان پشتگیری سەربەخۆییان نەکەن.

بوونی دەسەڵاتی رەوای دیموکراسی کە بتوانێ بوونی ئازادی و مافەکان، سەروەری یاسا بسەڵمێنێ، بتوانێ ئاڵوێری دیموکراسیانەی دەسەڵات بسەڵمێنیت، گرنگترین بنچینەیە بۆ سەرکەوتن لە پێکانی زۆرترین ئامانجی نەتەوەیی و سەرکەوتن لە دانوستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی، دواتر بەدەستهێنانی دانپێنان و پشتگیری دەوروبەر و نێونەتەوەیی.
هەنگاونان بێ بوونی بنەما گرنگە ناوخۆیەکان و بێ لەبەرچاوگرتنی مەترسیە دەرەکیەکان هەنگاوێکی خۆکوژانەیە. لەبەرژەوەندی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستاندایە هوشیارانە گوێ لە رەخنە و ئاماۆژگاریەکان بگرێت، بنەماگرنگەکان دەستەبەربکات و هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی کۆنسترەکتیڤانە بدات.


شاخەوان شۆڕش
30-6-2017

———————————–

سەرچاوە و خوێندنەوەی زیاتر:

Chapter VII of the United Nations Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Chapter_VII_of_the_United_Nations_Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Slovakia#Establishment_of_the_Slovak_Republic_.28after_1993.29Slovakia:
Montenegro: https://en.wikipedia.org/wiki/Montenegro
South Sudan: https://en.wikipedia.org/wiki/South_Sudan
EU discourages Iraqi Kurdistan from holding independence referendum, June 19, 2017
http://ekurd.net/eu-kurdistan-referendum-2017-06-19

Germany warns Iraqi Kurds against ‘one-sided’ referendum plans, June 8, 2017 https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-germany-idUSKBN18Z2BM

UN won’t back Kurdistan independence referendum in Iraq: official, June 16, 2017 Kur¬dish Region, Middle East & World
http://aranews.net/2017/06/un-wont-back-kurdistan-independence-referendum-in-iraq-official/




سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو، گەشتێک بۆ ئیسیووپیا … ئەمجەد شاکەلی


بیرۆکەی سەفەرەکە:

کە هاوڕێم سەردار ئەمین، زەنگی بۆ لێدام و باسی ئەوەی کرد، لەگەڵ هاوڕێ سەفوەت جەباریدا، بەتەمان گەشتێکی ئیسیووپیا بکەن و پرسیاری لێکردم ئەگەر حەز دەکەم منیش هاوڕێی سەفەریان بم، بێ یەکودوو دوای دوو خولەکێک، سولەیمانی قەسساب ئاسا، قایل بووم و گوتم باشە . ئیدی پاش ئەو زەنگەی هاوڕێ سەردار و قایلبوونم، لەسەر کاتی سەفەرەکە ڕێککەوتین و کەوتینە مشووری بلێت پەیداکردن و خۆمان ئامادەی ئەو سەفەرە کرد و بڕیار وابوو سەرلەبەیانی ڕۆژی 06 – 01 – 2016 کاتێک لە فڕۆکەخانەی بۆڵی(Bole) لە ئەدیس ئەبابا دادەبەزین، یەکدی ببینین و هەر بەو جۆرەشمان کرد. …..
بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




ڕادەی هەژاری خەڵکی کوردستان لەمیدیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە … نوری بەشیر

هەژاری خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە رادەیەکی هێندە بەرز کە ژیانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی هەراسانکردوە، بەجۆرێک ژیان و گوزەرانی خەڵک هاتۆتە خوارەوەو سەخت بووە، خەڵکی لەبەردەم نەهامەتی و بێئومێدی و تەسلیمبوندا داناوە و هەروەها هەژاری و برسێتی خۆی گەیاندۆتە باری تەندروستی خەڵکی کرێکارو هەژار و خێزانەکانیان، کەزۆربەری هەرەزۆری کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەشێوەی جۆراوجۆری باری خراپی تەندروستی و تا دەگاتە نەخۆشیە کوتوپڕەکانی گیان لەدەستدان و هەلومەرجی نەخۆشی نەفسی و کۆچکردن و خێزان لەبەریەک هەڵوەشان و تەسلیمبوون بەواقعیەتی نەخوازراو و تا دەگاتە خۆشخەیاڵی بەدەسەڵات نەگۆڕی بنەماڵەیی بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتدار. ئەم راستی و واقعیەتە شتێک نییە شاراوە بێت و تەنیا لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە کە وەک بەشێک و نوێنەرانی خواستەکانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەوە باسی لێبکرێت و رەخنەی لێبگیرێت و لە ٢٦ ساڵی رابردوودا خراوەتە روو.

بەڵکو ئەم راستیانەی ئێستا لەسەر هەلومەرجی هەژاری خەڵک بەناچار و بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکانەوە کەلەدەرەوەی ئیرادە و خواستی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەوە بڵاو دەبێتەوە، بەناچار تۆڕەکانی میدیای حزبەکانی ئەوان و ئەندام پەرلەمانەکانیشی گرتۆتەوە، ئەگەر چی هەر لایەک دەیەوێت لەبڵاوکردنەوەی ئامارەکانی هەژاری لاکەی تری پێ تاوانبار بکات و خۆی وەک فریاد رەس نیشاندات و فشاری زیاتر بهێنێ بۆ ئەوەی جێگاو رێگای زیاتر لەحکومەتەکەدا بگرێت و خۆی لێبێبەری بکات، بەڵام هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە هەموویان سەرچاوەو هۆکاری ئەو تاڵانکاری و برسیکردنەن کە سەپاندویانە بەسەر کۆمەڵگەدا و هەژاری گەیشتۆتە رادەیەک کەقابیلی تەحەمول نییە.

بەسەدان ئاماری دزی و و کوشتارو تاڵانکاری و تیرۆرو برسیکردن و تۆڕی قاچاخچی و بازرگانی بەئینسان و کوشتنی ژنان، لەسایەی دەسەڵاتی ئەو حزبانەی کوردایەتی و ساتوسەودا لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکەو دەستەجاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی و تا دەگاتە داعش دزەیانکردوەو ئاشکرا بوون و وەک کارنامەی دەسەڵات و سیاسەت و ئایدۆلۆژی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ئیسلامیەکان، لەبەردەستدایە. هەروەها زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکانی حزبەکانی کوردایەتی و میدیای بەناو سەربەخۆو تا دەگاتە ئەندام پەرلەمان و دانپیانانی سەرانی ئەو حزبانەوە و دزەکردنەوە هاتوونەتە دەرەوە، کە هەموویان سیاسەتی رۆژانەی دەسەڵات لە کوردستان دەخاتە ڕوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا ئەنجامیانداوە بەوێنەی دەسەڵاتداری خۆماڵی کوردی لەکوردستان. هەموو ئەوانە لێرەدا جێگایان نابێتەوە وەک بەڵگەو راستی ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتی ناسیونالیزمی کورد لەهەر بەرگ و بەهەر ناوێکەوە دەسەڵات بگریتە دەست نوێنەرایەتی بەشی کەمایەتی کۆمەڵگا دەكات و زۆربەی زۆری کۆمەڵگە لەهەژاری و برسێتیدا رادەگرن و ئاماری دزی و گەندەڵی و تیرۆرەکان لەسەریان کەم نین لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

بەڵام راپۆرتێک کە ئەم رۆژانە یەکێک لەچالاکترین میدیاکانی حزبی دەسەڵاتدار کە تەلەفزیۆنی روداو کە بەملیۆن دۆلار لەداهاتی خەڵکی کوردستانی بۆ سەرف دەکرێت و وەک میدیای حزبی باڵادەست و دەستە ڕاستی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد کەپارتیە، خستویەتیە روو لەسەر رادەی هەژاری لەکوردستاندا دەڵێت: زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان وەكو پێویست توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان نییە.

ئەو راپۆرتە لەدرێژەی رونکردنەوەکەیدا ئاوا دەنوسێت: ئەو رووپێوییە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، بەهاوكاریی رێكخراوی جیهانیی خۆراك (WFP) و دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی رەوشی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان كراوە و دەركەوتووە 59.4%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كەمتر پارێزراون لەڕووی ئاسایشی خۆراك، واتە وەكو پێویست توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان نییە، 2.1% دانیشتووانیش بە زەحمەت دەتوانن خۆراكی رۆژانەیان پەیدا بكەن.

ئەگەر لەقسەوباس و دەمی خۆیانەوە وەریگرین کە نسبەتی هەژاری چۆن بەرزبۆتەوە، ئەوا دەبێ خەڵکی کوردستان، تا کەی بەدەسەڵاتی کوردایەتی و خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کوردو پیرۆزیەکانی ئیدامە بدەن، کە جگە لەهەژاری برسیەتی و بێکاری و سەرکوت شتێکی تریان نابێتە نسیب، بۆیە چاوێک لە درێژەی راپۆرتە بکەین کەدەڵێ: بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن و 614 هەزار كەس بووە. بەپێی داتاكانی ئەم رووپێوییە بێت، زیاتر لە 3 ملیۆن و 334 هەزار كەس وەك پێویست توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان نییە. کە هەر بەپێ راپۆرتەکە نسبەتی هەژاری و دابەزینی هەلومەرجی گوزەران بۆتە 59.4%.
بۆ بەرچاو روونی زیاتری خوێنەران و خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لەبەشی خوارەوەدا، لینکی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دادەنێین و بزانن لەسایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردیدا چ بەڵایەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە.

ئەمە تەنیا بەڵگە نیە لەسەر ئەو برسیەتی و هەژاری و تاڵانکاری و تاوانکاریەیی کەحزبەکانی کوردایەتی و حکومەتی هەریم دەیکاتە نسیبی خەڵک، بەڵکو رۆژانە دەیان ڤیدیۆی دڵتەزێن، لە دایکو باوکی خێزانێکەوە کە بەگریانەوە دەڵین مناڵەکەیان داوای رۆژانەی کردوەو تەنیا دیناریك لەگیرفانیاندا نەبوو، ئەبێ ئەوە چەندە سەخت بێت بۆ دایک و باوکێک کە مناڵەی دەچێتە قوتابخانە و یان دەیەوێت بچێتە دوکانی لاکۆڵانێک شیرینیەک بکڕێت و پارەیان نەبێت، ئەبێ چەندە سەخت بێت کەخێزانەکان لەکوردستاندا ژەمە خواردنەکەیان وەک پێویست نەخۆن یان لە سێ ژەم خواردنەوە لەبەر نەبوونی بکەنە دوو ژەم و مناڵەکانیان بەمانگ گۆشت نەبینن لە ژەمە خواردنەکانیاندا. ئەبێ چەندە سەخت بێت ئەو دایک و باوکانەی لەبەر نەبوونی مناڵەکانیان رەوانەی بازاڕی بێڕەحمی کارو عەڵاگە فرۆشی و دەستگێڕی و سواڵ بکەن یان لەخوێندنگا بەجێبهێڵن. ئایا ئەوە سەخت نیە هەر لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردو کوردایەتی و شەریکی ئیسلامیەکاندا، بەدەیان هەزار گەنج لەبەر نەبوونی واز لەخویندن دەهێنن، یان دوای تەواکردنی زانکۆ هیچ کارێکیان چنگ ناکەوێت توشی دەیان حاڵەتی نەخوازراو دەبن، رێگای سەختی
هەندەران دەگرنەبەرو، توشی حاڵەتی دەرونی خراپ دەبن، یان رۆژانە دەیان جار لەبەرئەوەی تەنیا دە هەزار دینار لەگیرافانیاندا نییە، رۆژی دە جار مەرگی خۆیان بەئاوات دەخوازن. کەم نین ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە پیاوان و ژنان و مناڵان لە خۆڵە عەمەلەکاندا و لەناو خۆڵ و خاشاکدا شت کۆدەکەنەوە و کە تیایاندا کارمەندی بێ موچەو ئەو پێشمەرگانەن کەدەیانێرن بۆ بەرەی جەنگی دژی داعش، کەم نین ئەوە گەنجانەی لە بەرەکانی جەنگدان و ڤیدیۆ دادەبەزێنن و دەڵێن کە توانای دانی کرێ خانویان نییەو کە خاوەن ماڵ داوایان لێدەکات، کەم نین ئەو گەنجانەی لەبەرەی جەنگدان و سەرانی حزبەکانی کوردایەتی پێشمەرگە بە پیرۆز دادەنێن و نابێ لەگوڵ کەمتریان پێبوترێت، بەڵام موچەکانیان نادەنێ و دەیدزن و دابەشی دەکەن لەنێوان خۆیاندا. کەم نین ئەو ژنانەی لەبەر هەژاری و نەداری خەریکی جنس فرۆشتن لەسایەی دەسەڵات و باندەکانی سەر بەدەسەڵاتدا. کەم نین ئەو راپۆرتانەی کە گەنجان لەکوردستان لەبەرەی جەنگدا دژی داعش دەجەنگان، لێپرسراوانی حزبەکانی کوردایەتی خەریکی بازرگانی چەک و ئاڵتون و نەوت بوون لەگەڵ داعشدا.

کاتێك ئەم پرسیارانە خۆیان دەردەخەن، ئایا لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی کوردستان بەپێی ئاماری میدیاکانی خۆیان ئاوا ژیانێکی هەژاری دەژین، ئەی ئەو سەروەت و سامانە زۆرەی کۆمەڵگە، کەرۆژانە بەبەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە لەرێگای دزینی تانکەرە نەوتەکان لە کێڵگە نەوتیەوکان و دەنێرێتە دەرەوە، یان ئەو دزیانەی لەلایەن حزبەکانی کوردایەتی و سەرانیانەوە دزە دەکەن و لەسەر ژمارەو ئامارەکانی چاڵە نەوتەکان و بوونی کۆمپانیا جۆراجۆرەکان لەکوردستاندا، وەیا دزەکردنی ئەو ملیارو میلۆن دۆلارانەی سەرانی حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد دەینێرنە بانکە جیهانیەکان و یان رەوانەی بازاڕی بازرگانی دەکەن لەدنیادا، هەموو ئەوانە چی دەگەیەنێت، ئایا ئەو ژمارە کەمەی خەڵک کە ئەو هەموو سەروەت و سامانەیان لا کۆبۆتەوە لەداهاتی کۆمەڵگای کوردستان، خۆیان و مناڵەکانیان وەک ئەو زۆربەی زۆری کۆمەڵگە دەژین؟ ئایا لەبوونی ئەزمەیەکی ئابوریدا، هیچ لەژیان و گوزەرانیان هاتۆتە خوارەوە، یان بۆ ئەوەی سەروەتی خۆیان و قازانجی سەرمایەدارن دانەبەزێت، ئەو ئەزمەیە بەسەر خەڵکی کرێکار، کارمەند و مامۆستانیاندا دەشکێنەوە، لەبێ موچەیی و نیوەو چارەکە موچەو پاشەکەوتکردن، لەبەرزکردنەوەی نرخی شتومەک لەکومەڵگەو بەخسوسی کردنی کەرتە گشتیەکان بۆ ئەوەی دەستی سەرمایەدارن ئاوەڵا بێت لەبازاڕی کاردا بۆ دەرکرنی کرێکاران وکارمەندان و بەرزکردنەوەی نرخەکان.

ئامارەکانی خودی میدیاو دەزگاکانی بۆرژوا ناسیونالیست و ئیسلامیەکان و میدیاکانی تر کافیە، کە خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە ئەوە بزانن، کە کوردستان کومەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخە و بۆرژوازی ناسیونالیستی دەسەڵاتدار و سەرمایەداران بەشێکن لەبۆرژوازی جیهانی و بازاڕی کوردستان بەشێکە لەبازاڕی سەرمایەداری جیهانی، بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی بەشێکی تاڵانکارو سەرکوتگەرو مافیایی ئەو بازاڕو سەرمایەداریەی جیهانیەو ئیتر کوردایەتی وپیرۆزیەکانی کوردایەتی گەوجاندن و خۆڵکردنەوە چاوی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانەو هیچی تر. بۆیە رێگای کۆتاییهێنان بە برسێتی و هەژاری هەر رێکخراو بوونی خەڵکە لەدەوری خواست و داواکاریە چینایەتیە کرێکاریەکان و هاتنە مەیدانە بەنەمانی هەرچی جۆرە تەوەهومێکیی کوردایەتی وپیرۆزیەکانیان و رێکخراوبوونە لەدەوری خواست و داواکاری کرێکاری.

لینکی راپۆرتێک لەلایەن رەوا عەبدوڵڵا لەسەر دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئامادەکراوە

http://www.rudaw.net/sorani/business/20062017




كێ‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك كاك نه‌وشیروان بێت ؟ … شاخه‌وان سه‌نگاوی

پیاهه‌ڵدان له‌ فه‌رهه‌نگی نه‌وشیروان مسته‌فادا یه‌كیك بوه‌ له‌وه‌ كارانه‌ی كه‌ ده‌چووه‌ چوارچێوه‌ی سلوكه‌ ئه‌خلاقیه‌ حه‌رام كراوه‌كان هه‌رگیزیش وه‌ها كارێكی پێخۆش نه‌بووه‌ تا له‌ ژیاندا مابوو ، هه‌ر بۆیه‌ به‌ڕای منیش مرۆڤه‌كان پێویستیان به‌پیاهه‌ڵدان نیه‌ ئه‌وا ئه‌و ئاكاره‌كنه‌یه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆڵ بینینی له‌ سه‌ر ته‌ختی شانۆی ژیان پیاهه‌ڵدان به‌ خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌كه‌ن وه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ مه‌زنیی ده‌هێلێته‌وه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ .

به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ لایی من جیگای تێڕمان بوو له‌ ماوه‌ی ئه‌م چل رۆژه‌ هه‌ر له‌ چركه‌ساتی به‌ خاك سپاردنی ته‌رمی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌تا زه‌مه‌نی ئێستا ئه‌و وتاروپیاهه‌ڵدان و فرمێسكه‌ تیمساحیه‌كانی زۆر كه‌سایه‌تی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ بۆ كۆچی ناواده‌ی كاك نوشیروان ده‌یان هۆنده‌وه‌ وده‌یان ناڵاند له‌ كات و ناكاتدا كاسه‌ی سه‌رمان سیخناخ كردبوو ، به‌ڵام به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی چركه‌ساتێك هه‌ستی مرۆڤ بوونیان له‌ ناخه‌وه‌ بجوڵێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ن به‌رامبه‌ر ئاكاره‌كانی خۆیان وه‌ درك به‌و ڕاستیه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ش بكه‌ن كاك نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌كو ئه‌وان مرۆڤێكه‌ ته‌نها له‌ گۆشت و خوێن و ئێسقان پێك هاتووه‌ له‌ رووه‌ مادیه‌كه‌یه‌وه‌ ( جه‌سته‌یه‌ ) هیچ جیاوازیه‌كی نه‌ك له‌ گه‌ڵ ئیوه‌ بگره‌ له‌گه‌ڵ مندالێكی سه‌رشه‌قامه‌كان نیه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازبێت له‌ نێوان ئێوه‌و ئه‌ودا ته‌نها و ته‌نها ئه‌و ئاكارانه‌ بووه‌ كه‌پێی هه‌ڵساوه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی خۆیدا هه‌ر له‌ خۆنه‌ویستی و ده‌ست و داوێن پاكی و به‌هه‌ڵوێستی و ده‌ژه‌ به‌رژه‌وه‌ندگه‌رایه‌تی زۆر ئاكاری تر كه‌ له‌م پیاوه‌دا هه‌بووه‌ و له‌ ئیوه‌دا نیه‌ ! ئه‌گه‌ر هه‌شبێت هه‌تا ئه‌و سنوره‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانتان له‌ ڕووی دارایی و سیاسی و سه‌رباز و پله‌ و پۆست و ده‌سلاتی خۆتان یان بنه‌ماڵه‌كه‌تان نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .

هه‌ربۆیه‌ داواكارم له‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی ئه‌م هه‌رێم پێویست ناكات له‌م ڕۆوه‌ خۆیان به‌ پیاهه‌ڵدانی كاك نه‌وشیروانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن به‌ڵكو ئه‌مڕۆ كه‌ ڕۆژی چله‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ بكه‌نه‌ به‌ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ به‌خۆدا چونه‌وه‌ به‌ئامانجی چاكسازی و پاك سازی له‌ ناخی خۆتانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن ، ده‌ست به‌رداری ژیانه‌ سوڵتانیه‌كانتان ببن بگه‌رَێنه‌وه‌ نێو باوشی میله‌ته‌كه‌تان چونكه‌ كورد وه‌ته‌نی ( زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ی به‌ قازانج حساب ده‌كرێت ) چونكه‌ ئێوه‌ دنیا دیته‌نی ترن كه‌ ژیان تاسه‌ر بۆ كه‌س نیه‌ و وه‌ سه‌رئه‌نجامی هه‌موومان ئه‌و مه‌تره‌ زه‌ویه‌یه‌ كه‌ ئێستا به‌ فیزه‌وه‌ به‌ سه‌ریدا ڕاده‌بێورن . هه‌ربۆیه‌ ئێستاش ده‌ڕه‌نگ نیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت نه‌وشیروانی بژین …. نه‌وشیرواننیش خه‌ڵك به‌ بێ‌ جیاوازی ئاین و ئینتما و ڕگه‌ز شیوه‌ن بۆ مردنه‌كه‌تان بكات . ده‌ست پێبكه‌ن …ده‌ست پێبكه‌ن ده‌ست ده‌ ده‌ .




کورد لە نێوان زەبری دەوڵەت و گرێی بێدەوڵەتیدا … نەبەز سەمەد

دەوڵەت بۆ کورد چ واتایەک دەگەیەنێت؟ داخۆ کورد چ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە؟ دەوڵەت بۆ کورد بووە بە کێشەیەکی گەورە، لە لایەکەوە کورد لەژێر زەبری دەوڵەتدایە، چونکە بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی پاشکۆلۆنیالیزم دابەشکراوە و لە لایەن ئەم دەوڵەتانەوە دەچەوسێنرێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، کورد خۆی وەک قوربانییەکی بێدەوڵەت نیشان دەدات. وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت خۆی بە ئەویدی دەناسێنێت، واتا کورد شوناسی خۆی وەک بێدەوڵەتێک دیاری دەکات. ئەمە بریتییە لە دیلێمای دەوڵەت لە لای کورد. دیلێما (dilemma) واتا دۆخێکی ناچاری، تۆ ناچاری لە نێوان دوو شت یان دوو حاڵەتی نالەباردا بڕیار بدەیت و خۆت یەکاڵابکەیتەوە. لە خوارەوە ئەم دیلێمایە پتر ڕوون دەکەمەوە.

کورد لە لایەن دەوڵەتەوە داگیرکراوە، ئازاردراوە، چەوسێندراوەتەوە، ستەمی لێکراوە، زیندانی کراوە، ڕاگوێزراوە، بەعەرەب، بەتورک و بەفارسکراوە، لە لایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و زەبروزەنگ بۆتەوە، مافی یاسایی لێ سەندراوەتەوە، کەسی مۆڕاڵی لێ داماڵێنراوە، سەرەنجام لە لایەن دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکانەوە کۆمەڵکوژی، ئەنفال و جینۆسایدکراوە. هەموو ئەمانە بریتین لە زەبری دەوڵەت بەسەر کوردەوە. لە ئەنجامی ئەم زەبرەوە کورد کاردانەوەیەکی نەرێیی، تێڕوانینێکی نەرێیی، هەڵوێستێکی دژە دەوڵەت، دژە سیستەم، دژە دامەزراوەیی لە لا دروست بووە. بۆیە دەبینین وەک کاردانەوە و پەرچەکردارێک کورد لە بەرانبەر دەوڵەتدا چەکی هەڵگرتووە و بووە بە پێشمەرگە، لە دژی دەوڵەت شەڕی کردووە، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکوومەتی کردووە بە ئامانج، … هتد. ئەم هەستە دژە دەوڵەتییە لەکاتی شاخەوە لەنێو خەباتگێڕانی کورد دروست بووە و پاش ئەوەی دێنەوە نێو شار لە دوای ڕاپەڕین هەر بە هەمان هەست و مێنتاڵێتی شاخ لە دامەزراوە حوکوومی و دەوڵەتییەکان دەڕوانن، بۆیە ئەو دەزگا و دامەزراوانەی حوکوومەتی بەعس کە بەجێماون لەبری ئەوەی سوودیان لێوەربگیرێت، وێران و تاڵان دەکرێن.

ئەو ژێرخانە دەوڵەتییەی کە هەشبووە لەناودەبرێت. حیزبی کوردی دوای ڕاپەڕین تاکوو هەنووکەش نەیتوانیوە ئەم تێڕوانینە بۆ دامەزراوە دەوڵەتی و حوکوومییەکان، بۆ موڵکی گشتی، بۆ شوێنە گشتییەکان لە لای تاکی کورد بگۆڕێت، بەڵکو لە هەندێ ڕووەوە ئەو ڕک و کینە، توڕەیی و تێڕوانییە نەرێییەی تۆخترکردۆتەوە و پتر ڕەوایەتی پێداوە، لەبەرئەوەی حیزبی کوردی شکستی هێناوە لە حوکوومڕانی و لە پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوان بۆ هاووڵاتیانی کورد، چونکە جارێکی دیکە تاکی کورد لە لایەن حیزبی کوردییەوە کەوتۆتەوە ژێر زەبری دامەزراوە حوکوومییەکانەوە هەر لە نەبوونی خزمەتگوزارییەوە تا ترس، تۆقاندن و تیرۆر. بۆیە کورد ئەزموونێکی زۆر خراپ و تراژیدی لەگەڵ دەوڵەت و دامەزراوە حوکوومییەکاندا هەیە، جا چ دەوڵەتە داگیرکەرەکان بێت یان دەسەڵاتی حوکوومەتی حیزبیی کوردی بێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەشەکەی دی دیلێماکە، کورد گرێی بێدەوڵەتی و دەردی نەبوون بە دەوڵەتی هەیە. زۆرینەی کورد ئەم ئازاری بێدەوڵەتییەی چەشتووە، بەتایبەتی لە دەرەوە کاتێک لێت دەپرسن خەڵکی کوێی، یان دەبێ یەکێک لە دەوڵەتە پێوەلکێنراو و داگیرکەرەکان بڵێی (تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران) یان بڵێی کوردستان، ئیدی لێرەوە پرسیارەکان دەست پێدەکەن، چی؟ کوردستان لە کوێیە؟ دەتوانی لەسەر نەخشە پیشانم بدەی؟ … هتد ئەمە چەندین جار ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە. لێرەوە ئازارچەشتنەکە دەست پێدەکات، بێشوناسی، بێماڵی، هەستکردن بە شەرمەزاری، هەستی خۆبەکەمزانی، هەستی دەردی بێدەوڵەتی هەموو ئەوانە ئازارت دەدەن و بیریندارت دەکەن. بۆیە کورد وەک قوربانییەکی بێدەوڵەت لەخۆی دەڕوانێت، لەنێو ئەم دۆخی قوربانیبوونە گینگڵ دەدات و لێی دەربازنابێت. بۆی بووە بە گرێیەکی ئاڵۆسکاو و بۆی ناکرێتەوە، بۆی چارەسەرنابێت، هێندە لەنێو دەردی بێدەوڵەتیدا دەتلێتەوە ناتوانێت تێی بپەڕێنێت. ئەم دەردە، ئەم گرێیە سەرکردەکانی کوردیشی گرتۆتەوە، لە دیارترین نموونەیدا لەنێو کەسێتی مەسعود بارزانیدا خۆی نمایش دەکات. ئەگەر بەوردی سەرنجی لێدوان و قسەکانی بارزانی بدەین، بە ڕوون و ئاشکرایی ئەم گرێی بێدەوڵەتییە لەودا خۆی مانیفێست دەکات. لە هەمان کاتدا، ناتوانێ لەم گرێیە دەربازببێت، ئەو خۆی باش دەزانێت کە ناتوانێت دەوڵەت (ی کوردی) دابمەزرێنێت و دروستی بکات، بۆیە دەیەوێ ڕایبگەیەنێت. ئەو دەیەوێت هەرچۆنێک بێت لەسەر دەستی خۆی دەوڵەتەکە ڕابگەیەنرێ. ئەم ویستە پەیوەندی بە مێنتاڵێتی خێڵەکی و پیاوسالاری (پاتریارکی)یانەی بارزانییەوە هەیە، ئەو وەک پیاوێک، وەک سەرۆک خێڵێک دەیەوێ ئەم شەرفە بۆ ئەو بێت، ئەوجا بۆ بارزانییەکان بێت. ئەم مێنتاڵێتییە پتر لەسەر هەست و سۆز ئیش دەکات، بۆیە بارزانی پتر بە شێوەیەکی سۆزەکی باس لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکات، نەک لە بڕیارێکی هۆشەکی دروستەوە بئاخڤێت. لەبەرئەوە بارزانی پتر جەخت لەسەر ڕاگەیاندنەکە دەکات، ئاخر بۆ ئەو دوای ڕاگەیاندنەکە هەرچییەک ڕووبدات گرنگ نییە.

کورد ئەم تێڕوانینەی لە لا دروستبووە، گوایە کێشە، نەهامەتی و هەژەندەکانی بەهۆی بێدەوڵەتییەوەیە. بۆیە کورد ئەگەر دەوڵەتی هەبوایە ئەوا زۆرینەی کێشەکانی چارەسەردەبوون و ڕووبەڕووی ئەو هەموو هەژەند و جینۆسایدەش نەدەبووەوە، ئەمە ڕەنگە بەشێکی ڕاست بێت. ئێستاش هەمان بۆچوون هەیە و دەیەوێ سەرجەم کێشەکان، قەیرانەکان، کەمایەسییەکان، گەندەڵییەکان و ناکۆکییەکان بەبێ چارەسەر هەڵبگرێت تاکو دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەمە تێڕوانینێکی کێشەئامێزە، ئاخر تۆ بەبێ چارەسەری کێشەکان و یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکییەکان ئەگەر سەربەخۆش بیت، لەرزۆک دەبیت. هەروەها تۆ دوای سەربەخۆیی ڕووبەڕووی چەندین قەیران، کێشەی ناوەکی و دەرەکی دەبیتەوە، بەم هەموو کێشەیەوە چۆن دەتوانیت بەرگەبگریت و سەربەخۆبیت. بۆیە دەبێت لایەنی کەم زۆرینەی کێشە و قەیرانەکان بەر لە ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی چارەسەربکرێن. ئەگینا تەمەنی کۆمارەکەی ئەم هەرێمەش لە کۆمارەکەی مەهاباد زیاتر نابێت.

کێشەی حیزبی کوردی ئەوەیە پتر ئیشی لەسەر حیزباندنی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، لەبری ئەوەی وێنای دەوڵەت، خەونی دەوڵەت، ڕێزمەندی و خۆشەویستی بۆ دەوڵەت لە لای تاکەکان دروست بکات. هەروەها ترس لە زەبری دەوڵەت، تێگەیشتن و ڕوانینی دژە دەوڵەتی، دژە دامەزراوەیی، دژە حوکوومەت و دژە موڵکی گشتی لەنێو تاکەکاندا چارەسەر بکات، لە لایەکی دیکەشەوە لە گرێی بێدەوڵەتی دەربازیان بکات و بە پراکتیک ئیش لەسەر بونیادنان و دروستکردنی دەوڵەت بکات. کورد بەهۆی داگیرکردنی لە لایەن دەوڵەتەکانەوە و دابەشکردنی بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی پاشکۆلۆنیالیزم بووە بە بوونەوەرێکی دژە دەوڵەت، دژە، حوکوومەت، دژە دامەزراوە و دژە سیستەم؛ بەڵام حیزبی کوردی، دەسەڵاتی کوردی ئیشی لەسەر کاڵکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە نەکردووە و هەوڵی نەداوە کورد لەگەڵ دەوڵەت ئاشت بکاتەوە بەڕێی پیشاندانی نموونەیەکی جوانی حوکوومڕانی کوردی، بەڵکو ئەم ڕک و کینە و دژێتییەی زیاتر کردووە و تۆختر کردۆتەوە، چونکە نموونەیەکی جیاواز لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو پتر لاسایی ئەوانی کردۆتەوە و وەک مۆدێل لێی ڕوانیون. ئاخر حیزبی کوردی نازانێت سیاسەت بکات، خۆی ئایدیای سەربەخۆیی و دەوڵەتداری نییە، بۆیە پتر لە ٢٥ ساڵە هیچ بناغەیەکی دەوڵەتیان دروست نەکردووە، ئەو ژێرخانەی هەبوو ئەویشیان وێران و تاڵانکردووە. ئەمە زۆر ئایرۆنییە تۆ ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵ هیچ ئیشێکت بۆ بونیادنانی دەوڵەت نەکردبێت، پێت وابووبێ خەونی شاعیرانەیە! ئێستاش لەپڕ بێیت بانگەشە بکەیت و بڵێی دەوڵەت ڕادەگەیەنم! بێئاگا لەوەی کە دەوڵەت دروست دەکرێت، بونیاد دەنێرێت، دادەمەزرێنرێت، ئەوجا ڕادەگەیەندرێت.
لە کۆتاییدا، کورد بەر لەوەی ڕیفراندۆم بکات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت! دەبێت ئەم دیلێمایە چارەسەر بکات. واتا لە لایەکەوە، دەبێت خۆی لە زەبر و ستەمی دەوڵەت دەرباز بکات و لە لایەکی دیکەشەوە، خۆی لە گرێی بێدەوڵەتی ڕزگار بکات.




هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە جاڕی ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتی کوردی! … بەشی یەکەم … سامان کەریم

کاتێک کەسێک دەیەوێت لێکدانەوەیەک بکات سەبارەت بە هەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی، تیۆری مارکسیستی ناچاری دەکات، بەڕەهایی ئەو بابەتە “قەزیە” لە نێو چوارچێوەی مێژوویەکی دیاریکراو دابنێ. هەروەها ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە یەک ووڵاتەوە هەبێت ئەوە مەرجی بۆ دادەنێت ( بۆنمونە سەبارەت بە بەرنامەی نەتەوەیی لەو ووڵاتەدا) کە تایبەتمەندییە کۆنکرێتە جیاوازەکانی ئەو ووڵاتە جیادەکاتەوە لەوانی دیکە لە بەرچاو بگرێت، لە چوارچێوەی قۆناغیكی دیاریکراوی مێژویدا. (لینین/ مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان/ بژاردەکان بەرگی پێنجەم-ل ١٥١- دوا هێلی تەئکید هی منە).

به‌ڵام زۆرتر له ‌ئێمه‌، خودى جيهانى ماددي و واقعييه‌تى مێژوويى گۆرانى به‌سه‌ردا هاتووه‌. مه‌به‌ستم ڕووداوه‌كانى ده‌ورانى ئه‌زمه ‌و دواتريش له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى بلۆكى ڕۆژهه‌ڵات ‏و دنياى دواى جه‌نگى سارده‌. ئه‌گه‌ر ڕوو وه‌رچه‌رخاندنى بزووتنه‌وه‌ ڕزگاريخوازه‌كانى پێشوو به‌لاى غه‌رب ‏و مۆديلى بازاڕ له‌ ساڵانى يه‌كه‌مى ده‌ستپێكردنى ئه‌زمه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتيش ‏دا فه‌راموش بكه‌ين (چونكه‌ هه‌رچي چونێك بێت ڕه‌وتى ئێمه‌ له‌ خۆشباوه‌ڕييه‌كانى چه‌پى تەقليديى سه‌باره‌ت به‌ پێشكه‌وتنخوازى ناسيۆناليزمى جيهان سێيه‌مي و ناسیۆناليزمى كه‌مينه‌ ميللييه‌كاندا شه‌ريك نه‌بووه‌)، بزووتنه‌وه‌ جوداييخوازه‌كان ‏و دواتريش جه‌نگ‏‏‏ و کۆمەڵكوژييه‌كانى “ميلله‌ت”ه‌ هه‌وسار پچريوه‌كان له‌ ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵات ‏و مه‌ركه‌زيدا، به‌ڕاستى خواستى ميللي و جياخوازيى ته‌نانه‌ت له‌به‌رچاوى كه‌سانێك كه‌ له‌ له‌لانى كه‌مى ئينسان‏ دۆستى به‌هره‌مه‌ندن، بێنرخ‏ و زۆرجاريش بێزراو كردووه‌. هه‌مووان ده‌توانن ببينن كه‌ چۆن ناسيوناليزم ته‌رجومه‌ى ماددى خۆى له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان‏ و “پاكسازييه‌ قه‌ومييه‌كان‏” و كووره‌كانى ئينسان سووتاندندا په‌يدا ده‌كات ‏و، چون نه‌ته‌نها خواستى ميللى به‌لڵـكو ته‌نانه‌ت خودى مه‌قوله‌ى ميلله‌ت ‏و ناسنامه‌ى ميلليش له ‌زۆر حاڵە‌تدا ناڕه‌سه‌ن‏ و ده‌سكردى ئه‌وساتێکى سياسى دياريكراوه. (مەنسور حیکمەت/ميلله‌ت‏و ناسيوناليزم‏و به‌رنامه‌ى كومونيزمى كريكارى- بەشی یەکەم/ هێلی تەئکیدەکان هی منە).

کورتەیەکی پێویست سەبارەت بە ڕیفراندۆمی پارتی

ڕیفراندۆم میکانیزمی بردنە پێشەوەی سیاسەتێکی دیاریکراوە و مافێکی دیاریکراوی هاووڵاتیان یان دانیشتوانە. خواستی چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، یان خواستی گۆڕینی دراوی ووڵاتێکی ئەوروپی بۆ ئێرۆ، خواستی دەنگدان لەسەر جیابونەوەی ئوسکوتلەندا لە بەریتانیا، کیوپیک لە کەنەدا…. نمونە زۆرن. بەڵام لەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردوستان بە سەرۆکایەتی بارزانی، ڕیفراندۆم خۆی سیاسەتە. یەکێک لە کۆسپ و تەنگەژەکانی ئەم سیاسەتەی بارزانی ئەوەیە کە ڕیفراندۆم هەر خۆی کراوەتە سیاسەتێک. بەجیا لە ڕاگەیاندنەکانی پێشووی ئەندامانی مەکتەب سیاسی پارتی کە باسی سەرەکیان “کار نەکردن بەئەنجامی ریفراندۆم” بوو، وە دوای ئەوە چاوپێکەوتنی بارزانی لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی دا، کە ڕۆشنە وەڵام بە ڕەخنەکان دەداتەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام شتێکی تازەی تێدا نیە.
باسی ڕیفراندۆم ئەگەر کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تێدا دیارینەکرێت، هیچ مانایەکی نیە لەم ڕیفراندۆمەدا. واتە ماوەی شەش مانگ یان ئەو پەڕی سالێک. واتە پێویستە لەماوەی شەش مانگ یان سالێکدا سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت. ئەگەر نا ئیتر ئەوە ڕیفراندۆم نیە، بەڵکو ڕیفراندۆمێکە وەک هەنگاو و کارتێکی سیاسی بەدەست بارزانی و پارتی یەوە. بەم مانایەش هەنگاوێکی سیاسی زیرەکانەی بارزانی یە بۆ قۆرغکردنی مافی دانیشتوانی کوردوستان. باسی ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوە لە پایەیەکی سەرەکیدا، باسی پارتی و بارزانی و مێژووی ئەم هێزەیە، هەر لایەن و ‌هێزێک مێژووی ئەم هێزە و سیاسەت و پراتیکی وەک هێزێکی بورژوایی کورد لە بەرچاو نەگرێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، لە بەرانبەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی کوردوستاندا. لەم بارەوە پێدەچێت تەنانەت لە نێو خەڵک و لە نێو هێزە بورژواییەکان و ژمارەیەکی دیار لە ڕۆشنبیران و نوسەرانی ناسیونالیست… ئەم لێکدانەوەیە لە بەرچاو گیرابێت، هەر بۆیە دەبینین ناڕەزایەتیەکی فراوان هەیە بە ڕووی ئەم شێوازە لە ڕیفراندۆمی پارتی دا.

بەم پێیە ئەگەر تەنها هۆیەک هەر ئەوە بێت، واتە ڕابەریکردنی پارتی بۆئەم پڕۆسەیە و بەم شیوازەی ئێستای، بەدەست هەر ئینسانێکی نەک ئازادیخوازو پێشکوتوخوازەوە بەڵکو بەدەست هەر ئۆپوزیسیونێکی پارتیشەوە، بە بڕوای من ئەوە پایەیەکی هێجگار بەهێزە کە هەر ئینسانێک چەند جار بیر بکاتەوەو توشی تێڕامان بێت ئینجا بڕیار بدات. ئەمە بابەتێکی ئۆبژەکتیڤەو مێژووی ئەم هێزو بزووتنەوە و سەرکردەیە نیشانی داوە. لە بەشی دووەمدا لەسەر ئەم پۆینتە زیاتر باس دەکەین.
لە ڕوانگەی منەوە تا ئەوکاتەی کە ماوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت دیارینەکرێت، ڕیفراندۆمێک بوونی نیە. ئەگەر ١٠٠ دانە ڕیفراندۆمیش بێت و بچێت. ڕیفراندۆمێک لە گۆرێ نیە، چونکە ئامانجێک بوونی نیە. بزووتنەوەی کوردایەتی و بارزانی و ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە، هوشیارانە خەڵکی کوردوستانیان بارهێناوە. ووردبینانە، مامەڵە لەگەڵ خەڵکێک دەکەن کە دەزانن تاکوێ پێ ڕادەکێشێت. سیاسەتێک کە ناوەرۆکەکەی بریتی یە یان ٢٧ ساڵە بریتی بووە لە لابردنی سەرنجی خەڵک لەسەر مەسەلە و کێشە سەرەکیەکانی خەڵک ئەوەی تشۆمسکی پێی دەڵێت ” الالهاء” واتە سەرنج لابردنی خەڵک لەسەر کێشەو گرفتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا و بەکار‌هێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی گونجاو بۆ پێکانی ئەم ئاراستەیە. ریفراندۆم بونی نیە بەلام ناویان ناوە ریفراندۆم. ناویان ناوە ڕیفراندۆم، چونکە ڕیفراندۆم خۆشناوە، لایەنی کەم بۆتە خۆشناو و هەندێ هێز بە کەفوکوڵی شۆڕشگیرانەش دەیڕازێننەوە. بەڵام ڕیفراندۆم بۆیە خۆشناوە لە کوردوستان چونکە خەڵکەکەی بەمانای جیابونەوەی کوردوستان دەیبینن. کاتێک کە ئەم ئامانجە جێبەجینەکرێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا-٦مانگ تا یەک ساڵ. ئەوا ڕیفراندۆمێک ناکرێت بەڵکو سیاسەتی گەوجکردنی خەڵک پیادە دەکرێت. پراتیکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆیە و وەک شەراب هەڵناگیرێت تا خۆشترو باشتر بێت.

لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە ڕیفراندۆم وەک میکانیزمێک هەمیشە بۆ بابەتە گرینگە چارەنوسسازەکان بەکارهێنراوە‌ کە ناکرێت یان دەسەڵاتداران پێیان باش نیە کە لە ڕیگای یاسا و ڕیسا و دەستورەوە لە پەرلەمان یان لە لایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، دەیانەوێت مۆری گشتگیرییەکی کۆمەڵایەتی گەورەی لێ بدەن. بەم مانەیەش ڕیفراندۆم بۆ کایە کردن نیە بە خواست و داواکاری خەڵکەوە. دەبێت ڕیگا لەم جۆرە سیاسەت و پرۆژە سیاسی یە بگیرێت کە دەیەوێت بابەتێکی وا هەستیار بکاتە وەرەقەی سیاسی دانوسان و چەپاندن و گەوجکردنی خەڵک.
خەڵکی کوردوستان موچەیان نیە، کارەبایان نیە، خزمەتگوزاریان نیە، زەمانی کاریان نیەو لەسەر کار دانامەزرێن و خاوەن بڕوانامەکانی زانکۆو پەیمانگاکان زۆربەی هەر زۆریان بێکارن، هەڵلوشین و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هەندێک بەپرس و ملیاردێری دەوربەری سەرکردایەتی بورژوایی کورد بەردەوامە. خەڵک بۆ ئەوەی بژی کەلوپەلی ناوماڵ دەفرۆشێت. دووبارە گەڕانەوە بۆ دەرەوەی ووڵات بە شێوەیەکی فراوان ماوەی دووساڵە دەستیپیکردۆتەوە. ژێر بەژێر لەژیر ناوی چاکسازیداب”کە وێرانکاریە بۆ خەڵک” زۆربەی کەرتەکانی خزمەتگوازی کراوەتە پریڤایت ” پریڤاتیزەیشن”: کارەبا، خەستەخانە و کەرتی تەندروستی، خوێندن و خوێندنی باڵا…. خۆ کەس ئاگاداری کەرتی نەوت و گرێبەستەکانی نیە کە چۆنە و بەپپێ کام بناغەیە گرێدراوە، ئەمە بەجیا لە کۆسپەکانی وەک ناوچە کوردنشینەکانی: کەرکوک و خانەقین .. بەجیا لە شەری دژی داعش و کوژرانی رۆژانەی جگەر گۆشەکانی خەڵک….جگە لەوانەش کێبەرکێ و کۆسپەکانی نێو حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و هەروەها هەڵواسینی پەرلەمانی کوردایەتی و ماوە بەسەرچوونی سەرۆکایەتی بارزانی و چەندین کێشەی دیکە. ریفراندۆم یان سیاسەتی پیادەکردنی ریفراندۆم ، سیاسەتی سەرنج لابرنە لەسەر ئەم کێشانە و شاردنەوەیەتی لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە بارزانی دەتوانێت وەک وەرەقەیەکی جۆکەر لە هەر کات و هەلومەرجێکی سیاسی دا بەرانبەر بە خەڵکی کوردوستان و هێزە موخالیفەکانی و حکومەتی بەغداو ‌هێزە ئیسلامی و قەومیە عەرەبیەکان بەکاریبهێنێت. ئەوانە ئامانجی سەرەکین. ئەوەتا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردوستان لە تورکیا بەهرۆز گەڵاڵی کە حزبەکەی هاوبەشی پارتی یە لەم جاڕەدا دەڵێت “به توركیایان ووتوه ڕیفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان و جیابوونەوه له عێراق و گەڕانەوەی كەركوك و شوێنه جێ ناكۆكان نی یه، به ڵكو بۆ ئەوەی وەک كارتێك بۆ گفتوگۆ له بەرانبەر بەغدا بەكاری بێنین.” (چاوپێکەوتنی بەهرۆز گەڵاڵی لەگەڵ پێگەی سپی میدیا/ ٢٥.٦.٢٠١٧/ تەئکیدەکە هی منە). سیاسەتی ڕیفراندۆم ، ڕیفراندۆم نیە. تۆ ناتوانیت تۆپی پێ بکەیت و گۆڵ بکەیت، بەڵام نەتوانیت ئەنجامەکەی ڕابگەیەنیت کە براوەیت. یان دۆرابیت وشەهامەتی ئەوەت نەبێت کە دۆڕانەکەت ڕابگەیەنیت. ئەوە ئیتر تۆپی پێ نیە.

ئەو ڕیفراندۆمەی پارتی و یەکیتی ، ڕیفراندوم نیە وبڵقێکە زوو دەتەقێت. بەڵام وەرەقەی بەرزکردنەوەی کەسایەتی بارزانیە تا ئاستی سەرکردەی “ڕزگاریبەخشی” خەڵکی کوردوستان ولایەنی کەم لەئاستی بزووتنەوەی کوردایەتی دا. ئەمە پۆینتێکی گەورەی پیادەکردنی ئەم ڕیفراندۆمەیە، بەتایبەت کە قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئیتر بارزانی خۆی هەڵنابژێرێتەوە. بەڵام بۆ پارتی و یەکێتی بە جیا لەم پۆینتە خالێکی دیکەی گرینگ ئەوەیە کە وەرەقەیەکی گرینگی هەڵبژاردنی داهاتوویانە. ئەوان وەک دوو هێزی‌ سەرەکی دەسەڵاتدار لەماوەی ٤ ساڵی ڕابوڕدوودا: خەڵکیان هەژارکردووە، ‌هەژاری زیادیکردووە، موچەیان کردووە بە یەک لەسەر سێ، بێکاری گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک، گەندەڵی زیادیکردووە و کارەبایان کەمیکردووە…. بۆیە رێفراندۆم بۆ دەنگدانیش سوودی گەورەی دەبێت بۆ ئەم دووهێزە.
یەکێتی و پارتی باشدەزانن کە دەوڵەتانی دونیا وەک ئەلمانیا و روسیا و تورکیا و ئێران و عێراق و تەنانەت ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئاگاداریان کردوون کە لەگەڵ “یەکپارچەیی خاکی عێراقدان”. ئەمریکا بە ڕەسمی ٢٤حوزەیران لە ڕیگای تیلەرسونەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڕیفراندۆم نین. ئەو قۆناغەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی دا بوارێک هەبوو بۆ دەولەتی کوردی کە مەسعود بارزانی هەوڵێ بۆدا بەسەرچووە و کاتی نەماوە. کاکە درەنگ فریا کەوت!!. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە پارتی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمەریکی دا سیاسەتی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی هەبووە و ئێستاش پەلەقاژەی بۆ دەکات. هەلوێست لەسەر ئەم باسە لە بەشی دووەمدا دێت.

ئەگەر ئەوە ڕاستیەک بێت، ڕاستیەکی دیکە ئەوەیە کە هەموو کەس بارزانی و پارتی دەناسێ وە دەزانی کە بەبێ ئەمریکا و تورکیاو … ناتوانێت بڕیارێکی وا بدات…مەگەر مێژوو درۆ دەکات. یان مەگەر پارتی و بارزانی ئاڕاستەی سیاسیان گۆڕیوە بۆ لایەکی دیکە. بەڵام هیچ لایەکی دیکەی زلهێز ڕیفراندۆمی قبوڵ نەکردووە. پارتی وەک هێزێکی بورژوایی و نوێنەری سەرسەختی بازاڕ و نیولیبڕال، ناتوانێت وە بۆی نیە کە بڕیاڕێکی سەربەخۆی لەم چەشنە دەربکات، بە تایبەت لە هەلومەرجی ئینتقالی ئەمرۆدا… ئەمە ئەگەر واز لە ناسینی پارتی و مێژووی ئەم هێزە بهێنین.
خەڵکی کوردوستان، پێویستە بەشداری ئەم یاری یە نەکەن، وە هوشیارانە ڕوبەڕووی ئەم سیاسەتە ببنەوە و لەمبارەوە لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەگەر دەیانەوێت ڕیفراندۆمێک بکرێت کە ڕیفراندۆمی خۆیان بێت و ئەنجامەکەی بەپێی دەنگی ئەوان بێت و نەکرێتە وەرقەیەکی سیاسی بۆ بەند و بەست و سازانی ژێر بەژێری سیاسی ئەوا پیویستە: لەم ریفراندۆمەدا بە مەرجەوە بەشداری بکەن، مەرجێکی رۆشن ئەویش ئەوەیە کە: لە فۆرمی دەنگداندا خاڵێک زیاد بکرێت بەم شێوەیە: دەست بەجێ ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەنجامی ڕیفراندۆم هەر چیەک بێت، ئەوە لەماوەی ٦-١٢ مانگدا ڕادەگەیەنرێت. واتە ئەگەر خەڵک دەنگیان دا بە جیابوونەوە لە عێراق ئەوە لەو ماوەیەدا سەربەخۆیی و دەوڵەت لە کوردوستان ڕادەگەیەنرێت.

ئەم خاڵەی سەرەوە مەرجە. ئەگەرچی بۆ ڕیفراندۆم مەرج دانانرێت، بەڵام ئەو مەرجە سیاسەتی پارتی سەپاندویەتی بەسەر خەڵکدا. خۆیان خەڵکیان ناچار کردوە کە مەرج دابنێن. خۆیان بە ئاشکرا بە خەڵک دەڵێن: خەڵکینە گاڵتەتان پێدەکەین. ئەگەر نا لە کوێی دونیا ڕیفراندۆمێک کراوەو بە خەڵکەکەش وتراوە وەرن دەنگ بدەن بەلام کار بە ئەنجامەکەی ناکەین، یان مەرج نیە کار بە ئەنجامەکەی بکەین. بۆیە دانانی مەرجێکی ئاوەها بۆ ئەم ڕیفراندۆمەی پارتی پێویستە.
بەبێ مسۆگەر کردنی ئەم مەرجە هەر جۆرە دواکەوتنێکی ئەو ڕیفراندومە لە ژێر هەرناوێکدا بێت و لەسایەی هەر بۆچون و ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکدا بێت، ڕاستەوخۆ هوشیارانە یان ناهوشیارانە دەبێتە سیاسەتی دواکەوتنی پارتی. سیاسەتی پێدانی وەرەقەیەکی ئیمزاکراوە بە بارزانی و پارتی کە بەئارەزووی خۆیان و هەرکاتێک بیانەوێت کایەی سیاسی و بەند و بەست بە دەنگی خەڵکەوە بکەن. هەر هێزێک بێ ئەو مەرجە دوای ریفراندۆمی پارتی بکەوێت ئەوە بەرپرس دەبێت بەرانبەر بەخەڵکی کوردوستان. دواکەوتنی پارتی بەبێ ئەو مەرجە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کەسە یان ئەو هێزە، هەلومەرجی دیاریکراو و مێژووی دیاریکراوی بەهیچ شێوەیەک لەبەرچاو نەگرتووە. وەرەقەیەکی داوەتە دەست پارتی و ئەویش بەپێی سیاسەتی خۆی بەکاریدەهێنیت.

کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو قسەو قسەلۆکانەی کە لەلایەن نوسەران و هەندێک سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی یەوە باسدەکرێت لە سەر ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد هیچ پەیوەندیەکی نیە بە خواستی خەڵکەوە. ئەوان ڕێک بوون، وە ماڵەکەیان زۆر ڕێکخراوبوو، هەر لەو کاتەدا موچە قرتکرا، هەرئەوکاتیش کارەبا نەبوو، گەندەڵی لەو پەڕی دابوو … ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد مانای دابەشکردنی سەرەوت و سامانی کەڵەکەبووە لە نێو حزبەکاندا بۆ ئەوەی کەسیان زویر نەبن، وەک هەلومەرجی ئێستا. هەموو پێکەوە بیخۆن و خەڵکیش بێ موچە و بێ کارەبا و بێکار بێت و لەشەری داعش یشدا ڕۆڵەکانیان بکوژرێن. خەڵکی کوردوستان ئەگەر دەیەوێت نەکەوێتە نێوان بەرداشی پارتی و یەکێتی یەوە وە ئەگەر دەیەوێت ریفراندۆمێکی گشتی و ئازاد بکات و هەروەها لایەنی کەمی خواستەکانی دابین بکات، چارێکی دیکەی نیە جگە لە هاتنە مەیدانی وەک هیزێکی سەربەخۆی سیاسی و دابینکردنی ئەو مەرجەی سەرەوە لەم ڕیفراندۆمەدا. لە ڕوانگەی منەوە ئەگەر ئەم مەرجە ببێتە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە، ئەوە پارتی واز لە ڕیفراندۆمەکەی دەهێنێت.

لەسەر پایەی بێ باوەڕی بە پارتی، ڕێفراندۆم کراوەتە باسێکی سیاسی گەورەی ئەمڕۆی نێو کۆمەڵگای کوردوستان. ئەمە پۆینتێکە مانای گەورەی سیاسی هەیە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان، هەموو ئەو هێزە سیاسیانەی خۆیان بە بەرپرس دەزانن سەبارەت بە چارەنوسی سیاسی ئایندەی خەڵکی کوردوستان. ئەم پۆینتە، بێ باوەڕییە بە پارتی دیموکراتی کوردوستان و سەرکردەکەی. ئەم بارە زادەی بیرۆکەی ئەم کەس و ئەو نووسەر و ئەو هێزی سیاسی نیە، بەڵکو مێژووی سیاسی ئەم ‌‌هێزە و سەرکردەکەیەتی سەبارەت بە خەڵکی کوردوستان. بۆیە بەجیا لەوەی کە لە هەلومەرجی ئێستادا چۆن بیر دەکەینەوە سەبارەت بە سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەت لە کوردوستان دا، پێویستە لەسەر هەرکەسێک وە هەر هیزێکی سیاسی لە کوردوستاندا، ئاگاداری ئەم ڕیفراندۆمە بێت و خۆی نەخاتە دووی پارتی و لایەنی کەمی ئەوە مسۆگەر بکات کە دەنگەکەی یان دەنگی خەڵک ناکرێتە وەرەقەی سیاسی بە دەستی پارتی و بارزانی یەوە. بۆ ئەوەش ئەو مەرجەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا هێجگار پێویستە.

بەشی دووەمی ئەم باسە باسی دەوڵەتە لەکوردوستان. دەوڵەتێک کە ئەگەر پێک بێت لە سایەی ڕیفراندۆمی پارتی دا دەوڵەتی بزووتنەوەی کوردایەتی دەبێت بە ڕابەری پارتی، دەوڵەتی بارزانی دەبێت. لە هەلومەرجی ئەمرۆدا گومانێک لەمە نیە، وە هەر کەس و لایەنێک گومانی لەمە هەبێت یان لە دەرەوەی مێژوو دەژی یا بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ پارتیدا. بەڵام ئەم دەوڵەتە چۆن وە لەسایەی چ هەلومەرجێکی سیاسی جیهانی وناوچەیی و لۆکەلی عێراق و کوردوستاندا پێکدیت؟! کەواتەباسی کۆنکرێتی ئێمە بۆ دەوڵەت ئەوەیە لە کام هەلومەرجی سیاسی دیاریکراو لە باری مێژوویەوە ئەم دەوڵەتە پێکدێت؟! ئایا بە شێوەیەکی کۆنکرێت لەم هەلومەرجەدا “هەلومەرجی ئینتقالی مێژوویی” جیابوونەوەی کوردوستان و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بەڕابەری بارزانی بەقازانجی چینایەتی کرێکار و خەباتی ڕزگاریخوازانەی لەئاستی ئەنتەرناسیوناڵی و ڵۆکەڵیدا دەشکێتەوە؟! واتە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی و یەکڕیزی زیاتری ئەم چینە لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا؟! یان هەلومەرجی خەباتکارانە و ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار باشتر دەکات لە ئاستی عێراق و کوردوستاندا؟! یان کێشەو ململانێی نەتەوەیی بنبڕ دەکات و لە کۆڵ ئەم کێشەیە دەبینەوە؟! وە ئایا ئاراستەی مێژووی سەرمایەداری سەبارەت بە “مافی چارەنوسی نەتەوەکان” و بەتایبەت باسی دیاریکراوی ئێمە لەسەر کوردوستانی عێراقە، لەسەردەمی گلۆبال و تێربوونی سەرمایە و لەم هەلومەرجە ئینتقالی یەدا چی بەسەر دێت؟! ئایا ئاڵوگۆرەکانی چارەکەسەدەی ڕابوردوو چیمان پیدەڵێت لەمبارەوە؟! وەڵامی ئەمانەو گەلێک پرسیاری دیکە لە بەشی دووەمی ئەم باسەدا دەخوێنینەوە.

٢٦. حوزەیران.٢٠١٧
saman.karim5@gmail.com




ڕۆشنبیری گه‌نده‌ڵ ….. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

ئه‌وه‌ هه‌ر به‌ناو حزب و ڕێكخراوه‌ ناسیاسیه‌كان نین نائومێدی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا به‌رهه‌م دێنن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ و بگره‌ زۆرتریشمان ناڕۆشنبیر هه‌ن كاری بنچینه‌ییان بڵاوكردنه‌وه‌ی بێئومێدی و ڕه‌شبینكردنی تاكه‌كانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ من ناویان لێنانێم(كۆلكه‌ ڕۆشنبیر) چون (كۆلك) له‌ بنچینه‌دا دارێكی به‌رداری لاو و پڕ ژیان و جوله‌ بووه‌.

ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێك ده‌بێ‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بێ‌ و ته‌نانه‌ت دانیش به‌وه‌ دابنێین كه‌ گه‌نده‌ڵی نه‌ك هه‌ر كایه‌ی ئابووری و سیاسی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵكو كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقیشمان كلۆر یا باشتر وایه‌ بڵێین بۆگه‌ن بووه‌ به‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ و من لای خۆمه‌وه‌ بێزم ده‌بێته‌وه‌ و پێشموایه‌ كه‌مترین ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ن به‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ بمبه‌ستنه‌وه‌ كه‌ من تا ئێستا لێم ونن .

كه‌ یه‌كێك تووشی ده‌ردێك ده‌بێ‌ و پێیه‌وه‌ دیار ده‌بێ‌ و لای كه‌سانی تریش ده‌یدركێنێ‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ ناڵه‌ ناڵیه‌تی و گیرۆده‌یه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ و ئاواتی ئه‌وه‌ ده‌خوازێ‌ هه‌رچی زووه‌ لێی ڕزگار بێ‌ و ئه‌م شعوره‌شی په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یبردن به‌ جه‌سته‌ و ڕێزگرتنیه‌وه‌.
كه‌ یه‌كێك كێشه‌یه‌ك یا نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونی یه‌خه‌ی ده‌گرێ‌ و هه‌ست ده‌كا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ و ڕه‌فتاری هاوسه‌نگ نیه‌، كه‌ دركاندی و هه‌وڵی دا ئه‌و به‌ڵایه‌ی له‌كۆڵ بێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ وریا و هوشیاره‌ به‌ خۆیی و ئاستی زیان و قورسایی كێشه‌كه‌ ده‌زانێ‌ ، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ندین هه‌نگاو له‌ چاره‌سه‌ر نزیكتر ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خۆش نیه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی نیه‌، ئه‌وا چاره‌سه‌ری دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ و ڕه‌نگه‌ تا مردن قۆناغه‌كانی كێشه‌ و نه‌خۆشیه‌كه‌ی سه‌ختر بن و خۆیی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شی تووشی به‌ڵا بكا و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ په‌ی به‌ ده‌روونی خۆی نه‌بردووه‌ و Self Perception ی یا self awareness ی واته‌(په‌یبردن به‌ خود) ی له‌ ئاستێكی هه‌ره‌ نزمدایه‌.

كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌م جه‌سته‌ و هه‌میش ده‌روونی نه‌خۆشه‌، هه‌ردووكیانی له‌ بارێكی گه‌نده‌ڵ و په‌ككه‌وتووییدایه‌، به‌ڵام تا ئه‌و ئاسته‌ نیه‌ كه‌وتبێت و ئیدی تا ئه‌به‌د هه‌ڵنه‌ستێته‌وه‌.
تا ئه‌و ئاسته‌ نیه‌ گۆشه‌گیر بووبێت و نه‌كه‌وێته‌ ژێر باری چاره‌سه‌ر و ئومێدی به‌ چاكبوونه‌وه‌ بڕابێ‌ و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازبوون ڕه‌تكاته‌وه‌. ئومێد بڕان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ شكستهێنان له‌ دۆزینه‌وه‌ی مانا بۆ ژیان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌ی گونجاو بۆ كێشه‌ و قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان، به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی خوێندنه‌وه‌ عه‌قلانی و زانستیه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌كانه‌وه‌.

هه‌موو لایه‌كمان به‌ تاك و گرووپ و حزبی و ناحزبیه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشی و تلانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ده‌كه‌ین و به‌شێكی زۆریش كه‌ له‌ بنچینه‌دا هوشیارن به‌و نه‌خۆشیه‌ و پێشبینی مه‌ترسی و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ن و هیواخوازن تا ڕاده‌یه‌كی باش ساغ بینه‌وه‌ و بچینه‌وه‌ ئاستێكی ماقول له‌ درووستی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، ئه‌و به‌شه‌ له‌ كه‌سه‌ هوشیاره‌كان پێیانوایه‌ ئومێد له‌ نێو ئه‌م بێسه‌روبه‌ریه‌دا هه‌ر ده‌بێ‌ چه‌كه‌ره‌ بكاته‌وه‌ و له‌ ڕاستیشدا كاری سه‌ره‌كی و ئینسانیی ڕۆشنبیری ڕاستگۆ و پاك و هاوسه‌نگ هاوسه‌نگیه‌ له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر گه‌نده‌لی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و دواتر به‌شداربوونی له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ عه‌قلانیه‌كان جا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ‌ له‌ به‌شداریكردن، دوای ئه‌وه‌ ڕۆشنبیری حه‌قگۆ و حه‌قنووس هیچ كاتێك وه‌ك سیاسیه‌كانمان ده‌سه‌ڵاتی خۆی خراپ به‌كارنابا و نایخاته‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ خودیه‌كانی خۆیه‌وه‌ نه‌وه‌كا وه‌ك ئه‌وان بخزێته‌ نێو عوساب و هه‌وه‌س و توخمه‌ی چێژبازیه‌وه‌.

ئه‌و هه‌وه‌سبازه‌ عوسابیانه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ (بوونه‌وه‌ری نێو زێرابه‌كان*)ن و خۆشییان له‌و جۆره‌ قه‌ڵه‌و بوونه‌ به‌ نه‌خۆشی دێ‌ كه‌ سه‌ره‌نجام چۆنیان ده‌ست كه‌وتووه‌ ئاوا به‌ ساناییش له‌ده‌ستی ده‌ده‌ن، ئه‌م جۆره‌ له‌ گه‌نده‌ڵ، زینده‌وه‌ر به‌ڵێ‌ زینده‌وه‌ری سه‌ر لاشه‌ مردووه‌كان و كه‌لاكه‌ تاقه‌ت لێبڕاوه‌كانن و وه‌ك كرم و قالۆچه‌ و سیسركه‌ و ده‌عبای سه‌یر سه‌یر ژیانیان ته‌نها له‌سه‌ر بۆن و به‌رامی گه‌نده‌ڵیه‌ و هه‌رگیز نایانه‌وێ‌ بچنه‌ ژێر باری هه‌ر سیستمێكه‌وه‌ و پاشان به‌ كردار و گوفتاری خۆیان ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه‌ له‌ نائومێد كردن و نائومێد هێشتنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
با چیدی وێنه‌كه‌ ناشیرین نه‌كه‌م، نه‌یشێوێنم و بێمه‌وه‌ سه‌ر بابه‌تی (نائومێدكردن) و ڕۆڵی كه‌سانێكی زۆر له‌وانه‌ی ته‌نها عینوانی ڕۆشنبیریان له‌ ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كان وه‌رگرتووه‌ و قه‌واره‌ی به‌شداریان له‌ گۆڕانكاریه‌ كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كادیمیه‌كان هیچ شایه‌دیه‌كی له‌م جۆریان بۆ نادا، چون له‌ بنچینه‌دا له‌ نێو خۆیاندا قه‌واره‌یان نه‌گرتووه‌ و ئه‌وان له‌ نێو قه‌واره‌ی حزب و گرووپ و كه‌سێتی دووه‌م و سێیه‌می خۆیاندا ده‌دوێن.

گرووپگه‌لی ئه‌م هه‌رزه‌ نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ ته‌نها هاڕمۆنی قسه‌ و ساده‌ نووسین له‌و بابه‌ته‌ ئاشكرایانه‌دا ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویستن وه‌ك گه‌نده‌ڵی و دزی و خیانه‌ت و …..تاد، ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه‌ی پێیه‌وه‌ ماندوو ده‌بن ترش و خوێ‌ كردنیانه‌ و دواتر به‌ ئاراسته‌ی نادیار ڕۆیشتن و به‌ ئاراسته‌ی تاریكی و ئاراسته‌ی ناشیرینی و ناڕێكی ئه‌گه‌ر عه‌قڵێكی پشكنه‌ری ورد و خه‌مخۆر و پاك و بێگه‌ردی له‌ پشت نه‌بێ‌ ئه‌وا ئاسان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناله‌باریدا ده‌خزێ‌ و هه‌ڵده‌خلیسكێ‌ و خلیسكانیش تا ئاستێكی زۆر كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌باته‌ ده‌ر.
به‌ناو ڕۆشنبیره‌كانی ئێمه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌میشه‌ خزیون و له‌ خلیسكانێكی به‌رده‌وامدان وه‌ك سیاسیه‌كانمان دنیایه‌ك گرێ‌ و گۆڵه‌ی سایكۆلۆژیان هه‌یه‌ و تا ئاستێكی زۆر پیاده‌ی ڕێچكه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی موماره‌سه‌كردنی ئه‌ركی ڕۆشنبیری و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیرن و ئه‌وانیش به‌ جۆرێكی تر عوسابی و هه‌وه‌سبازن و چێژی بوون و به‌رده‌وامیان له‌ نائومێد كردن و دیسانه‌وه‌ نائومێد هێشتنه‌وه‌ی كه‌سه‌كانه‌، چێژیان له‌سه‌ر گریاندنی خه‌ڵك و كولاندنه‌وه‌ی برینه‌كانیانه‌، چێژیان له‌ سازكردنیانه‌ بۆ هێنانی ئه‌م خه‌ڵكه‌ عه‌وامه‌ كولتوور گه‌نده‌ڵه‌ بۆ به‌ره‌ی خۆیان تاوه‌كو شه‌ڕی به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵیان پێبكه‌ن و سه‌ره‌نجام ئه‌وان له‌مبه‌ر به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌مانیش له‌م به‌ره‌ كه‌پسی ده‌كه‌ن.
من پێموایه‌ گه‌نده‌ڵی نه‌خۆشیه‌كی ئه‌خلاقیه‌ له‌ هه‌ناوی كولتووری ئێمه‌دا خانه‌خوێی هه‌میشه‌یی هه‌بووه‌ و بووه‌ته‌ نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ چاره‌سه‌ره‌ شۆك ئامێزه‌كان هۆشیان خستوینه‌ته‌وه‌ به‌ر. چاره‌ی به‌ شۆك هه‌ژاندوونی و بۆ ماوه‌یه‌ك هاتووینه‌ته‌وه‌ هۆش و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بردووه‌ كه‌وتووینه‌ته‌وه‌ نێو باری بێهۆشیه‌وه‌.

ڕۆشنبیری جیددی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیری خۆی ته‌نها بۆ باڵابوونی خۆی به‌كاربێنێ‌ و هه‌ر كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌هریمه‌نه‌كه‌ی ناوی لێی ده‌وێ‌ ئیتر بحه‌سێته‌وه‌ و ئۆخه‌ی بكا. ڕۆشنبیر به‌رهه‌مهێن و وه‌به‌رهێنی ڕۆحی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌م زه‌مه‌نی ئێستای ته‌كنۆلۆژیای مه‌عریفه‌یه‌ و ناكرێ‌ هۆشی لای سنووره‌كانی گه‌نده‌ڵبوونی خۆی و گه‌نده‌ڵی به‌ گشتی ببڕێ‌، ئه‌و داهێنه‌ری به‌هاگه‌لێكه‌ و هه‌میشه‌ش له‌ هه‌ڵسووڕ و داسووڕی ئه‌م به‌هایانه‌ به‌ ئاگایه‌ و ناهێڵێ‌ بۆگه‌ن بكه‌ن و له‌ سنووره‌كانی پیرۆزی و گه‌نده‌ڵی نزیك بنه‌وه‌.

بێچاوێنی بین لای خۆمان ئه‌وه‌نده‌مان كه‌سی ساده‌ و ساده‌له‌وح وه‌ك ڕۆشنبیر ناساندوون وه‌ك ژماره‌ له‌ زۆر گه‌وره‌ وڵاتی دنیا زیاترمان له‌و كه‌ڵه‌ مرۆڤانه‌ هه‌ن!!، ئه‌گه‌ر بیانخه‌ینه‌ نێو كه‌شێكی ئه‌زموونكردنه‌وه‌ بڕوا ناكه‌م به‌قه‌د په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ستیان لێده‌رچێ‌.
ڕۆشنبیری جیددی كه‌سێكی زۆر ئاساییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ هوشیاره‌ له‌ سنووره‌كانی پاكی و ناپاكی و باشیش ده‌زانێ‌ به‌ چی ده‌بین به‌و ئینسانانه‌ی ژیان له‌ خۆشه‌ویستی و پاكی و ڕاستگۆیی و ئازادی و …..تاد یدا ده‌بینن. ڕۆشنبیر له‌ هیچ بڕگه‌یه‌كی زه‌مه‌ندا نابێته‌ ئایكۆنێكی پیرۆز و به‌ده‌ر له‌ هه‌ڵه‌، ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ وریایه‌ له‌ خۆی و ئه‌و خوده‌ گه‌وره‌تره‌ی هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شدارین له‌ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌و وریایه‌ له‌و نه‌خۆشیانه‌ی هێزمان لێده‌بڕن و دامانده‌وه‌شێنن، هوشیاره‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ڤایرۆسانه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌گه‌ر قه‌لاچۆیان نه‌كه‌ین قه‌لاچۆمان ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئیش له‌سه‌ر ساغ هێشتنه‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ هوشیاریه‌كی عه‌قلانیانه‌وه‌ بجولێ‌ نه‌ك له‌ ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵچوون و سۆزدا.

ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیر گه‌نده‌ڵ بوو سیاسیه‌كان و ئه‌هلی بازاڕ هیچ گله‌ییه‌كیان لێناكرێ‌ چون له‌ بنچینه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌دزن كه‌ ڕۆشنبیر هه‌یه‌تی و جگه‌ له‌وه‌ چیتری نیه‌ كه‌ مه‌عریفه‌كه‌یه‌تی و وه‌ك بیانوو و په‌ڵپ بۆ شاردنه‌وه‌ و پۆشینی كرێتی و گه‌نده‌ڵیه‌كانیان به‌كاری دێنن.
زۆر بوون له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ مێژوودا بوونه‌ ڕێنیشانده‌ری گه‌وره‌ خوێنمژی گه‌وره‌ و هزر و مه‌عریفه‌یان بووه‌ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ فاشیزم و نازیزم و چه‌ندین (یزم) ی تر.
زۆریشن له‌و به‌ناوڕۆشنبیرانه‌ لای خۆمان كه‌ ته‌نها ده‌نگن و دیبلۆماسیانه‌ و دواتر فاشیانه‌ ده‌م به‌ مایكی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌نێن و پیت و وشه‌ كرچ و كاڵه‌كانیشیان له‌سه‌ر كاغه‌ز و به‌ دیجیتاڵ ده‌نه‌خشێنن.
ئاخخخخخخخخخ له‌و ڕڕڕڕۆۆۆۆشنبیرانه‌
ئۆفففففففف له‌و هزر گه‌نیوانه‌

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 له‌ سه‌ر ریتمی ناونیشانی ڕۆمانێكی برای به‌ڕێزم جه‌بار جه‌مال غه‌ریبه‌.




ئۆتۆریتاریزم: چه‌مک و تایبەتمەندیه‌کانی… نووسینی: زانکۆ یاری

ئۆتۆریتاریزم Autoritarianisme» » ده‌سته واژه‌ێیکه که له وشه ی فەڕانسه‌وی «Autorite » واتا هێز و دەسەڵات گیراوه. 1)) ئۆتۆریتاریزم پێناسه‌ی جۆری نوێنه‌کی ده‌روونناسی و شرۆڤه‌ی جۆری له تایبەتمەندیه‌کانی که‌سایه‌تی له مرۆڤه. حکوومەته سیاسییه‌کان هەمان نموونه‌ی رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسین کە دەتوانرێ بە چەند شێوەی جۆراوجۆر پۆلێن بەندی بکرێن، وەکوو ژمارە بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی سیاسی، شێوازی دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەران، جیایی نێوان ئەو دامەزراوانەی حکوومەت دەکەن و هەروەها جۆری پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک.
دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان ئەو دوو رێژیمانە کارێکی زۆر ئاسان نیە، به‌ڵام هەر بە‌پێی ئەو پێوەرانە چەندین رێژیمی جیاواز بوونیان هەیە، وەکوو دێموکراسی، کۆماری، پاڕلمانی، پاشایەتی، دیکتاتۆری، تۆتالیتاریزم و هتد.
به‌ واته‌یه‌کی ساده‌تر رێژیمی ئۆتۆریتە به ده‌سته‌ێیک له رێژیمە دیکتاتۆریه‌کان ده‌ڵێن که گرووپێک به ناوی یه‌ک حیزبی سياسی وه‌کوو حیزبی به‌عسی عێراق، یان داروده‌سته‌یه‌کی چه‌کداری وه‌کوو حکوومەتی ژنڕاڵه‌کان له ئارژانتين و حکوومەتی سه‌رهه‌نگه‌کان له یوونان، ئازادیه‌کانی تاکه‌که‌سی و حقووقی کۆمه‌ڵایه‌تی خەڵک له ناو ده‌بات و به شێوه‌یه‌کی زۆره ملانه به سه‌ریان ده‌سه‌ڵاتداری ده‌کا. 2))
رێژیمەکان زیاتر لە دوو روانگەوە خوێندنەوەیان بۆ کراوە: یەکەمیان ڕوانگەی حقووقییە کە زیاتر ورد بۆتەوە سەر بنەمای دەستووری و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی گشتی. ڕوانگەی دووهەمیان روانگەی زانستە سیاسی یه کانە کە بە شێوەیەکی کەمتر ڕەسمی و بێ سنوور دەڕوانێتە ڕێژیمەکان، لەو ڕوانگەیەوە ڕێژیمە سیاسییه‌کان لە ڕەهەندی دامەزراوەیی و یاساییەوە سنوردار ناکرێنەوە بەڵکوو رۆڵی ئەکتەری دیکەش لە بەرچاو دەگیرێن کە دەیانهەوێ کاریگەری یان لە سەر دەسەڵاتی گشتی هەبێ، وەکوو میدیاکان، سەندیکا، پارتە سیاسییه‌کان و هتد. به‌ڵام ئه‌بێ سه‌رنج بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که «ئۆتۆریتاریزم» لاوازه له‌گه‌ڵ «ئۆتۆریته» autority) » و نابێ ئه‌م دوو چه‌مکه تێکه‌ڵ بکه‌ین.
بە شێوەیەکی کورت ده‌توانین ئاماژه به ئه‌وه بکه‌ین که «ئۆتۆریته» تایبه‌تمه‌ندیه‌کی شیاو و هه‌ڵبژارده‌یه و ڕاگه‌یێنه‌ری هێزیی به‌ربڵاوی حکوومەت له به‌کارهێنانی دەسەڵاتدارییه، هه‌بوونی ئۆتۆریته له لێکدانه‌وه‌ی نیزامه سياسه‌کان نیشانده‌ری ڕه‌وایی سيسته‌می سياسیه و پەیوەندیی زۆر باش له‌گه‌ڵ هێز و دەسەڵاتداری هه‌یه. هه‌روه‌ها «ئۆتۆریته ده‌توانێ به بێ هێز هه‌بوونی بێت، {که به‌م شێوه‌یه} کاریگه‌ر نییه، به‌ڵام وه‌ڵامده‌ری چه‌مکی «هه بوونی مافه».3))

له ساڵی 1965،» رایمۆند ئاڕۆن» Raymond Aron) )، مێژوونووس و کۆمەڵناسی فەڕانسه‌وی، حکوومەته سیاسییه‌کان بە پێی پڕەنسیپێکی تر پۆلێن بەندی دەکا، ئەویش رکابەریی نێوان پارتە سیاسییه‌کانە، ئەو پێیوایە ئەو رکابەری یە تەنیا پێورێکە کە دەتوانێ دێموکراسی لە تۆتالیتاریزم جیا بکاتەوە. هەروەها پێوەری دەستنیشانکردنی دێموکراسی لە حکوومەتێکی چەند حیزبی دا، زۆربوونی ژمارەی حیزبەکان نییە، بەڵکوو بۆشایی و کەلێنی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە نێو ئەو رێژیمەدا، وکوو دابەشبوونی حیزبەکان بە سەر بەرەی چەپ و راست دا.
هەر لەو دیدگایەشەوە، سیاسەتزانەکان دەڕواننە کار و کردەوە و ڕەفتاری رێژیمە سیاسییه‌کان نەک تەنیا لایەنی حقووقی و دەستوری. بەو شێوەیە چه‌مکی سیستمی سیاسی دێنه کایه‌وه و لە نێو زانسته سیاسییه‌کان دا زیاتر باسی سیسته‌می سیاسی دەکرێ. چەمکی سیسته‌می سیاسی بانتر و زۆرتر لە چەمکی رێژیمی سیاسی سەیر دەکرێ. سیسته‌مێکی سیاسی دەتوانێ چەند رێژیمی سیاسی وەک پاشایەتی، سەرۆکایەتی، پارلمانتاری یان تێکەڵەیەک لە چەند دانەی جیاواز لە خۆ بگرێ. ئۆتۆریتاریزم دیاری ڕۆژئاوایه، هه‌روا که جێگه‌ی سه‌ر هه‌ڵهێنانی دره‌ختی ئه‌م ئه‌ندیشه و به‌رهه‌م هێنانی زۆرتری، وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو.

رێژیمی ئۆتۆریتەر، رێژیمێکه کە لەودا دەسەڵاتی سیاسی بۆ مانەوەی هەرچی زیاتری خۆی، هەوڵی یەکدەستکردنی خەڵک و کۆمه ڵگه دەدا بێ ئەوەی تاکەکانی کۆمه‌ڵگه بە زۆر بهێنێتە ژێر رکێفی خۆی. له نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە جۆرێک لە پۆلێنکردنی رێژیمە سیاسییه‌کان هاتۆتە کایەوە، ئەویش دابەشکردن بە سەر دێموکراتیک و نادێموکراتیک دایە، واتە رێژیمە سیاسییه‌کان بە هەر شێویەک داڕێژڕابن و بە هەر دەستوور و بنەمایەکەوە دروست بووبن، بە سەر ئەو دوو دەستەدا دابەش دەبن. بۆ نموونە؛ حکوومەتی کۆماری، پاڕلمانی، پاشایەتی، یان تەنانەت ئایینیش تەنیا بە سەر دێموکراتیک یان نادێموکراتیک دا دابەش دەبن.
ئەمڕۆکە لە نێوان ڕێژیمه کانی جیهاندا نزیک بە سه‌د ڕێژیم هەن کە نە دەتوانرێ لە ڕێزی ڕێژیمە دێموکراتەکان پۆلێن بەندی بکرێن، نە لە ڕێزی ڕێژیمە تۆتالیتێرەکاندا، ئەو ڕێژیمانە بە رێژیمی ئۆتۆریتەر ناسراون.

جیاواز بوونی تۆتالیتاریزم و تایبەتمەندیه‌کانی ئۆتۆریتاریزم:

وشه‌ی تۆتالیتر له سه‌ر چاوه‌کانی زانستی سیاسی، به سێ شێوه‌ی گشتی به کار هێنراوه: تۆتالیتر Totaliter))، تۆتالیتاریانیسم Totalitarianism) ) و تۆتالیتاریسم Totalitarisme).(4) ) ده‌سته واژه‌ی تۆتالیتر له ڕیشه‌ی لاتینی Totus» » واتا «هه موو» داڕێژاوه و به مانای «گشتی، به‌ر بڵاو، پلۆرالیزم، هه‌موو لایه‌ن، پێشڕه‌و» هاتووه. له زانستی سیاسی به رێژیم و حکوومەت گه‌لێک ده‌ڵێن که داخوازی به‌ر بڵاو بوونی رۆڵی حکوومەت له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ن. هه‌روه‌ها تۆتالیتر، ئیدۆلۆژی‌ یان بزووتنه‌وه یه‌که لایه‌نگری پێشڕه و بوونی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته بێت.
سێ تایبەتمەندیی سەرەکی ئه‌ندیشه‌ی ئۆتۆریتەر بریتیه لە:

– پلۆرالیزمی سنووردار:

ئەو رێژیمانە لە سیسته‌می تاک حیزبی و تۆتالیتێر جیا دەکرێنەوە، هەروەها لە پلۆرالیزم و چەند حیزبیش کە تایبەتمەندیی دێموکراسی یە جیا دەکرێنەوە. 5) ) لەبەر ئەوەی کە تۆتالیتاریزم دەیهەوێ هەموو کۆمه‌ڵگه لە پاوانی یەک ئیدۆلۆژی دا بێ، ئه‌ندیشه‌ی تۆتالیته‌ری، چاودێری و کۆنتڕۆڵی حکوومه‌ته له سه‌ر هه‌موو بناغه‌کانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت کۆنتڕۆڵی خۆی تایبه‌تی؛
بەڵام ئۆتۆریتاریزم تەحەممولی هەندێک جیاوازیی ئیدۆلۆژیکی، ئایینی و سیاسی دەکا. واتە چەندین پارت و گرووپی سیاسیی جیاواز دەتوانن چالاکی بکەن و تەنانەت لە نێو دەسەڵاتی سیاسی دا بوونیان هەبێ. تۆژینه ران له رێژیمه فاشیستیه کانی مۆسۆلینی له ئیتالیا، هیتلری له ئه‌ڵمانیا و ئیستالینی له شۆره‌وی، وه‌کوو چه‌ند نموونه‌ی ناسراوو بۆ تۆتالیتێر یادیان کردوه.6))

بەڵام ئەو پلۆرالیزمە بە چەند هۆکار سنووردارە:

یەکەم ئەوەی کە ئازادیی گرووپە سیاسی یه کان لە لایەن ڕژیمه‌وه هەندێک چوارچێوەی بۆ داندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە بوونی گرووپی ئۆپۆزیسیۆن یان سەندیکا رێگە پێدراوە، بەڵام چوارچێوەیەکی کار و چالاکی یان بۆ دەستنیشانکراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێری دان.
دووهەمین هۆکاری سنوورداربوونی پلۆرالیزم ئەوەیە کە، هەرچەندە لەو رێژیمانەدا هەڵبژاردن هەیە بەڵام تەنیا بۆ پێشاندانی رۆخسارێکی دێموکراتیکە، چونکە هەڵبژاردن کاریگەری یەکی ئەوتۆی لە سەر دەسەڵاتدارانی پلە یەکەم نیە، و تەنیا هەندێک ئاڵوگۆڕی لە پلەکانی خوارووتردا پێک دێنێ. (بۆ نموونە: شێوەی پۆتین-مێدڤێدێف لە ڕووسیا)
سێهەمین هۆکاری سنوورداربوونی پلۆرالیزم، بەکارهێنانی هێزە بۆ کەمکردنەوە و سەرکوتی ناڕازیان، هەتا پڕەنسیپەکانی بەشەرعیکردنی دێموکراتیک لە کۆمه ڵگه‌دا زیاتر چوارچێوەدار بن، ئۆتۆریتاریزم خراپتر خۆی دەسەپێنێ و بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی زیاتر کەڵک لە هێز و لە توندوتیژی وەردەگرێ.

– تەیار نەکردن و بەسیاسی نەکردنی خەڵک:

ئه‌ندیشه‌ی تۆتالیتری؛ ماننه‌وه‌ی هێزی سیاسی له ده‌ست یه‌ک حیزب و لابردنی هه‌موو جۆره چاودێریه‌کانی خه‌ڵکییه. 7) ) لە رێژیمە تۆتالیتێرەکاندا لە قابدان و تەیارکردنی خەڵک و پەیوەست کردنیان بە رێژیم زۆر بەهێزه، بەڵام لە رێژیمە ئۆتۆریتێرەکاندا تەیارکردن و بەسیاسی کردنی خەڵک و کۆمه‌‌ڵگه زۆر لاوازه و هەوڵ دەدەن نەزمی کۆمەڵایەتی بپارێزن. 8) ) واتە بە پێچەوانەی رێژیمە تۆتالیتێرەکان، ئۆتۆریتێرەکان هەوڵ نادەن پێکهاتەکانی کۆمه‌ڵگه دەستکاری بکەن.

– لاوازبوونی ئیدۆلۆژی:

ئه‌ندیشه‌ی تۆتالیتێری، هه‌وڵ ده‌دات بۆ شێوه پێدان به کۆمه‌ڵگه به پێی ئیدۆلۆژی حیزبی و به کارهێنانی هه‌موو ئامێرهکان بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م ده‌ستووره؛ بۆ نموونه ئیدۆلۆژی نازیسم که‌وه کوو تۆتالیتر بوو له ڕێگه‌ی بانتر بوونی ڕه‌گه‌زی و ناسیۆناڵیزم تا هه‌تاکوو له ناو چوون هه‌وڵی دا و هه‌روه‌ها ئه‌ندیشه‌ی فاشیسم بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی شارستانیه‌ت و سه‌ر بڵیندیه‌کانی پێشوو هه‌وڵی دا. 9) ) لە رێژیمە ئۆتۆریتێرەکاندا ئیدۆلۆژی یەکان ئەو هێزەیان نیە وەک رێژیمە تۆتالیتێرەکان دەست بە سەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمه‌ڵگه دا بگرن. واتا ئەوەی ئۆتۆریتاریزم لە تۆتالیتاریزم جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە خواستی ئەوە لاوازە کە تەواوییەتی کۆمه‌ڵگه یەکڕەنگ بکرێ. جیاوازی نێوان رێژیمە تۆتالیتێر و ئۆتۆریتێرەکان رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان دوو فۆڕمی گەوەرەی کۆنتڕؤڵی دەسەڵات لە سەر ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیان بزانین.

نووسینی: زانکۆ یاری
به‌کالریۆسی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی

————————————————-

سه‌رچاوه‌کانی وتاره که:

1-Bernard, Berento. On Totalitarians, (1999-Paris). 1st Edition, Plamna Press. Pages (46-48).
2- The Same Source: (On Totalitarians).
3- کازمی، عه‌لی ئه‌سغه‌ر، قه‌یرانی نوێخوازی و فه‌رهه‌نگ سياسی له ئێراندا، تاران: بڵاو کردنه‌وه‌ی قدس، 1374).
4- فه‌رهه‌نگی زانستی سیاسی، مینوو ئه‌فشاری ڕاد، چاپی یه‌که‌م، بڵاو کردنه‌وه‌ی چاپار، تاران،
1379 ،ل592 .
5- تۆتالیتاریزم، تۆژینگه‌ی زانستی ئینسانی، پاییز1358 ، بی‌ جا، ل 9؛ فه‌ر‌هه‌نگی سیاسی، داریوش ئاشوری، چاپی ده‌وازده‌هم، مروارید، تاران،1358 ، ل65.
6-Lafont, Rubio. The Past of a Fancy, Investigation on Communist View in 2th C. (1995-Paris), Galman Press. Page: (18).
7- The Same Source: (The Past of a Fancy, Investigation on Communist View in 2th C).
8- Benton, Philip, “An Introduction to Modern Politic, Liberal Democracy and Totalitarisme”, 2nd Edition.-(1987-Paris). Pages: (452-455).
9-Kolakowski, Leszak. The Totalitarisme and Lie, 3rd Edition, Rutledge Press-(1942-Amr), pages: (660).




چۆن ڕێگه‌ بده‌م برسی بن؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

كچ و كوڕه‌ جوانه‌كه‌م، ئێوه‌ له‌نێو كوله‌مه‌رگی ژیان، ڕاهاتن به‌وه‌ی بابه‌ نیوه‌ موچه‌یه‌كی هه‌یه‌، ڕاهاتن به‌وه‌ی ئاو و كاره‌با نه‌بێت، ڕاهاتن به‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی حكومی بخوێنن و مامۆستاكانتان بیریان لای ژیانی سه‌ختیان بێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وان منداڵه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن و ناسنامه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌ گیرفانی خۆیان و منداڵه‌كانیاندایه‌، له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خوێنن و له‌ فه‌یسبوكیشه‌وه‌ وێنه‌ی ده‌رچونیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان شۆڕشگێڕ و ئێمه‌ خائین.
كچ و كوڕه‌كه‌م، ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ ده‌گرین و چه‌ندین ساڵه‌ شه‌ڕی ئه‌م مافیایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ وڵات وا به‌ڕێوه‌ ناچێت، كه‌چی ئه‌وان ئه‌وسه‌ریان لێگرتوین و له‌نێوان به‌ڵێ و نه‌خێری ڕیفراندۆمدا كه‌ خوا ده‌زانێت چ به‌ڵایه‌كی تر به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا ده‌هێنن، ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆیان بیر نه‌كاته‌وه‌ ته‌خوینی ده‌كه‌ن و به‌ مێژوویه‌ك له‌ خیانه‌ت و له‌ به‌تاڵی سیاسیه‌وه‌ بیرمان ده‌به‌نه‌وه‌ ڕاستی لای كاممانه‌.

كچ و كوڕه‌كه‌م، كه‌ له‌ساڵی 1975 ئاشبه‌تاڵیان كرد و ڕایان كرد بۆ ئه‌مریكا و له‌ناو جێگادا باپیرانیان مردن، باپیره‌ی ئێوه‌ “شێخ ڕه‌ئووف” تفه‌نگه‌كه‌ی له‌ ژووری ئاژه‌ڵه‌كان له‌ گونده‌كه‌مان شارده‌وه‌ و وڵاتی جێنه‌هێشت و تا یه‌ك ساڵ دواتر خه‌باتی چه‌كداری ده‌ستی پێكرده‌وه‌، ئینجا تفه‌تگه‌كه‌ی ده‌رهێنایه‌وه‌، ئه‌وان له‌ كه‌ره‌ج و ئه‌مریكا له‌ناو جێگه‌ی نه‌رمدا بوون، ئێستا ئه‌وان شۆڕشگێڕ و ئێمه‌ خائین، ئه‌وان پێشه‌نگی ڕیفراندۆم و ئێمه‌ش خۆفرۆش.
كچ و كوڕه‌ جوانه‌كانم، ئه‌وان ئاشبه‌تاڵێكی تر ده‌كه‌ن و هیچ زه‌ره‌ر ناكه‌ن و له‌ پاره‌یه‌ی ساڵی 1975 زیاتریان پاشه‌كه‌وت كردووه‌ ده‌ڕۆن و من و ئێوه‌ش بۆ كوله‌مه‌رگی وه‌ك ” شێخ ڕه‌ئووف”ی باپیرتان جێده‌هێڵن و كه‌سیان برسی نابن ئێوه‌ نه‌بێت.
هه‌ناسه‌كانم ئه‌وانه‌ی باسی سه‌ربه‌خۆیی و نیشتیمان ده‌كه‌ن، وڵاتیان به‌ سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌ویه‌وه‌ تاڵان كردووه‌، ئه‌وانه‌ی باسی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن، هه‌ر ڕۆژه‌ و ده‌ستی بێگانه‌یه‌ك ده‌هێننه‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌ و وه‌ك نه‌هه‌نگ بیره‌ نه‌وت لوش ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی پێمان ده‌ڵێن سه‌ربه‌خۆیی ڕه‌نگه‌ نه‌هامه‌تی و برسێتیش له‌گه‌ڵ خۆی بێنێت، نه‌ خۆیان و نه‌ منداڵه‌كانیان نه‌ له‌ ڕابردوو نه‌ له‌ ئێستا و نه‌ له‌ داهاتوو نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ ماندوو ده‌بن.

ئێمه‌ لێره‌ین گوڵه‌كانم، به‌رده‌وامین، من نازانم كه‌ی ئه‌م فه‌زاحه‌ته‌ كۆتایی دێت، من نازانم كه‌ی ئه‌م سیناریۆ و ئاراسته‌كردنه‌ جێده‌هێڵین، به‌ڵام ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ نه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ نه‌بین و پشت بكه‌ینه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ ژیان كه‌ نه‌ له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی ئێمه‌دا دێـته‌وه‌ نه‌ فاكتی تێدایه‌ و نه‌ ویژدان. ئیشی ئێمه‌یه‌ حورمه‌ت بۆ تاكه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌نه‌وه‌ی شكۆشكاو ماڵێكی سه‌ربه‌خۆ دروست ناكرێت، به‌ قاچاخچیه‌كان نیشتیمان سه‌وز ناكرێت، قه‌ت نه‌مدیوه‌ مافیا باس له‌ سیاده‌ و سه‌ربه‌خۆیی وڵات بكات ئه‌مانه‌ی ئێمه‌ نه‌بێت.
هه‌ناسه‌كانم، من هیچم پێ نه‌كرێت ده‌توانم دژ به‌ بڕیارێك بوه‌ستمه‌وه‌ كه‌ ئاغایه‌ك بێ پرسی خه‌ڵك له‌ دیوه‌خانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ری كردووه‌، هیچم پێ نه‌كرێت به‌ ته‌نهاش بێت ده‌توانم بڵێم من غوڵامی دیوه‌خانه‌كان نیم و دوای مژه‌ی درۆزنانه‌ی ئه‌م ئاغاو كوێخایانه‌ ناكه‌وم. كچ و كوڕه‌كه‌م له‌ ئێستادا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ ده‌كرێت، ده‌ستی ئێوه‌ بگرم و له‌ كوڕی ئاغاكان به‌ گه‌وره‌ترتان بزانم. شكۆ گرنگه‌ هه‌ناسه‌كانم، كه‌ شكۆمان هه‌بوو، نیشتیمان هی ئێمه‌یه‌.




ژیانی دووباره‌ی ئاده‌م …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

مانگ ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له‌ په‌نجه‌ ده‌سووڕێنن
دروود بۆ وچان و به‌هره‌ و فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی ئاده‌م
دوای ته‌واوكردنی هه‌ر شیعرێك
ڕووبه‌ڕووی یه‌ك داده‌نیشین
ئاو ده‌زێته‌ چاوی و به‌ شكۆ و هه‌ڵچوونه‌وه‌ شتێك ده‌ڵێت
چی له‌ دڵت بووه‌ته‌ ترپه‌ی ڕووداوێك و به‌ كپی هه‌ڵت ده‌داته‌ ناو ته‌می به‌یانییان
منیش له‌ سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌ گوێڕایه‌ڵه‌كه‌م له‌ سه‌یركردنی ئومێدێكدا
هه‌تاوی خولیا لێی دام
كاتێك ڕاسته‌قینه‌ ده‌بێژێ و خۆی ده‌لاوێنێته‌وه‌
فرمێسكی ده‌شت و پێده‌شتی ته‌كیه‌ و خانه‌قا ده‌خووسێنێت
فرمێسك پیشه‌ی خوداوه‌ندی یاد و ئاهه‌
له‌گه‌ڵ هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له‌ هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌
هه‌میشه‌ ته‌واوبوونی شیعر ده‌مترسێنێ
خۆشه‌ویستی هات و نه‌ڕۆیی
سڵاوی له‌ بڕوای دڵ كرد
چۆنت ویست ئاوها ڕێگات له‌ ژێر پێدا كشا و سێبه‌ری ده‌ستم له‌سه‌ر سه‌ر ڕاگرتی
چۆنت ویست ئاوها ماڵئاواییم لێ كردی
چۆنت ویست ئاوها تۆڕم هه‌ڵدایه‌ ناو ئاو
چۆنت ویست ئاوها تۆڕم له‌ ئاو ده‌رهێنا
ڕك و كینه‌ی خۆت بخۆره‌وه‌
بڕوانه‌ مانگ به‌ یاد و ئاهی خوداوه‌ندانه‌وه‌ ده‌سووتێت
مانگ وشه‌یه‌كه‌ له‌ ماناكه‌ی ناگه‌م
ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له‌ په‌نجه‌ ده‌سووڕێنن
تریفه‌ له‌ناو شاخی كه‌ڵه‌كێوی و له‌پكه‌شینه‌ی
ناوچه‌وانی خانوو ده‌توێته‌وه‌
به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی هاوسه‌نگه‌ری حه‌كایه‌تحوان ده‌رده‌كه‌ون
ده‌نگ له‌ دوور و نزیكه‌وه‌ دێت
ڕه‌نگ له‌ دوور و نزیكه‌وه‌ ده‌ناسرێت
هاتن و ناسین ئه‌وینێكی بێ پایان سه‌رده‌خه‌ن
له‌م خانووه‌ دێرینه‌ی ده‌ربه‌ندی گۆمدا
خانه‌دان و خانمێك
جگه‌رگۆشه‌ی به‌هره‌داریان سه‌رپێ خست
له‌ هێلانه‌ی باڵنده‌شدا
قه‌پێلكه‌ هێلكه‌ی ترووكاو كه‌وتوونه‌ته‌ حه‌وشه‌
ساڵجه‌ژنی نۆبه‌ره‌یانه‌
خانه‌دان سوارچاك و مامز به‌ هیوای به‌ختی باش
له‌ بۆسه‌ و چاڵ ده‌په‌ڕێنێته‌وه‌
په‌ڕینه‌وه‌ له‌ بۆسه‌ و چاڵ بۆ حه‌كایه‌تخوان له‌ئارادایه‌
خانم ناوله‌پی گه‌رم و چاوی ئاهه‌نگگێڕ تیژ ده‌كات
په‌تاته‌ له‌ كێڵگه‌ هه‌ڵده‌كه‌نێ و له‌سه‌ر پشتی سێڵ ده‌یبرژێنێت
یاری پیت و ناوێك بۆ حه‌كایه‌تخوان له‌ ئارادایه‌
نۆبه‌ره‌ش داوا له‌ خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ ده‌كات
هه‌وری ئاسمان جێگۆڕكێ پێ بكات
گه‌واڵه‌ی خه‌واڵووش پێڵووی چاوی سووك هه‌ڵنێ
شێره‌كلۆیه‌ك به‌ ده‌سكی ده‌رگای ماڵی
خانه‌دان و خانم وه‌نووساوه‌
دوو مانگ به‌ ئاسمانه‌وه‌ن
چاویان له‌ ڕوونی گوڵه‌نێرگز پاراو بووه‌ و به‌ختیان كراوه‌ته‌وه‌
ئاڵووده‌ن به‌
شكۆی خه‌رمانی گه‌نم
ته‌نكیی باڵی مێشهه‌نگوین
سووك هه‌ڵگرتنی پێی كارئاسك
كانی به‌رده‌م ڕه‌شماڵی كۆچه‌رییان
مانگ له‌ جیاتی ئه‌و به‌هره‌دارانه‌ی
له‌ خانووی دێرینی ده‌ربه‌ندی گۆم سه‌رپێ كه‌وتن
ئێشك له‌ شكۆی سروشت ده‌گرێ
نووشته‌ی چاوه‌زار به‌ ناوچه‌وانی خانوو جۆلانه‌ ده‌كات
بخوور تا نه‌سووتێت بۆنی بڵاونابێته‌وه‌
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه‌ سێبه‌ر ناگرێ
ئاو تا نه‌ڕوات ئاوازی لێ په‌یدا نابێت
پشكۆ تا نه‌بێته‌ خۆڵه‌مێش با نایبات
نواڵه‌ له‌ناو كێڵگه‌ی برنجدا
تا ئه‌ژنۆ خۆی هه‌ڵكردووه‌ و نینۆكه‌كانی ده‌بریسكێنه‌وه‌
به‌خت خه‌ڵاتی كردم و هه‌ستم به‌ به‌خته‌وه‌ریی كرد
كاتێك شێتانه‌ بۆ لای ڕامكرد
خواستێكی خودایی به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی بردم
ختووكه‌ی ڕه‌گ و گه‌ڵای برنج
چاوه‌ڕوانی به‌ سوودی ڕه‌خساند و له‌ واده‌ی خۆی دوانه‌كه‌وت
بریسكه‌ی نینۆكی نواڵه‌
له‌ تاسه‌ی یاداشت مایه‌وه‌
كه‌و سه‌ری خسته‌ سه‌ر قۆمه‌تێك برنج
ده‌می به‌ قاقبه‌قاقی ئاسووده‌یی گه‌رم كرد
چ هۆگربوون و نیازێكی پاكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕاكه‌ی
ڕوخساری مه‌حاڵ ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ بۆ به‌رانبه‌ر
لۆچی ڕوخساری زه‌وی پاڵاوگه‌ی ئاوی نه‌مریییه‌
ئه‌ستێره‌ناسێكی گه‌ڕۆك ده‌یگێڕێت
لۆچی ڕوخساری زه‌وی نه‌زره‌
مرازی نامرادان پڕی ده‌كه‌نه‌وه‌
ڕوخساری خانووش نووشته‌ی له‌ خشته‌بردن فڕێ ده‌دا
ئاده‌م و حه‌وا به‌ ده‌ستی پڕ گه‌نم و جۆ هاتنه‌ سه‌ر زه‌وی
له‌ ناو ئه‌و هه‌موو سروه‌ ئارامه‌ی مانگی ئاداردا
دێم و ده‌چم
ئاسمان ده‌بارێنێت
له‌گه‌ڵ هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له‌ هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌
ڕوخساری مه‌حاڵ ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ بۆ به‌رانبه‌ر
لۆچی ڕوخساری زه‌وی پاڵاوگه‌ی ئاوی نه‌مریییه‌
ئه‌ستێره‌ناسێكی گه‌ڕۆك ده‌یگێڕێ
لۆچی ڕوخساری زه‌وی نه‌زره‌
مرازی نامرادان پڕی ده‌كه‌نه‌وه‌
ڕوخساری خانووش نووشته‌ی له‌خشته‌بردن فڕێ ده‌دا
به‌هاری پێست نه‌رم
هاوینی ده‌روون گه‌رم
پایزی به‌ شكۆ و شه‌رم
زستانی نۆبه‌تداری نه‌رم
ئێستا كاتی بانگی شیعره‌
به‌ كاتی لێدانی دڵی من و خوداوه‌ندی یاد و ئاھ
لێدانی دڵ هه‌موو شتێكی من ده‌زانێت و چاوساغی هه‌قیقه‌ته‌
نواڵه‌ له‌ قۆزاخه‌ی مندا بۆنی خه‌مڵاند
منیش له‌ قۆزاخه‌ی شیعر
ئه‌رێ گیان له‌ كوێی جه‌سته‌دا ده‌ژی
خه‌ڵاتی خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ بوو
جگه‌ له‌ نواڵه‌ نه‌متوانی بیر له‌ هیچ خانمێكی تر بكه‌مه‌وه‌
به‌ناو دارستاندا دێت
له‌ سێبه‌ری دره‌خته‌ گه‌وره‌كان پیاسه‌ ده‌كات و لكه‌ نزمه‌كان لا ده‌دا
پێی وه‌ك باڵنده‌ی بچووك ده‌جووڵێته‌وه‌
باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێر شه‌هید كرا
فڕینی له‌ یادمان ما
دایكی شه‌هیدێك ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه‌ نێرگز و مێخه‌ك
له‌ قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه‌
هێلانه‌ی به‌سه‌ر مناره‌وه‌
له‌ سه‌به‌ته‌یه‌كی به‌تاڵ ده‌چێت و تاجی مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌
له‌ چاوی پیس به‌ دوور بیت ئه‌ی مۆزه‌خانه‌
بریسكه‌ی چاوم له‌ بریسكه‌ی قۆپچه‌ی كراسی دیاری به‌هه‌شت ده‌دا
وه‌رزی به‌رگه‌یینی دره‌ختی چلئاوازه‌
بۆن و به‌رامه‌ی له‌ سه‌دا و زه‌ماوه‌ندی باڵندان ده‌ڕسكێت و بۆ ئاشق ده‌دوێ
سروه‌یه‌كم خۆشخه‌به‌ره‌
سڵاوی له‌ بڕوای دڵ كردووه‌
به‌ بۆنی دره‌ختی لاڕێ مه‌ست ده‌بم و گۆرانی خودایی ده‌ڵێم
له‌ گۆرانیمدا خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ ستایش ده‌كه‌م
ئاسووده‌یی چرا به‌ده‌ستان
ده‌بێته‌ به‌ری مزر و شیرینی دره‌خته‌كانی
بۆن به‌ دره‌ختی لاڕێوه‌ ده‌كه‌م
كۆچه‌رێكم هه‌وارم هه‌ست به‌ لێدانی دڵی ده‌كرێت
سێبه‌ری چرا به‌ ده‌ستانی به‌سه‌ردا كه‌وتووه‌
گه‌یشتم به‌ شوێن پێی خۆم و گوێ له‌ بێده‌نگی مردن ده‌گرم
مردنیش گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی و دواقسه‌ی له‌گه‌ڵمدا ده‌كات
خودا ڕووه‌كی ئاوی بۆ ماسی ڕواند
گوڵی سه‌ر دووگردی نوێژ له‌ بن باڵی كۆتر ڕواوه‌ و بۆنی كۆچ ده‌دا
دیكتاتۆریش ددانی گورگی به‌ سه‌د نه‌خشی فریوده‌ر نه‌خشاندووه‌
له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی دره‌ختی مردنم به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌م
دڵم له‌ سینگمدا كتێبی نوێژه‌كانی هه‌ڵگرتووه‌
خیرا لێده‌دا و پێستی ته‌نك بووه‌ته‌وه‌
خێرا جه‌نگ له‌گه‌ڵ دووڕوو به‌رپا ده‌كات
خێرا قۆزاخه‌ی پڕ ده‌بێت و له‌ شوێنی بڵند دایده‌نێ
خێرا ده‌بێته‌ برای شیری ئاوڕۆنكه‌ی سه‌ر ئاوی ته‌نك
مانگ وێنه‌ی نیوه‌ بازنه‌یه‌كی له‌ سه‌ر ڕووی ئاو دروست كردووه‌
من ئاوازی ناو مانگم
نامرادان له‌ تریفه‌ی سه‌رڕووی ئاو نزیك ده‌كه‌مه‌وه‌
تریفه‌ی سه‌رڕووی ئاو
دڵی پڕه‌ له‌ خولیای ژیان و له‌ زه‌نه‌ك دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌
جاڵجاڵۆكه‌ داوی ته‌ونی درێژ كردووه‌ته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌یه‌تی خاوه‌ن ماڵی پێ ببه‌ستێته‌وه‌
خاوه‌ن ماڵیش له‌ تووڕه‌یییان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌
خاڵخاڵۆكه‌ به‌سه‌ر ده‌ستی شووشه‌واتفرۆش نیشتووه‌ته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌یه‌تی گۆسكه‌ی هه‌نگوین و ده‌نكه‌ قاوه‌ی ماڵه‌ خاڵان
بهێنێته‌ بازاڕی كۆیله‌ فرۆشان
خاڵیش له‌ تووڕه‌یییان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌
جاڵجاڵۆكه‌ و خاڵخاڵۆكه‌
له‌سه‌ر كارتی جه‌ژنانه‌ خۆیان به‌ ئێمه‌ ناساندووه‌ و ڕه‌نگ و ڕوویان داگیرساوه‌
نواڵه‌ دێ و به‌هانه‌ له‌ قۆزاخه‌ی دڵ ده‌گرێ
له‌ نێوان به‌ردی گرانبه‌ها و گولله‌ی شه‌رمن
ده‌نووسێت له‌م ژیانه‌دا یه‌كتر بینینه‌وه‌ هه‌یه‌
بۆ تاریك داهاتن زۆری نه‌ماوه‌
مرۆڤ له‌ تاریكیدا مه‌یلی ئاگر ده‌كات
دوا مه‌شخه‌ڵ
ڕێوڕه‌سمێكی ناقۆڵا له‌ شار
ڕێوڕه‌سمه‌وان له‌ داخان سه‌ری له‌ناو شانه‌كانی نقووم كردووه‌
چاوه‌كانیشی له‌ چاوی باڵنده‌ی گۆشتخۆر ده‌چن
جه‌نگ له‌ هاواری ئه‌سپ ناسراوه‌ و باوه‌شی بۆ دواڕۆژ كردووه‌ته‌وه‌
دواڕۆژ ماڵی شایسته‌ی نه‌مرانه‌
دره‌ختی مردنی تێدا به‌ سێبه‌ر و به‌ر بكه‌ین
به‌ڵێ دره‌ختی شكۆداری مردن
كتێبی نوێژه‌كان ئه‌فسانه‌ی دواخۆشه‌ویستیمن
سروه‌ی مانگی ئادار
ده‌وروپشتی باڵنده‌ی دێرینی پێ ڕوون ده‌بێته‌وه‌
ناو بۆ ڕۆژه‌كانی داده‌نێت
سه‌رگه‌ردان و پڕ ئامانج
به‌ شه‌قامه‌كاندا گه‌ڕا و له‌ناو سییه‌كانی دره‌ختی باخی گشتی مایه‌وه‌
نیشتیمان چ بایه‌خێكی بۆ من هه‌یه‌ كه‌ برسییه‌تی ده‌می منداڵه‌كانمی سڕكردبێت
حه‌زم له‌ پیاسه‌ له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕینه‌
له‌ پیاسه‌ له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕیندا یاده‌وه‌ری دێنه‌ فریام
هێرشی كلۆ ده‌شكێنێت
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ناو حه‌وزی شووشه‌
گۆرانیش له‌ یاد و ئاهی خوداوه‌ند به‌رهه‌م دێنم
به‌فر جوانییه‌كه‌ گران بۆ لك و پۆپ
خوێن و گۆشت ده‌خاته‌ منداڵدانی سروشته‌وه‌
پاشان په‌یمان له‌ به‌هه‌شت وه‌رده‌گرێ
چی نیشانه‌یه‌ بۆ ئازادی
ئه‌و نیشانانه‌ی كه‌ نین
وڵاتێك له‌ ویستی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی ماندووه‌
هه‌ندێك ویست به‌ر مه‌رگ ده‌كه‌ون
ئه‌وانی دی به‌رده‌ پیرۆزه‌ن
له‌سه‌ر كێلی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌ شێره‌به‌فرینه‌ دروست ده‌كرێن
داده‌ندرێن
بۆ نیشانه‌ و به‌رد هاوێشتن
چیمان بۆ ده‌كرێ
چیمان بۆ ناكرێ
چیمان پێ ده‌كرێ
چیمان پێ ناكرێ
په‌نجه‌ره‌ و ده‌رگا به‌ چییه‌كان مۆركراون
ڕووناكیش له‌ بن حه‌فت لێفه‌ی دێوان ده‌نركێنێت
سۆزیشی بۆمان هه‌یه‌
له‌ باوه‌شی دایكی ئه‌و شه‌هیده‌ی
ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه‌ نێرگز و مێخه‌ك
له‌ قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه‌
هیچ شتێك جێگای نابێته‌وه‌ سۆز نه‌بێت
پێش ئه‌وه‌ی باڵنده‌ی دێرین جه‌رگسووتاو بكرێت
تای سییه‌كانم به‌رز ببووه‌وه‌
دڵ جێ به‌ خۆ ناگرێت و به‌رده‌وام جێ ده‌گوازێته‌وه‌
ئه‌ی جێ هه‌موومانت حه‌په‌ساندووه‌
باڵنده‌ی دێرین
حه‌كایه‌ت و
چیرۆكی فۆلكلۆری و
په‌ند و
قسه‌ی نه‌سته‌قی
كۆڵان و شه‌قامی شاری گوێ لێ بووه‌
هه‌ناسه‌ له‌ سینگتان ڕاگرن
به‌ جه‌ربه‌زه‌یییه‌كی زۆره‌وه‌
ده‌یكاته‌ گۆرانی و له‌ بۆنه‌ تایبه‌تییه‌كاندا ده‌یڵێت
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی له‌ شێره‌به‌فرینه‌ دروست ده‌كرێ
به‌ ڕاستی ده‌بێته‌ سه‌رۆك
له‌ بنی ده‌ریا ده‌گه‌ڕێن
گه‌وهه‌ر بۆ تاجی ده‌دۆزنه‌وه‌
هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی ناخ
هه‌تاوی پڕ ده‌نگی ئاخ
هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی باخ
هه‌تاوی پڕ ده‌نگی داخ
له‌ بۆشایی شاخی كه‌ڵه‌كێوی به‌هه‌شتی دۆڕیندراوه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌
پاشان به‌ هه‌مان شاخ
فووی له‌ مووی وه‌ریوی سه‌ر ده‌موچاوی ئاده‌میی كرد
ئاده‌م له‌ دایكێك نه‌بووه‌ و ناوكی نه‌بڕاوه‌
كه‌واته‌ نه‌گریاوه‌ و پۆسته‌چی نامه‌ی دوانه‌خستووه‌
بای ناوه‌خت چلچرای نه‌خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
خوانی به‌یانی بۆ خێزان و منداڵه‌كانی ئاماده‌ نه‌كردووه‌
نه‌هاتووه‌ خولیای ته‌ڕی ژیان بلاوێنێته‌وه‌ و فه‌رهه‌نگی سروشت ده‌وڵه‌مه‌ند بكات
به‌هار خورپه‌ بۆ قووڵایی گیان هه‌ڵده‌كشێنێ
هاوین تۆز و گه‌ردی گه‌رده‌لوول له‌ ده‌ماره‌كانماندا ده‌پاڵێوێ
پایز به‌ ده‌رگای زیودا دێت
زستان ده‌وڵه‌مه‌ندكاری فه‌رهه‌نگی سروشته‌
نیشتیمان چ بایه‌خێكی بۆ من هه‌یه‌ كه‌ برسییه‌تی ده‌می منداڵه‌كانمی سڕ كردبێت
حه‌زم له‌ پیاسه‌ له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕینه‌
له‌ پیاسه‌ له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕیندا یاده‌وه‌ری دێنه‌ فریام
هێرشی كلۆ ده‌شكێنێت
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ناو حه‌وزی شووشه‌
گۆرانیش له‌ یاد و ئاهی خوداوه‌ند به‌رهه‌م ده‌هێنم
قه‌له‌ڕه‌ش باڵه‌ ته‌په‌ ده‌كات
منیش له‌و ئاسۆیه‌ ده‌ڕوانم كه‌ له‌ناو دڵمدا درێژ ده‌بێته‌وه‌
ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت
ئه‌و داره‌ی ته‌مبووری لێ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی تابووتی لێ دروســت كرا
ئه‌و داره‌ی په‌یژه‌ی لێ دروســت كرا
ئه‌و داره‌ی فـه‌لاقه‌ی لێ دروست كرا
من خۆم به‌ چاوی خۆم بینیم
دار سكاڵای كرد و زمان له‌ ده‌میدا شكا
من به‌ گوێی خۆم بیستم
دار سكاڵای كرد و زمان له‌ ده‌میدا شكا
دره‌ختی مردن به‌ سێبه‌ر و به‌ر كراو
هاوڕێیه‌كی به‌ نان و نمه‌كه‌
به‌یانییان له‌ خۆیه‌وه‌ به‌ ئاگا دێت
هه‌وای فریاكه‌وتن تای سییه‌كانی دابه‌زاندووه‌
دره‌خت له‌ مرۆڤ سه‌ر و گه‌رده‌ن به‌رزترن
له‌ناو یه‌ك كێڵگه‌دا هه‌ڵده‌چن
ڕه‌نگ و دڵی یه‌كتریش كفن ناكه‌ن
دانایی ئاگر نیوه‌ی له‌ باوه‌ڕی كه‌له‌پووره‌ و نیوه‌ی له‌ بۆنی مێژوو
پاشماوه‌ ی وڵات وێرانیی ده‌خاته‌ ده‌سته‌كانمانه‌وه‌
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار به‌ فڵچه‌یه‌كی نه‌رم
تۆز و گه‌ردی وڵات وێرانیی له‌ ده‌ست و شانمان ده‌ته‌كێنێت
هونه‌رمه‌ند جه‌نگاوه‌رێكه‌ نیوه‌ی له‌ باوه‌ڕی كه‌له‌پوور و نیوه‌ی له‌ بۆنی مێژوو
ئه‌سپ له‌ناو به‌فردا سڕ نابێت
باڵنده‌ش له‌ ئاسماندا گه‌رم ده‌بێته‌وه‌
په‌ڕه‌سێلكه‌ له‌ بنمیچی ته‌لار و كه‌لاوه‌وه‌
غار ده‌داته‌ سه‌ر دره‌ختی چلئاواز
له‌ چه‌قۆی ده‌ستی ئاده‌میی ورد ده‌بێته‌وه‌
ئه‌و چه‌قۆیه‌ی داری ته‌ڕی بۆ گۆپاڵ پێ خۆش كردووه‌
ئێسكی گۆزینگی مرۆڤیشی پێ هه‌ڵكۆڵیوه‌
به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چه‌قۆی هه‌سته‌كانی تیژ ده‌كات و تاڵانی له‌سه‌ر داده‌نێت
دواتر له‌ناو كڵاو و ده‌سته‌سڕدا په‌نای ده‌دا بۆ فرۆشتن
كه‌ڵه‌باب
چاو و
گوێ و
لووت و
ده‌می
له‌سه‌ریدا جێگۆڕكێیان كردووه‌
قاچێكیشی له‌ زه‌وی كێشایه‌وه‌
به‌ سینگی خۆیه‌وه‌ی نووساند
سینگی دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ و قه‌ڵای مێردانه‌
رێوی و
جه‌رده‌ و
پاشدز و
ناكه‌سبه‌چه‌
ته‌ماشای ده‌كه‌ن و ئاوی چاویان ده‌ڕژێته‌ به‌رپێیان
ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت
به‌فر بێ ئه‌وه‌ی داوای لێبووردن بكات
ساردایی خسته‌ باڵی باڵنده‌وه‌
من ڕێگایان پێ ده‌ده‌م
بێن له‌ گه‌رمای دڵی مندا كۆچ بكه‌ن
له‌ یاده‌وه‌رییان بنیشنه‌وه‌
ده‌نگ له‌ دوور و نزیكه‌وه‌ دێت
ڕه‌نگ له‌ دوور و نزیكه‌وه‌ ده‌ناسرێت
هاتن و ناسین ئه‌وینێكی بێ پایان سه‌ر ده‌خه‌ن
له‌بیركراوی حه‌كایه‌ته‌كان
له‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی له‌بیركراودا
له‌ تاوان دڵی له‌ چاوی هاته‌ده‌ر
پێشتریش فێنك و دڵخۆش له‌ناو خوناوی به‌هاردا مێوانی ژیان بوو
به‌ خۆشییه‌كی ته‌واو له‌ نزیك هه‌موو شته‌كانه‌وه‌ دڵی كرابووه‌وه‌
نزیك قامیشه‌ڵانێك گۆرانییه‌ك چاوه‌ڕوانه‌ بگوترێت
نزیك ڕه‌شماڵێك فانۆسێك چاوه‌ڕوانه‌ چاوی ڕووناك بكرێت
نزیك داستانێك ئه‌سپێك چاوه‌ڕوانه‌ ته‌پڵ لێبدرێت
نزیك ئاهه‌نگی ساڵجه‌ژنێك ئه‌فسوونێك چاوه‌ڕوانه‌ ببێته‌ حه‌كایه‌ت
تیپێك حه‌كایه‌تخوان پێكه‌وه‌ بڕژێنه‌ گۆزه‌كانمانه‌وه‌
مانگیش چاوی كه‌وتووه‌ و له‌ نزیك
قامیشه‌ڵان و
ڕه‌شماڵ و
داستان و
ئاهه‌نگی ساڵجه‌ژنێك پشوو ده‌دا
به‌ره‌و قووڵایی زێد ده‌ڕوات
دڵی ماسییه‌كی حه‌په‌ساو ده‌داته‌وه‌
ژانی ددانئێشه‌ نیوه‌گیانی كردووه‌
له‌ ئاوی به‌رسێبه‌ر سه‌رمای بووه‌
بۆ ئاوی هه‌تاوگر مل ده‌نێت
ستایشی شكۆی وردكه‌نان ده‌كات
به‌له‌مێك به‌سه‌ر ئاوێكی هه‌ڵچووه‌وه‌
تازه‌ سه‌رنشینه‌كانی بۆ خۆخنكاندن خۆیان هه‌ڵداوه‌
له‌ دڵتوندیی خۆیدا پرسیارێكی كرده‌ چه‌تر به‌سه‌ر سه‌ری هه‌موومانه‌وه‌
قه‌ڵا ئه‌و پێشمه‌رگه‌ باڵنده‌ كوژانه‌ له‌سه‌رت چی ده‌كه‌ن
نیشتیمانییه‌ك باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری كوشت
بۆ ئه‌وه‌ی كوژرانی ببێته‌ بۆنه‌یه‌كی نیشتیمانی
حاجی له‌قله‌ق بوو به‌ ناونیشانی فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی شه‌هیدان
نامرادی ناو به‌یت و داستان
به‌ناو دارستاندا دێت
له‌ سێبه‌ری دره‌خته‌ گه‌وره‌كان پیاسه‌ ده‌كات و لكه‌ نزمه‌كان لا ده‌دا
قه‌ڵه‌مكێشی هه‌ناوی زه‌وی ده‌كێشێت
له‌ نێوان نامراد و هه‌ناوی زه‌ویدا
مه‌ترسی سڕبوونی ده‌ست هه‌یه‌
هه‌واڵی كۆچی بێ واده‌ش
له‌م ده‌وروبه‌ره‌ بێ باك ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵات
دڵی من له‌ ناوی لێده‌دات و چاوم به‌ ده‌وروبه‌ری خۆمدا گێڕا
سه‌روشوێنی بێباكیم ناسیوه‌ و له‌ لێدانی دڵ بێ ئومێد نیم
ئه‌و به‌فره‌ی له‌ شه‌وێكی بێ هه‌وادا ده‌بارێ ده‌مێنێته‌وه‌
له‌ناو پێڵووی هونه‌رمه‌نددا ده‌بێته‌ مێژوو
چه‌ندین ساڵ له‌ناو پێڵوودا ده‌ست ده‌خاته‌ ده‌ستی
باوه‌ڕی كه‌له‌پوور و بۆنی مێژوو
مانگ ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له‌ په‌نجه‌ ده‌سووڕێنن
به‌ڵێ به‌ڕاستی مانگ براده‌رێكی به‌ نان و نمه‌كه‌
شه‌ڕی له‌گه‌ڵ
ڕێوی و
جه‌رده‌ و
پاشدز و
ناكه‌سبه‌چه‌ ته‌واو بووه‌




گرنگییەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە بۆ منداڵان.. رەزا شوان

لە ئەمـڕۆدا قوتابخـانەی بنەڕەتی، شوێنێک نییە تەنها بۆ فێرکردن و بۆ فێربوون و بۆ وەرگرتنی زانستی و جۆرەکانی زانیاری، بەڵکو شوێنی پێگەیاندنی نـەوە لە دوای نەوەیە.. کاری قوتابخانە پەروەردەکردن و فێرکردن و ئامادەکردنی منداڵانە لە هەموو قۆناغەکانی تەمەن و خوێندندا، بە زانیاری گشتی هەمەچەشنە و بە پێویستییەکانی ژیانێکی دروست ئاشنایان دەکا، تابتوانن لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا دەربەرن و بە شێوەیەکی دروست گەشەبکەن و پێبگەن، رۆڵیکی سوودبەخش و ئەرێنیش لە نێو کۆمەڵدا بگێڕن، بڕواشیان بە تواناکانی خۆیان ببێ و، بە گەشبینییەوە لە ژیان و لە داهاتوو بڕوانن، خۆڕاگربن و بتوانن بە ئازایی و بێباکییەوە رووبەڕووی هەموو ئەو گرفت و تەگەرە و بەرهەڵستییانە ببنەوە کە دێنە رێی ژیانیان.
پێویستە ئەوە بزانین کە ئاستی رۆشنبیری و زۆرزانی و چاوکـراوەیی منداڵانی ئەم سەردەمە، لە سایەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و گڵوبالـیزم و بە سەدان داهێنانی سەیر و سەمەرە، جیاوازن لەگەڵ ئاستی منـداڵانی سەدەی بیستەمین دا.. هیـوا و ئاوات و خـەون و پێویستییەکانیشیان هەمان هیـوا و خەونی منداڵانی نەوەی پێش خۆیان نین.

ئامانجی قوتابخانەی کلاسیکی ئەوەبوو کە زۆرترین زانیاری بئاخنێتە هۆشی قوتابیان، بەڵام قوتابخانەی نوێ، ئامانجی گەشەکردن و بنیاتنانی کەسایەتی دروستی قوتابیانە، لە هەموو بوار و روویەکەوە، بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوو ئامادەیان دەکا. (مەکسیم گۆرگی) دەڵێ:” پێویستە زانیاری لە خزمەتی ئەندێشەی منداڵان دا بێت، واش منداڵان رابهێنێ کە بیر لە داهاتوو بکەنەوە” لە پەروەردەی کلاسیکیدا، پرۆگرامی فێرکردن و خوێندن دیاریکراو و سنوورداربوو. دەبوایە قوتابیان لەگەڵ پرۆگرام و بەرنامەکانی خوێندندا خۆیان بگونجاندایە. بێ ئەوەی گوێ بە توانا و خواست و بە بەهـرە و ئارەزووەکانیان بدرێ، گوێشیان بە جیاوازی نێوان منداڵان نادا، بە درێـژایی وانەکانیش، مامۆستایانی وانەبێژ تەوەری سەرەکی وانەوتنەوە بوون، بواریان بۆ قوتابییەکانیان نەدەهێشتنەوە، تا را و بۆچوون و سەرنج و تێبینییەکانیان دەربڕن، یا رەخنـەبگرن و پێشنیاربکەن. بەڵام لە ئەمڕۆ و لە پەروەردەی نوێدا، منداڵان بە هەنـد دەزانن و، پرۆگرامی خوێندن بە پێی پێویستی و خواست و ئارەزوو و قۆناغەکانی تەمەن و گەشەکردن و ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان دادەڕێژن.. قوتابیانیش تەوەری سەرەکی وانەکانن، بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە هەست و سۆز و لە هـزر و لە ناخی خۆیان دەکەن، رێز لە را و بۆچوون و سەرنج و رەخنە و لە هیواخۆشی و لە پێشنیارەکانیان دەگرن.. (جۆن دێوی) دەڵێ:”منداڵ ئەو خۆرەیە کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە”
کەچی تا ئەمڕۆش هەندێ لە کادیرانی پەروەردە و مامۆستایانی وانەبێژ لە چوارچێوەی پەروەردەی کۆن و لە رێبازە کلاسیکییەکانی وانەوتنەوە دەرنەچوونە و، بە لایانەوە چەمکی وانەوتنەوە، دەبێ لە بازنەی پرۆگرامی بڕیاردراو دەرنەچێ.. بە پێوەرێکی سواویش فێرکـردن و فێربوون هەڵدەسەنگێنن.. ئەم بڕوا و فەلسەفەیەش، وانەوتنەوە بچووک و بەرتەسک دەکاتەوە.. ئەم وانەبێژانە نابەڵەدن و بێئاگان لەوەی کە ئەرکی پەروەردەی نوێ و پرۆگرامەکانی نوێی خوێندن، بنیاتنان و گەشەکردنی کەسایەتی قوتابیانە، لە رووی جەستەیی و دەروونی و هـۆش و کۆمەڵایەتی و سۆزداری و نیشتمان پەروەرییەوە، تا ببن بە هاوڵاتیانی دڵسۆز و باش و سوودبەخش.. بێگومان بۆ ئامانج گەلێکی هەستیار و گرنگی ئاوهاش، پێویستیمان بە گۆڕانکـاری ریشەیی هەیە، گۆڕانکاری لە رەفتارەکانی قوتابیان، پێویستیمان بە کادریرانی پەروەردەیی بەڵەد هەیە، پێویستیشمان بە ئامادەکردنی مامۆستایانی وانەبێژی نوێخـواز و فرەزان و شارەزای پەروەردەی نوێ و، شارەزای شێوازە تازەکانی فێرکـردن و وانەوتنەوە هەیە.. ئەگینا پەیام و ئامانجەکانی پەروەردەی نوێ بەرجەستەنابن.

چاڵاکییەکانی قوتابخانە چین؟

تا ئێستا چەند پێناسەیەک بۆ چالاکییەکانی قوتابخانە کراون، کە لەیەکەوە نزیکن، وەک:
چالاکییەکانی قوتابخانە، بریتین لە پراکتیزەکردنی فێربوون، کە قوتابیان لە میانەیاندا دەتوانن هەموو توانا و بەهـرە خەفەکردووەکانیان، بە شێوەیەکی دروست و ئاراستەیی، بە تاقیکردنەوە بە کاریان بهێنن، هەل بۆ قوتابیان دەرەخسێنن، کە ئەو جۆرە چالاکییانە هەڵبژێرن، کە لەگەڵ توانا و خواست و ئارەزووەکانیاندا دەگونجێن.
پێناسەیەکی تر، چالاکییەکانی قوتابخانەکان، ئەو بەرنامە تەسەلەیە کە قوتابیان لەگەڵ بەرنامە و پرۆگرامی خوێندندا، بەشداری لەداڕشتنیدا دەکەن،، قوتابیانیش بە ئارەزووی خۆیان روویان لێدەکەن، لە رێیانەوە ئامانجە دیاریکراوەکانی پەروەردە دێنەدی.
(فەرمانگەی زانیاری ئەمریکی) ش، بەم شێوەیە پێناسەی چالاکییەکانی قوتابخانە دەکا: “ئەو بەرنامانەن کە بەسەرپەرشتی و ئاراستەکردنی قوتابخانە جێبەجێ دەکرێن، ئەو بابەتانەیان لەخۆگرتوون کە پەیوەندییان بە ژیـان و بە چـالاکییە هەمەجۆرەکانی قوتابخانە و بە بابەتەکانی خوێندنەوە هەیە، یا بە لایەنی کۆمەڵایەتی و بە ژینگە و بە یانەکانی وەرش و موزیک و شانۆوە هەیە، یا پەیوەندییان بە بابەتە چاپکراوەکانی قوتابخانەوە هەیە”
لە ئەمڕۆدا، چالاکییەکانی قوتابخانە بوونە بە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن، بوونە بە گیانێک لە دوو جەستەدا، بوونە بە بەشێکی پێویست و گرنگ لە ژیانی قوتابیان دا.. پسپۆرانی بواری پەروەردەش پێیان وایە، کە ئەم چالاکییانە، کۆڵەکەیەکی گرنگن لە کۆڵەکەکانی فێرکردن و فێربوون و خوێندندا، لە بنیاتنانی کەسایەتی و بەهـرە و شارەزاییەکانی قوتابیان.. بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروستیش ئامادەیان دەکەن، تا تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببن.
بێجگە لە زاراوەی(چالاکییەکانی قوتابخانە) چەند زاراوەیەکی کەش، بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێن، وەکو:( چالاکییە پرۆگرامییە زیادەکان) و (چالاکییەکانی دەرەوەی پـۆل)

ئامانجەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە:

زۆرن ئەو ئامـانج و مەبەست و سوودانەی، کە لە سایەی چالاکییە هەمەجۆرەکانی قوتابخـانەدا دێنەدی، بە کورتی ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو ئامانجە گرنگانە:
١ـ چالاکییەکانی قوتابخانە، یارمەتی و ئاراستەی قوتابیان دەکەن بۆ گەڕان و دۆزینەوە، بۆ دەرخستنی توانا و بەهرە و ئارەزوو و بیرۆکەکانیان، بۆ گەشەکردن و کارکردن بۆ پێشکەوتن و باشتربوون.
٢ـ هەل بۆ راهێنانی پراکتیکی دەڕەخسێنن، بۆ بە دەستهێنانی توانای تازەگەری و داهێنان و لەبەرگرتنەوە.
٣ـ بوار بۆ قوتابیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی چێژ و خۆشی لە کاتەکانی پشوودان و پەرژانیان وەربگرن و بۆ ئەنجامدانی کاری باش بیان قۆزنەوە.
٤ـ راهێنانی قوتابیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسێتی، بۆ بەرجەستەکردنی رووحی هاوکاری و راوێژکردن و یەکترقبووڵکرن و رێزگرتن لە را جیاوازەکانی هاوڕێکانیان.
٥ـ هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان پەروەردەی رووحی و جوانی دا، لە نێوان زانستی و رۆشنبیری دا.
٦ـ چالاکییەکانی قوتابخانە، هەندێ باری دەروونی نەرێنی چارەسەردەکەن کە دووچاری هەندێ لە قوتابیان دەبن، وەکو شەرمکردن، دوودڵی، گۆشەگیری، خەمناکی، ترس، بڕوالاوازی، خۆپەرستی، دڵتەنگی، کەمدوویی، …هتد.
٧ـ بە کۆمەڵایەتیکردنی قوتابیان و بەستنەوەیان بە ژیان و داب و نەریتی کۆمەڵەوە. پەیوەندی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیش خۆشتر و بەهێزدەکەن.
٨ـ پەروەردەکردنی قوتابیان لەسەر بیرکردنەوە و داهێنان و نەخشەکێشان و پلان دانان و بەرنامەڕێژی و کارکردن و رێکخستن و دیاریکردنی ئەرکەکان و رۆڵ و بەرپرسێتی.
٩ـ راستکردنەوەی کۆمەڵێک هەڵە و هەڵسوکەوت و رەفتار و، ئاراستەی نەخوازراو.
١٠ـ بەدەستهێنای تەندروستییەکی باشی جەستەیی و دەروونی.
١١ـ مەستبوونی قوتابیان بە پێویستییەکانیان و، بە حەز و ئارەزووەکانیان.
١٢ـ چالاکییەکانی قوتابخانە بڕبڕەپشتی بنیاتنانی کەسایەتی قوتابیانن، رایاندەهێنن بۆ سەرکردایەتیکردن و رابەری هاوڕێکانیان لە میانەی گروپ و لە لیژنە پێکهاتووەکاندا.
١٤ـ قوتابیان فێری ئەوەدەبن، کە چاکە و پیاوەتیان لەدەستبێ، فێری ئەوەش دەبن کە بەرژەوەندە گشتییەکان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، بڕواشیان بە هاوکاری و هەروەزی و بە ئەنجامدانی کاری بەکۆمەڵ دەبێت.
١٥ـ ئەو لێکوڵینەوە پراکتیکییانەی کە لەم بارەیەوە ئەنجامدراون، ئەوەیان سەلماندووە کە چالاکییەکانی قوتابخانە رۆڵێکی ئەرێنیان لەسەر فێرکردن و پەروەردەکردنی دروست و، لەسەر رەوشت و رەفتارەکانی منداڵان هەیە، ئاستی خوێندنیشیان باشتربووە.
١٦ـ قوتابیان لەسەر ئەوە رادێن کە خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.
١٧ـ هەست بە جوانی دەکەن و جوانیخواز دەبن لە هەموو چالاکییەکانی قوتابخانەدا.
١٨ـ لە پێناوی وەرگرتن و زیادکردنی زانستی و زانیاری گشتییان.. دەبنە ئاشنایانی کتێبخانە و بە هـاوڕیانی کتێب و، خوێندنەوەیان لا شیرین دەبێ.
١٩ـ گەشبین و بڕوابەخۆ دەبن و متمانەیەکی زیاتریشیان بە تواناکانی خۆیان دەبێت.
٢٠ـ قوتابیان لە میانەی چالاکییەکانەوە، فێری بەخشین و وەرگرتن دەبن.
٢١ـ راهێنانی قوتابیان لەسەر بەرجەستەکردنی دیموکراتی و فرەڕایی لە ژیانیاندا.
٢٢ـ منداڵان لە رۆشنبیری یادکردنەوەوە، دەگۆڕێن بۆ رۆشنبیری داهێنان.
٢٣ـ لە میانەی چالاکییە هەمەچەشنەکانی قوتابخانەوە، گیانی ململانێ و پێشبڕکێ دروست و رەوشت و رووحی وەرزشی و قبوڵکرنی ئەنجامەکان لایان بەرجەستەدەبن.
٢٤ـ بە هۆی چالاکییەکانەوە، دیاردەی نەهاتن و دابڕان و وازهێنان لە خوێندن و لە
قوتابخانە کەمتر دەبنەوە.
٢٥ـ زۆر لە پیاوان و لە ئافرەتە هەڵکەوتووەکانی جیهان.. سەرەتای هەوڵ و تاقیکردنەوەکانیان، بۆ بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی قوتابخانە دەگەڕێننەوە.
جۆرەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە:
جۆر و شێوەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە چ بە کۆمەڵ و چ بە تاک زۆر زۆرن، جگە لە چالاکییە ناسراو و باوەکان، ساڵ لە دوای ساڵ چۆست و چالاکی نوێ دێنە ریزبەندیی چالاکییەکانەوە، ئەم زۆری و هەمەچەشنەییەش لە پەروەردەی نوێ دا، بۆ دابینکردن و مەستکردنی خواست و ئارەزوو و پێویستییەکانی قوتابیان و جیاوازی تاک، گرنگییەکی زۆریان هەیە.. هەر چالاکییەکیش گروپێک لە قوتابیان بە سەرپەرشتی مامۆستای پسپۆر و شارەزای ئەو بوارە چالاکییەکانیان ئەنجامدەدەن.. زۆر بە کورتی و بە چڕی بۆ نموونە هێنانەوە و، ئاماژە پێدان، گرنگترین چالاکییەکانی قوتابخانە ـ ئەگەرچی هەر هەموویان گرنگن ـ بەم شێوەیە پۆلین کراون:

١ـ چالاکییە رۆشنبیرییەکان:

ئەم چالاکییانە، رادەیەکی لەباری زانیاری رۆشنبیری بە قوتابیانی ئارەزوومەندی ئەم بوارە دەبەخشن، توانای زمانەوانی و دەربڕین و گوزارشتکردنیان گەشەدەکات.. هانیشیان دەدات کە بە ئازاییە رووبەڕووی جەماوەر ببنەوە.. گرنگترین گروپ و لیژنە و چالاکییەکانی بوارەکانی رۆشنبیریش لە قوتابخانەدا:
( گروبی کتێبخانەی قوتابخانە، گروپی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی، گروپی کوڕ و سمینار، گروپی پێشبڕکێی رۆشنبیری و ئەدەبی و بۆ خوێندنەوەی هۆنـراوە و چـیرۆک و پەخشان، گروپی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوی سەر دیوار، گروپی گەشت و گوزار، گروپی بەڕێوەبردنی ئیستگەی رادیۆی قوتابخانە ـ گەر ئیستگەی رادیۆیان هەبێ ـ سەردانی کتێبخانەی گشتی، سەردانی مۆزەخانەی شار، پێشکەشکردنی شانۆگەری پەروەردەیی و زانیاری و خۆشی و کۆمیدی، پێشکەشکردنی سروودی کوردی لەکاتی ریزبوونی پێش دەستپێکردنی خوێندن، پێشکەشکردنی هۆنراوە و پەخشان لە لایەن قوتابیانەوە لە کاتی ریزبووندا، …هتد)

٢ـ چالاکییە وەرزشییەکان:

قوتابخانە لانکەی وەرزشە، چەندین وەرزشوان و پاڵەوانی ناسراوی وەرزشی لە رێی قوتابخانەوە پێگەیشتوون.. پەروەردەی وەرزشی لایەنێکی زۆر گرنگە لە چالاکییەکانی قوتابخانە، ئامانجی گەشەکردنی تەواوی قوتابیانە، تا ئەو ئاستەی کە ببن بە مرۆڤی لەش تەندروست و، سوودبەخش و لێبووردە و بڕوایان بەخۆیان هەبێت و، خۆڕاگربن و، ئەرکەکانیان بەدیبهێنن.. چالاکییە وەرزشییەکان قوتابیانی وەرزشوان لە گرژی و لە هەڵچوون و لە دڵتەنگی و لە وزەی پەنگخواردوو رزگـاردەکەن، لە رووی جەستەیی و هۆش و دەروونەوە، بە شێوەیەکی تەواو و هاوسەنگ قوتابیان پێدەگەیەنن، دەیانخەنە سەر ئەو بڕوا و درووشمەی کە (هۆشی دروست.. لە لەشی دروست دایە) مامۆستای پەروەردەی وەرزشی سەرپەرشتی هەمو چالاکییە وەرزشییەکان دەکات. گرنگترین گروپەکانی چالاکییە وەرزشییەکان ئەمانەن:
(گروپی تیپە وەرزشییەکان بۆ یارییەکانی ـ تۆپی پێ، سەبەتە، باسکە، تۆپی دەست، تۆپی سەر مێز، گروپی بەشداریکردن لە یارییەکانی نمایشی ساڵانەی گۆڕەپـان و مەیدان، گروپی دیدەوانی و خێوەتگا، یاری و پێشبرکێی نێوان پۆلەکان و قوتابخانەکان، گروپی سڵاو و هەڵکرنی ئاڵای کوردستان، گروپی مەلەوانی، گروپی جیمناستیک،..هتد)

٣ـ چالاکییە زانیارییەکان:

چالاکییە زانیارییەکان، ئەو بوارەیە کە هەل بۆ قوتابیان دەڕەخسێنێ، تا بە کردار ئارەزووە و حەزەکانیان بەرچەستەبکەن، چەمکی بیرکردنەوەی زانیارییان لا قووڵتربێت.. بواری ئەوەشیان بۆ دەرەخسێنن، کە لە رێی بەرنامە تیۆرییەکان و پراکتیکییەکانەوە توانـا و بەهـرەکانیان دەربخـەن.. گرنگترین بوارەکانیشیان:
(چالاکیی کۆمپوتەر، تاقیکردنەوەی زانیاری، گەشی زانیاری، بە ڤیدیۆ، پێشاندانی ژیانامەی زانایان، یا بابەتی زانیاری،…هتد)

٤ـ چالاکییە هونەرییەکان:

بریتین لە کۆمەڵێک چالاکی و کاری کرداری هونەری لە نێو قوتابخانەدا، کە لە دیدی قوتابیانی بەهرەمەند خۆیانەوە ئەو جوانییانەیان هەڵهێنجاندوون و لە تابلۆ و پەیکەرە هونەرییەکانیاندا بەرجەستەیان کردوون.. سوودیش لەو کەرەستە خاوانە وەردەگرن کە لەژینگەکەیاندا هەن، چالاکییە هونەرییەکان گەشە بە هۆشیاری هونەری قوتابیان دەکەن و، ئاستی داهێنانیان بەرزدەکەنەوە و، بە شارەزایی نوێی هونەری دەوڵەمەندیان دەکەن. ئەو کەسە بەهرەمەندانەش دەردەکەون کە خاوەنی بەهرەی هونەریی جیاوازن. گرنگترین چالاکییە هونەرییەکانیش:
(کردنەوەی پێشانگای قوتابخانە، بەشداریکردن لە پێشانگای ساڵانەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شار، کاری چنین، کاری دەستی، کردنەوەی پێشانگای تایبەتی، سازدانی پێشبڕکێی وێنەکێشانن، دیزاینسازی، رۆژی نمایشی کەل وپەلی فۆلکلۆری کوردی.. دانانی تیپی موزیک و سروود و گۆرانی کوردی، دانانی گروپی شانۆی قوتابخانە)

٥ـ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان:

ئەو چالاکییانەن وا لە قوتابیان دەکەن، کە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی سەرشانیان لە کۆمەڵدا بزانن، پەیوەندیی هاوڕێتییان گەشە دەکات، خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان شیرینتر دەبن، خۆشەویستی و رێزی کار و کرێکاران لە دڵیان دەڕوێن.. رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان بە دروستی گەشەدەکەن، فێری راستگۆیی و دڵسۆزی دەبن، روحی خوشکایەتی و برایەتی و هاوڕێتی لە لایان شیرینتردەبن. چالاکییە کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵدا زۆرن، کرنگترینیان:
( سازدانی فێستیڤاڵی خۆشی، دانانی تیپی هەڵپەڕکێی قوتابخانە، بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ماڵ و قوتابخانە، ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی جەژنی نەورۆز، ئاهەنگێڕان و سازدانی چالاکی لە رۆژی جیهانی منداڵان، ئاهەنگێڕان لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بەرزڕاگرتنی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، یادکردنەوەی رۆژی راپەڕین لە باشووری کوردستان، بەرزڕاگرتنی رۆژی شەهیدانی کوردستان، لەبەرکردنی جلی کوردی لە رۆژی جل و بەرگی کوردی دا، گرنگیدان بە رۆژی کتێبی منداڵان، یادکردنەوەی مەرگەساتی هەڵبەجە و، رۆژی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کورد ـ ئەنفال، رێکخستنی ئاهەنگی ساڵانەی کۆتایی قوتابخانە،…هتد)
لە کۆتاییدا، ئەو چالاکییانە و چەندین چالاکی تر هەن، هەروەها مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن چالاکی نوێ دابهێنن.. چالاکییەکانی قوتابخانەش، تێکهەڵکێشن و پەیوەندییان بە یەکترییەوە هەیە، هاوئامـانج و تەواکەری یەکترین.. ماوە ئەوەش بڵێین، پێویستە لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە گروپ و لیژنە چالاکییەکان دابنرێن، تا پێشوەخت بەرنامە بۆ کار و بۆ چالاکییەکانی قوتابخانەکەیان دابڕێژن.. ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی قوتابخانە، بە دڵسۆزی و هاوکارییەکی تەواوی نێوان مامۆستایان و قوتابیان دێنەدی.

رەزا شوان
نەرویـج: (٣٠ی/ یونی/٢٠١٧)




پرۆژیه‌کی دیکه له منداڵانی که‌مپ

مةنسوور جيهاني ـ پرۆژیه‌کی دیکه له منداڵانی که‌مپه‌کانی ئاواره‌کانی سووریا و عێراق له لایه‌ن کۆمپانیای “مژ فیلم” به به‌رهه‌مهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” ساز ده‌کرێت.
دوای سه‌رکه‌وتنی فیلمی دیکۆمێنتاری “ژیان له سه‌ر سنوور” و به‌شداریی له فیستیڤاڵه جۆراوجۆر و گرینگه جیهانییه‌کاندا، له‌وانه: “به‌رڵیناله” و هه‌روه‌ها نمایش له وڵاتانی جیهان، کۆمپانیای سینه‌مایی “مژ فیلم” به به‌رهه‌مهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” بڕیاروایه فیلمێکی دیکۆمێنتاری دیکه له قه‌واره‌ی ٤ به‌شدا له ده‌رهێنانی منداڵانی توشبووی شه‌ڕ به‌رهه‌مبێنێت که له که‌مپه‌کانی ئاواره‌کانی سووریا و عێراق ‌ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن.

به مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی ئه‌م منداڵانه له بواریی سازکردنی فیلمه دیکۆمێنتارییه‌کاندا، چه‌ندین ژووری وانه گوتنه‌وه له که‌مپه‌کانی سووریا و عێراق دامه‌زراوه که تیایدا له لایه‌ن راوێژکارانی به‌توانای سینه‌ماییه‌وه، راهێنانی پێویست بۆ به‌ره‌وپێشبردنی سازکردنی ئه‌م فیلمانه به‌ منداڵه‌کان ئاراسته ده‌کرێت.




ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە…. سوهەیلا مەیهەمی

با دیوار،
مێشکی بونبەست و
کڵۆم کەلاکی بنوێنێ،

با زیرەڤان،
شەوەکانی دڵخۆش بە سنوور،

دیکتاتورییەتی کاتەکان
دیکتەی دار بنوێنێتە سەر ساوای سپێدەدا ،

تۆ بە دەنگی هەناسە،
بە ڕەنگی خوێن،
داخزە بە دەمارەکانمدا…….

زەوی پێوەبە لە مەنگی خۆیا
یا ئاسمان،
کە من چ یاخییانە ژنێتیم، دەژییم
لە قەندیلی پیاوەتیتدا

دەنووسێمە بێکەسترین شیعر،
بە نامۆیی کۆڵاندا،
ئەرخەوانێکی ئاشنام،

گەیشتنمان چ پەرتەوازەیە،
خاو گالیسکەی خەێاڵە…..

ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە،
کافەیەک پڕ لە “کافکا “م
نۆشیوە،

لێگەڕێ،
لە گەڵاڵە، بەتاڵییەکانی ئەم گۆڕستانە……
بە سێ/بەری هاوتەریبی،
من هیچ دەچم….

سنە
سوهەیلا مەیهەمی
لەژمارە(٩٣٨)ی هەفتەنامەی سیروان، لاپەڕەی (١١) لەسنە بڵاوکراوەتەوە




‎بۆ کچە یەزیدیەکە … ‎سمکۆ

‎ئەی ئە و خۆرەی ئاوا بویت و
‎ڕێی هەلهاتنەوەت لێ گیرا
‎نەك تەنها کوردستان
‎خودات لە خەونی ئەبەدی و
‎ویژدانت لە گۆڕ دەرهێنا
‎ پەپوولەی پڕ خەونی شیللەیت
‎لە نێو پەڕەی تۆزاوی قورئانێکدا
‎لە خاچ درا
‎بە پێی یاسای موبارەکیان
‎تۆ سەبایای
‎ڕق و کینەی دوو قەرنیان
‎لە پرچ و جەستەی تۆ دەرهێنا
‎ئەی خۆری قژ هەلپروسکاو
‎بڕۆو ئاوڕمەدەرەوە
‎ بۆ هەسارەیەکی دی بگەڕێ
‎لەوێ هەڵبێ
‎هەسارەیەک کەتائیستا
‎دەستی خودای نەگەشتبێ
‎لەوی بژی لەوی بنوو
‎لەوێ وانەی عەشق بڵیرەوە
‎ باسی جهەنمی زەوی
‎بۆ گشت مەخلوقەکانی بگێڕەوە.