چۆن دەکرێ ئاین ببێتە هۆی توندوتیژی … گاری گەتینگ … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد
دوا قوربانی قەشەیەکی فەڕەنسی بوو، کە لە کڵێساکەی خۆیدا کوژرا، بکوژەکان لەکاتی کوشتنەکەدا هاواری ”اللە اکبر”یان دەکرد! دوای ئەم هێرشانە، ڕێبەرانی موسڵمان ئێمە دڵنیا دەکەنەوە کە، وەک تاریق ڕەمەزان دوای کۆمەڵکوژییەکی پاریس گۆتی، بکوژەکان ”خیانەت لە ئاینەکەمان دەکەن.” دوای کوشتنەکانی بڕۆکسل، زانکۆی ئەلئەزهەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دەبێژێ ”ئەو تاوانە خراپانە پێشێلی فێرکارییە لێبوردەییەکانی ئیسلام دەکەن.” هەمان وەڵاممان دوای هێرشەکانی ئۆرلاندۆ و نیس بیست. دەگۆترێ ئەو گروپە دەمارگیرانە کە ئەو شتە خراپانە دەکەن، ئەوان نامۆن بە کرۆکی ئاشتی و خۆشەویستیی ئیسلام. من لە هۆکاری ئەو چەشنە وەڵامانە تێدەگەم، بەڵام ئەوان پەیوەندی نێوان ئاین و نالێبوردەیی و ئەو توندوتیژیانەی کە بەهۆی ئاینەوە دێنەگۆڕێ زۆر سادە دەکەنەوە.
هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاینی وەحی و قسەی خوان، فێرکارییەکانیان هەقیقەتن و خوا خۆی بۆ ئێمەی گواستۆتەوە و داوای کردووە هەموومان قبووڵی بکەین. ئیسلام و مەسیحی، هەر لە سەرەتاوە، ئاینی بانگخوازی بوون. ئاینێک بەرپرسیار بێ لە هێنانی هەقیقەتی خوا بۆ جیهان، ئەوا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکانە دەکا کە ڕەتیدەکەنەوە ئەو هەقیقەتەی خوا قبووڵ بکەن. تاکو چ ڕادەیەک ئەو ئاینە پێویستە لێبوردە بێ بەرانبەر هەڵەی ئاینی؟ لە چەند پنتێکی دیاریکراوی مێژووی خۆیاندا، ئیسلام و مەسیحیەت بەرانبەر بە ئاینەکانی دیکە نالێبوردە بوونە، بەتایبەتی بەرانبەر بە یەکدی، تاکو ڕادەی توندتیژی.
ئەمە نەشیاوی لێ دەربازبوونە، بەڵام هاوکات ئەمە ڕێکەوت نییە. شیمانەی نالێبوردەیی لەنێو لۆژیکی ئاینی وەک مەسیحی و ئیسلامدایە، ئاخر ئەوان دەڵێن کە فێرکارییەکانیان لە وەحییەکی ئاسمانی و خواوەندییەوە هاتووە. بۆ ئەوان، ئەو هەقیقەتەی کە خوا ناردوویەتی گرنگترین هەقیقەتە؛ لەبەر ئەوە ڕەتکردنەوە یان گومانکردن لەو هەقیقەتە خوایییە زۆر مەترسیدارە، بۆ هەردوو بێباوەڕان کە ئەو هەقیقەتە کرۆکییەیان نییە و بۆ باوەڕدارانیش کە ڕەنگە بەهۆی گومان و ڕەتکردنەوەکانی بێباوەڕانەوە بەهەڵەدا ببردرێن. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە، ئاسانە ئەو دەرنجامە بەریتەوە کە تەنانەت هەنگاوی توندڕەویش بۆ نەهێشتنی بێباوەڕی گەرەنتی کراوە.
ڕەنگە تۆ بڵێی کە بیرکردنەوەی مۆڕاڵیمان، پێویستە دژایەتیمان بۆ بێباوەڕی سنووردار بکا. ئایا خەڵک مافی ئەوەیان نییە کە پەیڕەوی ویژدان و پەرستنی خۆیان بکەن وەک ئەوەی کە خۆیان پێیانوایە پێویستە بیکەن؟ لێرەدا ئێمە دەگەین بە کرۆکی کێشەکە لەگەڵ ئەوانەدا کە باوەڕیان بە ئاینی وەحی هەیە. ئەوان ناتوانن نە ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤ بۆ مۆڕاڵیتی قبووڵ بکەن کە چۆن ئەوان فێرکارییەکانی خوا ڕاڤەدەکەن، نە دەتوانن مکووڕبن لەسەر ناکاریگەری سەرجەمی ئەوەی کە وەک وەحی خوا دەیبینن، تەنانەت کاتێک کە پێچەوانەی ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤیشە. ئەوانەی کە پەیڕەوی ڕوانگەی دووەم دەکەن سوورن لەسەر ئەوە کە هەقیقەتی خواوەندی لە سەروو تێگەیشتنی مرۆڤەوەیە، بۆیە مرۆڤ هیچ پێگەیەکی نییە تاکو بڕیاری بەسەردا بدا. خوا شتەکان بۆ ئێمە دەنێرێ و ئاشکرای دەکا بەتەواوی لەبەرئەوەی ئەو شتانە هەقیقەتن و ئێمە هەرگیز ناتوانین بەهۆی ڕووناکی سروشتییەوە پێی بگەین. کاتێک خوا قسەدەکا، ئێمە تەنیا دەتوانین گوێڕایەڵ بین.
بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو بیروباوەڕەن، بیرکردنەوەی سێکیولارانە ڕێگەی پێنەدراوە، تەنانەت داواکاری ڕێککەوتنی مۆڕاڵیش یان هەستی هاوبەشی پراکتیکی، ئەمانە وەک تاوانی ئاینی سەیریان دەکرێ و بیروباوەڕی هەڵەش ناشێ لێی ببوردرێ. مەسیحیەت خۆی مێژووییەکی درێژی لەگەڵ ئەو جۆرە نالێبوردەیییانەدا هەیە، لەوانە چەوساندنەوەی جوولەکەکان، جەنگ دژی موسڵمانەکان، هەروەها شەڕی سی ساڵە، کە ململانێی ئاینییەکان و ناسیۆنالیستەکان بووە هۆی تێکشکاندنی ئەوروپا. ئەم تێکشکاندنە سەرەتا بزووتنەوەیەک بوو ڕووەو لێبوردەیی ئەو نەتەوانەی کە هەوڵیان دەدا ئاینەکەیان بەسەر بێگانەکاندا بسەپێنن. بەڵام بەرانبەر بە ناوخۆی خۆیان نالێبوردەبوون_بۆ نموونە، بەرانبەر کاسۆلیکەکان، جوولەکەکان، پرۆتێستانتەکان_ ئەمە تەنانەت تاکو سەدەی نۆزدەیەمیش بڕدەکات. (شایەنی ئاماژە پێدانە کە لەو سەردەمەدا موسڵمانەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە زۆر شێواز لە زۆر ڕووەوە لە زۆر لە وڵاتە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون.) بەڵام لە کۆتاییدا، مەسیحییەت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنی مێژوویییەوە لێبوردەیی قبووڵکرد.
ڕەخنەکردنی مەسحییەت لەلایەن فەیلەسوفان و هزرڤانانی ڕۆشنگەرییەوە وەک ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ و هیوم زنجیرەیەک پرسیاری جدی لەسەر ئاینی مەسیحی هێنایەگۆڕێ، تەنانەت لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕەتکردنەوەی ئاینیش. گۆڕانی ئابووری و کۆمەڵایەتی_وەک ئابووری سەرمایەداری، داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان و بزووتنەوە سیاسییە دیموکراتییەکان_ بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پایانەی کە ئاینی ترادیسیۆنی لەسەری وەستابوو.
دوا دەرەنجام بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی لێبوردەیی ئاینی بوو لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم بیروباوەڕە گەشەکردنێکی ئێتیکی پیشاندەدا، ئاخر هەقیقەتی ئاینی هیچی دیکە وەها گرنگ نەبوو کە ڕەتکردنەوەی ببێتە هۆی نالێبوردەیی. باوەڕە و پراکتیکە ئاینیەکان وەهایان لێهات کە تەنیا وەک دەربڕینێکی کەسەکی سەیربکرێن، نەک لەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بەزۆر بسەپێندرێ. بەهۆی ئەمەوە کاریگەری بەهای ئاینی باوەڕ نزمتر بووەوە لە بەهای ئاشتی لە کۆمەڵگەیەکی سێکولاردا. ئەمڕۆ، نزیکەی سەرجەم مەسیحییەکان لەگەڵ ئەم وەرچەرخانەدا کۆکن، هەندێک تەنانەت دەڵێن کە ئەمە واتای ڕاستەقینەی بە ئاینەکەیان داوە.
هەمان شت بۆ موسڵمانەکان ڕاست نییە. ژمارەیەکی کەم نەتەوەی موسڵمان ئاستێکی بەرزی لێوردەیی ئاینی هەیە؛ بۆ نموونە، ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ، سەنیگال و سیرا لیۆن. بەڵام زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی _لەوانە سعوودیە، ئێران، پاکستان، عێراق و مالیزیا_ زۆر توندوتیژن بەرانبەر بە بیروباوەڕ و پەرستنەکانی نا_موسڵمانەکان (هەروەها بەرانبەر بە موسڵمانە بێباوەڕەکانیش). هەرچەندە زۆر لە موسڵمانان باوەڕیان وایە کە خوا داوای لێبوردەیی بەرانبەر بە ڕوانگە ئاینییە هەڵەکان دەکا، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان وا نییە کە خوا داوای ئەوەی کردبێ.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی پۆل لە ساڵی ٢٠١٣دا ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە کە لە عێراق، مالیزیا، پاکستان و ئەو وڵاتانەی کە ئیسلام ئاینی فەرمییە، زۆرینەی موسڵمانان باوەڕیان وایە کە دەبێ شەریعە سەرچاوەی یاسادانانی وڵاتەکانیان بێ. هەروەها لە %٧٦ی موسڵمانان لە باشوری ئاسیا و %٥٦ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا داوای لە سێدارەدان و کوشتنی ئەو کەسانە دەکەن کە واز لە ئیسلام دەهێنن و ئاینی خۆیان دەگۆڕن. هەروەها لە ١٠ وڵاتی ئیسلامی‌دا لایەنی کەم %٤٠ی موسڵمانان داوای ئەوە دەکەن کە شەریعەی ئیسلامی بەسەر نا_موسڵمانەکانیشدا جێبەجێ بکرێ. ئەمە ئەوە پیشاندەدا، کە بۆ زۆرینەی موسڵمانان هەقیقەتی وەحی ئیسلام تەنیا پەیوەست نییە بە تاکەکانەوە بەڵکو دەبێ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێ لە کایەی گشتیدا و لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دەوڵەتدا.
نالێبوردەیی پێویست نییە ببێتە هۆی توندوتیژی بەرانبەر بە بێباوەڕان؛ بەڵام، وەک ئێمە دەبینین، لۆژیکی هەقیقەتی خواوەندی یەکسەر بەخێرایی ڕووەو ئاڕاستەی ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکاندا دەڕوا تاکو بێباوەڕان بچەوسێندرێنەوە. هزرڤانانی ئیسلامی وەک ئیبن سینا لێبوردەییان قبووڵکرد بوو، ئاخر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا موسڵمانەکان زۆر لە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون. بەڵام رێگەی مۆدێرنی لێبوردەیی ئەوەی سەلماند کە بۆ موسڵمانەکان زۆر لە مەسیحییەکان قورسترە لێبوردەیی قبووڵ بکەن، زۆرینەی موسڵمانان تاکو ئێستاش سنوورە ئێتیکییەکان بۆ داواکاری لێبوردەیی ئاینی قبووڵ ناکەن، هەروەها توندوتیژی دژی بێباوەڕان وەک ئەرکێکی خواوەندی دەبینن. ڕەنگە بەلامانەوە قورس بێ باوەڕ بکەین کە بیروباوەڕی ئاینی بتوانێ ببێتە هۆی کوشتن و سووربین لەسەر ئەوەی کە توندوتیژی لە نەخۆشی مێشک و دەمارگیری سیاسیەوە سەرچاوەدەگرێ. بەڵام لۆژیک و مێژووی ئاینەکان شتێکی پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیەمان پێدەڵێن.
داخۆ ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیسلام خراپە؟ نەخێر، بەڵام ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیسلام تاکو ئێستاش بە ڕادەی مەسیحییەت کۆنتڕۆڵنەکراو و ڕامنەکراوە، مەترسی لەنێو هەر ئاینێکدا خۆی شاردۆتەوە کە بانگەشەی ئەوە بکا ئەو هەقیقەتی خواوەندی هەڵگرتووە. ڕاستگۆیانە بێژین، ئیسلام وەک سەرجەم نەیتوانیوە ڕێگە بە بەها سێکولارەکان بدا و قبووڵیان بکا وەک مەسیحییەت کردویەتی. وەک سەرۆک ئۆباما ماوەیەک لەمەوبەر گۆتی، ”ئیسلام بە قۆناغی ڕیفۆرم و چاکسازی ئاینیدا نەڕۆیشتووە، تاکو یارمەتی خەڵک بدا باوەڕە ئاینییەکانیان لەگەڵ مۆدێرنێتی بگونجێنن.” ئەم گونجاندنە درێژخایەن و قورس دەبێ و داواکاری گۆڕانکاری ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات، هەندێکی لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بەرهەمدەهێنرێن، ئەوانی دیکەش لە سەرهەڵدان و زیادبوونی دەسەڵاتی فێرکارییەکانی ئیسلام لەبارەی لێبوردەیی و خۆشەویستییەوە دێنەئاراوە. بەڵام هەتاکو بەدەستهێنانی ئەو چەشنە وەرگۆڕان و گۆڕانکارییانە، هەڵە دەبێ بگۆترێ نالێبوردەیی و توندوتیژی ”خیانەتی پەتی”یە لە ئیسلام و پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە.
————————–
سەرچاوە: نیۆرک تایمز
https://www.nytimes.com/2016/08/01/opinion/how-religion-can-lead-to-violence.html
هێشتا زه‌مه‌نی ئێمه له‌وێ به‌جێماوه .. له بیابان …. شكۆ عومه‌ر كاكه‌ڕه‌ش
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كورته‌فیلمی كۆشكی میرووله* …..
له كۆشكی مێرووله‌دا زه‌مه‌ن و خۆشه‌ویستیمان لێده‌دزرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌ین!
به‌داخه‌وه من زۆرجار ره‌شبینم به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌ی كه پێی ده‌ڵێین فیلم و پیشه‌سازی سینه‌مای كوردی، ئه‌مه‌ش ره‌نگه په‌یوه‌ندی به‌و بینینه مته‌وازوعانه‌یه‌ی خۆمه‌وه هه‌بێ بۆ فیلمی غه‌یره كوردی و جگه له‌وه‌ش لێشاوی ئه‌و فیلمه بێناوه‌ڕۆك و سادانه‌ی رۆژانه ده‌خرێنه به‌رده‌ممان كاریگه‌ری خۆی هه‌یه. به‌ڵام كورته فیلمی (كۆشكی مێرووله) ئه‌و ره‌شبینییه‌م به‌ته‌واوی ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه و ده‌یهێنێ كه پڕ به گه‌رووی خۆت و به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه هاوار بكه‌یت و بڵێت ئیمه‌ش خاوه‌نی سینه‌مای خۆمانین.
له ده‌سپێكی كۆشكی مێرووله‌دا زه‌مه‌نی بینین 2014یه به‌ڵام زه‌مه‌نی ئاكت نادیاره. شوێنی بینین بیابانێكی خوارووه، به‌ڵام شوێنی ئاكت ماڵی خێزانێكی (سێ كه‌سی)ی به‌خته‌وه‌ره،(ئیدی ئه‌و ماڵه بیابانه، كۆشكه، خه‌یاڵه….) روون نیه.
جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر له‌م فیلمه‌دا وجوودی نیه به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه ته‌واوی بیر و هۆشی ئێمه بۆ خۆی جڵه‌و ده‌كات ته‌نها بریتییه له ده‌نگ، واته له‌گه‌ڵ كه‌می وێنه‌ی سینه‌مایی بینراو له فیلمه‌كه‌دا، زۆرترین پانتایی به زمان و گێڕانه‌وه به‌خشراوه و ئه‌وه‌ی كه ده‌بنیرێت ته‌نها بریتین له بیابانێك، شوانێك و رانه‌مه‌ڕه‌كه‌ی، تراكتۆرێك، كه‌ژاوه‌یه‌كی بووك گواستنه‌وه، دواجاریش پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه و ده‌بینرێت له رێگه‌ی بیر و هۆشه‌وه‌یه، بریتییه له ووتووێژی ژن و پیاوێك كه سه‌ره‌تا دوو ئۆتۆمبێل له دووره‌وه ده‌رده‌كه‌ون به هۆڕنلێدان و گۆرانی ووتنه‌وه به دوای یه‌كدا ده‌ڕۆن و ژن و پیاوه‌كه پێیانووایه كه ئه‌وه كه‌ژاوه‌ی بووك و زاوایه‌كه به‌لایاندا گوزه‌ر ده‌كات، دواتر مناڵه‌كه‌یان ده‌گری و پیاوه‌كه داوای ژیركردنه‌وه‌ی له ژنه‌كه ده‌كات و پاشان ژنه‌كه پرسیاری (كات) ده‌كات و ده‌یه‌وێت بزانێ كه سه‌عات چه‌نده، كه‌چی پیاوه‌كه سه‌عاته‌كه‌ی له ده‌ستدا نه‌ماوه، بیریشی نیه كه چی لێكردووه و بۆ سه‌عاته‌كه‌ی له ده‌ستیدا نیه! دواتر به رێكه‌ووت پرسیاری ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی ژنه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت كوا ئه‌ڵقه‌كه‌ت ئه‌ویش به هه‌مانشێوه ئه‌ڵقه‌كه‌ی نه‌ماوه، به‌بیری خۆی هه‌ر له ده‌ستیدایه به‌ڵام كاتێ سه‌یر ده‌كات ئه‌ڵقه‌كه‌ی نه‌ماوه و ئه‌م وونبوونه‌ش ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخانی رووداوه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی دراماتیكی رووداوی فیلمه‌كه تا ده‌گات به تروپك، به‌وه‌ی كه پیاوه‌كه ته‌ئكید ده‌كاته‌وه چۆن ده‌بێت ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له ده‌ست نه‌مابێت و نه‌شزانێ له كوێیه! له‌م نێوه‌نده‌شدا منداڵه‌كه ده‌ست به گریان ده‌كاته‌وه و ژن و پیاوه‌كه‌ش ده‌بێت به ده‌مه‌قاڵێیان، له‌م كاته‌دا شوانه عه‌ره‌به‌كه و رانه مه‌ڕه‌كه‌ی به نزیكیاندا تێپه‌ڕده‌بن، پیاوه‌كه به ژنه‌كه ده‌ڵی شیر بده به منداڵه‌كه باژیر بێته‌وه، ئه‌ویش پێی ده‌ڵی: (شیری چیی مه‌گه‌ر نازانی…) ناچار ژنه‌كه ده‌یه‌وێت بانگی شوانه‌كه بكات تا كه‌مێك له شیری مه‌ڕه‌كانی بۆ بێنێنی و بیداته مناڵه‌كه و پیاوه‌كه‌ش به‌م هه‌ڵسوكه‌وته وه‌رس ده‌بێت و ژنه‌كه بێده‌نگ ده‌كات ئه‌وه‌ش له ترسی ئاشكرابوونی شوێنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن شوانه‌كه‌وه. دواتر به ژنه‌كه ده‌ڵێ: ( بانگی چی ده‌كه‌ی خۆ ئه‌و له زمانی ئێمه تێناگات…) شه‌و دادێت و ژنه‌كه به دڵشكاوییه‌وه لای لایه بۆ مناڵه‌كه‌ی ده‌كات پیاوه‌كه‌ش له هه‌ڵسوكه‌وت و ده‌مه‌قاڵیی ئه‌مڕۆی په‌شیمانه و داوای لێبوردن له ژنه‌كه ده‌كات و خۆی ده‌خرێنێته باوه‌شییه‌وه و ئاشتی ده‌كاته‌وه و دیمه‌نێكی رۆمانسی له زهنی بینه‌ردا دروست ده‌كه‌ن و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش به ژنه‌كه‌ی ده‌دات كه به‌یانی به‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕێن تا هه‌م سه‌عاته‌كه‌ی خۆی و هه‌میش ئه‌ڵقه‌كه‌ی په‌نجه‌ی ژنه‌كه بدۆزنه‌وه، به‌ڵام به‌یانی كه چاو ده‌كه‌نه‌وه له ده‌نگی له‌رینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه و هاڕه‌هاڕی شۆفڵ و حه‌فاره به‌خه‌به‌ر دێن كه خۆشیان نازانن چیه و كێیه هاتوه‌ته سه‌ریان.
دواجار كه‌سێك هێمایه‌كی ئاگاداركردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو له‌به‌رده‌میاندا ده‌چه‌قێنێت و ئه‌مانیش واقوڕماو و بێده‌نگ سه‌یر ده‌كه‌ن. له م نێوه‌نده‌یا ده‌نگی چه‌ند كه‌سێك ده‌بیسترێت كه به كوردی قسه ده‌كه‌ن قسه‌كان و فۆنه‌تیكی ده‌نگه‌كان بۆ ژن و پیاوه‌كه ئاشنا ده‌بێت كه ئه‌مه زمانی خۆیانه و بۆیه هه‌ست به دڵنیاییه‌ك ده‌كه‌ن. دواتریان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌مان ئه‌نفالكراون و ماوه‌ی بیست و حه‌وت ساڵه وا له ژێر لمی بیابانه‌كانه‌وه چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچین و به ئارامی له خه‌و هه‌ڵیانبسێنین و بیانهێنینه‌وه، ژنه‌كه ئێستا ئیتر بیری ده‌كه‌وێته‌وه كه بۆچی ئه‌ڵقه‌كه‌ی له په‌نجه‌دا نه‌ماوه، كه 27 له‌مه‌وبه‌ر كاتێ ره‌می كران سه‌ربازێكی عیراقی ئه‌ڵقه‌كه‌ی له په‌نجه‌ی ده‌رهێنا و دزی! به‌ڵام ئێستا ئیتر گرنگی به ئه‌ڵقه‌كه‌ی نادات و به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆیی و بڕوانه‌كردن و شۆكبوونه‌وه ده‌ڵێت: (یانی ئه‌گه‌ڕێینه‌وه؟) ئه‌وان له ئێمه چاوه‌ڕوانترن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزی نیشتیمان، ئه‌مه‌ش به دیاریكراوی له‌و دیالۆگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه پیاوه‌كه ده‌ڵێت: (باشه بۆ وا دره‌نگ؟ 27 ساڵ چاوه‌ڕوانی….) له‌و دیالۆگه‌وه بینه‌ر هه‌ست به‌و هه‌موو تامه‌زرۆییه ده‌كات كه له ژێیه‌كانی قۆڕكی ئه‌و ئه‌نفالكراوه‌وه ده‌رده‌چێت، تامه‌زرۆیی بۆ هاتنه‌وه، بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتیمان، بۆ هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌كی نیشتیمان و به‌جێهێشتنی ته‌پوتۆزی بیابانی نامۆ به رۆح و جه‌سته‌یان.
یه‌كێك له جوانترین ته‌كنینكه‌كانی كۆشكی مێرووله بریتییه له هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئاست و مه‌ودای بینین كه به‌جدی بینه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئیستیفزار ده‌بێت تا ئه‌و ساته‌ی ده‌چێته نێو دنیای فیلمه‌كه‌وه، چونكه ته‌واوی گۆشه‌ی كامێرا له‌م فیلمه‌دا تا دیمه‌نی پێش كۆتایی ته‌نها دوو گۆشه‌یه و به‌س، ئه‌وانیش بریتین له گۆشه نیگای هه‌ردوو كاره‌كته‌ری نێو فیلمه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئاڕاسته‌ی بینینیان بگۆڕن. واتا چۆن 27 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و ژن و پیاوه ره‌می كراون و به‌شێكی جه‌سته‌یان خراوه‌ته ژێر گڵه‌وه هه‌ر به‌و جۆره ماونه‌ته‌وه، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مان مردوون و ئه‌سڵه‌ن ته‌نها ئێسكه په‌یكه‌ریان ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌شی كه ده‌دوێ و ئاكت ده‌كات ته‌نها رۆحه‌كانیانه! كامێراش جگه له‌وه‌ی سه‌رجه‌م رووداوه‌كانمان له چاوی دوو كاره‌كته‌ره‌كه‌وه بۆ ده‌گوازێته‌وه هیچ گۆشه‌نیگایه‌كی ترمان پیشان نادات بۆیه به‌ڕای من ئه‌م ته‌كنیكه‌ی ده‌رهێنه‌ر پشكی شێری سه‌ركه‌وتوویی فیلمه‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، چونكه له‌سه‌ره‌تاوه ئاڵۆزییه‌كی وه‌ها ده‌خوڵقێنێت كه بینه‌ر تووشی سه‌رلێشێوانێك ده‌بێت و ئه‌سڵه‌ن ناتوانێ ته‌بریرێكی گونجاو بۆ پابه‌ندبوونی به‌و گۆشه نیگا دیاریكراوانه بدۆزێته‌وه، تا له كۆتایی فیلمه‌كه‌دا بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه ده‌رهێنه‌ر جه‌ند زیره‌كانه كاری له‌سه‌ر چ ته‌كنیكێكی نایاب كردووه!!
وتوێژ و دیالۆگ به هه‌مانشێوه یه‌كێكی دیكه‌یه له كۆده‌كانی سه‌ركه‌وتنی (كۆشكی مێروله) به‌وه‌ی كه ده‌رهێنه‌ر زۆر وورد و به‌سه‌لیقه‌وه كاری له‌سه‌ر دانان و هه‌ڵبژاردنی دیالۆگه‌كان كردووه و له (كۆشكی مێرووله)دا هه‌ر دیالۆگێك بۆ خۆی هه‌ڵگری چه‌ندین كۆد و مه‌غزایه.
هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و كاركردن له‌سه‌ری به‌و شێویه له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر تۆفیق ئه‌مانییه‌وه، به‌رای من كۆدی سه‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌یه به‌وه‌ی ئه‌م نه‌هاتووه وه‌كو ئه‌و كارانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌نفال به‌رهه‌مهێنراون ئیڤایه‌كی عه‌سكه‌ری و ژماره‌یه‌ك پیره‌ژنی داماوی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و سه‌گه‌ڕه‌شه‌كه‌ی نوگره‌سه‌لمان و چی و چی بهێنێت و دووباره به سواوی كاریان له‌سه‌ر بكات، نا به‌ڵكو ئه‌مانی هاتووه ته‌نها خانه‌واده‌یه‌كی بچووكی سێ كه‌سی (ژن، پیاو، مناڵ)ی وه‌رگرتووه و له‌سه‌ر رووداوگه‌لی زۆر ساده‌ی رۆژانه‌ی نێوان ئه‌و خانه‌واده‌یه كاری كردووه و له كۆتایشدا پێووتین كه ده‌كرێت له‌سه‌ر شته زۆر بچووك و ساده‌كان به‌رهه‌می شاكار بهێنینه ئاراوه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه بۆ من مایه‌ی پرسیاری جدی و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه، شێوه‌زاری هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌یه، كه به‌شێوه‌زاری سنه‌یی یان روونتر بڵێین رۆژهه‌ڵاتی ده‌دوێن، كه هه‌رچه‌نده خۆی له خۆیدا به‌هۆی شیرینی شێوه‌زاره‌كه‌وه جوانی و چێژێكی تایبه‌تی به فیلمه‌كه به‌خشییووه، به‌ڵام لێره‌دا تووشی ئیشكالییه‌تی ئه‌وه ده‌بینه‌وه ئایا گه‌رمیانییه‌كی ئه‌نفالكراو بۆ ده‌بێت به شێوه‌زاری سنه‌یی یان رۆژهه‌ڵاتی بدوێت؟! ئایا ئه‌مه ته‌نها ته‌كنیكێكی ده‌رهێنه‌ر خۆیه‌تی بۆ فیلمه‌كه؟ یاخود ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ئه‌نفاله‌وه شێوه‌زاره‌كان تێپه‌ڕێنێت و بڵێت ئه‌نفال ئاگرێكه و وا له دڵی هه‌موو كوردێكه به‌جیاوازی شێوه‌زار و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زه‌وه؟ به‌راستی هاودژییه‌ك لای دروست بووه له‌م باره‌یه‌وه.
خاڵێكی تری جێی پرسیار بۆ من ناونیشانی كورته فیلمه‌كه‌یه (كۆشكی مێروله) بۆ؟ چ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه له نێوان (ئه‌نفال) و (كۆشك)، (مێرووله)دا؟ ئایا مێرووله‌ش به‌شداره له ئه‌نفالكردنی كورددا؟ ئایا ئه‌م ناونیشانه په‌یوه‌ندی هه‌یه به بینینی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه كه مێرووله پانیاییه‌كی فراوانی بینینی ئه‌وانی داگیركردووه؟ یاخود مه‌به‌ستی كه‌لله‌سه‌ری ئه‌نفالكراوانه كه بووه به كۆشك بۆ مێرووله‌كانی بیابان؟
دواجار موته‌ئه‌سیفانه زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌ری و ئه‌ده‌بیانه‌ی دنیای ئێمه كه توانیویانه ستاتیكییانه كار له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌كانی گه‌لی خۆمان بكه‌ن و زۆربه‌ی كاره‌كان هێنده ساده و بێناوه‌ڕۆكن كه به‌رای من نێگه‌تیڤانه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌كه هه‌بووه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه كورته فیلمی (كۆشكی مێرووله) له گۆشه‌نیگایه‌كی زۆر وورد و قووڵه‌وه له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال به‌رهه‌مهێنراوه‌ته‌وه و ده‌توانرێ له‌رێگه‌یه‌وه به بیانییه‌ك بوترێ ئه‌وه‌یه ئه‌نفال كه به‌سه‌ر كورددا هاتووه! به‌ڕای من ڕای له ئه‌ده‌بدا رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان-ی به‌ختیار عه‌لی و له سینه‌ماشدا كورته فیلمی (كۆشكی مێرووله) ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ن كه زۆر به ووردی و ئاگاییه‌وه كاریان له‌سه‌ر ئه‌نفال كردووه و هه‌ق وایه هه‌ر نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێك كه بیه‌وێت كار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته گه‌وره‌یه بكات، به‌ر له هه‌موو شتێك هه‌م رۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه و هه‌م سه‌یرێكی فیلمه‌كه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زانی ناتوانێ ئه‌و دوو به‌رهه‌مه تێپه‌ڕێنێت و له‌وان جوانتر و ستاتیكیتر كار له‌سه‌ر ئه‌نفال بكات، ئه‌وا نه‌یكات باشتره.
ئێستا ئیدی ئه‌گه‌ر بیانییه‌كی هاوڕێم پرسیاری فیلمی كوردیم لێبكات ده‌توانم به‌شانازییه‌وه پێشنیاری بینینی چه‌ند فیلمێكی كوردی بۆ بكه‌م كه یه‌كه‌میان (كۆشكی مێروله)یه.
*كورته‌فیلمی كۆشكی مێرووله به‌رهه‌می ماڵی سینه‌مایه و ساڵی 2014 له كوردستان به‌رهه‌مهێنراوه و تۆفیق ئه‌مانی كاری نوسین و ده‌رهێنانی بۆ كردووه.
كاتێك نواندن دەبێتە درۆكردن … ڕێباز محەمەد جەزا!!
زۆرن ئەوانەی لە بواری شانۆدا كاریان كردووەو قسەیان لەسەر ئەم دۆزە كردووە و هەندێك لە توێژەرانی بوارەكەشی سەرقاڵكردووەو جەخت لەوە دەكەنەوەكە نواندن پەروەردەیەو پێویستی بە چەمك و مفرەدەو تێگەیشتنی فرە ڕەهەندەو سەربە گرازێكی دیاریكراونیە واتە ناتوانین لەگۆشەنیگایەكی تاكەكەسیانەوە خوێندنەوەی بۆبكەین و وەكو جۆرێك لەخوونەریت تەماشای بكەین و دووبارەی بكەینەوە وەكو لەم رۆژانەدا بەچاوی خۆمان دەیبینین هەندێك لەو كەسانەی كە خۆیان سەرقاڵكردووە بەم كارەوە بە (نووسین ، درامای تیڤی ، شانۆ‌و كایەكانی تر….) هەموویان دەبینین یەك جۆر كەسەو هەمووئەم كارانە دەكات بەمانایەكی تر : ( لەوتوێژەكانی شەقام و گفتوگۆی تیڤی و رادیۆ‌و كاتی نواندن و هەمووئەوانی تر ) دا هەرهەمان كەس و بەهەمان جۆر‌و دووبارە دەیبیبنینەوە كە ناگۆڕێت و تەنانەت لەهیچ كام لەو بەرهەمانەدا قاتی چاكەت و پانتۆڵەكەشی ناگۆرێت گوایە رۆشنبیرەو و ئەمە كاری نواندنە !
شانۆ پێویستی بە لێكۆڵینەوەو توێژینەوەو گەڕان هەیە ، پێویستی بە مەعریفەیەنەك داڕشتن !! ئەمەش لە شانۆی نوێ‌دا ناودەبرێت بە “دراساتی بونیادی – Interdisci plenary”كەلەڕووی تیۆریەوە سوودی بۆ نمایش و بابەتەكانی نمایش و بیر‌و روئیای نمایش هەیەو زۆر لەمانەش پەیوەستن بە حەقلە مەعریفیەكانی ترەوە وەكو ( فەلسەفە و دەرووناسی و سیاسەت و مێژوو ئابووری ) و دواتریش سەربار خستنی سروشتی حاڵ بۆتوێژینەوەی ئەدەبی شانۆ‌و پاشان بۆمەشق و ڕاهێنانە پەروەردەییەكانی ئەكتەر، چونكە بیرمان نەچێت كێ نواندن دەكات ؟ ! بێگومان ئەكتەر !! بەڵام ئەگەرپسوپۆڕیەكەی ئەم بوونەوەرە داهێنەرە هونەرمەندە پچوككرایەوە لەفۆرمێكدا و لە ناونیشانێكدا چی؟!! فۆرمی دووبارەی نواندن بەرەو ناشرینی و كەمدەستی و نەشارەزایی سەردەكێشێت و دەبێتە(خوو- habit) ، لەپاشاندا بۆ دروستكردنی نازناو و دانە پاڵی شتێك كەناوی خۆی بەخۆیەوەتی لەوانە (درۆكردن ) ، تاكو ئێستاش زۆرلەبكەرانی بوارەكە ئەم پسپۆڕیەگرنگە بە (درۆكردن ) دەزانن ، بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوەمان لادروستدەبێت ئەگەر (نواندن ) درۆكردن بێت كەواتە دەزگاهونەری و ئەكادیمیەكانی وەكو ” زانكۆوپەیمانگاكان” كاریان چییە؟! (4 ساڵ) خوێندنی زانكۆ‌و (5ساڵ) خویًًًَندنی پەیمانگا لە پاشان دەوڵەت بڕوانامەی (درۆكردن) دەداتەا فێرخوازان ؟!!یان دایكان و باوكان (كچ و كوڕەكان ) یان دەنێرن بۆئەوەی فێری ( درۆكردن ببن )؟! ئیتر (تەكنیك و مەشق و پەروەردەو ……) رۆڵێكیان نامێنێت ؟!
زۆربە خێرایی دەتوانین لەماوەیەكی كەمدا بزانین ئەوكەسانە كێن كە ئەم دەستەواژەو ناوناتۆرانە بڵاودەكەنەوە ؟! ناسنامەی هونەریان چییە؟! سەربەكام جیلن و چۆن لەشانۆ بەگشتی و نواندن تێدەگەن ؟! هاوزەمان لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەی شانۆدا ، ئەم كەسانە دۆخێكیان دروستكردووە مرۆڤ نەتوانێت لە شانۆدا كاربكات و كەسانێك پێویست نەبن پسپۆربن چونكە باوەڕیان بە (پسپۆری) نیە!! كەواتە ئەگەر وایە : بۆچی دەوڵەت ئەو توانا مرۆیی و ماددیە زۆرە بۆ بوارێكی وامەترسیدار تەرخاندەكات؟! كەچەند ساڵێكە ئەم خووە بۆتە هۆی بڵاو كردنەوەی پەتای درۆكردن؟! هەرئەم بۆچوونەشم دەمگەیەنێتە ئەوەی بڵێم : كاتێك پسپۆری نواندن دەبێت بە درۆكردن ئیتر پرۆسەی پەروەردەی شانۆ‌و خوێندنی ئەكادیمی و مە عریفەی شانۆیی جێگەی گومانن ..چونكە جڤاتێك بە درۆكردن بینابكرێت بێگومان لە درۆزنیشی كەم نابێت …
كتێبی په‌یامبه‌ر وانه‌یه‌ك بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان …. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
جوبران خلیل حوبران، یه كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی، له سه‌ر ئاستی جیهاندا، كتێب‌و نووسینه‌كانی ده‌خوێنرێنه‌وه‌و خوێنه‌رێكی زۆریان هه‌یه.ئه‌و، وه‌ك حه‌كیمێك له نووسینه‌كانی ده‌دوێت‌ونووسینه‌كانی ده‌چنه خانه‌ی ڕێنوینی مرۆڤ‌و بیركردنه‌وه‌و بونیادنانی كه‌سیه‌تییه‌كی هوشیار‌و به ئاگا له ژیان‌و ده‌وروبه‌ر. بۆیه هه‌ر كاتێك نووسینه‌كانی ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین پڕن له ئامۆژگاری‌و وته‌ی به‌نرخ.كه‌له ئه‌زموونكردنی ژیانی مرۆڤه‌كاندا، بایه‌خی خۆیان هه‌یه. نووسینه‌كانی، ڕۆشناییه‌كن بۆ ڕووناك كردنه‌وه‌ی سوچه تاریكه‌كانی ژیانی مرۆڤ. ئه‌و قسه‌و سه‌برده‌و ڕووداوه‌كانی ژیان، ده‌كاته په‌یامێك‌و ئاراسته‌ی مرۆڤه‌كانی ده‌كات. بۆیه هه‌میشه ده‌ربڕینه‌كانی پڕن له حیكمه‌ت.هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردوه خوێنه‌ران به شه‌وقه‌وه نووسینه‌كانی بخوێننه‌وه‌وله‌هه‌ر شوێنێك كتێبه‌كانی ببینن ببیته جێگه‌ی سه‌رنجیان. (په‌یامبه‌ر) ناوی كتێبێكی ئه‌و نووسه‌ره‌یه، كه له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا، ماڵی وه‌فایی له هه‌ولێر، چاپی كردو‌وه‌و نووسه‌ر (توانا ئه‌مین) وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی كوردی.
ئه‌م كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر په‌نجا زمانی جیهانی. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه، له كۆمه‌ڵه وتارێك پێكهاتووه، كه‌باس‌و بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و خێزانین.هه‌ریه‌ك له‌و بابه‌تانه، به جیا نووسه‌ر له‌باره‌یانه‌وه به‌كورتی دواوه.بابه‌ته‌كانی ئه‌و كتێبه كورتن، به‌ڵام پوخت‌و چڕن. به زمانێكی ساده نووسراون، به‌ڵام ڕێنوێنی‌و ئامۆژگاری زۆری تێدایه بۆ خوێنه‌ران.ئه‌و كتێبه له چه‌ندین وتاری وه‌ك:(ئازادی/ ئه‌قڵ‌و سۆز/قسه‌كردن/چاكه‌و خراپه/نزا/خه‌م‌و شادی/ منداڵی/هاوسه‌ریه‌تی/كار/) له گه‌ڵ چه‌ندین بابه‌تی تر پێكهاتووه. كه هه‌موویان به‌كورتی‌و له دووتوێی ڵاپه‌ڕه‌یه‌ك یان دوودا، نووسه‌ر له باره‌یانه‌وه دواوه‌و سه‌رنج‌وتێڕوانینه‌كانی خۆی ده‌خاته ڕوو. ده‌ربڕینه‌كان، ئاماژاه‌یه‌كی مانادارن بۆ خوێنه‌ران‌و گوزارشت له هوشیاری‌و تێگه‌یشتنی مرۆڤ ده‌كه‌ن.
بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و باسانه كه له شێوه‌ی ناونیشانێكی سه‌ربه خۆ نووسراون، جوبران خه‌لیل، به چه‌ند دێڕێك له باره‌یانه‌وه دواوه‌و به‌ڕاده‌یه‌ك كه خوێنه‌ر ده‌یانخوێنێته‌وه،وێرای سه‌رسامبوونی، چێژیش له خوێنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان وه‌رده‌گرێت. ده‌شێ په‌ندو ئامۆژگارییه‌كانیشی ببنه ڕێنوینیه‌ك و چرایه‌ك بۆ ڕووناكردنه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كان خۆیان. بۆنموونه: نووسه‌ر له باسی ئازادیداو بۆ گه‌یشتن به‌ئازادی ده‌نووسێت:(ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ته‌ختی سته‌مكارێك بڕ‌وخێنن ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئه‌و ته‌خته بڕ‌وخێنن كه‌له‌ده‌روونتان دایه.ئه‌گه‌ر ترسێكتان هه‌یه، ئه‌وا ئه‌و ترسه له دڵی ئێوه‌دایه نه‌ك له ده‌ستی ئه‌و كه‌سه‌ی لێی ده‌ترسن). بێگومان هه‌میشه وتراوه، دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان، بێده‌نگی دروست ناكه‌ن. ئه‌وه كۆمه‌لگه‌یه سته‌مكار‌وجه‌لاد دروست ده‌كات به هۆی بێده‌نگی خۆیانه‌وه.نووسه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان هه‌موویان هاوهه‌ڵوێست‌و یه‌كگرتووبن، ئه‌گه‌ر یاخی ببن‌و بێنه‌وه به گژ ده‌سه‌ڵاتداران‌و سته‌مكاران، ئه‌وا به ئاسانی ده‌توانن كۆتایی به زه‌بر‌و زه‌نگی ده‌سه‌ڵات بێنن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ سه‌ره‌تا له خۆیانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن‌و به‌ربه‌سته‌كانی ژیانی خۆیان بشكێنن. ده‌بێ قوربانی بده‌ن‌و له مه‌رگ سڵ نه‌كه‌نه‌وه،تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موویان ئازاد ده‌بن.
ئه‌وه بێده‌نگی مرۆڤه‌كانه، فه‌زایه‌ك دروست ده‌كات،كه تیایدا سته‌مكار‌و سته‌ملێكراو، قوربانی‌و جه‌لاد ده‌ربكه‌ون.تاكه‌كه‌سێك كه ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های هه‌یه‌و هه‌رچییه‌ك مه‌به‌ستی بێت له سته‌م‌وسه‌ركوتكردن‌و بێ به‌هاكردنی ژیانی مرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌یكات،ئه‌وا ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ی له كوێ هێناوه؟ خۆ له ئه‌زه‌له‌وه به‌و شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بووه؟ ئه‌وه هه‌موو له بێده‌نگی تاكه‌كان‌و نه‌بوونی هیچ شۆڕش‌و یاخیبوونێك دروست ده‌بێت. بۆیه به بۆچوونی نووسه‌ر هه‌ركاتێ تاكه‌كان توانییان ترسی نێو دڵه‌كانی خۆیان بشكێنن، ئه‌وا ده‌توانن ترسی سته‌مكاره‌كه‌ش نه‌هێڵن. چونكه ئه‌گه‌ر ترسێك هه‌بێت،ئه‌وا ئه‌و ترسه له دڵی مرۆڤه‌كان خۆیاندایه، نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی لێی ده‌ترسن.بێگومان ڕۆژێكیش دێت ئه‌و ترسه نه‌مێنێت‌و مرۆڤه‌كانی یاخده‌بن‌و به گژ ته‌ختی سته‌مكاره‌كه‌یاندا دێنه‌وه. ته‌مه‌ن‌و ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار، چه‌ندیش بخایه‌نێت، هه‌ر كۆتایی دێت.
هه‌موومام بینیمان، سه‌دام‌وقه‌زافی‌و بن عه‌لی چیان به سه‌ر هات. ئه‌مه ده‌بێ وانه‌یه‌ك بێت بۆ هه‌مووئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن‌و خۆیان به شوان ده‌بینن‌و گه‌له‌كه‌شیان به مێگه‌ڵ.به‌ڵام ئه‌مه چۆن ده‌كرێت، به تێكشكاندنی ئه‌و ترسه‌ی له ده‌روونی مرۆڤه‌كاندایه. له‌وتارێكی دیكه‌دا، كه‌ده‌رباره‌ی هاوسه‌ریه‌تییه، جوبران خه‌لیل جوبران ده‌ڵێت:(پێكه‌وه گۆرانی بڵێن، به‌ڵام ڕێزی ته‌نیایی یه‌ك بگرن. پێكه‌وه بن به‌ڵام مه‌چنه ژێر سێبه‌رێك). له‌ڕاستیدا، نزیكترین‌وبه‌به‌هاترین په‌یوه‌ندی، په‌یوه‌ندی نێوان هاوسه‌ره‌كانه، له چوارچێوه‌ی ماڵێك‌و خێزانێك. په‌یوه‌ندییه‌ك كه ئه‌گه‌ر هیچ گرفتێك نێته پێشه‌وه، ئه‌وا تاكۆتایی ژیانی یه كێكییان به‌رده‌وام ده‌بێت.به‌ڵام زۆرجار ئه‌و نزیكی‌و په‌یوه‌ندییه خۆشه‌ویستییه‌ی نێوان هاوسه‌ران، له چوارچێوه‌ی ماڵدا هه‌ڵده‌گه‌رێته‌وه‌و له بڕی خۆشه‌ویستی، ده‌بێته په‌یوه‌ندی ڕق‌و كینه‌و ڕیزنه‌گرتن له یه‌كتری‌وتاسه‌ره‌نجام به لێكترازان‌وجیابوونه‌وه كۆتایی دێت. نووسه‌ر له گوزارشتكردنه‌یدا له باره‌ی هاوسه‌ریه‌تی،ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر هاوسه‌ران زۆر یه‌كتریشیان خۆشبوێت‌و ئاوێته‌ی ژیانی یه‌كتری ببن، ئه‌گه‌ر بوونی خۆیان له بوونی به‌رامبه‌ره كه‌یان ببینه‌وه، ئه‌وا ده‌بێ په‌راوێزێك بۆ ئازادی ژیانی تاكایه‌تی یه‌كتری بهێڵنه‌وه.نابێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان شێوه‌یه‌كی كۆیلایه‌تی وه‌ربگرێت. یاخود ئه‌وه‌نده بیر له زه‌وتكرنی یه‌كتری‌وكۆتوبه‌ند كردنی یه‌كتری بكه‌نه‌وه، كه بوارێك نه‌مێنێنه‌وه، بۆ ئازادییه كه‌سییه‌كانی خۆیان. زۆرجارئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی نێوان هاوسه‌ران، له ده‌ره‌نجامی ته‌ماشاكردنی یه‌كتری وه‌ك موڵكداری‌و خاوه‌نداریه‌تی یه‌ك، ده‌گۆڕێت به په‌یوه‌ندییه‌كی ڕق‌و كینه. هاوسه‌ران له ژیانی خێزانیاندا، چه‌ندیش یه‌كتریان خۆش‌بووێت، مانای ئه‌وه‌نییه ئیدی ده‌ستبه‌رداری تاكایه‌تی خۆیان ببن‌و ببنه كۆیله‌ی یه‌كتری. بۆیه جوبران ده‌لێت: (پێكه‌وه بن به‌ڵام مه‌چنه ژێر سێبه‌رێك). ڕێزی ته‌نیایی یه‌ك بگرن.
ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هاوسه‌ران له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك ماڵ‌و خێزاندا، نابێ بێته هۆكاری توانه‌وه له‌نێو یه‌كتریدا، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی یه‌كێكییان ئه‌وی تریان ده‌سڕێته‌وه‌و شوناسی خۆی پێده‌به‌خشێت. بێگومانیش هاوسه‌ران، هه‌رچییه‌ك‌و هه‌ر چۆنێك بن، دواجار هه‌ردووكییان مرۆڤن. كه مرۆڤیش بوون، مانای وایه هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی هه‌ست‌و سۆز‌و سر‌ووشتی بایۆلۆژی و سایكۆلۆژی خۆیانن. نابێ بیرله‌وه بكه‌نه‌وه كه ببنه یه‌ك. چونكه به دڵنیایه‌وه، ئه‌وه هه‌ڵه‌و مه‌حاڵیشه. له‌وتارێكی دیكه‌دا له باره‌ی عه‌قڵ و سۆز جوبران ده‌ڵێت:(ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها عه‌قڵ فه‌رمانره‌واییتان بكات،ده‌بێته ڕێگر‌و سنووردارتان ده‌كات.
ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها سۆزیش فه‌رمانره‌واییتان بكات، ئه‌وا ده‌تان سووتێنێ. ده‌بێ عه‌قڵ وسۆز به یه‌ك ئه‌ندازه ڕێزیان لێبگیرێت).هه‌ڵبه‌ته مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێك، پێكهاته‌یه‌كی سایكۆلۆژی وفسیۆلۆژی تایبه‌تی هه‌یه. كه بونیادی كه‌سیه‌تییه‌كه‌ی پێكده‌هێن. له بوونی مرۆڤه‌كاندا، له یه‌ك كات عه‌قڵ هه‌یه‌و سۆزیش هه‌یه. مرۆڤ له پاڵ پێداویستییه فسیۆلۆژی‌و غه‌ریزه‌ییه‌كان، پێویستیشی به‌لایه‌نی ڕوحی‌و بایه‌خدان به شته ڕوحییه‌كان هه‌یه.له نێوان عه‌قڵ‌و سۆزدا، له نێوان مرۆڤێكی ڕۆمانسی‌ومرۆڤێكی ئه‌قڵانیدا، نابێ له یه‌ك كاتدا، یه‌كێكییان بیت. واته هیچ مرۆڤێك نییه به‌ته‌نهاڕۆمانسییانه بژیت‌و ئه‌قڵانیه‌تی به‌لاوه گرنگ نه‌بێ، به‌هه‌مان شێوه‌ش ناتوانێ ئه‌قڵانی بژیت‌و سۆز‌و ڕۆمانسییه‌تی نه‌بێ. مادام په‌روه‌ردیگار مرۆڤی به‌و شێوه‌یه خوڵقاند‌ووه، ئیدی نابێ ده‌ست له دروستكراوه‌كانی خودا بده‌ین.
بێنینه به‌ر چاوی خۆمان، ئه‌گه‌ر مرۆڤێك به‌ته‌نها ڕۆمانسییانه بژیت‌و ته‌نها سۆز بكاته ڕێنوینی ژیانی خۆی، هه‌ڵه‌یه‌كی چه‌ند گه‌وره ده‌كات‌و ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی چه‌ند گه‌وره ده‌بێته‌وه. چونكه ئه‌وه‌ی دواجار مرۆڤ له ئاژه‌ل جیاده‌كاته‌وه ئاوه‌زه.بۆیه له نێوان عه‌قڵ‌وسۆزدا، ده‌بێ هاوسه‌نگییه‌ك هه‌بێ‌و باڵانسی هه‌ردووكییان ڕابگیرێت. مرۆڤ هه‌رته‌نها به ئه‌قڵ ناژی، به‌ڵكو پێویستیشی به سۆز‌و خۆشه‌ویستی‌و په‌یوه‌ندییه له گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی. به‌تایبه‌تیش مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی‌و له نێویشیاندا مرۆڤی كورد،كه له سرووشته‌وه كه‌سیه‌تییه‌كی ڕۆمانسی هه‌یه‌و كه‌متر به‌رگه‌ی پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژیی وزانستییه‌كان ده‌گرێت. سه‌رنج بده‌ن، ئامێره داهێنراوه نوێكانی سه‌رده‌م، له زۆر كاتدا چ نه‌هامه‌تییه‌كیان بۆ خێزانی كورد هێناوه‌ته ئاراوه.بۆنموونه : وه‌ك مۆبایل.
كه سه‌رچاوه‌ی چه‌ندان كێشه‌و نه‌هامه‌تی‌و لێكترازانی كۆمه‌ڵایه‌تی خێزانه‌كانه.مرۆڤی كورد، چونكه له سه‌رده‌مێكی نامۆ ده‌ژی، ئیدی ئه‌ویش هه‌ست به‌و نامۆیه ده‌كات‌و له پاڵ پێداویستیه فسیۆلۆژییه‌كان، پێویستی به پێداویستییه ڕوحیه‌كانیش هه‌یه.به‌هۆی نه‌مانی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش‌و سۆز‌و خۆشه‌ویستی نێوان مرۆڤه‌كان، ئیدی ئه‌و پێداویستییه ڕوحیانه‌ش نه‌ماون. ئێمه ڕۆژ نییه گوێبیستی چه‌ندین تاوانی كوشتن‌و خۆكوشتن نه‌بین، كه تاوانه‌كان هه‌ندێكییان به ده‌ستی كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كان خۆیان ئه‌نجام ده‌درێن. له كاتێكدا، له كۆتایی نه‌وه‌ته‌كان و سه‌ره‌تای دووهه‌زاره‌كاندا،ڕێژه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان به‌و شێوه‌یه زۆر نه‌بوو.جوبران خه‌لیل، له وته‌یه‌كی دیكه‌ی نێو كتێبه‌كه‌یدا، كه‌له‌باره‌ی نزاوه‌یه ده‌ڵێت:(كاتێ ناڕحه‌ت ده‌بن یاخود داخوازیه‌كتان هه‌یه، نزا ده‌كه‌ن. خۆزگه له كاتێ شادی و بێ كێشه‌ییشدا نزاتان ده‌كرد). یه كێك له خه‌سڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كاتێ ناخۆشییه‌ك یاخود كاره‌سات‌و خه‌مێكی گه‌وره‌ی ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه،نزا ده‌كات‌و له خوا ده‌پاڕێته‌وه، له‌و نه‌هامه‌تییه رزگاری بكات. ئه‌وانه‌شی كه بڕودارنین‌و باوه‌ڕیان به هیچ ئایینێك نییه،هه‌میشه به دوای وزه‌و هێزێكی شاراوه ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك فریادره‌سێك بیبینن بۆ رزگاركردنیان . وه‌لێ هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه، كاتێ ده‌گه نه‌خۆشیه‌ك ئیدی نزا ناكه‌ن‌و په‌روه‌ردیگار فه‌رامۆش ده‌كه‌ن.
ئه‌وان بیریان ده‌چێت، كه پێشتر له چ دۆخێك دابووینه‌وچه‌ند ناخۆشییان بینیوه.به‌ڵام بیر له‌و ناخۆشییانه ناكه‌نه‌وه‌و له نێو خۆشی‌و شادیه‌كانیاندا، مه‌ست‌و حه‌یران ده‌بن. له كاتێكدا،ناخۆشییه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه بیری لێبكه‌ینه‌وه‌و خۆشیه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌یه، شاد‌و كامه‌ران بین. خۆشی‌و ناخۆشی، به شێكن له پێدراوه‌كانی ژیان. مرۆڤ هه‌میشه له خۆشی دانابێت‌و هه‌میشه‌ش له ناخۆشی دانابێت. به‌ڵكو له ژیان‌و ته‌مه‌نی خۆیدا، هه‌موو بارودۆخه‌كان ده‌بینێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤ بۆ هه‌مووكات،خودای به بیر بێت‌و نزا بكات. نه‌ك ته‌نها له ساته نه خۆشه‌كان بیری بكه‌وێته‌وه.له‌وته‌یه‌كی دیكه‌یدا له باره‌ی منداڵه‌وه‌ده‌ڵێت:(هه‌وڵمه‌ده‌ن ئه‌وان وه‌ك خۆتان لێبكه‌ن). وه‌ك دیاره، به پێی جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ، تا ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی بۆ منداڵیه‌تی دیاریكراوه‌ودوای ئه‌وه مافی ده‌نگدان‌و چه‌ندان مافی دیكه‌ی ده‌بێت. ته‌نانه‌ت له‌و ته‌مه‌نه‌دا، حوكمه قوڕسه‌كانی دادگاش به سه‌ر منداڵ ناسه‌پێنرێت‌و تا هه‌ژده ساڵی ته‌واو نه‌كات، له خانه‌ی نه‌و جه‌وانان‌و ڕاگیراوان ده‌بێت. بۆیه به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ له ئه‌ستۆی خێزانه‌كه‌یه‌تی، به‌تایبه‌تیش دایك‌و باوك كه خودی منداڵه‌كه هی ئه‌وانه. بۆیه هه‌ستیارترین قۆناغ‌و به‌رپرسیارترین قۆناغ، قۆناغی منداڵییه. له‌و ته‌مه‌نه‌دا، په‌روه‌ده‌كردن له ئه‌ستۆی چه‌ند ئۆرگانێكی په‌روه‌رده‌ییه وه‌ك: خێزان، قوتابخانه، هاورێ و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر. بۆیه‌شه بۆ ئه‌وه‌ی تاكێكی په‌روه‌رده‌یی‌وهوشیار پێ بگه‌یه‌نین، ده‌بێ به هاوبه‌شی هه‌موو ئۆرگانه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، هه‌وڵی بونیادنانی كه‌سیه‌تی منداڵ بده‌ین.به‌ڵام لێره‌دا،پێگه‌یاندن‌و په‌روه‌رده‌كردنی هه‌ره سه‌ره‌كی‌و بنه‌ڕه‌تی له ئه‌ستۆی خێزانه. به‌ڵام جوبران لێره‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه‌نابێ منداڵه‌كانمان وه‌ك خۆمان لێبكه‌ین. به‌ڵكو ده‌بێ ڕێگه‌یان پێبده‌ین ئازادانه‌و سه‌ربه‌خۆیانه بیر بكه‌نه‌وه. واته خۆیان كه‌سیه‌تی خۆیان بینا بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵدێرێكیش بوونه‌وه، ئه‌وا ده‌بێ ڕێنماییان بكه‌ین‌و ڕاستییان بكه‌ینه‌وه‌و ئامۆژگارییان بكه‌ین. به‌ڵام نابێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه منداڵه‌كانمان، كۆپی خۆمان بن. به پێچه‌وانه‌وه، سر‌ووشتی سایكۆلۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر مرۆڤێك جیایه له‌وی تر.
بۆیه ده‌بێ ڕێگه‌یان بده‌ین سه‌ربه‌ستانه بیر بكه‌نه‌وه‌و ئامانجی داهاتووی ژیانیان دیاری بكه‌ن. له خۆرئاوادا منداڵ هه‌ر ته‌نها تاده‌گاته هه‌ژده‌ساڵ له ئه‌ستۆی خێزاندایه، ئیدی له دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه، ئازاد ده‌بن له هه‌ڵبژاردنی ژیان‌و چاره‌نووسی خۆیان. له كۆمه‌ڵكه په‌تریاكییه‌كاندا، كه كۆمه‌ڵگای كوردیش یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵگا نه‌ریتخوازانه، جاروایه ده‌سه‌ڵاتی باوك به سه‌ر منداڵه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌مێنێته‌وه. وێرای ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێ جار په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كرداری توندوتیژی‌و گوێنه‌گرتن له خواست‌و كێشه‌ی منداڵه‌كانیان. كه ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه سه‌ر ده‌كێشێت بۆ هه‌ڵشاخان به ڕووی یه‌كتری‌و دواجاریش به كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن كۆتایی دێت.
ئێمه ڕۆژنییه به سه‌ر هه‌واڵی دڵته‌زێنی له‌و شێوه‌یه نه‌كه‌وین. كه تیایدا باوكێك كوڕه‌كه‌ی ده‌كوژێت، یانیش به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌م كێشانه ده‌ره‌نجامی له یه‌كتری نه‌گه‌یشتن‌و بزۆزی به شێك له منداڵه‌كان‌و هاوكات توتدوتیژی خودی باوكه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه.بۆیه كه جوبران ده‌ڵێت:(منداڵه‌كانتان وه‌ك خۆ لێمه‌كه‌ن) مانای ئه‌وه‌یه، كه سر‌ووشتی په‌روه‌رده‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌كان، جیایه له یه‌كتری و ئه‌سته‌مه بچنه سه‌ر بوون‌و تێگه‌یشتنی هزری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی یه‌كتری. به‌ڵكو هه‌ر مرۆڤه‌و دیدو تێڕوانین‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیای هه‌یه له یه‌كتری كه خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی. ئینجا ڕاست بێت یا هه‌ڵه. گرنگه منداڵ به شێوه‌یه‌كی ڕاست‌و در‌وست‌و ته‌ندروستییانه په‌روه‌رده بكه‌ین. چاودێریان بكه‌ین‌و سه‌رپه‌رشتییان بكه‌ین به‌لام مانای وانییه ببنه هاوشێوه‌ی دایك‌و باوكییان یاخود كۆیله‌ی ئه‌وان. ئه‌مانه به شێك بوون له‌و ده‌ربڕینانه‌ی كتێبه‌كه، كه ئێمه كۆمێنتی خۆمان له باره‌یانه‌وه نووسیوه. ئه‌م كتێبه، به‌زمانێكی كوردییانه‌ی ساده‌و جوان وه‌رگێڕدراوه. بابه‌ته‌كانی كورت‌و پوختن. خوێنه‌وه‌یان بۆ مرۆڤ، له هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت گرنگه. ده‌ستخۆشانه له وه‌رگێڕی كتێبه‌كه ده‌كه‌م. به هیوام نووسینه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ریش، یان بابه‌ته په‌روه‌رده‌ییه‌كان‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ربگێڕیته سه‌ر زمانی كوردی. وه‌رگێڕان گرنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌وبابه‌ته‌ی وه‌ریده‌گێڕین گرنگه. ڕه‌نگه تا خوێنه‌رێك ڕۆمانێكی بیانی وه‌رگێڕدراو ده‌خوێنێته‌وه، چه‌ندان خوێنه‌ری تر، نووسینه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌خوێننه‌وه. به تایبه‌تیش ئه‌و بابه‌تانه‌ی له ته‌وه‌ره‌كانی ژیانی مرۆڤ‌وژینگه‌و په‌یوندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دوێن.
—————————–
په‌راوێز:
1- ناوی كتێب( په‌یامبه‌ر) نووسینی (جوبران خه‌لیل جوبران) وه‌رگێڕانی(توانا ئه‌مین) بڵاوكردنه‌وه(ماڵی وه‌فایی).
2- ته‌نها نووسینی نێو كه‌وانه‌كان له كتێبه‌كه‌وه‌رگیراون. ئه‌وه‌ی تر نووسین‌و كۆمێنته‌كانی خۆمه له باره‌ی ده‌ربڕینه‌كانی نێو كتێبه‌كه.
ڕواندز_ ته‌مموزی 2017
3ی ئاب خاڵی وەچەرخان …. عەلی مەحمود محەمەد
زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە , سەدان جار لە دوبارە بونەوەی بەردەوامدا بووە , لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا بەردەوام تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون,لەوانەیە زۆرێك لە ئێمە دایە گەورەكانی لەوان بن, پیاوان و مناڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە , لەو 72 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین , پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووە , هەندەك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون , وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی رۆژی یەك شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, ئیتر پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە , بگرە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە , ئەویش بە پێچەوانەی فەرمانەكانی پێشوو , لێرەدا پیاوانی كورد نەك بەشداری تاوانەكە ناكەن , بەڵكە دەستە بژێرێك لەوان دەڵێن هەموو ئێزیدن و زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەكەیانوە دەكەن , ئەو یەك شەمە رەشەی لە تاوانەكانی داعشدا , بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشترە بێت , دوا فەرمان دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی تاوانەكانی پێشوو , لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە , دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە خۆی, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە , 3ی ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت بۆ دادگای مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو.
بەهۆی زیاتر لە 80 ساڵ بزاوتی رۆشنبیری و سیاسی لە كوردستاندا, كۆمەڵگایەكی بەرهەم هێنا, تاوانەكانی 72 فەرمانی غەزای دژ بە ئێزیدییەكان رەت كردەوە, لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, كەمایەتییەكی زۆر بچوكی چەند سەت كەسی نەبێت , بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە , ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش یەك شەمەی رەش نین , ئیتر چوارشەمەی 3-8-2016 , هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن , ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەش دەكەینەوە , هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی یەك شەمە رەشەكە,چوارشەمەی 3-8-2016 , ئەم رەتكردنەوەیە گەیشتە پۆپەی خۆی ,بووە بەشێك لە یاداوەری گەلێك , بووە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 72 فەرمانەكەی پێش‌و تر.
لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە , تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە (“خگیب المفسرین” شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كرد, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد,جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە , سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەك هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ,ئەوەی ئێستا داعش دەیكات , عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان.
قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە , لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و رەوایەتی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بوە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و كارەسات بوو بۆ ئێزیدییەكان , ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا توركەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆر‌و زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە .
بڕیارێکی لۆژیکیانە! … وەرزێر کاکەیی
لە هەر ژینگەیەکی تەندروستدا باس لە ئەدەب و هونەر دەکرێت زۆرینە بێدەنگ دەبن و دەیانەوێت ڕێز بنوێن و لە هەمان کاتیش‌دا فێر ببن، چونکە ئەم دوو چەمکە لوتکەی مانای مرۆڤە.
(کاروان عومەر کاکەسوور) وەختێك دەنووسێت:
” دنیای کوردی؛ ئەدەب و هونەرێکی دەوێت و دەیانپارێزێت، هاوشانی سیاسەتەکەی بن. بە مانایەکی تر: چارەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی ناوێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سیاسەتمەدارەکانی جیاوازن. مرۆڤ لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا بەر هەمان ئەو مۆڕاڵە دەکەوێت، کە لە دنیای سیاسەتدا بەری کەوتووە”.
ئەم راستیە ئاوێنەیەکی ئەو بێڕێزییە بەربڵاوەیە کە بە هونەرمەندو ئەدیبی راستەقینەی کورد دەکرێت و بگرە هیچ قەوارەو مانایەکی مرۆڤبوونیان بۆ دانانرێت.
ئەوان لە شاخ هاتنەوە ئەزموونی شاخەوانی و خەتخەتێن و باڵباڵێن و موئامەرەو خەتمائیل و سیخوڕی و تەقریرنووسین و پەلاماری یەکتردان و تەسفیەکردنی هەموو ناحەزەکانیان فێری خەڵك کرد، نەك ژیانی مەدەنی و ئیدارەی سەرکەوتو و پەرەدان بە زانست و زانین، مێزو عەرەبانەی خەڵکیان دەشکاند تا بێکار بن، گەمارۆی ئابووری و هەژاری و بێ‌کاری گەنجانیان بە هەل قواستەوە تا (٥٠٠) دیناریان بدەنێ و بچن هاو نەتەوەکەی خۆیان پێ لەناوبەرن، لە پێناو بەرژەوەندی و قومارە ئیقلیمیەکانیاندا.. لە بەرامبەریشدا دڵسۆزیی و راستگۆی و نیشتمانپارێزی و دەستپاکی و وەفاو گیانی یارمەتی و ئینساندۆستییان لە نەتەوە سەندەوە.. سەرەنجام ئاوها مرۆڤی کوردیان گەندەڵ کرد، مرۆڤی کوردیان کردە ئامێرێکی بێ هەست و بێدەنگ لە بەرامبەر هەموو ناحەقیەکاندا، بگرە لەمەش ناقۆڵاتر، کڕینی خامەی هەندێك لە ئەدیبان بوو و لەولاشەوە پەراوێزخستنی ئەوانی تر.. ئەوانەی بەم دوعایەی ملهوڕەکانی کوردایەتیان گوت ئامین هەر ئەو نووسەرە بەرژەوەندیخوازانە بوون کە لە دامودەزگا چەواشەکارەکانی خۆیاندا بە راست و چەپدا دەستیان دایە دزین و خۆ دەوڵەمەندکردن و برەودان بە دیاردەی واستەکردن و ناپاکی نواندن بەرامبەر هاوڕێکانیان.. ئیتر شتێك نەمایەوە لای رۆشنبیر‌و خوێنەرانی کورد جێی بایەخ و دەستخۆشی بێت، چونکە وشە لە هەموو شتێکی تر سوکتر کرا، زۆر لە ئەدیبەکانیش مۆراڵی خۆیان لەدەستداو یەکەم کەس درۆیان لەگەڵ کرد: خودی خۆیان بوون..
لەناوهیچ نەتەوەیەکی تردا چەند دواکەوتووش بن ئەم دیاردەیە بوونی نییە، هەموو شتێك بکرێتە ملکەچی سیاسەتمەداران و هیچ بەهایەکیش بۆ وشە نەمێنێت، بەڵکو بە جۆرێك خەڵك گێژو بێ‌ئاگا بکرێت؛ ئەوەی لە بەرنامەی ژیانیاندا نەبێت خوێندنەوەو کتێب بێت، تەنانەت ئەوانەش دەخوێننەوە هەر دەزگاکانی دەسەڵات ئاراستەیان دەکات و کتێبیان بۆ چاپ و دەستنیشان دەکات تا بیخوێننەوە! بەڵێ هەر ئەوان بوون هەموو شتێکیان بۆگەن کرد، بۆنموونە ساڵانە بەناو فیستیڤاڵ سازدەکرێت کەچی پێش خوێندنەوەی بەرهەمەکان؛ خەڵاتەکەی دیاریکراوە بۆ کێ دەبێت! یان دەزگایەکی چاپ بڵێت (سەدوبیست هەزار) کتێبمان بەخشی بە قوتابخانەو بەڕێوبەرایەتی وشوێنە جیاجیاکان کەچی لەولاوە دەگوترێت کەس پشتیوانی مادییان ناکات؟ نامەوێت نموونەی زیاتر بهێنمەوە، ئەوەندە بەسە بڵێم: خۆزگە کاك کاروان بیری لەوە دەکردەوە بە زمانەکانی تر بنووسێت بۆ مرۆڤەکانی تر، چونکە ئەوان زۆر زیاتر ڕێز لە خۆی و وشەکانی دەگرن، لای ئەوان مرۆڤ بەڕێزترە لە سەرجەم کەلوپەلەکانی تر بە ئایدۆلۆژیا‌و پارەشەوە، مرۆڤ بە هەموو بەرهەمە جیاجیا‌و کەم و زۆرەکانیەوە، ئێمە لە کۆمەڵ-گا یەکدا دەژین؛ نەك تەنها نووسین کەس راناچڵەکێنێت، بگرە گیانی رق و دووبەرەکی و ئاژاوەو ئازاردانمان تێدا چێنراوە، نەفرەتکردن لە هەموو داهێنان و جیانووسییەك، مرۆڤمان لا زۆر بێ بایەخکراوە، لەو ساتەوەی کەسایەتی رۆشنبیر‌و بەخشەری وەك (عەلی بۆسکانی) بە بێ تاوان لە نێو بردراو کەسێك نەیپرسی بۆ؟ رای گشتی دادگایی بکوژانیان نەکرد. ئیتر کوشتنەکانی دواتر بەس بوونە ژمارە.. بەڵێ لای ئێمە نووسین بە کوردی، نەفرەتکردنە لە خودی خۆت. جێی خۆی بوو بۆ بیرکردنەوە لەم دەستەواژەیەو بڕیاردان بەسەریدا، پێش هەموو شتێك هەر یەك لەئێمە رابمێنین و قوڵ لە هۆکارە راستەقینەکانی بیر بکەینەوە.
ترس له زوڵف و ئه‌گریجه …. عه‌زیز ڕه‌ئووف
ترس له قژی مێینه هیچ نیه جگه له ده‌ركه‌وتنی ناشرینیه‌كانی ناخی نێرینه. تۆ پێش ئه‌وه‌ی به كچ بڵێی قژت داپۆشه، چاوه‌كانی خۆت بگره و واز له به‌رامبه‌ر بێنه. تۆ كه نه‌توانی چاوی خۆت داپۆشی ئه‌وه چ موسوڵمانێكی. هێزگه‌لێك، ئاینێك، ئینسانگه‌لێك ترسیان له قژی ژن هه‌بێت خه‌له‌لێك له دید و تێڕوانینیاندا هه‌یه سه‌باره‌ت به جه‌سته كه هی كه‌سێكی تره. هه‌رگیز ئه‌مه به‌و مانایه نیه ئافره‌ت خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی بێت.
ترس له قژی ژنان ترسێكی ئاینی نیه ئه‌وه‌نده‌ی ترسێكی ئایدۆلۆژییه. هه‌زاران خانمی په‌كه‌كه قژیان هۆنیوه‌ته‌وه و زوڵف و ئه‌گریجه په‌خش ده‌كه‌ن و كه‌س شك نابه‌م له عومریدا به چاوێكی سێكسیه‌وه ته‌ماشای ئافره‌تێكی په‌كه‌كه‌ی كردبێ.
بۆ نمونه ده‌ڵێی ژن با خۆی داپۆشێ، بۆچی، با له چاوی پیاو به‌دوور بێ، باش ئه‌ی پیاو ئه‌وه‌نده لاوازه به‌رگه‌ی تاڵێك قژی ئافره‌ت ناگرێ؟ ئه‌ی پیاو بۆ چاوی داناپۆشێ؟ ئایا له‌شتی ژن پێوستی به داپۆشینه یان چاوی نێرینه؟ پێش ئه‌وه‌ی له حیجاب بدوێین پێویسته قسه له دڕنده‌یی و چاوپیسی پیاوان بكه‌ین.
ئایا مێینه ده‌توانێت به له‌چكێك كه بایی پێنچ هه‌زاره شه‌ره‌ف بكڕێته‌وه ؟ به‌م قسه‌یه بێت شه‌ره‌ف زۆر هه‌رزانه هه‌موو مێینه‌یه‌ك ده‌توانێت بیكڕێت. یان ئایا ده‌توانین به حیجابێك بچینه به‌هه‌شت؟ كه‌واته به په‌رۆیه‌كی ده‌هه‌زار دیناری ده‌توانین به‌هه‌شت مسۆگه‌ر بكه‌ین. ( نه‌وال سه‌عداوی جارێك وای وت).
له هه‌ر شوێنێك له‌چك و په‌ڕۆ زۆر بێت ئه‌وه‌مانای ئه‌وه نیه شه‌ره‌ف زۆره، به‌ڵكو ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه نێرینه‌ی چاوپیس و خاڵی له شه‌ره‌ف زۆره. چونكه خۆداپۆشین هیچ په‌یوه‌ندی به جه‌سته‌ی ژنه‌وه نیه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به چاوی پیاوانه‌وه هه‌یه.
هه‌ندێ جار حیجاب ده‌ركه‌وته‌یه‌كی سیاسییه، له ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌كان فڕێدانی حیجاب مانای ئازادیه، ئه‌وه‌مان لای ژنانی ده‌ربازبووی ده‌ستی داعش ده‌بینی. به‌ڵام لای ئه‌تاتورك و ده‌سه‌ڵاتی توركه‌كان كه حیجاب قه‌ده‌غه بوو، پۆشینی له‌چك مانای ئازادی بوو،( ئۆرهان پامۆك له ڕۆمانی “به‌فر” دا له‌م بابه‌ته ده‌دوێ).
ئه‌وانه‌ی سڵ له قژی ژن ده‌كه‌نه‌وه ناتوانن بته‌كان بشكێنن. لات سه‌یر نه‌بێت هه‌میشه هێزه سته‌مكاره‌كان ترسیان له مرۆڤی ئازاده و پشتیوانی ئه‌وانه ده‌كه‌ن بۆ نمونه له قژ ده‌ترسن.” چی واده‌كات هێزێك له سه‌رده‌شت عوسمان بترسێ به‌ڵام كۆمه‌كی عه‌بدولله‌تیفی سه‌له‌فی بكات”؟ چی وای كرد حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی پێشووی مسر له قژی سپی نه‌وال سه‌عداوی بترسێت به‌ڵام سه‌له‌فیه‌كان له وڵات ته‌راتێن بكه‌ن؟
ئایا ئه‌وه‌ی له ده‌ركه‌وتنی قژی ژن بترسێت، ده‌توانێت ڕیسكی سیاسی گه‌وره بكات؟ به مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ی چاوی خۆی بۆ بینینی قژی ژن نه‌گرێت، ده‌توانێت ده‌سكاری دنیای ناشرینی ئێمه بكات؟ به‌گومانم…
مۆدلیانی … نه‌ژاد عزیز سورمێ
ڕووباره‌كانی دۆزه‌خ
له ژووری گریانه‌وه دێن ..
شوێنه‌واری هیچ ڕێگایێ دیار نییه ؛
دارستان و بڵندایی
پیلیان تێك هه‌ڵكێشاوه .
تۆ هه‌ر بڵێ و بڵێره‌وه !!
كه‌س به نرخی باوه‌رێنیش ئاوڕی لێ ناداته‌وه .
كێ ماسی له ناو ئاو ده‌كڕێ ؟
تۆ هه‌ر بڵێ !!
(لیڤۆڕنۆ) نوقمی كوێرایی ده‌ریا بووه
دانی له ده‌مامكه‌كانت گڕساندووه .
(( ئای ئیتاڵیای خۆشه‌ویستم ! ))
كه‌س نییه له ڕه‌شه شه‌وی پاریس دا
چرایه‌كی بۆ هه‌ڵبكا..
(جین) یش جۆگه‌ی ڕووباری دۆزه‌خه
له ژووری گریانی دانتی ده‌كاته‌وه ..
هاوارێكی بێ هوده‌یه ..
ته‌مه‌ننای مه‌رگی دووه‌مه .
(( ئای ئیتاڵیای خۆشه‌ویست !))
مه‌رگ كه‌ناره‌كانیشی ڕه‌ش كرده‌وه ..
باسكی مێژوویان باداوه
كه‌س نییه سه‌ره‌داوه‌كان گرێ داته‌وه
ئیتاڵیای خۆشه‌ویستم !
شوباتی/ 1989
نامۆیی … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
چیرۆکی چاولێکنانی منداڵیم سەیرە!
لەبیرم دێ
ئەوکاتانەی کەمنداڵبووم..
چمکی فەقیانەکەی دایکم
توند دەگرت ویاریم دەکرد،
کەماندووش بووم..
لەفەقیانەخۆم دەپێچا،تادەخەوتم.
بەڵام کاتێ کەگەورەبووم..
هەمان خەیاڵ،
هەمان چیرۆکی منداڵی
فێری کردم..
لەباوەشی نیشتماندا،ئارام بگرم..
لەلوتکەی چیادابمرم..
