هاوار- ئەزموون: خوێندنەوەیەكی دەروونی بۆ ئەحلام مەنسوور …* خەلیل سەلیم

پوختە:

ئەم بابەتە، خوێندنەوەیەكی دەروونییە لەبارەی پەڕتووكی ”هاوار”ی ئەحلام مەنسوور، كە خۆی لە چوارچێوەی سێ تێگەی دەروونییەوە دەبینێتەوە، كه‌ بریتیین لە: شێوازی ژیان، دەمامك و ئازادی ئەرێنی. لەم خوێندنەوەیدا سەرەتا هەوڵدراوە؛ تێگە دەروونییەكان بە شێوەیەكی تیۆریی باس بكرێن و لە دواتریشدا لە چوارچێوەی ئەم تێگانەوە، لەبارەی ئەم پەڕتووكەوە قسە بكرێت.

پێشەكی:

پەڕتووكی ”هاوار”، كە لە نووسینی چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی كورد، ئەحلام مەنسوورە، لە ساڵی ٢٠٠٩، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان لە هەولێر، لە چاپ دراوە. ئەم پەڕتووكە بریتییە لە ٨٦ لاپەڕە، كە سەرتاپای بریتییە لە باسكردنی ئەزموونی خۆی. شایەنی ئاماژەبۆكردنە، باسكردنی نووسەر لە ئەزموونی خۆی، یاخود بڵاوكردنەوەی پەڕتوكێك لە چوارچێوەی ئەزموون، یەكەم كاری نووسەر نەبووە، به‌ڵكو پێشووتریش پەڕتووكی تری، لەمەڕ ئەزموونی خۆی لە چاپداوە، بەنێوی “گرەوی چاوەكانی ئەم -ئەزموو”، بەڵام ڕەنگە ئەم پەڕتووكە ٨٦ لاپەڕەیەی نووسەر، كە چوار ساڵ بەر لە مردنی نووسیویەتی، زیاتر جێگەی سەرەنجبێت، چونكە لە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووكە ئەوە دەردەكەوێت، كە چۆن نووسەر هەوڵەكانی خۆی چڕكردووه‌تەوە سەر چەند بابەتێك لەمانەش: خۆشەویستیی، ئازادیی، تابۆكان و ژێردەستەیی و … تاد.
خوێندنەوە بۆ ئەم پەڕتووكه،‌ لە چوارچێوەی هەندێ ڕەهەندی دەروونیی خۆی دەبینێتەوە، كە نووسەر لەم پەڕتووكە ئەزموونەیەوە ئاماژەی بۆ دەكات. بۆیە لەم خوێندنەوەیەدا هەوڵ دەدرێت، لە چوارچێوەی چەند تێگەیەكی دەروونشیكارییەوە، كە هەریەك لەم تێگەیانە لە داهێنانی كەسایەتییەكی دیاری نێو بواری دەروونزانین؛ شرۆڤەیێك بۆ ئەم پەڕتووكە بكرێت. تێگەكانیش بریتیین لە: ”شێوازی ژیان، پێرسۆنا و ئازادی پۆزەتیڤ.”

١- شێوازی ژیان (Life Style):

ئەم تێگەیە، لە داهێنانی بیرمەندی بواری دەروونزانی ئەلفرێد ئادلەرە (١٨٧٠-١٩٤٧). دەتوانین بڵێین، كە ئەم تێگەیە لەناو كارەكانی ئادلەردا، شوێنێكی سەنتەریی گرتووە، چونكە ئادلەر گرینگییەكی زۆری بەم تێگەیە داوە و هەوڵی داوە، كە زۆرێك لە هزرە شیكارییەكانی خۆی لەبارەی كەسایەتی مرۆڤ لە ڕێگەیەوە بخاتە ڕوو.(1)
لە ڕوانگەی ئادلەرەوە، شێوازی ژیان بریتییە لەو شێوازە تایبەتەی، كە هەرتاكێك لە ئێمە دەیگرێتە بەر، بۆ ئەوەی گوزارشت لەخۆی بكات. سەرباری ئەوەش ئەو پێی وایە شێوازی ژیانی هەر تاكێك جیاوزە لەگەڵ یەكێكی تر، چونكە هەر تاكێك، هەڵگری شیوازێكی تایبەتە لە سیفات و تێگەیشتن لە كولتوور و دابونەریت. هەروەك چۆن فرۆید دروستبوونی كەسایەتی مرۆڤ، بە پێنج ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵییەوە گرێدەدات، ئادلەریش بەهەمان شێوە قۆناغی سەرەتایی لە ژیانی تاك، بە دروستكاری تەواوی شێوازی ژیانی كەسایەتییەكان دەستنیشان دەكات. بۆیەش پێی وایه،‌ كە شێوازی ژیان، وەك دەرەنجامی مامەڵەكردنی دایك/ باوك لە تەمەنی چوار تا پێنج ساڵی لە تەمەنی منداڵ فۆڕموولە دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، پێی وایە دوای جێگیربوونی (Fixing) شێوازی ژیان لەم قۆناغەدا – واتە قۆناغی منداڵی ٤-٥ ساڵی- ئیتر دەستكاریكردن و گۆڕینی شێوازی ژیان ئەگەر بە جێگیریش نەمێنێتەوە، ئەوا گۆڕینی زۆر سەخت دەبێت.(2)
ئادلەر پێی وایە، كە مرۆڤ لەكاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كەسانی تردا، ڕووبەڕووی چەند كێشەیەك لە ژیاندا دەبێتەوە، بۆیەش وەك دەرەنجامێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تاك چوار شێوازی بنەڕەتی دەگرێتە بەر، ئەمانیش:
١- ویستی كۆنتڕۆڵكردن و خۆسەپاندن.
٢- ویستی پشتبەستن بەكەسانی تر.
٣- دوورەپەرێزیی.
٤- خواستراو لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە.(3)
ئەوەی مەبەست بێت لەم خوێندنەوەیەدا، خاڵی چوارەمە، كە نووسەر لەم پەڕتووكەدا، وەك شێوازێكی ژیانی خۆی گرتوویەتییە بەر، چونكە كەسایەتی خواستراو لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە جۆرێكە لە كەسایەتی، كە ویستی یارمەتیدانی كەسانی تری هەیە بەگوێرەی ئەوەی، كە كەسەكە دەیەوێت. شایەنی باسە شێوازی ژیانی هەر كەسێك تایبەتە بە خۆی. واتە ناكرێت بەراوردی بكەین بەكەسێكی تر.
بە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووكە، شێوازی ژیانی نووسەر، وەك تابلۆیەكی نەخشێندراو خۆی پێشان دەدات، چونكە نووسینەكە‌ی ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە نووسەر نە ویستی خۆسەپێنیی، نە خولیای دوورەپەرێزیی و پشتبەستنیشی بەكەسانی تر هەیە، به‌ڵكو دەیەوێت لە ڕێگەی نووسینەكانی نەهامەتییەكانی ژیانی كەسانی كۆمەڵگەكەی باس بكات و لە پەڕتووكێكدا هەوڵ و تێكۆشانەكانی بەرگریكردن لە ماف و ئازادی ئەواندا بخاتە ڕوو.
ئەم پەڕتووكە- هاوار- هەروەك چۆن ناوی هاوارە، هاوارێكیشە بۆ ئەو كەسانەی، كە بەهۆی یاسای كۆمەڵایەتی و دابونەریتەوە، ماكی گوناهیان گرتووە، تاوه‌ك ئەوان داڵدە بدات و پێنووسەكەی بكات بە قەڵغانی پاراستنیان. ”وا خەریكە دەبمە ژەنەڕالی ژان و گوناه و هەنگاوەكانیشم سەربەست، مەقەسی سەرەنجەكانم باڵای دوژمنەكانمە، تازە من و مەسیح بڕیاری خۆمان داوە، وەرن یەكە یەكە بەهەموو خراپی ڕووڕەشییەكەوە لەنێو دەریای بیبیلەی چاوەكانما مەلە بكەن، پاك ببنەوە، دەریای بیبیلەكانم وا خەریكن وەك ئەلوەن لافاو دەكەن… تاد”(4)
نووسەر لە چەند شوێنێك ئاماژە بەوە دەدات، كە پێنووس دەبێت لەخزمەت كۆمەڵ بێت و نابێت نووسەر ببێتە داردەستی كەسانی تر و بۆ بەرژەوەندی ماددی پێنووسەكەی بەكاربهێنێت.
”- نووسین بۆ گەل سوودی هەیە.
– نووسەر سامانی نەتەوایەتییە.
– هەڵوێست و شارستانییە.
– نووسەر گەواهی سەردەمی خۆیەتی.”(5)
سەرباری ئەمەش لە چوارچێوەی ئەم پەڕتووكەدا دەبینین، كە شێوازی ژیانی نووسەر هەمیشە كێشمەكێش بووە، لەگەڵ كەسانی چواردەوری، بەتایبەت دایكی؛ داوای ئەوەی لێدەكەن، كە پێویستە وەك ئەوە بێت، كە دابونەریت بۆی دیاریكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی، كە نووسەر شێوازی ژیانی تایبەت بەخۆی هەیە، هەرگیز ناچێتە ژێرباری ئەم یاسایانە و بە شێوەیەكی دژبەرەكانە، دەیەوێت بەردەوامی بدات بە ژیانی، تاوەك هەرچی یاسایەكی كۆمەڵایەتیی نەرێنی هەیە، بۆی نەبێتە تابۆ و هەمیشە هەوڵی شكاندنیان بدات. ئەگەر چی لە هەندێك شوێندا، تووشی نائومێدی دەبێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادات و بەردەوامی دەدات بە شێوازی خۆی. ”ئەی ئەوە نییە هەمیشە دایكم پێم دەڵێ وەك خەڵكی ڕەفتار بكەم، ناچاریشم دەكات ختۆكی بدەم.. دەڵێم:
– مەتەڵ لە باند نووسینم ناو دچدە ناو تاریخ.
بەقەد دوو هەزار كیلۆ مەتر جڕتێكم بۆ دەكێشێ و دەڵێ:
– باوك لە قنگ خۆد تاریخد بخۆد، خۆ شرین و فەرهاد نینوسید؟ …تاد”(6)
لەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە شێوازی خواستراو، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، لە شێوازی ژیانی نووسەردا ڕەنگدەداتەوە، چونكە هەرچەندێك، كە دژ بە دابونەریتی كۆمەڵگە دەوەستێتەوە، بەڵام ئاواتی ئەوەیە، كە كۆمەڵگە لە ژیانێكی نەریتیی نەرێنییەوە بگۆڕێت بۆ ژیانێكی نەریتیی ئەرێنی.

٢- نائامادەیی پێرسۆنا (Persona):

پێرسۆنا، وشەیەكی لاتینییە و واتای دەمامك دەگەیەنێت. لەسەردەمی یۆنانییەكان، شانۆكارە یۆنانییەكان بۆ شاردنەوەی ڕووخساری خۆیان لەسەر شانۆ، بەكاریان دەهێنا، بەڵام لە دواتردا كارل گۆستاڤ یۆنگ ١٨٧٥ -١٩٦١ (Carl Gustav Jung)، ئەم تێگەیەی بۆ كارە دەروونشیكارییەكانی خۆی، بەكار هێنا.(7) یۆنگ بە سوودوەرگرتن لەم تێگەیە، هەوڵی ئەوە دەدات، شیكاریی بۆ ئەو كەسانە بكات، كە ڕووە ڕاستەقینەكەی خۆیانیان پێدەشارنەوە و بۆ ڕەفتاركردن لە كۆمەڵگەدا لەگەڵ كەسانی تر، خۆیان بە شێوەیەكی دی، دەربخەن. بە واتایەكی تر، ئەم تێگەیە واتای شاردنەوەی ڕاستییەتی خود و داپۆشینی بە هەندێ ڕەفتار و جووڵە، كە جێگەی ڕەزامەندی ئەو كەسانەبێت، كە ڕەفتاری لەگەڵدا دەكەن. ڕەفتارنواندنی دەمامك ئاسا، لە كاتی قۆناغی كامڵیدا دەبێتە بەشێكی گرینگ لە كەسایەتی دەروونی مرۆڤدا و لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.(8) ئەوەی جێگەی سەرەنج بێت ئەوەیە، كە دەبینین نووسەر لەم پەڕتووكەدا، زۆر بە ڕاشكاوانە گوزارشت لە ڕەفتارەكانی خۆی دەكات و گوێ بەو ویستانە نادات، كە كۆمەڵگە و دابونەریت داوای لێدەكەن، بۆیەش لەم پەڕتووكەدا، نووسەر بە بێگوێدان بە دەمامك، ڕەفتاری خۆی پێشان دەدات.
لە كۆمەڵگەیەكدا، كە تەژی بێت لە نەریت و تابۆ؛ ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت بە ئازادییەكی ڕەها ژیان بگوزەرێنێت. جا بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت گونجان لەگەڵ كۆمەڵگەدا دروست بكات، ناچارە بەوەی، كە دەمامكێك بپۆشێ تا ڕاستییەتی خۆی بشارێتەوە و بە شێوازێك ڕەنگداری بكات، كە كۆمەڵگە پێی ڕەوابێت. لێ سەرباری ئەوانەش نووسەر هەمیشە دەمامكی ڕەتكردووه‌تەوە. ”هەست و نەست و ئاگایی نائاگاییم تووشی نەزیفێكی سەیر هاتوون، بەهەر حاڵ فلیمێك بوو منیش ڕۆڵی ئەكتەرێكی سەیرم تێدا دەبینی، قەد دەمامكم لەڕووم نەكرد، بەڵام تۆی دەرهێنەر زۆر پۆدرە و سپیاوت بەكار دەهێنا، ماكیاجچییەكی سەیر بووی …تاد”(9)
لەگەڵ ئەمانەشدا، لەم پەڕتووكەدا دەبینین، كە نووسەر هەمیشە باس لە ڕاستییەتی خود دەكات و بەبێ پۆشینی دەمامكی خواستراوی كۆمەڵگە. بە سەرەنجدانی ئەم پەڕتووكە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە دەمامكپۆشیی لە ژیانی نووسەردا، جێگەیەكی نەماوەتەوە. هەركات شتێك بەڕەوا بزانێت، بە ڕەواییش گۆی كردووە. هیچكات كۆمەڵگە نەیتووانیوە ناچاری بكات، كە ژیانی لە چوارچێوەی خواستی خۆیدا بۆی دیاری بكات، به‌ڵكو ئەو هەمیشە بۆ باسكردن و ڕەفتاركردن، خۆی بەبێ دەمامك دەرخستووە. ”لەم ژوورە زیندانەدا سەربەستم، بەندیخانەیەكی تاقە كەسییە و وێنەی ئەلبێر كامۆش لەسەر دیوارەكەیەتی، ئەلبێر كامۆش سەرەنج دەدا چۆن دەرپێكەم دادەكەنم لە لێوانییەوە ئەو ڕستەیە دەبارێ:
– تۆ بە بێهوودەیی دەرپێ دادەكەنیت، دەرپێكەی تۆ لە بەردەكەی سیزیف دەچێ، …تاد.”(10)
زیادەڕۆیی نییە، كە بڵێین: ئەم پەڕتووكە دەرخەری ژیانی كەسێكە، كە هیچ كات كۆمەڵگە بەسەریدا سەركەوتوو نەبووە، به‌ڵكو ئەو هەمیشە ئازادانە بەسەر خواستی كۆمەڵگەدا سەركەوتووە.

٣- تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەكی پۆزەتیڤ:

ئێریك فرۆم ١٩٠٠-١٩٨٠ (Eric From)، لە باسكردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی لەلای مرۆڤدا، گریمانەی دوو جۆر لە ئازادیی دەكات، كە ئەمانیش بەدەستهێنانی ئازادیی نەرێنی و ئازادیی ئەرێنییە. فرۆم پێی وایە؛ مرۆڤەكان هەمیشە لە گەڕان بەدوای ئازادییدا، دوو ڕێگە دەگرنە بەر، كە یەكەمیان ئەوەیە؛ تاك لە پێناوی ئەوەی ئاسایش وەدەست بخات، خۆی ناچار بەوەدەكات، كە بوونی بسپێرێ بە كاری بەرهەمهێنان و یەكێتی خۆی لە گەڵ سروشت لەدەست بدات. ئەم جۆرە هەوڵدانەی تاك، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، لە ڕوانگەی فرۆمەوە، بە ئازادییێكی نێگەتیڤ دادەنرێت، چونكە لەم دۆخەدا مرۆڤ بە شێوەیەكی ماسۆشییانە، لەپێناو وەدەستخستنی ئازادییدا، ژیان دەگوزەرێنێت.(11)
لەگەڵ ئەوەشدا فرۆم پێی وایە كاتێك، كە مرۆڤ توانی سەرلەنوێ پێوەندی لەگەڵ سروشتدا دروست بكاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری كەڕامەت و ئازادیی تاكەكەسی خۆی بێت، ئەوا ڕێگەیەكی گونجاوە بەرەو بەدەستهێنانی ئازادییەكی پۆزەتیڤ، چونكە تاك لەم جۆرەی ئازادییەدا، لە ڕێگەی كاركردن و خۆشەویستییەوە، دەتوانێت لەگەڵ كەسانی چواردەوریدا یەكبگرێتەوە و كەڕامەتی خۆی و ناسنامەی مرۆڤبوونی، لەدەست نەدات.(12)
وەك لە پێشووتردا ئاماژەمان بەوەدا، كە مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی، ناچارە دوو ڕێگە بگرێتە بەر، بەڵام ڕێگەیەكیان ئازادییەكە، كە تەنیا لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئاسایشدا خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەستخستنی ئازادی ئەرێنی، لەدەسەتنەدانی ناسنامەی گەرەكە. لەوما ئەوەی جێگەی سەرەنج بێت لەم پەڕتووكە ئەوەیە؛ كە نووسەر ئەدای ئازادییەك دەكات، كە بە هیچ شێوەیەك كەڕامەت و مرۆڤبوونی خۆی لەدەست نادات، به‌ڵكو هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و ناسنامەی خۆی، پشتی كردووه‌تە سەرمایە و ماددە.
ئەم -ئەحلام- دەیەوێت ژیانێك بژیت، كە لە ڕێگەی كاركردن و ماندووبوونی خۆی بێت، نەوەك كەسێكی نامۆبێت و لەترسی لەدەستدانی ئاسایشی خۆی، ناچار بكرێت بە جۆرێك لە ژیان، كە مرۆڤبوونی خۆی پێلەدەست بدات. ”من هەمیشە فێرم ڕووبەڕووی مەینەتییەكان دەبمەوە، خۆمم نەدۆڕاند و … تاد”(13)
سەرباری ئەمەش، نووسەر بەوەش نەوەستاوە، به‌ڵكو بەشێوەیەكی زۆر ڕاشكاوانە، ڕەخنە لەو كەسانە دەگرێت، كە بۆ بەدەستهێنانی ماددە و ناوبانگ، ئازادیی خۆیان دەخەنە ژێر باری پرسیارەوە.
”ماركس دەڵێ:
– مرۆڤ بەرزترین سەرمایەیە.
فۆكۆش دەڵێ:
– مرۆڤ مرد.
منیش دەڵێم:
– ئەگەر خوێن نەوت بوایە، هەموو رۆژێ خۆی لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشت.”(14)
لە سەرەتای پەڕتووكەكه‌وە تا كۆتایی، نووسەر هەمیشە ویستوویەتی ئازادییەك بژێت، كە نە خۆی بفرۆشێت و نە ببێت بە پاشكۆی كەس. تەنانەت كاتێك لەو پەڕتووكەدا، كۆتایی بە نووسینەكانی دەهێنێت، وەك ئەوەی وەبیرمان بێنێتەوە دەڵێت: ”من ئەحلام مەنسوورم، دیوارێكی ئەستوور لە نێوانماندا هەیە، ئەوە كوێرن، نامبینن؟ من هەمووتان دەبینم، خۆم نافرۆشم نا …”(15)

ئەنجام:

لە كۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، دەگەین بە چەند ئەنجامێك، ئەمیش ئەوەیە؛ كە ئەم پەڕتووكە هەڵگری چەندڕەهەندێكی دەروونییە، كە لە كەسایەتی نووسەردا خۆی دەردەخات. هەروەها نووسەر شێوازێك لەژیانی هەڵبژاردووە، كە تایبەتە بە خودی خۆی و هەمیشە ئەو شێوازەی ژیانیشی، هەڵگری پەیامێكی هاوكاریی و مرۆڤدۆستییە. سەرباری ئەمەش، نووسەر هەمیشە ویستوویەتی بە ڕاشكاوانە بپەیڤێ و لە كۆمەڵگەدا؛ بە ڕاستگۆیی و بەبێ بەكارهێنانی هیچ دەمامكێك، كە ڕاستییەتی ئەو بشارێتەوە ڕەفتار بكات، به‌ڵكو هەمیشە خودی ڕاستەقینەی خۆی، پێشانی كۆمەڵگە داوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نووسەر هەمیشە لە پێناو وەدەستخستنی ئازادیی، ڕێگه‌یەكی ڕاستی گرتووه‌تە بەر. ئەم – ئەحلام- نەیویستووە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، ئازادی خۆی لەدەست بدات، به‌ڵكو لە ڕێگەی گەڕان بەدوای ئازادییدا، هەمیشە یەكێتیی و مرۆڤبوونی خۆی پاراستووە.

خەلیل سەلیم
زانستگه‌ی سۆران

———————————-
سەرچاوە و پەراوێزەكان

*ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (1)ی گۆڤاری “كه‌لێن” به‌هاری 2017، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

1- شاملۆ، سەعید، قوتابخانە و تیۆرەكانی دەروونزانی كەسایەتی، و. محمد، فرمێسك ڕزگار و عەلی، سیدۆ داود ، چ1، سلێمانی: گەنج، ٢٠١٠، ل. ١٣٨.
2- سنچولی، احمد و كیچی، زهرا، تحلیل شخصیتدمنه با تكیه بر نڤریۀ روانشناسی فردی ێ‌لفرد ێ‌دلر، ٢٠١٤، ژ: ٢٢٩، زبان و ادب فارسی (نشریۀ سابق دانشكدە ادبیات دانشگاه تبریز).
3- نباشری، محبوبە، نقد روان كاویە شخصیت در داستان پادشاه جهود و وزیر مپنوی معنوی بر اساس نڤریە الفرد ادلر، ماڵپەڕی ئەنجوومەنی فارسی، ٢٠١٧. www.anjomanfarsi.ir/pdf/pa8/1123.pdf (26/1/2017)
4- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، هەولێر: ئاراس ، ٢٠٠٩، ل. ٥٤.
5- س. پ، ل. ٤٩-٥٠.
6- س. پ، ل. ٣٨.
7- گۆستاڤ یۆنگ، كارل، مرۆڤ و هێماكانی، و. ئاوات ئەحمەد، سلێمانی: سەردەم، ٢٠٠٥، چ1، ل. ١٧.
8- احمد عزیز، عزالدین، بنەماكانی دەروونزانی گشتی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٠، چ1، ل. ١٩٣.
9- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، ل. ٤٥.
10- س. پ، ل. ٦٠.
11- نوابخش، میهرداد و كەرەمی، ئەمین، مەعریفە و فرانكفۆرد، و. سۆران كەسنەزانی، هەڵەبجە: هەژار موكریانی، ٢٠١٢، ل. ١٣١.
12- فرۆم، ئێریك، هەڵهاتن لە ئازادی، و. هەژار جوانڕۆیی، سلێمانی: چاپخانەی گەنج، ٢٠٠٦، ل. ٢١١.
13- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، ل. ٨١.
14- س. پ، ل. ٦٠.
15- س. پ، ل. ٨٦.




بۆچی پێویستمان بەدەوڵەتە … نەوزاد جەمال

لێرەدا قسەم لەراستی ریفراندۆم و گەڕەلاوژێی دەنگی بەڵێ و نەخێرنییە. سەربەخۆیی لەبەرگی دەوڵەتدا، شتێک نییە بەنەخێرو بەڵێ یەکلاکرێتەوە. دەوڵەت، قۆناخێکە کە بەرجەستەبوونی ویستی گشتی و ژیری و پێگەیشتنە، نەک هەڵوێستێکی کاتی لایەنێک لەپێناو بەرژەوەندیەکی تایبەتی خۆیدا. جگەلە کتێبی ‘دەوڵەت وەک پرسێکی فەلسەفیی’ (دەزگای سەردەم ٢٠١٣) زۆرشتی ترم نییە لەبارەی گرنگی و پێویستی دەوڵەتەوە، بیڵێـم. بەڵام، بەهۆی گەرمبوونی مشتومڕی بیزەنتیانەوە، گرنگی دەوڵەت وەک چەمکێک و جیهانبینییەکی نوێ دەخەمەوەبەرباس.
راستە، دەوڵەت فریاڕەسی هەتاهەتایی و گۆچانێکی سیحراوی نییە کە لەئانوساتێکدا کێشەوگرفتەکان بنەبڕبکات. نەخێر، دەوڵەت فۆرمێکیتری زەروری بەڕیوەبردنی سیاسی و ئابوری و کولتورییە، بەتایبەت لەم ساتەدا کە لێکترازان، دابەشبوون و جەمسەرگەری هەرێمی و داڕشتنەوە نەخشەی سیاسی و جوگرافی لەئارادایە. بەبڕاوی من، دەوڵەت لەچەند سۆنگەیەکەوە پێویستە:

1- دەوڵەتداری دەرکەوتێکی دێرینە لەجوگرافیای مێژوویماندا. بەرای ‘فۆکۆیاما’: “دەوڵەت یەکێکە لەو دامەزراوەدیێرینانەی مێژووی مرۆڤایەتی کە بۆ نزیکەی دەهەزارسال لەمەوبەرو بەتایبەت میزۆپۆتامیا(کوردستانی ئێستا) دەگەڕێتەوە! سەیرنییە میزۆپۆتامیا لەمێژەوە دەوڵەتداری تێداهەبووەو بەجۆرێکیش ئەو بۆچوونە پوچەڵدەبێتەوە کە جوگرافیای سیاسی ئێمە هەرگیز دەوڵەتی نەنانسیووە.

2- ئەو شێوازە حوکمڕانییەی داهێزراوەی دوودەیە زیاترە لەپاش-راپەڕینەوە چەند فۆرمێکی ئەزموونکردووە. بەڵام، ئەمڕۆ لەراگرتنی بەڵانسی سیاسی و دروستکردنی پەیوەندی دەرەکی و هاوکێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری ناوخۆدا شکستیهێناوە. هۆکارەکەش بەپلەی یەکەم ئەوەیە ئێمە میرنیشنی حزبیمان دروستکرد. دابەشبوونی حزبی، بەپێی زۆنی جوگرافی و دەسەڵاتی سیاسی، شیرازەی هێزی تێکدا. کوردستان تەنها دوو جەمسەری هێزی لەخۆگرتبوو. کاتێک بوو بە(٣) شیرازەکە لاسەنگ بوو. لەگەڵ ئەوەی دەرکەوتنی هێزی سێهەم، زەرورەتێکی مێژوویی و پاڵنەرێکی خۆکردی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو.

3- لەبەرئەوەی نەتوانرا کۆمەڵگەیەکی سەردەمی و یەکانگیر لەسەرووی دابەشبوونی تیرەوهۆزو ئایین و ناوچەگەری و رەگەزییەوە بهێنینەدی. ئەگەر خۆمان وەک نەتەوەو کۆمەڵگەیەک نەیەتەبەرچاو، ناهەقمان نییە. چونکە، بەرووپێوێکی سۆسیۆلۆجیانە، ئێمە هێشتا لەهۆزگەلێک دەچین کە درێژکراوەی جوگرافیەکی کشتوکاڵی و گوندیین! لەکاتێکدا کە دەڵێین دەوڵەت، ئیتر جەختەکە لەسەر پەروەردەکردنە، هاوڵاتی/تاک تەوەرە. خەڵکی لەهەر ناوچەو تیرو بنەماڵەیەکیش بن، وەک هاوڵاتیەک لەبەردەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا یەکسانە. ئیتر، هەموو پاشخانەکانیتر (تیروهۆزو ناوچەو بنەماڵەو خزمزمێنە) دەبنە بابەتی لاوەکی.

4- مادام حکومەت و پەرلەمان پەکیان کەوت، شکستیانهێنا لەدریژەدان بەژیانی سیاسی و دەرکەوتنی قۆرخکاری بەرپرسی حزب لەسێکتەرکانی ئاوبوری و سەربازیدا. پێویستە ئەو کارتێلانە لەرێگەی دامەزراوەیەکی بەهەژموونی دەوڵەتدا تێکبشکێن. ئەگەر دەوڵەت بەمانای زاڵبوونی هێزێکی سەپێنەرە بەسەر هەموو هێزەکانیتردا، ئەوا بەجۆرێک هاوسەنگی دەگەڕێتەوە ژیانی سیاسی و ئابوریمان.

5- ئێمە لەقۆناخی نادیارو نقووبوونێکی میژووییەوە دەستمانکرد بەخۆبەڕێوبەری سیاسی و ئابوری، بەلاوازی و لایەنە گەشاوەکانییەوە. ئەوە گرنگ بوو، چونگە هەنگاوی یەکەم بوو. بەڵام، دەستکەوتی گرنگتر لەڕێیە کە پێویستە “بوونێتی خۆت” وەک قەوارەیەکی مرۆیی/ نیشتمانی و نەتەوەیی چۆن پەرەپێبدەیت و ببیتە بکەرێکی ناوچەیی و جیهانی. پرسیارەکە ئەوەیە چۆن مرۆڤگەلێک لەسەر نەخشەو ناوچەیەکی مۆلەوق پرجەنگ و ئالۆگوۆری خێرادا بپارێزیت و پێشیشی بخەیت؟ کێ گرەتنی پاراستن و مانەوەت ئەدات کەرۆژانە ولاتی وەک سوریا وجێگەیتریش گەلەکەی ئاوارەدەبێت؟

6- بۆئەوەی دەرفەت و دەستکەوتەکان فرەترو پەرەیان پێبدەین، چیتر لەجوخزێکی داخراودا نەمێنینەوەو سەدەیەکیتر، لەسەر یەک شیۆازو دەستکەوت بەردەوام نەبین. بۆ ئێمە، هەر جوگرافیایەک، قەوارەیەک گرنگ نییە، بەڵکو پەرەسەندن و برەودان بەتوانانی مرۆیی و سروشتیەکانمان. زیادکردنی چەندێتی بەتەنها مایەی شانازی نین. کردنەوەی چەند زانکۆیەک گرنگ بوو لەقۆناخێکدا کەهەتبێت. ئێستە نەک یەک دوو، چەندانیشمان هەن. تەنانەت شارۆچکەکانیشی گرتۆتەوە. کەواتە، دەستکەوتە هەبوونی زانکۆکە نییە, بەڵکو بەرهەمی زانستییە. فرۆکەخانە گرنگەو باشە، بەڵام ئیستە گەورەوکردن و پەرەپێدانی پێویستە.

7- هەبووونی فەرمانڕەوایەتیەکی کورد بۆ دوودەیە لەمەوبەر بازدانێک بوو لەمێژوودا، ئێستە پیوستمان بەدامەزراوەیەکی گەورەترە کە دەوڵەتە. بەڵام دیسان هەر دەوڵەت لەخۆیدا بەس نییە. بەڵکو لەوە گەورەتر ئەوەیە هاوڵاتی، ببێتە هەوێنی ژیان و ئازادی تاک و گروپ و مافەکان و رێزگرتن بەدیبێن. تەنها دەوڵەت گرنگ نییە, دەبێت خواستی ئێمە لەوە گەوەرتربێت. واتە، ببینە هێزێکی کارا لەناوچەکەداو بکەرێکی نێودەوڵەتي لەرووی ئابوری و کولتوری و سیایشەوە.

8- جگەلەوەش دەوڵەت کۆتایهێنان و رزگارکردنی حزبەکانی ئێمەیە لەو وێنەیە کە وەک بەکرێگیراو، دەستنێژو داردەستی دەوڵەتەکانی دوەوروپشت بن. دەوڵەتانی هەرێمی نایانەوێت دەوڵەتێکی کوردستان بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایشی خۆی و سیاسەتی دەرەکی و دپلۆماسی لەسەر ئاستی فەرمی هەبێت. چونکە رێگە لەدەستخستەناو دەستوەردانیان سنورداردەکات.

9- دەوڵەت ئیرادەو ئەقڵێکە کەخۆی لەو چێوەسیاسیەدا بەرجەستەدەکات. هاوکات، پرسێکی نەتەوەیی-نیشتمانی گشتی مرۆڤگەلێکە نەک کەسێکی تایبەت لایەنێک. دەوڵەت وەک فۆرمێکی دەستوری، کەسێتی قانونی، خۆی لەسەر بنەمای بێلایەن، مرۆڤ، هاوڵاتی دادەمەزرێت.
لەکۆتاییدا، دەپرسم: ئایا لەترسی ئەوەی کە نەبینە قوربانی و زیانمان لێنەکەوێت بەهۆی هەنگاونان بەرەو دەوڵەت، قوربانی بەخەون و خواستەباڵاکانمان بدەین؟ لەباتی قوربانیدان بۆ گەیشتن بەدەوڵەت، قوربانی بەویستی دەوڵەتبوون خۆی بدەین؟




ئەرخەوانی یاد … سەعید ئەمانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….سەعید ئەمانی




ئـاشتەوایی و دیاڵۆگ … چالاک ئـاغجەلەری

وەک چۆن ڕێنماییەکانی ئـاین تەنھا بۆ ئـەوە نیە چۆن دەژیت لە ژیاندا بەڵکو ڕێگەی ئـەو دیوی تر کە دوای بە جێھێشتنی ژیانە مەبەستێتی چۆن بگەیتە ئـەو شوێنەی کە پێی دەوترێت بەھەشت. لەکاتێکدا خەڵکی باشوری کوردستان سەرمەست کراوون بەپێکە یەک لەدوای یەکەکانی سیاسەت بەڵام پێکی ئـەمڕۆیان تامێکی جیاوازە بەراوورد بە ئـەوانی پێشتر، ئـەم جۆرەیان بۆ ھەندێ کەس قورسەو توشی ڕشانەوەی سیاسی دەکات ، بە ئـارەزووی خۆی کێی مەبەست بێت دەکەوێتە وێزەی و پەڕی پێوە ناھێڵێت، دیارە ئـەم ڕوانینە بۆ ھەردوو بەرە ( بەڵێ و نەخێر) ڕاستە، بۆ نموونە کەسێک بە ئـارامی ڕوئـیای خۆی دەدات و مەبەستێتی پەیامی خۆی بگەیەنێت ، دوای تێپەڕبوونی میلی سەعاتەکەمان دونیایەک لە ڕق و ناتۆرە و تەنانەت پەلکێش کردنیان بۆ نزمکردنەوەی ئـاستی و کۆمەڵایەتی و ئـەخلاقیان وەک دیاردیەکی قێزەوون بەدیدەکرێت لە ھەردوو بەرە، ھاوکات ئـەم جۆرە لە جوڵەی زمان بە شێوازی دیکە ئـاڵودەی خەڵکانی نوخبە و قەڵەم بەدەستەکانیش بۆتەوە.

بڕوانن ئـێمەی کورد چۆن گوزارشت لە فیکری خۆمان دەکەین، دوای ٢٦ ساڵ لەو نیمچە ئـازادیەی کە ڕەخسا بۆمان ، ببینن لە موخاتەبەی یەکتر چی ئـاست نزمیەک ئـامادەیی ھەیە!، لەسەرو ھەموویانەوە دەسەڵات،ھێشتاکە مەلای بەیان بانگی نەداوە دێن ڕێگری لە خەڵک دەکەن بۆ سیمنارێک، جا وەرە ڕۆژی ٢٥ی ئـەیلول دەبێت چی بگوزەرێت!!؟،ھەرچەندە
ئـەم جۆرە فشارانە بەربەستێکە لە قوڕ و لیتە ، بەڵام بە تەوژمی شەپۆلێک فەنا دەبێت.

بە پێی یاسای نێو دەوڵەتی تاک ئـازادە لە بڕیاردان بۆ کۆی پرسەکان، ئـەمڕۆ حزبەکانی خاوەن دەسەڵات پرسێکی ھەستیاریان خستۆتە سەر مێز ، دەبێت زۆر باش تێبگەن ئـەو ڕۆژانە تێپەڕی مێگەل ئـاسا سەری ڕێبگیرین، لەپای ئـەم دوورە پەرێزیەتان لە شەقام پێتان وانەبێت بڕیاری کۆبونەوەکان وەکو خۆی تەعمیم بکرێ و خەڵکیش گوێڕایەڵ بێت بۆتان،ئـەم جۆرە خواستەتان لە خەونێکی پچڕ پچڕ دەچێت و سەری لێدەرناکەن، مێژووی فەرمانڕەوییتان نموونەیەکی بەردەستە کە خەڵک ھەڵوێستەتان لێبکات.
پرسی ڕیفراندۆم لە ژینگەیەکی پڕ لەکێشەدا لە کاتێکدا سەرچاوەی زۆرێک لە ئـەستەمەکان دەسەڵات خۆی پشکی شێری پێببڕێت چۆن دەبێت ئـەم کارتە بەھێزە فڕێ بدات کاتێ دڵنیایی لەتوڕەیی خەڵک و ئـامادەش نیت ئـاشتی بکەیتەوە، ئـەم جۆە پرسانە پێویستی بە فەزایەکی ئـارام و کردنەوەی دیاڵۆگە پێش ھەر دەوڵەتێک لەگەڵ شەقامی خۆتدا، نازانین نھێننی دەست بۆ نەبردنی چی یە ؟!!، ڕاستی ئـەم وەڵامە ڕوونە ئـەویش ئـەوەیە ڕووی ئـەوەتان پێوەنەماوە گەل بدوێنن، پێویستە لەسەرتان ئـەم ھەنگاوە بنێن و گوێ بگرن بزانن ئـەم دەنگە نەخێرانە بۆ ھاوار دەکەن؟ چاوسورکردنەوە و ڕێگرتن تەنانەت کۆمەڵێ تەشھیرات بە ناوی عێراقچی ، جاشەیەتی و ناوزڕاندن تیماری ئـەو برینە ناکات، ئـەوە ئـێوەن دەبێت ئـاشتەوایی بجوڵێنن، وەرنە دەرەوە لە کۆشکەکانتان سیاسەت لە خەڵکەوە فێربن، ببنەوە بە بەشێک لە شەقام و سەرھەڵبڕن و گوێ بەداواکانیان بگرن، ئـەوکات ئـاپۆرای گشت پرسی بەڕێخەن.

تۆیەک بە من دەڵێت خائـن و منیش بە تۆ بڵێم گەندەڵ و دز، ئـەگەر ئـەم زمانە ئـامادەیی ھەبێت چی جۆرە دەوڵەتێک دروست دەبێت!! ،پێویستە ھەموو لێرەدا ھەڵوێستەیەک بکەین تێبگەین و خاڵی ھاوبەش بجوڵێنین ،پێش ھەرشتێ ڕق بەرامبەر بەڵێ و نەخێر بوەستێنن و بە عەقڵی بەرچەکردار مامەڵە بەم پرسە نەکەین، ئـەم جۆرە پرسانە ھەمیشە بەرەی جیاوازی بۆ دروست دەبێت و پێویستە ڕێز لەو دەنگانە بگیرێت و ئـەگەر کارامەیت و دڵنیایت ڕاستی بەرەی تۆیە پەیامی ڕاستگۆیی بە شەفافی بگەیەنە دەنگە ناڕازیەکان پێش ھەر جوڵەیەکی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، میللەتێک دوای سەردەیەک لە داپڵۆسینی ڕەقیبەکان چی وای لێدەکات بڵێت نەخێر بۆ دەوڵەتی کوردی!! ئـەگەر تەنھا یەک دەنگیش بێت ، پێویستە دیراسەبکرێت لە ھۆکارەکانی بگەین، چی بکرێت ئـەو دەنگە ناڕازییە ئـاشت بکرێتەوە، بەڵام چۆن ؟ بڕوانن مێژووی دینی ئـیسلام لە دوای کۆچی پێغەمبەر تا ئـەم ساتەش ئـاشتەوایی بە خۆیەوە نەبینی ، ھەمیشە شەڕێک، ڕقێک بوونی ھەیە لە نێوان بەرەی ئـەبوبەکر ( سونە) و عەلی(شیعە)دا، ئـەگەر ئـەم دوو بەرەیە لە سەرەتادا سازشیان بۆیەک بکردایە ، نە ئـەو ھەموو کوشتارە دەبوو بەمێژووی ئـەم دینە و ھەروەھا ئـاینەکەش بۆ ئـەمڕۆ ئـاراستەیەکی تری لە دونیادا وەردەگرت، دیارە ئـەمە بۆ ئـاینی مەسیحیش ڕاستە. لێرەدا بە وورژاندنی ئـەم نموونە دیرۆکیە بە مەبەست بۆ داھاتووی خەڵکی کوردستان ھێنامەوە، ھەر بۆیە پەرت بوونی خەڵک بۆ گشت پرسی دەیان جار زیاتر لە شەڕی ناخۆی ھێزە سیاسیەکان بە نەرێنی دەشکێتەوە و دەبێتە سەرەتایەکی درێژخایەن لە جیاوازی نێوان تاکەکان ، لێرەدا دەسەڵات و ھێزە سیاسیەکان دەبێت بە عەقڵانی جوڵە بەم پرسە بکەن چونکە ئـەنجامەکەی جیا لەو ئـەگەرە چاوەڕوانکراوە کارەست بارانە ، دوودیدی جیاواز لە دونیابنی تاکی کوردا ئـەرسکێنن کە نەتیجەکەی ڕق گەشە دەکات ھەر یەک ئـاراستەیەک دەگرێت و تەنھا نەیارەکان لێی سومەند دەبن، لە کۆتاییدا سەرنجتان ڕادەکێشمەوە بۆ سەرتایی دەست پێکی باسەکە کاتێک ئـاین ڕێنمایی شێوازی ژیان دەکات لە کار و کردەوەکان بەڵام ئـامانجی سەرەکی داھاتووە ئـەبەدیەکەیە ، بۆ ئـێمەش ھەمان ھاوکێشەیە ئـەگەر ڕیفراندۆم بۆ دروست بوونی دەوڵەت بێت ، دەبێت خەڵک پێش چاوی ڕوون بێت لە دروست بوونی ئـەو دەوڵەتە بۆ ژیان دەبێت بەھەشتێک حزوری ھەبێت بۆخەڵک، بە پێچەوانەوە ئـازار بکێشم بە دەست ڕەقیبەوە تەنھا ئـازاری جەستەیە بەڵام ئـازاری دیکتاتۆری خۆماڵی بەدەر لە جەستە ڕوحییشە.




کۆمۆنیزم و سەربەخۆیی کوردستان …

سەربەخۆیی کوردستان مەسەلەیەکی تاکتیکیە بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە خوازیاری گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریە بە سیستەمێکی سۆشیالیستی. بەڵام لەهەر کۆمەڵگەیەکدا کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکی زیندووی چینی کرێکار و چەوساوەی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەیەوێ لەڕێگەی چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایتیەکانیەوە ئەم بەدیلەی کۆمۆنیستیەی خۆی بەرجەستەبکا و وەک ڕزگاریبەخشی نەک تەنیا چینی کرێکار بەڵکو سەرجەم کۆمەڵگە دەرکەوێ. لە کوردستانیش کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە بەشێوەی سیاسی و ڕیکخراوەیی و کۆمەڵایەتی خۆی نیشانداوە ، جا لەدەورانێکدا بزوتنەوەی شورایی ڕێکخستوە و لەدەورانیک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و لە سەردەمانێکدا ڕیکخراوەی جەماوەری و ناڕەزایەتیەکان بۆ خواستەکانی باشبژێوی و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و لە هەندێ کاتی تردا کاری لەسەر مەسەلەی ژنان و سێکولاریزم و رفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان کردوە. ئەم بزوتنەوە ناڕازیە کۆمۆنیستیە هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە ڕێی لێگیراوە و مۆڵەتی ڕەسمی کارکردنی پێ نەدراوە و هێرشی چەکداری کراوەتە سەر بنکەکانی و هتد..بەکورتی بەهێزبوبێ یا لاواز بوبێ هیچی لەو ڕاستیە نەگۆڕیوە کە بەشێک لە مێژووی نوێی کوردستانی پێکهێناوە.

لە ئێستادا کە کۆمەڵگەی کوردستان لەبەردەم هەلومەرجێکی ناجێگیری سیاسیە بەهۆی شکستی فیدرالیزمی قەومی و مەزهەبی عێراق و گۆڕانکارە ناوچەییەکان و دەوری ململانێی هێزە جیهانی و ناوچەییەکانەوە، مەسەلەی رفراندۆم و جیابونەوە لە عێراق هاتۆتە ئاراوە. هەڵویست گرتنی بزوتنەوە جیاوازە سیاسیەکان سەبارەت بەم مەسەلەیە ناکۆکی و دوبەرەیی دروستکردوە لەکوردستان و هەڵوێستی جیاوازی هێزە سیاسیەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهانیشی بەرانبەر دەربڕدراوە. لێرەدا گرنگە بەلامانەوە کە سەرنج بدەینە هەڵویستی کۆمۆنیستەکان و جیاوازیەکانیان سەبارەت بەم مەسەلەیە.
بەڕای من ئەوە ڕوداوە سیاسی و کۆمەڵاتیە گەورەکانن کە کۆمۆنیزم وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و حزبی بەرجەستە دەکا نەک نوسین و قاڵبی ڕێکخستن و ئایدیۆژیا، لەبەرئەوەی کۆمۆنیزم بزوتنەوەی زیندوی ئینسانەکانە کە دەیانەوێ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دابنێن و بەو ئاراستەی دەیانەوێ کۆمەڵگە بگۆڕن. هەربۆیە هەرچەند مەسەلەی رفراندۆم و سەربەخۆیی تاکتیکێکە بەڵام ڕوداو و پراتیکێکە کە شکڵ و شیوەی کۆمۆنیزم دیاریدەکا. هەرچۆن تاکتیکی دژی شەڕی یەکەمی جیهانی ئیمپریالیستی کۆمۆنیزمێکی جیاوازی لە کۆمۆنیزمی سوشیال دیموکراتی ئەنتەرناسیونالی دوەم دروستکرد. جیاوازی و ململانێکانی نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیش لەسەر تاکتیکی رفراندۆم و سەربەخۆیی کۆمۆنیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێنێتە مەیدان کە جیای دەکاتەوە لە کۆمۆنیزمی ناسیاسی و حاشیەیی.
ئێمە بۆ نیشاندانی ئەم جیاوازیانە دەبێ بچینە سەر مەسەلە سیاسیەکە کە رفراندۆم و سەربەخۆییە و جیاوازی هەڵویستە سیاسیەکان لەسەری.

سەربەخۆیی بۆ ڕێگاچارەیە؟

تێڕوانینی کۆمۆنیستی بۆ سەربەخۆیی کوردستان مەسەلەکانی ژیان و بەرژەوەندیەکانی خەلکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستان بە بنەمای هەڵوێستگیریەکەی داناوە. هەربۆیە سنوردیاریکردن و زەوی و سەرچاوە سروشتیەکان،وەک نەوت، زمان و کلتور و مێژوو هیچ کام لەمانە لای ئێمە بنەمای مانەوە یاخود جیابونەوەی خەڵک و کۆمەڵگەکان لە یەکتر دیاری ناکا. ئێمە دژی ناسیونالیستەکانین کە خەڵک بەپێی ئەم بنەمایانە لەیەکتر جیادەکەنەوە و سنورەکان پیرۆزدەکەن یان دروست دەکەن. بۆ ئێمە سنوری عێراق پیرۆز نیە هەروەک سنوری کوردستانیش پیرۆز نیە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ژیان و خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەمانەوە یان جیابونەوە لە عێراق باشتر و سەرکەوتوتر دەبێ. دیفاعکردن لە مانەوە لەعێراق بەهەر نرخێک کۆنەپەرستانەیە وەک سەربەخۆبون لە عێراق بە بیانوی ناسیونالیستانەی جیاوازی زمان و کلتور و مێژوو ڕەد دەکەینەوە. بۆ ئێمە بونی نەوت نابێتە هۆی جیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە عێراق. بۆ ئێمە بونی زمانی جیاواز و کلتوری جیاواز و مێژووی جیاواز نابنە هۆکاری جیاکردنەوەی خەڵک بەڵکو جیاکردنەوەی خەڵک لەسەر ئەم بنەمایانە دژی یەکسان بونی ئینسانەکانە و کۆنەپەرستانەیە.
هەربۆیە جیابونەوەی کوردستان لە عێراق لەسەر هیچ کام لەم بنەما ناسیونالیستیانە نیە. لەمەسەلەی کوردستانی عیراقدا بنەمای خواستی ئێمە بۆ جیابونەوە بونی کێشەی کوردە. کێشەیەکی چارەسەرنەکراو کە کاریگەری لەسەر ژیان و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و سەرجەم کۆمەڵگە داناوە و لە سەدەی ڕابردوەوە ڕوبەڕوی بێ مافی و کوشتار و نائارامی کردوە و لە ئێستاشدا لەسایەی فیدرالیزمی قەومی و مەزهەبی عێراقدا هەمان دژایەتی و ململانێ و نائارامی دروستکردوە. لە ٢٦ ساڵی ڕابردودا ئەم ڕێگاچارەیە دەیتوانی خەڵکی کوردستان لەو هەلومەرج و بارە گرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی دەربازبکا.
بەڵام مانەوە لەسایەی ئەم بەدیلە فیدرالیەدا ڕێگەی پێ نەدا و خەباتی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگە بۆ باشترکردنی گوزەران و ئازادیە سیاسیەکان لەبەرانبەر حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکاندا توشی ناکامی کرد. لە ئێستاشدا کە ئەم عێراقە فیدرالیە لەسایەی دەسەڵاتێکی شیعی عەرەبیدا بەڕیوە دەچێ هەمان سیاسەت و دەستور و مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا هەیە و فیدرالیزم ناوێکە بۆ حکومەتی عێراق کە پەردەپۆشی ئەم دەسەڵاتە مەرکەزیە عروبی و ئیسلامیەی پێ بکا.وە لەسایەی قوتبەندی ناوچەکەدا ئەم دەوڵەتە شیعە عەرەبیە خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی لە عێراقدا ئامادە دەکا و لە ئێستاشەوە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزدەکا ئەگەر کوردستان رفراندۆم بکا و بیەوێ جیابێتەوە لەژێرناوی دەرچون لە یاسا و دەستوری عێراقی. بۆ ناسیونالیزمی کوردیش فیدرالی تا ئێستا بیانویەک بوە کە دەستی چەوری خۆیان بەسەر بەغدادا پێ بسڕن و گەندەڵی و سەرکوتی خۆیانی پێ پاساو بدەن. ئەم فیدرالیزمە کۆمەڵگەی کوردستانی بەتەواوەتی لە عێراق جیاکردۆتەوە و هەردولا زەمینەی ئەوەیان هەیە کە هەر کاتێک شەڕوکێشە لەسەر نەوت و ناوچە و سنورو بودجە و هەر بیانویەک هەڵگیرسێنن. ئەمە ئەو کێشەیە کە لەم ١٤ ساڵی فیدرالیەدا ڕێگای خەباتی هاوبەشی نێوان کرێکاری کورد و عەرەبی نەهێشتۆتەوە لە عێراقدا و ژیانی هەردوولای خستۆتە گێژاو و مەترسیەوە. ئەمە پێویستی بەڕێگاچارەیە، کە ئەویش جیابونەوە لەم فیدرالیەتەی عێراق و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە لە کوردستان.

بەداخەوە هاوڕییانێکی کۆمۆنیست سەریان کردۆتە ناو لم و ئەم واقعیەتە تاڵە نابینن کە ٢٦ ساڵە و بگرە زیاد لە چەندین دەیەیە لە عێراق پێکهاتوە بەهۆی ناسیونالیزمی عەرەبی و کوردیەو سیاسەتی شۆڤینستانەی دەوڵەتەکانی عێراقەوە و پێیان وایە بە بانگەوازێکی ئەنتەرناسیونالی ئەم دۆخە دەگۆڕێ. بەبێ ئەوەی لەباری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە هیچ بزوتنەوەیەکی سەراسەری و ئۆرگانێکی سەراسەری چینی کرێکار لەعێراقدا لە ئارادابێ تا ئەم ڕێگایە لە ڕێگای شۆڕشێکی سەراسەریەوە چارەسەری فەوری بکا. سەرەڕای ئەمەش دژی جیابونەوەی کوردستانن لە عێراق وەک ئەوەی پاراستنی سنوری عێراق و مانەوەی کوردستان لە عێراقدا ئەرکێکی کۆمۆنیستی بێ و ئەوە بهێنێ کە خەڵکی کوردستان باجی مانەوە لەم فیدرالیەتە شکست خواردوەدا بدا و دانیشێت بەدیار بەهێزبونەوەی دەوڵەتی شیعەی قەومی عەرەبی ئێستاوە. وەنابێ کۆتایی بهێنرێ بە ڕۆچونی ئەم ململانێیەی فیدرالیەی ئێستای هەولێر و بەغداد بۆ شەڕ و پێکدادان. تەنانەت پێیان وایە کە سەربەخۆیی کوردستان کاریگەری خراپی لەسەر خەباتی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری کوردستان و عێراق هەیە و هەربۆیە دەبێ دژی سەربەخۆیی کوردستان بین.

لەکاتێکدا کاتێک کرێکاری کورد و خەڵکی کوردستان کێشەی کورد و دەوڵەتی عێراقیان نەما، کە فشار و هەڕەشە بێ لەسەریان و کێشەی فیدرالی نەما کە ناسیونالیزمی کورد پاساوی گەندەڵی پێ بکا و پەردەپۆشی چەوسانەوەی خۆماڵی پێ بکا، ئەوکات خەباتی ئەنتەرناسیونالی دەچێتە جێگای ناکۆکی قەومی ئێستا. بۆچی خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی هێنراوەتە ئاستی پیرۆزڕاگرتنی مانەوە لە چوارچیوەی دەوڵەتی قەومی عەرەبی ئیسلامی شیعەی عێراقدا و جیابونەوەی کرێکار و کۆمەڵگەی کوردستان لە عێراق بوەتە ناسیونالیستی؟ ئەمە ناسیونالیزمی عێراقیە یان ئەنتەرناسیونالیزمە؟ بۆچی بە پشتیوانیکردن لە مافی خەڵکی کوردستان لە رفراندۆم و سەربەخۆیی ئێمە دەکات بە پارتی و ناسیونالیست ؟ ئەوەی داوای جیابونەوە لە عێراقێکی فیدرالی قەومی عەرەبی و ئیسلامی شیعە بکات وداوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکات نابێت بە ناسیونالیست. هەروەها هەموو ناسیونالیستێکیش داوای دەوڵەت ناکا ، هەروەک حزبە ناسیونالیستەکان،یەکێتی و پارتی ٢٦ ساڵە فیدرالی قەومیان هەڵبژاردوە و دەوڵەتیان نەویستوە. ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە داوای سەربەخۆیی و دەوڵەتمان کردوە لەبەرئەوەی ئەمە بە ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستان دەزانین و ئەوە بەعەمەلیش سەلما کە ڕێگاچارەی فیدرالی قەومی حزبە ناسیونالیستەکان شکستی هێناوە و ئێستا ئەوانیش داوای سەربەخۆیی دەکەن لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی خۆیانەوە. ئەو پێنج ملیۆن ئینسانەی لە کوردستاندا زۆربەی خواستی سەربەخۆیی هەیە هەموو ناسیونالیست نین، بەڵکو خەڵکی ناسیونالیست ، کۆمۆنیست ، ئیسلامی، لیبرال وئازادیخوازی تێدایە. سەربەخۆیی ئایدیۆلۆژی نیە ڕێگاچارەی سیاسیە. کاتێک خەڵک دەگاتە ئەو باوەڕەی ئەم ڕێگاچارەیە دروستە ئەوە هەڵدەبژێرێ و هەربۆیە سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ موڵک و تاپۆی ناسیونالیستەکان نیە هەرچۆن موڵک تاپۆی کۆمۆنیست و ئیسلامی و لیبراڵ و هیچ ئایدیۆلۆژیەک نیە. ئاشکرایە هەر بزوتنەوەیەک بەرژەوەندی خۆی لەم ڕێگاچارەیەدا هەیە بەڵام هیچ کام لەم بزوتنەوانە بە هۆی ئەم ڕێگاچارە و تاکتیکەوە پێناسە ناکرێن و کۆمۆنیستەکان نابنە پارتی و پارتیەکانیش لە سەرکوتگەرەوە نابنە شۆڕشگێڕ.

ئەوەی لە لێکدانەوە و پراتیکی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزمی ناسیاسی و پاسیڤیست ونە و جێگای نیە، ئەوەیە کە ئێستا خەڵکی کرێکار و کۆمەڵگەی کوردستان بۆچی پێویستی بە سەربەخۆییە؟ ئەوان تەنیا کۆمۆنیزم لە ڕووی نوسینەوە دەزانن و کۆمۆنیزم بۆ ئەوان کۆمەڵێک حوکم و یاسایە کە دەبێ واقیع ملکەچی بێ. کۆمۆنیزم وەڵامی ڕزگاری کرێکار و کۆمەڵگە نیە لە کێشەکانی. هەربۆیە کێشەکانی نابینن و چارەسەریان پێ نیە. ئەوەندە دەزانن کە سەربەخۆیی و دەوڵەت ناسیونالسیتی و کاری بورژوازیە و پرۆلیتاریا کاری شۆڕش و ڕوخانی دەوڵەتە. بێگومان ئەمە کەمی زانیاری نیە بەڵکو نەبونی پەیوەندیە لەنێوان ئەم تیۆریانە و بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەباتی سیاسی و ئابوری ئەم چینەدا. هەربۆیە لە کوردستان کە ٢٦ ساڵە لە هەڵواسراوی سیاسی و نەبونی هیچ دەوڵەت و شەرعیەتێکی نێودەوڵەتیدایە و بەم پێیەش ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەبەریەک هەڵوەشاوە و هیچ چوارچیوەیەکی یاسایی و سیستەمێکی دەولەتی نیە کە خەبات لەدژی دەسەڵاتی حزبەکان بچێتە پێش ئەوان بە کێشەی نازانن و ناکامی هەموو ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕیکخراوبونانە بە ئاکامی ئەم هەلومەرج و کێشەی نەبونی دەوڵەتە نازانن و کاریان تەنیا وتنەوەی شیعاری ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە و زۆرتریش لە ئێستادا ئەنتی پارتی بون بوەتە سیاسەت و ناسنامەی سیاسیان.

ناسنامەی ئەنتی پارتی

بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وەک بەشێک لە بزوتنەوەی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز لە کوردستاندا هەمیشە دژی دەسەڵاتی پارتی و سیاسەتەکانی و کردەوەکانی بوە. بەڵام ئەنتی پارتی بون خەسڵەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی نەبوە چونکە ناسنامەی ئەنتی پارتی بون دەتوانێ بتکاتە یەکێتی یان گۆڕان یان ئیسلامی. ئێمە ئەنتی دەسەلات بوین و بەم پییە ئەنتی پارتی و یەکێتی بوین نەک تەنیا ئەنتی پارتی یان ئەنتی یەکێتی. بەشێک لەو هاوڕێیانەی لەدژی ئەم رفراندۆمە لە ڕوانگەی ئەنتی پارتی بونەوە هەڵوێستیان گرتوە تەنیا لەوەدا نەماونەتەوە کە بچنە ژێر چەتری ئەنتی پارتی بونی گۆڕان بەڵکو دژایەتی رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیشیان کردوە. گۆڕان ئاشکرایە کە دەستی باڵای هەیە لە دروستکردنی ئەم جەوە ئەنتی پارتیەدا تاکو پارتی ناچاربکا پۆستەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە و مانەوەی لەدەسەڵاتدا مسۆگەر بکا. هەروەک لە ١٧ شوباتدا ڕێگەی بە ئەنجومەنی سەرای ئازادی نەدا کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی بەرهەم ساڵح بکا تاکو گۆڕان بەرهەمی ١٧ شوبات بکاتە کارتی فشار لە مفاوەزات و وەرگرتنی پۆستەکانیدا و دواتر ئەنتی پارتیەکەی کرد دیاری بەناوی “ئارامی بۆ ماوەی ٤ ساڵ”. لە ئیستاشدا دەیانەوێ ناڕەزایەتی خەڵک دژی پارتی بەبارمتە بگرن و خەڵک دژی رفراندۆم هانبدەن و داوای دواخستنی دەکەن تاکو بەشیان لەدەسەڵاتدا مسۆگەر دەکەن و دواتر دێنەپای قبوڵکردنی رفراندۆم.
ئەنتی پارتی بونی هاوڕییانێکی کۆمۆنیست بێگومان بۆ وەرگرتنی پلەوپۆست نیە.بەڵام هەڵوێستێکی ناسیاسیە لەوبارەوە کە دنیا و سیاسەت بە پێی پارتی بون و ئەنتی پارتی بون دابەش دەکا و هەر شتێک و رفراندۆمی ئێستاش هەر لەبەرئەوەی پارتی پێشنیاری دەکا ڕەتی دەکاتەوە. لەکاتێکدا تاڵەبانی کە لەژێر فشاری ناڕەزایەتی دژی ژنکوژیدا ڕایگەیاند کە کوشتنی شەرەف لە یاسای باری کەسێتی لادەبەن هیچ کام لەم هاوڕێیانە دژی نەبو و نەکراین بە یەکێتی. پەیەدە یاسای جزیرەی بە قازانجی ژنان گۆڕی بە پشتیوانیکردنی نەبوین بە پەیەدە. ئەم هاوڕێیانە خۆیان هیچ بەدیلێک بۆ رفراندۆم ناخەنە بەردەم کە ئایا بۆ چ کاتێک دوابخرێ و مەرجەکانی رفراندۆم چیە؟ هەربۆیە ئەم هاوڕێیانە بەم هەڵوێستە ئەنتی پارتیەیان زیاتر چونەتە ئەو بەرەیەوە کە “نا”ی “گەورە” بە رفراندۆم دەڵێن و ڕەفزی دەکەنەوە. بەمەش ناسیاسی بون و پاسیڤ بونی بۆچون و هەڵویستەکەیان دەسەلمێنن و پێیان وایە کە کرێکار و کۆمەڵگەی کوردستان رفراندۆم مەسەلەی نیە و تەنیا پارتی خاوەنی رفراندۆم و سەربەخۆییە. بەڵام بابزانین بەڵگەکانیان چیە؟
رفراندۆم بە قازانجی پارتیە!

سەرەتا دەڵێن ئەمە سیاسەتی پارتیە و هەربۆیە پارتی بە قازانجی خۆی هێناویەتی و بۆ سەربەخۆیی نیە و دەیەوێ کێشەی ناوخۆ و ناڕەزایەتی پێ کپ بکاتەوە.
ئێمە دەڵێین باشە پێشتر رفراندۆم سیاسەت و ڕێگایەک بوە کۆمۆنیستەکان خستویانەتەڕوو تاکو ڕیگا چارەی جیابونەوەی پێ جێبەجێ بکرێ و لەناو کۆمۆنیستەکاندا دژایەتی نەکراوە. دواتر بزوتنەوەی رفراندۆم بە شیوەیەکی نافەرمی ئەنجامی دا و کۆمۆنیستەکان دژی نەبون. لە ئێستاشدا پارتی و یەکێتی وەک دەسەڵات بوەتە سیاسەتیان، ئەمە چی لەوە دەگۆڕێ کە رفراندۆم ئامڕازێکی گونجاوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی کوردستان؟ ئایا هەمان رفراندۆم نیە و هەمان پرسکردن بە خەڵکی کوردستان نیە کە ئایا دەیانەوێ سەربەخۆبن یان نا؟ ئایا دەکرا لە ١٩٩٥ کە کۆمۆنیستەکان پێشنیاریان کرد خەڵکانی یەکێتی و پارتی و ئیسلامی بڵێن لەبەرئەوەی پێشنیاری کۆمۆنیستە قبوڵمان نیە و ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێ؟ نەخێر، ئەم حزبانە گوێیان لە داوای رفراندۆم نەگرت چونکە فیدرالی لە قازانجیان بوو. ئێستا رفراندۆم بە قازانج دەزانن بۆیە دەیانەوێ بەرپای بکەن، بەڵام ئەمە لە رفراندۆم ناگۆڕێ چونکە بڕیارە خەڵک لەو رفراندۆمەدا وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە سەربەخۆیی. ئەگەر پێمان وایە سەربەخۆیی لە قازانجی خەڵکی کوردستانە و خواستی ئەم خەڵکەیە کەواتە ئەم رفراندۆمە پیویستە و لە قازانجی خەڵکە ئەنجام بدرێ. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە کە رفراندۆم بڕیاری خەڵک لەسەر چارەنوسی کوردستان دیاری دەکا و لە قازانجی خەڵکە هەڵوێست لەسەر ئەم رفراندۆمە دەگرین نەک لەسەر ئەوەی ئایا بە قازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکانە یان نا؟ هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە نیە کە ئەگەر رفراندۆم بەقازانجی دەسەڵات بوو ئێمە دژی بین، چونکە ئەم هەڵوێستە بێ ئەملاولا دژایەتی رفراندۆم دژایەتی قازانج و بەرژەوەندی خەڵکیشە. لەو وڵاتانەدا کە ئەم رفراندۆمانە کراون پیوەرەکە ئەوەنەبوە کە ئایا ئەمە ئەگەر بەقازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکان بێ ئێمە دژی دەبین بەڵکو پیوەرەکە ئەوەبوە ئایا کێشەی خەڵک چارەسەر دەکا و لەبەرژەوەندی ئەوانە یان نا؟ پێم وانیە لەهیچ کام لەو شوێنانەی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کراوە دژی بەرژوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکان بوبێت،بەڵام لەهەمان کاتدا کۆمۆنیستەکان پشتیوانیان کردوە چونکە کێشەکە لە ڕیگەی رفراندۆمەوە چارەسەر بکرێ بەقازانجی خەڵکە وەک لەڕیگەی شەڕو نائارمیەوە.
رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نیە !

لەوەڵامی ئەوەی دەڵێن بۆ سەربەخۆیی نیە . کەمتر کۆمۆنیستەکان ئەم ڕەخنەیە دەگرن چونکە ئەو جۆرە کۆمۆنیستانەی لە ڕوانگەی ئەنتی پارتی بونەوە ڕەخنە دەگرن دەیانەوێ ڕادیکاڵتر خۆیان نیشان بدەن و هەربۆیە سەربەخۆیی ڕەت دەکەنەوە. وەڵامی ئەم جۆرە ڕەخنەیەی گومانی لە هۆی ئە م رفراندۆمە هەیە وەڵامێکی عەمەلیە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ فشاری جەماوەری دروستکرێ لەسەر دەسەڵات کە ئەنجامی رفراندۆمەکە جێ بەجێ بکا. هەربۆیە چارەسەر ئەوەنیە کە رفراندۆمەکە نەکرێ. چونکە وتنەوەی هەرئەوەی گومانمان هەیە خۆسپاردنە بە نادیار. دەبێ بڵێی چۆن ئەم گومانە دەڕەوێتەوە کە دەسەلات یاری بە ئەنجامی رفراندۆمەکە نەکات؟
ئێمە دەڵیین مەرجی ئێمە بۆ رفراندۆم ئەوەیە کە خەڵک ئازادانە دەنگ بدا و بەشداری بکا. ئەگەر خەڵک نەتیوانی ئازادانە بەشداری رفراندۆم بکا و فشار و ڕیگری لەسەر بوو بۆ بەشداری ئەوکات هەڵوێستی ئێمە ڕەتکردنەوەی ئەو رفراندۆمە دەبێ. بەڵام ئەگەر زۆربەی خەڵکی کوردستان بەشداری ئەم رفراندۆمەی کرد ئەوا لەلای ئێمە پەسەندکراوە و پیویستە لە ڕیگەی فشاری جەماوەریەوە هەموو لایەک ناچاربکرێن، دەسەڵات لە کوردستان و حکومەتی عێراق و دەوڵەتان دانبنێن بە ئەنجامەکەیدا و جێبەجێ بکرێ.
ئێمە لە ئێستاوە هەوڵدەدەین کە نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەشداری بکەن و سەرپەرشتی بکەن وئەمە دەتوانێ فشار لەسەر پارتی و یەکیتی دادەنێین کە ئەنجامی رفراندۆمەکە جێبەجێ بکەن. فشار بۆ ئەو نێوەندە نیودەوڵەتیانە گرنگە بەڵام ئاشکرایە کە ئەمە کارێکی ئاسان نیە و بەرژەوەندی وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش و یەکیتی ئەوروپا لە بەڕەسمی ناسینی مافی رفراندۆم و سەربەخۆییدا نیە و ئەوان بەئاشکرا ئەمەیان ڕاگەیاندوە. هەربۆیە لای ئێمە ئەوە مەرجێک نیە بۆ ئەوەی رفراندۆم ئەنجام بدرێ یاخود رفراندۆم پەسەند بکەین. پێمان وایە کە خەڵکی کوردستان دەبێ ئەم خواستەی سەربەخۆیی و مافی رفراندۆمی بکاتە ئەمری واقیع و فشار بۆکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنن کە بیسەلمێنن.

رفراندۆم بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانە

باسێکی تری هاوڕییان ئەوەیە کە رفراندۆم بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانە. ئاشکرایە کە دەسەڵات هەمیشە دەیەوێ ناڕەزایەتیەکان کپ بکاتەوە و لەم مەسەلەیەی رفراندۆم و سەربەخۆییەشدا هەمان پروپاگەندەی فریودان بەکاردەهێنێ و دەڵێ کە هەموو شت بکەینە قوربانی ئایندە و ئەمە یاریەکە تایبەت نیە بە رفراندۆم. خەڵک ناڕەزایەتیەکانیان بەرامبەر بەدەسەڵات نابێت دوابخەن و پەکبخەن و بکەونە دوای ئەم فریودانە ناسیونالیستیانەوە. بەڵام بۆ دەبێ پێمان وابێ درێژەدانی بڕیاری فیدرالی حزبە دەسەڵاتدارەکان ناڕەزایەتیەکان ناکام ناکاتەوە و ئایا ئەم ٢٦ ساڵە ئەم ناڕەزایەتیانە بەهۆی رفراندۆمەوە کپکراونەتەوە یاخود بەهۆی مانەوەی فیدرالیەتی دەسەڵاتەوە. بۆچی ئەگەر ئەم فیدرالیە بگۆڕێ بە بڕیاردانی خەڵک لە رفراندۆمێکدا دەنگی ناڕازی خەڵک کپ دەبێتەوە؟ ئایا ناتوانێ ئەم حسابکردنە بۆ دەنگی خەلک بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی بگۆڕین بە بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵک بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی ئابوری و ئیداری کوردستانیشدا. بێگومان ئەمەیان بەرفراندۆم ناکرێ بەڵام ئەگەر کۆمۆنیستەکان لەم پرۆسەی رفراندۆمەدا هانی خەڵک بدەن کە نەک بەتەنیا ڕۆژی دەنگدان بچن دەنگێک بدەن و دواتر بچنە ماڵەکانی خۆیان بەڵکو لەهەموو ئەم جەدەل و کۆڕو کۆبونەوە سیاسی و جەماوەریانەی ئێستا چالاکانە بەشداربن بۆ پیداگری لەسەر پیویستی دەوری خەلک لە سەرپەرشتی رفراندۆم و جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی و فشارهێنان بۆ دەسەڵاتداران و ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی عێراق ودەوڵەتانی درواسێ و فشارهێنان بۆ کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ئەوکات خەڵک نەک دنگی ناڕەزایەتیەکانی کپ نابێ بەڵکو لە جێگەیەکی بەهێزتردا دەبن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بۆ سەرجەم داخوازیە ئابوری و سیاسیەکانی تریشیان. ئەمە سیاسەتی کۆمۆنیستی و جیاوازی لە هەڵوێستی پاسیڤیستی رەتکردنەوەی رفراندۆمە بەناوی ئەوەی دەسەڵات بە رفراندۆم ناڕەزایەتیەکان کپ دەکاتەوە. ئەمە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە کە لە ڕوداو و ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا کرێکار و خەڵک بهێننە مەیدان و بیکەنە هێزی فشار بەسەر دەسەڵاتەوە.

دەوڵەتی پارتی

لە کۆتاییدا ئەم هاوڕێیانە دەڵێن ئێوە بەرپرسن لەوەی کە پارتی دەکەن بە دەوڵەت و جیاوازی ئەم دەوڵەتەی پارتی چیە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستایدا؟
سەیر لەوەدایە کە ٢٦ ساڵە پارتی دەسەڵاتە لای ئەمان کێشە نیە و جێگای پرسیار نیە بەڵام کە بو بەدەوڵەت کێشەیە و جێگای هەڵوێستە! جیاوزای چی یە کە پارتی کە ٢٦ ساڵە بەبێ دەوڵەت حوکمڕانی دەکا لەگەڵ ئەوەی دوای رفراندۆم بەناوی دەوڵەتەوە حوکمڕانی بکا؟ ئایا هەمان پارتی نیە. بۆچی مانەوەی پارتی وەک ئێستا مەقبولترە و دوای رفراندۆم و بونە دەوڵەت نامەقبولە؟ ئایا ئەوەی ٢٦ساڵە پارتی لەدەسەڵاتدایە خەتای کێیە؟ ئایا ئێمەی کۆمۆنیستەکان یان خەتای رفراندۆم بوە؟ ئایا پارتی ئەگەر رفراندۆم نەکا و دەولەت دروست نەکا دەڕوخێ؟ ئەگەر وایە بۆ ٢٦ ساڵە نە رفراندۆمی کردوە و نەدەوڵەتی دروستکردوە نەڕوخاوە؟

بەلای ئێمەوە ئەگەر پارتیش ببێ بە حزبی دەسەڵاتدار لە دەوڵەتی سەربەخۆدا جیاوازیەکەی ئەوەیە کە ئیتر ئەوە دەوڵەتێکی ڕەسمیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و پەیوەندی سیاسی و بازرگانی و دیبلۆماسی و هەمو بوارەکانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە هەیە و وەک بەشێک لە سیستەمی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک یاسا و فشاری لەسەرە کە چیتر ناتوانێ وەک سیستەمێکی میلیشیایی دو حزبی چەکدار کە هیچ یاسا و ڕیسایەکی ڕەسمی و نێودەوڵەتی نیە و هیچ دامودەزگایەکی ئیعتباری نیە بمێنێتەوە و ناچارە وەک بەشێک لە سیستەمی جیهانی ئەمڕۆ کاروباری دەوڵەت و دامودەزگا و یاسا و ژیانی سیاسی و ئابوری و خوێندن و بوارەکانی تری ڕێک بخا. مافی هاوڵاتی بون و ململانێی سیاسی و سیستەمی سیاسی و ئیداری دەوڵەتی دەبێ و لەم قاڵبەی حزبی چەکدار و یاسای بەڕیوەبردنی عەشیرەتی و بنەماڵەییە دەرچێ. هاوکات دەوڵەت کێشەی کورد و ململانێی فیدرالی قەومی و هەڕەشەی دەوڵەتانی ناوچەکە لە کۆڵ خەلکی کوردستان دەکاتەوە و مافی حوکمڕانی و سنورەکانی پاریزراوتر دەبن و دەتوانێ پەنا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان ببات لە کێشەکانیدا و حسابی پاشکۆی بەغدادی بۆ ناکرێ و چارەنوسی نادرێتە دەست ئەم حکومەتە شۆڤینستانە. ئەمانە ئەو زەمینە و مافانەن کە دەوڵەتی سەربەخۆ فەراهەمی دەکا کە لە بەرژەوەندی ژیان و خەباتی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندایە و فشار دەبێ لەسەر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی کە لەسایەی بێ دەوڵەتی و فیدرالی قەومیدا ٢٦ ساڵە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و سەرکوتگەریان بەسەر خەڵکی کوردستاندا راگرتوە. کاری ئێمەیە کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەو دەوڵەتە و دەستورەکەیدا نەهێڵین. ئەمە پەیوەستە بەو خەباتی چینایەتی و ڕێکخراوبون کە دەولەت چوارچیوەیەکی لەبارترە و بەراورد ناکرێ بە سیستەمی حزبی چەکداری عەشیرەتی بێ دەوڵەتی.

دژایەتی رفراندۆم و سەربەخۆیی خزمەت بە چی دەکا؟

هەڵوێستی دژایەتی رفراندۆم و سەربەخۆیی ئەگەر لە ڕوکەشدا دژی پارتی و دەسەڵات بێ بەڵام لەڕاستیدا دژی بەرژەوەندی و مافی خەلکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستانە وکۆنەپەرستانەیە. لەبەرئەوەی لەلایەک کوردستان وەک پاشکۆی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی و حکومەتێکی شیعەی ئیسلامی سەر بەئێران دەهێڵێتەوە، کە دژی مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانە و وەک هاوڵاتی پلەدوو مامەڵەی خەڵکی غەیرە عەرەب و ناموسڵمان دەکا و هەرکات هێزی هەبێ هەمان کارەساتەکانی ڕژێمە شۆڤینستیەکانی پێشوو و هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێنێت. لەلایەکی تریشەوە ، کۆنەپەرستانەیە چونکە درێژە بە فیدرالیزمی قەومی شکستخواردوو دەدا کە هەمیشە خەڵکی کوردستان دەبێتە قوربانی شەڕی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بودجە و نەوت و سنور و هتد و هاوکات لەسایەی ئەم بێ دەوڵەتیەی کوردستاندا هەمان سیستەمی میلیشیایی و گەندەڵی ئێستا دەهێلێتەوە. هەربۆیە هیچ گۆڕانکاری و بەرەوپێشەوە چونێک لە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بەدی نایەت و بەڵکو وەک تەجروبەی ئەم ٢٦ ساڵە درێژەدانی ئەم وەزعە تەنیا بەرەودوا گەڕانەوە و ناکامکردنەوەی خەباتی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بۆ باشتربونی ژیان و ئازادیەکانی بەدوادوە دەبێ.

کۆمۆنیستەکان دەبێ ڕێگە بە کلتوری تەخوین نەدەن

بێگومان مەسەلەی رفراندۆم و سەربەخۆیی مەسەلەیەکی ئاڵۆزکاوە لەگەڵ ناڕەزایەتی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و بنەماڵەیی پارتی و هاوکات گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەم ناڕەزایەتیەیان کردوتە بارمتەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و مسۆگەرکردنی بەشە دەسەلاتیان، هەربۆیە جەوێکی بەرانبەرکێی توند و جەمسەرگیری حزبی دروست کردوە. ئێمە پێویستە ڕێگە لەم یاری حزبەکان بە رفراندۆم و سەربەخۆییە بگرین و ڕێگە نەدەین بکرێتە قوربانی کێشەی حزبەکان لەسەر دەسەڵات. پێویستە ئەم پرۆسەیە بگۆڕین بە پرۆسەیەکی سیاسی لەرێگای بەشداری پێکردنی خەڵک لە دایەلۆگ و هەنگاوە عەمەلیەکانی رفراندۆمەکەدا. ڕەخنە لە کلتوری حزبە چەکدارەکان لە ململانێی سیاسیدا و نیشانیدانی کلتورێکی مۆدێرنی حزبە شاریەکان خزمەت بە سیاسی بونەوەی خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز دەکا لەم پرۆسەیەدا و بردنە سەرەوەی چاوەڕوانیەکانیان . دورخستنەوەی جەوی تەنگەنەفەسی تەخوینکردن یارمەتی ئەوە دەدا کە جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز ئومێد بە ئایندە و هەوڵەکانیان پەیدا بکەن و پلاتفۆرمی مافەکانیان بێننە مەیدان و مۆری خۆیان لەم پرۆسەیە و دەوڵەتی سەربەخۆ بدەن. دەبی ڕێگە بە خەڵک لەهەردوو بەرەی “بەڵێ” و “نەخێر” بدرێ یەکسان قسەکانیان بکەن و ئەگەر خەڵک پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەی خۆئامادەکردنە بۆ رفراندۆم ئەم خواستە بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنن. بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی هەرێمدا پیویستە دڵنیابین لەوەی کە ئازادی هەموو ئەو کەسانەی لەو شارو شارۆچکەیانەندا دەژین بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی لەزمان و ڕەگەز و ناوچەیان دابینکراوە و دۆخێکی ئارام و ئازاد هەیە بۆ هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچانە کە بەشداری رفراندۆم بکەن.

ئاسۆکمال ٦ ئۆگەستی ٢٠١٧




غە ریب …. فروغی فروغ زاد


مانیفێستی ژنان
مانفێستی پیاوان

لێدوان و گۆڕینی / ئارا بەرزان
٧ ی ٢٠١٧

ئە م شیعرە ی فروغی فروغ زاد ، دەکرێ وەک مانیفێستی عاشقانە چاوی لێبکەین ، کە دووشت رەتدەکاتەوە، هەم بە کرێکاربونی ژن وەک بەرهەمهێنی مناڵ ، هە م بە کرێکاربونی ژن وەک بە رهەمێنەری شەهوەت .
مانیفێستی ئینسان گە لێک تە نها عشقی ( کە سایە تی ) یەکدی لێرەدا بەژمارەبێ . تا بەوە دەگا ئیتر خەڵکی بە یەک نەڵێن دەزگیرانی ئەو ناشرینە .
یان دەزگیرانەکە ی بە کەڵک نایەو ( مناڵی ) نابێ .
بە ڵکو بەیەک بڵێن ( ئەرێ دەزگیرانی هەموو کە سێک لە چاوی یە کتریدا جوانن ، جووانیەک لە کە سایەتیەک کە من دەمه‌وێ .
جووانیەک (کەسایە تی) یە کتر بەبنەما بگرن و تەواوی شتەکانی دونیا لە پیناوی ئەوەدا بێ .
فروغ ئەمەی دەویست بەڵام پیاوانێک نەبوو ئاوڕلە گۆرانیەکەی بداتەوە، دەئەی ژنانی وڵاتەکەم مەبن بە گیتاری دەستی پیاوان کارێکی وابکەن ئاوڕ لە گۆرانیەکانتان بدەنەوە گەر بەرچاو تە نگی پارە و میرات لێبگەرێ .

غەریب

ئە وە جارێکی تر ،
دڵم کە وتە بەر پێم
ئەوە جارێکی تر ،
چاوێکی دی ڕوانی لە ڕووم
ئەوە جارێکی تر
عیشقی من ،
لە ململانێ و جەنگێکدا ، وەسەرکەوت بە سەر
دڵیکی ساردا
ئەوە جارێکی تر ، تینویە ک تێر بوو
لە کانیاوی لێوەکانی من ،
ئەوە لە جێگایە کدا ،
ڕێبوارێک لە نێو ئامیزمدا خەوت ،
لە خەو دا ما
بە نازێکەوە ، چاوە کانی لە چاوە کانم ،
یە کانگیر بوو وە خۆشم تێناگە م
دەبێ سۆراخی چی بم و لە چی بەگە رێم
لە ناویدا
من عاشقێکی شێتم دەوێ
واوەتر چێ لە لە موڵک و ماڵ و
جێگا
ئەو شەرابی ماچی لێوە کانمی دەوێ
ئاه ، نازانم چی بکەم ، لە دڵی پڕ لە هیوای خۆم
ئەو لە شه هوەتێک ،
بیر دەکاتەوە ، و بێئاگایە ،
لەوەی ئە من بە شۆێن لە زەتێکی
ئە بە دیم
من پاکی و بێگەردی و ،
خۆشی عیشقێکم لە و دەوێ
هە تا بکرێ گیانمی بە قوربان کە م
جە خار ئەو لاشەیە کی ئاڵۆشاوی لە من دەوێ
تا تێیدا ئاوردا شڵە ژان و ،
‌هەڵچونە کانی
ئەو دەڵێ :
ئەی سنگی فێنک ،
ئە من شێتم
بە مە ستیەوە ڕیگام نیشان دە
وە منیش دەڵێم :
جێم بهێڵە ئە ی غەریب
ئەمن لە تۆ غەریبم
ئاه لە ودڵەی من ،
ئاه لە لێوانی پڕ هیوای من
شکا وردوخاش بوو لە دواجاردا
کە سێک نە بوو ، لە ڕازە کانی بگا
بوو بە گیتارێک بە دەست ،
هە موو ، غەریبێکەوە
بەڵام جەخار ، کە سێک نە بوو ئاوڕ
لە گۆرانیە کەی بداتەوە




دیدی من …. بێگەرد

هه ندێ دووچاری قورس هه رسکردن هاتوون!
کەچی من مناڵانە سەیریان ئەکەم!
بێ باکانە ئاواز ئەچڕم
پەپوولە ئاسا لە ڕووناکییەکان ئەچمەپێش
من هێندە بچووکم لەو سەر زەمینە
هه ست بە نامۆیی خۆم ئەکەم
وائەزانم زیندەوەرێکی ناشرینم
لەبەردەمی ئاوێنە تەڵخەکانیان دێم و دەچم

سەردانی قامیشە شکاوەکان ئەکەم ،لەچەمەکان
لەدارستان ،بە گەڵا وەریوەکان دایانئەپۆشم
شین و ڕۆڕۆو واوەیلایان ئەنووسمەوە
لەسەر کێلەکانیان
وێنەی تەور لەلای سەریان ئەنەخشێنم
لە پێینگان قامچی ستەم

مردن ڕۆژانە ئەیبینم خۆی نمایش ئەکا
لەدەستێکی ڵەتێ نانی سووتاو
لەدەستێکی شمشێرێکی سواو
لەدەستێکی پەتێکی جەللادو
دەستێکی پڕ لەپوولی دزراو
مەست بە شەڕابێکی سوور
بەپۆشاکێکی ڕانگاو ڕەنگ
لەسەر شۆستەو جادەکانی شار
بە پێش چاوم خۆی بادەدا
هه ندێ جاریش کە چاوەکانم
بێزیان نایێ لەتەماشای
وەکو پشیلەکەم لە دوورەوە بۆنی ئەکەم
سەرم ئێشێ گەر ڕانەکەم
گێم لە زیڕەی خشتەکانە
لە دیواری تەلارە بەرزەکان..
گڵۆپە بریقەدارەکانیان
بانگی گورگەکان ئەکەن
بۆ سەمای شەو

بەچاوی بازێکی بێچوو گوم بوو
هیلاک و مووشتاق لە ئاسمان ئەنۆڕم
ئەگەڕێم بەدوای ڕفێندراوەکان
لەناو چنگی داڵاشە دەمامکدارەکان
دوا وشەی مەرگ ئەنووسمەوە
مەرگ جارێک دێ و تەواودەبێ
لای من ئەمێنێتەوە
گوڵێکی سووری لەدەستە
بەڕۆژ ژاکاوو کزەو
بەشەو ئەگەشێتەوە
بێ دەنگیم!
زاووزێی داڵاشەکانە

پیستێ لە ئازارەکان کراوە بە بەرم
کفنێکی سوور دایپۆشیوم
دارەبازەکەم پڕە لە وشەی بێ مۆڵەت
وشەی نەنووسراو
لەسەر شانی چار دێر شیعرم بۆ گۆڕستان
باس لە بوون و ڕسکان ئەکەن
باس لە وشەی کڕوزان و ئاهو نزای
روو لە ئاسمان
من چاوەڕێی ئەو بادەیەم بیخۆمەوە
بۆ گەورە بوون
دەرچوون لەو قەبارە بچووکەم
بەرەو ژیانێکی نوێ
هه ستێکی ترم پێ ببەخشێ
چاوێکی باز پێی ببینم
بۆن لە عەتری ئەستێرەکان وەربگرم
ڕایەڵەی دەزووەکانم لە تریفەی مانگ بچنم
تاپەنجەکانم باران داکەن
بەسەر گەڵای گوێزو هه نجیر
بۆ تەونکردنی کرمە ئاوریشمییەکان
بە هه ناسەم بیانکەمە ساباتێ
لە هه ورێکی سپی سۆزدار
سێبەر بکا لەسایەییدا
جۆلانەیەک لەزەنگیانە
نەرم نەرم شەماڵ بیدا لەتافگەی پەڵکە زێڕینە
نێرو مێ یەک سەربووردەی ئاو بگێڕنەوە
من لەبیرمن
دڕکەکانی دوێنێ و پێرێی لەپام ڕاچوون
شوێنەکانیان ڕەش دەچنەوە
باسی جۆرەکانیان ئەکەن
پۆرگی برینەکانی جەستەم
نۆژەندەبن بە تەوژمی ئازارە تازەکان
وەک کانێوی بنارەکان
لەناکاوڕا گەرم ئەبن ئەتەقنەوە
دڵۆپە ڕەنگاو ڕەنگەکانیان
دەجریوێنن
باسی نازی عیشق ئەکەن
ناچار ئەبم ئاوازەکان
بەئاوی گوڵ بنووسمەوە
هه ندێ وشە سورمەدارەو
هه ندێ وشە بڵێسەیی
هه ندێ بە قامیش ئەنووسم
هه ندێ بە کڵچووك و
هه ندێکیش بە نووکی خەنجەرو چەقۆ
هه ندێ برینیش سڕکراون لەدەرەوەم
بەنەوایێکی سیحراوی
بۆیێ جار جار لە پایزو لەزستانە
لە بەهار لەپاش بارانە
ڕوودەکەمە دەرەوەی شار
لەشوێنی خۆڵ وخاشاك دەگەڕێم
سەیری ڕۆژنامە فڕیدراوەکان و
پەرتوکە بێ بەهاکان ئەکەم
وشە هه ڵکوڕوزاوەکانی خۆم نادۆزمەوە
ئازارە بۆیەکراوەکان ئاشکرائەکەم
لەناوتەمەکان بۆ تیشکی خۆر دائەنیشم
ڕووناهی یە سەڕابییەکان بەیان ئەکەم
داپۆشراوەکان بە خەتی پان
ئەسڕمەوە
من کە دەبینم
لە نێوانی هه ر دوو دەستێ
مەبەستێک لە سەرە پەنجەکان
نەخشی ئایندە دەکا
حەزوو ئارەزوێك شەپۆڵەکانی
بەقەد چیا بەرز ئەبێ
خەیاڵێک باڵدەگرێ و
ترپەی دڵەکان لەنزیکەوە نابیسترێ
ئارەزووە دوورەکان نزیک ئەکاتەوە
لە نێوانی هه ر دوو لێوێ
وشەیەک باسی تام و ئازادی ئەکا
لەنێو هه موو دڵۆپە شەونمێکی پڕشنگدار
نازی گوڵێکی بۆندار
بووڵبوڵێ باسی جوانی ئەکا
وشەکانی ئەنووسمەوە
کە شمشالێک بە فووی سووتانی
باس لە گەڵا ژەنگڵێدراوەکان ئەکا
باس لە هه نگاوی ئاگرینی
شێتانەی پایزو گوڕکانە دروستکراوەکانی
چەرخ ئاکا
پووش وپەڵاشە جێماوەکان ئەبینم
لەنەکاوڕا لە دۆڵی هاوارو ڕۆڕۆ
ئەبن بە هێزی نەبڕاوە
بە تەوژمی گڕو هه ناسە بڵێسە دارەکانیان
ئەبن بە گەردەڵووڵ و
هێرش دەکەنە سەر تەلارە بەرزەکانی شار
لەترسانە ڕوودەچن و
کەندەڵانێك باس لە بۆنی گووفەک ئەکا
من پەرتوکێکی ناو تەپ و تۆزاکانی
ئەو گێتە شێتەم
بۆیە جار جار شیعرەکانم وێڵ گەرد ئەبن
شار جێدێڵن
ئەوانەی دووچاری قورس هه رس کردن هاتوون
ڕاویان ئەکەن یان زیندە بەچاڵیان ئەکەن
یان وشەکانی لەژوور بۆ سەر
بەناو خۆیان ئەنووسنەوە
بە هه ورە ڕەشەکانیان، ئاسمان دائەپۆشن
بێ ڕەحمی لە چەهرەیان دەخوێنمەوە
ژەهر دائەکەن
بەسەر گوڵە سەوزەکانی بەهار
ناڕەونەوە
من بەتەنیا ناڵە ناڵم ،بۆ شیعرە وەک باخەوان
هه رکە هاوارم ئەنووسم،ئەبمە کێوی چراخان
بۆ سەلاوی بووڵبوڵانم،موشتاق نەغمەی تازەمە
بۆ نەسمی سروەی شەمسم،لەسەمان باڵای گوڵان
سەیری داری ڕوح گەڵاکەی چۆن وەریوە گیانەکەم
زەردو بێ هێزو مەلوولم ووشك بوو دوو چاوەکەم
بۆیە پێنووسم ئەنووسێ دەرد لە گێتی شێتەوە
تابمێنێ سۆزی شیعرم یار کەهات بیخوێنتەوە
کەی دێیتەوە؟
بەرهاتنت بۆنی مسکت سەلاو بکا
ئەستێرەی ڕۆژ ساقی مەی بێ
مانگ خەرمانەی باڵات بکا
لاشەی سووتاوم خۆڵە مێش
لە باوەشت خونچە دەرکا
پێنووس پڕ بێ لە بۆن عەترت
باسی ناڵەی هیجرت بکا
ئەو دەشتەی دڵ
پڕ بێ لەگوڵ
قامیشەکان نەوا بچڕن
مردوی هاوین بژیێنەوە
شەماڵ ئاوازی جۆشبدا
من و پێنووس گژو گیا
پێکڕا هه موو بکەین سەما

ناوی شەمسم دا بەکۆڵم ڕەفیقان دێوانەمە
پرسی ناوی ئەو دەکەم بێهۆش و وێرانەمە
لەنەسیمی سوبح ئەپرسم کوانێ بۆنی دوڵبەرم
شەرمەندە بەبێ وڵامە لەدەوری پەروانەمە
****
بێگەرد
١ی٨ی٢٠١٧




ریفراندۆم كارتی ده‌ستی هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ … عیماد عه‌لی

وائێستا و پاش راگه‌یاندنی بابه‌تی ریفراندۆم، هاوكیشه‌كان گۆران و دووبه‌ره‌ی جیاواز چوونه‌ سه‌ر به‌ره‌كانی تری به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك له‌ ململانێكانی كوردستاندا .
به‌ره‌ی پارتی بۆ خۆرزگاربون و بازدان به‌ سه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌ و قه‌یرانه‌كاندا، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پرۆسه‌ی ریفراندۆم جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر گه‌یشتن به‌ دوائامانجی گه‌لی كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م مه‌به‌ستی بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ به‌ڵكو بۆ زیاتر خۆقوتاركردنی حزبی و شه‌خسی له‌ شكست و ده‌ردانی قه‌یرانه‌كان و ئه‌و هه‌موو هه‌نگاوه‌ سیاسی و ئابووریه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی له‌م دوو ده‌یه‌دا ناویانه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ ماڵوێرانی كه‌وتۆته‌وه‌ .
له‌ به‌رامبه‌ردا، گۆران و هاوكوفه‌كانی وه‌ك به‌ره‌ی نه‌یار كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بێ ئه‌وه‌ی بۆ تاقه‌ سه‌عاتێكیش بوه‌ستن و دراسه‌تی ئه‌م هه‌نگاوه‌ بكه‌ن، نه‌یاریی خۆیان نیشان دا و، ته‌نها له‌روانگه‌ی ئه‌وه‌ی حزب و كه‌سه‌ نه‌یاره ركابه‌ره‌كه‌ ئه‌مه‌ی كردووه‌ و بۆ مه‌به‌ستی ته‌سكی حزبی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ناوه‌، هه‌ڵوێستیان ده‌ربری و به‌ هه‌لیان زانی كه‌ تۆڵه‌ی داخستنی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م پرۆسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌ بكه‌نه‌ ئامرازێكی ململانێ له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كه‌یان و وه‌ك كارتێكی فشار به‌كاری بێنن . له‌م نێوه‌نده‌شدا خه‌ڵكی مشه‌خۆری تری سیاسی و سه‌رمایه‌دار وبه‌ناو رۆسنبیری به‌ده‌ر له‌م دووبه‌ره‌یه‌ ده‌یانه‌وێت نان و پیاز به‌ خه‌ون و ئامانجه‌ گه‌وره‌كانی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ بخۆن .

لایه‌نی سێیه‌میش كه‌ له‌ یه‌كێتی دا خۆی ده‌نوێنێت، هه‌ڵوێسته‌كانیان واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئامانجیان زیاتركردنی جه‌ماوه‌ری و یاریكردنه‌ له‌و به‌ینه‌دا ئه‌گه‌ر زۆرجاریش نه‌رمه‌ هه‌ڵوێستێك له‌ قازانجی میله‌ته‌كه‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاویانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌چۆن بگه‌نه‌وه‌ پێگه‌ی جاریجارانیان و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوویان زیان نه‌كه‌ن و له‌م باره‌وه‌ ده‌ستیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا له‌ گرێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان ده‌رنه‌چوون، جگه‌ له‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانیان .
چه‌ند لایه‌نێكی بچوكی تریش كه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا خولده‌خۆن و مه‌به‌ستی ته‌سكی نێوخۆیی و حزبی خۆیان و له‌ بازنه‌ی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بچوكه‌كانیان نه‌بێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌كی تر ده‌رنه‌چون و له‌وه‌ زیاتر هیچیان پێناكرێت .
له‌م نێوه‌نده‌دا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌، كه‌ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا نه‌ دۆستێكی دڵسۆزی خاوه‌ن توانا و بریار و قورسایی، نه‌ وڵاتێكی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی، نه‌ خه‌ڵكێكی سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ و به‌ توانای دونیای سه‌رمایه‌داری و نه‌ هاورێیه‌كی دڵسۆز و به‌توانا و مه‌ردخاسمان هه‌یه‌ و، له‌ ئاستی ناوه‌وه‌ش نه‌ ده‌زگایه‌كی توێژینه‌وه‌ی باوه‌رپێكراو، نه‌ ده‌سته‌یه‌كی بێلایه‌نی خاوه‌ن بیروبۆچونی سه‌ربه‌خۆ، نه‌ مه‌رجه‌عێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و، نه‌ داداگایه‌كی بێلایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حه‌قانی و یاسابه‌ده‌ست و، نه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار و خاوه‌ن رای گشتی و فشاری راست، بوونی نیه‌ له‌م كوردستانه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی رایه‌كی دروست و هه‌ڵوێستێكی گونجاو ده‌ربرێت و هه‌مووان به‌ راستی بزانن و دوایبكه‌ون .

پاش ئه‌و هه‌موو قوربانی و خوێنرشتن و ماڵویرانیه‌ی گه‌لی كوردستان به‌درێژایی ده‌یان سالی خه‌بات و گیانفیدایی، وا ئێستا به‌داخه‌وه‌ پیرۆزترین ئامانجی كراوه‌ته‌ كارتێكی سیاسی نێوخۆیی له‌ ململانێی لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی كوردستاندا و هه‌ر یه‌كه‌ و بۆ مه‌به‌ستی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی و به‌كارهێنانی خودی پرۆسه‌كه‌ و ئامرازگه‌لێكی په‌یوه‌ند به‌و پرسه‌وه‌ ململانێ و كێبركێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانج و مه‌به‌ستی بچوكی حزبی ده‌كات و هه‌ر یه‌كه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌ربار و ملكه‌چی سیاسی و به‌ناو رۆشنبیری بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردووه‌ كه‌ ته‌نها له‌ روانگه‌ی ته‌سكی خۆیه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ و ئیدیعای راستی راوبۆچونی خۆی ده‌كات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ك هه‌ر هه‌ڵوێست و راوبۆچونی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناخوێنێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستانیشی به‌ ره‌هایی فه‌رامۆش كردووه‌ .

بۆیه‌، ده‌كرێت بڵێین، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ كتوپر بوو،له‌ده‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تاك حزبی و شه‌خسی و بۆ مه‌رامی به‌ده‌ر له‌ جه‌وهه‌رو ئامانجی خودی پرۆسه‌كه‌ نراوه‌ و، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌چێته‌ مه‌یدانی سه‌ركیشیه‌كی گه‌وره‌وه‌ و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كه‌ی گوماناوی و لێڵه‌، به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌و رێگریه‌ سه‌ره‌كیه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیانه‌، ئه‌نجامدانی له‌م كاته‌دا زۆر باشتره‌ له‌ دواخستنی و ده‌كرێت له‌و باوه‌ره‌دابین كه‌ ده‌ردانه‌كانی له‌ حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتن یان شكستدا له‌رۆژی تر كه‌متر بێت، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كانی زۆر به‌ وردی و دراسه‌ته‌وه‌ بنرێت .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ جیاتی دراسه‌ت و توێژینه‌وه‌ی وردی ئه‌م پرۆسه‌ زۆر چاره‌نوسساز و مێژوییه‌ بخوێنینه‌وه‌، پێشنیاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی جۆراوجۆری وا ده‌بیستین ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی خاوه‌ن پێگه‌ی نێو سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیرانی لایه‌نداری به‌ناو بێلایه‌نه‌وه‌ كه‌ كورتبینیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی پێوه‌ دیاره‌ و بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێمه‌ مێژوو دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خه‌ڵكێكی وا له‌نێو كایه‌ سیاسی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ماندا هه‌یه‌ كه‌ كتومت هه‌مان شێوه‌ی راوبۆچونی سه‌رده‌می ده‌قیانوسیان هه‌یه‌ .