مەرگی سەردەشت عوسمان، مردنێک لەپێناو ئایدیاکاندا … نەبەز سەمەد

یان پالاخ_فێرخوازی چیکی لە کانوونی دووەمی ١٩٦٩دا لەکاتی پرۆتێستکردنی داگیرکردنی وڵاتەکەیەوە لەلایەن یەکێتی سۆڤییەت، گڕی لە خۆی بەردا. مەشخەڵی ئاگرەکە تەنیا ئەو داناپۆشێ، بەڵکو بۆ هەمیشە ئەو لە بنەڕەتەوە لە سەرجەم کۆمەڵگەکەی جودادەکاتەوە. کاتێك پالاخ لە ژیاندا بوو، هێندە جێی بایەخ و گرنگی پێدان نەبوو، بەڵام پاش مەرگە ئاگرینەکەی، بۆ زۆر کەس پالاخ لە خوا-مرۆیەک کەمتر نەبوو، ئاخر ببوو بە بوونەوەری هێز، وزە و کاریگەری. بۆیە پالاخ لە پشتی گۆڕەکەیەوە شێوە بە مێژووی چیکۆسلۆڤاکیا دەدات.
سەردەشت عوسمان بەرلەوەی تیرۆر بکرێت، خوێندکارێکی بەشی ئینگلیزی بوو، جێگەی بایەخ و سەرنجی خەڵک نەبوو، زۆرینەی خەڵک لەم هەرێمەدا نەیان دەناسی، ئاگایان لە نووسینەکانی نەبوو، بەڵام پاش تیرۆرکردنەکەی سەردەشت دەبێت بە ئیدیال، دەبێت بە بزوێنەری شەقام، دەبێتە جێی بایەخ و گرنگی پێدان، نووسین و نامەکانی دەخوێندرێنەوە و ئێستا لەلایەن هەمووانەوە بەهەند وەردەگیرێت. ئێستا دەسەڵات و حیزبی کوردی لە پشتی گۆڕەکەیەوە لە سەردەشت عوسمان دەترسێت، لە گلکۆکەی دەترسێت، چونکە مەرگی سەردەشت و گلکۆکەی بوونە بە هێما و سیمبولی ئازادی، سیمبولی پرۆتێستکردن و بەرەنگاری، سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتێکی حیزبی، بنەماڵەیی، خێڵەکی و گەندەڵ.

یان پاتۆچکە لە ١٣ ئازاری ١٩٧٧، لە نەخۆشخانەیەکی پراگ مرد، کەمێك دوای یادی ٧٠ ساڵەی هاتنەژیانییەوە. هۆکاری مەرگەکەی ”خوێنبەربوونێکی زۆری مێشکی بوو، چونکە لەلایەن لێکۆڵەرەوانی پۆلیسەوە ئەشکەنجە درا بوو. زیاتر لە دوو مانگ، پاتۆچکە بەبەردەوامی لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرا، دوا لێکۆڵینەوەی پتر لە یازدە سەعاتی خایاند بوو” (Kohak، 1989: 3). پاتۆچکە وەک یەکێك لە ڕێبەرەکانی (”وتەبێژەکان”)ی چارتەری ٧٧ (Charter 77)، دەبینرا کە بزووتنەوەیەکی مافی مرۆڤ بوو، ڕژێمی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکی وەک دژە_دەوڵەت لە پاتۆچکە تێدەگەیشت. پیشەی سیاسی پاتۆچکە لەگەڵ مەرگەکەیدا کۆتایی پێنەهات. کاتێک مرد، فەیلەسوفەکە لە ڕووی سیاسییەوە تەنانەت زۆر ورژێنەرترە لەو کاتەی کە زیندوو بوو، وەک سەلمێندرا بەڕێی ژمارەیەکی زۆر هێزی پۆلیس بڵاوەی پێکرابوو بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی کە بەشداری ناشتنەکەیان کرد.
تەنیا بە ئامادەبوونیان لەوێ، پۆلیس دانبەوەدا دەنێ کە مەرگی پاتۆچکە ڕەهەندێکی سیاسی هەیە، جەستەی پاتۆچکە، دیارە وەک جەستەیەکی بێژیان پەیامێکی گرنگی لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئێستا دەسەڵاتداران دەبێ لەوە تێگەیشتبن، کە سەرکەوتنیان بەسەر پاتۆچکەدا زۆر کورتخایەن بووە: ئاخر پاتۆچکەی مردوو زۆر بەهێزترە، زۆر کاریگەرتر، تەنانەت زۆر مەترسیدارترە لە پاتۆچکەی زیندوو. ئەوان دەسەڵاتیان هەبوو پاتۆچکە بۆ جەستەیەکی مردوو وەربگۆڕن_ ئێستا، ئەو جەستە مردووە بەبێدەنگی زیتبۆتەوە و بە ئەوان پێدەکەنێ. ئەوان ئەوەی توانیان بۆ تێکشکاندنی ژیانی سیاسی پاتۆچکە لە پاش مەرگیدا کردیان: ”کامێراکانی پۆلیس وێنە و فیلمی هەموو ئەو کەسانەیان دەگرت، تەنانەت ئەوانەش کە بە لای گۆڕەکەیدا تێدەپەڕین. ئەو خزمەتگوزارییە بەبێ پچڕان بوو، هەروەها گۆتاری قەشە لەکاتی ناشتنیدا کپکرابوو، بەڕێی سووڕانەوەی هەلیکۆپتەری سەربازییەوە لەسەرسەریان و زیادکردنی دەنگی ڤڕەڤڕی ماتۆڕسکیلی پۆلیسەکان لە نزیک شوێنی ناشتنەکە” (Keane 1999: 253–4). بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو؛ جەستەمردووەکە لە کۆتاییدا نوشوستی پێهێنان.

سەردەشت عوسمان ڕۆژی ٤/ ٥/ ٢٠١٠ لە بەردەم کۆلێژی ئاداب دەڕفێندرێت و تیرۆر دەکرێت، دوای دوو ڕۆژ تەرمەکەی لە نزیک موسڵ دەدۆزرێتەوە. دوای تیرۆرکردنەکەی چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەردەشت عوسمان بە مردوویی کەسێکی کاریگەرتر، ناسراوتر، بەهێزتر و بۆ دەسەڵات مەترسیدارترە لە سەردەشتی زیندوو. ئەگەر دەسەڵات و حیزبی کوردی لە کوشتن و تیرۆرکردنی ئەودا سەرکەوتووبووبێت، ئەوا جەستە مردووەکەی سەردەشت نوشوستی بە ئەوان هێناوە، چونکە مەرگی ئەو بووە بە هێمای ئازادی و هەقبێژی. سەردەشت بەهۆی مەرگەکەیەوە لەنێو یادەوەری کۆمەڵگەی کوردیدا بەزیندوویی دەژی، دوای مەرگەکەی دەسەڵاتی کوردی دەبێت لەوە تێگەیشت بێت کە سەرکەوتنیان بەسەر سەردەشت عوسماندا کاتی و کورتخایەن بووە.
مەرگ هەمیشە واتای هیچاندن (نیگاسیۆن)ی ژیان ناگەیەنێت. هەندێ جار مەرگ توانستی پێچەوانەی هەیە، توانستی برەودان بە ژیان، توانستی هێنانی هەناسەیەکی نوێ بۆ نێو ژیان. وەک لە مەرگی سەردەشت عوسماندا دەیبینین، مەرگی سەردەشت لەپێناو مردن نییە، مەرگێکی ئاسایی نییە، مەرگێکە لەپێناو ژیان، بۆ باشترکردنی ژیان، مەرگی سەردەشت لەپێناو ئەوەدایە کە هەناسەیەکی نوێ بە ژیانی ئەم هەرێمە وێرانەیە بدات.

سەردەشت عوسمان بۆیە تیرۆر دەکرێت چونکە ئەو دەستبەرداری ئەو شێوازە ژیانە نابێت کە خۆی هەڵیبژاردووە، ئەو نایەوێت ژیانێک بژیت کە دەسەڵات بۆی دیاری کردبێت، ئەو نایەوێ بە شێوازێک بیر بکاتەوە کە لە سەرەوە لەلایەن حیزبەوە، لەلایەن سەرۆکەوە بۆی داڕێژرابێت، ئەو دەیەوێت خۆی بێت. سەردەشت دەیەوێ لەپێناو ئایدیاکانیدا بمرێت، بۆئەوەی بەرانبەر بە ئایدیاکانی وەفادار بمێنێتەوە. ئایدیاکانت شتێک نین تۆ لەنێو کتێب و نووسینەکانت هەڵیان بگریت، بەڵکو شتێکە تۆ لەخۆتدا هەڵت گرتووە. ئایدیاکانت تەنیا بابەتێک نین تۆ لەبارەیانەوە بئاخڤی، بەڵکو تۆ لەنێو خۆتدا بەرجەستەیان دەکەیت.
سیمۆن وێیڵ لەبارەی مەرگەوە دەبێژێ ”مەرگ گرنگترین شتە کە بە مرۆڤ بەخشراوە. بۆیە گەورەترین بێڕێزی، خراپ بەکارهێنانی مەرگە؛ واتا بە هەڵە مردن”. سەردەشت عوسمان لەمە تێگەیشتووە، بۆیە نایەوێ بێڕێزی بە مەرگی خۆیەوە بکات، مەرگی خۆی بەفیڕۆ بدات، ئەو نایەوێت بە هەڵە بمرێت، بەڵکو سەردەشت نرخی مەرگی خۆی دەزانێت، ئەو لەپێناو مردندا نامرێت، لەپێناو ژیاندا مەرگ هەڵدەبژێرێت. ئەو ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری ئایدیاکانی بێت و بیان گۆڕێت، ئاخر گۆڕینی بیرکردنەوە و ئایدیاکان وەک گۆڕینی جل و بەرگ نییە. مەرگی سەردەشت مەرگێکە بۆ ڕاستاندنی ئایدیاکانی، بۆ دڵسۆزبوون و وەفاداربوون بەرانبەر ئایدیاکانی، ئاخر گەر تۆ خۆت بۆ ئایدیاکانت ڕاستگۆ نەبیت، کێ دەتوانێت بۆیان ڕاستگۆ بێت، ئەگەر تۆ ئایدیاکانی خۆت پراکتیک نەکەیت، کێ پراکتیکیان دەکات.

سەردەشت عوسمان مەشقی پارێسیا (parrēsía) دەکات. پارێسیا وشەیەکی گریکی کۆنە واتای ڕاستەوخۆبێژی، هەقبێژی دەگەیەنێت. لە زنجیرەیەک لێکچەردا کە لە زانینگەی بێرکلی ساڵی ١٩٨٣ پێشکەشی کرد، میشێل فوکۆ بەجوانی لەبارەی پارێسیا (گۆتنی هەقیقەت) دەئاخڤێ. بۆ فوکۆ ”گۆتنی هەقیقەت” دەربڕینی جۆرێک لە بوونە لەنێو جیهاندا و شێوازێکە لە ژیاندن لەنێو کۆمەڵگەدا. یەکێك ناتوانێ بە هەقیقەت بگات و پاشان لەبارەیەوە بێدەنگ ببێت. یەکێک کە بە زانین دەگات، ئەوا ئەو یەکە دەبێ ئەو زانینە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەش بکات. کەسێک ئەم مەشقە دەکات ”کەسێکە کە هەقیقەت بەڕووی دەسەڵاتدا دەڵێت”، ”کەسێک کە بەئازادی قسە دەکات، هەموو قسەیەک دەکات، بەتوندی قسە دەکات، کەسێکە بێدەنگ نابێت، دەمی داناخات، لەبەرئەوەی دەسەڵات پێی ناخۆشە”. ئەو چەشنە کردارە دلێری دەوێ. ئاخر ئەوانەی ئەم مەشقە دەکەن بەدەگمەن ڕووەو شادی دەچن، بەڵکو ڕووەو مەرگ دەبنەوە. چونکە ”گۆتنی هەقیقەت” ئیشێکی مەترسیدارە.

فوکۆ بەڕێی بەکارهێنانی نموونەیەکەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کاتێک هەوڵدەدا پێناسەی پارێسیا بکات. فوکۆ دەبێژێ، کاتێک فەیلەسوف خۆی بۆ سۆڤەرین، ستەمکار خویادەکات و پێی دەڵێ ستەمکارییەکانت جاڕس و ناخۆشن چونکە ستەمکاری لەگەڵ داد ناشێ پێکەوە لێرەبوونیان هەبێ، ئاخر فەیلەسوف ڕاستی دەڵێ، باوەڕدەکا ئەو ڕاستی دەبێژێ، پتر لەوەش، خۆی خستۆتە مەترسییەوە (ئاخر ڕەنگە ستەمکارەکە تووڕە ببێ، ڕەنگە سزای بدا، ڕەنگە وەدەری بنێ، ڕەنگە بیکوژێت). (Foucault 2001: 16)
سەردەشت عوسمان دەیەوێت هەقیقەت بڵێت، ئەو بە هەقیقەتێک گەیشتووە و نایەوێ لەبارەیەوە بێدەنگ بێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەشی دەکات. سەردەشت وەک مەشقکارێکی پارێسیا هەقیقەت بەڕووی دەسەڵات و حیزبی کوردیدا دەڵێت، بەئازادی، بەبوێری و بەئاشکرا هەموو شتێک دەڵێت، ئەو شتەی کە لەنێو هۆشیدایە، ئەو هەقیقەتەی کە پێی گەیشتووە.

کاتێک سەردەشت خۆی بۆ سەرۆک ئاشکرا دەکات، پێی دەڵێ تۆ ستەمکاریت، ئەو ڕاستی دەڵێت. سەردەشت دەشزانێت کە ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە، چونکە بەم قسانەی ڕەنگە سەرۆک تووڕە ببێت، ڕەنگە سزای بدات، ڕەنگە وەدەری بنێت، ڕەنگە بیکوژێت.
سەردەشت عوسمان بەتوندی ئەوە دەڵێت کە باوەڕی پێیەتی، هەرچەندە ئەو ئاگادارە کە بۆ قسەکانی دەبێت قورسترین باج بدات: ژیانی خۆی، بەڵام هەر پەشیمان نابێتەوە، ئەو دەیەوێت پەردە لە ڕووی هەقیقەتی دەسەڵات و حیزبی کوردی هەڵبماڵێت. سەردەشت لەپێناو ئایدیاکانیدا مرد.

بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود وەرگیراوە لە کتێبی:
Costica Bradatan (2015) Dying for Ideas, The Dangerous Lives of the Philosophers Bloomsbury, London.




كۆمه‌ڵگه‌ی پاتریاركی … به‌ختیار محه‌مه‌د

((فه‌رقی نییه‌ نێر و مێ
هه‌رچی دانیشتووه‌ له‌ دێ
گشت خه‌ریكی كارن…)).
ئه‌مه‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ی كولتووری ئێمه‌یه‌، كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌یخوێنین و ده‌یبیستین. ئه‌مه‌ درۆیه‌كی شاعیرانه‌ی ناسیۆنالیستانه‌یه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ بڵێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئافره‌ت و پیاو وه‌ك یه‌كن. ئه‌م گوتاره‌ له‌ ڕوانگه‌ی تیۆری كاره‌وه‌ باسی هاوتایی ئافره‌ت ده‌كا له‌گه‌ڵ پیاو. واته‌ ماده‌م ئافره‌تیش وه‌ك پیاو كار ده‌كا، ئه‌وه‌ هاوشان و هاوتای ئه‌وه‌؛ به‌ڵام لێره‌ چه‌مكی كار به‌مانا گشتییه‌ ئه‌بستراكته‌ی وه‌رگیراوه‌، نه‌ك به‌مانا تایبه‌تی و واقیعییه‌كه‌ی. واته‌ باسی ورده‌كاری و چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی واتا و به‌های كار نه‌كراوه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی شاعیرانه‌ (له‌ ڕوانگه‌ی به‌ها كاره‌وه‌) باسی یه‌كسانیی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ ده‌كا.

***

كۆمه‌ڵگه‌ی پاتریاكی ئێمه‌ له‌ زۆر شتدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌: له‌ نانخواردنمان: ئافره‌ت چێشت لێ ده‌نێ و قاپ و قاچاخه‌كان ده‌شوا و زۆربه‌ی جاریش له‌دوای پیاو نانه‌كه‌ی ده‌خوا (هه‌رئه‌ویش هه‌موو شتێك ئاماده‌ ده‌كا و خواردنه‌كه‌ تێ ده‌كا). له‌ دانیشتندا هه‌رده‌م پیاو له‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئافره‌ت له‌ خواره‌وه‌یه‌؛ ئه‌مه‌ له‌ ژووری دانیشتن و له‌سه‌ر سفره‌ی نانخواردندا به‌دی ده‌كرێ. له‌ ڕۆیشتندا زۆربه‌ی جار پیاو له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و ژنه‌كه‌ی له‌ دواوه‌یه‌تی. پیاو ده‌توانێ چوار ژن بهێنێ، به‌ڵام ژن نه‌ك هه‌ر ناتوانێ – له‌ یه‌ك كاتدا – له‌ مێردێك زیاتر بكا، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بێوه‌ژنیش بوو، ئه‌وه‌ مێرد نه‌كاته‌وه‌ باشتره‌. پیاو هه‌رچه‌نده‌ خیانه‌ت له‌ ژنه‌كه‌ی بكا پاڵه‌وانه‌، به‌ڵام خیانه‌تی ژن تاوان و قه‌حپه‌ییه‌ و كوشتنی له‌سه‌ره‌. ئافره‌ت هه‌رچه‌ند شه‌رمن بێ، شتێكی ناوازه‌یه‌؛ به‌ڵام پیاوی شه‌رمن ((شانه‌یه‌ك دێنێ)). ئافره‌ت حه‌زی له‌ جوانییه‌، تا په‌سه‌ندكراو بێ، به‌ڵام پیاو حه‌زی له‌ پاره‌یه‌، تا ژن بكڕێ. ئافره‌ت ئه‌گه‌ر زۆر پێ نه‌كه‌نێ، به‌ ئه‌خلاقتره‌؛ به‌ڵام پیاو هه‌رچه‌ندی پێ بكه‌نێ ئه‌خلاقی ناشێوێ. پیاو گۆرانیبێژ بێ هه‌موو خۆشیان ده‌وێ، به‌ڵام ئافره‌تی گۆرانیبێژ كه‌من ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێ (هی وه‌ك ئوم كه‌لسوم شتی ده‌گمه‌ن و ڕیزپه‌ڕن): هێشتا گۆرانی گوتن بۆ ئافره‌ت نه‌نگییه‌؛ به‌ڵام بۆ پیاو هونه‌ر و به‌هره‌یه‌. ئافره‌ت ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ری ده‌ره‌وه‌ی ماڵیش بوو (كرێكار و فه‌رمانبه‌ر)، به‌ڵام ده‌بێ له‌ ماڵیشه‌وه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بێ (واته‌ كابانیش بێ). ئافره‌ت ده‌بێ جلشۆریش بێ، به‌ڵام چه‌ند پیاو هه‌یه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بێ بیری له‌ جلشووشتن كردبێته‌وه‌، یان به‌ كرده‌وه‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كی شووشتبێ (یانیش هه‌رهیچ نه‌بێ جار جار جله‌كانی خۆی بشوا)؟ دوكانداره‌كان له‌ بازاڕ هه‌موو پیاون، ژن ته‌نها كڕیاره‌. ئه‌و له‌ میراتدا به‌شی كه‌متره‌. به‌ ژن گوتراوه‌: ((ژن ژنه‌ و پیاویش پیاوه‌)). واته‌ تۆ له‌ پیاو كه‌متری.

پێم وایه‌ پیاو ئافره‌تی ته‌نها بۆ خزمه‌ت و منداڵ و سێكس ده‌وێ، به‌ڵام ئافره‌ت سه‌رباری ئه‌م سێ شته‌، پیاوی بۆ دان پێدانانه‌ مرۆییه‌كانیش ده‌وێ. واته‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ پیاو وه‌ك خۆی ته‌ماشای بكا، نه‌ك وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ((ناقص عه‌قڵ)). ئه‌و ده‌یه‌وێ خاوه‌نی خۆی بێ، هه‌روه‌ك چۆن پیاو خاوه‌نی خۆیه‌تی.


به‌ختیار محه‌مه‌د




ژمارە 2ی گۆڤاری کەلێن و کتێبی ئەنتیگۆنە لە وەرگێڕانی : خەبات عارف، کەوتە بازاراوە


گۆڤاری کەلێن ژمارە 2

گۆڤاری کەلێن، گۆڤارێکی ئەدەبی و ھونەری وەرزیە، لە باشووری کوردستان، خۆبەخشانە لەلایەن چەند گەنجێکەوە دەر دەچێت. گۆڤارەکە گرینگی دەدات بە ( چیرۆک، شیعر، رەخنە و لێکۆلینەوە، شانۆ، سینەما، شێوەکاری)

کەلێن 2


ئەنتیگۆنە لە وەرگێڕانی : خەبات عارف

ئەنتیگۆنە




هاندانی منداڵان بۆ هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە هۆنراوەی شاعیران دا … رەزا شوان

لای هەموو کوردێکی کوردستان پەروەر و دڵسۆز و بە ئەمەک و شیرپاک، کوردستان پیرۆزترین و خۆشەویسترین و جوانترین و شیرینترین و دڵگیرترین شوێنە. هییچ سۆز و پەرۆش و خۆشەویستییەک، ناگەنە سۆز و پەرۆش و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان.
کوردستان نیشتمانی شیرینمانە، دایکی دڵسوزمانە، ناسنامەمانە، مێژوومانە، شکۆداری و شانازیمانە، ئابڕوومانە، دۆێنێ و ئەمڕۆ و داهاتوومانە، کوردستان گروپی خوێنمانە، هەناسەمانە، رووح و گیانمانە، بە بێ کوردستانمان ژایان و مانمان هیچ واتایەکی نییە.

کوردستان تەنها ناوێک نییە لەسەر زمانمان، کوردستان سۆز و هەستێکی قووڵە لە ناخی دەروونمان، خۆشەویستییەکی بێوێنەیە لە توێ دڵمان، هەمیشە لەبەر چاومانە.
کوردستان، جێی هەزاران هەزار ساڵمانە، خاک و خۆڵمانە، چیا و گرد و دۆڵمانە، بەرد و دەوەن و دارمانە، گوڵ و گوڵزارمانە، چەم و رووبارمانە، سەیرانگا و بەهەشتمانە، ماڵ و گوند و شارمانە، خزم و کەس و کارمانە، کوردستان هەموو شتێکمانە.
سۆز و هەست و خۆشەویستی کوردستان، هەر بە زگماکی و بە رەمەکی و بە سروشتی لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵەکانمان لە دایک دەبێت. ئەم خۆشەویستییە، لە دڵی هەموو کوردێکدا هەیە. خۆشەویستی کوردستانیش پەیوەستە، بە دڵسۆزی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان، هاوبەستەبوونیش، کۆشش و خەبات و بەرگری و داکۆکی و قوربانیدانە لە پێناوی رزگاری و پاراستن و سەروەریی کوردستانی نیشتمانی جوان و شیرینمان.
لە ئەدەبی کوردیدا (نیشتمان، وەتەن، وڵات، زێد) مەبەست لەم وشانە کوردستانە و هاومانای کوردستان دەگەیەنن. کوردستان بە كام لەو چوار زاراوەیە لە هۆنراوە و لە پەخشانی کوردیمان ناوبرابێت، مەبەستی شاعیران و نووسەرانمان هەر کوردستانە، تەنانەت لە هۆنراوەی شاعیرانی گەلانی دونیاش وشەی (نیشتمان) و (وڵات) کە دوو وشەی گشتین لە جێی ناوی وڵاتەکانیان بەکاریان هێناون. لە بارەی نیشتمانەوە:
(بایرۆن) دەڵێ: ” ئەوەی نیشتمانەکەی خۆش نەەوێت، هیچی خۆش ناوێت”
(بومارشە) ش دەڵێ: ” دەبا ئامانجی هەموومان هەر نیشتمان بێت، لە نیشتمان زیاتر هیچی تر نەبێت”
هۆنراوە بەسەر کوردستان یا (هۆنراوەی نیشتمانی)، پانتاییەکی زۆری لە هۆنراوەی کوردیمان گرتۆتەوە، زاڵە بەسەر جۆرەکانی تری هۆنراوەی کوردیدا، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان، بە ئەوپەڕی دڕندەیی و دڵڕەقی و نامەردی و بێویژدانییەوە ئێمەی کورد دەچەوسێننەوە، بەری ئازادییان لێگرتووین، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەمان دەدەن و بە زۆر و تۆبزی زمان و کلتوورێکیان بەسەردا سەپاندووین کە نامۆیە بە لای ئێمەی کوردەوە، ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین نە تورک و نە فارس و نەعەرەبین. خاوەنی زمانی تایبەتی خۆمانین کە زمانی شیرینی کوردیمانە.
بێگومان هۆنراوە، چەکێکی گرنگە لە رووی داگیرکەران، رۆڵێکی گرن و کاریگەریشی هەیە لە هۆشیاری و راپەڕاندن و هاندان و خۆڕاگری و بەرگریکردن لە کوردستان.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە، رۆڵی گرنگی شاعیرانی کوردمانە لە هاندانی منداڵانی کوردمان، بۆ سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانمان. ئەگەرچی ئەم ئەرک و پێویستییە پیرۆزە، بە تەنها ئەرکی شاعیران و نووسەران نییە، بەڵکو ئەرکی سەر شانی دایکان و باوکان و مامۆستاکان و هونەرمەندان و میدیاکاران و راگەیاندکاران و دەزگا پەروەردەییەکان و هەموو کوردستان پەروەرێکی دڵسۆزیشە.
ئێمە لە لەسەر ئەم بابەتە، پێشتر دوو نووسینی ترمان بڵاوکردەوە. یەکەمیان لە ژێر ناوی ( کوردستان و نیشتمان لە هۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت بۆمنداڵان: کە لە مانگی یانواری ٢٠١٤) دا بڵاوم کردەوە، دوەمیشیان لەژێر ناونیشانی (پێویستە منداڵەکانمان بە کوردستان پەروەریی گۆش بکەین: لە ئوکتۆبەری ٢٠١٥) دا بڵاوم کردەوە.
ئەم نووسینەشمان درێژەدانە، بە هەمان بابەت و مەبەستی ئەو دوو نووسینەمان.

لەم نووسینەمدا، بە کورتی ئاماژە بە دوو سێ دێڕ یا زیاتری هەندێ لە هۆنراوەکانی هەندێ لەو شاعیرانەمان دەدەین کە هۆنراوەی کوردستانی (نیشتمانی) یان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون، تێیاندا باس لە جوانی و قەشەنگی و رەنگینی کوردستان دەکەن. هانیان منداڵانی کوردمانیان داون، کە کوردستانی نیشتمانمانیان خۆش بوێ و بە دڵسۆزی و کردەوەیی، هاوبەستەبوونی خۆیان بۆی بسەلمێنن، بێوچان تێبکۆشن و خەبات بکەن و کۆڵنەدەن، تا بە تەواوی کوردستان لە داگیرکەران رزگاردەکەین.
بێگومان لە کورتە نووسینێکی وادا، نەمان توانی ئاماژە بە هۆنراوەکانی هەموو ئەو شاعیرە دڵسۆزانەمان لەم بوارەدا بدەین، چونکە منێکی دوور لە کوردستان، هەموو سەرچاوەکان و پەرتووەکەکانیانم لە بەردەستدا نییە. بۆیە داوای لێبووردنیان لێدەکەم.
شاعیری مەزنمان (گۆران) کە چەند هۆنراوە و ئۆپەرێتێکدا کە بە زمانێکی ئاسان و ناسک بۆ منداڵان نووسیون، لە کۆپلەی یەکەمی هۆنراوەی (کوردستان) دا، دەڵێ:
کوردستان، کوردستان
نیشتمانی جوان
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی، هەر بژی، هەر بژی
(دیوانی گۆران)
ئەم هۆنراوەیەی گۆران کراوە بە سروود، بۆ گەورە و بۆ منداڵانیش دەشێ. گۆران لەم هۆنراوەیەیدا، لە ناخی دەروونییەوە جەخت لەسەر جوانی کورستانی نیشتمانمان دەکات و، ئەوەشی بۆ دەخوازێت کە هەر بە سەربەستی و ئازادی بژی. ئازادی و سەربەستی گرنگترین شتن بۆ کورد و بۆ کوردستان. بۆیە پێویستە منداڵەکانمان هەر لە منداڵییەوە بە کۆردستان پەروەری و بە سەربەستی و ئازادیخوازی گۆش و پەروەردە بکەین.
(فایق بێکەس)ی نەمریش لە سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی) دا، کە یەکێکە لە سروودە بەرزە کوردییەکانمان، هەرگیز چێژ و خۆشی ئەم سروودە لای گەورە و لای منداڵانی کوردمان کاڵ نابێتەوە، بێکەس بە زمانێکی شیرین و سادە، باسی سروشت و جوانی کوردستانی وەتەنمانی کردووە، بە شوێن و لانەی کوردی مەرد و قارەمان و شێر دەزانێت، ئەوەشمان پێدەڵێت کە وەتەن (کوردستان) چاوی لیمانە کە رزگاری بکەین و دەری بکەین لە تەنگانە و لەژێر دەستی داگیر کەران دەریبێنین، شایەنی ئەوەش نییە کە بێتە وێرانە، لە کۆپلەی یەکەمی (خوایە وەتەن ئاواکەی) دا، دەڵێ:
خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دڵگیر و شیرینە
دەشتی خۆش و رەنگینە، ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
لە دوا کۆپلەی خوایە وەتەن ئاواکەی دا، دەڵێ:
وەتەن چاوی لێمانە، دەری کەین لە تەنگانە
حەیفە بێتە وێرانە، ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
(دیوانی بێکەس)
(زیوەر) یش کە مامۆستای قوتابخانە بوو، چەند هۆنراوەی نیشتمانی بە دەمی خودی منداڵان خۆیانەوەو بۆ نووسیون، کە بۆ ئەو سەردەمە و بۆ ئەمڕۆش بایەخی خۆیان لە ئەدەبی منداڵانی کوردمان دا بووە و هەیە. لە هۆنراوی (گۆرانی بۆ قوتابیان) دا، دەڵێ:
ئێمە منداڵ و نەوجەوانین
هەموو بە قوربانی کوردستانین
لەو سەردەمەی کە زێوەر تێیدا دەژیا، بە لای داگیرکەرانی کوردستانەوە، ناوهێنانی (کوردستان) بە تاوان دادەنرا، بەڵام زێوەر بە ئەوپەڕی دڵێری و تەحەددییەوە، دەڵێ:
وەتەنی من کوردستانە یادگاری ئەجدادمانە
بەهەشتی رووی سەر زەمینە خاکی پاکی کوردستانە
لە هۆنراوەی (قسەی قوتابییەک) یشدا، دەڵێ:
ئێمە منداڵین، وەتەن ماڵمانە
مامۆستا دایک، مەکتەب باوکمانە
لە دوا دێڕی ئەم هۆنراوەیەدا دەڵێ:
ئەبێ تێکۆشین ئەمڕۆ مەردانە
چونکە وەتەنمان چاوی لێمانە
(دیوانی زێوەر)
(بەختیار زێوەر) کە کوڕی زێوەرە و ریچکەی باوکی گرتەبەر، ئەویش دار و بەردی وەتەنی زۆر لا شیرینە و خۆی بەفیدایان دەکات، چونکە هەموو ئەو شتانەی لە کوردستان دان بەشێکن لە کوردستان، لە سروودی (چەند شیرینە لام) دا، دەڵێ:
چەند شیرینە لام، داروبەردی وەتەنم
بە فیدای ئەکەم، سەر و گیان و بەدەنم

(هەژار موکریانی) یش چەند هۆنراوەیکی ناسکی بۆ منداڵان نووسیوە، لە سروودی
(کوردستان نیشتمان کورد) دا، کوردستان بە بەرز و پیرۆز دەزانێت، بۆیە سوێندی پێ دەخوات کە خوی و چیی هەیە دەیانکات بە قوربانی کوردستان، دەڵێ:
کوردستان، نیشتمانی کورد
بەرز و پیرۆزی سوێندت پێ ئەخۆم
بە سەربەخۆیی و بە خوێن و بە گیان
بە ماڵ و منداڵ بە قوربانی تۆم
کوردستان، کوردستان
(دڵدار)ی خاوەنی مارشی نەتەوەییمان (ئەی رەقیب)، لە هۆنراوەی( رۆڵەی تازە) بۆ منداڵان، بە زمانی منداڵانەوە، رووح و گیانیان فیدای وڵات (کوردستان) دەکەن:
من رۆڵەی کوردستانم
تازە رۆڵەی کوردانم
تا وڵات سەرکەوێ
فیدایە رۆح و گیانم
(پیرەمێردی) ی نەمر، شاعیر و فەیلەسوف و رۆژنامەنووس، خاوەنی هۆنراوەی (نەورۆز)، لە هۆنراوەی (بەستەی کوردی) دا، نیشتمان دایکی دڵسۆزە:
نیشتیمان دایکی دڵسۆزە
خۆی رێکخست بە مرواری و پیرۆزە
پیرەمێردی نەمر، بە دەمی منداڵانەوە، لە هۆنراوەی (تازە گوڵی چیمەنین)دا، دەڵێ:
تازە گوڵی چیمەنین
بەرخە کۆرپەی وەتەنین
(جگەرخوێن) کە ناوی (شێخ موس حەسەن محەمەد)ە، شاعیرێکی ناسراو و گەورەی گەلەکەمانە، خاوەنی هۆنراوی (شام شەکرە، وڵات شیرینترە) کە نموونەیەکی بەرزی هۆنراوەی نیشتمانییەتی، کوردستان بە بووکی جیهان دەزانێت، ئەم هۆنراوەیە نۆ دێڕە، ئەمە دوو دێڕی یەکەمێتی:
وەڵاتێ من تووی بووکا جیهانی
هەمی باغ و بەهەشت و مێرگ و کانی
شەپال و شەنگ و شۆخ و ناز و گەوری
گەلەک شیرین و رند و پڕ جوانی
هۆنراوەی (کیمە ئەز؟) یش، کە هۆنراوەیەکی بەرزی نیشتمانیی تری جگەرخوێنە، هونەرمەند (شڤان پەروەر) یش بە دەنگە زۆڵاڵەکەی دەیڵێت هێندەی تر شیرین بووە:
کیمە ئەز؟
کوردی کوردستان
تەڤ شۆڕش و ڤولکان
….
لە هۆنراوەی (کوردستان) یشدا، کە ژنە هونەرمەندی کوردمان خاتوو (گوڵستان) بە دەنگە شیرین و ناسکەکەی، بە سروود دەیڵێتەوە، جگەرخوێن دەڵێ:
کوردستانێ کوردستان
بەخچێ گولا، دەردی دلا
ئیرۆ مایە بن دەستان
کوردستان بلندی
هەمی باژار و گوندی
هەچی کەس بخوازێ دڤێ جانی خۆ بتەدنی

مامۆستا (ئەحمەد هەردی) خاوەنی هۆنراوەی (رازی تەنیایی) و (سیت فاتیمە)
رۆڵێکی باڵای هەبوو، لە چاندنی هەستی کوردستان پەروەری و خۆشەویستیی کوردستانی مەزندا لە دڵی منداڵانی کوردمان، لە سروودی (ئەی قوتابی)، جەخت لەسەر یەک پارچەیی کوردستان دەکات، کە بێگانە پارچە پارچەی کردووە، دەڵێ:
ئەی قوتابی خاکی کوردستانەکەم
لاوی لوڕستان و بادینانەکەم
رۆڵەی دەرسیم و هەورامانەکەم
هەر لە دیمکری هەتا بارزانەکەم
خاکی کوردستانی تۆ یەک لانەیە
بەشکراوی ناحەز و بێگانەیە
(کەریم شارەزا) کە خزمەتێکی زۆری ئەدەبی کوردی کردووە، وەکو مامۆستایەکیش، قوتابییەکانی بە سۆز وخۆشەویستی بۆ کوردستان پەروەردە کردوون، لە سروودی
(ئێمە کوردین) دا، بە دەمی منداڵانەوە کە خوایان بە نەوەی تازە دەزانن، دەڵێ:
ئێمە کوردین بێچوە شێرین
نەتەوەی کاوەی دلێرین
نەوەی تازەی کوردستانین
پێشڕەوی رێی تێکۆشانین
(محەمەد ساڵح دیلان) شاعیر و هونەرمەندی دەنگ زوڵاڵ لە هۆنراوەی (کوردستان):
کوردستان بەهەشتی زەمین
جێ ی تێکۆشان و راپەڕین
مەڵبەندی کاوەی قارەمان
کوردستان، کوردستان
(کاکەی فەللاح) شاعیرێکی ناسراوە، بە تایبەتیش لە بواری هۆنراوە و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، چەند کتێبێکی بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە، چەند سروودێک و چەندین هۆنراوەی نیشتمانیشی هەیە. لە سروودی (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم) دا، مەستی جوانییەکانی کوردستان بووە و بەڵێنی ئەوەی داوە کە تا بمێنی پێپەرستی، دەڵێ:
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم
ئا ئەم هەوا و ئاو و گڵە
بۆ ژیانی من خوێنی دڵە
دڵ کە بولبوولی سەر چڵە
شەیدایە بۆ رووی ئەو گۆڵە
کوردستانە خۆشەویستم
هەتا ماوم ئەیپەرستم
هاوار ئەکا هۆش و هەستم
بە جوانی دیمەنی مەستم

(فەریدوون عەلی ئەمین) هۆنراوە چیرۆکەکانی مامۆستا فەریدوون عەلی بۆ منداڵان، قوناغێکی نوێیە، لە ئەدەبی منداڵانی کوردمان، خزمەتکردنی مامۆستا فەریدوون لەم بوارەدا، مایەی شانازی و رێز و نەمرییەکی تا هەتاییە بۆی، ئەو بە زمانی سادە و ساکاری منداڵانەوە هۆنراوە و چیرۆکەکانی نووسیون، هەر وەکو ئەوەی کە منداڵیی خۆی لە ناخیدا بژی. لە هۆنراوەی (نەوەی کوردستانم) دا ئەوە دێنێتەوە یادی منداڵانی کوردمان، کە شانازی بەوەوە بکەن کە نەوەی کاوە و دوانزە سوارەی مەریوانن، سەربەرزیشبن بە جەژنی (نەورۆز) ی نەتەوەییمان، دەڵێ:
نەوەی کاوەی کوردستانم
چقڵی چاوی دوژمنانم
زۆر لە کوتر دڵپاکترم
لە پاڵەوان بێباکترم
دوانزە سوارەی مەریوانم
بۆتە شانازیی ژیانم
(شاهۆ) و (ئاکۆ) و (ئەزمڕ)ی من
تانەن لەسەر چاوی دوژمن
سەرم بەرزە بە نەورۆزم
جەژنی رزگاربوونی هۆزم
(هێمن موکریانی) شاعیر هەست ناسک و دڵتەر، کوردستان پەروەر و دڵسۆز، دەڵێ:
چیم پێ دەڵێن لێرە و لەوێ
من کوردستانم خۆش دەوێ
پێشم بڵێن جن و دێوی
دەیپەرستم چڕ و کێوی
لە هۆنراوەی (نیشتمان) یش، کە خاتوو (نادیە عەبدولواحید) بە گۆرانییەوە دەیڵێ:
لە شایی دا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشی دا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان وشینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە

(ع.ع. شەونم) مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا شەونم، خاوەنی سروودی بەناوبانگی:
(جەژنە جەژنی کورستانە جەژنی نەورۆزە، بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە)
شاعیرێکی ناسراو و بەناوبانگی منداڵانە، بە دەیان شیعری بۆ منداڵان نووسیون، بە شێوازێکی ناسک و ئاسان و سووک و سادە، بۆ منداڵان دایڕشتوون، مامۆستا ع.ع. شەونم، ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە هۆنراوە و ئەدەبی منداڵاندا هەیە، سەرجەم هۆنراوەکانی کۆکراونەتەوە و لەژێر ناوی (جریوەکان) دا چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
مامۆستا شەونم بۆ هەموو قۆناغەکانی منداڵی هۆنراوەی هەمەبابەتی هۆنیوەتەوە
لە نموونی هۆنراوە نیشتمانییەکانی بۆ منداڵان، لە هۆنراوەی (وڵاتەکەم) دا، دەڵێ:
وڵاتەکەم ژیانمە
چاوگی بەهرەی جوانمە
خۆم و سەرم هەرچیم هەیە
بەروبوومی ئەم خاکەیە

خاکی وڵات و لەشی من
یەک پارچەن و وەکو یەکن
کە من لەوبم، بەو ژیابم
چۆن چۆن… یاساوڵی نابم
من وڵاتم و وڵات منم
ئەیپارێزم لە دوژمنم
(لەتیف هەڵمەت) لە بواری چیرۆک هۆنراوەی منداڵاندا، خزمەت و ئەزمونێکی زۆری هەیە، هۆنراوەکانی بۆ منداڵان زۆر ناسک و ئاسان سووکن، زۆریش بەچێژن، زۆربەی هۆنراوکانیشی بە زمانی منداڵانەوە نووسیون، هەموو بوارەکانی هۆنراوەی منداڵانی بەسەرکردۆتەوە، بەڵام هۆنراوەی کوردستانی (نیشتمانی) رووبەرێکی زۆری لە هۆنراوەکانی بۆ منداڵان گرتوونەتەوە. سەجەم هۆنراوە و چیرۆکەکانی بۆ منداڵان، لە دیوانێکدا چاپکردوون بە ناوی (دیوانی منداڵان) بێگومان لە دوای ئەو دیوانەشەوە هۆنراوەی و چیرۆکی تازەشی بۆ منداڵان هەیە. لە سەرەوە باسم کرد لە (٢٠١٥) دا نووسینێکم بە ناوی (کوردستان ونیشتمان لە هۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت بۆ منداڵان) بڵاوکردەوە. لێرەدا تەنها وەکو نموونەی هۆنراوە نیشتمانییەکانی لەتیف هەڵمەت، ئاماژە بە هۆنراوەی (کوردستان) دەدەین، لەتیف هەڵمەت ئەم هۆنراوەیەی، لە شێوەی چیرۆکەهۆنراوەیەکئ زۆر کورتدا نووسیوە، هەڵمەت خۆشەویستی کوردستان دەخاتە دڵی پیرەمێردێکی کورد و بۆ منداڵانی دەگێڕێتەوە، کە چۆن ئەو پیرەمێردە کوردستان پەروەرە، شەیدا و وێڵێ ئەوە بوو کە فێری ئەوەبێت بنووسێت (کوردستان):
پیرەمێردێ
چووە قوتابخانەی گوندێ
لە حەوشەکەدا راوەستا
دەوریان لێدا مامۆستا
ها خاڵەگیان
چیت گەرەکە… ها خاڵەگیان
پیرەمێردی بەستەزمان
کە لاواز بووبوو وەک گۆچان
وتی توخوا مامۆستا گیان
فێرم ناکەی چۆن بنووسم: کوردستان
(سەبریە نوری قادر) کە بە نازناوی (دایکی سۆلاڤ) ناسراوە، ئێستا لە سوید دەژی، شاعیرێکی ناسراو و بە توانای بواری هۆنراوەیە بۆ منداڵان، یەکێکە لەو کەمە ئافرەتانەی کە ئەم بوارەیان بەسەرکردۆتەوە. دایکی سۆلاڤ تا ئێستا هەشت پەرتووکی بۆ منداڵان چاپ کردووە، لەوانەش (چەپکێ وەنەوشە) (قاسپەی کەو) و (زەنگی ژیان) و(ئاسۆگە) و(سروودی خۆر) و (داپیرە و مام رێوی: چیرۆکەشیعرە) دایکی سۆلاڤ لە ساڵی (١٩٥٧) ەوە هۆنراوە دەنووسێ. لە هەموو بوارەکانی هۆنراوەی منداڵان دا، هۆنراوەی بۆ نووسیون، (وڵاتەکەم) کە یەکێکە لە هۆنراوە نيشمانییەکانی دایکی سۆلاڤ لەم هۆنراوەییەیدا، کوردستان بە دایک و باوکی دەزانێت و شیرینترە لە گیانی:
وڵاتەکەم باوکمە
نیشتمان دایکمە
خاکەکەم زۆر شیرینە
بەهەشتێکی رەنگینە

لە گوێمایە بە لای لایە
بە دەنگی خۆشی دایە
کە پێی وتم نيشتمان
شیرینترە لە گیان

(مەدەحەت بێخەو) کۆمەڵێک هۆنراوەی جوانی بۆ منداڵان نووسیوە، کە سەرجەم لە دیوانێکدا بە ناوی ( دیاری بۆ منداڵانی کوردستان) چاپکردوە و بڵاوی کردۆتەوە، لە سروودی (ئەی وڵاتەکەم) دا، کوردستان بیر و ئاینێتی، ئەمەش دوو دێڕي یەکەمێتی: بیر و ئایینی منی
تۆ بە هەشتی سەر زەمینی
خاکی زێڕینی منی
(عەبولڕەحمان فەهیمی) شاعیرێکی ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵانە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. تا ئێستا چەند پەرتووکێکی هۆنراوە و چیرۆکی بۆ منداڵان چاپکردووە، لە هۆنراوەی (وڵاتی ئێمە) دا، قسەکانی ئاراستەی منداڵان دەکات، دەڵێ:
منداڵەکان ئەم وڵاتە شیرینە
ئەم باخ و بێستانە جوان و رەنگینە
ئەم گوڵزار و دارستان و پێ دەشتە
ئەم دیمەنە کە دیمەنی بەهەشتە
دار و بەرد و ئاو و خاک و گوڵزاری
دەشت و شاخ و کانی و دەری و رووباری
بست بە بستئ خاکی ئەم نیشتمانە
هەمووی ماڵ و جێگەی ژینی خۆمانە
(کازم کۆیی) شاعیرێکی ناسرو و دیاری ئەم سەردەمەی هۆنراوەی منداڵانە، تا ئێستا بەرهەمێکی زۆری بۆ منداڵان چاپکردووە، هۆنراوەکانیشی بۆ هەموو تەمەنێکی منداڵی بە زمانێکی شیرین و ئاسان نووسیون، هۆنراوەی لەسەر کوردستان بۆ منداڵان زۆرن، وەکو نموونە لە هۆنراوکانی کازم کۆیی، لە هۆنراوەی (کوردستان) دا، نووسیوێتی:
کوردستانم شیرینە
زۆر دڵگیر و رەنگینە
شاخی بڵند و جوانە
پڕ کانی و دارستانە
بەهاران لە گشت لاوە
سەوزەگیا و گوڵ و ئاوە
شوێنی سەیران و گەشتە
بە راستی وەک بەهەشتە
(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) مامۆستا عەلی شاعیر و چیرۆکنووسیکی ناسراوی زۆر بەرهەمی ئەم سەردەمەیە بۆ منداڵان، تا ئێستا چەندین کتێبی بۆ منداڵان چاپکردوون، هۆنراوەکانیشی بۆ منداڵان هەموو بوارەکانی گرتوونەتەوە، بە بواری نیشتمانیشەوە، چەند سروودێکیشی نووسیوە، شیوازی نووسینیشی زۆر ناسک و شیرینە، وشەکانی لە فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە وەردەگرێ بە زمانی ئەوانیشەوە دەدوێ و دەهۆنێتەوە. هۆنراوکانی زۆر شیرین و سادە و ئاسان و سووک و رەوان بێ گرێ داڕشتوون. چاوەروانی بابەتی زۆرتر و رەنگینتر لە مامۆستا عەلی دەکەین. نموونەش لە هۆنراوە نیشتمانییەکانی مامۆستا عەلی بۆ منداڵان، لە سروودی (کوردستان) دا، کوردستان پیرۆزە و خوشەویستیی بێ وێنەیە و گشت دنیا دێنێ، ئەم سروودە یانزە دێڕە، ئەمە پێنج دێڕی یەکەمێتی:
کوردستانە کوردستان
خاکە پیرۆزەکەی من
خۆشەویست و بێ وێنە
نیشتیمانێکە مەزن
بستێک لەم خاکە جوانە
لای من گشت دنیا دێنێ
با هەموو هەوڵ بدەین
تا بە جوانی بمێنێ
هەرکەس لە کارەکەیدا
دڵسۆزی خۆی بنوێنێ
لە هۆنراوەیەکی تری نیشتمانیدا، کە هەر بە ناوی (کوردستان) ەوە، بە زمانی منداڵانەوە نووسیوێتی، ئەمە دوو دێڕی یەکەمی ئەو هۆنراوەیەیەتی:
هەرچەند وردم
بەڵام دڵم شادمانە
زۆر دڵخۆشم بەم ژیانە
چونکە کوردم
نیشتمانم کوردستانە
هەتا بڵێی شەنگ و جوانە
(محەمەد قادر بەرزی) ئەندازیار کاک محەمەد بەرزی کە لە ئەمریکا دەژی، شاعیر وچیرۆکنووسێکی ناسراوی بواری منداڵانە، نووسینی هەمەچەشنەش دەنووسێ، تا ئێستا چەند پەرتووکێکی هۆنراوە و چیرۆکی بۆ منداڵان چاپکردوون کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و شیاو رازاندوونێتەوە، ناوی دووان لە پەرتووکە چاپکراوەکانی (مریەم) و (بەرخەکەی لانە)یە، کاک محەمەد زاڵە بەسەر زمانی نووسین بۆ منداڵان، هۆنراوەکانی بە زمانێکی زۆر شیرین و سووک بۆ داڕشتوون، کە منداڵان بە ئاسانی لێیان تێدەگەن. شایەنی باسیشە، هەموو هۆنراوەکانی کاک محەمەد بەرزی بۆ منداڵان، شەش دێر شەش دێڕن، تەنها هۆنراوەی (جەژنی لەدایکبوون) نەبێت کە سێ دێڕە، منداڵان لێیان بێزار نابن و بە ئاسانیش دەتوانن لە بەریان بکەن. کاک بەرزی هەموو بوارەکانی هۆنراوەی منداڵانی بەسەرکردوونەتەوە، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، نیشتیمانی…تاد. (سوێند) نموونەیەکی هۆنراوەی نیشتمانییەتی کە لە پەرتووکی (مریەم) دایە:
بە خوای گەورە سوێند دەخۆم
دڵسۆزبم بۆ خاکی خۆم
تێکۆشم بە رۆژ و شەو
بۆ بەرزێتی ناوی ئەو
بیپارێزم سنووری
چ نزیک و چ دووری
بۆێ بسوتێم وەکو مۆم
تا سەربەخۆیی بڕۆم
لە بیری نەکەم ساتێ
تا دەبێ بە دەوڵەتێ
ئاوەدان پڕ لە جوانیی
ئازاد بێ رۆڵەکانی
(جگەرسۆز پێندڕۆیی ) ناوی (محەمەد ساڵح ئەسمەر)ە، بە نازناوی جگەرسۆز پێندڕۆیی ناسراوە. مامۆستا جگەرسۆز، تا ئێستا (٢٨) کتێبی بابەت هەمەڕەنگەی چاپکردووە، منداڵانی کوردیشمانی فەرامۆش نەکردوون، کۆمەڵێک هۆنراوەی جوان و چیرۆکەشیعری لە سێ پەرتووکدا بە ناوەکانی (خاڵخاڵۆک.. هۆنراوە ) و (سەرهاتیا هرچێ و جوتیاری.. چیرۆکەشیعر) و (١٠٠ سروود هۆزانین زارۆکان) هۆنراوەیە بۆ منداڵان.. جگەرسۆز هەموو بوارەکانی هۆنراوەی منداڵانی بەسەرکردۆتەوە. هۆنراوەی (كوردستان) نموونەیەکە لە هۆنراوە نیشتمانییەکانی جگەرسۆز پێندڕۆیی بۆ منداڵان:
کوردستانێ دەلالێ
خودان کانیێن زەلالێ
هۆگرێ، خۆش هەڤالێ
بهارا وەرزێن سالێ
بێن خۆشێ وەک هەلالێ
بۆ نەیارا زەوالێ
لە هۆنراوەی (کوردستانامە) شدا، بە جوانی و قەشەنگی کوردستاندا هەڵدەدا، دەڵێ:
چقاس قەشەنگە
یا شۆخ و شەنگە
بە ناڤ و دەنگە
کوردستانامە

دل و جگەرە
زێڕ و گەوهەرە
ژیان پەروەرە
کوردستانەمە
(رەئوف جەمیل) لە هۆنراوەی (منداڵی کوردین) کە بە زمانی منداڵانەوە نووسیوێتی:
ئێمە منداڵی کوردین
ئازا و نەبەرد و گورجین
هیوامان تێکۆشانە
سەربەرزیی نیشتمانە

ناهێڵین دەستی زۆردار
بمان کات پەست و خەمبار
چونکە خاکی کوردستان
شانازییە بۆ هەمووان
(غەفور ئەحمەد) لە هۆنراوەی (منداڵی کوردین) کە بەزمانی منداڵانەوە نووسیوێتی:
ئێمە منداڵی کوردین
هەرچەند بچکۆلە و وردین
خۆشمان ئەوێ نیشتمان
ئەیپارێزین وەک چاومان
کوردستانمان ئاوایە
بەهەشتی سەر دنیایە
نەخشەم کێشاوە لەسەر
تەختە و دیوار و دەفتەر

(شیخ سەلام) ی شاعیریش لە کۆپلەی سێیەم و چوارەمی (هەستە لەخەو)دا، دەڵێ:
وامەزانن خاکی وەتەن
ئاو و گڵە و دار و دەوەن
ئەم وەتەن و ئاو و گڵە
پشت و ئەژنۆ و جەرگ و دڵە
ئەجدادی تۆ شێرانی کورد
لەڕێی ئەوا بە مەردی مرد
مردن رزین بوو بە ئەم خاکە
وەتەن باوک، وەتەن کاکە
(بەهەجەت یەحیا) ی هونەرمەندی ناسراومان لە هۆنراوەی (کوردستان گەر تۆ نەبی) کە هۆنراوە و ئاواز وتنی خۆیەتی، چەند کەسانێکی کەش دەیڵێنەوە، بە ڵام دەستکاری دەقە هۆنراوەکەی کاک بەهەجەت یەحیا یان کردووە، بەهەجەت دەڵێ:
کوردستان گەر تۆ نەبی تەیرێکم بێ ئاسمان
بە ناوی تۆی پیرۆز سەربڵندم لە ناو جیهان
هەندێ لە هونەرمەندان تر بەم شێوەیە گۆڕیویانە:
کوردستان گەر تۆ نەبی گیان و ژینم بۆ چییە
دیمەنی روخساری تۆم بێ تاجی شاهیم بۆ چییە
(جوانە کاکەیی) خاتوو جوانە کاکەییش، کۆمەڵێک هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە، لە پەرتووکێکدا بە ناوی (جووجەڵە) چاپی کردووە. لە هۆنراوەی (کوردستان) دا، دەڵێ:
کوردستان نیشتمانمە
گلێنەی دوو چاوانمە
ئەیپارێزم پڕ بە دڵ
ئاو و ئاڵا لەگەڵ گڵ
منم رۆڵەی ئەم خاکە
لە جیهاندا زۆر تاکە
منیش زۆرم خۆش ئەوێ
خاکیش وەک منی ئەوێ
(رەزا شوان) (نووسەری ئەم نووسینە)، منیش مافی خۆمە کە خۆم بخەمە ریزبەندی ئەم شاعیرانەوە، کۆمەڵە هۆنراوەیەکم کە بە زۆری نیشتمانین بۆ منداڵان نووسیون و لە پەرتووکێکدا بە ناوی (سروودی من) چاپم کرد و بڵاوم کردەوە. تا ئێستاش بەپێی توانام ئەوەی پێم کرابێت لە بواری ئەدەبی منداڵان دا درێغیم نەکردووە، بە ئەرکێکی پیرۆزی سەر شانم زانیوە و دەزانم. ئەمەش نموونەیەکە لە هۆنراوە نیشتیمانییەکانم بۆ منداڵان، بە ناوی (سروودی من: ١٩٧٠) کە کرا بە سروود و بە دەنگی قوتابییەکی دەنگخۆشم، کە ناوی (عەبدولکەریم عەلی باوە) یە، کە برا گەورەکەی ئاوازی بۆ دانا، لەگەڵ ( تیپی مۆزیکی کەرکوک) و لەگەڵ کۆرسی منداڵانی قوتابخانەی (مەشخەڵ) و (هیوا)ی کچان، لە ساڵی (١٩٧١) دا، لەسەر (شانۆی هۆڵی شارەوانی كەرکوک) سێ شەو پێشکەش کرا، لە پيش نمایشکردنی (شانۆی دایکی شەهید) لە نووسینی (مستەفا پەژار) و پاڵەوانێتی (د. فازیل جاف) و خۆشکە ( پەروین عەبدولقادر) لە دەرهێنان (سەلمان فایق کاکەیی)، عەبدولکەریم باوە ئەوسا لە پۆلی پێنجەم دا بوو، قوتابییەکی زیرەک و دەنگخۆشبوو، ئێستا لە وڵاتی (نەمسا) دا دەژی.

سروودی من
کوردە گەلی قارەمانم
کوردستانە نیشتمانم
پێشمەرگەیە پاسەوانم
ئازادییە هیوای ژیانم
کوردستانم سۆمای چاوم
دڵ و هەناسە و هەناوم
هێزی گۆڕی تین و تاوم
هۆگری تۆم هەتا ماوم
کوردستانم بە یەزدانم
هەردەم وێردی سەر زمانم
دروشم و بەڵێن و پەیمانم
کوردستانم یا نەمانم
(*) تا رادەیەک سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
١ـ الانتماء للوطن في الشعر للاطفال، دکتور. فاروق مواسي، الموقع الالکتروني، بیتنا، ٢٠٠٧
٢ـ الانتماء للوطن یبدأ من الطفولة، الموقع الالکتروني، سرایا
٣ـ پێگەی شیعری منداڵان لای شاعیرانی کورد، بەرگی یەکەم، حەمە ساڵح فەرهادی، ٢٠١٣
٤ـ ئەدەبی منداڵانی کورد دوای راپەڕین، حەمە کەریم هەورامی، بەرگی دووەم، ٢٠٠٧
٥ـ چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان، رەزا شوان، کەرکوک، ٢٠١٥
٦ـ دیوان و پەرتووکەکانی هەندێ لە شاعیران، کە پەیوەندییان بەم نووسینەوە هەیە.
٧ـ بەرخەکەی لانە،هۆنراوە و چیرۆک بۆ منداڵان، محەمەد بەرزی، سلێمانی، ٢٠١٤
٨ـ دیوانی منداڵان، شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان، لەتیف هەڵمەت، کەرکوک، ٢٠١٣
٩ـ سروودی کوردی، کۆمەڵێک سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئامادەکردنی، فەرهاد فایق.

رەزا شوان
نەرویج: (١١ی/ ئاوگوست/٢٠١٧)




كۆمپیوته‌ر … فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

ئـامـێـرێـكـم له‌م ژینه‌
بـمـنـاسـن مـنـداڵـینه‌
مرۆڤ دروستی كـردووم
پڕله‌ زانیاری كـردووم
وه‌رن بـۆلام بـمـد وێـنن
چیتان ویست لێم ده‌ربێنن
وه‌كـو گـه‌نـجینه‌ وه‌ هـام
پـڕزانـیـاری بـه‌بـه‌هـام
بۆهه‌ركاتێك كه‌ویستان
ده‌رگـای زانـیـنـم بۆتان
هێماو وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ
پیت و وشه‌ی ناوفه‌رهه‌نگ
پـێـشـكه‌ش به‌ئێوه‌ ده‌كه‌م
تـابـیـرتـان پـاراو بـكه‌م
ئـێـوه‌ش هـاوڕێـبـن تاسه‌ر
لـه‌گـه‌ڵ مـنـی كـۆمـپیوته‌ر