دەوڵەتی کوردی و دیباتی نێوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم! … سامان کەریم

لەم دووایی یانەدا و لە ماوەیەکی کورتدا، ژمارەیەکی هێجگار زۆر و فراوان لە نووسین و ووتار و چاوپێکەوتن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی لە پێگە و ماڵپەڕ و بڵاوکراوە و کەناڵە ئاسمانیەکاندا بڵاوکراونەتەوە لە سەر پرسی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق، “ڕیفراندۆمی 25.09.2017 ی بارزانی” چ لە لایەن لایەنگران یان نەیارانی ئەم سیاسەتەوە. لە نوسەران و ڕابەرانی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی خۆمانەوە بە هەر سێ چوار حزبەکەیەوە بگرە تا دەگاتە ئاغای عبداللەی موهتەدی و بەڕێزان سەمیر ئەمین و مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرەڤان بارزانی و محمود محەمەد و مەلابەختیار و شاسوار عەبدولواحید و‌هێنری لیڤی و…. لیستێکی درێژ. ئەوەندەی پێم کرا، خوێندمەوە و گوێم بۆ شلکردن بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و عەرەبی. تەواوی ئەو نووسراو وچاوپێکەوتنانەی کە لە نێو بزوتنەوەکەماندا پیادەکراوە و نووسراوە، خوێندمەوە و گوێمگرتەوە لێیان و سەرنجم دانەوە.

لە نێوان مان ونەمانی کێشە نەتەوەیی یەکاندا

لە نێو هەردوو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و کۆمۆنیستی، باسێکم نەدی کە ڕۆشنی بکاتەوە چۆن کوردستان دوای جیابوونەوە لەم هەلومەرجەدا، ووڵاتێکی ئارام دەبێت ودوور دەبێت لە کێشەی نەتەوەیی. چۆن بەهۆی سەربەخۆیی کوردوستانەوە دەگەینە “ئاشتەوایی نەتەوەیی”؟!. لە هیچ ووتارێکدا، کە دووا ووتاریان لە بزووتنەوەی ئێمەدا تا نوسینی ئەم باسە ووتاری هاوڕێی خۆشەویست خەسرەو سایەیە “ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کام سیاسەتی کۆمۆنیستی. وەڵامێک بە هاورێ سامان کەریم” ، نەمخوێندەوە و نەم بیست کە چۆن کوردوستانێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کۆسپەکان و” کێشەی کورد بێ ستەمی نەتەوەیی، چونکە ئەم ستەمە نەماوە” چارەسەردەکات. وە چۆن دەکرێت ئەم کۆسپانە چارەسەر بکات کە لە نوسین یان چاوپێکەوتنی چەند هاوڕێدا هاتووە. منیش هاوڕام کە ئەوکێشانە هەن، بەڵام باس لە چارەسەرکردنیەتی بەهۆی سەربەخۆیی یەوە. چەند نموونەیەک لە وانە : “مه‌سه‌له‌یه‌ک که ‌له ‌په‌یوه‌ند به‌ده‌وڵه‌تی عێراق وفیدراڵیزمێکی قه‌ومی و دابه‌شبوونه‌ تایه‌فه‌گه‌ریه‌ دینیه‌کانه‌وه‌، کێشمه‌کێشی نێوان ناسیونالیزمی کورد و عه‌ره‌بی له‌حاله‌تێکی ته‌قلیدیه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ ‌ زه‌لکاوێک له‌ته‌فره‌قه‌ی قه‌ومی که‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر حسابی ژیان و ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن.” سەربەخۆیی کوردوستان دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی تازە لە خەباتی چینایەتی نێوان چینی کرێکاری کوردوستان و بورژوایی کورد بەبێ هیچ بیانوویەکی چەوساندنەوەی نەتەوەیی (بڕیار بوو ستەمی نەتەوەیی نەمابێت) یا هەر بیانوویەکی دیکە” (تەئکیدەکە و کەوانەکەی ناوەوە هی منە)!! یان “لە ئەنجامدا تەنیا گەڕانەوە بۆ ڕەئی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردوستان لە ڕیفراندۆمێکی ئازادا دەتوانێت کۆتایی بێنێت بەو مەسەلەیەی بۆتە بناغەی کێشمەکێش و جەنگ و ململانێ ونیفاق و دابەشکردنی خەڵکی هاوچارەنووس”، ” دەسەڵاتی کورد بە ئاسانی بە سازکردنی هەرا لەسەر مەسەلەیەکی قەومی وەکو هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، مادەی ١٤٠ی دەستور و بەشی کورد لە دەسەڵات و داهات، ڕووی خەڵکی بەدەنگهاتوو لە دژی خۆیان وەردەگێڕن بەرەو بەغدا و لە پشتی سیاسەتەکانی خۆیان هەڵیاندەخڕێنن. ئەوەندە بەسە کە وای نیشانبدەن جارێ شەڕ لەسەر بەشی کوردە لە عێراق”…. کێشەکان هەموو ڕاستن و لەوە زیاترن و لە ژماردن نایەن. بەڵام بڕیار نیە سیاسەتی کۆمۆنیستی دووبارە نوسینەوەی کێشەکان بێت. گوێگرتن لە هەواڵەکانی ڕۆژانە بەسە بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانیت کە کێشەکان چین، سیاسەتی کۆمۆنیستی دەبێت بە شێوەیەکی مەلموس و کۆنکرێت نیشانی بدات کە ئەو کێشە نەتەوەیی یانە بەهۆی سەربەخۆیی یەوە لەم سەردەمەدا( نەک هەموو کات) نامێنن. کۆمۆنیزم “زانستی ڕزگاری کرێکارە” بە قەولی ئەنگلس. کەواتە بۆخەڵک و کرێکارانی ڕۆشن بکەنەوە کە چۆن ئەو کارە مەیسەر دەبێت لەم قۆناغەدا؟! لەم بارەوە وەڵامێک نیە. هەموو ئەو حزبانە و هاوڕێیان دەبێت بۆ خەڵکی ڕۆشن بکەنەوە کە دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئیتر ناسیۆنالیزمی کورد و حزب و دەسەڵاتەکەی ناتوانێت ناوی کورد و کێشەی کورد بەکار بەرێت و جەنگ بەناوی کوردەوە بکات!!! ئەمە لە خەیاڵیش کەمترە، بە ڵام لە ناو باسی هاوڕێیاندا بە ڕۆشنی دەیبینین. یان لایەنی کەم ئەو پڕوپاگەندانە زەمینەی نامێنێت!!.

باسی سەرەکی بۆ ئەوەی کە سیاسەتی کۆمۆنیستی لە ناسیونالستی جیابکاتەوە لە هەنگاوی یەکەمیدا ئەوەیە کە پیشان بدرێت بە هۆی ئەم ڕیفراندۆمەوە(ڕیفراندۆمی ٢٥.٩) ئەم کێشانە چارەسەر دەبن. کێشەی نەتەوەیی نامێنیت. نموونەیەکی سادە، هەرکەس و هەر هاوڕێیەک پێی وایە کە ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوەی بەردەممان دەبێتە هۆی چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت نیشانی بدات چۆن وە بەکام ڕێگا؟ ئەگەر ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەی نەگرتەوە ئەو سیاسەتە چی بەسەر دێت؟! ئایا ئەگەر بەشێکی گرتەوە و بەشێکی دیکەی مایەوە چی؟! چونکە ئەگەر لەم ناوچانە یان لە بەشێکی دا ڕیفراندۆم نەکرێت ئەوە ئیتر هەموو ئەوباسانەی هاوڕێیان سەبارەت بە چارەسەری کێشەی نەتەوەیی، دەچێت بەهەوادا… تازە ئەمە یەک خاڵە. وەڵامی ئەمە ئەوە نیە کە کاک مەسعود ووتویەتی دەکرێت، وەڵامی کۆمۆنیستەکان چیە؟! ئەگەر نەکرا چی؟١ نەک وەک لێکدانەوەکەی هاوڕێی ئازیزم خەسرەو کە باسی ئاڵوگۆری سیاسەتی خۆیان دەکات لە نێوان دوو بەیاننامە جیاوازەکەیاندا، هەموو ئاڵوگۆڕەکان دەباتەوە سەر ئەوەی کە ئاڵوگۆڕ لە قسەی بارزانیدا ڕوویداوە!!!!. ئەوە لێکدانەوەی بابەتی نیە چ جا کۆمۆنیستی. من نازانم لە کەیەوە کۆمۆنیستەکان بە پێی قسەی بارزانی سیاسەتیان گۆڕیوە و، بارزانی بۆتە جێگای باوەڕمان. ئەوە دەبێت هاوڕێ خەسرەو وەڵامی بداتەوە. تاکاتێک ئەوە وەڵامێکی ڕۆشن وەرنەگرێتەوە، ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی ناسیونالیستی و سەربەخۆخوازانەیە و پەیوەندی نامێنیت بە بەرژەوەندی خەڵک و کرێکارەوە. بە تایبەت کە کێشەی نەتەوەیی لەمڕۆدا و لە کوردوستانی عێراقدا سەرەڕای ئەوەی بوونی هەیە، بەڵام بەبێ پایەی ستەمی نەتەوەیی. کە نەبوونی ئەم ستەمە دەبێت وا لە کۆمۆنیستەکانی سەردەمی ئێمە بکات کە زیاتر وە بەهەستیاریی یەکی ووردتری ئەنتەرناشیونالی وکۆمۆنیستی یەوە سەرنج بدەینە ئەم باسە. بە مانایەکی دیکە باسەکەی ئێمە لە چوارچێوەی باسەکانی لینین و مەنصور حیکمەتدا سەرەڕای ئەوەی کە پاشخانەیەکی فکری وسیاسی گەورە و گرینگن، لێک نادرێتەوە، چونکە باسی سەرەکی ئەوان بوونی ستەمی نەتەوەیی یە. بەکورتی وەلامێک لە نێو هەموو ئەو باسانەدا نیە لەمبارەیەوە.

لە نێو بەرەی بورژواییدا و بەتایبەت لە نێو پارتی دیموکراتدا دەکرێت ووتەی کاک مەسرور بارزانی بهێنینەوە لە سالۆنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکی دا “مافى چارەى خۆنوسینى کورد دەبێتەهۆى خۆشگوزەرانى و گەشەسەندن و سەقامگیرى. http://www.nrttv.com/Rifrandom/detail.aspx?Jimare=79362 ٢٧.٧.٢٠١٧” هەروەها “ئێمە رێگەی جودامان لەگەڵ عێراق هەڵبژاردووە کە دیموکراسیە و بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا کێشەکانمانی پێ چارە بکەین کە ئێمە دڵنیایمان هەبێ لە جیهاندا بۆیە دەبێ ریفراندۆم ئەنجامبدرێ و ئەنجامەکەیشی دەبێتە بنەمای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا.٢٨.٧.٢٠١٧(هێلی تەئکید هی منە. کاکە ڕیفراندۆمی دەوێت بۆ گفتووگۆ، نەک بۆ سەربەخۆیی. سەرنجی وورد بدەن لە قسەکانی بارزانی.http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=101996 ).
هەروەها فەیلەسوفی نۆکەری ناتۆ و ئەمریکا و ئەندازیارێکی هێرشی ناتۆ بۆسەر لیبیا دەڵێت؛ “دواجار و پێچەوانەی بۆچوونی نەیارانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؛ ئەو سەربەخۆیی یە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هۆکاری سەرەکی ئاشتی و سەقامگیریی یە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.(فەیلەسوفی فەرەنسی :بیردنارد هێنری لیڤی- وەرگێرانی عەلی بداغی/ http://www.kurdistanukurd.com/?p=23840).

لێرەشدا و لەم بەرەیەشدا پێمان ناڵێن چۆن ئەو کارە مەیسەر دەبێت. مەگەر جەنابی فەیلەسوف پێش کاولکردنی لیبیا و “شۆڕشی ناتۆ” هەمان پەیمانی ئاشتی و دیموکراسی نەدا بە خەڵکی لیبیا؟! وبەشیک لە کۆمۆنیزمە کڕیکاریەکانیشی لەگەڵ بوو!!. کاک مەسرور دەڵێت “دەبێتە هۆی خوشگوزەرانی و …..سەقامگیری” بەڵام چۆن و بەکام پێوانە و دەلیل “واز لە خۆشگوزەرانی بێنە” دەبێتە هۆی سەقامگیری ؟ هیچ دیار نیە. ئەم پرۆسەیەش پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەهەمان شێوە بە لیبیایکردنی ناوچەکەیە بە کوردوستانیشەوە. کەسێک لەمە نەگات وا دیارە مێژووی ئەمریکای لە بیر چۆتەوە، هیرۆشیما و عێراق و ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و تەنانەت باسەکانی مەنصور حیکمەتی لەسەر موهەتدی لە بیر کردووە. بە لیبیایکردنی ناوچەکەیە جا لەوانەیە کوردوستانیش سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەمە چ پەیوەندی بە سیاسەتی کۆمۆنیستیەوە هەیە؟!. لەناو شین و واوەیلای نەتەوەکانی دیکەدا، لەجەرگەی گریمانەی خوڵقاندنی سیناریۆیەکی مەترسیدار لە ئێران و سوریا و تەنانەت تورکیادا، لە تۆپکی بێ ئیرادەیی خەڵک و ترس لە جەنگ و برسێتی و ئاوارەیی دا، سەربەخۆیی کوردوستان تەنها بە باڵای ناسیونالیزمی کورد دەبڕێت.

بۆ ئەوەی ڕۆشنتر بێت دەبێت هاوڕێیان پێمان بلێن کە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی 25.09 لایەنی کەم کێشە نەتەوایەتیەکان چارەسەر دەکات. بۆمان ڕۆشن بکەنەوە، ئەگەر نا ووتنەوەی کێشەکان سوودی نیە. پێمان بڵێن بەپێی کام فاکت و بنەما و سیاسەت لەناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم دەکرێت؟! ئەگەر نەکرا چی؟! پێمان بڵین لەسەر بردنی نەوتی کەرکوک کێشە دروست نابێت و ئیتر دەسەڵاتدارانی کورد بە ناوی کێشەی کوردەوە ناتوانن خەڵکی کوردوستان بە لاڕێدا بەرن؟! ئەگەر وەڵام هەیە زۆر باشە. ئەگەر نیە هەموو باسەکان و سیاسەتێک کە گیراوەتە بەر بێ ناوەرۆک دەبێت و ئەو باسەش مایە پوچ دەبێت کە دەڵێت ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی”ڕۆشن بوونەوەی خەباتی چینایەتی لە کوردوستان”.

بەڵام گریمان من هەڵەم و هاوڕێیان ڕاستی دەڵێن و سیاسەتی حزبمان لە کوردوستان سیاسەتێکی کۆمۆنیستی یە و دەبێت بڕۆین و دەنگ بدەین و بڵێین “بەڵێ”. گریمان ئەوە ڕاستە. بەڵام ئەگەر هەموو باسی هاوڕێیان ڕاست بێت و هەموو کێشە نەتەوەیی یەکان چارەسەر بکرێن و بگەینە “ئاشتەوایی نەتەوەیی” بە قەولی لینین، هێشتا ئەمە خالێکە و مومکنە لە هەلومەرجێکی ئاسایی مێژوویدا هەموو خاڵەکان بێت، بەلام بە موتڵەقی لە هەلومەرجی ئەمرۆ و ئەم سەردەمەدا، تەنها یەک خاڵە. خاڵێکی دیکەی کۆمۆنیستەکان و گرنگتر لە خاڵی یەکەم، بەرژوەندی چینایەتی کرێکارە لە ئاستی ئەنتەرناشیونالیدا، کە لەم هەلومەرجە مێژوویی یە و لەم کێشە دیاریکراوەدا، زیاتر زەق دەبێتەوە و ئەولەویەتیەکی زیاتر پەیدا دەکات. بۆ ئەم باسە دیسان وە جارێکی دیکە، ئەگەرچی بە شێوازێکی جیاواز پێویستە باس لە قۆناغی ئێستا و ئەو ئامانج و ئیستراتیژە بکەینەوە کە سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی تیایدا هاتۆتە پێشەوە. ئەم سیاسەتە لە دوورگەی دوور لە ڕووداوەکانی ناوچەکە ناتوانێت هەبێت و بەشێکی لێک هەڵپێکراوی تەواوی کێشەکانی ناوچەکەیە. باسەکە بەوە تەواو نابێت کە بڵێین “دوای داعش” چونکە یەکەم داعش تەواو نەبووە و لەسەر دەستی بورژوازی داعش تەواو نابێت “ناوی داعش ناڵێم”. وە دووەم : پڕۆژەی داعش خۆی بەشێک بووە لە خوڵقاندنی ئەم هەلومەرجە.

ئەنتەرناشیۆنالیزم یان ناسیۆنالیزم

سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسەتێکی لۆکەڵی نێوخۆی عێراق یان کوردوستانی عێراق نیە. بەشێکە لە ئامانجێکی گەورەتری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە. سیاسەتێکی ماکرۆو بەشیک لە ئێستراتیژی ئەمڕۆی ئەمریکایە بۆ چارەسەی کێشە بناغەییەکانی بورژوایی جیهانی، دروست وەک کێشەی ئێستای کوریا. ئەم سیاسەتە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمریکا و دەرپەڕندانی مونافسەکانی ڕوسیا و چین لە ناوچەکەدا لە ڕیگای لاوازکردن و پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. ئەمە تاکەی درێژەی دەبێت رۆشن نیە لە ئێستادا. هەمان ناوەرۆکی سیاسەتی ئەمریکی ساڵی ١٩٩١ لە جەنگی کەندا و “ڕزگارکردنی کوەیت” دیارە ئەوکات ئامانجەکەی هەم جیاواز و هەم گەورەتر بوو. ئەمریکا مونافسی نەبوو. ڕوسیا و چین نەبوون و ئێرانیش هێز نەبوو لە ئاستی ناوچەکەدا.

بۆ ئەم ئامانجە، لە سەرەتاوە داعش دەبێتە پرۆژەیەکی سیاسی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا. پاش سەرنەکەوتنی ئەم پڕۆژەیە “ئەگەرچی لە سەرەتاوە کۆمەلێک ئامانجی پێکا”، ئەمرۆ مەسەلەی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بۆ ئەمریکا هێجگار بۆتە مەسەلەیەکی گرینگ. بڕیار بوو دەوڵەتی سوننی داعشی لەپال دەوڵەتی کوردی دا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابین بکەن لە پاڵ ئیسڕائیلدا. ئەمە دوای سەرنەکەوتنی پرۆژەی داعش ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا هاتووە. گرینگیپێدانی مەسەلەی کورد بۆ ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا زۆر زیاتر چۆتەسەر. سەیری دوومستەفاکە و دوو دیموکراتەکەی ئێران و ئاغای چەلەبی ئێران “موهەتدی” بکەن لە کوردوستانی ئێران. هەروەها پەیوەندی و کۆمەکی ئەمریکا بۆ پەیەدە ڕۆشنە و سەرنج بدەنە پڕۆژەی فیدرالیزمی ئەم حزبە لە سوریا، کە بەهۆی بوونی ژن و جەنگاوەرانی ژنەوە لە ڕیزەکانیاندا زۆر هاوڕی پێیان وابوو ئەم هێزە ناسیونالیست نیە. لەلایەکی دیکەوە دوای سەرنەکەوتنی پڕۆژەی داعش ڕۆلی تورکیا و قەتەر بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆی سیاسەتی ئەمریکی دا هاتۆتە خوارەوە “ئەگەرچی لەم قۆناغە ئینتقالیەدا، ئالۆگۆڕ لە سیاسەتی ئەم ووڵاتانەدا، عادەتە و ئاسایی یە”.

لەم چوارچێوەیەدا پرۆژەی ڕیفراندۆمی بارزانی و پرۆژەی بەرەی کوردوستانی ئێران و کوڕەکەی قازی و موهەتدی و هەردوو دیموکرات و گیان بەبەراکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەمسەری ڕاستی شاهنشاخوازیەوە تادەگاتەوە ڕەجەوی و نەتەوەییەکان و ڕیزێکی فراوانی نێو چەپی ئێران، هەروەها دووبارە سەرهەڵدانەوەی پڕوپاگەندە و سیاسەتی “ئەسەد هیچ دەورێکی نیە لە ئایندەی سوریا” لەلایەن سعودیەوە، سزا تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و قسەکردن لەسەر هەڵوەشانەوەی “ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و پێنج بە زیادەی یەک” (سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کارە بۆ ئەمریکا هێجگار سەختە لە ئێستادا)، نانەوەی جەنگ و شەڕ لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا و، پرۆژەی تازەی کاک شاسوار عەبدولواحد “جوڵانەوەی نەخێر” (بە ووتارێک یا گرتەیەکی ڤیدیویی جیاواز لەسەر ئەم بابەتەی شاسوار قسەدەکەم)، سزاکانی ئەمریکا بەسەر ڕوسیادا… هەموو ئەوانە پێکەوە بە ئیزافەی کۆی هەلومەرجی ناوچەکە و ململانێی توندی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا بە تایبەت … لە دووتۆیی یەک ئامانج و سیاسەتدا دەچیتە پێشەوە بۆ ئابڵوقەدانی ئێران و ڕوسیا و بۆ دوورخستنەوەی ڕوسیا و لاوازکردنی پێگەکەی لە ناوچەکەدا. هاوکات بۆ پچڕاندنی پەیوەندی زەمینی نێوان ئێران و سوریا و و بەم پێیە تێشکاندنی هیوای ئێران و پاشان چین بۆ گەیشتن بە دەریای سپی (ئەگەرچی دەوڵەتی کوردی ئەم کارە بەتەواوی مسۆگەر ناکات بەلام زۆر سەختی دەکات بۆ ئیران) و هەروەها کۆتایی هێنان بە خەونی ناردنی نەوت و گازی ئیران لە ڕێگای بۆریی یەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. ئێران هەر ئێستا خەریکی دانانی ئەلتەرناتیڤی خۆیەتی و هەم هوشیاری دەدات لە دژی ڕیفراندۆم. هەفتەی پێشوو وەزیری نەوتی ئێران و عێراق لە تەهران ڕیکەوتن لەسەر ناردنی نەوتی کەرکوک و نەفتخانەی خانەقین لە ڕیگای بۆریی یەوە بۆ ئێران بۆ پاکردنەوە و جیاکردنەوەی بەشەکانی “تکریر”. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ڕیفراندۆم وسیاسەتی سەربەخۆیی تێبگەین.

لەگەڵ شایی کوردەکانی عێراقدا، ئێمە خەریکی تەعزەیە و کوێرەوری و مەینەتی کوردەکانی ئێران و خەڵکی ئێران دەبین لە سایەی چەلەبی و عەلاوی و بارزانیەکانی ئێراندا. لایەنی کەم ئەم سیاسەتە ڕۆشنە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێیان نوسینی دروست و سیاسەتی مارکسیستیان نیشان داوە، لەسەر تێکچونی هەلومەرجی ئێران و مەترسیەکانی ئەم دۆخە. بەڵام کۆسپەکە ئەوەیە کە بێ پەیوەند بە هەلومەرجی کوردوستان و پیادەکردنی ڕیفراندۆمەوە، باس دەکرێت. وەک ئەوەی ڕیفراندۆم و هەلومەرجی ئێران لە دوو هەسارەی جیاوازبن. هەروەها خەریکی شەڕو توندبوونەوەی کێشەی قەومی دەبین لە سوریا و تورکیادا. هەر ئێستا لە سوریا دا کێشەکە بەرەو توندبوونەوە کشاوە. بەهەمان شێوەی ١٩٩١، ئەوکات لەسایەی شایی ولۆغانی دەسەڵاتگرتنی ناسیونالیزمی کورددا کە ئێمەش کەم تا زۆر بەشداربووین، خەڵکی عێراق غەرقی تاریکی و کوشتن و جەنگێکی خوێناوی بوو.

ئەمڕۆش هەمان سیناریۆیە بەڵام هەلومەرج و هێز هاوسەنگیەکان گۆڕاون و هێجگار مەترسیدارترە. لەم ڕوانگەیەوە بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی ئاوەهادا و شایی گێڕان لە کوردوستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی، لەسەر کاولکردنی شوێن و ناوچە و ووڵاتەکانی دیکە، پەیوەندی نیە بە کۆمۆنیزمەوە بەڵکو ناسیونالیزمە. ئەمە زەربەیەکی دیکەی کوشندە دەدات لە خەباتی کرێکاری و هاوچارەنوسی چینایەتی لە گشت ناوچەکەدا. ئەمرۆ پاش نزیکەی سی ساڵ بەسەر جەنگی کەنداوی ئەمریکادا، ئیتر سیاسەتێکی ئاوەها کاریکاتێرە یان لەوە خراپترە. لە هەلومەرج و واقعیەتیكی دیکەدا، کە لەجیاتی یەک زلهێز چەندین زلهێز کێشەو ململانێێ توند و شەڕیانە لە ناوچەکەدا. کۆمۆنیستەکان لە هەلومەرجێکی وەهادا ڕێگای سێهەمیان هەیە. هەر ڕێگایەک بۆ کەوتنە نێو بەرەیەکەوە هوشیارانە یان ناهوشیارانە، ڕاستەوخۆ بە دژی سیاسەتی کۆمۆنیستی و ئەنتەرناشیونالی تەواو دەبیت. لینین ١٠٠ ساڵ لەمەوبە ڕابەت شۆڕشی کرد، نەچوە پاڵ هیچ لایەکی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە، بەڵکو بێ رەحمانە خەباتی سیاسی و تیوری لە دواجاردا ڕابەری شۆڕشی کردو ڕیگای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری گرتە بەر. هەلومەرجەکە زۆر جیاوازەو، بزوتنەوەو حزبەکانی ئێمەش لاواز، بەلام ڕیگای سێهەم هەیە، ئەویش لایەنی کەم ئەوەیە کە بەشیک نەبین لەسایەتی ئەمریکا وئاشوب وفەوزایەک ناوچەی گەورە، کە ناوەرۆکەکەی تێکچونی هەلو،مەرجی ناوچەکە دەبێت بە ئاقارێکی ترسناکی توندبونەوەی کێشە نەتەوەییەکان و شەڕی لەسەر شوناسی نەتەوە… ئەمە مەترسیە دەبێت بەوردی کاری لەسەر بکریت و پێشی پیبگیریت. نەک ببینە بەشێکی. وەک چەند جار وتومە لەهەردوولای ” نەخیر”و ” بەڵی” بزوتنەوەی ئێمە لەم هەلومەرجە دەستکەوتیك بەدەست ناهێنیت. بەلام مەسەلەکە ئەوەیە کە دەبینە بەشیک لە قوڵبونەوەی کێشە نەتەوەییەکانی ناوچەکەو پرۆژەی جارەسەرکردنی کیشەکانی بورژوایی جیهانی، بەرژوەندییەکانی ئەمریکا؟! دەبێت نەبین. بەبروای من کات درەنگەو دەبێت فریا کەوین.

هاوڕییان خۆیان نادەن لە هیچ لێکدانەوەیەکی سیاسی لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا. زۆریان هەر راستەوخۆ دەلین “لە 20 ساڵ” لەمەوپێشەوە دەبوایە ئەمکارەمان بکردایە. زۆربەیان 1995 بۆتە پایە بۆیان، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێستاوە نیە و دوو هەلومەرجی تەواو جیاوازە. لەم تەوەرەیەدا پێویستە هاوڕێیان بیسەلمێنن وە نیشانی بدەن کە کوردوستانی عێراق دوورگەیەکی دوورە و پەیوەندی نیە بە ئاڵوگۆڕ و جەنگ و کێشەکانی ناوچەکەوە، پەیوەندی نیە بە چارەسەرکردنی کیشە پاییەکانی بورژوایی جیهانیەوە. پێویستە لەسەریان نیشانی بدەن کە ڕوودا و سیاسەتەکان بێ پەیوەندن.

دەڵێم هێشتا ڕێگا ماوە لە ڕێگای ڕەخنەیەکی کۆمۆنیستی یەوە خۆمان ڕزگار بکەین لەم سیاسەتەی حزبمان لە کوردوستان گرتویەتیە بەر، ئەگەر ئەوە ناکرێت، دەکرێت بەڕۆشنی بڵێین کاتی دیاریکردنی دەولەتی سەربەخۆ بەسراوەتەوە بە گفتوگۆوە، ئەگەر ئەوەش بەدروست نازانن، ئەوەندە بەسە بڵێین لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم ناکریت بۆیە ئێمە سیاسەتێکی دیکە دەگرینە بەر. کە ئەم خاڵە لە پرینسیبەکانی بەیاننامەی حزبمان هاتووە لە کوردوستاندا. وە ڕێگەی دیکەش زۆرە.

چەند سەرنجێکی جیاواز و خێرا

یەکەم: تێڕاونینی عەجایب و بۆچوونی دور لە واقیع دەبینین لە لێکدانەوەی هاوڕێیاندا، تا ئەو ئاستەی دەگاتە ئەوەی کە “ڕیفراندۆم یەک جار ئەنجام دەدرێت”. بۆ شۆرشی کرێکاریش ئەم “یەک جارییە” دروست نیە چ جا بگات بە ڕیفراندۆم. لە کیوبیک لە کەنەدا تا ئێستا دوو جار کراوە و خەریکی جاری سێهەمن. لە ئوسکۆتلەند جارێک کراوە و پەرلەمانەکەی بڕیاری جاری دووەمی داوە… باسی ئەوەی کە “ڕیفراندۆم یەک جار دەکرێت” زۆر دوورە لە ڕاستیەوە. باس باسی هێز و هاوسەنگی هێزە. ئەگەر هێز هەبیت هەموو چەند ساڵ جارێک دەکرێت پیادە بکرێت. ئەم تێڕوانینە، بڕیاری داوە کۆمۆنیزم هەر بێهێز بێت، خۆی فرسەت نەخولقێنیت، هەرلاواز بێت. تازە باسی ڕیفراندۆمیشە، کە باسێکی تاکتیکیە و لەوانەیە زۆر بەرەنگاری و کێشەی لەسەر نەبێت بە بەراورد لە گەڵ شۆرشی کرێکاری یان بە گشتی لەگەڵ هەر شۆرشێکی جەماوەری دا. یان تیڕوانین و بانگەوازێکە بە خەڵک دەڵێت خیرا کەن و هەر ئەم فرسەتەیە، ئەگەر نا ئیتر، ڕیفراندۆم نابیننەوە!!. بانگەوازێکی نابابەتی و دوور لە ڕاستی بۆ ڕاکێشانی خەڵک.

دووەم: تێڕوانینێکی دیکە ئەو دابەشکردنەیە بەسەر مانەوە و جیابوونەوەدا. ئەوە دروستە کە ریفراندۆم بۆ ئەم پرسیارە دەکرێت. بەلام ئەمە ژیانی کۆمەڵایەتیە و ماتماتیک نیە، تازە ماتماتیکیش بوارێکی تێدایە. لە هەردوو بارەکەیدا دەکرێت ژیان باشتر بێت یان خۆشتر بێت ئەوە پەیوەندی بە هێزەوە هەیە. ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری و حزبەکەی بەهێز بن لە هەردوو بارەکەدا دەتوانن کاری خۆیان بکەن و خواستی خۆیان یان بەشێکی بسەپیێنن بەسەر بورژوایدا. ئەمە یاسای بزووتنەوەی مێژووە. بەڵام لە زۆربەی نوسینەکاندا ئەمجارە لە هەردوو بەرەی کۆمۆنیستی و بورژواییدا ئەوە چەندین بار زەق دەکرێتەوە کە لەژێر سایەی فیدرالیەت و زام و کێشە و نەفرەتی نەتەوەیی، یان لەسایەی حکومەتی بەغدا کە نان وموچەیان لێبرێن و ماددەی ١٤٠ یان جێبەجینەکرد… ئیتر ژیان ناکرێت، یان جەهەنەم دەبێت لەسایەی “فیدرالیزمی قەومی کۆنەپەرستدا” یان ” لە سایەی ڕێز نەگرتن لە دەستور”… بۆ ئەمبەری وایە و من هاوڕام لە گەڵیدا. بەڵام بۆ ئەوبەریش هەر وایە و ژیان ناکرێت لەسایەی دەسەڵاتی میلیشایی و نەوت بەرو سەرکوتکەردا، ژیان ناکرێت لەسایەی دەوڵەتێکی کوردی کە لە پێشدا مژدەی لە برسا مردن بە دانیشتوانەکەی دەدات، ژیان ناکریت لە سایەی دەولەتێکدا کەبەشێکە لە سیاسەتی بەهێزکردنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ….. لە سەرەوە ئاماژەم بەوە کرد کە هیچ هاوڕێ یەک ئەوەی نەخستۆتە ڕوو کە کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکرێت لە ڕیگای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی یەوە. بەم مانایەش مەسەلەی جەنگ و کێشەی نەتەوەیی لەسەر هەر خاڵێکی سەر سنور کە 1400 کم گریمانەیەکی گەورەیە. ئەمە ئەگەر واز لە دەیان کێشەی دیکە بهێنین، کە هەرئێستا بە بەر چاومانەوە دێت و دەچێت. پێم وایە وەک کۆمۆنیستێک و ‌حزبێکی کۆمۆنیستی پێویستە هەموو لایەنەکان باس بکەین و لێک بدەینەوە و بۆ کرێکاران و خەڵکی ڕۆشن بکەینەوە، بە جیا لەوەی کە لەگەڵ کام سیاسەت و هەڵوێستداین، ئەوە ئەرکێکی ئێمەیە.

سێهەم: “ڕیفراندۆم ئەگەر دەوڵەتیش ڕانەگەیەنێت ئەوا بەرەی ئازادیخوازی دەخاتە بەرانبەرپارتی و یەکێتی”: ئەم بۆچوونە مەترسیدارە لە نێو بزوتنەوەی ئێمەدا. ناسیونالیزمێکی نوستوە. بەسادەیی چونکە سەردەم و هەلومەرجی دیاریکراوو، دیاریکردنی بەرژوەندی چینی کرێکاری لەبەرچاو نیە بەپێی هەلومەرجە جیاوازەکان. گریمان ئێستا ئەم ساسەتە دروستە بەلام بە پێی هەلومەرجێکی دیکە لەوانەیە دروست نەبیت، خۆ ئەمە شۆرشی سۆشیالستی نیە، هەر بلێین ” بەڵێ”. بە بەپێی بەرنامەی حزب بڕیارە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی چینی کریکار لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا بڕیار بدەین. ئەم ڕوانگەیە هیچ ئومێدی بە بزوتنەوەو هیزەکەی خۆی نەماوە کە کاریگەری دابنی لەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان و بیشکێنێتەوە بە قازانجی چینی کرێکارو هاوسەنگی هێزێکی تازە بەقازانجی کۆمۆنیزم دەستەبەر بکات. تێروانینێکی ئاوەها پێدانی لاپەڕەیەکی سپی واژوو کراوە بە ناسیونالیزم. تێناگات لەوەی کە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی سیاسی بەردەوامە و .. کاتێک کە ناسیونالیزم گرەوی ڕیفراندۆم دەباتەوە ئیتر لایەنی کەم تا چەند ساڵ دەهۆلی کوردایەتی و هەستی نەتەوەیی هەم تیژو بەهیز دەبێت هەم بازرانی دەکاتە باوکی نەتەوەی کورد. ناسیونالیزم و پارتی دەتوانن ١٠ ساڵ لە ژیر ناوی گفتوگۆ لە شەڕ باشترە درێژە بە هەلومەرجی هەلوسراوی سیاسی بدەن سەڕەرای بڕیاری خەڵک، ئەوەنیە کاک مەسرور بارزانی بە ئاشکرا وا دەڵێت، باسی گفتوکردن بە دەنگەکانەوە دەکات. هەمیشە خەڵک شەری پێ باش نیە و بۆیە بارزانی و پارتەکانی دیکەی ناسیونالیزمی کورد دەتوانن دەیان ساڵ ئەم برینە وەکو خۆی بهێڵنەوە بە قازانجی خۆیان و کۆمۆنیزم زیاتر لاواز و لاچەپ بکەن. وەئەمە برەو دەدات بە چاوەڕوانیەکی ناگونجاو. لەمبارەوە فەلەستین نمونەی گەوەرەی یەک سەدەیە، سەڕەرای چەندین بڕیاری جیهانی؟!! تیورییەکی ئاوەها لەوپەڕی خۆیدا بە فەلەستینکردنی کوردوستانە.

چوارەم: لە نێو باسەکانی هاوڕییان و هەروەها سەرانی ناسیونالیزمی کوردا، زۆر باسی سەردەمی دەسەلاتدارێتی بەعس و ستەمی نەتەوایەتی دەکرێت. وەک پایەیەک بۆ حەقیانیەتی باسەکانیان مێژووی ئەوسەردەمە دەهێنرێتەوە. سودی ئەم تیڕوانینە بۆ ناسیونالیزم ودەسەلاتەکەی ڕۆشنە. ئەم بزوتنەوەیە هەموو ڕۆژێک خۆی ئەنفالی ژنان و هیواو خواستی لاوان دەکات بەلام ساڵانە یادی ئەنفالی بەعس دەکاتەوە، ئیتر ئەوە ناسیونالێزم چێتیە. بەلام نەوەی ئەمرۆ لە کوردوستان نەوەیەک کە تەمەتی نزیک بە ٣٥ ساڵ دەبیت ، ئەگەر سالێ ١٩٨٣ بە سالێ لەدایک بون دابنێن و سالێ ١٩٩١ کە بەعس نامێنیت تەمەنی ئەم نەوەیە ٧ساڵ دەبیت. ئەگەر ئەوسالە یان چەند ساڵیک زیاتر یان کەمتر بە بناغە وەرگرین.. ئەوکات دەگەینە ئەوە ئەنجامەی کە زۆربەی خەلكی کوردوستان یان هەموو لاوان و تازە پێگەیشتوو مندالانی کوردوستان لە سایەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورددا، ژیان و گوزەرانیان کردوەو چەوسانەتەوەو خەباتیان کردوە، نەک لەسایەی دەسەڵاتی بەعسدا. هەر بۆیە خەباتی خەڵكی کوردوستان دژ بە عەبادی و مالکی و بەغدا نەبوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ، دژ بە دەسەڵاتی ناسیونالیزم و بارزانی و یەکێتی بوە. ئەم خاڵە گرینگیەکی زۆری هەیە لە لێکدانەوەی سیاسی دا، کە لەلایەن بزوتنەوەکەمانەوە بۆ مەبەستی سیاسی و نیشاندانی هێزو توندی ستەم و کێشەی نەتەوەیی کەم باس دەکرێت، یان هەر ناکرێت. کێشەی ئەم نەوەیە بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ نەوەی ئێمە کە نەوەی ئەنفالو کیمیایی بارانی بەعسین، نەوەی ئیعدام و فراری سەربازی و شەڕی” کوردو عەرەب” ین، نەوەی جینوسایدو تەعریب و تەبعیسین … نەوەی ئەمڕۆ هەم ئاشنا نیە بەو کارەساتانە، وەهەم کاریگەری ڕاستەوخۆی نەبوە بەسەر ژیانیەوە. بۆیە ئامانج و خواستەکانی دەگۆرێت. ئەوان خواستی ژیانێکی خۆشتر و باشتر، دامەزراندن و فرسەتی کار، خزمەتگوزاری و ئازادییەکان … مەسەلەی سەرەکیان بوە لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابوردودا، بە خەباتی خۆیان نیشانیان داوە. ئەم نەوەیە هەرگیز باوەڕی بەسەران و ڕابەرانی ناسیونالیزمی کورد نەکردوە سەبارەت بەوەی کە نەبونی ” کارەبا” و “بڕینی موچە”و ” ئازادییە سیاسەکان”، ” گەندەڵی”، پەیوەندی هەبێت بە حکومەتی مەرکەزییەوە. وە ستەمی نەتەوەیی و قەهرو ملهوڕی حکومەتی مەرکەزی چێژ نەکردوە.

پێنجەم: تیڕوانینی “ئەنتی پارتی” ئەم چەمکە لە نێو نووسەرانی بزووتنەوەکەماندا بەشی شێری بەرکەوتووە. ئەمەش تێڕوانینێکی کؤپیکراوی هەمان “ئەنتی یەکێتی” یە. ئەنتی یەکێتی بوون لە نێو بزووتنەوە کۆمۆنیستی و حزبماندا زاڵ بوو لە هەمان کات و سەردەمدا کە بڕیارماندا بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەساڵی 1995دا…. ئەوکات هەم ڕیفراندۆمی ئێمە و هەم ئەنتی یەکێتی بوون هەردووکیان دروست بوون. بەڵام ئێستا هەردووکیان نادروستن. “ئەنتی یەکێتی” لە بناغەوە باسی بزووتنەوەو هێزێک بوو کە ئەوکات ماوەی چەند سالێک بوو وەک بزووتنەوە و زۆربەی ڕابەرانی بەگشتی لە هەناو و بە ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوەی ناسیونال-چەپ هاتبووە دەرەوە، کە یەکێتی ڕابەری دەکرد لە ساڵانی هەشتاکاندا. قورسایی ناسیونالیزم و ئاسۆی سیاسیەکەی و هێزەکەی یەکێتی نیشتمانی بەسەر بزووتنەوە و حزبدا رۆشن و بەرچاو بوو… ئەمە لایەن و پایەیەکی سەرەکی بوو بۆ‌هێنانەدەرەوەی ئەو چەمکە. باس باسی ئاسۆی سیاسی و شێوازی کاری “ئەنتی یەکێتی” بوو. باسی بەرتەسکردنەوەو هێنانەخوارەوەی ئاسۆی سیاسی کۆمۆنیستی بوو تا ئاستی لە قاڵبدانی کۆمۆنیزم لە چوارچیوەی وەستانەوە بەرانبەر بە “یەکێتی”، کە ئەمەش بەرتەسکردنەوەی خەباتی کۆمۆنیستی بوو تا ئاستی هێنانەخوارەوەی بۆ دژی حزبێک نەک سەرمایەو سەرمایەداری.

ئەمڕۆ “ئەنتی پارتی” بوون دروست بە مانای ” ئەنتی ڕژێم” بوونە. دژی ڕژێم بوون خراپ نیە. ئەوە کاری کۆمۆنیستی یە کە دەبێت دژی ڕژێمی و ئەنتی پارتی بکاتە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە و ڕابەری کرێکاری تێدا دابین بکات. هەموو جومگەی دەسەڵات مالیە و ئابوری و سەربازی و پەیوەندی دەرەوە لە دەسەڵاتی پارتیدایە. ئەوە دووساڵە بە شەق پەرلەمانی قتکردوە. ئەم ڕژێمە خەڵک نایەوێت سەرپەرشتی دەوڵەتی بۆبکات. بەڵام باسی من جیایە و، بە ڕۆشنی دیارە نەک لەبەر ئەوەی تەنها پارتی پێشنیازی کردووە بەڵکو پایەکانی باسی من لەم نوسینەو لە نوسینی پێشودا ڕۆشنە”هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی/ بەشی دووەم”. بەڵام بۆ ئەوانەش کە ڕیفراندۆم ڕەتدەکەنەوە تەنها لەبەرئەوەی کە “پارتی” پێشنیاری کردووە، مەسەلەیەکی بابەتیە و پەیوەندی هەیە بە ژیان و گوزەرانی نزیک بە 30 ی ساڵی خەڵکی کوردوستانەوە. پایەکانی سیاسەتی کۆمۆنیستی لە ڕوانگەی منەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم بە ڕۆشنی لەو نوسینەدا باسکراوە، بە تایبەت لە ژێر تیتەری” سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستانە!”. بۆیە ئەم داهێنانەی هاوڕێیان لە هەموو سەرێکەوە نادروستە، لە باری واقعیەوە وەک پاساوێکی نادروست بۆ پارتی لێک دەدرێتەوە. دروست نیە لە نێو بزووتنەوەکەی ئێمەدا ئەم “چەمکە” بەکاربهێنرێت، هەرچۆنێک لێکیبدەینەوە بە قازانجی پارتی یە.

کۆسپەکانی بزووتنەوە و حزبمان

لە نووسینی پێشوودا کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە لە سەرەتاوە نوسیومە”… هەموو مەسائیلە سیاسی یە گرینگەکانی کۆمەڵگا کە ڕوومان تێدەکات، تەواوی کۆسپ و گرێوگۆڵەکانی کۆمۆنیزم جارێکی دیکە دێنێتەوە ژیر زەڕەبین و باسەوە…”. بەدور لە باسی نەخێرو بەڵێ، ئەم باسە گرینگترین باسی کۆمۆنیزمی سەردەمی ئێمەیە. کەواتە ئەگەر باسی ڕیفراندۆم تاکتیکی کۆمۆنیستی یە و وا گرینگە بۆ حزبمان لە کوردوستان، مانای چییە لە جیاتی کارو شێوازی کۆمۆنیستی و کاری ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستی ئەمجارەش سپێردراوە یان وا دەردەکەوێت سپێردرابێت، بە کەمپینی سەربەخۆیی؟! بەڕاستی نیشانەی ئەوەیە کە هیچ فێر نەبووین لە تەجروبەی نزیک بە 25 ساڵی حزبایەتی وکاری کۆمەڵایەتی و حزبی دا. ئەگەر وا گرینگە بۆمان “یەک جار دەکرێت” مانای چی یە؟! هاوڕێی مەکتەبی سیاسی مان دەبێت ئەندامی کەمپین بێت و بەناوی حزبەکەمانەوە کاری کۆمۆنیستی نەکات؟!! بەڕاستی ئەگەر سیاسەتەکەش دروست بێت، ئەم شێوازی کارە بەسە بۆ ئەوەی کە دەستکەوتەکانی بە هەوادا بەریت. دەبوایە تا ئێستا فێر بووینایە کە شێوازی کاری کومۆنیستی و پراتیکی کۆمۆنیستی پیادەبکەین وبیکەینە کاری ڕۆژانەمان. لەم بارەوە هیچ پراتیک و شێوازی کارێکی کۆمۆنیستی دیار نیە. تەکتیکی کۆمۆنیستی پێویستی بە شیوازو کاری کۆمۆنیستی هەیە. تەنها وەک تێبینیەک بە پێویستم زانی ئاماژەی پێبکەم، ئەگەر نا ئەم باسە زۆر فراوان و پایەیی وچەند تەوەرەیە.

کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی بورژوایی

من سیاسەتی تاکتیکی حزبمان لە کوردوستان بە کۆمۆنیستی نازانم وە ئەم هەلوێستە سیاسیەی بە هەلوێستێکی ناسیونالیستی دەزانم. ئەمە تیڕوانینی منە و ڕۆشنە. بەڵام ئایا لەم ڕوانگەیە، حزبی ئێمە لە کوردوستان دەکاتە حزبێکی بورژوایی؟! بێگومان نا. ئەو بوچونە بۆچونو ڕوانگەیەکی هەڵەیەو تێنەگەیشتنە نەک لە بزوتنەوە کۆمەلایەتی و حزبە سیاسیەکان، بەڵکو تەنانەت لە مەکاتبی فکری و ڕەوتە فکرییە جیاوازەکان. هیج حزب و کەسایەتیەکی کۆمۆنیستی بە هەلوێستێکی سیاسی هەڵە نابێتە بورژوایی، مەسیری بزوتنەوەو حزبێک لە نەبەردو سەنگەرێکدا دیاریناکرێت. بەڵکو لە کۆی جەنگی چینایەتی نیوان کرێکارو بورژواییدا ڕۆش دەبێتەوە. ئەوە خاڵێک. خالێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم هەلوێستە هەر چیەک بێت هەلوێستێکی سیاسی تەکتیکی یەو حزبێکی کۆمۆنیستی کەمێک دورتر لە ئێمە دەتوانن هەر باسی نەکەن. باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەگشتی هیچ پەیوەندییەکی نیە بە ستراکتۆری کۆمۆنیزم و بیرو تیۆری کۆمۆنیستیەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕەهەندێکی سیاسی گرینگە. بەم مانایەش هەلەیەکی گەورەیە بە حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردوستان بوترێت حزبێکی بورژوایی یان کۆمۆنیزمی بورژوایی، چونکە دەڵی ” بەڵی بۆ سەربەخۆیی”… بەتایبەت ئەگەر ئەم تێڕوانینە لە نێو ڕیزەکانی خۆماندا بیت، ئەوە ترسناکترەو ئاستێک لە لاوازی فکری و تیوری لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە درک نەکردنی بردنە پێشەوەی جیاوازە سیاسیەکانە لە کەشوهەوایەکی تەندروستی سیاسی و سالمدا، کە پێویستە نەریتی ئێمە بێت.

نیسبیەتی سیاسی

بەپێویستم زانی کۆتایی باسەکە لەسەر پێشەکی نوسینەکەی هاوڕێم خەسرەو بێت. کەسەرتاپای پێشەکیەکەی پەیوەندی نیە بە باسی ریفراندۆمە. وەک نمونە باسی “ناحزبی بوونی سامان کەریم و ڕیفراندۆم” دەکەم من نەمزانی بوو کە پەیوەندییەکی دیالەکتیکی لە نێوان ناحزبی بونی من و ڕیفراندۆمدا هەیە. ئێستا دوای نوسینەکەی هاورێی بەڕیزو خۆشەویستم خەسرەو تێگەیشتم کە ئەو پەیوەندییە هەیە. پەیوەندیەکی دیالەکتیکی پێچەوانەیی “مەعکوس” لەنێوان ناحزبی بوونی سامان کەریم و ڕیفراندۆمدا هەیە. پەیوەندیەکەش بەم شێوەیەیە. سامان ناحزبیە، کەواتە ڕیفراندۆم و سیاسەتی هاوڕی خەسرەو دروستە. سامان حزبیە کەواتە سیاسەت و تێڕوانینی هاوڕی خەسرەو هەر دروستە. ئەمە بەڕاستی نوکتەیە و پەیوەندی بە باسەکەمانەوە نیە. “باسی ناحزبی” و” ڕەئی شەخسی گرینگە یان حزبی” و ” یەکریزی جولانەوە”و شتی لەم بابەتە…..هیچیان پەیوەندیان نیە بە باسەکەوە. بەرژەوەندی هاوڕی خەسرەو لەم باسەیدا ڕۆشنە، بەرژەوەندییەک کە مانای نیسبیەتی سیاسی هەیە بە قازانی خۆ، چونکە پایەیەکی واقعی نیەو تەنانەت بێ ویژدانی پیوە دیارە. بەڵام لەبەرئەوەی هاوڕی دڵخۆشە و پێی وایە تەوەرەیەکی باشی گرتوە، من وەڵامی نادەمەوە. و هیوادارم لە گفتوگۆو دیباتی نێوانماندا دانەبەزینە ئاستی ئەم شێوەیە لە نیسبیەتی سیاسی. پیویستە ئەلگۆیەکی ڕاقی و مۆدێرن لە دیبات وگفتوگوو بۆ کۆمەڵگا نمایش بکەین. ٨.٨.٢٠١٧

سامان کەریم
Saman.karim5@gmail.com




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟ …1


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
به‌شی یه‌كه‌م…….

شه‌ڕی گه‌وره‌ و ملمڵانێی زه‌قی سه‌ره‌تاكانی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ساغكردنه‌وه‌ و دروستكردنی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بوو، كه‌ ئایا كورد نه‌ته‌وه‌یه‌ یان نه‌ته‌وه‌ نییه‌؟
ئه‌و مشتومڕه‌ زیاتر له‌نێوان چه‌پڕوه‌كانی عێراق و كوردستانی ئه‌و زه‌مانی حزبی شیوعی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ چه‌په‌كانی ئه‌و ده‌می پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ مام جه‌لال به‌ چه‌پی پێشكه‌وتوخوازی شۆڕشگێڕانه‌ی وه‌سف كردون له‌ ئارادا بوو.
به‌ درێژایی مێژوو دوو دیدگای ئایدۆلۆژی زۆر زه‌ق و دیار هه‌بوون، كه‌ هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی فیكری و ئاینیان به‌كار هێناوه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌كان به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵكردنیان له‌ چوارچێوه‌ و بازنه‌ی ئه‌و فیكر و بیروباوه‌ڕ و دیدگایه‌ی كه‌ هه‌یان بووه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌كان.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆمۆنیزم و ئیسلام تێناپه‌ڕێ‌، كه‌ ئه‌م دوو باوه‌ڕه‌، دوو باوه‌ڕی زۆر وێكچوون له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئیسلام له‌ ڕوانگه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامه‌وه‌ ده‌روانێته‌ نه‌ته‌وه‌كان و پێی وایه‌ ده‌بێ‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ سێبه‌ر و چه‌تری ئیسلامدا جێگیر بكرێن و بمێننه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌مه‌ هه‌رجۆره‌ هه‌نگاوێك بۆ ده‌رچوون له‌و یه‌كێتی-یه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ باوه‌ڕی ڕاستی ئیسلام، به‌ڵام ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونه‌ ژیارییه‌كان كاڵبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ك كۆمه‌نیزم-یش نه‌یتوانی ئیسپاتی ئه‌و باوه‌ره‌ی بكات، كه‌ بوونیادنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی شتێكی مایه‌ پووچ و بێهوده‌ییه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆمه‌نیسته‌كان كه‌وتنه‌ به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی، یان ماركسی لینینی رێگا به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، یان نا، له‌ كاتێكدا دامه‌زرانی هه‌ر جۆره‌ ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ بۆ هه‌رس پێهێنانی ئوممه‌مییه‌ت.
ئه‌و ئووممه‌ییه‌ته‌ی كه‌ لای هه‌ریه‌ك له‌ ئیسلام و كۆمۆنیزم وه‌ك شكل و به‌شێك له‌ جه‌وهه‌ریش یه‌ك مانای هه‌یه‌، واته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌تكردنه‌وه‌ یان باوه‌ڕ نه‌بوون به‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵقوولاوی ئه‌و دوو بیرو باوه‌ڕه‌یه‌، كه‌ ناكرێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو دیدگاو تێگه‌یشتنه‌وه‌ گفتوگۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی پارتی و ته‌به‌نی نه‌كردنی ڕیفراندۆم، ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاره‌ و ناكرێ‌ قیول بكرێ‌.

بۆیه‌ له‌مه‌ڕ تێڕوانینیان بۆ سه‌ربه‌خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و باوه‌ڕه‌یان، كه‌ له‌ ئه‌ساسدا پێی په‌روه‌رده‌ كراون جا چ كۆمۆنیسته‌ خۆ به‌ عه‌یار 24 زانه‌كان بن، یان ئیسلامییه‌ خیلافه‌ت خوازه‌كان.
ده‌كرێ‌ له‌م گۆشه‌وه‌ نیگایه‌وه‌ بڕوانینه‌ بۆچوون و ده‌ربڕینی هه‌ندێ‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی، یان كاردیره‌ حزبیانه‌ی له‌ باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و كردوشیانه‌، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌ندێ‌ له‌و نووسه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر پارتی و ده‌ربڕینی ڕه‌خنه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم كه‌وتنه‌ باسی قسه‌كردن له‌ ده‌وڵه‌ت، تا ئاستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌بیانووی ئه‌وه‌ی، كه‌ ناكرێ‌ ته‌به‌نی ده‌وڵه‌تێك بكرێ‌ كه‌ پێشوه‌خت زه‌مانی دیموكاتییه‌ت بوونی و سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی نه‌كرابێت.
لێره‌دا هه‌ندێ‌ له‌ دیدو بۆچوونه‌كانی رابوون مه‌عروف به‌نمونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌و له‌ رابردوودا كۆمۆنیستێكی دژه‌ نه‌ته‌وه‌ بووه‌ و له‌ ئێستاشدا بیرئیسلامییه‌كی هه‌مدیسان دژه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌شی وایكرد ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌نمونه‌ بهێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌ك مونه‌زرێكی دیاری گۆڕان تێزێكی له‌مه‌ر ده‌وڵه‌ت خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌ركرادیه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و ڕای گشتی.

ئه‌و كه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارێكی گۆڕانه‌ و به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی كۆمۆنیستیانه‌ به‌ربۆته‌ گیانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێی وایه‌ ناكرێ‌ پشتیوانی له‌وه‌ها هه‌وڵێك بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكرێت، چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌ داهاتووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ زیندانێكی گه‌وره‌ به‌ولاوه‌ شتێكی دیكه‌ نییه‌.
رابوون پێچه‌وانه‌ و جیاواز له‌ بۆچوونی زۆر له‌ نووسه‌ران و سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، جۆرێك له‌ ڕای گشتیش، ئه‌و هه‌وڵه‌ی پارتی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌ جدی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات:
(پارتی به‌جدی سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و به‌ ئاشكرا و نهێنی بنه‌ماكانی داده‌مه‌زرێنێت).

ئه‌م دانپیانانه‌ی ڕابوون به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بكه‌ین بۆ تێروانیین و تێگه‌یشتنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
بۆیه‌ به‌ده‌ر له‌و تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شانه‌ی هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی بۆ بنه‌ماكانی دیموكراتی داده‌په‌روه‌ری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی رابوون و جۆرێك له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یانه‌ شتێك نییه‌ ته‌نیا به‌ بیری ڕابووندا هاتبن و ئه‌و بیه‌وێ‌ به‌ گوێ‌ و بیری ئێمه‌ مانانیدا بێنێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك ڕاستی و بنه‌مای فیكری هه‌ر كه‌سێكی وشیارو ناوشیارن، هه‌مووانیش خه‌بات بۆ وه‌ها ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاماژه‌كان به‌و ئاراستییه‌ن ئه‌وه‌ دیسان ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ به‌م بیانوانه‌وه‌ رێگه‌ له‌ دامه‌زرانی وه‌ها ده‌وڵه‌تێك بگیرێ‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی ناتێگه‌یشتن و بێئاگایه‌ له‌ مێژووی جیهان، له‌ڕووه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی بێمتانه‌ بوونه‌ به‌ ئیراده‌ی میلله‌ت له‌وه‌ی له‌ داهاتوودا چۆن ده‌كرێ‌ كۆمه‌ڵگا به‌ ژیان له‌وه‌ها زیندانێك قایل بێت، به‌تایبه‌تی له‌ جیهانێكی ته‌واو جیاواز له‌و ڕابردووه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا مومكینتر بووبێ‌ له‌ ئێستا.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ و ده‌بێ‌ هه‌مووان له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بین جۆرێك له‌ گفتوگۆ و هه‌ڵوێستی دژ به‌ یه‌ك بێته‌ ئارا و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاساییش وه‌ربگیرێ‌، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ یه‌كریزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌میشه‌ به‌ره‌و رێیه‌ ڕاست و دروسته‌كه‌مان به‌رێ، له‌ مێژووی رابردووماندا، شۆِڕشی ئه‌یلول به‌ نمونه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ڕووداوه‌ یه‌ك هه‌وڵوێستیانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد.
ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی زۆری ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سه‌ر پرسی رێفراندۆم و ده‌وڵه‌ت ده‌وترێن و ده‌نووسرێن، جگه‌ له‌ خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی رق و كینه‌ و بیری ته‌سكی حزابه‌یه‌تی به‌ولاوه‌ شتێكی تر نییه‌، له‌مڕوه‌وه‌ كه‌مترین خوێندنه‌وه‌ی فیكری و مێژوویی بۆ ئه‌و باته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ كراوه‌.
مه‌ترسی و گرفتی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌م به‌شێكی زۆر له‌ رۆشنبیران و سیاسییه‌كانی كورد ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ئه‌لقه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دۆگما و ده‌مار گیرییه‌ فیكری و ئایدیۆلۆژی و حزبییه‌ ده‌ربازیان بێ‌، بۆیه‌ هه‌موو شته‌كان هه‌ر ته‌نیا به‌ڕه‌ش و سپی ده‌بێنن. له‌ كاتێكدا بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی گفتوگۆی هه‌موو شته‌ پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌ن هه‌ر له‌ ئاینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ بیری عروبه‌، ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێش هه‌ندێ‌ جار یه‌كتریشیان ته‌كفیر و خائینیش كردبێ‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م حاله‌ته‌ نه‌بۆته‌ هۆی قوفلدانی بیركردنه‌وه‌ی تر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ رابردوودا هه‌ندێ‌ له‌ سه‌ركرده‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی، چ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان یان وڵاته‌كه‌یان، یانیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بوو بێت، هه‌نگاویان هاویشتوه‌، جا با ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌شیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ گشتیانه‌ بووبێ‌ كه‌ ئه‌وده‌م له‌ ئارادا بووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ دواتر خراونه‌ته‌ به‌ر لێكدانه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌قلی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكرێ‌، بۆیه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و گفتوگۆ و كتێبانه‌ی ئه‌وان له‌ باره‌ی ئاینی ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌ینووسن، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئێمه‌ ناتوانین، یان ڕاستر بڵیم به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا نه‌مانتوانیوه‌ بشیان كه‌ینه‌ كوردی.

له‌ ڕووی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئوردن له‌ ده‌ركردنی فه‌له‌ستینییه‌كان و میسر له‌ رێككه‌وتننامه‌ی كامپ دێڤد و دواتریش سه‌بر سه‌بر دروست كردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی له‌ نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل، كه‌ سه‌رده‌مانێك ئه‌وه‌ كوفر و خیانه‌تێكی گه‌وره‌ بووه‌ لای زۆربه‌ی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب، به‌ڵام دواتر توانین ئه‌و گرێ‌ ده‌روونی و فیكرییه‌ تێپه‌ڕێنن.
له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نمونانه‌ من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ی یه‌كلاكره‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ندێ‌ مه‌بادئی ئه‌خلاقی و نیشتمانی و ئینسانی بكه‌م، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ‌ بلێم ده‌ربڕینی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان، تا ئاستی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونیش له‌ ئاست پرسه‌ نیشتمانی و سیاسییه‌كان ده‌بێ‌ ئاساییانه‌ لێیان بڕوانین و خۆمان به‌دوور بگرین له‌ ته‌خوینكردنی یه‌كدی، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ ببین به‌ خاوه‌نی سه‌ركه‌وتنه‌كان، یان هه‌مووشمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئۆباڵی شكسته‌كان له‌ ئه‌ستۆ بگرین.
كاتێك توانرا هه‌مووان ته‌عبیر له‌ بیروبۆچوونه‌كانی خۆیان بكه‌ن، مانای وایه‌ ده‌توانین هه‌نگاو باوێین، بۆیه‌ رێگه‌گرتن له‌ ده‌ربڕینه‌ جیاوازه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێ‌ رۆشنبیران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌وڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و ڕێگركردن بن له‌ وه‌ها تێگه‌یشتنێك، چونكه‌ دوور نییه‌ لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ میلله‌تێك دووچاره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره‌ بكات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حه‌قی هه‌مووانه‌ تێگه‌یشتنی خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵام له‌ ئاستێكی بابه‌تیانه‌ی باڵای دوور له‌ بووغزی سیاسی.
لێرده‌دا ده‌مه‌وێ‌ ئاماژه‌ بۆ ڕووداوێكی گرنگ و مێژوویی بكه‌م، كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌راورد بكرێ‌ به‌وه‌ی ئێستا له‌ باره‌ی ریفراندۆم و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ‌.

مام جه‌لال له‌ كتێبی دیداری ته‌مه‌ندا كاتێك باسی سه‌ره‌تاكانی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بدولكه‌ریم قاسم و بارزانی باوك ده‌كات، زۆر به‌ڕوونی تیشكی خستۆته‌ سه‌ر هۆكار و چۆنییه‌تی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بارزانی له‌ پشتیوانیكردنی سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پاڵپشتیكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژ به‌ قاسم، هه‌رگیز مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ناكۆكییه‌كه‌ن بگه‌نه‌ ئاستی لێكترازانی ته‌واو و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا پێی ده‌وترێت شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ڵكو ئامانجی بارزانی له‌ قوولكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوو فشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر قاسم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام به‌ده‌نگ داخوازی و داوكارییه‌كانی كورده‌وه‌ بێت، له‌م نێوانه‌دا مام جه‌لال و به‌شێك له‌ براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌تی بارزانی و پێیان وابووه‌ كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ خراپ به‌سه‌ر كورددا ده‌شكێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ناكرێ‌ ئانجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بێت كه‌ بارزانی پێشبینی ده‌كرد، به‌ڵام به‌ هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ له‌ نێویاندی مه‌سه‌له‌ی پاراستنی یه‌كرێزی كورد، كه‌ هۆكارێك بووه‌ وای له‌ مام جه‌لال و برایم ئه‌حمه‌د و ئه‌و چه‌ند ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسییه‌ كردوه‌، وێرای بۆچوونی جیاوازیان به‌ ناچاری به‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كه‌ی بارزانی بكه‌ون، كه‌ دواتریش ده‌ركه‌وت فشاره‌كان بوونه‌ هۆكارێك بۆ به‌ته‌واوی لێكترازان و هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بارزانی نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو، واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن به‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك و دابه‌شی سه‌ر به‌ری نیشتمانی و نا نیشتیمانی نه‌بن مام جه‌لال و هاوڕێكانی به‌ناچاری چوونه‌ پاڵ تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بارزانی.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له‌ باره‌ی ریفراندۆم و دامه‌زاراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ‌ و وه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانیشدا گوێ بیست ده‌بین، زۆر باش دیار نییه‌ كه‌ ئایا به‌ڕاستی خستنه‌ڕووی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراقییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مل بدات به‌ داخوازییه‌كانی كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول ڕوویدا، یان به‌ڕاستی هه‌نگاو تێگه‌یشتنێكی جدییه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا چوونه‌ته‌ ژێرباری ئه‌و سیاسه‌ته‌و به‌ڕاشكاوی لایه‌نگری خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌ربڕیوه‌، هه‌مان ئه‌و ناچارییه‌ی سه‌رده‌می به‌ر له‌ شۆڕشی ئه‌یلول بێت، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌و هه‌نگاوێكی خراپ و پڕ مه‌ترسییه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌ یه‌كی نیشتیمانی و نانیشتمانی، دوور نییه‌ دووچاری كاره‌ساتێكی دیكه‌ ببینه‌وه‌، بۆیه‌ با به‌هۆی به‌ره‌ی نیشتیمانی و نا نیشتمانی رێ له‌ جیاوازییه‌كان نه‌گرین.

ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو بڕوانینه‌ پڕۆسه‌ی ریفراندۆم، یان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌یه‌ی هیگل-یش بڕوانینه‌ مێژوو، كه‌ ده‌ڵێ‌: ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان دووجار ڕووده‌ده‌ن، یان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ بۆ كورد له‌ باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ شتێك ڕاست بێ‌، نه‌ك هه‌ر دووجار ڕه‌نگه‌ هه‌ر دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ڕووداوه‌كان ڕه‌نگه‌ چه‌ندین جار دوباره‌ ببنه‌وه‌، هه‌موو دووباره‌ بوونه‌وه‌یه‌كیش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كوتوینه‌ته‌ به‌ر كاریگه‌ری ئه‌و وته‌یه‌ی لای كورد و گه‌لانی دونیاش هه‌یه‌ كه‌ پیره‌كان ده‌ڵێن (هه‌ر قسه‌ مه‌كه‌ شتێك بكه‌). ژیژه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ی پیاوانی پیر به‌ قسه‌یه‌كی زۆر گه‌مژانه‌ تێده‌گات. به‌ومانایه‌ی ده‌یه‌وه‌ی بڵێ‌ ئینسانه‌كان زۆر شتیان كرد، كه‌ هه‌مووی هه‌ر تێكدان و كاولكاری بوو، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ پاشه‌كشه‌ له‌ كرده‌كان بكه‌ن و له‌مه‌ودوا شتێكی شیاو بڵێن، لێره‌وه‌ ژیژه‌ك ده‌یه‌وێ‌ بڵێ‌ ئێمه‌ زۆرجار باس له‌ شتێك ده‌كه‌ین له‌ بڕی كردنی، به‌ڵام هه‌ندێ‌ جاریش شتێك ده‌كه‌ین به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌ین، یان بمانه‌وێ‌ بیكه‌ین.

ئه‌و نمونه‌ به‌و دێنێته‌وه‌ تۆ كاتێك بڕێكی زۆر پاره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كدا خه‌رج ده‌كه‌ی، به‌ڵام ئاماده‌ نیت بیر له‌ هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دروست بونی كێشه‌كه‌ بكه‌یته‌وه‌.
له‌ ئێستادا ئێمه‌ی كورد به‌ دۆخێكی هاوشێوه‌یه‌ی ئه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕین له‌ نێوان دووباره‌بوونه‌وه‌ و كرده‌ و قسه‌ نه‌كردندا، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ‌ ده‌می ڕۆشنبیران داخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌ڵێن، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ‌ ته‌نیا ده‌بێ‌ وابكه‌ن، مه‌رجه‌ به‌رهه‌می هه‌موو كرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ بێت كه‌ مرۆڤ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خه‌باتی بۆ كردوه‌، بۆیه‌ دڵنیابن ئه‌وه‌ی ئێستا من ده‌یبینم دووباره‌بووه‌نه‌وه‌یه‌كی زۆر زه‌قه‌.

ئه‌و دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ش جارێكی دیكه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قسه‌ی كه‌ ماركس خستییه‌ سه‌ر قسه‌كه‌ی هیگل به‌وه‌ی به‌ڵێ‌ یه‌كه‌مجار وه‌ك تڕاژیدیا و دووه‌م جاریش وه‌ك كۆمیدیا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
به‌ ئاورڕدانه‌وه‌ له‌ مێژووی گه‌لان، سه‌دان قاره‌مانی هه‌ڵكه‌وتوو ده‌بینین، سه‌دان شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لان له‌ پێناوی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیاندا له‌ پێنیاو گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو.
كه‌ به‌ ئامانج گه‌یشتنی هه‌ندێكیان به‌ هه‌ورازێكی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌ و هه‌ندیكیشیان نشێوییه‌كی ئاسان.
روداو و پێشهاته‌كان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌لانه‌ی به‌ دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ بونه‌ ده‌رفه‌ت و قۆناغێكی باش بووه‌ بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا ئیراده‌ی گه‌لان و هه‌ڵكه‌وتنی سه‌ركرده‌ی جوامێر رۆڵیان كه‌متر نه‌بووه‌ و نییه‌ له‌ رووداو و پێشهات و ده‌رفه‌ته‌كان، به‌ومانایه‌ی زۆرجار ده‌رفه‌ت هه‌ڵكه‌وتوه‌، به‌ڵام سودی لێوه‌رنه‌گیراوه‌.

بۆیه‌ عه‌قڵ و ئیراده‌و تێگه‌یشتن له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان سێ‌ بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت و پێشهاتێك كه‌ دێنه‌ پێش، ئه‌مه‌ش به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ مێژووی گه‌لان، وه‌ك سیاسییه‌كی ئه‌وروپی گوتی كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌یه‌ مێژووی نه‌خوێندۆته‌وه‌.
له‌ قۆناغێكی وه‌ك ئێستادا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد، كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ به‌جێماوێكی مێژوویی دابنێن له‌ رووی گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌و مانایه‌ی ئێمه‌ له‌ قۆناغێكی زۆر دره‌نگی پرسی سه‌ربه‌خۆیداین، له‌ قۆناغێكداین كه‌ خه‌ریكه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و پیرۆزی و شه‌وقه‌ی جارانی نامێنێ‌، ئه‌گه‌ر جاران هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌و بێ‌ دوودڵی له‌ خه‌یاڵی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بووبین، له‌ ئێستادا ده‌بینین ئه‌و پرسه‌ كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م رای جیاوازه‌وه‌، ئه‌مه‌ش تا راده‌یكی زۆر په‌یوه‌ندی به‌و پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ژیان و گوزران و چوونه‌ نێو دونیای خۆشی و كه‌یف و سه‌فا، كۆمه‌ڵگای وه‌ها گوشیوه‌، هێنده‌ی بیر له‌ ژیان ده‌كاته‌وه‌ نیو هێنده‌ خه‌یاڵی به‌لای سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ نییه‌، به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌بینین دادپه‌روه‌ری له‌وپه‌ڕی پاشاگه‌رادانی دایه‌ و له‌ ئێستاوه‌ كۆمه‌ڵێك به‌هه‌شتیان بۆخۆیان دروست كردوه‌ و خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌ نێوان ئه‌و به‌هه‌شته‌ و جه‌هه‌نه‌مه‌دا دۆش داماوان و باوه‌ڕیان به‌وه‌ش نییه‌ رۆَژێ‌ له‌ ڕۆژان ئه‌وانیش بتوانن پێیه‌كیان بخه‌نه‌ نێو ئه‌و به‌هه‌شته‌وه‌.




دوو شيعرى جەلالی میرزا کەریم

ڕێگا

نامە داخراوەکانی دڵ
لە تەوژمی خۆشەویستی لێوی بەفری
تابلۆی شانۆی خۆرهەڵاتی ڕیگاکانا
ئەکرێتەوە
لە کاروانی گەڵاڕێزانی پایزی گوڵا
لەزستانی سنگی هەورا
هەمان وەرزی نمەی بەهار
بەسەر لووتکەو
قەدپاڵ و نشێوەکانا
ئەڕژێنەوە.
* * *
سێبەری باڵدارێکی بێ پاسەپۆرتی
سەرهەڵگرتوو
بەندەرەکانی زریانی
وەیشوومەی شەوی هەڵتەکان
هەناسەی گەرمی هێلانەی
گەرووی خواروو
بووە ملوانکەی ژیلەمۆ و
لە گەردنی نەرمی وەک لۆکەی خۆی ئاڵان.
* * *
-ئەی باڵەکانی پرشنگی خۆری وشە!
بەستەڵەکی دەمارەکانی بێ دەنگی
جێ مەهێڵن
پەردەکانی پەنجەرەی زامی بێ گرشە،
بە دواتانا .. لاشەی زەوی
وێڵ ئەکێڵن.
* * *
کێ ئەیزانی ؟..
جانتایەکی خۆڵ لێنیشتووی ماندووی ڕێگای
مەڵبەندێکی دووری کەساس ..
ئەگاتە بەردەمی پاسگای تەمی تەکساس
ڕەهێڵەی بارانی خۆری،
تۆزی سەر ڕووی ئەشواتەوە..
گوێزانی برووسکەی دڕی،
دوگمەی سینگی ئەکاتەوە
کۆ ئەیزانێ؟؟
* * *
کێ ئەیزانێ ؟..
نینۆکی درێژی ئەوسای مەلای خەتێ
لەدووتوێی ئایەتەکانی ناو قورئانا
سەروچاوی یەزدان ئەڕنێ
هەمان و هەمان پەنجەی تر
لەبەردەرگای کۆشکی سپی و
سوور و سەوزی (ڕەشا) ئەدڕی.
* * *
نەوەک هەور،
کەسەرچاوەی خۆی ئەزانی
نەوەک .. ڕاچڵەکینی تەور
کە مەچەک و
بازووی کاوەی خۆی ئەزانێ
نەوەک .. ڕەنگی ئەرخەوانی
گۆڕستانی پێشمەرگەکان،
کە لافاوی
ڕێی خوێنینی خۆی ئەزانی
بەڵکو ئێوەش
گەورەکانم،
ئەتانزانی.
* * *
ئەتانزانی پەری ئاوات،
لەکەژاوەی دڵدارانی ئاوارەوە
نەبێ .. نایەت.
ئەتانزانی .. کەشتی شادی،
لەڕۆخی زامی دەریاوە
نەبێ .. نایەت
ئەتانزانی .. خۆر لە چرکەی
پەلەپیتکەی تفەنگەوە
نەبێ .. نایەت.
ئەتانزانی .. شنەی ئاڵا لەناو ڕێژنەی
ڕاستبوونەوەی سێدارەوە
نەبێ .. نایەت.
* * *
پۆستەرێکی ناوچەوانی هەواڵنامەی
بێ کۆتایی هاوارێکی ڕووت و برسی
دەنگ و باسی “کۆماری ئیفلاتوون” ی لە
گالیسکەی هاوین و قژی
بێ قردێلەی گوڵەگەنمی ئەپرسی.
پەپوولەکانی سەرابی مۆمێکی کوێر.
چین چین بەنێو ڕەنگەکانی
تابلۆی تراژیدی پرسا گوزەریان کرد
مەشخەڵی بەرپێی ناسۆریان،
ئیتر سەرەتای توولەڕێی
بەرەو عیشق دەستی پێ کرد.
1979


تەمەنی دەساڵەی دێڕێک

چەپڵە ڕێزان..
نمەی چاوی ئاسمانێکی پڕ لە گریان
بەسەر یادی ڕاچەنینی شارەکەما
ئەبارێنن ..
دروشمە بەخوێن تەڵخەکان..
سەرەنێزە مەدالیای بەهرەی تاوان
بەبەرۆکی قارەمانی مێژووەکەما
ئەچەقێنن
سروودی سەروەختی زاری ڕیاکاران
وەکو سنگی زبری هەوری ڕەشی زستان
نیگای چاوی ئەستێرە لە وەرزی خەما
ئەپرووێنن
ڕۆژنامەکان
کامێرا چاوچنۆکەکان
میکرۆفونی وتاربێژە درۆزنەکان
هەموو ڕۆژێ لە فەرهەنگی
ناوودەنگی
دلێرانەی شۆڕشەکەما
باڵی وشە
زاری وتە
ئەقرتێنن.
* * *
وا .. دەساڵە چاوی هیوا
گڕ ئەڕێژێ
وا .. دەساڵە چەکی بڕوا
تۆوی خۆزگە
لەناو زامی
سەنگەرەکانا ئەنێژێ
هەتا ساوای سەر بێشکەشمان
ژەکی خەم و ژان ئەچێژێ.
* * *
خەونی شاری حوزەیرانمان
کەی کەژاوەی گڕ و خوێنی بەڕێ ئەکرێ
جارێکی تر .. شەهیدانمان
کەی پێ ئەگرێ
کفن ئەدڕێ
ڕائەپەڕێ.
* * *
منداڵێکی لەدایک بووی قریشکەی قوڕگی خنکێنراو
لە پێشمەرگەیەکی پرسی..
کەی هەنسکی،
دەساڵەی دایکم بەرئەگرێ؟!
* * *
تفەنگ گریا:
” وا .. دەساڵە .. خەرمانی خوێنمان شەن ئەکەن”
هەزاران چاوی ڕەنگ گریا
” وا .. دەساڵە .. کانیی وشەمان بۆگەن ئەکەن”.
* * *
پێشمەرگەیەک لە شاعیرێکی نوێی پرسی
کەی شیعرێکم بۆ ئەنووسی
پشکۆی ئاگردانی زامم هەڵگیرسێنێ
لەشکری خەم بورووژێنێ؟!
* * *
هاژەی یادی دەساڵەی شاعیر .. چرپانی !!
جارێ ئەمساڵ .. هۆنراوەکانم ئەدڕێنم
چونکە زاری وشەکانی
بێ گوللەیە..
بێ گوللەیە..
چونکە سنگی دێڕەکانی
بێ نەڕەیە ..
بێ نرکەیە ..
* * *
چاومان ..
چاومان ، هەموو ڕۆژێ بەدوای ڕێگای ژانی
کوردستانی
لەت کراودا .. هەنگاو ئەنێ
ناومان
هەموو ڕۆژێ لەسای شین و قوڕپێوانی
هەتیوانی
بێ ناونیشان .. خۆی ئەڕنێ.
* * *
“سێبەری تەرمی مردووان بەخوێن بشۆن”
سەرهەڵگرن .. بڕۆ .. بڕۆن”.
* * *
دڵدارەکەم .. دوای خوێندنەوەی.. ئامۆژگاری
ڕێکخەری شار..
وتی : بۆ کوێ .. سەرهەڵگرم ..
قوڕگی کام نەهەنگی تاری
دەریای شەوگار
بەسەوڵی پرچم هەڵبدڕم.
* * *
مەلا بانگدان .. هێشتا دووکەڵ ..
لە ئاسۆدا گرێی ئەدا داوی مەتەڵ
تارمایی شۆڕەسوارێکی باڵا ئاگر..
لەناو دۆزەخی هەزاران پرسیاری کوێرا خۆڕاگر
شریخەی قامچی وەشانی
وەک گۆرانی
ئەیووت .. سەرهەڵگرن .. برۆن ..
جارێکی تر سەنگەر بەخوێن .. بەگڕ .. بشۆن .




کاروان و ئارام و بێ ئینسافییەکی زۆر … فەرزاد چەلەبی

کاروان کاکە سوور لە ماڵپەڕی (دەنگەکان) بڕیاری وازهێنانیدا لە نووسین وەك نارەزاییەك بەرانبەر دۆخی نالەباری رۆشنبیری و سیاسی کورد، پاشتر ئارام سدیق لە سایتی (خاك)! هۆکارە راستەقینەکەی دەخەمڵێنێت کە دەڵێت:
” ئەم وشیارییەی کاروانە کە بڕیاری وازهێنانی پێ دەدات، چونکە دەزانێت هیچی ئەوتۆی نوێی پێ نییە.
کاروان بەئاوازی ئەو هەوادارانەی هەڵپەری کە وەکو “داهێنەر” دەیانناساند، هەر ئەوەش بوو کاروانی تووشی وەهمی داهێنەربوون کرد.
بڕوام وایە ئامانجێکی سەرەکی ئەم نووسەرە، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران بووە بەلای خۆیدا “.
سەرەتا دەمهەوێت ئەوە بڵێم من کە لە رۆژهەڵات دەژیم، هیچ کام لەو دوو نووسەرە عەزیزە ناناسم تا بڵێن بەرگری لە یەکێکیان دەکات و دژی ئەوی ترە، بەس پێوەری زانستی و ویژدانم لە خوێندنەوەی نووسینی هەردووکیاندا بەکارهێناوە، کە لەم خاڵانەدا کۆیان دەکەمەوە:
یەکەم/
بە داخەوە نازانم کاك ئارام چ میتۆد و پێوەرێکی رەخنەیی جێبەجێکردووە لە نووسینەکەیدا کە قەزاوەت لەسەر نییەت و بڕیاری ناو دڵی کاروان دەکات؟
دووەم/
گەر ئەو بێڕێزی و کەمکردنەوەیەی ئارام بۆ نووسەرێکی وەك کاروان کە لانی کەم خزمەتێکی فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی کردووە، تاکە هۆکارێك بێت بۆ وازهێنانی کاروان و دوورکەوتنەوەی لەو زۆنگاوە بۆگەنەی نووسین و بڵاوکردنەوەی کوردی ئەوا هەقی خۆیەتی.
سێهەم/
کاك ئارام دەفەرمێت:
” ئەمە بەلایەک، ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە وازهێنانی نووسەرێک لە نووسین ئاگادارینامەی بۆ چییە؟
لە پێشوودا بە دەیان نووسەری کورد و جیهانی وازیان لە نووسین هێنا بەبێ ئەوەی ئاگادارینامە بڵاوبکەنەوە، ”
گەر کاك ئارام تێبگات ئەو ئاگادارینامەیە لە دیدی مرۆڤی رۆشنبیرو بەئاگاوە دادەنرێت بە گەورەترین هەڵوێستی نووسەر دژی دۆخێکی ئیفلیجی بێمانای رۆشنبیری و سیاسی کوردی کە مرۆڤەکانی کەلـله بۆش و بێ بایەخ کردووە.
ئەی باشە کاکە ئارام دەکرێت بەوانەی مان لە خواردن دەگرن بڵێین بۆچی بڕیارو ئاگاداری وا دەردەکەن؟
پاشتر کاك ئارام کە تەنها بە کوردی دەخوێنێتەوە چوزانێت ئەو نووسەرە ناودارە جیهانیانەی وازیان لە نووسین هێنا بە جۆرێك لە جۆرەکان رایان نەگەیاندووە؟ کە دۆخ و دیفاکتۆی هەر یەکەشیان جیاوازە. یان چ نەنگیەکی تێدایە کاروان داهێنان بکات و ئەو ڕچەیە بشکێنێت؟
چوارەم/
کاکە ئارام بەس بەوەوە نەوەستاوە قسە لەسەر نییەتی ناودڵی کاروان بکات و بچووکی بکاتەوە، بەڵکو هاتووە پێناسەیەکی کۆتا بۆ هۆکانی نووسین دادەتاشێت بۆ هەموو کەڵە نووسەرانی دونیاو دەڵێت:
” نووسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە دەنووسێت، کە لێنەکانی بوون و ژیانی لە ڕێگەی نووسینەوە پڕ بکاتەوە”
کێ دەڵێت ئەمە راستە؟ ئایا کاك ئارام راپرسی لەگەڵ هەموو کەڵە نووسەرانی دنیا کردووە تا هۆکارە راستەقینەکەی نووسین لای ئەوان بزانێت؟ یان پشتی بە چ داتایەکی زانستی و ئەکادیمی بەستووە لەمەدا؟ کە ئەم وتەیە جۆرێك لە بە مامۆستابوون دەردەخات.
پاشتر کێ دەڵێت زۆر لە شاکار نووسە جیهانیەکان لە کاتی نووسینی شاکارەکانیاندا کەلێن لە ژیانیاندا بووە؟ بە تایبەتی زۆریان باس لە خۆیان ناکەن لە شاکارەکاندا.
پێنجەم/
بەداخەوە لەو کورتە نووسینە ئازارو ئێش بەخشەی کاکە ئارامدا بە زەقی ئەوەمان لا دووبارە دەکاتەوە کە کاروان راستگۆ نەبووە لە نووسینی هۆکارە حەقیقیەکانی وازهێنانیدا کاتێك ئارام دەنووسێت:
“بڕوام وایە ئامانجێکی سەرەکی ئەم نووسەرەش ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران بووە بەلای خۆیدا”
لە کۆتاییدا:
چ کەموکوڕی تێدایە نووسەرێكی وەك کاروان کاکە سوور بڵێت: هیج سوودمەند نەبووم نە لەحیزب و نە لە حوکمەت! نازانم بۆچی ئەم وتەیە کاك ئارام توڕە دەکات و لەسەرەتای نووسینەکەیدا بە تەوسەوە ئاماژەی پێدەدات؟
پاشان دەبوو کاك ئارام ئەوە بزانێت کە بە دڵ بوونی بەرهەمی ئەدەبی و هونەریش لای خوێنەران ڕێژەیین، دەمێنێتە سەر ئاستی هوشیاری و تێگەشتن و سەلیقەو زەوقی خوێنەران.
گەر وەك کاکە ئارام دەبێژێت کاروان هیچی پێ نەماوە، خۆ کاروان دەیتوانی بووەستێت تا ٣ یان ٥ ساڵ تاکو هەگبەی داهێنانەکانی پڕ دەبنەوەو شتێکی باشمان بۆ بنووسێتەوە، بەڵام کە بڕیاری کۆتایی خۆی دا بە دوورکەوتنەوە لە نووسین، ئەوا راستگۆیی ئەو نووسەرەمان بۆ دەردەخات لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا، نەك بۆ نموونە شتی کاڵوکرچی وەك رەخنەی بێ بنەمامان بۆ بنووسێت و بەوەش بدات لە زەوقی زۆرینەمان، باشتر وایە بەمجۆرە هەڵوێست بنوێنێت وەك تاکێکی نووسەرو رۆشنبیر.

تێبینی: من نامەوێت شتەکان تێکەڵ بکەم و قسە لەسەر بەرهەمەکانی کاروان بکەم، ئەوە باسێکی ترە، هەر خوێنەرەو رای جیاوازی خۆی هەیەو بە دیموکراتیبوونیش ئەوە دەسەلمێنێت مرۆڤەکان بە زۆرەملێ ملکەچی پێوەرەکانی خۆمان نەکەین.




لە بەغا چی دەهێننەوە بۆمان؟… عەلی مەحمود محەمەد

لە ماوەی رابردودا, پارت و كەسایەتیە شیعیەكان, لە عەمار حەكیمی برامانەوە كە شانازی بێ پایان بە هەڵوێستی باپیریانەوە دەكرا, تا حیزبی دەعوە بە هەموو باڵ و لق و كەرتەكانیەوە, بۆ ئایەتوڵا تەقی المودەرسی,دژایەتی خۆیان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند, لە كۆتایشیاندا پیاوە لیبراڵەكە دۆستەكەی بارزانی ئەیاد عەلاوی لە هەموویان نەرم تر رەخنەی خۆی گرت و داوای لە كوردەكان كرد ریفراندۆمەكە رابگرن ,گوایە كات لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ؟؟, ئیتر نازانم كام كات بۆ ئەوان لەبار دەبێت, تا نەتەوەی ژێر دەستەیان مافی خۆی رابگەیەنێت ؟؟ لەم نێوەدا تەنها حیزبی شیوعی عێراقی وەك یەكەم پارتی عێراقی پشتیوانی خۆی بۆ ریفراندۆمی كوردستان وەك مافی نەتەوەی ژێر دەست لە دیاریكردنی چارەنسی خۆی دەربڕی و بە مافی كوردستانیانی زانی ئەو مافەی خۆیان پیادە بكەن بێ قەیدو شەرت.

ئەم هەڵوێستانە, هەڵوێستی باڵە جیاجیاكانی بۆرجوازی عەرەبی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقە كە بەسەر چەندین تەوژمی سیاسی دابەش بوونە, رەنگدانەوەی بۆچونێكی نەتەوەیی شۆفینییە, ئەگەر ئەم پارت و كەسایەتیانە ماوەیەك كە خۆیان مرۆڤی پلە دوو بوون لە عێراقدا, بۆ ئەوەی شوێن پێی خۆیان لە كوردستان بكەنەوە, هەندێك مافیان بە ڕەوا زانیبێت بۆ كورد و پێكهاتە ستەمدیدەكانی دیكەی عێراق, ئەوا ئەمرۆ لە پێگەی دەسەڵاتەوە چونەتەوە قاوغی راستەقینەی خۆیان و هەموو مافێك بۆ نەتەوەو پێكهاتەكان رەت دە كەنەوە لەو عێراقەی خۆیان دەسەڵاتدارین.

دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی عێراق وەك بینیمان لە چەند هەفتەی رابردوودا قسەی خۆیان كرد, ئەوانەی بڕیاری عێراقیان بە دەستەوەیە چ خۆیان , یاخود لە رێگای ئێرانەوە نموونە باڵاكەیان پەیامی خۆیان گەیاند, ئیتر ئەم شاندە دەچنە بەغا داوای چی زیاتر دەكەن وەك ئەو هەڵوێستانەی بە فەرمی دەربِردراون, بە نیازی چی زیاترن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەدەستی بهێنن؟؟ , چ تەوەهمێكیان بەم لایەنانە هەیە؟؟ , دەیانەوێت لە گفتوگۆكانی سەر سفری رازاوەوە, لە گەڵ قاقای پێكەنینا, مافی ریفراندۆم بە دەست بهێنن و ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێننەوە؟؟, دەیانەوێت عێراقی مەلاكان لە ئیسپانیا دیموكراتانەتر هەڵوێست بنوێنن وەك ئەوان بەرامبەر باسك و كەتەلۆنیا دەینوێنن, مافی ریفراندۆم نەك جیابونەوە رەتە كەنەوە بۆ ئەو گەلانە؟.

دەسەڵاتدارانی ئێراق هەڵوێستی خۆیان راگەیاندوە كە هێشتا لە چاوەڕوانی شكست هێنانی پرۆسەكەن بۆ ئەوەی تەقەی خۆشی سەركەوتن رابگەیەنن و ئەنجامەكەی بكەنە بەڵگەنامەی مێژوویی بە دەست خۆیانەوە, ئەگەریش نا لە ترسی ئەمەریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەبێت, لەمرۆ زوتر نییە فتوا بدەن بە حەشد(بەسیج) تا كوردستان دەگرنەوە قەیتانی پۆستاڵەكانیان نەكەنەوە.

لە لایەكی دیكەوە هەڵوێستی نموونە باڵاكەی ئەوان كۆماری ئیسلامی ئێرانە بەرامبەر بە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان, ئەزموونی زیندوو لە گەڵدا تاقی كراوەتەوە, ئایا بە نیازن ئەمان لە ئیلهام بەخشەكانیان زیاتر بە رەوا بزانن.
لە بری چون بۆ گفتوگۆ لە گەڵ ئەو هێزانەی گفتوگۆ لەسەر ماف لە ئایدیاو باوەڕیان نییە, بایكۆتی حكومەت و هەڵبژاردنەكانی بەغدا بكەن و نوێنەر و ستافی حكومەت بكشێننەوەو خۆ بۆ ئەگەرەكانی بەردەم جوڵەی حەشدی شەعبی ئامادە بكەن, ئەگەر بە نیازن بەڵێنەكانتان بگەیەننە سەر لە راگەیاندنی سەربەخۆیی دوای پرۆسەی ریفراندۆم.




ده‌ررباره‌ی هه‌ڵوێستی كۆمۆنیستی به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی كوردستان ! … عه‌بدوڵا ساڵح

له‌ مێژوی هاوچه‌رخی كوردستان به‌تایبه‌تی و عێراق به‌ گشتی ، كه‌متر بابه‌تێك ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵگای به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردوه‌ وه‌ك ئه‌م بابه‌تی ڕیفراندۆمه‌ ، ئه‌م بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵگای شه‌ق كردوه‌ به‌ دوو به‌ش ، كه‌مپی ( به‌ڵێ ) و كه‌مپی ( نه‌خێر ) ، هه‌ریه‌ك له‌م دوو كه‌مپه‌ بیانو و به‌ڵگه‌ی خۆیان هه‌یه‌ .
لێره‌دا من نه‌ ده‌چمه‌ سه‌رباسی به‌ڵگه‌و بیانوی حیزبه‌ قه‌ومیه‌ بۆرجوازیه‌كانی كو‌ردستان ، وه‌ نه‌ باسی ئامانجه‌كانیان له‌و ریفراندۆمه‌ ،چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ بژی بێشك له‌لای ڕونه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ركوتكه‌ر و گه‌نده‌ڵه،‌ به‌جۆرێك كه‌ ڕه‌نگه‌ نمونه‌ی كه‌م بێ یا هه‌ر نه‌بێ له‌ دنیادا ! ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ فۆكۆسی بكه‌مه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له‌ كۆمۆنیسته‌كانه‌ چ وه‌ك حیزب یا كه‌سایه‌تی سیاسی كه‌ به‌ به‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ریفراندۆمه‌ن و بانگه‌وازی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن بچنه‌ پای سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به به‌ڵێ بده‌ن .
به‌ڵگه‌ی ئه‌م هاوڕێیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان كێشه‌یه‌كی قانونی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق كه‌ پێوه‌ی لكاوه‌ ئه‌مه‌ وای كردوه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ، لانی كه‌م له‌ ڕوی قانونیه‌وه‌ ، هه‌روا به‌ هه‌ڵاواسراوی بمێنێته‌وه‌ ، جیا له‌وه‌ش فیدرالیزمی قه‌ومی فه‌شه‌لی خۆی ئیسپات كردوه‌ ، به‌جیا بوونه‌وه‌ی كوردستان له‌ عێراق و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕه‌ له‌ ژێر پێی ناسیونالیزمی كورد ده‌رده‌هێنرێ و ئیتر چیدیكه ناتوانێ شان خاڵی كا له‌ ئاقار داخوازیه‌كانی خه‌ڵك به‌ بیانوی بوونی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی ، به‌م شێوه‌یه‌ خه‌باتی چینایه‌تی شه‌فاف تر ده‌بێ و خه‌باتی كۆمۆنیسته‌كانیش ئاسانتر و خێراتر ده‌ڕواته‌ پێش ‌.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی خۆم له‌ فه‌یسبوك بیرۆكه‌یه‌كم نوسیبوو به‌ هه‌ردووك زمانی عه‌ره‌بی و كوردی ، تیایدا ڕه‌خنه‌م گرتبوو له‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌شێك له‌ كۆمۆنیسته‌كان چ وه‌ك حیزب یا وه‌ك كه‌سایه‌تی ، كه‌ داوای ده‌نگ دان ده‌كه‌ن به‌ – به‌ڵێ – بۆ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ و نوسیبوم ( ده‌مامكه‌كان كه‌وتن ) ئه‌وه‌ش وای كرد هه‌ندێك له‌و هاوڕێیانه‌ ناڕه‌حه‌ت و دڵگران بن ، لێره‌دا جێگای ئه‌سه‌فه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ستی كه‌سیانم بریندار كردبێ كه‌ من ڕێزی زۆرم هه‌یه‌ بۆیان ، دواتر دێمه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ . ئه‌م كورته‌ بیرۆكه‌یه‌ی من په‌رچه‌كرداری زۆری لێكه‌وته‌وه‌ ، وه‌ك نمونه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ باسیان كردبوو‌ ، ( تووند ) ،‌ ( ته‌نیا بیرۆكه‌یه‌كه‌ ) ، ( لێدوانی نامه‌سئولانه‌ ) ، ( هێڵی سوور داده‌نێین له‌گه‌ڵ تۆ ) ، ( میدالیای كۆمۆنیست بوون دابه‌ش ده‌كا ) ، ( ئه‌لته‌رناتیڤت چی یه‌ ؟ ) ، و هه‌ندێكیش ووشه‌ی ( ته‌خوین ) ی به‌كار هێنابوو وه‌ك ته‌خوینه‌كه‌ی بارزانی له‌قه‌ڵه‌میان دابوو ! كه‌‌ گوایه‌ قسه‌كه‌ی منیش شتێكه‌ له‌وبابه‌ته‌ ! له‌لای خۆمه‌وه‌ وه‌ڵامی هیچ كام له‌م هاوڕێیانه‌م نه‌دایه‌وه‌ ، ته‌نیا كه‌سێك نه‌بێ كه‌ زیاد پێی لێ هه‌ڵبڕیبوو له‌ چوار چێوه‌ی هه‌موو جۆره‌ عورفێكی سیاسی چووبوه‌ ده‌رێ، ئیتر ناچار ده‌بوو ده‌م و ده‌ست وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌ و هه‌رواشم كرد، دیار بوو دواتر په‌شیمانیان كردبۆوه‌ ، هه‌ندێك هاوڕێش به‌ جۆرێ له‌ جۆره‌كان هاوڕا بوون له‌گه‌ڵم ،له‌ڕاستیدا ویستم ته‌علیقه‌كان ته‌واو بن ئه‌مجا به‌یه‌ك نووسین وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌م نووسینه‌ی ئێستایه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌ستانه‌ .

سه‌ره‌تا پێویسته‌ بڵێم من له‌و ده‌ڕبڕینه‌ی خۆمدا مه‌به‌ستم ئیهانه‌ی هیچ كه‌س نه‌بووه‌ ، یا شكم دانابێ له‌ كۆمۆنیست بوونی كه‌سێك ، یا مێژووی خه‌باتی كه‌سم خستبێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌كه‌م وا لێكدرابێته‌وه‌ ئه‌وه‌ یا من وورد نه‌بووم له‌ ده‌ربڕینه‌كه‌دا ، یا به‌رامبه‌ره‌كه‌م خراپی لێ تێگه‌یشتوه‌ ! من باسی سیاسه‌تێكی دیاریكراو ده‌كه‌م و به‌ سیاسه‌تێكی غه‌یره‌ كۆمۆنیستی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م ، وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ( ده‌مامكه‌كان كه‌وتن ) په‌یوه‌ندی به‌م ڕه‌خنه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش زاده‌ی بۆچونێكی دیاریكراوه‌ ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستێك كه‌ من به‌ غه‌یره‌ كۆمۆنیستی له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌م ، هه‌ڵوێستی حزبێك بێ یاخود كه‌سایه‌تیه‌ك ، دواتر ورد تر باسی ده‌كه‌م .

باسه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ نیه‌( ته‌نیا بیرۆكه‌یه‌ك ) بێت ، نه‌خێر وانیه‌ ، من باسی سیاسه‌تێكی ناكۆمۆنستی ده‌كه‌م ، سیاسه‌تێك كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا جێكه‌وتووه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێكدا كه‌ جه‌نگێك له‌ نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌رپا بووه‌ له‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ری جیاواز ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی تاكتیكی دیاری كراو ،ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ له‌هه‌ڵوێستی ئه‌و هاوڕیانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ ی هه‌ر ئێستا له‌ ئارادایه‌ و چ هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ به‌دوای خۆیدا دێنێ، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ،وه‌ پرسیارێك ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌ كه‌: ئایا ئێوه‌ له‌ كوێدا وه‌ستاون !؟
هه‌ڵوێستی سیاسی خۆی له‌ خۆیدا تاكتیكێكی سیاسی عه‌مه‌لیه‌ ، ئه‌وه‌ی له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاریدا ده‌ڵێ ته‌نیا تاكتیكێكه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێ كه‌ زوربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خیلاف و گفتوگۆكان له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنستیدا به‌ده‌وری تاكتیكی سیاسیدا ده‌رباره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ یا ئه‌ویان كه‌ هاتۆته‌ به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌خولێته‌وه‌‌ . بزوتنه‌وه‌ی سۆشیال دیموكرات له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا، بوو به‌ دوو كه‌رته‌وه‌ و ئومه‌میه‌تی دووه‌م ئیفلاسی كرد ، هه‌موو ئه‌وباسانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنانی ده‌رباره‌ی تاكتیكی شۆڕشگێرانه‌ی ئومه‌می بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌دا ، ئه‌ویش یا تاكتیكی ساتو سه‌وداو كلكایه‌تی بۆ بۆرجوازی قه‌ومی هه‌ر ووڵاتێك و ڕیزبه‌ندی له‌ ته‌كیاندا ، یا گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستێكی سۆشیالستی ئومه‌می له‌و شه‌ڕه‌ هه‌روه‌ك چۆن لینین و هاوڕێكانی به‌به‌رده‌وامی پێیان له‌سه‌ر داده‌گرت ، هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ ده‌زانین بۆیه‌ پێویست به‌ قسه‌ی زیاتر ناكا له‌و باره‌یه‌وه‌ .

پرسی ڕیفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ دوو پرسی ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نین به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ، من پێم وایه‌ سیاسه‌تی دواكه‌وتنی ‌بۆرجوازی قه‌ومی كوردی و به‌دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان تاكتیكێكی سیاسیه،‌ نه‌ له‌ دوور و نه‌ له‌ نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ سیاسه‌تی كۆمۆنستی كرێكاریه‌وه‌ نیه‌ . ئه‌ومڕو له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا جه‌نگێك له‌ ئارادایه‌ له‌ نێوان چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌نانه‌ت پێش ریفراندۆمیش ، ئه‌م جه‌نگه‌ دوای ڕیفراندۆمیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ ، ئه‌مڕۆ كه‌مپێكی زۆ‌رگه‌وره‌ و فراوان هه‌یه‌ كه‌ زوربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و كه‌م ده‌رامه‌دو ده‌ست كورت له‌ خۆ ده‌گرێ ئه‌ویش كه‌مپی – نه‌خێر – ه ، جه‌ماوه‌رێكی به‌ر فراوان ڕۆژانه‌ پڕبه‌ده‌می هاوار ده‌كا و نایه‌وێ له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌ دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ ته‌جروبه‌ی تاڵی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌ وبۆی ده‌ركه‌وتوه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌وه‌ نامۆیه‌و دووره‌ لێی‌ ‌، هه‌ڵوێستێك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌فز ده‌كا كه‌ هیلاك و ماندوی كردووه‌ ، تاڵانی كردووه‌ ، كوشتویه‌تی ، تیرۆری كردووه‌ ، ده‌نگی ئازادی كپ كردووه‌ ، دایپڵۆسیوه‌ …….. كه‌واته‌ بینینی ئه‌و كۆمۆنیستانه‌ كه‌ ئه‌و تاكتیكه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و ده‌چنه‌ ناو كه‌مپی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی نیه‌ت و بۆچونه‌كانیان چیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ به‌هه‌ر بیانویه‌كیشه‌وه‌‌ بێ‌ ، بێشك ئه‌م سیاسه‌ته‌ توشی ڕه‌خنه‌ی زۆر توند ده‌بێ ، جێگای ئه‌و كۆمۆنیستانه‌ له‌ نێو ڕیزی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ دایه‌ نه‌ك وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ری . له‌بری باس و جه‌ده‌ل له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌شێك له‌م هاوڕێیانه‌ دێن و باسی هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی بچنه‌ نێو ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌وه‌ ، لێره‌دا مه‌به‌ستم هیچ كه‌س و لایه‌نێك نیه‌ به‌دیاریكراوی به‌و ئه‌ندازه‌ی مه‌به‌ستم ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یه‌ كه‌ گیراونه‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر كه‌مپی – به‌ڵێ – له‌ناو كۆمۆنیسته‌كان دا .

مه‌سه‌له‌ی مانه‌وه‌ یا جیا بوونه‌وه‌ له‌ عێراق مه‌سه‌له‌یه‌كی ( ئیسپاتی ) نیه‌ – لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم سه‌رنجی هاوڕێیان بۆباسێكی مه‌نسور حیكمه‌ت ڕاكێشم ده‌رباره‌ی گرنگی نه‌فی كردن ، یان نه‌خێر له‌ مه‌نهه‌جی سیاسی شۆڕشگێردا كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی دنیا بگۆڕێ – به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی هاوارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌وه‌ ، هاوارێك ده‌نگی – نه‌خێر – به‌رز ده‌كاته‌وه‌ به‌ڕوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ده‌یه‌وێ خۆی بگۆڕێ له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی پاشكۆی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و یه‌كده‌ست تاكو به‌بێ هیچ سڵكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌ستبداته‌ گه‌وره‌ترین تاوان به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ به‌ بیانوی ( به‌دیهێنانی ویست و ئاره‌زوی قه‌ومی ) ، ده‌سه‌ڵاتێك ده‌یه‌وێ شه‌رعیه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی بدات به‌ سه‌ركوتكردنه‌كه‌ی ، لێره‌دا جه‌ماوه‌ر هاوار ده‌كا و ده‌ڵێ نا بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ، ئێوه‌ش دێن و ده‌چنه‌ نێو ڕیزی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ !
ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌و ئه‌م بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌ بێشك زۆر توێژی ناو كۆمه‌ڵی له‌ خۆی گرتوه و هه‌ر یه‌كه‌ به‌ دوای ئه‌جیندای خۆیه‌وه‌یه‌تی ، به‌ڵام له‌دوا شیكردنه‌وه‌دا نایه‌وێ دوای ئه‌م كه‌مپی ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌وێ ، ئه‌م – نه‌خێر – ه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ رێڕه‌وی سیاسی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و ئێوه‌ش هاتون خۆتان خستۆته‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م – نه‌خێر – ه‌ گه‌وره‌یه‌ !
من باوه‌ڕم وایه‌ ودڵنیام و‌ به‌ حوكمی ڕێڕه‌وی مێژوو هه‌ڵوێستی مه‌بده‌ئی كۆمۆنیسته‌كان چونه‌ ناو ڕیزی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌یه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ و سیاسه‌ته‌كانی ڕه‌فز ده‌كا واته‌ چونه‌ ناو كه‌مپی – نه‌خێر – .
هه‌ندێك هاوڕێ تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن گوایه‌ سه‌رمان خستۆته‌ نێو لمه‌وه‌ و واقیع نابینین ،جێگای خۆیه‌تی لێیان بپرسین كاممان ئه‌و واقیعه‌ وه‌ك خۆی نابینین كه‌ هه‌ر ئێستا هه‌یه!؟

ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی ( ته‌خوین ) سه‌ره‌تا پێویسته‌ بڵێم جێگای داخه‌‌ به‌ گوێره‌ی لۆجیكی كه‌سێكی بۆرجوازی قه‌ومی دواكه‌وتوی وه‌ك بارزانی بیر بكه‌ینه‌وه‌ ، كاتێك ئه‌و، یا دار وده‌سته‌كه‌ی ، ئه‌م ووشه‌یه‌ به‌كار دێنن مه‌به‌ستیانه‌ دوا ڕۆژ كه‌ یه‌كده‌ست بوونه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا هه‌موو – نه‌خێر – بێژه‌كان به‌ تۆمه‌تی ( خیانه‌ت ) بده‌نه‌ دادگا ! نه‌ك ته‌نانه‌ت خیانه‌ت بگره‌ خیانه‌تی گه‌وره‌ ! كه‌ من پێت ده‌ڵێم ، بۆ نمونه‌ ، یا تۆ پێم ده‌ڵێی كۆمۆنیست نی، ئه‌وه‌ به‌مانای ( ته‌خوین ) نیه،‌ ملیۆنه‌ها خه‌ڵكی شه‌ریف و ئازادیخواز و ئینساندۆست له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا هه‌ن و شیوعیش نین ، ئه‌مجا وه‌رن با بپرسین ئه‌م ته‌قدیسه‌ دینیه‌ چیه‌ ده‌یده‌ن به‌م جه‌نگه‌ ؟ خائین و غه‌یره‌ خائین !؟ كۆمۆنیزم ژیانه‌ ، وه‌ك مه‌نسور حیكمه‌ت ده‌ڵێ ، بزوتنه‌وه‌یه‌كی فیكری واقیعی هه‌ر ئێستا مه‌وجودو له‌ جه‌ره‌یاندایه‌ ‌ ، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵه ش‌ بكا و ڕاستیش بكا ، ده‌كرێ پێم بڵێی تۆ هه‌ڵه‌ی ، به‌ڵام نابێ بیرت بچێ كه‌ ئه‌م ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی لۆجیكی سیاسی كۆمۆنیستیدایه‌ نه‌ك لۆجیكی ( ته‌خوین ) ی بۆرجوازی .
لێره‌دا پرسیارێك بۆ خۆم دێته‌ پێش :
ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م له‌ كوێوه‌ بۆ هات ؟ بێ ده‌لیل بوو؟ هه‌روا بێبه‌ڵگه‌ ڕه‌خنه‌ده‌گرم ؟‌ وه‌ڵامه‌كه‌ زۆر ساده‌یه‌ ، نه‌خێر ، به‌ بڕوای من له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ته‌نگه‌وه‌ بوونمه‌ بۆ كۆمۆنیزم و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی چینی كرێكاربه‌تایبه‌تی ،وه‌به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ كۆمۆنیزمی كرێكاریه‌و ، له‌سه‌ر بنه‌مای تاقیكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌ند ده‌یه‌م له‌ ڕیزی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌بێ به‌ته‌نگه‌وه بم و پێداگرم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌كانی به‌ره‌و په‌راوێز نه‌چن و له‌ ئامانجی خۆیان دوور نه‌كه‌ونه‌وه‌ .
به‌ڵێ ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی كۆمۆنیستی نیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ كرێكارو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌كانیه‌وه‌ نیه‌ و هه‌ڵدێرێكی ترسناكه‌ زه‌ره‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دوور و نزیكه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێ . ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌رفراوانه‌ی كه‌مپی – نه‌خێر – مافی خۆیانه‌ بپرسن چۆن ده‌كرێ كۆمۆنیسته‌كان به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌دا بازده‌ن كه‌ ئه‌م حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ دروستیان كردوه‌ له‌ماوه‌ی 26 ساڵ حوكمڕانیاندا ؟ ده‌بوو كۆمۆنیسته‌كان پێشه‌نگ بان له‌ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ڕوی ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ی باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیاندا ، واقعێك كه‌ ته‌نیا مشتێك سه‌رمایه‌دارو سیاسه‌تمه‌داری مشه‌ خۆر سودمه‌ندن لێی ! به‌ڕاستی ئه‌مه‌ بازدانه‌ له‌ بۆشایی دا !
هه‌ندێك باسی زوڵمی قه‌ومی ده‌كه‌ن و بیریان ده‌چێت كه‌ ئه‌وه‌ی سه‌ركوت ده‌كا ، لێده‌دا ، ده‌گرێ ، ده‌كوژێ ، تیرۆر ده‌كا ، ده‌دزێ و……. عه‌ره‌ب زمان نیه‌ ! ئێستا نه‌وه‌یه‌ك له‌كوردستاندایه‌ پێگه‌یوه‌ ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش نازانێ .
بابه‌تێكی زۆر گرنگی تر بارۆ دۆخی كه‌مایه‌تیه‌كانه‌ له‌ كوردستان كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌ومی زوڵمیان لێده‌كرێ ته‌هجیر ده‌كرێن مافیان پێشێلده‌كرێ و سوكایه‌تیان پێده‌كرێ ، ئه‌گه‌ر له‌ نزیكه‌وه‌ بیان دوێنی هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌ت بۆ باس ده‌كه‌ن كه‌ به‌سه‌ر كورد زمانه‌كان ده‌هات له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاته قه‌ومیه‌‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق . ئاخۆ ئه‌وانه‌ ده‌بێ حاڵیان چۆن بێ له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیدا ؟
بابه‌ته‌كی دیكه‌ی زۆر گرنگ مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌ ، ئاخۆ كه‌مپی – به‌ڵێ – بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ئیمكانی به‌رپابوونی جه‌نگێكی قه‌ومی كه‌ ته‌نیا بڵێسه‌یه‌كی به‌سه‌ بۆ داگیرسان ، زۆر نزیكه‌ و هه‌موو پێداویستیه‌كانی ئاماده‌ن ؟ داگیرسێنه‌ر چ بارزانی بێ و چ عه‌ببادی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناگۆڕێ كه‌ هه‌ردوكیان دوا شتێك بیری لێبكه‌نه‌وه‌ ماڵوێرانی زیاتری ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ ،ئاخۆ قوربانیه‌كانی كێ ده‌بن ؟ ئایا هه‌ر ئه‌و چین و توێژانه‌ نین كه‌ ئێمه‌ی كۆمۆنیست بڕیاره‌ به‌رگریان لێبكه‌ین ؟ ئه‌ی باشه‌ چاره‌نوسی هاوچینه‌كانمان له‌ باقی به‌شه‌كانی عێراق چی ؟ دوو باره‌ هه‌ر ئه‌وان نابن به‌ كه‌ره‌سته‌ی هه‌ر جه‌نگێك ، قه‌ومی بێ یا تایفی هه‌ر وه‌ك ئێستا له‌ شه‌ڕی دژی داعش دا ؟
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش هه‌ڵوێستی هێزه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ، ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ووڵاتانی دراوسێ به‌ ئاشكراو بێپه‌رده‌ دوژمنایه‌تی ده‌كه‌ن ، هه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ وای كردوه‌ هه‌ر ئێستا نرخی خۆراك له‌بازاڕدا به‌رزبێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت پێش ڕیفراندۆمه‌كه‌ش سه‌رباری ئه‌م دۆخه‌ ئابوریه‌ ناله‌باره‌ ، یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ووشیاری دا له‌ به‌رز بوونه‌ی نرخی كاڵاكان بۆ چه‌ند به‌رابه‌ر له‌ كاتی به‌رپاكردنی ڕیفراندۆمدا ، ئه‌گه‌ر بارزانی برسیه‌تی خه‌ڵكی لا گرنگ نه‌بێ وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ( با له‌برسانا بمرین باشتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تمان نه‌بێ ) ، ئه‌ی باشه‌ ئێمه‌ی كۆمۆنیست ده‌ڵێین چی !؟
به‌ڕاستی جورئه‌تێكی زۆری ده‌وێ تا له‌ له‌كه‌مپی ئه‌و هێزه‌ بۆرژوازی و قه‌ومیانه‌دابی واته‌ كه‌مپی – به‌ڵێ – ، كه‌مپی ده‌سه‌ڵات، وه‌ ئومێدت پێی بێ ، ئه‌ویش ئومێدێكی موزه‌یه‌ف نه‌ك واقعی ، و له‌ هه‌مانكاتدا پشت بكه‌یته‌ ئه‌م كه‌مپه‌ پان و به‌رینه‌ی بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگا كه‌ پڕ به‌ ده‌میان هاوار ده‌كه‌ن – نه‌خێر – بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و سیاسه‌ته‌كانی .

12 / 8 / 2017
‌ ‌ ‌




ڕیفراندۆم لە نێوان بەرداشی بەڵێ و نە خێردا … سەرکەوتی جیهاز

بە درێژایی مێژوو، کورد فرسەتێکی وا گەورەی بۆ هەڵنەکەوتووە، کە زۆربەی کوردستانی باشور لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت ، بەردەوام دابەش بوە بەسەر دو بلۆکدا نەتونراوە خاکی کوردی هەموی بچێتە ژێر دەستی حکومرانی کوردیەوە، بە تایبەتی کەرکوک و خانەقین و شەنگال.، کورد زیاد لە سەدەیەکە بە بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشاندایە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەئێستا بەهۆی کۆمەڵێک چەمکی سیاسی و بەرژەوەندی، ڕەوشێک هاتۆتە ئاراوە، دەتوانرێت کورد خۆی تیا بگەیەنێتە ئاستی داخوازییەکانی و جێگەو پێگەی خۆی وەک کیان تیایدا بناسێت.،ئەوەی لە ئێستا بەدەستهاتووە، دەتوانرا لەماوەی 26 ساڵی حوکمڕانیدا لە باشوور، پێگەکانی دەوڵەتداریی لە ئابوورییەکی بەهێز و نەوای دابینکردنی بەرەنگاریی سەربازیی و ڕایەڵە سیاسیەکانی باشتر ئامادە بکردایە، بەڵام نەی کردووە. ، لەدوای رووخانی سەدام و هاتنی داعش و لە ئێستاشدا ڕووەو کۆتایی هاتنی، ڕەوشی ناوچەکە بەهۆی قەبەیی ململانییە سیاسی و داراییەکانو بەریەککەوتنە جیهانی و ناوچەییەکانەوە، پێویستە کورد پێداگری لەسەر چارەنوسی خۆی بکات و ببێتە بەشێک لە لە دەستکاریکردنی نەخشەو گۆڕانکاریی ناوچەکە، ئەمەش لە خۆڕا نابێت، پێوستی بە کۆمەڵێک ئامادەکاریی جدی هەیە، تا خۆی بخزێنێتە نێو وەدەستهێنانی بڕیارەکانەوە.، هێشتا داعش لەناوچەکەدا ماوە، هێزە گەورەکان بە دەوڵەتانی ناوچەکەشەوە، هێز و جەبەخانەی سەربازیی پەلکێش دەکەن بۆ ناوچەکە، قسە لەسەر کۆمەڵێک ململانێی نوێ هەیەو ڕۆژانە گۆڕانکارییەکان بەرزو نزم دەکات ، ترسی ئەوە هەیە لەدوای داعشەوە ململانییەکانی جیهان و ناوچەکە بەئاقارێکی ترسناکتردا بڕوات. کەچی کورد لەسەر پرسی ڕیفراندۆم ناکۆکە، گەر ناکۆکییەکان نەگاتە ئەوەی هەموو لایەک بەگیانی لێپرسراویی و بژاردە دانان لەسەر سوتاندی دەستکەوتەکان، دەکرێت ترسی لەبارچوونی هەموو دەستکەوتەکان بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر.، پارتی چەمکی پرسی ڕیفراندۆمی گرتووە بەدەستەوەو وەک حیزب بژاردەی بۆ دەکات ، ئەم ڕگایەش بڕینی هێڵی سوری رەهەندە نیشتمانیەکانە کە لە غیابی پەرلەماندایە، هەڵەیەکی سیاسی کوشندەو داڕشتەی مێژوویەکی ڕەشە، بۆیە دەکرێت لە کاتی کایە نیشتمانییەکاندا کۆمەڵێک فاکت هەیە ڕەچاویی بکرێت ، بەتاکە هێزێک ناتوانرێت نەبڕیاری لەسەر بدرێت و نە ئەنجام بدرێت وەک ڕیفراندۆم لەسەر چارەنوسی گەلێک.، ڕەچاوکردنی کردنی کۆمەڵێک خاڵ، یان بەدیووەکەی ترا پشتگوێ خستنی ڕەچاوکردن، ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بەم ئالیەتانەی کە لەبەردەستدایە، زیانی زۆریی لێ دەکەین، نەک دەگەین پێی، بۆیە لە پشتگوێ خستنی ئامادەکارییەکاندا، کە تا ئێستا خۆمان بۆ ڕێکنەخستووە، لەوانە، پتەکردنی ئیدارەی هەرێم وەک دەزگایەکی دامەزراوەیی و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و کاراکردنی هەر پێنج دەستەڵاتەکە و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، هەروەها ڕایەڵە دیبلۆماسییەکان و ڕازیکردنی زۆربەی وڵاتان، دەکرێت ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە:

1. لە ئێستای عێراقدا هێزێکی تری بە ناوی حەشدی شەعبی لە ئامادەباشی دایە بەرامبەر کورد، کە خەتەریی هیچی کەمتر نی یە لە داعش، وە بەتایبەتی کە سنورێکی دورو درێژمان لە گەڵیان هەیە هەر لە شەنگاڵەوە هەتا حەمرین، وە ئیمکانیەتێکی زۆری مادی و چەکی قورس و سوک [کە زیاد لە 100 دەبابە] لە بەردەستدایە، دڵنیابن حەشدی شەعبی لە دوای رزگار کردنی حەویجە پەلاماری کەرکوک دەورو بەری ئەدات، دەبێت ڕێگا چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە.
2. – بزوتنەوەی گۆڕان هەتا ئێستا لە هیچ شوێنێکدا نەی ووتووە دژی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆم. دەکرێت لەم پرۆسەدا ڕەچاویی داخوازییەکانی بکرێت، گەر پشتگوێ بخرێتە، ئەوا کۆی پرۆسەکە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
3. – ژێرخانی کورد لە ئێستادا زۆر خراپە جگە لەو هەموو کەم و کوریە خزمەتگوزاریانەی لە ئاوو کارەباو … هتد، بوونی هەیە، دەکرێت وەک فریاکەوتنێکی خێرا پشت بە گوندەکان ببەسترێت و لەبەرنامەیەکی خێرادا پرۆژەیەکی فراوان بنیادبنرێت و لایەنی بوژاندنەوەی گوندەکان دەست پێبکات، تا لەکاتی گەمارۆیی ئابووری لانی کەم بەرگەی دەرکەوتەکانی گەمارۆ بگرین.
ئێستا ڕیفراندۆم سەرەتاکانی گەشبینی پرۆسەکە نادیارە، کەچی شەقامی کوردیی بۆتە دوو بەرەوە، بەرەیەک لە گۆران و کۆمەڵ و… هتد، وەک لە بەیاننامەو وتە فەرمییەکانیاندا دەبیسترێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ئەم ڕیفراندۆمە ماوەیەکی تر ئەنجام بدرێت و کۆی حیزب و کۆمەڵگای مەدەنی و حکوت و خەلکی بەگشتی تیا بەشدار ببن ، لەوانە:

• پتەوکردنی ماڵی کورد
• ڕێگاچارەیەک بۆ گەشەکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم
• ڕازیکردنی تورکمان و ئاشوری عەرەبەکانی ناو کوردستان، بە پرۆسەکە
• گەشەپێدان هێزی پێشمەرگە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە
• هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان، تا پشگریی پرۆسەکە بکەن.
ئەم خاڵانە، دەچێتە ئاستی دڵسۆزی و گوێدان بە پرۆسەکە، نەک بەرەی دژ. بۆیە لە ئێستادا ململانییەکان لەسەر پێگەی باڵای حیزب و کەسایەتی، ببێتە هۆکاریی پشتگوێخستنی کۆدەنگی و دوو بەرەیی لەم پرۆسەدا، هەموولایەن بەرپرسیار دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی هۆکاریی سەرەکین لەم ململانییەدا وەک پارتی، لەکاتێدا پرۆسەکە لەبار بچێت ، بۆیە پێویستە بە گیانی بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە نیشتمانیەدا بکەین نەک بۆ بەرژەوەندی وڵاتان یان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردنەکان و وەک خەتی سور بیبینین . .




دوایین شەوەکانی سیمرخ … سه‌لاح شوان

1

تا ئەمڕۆکەش…
هەموو ڕۆژ ێک کاتێ کە ئێوارە دادێ
بەیادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆم
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوەو
مۆمە شیعرێکی گەشی وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
روەو رۆژ ئاوا دادەنیشم
زۆر چاوەڕێم کرد تا ەوەکو کوێرییم داهات
ئیستاکەش خۆری خواکەی تۆ
لێم هەڵنەهات
تازە بەم درەنگان شەوە
بەم درەنگە زەمانە
بەدەم مەستی و نەستییەوە
نە خۆر هەڵدێ و نە من چاوەڕوان خۆرم
بە مۆمە کوژاوەکانی خەونەکانمدا دەچمەوە
لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵیان دەدەمەوە بەڵکو
لەم شەوە ساردو تاریکەی دوادواییدا
تروسکاییەك ببینم
هیچ دیار نییە
وتی لێرە دانیشە
لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆرهەڵاتندا دێمەوە
ئیستاو ئەوسا نەمدییەوە
تا ئەمڕۆکەش…
هەموو ڕۆژ ێك کاتێك کە ئێوارە دادێ
بەیادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆ
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوەو
مۆمە شیعرێکی گەشی وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
روەو رۆژ ئاوا دادەنیشم
خۆی پێی وتم
کاڵ و کرچە بەری داری زڕی ئەوان
بۆش و بەتاڵە پەیامی پێغەمدزان
من بە خوێنی باخچەی تەمەن بۆت دەنووسم
گەر یەك جار بیخوێنیتەوە
ئیتر پێویستت بە پاپۆڕ نابێت تاکو
دەریاکانی هوشیاری پێ پەی بکەی

2

با شەویش بێت و با دنیا
ئاگربارانی دۆزەخ بێت
من ئەیبینم
خۆی بە پەڕەی گوڵێکی وەریو پۆشیوە
تا بە ئاگری دۆزەخی مارس نەسووتێ
تۆ سەیریکە…
ئەم گەردوونە چۆن لە گۆمی
قیری تواوەی تاریکیی خودای جەنگدا
تواوەتەوەو خنکاوە
ئەوە شیعرە؛ یان کۆنە دڵی عەشقێکە
وا بە شمشێری خوداکان ئاوەها لەتلەت کراوە؟
ئەوە ئاواتەکانی منە یان….
ئاوازەکانی داوودە
وا دڵی ئەمدیوو ئەودیو
بە تیری رق سمێنراوە؟
بەردبارانە، ئاگربارانە،
غەمبارانە ئەم گەردوونە ئەمشەو
کوا تازە بە من چار ئەکرێ
ئەم بەزم ورەزمی زەمانە!
کوا تازە من چارەسەری ئەم بەزم ورەزمی زەمانەم پێدەکرێ

3

ئێسستا لە دوایین هەنگاودا
ئاوڕ دەدەمەوە رێگام خۆڵەمێشە
نازانم کێ پێشتر گڕی تێبەرداوە
نازانم کێ
کێ بوو؟ بۆچی؟
گوڵزارەکەی ئەوسای جێگا دڵداریمانی کردووە
بە وشکە خاکێکی وەکو
وەکو دڵم رەق و چۆڵ و شەقار شەقار؟
ئەو وتی ئێستاش هەر ماوە
تۆ نایبینیت
کوێرە چاوێک خەو بە خۆری سبەینێوە نەبینێ
وێرانە دڵێک نەبێتە چوارچێوەی خۆرێکی عەشق
من هەردوو خۆرەکەم دۆڕاند

4

ئەو وتی بەسە با ئەمشەو
لەوە زیاتر نەخۆینەوە
من دوایین شیعرم هێشتاکە لە نیوەبوو
کە سەیری دەوری خۆم دەکەم کەس نەماوە
هیچ کوێیەکم لێ دیار نیییە
هیچ دەنگێکیش لەم مەیخانەیەوە نایا ئەم شەو
دنیا ئەم شەو مەیخانەیەکی چۆڵی داخراوە
وێرانە؛ وێرانە؛ وێران
ئەم خاکی خوایە خەوتووە
تاریکە خاکە ئائەم شەو
منیش لە خوا
تەنیاترو
دڵتەنگترو
بێزارترم

5

خوا جارێکیان
شێرەکانی خۆی بەردایە گیانم تا بمخۆن
من شیعربارانیانم کرد
بەڵام تا ئیستاش نەڕیان
دێتە گوێم لەو دیو دیواری
زەمانەوە خۆیان مەڵاس داوە بۆم و
رۆژێك دێت پەلامارم بدەن

6

من وتم بەهەشتم ناوێ
بە روباری شیرو شەراب و هەنگوینەوە
تەنیا شیعرێک
تەنیا پێکێک
بەیادی چاوەکانی ئەو
بیخۆمەوە

7

…ئا ئەمڕۆ نا
دوێنێبوو هەر تەننیا دوێنێ
رەوە کۆترێکی سپی
ئا لێرەدا هەڵنیشتبوون
نازانم کام گەردوولی قینێك هات
راپێچی ئەودنیانی کردن…؟!
کامە دنیا؟ کامە ئەودیو؟
دنیا هەریەك دیوەو هەرگیز
خوا روویەکی دیکەی نییە
ئاسمان هەر یەک رەنگە هەرگیز
راستی رەنگی دیکەی نییە
شیعر هەر یەك دەنگە، باران
هیچ دەنگێکی دیکەی نییە…
ئٓەودیو، ئەوسا، ئەودنیاو ئەو…
ئەو هەموو ئەوانەی دەڵێن
کەی؟ لەکوێ؟ چۆن دەردەکەون؟
من چاوەڕوانیی زیاترم پێناکرێ
من خودای دووڕووم بۆچییە

8

لەوەتەی هەم دەخولێمەوە
بە دەورەی خۆم و ئەوان و شوێنەکان و کاتەکاندا
نە چراکەی دیۆجینۆسم پێیە نە
زوڕناکەی داود
هەرچی هەیە وەکو من دەخولێتەوە
بەدەوری خۆی و خودادا…
زەوی و خۆرو رێی کاکێشان و گشت گەردوون…
دەخولێنەوە
خەڵکی لە دەوری بەردە رەشەکەی دەستی راستی ئەڵڵا
دایکم پێمی دەگوت: لە دەورت گەڕێم
شۆفێر لە دەوری فولکەکەی سەرا
گەردەلوول، گێژەنگ،
ئەتۆم و ئەوەی نایبینین
هەر هەموو دەخولێنەوە…
ئەی خودا بەدەورەی کێ، چیدا دەخولێتەوە؟
ئەم خولانەوانە گشت پووچن
خولانەوەی من و زەوی و ئەستێرەکان گشت گەردوون
کێ دەتوانێت رایان بگرێ؟

9

کێ لە خولانەوە رادەوەستێ؟
کێ لە کوێدا رادەوەستێ؟
لە سەرەتا یان ناوەڕاست یان کۆتایی؟
سەرەتای کۆڵان یان شەقام؟
سەرەتای رۆژ؟ خواردن؟ کردن؟
سەرەتای ژیان؟ یان مردن؟
کوا سەرەتای من لە کوێوە دەست پێدەکات؟
لەدایکبوون یان کۆرپەیی یان لە لەشی دایک و باکمدا
ئەی ئەوان لە کوێیان هێنام؟
ئەڵڵا دەڵێت: لە ئادەم و لە حەواوە من هێناتم
داروین دەڵێت: لە دوو ترشۆکەی دەریاوە
ئەی دەریا خۆی لە کوێوە هات؟
ئەی خودا خۆی لە کوێوە هات؟
منیش هەر لەوێوە هاتم
هیچ شتێک سەرەتای نییە
هیچ شتێک کۆتایی نییە
هەموو شتێک خۆی سەرەتاو کۆتاییە
ئەگەر بتوانین بیبینین

10

تۆ ڕوو لەکامەیان دەکەی؟
کامەیانت پێ واز لێدێت؟
نوێژو نزا، یان خواردن و هەناسەدان؟
مزگەوت جێگای کامەیانە؟
خۆ دوو شووتی بە یەک دەست هەڵناگیردرێت
بۆیە زەردەشت وتی:
یەک درۆیە، هەمووی دوانە
بوون و نەبوون، تاریک و روون
سەرەتاو کۆتایی
چاک و خراپ

11

هێشتا سەرەتای بەهاربوو
کە جێێی هێشتم
لەوساکەوە بەدوای خۆیدا
چوار وەرزەیەکی باران و گەڵارێزانی
بۆ جێهێشتم
کێ پایزو گەڵارێزان و مردنی بۆمان هێنا
کێ کوشتن و درۆو رقی پێمان بەخشی
کێ ئەم دنیایەی وا دانا
ئەگەر هەیە دەستی شکێ

‎ 12‬

بە لاپەڕەی کاڵبووەوەی تەمەنمدا دەچمەوە
بەرەو دواوە، بەرەو دواتر…
تاکو دەگەمەوە ئەوێ
ئەوێ لە باوەشی دایکم
لە پایینی (خاڵخاڵان)دا…
بەڵام نازانم بۆ؟ کەی؟ چۆن؟
نە دایکم ، نە باوکم ، نە ئەوێش هیچیان نەماون
کێ ئەو هەموو خاڵانەی سڕیوەتەوە؟
خەم و خۆشی ، خەون و خەیاڵ،
هەست و سۆز و ئاوات و ئومیدی بەتاڵ
بەتاڵە بەتاڵە بەتاڵ…
ئەم گەردوونە، ئەم ژیانە
پڕە لە بۆش و لە بەتاڵ
ئەم گەردوونە بێخاوەنە
کێ یەکەم بەردی داناوە?
بۆچی ئیستا دیار نەماوە?
بۆ دروست بوو?
بۆچی? کەی? چۆن? لەناو ئەچێ?
کێ وەڵامێکی هەیە بۆم?
پێش مڕدنم با پێم بڵێ
تا بە بەتاڵی نەمرم‬

13

منیش رۆژێ لە رۆژان مناڵبووم
خۆشەویستی دایەو باوە
ئیستاکە پیرێکی تەنیای پڕ
پڕ لە ئاگری کوژاوە?
ئیستا لەسەر کەلی
ئاوابوونمدا وەستاوم
دوایین سەرنج
…دوایین ئاووڕ
لە رابوردوو دەدەمەوە
رێگایەکە
بە بست هەر بستێ دوان ئەبێ
بە کاتیش وەها درێژە
لەسەرەتای ئەم دنیایەوە
هەر هەیەو هەر هەبووە
تا کۆتایی ئەم دنیایەش هەر ئەمێنێ
هەر دووکەڵەو تەپوتۆزە
دووکەڵی دانەمرکاوەی
ئازارو غەمەکان هێشتا
بونچڕووکیان لێ هەڵئەسێ
تەپوتۆزی ئاژاوەکان
هێشتا سەرو چاوی ئەوانی پۆشیوە
گوڵی شیعرەکانم سیس و هەڵوەریون
تاشە بەردی بیرۆکەکانم هێشتاکە
رێگاکەیان تەنگ کردووە
ئەو هەموو گەردانەی عەشقە
?بۆ بێلانە جێهێڵراون
?کێ هەندێکی لەگەڵ خۆیدا بردو ڕۆیی
نازانم.بۆ پێشم کەوتن
:خۆ من وتم
مەرگم بە پێش مەرگتان کەوێ
وتم مەرگتان نەبینم هەرگیزاو هەر هەرگیز
دەسگێ گوڵ و دەسکێ نێرگیز
بۆچی کەسێ نەبوو جارێ گوێم لێبگرێ
کاتێ وتم:

14

کوانێ ئەوەی ئەڵێن گوێی لە خشەی مارومیرووە، کوا؟
?بۆچی ئیستاکە کەڕبووە
درۆیە درۆیە درۆ
کەس نییە گوێ لەکەس بگرێ
هەر دووکەڵەو… هەر تەپوتۆز
وتی بەر بەدواوە مەکە
ئەگینا دەتکەم بە بەرد
ئەم هەموو بەردانە کێبوون؟
چییان دەوت؟ چییان دەکرد؟
کێ دەزانێ؟
لەکێ پرسم؟
کێبوو وتی: ئاخر شیعر بۆکێ بڵێم
کوا کێ ماوە دڵێکی ئاشقانە هەبێت
زەمانی دڵ بەردەکانە ئا ئەم زەمانە، ئەم زەمان
زەمانی مرۆڤ خۆرانە
زەمانی درۆبارانە ئەم زەمان
هەزاران ساڵبوو بێدەنگبووم
وامدەزانی گورگەکانی ئاغای کوێرە دێیەکەمان
خواردوویانە
بەڵام کە گوڵێ دەوەرێ
دەیان تۆوی گوڵی نەمر جێدەهێڵێ
وتیان گوڵە کێوییەکان بگرن، بیانکوژن،
ئێمە تەنیا گوڵی سەر مێزمان گەرەکە
بچن لە بازاڕی خۆفرۆشاندا بیکڕن
ئەو گوڵزارانە وێرانن کەن
کە گوڵ بۆ خۆیان ناگرن
وێرانە وێرانە وێران
ئەمڕۆکە خاکی کوردستان
کە گوڵی یاخی ناگرێ
وێرانە خاکە ئەو خاکەی
جێگای گۆڕی
شاعیرێکی گێلی تێدا نابێتەوە
جێگای دڵی عاشقێکی
خەمان گەستەی وەک منی تیا نابێتەوە
نالی، حاجی، شێخی سەنعان
ئەوانی تری گۆڕ غەریبان…
وێرانە خاکە ئەو خاکەی
کرا بە جێی گۆڕپەرستان
کرایە جێی براگەورەو
سەری گەورەو
کەری گەورەو خودای گەورە
من گەورەکان ناپەرستم
بچووکەکانم خۆشدەوێ
وەک کانییەکەی گۆران و
پێکەکەی دەستی خەیام و
گۆچانەکەی دەستی شارلی و
کەرەکەی حەزرەتی نالی

15

من وڵاتێکم بۆچییە
شەرەفی پیاوو سەرانی
لە ریشی پان و سمێڵ و
ناوگەڵی ژنەکانیان بێ

16

ئیستا گورگەکانی ئاغا
سەگە دڕەکانی کوێخا
کەڵبەیان لە شیعرەکانم گیرکردووە
دەیانەوێ جریوەکانی خەفەکەن
خۆ من داوود نەبووم کەچی
ویستیان گۆرانیی خوایان بۆ بڵیم
کەی سروودی سروودەکان
لە ناو قەفەسدا وتراوە
کەی خوڕەی ئاو
لە ناو زەلکاودا خوڕەی دێ
کەی ئەهریمەن لە ژێر خۆردا
بۆ گوناهکاری دەگەڕێت
بۆشە
ناهەقە
ناڕەوا
هەرچی هەیە لە سەر زەوی و
لە ژێر ئاسماندا بەتاڵە
ناڕەوایە
بەتاڵە وەك
دڵی گورگەکانی ئەڵڵا
ناڕەوایە وەک کوشتنی شیعرەکانم
لە باخچەکەی ئەڵڵادا دەستم برد بۆ گوڵێ
ئەو جەندرمەکانی خۆی ناردە گیانم
لە پای گوڵێ هەزاران دڕکی قینیان
چەقاندە ناو دڵی خۆم و شیعرەکانم
من دڵی دڕکاویم ناوێ
من خوایەکم…
من خوایەکم ئەوێ چەتەو شیعرکوژی
نەبێت و دڵی هیچ کەسێك
دڕکاوی و ژەهراوی نەکات
وتیان خودا
لە خشەی مارو مێروولەش ئاگادارە
کە چووم گلەیی لا بکەم
لەوێ نەبوو
وتم ئاسمان لە گیرفانی بەتاڵی من بەتاڵترە
وتیان بڕوانە حەلاج و
گیڤاراو
شیعرەکانی خۆت
خۆت لە هەناسەی ساردی من ئەپارێزی و
ئەشارییەوە…
نەک ببێ بە گەردەلوولی ئەشقێك و
ئیتر ئەشق راپێچت کاو
بتباتەوە بۆ دۆزەخی دڵدارییەکەی جارانمان
بەتاڵە، بەتاڵە بەتاڵ
کێ ئەم شووشانەی بەتاڵکرد؟
چۆڕێ نییە بیخۆینەوە
کێ ئەم روبارانەی بەتاڵکرد؟
کێ ئەم ئاسمانە…
ئەم گەردوونەی…
ئەم ژییانەی بەتاڵکرد؟
دەستی شکێ




بارزانى لەسەر ئەم 10 خاڵە متمانەى لەدەستداوە…. جەلال هۆرێنى

کاتێک کەسێک سەرکردەى وەڵاتێک دەبێت پێش هەموو دەست کەوتە دبلۆماسیى و سیاسیەکان ، هەوڵى متمانە لە نێو گەلەکەى خۆى دەدات ،ئەگەر سەرکردە متمانەى گەلى لەدەستدا ، ئەوا نیشانەى نا ئارامى لە ووڵاتە یان ناوچەکە بوونى هەیە.
مسعود بارزانى کەماوەى زیاتر لە 12 ساڵە سەرۆکى هەرێمى کوردستانە نەیتوانیوە ،ببێتە پردێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەم پیاوە هەوڵى نەداوە پۆستەکەى بۆ خزمەتى گشتى بەکاربهێنیت و باوەڕ بە تاکى کورد بکات ، کە ئەم سەرۆکە هى حزبێک نیە ، موڵکى هەموو میللەتە.
ئەوەى ئەمرۆ لە کوردستا روودەدات ،هۆکارەکەى سیاسەتى هەڵەى بارزانیە ،هەڵە بەماناى دژایەتیکرنى بنەماڵەکەى نا ، بەڵکو بەماناى نەبوونى شارەزایى لە سیستەمى بەرێوەبردن ، بەداخەوە راوێژکارەکانى بارزانیش زۆر جار ئەم پیاوەیان بە هەڵە بردووە.
لەوە دڵنیام هەموو میللەتى کورد بنەماڵەى بارزانى و بارزانیەکان کە تووشى جینیۆساید بوون بەمۆلکى خۆیان دەزانن بەڵام مسعود بارزانى نەیتوانیوە لەو رێگایەوە هەست و نەستى خەڵک بجوڵێنێت و متمانەى هەموو کوردستان پەیدا بکات.
چونکە مسعود بارزانى لە ماوەى سەرۆکایەتیەکەیدا ئەوەنە پارتیانە هەڵسوکەوتى کردوە ، نیو ئەوەندە وەک سەرۆکى کوردستان هەڵسوکەوتى نەکردووە، تەنانەت ئەم هەڵسوکەوتەى لە سەفەر و دیدارەکانى بەدەرەکەوێت.
بەرزانى دەیتوانى لەو کاتەى وەک سەرۆک دەست بەکاربووە هەوڵبدات هەموو لایەنەکان لەخۆى کۆبکاتەوە ، بێ جیاوازى کاربکات ،بەڵام نەیکرد ، ئەوەندە پارتیانە کارى کرد و نیوە ئەوەندە وەک سەرۆکێک نەیتوانى ئەرکەکانى جێ بەجێ بکات.
لەدنیا وابووە سەرۆک نوێنەرى گەل بووە، بەڵام لە کوردستان بەرزانى نوێنەرى حزبێک بووە ئەگەر ویستویەتى وانەکات بەڵام لە هەڵسوکەوتى وابووە.
بابەتى ریفراندۆم یەکێکە لەو بابەتە نشتیمانیانەى کە موڵکى گەلێکە، پیویستە هەموو کورد پێکەوە بریار لەسەر ئەو ئەرکە نیشتمانیە بدەن،نەک بارزانى لەپێناو ئەوە بۆ مێژوو بڵێن ئەو کردی گەلیک برسى بکات.
ڕەنگە لە مێژووى ژیانى سیاسى بارزانى اوەروانى ئەوەى نەکردبێت رۆژێک لەسەر سەربەخۆى کوردستان بەتایبەت دانانى کات بۆ ریفراندم کەمپینى دژ بکرێت ،راگەیاندنى ئەهلى لەبەرامبەرى ریکلام بۆ نەخێر بکات.

چونکە بارزانى شکستى هێنا لە :

1- وەک سەرۆکى میللەتێک سەرۆکایەتى بکات ، بگرە ئەو وەک نوێنەرى حزبێک بوو.
2- لەسەردان و بەسەرکردنەوەکاندا ئەوەندەى بنەماڵەکەى بە لاوە گرنگ بوو ئەوەندە گرنگى بەلایەنە سیاسیەکانى نەداوە.
3- نەیتوانى ژیانى تاک فەراهم بکات و برسێتى رووى لە کوردستان کرد بەهۆى سیاسەتى ناشەفافى لە نەوت و داهاتەکان.
4- نەیتوانیوە گەندەڵکاران بداتە دادگا ، چونکە بەشێکى زۆرى لەکەس وکارى خۆیەتى .
5- یەدواداچوونى بۆ پرۆژەکانى حکومەت نەبوو ، پشتى بە کەسەکانى خۆى بەستووە کە تیوەگلاون لەگەندەڵى.
6- بارزانى هەمیشە رقى هەڵگرتووە لە بەرامبەرەکەى رقەکەى وەک کەسیتى بووە ، ئەم پیاوە رقى سیاسى و کەسێتى تێکەڵ کردوە.
7- بەشێکى زۆرى پۆستە گرنگەکانى حکومەتى بۆ بنەماڵەکەى بووە ، متمانەى بەخەڵکى تر نەبوو، بۆیە خەڵکیش متمانەى بەو نیە.
8- حزبەکەى لەسەربنەماى پارە وەستاوە دڵسۆزى تێدا بووەتە پارەپێدان ئەمەش کۆتایى دێت .
9- باوەڕ و متمانەى بە سەرکردەى حزبەکانى تر نەبووە ، ئەوەندەى باوەڕ ومتمانەى بە دوڵەتانى بیگانە و دراوسێ هەبووە.
10-سیستەمى بەرێوەبردن لاى بارزانى سیستەمێکى بنەماڵەیى بووە نەک ئیدارى دانراو.