کتێبخانەی کوردی لە هانۆڤەر … ئیسماعیل تەنیا

هانۆڤەر یەکێکە لەم شارانەی ئەڵمانیا کە مێژوویەکی (٧٥٠-٨٠٠) ساڵی هەیەو کەوتۆتە باکوری وڵات و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٥٢٥) هەزار کەسێک دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە نەتەوە جیا جیاکانی وەک؛ ( یۆنانی، ئیتالی، ئێرانی، ئیسپانی، تورکی، عەرەب، هیندی، ئەفغانی، ئەلبانی، کورد، بە هەموو پارچەکانییەوە، …..تاد)، تیایدا نیشتەجێن. پەنابەرە چالاکەکان، سوودیان لە دەستووری ئەڵمانیا، وەرگرتووە. توانیویانە ڕێکخراوی کولتووری، قوتابخانە بە زمانی دایک، کتێبخانە، دابمەزرێنن و بکەنەوە. هەڵبەتە، شارەوانیش یارمەتییان دەدات. لە میانەی ئەم سەنتەرو ڕێکخراوانەدا، چالاکی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان نمایش دەکەن و زێتر خۆیان لە کولتووری ئەڵمانی و ئەوروپی، نزیک دەکەنەوەو خۆیانیان پێدەناسێنن. بە چالاکییەکانیان بەشداری بۆنە نیشتیمانیی و فەرمییەکان دەکەن. جگە لە سازکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و شەوانە ئاهەنگ و نمایشکردنی خواردەمەنی و ڕێپێوانی لایەنگیریی و ناڕەزایی دەربڕین.

لەم شارەدا، چەند نەتەوەیەکی چالاک، توانیویانە ئەم کتێبخانە تایبەتییانە بکەنەوە؛
– کتێبخانەی ئێرانی: بریتییە لە دوو کتێبخانە لە دوو شوێنی جیا جیادا. هەر کتێبخانەیەک زێتر لە بیست هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی جوولەکەکان: نزیکەی دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی چینییەکان: دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئەرکەداش(تورکی): هەشت هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئێزیدییەکان: نزیکەی پێنج هەزار کتێبی تێدایە.
جگە لەم کتێبخانانەی سەرەوە، هەندێک کتێبخانەی تریش هەن، وەک؛ کتێبخانە ئەلبانی، رووسی،…هەندێک ئەڵمانی چەپڕەویش، چەند کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییان دامەزراندووە، کە یەکێک لەم کتێبخانانە، کتێبخانەی ( هانا ئاڕند)ە ، کە زیاتر تایبەتە بە پەنابەران و پرۆسەی ئاوێتە بوونەوە. بۆ بە ناوی ( هانا ئاڕند ) و بۆچی تایبەت بە پەنابەران و خەڵکی غەریب و لایدە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت کەمێک باسی ناوبراو بکەین.

هانا ئاڕند کێیە

لە ڕێکەوتی١٤-١٠-١٩٠٦ ، لە ( لیندن)ی سەر بە هانۆڤەر، لە خانەوادەیەکی جوولەکە، لەدایک بووە. لیندن، ئێستاکە بۆتە بەشێک لە شاری هانۆڤەر. لە ساڵی١٩٢٤ دا چۆتە زانکۆ و لە بەشی ( فەلسەفەی کلاسیک ) درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ١٩٢٩دا لەگەڵ خانەوادەکەیدا، شاری هانۆڤەر بەجێدەهێڵن و لە بەرلین نیشتەجێ دەبن. لەوێ، ” گونتەر شتێرن ئاندرس” دەناسێ و شووی پێدەکات. کاتێک کە هیتلەر و نازییەکان، دەسەڵات دەگرنە دەست، کاری لەپێشینەیان، دژایەتی کردنی هاووڵاتییە جوولوکەکان دەبێت و هەموو مافە سەرەتایی و بنچینەییەکانیان، لێ زەوت دەکرێت. چەندین نووسەرو سیاسەتمەدار و ڕۆشەنفکر و چالاکڤان و کەسایەتی جوولەکە، لەلایەن نازییەکانەوە، بندەست دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ( هانا ئاڕند)یش یەکێک دەبێت لەوانە. لە ساڵی ١٩٣٧، لە زیندان ئازاد دەکرێت، بەڵام ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لێدەسەندرێتەوە. هەر لەم ساڵەدا، لە مێردەکەی ” گونتەر شتێرن ” جودا دەبێتەوەو وەک پەنابەر ڕوو لە فەڕەنسا دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. درێژە بەکاری نووسین و ڕۆژنامەگەریی، دەدات. لەوێ، لەڕێگای نووسین و کتێبەکانییەوە ( سیاسی و فەلسەفی)، وەک ڕۆژنامەنووس، پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەناسرێت و درێژە بە کارو چالاکییەکانی دەدات. ناوبراو، باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان هەبووە. ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە. جیاوازی لەنێوان ڕوخسارو ڕەنگەکان نەکردووە. بۆ جاری دووەم، لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەمجارەیان لە فەڕەنسا، دەچێتەوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریی و لەگەڵ ( هاینریش بلوکەر)، زەماوەند دەکات و تا مردنی بلوکەر لە ساڵێ ١٩٧٠دا، هەر لەگەڵ ئەودا، درێژە بە ژیان دەدات. لە ساڵی ١٩٤٩، وەک پەنابەر روو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و لە ساڵی١٩٥٠ دا، ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتە وەردەگرێت. پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و شکست خواردنی نازییەکان،( هانا ئاڕند)، لەساڵی ١٩٤٨ ، بەسەردان دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەپاش پەنجاکانەوە، زۆر کاری لەسەر چمکی نازییەت و هەوڵی تواندنەوەی جوولەکەکان، لەلایەن نازییەکانەوە، کردووە. لە ڕۆژی ٤-١٢-١٩٧٥، ( پێنج ساڵ دوای مردنی هاوسەرەکەی)، لە شاری (نیۆیۆرک)، لە تەمەنی شەست و نۆ ساڵیدا، بە نەخۆشی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەنێژرێت.
کۆمەڵێک کتێبی سیاسی، مێژوویی، فەلسەفی، چاپ و بڵاوکردۆتەوە، کە گرنگترینیان کتێبی؛ (ڕەگی تۆتالیتاریزم)ە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵوەستە کردنە لەسەر چمکی نازییەت و ستالینیزم و بزووتنەوەو هزرە شمولییەکانی تر لەسەدەی بیستەم. لە ساڵی ١٩٥١ دا، بڵاویکردۆتەوە. دوای ئەمە، ئەم کتێبانەشی بڵآوکردونەتەوە؛-
( ژییاننامەی ئافرەتێکی جوولەکە- ساڵی ١٩٥٨ ، دۆزی مرۆڤایەتی- ساڵی ١٩٥٨ ، لە نێوان ئێستاو داهاتوودا- ساڵی ١٩٦١ ، لەبارەی شۆڕشەوە- ساڵی ١٩٦٣، پیاوانی کاتە تاریکەکان- ساڵی ١٩٦٨ ).
لەبەر هەوڵ و خەبات و ماندوو بوونی، حکومەت و کۆمەڵگای ئەڵمانی، ڕێزیان لێ گرتووە، چەندین (شەقام و کوچەو کۆڵان و قوتابخانە و باخچەی گشتی)، لە ئەڵمانیا بە گشتی و لە هانۆڤەر بە تایبەتی، بە ناوی ئەم ژنەیان کردووە، تاوەکو هەر بە زیندوویی لە هزری نەوەکانیاندا،بمێنێتەوە.

کتێبخانەی ( هانا ئاڕند )

کتێبخانەی هانا ئاڕند، یەکێکە لەم کتێبخانە نێونەتەوەییانەی شاری هانۆڤەر، کە زیاتر تایبەتن بە پەناهەندەکان، لە ساڵی ١٩٨٢دا ،( بەڵام بە ناوی ترەوە) دامەزراوە. لە (٦-٥-٢٠٠٥)دا، بە رەسمی ناوەکەی بۆتە ( هانا ئاڕند). ( ڤاڵتەر کۆخ )ی نووسەر و خاوەن ئایدیای چەپ دایمەزراندووەو هەر خودی خۆیشی بەڕێوەی دەبات. بۆیەش ئەم ناوەی لێناوە، چونکە؛ هانا ئاڕند، یەکێک بووە لە قوربانییەکانی هەڵگری فکری ئازادی و یەکسانیخوازی و یەکێکیش بووە لە پەناهەندە کۆچبەرەکان و بەبێ ویستی خۆی، زێد و کتێبخانەکەی، پێ بەجێهێڵدراوە. چۆن ناوبراو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە، سەرپەرشتیارانی ئەم کتێبخانەیەش، لەسەر هەمان ڕێباز دەڕۆن.
لە ڕۆژانی دووشەممەوە تاوەکو هەینی، لە کاتژمێری(١٤-١٨)،کراوەتەوەو بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە میوان و هاوڕێیانی کتێب دەکات. کارو چالاکییەکانی بریتییە لە؛-
– ئامادەو سازکردنی کۆڕو سیمینار بۆ خەڵکی پەناهەندەو دۆستەکانیان و یارمەتیدانیان.
– هەوڵدان بۆ لەیەکتر نزیک کردنەوەی کولتوورە جۆراو جۆرەکان و ئاوێتە بوونیان بە کۆمەڵگای ئەڵمانی، تاوەکو بە ئاسانی لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا تازەیە هەڵبکەن و بتوانن درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.
– ئەم کتێبخانەیە بۆتە ماڵی دووەمی پەناهەندەکان، ئەگەر لە وڵاتی یەکەمیان بەهۆی کۆچبار بوونەوە، کتێبخانەکانیان لەدەست داون، ئەوا لێرەدا دەتوانن کتێبەکانیان بدۆزنەوەو ئارەزوو و خەونە بەدینەهاتوەکانیان، بهێننە دی.
– کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییە، جگە لە کتێب کۆمەڵێک گۆڤار و رۆژنامەو کارتی داوەتنامەو کارو چالاکییەکانی پەناهەندەکان، تێیدا ئەرشیف کراون.
– پەناهەندەکان ( بەتایبەتی ڕۆشنبیرو کەسایەتییە کولتووریەکان)، دەتوانن لەم کتێبخانەیەدا ژوان بگرن و یەکتر ببینن و لە دەوری یەک مێزدا گفتوگٶ بکەن و بیروڕاکانیان، ئاڵوگٶڕ بکەن. جگە لەمەش دەتوانن کۆڕو سیمینار ببەستن و ئاگاداری کارو چالاکی ڕابردوو و ئایندەی یەکتر، ببن.
لەم کتێبخانەیەدا، کۆمەڵێک کتێبخانەی بچووک بچووک هەن، وەک؛-
– کتێبخانەی یۆنانی: کە بریتییە لە چەند دۆڵابێک لە کتێبی یۆنانی.
– کتێبخانەی باکوری ئەفەریقا: ئەم بەشە بریتییە لە چوار دۆڵاب کتێب، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر کتێبی؛ (بەربەر، ئەمازیغی، عەرەبی)، کە بە زمانی جۆراو جۆر نووسراون، لەوانە؛ ( فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، بەشێکی کەمیش بە زمانی عەرەبی).
– کتێبخانەی کوردی: ژمارەی کتێبەکانی ئەم کتێبخانەیە، بە بەراورد بە کتێبخانەکانی تر، زۆر نین، بەڵام لە دەستپێکی دامەزراندنیدا، لە هەموویان زیاتر، ئەندام و چالاکی زیاتری هەبووە.
– کۆمەڵێک کتێبی فارسی: کە خۆیان لە سێ دۆڵاب کتێب دەدەن، بەڵام بە کتێبخانە حسێب نەکراوە. باوەڕ دەکەم هەر لەبەر ئەوە بێت کە لە شاری هانۆڤەر، دوو کتێبخانەی تری پەناهەندە ئێرانییەکان هەیە، بۆیە ئەمەیان بە کتێبخانە حسێب نەکردووە.

کتێبخانەی کوردی

دامەزراندن و زەمینە سازکردن بۆ ئەم کتێبخانەیە بۆ ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧) دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک کوردی پەناهەندەی باشور لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵیک کتێبیان کۆکردۆتەوەو وەک بەشێک لە کتێبخانەی نێونەتەوەیی دایانناوە. لە ساڵی (١٩٨٧)دا، یەکەم چالاکییان بەستنی کۆڕێک بووە بە زمانی ئینگلیزی و لەهەمان کاتیشدا تەرجەمەی زمانی ئەڵمانی کراوە. تورکە چەپەکانیش هاریکاریان کردوون و ئەوانیش کتێبەکانی خۆیان، لەم کتێبخانە نێونەتەوەییە داناوە. پاشان کوردەکانی باکور هەوڵ دەدەن کتێبخانەیەک بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکست دێنێت. کتێبخانەی کوردی لە ساڵی (١٩٩٣)دا، بە فەرمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و دەیکەنەوە. کەسە چالاک و ئەکتیڤەکان بریتی بوون لە ؛( هوشیارعەبدوڵا هەولێری، کەمال سلێمانی، ڕەمەزان ). ئەمانە دەست پێشخەر و بناغە دانەری بوون. دوای ئەوە خەڵکانی تریش دەبنە ئەندام لەم کتێبخانەیەدا. بە گوێرەی دیکۆمێنتەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە، لە ساڵی (١٩٩٥)دا، چالاکی باشیان هەبووەو رۆژانە کرایتەوەو ئەم ئەندامانە؛( هوشیار عەبدوڵا، ئیبراهیم محەمەد، فەرەج تەها، بەکر مەرگەیی، ئەحمەد کەلاری، کەنعان شێخۆ)، دەوامیان لێ کردووە. جاران لە ناوچەی نۆرد شتاد ( باکوری شار)، لە کۆرن شتراسە ( شەقامی کۆرن)، بووە.
لە ڕێکەوتی (٢٩-٨-٢٠٠١)، پرۆتۆکۆڵێک لە نێوان کتێبخانەی کوردی ( وریا،ئەردەڵان،فرانک پوئین) و کتێبخانەی هانا ئارند ( ڤاڵتەر کۆخ)دا، واژۆ دەکرێت. بە گوێرەی ئەم پرۆتۆکۆڵە، کتێبخانەی کوردی دەگوازرێتەوە ئەم کتێبخانە نێونەتەوەییە. کوردەکان هەوڵ دەدەن، شوێنێکی تایبەت بگرن و بیکەنە کتێبخانە،بەڵام هەوڵەکانیان سەر ناگرێت. بە گوێرەی قسەکانی ( ڤاڵتەر کۆخ)، ئەندامەکانی ئەم کتێبخانەیە زۆر چالاک بووینەو بە بەردەوامی بە ژمارەیەکی زۆر هاتوچۆی ئەم شوێنەیان کردووە، کە جاری وا هەبووە خۆی لە پەنجا کەس داوە.

بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی کتێبخانە

بە گوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆ ؛ ( کتێبخانەی کوردی شاری هانۆڤەر دەزگایەکی کولتووری بێلایەن و سەربەخۆیە، لە هەنگاوەکانیدا بەرژەوەندی کورد بە گشتی ڕەچاو دەکات).
– کتێبخانەی کوردی تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان هەموو میللەتانی جیهان و بەهێزکردنی بیروباوەڕی نێونەتەوەیی.هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە؛-
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوانەی کە بە زمانی کوردی چاپکراون یان چاپدەکرێن بە هەر جۆرە ئەلف و بێیەک نووسرابن.
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی کە بە زمانە جیهانییەکان چاپکراون و دەکرێن، بە تایبەت دەربارەی کوردو کوردستان.
– بنیاتنانی ئەرشیفێکی بەرفراوان بۆ کتێبخانەی کوردی.

– کتێبخانە هەوڵ دەدات ببێتە مەڵبەندێکی کولتووری بۆ کوردە ئاوارەکان و کەسانی بیانی کە دەیانەوێت توێژینەوە لەسەر کورد بکەن.
– کتێبخانە تێدەکۆشێت بۆ بەشداری لە بواری هونەریدا وەک ( پێکهێنان و یارمەتی کۆمەڵەی شانۆو مۆسیقاو کاری تەشکیلی).
– کتێبخانە کار دەکات بۆ بانگهێشتن و سازکردنی سیمینارو یاد کردنەوە لەلایەن ڕۆشنبیران و کەسان و کۆمەڵەی هونەری دەرهەق بە خزمەت بە کولتووری کوردی ، کتێبخانە پێویستییەکانی ئەو جۆرە کارانە دابین دەکات.
– کتێبخانە هەوڵ دەدات بۆ یارمەتیدانی کوردە ئاوارەکان و پەنابەرەکان.

کتێبەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە

کتێبەکان، بەشی زۆریان لەلایەن کوردەکانی هانۆڤەرەوە بە تایبەتی ئەندامەکانیان، پێشکەش کراون.ئەوانی تریش بە گوێرەی نووسراوی سەر کتێبەکان، لەلایەن خودی نووسەرەکانەوە، یان خەڵکی ترەوە لە شوێنی جیا جیا پێشکەش بەم کتێبخانەیە کراون. دەتوانین کتێب و مەوجوداتی کتێبخانەکە کە خۆیان لە (٣٢٥) ناوونیشان دەدەن، بەم شێوەیە پۆلین بکەین.( هەڵبەت لە سەرەتاوە ژمارەکە زۆر لەمە زۆرتر بووە، بەڵام کە داخراوە، وردە وردە کەم بوونەتەوە).
(١) – دوو سەدو سی و پێنج دانە بە زمانی کوردی( کرمانجی خواروو-ڕێنووسی ئارامی)و عەرەبین.کتێبە عەرەبییەکان زۆر کەمن، لە ڕووی ژمارەوە لەگەڵ کوردییەکاندا بەراورد ناکرێن. بەرهەمی زۆربەی نووسەرانی کوردی تێدایە، ئەگەر بە یەک ناوونیشانیش بووبێت. لەوانە، نووسەران؛ ( د.جەمال نەبەز، د. ئاوڕەحمانی حاجی مارف، د. مارف خەزنەدار، حوسێن حوزنی موکریانی، مەسعود محەمەد، عەلائەدی سەجادی، محەمەد عەلی قەرەداغی، د. سادق شەرەفکەندی، د. خەلیل جندی، ئەسکەرێ بیوک، فریاد فازیل عومەر، دلشاد مەریوانی، حەیدەر عومەر، خەبات عارف، د. حوسێن خەلیقی، فەرهاد شاکەلی، عەونی داودی، ڕێبوار ڕەشید، سەعید نورسی، عەلی باپیر، عەبدولقادر سەعید، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، …..تاد).

(٢)- بیست و حەوت دانە بە زمانی کوردی ( کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکین. کتێبە تورکییەکان زۆر کەمن کە خۆی لە (٤-٥)، کتێب دەدات. ئەوانیش هی مێژوونووس و کۆمەڵناسی دۆستی کورد ( ئیسماعیل بێشکچی)ن و لەسەر مێژوو و دۆزی کورد نووسراون.
(٣)- شەست و سێ دانە بە زمانی ئەڵمانی نووسراون کە سێزدە لەوانە ڕۆمانەکانی ( یەشار کەمال)ن و لە تورکییەوە کراونەتە ئەڵمانی. لەگەڵ چەند کتێبێکی تر کە نووسەری ئەڵمانی ( مۆتکە)، لەسەر کوردستان و کورد، نووسیویەتی. بەشێکی تریان خەڵکی پسپۆڕ و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و کورد نووسیویانە، یان وەرگێڕدراون. کتێبی نووسەرە کوردەکانی وەک ( لەیلا زانا، د. عیسمەت شەریف وانلی، مەهدی زانا، مەحمود باکسی، شێرکۆ بێکەس، فازیل ڕەسوڵ،…..) لەوێدا، دەبینرێن.
(٤)- گۆڤارەکان: هەندێک لە ژمارەکانی گۆڤارە کوردی و ئەڵمانی و عەرەبییەکانی وەک؛( یەکگرتن، ژیلەمۆ، دالیان، هاڤیبوون، هاوار، نواڵە، ڕۆژ، هانا، ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، نووسەری کورد، نووسەری نوێ، وان، بیری نوێ، ئەکادیمی، ئەمارا، رسالە العراق، کوردستان ئینفۆ،…..تاد)، لە دۆڵابەکاندا دەبینرێن.
ناوەرۆک و چمکی کتێبەکان وەک هەر کتێبخانەیەکی ئاسایی تر، هەمەجۆرن، وەک؛-
– کتێبی مێژوویی
– کتێبی سیاسی
– کتێبی کۆمەڵایەتی
– ئیسلامی
– زانستی
– قوتابخانە، یان پەروەردەیی
– ئەدەبی بە هەموو چمکەکانی وەک؛ ( ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، چیرۆکی منداڵآن، فۆلکلۆر، فەرهەنگ).

بە داخەوە، بەهۆی گواستنەوەی ململانێی حزبی لە کوردستانەوە بۆ هەموو شوێنێک کە کوردی پەناهەندەی لێ بێت، هەروەها یەکتر قبوڵ نەکردن و لەگەڵ یەکتر هەڵنەکردن، بە ناچاری کتێبخانەکە- مەبەست لە کوردیەکەیە نەک هانا ئارند – ، داخراوەو چالاکییەکانیان وەستاوە. ئەوەندە کتێبەی کە ماویشن، بە بێنازی لەنێو دۆڵابەکاندا تۆزیان لێ نیشتووەو کەسێک نییە لایان لێ بکاتەوەو میواندارییان بکات.

پێشنیارێک بۆ حکومەتی هەرێم

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، کوردێکی زۆر- هی هەموو پارچەکان بە لوبنان و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیشەوە- لە هانۆڤەردا دەژین، وا خەریکە ئەو نەوەیەی لەوێدا لەدایک بوون، پێڕادەگەن و لێپرسراوەتی سیاسی و کارگێڕی وڵات دەگرنە دەست، ئەگەر لایان لێ نەکرێتەوەو خۆیان لێ بە خاوەن نەکرێت، لەوانەیە سوودێکی ئەوتۆیان بۆ نیشتیمانی یەکەمیان ( کوردستان) ، نەبێت. بۆیە پێشنیار دەکەین کە حکومەتی هەرێم، دوور لە گیانی زاڵبوونی حزبایەتی، خۆ لەم پەناهەندانە بە خاوەن بکات و بەدەنگ داواکارییە کولتووریەکانیانەوە بچێت، خەڵکێکی ڕۆشنبیر لەم نێوەندەدا هەن، دەکرێت لێپرسراویەتی ئەم سەنتەرو کتێبخانەیان پێ بسپێردرێت. بۆ مەسەلەی کردنەوەو دامەزراندنی کتێبخانە هەر هیچی تێناچێت، حکومەتی خۆجێیەتی ئەڵمانیا، بە پێی یاسا دەتوانێت یارمەتییەک بدات. دەمێنێتەوە سەر کۆکردنەوەی کتێب، ئەمەش ئەوەندە کارێکی ئەستەم نییە، حکومەت ( وەزارەتی ڕۆشنبیری) ، لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانەوە ، دەتوانێت بە ناردنی کتێب یارمەتی بدات. حاڵی حازر ئەوەندە کتێب لە کوردستاندا چاپ دەکرێت، بەڵام بە داخەوە خوێنەریان نییە. دڵنیام ئەم کاتە، دەزگا تایبەتییە ئەهلییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش بە کتێب ، یارمەتی پێشکەش دەکەن.
مەسەلەیەکی تری هەرە گرنگ ئەوەیە، مانەوەی کتێب و نەفەوتانی ، لە ئەوروپا زامنترە وەک لە کوردستان.ئەدی ئەوە نییە کتێب و گۆڤارو دەستنووسە کۆنەکانمان لەم کتێبخانانەدا پارێزراون….




ڕامانێک لە‌ گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک … ئەمجەد شاکەلی

بازاڕی قسەکردن لەسەر گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ماوەیەکە گەرمە و زۆری لەسەر دەگوترێ، دەنووسرێ، دەبیسرێ و دەبینرێ. خەڵکی کوردی کردووەتە دوو بەرەی “لەگەڵ” و “دژ” ی، زۆر دوور لەیەکەوە و دوو سەنگەری جیاوازەوە. ئەو پاساو و گومان و دلەڕاوکێ و ڕەخنە و پرسانەی، دژەکان دەیورووژێنن، لە گەندەڵی و دزی و نادادی و ئەزموونێکی خراپ و سەقەت و ناتەواوی فەرمانڕەوایی و کارگێڕی و…ئەگەر بە ویژدانەوە سەیربکرین و لەبەرچاو بگیرێن و بخوێنرێنەوە، باوەڕ ناکەم، کەس لاریی لییان هەبێ. هەموو ئەوانەی بەشدارن لەو کارانەدا، ئەوانەن، لە چیاوە باریکەڵە و قەڵەمی و جووتی کڵاش لەپێدا و چۆغەوڕانەکێکی خاکی لەبەردا و تفەنگێک لە شاندا و پارەیەکی کەم لە باخەڵدا، گەڕانەوە نێو شار و ڕوونیشتنە سەر تەخت و دەسەڵات و ورگیان گەلێک لەپێش پێیەکانیانەوە دەڕوات و هەرچی هێڵی فڕۆکەوانی جیهانە و هۆتێلی چەندین ئەستێرەی شارە گەورەکانی جیهانە، خۆیان خێزان و منداڵیان تاقییان کردووەتەوە و بوون بە خاوەن پارەی خەیاڵی و کۆمپانیا و چەندین خانوو و چەندین پارچە زەوی و چەندین ئۆتۆمبیل و چەندین ژن و چەندین پاسەوان و چەندین بیرە نەفت و دەیان چەندینی تریش. ئەوەی دەگوترێ، ڕەخنەیە لە حیزب، لە حوکوومەت و لە دەسەڵات.

دەوڵەت، لە حیزب و حوکوومەت و دەسەڵات جیاوازە. گشتپرسیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، واتە: قەوارەیەک، نەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حوکوومەت و هێنانی حیزبێک بۆ سەر تەخت. دەوڵەت قەوارەیەکە، کۆمەڵێک مرۆڤ لە چوارچێوەی سنوورێکدا و لەژێر ئاڵایەکدا، گلێر دەکاتەوە و پێکەوە دەژین و لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتییشدا، وەک یەکەیەکی خودان کەسیەتی خۆی و سەربەخۆیی خۆی ددانی پێدا دەنرێ و دەناسرێت. حوکوومەت و حیزب و دەسەڵات، بەرگۆڕانن و هەرگیز تاسەر نامێننەوە، دێن و دەڕۆن. تۆ بنۆڕە دەوڵەتگەلێکی مانەندی ئەفغانستان، سۆمال، عیراق، کە دەسەڵات و حوکوومەت و حیزب و کوودێتا، تیایاندا وەدووی یەکدا هەمیشە قەتارەیان بەستبوو و پشوویان نەدەدا، کەچی وەک دەوڵەت و قەوارە لەسەر نەخشەی جیهان، بە هەموو شەقوشڕی و پەرپووتییەکی خۆیانەوە، ماونەوە و هەر هەن. کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، باسکردنە لە چێکردنی ئەو قەوارەیە. ئەمە کێ باسی دەکات؟ کێ لە پشتییەوەیە؟ کێ ڕێبەریەتییە و پێشەنگی ئەو باسەیە؟ بۆ دەکرێ؟ بۆ ئێستا؟ پاشان چۆن دەبێت؟ و…دەیان پرسی دیکە، کە دژەکان دەیورووژێنن، بابەتگەلێک نین، بۆ وەڵامدانەوەیان، مرۆڤ خۆی تووشی سەرئێشە و سەخڵەتبوون بکات! عەرەب دەڵێن:”ثبت العرش ثم أنقش”، واتە: تۆ زەوینە و تەختێک جێگیر بکە و بچەسپێنە، پاشان بینەخشینە. تۆ قەوارەیەک بۆ خۆت پێکبهێنە ودروست بکە و بچۆ ڕیزی ئەو هەموو دەوڵەتانەی جیهانەوە و ببە خاوەنی خۆت و لەبندەستیی خۆت ڕاپسکێنە و بێنەدەر، دواتر ڕەنگ و نیگاری بکە و بیڕازێنەوە، بەو جۆرەی بۆ خۆت گەرەکتە و ئەودەمی خودای دەکرد، سەدجاران حوکوومەت و دەسەڵاتت دەگۆڕی!

کورد لەو دەمەوەی، وەک گەلێک یا نەتەوەیەک خۆی ناسیوە، لەسەر خاکێک ژیاوە و دەژی، کوردستانی پی گوتراوە. کورد، لە دەڤەرێکی دیکەوە یا لە جیهانێکی دیکەوە، نەهاتووەتە سەر ئەو خاکەی. نەتەوەکانی چواردەوری کورد، بێجگە لە فارس، هیچیان خەڵکی ڕەسەنی ئەو خاکە نین، کە ئێستا قەواڵەی بە ناویانەوەیە و لەسەری دەژین. عەرەب و تورک، هەردوو، لە ئەنجامی داگیرکاری و کوشتارەوە، لە عیراقی ئێستا و تورکیای ئێستادا، بە هەردوو بەشە کوردستانەکانیانەوە، نێشتەجێ بوون. ئەمە، نە فیلۆسۆفییە و نە تیۆری و نە هیچ خۆشەکەتکردنێکی گەرەکە تا مرۆڤ پێی بگات، بەڵکە ڕاستینەیەکە، مێژوو و واقیع، گەواهی دەدەن و دەیسەلمێنن. پرسی کورد، لە باشووری کوردستان، بە بەراورد لەتەک بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بڕێک چووەتە پێش و قەوارەیەک چێ بووە، لێ ئەو قەوارەیە، کە لە سێ قوتە باژێڕی دهۆک، هەولێر و سلێمانیدا، خۆ دەنوێنێ، هەموو باشووری کوردستان نییە و بەشە زۆرەکەی دیکەی، نەهاتووەتەوە نێو ئەو قەوارەیە. باشووری کوردستان، تەنێ کوردی لێ ناژی، تورکمان نەتەوەی دووەمی دوای کوردە و ئیدی پاش ئەوان کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و عەرەب دێن. باشووری کوردستان، تەواوی باشووری کوردستان، لە قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا یەکبگرێتەوە، دەوڵەت و جڤاکێکێ فرەڕەنگ، فرەنەتەوە، فرەئایین، فرەئایینزای لێ پێک دێ، کە بەو هەموو ڕەنگ و جیاوازییانەوە، تابلۆیەکی جوان و پڕڕەنگ و دەوڵەمەندییەکی فەرهەنگی بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ و هەرگیز بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی”ناسیۆنالیزم”ی تونداژۆ و ئایینی و ئایینزایی تونداژۆی تێدا سەرهەڵنادات، بەڵکە فەرهەنگی پێکەژیان و قەبوولکدنی یەکدی و خۆشەویستی تێدا زاڵ دەبێت، چوون کورد بۆخۆی وەک سروشت، تونداژۆ نییە.

*******

هاوڕێیەکم، لە ژیانیدا گەلێک لە قۆناخ و باڵەکانی مارکسیزم و جۆری دیکەی چەپایەتی وەک ئەنارکیزم، تاقی کردووەتەوە و یەکێکە لەوانەی تا ئێستاش خەون بە عیراقەوە دەبینێت و هێندەی عوروبییەکی عیراقی لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عیراق و دابەشنەبوونیەتی و تا ئەو ڕادەیەی بەکارهێنانی وشەی”کوردستان”ی کاتێ لەگەڵ ناکوردستانییەکدا بپەیڤێ، پێ ئاسان نییە و سەخت بۆی دەردەبڕدرێ، لێ عیراقەکەی لەسەر زار خۆشتر و ڕەوانتر بۆ دێت. دیارە بەو پێیە دەبێ دژی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت، ڕێک وایە و دژیەتی! زۆرجاران ئەو دژایەتییەی بۆ بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەخاتە چوارچێوەی دژایەتییەوە بۆ دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی، واتە: وەک ڕوانینێکی ئەنارکیستییانە بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەم بۆخۆی ئێستا ئەنارکیست نییە و گاڵتە بە ئەنارکیزمیش دەکات. ئەم تەنیا ڕقی لە دەوڵەتی کوردستانی و کوردییە. دەنا ئەگەر ڕقەکەی لە ڕوانگەیەکی ئەنارکیستانەوە بێت، هەرگیز جێی ڕەخنە نییە. دەوڵەت وەک چەمک، کاتێک هاتووەتە ئاراوە، کە شێوازی دیکەی جیاواز لە کارگێڕی و پێکەوە ژیان و ڕێکخستنی جڤاک، تاقیکراونەوە و لە کۆتاییدا ئاوەزی مرۆڤ گەیشتووەتە ئەوەی دەوڵەت پێکبهێنێت. ئیدی پاشخانی چێکردنی دەوڵەت، چینایەتی، ئایینی، ئابووری، نەتەوەیی، داگیرکردن، یا هەر شتێکی دیکە بووبێت، لە ئێستادا بێجگە لە دەوڵەت، هیچ شێوازێکی دیکەی کارگێڕی و پێکەوەژیانی مرۆڤ، ڕێکخستنی ئابووری و سیاسی و هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیان، کە بتوانێت، جێ بە پێویستبوونی دەوڵەت لەق بکات و بۆ خۆی جێی وی بگرێتەوە، نەهاتووەتە گۆڕێ. بنگە و بناخە و پایەکانی دەوڵەتداری لە جیهاندا زۆرینەی وەک یەکن و لە هەندێ حاڵدا کەمۆکەیەک جیاوازیی لەنێوان دەوڵەتێک و یەکێکێ دیکەدا هەیە، لێ ئەوەش پتر سیستم و جۆری دەسەڵاتە، کە ڕەنگ و سیامەیەکی دیکەی دەداتێ. دەوڵەت، وەک سنوور و پاسپۆرت و ئاڵا و تایبەتمەندییەک، بۆ خۆی گرێدانی مرۆڤە، لە چوارچێوەی قەوارەیەک و ئینتیمایەکدا. وەک بیرکردنەوە و تیۆری و فیلۆسۆفییەک، بۆ من، سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤە. من بۆ خۆم هەمیشە ئاواتی ئەو ڕۆژە دەخوازم، دەوڵەت لە جیهاندا نەمێنێت و هەموو جیهان ببێتە یەک خاکی بێ سنوور و بێ پاسپۆرت و بێ ئاڵا و هەموو مرۆڤ، بە هەرچی پاشخان و باوەڕ و ئایین و نەتەوە و ڕەنگ و جیاوازییەکانیانەوەیە، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری دنیا، بێ هیچ مەرج و ڕێگرییەک، بێ هیچ کێشە و بەڵگەنامەیەک، لە سایەی ئاشتی و خۆشەویستیدا، ئازادانە تەراتێن بکەن و بسووڕێنەوە و کار بکەن و بژین، بەڵام ئەمە خەون و خۆزگە و ئاواتێکە، دەخوازم بێتە دی. ئەکتەر و دانەری شیعری گۆرانی و گۆرانیبێژی میللی ئەمەریکی ناسراو ئێد مەککۆردی(Ed McCurdy 2000-1919)، شیعرێکی لە ساڵی 1950دا دژی جەنگ و بەناوی”دوێنێ شەو سەیرترین خەونم دیت”(Last night I had the strangest dream)، بە ئینگلیزی نووسیوە و بۆخۆیشی ئاوازی بۆ داناوە وەک سترانێک گوتوویەتی . شیعرەکە بەم جۆرەیە:
دوێنێ شەو خەونێکم بینی
هەرگیز پێشتر نەمبینیوە
لە خەونمدا جیهان هەموو قایل بوون
بەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن
لەخەونمدا ژوورێکی یەکجار گەورەم دی
ژوورەکە پڕبوو لە پیاو
قەواڵەیەکی، کە واژۆیان دەکرد
تێیدا نووسرابوو، ئیدی هەرگیز ناجەنگن
کاتێک هەموو کاغەزەکان واژۆ کران و
میلیۆنێک کۆپێیان لەبەر گیرانەوە
هەموو دەستیان لەنێو دەستی یەکدی نا و سەریان دانەواند و
دوعا و وێرد و نوێژی سپاسگوزارییان خوێند و
خەڵکیش لەسەر شەقامەکانی خوارێ
سەما لە دوای سەمایان دەکرد و
چەک و شمشێر و پۆشاکە سەربازییەکان
لەو سەر زەوییە بە پەرتوبڵاویی فڕێدرابوون

کەواتە تا ئەو ڕۆژەی ئەو خەون و ئاواتە دێتە دی و سنوورەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکدار و سەرباز و سپاکان دەنێردێنە ماڵەوە و بنکە و بارەگاکانیان دەکرێنە باخچەی زارۆکان و گولستان و یاریگە و چەکەکانیان دەکرێنە شمشاڵ و لەیستۆکی منداڵان و ناوی دەوڵەتانی جیهان سەرلەبەریان دەسڕدرێنەوە، دەوڵەت هەیە و دەبی هەبی و پێویستە! عەرەب و تورک و فارسی، دەوروبەری کوردستان، هەریەکەو خودانی دەوڵەتی خۆیەتی. عەرەب نەک دانەیەک، پتر لە بیست دانەیشی هەیە. سەدان دەوڵەت لەو جیهانە هەن و خودانی قەوارەی خۆیانن. کە ئەوانە هەموو دەوڵەتیان هەبێ و دەوڵەت پێویست بێت بۆیان، کوردستانیش مافی خۆیەتی وەک ئەوان دەوڵەتی هەبێت. کە ئەوان بە گشتی دەستبەرداری دەوڵەت بوون و دەوڵەت لە جیهاندا نەما، باسکردنی دەوڵەت بێجگە لە گەمژەیی و گەوجیی، شتێکی دیکە نییە، چوون ئەودەمی بێشر ئەلحافی(بشرالحافي) گوتەنی: “یأتي علی الناس زمان تکون الدولة فیە للحمقی”، واتە: سەردەمێک بەسەر خەڵکدا دادێت دەوڵەت بۆ گەوجانە . ئیدی کوردستانیش پێویستی بە دەوڵەت نابێت و حاڵی ئەویش وەک هەموو مرۆڤی ئەو جیهانە.

دژایەتی دەوڵەت، دەولەتی کوردستان، وەک جۆرێک بیرکردنەوە لەنێو خەڵکی کورددا زۆرە و کۆمەڵێک خەڵکی بەناو”ڕووناکبیر” و “نووسەر” و “خوێندوو” و هەندێ جار”بیرمەند” و..کردوویانە بە دروشمێک و دژایەتی باسکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی و هەموو بابەتە پێوەنددارەکان بەو باسەوە دەکەن. ئەمانە دەوێرن تەنیا بە کورد بڵێن، دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆچییە! بەشێکی زۆری ئەم خاوەن تێز و هزرانە، لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش بەبەرچاوی ئەمانەوە،سکۆتلاندییەکان، ئایرشەکانی باکوور، باسکەکان، کاتالۆنییەکان، فلاندەرزەکان، لەکاتێکدا لە هیچیان کەم نییە و لەنێو دەوڵەتگەلێکی دیموکراتی و پارێزەری مافی مرۆڤ و خۆشگوزەراندا دەژین و چ جیاوازییەکی زەقی فەرهەنگی و زمانیشیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا نییە، کەچی خوازیاری ئەوەن و هەوڵدەدەن بۆ جوێبوونەوە لە بریتانیا، فرانسا، سپانیا و بێلژیک و وەدووی سەربەخۆییدا وێڵن. ئەم خاوەن تێز و هزرانە، شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و جوێبوونەوەی، چیک و سلۆڤاکییەکان و دابەشبوونی یۆگوسلاڤیا و یەکیەتیی سۆڤیێتن.

ئەم خاوەن تێز و هزرانە، هەرگیز ناتوانن و ناوێرن، بە یەک دانە سکۆتی، ئایرلاندی، باسک، کاتالۆنیایی، فلاندەرزی، چیکی، سلۆڤاکی، کرواتی، سەربی، بۆزنەیی، مەکەدۆنی، کۆسۆڤۆیی، ئۆکراینی، ئازەری، تاجیکی، کازاخی، تورکمەنستانی، ئیستۆنیایی، لاتڤیایی، لیتوانیایی، خوارووی سوودانی، فلستینی، بێاوانی ڕۆژاوا، بڵێن ئێوە بۆ گەرەکتانە لەو دەوڵەتانەی تێدان جوێ ببنەوە؟ یا بۆ جوێ بوونەوە و دەوڵەت و سەربەخۆییتان بۆ چی بوو و بۆ چییە؟ ئەمانە هەرگیز ناتوانن بە عەرەبێک بڵێن، ئێوە ئەو بیستوئەوەندە دەوڵەتەتان بۆچییە؟ ناتوانن بە تورکێک یا فارسێک بڵێن، بۆ دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران هەڵناوەشێننەوە و واز لە دەوڵەتداریی ناهێنن؟ ناتوانن بە ئایسلاندییەک، نۆروێژییەک، سوێدییەک، دانمارکییەک، فینلاندییەک، ئەڵمانییەک، فرانساییەک، هۆڵاندییەک، ئیتالیاییەک، چیکییەک، سلۆڤاکییەک، مەجەرستانییەک، پۆرتوگالییەک، سپانیۆلییەک، یۆنانییەک، کە هەموو دەوڵەتگەلێکی ئەوروپایین، بێجگە لە سەدان دەوڵەتی دیکە لەم جیهانەدا، بڵێن ئێوە دەوڵەتەکانتان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە، بۆ دەستبەرداری نابن و نایسڕنەوە! ئەمانە تەنیا بە کورد دەوێرن. ئەمانە لە ئەمستردام و لەندەن و پاریس و ستۆکهۆڵم و بەرلینەوە، لە فێنکایی و سەوزایی و تەڕی و جوانی و خاوێنێ و ڕێکوپێکیی، وەڵاتگەلی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادی و فەرهەنگ و خۆشگوزەرانییەوە، چنگ لەسەر شان، بە هەڵەداوان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و خۆ دەگەیەننە “کەلار”ی نێوەندی گڕە و گەرما، کە بە پێناسەی حوسەینی ئەحمەد بەگی جاف، یادی بەخێر:”ئیستیعلاماتی جەهەننەمە” و پلەی گەرما تێیدا یەک دوو پلە سەرووی پەنجایە، تەنیا بۆ ئەوەی بە گەرمیانییان، بەدبەختترین خەڵک و دەڤەرێک لە باشووری کوردستان، کە لە هەموو جێیەکی دیکەی کوردستان زیاتر قوربانیی چەوسانەوە و وێرانکردن و قڕان و لەتوپەتکردن بووە، بڵێن: دەنگ بۆ سەربەخۆیی مەدەن و دژی گشتپرسی بن! هیچ یەکێک لەم خاوەن تێز و هزرانە، تاکە یەکجاریش، ئەوی من پێ بزانم، بە زمانێکی ئەوروپایی و بۆ خەڵکی ئەوروپایی و لە باژێڕیکی ئەوروپادا، کۆڕێک، خڕبوونەوەیەک، باسێکیان لەبارەی دۆزی میللەتەکەیانەوە و ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتووە، نەکردووە و نەنووسیوە و خۆیان بۆ وەها کارێک ماندوو نەکردووە، لێ سەدان گوتار بە زمانی کوردی و بۆ کورد دەنووسن و هەزاران کیلۆمیتر ڕێگە دەبڕن و ڕوودەکەنە ئەو دەروازەی دۆزەخە، بۆوەی وشەی “نەخێر بۆ گشتپرسی” لە مێشکی خەڵکەکەیدا بچەسپێنن! دەگەڕێمەوە سەر هاوڕێیە کەونەمارکسیست و ئەنارکیستەکەم، ئەو ئێستا تاقە هیوایەکی هەیەتی و گرەوی لەسەر دەکات: گۆڕین و شۆڕش و هێنانەدی خەونی خەڵک، لەسەر دەستی کەسێک دێتە دی، کلیلی چارەسەری کێشەکانی لە بەرکدایە و هاکەزانیت قەومانی و ئیسرافیل ئاسا فووی کرد بە کەڕەنایدا، نەفخی سووری ژەند”نفخ في الصور” و ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەریی بە گەل بەخشی و وەڵاتی بردە پێشەوە بەرەو سەردەمی موحەممەدی مەهدی(المهدي المنتظر)، کە ئیدی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە! ئەو وەڵاتەی ئەو کەسە دەیگۆڕی، عیراقە و ئەو کەسەی چاوەڕوانی ئەو گۆڕینەی لێدەکرێ، موقتەدا سەدر(مقتدی الصدر)ە. خەیاڵێکی خۆشە، مرۆڤ ساڵانێک، تەمەنێک، مارکس، لێنین، ترۆتسکی، ماو، کاسترۆ، گیڤارا، چیاب، هۆ شی مین، ڕۆزا لوکسمبۆرگ، باکۆنین، پرۆدۆن، وەک پێشەنگ و ڕێبەر و فریادڕەس بزانێت و ئێستا ئیدی موقتەدا سەدری لێ ببێت بە فریادڕەس، ئەویش بۆ وەڵاتێک، کە تەنێ ناوی وەڵاتە، دەنا هیچ شتێکی لە وەڵات ناچێت ، ئەمە تەنێ گرەوێکە لەسەر کەلاکی مردارەوەبوویەک، چاوەنۆڕ بیت زیندووببێتەوە! ئەوجا ئەگەر موقتەدا سەدر، کەڕەنایەکەی خۆی ژەنی و خەڵک ڕابوون و وەڵاتی عیراقی گۆڕی، بەرەو کوێی دەبا، مەگەر “سەرگا هەر دۆڵ” نییە، بەرەو تاران نەبێت بەرەو هیچ جێیەکی دیکەی وەکێش دەکات! ئەدی چ گۆڕینێکیش دەکات، بیجگە لەچێکردنی دەوڵەتێکی ئایینی مەزهەبی، کە بە ناوی”الأمر بالمعروف والنهي عن المنکر”ەوە، ڕۆژانە سەدان کچ و کوڕی لاو، وەبەر قامچی دەدرێن و دارکاریی دەکرێن، تەنێ لەبەر ئەوەی گۆرەوییان لە پێ نەکردووە یا لاقیان یا چەند تاڵێکی پرچیان وەدەرکەوتووە یا لە ڕەمەزاندا جگەرەیان کێشاوە یا چۆڕێک عەرەقیان خواردووەتەوە! بێجگە لە چاوەڕوانیی موقتەدا سەدر”گۆدۆ”، ئەم هاوڕێیەم لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ هێزێکی سیاسی یا بزاڤێکی جەماوەری میللی بێتە ئاراوە و کورد و عەرەب و هەموو گەل و خەڵکانی عیراق لەنێو خۆیدا جێ بکاتەوە و هەوڵ بدات بۆ چێکردنەوەی عیراقێکی نوێی ئازاد و پڕ لە عەدالەت و بەختەوەریی مرۆڤ.

ئەم ئاواتخواستنە لە کاتێکدایە، پێشەنگی ئەو خەونەوەڵاتە، وەک ئاوات و هەوڵ و خەبات بۆ هێنانەدیی، نەک هەر لە عیراق، بەڵکە لە ئێران و سووریا و تورکیاش، کە هەر یەکەیان بەشێکی گەلی کورد و بەشێکی کوردستانی تێدایە، حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەو وەڵاتانە بوون، کە بەشێکی زۆری ئەندامان و هەواداران و تەنانەت سەرکردە و ڕێبەرانیشیان، کورد بوون. ئەوان نەیانتوانی ئەو ئێرانە، سووریایە، تورکیایە، عیراقەخەونە بهێننە دی، ئێستا وەها کارێک بە موقتەدا سەدر دەکرێ؟

خەڵکی عیراق، ئەوانەی هاوڕێیەکم بە تەمایانە، لەنێو هەموو جیهاندا و بە ددانپێدانانی سەدان سیاسی و جڤاکناس و شیکار، لە مێژوودا، بە هەلپەرست و حولحولی و ڕاڕا و دووڕوو ناسراون و بەناوبانگن. هەر خەڵکی کووفە بوون، بانگی ئیمام حوسەینیان کرد، بۆ ئەوەی لە عەرەبستانەوە بێت و ڕزگاریان بکات لە حوکمی یەزیدی کوڕی موعاویە و دەوڵەتی یەکسانی و دادپەروەرییان بۆ دابمەزرێنێت، کەچی دواتر پشتیان تێکرد و لە کەربەلا لەسەر دەستی چەتەکانی یەزید، شەهید کرا و خانەوادەکەیشی هەموو وەک سەبایا بران بۆ شام. کە عەبدوسسەلام عارف(عبدالسلام عارف)، سەرۆککۆماری عیراق لەنێوان(8ی فێبریوەری1963-13ی ئەپریلی1966)، سەردانی مسر دەکات، جەمال عەبدونناسر(جمال عبدالناصر)ی سەرۆککۆماری مسر لەنێوان (1956-1970)، ئەم پرسیار و وەڵامە دەکەوێتە نێوانیانەوە:
ناسر: ژمارەی کۆمۆنیستەکانی عیراق چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن کۆمۆنیستن.
ناسر: ئەدی ژمارەی نەتەوەییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن نەتەوەیین.
ناسر سەری سووڕدەمێنێ و دەپرسێت: ئەی ژمارەی ئیسلامییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن ئیسلامیین.
ناسر واقی وڕدەمێنێ و قەڵەمەکەی دادەنات و دەڵێ: ئەمە چییە سەرۆک، ئەگەر وایە، ئەدی ژمارەی هەموو عیراقییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆنن، گەرەکتە کۆمۆنیست بن دەبنێ، گەرەکتە نەتەوەیی بن دەبنێ، گەرەکتە کۆنەخواز و پاشڤەڕو بن دەبنێ، گەرەکتە ئیسلامی بن دەبنێ، عیراقییەکان بۆ هەموو شتێک دەبن و دەلوێن، هەریەکێکیان بگریت، لە سیاسەتدا کیسنجەرە و لە ئابووریزانیدا ئادەم سمیسە و لە ئاییندا ئیبن حەنبەلە، چۆنت دەوێ ئەو دەبێتێ و دەلوێ، هیچ چارەیەکمان نییە.
مرۆڤ لە وەها خەڵکیک، دەبێ چ چاوەڕوانییەکی هەبێت!
لەنێو هەموو ئەو هێزە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایانەی عیراقدا، تاکە یەک هێز نابینییەوە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. ئەمڕۆ تاکە هێزێک لە هێزە سیاسییەکانی عیراق، کە لەگەڵ سەربەخۆیی بێمەرجی کوردستاندایە، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقە! دیارە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و کۆمۆنیستەکارگەرییەکانی کوردستانیش هەر ئەو دیدەیان هەیە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان. کۆمۆنیستەکارگەرییەکان، هەر لە ساڵانی 1990ەوە و لە سەردەمی مەنسووری حیکمەتدا و لەسەر زمانی وی، داوای سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان کرد و بە پێویستیان زانی. ئەمڕۆ هیچ جۆرە پێوەندێکی سیاسی، ئابووری، جڤاکی، ڕێکخراوەیی، لەنێوان کارگەر و جووتیار و هەژارێکی باشووری کوردستان و یەکێکی خەڵکی بەسرە(البصرة) یا عەفەچ(عفك) یا تویریج(طویریج)دا نییە و نەماوە و هیچ شتێک پێکەوە گرێیان نادات، مەگەر تەنیا وەک سۆزێک. هەمان شت بۆ نێوان ڕەمادی(الرمادي) و ناسرییە(الناصریة) یا مووسڵ(الموصل) و دیوانییە (الدیوانیة) یا تەنانەت تەلەعفەر(تلعفر) و زوبیر(الزبیر)یش دەشێ بگوترێ. بەپێچەوانەوەی چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە، سەرمایەدار و لیبرالانی کوردستان و عیراق، لە ڕۆڵی خۆیان باش تێدەگەن و ئاگان و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ داکۆکی لە و پاراستنی بەرژەوەندە ماددییەکانی خۆیانن، لە هەموو کات و سەردەمێکدا، ئەوان هاوڕا و هاوسۆز و هاوقازانج و هاریکارن، لە هەژارترکردنی چەوساوە و ستەمدیدەکانی کوردستان و عیراقدا و پێوەندی پتەو و تونوتۆڵیان هەیە و بەردەوامە. بەشێکی بەرچاوی گەلی کورد، کوردانی فەیلین لە بەغدا و زرباتییە و بەدرە و مەندەلی و قزڕەبات و خانەقین و گەلێ دەڤەری دیکەی باشووری کوردستان و عیراق، لەڕووی ئایینزاوە، شیعەن، کە ئایینزای دەسەڵاتەکەی حوکوومەتی بەغدایشە، هەرچۆن لە ڕابردوودا تووشی وەدەرنان و کوژتن و لەبەینبردن بوون، ئێستاش کە هێشتا هیچ ڕووینەداوە و کوردستان سەربەخۆ نەبووە، دەسەڵاتی بەغدا و هێزە نێزیکەکانی لەو دەسەڵاتەوە، هەموو ڕۆژێک هەڕەشەی تاڵانکردن و لەبەینبردن و کوژتنیان لێدەکەن.

*******

ئەوەی دژی گشتپرسی و سەربەخۆییە، سەدان پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە بۆوەی دژایەتی ئەو پرۆسێسە بکات و ئەژنۆی خەڵکی کورد بشکێنێت. سەدان “بەڵام” دێنێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی نەخێر سەرکەوێت. ئەوانەی لە بازنەی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییدا دەخولێنەوە، سەرچاوە و دەسپێکی دید و بۆچوونەکانیان لە دوو شت بەدەر نییە:
یەک: ئێستاش بە عەقڵییەتی پەنجاوسێ ساڵ لەمەوبەر، ناوەڕاستی ساڵانی 1960 بیر دەکەنەوە. ئێستاش دروشمی فێرگە و ڕێبازێک بەرزدەکەنەوە و دەڵێنەوە و لە بازنەی دیدی ڕێبازێکدا دەخولێنەوە، کە بە ددانپێدانانی دامەزرێنەرانی و ڕێبەرە هەرە مەزنەکانی، هەڵە بووە و دۆڕاوە و تێکشکاوە. ئیدی “خوویەکە گرتوویانە بە شیریی و تەرکی ناکەن بەپیری” و لەسەر هەمان بنج ڕواون و بەردەوام دەڕوێنەوە.
دوو: ئەو دەنگی “نەخێر” بۆ گشتپرسییە، کە بۆخۆی لەڕاستیدا نەخێرە بۆ سەربەخۆیی، چونکە لەو کارت و کاغەزەی خەڵک ڕای خۆیانی تێدا دەردەبڕن، دەبێ بەرسڤی یەک پرس بدەنەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستاندایت؟ ئیدی دوو دانە هەڵبژادەیان لەبەردەستە ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندایت بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیشەوە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا؟ ئیدی ئەگەر دەنگت بە “نەخێر” دا ئەوە تۆ دەنگت دژی سەربەخۆیی کوردستان داوە و خۆ ئەگەر بە “بەڵێ” دەنگت دا، ئەوا تۆ لەگەڵ ئەوەی باشووری کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هاتوهاواری نەخێر، لە خەڵکانێکەوە دەبیسرێ، کە توێژاڵێکی خۆ بە “خوێندوو، ڕووناکبیر” زانن و پڕانییان خەڵکی سلێمانین و کۆمەڵێک گەرمیانی ڕەدووکەوتوویشیان ، کە بە هۆی جۆری بیرکردنەوەیان، قسەکانی ئەوان دەڵێنەوە و خۆیان بەو “ڕووناکبیر و خوێندوو”انەی ئەو شارەدا هەڵواسیوە. باژێڕی سلێمانی لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، لەبەر ئەوەی دانیشتووانەکەی یەک پێکهاتە و یەک زمانن، هەرگیز خۆیان بە بندەست نەزانیوە و ئەو هەستی چەوساندنەوە و سڕینەوە و سووکایەتیپێکردن و لەنێوبردن و تواندنەوەیەی، کوردێک لە زوممار، شنگال، مووسڵ، مەخموور، دووبز، حەویجە، کەرکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، قزڕەبات، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، بەغدا و…هەستی پێ کردووە و دەکات و چەشتوویەتی، کەسێکی سلێمانییەیی، هەرگیز نە تێی دەگات و نە هەستی پێ دەکات. من باوەڕ ناکەم، کەسێکی نێشتەجێ و خەڵکی ئەو دەڤەرانەی زوممار تا زرباتییەیە یا کوردانی بەغدا، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو دیدەیشدا بێت، کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد و خوێندوو و ڕووناکبیریش بێت، بتوانێت دژایەتی سەربەخۆیی بکات و بچێتە بەردەم سەندووقی دەنگدانەکە و بڵێ”نەخێر بۆ سەربەخۆیی”، مەگەر وێژدانی ژەنگی هەڵهێنابی و بیری کەڕووی گرتبێ، لێ ڕەنگە گوتنی “نەء” بە لای خوێندوو و ڕووناکبیرێکی سلێمانییەوە، نەک خەڵکە هەژار و داماو و ئاساییەکەی، ئاسانتر بێت. زۆرێک لەو خوێندوو و ڕووناکبیرانەی سلێمانی، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانن، دووچاری دەردی خانەگومانیی لەهەمبەر خەڵک، وەهم، تۆمەت هەڵبەستن، ترس، پارانۆیا “Paranoia” و دەردی خۆبەزلزانیی، لووتبەرزی، خۆ پێ شتبوون، لەخۆڕازیبوون، لەخۆباییبوون، کەیف بەخۆهاتن ، نارسسیزم”Narcissism”ن. هەربۆیە بەو بیرکردنەوەیەی هەیانە و بەو دەردانەی، وەک خۆرە، دەروونیان دەخوات، هەرگیز چاوەڕوانی باشتریان لێ ناکرێت. ئەوان تەنیا سلێمانییان پێ شارە و بە شاری شاران و سەرچاوەی فەرهەنگ و زانست و عەقڵ و سیاسەتی دەزانن و تەنانەت تا ڕادەی ئەوەی، کوردی هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان، ئەگەر جیاواز لەوان بیربکاتەوە، بە کوردی نازانن و هەر خۆیان پێ کوردە و هەر خۆیان پێ ڕاستە. ئەمانە بە هەموو توانست و لێهاتوویی و وزە و چالاکییەکی هەیانە، کار لەسەر شۆردنەوەی مێشکی خەڵکانی ئاسایی و لاوان دەکەن و خەڵکیک، کە ڕەنگە تەنیا وشەگەلی “ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند”، لە خشتەیان ببات و گوێیان بۆ ڕادێرن. دیارە تێنەگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ مێژوو، یا تێگەیشتنی ناهاوبەش بۆ مێژوو، مێژووی ناهاوبەش دروست دەکات و تێگەیشتنی هاوبەشیش بۆ مێژوو، مێژووی هاوبه‌ش دروست ده‌کات

*******

سەرتەراشخانەی کوردێکی ناسیاوم لە ستۆکهۆڵم هەیە، بۆ سەرتەراشین دەچمە کنیان. جارێکی چووم و دانیشتم و چاوەڕوان بووم ئەوەی، کە هەموو جاران سەرم دەتەراشێت دەستی بەتاڵ بێت و بچمە ژێر دەستی، چوون دەستی گیرابوو. ئەو هاوڕییە فلستینییە و بە عەرەبی پێی گوتم، ئەو هاوڕییەی ئێستا کەسی لەبەردەست نییە، ئاماژەی بۆ کورسییەکەی ئەودیوی خۆی کرد، کە گەنجێکی بیستویەک بیستودوو ساڵە بوو، جوان تراش دەکات و لە خۆیشتانە کوردە، بچۆ بەردەست ئەو. منیش چوومە بەردەستی و پرسیی، چۆنم گەرەکە سەرم بتەراشێ، منیش بۆم باس کرد. ئەوجا پێمگوت: تۆ لەم جێ کارە تازەی وانییە؟ چونکە پێشتر لێرە نەمدیوێ. گوتی نەک هەر لە جێ کارەکە بەڵکە لە سوێدیش تازەیە. ئیدی تێگەیشتم لە پەناهێنە نوێیەکانە. گوتم؛ تۆ خەڵکی سلێمانیت، وانییە؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی بۆ لە وەڵات هەڵاتووی و هاتووی بۆ ئێرە، خۆ ڕەوشی سلێمانی باشە و چ کێشەیەکی گەورە و مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نییە؟ گوتی: ئەی چۆن هەڵنەیەم، نە مووچە هەیە و نە کارەبا هەیە و نە ئاو هەیە و نە دامەزراندن هەیە و نەژیان هەیە و گرانییە و مەسعوود هەرچی بودجە و پارەی نەوت و قووتی خەڵکە دەیدزێ و کورسییەکەی گرتووە و وازناهێنێت و ناڕوات! گوتم: تۆ لە سلێمانی چ کارێکت دەکرد؟ گوتی: سەرتەراش بووم. گوتم: لە دوکانی خەڵکدا کارت دەکرد یا بۆخۆت دوکانت هەبوو؟ گوتی: بۆخۆم دوکانم هەبوو و بۆخۆم کارم دەکرد. گوتم: کارەکەت باش بوو و پێی دەژیایت؟ گوتی: زۆرباش بوو، نەک هەر خۆم کۆمەکێکی باشی ماڵیشم دەکرد. گوتم: خێزاندار بووی؟ گوتی: نەخێر. گوتم: ئەی ئێستا تۆ هاتووی دوکانەکەت ماوە یا نەء؟ گوتی: بەڵێ ماوە. گوتم: کێ کاری تێدا دەکات؟ گوتی: برایەکم. گوتم: ئێستاش کارەکەی باش دەڕوات؟ گوتێ: بەڵی هەر زۆر باشە. گوتم: ئەی مووچەت لە حوکوومەت وەردەگرت؟ گوتی: نەء. گوتم: حوکوومەت مووچەی تۆی بڕیوە؟ گوتی: نەء. گوتم: دەی تۆ چیت داوە لە مووچە و باسی مووچە و بودجە و قووت و ئەم بەزمانە بۆ دەکەیت، خۆ تۆ بە هەموو پێوەرێک لە ڕەوشێکی باشدا ژیاویت و ئێستاش کارەکەت پەکی نەکەوتووە و پارەی خۆت هەر وەردەگرێت! گوتی: چۆن باسی نەکەم، مەگەر ئەوە نییە مەسعوود دەیخوات و یەک شت بە خەڵک نادات و کورسییەکەی بەرنادات ! گوتم: هاوڕێ تۆ کە خەڵکی سلێمانیت، حوکوومەتی شارەکەی تۆ لە هەردوو شارەکەی دیکەی هەرێم، دهۆک و هەولێر، پارەی زیاتر دەستدەکەوێت. مووچەی کارمەندانی سلێمانی و گەرمیان لە حوکوومەتی سلێمانییەوە وەردەگیرێت.

ئەو دزی و مفتەخۆری و گەندەڵییەی لە سلێمانیدا هەیە، هیچی لە دهۆک و هەولێر کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت. تۆ و کەسانێکی شارەکەی تۆ، چاوتان تەنیا مەسعوود بارزانی دەبینێت، کە لە شارەکەی تۆدا و لەلایەن خەڵکانێکەوە، تەمەنێکە بە بەرنامە و نەخشە، تەنێ کار لەسەر دزێوکردنی دەکرێت، ئەی بۆ سەیرێکی بەرپرسە حیزبی و حوکوومەتییەکانی سلێمانی ناکەیت و ناچێت داوای مافی خۆت و خەڵک لەوان و لەنزیکترین بنکەی دەسەڵاتەوە، لە ماڵەکەی خۆتەوە، بکەیت. وەرە تۆ و من دەچین لە کەنار ئەم شەقامەی بەردەم ئەم دوکانەی ئێمە ئێستاکە تێیدا دانیشتووین، ڕادەوەستین و لە سەد مرۆڤ لەوانەی بە بەردەمماندا تێدەپەڕن دەپرسین، کە ئایا دەزانن بودجەی سوێد چەندە؟ بودجەی سوێد چۆن خەرج دەکرێت؟ وەزیری ئابووریی سوێد کێیە؟ سەرۆکوەزیرانی سوێد کێیە؟ چ حیزبێک ئێستاکە لە سوێد حوکوومەت بەڕێوە دەبات؟ بزانە لە و سەد مرۆڤە چەندیان دەزانن وەڵامی ڕاستی ئەو پرسانە بدەنەوە. ئەگەر لە سەدا بیستی زانییان وەڵامی دروست بدەنەوە، ئەوا زۆرە. لێرە لە سوێد تەنیا سیاسییەکانی، سیاسەت دەکەن و باسی سیاسەت دەکەن، ئەو خەڵکە ئاساییە، سەرگەرمی کار و ژیانی خۆیەتی و خۆی لە کاروباری کەسێکی دیکە هەڵناقورتێنێت، لێ لە وڵاتەکەی تۆ، هەرچی خەڵکە خۆی لە هەموو کاروبارێکدا، پێوەندیشی پێوە نەبێت و هی خۆیشی نەبێت و بواری خۆیشی نەبێت و لێیشی نەزانێت، خۆی تێهەڵدەقورتێنێت و لووتی تێوە دەژەنێت، لەوێ هەرچی خەڵکە سیاسییە و سیاسەت دەکات. هەر یەکەو لە ئاستی خۆی وتەبێژ و شیکار و بیرمەند و فیلۆسۆف و پسپۆرە، بۆیە هێندە حاڵی وەڵاتەکەمان جوانە! ئەوانەمان گوت و بڕێکیش زیاتر. بەدەم ئەو گوتوبێژەوە ئیدی کاتی سەرتەراشینەکەم تەواو بوو و هەڵسام و گوتم: لەبری ئەوەی سەری خۆت بەو باسانەوە دەئێشێنیت، باشتر وایە هەوڵدەیت زمان فێر بیت، کار بکەیت، بخوێنیت و بۆ خۆت بژیت. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”بیانووی تڕ نانی جۆیە” یا “بیانووی تس نانی جۆیە”.بیانووی هەرچی نەهامەتی و ماڵوێرانی و گەندەڵییە لە کوردستان و بیانووی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییش، کە ئێستا باسی لێوە دەکرێ، لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەو دەڤەری گەرمیان و سلێمانییە، تەنێ نانەجۆکەیە، واتە: مەسعوود بارزانی! ئەو بیانوو و دژایەتییە، بێجگە لە ئاوکردن بە ئاشی ئەنقەرە و بەغدا و شام و تاراندا و درێژەپێدان بە بندەستیی گەلی کوردستان و خاکەکەی، شتێکی دیکە نییە.
*******
هەموو بیانییەک لە جێی کار، خوێندنگە، باخچەی منداڵان، نێو شەمەندەفەر و ئۆتۆبووس و تاکسی و فڕۆکە، بازاڕ و فرۆشگە، سەرتەراشخانە، چێشتخانە و هەموو کون و قوژبنێک و جێیەک لە ئەوروپا، ئەمەریکا، هەندەران، بەتایبەت، کە تۆ بە ڕەنگ و ناو و زمان و ئایین و فەرهەنگ و زۆرینەی شتەکانت لەگەڵ دانیشتووانی وەڵاتەکە سەد لە سەد وێکنایەنەوە و تۆ بڕێک جیاوازی، ڕۆژانە تووشی ئەم پرسیارە دەبێت: تۆ خەڵکی کوێی؟ یا لە چ وەڵاتێکەوە هاتووی؟ یا بە ڕەچەڵەک کوێندەرییت؟ هەموو یەکێک لە ئێمە هەزاران جار تووشی وەها پرسیارێک بووە. وەک کوردێک، ڕەنگە بڵێێ من خەڵکی کوردستانم. هەرکە وات گوت، پرسیاری دووەمی ئەو کەسەی لێت دەپرسێت، لە باشترین حاڵدا ئەوەیە: کوردستان دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوجا تۆ بۆی باس دەکەیت. پاش ئەوە دەڵێ: کام پارچەیان؟ وەڵامی ئەوەیش دەدەیەوە. لێ جاری وا هەیە و زۆرجارانیش بەو جۆرە، کابرای پرسیارکەر دەڵێ: کوا وەڵاتێک هەیە بە ناوی کوردستان! یا دەڵێ: وەرە لەسەر نەخشەی جیهان وەڵاتەکەتم پێشاندە! یا دەڵێ: بۆ ناڵێێ عیراقی، ئێرانی، تورکیایی یا سووریاییم! تۆ ئەگەر لەسەر وشەی کوردستانەکەی خۆت سوور و مکوڕ بیت، گەرەکە هەمیشە ئامادەی ئەوە بیت ڕوونکردنەوە و بەڵگە و نەخشە و وێنە و دەیان دەردەسەریی دیکە بۆ کەسی پرسیارکەر بخەیتە ڕوو و بگێڕیتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەی لێت دەپرسێت عەرەب بێت، نە تەنیا عەرەبی عیراق یا سووریا، بەڵکە مەغریبی، عومانی، شامی، ئەهوازی یا مووسڵاوییش بێت، یا تورک بێت، ئیدی نە تەنیا تورکی تورکیا، بەڵکە تورکی بوڵغارستان، تورکمەنستان، قوبرس، ئازەربایجانیش بێت، یا فارس بێت، نە تەنێ فارسی ئێران، بەڵکە فارسی تاجیکستان، ئەفغانستان، هیندوستان، نەجەفیش بێت، موسوڵمانیش بێت، ئیدی موسوڵمانی ئیندۆنیزیا، مۆریتانیا، کۆنگۆ، چین، پاکستان یا هەر عەردێکی دیکە بێت، هەر دەسبەجێ لێت دەردەپەڕێ و دەتداتە بەر ڕێژنەی قسەی ناشیرین و تووڕەییت بەسەردا دەبارێنێت . عەرەبەکە، پێیوایە تۆ وەڵاتی عەرەب و خاکی عەرەب لەتلەت دەکەیت(ئەو لە ڕوانگەی دەسەڵاتی مێژوویی خۆی و داگیرکارییەکی مێژوویی خاکەکەی تۆ و ژێردەستەیی و دەستەمۆیی تۆوە دەنۆڕێتە تۆ) وتورکەکە، پێیوایە خاکەکەی لەت دەکەیت (لە ڕوانگەی ئیمراتۆریای عوسمانییەوە، وەک هیچ و بێ بەها لە تۆ دەنۆڕێ) و فارسەکە تۆ بە خوازیاری لەتکردنی وڵاتەکەی دادەنێ(لە دیدی ئیمپراتۆریای فارس و ئێران و مێژووی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتی خۆیەوە دەنۆڕێتە تۆ و تۆیش وەک نەتەوە بە بەشێک لە فارس تەماشات دەکات و زمانەکەشت بە شێوەزارێکی زمانی فارسی دەزانێت)، موسوڵمانیش بێت، خەمی تێکنەچوونی یەکیەتیی موسوڵمانانە و تێکنەچوونی دەوڵەتی ئیسلامییەتی. ئیدی گەلێ جار مرۆڤ ئەگەر بڕێک نەرمونیان بێت و وزە و ئارەزووی ئەوەی تێدا نەبێت، داکۆکی لە خۆی بکات و حەزی لە دەمەقاڵە و شەڕەقسە نەبێت، لە کورتی دەیبڕێتەوە و خۆی لە سەرئێشە لادەدات و دەڵێ: من عیراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم، بە گوێرەی ئەوەی بە ڕەسمیی هاووڵاتیی کام لەو وەڵاتانەیە.

ساڵانە دەیان بۆنە لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکاندا ڕێکدەخرێن و مامۆستاکان، لەلەکان لە زارۆکەکان داوا دەکەن وێنەی ئاڵاکانی خۆیان بکێشن و لە دیواری ژووری خوێندنەکەیاندا هەڵیانواسن، یەک جاریش نەبووە منداڵانی کورد تووشی دوودڵی و سەرسووڕمان و شەرم نەبن، لەوەی کە نازانن چ ئاڵایەک دانێن. دیارە ئەوە پەروەردە و بیرکردنەوەی دایکوباوک و خێزانی منداڵەکە لەو پرسەدا نۆرە دەبینێت. ماڵبات هەیە منداڵەکانیان فێری وشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان و ئەوانە کردووە و ماڵباتیش هەیە منداڵیان بە عیراقی، ئێرانی تورکیایی و سووریایی پێگەیاندووە و ئاڵای ئەو وەڵاتانە دەناسێتەوە. زۆرجارانیش ئەو پرسی ئاڵایە دەبێتە باس و دڵەڕاوکێیەک بۆ زارۆکەکە، کە دەبینێ سۆمالی، ئەفغانی، ئێرانی، تورک، ئێریتری، ئیسیووپی، هیندوستانی..داروبەرد و هەموو دنیا ئاڵای هەیە و دێتەوە بۆ ماڵ و لە دایک و باوکی دەپرسێت: ئێمە بۆ ئاڵامان نییە؟ دایک و باوکیش ئیدی بەگوێرەی دید و بیرکردنەوەی خۆیان بۆی ڕووندەکەنەوە، یا خۆیان لە وەڵامدانەوەی گێل دەکەن، لە هەردوو حاڵەتیشدا هەرگیز ناتوانن ئەو زارۆکە قایل بکەن و وەڵامەکەیان هیچ ئاسوودەیی و دڵنیاییەک بە زارۆکەکە نابەخشێت.

ئەگەر کەس لە بێ دەوڵەتی و بێ وەڵاتی تێنەگات، کوردی هەڵاتوو لە کوردستان و لە هەندەران ژیاو، دەبوو زۆرباش تێگەیشتبان. دوو نەتەوە یا دوو گەل، لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەوروپا بڵاوبوونەوە، ڕۆم(قەرەچ) و کورد. ڕۆمەکان، لە ئەوروپا لە کورد کۆنترن. ڕۆمەکان، نەک هەر دەوڵەت، خاوەنی خاکی خۆیشیان نین. ئەوان دەگەڕێن و لەهەرکوێیەک ژیان، ئیدی ئەوە وەڵاتی ئەوانە. ئەوان بە مووزیک، سەما، فەرهەنگ، دەستڕەنگینی و چەوسانەوە و لەبەینبردنیان لە مێژوودا، دەناسرێنەوە. کوردیش، ئەنفال، گازبارانی هەڵەبجە، کۆڕەو و جەنگ، دنیایەک نەگبەتی و ماڵوێرانی، بە خەڵکی ناساندووە، دەنا لێدانەوەی قەوانی سوواوی بەشی عیراق و ئێران و تورکیا و سووریا و چوارپارچە و چل میلیۆن و ئەو باسانە، گێڕانەوەی ئەو شانامەیەی، کە دەبێ هەمیشە ئامادەی گێڕانەوەی بیت، هەرگیز ئەوروپاییەک ناگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە تۆ وەڵاتێکت هەیە و ناوی کوردستانە، چونکە تۆ لەسەر نەخشە نیت و وەڵاتەکەت دەوڵەت و ددانپێدانراو نییە و ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان(UN) نییە و لەو وڵاتە ئەوروپاییەی تێیدا دەژیت باڵیۆزخانەیەکت نییە بەناوی”باڵیۆزخانەی دەوڵەتی کوردستان”. هەرچەندە باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی چ له‌ ڕووی مێژوو و چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ نوێیه‌ و به‌رهه‌می هزری بۆرژوازی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و دواتره، لێ‌ نەبوونی قەوارەیەکی ددانپێدانراو، کە پێی بڵێی وەڵات و خودانی پاسپۆرت و ئاڵا و خاکێکی سنووردار، ڕووحێکی سەرگەردان و وێڵ و بێ ئینتیما دێنێتە بەرهەم.

********

فیلۆسۆفی میژوو ومیژوونووسی بریتانی، ئارنۆڵد توێنبی(Arnold Joseph Toynbee 1889 – 1975)، له‌ لێکۆڵین و توێژینه‌وه‌کانیدا، له‌مه‌ڕ په‌یدابوون و له‌نێوچوونی ژیارییه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێ:”نه‌ته‌وه‌کان ناکوژرێن، به‌ڵکه‌ خۆیان خۆیان ده‌کوژن”، واته‌: “سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژێره‌ زاڵ و ده‌ستڕۆیشتووه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌ ڕه‌وشی ملانێ و جه‌نگێکی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ییه‌وه‌، که‌ ئیدی بڕست و توانستی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ و داهێنانی چاره‌سه‌ری گشتی و قایلکه‌ری هه‌مووان و بۆ سوودی هه‌مووان، بۆ کیشه‌ و گرفته‌ ژیانییه‌ که‌ڵه‌که‌بوو و کۆنه‌کان، ده‌بڕێ”. کاری سیاسی له‌ کوردستان و له‌نێو حیزبه‌کانی کوردستاندا، لە دێر زەمانەوە، هەر لە ناوەندی ساڵانی 1960ەوە، لەسەردەمێکەوە، کە ئیدی ماڵ بەش کرا و برا لە برا جوێ بووەوە، بێجگە لە‌ ملانێیه‌کی ڕووت و ئاشکرا و بێ په‌رده‌ی هێز و بازوو، شتێکی دیکە نەبووە. زۆر جاران بێفه‌رهه‌نگی و بێئامانجی و بێمه‌به‌ستییەکی هزریی، بەسەریدا زاڵ بووە و ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕووپۆش و ده‌مامکه‌ ئیدیۆلۆگییه‌یشی، گەلێ جاران هه‌ڵیانگرتووە و هه‌ڵیده‌گرن، نه‌یتوانیوە و ناتوانێت، به‌رژه‌وه‌ند و ده‌سکه‌وته‌ که‌سه‌کییه‌ ڕاسته‌وخۆ و زه‌قه‌کانیان و کینە و ڕقیان وه‌شێرێ. پاڵنه‌ر و هانده‌رێکی بنه‌ڕه‌تیی کارکردنی ئه‌وان، دەڤەرچێتی و ناوچەگەری بووە و ئاوه‌ز و خواستێکی قازانجخوازیی بازرگانیی سه‌رمایه‌دارییش، هاندەرێک. وەها هزر و کردار و رەوتاریک، هەرگیز نابنە هەوێنێ چێکردنی نەتەوە و وەڵات. بە پێچەوانەی مەسعوود موحەممەدەوە کە دەڵێ:”خەڵک دەتوانێ لە دینی خۆی دەرچێ، لە وەطەنی خۆی دەرچێ، لە نازانم چی خۆی دەرچێ، بەڵام ناتوانێ لە قەومی خۆی بترازێ، ئەگەر کورد بێ ناتوانێ بڵێ من کورد نیم. قوڕ بەسەری، کوردە مەگەر بێژوو بێ، چونکە بە میرات بۆی ماوەتەوە، کەواتە کوردایەتی ئەصیلە و بەهێزترە لەهەر وەسفێ بۆ مرۆی دەهێنیتەوە…” ، بە بڕوای من، نه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌یی و میرات نییه‌، بەڵکە دروست ده‌کرێ. مرۆڤ، هەر لە زارۆکییەوە، دایکوباوک، خێزان، بنەماڵە، هۆز و خێڵ، خوێندنەگە، جێیکار، کۆمەڵ، هەموو ئەوانە لە دروستکردنیدا ڕۆڵ دەبینن و ئەو کەسیەتییەی دەدەنێ، کە هەیەتی و دەیبێ. زارۆک، کە دێتە دنیاوە، بۆ خۆی هیج ئینتیمایەکەی نییە و دەکرێتە، کورد، فارس، تورک، عەرەب، فرانسی، چینی، شیعە، سوننە، ئێزدی، پرۆتستانت، کاتۆلیک، ئۆرتۆدۆکس، جوو، بوودایی، هیندۆس یا هەر شتێکی دیکە. دەشێ منداڵێکی فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی، هەر کە دێنە دنیاوە، جێگۆڕکێیان پێ بکەیت و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئیندیان و دایەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ڕۆم(قەرەچ) و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی سۆمالی و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئەبوریجینی لە ئەوستالیا و هەموویان گەورە ببن، ئایا ئەوانە دەبنەوە فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی یا دەبنە ئیندیان، قەرەچ، سۆمالی، ئەبوریجین؟ ئەودەم تێدەگەین، کە نە نەتەوە و نە ئایین، هیچیان چەسپاو و بۆماوەیی و میرات نین و هیچ ڕەسەنایەتییەکیشیان تێدا نییە، دەشێ مرۆڤ لێی دەرچێت و هەر نەشچێتەوە سەری، ئەو ڕەسەنە و دەمێنێتەوە و چەسپاوە، تەنێ مرۆڤ بوونە. کوردایەتیش، بە واتای کوردبوون و هەستکردن بە کوردبوون و هەوڵدان بۆ پرسی نەتەوەیی کورد، باوەڕم وایە، نه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خولیا و کارێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ گرێ نه‌درێ، ده‌سیسێ و ده‌پووکێته‌وه‌. بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌: خاک داگیر ده‌کرێ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ و که‌م ده‌بێته‌وه‌، زمان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌ش به‌ش ده‌بێت، مێژوویش له‌نێوان تێگه‌یشتنێکی کاڵفامانه‌ و ناته‌واو و هه‌ڵه‌دا، بزر ده‌بێ و فه‌رهه‌نگیش داده‌ڕزێ و تڕۆ ده‌بێ.

*******

لە هەر کۆمەڵێکدا، چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو کۆی نەکاتەوە، مەگەر گەیشتبنە ئەو جێیەی، مارکس لە کۆمۆنیزم یا پرۆدۆن(Pierre-Joseph Proudhon)باکۆنین(Michail Bakunins) و کرۆپۆتکین(Pjotr Kropotkin) و گۆڵدمان(Emma Goldman) لە ئەنارکیزمدا، باسی دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن و چاوەنۆڕین بێتە دی، چه‌ک جێگه‌ی گوێ لەیەکگرتن و گه‌نگه‌شه‌ و وتووێژ ده‌گرێته‌وه‌ و ڕێکخراوە سیاسییەکان و حیزب ده‌بنه‌ میلیشیا و ده‌سته‌ی چه‌کدار و بونیادی دامه‌زراوه‌یی و پایەی ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و کۆمه‌ڵ شی و شیتاڵ ده‌بێته‌وه‌، ورد ده‌بێته‌وه‌ و پاژپاژ ده‌بێت و ده‌بێته‌ خڕبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌یلێکی پێش ده‌وڵه‌ت ئاسا، ده‌بێته‌ به‌ره‌باب و تیره‌ و خێڵ و هۆز و هه‌رێم و میرانی جەنگ دەبنە کەڵەگا و میرمحێ و سه‌رکرده‌ و ده‌مڕاستی ناوچه‌یی و نه‌ژادی و ئایینی و ئایینزایی و سەرمایەدار و چەتە و دەیان جۆرە گرۆ و دەستەی دیکە، لەژێر دەیان ناوی جیاوازدا، کە ئێستا نەک تەنیا باشووری کوردستان، بەڵکە هەموو کوردستان بە دەستییەوە دەناڵێنێت. کاتێکیش، که‌ ده‌وڵه‌ت، وه‌ک چه‌مک و تێگه‌یشتن و بوون، به‌ بێ جۆره‌ پێکهاتنێکی گشتی چێ نه‌بێت و دروست نه‌بێت، نه‌بوونی ئه‌و پێکهاتنه‌ گشتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئافراندنی بۆشایی و چۆڵاییه‌کی سیاسی له‌نێو کۆمه‌ڵدا، که‌ زه‌مینه‌ خۆش ده‌کات و ڕێگه‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. لێرەدا ڕێبەرایەتییەکی شارەزا و لێزان و دڵسۆز، ڕەوشەکە لەو گێژاوە دەردێنێت و وەڵات و کۆمەڵ، بەرەو کەناری ئازادی دەبات. ڕێبه‌رایه‌تی، شاره‌زایی و زانینێکی گشتیی بۆماوه‌ییه‌‌ و له‌ ئه‌نجامی که‌ڵه‌که‌بوون و کرده‌ی مێژووییدا خڕ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ بنه‌ماشدا له‌ گه‌شه‌کردنی ئاگایی ستراتیگیی گه‌له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، کاتێک تێده‌گات و ده‌زانێت و ئاگایه‌ له‌وه‌ی،‌ هه‌ندێک پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆی هه‌یه‌، که‌ نابێ ده‌ستی که‌سی بگاتێ و ‌ به‌رژه‌وه‌ندگه‌لێکی خۆی هه‌یه‌، که‌ ناشێ ده‌ستبه‌رداری ببێ. هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێ پیرۆزی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌، که‌ ڕای گشتی بڕیار له‌سه‌ر پاراستنیان ده‌دات و ئه‌و ده‌سته‌بژێر و سه‌رته‌ڵه‌ داهێنه‌رانه‌ی نێو گەل و نه‌ته‌وه و نیشتمان‌، بڕیار ده‌ده‌ن، که‌نگی خه‌ڵک ئاماده‌ بکرێن بۆ جه‌نگ بۆ پاراستنی به‌ها و به‌رژه‌وه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و چەسپاندنی بناخەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، چونکە دەوڵەت بۆخۆی، ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی خەڵک لەچوارچێوەی قەوارەیەکدا. ئەو قەوارەیە، کە پێی دەگوترێ دەوڵەت، سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و بەڵا گەورەکانە، ئەگەر حوکمڕانییەکی دروست و باش و دادپەروەری تێدا نەبێت و هیچ چاودێرییەکی توندی لەسەر نەبێت، لێ مرۆڤ ڕەنگە لە نەبوونی پاریزگاری و دەسەڵات و پەروەردە و بارهێنانی سیاسییشدا، ببنە گیانلەبەر و دڕندەی ترسناک ڕەنگە مرۆڤخۆریی، کانیبالیزم(cannibalism)، کە لە مێژووی مرۆڤدا هەبووە، جارێکی دیکە سەرهەڵداتەوە و ببێتە مۆدەی سەردەم. ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتوو ده‌فری پرۆژه‌ی ژیارییه‌، هیچ ژیارییه‌ک بێ ده‌وڵه‌تی مه‌زن و پێشکه‌وتنی زانستی، چێ نابێت ونییه‌.

*******

کاک “م”، پیاوێکی تا ڕادەیەک بڕێک لە کورتەباڵا بەرزتر، لاواز، پرچی تەنک و بڕێکی ڕووتابووەوە و ئەوەیشی مابووی، سپیەتی تێکەوتبوو، تابڵێی ئارام و لەسەرەخۆ، خوێندوو و هەڵگری بڕوانامەی زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامییەکان و دەرچووی زانستگەی ئەزهەر لە مسر و زمانانی کوردی و تورکی و عەرەبی زان و هەرسێی بەدەفتەر گرتبوو . ئەو بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو، لێ لە ئیستەنبوول دەژیا. وەک هزرین و دیدیش نزیک لە ڕەوتە ئیسلامییەکەی نەجمەددین ئاربەکان، کە ڕەوتێکی ئیسلامیی تورکی بوو و ئێستا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕێبەریەتی و لە بنەماشدا کاریگەریی بیروباوەڕی نوورسیی لەسەر بوو و گەلێ جاریش ماڵە گچکەکەی، کە لە کوووچەی یەکێک لە گەڕەکە هەژارەکانی ئیستەنبوول بوو، دەبووە مەکۆی جڤین و خڕبوونەوەی هاوبیر و هەوادارانی ئەو ڕەوتە. لە ماڵەکەیدا ، کتێبخانەیەکی گەورەی تژی کتێبی جیاواز لە بواری جیاوازدا، بەو زمانانە هەبوو. دانی ئێوارەی ڕۆژێک و شەوێکی پێش بیستوچوار ساڵێک میوانی بووم، لەو ماوەیەدا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، دیتم نوێژ ناخوێنێت، بە پێی بیروباوەڕ و کەسیەتی ئەو، نایشارمەوە، بڕێک بەلامەوە سەیر بوو، بانگەشەی ئیسلام و ئیسلامیبوون و نوێژنەخوێندن! هەرچەندە ئەوە مەسەلەیەکی زۆر تایبەت بوو و گەلێک کەسەکییش بوو، لێ هێزم دایە خۆم و حەزم کرد لێی بپرسم، کە چۆنە ئەو بەو پاشخان و کەسیەتی و دیدی خۆیەوە، نوێژ ناخوێنێت! لە وەڵامی پرسیارەکەمدا گوتی:”چما نمێژ بخوینم! کەسەک نمێژ دخوینە کو ئازاد بە. نە وەڵاتێ من، نە گەلێ من، نە ئاخا من، نە زمانا من، هیچ یەک ژ وان نە ئازادە. گاڤەک وان نە ئازاد بن، ئەز ژی ب خۆ نەئازادم. ئەز و زمان و ئاخ و گەل و وەڵاتێ من، ئەم بندەستن، ئەم کۆلە، بەندە، دیل، کۆیلەنە. مرۆڤ کو دیل و کۆلە بە، چ تشتەکی نە ئی وییە، نە جان، نە لاشێ وی ئێ وینە، ئەو نە خودێێ خۆەیە، بەلکی هەر تشتی وی مولکا کۆلەدارێیە، نمێژ قەت نە ل سەر وییە، ژ بەر وێ یەکی ئەز نمێژ ناخوینم، گاڤەکی وەڵات، عەرد، زمان وگەلێ من ئازاد و سەربەست بوون، ئیدی ئەز نە کۆلەمە، ئەز ژی ئازاد دبم، وێ چاخێ نمێژ ل سەر من فەرز دبە، بلا کوردستان ئازاد بە و ئەم ببن خودێێ خوە، ئەز ژی نمێژ دێ بخوێنم”.

*******

لە میدیا بینراو و بیستراو و نووسراوەکانی کوردستاندا، ئەوانەی لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆییدان، ڕۆژانە وەک هەواڵی گرنگ و کاریگەر، هەڵوێستی نووسەرێکی کورد، ڕۆژنامەنووسێکی کورد، مەلایەکی کورد، ئەفسەرێکی کورد، هونەرمەندێکی کورد، دانیشتووی هەرێمی کوردستان و لەنێو هەرێمی کوردستاندا، بڵاو دەکرێتەوە، یا چالاکی خەڵکانێک، بە هونەر، بە مووزیک، بە قسەکردن، بە خڕبوونەوە، لە باژێڕێکی هەرێم، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و…پەخش دەکرێتەوە و گرنگی و بایەخەێکی زۆریان پێدەدرێن، کەچی هەر ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و سترانبێژ و خەڵکانە، هێندە خۆیان شەکەت ناکەن، کە ڕووبکەنە کەرکووک و لەگەڵ تورکمانەکاندا، چالاکی هاوبەش بکەن و بچن بەرەو بەدرە، مەندەلی، قزڕەبات، کفری، خورماتوو، خانەقین، نێو کوردانی فەیلی، شنگال و یا هەر عەردێکی لەو جۆرە، کە دەبوو هەموو گرانییەک بخرابایە سەر ئەو دەڤەرانە و بایەخ و بەهایەکی گەلیک زیاتر بەوان درابا.

ئەم گشتپرسییەی باشووری کوردستان، کە بڕیارە لە 25ی سێپتەمبەری 2017ەدا بکرێت، بڕێک پەلەپەل و شپرزەیی پێوە دیارە.
هێشتا تەواوی هێزەکانی باشووری کوردستان نەگەیشتوونەتە پێکهاتنێکی تەواو لەسەری و ناهاوئاهەنگی و جیاوازیی و فرەدەنگیی پێوە دیارە.
هێشتا لەتی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، سلێمانی و گەرمیان، دەنگی نەخێر و دژەسەربەخۆیی تێیدا زاڵە.

هێشتا لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان، کە پتر لە 60%ی خاکەکەی پێکدێنن، هیچ جۆرە چالاکی و جموجووڵێکی بەرەو یەکگرتنەوە لەگەڵ هەرێمدا و بەرەو سەربەخۆیی تێدا وەدی ناکرێت.
هێشتا گوتوبێژێکی جیددی لەگەڵ تورکماندا، کە نەتەوەی دووەمی کوردستانن و لە هەستیارترین شوێنی کوردستان دەژین، نەکراوە، کە دەبوو پێش هەر خەڵکێکی تر و پێش هەر حیزبێکی تر، گوتوبێژ لەگەڵ وان کرابا و دڵنیایی تەواویان پێ درابا، بە تەواوی یەکسانییان لەگەڵ کورددا و دابینکردنی تەواوی خواستەکانیان، لە چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا.

هێشتا ساغ نەبووەتەوە، عەرەبی هاوردەی کەرکووک، کە پرۆژەی عەرەباندنی دەڤەرە دابڕێنراوەکانیان جێبەجێ کرد و سەرلەبەریان سیخوڕ و داگیرکەر بوون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە ئەگەر بە حەق بێت، دەبێ مافی دەنگدانیان نەبێت.
هێشتا ساغ نەبووەتەوە، کە ئایا ئەم گشتپرسییە تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کوردانی دەرێی هەرێم دەگرێتەوە یا نەء.
هێشتا هێشتاگەلێکی فرە زۆرتریش ماون…

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و لە پێشی هەموویشیانەوە بارزانی، کە ئێستا سەرۆکی کوردستانە و پێشەنگی بانگی سەربەخۆییە و ئاڵاکەی هەڵگرتووە، حەقوایە گەلێک لێبراوانە و دڵفراوانە و چالاکانە، هەرچی زووە، لەپێناوی لەدەستنەدانی کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێندراوەکان، نەک جارێک، دەیان جار سەردانی کەرکووک بکات و لەگەڵ تورکمانەکان، شیعە و سوننەیان، بەرەی تورکمانی و حیزب و هێزەسیاسییەکانی تریان، لەگەڵ عەرەبە کۆنەکانی کەرکووک، لەگەڵ مەسیحییەکانی، کۆببێتەوە و بەڵێنی ڕاست و دروستی وەدیهێنانی تەواوی مافەکانیان بدا. با پۆستی جێگری سەرۆکی کوردستان، یا سەرۆکی کوردستان، چەندین وەزارەت، سەرۆکی پەرلەمان، باڵاترین پلە لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا، بدرێ بە تورکمان، مەسیحی، یا عەرەب، نەک بە فڵانە حیزبی کوردی یا ئەوی دی. بارزانی، حەقوایە نەک جارێک، دەیان جار، سەردانی زوممار، شنگال، کوردانی ئێزدی، شەبەک، دووبز، مەخموور، پردێ، تازەخورماتوو، تاوغ، کوردانی کاکەیی، بێشیر، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، کوردانی فەیلی، کەلار، هەڵەبجە، هەورامان، سلێمانی و…بکات و جۆش و گەرمی و چالاکییان تێدا بڵاوبکاتەوە و دڵنیایی داهاتوویەکی باشتر، گەشتر و خۆشتریان بداتێ. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”پادار بگرە، بێ پا ماڵ وێمانە”، بۆ کوردستان، پادار، دەڤەرەدابڕێندراوەکانن و بێ پا، هەرێمە.

سپای ئەمەریکا لە ڤیێتنام، سپای فرانسا له‌ ئه‌لجه‌زائیر، سپای تورک لە کوردستان، سپای عیراق لە کوردستان، داریان سووتاند، ماڵیان ده‌ڕووخاند و وێران ده‌کرد، ده‌ست و پێ و په‌نجه‌ و لووت وگه‌رده‌نی ژنانیان ده‌بڕییه‌وه‌ بۆ داگیرکردنی خشڵ و زێره‌کانیان، کچان و ژنانیان وەک سەبایا دەبرد، ئەنفالیان دەکرد، گازبارانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەیان دەکرد و دەیان خراپەکاریی دیکەیش. عەرەبی هاوردەی کەرکووک بەشێکی چالاک و دەستکراوە بوونە، لە تەواوی هەموو ئەو نەهامەتییانەدا، بەسەر کوردستاندا هاتوون و کەرکووکیش پشکە زۆرەکەی بەرکەوتووە.

ماددەی ناپیرۆز و بەد و بێفەڕ و دزێوی 140، کە کورد بۆخۆی چووە ژێر باری و لەگەڵ حوکوومەتی بەغدا واژووی کرد و تائێستاش وەک “مارەکەی شێخ ئۆمەر” بە ملیدا ئاڵاوە و لێی نابێتەوە و وەک زنجیر و پابەند دەست و پێیەکانی شەتەک داوە، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی سەرکردەیەتی سیاسیی کوردستان و مێژووی کوردەوە، کە قایل بوون بەوەی دەنگدان لەسەر خاکێک و جیۆگرافیایەک بکرێت، بە هەموو پێوەر و بەڵگە و مێژوویەک، بەشێکی جیانەکراوەی خاکی کوردستانە. ماددەی 140، دەنگدانە لە سەر ماڵی خۆت، کە چەند کەسێکی لایدە و غەوارەی تێ هاتووە و داگیریان کردووە و ئەوان دەڵێن ئەو ماڵە هی ئێمەیە و تۆیش دەڵێی وەرە با دەنگی لەسەر بدەین بزانین هی کێیە! تەنانەت هەموو کەمئاوەزێکیش ئەوە دەزانێت، کە مرۆڤ لەسەر ماڵی خۆی دەنگ نادات! هاتنی ئەو لایدە و غەوارانە بۆ تەواوی ئەو خاکەی کوردستان، کە ئەمڕۆ پێی دەگوتری”ناوچەی دابڕێندراو” یا “ناوچەی جێی ناکۆکی”، لە داگیرکردن زیاتر شتێکی دیکە نەبووە. کورد ئێستاش دەتوانێت، هەردوو شارۆچکەی کەلار و چەمچەماڵ، کە هەردوویان خراونەتە سەر سلێمانی و سلێمانییش بەدەستی کورد و هەرێم خۆیەوەیەتی، بە تەواوی خاک و دانیشتووانەکانیانەو و هەموو گوندەکانیانەوە، بێ هیچ پرسێک بە بەغدا، بگەڕێننەوە سەر کەرکووک. سلێمانی، قەرزداری کەرکووکە و گێڕانەوەی کەلار و چەمچەماڵ، گێڕانەوەی قەرزەکانی کەرکووکە. کورد بە حوکمی ئەوەی هەردوو شارۆچکەی کفری و خورماتوو وەک خاک لە ژێر هێزی خۆیدایە، دەتوانێت، بە بڕیارێکی ئوستانداری کەرکووک و داوایەکی ئەنجومەنی شارەداریی ئەو دوو شارۆچکەیە و پشتیوانیی سەرۆکایەتی هەرێم، بیانخاتەوە سەر کەرکووک. کورد دەتوانێت ئێستاش عەرەبی هەناردەی کەرکووک، کە هەریەکەو 20000 دۆلاریان درایە بۆوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بیانگێڕیتەوە. کورد دەتوانێت بۆ خۆی و بێ چاوەڕوانکردنی حوکوومەتی بەغدا، حەویجە، کە بەغدا بۆ سەرئێشەی کورد و کێشە و گوشار بۆ کەرکووک و لەسەر کەرکووک هێشتوویەتییەوە و لەبندەستی داعشدایە، ڕزگار بکات و ئەویش بخاتەوە سەر کەرکووک. ئیدی بەو کارانە کەرکووک دێتەوە ئامێزی کوردستان. بۆ مەخموور و مەندەلی و بەدرە و زرباتییەش هەر ئەو کارانە دەکرێت، ئەگەر ڕێبەرایەتی کورد لە سیاسەتی منجەمنج و کات بەسەربردن، خۆ دەربازکەن و گوڕ و تینێک بدەنە خۆ.

دەسەڵات و حوکوومەت و حیزبە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکانی شیعە و سوننە و تەنانەت عەلمانییەکانی عیراق، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی لێ دەرچێت، هەر هەموویان، لە باشترین حاڵدا، ئەگەر قایل بن بەم گشتپرسییەی ڕێبەرایەتیی کورد باسی دەکات، کە ڕەنگە قایلیش بن، ئەوان تەنێ بە ئەنجامدانی لەنێو هەرێمی کوردستاندا، قایل دەبن و ئەگەر ئەنجامەکەیشی بە سەربەخۆیی بشکێتەوە، ئەوا هەرگیز لەم هەرێمەی ئێستا زیاتر، لەم سێ قوتە شارەی(دهۆک، هەولێر، سلێمانی)، کە بە هەرسێیانەوە هێندەی سێ گەڕەکی گەورەی شاری لەندەنن، زیاتر، ڕەوا نابینن. ئەم هەرێمە قوتە، سەددام حوسەینیش بەکوردی ڕەوا دەبینی و لاریی لێ نەبوو، ئێستا ئەگەر کورد دڵ بەوە خۆشکات تەنێ ئەم هەرێمەی بۆ ببێتە دەوڵەت، باشتر وایە، خۆی بۆی شەکەت نەکات و لێی پاڵداتەوە تا شەمەندەفەرێکی دیکە دێت، یا ئەوەتا بە هەموو تین و گوڕ و هێزییەوە، خۆی بۆ یارییەکی دیکە ئامادە بکات. کورد چاوەڕێی ئەوە بێت دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان، یا جەعفەری و جبووری و مالیکی و حەموودی و ئەلحەکیم و عەبادی و نوجەیفی و… دەستبەرداری دەڤەرە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان ببن و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە تێکەڵکردنی ئەو دەڤەرانە لەگەڵ هەرێمدا چی ببێت، ئەوە تەنێ خەونە و هەرگیز نایەتە دێ. کە هەڵویستی دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان بەو جۆرە بێت، دەبێ کورد بگاتە ئەو ئەنجامەی، کە شاعیری دیاری عەرەب، ئەبو تەممام ئەلتائی(أبو تمام الطائي/ 788-845)، پێی گەیشتبوو، کاتێک بە ئەلموعتەسەم بیللاە(المعتصم باللە/ 842 -796)ی خەلیفەی عەبباسی، کە بەدەم هاواری ژنێکی عەرەبەوە لە شاری عەموورییەی بندەستی بیزەنتییانەوە دەچێت، کاتێک ژنە هاوار دەکات”وا معتصماە/هاوار موعتەسەم یا هۆوموعتەسەم”و موعتەسەمیش لە جەنگێکدا، باژێڕی عەمموورییە دەگرێت و سپای بیزەنتییان کە تیۆفیلۆس(845-788Theophilos)، ئیمپراتۆری دەبێ تێکدەشکێنێت، ئەبوتەممام دەڵێ:

“السیف أصدق إنباء من الکتب في حدە الحد بین الجد واللعب”، واتە: شمشێر لە کتێبان دروستترە لە نووسینی هەواڵدا، تیژییەکەی سنووری نێوان جیددییەت و گەمەیە. عەرەب لەمێژە گوتوویانە:”بالسیف یقوم الإعوجاج لا بالقلم”، واتە: بە شمشێر چەوتییەکان ڕاست دەکرێنەوە نەک بە قەڵەم.
ئەگەر گشتپرسییەکە بۆ ئەوە بێت، تەنێ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بهێنێتە دی، ئەوا بەڕای من نە پێویستە و نە ئەم هەڵڵایەی گەرەکە، چونکە لە ساڵی 2005دا نزیکەی 98%ی دانیشتووانی هەرێم، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام دواتر سەرانی کورد، لە زمانی جەلال تاڵەبانییەوە، کە ئەودەمە کرا بە سەرۆککۆماری عیراق، گاڵتەیان بە ئەنجامی ئەو دەنگدانە هات و ئەو گوتی، کورد پێشتر دەنگی بە دەستووری عیراق و یەکپارچەیی خاکی عیراق داوە و ئەو دەنگدانەی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدراوە، کارێکە هیچ بایەخ و بەهایەکی نییە. ئەگەر گشتپرسییەکە بەڵگەنامەیەک بهێنێتە گۆڕێ، تەنێ هەرێم بکاتە دەوڵەت و تەنێ هەرێم وەک کوردستان بمێنێتەوە و سەربەخۆ بێت و ببێتە قەواڵەیەکی واژۆکراو و ددانپێدانراو و ڕەسمی و چەسپاو و نەگۆڕ، بۆ لەدەستچوون و دەستبەردابوون لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی کوردستان، ئەوا ئیدی ڕەشترین پەڵەی خیانەت و ناپاکی بە مێژووی سەردارانی کوردستانەوە دەنووسێ و هەرگیز لێیان نابێتەوە و تا کۆتایی دنیاش ئەو بەشەی کوردستان دەدۆڕێت. لەوەها حاڵێکدا نەبوون و ئەنجامنەدان و نەکردنی، ئەو گشتپرسییە، گەلێک باشترە لە لەدەستانی کەرکووک و بەشە کوردستانییەکانی مووسڵ و دیالە و تکریت و کووت وعەمارە!

13-08-2017
————————-

سترانبێژ و شاعیر و ئەکتەر و مووزیکدانەری ناسراوی هۆڵاندی لە سوێد ژیاو، کۆرنێلیس ڤرێسویکس (/Cornelis Vreeswijk1987 – 1937)یش هەر ئەو شیعرەی بە دەسکارییەکی یەکجار کەم، لێ فرەجوان، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سوێدی و لەسەر ئاوازەکەی مەککۆردی و جوانتر بە گۆرانی گوتوویەتییەوە.

بیشر ئەلحافی، ناوی تەواوی: ئەبونەسر بیشر کوڕی حاریس کوڕی عەبدوڕەحمان کوڕی عەتاء کوڕی هیلال مەروزی بەغدادی(ابونصربشر بن حارث بن عبدالرحمن بن عطاء بن هلال مروزی بغدادی)یە. یەکێکە لە عاریف و سووفییە گەورەکانی کۆتایی سەدەی دووەم و دەسپێکی سەدەی سێیەمی کۆچی، لە ساڵی 767 دا لە مەرڤ(مرو)ی وڵاتی فارسی کۆن و تورکمەنستانی ئەمڕۆ، لەدایک بووە و لە بەغدا ژیاوە. ئەلحافی، واتە: پێخاوس، دەڵێن هەرگیز کەوشی لەپێ نەکردووە و هەر بە پێخاوسی گەڕاوە.

القرآن الکریم، سورة الزمر، الآیة 68:( وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِي السَّمَوَاتِ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ ثُمَّ نُفِخَ فِيهِ أُخْرَى فَإِذَا هُمْ قِيَامٌ يَنْظُرُونَ ).
بە گوتەی هاوڕێیەکم:”ئەوی حوسنی چاکە بێت تێیدا نییە”.
کورد دەڵێ:”سەرگا هەر دۆڵە”.

ئەوانەی خۆشیان لە مەسعوود بارزانی و ماڵباتی بارزانی نایەت، لەبری ئەوەی بڵێن”بارزانی یا مەسعوود بارزانی” هەر دەڵێن:”مەسعوود” و بە “نێچیرڤان بارزانی”یش هەر دەڵێن”نێچیر”.
لە خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی، سوعادی خێزانم و من دەمانخوێند. بارام(بهرام) ناوێکی فارسی شاخواز”سلطنت طلب”ی ئێرانیی هاوپۆلمان بوو، کە لە ئەمریکا بووبوو و ژیابوو و خزم و کەسانی هەموو لەوی دەژیان. لە سوعادی پرسی، کە خەڵکی کوێییە یا ئێمە خەڵکی کوێێن. سوعادیش پێی گوت: کوردستان. بارام دەسبەجێ هەڵچوو و کەللەیی بوو و گوتی شتێک نییە ناوی کوردستان بێت، کوردستان نییە. هێندەم زانی سوعاد کورسییەکی لێ هەڵگرتوو، خەریک بوو بیکێشی بەسەری بارامدا، تا ئێمە کەوتینە نێوانیانەوە و نەمانهێشت بارام بەرکەوێ. ئیدی بارامی کڵٶڵ، کە قەدوباڵای هێندەی هێلموت کۆل(Helmut Kohl)ە، یەک میتر و نەوەدوسێ سەنتیمیترییەکەی ئەڵمانیا دەبوو، پۆلەکەی جێهێشت و ئیدی نەهاتەوە.
المطبعي، حمید، گفتوگۆ لەگەڵ مسعود محمد، ئامادەکردنی: ئازاد عەبدولواحید، چاپی یەکەم، هەولێر 1999، ل 13.

نالی دەڵێ:” فــــارس و کـــورد و عــەرەب هــەرسـێـم بـە دەفـتـەر گـرتـووە
نـــالـــی ئــەمــڕۆ حـاکـمـی سێ موڵکە دیـــوانــــی هـــەیە”.




سێکوچکەی ڕێککەوتنی نەقشبەندی-شیعە و ئیخوانەکان دژ بە کورد … هیوا خۆشناو

لە ١٥ی مانگی ئۆگوستی ئەمساڵدا بۆ جاری یەکەم سەرفەرمانداری ئێرانی محەمەد هوسێن باکری لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنکەرە چاوی بە سەرفەرمانداری سوپای تورکیا هولوسی ئاکار کەوت. ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتوە ناوەڕۆکی سەردانەکە هاوکاری سەربازی نێوان هەردو وڵات لە ئاستی باڵادا لە سوریا و عێراقدا لەخۆدەگرێ!!. ماوەیەک بەر لە ئێستا تاڵەبانی و پاشان جێگری سەرۆکی پارتیش سەردانی ئێرانیان کردبو. دوای ئەو سەردانەشبو یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی هاتە ناو رێفێراندۆم. ئەگەرچی هەردو وڵات دژ بە رێفێراندۆم دەوەستنەوە، بەڵام پێ ئەچێ لە بنچینەدا وانەبێ.
کۆبونەوەی هەردو سوپاسالاردا، دوای ئەوە دێت کە لە ١ی مانگی مارتی ٢٠١٧ دا ئەردۆغان و ڕوحانی لە ژورێکی داخراودا لە میانەی کۆبونەوەی ECO لە ئیسلامئاباد دا کۆبونەوە.

ئیتر ڕۆژ بەڕۆژ شەڕ و ناکۆکیەکان و بەرەکان ئاشکرا دەبن. ئەمریکا و وڵاتانی پیشەسازی سورن لەسەر نەهێشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیکی و دوای ڕوخاندنی ئەو ڕژێمانە کە لە تونسەوە دەستی پێکرد و ئێستا وێستگەکە لە سوریایە، هەوڵ ئەدەن دەوڵەتی کراوەتر کە هەڕەشە نەبن لەسەر بازاڕی ئازاد و بەنێودەوڵیکردنی سەرمایە سازبکەن. تا ئەو ساڵانەی دوایی سیستەمەکە بەو شێوەیە بو کە ئەمریکا پشتگیری لە تورکیایەکی بەهێز دەکرد بۆ ئەوەی باڵانسێک دژ بە سۆڤیەت و کۆمۆنیزم ڕاگرێ. دوای نەمانی کۆمۆنیزم، پشتگیری هاتنەسەرکاری ئاک پارتی و گولەنیەکانیان کرد، کە پاشخانە ئێدۆلۆژیەکەیان بریتیە لە سوننەی نەقشبەندی. ئامانج لەوەدا ئەوەبو تورکیا وەک مۆدێلێکی ئیسلامی-لیبرال دژ بە ئەلقاعیدە پەرەپێبدەن، کە لە کۆتاییدا تورکیا ئەو چاوەڕوانیەی خۆرئاوای نەهێنایە دی و بەپێچەوانە هەڵسوکەوتی کرد.

لەو ماوەیەدا ئەمریکا و ئەوروپا جگە لە دەستگیرکردنی ئۆجالان و بەتێرۆریست ناساندنی پکک، چاویان لەسەرجەم کردارەکانی ئەنکەرە دژ بە کوردان پۆشی. خۆرئاوا دژ بە کاریگەریەکانی ئۆجالان و پکک، گرینگیەکی لەڕادەبەدەری بە باشوور دا. باشووری کوردستان لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازیەکانی سیستێمی وێڵسۆنی ئەمریکا بۆ ڕەخساندنی هەڵومەرجی بازاڕی ئازاد، مافی مرۆڤ و مۆدێلێکی دیموکراسی، خۆی خستە باوەشی ئێران و تورکیا لەلایەک و لەلایەکەی دیکە سیستەمێکی ئەوپەڕی تاڵانکاراری ئابووری، نادیموکراسی و گەندەڵی بەڕێوەبرد. هەولێر نەیتوانی مۆدێلێک پێشبخات دژ بە ئیسلامی سیاسی تورندڕەو و دەوڵەتی ئێتنیکی دەستپۆتیک کە ئاستەنگە لە بەرانبەر بازاڕی ئازد و کۆمپانیا فرەڕەگەزیەکان. ئەوە لە تێکشانیان دژ بە داعش و قەیرانی ئابووری زیاتر بەدەرکەوت. ئەمریکا هەستی بەوەکرد کە پاشخانی شێخایەتی نەقشبەندێتی بارزانی و تاڵەبانی ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە باوەشی ئێران و تورکیا نێنە دەرەوە. بۆیە لەوڕۆژانەدا پنتاگۆن کۆتایی بە یارمەتیە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە هێنا.

لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا کە دواوێستگەکەی سوریا بو، وڵاتانی ناوچەکە بەتەنیا بیریان لە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان کردەوە و گەورە دۆستەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکە هیچ هاوکاری و پەیوەندیەک نەما لەگەڵ سەلەفی و ئیخوانەکاندا نەیکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئیتر ئەوان لەلایەک دیوارەکانی دەوڵەتی نەتەوەییان بە عەبای ڕەشی ئیخوانەکان قاییم دەکرد، لەلایەکی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەویەکە دژی سیاسەتی وێڵسۆنی ئەمریکا واشینگتۆنیان بێچارە هێشتەوە، ئەوەش وایکردن ئۆباما پەنا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ببا.

لەو سەروبەندانەدا هێزەکانی یەپەگە بونە تاقە هیوایەک بۆ خۆرئاوا کە پاشخانە ئێدۆلۆژیەکەیان ئۆجالانیزم ە. ئەگەرچی بۆچونەکانی ئۆجالان لەگەڵ شارستانیەتی ڕۆژئاوادا ناکۆکیش بێ، لە بنچینەدا تاقە ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیک و دەستپۆتی ڕۆژهەڵات. ئۆجالانیش خاڵی لاوازی سیستێمی خۆرئاوا دەزانێ کە ناتوانێ خۆی لە بەرانبەر شاڵاوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشکەوتوەکان بگرێ و ناچارە لە کۆتاییدا سیاسەتێکی پراگماتیستی پەیڕەو بکات و خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێ. ئۆجالان لەو یەک دو ساڵانەی دواییدا کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا نەما، لە زینداندا هەوڵی سازشێکی کاتیدا تاکو ئەنکەرە دەرگای ئیمرالی لەسەر بکاتەوە و لە ڕێگای نامەکانیەوە “پ ک ک”ەیەکی پاشخان لە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و لەژێرکاریگەری ڕێکخراوی لینینیستی کە پڕببو لە کێشەی ناوخۆیی، قەیران و سەرلێشێواوی سیاسی، بگۆڕێ بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان کە سنورەکانی ئەتنیک و نەتەوەی کلاسیکی دەرباز دەکات.

ئێستا بۆ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە دو وڵاتی زلهێزی ناوچەکەو ستاتۆپارێزن، جگە لە سازان دژ بەو هەڕەشەییەی کورد کە بۆتە سیستێم لە ڕۆژئاواو خەریکە پەل بۆ بەشەکانی دیکە داوێ، هیچ چارەیەکیان نەماوە. بەرەیەکی ئاشکرای شیعەکان-ئیخوانیەکان و نەقشبەندیەکان بەڕێوەیە دژ بە کورد لە ڕۆژئاوا.

پێشتر دوای ڕوخانی سۆڤیەت و شەڕی کوێت چۆن بارزانی و تاڵەبانی بۆ مانەوەی هەوەسی شێخایەتی خۆیان ئامادەبوون هەرێمێکی فێدرالی چەواشە دژ بە بەشەکانی کوردستان و لە خزمەتی ئێران و تورکیا دا بەکاربێنن، ئەوڕۆکەش بەهۆی پاشخانە نەقشبەندیەکەیان کە ئایدیۆلۆژیای چینی سەرووی نۆکەری کوردانە، بە ئاگایانەوە بێ یان بێ ئاگایانە کەوتونەتە ناو داوی ئێران وتورکیا.

خۆشبەختانە ئەو ڕێککەوتنە سەربازییەی ١٥ی ئۆگوستی نێوان تەهران و ئەنکەرە لە ماوەیەکی درێژدا دژ بە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا ئەشکێتەوە. ڕێککەوتنی گازی نێوان هەردو ووڵات، کە بۆ ١٥٠ ساڵ ئیمزاکراوە، فرۆشتنی گازی ڕوسیا بۆ تورکیا ڕادەگرێت و هەربۆیەشە پێموایە ڕوسیا لە ماوەیەکی کورتدا دژ بەو ڕێککەوتنە سەربازی و ئابووریەی سێکوچکەی شیعە-ئیخوان-نەقشبەندیەکان دەبێتەوە کە بەسەرۆکایەتی ئێران، تورکیا و قەطەر و کوردە نەقشبەندیەکانیش تێیوە گڵاون ئەنجام دەدرێ.

پێویستە نیشتیمانپەروەرانی کورد لەناو هەردو پارتدا، ئەو یەکە بەجدی وەرگرن و ئەو پیلان و گەمەیەی کە تێیکەتوون پوچەڵکەنەوە. دەوڵەت و رێفراندۆمی چەواشە، جگە لەوەی بەشێکە لەو پیلانەی نەقشبەندیەکان، هاوکات دژ بە سیستێمی سیاسەتی نێودەوڵەتیە. ئەبێ کوردی دەمارڕەپ، واقعیانە سیاسەت بکات و لەوە بگەن کە ئەمریکا و خۆرئاوا ئێستا لایەنگری پارچەکردنی عێراق نین، بەڵکو عێراق وەک مۆدێلێکی شیعەی پێشکەوتو و نیمچە کراوە لە داهاتودا دژ بە ئێران بەکاردێنێنن. بەڵام لە سوریادا ئەگەر لە شێوەی دەوڵەتیش نەبێ، ئەوا شتێکی لەوبابەتە چاوەڕوانکراوە و وڵاتانی پیشەسازی پشتگیری لێ دەکەن.




ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟ … زاهیرباهیر

وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین .
پێش ئەوەی بچمە ناو کرۆکی بابەتەکەوە دەبێت پێناسەی چەمکی کرێکار یاخود چینی کرێکاران ، بکەم . بۆ ئەمەشیان پێ لەوە دەنێم کە کارێکی ئاسان نییە.
” بە گوێرەی فەرهەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ، زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن……………چینی کرێکاران ( هەرەوەها چینی کارگەر و پڕۆلیتاریا) ئەو کەسانەن کە بە مووچە، کاردەکەن ، بە تایبەت لە کاری دەستیدا لە پیشەکاندا کە شارەزاییان هەیە و لە کاری پیشەسازییدان. کارەکانی چینی کرێکاران لەوانەش ئەوانەی کە کاری دەستی لە کەرتی پیشەسازیدا دەکەن ، هەندێکیشیان کاری زهنی و لەتەك ئەو کارانەی کە خزمەتگوزارین”

پێناسەی گشتی چینی کرێکاران ، لە لایەن مارکسیەکانەوە سۆشیالیستەکانەوە ئەوانەش دەگرێتەوە کە هیچیان نییە بیفرۆشن جگە لە هێزی بازوویان، هێزی کاریان و شارەزاییان . ئا لەم بارەشدا هەردوو گروپ: کرێکارانێك کە کاری جەستەیی و ئەوانەشی کە کاری زهنیی دەکەن، کاری دەستیی و فکریی بە هەموو جۆرەکانییەوە دەگرێتەوە. لای ئەمان تەنها ئەوانە ناگرێتەوە کە داهاتیان لە خاوەندارێتی بزنس و ئەوانەی کە کرێکارانی دیکە بەکاردەهێنن.
زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، هەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.
لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ، هەر لەبەر ئەمەش پێناسەکردنی چینی کرێکاران هێشتا پێویستە. پێناسەکردنی چینی کرێکاران لە پێناسەی جیاوازدا ، ڕەنگە سەرەنجامێکی جیاوازمان لە کۆمەڵی جیاوازی ئایندەدا بداتەدەست.
زۆرێك لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یا تەنانەت قوتابیان و ئەو کەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە هەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە .

ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی هەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێك بێت کە هاوکاری و کۆمەك و هاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، هەر ئەمەشە کە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.
ئەگەر هەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەك کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراك و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە هەموویان دەوترێت کرێکار، هێشتا هەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن هەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرهەم .

هەروەها بە هۆکاری جیاوازی هەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز هاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.
پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر هێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی هەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان ؟
بە بۆچوونی من شۆڕش ، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە ، پرۆسەیەکی دووروو درێژە کە بەرەو ئایندەمان بەکێش دەکات. لێرەدا ڕەنگە لەتەك مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکانا کە بانگەوازی کۆمەڵی سۆشیالیستی دەکەن ، یەکبگرینەوە، بەڵام ڕێگا و ڕێڕەومان بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ، جیاوازە.
پێناسەمان بۆ چینی کرێکاران هەر کامێك بێت لەوانەی سەرەوە ، هەمو بەڵگەکان لە زەمینەی واقیعدا ئەوە نیشان دەدەن ، کە چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من هەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون.
ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی هەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو هەرگیزیش نەبووە.

مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی” ئەوە هۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری هۆشیاریی دەدات” . من وا هەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی هەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە . چینی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەك سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش هۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەش هۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ئەوان نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. بەدانی ئەم ڕۆڵە گرنگە بە کرێکاران و بارکردنیان بەمە ، مارکس عادیل نەبووە. ئەمە جگە لەوەی کە لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتەو پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر کرێکاران چینێکی شؤڕشگێڕن ئیتر مارکسییەکان بۆچی حیزبی بۆ دروستدەکەن تاکو هۆشیارییان بکەنەوە و ڕێکیان بخەن؟!! تەنانەت خودی مارکسیش لە چەند شوێنێکدا فتوای حیزبی کرێکاریی داوە .

شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و هەروەەها ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێك لە بییمەکانن. ‌هۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داهاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش هەر ئەمەش هۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی و هاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان، دەکەن ، لە کاتێکدا هاوەڵە کرێکارەکانیان هەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.
ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.

مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون . ئەم ڕاستیەش لە ڕوسیای 1905 و شوباتی 1917 و ئیسپانیای 1936 و 1937 بە باشی دەرکەوت کە بەشی زۆریان سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون. ئەوە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون کە دینەمۆی بزوتنەوەکان بوون ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە ، ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند.

سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەك سۆشیالیزم . کتێبی کاپیتاڵ هیچ وەخت بایاخی بۆ کرێکاران نەبووە ئەوەندەی کە بۆ ئەوانەی کە خزمەتی کاپیتاڵیزم دەکەن، گرنگبووە و گرنگە. لە وتارەکەی مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەدا من خۆم لەم بوارە داوە، گەر کەسێك بخوازێت با بفەرموێت ئەمە لینکەکەیەتی: http://zaherbaher.com/…/%da%86%d9%87%e2%80%8c%d9%be-%d9%88…/

ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا هات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاواز و لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە هەموو دونیادا هیچی وایان بەدەست نەهێناوە. نەك هەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستهێنراون.
لە سای سیستەمی هەنووکەییدا ، چینی کرێکاران ئەوەیە کە بووکچین وەسفیان دەکات ” ……. مارکسییەت لە دەستپێشکەری دایلێکتی کاپیتاڵیزم، دا نوشستی هێنا . پڕۆلیتاریا لەبری ئەوەی گەشە بکات بۆ چینێکی شؤڕشگێڕ لە ناو منداڵدانی کاپیتاڵیزم دا ، دەرکەوت کە بوو بە ئۆرگانێك لەناو خودیی لاشەی بورجوازییدا” The Muurray Bookchin Reader, Edited by Janet Biehl, Page 131-132
لە ڕاستیدا چینی کرێکاران سیستەمەکەیان زیاتر بە‌هێز کرد، پارێزگارییان لێکردووە و باشتریشی دەپارێزن . كرێکاران هەر وەکو هەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.
ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، هەروەها قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەهەر شوێنێك ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، هۆشیارانە یا ناهۆشیارانە بە بەرهەمهێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیهان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنها دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، هەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و هاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا.

ئێمە پێویستە تەماشای ڕاستییەکان و بەڵگەکان بکەین، زیاتر لە بینین و پەنابردن بۆ تێکستی ناو کتێبەکان کە زیاتر لە 150 ساڵە نوسراون . پێوستمان بە زیندوان هەیە نەك مردوان لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردنی بارودۆخی ئێستادا.
دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان .
گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنها کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەك لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە هەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن و زەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی هەرەمی هەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەوانەشدا هێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/هەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییە بەرایی و دەستەبەریی هێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش .

شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەك بە تەنها شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. جۆرێکە لە شۆڕش کە زۆر و کەم هەر هەموو کەسێك لە کۆمۆنێتییەکە و لە کۆمەڵ بێ گوێدانە جیاوازی پێگە و زەمینەی ژیانیان ، لە ڕێگای جیا جیاوە لەم شۆڕشەدا بەشداریی دەکەن . لە ڕێگای خۆڕێکخستنیانەوە لە گروپە ڕادیکالە سەربەخۆ ناقوچکەییەکانا، لە شانی یەکەوە و بەهاریکاریی و هاوکاریی یەکدی خەبات و تێکۆشانیان، چالاکییەکانیان دەکەن و لە ڕێگای دروستکردنی کۆنفیدراسوێنەکانەوە لە ڕێگای بەگژاچونەوەی دەستەجەمعیانە و جەنگکردن دژ بە سیستەمەکە خەباتیان یەکدەخەن .

Zaherbaher.com

زاهیرباهیر –لەندەن
19/08/2017




ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی و دنیابینی …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

حه‌قیقه‌تی* شیعری كلاسیزمی كوردی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئایینه‌وه‌ ده‌كات، نه‌ك چینی ئه‌رستۆكرات و زمانی به‌رزی ئه‌و چینه‌، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكه‌ نزیك له‌ هه‌ستی ده‌سته‌جه‌معی و واقیع، له‌ پشت ئه‌و دید و بۆچوونه‌ش بیروباوه‌ڕی ئایینی میترایی و زه‌رده‌شتی و مانی و یه‌زیدی، دواتر (یارسانی/ ئیسلامی)، (یه‌زیدی/ ئیسلامی) و زمانی زاره‌كی كوردی دواتر زمانی شیعری رۆژهه‌ڵاتی و شیعری ئیسلامی وه‌ستاوه‌، له‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ بنه‌مای فه‌رهه‌نگی ئایینی و ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی ئه‌و وشه‌ و رسته‌ ساكارانه‌ن، كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی له‌ ژیانی رۆژانه‌دا به‌ كار ده‌هێنرێن، و دوو هێزی (خێر) و (شه‌ڕ) و (جوانی) كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ئایینی كوردان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بینرێت، له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیشدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كردگار هه‌ر گیانه‌، بۆیه‌ تۆ نازانیت خێر له‌ كوێوه‌ رووت تێده‌كات، به‌ڵام گیانی كردگار گیانێكی به‌رزه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی دروستكه‌ری گیان له‌ ئاسمان ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ وا بیر ده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ خێر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌! كردگار له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر گیانێكه‌، به‌ڵام چونكه‌ ده‌چێته‌ ناو له‌شی جۆراوجۆره‌وه‌ خۆی له‌ قالبی جیاوازدا پیشان ده‌دات، ئیتر به‌ ناویش وه‌كو له‌ش زۆر ده‌بێت، له‌ش له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بێت، بۆیه‌ شه‌ڕیش له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بێت!

زه‌مه‌نی بوونی مرۆیی له‌ ئایینی (كوردان)دا پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌ته‌، له‌ سێ‌ فاكته‌ری رابردوو و هه‌نووكه‌ و داهاتوو پێكهاتووه‌، ئه‌و فاكته‌رانه‌ش هێزی خۆیان له‌ دۆنادۆن و (یه‌كیه‌تی بوون) هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌یش یه‌كیه‌تی بوون له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا له‌ رێگای (شه‌وق) و (وه‌جد) و (قه‌له‌ق) و (عه‌ده‌م) ده‌رده‌كه‌وێت… جوانی له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی سروشت و دڵی جوانپه‌رستانه‌، شاعیری كوردی كلاسیك هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان گوڵێكی جوان و كچێكدا ناكات، گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌، تۆ كامه‌یانت خۆش ده‌وێت، به‌ڵكو گرنگ خۆشویستنی جوانییه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش یار، یان دڵبه‌ر له‌ هه‌موو جێیه‌كه‌، واته‌ (بوون) له‌وه‌، یان له‌وه‌وه‌یه‌، ئیتر (بوونی من) شاعیر به‌شێكه‌ له‌ (بوونی تۆ) دڵبه‌ر، (بوونی من) عه‌قڵ به‌شێكه‌ له‌ (بوونی تۆ) سروشت… هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ یه‌كتری جیا نابنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی وه‌كو دوو جه‌وهه‌ر خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵام له‌ راستیدا یه‌ك جه‌وهه‌رن، ئه‌و یه‌كیه‌تییه‌ هه‌موو شتێك كۆده‌كاته‌وه‌، هیچ (بوون)ێك نییه‌، له‌ جه‌وهه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌، كردگاره‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موو شتێك له‌ ده‌ست كردگاره‌، ئه‌وه‌ی ئه‌ویش دروستی كردووه‌ وێنه‌ی خۆی ده‌نوێنێ‌ و به‌شێكه‌ له‌ خۆی، واته‌ هه‌موو شتێك وێنه‌ی ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ی تێدایه‌ و ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی جوانه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌موو جوانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌وه‌ش (یه‌كیه‌تی بوون) دروست ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بی كوردی وه‌ك مێژوو په‌یوه‌ندی به‌ ئایینی كوردییه‌وه‌ هه‌بێت و زمانی ره‌سمی ئایین و ئایینزا و عه‌قیده‌ شاراوه‌كانی كوردانیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دیالێكتی گۆران بووبێت؟!* كه‌واته‌ وه‌ك چۆن به‌ درێژایی مێژوو ئایینی كوردان ئه‌رزشێكی زۆری به‌ شیعر داوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ پشت به‌شێكی زۆری شیعری ره‌سه‌نی كوردیش وه‌ك فیكر، دنیابینییه‌كی ئایینی ده‌بینرێت! ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر له‌ پشت (ئایینی كوردان) كێشی خۆماڵی و زمانی ره‌مه‌كی وه‌ستا بێت و له‌ پشت فیكری (شیعری ره‌سه‌نی كوردی) ئایینی كوردی هه‌ڵگرینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ دنیابینی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك مێژوو ده‌لاله‌ت له‌ توانای ئایینی بكات، وه‌ك چۆن دنیابینی ئایینی كوردی خۆی له‌ توانای ده‌سته‌جه‌معیدا ده‌دۆزێته‌وه‌! به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئایین وه‌ك ئه‌رك حه‌قیقه‌ته‌ گه‌وره‌كان له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌ره‌و زه‌وی دابه‌زێنێ‌! ئایا كاری شیعر، كاری ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ گه‌ورانه‌ دووباره‌ پێشكه‌ش بكاته‌وه‌، ئایا شاعیر په‌یامبه‌ری نێوان ئاسمان و زه‌وییه‌؟!* لێره‌دا ده‌پرسم ئه‌گه‌ر شیعری ره‌سه‌نی كوردی، بیه‌وێت گوتارێك بۆ حه‌قیقه‌ت به‌رهه‌م بهێنێ‌، یان به‌مانایه‌كی دیكه‌ رووییه‌ك له‌ رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت بخاته‌ روو، ئه‌ی بۆ هه‌وڵیش نادات چێژی هونه‌ری له‌ ماڵی زماندا بدۆزێته‌وه‌، ئایا چێژی هونه‌ری و حه‌قیقه‌ت دوو شتی دژ به‌ یه‌كن؟!

هه‌ڵبه‌ته‌ من مه‌به‌ستم نییه‌، ئه‌و دنیابینییه‌ی كه‌ له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ده‌بینرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنیابینییه‌كی ئایینییه‌، به‌ دنیابینی میتافیزییكییه‌وه‌ به‌ندی بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ دنیابینی شیعری ره‌سه‌نی كلاسیزمی كوردی و دنیابینی ئایینی كوردان، وه‌ك توانای ده‌سته‌جه‌معی و ئاگایی ده‌سته‌جه‌معی ته‌ماشا بكه‌م، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ تێزه‌كه‌ی (لۆسیان گۆڵدمان 1913-1970)* كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیریارانه‌ی هه‌وڵی زۆری بۆ ناساندنی چه‌مكی دنیابینی یان جیهانبینی داوه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ (گۆڵدمان) سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی ماركسییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ قوتابی و په‌یڕه‌وانی (جۆرج لۆكاش 1885-1971) و كاره‌كانی ده‌كه‌وێته‌ نێوان سۆسیۆلۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆسیۆلۆژیای ئه‌ده‌بییه‌وه‌… چه‌مكی دنیابینی لای ئه‌و ته‌عبیر له‌ كۆی ئه‌و فیكر و بیروڕاو ئاگایی و هه‌ستانه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵ و چین به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ و تاقم و كۆمه‌ڵ و چینێكی دیكه‌ ناكۆك دێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ دنیابینی: كۆی ئه‌و خه‌ون و سه‌رنج و ئاگایی شیاوی ئاینده‌یی و فیكره‌ میسالیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك یان ده‌سته‌یه‌ك یان چینێكی دیاریكراو خه‌ون به‌ جێ‌ به‌ جێكردنییه‌وه‌ ده‌بینێت، لێره‌دا جیهانبینی مه‌رج نییه‌، هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تێكی میتافیزیكیانه‌ بێت، وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ ته‌عبیر له‌ لێوردبوونه‌وه‌یه‌كی په‌تی نه‌كات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خستنه‌ رووی واقیعێكی سه‌ره‌كی و دیاره‌، ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ زانایانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هه‌ستی ده‌سته‌جه‌معی وه‌سفی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وه‌سفه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی به‌ زمان و دنیابینی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ ده‌به‌ستینه‌وه‌، ئه‌و پێناسه‌یه‌ش راسته‌وخۆ به‌ چه‌مكی په‌یوه‌ستبوونمان گرێ‌ ده‌داته‌وه‌.* ده‌مه‌وێ‌ بڵێم دنیابیینی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك تێگه‌یشتن ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراوی ژیانی خودی كلتوری كوردی ده‌گه‌یه‌نێت، كلتورێك كه‌ به‌شێكی زۆری وزه‌ فیكرییه‌كانی له‌ ئایین وه‌رگرتووه‌! چونكه‌ وه‌ك (هانز جۆرج گادامێر) ده‌ڵێت: هه‌موو كلتورێك تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوی له‌ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن په‌یوه‌ندی به‌ كلتوری دیاریكراوه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌واته‌ به‌پێی جیهانبینی خۆی ده‌یسازێنێ‌.* به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و دنیابینییه‌ ئایینییه‌ی له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ده‌بینرێت، ده‌توانین له‌ پرسی وجودی نزیكی بكه‌ینه‌وه‌؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پرسیاره‌ رووییه‌كی دیكه‌ی هه‌مان پرسیاری پێشوومانه‌ كه‌ گوتمان: ئایا ئایینی كوردی، ئه‌ده‌بی نووسراوی كوردی توانیویه‌تی به‌م به‌ یه‌كگه‌یشتنه‌ (بوونی كوردی) بسه‌لمێنێ‌؟!

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم دنیابینی شیعری كوردی جیهانبینییه‌كی میسالیانه‌یه‌، وه‌ك چۆن دنیابینی ئایینی كوردان دنیابینییه‌كی میسالیانه‌یه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ دنیابینی ئایینی پێویستی به‌زه‌مانه‌تی خوایی ده‌بێ‌، تاكو دڵنیا بێ‌ له‌و راستیه‌ی كه‌ ده‌یبینێ‌، به‌و مانایه‌ش دنیابینی شیعری كلاسیزمی كوردی نه‌یتوانیوه‌ بوونی تاكی كوردی كه‌شف بكات؟!چونكه‌ ته‌عبیر له‌و ئاسته‌ مه‌عریفییه‌ جیاوازانه‌ ناكات، كه‌ له‌ هه‌ڵنانی زماندا دێته‌ ناوه‌وه‌… له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهانبینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی له‌ تێگه‌یشتنێكه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئایینی كوردان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ك بۆ واقیعی كوردی، كه‌واته‌ توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیعی نییه‌، هه‌ر تێگه‌یشتنێك توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیعی نه‌بێت، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاماده‌گی كارایانه‌وه‌ له‌وێوه‌ سنوره‌كانی خۆی داده‌مه‌زرێنێ‌ و پرسیاره‌كان په‌راوێز ده‌خات، بێگومان كوشتنی پرسیاری تاكی كوردی هه‌ر ته‌نها واقیعێكی بنبه‌ستوومان بۆ ناكێشێ‌، به‌ڵكو كۆی ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ش ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و واقیعه‌ له‌ دووتوێی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم حه‌قیقه‌تی نێوان ئه‌وه‌ی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ده‌یڵێت و ئه‌وه‌ی ئایینی كوردی به‌ قسه‌ی ده‌هێنێ‌، خۆی له‌ نێوان (پرسیار) و (ئه‌وه‌ی پرسیاری لێده‌كات) ده‌بینێته‌وه‌، له‌ نێوان پرسیار و ئه‌وه‌ی پرسیاری لێده‌كات، ئه‌وه‌ی ناشێ‌ فه‌رامۆشی بكه‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵبده‌ین زمانی بێگانه‌ سوار زمانی كوردی نه‌بێت، وه‌ك (عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی له‌ كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بی كوریدا له‌ ژێر ناونیشانی -بۆچ هۆنراوه‌ به‌ شێوه‌ی هه‌ورامی وتراوه‌؟- ده‌ریده‌خات)، نه‌ك گه‌ڕان به‌ دوای بوون و پرسیاركردن له‌ بوونی تاكی كوردی! بۆیه‌ كاتێك لۆژیكی توانای دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی و لۆژیكی ته‌واوكردنی ئایینی كوردی لێك نزیك ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین وه‌ك چۆن توانای دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی جۆرێكه‌ له‌ تێگه‌یشتن و ته‌واوكردنی دیارده‌گه‌ری ئایینی، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لۆژیكی ته‌واوكردنی ئایینی كوردی جۆرێكه‌ له‌ توانای دنیابینی و واقیعی سه‌ره‌كی ده‌ق! واته‌ وه‌ك چۆن به‌ بێ‌ تێگه‌یشتنێكی دیارده‌گه‌رانه‌ له‌ دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ناگه‌ین، به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌ بێ‌ تێگه‌یشتن له‌ واقیعی ده‌ق ناگه‌ینه‌ دنیابینی ئایینی؟! لێره‌دا به‌شێكی گه‌وره‌ی هه‌ر دوو چه‌مكی (دیارده‌گه‌رایی) و (واقیع) له‌ رێگای ئاگایی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌مجۆره‌ توانای زمانی كوردی و توانای ئایینی كوردان یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌یه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ (تێگه‌یشتن) و (ده‌ق) ده‌بنه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كتری، بۆیه‌ توانای دنیابینی شیعری ره‌سه‌نی كوردی له‌و ساته‌وه‌ ده‌كه‌وێت، كه‌ ئایینی كوردی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت! هه‌ر له‌و خاڵه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ده‌لاله‌ت له‌ توانای دنیابینی ئایینی كوردی ده‌كات، وه‌ك چۆن ئایینی كوردی ده‌لاله‌ت له‌ توانای دنیابینی شیعری كوردی ده‌كات، هه‌ر له‌و خاڵه‌شه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردیمان به‌ ره‌وانی زمانی كوردی و دنیابینی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ په‌یوه‌ست كرد.

به‌ كورتی ده‌مه‌وێ‌ بڵێم وه‌ك مێژوونووسان ئاشكرای ده‌كه‌ن، بنه‌ما و ناوه‌ڕۆكی ئایینی كوردان به‌رده‌وام له‌ خۆ گۆڕین و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌دایه‌: میترایی و زه‌رده‌شتی و مانی و یه‌زیدی، دواتر (یارسانی/ ئیسلامی)، (یه‌زیدی/ ئیسلامی)! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش زمان و شیعری كوردی له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ و ناكرێ ئه‌و دووباره‌ خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ ئاینییه‌، یان ئه‌و خۆ گونجانه‌ ئاینییه‌، ژیانێكی دیكه‌ و واقیعێكی دیكه‌ به‌ زمانی كوردی و شیعری كوردی نه‌به‌خشێت، بۆیه‌ به‌ بڕوای من ناشێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار به‌ پێی دیالێكته‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌، قسه‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی بكه‌ن، چونكه‌ ناتوانین ئایینی كوردان وه‌ك سه‌ره‌تاییه‌كی به‌ڵگه‌ نه‌ویست له‌ شیعری كلاسیزمی كوردی بكه‌ینه‌وه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌؟! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش كاتێ‌ دنیابینی ئایینی كوردان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ویدیكه‌ی ئیسلامی و شارستانیه‌تی ئیسلامی خۆی پێناگیرێت و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، زمانی كوردیش ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌ویدیكه‌ و ره‌حمه‌تی زمانی شیعری میلله‌تانی موسڵمان، له‌وێوه‌ زمانی كوردی به‌ جۆرێكی دیكه‌ و له‌گه‌ڵ ژیانێكی دیكه‌ی ره‌وانبێژی عه‌ره‌بی تێكه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئایینی (یارسان)، (یه‌زیدی) خه‌باتی خۆیان له‌ ژێر سێبه‌ری ئایینی ئیسلامی و شارستانی ئیسلامی به‌و هه‌موو لاوازییه‌وه‌ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌.

كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین دنیابینی پێگه‌ی یه‌كه‌م (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی 937-1010) و پێگه‌ی دووه‌م (گۆران- هه‌ورامی) كه‌ ره‌سه‌نایه‌تی شیعری خۆیان له‌سه‌ر دنیابینی ئایینی كوردان دامه‌زراند، به‌ر له‌ هاتنی شارستانی ئیسلام و ئایینی ئیسلام به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان مردنی خۆیان راگه‌یاند، به‌ڵام دنیابینی پێگه‌ی سێیه‌م (دوای رووداوی شه‌ڕی چاڵدێران) و پێگه‌ی چواره‌م (پاش دروستكردنی سلێمانی) له‌گه‌ڵ هاتنی ئایینی ئیسلام به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز و ره‌وتێكی دیكه‌ی جیاواز شیعری خۆیان نوێ‌ كرده‌وه‌.

——————————–
تێبینی:
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ كتێبی (بنه‌ما فیكرییه‌كانی شیعری كلاسیزمی كوردی) كه‌ بۆ چاپكردن ئاماده‌یه‌.

——————————–
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

*(هایدگه‌ر) وشه‌ی حه‌قیقه‌تی یۆنانی به‌ وشه‌ی كه‌شفكردن یان دانه‌پۆشین و نه‌شاردنه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ ده‌كات.
* ناوچه‌ی جوگرافی كوردانی گۆران وه‌ك ئه‌وه‌ی دكتۆر مارف خه‌نه‌دار ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و هێلانه‌: هێلی سنه‌… ناوچه‌ی پاوه‌… ناوچه‌ی كه‌ندووڵه‌… له‌سه‌ر رووباری خازر… باجه‌لانه‌كان له‌ ناوچه‌ی زه‌هاو… له‌ كوردستانی توركیا گۆرانه‌كان به‌ (زازا) ناو ده‌برێن. بۆ زێتر روونكردنه‌وه‌ بڕوانه‌: دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی دووه‌م، ل10-11.

* بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ په‌راوێزی ژماره‌ (4) كه‌ نووسراوه‌: (رۆنسار 1524-1585) پێیوابوو شاعیر په‌یامبه‌ری نێوان خوا و خه‌ڵكه‌.. شیعر لای رۆنسار له‌ زه‌وییه‌وه‌ بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بۆوه‌، پێیوابوو شیعر ده‌بێ‌ سوودی هه‌بێت و راستییه‌ گه‌وره‌كان پێشكه‌ش بكات.

* لۆسیان گۆڵدمان له‌ ساڵی (1913) له‌ شاری (بوخارست) هاتۆته‌ دنیاوه‌و ته‌مه‌نی منداڵی له‌ شاری (بۆكۆزالن)ی (رۆمانیا) به‌سه‌ربردووه‌، دوای وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی (بكالۆریا) له‌ (بوخارست) چۆته‌ (كۆلیژی ماف) هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار ئاشنای كاره‌كانی (ماركس) بووه‌. له‌ ساڵی (1933) له‌ بواری ئابووری سیاسییه‌وه‌ تێزی دكتۆرای ئاماده‌ كردووه‌، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵیش ئیجازه‌ی له‌ زمانی (ئه‌ڵمانی) وه‌رگرتووه‌. ساڵی (1940) له‌ ترسی ئه‌ڵمانیای داگیركه‌ر به‌ره‌و (فڕه‌نسا) رایكردووه‌، پاشان به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی به‌ره‌و (سویسرا) ده‌چێت و له‌وێ‌ له‌ یه‌كێك له‌سه‌ربازگه‌ په‌ناهه‌نده‌ییه‌كان تا ساڵی (1943) ده‌مێنێته‌وه‌، ئینجا به‌ هۆی (جان پیاجێ‌)وه‌ رێگه‌ی خوێندنی بۆ خۆش ده‌كرێت له‌ زانكۆی (زوریخ) رێگه‌ی پێده‌درێ‌ خۆی بۆ تێزی دكتۆرا له‌ فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌ بكات و پاشان تێزی دكتۆرای له‌سه‌ر (كانت) پێشكه‌ش ده‌كات و دواتر له‌ زانكۆی (جنیڤ) وه‌ك یاریده‌ده‌ری (جان بیاجێ‌) ده‌ست به‌كار ده‌كات.

* عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، شه‌ڕی زمان، له‌ پێناو ته‌ئویلكردنی ده‌ق، ل53-54.

* هانز جۆرج گادامێر فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی له‌ 11 فێبرابه‌ری ساڵی 1900 دوای كۆچكردنی (دیكارت) به‌ 350 ساڵ له‌دایكبووه‌، له‌دایكبوونی ئه‌و رێكه‌وتی هه‌مان ساڵی كۆچی دوایی فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ نیچه‌ ده‌كات… هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا بووه‌، دواتر هه‌ر له‌ ساڵی 1953 وه‌ك سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری فه‌لسه‌فه‌ كاری كردووه‌، له‌ساڵی 2002 كۆچی دوایی كردووه‌. تێگه‌یشتن لای گادامێر له‌ وه‌رگرتنی نیازی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌ڵناقووڵێت، نیازی دانه‌ر ئاسۆی تێگه‌یشتن دیاری ناكات، به‌ڵكو ئه‌و ئاسۆیه‌ راڤه‌كار پڕی ده‌كاته‌وه‌، راسته‌ راڤه‌كار شوێنی ناوه‌ندی زمانه‌وانی پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌كانی زمانه‌وانی مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ئه‌و فۆرمانه‌ش به‌ره‌و تێگه‌یشتنی تایبه‌تمان ده‌به‌ن، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ده‌قه‌وه‌. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، شه‌ڕی زمان، له‌ پێناو ته‌ئویلكردنی ده‌ق، خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌-سلێمانی- 2010، ل107.




بزووتنەوەی “دژە-ھەژاری” یان ھەژارکردنی بزووتنەوەکان … ھەژێن

بەرایی، چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ھاوڕێیەك پەیامێکی ناردبوو و نووسیبووی ” لە شاری سلێمانی کۆمەڵە کەسێك خەریکی دروستکردنی ڕێخراوێکن بەناوی ‘بزووتنەوەی دژی ھەژاری’ و من بە خۆم لەسەر ‘ناوەکەی’ سەرنجم ھەیە …” . ھاوکات ئەو ھاوڕێیە کۆپی بانگەوازەکەی بۆ من نارد، بەڵام تاکو کەمێك پێش ئێستا بواری خوێندنەوەی بانگەوازەکەم نەبوو. کاتێك دێڕی یەکەمی پاش سەردێڕەکەم خوێندەوە، خەیاڵ منی بردەوە ھاوینی ١٩٩٢، کاتێك کە ئەندامانی باڵای ڕێکخراوەکانی ( ‘ڕەوتی کۆمونیست’ و ‘یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری’ و ‘سەرنجی کرێکار’ ) بەناوی ڕێکخستنی شوراییەوە بۆ کۆبوونەوەی گشتی بێکاران بانگەوازیاندەکرد و پێش کۆبوونەوەکە بەخۆیان لەسەر ھەموو شتێك و (کێ) ھەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان و دیاریکردنی ئەندامانی دەستەکانی خوارتر (لیژنەکان) ڕێکدەکەوتن و ئەگەر چالاکێك لە دەرەوەی بازنەی دەستەگەریی خۆیان بھاتایە، دەستبەجێ ھاوسەنگی ھەڵبژاردن و دەنگدانەکان تێکدەچوو و بۆ پیلانگێریی کەنارخستنی چالاکەکانی دەرەوەی خۆیان پەنایاندەبرد.

ئێستا پاش ئەو ڕۆشنکردنەوە، لەتەك ئێوە خوێنەرانی ھێژا، خاڵ بە خاڵ ھەنگاو بە ھەنگاو، پڕۆژە و بەرنامە و بانگەوازەکە سەرنجدەدەم و ڕەخنەکانی خۆم ئاراستەدەکەم و لە کۆتاییشدا ئەنجامیگیری دەکەم و بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆم لە ماوەی نێوان ١٩٩١- ٢٠١٧ پێشبینی سەرەنجامی ئەو ھەوڵە نەزۆكە دەکەم. ھەر ئاوا پێویستە ئەوەش بڵێم، من وەك کەسێك کە خۆم بە پڕۆلیتێر و ئەنارکیست و دژی کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت و سیستەمی سەروەریی چینایەتی دەزانم، ھەر بەگوێرەی ئەو بنەمایانە بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم، سەرنج و ڕەخنە و دەستخۆشانەی خۆم بنووسم و ئاراستەی ھەر بۆچوون و بیرکردنەوە و دەربڕینێك بکەم، کە بەناوی کرێکاران و پڕۆلیتاریا و خەڵک و چەوساوانی کۆمەڵ دەدوێت و بانگەوازدەکات و ڕێکخراو قوتکاتەوە. ئەم سەرنجداندنەش ھەر بە ھەمان ئامانج و ھاندەر نووسراون و ھیچ ئامانج و ھاندەرێکی دیکەیان نییە.

” بەرنامەی کاری بزووتنەوەی دژی ھەژاری(پلاتفۆرم) “

“بەرنامەی کار” چییە؟ کێ داڕێژەریەتی؟ کامە بزووتنەوە؟ ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، بۆ بەخۆی بۆ خۆی بەرنامە داناڕێژێت؟ ئەی “پلاتفۆرم” چییە؟
ئەگەر بزووتنەوەیەك نییە و ڕێکخراوێك لەئارا نییە و خەریکن بۆ دروستکردنی بانگەوازدەکرێت، ئەدی بەرنامەی چی و کێ داڕیژەریەتی؟
کاتێك کە بزووتنەوەیەك نییە و خەریکن باگەوازیدەکەن، ئیدی چۆن بەناوی بزووتنەوە بانگەوازدەکەن؟
بزووتنەوە یان ڕێکخراو، ئایا بزووتنەوە قاڵب و بەرنامە وەردەگرێت؟
ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی زەلیلانەی (نەوشیروانییەکان) نییە، کە ھەوڵیاندا (بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی) ١٩٩٤-٢٠٠٦ لەنێو قاڵبی ڕێکخراوێكی ڕامیاریی (پارتییەك) دەستەمۆبکەن و تاکو ڕادەیەك توانیان و وەك دژەشۆڕشێك گەورەترین خزمەتیان بە فەرمانداریی بۆرجوازی کورد کرد؟
ئەی پەیوەندی بەرنامەی پێشتر داڕێژاو (کلێشەیی) و سەکۆ (پلاتفۆرم) چییە؟

بۆ من وەك خوێنەرێك کە لەو بارەوە چالاکی ھەوڵە ڕێکخراوەییەکانی ١٩٩٢-١٩٩٤ بووم و دواتر لە دەرەوە لەبواری پەنابەران بەشداری ئەو ھەوڵانە بووم، ھەر لە سەرەتاوە مەبەست و ئامانجی دەستەی ڕاگەیێنەر دەزانم و دەشزانم سەرەنجامەی ئەو ھەوڵە بە کوێ دەگات. ئەو ھەوڵە دەستبەجێ و ھاوکاتی نووسینی سەردێرەکەی، نەزۆك و مردووە. ئەوەی مەبەستی منە لە نووسینی ئەم سەرنجانە، تەنیا سەرنجڕاکێشانی بەشدارانی خۆشباوەڕی ئەو ھەوڵانەیە بۆ جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە و ڕێکخستن و شێوازێکی دیکە لە چالاکی و بەرەنگاریکردن، تاکو کاتی نەھاتنەدی خەونەکەیان و چەند بارەکردنەوەی شکستەکان، لەجیاتی نائومێدی و ڕەدووکەوتنی بەرەی دەسەڵات، ئەم پرسیارانە سەرنجیان بۆ ئەزموونگەری دیکە ڕابکێشن.

بە یەك ڕستە و دەستەواژە، واتای ئەو سەردێڕە ئەوەیە، کە لەسەر بڕیاری سەرانی پارتییەك چەند ئەندامێکی پارتیی کۆبوونەتەوە و بەرنامەیەکیان بۆ ئاراستەکردنی خەڵك بەناوی “بزووتنەوەی ….” ئامادەکردووە، کە ھیچ نییە، بێجگە لە کۆپیکردنەوەی سەدان بەرنامەی کڵێشەیی دیکەی ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٢-٢٠١٧، کە بەرەنجامەکەیان قوتکردنەوەی چەند دەرزەن ڕێکخراوی بەناو “جەماوەری” و “سەربەخۆ” وەك پاشکۆی (حککع) و کچەکەی (حککک) بووە و سەرەنجامیشیان مەرەکەب-بوونی سەر کاخەز و لەبیرچوونەوە و نائومێدکردنی ناڕازییانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموون بووە .

” شێوازە گونجاوەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەکە …”

ئایا لەنێوان شێوازێك کە لەنێو ئەو بانگەوازە پارتییە ھاتووە و شێوازە شکستخواردووەکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟
ئایا شکستخواردنی بەردەوام و ھەموو جارەکی ئەو شێوازە لە ماوەی بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو، بۆ ئەوە بەس نییە، کە لە خۆمان بپرسین؛ بۆچی سەرەنجامی ھەوڵی ھەموو جارێك بە مردوویی لەدایکبوونی ڕێکخراوە بەناو “جەماوەری”یەکانە؟
ئایا خۆلادان لە ئاراستەکردنی ئەو پرسیارە و پەردەپۆشکردن و پاساودانی شکستەکان، دژەخوونیی نییە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؟
ئایا تاوانباریی نییە، کە ھەموو جار بە چەندبارەکردنەوەی ھەڵەکان، بزووتنەوەکان بەرەو شکست و نائومێدی بەرین؟
ئایا بەرەو شکستبردنی بزووتنەوەکان و نائومێدکردنی خەڵكی ناڕازی لە ھەر گۆڕانێك و لە کارایی ھێزی یەکگرتووی خۆیان، ئەنجامدانی ئەرکی دژەشۆڕش نییە؟
ئەی شێوازە نەگونجاوەکانی دیکە کامانەن و لەتەك شێوازە قووچکەیی و نێوەندگەراکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” جیاوازییان چییە بە چ پێوەرێك نەگونجاون و بۆچی نەگونجاون؟
لە بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو لەلایەن سەرانی ڕێکخراو و پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چەند شێوازی دیکەی جیاواز لە شێوازی سەدەیەك زیاتری (سۆشیا دێمۆکراسی، باڵی چەپ و ڕاستی) ئەزموونکراون؟

“١- ھەنگاوی یەکەمی سازدانی بزووتنەوەکە بریتی دەبێت لە ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا و دروستکردنی چەندین لێژنەی تایبەت بۆسەرپەرشتی کاروباری بزووتنەوەکە لەناو کۆبوونەوەی گشتی بۆ سەرجەم ئەو کەس و ھەڵسوڕاوانەی کە ئامادەییان ھەیە بۆ کردن لەگەڵ پرۆژەکە. ”

پێش ھەموو شت سازدان/ سازکردن واتە دروستکردن . ئەوە لە کەی مێژووەوە “بزووتنەوە سازدەدرێت” ؛ بزووتنەوە ئافەرێندراوی ناڕەزایەتی خەڵکە یان سازدراوی بنکەی (پارتییەکان) ؟
دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟
“ھەڵسوڕاوان” کێن و ئەرک و ڕۆڵیان چییە؟

لەڕووی واتای واژەیی ئەو چەمکە “ھەڵسوڕاو”، واتا کەسێك کە لەلایەن گروپ، دەزگە، دەستەیەکی دیکەوە ھەڵسوڕێندراوبێت، واتە بووکەڵەی دەستی کەسانی دیکە. بەو واتایە بەکاربردنی دروستکەرانی ڕێکخراوە پاشکۆکان؛ چ پاشکۆکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، چ پاشکۆی پارتییە ئۆپۆزسیۆنە پارلەمانی و ناپارلەمانییەکان، ھەموویان ھەڵسوڕاون و ئەو واژەیە پڕپێستی ئەوانە. بەڵام ھەرگیز بە واتای چالاک/چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە ناقووچکەیی و نانێوەندییە سەربەخۆکان نایێت و بەتەواوی دژەواتای چالاکە و ڕۆڵ و ئەرکی کەسی ھەڵسوڕاو، ڕۆڵ و ئەرکێکی دژەشۆڕشانەیە و دەسکەلای دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکانە بۆ لاوازکردن و کەوڵکردن و دەستەمۆکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە خۆی شەرحی خۆ دەکات” ؛ ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا لەلایەن کێ، ھەڵبژێرەران کێن؛ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵێك ئەندامی (حککک)؟

بەدڵنیاییەوە، ئەوی لەتەك ئەندامان و لایەنگرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئەزموونی ھەبێت، دەستبەجێ دەزانێت، کە دروستکەری لێژنەکان کێیە و وەڵامی پرسیارەکەی پێشتر دەزانێت ( “دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟)، چونکە لە شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانە دەستەکانی سەرەوە بڕیاردەرن و دروستکەری لێژنەکانی خوارەوەن و لەنێو ئاوا شێوازێکی ڕێکخستن، نێوەڕۆک پووچترین ئامراز “کۆبوونەوەی گشتی”یە، چونکە فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی “کۆبوونەوە گشتییەکان” لەنێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و بزووتنەوەی کرێکاری لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابوردوو و بەتایبەت لەنێو مانگرتنەکانی پێش (ڕاپەڕینی کۆمونەی پاریس)، سەد و ھەشتا پلە پێچەوانەی شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانەیە و بەتەواوی ڕەتکەرەوەی ڕۆڵی بڕیاردەرانەی (دەستەی باڵا،کۆمیتەی باڵا، شورای باڵا)یە و کۆکردنەوەی ئەو دوو چەمکە (بڕیاردانی دەستەی باڵا) و (کۆبوونەوەی گشتی) تەنیا بەکاربردنی دێوجامەییانەی (کۆبوونەوەی گشتی)یە بۆ فریودانی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ھەر ئاوا کۆکردنەوەی دوو چەمکی “پارتیی پێشڕەو” و “شۆڕش” دێوجامەیەکە بۆ فریودانی کەسانی سۆشیالیستخواز.

کاتێك لێژنە تایبەتە دروستکراوەکانی (دەستەی باڵا / ئەندامانی حککک) سەرپەرشتی کار و بارەکانی “بزووتنەوەکە” بکەن، ئەدی ڕۆڵی خودی بزووتنەوەکە چییە و چالاکانی خۆبەخۆ و پەروەردەبووی نێو خودی بزووتنەوەکە ئەرکیان چییە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، ئیدی بۆچی چەند ئەندامێکی (حککک) لەنێو بنکەی پارتییەکەیان “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتە سەرپەرشتیکەرەکان” بۆ ئەو دروستدەکەن؛ بزووتنەوەکە و چالاکەکانی ناتوانا و نەزان و ناھوشیار و گەوجن یان “بزووتنەوە”یەك لەئارا نییە و ئەندامانی “پارتیی پێشڕەو” خەریکی کڵاولەسەرنانی خەڵكن بەناوی “بزووتنەوە” و ئاوا دەزانن کە “لە ھەموو ھەورێك باران دەبارێت” و ئەو ھەڵە دووبارە دەبێتەوە، کە وەك (نەوشیروان موستەفا) و پاشڕەوانی سواری شەپۆلی بزووتنەووە کۆمەڵایەتییەکان ببن؟

ئەگەر “بزووتنەوە”یەك ھەبێت، بۆچی بەخۆی لەنێو شوێنەکانی کار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کۆبوونەوە گشتییەکانی خۆی بەرپاناکات و بۆچی لە بنکە و ھەواری ئەندامانی (حککک) کۆبوودەبێتەوە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەكی کۆمەڵایەتی ھەیە، بۆچی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی بەرپاناکات و لەنێو ئەوان بڕیار و پشڼیار بدات و بکات و بۆ ئەنجامدانی بڕیارەکان نوێنەرانی بنکەیی ھەڵنابژێرێت و لەنێو کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی ھەموو کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی کۆڵان و گەڕەکەکان و گوندەکان بڕیارەکان نادات و (دەستەی باڵا) و کۆمیتە/لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتی ھەڵنابژێرێت؟

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر گوتەکەی پێشینان و من لەجیاتی واژەی (کورد) واژەی (کەسی ڕامیار) دابنێم و جارێکی دیکە پاش ئەو پرسیارانە پەرەگرافە پڕ ناکۆکییەکە بخوێنینەوە “کەسی ڕامیار بدوێنە و خۆی وێنادەکات” ؛ ئێستا با بزانین ئایا ئەوەی بانگەوازەکەی بڵاوکردووەتەوە، خودی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە یان کەسانێك بەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکە؛ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە یان پڕۆژەی پارتیی؟

ئەگەر ئەوانەی لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتین و کۆبوونەتەوە، تاکو وەك نوێنەری کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکان لەنێوان خۆیان دەستەیەکی باڵاتر لەسەر ئاستی ناوچەیەک/ شارێك/ ھەرێمێک ھەڵبژێرن و بەگوێرەی ئامادەیی و کات و توانا و شارەزایی و گونجان خۆیان لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتیکردنی کار و بارەکانی بزووتنەوەکە دروستبکەن، ئیدی (پڕۆژەی) چی و کێ نووسەر و داڕێژەری (پڕۆژەیەکە) و پێداویستی خوێندنەوە و پەسەندکردنی ئاوا (پرۆژە)یەك چییە؟

” ٢- ھەوڵ بدرێ لە پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی، دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان دروست بکرێ. ”

سەرنجدان لە داڕشتن و ڕێزمانی ئەو پەرەگرافە نادیدەدەگرم، ھیوادارم ” مامۆستایانی کرێکاران” جارێکی دیکە پێش بڕیاردان و بانگەوازکردن بۆ ڕیفۆرمی ژیانی کەسانی دیکە، زمانی ئاخاوتن و نووسینی خۆیان ڕیفۆرمبکەن، ئەوسا بۆ شوانەیی خەڵك “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دروستبکەن.

ئەگەر ئەوانەی ئەو بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیان داڕشتووە و لەوێ دانیشتوون، تاکو لەنێو ” کۆبوونەوەیەکی گشتی دەستەی باڵا و لێژنە تایبەت بۆ سەرپەرشتی کار و باری بزووتنەوەکە” دیاریبکەن، چالاکانی بزووتنەوەکەن، ئیدی دیاریکردنی ئەرکی “دروستکردنی دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان لەنێوان پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی ” چییە و بۆچی؛ مەگەر ئەوانەی لەوێن بڕیارنییە خۆیان چالاك و نوێنەری ئەو چین و توێژانە بن؟

ئەگەر ئەوانەی بانگەواز و پڕۆژەکەیان ڕاگەیاندووە و لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکان نین، ئەدی كێن و چ کارەن و پێویستی ڕۆڵی شوانەییانەی ئەوان بۆ بزووتنەوەکە چییە؟

مەبەست لە گروپەکان چییە؛ گروپی سەربەخۆی خۆجێی یان گروپی پاگەندەچی پارتییایەتی و بڵندگۆی ڕامیارییەکانی (حککک)؟
ئەی ڕۆڵی ئەو ھەموو دەرزەنە ڕێکخراوانەی کە لە ماوەی ١٩٩٢-٢٠١٧ لەلایەن ئەندامانی (حککع و حککک) ڕاگەیێندراون، چییە و لە کوێن و بۆچی بەخۆیان ئەو ئەرکە ئەنجامنادەن و بۆچی بەخۆیان لەنێو کۆبوونەوەی بانگەواز بۆ کراو ئامادەنین؟
ئەگەر بوونیان ھەیە، لە کوێن و کوا چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەیان؟
ئەگەر نین، ئەی چییان بەسەرھات و چۆن ونبوون؛ پووکانەوە یان ھەڵوەشانەوە، لە بنەڕەتەوە ھەر بوونیان نەبوو، یان پڕۆژەی نەزۆک و مردووی “پارتیی پێشڕەو” بوون و تەنیا لەسەر کاخەز و لەنێو ڕاگەیاندنەکان بوونیان ھەبوو؟

” ٣- لەھەر جێگەیەك( ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو خەستەخانەو خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان) ھەوڵ بدرێ کۆبونەوەی گشتی بەڕێ بخرێت و نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆز ھەڵبژێرن و بەوجۆرە سەرەتای پایەکانی ڕێکخراوی جەماوەری خەباتکار لەبابەتی یەکێتی و سەندیکاو شورا و ئەنجومەنی جەماوەری دابمەزرێت”

دیسان لە سەرنجدانی داڕشتن و ڕێزمان و ڕێنووسی ئەم پەرەگرافەش خۆم لادەدەم. بەڵام ھەر کەسێك لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو بۆ تەنیا جارێك بانگەواز و بەیاننامە و پرسەنامە و وتاری سەرانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە زمانی کوردی خوێندبێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەزانێت، کە ئەم بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیەش داڕشتن و نووسینی ئەوانە، کە بەھۆی دەقگرتنیان بە دەرخکردنی بەیاننامە و پڕۆژە و بانگەوازە فارسییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە شێوەی ڕێزمان و ڕێنووسی فارسی کەسانێكی کڵۆڵی فارسی زمان دەنووسن، کردار پاشگری کۆ وەرناگرێت و کرداری یەکگرتوو و ئامێتە بەسەر یەکەوە نانووسرێت و بکەر و بەرکار و کردار شوێنگۆڕکێ دەکەن و خاڵبەندیش پاشاگەردانییە.

کاتێك کە لەنێوندەکانی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان کۆبوونەوە گشتییەکان نەکراون و لەنێو ئەو کۆبوونەوە گشتییانە بڕیار و پێشنیار و ھەڵبژاردن نەکراوە و نوێنەران بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان (بۆ نموونە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی شوێێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان) دیارینەکراون، ئیدی بەگوێرەی کامە ماف و ڕەوایی کەسانێك لە شوێنێك کۆدەبنەوە و پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئاوا دەنووسن و دواتر بەناوی بزووتنەوەیەکەوە کۆدەبنەوە و “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دیاریدەکەن؟

ئەی پێوەری ڕاستەقینە-بوون و دڵسۆز-بوونی نوێنەرایەتی ئەوانەی ئەو پڕۆژە بە ئەوان ئاماژەدەدات و ئەوانەی دیکە کە ئەو پڕۆژە بە “ناڕاستەقینە-بوون و نادڵسۆز-بوون”ی ئەوان ئاماژەی ناڕاستەوخۆ دەدات، چییە؛ ئەندام-بوون و ئەندام-نەبوون لەنێو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ؟

ئەگەر سەرانی (حککع و حککک) پاش بیست و شەش ساڵ، ئێستا ئەو ھەنگوینەیان لە کەلێنی ناڕەزایەتی خەڵکی ھەرێم دۆزیوەتەوە و کۆبوونەوەی گشتی بە پایەی “ڕێکخراوی جەماوەریی خەباتکاری وەك یەکێتی و سەندیکا و شورا و ئەنجومەنی جەماوەریی” دەزانن، ئەدی بۆچی بۆ یەک جاریش ئەو بوێرییە لەخۆیان نیشاننادەن و ڕەخنە لە ھەوڵە نێوەندییەکانی خۆیان لە سەرەوە ڕەخنەناگرن، کە بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو چەند دەرزەن ڕێکخراوی لەو جۆرەی مەرەکەبی سەر کاخەزیان دروستکردن و وەك پەشمەک توانەوە؟

ئەگەر ئەوان بەڕاستی وەك سەرەتا و بنەمای بیرکردنەوەی خۆیان بڕوایان بە پایەبوونی کۆبوونەوە گشتییەکان ھەیە، ئەدی بۆچی ھەوڵی کردەییکردنەوەی ئاوا بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی ئاوا بۆچوونێك نادەن؛ یان ھەر لە بنەڕەتەوە کۆبوونەوەی گشتی بۆ ئەوان دێوجامەیەکە بۆ فریودانی خەڵك؟

“داواکارییەکان”

کامە داواکاری و داواکاری کێ و لە کوێ و کێ بەرزیکردووەتەوە؟

ئایا لەنێوان ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حککع و حککک) و ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حشع) و (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟

” ١- ھەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی پاشەکەوتی زۆرەملێی موچە، گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و پیاچوونەوە بە یاسای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەھید و ئەنفال و….تاد. لەسەر شێوازی یاساکانی حکومەتی ناوەندی کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێم.”

“ھاو ڵاتی” ھەڵەیە و (ھاووڵاتی) دروستە و واژە و چەمکی “ھاووڵاتی”بوون بۆ خۆی پەردەپۆشکردنی پێگەی نالەبار و سووکایەتیبەخشانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە دێوجامەی “ھاووڵاتی”. ساڵانی سەرەتای دەھەی نەوەد، کە ھێشتا پاشکارایی شەپۆڵەکانی شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕین بەتەواوی نەنیشتبوونەوە، ئەو کات سەران و نووسەرانی سێ ڕێکخراوە ڕامیارییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە بەکاربردنی واژەی “ھاووڵاتی” ڕەخنەیان ھەبوو و بە ھەوڵی شاردنەوەی شوناسی (چینی کرێکار)یان دەزانی؛ ھەر ئاوا بەکاربردنی واژەی “شەھید” بە پێوەی کۆنەپەرستیی ئایینی دەزانرا، کەچی ئێستا خۆیان بوونەتە بڵندگۆی چرینی ئەو واژە کۆنەپەرست و دێوجامەییانە.

بێجگە لەوە، “پاشەکەوت” چییە؟ ئایا ھەر بەڕاستی سەرانی (حککع و حککک) بڕوایان بە دەخیلەکردنی فەرمانداریی ھەرێمە بۆ چین و توێژە کرێگرتەکانی ئەو ھەرێمە ھەیە؟

ئەی ناوی (چینی کرێکار) و (کرێکاران) چی بەسەرھات و بۆچی لەنێو ئەو ڕیزکردنەی سەرەوە ناوی (کرێکاران) نەھاتووە؛ ئایا ڕامیاریی و بەرنامەی “پاشەکەوت”کردنەکەی فەرمانداریی ھەرێم مووچەی کرێکارانی نەگرتووەتەوە، بۆچی؛ ئەی ئەو سازشە لەپێناو چی؟

ئایا دەکرێت ئاوا وێنابکەین، کە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” فەرمانداریی خودی چینی کرێکار و کرێکارانە، لەبەرئەوەیە، کە ناوی ئەوان نەھاتووە و “پاشەکەوت”کردن مووچەی ئەوانی نەگرتووەتەوە؛ یان ئەوانیشی گرتووەتەوە و ناونەھێنانی کرێکاران خۆگونجاندنە لەتەك ڕەوتە زاڵەکانی کۆمەڵی ھەرێم؛ ناسیونالیزم و نیئۆلیبراڵیزم؟

بەرتەری یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (کرێگرتەکان) چییە، تاکو خەڵکی ھەرێم ئەو داخوازییە بەرزبکەنەوە؟
ئایا یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەتەك بار و دۆخی ئێستای گوزەرانی خەڵکی نێوەند و باشووری عیراق گونجاوە؛ بەگوێرەی ھەڵاوسان و گرانی و نەبوونی دیاریکراوە؟
ئەی گونجان لەتەك بار و دۆخی ئێستای ژیانی “ھاوڵاتیانی ھەرێم” واتای چییە؛ ئایا (سێ چارەکە مووچە) گونجاندن نییە لەتەك باری گوزەرانی خەڵك؟
ئەگەر وەڵام (نەخێرە)، ئەدی دەستگرتنەوە و کەمکرنەوەی کرێ و مووچە واتە چی؛ مەگەر دابەزاندنی گوزەرانی خەڵك نییە بۆ دوا ئاستی ملدانی خەڵك بە نەھامەتی؟

گوزەرانی ئێستای ئەندامانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (چین و توێژە کرێگرتەکان) چ لە نێوەڕاست و باشووری عیراق و چ لە ھەرێم خوارترین ئاستی کولەمەرگییە و گونجاوترین ئاستی مووچە لەتەك ژیان و گوزەرانی کولەمەرگییانە ھەر ئەو (سێ چارەکە مووچە)یە، کە پارلەمان و فەرمانداریی ھەرێم بڕیاریانداوە، ئیدی نازانم داڕێژەرانی ئەو پڕۆژە و بەرنامەیە خوازیاری چین، لە کاتێكدا کە پارلەمان و فەرمانداریی بۆرجوازی کورد بەبێ داخوازی سەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و بەبێ پاڕانەوەی ڕامیارانەی ئەوان، داخوازییەکەی ئەنجامداوە؟

“ھەنگاوە کردەییەکان:”

“٢- دەستبردن بۆ دامەزراندنی سندوقی ھەرەوەزی لەپێناو دابینکردنی کاڵا سەرەکیەکانی ژیان و بژێوی ھاوڵاتی کەمدەرامەت لەداھاتی حکومەت و سەرمایەداران.”
جارێکی دیکە، لە باری ڕێزمانی و ڕێنووسی داڕشتنی ئەو خاڵە چاوپۆشیدەکەم، بەڵام ناتوانم لە نووسەران و داڕێژەرانی “ھەنگاوەکانی کارکردن بۆ ھێنانەدی ئامانجەکانی بزووتنەوەکە:” نەپرسم، ئەرێ بە کامە لۆجیك و ئاوەز، بە کامە واتا و پێشینەی مێژوویی و ئەزموون، (ھەرەوەزی) کۆمەڵایەتی نێوان و بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بە “داھاتی حکومەت و سەرمایەداران” دروستدەبێت و دابیندەکرێت و دەچێتە خانەی ھەرەوەزی؛ ھەرەوەزی واتای چییە؟

پێشینان دروستیان فەرمووە، کە “زۆربڵێی ناپێویست، بە پووچبێژی کۆتاییدێت”. ئێوە ڕابەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئاوا چاوەڕوانییەکتان لە “فەرمانداری و سەرمایەداران” ھەیە، کە ھەرەوەزبن و لەتەك کەمدەرامەتانی کۆمەڵ ھەرەوەزیبکەن و بەشداری ھەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بکەن، ئیدی بۆچی بەدرۆ دروشمی “بڕوخێ سەرمایەداری” بەرزدەکەنەوە؟

ئەی پڕۆژە ڕێکخراوەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لەتەك ڕێکخراوە بەناو “ناحکومییەکان” و ڕێکخراوە “خێرخوازییەکان”ی گروپە ئیسلامیەکان چ جیاوازییەکی ھەیە، کە تاکە ئەرکی ئەوان بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و کۆکردنەوەی زەکات و سەرفترەی دەوڵەتمەندانی موسوڵمانە بۆ کەمدەرامەتان؟

“حکومەت و سەرمایەداران”ێك کە ئامادەی پشتیوانی و چالاکی ھەرەوەزی و کۆمەککردن بن بە کەمدەرامەتانی کۆمەڵ، ئیدی لەتەك “دەوڵەت و حکومەتە کرێکاری”یەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ جیاوازییەکی ھەیە؟

ئەوە لە کەیەوە، لەنێوان ئەندامان و چینێك کە بنەمای مانەوە و سەرکەوتنیان کێبڕکێ و ڕکەبەری دەوڵەتمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیانە بە دزینی ڕەنجی کاری کەمدەرامەتانی کۆمەڵ و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵ، ھەروەزی بوونی ھەیە و پەیڕەودەکرێت؟

” ٣- لە دەرەوەی کوردستان ھەوڵ بدرێ پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان بۆ بزووتنەوەکە و خواستەکانی بەدەست بھێنرێ و ببێتە فاکتەرێکی فشاری گەورە لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ملدان بە داخوازیەکانی خەڵك”

ئەگەر ھەموو بەیاننامە و بانگەواز و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەرەکەبییەکانی سەر کاخەزی سەراپای مێژووی “کۆمونیزمی کرێکاری” بخوێنینەوە، خاڵی سێیەم ھەموو کات ھەبووە و کلێشەییانە نووسراوە. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێـم کە ھەنگاوێکی پۆزەتیڤە، بەڵام لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو ھیچ کات سەران و پاگەندەکەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ ئەوانەی لەنێو دەرزەنە پارتییەکان و چ ئەوانەی لە دەرەوەی پارتییەکانن، چ کوردی-زمانەکان و چ فارسی-زمانەکان، بۆ تەنیا جارێکیش نەچوونەتە پەیوەندییەکی ھاوپشتییانەی دژەچینایەتی. ھەموو کات بەناوی کرێکاران و خەڵکی ھەرێم خوازیاری ” پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان ” بوون و بەناوی ئەوانەوە لەو لایەنانەی ناویانھێنراوە کۆمەکیان کۆکردووەتەوە و کراوەتە خەرجی ویسکی-خواردنەوە و گەشتە بەردەوامەکانی “ڕابەران”، بەڵام ھیچ کات و لە ھیچ شوێنێك ئامادەی پشتیوانی ئاڵووێرانە یان یەکلایەنانە بەرانبەر کۆمەڵەکانی دیکە نەبوون و ھیچ کام لە ئەندامان و چالاکانی دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە ئەرکی خۆیان نەزانیوە بەشداری تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی پەنادەر و ڕێکخراوە پشتیوانیکەرەکانی ئەوان بکەن و ھەردەم وەك ناسیونالیستێكی کورد، عیراقی، ئێرانی ڕەفتاریانکردووە و مەلایانە بنەمای “ھا مەلا، ئێ وەڵا، بدە مەلا، ناوەڵا” بەکاربردووە و پەیڕەوکردووە .

ئەوان لە سەراپای بەرنامە و داخوازییەکانی پڕۆژە ڕێکخراوەکەیان بۆ تەنیا جارێکیش خوازیاری یەکسانی نەبوون و لەجیاتی یەکسانی، بەناوی “ھەروەزی” خوازیاری “زەکات و سەرفترەی حکومەت و سەرمایەداران”ن بۆ کەمدەرامەتان، کەچی خوازیاری پشتیوانی ڕێکخراوە یەکسانیخوازەکانی وڵاتانی دیکەن بۆ پڕۆژە ڕێکخراوی (خێر و سەدەقەی) فەرمانداران و سەرمایەداران.

“٤- لە کاتی پێویست و گونجاودا کۆنترۆڵکردنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کرێکاران و کارمەنادانی ئەو شوێنانە بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خۆڕایی بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت و… .”

مەبەست لە کاتی پێویست و گونجاو چییە؛ ئایا ئێستا پێویست و گونجاو نییە، ئەی کەی پێویست و گونجاوە؟
بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت، ھوشیارترین تاك و بەشی چین و توێژە پرۆلیتیڕەکان ڕۆڵی پێشڕەویی (بە واتای دەستپیشخەری و وەستان لەڕیزی پێشەوە و یەکەمین بوون لە چالاککردن و تێكۆشانی ڕۆژانە و یەکەم بوون لەنێو زیندان و لەبەردەم ھەڕەشە و ئەشکەنجەدران) لە ئەستۆی ئەوان بێت، ئەوا ھەمیشە بەرزکردنەوەی ڕادەی زۆری داخوازییەکانی چین و توێژەکانیان جیاکەرەوەی ئەوانە لە ڕیفۆرمیستان و خێرخوازان و ناوبژیکارانی نێوان چەوساوان و چەوسێنەران، نەك ڕێزکردنی واژەی “ڕابەر” و “پێشڕەو” لە پێش و پاشی ناوی خۆیان. چونکە ئیسلامییەکان و ناسیونالیستە خێرخوازەکان و زۆرینەی ناھوشیار و خۆشباوەری کۆمەڵیش خوازیاری بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانن، ھەر ئاوا کە نووسەرانی ئەو پڕۆژە بەرنامەیە، خوازیاری سندووقی ھەرەوەزین بە پارە و کۆمەکی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران.

“دەستەی ئامادەکاری بزوتنەوەی دژی ھەژاری”

ئایا لە ھیچ سەردەمێك و ھیچ شوێنێك ڕویداوە، لەلایەن دەستەیەکەوە “بزووتنەوە” ئامادەبکرێت؛ بۆ بزووتنەوە چێشتی جەژن و ئێوارە خوانی “ڕابەرانە”، تاکو دەستەیەك بتوانن ئامادەیبکەن؟

پاشان، ئامانج لە دوورین و دروستکردنی ئاوا بزووتنەوەیەك؛ “بزووتنەوەی دژی ھەژاری” ھەمان ئامانجی خێرخوازانەی ئایینکاران نییە، کە بەدرێژایی مێژوو پەیڕەوانی ئایینەکان چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بە ئاوا پووچگەراییەك خۆشباوەڕکردووە و چاوەڕوانی ئاوا ڕۆژێكیان کردووە بە خەونی ستەمدیتووان؟

بێجگە لەوە، ھەژاری زادە و بەرەنجامە، نەك خودی سیستەم و دەسەڵات، تاکو بەبێ لەنێوبردنی بنەماکانی سیستەمەکە بتوانرێت لەنێو ببرێت. کاتێك کە “ڕابەرانی” چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان بە لەنێوبردنی ھەژاری و مانەوەی ھەمان سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی خۆشباوەڕبن و خەڵکی بۆ ھێنانەدی ئاوا ئامانجێك بانگەوازبکەن، ئیدی پێداویستی بەرزکردنەوەی دروشمی دێوجامەییانەی “بروخێ سەرمایەداری” چییە و لەپێناو چی، بێجگە لە فریودانی خەڵك؛ ئایا باشتر نییە، “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەران” دەست لەنێو دەستی ئایینکاران و ڕێفۆرمیستان و ناسیونالیستان خەریکی بزواندنی سۆز و بەزەیی سەروەران و سەرمایەداران بن، کە ئەگەری ھاتنەدی و ئاوەزپەسەندی ئاوا پووچییەك، لە ئەگەر و ئاوەزپەسەندیی “ئازادبوون و یەکسانبوون و دادپەروەری لە سایەی دەوڵەت و فەرماندارییەك بەناوی کرێکاران و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” زیاترە؟

بەکورتی، بە بۆچوونی من، (کۆبوونەوەی گشتی) بناخەی (دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ) و کاراترین میکانیزمی بەرگرتن لە سەرھەڵدانی گەرای بیرۆکراسی و دەستەگەری و ھەلپەرستی و نێوەندیگەری و پێکھاتەی قووچکەیییە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان. بەڵێ بۆ ھەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناڕازی و تێکۆشەر دژی ڕەوتی سیستەمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ملھوڕیی و مشەخۆریی و گەندەڵی؛ بەڵێ بۆ خۆڕێکخراوبوونی سەربەخۆی گشت چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان؛ بەڵێ بۆ پێکھێنانی ھەرەوەزییەکان وەك بەردی بناخەی سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی؛ بەڵێ بۆ ھەموو ھەوڵێکی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەری؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و سەندنەوەی* خانووبەرە کرێییەکان؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و دابەشکردنی ھەنبارەکانی خواردن؛ بەڵێ بۆ داگیرکردنی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەی تەواوەتی خەڵك: بەڵێ بۆ سەندنەوەی کارخانە و کێڵگە و زەمین و گرد و بیرە نەوتەکان و کەرتەکانی خزمەتگوزاری بۆ دارایی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و کار و بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ.

بەڵام، نەخێر و ملیاردان جار نەخێر بۆ قوتکردنەوەی دەستە و ڕێکخراو و تۆڕ و بزووتنەوە پاشکۆ و قووچکەیی و نێوەندگەراکان بەناوی “پڕۆلیتاریا” و “کرێکاران” و “خەڵك”؛ نەخێر بۆ پاڕانەوە لە سەرمایەداران و فەرمانداران؛ نەخێر بۆ گۆڕینی ڕامیارێك بە ئەوی دیکە، دەسەڵاتدارێك بە ئەوی دیکە، سەرمایەدارێك بە ئەوی دیکە، مشەخۆرێك بە ئەوی دیکە، سەروەرێك بە ئەوی دیکە. چونکە لەنێوان ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە زەردەکانی فەرمانداری بۆرجوازیی ھەرێم و ڕێکخراوە پاشکۆییەکانی (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) و (ئیسلامییەکان) و ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە پاشکۆکانی (حککع و حککک) نییە و ئەوی لەو بارەوە خۆشباوەڕیی ھەبێت، بەدڵنیاییەوە، تەمەنی بە سووڕانەوە لەنێو بازنەی بۆشی پارتییایەتی و “دەوڵەت و فەرمانداریی کرێکاران” بەفێڕۆدەدات، ھەر ئاوا کە دێوجامەبوونی ھەوڵەکانی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو، بەفیڕۆچوونی تەمەنی ئێمە چالاکانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموونی ئەو سەردەمەیان سەلماند.


١٩ی ئۆگوستی ٢٠١٧
ھەژێن




سیمینارێك بۆ خاتوو (هۆزان مه‌حمود) نوسه‌ر و فێمینیست له‌ شاری زوریخ

وێنه‌ و پێگه‌ی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ….

ڕێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ سویسرا بانگهێشتتان ده‌كات بۆ سیمینارێك بۆ خاتوو (هۆزان مه‌حمود) نوسه‌ر و فێمینیست له‌ شاری زوریخ له‌ ژێر ناونیشانی
(وێنه‌ و پێگه‌ی ژن له‌ كومه‌ڵگه‌ی كوردیدا)

به‌روار: ٣ سێپته‌مبه‌ر ٢٠١٧

كات: ٢ ی پاش نیوه‌ڕۆ

Volkshaus ، Stauffacherstrasse 60, 8004 Zürich شوێن:

( Helvertiaplatz ) نزیكترین ئێستگای میترۆ

پاسی ژماره:‌ ٣٢

Stauffacher ترامی ژماره‌: ١٤، ٩، ٣،٢

كورته‌یه‌ك:
به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هیچ كات له‌ دۆخێكی سه‌قامگیردا نه‌بووه‌، وێنه‌ی جیاواز و زۆرجار ئه‌فسانه‌یی ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ژن له‌ خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵگه‌دا دروستكراوه‌. هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ تێكستی ئه‌ده‌بی و سیاسی كوردی باس له‌ به‌رخۆدانی ژنان له‌ شۆرشدا، یان به‌ دیوێكی تردا له‌ شیعردا باس له‌ جوانی و ناسكی یاخود دڵڕه‌قی و زاڵم بوونی ژنان ده‌كه‌ن. له‌ ئێستادا كه‌ كوردستان هه‌ڵدراوه‌ته‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌، ژنان وێنایه‌كی تر و پێگه‌یه‌كی تریان هه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. له‌م‌ كۆنتێكسته‌دا هۆزان مه‌حمود باس له‌ پارادۆكسی ئه‌م وێنا كردنه‌ی ژنان و پێگه‌یان ده‌كات له‌ كومه‌ڵگه‌دا.

بۆ زانیاری زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌م ژماره‌ ته‌له‌فونانه‌وه‌ : 0764274713 & 0765113883




کەمتیارەکانیش لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئایا هەڵوێستوەرگرتن دەبێت لە چ ڕوانگەیەکەوە بێت؟ ئایا دەبێت داکۆکی لە کێ بکەین و پشتی کێ بگرین؟ دەبێت لە دژی چی و کێ بین؟ سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران.
بەشە گەورەکەی نوسەرانی ئازاد و ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا نەک لە هەڵوێستوەرگرتنی ڕۆژانەییاندا لە ئاست ئەو دیاردە و ئەم ڕووداو، داکۆکیان لە فەزای گشتی، ئازادی و شکۆی هاوڵاتیانی سادە و کۆمەڵگا بەگشتی کردووە و لە بەرامبەردا هەمیشە وەک بەربەستێک لەبەردەم پاوانخوازی و سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتداران وەستاونەتەوە، بەڵکو بەشێکی گەورەی ووزەی فیکری و ڕووبەرێکی فراوانی توێژینەوە ئەکادیمی و مەعریفیەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات و خواستە سایکۆلۆژی و کەسییەکانی دەسەڵاتداران بووە، ئەوە سەرەڕای هەوڵدانی بەردەوام بۆ دۆزینەوە و داهێنانی ئەو تەکنیک و ئامرازانەی کە دەکرێت لە ڕیگەیانەوە هەم سنورێک بۆ چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران دابنرێت و هەم بەرگری لە فەزای گشتی و ژیانی ئازاد و شکۆمەندانەی هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی بکرێت. لەسۆنگەی ئەم تێگەیشتنەوە نوسین و فیکر وە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لای من شێوە پەیدا دەکات “شکڵ دەگرێت”، بۆیە هەر کەسێک ئاگاداری نوسینەکانی من بوبێت، کەم تا زۆر، سێ خاڵ بە گشتی دەتوانێت دەرکپێبکات کە ئەوانیش:
یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی “کە هەڵبەت ئاشکرایە دەسەڵاتی ئابوری، ئیداری و سەربازیشی لەخۆی گرتووە” کە بەپلەی یەک پارتی و یەکێتی دەگرێتەوە و دواتریش حزبەکانیدی کەم تا زۆر، ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت. هەڵبەت بەرەنگاربوونەوەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی فیکریی-سیاسیی هەم بۆ سروشت و جۆری دەسەڵاتدارێتی و هەم بۆ پایە و ڕاگرەکانی بەسەرێکدا و بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات بەسەرێکیتردا.

من هەرگیز پێم وانەبووە کەمتیارەکان تەنها ئەوانەبن کە لەنێو دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیە میلیتاریستیەکەی دوو جەمسەرە گەورەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیدان بەو گروپە مشەخۆر و ملپانانەشەوە کەدەکەونە نێو بزنس و مارکێتینگی سیاسیەوە لەپەڕاوێز و بەدەوریانەوە، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە دوور و نزیک لە خزمەتی وەها دەسەڵاتێک و لە خەم و هەوڵی سیستماتیزەکردنیدا بوون.
خاڵی یەکەم/ واتا بە کورتی شەڕی من لە بەرامبەر، دەسەڵاتدارێتی سیاسی بە تایبەتی و کایەی سیاسیی کوردستاندا بە گشتی، بووە. ئەوەی نێوەندەکەیان “نێوەندی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی” تەنیوە کەمتیارەکانن، گرنگ نیە چ ڕەنگێکن. شەڕی من لە دژی کەمتیارەکانە.
دووەم/ نوسین و هەڵویستی من هەمیشە شەڕ بووە لە پێناو فەزای گشتی، ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیانی سادە. واتا ئەوەی لە تێڕوانینی مندا هەم ڕەوایەتی و هەم پڕایۆریتی هەیە بۆ قسەلێکردن و داکۆکیکردن ژیانی ئینسانی ئاسایی و بێپلە و پۆستە.
لەلای من “نەک لەلای من بەتەنها بەڵکو وەک پێدراوێکی واقعی” پەرلەمانتار یان هەر کەسێکیتری خاوەن پلە و پێگەی هاوشێوە، خۆ کەمێ خوارتر و کەمێ سەروتر گرنگیەکی نیە، لە نێو حکومەت، پەرلەمان و هەر دەزگایەکی گشتی ئیداری و دەوڵەتی بێت وە یان تەنانەت لە دەزگای حزبییشدا بێت، دەسەڵاتدارە. زۆر بە سادەیی و دوور لە تەعقیدات، دەسەڵاتدارە بەوپێیەی، هەم پێگەکەی کەسێتیەکی مەعنەوی دەسەڵاتداری داوەتێ هەم بەپێی پلەکەی دەسەڵاتێکی یاسایی هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە شۆفێر و پاسەوانی هەیە، کە ئینسانێکی سادە و ئاسایی هیچ یەک لەوانەی نیە.
بەوپێیەش کە لە تێڕوانینی مندا نوسین و کارکردن لە نێو فیکردا لەگەڵ هەڵویستوەرگرتن هەمیشە لەپێناو فراوانترکردنی ئازادیەکانی فەزای گشتی و گێڕانەوەی شکۆ و ئیرادەیە بۆ تاکەکان “تاکی سادە و ئاسایی نێو کۆمەڵگا” بۆیە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لە پەرلەمانتاران و هاوشێوەکانیان، نەک ناچێتە خانەی داکۆکیکردن لە ئازادی، فەزای گشتی و کەرامەتی ئینسانەکانەوە بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە دەسەڵاتدارانەوە. جا ئەو دەسەڵاتدارە هەر ڕەنگێک بێت گرنگ نیە.

خاڵی دووەم/ واتا بە کورتی لەتێڕوانینی مندا هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردنێک ئەگەر لە گۆڕێ بێت لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی، دەبێت هەمیشە لە بەرژەوەندی تاکی سادە و ئاسایی و هاوڵاتیانی بێپلە و پایە بێت، وە لە دژی دەسەڵاتداران ” سەرۆک، وەزیر، پەرلەمانتاران و …هتد” بێت.
سێیەم/ بابەتێک کە هەمیشە لە تێڕوانینی مندا بە ئامانج گیراوە مەسەلەی ئیمتیازاتی ماددی و دەستکەوتە ئابووریەکانی دەسەڵاتدارانە. هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە دەسەڵاتدار، ئەو کاتە دەسەڵاتدارە و لە خەڵکی ئاسایی جودا و سەرووترە کە ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی هەیە کە خەڵکی ئاسایی نیەتی، دەستکەوتێکی ئابوری وای هەیە کە دیسانەوە خەڵک نیەتی. من لێرەدا باسی ئەو دەستکەوتە ماددیە نایاسایی و دزی و بەکارهێنانەی دەسەڵات ناکەم بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و خۆدەوڵەمەندکردنێکی خێرا لە ڕێگەی ئەو پۆست و پلەیەوە کە کردوویەتی بە دەسەڵاتدار، لەلایەن زۆرینەی دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگای ئێمەوە، بەڵکو باس لەو موچە زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیانە دەکەم کە یاسایان بۆ داتاشراوە و بە پێی یاسا بۆیان ڕێکخراوە، واتا دزی و تاڵانیی بە پێی یاسا.
بەتێگەیشتنی من، کاری مرۆڤی ڕۆشنبیر و بەرپرسیار لە ئاست کێشە جڤاتیەکان، هەوڵی بەردەوام و سەنگەرگرتنی سەرسەختانەیە نە تەنێ بۆ ئازادی و فروانکردنی فەزای گشتی لەگەڵ بەردەوام بەرجەستە و گەورەکردنی شکۆ و کەرامەتی تاکەتاکەی ئیسانەکان و هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی، بەڵکو جەنگێکی بەردەوامیشە لە دژی ئەو گاپەی نێوان هەردوو چینی دەوڵەمەندان و هەژاران کە هەر ڕۆژ لە گەورەبوون و فراوانبوونی زیاتردایە. ئەوەش ئاسکرایە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەموو دەوڵەمەند بوونێکی دەسەڵاتداران، چ یاسایی و چ نایاسایی، لەسەر شانی خەڵکی سادە و ئاساییە و باجەکەی هەژاربوونی زیاتری هاوڵاتیانە.

دەسەڵاتداران، بە پەرلەمانتارانیشەوە، بونەتە بارێکی زۆر قورسی ماددی و چینێکی مشەخۆر بەسەر داهاتی گشتیەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی مشەخۆری دەسەڵاتداری ئەرستۆکرات کە هەر خودی پۆزیشنی ئەوان بەراورد بە خەڵکی سادە و ئاسایی کۆمەڵگا، بۆ خۆی مایەی بێڕێزی و سوکایەتیە بە هاوڵاتیان. تا دێت بۆشایی نێوان ئەو چینە و خەڵکیش فروانتر دەبێت. بۆیە ئەگەر هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیلێکردنێک لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی لە گۆڕێ بێت دەبێت دژایەتیکردنی ئەو چینە مشەخۆرە ئەرستۆکراتیە سیاسیە بێت ئەوەش بەوەی کە هەوڵبدرێت موچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانیان لیبسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە تا ئەو ڕاددەیەی بێنەوە هاوشان یان نزیک لە خەڵکی سادە و ئاسایی.
خاڵی سێیەم/ واتا بە کورتی لە تێڕوانینی مندا هەر کەسێکی بە ئاگا و خاوەن هەستێکی قوڵ و ئینسانی دەبێت هەڵوێست وەربگرێت دژ بە موچەی زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دەسەڵاتداران “بە پەرلەمانتارانیشەوە” تا ئەوەی کە لێیان بسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی کەمبوونەوە و بچوکبونەوەی گاپی “بۆشایی” نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە.

……………………………………………………………………………………………………………………………………

تێبینی/ ئەم نوسینە زادەی پرسیاری دوو هاوڕێیە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە دوو شێوازی جیاواز لێیان کردم، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران، گوایا بۆ بێدەنگم لەو بارەیەوە و هیچ هەڵوێستێکم نیە.




ئاده‌مێك پێی وتم ……. ئاده‌مێك پێی نه‌وتم …. چنوور نامیق

دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نه‌بینراوی پایز
دوای ئاشتبونه‌وه‌ی گریانی ئاسمان و بۆنی زه‌وی
ئاده‌مێك بۆنی دووری لێ ئه‌هات
ئاده‌مێك له‌پاشماوه‌ى شه‌ڕی به‌رائه‌ت و تاوان
به‌منی وت دووباره‌ من خۆشم ئه‌وێی
له‌پاش جه‌نگیش خۆشم ئه‌وێی
به‌ر له‌مێژووی شه‌ڕه‌ كۆنه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ش خۆشم ئه‌وێی
له‌دوای بێهۆشبوونی ژه‌نه‌راڵه‌ تاوانباره‌كانی شه‌ڕیش ئه‌تپه‌رستم
ئێستا و دوێنێش و به‌ر له‌ دوێنێش خۆشم ئه‌وێی
ئه‌ی حه‌وا جێماوه‌كه‌ی دوای شه‌ڕه‌كان لێم ببوره‌ گه‌ر چركه‌یه‌ك بیرم چووبی…..
ئاده‌مێك پێی وتم خۆشم ئه‌وێی
له‌هه‌ڕه‌تی هاویناندا له‌ جێی سێبه‌ر به‌چه‌تری خۆر دایپۆشیم و دامئه‌پۆشێ
له‌ناو داڵغه‌ی دڵی ساردی زستاناندا
به‌ ته‌رزه‌ وشه‌ی نه‌گه‌ییو ره‌جمم ئه‌كا
ئاده‌مێكیش پێی نه‌وتم خۆشم ئه‌وێی
ئه‌و له‌ناو دڵی هاوینان
دنیایه‌ك بارانی سپی به‌سه‌ر دڵی گه‌رمم باراند
له‌ زستاندا به‌نمه‌نمی نیگای گه‌رم دایپۆشیم و دامئه‌پۆشێ
ئاده‌مێك پێی وتم و
ئاده‌مێك پێی نه‌وتم…..
ئا‌ی چه‌ن گه‌وجه‌ ئاده‌مه‌ خۆرهێنه‌ره‌كه‌
ئه‌و نازانێ دڵی ژن وه‌ك هه‌نار وایه‌ كاتێ به‌ده‌ستێوه‌ ده‌شكێ
په‌نجه‌كانی سور سور ئه‌كا و
ده‌نكه‌كانی هه‌رگیز بۆ كۆ نابێته‌وه‌
ئاده‌مێك پێی وتم و ئاده‌مێك پێی نه‌وتم……

21-8-2017




بۆ هاوڕێ یانی بەرەی “نەخێر”ی کۆمۆنیزمی کرێکاری ! … سەردار عەبدوڵا حەمە

چەند هاوڕێ یەک سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری( چ ئەوانەی لە ناو حیزبەکاندان یا لە دەرەوەیان) بوونەتە ئەکتیڤیستی” نەخێر” بۆ ڕیفراندۆم و وە زیاتر لە ماڵپەرە کوردی وعەرەبیەکان وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر بە تایبەت لە فەیسبووک دەر دەکەون .
هۆی سەرەکی”نەخێرەکە”ی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی بانگەشەی ئەم ڕیفراندۆمە لە لایەن ناسیونالیزمی کوردیەوە و بەتایبەتی لە لایەن بارزانی و پارتییەوە ، بۆیە لێرەوە ئەوان چوونەتە سەنگەری” نەخێر”ەوە هاوشانی خاوەن “نەخێر “ە کانی تر دژی “بەڵێ” کان ڕاوەستاون بە ئەجێندای جیاوازە وە بەڵام سەرەنجام بۆ یەک ئامانج کاردەکەن ئەویش سەرنەگرتنی ئەم ڕیفراندۆمەیە ، هەرچەندە زۆرێکیان دەڵێن: ئێمە نە لەگەڵ :نەخێر”ین نە لەگەڵ “بە ڵێ” بەڵام من وای نابینم چونکە ناتوانرێ بەرەی سێیەم بوونی هەبێت لە گەڵ ڕیفراندۆم بیت ئەوە لەگەڵ “بەڵێ” بۆ ڕیفراندۆمی ، بڵێ ی لەگەڵ “نەخێر”ەکانیش نیم هەر ئەچیتە بەرەی “نەخێرە” بۆ ڕیفراندۆم ئەگەرچی تۆ لەوانەیە هەر باوەرت بەریفراندۆم نەمابێت یا باوەڕت بەخەباتی یەک پارچەیی چینی کرێکار بێت یا تەنها سۆشیالیزم بە چارەسەر دەزانی ئەوا هاوشانی چەپی ئایدیلۆژی گەرا وپاسیڤیست و جوڵانەوەی نەخێر وبزووتنەوەی گۆڕان وکۆمەلی ئیسلامی ، عەبادی ومالیکی وجمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا وسەرمایەداری جیهانی لە یەک ئاوێنەدا هەمووتان یەکتر دەبینن هەمووتان ئامانجتان یەک دەگرێتەوە لەوەدا شکست بەم ڕیفراندۆمە بێنن وە ئەم ڕیفراندۆمە نەکرێ . لەولاوە ئەوانەی ئەڵێن بەڵی کە بەشێکی زۆر لە کۆمۆنیستە کرێکاریەکانن لە گەڵ شوعیەکان و حیزبە ناسیونالیستەکانی وەک پارتی ویەکێتی و..هتد هەموو بە شوێن ئەوەوەن کە ئەم ڕیفراندۆمە بکرێت و بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەنگ بدەن ئەمانیش لە یەک ئاوێنەدا یەکتر دەبینن بەڵام بە ئەجێندای جیاوازەوە . ئیتر ئەگەر ڕیفراندۆم تەرازوو بێت کێشانە یان بکەین بۆچوونەکان لەم دوو بەرەیە زیاتر ناچنە هەردوو تای تەرازووەکەوە وە لەو دوو بەرەیە زیاتر نیە ، هیچ کەسێک خۆی رەنگ نەکات بە رەنگێکی تر بەرەی سێەم تەنها وەهمە و دەکرێ تەنها لە زهنی کەسەکاندا بێت ناچێتە ناو واقعیەتەوە .
ئەگەر ملدانی پارتی و بارزانی بەم ڕیفراندۆمە بە هانەیە بۆ ڕاوەستان لە بەرانبەر ئەم ڕیفراندۆمەدا خۆ ئێمە هەموو پێکەوە یەک دەست بووین لە زۆر کارو تاکتیکی لەم چەشنەدا ئەی خێرە وا ئێستا یەک دەست نین لە بەر ئەو بیانووە .
من چەند نموونەیەک باس دەکەم بۆ ئەو هاوڕێ یانە کە پێکەوە لە هاوشێوەی وەک ئەم ڕیفراندۆمەدا پێکەوە بووین بڕوبیانووی لەم چەشنە لە ئارادا نەبوو:
١-بەهاری ساڵی ١٩٨٧ لەهەڵەبجە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی گەورە ئەنجام درا لە دژی حکومەتی بەعس کە تێیدا بەرەی کوردستانی و ئیسلامیەکان وئاڵای شۆڕش وئێمە کۆمۆنیستەکانیش چالاک بووین تێیدا هەموویەکمان دەگرتەوە بۆ خواستێک ئەویش خەڵکی ئەو گوندانەی بەعس چۆڵی کردبوون بگەڕێنەوە شوینی خۆیان.

٢- ساڵی ١٩٩١ ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان وحیزبە ناسیونالیستەکانی بەرەی کوردستانی بەشداریمان کرد لە ڕاپەرین بۆ ڕاماڵینی حیزبی بەعس لە کوردستان .
٣- ساڵی ١٩٩١ کاتێ ئەمریکا و هاپەیمانەکانی هێرشیان کرد بۆ سەر عێراق کۆمۆنیزمی کرێکاری دژی ئە هێرشە بوو ئەمە هەمان هەڵویستی حیزبی بەعس بوو واتە ئێمە وبەعس دژی ئەو هێرشە بووین.
٤- بۆ گەمارۆی ئابوری لە سەر عێراق ، کۆمۆنیزمی کرێکاری شان بەشانی هێزە چەپ وئازادیخوازو ئینسان دۆستەکانی جیهان دژی ڕاوەستاین لە هەمان کاتدا حکومەتی بەعسیش لە دژی بوو..
٥- لەڕیفراندۆمەکەی ١٩٩٥ و ٢٠٠٥ کە بێجگە لە کۆمۆنیستەکان بەشێک لەناسیونالیستەکان و شاعیر ونوسەرە پێشکەوتواز وئازادیخوازەکانمان لەگەڵ بوو وەک شیرکۆ بێکەس لەگەڵ هەموو ئەوانە پێکەوە بووین هەموو دەمان ووت بەڵی بۆ ریفراندۆم وبۆ سەربەخۆیی.
٦- لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان لە گەڵ گۆڕان وئیسلامیەکان دژی گەندەڵی و برسیەتی وهەژاری پێکەوە کارمان دەکرد تەنانەت هەموو پێکەوە دەمانووت بڕوخێ دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی.
٧- لە ناڕەزاتیەکانی مامۆستایان بە هەمان شێوە .

کەچی ئەو کاتانە هیچ کام لە ئێوە دیار نەبوو پێمان بڵێت پاشکۆی ناسیونالیستەکان وبەعس وئەمەریکان یا پاشکۆی سیاسەتەکانی گۆڕان ئیسلامیەکانن وە شوێن سیاسەتی ئەوان کەوتوون، بەڵام جارجارە حیزبە بورژواکانی کورد پێ یان دەووتین پاشکۆی بەعس وتابوری پێنج ، من پێم وایە ئەم سوونەتەی ئەمڕۆی ئێوەش جیاواز نیە لە م سوونەتەی ئەم باڵەی بورژوازی کورد .
چەندین جاری تر هەبووە هەمان تاکتێک تەرح کراوە لەلایەن ڕابەرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری ومەنسور حیکمەتەوە هیچکام لەئێوە دژی نەوەستاونەتەوە . کاتێ مەنسور حیکمەت ووتی ناوچەی ئەمنی دانان لە سەر خەڵکی کوردستان لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەزیانی خەڵک تەواو دەبێ ،حکومەتی بەعسیش هەر وای دەووت ودژی بوو،ئێوە نەتان ووت مادام بەعسیش دژیەتی ئێمە دەبێ بڵێین بەڵی بۆ ناوچەی ئەمنی . کاتێ مەنسور حیکمەت بۆمبارانی تاڵیبانی مەحکوم نەکرد واتە لەگەڵ هاوپەیمانان بە شوێن ئەوە بوو تاڵیبان نەمێنێ ‌هیچکام لە ئێوە نەتان ووت بە مەنسور حیکمەت شوێن کەوتوی سیاسەتی هاوپەیمانانی غەربی وە دیفاعتان لە ئەو دەکرد ئەگەر هەرکەسیش وای پێ بووتایە .

زۆر نموونەی تری هاوشێوە هەن لە شۆڕشی ئێران وڕوسیاوجەنگی ئەهلی فەرەنسا کە کۆمۆنیستەکان لەگەڵ چەند بەشی بورژوازی دژی دەسەڵات جەنگاون پێکەوە.
بەڵام ئێوە بۆچی بۆ هەمان تاکتیک وەک ئەو نمونانە ی باسم کردن هەڵوێستێکی ترتان هەیە؟بۆچی بە کەستان نەووت شوێن کەوتوی سیاسەتی هاوپەیمانان و ئەو دەوڵەت وحیزبە قەومی و ئیسلامیانانەن ؟. کەچی ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی کورد ملی داوە بەو ڕیفراندۆمەی کەسیاسەت و تاکتیکی ئێمە وئێوە بوو بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد کەچی ئێوە دەڵین لە بەر ئەوەی بارزانی و پارتی ویەکێتی بانگەشەیان بۆکردوە هەڵوێستیکی ترمان دەبێ بە ئێمەیش دەڵێن شووێن کەوتوی سیاسەتی پارتی وبارزانین ! کەچی جاران لە بەر ئەوەی حیزبی بەعس دژی گەمارۆی ئابوریە نەتانووت بەڵێ بۆ گەمارۆی ئابوری یا نەتانووت لە بەر ئەوەی گۆڕان وئیسلامیەکان بەشدارن لە ١٧ ی شوبات ئێوە بەشداری ناکەن…هتد دیارە من هەڵوێستی ئەوکاتانەتان بە دروست دەزانم وهاوتەریب بوو لەگەڵ سیاسەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری یا بڵیم سیاسەتی ئەوتان پیادە دەکرد بەڵام ئەمڕۆ نا.
ئەی چۆنە ئێستا وە ک جاران بیر ناکەنەوە تۆ بڵی ی ناسیونالیزمەکەی ئەمڕۆ جیاواز بێت لە ناسیونالیزمەکەی جاران یاکۆمۆنیزمەکەی ئێوە جیاوازە لە کۆمۆنیزمەکەی جاران ؟
بۆچی چارەسەری مەسەلەی کورد گرێ دەدەنەوە بە ڕووخانی بارزانی ودەسەڵاتی ناسیونالیستی لە هەرێمی کوردستان ؟ کوا مەنسور حیکمە ت لە تەرحەکەیدا بۆ ئەم مەسەلەیە وبۆ ڕیفراندۆم وای وتووە ؟ کواپێشمەرجی ئەوەی هەبووە پارتی یەکێتی نەمێنن ئەنجا ریفراندۆم بکرێ ئەو دەیووت بە ریفراندۆم ناسیونالیزمی کورد تەریک دەبێتەوە یا ئەمە بۆچی وەک گۆڕان ڕیفراندۆم گرێ دەدەنەوە بە گوڕینی بارو گوزەرانی خەڵکی کوردستان ؟ بەڵام ئێوە ئەوە نابینن کە ئەمانە خواستی ترن ڕۆژانە دەبێ خەباتیان بۆ بکرێ ؟. ئەی بۆ دژی ئەوەن ئەگەر یەکێ لە خواستەکان بێتە دی ناتانەوێ ئایا ئەمەیە تاکتیکی کۆمۆنیستیتان ؟ کوا کۆمۆنیستەکان وا کاریان کردووە ؟ ئەگەر ئەم دەسەلاتە بڵی مووچە ئەدەم لەکاتی خۆیدا بە خانە نشینان ئایا ئێوە دەڵین نامانەوێ لە بەر ئەوە ی سەربەخۆیی و کارەبا وئاویشمان دەوێ ؟ وا ناڵێن چونکە مەنتیق نیەئەی پێتان باش نیە یەکێ لە کێشەکان نەمێنێ کە مەسەلەی کورد بێت یا مووچە بێت یا کارەبا ئەوە کەی ڕاستە بڵێم هی پارتیە نامەوێ ئەو دەسەڵاتە دەیدا نامەوێ، ڕاست نیە هەر بڵێم تا نەڕووخێ ئەو دەسەڵاتە هیچم ناوێ . ئەمە تاکتیک وهەڵویستی دروست نیە .بەرژوەندی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکیش و خەڵکی کوردستان دەبێ بەپێ ی هاوکیشەی سیاسیەکان دیاری بکەی وتاکتیکی بۆ دابنێێ کۆمۆنیستەکان خوازیاری باشتر کردن و زیاتر بەدی هاتنی ئەو بەرژەوەندیانە ن کە سەربەخۆێش یەکێ لەوانەیە. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم وبۆ سەربەخۆیی چونکە لە قازانج و بەرژوەندی خەڵکی کوردستانە وبۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەنگاوی عەمەلی بنێین. بەڵام ئێوە ئەمە بە جۆرێکی تر دەبینن ، جگە لەوەی هەڵوێستێکی جیاوازتان هەیە بتانەوێ و نەتانەوێ چوونەتە پاڵ چەپە ئایدیۆلۆژی گەراکان وچەپی پاسیڤیست وهەروەها چوونەتە ناو سەنگەری هەموو نەخێرە بورژوایەکانی ترەوە . من وای دەبینم .


سەردار عەبدوڵا حەمە

١٨/٨/٢٠١٧




ڕیفڕاندۆمی (25/ ئه‌یلول) و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی… ئاری زێندینی

میلله‌تی كورد پاش ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و قوربانیدانه‌و خه‌باتی بۆ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و هه‌زاران شه‌هیدو ئه‌نفال له‌پێناوی ڕزگاری و ئازادی ومافه‌ڕه‌واكه‌ی تاكو ئێستا مافی چاره‌ی خۆنووسین و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نیه‌ ! خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی وشۆڕشگێڕی و جولانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد مێژووی كۆن و نوێی هه‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاری له‌ ژیِر ده‌ستی داگیركه‌ران و وڵاتانی كه‌كوردستانیان پێوه‌ لكاوه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوایی یه‌كه‌كانی كه‌ حوكمیان كردووه‌ به‌سه‌ر میلله‌تی كورد به‌تایبه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تی عێڕاق نه‌وه‌ك دان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانی میلله‌تی كورد داننانێ‌ به‌ڵكو هه‌رده‌م مافی هاوڵاتی كوردی پێشێل كردووه‌ و مافی سه‌ربه‌خۆوسیاسی و مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ میلله‌تی كورد به‌ ڕه‌وا نازانێ‌ وسه‌رباری سته‌م و زوڵم به‌رامبه‌ر میلله‌تی كورد .

ئه‌و حكومه‌ت و وڵاتانه‌ی حوكمی میلله‌تی كوردیان كردووه‌ له‌ مێژووی كۆنه‌وه‌ تاكو ئێستا نه‌ مافی كوردیان داوه‌ نه‌ ڕازیشن به‌ داواكاری میلله‌تی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی و مافی به‌ ده‌وڵه‌تبوون , هه‌رله‌ سه‌ده‌ی ( 17 , 18) میرنشینه‌ كورده‌كان له‌ چوارچێوه‌و ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌ كارووباره‌كانیان به‌ڵام سه‌ربه‌ وڵاتانی كه‌ كوردیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه‌ له‌و كاته‌وه‌ دوژمنایه‌تی و ململانێی كوردیان كردووه‌ دواتریش میرنشینه‌ كوردیه‌كانیان به‌ره‌و له‌ ناو چوون بردووه‌. له‌مێژووی نوێش له‌ سه‌ده‌ی ( 20 , 21) (میلله‌تی كورد) له‌ چواچێوه‌ی رێكخراوی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی و پارتی سیاسی به‌رده‌وام بووه‌ بۆ ده‌ستهێنانی مافه‌ سروشتی و ڕه‌واكانی وه‌ك میلله‌تێك به‌سه‌ربه‌خۆیی بژی و مافی چاره‌ی خۆنووسین و دامه‌زراندنی (ده‌وڵه‌تی كوردی) كه‌مافێكی سروشتی و ڕه‌وایی میلله‌تی كورده‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قوربانی و شه‌هیدو ئه‌نفال و ماڵویِرانیه‌ كه‌ شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌ یه‌ك به‌ دوایه‌كه‌كانی مه‌ركه‌زی حوكمیان كردووه‌ نه‌ك مافی میلله‌تی كوردیان پێشێل كردووه‌و نه‌داوه‌ به‌ڵكو زوڵم و سته‌میشیان له‌ میلله‌تی كورد كردووه‌ , وه‌له‌لایه‌كیتره‌وه‌ش شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ ( كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی)یش به‌ درێژایی مێژوو خه‌باتی میلله‌تی كورد بێ‌ هه‌ڵویست و كه‌ته‌رخه‌مبوون به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سته‌م و زۆرداریه‌ی له‌ میلله‌تی كورد كراوه‌ چونكه‌ (كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی) یش به‌رپرسیاره‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ی (20 , 21) به‌ گوێره‌ی و به‌پێی رێساو یاساكانی مافی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و سه‌رده‌می ( زانست و ته‌كنۆلۆجیا) میلله‌تێك نه‌ك مافی پێشێل ده‌كرێ‌ به‌ڵكو سته‌م و جینۆساید ده‌كرێ‌ هه‌روه‌ك له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی (به‌عس) كورد له‌و پارچه‌ی ده‌وڵه‌تی عێڕاق (ئه‌نفال) كراو ( كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی) زۆر سستبوون له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ , ئه‌مه‌ش ئاشكرایه‌ و روونه‌ كه‌ (كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی) بێ‌ هه‌ڵوێسته‌و بێ‌ ده‌نگه‌ و كه‌مته‌رخه‌مه‌ به‌رامبه‌ر یاساكانی مافی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی داننه‌نان به‌سه‌ربه‌خۆیی میلله‌تێك ونه‌بوونی لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ت و وڵاتانه‌ی كه‌ هاوڵاتیان و نه‌ته‌وه‌كان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌! بۆیه‌ ئێستاش , میلله‌تی كورد له‌ باكوری عێڕاق كه‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆیی كورده‌ خاك و نیشتمانی ڕه‌سه‌نی كورده‌ كه‌ له‌ ساڵی (1991)وه‌ ڕزگاروئازاده‌ به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێڕاق وادیاره‌ هه‌ره‌كو حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوایه‌كه‌كانی پێشووتر مافه‌كانی كورد پێشێل ده‌كات بڕیاڕی ( گشتپرسی , ڕیفڕاندۆم له‌ 25/ ئه‌یلول ) به‌ ڕه‌وا نازانێ‌ و ڕێگری و به‌ربه‌ست درووستده‌كات بۆ ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ , وه‌له‌هه‌مان كاتیشدا ( كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵتیش) كه‌ (ئه‌نجومه‌نی ئاسایش) و ( نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) له‌ ساڵانی (40) چله‌كانی سه‌ده‌ی (20) دروستبوون بۆ داكۆكی و به‌رگری له‌ مافی میلله‌تان تاكو ئێستا هه‌ڵوێستیان وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ی به‌ كورد ده‌كرێ‌ پاڵپشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردوئیعتراف كردن به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین , وادیاره‌ ده‌یانه‌وێ‌ دووباره‌و سێ‌ باره‌و سه‌دباره‌و هه‌زارباره‌ بێ‌ هه‌ڵویست و كه‌مته‌رخه‌م بن و به‌ڕه‌وایی نه‌زانن پاش ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ی میلله‌تی كورد به‌ به‌ر چاوی جیهان كه‌ ئێستاش سه‌ده‌ی (21) سه‌ده‌ی مافی مرۆڤ و پێشكه‌وتنی زانست كه‌ له‌ خزمه‌تی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیه‌ كه‌ خۆیان بۆ خۆیانی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ! له‌ هه‌مووشی دیارتر ڕێككه‌وتنی سه‌د ساڵه‌ی(100) (سایكس بیكۆ)به‌به‌رچاوی وڵاتان و به‌ بڕیاڕی (كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی)و وڵاتانی زلهێز میلله‌تی كوردیان خسته‌ و لكاندیان به‌ عێراقێكی عه‌ره‌بی دروستكراو پێشێلكردنی مافی میلله‌تێك كه‌ كورده‌, بێجگه‌ له‌وه‌ش قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كان میلله‌تی كورد بۆته‌ قوربانی به‌ هۆی كێشه‌وململانێی وڵاتانی زلهێزله‌ ناوچه‌كه‌دا مافه‌كانی كوردله‌گۆڕنراوه‌ .

جا لێره‌دا, بڕیاڕی سه‌ركردایه‌تی كورد (ڕیفڕاندۆمی 25/ئه‌یلول/2017) له‌سه‌ده‌ی (21) بڕیاڕو خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی میلله‌تی كورده‌ بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی عێڕاق و ( كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی) بۆ كۆتایی هێنان به‌ سته‌م وزۆرداریه‌ی حكومه‌ته‌ مه‌ركه‌زیه‌كان به‌رامبه‌ر میلله‌تی كوردو كۆتاییهێنان به‌ ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتان له‌ كارووباری میلله‌تان و وازهێنان له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ژێربه‌ژێره‌كان و دانانی نه‌خشه‌ی ده‌ستكرد بۆ له‌ت و په‌تكردنی میلله‌تێك كه‌ئه‌مه‌ش تاوانێكی هاوبه‌ش و هاوشانه‌ وه‌كو حكومه‌ته‌ مه‌ركه‌زیه‌كان كه‌ به‌رامبه‌ر میلله‌تی كوردیان كردووه‌ ! بۆیه‌ ده‌پرسین ئایا له‌ (ڕیفڕاندۆمی 25/ئه‌یلول) دیسان حكومه‌تی مه‌ركه‌زی عێڕاق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت ( ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان) به‌رده‌وامن له‌ فه‌رامۆشكردن و پێشێلكردنی مافی میلله‌تی كورد كه‌مته‌رخه‌موو بێ‌ هه‌ڵوێستن له‌ له‌ ئاست مافه‌ ڕه‌واوسرووشتی و ڕاسته‌قینه‌كانی تاكی كورد؟.




پاشگه‌زبونه‌وه‌ له‌ ریفراندۆم بریارێكی خۆكوژیه‌‌ عیماد عه‌لی

ته‌نها به‌ دواخستنی ریفراندۆم سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كان ده‌گۆرێن و ره‌شوسپی خاوه‌ن هه‌ڵویستی دروست و بێهه‌ڵوێست به‌ جوانی ده‌رده‌كه‌ون و نیازه‌كانی پشت په‌رده‌ی ئیدعای سه‌ربه‌خۆیی له‌ ریفراندۆم ئاشكرا ده‌بن، ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دواخستنی ریفراندۆم بۆ كاتێكی تر په‌یمانی دانپێدانی به‌غدا به‌ سه‌ربه‌خۆییشیان پێ بێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كرگرتووه‌كانیش سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م دانیشتن و په‌یماننامه‌كانیش بكات به‌شكست بۆمان ده‌شكێته‌وه‌ .
ته‌نها دواخستنی ریفراندۆم ئه‌گه‌ر به‌غداش راستگۆ بێت له‌ قسه‌ و گفته‌كانی، وای لێدێت كورد به‌ خۆی بێهوده‌ ده‌بێت و باوه‌ری به‌ هیچ شتێك له‌ ئانده‌دا نامێنێت . زۆر شتی وامان بینیوه‌، داعش كۆتایی بێت پێگه‌ی ناوه‌ند قورستر ده‌بێت و گوێ به‌ هیچ نادات و دواكاری كورد ده‌چنه‌ خانه‌ی له‌بیرچونه‌وه‌، كه‌ پرۆسه‌یه‌كی گرنگی له‌م جۆره‌ دوابخرێت و‌ نه‌یارانی ئه‌وه‌نده‌ زۆرو زه‌به‌ند بن، له‌ هه‌ر كاتێكی تردا ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی زۆر كزده‌بێت.

وه‌فده‌كه‌ ئیدیعای ئه‌وه‌یان كرد كه‌ ته‌نها به‌غدا له‌ جێبه‌جێكردنی ریفراندۆم ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ جه‌بێت بزانن كه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌نده‌ بچوك نیه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ ده‌سێكه‌وه‌ بێت یاری پێ بكات و سازشی له‌سه‌ر بكات . بۆیه‌ هه‌ر دواخستنێك بۆ ریفراندۆم بۆ هه‌ر كاتێكی تر بێت وای لێده‌كات به‌ مردوویی له‌دایكبیت و كه‌س باوه‌ری به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی نامێنێت و ئه‌وسا گه‌لی كوردستان ره‌حمتان پێناكات .

با ئه‌و فشاره‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیانه‌ و خه‌ڵكی داروده‌ستی ئه‌م و ئه‌وی نێوخۆ له‌به‌رچاو بگرین، با ململانێ حزبیه‌كه‌ش وای كردبێت كه‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی له‌به‌رچاو گیرابێت و حزب و كه‌سه‌ كورتبینه‌كان به‌ پێی كاری حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كاتی بیریان كردبێته‌وه‌ و ریفراندۆمیان كردبێته‌ مولكی كه‌سێك یان حزبێك، به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی ریفراندۆم نیه‌ و هیچ زه‌مانه‌تێك نیه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی وه‌عده‌كانی به‌غدا له‌م ماوه‌ كه‌مه‌ی بۆ ریفراندۆم ماوه‌ و، ئه‌گه‌ر جیبه‌جێكردنی په‌یمانه‌كانیش بخرێنه‌ پاش دواخستنی ریفراندۆم ئه‌وا ده‌بێت فاتیحه‌ی بۆ بخوێنین و ئه‌و متمانه‌یه‌ نیه‌ كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا راست بكه‌ن و كه‌سیش نیه‌ زامنی راستگۆیی ئه‌وان بێت .
به‌ڵێ ده‌كرێت بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌پاش ریفراندۆم كۆمه‌لێك مناوه‌ره‌ بكرێت و گفتوگۆی چروپر له‌سه‌ر كات و ئالیه‌ته‌كان بكرێت به‌ڵام دواخستنی ریفراندۆم هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌بارده‌بات و سه‌ربه‌خۆیی ده‌خاته‌ تونی باباوه‌ . ده‌كرێت گفتگۆی ئه‌م وه‌فده‌ له‌سه‌ر دانوستان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و دواخستنی بوایه‌ نه‌ك قسه‌یان له‌سه‌ر دواخستن و نه‌خستنی ریفراندۆم و برینه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه‌ له‌ نیوه‌ی رێگاوه‌ بێت .

ئه‌گه‌ر ریفراندۆم دوابخرێت و وه‌عد و په‌یمانه‌كانیش به‌ فرت و فێڵ و مناوه‌ره‌ داپۆشرێت ئه‌وسا ده‌زانین كه‌ هیچیان لێ سه‌وز نابێت، ئه‌ی لۆمه‌ی كێ ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی ناكۆكی حزبی و شه‌خسیان هه‌یه‌ و كونی به‌رژه‌وه‌ندی رق و كینه‌ی شه‌خسی وحزبیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا كرد، یان سه‌رمایه‌داره‌ چاوچنۆك و ملكه‌چه‌كانی ئه‌م و ئه‌وی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی بێ ئه‌وه‌ی بۆ چركه‌یه‌كیش بیریان له‌ ستراتیجی كورد كردبێته‌وه‌ هه‌وڵی بێ پایانی خۆیان خسته‌ گه‌ر، یان ئه‌و كاڵفامانه‌ی كه‌ له‌ پشتخانی حزبی و كاردانه‌وه‌ی شه‌خسی له‌مه‌ر حزبه‌كانی خۆیان ره‌فتاریان كرد، یان ئوانه‌ی په‌ندیان له‌ مێژوو وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌ بیری بچوك و روانینی ته‌سكی رۆژانه‌ وتێكه‌ڵكردنی رق و كینه‌ی كۆن و تازه‌ و ناشاره‌زایی له‌ بیری ستراتیجیه‌وه‌ ره‌فتاریان كرد و خه‌ڵكیان سارد كرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستی بێگانه‌په‌رستیان ده‌ربری .

لۆمه‌ی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ ته‌نها له‌ مه‌یلێكی نارۆسنبیرانه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی رۆشنبیریه‌وه‌ له‌ لایه‌نداری و ناتێگه‌یشتن له‌ بابه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ قسه‌ و ره‌فتاریان كرد یان رۆشنبیره‌ سێبه‌ره‌كانی حزب و حزبچێتی و ناوچه‌چێتی و ته‌نانه‌ت گه‌ره‌كچێتیه‌كان، یان خۆبه‌شتزان و له‌ باڵاوه‌ ته‌ماشاكه‌ران بۆ ئه‌وانیتر و كینه‌ له‌دڵه‌كان . میله‌تی كورد و مێژوو وخوێنی شه‌هیدان لێتان نابورێت به‌ هه‌ر هه‌مووتان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌م كاته‌دا هیچ گرنگیان به‌ یه‌كێتی و ته‌بایی و هاوكاری و هاوپه‌یمانی و یه‌كبون نه‌دا و ته‌نها به‌ ته‌سكبینی و پۆچگه‌راییه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌یان روانی . له‌ دواجاردا میژوو حوكمی خۆی ده‌كات و پاشگه‌زبونه‌وه‌ دادتان نادات .




فیلمێكی كوردی له‌ماوه‌ی 3 مانگدا به‌شداری 25 فێستیڤاڵی جیهانی ده‌كات

فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی كوردی (بێده‌نگی ئاسمان) له‌ده‌رهێنانی جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌فێستیڤاڵی عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام به‌شداری پێشبڕكێی سه‌ره‌كی ده‌كات‌و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی به‌شداری فیلمه‌كه‌ی له‌و فێستیڤاڵه‌دا رایگه‌یاند “فیلمه‌كه‌ به‌شداری له‌فێستیڤاڵی عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام ده‌كات‌و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات”.
وتیشی “فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ 11 بۆ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا ئه‌نجام ده‌درێت”.

(بێده‌نگی ئاسمان) نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كره‌ و به‌سپۆنسه‌ری عه‌باس فازڵ عه‌بدولره‌حمان خاوه‌نی زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌ و به‌ر له‌م فێستیڤاڵه‌ش له‌چه‌ندین فێستیڤاڵی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شداری كردوه‌‌و چه‌ند خه‌ڵاتێكیش پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ له‌خولی چواره‌می فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی زانكۆی بابل‌و پێدانی خه‌ڵاتی برۆنزی له‌به‌شی فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌كانی فێستیڤاڵی سینه‌مایی باشوری جۆرجیا كه‌له‌وڵاتی كه‌نه‌دا ئه‌نجامدرا و له‌ماوه‌ی ته‌نها 3مانگدا به‌شداری 25 فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانی، كردوه‌.
سیناریۆی فیلمه‌كه‌ پشتیوان عه‌بدوڵا نوسیویه‌تی‌و كاری گرافیك‌و ده‌نگ له‌لایه‌ن سه‌باح شادی‌و كاری موزیكی فیلمه‌كه‌ش رامتین لهۆنی جێبه‌جێی كردوه‌.
(بێده‌نگی ئاسمان) كورته‌ فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشنه‌‌و له‌باره‌ی خه‌ونه‌كانی مرۆڤه‌ بۆ ئازادی‌و له‌باره‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه‌شه‌وه‌ جبرائیل ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت “فیلمه‌كه‌ باس له‌خه‌ونی مرۆڤ ده‌كات بۆ ئازادی، به‌وپێیه‌ی كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگا له‌ئازادی بگرێت‌و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكات”.
وتیشی “ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ 100 چركه‌یه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2017-یه‌”.

جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات و هه‌تا ئێستا چوار كورته‌ فیلمی به‌رهه‌مهێناوه‌ و نزیكه‌ی 20 خه‌ڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی به‌ده‌ستهێناوه‌.




گرنگییەکانی چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان … رەزا شوان

ئەدەب وێنەیەکی گەش و جوانی ژیانە، کە تێیدا نووسەر گوزارشت لە هیوا و لە هزر و لە بیرۆکەکانی دەکات. ئەدەب کار بۆ پێگەیاندنی کەسێتییەکی تەواو دەکات، پشتیوانیش لە بەها کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان دەکات. ئەدەب چێژی دروست و ئاراستەی بەرەو جوانی پێکدەهێنێت، لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانە و کۆمەڵایەتی و بە شارستانییەوە هەیە.
چێژی ئەدەبی توانایەکی کەسی تاکە، لە هەستکردنی بە لایەنی لاوازی و بەهێزی و جوانی دەقی ئەدەبی، کە وای لێدەکات خۆشی لەو دەقە ببینێ، یا لێی لووتەلابێت.
منداڵان کە لەدایک دەبن، هەر بە زگماکی و سروشتی، دەروون پاکن، هەست ناسکن، خەیاڵ فراوانن، سۆز شیرینن، خۆش چێژن، جوانیخوازن، ، پڕن لە خۆشەویستی.
چێژی ئەدەبی لە منداڵیدا، کارئاسانی بۆ کاتی گەورەبوونیان دەکات، چونکە ئەوەی کە بە مناڵی فێری دەبن؛ هەرگیز لە یادیان ناچێتەوە. بۆیە پێویستە یارمەتی ئەوەیان بدەین کە هەر لە منداڵییەوە چێژ لە ئەدەب وەربگرن.
منداڵان بە پێی مۆرک و تایبەتمەندییەکانی قۆناغەکانی ژیانیان، بە پێی سروشتی کارە ئەدەبییەکان، بەپێی ئامادەیی و تواناکانیان؛ دەتوانن چێژی ئەدەبی بەدەستبهێنن. کەواتە دەتوانین منداڵان لەسەر چێژوەرگرتن لە ئەدەب، رایانبهێنین و پێیانبگەیەنین.
ئەدەب هونەرە، هونەریش نیشتمانی جوانییە، پەیوەندی چێژیش بە هونەرەوە، لەسەر گەشەکردنی هەستکردنی منداڵان بە جوانییەوە وەستاوە. ئەدەب ئەو توانایەی هەیە کە هۆشی منداڵان بە هەموو ئەو شتانە مەست بکات و زاخاوبدات، کە دەیان ورووژێنن و خۆشیان پێدەبەخشن.
چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان زۆر گرنگ و پێویستە، چونکە لەم سەردەمەدا ئەدەبی منداڵان بووە بە پێویستییەکی زور گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی، بووە بە فاکتەر و مەرجێکی گرنگ و بنەڕەتیش بۆ گەشەکردنی رۆشنبیریی منداڵان لە رووی زانستی و پەروەردەیی و هەستیاری و کۆمەڵایەتییەوە؛ چونکە ئەدەب کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەی هەیە لە زاخاودانی هۆشی منداڵان و لە گەشەکردنی توانا هوشییەکانیان و لە سۆزداری و لە بەهرە و ئارەزووەکانیان، لە ورووژاندنی هەستیان، لە ختووکەدانی چێژی ئەدەبییان.
روون و ئاشکراشە، کە جیهانی منداڵان، جیهانێکی پاکە، پڕە لە جوانی، لە خەیاڵی فراوان، لە خۆشەویستی، لە هیوا و خەونی شیرین، لە خەندە و پێکەنین، لە سۆز و راز و نیازی پاک، لە قسەی خۆش و سەیر و سەمەرە، لە سادەیی و ساویلکەیی.
ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە، ئەوەیە کە هەمیشە پاڵپشتیان بین، یارمەتیان بدەین، هانیان بدەین، چاودێرییان بکەین، رێنمایی باشیان بکەین، پێویستە خۆشمان بە کرداری ببین بە نموونەی باش و بە پێشەنگ بۆیان. بەو بارەشدا ئاراستەیان بکەین، کە ئەو جوانییە سروشتییانەیان، ئەو خەیاڵە فراوانەیان، تواناکانیان بە ئاراسەی کارجوانی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی و سوودبەخشیدا ئاراستەبکەین.
منداڵان زۆریان پێیە، زۆریان لە باردایە، پڕن لە بەهرە، لە خەیاڵی فراون، لە حەزی دۆزینەوە و داهێنان، لە تاقیکردنەوە و زانین و فێربوون و وەرگرتنی زیاتر و زیاتر.
منداڵان بە سەروشتی حەز بە هەموو شتێکی جوان دەکەن، چێژێکی ئەدەبی زۆر لە چیرۆکی خۆش و لە هۆنراوەی ناسک و لە شانۆ و لە گۆرانی و سروود وەردەگرن.
دێینە سەر گرنگترین گرنگییەکانی چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان، باشترین رێگەش بۆ ئەوەی منداڵان هۆگری ئەدەب ببن و چێژ و خۆشی لێوەەربگرن، بە کورتی:
١ـ پێویستە هەر لە منداڵییەوە، بە گۆڤار و بە پەرتووکی وێنەداری رەنگاوڕەنگ گەش ئاشنیان بکەین. هەر لە منداڵییەوە خوێندنەوەیان لا خۆشەویست و لا شیرین بکەین، تا ببن بە هۆگری هەمیشە و بە ئالوودەی خوێندنەوە، یارمەتیشیان بدەین لە هەڵبژاردنی ئەو دەق و بابەتانەی لەگەڵ تەمەن و توانا و زمان و لەگەڵ ئارەزووەکانیان دا لەبارن. پێویستە لە دەستپێکدا، پەرتووکی رەنگاوڕەنگی وێنەداری ئاسانیان بۆ دابین بکەین. وێنەی جوانی رەنگاوڕەنگ زۆر یارمەتیدەرن، بۆ ئەوەی منداڵان بە ئاسانی فێری خوێندنەوەی وشە تازەکان و رستەکان ببن و لە واتاکانیان بگەن. بە خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکەش، دەتوانن بیرۆکەی دەقە هەڵبهێنجێنن. لە مەبەستی نووسینەکە بگەن. گۆڤاری منداڵان و پەرتووکی رەنگاوڕەنگی گەش و ئاسان، بۆ منداڵانی قۆناغە سەرەتاییەکانی منداڵان، زۆر بەسوودن بۆ چەکەرەکردنی چێژی ئەدەبی لای منداڵان.
٢ـ پێویستە دایکان و باوکان پەیوەندێکی هەمیشەییان لەگەڵ مامۆستاکانی منداڵەکانیان هەبێت، بە تایبەتیش لەگەڵ مامۆستایانی زمانی کوردی. پێکەوە هاندەری منداڵەکانیان ب، بێجگە لە کتێبی خوێندنەوەی بڕیاردراوی قوتابخانە، بە کتێبی هەمەجۆرەی تریش ئاشنایان بکەن، ئارەزوو و چێژی خوێندنەوەیان لا گرنگ و شیرین بکەن. پێویستە منداڵەکانیشیان سەرپشک بکەن لەو بابەتانەی کە خۆیان حەز بە خوێندنەوەیان دەکەن و چێژیان لێوەردەگرن. بۆ هاندانیشیان پێویستە ستایش و ئافەرینیان بکەن، پاداشتیان پێشکەش بکەن، دوای ئەوەی کە چەند کتێبێک دەخوێننەوە.
٣ـ گەر بکرێ، منداڵەکانتان بەرن بۆ کوڕ و سمیناری ئەدەبی و نمایشی شانۆیی و ئاهەنگی گۆرانی، بە تایبەتیش ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەیە، بۆ ئەوەی ببینن و ببیستن و بزانن، دوایش بە شێویەکی ئاسان رای ئەوان و خۆشتان دەربارەی بابەتە پێشکەشکراوەکان باس بکەن. بزانن تا چ رادەیەک منداڵەکانتان لە بابەتەکان تێگەیشتوون و چێژیان لێوەرگرتوون.
٤ـ بەری ئازادی لە منداڵەکانتان مەگرن، با بە ئەوپەڕی سەربەستی و راشکاوییەوە و ئازادییەوە گوزارشت لە لە سۆز و هەستەکانیان بکەن، چونکە چێژی ئەدەبی تەنها لە خوێندنەوەدا نییە، بەڵکو پێویستە رووبەرێکی باشیش بە منداڵەکانتان ببەخشن، بۆ ئەوەی بە ئازادی و ئارەزووزی خۆیان، بەو شێوازەش کە خۆیان دەیانەوێت گوزارشت لە راو و بۆچوون و هەستەکانان بکەن.
٥ـ بێگومان پەرتووکخانەی گشتی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی منداڵاندا، بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان، بە خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی کە حەزیان لێدەکەن خۆیان مەستی خوێندنەوە بکەن، سامانی زمان و رۆشنبیریی گشتیشیان دەوڵەمەنتر بکەن. پێویستە هانی منداڵەکانتان بدەن بۆ ئەوەی ببنە سەردانکەر و ئاشنای هەمیشەی پەرتووکخانە و بە دۆستی پەرتووک و خوێندنەوەش بببێت بە پێویستییەکی گرنگی هەمیشەی ژیانیان. باشتریش وایە کە لە ماڵەوە، پەرتووکخانەی تایبەتی خۆیان هەبێت، بە گۆڤاری منداڵان و کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری رەنگاوڕەنگی ئاسانی زانیاری و ئەدەبی بۆیان بڕازێننەوە، تا لە منداڵییەوە ئاشنای پەرتووک و هۆگری خوێندنەوەبن.
٦ـ هەمیشە هانی منداڵەکانتان بدەن بۆ ئەوەی بپرسن. وەڵامی راست و دروستی هەموو پرسیارەکانیان بدەنەوە. ئێوەش دەربارەی ئەو بابەتانەی خوێندیانەوە لێیان بپرسن.
٧ـ چێژ وەرگرتنی منداڵان لە زمان و لە جوانییەکانی، یارمەتیدەرە بۆ چالاکردنی هەست و بیر و سۆز و وێژدانی، بۆ بەدەستهێنانی توانای چێژوەرگرتن، بۆ ئەوەی بە جوانیش زمانەکەیان بەکاربهێنن.
٨ـ ئەو منداڵانەی کە چێژی ئەدەبییان هەبێت، گەلێ شارەزایی بەدەستدەهێنن، وەکو:
دەتوانن بە زمان، بە ئاخاوتن و نووسین یا بە وێنەکێشان، گوزارشت لە بیرۆکەکانیان و لە هەستەکانیان بکەن. رۆشنبیرییەکی گشتیشیان دەبێت. ئامادەیی و ئازایی ئەدەبیشیان دەبێت، بۆ دەربڕینی راستەوخۆ و دانەمان و وەڵامی یەکسەر.
٩ـ چێژی ئەدەبی و زمان، بوارێکی زیاتر و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ منداڵان دێنێتەدی. بە دروستی هەڵسوکەوت دەکەن و بە ئاسانی تێکەڵی کۆمەڵ دەبن، هەستی مرۆڤایەتییان زیاتر دەبێت. ئەمەو چێژی ئەدەبی چارەسەری گەلێ لایەنی دەروونی نەرێنی منداڵان دەکات، وەکو: گۆشەگیری، خەمناکی، شلەژان لە هەڵوێستەکانیان.
١٠ـ پێویستیشە، دایکان و باوکان و مامۆستاکان، ببنە نموونەی باش و بە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان و بۆ قوتابییەکانیان، ئەگەر ئەوان بخوێننەوە، باسی چێژ ئەدەبی و خۆشی ئەو بابەت و پەرتووکانە بکەن کە خوێندوویانەتەوە، ئەمە باشترین و ئاسانترین رێیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان، چاویان لێبکەن و حەز بە خوێندنەەوە بکەن.
بە داخەوە لە ئەمڕۆدا، لە کەم لە ماڵەکاندا پەرتووکخانە هەیە، رێژەیەکی کەمی دایکان و باوکانیش پەرتووک و گۆڤار دەخوێننەوە. ئەمەش خاڵێکی نەرێنییە بۆ گەشەنەکردنی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان و چیژی ئەدەبی.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم، مرۆڤ هەرچەند پێشبکەوێت، هەرچەند تەکنۆلۆژیا شتی تازە و سەیرتر دابهێنێت. بایەخ و گرنگی و سوودەکانی خوێندنەوە، بە دێژایی سەردەمەکان دەمێنێتەوە.


رەزا شوان

نەرویج: (٢٠ی/ ئاوگوست/ ٢٠١٧)