وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز


خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید
……

کتێبی ‘وەهمێک’، لە نووسینی ڕیچارد داوکینزە و لەلایەن نوری کەریمەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێرداوەتە سەر زمانی کوردی و هەروەها لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. چاپی یەکەمی بە زمانی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 و تاکو ئێستا بۆ زۆربەی هەرە زۆری زمانەکان وەرگێڕدراوە.
‘وه‌همێک’، به‌ناوبانگترین به‌رهه‌می زینده‌وه‌رزانی گه‌شه‌یی، ئیثییست و پرۆفیسۆری پێشووی زانکۆی ئوکسفۆردی به‌ریتانیا ڕیچارد داوکینزه1941. نووسەر ئەزمونێکی پڕ نووسینی بابەتی زانستی هەیە و لەم پەیوەندەدا، یەکەم کتێبی ‘جینی خۆویست The Selfish Gene’ـــە کە دەگەڕێتەوە بە ساڵی 1976.

‘وه‌همێک’ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمیی زانستیی هەمەلایەنەیە سه‌باره‌ت به‌ ئاین لە گۆشەنیگای داروینیزمەوە، بۆیە خوێندنه‌وە و تێگەیشتنی تەواوی ئەم کتێبە، پێویستی بە ئاستێک له‌ ڕۆشنبیرییە لە پەیوەند بەم زانستەدا، بە دیاریکراوی خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارلز داروین و هەروەها لە بواری گه‌ردوونزانیدا. بابەتە زانستییەکانی ئەم کتێبە زۆر لەوە زێترە کە تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بێت دەربارەی ئاین. خوێندنەوەی و قسەوباس لەسەری، ئاستی ڕۆشنبیری خوێنەر دەباتە سەرەوە، کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبەدا. دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەدا، کەچی هێشتا قسەوباسی بابەتەکانی و کۆڕ و سیمیناربەستن لەم پەیوەنددا نەک هەر که‌م بۆتەوە، بەڵکو بە هۆی ئەو هەلومەرجەی سیاسییانەی هاتوونەتە ئاراوە، تاوێکی بە تینتری بە خۆیەوە گرتووە. مەبەستی منیش لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بانگەوازە بۆ خوێندەنەوە و چەندبار خوێنەوەی ئەم کتێبە و کردنەوەی دەرگای قسەوباس و توێژینەوەی بابەتە زانستییەکانی. ‘وەهمێک’ لە پێشەکییەک و دە بەش پێکهاتووە، بۆ ناساندنی هەر بەشێک، کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڵاو دەبێتەوە، من تەنیا ئاماژە دەکەم بە خاڵە سەرکییەکانی بەو هیوایەی کە هاندەر بێت بۆ خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکە.

به‌شی یه‌که‌م
بێباوه‌ڕمه‌ندێکی ئاینیی تۆخ
هەوڵ نادەم خوایەکی کەسی بهێنمە بەرچاوی خۆم؛ ئەوەندە بەسە بە ترسەوە لە بەردەم پێکهاتی جیهاندا ڕابوەستین، تا ئەوهندهی ڕێگە دەدات، هەستی هەڵسەنگاندنی ناتەواومان بەرز دەینرخێنێت.
ئالبرت ئەنیشتاین

نوسه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌مدا، ئاماژه‌ ده‌کات به‌ بیروباوه‌ڕی چه‌ند بیرمه‌ند و زانای وه‌کو ئه‌نشتاین و هاوکینگ، کە لە ناو بابەتە زانستییەکانیاندا ئاماژیان بە ‘خوا’ کردووە. ئەمە بۆتە سەرچاوەی بە هەڵە لێکدانەوەی یه‌کخواگه‌ره‌کان، که‌ گوایه‌ ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ بیرباوەڕی ئاینی یەکخواگەرییان هەیە. به‌و شیوه‌یه سەرلێشێوادنێکی ئالۆز دروست بووە. دیاره‌ ئه‌مه‌ش لە ئاکامی نەتوانینی جیاکردنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت ئاینی ئەنیشتاینی لە ئاینی سروشتبەدەر. هەندێک جار ئەنیشتاین ناوی ‘خوا’ی بردووە به‌ڵام نەک ‘خوای کەسی’، بەڵکو ‘خوا’ بە واتا مەجازییەکەی، هەر شتێک کە بۆی ناڕوون بووە و لێیتێنەگەیشتووە بە ‘خوا’ ناوی بردووە. خوای ئاینەکەی ئەنیشتاین ‘هەمەخوایی’یە نەک ‘خوای کەسی’ هەر سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە.

فیزیازانی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ (هەروەها ههندێک ئیسییستی تریش)، ستێڤین وینبێرگ لە خەونەکانی دوابیردۆزدا، ئاماژەی بەم خاڵە کردووه باشتر لە هەرکەسێکی تر:
هەندێک خەڵک بۆچوونگەلێکیان هەیە لەسەر خوا، کە زۆر بەرین و لاستیکییە، بەناچاری لە هەموو شوێنێکدا بۆی دەگەڕێن بیدۆزنەوە. کەسێک گوێبیست دەبێت، کە ‘خوا ئەوپەڕە (مطلقة)’ یان’خوا باشترین سروشتمانە” یان’خوا گەردوونە.’ بێگومان وەک هەر وشەیەکی تر، دەتوانین چۆنمان پێ خۆشە، وەها واتای وشەی’خوا’ لێک بدەینەوە. ئەگەر ویستت بڵێیت، ‘خوا وزەیە،’ ئیتر ئەوسا دەتوانیت خوا لە کڵۆیەک خەڵوزدا بدۆزیتەوە.
بێگومان وینبێرگ ڕاست دەکات، ئەگەر وشەی خوا بەتەواوی لەکار نەکەوێت، دەبێت بە شێوەیەک بەکار بهێنرێت، کە خەڵک بەگشتی تێی بگات: وەک نیشانەیەک بۆ ئافرێندەرێکی سروشتبەدەر بۆ ئەوەی’بۆمان گونجاو بێت بۆ پەرستن.’ ئەوە ڕوونە کە هەندێک لە زانایان لەناو نووسینەکانیاندا ناوی ‘خوا’ دەبن، هەر بەو واتایەی کە ئەنشتاینی لێرەدا ئاماژەی پێدەکات:

“من بێباوەڕمەندێکی ئاینیی تۆخم. ئەمەش بۆخۆی جۆرێکی تازەیە لە ئاین. هەرگیز سروشتم بە هییچ مەبەستێک یان ئامانجێک یان هەرشتێک نەزانیوە، کە بکرێت وەک شتێکی مرۆیی چاوی لێ بکرێت. ئەوەی من لە سروشتدا دەیبینم، پێکهاتێکی مەزنە، کە تەنیا دەتوانین بە شێوەیەکی ناتەواو تێیبگەین و ئەمەش وا دەکات، کەسی بیرکەرەوە هەست بە خۆبەزلنەزانی بکات. ئەمە هەستێکی ڕاستەقینەی ئاینییە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە خواناسییەوە نییە. بیرۆکەی خوای کەسی، تەواو بێگانەیە بە من و هەتا وا دەردەکەوێت بیرێکی ساویلکانە بێت.’
بۆ هەرچی زێتر ڕوونکردنەوەی ئاینی ئەنشتاینی، نووسەر وتەیەکی تری ئەنشتاین دەهێنێتەوە‌: “وا هەست بکرێت لەپشت هەر شتێکەوە کە بتوانرێت دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکرێت، شتێک هەیە مێشکی ئێمە ناتوانێت لێی تێبگات و جوانی و مەزنییەکەی تەنیا ناڕاستوخۆیانە پێمان دەگات و وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی لاواز، ئەمە ئایندارێتییە. بەم واتایە، من کەسێکی ئاینیم.” بەم واتایە، نوسه‌ریش ده‌ڵیت، منیش کەسێکی ئاینیم، بەو مەرجەی ئەوەی ئێستا “لە توانای تێگەیشتن بەدەرە،” بەو واتایە نییە، کە “بۆ هەتاهەتایە شیاوی تێگەیشتن نییە.” بەڵام ئه‌و پێی باشە، بە خۆی نەڵێت ئاینی، چونکە ئەم شێوە بەیانکردنە بەهەڵەدابەرە. چەواشەکارێکی وێرانکەرە، لەبەرئەوەی بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، ”ئاین” واتای “سروشتبەدەری” دەگەیەنێت. کارل ساگان لەلای خۆیەوە ئەمەی باش ڕوون کردۆتەوە:» … ئەگەر کەسێک مەبەستی لە (خوا)، کۆمەڵێک یاسای فیزیاوی بێت بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون، ئاوا ئیتر ئاشکرایە خوایەکی وەها هەیە. ئیتر ئەم خوایە پێویستییە هەستییەکانمان بەئەنجام ناگەیەنێت… نابەجێ دەر دەچێت، نوێژ بۆ یاسای کێشی زەوی بکەیت.”

لە ئیسییزم؛ پێشەکییەکی زۆر کورتدا، جولیان باجینی پەیوەندیی ئیسییست بە سروشتخوازییەوە ڕوون دەکاتەوە: “زۆربەی ئیسییستان لەو باوەڕەدان، بەدیاریکراوی یەک جۆر شت هەیە لە گەردووندا، کە ئەویش مادده‌یە، بەڵام هۆش، جوانی، هەست، بەهای ڕەوشتی، لەو شتەوە دێت ــ بەکورتییەکەی، تەواوی ئەو دیاردانەی دەوڵەمەندی دەدەن بە ژیانی مرۆڤ. هەستی مرۆڤ، لە پێکەوەبەستنەوەی پڕئاڵۆزی ئێجگار زۆری قەوارە فیزیکییەکان لەگەڵ مێشک، سەرچاوە دەگرێت. بەم واتایە، ئیسییست لە بۆچوونی فەیلەسوفێکی سروشتخوازدا، ئەو کەسێکە لەو باوەڕەدایە، کە هیچ شتێک لە دەرەوەی سروشت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهانی ماددی بوونی نییە، هیچ بوونەوەرێکی زیرەکی ئافرێندەری سروشتبەدەر، لەپشت گەردوونی بەرچاو بەنهێنی نابزووێت، هیچ گیانۆکەیەک زێتر لە لەش ناژی و هیچ پەرجوویەک لەئارادا نییە، مەگەر ئەوەی دیاردەیه‌کی سروشتیی هەبێت، کە هێشتا تێی نەگەیشتووین. ئەگەر شتێک هەبێت، کە وا دەر دەکەوێت دەکەوێتە پشتی جیهانی سرووشتەوە، وەک ئەوەی کە تائێستا بەتەواوی تێینەگەیشتووین، ئومێدەوارین لە ئاکامدا تێیبگەین و بیکەین بە بەشێک لە سروشت. ئیتر پەلکەڕه‌نگینه‌ کەمتر بۆمان جێگەی پرسیارە، چونکە دەزانین لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو شتێکی تریش هەر ئاوایە.”

ئەگەر بێتو بە وردییەکی زێترەوە تاووتوێی بیروبۆچوونەکانی ئەو زانا لێهاتووانەی ئەم سەردەمەمان بکەین، ئەوانەی کە وا باسیان لێوە دەکرێت ئاینی بن، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە وەها نین. بەدڵنیایییەوە لەپەیوەند بە ئەنیشتاین و هاوکینگدا هەر ئەمە دروستە. مارتین ڕیس، ئەستێرەناسی هاوچەرخ و بەرپرسی ڕێکخراوی پاشایەتی، وەک “بەریتانییەکی بێباوەڕ… وەک وەفادارییەک بۆ خزم و کەسوکاری’ دەچێت بۆ کڵێسا، نە وەکو ئەوەی بیروباوەڕێکی یەکخواگەرانەی هەبێت. هەروەها خۆی بە بەشدار دەزانێت لەو سروشتخوازییە هۆنراوەیییەی گەردوون لەنێو زانایانی تر و گەلێک ئیسییستی ڕۆشنبیردا هەیە، کە بە شانازییەوە بە خۆیان دەڵێن جوولەکە و پەیڕەوی مەڕاسیمی ئاینی دەکەن، کە لەوانەیە لە وەفادارییانەوە بێت بۆ دابونەریتی کۆن یان بۆ خزمانی کوژراویان، یان دەکرێت لەبەر ویستێکی ناڕۆشن و سەرلێشێواوانە بێت بۆ لێدانی مارکەی “ئاین” بەو ڕێزە هەمەخوایییە، کە گەلێک لە ئێمە خۆمان دەبینینەوە لەگەڵ دیارترین مرۆڤی بەتوانا، ئەلبێرت ئەنشتاین. لەوانەیە باوەڕیان نەبێت، بەڵام باوەڕیان بە باوەڕ هەیە.

هه‌روه‌ها له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا په‌یره‌و ده‌کرێن، و زۆربەی خەڵک قبووڵی دەکەن هەتا بەو کەسانەشەوە، کە دانوویان لەگەڵ ئاین ناکوڵێت ــ یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوەیە کە باوەڕی ئاینی بەتایبەتی بەرگەنەگرە و دەبێت بپارێزرێت بە دیوارێكی ئەستووری نائاسایی لە ڕێز، جۆرێک لە ڕێز کە تەواو جیاوازە لەو ڕێزەی دەبێت هەر مرۆڤ هەیبێت بۆ مرۆڤی بەرامبەری. کە ڕێزێکی زۆر زێتر لە پێویست لە ئاین دەگیرێت، نابێت ڕه‌خنه‌ی لێبگیرێت. باشە بۆچی ئەمە ئاوایە، کە تەواو ڕەوایە لایەنگری بکەیت لە پارتێکی کرێکاری یان پارتێکی کۆنەپارێز، کۆماری یا دیمۆکراتی، ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەبەرامبەر ئەوی تردا، بەڵام ئەگەر بۆچوونێک هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن گەردوون دەستی پێ کردووە، لەسەر ئەوەی کێ گەردوونی دروست کردووە.. نا، ئەوە پیرۆزە؟… ئێمە وەها خوومان گرتووە، کە بیروباوەڕی ئاینی نەخەینە ژێر پرسیارەوە. ئاین لەلای کۆمەڵگا، زۆر زێتر و لەپێشترە لە ڕێز بۆ مرۆڤ.
له‌م به‌شه‌دا چه‌ند زاراوه‌یه‌ک به‌کارهاتوه‌، وه‌کو گەردوونخوایی، هەمەخوایی، یەکخواگەری، ….
گەردوونخوا بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەر هەیە، بەڵام کارەکانی لە چوارچێوەی دامەزراندنی یاساگەلێکدا بووە بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون بە پلەی یەکەم. ئیتر لەپاش ئەوە خۆی بە دوور گرتووە لە هەر خۆ تێهەڵقورتاندنێک و بەدڵنیایییەوە، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی نییە لە کاروباری خەڵکدا.

یەکخواگەر بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەرە، کە سەرەڕای کاری سەرەکیی ئافراندنی گەردوون لە سەرەتاوە، هێشتا لە جێگەی خۆی ماوە، چاودێریی دەکات و دەستکاریی چارەنووسی کاری سەرەتای خۆی دەکات. خەریکی کاروباری مرۆڤە. وەڵامی نویژکەران دەداتەوە؛ لە گوناهکاران دەبوورێت یان سزایان دەدات؛ لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەرجووەوە، لە کاروباری جیهاندا خۆی هەڵدەقورتێنێت؛ مەراقی کاری چاکە و خراپە دەخوات و بەو پێیە مامەڵە دەکات.
هەمەخوایان بەهیچ جۆرێک بڕوایان بە خوایەکی سروشتبەدەر نییە، بەڵام وشەی خوا بەکار دەهێنن وەک وشەیەکی هاوواتای ناسروشتبەدەر بۆ سروشت، یان بۆ گەردوون، یان بۆ سستمی یاسایییەک بۆ بەڕیوەبردنی کارەکانی. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە یەکخواگەران، بەوەی کە خواکەیان وەڵامی نوێژکەران ناداتەوە، گوێ نادات بە گوناهـ و داننان بە گوناهدا، مێشکمان ناخوێنێتەوە و هەوەسبازانە لە ڕێگەی پەرجووەوە خۆی هەڵناقورتێنێت. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە هەمەخوایان، بەوەی کە خواکەیان جۆرێکە لە هۆشمەندێکی گەردوونی، وەک لەوەی هاوواتایەکی شاعیریانە یان مەجازییانەی هەمەخوایەک بێت بۆ یاساکان و گەردوون. هەمەخوایی ڕتووشکردنی ئیسییزمە. گەردوونخوایی هێزداچۆڕینی یەکخواگەرییە.




كه‌ته‌لۆنیاو كوردستان له‌ پایزێكی گه‌رمدا … عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

له‌ ماوه‌ی 171 ساڵی رابردوودا, له‌ جیهان 108 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ فه‌رمی و نافه‌رمی به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2005ی كوردستانیشه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌,چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كه‌م هه‌فته‌ی پایزی گه‌رمی ئه‌مساڵیش دوو ریفراندۆمی پڕ له‌ كێشه‌و چون یه‌ك و نزیك له‌ یه‌ك له‌ كات و هه‌ڵوێستی نێو ده‌وڵه‌تی و دابه‌شبوونی به‌ره‌كان له‌ كوردستان و كه‌ته‌لۆنیا ئه‌نجام بدرێت, كه‌ته‌لۆنییه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌ كۆماری سه‌ربه‌خۆوه‌ بچێنه‌ ناو ساڵی 2018 ه‌وه‌, وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان و شێوازی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌كه‌یان تا ئێستا رانه‌گه‌یاندووه‌, نا زانین به‌ چ جۆره‌ كه‌شتییه‌ك ده‌مان به‌نه‌ جیهانی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌.

خه‌ریكه‌ به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات, چه‌مكی ریفراندۆم جێگای خه‌باتی چه‌كداری له‌ جیهاندا بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی بگرێته‌وه‌, رۆژ به‌ رۆژیش ئه‌م چه‌مكه‌ زیاتر شوێن پێی خۆی نه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی بگره‌ بۆ سه‌رجه‌م خواسته‌كانی مرۆڤایه‌تی بكاته‌وه‌, ئه‌مرۆ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان سه‌دان پارتی سیاسی له‌ ده‌یان وڵات كار بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی راسته‌وخۆ ده‌كه‌ن له‌ بری دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی مردوو كه‌ نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی مرۆڤ بكات , ریفراندۆم یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانیه‌تی, مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم نه‌ك ته‌نها بۆته‌ باو له‌و وڵاتانه‌ی ته‌نگشه‌ی ئابوری و سیاسیان هه‌یه‌ و له‌ روی پێكهاته‌یی ئاینی و نه‌ته‌ه‌ییه‌وه‌ فره‌یین, به‌ڵكه‌ چه‌ندین هه‌رێمی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش هه‌ر له‌ كالیفۆرنیاوه‌ بگره‌ تا بۆرتریكۆ تازه‌ترینیشیان دورگه‌ی گوامییه‌ داوای ریفراندۆم ده‌كه‌ن بۆ جیابونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی, هه‌ندێكیان به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ندێكی كه‌شیان به‌هۆی په‌راوێزخستن و داگیركارییه‌وه‌یه‌, كه‌واته‌ تا دێت خواستی سیاسی له‌سه‌ر كاڵای ریفراندۆم زیاد ده‌كات و گه‌رده‌لولی ریفراندۆم ره‌شماڵی سایكیس بیكۆكانی رابردوو راده‌ماڵێت و له‌ روی سیاسیشه‌وه‌ دیموكراسی راسته‌وخۆ په‌لاماری دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی ده‌دات, كه‌ به‌م گه‌ڕو گولییه‌ی ئێستای ناتوانێت وه‌ڵام به‌ خواسته‌كانی مرۆڤایه‌تی بداته‌وه‌.

ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنیا

بڕیاره‌ یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ته‌لۆنییه‌كان ((كه‌ته‌لۆنیا یه‌كێكه‌ له‌ هه‌رێمه‌كانی ئیسپانیا, روپێوه‌كه‌ی 32,106 كیلۆمه‌تر دوجاره‌و ژماره‌ی دانیشتوانیشی 7,539,618 كه‌سه‌ له‌وانه‌ 1104782 كه‌سیان بێگانه‌ن كه‌ ده‌كاته‌ نزیك 15%, كۆی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی له‌ ساڵی 2012 255,204 ملیار دۆلاره‌, قه‌باره‌ی ئابورییه‌كه‌ی هاوتایه‌ به‌ ئابوری پاكستان و كۆڵۆمبیا, داهاتی تاكی 33,580 دۆلاره‌ له‌ ساڵێكدا)) بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و له‌ راپرسیه‌كدا ده‌نگ به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌یان یاخود مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیسپانیا بده‌ن, كه‌ هه‌رسێ پارتی كه‌ته‌لۆنی (چه‌پی كۆماری كه‌ته‌لۆنی Esquerra Republicana de Catalunya (ERC), نزیكایه‌تی دیموكراتی كه‌ته‌لۆنی (راست) Democratic Convergence of Catalonia (CDC)(17-11-1974دامه‌زراوه‌), پارتی چه‌پگه‌رای كوبPopular Unity Candidacy (CUP) بڕیاریان له‌سه‌ر داوه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی 72 ده‌نگ له‌ كۆی 135 كورسی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌, به‌ پاڵپشتی كۆمه‌ڵێك پارت و گروپی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ زۆریان گروپی چه‌پگه‌رای ده‌سته‌بژێری بچوكن, له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی گه‌لی ده‌سه‌ڵاتدار (راستی پارێزگار) و سۆسیالست و پارتی راستگه‌رای سیودانۆس به‌ توندی دژی ریفراندۆمه‌كه‌ن, له‌م نێوه‌دا لیستی پێكه‌وه‌ ده‌توانین پۆدیمۆس-شیوعی پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌كه‌ن و به‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی ده‌زانن وه‌ك تاكه‌ پارتی نیشتمانی ناو په‌رله‌مان, وه‌لێ به‌شێكیان له‌ گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌ستبه‌جێی سه‌ربه‌خۆیی نین و پێیان وایه‌ پێویسته‌ ده‌ستوری وڵات بۆ ئه‌وكاره‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌, ئه‌ویش پێویستی به‌ سێ له‌سه‌ر چواری كورسییه‌كانی په‌رله‌مانه‌ بۆیه‌ محاڵه‌ به‌م نه‌خشه‌ سیاسییه‌ی ئێستاوه‌ بێته‌ دی.

بڕیار وایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا هه‌ردوو یاسای راپرسی و پرۆژه‌ی یاسای راپرسی بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین په‌سه‌ند بكه‌ن:
https://drive.google.com/file/d/0Bxrh_sv1paPsdFNiRDhrSndvTTA/view , لێره‌دا ئه‌وانه‌ی دژ به‌ سه‌ربه‌خۆین به‌شداری ده‌نگدانه‌كه‌ ناكه‌ن وئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ به‌ نایاسایی ده‌زانن.
حكومه‌تی ئیسپانی بڕیاری داوه‌, ئه‌وه‌ی به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كه‌, بانگه‌شه‌كردن و رواندنی مامه‌ڵه‌,ده‌نگدان و بڕیاردان , له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌ حكومییه‌كان سزا بدات و له‌كاره‌كانیان دوریانبخاته‌وه‌, هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی راگرتنی بودجه‌شی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كرد و كار گه‌یشته‌ سه‌ر په‌لاماری سه‌ربازیش, وه‌زیری به‌رگری ئیسپانیا دولوربس دی كۆزبیدال داوای له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان كرد سه‌لامه‌تی و یه‌كپارچه‌یی ئیسپانیا بپارێزن, ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی سه‌ربازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ سه‌رده‌می دكتاتۆری فرانكۆ(1936-1975) له‌ به‌رگی دیموكراسیدا, دوای په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ وه‌زیری به‌رگری ئیسپانی رایگه‌یاند ئێستا ئه‌وان له‌ ئینزاری چواردان, یه‌ك هه‌نگاو ماوه‌ بۆ ئینزاری 5 تا ببێته‌ حوكمی عورفی له‌ وڵات, له‌ دوای سه‌رده‌می جه‌نه‌راڵ فرانسیسكۆ فرانكۆوه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سوپا به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت, ته‌نانه‌ت له‌ 11ی ئازاری ساڵی 2004 دا كه‌ قاعیده‌ ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌كانی مه‌دریدی ئه‌نجامدا كه‌ 191 كه‌س بوونه‌ قوربانی و 1755 كه‌سیش بریندار بوون , وه‌ له‌ هه‌شتاكان كه‌ سوپای ئیتای باسكی 425 كه‌سی له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا كوشت , كه‌چی له‌وكاتانه‌ حوكمی عورفی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی نه‌كراوه‌, ئێستا به‌ به‌هانه‌ی شه‌ڕی تیرۆره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی كه‌ته‌لۆنییه‌كان بكه‌ن, رۆژنامه‌ی بایسی نزیك له‌ سۆسیالسته‌كان داوای له‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كان كرد واز له‌ ریفراندۆم بهێنن به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانه‌وه‌, ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی سۆسیالسته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بێت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداره‌ راستگه‌راكه‌ی وڵات چی بڵێن؟,چاودێران پێیان وایه‌ شۆفینیه‌تی حكومه‌ت كه‌ ده‌ربڕی شۆفینیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ له‌ دوای ده‌سه‌ڵاتی فرانكۆوه‌ گه‌یشتۆته‌ پۆپه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ی 1ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات, هاوكات له‌ 6ی شوبات ئه‌رتۆر ماس و جوانا ئۆرتیغا دادگایی كران له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌ شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی 2014, له‌ مانگی ئازار له‌ ئه‌رتۆر ماس قه‌ده‌غه‌ كرا بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له‌ وه‌رگرتنی كاری گشتی (حكومی) دور خرایه‌وه‌و سزای 36500 ئیرۆش درا.

ریال و به‌رشه‌

ململانێی ریال و به‌رشه‌لۆنه‌, ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی هه‌ردوو پایته‌خته‌,روحی ململانێی ئیسپان و كه‌ته‌لۆنیایه‌, ئه‌م ململانێ 303 ساڵیه‌ له‌ 11ی ئه‌یلولی 1714ه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌ به‌رده‌وامه‌, له‌و رۆژه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا ئاڵاكه‌ی هێنرایه‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌رده‌می فلیپی پێنج خرایه‌ سه‌ر ئیسپانیا و كۆتایی به‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كه‌ی هێنرا ده‌ستیپێكردوه‌, كه‌ته‌لۆنییه‌كان ئه‌و رۆژه‌ له‌ بیر ناكه‌ن و هه‌ر بۆیه‌شه‌ 11 ی سه‌پته‌مبه‌ر به‌ رۆژی سه‌ربه‌خۆیی ده‌زانن.
له‌ 14ی نیسانی 1931 دا كۆماری كه‌ته‌لۆنیا تاك لایه‌نه‌ راگه‌یه‌نرا فرانسیسك ماكیا كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی چه‌پ له‌ ساڵی 1931 له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگای لێپێچینه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا دیاری كرا به‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی وڵات له‌ دوای 214 ساڵ داگیركاری,له‌ ساڵی 1932 له‌ دوای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی به‌ره‌ی گه‌ل (سۆسیالست-شیوعی) له‌ ئیسپانیا, كه‌ته‌لۆنییه‌كان به‌ فه‌رمی ئۆتۆنۆمیان وه‌رگرت و زمانی كه‌ته‌لۆنیش بووه‌ زمانی فه‌رمی وڵات.

وه‌لێ زۆری نه‌خایاند كاتێك سه‌رۆكی فاشیستی ئیسپانیا جه‌نه‌راڵ فرانسیس فرانكۆ كوده‌تای كرد له‌ 8ی ئابی 1936, حكومه‌ته‌ چه‌پگه‌را خاوه‌ند ئۆتۆنۆمییه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و زمانه‌كه‌شیانی قه‌ده‌غه‌ كرد, جوسیب سۆنال سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ده‌ستگیر كرد و ئیعدامی كرد, دوای فرانكۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی سسته‌می پاشایه‌تی بۆ وڵات له‌ ساڵی 1975 دا , له‌ راپرسی ساڵی 1978 دا , 90%ی كه‌ته‌لۆنییه‌كان ده‌نگیان به‌ ده‌ستوری دیموكراتی ئیسپانیا دا, كه‌ دان به‌ ئۆتۆنۆمی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و هه‌رێمه‌كان ده‌نێت له‌ ناویاندا كه‌ته‌لۆنیا له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كێتی خاكی ئیسپانیا, ئێستا كه‌ته‌لۆنییه‌كان باجی ئه‌م ده‌نگدانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ .

ململانێ سیاسییه‌كان نێوان به‌رشه‌لۆنه‌ی داگیركراو و ریالی داگیركه‌ر له‌ ناو یاریگاكانی تۆپی پێ ره‌نگی دایه‌وه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1943 دا فرانكۆ هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ كرد كه‌ نابێت بیباته‌وه‌ , هاوكات فرانكۆ هه‌ڵدانی ئاڵای یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد, وای لێهات به‌رشه‌ییه‌كان ده‌سته‌سڕی سپییان له‌ جیاتی ئاڵاكه‌یان به‌رزده‌ كرده‌وه‌ له‌ كاتی یارییه‌كانیاندا, به‌م جۆره‌ چیرۆكی داگیركردن و ژێر ده‌سته‌یی گه‌لێك له‌ یانه‌یه‌كی وه‌رزشدا ره‌نگی دایه‌وه‌, یاری یاری خۆیكرد بۆ سه‌ربه‌خۆیی. ئێستا له‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ دوا یاری سیاسی به‌رشه‌و ریال ده‌بێت كێیان بیبه‌نه‌وه‌؟, تۆپ له‌ گۆرشه‌پانی به‌رشه‌ییه‌كانه‌وه‌ دوا كاس له‌ ریال ببه‌نه‌وه‌ .

چونه‌وه‌ به‌ره‌و ریفراندۆم له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی

كه‌ته‌لۆنییه‌كان به‌وه‌ ناسراون له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئیسپانیا رادیكاڵترو چه‌پترن, خواستیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ سسته‌می پاشایه‌تییه‌وه‌ بگۆڕێن بۆ سسته‌می كۆماری, به‌ پێچه‌وانه‌ی سكۆتله‌ندییه‌كان خواستاری مانه‌وه‌ن له‌ سسته‌می پاشایه‌تی, له‌ هه‌مان كاتدا بزووتنه‌وه‌ مه‌تڵه‌بییه‌كانی كرێكاران و خه‌ڵك له‌م هه‌رێمه‌ به‌هێزه‌ .
له‌م خوله‌ی تێكۆشان بۆ سه‌ربه‌خۆیی , له‌ ساڵی 2009 ه‌وه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كان خه‌ریكی راهێنانن له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی , له‌ نێوان ساڵانی 2009 بۆ ساڵی 2011 , ریفراندۆمی نا فه‌رمی له‌ 550 شاری كه‌ته‌لۆنیا له‌ كۆی 947 شاره‌وانی هه‌رێمه‌كه‌ ئه‌نجامدران وه‌ك راهێنان و ئه‌زمونێك بۆ پرۆسه‌ گه‌وره‌كه‌, ریفراندۆمی نا فه‌رمی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌ستبژێره‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن فه‌رمی نییه‌, ته‌نها ئه‌زمون و راهێنان و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ریفراندۆمی فه‌رمی,كه‌ حكومه‌ت پێی هه‌ڵدستێت , ده‌توانین بڵێین راپرسییه‌كی پێشوه‌خت و راهێنانه‌ بۆ ئه‌زموونی ریفراندۆمی فه‌رمی .
په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 23ی كانونی دووه‌می ساڵی 2013 ه‌دا به‌ زۆرینه‌ی 84 ده‌نگ له‌ كۆی 135 كورسی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌ ((Convergence and Union (CiU)50 كورسی , Republican Left of Catalonia–Catalonia Yes (ERC–CatSí)21 كورسی Initiative for Catalonia Greens–United and Alternative Left (ICV–EUiA)10 كورسی , Popular Unity Candidacy–Left Alternative (CUP)3 كورسی)) , بڕیاری له‌ سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس له‌ رێگای ریفراندۆمه‌وه‌ی دا بۆ كه‌ته‌لۆنیا, به‌م شێوه‌یه‌ چه‌پ و راست , كۆنزه‌رڤاتیف و شیوعی , ژینگه‌ پارێزو پێشكه‌وتنخوازانی پارته‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كان له‌ پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ رێك كه‌وتن و یه‌كیان گرت ,له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها 21 دژ بوو , 25یان به‌شداری ده‌نگدانه‌كه‌یان نه‌كرد, دوای ده‌نگدانه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا, ئه‌رتۆر ماس سه‌رۆك وه‌زیرانی راستگه‌رای كۆنزه‌رڤاتیفی هه‌رێمه‌كه‌ بڕیاری ریفراندۆمی دا, 920 شاره‌وانی له‌ كۆی 947 شاره‌وانی پشتیوانی راپرسییان كرد.دوای 20 رۆژ له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌, هاووڵاتیان چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان .
له‌ راپرسییه‌كه‌ 2,305,290كه‌س له‌ كۆی 6,3 ملیۆن ده‌نگده‌ر به‌شدارییان كرد, به‌ پێی رۆژنامه‌ی بایسی ئیسپانی رێژه‌كه‌ ده‌یكرده‌ 37%ی ده‌نگده‌رانی كه‌ته‌لۆنیا,لێ به‌ پێی ئاماری حكومه‌تی كه‌ته‌لۆنیش بێت رێژه‌كه‌ ده‌یكرده‌ 41,6%ی ده‌نگده‌ران, له‌ سه‌رتاسه‌ری كه‌ته‌لۆنیا , به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی 84,67% ی ده‌نگه‌كانی هێنایه‌وه‌, كه‌ ده‌یكرده‌ 2198707 كه‌س, له‌ شاری به‌رشه‌لۆنه‌ی پایته‌خت رێژه‌كه‌ دابه‌زی بۆ 80,435% ی ده‌نگده‌ران, به‌شێوه‌ی گشتی ده‌نگی به‌ڵێ له‌ لادێكان رێژه‌كه‌ی زیاتر بوو له‌ شاره‌كان.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداربوان كه‌متر بوو له‌ نیوه‌, ئه‌مه‌ش به‌هۆی بایكۆتكردنی له‌ لایه‌ن پارته‌ نه‌یاره‌كانی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ , بۆیه‌ راپرسیه‌كه‌ له‌ دوا ئه‌نجامدا شكستی هێنا, له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی پێش راپرسییه‌كه‌و دوای راپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران 3,668,310 , 4,130,196 بوو , سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا په‌نابه‌ران و هه‌ڵنه‌گرانی ناسنامه‌ی ئیسپانی مافی ده‌نگدانیان نییه‌, وه‌لێ له‌ راپرسییه‌كه‌ مافی ده‌نگدانیان بوو , دوای شكسته‌كه‌ ئه‌رتۆر ماس سه‌ره‌ك وه‌زیرانی كه‌ته‌لۆنیا وتی ” وانه‌یه‌كه‌ بۆ دیموكراسی “, راخۆی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی راستگه‌رای ئیسپانیاش وتی شكستێكی قوڵه‌, هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دانیان نانا به‌ ریفراندۆمه‌كه‌, وه‌لێ له‌ كۆتادا ئه‌نجامه‌كه‌یان قۆزته‌وه‌و نه‌یانتوانی بێده‌نگی لێبكه‌ن و هه‌ناسه‌ی خۆشیان له‌به‌رده‌م ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵكێشا.
له‌ ناوخۆی ئیسپانیا,پارتی گه‌لی راستگه‌رای ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ له‌و خوله‌ی په‌رله‌ماندا خاوه‌ند 186 كورسی بوو, به‌ توندی دژ به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ بوو, پارتی سۆسیالست –ئۆپۆزسیۆن “چه‌پی ناوه‌ند” خاوه‌ند 110 كورسی و دژ به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ بوو, چه‌پی یه‌كگرتوو (شیوعی –سه‌وز) 11 خاوه‌ند كورسی له‌ گه‌ڵ راپرسییه‌كه‌دا بوو,پارتی نه‌ته‌وه‌یی باسكه‌كان خاوه‌ند 7 كورسی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنییه‌كان بوون , به‌شێوه‌ی گشتی سه‌رجه‌م پارته‌ چه‌پ و پارته‌ هه‌رێمییه‌كانی باسك , بلنسیه‌ , جالیكی و ئه‌نده‌لوسی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنییه‌كان بوون, به‌مه‌ش هێزه‌ سیاسییه‌كان بوونه‌ دوو به‌ره‌ی لایه‌نگرو نه‌یار, وه‌لێ پارسه‌نگ به‌لای هێزه‌كانی دژدا ده‌شكایه‌وه‌.

دوای شكستی راپڕسییه‌كه‌ دوو هه‌ڵبژاردن (ئیسپانی و كه‌ته‌لۆنی ) ئه‌نجامدرا( له‌ 26ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا , 18ی یۆنی په‌رله‌مانی ئیسپانیا له‌ 20ی دیسه‌مبه‌ری 2015 و 26ی یۆنی 2016) و پارسه‌نگی هێزه‌كانی گۆڕی, له‌ ناوخۆی كه‌ته‌لۆنیا سه‌ربه‌خۆ خوازه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌ به‌ لیستی پێكه‌وه‌ به‌ره‌و به‌ڵێ (Convergence and Union (CiU) ) به‌ژدار بوون (( لیسته‌كه‌ له‌ چوار پارتی سیاسی كه‌ته‌لۆنی پێك هات كه‌ بریتین له‌ : Democratic Convergence of Catalonia (CDC) 41%, Esquerra Republicana de Catalunya (ERC) 27%, Democrats of Catalonia (DC) 5%, Moviment d’Esquerres (MES) 3% , Independents24% ), هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانیان دروست كرد و ژماره‌یه‌ك زۆر خه‌ڵكی نا حیزبیان هێنایه‌ ناو لیسته‌كه‌یانه‌وه‌, وه‌لێ ژماره‌كه‌ی كورسییه‌كانیان له‌ 71 كورسییه‌وه‌ بۆ 62 كورسی دابه‌زی , هاوكات ده‌نگه‌كانیشیان 4,82% دابه‌زی , له‌ به‌رامبه‌ردا دوو پارتی نه‌یاری راستی توند و چه‌پی رادیكاڵی توندی لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگه‌كانیان سه‌ركه‌وت , ئه‌وانیش پارتی هاووڵاتیانی راستگه‌رای نه‌یار Citizens–Party of the Citizenry (C’s)ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ 9 كورسییه‌وه‌ بۆ 25 كورسی به‌رز بووه‌وه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیشی 10,33% چووه‌ سه‌ر, هاوكات پارتی چه‌پگه‌رای كوپ لایه‌نگری توندی سه‌ربه‌خۆیی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ 3 كورسییه‌وه‌ بۆ 10 كورسی به‌رز بوه‌وه‌,رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیشی 4,73% به‌رز بوه‌وه‌ .

له‌ سه‌ر ئاستی ئیسپانیاش هه‌ردو پارتی گه‌ل و سۆسیالست ژماره‌ی كورسییه‌كانیان دابه‌زی (پارتی گه‌لی ده‌سه‌ڵاتداری راست 49 كورسی و سۆسیالست 25 كورسیان له‌ ده‌ستدا) و دوو هێزی دیكه‌ به‌ناوی پۆدیمۆس چه‌پ و سیودانۆس راست هاتنه‌ پێشه‌وه‌ , كه‌ یه‌كه‌میان پشتیوانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌كات, بۆخۆشی له‌سه‌ر بنچینه‌ی كۆبونه‌وه‌ی گشتی (دیموكراسی راسته‌وخۆ) بڕیاره‌كانی ده‌دا و كۆنگره‌كانی ده‌به‌ستێت, دووه‌میشیان سه‌رسه‌ختانه‌ دژه‌, هاوكات پارتی چه‌پی كۆماری كه‌ته‌لۆنیش به‌ هێنانی 9 كورسی كه‌وته‌ پێش پارتی نزیكایه‌تی دیموكراسی كه‌ته‌لۆنی راستگه‌راوه‌ كه‌ 8 كورسی هێنایه‌وه‌).
له‌ 9ی نۆڤه‌مبه‌ری 2015 , په‌رله‌مانی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا به‌ زۆرینه‌ی 72 ده‌نگ له‌ كۆی 135 كورسی په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا, نه‌خشه‌ رێگای سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیای بۆ ساڵی 2017 په‌سه‌ندكرد وه‌ك له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا په‌یمان درابوو, به‌مه‌ش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ كاری یه‌كه‌می حكومه‌تی كه‌ته‌لۆنی.
دوای 3 مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان , دوای ململانێیه‌كی توند , ده‌نگنه‌دانی كوپ به‌ ماس وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابوری پیاده‌ كراو له‌سه‌رده‌می ئه‌و, مه‌ترسی ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێك نه‌هێنانی حكومه‌ت بووه‌ رۆژه‌ف, به‌هۆی ئه‌وه‌ی 10 كورسییه‌كه‌ی كوپ له‌ نێوان سه‌ربه‌خۆ خوازان و دژبه‌رانییه‌وه‌ رۆڵی مه‌لیكی ده‌گێڕا, تا له‌ 27ی دیسه‌مبه‌ر رێكه‌وتن كرا به‌ مه‌رجی گۆڕینی ماس ,په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا “كارلس بیجیدمنت”
به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمه‌كه‌ هه‌ڵبژارد ,ناوبراو پارێزگاری پێشوی شاری جیرۆنا بوو , هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ویش سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابوری په‌یره‌و كرد له‌و شاره‌,كوپ له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانییه‌كه‌ی له‌ حكومه‌تی كه‌ته‌لۆنی كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی به‌ده‌ست هێنا له‌وانه‌ (ئاسانكردنی مافی په‌نابه‌ری , كاره‌بای خۆڕایی بۆ هه‌ژاران, بیمه‌ی ته‌ندروستی , جێبه‌جێكردنی یاسای خوێندن و …. ) .

دوای پێك هێنانی حكومه‌ت و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانه‌وه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی , له‌ 9ی یۆنی 2017 بڕیاری ریفراندۆمی دووه‌م درا له‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ , وه‌ سه‌ربه‌خۆیش له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی به‌ڵێ له‌ ده‌ستپێكی ساڵی 2018 ((پرسیاره‌كه‌ كه‌ به‌ هه‌ر سێ زمانه‌كه‌ی ناو كه‌ته‌لۆنیا چاپ ده‌كرێت ” ئیسپانی و كه‌ته‌لۆنی و ئارانیس ”
” چاپ ده‌كرێت و ده‌پرسێت ” ئایا ده‌ته‌وێت كه‌ته‌لۆنیا له‌ شێوازی كۆماری كه‌ته‌لۆنیا سه‌ربه‌خۆ بێت”, واتا به‌رشه‌لۆنییه‌كان جه‌ژنی سه‌ری ساڵیان تایبه‌ت ده‌بێت ئه‌مساڵ و ده‌یكه‌نه‌ دوو جه‌ژن.
په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنی یاسای په‌رله‌مانی هه‌موار كرده‌وه‌ به‌ شێوازێك هه‌ر یاسایه‌ك یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و تێپه‌ڕێنرێت به‌ گفتوگۆیه‌كی كه‌مه‌وه‌ , كه‌ چه‌په‌كان ئه‌مه‌یان پێ نا دیموكراسییه‌, ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی یاسای راپرسی بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین له‌ په‌رله‌مان ده‌رچێت, كه‌ ماوه‌یه‌ك كه‌م ماوه‌ بۆ یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
راپرسیه‌كان له‌ ئێستادا ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌مجاره‌ زۆرینه‌ له‌ نێوان 64 بۆ 70%ی هاووڵاتیانی كه‌ته‌لۆنی به‌شداری راپرسییه‌كه‌ ده‌كه‌ن, واتا نزیك به‌ دوو هێنده‌ی جاری پێشوو, كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی لاوازی ریفراندۆمی پێشوو بوو, شكسته‌كه‌ش له‌ كه‌می به‌شداربوانه‌وه‌ بوو, نه‌ك رێژه‌ی به‌ڵێ كه‌ گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 84%.
لایه‌نگران پارته‌ دژبه‌ره‌كان ریفراندۆم له‌ هه‌رێمه‌كه‌ ئه‌مجاره‌ش بایكۆت ده‌كه‌ن و به‌شداری ده‌نگدانه‌كه‌ ناكه‌ن, نموونه‌ له‌ناو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی 3 پارتی نیشتمانی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ ته‌نها (پارتی گه‌ل 5,1% , سیودانۆس 7,8% , پارتی سۆسیالستی كه‌ته‌لۆنی 17%) به‌شداری راپرسیه‌كه‌ی یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كه‌ن.
دادگای ئیسپانی هه‌ر جۆره‌ ریفراندۆمێكی مولزه‌م و نا مولزه‌می ره‌تكرده‌وه‌, سكاڵای یاسایی حكومه‌تی ئسپانیای پشت راستكرده‌وه‌ , رایگه‌یاند راپرسی ناكرێت ,ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ریفراندۆمه‌كه‌ لای ئیسپانییه‌كان نا یاسایی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێت , بۆیه‌ ئیسپانییه‌كان دان به‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ نانێن , وه‌لێ دوو شت رۆڵ ده‌گێڕێت بۆ سه‌ركه‌تنی راپرسی ئه‌مجاره‌ , زۆری رێژه‌ی به‌شداری و به‌رزی رێژه‌ی به‌ڵێ , گره‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌ نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌كان ئێستا.

نه‌یارانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیا

ئه‌وه‌ نه‌بوو ته‌نها راستگه‌راكان و سۆسیال دیموكراته‌ خیانه‌تكاره‌كان دژ به‌ ویستی گه‌لی كه‌ته‌لۆنی بن له‌ دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆی به‌ مه‌لیكی ئیسپانیا فلیپی شه‌شه‌میشه‌وه‌, پارتی گه‌لی پارێزگار و سۆسیال دیموكرات و لیبراڵه‌كان دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیا خۆپیشاندانیان كرد, لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆییخوازانیان به‌ كوده‌تاچی ناو بردو رایان گه‌یاند كه‌ته‌لۆنیا ئیسپانییه‌ رێگا به‌ جیابونه‌وه‌ی ناده‌ن, هه‌موو باڵه‌كانی لیبراڵی سه‌رمایه‌داری دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی كه‌ته‌لۆن و باسك و گالیس و بلنسیه‌و ئه‌نده‌نوسیان بۆ دامه‌زراندنی كۆماره‌كانیان.
له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان, یه‌كێتی ئه‌وروپا و په‌یماننامه‌ی ناتۆ دژ به‌ ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنیا وه‌ستانه‌وه‌ , یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی جیا بێته‌وه‌ له‌ وڵاتێكی ئه‌ندام له‌ داهاتوو به‌شێك نابێت له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و په‌یمانامه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا نایان گرێته‌وه‌, ناتۆش هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی دوباره‌ كرده‌وه‌, نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش ئاماده‌ نه‌بوو به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌ بكات, هه‌موو كه‌ته‌لۆنیه‌كانیان ته‌نیا جێ هێشت, چونكه‌ بۆ به‌شداری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ راپرسی گه‌لان بۆ سه‌ربه‌خۆیی پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی وڵاتی ناوه‌ندییه‌, ئه‌ویش ئیسپانیا به‌ توندی دژ به‌و بڕیاره‌یه‌و هه‌ڵوێستێكی نه‌یارانه‌ی توندی گرتۆته‌ به‌ر .

پێشتریش ئیسپان و یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌مان هه‌ڵوێستیان له‌ هه‌مبه‌ر هه‌وڵی باسكییه‌كانی ئیسپانیا گرته‌ به‌ر, ئه‌وه‌ بوو له‌ 25 ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2008 , باسكییه‌كان ویستیان راپرسی ئه‌نجام بده‌ن, دوای ئه‌وه‌ی 34 په‌رله‌مانتاری هه‌رێمه‌كه‌ به‌ به‌ڵێ له‌ به‌رامبه‌ر 33 دژ و 7 ده‌نگیان نه‌دا براوه‌ ده‌رچوون له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌یان, بڕیاری ریفراندۆمیان دا ,وه‌لێ دادگای باڵای ئیسپانی رێگای نه‌دا ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن, دواتر دادگای ئه‌وروپی بۆ مافی مرۆڤیش له‌ شوباتی ساڵی 2010 ه‌دا پشتیوانی له‌ دادگای باڵای ئیسپانی كرد و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی ره‌تكرده‌وه‌, باسكییه‌كانیش پاشه‌كشه‌یان كرد له‌ داواكارییه‌كه‌یان, وه‌لێ كه‌ته‌لۆنییه‌كان كۆڵیان نه‌دا, وێڕای هه‌موو ئاسته‌نگی و رێگرییه‌كان تا ئێستا مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و جیابونه‌وه‌, ئه‌مه‌ش ده‌رگا بۆ گه‌لانی دیكه‌ وه‌ك باسك و گالیسیا و بلنسیه‌و ئه‌نده‌نوسه‌كان و ….. ده‌كاته‌وه‌, چاوه‌ڕوانی كه‌وتنی پولی دۆمینه‌كه‌ بن .

كوپ و راپرسی

پارتی یه‌كبونی گه‌ل له‌ 14-12-1986 دامه‌زراوه‌, خاوه‌نی 382 كورسی له‌ كۆی 9077 كورسی شاره‌وانییه‌كانی كه‌ته‌لۆنیا و 10 كورسی له‌ كۆی 135 كورسی په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیایه‌, 1912 ئه‌ندامی هه‌یه‌ دووه‌م بچوكترین پارتی هه‌رێمه‌كه‌یه‌ له‌ دوای پۆدیمۆس له‌ روی ئه‌ندامگیرییه‌وه‌ ,ناوه‌كه‌ی له‌ ناوی هاوپه‌یمانی یه‌كبونی گه‌ل به‌ سه‌رۆكایه‌تی سلفادۆر لیندی سه‌رۆك كۆماری شیلیه‌وه‌ ناو نراوه‌, رێكخستنێكی دژ به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌, بڕیاره‌ گرنگه‌كان به‌ ده‌نگدانی هه‌موو ئه‌ندامان و كاندیده‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ده‌درێت , باوه‌ڕی به‌ دیموكراسی ته‌شاركی هه‌یه‌, خه‌بات ده‌كات بۆ كه‌ته‌لۆنیایه‌كی سه‌ربه‌خۆی سۆسیالستی ژینگه‌ پاك, دژ به‌وه‌یه‌ موچه‌ی تایبه‌ت بدرێت به‌ سیاسییه‌كان و مرۆڤ له‌سه‌ر سیاسه‌ت بژێت , چه‌ترێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌باتكاران له‌ پێناو (( سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیا, داكۆكی له‌ مافی كرێكاران, داكۆكی له‌ زه‌وی , زمان, ناسنامه‌ی نیشتمانی, دژایه‌تی باوك سالاری)), كوپ به‌هۆی خه‌باتی دژ به‌ سیاسه‌تی ته‌قه‌شوف به‌ زۆر ده‌ركردن له‌ ماڵه‌كانیان توانی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌ 0,65% له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار توانی 20 كورسی شاره‌وانی بباته‌وه‌ , به‌رز كرده‌وه‌ بۆ 2,16% له‌ ساڵی 2011, 7,14% له‌ ساڵی 2015, بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌ش له‌ 3,48%ی ده‌نگه‌كان و 3 كورسی كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار چووه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ له‌ ساڵی 2012 , بۆ 8,21% ی ده‌نگه‌كان و 10 كورسی په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا , هه‌ڵبژێردراوانی ناتوانن دوجار خۆیان كاندید بكه‌نه‌وه‌ , به‌هۆی شێوازی بڕیاردانه‌وه‌ و رێكخراوه‌ییه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن زاباتێسته‌ شارنشینه‌كان تشابایس , به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا خاوه‌ند كلتورێكی گه‌وره‌ی ئانارشیزم و ته‌حه‌رری و تعاونی یه‌ , بۆیه‌ زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ گه‌شه‌كردن و جێكه‌وتنی شێوازی كاركردنیان له‌ كۆمه‌ڵگادا.
كوپ زۆر به‌ توندی پشتیوانی له‌ راپرسی و جیابونه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا ده‌كات, هاوكات به‌شداری هیچ هه‌ڵبژاردنێكی ئیسپانی ناكات و كاندید پێشكه‌ش ناكات, چالاكی سیاسی ئه‌و له‌ناو جوگرافیای كه‌ته‌لۆنیا و ئه‌و هه‌رێمانه‌یه‌ كه‌ته‌لنییه‌كانی تێدا ده‌ژێن وه‌ك فالیسیا.

بۆ ریفراندۆمی یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر . كوپ له‌ ژێر دروشمی ( یاخی بوونه‌وه‌ له‌ ئیسپانیا , مافی چاره‌ی خۆنوسین , كۆماری كه‌ته‌لۆنیا) هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی له‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیای دست پێكرد,به‌ره‌و كۆماری كه‌ته‌لۆنیای سۆسیالستی, كوپ له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ چه‌په‌كانه‌وه‌ تاوانبار كرا به‌وه‌ی پاشكۆی دوو پارته‌ بۆرجوازییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌یه‌, به‌تایبه‌ت حیزبی سه‌ره‌ك وه‌زیران كه‌ پارتێكی راستگه‌رای پارێزگاره‌ و سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابووری سه‌پاند به‌سه‌ر گه‌لی كه‌ته‌لۆنیا.
كوپ له‌ كاتی ده‌نگدان به‌ كابینه‌ی حكومه‌تی كه‌ته‌لۆنیا , سێ مانگ راگه‌یاندنی كابینه‌كه‌ی دوا خست , رایگه‌یاند ده‌نگدان به‌ ئه‌رتۆر ماس مردنی رێكخراوه‌, هاوكات ده‌نگدان به‌ نا مردنی سه‌ربه‌خۆیییه‌ , بۆیه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا, سه‌ره‌ك وه‌زیرانی گۆڕی و كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی له‌ پێناو هه‌ژاران و قوتابیان و په‌نابه‌ران و خانه‌نشینان وه‌ده‌ست خست له‌به‌رامبه‌ر سازشی ده‌نگدان به‌ كاندییدی راستی پارێزگار, له‌هه‌مان رێكه‌وتن رایان گه‌یاند تا سه‌پته‌مبه‌ری 2017 پێویسته‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بكرێت.
كوپ پێی وایه‌ ,ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مجاره‌ نه‌بێت, ئه‌وا بۆ ده‌ ساڵی داهاتوو قسه‌و باس له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی نابێت, بۆیه‌ ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستخستنی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ هه‌مووان رێ بكه‌ین.

پشتیوانانی ریفراندۆم و هه‌ڵوێسته‌ دژه‌كان له‌سه‌ری

چالاكوانانی چه‌پی رادیكاڵ پێیان وایه‌, پێویسته‌ چه‌په‌كانی ئیسپانی پشتیوانی له‌ مافی ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنییه‌كان بكه‌ن دژ به‌ سه‌ركوتی حكومه‌تی راستگه‌رای ئیسپانی, ئه‌وان ده‌ڵێن ئیسپانیا كراوه‌ته‌ زیندانی بۆ گه‌لانی بن ده‌ستی ئیسپانیا.
دژبه‌رانی سه‌رمایه‌داری ئیسپانی و كه‌ته‌لۆنی داوا ده‌كه‌ن پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیا بكرێت وه‌ك مافێكی دیموكراتی و ویستی زۆربه‌ی كه‌ته‌لۆنییه‌كان, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا ده‌گرن كه‌ سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابووری پیاده‌ ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران نا پارێزێت, هه‌رێمه‌كه‌یان كردۆته‌ تاقیگای دابه‌زاندن.

جگه‌ له‌ پارتی چه‌پگه‌رای پۆدیمۆس و حیزبی شیوعی ئیسپانی كه‌ له‌ لیستی پێكه‌وه‌ ده‌توانین یه‌كیان گرتووه‌ , كه‌ ئه‌مانیش دوو بۆچونیان هه‌یه‌, به‌شێكیان له‌ گه‌ڵ جیابونه‌وه‌ن , به‌شێكی دیكه‌شیان له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ن مافی زیاتریان بدرێتی له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌, وه‌لێ هه‌موو له‌سه‌ر مافی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كۆكن, پۆدیم لقی كه‌ته‌لۆنیای پۆدیمۆس رایگه‌یاند پشتیوانی له‌ ریفراندۆم ده‌كات, جیاوازیان له‌ گه‌ڵ هیزه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌یه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ ده‌نگدان مولزه‌م نییه‌, هاوكات ناڕازین له‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌كسه‌ر دوای ریفراندۆم .
پۆدیمۆس و به‌ره‌ی چه‌پ(شیوعی-سه‌وز) داوای گۆڕینی ده‌ستوریان كرد به‌وه‌ی بتوانن ریفراندۆم بكه‌ن , كه‌ ئه‌مه‌ش خه‌ونه‌ به‌هۆی هه‌ڵوێستی دوژمنانه‌ی پارته‌ نیشتمانییه‌ راستگه‌راو سۆسیال دیموكراته‌كانه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت نیو لیبراڵه‌كانی سیودانۆس له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم و جیابونه‌وه‌.
هاوكات سه‌رجه‌م پارته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی خواستاری جیابونه‌وه‌و پێك هێنانی كۆماری سه‌ربه‌خۆن و ده‌یانه‌وێت رزگاریان بێت له‌و سسته‌مه‌ سیاسییه‌ی پاشایه‌تی ئیسپانی خولقاندویه‌تی بۆیان پشتیوانی له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌ وردی چاودێری ده‌كه‌ن تا به‌ دوایدا هه‌نگاو بنێن.
كه‌ته‌لۆنییه‌كانیش له‌ لایه‌ن پارته‌ ئیسپانی و ئه‌وروپیه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و روی ره‌خنه‌ له‌ كات بونه‌وه‌ گرترا له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم , به‌ هۆی كێشه‌كانی تیرۆر له‌ جیهان و به‌رز بونه‌وه‌ی كێرڤی پارته‌ پۆپۆلیسته‌كان و قه‌یرانی ئابووری و حكومه‌تی كه‌مایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری له‌ ئیسپانیا, وه‌لێ ئه‌وان مه‌به‌ست كه‌ته‌لۆنییه‌كانه‌ كاتیان پێ دره‌نگه‌ و 303 ساڵی ژێر ده‌سته‌یی ده‌یانه‌وێت كۆتایی پێ بهێنن.

سه‌رمایه‌دارانی كه‌ته‌لۆنی و سه‌ربه‌خۆیی

به‌ پێی راپرسیه‌ك كه‌ رۆژنامه‌ی به‌ناو بانگی بایسی ئیسپانی بڵاوی كردۆته‌وه‌, 74%ی سه‌رمایه‌دارانی ئیسپانی ترسیان له‌ جیابونه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا هه‌یه‌و پێیان وایه‌ زیان به‌ ئابوری ئیسپانیا ده‌گه‌یه‌نێت, به‌ پێی هه‌مان راپرسی ته‌نها 43%ی سه‌رمایه‌دارانی كه‌ته‌لۆنی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیدان, به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانیانه‌وه‌ زۆرینه‌ له‌ گه‌ڵ مانه‌وه‌دا له‌ زیندانی ئیسپانیا.
كه‌ته‌لۆنیا هه‌رێمێكی پێشكه‌وتوو نزیك 20%ی ئابووری وڵات پێك ده‌هێنێت و ساڵانه‌ 8 ملیۆن گه‌شتیار ته‌نها خۆی ده‌كات به‌ شاری به‌رشه‌لۆنه‌داو 75 ملیار دۆلار قه‌رزیان هه‌یه‌ .
به‌رشه‌لۆنییه‌كان چاویان له‌وه‌یه‌ دوای سه‌ربه‌خۆیی, وڵاتێك پێك بهێنن باجی كه‌م بسه‌پێنێت به‌سه‌ر كۆمپانیاكاندا وه‌ك وڵاتانی چه‌شنی ئێرله‌ندا, به‌مه‌ش سه‌رنجیان رابكێشێت بۆخۆی.

فایناشنال تایمز له‌سه‌ر زاری سه‌ره‌ك وه‌زیرانی كه‌ته‌لۆنیاوه‌ نووسی راخۆی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئیسپانیا سه‌ربه‌خۆیی ئابوری زیاتری داوه‌ پێمان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم, كه‌ته‌لۆنیا پێنج یه‌كی ئابوری ئیسپانیا به‌رهه‌م ده‌هێنێت, وه‌لێ ته‌نها 9,55 بودجه‌ی وڵاتی پێ ده‌درێت,ئیسپانیا ده‌زانێت پولی دۆمینه‌كه‌ له‌ كه‌ته‌لۆنیا راناوه‌ستێت و هه‌رێمه‌كانی دیكه‌شی به‌ دوادا دێت , به‌ڵكانێكی دیكه‌ له‌ باشوری ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانیان ده‌كات, به‌ڵكانی پارچه‌ پارچه‌ بوون نه‌ك جینۆساید.
ئیسپانیا ئێستا 14ه‌مین هێزی ئابوری جیهان و چواره‌می ئه‌وروپایه‌ , ئه‌وكات پله‌به‌ندییه‌كه‌ی بۆ شانزه‌ داده‌به‌زێت و به‌رشه‌لۆنه‌ش له‌ نێوان 42 ه‌مین و 43 یه‌مین ژماره‌ خۆی ده‌گرێته‌وه‌, هاوكات له‌ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌ روی نوێنه‌رایه‌تی و قه‌باره‌وه‌ داده‌به‌زێته‌ خواره‌وه‌, سه‌نگ و هێزی جارن له‌ ده‌سته‌ دات.

هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ریفراندۆم

حكومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو به‌رپرسان و كارمه‌ند و كرێكارانی كه‌رتی گشتی ده‌كات , به‌شداری له‌ ریفراندۆم بكه‌ن له‌ كاره‌كانیان دوور ده‌خرێنه‌وه‌, لای خۆشییه‌وه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كان ریفراندۆمێكی یاسایی ته‌ندروست ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بڕیار وایه‌ له‌ پێش پایز یاسای ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت , بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاسای په‌رله‌مانیان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موار كردۆته‌وه‌ , به‌ یه‌ك خوێندنه‌وه‌ یاساكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت , ئه‌وان ده‌زانن دوای جیابونه‌وه‌ چی ده‌كه‌ن, به‌رنامه‌ی راگه‌یاندنی كۆماریان هه‌یه‌ ته‌نها له‌ دوای دوومانگ له‌ ریفراندۆمه‌كه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی ناو ماڵ خۆیان رێكخه‌ن و پێگه‌ له‌ناوه‌وه‌ به‌هێز بكه‌ن ,له‌ 14ی ته‌موز سێ وه‌زیریان له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی خۆ جێیی گۆڕی بۆ ئه‌وه‌ی هێڵی سه‌ربه‌خۆیی به‌هێزبكه‌ن, ئه‌وانه‌ی دودڵن دوریان بخه‌نه‌وه‌,له‌ 17ی ته‌موزیش سه‌رۆكی پۆلیسی هه‌رێمه‌كه‌یان ناچار كرد ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌, چونكه‌ پێیان وابوو دودڵه‌ له‌ پشتیوانی ریفراندۆم, له‌ بری ئه‌و بیر سوله‌ر كرا به‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ته‌لۆنیا كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌, فه‌رمانده‌ی 17 هه‌زار پۆلیسی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كات.

روداوه‌ خوێناویه‌كه‌ و ریفراندۆم

حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌یه‌وێت ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌كه‌ی كاتژمێر 5ی ئێواره‌ی 17ی ئابی به‌رشه‌لۆنه‌ كه‌ 15 قوربانی و 126 برینداری لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ هاووڵاتی 30 وڵات بوون بقۆزێته‌وه‌ بۆ رێگرتن له‌ ریفراندۆم , هه‌ڵمه‌تی یه‌كگرتن به‌رامبه‌ر تیرۆری راگه‌یاند كه‌ له‌ راستیدا هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رامبه‌ر ریفرندۆم و سه‌ربه‌خۆیی .
بڕیار وایه‌ پادشای وڵات فلیپی شه‌شه‌م به‌شداری رێپێوانی ناترسم له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ بكات, كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاریشه‌ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشایه‌تی بۆ عه‌رش له‌ ساڵی 1975ه‌وه‌ به‌شداری وایان هه‌بێت له‌ كه‌ته‌لۆنیا , وه‌لێ پادشاو به‌رپرسان ئه‌مجاره‌ له‌ پێشه‌وه‌ی رێپێوانه‌كه‌ نین , ئێره‌ به‌رشه‌لۆنه‌یه‌ دوا به‌شداری پادشایه‌تییه‌ له‌ چالاكییه‌كانی,خاوه‌ند ماڵ نییه‌ و له‌ ریزی پشته‌وه‌یه‌ ,سه‌رۆكی چه‌پگه‌رای شاره‌وانی به‌رشه‌لۆنه‌ رایگه‌یاند , نوێنه‌ری رێكخراوه‌كان, كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌وانه‌ی گرنگیان به‌ روداوه‌كه‌ دا, له‌ شۆفێری ته‌كسییه‌كانه‌وه‌ بۆ دوكاندار و خاوه‌ند چێشتخانه‌كان گوڵ فرۆشه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ ده‌رۆن.
رێپێوانه‌كه‌ بۆنی كۆتایی ته‌مه‌نی پادشایه‌تی لێدێت له‌ كه‌ته‌لۆنیا , كه‌ته‌لۆنییه‌كان نه‌ترسانه‌ وه‌ك رێپێوانی ناترسین دوا بزمار له‌ نه‌عشی پادشایه‌تی ده‌ده‌ن و به‌ سه‌رپه‌رشتی خه‌ڵك به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن.




تووتنی چرووت … دڵشاد عەبدوڵڵا


بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..
دڵشاد عەبدوڵڵا




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت .. بەشی چوارەم … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟

به‌شی چواره‌م

(یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین)…..

پرسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر هه‌ستیاره‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی نابێت و ناشتوانێ‌ به‌هه‌ندی وه‌رنه‌گرێت، به‌ گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك دیكۆمێنت و لێدوانی ڕاشكاوانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد، شه‌كستی گفتوگۆكانی كورد له‌ گه‌ڵ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق و نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ ئه‌نجامێك، به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ كه‌ركوك، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد و بۆ كورد، هه‌میشه‌ وه‌ك دوو به‌رداش وابووه‌، به‌رداشی ده‌ستبه‌ردابوون، یان دواخستنی بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، یان ده‌ستبه‌رداربوون له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بۆ كورد هه‌میشه‌ خاڵی ناكۆكی و نه‌گه‌یشتنه‌ یه‌ك بووه‌.

به‌ومانایه‌ی تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌گڕێنرێنه‌وه‌ سنوری جوگرافی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی مومكین نییه‌ بتوانرێ‌ رێككه‌وتنێكی شه‌ڕه‌ف مه‌ندانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد ئه‌نجام بدرێ‌، ئێمه‌ له‌ رابردوودا شاهیدی چه‌ند گفتوگۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ین، كه‌ به‌م هۆكاره‌وه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌.
لێره‌وه‌ جیابوونه‌وه‌، یان ڕێككه‌وتن به‌ بێ‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، ئه‌مه‌ ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ زۆرجار به‌غدا لێیه‌وه‌ بێمنه‌تی خۆی له‌ جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق نیشان ده‌دا.
قورسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌وه‌دایه‌، كه‌ وه‌ك وتم له‌ رابردوودا وێڕای ده‌ست تێوه‌ردانی ئیقلیمی و فشاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناوچه‌ییانه‌ی كه‌ وه‌ك یه‌ك كێشه‌ی كوردیان هه‌یه‌، ئه‌و ناوچانه‌ هه‌میشه‌ خاڵی ناكۆكی نێوان كورد و به‌غدا بووه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ گفتوگۆكانیاندا له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجامێك، ئه‌م پێك نه‌گه‌یشتنه‌ش هه‌میشه‌ كوشتارو ماڵ وێرانییه‌كی دیكه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا قایل بوون به‌هه‌ر رێكه‌وتنێك یان جیابوونه‌وه‌یه‌ك به‌بێ‌ ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی مێژوویی و ئه‌خلاقی.
به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت وه‌ڵامێكیان پێ‌ بێت بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و شۆڕه‌شه‌ دورودرێژه‌ی، كه‌ ده‌كرا به‌بێ‌ پێداگری له‌و ناوچانه‌ ئه‌و ململانێ‌ خوێناوییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاندبا، هه‌روه‌ها ده‌بێ‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش بدرێته‌ه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م له‌رێگه‌یه‌وه‌ ڕوویداوه‌ و به‌سه‌رماندا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووباره‌ خوێنه‌ی به‌م هۆیه‌وه‌ ڕژاوه‌ كێ‌ لێی به‌رپرسه‌؟

به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ رابردوو، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ رابردوودا چه‌ند جارێك ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه‌ یان ڕێككه‌وتنی بۆ هه‌ڵكه‌وتوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی سازش نه‌كردن له‌سه‌ر به‌شێكی خاكی كوردستان، نه‌یتوانیوه‌ به‌هیچ بگات، له‌وسه‌روه‌ به‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ پرسی كه‌ركوك، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك خاڵی ستراتیژی لێیڕوانراوه‌، به‌مهۆیه‌وه‌ كورد درێژه‌ی به‌و كاروانه‌ و رێی هه‌وراز و سه‌خته‌ داوه‌، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتوه‌، كه‌ ناكرێ‌ نه‌ له‌بیر بكرین نه‌ سوودیان لێوه‌رنه‌گیرێ‌.
به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و هاوكێشه‌ سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه‌كه‌، ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌ و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی چه‌نده‌ هه‌وارزێكی سه‌خته‌.
بۆیه‌ به‌باشی ده‌زانم له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ نمونه‌ به‌ دوو ئه‌زمونی هاوشێوه‌ و نزیك له‌ خۆمانی بێنمه‌وه‌.
ئه‌وانیش كێشه‌ی فه‌له‌ستین و سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا.

دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی زۆری گه‌لی ئیرله‌ندی دژ به‌ به‌ریتانییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتونۆمییه‌ی به‌ریتانیا له‌ ساڵی 1914 بۆ گه‌لی ئیرله‌ندی پێشنیار كرد، ئه‌م گه‌له‌ درێژه‌یان به‌ شۆڕشه‌كه‌یاندا، تا له‌ سالێ‌ 1921 له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌ردولا، گه‌لی ئیرله‌ندا به‌ سه‌ربه‌خۆی گه‌یشت و كۆماری ئیرله‌ندا دامه‌زرا.
به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتن و سه‌ربه‌خۆییه‌یان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردابوونیان بوو له‌ به‌شێكی خاكه‌كه‌یان كه‌ ئێستا پێده‌وترێ‌ ئیرله‌ندای باكور، كه‌ (به‌لفاست) پایته‌خته‌كه‌یه‌تی و سه‌ر به‌ به‌ریتانیایه‌، دیاره‌ ئه‌م رێككه‌وتن و ده‌ستبه‌رداربوونه‌ له‌ به‌شێكی خاكه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن ته‌واوی گه‌لی ئیرله‌ندییه‌وه‌ شتێكی قبولكراو نه‌بوو، به‌ڵام جێبه‌جێكرا، به‌مهۆیه‌شه‌وه‌ شه‌ڕی نێوخۆ له‌ كۆماری سه‌ربه‌خۆی ئیرله‌ندا سه‌ری هه‌ڵدا، (مایكل كولنیز) سه‌ركرده‌ی رزگاری خوازی ئیرله‌ندا كه‌ یه‌كێك بوو له‌و پێنج سه‌ركرده‌یه‌ی به‌شداری گفتوگۆی نێوان ئیرله‌نداو به‌ریتانیای كردو به‌ ئه‌ندازیاری ئه‌م رێككه‌وتنه‌ داده‌نرێ‌، به‌تۆمه‌تی خیانه‌تكردن له‌ گه‌ل و خاكی ئیرله‌ندا له‌ كرده‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ دانراودا تیرۆر كرا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی مایكل بووه‌ هۆی به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئیرله‌ندا، به‌ڵام به‌بێ‌ له‌خۆ گرتنی سه‌رجه‌م خاكه‌كه‌ی، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مدا ئه‌وه‌ ڕووی نه‌دابا، دیار نییه‌ كێشه‌ی ئیرله‌ندا چی به‌سه‌ر ده‌هات و به‌چی ده‌گه‌یشت، ئایا وه‌ك ئێمه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ‌ هه‌رده‌بوایه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا بن، به‌بێ‌ به‌ده‌ست هێنانی هیچ ؟

ئه‌و لێكچواندانه‌ی من بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێم ده‌كرێ‌ ئێمه‌ش ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بین له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ده‌كرێ‌ بایی ئه‌وه‌ش لێیوردبینه‌وه‌ و بتوانین سوود له‌و ڕووداوه‌ی ئه‌وان به‌به‌راوورد له‌ گه‌ڵ كێشه‌ی فه‌له‌ستین وه‌ربگرین. چونكه‌ نابێ‌ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه‌ ئێستاش (مایكل كولنیز) له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردار بوون و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا به‌بێ‌ (به‌لفاست) به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ئیرله‌ندا ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌یان به‌ خائین و به‌ شێكیشیان به‌ شۆڕشگیری ده‌زانن.
كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ڕابگه‌ێنێ‌، چونكه‌ تا ئێستا ڕوون نییه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ونه‌ كوێی ئه‌و پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌، ئه‌وه‌ ڕوون و دیاره‌ كه‌ ڕیفراندۆم له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌ وه‌ك ڕایانگه‌یاندوه‌ ( ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كرا) به‌ڵام به‌ڕاستی ڕوون و ئاشكرا نییه‌ چۆن؟
له‌ په‌راوێزی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ نمونه‌ به‌ فه‌له‌ستین و قودس دێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شی پێشتریشمدا نمونه‌م به‌ ئیرله‌ندا هێنایه‌وه‌.

ساڵی 1946 سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌هیونییه‌ت، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان رازین به‌ ده‌وڵه‌تێكی یه‌هودی له‌ سه‌ر به‌شێكی خاكی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌هودییه‌كان و ئه‌مریكا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌می نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و فشاریش بخه‌نه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی گشتی و ئه‌و لێژنه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، كه‌ تایبه‌ت به‌ فه‌ڵه‌ستین دروستیان كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی لاریان نه‌بێت له‌و پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 1947 به‌رزیان كردبۆوه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین.
پڕۆژه‌كه‌ بریتی بوو له‌ دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین بۆ سێ‌ به‌ش:
ڕوبه‌ری له‌ (56%) بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یه‌هودی، روبه‌ری له‌ (43%) یش بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، به‌شی سێیه‌میش كه‌ جیاكرابۆوه‌ بریتی بوو له‌ (1%) كه‌ قودس و ده‌وروبه‌ری ده‌گرته‌وه‌، بكرێته‌ ناوچه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ڕێوه‌ی به‌رێت.
عه‌ره‌به‌كان دژی ئه‌م دابه‌شكردنه‌ بوون و به‌ ته‌وای ره‌تیان كرده‌وه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی گشتی له‌ ژێر فشاری ئه‌مریكا ئه‌م پڕۆژه‌ی دابه‌شكردنه‌ی په‌سندكردو ده‌وڵه‌تی یه‌هودی دامه‌زراند، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان به‌ هۆی ره‌تكردنه‌وه‌و رازی نه‌بوون به‌ دابه‌شكردنه‌كه‌، ئێستاشی له‌ گه‌ڵدابێت نه‌یانتوانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌شتینی دابمه‌زرێنن.

لێره‌وه‌ من ده‌ڕوانه‌مه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، كه‌ركوك –ی كوردستان و قودس-ی فه‌ڵه‌ستین و به‌لفاست-ی ئیرله‌ندا له‌ سێ‌ قوناغی جیاوازدا هاوشێوه‌ی یه‌كترن، ئه‌مه‌ ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی كورد باش لێیی تێبگات و ئه‌م دروشمه‌ بكه‌ینه‌ خاڵی سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی، (یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین).


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم




لەبارەی کولتووری کوردی … نەبەز سەمەد

بەگشتی کولتووری کوردی [لە هەرێمی کوردستان] لە جوداوازی دەترسێ، بۆیە داژیەتی جوداوازبوون دەکا و داواکاری بۆ هاوشێوەیی، لەیەکچوون و وەکیەکی بەرزدەکاتەوە. ئاخر دەیەوێ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک و هاوشێوەبن، یەک ڕەنگ بن، وەک یەک بیربکەنەوە و بهزرن. لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین کە کولتووری کوردی کۆیەکییە، تاک لە خۆیدا، بەبێ کۆمەڵ بەها و بایەخمەندی نییە. بۆیە لەنێو ئەو کولتوورەدا تاک سەرهەڵنادات و ئازادی تاکەکەسی بوونی نییە. تاکەکان لەنێو هاوشێوەیی و یەکڕەنگیدا خۆیان دەشارنەوە، بۆیە بێشوناس و کێیەتی خۆیان دەمێننەوە؛ لەبەرئەوە بەڕێی بنەماڵە، خێڵ، ناوچە، … هتاد یەوە خۆیان دەناسێنن و پێناسەی خۆیان دەکەن.
لەنێو کولتوورێکی وەهادا خۆبوون و جوداوازبوون گەورەترین باج و قوربانیدانی دەوێ، ئاخر هەر زوو ڕووبەڕووی هێرشی هەمووان دەبیتەوە، چونکە هەمووان دەیانەوێ وەک ئەوان بی، وەک ئەوان بژی، وەک ئەوان بیربکەیەوە، وەک ئەوان بخۆی، وەک ئەوان چێژ وەربگری، وەک ئەوان بپۆشی.

کولتووری کوردی پیرە، کولتوورێکە تێیدا گەنج و منداڵ فەرامۆش و ئەفەرۆزکراون، منداڵ دەبێ زوو گەورەبێ، زوو ببێ بە پیاو یان ژن، واتا زوو دەبێ پیر ببێ، ئێمە لە کولتووری کوردیدا گەنجێتی و قۆناغی گەنجێتیمان نییە. کولتووری کوردی دژە گەنجە، وێنای بۆ جیهان، بۆ ژیان پیرانەیە، بیرکردنەوەی، خەیاڵی، خەونەکانی، ئەندێشەکانی پیرانەن. واتا بە چاوێکی پیرانەوە لە دەوروبەر، لە جیهان، لە بوون دەڕوانێ. بۆ نموونە، کاتێ بیر لە هۆنەرێک، مامۆستایەک، هونەرڤانێک، نووسەرێک دەکاتەوە و وێنای دەکا، وەک پیر دەیان بینێ، ناتوانێ وەک گەنج وێنای ئەوانە بکات. ئێمە لە پۆرترێتی هۆنەرە کلاسیکییەکانی وەک نالی، مەحوی، سالم، حاجی قادر، هتاد بۆمان دەردەکەوێ کە وەک پیر ئەوانە لێیان دەڕوانرێ و وێنادەکرێن، بۆیە ناتوانین پۆرترێتێک، یان پەیکەرێکی ئەوانە بە گەنجی ببینین. ئاخر وەک کەسانی پیر و ڕیش چەرموو وێنەیان دەکێشرێ و پەیکەریان بۆ چێدەکرێ. هەروەها کولتووری کوردی کاتێک وێنای مامۆستای زانینگە، سەرۆک، ڕێبەر، سیاسەتڤان دەکا، وەک پیر وێنایان دەکا و دەیانبینێ، نەک وەک گەنج.

کولتووری کوردی پتر زارەکییە، نەک نووسراو. بۆیە کورد مێژووی نووسراوی خۆی نییە، بەڵکو پتر گێڕانەوەی زارەکی هەیە. لەبەرئەوە بەگشتی کورد پشت بە بیستراو نەک بینراو دەبەستێ. کولتووری نووسین، ئەرشیفکردن، دۆکیۆمێنتکردن … هتاد هێشتا بەتەواوی لەلای کوردان سەریهەڵنەداوە و گەشەی نەکردووە. ئەم کولتووری ئەرشیفکردن، نووسین و دۆکیۆمێنتکردنە هی شار و دەوڵەتدارییە، بەڵام کورد هێشتا هەر لەنێو کولتووری کشتکاری و جوتیاری و بێدەوڵەتیدا ماوەتەوە.

لەبەر نەبوونی کولتووری نووسین، زۆرینەی نووسەرانی کورد چۆن قسەدەکەن، وەهاش دەنووسن. واتا چی بەسەر زاریاندا دێت لەکاتی ئاخاوتندا، هەر ئەوەش دەنووسن، بۆیە نەیان توانییەوە ئاستی زمانی ڕۆژانەیی و زارەکی تێبپەڕێنن. لەبەرئەوە چەندین هەڵەی زمانەوانی، ڕێنووس، ڕێزمان، و پنتبەندی لەنێو نووسینەکانیاندا هەن. زۆرینەی نووسەرانی کورد بێئاگان لەوەی کە زمانی نووسین و ئاخاوتن لەیەکدی جودان، ئاخر نووسین ڕێسا و دەستووری خۆی هەیە، کە بەڕێی ڕێزمان، ڕێنووس و پنتبەندییەوە ڕێکدەخرێ. دەشێ لەکاتی ئاخاوتندا مرۆڤ هەڵەی زمانەوانی و ڕێزمانی بکات، بەڵام ئەوە لە نووسیندا نەشیاوە و ئاسایی نییە. زمانی ئاخاوتن ڕۆژانەیییە و بۆ ڕاییکردنی ئیشەکانی ڕۆژانە و پەیوەندیکردنە لەگەڵ ئەوانیدیدا، بۆیە پتر زمانێکی سادە، ناوچەیییە، کەمتر قووڵ و هزرییە. لە کاتێکدا، نووسین پرۆسەیەکی درێژخایەنە، نووسەر گەرەکە چەندین جار بە نووسینەکەیدا بچێتەوە و هەڵەچنی بکات، هەروەها بەدیدێکی خۆ_ڕەخنەیی لە نووسینەکەی بڕوانێت. ئاخر زمانی نووسین پتر هزرییە و پەیوەستە بە مەعریفە و زانینەوە. هەروەها زمانی نووسین فەرمییە، بەڵام زمانی ئاخاوتن نافەرمییە. لە نووسیندا، زمان لە ژانرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆرێ، ئاخر هەر ژانرە و تێگە و زاراوەی تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆ نموونە، زمانی ئەدەب لە هی فەلسەفە و زانست جوداوازە. زمانی ئەدەب پتر هەستەکی و سۆزمەندە، بەڵام هی زانست پتر ئەزموونەکی و هی فەلسەفەش پتر هۆشەکییە.

کولتووری کوردی بەشێوەیەکی گشتی کولتوورێکی داخراوی ناوچەیییە. لەبەرئەوەی کولتوورێکی گوندی و خێڵەکییە، نەک شاری. ئێمەی کورد تاکو ئێستا سەردەمی جوتیاری و کشتکاریمان تێنەپەڕاندووە لە ڕووی هزر و کولتوورەوە، بۆیە ئێمە خاوەن کولتوورێکی کشتکاری و جوتیارین، ئەمە بەڕوونی لەنێو نووسین، زمان، سیاسەت، ئەدەب و هونەری کوردیدا پەرچێندراوە. بۆ نموونە، نووسەرەکان ناوچەیین، بە زمانی ناوچەیی دەنووسن، لە ناوچەیەکدا دەخوێنرێنەوە، حیزبەکان ناوچەیین، لەبەرئەوەی تەنیا لە ناوچەیەک یان شارێک پتر لایەنگریان هەیە. هەروەها شارچێتی و ناوچەگەرایی مۆرکێکی دی ئەم داخراوی و لۆکاڵیبوونەی کولتووری کوردییە. بۆیە زۆربەی تاکەکان و خێزانەکان هەر لەو شوێنەدا ماونەتەوە کە تێدا هاتوونەتە ژیانەوە، پابەندن بەو ناوچەوە کە خێڵ و بنەماڵەکەیانی تێدا نیشتەجێیە. لەبەرئەوە سەفەر و گەشتکردن لە کولتووری کوردیدا زۆر بایەخی نییە، پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، بۆیە زۆربەی تاکەکانی کورد نەک وڵاتێکی بێگانە بەڵکو هەموو شارەکانی کوردستانیشیان نەبینووە. ئاخر کورد ئەگەر خزم و ناسیاوی لە شوێنێک نەبێت، ڕووی تێناکات، یان کۆچکردن و ماڵ گواستنەوە بۆ شوێنێکی دیکە کەم ڕوودەدا. بۆیە لەناو کورداندا کولتووری سەفەر، مانەوە لە ئوتێل و گەشتکردن کەمە و بایەخمەندی زۆر نییە.




ئیران و تورکیا دژی ریفراندۆم نین! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

تورکیا و ئێران دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم نین لە باشووری کوردستان هەر وەک چۆن پارت و میدیا حزبیەکان پروپاگەندەی بۆ دەکەن. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەو پرۆسەیە مەترسی لەسەر ئێران و تورکیا دروست ناکات. بۆ؟
باشوور بریتی نییە لە دەنگی خەڵک و خواستە سیاسییەکانی کە بۆ مێژوویەکی درێژە خەبات و کۆشش دەکات بۆ سەربەخۆی کوردستان. بەڵکو باشوور بریتیە لە کۆمەڵێک سەرانی پارتە دەستڕۆیشتوەکان، بڕیار بە دەستەکان کە هەموویان لە واقیعی ئەمڕۆدا بە کاردار و بە ئاشکرا جاشی تورکیا و ئێرانن کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی ئەوان و مانەوەی خۆیان رووداوەکان ئاراستە دەکەن.

ئەوەی ئەمڕۆ مەترسی گەورەی دروست کردوە لەسەر تورکیا و ئێران وە بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ هەر دوو وڵات بریتیە لە، ستراتیژیەتی نادیاری زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێ ئاگای و نەبوونی زانیاریی لە لایەن دەزگای میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئێران دەربارەی نەخشە و جۆری پلانی زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، نەبوونی ئاسۆیەکی روونە کە دوای تەواو بوونی داعش تورکیا و ئیران سنووری دەسەڵاتیان بچووک دەبێتەوە یان فرەوان تر دەبێت وەیان هەمان کەس و پارت لە دەسەڵاتدا دەمێنن یان نا!
هەنوکە، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا ئەو مەترسیەی کە لەسەر تورکیا و ئیراندا هەیە بە پلەی یەکەم هەر تورکیا و ئێران خۆیانن کە لەسەر بەهێز بوونی پێگەی خۆیان کار دەکەن کە کامیان وەک زلهێزی ناوچەکە زیاتر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات وە نەهێڵێت زلهێزەکان جێگە پێیان و دەسەڵاتیان لاواز بکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا.

لە سەر ئاستی کوردستاندا، ئەوەی ئێستا مەترسی لەسەر تورکیا و ئێران و سووریا و عیراق دروست کردوە پارت و سەرکردەکانی باشوور نین، بەڵکو پارتە کوردییەکانی باکور و رۆژئاوای وڵاتن بە تایبەتی پەکەکە و یەپەگە، کە وەکو دوو هێزی کارێگەر لە رووی پەروەرەدەی ئەندامەکانیان، جۆری بەشداریان لە مەیدانی جەنگی دژ بە داعش و جۆری پیادە کردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان ڕۆڵیان هەیە.
ریفراندۆم، ئەگەر ئەنجام بدرێت، باشوور سەربەخۆ بێت و هەمان سیستەم و دەموچاو ببن بە حاکمی باشوور ئەوا بە هیچ جۆرێک ئەو کیانە مەترسی نابێت بۆ سەر پێگەی تورکیا و ئیران وە بەرژەوەندییەکانیان لە نێو چوارچێوەی ئەو نیمچە دەوڵەتەدا پارێزراو دەبێت وەک ئەمرۆ ئاسا. ئەزمون و مێژووی ٢٦ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەو خێزان دەیسەلمێنن کە تورکیا و ئیران بە درێژایی مێژووی سەدەی رابردوو بە تایبەتی لە سەردەمی حوکمی “بەعس و سەدام” دا نەیانتوانیوە سوودمەند بن لە باشووری وڵات بە ئەندازەی ئەو ٢٦ساڵەی کە سەرانی ینک و پدک حاکمی باشوورن!
ئەزمونی ٢٦ ساڵ لە حوکمرانی سەرانی باشوور پێمان دەڵێت، لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١وە و دوای سەقامگیربوونی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی لە باشوور، ئێران و تورکیا بوون بە دەسەڵاتداری یەکەم لە باشوور، بەسەدان ئۆفسی دەزگای ئیتیلاعات و میتی تورکی لە باشوور دا دەبینرێت، بە دەیان بنکەی سەربازیی و سوپای تورک و ئیرانی لە باشوور نیشتەجێن، بە سەدان مزگەوت و شوێنی ئاینیی و قوتابخانە و دایەنگەی تورکیی و ئێرانی لە شارەکانی باشووردا هەن، تا دەگات بە “گولەن” کە لە ئەمریکا پاڵی لێداوەتەوە بە دەیان قوتابخانە و زانکۆی سەربەخۆی لە باشووردا هەبوو.

بە درێژای بیستوشەش ساڵ، تورکیا و ئێران بە ئارەزووی دڵی خۆیان بۆردومانی باشووریان کردوە و پاسدار و جەندرمەیان هێناوەتەوە نێو باشوور، لە کاتێکدا “سەدام” هەشت ساڵ خەریکی شەڕ بوو دژ بە ئێران و لە بێهێزترین قۆناغی دەسەڵاتییدا تورکیا نەیوێرا بستێک لە خاکی عیراق ببەزێنێت لە کاتێکدا ئەو کاتەش “پەکەکە” بارەگایان لە قەندیل و شاخەکانی تری باشووردا هەبوو هەتا پێش راگەیاندنی خەباتی چەکداری لە ساڵی ١٩٨٤دا.
ئێران بە سەدان کادیر و پێشمەرگەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووردا تیڕۆڕ کرد لە کاتێکدا لە ژێر دەسەڵاتی “سدام”دا بارەگەی ئەو پارتانە لە باشووردا هەبوون و ئێران نەیدەتوانی دەستی بگات بە هەمان ئەو کەسانەی کە تیڕۆڕیانی کرد لە زەمانی دەسەڵاتی سەرانی پارتەکانی باشوور.
حکومەتی تورکیا و ئێران، کاریگەریی سەرەکییان هەیە لە داڕشتنی کارنامەی سیاسیی و بەرێوەبردنی حکومەتی بنکە فراوانی هەرێم. بە دەیان پارتی سیاسیی تورک و فارس پیاوی تورک و فارس لە نێو کۆمەڵگەیی کوردی هەرێمدا هەن و پشتیوانی ماددیی و مەعنەویی دەکرێن لەلایەن حکومەتی تورکیا و ئێران و سەرانی باشوور.

لە رووی ئابووریەوە، لە ماوەی بیستوشەش ساڵدا دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران بە بۆری، بە تەنکەر، بە تەنکە و بە گاڵۆن و رەحەتی نەوتی کوردستان هەڵدەهێنجن بە دزی و بە ئاشکرا و بە هاوکاری سەرانی باشوور. بیستوشەش ساڵە بازەرکانی کوردستان بووە بە کاراترین بازار بۆ ساخکردنەوەی کاڵا و کەلوپەلی بەرهەمی تورکیی و ئیرانی. لە کاتێکدا لە زەمانی دەسەڵاتی “سەدام”دا چۆلەکە بۆی نەبوو لە نزیک بیرەنەوتەکان هەڵنیشێت، کاڵای تورکیی و ئیرانی بە قاچاغ لە شارەکانی باشوور دەستدەکەوتن.
لەسەر ئاستی ناکۆکیی نێوان پارتەکانی باشوور و لە سەر ئاستی ناکۆکیی نێو خودی پارتەکانی باشوور، تورکیا و ئێران دەم ڕاست و ناوبژیوانن، بە تایبەتی لە یەک لا کردنەوەی کێشەکانی نێو جەمسەرە ناکۆکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاغای سلێمانی و ئیتیلاعات ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، هەتا دەگات بە کێشەکانی گۆڕان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نوێنەری ئێران هێنرایە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان.

لە بەرواری ٢١/٨/٢٠١٧دا مەسعود بارزانی کۆبونەوەی لەگەڵ سەندیکا و رێکخراوەکانی سەر بە حزبەکەی کرد لە شاری “هەولێر”. لەو کۆبونەوەیەدا بارزانی گوتی “سیستەمی سیاسیی دەوڵەتی سەربەخۆی هەرێم فیدراڵی دەبێت “. !؟
سروشتی باشووری کوردستان لە ڕووی جوگرافیا و دانیشتوانەکەی جیاوازە لەگەڵ سروشتی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیران و عیراق. ئەو سێ وڵاتە بەهۆی فشاری نێو دەوڵەتی و جۆر و سروشتی دەسەڵاتدارە سیاسییەکانیان گەلێک لە نەتەوە و کۆمەڵێک لە هەڵگڕی بیروباوەری جیای مەزهەبی و ئاینییان بە زۆرە ملێ لە نێو سنووری وڵاتەکانیاندا ژێر دەست کردوە. ئیران “فارس ٦١% ئازەری١٦%، کورد ١٠%، لۆر ٦%عەرەب ٢%، تورکمان ٢% بلوچ ٢%”، هەروها زمانی فەرمیی لە ئێراندا زمانی فارسیە سەڕەرای بوونی ئەو هەموو نەتەوەیە لە نێو سنووری ئیراندا. گەلێک کەمە نەتەوەی تر لە نێو سنووری تورکیادا هەن کە تورکیا بە “تورک” بە دنیا ناسندویانن بە تورکی دەخوێنن دەنووسن و قسە دەکەن وەکو ” کورد، عەرەب، ئەلبانی، ئەرمەن، ئاشووری، قوقاسی، جورجی، یۆنانی، لاز، فارس، ڕۆمی”. هیچ نەتەوەیەک بۆی نییە لە زمانی فەرمیی زیاتر بەکاربهێنێت کە ئەویش زمانی “تورکیە”، کەچی لە هەرێم تورکیا داوای حەقی تورکمان دەکات و بە دەیان قوتابخانەی بە زمانی تورکی کردۆتەوە!

هەندێک لەو نەتەوانە لە تورکیا، ئیران و عیراق لەگەڵ کاتدا لە نێو کولتووری نەتەوەیی دەسەڵاتداردا تواونەتەوەو سنووری جوگرافیایان تەسک بۆتەوە یان هەر نەیان ماوە بەڵام هەندێک لەو نەتەوانە سەرەڕای سەختی بارودۆخ توانیویانە پارێزگاری لە کولتوور و زمانی خۆیان بکەن وە تا بۆیان کراوە پارێزگاریان لە سنووری جوگرافیای خۆیان کردوە وەک نەتەوەیی کورد کە سنوورە جوگرافیاکەی “کوردستان” ە.

لە نێو سنووری جوگرافیای کوردستاندا کەمە نەتەوەی تر هەن وەک “تورکمان، ئاشوری، کلدانی و عەرەب بەڵام سنووری جوگرافیایان نییە ئەگەر هەشبێت لە چەند دێیەک و شارۆچکەیەک ڕەت نابێت. (شەبەک، فەیلی، کاکەیی و یەزیدی) کوردن کەمە نەتەوە نین، کە هەندێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا تا دەگات بە سەرانی باشوور دەیانەوێت ئەو ناوانە بەکاربهێنن بۆ شەرعیەتدان بە لەتوپەت کردنی وڵات و نەتەوەی کورد.
بارزانی، کە دەڵێت سیستەمی دەسەڵاتی حوکم لە دوای سەربەخۆی “سیستەمی فیدراڵی” دەبێت بەو مانایە دێت کە باشوور دابەش بکرێتە سەر چەند شار و هەرێمی سەربەخۆ، هەر یەک لە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز و زەرد پشکیان لە ئیستاوە پارێزراو بێت هەر یەکەو دەسەڵات و دەرامەتی خۆی لە گیرفانی بکات وەک ئەمڕۆ ئاسا. مەسەلەی بەهەرێم کردنی شاری “کەرکوك” کە دەمێکە پارێزگاری کەرکوک دەهۆڵی بۆ دەکوتێت پلانی تورکیا و ئێرانە، وە هەر دوو وڵات ئاواتەخوازن کە کوردستان لە چوار بەشەوە ببێت بە هەزاران بەش و دابەش بکرێت و ئینجا بۆخۆیان بە ئاسانی لەگەڵ هەر هەرێمێک بە جیا مامەڵە بکەن وەک ئەمڕۆ ئاسا.

دەرئەنجامی باس،

ئەزمونی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئیران بیستوشەش ساڵە بووە بە خێر و غەریمەت. لە ژیر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا تورکیا و ئیران بە هەوەسی خۆیان کوردستان تۆپباران و بوردومان دەکەن، بە ئارەزووی خۆیان سنوور دەبەزێنن هەڵدەکوتنە سەر پەکەکە، پژاک و لە رابردوودا هەڵیانکوتایە سەر حزبی دیموکراتی ئیران. دابەشبوونی کوردستان خەونی لەمێژینەی تورکیا، ئیران، عیراق و سوریایە و لە ژێر ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوور و “فیدرالیزم”دا، یان لە ژێر ناوی ئۆتۆنۆمی و بە هەرێم کردندا دەیانەوێت زیاتر نیشتمانی کورد دابەش بکەن و گورگان خواردی بکەن.




ڕیفڕاندۆم ئامرازێکی ڕیفۆرمیستانەی درۆزنانەی دیمۆکراسی بۆرژوازییە! … وەستا سابیر

بۆرژوازی کوردی نایەکگرتوو و پارچە پارچە و حاکمیەتی زۆنە جیاوازەکان و چوارچێوەیەکی سیاسی کە لەو ناوچەیەدا وەک بەکرێگیراوانی بۆرژوائیمپریالیستەکانی جیهان پێیان سپێردراوە ئاسۆیەکی داخراوو نائومێدانەی خۆی نیشانداوە ، لە ناوچەیەکدا کە زۆربەی هەرە زۆری زۆنی سەوز دژ بە گاڵتەجاڕیەکەی ڕیفڕاندۆمە ، ئەستەمە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە کە بتوانیت دیمۆکراتیەتی بەتینی پرۆلیتێری بۆ خەڵکی کوردستان فەراهەم بکەیت . لێنێن لە باسەکانی خۆیدا پێ لەسەر ئەوە دائەگرێت کە مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوە ژێردەستەکان هەمیشە بۆرژواکانی ئەو مییللەتە بۆ ئیمتیازاتی خۆیان ئەچنە پشتی ئەم مەسەلەیەو خۆیان پێشڕەوایەتی ئەکەن ، کە زۆر ئەستەمە بتوانن دیمۆکراتیەتی بەرین بۆ فەراهەمکردنی هەلومەرجی خەباتی چینایەتی دەستەبەر بکەن …..

بازنەی دەسەڵاتداریەتی حیزبە قەومییە کوردیەکان و حوکومەتی ئیمارەتی و زۆنی ناوچەیی هەر یەکێک لەم دوو حیزبە گەورەیەی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان ، وەک بەشێک لەخێزانی بۆرژوازی جیهانی کە سیستەمەکەیان دەرگیری قەیرانێکی ئابووری جیهانی بووەو وەک هەمیشە ئاسا کاریان کردوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئابووریە لە سەر سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان قەرەبووی بکەنەوە ، لەڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی شمەکەکانو کەمکردنەوەی کرێ و بێکارکردنی ملیۆنەها کەس و نەدانی مووچەو کەم کردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و زیادکردنی بودجەی سەربازی و شەڕو تاڵانکردن ووڵاتانی ترو و دەوڵەمەندکردنی توێژێکی ئۆلیغارکی لەسەر چەک و تەقەمەنی شەڕ ….هتد
هەموو ئەمانە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی وجودیان هەیە ، هەر بەم بۆنەیەوە بازنەی حوکمڕانیەتی بۆرژوازی کوردی لەو هەرێمەدا دەرگیری قەیرانێک و ئەزمەیەکی سیاسی زۆر گەورە بووەو کەوتۆتە سەر لێواری مان و نەمان و تێکشکاندنی ئەم دەسەڵاتە نایەکگرتوەو قرچۆکەو نایاسایە.

حیزبە بۆرژوازیە کوردیەکان پێویستیان بە ڕیفۆرمە ، پێویستیان بە خۆ نوێکردنەوەو دەربازبوونە لەم قۆناغە بنبەستوە کە تێی کەوتون ؛ بۆ ئەم ڕیفۆرمیش ئیبداعێکی فریاگوزارانەی زۆر گەوجێنەر و ئەفیونی هەیە کە ئەویش ( ڕیفڕاندۆمە ) .
بازنەی چینایەتی خودی بۆرژوازی پارچەپارچەو تێکشکاوی سیاسی خودی ئەم ئەم چینە لە هەرێم و لە کوردستان ەنها لە بۆرژواگەورەکان پێک نەهاتوە، بەڵکە ئاسۆو داهاتوی بەشێکی بەرینی ووردەبۆرژوازیش بە ئاسۆو ئایندەی ئەوانەوە بەستراوەتەوە ….
چەپی ڕیفۆرمیست لە هەرێم و لەو ناوچەیەدا بەشی ووشیاری ئەم توێژەیە هاتۆتە مەیدانی ئەم نمایشنامەی ڕیفڕاندۆم ، هەم بۆ سازکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ خۆیان و بۆ توێژەچینایەتیەکەیان ، هەم بۆ پشتیوانی تەواوی بۆرژوازی حاکم لەو ناوچەیەو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەوبنبەستیەی کە بازنەی سیاسی دەسەڵاتی پارچە پارچەیی حیزبە کوردیەکان تێی کەوتون و هەوڵێکە بۆ دەرچوون لەم پەڕاگەندەییەو بەرەو یەکگرتوویی و یەکپارچەی ماڵی بۆرژوازی کوردی .

ئەم باسە باسێکی واقیعی پڕاکتیکی سیاسی چینایەتییە لە هەرێم و دوورە لە هێرشی موجەردو تەشهیر ئامێز بە هێزێکی سیاسی دیاریکراو ، ئەگەرچی ئێمە ناچارین کە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ماهیەتی هەموو سیاسەتی توێژو چینە کۆمەڵایەتیەکان ئاگادار بکەینەوە و هوشیاری چینایەتی ئەوان بەرەو ئاسۆیەکی نادیارو تەم و لێڵیدا نەبەین.

خۆشباوەڕی بە نمایشێکی لەم جۆرە وەک ( ڕیفڕاندۆم ) کە هیچ پەیوەندی نە اسی مافی میللتی کورد بۆ چارەنوسی خۆی و نە بەدەوڵەتی دیمۆکراتیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەوانەوە نیە ، وەهەر خۆشباوەڕیەک کە جەماوەری لەم قۆناغەدا پێ موتوربە ئەکرێت و ئەفیوناویان ئەکەن ، هیچی تر نییە ەتەنها هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانی یەکێتی و یەکپارچەیی ماڵی بۆرژوازی کوردی و زامنکردنی داهاتویەکی درێژتر بۆ ئەوان و قەرەبوکردنەوەی ئەو قەیرانە ئابوریە کە خودی بۆرژوازی کوردی دەسەڵاتدار و غیرە دەسەڵاتدار تیایدا ئەژیت دوای هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت و ئەو قەیرانە فینانسیەی کە تووشی تەواوی سیستەمی سەرمایەداری لەو ناوچەیەدا هاتوە.

خەباتی پێشترو بەتایبەت داهاتووی مارکسیستە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان ئەوەیە کە پێداگری لەسەر خەباتی چینایەتی و یەکێتی و یەکرگرتووی و هاوپشتی لە گەڵ کرێکارانی ناوچەکەو وەلانانی هەمووتێڕوانین بۆچونەکانی ڕیفۆرمستە شەعبەویەکان و هەروەها
ڕیفۆرمیستە کرێکاریە سۆسیال دیمۆکراتیەکان کە بەدرێژایی زیاتر لە سەت ساڵە ڕوحیەتی شۆشگێڕانەی مارکسیان مراندوەو ئیغتصاب کردووە ، وە لە پێناوی لێکهەڵپێچانی تەواوی دامو دەزگای بۆرژوازی کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی لەو ناوچەیەدا و لەسەر کەلاوەی دەوڵەتەکەی ئەوان دەسەڵاتداریەتی جەماوەری شورایی خۆیان پێبهێنن دژ بە هەموو سەرمایەداران ، لەم ڕێگەیەشەوە توانای بەدەستهێنای یەکسانی و هاومافی لەگەڵ میللەتەکانی دەوروپشت دابینبکەن و ناوەرۆکی مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان وەک بنەمایەک کە لێنینیش داکۆکی لێکردوە .

و. صابر




پەشیمان بوونەوە لە ڕیفراندۆم… شێرزاد وڵاتدۆست

لەگەڵ بوونی ناڕەزایەتیەکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئەنجامندانی ڕیفراندۆی لە 25 مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان ، لێ گوێ نوگرتن و بشتگوێخستنی تەواوی ئەو دەنگ و لایەنانەیە داوای دواخستنی ئە پرسە دەکەن بۆ کات و ساتیکی گونجاو جێی سەر سوڕمان و تێڕامانە ، پێویستە وردبینەوە لەوەی ئاخۆ ئەو لایەنانەی دروشمی سەربەخۆی دەوڵەتی کوردیان بەرزکردوەتەوە و ئامادەکاری ڕیفراندۆم دەکەن لە ئێستادا ، ئەوەندە موکوڕو سورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی باشوری کوردستان ، یاخود چاوەڕێی زیاتر فشار خستنە سەر حکومەتی ناوەندن بۆ وەرگرتنی پلە ئیمتیازی زیاتری حزبی لە حکومەتی عێراق ، هەرچەندە لە گفتوگۆکانی ئەم چەند ڕۆژەی وەفدی کوردی لەگەڵ لایانە عێراقیەکان لە بەغدا ، ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەک ڕوون بویەوە تەنها مەبەست لەم کارە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر لە بەغدا نەوەک جیابوونەوە لە لە عێراق ، بەڵگەش بۆ ئەمە قسەکانی خودی سەرۆکی ئەم لیژنەیەیە ، کە بە ڕوونی وتی ئێمە لەگەڵ یەک پارچەیی عێراقین.

جێی خۆیەتی سەرنج لەوە بدەین ئایا پەشیمان بوونەوە لە ڕیفراندۆم لەم کاتە دواخستینی بۆ کات ودەرفەتێکی گونجاوتر ، کە هەم پشتگیری نێودەوڵەتی هەم کۆدەنگی ناوخۆیی لەسەر بێت باشترە ، یاخود موسڕ بوون و ئینکاربوون لەسەر ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆم لە 25/9 ی ئەم ساڵ ، بێگومان هەموو بیرکردنەوەیەک ڕای یەکەم هەڵدەبژێری ئەگەر مەبەستی بنیات نانی دەوڵەتێکی کورد لە تەواوی سنوری باشوری کوردستان و خاوەن دامەزراوە و خاوەنسەروەری و بەهێز بێت لە ئاستی نێودەوڵەتی ، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ڕای دووەممان هەبێت ئەوا ئێمە دەوڵەتێکمان دەوێت کە لە جوگرافیایی گەمارۆدراوی سنوری هەولێر و سلێمانی دهۆک بێ ناوچە دابراوەکانی دەرەوەی هەرێم دەبێت ، جگەلە دەوڵەتێک دەبێت بە مردووی لە دایک دەبێت و هیچ پاڵپشتی و دانپێدانانێکی نێودەوڵتی نابێت ، ڕەنگە هاوشێوە وەک قوبرسی تورکی لەلایان وڵاتێک یان دوو وڵاتی دانبنرێت بەو دەوڵەتە ، کە ئەمەش جگە لە ماڵوێرانی و نەهەماتی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم مەملەکەتە نا‌‌هێنێت.

ئەگەر هاتوو ئەو لایەنانەی ئەو بەروارەیان دیاری کردووە پەشیمان نەبوونەوە گوێیان نەگرت لە ناڕازی ناوخۆی و ناڕازی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەدەستهێنانی زۆرینەی “بەڵێ ” بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە 25/9 دوای ئەو بەروارە چی ڕوودەدات؟ ئایا سەربەخۆی ڕادەگەینرێت و باشوری کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ بۆ وڵامی ئەمە دەبێ بلێین بەداخەوە چۆن ڕیفراندۆمەکەی 2005 تەنیا بە مەرەکەبەی سەر کاغەز و لەناو سندوقەلانی دەنگدان مایەوە و کرا بە پارویەکی چەور بۆ بەدەستهێنانی چەند بەرژەوەندیەکی زیاتری حزبی ، ئەوە ئەم ڕیفراندۆمەش شێتکی مەزنتر و باشتری لێ وەچنگ ناکەوێ .

ئەوەی گرنگە لە کۆتایی ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە ئەوانەی ماوەی چەند مانگێکە تەواوی هاوڵاتیانی باشوری کوردستانیان لەگەڵ بوونی جۆرەها قەیران و گرفت بەم بابەتەوە سەرقاڵ کردووە ، گوێ لەو هەموو دەنگە ناخۆیی و دەرکیە بگرن گوێ نەدەن بەو قسەیەی کە دەڵێ “سواربوون عەیبێک و دابەزین دووعەیب” ، بەڵکو هەرنەبێت بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی خۆیان بەگوێی دەنگی ناڕازی ناوخۆی وڵاتانی زلهێز لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا بکەن ، واز لەو پرسە بێنن لەم کاتە بۆ دەرفەتی گونجاو دوابخرێت ،بەپێچەوانەوە دوور نیە ڕووداو گەلێک ڕووبدەن کە هەم دووبارە حکومەتی عێراقی بەتەواوی دەسەڵەتیەوە بێتەوە هەرێمی کوردستان و ئەمانیش دوای ساڵێک خۆیان حزب و بنەماڵەکانیان لە دوور وڵات کاڵە بە ئەژنۆیان بشکێن بۆ ئەو هەڵەیەی کردیان ، جیا لەوە لەبری ئەم خەڵک سەرقاڵ کردن و تێکدانی زیاتری باردۆخەکە هەوڵبدەن لەگەڵ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و سەرپێخستنەوەی دامودەزەگا شەرعیەکان و دانانی پەیوەندیەکی باش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە ناکۆکەکانی هەرێم و بەغدا ، هەروەها هەوڵدان بۆ ئەکتیڤ کردنەوەی مادەی 140 بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕێندروەکانی دەرەوەی هەرێم بە شێوازێکی یاسایی و بنیاتنانی بناغەی دەوڵەتداری وحکومڕانیەکی دیموکراسی و باشترکردنی گوزرانی خەڵک ، ئەودەم هەرهەنگاوێک برنرێت بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیەندنی دەوڵەت ، بێگومان هەموو لایەک پشتگیری دەکات ، چونکە ڕوونە هەموومان خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ناوی کوردستان ، کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت لە هزرو خەیەڵماندایە هەردەم.




خراپتر … پشکۆ ناکام

….بەر پرسێکی پێوە لکاوی بنەماڵە کە جگە لە “بێ ئومێدی” هیچی تری لێ نە سەوز و نە زەرد ئەبێت ، پێمان ئەڵێت ( ..هەر کوردێک غیرەت و ناموس و شەرەفی !!هەبێت لە 25/ی ئەیلول چاو ئەنوقێنێ و یادێک لە سەد ساڵەی نەهامەتییەکانی کورد ئەکاتەوە…) پێشەکی سەیرە بەم ئاخر و ئۆخریە ئەو زاتە ئەو ناموس و مولحەقاتەی هاتۆتەوە بیر و پاشان بەش بە حاڵی خۆم پێش ئەو رۆژەش دەیان جار چاوم نوقانوە بیرم لە تەئریخی پڕ لە شکستەکانی کورد کردۆتەوە هەر چاو ئەنوقێنی یەکسەر ێاش بەتاڵی ساڵی 75/م یەتەوە بەر چاو کە چۆن بزووتنەوەی چەکداری کورد دوای چواردە ساڵ لە قوربانی دان بەهۆی گرێ دانی ئامانجەکانی بە بەرژەوەندییەکانی شای ئێرانەوە لە چەن ڕۆژێکا رووخا و داتەپی و بە ” ئاش بەتاڵ” چوە تەئریخەوە و بەرپرسی سەرەکی ئەو ئاش بەتاڵەش ئەو سەرکردایەتیە بوو کە ئێستا میراتگرەکەی داوامان لێئەکات لەژێر سێبەری ئەوا دەنگ بەین بە کورسیڕاندۆم !!… هێشتا هەر چاوت نوقاوە کە گوێت لە دەبابەکانی بەعس ئەبێت لە 31/ی ئابی 96 لەگەڵ گەوزانی سەدان کورد لە هەولێر و دەوروپشتی پایتەختەکەی هەرێم داگیر ئەکەن بە چاوساغی ئەو بنەماڵەیەی ئەو لە “ئومێد کەوتوە” داوامان لێئەکات هەمومان بە چاو نوقاوییەوە دەنگ بەین بەو گیرفانراندۆمەی ئەوەنەی تر کۆمەڵانی خەڵک تووشی نەهامەتی و ماڵ وێرانی ئەکات….با پەلە نەکەین و هەر بە چاونوقاوییەوە وەک فیلمێکی دکومینتاری خێرا چەکدارەکانی ئەو حیزب و بنەماڵەیە بهێنینەوە پێش چاوی خۆمان کە بە سەدمەتری لە شەنگال بە هەڵەداوان ئەیقوچێنن یەزیدیەکان وەک دیاری تەسلیم بە داعش ئەکەن و دواتر لەبەردەمی هاممەر و کامێراکانەوە نەزەرییەی” شەڕ راکردنیشی تیایە” ئەخەنە فەرهەنگی شەڕی میلیشیاکانەوە ….. با تۆزێک سەبرمان هەبێت و چاو نەکەینەوە تا بە نوقاویی بەهەزاران تانکەری نەوتی هەرێم ببینین کە ڕەوانەی دەرەوە ئەکرێت و حسابەکەشی سفر هیچ بەدەستەوە ! هەر بە چاو نوقاوییەوە سەرۆکی بنەماڵە ئەبینین کە چۆن هەڕەشە ئەکات وئەڵێت: گەر مالیکی کرایەوە من!! سەربەخۆیی هەرێم ڕائەگەیەنم و چۆن کەمتر لە ساڵێکی خایان بە پەلەپروسکێ نوێنەرانی ئەو بنەماڵە و پاشکۆکانی و حیزبەکەی ئەو لە ئومێد بێبەش کراوە لە پێناوی پارەیا وا قۆڵ ئەکەن بە قۆڵی یەکا ئەڵێی بەیەکەوە لەحیم کرا بوون، بۆیە ئێستا وەک نوکتە لەسەر وەزنی فیلمی کاوبۆی ” لە پێناوی مستێک دۆلارا – کلینت ئیستوید ” ئەوترێت : ریفراندۆم لە پێناو تورەکە دۆلارا…………..
با تۆزێک دان بە خۆمانا بگرین پێش چاوکردنەوە چەن وێنەیەکی تریش بهێنینەوە بەر چاومان :
– ئەو داپیرە بەدبەختەی گەرمیان کە بوە قوربانیی سیستەمە ئابوریە سەقەتەکەی بنەماڵە و پارتەکەی ئەو ” لە ئومێد خیش کردوە” بەرپرسیارن لێی..
– وێنەی ئەو کچە بەناو ئەکتەرەی لەفلیمەکانیا حەزی لە جل لەبەر کردن نیە لەگەڵ سەرۆکی بەناو حکومەتی تەهریج و عەجایباتی هەرێم..
– وێنەکانی ئەو هەموو ڕۆژنامە نووس و کەسایەتیانەی لە سایەی حوکمی ئەو بنەماڵەیەوە تیرۆر کراون کە ئەو ئومێدە ناوەر ۆک بێ ئومێدە دەرچوی قوتابخانەکەیەتی…
– مەنع کردنی سەرۆکی پارلەمانی کوردستان لە چونە سەرکارەکەی و داخستنی پارلەمان و داهێنانی دروشمی هەزەلی : لە نێوان خراپ و خراپترا.. بنەماڵە خراپەکەی هەڵبژارد ، واتا بنەماڵە موخەیەر بوو لە هەر سێ ئەگەرەکە و ئەبێت مەمنون بین خراپترینەکەی هەڵنەبژارد…!! …بۆیە بەندەش بۆ ئەوەی لەوە ” خراپتر” بەسەر کوردستانا نەیەت لە 25/ی ئەیلول ئەڵێم نەخێر…………….




تێنوویه‌تی … سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

1
ده‌نگی زه‌نگوڵه‌ی مێگه‌له‌ بزنی خوداكان دێ.
له‌كوێوه‌یه‌؟‌‌
ئه‌م ده‌نگه‌ نائاشنا نییه‌. ده‌زرینگێته‌وه‌.
ده‌نگێكه‌ بۆ بزوان.
من له‌خودا خه‌سێنراوه‌كان كه‌وتوومه‌‌وه‌.
تاریكی به‌من نه‌بێ بژار ناكرێ.
من تاریكی ده‌سمم، لێ هۆكار له‌مه‌دا چییه‌؟

2
كوێره‌ڕێیه‌ك ده‌چێته‌وه‌ ئاوه‌دانییه‌كی ‌قه‌ره‌باڵغ مردوو.
ئه‌زیه‌تم دیت، ئه‌م كوێره‌ڕێیانه‌ تێكناكه‌نه‌وه.
‌كه‌وتوومه‌ته‌‌ سه‌ره‌تاتكێ له‌گه‌ڵ هه‌نووكه و به‌یان
ئه‌وه‌تا بۆ دواجار بۆن به‌ده‌سماڵ و ده‌ست به‌مه‌مكدانه‌ په‌مه‌یییه‌كه‌ دادێنم.
سوێی بیره‌وه‌ریی…
نازانم چما ئه‌م نه‌هاتییه‌ تووشه‌، شۆره‌ك نه‌بوو له‌بوونم!
ئاخۆ لێكترازان وسه‌رهه‌ڵگرتن، له‌بێناسنامه‌یی و غه‌ریبی كوردانه‌دایه‌‌‌؟
3
هه‌ناسه‌بڕكێمه‌، لێ له‌ده‌می فریا(ی-ان)دا په‌نایه‌ك له‌به‌رچاوگرتن نه‌نگییه.
ده‌نگێك: توندتر بڕۆ، چه‌توونی ئه‌م تووله‌ڕێیانه‌ برینی ده‌م ئاوه‌ڵان.
گیلگامێش ئاسا سام و بێكه‌سنیشتووی ڕێگه‌كانم لێسته‌وه.‌
گیاگه‌نه‌مه‌ی ڕۆخ ڕێگه‌ و هه‌ورازان مێرووله‌یی له‌شم بوون.
بۆ نوێكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تاكانی به‌قوڕ سوقدراویش
گه‌ڕ و گه‌وه‌ڕه‌كان شوێنباوه‌شتیان ده‌خستمه‌وه‌.
سه‌ره‌تای ئه‌م كوێره‌ڕێیانه‌ بۆكوێ به‌په‌له ‌بوون و كۆتایییه‌كیان نه‌نووسییه‌وه‌؟

4
بۆ كۆتایی، كۆتایییه‌كی چاره‌نووسساز هه‌یه؛‌ نه‌گه‌یشتنه‌.
كه‌ نووسینیش خه‌رمانه‌ی ڕێكردن بێ،
بوونت، كۆنووسینه‌وه‌ی نه‌گه‌یینه‌كانه‌‌.
ئه‌ز به‌پرسیاران تێنوومه‌ و
پێچ-ه‌ڵ-پێچی ئه‌م ڕێڕۆیشتنه‌ش‌ تراویلكانه‌‌ ده‌كشێ.
‌ده‌می كراوه‌ی پرسیاریش:‌ تێنوویه‌تی.
گه‌ره‌كمه‌ بپرسم: ئه‌وه‌ ڕێگه‌كانن په‌لكێشی تێنوویه‌تیم ده‌كه‌ن یان نه‌ناسینه‌وه‌یان؟

5
پێده‌شت هه‌نگاوه‌كانم به‌ناخی خۆیدا ڕۆده‌با و
نیگای ڕاساوی به‌ر ئاوێنه‌ی یاده‌وه‌رییش، هرووژمم بۆ دێنێ.
مانگی ئه‌نفالی كورد تادێ ده‌كشێ و
كفنی ساڵه‌ چڵكنه‌كانی به‌ربه‌رانمان ده‌به‌ر مێژوو ده‌كا.
زه‌رده‌شت خۆری شكۆی خۆی له‌شاخ به‌دره‌وشانه‌وه‌ سپارد.
زه‌مه‌نیش پێده‌شته‌كان به‌تۆزی خه‌لافه‌تی ئیخوان ده‌خنكێنێ.
كات چه‌ند به‌بێ سه‌بووری ئاره‌قی بنهه‌نگڵمان ده‌رده‌دا.

6
ته‌نیا ڕۆیشتن هه‌یه‌. ڕاپسكان سه‌رهه‌ڵگرتنه‌. ئاوڕدانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ته‌بوون.
تۆ بێگانه‌، وه‌ك چاره‌نووسی كورد؛ بێندانیش له ‌ڕۆیشتندایه‌.
خه‌ونت ماڵاوایییه‌كه‌ له‌یاده‌وه‌ریی، نه‌ك بیرهاتنه‌وه‌ی نه‌ست.
ورته‌ورتێ: ده‌كرا خودا پێناسه‌یه‌كی ترمان بداتێ
ڕێگه‌كان ناگه‌نه‌ نه‌گبه‌تی هیچ ئیدیۆلۆژیایه‌ك، فڕین نه‌بێ.
له‌ ده‌نگی ئه‌سغه‌رییدا، چاره‌نووسی كورد خۆی ده‌چڕێنێ.
ئایشه‌شانیش سه‌ری به‌سه‌ردا شۆڕكردۆته‌وه‌ و ته‌قه‌ڵه‌كانی ئه‌م زامه‌ ده‌ژمێرێ.

7
من له‌هه‌موو شتێك چووم، ‌ڕۆیشتن نه‌بێ.
نه‌گه‌یشتن هه‌یه‌. كۆتایی وه‌رزه‌ڕێ چێنابن.
كه‌ تێنوویه‌تی بزنه‌ڕێی چیاكانیش ده‌ستغه‌ڵه‌تی داین‌
بیستم و نه‌مبینی:
من له‌وه‌ سه‌ختترم، به‌م نێزیكانه‌ بمرم.
ئیتر له‌م جوگرافیایه‌،
تێنوویه‌تی به‌یانییه‌كی تر ئاوس ده‌بێ.

———————————————–

گیاگه‌نه‌مه‌: (له‌ ناوچه‌ی نێوده‌شت و دۆڵه‌ڕه‌قه‌… تاد به‌كار دێت) جۆره‌ گیایه‌كه‌ له‌ پاوان و شاخ شین ده‌بێت، شێوه‌ی له‌ گه‌نم و جۆ ده‌چێت. مه‌ترێك یان زیاتر باڵا ده‌كات، بۆ وڵسات زه‌ریفه‌ و چاك ده‌یخوات.
سوقدراو: سواغدراو، سواقدراو.

* ئه‌م ده‌قه‌ له‌ ژماره‌ (7) 1-1-2017ی ڕۆژنامه‌ی هیچ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.




شەڕ ماندووی کردووم !!… شیعری – مەولود ئیبراهیم حەسەن


تێبینی : – من بە دە ست نووسینی ئە م شيعرە وە زۆر ماندوو بووم ، خۆشحال دە بم ئە گە ر ئێوە ش بە خوێندنە وە ی ماندوو بن !!
…..

( ١ )
بیستنی شە ڕ
بینینی شە ڕ
خوێندنە وە ی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ٢ )
دە ستپێکی شە ڕ
بە ردە وامی شە ڕ
کۆ تایی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٣ )
سە رکە وتنی شە ڕ
دۆڕاندنی شە ڕ
ڕاوە ستانی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٤ )
خوێنی شە ڕ
برینی شە ر
جە نازە ی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ٥ )
گو للە ی شە ڕ
تۆ پی شە ڕ
فڕۆکە ی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٦ )
قوربانی شە ڕ
پاڵە وانی شە ڕ
بازرگانی شە ر
ماندووی کردوو م !!
( ٧ )
کیشوە ری شە ڕ
وڵاتی شە ڕ
شا ری شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ٨ )
گە ڕە کی شە ڕ
کۆڵانی شە ر
ما ڵی شە ر
ماندووی کردووم !!
( ٩ )
بە را یی شە ڕ
گە ر مە ی شە ر
د یما هی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٠ )
خە وی شە ڕ
خە ونی شە ڕ
ئاگایی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ١١ )
وانە ی شە ڕ
قوتابخانە ی شە ڕ
فە لسە فە ی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٢ )
کۆی + شە ڕ
کە می – شە ڕ
جا رانی x شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٣ )
دۆستی شە ڕ
دوژمنی شە ڕ
ناوبژی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٤ )
جارانی شە ڕ
ئێستای شە ڕ
داهاتووی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ١٥ )
دە سکە وتی شە ڕ
قازانجی شە ڕ
زیانی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٦ )
شانازی شە ڕ
شە رمە زاری شە ڕ
سە رکردە ی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٧ )
شيعری شە ڕ
داستانی شە ڕ
ڕۆمانی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ١٨ )
هه ناسە ی شە ڕ
ئارە قە ی شە ڕ
فرمێسکی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ١٩ )
مردنی شە ڕ
ژیانی شە ڕ
ئاشتی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٢٠ )
سە قە تی شە ڕ
ونبووی شە ڕ
شە هیدی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ٢١ )
گۆرانی شە ڕ
حیکایە تی شە ڕ
مێژووی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٢٢ )
خراپی شە ڕ
کرێتی شە ڕ
جوانی شە ڕ
ماندووی کردووم !!
( ٢٣ )
ئاوارە ی شە ڕ
بە ندیخانە ی شە ڕ
سێدارە ی شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٢٤ )
زە وی شە ڕ
ئاسمانی شە ڕ
دە ریای شە ڕ
ماندووی کردوو م !!
( ٢٥ )
شە ڕێ ناو خۆیی
شە ڕی ناو چە یی
شە ڕێ جیهانیی
ماندووی کردووم !!
(٢٦)
ساردی گە رمە شە ڕ
گە رمی ساردە شە ڕ
شە ڕی هه میشە شە ڕ
ماندووی کردووم !!

************* 20/10/2016 – هه ولێر


تاکە ی شە ڕ…

**************
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
پیت بە پیت
وشە بە وشە
ڕستە بە ڕستە
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
دێر بە دێر
ڵاپە ڕە بە ڵاپە ڕە
بابە ت بە بابە ت
دە گە رێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
ماڵ بە ماڵ
کۆڵان بە کۆڵان
گە رە ک بە گە ڕە ک
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتیبە کە م دە کە مە وە
شار بە شار
وڵات بە وڵات
کیشوە ر بە کیشوە ر
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
ڕۆژ بە ڕۆژ
هه فتە بە هه فتە
مانگ بە مانگ
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
وە رز بە وە ر
سآڵ بە ساڵ
سە دە بە سە دە
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
مرۆڤ بە مرۆڤ
هۆز بە هۆز
میللە ت بە میللە ت
دە گە ڕێم
***
دە رگای کتێبە کە م دە کە مە وە
داستان بە داستانی ئە شق
فە لسە فە بە فە لسە فە ی دین
ڕێباز بە ڕێبازی مێژوو
دە گە ڕیم
***
دە پرسم
کێ شە ڕی نە کردووە ؟
کە ی شە ڕ نە کراوە ؟؟
لە کوێ شە ڕ نە کراوە ؟؟؟
***
دە پرسم
بۆچی شە ڕ؟
لە سە رچی شە ڕ؟؟
تاکە ی شە ڕ ؟؟؟

……………… ١٤/٧/٢٠١٧ هه ولێر

******************************


کە شە ڕ کۆتایی هات !!

********************

کە شە ڕ کۆتایی هات
وە رە ئە ی دوژمنە یە کتر کوژە کە م
وە رە ..
تۆ هه موو چە کە کوشندە کانی شە ڕ فڕێدە و
منیش هه موو برینە کانی جە ستە م !

***

کە شە ڕ کۆتایی هات
وە رە ئە ی دوژمنە یە کتر کوژە کە م
وە رە ..
تۆ هه موو هه نجە ت و توڕە ییە کانی شە ڕت فڕێدە و
منیش هه موو هیوا تێکشکاوە کانم کۆ دە کە مە وە !

***

کە شە ڕ کۆ تایی هات
ئە ی دوژمنە لە مێژینە کە م
وە رە ..
تۆ هه موو شارە زاییە کانی خۆت لە شە ڕ فڕێدە و
منیش هه موو هونە رە کانی هه ڵاتن !

***

کە شە ڕ کۆتایی هات
وە رە ئە ی شە ڕکە ری دێرین
وە رە ..
تۆ ماڵە جێماوە لە بیر کراوە کە ت بدۆ زە رە وە و
منیش کاو لە تێکدراوو ڕوخاوە کە م !

***

کە شە ڕ کۆ تایی هات
وە رە ئە ی پاڵە وانی دە روون پڕ لە چیڕۆکی کوشتن
وە رە ..
وە رە تۆ ژن و منداڵە کانت کۆ کە رە وە و
منیش گۆڕی ونبووە کانم دە دۆزمە وە !

***

کە شە ڕ کۆ تا یی هات
وە رە ئە ی پاڵە وانی دە ست بە تاڵ
وە رە ..
وە رە تۆ سە ر لە نوێ بچۆرە وە قو تابخانە و
منیش ڕێگای کێلگە دە گرمە بە ر!

***

کە شە ڕ کۆ تایی هات
کە شە ڕ کۆ تایی هات
کە شە ڕ کۆ تایی هات

******************* ٢٦/٥/٢٠١٦ – هه ولیر




دەستنوسـێ لە دارسـێو … بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پـایــان)

تازە زانیم
ئێرە باڵێکی ئاسمانەو
بەهەشت قوتابخانەیەو
داری گەنمیش پێنوس!..
تازە زانیم
من پەرتوکم و دڵی یاریش پەرتوکخانە!..
لەم قوربانە
ئەترسم ئەو دەست بۆ دڵی ببات
من هەڵگرێت و
ڕستەی یەکەمی پێشەکیم بخوێنێتەوە!..
لەوێ بەخەتێکی باریک وەک لێوی؛
بۆم نوسیوە: ڕۆژێ دێت دێمە لات..
نا…
نا…
نامەوێت ئیتر بنوسم، ئەو دەگریێت
نامەوێت خەم بخوێنێتەوە..
ئا…
لێرەوە؛
بۆ لەمەولا من ئەبمە تێنوسێ بۆ ئەو
لەبەژنم پێنوسێکی بۆ ئەڕوێنم
دەی وەرە تۆ وێنا بکەو بنوسە…
لێرە بەدواوە دەمەوێت
دەستنوسێک بم لەباڵای تۆ..
داهاتمەوەو تێگەیشتم
لەم بەهـەشـتە؛
پێنوس لەداری گەنمە و
دەستنوسیش دارســـێو!..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پـایــان)
ئیسکەندەریە.
١٤ی ١٠ی ٢٠١٣




دراوسێ تازه‌كه‌مان … نوسینی:زینب منعم

چه‌پكێك گوڵم به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و خه‌ریك بوو له‌ خۆشیاندا باڵم ده‌گرت.چونكه‌ دایك و باوكم ڕێگه‌یان پێدام كه‌ له‌گه‌ڵیاندا بچم بۆ ماڵی دراوسێ تازه‌كه‌مان بۆ به‌خێرهاتنیان ،چونكه‌ ئه‌وانیش له‌ هه‌مان باڵه‌خانه‌دا ده‌ژیان .زۆر دڵخۆش بووم چونكه‌ دایكم ئاگاداری كردم كه‌ ئه‌وانیش كچێكیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی مندایه‌.منیش له‌ خه‌یاڵی خۆمدا وتم ئیتر له‌مه‌و دوا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا یاری ده‌كه‌م له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ماڵه‌وه‌ بمێنمه‌وه‌.چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیایی هه‌ست به‌ بێزاری ده‌كه‌م.گه‌یشتینه‌ ماڵی دراوسێكه‌مان ،روم كرده‌ ئه‌و كچه‌ی كه‌ دایكی بانگی ده‌كرد(هه‌نی)،چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌م پێشكه‌ش كرد زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك گرتی و چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی لێوه‌رگرتم.لوتی له‌ گوڵه‌كان نزیك كرده‌وه‌ تا بۆنیان بكات ئیتر له‌ گۆشه‌یه‌كدا داینا و به‌ بێ ده‌نگی مایه‌وه‌.له‌ لایه‌وه‌ دانیشتم و كه‌وتمه‌ قسه‌كردن له‌ گه‌ڵیدا و باسی یارییه‌كانم و قوتابخانه‌كه‌م و به‌رنامه‌ خۆش و به‌سوده‌كانی ته‌له‌فزیۆنم بۆ كرد.هه‌موو ئه‌مانه‌م وت كه‌چی ئه‌و هه‌ر بێده‌نگ بوو.به‌س زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ده‌كرد و سه‌ری راده‌وه‌شاند و ده‌نگێكی لێوه‌ ده‌هات كه‌ لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم.لێم پرسی چییه‌؟سه‌ر له‌نوێ ورته‌یه‌كی لێوه‌هات و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد.داوام لێكرد كه‌ قسه‌ بكات.جارێكی تر ورته‌یه‌كی لێوه‌ هات و قسه‌ی نه‌كرد.هه‌وڵمدا كه‌ باڵی بگرم تا بمبات بۆ ژوره‌كه‌ی خۆی تا یارییه‌كانی ببینم.كه‌چی توڕه‌بوو ده‌ستی كرد به‌ گریان.له‌و كاته‌دا دایكم و دایكی هه‌نی لێم نزیك بوونه‌وه‌ و داوایان لێكردم كه‌ كه‌مێك له‌سه‌رخۆ بم.چونكه‌ هه‌نی ناتوانێت به‌پێوه‌ بوه‌ستێت و ناشتوانێت كه‌ قسه‌ بكات.ئه‌و ته‌نها ورته‌یه‌كی لێوه‌ دێت و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆ ده‌كات .كاتێكیش بێزاری بكه‌ن توڕه‌ ده‌بێت.به‌هه‌رحاڵ هه‌نیم به‌ نامۆیی بینی ،به‌ڵام رۆژ دوای رۆژ فێربووم كه‌ چۆنه‌ و سروشتی چۆنه‌.ئه‌مڕۆ زۆرم خۆشه‌وێت .ئێستا باشترین هاوڕێمه‌ .خۆشم ده‌وێ به‌ نامۆییه‌كه‌یشیه‌وه‌،خۆشم ده‌وێت كاتێك كه‌ ورته‌ ورت ده‌كات،خۆشم ده‌وێت كاتێك زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات.هه‌تا كاتی توڕه‌بوونه‌كه‌یشی خۆشم ده‌وێت.

نوسینی:زینب منعم
العربی الصغیر ژماره‌ 273 ساڵی 2015
وه‌رگێڕانی به‌ده‌ستكارییه‌وه‌:عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی




دارسێوه‌كه‌ … فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

{هه‌مووشتێكی دارسێوه‌كه‌ جوانه‌،گه‌ڵاسه‌وزه‌كانی،شێوه‌ و تامه‌ خۆشه‌كه‌ی}ئه‌مه‌ قسه‌ی ئاریا بوو كه‌ ڕۆژی سێوێكی ده‌خوارد،ڕۆژێك ئاریا ویستی سێوێك لێبكاته‌وه‌،به‌ڵام ده‌ستی نه‌یگه‌یشتێ‌ ،سه‌ری هه‌ڵبڕی
ڕووانی داره‌كه‌ زۆر به‌رز بۆته‌وه‌.له‌دڵی خۆیدا وتی :چۆن دره‌ ختی سێو ئابه‌م خێراییه‌ گه‌شه‌ده‌كات ،خۆ
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر زۆربچووك بوو،له‌كاتێكدا ئاریابیری له‌ دره‌خته‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌ گوێی له‌ده‌نگێك بوو بانگی ده‌كرد{ئاریا ـــ ئاریا}.ئاریا یه‌كه‌مجار كه‌سی نه‌بینی،به‌ڵام دواتر كه‌به‌باشی ته‌ ماشای دارسێوه‌كه‌ی كرد بینی له‌سه‌ردارسێوه‌كه‌ جوتیارێك خه‌ریكی ڕێككردنه‌وه‌ی لق وپاككردنه‌وه‌ی گه‌ ڵاكانی
دره‌خته‌كه‌یه‌،جوتیاره‌كه‌ وتی:دره‌خته‌كان به‌رهه‌می خۆشیان هه‌یه‌ بۆئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دره‌ختیان خۆشده‌وێ‌ وپارێزگارییان ده‌كه‌ن.
بزه‌وخه‌نده‌ به‌ڕووی جوتیاره‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كاتێك كه‌ئاریا وتی: ده‌بێت من یه‌كێك بم له‌و منداڵه‌ ژیرانه‌ی كه‌پارێزگاری له‌دره‌خت ده‌كه‌ن،هه‌تا شایانی ئه‌وه‌بم له‌به‌رهه‌مه‌كانیان بخۆم.
كه‌دارسێوه‌كه‌ گوێی له‌قسه‌كانی ئاریابووچه‌ندجارێك به‌هێواشی خۆی ڕاوه‌شاندتاچه‌ندسێوێك كه‌وتنه‌
خواره‌وه‌،ئینجا وتی: ئه‌زانم ئێستا به‌رهه‌مم شیرین وخۆشه‌ له‌ده‌متدا،بیانخۆ نۆشی گیانت بن،
ئیترئاریابه‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌ كه‌وته‌ كۆكردنه‌وه‌ی سێوه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كان.

———————
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌{154}ی گۆڤاری په‌پوله‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌