دیدار لەگەڵ سامان کەریم وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك)


سامان کەریم:
“پامۆك پێی وتم بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی و زۆر ئارەزوو دەکەم بيبينم”
….

لە دونیای موزیكەوە بۆ (وەرگێڕان)ی ئەدەبی، پیاوێك هێمن و ئارام وەك نۆتەو ئاوازی ژێی گیتارەكەی، ئەو ساڵانێكە ئارەزووی ئەدەبی توركی دەكات، ئێستا وەك وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك) دەناسرێت، بێگومان ئەو پياوە (سامان كەریم)ە، من بۆ زیاتر ئاشنابوون بە یەكترناسینی ئەو (پاموك) ئەم دیدارەم لەگەڵدا سازدا.

سازدانی شاخەوان سدیق
………….

پ1/ لە دونیادا وەرگێڕان وەك هەمووكارێكی دیكە پیشەیە، واتە ئەوكەسانەی كە كاری وەرگێڕاندەكەن كە سانی تایبەتمەندن لەو بوارەداو شارەزایی بنەماو یاساكانی وەرگێڕانن، چۆن بوو ئێوە كە خۆتان موزیك سیانن بیرتان لەكاری وەرگێڕانكردەوە؟ ئەم هەستە هەستكردن بوو بە پێویستی كارەكە بۆ كتێبخانەی كوردی یان تەنها حەزی تایبەتی خۆتان بوو؟

سامان کەریم/ پێشەکی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بواری وەرگێڕان وەک بواری موزیک تەنها خەون و حەزێکی تایبەتی خۆمە. وەک شارەزایی لە بواری وەرگێڕانیشدا، زۆر نمونە هەیە کە کەسێک هەم مۆسیقی بێت هەم وەرگێڕ یاخود لەگەڵ ئەوەدا کە ئەکتەری سینەما، شانۆیە نووسەرو وەرگێڕیشە، هەتا بە نیسبەت پاموکیشەوە کاتێک زانی موزیسیانم زۆری پێخۆشبوو. پێدەچێت ئەمە لە ووڵاتی ئێمەدا کەمێک نامۆ بێت هەر وەک چۆن هەموو شتێک بە نامۆ دەبینرێت، بەڵام بە تێڕوانینی من موسیقییەک دەبێت ئاگاداری ئەدەبیاتی دنیا بێت، نووسەرێک دەبێت ئاگاداری ئۆپێرا، ستاییلەکانی موزیک، سینەما، شانۆ، بواری وێنەکێشان، پەیکەرتاشی بێت. بە دڵنییایی ئەمە بە پێچەوانەشەوە بۆ وێنەکێشێک یاخود سینەما کارێک هتد… دەبێت بەو شێوەیە بێت، هیچ نەبێت تێڕوانینی من بەوشێوەیەیە. هۆکاری ئەمە بە نیسبەت منەوە دوو خاڵە، یەکەمیان بوارەکەی خۆتی پێ دەوڵەمەند دەکەیت. دووەمیشیان کە زۆر گرنگە، مرۆڤ تاچەندە لە توانایدا بێت دەبێت خۆی دەوڵەمەند بکات بۆ ئەوەی زیاتر ژیان بەڕوونی ببینێت. ئەمە جگە لەوەی کە لە سەردەمی ژیانکردنمدا لە ئیستانبوڵ بۆ نمونە هەندێک کاری ئۆغوز ئاتای، جەمال سورەییا، جان یوجەلم دەخوێندەوە وەریانگێڕابوون، لە کاتێکدا کە خۆیان هەم نووسەر، هەم شاعیر هەم وەرگێڕێکی باشیشن، چەند سەرچاوەیەکیشیان هەیە لە بارەی بواری وەرگێڕانەوە، کە سەرنجیان ڕاکێشابووم. یاخود نەرڤالی نووسەر، شاعیری فەڕەنسی کە لە خۆیدا وێنەکیشیش بووە.

پ2/ ئێستا لەكوردستان لێشاوی وەرگێڕان هەیە، بەجۆرێك هەركەس كەمێك لە زمانێك دەزانێت دەست بەو پرۆسەیە دەكات بێ‌ سانسۆر، تا چەند پێتان وایە بۆ وەرگێڕان پێویستە كەسی وەرگێڕ شارەزایی باشی وردەكاری هەردوو زمانی نوسراو وەرگێڕدراوبێت؟ وەرگێڕانی حرفی چ جیاوازیەكی لەگەڵ وەرگێڕانی گشتیدا هەیە؟

سامان کەریم / لە هەموو بوارێکدا کاری باش، جوان خۆی پیشان دەدات. بە تێڕوانینی من ئەگەر کەسێک لەهەردوو زمانەکەدا توانایەکی باشی نەبێت دەکەوێتە ناو گرێکوێرەیەک، گێژاوێکەوە کە نەک پاش زەمانێکیتر بەڵکو هەر لە ساتی وەرگێڕانییەوە هەست بە قورساییەک دەکات کە نایتوانێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ بە گشتی لەهەموو بوارێکدا دەبێت بزانێت چی دەکات، چۆن دەیکات، ئەنجامیشی چی دەبێت. بەدەر لەوەش من دڵخۆشم کە کارەکانم ناوەندی ئەندێشە چاپ، بڵاویان دەکاتەوە چونکە هەم بەڕێز هەژار مەجید خوێنەرێکی زۆر باشە، هەم ستافێکی زۆر باشیان هەیە کە جێی متمانەن. لێرەوە سوپاسی ناوەندی ئەنێشە دەکەم. سەرەڕای ئەمانەش خوێنەری باش دەتوانێت بڕیار لەسەر باشی، جوانی کاری ئەدەبی بدات.

پ3/ دەڵێن وەرگێڕان “دوبارە نوسینەوەی دەقە لە لایان كەسی وەرگێڕەوە” یان ” وەرگێڕ، نوسەری دووەمی دەقە” ئەمە تا چەند ڕاستە، بۆ وەرگێڕان تا چەند كەسی وەرگێڕ ئازادە لە دوبارە بنیاتنانەوەو داڕشتنەوەی زمانی ڕۆمانەكە، یان بە پێچەوانەوە دەبێت كەسی وەرگێڕ پابەندبێت بە ناوەرۆك و زمانی ڕۆمانەكەوە وەك خۆی؟

سامان کەریم / دەبێت وەرگێڕ هەم پابەندبێت بە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەوە هەم ئازاد بێت لە چۆنێتی نووسینەوەی دەقەکەدا، چونکە وەرگێڕ شتێکی نوێ نانووسێت، بەڵکو وەریدەگێڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا بیرفراوانی، زانیاری، تێڕوانینی وەرگێڕ گرنگە. وەک جەمال سوورەییا دەڵێت” وەرگێڕان پێویستی بە کۆمەڵێک یاسای تایبەت، ئامادەکاریی تایبەت هەیە. بەڵام وەرگێڕان لە بنچینەدا کاری “نووسینە”. لە بارەی وەرگێڕانەوە زۆر تێڕوانین هەیە، بەڵام من وەک خۆم گرنگی بە دوو لایەن دەدەم، لایەنێکیان هەستکردنمە بە هەست و تێڕوانینی نووسەر لە دەقەکەدا، لایەنەکەی تریشیان ئەوەیە کە هەوڵ دەدەم بە زمانی شیریم هەست و پەیامی نووسەر وەک خۆی بە چێژ، سەلیقەی ئەندازیارێکی بەتواناوە ووشەکان، ڕستەکان، پەڕەگرافەکان سەر لەنوێ بنووسمەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەو واتا، هەستەی کە نووسەر لە پشتی نووسراوەکەیەوە مەبەستێتی بتوانرێت وەک دەقە ڕاستەقینەکەی هەستی پێبکرێت.

پ4/ ئەدەبی توركی ئەدەبێكی گەورەو فراوان و جدیە، بەڵام لای ئێمە تەنها چەند كە سێكی كەم لە ئەدیبانی تورك ناسراون، تۆ بۆ لەناو ئەو ئەدیبانەدا دەستت بۆ (پاموك) برد؟ ئەوەی لە ئەدەبیاتی پاموكدا سەرنجی تۆی ڕاكێشاوە لە سەرەتاوە تا ئێستا چیە؟

سامان کەریم/ نزیکەی بیست ساڵ لە تورکیا، لەشاری ئیستانبوڵ، سەردەمێکیش لە عەنقەرە ژیام. ئەدەبیاتی تورکی بەڕاستی زۆر قوڵە، تاکو ئێستاش لە گەشەکردندایە. نەک پاموک بگرە زۆرێک لە شاکاری نووسەرەکانی تورکیام خوێندۆتەوە، سەرنجیان ڕاکێشاووم، بەڵام بەلای منەوە پاموک جیاوازترە لە نووسەرەکانی تر، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پاموک هەر لە سەردەمی منداڵییەوە خوێنەرێکی زۆر باشبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە قوڵی سەرقاڵی تێگەیشتنی نووسەرەکانی پێش خۆی، سەردەمی خۆی بووە بە نمونە یەحیا کەمال، ئەحمەد حەمدی تانپنار، ئۆغوز ئاتای، ئەحمەد ڕاسیم هتد… واتە شارەزایەیەکی باشی هەیە هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی ڕۆژژئاوادا هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی تورکیدا بە تایبەت و ڕۆژهەڵات بە گشتی، ئەمەش وایکردووە کە پاموک بۆشایی ناو ئەم دوو ئەدەبیاتە بدۆزێتەوە، بە شێوازێکی نوێ بنووسێت. بۆچی دەستم بۆ پاموک برد؟ لەسەر داخوازی بەڕێوبەری ناوەندیی ئەندێشە بەڕێز هەژار مەجید، داوای لێکردم کە کارەکانی پاموک وەربگێڕم، بە دڵنییایی وەک بڵێی بۆ ماوەی بیست ساڵ یەکتر بناسین، ڕێک داوای کارێکی لێکردم کە زۆر لە زووەوە بیرم لێکردبووەوە. ژیانە!
پ5/ خوێنەرانی بەرهەمەكانی پاموك باس لە چیرۆكی چڕو زمانی قورس و فەزای ئاڵۆزو لە بەرهەمەكانی پاموكدا دەكەن، تا چەند ئەمە ڕاستە؟ ئایا بۆ وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەم ئاڵۆزیانە كارەكە هێندەی تر بۆ تۆ قورستر ناكات؟
سامان کەریم / کارەکانی پاموک لە چەند خاڵێکدا هاوبەشن، بۆنمونە لە باسکردنی مێژووی هەرشتێک بێت لە کارەکانیدا واتە بەردەوام لە ناو گێڕانەوەکانیدا تیشک دەخاتە سەر مێژووی هەندێک بابەت، بەڵێ لە تورکیاش باس دەکرێت کە کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام بە نیسبەت منەوە ئەوە ئاڵۆزیی نییە، بەڵکو دەبێت زۆر بە سەلیقەوە کارەکانی بخوێنرێتەوە، چونکە لە کارەکانی پاموکدا، لە گێڕانەوەکانیدا هارمۆنییەتێکی زۆر بەهێز هەیە. دەمەوێت لە سەر بواری موزیک نمونەیەک بدەم کە گونجاوبێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە: ئەو موزیکانەی لە ڕۆژهەڵاتدا پەسەند دەکرێت و ئاسانن بۆ گوێگرتن، ئەگەر لێیان ووردببیتەوە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدا نییە، واتە یەک میلۆدی یاخود لە دوو میلۆدی تێپەڕنابن. بەڵام کە گوێ لە کارێکی بیتهۆڤن، ڤاگنەر یاخود باخ دەگریت ئەمەندە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدایە کە بەڕاستی پێویست دەکات هەم زانیارییەکی باشت هەبێت لە بارەی چۆنییەتی گوێگرتنەوە هەم سەلیقەیەکی زۆریشت هەبێت، ئینجا دەتوانی چێژێکی پێویست وەربگریت. بە دڵنییایی ئەمە دوای ئەوەی کە کارەکە وەرگێڕانێکی باشی بۆ کرابێت. دەتوانین ئەم نمونەیە بچوێنین لەو کارە ئەدەبییانەی کە پێیدەڵێن سادە، لەگەڵ ئەو کارانەدا کە پێی دەووترێت ئاڵۆز. دەتوانم وەک نمونەی کارەکانی پاموکیش ئیشارەت بە جەودەت بەگ و کوڕەکانی بدەم کە ڕۆمانێکی کلاسیکە تا ڕادەیەک سادەیە، بەڵام ماڵی بێدەنگ، بە تایبەتی کتێبی ڕەش بەبەراورد لەگەڵ جەودەت بەگ و کوڕەکانیدا ئاڵۆزە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ماڵی بێدەنگ کتێبێکی پۆست مۆدێرنە، کتێبی ڕەشیش وەک پاموک خۆی دەڵێت هەر نەک پۆست مۆدێرن بەڵکو دادائیستییە. لەبەر ئەوە لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا ئەوەندە هەست بەو قورسییە ناکەم کە باسی لێوەدەکرێت، چونکە ئەو گۆشەی تێڕوانینەم دۆزیوەتەوە کە پێویستە بۆ تێگەیشتنی کارەکانی پاموک.

پ6/ سەرەتای كاری وەرگێڕانت بە پاموك دەستی پێكردوو لە ئێستادا دەست بۆ هەندێك نوسەر تر بردوە بە نمونە(كامۆ) ئەم گۆڕانكاریە بەردەوام دەبێت و بەنیازی بەرهەمی نوسەرانی تریش وەرگێڕی؟ یان تەنها لە پاموكدا دەوەستیت؟
سامان کەریم / لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموک بەردەوام دەبم. لەم بارەیەوە دەمەوێت باس لە دوو چیرۆکی پچوکی ژیانی تایبەتی، بواری وەرگێڕانم بکەم: سەردەمێک لەگەڵ ئەوەدا کە لە ئیستانبوڵ سەرقاڵی هەم لە ژیاندا مانەوە هەم خوێندن بووم لە بواری موزیکدا، سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ڕۆژ ئاوا بە گشتی، بەتایبەتی تورکی بووم. زۆر کات لەگەڵ (دیلەک)ی هاوسەرمدا کە ئەو کات خۆشەویستم بوو، پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە (دیلەک خوێنەرێکی باشی کارەکانی پاموکە) لەو ساتانەدا کە باسمان لە خەیاڵی ئەوە دەکرد ڕۆژێک بێینەوە بۆ سلێمانی بەردەوامی بە کاری سەما، موزیکی فلامێنکۆ بدەین، فێرگەیەکیش دابمەزرێنین، زۆر جار بە دیلەکم دەووت “زۆر ئارەزوو دەکەم لە سلێمانی ژیانێکی سادە دەست پێبکەین، زیاد لە کارکردنمان لە بواری موزیک و سەمادا، لە ژورێکی پچووکدا، لە ناو قۆرییەکی ڕەشبووەوەدا چا بخۆینەوە، بەڵام لەلایەکیشەوە لەبەر ڕوناکی گڵۆپێکی کزدا سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەم شاکارانە بم کە بە تورکی دەیانخوێنمەوە، بەلامەوە پەسەندن”. دوای هاتنەوەم کتێبی “ئەزموونەکانی” کامۆم گرتە دەست، وەرمگێڕا. ڕاستییەکەی هیچ بە نیازی چاپکردن وەرمنەگێڕا، بە نیازی چاپکردنیش دەستم نەکردووە بە وەرگێڕان. بەڵام بیرم کردبووەوە دوای تەواوبوونی هەموو کتێبێک، خۆم نزیکەی سەد یاخود دوو سەد دانە کۆپی بکەم، بەرگەکانیان کاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ بێت، لەچەند گۆشەیەکی گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدا بۆ نمونە بەر دەرکی سەرا، سەهۆڵەکە، تووی مەلیک هتد… چەند دانەیەک دابنێم لەسەر شۆستەکان، هیچ نەبێت گەنجەکان کەمێک تووشی مەراق بکەم بۆ ئەوەی کتێبەکە هەڵبگرن بیخوێننەوە، هەر لەبەر ئەو هۆیەش بەرگەکانیانم ڕەنگاو ڕەنگ دەکرد. (چیرۆکی یەکەم)
دووەم چیرۆکم: دوای هاتنەوەم بۆ سلێمانی بە چەند مانگێک، ڕۆژێک لە ناوەندی ئەندێشە سیمینارێکی هەم تیۆری هەم پڕاتیکیمدا لە بواری ستایلی فلامێنکۆدا، بەڵام تیشکم خستە سەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیان. دوای سیمانارەکە بەڕێز هەژار مەجید سەردانی کردم لە کافیتریای ئەندێشە، بە گوێچکەمدا چرپاندی ووتی “نازانم بۆچی تا کۆتا سات لە سیمینارەکەتتدا دانیشتم، گوێم لێگرتیت” دواتر جێیهێشتم. (بە دڵنییایی تازە هاتبوومەوە، ئەو ڕۆژەش بەڕێز هەژار مەجیدم بینیبوو، ناسیبووم) پاش سێ ڕۆژ سەردانی ئەندێشەم کرد، بەڕێز هەژار مەجید یەکسەر بە جۆشوخرۆشەوە هات بۆ لام هەواڵی پرسیم، ووتی سامان دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم “تۆ دەبێت وەرگێڕ بیت”. بەدڵنیایی زۆرم پێخۆشبوو، لە وەڵامدا پێم ووت “کێ دەڵێت من وەرناگێڕم” چونکە ئەو کاتە من وەرگێڕانی کتێبی ئەزموونەکانم تەواوکردبوو.
جوانی، خۆشی ژیان لەوەدایە کە سەیرە.
داوای وەرگێڕانی کارەکانی پاموکی لێکردم، ئەمەم زۆر پێخۆشبوو، چونکە چەندەها ساڵبوو کارەکانی پاموکم دەخوێندەوە بۆ ئەوەی بتوانم لە هەموو لایەنێکی تورکیا بگەم. دەبوایە ئەزموونەکان چاپ ببوایە، لەسەر بڕیاری من دوامان خست، ماڵی بێدەنگی پاموکم وەرگێڕا، چاپ بوو، بە دوایدا ژنە قژسووەرەکە کە لە ماوەیەکی کەمدا چاپی یەکەمی تەواوبوو، چاپی دووەمی بڵاوبووەوە، سەمەرەیەک لە سەرمدا، من درەختێکم، ئێستاش کتێبی ئیستانبوڵم بە دەستەوەیە کە گەیشتوومەتە قۆناغی کۆتایی. لە ماوەی وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا چەند جارێک بەسەر ئەزموونەکاندا چوومەوە تاکو هێنامانە بارێک کە ئیتر بڵێین بەڵی ئەم کتێبە دەبێت چاپ بکرێت.

پ7/ دەوترێت “نوسەری ڕاستەقینە ئەوەیە كە خۆی لە نوسینەكانی بچێت” تۆ چەند جارێك پاموكت دیوەو لەگەڵی دانیشتویت و گفتوگۆتان كردوە، وەك دەشزانی لێرە ئەو خوێنەرێكی زۆری هەیە، چ سەرنجێكتان لا دروست بوە لەو دیدارانەتا لەسەر پاموك، ئایا پاموكی ناو ڕۆمانەكان چ جیاوازیەكی لەگەڵ پاموكی ئاسایدا هەیە؟

سامان کەریم / نامەوێت پاموک لە چەند ڕستەیەکدا کۆبکەوە، ئەتەکێتێکی بدەمێ، چونکە ئەمە کارێکی شیاو نابێت. وەک جیاوازی نا، بەڵام پاموکی ئاسایی پێکهاتووە لە هەموو کارەکتەرەکانی ناو کارەکانی، واتە لەهەموو ڕوویەکەوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێت هەر لەبواری مێژوو، هونەر، شانۆ، سینەما، موزیک، کۆمەڵایەتیی هتد… بەڵام لە هیچ کارەکتەرێکی ناو کارەکانیشی ناچێت!

پ8/ پاموك یەكێكە لەو نوسەرانەی كە كەمتر خۆی لە قەرەی پرسە سیاسیەكان دەدات، تۆ لەو یەكتر بینانەتا هیچ دەربارەی پرسی كورد قسەتان نەكرد، بەتایبەت كە زانی كتێبەكانی بەو كوالیتیە باشە وەرگێڕدراون بۆ كوردی و خوێنەرانێكی زۆری لە كوردستان هەیە، ئەو تا چەند ئاگاداری كێشەی كوردو تەنانەت ئەدەبیاتی كوردیشە، و سەرنجی چیە؟ هەستی چی بوو كە كتێبەكانی خۆی بە كوردی دیی؟

سامان کەریم/ پێشەکی بە تێڕوانینێکی ئۆبجەکتیفانە زۆر کورد دۆستە. ئارەزووی لە بابەتی سییاسی نییە. چەند جارێکیش دوبارەی کردەوە ووتی “شانازی دەکەم کە ئەوەندە خوێنەرێکی زۆری هەم کارەکانی من هەم ئەدەبیات بە گشتی هەیە لە کورستان، شانازی دەکەم کە خوێنەری کورد بێ ئەوەی گوێ بداتە قەبارەی کتێبەکانم دەیانخوێننەوە.” وەک منداڵێک دڵخۆشبوو کاتێک کتێبەکانم بۆ برد، دامە دەستی. دوپاتیشی کردەوە کە شێوازی چاپی کتێبەکانی لەلایەن ئەندێشەوە جوانترە لە چاپە ئینگلیزی، فەڕەنسییەکانی. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە جاری دووەم لەسەر داخوازی پاموک خۆی یەکتریمان بینی، بە دڵنییایی زۆر خۆشحاڵبووم. باسم لەتوانای چەند نووسەرێکی کوردیش کرد، مەراقی بوو کارەکانیان بخوێنیتەوە.

پ9/ بڕیاربوو پاموك لەسەربانگێشتی ئەندێشەو بە داعوەتی ئێوە بێتە كوردستان و سلێمانی ئەو هاتنەكەیەو بڕیارە لێرە تا چەند بمێنێتەوە و چ پڕۆژەیەكی هەبێت؟

سامان کەریم / بەڵێ جاری یەکەم کە لە ماڵەکەی خۆیدا یەکترمان بینی، دوای قسەکردنێکی زۆر لەبارەی ژیانی تایبەتی من، کە زۆر مەراقی بوو، لەبەر ئەوەی کەمێک بۆم باسکرد کە لە ئێرانەوە، بەشاخەکاندا لە مانگی شوباتدا بە ڕێکردن بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بە ناو بەفردا گەیشتوومەتە ئیستانبوڵ، دواتر ژیانی کۆڵانەکان، فێربوونی زمانی تورکی، خوێندنەوە، دەستکردنم بە خوێندن لە بواری موزیکدا، دەرچوونم لەناو دەی یەکەمداو ڕۆیشتنم بۆ مەدریدی ئیسپایا بۆ خوێندنی ماسترکلاس، ئەوەی زۆر سەرنجیشی ڕاکێشا گەڕانەوەم بوو بۆ ئیستانبوڵ، دوای سەردانم بۆ چەند ووڵاتێکی ڕۆژئاوا. کاتێک ئەم داخوازییەم پێووت ڕێک بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە “بەدڵنییای بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی.” زۆر ئارەزوو دەکات کە سلێمانی ببینێت، وەک بەرواری هاتنی بەروارمان دیاری کرد، بەڵام باسمان لە ماوەی مانەوە نەکرد، وەک پڕۆژەش جگە لەوەی کە دێتە ناوەندی ئەندێشە، کۆڕێک ساز دەکات، واژووی کتێبەکانی دەکات بۆ خوێنەرەکانی، سەردانێکی گشتی سلێمانی دەکات، پڕۆژەیەکی درێژ خایەنیش هەیە لە نێوان هەردوکماندا کە باسی لێکرا، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم باس پرۆژەکەو ناوەرۆکەکەی بکەم.

پ10/ پڕۆژەی داهاتوتان چیە؟ كتێبی تری پاموكە یان بەرهەمی نوسەری ترە؟

سامان کەریم/ لە ئێستدا لە قۆناغی کۆتایی وەرگێڕانی کتێبی ئیستانبوڵدام، لەلایەکی تریشە کار لە وەرگێڕانی باوەڵەکەی باوکم دا دەکەم، جگە لە ڕۆمانی ماڵی بێدەنگ، ژنە قژسوورەکە کە چاپکراوون بڵاوبونەوەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا ڕۆمانی سەمەرەیەک لەسەرمدا، کتێبی من درەختێکم دوای ئەوانیش کتێبی ئیستانبوڵ، باوەڵەکەی باوکم لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت، بڵاودەکرێتەوە، بە نیازم هەموو کارەکانی پاموک وەربگێڕم، تەوایان بکەم، بۆ نمونە ئەو کارانەی کە بە نیازم دوای کتێبی ئیستانبوڵ یەکسەر دەست بکەم بە وەرگێڕانیان: جەودەت بەگ و کوڕەکانی، کتێبی ڕەش، پارچەکان لە دیمەوەو ئەو کارانەی کە هێشتا وەرنەگێڕدراون. چاوەڕوانی کارە نوێکانیشی دەکەم بۆ ئەوەی ئەوانیش وەربگێڕم. پاموک خۆیشی پێشنیاری چۆنێتی سەرەی وەرگێڕانی کارەکانی بۆ کردم، بەخۆشحاڵییەوە پەسەندم کرد. لەگەڵ ئەمانشدا بە دڵنییایی دەست دەکەم بە وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەری تریش، بەڵام لە ئێستادا خۆشتان دەزانن کە چەندە سەرقاڵم لەگەڵ کارەکانی پاموکدا.

پامۆک

پامۆک




لیستی ناوی تەواوی بێسەرو شوێنانی شەڕی ناوخۆ٠٠٠ دڵشاد مەجید

٢١ساڵە٠٠٠٠
دەیان ژنی بەدبەختی جوان و جاخێڵ ٠٠بسکەکانیان سپی کرد بە دیار هەواڵێکی مێردە شوێن بزرکراوەکانیان٠٠ ٠
دەیان منداڵی ناو رەحمی دایک٠٠ گەورەو بوو باڵای دەرکرد٠٠ چاوەکانیان ئاوی سپی کرد بەدەم گریان و چاوەڕوانی ٠٠لە کردنەوەی دەرگای حەوشەیان٠٠ تا بەدیداری باوکە ٢١ ساڵە بەوێنە دیتوەکەی٠٠ شاد بێ٠٠ بۆئەوەی لەگەڵ بەژنو باڵاکەی ئێستای بەراوردی بکا٠٠
هەروەها سۆزو نازو هەست و نەستی سکاڵاو گلەیی و مەکرو تەڵەکەبازی ٢١ ساڵیان تەعویز بکەنەوە٠٠
ئەوان وا یان پێووترابوو باوکیان ماف پەروەرو عەدالەت خوازبوو٠٠ پێشمەرگەی شاخ بوو دژی داگیرکەر بوو٠٠ دژی ستەم دزینی قوتی خەڵک بوو٠٠
کەچی تا ئێستا سەر لەوە دەرناکەن٠٠ کەئەمڕۆ بکوژان و شوێن بزرکەرانی باوکیان٠٠ بوونەتە ووڵاتپارزو ماف خوازی گەل و داوای سەربەخۆ بوون و دروستکردنی دەوڵەت دەکەن٠٠
ئەگەر وابێ٠٠ ئەی بۆ لە باوک وبراکانی ئێمە دەترسن تائێستا نەک هەواڵی مان و نەمانیان ناڵێن٠٠ بەڵکو شوێنی گۆرو وەفات نامەشمان بۆ نانێرن و پێمان ناڵێن٠٠
ئەمەش لیستی ناوی ٦١ کەسی بێسەروشوێنی شەڕی ناوخۆ٠٠ کەبەشێکی زۆریان لە ڕۆژە شومەکەی ٣١ی ئاب بەدیلی گیران٠٠ یان خۆیان بەدەست دا٠٠ کەچی تا ئێستا ٢١ ساڵە کە س نازانێ ئایا ئەمانە ماون یا کوژراون و مردوون٠٠؟
لیستەکە لە ٣ لاپەڕ و لەچوار خانە پێک هاتووە٠٠ لەخانەی یەکەم ناوی سیانی٠٠٠ خانەی دووەم ناونازناو وکارو پیشەی٠٠ خانەی سێیەم شوێنی نیشتەجێبوونی واریسەکان٠٠ دوا خانەش ناوی ئەو لایەنە سیاسیەی کە ئەوکەسەی بێ سەروشوێن کردووە٠٠٠

١

٢

٣




“ده‌سته‌وه‌ستانی تا ڕوودانی کاره‌سات، خۆی گه‌وره‌ترین کاره‌ساتە” … فاتح شێخ


“ده‌سته‌وه‌ستانی تا ڕوودانی کاره‌سات،
خۆی گه‌وره‌ترین کاره‌ساتە”
ئه‌م وتووێژه له ٢١/٨/٢٠٠٨ (زیاتر لە نۆ ساڵ لەمەوبەر) له گۆفاری ئۆکتۆبه‌ر (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئێستا که دیسان ته‌نگەژه‌یه‌کی نوێ له نێوان کۆمه‌ڵگای کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به موناسیبی ئه‌زانم جارێکی تر بڵاو بێته‌وه.
فاتح شێخ
١/٩/٢٠١٧
فه‌شه‌لی پڕۆژه‌ی فێدڕاڵیزم
بوار بۆ ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆیي هه‌موارتر ئه‌کا
وتووێژی ئۆکتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ فاتح شێخ
http://werash.wordpress.com/…/فه‌شه‌لی-پڕۆژه‌ی-فێدڕاڵیزم-ب…/
……

ئۆکتۆبه‌ر: دوای ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان و په‌سه‌ند کردنی ماده‌ی ۲٤ سه‌باره‌ت به‌ که‌رکووك، ته‌نگژه‌یه‌ك له نێوان لیستی هاوپه‌یماني کوردستان و لیسته‌کانی تردا هاته پێشه‌وه، تۆ چۆن ئه‌ڕوانیته ئه‌م ته‌نگژه‌یه؟

فاتح شێخ: ئه‌م ته‌نگژه‌یه به‌ ڕای من پێش هه‌ر شتێك شکستی پڕۆژه‌ی فێدڕاڵیزمی له عێراق ده‌رخست. خۆی ئه‌سڵی ته‌نگژه‌که ته‌نیا به ماده‌ی ‌۲٤ و ماده‌ی ‌١٤٠ و کێشه‌ی که‌رکووك خۆلاسه نابێته‌وه؛ ئاوها که تا ئێستا سیاسه‌تمه‌داران و میدیای دوو لایه‌ن پێیان باش بووه ده‌رخواردی بیروڕای جه‌ماوه‌ری بده‌ن.

قه‌ڵه‌شتی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و کوردستان ئه‌وه‌نده واڵا بووه که ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان ناکرێ قه‌ت یه‌ك بگرێته‌وه. له وتاری سیاسي و ئیعلامي ئه‌م ڕۆژانه‌دا وشه‌کانی “عێراقي” و “کوردستاني” ڕێك وه‌ك دوو وشه‌ی دژواتا به‌کار ئه‌هێنرێن. بۆ وێنه ئیبراهیم جه‌عفه‌ري سه‌رۆك وه‌زیری پێشوو، وه‌ك زۆرێکی تر له سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقي، جه‌ختی له‌سه‌ر”عێراقي” بوونی که‌رکووك کردوه؛ دیاره سیاسه‌تمه‌داران و میدیای کوردستانیش به پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام باس له “کوردستاني” بوونی ئه‌م شاره ده‌که‌ن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌م جۆره، “عێراقي” و “کوردستاني” بوونه‌ته دوو چمکی سیاسي دژبه‌یه‌ك: ئه‌وه‌ی “عێراقي” بێ “کوردستاني” نیه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. ئه‌مه واقیعيه.

دووفاقه بوونی “عێراقي” و “کوردستاني” له دونیای وشه و ئیعلامدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قه‌ڵه‌شتێك له دونیای واقیعدایه که به دڵنیایي ده‌توانین پێی بڵێین مێژووکرد. چونکه مێژووی عێراق و کوردستانی سه‌ر به عێراق، به درێژایي سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی ئه‌و جوگرافیایه که پێی ده‌وترێ “عێراق”، زیاتر مێژووی کێشه و شه‌ڕ و لێك دوور که‌وتنه‌وه بووه له‌وه‌ی که مێژووی لێك نزیك بوونه‌وه و تێکه‌ڵاوه‌تي و یه‌کگرتن بووبێ. هۆی ئه‌مه‌ش به ڕووني کێشه‌ی دوو بزووتنه‌وه‌ی سیاسي ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و ناسیۆنالیزمی کورد (کوردایه‌تي) ‌بووه. کێشه‌یه‌ك که له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه، به دیاریکراوي شیوه‌ی شه‌ڕی به‌رده‌وام و ئاشتي که‌مخایه‌نی گرتووه، هه‌تا له سه‌رده‌می ڕژێمی فاشیستي به‌عسدا کێشاویه‌ته جینۆساید و کیمیاباران له دژی خه‌ڵکی کوردستان به ده‌ستی ئه‌نقه‌ستی ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق و به ناوی “ئوممه‌”ی عه‌ره‌بيه‌وه. ئه‌م مێژووی کێشه‌ی درێژخایه‌ن و شه‌ڕ و جینۆسایده بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی “کێشه‌ی کورد” وه‌ك کێشه‌یه‌کی سیاسي نه‌ته‌وه‌یي.

بۆیه ئه‌م ئاوڕدانه‌وه مێژوویيه‌م به پێویست زانی، چونکه له ئیدامه‌ی خۆیدا کێشه‌ی کورد دوابه‌دوای شه‌ڕی ١٩٩١ی خه‌لیج بوو به هۆی دابڕانێکی کامڵتری نیوان کوردستان و باقی عێراق که هه‌تا ئێستا نه‌ك هه‌ر به‌رده‌وام بووه به‌ڵکوو په‌ساپه‌سا قووڵتر و په‌ره‌گرتر بووه. زۆر پڕمانایه ئه‌م فاکته که دوازده ساڵ جیابوونی دۆفاکتۆی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و به‌غدا هه‌تا له‌شکرکێشي ئه‌مریکا و داڕمانی به‌عس، نه‌یتوانیوه به‌قه‌ده‌ر ئه‌م پێنج ساڵ پێکه‌وه نووسانه ڕه‌سميه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و به‌غدا، کۆمه‌ڵگای کوردستان له باقي عێراق دوور بخاته‌وه و جیای بکاته‌وه!‌ دوو کۆمه‌ڵگای ته‌واو جیاوازن له هه‌موو بابه‌تێکه‌وه.
که‌وایه ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وه سه‌رنج بده‌ینه ته‌نگژه‌ی ۲۲ی حه‌وت و ڕووداوه‌کانی دوابه‌دوای، من ئه‌ڵێم ڕاسته به ڕاسته‌وخۆیي له‌سه‌ر که‌رکووکه، به‌ڵام له‌م ناوه‌دا کێشه‌ی که‌رکووك ته‌نیا یه‌كێك له مه‌یدانه‌کانه، کوللی کێشه‌که له که‌رکووك و ته‌نانه‌ت له ناوچه کوردنشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم زۆر واوه‌تره. له ڕاستي دا که‌رکووك سه‌ره‌ڕای گرینگ بوونی خۆی، له‌هه‌مانکاتدا که‌ناڵێکه بۆ سه‌رجه‌م کێشه‌ی دوو ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر (ئه‌مڕۆ) مه‌ودای ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و سبه‌ینێ نه‌فسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسي و ئیداري له کوردستان. بۆیه من لام وایه گرتنگترین لایه‌ن و ئاکامی ته‌نگژه‌ی ۲۲ی حه‌وت، ئاشکرا کردنی ئه‌و ڕاستيه بوو که پڕۆژه‌ی فێدڕاڵي له عێراق شکستی هێناوه.

ئۆکتۆبه‌ر: لیستی هاوپه‌یماني کوردستان ئه‌و ده‌نگدانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به کوده‌تای سیاسي، مه‌ترسي بۆ سه‌ر عێراقی تازه و پیلان و موئامه‌ره … له قه‌ڵه‌م دا. ئێوه له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێن چی؟

فاتح شێخ: ده‌نگدان ئه‌گه‌ر واقیعي بێ، ناوی خۆی به خۆیه‌وه‌یه ناکرێ پێی بڵێی کوده‌تا. کوده‌تا به کرده‌وه‌ی سه‌ربازي ده‌ڵێن، ئه‌مه کرده‌وه‌یه‌کی سیاسي بوو. ته‌نانه‌ت ده‌نگدان له‌گه‌ڵ دێمۆکراسي ڕێکه، گرفت له‌وه‌دا نیه. گرفت ئه‌وه‌یه ئه‌و ته‌رتیباته سیاسيیه‌ که ئێستا له عێراقدا زاڵه و په‌یوه‌ندی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و کوردستانیشی پێ به‌ڕێوه ئه‌برێ، نه دێمۆکراسيه، نه فێدڕاڵي به‌ڵکوو ته‌نیا له‌سه‌ر ته‌وافوق ڕاوه‌ستاوه. خۆیان پێی ئه‌ڵین: “دێمۆکراسي فێدڕاڵي ته‌وافوقي”! به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا هه‌ر ته‌وافوقه‌که‌ی وایه، ئه‌وانی تر ڕووکه‌شی ناواقیعین. ته‌نانه‌ت موئامه‌ره‌ش نه‌بوو. به‌ پێچه‌وانه‌وه زۆریش ئاواڵه و شه‌فاف و ئاشکرا هێرشێك بوو له لایه‌ن به‌شێك له به‌ره‌ی قه‌ومي- عه‌ره‌بي- ئیسلامي ناو ده‌سه‌ڵات و په‌رڵه‌مانی عێراقه‌وه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی کوردایه‌تي له هه‌رێمی کوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه کوردنشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. ڕووداوه‌کانی خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌په و … ڕێك دوابه‌دوای هێرشی۲۲ی حه‌وت، جگه له‌مه چ مه‌به‌ستێك ئه‌گه‌یێنێ؟

لیستی هاوپه‌یماني کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌جیاتي ئه‌وه‌ی ڕاستي ڕووداوه‌کان له خه‌ڵك ڕوون که‌نه‌وه، په‌نا بۆ ئه‌و جۆره چمکانه ئه‌به‌ن چونکه نایانه‌وێ دان به‌وه‌دا بنێن که له ناو جه‌رگه‌ی “هاوپه‌یمان”ه‌کانیانه‌وه هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر. ته‌نانه‌ت ئه‌مریکاش، با ناڕاسته‌وخۆ، له پشت ئه‌و هێرشه‌وه‌یه. وه‌ك من بزانم ته‌نیا د. مه‌حموود عوسمان تا راده‌یه‌ك ڕوون و ڕاشکاو ده‌ری بڕیوه که “گه‌له‌کۆمه” بووه بۆ “که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد”. راسته‌وخۆش ناوی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و تورکیا و ئێران و سووریا و وڵاتانی عه‌ره‌بي له‌و “گه‌له‌کۆمه”یه‌دا هێناوه. دیاره زۆر که‌سی تریش له ڕاستي ڕووداوه‌کان نزیك بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌غڵه‌ب وه‌ك فڕۆکه‌یه‌ك که به سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌دا ئه‌خولێته‌وه و نانیشێته‌وه، سه‌ره‌نجام ددانی پێدا نانێن که پڕۆژه‌ی فێدڕاڵي له عێراق شکستی هێناوه و کۆمه‌ڵگای کوردستان، به خه‌ڵك و به ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تیه‌وه، ئه‌بێ فیکرێکی تر بکه‌نه‌وه و به ئاقارێکی تردا بڕۆنه پێش.

ئۆکتۆبه‌ر: دوای ته‌نگژه‌ی ۲۲ی ته‌مووز، لیستی هاوپه‌یماني کوردستان، به دیاریکراوي وه‌فدی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای کرد و چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌کانی عێراق ئه‌نجام دا و به ڕاشکاوي وه‌فدی هه‌رێم ڕایگه‌یاند که ئه‌و پیلانه‌یان پووچه‌ڵ کردوه‌ته‌وه. تا چه‌ن لاتان وایه ئه‌م ته‌نگژه‌یه به‌ره‌و هێور بوونه‌وه چووه؟

فاتح شێخ: من لام وا نیه “ئه‌و پیلانه‌یان پووچه‌ڵ کردوه‌ته‌وه”، ڕاسته ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تي، یاساکه و ماده‌ی ‌۲٤ی ڕه‌ت کردوه‌ته‌وه، به‌ڵام یه‌که‌م: کێشه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تي و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هێشتا یه‌کلا نه‌بوه‌ته‌وه و له‌وه‌ش ناچێ تا مانگی نۆ که ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌س به کار ده‌بێته‌وه بارودۆخه‌که له قازانجی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان بگۆڕدرێ. بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، بارودۆخ ئێستا سه‌رجه‌م دژه‌بایه. دووهه‌م وه‌ك پێشتریش باسم کرد ئه‌م کێشه‌یه به چاره‌نووسی ماده‌ی ‌۲٤ه‌وه نه‌به‌ستراوه. ئه‌وه نیه له قۆڵی خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌په و ئه‌وانه‌وه ده‌ستیان داوه‌ته هێرشی سه‌ربازي که هیچی به‌سه‌ر ماده‌ی ‌۲٤ و یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانه‌وه نیه؟ من نابینم پیلانیان پووچه‌ڵ کردبێته‌وه. کێشه‌که به‌رده‌وامه.

ئۆکتۆبه‌ر: هه‌ر وه‌ك ئاگادارن هاموو لایه‌نه‌کان، به‌تایبه‌ت لیستی هاوپه‌یماني کوردستان، لایان وایه که‌رکووك مه‌بنای ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌یه، ئه‌مه تا چه‌نده ڕاسته؟

فاتح شێخ: کێشه‌ی که‌رکووك بێگومان به‌شیك له کێشه‌که‌یه و به‌شێکی گرینگیشه. به‌ڵام گشت کێشه‌که نیه. ئه‌م کێشه‌یه به ڕای من له‌سه‌ر گشت ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم و له ڕاستي دا له‌سه‌ر گشت کێشه‌ی کورده له عێراق. کێشه‌ی که‌رکووك به‌رده‌وام به‌شێك بووه له کێشه‌ی کورد و ئێستاش زۆر زیاتر له جاران پێکه‌وه نووساون. کێشه‌ی سیاسي ڕێگاچاره‌ی سیاسي ده‌خوازێ که سه‌ره‌نجام هه‌ر هه‌مان ڕێفڕاندۆمه. کێشه‌ی کورد له عێراق هی هه‌ولێر و سلێماني و دهۆك و “نۆ فلای زۆن” و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم و پارتي و یه‌کیه‌تي نیه، کێشه‌ی ناوچه کوردنشینه‌کانی عێراقه که لانیکه‌م نیوسه‌ده‌یه شه‌ر و جینۆساید و کیمیاباران و ڕاگواستنی تێدا بووه و به‌ درێژایي ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ش که‌رکووك به‌شێك بووه له‌م کێشه‌یه‌. کێشه‌ی که‌رکووك له پله‌ی یه‌که‌م و هه‌زاره‌مدا کێشه‌یه‌کی سیاسيیه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه نه مێژوو نه دێمۆگرافي و احصاء بۆ ئیسباتی ئه‌وه که که‌رکووك به‌شێك له کێشه‌ی کورده، پێویست نیه. ئه‌وه‌ی پێویسته ڕوون بکرێته‌وه ئه‌وه‌یه که ئایا به که‌ناڵی پڕۆژه‌ی فێدڕاڵي دا چاره‌سه‌ر کردنی سیاسي کێشه‌ی که‌رکووك ئیمکانی هه‌یه یان نا؟ ئه‌مڕۆ به ڕای من ده‌رکه‌وتوه که پڕۆژه‌ی فێدڕاڵي له سه‌رجه‌م عێراقدا (نه‌ك هه‌ر له په‌یوه‌ندی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و کوردستاندا) شکستی هێناوه و ئێکسپایر بووه. به‌ڵام ئایا که‌ناڵی سه‌ربه‌خۆیي ئه‌توانێ چاره‌سه‌ری گونجاوتر و که‌م مه‌ینه‌تتر بۆ ئه‌و کێشه‌یه بخولقێنێ؟ به ڕای من وه‌ختیه‌تی که ئه‌م پرسیاره بخرێته به‌ردم بیروڕای جه‌ماوه‌ر و گشت ساحه‌ی سیاسي کوردستان. هێندێك هێز و ده‌وڵه‌تی ناحه‌ز به سه‌ربه‌خۆیي و هه‌ر چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێك له کوردستان، ئه‌ڵین ئه‌گه‌ر که‌رکووك بکه‌وێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌بێته هۆی ڕۆیشتنی هه‌ریم به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیي! من ئه‌ڵێم زۆر زه‌حمه‌ته له ئارایشی سیاسي ئیستای عێراقدا و له چوارچیوه‌ی فێدڕاڵي فه‌شه‌لهێناودا که‌رکووك بکه‌وێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. ئه‌گه‌ر ته‌واو نامومکین نه‌بێ، زۆر زه‌حمه‌ته! ئه‌م دیعایه‌یه بۆ مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆژبه‌ڕۆژی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێمه.‌ به پێچه‌وانه‌وه من ئه‌ڵێم ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆیي کوردستان، گه‌ر وه‌ك تعرضێکی سیاسي جه‌ماوه‌ري بچێته پێش، ئه‌توانێ بوار بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی که‌رکووك له ڕێگای ڕێفڕاندۆمه‌وه هه‌موار بکا.

ئۆکتۆبه‌ر: ءێراق به ده‌ستووریه‌وه، به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیه‌وه هه‌موو به شێوه‌ی ته‌وافوقي به‌ڕێوه ده‌چێ، ئێستا زۆرێك له‌و ته‌وافۆقانه تێك چوون یان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوه، تێكچوونی ئه‌م به‌ره و ئیئتیلاف و ته‌وافوقانه بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا فاکته‌ری داخڵی یان فاکته‌ری ده‌ره‌کي هۆکاری سه‌ره‌کي ئه‌م تێكچوون و ته‌نگژه‌یه‌ن؟

فاتح شێخ: به ڕا‌ی من پره‌نسیپی “ته‌وافوق” له ئارایشی سیاسي عێراقی دوای له‌شکرکێشي ئه‌مریکا و نه‌مانی ڕژیمی به‌عسدا واقیعي بووه. له ڕاستي دا ته‌نها شتی واقیعي هه‌ر پره‌نسیپی “ته‌وافوق” بوه‌. نه دێمۆکراسي و نه فێدڕاڵي له‌م ڕژێمه‌دا فڕیان به واقیعه‌وه نیه. به‌ڵام با له‌ بیر نه‌چێته‌وه که بناغه‌ی ماددي ته‌وافوق هه‌ر ترازووی هێزه و به‌س. ئه‌و کاته که ترازووی هێز گۆڕدرا، جێ به ته‌وافوق لێژ ئه‌بێ و سه‌ره‌نجام نامێنێ. ئه‌وه حاڵی ئێستای بارودۆخه‌که‌یه به‌دوای هێرشی۲۲ی حه‌وتدا. له نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا فێدڕاڵي وه‌هم بوو، ته‌وافوق واقیع. به‌م هێرشه، وه‌همی فێدڕاڵي کۆتایي هاتووه و واقیعی ته‌وافوقیش به‌ره‌و کۆتایي ئه‌ڕوا.

ئۆکتۆبه‌ر: یه‌کیه‌تي و پارتي تا ئێستا ده‌سبه‌رداری ڕێگای لکاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به عێراقه‌وه نابن و هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه که کوردستان به‌ عێراقه‌وه بلکێننه‌وه، سه‌همی ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌سه‌ڵاتداره‌تي ناوه‌ندي دا بهێڵنه‌وه، ئه‌مه چه‌نده به زیانی خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت به زیانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کورده به گشتي؟

فاتح شێخ: لکاندنه‌وه‌ی کوردستان به عێراقه‌وه، ساڵی ۲٠٠۳ پاش دوانزه ساڵ جیایي و سه‌ربه‌خۆیي دۆفاکتۆ، نه‌ك هه‌ر له باری سیاسيیه‌وه به زیانی خه‌ڵکی گشت ناوچه کوردنشینه‌کان بوو، به‌ڵکوو هێرشێكی ناڕه‌وا بوو بۆ سه‌ر مافی سیاسي ئه‌و خه‌ڵکه. ڕای په‌رله‌مان پاساوی واقیعي و یاسایي نیه، حه‌ق بوو ڕێفڕاندۆم بکرایه. دیاره ئه‌وان قازانجی خۆیان له‌وه‌دا ده‌بینی. له ڕوانگه‌ی قازانجی ئه‌وانه‌وه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك ڕووی نه‌داوه، به زۆر زۆر زیاتر له‌وه که له تصوریاندا ئه‌گونجا گه‌یشتن. به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌که خه‌ریکه ئه‌گۆڕێ و ئه‌جیندای تر ئه‌نێته به‌رده‌م خه‌ڵکیش و ده‌سه‌ڵاتیش له کوردستان. با له بیر نه‌چێ که له کوردستانیش وه‌ك هه‌موو شوێنێکی تری جیهان، ئه‌جیندای ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت له ئه‌جیندای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك جیایه. دیسان با له بیر نه‌چێ که له ڕێفڕاندۆمه ناڕه‌سميیه‌که‌ی ساڵی ۲٠٠٥ له سه‌دا ٩٨ی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان دابوو، به واته‌ی خودی به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات، ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیي دابوو. ئێستا بۆ جارێکی تر ده‌رگای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به ڕووی کۆمه‌ڵگادا ده‌کرێته‌وه. پارتي و یه‌کیه‌تي پاساوێكیان بۆ‌ دژایه‌تي کردنی ڕێفڕاندۆم نیه. ته‌نانه‌ت ئه‌توانن له په‌رله‌مانی کوردستانیش، ڕێفڕاندۆم وه‌ك مافی ڕه‌وا بۆ خه‌ڵك بسه‌لمێنن و له ژێر باری ئه‌و ناڕه‌وایه که کاتی خۆی کردوویانه بێنه ده‌ر. گه‌ر موخالوفی سه‌ربه‌خۆیین، وه‌ك حیزبی سیاسي له خه‌ڵك داوا بکه‌ن که له ڕێفڕاندۆمدا ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیي نه‌ده‌ن. له‌و حاڵه‌ته‌دا دووقات به‌رپرس ده‌بن که ڕێز له ڕێفڕاندۆم و له ئازادي به‌ڕێوه‌چوونی بگرن.

ئۆکتۆبه‌ر: دوا پرسیار: له به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌نگژه و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسي هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، چ ڕێگایه‌كی تر هه‌یه؟ ئایا جیابوونه‌وه‌ی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ ڕێگایه‌کی کارساز و واقیعي نیه؟

فاتح شێخ: لام وایه شکستی فێدڕاڵیزم له عێراق، جارێکی تر مه‌ودای بۆ بزواندن و به‌ره‌وپێش بردنی ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆیي کردوه‌ته‌وه. بوار بۆ په‌لامارێکی سیاسي‌ جه‌ماوه‌ري فراوانتر بو‌وه. ئه‌وه ئه‌رکی پێشڕه‌وان و تێکۆشه‌رانی ڕیزی چینی کرێکار و خه‌ڵکانی ئازادیخوازه که به له‌به‌ر چاو گرتنی بارودۆخی نوی، ڕوونی بکه‌نه‌وه که له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع چی پێویسته بکرێ و چ ئه‌جیندایه‌کی سیاسي ده‌خه‌نه به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا. من ئه‌ڵێم ئه‌م بارودۆخه تازه‌یه هه‌م ده‌توانێ هه‌لی لێ بڕه‌خسێ هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی کاره‌سات. ده‌سته‌وه‌ستانی تا ڕوودانی کاره‌سات خۆی گه‌وره‌ترین کاره‌ساته. ئه‌مڕۆ داکۆکي له پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیان و مافه سه‌ره‌تاییه‌کان به هه‌مان اندازه ڕه‌وا و زه‌رووره، که داکۆکي خه‌ڵك له سه‌ربه‌خۆیي ئه‌و کۆمه‌ڵگایه که تێیدا ئه‌ژین. ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ی سیاسي روون و دیاریکراوی ئه‌وێ، پشووی درێژی ئه‌وێ، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ئیراده‌ی سیاسي و ئازادیخوازانه‌ی ئه‌وێ. عیشق به ئازادي، “حوکمه ئازادیم ده‌وێ”ی پێویسته. به بێ حوکمی ئازادي و ئیراده بۆ وه‌دیهێنانی ئازادي، هه‌زار نه‌خشه‌ی سه‌ر کاغه‌ز بایی پووشێکه.
سپاس!




“بەلەشەفیزم” و”کۆمۆنیزمی کرێکاری” لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هاوشێوەدا! … سەردارعەبدوڵا حەمە

“مێژووێ ئەو تاقم ودەستانەی سۆشیال دیموکرات کە بە دژی حیزبمان وەستاونەتەوە بە گشتی مێژووی پاسیڤیزم وتێک شکاویە ، لە مانگی تەموزی ساڵێ ١٩١٢ ئەم تاقمەو دەستانە کۆبونەوە لە دەوری یەکتر و دواتردەستەیەکیان ڕاگەیاند لە ئابی ١٩١٢بە ناوی (دەستەی ئاب) ئەم دەستەیە بۆ ئەوە پێک هات کە گورز لە حیزبمان بوەشێنێ بەڵام بە هۆی هەوڵی حیزبەوە خۆی گورزی بەر کەوت بەشێکیان لێی جیابوونەوە ونەیانتوانی حیزبیش دامەزرێنن وتەنانەت نەیانتوانی کۆمیتەیەکی ناوەندیش دروست بکەن تەنها توانیان کۆمیتەیەکی ڕێکخستن دامەزرێنن بۆ کۆکۆکردنەوەی ئەو دەستەو تاقمانە بۆ جاری دووەم” ( لینین- الاشتراکیة والحرب – موقف حزب العمال الاشتراکي الدیموقراطي الروسی من الحرب-ل٥٦- الدارالتقدم).

ئەمڕۆش هەندێ دەستەوگروپ وکەسایەتی هەن کە خۆیان بە چە پ ومارکسیست دەزانن هیچ قسەکەیەکیان لە سەر هیچ شتێکی تر نیە لەو هەموو گێژاوەی کە حیزبە قەومی ودینیەکان لە عێراق و کوردستان بۆ خەڵکیان دروست کردووە هەموو کاتی خۆیان داناوە بۆ دژایەتی کردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە بەرانبەر تاکتیکێک کە ئەمڕۆ بە عەمەلی دەیەوێ ئەنجامی بدات ئەویش چارەسەری کێشەیەکی خەڵکی ستەم دیدەی کوردستانە کە سەد ساڵە پێوەی دەناڵێنێ لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە بۆ سەربەخۆیی بەڵام ئەو تاقمە و دەستانەو کەسایەتیانە هەرچەندە هەریەک بە جۆرێک بیر دەکەنەوە کە لەگەڵ یەکتریشدا لە سەرزۆر مەسایل ناکۆکن و پێم وانیە بتوانن هیچ هێزێک یا رێکخراوە وحیزبێکیش دروست بکەن یا تەنانەت ناتوانن کۆمیتەیەکی هاوبەشیش بۆ بە عەمەلی کردنی هەڵوێستەکەیان دروست بکەن لە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕابوەستن ، تەنها هێزی ئەمان لەو لیبرالیزمەی گۆڕان وڕۆشنبیرەکانیەتی کە هێزێکی جەماوەریان هەیە . هەروەک ئەوکاتەی روسیا هێزی دەستەی ئاب لەپەیوەندیە لیبرالیزمەکەی ” ناشا زاریا” بووکە کاری جەماوەری دەکرد وەک لینین لە هەمان سەرچاوەدا باسی دەکات.

بۆ ئەوەی ڕوونتر ىێت دەستەی ئاب یا گروپی ئاب لە روسیا چی بوو چاکترە بچینە پەراوێزی کتێىەکەی لینین کە چۆن باسی دەکات وە کەسی یەکەمی ئەو دەستە یەش “ترۆتسکی ” بوو کە ئەمڕۆ بەشێکی ئەو دەستە وتاقمانەش کە دژایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکەن خۆیان بە لایەنگری ترۆتسکی دەزانن ، لە لاپەرەی ٧٤ ی هەمان سەرچاوە هاتووە ” ئەم دەستەیە کە تەنها بۆ دژایەتی کردنی حیزب پێک هات لە لایەن تەصفویەکان ن وتروتسکیەکان و ئۆپورتۆنیستەکانەوە بوو تەنها کاریان دژایەتی کردنی بەلشەفیزم بوو ، ترۆتسکی ڕێکخەری ئەم دەستەیە بوو ، لە مانگی ئابی ١٩١٢ لە ڤیەنا ئەم گروپە راگەیانرا ، ئەوانەی بەشداری ناو ئەم گروپە بوون پێک هاتبوون لە ئەنجومەنی گشتی بۆند وکۆمیتەی ناوچەی پشتەوەی قەفقاس وسۆشیال دیموکراتەکانی هەرێمی لاتفی ونوێنەرێک لە دەستە بچوکەکانی دەرەوەی ووڵات کە لە گەڵ تەصفویەکان بوون و ترۆتسکیەکان و پاسیفیستەکان وهەندێ دەستەی بچوک لە ناوەوەی روسیا کە لەگەڵ قاعیدەی حیزبدا نەمابوون ، پاش سالێک تا ساڵ نیوێک ئەم گروپە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند بە هەوڵ توانای بەلشەفیەکان تێكشکا ونەما”
هەوەک چۆن لەمڕۆدا دەستەو تاقم وکەسانی خۆ بە کۆمۆنیست زان تەشهیرو سوکایەتی بە کۆمۆنیزمی کریکاری دەکەن بڕیاریان داوە تا سەر دژایەتی ئەم تاکتیکەی ریفراندۆم بکەن گروپی ئابی ئەو کاتەش چەند بریارێکیان دەرکرد دژی تاکتیکەکانی سۆشیال دیموکراتەکان وەک لەهەمان سەرچاوەدا باسی لێوە کراوە . ئەگەر چی ئەمان ناتوانن کەسێکی وەک ترۆتسکی کۆیان بکاتەوە وگروپێک یا رێکخراوێک دروست بکەن کە ساڵێکیش بخایەنی.

لە هەمان سەرچاوەکەی لینین دا لە لاپەرە ٥٧دا هاتووە دەڵێت” لە سەرەتای ساڵی ١٩١٤دا سۆشیال دیموکراتەکانی لاتفی لەو گروپە بە فەرمی کشانەوە ،سۆشیال دیموکراتەکانی پۆلۆنیەکان پەشیمان بوونەوە لە بەشداری کردن لەو گروپەدا ، تروتسکی بە نافەرمی کشایەوە کە خۆی سەرکردەی سەرەکی بوو تێدا وە هەستا بە پێکهێنانی گروپێکی تر کە تایبەت بوو بەخۆی لە برۆکسل لە تەموزی ساڵی ١٩١٤ لە پاش ئەنجامدانی کۆنفرانسێک کە کاوتسکی وفاندرفلدە و کۆمیتەی تەنفیزی سوشیالیستی نێو نەتەوەیی بەشداریان تێدا کرد ئەم گروپەش هەر بۆ دژایەتی کردنی ئێمە پێک هات ناوی گروپی ( برۆکسل) بوو. ”

ئاکامی ئەو هەوڵ وتێکۆشانەی ئەو تاقمە ودەستانە لە ڕوسیا بە کوێ گەیشت پێم وایە ئەمڕۆش هەروا دەبێ ، ئەگەر هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیزمی کرێکاری جیددی وشێلگیر بن وەک بەلشەفیەکان .
کۆمۆنیزمی کرێکاری کە درێژ کراوەی خەتی بەلشەفیزمە ئەمڕۆ تاکتیکی خۆی بە ڕۆشنی بەیان کردووە کە ڕیفراندۆمە بۆ چارەسەی کێشەی خەڵكی کوردستان وە کاری بەرنامەیی خۆی ئەنجام دەدات کە لە ناو بەرنامەکەی “یەک دونیای باشتردا” هاتووە ،( وەک ئە و تاقمە ودەستە و کەسانە نیە کە بێ بەرنامەن ) بەڵام بە هیچ جۆرێک خۆش باوەڕی نیە بەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لە پشت ئەو ڕیفراندۆمەیە وە هیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان (هەروەک ئەوکەس ودەستە وتاقمانەی چەپ لە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری پروپاگەندەی بۆ دەکەن) نەکردوە بەڵام دەخالەت دەکا لەو ڕیفرندۆمەدا وەک ئەوەی کە مافی خەڵکی کوردستانە بۆ چارەنوسی خۆی وە ئەم دەخالەتەشی بەم شێوەیە و جیا لە حیزبەکانی دەسەڵات هەر لە بەر نەبوونی خۆش باوەریەتی پێ یان ونەبوونی متمانە یە پێیان ودەیەوێ ڕێگا بگرێ لەوەی ئەم دەسەڵاتە ڕیفراندۆمەکە بۆمەبەستی خۆی بە کار بێنێ بەڵکو دەبێ بۆ خواستە سەرەکیەکە بێت کە ڕزگار بونی خەڵکی کوردستانە لە کێشەیەکی سەد ساڵی خۆی .

سەردارعەبدوڵا حەمە
٢٨/٨/٢٠١٧




وتووێژی نامق هەورامی لەگەل فاتح شیخ

لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق
ئه‌م وتووێژه مانگی یەکی ٢٠٠٧ ساز کراوە و مانگی مارسی ٢٠٠٧ له گۆفاری هه‌رێم لە هەولێر چاپ کراوە (زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر). ئێستا که ته‌نگوچڵەمە‌یه‌کی نوێ له نێوان کۆمه‌ڵگای کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به موناسیبی ئه‌زانم جارێکی تر بڵاو بێته‌وه.
فاتح شێخ
١/٩/٢٠١٧
…..

وتووێژی نامق هەورامی لەگەل فاتح شیخ
لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق
(مارسی ٢٠٠٧ لە رۆژنامەی هەرێم لە هەولێر چاپ کراوە)
فاتح شیخ ناوێکی دیاری نێو بزووتنەوەی چەپى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە و خودان بیروبۆچوونی تایبەتە لەمەڕ ڕووداوە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوین. فاتح سەرەتا بە شیعر دەستی پێکردوە بە ناوی (چاوە) زۆرێک لە شیعرەکانی کراونەتە سروود بەڵام وەک خۆی دەڵێت: خۆشبەختانە زوو وازم لێهێناوە. ساڵانێک لە نێو حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران (کۆمەڵە) چالاکی نواندووە، ئێستاش بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی (حیکمەتیستە). بۆ گفتوگۆ لەمەڕ ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەى ئەمڕۆ لە عێراق ڕوو دەدات ئەم دیمانەیەم لەگەل بەڕێزیاندا ساز کرد.
نامق هەورامی
namqhawramy@hotmail.com

)ئەم دیمانەیە مانگی یەکی ٢٠٠٧ ساز کراوە و مانگی مارسی ٢٠٠٧ لە ڕۆژنامەی هەرێم لە هەولێر لە چاپ دراوە(

***

پرسیار/ ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستا سیاسەتی سەربازی لەبری هێزی دیبلۆماسییەت بەکار دێنێت، ئێستە ئەوە بوەتە قەیرانێکی گەورە بۆ ئەمریکا وبەرەو فەشەلی دەبات، پێشتر جەنەراڵێکی سەربازی وەک کۆڵن پاوەڵ و ئێستاش خانمێکی وەک کۆندالیزا رایس، کە زۆرتر میلیتاریانە بیر دەکاتەوە نەک وەک دیبلۆماتکارێک، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگی ئەو قەیرانەیە کە ئەمریکای تێکەوتووە، هێزی دیبلۆماسی یان دیبلۆماسیەتی هێز؟ کامیان بەکەڵکی ئەمریکا دێن لەم بارودۆخەدا هەڵیان بژێرێت؟

فاتح شێخ:

قەیران و بەرەوفەشەلچوونی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە عێراق، ڕاستیەکی ئاشکرایە کە عالەم باسی دەکات. شکستی سەرۆک بووش و حیزبەکەی لە هەڵبژاردندا، ئاکامی فەشەلیان لە عێراقدا بوو. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بە ئیدارە و بە کۆمارخواز و دێمۆکراتەوە، بە دوای ڕێگایەکدا بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە وێڵن و هێشتاش لەسەر شتێکی ڕوون ساغ نەبوونەتەوە. گرووپی بەیکر- هەمیڵتن و ڕاپۆرتەکەی بەڵگەیەکی ئاشکرای ئەم فەشەلهێنانەیە و هاوکات هەوڵدانێکە بۆ چارەسەر کردنی. بەڵام ڕاپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن، لەجیاتی ڕێ نیشاندەر بێ، خۆی بوەتە سەربار و سەرێشەی زیاتر و قەیرانەکەی قووڵتر کردوەتەوە. بە شوێن بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا سەرلێشێواوییەک بە زەقی بە ڕوخساری ڕابەری سیاسی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە دیارە. ناتوانن دوو هەنگاو ئەولاتری بەر پێی ئێستایان ببینن. باریان وەها لێ ئاڵۆزاوە کە بووش تەرجیحی دا لایەنی ئێحتیات بەر نەدات و ڕاگەیاندنی “ستراتێژی نوێ”ی خۆی بۆ عێراق، تا دوای پشووی سەری سال و دەسبەکار بوونی دێمۆکراتە سەرکەوتوەکان دوا بخات. ئەو “ستراتێژی نوێ”یەش کە سەرەنجام ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی عینوانەکەی، لە ئاستی ئاڵوگۆڕێکی ستراتێژیکدا نیە، کۆمەڵێک قەرارات و ئیجرائات و ئیتیجاهاتە لە چوارچێوەی هەمان ستراتێژی میلیتاریستی کۆنی فاشیلدا لەگەل چەن خاڵێک لە راسپاردەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن وەک گۆڕینی دەستوور و ئیهمالی فیدراڵی و شتی تر کە دواتر دێمەوە سەر باسیان.
فەشەلهێنان و سەرلێشێواوی گشتگری ئەمریکا و هاوپەیمانانی، بۆشاییەکی لە ئاستی سیاسەتی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکهێناوە و بواری بۆ زۆرێک ڕەوت و لایەنی جۆراوجۆر کردوەتەوە کە ئەڵتەرنەتیڤی خۆیان بێننە مەیدان و هێزی پێ کۆ بکەنەوە. بەمەش لە ئاکامدا کێشەکان بەرینتر و قووڵتر دەبنەوە.

لە ئاستی جیهاندا یەکیەتی ئۆرووپا، لە ئێستادا بەتایبەت تەوەری فەرەنسا – ئیتالیا – ئەسپانیا، هەروەها ڕووسیا و چین خەریکن خەتی خۆیان لە مەداری ستراتیژی ئەمریکا دوورتر دەخەنەوە و هەول دەدەن بۆشایی حاسل لە قەیرانی ستراتێژی ئەمریکا پڕ بکەنەوە. جگە لە جموجووڵی تازەی فەرەنسا و ئیتالیا لە لوبنان و فەلەستین، بووش پێشنیاری ئانجێلا مێرکل سەرۆک وەزیری ئەڵمانیای بۆ دەسبەکار کردنەوەی لوجنەی چوارلایەنەی ئەمریکا، ئۆرووپا، ڕووسیا، UN لەسەر کێشەی فەلەستینی قبوول کرد. ئەوێک کە چوار ساڵە بە خەیاڵە یەکلایەنە پڕۆژەی “ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”! بەرێتە پێش، ئێستا ناچارە ئۆرووپا و ڕووسیا لە کێشەی فەلەستیندا بەشدار بکات و هەرچەن هێشتا بەشدار کردنیانی لە کێشەی لوبنان و عێراقدا ڕەت کردوەتەوە بەڵام دواتر لەوانەیە ناچار بێ ئەوەش قبووڵ بکات. ئەمە حاسڵێکی تری قەیرانی ستراتیژی ئەمریکایە و گرفت ئەوەیە کە بەمەش کێشەکان چارەسەر نابن، ئاڵۆزتر دەبن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەک سەربزواندنی بەهەڵپەی ڕیزەکانی ئیسلامی سیاسی دەبیندرێ، لە کۆماری ئیسلامی ئیران و القاعدە و گرووپە میلیشیاکانی عێراقەوە تا حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس، لەولاش وەخۆکەوتنەوەی ڕەوتی جۆربەجۆری ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکان، کە هەرتک لای ئەم جموجووڵانەش مۆری بەرزەخ و بۆشایی سیاسی ئێستای پێوەیە.
سەرجەم ئەم دیاردانە دەلالەت لەوە دەکەن کە قەیرانی ستراتێژی ئەمریکا ئاڵوگۆڕێکی جیهانی گرنگ بەدوای خۆیدا دێنێ، هەر لە ئێستاشەوە پێوە دیارە کە دەبێتە خاڵَێکی وەرچەرخان و سەرەتای کۆتایی سەردەمێک کە بە شەڕی ١٩٩١ی خەلیج دەستی پێ کردوە. ئەمە بەو مانایە نیە کە چاوەڕوان بین وەزعەکە باشتر بێ، زۆر لەوانەیە کە بۆ ماوەیەک لەمەش کە هەیە خرابتر بێ.

بەڵام ئەم ئاستە لە باس و وردبوونەوە هێشتا هەر ئاستی فەکت و دیاردە ڕۆژانەکانە کە بینینیان بۆ هەموان ئاسانە و ڕەنگە تا ڕادەیەکیش چونیەک بێ. گرنگتر بینین و تێگەیشتنَی ئەو ڕەوەندە بنەڕەتی و بەردەوامانەیە کە لە پشتەوەی دیاردەکانن و ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکەن. لەم ئاستەدا ئیتر ڕا و بۆچوونەکان زۆر لێک جیا دەبنەوە. بۆ وێنە ڕا و بۆچوونی من لەگەل زۆربەی ئەوانەی تا ئێستا لە میدیای کوردی زمان دیومن جیاوازە. بۆیە داوا لە خوێنەران دەکەم بە کراوەیی سەرنجی بۆچوونە جیاجیاکان بدەن. ئەوەی ئەم ڕۆژانە پێویستە، پێ چەقاندن لەسەر قەناعەتەکانی پێشوو نیە، کراوەیی و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی قەناعەتەکانە بەپێی تایبەتمەندی هەلومەرجە تازەکان. لە کوردستان ئەوەی زۆر پێویستە پێداچوونەوەی ڕخنەگرانەیە بە ئەزموونی شانزە ساڵ دەسەڵات و کێشەی دەسەڵاتی دوو حیزبی سەرەکی کوردایەتیدا، لە بەر ڕۆشنایی هەڵوێست و سیاسەتی ئێستایاندا بەرامبەر بەو ئاڵوگۆڕانە کە لە عێراق و ناوچە و جیهاندا بەدی دەکرێ. بەتایبەت نەوەی نوێ، گەنجان و خوێندکاران، کە بە شەوق و وردبینی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەگەڕێن کە زەینیان دەورۆژێنێ، جێی خۆیەتی بەرامبەر بە ڕوانگە باوەکان، بایەخ بە ڕوانگەی ڕادیکال و مارکسیست بدەن بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنَی ئەو ئاڵۆزییانە کە میلیتاریزمی ئەمریکا بۆ جیهان و ناوچەکە و عێراق و کوردستانی ناوەتەوە.

ستراتێژی ئەمریکا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت و نەمانی سیستەمی دوو بلۆکی جیهانیدا، لەسەر بناغەی میلیتاریزم و شەڕئەنگێزی بینا کراوە، نەک هەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بۆ جیهان بەگشتی. لە چوارچێوەی ئەم ستراتێژیەدا، سیاسەتی سەربازی بەردەوام جڵەوی دیپلۆماسی بەدەستەوە گرتوە و بەسەریدا زال بوە. بۆ ئەمریکا دیپلۆماسی بەشێکە لە شەڕ و لە ستراتێژی میلیتاریستی لە ژێر ناوی: “زەربەی پێشگیرانە” pre-emptive strike دا بەتایبەت لەم ساڵانەی دواتردا دیپلۆماسی بۆ ئەمریکا قەت ئەڵتەرنەتیڤی سیاسەتی سەربازی نەبوە بەڵکوو پەیرەو و تەواوکەری بوە. لە زۆربەی کێشمەکێشەکاندا، ئەمریکا هەتا بۆی لوابێ دەستی بۆ دیپلۆماسی و ڕێگای سیاسی نەبردوە.
پیشانگای هەرە زەقی ئەم ستراتێژیە، شانۆی خوێناوی عێراقە. ئەمریکا گوێی نەدایە دژایەتی یەکپارچەی ئەنجومەنی ئاسایش، گوێی نەدایە بەرینترین ئێعتییراز و نارەزایی مێژووی بەشەر لە پانزەی شوباتی ۲٠٠٣دا، پشتی لە سەرجەم رێگا سیاسیەکان هەڵکرد و هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق هەڵبژارد. ئەو کارەش ئەم کارەساتەی لێ کەوتوەتەوە کە عالەم دەیبینێ: ماڵوێران کردن و خەڵتانی خوێن کردنی جەماوەری بەرینی خەڵک، بووژاندنەوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزمی عەرەب، چاندنی تۆوی چەندبەرەکی مەزهەبی و قەومی و ڕق و شەڕ و کوشتاری بێ ئەوپەڕ، لە ئەنجامیشدا ئەو قەیرانە کە خۆی و هاوپەیمانانی تا ئەژنۆ تێێ چەقیون.
ئەنجومەنی ئاسایش و سەرجەم سیستەمێک کە پێی دەڵێن “کۆمەڵگای نێودەوڵەتی”! تا ئەو کاتە بۆ ئەمریکا جێی ڕیزە کە هەرچی ئەو قەراری لەسەر داوە بۆی مۆر بکا. زۆر جار بۆی کردوە. هەر جارێکیش نەیکردبێ، ئەمریکا گوێی نەداوە و لەسەر کرداری میلیتاریستی خۆی پێی چەقاندوە. بەمەش گەلێک گیروگرفت و سیناریۆی خویناوی لەملاولای دونیا خولقاندوە.

هۆی هەڵبژاردنی ستراتێژی میلیتاریستی لە لایەن ئەمریکاوە چیە؟ ئەم ستراتێژیە، سەربەخۆ لە قوپکەی سەرشانی ژەنەرال کۆلین پاول و بیرکردنەوەی میلیتاریانەی کۆندۆلیزا ڕایس و کاراکتەری شەخسی بووش و مەیلی فیکری نئۆکۆنسێرڤاتیڤەکان، بەرهەمی پێویستی ئەم سەردەمەی بورژوازی ئەمریکایە بۆ ئەوەی باڵادەستی خۆی بەسەر دونیادا بسەپێنێ. مەبەست دەسبەسەرا گرتنی زۆرترین بەش لە سەروەت و سامانی حاسل لە چەوسانەوەی چینی جیهانی کرێکارە، بۆ خۆی، لە ڕکابەری لەگەل ڕەقیبە جیهانیەکانیدا کە بریتین لە: یەکیەتی ئۆرووپا و رووسیا و ژاپۆن و چین و هیند و لە پلەی خوارتردا چەن بلۆکێکی ناوچەیی وەک کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانێک لە ئەمریکای لاتین.

ئەمریکا، وەک وڵاتێکی ئەمپریالیستی گەورە و پێشکەوتوو لە باری سەرمایە و تەکنۆلۆژیەوە، لەم سەردەمەدا پێویستی بەوەیە و دەیەوێ کە سەرکردایەتی خۆی بە زۆری چەک بەسەر باقی جیهاندا بسەپێنێ. بۆچی بە زۆری چەک؟ چونکە ناتوانێ بە یارمەتی باڵادەستی ئابووری خۆی، ئەو سەرکردایەتیە بەسەر ڕەقیبەکانیدا دابین بکا. دەمێکە ئابووری ئەمریکا لە هی بەشێکی زۆر لە ڕەقیبەکانی لەدواترە. بەڵام هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سەرووی هەموویانەوەیە. ئەمریکا دەیەوێ بە زەبری خاڵی بەهێزی سەربازی، خاڵی لاوازی ئابووریە بەجێماوەکەی قەرەبوو بکاتەوە و باڵادەستی خۆی بسەپێنێ، بەشکەم بتوانێ لە خیلالی دە – بیست ساڵدا بە یارمەتی باڵادەستی سەربازی سەرەنجام باڵادەستی ئابووریش دەس بخاتەوە.
دوای رووخانی سۆڤیەت و نەمانی سیستەمی دوو بلۆکی جیهانی، بۆشاییەک لە سەرووترین ئاستی دەسەڵات لە دونیادا پێک هات. لە سەردەمی باڵاترین ئاستی جیهانی بوونی ئابووری سەرمایەداریدا (globalisation)، کە هەر رووداوێکی گرنگ لە هەر شوێنێکی دونیا کار دەکاتە سەر ئابووری و سیاسەتی باقی دونیا، بۆشایی دەسەڵات رێی بەندە و دەسبەجێ بانگی هێزێکی گەورە دەکات وەڵامی پێ بداتەوە و پری بکاتەوە، ئەو کاتوساتە جگە لە ئەمریکا هیچ هێزێک ئامادە نەبوو ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە. لە جەنگەڵستانی ململانەی دەسەڵات لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بورژوازی و دەوڵەتی ئەمریکا (بە کۆمارخواز و دێمۆکراتەوە) بە مافی بێ گەزافی خۆیان دەزانی کە پاش نەمانی سۆڤیەت، ئەمریکا ببێتە تاقەسواری تاقانەی دونیا و هەول بدا ئارایشی سیاسی و نێودەوڵەتی سەرانسەری دونیا بە پێوەری قازانج و بەرژەوەندی خۆی دابرێژێتەوە، بەجۆرێک کە تێیدا سەروەری و باڵادەستی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و لە ئەنجامیشدا باڵادەستی ئابووری بورژوازی ئەمریکا، هەتاهەتا بەرهەم بێتەوە و تەئمین بکرێ. ئەم ستراتێژیە ناو نرا “نەزمی نوێی جیهانی” و سەرەتاش زۆربەی دەوڵەتە ئەمپریالیستەکان ئەم دەوری سەرکردایەتیەیان بۆ ئەمریکا سەلماند، بە پێی ئەو قەناعەتە کە ئەگەرنا تێکەولێکەی جیهانی و کەس لە کەسی بێ سنوور، پەراوپەری دونیا دادەگرێ.

دواتر لە لایەک دەرکەوت کە بۆ ئەمریکا، ئەو ستراتێژیە میلیتاریستییە بەو جۆرە کە بیری لێ دەکردەوە ناچێتە پێش، لەو لاشەوە رەقیبە جیهانیەکانی رۆژ بۆ رۆژ دەهاتنە پێشتر. ئەم دوو رەوتە باڵانسەکەیان گۆری و وایان کرد کە رەقیبەکان چیتر مل بە سەرکردایەتی تاقانەی ئەمریکا نەدەن و لە سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی جیهان و لە ئارایشی نێودەوڵەتیدا داوای بەشی زۆرتر بکەن. دژایەتی هەموو دەوڵەتە گەورەکان (جگە لە بەریتانیا) بەرامبەر بە پلانی ئەمریکا بۆ شەر لە عێراق، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە گۆرانی باڵانس لە ناو دەسەڵاتە ئەمپریالیستەکاندا و لە پرۆسەی شەرەنگَێزی ئەمریکادا بۆ داسەپاندنی باڵادەستی خۆی. رەقیبان و موخالیفانی سەرکردایەتی تاقانەی ئەمریکا، وتَیان فەرموو بە بێ مۆری ئێمە شەری عێراق بکە، با بزانین بە کوێ دەگەی!
ئێستا ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا (بە رابەری نئۆکۆنسێرڤاتیڤەکان) لە بونبوستێکی کوشەندە چەقیوە. لە ئاکامدا سەرجەم ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانی سەریان بەرز کردوەتەوە و هەست دەکەن نۆرەیان هاتوە گورزی خۆیان بوەشێنن، بەشی زۆرتر بۆ خۆیان بەدەس بێنن و بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان بچەسپێنن. لە ناوخۆی ئەمریکاشدا دێمۆکراتەکان لە پال ئەوەدا کە هەوڵ دەدەن قازانجی گشتی ئەمریکا بپارێزن و رێگا بۆ دەرباز بوونی هێزەکانیان لە عێراق بدۆزنەوە (راپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن)، لە درێژەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی ئەخیردا (نۆڤەمبری ٢٠٠٦) هەوڵ دەدەن پۆستی سەرۆکایەتیش لە چنگ کۆمارخوازان دەر بێنن. هەرتک ئەمانەش دەبێ شانبەشان لە پرۆسەیەکی کەمتر لە دوو ساڵدا بچنە پێش.

بە هەموو حیسابێک دوو ساڵی داهاتوو چارونووسی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە جیهان و دەسەڵاتی کۆمارخوازان لە ناوخۆی ئەمریکادا دیاری دەکات. بووش چ دەکات؟ بووش چلۆن رامسفیڵدی کردە قوربانی بۆ سووک کردنی باری بونبەستە سەربازیەکەی، ئەمجارەش بە گۆرینی جان ئەبی زێد و جۆرج کەیسی و خەلیلزاد و بە قبووڵ کردنی برێک لە پێشنیارەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن وا دەنوێنێ کە خەریکە “ئاڵوگۆر” پێک دێنێ! لە هەمانکاتدا هەول دەدات بە ناردنی بیست و یەک هەزار و پێنسەد سەربازی تر جۆرێک لە “سەرکەوتن” بۆ ستراتێژی میلیتاریستی تۆمار بکا. ئەم پلانەی دەسبەجێ لە لایەن دێمۆکراتەکانەوە بە توندی رەت کراوەتەوە.
ئەوەی بووش دەیەوێ چی بکا شتێکە و راستیەکان چی بەسەردا دەسەپێنن شتێکی ترە. لە دوو ساڵی داهاتوودا فشار لەسەر بووش تادێ قورستر دەبێ. ئیختیاری ئیدارەی ئەمریکا وەک جاران هەر سیاسەتی سەریازیە و دیپلۆماسیش هەر لە خزمەت میلیتاریزمدا دەبێ، بەمەش وەزعی عێراق و قەیرانی ئەمریکاش تادێ خرابتر دەبێ. لەوانەیە فشاری راستییەکان ئەمریکا ناچار بکا مل بە هیندێ رێگای سیاسی بدا. ئەمە بەتایبەت بۆ ئیسرائیل، هاوپەیمانی ژمارە یەکی ئەمریکا لە ناوچە، کە شەری لوبنانی دۆراندوە و لە درێژەدانی کوشتار و داگیرکاری لە فەلەستینیش خێری نەدیوە، زۆرتر چاوەروان دەکرێ. بەڵام وا پێ دەچێ کە سەرجەمی قەیرانەکە ساڵی داهاتووش هەر بەرینتر و ئاڵۆزتر دەبێتەوە.

پرسیار /ئەمریکا لەپاش شۆرشی گەلانی ئێران واتە نزیکەی ۲٧ ساڵە نەیتوانیوە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا بدۆزێتەوە، کە لەسیاسەتدا بەرژەوەندییەکان لە ئایدۆلۆژیا گەورەترن، لەبەرامبەردا ئێران لە جیهانی ئیسلامیدا توانی رێگەی گەشەسەندنى دیموکراسییەت بگرێت وەک ئەوەی لە پاکستان و ئەفغانستان و ئێران و لوبنان و زۆر جێگەی تردا ئەو کارە بکات و بەمەش دیموکراسییەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا شکستی هێنا ، بۆچونتان لەو بارەیەوە؟

فاتح شێخ:

گرفتی ستراتێژی و سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، زۆر واوەتر و درێژماوەتر و جەوهەریترە لەوە کە بە ئاسانی بۆی چارەسەر بکرێ. گرفتەکە لەوێدایە کە ئەمریکا و باقی دەوڵەتە گەورەکانی ڕۆژئاوا، کاتێک بۆیان دەرکەوت کە ڕژێمی شا پێشی شۆڕشی جەماوەری پێ ناگیرێ و ڕووخانی مسۆگەرە، لە کۆنفرانسە بەدناوبانگەکەی “گوادیلۆپ” دا بڕیاریان دا کە بۆ پێشگرتن لە هاتنەسەرکاری حوکمێکی شۆڕشگێر و چەپ، دەس بدەنە ژێرباڵی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی. ئەمە ستراتێژی و سیاسەتی ئەمریکا و سەرجەم ئەمپریالیزمی ڕۆژئاوا بوو بەرامبەر بە سۆڤیەت. ئەوەندەش لە ئارایشی ئەوکاتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی شا و هێزە سیاسیەکانی ساحەی شۆڕشی ئێران بێ ئاگا بوون، نەیانخوێندبوەوە کە خودی سۆڤیەت و “چەپ”ی سەر بە سۆڤیەت هەرتک دەچنە پال خومەینی و هەول دەدەن بارودۆخەکە بە ئاقاری خەتی “دژی ئەمریکا” و “دژی رۆژئاوا” و “دژی ئەمپریالیست”دا بەرن کە ئەودەم لە “دونیای سێهەم” باو بوو وە بەپێی هەلومەرجی سەردەمیش سەر بە سۆڤیەت بوو.

تەنیا لە شۆڕشی ئێرانیشدا نەبوو کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە هۆی دژایەتی کوێرانە لەگەل شۆڕش و چەپ و ڕکابەری ئایدیۆلۆژیک بەرامبەر بە سۆڤیەت، چوونە پاڵ بزووتنەوەی ئیسلامی. لە ئەفغانستانیش ئیسلامیەکانیان بەرامبەر بە سۆڤیەت پڕچەک و تەیار کرد، لە فەلەستینیش حەماسیان بەرامبەر بە فەتح و هیزە سیاسیەکانی بزووتنەوەی فەلەستین قوت کردەوە. لە جەزایریش و شوێنی تریش کردیان. سەرجەمی ئەو کارانە، بەتایبەت یارمەتیدانی ئیسلامی سیاسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە وڵاتێکی گرنگ و ستراتێژیکی وەک ئێراندا، بۆچوونێکی هەرە چەوتی “جەنگی سارد”ی بوو کە لەوانەیە لە ڕوانگەی خۆیانەوە وەک تاکتیکی کاتی و سیاسەتی ڕۆژ چاویان لێ کردبێ، بەڵام دەرکەوت کە چەند ئاسان بوو دەرگای قوتوولەی مار و دووپشک بکەنەوە، داخستنەوەی سەدان قات سەخڵەت و لە ئیمکان بەدەر بوو. ئیسلامی سیاسیان لە دژی چەپ و ئازادیخوازی عیلمانی، بەهێز کرد و بەریان دایە گیانی کۆمەڵگا، دواتر لێیان بوو بە ڕەقیب و ئەوەتا ئێستاکە داوای بەشە دەسەڵات و بەشە تاڵانیان لێ دەکات و نە دەتوانن باشاری بکەن، نە تەنانەت بۆیان کۆنترۆڵ دەکرێ. لە عێراقیش هەر تووشی ئەو ئاکامە ئەستەمە هاتوون.

بەڵام ئەمە کە دەڵێی: “لە بەرامبەردا ئێران لە جیهانی ئیسلامیدا توانی رێگەی گەشەسەندنى دێموکراسییەت بگرێت … و بەمەش دێموکراسییەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا شکستی هێنا”، جێگای قسەیە. ئەگەر مەبەستت لە دێموکراسی “هەڵبژاردن”ەکانی ڕژێمی ئیسلامیە، ئەو کارە بەدەر لە پەردەپۆشی ئیستیبداد و سەرەڕۆیی و سەرکوت و کۆنەپەرستی هیچی تر نیە. ڕژێمی ئیسلامی ڕۆژ و شەو لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و گوزەران و هەستان و دانیشتندا پێشی هەناسەدانی ئازادانەی خەڵکی گرتوە، کۆمۆنیستەکانی کۆمەڵکوژ کردوە، ژنانی لە هاووڵاتی پلە سێ خوارتر و بێمافتر کردوە. ئینجا بە خەڵک دەڵێ هەڵبژاردنە وەرن “دەنگ” بدەن! لە دونیای واقیعدا بە زۆری چەک نەبێ و لە پال چەکیشدا بە زەبری مێشک شوشتنەوە نەبێ، هیچ هاووڵاتیەک ئەمڕۆ ئەم جۆرە هەڵبژاردن و دەنگدانە بە “ماف” حیساب ناکات!
لە ئێرانی ژێر حوکمی ڕژێمی ئیسلامیدا و لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستان و زۆر شوێنی دونیادا بە هەڵبژاردنی لەم چەشنە دەڵێن دێموکراسی! دیاری دێموکراسی ئەمریکاش بۆ “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” لەمە زیاتر نیە. بۆیە ئەمریکا بە کایەی “دێموکراسی” ناتوانێ بەرنگاری کۆماری ئیسلامی بێتەوە. ئەو سیناریۆ خوێناوییەش کە لە عێراق لە سێبەری شەر و داگیرکاریدا بەرپایە و پێی دەڵێن “پڕۆسەی دێموکراسی” هەر عەینی شتە. ئەم بێمافیە شیاوی خەڵکی شەریف و ئازادیخواز نیە و هەرگیز بەو بیچمە لە دێموکراسی دل خۆش ناکەن! خەڵکی ئازادیخواز ناچارن بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی ئینسانی شیاوی خۆیان، لەسەر تیکۆشانی خۆیان بە ڕێچکەی پێچەوانەی ئەو پڕۆسەیەدا سوور بن.

پرسیار/ دوای ڕوخانی دیواری بەرلین هاوکێشەکان گۆڕان و چەمکی جیاکردنەوە باشترین ڕێگەچارەیە بۆ حەلی کێشە ئیتنیکییەکان و ئەمەش لە بۆسنیاو یوغوسلافیا سەرکەوتوبو ، بۆ کێشەی کوردیش وای نابینن کە کورد ئەگەر لە عەرەب و فارس و تورک جیابێتەوە ڕەنگە چەوسانەوە کەمترو زەمینەی ئازادی فراوانتر بێت؟

فاتح شێخ:

پێشتریش لە هەر کوێ قازانجی ئەمپریالیستەکان خواستبێتی، سیاسەتی جیاکردنەوە بە مەبەستی چکۆلە کردنەوەی وڵاتانی نەیاری خۆیان لە ئەجێندایاندا بوە. بەپێچەوانەش لە هەر کوێ قازانجیان نەیخواستبێ دژایەتی هەموو جووڵانەوەیەکی مافخوازانەیان کردوە و بە گورزی “جودایی خوازی” بەرنگاری بوونەتەوە. نموونەش کەیسی کێشەی کوردە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نە ئەمریکا و نە باقی دەوڵەتانی ئەمپریالیست، قەت دانیان نەناوە بە مافی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتانە دا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان.
جگە لەوە، با ڕوون بێ، کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسیە، کێشەی ئێتنیک نیە. ئەم کێشەیە لەسەر ئەوە نیە کە گوایە “کورد” دەیەوێ لە “عەرەب و فارس و تورک” جیابێتەوە بۆ ئەوەی “ڕەنگە چەوسانەوەی کەمترو زەمینەی ئازادی فراوانتر بێت”! سەرچاوەی کێشەی کورد لەوەدایە کە دەیان ساڵە ڕژێمە سەرەرۆکان لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، یەک لە دوای یەک، لە پێناو زال کردنی بێمافی و چەندبەرەکەیی بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکدا و لە هەڵوێستی ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزم و باڵادەستی قەومیەوە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانیان داوەتە بەر سەرکوت و کوشتار و کۆمەڵکوژی و قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کۆمەڵگادا وەک هاووڵاتی یەکسان چاویان لێ نەکردوون. لە ڕوانگەی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکەوە، وەڵامی کێشەی سیاسی کورد و چارەسەری کارساز و عادیلانەی ئەم کێشەیەش هەر دەبێ وەڵام و چارەسەرێکی سیاسی بێ. لە هەرکام لەو وڵاتانەدا مافی مسۆگەری خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانە کە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا دەنگ بدەن بەوە کە ئایا دەیانەوێ جیا ببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بێنن یا وەک هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە و هاوژینی دڵخوازانە هەڵبژێرن. جیابوونەوە ئەڵبەت شەرت نیە کە حەتمەن چەوسانەوە کەمتر بکات و زەمینەی ئازادی فراوانتر بکات! جیابوونەوە تەنیا یەک کێشە چارەسەر دەکات: کێشەی میللی، کە مانای پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە و بەس! ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەش بە پێی خەسڵەت و بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەتوانێ زەمینەی ئازادی فراوانتر بکات یا نەکات، چەوسانەوە کەمتر بکاتەوە یا نەکاتەوە. بەڵام جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەت یا مانەوە بە مەرجی زەمانەتی یەکسانی ماف لەگەل باقی هاووڵاتیان، لانیکەم ئەو خەڵکە لە چنگ یەک جۆر ستەم و بێمافی ڕزگار دەکات: کە ئیتر بە بۆنە و بیانووی “کوردزمان” بوونەوە، ناکەونە ژێر ستەم و سەرکوت و کوشتار و کۆمەڵکوژی. ئەمەش هەنگاوێکی سیاسی گەورەیە بەرەوپێش.

پرسیار / لە وتارێکدا راڵف پیتەرس بەناوی Blood Boarder داوای کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات ئێوە ئەم مەسەلەیە چۆن دەبینن؟

فاتح شێخ:

ئاگادار نیم راڵف پیتەرس چی وتوە و چلۆن داوای کوردستانێکی سەربەخۆی کردوە. لە هەر حاڵدا ئەمە باسێکی سیاسیە، راستەوخۆ لە هیچ ئایدیۆلۆژی و ئامانج و ئارەزوویەک نایەتە دەر، بەڵکوو دەبێ لەگەل هەلومەرجی سیاسی موشەخەس تێهەڵکێش بکرێ. بەم پێیە کاتێک کەسێک باسی “کوردستانێکی سەربەخۆ” دەکات دەبێ بە موشەخەسی بە وڵاتێک و سەردەمێک و هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوەوە ڕەبتی بدات. کەوایە زۆر تەبیعییە کە ئەم باسە تەعبیری جۆراوجۆری لێ بکرێ. تەنانەت لە ناو ڕیزی ئەحزاب و شەخسیاتی سیاسی ناسیۆنالیزمی کورددا کە هەمیشە خۆیان بە کێشەی کوردەوە پێناسە کردوە و هەرکام خۆیان بە تاقە خاوەنی تەبیعی و تاقە وەدیهێنەری ئامانجی”کوردستانێکی سەربەخۆ” لە قەڵەم دەدەن، چەندەها دیدگا و ڕا و بۆچوونی جیاواز لەسەر کوردستانی سەربەخۆ یا پڕۆسەی وەدیهاتنی، وجوودی هەیە.
من کۆمۆنیستم و بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد، وەک پێشتریش باسم کرد، ئەوەم پێ باشە لە هەر یەک لەو وڵاتانەی کێشەی کوردی تێدایە، ڕێگا بە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان بدرێ کە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا دەنگ بدەن کە ئاخۆ دەیانەوێ لەو وڵاتە جیا ببنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێک بێنن، یا وەک هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە. بەمجۆرە دیارە دەنگی زۆربەی ئەو خەڵکە دەیبڕێتەوە کە لە ڕێفراندۆمەکەدا بەشدارییان کردوە. ئاکامی دەنگدان دەبێ بەڕەسمی بناسرێ و بەرامبەر بە هەر چەشنە تەعەدایەکی ئێحتیمالی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی یا دەوڵەتانی دراوسێوە دیفاعی لێ بکرێ. دیسانیش دیارە کە لە هەر هەلومەرجێکی سیاسی موشەخەسدا ئەحزاب و کەسایەتیە سیاسیەکان، بە خەڵک دەڵێن کە دەنگ بە جیابوونەوە بدەن یا بە مانەوە. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسیە و ڕاستەوخۆ لە ئایدیۆلۆژی هەڵناهێنجرێ.
ئێستا لە کوردستانی عێراق هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەگەل ئەوەشدا کە ڕادەگەیەنن کە سەربەخۆیی بە مافی خەڵکی کوردستان دەزانن، بەڵام لە حاڵی حازردا جیابوونەوە بە موناسیب نازانن و هەڵیان نەبژاردوە. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسیە و دەکرێ لەگەڵی َبی یا لەدژی بی. لە هەمان کاتدا بەشداربووانی ئەو ڕێفراندۆمە ناڕەسمیە کە لە پەراوێزی “هەڵبژاردن”ی ساڵی پاردا بەڕێوە چوو، بە رێژەی سەرووی ٩٨% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە. ئەم رێژە باڵایە بە شێوەیەکی ڕەمزیش بێ نیشانی داوە کە هەڵوێستی جەماوەر و هەڵوێستی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە مەسەلەی سەربەخۆیی، لێک دوورن. ئەم لێک دوور بوونی هەڵوێستە بێگومان مانایەکی تری نیە جگە لە دوور بوونی قازانجی واقیعی جەماوەر لە قازانج واقیعی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە مەسەلەی سەربەخۆییدا. هەر ئەمەش هۆی ئەوەیە کە سەرەڕای ئیمزای نزیک بە دوو ملیۆون هاووڵاتی بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەحزابی دەسەڵاتدار تا ئێستا نەچوونەتە پای ڕێفراندۆم، لەحاڵێکدا ڕێفراندۆم و راپرسی تاقە ڕێگای ئاسایی و یاسایی و بەڕەسمی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا بۆ چارەسەری کێشەی میللی وەک کێشەی کورد. هەروەک لەم ساڵانەشدا لە لایەن UN ەوە لە تیمووری ڕۆژهەڵات بەڕێوە برا و لە ئەنجامی دەنگدانی زۆربەدا، سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بەدی هات.

بۆ کوردستانی عێراق، من لەگەل ئەوەدام کە دەسبەجێ ڕێفراندۆم بکرێ و لایەنگری دەنگدان بە جیابوونەوەشم. چونکە لام وایە لە شانزە ساڵی ڕابردوودا کوردستانی عێراق بە کردەوە لە عێراق دابڕاو بوە و بوەتە کۆمەڵگایەکی تەواو جیاواز. ئەم ڕەوتی جیاوازییە لە پاش جەنگ و داگیرکارى ئەمریکا و ڕووخانى ڕژیمى بەعسیشدا، ڕووی لە کزی نەناوە بەڵکو هەتا هاتوە بەرینتر و قووڵتر بوەتەوە. تایبەتمەندیەکان و جیاوازیەکانی کوردستانی عێراق لە چاو باقی ناوچەکانی عێراق، لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا هەر لە زیاتر بووندایە. لکاندنەوەى هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی بێ سەرەو بەرەی بەغداوە، بە بێ پرس بە دانیشتوانى ئەم کۆمەڵگایە و بە پێچەوانەى ویست و ئیرادەیان، هەڵەیەکی سیاسی گەورە و غەدرێکی زۆر ئاشکرا بوو، زۆریش ڕوون بوو کە سەرکەوتن بەدەس ناهێنێ. دوای ئەم ئەزموونە سەرنەکەوتوە و دوای ڕاپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن، زۆرتریش ڕوونە کە ڕەسمیەت پێدانی ئەم سەربەخۆییە دیفاکتۆیە لە ڕێگای رێفراندۆمەوە، هەم ڕیگاچارەیەکى واقیعى و کارساز و عادلانەیە و هەم ویستى جەماوەرى فراوانى خەڵکى کوردستانە.

بۆ کوردستانی ئێرانیش ڕێفراندۆم لە ناوچە کوردنشینەکان بە ڕیگاچارەی واقیعى و کارساز و عادلانە دەزانم و لە حاڵی حازردا لایەنگری دەنگدان بە جیابوونەوە نیم، چونکە ڕێفراندۆم تەنیا لە حاڵەتی لاچوون یا بەرەو لاچوونی ڕژێمی ئیسلامیدا جێبەجێ دەکرێ، لەو حاڵەتەدا ئەگەر مافی یەکسان وەک باقی هاووڵاتیان لە لایەن دەوڵەتی مەرکەزیەوە بۆ دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان گەرەنتی بکرێ (کە دەبێ هەوڵی تەواوی بۆ بدرێ) مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا و هاوژینی لەگەل باقی خەڵکی ئێران زیاتر لە جیابوونەوە بە قازانجی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانە. دیارە بە گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی، لەوانەیە پێویست بکات هەڵوێستی سیاسیم بەرامبەر بە دەنگدان بە جیابوونەوە یا مانەوە بگۆڕدرێ. ئەوە شتێکی جیاوازە.
بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە وڵاتانی تر، جگە لە دیفاعی ئوسووڵی لە مافی رێفراندۆم، ئێستا هەڵوێستێکی دیاریکراوم لەسەر جیابوونەوە یا مانەوە نیە و بۆ حاڵی حازریش هەڵوێستی دیاریکراو بە پێویست نازانم. بۆ وێنە جێگای پرسیار و جێگای لێکۆڵینەوەی سیاسی – ژئۆپۆلیتیکی بەدوور لە تەعەسوبی ئایدیۆلۆژیکە کە: ئاخۆ قازانجی درێژخایەنی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا زۆرتر لەوەدایە کە هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان بن لە تورکیایەکی ئەندامی یەکیەتی ئۆرووپادا یا لەو وڵاتە جیا ببنەوە و دۆزی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خۆیان هەڵبژێرن؟ ئەمە بە ڕای من مەسەلەیەکی کراوەیە.

بەم جۆرە بۆچوونی گشتی من لەسەر “کوردستانێکی سەربەخۆ”، بە تەنیا هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیک دیاری ناکرێ و نابڕێتەوە. ئەمە مەوزووعێکی سیاسیە و هەڵوێستی سیاسی دەخوازێ، ئەویش بەندە بە هەلومەرجی سیاسی موشەخەسەوە کە لە هەر وڵاتێک و هەر سەردەمێک، یا بە عام و لە ڕووی ئوسووڵەوە، چ هەڵوێستێک لەبارەیەوە دەگیرێ.

پرسیار / لەپرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورەدا کە ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات و ئەوەی لەبەرچاوانە کە لەبری دیموکراتیزەکردنی ناوچەکە دیکتاتۆرییەت و بەرەڵڵایی سیاسی بەرهەم دێت و خودی ئەمریکاش ناتوانێت دەسکاری رەوشەکە بکات چونکە هەر جۆرە دەسکارییەک وادەکات کە سەلەفییەکان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست وەک ئەوەی لە میسردا بۆ نمونە دەبینرێت کە دەسکاری رژێمی موبارەک ناکرێت لەترسی ئیخوانەکان هەربۆیە ئێستا ئەمریکا بیر لەوەدەکاتەوە لەناوچەکەدا نەدۆرێت نەک بیباتەوە.

فاتح شێخ:

ئەوەندەی پرسیارەکە لەسەر پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”یە ئێستا قەزیەکە پێچەوانە بوەتەوە. بووش بیەوێ و نەیەوێ پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” چوەتە لاوە. ئەساسی ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئەو خۆشخەیاڵیە و ئەو وەعدەی بووش دامەزرابوو کە “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە عێراق سەر دەکەوێ و دەبێتە نموونە بۆ باقی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! لە پشت ئەو دروشمە بریقەدارەشەوە، مەبەستی واقیعی لە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ئەوە بوو کە هەر دەوڵەتێکی نەیار و ناحەزی ئەمریکا لەو ناوچەیە، وەک دەوڵەتی سەدامی لێ بەسەر دەهێنرێ و “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە چەشنی ئەمەی ئێستای عێراقی بەسەردا دەسەپێنرێ!

بووش و ئیدارەکەی بە بیانووی ئەوە کە: ڕێگای دێمۆکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراقدا گوزەر دەکا، مەسەلەی فەلەستینیان بەجارێ وەلا نا و دەستی ئیسرائیلیان بۆ سەرکوت و کوشتاری هەمەڕۆژەی خەڵکی فەلەستین ئاواڵە کرد. ئێستا تۆنی بلێری گەورە هاوپەیمانی بووش ڕێک بە پێچەوانە دەڵێ: ڕێگاچارەی قەیرانی عێراق لە ناوخۆی عێراق نیە بەڵکو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش بە چارەسەری کێشەی فەلەستیندا گوزەر دەکا! تۆنی بلێر بەرامبەر بە پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”ی ئەمریکا، ناوی بیرۆکەی خۆی ناوە: “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی” (Middle East The Whole)!! ئەڵبەت ڕەنگە کەس نەزانێ جیاوازی ناوەرۆکی ئەو دوو ڕستەیە چیە! بەڵام هەمووان دەزانن کە لە سەر عەرزی ڕەق مانای ئەوەیە “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە عێراق فاشیلە و ئەمریکا و بەریتانیا و باقی دەوڵەتانی ئەمپریالیست دەبێ کێشەی فەلەستین ببڕنەوە ئەگەرنا ئیسلامی سیاسی لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگایان پێ لێژ دەکات! پرسیار تەنیا ئەوەیە کە ئاخۆ ئیسرائیل بە چارەسەری کێشەکە و قبووڵی دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن مافی کامل بۆ فەلەستین ڕازی دەبێ یان نا؟
لە حاڵی حازردا بەداخەوە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازنەی خوێناوی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەل ئیسلامی سیاسیدا دەخولێتەوە. لەم بەرزەخ و بۆشاییە سیاسیەدا ڕەوتی جۆربەجۆری ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکانیش وەخۆکەوتوونەتەوە بەڵام ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکان ئەوەندە گەندەل و کۆنەپەرست و سەر بە ئەمپریالیست و تێکەل بە ئیسلامن کە زەحمەتە بتوانن وەک ئەڵتەرنەتیڤێک بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی بۆ گۆڕینی وەزعەکە بە قودرەتەوە ئیبراز بن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی لەو بازنە خوێناویە دەرباز بێ، پێویستی بە ئیبراز بوونی تەوژمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕادیکال و قودرەتمەندە لە کۆمۆنیزم و چەپ و عیلمانیەت و ئازادیخوازی و لایەنگری لە یەکسانی ژن و پیاو.

ستراتێژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و سەرجەم تەیارەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، ئەوەیە لە هەنگاوی یەکەمدا بەسەر عێراقدا زال بن و جێ بە ئەمریکا لێژ کەن، دواتر بە حوکمی زال بوونیان بەسەر دوو وڵاتی ستراتێژیکی ناوچەکەدا گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە پێگەی خۆیان، ببنە هێزێک لە هاوکێشەی جیهاندا، ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و فەرهەنگی ئیسلامی بکەنە بەشێک لە سەرخانی ئایدیۆلۆژیک – سیاسی دونیای هاوچەرخ و خۆشیان ببنە جەمسەرێکی بەهێزی ئەو دونیایە. ئەمە ستراتێژیەکی واقیعی نیە. موجازەفاتی ڕەوتێکی کۆنەپەرست و گەندەڵە و حاسڵی لۆمپەنیزمێکە لە کۆمەڵگای سەرمایەداری گلۆباڵی ئەمڕۆدا کە لە سێبەر و زەلکاوی میلیتاریزم و کۆنەپەرستی سیاسی و گەندەڵی پارازیتانەی ئەمپریالیزمی سەردەمدا پەڕوباڵ و مەجالی پەلوەشاندنی پەیدا کردوە. ئەمریکا وەک زلهێزی یەکەمی ئەمپریالیزمی پاش ڕووخانی سۆڤیەت، بەردەوام بە میلیتاریزم و کۆنەپەرستی سیاسی و گەندەڵی پارازیتانەی خۆی، کۆنەپەرستی و گەندەڵی و لۆمپەنیزمی ئیسلامی بەرهەم دێێنێتەوە، بۆیە قەت ناتوانێ بە دەستی خۆی ڕیشەکێشی بکات. بەمجۆرە کۆنەپەرستی و تیرۆریزم و ئاڤانتووریزمی سەرجەم بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، بە هەموو رەوتەکانیەوە، دەتوانی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە سەدەی بیست و یەکدا بەرەو دوا، بەرەو بەربەرییەتێیەکی ڕووت و گۆمی خوێنێکی ئەوپەڕنادیار بکێشێتە دواوە.

لێرەوەیە کە من دەڵێم کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرس، کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری هاوچەرخ کە بە حوکمی جێگاوڕێگای ئۆبژێکتیڤی خۆی وجوودێکی گلۆبال و پێشکەوتوو و ئازادیخواز و دژبە سەرمایە و دژبە ئیمپریالیزم و دژبەدینە، لە مەیداندایە و لە توانایدا هەیە کە لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق ببێتە بەدیلی دەسەڵاتی میلیتاریستی و گەندەڵی ئیمپریالیزم و ببێتە لەمپەر و ڕووخێنەری کۆنەپەرستی و گەندەڵی و لۆمپەنیزمی ئیسلامی و بیخاتە هەزیمەت و ڕیشەکێشی بکات.
بە دوور لە پڕۆپاگەندە بە حوکمی لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئۆبژێکتیڤ، ڕام وایە کۆمۆنیزم و چەپ و ئازادیخوازی و عیلمانیەت و حەرەکەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو لە ئێران و عێراق، لە جەنگەی ئاڵوگۆڕی سیاسی پڕگوڕوتاوی ئەم دوو وڵاتەدا توانای ئەوەیان هەیە کە بە یەکگرتوو کردن و هێنانە مەیدانی ڕیزی کۆمەڵایەتی بەرین و بەهێزی کرێکاران و ژنان و لاوان، دواڕۆژێکی باشتر بۆ ئەم بەشە گرنگە لە ژئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدی بێنن، ئاسۆی داهاتوویەکی ڕوون بە ڕووی ئەم ناوچەیەدا بکەنەوە و کۆتایی بە زیاتر لە سەدەیەک دوژمنایەتی بێنن کە بەهۆی کێشە و ململانەی دەوڵەتانی ئەمپریالیست و دەستوپێوەندەکانیان لە لایەک و ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لە لایەکی ترەوە، لە نێوان دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکانی وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوادا پێک هاتوە.

پرسیار/ لەکۆی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا بارودۆخی عێراق چۆن دەبینن، ئەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چی بکات باشە؟

فاتح شێخ:
لە پاش ڕووخانی سۆڤیەتەوە ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا فاکتەرێکی گرنگ بوە لە هەموو ئاڵوگۆڕە جیهانیەکاندا و بەو پێیەش کاریگەری بوە لەسەر ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان و تەنانەت ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی وڵاتاندا. کاتێک باس لە بارودۆخی عێراق بێ، پێویستە حیسابێکی تایبەتی تر بۆ کاریگەری ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە هەموو حەڤدە ساڵی ڕابردوودا بکرێ. لە ئاداری ۲٠٠٣ بەم لاوە، ئیتر شەڕ و سیاسەتی ئەمریکا بوەتە فاکتەری ژمارە یەک لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی عێراقدا. بەمجۆرە فەشەلهێنانی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ سەرەکی ترین فاکتەری بارودۆخی عێراقە.

ڕاگەیاندنی سەرۆک بووش لە ١١ی مانگدا (١١/١/٢٠٠٧) کورتەیەک لە دوا هەوڵەکانیە بۆ نەجاتی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا. ئەویش وەک گرووپی بەیکر- هەمیڵتن، دانی ناوە بە فەشەلهێنانی پڕۆژەکەیان لە عێراقدا. بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا هەر پێدادەگرێ لەسەر درێژەپێدانی ئەو ستراتێژیە میلیتاریستیە و وەعد دەدا کە هەر جۆرێک بێ سەرکەوتنێکی بۆ دەستەبەر دەکات! ئاشکرایە کە هەلومەرج بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی ئەمریکا لە عێراق زۆرلە جاران دژوارتر و نالەبارترە! نە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر، نە فشار و هەڕەشە لەسەر مالیکی دادی نەجاتی ئەمریکا لە گێژاوی عێراق نادات. شکستی “ستراتێژی نوێ”ی بووش، هەر لە ئێستاوە دیارە. باری گرانی ئەم شکستەش وەک هەمیشە ڕاستەوخۆ بەسەر خەڵکدا دەشکێتەوە و ئەمن و ئاسوودەییان بۆ ناهێڵێتەوە. ئێستا لە عێراق لە چەندین جەبهەدا شەڕ و تیرۆر و شەڕی ناوخۆیی شانبەشان لەئارادایە و نیشانەیەکیش لە هێور بوونەوەیان بەدی ناکرێ. تەنانەت زۆر ڕێی تێ دەچێ لە پال شەڕی سێکتە ئیسلامیەکاندا شەڕی قەومیش (بۆ نموونە لە کەرکووک) بقەومێ. سەرباری ئەمانەش شکستی ئەمریکا دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ تێکدانی زیاتری ژیان و ئاسایشی خەڵکی عێراق ئاواڵەتر کردوە. هەروەها مەیدان بۆ دەستێوەردانی باقی وڵاتانی دراوسێ بەردەوام زیاد دەکات و بەمەش وەزعەکە ئاڵۆزتر دەبێ.

ئیشارەی سەرۆک بووش بە پێویستی ئیسلاحی دەستوور و ئیهمال کردنی فیدراڵی لە قسەکانیدا نیشانەیەکی ترە لە فەشەلی پڕۆژەی فیدراڵی. لانیکەم لەم بەشەدا ڕاسپاردەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن لە گوێ گیراون! پێشتریش بێسەمەر مانەوەی سەفەری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نیشانی دابوو کە پەیوەندێکی ڕوون و ڕەوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدادا نیە و ئەوەندەش کە لە قسەدا هەبێ، لە کردەوەدا کار ناکا. لەڕاستیدا پڕۆژەی لکاندنەوەی کوردستان بە ئیدارەی بەغداوە فەشەلی هێناوە. دیارە بە هۆی بێدەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیەوە ئێستا زەمینەی تێکهەڵچوونی سەربازی لە ئارادا نیە. بەڵام گیروگرفتی بوودجە و سووتەمەنی و کارەبا و دەرمان و بۆمبی تەوقیت کراوی مادەی ١٤٠ و زۆر شتی تر دەتوانێ کێشەی زۆر و پڕمەترسی لێ بوەشێتەوە کە لێرەش، هەروەک دەبینرێ، هەر بەسەر ژیانی جەماوەردا دەتلێتەوە.
ئەم ڕاستییانە بوونەتە هۆی ئەوە کە جارێکی تر مەسەلەی چارەنووسی سیاسی هەرێم لە زەینی خەڵکانێکدا کە هەست بە دڵنیایی لە دواڕۆژی سیاسی خۆیان لە چوارچێوەی بارودۆخی مەوجووددا ناکەن، بەرجەستە بوەتەوە. ئەمە سەرلەنوێ تاقیکردنەوەیەک دەنێتەوە بەردەم سەرکردایەتی سیاسی هەرێم و هەرتک حیزبی بەشداری دەسەڵات و هەموو حیزب و لایەنێکی سیاسی کە وەڵامی پێ بدەنەوە.

بێگومان لە کاتێکدا عێراق و کوردستان بەناو پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زۆر گرنگ و چارەنووسسازدا تێدەپەڕن، لە کاتێکدا سەرۆک بووش ناچارە “ستراتێژی نوێ” دابڕێژێ، ئیتر هیچ ستراتێژیەک و هیچ سیاسەتێک و هیچ قەناعەتێکی پیشوو بۆ پشت پێ بەستنی قەتعی نابێ و پێویستە بکەوێتە بەر پێداچوونەوە و لێکدانەوەی تازە. بێگومان سووتەمەنی و کارەبا و خانوو و پاراستنی گوزەران لە گرانی و نەبوونی و هتد هەموو گرنگن، مافی سەرەتایی خەڵکن، لەسەر دەسەڵاتە کە بە تێروتەسەلی دابینیان بکات، یان لانیکەم بەرامبەر بە خەڵک بەردەوام وەڵامدەر بێ. بەڵام لەگەل هەموو ئەمانەشدا و لە سەرووی هەموویانەوە، مافی خەڵکە بۆ دەربڕینی ئازادانەی دەنگی خۆیان لەسەر چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگاکەیان لە ڕێفراندۆمێکی ئازاد و چاودێریکراودا.
***




کە “ستەمی میللی” کۆتایهات ئایا پێویست بە ڕیفراندۆم و جیابونەوەی کوردستان ناکات؟

لەگەڵ هاتنە پێشەوەی پرسی ڕیفراندۆم، تێڕوانین و لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵە سەبارەت بە ستەمی میللی و مەسەلەی میللی و پەیوەندی ئەم دوانە لەگەڵ یەکتر لە ناو قسەکەران وشرۆڤەکەرانی ئەم پرسە و بەتایبەتیش بەشێک لە چەپدا پەیدابوە و ئەمەش کراوەتە بیناویەکی سیاسی بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان ڕەت بکەنەوە و بەپێویستی نەزانن.

ئەوە ڕاستە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ستەمی میللی وەک ستەم لەسەر خەڵکی کورد نەماوە و دەسەڵاتی کوردی و ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی دەسەڵاتدارن و خەڵکی کوردزمان دەچەوسێننەوە و دزی و تاڵانی دەکەن، ئەم واقعیەت و ئاڵوگۆڕە سیاسیانە توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە ستەمی میللی لەسەر خەلکی کورد بهینێت لە هەریمی کوردستاندا بەڵام نەیتوانیوە کۆتایی بە “کێشەی ستەمی میللی کورد” بهێنێت وەک کێشەیەکی سیاسی کەپێویستی بەوەڵامە لە ناوچەکەدا.

ئەم “ستەمی میللیە” بە درێژایی چەندین دەیە لە پلە دوویی و چەوساندنەوەی میللی خەڵکی کورد، بۆتە هۆی خوێنڕێژی، ماڵوێرانی، ئەنفال، تەعریب، ڕاگواستن، کیمیاباران و سەرکوتی سیاسی خەڵکی کورد بەهۆی کوردبونیانەوە، بەمەش کێشەیەکی دروست کردوە بەناوی “کێشەی میللی کورد” و ئەم کێشەیەش تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئۆتۆنۆمی یا فیدڕالیزمی قەومی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ڕێگاچارەی ناسیونالیستەکان بوو بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بەڵام مێژوو وە واقعی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەوەی نیشاندا کە ئەم فیدرالیزمە قەومییە نەک هەر چارەسەری ئەم کێشەیەیی نەکرد بەڵکو بە تەواوی گەیشتۆتە بنبەست و ئەوەندەی تر ئەم کێشەیەی قوڵتر کردۆتەوە و خودی حیزبە ناسیونالیستیە کوردیەکانیش دان بەو شکست وبنبەستەدا دەنێن.

پەیوەندی نێوان “ستەمی میللی” و “کێشەی میللی کورد” پەیوەندیەکی ماتماتیکیانە نییە کە ئەگەر “ستەمی میللی” نەما ئەوا ئۆتۆماتیکی “کێشەی میللی کوردیش” ناماینێت! یان ئەگەر “ستەمی میللی” هەبوو ئەوە هەر دەبێت “کێشەی میللیش” هەبێت، کێشە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان ماتماتیکیانە لێکنادرێنەوە. “ستەمی میللی” لەسەر خەڵکی کورد بەهۆی مێژویەکی خوێناوی و کارەساتبار کە ڕویداوە برینێکی قوڵی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەم وڵاتەدا لە نێوان خەڵکی کورد وعەرەبدا زماندا دروست کردوە بەناوی “کێشەی میللی کورد” لە ناوچەکەدا کە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و ناسیونالیزمی کورد و ناسیونالیزمی شۆڤێنی و ئیسلامی شیعی و سونی عەرەب لە پیناو هێشتنەوە و بەهێزکردنی دەسەلاتیاندا ڕۆژ بەرۆژ قوڵتر وبەرفراوانتری دەکەنەوە.

لەزۆر ناوچە و ولاتدا “ستەمی میللی” لەسەر بەشێک لە خەڵکی ئەو ولاتە هەیە بەڵام ئەم ستەمی میللیە نەبۆتە ڕیگر و کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە پێویست بە وەڵام و چارەسەر بکات بۆیە ئەگەر لە هەر ئاڵوگٶڕێکی سیاسیدا ئەم ستەمی میللیە کۆتایهات ئەوا شتێک نییە و نامینێتەوە بە ناوی “کێشەی میللی” ک پێویستی بە چارەسەر و وەڵامی سیاسی هەبێت. بۆ نمونە لە وڵاتی ئێران ستەمی میللی لەسەر عەرەبەکان، بلوجەکان و ئازەریەکان و چەندان پێکهاتەی تر هەیە بەڵام هیچ یەک لەمانە نەبونەتە کێشەیەکی سیاسی کە ببنە رێگر لەبەردەم خەباتی جەماوەری ئەو بەشە لەخەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان وەک ئەوەی کە “ستەمی میللی” لەسەر خەڵکی کورد دروستی کردوە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە ئەم “کێشەی ستەمی میللی کوردە” کە “ستەمی میللی” دروستیکردوە و لە دوای خۆی بەجێیهێشتوە پێویستی بە چارەسەر وەڵامی سیاسی هەیە.

چارەسەری واقعی و ئازادنەی ئەم کێشەیەش “کێشەی میللی کورد” لە ئێستادا تەنها بە بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و گەڕانەوەیە بۆ ڕای ئازادانەی خەڵک و بڕیاردانیانە لەسەر ئەوەی کە جیادەبنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێکدەهێنن یان ئەوەتا لە چوارچێوەی عێراقدا دەمێنەوە بە مافی هاوڵاتیبونی یەکسانەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و حوکمڕانی ئێستای عێراق وهێزهاوسەنگی نێوان جەماوەری زەحمەتکێش و ماهیەتی دەسەڵاتدارنی حاکم و دەسەڵاتداریەتی حکومەتێکی ئیسلامی و شیعی و فاشیستی لە بەغدا، لە ئێستا و ئایندەیەکی نزیکدا دامەزراندنی حکومەت ودەوڵەتێکی مەدەنی و سکیۆلار کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی و هاوڵاتیبونی یەکسان لە ڕوی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بکات مەحاڵە، بۆیە نزیکترین و ئاسانترین ڕێگە لە ئەمرۆدا بەرپاکردنی ڕیفاندۆمێکی ئازاد و جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.

هیوا ئەحمەد
٣٠/٨/٢٠١٧




دوای ساڵێک کەیسی وەداد حسێن یەکلایی نەکرایەوە… شوانە حەسەن ئەبوبەکر

.

ڕۆژنامەنووسان دەکرێتەوە و، کەیسەکانیان لەلایەن دادگاکانەوە وندەبێت، ناتوانرێت بمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بڵێین: پشت بەستن بە یاسا بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکان، ھەڵەیەکی گەورەیە. بەیاننامەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان و، دروستکردنی لیژنەی دەسەڵات، چاوەڕوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکرێت.

ئەزموونمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ئازادی کوژ و کورد کوژە، تێیگەیاندین لیژنەکان و بەیاننامەکان و ئیدانەکردنەکان، نەیتوانی ھیچ یەک لەو تاوانانە ئاشکرابکات دژی رۆژنامەنووسان و ئازادییەکانی تاکی کورد کراوە. کوشتنی ڕۆژنامەنووسان زنجیرەیەک کوشتنە لە شوێنێکدا دەست پێدەکات و کۆتاییەکەی دیار نیە. ئەم زنجیرە کوشتنە بەو شێوە چەتەییەی دەسەڵات، بڕوایەکە لەناو بیرکردنەوەی دەسەڵاتدا ھەیە. بێگومان ئەوانەی ئەم کارانەیان لێدەوەشێتەوە، بریتین لەو ھەرچی و پەرچیانەی، ھیچ خەونێکی گەورە، ھیچ فەرھەنگێک و کلتورێکیان نیە. لە بێ فەرھەنگی و بێ کلتوریدا دەبنە پاسەوانی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکان. ھەمیشە ئەم ھەرچی و پەرچی یانە دینەمۆیەکی بەھێزن بۆ برەودان بە سیستەمە سەرکوتکەرەکان. ئەوانە بەشێکی ناو کۆمەڵگەن و لە ئاستی خوارەوەن و شتێکیان نیە لەدەستی بدەن. لە بێ فەرھەنگیدا تەواوی ئەو کارە نامرۆڤانانە دەکەن پێیان دەسپێدرێت و دەبنە دەردێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگە و، پارێزەری سیستەمە بیمارەکان.

ئەمڕۆ ساڵیادی کوشتنی وەداد حوسێن ە کوشتنی (وەداد) بەو شێوە دڕندانەیە، ھەرگیز بە دەستی کەسانێک نەکراوە خاوەن فەرھەنگ و کلتوربن. بەدەستی ئەو ھەرچی و پەرچی یانە کراوە کە بێ فەرھەنگن و، پارێزەری سیستەمێکی بیمارن. ئەو ھەرچی و پەرچییانە مەترسیەکی گەورەن بۆ فەرھەنگ و کلتوری کۆمەڵگە، لەھەمان کاتدا ڕۆڵە بەوەفاکانی سیستەمە مەترسیدارەکانن. تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێک بەو جۆرە، لەلایەن کەسی ئاساییەوە ئەنجام نادرێت، لەلایەن ھەرچی و پەرچییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

من و هەندێ ڕۆژنامەنووسی تری هاوڕێم ساڵی پاریش نەمان وت با لیژنەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم کەیسە دابنرێت، چونکە بروامان بەو پەندە روسییەکە دەڵێت: “ھەرکارێک ویستت سەرنەگرێت، لیژنەی بۆ دابنێ.” لیژنەکان چاوەروانی یەلاکیکردنەوەی کەیسەکانیان لێناکرێت و، کەیسەکان وندەکەن. بەیاننمانەی فراکسیۆنەکانیش تەنھا وەک ھەڵوێستێک وەردەگرین. دادگاکانیش جێگای بڕوا نین و، ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. کەوایە کێ ھەقی کوشتنە شێوە دڕندانەکەی ئەو رۆژنامەنووسە یەکلایی دەکاتەوە؟

لە ئێستادا پێویستە ڕوو لە (پەکەکە) بکەین و بپرسین: ئایا ئەو رۆژنامەنووسە کە سەر بە دەزگاکانی ئەوان بووە، وەلائیشی بۆ ئەوان بووە، کوشتنی بەو جۆرە جێگای بێدەنگییە لای ئەو ھێزە؟ دەبێت ئەو ھێزە بەھەر شێوەیەک بووە ھەقی ئەو رۆژنامەنووسە وەربگرێتەوە. بکوژەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، کە بریتین لە کۆمەڵێک ھەرچی و پەرچی و، شێوازی کوشتنەکەی ھەرچی و پەرچی بوونیان دەردەخات، شایەنی ئەوەن لەسەر کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لەم کۆمەڵگەیە دوربخرێنەوە و رێگایان پێنەدرێت، لەوەزیاتر ژینگەی ئەم کۆمەڵگە لەبەر خاتری پاراستنی دەسەڵاتێکی بیمار پیس بکەن.

ئیتر بەسە دوای ساڵێک لە تیرۆرکردنی وەداد حوسێن ئەگەر پەکەکە چیتر بێدەنگ ببێت، سبەی ھەمان ئەو گەنجانەی لەو سنوورە بروایان بە ئازادی ھەیە و، وەلائیان بۆ دەسەڵات نیە، تووشی ھەمان دۆخ دەبنەوە. بروای تەواوم بەوە ھەیە، پێویستە پەکەکە بە شێوەیەکی ڕژد ھەقی (وەداد) بسەنێتەوە چیتر چاوەڕێی دادگا نەکات. ئیدی ئەو شتانە لەم ھەرێمە مانایان نەماوە. ناشکرێت پەکەکە وەک ھێزە ترسنۆکەکانی باشور بێدەنگ بێت و ھەروا رووداوێکی خەمھاوەر بەسەریدا تێبپەڕێت. ئەوانەی (وەداد)یان بەو شێوازە دڕندەیە کوشت، شایەنی ئەوەن ژیانیان لێ بسەنرێتەوە.

ڕۆژنامەنوس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر