کێشەکانی دەنگدانی کوردستانییانی هەندەران بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان … ئەمجەد شاکەلی

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی(کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات، واتە: کوردستانییانی هەندەراننشین، داوایان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی پرۆسێسی دەنگدان و گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەنێوان 1-9-2017 تا 7-9-2017، سەردانی ماڵپەڕی ئەو کۆمسیۆنە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بکەن، کە ئەمەی خوارێیە:
www.khec.krd

کە مرۆڤ دەچێتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، دەتوانێت هەریەک لە زمانانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبژێرێت. کە دەچێتە سەر هەر یەکێک لەو زمانانە، تۆمارێکی دەنگیی یەک خولەک و نیوی دانراوە، کە بە کوردییە، بەڵام زووزوویش دەنگەکە دەبڕێ و دێتەوە و گەلێک بە خێرایی، باسی شێوازی خۆتومارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمێک دەکات و پێت دەڵێ، بۆ ئەوەی بتوانیت فۆرمەکە پڕکەیتەوە دەبێ تەختەکلیلی، من بۆ خۆم دەڵێم تەختەکلیل، دەنا دەنگەدەڵێ: کیبوورد(Keyboard)ی عەرەبیت هەبێت. ئەوجا باسی نووسینی ناوی سیانی و ژمارە و وێنەی کارتی ناسنامەی عیراقی و ڕەگەزنامەی عیراقی و دواتریش ژمارەی فۆرمی خۆراک دەکات. من بۆ خۆم، هەرکە لە 2-9-2017دا، ئەو تۆمارەدەنگییەم بیست و چوومە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، خۆم پێ نەگیرا و دەسبەجێ نامەیەکم بۆ سێ ناوونیشانی ئیمەیلی جیاوازی ئەو کۆمسیۆنە نووسی. کۆمەڵێک خاڵم بۆیان ڕوون کردەوە و دواتر لە ڕۆژی 3-9-2017دا، لەوانەوە دوو وەڵامی کورت و هیچ نەگەیەنم بۆ هاتەوە، کە والێرەدا ڕێک وەک خۆیان دایاندەنێم:
یەکەم وەڵامی کۆمسیۆن: “سلاو بةريزم، بةريزم دةتوانى سود لة فورمى خؤراكى خيزانى وةركريت لة ناوةوةى هةريم بؤ بةرى يةكةم بةريز دةبيت ناوةكة بة دروستى داخيل بكةىت بة زمانى عةرةبى دةتوانن ناوةكانتان بنيرن بؤتان دلنيا دةكةينةوة، دةتوانى بةيوةنديمان بيوة بكةن لةريكةى وةتس ئةب و فايبةر”.
دووەم وەڵامی کۆمسیۆن:”سڵاو بەریز ..جەژنتان پیرۆز، بەڕێز گیان سوپاس بۆ تیبینیەکەت بەڵام ڕەجاوی ئەوانە کراوە و دەکرێ هەر کەسێك لەسەر فۆرمی خۆراکی مالی باوکی دەنگ بدات، بەداخەوە ئەگەر کوردێكیش لە دەرەوە ژیابێت دەبێ هاتبێتەوە کوردستان و فۆرمی خۆراکی دەرکردبێت ئەگەرنا لە دەسەلاتی ئێمە نییە، بۆ زانیاریشت وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیش ە و تەنها بزمانی کوردی نییە. لەگەڵ ڕیزدا “.
من هیچ ناڵێم، بەڵام ئەو وەڵامانە بە کەسێکی کوردستانیی، کە بە خۆیەوە سێ پشتی دانیشتووی، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، بریتانیا، فرانسا، سوێد یا هەر وڵاتێکی دیکەی هەندەران بێت و بیەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات، چ دەڵێت! ئەمە بێجگە لە ڕەشکردن و دزێوکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەڕوودانانی کوردستانییانی هەندەران و پاڵپێوەنانیان بۆ بەشدارنەبوون و دەنگنەدان هیچی دیکە دەگەیەنێت؟

من لێرەدا ئەو خاڵە لاوازانەی پێوەنددارن بەو بانگەوازە و بەو ڕێنوێنییانەی کۆمسیۆنەوە، کە بەشێکیم بۆ ئەوانیش نارد، دەخەمە پێش چاوی ئێوەی هێژا:

1 . ئەو دەنگەی ڕێنوێنییەکان دەخوێنێتەوە هەر زۆر خێرا دەیڵێتەوە و زووزوویش دەبڕێ، واتە: زۆر ڕوون نییە.

2 . تۆ بچیتە سەر هەر کام لەو زمانانە: کوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی، تۆمارە دەنگییەکە هەر هەمان دەنگە و تەنیا بە زمانی کوردی دەیخوێنێتەوە، ئەویش کوردیی خواروو. لەنێو کوردانی هەندەراندا، هەموو جۆرە کوردێک هەن و بە شێوەزاری جیاوازیش قسە دەکەن: کرمانج، هەورامی، کەڵهوڕ، فەیلی، سۆران، زازا و..کە هی وایان تێدایە لە شێوەزارەکەی خۆی زیاتر، شێوەزارێکی دیکەی کوردی نازانێت. دەبوو ئەو تۆمارەدەنگییە بە کۆمەڵێک شێوەزاری کوردی دانرابا.

3 . باشووری کوردستان، تەنیا کوردی لێ ناژی، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئەرمەن و عەرەبیشی لێ دەژین. لەنێو کوردستانییانی هەندەراندا تەواوی ئەو نەتەوانە هەن، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بەو زمانانەش هەبووایە.

4 . بەشێکی زۆری لاوان و گەنجانی کوردستانییانی دەرێی کوردستان، دەتوانم بڵێم پتر لە 90%یان زمانی کوردی بە باشیی نازانن و ڕەنگە وشەوشەیەک قسەی پێ بکەن و زۆریان هەرگیز کوردستانیان نەبینیوە و تێیدا نەژیاون، دەبوو تۆمارەدەنگییەکە، بێجگە لە زمانی کوردی(بە هەموو شێوەزارەکانی)، بە زمانانی عەرەبی، تورکمانی، کلدانی، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، فارسی، ئینگلیزی، فرانسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی و زۆرێک لە زمانە ئەوروپاییەکانی دیکە هەبووایە، چونکە ئەوان زمانی ئەو وڵاتانەی لە هەندەران تێیدا دەژین، زۆر بە باشی دەزانن و بۆ ئەوان زمانی یەکەمیانە.

5 . زۆرێک لەو کوردستانییانەی دەرێی کوردستان، هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنانە و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و ئەو شتە عیراقییانەیان نییە و لە تەمەنێکیشدان، کە مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی هەر هەموویشیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، زۆرێک لەوانە نەک هەر خۆیان، کە لە هەندەران لەدایک بوون، ڕەنگە باوک و دایکیشیان لە هەندەران لەدایک بووبن، یا هەیە دایکی یا باوکی بیانییە و یەکێکیان عیراقییە، ئەویش بە ڕەگەز، کە ئەویش هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە. زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە هەندەرانن، ئەوان زۆریان نە کوردی دەزانن و نە کوردی تێدەگەن و نە کوردی دەخوێننەوە، بەڵام لە من و تۆیش کوردترن و سەدلەسەد لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانیشدان، زۆرینەی ئەوانەش هیچ جۆرە ڕەگەزنامەی عیراقی و ئەوانەیان نییە، چونکە لەنێوان عیراق و ئێراندا هەمیشە ماڵوێران و دەربەدەر بوون، چۆن دەنگی ئەوانە وەردەگیرێت؟

6 . پڕکردنەوەی فۆرم بە عەرەبی، سەختییەکی گەورەیە بۆ کوردستانییانی دەڕێی کوردستان، چونکە هەموو ئەو خەڵکە کیبووردی عەرەبییان نییە و پێویستیشیان بە کیبووردی عەرەبی نییە، تەنانەت ئەگەر هەشیان بێت ڕەنگە عەرەبی هەر نەزانن و نەتوانن فۆرمی عەرەبی پڕ بکەنەوە.

7 . ناوی سیانی لەو وڵاتانەی هەندەران، کە کوردستانییانی تێدا دەژین، هەرگیز نە هەیە و نە باوی هەیە، چونکە سیستمی ناو لە هەندەران جۆرێکی دیکەیە. ئەو بۆی هەبی دەنگ بدات، بۆ بە بەڵگەنامە بیانییەکانی خۆیەوە دەنگ نەدات؟ بۆ وەک چۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردنێک لە سوێد، دانمارک، بریتانیا یا ئەمەریکا دەدات، بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش وەک خۆی و بەوجۆرە دەنگ نەدات؟ ئەو ناوی سیانی و سیستمە کۆنە عیراقییە بۆ کوردستانییانی هەندەران، کێشەیەکی گەورەیە.

8 . لە تۆمارەدەنگییەکەدا داوا دەکرێت ژمارەی فۆرمی خۆراک لە فۆرمی خۆتۆمارکردنەکەدا بنووسرێت. کوردستانییەکی لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئەوسترالیا، ئەفریقا، لاتین ئەمەریکا، چین، هیندوستان، یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئەو دنیایە دەژی، کوا فۆرمی خۆراکی هەیە؟ نەک خۆی کە ڕەنگە لاوێکی 19 ساڵان بێت نییەتی، باوک و دایک و داپیر و باپیریشی، کە ڕەنگە دانیشتووی هەندەران بن، هەر نییانە.

9 . لەو ماڵپەڕەی کۆمسیۆندا بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، هیچ نووسینێک لەمەڕ ئەو گستپرسییەوە نەنووسراوە، کە دەبوو بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، بە نووسین، بە زمانە گرنگ و سەرەکییە جیاوازەکانی دنیا، ڕێنوێنییەکان پەخش کرابایەوە و مرۆڤ بیتوانیایە وەک فۆرم لەسەر کاغەز کۆپیی کردبا.

10. میدیای کوردی و دەسگاکانی پێوەنددار بە گشتپرسییەوە، دەبوو لە باسکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستاندا، پتر جەخت و ئاراستەی قسە و میدیا و ڕێنوێنییەکانیان، بۆ کوردستانییان بووایە، نەک تەنیا کورد، بۆ هەموو باشووری کوردستان بووایە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان. تۆ کە باس لە کەرکووک و مەندەلی و شنگال و خورماتوو و زرباتییە و بەدرە دەکەیت، دەبێ دەستەواژەی هەرێم کەمتر و دەستەواژەی باشووری کوردستان پتر بەکاربهێنیت.

11. نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکە، حیزب و هێزە کوردستانییەکان، ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی و گشتپرسیدان، کە لە دەرێی کوردستان نوێنەراتی و خەڵکیان هەن، ڕێکخراوە ناحوکوومەتی و مەدەنی و چالاکوانەکانی کوردستان و بیانییانی دۆستی کوردستان، دەبوو چالاکانە و بە گوێرەی شێوەی ژیان و سیستمی سیاسی و جڤاکی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی تێیدا دەژین، پرۆسێسی بەشداربوون و گشتپرسییان لە هەندەران ئاسان کردبا. لاوانی کوردستانییانی زمانزان و بە فەرهەنگی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و هەندەرانی گەورەبوو و بارهاتوو و پێگەیشتوو، بخستبایەتە گەڕ و ئەوان تەواوی ڕێکخستن و کارئاسانییەکیانیان جێبەجێ کردبا. بێجگە لەوەش دەکرێ بە ئاسانی سوود لە بیانییانی دۆستی کوردستان وەرگیرێت، کە پسپۆری و شارەزاییەکی باشیان لە بواری ئەم جۆرە کارانەدا هەیە. کۆمسیۆنیش دەتوانێت، سوود لە تەواوی ئەو وزانە وەرگرێت.

12. باشووری کوردستان، کە دەیەوێت لە عیراق دابڕێت و دوورکەوێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات، ئەو هەموو عیراقییەت و شتە عیراقییانە چییە لە خەڵک داوا دەکرێن! تۆ دەتەوێت وشەی عیراق و عیراقییەت لە خۆت و وڵاتەکەت بکەیتەوە، کەچی، گەنجێکی باشووری کوردستانی خۆی و دایک باوکی و داپیر و باپیری، لەدایکبووی سوێد، فرانسا، توونس، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و…بە تۆبزی دەکەنەوە عیراقی و داوای دەیان شتی عیراقییانەی لێ دەکەن، ئەمە کەی ڕەوایە!

13. ئەم گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و گەلێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەوانە گرنگترە. بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، لە هەندەران ئامادەییەکی پێشوەختەی باش و هەموو کارئاسانییەک بۆ دەنگدەران دەکرا و شایلۆغانی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا کە کەمتر لە بیست ڕۆژی ماوە، نەک هەر هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، تەنانەت نووزەیەکیش نییە و هیچ باسێک و هیچ چالاکییەک و هیچ دەنگەدەنگێک نییە و سەرباری ئەوانەش ئەو هەموو سەختگیرییەی بۆ دەکرێت. کوردستانیگەلێکی یەکجار زۆر لە وڵاتانی جیاوازی هەندەران دەژین، ئەگەر کارەکان بەمجۆرە بەڕێوە بچێت و هێندە سەخت بێت، هەرگیز لە1% زیاتری ئەو خەڵکەی هەندەران، ناتوانن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و 99%ی دەنگی کوردستانییانی هەندەراننشین دەسووتێ و دەفەوتێ و بەفێڕۆ دەڕوات.
ڕەنگە لەم کاتەدا من ئەم کەلێنانەم بەرچاوکەوتبن، لێ لەوانەیە تۆ زیاترت بینیبن! دەنگی خۆت بڵند بکە و شتەکانی خۆت بڵێ!

2017-09-04




وه‌همێک ڕیچارد داوکینز … به‌شی دووه‌م … گریمانی خوا


ئایینی چاخێک، سه‌رگه‌رمی وێژه‌ییی سه‌رده‌می داهاتووه‌
رالف والدو ئیمرسون

خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید ….

نووسەر لە به‌شی دووه‌می کتێبکەیدا، دەچێتە سەر باسی‌ گریمانی خوا. ‌گریمانی بوون و نەبووی خوا، وەک هەر گریمانێکی زانستیی تر، دەکرێت ڕوون بکرێتەوە. لەم پەیوەندەدا، نووسەر لەڕێگای یاسای شیانەوە ئەم گریمانانە تاوتوێ دەکات.
لەبەرامبەر ئەم بوون و نەبوونەدا، یان بەواتایەکی تر، لەبەرامبەر یەکخواگەری و ئیسییزمدا بۆچوونی نەزانیەتی هەیە، کە پێیوایە، پرسی خوا بابه‌تێکه‌ شیاوی هه‌ڵسه‌نگاندن و دەستتێوەدان نییە، بۆ هەتاهەتایە لە سەرو ئەوەوەیە، کە زانست بتوانێت دەستی بۆ بەرێت. نەزانیەتییان پێیانوایه، بوونی خوا نه‌ دە‌توانرێت بسه‌لمێنرێت و نه‌ ده‌توانرێت ڕەتبکرێتەوە. نووسەریش پێوایە، کە بوون و نەبوونی جنۆکەی ددان یان دەعبای سپاگێتی باڵدار نەدەکرێت بسەلمێنرێت و نەدەشێت ڕەتبکرێتەوە.

لێره‌دا نوسه‌ر ئاماژه‌ بە جیاکردنەوەی دوو جۆر لە نەزانێتی دەکات: (نەزانێتی کاتی بە کردەوە)، کە بەم ئاڕاستەیە بێت یان ئاڕاستەیەکی تر، لە کۆتاییدا دەگەین بە وەڵامێکی تەواو ڕۆشن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووین بە بەڵگەی پێویست (یان لە بەڵگەکە تێناگەین، یان کاتمان بە دەستەوە نییە بۆ تاوتوێکردنی بەڵگەکە، هتد.). بۆ نمونه‌ چی بۆته‌ هۆی قرتێکه‌وتنی کۆتاییی سه‌رده‌می پرمیان، قڕتێکه‌وتنی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی مێژووی پاشماوه‌ی به‌ردینی گیاندار و ڕووه‌ک، یان قربوونی دواتری دایناسۆره‌کان، لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا ئێمە بەڵگەمان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی بزانین، بەڵام ئەگەری هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەڵگەمان دەسبکەوێت و بزانین. بەڵام جۆرێکی تر له‌ نه‌زانێتی هەیە، نوسه‌ر به‌ (نەزانێتیی هەمیشەیی بەگشتی) ناوی ده‌بات. ئەم جۆرەیان‌ گونجاوە بۆ پرسیارگەلێک، کە هەرگیز وەڵامی نییە، چەند بەڵگەشی بۆ کۆ بکەینەوە، دەوری نییە، چونکە بیرۆکەی خودی بەڵگەکە کارپێکراو نییە. پرسیارەکە لە ئاستێکی جیاوازدایە یان لە ئەندازەیەکی جیاوازدایە، لەودیو ناوچەگەلێکەوە، کە تێیاندا دەتوانرێت بەڵگە بەدەست بێت. دەکرێت کەستەنەی فەلسەفی نموونەیەک بێت، پرسیاری ئەوەی ئایا تۆ ڕەنگی سوور بەو شێوەیە دەبینیت کە من دەیبینم. لەوانەیە سوورەکەی تۆ، سەوز بێت لای من یان شتێکی تەواو جیاواز لە هەر ڕەنگێک، کە من دەتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم.

زاناکان ئەم پرسیارەیان وەک نموونە هێناوەتەوە، کە هەرگیز وەڵامی نییە، ڕۆژێک لە ڕۆژانیش بەڵگەیەکی تازە دەر بکەوێت، هیچ کاریگەریی نابێت. گەلێک لە زانایان و ڕووناکبیرانی تر لەو باوەڕەدان ــ زۆر پەرۆشانە بە بۆچوونی نوسه‌ر ــ کە پرسی بوونی خوا دەگەڕێتەوە بۆ خانەی ” نه‌زانێتی هه‌میشه‌یی بەگشتی” دەستپێڕانەگەیشتووی هەتاهەتایی. وەک دەیبینین، هەر لێرەوە ئاکامگیرییەکی ناژیربێژانەی لێ دەکەن، کە گریمانی بوونی خوا و گریمانی نەبوونی خوا، وەکوو یەک، بە یەک چاو سەیری دەکەن. ئەو بۆچوونەی نوسه‌ر لایەنگریی لێ دەکات ، تەواو جیاوازە: نەزانێتی لەبارەی بوونی خواوە، بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ خانەی نه‌زانێتی کاتی به‌ کرده‌وه‌. ڕوونتر بلێین ئه‌و بەجۆرێک بۆچوونی نەزانیەتی هەیە، بەڵام نەزانیەتییەکەی کاتییە و پێیوا نییە، کە بوون و نەبوونی خوا لە یەک ئاستدا بەن و وەکو یەک شیاو. دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت، کە ئەم نەزانیەتییە کاتییە، تەواو دیدێکی زانستییە بەرامبەر هەر دیاردەیەک، کە ئێمە زانیاری لە سەدا سەدمان نییە لەبارەی دیاردەیەکی دیاریکراوە، ئەمەش دەرگای قسەوباس و لێکۆڵینەوە بۆ هەمیشە بەڕوویدا دەکاتەوە.

باسێکی تری زۆر گرنگ لە بەشی دووەمدا ئەوەیە، کە لە ڕووی ژیربێژییەوە بەرپرسیارییەتی سەلماندنی بوونی هەر دیاردەیەک دەکەوێتە سەر شانی کێ. کەسێک دێت و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هەسارەی زەوی لەسەر پشتی گایەک دانراوە و گاکە لەسەر پشتی ماسییەک ڕاوەستاوە، ئەرکی سەر شانییەتی بیسەلمێنێت، کە ئەمە وایە، نەک منێک کە باوەڕم پێی نییە. هەڵوێستی من ئاسایی و جێگەی قبووڵە، هەتا ئەگەر بەو واتایەش بێت، کە ئێمە هەرگیز بەڕەهایی ناتوانین نەبوونی هیچ شتێکی وەکو ئەمە بسەلمێنین. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوە نییە، کە ئایا شیاوە خوا ڕەت بکرێتەوە (کە ناکرێتەوە)، بەڵکوو ئەوەیە ئایا بوونی ڕێیتێدەچێت. هەندێک شتی نەسەلمێندراو هەیە، ژیرانە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، بوونیان زۆر کەمتر شیاون لە شتگەلێکی تر، سەرەڕای ئەوەش کە ناکرێت ڕەت بکرێنەوە. ئێمە هیچ هۆیەکمان بەدەستەوە نییە، وەها چاو لە خوا بکەین، کە پارێزاروە و نابێت جێگەیەکی هەبێت لەسەر پێوەری شیان. هەروەها بەدڵنیایییەوە هیچ هۆیەک نییە، وەها بزانین تەنیا لەبەر ئەوەی ناکرێت خوا بسەلمێندرێت یان ڕەت بکرێتەوە، ئیتر شیانی بوونی لە سەددا پەنجایە. بە پێچەوانەوە، وەک دەیبینین. نووسەر لەم پەیوەندەدا دەڵێت:
‘بوونی خوا، گریمانێکی زانستییە وەک هەرشتێکی تر. هەتا ئەگەر سەلماندنی بە کردەوەش دژوار بێت، بەڵام دەچێتە چوارچێوەی خانەی نەزانیەتیی کاتی، بوون یان نەبوونی خوا، ڕاستییەکی زانستییە لەبارەی گەردوونەوە، لە ڕووی پرنسیپییەوە دەکرێت بزانرێت، هەتا ئەگەر بەکردەوەش نەبێت. ئەگەر خوا هەبووایە و حەزی بکردایە خۆی دەر بخات، ئەوا هەر خۆی ئەم قسەوباسەی ڕێکوڕەوان و بە دەنگی بەرز، لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو دەکرد. هەتا ئەگەر بوونی خوا، بەدڵنیایییەوە، ناتوانین جیای بکەینەوە لە نەبوونی، ئاوا دەکرێت بە بەڵگەی بەردەست و قسەوباسی ژیربێژانە هەڵسەنگاندنێکی شیان بدەین بە دەستەوە، کە زۆر زێتر لە سەددا پەنجا بێت.’

نوسه‌ر بیرۆکەی پێوەری شیان، هەڵسەنگاندنەکانی مرۆڤ لەبارەی بوونی خواوە، لەنێوان دوو ئەوپەڕی بێگومانی (قەناعەتی) دژ بە یەک داده‌نێت. پێوەرەکە حەوت خاڵی وەرچەرخانی یەک لەدوای یەکە کە ئه‌مانه‌نن:
1. باوەڕمەندێکی بەهێز. شیانی خوا لە سەددا سەدە. “لەو باوەڕەدا نیم، بەڵکوو دەزانم.”
2. شیانی بەرزی زۆر، بەڵام کەمتر لە سەددا سەد. باوەڕمەندێکی ڕاستبینە. ”من ناتوانم بەدڵنیایییەوە بزانم، بەڵام بەتەواوی بڕوام بە خوایە و ژیانی خۆم بە جۆرێک دەبەمە سەر، کە وای دادەنێم هەیە.”
3. بەرزتر لە سەددا پەنجا، بەڵام زۆر بەرز نا. بەجۆرێک، بۆچوونێکی نەزانێتیی هەیە، بەڵام بەلای یەکخواگەریدا دەیشکێنێتەوە. ”من زۆر نادڵنیام، بەڵام مەیلم هەیە بە باوەڕکردن بە خوا.”
4. ڕێک لە سەددا پەنجا. نەزانێتییەکی تەواو بێلایەن. ”بوون و نەبوونی خوا، دوو ئەگەری تەواو وەک یەکن.”
5. کەمتر لە سەددا پەنجا، بەڵام زۆر نزم نا. بە جۆرێک، بۆچوونێکی نەزانێتیی هەیە، بەڵام بەلای ئیسییزمدا دەیشکێنێتەوە. ”من نازانم ئایا خوا هەیە یان نا، بەڵام مەیلم بەرەو گومانە.”
6. شیانی نزمی زۆر، بەڵام ناگاتە سفر. ئیسییستێکی ڕاستبینە. ”من ناتوانم بەدڵنیایییەوە بزانم، بەڵام لەو باوەڕەدام، بوونی خوا زۆر مەحاڵە و ژیانی خۆم بە جۆرێک دەبەمە سەر، کە وای دادەنێم نییە.”
7. ئیسییستێکی بەهێز. ”من دەزانم خوا نییە، بە هەمان ئەو قەناعەتەی جونگ دەڵێت، ‹دەزانە›م خوا هەیە.”

ئه‌مه‌ دەبێتە مایەی سەرسامی نووسەر، کە ئەگەر خەڵکێکی زۆر بکەونە خانەی حەوتەمەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئەمە‌ی هێناوەتەوە بۆ هاوسەنگی لەبەرامبەر خانەی یەکەمدا، کە خەڵکێکی زۆر دەگرێتەوە کە ئەمەش سروشتی باوەڕە، بەتایبەتی باوەڕی ئاینی. نوسه‌ر خۆی لە خانەی شەشەمدا دەبینێته‌وه‌ ، بەڵام بەرەو خانەی حەوتەم مەیلی هەیە ــ ده‌لێت : من نەزانێتیم تا ئەو ئاستەیە، کە نەزانێتیم سەبارەت بە جنۆکەیە لەپشتی باخچەکە.
نوسه‌ر له‌ سه‌ر پرسی بوون و نه‌بوونی خوا نمونه‌یه‌ک ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ لەلایەن بێرتراند ڕوسلەوە قاییلکەرانە ڕۆشن کراوەتەوە، کە بەراوردی دەکات بە قۆریی ئاسمانی. “هەندێک خەڵکی ئوسوڵگەرا وەها دەدوێن، کە ئەوە ئەرکی گومانمەندانە، وشکەبڕوا قبووڵکراوەکان بەدرۆ بخەنەوە، زێتر لەوەی ئەرکی وشکەبڕواکەران بێت، کە بیانسەلمێنن. بێگومان ئەمە هەڵەیە. ئەگەر من وتبێتم، کە لەنێوان زەمین و مەریخدا، قۆرییەکی چینی لەسەر سووڕگەیەکی هێلکەیی بەدەوری ڕۆژدا دەخولێتەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم وتەیە بەدرۆ بخاتەوە، بەو مەرجەی من ئەوەندە وریا بووبێتم، ئەم سەرنجەشم لەگەڵ دابێت، کە قۆرییەکە ئەوەندە بچووکە، هەتا بە بەهێزترین دووربین نابینرێت. بەڵام ئەگەر هات و پێم لێ ڕاکێشا و وتم، لەبەر ئەوەی ئەم وتەیەی من بەدرۆ ناخرێتەوە، ئیتر پڕڕوویییەکی قبووڵنەکراوە، کەسێک بێت و گومان لە بانگەشەکەم بکات، ئیتر ئەمە دەری دەخات وڕێنە دەکەم. ئەگەر بهاتایە بوونی قۆرییەکی وەها، بە جۆرێک لەناو کتێبە کۆنەکاندا ناوی هاتبایە و هەموو ڕۆژانێکی یەکشەممان، وەک ڕاستییەکی پیرۆز، بە گوێی خەڵکدا هەڵبدرایە و لە قوتابخانەدا مێشکی منداڵانی پێ پڕ بکرایە، ئیتر ئەوسا هەر دوودڵییەک لە باوەڕکردن بە بوونیدا، وەک نیشانەیەکی لادان چاوی لێ دەکرا و وەها بە باش دەزانرا، گومانمەندکە بچێت بۆ لای پزیشکی دەروونی لە سەردەمی وشیاریی ئیمڕۆدا یان ببرێت بۆ بەردەم دادگای کڵێسا لە سەردەمانی زووتردا” .




بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن* … ھەژێن

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم نووسینە دەیخوێننەوە، سەرنجدانی بابەتێکی ھاوڕێ (زاھیر باھیر) بەناوی ” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگڕێن؟” کە لەنێو (یانەی ئازادیخوازان )** بڵاوکراوەتەوە. ھیوادام ئاشنایەتی من و ئەو، بەرچاوی سەرنج و ڕەخنەم لێڵنەکات و جیاوازی بۆچوونیشم لەتەك ئەو، ڕاستییەکان لەبەرچاوی من ئاوەژوونەکاتەوە.
بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەو پرسیارە بەو جۆرە ئاراستەبکەین و چینی کرێکار بە ئەبستراکتی وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بەسەرەنجامێکی باش ناگەین. لەبەرئەوە من بۆ شیکردنەوەی چەمکەکان (کرێکار) و (پڕۆلیتاریا) لە واتا سۆرانی (کوردی)ییەکەوە دەستپێدەکەم و بۆ دووەمیش لەسەر واتای چەمکە لاتینییەکە دەوەستم.

کرێکار، واتە کەسێك کە لە بەرانبەر کرێیەك وزە، ھێز، ساتەکانی ژیانی دەفرۆشیێت، بە واتایەکی دیکە کەسێکی کرێگرتەیە. خۆبەخۆ کرێگرتەیی ئەو، کرێگریی کەسێکی دیکە، دارابوونی کەسێکی دیکە، دەسەڵاتداربوون*** و سەروەربوونی کەسێکی دیکە دەسەلمێنێت و ڕادەی داراییەکەی کرێگر، ڕادەی دەسەڵاتدارییەکەی ئەو لەنێو بازاری کرێگرتن دیاریدەکات. لەنێو کۆمەڵەكانی پێشتر، کە بەتایبەت پیشەسازی و تەکنۆلۆجی بوونیان نەبوو، چینە کرێگرتەکان شوانەکان، جوتیاران و خزمەتکاران چینی سەرەکی بوون. لەبەرئەوە ئەوی لە دەرەوەی ماڵان و کێڵکە و شوانی بە کرێگرتەیی کاری بکردایە، کرێکار بوو و مەبەستیش کاری ڕۆژانە بوو، بە پێچەوانەی کاری شوان و جوتیاران، کە وەرزانە بوو.

بە گوێرەی کات، چینی کرێکار لک و بەشی دیکەی بۆ زیادبوون و کرێکاربوون تەنیا لە وەستا و شاگردی تەلارسازی نەوەستا، کرێکارانی کارگە و کرێکارانی خزمەتگوزاری و …تد بۆ زیاد بوون. بەڵام گۆڕانی سیستەمەکان لە کرێگرتەیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەتایبەت چینی کرێکار ھیچی نەگۆڕی، بەڵکو زنجیرەکانی دەستی ئەوانی ئەستوورتر کردووە. چونکە پێداویستی مانەوەی سیستەمی دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە ئەوە دەخوازێت، کە کرێکاران لەبەر ھەستیاری پێگەی چینایەتییان لەنێو بەرھەمھێنان، زیاتر بەندبکات و جوڵە و وزەیان لەبەرببڕێت.
پڕۆلیتاریا/ پڕۆلیتاریات proletarius ***، بەگوێرەی واتا لاتینییەکەی واتە کەسانی نەدار و بێدەسەڵات، کەسانی کرێگرتە، زیاتر بە نەدار و بێدەسەڵاتە ناکۆیلەکان گوتراوە. ئەوەی دواتر پارتییە بەناو کۆمونیستەکان واتاسازییەکی ئایدیۆلۆجی بۆ پڕۆلیتاریا دەتاشن و واژە و چەمکەکە تەنیا بۆ کرێکارانی پیشەسازی بەکاریدەبەن، ئەوەیان ناتوانێت بنەما بێت بۆ لێکدانەوەی چەمکەکە و واتا بنەڕەتییەکەی.

بۆ ئەوەی بەکاربردنی ئەو دوو واژە لەنێو ئەم سەرنجانەی من بۆ خوێنەرێك کە بە بیرکردنەوەی من و دیتنی من ئاشنا نییە، ڕۆشنبن، بە پێویستتی دەزانم لێکدانەوە و بەکاربردنی خۆم دیاریبکەم. بە دیتنی من، پڕۆلیتاریا واتە تاکەکەسە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمەڵ، ئەو پێناسە ھەموو کەس و چین و توێژێك دەگرێتەوە، کە لە بەرانبەر کرێی ڕۆژانە و ھەفتانە و مووچەی مانگانە کاردەکات و سەربەخۆیی خۆی لە کاتێکی دیاریکراودا دەخاتە ژێر ڕکێفی کەسە کرێگرەکە، ئیدی ئەو کەسە سەرمایەدارێك بێت یان ھێزی سەرووی کۆمەڵ وەك دەوڵەت، کەسە کرێگرتەکە یان مووچەی خانەنشینی و بیمەی بێکاری و بیمەی کەمئەندامی و کۆمەکی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و سەرچاوەیەکی دیکەی داھاتی نییە و لەسەر دزینی ڕەنجی کەسانی دیکە ناژی و دەسەڵاتی نییە و ئەویش وەك کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە کرێگرتەکانی دیکە پابەند و ملکەچی یاساکانی سەروەریی چینایەتییە. کرێکار و پڕۆلیتێر تەنیا لەنێو کۆمەڵی چینایەتی واتادەبەخشن و بوونیان ھەیە، کاتێك کار لە چالاکییەکی زۆرە ملیێیانە و ناچارییانەی کرێگرتەییەوە دەگۆڕدرێت بە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی خۆبەخشانەی تاکە ئازادەکانی کۆمەڵی ناچینایەتی، ئیدی واتا و پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێستای کرێکار و پڕۆلیتێریش نامێنێت.

بڕواناکەم تاکو ئێرە بۆچوونی من و نووسەر زۆر جیاواز بێت. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشاوە، ھەندێك دەربڕین و سەرەنجامن، کە لەسەر بنەمای پاگەندەی چەوت و ئاوەژووی پارتییەکان و نووسەرانێك لەلای ئەو گەڵاڵە بوون و ھەر ئەوەش بووە بە ھۆی گەییشتن بە سەرەنجامێکی ھەڵە. بەرایی، پێش ئەوەی ھەر کەس لە شتێك بکۆڵێتەوە، پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت، ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێك و ئەندامانی ھیچ گروپێك و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و …تد ناتوانن وەك یەك شتەکان ببینن و وەك یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەك یەك ھەموو دیوەکانی پرسێك ببینن. لەسەر ئەو بنەمایە چاوەڕوانی ئەوە ھەموو کرێکاران یان ھەموو کۆمەڵ وەك یەك ھوشیار بن و وەك یەک شۆڕشگێڕ بن و وەك یەك ڕەتکەرەوەی سیستەمی چینایەتی بن، نابەجێ و نادروستە و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. چونکە ئەگەر تەنیا سەرنجی مانگرتنە کرێکارییەکان بدەین، ئەوا دەبینین، کە کرێکارانێکی ناھوشیار ئامادەن شوێنی کرێکارانی مانگرتوو بگرنەوە. ئەوە بۆ جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و خزمەتکاران و بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامانیش ھەر ئاوایە. ھەرگیز ئەو ڕۆژەش نایێت، کە ھەموو مرۆڤەکان وەك یەک بیربکەنەوە و وەك ھوشیار بن و وەك یەك شۆڕشگێڕ بن، تەنانەت لەنێو کۆمەڵی ناچینایەتیش. ھۆکاری ئەوەش زۆر ساکارە، ھوشیاری بەرەنجامی ئەزموونگیرییە و ئەزموونگیریش پرۆسێسێکی بەردەوامە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لەوانەیە تەنیا ئەوە بەسبێت، کە ئەگەر کۆمەڵێك کەس بەلای درەختێك، یان گۆمێك یان ڕوداوێك تێپەڕن، ھەموویان وەك یەک درەختەکە، گۆمەکە، دیوەکانی ڕوداوەکە نابینن، ھەر لەبەرئەوەش زانیاریی و ھوشیارییان لەبارەی درەخت و گۆم و ڕوداوەکە وەك یەک نابێت و گەییشتنی ھەمووان یان زۆرینەیان بە سەرەنجامێك وەک یەک نییە و ھاوکاتیش ئەستەم نییە، پرسی کات و شوێن و ئەزموونە، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەش زۆرێك دەمرن و بە سەرەنجامەکە ناگەن.

بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە. لەو بارەوە نموونە زۆرن، من تەنیا مانگرتنی گشتی کرێکارانی شارەوانی تورکیە ساڵی ١٩٩٠ بە نموونە دەھێنمەوە، کە بۆگەنی شارەکانی تورکیە خەریکبوو وڵاتانی دەوروبەریش ھیڕبکات. بەڵام ھیچ کات مانگرتنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنیشنان، کەمئەندامان، بێکاران و …تد نابێتە ھۆی پەککەوتنی کۆمەڵ. ئەگەر یەک ڕۆژ مانگرتنی کرێکارانی سۆپەرمارکێتەکان و گواستنەوە لەبەرچاوبگرین، ئەو کات تێدەگەین، کە بۆچی کرێکار شۆڕشگێڕترینە ئەگەر ھوشیار بێت.
خوێنەری ھێژا، بۆ ئەوەی بەردەوام نەڵێم ئەو (ھاوڕێ زاھیر) ئاوا دەڵێت و من ئاوا دەڵێم و خوێنەر بە چەندبارەی ناپێویستی ئەو وشانە وەرسنەکەم، من خاڵ بە خاڵ بۆچوونەکانی ئەو لەنێو کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوەی قسە و تێکست دادەنێم و لەژێر ھەر یەکەیان ڕاستەوخۆ بۆچوون لە بەرانبەر بۆچوونەکان دادەنێم.

” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟ “

بەداخەوە پێشنیارکردن یان ئاراستەکردنی ئاوا پرسیارێك فرەتر چەکمەجەسازییە بۆ کۆمەڵێك مرۆڤ یان چین و توێژێك، چونکە ئەستەمە دوو مرۆڤی وەك یەک ھوشیار و ڕۆشنبیر و بە ئەزموون و ….تد پەیداببن، چ بگات بە چین و توێژێك. لەوانەیە ئەگەر پرسیارەکە ئاوا بووایە ‘ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟ ‘، ئەوا نەدەچووە خانەی چەکمەجەسازی و گشتگیرکردن. بێجگە لەوەش ئاوا پرسیارێك یان بۆچوونێك کە “چینی کرێکار / کرێکاران شۆڕشگێڕ نین” دیو و کۆپییەکی دیکەی ئەو بۆچوونەیە، کە دەیگوت و دەڵێت “چینی جوتیار/ جوتیاران کۆنەپرست و ڕاڕا و وردەبۆرجوازین و شۆڕشگێڕ نین”. ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و …تد ؟
من دەڵێم، بەڵێ، ھەر ئاوا ئەگەری شۆڕشگێڕبوونی چینە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی دیکە ھەیە، چینی کرێکار و کرێکارانیش شۆڕشگێڕن، بەڵام ھەموو کرێکارێك نا. چونکە لەنێو کرێکارانیش کەسانی سیخوڕ، دژەخوون، مان-شکێن، ھەلپەرست و ھەڵپەکەر و خۆشباوەڕ و ناھوشیار و کۆنەپەرست و …تد ھەن.

” وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین .”
بە بۆچوونی من، وەڵامی ئەو پرسیارە بە چەند پەرەگرافێك دەدرێتەوە و زۆر ئاسانە، چونکە داڕشتنی چۆنیەتی دیتنی بکەر و بەرکارەکانە بەگوێرەی جیھانبینی و تێگەییشتنمان لە بوون و پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی کە پێویستی چەند پەڕتووکێك ھەبێت، مێژووی سەرھەڵدانی چینی کرێکار و ڕەوتی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانی ئەو چینەیە لە تێکشکاندنی ئامێرەکانەوە بۆ مانگرتنی گشتی و کتوپڕ و دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان. بەڵێ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە بە تەنیا پێویستی بە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە و پەرتووك ھەیە، بەڵام پێناسەی چینێکی نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتە، لە چەند دێڕ و پەڕەگرافێك زیاتر تێپەڕناکات.

“بە گوێرەی فەرهەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ، زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن……………چینی کرێکاران (”
ئەوەی گومان ھەڵناگرێت، ئەوەیە، کە ئەوە پێناسەی زانستگەی کامبریج’ە، بەڵام دەبوو (ھاوڕێ زاھیر) سەرنجی ناتەواویی ئەو پێناسەیەی بدایە، کە دەڵێت “چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ” … ئەگەر بەو پێناسەیە بێت، کەواتە بازرگانەکان و بکوژپیشەکانیش کرێکارن، چونکە پارە پەیدادەکەن؟ ئەگەر ” زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ” پێوەرێکی دیکەی کرێکاربوون بێت، کەواتە کرێکارانێك کە تەواوکردنی کارێك بە کۆنترات یان پارچە دەگرن، ناچنە خانەی چینی کرێکار؟ ئەگەر کاری جەستەیی و پارە پەیداکردن پێوەر بێت، کەواتە “بۆکسکار و زۆرانبازەکان”یش کرێکار دەبن، چونکە ھەم پارە پەیدادەکەن و ھەم کارەکەشیان ١٠٠% جەستەییە؟

بەبۆچوونی من، خودی ناوی ئەو چینە و ئەندامانەکانی؛ چینی کرێکار و کرێکاران، بە کوردی بۆ پێناسە و ناسینی ئەو چینە بەسە، کەسی کرێگرتە، کەسێك کە لە ماوەی کارکردن خاوەنی خۆی و کاڵایەك کە بەرھەمیدەھێنێت، نییە، لە بەرانبەر کرێ کاردەکات، بە کرێی کارەکەی دەژی، لە ماوەی کاردا سەربەستی دەرچوون و ئەنجامدانی چاکییە خۆخواستەکانی نییە، پابەندی ڕێکەوتنی کارە و سبەینێش دەبێت بگەڕێتەوە سەر کار، مافی پشتیوانی لە ھاوچینەکانی خۆی نییە و خاوەنی خۆی نییە و کرێگرتەی سەرمایەدارێك یان دەوڵەتێکە.
” زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، هەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.”
بەدڵنیاییەوە ھەموو شتێك دەگۆڕێت و ھیچ شتێك نییە، نەگۆڕ بمێنێتەوە. ئەوە تایبەتمەندیی سروستی ھەموو شتێكە، تەنانەت زمان و کولتوور و سیستەم و یاسا و تەنانەت کەسایەتی بۆجوازییەکیش. بەڵام گۆڕانی چینی کرێکار یان کرێکار، کامە گۆڕانە گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئابووریی، شوناسی کولتووریی؛ ئایا ھیچ لە پێگەی کرێگرتەیی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی و ھاوکات پێگەی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران گۆڕاوە؟ ئایا چینی کرێکار بووە بە سەرمایەدار و سەروەر و چینی سەرمایەدار و سەروەر بووە بە کرێکار؟ ئایا ئەو گۆڕانانە ھیچی لە ھاوکێشەی ڕێژەیی گرانبوونی کاڵا و زیادکردنی کرێ گۆڕێوە؟ ئایا لە ماوەی سەد و پەنجا ساڵی ڕابوردوو کرێکاران دەستبەرداری ناڕەزایەتی و داخوازی و مانگرتن بوون؟ ئیدی چی گۆڕاوە؟

بێجگە لەوە ئەوە تەنیا (کاڕڵ مارکس) نەبووە و نییە، کە کرێکاران بە چینێکی شۆڕشگێڕ دەزانێت، پێش ئەو و ھاوکاتی ئەو و پاش ئەویش کەسانی دیکە لەنێو ئەوانیش ئەنارکیستەکان لە پڕۆدۆن تاکو زۆر ئەنارکیستی ئەم ڕۆژانە ئەو بۆچوونەیان ھەبووە و ھەیە. بە بۆچوونی من دروستر بوو، ڕەخنە لە ئەوان بگیردرێت، ئینجا کارڵ مارکس … ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لە بەشی یەکەمی ئەو دوو دێرە و بەشی دووەمی تێناگەم، ئەگەر ” خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی ” گۆڕاون، ئیدی چۆن ” ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.” ؟ چینی نێوەندی کامەیە؛ چین یان توێژ؟

” لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ،…….. زۆرێك لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یا تەنانەت قوتابیان و ئەو کەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە هەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە . ”
ئەگەر کەسێك ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە. وەک پێشتر گوتم ئەوە پێگەی ھەستیاری کرێکارانە لەنێو پڕۆسێسی بەرھەمھێنان، ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی ئەوان، نەك ھەژرماری ئەوان.

بەڵام وێڕای ئەوە، با پێکەوە سەرنجی ئەو توێژە پڕۆلیتێرییانە بدەین، کە لە دەرەوەی چینی کرێکار ڕێزکراون؛ زۆرینەی خانەنشینەکان پێش خانەنشینی کێ بوون؟ زۆربەی بێکاران کێن و پێش بێکارکران کێ بوون؟ زۆربەی خوێندکاران لە کامە خێزانەوە دێن، ئایا پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەر خوێندکارێك، پێگە و توانایی ئابووریی ئەو دیاریناکات؟ ئایا باشتر نییە، بۆ ئەوەی کرێکار وەك بوونێکی ئەبستراکت و ڕۆبۆتێکی دابڕاو نەبینین، ھەموو دیوەکانی ژیان و بوونی ئەو بخوێنینەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان/خێزانییەکانی نێوان چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و توێژە کرێکارییەکان لەبەرچاوبگرین؟

” ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی هەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێك بێت کە هاوکاری و کۆمەك و هاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، هەر ئەمەشە کە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.”
ئەوەی کە یەگرتوونەبوون و پەرشوبڵاوی و نەبوونی ھاوپشتی ھۆکاری ھەموو تێکشكانێکە، ھەمووان لەسەری ڕێکین، ھەم ئایینگەرا و ھەم بۆرجوا و ھەم کرێکار، ھەم مارکسیست و ھەم ئەنارکیست، ھەم پارتییەکان و ھەم دژە پارتییەکان. بەڵام من تێناگەم بۆچی ئەو پێناسەی سەرەوە، ھەرچەندە نادروستیشە، بۆ دەبێتە سەلمێنەری ئەوەی کە کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، …تد ھیچ کات یەکگرتوو بوون، تاکو کرێکاران بخەینە قەفەزی تاوانباری و ھەموو شکستەکانی مێژوو بخەینە ئەستۆی ئەوان؟ ئەی ڕۆڵی کەسە ناکرێکارەکان “خەڵك” لە ڕودانی ئەو شکستانە چییە؟

لەوانەیە نووسەر بڵێیت، من ئاوام نەگوتووە و مەبەستم ئەوە نییە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی بە منی خوێنەر دەگات و گەییشتووە، ھەر ئەوەیە. وەک دەزانین گرنگ نییە، ئێمە چۆن خۆمان لە ڕستەکانی خۆمان دەگەین، گرنگ ئەوەیە چۆن بە خوێنەر دەگات. ئینجا چ بگاتە خوێنەرێك کە تەنیا “وردەبۆرجوازبوون و دژمنبوونی ئەنارکیزم بۆ کرێکاران”ی بیستووە! تێگەییشتن لە ھۆکاری نەبوونی ھاوپشتی و یەکگرتوویی کرێکاران زۆر ئاسانە، لە وڵاتی ئاڵمانیا ھێشتا یاساکەی سەردەمی ھیتلەر، کە قەدەخەبوونی “مانگرتنی گشتی”یە سەروەرە، بەدڵنیاییەوە لە بریتانیا و ئەمەریکا ئەگەر لەوە خراپتر نەبێت، ئەوا باشتر نییە. ئایا ئەندامانی چین و توێژەکانی دیکە بەپێچەوانەی کرێکاران دەکەن و ئامادەن کار و مووچەکەیان لەپێناو پشتیوانی بەشەکەی دیکەیان لەدەستبدەن؛ ئایا من و تۆ کاتێك کە کارمان دەکرد، ئامادەبووین ئەوە بکەین؟
بە بۆچوونی من، ئەوە گرێکوێرەی پرسەکەیە و ھەر ئەوەشە خاڵی لاوازی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان و ھۆکاری شکستخواردنی بزووتنەوەکان و سەروەران و سەرمایەدارانیش لەسەر ئەو بنەمایە یاسا پۆڵایینەکانی کار و “پیرۆزی” دارایی تایبەتیان داڕشتوون و ڕێگەچارەش سەرکۆنەکردنی چینی کرێکار نییە، لەسەر ئەوەی کە (کارڵ مارکس) ئەو چینەی بە شۆڕشگێڕ ناساندووە، بەڵکو گەڕان و دۆزینەوەی ئامرازی شکاندنی ئەو بازنە بۆشەیە، کە بزووتنەوەکە لەنێوی گیریخواردووە و بە بۆچوونی من ھۆکاری یەکگرتوونەبوونی کرێکاران پێناسەکەی چینەکەیان و گۆڕانی ڕواڵەتی توێژەکانی چینەکە نییە، بەڵکو سندانی پارتایەتیی و دەسەگەریی ئایدیۆلۆجییە، کە کرێکارانی زیاتر لە ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان پەرشوبڵاو و بێھێزکردووە.

” ئەگەر هەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەك کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراك و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە هەموویان دەوترێت کرێکار، هێشتا هەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن هەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرهەم . هەروەها بە هۆکاری جیاوازی هەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز هاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.”
پێش ئەوەی سەرنجی خۆم لەم بارەوە، بنووسم، ناڕۆشنییەکی زۆر لەنێو ئەو پەڕەگرافە ھەیە، بەتایبەت سەرەتا و کۆتایی. من ھەرگیز لەتەك ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین. وەك پێشتر گوتم زۆرینەبوون نابێتە پێوەری کارابوون و شۆڕشگێڕبوون. لەوانەیە باشترین شت ئەوە بێت، نموونەی داڕوخانی ئابووریی ئەرژەنتین ١٩٩٩- ٢٠٠٣ کە خاوەن کارخانە و ھۆتێل و چاپخانە و … تد سەری خۆیان ھەڵگرت، ھاوکاتی بێکاربوون و نابڕاوی کرێکاران زۆربەی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بێکار و نانبڕاوبوون، خۆنیشاندانی ملیۆنی برسیان بە مەنجەڵ-کوتینەوە شەقامەکانی داگیرکرد. ئەی پاشکارایی و کاردانەوەکان چی بوون؟ ئایا بێجگە لە کرێکاران ھیچ توێژێکی دیکە شوێنی کاری خۆی داگیرکرد و کردی بە پڕۆژەیەکی سۆشیالیستی/کۆمەڵایەتی؟ ئایا بێجگە لە ڕێکخراوی بێکاران (کە نزیکەی ھەمووی کرێکارانی بێکارکراو بوون) ھیچ چین وتوێژێکی دیکە بەو جۆرە پەیگیرانە ھاوپشتیکرد و ئامادەی لەخۆبوردەیی بوو؟ دیسان با ئەم چەند ساڵەی یۆنان سەرنجبدەین، ئایا کرێکاران شۆڕشگێڕترین چین وتوێژی پڕۆلیتێری نین؟ ئەگەر کرێکاران مانگرتنی گشتی نەکەن، ھیچ چین و تویژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات دەستپێشخەریدەکات؟ با سەرنجێکی ھەرێمی “کوردستان”یش بدەین، کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو لەژێر باری دوو ئابڵۆقەی ئابووری دەیناڵاند، ئایا ھیچ چین و توێژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات ھێندەی کرێکاران ناڕەزایەتی دەربڕی و مانگرتنی کرد؟ لێرەدا لە وێناکردنی ڕۆڵی چین و توێژەکان لەو سەردەمەدا لادەدەم، چونکە بەجۆرێك سووکایەتیئامێز دەبێت، ھەڵبەتە نەک لەبەرئەوەی کە من سووکایەتی بە ئەوان دەکەم، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ھەڵوێستی خۆشباوەڕانە و سوپاسگوزارانەی ئەوان خۆیان پڕ سووکایەتی بوو بەخۆیان ؛ “ئەنجامدانی ئەرکی نەتەوەیی”.

” پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر هێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی هەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان ؟”
ڕاستە پرسی شۆڕش لەتەك پرسی شۆڕشگێڕبوونی چین و توێژەکان پەیوەندی ھەیە. بەڵام لەناکاو خوێنەر تووشی دابڕان و بازدانێکی کتوپڕ دەبێت. بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” وەك دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟ ئایا دەکرێت لەبەرئەوەی کە ئایینەکان بوونی مرۆڤ و ژیان لەسەر گۆی زەمین بۆ ویستی یەزدان و دەرکردنی مرۆڤ لە بەھەشت دەگێڕنەوە، ئیدی من ژیان ڕەتبکەمەوە و خۆکوژی بکەم؟
بەڕاستی ئەو پەڕەگرافە و پەراگرافی دواتریشی و ھیچ یەك لەو پرسیارانە پەیوەندیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار”ەوە نییە، ئەوەی ئێمە چۆن جیھان و دیاردە و ڕوداوەکانی دەبینین و لێکدەدەینەوە و چۆن ئایەندە وێنادەکەین، ھیچ پەیوەندی بە کرێکارانەوە نییە و ناکرێت کرێکاران لەسەر بۆچوونی کەسانی دەرەوەی خۆیان سزاواربکەین. بێجگە لەوەش بەتەنیا ناقووچکەیی/ ئاسۆییبوونی سیستەم و ڕێکخستن و پەیوەندی شوێنکار بۆ خۆی سەلمێنەری نەبوونی جیاوازی چینایەتی نییە. ھەر ئێستا مۆدیلێك لە بەڕێوەبردنی شوێنەکانی کار ھەیە، بە “پێکەوە کارکردن و ھیرارکی ئاسۆییی” ناسراوە و ڕۆژانە دەیان ڕیکلامی ئاوا دەخوێنمەوە. ھەر ئاوا ئەوەی خاوەن زەوییەك لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك کرێکارەکانی/جوتیارەکانی نانەدرۆزنە دەخوات، ئایا بەڵگەی نەمانی پێگەی چینایەتییە؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟

” چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من هەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون. ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی هەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو هەرگیزیش نەبووە.”
بەداخەوە بڕیاری یەکلایەنەیە، نەك سەلماندن و تیئۆریزەی سەلمێندراوەکان و ئەزموونەکان. ئەگەر کرێکاران شۆڕشگێڕ نەبوون، دەکرێت بزانین، بۆچی دوژمنانی نێو بەرەکانی جەنگی نێوان پروس و ناپۆلیۆن بۆ سەرکوتکردنی کۆمونەی پاریس یەکدەگرن، یان جەنگەکەیان ڕادەگرن؟ بۆچی کاتێك لە درێژەی مانگرتنی ژنە کرێکارانی ڕستن و چنینی ڕوسیە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ڕوودەدات و بۆلشەڤیکەکان بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی دەبەن، تەنانەت لە باری ناسۆشیالیستیبوونی ئەو سیستەمەش و بەدرێژایی تەمەنی ئەو سیستەمەی بۆلشەڤیکەکان، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانی ئەوروپا ناچار بە ڕیفۆرمکردن و زیادکردنی مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و باشترکردنی بیمەی دەرمانی و بێکاری و خانەنشینی و زۆر شتی دیکە دەبن؟ ئەی ئێستا کە لە ئەنجامی ئەو شکستانە نائومیدی بەسەر کرێکاران زاڵبووە، بۆچی سەرمایەداران و دەوڵەتەکان دەستکەوتەکان دەستێننەوە و ھێرشی پێچەوانە دەکەن؛ بۆچی لە کرێکارانەوە ھێرشەکە دەستپێدەکەن؟

” مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی” ئەوە هۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری هۆشیاریی دەدات” . من وا هەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی هەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە . ”
بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەك خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێك دەبن. بێجگە لەوەش پێویستە ھەموو گوتە و بۆچوونێك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لێکبدرێتەوە، نەك وەرگرتنی بە ئەبستراکتی. ئەگەر مارکس ھۆکار و پاگەندەی ئەو ئەرکەی ڕۆشننەکردبێتەوە، بەدڵنیاییەوە خەریکی پەڕجووکردنی ئایینگەرایانە بووە.
” چینی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەك سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش هۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەش هۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ”
من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ‘ تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە’، ‘کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە’. دیسان ‘تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە’ و ‘ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون’ . ‘ کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان’ و ‘ھوشیارییان سنووری سەندیکا و تێکۆشانی ئابووری نابەزێنێت و تێکۆشانە ئابوورییەکەیان و ڕێنوێنییەکانی مارکس ئەوان بەرەو تێکۆشان بۆ دروسکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا نابات’
ئەوە تێگەییشتنی منە وەک خوێنەرێك لەو پەڕەگرافە، ئیدی نازانم مەبەستی خودی (ھاوڕێ زاھیر) چییە و چۆن تێکۆشان بۆ کۆمەڵی چینایەتی لە پێگە ئابوورییەکەی دادەبڕێت و تێکۆشانی ئابووریی لەتەك ڕیفۆرمیزم یەکساندەکات و ئینجا تێکۆشان بۆ دروستکردنی کۆمەڵی چینایەتی لەتەك تێکۆشان بۆ دورستکردنی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” جووت و ھاوتادەکات؟

من لەوە دەگوزەرێم، کە ئەوە دەقاودەق بۆچوونی لێنین و پاشڕەوانی ئەوە لەبارەی تێکۆشانی ئابووریی و لە بەرانبەر ئەوەش چەقبوونی تێکۆشانی ئابووری لەنێو ھزر و بۆچوون و بزووتنەوەی ئەنارکیستی و ھەر ئەوەش بووە ڕەخنەی لێنینیستەکان لە ئەنارکیزم؛ کە خەریکی ڕێکخستنی سەندیکا و تێکۆشانی ئابوورین. لەوەش دەگوزەرێم، کە “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” لەنێو تێڕوانین و بۆچوونی زۆرێك لە ئەنارکستەکان نیگەتیڤە و بەپێچەوانەوە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی بە تاکە مەیدانی تێکۆشان دەزانن. سەرباری ئەوانەش دەمەوێت بزانم (کارڵ مارکس) دژی “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بوو یان لایەنگری؟ چونکە ئەگەر تێکۆشانی کرێکاران “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” نەبووبێت و “بە گوێرەی قسەکانی مارکس کار و تێکۆشانیان کردبێت”، کەواتە کاڕڵ مارکس دژ یان نەیاری “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بووە؟

” ئەوان ‘کرێکاران’ نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. ” . ئەی چیان خواستووە، ئایا دەتوانین بڵێین ‘کۆیلەی سوپاسگوزار’ بوون و ھەن و خوازیاری ھیچ نەبوون؟ ئەی ئەگەر کرێکاران دژی دەوڵەتی بۆرجواکان نەبوون، ئەدی ئەو ھەموو کوشتارە مێژووییەی کرێکاران چییە؟ زۆرینەی ئەوانەی لە (کۆمونەی پاریس) و (کڕۆنشتات) و (ھەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا) و (ھەرەوەزییەکانی ئیسپانیا) دژی دەوڵەت جەنگین و کوژران کێ بوون، ئەی کرێکاران لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟
” شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و هەروەەها ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێك لە بییمەکانن. ‌هۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داهاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش هەر ئەمەش هۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی و هاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان، دەکەن ، لە کاتێکدا هاوەڵە کرێکارەکانیان هەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.”

لێرەدا من وەك خوێنەریك خەریکە لە گوێکوێرەی پرسەکە نزیکدەبمەوە، بەراوردکردنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە یەکتر. من دەتوانم بڵێم کرێکاران شۆڕشگێڕترن، وەك پێشتر نموونەم ھێنایەوە. بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو چین و توێژانەی دیکە شۆڕشگێڕ نین. ئایا زیادی کرێ و مووچەی کرێکارێك لە ھی بێکارێك و خانەشینێك دەتوانێت پێوەری ناشۆڕشگێڕی بێت؟ ئەگەر ئاوای وەربگرین، کە ئەو پێوەرە دروستە، ئەی بەراوردی شۆڕشگێڕی و ناشۆڕسگێڕی خانەنشینێك کە دوو ھێندەی کرێکارێک مووچە وەردەگرێت، یان بەراوردی مووچە کرێکارێك کە لە مووچەی بێکاریی بێکارێک کەمترە چی؟ پاشان، جیا لە ڕەخنەی ئێمە لە سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە، ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر…تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟ وەك گوتم ناخوازم بڵێم کەمی مووچی بێکاران و نەخۆشان و خانەنیشان دادپەروانەیە، بەڵام ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە، شۆڕشگێڕی بەگوێرەی مووچە دابەشبکرێت و دیاریبکرێت.
بێجگە لەوەش، پێدانی مووچەی بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامان و …تد ھیچ مەرجێکی بەشدارینەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی تێدانییە و ھیچ شتێك نییە، کاتی ئەوان دیاریبکات، کەی لە خەو ھەڵدەستن، کەی بچنە دەرەوە و کەی بگەڕێنەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە کرێکار پابەندی مەرجی چوونە سەرکاری ھەر ڕۆژەیە و شەممە و یەكشەممەش وەك ‘بارگیر’ پابەندەی ئەرکەکانی خێزانییەتی. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ئەگەر مەرجی مووچەی بێکاری ئامادەبوون لە نووسینگەکانی کار و مەرجی مووچەی خانەنشینی مانەوە لەماڵ و مەرجی مووچەی کەمئەندامان و نەخۆشان ئامادەبوون بێت لە بنکەکانی تەندروستی، ئەگەرنا مووچەکان دەبڕن، ھەر ئاوا کە کرێکارێك نەچێتە شوێنی کار و پابەندی یاسای کارەکەی نەبێت، دەردەکرێت و نانبڕاودەکرێت. ئایا خانەنیشان و بێکاران و نەخۆشان ھەر چالاکتر و شۆڕشگێڕتر دەبن؟ ھەرچەندە من بێکار و کرێکار و خانەنشین و نەخۆش و پەککەوتە لەنێو بازنەیەکی خێزانی دەبینم و لە یەکدی جیایانناکەمەوە و بە چین و توێژی جیاوازیان نابینم، خانەنشین و بێکار و نەخۆش و پەککەوتە ڕۆژێك کرێکار بوون. بەپێچەوانەوە ھۆکار زۆری مووچە نییە و زۆر جاران مووچەکان پێچەوانەن، بەڵکو کۆتوبەندەکانی یاسای کارن و ئەگەر کرێکارانیش بە بەجێھشتنی شوێنی کار و چوون بۆ ھاوپشتی ھاودەردەکانیان مووچەیان نەبڕدرێت و ھەر وەیبگرن، بەدڵنیاییەوە کرێکاران لە ھەموو چین وتویژەکانی دیکە باشتر ئامادەدەبن و خوازیاری بەجێشتنی شوێنی کۆیلەتی خۆیان دەبن. کێ ھەیە، ئەوە نەزانێت، کە کرێکار ھەر ڕۆژ ھەوڵ و جەنگی چرکەیەک زووتر دەرچوون لە شوێنی کار دەکات، چ بگات بەوەی مۆڵەتت ھەبێت و بچیت خۆنیشاندان و پشتیوانی بکەیت و خۆبەخۆ مووچەش بچێتە سەر ئەکاونتی بانک. کاتێك ئێمە ناکەتوارییانە ناچاریی کرێکاران بە ناشۆڕشگێڕیی بخوێنینەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوەش بکەین، کە کرێکارانیش ناکەتوارییانە بە ئێمەی بێکار و خانەنشین و نەخۆش بڵێن، “ئێوە بۆ سەرگەرمی و پڕکردنەوەی کاتی خۆتان دەچنە سەرشەقام”. ڕاستی، بۆچوونە ناکەتوارییەکەی ئەوان لە بۆچوونەکەی ئێمە ڕاستترە. چونکە ئێمە خۆخواستانە دەچینە دەرەوە، بەڵام کرێکاران ناخۆخواستانە دەچنە کار و دەمێننەوە و ملکەچدەبن. ھەموومان ئەوە دەزانین کرێکاران لەبەر نەبوونی ھۆگرییان بۆ کارەکانیان، ھەم لە کارکردن خۆدەزنەوە و ھەم ھەوڵی زوو دەرچوون دەدەن و ھەم ھەوڵی کەمی کارکردن دەدەن، ھەر ئەوەشە ھاندەر و بنەمای بەرەنگاری “تێکدەرانە” و “خراپکارانە”.
” ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.”

ئینجا بابگەڕێینەوە سەر کاڕڵ مارکس و ئەو ئەنارکیستانەی کە چینی کرێکار شۆڕشگێڕتر دەبینن، کە ھەر ھەمان ھۆکارە و لەبەرئەوەیە کە “چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە “، ئەوانیش لەبەر ھەمان بنەما ئاوا پاگەندەیەك دەکەن و ئەوە ڕاستییەکی نکۆڵیھەڵنەگرە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ھەر ئەوەی (پارتیی پارێزگاران) دەتوانێت سەندیکا بداتە دادگە، نیشانەی گرنگی و دژبوونی سەندیکایە، ئەگەرنا ھەرگیز ئەو مافە بە ئەوان نەدەدرا، بۆ نموونە ھیچ پارتییەك نە ڕاست و نە چەپ ناتوانێت کۆمپانییەك بداتە دادگە، ناتوانێت لۆبی/دەڵاڵی کۆمپانییەك بداتە دادگە.

بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێك یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە ” گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.” ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێك کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی “تێکۆسانی ڕامیاریی” نادیدەبگیردرێت. چونکە بۆ من و ئەوەندەش لە ئەنارکیستەکان تێگەییشتبم، تێکۆشانی ئابووریی تەنیا داخوازی زیادکردنی کرێ و کەمکردنەوەی ماوەی کار و پێدانی جەژنانەی ساڵانە نییە، بەڵکو خۆڕێکخستنی ئابوورییانەی پڕۆلیتێرەکانە، ھەڵوەشاندنەوەی خشت بە خشتی سیستەمی سەرمایەدارییە، زیادەکردنی دەوڵەت و سەرمایەدارییە لەنێو ژیانی خەڵک، ئەوە لێنین و بۆلشەڤیکەکان بوون، کە ئاوا تێکۆشانی ئابوورییان لە چەند داخوازییەکی ڕیفۆرمیستی کورتدەکردەوە. ھاوکانتیش “تێکۆشانی ڕامیاریی” ھەوڵدانە بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و دەسەڵاتداربوون، لۆبیگەری نێوپارلەمان و شوانەییکردن لەسەر نەداران و بێدەسەڵاتان، چ باڵی ڕاستی “پارتیی پێشڕەو” لە ڕێگەی پارلەمانەوە، چ باڵی “پارتیی پێشرەو” لە ڕێگەی “دیکتاتۆریی دەستەبژێرەوە لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا”.
“مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون، …….. ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند. ”

توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟ من پێچەوانەی ئەوە دەبینم و ئەگەر سەرنجی سۆشیالیست و کۆمونیست و ئەنارکیستە لەسێدارەدراو و زیندانیکراو و ڕاونراوەکان بدەین، زۆربەیان کرێکار بوون، ئەگەر لەو بارەوە سەرنجی پیشە و بازنەی چالاکی و تێکۆشانی لەسێدارەدراوانی ھایمارکت بدەین، زۆر بە ڕۆشنی دەبینین، کە کرێکاران مەشخەڵ بەدەستی ھەموو خۆنیشاندان و ڕاپەڕین و ھەڵچوون و داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەك کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز… ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی ژورناڵ و کاناڵە فەرمییەکان لە دوای ھەواڵەکان بگەڕێین، ئەوا کەتوارێكی دیکە دەبینین. بۆ نموونە ھەر ئێستا من ئەم دێرانە دەنووسم، کرێكارانی میسر خەریکی مانگرتنن، کە درێژەی مانگرتنەکانی دەھەی ڕابوردووە و بۆ ساتێکیش تێکۆشانی کرێکاران نەوەستاوە، بەڵام چین و توێژە ناکرێکارییەکان ھەر زوو پاشەکشێیانکرد و ڕیشی خۆیان دایە دەست جەنەڕاڵ سۍسۍ …

“سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەك سۆشیالیزم”
لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم و خوێندنەوەم ھەبێت، پێش کاڕڵ مارکس، ھەم بابۆفیستەکان و ھەم بلانکیستەکان و ھەم ئەوانەی کە بەناڕەوا بە “سۆشیالیستی خەیاڵی” ناسراون و ھەم پڕۆدۆن لەسەر شۆڕشگێڕی و چارەنووسازیی پێگەی کرێکاران لەنێو بەرھەمھێنان و پێشەنگی ئەوان لەنێو تێکۆشانی سۆشیالیستی بەڕێژەیەك ھاوبۆچوون و لەسەر ئاوا بۆچوونێك پێداگرییان کردووە و بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵیانداوە. پڕۆدۆن خۆڕێکخستنی کرێکاران دەکاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و تێکۆشانی ئابووریی و ھەرەوەزییە ئابوورییەکان بە چارەنووسساز دەبینێت. باکۆنین ھاودەمی کارڵ مارکس ھەم لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان “نێونەتەوەیی یەکەم” و ھەم دواتر لەنێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی/ فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیستان) لەسەر ھەمان بۆچوون پێداگرییکردووە و زیاتر لە کارڵ مارکس لەسەر گرنگی و چارەنووسسازیی تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران پێداگرییکردووە. لەنێو ئەنارکیستەکانی دواتریش مالاتێستا و کڕۆپۆتکین و ڕودۆلف ڕۆکەر و ئێما گۆڵدمان و تەنانەت ئێستاش لەسەر شۆڕشگێڕیی کرێکاران بە گوێرەی پێگەی ستراتیجیان لە ڕاگرتنی پرۆسێسی (ڕاگرتنی نەك ھێشتنەوەی) بەرھەمھێنانی بۆرجوازی و گۆڕینی بە پەیوەندی و ڕێکخستنی یەکسانانەی تاکە ئازادەکان، پێداگرییان کردووە و دەکەن. بۆ من ئەوە پرسیارە، ئەگەر ئەو بۆچوونە ھەڵەیە و دژەشۆڕشانەیە، بۆچی تەنیا کارڵ مارکس لەسەر ئەوە سزاواردەکرێت و ئەوانی دیکە لەبەردەم مەقسەڵەی ئەو ڕەخنە دەربازدەبن؟ ئەگەر ئامانجیش ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکانی مارکس و سەلماندنی نادروستیی ئەوانە، بۆچی دەبێت چینی کرێکار و کرێکاران بکرێنە “ناشۆڕشگێڕ”، تاکو “ناشۆڕشگێڕیی” کارڵ مارکس بسەلمێندرێت؟
وەک پێشتر گوتم، پێویستە ھەموو گوتەیەك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لە چوارچێوەی سەردەمی خۆی ھەڵبسەنگێندرێت و ڕەخنەبکرێت، نەك بەگوێرەی کۆنتێکستی دەستەبژێری سەرەوەی پارتییە بەناو “کرێکاری و کۆمونیستەکان” و سەردەمی سەدەیەك دواتر. نە دەوڵەتی سەردەمی پڕۆدۆن و مارکس و باکونین، وەک دەوڵەتی ئێستا گشتگیر و کۆمەڵایەتیی بووبووەوە، نە کرێکارانی ئەو کات وەک کرێکارانی ئێستا لەژێر تێکشکانی بۆلشەڤیزم لەژێر ناوی ئەوان و خەونی ئەوان، بزووتنەوەکەیان تێکشێندرابوو و نائومێد بووبوون، کاتی ئەوان ھەم مانگرتنێکی گشتی دەیتوانی فەرمانداری و دەوڵەت بڕوخێنێت، ھەم گروپێکی شۆڕشگێر دەیتوانی سیستەمی ڕامیاریی بگۆڕێت. ئەو کات وەك ئێستا سیستەم و دەوڵەت و کولتووری بازار جیھانی نەبووەوە و تەکنۆلۆجیای چاودێری و بەربەستکردن وەك ئێستا گەشەینەکردبوو و میدیا وەك ئێستا مرۆڤەکانی لە کڕۆکی خۆیان خاڵێنەکردبوو. لەبەرئەوە، ھەر ئاوا کە ھەڵەیە، لەسەر بنەمای بۆچوونێکی گۆدوین و کابە و سان سیمۆن و ڕۆبێرت ئۆئێن و ڤیتلینگ و پڕۆدۆن و بلانکی و مارکس و باکونین کەتواری ئێستا بپێورێت، ھەر ئاواش ھەڵەیە، کە بۆچوونی ئەوان بەگوێرەی سەردەمی ئێستا ھەڵسەنگێندرێت و لێکبدرێتەوە و سەرکۆنەبکرێن. ئەوانەی کە شاییستەی سەرکۆنەرکردنن، ئێمەین، خودی مرۆڤە زیندووەکانی ئەم سەردەمە؛ ئەوانەی کە سۆششیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوپێش لەسەر گرنگینەدان بە پرسی یەکسانی ژن و پیاو، پاراستنی ژینگە، ئابووری ئیکیۆلۆجی و زۆر شتی دیکە بە پێوەری ھوشیاری ئێستای مرۆڤ سزاواردەکەین و ئەوانەی کە ئەم سەردەمە خەریکن کەتوار و ژیانی کۆمەڵی ئێستا لەنێو قاڵبی بۆچوونی سۆشیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوبەر لێکدەنەنەوە و دەگونجێنن.

” ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا هات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاواز و لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە هەموو دونیادا هیچی وایان بەدەست نەهێناوە. نەك هەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستهێنراون.”
گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەك تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان، چینی کرێکار تاوانباربکەین و شانی بۆلشەڤیکەکان و مائۆتسە تۆنگییەکان و کاسترۆییەکان و چەپەکان بەگشتی و پارتییەکان بەتایبەتی، لەژێر باری تێکشکاندن و دژەخوونیکردنی حەفتا ساڵەی بلۆکی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکی خاڵیبکەین و کرێکاران و چینەکەیان تاوانباربکەین و ناشۆڕشگێڕیی ئەوانی دیکە بە کۆڵی کرێکاران بدەین و نەفرەتبارانیان بکەین. من ئەوە بە ستەمکردن لە مێژوو دەزانم.
” كرێکاران هەر وەکو هەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.

ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، هەروەها قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەهەر شوێنێك ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، هۆشیارانە یا ناهۆشیارانە بە بەرهەمهێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیهان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنها دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، هەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و هاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا. ”
زۆر بەداخەوە، کە من ناچارم جارێکی دیکە دەستەواژەی ستەمگەری لە مێژوو و لە کرێکاران بەکاربەرم. ئەوەی کە ھەموومان چ ھوشیار و چ ناھوشیار، چ شۆڕشگێڕ و چ ڕێفۆرمیست، چ سەرمایەدار و چ کرێکار، چ دەسەڵاتدار و چ بێدەسەڵات بەجۆرێك بڕخووی نێو سیستەمەکەین و تەنانەت ھەناسەدان و ئاوخواردنەوە و خۆدانە بەر خۆرەتاوی خەڵك دەبێتە پارە و قازەنج و سەرمایە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و ھەموومان بە ڕێژەی ھوشیاری و ناھوشیاریمان بەرەنگار و خزمەتکاری سیستەمی چینایەتین، نکۆڵێھەڵناگرێت. بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵك بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە قازانجیان تەواوبێت. لێرەدا من ناچارم بپرسم، سەرچاوەی ئەو ھەمووە نەفرەت و قینە لە کرێکاران چییە، ھۆکار و دنەدەری چین و زادەی چییە؟ ھەرچەندە سەرنجدانی ئاماری کوژراوانی جەنگەکان، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە، بەڵام ناکرێت نەپرسین، ” خەڵکانی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم ” کێن؟ ئەگەر وێرانکردنی ژینگە بە قازانجی کرێکارانە، ئەی خودی کرێکاران لەسەر کام ئەستێرە دەژین، کە وێرانی ژینگە کارایی لەسەر ژیانیان دانانێت و بە قازانجیان تەواودەبێت؟

ئەوە نکۆڵیھەڵناگرێت، کە پێگەی پلەچەندی کرێکاران و زێدەبایی کاریی ئەوانە کە دەبێتە قازانجی سەرمایە و ئەوەش ھەم کانت و ھەم پڕۆدۆن و ھەم کارڵ مارکس سەلماندوویانە و دۆزینەوەی ئێمە نییە.
زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەك زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەك پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەك ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟ ھیوادارم ھەر من ئاوا لەو دەستەواژانە تێبگەم و زۆربەی خوێنەران پێچەوانەکەی تێبگەن. “بزووتنەوەی خەڵکی” کێیە و کامەیە، کە قازانجی کرێکاران تێکدەشکێنێت؟ بەڕاستی من تێناگەم، چۆن نووسەر بە ئاوا سەرەنجامێکی لنگاوقووچ گەییشتووە، تەنیا کرێکاران (ھەڵبەتە بە دیتن و بۆچوونی من لەبەر ناھوشیاریی) خەمی ژیانی خۆیانە و بیر لە ھاوەڵەکانیان ناکەنەوە؟ ئەوە ھەر کرێکاران نین، کە پشتیوانی و سۆز و ھەستی ھاودەردی لەنێوانیان لاوازبووە، بەڵکو ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانن و ھەموویان لە کرێکاران زیاتر خۆپەرستن [خۆپەرست بە واتا پۆزەتیڤەکەی نا]. بەبۆچوونی من، درێژایی مێژوو پشتیوانی و ھاودەردی و ھاوخەمی و ھاسۆزی نێوان مرۆڤەکان بە سێ شێوە بەرجەستەکراوە:
– شێوەی ئایین. بەڵام لەم ڕۆژگارە بۆ تەختکردنی ڕێی ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و لەنێوبردنی ھەموو ھەست و سۆز و پشتیوانییەکی مرۆیی، ئایین تاکو ڕادەی کاڵایەکی بازاری و ئامرازی تیرۆر و ڕەواییدان بە جەنگ، براوە. بێجگە لەوەش خودی ئایین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، گۆڕدراوە بە ئامرازی ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان و ھاوپشتی ئایینیش وەک ھاوپشتی ناسیونالیستی، ھاوکات دروستکەری دوژمنایەتی دەرەکییە.
– شێوەی خێڵگەرایی – نەژادپەرستی – پارتییایەتی. ئەم شێوەش ھاوکاتی دروستکردنی ھاوسۆزیی نێوخۆیی ئەندامانی ئەو پێکھاتە و ڕەوت و گروپانە، یەکێتی و ھاوپشتی نێوخۆییەکەیان وابەستەی دروستکردنی کنیەدۆزی و دەستەگەری و دوژمنایەتی دەرەکییە، بەواتایەکی دیکە، کەسێکی خێڵەکی ھاوخێڵەکییەکانی-، کەسێكی کورد کوردانی-، ئەندامێکی (پدک)ی ئەندامانی (پدک)ی خۆشدەوێن، بەڵام لەسەر بنەمای کینەدۆزی و دوژمنایەتی بەرانبەر کەسانی خێڵەکانی دیکە، کەسانی ئێتنییەکانی دیکە و ئەندامانی پارتییەکانی دیکە.
– شێوەی ھاوپشتی چینایەتی و مرۆڤایەتی، کە بەداخەوە لەژێر بەردەھاڕی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و سوپا و پۆلیس و لەشکر و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و تیرۆر و یاسای کار و پارتییایەتی و ناسیونالیزم و ئایین وردوخاشکراوە، ھەمیشە زادەی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و لەپێش ھەموویانەوە کرێکاران بووە، زادەی ھاودەردی و ھاوچارەنووسی ئەوان بووە. ئەگەر بە ویژدانەوە سەرنجی مێژوو بدەین، ھەموو جەنگەکان، ھەموو یاساکان، ھەموو دەوڵەتەکان، ھەموو پارتییەکان، ھەموو سەروەرییەکان، ھەموو سنوورەکان بۆ بەرگرتن و لاوازکردن و لەنێوبردنی ئەو جۆرە ھاوپشتییە بەرپاکراون و جەنگەکانیش زادەی ھەمان پێناون، نەك “قازانجی کرێکاران و خۆپەرستی کرێکاران”. بەڕادەی کەم من ئاوا لە مێژووی جەنگ و ململانێکان تێگەییشتووم.
” دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان . ”
بۆ من وەك خوێنەرێك، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە یان ئایدیۆلۆجی، چ پەیوەندییەکی بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران”ھەیە؟ ئایا ئەنارکیزم تیئۆری دژایەتی کرێکارانە؟ ئایا ئەنارکیزم لەسەر “شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” پێداگری کردووە و دەکات، تاکو لەوێدا بەبێ پەیوەندی ئاماژەیبدرێتێ؟ ئیدی تێکەڵکردنی لەتەك بابەتەکە، ھۆکاری چییە؟
” گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنها کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەك لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە هەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن و زەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی هەرەمی هەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەوانەشدا هێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/هەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییە بەرایی و دەستەبەریی هێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش .”

ئێستا کێ گوتوویەتی، پڕۆلیتاریا تەنیا لە وڵاتانی پیشەسازی ھەیە؟ کرێکاران یان وردەبۆرجوازی پارتییباز؟ ئایا ئێمە لەجیاتی وەڵامدانەوەی پاگەندە بێبنەماکانی نووسەران و ئیدئۆلۆگانی وردەبۆرجوازی، دەبێت ھێرشبکەینە سەر کرێکاران و بڵێین “شۆڕشگێڕ نین”؟ پاشان، بۆچی و لەبەرچی گوتنی ئەوەی کە “پڕۆلیتاریا ھەڵگری مەشخەڵی شۆڕشی سۆشیالیستییە” بە واتای “فەرمامۆشکردنی ڕاستی و بزرکردنی پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی و نەبوونی ئاساییسە لە ھەر شوێنێکی دونیا” دێت؟ ئایا شۆڕشی پڕۆلیتێرەکان سەرکوت و نایەکسانی و ناداپەروەری بەدیدەھێنێت؛ بەکامە پێوەر و بەڵگە؟ کێ گوتوویەتی کە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنەمای شۆڕشی پرۆلیتێری و زەمینەسازی کۆمەڵی سۆشیالیستی نین؟ ئایا ئەوەی کە چەپێك پاگەندەی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” بکات، ئیدی دەبێتە پێوەری دژە-سۆشیالیستبوون و دژە-ئەنارکیستبوونی پڕۆلیتێرەکان؟
بەداخەوە، چ خوازراو و چ نەخوازراو، لەوێدا پێوەری پڕۆلیتێربوون، ھەر ھەمان تیئۆری “جیھانی یەکەم و جیھانی دووەم و جیھانی سیێەم”ە، چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، “جیھانی سێیەم” شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟
من لەنێو ئەو پەرەگرافە تێکەڵوپێکەڵییەك بەدیدەکەم؛ نازانم “پڕۆلیتاریا” و “شۆڕش” و “سۆشیالیزم” و “ئازادی” و “یەکسانی” و “دادپەروەری” و “وڵاتانی نێوەندی پیشەسازی” و “ئاساییش” و “کۆمەڵی پێش سەرمایەداری” و “کێشەی چینایەتی” و “کۆمەڵی قووچکەیی” و “پێداویستی شۆڕشی سۆشیالیستی” و “تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو” و “کێشەی ئیکۆلۆجی” و “کاڕڵ مارکس” …تد، چ پەیوەندییەکیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟
باشە، با وێڕای ھەموو بەڵگە مێژووییەکانی ڕاپەڕینی کرێکاران و شۆڕشگێڕبوونی کرێکاران، ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”. ئایا دژە-شۆڕشن؟ ئەگەر ڕاپەڕین ڕوبدات، کرێکاران دژی دەوەستنەوە؟ ئەگەر وەڵام نەرێیە، ئیدی بە چ پێوەرێك “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”؟

بە بۆچوونی من، ھەر ئاوا کە ھەر ڕۆژ لەنێو کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەبینین، ئەگەر لەنێو کۆمەڵ مانگرتنێکی کرێکاری ڕوبدات، خۆنیشاندانێك بکرێت، ناڕەزایەتییەك بکرێت، ڕاپەڕنێک ڕوبدات، تەنانەت دوکاندارێکی لاکۆڵانیش دێتە قسە و ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئایا ھەرگیز خۆنیشاندانێك، ڕاپەڕینێک دژی دەوڵەت و بەرنامەی فەرمانداری و بڕیارەکانی پارلەمان و ملھوڕیی کۆمپانییەکان و سیستەم و یاسای کار و سەروەری و مشەخۆری چینایەتی ڕویداوە، کە کرێکاران چ وەك بەش/پیشە (تەنانەت کرێکارانی کارخانەکانی چەکسازیش) و چ وەك چین دژی بوەستنەوە و ڕوخانی ئەوانەی سەرەوە بە زیانی خۆیان بچوێنن و خوازیاری مانەوەی ئەوان بن؟ تاکو ئەوێندەرێ کە من بیستوومە و خوێندوومەتەوە، ڕوینەداوە. ھەر ئاوا بە بۆچوونی من، کرێکاران ھەم شۆڕشگێڕن و ھەم شۆڕشگێڕترین، بەڵام ئەوە “پارتیی و گروپە پێشڕەوەکان” و ئاراستەکارییە ئایدیۆلۆجییەکانن، کە شۆڕشگێڕیی کرێکارانیان لەنێوبردووە و لە ماوەی چەند سەد ساڵی ڕابوردوو ئەوانیان وەك ئەندامانی ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بە گۆڕانی سەرمایەداری لە ڕێگەی دەنگدانی پارلەمانی و پارلەمانی و کودەتای جەنەڕاڵەکان و “ڕابەری”ی دەستەبژێرەکان خۆشباوەڕکردووە، نەك گۆڕانی سرووستی چینایەتی کرێکاران و لەدەستدانی بوونە شۆڕشگێڕییەکەیان.

” شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەك بە تەنها شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. ”
ئەم دێڕەی کۆتایی ھیچ ناڕۆشنییەك لەوەدا ناھێڵێتەوە، کە خودی نووسەر (پڕۆلیتاریا) چۆن دەبینێت و بە چی دەیچوێنێت؛ توێژی کرێکارانی پیشەسازی. ئەمە گرفتەکەیە؛ ئەگەر پڕۆلیتاریا تەنیا بە کرێکارانی پیشەسازی و ڕێکخراو لەنێو سەندیکا زەردەکان ببینرێن و بۆچوونی چەپەکان و دەسەڵاتخوازە بەناو “سۆشیالیست و کۆمونیستەکان” بکرێتە پێوەری “شۆڕشگێڕبوون و شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” و تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران و چین و توێژە ژێردەستەکانی دیکە لە چەند داخوازییەکی زیادکردنی کرێ و مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و ..تد کورتبکرێنەوە و وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بە سەرنجامێکی جیاواز لەوەی ئێستای نووسەر ناگەین.
ئەوە دروستە و گومان ھەڵناگرێت، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشی ھەموو چین و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵی چینایەتییە، ھەڵبەتە تاکو ئەو ڕادەی کە ئەندامانی کۆمیونیتییەکان چ وەك تاک و چ وەك چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمیونیتییەکە بە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە/گۆڕانخوازانە گەییشتبن و ئامادەی دەستبەرداربوونی ڕێژەیی ژیان و کولتوور و یاسا و سیستەمی چینایەتی بە گوێرەی توانا و بۆلوان ببن و لەنێو ژیان و کار و فەرمان و ھۆگرییە ڕۆژانەییەکانی خۆیان ئەڵتەرناتیڤی سیستەم و بەڕێوەبردنی چینایەتی ڕۆبنێن.
بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵك نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵك، ئیدی کەمینەیەکی خەڵک بێت یان زۆرینە یان ھەموو خەڵک، ھەژماری بەشداربووان ھیچ لە کۆمەڵایەتیبوونی شۆڕشەکە ناگۆڕێت و کەمینەبوون و زۆرینەبوونی بەشداری خەڵک، پەیوەندی بە قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتیی و گروپە ڕامیارییەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ ڕادەی خۆھوشیاری و خۆبیرکردنەوە و خۆڕامانی تاکە چەوساوەکان دەگەڕێتەوە. ھەڵبەتە بەکاربردنی چەمکی “شۆڕشی کۆمەڵایەتی” وەك وەرگێڕدراوی چەمکە لاتینییەکەی؛ شۆڕشی سۆشیالیستی، ڕەتکردنەوەی ھەوڵە ڕامیارییەکانە، کە بەپێچەوانەی (شۆڕشی سۆشیالیستی) ئامانجی ئەوان ڕێکخستن و گۆڕینی سیستەم و بەڕێوەبردنی کۆمەڵە لە سەرەوە بۆ خوارەوە (کۆدەتا، ڕاپەڕینی پارتییانە و ھەڵخراوانە/ناخۆبەخۆییانە، ھەڵبژاردنی پارلەمانی) و بەبێ گۆڕین و ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و ئەتواریی مرۆڤ بۆ گۆڕانەکان و زەمینەسازی بۆ ڕودانی شۆڕش لەنێو ژیان و کولتوور و بیرکردنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستن و پێکھاتە و شێوازی بەرھەمھێنانی کۆمەڵ.

دوا پرسیار، ئایا گرفت و ھۆکاری نەگەییشتنی مرۆڤایەتی بە کۆمەڵی ناچینایەتی، دروستی و نادروستیی ھەژمار و پێناسەی چینی کرێکارە؟ ئایا کرێکاران لە ھاتنەدی ئاوا کۆمەڵێك ڕێگرییدەکەن و کۆیلەی سوپاسگوزارن؟ ئایا وازھێنان لە ناوھێنانی کرێکاران و بەکاربردنی واژەکانی وەك “خەڵك” و “کۆمیونیتی” دەبێتە ھۆی نەمانی گرفت و ھۆکارەکانی نەگەییشتن بە کۆمەڵی چینایەتی؟
ئەگەر وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە (نەرێیە)، ئیدی پێداویستی خۆخەریککردن و خوێنەرخەریککردن بە شتێکەوە، کە پێداویستی نییە، چییە؟ بێجگە لە سەلماندنی یەك شت، ئەوەی نەیارانی ئەنارکیزم دەیڵێن “ئەنارکیستەکان وردەبۆرجوازین و دوژمنی چینی کرێکار و خەریکی پارچە پارچەکەری ڕیزی یەکگرتووی کرێکارانن”؟***** ئایا لەم کاتەدا کە خەریکە ھزری ئەنارکیستی لەنێو کۆمەڵی کوردی-زمان کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە و دەبێتە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرانە و وەك ئەڵتەرناتیڤ خۆی بەرجەستەدەکات، ئەم نووسینە بێجگە لە لێدان و سڵەماندنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستخوازان لە ھزری ئەنارکیزم، چی دیکە بەرھەمدێنێت؟

ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی من وەك خوێنەرێك، ئەوە بێت، کە مەبەستی نووسەر ئەوە نییە و پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، ئەو کات دووڕیانێکی دیکە وەك پرسیار خۆی پێنشیاردەکات: یان نووسەر بۆچوونی خۆی ھەڵە و نادروست داڕشتووە و دەرخستووە، یان ئەگەر پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، کەواتە پێداویستی نووسینی ئەو بابەتە چییە؟
دوا شت، ئەگەر خوێنەری ھێژا لە ھەندێك شوێن زیادەڕەویی یان کەمێك لادان لە بابەتەکە ببینێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە، کە خواستوومە ناڕۆشنیی دروستنەبێت و سەرنجەکانم ڕۆشنتر بکەونە بەرچاوی ئێوەی خوێنەر و ھاوڕێ (زاھیر)، تاکو خراپ لەیەکدی گەییشتن وەڵام و وەڵامکاری دروستنەبێت و کاتی ئێوە و خۆشمان بە فێڕۆنەچێت. نەگوتراو نەمێنێت، خۆشم لە درێژبوونەوەی سەرنجدانەکە وەرسبووم، بەڵام ناچاربووم وەك خوێنەریك بەو جۆرە وردە و دەستەواژە بە دەستەواژە تێگەییشتنی خۆم لە بابەتەکە بخەمەڕوو. ھیوادارم خوێنەر وەك من لە بابەتەکەی نووسەر تێنەگەییشتبێت.
—————-

* بە مەبەستەوە ئەو سەردێڕە جیاوازەم ھەڵبژاردووە، تاکو سەرنجدانەکەم نەچێتە خانەی بەرانبەرکێ، بەڵکو شێوەی ڕۆشنکردنەوە وەربگرێت.

** https://www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN/permalink/1258170397626194

*** دەسەڵاتداربوون تەنیا بەواتای دەسەڵاتی ڕامیاریی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئابووریی و دەسەڵاتی زانیاری (مەعریفە) و کولتوورییش دەگرێتەوە. کەسێك بتوانێت کەسێکی دیکە بەکرێبگرێت و ھەژموونی بەسەر بکات و چالاکی و بیرکردنەوە و سەربەخۆیی سنوورداربکات، کەواتە دەسەڵاتی ناچارکردنی کەسانی دیکە و فەرماندانی ھەیە.

**** سەرچەمە و واتای واژەی پڕۆلیتاریا https://en.wikipedia.org/wiki/Proletariat

***** بۆ دیتنی ئاوا بۆچوونێك لەبارەی (ئەنارکیزم)، سەرنجی پێناسەی واژەی (ئەنارشیزم) لەنێو (فەرھەنگی سیاسی ، ئامادەکردنی وریا قانیع) بدە.




قاڕنێ هێمایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵكوژی كوردان , خاڵێك بۆ ڕسواكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران


عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
….

كۆماری ئیسلامی ئێران لە گەیشتنی بە دەسەڵاتەوە تاكو ئێستا سەدان و هەزاران تاوانی بە دژ بە تاك و كۆمەڵی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی ئەنجام داوە كە تیایدا دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی, ئەمەش تایبەتمەندی سستەمی دیكتاتۆری و ئیستبدادی ڕژێمەكەیە, هەرچەندە زۆرجار وڵاتە بەناو دیموكراتەكان لە وڵاتانی دی ڕێگە خۆشكەر یان ئەنجامدەری تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جەنگ و كۆمەڵكوژی و ژینۆساید بوونە , لەم بارەیەوە نموونەمان زۆرە, لاپەڕەی مێژووش پڕە لە پەڵەی رەشی وا.
لە تاوانی قاڕنێ گروپێك لە مرۆڤەكان دەكەونە بەر شاڵاوی قڕ كردن ژمارەیان لە دەوروبەر 68 هاووڵاتی لە منداڵ , پیر , پەككەوتە , ئافرەت پێك هاتوون وەك لە رۆژنامەی كەیهانی 27-11-1979دا بڵاو كراوەتەوە, چەند ماڵێكی گوندەكە ئاگریان تێبەردەدرێت, تەرمی قوربانییەكان لەت لەت دەكرێن وەك لە رۆژنامەی ئیتلاعاتی 7-12-1979 دا هاتووە, ئەم گروپە بە بڕیار لە دەستەی باڵای دەسەڵاتەوە لە پایتەخت دیاری نەكراون بە كوشت و بڕی بە كۆمەڵ, ئەگەر كرابێتیش بەڵگەی وا تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە, وەك چۆن لە ئەنفالدا بە بڕیاری 4008 ی سەركردایەتی شۆڕشی پارتی بەعس دیاریكران , یاخود جووەكان …. , هەرچەندە رژێم پێشتر لە 28 گەلاوێژ 11 هاووڵاتی پاوە,29ی مانگ 7 كەسی دیكەی هەمان شار و 3ی خەرمانان 9 كەسی مەریوان و 5ی خەرمانان 11ی سنە و 6ی خەرمانان 20 كەسی لە سەقزی ئیعدام كرد, كە هەموو ئەم تاوانانە لە دەوروبەری تاوانی قاڕنێن.

نەخشەی كوشت و بڕی گوندی قاڕنێ لە ئورمێ و نەغەدەوە داڕێژرا نەك لە تارانەوە, وەلێ فتواكانی ئیمام خومەینی بۆ جیهاد لە كوردستان كە تەنها 15 رۆژ پێشتر دەرچوبوو, لە رۆژنامەكانی كەیهان و ئیتڵاعاتی هەمان رۆژ بڵاو كرانەوە,كە تیایدا فەرمانی بە جیهاد دا دژ بە خەڵكی كوردستان, پەیامەكانی بەنی سەدر و كردارەكانی خاڵخاڵی هەموو ئاماژەن بۆ بڕیارێكی ڕانەگەیەنراو بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژ بە كورد .

تاوانی قاڕنێ

قاڕنێ هەڵكەوتووی 7 كم شاری نەغەدەیە كەوتۆتە سەر چوار ڕیانێك باشووری رۆژاوای شاری نەغەدە , لە سنووری شاری شنۆو لاجانە, ژمارەی ماڵەكانی لەوكاتە نزیك 70-80 ماڵێك بوو, ئەم گوندە سەر بە ناوچەی سوندسە, دەڤەرەكە زیاتر لە 40 گوندی ئازەری زمانی تێدایە, لە پاڵ دوو ئەوەندە گوندی كورد نشین , ئازەرییەكان توركی زمانی شیعە مەزهەبن , ڕژێم بە هەموو شێوەیەك هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی دەدا لە ناوچەكە لە نێوان كورد و ئازەرییەكان بە كەڵك وەرگرتن لە جیایی زمان و مەزهەبیان, بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەهێز بكات .
دیارە ئەم پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهبیە ئاڵۆزەی ناوچەكە, لە میاندوابەوە بۆ نەغەدە و ورمێ و …. لە داهاتوو لوغمێكی لە كەركووك مەترسیدارترە بۆ تەقاندنەوەی شەڕی نەتەوەیی و مەزهەبی لەو ناوچەیە, بە تایبەت لە كاتی یەكلاكردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی ناوچەكە لە ڕوی جوگرافیاییەوە, ئەوكاتەی ئێران دەبێتە بەڵكانێكی دی , بۆیە وا پێویست دەكات لە هەنووكەوە كێشەكە بە جدی وەربگرترێت بۆ ئەوەی نەكەونە تەڵەی شەڕی نەتەوەییەوە.

شوێن بەرزاییەكانی نزیك پادگانی دوو ئاوێیە, كات مانگی خەرمانان و كاتی خەرمان هەڵگرتنەوەو كارو كاسبی جوتیارانە, ڕۆژ 10ی خەرمانانی ساڵی 58 دەكاتە 1 ی سەپتەمبەر, دوو پێشمەرگەی حدكا یەكیان بەناوی محەمەد عەلی پیرێژنە, بۆسەیەك بۆ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دادەنێن, لە ئەنجامدا 16پاسدار دەكوژن و دووی دیكەش بریندار دەكەن , دوواجار یەكی دیكە لە بریندارەكان دەكوژرێت و محەمەد عەلیش گیانی بەخت دەكات .
رێکەوتی 11 خەرمانان 1358 هەتاوی بەرانبەر بە 2 سیپتامبەری 1979 زایینی هێزەكانی ڕژێم لە سوپای پاسداران لە نەغەدەو جەڵدیانەوە هێرش دەكەنە سەر گوندی دووئاوە, لەوێ دووبرا بەناوەكانی ” عەبدواڵلە خاڵنە و مینە خاڵنە” ی تەمەن 65-70 ساڵە شەهید دەكەن .

لە كاتی گەڕانەوەیان بە قاڕنێیا كاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆ, لەسەر ڕێوە, 3 منداڵی بەرخەوان دەبینن , لە كاتێكا ئەو منداڵانە لە ترسی پاسدارەكان زارەترووك ببون و باوەشیان بە یەكدا كردبوو , لە لایەن پاسدارەكانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو شەهید دەكرێن , دوانیان ناسراون بە ناوەكانی ” ڕەحمان ڕامینی , خاتوو زین ڕامینی ,….(ناوی سێیەم نەزانراوە) ” .
دوای ئەو منداڵانە , سەرەتا دەگەن بە 3 شوان , هەرسێكیان شەهید دەكەن بە ناوەكانی ” ئەبو بەكر مستەفا زادە , سەید ئیسماعیل تاهیری , حەسەن … ” هاوكات دوو شوانی دیكەش بریندار دەكەن, ئەوان لە ترسا خۆیان دەشارنەوە.
مەعبودی كە لە كاتی شادا سەرمایەدار بوو و دوكانی فرۆشتنی تراكتۆری هەبوو , وە لە كاتی كۆماری ئیسلامی دەسەڵاتداری باڵا بوو لە ناوچەكە ” زۆربەی دەسەڵاتدارانی سەردەمی شا لە كاتی خومەینی مانەوە “, پەیمان بە خەڵكەكە دەدات پارێزراون , ئەوەی شایانی وەبیر هێنانەوەیە حاجی عەزیم مەعبودی و موراد قەناری دوو عاملی ئەساسی بوون لە خۆشكردنی شەڕی نەتەوەیی لەتێوان كوردو ئازەرییەكان, پێویستە ئەم ناوانە پارێزراو بن بۆ مێژوو, وەلێ هەرچی تاوانی گوندی قاڕنێ بە بڕیاری ئەم چوار كەسە جێبەجێكرا((“معبودی” و “سرگرد نجفی” و “عزیز قادری” و مەلا “حسنی “غلام رچا حسنی امام جمعهٔ ارومیه””)).
سوپا سەرەتا بە خۆیان و چەكی قورسیانەوە لە تانك و زرێپۆش بەرزاییەكانی گوندەكە دەگرن و ئابلوقەی دەدەن , دواتر بە بڵندگۆ بانگ لە خەڵكەكە دەكەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە, چونكە لەو كاتە هەموو لەسەر كار بوون و وەرزی بەرهەم بوو , لە ناو قاڕنێ سەرەتا هێرش دەكەنە سەر ماڵ حاجی ڕەحمان شەریفی ئازەر, ئاگر لە ماڵەكەیان بەردەدن , لە كۆی 6 كەسی خێزانەكەیان, 5یان شەهید دەكەن” زیندووەكەش خۆی كردبوو بە مردوو ” بۆیە ڕزگاری ببوو, كوڕێكیشی پێشتر لە گەڵ شوانەكان بریندارببوو.

ناوی بەشێك لە قوربانیانی گوندی قاڕنێ , جگە لەوانەی لە سەرەتا نایان هاتووە :

1- حاجی ڕەحمانی شەریفی ئازەر
2- ئامینە چاوشین “هاوسەری ”
3- عوسمان شەریفی ئازەر “كوڕی”
4- خالید شەریفی ئازەر “27ساڵە”
5- ڕەحیم سلێمانی “20 ساڵە”
6- سەید فەتاح تاهیری “30 ساڵە”
7- ڕەحمان سلێمانی
8- كەریم سلێمانی
9- ڕەحیم سلێمانی
10- وەستا مەحمود “65 ساڵە”
11- سەید قادر تاهیری “65 ساڵە”
12- سەید فەتاح تاهیری “30 ساڵە”
13- سەید ئیسماعیل تاهیری “40 ساڵە”
14- سەید عەلی تاهیری “70 ساڵە”
15- سەید ڕەحمان تاهیری “50 ساڵە”
16- سەید محەمەد تاهیری ” 35ساڵە”
17- عوسمان مستەفا زادە “27 ساڵە”
18- جەعفەر مستەفا زادە “17 ساڵە”
19- ئەبو بەكر مستەفا زادە “20 ساڵە”
20- ئەحمەد ڕامینی “20 ساڵە”
21- ڕەحمان ڕامینی
22- عومەر بێواسی “50 ساڵە”
23- جەعفەر بێواسی ” 25 ساڵە”
24- مستەفا سیدی “20 ساڵە”
25- محمد عەزیز “18 ساڵە”
26- مستەفا عەزیزی “22 ساڵە”
27- شەریف ئابروشین “75ساڵە”
28- محێدین ئابروشین ” 40 ساڵە”
29- ڕەحیم خوسرەوی “75 ساڵە ”
30- ئەبو بەكر خوسرەوی ” 40 ساڵە”
31- عەبدواڵلە خوسرەوی “30 ساڵە”
32- عەلی ” خەڵكی گوندی دووئاوە لە قاڕنێ شوان بوو ”
33- ئیبراهیم گیەر”55 ساڵە”
34- ڕەحمان ئابزەند “65 ساڵە”
35- ئیبراهیم ڕەسوڵی ” 60 ساڵە لاڵ بوو ”
36- سەید كەریم ئەروەندی “30 ساڵە”
37- سلێمان هەمزە پوور “19 ساڵانە 1 لاقی هەبوو ”
38- مەلا مەحموودی بێهترزادە “60 ساڵانە”
39- سەید عەلی تاهیری .
مەلا مەحموود, مەلای گوند ناسراو بە ((مەلا مەحموودی مەستوورزادە )), لە كاتێكدا قورئانی گرتبوو بە دەستییەوە و هانای بۆیان هێنا بۆ ئەوەی دەست لە كوشت و بڕی ئەو خەڵكە هەڵبگرن , ئازایانە بەرەو ڕویان ببووەوەو وتبووی : ئێوە لە تەرمەكانیشمان دەترسن, بەڵام هەر دەگەین بە ئاواتەكانمان. دوای ئەوەی قورئانەكەی لەدەست وەردەگرن و فڕێی دەدەن ئەوجار سەری دەبڕن وەك پاداشتێك, لەبەر خاتر قورئانەكە مەڵا سەر دەبڕن بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت وەك ئەوانی دیكە, پاشان چەند فیشەكیش دەنێن بەمێكیشیەوە, مخابن سەری مەلا ون دەبێت ” بڵاو دەبێتەوە لەشكری ئیسلام سەری مەلا دەبەن”, ئێستا مەلا بەبێسەر نێژراوە.
سەید عەلی تاهیری دوای ئەوەی چەند كەس لە خێزانەكەی شەهید دەكەن , دەستەكانی دەبڕنەوە ئەوجا شەهیدی دەكەن , دواتر تەواوی تەرمی قوربانیان دەبەنە سەر رێگای سەرەكی شار و رادەگەیەنن لە شەڕ لە گەڵ سەپای پاسداران كوژراون.
سەیدێكی دیكە بەناوی سەید ئەحمەد كە 9 كەس لە بنەماڵەكەی لەو تاوانە گیانیان بەختكردبوو, بە چەك و چەقۆو قامە پانكردنەوە بە پێلەقە كوژرابوون, تەواو تاوانەكەی گێڕابوەوەو تۆمار كراوە لە رۆژنامەكانی ئەوكات .
صادق خاڵخاڵی یەكێك لە گەورە تاوانبارانی كۆماری ئیسلامی, دڵڕەقترین ئاخوندی ئەوكاتە, بەرامبەر بم تاوانە هاتە قسە و لە نامەیەكدا بۆ خومەینی لە 20-6-1358 دا 9 رۆژ دوای ئەنجامدانی تاوانەكە نووسی ((کارەساتی دڵتەزێنی قاڕنێ دڵی هەر مرۆڤێک دەهەژێنێت)), ئیتر بزانن چ دڵڕەقیەك كراوە, خاڵخاڵی, خاڵخاڵی سەربڕینی مەلا مەحمود لە راپۆرتەكەیدا دەنوسێت ” مه‌لا مه‌حمودی مستورزاده‌ که‌ به‌ قورئانه‌وه‌ چووه پێشوازیی خه‌ڵکه‌که‌‌‌، داروده‌سته‌ی مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی و عه‌زیز قادری و مه‌لا حه‌سه‌نی، (65) که‌سیان به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌ردناک کوشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئیمام له‌و کاره‌ دڵسوتێنه‌ره‌ نه‌پرسێته‌وه‌، ده‌بێ کام ده‌سه‌ڵات لێی بپرسێته‌وه‌. ” .

دوای بڵاو بونەوەی هەواڵی تاوانەكە, خومەینی و مونتەزیری مەهدی بهاداران بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە دەنێرن بۆ كوردستان , لێكۆڵینەوەكەی لە رۆژنامەی ئیتڵاعاتی 17-9-1979 بڵاو كرایەوە, بە پێی راپۆرتەكەی تاوانباران لە لایەن دكتۆر چەمران, تیمسار زەهیر نەژاد, سەرهەنگ شەهبازیان وژمارەیەك فەرماندەی سوپاو ژاندرمەری پڕ چەك كراون, بەڵگەكانی دەریدەخەن كە مەعبودی((حاج عڤیم معبودی)) و سەرهەنگ نەجەفی و جوانمەرد( ئازەرییە توندڕەوەكان) تاوانەكەیان ئەنجامداوە, زەهیر نەژادیش پشتیوانی دەكات لە تۆمەتباران و رێگری دەكات لە دادگاییكردنی تاوانباران.
لای خۆیەوە رۆژنامەی ئینقلابی ئیسلامی كە بەنی سەدر سەرپەرشتی دەكرد لە ژمارەی 652ی خۆیدا كۆمەڵە بە هۆكاری تاوانەكە دەزانێت, ئەمە لە كاتێكدایە كۆمەڵە دورو نزیك پەیوەندی بە روداوەكەوە نەبووە لەو رۆژەو رۆژی پێشتریش.
لە دوای تاوانەكە, تاوانباران تەرمی قوربانیان دەكەنە ناو ماشین و بە كەڵەكە كراوی لەسەر یەك , ئەوەشی جێگای نەبوەوە بە دوای ئۆتۆمۆبێلەكانیانا ڕایدەكێشن بەرەو نەغەدەیان دەبەن, لە نەغەدە تەنانەت سوكایەتی بە تەرمی ئەو منداڵە كەمتر لە 10 ساڵانەیە كراوە, 5 تەرمی لە ژێر زبڵدانی شارەوانی دەشارنەوە, ئەوانی دی لە ڕۆخی شەقامەكان فڕێدەدەن , تاكو ئێستاش روفاتی هەموو قوربانیان نەهێنراونەتەوە بۆ قاڕنێ .
خەڵكی قاڕنێ ئەوانەی ئەو چركە ساتە لە گوند نەبوون و رزگاریان بوو لە كۆمەڵكوژییەكە , دوای تاوانەكە بۆ ماوەی مانگ و نیوێك گوندەكە چۆڵ دەكەن , لە گوندی كانی بۆداغ جێگیر دەبن .
ئەوەی شایانی ئاماژە پێدانە لەكاتی چۆڵكردنی گوندەكە ڕژێم جارێكی دیكە تاوانێكی دیكەی خوڵقاندەوە , دوو ڕۆڵەی دیكەی ئەم گوندەی شەهید كرد بە ناوەكانی :
1- عوسمان ڕامێنی .
2- مستەفا ئابزەند .

چیكراوە بۆ ناساندنی تاوانەكانی ڕژێم بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل

تاوانی قاڕنێ یەكەم و دوا تاوان نەبوو بەرامبەر بە خەڵكی بێتاوان ئەنجام بدرێت , نموونەی لەو چەشنە لە گوندەكانی ئیندرقاش و قەڵاتان ” 50 كەس ” , دیلان چەرخ ” 40 كەس “خەلیفەلیان ” 21 كەس ” زۆرە .
وەك بینیمان لە كاتێكدا ڕژێم ناسنامەی ئیسلامی بوونی هەڵگرتووە, كەچی مەلای گوند بە قورئانەوە و بە بەرچاوی خەڵكەوە سەردەبڕێت , هەروەها ئەگەر سەرنجی ورد بدەین ژمارەیەكی زۆری قوربانیان سەید و ئەهلی بەیت و لە نەوەی حوسێن و فاتیمەن كە گوایە لای ئەوان لە لوتكەی پیرۆزیدان.
مخابن ئەم تاوانانە لە لایەن پارت و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتەوە تاكو هەنووكەش گرنگی پێویستی پێنەدراوە , بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1996 وەك ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان كە ئەوكاتە سەرپەرشتیم دەكرد و یەكەم رێكخراوی فەرمی جینۆساید بوو لە كوردستان , پاش قسەوباسكردنمان لەگەڵ چەند كەسێك لە باڵەكانی ئەوسای دیمكرات, ویستمان ئەو یادە بكەینەوە , كەچی مخابن لە لایەكەوە ئەوان تووشی هێرشی ناڕەوا بۆسەر كۆیە بوونەوە, لە لاكەی دییەوە ئێمەش لە 31ی ئابدا چارەنووسی خۆمان لە زیندان و هەڕەشەلێكردندا بینییەوەو كارەكانمان راگرترا .
خۆشبەختانە لە دوای ساڵی 2002 ئەو خەونە هاتە دی , بە ئەنجامدانی كارو نووسین و بەیاننامە دەركردن , بۆ یەكەمجار یادمان كردەوە لەو ساڵە” بە هاوكاری كاك كەیوان فەلامەرزی و مستەفا بەهمەنی”, تا ساڵی 2010, كاری باشكرا بۆ ئەوەی تاوانی قاڕنێ ببێتە سیمبولی كۆمەڵكوژی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان , وەلێ لەوساوە گرنگی پێ نەدرایەوە و هەموو هەوڵە سەركەوتوانەكان مرێندرا.
لەم یادەدا كۆمەڵێك داواكاری دەخەمە بەردەست خەڵكی قاڕنێ و گوندە دەستە خوشكەكانی ئەوانەی تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەر كراوە و هێزە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و چالاكڤانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان :
– یادی قاڕنێ بكرێتە ڕۆژی یادكردنەوەی دەیان هەزار قوربانی گەلەكەمان , ڕۆژی كۆمەڵكوژی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان .
– هەوڵبدرێت هەموو ئەو تاوانانەی دژ بە گەلەكەمان لەو پارچەیەی كوردستان ئەنجامدراوە , بكرێت بە دۆكمێنت , سیناڕیۆ سەقەتەكانی باشوور دوبارە نەكرێتەوە لەو پارچەیەی كوردستان , بە ژمارەو ناو و وێنەی قوربانیان تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە قاوبدرێت نەك بە گۆترە .
– هەوڵبدرێت مۆنمێنتێك بۆ قوربانیانی قاڕنێ درووست بكرێت ” ئەگەر كرا لە گوندەكە , ئەگەریش نا ئەوە بەشێوەی كاتی لە كوردستان یان هاندەران, ئەگەر مەلا مەحمود بكرێتە هێما بۆ ئەو مۆنمێنتە باش دەبێت .
– تەرمی سەرجەم قوربانیان بهێنرێتەوە قاڕنێ و لە گۆڕستانێكدا لە پاڵ یەكتری بنێژرێنەوە .
– وێنەی سەرجەم ئەو قوربانیانە پەیدا بكرێت و ئەلبومێكیان بۆ درووست بكرێت .
– ناوی تەواوی تاوانباران و بەشداربووانی تاوانەكان یاداشت بكرێن و دۆكۆمێنتەكانی ئەوكات ئەرشیف بكرێن , سەرجەم هەوڵەكان لە پەرتوكێكی دۆكۆمێنتاریدا چاپ بكرێت و وەریش بگێڕدرێتە سەر زمانە بیانییەكان.
– خوێندنەوەیەكی یاسایی بۆ تاوانەكان بكرێت و حەقیقەتی یاسایی تاوانەكان دەربخرێن.

سەرچاوە :
– سمینارەكانی مەلا برایم محێدین لەسەر قاڕنێ , ساڵانە بۆ ناوەندی چاك لە هۆڵەندا دەیگێرا لە ماوەی 8 ساڵدا .
– كارەساتی قاڕنێ لە زمانی دانیشتوانی گوندەكەوە, چاودێر ژمارە 94 بەرواری 11-9-2006
– تونا کردنی ڕەگەزی کورد لە گوندی قاڕنێ کوشتنی سیاسی نەتەوەی کورد/ سەعید سەنەندەجی


ناوی گیانبه ختکردوانی گۆندی قاڕنی !

1- مه‌لا مه‌حمود به‌هتزاده‌ 2- سه‌ید ڕه‌حمان تاهری 3- سید محه‌مه‌د تاهری 4- سه‌ید ئیسماعیل تاهری 5- حاج سه‌ید حه‌لی تاهری 6- سه‌ید قادر تاهری 7- ئامینه‌ شه‌ریفزاده‌ 8- حاجی ڕه‌حمان شه‌ریفزاده‌ 9- عوسمان شه‌ریفزاده‌ 10- مسته‌فا عه‌زیزی 11- محه‌مه‌د عه‌زیزی 12- محیدین ئه‌بر ڕۆشه‌ن 13- حاج شه‌ریف ئه‌بر ڕۆشه‌ن 14- ڕه‌حمان ئه‌بزه‌ن 15- ڕه‌حمان سلێمانی 16- ڕه‌حیم سوڵتانی 17- که‌رین سلێمانی 18- قادر سلێمانی 19- مسته‌فا ئه‌بزه‌ن 20- عومه‌ر عه‌باسی 21- جه‌عفه‌ر عه‌باسی 22- مسته‌فا عه‌باسی 23- محه‌مه‌د شه‌بڕه‌و 24- سلێمان هه‌مزه‌پور 25- ئیبراهیم پویا 26- ئیبراهیم ڕه‌سوڵی 27- عه‌لی چوپان ڕوستا 28- حه‌سه‌ن نه‌وجه‌وان 29- زێنه‌ب ڕامین 30- خاتوزین ڕامین 31- که‌ریم ڕامین 32- ئه‌حمه‌د ڕامین 33- ڕه‌حمان ڕامین 34- عوسمان ڕامین 35- ڕه‌سول خه‌سره‌وی 36- ڕه‌حمان خه‌سره‌وی 37- سه‌عید خه‌سره‌وی 38- عه‌بدوڵا خه‌سره‌وی 39- موراد خه‌سره‌وی 40- مسته‌فا خه‌سره‌وی 41- عوسمان خه‌سره‌وی 42- خالید خه‌سره‌وی 43- ڕه‌حیم خه‌سره‌وی 44- ئه‌بوبه‌کر شیشمان 45- جه‌عفه‌ر شیشمان 46- عه‌لی شیشمان 47- عوسمان شیشمان 48- ئه‌حمه‌د سه‌عاده‌تپوور 49- عومه‌ر ده‌روێشپوور 50- سه‌ید که‌رین ئه‌روندی 51- عه‌لی مه‌لا ڕه‌حیم له‌ گوندی دووئاو 52- حه‌سه‌ن مام ڕه‌سول له‌ گوندی ئاڵیاوێ 53- عه‌زیز مه‌رزه‌نگ 54- ئیبراهیم کایه‌ر 55- عه‌لی گاتوری 56- خه‌سره‌و ئه‌فشین 57- سه‌لاح عه‌لی زناوی 58- ئه‌بوبه‌کر حه‌سه‌نپوور 59- عوسمان ئه‌حمه‌دپوور 60- عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌دپوور.




عەزیز محەمەد وەك خۆی … عەلی مەحمود محەمەد

لە ژیانمدا دووجار بە رێكەوت چومەتە خزمەتی, هەردوو جارەكەش لەگەڵ برادەران بە رێكەوت بە خزمەتی گەیشتووم, چونكە لە روی سیاسییەوە زۆر لە بۆچونەكانیم رەت دەكردەوە, ئەوەی پێی دەوترا تەوافقی سیاسی كە پێی ناسرابوو تا ئاستی خاڵی كردنەوەی حشع لە یاخی بونەوەو شۆڕشگێری لە بەرامبەر نەیارانی بەشی شێری لە ئەستۆی ئەو بوو, تەوافق بۆ رێكخستنی ناو ماڵەكەی خۆت گرنگە, وەلێ نەك لەسەر حیسابی خەباتی چینایەتی لەگەڵ بەرامبەرەكانت پیادەی بكەیت, ئاخر تەوافق بێ ململانێی چینایەتی یانی كۆتایی هێنان بە خەبات و داخستنی دەرگا دێت بۆ حیزبێكی چەپ و سۆسیالست و كۆمۆنیست, تەوافقەكەی هاوڕێ عەزیز تەنها بۆ دەرەوەی حشع بەبەرهەم بوو, تەنها بۆ سازشی چینایەتی و كردنی حشع لە حیزبێكی هەرە شۆرشگێڕی نەك عێراق بگرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە بۆ حیزبێكی ریفۆرمیست, حیزبێك لە شۆڕشگێڕیدا جیابوو لە هەمووان, كردنی بە حیزبێكی ریفۆرمیست دیسانەوە جیا لە هەمووان, لە چەپی هەمووانەوە بۆ راستی هەمووان,كەچی تەوافقەكەی هاوڕێ عەزیز لە ناوەوە نەیتوانی ئینشقاقی قیادەی مەركەزی و بەرەی داكۆكی لە نیشتمانی هەشتاكان وپارتی كار لە جیابونەوە رابگرێت,هەرچەندە هەردوو جیابونەوەكەی دووەم و سێیەم لە ژێر كاریگەری ناسیۆنالستی عەرەبی و كوردیدا بوو, بەرگرتن پێی ئەستەم بوو, تەوافق بۆ رێكخستنی ناو ماڵی خۆت گرنگترە لە دەرەوە, ئەو لە تەوافقی دەرەوە سەركەوتووتر تر بوو لە تەوافقی ناوەوە, راستە ئەو لە رۆژە ناخۆشەكانی دوای نسكۆ گەورەكە لە عیراق لە دوای قەسابخانەكەی 8ی شوبات و سەردەمی پاشەكشەی كۆمۆنزمی روسی سەركردایەتی گرتە دەست, وەلێ دەیتوانی زۆر نا بكات, ئاخر خەڵك لە كوردستان و عێراقیش پێویستیان بە نا كەی ئەو بوو, نەك تەوافقە بەردەوامەكانی كە بێ كۆتایی بوون تەنانەت لە گەڵ دوژمنە چینایەتییەكانیشدا.
هەرچەندە رەخنەكەم پێش خست,وەلێ هاوڕێ عەزیز دیوێكی دیكە لە ژیانیشی هەیە كە جیای دەكاتەوە لە هەمووانی تر, جوانییەك نەمرییەك ئەبەدی پێ دەبەخشێت, دوای كۆچی هاوڕێ عەزیز محەمەد بە دواداچوون كرا بۆ ئەو خانووەی تێیدا نیشتەجێ بوو لە دوای راپەڕینەوە لە خانووەكانی مەجلس تەشریعی و تەنفیزی شاری هەولێر,كە تەواوی ئەو خانوانە كرابونە سەر ناوی ئەوانەی تێیدا نیشتەجێ بوون, زۆریشیان چەندین جار فرۆشرابونەوە, وەلێ خانووەكەی ئەو نەكرابووە ناو كەسەوە, تەنانەت هاوسەرەكەشی كە پێشتر مامۆستا بوو بەهۆی راوەدونانی سیاسییەوە دابڕابوو لە كارەكەی خانەنشین نەكرابوو, لەدوای خۆی یەك سانتیمەتر زەوی بەجێ نەهێشت,مانگانە ژیانێكی سادە وەلێ شاهانەی بەو موچەیە دەبردە سەر كە وەری دەگرت, شاهانە مەبەست لەو هەیبەت و ویقارە شەخسی و سیاسییە بوو هەیبوو, مەجلسی لە مەجلسی گەورە سیاسیانی ئەم وڵاتە هەیبەتی كەمتر نەبوو, تا وای لێهاتبوو ماڵەكەی وەك مەزارگەی سیاسییەكانی لێهاتبوو,هەمیشە جمەی دەهات .

عەزیز محەمەد سەردەماننێك كەسی یەكەمی سیاسەت بوو لە كوردستان, ئاخر ئەوكاتەی ئەو سەرۆكی لقی كوردستانی حیزبی شیوعی و مەكتەبی سیاسی حشع بوو, حیزبەكەی حزبی یەكەم بوو لەم وڵاتە بە كوردستانیشەوە” لە كوردستان تا ساڵی 1961″,15 ساڵیش لە 1964 بۆ 1979 حیزبی كاریگەری هەموو عێراق بوو, كەچی هەر نەبوو خاوەند مەترێك زەوی و دوو فلس لە بانكەكانی جیهان وەك هەموو ئەوانی دی, نەبوو بە خاوەند بازاڕو كارگەیەك,یەك دانە خزمیشی نە لە حیزبەكەی و نە لە حكومەت نەبردە پێشەوە,یەك مەتر زەوی و یەك پرۆژەو و یەك عانەی حیزبەكشی بە ناوەوە نەبوو,رۆژێكیش نەیووت شەریكم لەم داهاتە, دوای ئەوەی پارتەكەی لە كوردستان بچوك بوەوە لە حیزبی زۆرینەی موتڵەقەوە بووە حیزبێكی بچووكی یەك كورسی, رۆژێك نەیووت من لەم حیزبە گەورەترم, لە كۆبونەوەو كۆنگرەكانیدا دادەنیشت بەرپرسیارانە قسەی دەكرد, گفتوگۆی جدی دەكرد و خۆی بە خاوەندی دەزانی, حەربا ئاسا باوەڕی نەگۆڕی,هەر بە ئومێدی یەكسانییەوە ژیا .

عەزیز محەمەد وەك ئەمیر حەسەن پور مردنێكی مادیانە نەمرد, قورئانی بۆ خوێندرا و پرسەی بۆ داندرا,گۆڕی بۆ هەڵكەنرا,ئەو سیاسییەكی دگمەنی بێ نەیار بوو, پەیامنێری ئاشتی بوو بۆ گەلەكەی لە هەستیارترین كاتدا نەگریسترین شەڕی راگرت, وەلێ تاكە سەركردەی كوردە لە كوردستان لە نەخۆشخانەیەكی گشتی بە بەرچاوی كامیراكانەوە سەردەنێتەوە,ژیان و مردنە سادەكەی مانایەكی دیكەی بەخشی بە تێكۆشان سیاسی و بەرپرسیارێتییەكەی رابردووی, لە دوای خۆی هیچی بۆ مناڵەكانی جێ نەهێشت, هیچ بە مانا مادییەكەی, وەلێ میراتێكی گەورەی كەسایەتی بۆیان جێ هێشت, هەرچەندە رۆژگارێكی زۆر لە كەسە یەكەمەكانی سیاسەت بوو نەك لەسەر ئاستی شارێك بگرە هەرێمەكەو وڵاتەكە و ناوچەكەو جیهان.دوای مردنی لە گۆڕستانی هاوڕێكانی ناشتیان, لە پاڵ ئەوان, بە یەكسانی, بەرزی كێلەكەی , زەوی گۆڕەكەی وەك ئەوانی ترە,ئەگەر لە جیهاندا نەیتوانی یەكسانی بەدی بهێنێت, لە مردندا لە گەڵ هاوڕێكانی یەكسان بوو, ئاخر خۆشی قەبوڵ ناكات كێلی گۆڕەكەی بەرزتر بێت لە كێلی كێلە بێ گۆڕەكەی جەمال حەیدەری و هاوڕێكانی كە لە تەنیشتییەوەن.




دەست … پشکۆ ناکام

…شەکەتم
ماندووی پێش کازیوە
و
دوای خۆرهەڵاتم
چاوەڕوانم،
دەستێک
گەرمتر لەناخم
پڕ موحیبەت تر
لە حەسرەت و ئاهم
دەستێک
ئارەقی ڕۆژگارم بسڕێ
ووردە ووردە
لە گەڵما بکەوێتە ڕێ
….چاوەڕوانم
،،،،،،
شاخێکم
جگە لە غەم
چی تری لێ سەوز نابێ
رووبارێکم
چی ئەکەم تینوێتیم
ناشکێ
مناڵێکم
هەر گاگۆڵکێ یە
و
پێ گرتن لە خۆ ناگرێ
شەپۆلێکم
هاشە و غەزەبی
هەر بە ڕووی خۆما
ئەبارێ
مۆمێکم
بە رووناکیەکەی
نە شیعرێ
لەدایک ئەبێ
و
نە بە کوژانەوەی
خەو ساتێ ،هاوڕێم ئەبێ
چاوڕوانی دەستێکم
لە گەڵما بکەوێتە ڕێ
خۆشم نازانم
بەرەو کوێ…
دوێنێم تەڵخ
ئێستام تەڵخ
چاوم بەردەمی خۆم
نابینێ..
بۆیە : شەکەتم
ماندووی هەنگاوی یەکەم
و
داو هەنگاوم
چاوەڕوانی دەستێکم
لە تینوێتیما
لە دەریای ناخی خۆما
دەرم بێنێ..
،،،،،
شەکەتم
وەک نۆتەیەکی لە بیرکراو
لە نێو وەتەرەکانی ڕۆژگارا
دێم و دەچم
نە بووم بە چەپڵەیەک
نە بە ئاوازێک
دڵم تۆزێک ئۆقرە
بگرێ…
شەکەتم
شەکەتی دۆزینەوەی
خۆمم
شەکەتی ڕا کردنم
هەر لە مناڵیمەوە
و
نە بەردەمم دیارە
و
نە ئەگەڕێمەوە
دوێنێ…
درۆی ئەم هەموو دەنگانە
چۆن کپ بکەم!!
چاوەڕوانی دەستێکم
جیا لە دەستەکانی تر
دەستێک وەک دایکم
سوجدەی بۆ بەرم
سوجدەی
مانا وونبوەکانی ئینسان
بۆ ئەو سوجدەیە
چاوروانی دەستێکم
لە غوربەت و لە عوزلەت
بمگەیەنێتە
مەزارێ
کە گەیشتم
هەم تۆم خۆش بوێ
و
هەم بگەڕێم
بۆ خۆرێک
لێوەی هەڵبێم
و
دەستێک لە گەڵما
بکەوێتە ڕێ…..
،،،،،،،،،،،
پشکۆ ناکام
سێپتەمبەر 2017




خەونی ترسنۆکان …. هیوا سەعید

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە خوا هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
ئیشتان پێی هەیە.

لە هەژاری دەترسن
خەون بە دەوڵەمەندییەوە دەبینن.
لە نەخۆشی دەترسن
خەون بە لەشساغی دەبینن.

بە چارەنوسی خۆتان ڕازی نین
ژیانێکی چاکترتان دەوێ
ئێوە بەس دەتانەوێ
خۆتان ناخەنە ژێر هیچ بەرپرسیارێتییەک.

ئەگەر خوا نەیدا
پەنا دەبەنە بەر مەزاری ئەو مردووەی
ئێوە پێی دەڵێن پیاوچاک،
ئەگەر ئەویش وەڵامی نەبوو
دەچنە لای ئەو ساختەچییە ڕیشنەی
ئێوە پێی دەڵێن شێخ،
ئەگەر ئەویش هیچی پێنەکرا
پیرێژنێکی جادوگەر دەدۆزنەوە،
یان بەدوای قەرەجێکی فاڵگرەوە دەگەڕێن،
یان خەوننامەیەک دەکڕن،
یان کەلوی بەخت دەخوێننەوە،
ئەگەر هەرنا قاوەیەک دەگرنەوە.
ئێوە خواتان نییە، خەونتان هەیە.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە پێغەمبەر هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
پێغەمبەر وتی چومە ئاسمان
ئێوە کە فڕینی سوپەرمانتان بینی
پێتان سەیر بوو.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە ئایین هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
هەموو ئایینێک خوایەک و پێغەمبەرێکی هەیە
ئێوە تەنیا خەونتان هەیە.

خەون واتا ئومێد.
ئومێد واتا چاوەڕوانی.
چاوەڕوانی واتا دڵەڕاوکێ.

هەی قەزەمی قەمبورینە
دەبێ لەناو ئەو بازنەیە
هەر بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێوە بخولێنەوە.

قەزەم واتا بچوک.
قەمبور واتا ملکەچ.
خولانەوە لەناو بازنە واتا ژیانی دووبارە.




چیرۆکنووسی منداڵان یۆهانا شپیری…. رەزا شوان

خاتوو (یۆهانا لویزە هۆیسەر) کە بە نازناوی ئەدەبی (یۆهانا شپیری) یەوە چیرۆکەکانی نووسیون و ناوبانگی دەرکردووە، کەڵە چیرۆکنووسێکی سویسری و جیهانی ناسراوە لە بواری نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان، بە ناوبانگترین چیرۆکیشی “هـایدی” یە.
یۆهانا شپیری لە (١٢ی/ یۆنیۆ /١٨٢٧) لە دێی (هێرتزل) سەر بە کانتۆنی (زیوریـخ) لە سویسرا لە دایک بووە. باوکی (یۆهـان یاکوب) پزیشک بوو، دایکیشی (میتا هۆیەر شڤایتسەر) شاعیر بوو، کچی یەکێک لە قەشەکانیش بوو. یۆهانا لە شەش خوشک و برا، منداڵی چوارەمی خێزانەکەی بوو.

یۆهانا شپیری لە دێی هێرتزل دەستی بە خوێندن کرد. لە (زیـوریخ) یش درێژەی بە خوێندنی زمانەکان زیندووەکان دا. یۆهانا زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو، بە تایبەتیش پەرتووکەکانی بیرمەندی ئەڵمانی (گۆتە) ی دەخوێندەوە، بە جوانیش پیانۆی لێدەدا. خۆشی لە رێنماییە ئایینیە باو و چاولێکەرییەکانی ئەو سەردەمە داماڵی، کە دایکی تەڵقین ئاسایی فێری کردبوون.
یۆهانا پشووی هاوینانی بە زۆری لە ناوچەی (گنیس) و (ماینفێڵد) ی سەر بە کانتۆنی (گراوبۆندن) بەسەر دەبرد. دوو ناوچەی شاخاوی و کوێستانی زۆر جوان و قەشەنگن. لە دواییدا ئەم ناوچانە بوونە گۆڕەپانی رووداوەکانی چیرۆکی هـایدی.
یۆهانا لە ساڵی (١٨٥٢) دا، لەگەڵ پارێزەر (یۆهان بیرنهاد شپیری) دا هاوسەرگیرییان کرد. کۆڕێکیان بوو، لە ساڵی (١٨٨٤) دا، کوڕەکەیان کۆچی دوایی کرد.

یۆهانا شپیری لە دوای مردنی کوڕەکەی دەستی بە نووسین و دانان و کاری خێرخوازی کرد. لە سەرەتادا کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی. یۆهانا سەرجەم (٥٠) پەرتووکی نووسی و بڵاوی کردەوە. چیرۆکە بەناوبەنگەکەی هایدی یەکێکە لەو پەنجا پەرتووکە چاپکراوانەی.
یەکەمین کاری ئەدەبی یۆهانا شپیری، چیرۆکێکە لەژێ ناوی ( گەڵایەک لەسەر گۆڕی فرۆنی)، بەڵام چیرۆکی (هـایدی) کە لە ساڵی (١٨٨٠) دا، لە ماوەی مانگێکدا نووسی و لە دوو بەرگدا بڵاوی کردەوە بەناوباگترین چیرۆکێتی. ئەم چیرۆکە دەربارەی ژیانی کچۆلەیەکی بێ دایک و بێ باوکە، کە لە چیای (ئەلپ) ی سویسری لەگەڵ باپیرەی دا دەژیان. چیرۆکی هایدی پێگەیەکی زۆر بەرزی لە ئەدەبی سویسری دا هەیە، تا ئەو رادەیەی کە بۆتە پێناسەی ئەدەبی سویسری، زیاتر لە هەموو کارێکی تری ئەدەبی بۆتە وێردی سەر زمانی سویسرییەکان؛ بووە بە بەشێکی رەسەنیش لە کولتووری سویسرا و شانازی پێوەدەکەن. یۆهانا بە زمانی ئەڵمانی هایدی و چیرۆکەکانی تری نووسیوون.
چیرۆکی هایدی بۆ زیاتر لە (٥٠) زمانی جیهانی وەریان گێڕاوە. زیاتریش لە (٥٠) ملیۆن دانەی لە جیهاندا لێفرۆشراوە. ئەوەی کە ناوبانگ و نەمرییەکی زیاتری بە هایدی بەخشی، ئەوەیە کە ئەم چیرۆکە کراوە بە (فیلمی کارتۆنی ئەنیمەیشن) و، بە چەند فیلمێکی سینەمایی و زنجیرە کارتۆنی تەلەفزیۆنی لە ئەمریکا و لە ئەڵمانیا.

لە ساڵی (١٩٧٤) دا، کۆمپانیای فیلمسازی یابانی (زیۆ ئیزۆ) لە دەرهێنانی، دەرهێنەری بەناوبانگی یابانی (ئیزاو تاکاهاتا) چیرۆکی هایدی لە (٥٢) ئەڵقەدا، بە فیلمی کارتۆنی ئەنیمەیشن دەرهێنراوە. ئەم فیلمە کارتۆنییەش بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە و لەسەر پەردەی تەلەفزیۆنەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهاندا پێشاندەدرێت. بەشی هەرە زۆری منداڵانی جیهان هۆگری ئەم فیلمە بوونە و تا ئەمڕۆش خۆشی و چێژی لێوەردەگرن. هەر بە هۆی ئەم فیلمە کارتۆنەوە، ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری یابانی بۆ گەشت و گوزەر دەچن بۆ سویسرا، بۆ ئەوەی ئەو شوێنە راستییە ئەفسووناوییانە ببینن کە رووداوەکانی (هایدی) یان لێ رووداون و تۆمارکراون، سەردانی ئەو ماڵەش دەکەن، کە هایدی و باپیرەی و پیتەر لێی ژیاون، کە لە ئێستادا (هایدی لاند) و ئەو خانووەی کە هایدی لێی ژیاوە، کراوە بە مۆزەخانەیەکی قنج و قەشەنگ، پەیکەری هایدی و پیتەری تێیدا دانراون. ساڵانە زیاتر لە سەد هەزار گەشتیار سەردانی ئەم ناوچە شاخاوییە دڵڕفێنە و (هایدی لاند) دەکەن کە لەسەر نیوەیان لە ئاسیاوە دێن.
لە ساڵی (١٩٣٧) دا، چیرۆکی هایدی لە ئەمریکادا، کرا بە فیلمێکی سینەمایی، کە ئەستێرە سینەمایی بە ناوبانگی ئەمریکی خاتوو ( شێرلی تمبل) کە تەمەنی نۆ ساڵان بوو، رۆڵی (هایدی) ی لە فیلمەکەدا دەنواند. لە ساڵی (١٩٩٢) دا، لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (واڵت دیزنی) لە ئەمریکا، هایدی کرا بە زنجیرە کارتۆنێکی تەلەفزیۆنی.

لە ساڵی (١٩٥٢) دا یەکەمین فیلمی سویسری دەربارەی هایدی دەرهێنرا و نمایش کرا.
دواترین فیلمی هایدی فیلمێکی سینەمایی سویسرییە هەر بە ناوی (هایدی) یەوە، کە لە رۆژ و ساڵی (١٠ی/سێپتەمبەری/٢٠١٧) دا بەرهەم هێنراوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی، دەرهێنەری سویسری (ئالان گسپۆنەر) ە، خونچەگوڵ (ئانـۆک ستیـفن) ی نۆ ساڵان رۆڵی هایدی دەبینێ، کە لە نێوان (٥٠٠) کچۆلەی سویسری هاوتەمەند دا کە خۆیان بۆ ئەم رۆڵە کاندید کردبوو، ئانۆک ستیفن هەڵبژێرا، رەنگە رووخوشی و لێوبەخەندەیی و ساکـاری لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بن بۆ ئەم رۆڵە. ئەستێرەی سینەمایی سویسریش (برۆنۆ گانز) رۆڵی باپیرەی هایدی دەبینێت، (ئیزابیلە ئوتمان) ی دوانزە ساڵانیش رۆڵی (کلارا) دەبینێت. فیلمەکەش بە دیالیکتیکی سویسری ئەلمانی دەرهێنراوە. دیمەنەکانی فیلمەکەش لە چیا سەرکەش و قەشەنگەکانی (گـراوبۆندن) گیراون کە ناوچەیەکی زۆر جوان و دڵڕفێنە. تا ئێستا لە سینەماکانی بەشێکی زۆری وڵاتان دا ئەم فیلمە نمایشکرا.
شایەنی باسیشە هەموو پەرتووک و نووسینەکانی یۆهانا شپیری رەخنەئامێزن، رەخنە لە بارودۆخی ژیانی نالەبار و هەژاری و نەلاواندنەوەی منداڵانی بێ دایک و بێ باوکی ئەو سەردەمەی سویسرا دەگرن، بە تایبەتیش لە سەرەتای سەردەمی پیشەسازی و سەرمایەداری دا لە سەدەی نۆزدەمدا. زۆربەی چیرۆکەکانیشی دەربارەی چارەنووسی منداڵانی بێنەوا و کوێرەوەرییەکانی ژنانی گەنجن. کە دووچاری ناخۆشی و گرانی و تەگەژەکانی ژیان ببوون. چارەسەری ئەم بابەتەش تەنها وەکو بابەتێکی ئەدەبی سەیر ناکرا، بەڵکو وەکو بابەتێکی بنەڕەتی لە بیری کۆمەڵایەتی سۆشیالیست دا سەیر دەکرا.

چـــیرۆکی هـــایدی

زۆر بە کورت چیرۆکی (هــایدی) بە بیری خۆێنەرانی ئازیزمانی دەهێنینەوە، کە چیرۆکنووسی بەناوبانگی منداڵان (یۆهانا شپیری) دایهێناوە و لە ساڵی (١٨٨٠) دا نووسیوێتی و لە دوو بەرگدا چاپی کردووە و بڵاوی کردۆتەوە.
هایدی ناوی ئەو کچە بچکۆلە بێ دایک وباوەکەی پاڵەوانی ئەم چیرۆکەیە. هایدی کچۆلەیەکی رووخۆش و لێوەبەخەندە و خۆخۆشەویستکەر بوو، چالاک و بزێو بوو.
تەمەنی هایدی یەک ساڵان بوو، کە دایکی و باوکی کۆچی دواییان کرد. پوورەکەی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی گرتە ئەستۆی. کە تەمەنی بوو بە پێنج ساڵان، پووری بە هۆی هەژاری و نەبوونی و سەرقاڵبوونی بە کارەوە. ناچاربوو کە هایدی بنێرێ بۆ لای باپیرەی، کە بە (گـەورەی چـیا) ناویان دەبرد. لە خانوویەکی دوور لە دێیەکەیان لە دامێنی چیاکانی (ئەلپ) دەژیا. باپیرەی پیاوێکی توندڕەفتار و ڕەق و نامۆ و گۆشەگیر و کەم تێکەڵ بوو. حەزی بە ژیانی سروشتی ئەو ناوچەیە دەکرد، کە پڕە لە دیمەنی جوان و ئەفسووناوی، لە چیمەنی سروشتی، لە سەوزەگیای ناسک و گەش، کەشوهەوایەکی زۆر خۆشی هەیە، پڕە لە دار و دەوەن و لەوەڕگای سروشتی. باپیرەی هایدی خاوەنی مێگەلێک بزن و مەڕ و کار و بەرخ بوو، هۆکاری بژێوی ژیانی بوون.
هایدی گەیشتە لای باپیرەی، سەرسامی دیمەنە جوانەکانی ناوچەکە بوو. بە زەردەخەنە ناسک و شیرینەکانی، بە قسە قوت و خۆشەکانی توانی زەردەخەنە بخاتە سەر لێوەکانی بوو بە باپیرەیەکی رووخۆش و لێوبەخەندە، رۆژ لە دوای باپیرەی، بە تەواوی گۆڕا و رۆژ نەرمتر دەبوو. هایدی لە ماوەیەکی کەمدا بە قسە خۆشەکانی لای هەموو خەڵکی ناوچەکەش شیرین و خۆشەویست بوو. باپیرەی وەکو منداڵانی تری دێیەکە هـایدی نەنارد بۆ قوتابخانە. بەڵکو لەگەڵ (پیتەر) ی شوانە بچکۆلەدا، بۆ لەوەڕاندنی بزن و مەر و کار و بەرخەکانی دەینارد. هایدی و پیتەر بوون بە خوشک و برا و پێکەوە ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕاند، بە یاری و پێکەنین و خۆشی رۆژگاریان بەسەردەبرد.

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ پوورەکەی هات بۆ لای، زۆر لەوە دڵگران بوو کە باپیرەی هایدی نەناردبوو بۆ قوتابخانە. هایدی برد بۆ ماڵێکی دەوڵەمەند لە شاری (فرانکفۆرت) ی ئەڵمانی، تا لەوێدا ببیت بە هاوڕی و بە یارمەتیدەری کچە تاقانەکەیان (کـلارا) کە تووشی ئیفلیجیی پێیەکانی ببوو. (کلارا) ی تەمەن دوانزە ساڵان کە دایکی کۆچی دوایی کردبوو، لەسەر کورسییەکی پێچکەداردا دادەنرا و پالدەنرا. کلارا کچۆلەیەکی سپیلکەی جوان و قـژزەرد و رووخۆش بوو. خاتوو (رۆتینمایەر) کە هەموو کاروبارێکی ئەو ماڵەی بەڕێوەدەبرد و قسەی دەڕۆیی، پێی خۆش نەبوو کە کچە لادێیەکی وەکو هایدی تەمەن هەشت ساڵان ببێت بە هاوڕی و بە یارمەتیدەری کلارا و لەو ماڵەدا بمێنێتەوە. بۆیە بە شێوازێکی رەق و توند لەگەڵیدا هەڵس و کەوتی دەکرد. پوورەکەی بەبێ رازی بوونی رۆتینمایەر، هایدی لەو ماڵەدا بەجێهێشت و خۆشی گەڕایەوە بۆ سویسرا.
هایدی و کلارا بوون بە دوو هاوڕێی خۆشەویست. نەنکی کلارا هایدی خۆشدەویست و فێری خوێندنەوە و نووسینی کرد. باوکی کلارا پیاوێکی دەوڵەمەندی هەمیشە سەرقاڵی ئیش بوو، کلارای زۆر خۆشدەویست، بەڵام کەم دەرفەتی لاواندنەوەی بۆ هەڵدەکەوت.
دوای ماوەیەک هایدی بە هۆی رەفتاری توند و رەقی رۆتینمایەر و بێ نازییەوە، سۆزی گەڕانەوەی بۆ نیشتمانی خۆی و بۆ لای باپیرەی کرد. بڕیاری گەڕانەوەی دا. باوکی کلارا لەگەڵیدا هات و گەیاندییەوە بۆ لای باپیرەی، باپیرەی و پیتەر و خەڵکی دێیەکەش بە گەڕانەوەی هایدی دڵخۆشبوون. هایدی بە نیشتمانەکەی و بە باپیرەی شاد بۆوە.

کلارا زۆر بیری هایدی دەکرد، چەند نامەیەکی بۆ نارد کە زۆر حەزدەکات بێت بۆ لای و میوانداریان بکات، بەڵام پزیشکی تایبەتی کلارا لەبەر سەختی ناوچە شاخاوییەکە رێی پێنەدا بچێت، هەرچۆنیبێت پزیشکەکەشیان قایلکرد کە بچێت. کلارا و خاتوو رۆتینمایەر چون بۆ ماڵی باپیرەی هایدی. هایدی و باپیرەی زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردن.

رۆتینمایەر دوای چەند رۆژێک گەڕایەوە، بەڵام کلارا نەگەڕایەوە، زۆر سەرسامی جوانی و ئەفسووناوی و ژیانی ساکار و سروشتی ناوچەکە بوو. هایدی و باپیرەی زۆر هانی کلارایان دا، کە راهێنان بکات و هەوڵی هەڵسان و رۆيشتن بە پێیەکانی بدات، کلارا بە قسەیانی کرد، دوای راهێنان و هەوڵدانێکی زۆر، کلارا کەوتە سەر پێیەکانی و توانی بڕوات، تا بە تەواوی چاک بۆوە. کە باوکی و نەنکی هاتن بۆ لای، كلارا بە راکردن بە پیرییانەوە چوو. باوکی و نەکی بە چاکبوونەوەی کلارا زۆر گەشانەوە، زۆریش سەرسام و دڵخۆشبوون بوون. لە دوای چەند رۆژێک لە میوانداری، زۆر سوپاسی هایدی و باپیرەی و پیتەریشیان کرد. ئینجا کلارا و باوکی و نەکی پێکەوە ماڵئاواییان لێکردن و گەڕانەوە بۆ شاری فرانکفۆرت.

ئەمەیە چیرۆکی هایدی بە کورتی و بە سەرپێی. بێجگە لەو کاراکتەرانەی کە ناویانمان برد، چەند کاراکتەرێکی لاوەکی کەش کەم یا زۆر لەم چیرۆکەدا رۆڵیان هەیە، وەکو:
( پووری هایدی، نەنکی کلارا، نەنکی پیتەر، خزمەتکاری خێزانەکەی کلارا، سەگەکە گەورەکەی باپیرەی هایدی، ئاژەڵەکانی باپیرەی هایدی، چەند کاراکتەرێکی تریش)
هایدی چیرۆکی ئەو خونچەگوڵە بێ دایک و باوکەیە، کە چارەنووس خستییە باوەشی دڵڕەقترین و وشکترین پیاو و ژنەوە، کە لە باپیرەی و رۆتینمایەردا بەرجەستەببوون. بەڵام هایدی دڵپاک و رووخۆش و بزیۆ، هایدی هەردەم لێوبەخەندە و پێکەنین، بە کردارە سروشتییە سەیر و ساویلکەییەکانی، بە زەردەخەنە و پێکەنینە شیرینەکانی، بە قسە خۆشەکانی کە گوزارشتیان لە پاکی و بێ تاوانی و خۆشەویستی ناخی دەروونیان دەکرد، توانی بەستەڵەکی رەقی و وشکی و بێ سۆزی بتوێنێتەوە و زەردەخەنە بخاتە سەر لێوەکانی باپیرەی و بە تەواوی بیگۆڕێ و بیکات بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی ئاسایی و دلۆڤان و نەرمڕەو. توانی رق و وشکی بگۆڕی بە خۆشەویسی و مرۆڤدۆستی.

ئەو پەند و وانەیەی کە لە چیرۆکی هایدی دان، ئەوەیە کە پێویستە بە چاوێکی رێزەوە، بە دڵێکی نیانی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانییەوە، منداڵەکانمان بلاوێنین و پەروەردەیان بکەین. پەروەردەکردنی منداڵان شارەزایی و شێوازێکی تایبەتی دەوێت، تا منداڵان لە رووی هۆش و ئەندێشە و دەروونییەوە، بە دروستی و ئاسایی و ئاسوودەیی پێبگەن و رەفتار سەرکەوتووبن، لە قوناغی هەرزەکاری و لاوییاندا رەنگبدەنەوە.
زۆربەی ئەو منداڵانەی، کە لە نێو خێزان و ژینگەیەکی رەق و دڵڕەق و توند و تیژ و هەست وشک و بێبەزەییدا ژیاون و دەژین، ئەو منداڵانە ژیانیان پڕە لە ناخۆشی و لە نەخۆشی و لە گرێی دەروونی، رەفتار نادروست و چەوتن، بەڵکو زۆر جار ئەو ژیانە سەختە و ئەو پەروەردە سەقەتە، دەبنە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بڕیاری خۆکوژی، بۆ لە رێدەرچوون و ئەنجامدانی کەتن و تاوانی جۆراوجۆر.

خاتوو یۆهـانا شـپیری لە (٧ی/ یۆنیۆ/١٩٠١) دا، لە زیوریخ کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی زیلفیلت دا نێژراوە. بەڵام میراتێکی نەمر (هایدی) ی بۆ منداڵان بەجێهێشت.
هایدی بۆتە کەسایەتییەکی هێما بۆ سویسرا. لە ساڵی (٢٠٠١) بە بۆنەی سەد ساڵەی کۆچی دوایی نووسەری بە ناوبانگ (یۆهانا شپیری) وەکو رێزلێنان و پاداشتێک بۆ ئەو خزمەتە بەرز و گەورەیەی کە پێشکەشی بە نیشتمانەکەی و بە منداڵانی جیهان کرد، سویسرا پارەیەکی دەرکرد کە وێنەی (یۆهانا شپیری) ی لەسەر داناوە.
پەیکەرێکی زێڕینی شایستەشیان لە (هایـدی لانـد) بۆ یۆهانا شپیری دروستکردووە، چەندین شوێنی رۆشنبیری و قوتابخانە و کۆگاش لە سویسرادا، بە ناوی يۆهانا شپیری و هایدی یەوە ناونراون. (هایـدی لانـد) هەمیشە سەوز و جوانە، گرنگترین گەشتگای سویسرایە، کە ساڵانە بە هەزاران گەشتیار لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە رووی لێدەکەن. سویسرا ساڵانە بەم هۆیەوە پارەیەکی باش دەست دەکەوێت. ئەوەی بچێت بۆ سویسرا و نەچێت بۆ (هایـدی لانـد) وەک ئەوە وایە کە سویسرای نەبینیێت.

رەزا شوان
نەرویج: (٣ی/ سیپتەمبەر/٢٠١٧)




ئــاشـــتی …. هۆنراوه‌ی/فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

هه‌میشه‌ هاوڕێی ئاشتین له‌ئاشتیدا خۆشبه‌ختین
وڵاتمـان ئاشـتـی ده‌ وێ‌ ئاشتیخوازمان خۆشده‌وێ‌
ئێمه‌ی منداڵ ده‌ترســین بۆیه‌ له‌جه‌نگ ده‌پرسیـن
جه‌نگ مایه‌ی وێرانـییه‌ ئــه‌نجام په‌شیــمانـییه‌
بــوونی ســامـانی وڵات هه‌مووی به‌فیڕۆده‌بــــات
ســیمای گوڵ ده‌ژاكــێنێ‌ ژینمــان لــێ‌ ده‌شێوێنــێ‌
تیشكی خۆرمان لێده‌بات ئاسمانمان تاریك ده‌كات
باله‌جێگای هه‌راوشــه‌ڕ هه‌وڵمان بخه‌ینه‌گـــــه‌ڕ
بۆوڵات به‌خزمه‌ت بیــن هه‌تاكو ئـــاســووده‌بیــن
چوون ئاشتی وئاوه‌دانی هێمـــان بۆشـارستــانـی..