وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … 3 … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

بەشی سێیەم….

به‌ڵگه‌کانی بوونی خوا ….

سەرەتا نووسەر ئاماژە دەکات بە بەڵگە ئاکامییه‌کانی ئاییناس (تۆماس ئاکینوس)، که مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەهەمین‌‌. ئەم پێنچ ‘بەڵگە’یە هیچ شتێک ناسەلمێنن و دەکرێت بەئاسانی ڕەت بکرێنەوە. سێ بەڵگەی یەکەمیان، سێ شێوەی جیاوازن بۆ بەیانی هەمان شت و دەکرێت هەموویان وەک یەک چاویان لێ بکرێت. هەموویان گەڕانەوەیەکی بێپایان لەخۆ دەگرن – وەڵامدانەوە بە پرسیارێک، پرسیاری پێشووتر قوت دەکاتەوە و ئیتر بەو شێوەیە، بەبێ ئەوەی پایانێکی هەبێت. به‌لگه‌کانیش ئه‌مانه‌ن:
5- پاڵپێوەنەرە ڕاوەستاوەکە. هیچ شتێک ناکەوێتە جووڵە، بەبێ ئەوەی پاڵپێوەنەرێکی پێشوتری هەبێت. ئەمە وامان لێ دەکات، بگەڕێینەوە بۆ دواوە و تەنیا ڕێگەی دەربازبوونمان خوایە. شتێک کە دەبێت یەکەم جووڵەی کردبێت و ئەو شتەش ئێمە پێی دەڵێن خوا.
2- هۆ بێهۆکە. هیچ شتێک ناتوانێت هۆکەی لە خۆیەوە بێت. هەر ئاکامێک، هۆی پێشووتری هەیە و دووبارە ناچارین بۆ دواوە بگەڕێینەوە. ئەمە دەبێت کۆتایی بێت لەلایەن یەک هۆوە، کە ئێمە پێی دەڵێین خوا.
3- بەڵگەی گەردوونی. دەبێت ڕۆژگارێک بووبێت، کە هیچ شتێکی فیزیکی بوونی نەبووبێت. بەڵام چونکە ئێستا شتگەلێکی فیزیکی بوونی هەیە، دەبێت شتێکی نافیزیکی هەبووبێت تا ئەم شتگەلە بهێنێتە کایەوە و ئێمە بەو شتە دەڵێین خوا.

هەرسێ بەڵگەکە، پشت دەبەستن بە هرزی گەڕانەوە و دەست بەدامێنی خوا دهبێت بۆ یەکلاییکردنەوە. گریمانێکی تەواو نابەجێ دەکەن، کاتێک کە خوا پارێزراو دەکەن لەم گەڕانەوەیە. هەتا ئەگەر ئێمە بوارێکی وەها فراوانی گوماناوی بدەین بە جادوویەکی هەوەسکارانە، کە کۆتایی بەم گەڕانەوە بێپایانە بهێنێت و ناوێکی لێ بنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی پێویستیمان پێیەتی، ئاوا بەڕەهایی هیچ هۆیەک نییە، هیچیەک لەو تایبەتمەندییانە ببەخشێت بەو کۆتاییهێنەرە، کە ئاسایی دەدرێنە پاڵ خوا: بێئەندازەتوانی، بێئەندازەزانی، میهرەبانی، داهێنەری لە نەخشەدا، هەتا ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە مرۆڤییانەی وەکوو: گوێبیستنی نوێژ، لێبووردن لە گوناهـ و خوێندنەوەی بیروبۆچوون، بخەینە لاوە. لەم پەیوەندەدا سەرنجێکی ژیربێژانە هەیە، جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە بێئەندازەزانی و بێئەندازەتوانی پێکەوە نەکڵۆکن. ئەگەر خوا هەموو شتێک دەزانێت، دەبێت هەر ئێستا بزانێت، چۆن دەستوەردەداتە گۆڕینی ڕێڕەوی مێژوو، بە بەکارهێنانی بێئەندازەتوانیی خۆی. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە دێت، کە ناتوانێت بۆچوونی خۆی بگوڕێت سەبارەت بە دەستتێوەردانەکەی، کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، بێئەندازەتوان نییە.

4- بەڵگە بەپێی پلە. وەک دەیبینین، شتەکانی دەوروپشتمان جیاوازن. دەکرێت بڵێیت، بە پلەی جیاوازجیاواز باشن یان بێخەوشن. بەڵام ئێمە بڕیار لەم پلەبەندییانە دەدەین بە بەراورد لەگەڵ ئەوپەڕیدا. مرۆڤ دەتوانێت هەم باش بێت، هەم خراپ، بەو پێیە، ئەوپەڕی هەرە باشی ناتوانێت لە ئێمەدا بوونی هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت شتێکی ئەوپەڕی هەبێت بۆ دانانی پێوەرێک بۆ بێخەوشی و ئێمە بەو ئەوپەڕییە دەڵێین خوا.

5- بەڵگەی ئایینناسی یان بەڵگە بەپێی نەخشە. شت لە جیهاندا، بەتایبەتی شتگەلێکی زیندوو، وا دێتە پیشچاو، کە نەخشەیان بۆ کێشراوە. هیچ شتێک نییە ئێمە نەیزانین، وا دەر نەکەوێت نەخشەی بۆ نەکێشرابێت، مەگەر ئەوەی بەپێی نەخشە بێت. لەبەر ئەوە دەبێت نەققاشێک هەبێت و ئێمە پێی دەڵێین خوا.

پاشان نوسه‌ر دێتە سه‌ر به‌لگه‌ی بوونه‌‌وه‌رزانی و به‌لگه‌کانی ئانسیلمی کانتبیری به‌ نمونه‌ ده‌هێنیته‌وه‌. نوسه‌ر ده‌ڵێت، لایەنی زۆر سەیری بەڵگەی ئانسیلم ئەوەیە، کە لە سەرەتاوە ڕووی لە مرۆڤ نییە، بەڵکوو ڕووی لە خوا خۆیەتی بە شێوازی نوێژ (دەکرێت وەها بیر بکەیتەوە، هەر قەوارەیەک کە بتوانێت گوێبیستی نوێژ بێت، پێویست نییە بوونی خۆی بسەلمێنێت). ئانسیلم پێیوایە، دەشێت کەسێک باوەڕ بهێنێت بە بوونەوەرێک، کە مەزنتر بێت لەوەی توانبێتی بیری لێ بکاتەوە. هەتا ئیسییستێک لەوانەیە بوونەوەرێکی باڵادەستی وەها بهێنێتە بەرچاوی خۆی، سەرەڕای ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا، نکۆڵی لە بوونی دهکات. بەڵام بەڵگەکە دێتەوە لەگەڵ بوونەوەرێک، کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا نەبێت، ئیتر بەو هۆیەوە کەمتر بێخەوشە.

فەیلەسووفان بۆ چەندان سەدە بەڵگەی بوونەوەرزانییان بەجیددی وەر گرتووە، ئیتر چ لەگەڵی بووبن یان لە دژی. ڕەتکردنەوەیەکی هەرە بنچینەیی بەڵگەی بوونەوەرزانی، ئاسایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ فەیلەسووفانی وەک داڤید هیوم و ئیمانۆئیل کانت. کانت ئەو کارتە جۆکەرەی دۆزییەوە، کە ئانسیلم یاریی پێ دەکرد و گریمانە ساکارەکەی ئاشکرا کرد، کە ‘بوون‘ زێتر ‘بێخەوش’ترە لە نەبوون. فەیلەسووفی ئەمەریکی نۆرمان مالکۆلم، ئەمەی ئاوا ڕوون کردۆتەوە: ئەو ڕێچکەیەی پێی وایە بوون بێخەوشە، تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی گومانە. ئەوە وایە و دروستە بڵێیت، خانووی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر دیوارەکانی ناوکاری بکرێت وەک لەوەی نەکرێت، بەڵام ئەمە چی دەگەیەنێت، کە بڵێیت ماڵی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر بوونی هەبێت وەک لەوەی ئەگەر بوونی نەبێت؟
هەندێک جار نوسه‌ر له‌ دیمانه‌کانیدا ڕووبه‌ڕوی پرسیار دەبێتەوە سەبارەت بە داهێنانی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کانی جیهان، وه‌کو شکسپیر، میکایل ئەنجلو، بتهۆڤن، هتد..
که‌ ئایا نوسه‌ر شاکاری ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌ورانه‌ چۆن شی ده‌کاته‌وه‌؟ هیچ گومانێکی تێیدا نییە، دواچوارینەی بتهۆڤن، شاکارێکە بۆخۆی. هەروەها سونیتی شکسپیر. ئەمانە شاکارن، ئەگەر خوا هەبێت یان نەبێت. ئەمانە بوونی خوا ناسەلمێنن؛ بەڵکوو بوونی شکسپیر و بتهۆڤن دەسەلمێنن. وتەیەکی ڕابەری ئورکێستەری بەتوانا هەیە، دەڵێت: ‘ئینجا ئەگەر تۆ مۆزارتت هەبێت و گوێی بۆ بگریت، ئیتر بۆچی ڕوو له خوا دهکهیت؟’
ئەگەر بەڵگەیەکی ژیربێژی هەیە، کە بوونی شاکاری هونەری دەبەستێتەوە بە بوونی خواوە، دەبوو لەلایەن لاینەگرانی بوونی ئەم بەڵگەیە بوترایە. ئاسایی وا لە بەرچاو گیراوە، کە بەڵگەنەویستە، کە بەوپەڕی دڵنیایییەوە وا نییە. لەوانەیە وەها لێک بدرێتەوە، کە جۆریکی تر بێت لە بەڵگەی نەخشەی زرەنگ: مێشکی مۆسیقیی شوبێرت، جێگەی تێڕمانی شیانە، هەتا زۆر زێتر لە چاوی گیاندارانی بڕبڕەدار. یان هەتا لەوانەشە جۆرێک لە ئیرەیی بێت لە فرەژیری. چ مرۆڤێکی تر ئەو پڕکێشییە دەکات، مۆسیقایەکی/هەڵبەستێکی/هونەرێکی وەها جوان دروست بکات، لە کاتێکدا کە من ناتوانم؟ دەبێت ئەوە خوا بێت، ئەوەی کردبێت.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی ئەزمونی کەسییە. هەندێک خەڵک باوەڕیان بە خوا هەیە، چونکە لەو باوەڕەدان، بوونی خوایان بینیوە – یان یەکێک لە فریشتەکان یان مریەمی پاکیزە بە جلوبەرگی شینەوە. یان لەناو مێشکیاندا، قسەی بۆ کردوون. بەڵگە بەپێی ئەزموونی کەسی، یەکێکە لە بەڵگە هەرە ڕازیکارەکان بۆ هەریەکێک لەوانەی بانگەشەی بینینی ئەزموونێکی وا دەکەن. بەڵام بۆ کەسانێکی تر، ئەزموونگەلێکی وهها، کەمترین جێگەی باوەڕن و هەروەها بۆ هەرکەسێک، کە سەری دەر بچێت لە دەروونزانی. هەندێک لە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی دەروونی وا بیر دەکەنەوە، کە ناپلوێنن یان شارلی شاپلینن یان هەموو جیهان کەوتۆتە پلانچنین لە دژیان یان پێیان وایە، دەتوانن بیروبۆچوونی خۆیان بگەیەنن بە مێشکی خەڵکانی تر.

مێشکی مرۆڤ وانواندنی پلە یەک بەکار دەهێنێت. چاوەکانمان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەوەی هەیە، نادات بە مێشکمان یان فیلمێکی وردی ئەوەی لەو کاتەدا ڕوو دەدات. مێشکمان بەبەردەوامی نموونەی نوێتر دروست دەکاتەوە: نوێکردنەوە لە ڕێگەی گرتەی هێمایییەوە، کە بە هۆی هەستەدەماری بینینەوە لەدەرەوە دێنە ژوورەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هێشتا هەر دروستی دەکاتەوە. بههەڵەبینینی شت، وەبیرهێنانەوەیەکی ڕۆشنی ئەمەیە. زۆربەی هەرە زۆری هەڵەبینینەکان، کە شەشپاڵووی نیکەر نموونەیەکیەتی، ڕوو دەدەن، چونکە ئەو زانیارییە هەستییەی بە مێشک دەگات، لەگەڵ دوو نموونەی جێگرەوەی ڕاستی دێتەوە. مێشک پێوانەیەکی نییە بۆ هەڵبژاردن لەنێوان ئەم جێگرەوانەدا و لەگەڵ زنجیرەیەک گیرسانەوە، لەم نموونەیەوە بۆ ئەوی تر، بەرەوڕوو دەبین. وێنەیەک کە تەماشای دەکەین، تا ڕادەیەک بەڕاستی وا دەر دەکەوێت، دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر.

پرۆگرامی وانواندنی مێشک توانایەکی لەئەندازەبەدەری هەیە. لێهاتوویییهکی باشی هەیە لە دروستکردنی ‘دیمەن’ و ‘بوونەوەر’، کە تەواو وەک ڕاستەقینە وا بن. هێنانەبەرچاوی جنۆکە یان فریشتە یان مریەمی پاکیزە، وەک یاریی منداڵان وایە بۆ پرۆگرامێکی وەها لێزان. بە هەمان شێوەش، دەتوانێت بۆ بیستن کار بکات. کاتێک گوێبیستی دەنگێک دەبین، دەقاودەق ناگوێزرێتەوە بۆ هەستەدەماری بیستن و ناگات بە مێشک هەر وەکوو بینین، مێشک نموونەی دەنگ دروست دەکات بەپێی نویکردنەوەی بەردەوامیی زانیاریی هەستەدەماری بیستن.

بەڵگەی زۆر زێتر بەهێزتر هەیە، کە پشت نابەستێت بە هەڵسەنگاندنی کەسی، ئەوەش بەڵگەی شیانە. کە بەشێوەیەکی کاریگەرییانە دوورمان دەخاتەوە لە نەزانێتی، بەرەو ئەوپەڕی یەکخواگەری لە گۆشەنیگای گەلێک لە یەکخواگەرانەوە و بەرەو ئەوپەڕی ئیسییزم لە گۆشەنیگای نووسەرەوە. نووسه‌ر لە بەرامبەر یەکخواگەراندا دەپرسێت: ‘باشە ئەگەر ئێمە خوا دروستی کردووین، ئەی کێ خوای درووست کردووە؟ ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی خەڵکانی بیرکەرەوە لە خۆیان دەپرسن.

گرەوی پاسکال: ماتماتیکزانی فەڕەنسیی گەورە، بلایس پاسکال خەمڵاندوویەتی، کە تا هەر ئەندازەیەک بوونی خوا ئاستەم بێت، ئەوەندە سزای بەهەڵەداچوون لەو بارەیەوە گەورەیە تا ئاستی سەرکێشیکردن. باشترە بۆ تۆ بڕوات بە خوا هەبێت، چونکە ئەگەر ڕاست بیت، ئەوا ئەو بوارەت هەیە بەختەوەریی هەتاهەتاییت پێ ببڕێت و ئەگەر هەڵەش بیت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر باوەڕت بە خوا نەبێت و دەرکەوت تۆ بە هەڵەدا چوویت، ئەوا بەر نەفرەتی هەتاهەتایی دەکەویت، لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت.

ئیتر ئەمە ڕۆشنە، هیچ بگروبەردەیەکی ناوێت، بڕوا بە خوا بهێنە. شتێکی سەیر لەم بەڵگەهێنانەوەیەدا ئه‌وه‌یه که‌ بڕوابوون شتێک نییە، کە تۆ بتوانیت بڕیاری کردنی بدەیت وەک ئەوەی کارێک بێت. هەر هیچ نەبێت، شتێک نییە کە بتوانی بڕیاری کردنی بدە‌ی، وەک کارێک کە ویستی خۆتی لەسەر بێت. دەتوانی بڕیار بدەی بچی بۆ کڵێسا، دەتوانی بڕیار بدەی سوێند بخۆی، کە باوەڕت بە کۆی کتێبی پیرۆزە بە سەروبۆرەوە. بەڵام هیچ یەک لەمانە، ناتوانێت وا لە کەسێک بکات، کە بە ڕاستی باوەڕی پێیان هەبێت ئەگەر وا نەبێت. گرەوی پاسکال هەرگیز ناتوانێت شتێک بێت، بێجگە لەوەی بەڵگە بێت بۆ خۆنواندنی باوەڕبوون بە خوا. بۆیە وا باشتره ئهو خوایەی کە تۆ ئەوا بانگەشەی باوەڕبوونی بۆ دهکهیت، لە جۆری بێئەندازەزان نەبێت، ئەگینا بە درۆکەت دەزانێت.
دوا به‌ڵگه‌ که‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌کات بۆ سەلماندنی بوونی خوا، بەڵگەی بایزێینە، کە بەم دوایییانە لە کتێبەکەی ستیفن یونوین، شیانی خوا باس کراوە. به‌لگه‌که‌ هه‌م لاواز و هەم کەمتر جێی سەرنجە لەچاو ئەوانی تردا.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی کتێبی پیرۆزە، کە هێشتا خەڵکێک هەن، لەو پەیوەندەدا باوەڕیان بە خوا هەیە. ئەم باسە ئاساییە، زێتر بە سی. ئێس. لیویس دەگەڕێنرێتەوە. کە پێوایە، لەبەر ئەوەی عیسا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە کوڕی خوایە، دەبێت ڕاست بێت، ئەگەرنا دەبێت شێت یان درۆزن بێت: ‘شێت، بەدکار یان خوا،’ یان بە لەیەکچوونی دەنگی وشەکان بە شێوەیەکی نەزانانە، ‘دێوانە، درۆزن یان خوا.’ بەڵگەی مێژوویی، کە تێیدا عیسا ئاماژەی بە پلەوپایەیەکی خوایی کردبێت، هەر زۆر کەمە. بەڵام هەتا ئەگەر بەڵگەیەکی وەها باشیش هەبێت، ئەوا ئەو سێ بژاردەیە، کە سەختە کامیان هەڵبژێریت، شتێکی پووچی ناتەواو دەدەن بە دەستەوە. ئەگەری چوارەم ئەوەندە ڕۆشنە، کە پێویست بە ئاماژەکردن ناکات، ئەویش ئەوەیە، کە دروست عیسا بە هەڵەدا چووە. خەڵکانێکی زۆردەکەونە هەڵەوە. هەرچی چۆنێک بێت، وەکوو نوسه‌ر ده‌ڵیت ، هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراوی مێژوویی لە ئارادا نییە، کە عیسا بانگەشی خواییی کردبێت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەندێک شتی قاییلکەر نووسراوە بۆ خەڵکێک، کە ئاسایی ئەم جۆرە پرسیارانە ناکەن: ‘كێ ئەمەی نووسیوە و کەی؟’ ‘ئەوەی نووسیویانە، چۆنیان زانیوە؟’ ‘ئایا واتای ئەو شتانەی، ئەوان لەو کاتەدا نووسیویانە، ئێمەش بە هەمان واتا تێیان دەگەین؟’ ‘ئایا چاودێرێکی بێلایەن بوون یان بۆ مەبەستێکی تایبەتی خۆیان، چۆنیان ویستووە، وایان نووسیوە؟’ هەتا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، لێکۆڵەرەوانی ئایینناسی ڕۆشن و ئاشکرا ئەوەیان بەیان کردووە، کە بەشە ئینجیلەکان گێڕانەوەیەکی باوەڕپێکراو نین بۆ ئەوەی چی ڕووی داوە لە مێژووی جیهانی ڕاستەقینەدا. هەموو ئەوەی کە نووسراوە، لەپاش ماوەیەکی دوورودرێژی دوای مردنی عیساوە بووە هەروەها لەپاش نامەکانی پۆلۆس (لە پەیمانی نوێدا – و. )، کە بەئەستەم ئاماژە دەکات بەو ڕاستییە بانگەشەبۆکراوانە لەسەر ژیانی عیسا. پاشان هەموو ئەمانە، یەک لەسەر یەک کۆپی کراونەتەوە لە ڕێگەی هەندێک ‘نەوەی چرپەکەرانی چینی’ جیاوازەوە و لەلایەن نووسەرانێکی لەهەڵەبەدەر نەبوو، کە هەرچییەک بووبێتن، ئامانجی تایبەتیی ئایینیی خۆیانیان هەبووە.




سه‌ركوتكردن و ئازادی سیكسی …. سمكۆ محه‌مه‌د


ئاسانترین شت تیكشكانه‌. به‌ڵام قورسترین شت دروستكردنه‌وه‌یه‌تی ….

خراپ تێگه‌یشتن له‌جۆره‌كانی ئازادی و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی له‌كولتووری داخراودا. له‌هه‌موو بارێكدا په‌یوه‌سته‌ به‌گوتاری زاڵی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌گوتاری زاڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناوه‌نده‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و پیاوانی ئاینیش قورستری ده‌كه‌ن و بووه‌ به‌كلتوور و یاسا و ده‌ستوور به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌رك و ماف بۆ گشت، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌رابردوودا له‌ئه‌ورپا بینراو بیرمه‌نده‌كانیش قسه‌ی زۆریان له‌سه‌ر كرد وه‌كو كێشه‌یه‌كی زه‌قی كۆمه‌ڵگه‌. مه‌ترسی به‌رهه‌مهینانی ئه‌و ئازادییه‌ بوو كه‌ ئینسانی ساردو سڕ و ژێر ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆیله‌ی گوتاره‌كه‌ی بوون كه‌ دواجار بوو به‌هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ئه‌وان هه‌م سه‌رده‌مه‌كه‌ له‌خزمه‌تیاندا بوو مانای شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هایه‌كی هه‌بوو، هه‌م خۆیان خزمه‌تی ویسته‌ گشتیه‌كانیان كرد و خه‌ڵكیش پێشوازی لێكرد، بۆیه‌ توانیان ریفۆرم بكه‌ن و گوتاری زاڵ نه‌هێڵن وه‌كو سێبه‌ر به‌سه‌ر ده‌ستووره‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستوور بۆ گشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ش فره‌ییه‌ له‌ ئاین و كولتوور و نه‌ته‌وه‌ و هتد، به‌ڵام رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تیش كوردستان كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری فشاری ئاینی زاڵدایه‌، قورسه‌ بتوانێ‌ له‌رێگه‌ی نه‌هێشتنی سه‌ركوتكردنی سێكسیه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئیشكالیاته‌كانی دیكه‌ی بكات كه‌ مانای سه‌ركوتكردنه‌ و كه‌سێكیش سه‌ركوت كرا و كه‌سایه‌تی روخێنرا، ئیدی جارێكی دیكه‌ دروست نابێته‌وه‌.

ئازادی بو سیكس له‌ كومه‌ڵگه‌ی داخراودا، توندوتیژی به‌رهه‌مدێنێ‌ كه‌ ئه‌مه‌ ویستێكی تاراده‌یه‌ك نادیاره‌ له‌لای ره‌گه‌زی مێینه‌، سه‌ركوتكردنیشی جۆرێكی تری په‌رچه‌كردار به‌رهه‌مدێنیته‌وه‌ كه‌ مێینه‌ له‌به‌رامبه‌ر نێرینه‌ ده‌یكات، ئه‌وكاته‌ی كه‌ سێكس ئازاد ده‌كرێ‌، ئه‌وكاته‌ هه‌ست به‌گوتارێك ده‌كه‌ین كه‌ نێرینه‌ به‌دژی خۆی ده‌زانێ‌ و ده‌سه‌ڵاتیش له‌چنگی نێردایه‌، به‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ توشی شڵه‌ژان و تێكچوون دێت و ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی شیرازه‌، به‌تایبه‌تی شیرازه‌ی خێزان كه‌ له‌كوردستان ئه‌لته‌رناتیڤی هه‌موو ئازادییه‌ غه‌ریزیه‌كانه‌، ئه‌و سیستمه‌ رێكخراوه‌ش كه‌ ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌میهێناوه‌، ئه‌ویش خێزانه‌ كه‌یه‌كه‌یه‌ك و ده‌زگایه‌كی چالاكی ئه‌و سیستمه‌یه‌، وه‌ختێكیش كه‌ سه‌ركوت ده‌كرێت، دیسان ده‌بێته‌ هۆی به‌رهه‌مهێنانی فه‌زایه‌كی داخراو كه‌بیری نائینسانی یه‌ و ململانیی له‌باره‌وه‌ كردووه‌ و توڕی هه‌ڵداوه‌، به‌ڵام ته‌كتیكه‌كه‌ له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا یه‌ك شتن، چ ئه‌وه‌ی ئازادییه‌كی بێسنوور به‌رهه‌مبێت، چ ئه‌وه‌ی ئینسان سه‌ركوت بكرێت و جه‌سته‌ی بكرێت به‌ كاڵا.

شۆڕشی سێكسی له‌هه‌ناویدا هه‌م ئیمتیاز و هه‌م سزای هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ وه‌كو شۆڕشی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و هتد، كه‌سێك ئه‌گه‌ر خیانه‌تی كردبێت ده‌بێ‌ له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش سزا بدرێت و بكوژرێت، ئاوهاش له‌ شۆڕشی سێكسیدا خۆ فرۆشی خیانه‌ته‌ و سزاكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و له‌بازاڕدا خۆی وه‌كو كاڵایه‌ك نمایش بكات، سینه‌ما و كۆمپانیاكان به‌شێكن له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وه‌همه‌ی كه‌ ئازادی به‌رهه‌مهێناوه‌ و به‌شۆڕشێكی سێكسی نادیار ناسراوه‌، بۆ نمونه‌ ترادیسیۆنێك كه‌ بارگاوییه‌ به‌ ئاین، به‌ عه‌رف سزای ئه‌و خۆفرۆشانه‌ ده‌دات كه‌ جه‌سته‌یان وه‌كو موڵكێكی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام ترادیسیۆن ئه‌مه‌ قبوڵ ناكات و سزاكه‌ی حازره‌ و كوشتنه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌.

بزووتنه‌وه‌ی یاخیگه‌رێتی له‌ده‌سه‌ڵات، ته‌نها له‌رووی سیاسی په‌تیدا نابینرێت، به‌ڵكو له‌یاخیگه‌رێتی ترادیسیوندا باشتر هه‌ستی بێده‌كرێ‌. وه‌ختێك ده‌بینین ئه‌و تۆڕه‌ تێك ئاڵاوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیدا، ده‌سه‌ڵات خێرا له‌رێگه‌ی یه‌كه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌دا، ئیدی سێكس له‌ پیداویستی ژیانه‌وه‌ ماناكه‌ی ده‌گۆڕێ‌ بو بزووتنه‌وه‌ی دژه‌ كولتوور و نه‌ریت و عه‌قیده‌ ئاینییه‌ كونكریتیه‌كان كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م ئازادی راسته‌قینه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی دروستكراوه‌ و به‌شێكه‌ له‌ سه‌ركوه‌تكردنی ئازادی، به‌ڵام له‌شوێنێكی تردا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زیان ده‌كات، وه‌ختێك سیكس تابۆ ده‌كرێت به‌ئازادیه‌كی وه‌همی، به‌ڵام ئه‌وكات مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌ زیاتر ده‌بێته‌، نمونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێكهێنانی خێزان، یان به‌گوێ‌ نه‌كردنی كولتور.

یان دروستكردنی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و دواترین حاڵه‌تیش جیابونه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ وه‌كو جۆرێكی نوێ‌ له‌ موماره‌سه‌ی ئازادی ژیان ده‌بینرێ‌، ئیدی ئه‌م یاخی گه‌رێتییه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات ترسی لێنیشتووه‌. مه‌ترسی تێكچوونی ئه‌و یه‌كه‌یه‌یه‌تی كه‌ خێزانه‌ و خێزانیش بریتیه‌ له‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ حومكه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئازادی كرد به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان وه‌كو ئێستا هه‌ستی پێده‌كرێ‌. دیسان گوتاره‌كه‌ و ناوه‌ڕۆكی گوتاری ده‌سه‌ڵات دووچاری ئیشكالیات ده‌بێته‌وه‌. له‌حاڵێكدا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌، مه‌ترسی بوونی تاك و بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌كه‌وێته‌ ژیر هه‌ژموونی كومه‌ڵگه‌ و نه‌ریتێكی تره‌وه‌، نه‌ریتێك كه‌دواجار هه‌م تاك و هه‌م كومه‌ڵگه‌ش په‌شیمانن لێی.

بویه‌ ئازادكردن و سه‌ركوتكردنی سیكس، ئه‌گه‌ر به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌كدا بكرێ‌، هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ یه‌كسانن به‌یه‌ك، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تاكو له‌ به‌های ئازادی و ویسته‌ گشتیه‌كان تێنه‌گات و حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیشی وه‌كو پێویستیه‌كی ده‌ره‌وه‌ی غه‌ریزه‌ و وه‌كو به‌شێك له‌ عه‌قڵ نه‌زانێ‌، مه‌ترسی هیچیان له‌وه‌ی تر كه‌متر نییه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بینیمان چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك ئازادیدا ده‌كرێت و كۆنتڕۆڵی ئه‌و فه‌وزایه‌ ناكری كه‌ خوڵقاوه‌، فه‌زایه‌ك كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر خاكی نیشتیمان سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌دره‌وه‌ی كوردستان، ئه‌و كولتووره‌ سه‌پێنراوه‌ نابینرێت و كاری پێناكرێت، چونكه‌ له‌وێ‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ڵقینكراو و دڵڕه‌ق نییه‌ حوكم به‌سه‌ر ئازادیخوازێكدا بپسه‌پیچنێ‌ كه‌ به‌ئازادی جه‌سته‌ی خۆی به‌كارده‌هێنێت بۆ دامركاندنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌كانی، هه‌ڵبه‌ته‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی له‌كاتێكدا راسته‌ كه‌ ئینسانی سه‌ركوتكراو نازانی موماره‌سه‌ی ئازادییه‌ك بكات كه‌ له‌منداڵییه‌وه‌ تابۆ بووه‌ و له‌گه‌وره‌یشدا نامۆ ده‌بێت پێی، بۆیه‌ سه‌ركوتكردن و خراپ به‌كارهێنانی ئازادی یه‌كسانن به‌یه‌كتر.




به‌رژه‌وه‌ندخوازی قه‌ڵه‌م … سه‌ردار جاف

راستكردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئاراسته‌ ڕێی بریار و بیركردنه‌وه‌ و شه‌مه‌نده‌فه‌ری سه‌ر هێڵی ئاسنینی دوور مه‌وداكانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌و هه‌نگاوه‌وه‌ چرۆ ناكات كه‌ نوسینه‌كان هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ئامێز و دژباوی ره‌وته‌ سیاسییه‌ هه‌رێمایه‌تی و جیهانبینییه‌كان بن، ئه‌و جۆره‌ قه‌ڵه‌مانه‌ی به‌م دیدگایه‌ بیركردنه‌وه‌كانیان زاخاو ده‌ده‌ن و ئاسۆكانی هزری و عه‌قڵمه‌ندییان به‌رفراوان ناكه‌ن، ئه‌وا له‌ چوارچێوه‌ی ئابڵوقه‌ دوورێكی ئابووری به‌رژه‌وه‌ندخواستی له‌ ده‌ڵه‌مه‌ی منداڵدانی ئاوه‌زه‌كانیانه‌وه‌ هاوێر ده‌بن و شه‌رمنده‌ی ره‌وته‌ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌واتای به‌رگریكردن و پارێزه‌رگر و میراتگری ره‌وته‌ باوه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو دیفاكتۆیانه‌ ده‌ڕوانینه‌ كۆی رووداوه‌كان، هه‌ڵه‌به‌ته‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌ ته‌واوی پارت و لایه‌ن و گروپه‌ سیاسییه‌كانیه‌وه‌ هێنده‌ خه‌ڵكی قاڵبووی تێدایه‌ كه‌ بزانن چ ده‌گوزه‌رێت و ناكرێ ئێمه‌یش سه‌رپێیانه‌ له‌و كه‌سانه‌ بڕوانین، كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ زور بوێر و پێ له‌ به‌ڕه‌ درێژ ده‌كه‌ن، و له‌ رووبه‌روویانیشدا شێرێكی نێو داوی مشكێكی چكۆڵه‌ن، به‌ دیدگای ئه‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان عه‌یانه‌ لای ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ په‌نهانه‌، نه‌خێر له‌وێ بیركردنه‌وه‌كان چ له‌ رووی جیاوازی ئایدیا چ له‌ رووی بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان جیاواز و هه‌مه‌لایه‌نه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ په‌ی پێ ده‌به‌ن له‌ سه‌دا هه‌شتا و پێنج بۆ نه‌وه‌تیان له‌ كن پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان روون و ئاشكران و پێشتر خوێندنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ و كاردانه‌وه‌كانیشیان له‌ به‌رچاو گرتووه‌، هه‌ندێجاریش ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌ ئه‌مه‌یش به‌واتای ئه‌وه‌ نییه‌ بیریان بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌چوو بێت ، لێ ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ی كه‌سانی ئاسایی روونه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ كۆی سیاسه‌ت و پێشهاته‌كاندا هه‌ن، بۆیه‌ كاتێك قه‌ڵه‌مه‌ بوێره‌كان ده‌یانه‌وێت نوسینێكی ره‌خنه‌ئامێز یا رێنیشاندانێكی سیاسیانه‌ی چاره‌نووسساز به‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ نیشان بده‌ن، گه‌ره‌كه‌ بیركردنه‌وه‌كانیان په‌یوه‌ستبوونێكی قووڵی به‌ ئاسۆیه‌كی هزرمه‌ندانه‌ی به‌رفره‌وه‌ هه‌بێت، جا ئافاته‌كه‌ له‌وێدایه‌ له‌و خودان قه‌ڵه‌مانه‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێك له‌و لایانه‌ سیاسییانه‌ بن كه‌ بڕیار به‌ده‌ستن، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به‌رژه‌وه‌ندخوازی نه‌بێت، ده‌كارێ ئه‌و بیرو دیدانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانا هه‌ڵاوێر بكا، ئه‌وانه‌ باش له‌وه‌ حاڵین كه‌ دیوی دووه‌می رووداو و پیَِشهات و ساسییه‌كانی بۆ خراوه‌ته‌ روو و ئاقیبه‌ته‌كه‌ی ده‌زانێ، ناچار به‌لای كه‌مه‌وه‌ یا ئه‌زعه‌فه‌لئیمان ، یه‌ك من و تۆ و خوێنه‌ری پێ ختوكه‌ و جۆش ده‌دات، دوو جاڕدانی ناوده‌ركردن و پێناسه‌ی خوده‌ و لێره‌یشه‌وه‌ ده‌نگه‌كانی كۆنگره‌ی ئاینده‌ی حیزبه‌كه‌ی مسۆگه‌ر ده‌كات .

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




لانی كه‌م ده‌توانم منداڵی ئه‌م عه‌سره‌ نه‌بم … عه‌زیز ڕه‌ئووف

له‌ فۆرمی كۆمسیۆنه‌كه‌ نوسراوه‌” به‌ڵی و نه‌خێر” ، واته‌ تۆ ئازادی به‌ نهێنی كام وشه‌ هه‌ڵده‌بژێری، به‌ڵام مه‌كینه‌یه‌كی ئیعلامیت داناوه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ نه‌خێر ده‌نگ بدات خائینه‌. ده‌بێت هه‌ڵبژێریت له‌نێوان سه‌ركرده‌ی قاچاخچی وڵات و سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره‌كانی عیراق. خودایه‌ ئه‌مه‌ چ فۆرمێكه‌ له‌ بانگه‌شه‌؟ ئه‌مه‌ چ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌م چ شێوازێكه‌ له‌ وه‌رگرتنی ڕای خه‌ڵك؟ لانی كه‌م بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی نیگه‌رانیه‌كانی ناوخۆ پیویستمان به‌ دیبه‌یت و قسه‌كردنی جدیه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بیست و شه‌ش ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر چۆك، ئێستا بوون به‌ فریادره‌س و ئه‌م دۆخه‌ ده‌كه‌نه‌ بیانویه‌ك بۆ به‌خائینكردنی ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌ ڕیفراندۆمێكی ساخته‌ هه‌یه‌. عه‌زیزان خۆ نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌یوتبوو نه‌خێر به‌خائینتان كرد و ده‌تانویست به‌ بیانوی لێدان له‌ ئاسایشی نیشتیمانی دادگایی بكه‌ن؟ خۆ ڕۆژنامه‌نوسان نه‌یانوتبوو نه‌خێر تیرۆرتان كردن؟ براده‌ران ڕیفراندۆم كه‌ دوا دروشمی ئێوه‌یه‌ و هیچ مژده‌یه‌كتان نه‌ماوه‌ بۆ خه‌ڵكی به‌یان بكه‌ن، بیانویه‌كی باشه‌ بۆ هاتنه‌وه‌ سه‌ر شانۆی سیاسی و خه‌ڵكیش باش ده‌ناسن كه‌ هه‌ر جاره‌ی به‌ مژده‌یه‌ك هه‌ڵده‌په‌ڕێت.

من له‌ نیشتیمانێكدا ده‌ژیم خیانه‌ت ده‌بێته‌ جێگه‌ی شانازی،
مافیا باس له‌ سه‌ریه‌خۆیی ده‌كا و دزه‌كان له‌ یه‌كسانی ده‌دوێن و قاچاخچیه‌كان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتن. من دوای ئه‌م دروشمانه‌ ناكه‌وم. كێیه‌ هه‌ستی ناسیۆنالیستی ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ ناتوانێت شه‌ڕی قاچاخچیه‌كان بكات، دڵخۆشه‌ به‌ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌. من له‌و مه‌عده‌نه‌ نیم دوای ئه‌م دروشمانه‌ بكه‌وم. من ئه‌و منداڵه‌ نیم ده‌ستم ئاماده‌ بێت بۆ چه‌پڵه‌ی ئه‌م مه‌خلوقه‌ ناشرینانه‌ی كه‌ تا پیرتر ده‌بن ناشرینتر و ده‌نگ نه‌سازتر و دورتر ده‌بن له‌ من و له‌ كۆڵانه‌كانی نیشتیمان.
ئیدی عه‌سری مه‌رگی دیالۆگ و دیبه‌تی عه‌قڵانیه‌ و دۆخه‌كه‌ چۆڵ كراوه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ و هه‌ستی ناسیۆنالیستی بێ بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵێك بۆ بیربردنه‌وه‌ی سته‌م و ناشرینیه‌كانی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك به‌ده‌ستی داگیركه‌ران نا به‌ڵكو به‌ده‌ست كورد خۆی.
له‌م دۆخه‌ ناعه‌قڵانیه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێت بڵێم منداڵی ئه‌م عه‌سره‌ نیم.




ئایندەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان … شێرزاد وڵاتدۆست

لە دوای هەنگاونانی حکومەتی هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دوور لە چاودێری حکومەتی ناوەند و ‌هیچ دامەزراوەیەکی ناخۆیی بۆ چاودێری لە چەند ساڵی ڕابردوو ، کە لە ژێر ناوی هەنگاونان بەرەو ئابوریەکی سەربەخۆ ئەم هەنگاوە ندرا، چاوەڕێی ئایندەیەکی گەش و بوژانەوەی ئابوری زیاتر لەم هەنگاوە دەکرا ، بەجۆرێک هەموو لایەک بەم هەنگاوە دڵخۆشبوو کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی باری دارایی هەرێم و باشتربوونی گوزەرانی خەڵک و کەمتربوونی هەژموونی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند لەسەر هەرێمی کوردستان ، لێ دەبێت بڵێین بەداخەوە وەک زۆرێک لە هەنگاوەکانی تری حکومڕانی کوردی لە 26 ساڵی ڕابردوو ئەم هەنگاوەش ئەنجامێکی باشتری لێ بەدینەهات ، بەڵکو ئەم هەنگاوە وای کردی ئەو بڕە بودجەیەش ببرێت کە ساڵانە بەڕێژەی 17% لە بوجدەی گشتی حکومەتی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرا ، بەم هەنگاوە هەڵایەی حکومەتی هەرێم باری ئابوری و دارایی هەرێمی بەشێوەیەکی بەرچاو بۆدواوە گەڕاندەوە ، کە نەدان و دواکەوتن و پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی حکومەت و وەستانی پرۆژە خزمەت گوزارەیەکان دروستبوونی دەیان قەیراندا لێ بەرهەمهات ، هەروەها جیا لە کەڵەکە بوونی قەرزێکی زۆری کۆمپانیە نەوتیەکان و قەرزێکی زۆری تری ناوخۆیی لەسەر هەرێمی کوردستان ، کە لێرەدە دەمەوێت شرۆڤەیەکی کورت بۆ ڕێژەو و ئایندەی ئەو قەرزانە بکەم ،کە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو لەسەر هەرێم کەڵەکە بوون.
ئاشکرایە خەمڵاندی بڕ و ڕێژەی قەرزەکانی سەر هەرێم کارێکی ئاسان نیە لە ئێستادا ، چونکە جگە لەچەند کەسێکی پلە بڵندی ناو حکومەت و چەندبەرپرسی دەستڕۆیشتووی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار ، هیچ کەسو دامودەزگەیەکی تر لە هەرێمی کوردستان ئاگاداری هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ کۆماپنیا نەوتیەکان و وڵاتانی دراوسێ و وەرگرتنی هیچ بڕە قەرزێک نیە ، جگەلەوەش بەشارەوە هێشتنەوەی ئەم ڕێکەوتنانە هێندە زیاتر گومان دەخاتە سەر لاوەزی لایەنی حکومەتی هەرێم لە کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکان ، کە ئەمەش بێگومان لە بەرژوەندی لایەنی بەرامبەردایە ، کە بە ویستی خۆی هەر خاڵێکی ویستبێتی بەسەر لایەنی حکومەتی هەرێم داسەپەندویەتی ، هەر ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووە لە بەشاراوە ‌‌هێشتنەوەی ئەو ڕێکەوتنانە تاوەکو ئێستا کراون ، لەگەڵ ئەوەی ئەو شوێنانەی قەرزییان لێکراوە دامودەزگایەکی فەرمی نین وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان هەر وڵاتێکی ناسراوی دونیا ، بەڵکو وەک وەزیری سامانە سروشتیەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنەمە نووسی لەم ساڵانەی دوای ڕاگەیاند لە چەند برادەرێک و چەند کۆمپنیایەکی نەوتی ئەو قەرزنایەن کردووە ، بەڵام تا ئێستاش نەزانرا برادەرەکانی حکومەتی هەرێم کێن کە وا بە ئاسانی قەرزی سەدان ملینۆن دۆلاری دەدەن بە حکومەت! .
لەگەڵ ئەو هەموو ناڕوونیەی زۆرەی لەم پرسە گرنگە بوونی هەیە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە شیکارێکی سادە و ئاسانی ئەو ژمارەنەی جاروبار لە دەمی بەپرسی حکومی و حزبی هاتووەتە دەر لەچەند بۆنەیەکد ، دەتوانین بگەینە ژمارەیەکی نزیک لەو بڕەی قەرزەی هەنوکە لەسەر حکومەتی هەرێمە کۆبووەتەوە .
بەجۆرێک ئەگەر ئە قەرزانە پۆلێنبکەین بۆ دووبەشی جیاواز ، واتا دابەشیان بکەیەن بەسەر قەرزی ناوخۆیی و قەرزی دەرەکی : ئەگەر سەرەتا لە قەرزە ناوخۆیەکانەوە دەستپێبکەین ، کە خۆ دەبینێتەوە لە پاشەکەوتی موچە و نەدانی 5مانگی بەشێکی زۆری موچە لە ساڵی 2015 و نەدانی پارەی ئەو کۆماپانیانەی کە پڕۆژەی خزمەتگوزاریان ئەنجام داو یاخود ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبووە بۆ فرۆشتنی دەرمان یان بابەتی تر ، ئەگەر ئەو 5 مانگی نەدانی موچەی فەرمانبەران بە 700 ملیۆن دۆلار بخەمڵێنین بۆ هەرمانگێک ، ئەوا کۆی ئە پارەیە دەکاتە 3.5 ملیار دۆلار بۆ 5مانگ ، هەروەها ڕوونە کە کۆی گشتی موچەی فەرمانبەران پێشتر نزیک بوو لە 850 ملیۆن دۆلاربۆ هەر مانگانێک ، کە لەئێستادا کۆی ئەو بڕە بۆ مووچە کراوە بە نیوە واتا نزیک لە 400 ملیۆن دۆلار ، کە دەکرێت لەڕێگای ئەم دوو ژمارەیەوە بگەین بەو ڕێژەی ئەو قەرزەی موچە خۆران لە ژێر ناوی پاشەکەوت لای حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوو ،بەم جۆرە ئەگەر 450 ملیۆن لێکدانی 24 مانگی بکەین دەگەین بە 10.8 ملیار دۆلار بۆ ساڵەکانی 2016 و 2017 کە وەک پاشەکەوتی موچە لای حکومەت ماوە ، هەروەها جیا لەوە ئەگەر بێت و ئەو قەرزی کۆمپانیا ناوخۆیەکان کە ڕوون نیە چەندە بڕەکەی هەرچەندە بە چەند ملیار دولارێک ئەمیش دەخەمڵیندرێت کۆیبکەینەوە لەگەڵ ئەو دو بڕەی سەرەوە ئەوە بە نزیکی دەتوانین بڵین بە نزیکەی 16 بۆ 17 ملیار دۆلار تەنها قەرزی ناوخۆیی هەیە لەسەر حکومەتی هەرێم ، کە ئەو ڕێژەیەش بێگومان ڕێژەیەی زۆرە لە قەرز .
هەرچەندە ئەگەر بێت و قەرزە دەرکیەکانی حکومەت بخمەڵین ڕووبەڕووی ئاساتەنگێکی زۆرتر دەبینەوە ، چونکە هیچ بەرچاو ڕونیەک نیە بەهۆی بەتەواوتی بە شارەوە هێشتنەوەی ئەو پرسە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بڕی ئەو قەرزانە بە نزیکەی دەیان ملیار دۆلار بخەمڵینرێت ، کە ڕێژەی زۆریان هی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەیە کە لە بواری دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن ، کە دواهەمین جۆر لەوقەرزە لەم مانگە لە کۆمپانیا ڕۆزنەفرت رووسی چەند کۆمپانیای تر کرا ، بە بڕی زیاتر لە 1 ملیار دۆلار بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیانی داناغازی ئیماڕاتی بۆ کۆتایی ‌هێنان بە كێشانەی نێوان حکومەت و ئەو کۆمپانیایە ، کە لای هەموومان ڕوونە حکومەتی هەرێم بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەو کۆماپانیایە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار لە دادگا نێودەوڵەتیەکانی ئەوروپا چەند ملیار دۆلاری بەم کۆمپانیایە دۆڕاند.
ئەگەر بێت و باسی کۆی قەرزەکان وئایندەی ئەوقەرزانە بکەین ، دەگە ینە ئەو خاڵەی کە بڕی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم نزیکە لە 30 ملیار دوڵار لە ئێستادا ، کە بێگومان ئەم ژمارەیە لە قەرز ژمارەیەکی یەکجار زۆرە بۆ کە حکومەت لە چەند ساڵێکی کەم کەوتبێتە ژێرباری قەرزێکی وەها زۆرەوە ،هەرچی سەبارەت بە ئیندەی ئەو قەرزانەیە ، دەکرێت بپرسین ئاخۆ حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو قەرزانە بداتەوە؟ ، یاخود هەرنەبەێت هەرێم دەوانێت ڕیژەی ئەو قەرزانە کەم بکاتەوە بیر لەوەگرتنی قەرزی تر بەم ڕێژە زۆر نەکاتەوە لەکاتێک کاربەدەستانی هەرێم باس لەسەربەخۆی جیابوونەو لە عێراق دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک هەرێمی کوردستان بوو بە دەوڵەت ئەوکاتە دەتوانن قەرزی نێودەوڵەتی بکەن؟! . لێرە جێی خۆیەتی هەڵوێستەیەک لەسەر ئایندەی قەرزەکانی سەر هەرێم بکەین ، کە دەکرێت بەم شێوەیە وڵام بدەینەوە بۆ قەرزەناوخۆیەکان کە پێکهاتووە لە موچەی 5 مانگ وپاشەکەوتی 2 ساڵی موچەی فەرمانبەران و قەرزی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، ئەوا ڕەنگە حکومەت نیازی نەبێت ئەم قەرزە بداتەوە لە ئایندەیەکی نزیک ، هەرچی سەبارەت بە قەرزە دەرەکیەکانە ئەو ئەگەر هەوڵێکی جدی نەدرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەیەکی نزیک ، ئەوا بێگومان دەبێت لەبری دانەوەی ئەو قەرزانە حکومەت بلۆکی نەوتی تر لە خاکی هەرێم بەو کۆمپانیا نەوتیانە بدات لە بری قەرزەکانیان ، وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بینیمان حکومەت دوو بلۆکی نەوتی دا بە دوو کۆمپنیای نەوتی لە بری ئەو قەرزەی لای حکومەتی هەرێم هەیان بوو ، ئەمەش خۆی لە تاڵانکردن و هەڕاجکردنی سامانی هەرێم دەبینێتەوە ، جگە لەوەش ئەگەر بێت و ئەو قەرزانە لە ماوەیەی دیاریکراو نەدرێنەوە بە کۆمپانیەکان ئەوا دەبێت لە ئایندە حکومەت لەجیاتی دانەوەی ئەو قەرزانە ئەو سودە زۆرەی ڕۆژانە دێتە سەر ئەو قەرزانە بداتەوە ، کە پێدەچێت لەکاتێکی ئمیزاکردنی ڕێکەوتنامەکان خاوەن قەرزەکان بە ویستی خۆیان ڕێژەیەکی بەرزیان بۆ سودی سەر قەرزەکان دانەبێت ، کە تاکە سودمەند هەر خوودی خۆیانن زەردمەندی یەکەم و کۆتایی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی .




دووله‌سه‌ر سێی سێ پارێزگای هه‌رێم ده‌توانێت بریاری په‌رله‌مانه‌كه‌ی عیراق ره‌تبكاته‌وه‌

دووله‌سه‌ر سێی سێ پارێزگای هه‌رێم ده‌توانێت نه‌ك بریاری په‌رله‌مانه‌كه‌ی عیراق به‌ڵكو ده‌ستوره‌كه‌شیان ره‌ت بكاته‌وه‌

عیماد عه‌لی

دیاره‌ ئه‌مرۆ له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و بیروبۆچون و دیده‌ی نوێنه‌رانی عیراق له‌ئاست كورددا دایان نیشانی سه‌رجه‌م جیهانی دا و بۆ دۆست و دوژمنی ده‌رخست كه‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا چۆن به‌ خێرایی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی كورده‌وه‌ بریاری خۆیان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یان بۆ هه‌ندێك خۆشباوه‌ری كوردیش به‌ گۆرینی عیراق سه‌لماند كه‌ تا ئێستا و وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ر سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نێوخۆیی كوردستان چوبونه‌ ژێر ركێڤی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی عیراقه‌وه‌ تاراده‌ی هه‌ڵوێستی سه‌لبیشیان هه‌بوو له‌مه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كوردیش .
مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ میراتیه‌ باوه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ی كه‌ پابه‌ندن ( به‌ئه‌و بۆچونه‌ هاورده‌ بیابانیه‌ی؛ ده‌بێت برا له‌پشت برابێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌رناحه‌قیش بیت) و وه‌ك كلتورێكی تایبه‌تی خۆیان ئێمه‌ی كوردی دلساف و خاوه‌ن سۆز و دوور له‌ پێویستیه‌كانی به‌ عه‌قڵ بریاردان به‌ خۆشباوه‌ریمان تا ئێستا وا به‌م شێوه‌یه‌ ماوینه‌ته‌وه‌ .
بۆیه‌ وا پێویست ده‌كات كه‌ هه‌لوێستی كوردستان له‌ ئاست ئه‌م ته‌حه‌دایه‌ بێت و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوویی له‌م كاته‌دا به‌ هه‌نگاوه‌ كرده‌وییه‌كان ده‌بێت، جارێك با ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌م بریاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق هێزی یاسایی چۆنه‌ و چۆن وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ :
1-ئه‌م بریاره‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ئامانج و خه‌ون هه‌وڵ و ته‌قه‌لای مێژینه‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه‌، به‌ ته‌نها له‌كاتێكدا جێی خۆی ده‌گرێت كه‌ له‌ به‌ژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت و بابه‌تێكی له‌م جۆره‌ی وه‌ك بریاری ریشه‌یی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی واته‌ جیابونه‌ و؛ جیابونه‌وه‌ش واته‌ خۆ قوتاركردن و خۆده‌ركردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م یاسا و بریاره‌كانی عیراق به‌ هێزی ده‌نگدان و هه‌ڵوێستی خه‌ڵك و هێزی یاسایی هیچ به‌هایه‌كی بۆ كوردستان نامێنێت .

2- ئه‌گه‌ر دووله‌سه‌ر سێی خه‌ڵكی سێ پارێزگای هه‌رێمی كوردستان هاوده‌نگ بن و بریاری خۆیان به‌ یه‌ك شێوه‌ بده‌ن، ده‌توانن ده‌ستوری عیراق ره‌تبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رووی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی عیراقه‌وه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها بریارێكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌ ده‌نگی هه‌مووان ره‌تبووه‌، واته‌ به‌ده‌نگدانی دوو له‌سه‌ر سێی خه‌ڵكی دوو پارێزگای كوردستان بهۆ ریفراندۆم، ده‌ستوره‌كه‌ی عیراق هێزێكی یاسایی نامێنێت و سه‌رجه‌م یاسا وبریاره‌كانی عیراق و په‌رله‌مانه‌كه‌ی پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ له‌ئاست كوردا و هیچ هێزێكی به‌ یاسایی نامێنێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م یاسا و بریاره‌ پێشینه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بۆ كوردستان پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌.
3-بایكۆت كردنی نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق یه‌ك ده‌نگی كوردی ده‌رخست و ئه‌و به‌هانه‌ش به‌ده‌سته‌وه‌ نادات كه‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌ نه‌بونی یه‌كگرتوویی كورده‌وه‌ نانو پیازه بخۆن و، واتا بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مان عیراق بووه‌ته‌ بریارێكی نه‌ته‌وه‌یی زۆرینه‌ی سه‌رده‌ست له‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌سته‌ی كه‌مینه‌، نه‌ك بریاری سه‌رجه‌م عیراقیه‌كان به‌ قه‌وڵی خۆیان .

بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ پر له‌ واتا و زۆر ئاسایی و چاوروانكراو و دوور له‌ راچڵه‌كێنه‌ی ئێمه‌مانان، وای كرد كه‌ ئه‌وانه‌ی تائێستا باوه‌ریان به‌ پێكه‌وه‌ ژیان هه‌یه‌ و عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكی عیراق به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و پشتخانه‌وه‌ ناناسن و تا ئێستاش نه‌یانزانی كه‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و تا راده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌وشێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی مافی گه‌لانی تر بپارێزن و رێز له‌ ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵكی غیره‌ خۆیان بگرن . بۆیه‌ پێوویسته‌ به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و تائێستا خه‌ریكی خۆخۆری و ململانێی لابه‌لای زیانبه‌خشی چاره‌نوسمان بووین، له‌م كاته‌دا قه‌ره‌بووی كاته‌ به‌ فیرۆ رۆیشتووه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ یه‌كگرتوویی وه‌ڵامی سه‌رجه‌م هه‌ڵوێسته‌كانی نه‌یاران بده‌ینه‌وه‌، بۆیه‌:
1-ده‌بیت ئه‌مرۆ كه‌ له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاری بێ شێوه‌ین له‌م سه‌رده‌مه‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سی و حزبیه‌ رێگر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا رێی لێگرتوین، بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بده‌ین و به‌ یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ وه‌ڵامی نه‌یارانی مێژوییمان بده‌ینه‌وه‌، ئا له‌م كاته‌دا ده‌توانین به‌ هێزی گه‌ل و هێمنی و یه‌كگرتویی حزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و وه‌لانانی شتی لاوه‌كی و به‌ هێمنی هه‌ڵوێست و بۆچونی كوردستانیانه‌ب به‌هێزه‌وه‌ و به‌ ره‌فتاری عاقڵانه‌ وه‌ڵامی راست و دروستی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بده‌ینه‌وه‌، هه‌ر له‌م كاته‌شدا ده‌زانین كه‌ كورد چه‌ند تامه‌زرۆی رزگاری یه‌كجارییه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ قوربانی بۆ ده‌دات .
2- به‌ زووترین كات په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و به‌ یه‌ك ده‌نگی و تێكرا بریار له‌سه‌ر ریفراندۆم بده‌ن و وه‌ڵامێكی یاسایی گورچكبری بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بده‌نه‌وه‌ و ئه‌و بریار و بۆچونه‌ تایبه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌ یاسا بۆچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌ .
3- له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا به‌ هه‌موو جیهانی رابگه‌یه‌نین كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ داواكردنی مافی خۆی راناوه‌ستێت و دواناكه‌وێت و له‌ كاتی خۆیدا ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین و سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین .
4- ناوچه‌ دابراوه‌كان و سنوره‌كانی كرودستان بپارێزین و هه‌مووان به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كاندا بكه‌ین و به‌یه‌ك ده‌نگ و بۆچون و هه‌ڵوێست و ئامانجی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ جیهان ده‌رخه‌ین .
5- نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌روه‌ بده‌ن و به‌یه‌ك ده‌نگ ئه‌م بریاره‌ به‌ كرده‌وه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ و دراسه‌تی قوڵی بكرێت ئه‌گه‌ر به‌ قازانجی بزانین بكشێنه‌وه‌ بۆ كوردستان، یان بریار له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی عیراق بدرێت له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی كوردستاندا، بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، تا ئه‌وكاته‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ كاته‌دا به‌ خۆرسك سه‌رجه‌م ئه‌و كاروباره‌ لابه‌لایانه‌ خۆی له‌ خۆیدا یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌ .
بۆیه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ حزبه‌ كوردستانیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ولێرن، له‌ ئاست ئه‌م كرده‌وه‌ی په‌رهله‌مان و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست هه‌ڵوێستی خۆیان به‌ ده‌نگی به‌رز و به‌هێزه‌وه‌ ده‌ربرن و پیشانی بده‌ن كه‌ له‌م جۆره‌ ره‌فتار و بۆچون و هه‌ڵوێستانه‌ گه‌لی كوردستان و نوێنه‌رانیان هیچ سازشێك ناكه‌ن .




كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل … د.سه‌عید تۆفیق

چاپكراوی نوێ‌ ….

عەبول موتەڵیب عەبدوڵڵا
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌
چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2017

ئه‌و كتێبه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتووه‌:
– پێشه‌كی نوسه‌ر:
(1) زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر.
له‌ زمانی هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ فیكری هایدگه‌ر، له‌ باره‌ی زمان و بیركردنه‌وه‌
(چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌ره‌تاییانه‌)
– شاره‌زایی زمان.
– زمان و شیعر (شاره‌زایی زمان له‌ شیعردا)
-زمان/شیعر/بیركردنه‌وه‌ (زمان وه‌ك بنه‌مای فیكر و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی).
(2) بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر.
– سه‌ره‌تایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی فیكری گادامێر و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی.
-بنه‌ماكانی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی:
1- هیرمینۆتیكا وه‌ك ئاراسته‌یه‌ك له‌ راڤه‌كردن:
2- تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن:
3- هونه‌ری دیالۆگكردن:
-سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌.
3- هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدگه‌ر و گادامێردا.
– قه‌یرانی تازه‌گه‌ری: قه‌یرانی فۆرم و میتۆد.
– هیرمینۆتیكای هاوچه‌رخ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرم و میتۆده‌وه‌.
– یه‌كه‌م: هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرمه‌وه‌.
– دووه‌م- هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت میتۆده‌وه‌.
1- وه‌همی بابه‌تگه‌رایی… وه‌همی میتۆد.
2-رۆڵی خود له‌ كرده‌ی راڤه‌كردندا.
راڤه‌كردن وه‌ك دیلۆگكردن له‌گه‌ڵ ده‌قدا.
ا-دیالۆگ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌یه‌.
ب-دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق.




ڕێی عیشق … به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌‌‌ نێوان دوو گردی پرته‌قاڵیی مه‌مكه‌كانت
حه‌زم لێیه‌
به‌ ڕێی عیشقدا بڕۆم.
نازانم ده‌گه‌مه‌ كوێ؟
به‌ڵام حه‌زم لێیه‌ بگه‌مه‌:
شاری گه‌وره‌ی دڵت و
مێرگی سه‌وزی خوار سكت و
كانی شیرینی ناو ده‌مت و
ته‌می سپی هه‌ناسه‌ت و
كیشوه‌ری نه‌دۆزراوه‌ی ڕۆحت و
به‌هه‌شتی عه‌ده‌نی جه‌سته‌ت.
حه‌زم لێیه‌ ببمه‌ حیكایه‌تێك
له‌سه‌ر زارت
بۆ ئه‌وانی دیكه‌ بمگێڕیته‌وه‌.
حه‌زم لێیه‌ باسم كه‌ی
لای هاوڕێكانت.
حه‌زم لێیه‌ وه‌ك كاهینێك
بێمه‌ ناو په‌رستگه‌ی چاوه‌كانت.
حه‌زم لێیه‌
له‌ مێژووی جه‌سته‌ت بڕوانم
بیدۆزمه‌وه‌ شوێنه‌واری كۆنینه‌ی عه‌شقی خۆم.
حه‌زم لێیه‌
له‌ مۆزه‌خانه‌ی ڕۆحت بگه‌ڕێم
بیدۆزمه‌وه‌ توحفه‌ی شكاوی یادگاری
خۆم و خۆت.
حه‌زم لێیه‌ جارێك به‌ ناوی خۆت بانگت كه‌م
بێ ((خان)) و بێ ((مان))
تۆش پێم بڵێی: ((كوره‌ به‌خه‌، ئه‌ی خۆشه‌ویست گیان!)).

به‌ختیار محه‌مه‌د




خێر نەدیو …. پشکۆ ناکام

“..بۆ کۆچی دوایی هاوڕێم حەمە ئاوات”
هاوڕێ ی خێر نەدیو
بۆ کوێ ئەچیت..!
بۆ لای دایکت
یان هاوڕێیانی لە خوێن گەوزیو..!
وەک باڵندەی کۆچەری
هەر شەقاوت نا
نە بە ئارامیی
گەیشتیت
نە زانیت
هێلانەی ئاسودەیی
لەو دیو بوو
یان ئەم دیو
حەمەی خێر نەدیو
گەرمایی ” بوون”ت،
بە مەستی بێ ئومێدی
کز تر و کز تر کرد..
و
هەموومانی سڕ کرد
سڕ بوونی کە تۆ چی تر ناگەڕێیتەوە
خۆزگە دووشەممەکانی
هەموو رۆژ ژمێرەکان
ئەبوون بە ڕۆژێکی نەدیو
هاوڕێ ی خێر نەدیو
بۆ کوێ ئەچی…
یادەکانت
درەختێکن ، ووشک نابن
لە گەڵ هەر یادگارییەکا
گەڵای تازە تر و تازە تر
ئەگرن
هاوڕێ ی خێر نەدیو
.. دوا کۆچتە..
زامەکانت
سەر لێ شێواو
هەر یەن و ئەچن
تا شەوانی
تەنیایی
ژێر خاک
لەیلایەت بۆ بکەن
ڕۆمانی خێر نە دیوەکانی
ئەم ژیانە ” لێڵ”ە ت
بۆ باس بکەن
” ئاوات ” ی
بە ئاوات نەگەیشتوو
ئەی هاوڕێ ی
خێر نەدیو..

،،،،،،،،،،،،،،،
پشکۆ ناکام
11/ ی سێپتەمبەر 2017




تابلۆی نیشتمان … ستار ئەحمەد

رۆحه‌كان باڵی په‌پووله‌ن
به‌ گه‌ڵای گڕه‌وه‌ نووساون
كانیه‌ك شه‌ماڵێك ماچبكات
دڕكێك گه‌رووی ده‌مژێ‌
خه‌مێك شیعرێك هه‌ڵواسێ‌
ناونیشانێك له‌ئاسۆوه‌
به‌تینی سۆز ده‌برژێ‌
شه‌و كاڵای به‌فر له‌به‌ر ئه‌كاو
سه‌رینی به‌رد كوڵمی ئه‌سڕێ
خه‌و یاسای عه‌شق نازانێ
له‌ پێش كوختێكی پڕ له‌ خوێنا
په‌نجه‌ی زاری تاریكییه‌و
گوێی رۆژگار ئاوێكی قه‌ترانی
له‌ ژوانێك ده‌گه‌ڕێم
به‌ باڵای ته‌نیاییم بشێ
له‌ هه‌وڵی دڵسۆزیم په‌راوێك ئه‌زبه‌ركا
بۆ شانۆی عه‌شقێكی سیحراوی
سێبه‌رم پێشمه‌رگم كه‌وتووه‌
ده‌می مار ده‌روازه‌ی گوزه‌رمه‌
ده‌زانم له‌شه‌وبای هه‌ناسه‌یه‌كا
بۆ خۆزگه‌ی كۆرپه‌یه‌ك ده‌مرم
زڕباوكی سه‌حراویه‌و
لانكی لم‌و به‌رد
دایكێك ده‌ناسێ
خه‌ڵووزی ژێر گڕی خوێنڕێژه‌
كراسی شه‌وێكم
له‌به‌ری شیعرێكی زاخاوا
به‌قه‌د ئه‌شكه‌نجه‌و
ئاڵای برینی هه‌ڵه‌بجه‌ درێژه‌
له‌ سایه‌ی دادگایه‌كدا ده‌ژیم
عومر ددانی گورگه‌و
به‌روار خه‌نه‌ی په‌رچه‌می راستیه‌
بۆ كیژێك ده‌ژیم
نه‌مانی ئه‌لبوومی مێژوویه‌ك درۆیه‌
سێبه‌ری قه‌ڵه‌مم
له‌ ته‌وری زه‌بر ئه‌ده‌ن
له‌ به‌های هه‌ڵوێستم دوو دڵن
ئه‌مانه‌ شاگردی ئه‌نفالچی‌و
پرسگه‌ی باڵوێزی بارووتن
عاشقی قامچی‌و
ئێشكچی فیرعه‌ون‌و تابووتن
گه‌واڵه‌ی ردێنی هه‌ورێكی سپی
روحه‌كان كێش ده‌كاو
ده‌روازه‌ی به‌هه‌شتێك ئه‌دره‌وشێ
له‌ كاروانی به‌زه‌یی جێماوم
ژووره‌كه‌م كه‌شتیه‌ك تیژڕه‌وه‌
بۆ دوڵێك یه‌كجار قووڵ
ته‌نی شیعرو سازی ته‌مه‌نم ده‌بات‌و
به‌روحی شه‌واره‌ی خۆما راناگه‌م
گڕێكی ئاڵ.. پرشنگی شارێكی سووتاوه‌
به‌دواما ده‌گری , فرمێسكی ئاگر
ناسنامه‌م لوول ئه‌دات
ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وان چوون
قژی تۆپزاوه‌ په‌ڕه‌بوو
ته‌لبه‌ندی باخچه‌كان له‌ جه‌رگی خاكا
خوێنیان تۆو ئه‌كرد
خواناسێك دڵی نه‌بووه‌ , وێردو
ژانی ماف تێكه‌ڵی گڵ بكات
رێسایه‌ك به‌ كوردی نه‌دواو
یاسایه‌ك بانگێكی راستی بۆ نه‌درا
كه‌ شه‌و هات جیهان بێئاگا
له‌ ژاری خه‌وا بوو
ئه‌و كاته‌ قه‌ڵه‌مم گه‌رووی دارگوێزو
ده‌روونم لاپه‌ڕه‌ی په‌ڕتووكی دارابوو
ته‌خته‌یه‌ك سپیان هه‌ڵواسی
به‌ ره‌نگی سیا مێژوویان تۆماركرد
دورگه‌یه‌ك چۆڵ‌و هه‌وارێك خاپووریان
خسته‌ نێو ساڵنامه‌ی مێژووی كورد
كه‌چی مه‌لایه‌ك نه‌بوو به‌تاڵی ردێنی
فتوایه‌ك بۆ خودا بهۆنیته‌وه‌
په‌رستگایه‌ك نه‌بوو
برینی به‌ سوێی گه‌رمیان‌و كوێستان
به‌ په‌ڕه‌ی سیخارێك بپێچێته‌وه‌
ته‌رمه‌كان له‌ روحیان ده‌گه‌ڕن
گوڵ‌و خاك ئاكاریان ده‌ژمێرن
جه‌سته‌یه‌ك ده‌یه‌وێت
به‌ گه‌ڵا ئابڕووی حه‌ق داپۆشێ
په‌نجه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵقه‌ی بووكێنی ده‌گه‌ڕێ
باسكێك به‌دوای دراوسێكه‌یاندا وێڵه‌و
ده‌یه‌وێت تاوێك له‌گه‌ڵیا هه‌ڵپه‌ڕێ
چرۆیه‌ك به‌ دیار لاسكێ ژاكاوه‌وه‌ گرمۆڵه‌ بووه‌و
به‌ بسكی ئافره‌ت‌و كچه‌كه‌ی ده‌یچوێنێ
ده‌ستێك به‌ دیار چڵێكه‌وه‌ ده‌گری
ده‌یه‌وێت وه‌ك خامه‌ نووكی داهێنێ
هه‌تاكو هه‌واڵێك بۆ دایكی بنێرێ
هه‌رگیانه‌و ده‌فڕێ
نیگایه‌ك نییه‌ چاوێك كاڵ په‌یداكا
هه‌تاكو به‌رده‌رگای ماڵیان ببینێ‌
كوردستان له‌ چوارلا په‌رچه‌می ده‌بڕن
زه‌حمه‌ته‌ روحت به‌ئاگر هه‌ڵواسن
له‌بۆته‌ی ژه‌هرو خوێن داتڕێژن
به‌ زامی جه‌رگت
تابلۆی نیشتمان‌و مێژووت بكێشن




.. پێشمه‌رگایه‌تی …… دڵشاد تاقانە

خه‌فیفه‌..

سه‌رباسه‌کی نه‌گونجاو ناخۆشی عه‌ره‌بیه‌ به‌ڵام ناچاری واده‌کا بێ وه‌رگێڕانه‌ سه‌رزمانی کوردی بیهێلینه‌وه. ئه‌ویش هاوبه‌نده‌کی دیکه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیه‌ چونکه‌ هاوسه‌ردمی هه‌شتاکان بوو، ڕژێمی عێراقی ئه‌وسا لۆ گڵدانه‌وه‌ی هه‌ڵاتووه‌ سه‌ربازه‌کانی شه‌ڕی ئێران ـ عێراق کورده‌کانی کۆده‌کرده‌وه‌ له‌سه‌رێک نه‌بنه‌ پێشمه‌رگه،‌ سه‌ره‌که‌ی دی خه‌ڵک به‌ناوی بوون به‌جاش قه‌ڵسبوون به‌ناوی فه‌وجی خه‌فیفه‌ پارسه‌نگه‌کی عه‌سکه‌ریان ده‌داتێ وه‌ک خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازی، له‌لایه‌کی دیش ده‌کرێ دژی شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ کۆبکرێنه‌وه‌ و به‌کاربهیندرێن له‌پاراستنی ڕێگاوبان و مۆڵگه‌ دیاریکراوه‌کان به‌رامبه‌ر به‌هه‌شتاوپێنج دیناری مانگانه‌، دوو هه‌فته‌یه‌ک ده‌چوونه‌ مۆڵگاکان یان ئه‌گه‌ر له‌مووچه‌که‌ی خۆشبا ئه‌وا هه‌رله‌ماڵی به‌زه‌غه‌لی پاری ده‌داوه‌.

کۆمه‌ڵه‌ک سه‌رخێل و هه‌لپه‌رست فه‌وجیان لۆکراوه‌ هه‌نده‌کیشیان به‌پرسی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش بوونێ له‌جیاتی که‌سانی به‌د و خوێنڕێژ ئه‌وانه‌ ڕێیان پێدرا لۆ پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو ڕژێمه‌وه‌! ڕاستیه‌که‌ی جاش کوڕی که‌رێ یه‌ و خه‌فیفه‌ش که‌ر کوڕی که‌رێ.

له‌به‌رچاوی پێشمه‌رگه‌ مامه‌ڵه‌ی جاشیان لۆ ده‌کرا زۆرجار ده‌که‌وتنه‌ که‌مین و به‌کوشتن سزا ده‌دران به‌داخه‌وه‌ چونکه‌ به‌باران و به‌به‌فرێ هه‌رله‌زستانێ ده‌ڕوا واته‌ کوشتنی کورد به‌ده‌ستی کورد بوو هه‌رکاملا بکوژ یا کوژراو هه‌رقازانجی ڕژێم بوو، کوردهاڕین بوو له‌ئاشی پێشمه‌رگایه‌تی، سه‌ربازی، جاشایه‌تی به‌خه‌فیفه‌وه‌ یان فیراری گرتن و ئیعدام! باشه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ڕۆیی و ناگه‌ڕێته‌وه‌ که‌س نابیته‌ خه‌فیفه‌ چونکه‌ ئێستا زۆر له‌و خه‌فیفانه‌ی جاران بووینه‌ به‌رپرس و له‌حیزبایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداری پێش پێشمه‌رگه‌ که‌وتینه‌وه مۆڕه‌شمان لێده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کونیه‌که‌یان ئاشکرا بکه‌ین خۆ به‌ناوه‌ ناوه‌کانیش مایه‌ ئی که‌س ڕه‌ش نه‌کرایته‌وه‌ هاهاهها.

جاره‌ک له‌چالاکیه‌کی پێشمه‌رگانه‌ی‌ ڕێگای کۆیه‌ ـ هه‌ولێر خه‌فیفه‌ک گیرا و یه‌کسه‌ر کوشتیان، له‌وکاته‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینی جوانه‌مه‌رگ سه‌باح عبدلمنعم ناسراو به‌( سێوه‌قۆڕ) لۆ به‌زم گۆتی: ڕاوه‌ستن ئێستا ئه‌من ده‌زانم ته‌ڵقینی ده‌ده‌م..
ئه‌ی جاش خه‌فیفه‌ ئه‌ی کوڕی که‌رێ
ئێستا دوو پێشمه‌رگه‌ت دێنه‌ سه‌رێ
هه‌ویه‌که‌ت له‌باغه‌رێ ده‌هیننه‌ده‌رێ
ده‌رێن: ئه‌توی جاشی کوڕی که‌رێ؟
هیچ مه‌ترسه‌ و به‌زمانه‌کی فه‌سیح
هه‌رچیان لێ پرسی هه‌ربرێ به‌رێ

Dlshadtakana@yahoo.com




خوێندنی زمانی کوردی بۆ مناڵان لە شاری تۆرۆنتۆ

دایکان وباوکانی خۆشەویست

ئاگادارتان دەکەینەوە کە خوێندنی زمانی کوردی بۆ ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨. دەست پێ دەکاتەوە
لێرەوە پێم خۆشە سوپاسی هەموو ئەو خێزانانە بکەم کە کە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا، بۆ بەردەوامی خوێندنی زمانی کوردی پشتیوانیان لێ کردووین.
ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ مناڵەکانتان کە فێری زمانی دایکیان (زمانی کوردی) ببن. وە سوودی دەبێت بۆ مناڵەکانتان لە ئەمڕۆو داهاتویاندا وە یارمەتیان دەدات توانای خۆیان بنیات بنێن لە داهاتوودا،خۆیندنی زمانی کوردی لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی ئۆنتارێۆولە ناو زمانە نێونەتەوەیەکان بەفەرمی ناسراوە وەک کرێدت بۆ خویندکارەکان هەژمار دەکرێت.
لە هەر کاتێکدا دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ناونوسکردنی مناڵەکانتان
Sargol Ahmad: Kurdish Instructor
(T) 647-929-0299
(E) sargulah@yahoo.com

Free Kurdish In Toronto
International Languages-Elementary/ African Heritage

Dear Parent/Guardian/Caregiver.
We are planning to have our Kurdish Class for the upcoming 2017-2018 school year
I would like to say thank you to all the families for their continued support for the last three years in Toronto.
This is a a good opportunity for your children to learn “KURDISH their mother tongue, It is a benefit for your children today, and helps them build skills for the future.
Registration Day for Kurdish class Saturday, September 16, 2017

In person at Lord Roberts Junior Public School
165 Lord Roberts Dr
Kurdish class start Date: Saturday, September 23, 2017 at Lord Roberts JPS.
From: 9:30 AM To 12:00
We look forward to seeing you and your children there!
Contac information:
Kurdish Instructor: Sargol Ahmad
(T) 647-929-0299
(E) sargulah@yahoo.co