مارکس لەدیدی (جێسکا کاسل)ەوە …. لە وەڵام بە پرسیاری دەنگەکان

ئەم چاوپێکەوتنە درێژەی مەلەفێکە سەبارەت بە کارڵ مارکس لە 2010وە درێژەی هەیە….
دەنگەکان

جێسیکا کاسڵ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی رایەرسن لە تۆرنتۆ-کەنەدا. لەبواری نیشتەجێبوون، تەندروستی دەروونی، ئالودەبوون، دادی کۆمەڵایەتی، توندو تیژی خێزانی، کاری کردووە. لە حەوت ساڵی رابوردوودا بەگوڕ و تینێکی زۆرەوە تێکەڵ بەخەبات بووە لە پێناو سۆسیالیزمدا و ئێستا ئەندامێتی تەواوی بۆردی ڕێکخەرو نووسەری ئۆرگانی Fightback ی (Marxist.ca)یە (هەوادارانی مارکسی جیهانی) لقی کەنەدایە کە بوونیان هەیە لە زیاتر لە سی وڵاتی جیهاندا.
جێسیکا وەکوو مارکسستێك، گرنگیەکی تایبەتی داوە بە دۆزی ژنان و گەنجان و بەستوویەتیەوە بەخەباتی چینایەتیەوە و بە جەنگ دژی سیستەمی سەرمایەداری.

دەنگەکان:
1) گەلێک ڕۆشنبیربانگەشەی بەسەرچوونی مارکسیزم وەکو فەلسەفەیەک بۆ گۆڕینی جیهان ئەکەن. لەبەرامبەریشدا کەسانی تر هەن باوەڕیان وایە کەوا مارکسیزم توانای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە لە ڕژێمی سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆماندا. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم دوو ڕا دژبەیەکە چۆنە؟

وەڵام: ئێمە پێویستە لە خۆمان بپرسین، ئەگەر مارکسیزم پەیوەندی بە جیهانی ئەمرۆمانەوە نیە، بۆچی میدیای بۆرژوا و ئەکادیمێکانیان بەردەوام هێرشی بۆ دێنن؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، کەواتە هێرشەکانیان وەکو لێدانی ئەسپێکی مردوو وایە. لێرەدا هۆ هەیە وامان لێ دەکات گوێ نەگرین لە بوختان و پەلامارەکانی مۆدێلی چەقێتی گۆی زەوی لە گەردوون (باوەڕی باو و باڵادەست تا سەدەی شانزە کە گۆی زەوی بە چەقی گەردوون دائەنا و ئەستێرەکانیشی بەدەوردا ئەخولانەوە)- ئەمە لەبەر ئەوەیە کەوا لە زووەوە نەسەلمێنراوە و چیتر پێویست بەوە ناکات گفتوگۆی لەسەر بکرێت!
هۆی هەوڵی بەردەوامی بۆرژوا بۆ پوچەڵ کردنەوەی مارکسیزم بەدەقیقی ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە مارکسیزم نەک تەنها پەیوەندیدارە بەڵکو ئاشکراکەری ڕاستییەکانیشە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوریەی کە ئەوان خوازیاری پاراستنین. بیرۆکەکانی مارکس و ئنگڵز، کە لە مانیفێستی کۆمۆنیست بەرجەستە کراوە و لە کارەکانی دواتریش پەرەیان پێ دراوە، پێشبینی و شرۆڤەی دیاردەکانی جیهانگیری و قەیرانی زیا بەرهەمی جیهانی ( کە ئابوریناسە بۆرژواکان بە خواربەکارهێنراو” under consumption” ئاماژەەی پێ ئەکەن لە هەوڵی شاردنەوەی دەم و چاوی ڕاستی پرۆسەکە)، چڕبونەوەی سامان لە دەستانێکی کەمتر و کەمتردا، پەرەسەندنی کۆمپانیا نێودەوڵەتێکان و مۆنۆپۆڵێکان، جەنگ و قنیات کردن. مارکسیزم تەنها شیکرەدنەوەی بۆ پرۆسە ئابورێکە نەکردووە بەڵکو شیکردنەوەی بۆ بنچینەکانی چەوساندنەوەی ژن کردوە و بناغەشی بۆ تێگەیشتن بۆ جۆرەکانی تری چەوساندنەوە و جیاڕەگەزی لە 150 ساڵی رابوردودا دانا. پەوەیست بوونی بیری مارکسیزم بەژیانەوە لەمە زیاتر ئەبێ چۆن بێت کە ڕووداوە جیهانیەکان بە بەردەوامی سەلماندوویانە.

لەهەمان کاتدا، فەیلەسوفان و ئابوریناسانی بۆرژوا نەیانتوانیوە هیچ کام لە کێشە بنچینەییەکانی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری چارەسەر بکەن. پێیان وتین گوایە ئەمە گونجاوترین سیستەمی ئابوریە و لەبەرزترین ئاستی مرۆڤایەتی، کەچی هێشتا بە ملیۆنەها کەس بێکارن، بێ جێگاو ڕێگان، بێبەشن لە خزمەت گوزاری تەندروستی، لە خوێندن، لە خواردن و لە ئاو. ئێستا کە من ئەمە ئەنووسم، تەنها لە شەش مانگی داهاتوودا بیست ملێۆن کەس ڕوبەڕوی مەرگ ئەبێتەوە لە برساندا، هەرچەندە بڕی خواردنی بەرهەم هێنراو لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەشی دە ملیار کەسە. ئەمە چۆن سستمێکی لەبارە؟!
لە ڕاستیدا ئەوە تێۆری ئابوریناسانی بۆرژوا و فەیلەسوفە سیاسیەکانیانە کە زۆر بە ئاشکرا شکستی هێناوەومەحاڵە لەسەر ئەرزی واقیع بسەلمێنرێ. لەدوای قەیرانە جیهانێکەی 2008، کێ ئەتوانێ قسە لەسەر تیێۆری “دەستی نادیار” بکات کە گوایە بازار خۆی ڕێک ئەخاتەوە و هاوسەنگ ئەبێتەوە؟ لە2008 ەوە قەرزی جیهانی بە ملیارەها دۆلار زیای کردووە و هەندێ وڵات بەئاستەم بەشە قەرزەکانیان لەوادەی خۆیدا پێ پەیدا ئەکرێ بەوێنەی یۆنان. 2008 تەنها نۆبەرەی قەیرانێکی گەلێک قوڵتر و کێشە هەژێنترە. ئەم قەرزانەی دەوڵەت ئەگوێزرێتەوە و ئەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و گەنجان لە ڕێی بەتایبەت کردنی کەرتی گشتی، قنیات کردن، کەمکردنەوەی کرێ دەست و دەستکەوتەکانی تر. لەگەڵ زیادبوونی ناجێگیری ئابووری، سەرەتای هەڵکشانی خەباتی چینایەتی ئەبینین لە هەموو جیهاندا. ئابوریناسان و دەستەی بیرمەندانی سەر بە سەرمایەداری خۆشیان هۆشداری ئەدەن لە ئەگەری یاخیبوون و هەڵگیرسانی شۆڕش، ئەگەر ڕەوشەکە بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەشدا چارەیەک بەدی ناکەن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.

تەنها مارکسیزم شیکردنەوەی بۆ ئەم قەیرانە گشتگیرەی ئێستا هەیە و ئەتوانێت ئەلتەرناتیڤەکەشی پێشکەش بکات. ئەوە ڕاستیەکی بابەتیانەیە کەوا بەشی هەمووان و بەزیادیشەوە سەرچاوەی بژێوی وسامان هەیە کە بەستاندەرێکی شیاو هەموو بژین، (بەتایبەتی کە بزانین دەوڵەمەنترین هەشت کەسی دونیا سامانەکانیان بەقەدەر سامانی 50٪ سامانی چینی خوارەوەی خەڵکی سەر گۆی زەویە). تەنها بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ بۆ دەسکەوتتی تایبەت ڕێگرە لە دەستەبەر کردنی پێداویستی زۆرینەی دانیشتوانی سەرزەوی. سۆشیالیزم تەنها ڕێگایە بۆ بەرەوپێش چوون!

دەنگەکان:
هەوڵگەلێك هەیە کەوا مارکس تەنها وەك فەیلەسوفێك بخوێنرێت لە بواری ئەکادیمیدا، لەلایەکی تریشەوە گروپ و پارتە مارکسیستەکان مارکس وەکوو کیانێکی ئادێۆلۆجی پێشکەش ئەکەن. دیدی ئێوە بۆ مارکس لەنێوان فەلسەفە و ئایدێۆلۆجیدا چۆنە؟

وەڵام: مارکسیزم بریتیە لە چۆنیەتی تێڕوانین و تێگەیشتنمان لە دنیای دەوروبەرمان. لەم هەستپێکردنەوە، مارکسیزم ئایدێۆلۆجیا و فەلسەفەشە لەهەمان کاتدا. لەڕاستیدا من هیچ جیاوازیەکی ڕوون لە نێوانیاندا نابینم، ئەتوانین بڵێین هەموو بۆچونێکی ئایدیۆلۆجی بنەمایەکی فالسەفی هەیە. بۆ مارکسیزم، فەلسەفەی ماتیریالیزمی دیالیکتیك بنەما و ڕێگایەك بوو کە لێیەوە هەموو سیستەمی بیرکردنەوەی مارکسییانە پەیدا بوو. ئاگادار بین یان نا، سەیرکردنی جیهان بەبێ چاویلکەیەکی ئایدیۆلۆجی یان فەلسەفی یان چوارچێوەیەکی بیرکردنەوە کارێکی مەحاڵە. بەڵام ئەگەر فەلسەفەیەکی بەکردەیی سەرکەوتووشت نەبێ؛ ئەوە ئەگەری دواکەوتنت لە دنیابینی باوی مێژوویی و ئابوری – کۆمەڵایەتی سەردەمەکەی خۆتدا هەیە. مارکس ئەوەی ڕوون کردەوە کە دیدی باوی کۆمەڵگا دیدی دەسەڵاتە، کەوا زەمینەیەکی ئیدیاڵ بۆ فۆرمی بەڕێوەبردنەکەیان لە چەوساندنەوەو دەستبەسەراگرتن دەستەبەر ئەکات. بۆیە زۆر گرنگە کەوا چینی چەوساوە و ژێردەست فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

مارکس دەستنیشانی کردوەو کە کاری فەلسەفە تەنها تێگەیشتن نیە لە دنیا، بەڵکو گۆڕاندنیشیەتی. هەروەها ماتریالیزمی دیالیکتیك بە دەقیقی فەلسەفەی گۆڕانە و چۆن هەموو گۆڕانکارێکانیش دەرئەنجامی هێزە دژەیەکەکانە. لە سروشتدا بێت یان لە ژیانی کۆمەڵایەتی. زیاتر بڵێن، گۆڕانکارێکان پلە بە پلە ڕوو نادات بەڵکو زۆر بەخێرایی و تەقینەوە ئاسا ئەبێت. پەیوەست بەم مێژووەوە ئەبینین چۆن خەباتی چینایەتی دژبەیەکی چەوساوەکان و چەوسێنەرەوەکان مێژووی بەرەو پێش جولاندوەو بوەتە هۆی ناو بە ناو تەقینەوەی شۆڕشگێریانە و گۆرانکاری لە کۆمەڵگادا کردووە. ئەمەش پێشبینیەکی ترسناکە بۆ چینی سەرمایەداری کە سیستەمەکەیان و بەهاکانی بە شیاوترین و سروشتیترین سیستەمی بەڕێوەبردن دائەنێن بۆ مرۆڤایەتی.

کێشە لە پرۆسەی فێرکردنی فەلسەفەی مارکسیزم بەشێوەیەکی سادە بە بێ بەستنەوەی بە مێژوو و ئابوورییەوە، ئەوەیە کە ئامانجە شۆڕشگێڕیەکەی لەدەست ئەدات. تەنها ئەبێتە فەلسەفە لەپێناو فەلسەفە نەك وەك ڕێنیشاندەرێك لە پێناو خەباتی چینایەتی و گۆڕنکاری کۆمەڵایەتی بەمەبەستی ئازادکردنی جەماوەری چەوساوە. مارکسیزم ئەگەر وەکو ڕەخنەیەکیش لە سیستەمتی سەرمایەداری لە دەزگا ئەکادیمێکاندا بخوێنرێت، بەبەردەوامی و بەڕادەیەکی زۆر دەرئەنجامە شۆڕشگێریەکەی بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەرمایەداری لە دانوسان و گفتوگۆ دوور ئەخرێتەوە. ئەمەش شتێکی چاوەڕوان کراوە چونکە دەزگا ئەکادیمێکان بەزۆری لەژێر کاریگەری کۆمپانیاکاندان و سەرچاوەی دارایشیان لە دەوڵەتەوەیە کە لەکۆتاییدا هەر بەرگریکەری ڕژێمی سەرمایەداریە. هەروەها ئەمە باڵادەستی تێۆرەکانی پۆست مارکسیی وەکو پۆست-مۆدرینزم و پۆست-سترەکچەرڵزم ڕوون ئەکاتەوە، کە بە شێوەیەکی کارا لە بنەما سیستەماتێکەکانی چەوساندنەوە و دەستبەسەراگرتن کەم ئەکاتەوە (تەماوی ئەکات). ئەو بیرۆکانەی کە لە ئنستتیوتە ئەکادیمێکانی سەر بە دەزگا ئابورێکان ئەوترێتەوە، لەژێر کاریگەری و بیروباوەر و بۆچونی ئەو دەزگا ئابوورەییانەدان.

مەخابن لەدەرەوەی ئەکادیمیاکانیش تەنانەت لە نێو گەلێ لەو ڕێکخراوانەی کە ناوی خۆیان ناوە ڕێکخراوی مارکسی، زیاتر مارکسیزم بە شێوەیەکی دۆگمایانە وەرگیراوە. بەڵام مارکسیزم دۆگما نیە، تۆ ناتوانی ئاماژە بە وتەیەکی مارکس یان لینین لە دەرەوەی کۆنتێکست (سیاق<کۆی راستی و بیروبۆچونەکانی پەیوەست بە ڕووداوێك>) بکەی بەتەنها بۆ بەکارهێنان لەسەر هەر دۆخێکی ئەمڕۆدا. واتە ئەبێ لە ڕەوشە کۆنکڕێتیە بابەتیەکاننەوە دەست پێ بکەین بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان هێزە دژبەیەکەکان بۆ تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و دڵنیایی لە سەر ئەنجامە ئەگەرییەکان- ئەمە شێوە دیالیکتیکی مارکسیزمە (dialectic method of Marxism)، نەک دۆگمایەکی مردووی چەقبەستوو.

دەنگەکان:
ڕاپرسی و ژمارەکان وای پیشان ئەدەن کەوا مارکس بوونێکی بەرچاوی هەیە لە نێو لاوان وچالاکوانانی نەوەی نوێ، ئەم هەبوونەی مارکس لە بیر و چالاکی لاوانی ئەمڕۆدا چۆن لێك ئەدەیتەوە ؟

وەڵام-) زۆر سەختە ئەگەر سەیری هەموو جیهان بکەین لەمڕۆدا و بەو ئەنجامە نەگەین کەوا شتێکی بەڕاستی هەڵە دەگوزەرێ. سیستەمی سەرمایەداری جیهانی زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی سەر گۆی زەوی خستۆتە نێو ترسناکترین و ڕوخێنەرترین دەرئەنجامەکانی سیستەمەکەیەوە. لە بیرەوەری گەنجاندا هیچ سەردەمێكیان نەبینیوە کە تیایدا سەرمایەداری توانیبێتی ژیان بە ستاندەرێکی ئابڕوومەندانە دەستەبەر بکات. ئەوان لە سەرمایەداری تەنها قەیران و داڕوخانیان دیوە. هەروەها ئەوان بەشێك نین لە ورەبەردەرانی نەوەکانی پێشتر کە بەهۆی داڕوخانی یەکێتی سۆڤێت و خیانەتی دەیەهان ساڵەی سەرکردە کارەکان و پارتە سۆشیاڵ دیموکراتەکان و پارتە “کۆمۆنیستیە” ستالینێکان لە هەموو جیهان. لە کۆتایشدا، لاوان بە شێوەیەکی زۆر تایبەت هەستیارن لە بەرامبەر قەیرانەکانی سەرمایەداری. ئەمانە لە سەردەمێکدا خوێندن تەواو ئەکەن کە قەرزی خوێندن و ڕادەی بێکاری و دڵەڕاوکێی کاری کاتی وهەڵکشانی ڕۆکێت ئاسای تێچووی ژیان و داڕوخانی ژێرخانی دام و دەزگا کۆمەڵایەتێکان لەڕادە دەرچووە. سەرمایەداری تەنها داهاتوویەکی ڕەشیان پێشکەش ئەکات بۆیە بەدوای جێگرەوەیەکدا ئەگەڕێن. گەنجانێکی زۆر بێزراون لە ڕەگەز پەرستی و وەحشیگەری پۆلیس، لە جیاکاری لەسەر بنەمای سێکس جێندەر و جۆرەکانی تری زوڵم لێکردن و جیاکاری. بۆیە بەدوای ڕێگایەکدا ئەگەڕێن لە پێناو ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەم کارەساتانە.

گەنجانێکی زۆریش توندڕەو بوون بەهۆی ڕووداوگەلێك کە لە هەندێک وڵاتدا دەگوزەرێ وەکو بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەی کرێکاران و گەنجان لە وڵاتی یۆنان و ئیسپانیا، شەڕی دانێشتوانی هەندێ وڵات لە دژی سەدەها ساڵ لە داگیرکاری و ژێردەستی، خراپتر کردنی ڕەوشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا نموونەی قەیرانی پەنابەران و دەیانی تریش . جا بۆیە گەنجان لە دەرئەنجامی هەموو ئەم کێشانە ئەگەنە ئەنجامی پێویستی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە. کەسانی وەکو بێرنی ساندەرز لە ئەمەریکا و جێرمی کۆربن لە بریتانیا ڕۆڵیان هەبووە لە بە میللیتر کردنی (زیاتر قبوڵ کردنی) سۆشیالیزم، بەڵام پێویستە کەوا گەنجان و کرێکاران بەخۆیان فێربن لە بری ئەم جۆرە مارکانەی سۆسیالزم، کە بەڕاستی پینەکردنی سیستەمە سەرمایەدارێکەیە. کە لە کۆتایشدا بە سەلامەتی ئەیهێڵێتەوە. ئەوەی بەڕاستی پێویستە گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگایە. ئەگەر تۆ ئارەزوی شکاندنی لۆژیکی سەرمایەداریت نەبێت ئەوە ئەبێ بەزۆر ملکەچی بیت. وەکوخیانەتەکەی الیکسیس تسیبراس لە یۆنان، کە بەتەواوی پاوان کرا لەلاێەن سندوقی دراوی جیهانی و بانکی ئەوروپیەوە. ڕووداوی لەم جۆرانە سنوورداری ریفۆرمکردنی سیستەمەکە دەرئەخەن و ملێۆنەها گەنج ئەخاتە سەر ئەو باوەڕەی کەوا سۆشیالیزم تەنها وەڵام و ڕێگە چارەیە و ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرمایەداری تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.


لە ئنگلیزیەوە/ نەجات عزيز / 18-05-2017




له‌باره‌ی فێمینزمی كوردیه‌وه‌ … سمكۆ محه‌مه‌د

مه‌سه‌له‌ی ژن .. مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ……

فێمینیزم چییه‌؟ ……

فیمینزم ره‌وتێكی فكری رادیكاڵی ژنانه‌ دژ به‌سیستمی باوكسالاری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌م ره‌وته‌ له‌ئه‌نجامی توندوژی به‌رامبه‌ر به‌ژنان هاتۆته‌ ئاراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی كه‌ ژنان تاڕاده‌یه‌ك ئازادبوون له‌نێو حیزبه‌ سیاسیه‌كان، ژنان له‌چاوی پیاوانه‌وه‌ به‌ پله‌ دوو هاتوون، دواتر ئه‌م ره‌وته‌ فۆڕمی گۆڕا بۆ ره‌وتێكی توندڕه‌و به‌رامبه‌ر به‌پیاو له‌رۆژئاوا، به‌تایبه‌تیش سیستمی قه‌شه‌سازی و پاپا و كڵێسا ته‌ماشای بوونی ژنانیان ده‌كرد، ئیدی چه‌مكه‌كه‌ له‌پزیشكیه‌وه‌ بوو به‌ره‌وتی فكری سیاسی ژنان و درێژه‌ی كێشا تائه‌و راده‌یه‌ی رۆژهه‌ڵاتیشی گرته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت “بۆیه‌كه‌مجار زاراوه‌ی فیمینیزم (feminzme) سه‌ره‌تا به‌شێوه‌ی نیمچه‌ بابه‌تێكی پزیشكی به‌زمانی فه‌رانسه‌یی بۆ گه‌شه‌ی ئه‌ندامه‌كان و تایبه‌تمه‌ندی ره‌گه‌زی نه‌خۆشه‌كانی ژنانو دواتر به‌تایبه‌تی بۆ پیاوێك كه‌ پزیشكه‌كان وای بۆده‌چوون پزیشكه‌كان كه‌ هه‌ندێكجار پیاوان جه‌سته‌یان له‌ژن نزیكه‌ و (tenssexwal) یان ئه‌و پیاوانه‌ی به‌جه‌سته‌ی خۆیانه‌وه‌ ئازاریان ده‌كێشا، پاشان ئه‌لكسه‌نده‌ر دیری نوسه‌رێكی ناسراوی فه‌رانسه‌یی بوو، ئه‌و زاراوه‌یه‌ی له‌نامیلكه‌یه‌دا بۆ ئه‌و ژنانه‌ به‌كارهێنا كه‌ مێردیان هه‌یه‌ و به‌رواڵه‌ت وه‌كو پیاو هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن” .. (1)
بۆچونێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ فیمینزم چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌یه‌كی یاسایی نییه‌ و له‌ساڵی 1873 هاتۆته‌ نێو كولتووری فه‌رانسه‌ییه‌وه‌ و دواتر تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگرتووه‌ و هه‌ڵگری پێناسه‌ و پێكهێنه‌ری رێبازێكی تایبه‌تی وه‌رگرتووه‌ و پاشان پاشگری ئیزمی بۆ زیاد كراوه‌، چونكه‌ بووه‌ به‌ ئایدیایه‌ك له‌ ئایدیاكانی یه‌كسانیخوازی ژن و پیاو له‌ژیاندا، ئه‌و ره‌وته‌ پێشتر توندڕه‌و نه‌بوون، چونكه‌ ئیلهامیان له‌و تێگه‌یشتنه‌ی ماركس وه‌رگرتبوو كه‌ ده‌یگوت ” له‌سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ژنان كۆیله‌ن له‌ژێر ده‌ستی پیاو و هه‌تا یه‌كسانی به‌ده‌ست نه‌یات، ژنان به‌كۆیله‌یه‌تی ده‌مێننه‌وه‌”. دواتر كه‌سانی وه‌كو (رۆژه‌ كاوز و سیمین دی بۆڤارا) و ده‌یان ژن ده‌ركه‌وتن پێشڕه‌واتیان كرد و بوون به‌ تیوریستینی ئه‌و ره‌وته‌و و توندڕه‌وی تێكه‌وت.

(میری دیلی) وه‌كو كۆمه‌ڵناسێك له‌راپۆرتێكدا له‌باره‌ی ژنانه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی پیاوان و سه‌ركوتیان ده‌كه‌ن ئه‌نجامیداوه‌ و ده‌ڵێ‌ ” وه‌ختێك پیاوان بانگه‌شه‌ی خاوه‌ندارێتی كه‌ره‌سته‌ی ژیانی به‌كارهێناوه‌ و دابینی كردووه‌، هه‌روه‌ها وه‌كو خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌كی به‌هێزی جومگه‌، هێزی كاری دابینكردووه‌، ئیتر هاوسه‌ره‌كانیان ده‌كردن به‌ به‌خێوكه‌ری منداڵ و ده‌یانخستنه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌ و په‌راوێزیان ده‌خستن”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ پیاوان كه‌ڵكیان له‌زه‌بر و زه‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان وه‌رگرتووه‌، ئه‌م ره‌وته‌ له‌سه‌ده‌ی 19 زیاتر سه‌ریهه‌ڵداو بوو به‌باو له‌نێو ژنان و به‌تایبه‌تیش له‌ رۆژئاوا، دواتر گه‌شه‌ی كردوو و ره‌وته‌كه‌ گه‌یشته‌ رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تیش ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلام ناسراون، (قاسم ئه‌مین) نوسه‌رێكی به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌به‌ و له‌كتێبی ( المراه‌ الجدیده‌) ده‌ڵێ‌ پێشتر هه‌وڵێك له‌نێو دونیای عه‌ره‌بی ئیسلامیش هه‌بوو ژنان له‌دژی پیاوان بێنه‌ده‌نگ نه‌بن و داوای مافی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام شه‌ریعه‌ت ئه‌وه‌ی بۆ ژنی دانابوو ده‌بوو په‌یڕه‌وی بكات و ئاینیش بۆچوونی كۆنكریته‌ و نه‌ده‌بوو بگۆڕدرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ژنانی ئیسلامیش كه‌مێك له‌زه‌بر و زه‌نگ و كوشتن و په‌راوێزخستن دوور بكه‌ونه‌وه‌، له‌وێوه‌ ده‌ستیان پێكرد سه‌ره‌تا له‌گرینگیدا به‌نه‌خۆشی ژنان و بردنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ و چاره‌سه‌ریان له‌و سه‌روه‌خته‌دا و دواتر چوونیان بۆ به‌رخوێندن و پاشان مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و شوكردن به‌ئاره‌زووی خۆیان و هتد، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها له‌نێو ئه‌شراف و بنه‌ماڵه‌ ناوداره‌كان بوون، چونكه‌ ژنه‌كانیان به‌ناز بوون له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌بوو به‌عاده‌ت بۆ ژنانی وه‌كو بنه‌ماڵه‌ ئاساییه‌كان، (د. ئیمام عه‌بدولفه‌تاح ئیمام له‌و كتێبه‌ی وه‌ریگڕاوه‌ به‌ناوی ( ئه‌فڵاتۆن و ژن) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ ژنانی خستۆته‌ ژێر ركێفی پیاوانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیان به‌فه‌لسه‌فه‌وه‌ هه‌بووه‌ و فه‌لسه‌فه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌، مه‌سه‌له‌ی هۆكاری لاوازی جه‌سته‌ی ژنان كه‌ له‌رێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكیه‌وه‌ هاتۆته‌ به‌رباس، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان درووستكردووه‌ و سه‌پاندوویه‌تی و به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می یۆنانی كۆندا هاتووه‌، كه‌ ژنان ناتوانن سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن، مه‌گه‌ر ده‌گمه‌ن ژنێك هه‌ڵبكه‌وێ‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك سه‌ركردایه‌تی پیاو وه‌كو مێژوو باسی ده‌كات، تاقمێكی تر له‌فه‌یله‌سوفان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن تازه‌ بوونی ژن بۆ به‌رهه‌مهێنانی منداڵ و به‌خێوكردن و خۆ ئاماده‌كردن بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی سێكسی پیاوان، وه‌كو حاڵه‌تێكی سرووشتی لێهاتووه‌ و بووه‌ به‌نه‌ریت و عادات و ته‌قالید و به‌شێكی زۆریش له‌یاسا، كه‌واته‌ هه‌وڵه‌كان بۆ رزگاركردنی ژن ته‌نها له‌پێدانی هه‌ندێ‌ مافی ئینسانی و شارستانی و كاركردن ده‌بێت، نه‌ك بۆ سیاسه‌ت و كاری قورس كه‌ نه‌جه‌سته‌ی ژن رێگه‌ی پێده‌دات و نه‌ بواریشی هه‌یه‌ بتوانێ‌ له‌یه‌ك كاتدا هه‌موو ئه‌و كاره‌ سرووشتیانه‌ و كاری دیكه‌ی سه‌ركردایه‌تی و كارگێڕی و شه‌ڕ و هتد بكات، هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی كه‌ وه‌كو فیمینیست خۆیان نیشانده‌ده‌ن، نه‌ك هه‌ر له‌بواری فه‌لسه‌فه‌ و فكره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م باسه‌یان پێنیه‌، به‌ڵكو ناتوانن ئه‌و فكره‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌خودی ژنانیشی بگه‌ێنن، چونكه‌ هێشتا به‌چاوی سۆز و به‌زه‌ییه‌وه‌ ته‌ماشای كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن و به‌مه‌سه‌له‌ی ژنان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، له‌حاڵێكدا مه‌سه‌له‌ی ژن مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا ژنێك له‌هه‌ر كونجێكی دونیا كێشه‌ی هه‌بێت به‌بێ‌ پیاو یان برا یان باوك و كه‌سوكار كێشه‌ی نییه‌، بۆچی ده‌بێ‌ پیاو دژی ژن بێت، به‌ڵام سیستمی سیاسی له‌به‌رچاو نه‌گیرێ‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا سیستمی سیاسی ژنی كردووه‌ به‌ پله‌ دووی كۆمه‌ڵگه‌ به‌درێژایی مێژوو، نه‌ك پیاو .

گۆشه‌گێری ژنان

ئه‌گه‌رچی هیچ شه‌رع و یاسایه‌ك و نه‌ریتێك رێگه‌نادات ژن گۆشه‌گیر بێت، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌هه‌موو كونجێكی دونیادا به‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانیشه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا به‌هۆی كه‌شوهه‌وا و نه‌بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هۆی تاك گه‌رایی و ئازادی له‌راده‌به‌ده‌ری تاكه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و ئازادیه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ستوور و یاسا رێكخراوه‌ و فه‌زڵیان به‌سه‌ر پیاوانه‌وه‌ هه‌یه‌، گۆشه‌گیر بوون و زۆرجاریش ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ ده‌بێته‌ هۆی خۆكوشتن، له‌وڵاتانی ئه‌فریقا نه‌ریتێك هه‌یه‌ كه‌ ژن ده‌توانێ‌ به‌ته‌نها بژی و پێویستی به‌پیاو نه‌بێ‌، ئه‌م نه‌ریته‌ به‌قسه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌كان گورزێكی كوشنده‌ی له‌ژیانی سروشتی و خێزانداری و سێكسی ئاسایی داوه‌ و چاره‌سه‌ریشی ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ بووه‌ به‌نه‌ریت و ئاسان نییه‌ بگۆڕیت، له‌كورده‌واریشدا ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تره‌ كه‌ گۆشه‌گیری مه‌رج نییه‌ ژن به‌ته‌نها بژی تاكو دوچاری ئه‌و حاڵه‌ته‌ ببێته‌وه‌ كه‌ گۆشه‌گیر بێت، به‌ڵكو زۆرجار به‌ناچار له‌نێو خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌شه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ته‌نهایی ده‌كه‌ن، یان ئه‌وه‌تا به‌هۆی جه‌سته‌یانه‌وه‌ كه‌ زۆرجار یان توشی شۆكی پیاو و خێزان بوونه‌ وینه‌ی ناشیرین و ئه‌زموونی ناحه‌زیان بینیوه‌ و بیستووه‌ له‌گێرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌ خه‌مناكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ چۆن ژنان بوون به‌قوربانی سیكس و خێزان و هتد، ئیتر ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی گۆشه‌گیر بوون، یان ئه‌وه‌تا به‌هۆی هارمۆنی تێكه‌ڵاوه‌وه‌ له‌جه‌سته‌یان كه‌ هه‌ندێكجار ئه‌ندامی زایه‌ندیان نێره‌ و بۆخۆیان به‌جه‌سته‌ و به‌رواڵه‌ت ژنن، ئیدی ناتوانن وه‌كو پێویست وه‌كو ئینسانی ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌نێو خه‌ڵكدا، بۆیه‌ به‌ناچار ده‌بێ‌ گۆشه‌گیر بن و نه‌ شوو بكه‌ن و نه‌تێكه‌ڵاوبن، نه‌ك تووشی ته‌شیر و سوكایه‌تی ببن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌نها بوونه‌وه‌یان به‌هۆی نه‌مانی كه‌سوكار له‌ده‌وروپشتیان یان مردنی ئه‌وانیدیكه‌ی كه‌سوكار، كه‌سه‌كه‌ به‌ته‌نها ده‌بێته‌ كه‌ره‌سته‌ی ئه‌وانی تر بۆ گاڵته‌جاڕی و سوكایه‌تیپێكردن، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ یاسایه‌ك نییه‌ به‌رگری له‌ژیانی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بكات، یان به‌رگری له‌مافیان بكات و موماره‌سه‌ی ژیان بكه‌ن وه‌كو ئه‌وانی تر، بۆیه‌ زۆرجار خۆیان ده‌كوژن یان بزرده‌بن له‌كۆمه‌ڵگه‌ و تووشی حاڵه‌ته‌ ناسروشتی ده‌رونی ده‌بن و كێشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌تیش دروست ده‌كه‌ن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌رۆژئاوا ئاساییه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت یانه‌ی شه‌وان و دكتۆری تایبه‌ت و سه‌ندیكای تایبه‌ت و ژیانی تایبه‌تیان هه‌یه‌ به‌هۆی كولتووری رۆژئاوا، بۆیه‌ به‌شێك له‌كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام له‌كوردستان وێڕای ئه‌و هه‌موو رێكخراوانه‌ی ده‌رباره‌ی ژنان كار ده‌كه‌ن، باسی ئه‌م كێشه‌یه‌ ناكه‌ن و به‌دوایدا ناچن كه‌ له‌كێشه‌ی ژن كوشتن مه‌ترسیدارتره‌ و كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌نوكه‌ و داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

جۆرێكی تری گۆشه‌گیری ژنان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ كه‌ به‌هۆی حاڵه‌تی نائاسایی و شه‌ڕ و ماڵوێرانی و نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت و جێگیربوونی كۆمه‌ڵگه‌، رێژه‌ی هاوسه‌رگیری كه‌مده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ قه‌یره‌ كچی رێژه‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و ده‌بێته‌ هۆی گۆشه‌گیرییان، به‌پێی راپۆرتێكی یه‌كێك له‌رۆژنامه‌كانی كوردستان ساڵی 2009 ئامارێكی چنگ كه‌وتبوو، ده‌ڵێ‌ له‌كوردستان ته‌نها ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ده‌زگا ته‌ندروستی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی حكومه‌ت گه‌یشتووه‌، ژماره‌ی قه‌یره‌كچ، نزیكه‌ی 700 قه‌یره‌یه‌ له‌كوردستان و زۆربه‌شیان ئامار ده‌ستی پێڕانه‌گه‌یشتووه‌.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌و پیاوانه‌ش كه‌ به‌جه‌سته‌ پیاون به‌ئه‌ندامی زایه‌ندنیان ژنن یان هه‌ر نیانه‌، به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ كه‌كێشه‌ی ئازادی و هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی ژیانیان هه‌یه‌، ئه‌مان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ن وه‌كو ژنان نین بشاردرێنه‌وه‌، هه‌م بۆ كاتی هاوسه‌گیری زۆر و فشاریان بۆدێت، هه‌م سوكایه‌تیان پێده‌كرێ‌ كه‌ پیاو نیین و مه‌رجی پیاوه‌تیان نییه‌ و سوكایه‌تیان پێده‌كرێ‌، بۆ نموونه‌ له‌رابردوودا چه‌ند دیمه‌نێكی وه‌ها له‌لایه‌ن پۆلیسی عێڕاقیه‌وه‌ له‌یوتوب بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و كوڕانه‌ی به‌رواڵه‌ت پیاون و به‌جه‌سته‌ سینگیان و ئه‌ندامی زایندیان مێینه‌یه‌، به‌زۆر رووتیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و سوكایه‌تیان پێده‌كرێ‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا نه‌ یاسا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدات یاسا پێشێل ده‌كه‌ن و خۆشیان پیاوی به‌ناو یاسان، نه‌ له‌رووی نه‌ریت و شه‌رعه‌وه‌ به‌رگریان لێده‌كرێ‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ به‌ناچار گۆشه‌گیر بن له‌دیوی ماڵه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا خۆیان بكوژن.

فێمینسته‌كان له‌هه‌موو بواره‌كان زه‌حمه‌تكێكی زۆر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خوڵقێنن، له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی رێگری له‌زیادكردنی ئینسان وه‌كو منداڵ بوون له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم مه‌به‌ستمه‌ باس له‌و تێگه‌یشتنه‌ بكه‌م كه‌ له‌زۆر شوین هه‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌كیش له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیش بوونی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ فیمینسته‌كان بۆ ژنانیان په‌خشكردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سته‌می سه‌ر ژنان و كۆیله‌ بوونیان له‌مێژوودا، دروست و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ پیاوانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆ خۆشبه‌ختی پیاو بووه‌ و هیچی تر، تاكو بۆ موڵك و ماڵ پاراستن كه‌ڵك له‌و كوڕو كچانه‌ وه‌ربگرن كه‌ له‌به‌رهه‌می ژنه‌كانیانه‌، بۆیه‌ ژنه‌كان رێگه‌یان نه‌ده‌دا منداڵیان له‌پیاوه‌كان ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌ وه‌ها كه‌وتبۆوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ژنان منداڵیان ببێت ده‌بێ‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌هه‌ر چالاكیه‌ك كه‌وه‌كو پیاو بیكه‌ن، هه‌ر ده‌بێ‌ خه‌ریكی منداڵ هێنان بن و منداڵ به‌خێو بكه‌ون و ببن به‌كارێكته‌ری ماڵه‌وه‌ و نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌كو پیاو، له‌بارێكی تره‌وه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ بوو كه‌ فێمینسته‌كان ژنانیان وه‌ها تێگه‌یاندبوو كه‌ نابێ‌ ژن ئه‌وه‌نده‌ خۆیان به‌كه‌م بزانن و له‌كاتی سێكس كردندا ته‌نها بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ی سێكسی پیاو بن و دواتر سكیان پڕبێت و منداڵ بۆ پیاو بهێنن، ئه‌مه‌ ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نابێ‌ ژن خۆی له‌و كاته‌دا ببینێ‌ كه‌ سوك ده‌بێ‌ له‌به‌رچاوی پیاو و سكی پڕده‌بێت، ئه‌مه‌ بوو به‌نه‌ریتێك بۆ ژنان كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌پێكهێنانی خێزان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌، سه‌ره‌تاكه‌شی له‌و مێژووه‌وه‌ وه‌رگیرابوو وه‌كو نه‌ریت كه‌ له‌ئوسترالیا و گینه‌ی نوێ‌ و ئه‌فه‌ریقا و مایكرۆزۆن ئاسام ویرمانی خواروی ئامریكا و چه‌ند شوێنێكی تر، ئه‌م نموونه‌یه‌ له‌باكوری پاپۆش هه‌بووه‌ و خراپتریش، بۆ نموونه‌ هیچ ژن و پیاوێك بۆیان نه‌بووه‌ له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا، ئه‌گه‌رچی ژن و پیاوی یه‌كتریش بن یان دایكی منداڵی پیاویش بێت، بۆیه‌ خێزان هیچ مانایه‌كی نه‌مابوو له‌ئه‌نجامدا هاوره‌گه‌زی دروست بوو، به‌ومانایه‌ی پیاو له‌گه‌ڵ پیاودا سێكسیان ده‌كرد و ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌هه‌مودونیادا بووه‌ته‌ باو، هاوڕه‌گه‌زی به‌یاسا ناسراوه‌ و دیسان یانه‌ی تایبه‌ت و شوێنی تایبه‌تیان هه‌یه‌ وپارێزراون له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌، فیێمینیستی كوردی ئه‌گه‌ر هه‌بێ‌ وه‌كو ره‌وتێك یان دیارده‌یه‌كی رێكخراوه‌ی ژنان، كه‌مو زۆر به‌لای ئه‌م كێشانه‌دا ناچێت، جگه‌ له‌وه‌ی باس له‌دروستكردنی شێڵته‌ر بكات بۆ پاراستنی ئه‌و ژنانه‌ی كێشه‌ی خێزانیان هه‌یه‌، یان له‌نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ لایانداوه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ئه‌و رێكخراوانه‌ش له‌چوارچێوه‌ی سۆز و به‌زه‌یی بۆ ژنان ده‌رنه‌چووه‌، یان ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان به‌و ژنانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ كه‌ له‌سه‌نته‌ره‌كانن و بازرگانیان پێوه‌ده‌كه‌ن به‌شێك له‌رێكخراوه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ باسی هۆشیاری ناكه‌ن كه‌ ژنان چۆن بتوانن ببن به‌خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان، یان چۆن نزیك ببنه‌وه‌ له‌دروستكردنی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌..

به‌كاڵاكردنی ژن له‌بازاڕ

نزار قه‌بانی ده‌ڵێ‌ ” له‌هه‌موو شتێك سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ببینم، ژنان خۆیان سته‌م له‌خۆیان ده‌كه‌ن”.
له‌په‌راوێزی ئه‌م دێڕه‌ی شاعیری ناسراوی عه‌ره‌ب نزار قه‌ببانی ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ كێشه‌ی ژنان كێشه‌ی ره‌گه‌زێكی دیاریكراو نییه‌، یان باشتر بڵێم كه‌ ژنان خۆیان به‌شێكی گه‌وره‌ن له‌خوڵقاندنی سته‌م له‌سه‌ر خۆیان، خۆ به‌كاڵاكردن ته‌نها له‌یانه‌ی شه‌وان و سێكس فرۆشتن و مه‌لهاكان نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خۆ به‌كه‌مزانین و خۆفرۆشتنه‌ به‌ پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی سه‌ره‌تا ده‌بێت كوڕ داوای كچ بكات وه‌كو كاڵایه‌ك له‌ماڵی باوكی ژن، دواتر خه‌رجیه‌كان به‌شه‌هامه‌ته‌وه‌ بخاته‌ سه‌ر شانی، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌خواره‌وه‌ باسی ده‌كه‌م.
هه‌ڵبه‌ت له‌خۆڕایی نییه‌ كه‌ مه‌وقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ژنان كه‌وتۆته‌ چێشتخانه‌ و ئه‌كرێ‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و هتد، به‌ڵكو له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای شوكردنی كچ به‌كوڕ و سه‌پاندنی به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ماره‌یی و پێشه‌كی و كڕینی ماڵ و پێداویستی و كه‌ره‌سته‌ و تێچوونی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری و كڕینی خشڵ و زێڕ و كه‌ره‌سته‌كانی تر و گرتنی خانوو و هتد، له‌لایه‌ن ماڵی كچه‌وه‌ به‌سه‌ر ماڵی كوڕ، یه‌كێك له‌كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌، لێره‌وه‌ به‌كاڵاكردنی ژن بۆ موڵكدارێتی پیاو ده‌ستپێده‌كات، فێمێنیسته‌كان ئه‌م باسه‌یان شینه‌كردۆته‌وه‌ بۆ كچان و بنه‌ماڵه‌ و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌هێشتنی له‌رووی یاساییه‌وه‌ له‌رێگه‌ی میدیا و هۆكاره‌كانی دیكه‌وی گه‌یاندنی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ سوننه‌تیی و پڕ له‌كێشه‌یه‌، كه‌چی باس له‌مافی ئافره‌ت ده‌كه‌ن كه‌ له‌راستیدا سه‌رتای مافی ئافره‌ت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتخواز و كۆنه‌په‌رست و دواكه‌وتوو و پیاوسالار و هتد، له‌م به‌كاڵاكردنه‌ی كچانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ پیاوان خۆیان به‌خاوه‌نی ژنان بزانن و رێگه‌نه‌ده‌ن ژنان وه‌كو پێویست بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئیراده‌یان هه‌بێت له‌هه‌موو بواره‌كاندا.

ئه‌مه‌ به‌شێكی به‌بازاڕكردن و به‌كاڵاكردنی ژنانه‌، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌بازاڕی سیاسه‌تدا ژنان وه‌كو كه‌ره‌سته‌ی ریكلام به‌كاردێن بۆ هه‌موو پێداویستیه‌كی رۆژانه‌ی ئینسان، ئیدی هه‌ر له‌ شامپۆ وه‌ بگره‌ تاكو ماشین و كه‌ره‌سته‌ی نێو ماڵ، ئه‌م به‌كاڵاكردنه‌ ته‌نها بۆ سته‌مگه‌ری له‌سه‌ر ژنان نییه‌ له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌، بگره‌ له‌وێوه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌ت رێگریی یه‌كه‌می ئه‌م باسه‌یه‌ كه‌ دواجار بازاڕی پێگه‌رم ده‌كات و هاوكێشه‌ی سیاسی له‌بیر خه‌ڵك ده‌باته‌وه‌، خۆشگوزه‌ران كردنی خه‌ڵك به‌شێكی له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت و سیستم، بۆ ئه‌وه‌ی یاخیگه‌رێتی له‌سیستم و شه‌رع و یاسا و هتد روونه‌دات، هه‌رچی زیاتر مه‌سه‌له‌ی ژنان ده‌كات به‌دوو به‌شه‌وه‌، هه‌م هێشتنه‌وه‌ی ژن له‌ژێر ده‌ستی پیاو به‌یاسا، هه‌م دروستكردنی فه‌زایه‌ك بۆ ئازادی ژن تاكو ئازادبوونی خۆیان له‌وێدا ببینن كه‌ پۆشاك و خۆ ڕازاندنه‌وه‌ و موڵكداری و وه‌گرتنی وه‌زیفه‌ی ئاسان و سه‌فه‌ركردن و هتد، بۆیه‌ باڵانسكردنی یه‌كسانی به‌م شێوه‌یه‌ له‌نێو ژن پیاودا له‌سیستمی جێگری ئێستادا به‌یان كراوه‌ و بووه‌ته‌ تێگه‌یشتن.

مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاق و پاراستنی نه‌ریت و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌ئه‌سڵدا به‌ده‌ست سیستمی سیاسیه‌وه‌یه‌، دواجار راده‌ستی پیاو كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی هاوكێشه‌كه‌ به‌هه‌ڵواسراوی بمێنێته‌وه‌، ژنان ئه‌مه‌یان پشتگوی َخستووه‌ و به‌تایبه‌تیش ئه‌و ژنانه‌ی رێكخراویان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ خۆیان به‌فێمینیست ده‌زانن، له‌حاڵێكدا به‌شێكی زۆری كێشه‌ی ژنان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌تی و دواكه‌وتوویی و نه‌بوونی ده‌ستوور و یاسایی پێشكه‌وتنخوازی و شارستانی، له‌وێدایه‌ كه‌ ئه‌خلاق جێگه‌ی بۆ یاسا نه‌هێشتۆته‌وه‌ و بووه‌ به‌به‌شێكی گه‌وره‌ له‌فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌. فێمیسنته‌كان ده‌بێت ئه‌م تێگه‌یشتنانه‌ بخه‌نه‌ به‌رباس و موناقه‌شه‌ و هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان، نه‌ك كێشه‌ی لاوه‌كی و دوورخستنه‌وه‌ی ژن له‌كێشه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌یان كه‌كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

—————————————
سه‌رچاوه‌كان
1: كتێبی فیمینزم. وه‌رگێرانی بۆ كوردی ، شنۆ میهر په‌روه‌ر، ده‌زگای وه‌رگێران. ساڵی 2011
2: د. ئیمام عه‌بدلفه‌تاح ئیمام. ئه‌فلاتۆن و ژن. وه‌رگیڕانی بۆ كوردی. هاوار محه‌مه‌د. ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی.
3: قاسم امین. المرا‌و الجیده‌. دار النشر. بیروت. 2010




شیعر و چەمکەکانی ئیرۆس وساناتۆس و ئەبەدییەت …. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …. ناڵە حەسەن




چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی له‌ دیدی چیرۆك نوسه‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌ …. ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق

چیرۆك یه‌كێكه‌ له‌ ژانره‌ گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب و یه‌كێكیشه‌ له‌ كۆنترین بواره‌كانی نوسین، له‌ كورترین پێناسه‌ی ئه‌م ژانره‌دا، گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تێكه‌ له‌ كورترین ماوه‌دا. بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی ئه‌م دیدارانه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆك نوسێكی گه‌ندا ئه‌نجامدا.


پ/ ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه‌ چین؟ له‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه‌ ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له‌ ڕووی تێكست و تێماو ماناوه‌، هه‌م له‌ ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه‌؟

سواره‌ نه‌جمه‌دین جه‌بار
5/12/1986 له‌ كه‌ركوك له‌ دایك بووه‌.
ساڵی 2005 ده‌ست به‌ نووسین و بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌كات.
ساڵی 2006 كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی (نامه‌یه‌ك بۆ فرۆید) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.‌
ساڵی 2010 كۆلێژی كارگێری و ئابوری به‌شی ئاماری زانكۆی سلێمانی ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 2011 كتێبی (ئه‌و نامانه‌ی بۆ پیرێتی خۆم ده‌یانێرم) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.‌
ساڵی 2011 خه‌ڵاتی یه‌كه‌می شیعر له‌ ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت
ساڵی 2015 و 2016 خه‌ڵاتی دووهه‌می چیرۆك له‌ ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت.
25/11/2016 یه‌كه‌مین ڕۆمانی به‌ ناوی (سوپاس بۆ دۆستۆیڤسكی) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
چه‌ند چیرۆك و شیعرێكی وه‌رگێردراون بۆ زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی.
هه‌مان ساڵ قه‌ڵغانی كتێبی ساڵ له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵ و ده‌زگای داودییه‌وه‌ وه‌ك باشترین كتێبی ساڵ ده‌درێت به‌ ڕۆمانی سوپاس دۆستۆیڤسكی.

سواره‌ نه‌جمه‌دین/ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێوه‌ پرسیاری له‌ باره‌وه‌ ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌، قسه‌كردن ده‌رباره‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌ چیرۆك(1925 بۆ 2017)، له‌ كاتێكدا چه‌ند ره‌گه‌زێكی دیاریكراوتان داناوه‌،‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆی پێویستی به‌ قسه‌كردنی ورد هه‌یه‌، كارێكی نه‌كرده‌یه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا جێگای ببێته‌وه‌، پرسیاره‌كه‌ چڕه‌ و وه‌ڵامێكی چڕی ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سنوره‌ی بۆت داناوم وه‌ڵامێكی گونجاو بده‌مه‌وه‌، ده‌بێت خۆم له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كانی پرسیاره‌كه‌ بدزمه‌وه‌. به‌ به‌راورد به‌ مێژووه‌ كورته‌كه‌ی (92 ساڵ) چیرۆكی كوردی له‌ زۆربه‌ی ڕووه‌وه‌ هه‌نگاوی به‌رچاوی ناوه‌، به‌ جۆرێك ده‌كرێت بڵێم له‌ هه‌ندێك قۆناغدا نه‌ك هه‌نگاو بگره‌ به‌قه‌ڵه‌مبازیش ناوی به‌رین زیاده‌ڕه‌ویمان نه‌كردووه‌. چۆن مێژووی چیرۆكی جیهان زۆر له‌وه‌ درێژتر و چڕ تره‌، لێ چیرۆكی كوردی به‌م ماوه‌ كه‌مه‌ له‌ ئێستادا له‌ قۆناغێكی تا ڕاده‌یه‌ك شایسته‌دایه‌ به‌ به‌راورد به‌ ژانه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب، گه‌ر به‌راوردێكی چیرۆكی (له‌خه‌وما) و چیرۆكێكی ئه‌مڕۆ بكه‌ین، ده‌بینین ئاسته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌رچاو به‌ره‌وپێش چووه‌. به‌ ڕه‌چاوكردنی ئه‌و بۆچوونه‌ی لای وایه‌ (له‌خه‌وما) ناچێته‌ خانه‌ی چیرۆكه‌وه‌، بگره‌ گێڕانه‌وه‌ی رۆژانه‌یه‌ یان هه‌ڵڕشتنی ده‌رده‌ دڵه‌. چیرۆكی ئه‌مڕۆ زۆر هونه‌ری تر و بابه‌تی تره‌، به‌ تایبه‌ت چیرۆكی دوای نه‌وه‌ده‌كان به‌ ڕوونی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی جیهانی پێوه‌ دیاره‌، ده‌كرێت بڵێم چیرۆكنووسانی نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌ زۆر لێهاتووبوون له‌ هێنانی ئه‌زموونی چیرۆكنووسه‌ جیهانییه‌كان بۆ ناو چیرۆكی كوردی، نه‌وه‌ی پێش ئه‌وانیش زۆر زیره‌كانه‌ ئه‌زموونی چیرۆكی عه‌ره‌بی و فارسیان به‌كارهێنا بۆ دروستكردنی قۆناغێكی خۆیان. چیرۆكی ئه‌مڕۆ له‌ زۆربه‌ی ڕووه‌وه‌كانه‌وه‌ كاریگه‌ری چیرۆكه‌ جیهانییه‌كانی له‌سه‌ره‌، به‌جۆرێك فۆڕمه‌ نوێیه‌كانی چیرۆك به‌ ئاسانی ده‌گات به‌ چیرۆكی كوردی، گه‌ر سه‌رنجێكی چیرۆكی ئه‌مڕۆ بده‌ی ده‌یان فۆڕم و گێڕانه‌وه‌ی جیاواز ده‌بینیت، به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما- جه‌میل سایب) یان (مه‌سله‌ی ویژدان- ئه‌حمه‌د موختار جاف) كه‌ ده‌كرێت بڵێین زیاتر گێڕانه‌وه‌ كردویانێتی به‌ چیرۆك، ده‌بینین مانا ئه‌مڕۆ زۆر فراوانتره‌، فۆڕم زۆر جیاوازتره‌ و ده‌یان و سه‌دان فۆڕمی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كرێت، گێڕانه‌وه‌ و زمان، ته‌كنیكی جۆربه‌جۆر، گرێچن و چاوڕاو به‌ هونه‌رێكی به‌رز، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان له‌ چیرۆكی نوێدا بره‌ویان پێده‌درێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی نوێ ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌راوردكارییه‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو قۆناغه‌دا دادپه‌روه‌ری نییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌و دوو چیرۆكه‌ نییه‌ له‌ مێژووی چیرۆكی كوردیدا، چونكه‌ چ (له‌خه‌وما) و چ (مه‌سه‌له‌ی ویژدان) ده‌ستپێكێكی مه‌زن بوون بۆ چیرۆكی كوردی، چۆن پێشووتر چیرۆكی كوردی له‌ قۆناغی گێڕانه‌وه‌ی به‌رئاگردان و به‌ند و بالۆره‌ی نێو قاوه‌خانه‌كانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ فۆڕمێكی هونه‌ری، واته‌ چیرۆكی له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ژانه‌رێكی هونه‌ری، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش‌ چیرۆكی كوردی گه‌یشتووه‌ به‌مڕۆ.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

جوتیار ئه‌حمه‌د ساڵی 1980 له‌ دایك بوه‌.

ساڵی 2006 به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی سلێمانی ته‌وكردووه‌.
ئێستا خوێنكاری ماسته‌ره‌ له‌ بواری شوێنه‌واردا.
تا ئێستا دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوه‌كانی (سواره‌كانی وشه‌و ڕێچكه‌ی مێلوره‌كان) ڕۆمانێكیش بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا).
جوتیار ئه‌حمه‌د/ تا ئه‌و كاته‌ی كاروان كاكه‌سور، ئارامی كاكه‌ی فلاح و عتا محمه‌د دێن و به‌ ناخی ئینسانی كوردا ڕۆئه‌چن و تێئه‌گه‌ن كه‌ تاكی كورد چه‌ند ناخی داڕماوه‌و چۆن ئه‌ناڵێنێ به‌ده‌ست نه‌خۆشیه‌كانیه‌وه‌، بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند ده‌رونی ماندو كردوه‌! ئیدی لێره‌وه‌ تێماو مانا ئه‌گۆڕێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئینسانی كورد به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌چێت كه‌خۆی بناسێت و به‌ناخی خۆیدا شۆڕبێته‌وه‌، به‌ره‌و وشیاری مل بنێت، له‌ ڕێگه‌ی ئاناتۆمی ناخی خۆیه‌وه‌ خۆی ده‌وروبه‌ر بناسێت ! تۆ ناتوانی تكنیك داڕێژی ئیدی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ناوه‌ڕۆك داڕێژی ئه‌مه‌ تنها بۆ زانست ده‌ست ئه‌دات كه‌ من له‌ شوێنی تریشدا وتوومه‌، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناچێته‌ خانه‌ی هیچ یاساو ڕێسایه‌كه‌وه‌ئه‌وه‌ ناوه‌ ڕۆكه‌ كه‌ تكنیك دیاری ئه‌كات و نوسه‌ر ئه‌توانێت به‌پێی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌م تكنیك دیاری بكات. ئیدی باش یا خراپ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر نوسه‌ر خۆی! چیرۆكی كوردی كه‌ زۆر خۆی له‌ قه‌ره‌ی تكنیك نه‌داوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕابردودا، پێئه‌چێ هۆی ئه‌وه‌بێت كه‌ ئێمه‌ ئه‌م ژانره‌مان وه‌رگرتبێت واته‌ وه‌ك هه‌ر ژانرێك و شتێكی تر هاورده‌مان كردبێت، شاره‌زای بنجوبناونی نه‌بین تا بزانین چۆن بیگێڕینه‌وه‌، بۆیه‌ زۆركات له‌ سه‌ر شێوازی ئه‌وه‌ی پێئه‌ڵێین حیكایه‌ت ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ ئه‌كه‌ین، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا چیرۆكی كوردی به‌شوێن شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیكی نوێدا ئه‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دنیابینی تاكی كورد زیاتر بووه‌، وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی زۆر له‌ جاران زیاتر بووه‌ ئیدی باش بێت یا خراپ، پێشكه‌وتنی تكنه‌لۆجیاش خۆی هۆیه‌كی سه‌ره‌كیه‌ بۆ پێشكه‌وتنی تكنیكی چیرۆك كه‌ به‌رده‌ستخستنی زانیاری زۆر ئاسان كردووه‌.

پ/ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێوازو ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به‌ جۆرێكی كه‌ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟

گۆران ڕه‌ئوف

ساڵی 1991 له‌ دایك بووه‌ ـ
ده‌رچووی ئاماده‌ییه‌ ـ
له‌ ساڵی 2005 ده‌ستیكردووه‌ به‌ نووسین ـ ساڵی ۲۰۰۷ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی نۆڤلێتێك به‌ناوی (زستانێكی پڕ نهێنی)
ساڵی ۲۰۰۹ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانێك به‌ناوی (ڕاستییه‌ درۆزنه‌كان)
ساڵی ۲۰۱۳ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێك به‌ناوی (عه‌شق نائومێدییه‌كی خۆشه‌) له‌لایه‌ن خانه‌ی ڕۆنان ه‌وه‌.
ـ ساڵی ۲۰۱٦ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێك به‌ناوی (قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا). له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه‌.
ـ ساڵی ۲۰۱۲ له‌ هه‌شته‌مین ڤیستیڤاڵی گوڵعه‌نبه‌ردا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می وه‌رگرتوه‌ بۆ چیرۆكی قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا.
ـ ساڵی ۲۰۱٤ له‌ هه‌ژده‌یه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا خه‌ڵاتی دووه‌می وه‌رگرتووه‌ بۆ چیرۆكی دڵی قاسم. ـ ساڵی ۲۰۱۳ له‌ فیستیڤاڵی هه‌تاودا خه‌ڵاتی سێیه‌می وه‌رگرتووه‌ بۆ چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیانه‌كه‌ی تر.

گۆران ڕه‌ئوف: به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌ كه‌مێك ئالۆزی تێدایه‌. دنیای چیرۆكی كوردی به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆك، له‌ جیهاندا هاوته‌ریب رێبكات، ناكرێت ئێمه‌ قسه‌ له‌باره‌ی سه‌رله‌به‌ری چیرۆكی كوردییه‌وه‌ بكه‌ین.. هۆكارگه‌لێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌وایكردووه‌ بۆ مێژووی چیرۆكی كوردی لاسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆكی جیهانیدا؟ چونكه‌ دۆخی سیاسی و داگیركاری و راوه‌دوونانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ تا چیرۆكی كوردی به‌پێی قۆناغه‌ جیهانییه‌كانی گه‌شه‌ به‌خۆی بدات. من نامه‌وێت ئاڕاسته‌ی قسه‌كان بگوازمه‌وه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌ گه‌ر بێت و بمانه‌وێت قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین ئه‌وا كاتێكی زۆری ده‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته‌ وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راورده‌ له‌ نێوان چیرۆكه‌ جیهانییه‌كان و ڕه‌وت و هه‌وڵه‌كانی چیرۆكنووسانی كورده‌ له‌ ئێستادا. چیرۆكی نوێی كوردیی هیچی كه‌متر نییه‌ له‌و چیرۆكانه‌ی له‌ دنیادا ده‌نووسرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، گه‌ر له‌ رابردوودا چیرۆكنووسانی كورد نه‌یانتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌وژم و ڕه‌وتی چیرۆكدا گه‌شه‌ به‌خۆیان و به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن، به‌ڵام ئێستادا به‌هۆی ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌وه‌، چیرۆكی كوردی گه‌شه‌ی زۆر و به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌ر له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بابه‌ت و مادده‌ی چیرۆك و ته‌كنیك و كه‌ره‌سته‌ی چیرۆكنووسین.. هه‌موو بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانی چیرۆكی نوێی تێدایه‌.
له‌ ئێستای چیرۆكی كوردیدا ئیشده‌كرێت له‌ بواره‌ جیاوازه‌ مرۆییه‌كانی وه‌ك بابه‌تی “ده‌روونی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌ و ئازار و خه‌مه‌ گه‌ردوونییه‌كانی مرۆڤی نوێ” كه‌ ئه‌مه‌ش به‌وردی ئیشی تێداكراوه‌ و هه‌موو پایه‌كانی چیرۆكی به‌باشی تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه‌، وه‌ك كه‌ره‌سته‌ و زمان و ته‌كنیك و دروستكردنی كاراكته‌ر به‌ فۆڕمی ئه‌مه‌ زه‌مه‌نه‌. چیرۆكنووسانی ئێستا ده‌كرێت بڵێین شاره‌زاتر و به‌ئاگاترن له‌ چیرۆكنووسانی پێشوو، ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌ گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك كرانه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ڕووی دنیادا و فێربوونی زمانه‌ جیاوازه‌كان و خوێندنه‌وه‌ و ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وتی چیرۆك له‌ جیهاندا و وه‌رگێڕانی چیرۆك و ئه‌ده‌بیاتی وڵاتانی دیكه‌ و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له‌ ئێستادا چیرۆكی پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین له‌ ئێستادا چیرۆكی كوردی گه‌ر هاوته‌ریبیش نه‌بێت له‌گه‌ڵ چیرۆكی نوێی جیهاندا ئه‌وا قۆناغی باشی بڕیوه‌ و خاوه‌ن چیرۆك و چیرۆكنووسی ئاگادار و حرفه‌یین.

گه‌ر بێمه‌ سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌، كێشه‌ی چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم له‌ ئێستادا چیرۆكی زۆر جوان و نایاب به‌رهه‌مهاتووه‌ كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ چیرۆكه‌ جیهانییه‌كان و چیرۆكی وڵاتانی دراوسێ، خۆشبه‌ختانه‌ وه‌ك باسمكرد نه‌وه‌یه‌ك دروستبووه‌ ئاگاداره‌ و ده‌یه‌وێت دنیای چیرۆكی كوردی ته‌كان بخوات و بڕواته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، جا ئه‌م چیرۆكانه‌ له‌ زمانه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ته‌كنیك و وه‌گه‌ڕخستنی بابه‌ت و رووداو و كاره‌كته‌ر و په‌یام و گووتاره‌كانی چیرۆكی كوردی، تێكڕا شتی جوان و به‌پێز ده‌بینین كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیدا به‌رهه‌مهێنراون. بۆمن ئیشكالییه‌تێك له‌ چیرۆكی كوردیدا به‌ریده‌كه‌وم، كێشه‌ی بابه‌ت و زمانمان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نێكداین زه‌مه‌نی تاریكی و ته‌نیایی و له‌نێوچوونی به‌شێكی زۆری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحییه‌كانی مرۆڤه‌، كه‌ پێویسته‌ زمانێكی ورد و به‌هێزمان هه‌بێت بۆ گوزارشت و گیڕانه‌وه‌ و دروستكردنی چیرۆك، كه‌ تێیدا ئه‌پده‌یتی زمانی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ین و خۆمان لاده‌ین له‌ زمانه‌ سه‌رگوزشته‌یی و په‌خشانئامێزه‌كانی رابردوو، زمانێكی ساده‌گۆ كه‌ تێیدا قسه‌مان بۆبكات له‌مه‌ڕ ئیشكالییه‌تی مرۆڤی ئه‌م زه‌مه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌توانم بڵێم گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌یه‌كی كورت بده‌م پێی، بابه‌تی په‌یام و مادده‌ی چیرۆكه‌، كه‌ پێویسته‌ قوڵتر كاری تێدابكه‌ین. به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر به‌شه‌ریه‌تدا هاتووه‌، هاوكات كێشه‌ و شوناسی گرفته‌كانیش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ ده‌كرێت وردتر ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌ ده‌رك بكه‌ین و وه‌گه‌ڕی بخه‌ین بۆ پرۆسه‌ی به‌ چیرۆككردن. ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌ خۆداماڵین له‌ ده‌رده‌ گشتییه‌كان و وردبوونه‌وه‌ له‌ كێشه‌ خودی و ده‌روونی و تاكگه‌راییه‌كان، كه‌ مرۆڤی ئیستا پێوه‌ی ده‌ناڵینێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌م خاڵه‌شدا چیرۆكی كوردی زۆر به‌ره‌وپێشچووه‌ و له‌ بره‌ودایه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی چیرۆكی ئێمه‌ بچێته‌ مێژووی چیرۆكی جیهانییه‌وه‌ به‌بڕوای من ئیشكردنی چیرۆكنووسانه‌ له‌ دروستكردنی زمانی نوێدا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ فۆڕمێكی گه‌ردونیان هه‌یه‌ ته‌وزیفبكرێن بۆ چیرۆك، نه‌وه‌ك خولانه‌وه‌ له‌بازنه‌ی كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی سووادا كه‌ له‌مێژه‌ جیهان و دنیای ئێمه‌ش تێمان په‌ڕاندووه‌.


پ/ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێواز و ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نووسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی؟

به‌ختیار حه‌مه‌سوور، له‌دایكبووی سلێمانییه‌.

ساڵی ٢٠١٠ یه‌كه‌م چیرۆكی له‌ ڕۆژنامه‌دا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ساڵی ٢٠١٥ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «مێرووله‌كان به‌ژێر ڕووناكیی مانگدا ده‌ڕۆن» له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ساڵی ٢٠١٦ له‌ بیسته‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا به‌شداری كردووه‌ و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكی وه‌رگرتووه‌.
به‌ختیار حه‌مه‌سوور: كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئێستای چیرۆكی كوردی نه‌بوونی جیهانبینییه‌، تێروانینه‌كان لۆكاڵین و به‌ دیدێكی لۆكاڵییه‌وه‌ ده‌نووسرێن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌ماشای چیرۆكی جیهانی بكه‌ین ئه‌مه‌ جۆرێكی تره‌؛ بۆ نموونه‌ چیرۆكی ڕووسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێما و بابه‌تی چیرۆكه‌كانی گۆگووڵ، چێخۆف، تۆرگنێف و… باس و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕووداو و شوێن و به‌سه‌رهاته‌كانی ڕووسیایان هه‌یه‌ و كردوویانن به‌ چیرۆك، به‌ڵام جۆری جیهانبینیی ئه‌وان له‌ ئاستێكی به‌رز و به‌رفره‌دایه‌، له‌ ئاستێكدایه‌، كاتێك ئێمه‌ له‌ كوردستان ئه‌و چیرۆكانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌بینین بووه‌ به‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ و قسه‌ی ئێمه‌یش، كێشه‌ و گرفت و خۆشییه‌كانی خۆمان له‌و چیرۆكانه‌دا ده‌بینینه‌وه‌ و ده‌ڵێین: ده‌ڵێی بۆ ئێمه‌ نووسراوه‌! ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌، به‌ جۆرێك كه‌ زۆر جار ئه‌و چیرۆكانه‌ له‌ چیرۆكه‌كانی خۆمان باشتر له‌ خۆمان و دنیاكه‌مان ده‌دوێن و پێشانمان ده‌ده‌ن، ئه‌م جۆره‌ له‌ دنیابینیی كه‌متر له‌ چیرۆكی كوردیدا ده‌بینرێت. شێوازێك كه‌ بۆ چیرۆكی كوردی پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باس و كێشه‌ لۆكاڵی و ناوخۆییه‌كان به‌ دیدێكی جیهانییه‌وه‌ بنووسێته‌وه‌ و به‌چیرۆكیان بكات، ئه‌مه‌یش له‌ ڕێی فۆڕم و ته‌كنیكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن، ئاگاداربوون و ئاشنابوون به‌ ئیمكانیه‌ت و پێشكه‌وتنه‌ خێرا و به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ده‌بیات، به‌ تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی ژانری چیرۆك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاكو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیا به‌ كردنی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی مێژوویی كوردی ناتوانێت ئه‌ده‌بێكی لێ ده‌ربێت به‌ تام و بۆی خۆی، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌ده‌بیاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه‌ له‌ مێژوو و نه‌ریت و ئه‌مڕۆیی كوردیدا هه‌ن. چیرۆكی كوردی بۆ ئه‌وه‌ی مۆری خۆی وه‌ك شوناس و ناسێنه‌ری كورد لێ بدات، پێویستی به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌كی كۆنكرێتییه‌ له‌ ئایدیا و بیرۆكه‌ نزیك و دووره‌كان، له‌ مێژوو و كاره‌ساته‌كانه‌وه‌ تاكوو ڕووداوه‌ بچووك و ئاساییه‌كانی ده‌وروبه‌ر، ئه‌ویش به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕم و ته‌كنیكی گونجاو بۆ هه‌ریه‌ك له‌و تێما و ڕووداوانه‌.

پ/ كاتێك باس له‌ چیرۆكی كوردی پێش ڕاپه‌ڕین ده‌كرێت، باس له‌ چیرۆكێك ده‌كرێت كه‌ زیاتر كێشه‌ گشتیه‌كان بابه‌تی سه‌ره‌كی بون و گێڕانه‌وه‌ تیایاندا، فۆڕمێكی گشتی هه‌بوه‌، ئایا ده‌كرێت، بڵێین دوای ڕاپه‌ڕین چیرۆكی كوردی زیاتر باس له‌ خودو كێشه‌كانی تاك ده‌كات و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی شته‌ تایبه‌ت و وورده‌كانی تاك له‌ كۆمه‌ڵگادا؟

محمود نه‌جمه‌دین له‌ساڵی 2000 كانه‌وه‌ چیرۆك ده‌نووسێ‌

كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی چاپكراوی هه‌یه‌ به‌ناوی هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت.
كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكیش به‌عه‌ره‌بی بڵاوبوه‌ته‌وه‌، ئێستاش هه‌مان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك ئاماده‌یه‌ بۆ چاپی دووه‌م. دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی دیكه‌ش ئاماده‌ی چاپن ئه‌وانیش (كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی پاسه‌كه‌ی گورون- كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی یاریم له‌گه‌ڵ مه‌كه‌ سه‌عدوون)
محمود نه‌جمه‌دین/ مه‌رج نییه‌ ئه‌و پۆلێنه‌ قبوڵ بێت، هه‌ندێك چیرۆكی حوسێن عارف هه‌یه‌ له‌ شه‌سته‌كاندا نووسیوێتی، ئاستیان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌، له‌وباوه‌ڕه‌دام له‌گه‌لێك له‌ چیرۆكه‌كانی دوای راپه‌ڕین ئاستیان به‌رزتره‌، بۆیه‌ زۆرجار زه‌مه‌ن ناكرێته‌ پێوه‌ر، ئه‌وه‌ی ده‌بێت ببێته‌ پێوه‌ر ئاستی چیرۆكه‌كه‌یه‌، خۆ ئێستا له‌روسیا گه‌لێك چیرۆكنووسی نوێ‌ هه‌یه‌، لێ‌ چیخۆف هێشتا تازه‌یه‌ و بگره‌ له‌ زۆرێك له‌ چیرۆكنووسه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌تره‌، ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ زه‌مه‌نی نووسین نییه‌، تازه‌ و كۆنی له‌وه‌دانییه‌ كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی كه‌ی نووسراوه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ ئه‌و تێكسته‌ شه‌رت و شرووتی چیرۆكی تێدابێ‌ و رێك و راست خه‌سڵه‌ته‌كانی چیرۆكی تێدابێ‌، ئێمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌یه‌دا كه‌ ساڵی 2017یه‌ چیرۆكنووسمان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان وه‌ك چیرۆكنووسێكی باش ناسراوه‌، لێ‌ هه‌ندێك له‌ چیرۆكه‌كانی نه‌ك به‌ چیرۆكی پێش ڕاپه‌ڕین ناگه‌نه‌وه‌ بگره‌ ئاستیان زۆر نزمه‌، جا ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیرۆك چیرۆكی هونه‌ری بێ‌ و خه‌سڵه‌تی كورته‌ چیرۆكی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبێ‌، گرێچنی تێدابێ‌، گێڕانه‌وه‌ گێرانه‌وه‌ی كورته‌ چیرۆك بێت، له‌روداوێك زیاتری تێدا نه‌بێ‌. له‌ده‌ست پێك تا كۆتایی به‌ نه‌مه‌تی كورته‌ چیرۆك بڕوات.

هێشتاش گه‌لێك چیرۆكنووسمانه‌ هه‌یه‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ی درێژكرده‌وه‌ بۆ په‌نجا یان حه‌فتا لاپه‌ڕه‌ ئه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ رۆمان، له‌كاتێكدا خه‌سڵه‌تی رۆمان و چیرۆك په‌ویه‌ندی به‌ كه‌مو زۆری لاپه‌ڕه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكه‌ په‌یوه‌ندی به‌و خاڵانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هونه‌ری چیرۆكی كورت و رۆمانی له‌سه‌ر بنیاد نراوه‌، بۆیه‌ له‌كۆن و له‌ تازه‌شدا كۆمه‌ڵێك خاڵ و كۆمه‌ڵێك مواسه‌فات هه‌یه‌ چیرۆكی له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێ‌، به‌نیسبه‌تی ئه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی روداو و فۆڕمێكی گشتی هه‌یه‌ یان كاركردنه‌ له‌سه‌ر خود و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو خود، بۆ ئه‌وه‌شیان مه‌رج نییه‌، ده‌شێ‌ چیرۆكی پێش راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می دوای راپه‌ڕین له‌ هه‌ندێك بابه‌ت و دۆسێدا جیاواز بن، به‌تایبه‌تی كورد له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا له‌دۆخی به‌رگریدا بووه‌ و له‌حاڵه‌تی شۆڕشدا بووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ هه‌ندێك چیرۆك و بگره‌ رۆمان و شیعریش هه‌ندێكجار به‌رگی سیاسه‌ت و شۆڕش و ئایدۆلۆژیایان پۆشیوه‌. به‌ڵام به‌گشتی چیرۆك گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ و مرۆڤیش هه‌میشه‌ حیكایه‌تێك، روداوێكی هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، جا سه‌لیقه‌ی چیرۆكنووسه‌كه‌ بڕیار ده‌دات ئاستی گێڕانه‌وه‌ چۆنه‌ و باشه‌ یان خراپ، سه‌ركه‌وتووه‌ یاخود نا.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

فه‌رهاد چۆمانی

له‌دایكبووی: ١٩٨٦- چۆمان
تاوه‌كو ئێستا دوو كتێب: په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن- كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك- ٢٠١٣
وه‌رگێردراوه‌ته‌ سه‌ر فارسی و ئه‌مساڵ له‌ تاران بلاوكرایه‌وه‌.
قیژه‌- رۆمان- ٢٠١٧
وه‌گێڕان: رۆمانی مژاباد- جان دۆست- ٢٠١٦
ژنانی نهۆمه‌ به‌رزه‌كان- حه‌لیم یوسف – ٢٠١٧
٩٩ موورووی په‌رشوبڵاو- حه‌لیم یوسف
نائارامی- زولفو لیڤانه‌لی
فه‌رهاد چۆمانی: با پرسیار له‌م گشتاندن و زۆراندنه‌ ده‌ربهێنین، با سه‌ره‌تا وردبینه‌وه‌ له‌وه‌ی داخۆ له‌ چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پشتبه‌ستوو به‌ تیۆره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان به‌و ده‌ره‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌؛ نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت! من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم، كه‌ زیاتر پرسیارێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامێكی خوازراو، من پێموایه‌ چیرۆكی كوردی له‌ ئێستادا هه‌م له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ هه‌م له‌ ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونی باشی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، چیرۆكی كوردی له‌ قالبی حیكایه‌تخوانی هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، زه‌مه‌ن پارچه‌ پارچه‌ بووه‌، ڕووداوه‌كان به‌ ته‌كنیكێكی تازه‌ ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌. تێما و (بابه‌ت)ی چیرۆكه‌كان هه‌م له‌ ڕووی چنینی ڕووداوه‌كان هه‌م له‌ ڕووی گوزارشتكردنێكی ڕاستگۆیانه‌تر له‌ ژیار و فه‌رهه‌نگ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گۆڕانكاری باشیان به‌سه‌ردا هاتووه‌. له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی هه‌ر چیرۆكێكی جیهانیدا كاریگه‌ری و سایه‌ی كردوه‌ته‌ چیرۆكی هونه‌ری كوردی. ئه‌گه‌ر پێشان چیرۆكی كوردی كولتوور و فه‌رهه‌نگی زمانێك و دوان سه‌رچاوه‌ی بووبن، ئێستا به‌سای وه‌رگێرانه‌وه‌ له‌ چه‌ندین زمانه‌وه‌ شێواز و ته‌كنیك فێرده‌بین، له‌ گۆگۆڵ و چیخۆفه‌وه‌ تا جه‌یمز جۆیس، چارڵز دیكنز، هه‌منگوای و كافكا و ماركیز و موراكامی و كێ و كێ هه‌ر چیرۆكه‌ و ده‌لاقه‌ی دونیایه‌كی تازه‌ی به‌ڕوودا كردووینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئیستێك بكه‌ین و بپرسین به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌م خه‌یاڵانه‌ وایكردووه‌ ئاسۆی ڕوانین و دونیابینی چیرۆكنووسانی ئێمه‌ی به‌رفراوان كردوه‌؟ ئایا كرانه‌وه‌ی ده‌لاقه‌كانی دونیا وایكردووه‌ چیرۆكنووسی ئێمه‌ به‌ تێمای خۆیه‌وه‌ به‌رگی ته‌كنیكێكی نوێ و جیهانی بكاته‌ به‌ر چیرۆكه‌كانی؟ ئایا به‌ڕاستی چیرۆكنووسی كورد دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌یان چیرۆكی وه‌رگێردراوی كولتوور و ئه‌ده‌بی گه‌لان پرسیاری له‌خۆی كردووه‌ له‌كوێی ئه‌ده‌بی جیهاندایه‌ و چیرۆكی كوردیش له‌ كوێی ئه‌م دونیا پڕ خه‌یاڵ و داهێنانه‌دا؟ من پێموایه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌وه‌ به‌و ڕاستیه‌ ده‌گه‌ین كه‌ هه‌ڵه‌ ڕوویداوه‌، جۆرێكه‌ له‌ “به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن” چونكه‌ هه‌ندێك ته‌كنیك هه‌ن كاریگه‌ری زمانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كاتێك به‌ زمانی یه‌كه‌می خۆی ده‌یخوێنیته‌وه‌ ته‌كنیك “كاڵا به‌قه‌د باڵا”یه‌ به‌ڵام كه‌ وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانێكیتر و هه‌وڵ ده‌درێ “لاسایی” ئه‌م ته‌كنیكه‌، لاساییه‌كی كوێرانه‌ی بكرێته‌وه‌ نابێته‌ چیرۆك، ده‌بێته‌ وڕێنه‌. هه‌ڵه‌یه‌كیتر ئه‌وه‌یه‌؛ چیرۆكنووسی ئێمه‌ هێنده‌ ئاسان خۆی ڕاده‌ستی ته‌كنیكی ئه‌وانیتر، یاخود ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراو ده‌كات له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ تێمای ئه‌و پێویستی به‌ ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ خۆیشی هه‌یه‌. من پێموانیه‌ چیرۆكنووسی كورد زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگ بێت، نه‌خێر! زۆر جار بیریشی ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و كاڵایه‌ی بۆ باڵای تێماكه‌ی ده‌دوورێ یان به‌به‌ری ته‌نگه‌ یان فش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین پێشكه‌وتنه‌كان و ئه‌و گۆڕانانه‌ی به‌سه‌ر شێواز و ناوه‌رۆكی چیرۆكی هونه‌ری كوردیدا هاتوون نادیده‌بگرین.

پ/ چیرۆكی كوردی له‌ ئێستادا له‌ كوێی چیرۆكی جیهانیدایه‌؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی؟

ئارام شێخ وه‌سانی…

ساڵی 2012 یه‌كه‌م ڕۆمانی خۆی به‌ناوی (سه‌مای سڕبوون) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌،
هه‌مان ساڵ خه‌ڵاتی لاوی ساڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ بواری ڕۆمان وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2013 بۆ چیڕۆكی (ده‌زگیرانی گۆڕستان) له‌ ڤیستیڤاڵی هه‌تاو بۆ ئه‌ده‌بی گه‌نجان خه‌ڵاتی دووه‌می چیڕۆكی وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2014 بۆ چیڕۆكی (زمانی دیوار) خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژی بۆ بواری چیڕۆك وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2014 ڕۆمانی (خه‌وتوو) له‌ خانه‌ی ئه‌ربیل، چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌
– ساڵی 2016 ڕۆمانی (مه‌رگی مێژوونووس)ی، له‌ ناوه‌ندی ئاوێر به‌ چاپ گه‌یاندووه‌.
– چه‌ندین چیڕۆك و وتاری ئه‌ده‌بی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ئارام شێخ وه‌سانی/ ئه‌ده‌بی كوردی له‌ جووڵه‌دایه‌. هه‌نگاوه‌كان ئه‌گه‌رچی دره‌نگوه‌ختیش بن، به‌ڵام بۆ كه‌وتنه‌ سه‌رپێ باش و گرنگن. تۆ بڕوانه‌ ئێمه‌ تا ئێستا مارسێل پڕۆستمان نه‌خوێندۆته‌وه‌، تازه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كرێته‌ كوردی، ده‌یان به‌رهه‌می گرنگی دیكه‌، كه‌ بناغه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و پایه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بین، تازه‌ ئاوڕیان لێ ده‌درێته‌وه‌. نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌متر زمانی دووه‌م ده‌زانێت، بۆیه‌ ئێسته‌ به‌ وه‌رگێڕانی ئه‌و تێكسته‌ به‌ ناوبانگانه‌، شاگه‌شكه‌ ده‌بێت.
به‌م هۆیه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگێرانه‌وه‌ ئاشانایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ڕێچكه‌ی ئه‌ده‌بی جیهاندا دروست كردووه‌. ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌كی باش له‌ نووسه‌رانی سه‌رده‌م دابڕاوین، ئێمه‌ ئێسته‌ خه‌ریكی ئاشنابوونین به‌ نووسه‌رانی ساڵانی بیست و په‌نجا و حه‌فتا، زۆر به‌ كه‌می ئیش له‌سه‌ر‌ به‌رهه‌می نووسه‌رانی ساڵانی دوای نه‌وه‌د و دووهه‌زار ده‌كرێت، وێڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و شه‌پۆله‌ گرنگ و گه‌وره‌یه‌ی وه‌رگێران وای كردووه‌، له‌ ئاستی چیڕۆك و ڕۆمان و ئه‌ده‌بی خۆمان تێبگه‌ین. ئێمه‌ كاتێك ڕۆمانێك یان چیڕۆكێكی بیانی ده‌خوێنینه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و به‌ده‌ر له‌ ویست، ناخمان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م به‌راوردكاری ئه‌ده‌بی خۆماڵی و ئه‌ده‌بی بیانی. ئه‌م به‌راوردكارییه‌، ئه‌كادیمیانه‌ نییه‌، جۆرێكه‌ له‌ چێژی خوێندنه‌وه‌. له‌ چه‌ندین جومگه‌وه‌ ده‌توانرێت ئه‌ده‌بی كوردی بناسرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تدا، كه‌ نووسه‌ر به‌گشتی ناكرێت هه‌ڵبێت له‌و دۆخه‌ی له‌ ده‌وورووبه‌ریه‌تی، بابه‌تی گێڕانه‌وه‌ و چیڕۆك به‌گشتی، پێوه‌ندیان به‌ دۆخی ژیان و تایبه‌تمه‌ندی شوێن و خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌. بێگومان له‌ خاڵی مرۆڤبوون و كێشه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كاندا هه‌موومان له‌یه‌ك ده‌چین، هه‌روه‌ها هه‌مووشمان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌ زمان و تێگه‌یشتنی خۆمان باس له‌و كێشانه‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی كۆمه‌لێك هه‌ڵكه‌وته‌ی جیاوازه‌وه‌ به‌ركه‌وتنمان به‌ دیواری ژیان جیاوازه‌، لێره‌دا ده‌توانین چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی كوردی بناسینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌ر چیڕۆكی جیهانی، به‌پێی شوێن و زه‌مه‌ن گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌. شێواز و بابه‌تی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی، جیاوازه‌ له‌ سه‌رده‌می دوای جه‌نگ، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریكییه‌كان جیاوازه‌ له‌ هیی ڕووسه‌كان، واتا له‌ ڕێگه‌ی كات و زه‌مه‌ن و هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌وه‌، ده‌كرێ ئه‌ده‌بی خۆمان بناسینه‌وه‌ پێناسه‌ی بكه‌ین.

پ/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت نوسینی چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ نوسینی ڕۆمان، یان پشووه‌ له‌ نێوان نوسینی ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه‌ ڕاسته‌، ئایا ئه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نوسێت ده‌توانێت ڕۆمانیش بنوسێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟
سواره‌ نه‌جمه‌دین/ نووسینی هه‌ر ژانه‌رێك سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆمان و شیعر چۆنه‌،‌ په‌یوه‌ندی نێوان چیرۆك و رۆمانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، نووسینی چیرۆك و ڕۆمان وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ یه‌كێك شیعری كورت بنووسێت و چامه‌(قه‌صیده‌)ش بنووسێت، چیرۆك به‌شێكی كورتی ڕۆمان نییه‌، به‌ڵكو ژانه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌ڵێت چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ ڕۆمان، یان ئه‌و نووسه‌رانه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌و وته‌یه‌ ده‌كه‌ن، زیان به‌ كرده‌ی نووسینی چیرۆك و ڕۆمانیش ده‌گه‌یه‌نن، به‌ گشتی نووسین هه‌ر جۆرێك بێت بۆ خۆی مه‌شقه‌، راپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی بێت، یان په‌خشان، شیعربێت یان چیرۆك، رۆمان بێت یان داستان، تێكڕایان مه‌شقن بۆ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌ كۆتایدا ده‌ته‌وێت بینووسیت، ئه‌و ده‌قه‌ی ڕه‌نگه‌ ده‌قی ته‌مه‌ن بێت.

له‌ پرسیاره‌كه‌تدا ئه‌وه‌ به‌دیده‌كرێت، كه‌ بۆچونێك هه‌یه‌ لای وایه‌ ژانه‌ری چیرۆك له‌ ئاستی ژانه‌ری ڕۆماندا نییه‌، یان به‌ روونتر چیرۆك ژانه‌رێكی بچوك و ئاسانه‌ و ڕۆمان هونه‌رێكی باڵایه‌! به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (مه‌شق) و (پشوو) به‌ كه‌م ته‌ماشاكردنی چیرۆكه‌، لای من ئه‌مه‌ وانییه‌، چیرۆك هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ ڕۆمان و شیعر، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وای ده‌بینم چیرۆك هونه‌رێكی ئه‌سته‌متره‌، له‌ چیرۆكدا مه‌ودایه‌كی كه‌مترت له‌ به‌رده‌مدایه‌ و ره‌گه‌زگه‌لێكی زۆریش تا جێگای بكه‌یته‌وه‌، ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی پارچه‌ زه‌وییه‌كی بیست مه‌تری بخه‌یته‌ به‌رده‌ست ئه‌ندازیارێك تا خانوویه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر دروست بكات، ده‌بێت ژووری میوان و چێشتخانه‌ و ژووری نووستن و ته‌والێت و حه‌مام و ته‌نانه‌ت باخچه‌شی تیادا جێگا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆمان هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌كی فراوان، جا باڵه‌خانه‌ یان كۆشكێكی تیادا بونیاد بنێت، ئه‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه‌، به‌ چواندنێكی تر چیرۆك هونه‌ری كاتژمێری ده‌ستییه‌، لێ رۆمان هونه‌ری چێكردنی ئۆتۆمبێلێكه، له‌ سنوری كاتژمێرێكی ده‌ستیدا جێگای ژماره‌ و مه‌كینه‌ و پیل و پیم زۆرجار رۆژمێر ده‌كرێته‌وه‌، لێ له‌ دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا ئه‌و مه‌ودا كه‌مه‌ نییه‌.

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی بیست مه‌تری بتوانێت ‌بینایه‌ك بونیاد بنێت، ئه‌گه‌ری زۆره‌ بتوانێت له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی چه‌ند یاردیش باڵه‌خانه‌یه‌ك دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاتژمێری ده‌ستی دروست ده‌كات، ئه‌ستمه‌ بتوانێت ئۆتۆمبێلیش دروست بكات، بۆیه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ك ئه‌ندازیاری بیناسازیه‌كه‌ نووسه‌ر ڕه‌نگه‌ بتوانێت چیرۆك و ڕۆمانیش بنووسێت، یان وه‌ك ئه‌ندازیاره‌ میكانییكییه‌كه‌ نه‌توانێت له‌ چیرۆك و ڕۆماندا كار بكات.

پ/ ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه‌ چین؟ له‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه‌ ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له‌ ڕووی تێكست و تێماو ماناوه‌، هه‌م له‌ ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه‌؟

جوتیار ئه‌حمه‌د/ ئه‌توانین بڵێین جه‌میل سائیب له‌ چیرۆكی له‌ خه‌ومادا زۆر پێش سه‌رده‌می خۆی كه‌وتووه‌، سه‌رده‌مێك كه‌ به‌ڕای ئه‌و وه‌ به‌ڕای مێژوونوسانیش پڕبووه‌ له‌ زوڵمی شێخ محمود كه‌ مه‌لیكی یه‌كه‌مین ده‌ڵه‌تی كوردی بووه‌. سه‌ردمیك كه‌ له‌هه‌مان سه‌رده‌می ئێستا ئه‌چێت به‌ڵام زه‌من و كاره‌كته‌ره‌كان جیاوازن. له‌خه‌ومای جمیل سائیب لێدانه‌ له‌ دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه‌ وه‌ك تێما ومانا، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ساڵانی ١٩٧٠ وه‌ به‌ ته‌كنیكێكی ساده‌ی به‌ یاساو ڕێسای ئه‌ده‌ب داڕێژراو چیرۆكی كوردی به‌رده‌وام ئه‌بێت، له‌ شێوه‌ی ئه‌دبی به‌رگری لێدان له‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام تێمای ئه‌مجاره‌ ده‌سته‌لاتی ڕژێمی داپڵۆسێنه‌ری عراقیه‌، ئه‌مه‌ش زۆرجار ئیشكردن بووه‌ به‌ كۆدو مجاز. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چیرۆكی دوای ڕاپه‌ڕین له‌و سه‌رده‌مه‌ جیا ئه‌كاته‌وه‌، دۆخی كافكایی و ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر ده‌رونی ئینسانی كورد وه‌ك تاكێك كه‌ خۆی ئه‌ناسێتو خاوه‌نی خۆیه‌تی، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر باسی دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ بكه‌ین تا ساڵانی ١٩٩٧ چیرۆكی كوردی باشور لێدان بووه‌ له‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و باوك سالاری. لێدان و ڕخنه‌ی دۆخی سیاسی ته‌نها له‌ وتاردا به‌دی ئه‌كرا له‌بواری چیرۆكدا زۆر به‌دگمه‌ن به‌دی ئه‌كرێت، تا ئه‌وكاته‌ی شه‌ری كورد به‌ده‌ستی كورد ئه‌گاته‌ لوتكه‌و ئینسانی كورد هه‌ست به‌ وێرانبوونی ناخی خۆی ئه‌كات، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین به‌ده‌ست پیاو سالاریه‌وه‌ گیرۆده‌یه‌ ڕاسته‌ ڕۆچۆته‌ ده‌رونی ئینسانه‌كانه‌وه‌ به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێر سالارییه‌.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه‌ هێنده‌ خوێنه‌ری چیرۆك نییه‌، ئه‌م بۆ چونه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌؟

گۆران ڕه‌ئوف: بۆ ئه‌م تێڕوانینه‌ ئامار و داتایه‌كی ورد له‌به‌رده‌ستدانییه‌، كه‌ خوێنه‌ری رۆمان زۆرتره‌ له‌ خوێنه‌ری چیرۆك؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و هه‌ستیپێده‌كرێت، بێگومان ئه‌و روانینه‌ دروست ده‌بێت كه‌ خوێنه‌ری رۆمان زیاتره‌ و له‌ ئێستادا پتر چاوی خوێنه‌ر له‌سه‌ر چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌كانه‌. به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆكارێكی له‌پشته‌وه‌یه‌ و هه‌ریه‌ك له‌م هۆكارانه‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌كی كورتیان پێبده‌م، سه‌رچاوه‌ن بۆ به‌ربڵاوی و گه‌شه‌ی خوێنه‌ری رۆمان به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تریش. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ هۆكاری مێژووییه‌.. یان مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی ئه‌م و دوو ژانه‌ره‌یه‌ له‌ دنیادا و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستاندا. مێژووی رۆمانی كوردی و سه‌رهه‌ڵدانی بۆ خوێنه‌ر به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك، مێژوویه‌كی پته‌وتر و به‌هێزتری هه‌یه‌ و وه‌ك دیارده‌یه‌كی تازه‌ خۆی به‌یانكردووه‌ له‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ری كوردیدا، هه‌ربۆیه‌ له‌ناوخۆیدا خاوه‌ن گووتار و په‌یامی به‌هێزتره‌ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك. یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كان، هۆكاری په‌روه‌رده‌ییه‌، “په‌روه‌رده‌ی خوێنه‌ر” ئه‌مه‌یش له‌ دو ئاستدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و كاری زۆری بۆ كراوه‌. یه‌كه‌میان بایه‌خی ئه‌دیبانی كورده‌ به‌ رۆمان و ورد ئیشكردنیانه‌ له‌و ژانه‌ره‌دا، كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش بۆ كارامه‌یی و توانای رۆماننوسانی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئاستی دووه‌م بایه‌خی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ جیا له‌هه‌موو ژانه‌ر و بابه‌ته‌كانی تر، تیشكێكی تۆخیان له‌سه‌ر چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمان داناوه‌، وه‌ك ئیشی رۆماننوسه‌ ناوخۆییه‌كان و وه‌رگێڕانی رۆمانه‌ جیهانییه‌كان، ئه‌م دوو هۆكاره‌ وایكردووه‌ جۆرێك له‌ په‌روه‌رده‌ی خوێندنه‌وه‌ دروست بێت بۆ رۆمان و رۆمان له‌ خه‌یاڵدانی خوێنه‌ری كوردیدا ببێته‌ شتێكی مه‌زنتر و باڵاتر له‌ئاست ژانه‌ره‌كانی تردا! ئه‌م دو ئاسته‌ی باسمكرد پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ دنیای چیرۆكیش راسته‌. یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستمه‌ له‌باره‌وه‌ی بدوێم په‌یوه‌ندی به‌ چیژ و فراوانی مه‌ودای كاركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت ناوی به‌رین به‌ “هۆكاری بابه‌تی” له‌ رۆماندا زیاتر له‌ چه‌ندین كاراكته‌ر و چه‌ندین روودا و چه‌ندین بابه‌ت، بوونی هه‌یه‌ و نووسه‌ر ده‌ستكراوه‌تره‌ كه‌ خوێنه‌ر په‌لكێش و مه‌حكوم به‌ خوێنده‌وه‌ بكات، به‌ڵام له‌ چیرۆكدا تۆ ده‌توانیت بابه‌تێك یان مادده‌یه‌ك وه‌گه‌ڕبخه‌یت بۆ پرۆسه‌ی چیرۆكاندن. ئه‌م بابه‌ته‌یش له‌نێو چه‌ند كاره‌كه‌ته‌رێك و روداوێك یان زیاتردا ئیش ده‌كات. دنیای رۆمان دنیایه‌كی فراوانتره‌ و چه‌قبه‌ستوو نییه‌ له‌ بابه‌تێكی خودی یان بابه‌تێكی گشتیدا، به‌ڵكو ئیشكردنه‌ له‌ كۆی كێشه‌ فه‌لسه‌فی و ژیاری و مێژوویی و چه‌مكه‌ بنه‌ڕه‌تیی و وجوودییه‌كانی مرۆڤایه‌تی. له‌كاتێكدا ئه‌م مه‌ودا فراوانه‌ له‌ چیرۆكدا نییه‌ و پتر كاركردنه‌ له‌ نێو ده‌روون و بابه‌ته‌ خودییه‌كانی مرۆڤدا.
یه‌كێكی له‌ هۆكاره‌كان كه‌ وایكردووه‌ رۆمان زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بێت به‌راورد به‌ چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تر هۆكاری پێكهاته‌ و میمۆری مێشكی مرۆڤه‌، كه‌ده‌كرێت ناوی به‌رین به‌ “هۆكاری سروشتی خوێنه‌ر” ره‌نگه‌ له‌ مێژووی هه‌ر خوێنه‌رێكدا كه‌ خوێنه‌ری رۆمان و چیرۆكه‌، به‌ سه‌دان رۆمان و چیرۆكی خوێندبێته‌وه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندێشه‌ و هزریدا ده‌مێنێته‌وه‌ روودا و بابه‌ت و كاره‌كته‌ر و هتد.. رۆمانه‌كانه‌ نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری به‌هێزتر و مه‌حكه‌متر دابنێت له‌ هه‌ست و نه‌ستی خوێنه‌ر رۆمانه‌كانه‌، نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان. كه‌ دیسانه‌وه‌ هۆی ئه‌مه‌ش ڕیشه‌ی له‌ مه‌ودای كاركردن و سروشتی كاركردنی ئه‌و دوو بواره‌دا هه‌یه‌.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نووسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی ته‌كنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

به‌ختیار حه‌مه‌سوور: سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ناوه‌ڕۆك له‌گه‌ڵ ته‌كنیك و شێواز(فۆڕم) له‌ چیرۆكدا، به‌ گشتی ده‌بێت باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خته‌ بۆ چیرۆكنووس نییه‌ كه‌ فه‌رز بكات چیرۆكێكی ناوه‌ڕۆكخواز، چیرۆكێكی ته‌كنیكخواز یان فۆڕمیك بنووسێت، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ تێمای چیرۆكه‌ ئه‌م ئه‌مره‌ ده‌سه‌پێنێت، تێمایه‌ كه‌ ته‌كنیك و فۆڕمی تایبه‌ت به‌ خۆی فه‌رز و داوا ده‌كات. هه‌ر چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتوو كه‌ له‌ مێژووی دوورونزیكی ئه‌م ژانره‌دا نووسراوه‌ و ده‌نووسرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌م ڕێسا و یاسایه‌دا هه‌ڵده‌سووڕێت. هه‌ر جیاكردنه‌وه‌ و دابڕكردنێك له‌ نێوان ئه‌م پێكهاتانه‌دا كارێكی نادروست و میكانیكی لێ ده‌ر دێت، كارێك كه‌ ناتوانێت درێژه‌ و به‌رده‌وامی به‌و ئیمكان و ئه‌گه‌ره‌ بدات كه‌ ناوی داهێنان و نه‌مرییه‌. چیرۆكنووسی سه‌ركه‌وتوو هیچ كات بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ به‌ پێوه‌ر و قاڵبی ئاماده‌ و سازكراو چیرۆك بنووسێت، ده‌توانین بڵێین هه‌ر چیرۆكێكی هونه‌ریی كه‌ ده‌نووسرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ر و قاڵبه‌ پێشوه‌خت سازكراوه‌كان ده‌نووسرێت، به‌ ژماره‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی هه‌ن ئێمه‌ پێوه‌ر و قاڵبمان هه‌یه‌، چیرۆكی هونه‌ریی و جیاواز به‌رده‌وام چاوی له‌وه‌یه‌ خیانه‌ت به‌و پێوه‌ر و قاڵبانه‌ بكات و پێوه‌ر و قاڵبی تایبه‌ت و دیاریكراو به‌ خۆی ساز بكات. لێره‌وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌ بده‌ینه‌وه‌ و بڵێین: چیرۆكی كوردی له‌ ململانێی شكست و داهێناندا بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م به‌ستێنه‌دا تای شكستی قورستر بووه‌، ئه‌ویش به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و سوودوه‌رگرتنی به‌رده‌وامی له‌ سوننه‌تێكی چیرۆكنووسی، كه‌ نه‌توان و ده‌سته‌وسان بووه‌ له‌ هاوسه‌نگی نێوان ته‌كنیك و فۆڕم له‌ لایه‌ك و ناوه‌ڕۆك له‌ لایه‌كی تر. چیرۆكی كوردی له‌ قۆناغێكدا زیادتر ڕووی له‌ شێوازێك له‌ چیرۆكی ناوه‌ڕۆكخواز كردووه‌ و به‌مه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وتووه‌ته‌ خزمه‌ت ئایدۆلۆژیا جیاوازه‌كانه‌وه‌، له‌ قۆناغێكی تریشدا ئاوڕی داوه‌ته‌وه‌ له‌ ته‌كنیك و فۆڕمه‌ جیهانییه‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست و به‌ شێوه‌یه‌كی قه‌تعی ته‌كنیك و فۆڕمه‌كان بكاته‌ به‌ به‌ر ناوه‌ڕۆك و له‌ هه‌ناو یه‌كدا بیانتوێنێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌م ڕه‌وته‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ چیرۆكی نوێی كوردیدا، هه‌وڵ و به‌رده‌وامی هه‌ن، هه‌رچه‌ند وه‌ك پێویست به‌رچاو و زۆر نین، به‌ڵام حاشا لێ نه‌كراون، كه‌ بۆ خولقاندنی چیرۆكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن ده‌كۆشن و سوود له‌ ده‌ره‌تان و ئیمكانه‌ جیهانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی دروست وه‌رده‌گرن.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

مه‌حمود نه‌جمه‌دین/ بۆ چیرۆك بیرۆكه‌ زۆر گرنگه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌، چون بیرۆكه‌ ئه‌ساسی كاره‌كه‌یه‌، كه‌ چیرۆكنووسه‌كه‌ وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چۆن ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ته‌حویل ده‌كه‌یت بۆ چیرۆك، لێره‌وه‌ گرنگی ئیشه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی دیاری ده‌كرێت. بۆ نموونه‌ چیرۆكنووسه‌ ده‌توانێ‌ له‌ بابه‌تێك، یان بیرۆكه‌یه‌كی زۆر ساده‌ و بچووك چیرۆكێكی جوانی لێ‌ ده‌خولقێ‌، بۆیه‌ بیرۆكه‌ گرنگه‌ له‌وه‌ش گرنگ تر بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه‌ت نه‌مرێ‌ چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ و شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ گرنگه‌، كه‌ چیرۆكنووس بتوانێ‌ به‌شێوازێك بگێڕێته‌وه‌ سه‌رسام كه‌ر بێ‌ بۆ خوێنه‌ر، خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌و شێوازه‌ نه‌بێ‌ و وه‌ك شتێكی به‌ری بكه‌وێت و ته‌قلیدی نه‌بێ‌، ئێستا له‌دنیادا ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و كاری پێده‌كرێ‌، بۆ نموونه‌ چیرۆكنووس هه‌یه‌ به‌رده‌وام بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ شێواز و ته‌كنیكی تازه‌ بدۆزێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت نموونه‌ زۆرن له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و ته‌كنیكانه‌ی كه‌ هه‌یه‌. لێ‌ تۆ منت به‌ پابه‌ند كردووه‌ به‌ یه‌ك تا دوو ئه‌ی فۆڕ وه‌ڵامبده‌مه‌وه‌. له‌ چیرۆكنووسه‌كانی ئێستاش چیرۆكنووسی زۆرباشمان هه‌یه‌، هه‌ندێك له‌و چیرۆكنووسانه‌مان گرنگی زۆر به‌ ته‌كنیك و شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌ ده‌ده‌ن، وه‌ نه‌بێ‌ ئێمه‌ له‌بواره‌دا كۆڵ بین، چیرۆكی زۆر جوان و ئاست به‌رزمان هه‌یه‌، كه‌

به‌ته‌كنیكی نوێ‌ ده‌نووسرێن، به‌ڵام ده‌شێ‌ كه‌م بن، چون هه‌ر به‌گشتی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی زۆر ئاوڕی له‌ چیرۆك نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانی چاپه‌مه‌نیش چیرۆك زۆر گرنگ نییه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئۆرهان پامۆك بن و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ چیرۆك هه‌بێ‌ یان رۆمان؟!. به‌داخه‌وه‌ هێشتا چیرۆك و رۆمان و ئه‌ده‌ب به‌گشتی له‌ده‌ستێكی ئه‌میندا نییه‌ و هه‌ندێك له‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر چیرۆك ده‌ده‌ن هیچ له‌چیرۆك نازانن و هێشتا شاره‌زای ته‌كنیكی چیرۆك نین، كه‌چی به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن بڕیار له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی ده‌دن، به‌داخه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ی كۆندا یان باشتر بڵێم ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی شه‌سه‌كان ئێمه‌ چیرۆكنووسێكی وه‌كو حوسێن عارفمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌یان وتار و مه‌قاله‌ی له‌سه‌ر شێواز و ته‌كنیكی چیرۆك هه‌یه‌، واته‌ نه‌ له‌خۆیه‌وه‌ چیرۆك ده‌نووسێ‌ و نه‌ له‌خۆیه‌وه‌ چیرۆكی خه‌ڵك ره‌فز ده‌كات. قسه‌ زۆر بۆ ژانرێكی وه‌كو چیرۆك كه‌ زۆرترین غه‌دری لێكراوه‌، به‌ڵام با بمێنێ‌ بۆ ده‌رفه‌تێكی تر، چون خۆشم نیازم هه‌یه‌ زنجیره‌یه‌ك وتار له‌و باره‌یه‌ وه‌ بنووسم هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رقاڵێم به‌چیرۆكنووسین و كاری رۆژنامه‌ گه‌رییه‌وه‌ بوار بدات.

پ/ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێوازو ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به‌ جۆرێكی دیكه‌ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟

فه‌رهاد چۆمانی: پێموایه‌ له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا به‌ جۆرێك وه‌ڵامی یه‌م پرسیاره‌شم داوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام با وردتر بڵێم؛ له‌سه‌ره‌تاوه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم فۆڕم بكرێته‌ بۆته‌یه‌ك و ئه‌گه‌ر چیرۆك نه‌چێته‌ نێو ئه‌و قاڵب و كڵێشه‌یه‌وه‌ چیرۆك نه‌بێت. من ناتوانم شێواز و ته‌كنیكێك ده‌ستنیشان بكه‌م و بڵێم ئه‌مه‌یان گونجاوه‌! ئه‌مه‌ كاری نه‌كرده‌یه‌. هه‌ندێك بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ چیرۆك هه‌ن ئه‌گه‌ر چیرۆكێك ئه‌م بنه‌مایانه‌ی تێدابن، ئیدی پێویست ناكات چیرۆك چیرۆك مه‌حكووم بكه‌ین به‌ ته‌كنیكێكه‌وه‌. به‌ڵام دیسان ده‌ڵێمه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌لان هه‌وێنێكی بێ هاوتایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ناخودئاگا چیرۆك له‌ ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ پێشبخات.
ڕه‌نگه‌ ڕه‌خنه‌گرانی چیرۆكی هونه‌ری كوردی وه‌ڵامێكی باشتریان پێبێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كێشه‌كانی چیرۆكی كوردی بكه‌ن، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم چیرۆك وه‌ك شیعر هه‌وڵ ده‌دات په‌یامێكی كورت و بچووك و سنووردار بگه‌یه‌نێت، بگره‌ گوزارشت له‌ دۆخی ده‌روونی ئه‌وساته‌ی چیرۆكنووس ده‌كات كه‌ تێیدا نووسیویه‌تی. یه‌كێك له‌ كێشه‌كانیش كه‌ بووه‌ته‌ مۆرانه‌ی چیرۆكی هونه‌ری كوردی ئه‌وه‌یه‌؛ چیرۆكنووس پێیوایه‌ گه‌یشتن به‌ نووسینی چیرۆكێك كه‌ به‌ پێودانگی ئه‌ده‌بی جیهانی و تۆكمه‌ بێت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئێلێمێنت و فه‌زایه‌ بۆ چیرۆك دروستبكرێت كه‌ بۆنموونه‌ له‌ چیرۆكێكی هێمنگوایدا هه‌یه‌. تۆ چ باسی ده‌ریا و نه‌وره‌س ده‌كه‌یت كه‌ سنووری كوردستانی گه‌وره‌ت ناگات به‌ ده‌ریا و ڕووداوه‌كانیشت له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانی كوردستان ڕوو ده‌دات؟ چ باسی قیتار و بونیادی شارێكی پێشكه‌وتوو ده‌كه‌یت كه‌ خۆی شارسازی لای ئێمه‌ له‌ ژێر پرسیار و گوماندایه‌. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم زۆرجار چیرۆكی خه‌یاڵكردی وا ده‌نووسرێ كه‌ ناكرێ ئه‌مه‌ تێمای چیرۆك بێت، ده‌كرێ به‌ شیعرێك، په‌خشانێك باشتر گوزارشت له‌ ویستی ئه‌م ده‌ربڕینه‌ بكرێت.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه‌ هێنده‌ خوێنه‌ری چیرۆك نییه‌، ئه‌م بۆ چونه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌؟ لاوازی بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه‌ یان كێشه‌كه‌ له‌ ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دایه‌؟

ئارام شێخ وه‌سانی/ جارێك پێش هه‌مووشتێ، با هاوكێشه‌كه‌ به‌ هاوسه‌نگی سه‌یر بكه‌ین. ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ به‌گشتی له‌ بره‌وی به‌رده‌وام دایه‌. ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ ڕێڕه‌وی گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌دیبان له‌ جیهاندا داهێنان و نوێخوازی ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش پێوه‌ندی به‌ چه‌ندین هۆكاره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ناو خه‌مه‌كانی و زیاتر نامۆبوونی له‌به‌رده‌م ڕۆچوون به‌ ناو ته‌كنه‌لۆژیادا، دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌كانی خه‌یاڵ و به‌ركه‌وتن به‌ چێژی نهێنی، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ فراوانی ڕووبه‌ری ئه‌و ژانره‌ و ده‌ربڕینی هه‌موو شته‌كان بۆ هه‌مووان به‌ ڕه‌وانبێژیی و چیڕۆكی یه‌كتری، ئه‌میش وای كردووه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوێنه‌رن، زوو یان دره‌نگ به‌ر ژانری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ون.
هه‌ر یه‌ك له‌ چیرۆك یاخود ڕۆمان شتێكی هێنده‌ لێك جیاواز نین تاكوو بێن بڵێن ئه‌مه‌ خوێنه‌ری زۆره‌ و ئه‌مه‌ خوێنه‌ری كه‌مه‌، نا هه‌ردووكیان ئیشكردنن له‌ناو پانتایی گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ردووكیان پێویستیان به‌ زمانێك هه‌یه‌ كه‌ سێبه‌ر‌ بخاته‌ سه‌ر پێكهاته‌كانی گێڕانه‌وه‌ و لای خوێنه‌ر شتێك دروست بكات، یان جێبهێڵێت و ئیستاتیكا وه‌ك تیشكێك بخزێته‌ ده‌رونه‌وه‌ . وه‌ك زۆر لێكۆله‌ر و شاره‌زا و چیڕۆكنووس، منیش پێم وایه‌ نووسینی چیڕۆك زه‌حمه‌تتره‌ له‌ ڕۆمان، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، كه‌ دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌، له‌ چیڕۆكدا نووسه‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زا و زاڵ بێت، كه‌ بتوانێت، زۆرترین مانا و ته‌كینك و یارییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ له‌ كه‌مترین پانتایی ئه‌نجام بدات. ئیتر ئه‌وه‌ ڕوونه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت و ده‌ست بكات به‌ چیرۆكنووسین، ئه‌وا دیاره‌ چیڕۆكه‌كه‌ی ده‌بێته‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی وه‌ك حیكایه‌تی به‌ر ئاگردان. وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رنجم داوه‌، پاش ئه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی نوێی ئه‌ده‌بی، پێگه‌ی خۆی گرت و ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ گه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌، زاڵبوونی ئه‌م ژانره‌، به‌ ڕوونی بینرا. ئه‌م دۆخه‌ له‌ زۆرینه‌ی دونیا هاوشێوه‌یه‌، یان لێك نزیكه‌، واتا به‌گشتی ده‌نگدانه‌وه‌، ڕیكلامی ئه‌ده‌بی، ده‌زگه‌كانی چاپ و په‌خش و دامه‌زراوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و ته‌نانه‌ت خوێندنی ئه‌كادیمیش، زیاتر باوه‌شی بۆ ڕۆمان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك له‌ چیڕۆك، بێگومان ئه‌وه‌یش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ ئاراسته‌كردنی خوێنه‌ر بۆ ژانری ڕۆمان. وه‌ك چۆن ده‌بینین، ئێسته‌ له‌ كوردستان هه‌تا كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی بیانی وه‌رده‌گێڕدرێت، به‌ ده‌یان ڕۆمان وه‌رده‌گێڕدرێت، ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا، زاڵكردن و بانگه‌وازكردنه‌، بۆ ڕۆمان له‌به‌رانبه‌ر ژانره‌كانی دیكه‌…




ڕیفراندۆم لە جەرگەی دیباتی چینایەتی دا! … 1 … سامان کەریم


وەڵامێک بە هاوڕی خەسرەو سایە………….

بەشی یەکەم………………..

هاوڕێ خەسرەو سایە، پێدەچێت وا حالی بو بێت کە من ڕێگرم لە بەردەم ڕیفراندۆمدا. بەهەرحاڵ ئیتر چارێک نەما وپێویستە وەڵامێک وەربگرێتەوە. نوسینی پێشوی من کە پێی وایە وەڵامیکە بەو، وانیەو وەڵامێکە بە بۆچوون و ڕوانگەو میسۆدێکی بیرکردنەوە کە زاڵە بەسەر بزوتنەوەو حزبەکانیدا، پاشان نوسەرانی بزوتنەوەکەمان، ژمارەیان هێجگار کەمە بۆیە وەک هاوڕی خەسرەو دەلێت “شەبەح” نین هەموومان ٥-٧کەس دەبین لە ڕابەری حزبەکاندا کە دەنوسین ، لەوە زیاتر هەندی بڕگەی ئەو هاوڕییانە خراوەتە گیوماوەو ڕۆشنە کە هی شەبەح نیەو هی رابەڕانی سێ حزبن. بەڕاستی من کێشەم بەتەنها لە گەڵ خەسرەو نیە وە باسی من باسی بزوتنەوەو حزبەکانیەتی، ئەگەر هاوڕی خەسرەو ناچاری نەکردمایە ئەوە هەر پێویست نەبوو ئەم وەلامە بدەمەوە. کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە، بەتایبەت ئەوە دوو جارە، بێ بناغە و پێ پایە هاوڕیەکی خۆی تۆمەتبار و تاوانبار دەکات و بەوەش ناوەستێت دادگای دەکات و بەوەش ناوەستێ حوکمی ” ناحزبی” بوون و تێکدانی ڕیزی بزوتنەوەکەی بۆ دەردەکات و بڵاویشی دەکاتەوە بێ ئەوەی “سامان کەریم ی تاوانبار” ئاگادار بێت!!!. بەراستی لەمبارەوە هاوڕی خەسرەو عەجایب پرینسیب شکێنە، بە ئاستێک توشی هێستریک و توڕەبوون بوە داویەتی بە بنی هەموو پرنسیب و ئسوڵە حزبیەکان و بەندەکانی بەرنامەدا لە پەیوەند بە ” مافەکانی تاوانبارەوە” و تەنانەت کار گەیشتوە بەوەی کاری نیوخۆیی مەکتەب سیاسی حزبێکی هاوچارەنوسی ئاشکرا بکات. لەنوسینی پێشوودا کە نوسیبوم ” هاوڕی خەسرەو بەرژەوەندی خوازە…. بەلام مادام دڵی پێخۆشە وەلامی نادەمەوە” ئەو گاڵتەی پێ هاتوە. بۆیە لەم نوسینەدا وەڵامیکی بێ ڕەحمانەی دەدەمەوە، بە هەمان شیوازی لینین لە ڕەخنەگرتندا، بەرانبەر هاوڕێکانی.

هاوڕی خەسرەو کۆسپێکی گەورەی هەیە و ئەو کۆسپەی وای لێکردوە کە سەبری نەمابێت و بە ڕاست و چەپدا سامان دەهێنێت و دەبا وهاوار دەکات و دەڵی ” لەجیاتی ئەوەی وەڵامێک بەو دەیان سەرنج و پرسیارانە بداتەوە کە لە وتارەکەدا ڕوبەرووت کراوەتەوە” ئەم ڕستەیە بە چەندین شیواز دوبارە دەبێتەوە لە نوسینەکەیدا . ئەوە کۆسپی خەسرەو خۆیەتی کە پێی وایە ئەو دەبێت گۆڕەپانی دیباتەکە دیاریبکات. دیباتی سیاسی وە فکری لە پەیوەند بە کۆمەلگاوە مانای هەیە، باسی گەرمی ئێستای کۆمەلگای کوردوستان نە سامان کەریم و مێشکی ئەو و “زگزاک لێدانی” ئەوە وە نە ئالۆزییەکانی بیرکردنەوەی خەسرەوە. باسەکە کۆمەلایەتی تر وە گەورەترە لە من و خەسرەوو حزبەکانمان و بزوتنەوەکەشمان. خەسرەو لەمە تێناگات و پێی وایە ئەگەر سامان کەریم وەلامی ئەوە بداتەوە کە بۆ جیاوازی هەیە لە بوچونەکانیدا لە سالێ ٢٠١٤ جۆرێکە وە لە ساڵی ٢٠١٧ دا جۆرێکی دیکەیە، ئەوە ئیتر باسەکە چارەسەر دەبێت و کۆسپێک نامێنیت. یان پێی وایە سامان کەریم بە دژی حزبەکەی بیر دەکاتەوە و ناحزبیە، ئەگەر وەلامێک بەمە بداتەوە ئیتر موشکلە نامێنیت. ئازیزی من ئەوانە باس نین. گریمان ڕەخنەکانی تۆ لە سامان کەریم هەموی دروستە . دیسان باسی سەرەکی کۆمەلگا کە خەسرەو ناتوانێت وەلامی بداتەوە، لە شوێنی خۆیەتی. هاوڕی خەسرەو لە باسی سەرەکی و باسە کۆمەلایەتی و چینایەتیەکە نەک ڕادەکات بە ڵکو فرار دەکات” ئەمە لەخوارەوە ڕۆشن دەکەمەوە” دەیەوێت بە سامان کەریم پڕی بکاتەوە. بڕوا بکە ئەگەر منیش قبوڵی بکەم ئەوە کەس وەریناگریت و ناتوانیت بەم شیوەیە هاوفکری و یەکێتی ئیرادەی ٥ کەس فەراهەم بکەیت.

هەرچۆنێک ئێمە بیر بکەینەوە، خەسرەو دروست بیر بکاتەوە یان من لە دوالێکدانەوە ئەوە هەلومەرجەکەو پڕاتیکی چینەکانو ململانێی نێوانیانە کە ڕاستو دروستی بۆچونەکان دەردەخات. بەتایبەت لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە، ڕیفراندۆم ، ماوەیەکی زۆری ناوێت و حەقیانەتی بۆچونی دروست لە واقعدا دەردەکەوێت. پێش وەلام بەباسەکانی دیکە کە لەڕوانگەی منەوە هێجگار سانەوین، پێویستە لە باسی سەرەکی کۆمەلگاوە جارێکی تر دەست پێبکەینەوەو ئەمجارەش نیشانی بدەم کە هاوڕی خەسرەو لە وەڵامەکە فرار دەکات و وەڵامی ناداتەوە. جا یان نایەوێت وەلام بداتەوە یان بەم شیوەیە حاڵی بوە.

دیباتی سەرەکی کۆمەلگای کوردستان!

باسی سەرەکی و گەرمی کۆمەلگای کوردستانی عیراق لە ئێستادا باسی ڕیفراندۆمە. یان وا ناونراوە کە ناوی ڕیفراندۆم بێت. هاوڕی خەسرەو لە دواین نوسینی دا” ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی.. دیسان وەڵام بە هاوڕێ سامان.” لەسەر ئەمباسەو گوایە وەڵامی پرسیارەکەی منی داوەتەوە کە دەڵیم: ‌چۆن”ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی” کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌بێ بوونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، چاره‌سه‌ر ده‌کات؟” بەڕیزیان بە شیوەیەکی سەیر وەڵامی داوەتەوە کە هێنانەوەی بڕگەیەکی بەرنامەیەو هەرچەند ئەو بە زمانی عەرەبی دایگرتوە بەلام من لەبەرخاتری ئەو، بە کوردیەکەی بۆی دەنوسمەوە: “له‌ پاش جه‌نگ ‌و داگیركاریی‌ عێراق ‌و ڕوخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیش، نه‌خشه‌كانی‌ ئه‌مریكا ‌و بۆرژوازی‌ عێراق بۆ سه‌رله‌نوێ‌ سازدانه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دابه‌شكاریی‌ نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنیكی ‌‌و دینی، قه‌ڵه‌شت و ڕکەبەری‌ نه‌ته‌وه‌ییان له‌ عیراقدا قوڵتر کردوەتەوە. لە ئاکامی هەموو ئەمانەدا پێکەوە ژیانی ئاسودە و دوور لە دەردەسەری خەڵکی کورد و عەرەب لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا سەخت و دژوار بووە.”

وە ” حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ تیده‌كۆشیت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی ئەم ‌ مه‌سه‌له‌یە و ده‌ركێشانی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق ‌و كوردستان‌ له‌ ژێرباری ‌ڕکەبەری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له ‌ڕێگه‌ی‌ به‌رپاكردنی‌ ڕیفراندۆمێكی‌ ئازاده‌وه‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ باكوری‌ عێراق له‌ژێر چاودێری‌ داموده‌زگا ڕه‌سمیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا.”( هێلی تەئکید هی منە)

پیش باسکردنی بەیانەکەی حزبی عێراق کە ئەویش پایەیەکی دیکەی وەڵامی هاوڕیمانە. جاری با لەگەڵ ئەم دووبرگە بەرنامەیەدا وەڵامی خۆم یەکلایی بکەمەوە. پرسیارەکەی من بەم شیوەیەیە کە لە هەموو نوسینەکانمدا هاتوە: ‌”چۆن ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی” کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌بێ بوونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، چاره‌سه‌ر ده‌کات؟”بەریزیان ئەم دوو بڕگەی هێناوەتەوە. بەلام نازانم ئەم هاوڕییەی ئێمە بۆ وا دەکات خۆ من نەم وتوە بەرنامە وا نالێت یان باسی ڕیفراندۆم ناکات، بەمانایەک ووتومە ئەو بەرنامەیە چۆن بۆ قەدو باڵای ڕیفراندۆمی بارزانی دەبێت؟! ئەوە باسەکەیە . بەلام بەهەرحال زەحمەتی کێشاوە و پێ دەچیت ڕیفراندۆم هەموو شتیکی لە بیر بردبێتەوە. ئەو برگە بەرنامەیانە لە دوو ڕوەوە بە زەرەری خەسرەوە و هیچ پەیوەندی نیە بە وەلامی ئەو پرسیارەوە.

یەکەم: من لەیەکەم ڕۆژەوە وتومە، ئەگەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئەم کارە بکات و ڕابەری بکات ئەوە من بە ١٠ پەنجە مۆری دەکەم، وە لە ڕیزی پێشەوە دەبم. ئەو بڕگە بەرنامەییەش وا دەلێت وە ” حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تێدەکوشیت بۆ یەکلایی کردنەوەی دەست بەجێی…..” هاوڕیم لێیتێکچووە کە ئەم ڕیفراندۆمە ٢٥.٩ حزبی ئێمە لە کوردوستان بۆی تێنەکۆشاوە بەلكو بارزانی وپارتی ڕابەری بوون و ناسیونالیزمی کوردیان پشت سەری خۆیان ناوە… حزبی ئێمە لە کوردوستان تازە ترین بەیانی لە بەهاری ئەمسالدایە و دژی ڕیفراندۆمە…. ئەم هەولو کۆششەی حزبی ئێمە دوای بڕیاری بارزانی دێت… ئەو سیاسەتەی هاوری خەسرەو دەیکات دروست دژ بە بەرنامەیە. من نەم بیستوە حزبی ئێمە لە کوردوستان هەوڵی دابێت بۆ ڕیفراندۆم ” باسی ١٩٩٥ ناکەم” تاکو دوای ڕاگەیاندنی بارزانی و دیاریکردنی ڕۆژەکەی. ئەگەر وانیە بفەرمون لیستی ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنە گشتیانەمان بۆ بژمێرن کە حزبی ئێمە لە کوردستان ڕابەری کردوە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بسەپێنێت. ” ڕیفراندۆم” لە ڕوانگەی هاوڕی خەسرەوە لە قاموسی سەرو چینەکانەوە دەخوێنرێتەوەو پەیوەندی بە چینەکان و خەباتی چینایەتیەوە نەماوە. بۆیە ناوی تێکۆشانی ” حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ تیده‌كۆشیت” لێگۆڕاوە.

دووەم: بەبێ لە بەرچاو گرتنی خاڵی یەکەم. ئەو بڕگە بەرنامەییانە، چوارچیوەی گشتی سیاسەتێک دیاری دەکەن، بەلام سەردەم وکاتی تیدا نیە، هەلومەرجی تایبەتی تێدا نیە. سیاسەت لە کاتی دیاریکراو و لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی دیاریکراودا مانای هەیە. ئەگەر وا نەبێت نەخشەکارو تەکتیک و خواست و داواکاری هیچی مانای نامێنێت. ئەگەر بە قسەی خەسرەو بکەین، هەرکەس وتی شۆرشی کریکاری خەیالیە. دەبێت بلێین وانیە ئەوە نیە بەرنامەکە واناڵێت!!!. چ عەجایب تیۆرێکە. بەلام خەسرەو دەزانی؟! ئەگەر وابوایە هێجگار خۆش و ئاسان دەبوو. هاوڕی دەبوایە نیشانی بدات لەم هەلومەرجە سیاسییە دیاریکراوەی عیراق و ناوچەکەدا، چۆن ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی جێگا مەبەستی خۆی. بەلام لەمبارەوە هیچ خۆی ماندوو نەکردوەوەو کارەکەی زۆر بۆ ئاسان کردوین. جا ئەگەر ئەم وەلامەی هاوڕیم دروست بێت، ئەوکات هەرشتێک ڕوی دا ئەوە سەرو بەرنامە دەخەینە باخەڵمانەوە، پیشانی خەلکی دەدەین و دەیکەینە جۆکەری هەموو وەڵامێک. لەمبارەوە پێویستمان بە دیقەتی لینینە لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و هێزە بورژواییەکان، هەروەها ڕادەو سنوری پەیوەندی وهاوکاری لە گەڵیاندا. ئەو دوو بڕگەیە هەرچۆنێک بیهێنیت و بیبەیت، بەزەرەری هاوڕیمان وسیاسەتێکە کە ئەو پیادەی دەکات.

دوای ئەوە هاوڕی خەسرەو دێتە سەر بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق لەوێش برگەیەک دەهێنێتەوە کە گوایا وەڵامە بە پرسیارەکەی سەرەوە: ئەم بڕگەیە هەر لە نوسینەکەی هاوڕی خەسرەوەوە دەگوازمەوە:” لەسەر ئەم بنەمایەو بێ شک، ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی ئازادانە دەربارەی جیابونەوە لە عێراق و (دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ) یاخود مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەمافی یەکسانەوە یەکێکە لە مافە ڕەواکانی جەماوەری کوردستانی عێراق، هەروەها میکانیزکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی کورد لە کاتی ئێستادا (لەژێر سەرپەرشتی دامەزراوە رەسمیە نێو دەوڵەتیەکان)”( هەموو تەئکیدەکە هی منە).

خەسرەو لێیتێکچوە کە لە نێوان تێزو بڕگەی بەرنامەو خالێ ئیسپاتی لە لایەک وە هەلومەرجی دیاریکراو کە ئەو تێزو بڕگانەی لەباری سیاسیەوە تیدا پراتیک دەکریت لە لایەکی دیکەوە جیاوازی گەورە هەیە…. هەر بۆیە ئەم برگانە دەهێنێتەوە و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەو سیاسەتەی ئەو پشتگیری لێدەکات وەڵامە بە هەموو کێشە نەتەوەییەکان. بەلام زۆر سادە خۆ کێشە نەتەوەییەکان لە هیچ کوێی ئەو برگەو تێزانەدا نەهاتوە، بەلکو بەیانێکی گشتی دەکات لە سەرپایەی مێژویەک کە رابوردوەو درێژەی هەیە. لەوەش دەردەناکتر بۆ هاوڕیم ئەوەیە کە ئەو بڕگەیەی نوسراوە لە بەیانەکەدا بە قازانجی ئەم ڕیفراندۆمە نیە کە لە ٢٥.٩ دا دەکرێت بەلكو دژیەتی بەتەواوی. ئەو بڕگەیە مەرجدارەو خەسرەو هێلی تەئکیدی بەژێر کۆتایی بڕگەدا نەهێناوە لە نوسینەکەی خۆیدا. دیارو مەرجدارە و دەڵێت (لە ژیر سەرپەرشتی دامەزراوەو ڕەسمیە ونیوتەتەوەییەکاندا). خەسرەو گیان ئەگەر من یەکێکم لەوانەی ئەو بەیانەم نوسیوە پیش ئەوەی بەریزتان بیبینن، دەیان جار ئەمدو ئەودیو کراوەو ئەم ڕۆژەم لەبەرچاو بوە و تەجروبەی موسڵم لە بیر نەکردوە. باسی ئێمە بە جۆریکی ترەو لە خوارەوە باسی بەیانی حزب وناحزبی بونی سامان بە ڕۆشنی باسدەکرێت.

کەواتە بڕگەی بەیانەکەی ئێمە بە هیچ شیوەیەک لەگەل ڕیفراندۆمی ئێستادا نیە کە لە ٢٥.٩ دا دەکرێت، چونکە لە لایەن هیچ دامەزراوەو دەزگایەکی نێو نەتەوەیی خاوەن ئوتۆریتەوە سەرپەرشتی ناکریت. پشتی ئەمە سیاسەتە و ناوەرۆکەکەی ئەوەیە لە هەلومەرجی ئێستادا بە پێی لێکدانەوەی من و کاتی نوسینی بەیانەکە ئەوەبوە کە لەم قۆناغە ئینتقالیەدا کە شەرە لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و بەم پێیە شەرە لە ئاستی میدیا و دامودەزگا نیونەتەوەییەکان و، شەرە لە ئاستی ئابوری و بازگانی و…. بۆیە ئەم دامو دەزگایانە بەتایبەت یوئێن و یەکێتی ئەوروپا وەک دوو دەزگا …. ناتوانن ڕیک بکەون و سەرپەرشتی کارێکی وا بکەن… مەگەر ئەوەی کە هاوسەنگیەک پێک بێت کە هەموو لایەنە زلهێزەکان بەبەشی خۆیان ڕازی بن، بەوەش قۆناغی ئیستا تێپەر دەکەین و تەواوی هەلومەرجەکە دەگوڕێت. ئەوەش دەزانم کە هاوڕی خەسرەو خۆی ماندو دەکات و دەچیتە یوئێنی هەولێر، بەلام پێی دەلێم ئەوە وەهمە هاوڕی گیان. تۆ بلێی هاوڕی خەسرەو ئەوە نەزانیت کە میکانیزمی دەخالەتی دەزگایەکی وەک یوئێن چۆنە؟!
من نازانم من کیلۆمەترەکەم سفر کردوە یان هاوڕی خەسرەو تیژڕەوەو لەسەر وەزنی فۆتۆن دەروات و کات و هەلومەرجی بۆ مەسەلە نیە” داوای لێبوردن لە فۆتۆن دەکەم “. دیسان هاوڕیم لە تیژی خۆیدا ئەوە نابینێت کە جیاوازی هەیە لە نیوان ڕیگا چارەی ئێمە و کیشەکانی کە ئێستا هەن. باسی کۆمۆنیستەکان بەتەنها ئەوە نیە کە ڕیگا چارەکە بنوسن، بەلکو باسی گەیشتنە پێی لە جەرگەی هەلومەرجی سیاسی دیاریکراودا. بۆ ئەوەش خالی گرینگ لێکدانەوەی هەلومەرجەکەیە ئایا چەندە بەقازانجی کڕیکارو خەلكی زەحمەتکێشە، هەروەک ئەم بڕگەیەی بەرنامە پێمان دەلێت :

”حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تەنها کاتێک دەنگ بە جیابونەوە دەدا، لەهەرقۆناغیکدا، کە گریمانەیەکی بەهێز هەبێت، و نیشانی بدات ئەم ئاراستەیە “مەسار” ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردوستان بە هرەمەندبن لە مافی مەدەنی زیاترو پێگەی ئابوری وپەیوەندی کۆمەڵایەتی یەکسانخواز تر و مسۆگەرتر. هەڵوێستی رەسمی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری لە هەر قۆناغێکدا دیاردەکرێت، لەسەر بناغەی لێکدانەوەیەکی دیاریکراو بە هەلومەرجی مەوجودو تەواوی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو بە شیوەیەکی تایبەت جەماوەری کریکارو زەحمەتكێش لە کوردستان( بەرنامەی دنیایەکی باشتر http://www.wpiraq.net/Content.aspx?LinkID=5/ بەشی مەسەلەی کورد/ تەئکیدەکان هی منە).

کەی هاوڕی خەسرەو ئەوەی نیشان دا کە ئەو سیاسەتەی ئەو گرتویەتیە بەر دەبێتە هۆی پتەوکردنی پێگەی کریکارو خەلکی زەحمەتکێش لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، ئەوکات وەلامی داوەتەوە. بەلام هاوڕی خەسرەو ناتوانێت وەلامی یەک پرسیاری بچوکی وەک ناوچە جیناکۆکەکان بداتەوە چ بگات بەوەی کە وەلامی گشت کیشەکە بداتەوە. بۆ ئاگاداری خەسرەو هەر ئێستا شەرەکە دەستی پێکردوە لە مەندەلی و سنوری دیالە. وە دوێنی پەرلەمانی عیراق بڕیارێکی شۆڤیەنیانەی دەرکردوە، ؟ هاوڕی گیان مەهێلە ئەم شەڕە ڕوبدات؟!!.
هەر لە ژیر ناونیشانی ئەم تیتەرەدا هاوڕی خەسرەو بەمن دەلێ 🙁 هاوڕی سامان له‌زهنیه‌تی خۆیه‌وه‌ کێشه‌یه‌کی لێگۆڕیوین بە یەکی گرتوون لەگەل “ده‌یان کێشه”‌ی تر!. ئه‌ویش کێشه‌یه‌کی قه‌ومیه‌ له‌وڵاتێکی دیاریکراودا، که ‌کوردستانی عیراقه‌. ده‌یان کێشه‌”ش، که ئه‌و به‌”کێشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان” ناویان ده‌بات له‌وانه‌: کێشه‌ی خاک، سنور، نه‌وت وگاز ئاو ویۆرانیۆم و.. کێشه‌ی نیوان ده‌وڵه‌تان و په‌یوه‌ندیه‌کانی نیوانیانه‌ له‌فه‌زای سیاسی دونیای ئه‌مڕۆدا، که‌ له‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ ناچنه‌ نێو خانه‌ی کێشه‌ی قه‌ومیه‌وه‌، تا له‌ڕیگای ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ وه‌ڵام وه‌ربگرنه‌وه. له‌حالێکی ئاواشدا هاوڕی سامان ده‌که‌وێته‌ هه‌له‌یه‌کی سیاسی و فکری ڕۆشنه‌وه‌ ئه‌ویش تێکه‌ڵ کردنی کێشه‌ی نیوان ده‌وله‌تان و کێشه‌ی قه‌ومیه‌ له‌ولاتێکدا.). (ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی.. دیسان وەڵام بە هاوڕێ سامان/ هێلەکانی تەئکید هی منە)

هاوڕی خەسرەو باسەکان بەئارەزوی خۆی هەلدەگرێتەوە، پێی وایە هەڵگیرانەوە دەکەین. باسەکە ڕۆشنە بەڕیزیان دەلێن کە بە پێکهێنانی دەولەت و بە دەست هێنانی سەربەخۆی کوردوستان، کێشە نەتەوەییەکان چارەسەر دەبن بەجیا لەوەی کە هاوڕیم ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت و فراری کردوە لە وەڵامەکەی، دەلێم بەجیا لەوە. ئەگەر دەوڵەتیش پێک بێت ئەو کێشانە چارەسەر نابن .. ئەوکاتیش هەربەناوی نەتەوەوە لەسەر چاڵە نەوت و چاڵە گاز و فلان زەوی و تەپۆلکەو شارو شارۆچکەوە شەری نەتەوەکان مومکنە دەست پێبکاتەوە…. جا ئەگەر لە نیوان دەولەتەکاندا ئەوە هەبێت کە خەسرەو خۆشی جەختدەکاتەوە سەری ئەی کەواتە ئەم کیشە مەلموسەی ئێستا، کە دەیان سالە هەیەو خوێنێ تیدا ڕژاوەو ئەنفالو کیمیایی باران وکینە وبوغزی تێدا تەقیوەتەوەو بارزانی و بزوتنەوەی کوردایەتیش هەر پەمپیان داوە، من نازانم هاوڕی خەسرەو چۆن چارەسەری دەکات بەم ڕیفراندۆمەی بارزانی؟! هاوڕی خەسرەو بەوەلامەکانی خۆی دەوری خۆی دەگرێت. هەمووشی مەسەلەکە ئەم ڕیفراندۆمەیە، من نازانم بۆ وا خۆشەویست بوە لای. هاوڕی خەسرەو لەباسی دەوڵەتدا لە زەمانی مەلیکدا دەژی و وا دەزانێت جەنگی سارد ماوە. بڕوابکە تەواو بوە دەوڵەت و دەولەتی نەتەوە گۆڕانی هێجگار گەورەیان بەسەردا هاتوە. گوناهی من نیە کە تۆ ئاگادار نیت.

هاوڕی خەسرەو خۆی بە وەلامی خۆی نەفی خۆی دەکاتەوە.. بەدرێژایی ئەم بەشەی بڕگە لە دوای بڕگە دەرگیر بوە لەگەل دژایەتی خۆی، بڕگەیەک وەلامی بڕگەیەکی دیکە دەداتەوە… ئەوەش نمونەیەکی دیکە: هاوڕی دەلێ(به‌م جۆره‌ وردکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کوردی له‌کێشه‌یه‌که‌وه‌ گه‌یاندووه‌ به‌به‌شه‌ پێکهاتوه‌کانی. واته‌ کێشه‌یه‌ک له‌گشتیه‌تی خۆیدا خستۆته ‌به‌رامبه‌ر به‌به‌شه‌‌کانیه‌وه، له‌وانه‌ کێشه‌ی که‌رکوک وناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، ‌تا وه‌ک پیوانه‌یه‌ک بۆ “جیاکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی کۆمۆنیستی له‌ناسیونالیستی”، به‌رووماندا بداته‌وه). هاوڕی خەسرەو ئەمجارەش هەلیگێراوەتەوە. باسی من نە باسی گشتیە وە نەباسی پێکهاتەکانیەتی تا بچوکی بکەمەوە. باشە تۆ ئەگەر وەلامی بچوکەکەت پێنەدرێتەوە و فرار بکەیت لە بەردەمی دا ئەی بۆ گەورەکەیان چی دەکەیت؟! من بە دەق نوسیومە “نموونەیەکی سادە، هەرکەس و هەر هاوڕێیەک پێی وایە کە ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوەی بەردەممان دەبێتە هۆی چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت نیشانی بدات چۆن وە بەکام ڕێگا….”( هیلی تەئکید هی منە) من بەڕۆشنی وتومە “وەک نمونە”، باسی من ئەوەنیە کێشەکە بچوک بکەمەوە یان گەورەی کەم. بەلام پێم وایە ئەو نمونەیە سەرەکیە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، چونکە بەشێکی یان بەشی زۆری ململانێکە لەسەر ئەوەیە…. بۆیە ئەگەر هاوڕی خەسرەو وەڵامی ئەم ” پێکهاتە بەشەی” بدایەتەوە، ئەوە بەشیکی زۆری کێشەکەی چارەسەر دەکرد بەلام ئەو لەم باسە فراری کردوە و پەنای بردوە بۆ فەلسەفە و دەیەوێت لە گشتیەتی خۆیدا بۆمان چارەسەر بکات…. ئێ باشە لایەنی کەم پێمان بلی چۆن ئەم گشتیەتە چارەسەر دەبێت تا دوای بچین پێکهاتەکانی پەیدا بکەین و بۆ ئەوەی توشی لێکدانەوەی میکانیکی نەبین. لەمبارەوە دەبیت بگەڕێینەوەو بڵێین، ئەوەنیە بەرنامە!! ئەوەنیە بەیانەکان!! دەستمان لێی بەربوو گەڕاینەوە بۆ سفری تەلەفۆن. بۆ ئاگاداری خەسرەو سفری تەلفۆنیش هی سەردەمی جەنگی ساردە.

هاوڕیمان هەربەوەندە رازی نابیت بەلکو زیاتر کێشەکەمان بۆ چآرەسەر دەکات و دەلێت(له‌مباره‌وه‌ حزب به‌رۆشنی ئه‌و فاکتۆرانه‌ی دیاریکردووه‌ که‌ به‌دیهێنانیان ده‌بێته‌‌ مایه‌ی فه‌راهه‌مکردنی هه‌لومه‌رجێکی گشتی وگونجاو وڕه‌سمی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان وهه‌روه‌ها هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی که‌رکوک وناوچه‌ جێناکۆکه‌کان.)( هێلد تەئکیدەکە هی منە).سادەترین پرسیار ئەوەیە ئەو فاکتۆرانە بۆ چیە؟! ئەگەر بۆ پراتیک و بۆ کارو یان مەرجە… نازانم بۆ نمونە فاکتۆری سەرپەرشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چی لێهات؟! تکایە وەلامەکە ئەوە نەبێت کە سەردانمان کردون. ئەگەر نەبوو ئەوە چەند ڕۆژێکی ماوە؟! ئەگەر هیچ بەهایەکی نیە لە بڕیاری بەرێزتاندا بۆ نوسیوتانە؟! ئەو پریسنبانە بۆچی نوسراوە؟! تکایە ڕۆشنی بکەرەوە. بەلام دیسان پیش ٢٥.٩.

هاوڕی خەسرەو لەم وەلامەیدا هێجگار دورکەوتۆتەوە لە باسی سەرەکی، ئەو خولیای موشکلەکانی سامان کەریمە. بەلام سامان کەریم خەمی ڕیفراندۆمی ئەوەندە نیە، بە قەدەر بزوتنەوەی چینایەتی کریکارو هەوڵدان لایەنی کەم بۆ ئەوەی نەبێتە بەشیک لە حەشاماتی جەنگی قەومی، بۆیە لە ئێستای ئێمەدا ڕیفراندۆم ببێت یان نا بکریت یان بۆ ئیمە بۆ بزوتنەوەکەمان هەمان جێگامان پێدەبرێت.. دەزانی بۆ؟! لە خوارەوە وەلام دەدەمەوە.

دیباتی سەرەکی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار

هاوڕی موحسن کەریم دەلێت”بەڵێ مەسەلەی بەرزکردنەوەی ڕیفراندۆم لە ئێستادالە لایەن پارتیەوە بە پلەی سەرەکی کە زۆربەی هێزەکانی دیکەی بە دوای خۆیدا ڕاکێشاوە بە بروای من لە هەلومەرجێکدا قابیلی تیگەیشتنە کە خەریکە داعش بەرەو تەواو بوون دەچیت لەباری عەسکەرییەوە، …….. ئەمریکاش پێویستی بەوە یە کە نفوزی ئێران لە عیراق، ناوچەکەدا کەمبکاتەوە، وە بەڕاشکاوی ڕایگەیاندەوە کە تەحملی ئەوەناکات کە عیراق لە بەردەستی ئێران دا بێت وە ئیران لە عیراق لە سوریا لە فەلەستین لە لوبنان و یەمەن هێزو نفوزی هەبێت . مەبەستم کورتکردنەوەی دەستی ئێران وە نفوزی ئێرانە لە عیراقدا، بەشیکە لە سیاسەتی ئەم دەورەیەی ئەمریکاش بۆیە من پێم وایە چ ئەمریکا وە چ تورکیا پێویستیان بەوەیە کە بۆ ئەوەی ئەوزاعی دوای نەمانی داعش بە جۆریک یەکلایی بێتەوە کە نفوزی ئێرانی لە عیراقدا بەرتەسک کرابیتەوە ئەگەر نەشکرا بێتە دەرەوە، ئیران لە عیراقدا، لایەنی کەم نفوزێکی ئەوتوۆی نەبیت وە کاریگەرێکی ئەوتۆی لەسەر هاوکێشەی سیاسی عیراق، وەلەسەر رەسمی سیاسەت وە دەسەڵاتی سیاسی لە عیراقدا نەبیت وە بەم شیوەیە ئەم سیاسەتەی تورکیاو ئەمریکا بە سەرئەنجام بگات. ئەمە تەبعەن لە ڕیگای چیەوە دەبیت ، بە بروان من لە ڕیگای ئەوەوە دەبێت کە هێزە نەیارەکانی دەولەتی مەرکەزی دەست بەمەوە بگرن، یەعنی کێشمە کێشێک لە گەڵ دەولەتی مەرکەزیدا بکەن ناچاری بکەن کە قبوڵی ئەمە بکات، وە بەجۆرێک پاشەکشە بە ئیران بکات …. بۆیە ئەوان چ ئەمریکاو چ تورکیا دەستیان بۆ دوو مەسەلە بردوە یەکێکیان ئەوەی بەقەوەتکردنی پارتی و دەستگرتن بە پارتیەوە ومەسەلەی تەرحی رێفراندۆم وە کوو کارتیکی فشار لەسەر حکومەتی مەرکەزی بهێلنەوە… (گرتەی ڤیدێۆیی لەگەل هاوڕی موحسن کەریم http://www.hawpshti.com/ku/?p=12516/ هێلی تەئکید هی منە).
هیوادارم هاوڕی خەسرەو گوێی لەم گرتە ڤیدیویەی هاوڕی موحسن کەریم بوبێت کە چۆن دەڕوانێتە ڕیفراندۆم لەم باسەیدا. من لەگەل ئەو لێکدانەوەیەدا هەم کەلەو ڤیدیۆیەی سەرەوەدا هاتوە. هاوڕی خەسرەو گالتەی بەدونیا دێت و پێی وایە بەری ئاسمان بە بێژنگ دەگیریت و لە کوردستان زیاتر نابینێت و کوردستان سنوری بیرکردنەوەی دیاریکردوە ئەگەر نا با ئەو بڕگەیە بهێنینەوە کە ئەو سەری سورماوە لێی. دیسان هەر لەنوسینەکەی خۆیەوە دەیهێنمەوە بە هێلە تەئکیدەکانی خۆشیەوە، با بەراوردێکی بکات لەگەڵ ئەو ڤیدیۆویەی هاوڕی موحسن دا دواتر ئەگەر تاقەتی وەڵامی مابوو وەلامێکمان بداتەوە. فەرموون من وتومە(“سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسەتێکی لۆکەڵی نێوخۆی عێراق یان کوردوستانی عێراق نیە. بەشێکە لە ئامانجێکی گەورەتری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە.
سیاسەتێکی ماکرۆو بەشیک لە ئێستراتیژی ئەمڕۆی ئەمریکایە بۆ چارەسەی کێشە بناغەییەکانی بورژوایی جیهانی، دروست وەک کێشەی ئێستای کوریا. ئەم سیاسەتە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمریکا و دەرپەڕندانی مونافسەکانی ڕوسیا و چین لە ناوچەکەدا لە ڕیگای لاوازکردن و پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە” –هێڵی ته‌ئکید هی منه‌- )( هەمان سەرچاوە، نوسینەکەی هاوڕی خەسرەو).

من چی بکەم خەسرەو گیان، تۆ ئاگات لە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە نیە. وە ئەگەر ئاگاداریت دیسان من چی بکەم بە بریارێ ‘ ئیلاهی” سەرو چینەکانەوە ڕیفراندۆم لەم شەرەو لەم جەنگە فراوان و ناوچەییە دەردەکیشیت؟! خەتای من نیە. پاشان ئەگەر وانیە، مەسەلە چیە کە ڕیفراندۆم بۆتە جێگای ململانی و جەنگێکی ئاشکرای نێوان ووڵاتانی گەورەو بچوک؟! بەڵی خەسرەو گیان. ڕیفراندۆم دروست وەکو هاوڕی موحسن دەلیت کارتیکی فشارە بۆسەر دەوڵەتی مەکەزی بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی نفوزی ئێران. وە ئەوە لە گریمانەی سەرگرتنی دا ” کە سەر ناگرێت، لێرەدا مەبەست ڕیفراندۆم نیە” مانای کەمکردنەوەی نفوزی روسیایە لە ناوچەکەو بەتایبەی عیراقدا….لام وا بێت ئاسانە و هاوڕیمان تاقەتی نیە تێبگات. یان لە بەر ئەوەی سامان نوسیویەتی دەبێت هەر هەڵە بێت. کاکە گیان من نەم ووتوەو هاوڕی موحسن وتوویەتی.

هاوڕی خەسرەو پێکەنینی بە ” کوریا” دێت. ئەو نمونەیە زۆر زەقترەو کێشەکان لەوی بەرچاوترن بیر کردنەوەی ناوێت، ئەوە چین و ئەوە روسیاو ئەوە ئەمریکاو ئەوە یابان هەمویان لەوێ ئامادەن و هەموویان زلهیزانی دونیان. لەوێش کێشەکە بۆ ئاستەنگ دروستکردن و ئابلوقەدانی چینە بەدەرەجەی یەکەم و پاشان روسیا ….ئەمریکا دەیەوێت چین لەوە زیاتر پێ ڕانەکێشیت. ئەم نمونەیەم بۆیە هێنایەوە تاکو رۆشنتر باسەکە بگات. چونکە لە عیراق و ناوچەکەدا جەنگەکە بەشیوەی وەکالەت دەرواتە پێشەوە چەندین هێزو وولاتی بچوکی تیدایە وەک پارتی، حزب اللە، حەشدی شەعبی… کە بەراورد ناکرین لەگەل وولاتو هێزگەلی وەک چین ویابان و .. هیوادارم کەمێک باسەکە بۆ هاوڕیمان ڕۆشن بوو بێتەوە ئەو باسەی هاوڕی موحسن کەمێک کۆمەکی بکات.

ئەگەر ڕیفراندۆمی ٢٥.٩ سیاسەتی فشارەو لە دووتوێی سیاسەتی ئەمریکادا دەڕواتە پیشەوە، بە شیکە لە سیاسەتی دوبارە دارشتنەوەی ناوچەکەو عیراق بە قازانجی ئەمریکاو هاوپەیمانانی و بۆ کەمکردنەوەی نفوزی روسیاو ئیران و هاوپەیمانانی، ئەوکات نازانم کام قودرەتی قادرە، دەتوانێت نیشانی بدات کە ئەم پرۆژە سیاسیەی ڕیفراندۆم بە قازانجی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و ناوچەکەیە…

هاوڕیمان زۆر زیاتر پی ڕادەکێشێ و دەڕوات باس لە ئیران و ئۆپۆزیسیونەکەی و بە گالتە جارییەوە باسی دەکات کە ئەوانە پەیوەندی نیە بە ڕیفراندۆمەوە… ئاخ ڕیفراندۆم کە خۆشەویستی و میهرەبانیت، لەهەمان کاتدا بێ بەزەییت کە ئەو هاوڕییەمت بەم دەردە بردوە. من چی بکەم هاوڕی خەسرەو پەیوەندی نیوان هەوڵدانی پارتی و سعودی و ئەمریکاو بۆ تێکدانی کوردستانی ئێران و نانەوەوەی ئاشوب و تیکدانی هەلومەرجی ئیران لەگەڵ ڕیفراندۆم نابینێت کە هەردوکیان هەمان ئامانج دەپێکن. بەهەرحال ئەمە ئیتر پیویستی بە ڕونکردنەوە نەماوە. موشکلەی هاوڕیمان لە موتالەعەو تێگەیشتندا نیە.

پاشان هاوڕیمان دەڵیت:( بەر لەهەرشت ئه‌م ڕسته‌ ڕیزکراوانه‌ی هاوری سامان زیاتر لە تئیوری موئامەرە دەچیت تا لێکدانه‌وه‌یه‌کی مارکسیستی، چونکه‌ ئەمریکا روون و راشکاو چەندین جار رایگەیاندوە کەلەگەل ئەوەدا نیە کە ریفراندۆم بکریت، بۆئه‌مه‌ش هه‌م نیردەی ناردوە و لەم بارەیەوە قسەی لەگەل بارزانی کردوە، وه‌هه‌م فشاری ئەوەی هیناوە کە هاوکاریەکانی لە پێشمەرگە دەبریت، بەلام وا دیارە به‌ڕیزیان سیاسەتی ڕەسمی و راگەیاندراوی ئەمریکا بە سیناریۆ وه‌ردەگرتووه‌ وپێده‌چێت له‌ڕواله‌تدا به‌مامه‌ڵه‌یه‌کی فریوکارانه‌ی بزانێ و لە ژیرەوە لەگەل ریفراندۆم وسه‌ربه‌خۆییدا بێت!. له‌چه‌شنی ئه‌و نمونانه‌ی که‌ کاتی خۆی دەیناگوت ئەمریکا خۆی پلانی بۆ بنلادن داناوه‌ تا پەلاماری واشنتۆن و پنتاگۆن بدات بۆ ئەوەی بیکاته‌ شه‌ڕ.)( هەمان سەرجاوە/ هێلەکانی تەئکید هی منە)

خەسرەو جارێک بە قسەی بەرزانی سیاسەت دەگوڕیت و ئەمجارەش بە قسەی میدیا تیدەکەویت، هەرچەند میدیا وای نەگوتوە. ئاخر میدیا لە کوی جیگا متمانەی هیچ کەس بوە؟! ئەوە نیە جەلال تالەبانی پێی دەلێ ” حجی الجرائد” ئەمەش خەتای منە ، یا هاوڕی خەسرەو خۆی هاواردەکات و دەلێ ” چونکه‌ ئەمریکا روون و راشکاو چەندین جار رایگەیاندوە کەلەگەل ئەوەدا نیە کە ریفراندۆم بکریت،..”خەسرەو گیان من نازانم تۆ گوێ بۆ کام شەبەکەی هەوال شل دەکەیت بەلام دڵنیا بە ئەمریکا لە هیچ جێگایەک دژی ڕیفراندۆم نەبوە، ئەو بە ئاشکرا دەلێت کە لە ئێستادا لەگەلی نیم وەکو شاسوار” بزوتنەوەی نەخیر لە ئیستادا”، ئەو بە ئاشکرا داوای دواخستنی دەکات تاکو دوای هەلبژاردنی عیراق. دەزانی بۆ؟ چونکە دەزانێت ئەگەر ڕیفراندۆم بکریت ئەوە عەبادی وەک سەرۆک وەزیران نامێنیت و ڕاستەوخۆ دەریدەکەن جا لە ڕێگای هەلبژاردنەوە بێت یان بەندو بەستی نەبڕاوەو جۆراوجۆری خۆیانەوە. وە دەزانیت ئەو ئاراستە تازەی کە پیکهاتوە لە عیراق بە قازانجی خەتی یان جەمسەری ئەمریکاو سعودیەو تورکیا ئەویش هێجگار لاواز دەبیت، ئاراستەیەک کە زیاتر ئیسلامی عیراقی و قەومی عیراقی دەگرێتە خۆ لەمانە پێک هاتون: ئاراستەی عەبادی لە نێو حزبی دەعوە” ئەمە ئێستاش لاوازە”، ڕەوتی سەدر، رەوتی حەکیم” تەواو ساخ نیە” و جەماعەتی عەلاوی و حزبی شیوعی عیراقی و ڕەوتە مەدەنیەکەی…. ئەمریکا بۆ ئەوەی هەم ئەو هێزانەو ئەو دەستکەوتانەی دوای لابردنی مالکی لە دەست نەچیت وەهەم ریفراندۆمەکەی لە کاتی گونجاودا بکریت، داوای دواخستنی دەکات…. هەر بۆیە گریمانەی دواخستنی زۆرە و گریمانەیەک ئەوەیە کە لەڕیگای پەرلەمانەوە دوایبخەن. خەسرەو گیان تکایە هێندە باوەر بە میدیا مەکە، سەرەرای ئەوەی کە میدیا وای نەگوتوە.

بەڵام ئایا هاوڕی خەسرەو ئاگای لەوەیە کە ئەو ئیمەیجەی ئەو دەیدات، گریمانەو دەرئەنجامی زۆر گەورەی لێ دەبێتەوە بەقازانجی پارتی وبەرزانی. گریمانەیەک ئەوەیە کە ئەگەر هاوڕی خەسرەو ڕاست بکات، ئەمریکا لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمە نیە و بە ئاشکرا ووتویەتی مەیکەن بە قەوڵی ئەو، ئەمریکا ڕازی نیە، ئیران ڕازی نیە، حکومەتی مەرکەزی ڕازی نیە، تورکیا لایەنی کەم زۆر دژایەتی دەکات لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان… لە ناوخۆ چەندین ‌هێزو خەلک دژیەتی… کەواتە بەرزانی پالەوانەو سەردەمی گاریبالدی یەو ئێمە لە بەردەم ڕابەڕیکی نیستمان پەروەرو رزگاریبەخشداین مل نادات بەهیچ هێزێک… ئەگەر ئەو قسانەی هاوڕیمان ڕاست بن، بەرزانی ئەو پالەوانەیەو دەبێتە ئەو پالەوانە. ئەم مەسەلەیەش هەر لە خۆشەویستی خەسرەو دایە بۆ ڕیفراندۆم. ئەگەر نا چۆن دەکرێت لەم سەردەمەدا لە نیو ڕیزەکانی بورژوایدا دیاردەی وا هەبیت؟!! بەقسەی کەس ناکات، وەڵامی کەس ناداتەوە… ئەمە ئیتر لەکاری سۆپەرمان و جیمس بۆند دەچێت وەک لە هەلومەرجێکی بابەتیانە. ئەم باسەی خەسرەو قەڵەمبازە.

گۆڕینی سیاسەت بە قسەی بەرزانی وکۆمۆنیزمی قەڵەمباز

هاوڕی خەسرەو زۆر لەوە بەدیقەترو ورد تر بوو کە لەم نوسینانەی دوایدا پەنای بۆ بردوە سەرنج بدەن چۆن وەلام دەداتەوە.( “به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌به‌یاننامه‌ی حوزه‌یرانه‌وه‌ دۆخه‌که‌ ده‌چێته‌ ئاستێکی تر، ئیتر “دوای که‌متر له‌دوو مانگ” حزب وریفراندۆم ده‌که‌وێته‌”بازنه‌ی کاتو شوێنی دیاری کراوه‌وه” بۆیه‌ مانای تایبه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌مه‌سعود بارزانی وپارتی راستەوخۆ لە ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین، له‌دژی ئه‌وه‌ی که‌”ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ نییه‌”، هاته‌‌ پای سازدانی ڕیفراندۆم و به‌پۆسته‌که‌یه‌وه‌ 25ی سیبته‌مبه‌ری دیاری کرد.( هەمان سەرچاوە/هێلە تەئکیدەکان هی هاوڕی خەسرەوە).

هەروەها هاوڕی دەڵێت ( ‌ هاوڕی سامان نایه‌وێت بروا به‌وه‌بکات که‌ له‌ئاکامی فشارێکی کۆمه‌لایه‌تیدا هه‌ڵویستی به‌رزانی له‌به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمدا له‌موزایه‌ده‌و قسه‌دا نه‌مایه‌وه‌و کۆمه‌ڵگای به‌ره‌و جه‌مسه‌ربه‌ندیه‌کی نوێ راکێشا‌. ته‌نانه‌ت نایه‌وێت بروابه‌وه‌ بکات که‌پارتیو زیاتر له‌17 حزب ولایه‌ن هاتونه‌ته‌ پای به‌رپاکردنی ڕیفراندۆم وئه‌مه‌ش بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌هیچ لایه‌کیش بکرێت. له‌مه‌ش زیاتر نایه‌وێت بروا بکات به‌وه‌ی که‌بارزانی ولایه‌نه‌کانیتر بۆ یه‌که‌مجاره‌ هاتۆنه‌تە ژێرباری بەشیک لەو پرەنسیپانەی کە لە میژوی کوردستاندا پیشتر تەنها ئیمە باسمان کردوە له‌وانه‌: ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی لە هەموو ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەموو دانیشتوان بەدەر لەوەی کوردزمانن یان هەر زمانیکی تریان هەبیت، مافی دەنگدانیان هەیە)( هەمان سەرچاوە/هێلی تەئکید هی منە).

هاوڕی گیان بەڕاستی بەپێی قسەکەی بەرزانی سیاسەتت گۆڕیوە چەرخێکی ١٨٠ پلەیت تۆمارکردوە. بەراستی قوڕ بەسەری ئەم کۆمۆنیزمەی ئێمە. هاوڕی وەلام دەداتەوە و بەمن دەلیت من ” ئه‌مه ‌ئیتر شیواندنێکی ئاشکراو نائه‌مانه‌تداریه‌ له‌گواسته‌نه‌وه‌ی بۆچونه‌کاندا” بۆچی؟ چونکە وتومە بەپێی قسەی بەرزانی لە نێوان ئەو دووبەیاننامەیەدا سیاسەتتان گۆڕیوە. با هەموو خەڵک حوکم بداتو بزانین هاوڕی خەسرەو بەپیی کام فاکتۆر سیاسەتی گۆڕیوە. ئەو دەلیت چونکە لە حوزەیرانەوە دۆخەک دەچیتە ئاستێکی ترەوە. ئاستەکەی تر چییە؟ هاوڕی دەلی ” حزب و ڕیفراندۆم دەکەوێتە ” بازنەی کاتو شوێنی دیاریکراوەوە” بۆ یە مانای تایبەتی خۆی وەردەگرێت” دوای ئەوە بناغەی ئەم ئالوگۆرە کۆمەلایەتیە گەورەیەمان بۆ شیدەکاتەوە دەلێت: “، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌مه‌سعود بارزانی وپارتی راستەوخۆ لە ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین، له‌دژی ئه‌وه‌ی که‌”ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ نییه‌”، هاته‌‌ پای سازدانی ڕیفراندۆم و به‌پۆسته‌که‌یه‌وه‌ 25ی سیبته‌مبه‌ری دیاری کرد.”

کەواتە مەسەلەکە ئەوەیە کە بەرزانی ٢٥.٩ی داناو ئیتر دنیا گۆڕا. بەلام ئەمە قەیدی نیەو ئەلحوکمو للە. ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیەی بەقسەی بەرزانی هاتە بوون دەبێ ئێمە هەتا ماوین مەمنونی بین!!. بەلام سەیر ئەوەیە بەرزانی ئەمکارەی لە “ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین” باشە ئێمە بۆ ئاگاداری ئەم فشارە گەورە کۆمەلایەتیە نەبوین نە هی حزبی خۆمان نە هی بورژواییەکانی دیکە. ئەو فشارە فراوانە کۆمەلایەتیە چی بوو؟! تۆ بلێی خەسرەو خەوی نەدیبێت؟! من نەم بیستوە وە گوێم لێنەبوە بەتایبەت ئەو باسەی ئەو دەیکات کە ” ئێمەش بەشداربوین” بەراستی ئیتر ئەمە لێکدانەوەیەکە نە مەحفەلەکانی سالی هەشتاکان کردویانە وە نە حاشیە بونی حزب لە ساڵانی نەوەدەکاندا کردویانە… بۆیە چارم نەماو ناوم نا کۆمۆنیزمی قەلەمباز. ئەم کۆمۆنیزمە هیچ شتیک وەک خۆی نابینێت، و پەلاماری هەموو شتێکیش دەدات، ئاوریش لە ڕابوردوو ناداتەوە پیی عەیبە. ئەم کۆمۆنیزمە هەر چیەک بێت هیچ پەیوەندی نیە بە مارکسەوە، بەهیچ شیوەیەک.

یەعنی چی ” گوشاری فراوانی کۆمەلایەتی، کەئیمەش تیا بەشدار بوین” بی زەحمەت گوشارەکان بنوسە؟ کام مانگرتنی گشتی؟ کام خۆپیشاندانی دەیان هەزاری نالێم سەد کەسی؟ کام کۆمیتەی کریکاری و خەلکی وموشکەل؟ کام نەقابەو شوراو یەکێتی یە؟! خەسرەو گیان بڕیک بازەکانت نزم کەرەوە. کۆمۆنیزم ئەگەر لەم ڕوانگەو بۆ چونە عەجایبە ڕزگاری نەبێت و ڕەخنەیەکی بێ ڕەحمانەی لێنەگیرێت، ئەوە ئەوەی کە ماویشە لە دەستی دەدەین، لە ناوەوە کلۆر دەبین و نامێنین، هەر وەک ئیستا بەرەو ئەوە دەچین ئەگەر فریای نەکەوین. وا سی ساڵە حزبین لە سەدا چەند کەممان کردوە؟! یەکێک لە هۆکان ئەم تیروانینە مەترسیدارەیە کە بەداخەوە زاڵە. هەموو کەس دەزانێت گوشاری کۆمەلایەتی بە کاری کۆمەلایەتی و پڕاتیکی ئینسان دەکرێت. وە ئەمە دەبینرێت، رەسمی دەگیرێت و بە ڤیدیۆ تۆمار دەکرێت. دوو دانەمان لەوانەمان بۆ بلاوبکەرەوە. ئەم کۆمۆنیزمی قەلەمبازە لە حاشیەیی زۆر لە خوارترە. چونکە حاشیەیی بووین و نالێم هەزارەها بەلام سەدان کەسمان لەگەڵدا بوو، حاشیەیی بووین یەکی ئایارەکانمان دەگەیشتە ١٠ هەزارو ١٥ هەزار کەس. حاشیەیی بووین و ئەندامانی کۆمیتەی سلێمانیمان بەتەنها ١٥ کەس بووین…. ئەمە قەلەمبازە. کۆمۆنیزمی قەلەمباز ئاوڕیش ناداتەوە، بۆ نمونە یەک ژمارەی زۆر لە کار کردن و فوکردنە خۆ ڕیز بەندی دەکات دواتر یەک دانەیان ناکات هەر بۆی مەسەلە نیە. سەرنج بدەنە کارەکان کە سێ ساڵ لەمەوبەر هەردوو حزبی کوردوستان و عیراق دایان نا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆر، سەرنج بدە ئەو خالە ئاسانانەی دانرا لە بەرانبەر جەنگی موسڵدا… یەک دانەشی نەکرا. هیچ کەس پرسیار ناکات ئەرێ مەسەلە چیە؟! خەسرەو گیان نە فشارت داناوە، نە کۆمەلایەتیشە و بەڕاستی تاقەتی ئەوەم نەما باسی ئەوە بکەم بەرزانی لەوماوەیەدا بۆ فوی پیداکرد. بەڵام تۆ بە قسەی بەرزانی سیاسەتت گوڕیوە، وە بەقسەی میدیا ئەمدیوو ئەودیو دەکەیت. خۆت بە دەستی خۆت نوسیوتە.

سیاسەت کردن ئەوەیە نیە پێنج شەش خاڵ بنوسیت و وەک ئەرک ودوایی نەچینەوە بەلایدا. خۆ ئەگەر پرسیاریش کرا، وەلامەکە ئەوەبێت” جا خۆ شەرت نیە بکرێت” یان ” خۆ چەند ساڵە هەر وابوەوە نەکراوە”… جا چەند ساڵە کە خۆشم هاوبەشم تیایدا، سیاسەتمان نەکردوە. سیاسەتی کۆمۆنیستی و مارکسستی ” زانستی رزگاریبەخشی چینی کڕیکارە” ئەوە ئەنگلز دەلێت. کەواتە سیاسەت پایەی هەیە ومەسەلەیەکی ماددی یە. ئەگەر ٤ دانە ئەرکمان دانا ٣سیانیان مان پیادەکرد ئەوە سەرکەوتوبوین ئەگەر یەکدانەمان جیبەجێکرد ئەوە سەرکەوتونەبوین و کۆسپێک هەیە دەبیت بگەرێین بیدۆزینەوە. ئەگەر هیچ نەکرا ئەوە ئیتر سیاسەت نیە، کۆسپەکە پایەییە، وەک ئیستای ئێمە. وەرە با لێرە بۆ کۆسپەکان بگەڕێین.

بەلشەفیزم و مەنشەفیزم

هاوڕی خەسرەو دەنوسێت (به‌داخه‌وه‌ هاوڕێ سامان به‌درێژایی جه‌ده‌لێکی سیاسی که‌له ‌سه‌رێکیدا ڕاوه‌ستاوه‌، نه‌ک وه‌ڵامێک به‌م پرسیارانه‌ ناداته‌وه‌ بگره‌ بێئه‌ڵته‌رناتیڤ و بێ چاره‌سه‌ر له‌هه‌لویستێکی مه‌نشه‌فیکانه‌وه د‌ردێنێ و به‌پاساوی ئه‌وه‌ی “ئالوگۆر ڕوییداوه‌، ده‌وله‌ت سیاده‌ی نه‌ماوه‌، سه‌رمایه‌داری گڵوباڵ له‌ئارادایه‌..”، کێشه‌ی کورد و “کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان” بۆ بۆرژوازی و حزبه‌ ناسیونالیسته‌کان جێدێڵێ و کۆمۆنیزم له‌سیاسه‌تێکی چاوه‌روانیدا، بێده‌خاله‌ت له‌کێشه‌یه‌کی واقعیدا که‌ به‌رۆکی به ‌کۆمه‌لگای کوردستان گرتووه‌ ڕاده‌گرێ) (هەمان سەرچاوە/ هێڵەکانی تەئکید هی منە)

نازانم من بڵێم چی و چۆن ئەم هاوڕییە لایەنی کەم پابەند بکەم بەوەی کە باسەکان وەک خۆی بهێنێت و پاشان ڕەخنە بگرێت. بەهەرحال ئەوەی سەرەوەی نوسیوەو ئاگاداری ئەوە نیە کە ئەلتەرناتیڤی مارکسی خراوەتە بەردەست و بەشیوەیەکی ڕۆشن لەسەر پایەیەکی واقعی دەجوڵێت و خۆی زۆر دور لە قەلەمباز گرتوە، ڕێگایەک کە پشتی بە بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارو تواناییە پیشرەویەکانی ئەو هەیە. لەمکاتەدا هێزو بزوتنەوەی ئێمە لاوازە، بەلام هەموو شۆرشیک لە سەرەتاوە لە چەند کەسێکەوە دەست پێدەکات. کاری مارکسستێک ئەوەیە کە تا پێی بکریت ڕیگا نەدات کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە پاشکۆی بزوتنەوەو هێزە بورژواییەکان، و‌هێلی ڕۆشن و سوری خۆی بکیشێت لەنێوان ئەم دوو بەرە چینایەتیە جیاوازەدا. ئەوە ئەرکی هەر گرینگی ئەمرۆی هەر مارکسستێکە، بەتایبەت کە لێکدانەوەی چینایەتی و مارکس وەک بزوتنەوە ڕەوتێکی کۆمەلایەتی هێجگار لاوازەو لەوەش زیاتر لەئاستی کۆمەلایەتیدا بلاو نیەو بەشیک لە فەزای فکری و عادەتی کۆمەلایەتی پێکناهێنیت لە هەلومەرجی ئێستای دنیاداو لەمبارەوە چۆتە دواوە.

لە نوسینی یەکەمدا نوسیومە ” خەڵکی کوردوستان ئەگەر دەیەوێت نەکەوێتە نێوان بەرداشی پارتی و یەکێتی یەوە وە ئەگەر دەیەوێت ریفراندۆمێکی گشتی و ئازاد بکات و هەروەها لایەنی کەمی خواستەکانی دابین بکات، چارێکی دیکەی نیە جگە لە هاتنە مەیدانی وەک هیزێکی سەربەخۆی سیاسی و دابینکردنی ئەو مەرجەی سەرەوە لەم ڕیفراندۆمەدا. لە ڕوانگەی منەوە ئەگەر ئەم مەرجە ببێتە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە، ئەوە پارتی واز لە ڕیفراندۆمەکەی دەهێنێت. لەسەر پایەی بێ باوەڕی بە پارتی، ڕێفراندۆم کراوەتە باسێکی سیاسی گەورەی ئەمڕۆی نێو کۆمەڵگای کوردوستان. ئەمە پۆینتێکە مانای گەورەی سیاسی هەیە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان، هەموو ئەو هێزە سیاسیانەی خۆیان بە بەرپرس دەزانن سەبارەت بە چارەنوسی سیاسی ئایندەی خەڵکی کوردوستان. ( هەلوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە جاری ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتی کوردی/بەشی یەکەم/ هێلی تەئکید هی ئەم نوسینەیە).

پاشان بە شیوەیەکی هێجگار ڕۆشنتر لەو گرتە ڤێدێویەدا کە سەبارەت بە بزوتنەوەی نەخیر لە ئێستادا تۆمارمکردوە وتومە:(بەڵام ئایا ڕێگای تر نیە لە بەینی نەخێری شاسوارو بەڵێی بەرزانیدا،بە بروای من هەیە، ڕێگای سێهەم هەیە ڕیگایەکی شۆرشگێرانە، ڕێگایەکی ئازادیخوازانە. ڕێگایەکە کە بەهەر حاڵ ڕووی لەوەیە کە خەلكی کوردستان رێکخراوتر بکات، خەڵکی کوردستان بهێنێتە مەیدان. ئەمرۆ بزوتنەوەی جۆراوجۆر، نارەزایەتی جۆراوجۆر دەبینین، دژ بە نەدانی موچە لە پێناو دامەزراندندا دەبینین، دژ بە نەبونی کارەبا، دژ بە گەندەلی دەبینین، مامۆستایان و فەرمانبەران دەبینین، هەموو ئەمانە دەبینین کە لەمەیداندان. کە نارازین ، من پێم وایە کە ڕیکخستنی ئەم بزوتنەوەیە لە چوارچێوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆرشگیری فراوانتردا ڕاستەوخۆ بۆ لابردنی دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ لابردنی ئەم حزبانەی لەسەر حوکمن تاکە ڕیگای نەجاتبونە. تاکە ڕیگایەکە کە ئەمرۆ خەلكی کوردوستان لە بەلی و نەخیری بورژای رزگار بکات، لە بەلی و نەخیری بزوتنەوەی ناسیونالستی و شاسوارەکان رزگار بکات. وە بزوتنەوەیەک کە راستەوخۆ ڕوی لەوەبێت کە تەواوی خواست و داواکارییەکانی خەلکی کوردستان بهێنیتە دی…. وە ئەمەش بەبی لابردنی حزبەکانی دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی مومکن نیە…..” ( سامان کەریم سەبارەت بە بزوتنەوەی نەخیر لە ئێستادا).

کەواتە من ڕیگایەکی جیاوازم لە خەسرەو هەلبژاردوە. ئەو دەیەوێت بەهۆی ڕیفراندۆمێکەوە کە هێزێکی بورژوا ناسیونالست دیاریکردوەو ڕابەریەتی دەکات وهەموو دونیا لەگەڵ ئەو کۆدەبێتەوەو هەر ئەو بڕیاری کردن و نەکردن ودواخستنی دەدات…. منیش لە ڕیگایەکی دیکەوە. ڕیگایەکی دیکە، ڕیگای سێهەمە خۆی جیادەکاتەوە لە هەموو بالەکانی بورژوای لە هەموو ڕەنگەکانیان، لەسەر پایەی ریکخستن و ڕابەریکردنی خەلکی کریکارو ستەم دیدەو ناڕازی بەرەو شۆرشێک هەنگاو هەلگرێت کە دەسەلاتی ئەم هێزانەی ئەمرۆ لە سەر حوکمن ڕابمالێت، دوای ئەوە جیابونەوەو ڕیفراندۆم کارێکی ئاسانە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عیراق نەتەوەیی و ئیسلامی بن وەک ئێستا…. ئەوە کاری دەویت، کاڕیکی سەختە. بەلام وەک هەر دیاردە و روداوێکی عەزیمی کۆمەلایەتی لە سەرەتای خۆیەوە دەست پیدەکات و ڕیزی چینایەتی خۆی و سەربەخۆیی وبڕیاری کڕیکار دەپارێزیت. جا ئیتر من نازانم کێ بەلشەفیە وکی مەنشەفیە. پێم وابێت خەسرەو ئەمەشی هەڵگێڕاوەتەوە.

لە بەشی دووەم و دوا بەشدا، باسی ناحزبی سامان و تەحزوبی خەسرەو تۆمەتی خەسرەو تاوانی سامان دەکەین و بزانین دەگەینە کوێ. لەمبارەوە باسی بەیانی حزبی عیراق دەکەین کە چۆن تەئیدی سیاسەتەکەی هاوڕی خەسرەو ناکات و باسی دەکەین کە هاوڕی خەسرەو چۆن پرینسبەکانی مافی ” تاوانبارێک” پشێلکردوە. لێرەدا جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە، کە ماوەیەکی کەم ماوە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە لە ژێر باری ئەم سیاسەتە بێینە دەرەوە. دوای ٢٥.٩ بە پیادەکردن و نەکردنی ڕیفراندۆم فرسەتەکان ئالوگۆڕیان بەسەردا دێت.

١٣.٩.٢٠١٧




خێرو شەری ڕیفراندۆمی پارتی بۆ خۆی ! … د. عەبدولڕەحمان مەولود

مەبەستی ئەم وتارە ڕونکردنەوەی چەند بابەتێکی تایبەتە بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.

یەکەم، پارتی و گەمەی دیموکراتی

پارتی ولایەنگرانی لێیان دەبێتە عەیبە ڕیفراندۆم نەکەن. هەربۆیە ئەوان ڕیفراندۆم دەکەن. بەلام، ئەنجامی ڕیفراندۆم بەدەردی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەبەن. واتە دەولەتی سەربەخۆی کوردستان دروست ناکەن. وەعدی پارتی سەبارەت بە دەولەت دروست کردن لە وەعدی ترامپ دەچیت کە لە پێش هەلبژاردن دەیوت دیوارێك لە نێوان مەکسیك و ئەمریکا بە پارەی مەکسێك دروست دەکەم. لە ئێستا، قسەیەك لە دیوار دروستکردن نییە، ڕەنگە چەند مانگێك پێش هەلبژاردنی داهاتو ترەمپ چەند کیلۆمەترێك سنور تەل بەند بکات بۆ هەلخەلەتاندی دەنگدەران. ئەم کارەی ترەمپ یەکێکە لەو یاریانە حیزبە سیاسیەکان لە سیستەمی دیموکراسی لە خەلکی خۆیان دەکەن. سیاسەکان دەزان، دوای هەر هەلبژاردنێك دەرسەدێك لە دەنگدەران دەگۆرێن.

– هەمو ئەوانەی لە هەلبژاردنی ڕابردوو تەمەنیان چواردەساڵ وبەسەرەوە بووە ئیستا مافی دەنگدانیان دەبێت، ئەم ژمارەیە لە دەنگدەران بەهۆی منال بوونیان کەمترین گرنگیان بە سیاسەت داوەو نازان لە هەلبژاردنی پێشو کام حیزب چی ووتوەو نەیبردۆتەسەر.
– ژمارەیەکتریش لە بەسالاچوان و هیتریش کە لە ڕابردوو گوێبستی وەعدەکانی هەلبژاردن بوون ڕەنگە ئاخیرن دەنگدانیان بێت یان لە ژیان نامێنن تاکو سزای ئەو حیزبە بدەن کە پەیماننی هەلبژاردنی شکاندوە .

کاتیك جیاوازی نێوان ژمارەی دەنگدەرای براوە و دۆڕاو کەم بێت، هەر بەتەنها ئەو ئالوگۆرە لە ڕێژەی دەنگەدەران لە نێوان دو هەلبژاردن بەسە بۆ ئەوەی سیاسیەکان هەرچیان بوێت پێش هەلبژاردین بێلین و دواتر جیبەجێی نەکەن یان تەنانەت پێچەوانەی وەعدەکانیان کار بکەن.

ڕاویژکارانی پارتی و بارزانی شارەزای ئەم گەمەی سیستەمی دیموکراسین. هەر بۆیە، یەکەم کاریان دوای هەلبژرادن بیانو داتاشتن دەبێت بۆ جیبەجێنەکردنی پەیمانی دروستکردنی کۆماری کوردستان، ئەم پرسە بەدەردی مادەی ١٤٠ دەچێت.

چەند ڕیگریەکی تری بەردەم دروستکردنی کۆماری دیموکراتی کوردستان

دووەم، لە ئیستا، سیاسەتی رەسمی ئەمەریکا سەبارەت بە عیراق بریتیە لە پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاکی ئەم ولاتە.

ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە ئەنجامی تێگەیشتنی وزارەتی دەروەوە و وزارەی بەرگری ئەمریکایە. هەروەها لە ئەنجامی هەولەکانی لوبی عەرەبی، تورکیا، عیراق و ئێران دروست بووە. گۆرینی ئەم سیاسەتە مومکنە، بەلام پێوستی بە هەولێکی زۆرەو لە ئێستادا سیاسەتی ئەمریکا نییە و لەم چەند رۆژەی بۆ ڕیفراندۆمیش ماوە ناگۆرێت.

سێێەم، لە ئێستادا سێ سەرچاوەی ئابوری هەرێمی کوردستان وشکی کردووە.

هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلاری بودجەی سالانەکەی لە پارەی عیراقی لێبراوە. بە هۆی ناجێگری سیاسی و ئەمنی ناوەراست و خوارووی عێراق بەشی شێر لە هەمو پارەی عێراق دەهاتە کوردستان، بەلام لە ئێستادا ئەم بڕە پارەیە نەماوە یان کەمی کردوە و لە داهاتوشدا بەتەواوی نامێنێت.

ئەم هەمو ملیار دۆلارەش کە لە لایەن کوردانی دانیشتوی ولاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و ئاسیا بۆ بەکارهێنان لەچەشنی بەکارهێنان لە زەوەی وزار جانوبەروە ، هاتوچۆ ، هتد دەهاتە کوردستان بە هۆی ناجێگیری سیاسی و کاریگەری لەسەر بازار لە ئێستادا نەماوە.

کرانەوەی دەروازەی هەرێمی کوردستان بەرووی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرا ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بخاتە بازاری هەرێمی کوردستان، کەچی پارتی بۆ ڕازیکردنی تورکیا ئەمەی دوایشی داخست یان هەر ڕازی نەبو بکرێتەوە.

چوارەم، ئەمریکا بەدوای بەدیلی تورکیا و ئێرانە

ئەمریکا، بڕوای بە ئێران و تورکیا نییە و ناتوانێ سیاسەتەکانی لە ناوچەکە دابرێژێت بە پشتیوانی ئەم دوو ولاتە. لە ڕاستیدا هەردوکیان بەیەك چاو سەیر دەکات، هەردوکیان کۆماری ئیسلامین. هەر بۆیە، ئەمریکا بەدوای بەدیلە ئەم دوو ولاتەیە. هەرێمی کوردستان بەتەنیا ناتوانێت ببێتە ئەم بەدیلە. بەلام بە یەکێتی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، کورد زیاتر لە بوون بەم بەدیلە نزیك دەبیتەوە، کە بەداخەوە لە ئێستا پارتی دژایەتی ئەم کار دەکات. ئەمەش پێداگری چەندبارەی پارتییە کە ئەوان لە ئۆردوی ئۆردوگانن. واتە ئەوان تەنانەت لە نێوان ئەمریکاو تورکیاش، ئەمەی دوایی هەلدەبژێرن.

خالی دوو، سێ و چوار بەیەکەوە چەند ڕیگریەکی تری بەردەم دروستکردنی کۆماری دیموکراتی کوردستان نیشان دەدەن.


پێنجەم، ئەو هەمەموو جەدەلە لەسەر ڕیفراندۆم لە شەقامی کوردی بۆچی ؟

بەپشت بەستن بەخەباتی چەندین سالەی هاولاتیانی کوردستان، پرسی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان پێویست بوو بریارێکی زۆر ئاسان بێت. بەلام، لەسەر ئەرزی واقع پرسیار لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کۆمەلگای بۆ سێ بەرە دابەشکردوە. هۆی ئەم دابەشبوونە لە ڕاستیدا ئەوەیە پرسیاری سەربەخۆیی کوردستان دوو بەشە، دوو بابەت لە یەك پرسیار تیکهەلکێش کراوە وەك دەلێن، ئەم پرسیارە لایەنی نەزری و عەمەلی هەیە.

لایەنە نەزەریەکە یان ئەبستراکتەکە (تجریدیەکە) ئەویە، ڕازی بەسەربەخۆیی کوردستان یان نا ؟ لە وەلامی ئەم بەشەی پرسیارەکە لە کوردستان کەس نالیت نەخێر، هەموان هاوڕان. واتە، بەرەکەی کاك شاسوار، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی و ئەوانیتر هەر سێ لا یەك ڕان. جیاوازی نێوان سێ بەرەکە لەسەر بەشە عەمەلیەکەی پرسیارەکەیە.

چونکی سودمەندی یەکەم لە پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم دەسەلاتی ئێستای کوردستانە، لە ڕووی عەمەلیەوە پرسیارەکە ئەوەیە:
ئامادەی پشتیوانی لە دەسەلاتی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەی یان نا ؟ ئەم پرسیارە دەکرێت بەشێوەیەکی تریش بکرێت.
ئەگەر پشتیوانی لەدەسەلاتی ئێستای کوردستان ناکەی ئایا ئامادەی دژایەتی دەسەلاتی خراپی خۆمالی کوردی بکەی یان نا ؟ چونکی دەکرێ پشتیوانی نەکەی، بەلام دژایەتیش نەکەی بە هۆی خۆمالی بوونی دەسەلات.

لەوەلامی پرسیارە عەمەلیەکە جیاوازیەکان دەردەکەون. کاك شاسوارو بزوتنەوەکەی نەك هەر پشتیوانی لە دەسەلاتی ئێستای کوردستان ناکەن، بەلکۆ بەرووی دەسەلاتی خۆمالی کوردی دەلێن نەخێر. نمونەی ئەم جۆرە لە هەلوێستیش لە ناوچەی ئێمە زۆرە. میسریەکان، لیبیەکان، جەزایرو مەغریبیەکان بەدەسەلاتی خۆمالی عەرەبیان ووت نەخێرو شۆرشیان دژیان کرد. هەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەولەت نییە، بەلام ، دەولەت نەبوون لای بزووتنەوەی نەخێر لە ئێستادا نابیتە هۆی هاوشێوەی گەلانیتر لەبەرامبەر دەسەلاتی خۆمالی نەلێن نەخێر، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم نەخێرە لە ڕێگای سندوقی دەنگدان بێت.

هەرچی گۆڕانە، ئەویش ناتوانێت بەدەستی خۆی لایەنگرانی ڕیفراندۆم لەسەرتەختی دەسەڵات دابنیت، بۆیە ناتوانن لەگەل کردنی ڕیفراندۆم بن لە ئێستادا. گۆڕان تاکو ئیستا هیچ حەماسەتێکی بۆ کردنی ڕیفراندۆم نێشان نەداوە و پێویستە هەرواش بێت تاکو ڕۆژی ڕیفراندۆم. بە پێچەوانە، گۆڕان تاکو ئیستا بۆ دۆستو لایەنگرانی ڕوونکردۆتەوە، کەوا: یەکەم، کردنی ڕیفرندۆم لە ئێستادا ویستی و داخوازی ئەوان نییە، دووەم کردنی ڕیفراندۆم بەوشێوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەو هاولاتی و بزوتنەوانە نییە کە ئارەزوی ئەوەیان هەیە شێوەی حوکمرانی لە کوردستان لەسەر سکەیەکی جیاواز و باشتر لەوەی ئیستا دابنینن.

بۆ گۆران، مەسەلە ئەوە نییە داوا لە دەنگدەرانی بکات دەنگ بە بەلێ یان نەخێر بدەن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گۆڕان بۆ مێژوو بە هەموو دونیای ڕاگەیاند کە ئەوان لەگەل كاری بێبەرنامە و سەررۆیی نیین، لەگەل ئەم ڕیفراندۆمە نیین. ڕەنگە لە سەر مەسەلەی بەلێ و نەخێریش لاینەگر، دۆست و دەنگەدەرانی سەرپشك بکات چۆن خۆیان بەچاکی دەزانن ئاوا بریار لەسەر بەلێ و نەخێر بدەن، بەلام ڕیفراندۆم لە ئێستادا داخوازی ویستی گۆڕان نییە.


شەشەم، چۆنە پارتی دەتوانێ گۆمی سیاسەت لە کوردستان بەشلەقێنی و چۆن شلقاندی ؟

پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها هێزە لە هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری وەك دەلێن کەین و بەبینی نێو دەولەتیە. ئەمە جگە لەوەی حکومرانی کوردستانیشە. ئەم دوو تایبەتمەندیە، پارتی لە جێگاو شوێنێکی بەهێز داناوە بۆ سیاسەتکردن و بەکێشکردنی ئەوانی تر بەدوای خۆی. چاودێری میدیای ناوخۆ و دەرەوە ، زیرەکی ، لەخۆبردویی و چەند پەیوەندیەکی دبلۆماسی بەس نییە بۆ سیاسەتکردن. سیاستمەدار دەبیت ئاگاداری کۆبوونەوە تایبیتەیەکانیش بێت. بزووتنەوەی ئیسلامی لە گرنگی ئەو بابەتە تێگەیشتووە ئەوان ئامادەی هەمو کۆبوونەوەیەك لەگەل سەرۆکی پارتی و بەغدا دەبن. تورکیاش وەك دەولەت لە گرنگی ئەم بابەتە تێدەگەن، تورکیا بۆ کۆبوونەوەی ئەستانە، جنێڤ و سعودیەش چوو سەرەرای جیاوازی ئەجندەکان. گۆران لەم بارەیەوە پێویستی بەکاری زیاترە.

وادەی هەلبژاردنی کوردستان نزێك بۆتەوە. پارتی دەزانێت تاکو ئێستا چی چاندووە، بۆیە دەبیت گۆمی سیاسەت لە کوردستان زۆر بەهێزەوە بشلەقێنێ. ئاخر، هەر تەنها بریاری پاشەکەوتنی موچە بای ئەوەیە حکومەتی لەسەر برۆخێ. چەندین جار حکومەت لە یۆنان لەسەر بابەتی پاشەکەوتی موچە و ڕوخا و دروست بوو. هێنانەگۆری باسی سەربەخۆیی کوردستان تەنها بابەتە پارتی توانی بەهۆیەوە باسی پاشەکەوتی مووچە لەبیر خەلک بباتەوە.


حەوتەم، پارتی بە چ هەلوێستێکی گۆڕان ڕازی دەبیت ؟

لە کۆتاییدا، پارتی هەرچی بکات ناتوانێ گۆڕانی ڕازی بکات مۆری بۆ بکات بۆ ئەوەی پارتی لەدەسەلات بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی کار بۆ سەرخسننی ڕیفراندۆمی پارتی بکات. هەر بۆیە، پێویستە پارتی بیر لە ئەگەریتر بکاتەوە، چاوەروانیتری هەبێت لە گۆڕان.

بارزانی بە ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری ئەوروپی ووت، ئەگەر پشتیوانیمان ناکەن ئەوا دژایەتیمان مەکەن، پێیوسیتە هەر هیندەش لە گۆڕان چاوەروان بکات. گۆران دەتوانی بە پارتی بلێ ڕیفراندۆم ویستی ئێمە نییە، پشتیوانیتان ناکەین لە کردنی، خێرو شەری ڕیفراندۆم بۆ خۆتان و چاوەروان مەبن ئێمە و خەلکی کوردستان باجی هەلەی ئێوە بدات.


کۆتایی

کەس خۆی نەخەلتێنی، چەندە ترامپ دیوار لەگەل مەکسیك دروستکرد، چەندە مەلا عەلەی کەلەك دەتوانێ بە میزی حوشتر نەخۆشی شێرپەنجەی چارە بکە، هەر هێندەش پارتی و لاینگرانیان دەتوانن/دەیانەوێت کۆماری دیموکراتی فیدرالی کوردستان دروست بکەن. لە کوردستان یاریەکانی سیاسەت پربەپری وشەکە کاری خۆی دەکات، کەچی بەداخەوە کەم لە خەلکی کوردستان ئاگاداری ئەم یاریانەن.

د. عەبدولڕەحمان مەولود
پەیمانگای ئەلگانکوین/ ئۆنتاریۆ/ کەنەدا
http://www.scs.carleton.ca/~armyunis




نه‌ریتی نه‌خۆشبوون (چاره‌سه‌ر و خۆپاراستن). له‌ رۆمانی (نزا بۆ ئارمێن)دا …. یاسین برایم

نه‌ریته‌كان ، هه‌ڵقوڵاویی ژیانی كۆمه‌ڵگایی مرۆڤایه‌تییه‌و له‌ گه‌ڵ بزاف و چالاكی وكاروكرده‌وه‌كانی مرۆڤ هه‌نگاوی ناوه‌.له‌كۆنه‌وه‌ ،وه‌ك میرات و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌هاداری مرۆڤ ، نه‌وه‌ به‌دوای نه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ ، تاكونهۆ به‌رده‌وامیش له‌ گۆران و خۆنمایشكردنه‌وه‌ بووه‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو.نه‌ریته‌كان به‌ هه‌ردوو لایه‌نی (باشی و خراپی) خۆی خزاندۆته‌ نێوچیرۆك و ئه‌فسانه‌و خورافیات وئاین و بیروباوه‌رو ره‌نگدانه‌ویان به‌ سه‌رتاك و كۆمه‌ڵ.دواتر وه‌ك ڕێساوڕه‌فتارو خوو له‌ هزروخه‌یاڵی كۆمه‌ڵگادا گه‌شه‌ی كرد.هه‌رنه‌ته‌وه‌ ومه‌زهه‌ب وكۆمه‌ڵگای سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ ، گه‌نجینه‌یه‌كی له‌ دابو نه‌ریتی سه‌یرو ناوازه‌و نه‌خواستراوی له‌ خۆ گرتووه‌.باوه‌ڕپێكردن ویان نه‌كردنی بۆ خودی مرۆڤه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌.ئه‌م نه‌ریتانه‌ ڕه‌گ و ریشه‌ی كۆنی هه‌یه‌وبه‌هه‌مان قاوغ یان جیاوازترجێبه‌جێكراوه‌ وگواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شارستانیه‌تی ئه‌م رۆژگاره‌.له‌ كایه‌كانی نووسیندا ، له‌ نێو داستان و ئه‌فسانه‌وچیرۆك ورۆمان و شاكاره‌ كۆن و ناسراوه‌كانی جیهان ئاماده‌یی هه‌یه‌ . ئه‌ودابونه‌ریت و باوه‌ڕ و كرده‌وه‌ به‌زۆر چه‌سپاوانه‌ له‌ هزری كۆمه‌ڵگای خۆیان چه‌سپاندوه‌ ومرۆڤ كه‌وتۆته‌ ژێركاریگه‌ریان وبگره‌ وه‌ك ڕێساو یاسایه‌كی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌یری ده‌كه‌ن وهه‌ندێكیان پیرۆز كراون و قسه‌كردن و لادان له‌و دابه‌ بڤه‌و هێلی سووره‌! له‌ نێو دونیا مه‌زنه‌كه‌ی ئه‌ده‌بیشدا ، كه‌ ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌م نه‌ریتانه‌ ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌.رۆمانیش وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی پشكی شێری ئه‌م نه‌ریتانه‌ی به‌ركه‌وتووه‌. چونكه‌ رۆمان ، ژیان و جیهانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی مرۆڤ وه‌ك خۆی یان جیاوازتر ده‌گوازێته‌وه‌ یان به‌دیوێكی ترئه‌م ژیانه‌مان جوانتر نیشان ده‌دات و تێكه‌ڵی جیهانی خه‌یاڵ و فانتازیا ده‌كات وچێژێكی جوان به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشیت ، جارێكی تر نه‌ریته‌كانیش له‌ نێو خودی رۆماندا ، زیندو ده‌بنه‌وه‌و به‌ به‌رگێكی ره‌نگینتر، دێنه‌وه‌ نێو دونیای خه‌یاڵ و هزری خوێنه‌ر و به‌رده‌وام بوونی خۆیان دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌ .هه‌ندێك له‌و نه‌ریتانه‌ له‌ نێو چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك سیمایه‌كی هاوبه‌شیان وه‌رگرتووه‌و به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ژن و خاك وكولتوورو باگراوه‌ندی دیرۆكی و پێكه‌وه‌ژیانیان هه‌یه‌ ، هه‌ندێك له‌م نه‌ریتانه‌ تایبه‌تن به‌ نه‌ته‌وه‌یێك ، وڵاتیێك ، شارێك ،گوندێك، ده‌ڤه‌رێكی بچووك یان هۆزو خێڵ و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ و ته‌نانه‌ت خێزانێكی دیاریكراویش .

له‌ رۆمانی (نزای ئارمێن)(1)ی ئیبراهیمی یونسی گوزه‌رێك به‌ نێو هه‌ندێك له‌م نه‌ریتانه‌ ده‌كه‌ین و ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر. یونسی رۆماننووسێكی كورده‌ و به‌ زمانی فارسی ده‌نووسێت.به‌ڵام رۆمانه‌كانی هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵگای كوردین وشاره‌زایه‌كی باشی له‌ سه‌ر مێژوو ودابو نه‌ریت و كولتورورۆشنبیری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌ و له‌ نێو رۆمانه‌كانی ئه‌ودا ، ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ ده‌بینین.له‌ نزای ئارمێندا باس له‌ زوڵم وسته‌م كردن له‌ ژنێكی ئه‌رمه‌نیمان بۆده‌كات له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی ، ئه‌م ژنه‌ به‌ ناچاری له‌ ترسی مه‌رگ ، په‌نا بۆماڵی ئاغایه‌كی كورد ده‌بات. له‌وێ خۆ و مناڵه‌كه‌ی تێكه‌ڵاوی ژیانی ئه‌م ماڵه‌ ده‌بێت وله‌ هه‌مان كاتیش كۆمه‌ڵێك كارو نه‌ریت و هه‌ڵسووكه‌وت و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م ژنه‌ ده‌خزێته‌ نێو ژیان وخێزانی ئه‌م ئاغه‌یه‌ .لێره‌ چه‌ند نه‌ریتێكی جیاواز ده‌بینین وهه‌ندێ نمونه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو له‌ سه‌ر تێڕوانینیان له‌ سه‌ر( نه‌خۆشكه‌وتن) و خۆپاراستن و چاره‌سه‌ركردن ونزا كردن وپه‌نابردن بۆ نووشته‌ و چاوه‌زار وگۆڕی پیاو چاك و شێخ و سه‌یده‌كان . تێكه‌ڵاو بوونی نه‌ریت و بیروباوه‌ره‌ ئاینییه‌كان وباوه‌ڕ پی َهێنان وجێبه‌جێكردنیان له‌ ژیانی رۆژانه‌یان وكه‌ هه‌میشه‌ به‌ فریادڕه‌سی خۆیان ده‌زانن.

منداڵ خۆشه‌ویسته‌ و ئارامی به‌ خێزان ده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر منداڵیكی جوان وپێش چاو بوو ، ئه‌وا جوان نییه‌ له‌ به‌رده‌م دایكی پێی بڵیت ئه‌م منداڵه‌جوانه‌ ! چونكه‌ نه‌بادا ئه‌م منداڵه‌ شتێكی لێ بێت یاخود له‌ به‌ر چاو پیسی و چاوه‌زار و ده‌چاو چوونی منداڵه‌كه‌ . دایك منداڵه‌كه‌ داده‌پۆشێت و نیشانی خه‌ڵك نادات . زۆر جار نووشتوویه‌ك دروستده‌كه‌ن و له‌ لایه‌كی باسكی مناڵه‌كه‌ ده‌ده‌ن یان مووری شین وچاوه‌زارله‌ نێوچاوانی یان له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ر یان به‌ لانكه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن ، تا له‌ چاوی پیس به‌ دوور بێت و منداڵه‌كه‌ نه‌خۆش نه‌بێت.
“داده‌ ئامین منداڵه‌كه‌ی هێنا.ئه‌ی ماشه‌ڵڵا ، ماشه‌ڵڵاچه‌ند منداڵێكی جوانه‌ !دایكم چه‌ند داوه‌مووی سه‌ری بادابوون و بۆ چاوه‌زار موورووێكی شینی به‌ مێوی پێ هه‌ڵ واسیبوون ، و “نووشته‌”یه‌كی به‌ سنجاخ له‌ شانی راستی قایم كردبووكه‌ ناردبووی له‌ لای باوه‌ سه‌یی محمد بۆیان هێنا بوو. “(2) .
منداڵ ، ئه‌گه‌ر تووشی گوێ ئێشه‌ بێت ، ئه‌و دووكه‌ڵی جگاره‌ی ده‌خه‌نه‌ گوێ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن. ژنی ئاغاش كه‌ ده‌بینی منداڵی ئه‌م ژنه‌ ئه‌رمه‌نییه‌ هیچی له‌ سه‌ر نییه‌و گوێیه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ن ، به‌راورد ده‌كات له‌ گه‌ڵ منداڵه‌كانی خۆی كه‌ به‌رده‌وام سه‌ریان داپۆشراوه‌ ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كڵاوێك یان په‌رۆیه‌ك له‌ سه‌ر منداڵه‌كه‌ نه‌به‌سترێت ئه‌وا تووشی گوێ ئێشان ده‌بێت.

“مناڵه‌كانی لای خۆمان هه‌ر كۆچكه‌یان له‌ سه‌ر هه‌ڵ گیرابا ، تووشی گوێ ئێشه‌ ده‌بوون وئه‌وده‌م دایكه‌كه‌یان ده‌بوو دوو كه‌ڵی سیغاره‌یان ده‌ گوێ بكه‌ن”(3).
له‌ كتێبی (وه‌بیرم دینێو)ی عه‌قیله‌ رواندزی هه‌مان شتمان بۆ ده‌گێرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر گوێ ئێشان و دووكه‌ڵی جگاره‌.” وه‌كی گێ وه‌ژان ئه‌كه‌ت ، بێجگه‌ له‌ ده‌رمانی دكتۆری ، دووكه‌رێ جخاره‌شیان ده‌ناو پف ئه‌كرد، ئه‌وه‌ش لۆ ماوه‌یه‌كی كم ژانی پێ ئه‌شكا”(4) .
نه‌خۆشی زه‌رتك_زه‌ردووی كه‌ توشی منداڵ ده‌بێ ئه‌وا ماسییه‌كیان دێنا ناو ده‌فرێكی روون تا منداڵه‌كه‌ سه‌یری بكات ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ گه‌وره‌ بوایه‌ ، ئه‌گه‌ر ماسییه‌كه‌ مردبوا ئه‌وا نیشانه‌ی وایه‌ زه‌ردووه‌كه‌ له‌ منداڵه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌ ماسیه‌كه‌ و نه‌خۆشه‌كه‌ چاره‌ سه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر منداڵێكی بچووك بوایه‌ ، مۆرویه‌كی زه‌رد كه‌تایبه‌ت بوو به‌ نه‌خۆشی زه‌رتك یان جلو به‌رگێكی زه‌ردیان له‌ به‌ر مندڵه‌كه‌ ده‌كرد، یان بردنه‌ لای پیاوچاكێك.

“منداڵه‌كه‌ زه‌ردوویی گرتبوو ، هه‌ر چه‌نده‌ بردبوویانه‌ سه‌ر حه‌وزی”پیر یوونس”و ته‌ماشای ماسی یه‌ سووره‌كانی كرد بوو،هه‌روه‌ك خۆی زه‌رد و زه‌عیف بوو…”زه‌ردوویی”شی له‌ ده‌ستی كرا بوو “مووفه‌ڕه‌كی””پیر موراد”یشیان بۆ هێنابوو كه‌چی هه‌ر وه‌ك خۆی بوو…!.” (5).
هه‌ره‌ها له‌ كتێبه‌كه‌ی( عه‌قیله‌خان) ئاماژه‌ی به‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت”زه‌رتك : ئه‌وش مۆری وجلكی زه‌رد ده‌به‌رنه‌خۆشی ده‌كرا.”(6).بێجگه‌ له‌مه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ تووشی مرۆڤ ده‌بێت، ئاژه‌ڵانیش زه‌رتكه‌ ده‌گرن.
له‌نێو ئاینه‌ جیاوازه‌كان و پیاو چاك و گۆڕی پیاوه‌ ئاینییه‌كان وداری گۆڕستانه‌كان وبه‌ردوئه‌شكه‌وت وكانیاو وچه‌ندین كه‌ل و په‌لی پیرۆزكراو هه‌یه‌ وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌ك هه‌ندێ نه‌خۆشی به‌كاردێن ونه‌خۆشه‌كان په‌نای بۆده‌به‌ن.
(تۆمابوا)ڕۆژهه‌ڵاتناسی فه‌ڕه‌نسی ، له‌ كتێبێكی خۆیدا كه‌ له‌ سه‌ر ژیانی كورده‌واری نووسیووه‌ ، ئاماژه‌ی به‌چه‌ندین شتی سه‌یرو سه‌مه‌ر ده‌كان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی زه‌رتك ده‌ڵێت”گه‌لێ كانیاوی پیرۆز هه‌یه‌، كه‌ له‌ ته‌نیشت مزگه‌وت یاخود ته‌كیه‌ یان گۆڕستانه‌كانه‌وه‌ن.ئه‌چنه‌ سه‌ر ئه‌م كانیانه‌ بۆ چاك بوونه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشی ، بۆنمونه‌ له‌ ناو یه‌زیدیه‌كانی شێخان دا كانیه‌ك هه‌یه‌ ناوی (كانی زه‌ركێ)یه‌ مانای كانی زه‌ردكه‌، هه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا دیاره‌ كه‌ خه‌ڵكی له‌ نه‌خۆشی زه‌ردۆیی چاك ئه‌كاته‌وه‌.(7) ده‌یان شتی سه‌یرو ناوازه‌ی له‌م كتێبه‌ی خستۆته‌ روو كه‌ وه‌ك بیروباوه‌ری پروپووچ ته‌ماشای كردووه‌.
هه‌روه‌ها له‌ كوردستان زۆر شتی له‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر مرۆڤه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كان بگره‌ كه‌سانی رۆشنبیروشاره‌زاش په‌نای بۆ ده‌به‌ن . بۆ نه‌زۆكی وگه‌یشتن به‌ ئاوات ده‌یان گۆڕی پیاوی چاك هه‌یه‌ بۆ نمونه‌:گۆڕی (سوڵتان موزفه‌ری هه‌ولێر)* وئه‌شكه‌وتی (ره‌به‌ن بۆیا_شێخ وسو ره‌حمان)** له‌ شه‌قلاوه‌ ونه‌بی یونس له‌ موسڵ .بۆ به‌ردی گورچیله‌ (ئاوی شێخی باڵه‌ك) و دوعاكردن له‌ گۆڕی پیاو چاكه‌كه‌ . بۆ گه‌ڕاو و نه‌خۆشی پێست گه‌ڕاوی( بابه‌جیسك) و هه‌روه‌ها (میر سه‌ید) له‌ كۆیه‌.بۆ كۆخه‌ ره‌شه‌ ، به‌ردێكی كون هه‌یه‌ له‌ (كاولۆكان)ی ڕواندز(به‌ردێ كه‌نده‌كۆخی) پێده‌ڵێن ، حه‌وت جار له‌م كونه‌ بچی و بێی ئه‌وا كۆخه‌كه‌چاك ده‌بیت .
هه‌روه‌ها له‌گوندی (ئاكۆیان)یش داربه‌ڕووێك له‌م شێوه‌ هه‌بووه‌ به‌ ناوی دارێ كه‌نده‌ كۆخی حه‌وت جار له‌ نێو ڕه‌گه‌كانی ده‌هات و ده‌چوون، ئه‌م داره‌ له‌ ئه‌نفالكردنی گونده‌كه‌ سووتا.(داروبزماره‌)ش بۆ ددان ئێشان ، هه‌ركه‌سێك دانی بێشیت و بزمارێك له‌ داره‌كه‌ ده‌چه‌قێنێت و به‌ هیوای چاكبوونه‌وه‌.بالووكه‌ هاتن له‌ ده‌ست و پێ ئه‌وا زۆر پیاوچاك هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی بالووكه‌كان چه‌ند بێت ئه‌وه‌نده‌ قه‌د له‌ داره‌كه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ تا وه‌شك ده‌بێت له‌ زۆر شوێن ئه‌م جۆره‌ دارانه‌ هه‌ن و خه‌ڵك سه‌ردانی ده‌كه‌ن.بۆسه‌ر ئێشه‌و لاق و پشت ئێشه‌و باداری ، ده‌یان پیاوچاكی تر هه‌یه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر ودوعایه‌ك ده‌كه‌ن و (نان و پیوازێك) له‌ سه‌ر پیاوچاكه‌كه‌ به‌ جێده‌هێڵن.ده‌یان كانی و گۆمی كبریتی(گه‌ڕاو) و رووبار هه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشیه‌كانی پێست به‌ كاردێن وخه‌ڵك سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
ئه‌م بیڕوباوه‌رو نه‌ریتانه‌ ئه‌گه‌ر لای هه‌ندێك كه‌س بنه‌مایه‌كی پووچ وخورافی و درۆی هه‌بێت ،لای هه‌ندێكی تر باوه‌ڕیان پێی هه‌یه‌وئاسوده‌یی به‌ دڵ و ده‌روونیان ده‌به‌خشێت و ده‌بێت ڕێز له‌و مرۆڤانه‌ش بگرین . ده‌كرێت هه‌ندێك كانیاو وگه‌ڕاو وسه‌رچاوه‌ی ئاو بنه‌مایه‌كی زانستی و پزیشكی هه‌بێت بۆچاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك نه‌خۆشی ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ توێژینه‌وه‌ هه‌یه‌.

. له‌م رۆمانه‌دا ، له‌چه‌ند شوێنێك بیروباوه‌ری ئاینی خراوه‌ته‌ روو ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی و تاو له‌رزو په‌نا بردنه‌ به‌ر نووشتوو و پیاوی ئاینی و سه‌یدو شێخه‌كان.له‌ كورده‌واری ئه‌و مندڵانه‌ی تووشی ترس ده‌بوون ئه‌وا (مس یاخود په‌نگر)یان له‌ سه‌ر سه‌ر منداڵه‌كه‌ ده‌خسته‌ نێوجامێكی ئاو به‌ مه‌به‌ستی چاكبوونه‌وه‌ ، یاخود منداڵه‌كه‌یان ده‌برده‌ لای كه‌سانی ئاینی بۆ نووشتووكردن.كاتێ منداڵی ژنه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كه‌ ده‌گری و تووشی ترسان هاتووه‌ به‌ باوه‌ڕی ئه‌وان ئه‌وا ده‌یبه‌نه‌ لای سه‌ید.”باشه‌ ، ئاغا… قه‌نداومان داوه‌تێ …ناردوومه‌ لای بابه‌ سه‌یدیش دوعای ترس و له‌رزی بۆ بێنن ،هێشتا نه‌هاتۆته‌وه‌….”.(8).
به‌راورد كردنی ددان خاوێنكردنه‌وه‌ له‌ نێوان كه‌سانی شارستانی و ماڵی ئاغا ئه‌وان به‌ فڵچه‌و ده‌رمان و ئه‌ویترین به‌پووشه‌ پیسه‌ی كه‌ به‌ سه‌ری گێسكی ماڵپاكردنه‌وه‌یه‌و ماڵی پێ خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌ . “له‌ ماڵی ئاغاكانی دیكه‌ بۆددان ئاژنینه‌وه‌ كه‌ڵك له‌ پووشكه‌ی ئه‌و گه‌سكه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ په‌نا ده‌ركه‌ی داریان داناوه‌…. “(9).

زۆر كه‌س باوه‌ڕیان وایه‌ هه‌رچه‌ند منداڵ پیس بێت و گرنگی پێنه‌درێت ئه‌وه‌نده‌ پێشچاوترو قه‌ڵه‌وتر و دوور له‌ ده‌ردو به‌ڵا ده‌بێت، وه‌ك پێشینان ده‌ڵێن (بخۆ گه‌نده‌و گوو _ بگره‌ ره‌نگ و روو).ئه‌مه‌ زیاتر له‌لای دایكان و به‌راوردكردنی منداڵی پاكژی خۆیان له‌ گه‌ڵ منداڵی كه‌سێكی تركه‌ لووت به‌چڵم و پیس وجل به‌قرێژوفرامۆشكراو له‌ خزمه‌تی باش.ئه‌م په‌نده‌ وه‌ك به‌راوردێك له‌ نێوان خاوێنی و پیسی منداڵ ده‌گوترێت.
نه‌خۆش كه‌وتنی منداڵه‌كه‌و نه‌زانینی ده‌رده‌كه‌ی ، ترس و گومان ده‌خاته‌ نێو خێزانی ئاغا و دایكی منداڵه‌كه‌، له‌ نێوان خۆیان چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و منداڵه‌كه‌ له‌ ژوورێك داده‌نێن و كه‌س نێزیكی ناكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نه‌بێت . ئه‌وان گومانیان هه‌یه‌ ، منداڵه‌كه‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی له‌ ئاژه‌ڵ گرت بێت یان له‌و پیاوه‌ هه‌ژاره‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌ ماڵی ئاغا به‌ نه‌خۆشی سه‌ری نایه‌وه‌ .هه‌ندێك به‌تیفۆ وگرانه‌تاو هه‌ندێكی تر به‌ بۆن و یان گومان كردن له‌هه‌بوونی ئه‌سپێ.هه‌موو ئه‌وانه‌ وا له‌ بیركردنه‌وه‌ی ئاغا ده‌كات و ئه‌ویش به‌ قسه‌ی پیره‌ژنێكی گوند بكات ، كه‌ بونی سیر چاره‌سه‌ری ده‌ردی منداڵه‌كه‌ ده‌كات.بۆیه‌ له‌ باره‌ی نه‌خۆش كه‌وتنی ئه‌م منداڵه‌، ده‌ڵێت:”فاتم! ئه‌من قسه‌ی ئه‌م پیره‌ژنه‌م پتر به‌ دڵه‌وه‌ ده‌نووسێ … منداڵه‌كه‌ له‌ دایكی جوێ بكه‌نه‌وه‌ ، ده‌ پازده‌ بیست دنكه‌ سیریش سپی كه‌ن وبه‌به‌نیانه‌وه‌ بكه‌ن و ده‌ملی بكه‌ن… وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ ئه‌سپێ یان ڕا په‌یدا ده‌بێ ، ئه‌سپێش ده‌ڵێن بۆنی سیرێی پێ خۆش نییه‌….”(10).
ئه‌مجاره‌ نه‌خۆش كه‌وتنی دایكی منداڵه‌كه‌ ، بیركردنه‌وه‌ی ناوازه‌ی لێدێته‌ به‌رهه‌م ، بڕوانه‌ منداڵه‌كه‌ رووت ده‌كه‌ن و له‌ سه‌ر ده‌ستی داده‌نێت وبۆئاسمانی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و پێشانی خوودای ده‌ده‌ن تا خوا به‌زه‌یی به‌لاوازو بچووكی منداڵه‌كه‌ بێته‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌ویش روحم به‌ دایكی بكات و چاكی بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد پزیشك له‌ شاره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆش رووی كردبووه‌ گوندو ئه‌م رووداوه‌ی به‌ چاوی خۆی دیت.

“ئه‌م جۆره‌ وه‌ختانه‌ دوعا ده‌كه‌ن ، دایكان منداڵی چوو كه‌ڵه‌ رووت ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ خوای نیشان ده‌ده‌ن ، تا ره‌حم به‌ دایكی بكا… چ بكه‌ن فه‌قیرانه‌ ! ئه‌وه‌ كه‌ دیتان منداڵه‌كه‌یان له‌ سه‌ر ده‌ست دانابوو ، وهه‌ڵداوپێدایان پێ دكرد، بۆ ئه‌مه‌ بوو…به‌و هیوایه‌كه‌ خواباشتری ببینێ به‌زه‌یی پێی دابێته‌وه‌… و ره‌حم به‌ دایكی بكا….”(11).بێجگه‌ له‌ رووتكردنه‌وه‌ی ئه‌م منداڵه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئاسمان ، ژنی ئاغا نزای ده‌كردو منداڵه‌ ناباڵقه‌كانیش نزاكه‌یان ده‌گێرایه‌وه‌ ، گوایه‌ خودا نزای ئه‌م منداڵه‌ بچووكانه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆنییه‌و بۆیان جێ به‌جێده‌بێت.له‌گه‌ڵ هاتنی پزیشك بۆگونده‌كه‌ ، خه‌ڵك به‌ تێكرا( ژن و پیاو) كه‌وتنه‌ خۆ هه‌ر یه‌كێك ده‌ردێك وجۆرێك نه‌خۆشی بۆ پزیشك ده‌گێرایه‌وه‌ .پێش هاتنی پزیشك تێكرای خه‌ڵكه‌كه‌ بۆ بچووكترین نه‌خۆشی هانایان بۆگۆڕی پیاو چاكان و حه‌كیم و مه‌لای گوندو سه‌یدوشێخ وپیره‌ژنه‌ به‌ ساڵاچووه‌كان ده‌برد. له‌م باریه‌وه‌ش ده‌یان چیرۆك و رووداوی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ روویده‌داو له‌ باره‌ی ده‌ردی نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زارو وه‌ك چاره‌سه‌ریش بۆ یه‌كتریان ده‌گێڕایه‌وه‌ تا ئه‌وانیش له‌ ئاینده‌ سوود له‌ قسه‌و ڕه‌فتارونه‌ریت وئامۆژگاریه‌كان وه‌ربگرن.

له‌ كۆتاییدا ، ئاماژه‌ به‌ وته‌ی ئه‌و ئاغایه‌ ده‌ده‌م كه‌ ده‌ڵێت”مه‌سه‌لێكی كوردی هه‌یه‌ ، ده‌ڵێ نابێ به‌ پێش پیاوی گه‌وره‌وبه‌ پاش ئێستر دا تێ په‌رێ”به‌ڵام جاری وا هه‌یه‌ پیاو ناچاره‌… “(12). ئه‌م په‌نده‌ كوردیه‌ ، پێمان ده‌ڵێت نابێ كه‌سانی منداَل و كه‌سانی بچووك وه‌پێش پیاوی گه‌وره‌ بكه‌ون و ده‌بێ رێزی لێ بگرن ، خۆ بۆ ئامۆژگاری و قسه‌كردنیش هه‌مان كرده‌وه‌ هه‌یه‌ نابێ (قسه‌ی گه‌وران بشكێن و به‌ قسه‌یان بكه‌ین جا ڕاسن بن یان هه‌ڵه‌ ) واته‌ قسه‌ی پیاوی گه‌وره‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێت .ئه‌م قسانه‌ش كاریگه‌ری دروستده‌كه‌ن به‌ سه‌ر خێزان و بنه‌ماڵه‌ جا له‌ هه‌ر بوارێكی ژیان بێت .خۆ بۆ كاری دووه‌میش نابێت مرۆڤ له‌ دوای ئێستر بروات یان لێی نێزیك بكه‌وێته‌وه‌ ، نه‌بادا جووتێكی لێ بدات و تووشی زه‌ره‌ری بكات.واته‌ ئاگادارت ده‌كاته‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی و به‌ڵایه‌ك بێت پێویسته‌ خۆت بپارێزیت .كورده‌واریش ده‌ڵێت (خۆپاراست له‌ چاره‌سه‌ركردن باشتره‌!!).ئه‌و چه‌ند نمونه‌یه‌ی نێو ئه‌م رۆمانه‌ و مشتێكن له‌ خه‌روارێك وهه‌ڵقوڵاوی نه‌ریت و ڕه‌فتار و باوه‌ر پێ هه‌بوونی كۆمه‌ڵگان . تا ئێستاش له‌ دونیای مودێرنه‌ته‌ وگه‌شه‌ی ئه‌قڵی مرۆڤ و ئاسۆی گه‌شی پزیشكی كه‌سانێك هه‌ن و هه‌ندێ له‌م نه‌ریتانه‌ په‌یره‌و ده‌كه‌ن.
هاوینی 2015 ڕواندز

——————————–
سه‌رچاوه‌ وپه‌راوێز:

1.رۆمانی (نزا بۆ ئارمێن) ، ابراهیم یونسی ، و:عبدلله‌ حسن زاده‌ ، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ، هه‌ولێر ، چاپی دووه‌م ، 2009.
2.سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل25.
3.سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 35.
4.وبیرم دێنۆ ، عه‌قیله‌ رواندزی ، چاپی یه‌كه‌م ، هه‌ولێر ، 2001 ، ل74.
5.نزا بۆ ئارمێن ، ل231.
6.وه‌بیرم دێنۆ ، ل71.
7.تۆمابوا، ژیانی كورده‌واری ،وه‌رگێڕانی بۆ كوردی:حمه‌سعید حمه‌ كریم ،چاپخانه‌ی زانكۆی سلێمانی، 1980.ل232.
*.وه‌ك زانراوه‌ ئه‌م گۆڕه‌ هی باوكی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌و گۆڕی ئه‌و له‌ نه‌جه‌فه‌!به‌ڵام خه‌ڵك هه‌ر به‌ گۆڕی سوڵتان موزه‌فه‌ر سه‌ردانی ده‌كه‌ن بۆ منداڵبوون و نه‌خۆشی و پاڕانه‌وه‌ ده‌یان رازو نیازی تر.
**. ئه‌م پیاو چاكه‌ لای مه‌سیحییه‌كان به‌ (ره‌به‌ن بۆیا) وموسڵمانانیش به‌ (شێخ وسو ره‌حمان)به‌ناوبانگه‌ و هه‌ریه‌كه‌ی به‌ هی خۆی ده‌زانن .به‌ردێكی لێیه‌ ، ژنان به‌ مه‌به‌ستی منداڵبوون خۆیان له‌سه‌ر زگ خلۆرده‌كه‌نه‌وه‌ .
8. نزا بۆ ئارمێن ، ل 72.
9.سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 94.
10. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل200.
11. سه‌رچاوه‌ی پێشو ، ل216.
12. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل349.
تیبینی : له‌ گۆڤاری (نما) ، ژماره‌ (44) ، 2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .




له‌نێوان حۆپیشاندان و گێره‌شێوێنیدا ! … ئاری زیندینی

خه‌باتی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی لوتكه‌ی كۆمه‌لگه‌ی تێگه‌یشتوو پێگه‌یشتوو شارستانیه‌ته‌,كه‌دووره‌له‌هه‌رململانێی سیاسی و كه‌سیودوورله‌ ِلێدانی سیاسی به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و حیزب, خه‌باتی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی خۆیی ده‌بینێت له‌پێكه‌وه‌ژیان و هه‌ڵوێست وناڕه‌زایی
داكۆكی له‌ مافه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كان.كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت خۆیی یه‌كلابكاته‌وه‌له‌ چ قۆناغێك ده‌ژی وده‌ستووری ژیانی چۆنه‌وچی ده‌وێت و نه‌ك به‌ڕه‌مه‌كی (عشوائی) بژی وداوابكات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ پیشه‌یی و مه‌ده‌نی, ئه‌م داواومافانه‌ ده‌توانێت له‌رێگایی (خۆپیشاندان وبایكۆت و ناڕه‌زایی وگردبوونه‌وه‌) ده‌ریببڕیت و دواتر به‌ده‌ستیبهێنێت له‌گه‌ل ڕه‌چاوكردنی بارودۆخه‌كه‌ نه‌ك سه‌ر بكێشێ‌ بۆ (ئاژاوه‌وگێره‌شێوێنی) .
(خۆپیشاندان وبایكۆت و ناڕه‌زایی و گردبوونه‌وه‌) له‌هه‌ندێك كۆمه‌لگه‌وحكومه‌ته‌كان هاندان وده‌ست له‌پشتدانی پێوه‌دیاره‌ بۆمه‌رامی سیاسی و شه‌خسی.له‌وڵاتی ئێمه‌ ئه‌و(خۆپیشاندان وبایكۆت وناڕه‌زایی وگردبوونه‌وه‌) ده‌بینرێت جۆرێك له‌ تێكه‌ڵی وپێكه‌ڵی پێوه‌دیاره‌ له‌ داواكانیان چونكه‌ بێجگه‌ له‌ داوا دروشم له‌كه‌داركردن وجوێنیش كه‌دووره‌له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی وپیشه‌یی ناچێته‌ خانه‌ی داواكاری خۆپیشانده‌ر.ئه‌وكه‌س ولایه‌ن ورێكخراووده‌سته‌یه‌ی كه‌ ناڕازیه‌و داوایی هه‌یه‌وخۆپیشاندان ده‌كه‌ن ده‌بێت داواكه‌یان ڕوون وئاشكرابێت وتایبه‌ت به‌بواری خۆیان وله‌پێناوچاكسازی به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێ‌ یه‌ك داوا نیه‌و یه‌ك ده‌سته‌وڕێكخراولایه‌ن نییه‌ هه‌مووپێكه‌وه‌ داوا و دروشم وجنێودان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ واته‌ رووخاندنی به‌رامبه‌ركه‌ پێچه‌وانه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی وپیشه‌یی ودیموكراتی كه‌ دواجار ده‌توانن له‌ هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی بێته‌وه‌ كه‌ نیشانه‌ونمونه‌ی دیموكراتیه‌ته‌.گه‌ر زیاتریش ورد بینه‌وه‌ (خۆپیشاندان) ماناومه‌به‌ستی خۆیی هه‌یه‌و(بایكۆت) و(گردبوونه‌وه‌)و(ناڕه‌زایی)هه‌روه‌تر هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ به‌ جیاو بۆ مه‌به‌ستێكه‌ نابێت هیچیان ببێته‌ هۆیی له‌كه‌داركردن و په‌كخستنی داموده‌زگایی حكومی وگشتی و ده‌وڵه‌ت گه‌رنا جۆرێكه‌ له‌(ئاژاوه‌وگێره‌شێوێنی) داواومافه‌كان به‌ده‌ست ناهێنرێت,ئه‌گه‌ر هه‌موو چین وتوێژه‌كان خۆپیشاندان وناڕازیبن ئه‌وه‌(هه‌ڵبژاردن) سه‌نگی مه‌حه‌كه‌وهاوڵاتی وحكومه‌ت پێكه‌وه‌ به‌شدارن له‌پڕۆسه‌ی دیموكراتی و مه‌ده‌نی وبۆدیاریكردنی مافه‌كان وچه‌سپاندن وجێبه‌جێكردنی به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتی ئێمه‌ ده‌بینرێت له‌و(خۆپیشاندان وبایكۆت وناڕه‌زایی و گردبوونه‌وه‌) زیاتر بێهێزكردن وپه‌كخستن وناشرین كردنی به‌رامبه‌ركه‌ حكومه‌ته‌ جۆرێكه‌ له‌لابردن و ڕووخان نه‌ك خه‌باتی مه‌ده‌نی وپیشه‌یی, حكومه‌تی هه‌رێم به‌یاسایی وبه‌ هه‌ڵبژاردن هاتۆته‌كایه‌وه‌ خه‌ڵك وهاوڵاتیان ده‌نگیان بۆ داوه‌, خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌كانی هه‌رێم به‌ئاشكرا حیزب ولایه‌نی سیاسی له‌پشته‌ نایشارنه‌وه‌له‌ میدیاكان و لێدوانه‌ حیزبیه‌كان پاڵپشت و هانده‌ریانه‌ به‌رنامه‌ و پرَۆژه‌ی حیزبه‌كان داواو دروشمه‌كانی خۆپیشانده‌ران وبایكۆتكاران یه‌ك شته‌, ئاژاوه‌وگێره‌شێوینی چه‌كی حیزبه‌ سیاسیه‌كانه‌ بۆگرتن وگه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و ڕاكێشانی سۆزی شه‌قام.(خۆپیشاندان وبایكۆت و ناڕه‌زایی وگردبوونه‌وه‌) نه‌ كه‌س له‌كه‌دارده‌كرێت ونه‌ حیزبێك ناشرین ده‌كرێت ونه‌ دامووده‌زگایی حكومه‌ په‌كده‌خرێت و نه‌حكومه‌ت ده‌ڕووخێت و نه‌ ووڵات تووشی ئاژاوه‌وگێره‌شێوێنی ده‌بێت,به‌م شێوه‌یه‌هه‌نگاونان و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و شارستانی سست ودواده‌كه‌وێت.




پەرلەمانی عێراق نموونەیەک لە ڕاستگۆیی … چالاک ئـاغجەلەری

ئـەگەر دیموکراسی وەکو فکرو فەلسەفە یان ئـایدۆلۆژیەک تەماشا بکرێت بێگومان شوێنێک بۆ قەرارگرتن و بەگەرخستنی ئـەو فەرھەنگە سیاسیە پەرلەمانە ، ئـەم دەزگایە لە فەزایەکی تەواو سەربەخۆ و دیموکراتدا ناوەندێکە دەنگی زۆرینەی تاکەکانی تێدا کۆکراوەتەوە لە پێناو ئـاراستەکردنی بڕیارە چارەنوس سازەکانی کۆمەڵگە بۆ کۆی پێشھاتەکان دەبێت بەم فلتەرەدا بڕوات ، بنەچەی ئـەم فەرھەنگە ، ئـەم عەقڵانیەتە سیکۆلارە لە یونانی کۆنەوە دەستی پێکردوە و ڕێگەیەکی دوور و درێژی گرتەبەر تەواوی فەلسەفە سیاسی و فەرھەنگیەکانی کۆمەڵگە جۆگەی لەم ڕووبارە ھەڵخست لە ژێر ناوی جیاواز جیاوازدا ، ئـاینەکان تا بێدینەکان ، قەومیەکان تا ئـومەمیەکان ، کاپتالیزلیستەکان تاوەکو شوعیەکان کەوتنە ژێر ھەژموونی وەرگرتنی دەنگی گەل بۆ ھەرچی ڕەوایەتی دان بە جوانکردنی بیر و ھزری سیاسی و کۆمەڵایەتیان.

مێژووی کۆن و نوێ سەلمێنەری ڕاستیە تۆقێنەرەکانی کۆمەڵگاکانی دونیایە تا چی ئـەندازەیەک درێغیان لە پاکتاوی یەکتردا نەکردوە لە تەواوی بوارەکاندا ، بۆ ھەرچی گەیشتن بە خواستە پاوانخوازیەکانیان لە بەرامبەر دەستەمۆ و تا ئـەندازەی سڕینەوەی دژەکانیان لە سەر زەوی ، تێرکردنی ئـەم حەزە مرۆڤ کوژانە گەیشتە ژیانی دەوڵەتداری قەومی و تائـیفی و دینی، ھەرچی دەوڵەتانی ڕۆژئـاوایە بە پاڵپشتی شۆڕشە عەقڵانیەکان و خۆێندنەویەکی بابەتی بۆ مێژوویان ھەروەھا بوونی ئـیستعابی ھەڵومەرجەکان تایبەت بە ئـاڵوگۆڕە سیاسی و ئـابوری و فەرھەنگیەکان بووە بنەمای بەجێھێشتنی ئـەو فۆرمە ی جیاواز لە ژینگەی ڕەنگاوڕەنگی خۆی ،فەزای دەورووبەر بە ھەمان فۆرمی سیاسی وفەرھەنگی خۆیان بچوێن و ڕەوایەتی ماف بۆ کۆی تاکەکان ببێتە فەلسەفەی دونیابینی و پێکەوە ژیان ببێتە بەشێکی دانەبڕوای کاروانەکەیان.

بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیپی دەوڵەتداری ڕۆژھەلات بە گشتی و ناوەڕاستەکەی بەتایبەتی ھەلومەرجە کان دەرھەق بە دونیای سیاسەت بۆ گرتنە دەسەڵات تەواو پێچەوانەی دەوڵەتانی ڕۆژئـاوایە، دونیا بینی شۆڕشە جەماوەریەکان ، سیاسیەکان بوونە بە شێک لە گۆڕینی دەموچاوەکان ئـەوەی مایەوە گەرائـاسا ژیانەوەی بەخۆوە دی ھەمان ھەڵسوکەوت وفەرھەنگی دەسەڵاتی سەرکوتکەر بوو بە شێوە و مکانیزمی جیاواز ، بۆ نموونە ئـیپراتۆریەتی عوسمانی تورکیای ئـەتاتورکی دوێنێ و ئـاکپارتی ئـەمڕۆی لێ سەوزبوو ، عێراقی مەلەکی سەدامی دوێنێ و شیعەی ئـەمڕۆی لێ ڕسکا، ئـێرانی سەفەوەی ڕەزا شا و ئـایەتوڵاکانی جێگیرکرد ، میسریشمان بینی دوا خۆشپیشاندانە میلۆنیەکە کێ جڵەوی گرت و چۆن کارکەنارکەوت، کەواتە تەواوی ئـەم نموونانە گێڕانەوەی چیرۆک و سەرگوزشتەی سەر ئـاگردان نیە ، ئـەمانە بەشێکی زیندوی ئـاڵوگۆڕەکانی گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژھەڵاتە، ئـەم دەسەڵاتە دووبارە بووانە بە ھەمان فەرھەنگی زاڵی نەتەوەی سەردەست و دەستەمۆکردنی کەمینەکان درێغییان نەکردوە لە سەرکوت و سڕینەوەی ڕەکابەرەکانیان ، ھەموو کات و زەمانێک یەک دیدگا بە میکانیزمی جیاواز خۆیان ناساندوە بە بەرامبەر، ھەردەم ئـەو ەندی پێیانکرابێت کاریان لەسەر فەرھەنگ و سایکۆلۆژیەتئ کەمینەکان کردوە بۆ ھەرچی زیاتری بچوکردنەوە و تائـەندازەی فەنا بوونیان لە بۆتەی فەرھەنگی زاڵدا کە ئـەم ئـەرکەش دەسەڵات وەک ئـەجندایەکی بۆماوە کاری لەسەر کردوە.

بە ئـاوڕدانەوە بۆ دونیابینی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی عێیراقی دوای ١٩٢٣ بەردەوام ئـەم فۆرمەی لە بەگژا چوونەی کەمینەکانی ھەڵگرتوە ، بۆ پشتڕاستی ئـەم بۆچوونە سەرھەڵدانی خەباتی گەلانی ژێر دەستە بە تایبەت کوردەکان لە عێراقدا زادەی نابەرابەری دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانە بەرامبەر بە پرسێک کە گوزارشت لە ناسنامەی مرۆڤبوونی خۆی دەکات پێش ھەر خواستێکی تر بە دوای ئـەمەدا خەباتەکان لە مەلیک مەحمود دەستی پێکرد درێژەی بە خۆیدا تا ئـەم ساتە ، سەرباری ھەڵەکانی ئـەوانەی بوونە ھەڵگری مەشخەڵی بەرخودانەکان بەڵام بە وەڵام نەھاتن و نادیدە گرتنی پرسی کورد لەلایەن حکومەتەکانەوە ، عەقڵیەتێکە بە نەگۆڕی ماوەتەوە و درێژەی پێدەدەن ھەروەھا ھەر پشتگیریەک لە م ئـیستبداتیەی دەسەڵاتەکان لە ژێر ھەر بڕو بیانویەکدابێت دەچێتە ھەگبەی فەرھەنگی نەتەوەی سەردەستەوە و ئـیمکانی مرۆڤ دۆستی وپێکەوەیی زۆر لاوازە چونکە دەستپێکی ئـاگرەکە دەولەتی ناوەندە دەبێت لە ئـاستی کلتوری سیاسی و فەرھەنگیەوە ئـەو خەتە بپەڕێنێت لە پەیوەند بە کۆتایی ھێنان بە ئـەقڵیەتی کەمینە و زۆرینە.

ئـەنجام دوای بە ھەدەردانی ئـەم چەند ساڵەی پێشتر بۆ کورد لەلایەن ھێزە سیاسیەکانی ئـەم گەلەوە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ، ھاوکات نەخوێندەوەیان بۆ دەسەڵاتی ناوەند لە چوارچێوەی زانستی سیاسیدا ھەروەھا کارکردن لەسەر تێکشانی تاکی کورد لە مرۆڤێکی ووڵات پارێزەوە بۆ حزب پارێز ، ھەروەھا بەتاڵان بردنی ژێرخانی ووڵات ، پاش ئـەم ھەموو نەھامەتیەیە ی کە بەسەر خەڵکیانھێنا کونجێک شک نابرێت بۆ ستایش و ڕێزگرتن لە ڕابردوویان، ئـەمڕۆ ھاوتوون دەستیان داوەتە شادەماری داخوازی خەڵک ئـەویش بەدیھێنانی خەونی گەلە ( دروست بوونی کیانی کوردی)، بەڵێ ھەستیاری ئـەم پرسە ھێندە گرنگە ئـەوەی ڕۆژێک بە ئـەنقستیش کورد بووبێت زۆر گرانە پێچەوانەی ئـەم خواستە بێت ، ھاوکات ھەڵەکانی ھێزە سیاسیەکوردیەکان بە ئـەندازەیەک تاکی کوردی دڕدۆنگ و بێزار کردوە نایانەوێت بچنە ژێر باری بەلێیەکەوە کە پێیان وایە کەمر شکێن دەبێت ، بە دیوێکی تردا تەماشای ھەڵوێستی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتی ناوەندە دەکەیت بەتامی بەعسیەکان ھەڕەشە ی سەرکوتی سەربازی دەکەن وەک دوا خەیاری سیاسیان، ئـەم ھەژموونە باڵادەستیەی بەغدا و قسە کردن لەسەر پرسێک کە تاکی کوردستانی بڕیاردەرێتی ،بە پێچەوانەی تەواوی بەھا مرۆڤایەتیەکان و سوڕانەوە لە چەقبەستووی شۆڤێنیەتی نەتەوەی سەردەستە ،ئـەم پرسە دەبێت بە ئـاراستەیەکدا بڕوات کە بیرێکی جدی تەندروست بۆ ماڵئـاوابوون لە فەزایە بەگەڕبخرێت بەڵام بۆ کیانێک بێت جیاواز بێت لەوانەی دەوروبەر ، ھەروەھا ھاودەنگی بۆ ئـەم پرسە دەبێت گرەنتی دەستەبەری ئـازادی تاکەکان بۆ تەواوی بوارەکانی ژیان مسۆگەر بکات چونکە مێژووی دەسەڵاتی ھێزە کوردیەکان ئـەنجامێکی ترمان پێدەدەن ، ئـاکامی بژاردەی بەڵێ ھەنگاوێکی بوێرانەیە ئـەگەر ھێزە سیاسیەکان نەیخەنە خزمەت ئـەجندای حزبیانەوە ، بە پێچەوانەوە دەنگی نەخێر خزمەت بەو دەنگانە دەکات کەلە ئـەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا پەیامی ڕاستگۆیی خۆیان گەیاند بە کورد .


چالاک ئـاغجەلەری