یەکێتی نیشتمانی بۆچی پێویست بوو سواری شەمەندەفەرەکەی پارتی بێت … عەبدولسەلام محەمەد

یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک پارتێکی خاوەن نفوز لە هەرێمی کوردستاندا بەرەبەرە بەرەو لاوازی و بچوک بوونەوە دەڕوات، هەرجار پارچە و باڵێکی لێدەبێتەوە، لەدوای جیابوونەوەی نەوشیروان موستەفا و ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان زەبرێکی کوشندە بەر پێگەی جەماوەری و هەیبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوت، لەدوای ئەمەش چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی و کۆمەڵێک کادیر و لایەنگیری ئەو پارتە پەیوەندییان بەڕیزەکانی پارتی دیمکراتی کوردستانەوە کردوو بەشیکی دیش لە ئەندامانی “ی.ن.ک”بەهۆی نیگەرانیەکانیان لە سیاسەتی پارتەکەیان دوور کەوتونەتەوە لەو پارتە و بەبێلایەنی دانیشتوون.
لە ئێستادا ئاماژەکان هەموویان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە “ی.ن.ک” بۆ جارێکی دی بەرلەوەی برینی جەستەی ساڕێژ بووبێت بەجیابوونەوەی نەوشیروان موستەفا، ڕووبەڕووی جیابوونەوە و ئینشیقاقێکی دیکەی گەورە دەبێتەوە، ئەویش بەجیابوونەوەی سەرکردەی دیارو خاوەن پێگەی جەماوەری ناو پارتەکە کە ئەویش “د.بەرهەم صالح”ە، ئەو جیابوونەوەیە ئەگەر ئەوەندەی جیابوونەوەکەی ساڵی ۲٠٠۹ی نەوشروان موستەفا گەورە نەبێت، زۆریش کەمتر نابێت لەو، بەمەش یەکێتی نیشتمانی کودستان بەرەو بچوک بوونەوەیەکی گەورە دەڕوات لەڕووی پێگەی جەماوەری و کورسیەکانی پەڕلەمانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەگەر ئەنجام بدرێت.

سەرانی ئێستای ناو یەکێتی نیشتمانی و بڕیاردەرانی ئەو پارتە لە ئێستادا بەڕوونی هەست بەوزەبرە کوشندەیە دەکەن کە بەجیابوونەوەی د.بەرهەم بەریان دەکەوێت، بۆیە لە “۱٥سێپتێمبەر”دا بەناچاری پێویست بوو سواری شەمەندەفەری سیاسی پارتی دیمکراتی کوردستانبن و پەڕلەمانیان لەگەڵ کارا بکەنەوە و ڕازیبوون بەوەرگرتنی سکرتێری پەڕلەمان و ئاوتکردنی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتی بنکەفراواندا، ئەمە سەرەڕای یەکانگیربوونی بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان بەتایبەت لە دۆسیەی نەوت، کەوا لەیەکێتی نیشتمانی دەکات نەتوانێت لەو شەمەندەفەرە دابەزێت کە پارتی دیمکرات ئاڕاستەی دەکات.

بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان کەوا بڕیارە لە دەستپێکی مانگی یانزەی ئیمساڵدا ئەنجام بدرێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەردەم دوو سیناریۆدایە:

یەکەم: یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە دەرکەوتنی شکست و بچوک بوونەوەکانی لەڕێگەی پەڕلەمانی کاراکراوەی ئێستای هەرێم بەهاوکاری پارتی دیمکرات ڕێگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگرێت و پرۆسەکە دوا دەخرێت بۆ کاتێکی نادیار، بەمەش “ی.ن.ک” ناهێڵێت جوڵەی د.بەرهەم بەرەو سەرکەتن بڕوات بەمەش بەشێوەیەکی کاتی ڕێگە لە پارچەبوونی دەگرێت.

دووەم: سیناریۆی دووەم بەشێوەیەک دەبێت کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان شکست و بچوک بوونەوەکەی لەژێر باڵی پارتی دیمکراتدا دەشارێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئەنجام بدرێت، بۆچونم وایە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیمکرات بەیەک لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان دەکەن، بەمەش یەکێتی نیشتمانی ناهێڵێت لە پڕۆسەی سیاسی توشی لاوازی ببێت ئەگەر لە حاڵەتێکدا پێگەی جەماوەریشی لەدەستدا.

هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەم ئاڕاستەیە دەڕۆن کە یەکێتی نیشتمانی نەتوانێت لەو شەمەندەفەرە دابەزێت کە پارتی دیمکرات سەرکردایەتی دەکات، چونکە لە ئەگەری دابەزینی دوورنیە ببێتە پارتێکی پاسیڤ لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا،بەڵام بەمانەوەی لەناو شەمەندەفەرەکە ڕێگە لەو پاسیڤبوونەی دەگرێت و تەنانەت دەبێت هێزێکی کاریگەر، چونکە خۆی بەتەواوەتی بۆ پارتی دیمکراتی کوردستان یەکلای دەکاتەوە، بەمەش بەواقعی پارتی دیمکرات و یەکێتی نیشتمانی وەک دوو پارتی کلاسیکی هەرێم دەبن بەیەک پاکێج لە حوکمڕانی کە هەردوویان خاوەنی هێزی مادی و سەربازین، بۆچونم وایە ئەم واقعە دەبێتە هۆی لێکنزیک بوونەوە و ئیتفاق لە نێوان بەرەکانی تر تا ڕووبەڕووی تەوژمی دووهێزە کلاسیکیەکە ببنەوە و باڵانسی هێز بپارێزن لە نێوانیاندا.




سوریاتان بۆ وێران کرد؟ … تاهیر حاجی حەسەن

وێران کردنی سوریا پەڵەیەکی شەرمەزاریە بەنێو چاوانی سیستەمی سەرمایەداریەوە.
لەزمانی خودی میدیاکانی بۆرژوازیەتەوە زۆر بێ شەرمانە دەڵێن لەسەدا هەشاوپێنجی خەڵکی سوریا هەژار کەوتون و ئاوەدان کردنەوەی شوێنە وێران بوەکانیش پێویستی بەبڕی 900 ملیارد دۆلار هەیە. بەڵام نەئەو میدیایانەو نەخودی جەنگ هێنەرانیش ناڵێن بۆچی و لەپێناو چیدا،سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیەکمان وێران کرد! لەکاتێکدا ئەسەدو ڕژێمەکەی ئەسەدیان کرد بەهۆکاری هەڵگیرسانی جەنگە کاول کاریەکەیان،کەچی ئێستا بەئەمریکای پەیامهێنەری جەنگیشەوە ناخوازن ئەسەد لەسەر کار لاببەن. ئیتر وەحشیەت و دڕندایەتی ئەم سیستەمە قازانج پەرستیەی سەرمایەدارانو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئاوایە، هێندە دڕندەن،کەبۆڕیان بەگشت دڕندایەتیەکی پێش خۆیان داوەتەوە.

کوشتاری ملیۆنی مرۆڤەکان لەماوەی ئەم چوار سەد ساڵەی تەمەنی ئەم سیستەمی سەرمایەداریەدا هێندەی کۆی کوشتاری هەردوو قۆناخی پێش ئەم سیستەمە دەبێت.کەچی هێشتا واخۆی نیشان دەدات کەدەوڵەتەکەی و دادگاو یاساکانی و پەرلەمانەکەی و زیندانەکانی لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەکانی گشت کۆمەڵگەدایە.لەکاتێکدا لەڕووی کرداریەوە کۆی ئەو چەمکانە تەنها لەپێناو مانەوەی هەیمەنەتی ئەم سیستەمەدا بەکار دەهێنرێت.

وێران کردنی شارەکان و جێگا مێژووییە شارستانیەکان لەوڵاتانی جەنگ گرتوی ڕۆژهەڵاتدا تادەگات بەئاوارە بوون و کوشتنی ملیۆنان لەمرۆڤە سیڤیلەکان و کوشتنیان لەڕێگای پەتا جۆربەجۆرەکانەوە کەدەرهاویشتەی جەنگەکەن،بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەو گەلانە نین،بەڵکو بۆ وێران کردنی ئیرادەو هێزو توانای بەرهەمهێنەرانەی ئەو گەلانەن و لەنێو ئاڵوگۆڕەکانیشدا دیسان دەسەڵاتدارە ملهوڕە چەوسێنەرەکان دادەنێنەوەو بەپێی پاراستنی بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کەرتی تایبەتەکەیاندا،کێیان بوێت دای دەنێن و کێیشیان بوێت لەسەر کورسی دەسەڵات دەیهێننە خوارەوەو پاڵەوانی نەتەوەو دین گەرا دروست دەکەن.کاتێکیش ئەو بەناو پاڵەوانانە کۆتای بەیاریە شەترەنج ئاساکەیان دەهێنرێت و کش مەلیکیان لێ دەکرێت،جەبهەیەکی نوێ دروست دەکەن و پاڵەوانی نوێ دەخوڵقێننەوە. لەدواجاریشدا دەردەکەوێت کۆی ئەو سەرکردە ناسیۆنالیستی و ڕابەرە ئاینیانە پیاوی دەزگا هەواڵگریەکانی وەک مۆساد و سی ئای ئەی ئەمریکین.

بۆیە جێگای شەرمە بۆ کۆی ئەو مرۆڤانەی دڵیان لەگەڵ مانەوەی ئەم سیستەمەدا لێ دەدات و زۆر گەش بینن بەوەی ئەم سیستەمە دەتوانێت بەهاکانی ژیان و بەهاکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بپارێزێت.
وڵاتانی جەنگ گرتوی وەک عێراق و سوریاو و یەمەن و لیبیا،نەک سامانی وڵاتەکەنیان بۆ ئایندەی چەند نەوەی داهاتوو هێشتا دەبێت وەک قەرز بدرێتەوە بەو کۆمپانیا زلهێزانەی کەجەنگی بۆ هێناون،بەپێچەوانەوە تاتەمەنی ئەم زلهێزانە مابێت و تاوڵاتانی ژێردەستەی ئەم زلهێزانە لەلایەن وەکیلەکانیانەوە بەڕێوە ببرێن،گەلانی ئەو ناوچانە دەبێت هەر لەهەژاری بەردەوامدا بژین و کۆی سامانی گشتی نەتەوەیش تەنها بۆ دانەوەی قەرزی ئەو بۆمبایانە بێت کەژێرخان و سەرخانی وێران کردن.
ئیتر کام ئاوەدان کردنەوە چاوەڕێیە بۆ ئەو وڵاتانە؟
ئەم سیستەمە شایانی ئەوە نیە بمێنێتەوەو کۆی مرۆڤایەتی وەک کۆیلەی ژێر دەستی ئەو بێت. کۆتای هێنان بەکاری کرێ و کۆتای هێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی سەرئامرازەکانی بەرهەمهێنان،دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی کەکۆتای بەم سیستەمە دڕندەیە بهێنرێت،ئەویش تەنها لەڕێگای شۆڕشی سۆسیالیستیەوە دەبێت.

تاهیر حاجی حەسەن
19/09/2017




ئه‌و كوردستانیانه‌ی داوای دواخستنی ریفراندۆم ده‌كه‌ن دوژمنی دۆزه‌ ره‌واكه‌ی نین … عیماد عه‌لی

هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه‌ من هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساتی راگه‌یاندنی ریفراندۆم له‌گه‌لیدا بووم و به‌ پێی توانای بیركردنه‌وه‌ و ئاستی رۆشنبیری له‌خۆبوردوو و خوێندنه‌وه‌ی خۆم بۆ هاوكێشه‌كان و به‌ قه‌ناعه‌تی ره‌هاوه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ پره‌نسیپه‌ ی ژیانم وای بۆ چووم، ئه‌وه‌م به‌ راست زانیوه‌ كه‌ئه‌گه‌ر ریفراندۆم و ده‌نگی به‌ڵێ له‌م كاته‌دا قازانجیشی نه‌بێت زه‌ره‌ری نابێت .
ئه‌گه‌ر باس له‌ هه‌ڵوێست به‌ پشتخانی حزبی و بریاری پێشوه‌خته‌ و خوێندنه‌وه‌ی ته‌سكبین و مامه‌ڵه‌ی شه‌خسی نه‌كه‌ین، له‌ مامه‌ڵه‌كردن و هه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا، له‌ نێو خه‌لكی سته‌مدیده‌ و دڵسۆزی گه‌لی كوردستان دا دوو رایوبۆچونی جیا ده‌ركه‌وتن :
1-ئه‌وانه‌ی به‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ باروۆدخه‌كه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی زه‌ره‌روره‌تی ئاماده‌كاری و بونی زه‌مینه‌سازی و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كه‌ و قورسایی و كورد و هاوكێشه‌كان وسیاسه‌تی ئه‌مرۆی جیهان و ناوچه‌كه‌ و عیراق، له‌و باروه‌ردان كه‌ له‌م كاته‌دا ریفراندۆم و به‌لێ زیانی بۆ پرسه‌كه‌مان ده‌بێت و ئه‌گه‌ر هه‌موو پێداویستیه‌كانی ئاماده‌ بیت هیچ ده‌ردانی سه‌لبی تێیدا نابینین و پرسه‌كه‌ به‌ ئاسانی سه‌رده‌كه‌وێت .

2 – ئه‌وانه‌ی واقعه‌كه‌ و سیاسه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه‌و كوردستان به‌ شێوه‌كی تر ده‌خوێننه‌وه‌ و به‌ پشتبه‌ستن به‌ توێژینه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و زانایان و بیریاران و دانایانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی و ئه‌زمونی گه‌لان و بنیاتنه‌رانی ده‌وڵه‌تان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رچاو ده‌گرن، كه‌ هه‌میشه‌ چۆن و كێ دروستی كردون و، وه‌زعی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر ده‌خوێننه‌وه‌ و پێشبینی له‌مه‌ خراپتر له‌عیراق و ناچه‌كه‌ له‌ مه‌ر كوردستان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌نگیان به‌ڵێیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر عه‌قڵیه‌ت و كه‌سێك بیكات و مه‌به‌ستی هه‌ر شتێكی ته‌سكیش بێت به‌و قه‌رناعه‌ته‌ی كه‌ له‌دواجاردا له‌ قازانجی میله‌ت ده‌كه‌وێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبیانه‌ی كه‌ كوێرانه‌ و وه‌ك قاز له‌ داوی سه‌ركرده‌كانیشیان ده‌قیرێنن له‌م مسه‌له‌ ده‌ركه‌ین، كه‌ هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كیان نیه‌ و به‌ راست و هه‌ڵه‌ش ته‌نها پشتگیریان له‌سه‌ره‌ .

بۆیه‌، له‌م دوو راونگه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ فیتی دوژمنان و له‌پێناو به‌رژوه‌ندی شه‌خسی ده‌یانه‌وێت بازرگانی به‌ پرسی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ بكه‌ن و به‌ هاندان و ده‌ست له‌ پشتدانی دوژمنان ده‌جوڵینه‌وه‌، هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان به‌ خاوه‌ن به‌ڵێ و نه‌خێریشه‌وه‌ دڵسۆزی گه‌لی كورد و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌یه‌ن و، له‌م چه‌ند رۆژه‌ ده‌ریانخست كه‌ هه‌رچه‌ند حزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ نێوخۆی خۆماندا ناكۆك و ناته‌با بێت، به‌ڵام گه‌لی كوردستان له‌ پرسه‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كه‌دا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگن و به‌ خۆرسكانه‌ خه‌تی سوریان له‌به‌رچاو گرتووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كان ئازادیان بۆ مه‌یسه‌ر كه‌ن و فشاریان نه‌خه‌نه‌سه‌ر . ئه‌وه‌تا یه‌ك یه‌ك و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ و پۆل پۆل له‌ رۆشنبیرانی دڵسۆز و خه‌مخۆری گه‌لی كوردستان پاش ئه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی دوانه‌خستنی ریفراندۆم، له‌ نیوان ئه‌و دوو بۆچونه‌دا ده‌بێت یه‌كێكی راستیان هه‌ڵبژێرن؛ به‌لێیان هه‌ڵبژارد و بۆچونی راستی خۆیان ده‌رده‌خست و سه‌لماندیان كه‌ چه‌ند دڵسۆزی دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستانن . بۆیه‌، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك خۆفرۆشان ده‌ركه‌ین كه‌ ئه‌وانیش له‌ په‌نجه‌گانی ده‌ست كه‌مترن، هیچ كوردستایه‌ك دوژمنی پرسه‌ ره‌واكه‌ی گه‌لی كوردستان نیه‌ و سه‌ربه‌خۆیی ئامانجی گه‌وره‌و سه‌ره‌كی هه‌مووانه‌ .




کۆچ؛ ژانی باوەڕێکی تازە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پایان)

ئەو کاتەی مانگ لەشار هەڵهات
ئەوێ بۆتە خاکی کۆچ و
هەموو جارێ لەساڵێکدا
خۆی وەبیرمان دێنێتەوە!…
پەیک..
نامە..
پەیام..
پێغەمبەر..
لەپێخوستی پەیکێ عالەم واگا هات و
بەپێخوستێ ویستیان نامەکە نەبێتە پەیام !…
ئای کە جەهالەت تاڵ و
کۆیلەیی ودەستەمۆیی مرۆڤ
چ کارەساتی کوشندەو تۆقێنەرن!…
ژن:من مرۆڤم؟!…
بازرگانیم گەرم وگوڕو
لەیەک کاتدا من هەم دایک وکچ و
هەم خێزان وکەنیزەک!…
قوڕەیش…قاتی مرۆیی بوون و
قڕی ڕاستگۆیی وخۆشەویستی ودەستپاکی!…
ڕاستگۆیی لەئەشکەوتێکی قەراغی شار
لەدڵی شاخ…
خۆی کردووە بەتەونی جاڵجاڵۆکە!…
دەست پاکی
دەستی بەسەریدا دێنێ!…
دڵ تەنگ مەبە یەکێکی تر لەگەڵمانە!…
لەو چرکەیە…
توڕەیی لات تەریک دەبێ و
شیری دەستی هوبەل سەری دادێنێتەوەو
ئاوڕی بەتەماشای دەرگای ئەم ئەشکەوتە شۆڕ دەکاتەوە!…
ئاوڕێک…
تەونی داپیرۆچکەش بڕ ناکات!…
کۆترێک:منیش پەیکەری بەرگریم…
ئەمەی بەچاوی عووزا و لاتی تەریک و
هوبەلی هەڵوەریودا خورپاند!…
ئەسپەکە بەپێکوڵی تۆز دەکاتە تفنکیانەوە!…
ڕێچکەی ئەشکەوت بە ملی خۆی هەڵیان دەواسێ و
سەحڕاش دەیانکاتە گلانی غاری ئەسپ و
بەتەپ وتۆز ئەیانگێوێت!…
خودایە…
ئەوە کۆچە ژانی باوەڕێکی تازەیە!…
ئەوە کۆچە پێی ترازانە لەدایک وخاکی وەتەن!…
ئێستا کۆچ کەنەفتی وبرینداری وبڕینی ڕێیە!…
ئێستا کۆچ کۆڵەپشتی پەیام وبوخچەی پەیکە!…
نەخشەی ئاسودەیی گیان و
بەختەوەری دەروون دەکێشێ!…
بەردبارانی یەثریب بووە قەیماغی دامرکانەوی هەنگاو!…
ئەوە بەردبارانە کۆچ دەی بڕێ ودەبێ بەپێکەنین!…
پێکەنینی نەسڕانیێکە!
وەختی دەستی دەبێتە وشیە ترێ!…
وەختی دەبێتە چاوی پاشا لە حەبەشە!…
کۆچ کەچە باوەڕی ئەوێ ڕۆژێی خستە ژێر پێ!…
کۆچ کەدەگاتە مەدینە دەبێ بەمانگ و
لەئاوازو سۆزی خەڵکا باڵا دەکات!…
باڵا دەکات ودەبێتە سرودی پێشوازی!…
پاشێ ئامێزی ئەنسارەکان
بووە پاردەی ورەو مەکۆی خۆ سازدانەوەی پەیام!…
بیلال بەڕەنگێکی ڕەش ولەدڵێکی سپیەوە
الله ‌أکبر ڕادەگەیەنێ!…
ئێستا مەککە شپرزەیەو
ئارەقەی شەرمەزاری لێ دەچۆڕێت!…
مەنات ولات وعووزاو هوبەل شکان!…
پارچە بتەکانی مەکە
لەژێر پێی پێغەمبەرو
یارانی خوای تاقانە بوونەتە خاک!…
سڵاو لەکۆچ…
کۆچێ ناسنامەی مرۆیی بوونە!…
ئاوازی سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی ژیان و
تازەکردنەوەی باوەڕو داهێنانی یەکتایی!…
هەموو ساڵێ وەکو ئەمڕۆ
پیرۆز بێت دەستپێکی کۆچ و
بوژانەوەی خۆشەویستی!..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پایان)
٦ ی ١١ ی ٢٠١٣ – ئیسکەندەریە