لەبارەی ئیکۆفێمێنیزم: هاڤپەیڤین لەگەڵ ماریا میس … جۆریس لێڤرینک

لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد….

ماریا میس (Maria Mies) لێکۆڵیار و چالاکوانێکی فێمێنیستە، ئەو بە تیۆرییەکەی لەبارەی پیاوسالاریی سەرمایەداری ناسراوە. ئەم تیۆرییە ژن و سروشت وەک کۆلۆنی (داگیرکراو)ی هەردوو سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری دەبینێت. ماریا میس پڕۆفیسۆری سۆسیۆلۆژییە لە زانکۆی کۆلۆن بۆ زانستە پڕاکتیکییەکان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە وانەوتنەوە خانەنیشن کراوە. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ەکانەوە بەشداری چالاکییە فێمێنیستییەکانی کردووە. پێش ئەوەی لەگەڵ ڤاندانا شیڤا (Vandana Shiva) بڕیاربدەن پێکەوە کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بنووسن، ماریا پێشتر کتێبی باوکسالاری و کۆکردنەوە لەسەر ئاستی جیهانی نووسیوە، کە ساڵی ١٩٨٦ لە لایەن دەزگای زێد بوکس (Zed Books)ەوە بڵاوکراوەتەوە. ماریا ئەم کتێبەی داوە بە ڤاندانا کاتێک ساڵی ١٩٩٠ یەکتریان بینیوە، دوای ئەوە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٣ کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بڵاودەبێتەوە.

جۆریس: من پێم وایە ئایدیای کڕۆکی لە ئیکۆفێمێنیزمدا، بریتییە لەوەی کە زاڵبوونی پیاو بەسەر سروشتدا هاوتەریبە لەگەڵ زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا. لەبەرئەوە خەباتی فێمێنیستی و خەباتی ئیکۆلۆژی (ژینگەناسی) لە بنەڕەتەوە پەیوەستن بە یەکەوە. بۆ ئەو خوێنەرانەی لەگەڵ کۆنسێپتی ئیکۆفێمینیزم ئاشنانین، دەتوانی کورتەیەک لەبارەی ئیکۆفێمێنیزم و ئایدیا کڕۆکییەکانی باس بکەیت و هەروەها ڕوونی بکەیتەوە بۆچی ئیکۆفێمێنیزم بۆ تۆ سەرنجڕاکێشە؟

ماریا میس: تێگەیشتن لەوەی کە زاڵبوونی پیاو بەسەر سروشت لەگەڵ زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا هاوتەریبە، ئەو کاتە بۆ من ئاشکرا بوو کە سەرەتا دەستم کرد بەم پرسیارە: ‘بنەڕەتی کۆمەڵایەتی پەیوەندی هەڕەمی نێوان ژنان و پیاوان چییە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟’ من وەک زۆر لە فێمێنیستەکانی دیکە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا ڕازی نەبووم بە وەڵامی وەک ئەمانە: ‘پیاوان لە ڕووی فیزیکییەوە لە ژنان بەهێزترن، لەبەرئەوە دەبێت ژنان لە لایەن پیاوانەوە بپارێزرێن’ یان ‘ژنان لەبەر ئەوەی منداڵ دەخەنەوە، بۆیە زۆر زیاتر بە ماڵەوە پەیوەستن، یان پیاوان لە ژنان زیرەکترن’. تەنانەت سیگمۆند فرۆید جیاوازی نێوان ژن و پیاو لە رێگەی وتە بەناوبانگەکەیەوە روون دەکاتەوە کە دەڵێ: ”توێکاریی جەستە چارەنووسە”.

زۆرینەی فێمێنیستەکان ئەم بایۆلۆژیزمە رەت دەکەنەوە. من هەوڵم دا وەڵامێک بۆ پرسیارەکەمان بدۆزمەوە لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی دابەشکردنی ئیش لەسەر بنەمای سێکس (زایەند). لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم پرسیارە، ئەوەم بۆ دەرکەوت ئیشکردنی ژنان بۆ نموونە ژن کاتێک منداڵێکی دەبێت وەکو ئیش دانانرێت بەڵکو وەکو ئەرکێکی سروشتی جەستەی مێینەی ئەو یان وەک کردارێکی سروشتی دادەنرێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە پرۆسەی منداڵبوون بەبێ هیچ ئاگایییەک و بەبێ هیچ زانینێکی پێشوەخت لەبارەی ئیشەکە ڕوودەدات- زانینێک کە لە سەرەتاوە لە دەستی ”ژنە داناکان”دا، واتا لە دەستی مامانەکاندا بووە. لە ئینگلیزیدا ئەو ئازارەی کە لە لەدایکبووندا هەیە تاکو ئێستاش پێی دەوترێ ئیش، لە ئەڵمانیدا پێی دەڵێن ئازار.
لێرەدا پێشتر ئێمە تێگەیشتنی بایۆلۆژیمان بۆ ئیشی هەردوو ژن و سروشت هەیە. بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە بەرهەمهێنانی ژیان شتێکی زگماکییە. ‘توخمی ڕاستەقینەی مرۆڤ’ کە بریتییە لە ئاگایی، ئامادەیی نییە لە دروستکردنی ژیاندا. ئەم تێگەیشتنە هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی زاڵبوونی پیاو بەسەر ژن و سروشتدا لەخۆ دەگرێت.
نزیکەی لە هەمان کاتدا، فێمێنیستەکان دەستیان کرد بە پرسیارکردن داخۆ بۆچی ئیشی ژنان لە ماڵەکانیاندا، وەک: چێشت لێنان، پاککردنەوە، شوشتنی جلوبەرگ، بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵان، ئاگالێبوونیان کاتێک نەخۆش دەکەون، خزمەتکردنی هاوسەرەکانیان کاتێک لە ئیش دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەکورتی: سەرجەم ئیشەکانی ناوماڵ کە ژن دەیان کات، بۆچی وەک ئیش ژمێرەیان بۆ ناکرێت؟ بۆچی ئەم ئیشانە هیچ کرێیەکیان بۆ دانانرێت؟ بۆچی تەنیا ژنانی ماڵەوە کاتێک دەچنە تەمەنەوە خانەنیشین ناکرێن و مووچەی خانەنیشنیان بۆ نابڕدرێتەوە؟
هەندێک لە ئێمە دەستمان کرد بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی مارکس بۆ دۆزینەوەی تێگەیشتنی ئەو بۆ ئیش چی بووە. ئێمە فێربووین بۆ مارکس، جیاوازی سەرەکی نێوان ئیشی ژنێکی ماڵەوە لەگەڵ کرێکارێکی کارگە ئەوە بوو: ئیشی پیاوی کرێکار شتومەک بۆ بازاڕ بەرهەم دەهێنێ، بریتی بوو لە ئیشێکی ‘بەرهەمهێنەر’، لە کاتێکدا ئیشی ژنی ماڵەوە و دایک تەنیا بریتییە لە ‘زایاندن’ (دووبارە بەرهەمهێنانەوە). مارکس لە ئیشی ‘زایاندن’ی ژن وەها تێگەیشت بوو کە پێویستە بۆ ‘بەرهەمهێنانەوە’ی هێزی ئیشی پیاوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و نەوە لە دوای نەوە. بەڵام مارکس لەوە تێنەگەیشت بوو کە سەرمایەدارەکان تەنیا کرێکارە پیاوەکان ناچەوسێننەوە و هێز و وزەکانیان بەکارناهێنن، بەڵکو هەروەها ژنانی ماڵەوەش کە ئیشەکانیان هیچ کرێیەکی نییە دەچەوسێننەوە و هێز و وزەکانیان بۆ سوودی خۆیان بەکاردەهێنن. مارکس هەروەها لەوەش تێنەگەیشتبوو کە ئەو قازانجەی سەرمایەدارەکان بەدەستی دەهێنن بەشێکی گەورەی لەسەر بنەمای ئەم ‘ئیشە بێکرێیە’ی ژنان بەدیدەهێنن. بۆ سەرمایەداری ئیشی ژنان لە ماڵەوە بە هەمان شێوەی ئیشی سروشتە کە بریتییە لە ‘کەرەسەیەکی بەخۆڕایی’.

من و دوو هاوڕێی دیکەم ڤێرۆنیکا بێنهۆلت تۆمسن و کلاودیا وێرلۆف بۆ ماوەیەک لە ‘جیهانی سێیەم’دا ژیاوین. کاتێک ئێمە گفتوگۆ و دانوستانی ڕۆڵی ئیشی ماڵەوە و سروشتمان دەکرد لەژێر دەستی سیستەمی سەرمایەداریدا ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کۆلۆنییەکان و ئەو وڵاتانەی لە لایەن کۆلۆنیالیزمی ئەروپییەوە داگیرکراون بە هەمان شێوەی سروشت و ژن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، واتا وەک ”کەرەسەیەکی خاوی بەخۆڕایی” کە دەتوانرێ لە لایەن پیاوی سپییەوە بەبێ هیچ تێچوویەک بەکاربهێنرێت و بچەوسێندرێتەوە.
جۆریس: تێگەیشتنی ئیکۆفێمێنیزم بۆ کۆمەڵگەی ئایدیالی چییە، هەروەها لە چ رێگەیەکەوە تیۆرداڕێژەرە ئیکۆفێمێنیستەکان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەدەن؟ هەر لەم کۆنتێکستەدا، دەتوانی زاراوەی ”ڕوانگەی خۆژێنی” (subsistence perspective) زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟
ماریا میس: کاتێک ئێمە بە دوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێین بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداریی باوکسالاری هەبوو، ئێمە بەمە دەڵێین ”ڕوانگەی خۆژێنی” (بەپێی پێویستی). ئێمە لەبارەی کۆمەڵگەی ئایدیالییەوە قسە ناکەین، چونکە خۆژێنی ‘ئایدیال’ نییە، بەڵکو زەروورییە. زۆر خەڵک ئەم زاروەیە ڕەخنە دەکەن. ئەوان دەڵێن: ”ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە کە جارێکی دیکە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست بگەڕێینەوە؟ ئایا پێویستە جارێکی دیکە ئێمە ببینەوە بە جووتیاری بچوک؟ ئایا ئێمە دەبێت جارێکی دیکە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانمان داس و پاچ بەکاربهێنینەوە؟” زۆر خەڵک پێیان وایە کە بەرهەمهێنان بەپێی پێویستی و خۆژێنی شتێکی مەحاڵە چونکە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن توانستی ژیانێکی باشتری بە ئێمە داوە. هەروەها ئەوان پێیان وایە گەشەکردن و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان فشاری خستۆتە سەر جیهان کە گەشە بە تەکنۆلۆژیای زیاتر بدات بۆ بەخێوکردن و خۆراک پەیداکردن بۆ گەشەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان. ئەوان پێیان وایە کە روانگەی خۆژێنی ئێمە وەک خەونێکی ڕۆمانسی نووسراوە، لەم جیهانەدا نەشیاوی جێبەجێکردنە.

لەم کتێبەدا، سەرەتا ئەوەم ناساندووە کە چی لە بەرهەمێنانی خۆژێنی تێگەیشتووم:
بەرهەمهێنانی خۆژێنی یان بەرهەمهێنانی ژیان هەموو ئەو ئیشانە لەخۆ دەگرێت کە لەنێو ئافراندن، دووبارە ئافراندنەوە و نۆژەنکردنەوەی خێرای ژیان فراوانکراوە، هیچ مەبەست و ئامانجێکی دیکەی نییە. بەرهەمهێنانی خۆژێنی بەرانبەر بەرهەمهێنانی شتوومەک و زێدە بەهای بەرهەمهێنان دەوەستێتەوە. ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆژێن بریتییە لە ‘ژیان’، لە کاتێکدا ئامانجی بەرهەمهێنانی شتوومەک بریتییە لە ‘پارە’، کە دەبێت پارەی زیاتر بەرهەمبهێنێت یان سەرمایە کۆبکاتەوە. بۆ ئەم جۆرەی بەرهەمهێنان ژیان تەنیا کاریگەرییەکی لاوەکییە. ئەمە شتێکی ئاسایییە کە سیستەمی پیشەسازیی سەرمایەداری ڕای بگەیەنێت هەموو شتێک کە ئەم سیستەمە دەیەوێت بەخۆڕایی بەکاریبهێنێت ئەوا دەبێتە بەشێک لە سروشت.

بەڵام ئێمە بە ژمارەیەک نموونە لە سەرانسەری جیهان پیشانماندا کە خەڵک پێشتر دەستیان کردووە بە ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بەگوێرەی پرەنسیپەکانی بەپێی پێویستی، بۆ نموونە بەرهەمهێنان تەنیا ئەوەندە کە پێویستە؛ دروستکردنی کۆمۆنەی تازە، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو شتانەی کە لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا شیاو و پێویستن، بۆ دوورکەوتنەوە لە گواستنەوەی خۆراک لە ناوچە دوورەکانەوە و هەروەها ئەو کەرەسە پێویستانەی کە زەروورن بۆ ژیانی ڕۆژانەمان؛ چاودێریکردن، پاراستنی سروشت، لە بیرمان بێت نەوەکانی داهاتووش کەرەسە و سەرچاوەی تەواویان لەبەردەستدا بێت بۆ ژیانکردن.
لە ئەمڕۆدا هەموو جیهان بەتایبەتی ئەوروپای باشور لە قەیرانی ئابووریدایە. لە یۆنان، ئیسپانیا، پورتوگال و ئیتاڵیا ڕێژەی بێکاری گەنجان گەیشتۆتە لە %٢٥. دەوڵەت لە پێگەیەکدا نییە بتوانێت ئیش دابین بکات یان یارمەتی بێکاران بدات. لەم دۆخەدا ‘گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی خۆژێنی’ هیچی دیکە کارێکی نۆستالۆژی نییە بەڵکو زەروورە. زۆر لە گەنجان دەگەرێنەوە بۆ کێڵگەکانی باوانیان لە گوندەکان یان جۆرێک لە بەرهەمهێنانی خۆژێنی لەناو شارەکاندا دروست دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە.
لەجیاتی کۆمەڵگەی ئایدیالی من زاراوەی ژیانی باش بەکاردەهێنم بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە مەبەستم لە بەرهەمهێنانی خۆژێنی چییە. هەروەها من لەبارەی کۆمەڵگەی بەختەوەرەوە قسە ناکەم، وەک ئەوەی کە پاشا بوتان (king of Bhutan) وەک ئامانجی سیاسی خۆی ڕایگەیاند بوو. بۆ پێوانەکردنی پلەی بەختەوەری خەڵکەکەی، ئەو ئیندێکسێکی بۆ گەشەکردنی بەختەوەری نیشتیمانی دروست کرد بوو.

ژیانی باش واتای ئەوە ناگەیەنێت ئێمە هەمیشە بەختەوەر بین. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی من مەبەستمە لە ژیانی باش و بەرهەمهێنانی خۆژێنی دەمەوێ دوو کورتە چیرۆک بگێڕمەوە:
دایکم کە دوازدە منداڵی ببوو و لە هەموو ژیانیدا هەر ئیشی کردبوو لە کێڵگە بچوکە پێویستەکەمان، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا مرد. چەند ساڵێک پێش ئەوەی بمرێت ئەو سەیری ژیانی ڕابوردووی خۆی دەکرد و بەو ئەنجامە گەیشتبوو، بڵێت: ”ئایا ئەمە ژیانێکی باش نەبوو! بێگومان ئیشکردنێکی زۆر هەبوو، بەڵام من حەزم لە ئیشکردن بوو”. بۆ من ئەم ڕستەیەی دایکم ئەوە دەردەبڕێت کە من چۆن لە ژیانی باش تێگەیشتووم. خۆزگەی ئەوە دەخوازم هەموو کەسێک لەسەر زەوی پێش ئەوەی بمرێت بتوانێ بڵێت ”ئایا ئەمە ژیانێکی باش نەبوو!”
من فێربووم بەرهەمهێنانی خۆژێنی واتای چی-نەک تەنیا بۆ تاکەکان بەڵکو بۆ هەموو جیهان- کاتێک من بۆ کۆنفڕانسێک بانگهێشت کرابووم کە لە لایەن کۆمەڵەی کاسۆلیکی ژنانی گوندەوە رێکخرا بوو، داوام لێکرابوو لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی قسەبکەم. من کەمێک سەرم لێ شێوا بوو، ئایا دەبێ چی بە ژنانی گوند بڵێم لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی؟ کاتێک چوومە نێو هۆڵی کۆنفڕانسەکەوە ئەوەم بینی: ژنان هەموو جۆرەکانی میوە و سەوزەی وەک: کەلەرم، پەتاتە، گێزەر، سێو، هەرمێ و هەروەها هەندێک گوڵیشیان لەسەر پلاتفۆڕمەکە دانابوو. هەروەها لەسەر ئەو میوە و سەوزانەی کە بەرهەمی ئیشی هەموو ساڵەکەیان بوو لەسەر پارچە کاغەزێک نووسیبویان: “جیهان بریتییە لە ماڵەکەمان!” ئێستا من دەتوانم چی تر لەبارەی بەرهەمهێنانی خۆژێنی بڵێم! ئەگەر هەموو خەڵک لەسەر زەوی، ژنان و پیاوان، وەک ماڵی خۆیان ئاگایان لەم جیهانە بێت و چاودێری بکەن، ئەوا جیهان دەبێتە شوێنێکی جیاواز و باشتر.

جۆریس: یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هزری ئیکۆفێمێنیزم ئەوەیە کە باوکسالاری بریتییە لە بناغەی سەرمایەداری- نەک وەک ئەوەی زۆر دەوترێ: باوکسالاری دەرئەنجامی سەرمایەدارییە. لە کتێبەکەتدا باوکسالاری و کۆکردنەوە لەسەر ئاستی جیهان: ژنان لەنێو دابەشکاری نێودەوڵەتی ئیشکردندا، تۆ ئارگومێنتی ئەوە دەکەی لەبەرئەوەی باوکسالاری بەرهەمی سەرمایەداری نییە، بۆیە بە لەناوچوونی سەرمایەداری ئەویش لەناوناچێت. تۆ ئەوەت ڕاگەیاندووە کە چەساندنەوەی سێکسوالێتی بناغەیەکی بنەڕەتی چەوساندنەوەی پیاوسالارییە، ئەم دابەشکارییەی ئیش لە ئەو مۆدێلەی پێی دەوترێ ‘پیاوی ڕاوکەر’ەوە سەری هەڵداوە. لەم تێگەیشتنەدا، دەمەوێ ئەوەت لێبپرسم ئایا بە بروای تۆ کام خەباتەیان یەکەمییە: خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە سەرمایەداری یان خەبات بۆ پێزانینی ئیشی بەرهەمهێنەری ژنان؟

ماریا میس: لە پەیوەندی نێوان پیاوسالاری و سەرمایەداریدا پرسیارەکە ئەوە نییە کامیان پێش ئەوەی دیکەیان دێت. چەوساندنەوە و ستەمکاری بەرانبەر بە ژنان لە لایەن پیاوانەوە بناغەی هەردوو سیستەمەکەیە. لە ئەمڕۆدا، تەنانەت من لەبارەی دوو سیستەمەوە قسە ناکەم، بەڵکو لەبارەی یەک سیستەمی سەرمایەداری-پیاوسالارەوە قسەدەکەم. هەروەها من هیچی تر مۆدێلی ‘پیاوی ڕاوکەر’ بەکارناهێنم بۆ دەربڕین و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئەم دوو سیستەمە چۆن بە یەکەوە پەیوەستن. من وا بیردەکەمەوە کە سەرمایەداری دواترین وێنەی پیاوسالارییە. لەبەرئەوە کەس ناتوانێت خەبات لە دژی پیاوسالاری و خەبات لە دژی سەرمایەداری لە یەکدی جیا بکاتەوە. خەباتکردن بۆ پێزانینی ئیشی بەرهەمهێنەری ژن بەدڵنیاییەوە پێویستە. بەڵام ئەگەر ئەم خەباتە تەنیا بۆ داواکاری کرێی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان کورت بکرێتەوە ئەوا ئێمە ناتوانین بە ئاستە قووڵەکانی پیاوسالاری بگەین. بێگومان دیارکەوتن و مانیفێستی پیاوسالاری ئەمڕۆ وەک پیاوسالاری هەزارن ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵام لە جەوهەر و کڕۆکدا هێشتاش هەمان شتن: توندوتیژی دژی ژنان، تێکشکاندنی ژنان، و چەوساندنەوەی ژنان.
بۆ نموونە، کۆکردنەوەی ژنان لە شوێنی ئیشەکانیان تەنیا دەرکەوتنێکی مۆدێرنی پیاوسالارییە. ئەوە گرنگە تێبگەین نهێنی زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا چییە. نهێنییەکە جیاوازی توێکاری جەستەیی نێوان دوو جێندەرەکە نییە، وەک فرۆید باوەڕی کرد بوو، بەڵکو توندوتیژییە. پیاوان لە رێگەی جیناتەکانیانەوە وەک جەنگاوەر، دەستدرێژیکەری سێکسی، بکوژ یان ڕامبۆ چارەنووسیان دیاری نەکراوە. ئەوان دەبێ ڕابهێنرێن بۆ ئەوەی ببن بە مەکینەی کوشتن. پیاوان دەبێت فێرکرابن بۆ ئەوەی بەسەر خووە سروشتییەکانیان و ترسیان لە کوشتن زاڵ ببن. ئەوان دەبێت ڕاهێنرابن بۆ ئەوەی ببن بە فڕۆکەوان و ڕۆکێت فڕێبدەنە سەر ئامانجە مرۆڤییەکان، یان بە جۆرێکی دی بێژین خەڵکی نەناسراو لەسەر زەوی. دوای تراومای دۆڕانی جەنگی ڤێتنام، پیاوە گەنجە ئەمریکییەکان نەیان دەویست جارێکی دیکە بۆ شەڕ بچنەوە. پاشان فیلمی ڕامبۆ هاتە سینەماکانەوە. ڕامبۆ پیاوێک بوو بە جلوبەرگی شەڕکردنەوە، بەتەواوی چەکدار بوو لە سەرییەوە تاکو پێیەکانی، هەموو جۆرە چەکێکی بە جەستەی خۆیدا هەڵواسی بوو، کڵاشینکۆفی لەناو دەستیدا بوو، لە دژی دوژمن شەڕی دەکرد و دەی کوشتن. ئەم فیلمە لە ئەمریکا زۆر باو بوو، بووە هۆی ئەوەی کە پیاوە گەنجە ئەمریکییەکان جارێکی دیکە ئامادەبن بۆ شەڕ بچنەوە. لە ئەمڕۆدا، وەزارەتەکانی بەرگری پێویستیان بە بەرهەمهێنانی فیلمی زیاتری وەک ڕامبۆ نییە بۆ ئەوەی گەنجان بۆ بەرەکانی شەڕ بگەڕێننەوە. ئەم ئیشە زۆر کاریگەرتر لەلایەن پیشەسازی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەکرێت.

جۆریس: یەکێک لە بەشەکانی ئیکۆفێمێنیزم هەستە ڕۆحانییەکانە، کە پێشنیازی ئەوە دەکات ژنان زیاتر لە سروشتەوە نزیکن نەک لە پیاوانەوە، هەروەها داهێنانە زانستییەکان خزمەتی بەردەوامی زاڵبوونی کولتوور (هۆشەکێتی/پیاو) بەسەر سروشت (سۆزەکێتی/ژن) دەکات، لەبەرئەوە کاتێک لێی دەرباز دەبین ئەگەر کۆمەڵگەی یەکسانی ڕاستەقینە هاتبێتە ئاراوە. تۆ لە کوێی ئەم باسەدایت، دەتوانی ڕوونکردنەوەی زیاتر لەبارەی دوانێتی ئیکۆفێمێنیزمی ماتریالی و ڕۆحی بدەیت؟
هەروەها چۆن وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەیتەوە کە لە ئایدیۆلۆژیی ئیکۆفێمێنیزم دەگیرێن، پێشنیازی ئەوە دەکەن ئیکۆفێمێنیزم لە ڕێگەی ئەو زمان و ستایلەی بەکاری دەهێنێ لەگەڵ ئەو پشتگیرییەی لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ژنان و پیاوان دەیکات، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ئەو دوانێتییەی نێوان ژن و پیاو کە هەوڵدەدرێت کۆتایی پێبهێنرێت؟

ماریا میس: من بەشێک نیم لە ڕوانگەی ‘ئیکۆفێمینیستی ڕۆحانی’، کە وا بیردەکەنەوە ژنان لە سروشتەوە نزیکترن تا لە پیاوان یان هۆشەکێتی کایەی پیاوانە لە کاتێکدا سۆزەکێتی کایەی ژنان. ئەمە ڕاستە گەشەکردنی زانست و تەکنۆلۆژیی مۆدێرن بەزۆری بەرهەمی ئیشی پیاوانە. بەڵام ئەمە لەبەرئەوە نییە لە جینەکانیاندا وەک داهێنەر دیاریکراون. پیاوان بە هەمان شێوەی ژنان هەم هۆشەکی و هەم سۆزەکین. بۆیە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ژنان و پیاواندا نییە. ئەو فاکتەی ئەمڕۆ پیاوان وەک زۆر هۆشەکیتر لە ژنان دادەنرێن دەرەنجامی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ڕێنیسانسەوە دەست پێدەکات دوای ئەوەی زانینی ‘ژنە داناکان’، مامانەکان کە دەیان زانی چۆن یارمەتی ژنان بدەن لە کاتی لە دایکبوونی منداڵەکانیاندا، لە ماوەی ڕاوکردن و کوشتنی جادووگەرەکان لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەناوبران. ‘پیاوی نوێ’ وەک فڕانسیس بەیکن دەی وت، گریمانەی ئەوەی دەکرد لە ڕێگەی زانستی ئۆبژێکتیڤەوە فەرمانڕەوایی جیهان بکات. ئەرکەکەی ڕووخاندنی سەرجەم ‘سروشتی کێوی’یە بۆ ئەوەی ڕامی بکات، بە شارستانی بکات و زۆری لێ بکات بۆئەوەی بێتە خزمەتی ‘پیاوی هۆشمەند’. ئەگەر ئێمە سەیری ئەو دەرئەنجامە مۆدێرن و زانستە سادەکراوە بکەین، ئەوە دەبینین جیهانی نەکردووە بە شوێنێکی باشتر. وزەی ئەتۆمی، تەکنۆلۆژیی بەرهەمهێنانەوە و جینات، داهێنانەکانی بایۆتەکنۆلۆژی و تەکنۆلۆژییەکانی دیکەی پێشخستنی سروشت بوونەتە هۆی زیاتر وێرانکردنی سروشت. خەباتکردن دژی ئەو داهێنانە نوێیانە من و ڤاندانا شیڤای پێکەوە کۆکردەوە. ئێمە وانەکانمان لە ڕێگەی دانیشتن لە کتێبخانەکان و خوێندنەوەی کتێبەکانەوە لەبارەی ئیکۆلۆژی و فێمێنیزم فێرنەبووین، بەڵکو لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خەباتەکانی دژی پیاوسالاریی سەرمایەداری جیهانی و ستراتیژییە نیولیبڕاڵەکانی کە دەیەوێت دەست بەسەر سروشت و خەڵک دابگرێت و لەپێناو قازانج و بەرژەوەندی خۆی کۆنتڕۆڵیان بکات و بەکاریان بهێنێت. کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بریتییە لە دەرەنجامی خەباتە هاوبەشەکانمان.
لەبارەی دوانێتی نێوان ئیکۆفێمێنیزمی ماتریالی و ڕۆحانی، ڕای دەگەیەنم من ئیکۆفێمێنیستێکی ماتریالیم. ئاخر ڕۆحانییەت ناتوانێ بە تەنیا بوونی هەبێت، بەڵکو دەبێت لەنێو بوونێکی ماتریالیدا بەرجەستە ببێت. ئەم دوانێتییەی نێوان ماتریال و ڕۆحانیەت بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەگی لەنێو ئاینە یەکتاپەرستەکانی وەک جودایزم، مەسیحیەت و ئیسلامدا هەیە. خوای ناماتریالی نادیار، ڕۆحی پەتی، پیاوی لەسەر زەوی دروستکردووە. پاشان ڕۆحی خۆی بۆ ناردووە تاکو زیندوو بێت و بژیت. ئەمە واتای ئەوەیە سروشت، زەوی بە تەنیا خۆی توانای دروستکردنی ژیانی نییە. سروشت مادەیەکی مردووە. هەروەها ئەم مادە مردووە ناپاکژ و تاوانبارە. ئەم دوانێتییە لە نێوان ڕۆحی باش و ناماتریال لەگەڵ جیهانی ماتریالی خراپ و ناپاکژدا هاوتەریبە لەگەڵ دوانێتی نێوان ژنان و پیاوان. وەک پێشتر وترا: “پیاو هەڵگری زیرەکی و هۆشەکێتییە، ژن سروشتە، زەوییە، دەبێت لە لایەن پیاوەوە ‘دووگیان’ بکرێت بۆئەوەی منداڵ بخاتەوە، بەتایبەتی کوڕ”. ڕۆح توخمی ژیان بەخشە بێگومان بۆیە لە ماتەر (ئەستوو) باڵاترە. ئەم جیهانبینییە شارستانیەتی ئێمەی لە خۆرئاوا دروست کردووە: ئیسۆسەکەی، کولتوورەکەی، زانستەکەی، ئاینەکەی، دامەزراوە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی دروست کردووە. تەنانەت ڕۆشنگەری و سێکولاریزاسیۆنی ئاینیش ئەم دوانێتییەی نێوان ڕۆحی چاک و مادەی خراپی نەگۆڕیوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ من مادە گرنگە. مادە مردوو نییە. هەسارەکەمان تۆپێکی مردووی مادە کیمیاییە جیاوازەکان نییە. بەڵکو هەسارەکەمان ئۆرگانیزمێکی زیندووە و بەردەوامە لە دروستکردنی ژیان. زەوی دایکی ژیانە. ئەوەی پێی دەوترێ دوانێتی نێوان ڕۆح و مادە لە جیاوازی نێوان ئیکۆفێمێنیزمی ڕۆحی و مادی قووڵترە. ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت خۆمان لەم بیرکردنەوە دوانێتییە ئازاد بکەین ئەوا پێویستە ئێمە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری جیهان بکەین. ئەم ڕوانگەیەی دی هێشتاش لەنێو زۆر خەڵکی ڕەسەنی وڵاتان بوونی هەیە کە وەک دایکیان ڕێز لە زەوی دەگرن. ئێمە هەموومان، ژنان، پیاوان، ئاژەڵان، و ڕووەکەکان منداڵی دایکە زەویین. ئێمە تەنیا یەک دایکمان هەیە. بۆیە پێویستە ڕێزی بگرین و بیپارێزین.

جۆریس: دەتوانی لە ڕوانگەیەکی ئیکۆفێمێنیستانەوە باس لە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی ئێستای جیهان بکەی، سەرەڕای جیاوازییان هەموویان لە مەدا یەکدەگرنەوە کە داوای دیموکراسی ڕاستەقینە و ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری نیولیبڕال دەکەن؟ لە ڕوانگەی تۆوە لەم داواکاری و کردارانەی بزووتنەوەی چالاکوانە هاوچەرخەکان چ شتێک ونە؟

ماریا میس: کاتێک من وەک ئیکۆفێمێنیستێک سەیری سەرهەڵدانەکانی ئێستای جیهان دەکەم، وەک: بزووتنەوەی ئۆکیوپای لە ئەمریکا، سەرهەڵدانەکانی جیهانی عەرەبی (میسر، لیبیا، تونس)، لە تورکیا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهان، لەوە تێدەگەم ئامانجی سەرەکی زۆرینەیان تەنیا ‘دیموکراسی ڕاستەقینە’یە. من وا هەستدەکەم ئەم ئامانجە زۆر کورتبینانەیە. ئامانجی زۆر لەم خەباتانە تەنیا ڕووخاندنی دیکتاتۆر و دامەزراندنی ڕژێمێکی جیاوازە. من گوێبیستی ئەوە نەبوومە خۆپیشاندەران هەروەها لە دژی سەرمایەداری، وێرانکردنی ژینگەش خەبات بکەن، داوای سیستەمێکی ئابووری ئەلتەرناتیڤ بکەن.

بزووتنەوەی ئۆکیوپای لە نیۆڕک تابووی قسەنەکردن لەبارەی سەرمایەداری شکاند. چالاکوانەکان هێرشیان کردە سەر نیولیبڕالیزم، بانکە گەورەکان و کۆمپانیا جیهانییەکان. بەڵام ئەوەندی من بزانم هیچ ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆ نەبووە بۆ سەر سەرمایەداریی پیاوسالار. لە تەلەفیزیۆن بینم لە خۆپیشاندانەکانی میسر و تورکیا ژمارەیەکی زۆری ژنان بەشدارییان کردووە، هەندێکیان بە سەرپۆشەوە و هەندێکیان بێسەرپۆش. بۆ زۆربەی خەڵک لە خۆرئاوا پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ژنانەی بەشداریان کردووە سەریان داپۆشیوە یان نا. سەرپۆش بووە بە ڕەمزێکی ئاینی و سیاسی. جگەلە تورکیا من پەیوەندی کەسیم لەگەڵ ژنانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نییە. لەبەرئەوە ناتوانم بڵێم ژنان چۆن بیر لە ئامانجەکانی ئەم سەرهەڵدان و خۆپیشاندانانە دەکەنەوە، ئایا دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی ‘پرسی ژن’ هەیە لەم سەرهەڵدانانەدا؛ هەروەها پیاوان چۆن لەبارەی ئازادبوونی ژنانەوە بیردەکەنەوە.
من ئەوە دەزانم لە تورکیا لە بزووتنەوەی پرۆتێستەکان فێمێنیزم کێشەیەکی گرنگە. دوو کتێبم وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی تورکی و لە تورکیا بڵاوبوونەتەوە. هاوڕێ تورکەکانم پێیان وتووم کتێبەکانم لە تورکیادا زۆر ناسراون. ئەمە ئەوە پیشان دەدات سەرهەڵدانەکانی جیهان سەرەڕای کورتهێنانیان لە بواری ستراتیژی و بنەمای تیۆرییان، ڕەنگە ببنە هۆی هێنانەگۆرێی پرسیاری قووڵی وەک ئەمە: ئێمە لەنێو چ سیستەمێکدا دەژین؟ ئایا مۆدێلی ژیانی خۆرئاوایی شتێکە شایەنی ئەوە بێت خەباتی بۆ بکرێت؟ لە داهاتوودا پەیوەندی نێوان پیاو و ژن چۆن دەبێت؟ بۆچی لە ئەمڕۆدا، شەڕەکان بوونەتە شتێکی زۆر باو؟ ئایا ئاین چ ڕۆڵێکی لەم شەڕە نوێیانەدا هەیە؟ ئەلتەرناتیڤەکان چین؟

جۆریس: لە کۆتاییدا، دەمەوێ بپرسم بە بڕوای تۆ تیۆرییەکانی ئیکۆفیمێنیزم چۆن دەتوانن بزووتنەوەی چالاکوانە هاوچەرخەکان دەوڵەمەند بکەن؟

ماریا میس: لە ڕوانگەی منەوە ئیکۆفێمێنیزم دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە سەرهەڵدانە تازەکانی گەنجان لە سەرانسەری جیهان، چونکە خەباتی پاراستنی سروشت و ئازادکردنی ژن لە ئەجێندادایە لە هەموو شوێنێک. تێگەیشتنە تیۆرییەکانی ئێمە ئیکۆفێمێنیستە کۆنەکان کە لە ماوەی خەباتە جیهانییەکەمان بەدەستمان هێناوە دەتوانێ خەڵکانی گەنج فێربکات کە شتێکی گرنگ و بەسوودە ڕووبەڕووی دەسەڵاتەکانی ئەمڕۆی جیهان ببیتەوە و پێیان بڵێی نەخێر. تیۆرییەکانمان لە ئەزموونەکانمانەوە سەریهەڵداوە، لە ماوەی خەباتەکەماندا بەدەستمان هێناوە، ئێمە لە پراکتیکەوە فێریان بووین. ئێمە هەرگیز نەمان دەتوانی کتێبی ئیکۆفێمێنیزم بنووسین ئەگەر پێشتر ئێمە، ڤاندانا لە هیندستان و من لە ئەڵمانیا، یەکتریمان نەبینیبوایە و ئەوەمان نەدۆزیبوایەوە سەرەڕای جیاوازی جوگرافی، کولتووری و تەمەنەوە خەباتەکەمان هاوبەشە. ئەمە ئەزموونێکی گەورە، کاریگەر و هیوابەخشە. ئەمە پیشانمان دەدات سەرەڕای ئەوەش ئێمە جیاوازین بەڵام نابێت ئەو جیاوازیانە دابەشمان بکەن، چونکە ئێمە خاوەنی پرسێکی هاوبەشین. لەبەرئەوە ئێمە بزووتنەوەیەکمان دامەزراند: فرەیی ژنان بۆ فرەیی (DWD). ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە پاراستنی فرەیی لە نێوان مرۆڤەکان، هەروەها لە نێوان ئاژەڵان و ڕووەکەکانیش تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە. تاککولتووری ژیان دەکوژێت.

ئامۆژگاریم بۆ گەنجە چالاکوانەکان لە هەموو وڵاتان ئەوەیە: کۆبوونەوەی نێودەڵەتی ڕێکبخەن کە تێیدا خەڵک دەتوانن یەکدی ببینن و ئاڵوگۆڕی فرەیی ئەزموون، ئاستەنگەکان، ئایدیاکان، تیۆرییەکان بکەن، لە ئەنجامدا کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسێکی هاوبەش دروست بکەن. ئێمە بە سەدان کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی بەم شێوەیەمان رێکخستووە و بەشداریمان تێدا کردووە، وەک کۆبوونەوەی ئیکۆفێمێنیزم، ژینگەیی، دژە-جیهانگەرایی و کۆبوونەوەی ئاشتی. لەم کۆبوونەوانەدا ژنان و پیاوان ئامادەبوون. کێشەی جێندەر هیچی تر بوونی نەبوو. ئەم جۆرە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانە زەروورن ئەگەر بمانەوێت خەڵک یەکدی بناسن، متمانە بە یەکدی بکەن و ببن بە هاوڕێی یەکدی. بەبێ ئەم جۆرە کۆبوونەوە راستەوخۆیانەی خەڵک بزووتنەوەکە دەبێتە شتێکی بێبەرهەم- پەیوەندی دیجیتاڵی بەس نییە بۆ ئەم جۆرە بزووتنەوە زیندوانە. هیوادارم دووبارە چاپکردنەوەی کتێبی ئیکۆفێمێنیزم کاریگەری لەسەر چالاکوانەکان دابنێت و خەباتەکەیان دەوڵەمەندتر بکات، تاکو ئەوە ببینین خەباتکردن پێکەوە بۆ جیهانێکی باشتر تەنیا ئیشێکی قورس نییە، بەڵکو شادییەکی گەورەشە.

————————————————–
سەرچاوە:

‘Ecofeminism’: a talk about hard work and great joy




لە ئەزموونی كەتەلۆنیاوە, دیموكراسیەت كێشەی نەتەوایەتی چارەسەر ناكات


عەلی مەحمود محەمەد
…..

لە جیهاندا 5000 بۆ 7000 زمان بوونی هەیە,كە لە ناویاندا تەنها 20 زمان رێژەی لە 1%ی هاووڵاتیانی جیهان قسەی پێدەكەن كە 67 ملیۆنە, هاوكات تەنها 193 وڵات بوونی هەیە بۆ لە خۆگرتنی ئەو هەموو زمانە, بەشێك لە زمانەكان چەندین وڵاتیان هەیە وەك عەرەب 22 وڵاتی هەیە,هەر یەكە لە ئینگلیز , ئیسپانی , پورتوگالی, فەرەنسی و توركی و فارسی و چینی و …… چەندین وڵاتیان هەیە, هاوكات بەشێك لەو وڵاتانە لەسەر بنچینەی ئاینی دابەش كراوە نەك نەتەوایەتی وەك سرب و بۆسنە, جیاوازی ئاینی و مەزهەبیش رۆڵی هەیە لە زیادكردنی دابەشكارییەكان, گەلان بە دوای وڵاتی یەك نەتەوەو یەك ئاین تەنانەت یەك مەزهەبەوەن, هاوكات جیاوازی داهات و داب و نەرێت و جاری وا هەیە مەزهەب و لقی مەزهەب و شێوە زاراوەی هەمان زمانیش كێشە بۆ دەوڵەتی هاونەتەوە و هاوئاینەكان دروست دەكات, ئەوەتە ئیتاڵییەكانی باكورو كالیفۆرنیا داوای جیابونەوە دەكەن بەهۆی دەوڵەمەندییەكەیانەوە, بۆیە مرۆڤایەتی زۆری ماوە تێر بێت لەو بوارەو ساڵ لە دوای ساڵ لیستی ئەو گەلانەی داوای ئازادی و پێك هێنانی دەولەتی سەربەخۆی خۆیان دەكەن زیاد دەكات, زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان , لە چەند نەتەوەو ئاین پێك هاتووە, تەنها كەمتر لە 10%ی وڵاتان هاوچەشنن لە جیهاندا و كێشەیان نییە لەو بوارەداو دەتوانین بڵێین سەقامگیرن, دەوڵەتی نەتەوایەتی ئەلتەرناتیفی دەوڵەتی شێوازی ئیپراتۆری رابردووە, كە فرە نەتەوەو ئاینە, وەلێ ئایا جیهان شوێنی ئەم هەموو دەوڵەتەی تێدا دەبێتەوە؟, ئەم هەوڵانە بۆ بوون بە خاوەند دەوڵەت تا كوێ دەڕوات؟,كەی مرۆڤایەتی دەگاتە قۆناغی تێر بوون بە دەوڵەت و دیموكراسیەتی راستەقینە؟, وێڕای جیهانگیری و گەورە بوونەوەی بازاڕەكان وەلێ تا دێت هەوڵی بچوكردنەوەی وڵاتە نیشتمانیەكان دەدرێت, لە لایەن ئەو گەل و نەتەوەو ناوچانەی خەونیان هەیە,خەونی رزگاربوونی نەتەوەیی و رزگاربوون لە ستەمی ئاینی و مەزهەبی و پاراستنی كلتورو رزگار بوون لە ئاپارتاید و تەنانەت خەونی ئابوریش وەك ئاماژەمان پێدا لە كالیفۆرنیاو باكوری ئیتاڵیا…

لە ئەوروپا لە ئێستادا 107 بزوتنەوەی جودا خوازی هەیەو داوای سەربەخۆیی دەكەن, بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە, كە لە دورەوە وا دەزانین بەهەشتی گەلانە و سفر كێشەیە, چەند وڵاتێكی وەك لۆكسمبۆرگ و نەرویج و سویدی لێ دەرچێت لە زۆرینەی وڵاتانی دی هەن بە سویسراو دانمارك و هۆڵەنداشەوە,هەرچەندە لە ئەوروپا لە زووەكەوە كێشەی فرە زمان و ئاین و كلتور چارەسەر كراوە, وەلێ نەیتوانیوە كێشەی هەوڵ بۆ پێك هێنانی دەوڵەتی تایبەتی كۆتایی پێ بێنێت, لە خودی ئیسپانیا كە كەتەلۆنیا بەشێكە لێی و بابەتی نووسینەكەمانە 16 بزوتنەوەی جودا خوازی تێدا هەیە كە داوای جیابونەوە دەكەن لە ئیسپانیا ئەوانیش كە بریتین لە (Andalusia, Aragon, Asturias, Balearic Islands, Basque Country, Canary Islands, Cantabria, Catalonia, Castile, Galicia, León, Navarre, Valencia, Extremadura, Murcia, Aran Valley), ئەمە لە وڵاتانێك بوونیان هەیە بە پێوەری ئەوروپی دیموكراسییە و بەشێكن لە یەكێتی ئەوروپا و شنگن كە سنورەكانیان داخراو نین.لە ئێستادا چەند بزووتنەوەی بەرفراوان و ناسراو بۆ سەربەخۆیی لە ئەوروپا و ئیسپانیا هەیە لەوانە ” كۆرسیكا, سكۆتلەندا, فلامان,دورگەی فارۆ, باسك, كالدیۆنیای نوێ و صربی بۆسنە”.زۆر جار خەونە نەتەوەییەكان ئەوەندە گەورەن ئەو گەلانەی داوای سەربەخۆیی دەكەن زیانی ئابووری دەكەن , نموونە ئەرمینیا 2,5 جار زیاتری بەدەست دەهینا لەسەردەمی سۆڤییەت , جۆرجییەكان 3,5 جار زیاتریان خەرجە كرد لەوەی خۆیان بەدەستیان دەهێنا لە سەردەمی سۆڤییەت, ئەستۆنی 3 جار زیاتریان خەرج دەكرد وەك لەوەی بەرهەمیان دەهێنا, بۆرتریكۆ لە ئەمەریكا داوای سەربەخۆیی دەكات لە كاتێك جیا بێتەوە لە روی ئابورییەوە زیان دەكات.

سەربەخۆیی كەتەلۆنیا و پەرچە كرداری دكتاتۆریانەی ئیسپانیا چەندین ساڵە باسك و كەتەلۆنی و ئەندەلوسی و غالسكی و …. ئەوانی دی, داوای مافی چارەنوس دەكەن لە رێگای ریفراندۆمەوە, لە لایەن ئیسپانیاوە رێگایان پێ نادرێت, دەستور و دادگای باڵای ئیسپانی بونەتە مۆتەكە بۆیان, لە كاتێكدا ریفراندۆم پایەیەكی دیموكراسییە و را وەرگرتنی هاووڵاتیانە بۆ دۆسیەیەك پەیوەندی بە ژیانیانەوە هەیە, مەرجیش نییە سەركەوتوو بن لەو خواستەیان, لە كۆی 600 ریفراندۆم كە تا هەنووكە لە سویسرا كراوە تەنها 10%ی سەركەوتو بووە و بە بەڵێ براوە بووە, نموونە لە كەتەلۆنیا هەوڵی پێشتریان لە ساڵی 2014 بۆ سەربەخۆیی لە رێگای ریفراندۆمەوە شكستی هێنا بەهۆی بەشداری كەمی هاووڵاتیان 37,1% لە راپرسییەكەدا, كە كەمتر بوو لە لانی كەمی پێویست, ئەمجارە راپرسیەكان دەریدەخەن رێژەی بەشداری لە راپرسییەكەی 1ی ئۆكتۆبەر دەگاتە ئاستی 70%, وەلێ لایەنگرانی سەربەخۆیی نزیك 41,1% ن و 49,4% دژن, كەتەلۆنییەكان بە لایەنگرو دژەوە ریفراندۆم بە مافی خۆیان دەزانن بۆ یەكلا كردنەوەی پرسێكی گرنگی ئاوا, وێڕای ئەوەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی مەدریدەوە بە حكومەت و كۆشكی پاشایەتییەوە, رێگا بە ریفراندۆمەكە نادرێت ئەنجام بدرێت, ئیسپانییەكان وەك رۆژنامەی نیورۆك تایمز ئاماژەی پێ دا , باشترین رێگا بیگرنە بەر ئەوەیە وەك سكۆتلەندا و كیبك رێگا بدرێت راپرسییەكە ئەنجام بدرێت, كەچی حكومەتی ئیسپانیا تەنانەت رێگا نادات هیچ گفتوگۆیەك لە بارەی ریفراندۆمەوە هەر بكرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی گەلان , ئێستا لە كەتەلۆنیا و پێشتر باسك, دەركەوت دیموكراتیەتی ئیسپانیا ئەو بەهایانە پێشێل دەكات كە دیموكراسیەتی ئەوروپی لەسەر بنیات نراوە وەك بانگەشەی بۆ دەكەن, وەك بەریتانیا و كەنەدا هەڵوێست وەرناگرێت لە هەمبەر مافی راپرسی ئەو گەلانەی دەیانەوێت جیا ببنەوە لێی وەك كیبك و سكۆتلەندا,ئیتای باسكی راستتیكرد كە رایگەیاند “ئیسپانیا زیندانی گەلانە”, راستگەرا دەسەڵاتدرەكانی ئیسپانیاش پێیان وایە ریفراندۆمی كەتەلۆنیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر وڵات لە دوای هەوڵی كودەتای 23-2-1981 ەوە. لە 6ی صەپتەمبەر پەرلەمانی كەتەلۆنیا بڕیاری پەسەند كردنی یاسای رێكخستنی راپرسی بۆ سەربەخۆیی كەتەلۆنیای پەسەند كرد بە زۆرینەی 72 لە گەڵ و 11كەس دەنگیان نەدا و 52ش بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد,بڕیاری پەسەند كردنی یاسای ریفراندۆم لە لایەن پەرلەمانی كەتەلۆنیاوە, وڵاتی بردە ناو قەیرانێكی دەستورییەوە, حكومەتی ئیسپانی هانای بۆ دادگا و دەستوری ساڵی 1978ی ئیسپانیا برد, كە پێش 39 ساڵە دەرچووەو لەو كاتەوە زۆر شت لە بۆچونە سیاسییەكان و داب و نەرێتە كۆمەڵایەتییەكان و بارو دۆخی ئابوری فەرهەنگی گۆڕاوە.بە دوای بڕیاری پەرلەمانی كەتەلۆنیا حكومەت هانای بۆ دادگای باڵای ئیسپانی برد, كە لە 12 دادوەر پێك هاتووە, 10یان پارێزگاری راستگەران راخۆی سەرەك وەزیران بۆ خۆی دایانی ناوە.هاوكات داواكاری گشتی خۆسیە مانۆیل رایگەیاند لێكۆڵینەوە لە گەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی كەتەلۆنیا دەكەم , ئەوان ریگایان خۆش كرد بۆ دەرچونی یاسای رێكخستنی ریفراندۆم و سزا دەدرێن .

لای خۆیەوە جەنەراڵ فرناندیز جەنەراڵی خانەنشین سەرۆكی دەزگای دژ بە سیخوڕی فرانكۆ ی دكتاتۆر رایگەیاند ” ئەمەی لە كەتەلۆنیا دەگوزەرێت خیانەتە, پێویستە یاساكانی شەڕ جێبەجێبكرێت” و هەموو سەركردەكانیان دەستگیر بكرێن.دوای ئەم بڕیارانە, ئەو كاردانەوەیەی بینیمان لە فلیمی هۆلیود دەچوو, حكومەتی ئیسپانیا لە رێگای دادوەرەكانی خۆیەوە, یاسای بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار هێنا, ئیسپانیا دەتوت لەو رۆژگارەدا دەژێت كە جەنەراڵ فرانكۆ دەسەڵاتدار بوو, هەرچەندە زۆر نییە رۆیشتووە, حكومەتی راستگەرا شمشێری هەڕەشەی لە كێلان دەرهێنا و كەوتە وێزەی ریفرادۆم خوازانی كەتەلۆنیا.حكومەتی ئیسپانیا پەلاماری بەناوی یاساو بەكارهێنانی سامانی گشتی دەست پێكرد, پەلاماری دەزگاكانی راگەیاندنی دا و 57 پێگەی پشتیوانی لە ریفراندۆمی داخست , بڕیاری لێكۆڵینەوەی دا لە گەڵ 712 سەرۆك شارەوانی لە كۆی 948 سەرۆك شارەوانی هەرێمەكە كە زەمینەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە خۆشە كەن , پەلاماردانی رۆژنامەی فالینكی داو دایخست, پەلاماردانی پارتی كوپ ی چەپگەرا بە بێ ئاگادارردنەوەی پێشوەخت و گەمارۆددانی, داوای زیندانیكردنی سەرۆك وەزیرانی كەتەلۆنیا كارلیس بۆیجیدیۆنت دەكات,هەڕەشە لەكۆكردنەوەی سەرجەم ئەوانەی بەشداری ریفراندۆمەكە دەكەن, 14 كەسی بەرپرسیاری لە حكومەتی كەتەلۆنی دەستگیر كرد, ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئیسپانی ئەو رۆژنامەیەی داخست كە كە بانگەوازەكەی بۆیجیدۆمێنت سەرۆك وەزیرانی كەتەلۆنیای بڵاو كردەوە بۆ ریفراندۆم, هاوكات پەڵاماری بەرپرسانی كارگێڕی هەرێمەكەیان داو كەلوپەلی چاپكردنەكانیان تێك شكاند و دەستیان بەسەر 10 ملیۆن كارتی هەڵبژاردندا گرت,هاوكات بۆ دوبارە پێنج شەمە 28ی سەپتەمبەر پۆلیسی ئیسپانی دەستیان بەسەر 2,5 ملیۆن كارتی دەنگدان و 100 سندوقی دەنگدانا گرت, وەزیری دارایی مۆنتۆرۆ هەوڵی لەبار بردنی پرۆژەی حكومەتی كەتەلۆنی لە خزمەتی هەژارانی دا كە داواكاری كوپ (پارتی یەكێتی گەلی چەپگەرا) بوو بۆ پشتیوانی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەتەلۆنیا لە رێگای دەستگرتن بەسەر وەزارەتی داراییدا,ناردنی 4000 پۆلیسی حكومەتی ناوەند بۆ رێگاگرتن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم,هەڕەشە كردن لە كارمەندانی كەرتی گشتی و دەركردنیان لە كاتی بەشداریكردن لە راپرسییەكە و دادگاییكردنی بەرپرسانی ریفراندۆمەكە…….. سەرباری هەموو ئەمانەو زۆری تریش كەتەلۆنییەكان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە لە یەك شەمە 1ی ئۆكتۆبەر , هەرچەندە راخۆی رایگەیاند رۆژی راپرسی كارتی دەنگدان و كەسەكان و ناوەندی هەڵبژاردن نابێت, وەلێ كەتەلۆنییەكان بەشێوەی پارتیزانانە راپرسیەكە ئەنجامە دەن و سنودقی دەنگدان و كارتی راپرسیان شاردۆتەوە, تەنانەت ماڵپەِرە ئەلەكترۆنییەكانی دەنگدانیش, سەربەخۆ خوازان كە لە لادێكان پشتیوانی زۆریان هەیە, لە ئێستاوە تراكتۆری جوتیارەكان ناوەندی شارەكان داگیرە كەن و رێگا لە ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس دەگرن.كەتەلۆنییەكان بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەكەیان ئامادەی هەموو قوربانی و سزایەكن, 714 سەرۆكی شارەوانی ئامادەن واز لە پلەو پۆستەكانیان بهێنن لە پێناو سەرخستنی ریفراندۆم, یانەی بەرشەلۆنەش ئامادەی دەست بەردار بوونە لە یارییەكانی خولی ئیسپانی لە پێناو سەرخستنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی, بڕیاری دا بچێتە پشت داواكارییەكە, بەمەش ئیلتزاماتی مێژویی خۆی بۆ پشتیوانی لەسەربەخۆیی دەربڕی ,تەنانەت كرێكارانی بەندەری بەرشەلۆنە بەرەو روی هاتنی 4000 پۆلیسەكە بونەوەو نەیانهێشت كەشتییەكەیان راوەستێت.

كێن ئەوانەی بەرەو روی مافی راپرسی كەتەلۆنییەكان بونەتەوەحكومەتی ئێستای ئیسپانیا پارتی گەل – راستی پارێزگار پێكی هێناوە, 137 كورسی لە پەرلەمان هەیە, بە پشتیوانی پارتی سۆسیالستی كرێكاری ئیسپانی –چەپی ناوەند كە خاوەند 85 كورسی پەرلەمانە پێك هاتووە, لە دەرەوەی حكومەتەوە پشتیوانی دەكات, بە هەردوكیانە 222 كورسی پەرلەمانیان هەیە لە كۆی 350 كورسی پەرلەمانی وڵات,پارتی گەل بە بنكەو سەركردایەتی بەرەو روی كەتەلۆنییەكان بۆتەوە, وەلێ سۆسیالستەكان لە ئاستی باڵاو بەشێك لە بنكە, نموونە نیوەی ئەندامانیان لە كەتەلۆنیا لە ریفراندۆم بەشداری دەكەن, هاوكات پارتی سیودانۆس”هاووڵاتی” نیو لیبراڵی راستگەرا زۆر بە توندی دژ بە ریفراندۆم سەربەخۆیی كەتەلۆنیایە كە خاوەند 32 كورسییەو لە هەرێمی كەتەلۆنیا پێگەیەكی بەهێزی پەیدا كردووە بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە.ئەم 3 پارتە كۆی گشتی 254 كورسییان لە كۆی 350 كورسی پەرلەمانی ئیسپانیا هەیە, بۆیە كەتەلۆنییەكان هیچ هیوایەكیان بە پەرلەمانی ناوەند و دانیشتنەكانی نەماوە بۆ بڕیاردانی خێر, هەرچەندە جار جارە نەك قسەی خێر بگرە شەڕی خێریشیان لەسەرە كرێت لە هۆڵی پەرلەمان, وەلێ پارسەنگی هێزەكان لە ئاستی قسەی خێرە نەك بڕیاری خێر.لە بەرامبەر هێزە راست و نیولیبراڵ و پارێزگار و سۆسیال دیموكراتەكان, چەپەكان پشتیوانی دەكەن لە بەشێكی دۆزەكەیان كە ئەنجامدانی ریفراندۆمە, ئەوان لە گەڵیان تا كۆتایی بەشی یەكەمی پرۆسەكە دەڕۆن, وەك ئەنجامدانی راپرسی وەك مافی هاووڵاتی, وەلێ لە ناو خودی پرۆسەكە ئەوان دژ بە جیابونەوەن, پۆدیمۆس كە گەورەترین پارتی چەپی ئیسپانییە, پێی وایە سستەمی سیاسی ئیستا باش نییە و ئیسپانیا پێویستی بە گۆڕانی دەستور و سستەمی سیاسی هەیە, داوای قەبوڵكردنی راپرسییەكە دەكات, وە ئەم داواكارییە رێگر بوو لە پێك هێنانی حكومەتی سۆسیالست- پۆدیمۆسی چەپ, وەلێ لە گەڵ جیابونەوەی كەتەلۆنیا نییە, هاوكات ئەدا كۆلۆ سەرۆكی شارەوانی شاری مەزنی بەرشەلۆنە كە نزیكە لە پۆدیمۆسەوە داوای داكۆكی لە دەزگاكانی كەتەلۆنیا كرد لە بەرامبەر پەلاماری حكومەتی ناوەندی, وە حكومەتی بەرشەلۆنەی خستە خزمەت راپرسییەوە, .

ئەو هەرچەندە لە گەڵ جیا بونەوەی كەتەلۆنیا نییە, وەلێ ئیدانەی هەنگاوەكانی راخۆی كرد و بە نا دیموكراسی ناوی برد.هەرچی حیزبی شیوعی ئیسپانی یە رایگەیاند حكومەتی راستگەرا قەیرانەكە دەقۆزێتەوە بۆ پیادە كردنی دكتاتۆریەت لە وڵات , پێیان وایە رێگا گرتن لە راپرسی, رێگا گرتنە لە مافی رادەربڕین, هەرچەندە هەردوو حیزب شیوعی و سۆسیالستی یەكگرتو لە كەتەلۆنیا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشیاندا, سەبەخۆیی كەتەلۆنیا رەتدە كەنەوە, ئەمەش دژ بە پرنسیبەكانی لینیزمە كە دان بە مافی چارەنوسی گەلاندا بێ قەیدو شەرت دەنێت.بەڵام بەرەی چەپ رایگەیاند, پێویستە رازی بن بە ئەنجامدانی راپرسی, لێ ئێمە هانی كەس نادەین بۆ بەشداری لە ریفراندۆمەكە, وەلێ رێز لەوانەش دەگرین لە ریزەكانمانن بەشداری دەكەن و سزایان نادەین, بەم شێوەیە دەبینین پارتە چەپگەراكان تا كۆتایی سەفەرەكە لە گەڵ كەتەلۆنییەكان ناڕۆن, كە مەبەستی كۆتاییە .هەرچی پارتی یەكێتی گەلە كە پارتێكی چەپی كەتەلۆنییە و لەسەر بنچینەی دیموكراسی راستەوخۆ دامەزراوە, كە ریفراندۆم پایەی سەرەكی سستەمی دیموكراسی راستەوخۆیە,لە لایەن چەپەكانەوە تاوانبار كرا بەوەی كوپ بووە بە سەربازی حیزبە بۆرژوازییە كەتەلۆنیەكان, كوپ هەرچەندە لە دەرەوەی حكومەتی خۆجێی كەتەلۆنیایە و رەتی كردەوە بەشداری تێدا بكات, بەڵام زۆر بە توندی داكۆكی لە ریفراندۆم دەكات و چالاكانە هەوڵ بۆ سەرخستنی دەدات, بۆیەش یەكەم پارتی كەتەلۆنی بوو كەوتە بەر پەلاماری ئیسپانییەكان, لە زۆر ویست و داخوازی خۆی هاتۆتە خوارەوە لە خزمەت سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا .

تا كۆتایی ریفراندۆم

كەتەلۆنییەكان پەیگیرانە بەرەو یەكشەمەی مەزن دەڕۆن, گوێ بە بڕیاری دادگای ئیسپانی و یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ نادەن كە دژ بە ریفراندۆمەكەیان و سەربەخۆیی كەتەلۆنیا هەڵوێستیان وەرەگرتووە, لە دوا هەنگاودا ترامپیشی هاتە سەر كە لە گەڵ یەكێتی خاكی ئیسپانیای عەزیمدایە, ئەم هەڵوێستەی ترامپ دژ بە رێبازی سیاسی سەرۆكی ئەمەریكی ولسونە كە لە ساڵی 1918 خستییە بەردەم كاری وڵاتان .وەزیری دارایی ئیسپانیا رایگەیاند ” كەتەلۆنیا ئۆتۆنۆمی بەرفراوانی هەیە, ئامادەشین سستەمی تەمویل بگۆڕین كە پێشتر ئەم داوایەی كەتەلۆنیەكانیان رەتكردبوەوە ” بەڵام كەتەلۆنییەكان وەڵامی دەم چەوركردنەكەیان نەدایەوە, پارتیزانانە لە ناو شارەوە بەرەو راپرسیەكەیان دەڕۆن, لیژنەی پارێزگاری لە راپرسیان پێك هێناوەو زۆریان لە پاڵ سندوقەكانی راپرسی شەویان بردە سەر بۆ پارێزگاری لەو 2315 سندوقەی دەنگدان, كە بڕیار وایە 1ی ئۆكتۆبەری كارتی هیواو ئامانجی چەند سەدەی خۆیانی تێ فڕێ بدەن .

كەتەلۆنیا خۆی رادەگرێت ….

كەتەلۆنیا وڵاتێكی دەوڵەمەندو پێشكەوتووە , تەنانەت نیوەی داهاتی كەتەلۆنیا بۆ ئیسپانیایە, بە تەنها 18,9%ی كۆی بەرهەمی نەتەوەیی ئیسپانیا بەرهەم دەهێنێت, پیسەسازی بەهێزی هەیە ناسراوە (بە كارخانەی ئیسپانیا), كەرتی خزمەتگوزاری بەهێز, پێگەی بەهێزی لە بواری گەشت و گوزار هەیە, كەرتی پێشەسازی كەتەلۆنیا 16,7%ی ئابوری وڵاتە, كەچی لە ئیسپانیا 13,4% یە, خاوەند ئابووریەكی بەهێزە زێدەی بودجەی بە رێژەی 11,5% ە, خاوەند ئابووری ژمارە 13 ەیە لە كۆی 29 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا.
دیموكراسیەت خەونی گەلان ژێر دەست بەدی دەهێنێتئیسپانیا بەشێكە لە یەكێتی ئەوروپا, پابەندە بە پرنسیبە ئەوروپییەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت, كەچی بووە بە بەلقانێكی دی لە رۆژئاوای ئەوروپا بۆ گەلەكانی, زۆرینەی وڵاتانی دیكەی رۆژئاوایی هەمان كێشەیان هەیە, وەلێ وەك سكۆتلەند و كیبك هەڵوێست وەرناگرن, وڵاتانی دیكەی جیهان زۆریان ماوە بگەن بەم كەمە دیموكراسییەی رۆژئاوا, بۆیە ئەفسانەی دیموكراسیەت بۆ وڵاتان و چارەسەركردنی كێشەی نەتەوایەتی و ئاینی و مەزهەبی و …. لەو وڵاتانە بەتاڵ دەبێتەوە, بە تایبەت لەو وڵاتانەی دەسەڵات لەسەر بنچینەی پیرۆزییەكان بەڕێوە دەچێت.هەرچەندە لیف لۆفین پرۆفیسۆری زانستی سیاسی سوویدی دەڵێت ساڵی 2119 ساڵی چەسپاندنی دیموكراسیەتە لە هەموو جیهان, ئەگەر پاش ئەم 102 ساڵە ئەم خەونە گەورەیە بێتە دی, دیموكراسیەتی راستەقینەی سیاسی, كۆمەڵایەتی, ئابوری بەدی بێت, ئەوا لە ئێستاوە با سەمای بۆ بكەین.دەنگدانی كەتەلۆنیەكان و بڕیاریان بۆ سەربەخۆیی هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێگەی دیموكراسیەت و بەرەو روبونەوەی زوڵم و زۆرداری بەتاڵ كردنەوەی خەونی دیموكراسیەتی درۆینە, با بزانین دوای ریفراندۆم كەتەلۆنییەكان چۆن بەرەو سەربەخۆیی دەرۆین بە دوایاندا مل بنێین, گەلێكی هوشیارن رێگای بەردەمیان رۆشنە ناكەوینە تەڵەوە.

بۆ زانیاری زیاتر سەیری بابەتی پێشوترمان بكەن لەسەر ریفراندۆمی كەتەلۆنیا :
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1156733641095446&set=pb.100002764626499.-2207520000.1506755554.&type=3&theater




هێما وه‌ك ناسنامه‌ی ده‌ق … سه‌روه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د


ده‌قی: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم ) ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك نموونه‌
( لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكارییه‌ )
……

ئاماژه‌ی باس:

چه‌مكی شیعری نوێ‌ بریتییه‌ له‌ گۆڕانكاری بنچینه‌یی له‌ ڕوانین و هزری داهێنه‌ر و شێوازی مامه‌له‌كردنی له‌گه‌ڵ: زمان، به‌رجه‌سته‌كردنی میتۆدی ئێستێتیكا ته‌كنیك، ده‌ربڕینی شیعری، زه‌مینه‌سازی هه‌ڵوێست، به‌كارخستنی ڕوانگه‌، ڕه‌هه‌ند و جیهانبینی ئه‌زموونی هزری، سایكۆلۆژیای گۆڕاو. له‌ گۆشه‌نیكای ئه‌م چه‌مكه‌ و پێناسه‌یه‌وه‌ شیعری نوێ‌ پرسیارگه‌لێكی مه‌عریفییه‌، هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر: كۆی ستراكتۆری ڕوانین و هه‌ڵوێستی هزر و بیركردنه‌وه‌ و و ڕایه‌ڵه‌ی ده‌ربڕین و سایكۆلۆژیای ده‌قی شیعری و شاعیر هاوسه‌نگ ده‌كات. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی شیعری نوێش په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ یاخیبوون له‌ كۆت و به‌ندی شێوازگه‌رایی، كه‌ فه‌زای تێڕوانینی شیعر و شاعیریان له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئاماژه‌ی باس به‌ند ده‌كرد، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی داهێنه‌رانه‌ی شاعیر بۆ پرۆسێسی هزری گۆڕان و گۆڕانكاری له‌ هه‌ست و ده‌روونی و هزری ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌ پێی ده‌گوترێت شاعیر بكرێت، چونكه‌ چه‌مكی گۆڕان ڕوانین و هه‌ڵوێستی ڕیشه‌ییه‌ له‌ بنیادی شیعری به‌ پێوه‌ری چه‌مكی شیعری نوێ‌.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونیشانه‌ وه‌ك بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی شیكاری، چه‌ند په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاره‌زوو و حه‌زی لێكۆڵه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هۆكارگه‌لی كه‌ڵه‌كه‌بووی تێڕوانینه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕه‌خنه‌ و شیكاری ده‌قی نوێ‌، چونكه‌ ئه‌م گه‌ڕانه‌ شیكارییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ته‌كنیكی شیعرییه‌وه‌ هه‌یه‌، جووڵه‌ و هێز ده‌خاته‌ سه‌ر كاریگه‌ری هێما له‌ خوڵقاندنی ئێستێتیكای زمانی شیعری و وێنه‌ی هێمایی و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ فه‌رهه‌نگ و كولتوور و هه‌ست و ده‌روونی و زه‌مینه‌ی مه‌عریفی زیندووكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ مێژوویییه‌، چونكه‌ ئه‌م هێمایانه‌ له‌ نه‌ستی كۆی كۆمه‌ڵگادا بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ ڕوانینی چه‌سپاو ، كه‌ دواجار له‌ سایه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ هونه‌ریه‌ی هێماكاندا ستراكتۆری مێژوو و یاده‌وه‌ری بابه‌تی ده‌رده‌بڕدرێ‌ له‌ ده‌قێكی فره‌ ڕه‌هه‌ندی ئاوێزانبوو به‌ ئه‌زموونی هه‌ستی داهێنانی شاعیر، چونكه‌ هێماش دیاریكراوێكه‌، یان ڕوواداوێكی مێژوویی، یان نه‌ته‌وه‌یییه‌….. ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ هزری كۆ و ئاوێته‌ بووه‌ به‌ ئه‌زموونی هه‌ستی و شێواز و ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌وه‌.

هێما له‌ ده‌قی: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم )دا

زمان و ده‌ربڕینی شیعری زمانێكی سرووشكارییه‌، ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ وشه‌گه‌لی پڕ له‌ واتا و مه‌به‌ستی هه‌مه‌چه‌شن، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ وشه‌كان ده‌ربڕینێكی تایبه‌بن و بۆ ئه‌وه‌ شیاوبن له‌ پرۆسیسی شیعرییه‌تدا، چونكه‌ له‌ سروشتی فه‌رهه‌نگی وشه‌دا، وشه‌گه‌لێك نین شیعری بن و ئه‌وانه‌ی تر ناشیعری، به‌ڵكو ئه‌و بوییه‌ره‌ له‌ ڕێگه‌ی داهێنان و سروشتی ئه‌زموونی داهێنه‌ردا به‌ دیده‌كرێت، كه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك و ئاستێك به‌كارهێنانێكی ئێستێتیكی تایبه‌تی به‌ وشه‌كان به‌خشیوه‌، كه‌ پێی ده‌گوترێت شیعرییه‌ت، كه‌ ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر له‌ نێوان ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تاكڕه‌وی بابه‌ت هه‌ڵبه‌ستنی خۆنه‌كر، یان له‌ ئه‌گه‌ری پێكهاته‌ییدا له‌ هه‌رێمی باو و ئاساییدا، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌م وشانه‌ ئه‌و هه‌رێمانه‌ جێبهێڵن، له‌ ناوه‌ند و پانتایی ده‌ربڕیندا ئه‌م واتا و مانایانه‌ له‌سه‌ر به‌ تاڵكردنه‌وه‌ی واتا و مانا به‌شه‌كی و گشتیدا ڕوا بن ، چونكه‌ زمانی و ده‌ربڕینی شیعری دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ شێوازگه‌رایی و بابه‌تگه‌رایی باو و ئاسایی، ئاماده‌ده‌بێت به‌ تێپه‌ڕاندنی ئاماژه‌یی بۆ هه‌ڵچوونی ده‌ربڕین بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ده‌ره‌كی وه‌ك وێنه‌یه‌كی بینراوی خۆی وه‌ربگرێ‌، له‌ جیهانی ناوه‌كیش ڕه‌هه‌ندی هه‌ڵچوونی تێكه‌ڵاو و ئاوێته‌ بێت ، كه‌ تێیدا جیهانه‌كانی خه‌ون و ڕاسته‌قینه‌ و سوریالیستی ئاوێته‌ ده‌بن، هه‌وڵده‌دا بۆ پێكهێنانی داهێنراوێكی ئاوێته‌یی نوێ‌ به‌ ڕێگای نوێ‌ له‌ ده‌ربڕیندا ، لێره‌دا زمانی شیعری به‌ وێنه‌ی شیعری پڕنابێته‌وه‌ و تێر نابێ‌ و كۆتایی پێنایه‌ت ، به‌ڵكو وێنه‌ی هونه‌ری تێده‌په‌ڕێنێ‌ – له‌ گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌یدا به‌ دوای سرووشكاری و فره‌وانی و گشتگیریدا – بۆ هێما (Symbol ) ، بێگومان سروشتی هێماش سروشتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كاریگه‌ره‌ و ده‌خرێته‌ سه‌ر سیاقه‌(Context) كه‌ تێیدا فره‌وانی و قووڵی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌( )، چوارچێوه‌كه‌شی، یان گۆڕه‌پانه‌كه‌ی ((تاڕاده‌ی تێگه‌یشتنی واتا دژبه‌یه‌ك و پێچه‌وانه‌كانه‌))( )، زمانی شیعریش له‌ ڕێگای هێماوه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئاره‌زووی شاعیره‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و داهێنانی شێوازێكی تایبه‌ت به‌ خۆی، ئه‌و كه‌لێن و كه‌موكوڕییانه‌ش پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵچوونی ئه‌زموونی هه‌ستكردنی شاعیر و ئاڵۆزی ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌رهه‌ڵبدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچار ده‌بێت هانا بۆ پێكهاته‌ی زمانه‌وانی دژیه‌ك و پێچه‌وانه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و پێكهاته‌میه‌ش ببات، كه‌ دوورن له‌ پێكهاته‌ی باو و ئاسایی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ هه‌ستی تایبه‌تی و وردی ئه‌زموونی خۆی بگوازێته‌وه‌ كه‌ پێیوه‌ ده‌ناڵینێ‌، بێگومان هێماش پشت ده‌به‌ستێ‌ به‌ لێكچوونێكی سوسیۆلۆژیانه‌ی و نێوان شتگه‌لێك، ئه‌و لێكچوونه‌ سوسیۆلۆژیه‌ش به‌رێگای شاعیر له‌ ڕێگای هه‌ستكردنی خه‌مڵێنراو له‌ په‌یوه‌ندییه‌ قووڵ و شاراوه‌كانی نێوان دیارده‌ ماددییه‌كان و ئه‌و نهێنییانه‌ی كه‌ له‌ دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه‌ شاردراونه‌ته‌وه‌ ده‌یچنێته‌وه‌ و ده‌یهۆنێته‌وه‌، ئینجا وزه‌یه‌كی سرووشكاری داهێنه‌رانه‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی شتگه‌له‌كان به‌كارده‌خا بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییانه‌، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه‌ شعوورییانه‌ی كه‌ شاعیر تێڕوانینه‌كانی بۆ گه‌ردوون و بۆییه‌ری ئه‌رینییه‌كه‌(واقیع) له‌ به‌ره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵده‌چنێ‌ كه‌ كارامه‌یی و وشیاری دۆزه‌ره‌وه‌ی سروشتی شتگه‌له‌كانی پێده‌به‌خشێ‌ و گه‌وهه‌ری دیارده‌ ماددییه‌كانیش په‌رش و بڵاو و ناڕێكن، لێكچوونی نێوانیان له‌ ڕێگای هێماوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌سه‌ر ڕۆشنایی تایبه‌ت له‌ تایبه‌ت، یان گشتی له‌ تایبه‌ت، یان گه‌ردوونییه‌كی گشتگیر له‌ گشتیدا : به‌ڵام له‌ سه‌رووی ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕۆشنی نه‌مریییه‌ له‌ چركه‌ساتی هه‌نووكه‌ییدا و ئه‌وه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕێ‌( ).

ده‌توانین بڵێین: هێماكان شتگه‌لێكی ئاماده‌یی و هه‌نووكه‌یین، یان شتگه‌لێكی نا ئاماده‌یی و نه‌بوون، یان شتگه‌لێكن بوونیان به‌ مه‌حاڵ و گریمانه‌ و خه‌مڵاندن ده‌كرێت، یان له‌وانه‌یه‌ به‌كاربهێنرێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتگه‌لی نامۆ و نادیار و ون، به‌و شێوه‌یه‌ش هێماكان میكانیزمی ئه‌بسمۆلۆژین له‌ پرۆسیسی یاده‌وه‌ری و پێشبینی و ناساندن و هه‌ستكردنی هه‌نووكه‌یی مێژووی شته‌كان و مێژووی به‌هاكان بۆ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و ژیاری مرۆیی ، كه‌ ڕابینی و پێشبینی تێیدا ده‌بێته‌ سروشێك، كاتێك ئه‌گه‌ر هێماكان ڕایاڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان بگرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی چوارچێوه‌یه‌كی یه‌قینین( ).
سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی نێوان میتافۆر و هێماش ڕه‌خنه‌گرێك ده‌ڵێ‌: (ده‌وڵه‌مه‌ندی میتافۆر په‌یوه‌سته‌ به‌ نیشانه‌یه‌كی خودی تایبه‌ت ، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندی هێما چۆناییه‌تی و چه‌نداییه‌تییه‌ په‌رش و بڵاویه‌ك و په‌رته‌وازییه‌ك له‌ تاكه‌كان و دۆخه‌كان ده‌گرێته‌خۆ، ئێمه‌ ده‌توانین له‌ دوو پێگه‌دا جیایان بكه‌ینه‌وه‌ ، یه‌كێكیان ئه‌ندێشه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ تێڕوانین و هه‌ست پێكراو ، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ست پێكراو وابه‌سته‌یه‌ به‌ ڕوانینی بیركردنه‌وه‌ له‌ناو چوارچێوه‌یه‌ك پشت ده‌به‌ستێ‌ به‌ به‌سته‌رێك له‌ نێوان دوو شتدا ، دووانه‌كه‌ش له‌ به‌رانبه‌رماندا خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵام هێما وێنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ ، بوونێكی خۆكرده‌ییه‌ ، جووڵانه‌وه‌شی ئازادانه‌یه‌ ، خاوه‌نی ڕه‌سه‌ناتییه‌كی نامۆیه‌ و ناچێته‌ ژێرباری چه‌مكه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌خشنامه‌، یان ڕیپۆرتی فیكرییه‌وه‌، یان وه‌سفكردنی جۆرێك له‌ داهێنان و خولقاندنی ناخه‌وه‌ كه‌ پێده‌چێ‌ نایابانه‌تربێ له‌و وێنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵیدا چوارچێوه‌ی گرتووه‌ له‌ هێما دووریان بخه‌ینه‌وه‌ ، به‌و شێوه‌یه‌ هێما لووتكه‌یه‌كه‌ ، یه‌كگه‌یشتنی لێ كۆتایی پێدێت ؛ له‌ میتافۆردا هاوبه‌ندییه‌كی، یان جووتكردنێكی نادیاره‌، له‌ هێمادا یه‌كه‌یه‌كی خودییه‌ و سه‌ربه‌خۆییه‌كی جێگیر و پته‌وه‌ كه‌ وای لێده‌كات سه‌روه‌رێكی باڵا بێت له‌ ده‌قی شیعرییدا و یاخی ده‌بیًت له‌ دووكه‌وته‌ییه‌كی به‌شكراو، یان به‌شه‌كی دیاریكراو، له‌ پێكهاته‌ی به‌شه‌كانیدا.
دواتر ده‌بینی كه‌ چڕی سرووشكاری نابێته‌ جیاكارییه‌كی له‌مپه‌رئاسا له‌ تێكه‌ڵاوكردنی هه‌ردووكیان؛ میتافۆر وێنه‌یه‌كی سرووشكاری گشتییه‌ و ڕواڵه‌تێكی پوختكراوی ڕوونه‌؛ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ته‌نیا میتافۆر ناگۆڕی بۆ هێما.)( ).
لێره‌دا گرینگه‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌مكی هێما لای كارل گۆستاف یۆنگ كه‌ ده‌ڵێ‌ : (هێما ئامرازی تێگه‌یشتنه‌ له‌ شتێك كه‌ ناتوانرێ‌ ده‌رببڕێ‌ ته‌نیا له‌ ڕێگای هێماوه‌ نه‌بێ‌ ، هێما باشترین ڕێگایه‌ بۆ ده‌ربڕینی شتێك كه‌ هاوكێشه‌یه‌كی زمانه‌وانی ده‌ربڕینی نییه‌، هێما ئه‌لته‌رنه‌تیڤی شتێكه‌ كه‌ ئاسته‌نگیان مه‌حاڵه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خودی خۆشیدا ده‌رببڕێ‌( )) . لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كه‌ هێما میكانیزمێكی هه‌ستی بایه‌خدار و گرینگه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شتێكی واتایی كه‌ ناكه‌وێته‌ ژێر هه‌سته‌وه‌ره‌كان ، ئه‌و بایه‌خ و گرینگییه‌ش له‌سه‌ر ڕووه‌كانی لێكچواندنی دووشت، یان به‌ها، یان نرخ وه‌ستاوه‌ كه‌ ئه‌ندێشه‌ی هێماگه‌ر هه‌ست پێكردووه‌، یان هه‌ستی پێكردووه‌( ). ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر توانای شاعیر ده‌وه‌ستێ‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی خودیی بێهاوتا و چه‌سپاو له‌سه‌ر ڕێسا ناوه‌كییه‌كانی ئه‌م لێكچوونه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هێماكان توانا و كاریگه‌ری و توانای سرووتكاری له‌ واتاكانی له‌ ده‌ست نه‌دا. بێگومان ئه‌و پێشه‌كییه‌ تیۆرییه‌ گرینگه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی شیكاری پراكتیكی ده‌قه‌كانی: (حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم).

سه‌ره‌تای كاره‌كه‌ به‌ ده‌قی (بانگه‌وازی گۆڕهه‌ڵكه‌ن) ده‌ست پێده‌كا، وشه‌ی (گۆڕهه‌ڵكه‌ن) مانا و واتاییه‌كی فه‌رهه‌نگی سنوورداری هه‌یه‌ ، به‌ڵام ڕه‌هه‌ند و ماوه‌یی ئاراسته‌كردنی بانگه‌واز و په‌یام و هه‌واڵی شاعیر ئه‌م وشه‌ییه‌ی كردووه‌ به‌ هێمایه‌ك كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پروسێسی جیگۆڕكێ‌ و له‌ دنیاده‌رچوون، بانگه‌وازێك كه‌ پێكهاته‌كه‌ی سرووتكارانه‌یه‌ وه‌ك په‌یامێكی پیرۆزی و باڵایی داهێنه‌رانه‌ی كه‌ساییه‌تییه‌كی ئه‌فسانه‌یی كه‌ پیشه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ جێگۆڕكێ‌ پێكردن له‌ دۆخێكی سه‌رزه‌مینی بۆ له‌ دنیاده‌رچوون، یان ئاڵوێركردنی جه‌سته‌ له‌ ژیانه‌وه‌ بۆ دۆخی مردن. واته‌: (گۆڕهه‌ڵكه‌ن) ئامرازی یه‌كه‌می جێگۆڕكێ‌ كردنه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ ژماره‌ی (0 = سفر = هیچ)ی بۆ دانراوه‌ له‌ كۆتیكستی (حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم)، ژماره‌ (0) یش هێماییه‌كی نێوه‌ندگیرییه‌ له‌ نێوان ژماره‌ نێگه‌تییڤه‌كان و پۆزه‌تییڤه‌كان و خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌ بۆ هه‌ردوو بواره‌كه‌ و خه‌سڵه‌تی گونجاندن و جووڵه‌ و كێشی هه‌یه‌( ). به‌ واتایه‌كی تر ناونیشانی ئه‌م ده‌قه‌ پنتی گونجاندنی له‌گه‌ڵ مه‌ودای جووڵه‌ی دیاریكراوی ده‌قه‌، كه‌ تێیدا شاعیر و ده‌قه‌كه‌ یه‌ك ته‌نی هاوكێش و هاوشێوه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیاندا به‌دیناكرێت.
(هه‌وڵی جێگۆڕكێی سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن
11/11/1965 – 18/11/2045
شادییه‌كان ده‌بیستێته‌وه‌
هه‌شتا ساڵ ده‌زووی به‌ درزی وه‌كردنێكه‌
به‌ سه‌ر ڕاوه‌شاندنی پڕ خه‌مه‌وه‌( )).

ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌واڵی جێگۆڕكێی خودی (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن)ه‌، بێگومان به‌كارهێنانی ناو لێره‌دا هێمایه‌كی خودییه‌ و بریتییه‌ له‌ هاوه‌ڵی تاهه‌تایی شاعیر و ڕه‌هه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ساییه‌تی ئه‌به‌دی. واته‌: ناو وابه‌سته‌ی ناولێنراوه‌ و مه‌ودای یه‌كگرتنی كه‌ساییه‌تی شاعیره‌، هه‌ردوو مێژووه‌كه‌ 18/11/1965 مێژووی هاتنه‌ دنیا و ژیان. واته‌: له‌ دایكبوون، كه‌ به‌ ڕۆژ و مانگ و ساڵ دیاریكراوه‌، مێژووی دووه‌میان جێهێشتنی دنیا و ژیان. واته‌: مێژووی كۆچی دوایی و مردن له‌: 18/11/2045 مێژوویه‌ك كه‌ حه‌ز و ئاره‌زووی و ویستی شاعیر بۆ ژیان و ماوه‌ی نێوان ئه‌م دوو مێژووه‌ هه‌شتا ساڵه‌. واته‌: هه‌شت ده‌یه‌، كه‌ ژماره‌ (0 = سفر) به‌شێكه‌ له‌م پێكهاته‌ هێماییه‌ ژماره‌ییه‌. شاعیر له‌باره‌ی ئه‌م دوو مێژووه‌ ده‌ڵێ‌: ( له‌ نێوان ئه‌م دوو مێژوودا 18/11/1965 – 18/11/2045 ، كه‌ دراو و داواكراون مێژوویه‌كی تر نییه‌، یان هه‌وڵدان بۆ دروستكردن و قه‌واره‌پێدانی مێژوویه‌كی له‌م باره‌ییه‌وه‌ نییه‌. بگره‌ وه‌همێكی جوان و ناوه‌ندێكی چالاك هه‌یه‌، بڕوای به‌ خۆشبه‌ختی و خه‌ڵاتی خودایی هه‌یه‌، ده‌شیه‌وێت ئاگر له‌ خوداوه‌ند بدزێت، پاشان له‌ په‌رجوویه‌كدا بمێنێته‌وه‌، په‌ڕجووی حه‌زی ژیان و داهێنان و مانا و بوونی كه‌سایه‌تی خۆی تێدا بپارێزێت.)( ). واته‌: ئه‌م دوو مێژووه‌ هێمان بۆ ویستی ژیان و حه‌زی داهێنان، مه‌ودای مێژوویی ڕه‌هه‌ندی كه‌ساییه‌تی و گونجاندن و كێش و جووڵه‌ی (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن)ه‌، كه‌ چه‌ق و پنتی نێوان ژیان و مردنه‌، ئه‌م پنته‌ی نێوان ژیان و مردن كه‌ داهێنان و حه‌زی ژیان به‌ یه‌كیان ده‌به‌ستێته‌وه‌ و جاوییدانیه‌ك ده‌بێته‌ ڕایه‌ڵه‌ی نێوانیان، (هه‌واڵی جێگۆڕكێی) هێمای په‌یامی دۆنادۆنی له‌ دنیا ده‌رچوونه‌، وه‌ك ویستی شاعیر و حه‌زی ژیان كه‌ ویستێكی په‌رجووه‌ له‌ ئێستای شاعیردا كه‌ پێشبینی مێژووی به‌ر له‌ دنیاده‌رچوونه‌ كه‌ له‌ ساتی هاتنه‌ دنیاوه‌ تا له‌ دنیاده‌رچوون (هه‌شتا ساڵ)ه‌، ئه‌مه‌ش حه‌زی ژیانه‌ و ویستی داهێنانه‌ و هیچیتر، له‌ لایه‌كی تر ئه‌وه‌ی (جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌و خودبوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ كه‌ له‌ ژیانی شاعیره‌وه‌ وه‌كو له‌و پارچه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌یبینین كه‌ شاعیر ناوی ته‌واوی خۆی خستۆته‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌. هاوكات ئه‌مه‌ پێداگری ته‌واوه‌تی شاعیره‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ ده‌قه‌كانی تردا دووری له‌ نێوان خۆی و ده‌قه‌كه‌دا مه‌ودایه‌كی دیاریكراو بێت، ئه‌وا له‌م ده‌قه‌كه‌دا تاڵه‌موویه‌كه‌ و هیچی دیكه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ست به‌ توانه‌وه‌ی خودی شاعیر ده‌كه‌ین له‌ نێو خوده‌ شیعرییه‌كه‌دا..)( ). واته‌: ئه‌م په‌یامه‌ موناجاتێكه‌ ، كه‌ تێیدا هێما و مه‌ودای دیاریكراو له‌ ده‌قه‌كه‌دا هاوسه‌نگ و جێگیره‌ له‌ نێوان ناو و مێژوو و حه‌زی ژیان و په‌رۆشی به‌ دیهێنانی ئاره‌زووی داهێنان به‌م شێوه‌یه‌:
هه‌شتا ساڵ ده‌زوو به‌ ده‌رزی وه‌كردنێكه‌
به‌ سه‌ر ڕاوه‌شاندنی پڕ خه‌مه‌وه‌
له‌ به‌رده‌وامی ده‌قه‌كه‌دا شاعیر چه‌ند هێمایه‌كی سروشتی به‌ كارده‌هێنێ‌ كه‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌:
(مه‌لێكی كۆچه‌ری له‌سه‌ر لكی دره‌ختێك نیشته‌وه‌
خوێنی له‌سه‌ر لكه‌كه‌وه‌ جێما
چووم ته‌واوی دره‌خته‌كه‌ و خوێنه‌كه‌م ماچ كرد
وه‌ره‌ خه‌ونم با ڕووگه‌نمام
خوێنی پێی باڵنده‌بێ‌ و له‌ ئاگر ڕابمێنم
له‌ ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه‌ پێده‌گه‌یه‌نێ‌
بسته‌ خاكه‌ ماندووه‌كه‌ش یه‌كپارچه‌ ده‌بێته‌وه‌
مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ
له‌ ئاكامدا هه‌ر ده‌گه‌م به‌ باڵی باڵنده‌ی بریندار و دڵی خۆم
ئێستا چاوه‌ڕێی فه‌رمانم بفه‌رمووی
بۆ تاهه‌تایه‌ سه‌رگه‌ردان به‌
ئا ئه‌وه‌تا من ئاماده‌م)( ).
له‌م نواندنه‌ هێما ئامێز كه‌ناڵێك ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ست و نه‌ست، له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاوێته‌ و تێكه‌ڵیان ده‌كا ، چونكه‌ پشكۆی ڕووگه‌كانی فیكر و هه‌ست له‌نێو جۆشی بڵێسه‌یه‌كدا نقووم ده‌بێت، (باڵنده‌ و دره‌خت) له‌ (مه‌لێكی كۆچه‌ری له‌سه‌ر لكی دره‌ختێك نیشته‌وه‌) هێماگه‌لێكن له‌ هه‌رێمی هه‌سته‌وه‌ له‌ دایكبوون (مه‌ل) هێمای ئازادی و دڵنه‌وایی و ئارامبه‌خشی ، ئامانجی ڕزگاربوون له‌ كه‌وتن و ڕووخان ده‌گه‌ینێ‌ ، (لكی دره‌خت) كه‌ په‌لوپۆی مه‌عریفه‌ییه‌، چونكه‌ دره‌خت هێمایه‌ بۆ مه‌عریفه‌ و ئه‌پستمۆلۆژیای گه‌شه‌كردن له‌ ڕێگای پێشكه‌وتنی ژیاری و شارستانی، (خوێنیش) له‌سه‌ر لكه‌ جێماوه‌كه‌، هێمای قوربانیدان و كۆشش ده‌به‌خشێ‌، بێگومان هه‌ر سێ‌ هێما له‌ پروسێسی پیرۆزی په‌یامی داهێنان به‌شدارن (چووم ته‌واوی دره‌خته‌كه‌ و خوێنه‌كه‌م ماچ كرد).
(وه‌ره‌ خه‌ونم با ڕووگه‌نمام
خوێنی پێی باڵنده‌ بێ‌ و له‌ ئاگر ڕابمێنم
له‌ ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه‌ پێده‌گه‌ینێ‌
بسته‌ حاكه‌ ماندووه‌كه‌ش یه‌كپارچه‌ ده‌بێته‌
مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ
له‌ ئاكامدا هه‌رده‌گه‌م به‌ باڵی بالنده‌ی برینداری دڵی خۆم)( ).
لێره‌دا هێما په‌یوه‌ندی نییه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی خه‌ونی و ئه‌وانه‌ی له‌ بازنه‌ی خه‌وندا خولده‌خۆنه‌وه‌، وه‌ك وڕێنه‌ و قسه‌ له‌به‌رخۆكردن، به‌ڵكو هێمای كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ست و نه‌ست و نهێنییه‌ قووڵ و نادیاره‌كانه‌، وه‌ك دیاره‌ هه‌ندێك جار ئاڵۆز و دژیه‌كن، به‌ڵام هیچ ده‌رفه‌تێك نییه‌ له‌م ململانێیه‌دا ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌شه‌ی كۆده‌قه‌كه‌ (خوێنی پێی باڵنده‌) هێمای قوربانیدانه‌) ، (وه‌ره‌ خه‌ونم با ڕووگه‌نمام) خه‌ون و ڕووگه‌نما (قیبله‌نما) هێمان بۆ هیوا و حه‌زی ژیان كه‌ شاعیر وه‌ك سه‌یركه‌رێك ده‌چێته‌وه‌ ناخی خۆی و به‌ ئاگاییه‌وه‌ حه‌زی ژیان، ده‌نه‌خشێنێ‌، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ شاعیر كارامه‌یی خۆی ده‌نوێنێ‌ له‌ به‌كارهێنانی هێمای ئاگر وه‌ك هێمای جۆشدان و جووڵه‌ندن و پێكهاته‌ییه‌كی گرینگی بوون و ژیان (له‌ ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه‌ پێده‌گه‌ینێ‌). واته‌: ڕامان له‌ ئاگر ئاشق و میوه‌ جۆشده‌دات و پێی ده‌گه‌ینێ‌، له‌و وێنه‌ لێكچوونه‌یه‌دا (له‌ ئاگر ڕامان) وه‌ك هێمای گه‌شه‌سه‌ندنی حه‌زی ژیان ده‌رده‌كه‌وێ‌ و به‌ هۆكاری لێكچواندنی به‌ (ئاشق) به‌ (میوه‌) و هاوبه‌شی كردنیان له‌ گه‌ییندا و به‌ به‌كارهێنانی ئامرازی (وه‌ك)، دوای جۆشدان و گه‌یینی حه‌زی ژیان و له‌ دایكبوون ده‌بێته‌ كه‌ڕنه‌ڤال (مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ) و ویستی شاعیر وه‌ك په‌یامێك سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و به‌ سووربوون و به‌كارهێنانی كاری (هه‌ر ده‌گه‌م) له‌سه‌ر حه‌زی ژیان، به‌ڵام ئه‌و حه‌ز و ویسته‌ ده‌بێته‌ ڕێسا و پنتی پیرۆزییه‌كی مه‌عریفی، كه‌ ئه‌نجامی تێكوشینێكی مه‌عریفی بووه‌ و به‌ قوربانی خودی شاعیر هاتووه‌ته‌ دی (له‌ ئاكامدا هه‌رده‌گه‌م به‌ باڵی باڵنده‌ی بریندار و دڵی خۆم). شاعیر وشه‌ی به‌ هێما كڵۆمداوه‌ و ده‌روازه‌كانی به‌ ڤیگه‌ری ئێسنێتیكی شیعری لۆككردووه‌ و قفڵی داون. ئه‌م ده‌روزه‌ كڵۆمدراوه‌ش به‌ كلیلی ڕۆشنی و سرووتكاری واڵا ده‌بێت، وه‌ك چۆن (حه‌كیم مه‌لا ساڵح) له‌ شیكاری كۆشیعری: (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: (شیعره‌كان به‌ قوفڵی هێما و ئاماژه‌ داخراون و كلیلی تایبه‌تی خۆیان ده‌وێت بۆ ده‌رگا له‌سه‌ر واڵاكردنیان، ئه‌مه‌ش مه‌رجی شیعری تۆكمه‌ و چه‌ند چین و قووڵه‌.)( )..
وه‌ك چۆن ئه‌و كێشمه‌كێشانه‌ی كه‌ ڕه‌نجده‌ر له‌ نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی بنیادی هێماگه‌رایی و هێماكان دایناوه‌ و دایمه‌زراندووه‌ به‌ زاڵبوونی ڕۆشنی و بریقه‌داری بیركردنه‌وه‌ ده‌ناسرێت كه‌ له‌ فه‌زا و ڕه‌هه‌ندی هه‌ستییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ مه‌ودا و قووڵی نه‌ستیشی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ‌ له‌ شێوازی چه‌ند ده‌سته‌واژه‌ییه‌ك كه‌ قووڵی ناخ و خودیی شاعیر فراوانتر ده‌كا : (وه‌ره‌ خه‌ونم با ڕووگه‌نمام ، مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ).
(هه‌تاو بۆم دوا
نابێ‌ هیچ ڕازێك له‌ تاریكیدا بمێنێته‌وه‌
شوێنه‌واری هه‌موو ڕێگاكانیش ده‌ربكه‌ون
ته‌رمه‌كه‌م له‌به‌ر هه‌یوانێك داندراوه‌
پووره‌ی شیعر ده‌وری گرتووم و ناوی شیعرم له‌سه‌ر لێوه‌
شیعر له‌ دڵه‌وه‌ نوێژم بۆ ده‌كات( )).
له‌م ده‌قه‌ و له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی سۆفیانه‌دا شاعیر كارامه‌ییه‌كی تر ده‌نوێنێ‌ ئه‌ویش به‌كارخستنی ته‌كنیكی هێمایه‌ و ئاویته‌كردنیه‌تی به‌ چه‌ند ئامراز و و ته‌كنیكێكی تری زمانی شیعری وه‌ك گیان به‌ به‌رداخستنی هێما و میتافۆری (هه‌تاو بۆم دوا) و دژییه‌كی تاریكی و ڕووناكی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باكگراوندی ئه‌بستمۆلۆژیای مێژوو به‌ ڕه‌هه‌ندی دۆنادۆنی و مه‌ودای سۆفیگه‌رایی پیرۆزكراو و نواندنی ئه‌م تێرمه‌ دیرۆكییه‌ له‌ دووتۆی وێنه‌ی شیعری ئاڵ و واڵا به‌ شێوه‌یه‌كی ئێستێتیكی مه‌عریفی خودییه‌وه‌ . (هه‌تاو بۆ دوا) مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ هه‌تاو، یان خۆر و ڕۆشنایی له‌ بیروباوه‌ڕه‌ كۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ باوه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی پیرۆزكراوی ئه‌و پنته‌ جوگرافیایه‌ ، هێمایه‌ بۆ ڕۆشنایی و ڕووناكی ژیان و ڕه‌نگی دره‌وشانه‌وه‌ی فریشته‌كانی خوداوه‌نده‌ و زۆر جاریش سیمای ده‌ركه‌وتنی ڕووی خولقێنه‌ری ئاسمانه‌كان و زه‌وی مرۆڤ و سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌ره‌كانه‌، سه‌ره‌تا و سه‌رهه‌ڵدانی بوونه‌، ئه‌م هه‌تاوه‌ی ڕه‌نجده‌ر، ده‌ركه‌وتنی خۆری مه‌عریفه‌یه‌ و حه‌ز و ویستی ژیانه‌. هیچ ڕازێك له‌ لێڵی و تاریكی ناهێڵێته‌وه‌ و به‌ ڕۆشنایی مه‌عریفه‌ی تیشكی هه‌تاو شوێنه‌واری سه‌رجه‌م توله‌ ڕێگاكانی ژیان ده‌رده‌كه‌ون. به‌ واتایه‌كی تر، تاریكی ڕاده‌ماڵێ‌ و ڕۆشنایی به‌ حه‌ز و ویستی ژیاندۆستی شاعیر ده‌به‌خشێ‌ و هیواكانی به‌م ڕۆشناییه‌ دێته‌دی، ئه‌م هه‌تاوه‌ هه‌تاوی پاكی و بێگه‌ردییه‌ و ڕۆشناییه‌كی سۆفیگه‌رانه‌یه‌، لێره‌دا هێمای هه‌تاو كه‌ واتای پیرۆزی ڕۆشنایی مه‌عریفه‌ و بێگه‌ردی ده‌گه‌ینێ‌ به‌كه‌س كراوه‌ به‌ ته‌كنیكی Personification و خه‌سڵه‌تی دواندن و ئاخافتنی خراوه‌ته‌ پاڵ. له‌ هه‌مان كاتدا میتافۆره‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی شێوازگه‌ریشه‌وه‌ سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین كاری ( نابێ‌ ، ده‌ربكه‌ون ) :
نابێ‌ هیچ ڕازێك له‌ تاریكیدا بمێنێته‌وه‌
شوێنه‌واری هه‌موو ڕێگاكانیش ده‌ربكه‌ون
دوو كاری و ده‌لاله‌تی سووربوون و جه‌خت كردنه‌وه‌ ده‌گه‌ینن بۆ به‌دیهێنانی حه‌ز و ویستی ژیان بۆ گه‌یشتن به‌ هیوا و ئاوات و ئاره‌زووی و ده‌یه‌وێ‌ پێمان بڵێ‌ : ئه‌وه‌ ڕۆشنایی هیوایه‌ كه‌ ڕووناكی مه‌عریفه‌ی حه‌زی ژیان و ژیاندۆستی به‌ شاعیر ده‌به‌خشێ‌ و ڕازه‌كانی له‌ تاریكیدا سه‌ر ده‌ردێنن، شوێنه‌واری تاریكی ڕێگاكانیش له‌ ژێر چه‌پۆكی تاریكیدا به‌ ڕۆشنایی هه‌تاوی مه‌عریفه‌ به‌ دیارده‌كه‌ون. ئه‌مه‌ش له‌ دووتۆی نزایه‌كدا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ نزایه‌ك له‌ ناخی شاعیره‌وه‌ ئاراسته‌ی (خودای سه‌د و یه‌ك ناو ) ده‌كرێ‌ كه‌ هێمایه‌ بۆ خودای خولقێنه‌ر ی مرۆڤ و خاوه‌نداری باڵایی و مه‌زناییه‌تی و هێزی له‌ ڕاده‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی به‌ ته‌رمی شاعیر ببه‌خشێ‌ كه‌ به‌ پووره‌ی شیعر ده‌وردراوه‌. هێمایه‌ بۆ پاكی داهێنان و بێگه‌ردی و جاویدانی و بیپارێزێ‌ له‌ خراپه‌كاری :
( خودای سه‌د و یه‌ك ناو
حیكمه‌تی وشه‌م تێدا بخرۆشێنه‌ و له‌ شاعیره‌
مه‌نگۆلی و
دڵڕه‌ش و
به‌دگۆ و
ده‌روونكلۆره‌كان بمانپارێزه‌( )).
له‌ لایه‌كی تر گرینگه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر هێمای مردن بكه‌ین:
(ته‌رمه‌كه‌م له‌به‌ر هه‌یوانێك
پووره‌ی شیعر ده‌وری گرتووم و ناوی شیعرم له‌سه‌ر لێوه‌
شیعر له‌ دڵه‌وه‌ نوێژم له‌سه‌ر ده‌كات)
مردن لێره‌دا پێوه‌رێكی میتافزیكی نییه‌ بۆ دابڕان له‌ ژیان، به‌ڵكو پێوه‌رێكی سۆفیانه‌ی ئێستێتیكییه‌ بۆ حه‌زی ژیان، چونكه‌ ئه‌و ساته‌ سۆفیگه‌راییه‌ی مردن، جیهانبینی شاعیر له‌گه‌ڵ شیعره‌ و شیعر ده‌وری شاعیر ده‌گرێ‌ و ئه‌ویش پیرۆزترین وشه‌ی له‌سه‌ر لێوه‌ كه‌ (شیعره‌) ، شیعر لێره‌دا هێمای باوه‌ڕه‌ له‌ ناخی شاعیره‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌ی ئیمان و پیرۆزی و ….. تاد، بێگومان نابێ‌ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ‌ شیعر لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر : ( له‌ شیكلی جیهانێكدایه‌ ، كه‌ نه‌ سه‌ره‌تای دیاره‌ و نه‌ كۆتایی، به‌ڵكو له‌ په‌ڵه‌ی جوانیی، له‌ ده‌نگی نامۆ، له‌ بزاوتێك، له‌ ئاماژه‌یه‌ك، له‌ ساتمه‌یه‌ك، له‌ بیره‌وه‌رییه‌ك پێكهاتووه‌؛ له‌ كۆتاییدا ؛ هه‌موو شتێك لای شاعیر ده‌بێته‌ مادده‌ و مایه‌ی شیعر. ڕه‌نگه‌ باسی له‌ سه‌ره‌تایه‌ك بكات، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نی نییه‌، به‌ڵكو ئێستایه‌ك پێكدێت كه‌ زه‌حمه‌تیشه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین.)( ).

ئه‌وه‌ی مایه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ بنیادی هێما له‌ لای شاعیر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تایبه‌ت بنیاتنراوه‌ له‌ نێوان هه‌ندێك ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی هه‌ست پێكراو و ته‌وژمی بیر و ڕوانینی خودی له‌ دواوییه‌تی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕووخێ‌ و داده‌ڕمێ‌، چونكه‌ شاعیر به‌ هێزی خه‌مڵاندن ده‌گاته‌ دامه‌زراندنی ئه‌م ستراكتۆره‌ هێماییه‌ له‌ دووتوێی هه‌ڵوێستێكی دیاریكراوی شعوریدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستپێكراوه‌ دیاریكراوه‌كانی واتا و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر خاڵی بكرێته‌وه‌ له‌م هه‌ڵوێسته‌ شعورییه‌ی كه‌ سرووتكاری لێ‌ به‌ ده‌ستهاتووه‌ . له‌ وانه‌یه‌ شاعیرێك جگه‌ له‌ ڕه‌نجده‌ر هێمایێكی دیاریكراوه‌ دابهێنێ‌، دواتر شاعیرێكی تر به‌ كاریبهێنێ بۆ مانا و واتایه‌كی تر و واتای ڕه‌نجده‌ری پێنه‌به‌خشێ‌، له‌و كاته‌دا گرینگترین بنه‌ماكانی خۆی له‌ ده‌ستده‌دا، كه‌ بریتییه‌ له‌ سرووشی هه‌ڵوێسته‌ نوێكراوه‌كه‌. (هه‌تاو) هێماییه‌كه‌ ڕه‌نجده‌ر بۆ ڕۆشنایی ئه‌بستمۆلۆژیای هیوا و سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی حه‌زی ژیان به‌كاریهێناوه‌ ، له‌وانه‌یه‌ شاعیرێكی تر وه‌ك هێما بۆ زه‌نگی شۆڕش و به‌رخودان و هێمای ڕاپه‌ڕین به‌كاریبهێنێ‌. ڕه‌نجده‌ر به‌ ڕێڕه‌وه‌ پێچاوپێچه‌كانی مردن هه‌نگاوده‌نێ‌ تا چاره‌نووسی خۆی به‌ پیێ‌ ڕیسا و به‌ها مه‌عریفییه‌كانی خۆی دیاری بكات. مه‌رگدۆستی به‌شێكه‌ له‌ ژیاندۆستی و ئێستێتیكی ئه‌زموونی هه‌ستی و ڕه‌هه‌ندیی باڵای ده‌ق كۆدی باڵا ده‌ست نیشان ده‌كات (كتێبی ئاسمانی) هێمای چاره‌نووسی ره‌نجده‌ره‌ به‌های به‌ڵێنی حه‌زی ژیانی تێدا شیكراوه‌ته‌وه‌ و خودی شاعیر یاسای لۆژیكی ئه‌م ژیانه‌ ده‌نه‌خشێنێ‌. (دانانی ئه‌م سنووره‌ خودیه‌ی ڕه‌نجده‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سنووره‌ باو و ئیلاهییه‌ بشكێنێت كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێكدا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌ویش دانانی خاڵی كۆتایی بوونه‌، شاعیر له‌م ده‌قه‌دا ده‌یه‌وێت له‌ بری ئه‌و خاڵی نه‌بوو، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ده‌رچوونی له‌ دنیای به‌ خواستی خۆی بێت و خۆی( )). خۆی ڕێسا و یاسا و مردنی دیاری بكات بۆ ئه‌مه‌ش هێمای شوێن و كات و ڕه‌هه‌ندی مردنه‌كه‌ی دیاریكردووه‌.
(من پێوه‌ری هه‌سته‌كاتی زه‌ویم
به‌ پێ ڕیگایه‌كی دوور و درێژم بڕیوه‌
میوانداری ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م پێیان گه‌یشتووم
ڕه‌گی میوه‌ی مه‌ی چه‌ترمه‌ و هه‌وڵمداوه‌
به‌ تاو وه‌رن ئه‌ستێره‌ شه‌وقدار و برای گیانی هه‌سته‌كانم( )).
(من) هێمایه‌ بۆ باڵایی و به‌رزی خود، له‌ دیدی ڕۆمانسیزمدا (من) چه‌قی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناخ و جیهانبینی مرۆڤ بۆ سروشت و كۆی پێكهاته‌كان، (من) ڕوانینه‌ و ڕانانی جیهانی شاراوه‌ی ناخه‌، سایكۆلۆژیای یاریكه‌ری داڕشتنه‌وه‌ی جیهانه‌ به‌پێی پێوه‌ری خودگه‌رایی، هه‌ر بۆیه‌ شاعیر ئاشنایه‌ به‌ باڵانسی هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ر زه‌وی و سروشت و به‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی، (من) ی ڕه‌نجده‌ر ئاماده‌یی خوده‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یام و بانگه‌وازی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناخ و ئه‌ندێشه‌ و ڕوانین به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی تاكگه‌رایی ده‌گه‌ینێ‌ و ڕژده‌ له‌سه‌ر جیاوازی به‌ ڕێگای ئه‌زموون و به‌ كه‌ساییه‌تی كردنی زمانی شیعری، (من) پنتێكی موته‌عالی سۆفیگرانه‌ی عیرفانه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتیدایه‌ له‌گه‌ڵ بوون و سروشت هه‌سته‌كانی زه‌وی ده‌پێوێ‌، كه‌ زه‌وی پێرسۆنا كراوه‌ و سیمایه‌كی مرۆڤاییه‌تی وه‌رگرتووه‌ ، به‌و گڕه‌ی سۆزه‌ به‌ تینه‌ و شه‌یداییه‌وه‌ هاتووه‌ تا میوانداری ئه‌وانه‌ بكات، كه‌ به‌شێكن له‌ ڕوانین و یاده‌وه‌ری، به‌ تینه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ حه‌زی ژیان و ویستی ژیانكردن، كه‌ هیچ ده‌رفه‌تێك ناهێڵێته‌وه‌ له‌ نێوان ژیان و مردن.
(ڕه‌گی میوه‌ی مه‌ی چه‌ترمه‌ هه‌ڵمداوه‌).
(ڕه‌گ) هێمایه‌ بۆ قوڵبوونه‌وه‌ و یه‌كێتیی ناخ و هه‌ست و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ له‌سه‌ر ناحی شاعیر به‌رانبه‌ر ژیان/مردن ، (مه‌ی) هێماییه‌كی عیرفانی ده‌به‌خشێت و هێمای باڵایی رۆحه‌، هه‌ڵدانی چه‌تری ڕه‌گی مه‌ی ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رگری له‌و باڵلییه‌ كه‌ له‌ ئاسمانی دره‌وشانه‌وه‌ و جیهانی به‌رزی بووندا له‌نگه‌ریان گرتووه‌ و نزاكار و به‌ دیهێنه‌ری حه‌زی ژیانی ڕه‌نجده‌رن و له‌ كه‌شوهه‌وای ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ (مردن/ژیان و ئاسمانی/زه‌مینی) ده‌بن به‌ ئامرازی پیرۆزی حه‌زی ژیان و ویستی بوون له‌ چوارچێوه‌ی شه‌یدایی سۆفیگه‌رانه‌ی مانه‌وه‌دا.
(به‌ تاو وه‌رن ئه‌ستێره‌ی شه‌وقداری و برای گیانی هه‌سته‌كانم
ئاسمانی ڕوون قووڵ و بێده‌نگ و گوێڕایه‌ڵ ماوه‌ته‌وه‌
تایبه‌ت دیدارمان ده‌بێت
ده‌بین به‌ خاوه‌نی چاوه‌كانی
وه‌ك چاوی ئه‌و و دڵی خۆمان
به‌ ڕێگادا یاری ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ین
ماسوولكه‌كانی ڕێگا تونده‌بنه‌وه‌
كه‌پری پشوودان له‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ری ده‌به‌سترێ‌
هه‌ر كاتێك ته‌ماشای ڕێگا بكه‌ین
هه‌موو شتێكمان به‌ بیر دێته‌وه‌ و به‌ ناو كاتێكی خۆشدا ڕێ‌ ده‌كه‌ین( ) ).
ڕه‌نجده‌ر له‌ ناو تین و تاوی ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ‌ و هێماكانی ڕژدتر ده‌كاته‌وه‌، له‌ قووڵایی ناخیه‌وه‌ بنیادی پێكهاته‌یی ئه‌و هێمایانه‌ داده‌ڕێژێ‌ و داخوازی هاتنی (ئه‌ستێره‌ی برای گیانی هه‌سته‌كان) ده‌كات ، كه‌ هێمای به‌رزی و مه‌زناییه‌تی داهێنان و داهێنه‌رانه‌ و هاوسه‌فه‌ری حه‌زی ژیانی ئه‌ون. (ئاسمانی ڕوون و قووڵ) هێمای باڵایی و فراوانی ده‌گه‌ینێ‌. دوو ڕه‌فتاری مرۆڤیان پێ به‌خشراوه‌ و به‌ میتافۆرێك به‌كه‌س كراوه‌. په‌یامه‌كه‌شی، یان بانگه‌وازه‌ هه‌ستیه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌ستێره‌ی ڕۆشتن و بریقه‌داره‌كانی داهێنان و برای گیانی هه‌سته‌كانی ده‌كات ، چونكه‌ ئه‌و پێوه‌ری ژیاندۆستی هه‌سته‌كانی و هاوڕێی هه‌میشه‌یی هه‌ستی ئه‌ستێره‌، یان داهێنه‌ره‌كانی جوانی ژیانن ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ كه‌ هێز و جووڵه‌ له‌م ده‌قه‌دا هه‌میشه‌ پاڵنه‌ر و خوڵقێنه‌ری هێمای مه‌عریفی و عیرفانی مه‌زنن كه‌ دواجار سات و كاتی حه‌ز و ویستی شاعیر ده‌گه‌یێنن وه‌ك چۆن له‌م ده‌سته‌واژانه‌ به‌ دیارده‌كه‌ون (به‌ تاو وه‌رن – تایبه‌ت دیدارمان ده‌بێت – ده‌بین به‌ خاوه‌نی چاوه‌كانی – ماسوولكه‌كانی ڕێگا تونده‌بنه‌وه‌). “تایبه‌ت” هێمای هێزێكی پیرۆز و خولقێنه‌ره‌ و جووڵێنه‌ره‌، خاوه‌ندارییه‌تی ڕوانینه‌ بۆ پێكهاته‌كانی ژیاندۆستی و داهێنه‌ری ئاسوودیی و به‌خته‌وه‌ریێكی مه‌زنی په‌یوه‌ست به‌ ڕێسای جوانیناسی و ئاكارناسیه‌ له‌ چوارچێوه‌یكی عیرفانیدا كه‌ هێماكانی به‌م وێنانه‌ ڕاڤه‌كراون، ڕێره‌وی دیداره‌كه‌ شاعیر و ئه‌ستێره‌كان (كه‌پری پشوودان له‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ری ده‌به‌سترێ‌ – هه‌ر كاتێك ته‌ماشای ڕێگا بكه‌ین / هه‌موو شتێكمان به‌ بیر دێته‌وه‌ و به‌ ناو كاتێكی خۆشدا ڕێ‌ ده‌كه‌ین). واته‌: ئه‌و هێمای(تایبه‌ت)ه‌. بنیادی هێمایه‌كی سۆفیگه‌رانه‌ شیته‌ڵ ده‌كات، كه‌ بریتییه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی مردن وه‌ك كۆچێكی ڕه‌مزی رۆح له‌ مه‌جه‌ڕاتی كه‌ونییدا، هاوتای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی وه‌جد ئامێزی سۆفییه‌كه‌ به‌ ته‌عالییه‌وه‌ به‌ پێی بنه‌ما و ڕێسا بچێته‌وه‌ ئاسمانی دیداری هێما بۆ كراوه‌كه‌ كه‌ هێما هێزی مه‌زن و پاك و بێگه‌رد ده‌گه‌ینێ‌، كه‌ خولقێنه‌ر نهێنی هێز و جووڵه‌یه‌.

له‌ زه‌مینه‌ی ئه‌زموونی شیعریدا، كه‌ تێیدا ڕه‌گه‌زه‌كانی بنیادی هێمایی یه‌كده‌گرن و ده‌چنه‌پاڵ یه‌ك، یان پشتگیری یه‌كترده‌كه‌ن. هێزێكی سرووشكاری مه‌زن له‌ دایك ده‌بێت ، وه‌رگر/خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات له‌ پشت كۆته‌ڵی، یان په‌یكه‌ری هه‌ستدا جیهانێكی شاراوه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی نهێنییه‌ په‌رده‌دراو و نادیاره‌كان، به‌ڵام ئه‌م مانایانه‌ به‌ سایه‌ و سێبه‌ر و سرووشه‌ شاراوه‌كان و ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندێشه‌ی شاعیر تێده‌په‌ڕێ‌ و ده‌به‌زێنرێت بۆ شتگه‌لێك، كه‌ ڕێكده‌كه‌وێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ سایكۆلۆژیانه‌ی وه‌رگر/خوێنه‌ر ئاوێته‌یان بووه‌ و كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت ، لێره‌شه‌وه‌ توانای جۆراجۆری ئاسته‌كانی تێگه‌یشتن و شیكاری و ڕاڤه‌كردنی بۆ هێمای شیعری چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، له‌ ڕێگای نقوومكردنی هێماكه‌ له‌ناو ژینگه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی فه‌رهه‌نگی كولتووری و ژیاری وه‌رگر، چونكه‌ هه‌ستپێكراوه‌ سنوورداره‌كان به‌ند ناكرێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ قه‌واره‌یه‌ك، یان ڕه‌نگێك، یان خودێكی باڵای نابێت، چونكه‌ خه‌ڵك جیاوازیه‌كی هه‌ست پێكراو به‌دی ده‌كه‌ن له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م هێمایانه‌ جیاوازییه‌ك كه‌ هه‌ندێك كات ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌. شاعیر له‌باره‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ ده‌ڵێ‌ : ( له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا وه‌كو كۆتایی و هێڵ و هێمایدا ، شیعر ئاراسته‌ و پرسیارێكی زمانه‌وانییه‌، خوێنه‌ر له‌ سه‌رسوڕمان و سه‌رسامییاندا نیشته‌جێ‌ و سه‌رگه‌ردانه‌، كه‌ زمان وه‌ك فۆرمێك له‌ خانه‌ی باڵادا دابینی ده‌كات، یان وه‌ك ڕووداوێك ئه‌نجامی ده‌ده‌ات و ده‌یهێنێته‌ به‌ر زه‌ین و هه‌سته‌كانه‌وه‌. له‌م باره‌دا زمان به‌ پێی وێنه‌ له‌ جووڵه‌ و كاری خۆیدا ده‌بێت و وریایی و ئه‌مه‌كداری خۆی ڕاده‌گه‌ینێت. ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی هێزی وشه‌ له‌ ئه‌زموونی زمانه‌وانیدا ، یان ناسینه‌وه‌ی تراژیدیای ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیان له‌ فۆرمی زماندا )( ) . ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ له‌ ستراكتۆری هێماكانی ڕه‌نجده‌ردا هه‌یه‌، كه‌ كارامه‌یی ئه‌زموونی هه‌ستی لێ‌ به‌كارهێناوه‌.
(خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌
له‌م ڕێگا و بانه‌ بۆنخۆشه‌دا تا بڵێی بێ‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌
فریشته‌كانی فریاكه‌وتن ناهێڵن گورگ نزیكی ببنه‌وه‌
گۆرانی تێیدا دێته‌ سه‌ر ده‌م و له‌ بیر ناچێته‌وه‌
شاعیری گه‌ڕاوه‌ی شه‌ڕی گورگیش
دوو دڵی خامۆش ده‌بێ‌ و گوێ‌ بۆ گۆرانی هۆگری ڕاده‌دێرێ‌
یاده‌وه‌رییه‌ به‌خشنده‌كانی و به‌هره‌ و سرووش و شیعر دێته‌ فریای
به‌هره‌ و
سرووش و
شیعرم
ماندووم ماندووم ماندووم)( ).
كاروانی گه‌شتی جاویدانی ژیاندۆستی شاعیر ڕێده‌كات، له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م ده‌قه‌ موناجاتێك(soliloquy) ده‌بێته‌ میكانیزم و پێكهاته‌ی ڕاڤه‌كاری خودی. ئه‌م نزایه‌ به‌ هێمایه‌ك خۆی په‌خش ده‌كات. (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) كه‌ هێماییه‌كی ئایینی/سۆفیگه‌رییه‌، (خودا) خاوه‌نی هێڵی باڵای و مه‌زناییه‌تی ده‌گه‌ینێ‌، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌یه‌كی كولتووری داڕێژراوه‌ كه‌ له‌ ئامرازی مامه‌ڵكردنی ئیمان و باوه‌ڕی ناوچه‌یی وه‌رگیراوه‌ (ته‌سبیحی سه‌د و یه‌ك ده‌نكۆڵه‌ش هه‌یه‌) ، هه‌ڵبه‌ت له‌ ده‌قه‌كه‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌سته‌واژه‌ی ژماره‌ (سه‌د و یه‌ك = 101) به‌ ناونیشانی ژماره‌یی ده‌قه‌كه‌شه‌وه‌ ژماره‌ (0) سفر (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) سێجار دووباره‌كراوه‌ته‌وه‌، جاری یه‌كه‌م: بۆ خروشاندنی دانایی و حیكمه‌تی شیعر و وشه‌ له‌ ناخی شاعیر و پاراستنی له‌ شاعیره‌ مه‌نگۆلی و دڵڕه‌ق و به‌دگۆكان، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هێمای به‌شه‌كین بۆ وێناكردنی دژه‌ حیكمه‌ت و نادانایی. جاری دووه‌م: بۆ به‌دیهێنانی جێگیری و هێز و كێش و حه‌زی ژیان و ئارامی و ئاسوودیی له‌ گه‌شتی (ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌)، كه‌ گه‌شتی ئاسووده‌یی دوور له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ و ترس، (فریشته‌كانی فریاكه‌وتن) هێمایه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی خودایی پاك و بێگه‌رد، كه‌ ململانێكاری خراپه‌كارین و هێزی شاراوه‌ و فریادڕه‌سی شاعیرن له‌ به‌رانبه‌ر ناپاكی و تاریكی كه‌ به‌ (شه‌ڕی گورگ) هێمای بۆ كراوه‌. جاری یه‌كه‌م: ئه‌و هێزه‌ ئه‌هریمه‌نییه‌ خۆی له‌ شاعیره‌ (مه‌نگۆلی و به‌دگۆ و ده‌روونكلۆره‌كان) ئاماژه‌ی پێكرابوو. جاری دووه‌م: ته‌كنیكی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان و هێماكان ڕێ‌ خۆشكه‌رن بۆ چه‌كه‌ره‌كردنی هێمای گشتی و چه‌مكی ژیاندۆستی و ململانێی خراپه‌كاری. جاری سێیه‌م: ئه‌نجام و سه‌لمێنراوی داوا و داواكراوه‌ . ئه‌گه‌ر به‌ ڕه‌هه‌ندی هێمای ژماره‌یی (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) ڕاڤه‌ بكه‌ین (101) كه‌ تێیدا (0) ناوه‌ند و ناوه‌ڕاستی دوو ژماره‌یه‌ ، كه‌ بریتییه‌ له‌ هێز و كێش و گونجاندن وه‌ك ئه‌و ئارامییه‌ی كه‌ باوه‌ڕدارێك له‌ هه‌مان ژماره‌ی ده‌نكۆڵه‌كانی ته‌سبیحێك ده‌یبینێ‌ له‌ زه‌مینه‌ی ماتماتیكی باوه‌ڕ و باوه‌ڕداریدا.

(خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌
له‌م ڕێگا و بانه‌ بۆ نخۆشه‌دا تا بڵێی بێ‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌
فریشته‌كانی فریاكه‌وتن ناهێڵن گورگ نزیك ببنه‌وه‌).
ئه‌م شیكارییه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی ڕاڤه‌كردنیان له‌ نێوان داهێنانی خودی و ئه‌زموونی شیعری ڕه‌نجده‌ر و سایكۆلۆژیای هه‌ستی له‌ لایه‌ك و سنوورداری ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی سۆفیگه‌رییانه‌ له‌ لایه‌كی تر ده‌ڕژێنه‌ نێو وێستگه‌یه‌كی یه‌كگرتوو ، كه‌ چاره‌سه‌ری پێكهاته‌ و ستراكتۆری هێمای شیعرین ، سه‌ره‌ڕای گه‌ڕان به‌ دوای سێبه‌ری شوێنه‌واری ده‌لاله‌ت و ماناكان له‌ گۆشه‌نیگای جۆراوجۆری فه‌رهه‌نگی و ئایینی، سنوورداری ڕۆشنبیری شاعیر سه‌باره‌ت به‌ هێما سۆفیگه‌رییه‌كان، به‌ڵام به‌ ورده‌كارییه‌ ماددییه‌كان و ئه‌زموونی خودی ته‌ریبیان ده‌كات ، له‌م ته‌ریب كردنه‌شدا پرۆسێسی سه‌رهه‌ڵدانی سۆزی هه‌ڵچوو و ئه‌زموونی شیعری له‌ناو هێما بۆ كراوه‌كان فه‌راهه‌م ده‌بن ، هێماكانیش ده‌بنه‌ هه‌وێنی ئاوێته‌بوونی جۆراییه‌تی ڕۆشنبیری و كولتووریی و سایكۆلۆژیای ئه‌زموونی خودی و ده‌رفه‌تێك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ شه‌قڵی مه‌عریفی له‌ ئه‌زموونی شیعریدا، ژیاندۆستی و حه‌زی ژیان ئه‌نجامن و هێما گشتییه‌ كه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هێما (خودای سه‌د و یه‌ك ناو)دا بۆ جاری سێیه‌م ده‌رده‌كه‌وێ‌ .
(ئه‌ی خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕێبوارێكی ڕۆشنی
به‌هره‌ و
سرووش و
شیعرم
ماندووم ماندووم ماندووم
ده‌ستم بگره‌ با بچمه‌ ماڵی ڕۆشن( )).
(ماڵی ڕۆشن) هێمایه‌ بۆ ماڵی ئه‌به‌دی و ژیاندۆستی شاعیر و فه‌لسه‌فه‌ی و ئه‌نجامی ئه‌و كۆچه‌یه‌ كه‌ شاعیر ده‌ستی پێكردووه‌ به‌ پێی فه‌رهه‌نگی خودی پیرۆزكراو و ڕێساكانی ژیاندۆستی شاعیر، گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر جۆره‌كانی هێما و په‌یوه‌ندی نێوانیان، بێگومان هێماكان دوو جۆرن، جۆری یه‌كه‌م : هێمای به‌شه‌كی ( The Partial Symbols) : شێوازێكی هونه‌رییه‌كه‌ تێیدا تاكه‌ وشه‌یه‌ك، یان وێنه‌یه‌كی هونه‌ری به‌شه‌كی به‌هایه‌كی هونه‌ری و ئێستێتیكی ده‌نوێنێ‌ له‌ ڕێگای ئاوێته‌بوونی له‌گه‌ڵ هێما بۆكراو به‌ ده‌ستی ده‌هێنێ‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری سرووشكاری و هه‌ژانی زۆرێك له‌ واتا شاراوه‌كان. ئه‌م وێنه‌ و وشانه‌ش ده‌بریسكێنه‌وه‌، یان ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ به‌ هۆكاری په‌یوه‌ندییان، یان كۆنتاكتیان به‌ ڕووداوێكی مێژوویی، یان ئه‌زموونێكی سۆَزداری ، یان به‌ هۆكاری هه‌ڵوێسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دیارده‌ سروشتییه‌كان ، یان شوێنگه‌لێك كه‌ چه‌مكێكی هه‌ستی تایبه‌تیان هه‌یه‌، یان ئاماژه‌گه‌لێكی ئه‌فسانه‌یی دیاریكراو، یان كولتووری گشتییان هه‌یه‌ ، شاعیر له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وشه‌ و وێنه‌ی به‌شه‌كی به‌و مانا و ناوه‌رۆكه‌ بچووكه‌ به‌رز و بڵند ده‌بێته‌وه‌ بۆ مانا و مه‌به‌ست و ناوه‌رۆكی هێمایه‌كه‌ی.
هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هێما به‌شه‌كییه‌كان كاری ئێستێتیكی خۆیان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ته‌واوكاری هێمایی وێنا بكه‌ن، كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی خودی به‌ هاوڕێیه‌تیی هه‌سته‌كان ، وه‌ك چۆن ئه‌و هێمایانه‌ ده‌بن به‌ پاڵپشتی دوانه‌یی هونه‌ری به‌ هۆكاری گه‌شه‌كردن و پێگه‌یاندنی پێكهاته‌ و ستراكتۆری ئه‌زموونه‌كه‌ . سروشتی خه‌ون و مۆته‌كه‌ش كه‌ به‌سه‌ر خه‌وبین زاڵ ده‌بێ‌ به‌ سه‌ر وێنه‌ی هێماییدا ، ئه‌گه‌ر چی لێره‌دا خه‌ون ئاراسته‌كراوه‌.

جۆر دووه‌میش: هێمای گشتییه‌ (The General Symbol) : بریتییه‌ له‌ واتای میحوه‌ری ته‌نك و به‌رجه‌سته‌ له‌ یه‌كێك له‌ ڕواڵه‌ت و دیارده‌ ماددییه‌كانه‌، له‌ زه‌مینه‌ی هێمای گشتیدا سه‌رجه‌م وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌. واته‌: هێمای گشتی چه‌قی ئه‌نجام و لۆژیكی ڕاڤه‌كاری ده‌قه‌كه‌ و سه‌رجه‌م وشه‌ و وێنه‌ هێماییه‌كانه‌، وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان له‌ ده‌وری ئه‌م پنته‌دا خولده‌خۆنه‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی دابه‌شكردنی كاری شیعرییه‌ و به‌ره‌و ئه‌نجامی ئێستێتیكی بینراو ئاراسته‌ ده‌كرێ‌( ) . بێگومان له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕه‌نجده‌ریشدا هێما و وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان له‌ تاكه‌ وشه‌یه‌كه‌وه‌ تا واتا و ده‌سته‌واژه‌ی هێمایی و وێنه‌ی به‌شه‌كی هێمایی ئاماژه‌یان پێكراوه‌ ئامرازن بۆ پرۆسێسێكی میحوه‌ری چه‌قگرتووی مه‌عریفی، یان هێمایه‌كی گشتین، یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كین بۆ ژیاندۆستی به‌ پێی ڕێسا و یاسا خودییه‌كانی شاعیر له‌ چوارچیوه‌ی ململانێی لۆژیكی نێوان چاكه‌كاری و خراپه‌كاریدا.
(ماڵم له‌ سێبه‌ری باڵنده‌یه‌ك دانا
گوتی له‌به‌ر خاتری تۆ بۆ ماوه‌یه‌ك فڕین دواده‌خه‌م
تا پشوو ده‌ده‌یت و تێر خه‌و ده‌بیت و خه‌ونێك ده‌بینیت
خه‌ونی
ته‌ورات
ئینجیل
قورئان
ئه‌ی شادی بێهووده‌ خه‌ونه‌كانم چی لێ‌ بكه‌م( )).
ئه‌م ده‌قه‌ به‌ قه‌باره‌ و شێوازی ده‌ربڕینی هاوسه‌نگ و ئه‌زموونی شعوری له‌ پێنچ شوێنی تری ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شیعریدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، له‌ ده‌قی ژماره‌ (0) و ده‌قه‌كانی تریش ئه‌م كتێبه‌ ئاسمانییانه‌ (ته‌ورات ، ئینجیل ، قورئان) سه‌رچاوه‌ی هێمایین بۆ كولتوورێكی ئایینی، ئه‌م كولتووره‌ ئاینییه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ نه‌ستی كۆ، بێگومان ئه‌و هێمایانه‌ پێكهاته‌ی تین و تاوی باوه‌ڕن، لێره‌دا شاعیر له‌ سایه‌ی باڵی هێمای مه‌عریفه‌ و جیهانبینی زه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ باڵی باڵنده‌ هێمای بۆ كردووه‌، ماڵی ژیاندۆستی داده‌نێ‌ و حه‌زی ژیانی چێده‌كا، باڵنده‌یه‌ك، یان مه‌عریفه‌یه‌ك تین و توانا به‌ شاعیر ده‌به‌خشێ‌. (گوتی له‌به‌ر خاتری تۆ بۆ ماوه‌یه‌ك فڕین دواده‌خه‌م) تا له‌ سێبه‌ر و سایه‌ی باڵی ئه‌م باڵنده‌یه‌ مه‌عریفه‌ی باوه‌ڕ و هیوای بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ( تا پشوو ده‌ده‌یت و تێر خه‌و ده‌بیت و خه‌ونێك ده‌بینیت)، به‌ڵام خه‌ونێكی ئاگایی زه‌ینی ئاراسته‌كراو، ئه‌ویش خه‌ونی باوه‌ڕێكی ئاسمانی (خه‌ونی/ته‌ورات/ئینجیل/قورئان)، چونكه‌ له‌م كتێبه‌ ئاسمانییانه‌ مه‌عریفه‌ی ئیمان گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت و ژیاندۆستی و حه‌زی ژیان پیرۆز ده‌بێت ، دواجار پرسیارێكی مه‌عریفی دێته‌ ئارا كه‌ ئاراسته‌ی كه‌ساییه‌تی، یان دۆخێكی مه‌عریفی ده‌كرێ‌ (شادی بێهووده‌) سه‌باره‌ت به‌ خه‌ونی مه‌زنی ئیمان و ژیاندۆستی به‌ پێی ڕێسای شاعیر خۆی.
(ئه‌رێ‌ شادی بێهووده‌ خه‌ونه‌كانم چی لێ‌ بكه‌م).

ڕه‌نجده‌ر له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌ ڕێساكانی خاڵبه‌ندی و یاساكانی دیسپلینكردنی ده‌قی نووسین، به‌ڵكو وه‌ك سوریالیستێك یاخی ده‌بێ‌ له‌م یاسا و رێسایانه‌ی نووسین و ده‌ربڕینی شیعری، به‌ڵام وێنه‌ خه‌ونییه‌كانی، چونكه‌ به‌شێكن له‌ ئاگایی و ئه‌زموونی هه‌ستی و هێمای به‌شه‌كی له‌ لۆژیك و هێمای میحوه‌ری و چه‌قگه‌رایی و گشتی پێكده‌هێنن، بۆیه‌ سه‌رجه‌م وشه‌ و وێنه‌ هێماییه‌كان و خه‌ونییه‌كان له‌ ده‌وری پنتی هێما گشتی و سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی مایه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م ده‌قه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێماكان، كه‌ وه‌ك ته‌كنیكی شیعری مه‌غزادار و به‌ مه‌به‌ستی جوانیناسی و خولقاندنی وێنه‌ی هه‌ستی به‌كارهاتوون، ئه‌م دیارده‌یه‌، یان ته‌كنیكه‌ مۆدێرنه‌ی شیعری نوی به‌شێكه‌ له‌ ئه‌ندازه‌ی ده‌ق و پێكهاته‌ی ئه‌زموونی ده‌ربڕینی شیعری ، هه‌ر بۆیه‌ ڕه‌نجده‌ر سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌یه‌ ده‌ڵێ‌: ( له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م ئه‌زموونه‌، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم، هه‌شت ده‌قی ئاستداره‌، هه‌ر ده‌قه‌ی ده‌ جار خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. واته‌: به‌ شاقووڵی دێته‌ خواره‌وه‌ و به‌ ئاسۆیی بڵاوده‌بێته‌وه‌، خوێنه‌ر ده‌توانێت هه‌شت ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و ئه‌وانی تر به‌ چێژی دووباره‌بوونه‌وه‌، یان به‌ هونه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌، بخوێنێته‌وه‌ ئه‌م دیارده‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ شوێنی تێبینی له‌ دایكبوونه‌وه‌ی چێژ و هونه‌ر و بیرۆكه‌كان.

ده‌قه‌ دووباره‌بووه‌كانم به‌ دوای یه‌كدا ڕێزبه‌نده‌ی نه‌كردوون. وه‌ك ئامانج و مه‌به‌ست و تَێكه‌ڵاو سه‌ره‌و ژێرم ڕێكخستوون و به‌ته‌واویی ڕووبه‌ری كتێبه‌كه‌دا په‌رتم كردوون. له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌شیاندا له‌ مانای ڕاسته‌قینه‌ی پێشوویاندا نامێننه‌وه‌)( ) ، به‌ واتایكی تر شاعیر ئامانجی له‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی هێماكان بریتییه‌ له‌ چێژ به‌خشین و هونه‌ری به‌رز و خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی گۆڕانی واتا به‌ گوێره‌ی پانتایی ده‌قه‌كه‌ و هاوسه‌نگكردنی ئه‌م بوارانه‌ و ئاوێته‌كردنیان به‌ تیۆری ئه‌ندازه‌ی ئێستێتیكای ئه‌زموون و هه‌ڵوه‌سته‌ و ڕوانین و بوونی فیكری قووڵ له‌ لایه‌ك و تێڕامانی ته‌كتیكی هێمایی واتا و ده‌لاله‌تی هێمایی وێنه‌ و ده‌ربڕینی شیعری و سایكۆلۆژیا و هاوسه‌نگی له‌ لایه‌كی تر، چونكه‌ دواجار دووباره‌بوونه‌وه‌ هونه‌رێكی سایكۆلۆژی سه‌نگینه‌ بۆ خستنه‌ ڕووی ئه‌زموونی هه‌ستی شاعیر. له‌ بوارێكی تریش (دووباره‌بوونه‌وه‌ ژێر باری ئه‌و یاسا شاراوانه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك جڵه‌و ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ش یاسای هاوسه‌نگییه‌، له‌ سروشتی هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك جۆرێك له‌ ورده‌كاری شاراوه‌ی هاوسه‌نگی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ شاعیر له‌ سه‌رجه‌م بارودۆخه‌كان بیپارێزێ‌ ….. تاد، ده‌سته‌واژه‌ی كێشكراو سه‌ربه‌خۆیی و چه‌قی سه‌نگایی و لایه‌كانه‌ و ده‌چێته‌ ژێر باری جۆرێك له‌ ئه‌ندازه‌ی وشه‌ و ورده‌كاری كه‌ پێویسته‌ شاعیر گرینگی پێ‌ بدات كاتێك ده‌چێته‌ نێو ته‌كنیكی دووباره‌كردنه‌وه‌..( )) ، ئه‌گه‌ر نا بارودۆخی ده‌سته‌واژه‌ و وێنه‌ی شیعری لاسه‌نگ و نامۆ ده‌بێت و هیچ به‌هایه‌كی ئێستێتیكی نانوێنێ‌، بۆیه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ هاوسه‌نگی بوونی ده‌قی شیعری ده‌پارێزێ‌ و ئامرازی جوانیناسی و ده‌ربڕینی ئه‌زموونی شیعریشه‌، ڕه‌نجده‌ر له‌ پێشه‌كی كۆ شیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌) ده‌ڵێ‌ : ( ئه‌فراندن له‌ دووباره‌كردنه‌وی جوانییه‌كاندا په‌یوه‌سته‌ به‌ فره‌یی كولتوور و پاراوی ئه‌زموونی دووباره‌كه‌ره‌وه‌. دووباره‌ كردنه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ جووینه‌وه‌، چونكه‌ جووینه‌وه‌ و لاساییكردنه‌وه‌ هیچ داهێنانێكی تێدا به‌رهه‌م نایه‌ت، به‌ڵام دووباره‌كردنه‌وه‌ جیاكاری و داهێنانی لێوه‌ به‌رهه‌م دێت.

( ) بێگومان جووینه‌وه‌ و كاوێژكردنی ڕه‌ها و بێبه‌رابه‌ری و ده‌قی شیعری ده‌شێوێنێ‌ و لاسه‌نگی ده‌كات، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ جووینه‌وه‌ و لاساییه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌بستراكته‌ و دووره‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی ئه‌فراندن و داهێنان و جوانیناسی ده‌ق و ده‌ربڕینی شیعری ، له‌ به‌رانبه‌ردا دووباره‌ كردنه‌وه‌ بۆ هاوسه‌نگی ته‌كنیكی شیعری و ده‌ربڕین داهێنان و ئه‌فراندن و جوانیناسی مه‌عریفی ئه‌زموونی هه‌ست ده‌خولقێنێ‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دووباره‌ كردنه‌وی هێما و وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان و وشه‌كان له‌ جووڵه‌ و خولانه‌وه‌دا بێت به‌ ده‌وری هێما گشتییه‌كه‌، كه‌ میحوه‌ری ده‌قه‌كه‌یه‌. شاعیر له‌ وته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێ‌ ده‌ڵێ‌ : ( دووباره‌ كردنه‌وه‌ هه‌میشه‌ جوانیی شێوه‌ی نوێ‌ ده‌ڕژێنیته‌ ناو واقیعی نووسین و جوانبه‌خشی …. له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی جوانیه‌كاندا دووباره‌كه‌ره‌وه‌ ڕوانینێكی تراژیدی له‌باره‌ی ژیان لاپه‌یدا نابێت بۆ كاركردن، چونكه‌ به‌ ته‌نیا چاوگه‌ی جوانییه‌كان مشتوماڵ ده‌كاته‌وه‌ و كاری به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كولتووری جوانی له‌ناو كولتووری جوانی به‌جێده‌هێنێ‌، هه‌روه‌ها دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ش هێزێكی دیكه‌ ده‌به‌خشێت ، به‌ جۆرێك له‌ ناخڕا پێ‌ ده‌گاته‌وه‌ و ده‌رده‌په‌ڕێته‌وه‌، وا ده‌زانی ئه‌م وشه‌یه‌ سه‌رسوڕمانێكی دیكه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌یهێنێته‌ بوون و پانتایی كارتێكردن.

وشه‌ له‌ شیعردا وزه‌ی ده‌بینرێت نه‌ك قه‌واره‌ ( )، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ‌ كه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هێما، یان وشه‌ی هێما بۆ كراو لای شاعیر وزه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه‌ و بزوێنه‌ری په‌یوه‌ندی هێمای وێنه‌ و ناوه‌رۆكی شیعرییه‌ و به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌ش و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌، هه‌روه‌ها به‌شیكه‌ له‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌ندازیی هاوكێشه‌ی ده‌ق بۆ هاوسه‌نگی شێوازی ده‌ربڕینی هێما و وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان. سه‌ره‌ڕای داڕشتنی لۆژیكی ئه‌زموونی هه‌ست و سایكۆلۆژیای ئه‌زموون، زه‌مینه‌یه‌كی شیكاری ده‌خولقێنی و توانستی فیزیكی و جووڵه‌یی واتا و مانای شیعری و جوانیناسیه‌كی مشتوماڵ و پوخت به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ شاعیر به‌ لێزانی و كارامه‌یی ته‌كنیكی دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ و وێنه‌ و هێمای به‌كارهێناوه‌ و له‌ ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی به‌كاری خستووه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ئێستێتیكای ده‌ربڕین، نووسین كاریگه‌ری ئه‌زموونی هه‌ستی سایكۆلۆژیای خودی ده‌ربڕ جا ئه‌م دووباره‌كردنه‌وه‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌ شێوه‌كانی دووباره‌كردنه‌وه‌ ، چونكه‌ (دووباره‌كاری شیعری بنه‌ماییه‌كی سه‌ره‌كی بنیادی هۆنراوه‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌ و كه‌وا به‌ هۆنیار – شاعیرێكی نوێخواز له‌ بواری زمانی شیعریدا ناسراوه‌( )). ئه‌وه‌ش تێڕوانیێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕاست و دروسته‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی هونه‌ری دووباره‌كردنه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌كانی ڕه‌نجده‌ردا، ده‌قه‌كانی ڕه‌نجده‌ر بنادێكی ئه‌ندازه‌یی و فه‌زایه‌كی نه‌رم و په‌لكه‌زێڕینه‌ییان هه‌یه‌.

پوخته‌ی باس:

1- هێما میكانیزمێكی هه‌ستیی سه‌نگین و به‌هاداره‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شتگه‌لێكی مانایی، كه‌ ناچێته‌ ژێر هه‌سته‌وه‌ره‌كان، ئه‌و سه‌نگ و به‌هایه‌شی به‌نده‌ به‌ ڕووگه‌كانی لێكچواندنی دووشت. یه‌كه‌م: ئه‌ندێشه‌ی هێماگه‌ر هه‌ست پێكردووه‌. دووه‌م: هه‌ست پێكردووه‌.
2- شاعیر له‌ نواندنه‌ هێماگه‌رییه‌كه‌یدا كه‌ناڵێك ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ست و نه‌ستدا. له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاوێته‌ و تێكه‌ڵیان ده‌كات، چونكه‌ پشكۆی ڕووگه‌كانی فیكر و هه‌ست له‌نێو جۆشی بڵێسه‌یه‌كدا نقووم ده‌بن، لێره‌دا هێما په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی خه‌ونی نائاگایی و ئه‌وانه‌ی له‌ بازنه‌ی خه‌وندا خولده‌خۆنه‌وه‌. وه‌ك وڕێنه‌ و هه‌لوه‌سه‌، به‌ڵكو هێمای كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ست و نه‌ست و نهێنییه‌ قووڵ و نادیاره‌كانه‌، وه‌ك دیاره‌ هه‌ندێك جار ئاڵۆز و دژیه‌كن.
3- ئه‌و كێشمه‌كێشانه‌ی شاعیر له‌ نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی ستراكتۆری هێماگه‌رایی و هێماكان دایناوه‌ و دایمه‌زراندووه‌ به‌ زاڵبوونی ڕۆشنی و بریقه‌داری بیركردنه‌وه‌ ده‌ناسرێت، كه‌ له‌ فه‌زا و ڕه‌هه‌ندی هه‌ستیه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ مه‌ودا و قووڵی نه‌ستیشی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ‌، له‌ شێوازی چه‌ند ده‌سته‌واژه‌ییه‌كدا قووڵی ناخ و خودیی شاعیر فره‌وانتر ده‌كات.
4- ستراكتۆری هێما له‌ لای شاعیر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تایبه‌ت بنیاتنراوه‌. له‌ نێوان هه‌ندێك ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی هه‌ست پێكراو و ته‌وژمی بیر و ڕوانینی خودی له‌ دواوییه‌تی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕووخێ‌ و داده‌ڕمێ‌. چونكه‌ شاعیر به‌ هێزی خه‌مڵاندن ده‌گاته‌ دامه‌زراندنی ئه‌م ستراكتۆره‌ هێمایییه‌ له‌ دووتۆی هه‌ڵوێستێكی دیاریكراوی هه‌ستیدا.
5- له‌ ده‌قه‌كه‌دا، هێما و وێنه‌ به‌شه‌كییه‌كان له‌ تاكه‌ وشه‌یه‌كه‌وه‌ تا واتا و ده‌سته‌واژه‌ی هێمایی و وێنه‌ی به‌شه‌كی هێمایی كه‌ ئاماژه‌یان پێكراوه‌ ئامرازن بۆ پرۆسێسێكی میحوه‌ری چه‌قگرتووی مه‌عریفی، یان هێمایه‌كی گشتین، یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كین بۆ ژیاندۆستی به‌ پێی ڕێسا و یاسا خودییه‌كانی شاعیر، له‌ چوارچیوه‌ی ململانێی لۆژیكی نێَوان چاكه‌كاری و خراپه‌كاریدا.
6- شاعیر ئامانجی له‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی هێماكان بریتییه‌ له‌ چێژ به‌خشین و هونه‌ری به‌رز و خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی گۆڕان. واتا: به‌ گوێره‌ی پانتایی ده‌قه‌كه‌ و هاوسه‌نگكردنی ئه‌م بوارانه‌ و ئاوێته‌كردنیان به‌ تیۆری ئه‌ندازه‌ی ئێستێتیكای ئه‌زموون و هه‌ڵوه‌سته‌ و ڕوانین و وجودی فیكری قووڵ له‌ لایه‌ك و تێڕامانی ته‌كتیكی هێمایی واتا و ده‌لاله‌تی هێمایی وێنه‌ و ده‌ربڕینی شیعری و سایكۆلۆژیای هاوسه‌نگی له‌ لایه‌كی تر.

ئه‌یلوولی 2017 هه‌ولێر
سه‌رچاوه‌كان:
سه‌رچاوه‌كان به‌ زمانی عه‌ره‌بی:
1- خالده‌ سعید ، حركیه‌ الإبداع دار العوده‌ – بیروت ، لبنان ، الگبعه‌ الپانیه‌ ، 1982.
2- روز غریب ، تمهید فی النقد الحدیپ ، دار المكشوف – بیروت ، لبنان ، الگبعه‌ اڵاولی – 1971.
3- عاگف جوده‌ نصر (الدكتور) ، الرمز الشعری عند الصوفیه‌ ، دار اڵاندلس – بیروت ، لبنان ، الگبعه‌ الپالپه‌ – 1983.
4- عدنان حسین قاسم (الدكتور) ، التصویر الشعری ، رۆیه‌ نقدیه‌ لبلاغتنا العربیه‌ ، الدار العربیه‌ للنشر و التوزیع – مصر ،2000.
5- محمد علی كندی ، الرمز و القناع فی الشعر العربی الحدیپ (السیاب و نازك و البیاتی) ، دار الكتاب الجدید المتحده‌ – بیروت ، لبنان ، الگبعه‌ اڵاولی – 2003.
6- مصگفی ناصف (الدكتور) ، الصوره‌ اڵادبیه‌ ، دار اڵاندلس – بیروت ، لبنان ، دون الإشاره‌ إلی سنه‌ الگبع.
7- نازك الملائكه‌ ، قچایا الشعر المعاصر ، دار العلم للملایین – بیروت ، لبنان ، الگبعه‌ الرابعه‌ عشره‌ ،2007.
سه‌رچاوه‌كانی به‌ زمانی كوردی:
1- حه‌كیم مه‌لا ساڵح، زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری – هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2016.
2- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری _ هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2015.
3- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، سه‌د و یه‌كشه‌وه‌، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس – هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2008.
گۆڤاره‌كان به‌ زمانی كوردی:
1- گۆڤاری 23، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بی. هزری. ڕه‌خنه‌یییه‌، ژماره‌ (8)، هاوینی – 2012، چاپخانه‌ ڕۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر .
2- گۆڤاری هه‌ڵمه‌ت، گۆڤارێكی تایبه‌ته‌ به‌ شیعر، ژماره‌ (6)، به‌ بێ‌ دیاریكردنی ساڵ و شوێنی چاپ.
3- گۆڤاری هه‌نار، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بیی، هونه‌ریی، رووناكبیرییه‌، ژماره‌ (77)، پووشپه‌ڕ – 2712 ، یۆنیۆ – 2012، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.

سه‌روه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د
ماسته‌ر له‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی هاوچه‌رخ
هه‌ولێر- ژماره‌ی مۆبیل : 07504613632
sarwarhassan09@gmail.com

———————-

– محمد علي الكندي ، الرمز و القناع في الشعر العربى الحديث ، ص:51.
– خالدة سعيد ، حركية الإبداع ، ص :125.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعري رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص:167.
4- روز غريب ، تمهيد في النقد الأدبى الحديث ، ص:228.
– مصطفى ناصف ، الصورة الأدبية ، ص:157.
– الدكتور عاطف جودة نصر ، الرمز الشعرى عند الصوفية ، ص:23.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعرى رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص:167.
– الدكتور عاطف جودة نصر ، الرمز الشعرى عند الصوفية ، ص: 391.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:11.
– هةمان سةرضاوة، لا:6.
– ئارام سديق ، لة طةمةى زمانةوة بؤ طةمةى تةكنيك خويَندنةوةيةك بؤ كتيَبى (حةزدةكةم ئةوةند بذيم) ى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى هةلَمةت ، ذمارة (6) ، بة بىَ سالَى ضاث ، لا: 45.
سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا: 12.
– سةباح رِةتجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:12.
– حةكيم مةلا سالَح ، زمان و بيركردمةوةى شيعرى ، لا:8.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 12 – 23.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:13.
– ئةحمةدى مةلا ، باجى جيا نووسين ، ئةزموونى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى 23 ، ذمارة (8) هاوينى (2012) ، لا : 7.
– ئارام سديق ، لة طةمةى زمانةوة بؤ كتيَبى (حةزدةكةم ئةوةندة بذيم) ى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى هةلَمةت ، ذمارة (6) ، لا : 47.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 14.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 14.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 7-8 .
– هةمان سةرضاوة ، لا : 14- 15 .
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 15.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعرى ، رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص :192.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 16.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةند بذيم ، لا :8 – 9 .
– نازك الملائكة ، قضايا الشعر المعاصر ، ص: 277.
– سةباح رِةنجدةر ، سةد و يةكشةوة ، لا : 6 .
– هةمان سةرضاوة ، لا : 6-7 .
– د. عادل طةرميانى ، تةكنيكى دووبارةكردنةوة لة هؤنراوةكانى سةباح رِةنجدةر (ليَكؤلَينةوةيةكى شيكار رِةخنةيية)، بةشى دووةم ، طؤظارى هةنار ، ذمارة (77) ، سالَى حةوتةم ، يؤنيؤى 2012، لا : 29.




بیست و شەشەمین یاد و ڕێزنان لە تێکۆشانی یەکێک لە ھونەرمەندانی کاروانی بەرەو جیھانێکی ناچینایەتی (کاروان عوسمان)

ھەژێن
٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٧
…..

بەرایی، ئەوەی کە لێرەدا من دەخوازم بیڵێم و دەریبڕم، بەس ھەستی کەسیی خۆم و داکۆکیکردنە لە قوربانییەکی سیناریۆ ڕامیارییەکانی دیکتاتۆریی و بەرەھەڵستکارە چەکدارەکانی، داکۆکیکردنە لە کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی، بە دیاریکراوی کاروان ئوسمان چ وەك کەسێتی تایبەت و چ وەک ھونەرمەند. دەکرێت من ھەڵەبم و ھەر کەس ئازادە ئەم ھەوڵەی من چۆن دەخوێنێتەوە، بەڵام من ناتوانم خۆم گێلبکەم و گوێ لە ھەست و ھاوارەکانی ناخی خۆم نەگرم، کە کاروانەکان پێکرا من بۆ دەنگھەڵبڕین بانگەوازدەکەن. پێویستە ئەوەش بڵێم، کە من کاروان ئوسمان وەک کەسێک لە نزیکەوە ناناسم و ھیچ نزیکایەتییەکی خێزانی لەنێوان من و ئەو نەبووە و تاکو ئێستاش ھیچ پەیوەندییەك لەنێوان من و ئەندامانی خێزانەکەی ئەو نەبووە و نییە، ئەوەی بۆ کاروان و ھاوڕێکانی ئەنجامیدەدەم، ئەرکێکی ویژدانی و مۆڕاڵیی سەر شانی منە بۆ ھەر قوربانییەکی دیکەی دەستی بەعس و بزووتنەوەی چەکداری و جەنگ.

ئەی ھاوئامانج و ھاوچین و ھاودەری منی بە زیندوویی ھێڵڕاو بۆ زیاتر چەشتنی خەمی مەرگی ئازیزانی وەک تۆ و دیتنی زیاتری دیمەنی ورد و خاشبوونی ئێسک و پرووسکی نەداران و بێدەسەڵاتانی جیھان، ئەی ئەو کەسەی کە تاکو ئێستاش پاش بیست و شەش (٢٦) ساڵ، ھێشتا خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت و ئازیزان و ھونەر و ھزری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادپەروەرییخوازانە و خیاڵ و خەونبینت بۆ کۆمەڵی ناچینایەتی، بەردەوام باجی تاوان و تۆمەتێک دەدەن، کە ڕۆژگارە ڕەشەکان و دەستە شاردراوەکانی (ئەو دیوی چیا) زەمینەسازی بوون و ئامانجی ئاوا سیناریۆیەک بەس تەنیا دەست و پەنجەی ھونەریی تۆ نەبوون، بەڵکو ھەر ئاوا ئامانجی لێدان بوو لەو ڕێبازە ھونەرییەش بوو؛ کە تۆ تازە خەریکبووی دەتھێنایە نێو کۆمەڵی کوردان. ئاوا تاوان و تۆمەتێک بۆ ناشیرینکردنی تێکۆشان و جیھانێک بوون، کە تۆی بێباوک؛ کە تۆی ھەژار؛ کە تۆی کرێچی؛ کە تۆی ئەویندار؛ کە تۆی ھونەرمەند؛ کە تۆی ئازادیخواز؛ کە تۆی خەمخۆری منداڵانی ڕووتەڵە و برسی جیھان؛ کە تۆی شەیدای پیاسەی کاتی خۆنیشتنی کەناری دەریا لەتەک دڵدارەکەت؛ کە تۆی ھاندەر و بانگەوازکەری یاخیبوون و گۆرانیگوتنی منداڵان بۆ ئازادی لەسەر شانۆی شەقامی شارەکان و بەری ڕوبار؛ کە تۆی پەیامدەری دونیای ناچینایەتی؛ دونیایەک بەبێ خاوەنکار و سەروەر؛ بەبێ سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی وڵات و بەبێ جەنەڕاڵ؛ دونیایەک کە ھەمووان لەوێدا تەنیا مرۆڤن و بەس، بەبێ ئاوەڵناوە ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی و نەژادی و شوناسە دەستکردە ڕامیارییەکان، مرۆڤایەتی بەرەو لووتکەی ڕۆشنبیری و کولتوورێکی بەرزی مرۆیی دەبات، تەنیا حەز و ئارەزوو و داخوازییە ھاوبەشەکانیان کۆیاندەکاتەوە و کۆمەڵ پێکھاتەیەکی ئارەزوومەندانە دەبێت و “سەر سەریشمان تاکو چاوبڕکا، بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نییە”.

ئەم ڕۆژ و ئەم ساڵ وەک بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو لە ھەر شوێنێکی دونیا بم و تاکو دەمێنم، بۆ ئامانجەکانی تۆ کڕنووشدەبەم و سەری ڕێز و ستایش بۆ خۆت و ھونەر و ھەڵوێستە ئازادیخوازییەکانی تۆ دادەنەوێم و بە ھەموو ئەوانەش کە لە دەمی دەسەڵات و قەرەباڵخییەوە بڕیاردەدەن و ئەوانەی لەنێو بڕیاری دادگە و لێکۆڵەرانی بەعسی بۆ ڕاستییەکان دەگەڕێن، بە دەنگی بەرز دەڵێم خۆزگە ھاوڕێ کوژراوەکەی تۆ، ئازیز و قوربانی نەخشەی ڕامیاران (موحەمەد خۆرشید) برای من و باوکی من بووایە، تاکو بە ھەموو دەمھەڕاشەکانی بازاری نەزمی چینایەتی بڵێم و نیشانبدەم، سەرباری ھەموو تۆمەتەکان و ھەموو گومانەکان و ھەموو ھەوڵە ڕامیارییەکان بۆ بەعسییانە دادگاییکردنەوەی ھەر سات و ھەر ڕۆژە و ھەر ساڵەی ئێوە (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)، لێرەوە ھاوارمدەکرد (کاروان ئوسمان) باجی بیرکردنەوە و ھەڵوێست و ھونەرە یاخییەکەی خۆی داوە و بێجگە لەوە ھیچ شتێک نییە، مرۆڤێکی ئاوا بەرز بکاتە بکوژی یەکێک لە ھاوڕێ و ھاوبیر و ھاوکار و خۆشەویستترین ھاوەڵی خۆی، کەسێک (موحەمەد خۆرشید)، کە تەنیا کاروان ئوسمان و ئیسماعیل سەکران و گیتار و ھونەرە شۆڕشگێڕییەکەی ئەوان دەکاتە ھاوڕێ و ھاودەمی خۆی.

من نازانم، ئەو ھەڵبەستە|ھۆنراوەی خوارەوە ھی چ نووسەرێکی بوێر و شۆڕشگێڕ و بە ویژدان و خۆھوشیارە، بەڵام بە سروودکردن و چڕینی ئەو ھەڵبەستە لەو ڕۆژگارەدا کە [نا]گوتنێک بەس بوو بۆ لەسێدارەدان و تاوانبارکردنی ھەر عێراقییەک. ئەودەم بەپێچەوانەی ئەو ھونەرمەندانەی کە دوا ئومێدی خۆیان بە لوولەی چەکە ھەڵھاتووەکان گرێدابوو بە (ھۆ برای کاروانچی) و (ھۆ کاکی پێشمەرگە) چەکدارە ئاشبەتاڵکردووەکان بۆ بردن لەتەک خۆیان بانگدەکەن. ڕێک ئا لەو کاتەدا (کاروان ئوسمان) و ھاوڕێکانی (ئیسماعیل سەکران) و (موحەمەد خۆرشید) و …تد کۆمەڵێک سروود و گۆرانی ئامادەدەکەن و سروودی (بھێنە پێش چاو، سەر سەریشمان بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نەبێت)، کە (ئەلف تاکو یا) دژایەتکردن و ھاندانە بۆ بەرەنگاریکردنی کردەوەکانی بەعس و سیستەمی داگیرکاری و بانگدانە بۆ ماف و ئازادییە سرووشتییەکانی مرۆڤ و ھەڵکردنی ئاڵای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشەویستییە لە ڕۆژگارێکدا، کە کیمیاباران و ئەنفال جوتیاران و گوندنشینان قڕدەکەن و بزووتنەوەی چەکداری وەک پێشینە مێژووییەکەی بەرەو باوان ڕەودەکات و ئا لەو کاتەدا بەداخەوە بە سیناریۆیەک موزیکژەنی ئازادخواز (موحەمەد خۆرشید) دەکوژرێت و ھاوڕێ و ھاوبیرەکانی (کاروان و ئیسماعیل) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو تاوانباردەکرێن و بە سێدارە سزاوادەکرێن، بکوژ وەک بەرزەکی بابان دەردەچێت و تاجی کوردایەتی لەسەر دەنرێت و بە وجۆرە “بە بەردێک چۆلەکە ئازادیخوازەکان دەکوژرێن*”، بەداخەوە ئەو کات و ئێستاش ھەر ئاوا، نەک ھەر ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئامانجی کاروان و ئیسماعل بەو تۆمەتە لەبیربردرانەوە، بەڵکو ئامانج و ھەڵوێست و بیرکردنەوەی ئازادیخوازانەی جوانەمەرگی قوربانیکراو (موحەمەد خۆرشید) کەوتە ژێر تەپوتۆزی ئەو ڕۆژگارە تاریکە، کە ئەویش ھاوبیر و ھاوئامانج و ھاوخەونی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) بوو و بەشداری کارەکانی ئەوان بووە**.

لێرەدا ناچمە سەر وردەکاریی دیتن و بۆچوون و ھەستی من، بەداخەوە بەو جۆرەی کە بە خۆم و کاروان ئوسمان و موحەمەد خۆرشید و ئیسماعیل سەکران و خوێنەران بەڵێنمدابوو، کە ئەم ساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بابەتێکی شیکاریی ئامادەبکەم، نەمتوانی و لەبەرئەوە داخوازیی بەخشین دەکەم، چونکە گرفتاری دوو ھەفتەی ڕابوردوو و ئازاری دەست و پەنجەکانم و ھەندێک کاتگیریی چاوەڕواننەکراو لە ئەنجامدانی بەڵێنەکەم دوایخستم. بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر ئەو بەڵێنە ئەنجامدەدەم و وەک ئەرکی سەرشانم و وەفاداریی خۆمم بۆ کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی کە پێشەنگ و تەنیا تیپی موزیکی و ھونەرمەندانێکی شۆڕشگێڕی ھزر سۆشیالیستیی کوردی-زمانی ئەو ڕۆژگارە بوون و تەنیا کەسنێک بوون، کە ڕەخنەریان لە ئاشبەتاڵی بەرەی کوردایەتی ھەبوو و گۆرانی و سروودەکانی کاروان ئوسمان [نموونەیە ئەو سروودەی خوارەوە]، ھەم ڕەخنەبوون لەوانەی پێش پاسدار دەکەون و ھەڵەبجە دەکەنەنە بەرەی جەنگی عیراق-ئێران و خەڵکی قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەوڵیر و بادینان دەخەنە بەردەم تەڵەی ئەنفال و بەخۆشیان وەک بەرزەکی بانان و لە شێوەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بەرەو ئوردووگەکانی ئێران و تورکیە و سوریە ھەڵدێن و خوێنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی و نزیکەی سەد و ھەشتا (١٨٠) ھەزار گوندنشین و جوتیاری ئەنفاڵکراو دەکەنە سەرمایەی ڕامیاریی و ئامرازی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی ھەڵەبجە و گەرمیان و بادینان …تد

کاتێک ھەڵەبجە کیماباراندەکرێت، کاتێک گەرمیان و بادینان ئەنفالدەکرێن و سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ھەندەران ڕەودەکەن، کاتێک شەقامەکانی شاران دەبنە شانۆی نماییشی ئەنفالکرانی جوتیاران و گوندنشینان و چۆکی نائومێدی گشت سەردەمە تاریکەکان لەسەر سنگی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات دەچەقێت، لەو کاتەدا کاروان و ھاوڕێکانی خەڵک و ھونەرمەندان بۆ بەرەنگاریکردن و ھەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوتر و شۆڕشگێرانەتر بانگەوازدەکەن:

خوێن لە چاوی ماتی شەوا [١]
لە شەقامی چۆڵی خەوا [٢]
خوێن لە لاشەی شەھیدەکان [٣]
خوێن لە پۆستەی ڕەشەباکان [٤]
مارتان نەکوشت [٥]
کاتێ بەردتان لە دەستا بوو
ماریش پۆپەی لەسەر بەردی ئاشپەستێ بوو [٦]
بۆ نەتانکوشت

* * * * *

لوولەی تفەنگی چەوساوان
ڕاستەڕێیەکیش ھەڵناکا [٧]
ئەی ئەوانەی کە دڵتان [٨]
ئەوەندە خۆی خواردەوە
ھەتاکو کرمی ھەڵھێنا [٩]
ھەر نەتاندی شەوی ڕەشی ھەڵەبجەمان
چ خۆرشیدێکی داھێنا [١٠]

* * * * *

لە شارەکان، بەری ڕوبار
بەردی شانۆی گەمارۆیە [١١]
ھەموو مناڵانی برسی
فێربوون کە گۆڕانی بڵێن [١٢]
بەڵام کوانێ دەست و پەنجەی ھونەرییتان [١٣]
لە کاتێکا لوولەی تفەنگ ڕاستە ڕێیەکیش ھەڵناکا [١٤]

————————————————————-
* سیناریۆی کوشتنی جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و تاوانبارکردنی ھاوڕێکانی خۆی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) لە ھەمان سیناریۆی کوشتنی نووسەری تورکی-زمان (سەباحەدین عەلى) دەچێت، بە کەمێک دەستکارییەوە و دەشکرێت لەو سیناریۆیە کەڵکوەرگیرابێت؛ [ نووسەرى بەناوبانگ (سەباحەدین عەلى) کە بەرھەڵستکارێکی ئیمپراتۆریی ئوسمانییەکان بوو، بە فێڵ و تەڵەکە لەسەر سنوورى بولگاریا لە کاتى هەڵهاتنی، ئەویان کوشت. ئەوەندە (سەباحەدین عەلى) خرایە ژێر فشاری دەروونی و فیزکی ئەوەندە، تاکو دوا جار ناچاربوو، کە بەرەو ھەندەران ڕابکات و ئەو کات لەسەر سنوورى تورکیە- بولگاریا بەدەستى یەکێک لە بەکرێگیراوانی دەوڵەت ئەو کوژرا و پیلانگێڕان، بەسەرھاتی کوشتنی (سەباحەدین عەلى) ئاوا نیشاندەدەن، کەسێک ئەوی کوشتووە، کە ھاوڕێ و ھاوگەشتی ئەو بووە و لەبەر چاوبڕینە پارەیەکەی ئەوى کوشتووە!

[١] کوژرانی سەدان ھەزار ھەزاران کەس بە کیمیاران و ئەنفال

[٢] بێدەنگیی ناچارییانەی شەقامی شارەکان بە ھۆی سەرکەوتگەریی ئەو سەردەمە

[٣] کوشتنی خەڵک

[٤] کیمیاباران و ئەنفال وەک پەیامی بەعس بۆ خەڵکی ئازادیخواز

[٥] مار ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی بەعس

[٦] گیرۆدەبوون و تێکشکانی فەرمانداریی بەعس لە ساڵ و مانگەکانی کۆتایی جەنگی عیراق ئێران

[٧] ئاماژەیە بۆ بەرەنگاری ڕزگاریخوازانەی خەڵک لە شێوەی بزووتنەوەی چەکداری و بە شێوازێکی تێکشکاو و نیگەتیڤی دەبینێت و ھیچ ئومێدێک لە ئەو بەدیناکرێت

[٨] ئاماژەیە بۆ کەسانی ئازادیخواز

[٩] نائومێدی و کوژران و زیندەبەچاڵ بوون لە بیابان

[١٠] دەنگدانەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەت و دیکتاتۆریی بەعس و سەدام حوسەین

[١١] تێپەڕبوونی کاروانی ئەنفاڵکراوان بەنێو شاری کەرکووک

[١٢] منداڵانی برسی ھوشیاربوونەتەوە و ھوشیاریی چینایەتی سەریھەڵداوە

[١٣] ڕەخنە لە بێدەنگی ھونەرمەندان و نووسەران و بانگەواز بۆ شێوازێکی دیکەی تێکۆشان لەنێوەندی شارەکان

[١٤] تێکشکانی بەرەنگاریی گوندەکان و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری و زیانبەخشیی بزووتنەوەی چەکداری

——————————————–
** زانستکاران بە ئاوا سەرەنجامێک گەییشتوون، کە دەنگ لەنێو چینەکانی ھەوا دەمێنێتەوە و ھەرگیز وننابێت، خۆزگە کاتی کوشتنی ئازیز و جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و لەسێدارەکانی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) و ئێستا مرۆڤایەتی بەو تەکنۆلۆجی و توانایە بگەشتایە، کە دەنگەکانی ئەو ڕوداوانە بگێڕدرێنەوە و بکرێنە بەڵگەی شکارکردنی تاوانەکە، تاکو ڕاستی و درۆیی زۆربەی تاوانە بێ ئەژمارەکانی ئەم سەردەمە پڕ دڕندایەتییە دەربکەوتایە.

بۆ گوێڕاگرتن لەو سروودەی سەرەوە بە دەنگی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (کاروان عوسمان)، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کرتەبکە
http://www.dengekan.com/karwan/gorani/xor_le_chawi_mati_shewa.mp3




دیدێكی ڕه‌خنه‌یی بۆ كتێبی_ كورد له‌ دیدی سوێدییه‌كانه‌وه‌ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

زۆرجار ڕێككه‌وتووه‌، ناونیشانی وتارێك یاخود كتێبێك، سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت‌و له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، ده‌چینه‌ نێوكتێیه‌كه‌و ده‌یخوێنینه‌وه‌. له‌ هه‌ندێ كاتدا، ناونیشانه‌كان جوان‌و ‌واتادارن‌و له‌ هه‌ندێ كاتیشدا، ناونیشانێكی ساده‌و ئاسایین.به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ناویشان، كلیلی كردنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكه‌وسه‌ره‌تاو ده‌سپێكی گرنگ‌و سه‌رنج ڕاكێشه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر كتێبه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌. زۆرجار ڕووبه‌ڕووی ناونیشانی واده‌بینه‌وه‌، كه‌ خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات‌و حه‌زده‌كات له‌ زووترین كات كتێبه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌. كاتێكیش ده‌ست به‌ خوێنه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ده‌بینین كتێبه‌كه‌ له‌ ئاست ئه‌و ناونیشانه‌ گه‌وره‌یه‌ نییه‌ كه‌ بۆی دانراوه‌. ناوه‌ڕۆكێكی ساده‌و ساكاری هه‌یه‌. كورد له‌ دیدی سوێدییه‌كانه‌وه‌، ناونیشانی كتێبێكه‌، كه‌ كاوه‌ ئه‌مین ئاماده‌ی كردووه‌و ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی مێژوویی جه‌میل ڕۆژبه‌یانی له‌وماوانه‌ی ڕابردوودا،چاپی كردووه‌. خوێنه‌ر كه‌ئه‌وناونیشانه‌ ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ئه‌و كتێبه‌، ڵێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌و سۆسیۆلۆژی‌و فه‌رهه‌نگییه‌، كه‌ تیایدا سوێدییه‌كان له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ نووسیویانه‌. یاخود دیدی فیكری‌و ڕه‌خنه‌یی‌و كلتووری سوێدییه‌كانه‌ بۆ جالیه‌ی كوردوئاوێته‌بوونی تاكی كوردییه‌، وه‌ك تاكێكی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ گه‌ڵ كلتووری وڵاتێكی خۆرئاوادا.

كه‌چی كه‌ كتَێبه‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌بینین به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه‌، زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنێكه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی‌و ئه‌كادیمی‌و حزبی‌وئایینی، كه‌ دۆستی كوردن‌و نووسه‌ر له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنیاندا، له‌و كتێبه‌دا كۆی كردوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نجه‌،به‌ شێكی زۆری وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌و هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، وه‌ك گه‌لێكی بێ ده‌وڵه‌ت، هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێستای ئه‌زموونی كوردی‌و دۆخی سیاسی‌و كارگێڕی‌و ئابووریانه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو زۆربه‌یان په‌یوه‌ندییان به‌ ڕووداوه‌كانی ساڵانی شه‌ست‌و شۆڕشی ئه‌یلول‌و كاره‌ساته‌كانی گه‌لی كورده‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا.

نازانم ئه‌و وه‌ڵام‌و پرسیارانه‌، چ په‌یوه‌ندییان به‌خوێنه‌ری كوردو تاكی كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئێستادا؟ ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی كورد مه‌به‌ستی بێت له‌ باره‌ی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ زانیاریی هه‌بێت، پێویست به‌وه‌ ناكات له‌ ده‌می به‌ساڵاچووێكی سوێدییه‌وه‌ بیزانێت.چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رچاوه‌ هه‌یه‌، له‌ باره‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، كه‌ خوێنه‌ری كورد به‌ ئاسانی ده‌توانێ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكات. هه‌ر بۆنموونه‌:دووبه‌رگ له‌ كتێبه‌كه‌ی مام جه‌لال، گێڕانه‌وه‌ی مێژووی نزیكه‌ی هه‌فتا ساڵی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌. خۆشی وه‌ك سیاسییه‌ك له‌ نێو ڕووداوه‌كان دابووه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌،ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، هه‌ندێك پرسیاری ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ كردووه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌كوردو دیدی سوێدییه‌كانه‌وه‌ بۆ كورد نییه‌.بۆنموونه‌ پرسیاری ئه‌وه‌یان لێده‌كات، ژنه‌كه‌ت ناوی چی بوو؟ كه‌ی یه‌كترتان ناسی؟ به‌ خۆشه‌ویستی بوو ؟ زه‌ماوه‌نده‌كه‌تان چۆن بوو؟ یاخود پرسیاری كێشه‌ی فه‌له‌ستین‌و ئسرائیلیان لێده‌كات.

یاخود باسی قڕكردنی جووه‌كان ده‌كات له‌ سه‌ر ده‌ستی نازییه‌كانه‌وه‌.نازانم ئه‌و پرسیار‌و ساده‌و نابابه‌تییانه‌ چ په‌یوه‌ندییان به‌ كوردو خوێنه‌ری كورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌و دیده‌ساده‌و ساكارانه‌، هیچ بایه‌خێكیان له‌ ڕووی سیاسی‌و كلتوورییه‌وه‌ بۆ كورد نییه‌. وێرای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامه‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ بڕوانین، ده‌بینین هه‌ندێكییان زانیارییه‌كی ئه‌و تۆیان له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ نییه‌. بۆنموونه‌: له‌ ڵاپه‌ڕه‌ 119دا، ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئۆلف پاڵمه‌ پرسیار له‌ یه‌كێكییان ده‌كات، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:(من خۆم هیچ كاتێك ده‌رباره‌ی كورده‌كان قسه‌م له‌گه‌ڵ پاڵمه‌ نه‌كردووه‌). به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌ 174دا پرسیار له‌ باره‌ی ئۆجه‌لانه‌وه‌ ده‌كات. ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:(زۆرشت له‌باره‌ی ئۆجه‌لانه‌وه‌ نازانم!). دیسانه‌وه‌ له‌ ڵاپه‌ڕه‌ 184دا پرسیار له‌ باره‌ی تۆمه‌ت باركردنی كورد له‌ كوشتنی ئۆلف پاڵمه‌ ده‌كات،ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: (نازانم بۆچی كوردییان تۆمه‌تباركرد).ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئاگاداری كێشه‌ی كورد بێت، ده‌بێ بزانی بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌یان بۆداپاڵ كورد.

له‌ شوێنێكی دیكه‌ش پرسیار له‌ یه‌ كێكییان ده‌كات، ئه‌ویش ده‌ڵێت:( تا ئێستا سه‌ردانی كوردستانم نه‌كردووه‌). بێگومان ناونیشانی ئه‌و كتێبه‌، زۆر له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی گه‌وره‌تره‌. دیدی سوێدییه‌كان، مه‌به‌ست هه‌موو گه‌لی سوێده‌. بۆیه‌ ده‌بوو ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ ناونیشانی( كورد له‌ دیدی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سوێدییه‌وه‌) بۆ كتێبه‌كه‌ی دانابا. یاخود نووسه‌ر له‌ بڕی پرسیاركردن له‌ باره‌ی هه‌ندێك بابه‌تی لاوه‌كی‌و ساده‌، ده‌یتوانی پرسیاری ئه‌زموونی حوكمرانیه‌تی كوردی‌ودیموكراسیه‌ت‌و دیدی سوێدییه‌كان بۆ حوكمڕانی كورد بكات. ده‌یتوانی پرسیاری ئاوێته‌ بوونی مرۆڤی كورد له‌ گه‌ڵ گه‌لی سوێدی بكات. پرسیار له‌ باره‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی كلتووره‌كان بكات. یاخود بۆبه‌شێكی زۆری مرۆڤی كورد كه‌ ده‌چنه‌خۆر ئاوا، ناتوانن ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ له‌ خۆیان دابماڵن، كه‌له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ پێی گۆشكراون.

ده‌بوو له‌ باره‌ی كلتوور، زمان، ناسنامه‌،ئۆپۆزسیۆن‌و حوكمڕانیه‌تی كوردی‌و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی مێژوویی‌و كلتووری فه‌رهه‌نگی، دیدی سوێدییه‌كانی بۆ كورد شیبكردایه‌ته‌وه‌. نه‌ك پرسیاری ڕووداوێكی ساڵانی شه‌ستییان لێبكات. كه‌ بۆ خوێنه‌ری كورد له‌ ئێستادا كۆنبوون‌و بوونه‌ته‌ به‌ شێك له‌ مێژوو، بایه‌خیان نه‌ماوه‌.منی خوێنه‌ر كارم به‌ ژیانی تایبه‌تی‌و كه‌سی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ چییه‌. وێرای هه‌موو ئه‌و سه‌رنجانه‌ش، كتێبه‌كه‌ له‌ ڕووی زمانه‌وانی‌و ڕێنووس‌و هه‌ڵه‌ی چاپ، چه‌ندین كه‌م‌و كورتی‌و هه‌ڵه‌ی تێدایه‌. وشه‌ هه‌یه‌ به‌چوارجۆری زمانه‌وانی جیاواز نووسراوه‌. وه‌ك:( حكومڕانی_حوكومڕانی_ حووكومڕانی_حوكوڕانی).

هاوكات چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی دیكه‌ش هه‌ن، كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین.ڵا52 نووسراوه‌(مه‌سحین)ڕاستكردنه‌وه‌(مه‌سیحی)ڵا55نووسراوه‌(بوخوادی)ڕاستكردنه‌وه‌(به‌خوای)ڵا68نووسراوه‌(شه‌قڵاوا)ڕاستكردنه‌وه‌(شه‌قڵاوه‌)ڵا72نووسراوه‌(داكۆكۆی)ڕاستكردنه‌وه‌(داكۆكی)ڵا78نووسراوه‌(حه‌مدید)ڕاستكردنه‌وه‌(حه‌مید)ڵا80نووسراوه‌(وگت)ڕاستكردنه‌وه‌(گوت)لا121نوسراوه‌(به‌كارلیۆس)ڕاستكردنه‌وه‌(به‌كالۆریۆس)ڵا129نووسراوه‌(سه‌فر)ڕاستكردنه‌وه‌(سه‌فه‌ر)ڵا148نووسراوه‌( ته‌ماشی) ڕاستكردنه‌وه‌ (ته‌ماشای) ڵا189نووسراوه‌(ته‌موز)ڕاستكردنه‌وه‌(ته‌مموز). كه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ران كتێبه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ درك به‌ زۆر هه‌ڵه‌ی دیكه‌ش بكه‌ن.َ

په‌راوێز/ كورد له‌ دیدی سوێدییه‌كانه‌وه‌/ ئاماده‌كردنی كاوه‌ ئه‌مین_بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی مێژوویی جه‌میل ڕۆژبه‌یانی/ ساڵی 2017.




ته‌توان بۆنی وه‌نه‌وشه‌ ده‌كات … ده‌ق: ئیمان ئه‌لخه‌تابی


ده‌ق: ئیمان ئه‌لخه‌تابی **/ مه‌غریب
وه‌رگێڕان: ئه‌مین بۆتانی/كوردستان

نۆستالژیا
-1-
ده‌چمه‌وه‌ خزمه‌ت دره‌ختی منداڵیی
هه‌ست به‌ رووشانی قه‌ده‌كانی ده‌كه‌م
برینۆچكه‌ی چڵ وچرۆكانی ده‌بینم،
ئای له‌ رۆح چه‌ند به‌ سه‌بره‌
به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو بایه‌ ده‌گرێ‌؛
جۆلانه‌ی منداڵیمان
هه‌ردوو شانه‌كانتی خوێناوی كردووه‌ ئه‌ی دره‌خت
دارهه‌نجیر و زه‌یتوونیش له‌مه‌دا قوتاریان نه‌بوو.
به‌ردبارانی با و میوه‌كانمان كرد
ئازاری زه‌یزه‌فوونمان دا،
هیچمان له‌
حیكمه‌تی رووناكی و سێبه‌ر نه‌ده‌زانی،
ئێمه‌ ئه‌وسا
خه‌ریكی لێكردنه‌وه‌ی منداڵێتی خۆمان بووین؛
كه‌چی كات له‌ نێو له‌پماندا سیس هه‌ڵگه‌ڕا و
ته‌مه‌نمان
له‌ چرچ و لۆچه‌كانی قه‌ده‌ر
ترسی لێ نیشتووه‌.

-2-
ده‌چمه‌وه‌ خزمه‌ت رووباری منداڵیی،
خۆم به‌
یاده‌وه‌ریه‌ دێرینه‌كان ته‌ڕ و وه‌ڕ ده‌كه‌م و
رۆحی خۆم له‌ شادومانیی ئاودا هه‌ڵده‌كێشم،
ئای له‌ ده‌نگی ئاو.. ئای له‌ سه‌مای ئاو
ئای له‌ جوانیی ئاو
هێشتا دڵم بۆ مه‌رگ ده‌چێ به‌ ته‌ڕیی و
حه‌زم له‌ جیواربوونه‌
له‌ ئامێزی پڕ میهری ئاو.
سووتان؟ تینوێتی؟
وشكهه‌ڵگه‌ڕانی رۆح یان گه‌رمه‌سێری دڵ؟
به‌ره‌و لێوارم ده‌با
پێی ده‌ڵێم: من وشك بووم
له‌سه‌ر رێگای خۆت
بمگه‌یه‌نه‌ لای ئاو.

-3-
ده‌چمه‌وه‌ خزمه‌ت هه‌یڤی منداڵیی
بۆ ژماردنی
خاڵه‌كانی جوانیی سه‌ر گۆنای ئاسمان.
له‌ دوای هه‌ر چیڕۆكێك
گورگی دارستان راومده‌نێ‌،
به‌ئاگا دێمه‌وه‌
كاتێك ئه‌سپی میرزاده‌ ده‌مخاته‌ خواره‌وه‌ و
خۆم له‌ناو نوێندا ده‌بینمه‌وه‌،
بكرێوه‌ ئه‌ی ده‌رگای ئاسمان
به‌ر له‌وه‌ی فێری گوناه بم؛
خه‌ونه‌ پێچراوه‌كانی خۆم
به‌ كاغه‌زی دیاری
بۆ فریشته‌كان ده‌نێرم و
پێیان ده‌ڵێم: بێزار بووم
به‌رزم كه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو بفڕم.

-4-
ده‌چمه‌وه‌ خزمه‌ت بای منداڵیی،
كۆلاره‌ هه‌ڵده‌ده‌م و
كه‌شتییه‌ بچووكه‌كانم ده‌خه‌مه‌ نێو ئاو،
مشتی خۆم توند
له‌ چه‌پكه‌ لاساره‌كانی رۆشنایی وه‌ردێنم و
گله‌یی له‌و هه‌ورانه‌ ده‌كه‌م
ره‌نگی رۆژه‌كه‌میان هه‌ڵبزڕكاند،
ده‌ ساڕێژبنه‌وه‌ ئه‌ی زامه‌كانی ئاسمان
بۆ ئه‌وه‌ی
خۆم و بیناییم ساماڵ بینه‌وه‌،
هێشتا ده‌سته‌كانم
به‌ردیان پێ ماوه‌ بۆ رووبار
ئه‌ژنۆكانیشم با بۆ راكردن،
ئێستاش كراس و كه‌وا
بۆ بووكه‌ڵه‌ قامیشه‌كه‌م ده‌درووم و
خه‌ون و خۆزگه‌كانم
ده‌خه‌مه‌ نێو ده‌غیله‌ی
تلۆڤه‌ هه‌ناره‌كانی زستانه‌وه‌.

له‌جه‌نگدا

زه‌وی
دره‌خته‌كانی خۆی ریز كرد و
جه‌نگیش
بۆردومانی ده‌ستپێكرد.
له‌ كۆتا جه‌نگدا
كه‌س قوتاری نه‌بوو.
ئه‌وانه‌ی له‌ خوێنی خۆیاندا نه‌خنكان
له‌ ده‌ریادا به‌سه‌ریان هات.
له‌ جه‌نگدا
بكوژان له‌ شێوه‌ی دارودره‌خت
خۆیان شاردبۆوه‌ و
نشتیمانیان مینڕێژ كردبوو.
چۆله‌كه‌كان له‌م زستانه‌دا
په‌ناگه‌یان ده‌ست نه‌كه‌وت
گشت دارستانه‌كان خوێنیان لێ‌ ده‌چۆڕا.
له‌به‌ر هه‌ڵات هه‌ڵاتی جه‌نگ
هه‌ر به‌ رێگاوه‌
بوخچه‌ی خه‌ونه‌كان و
كلیله‌كانی نشتیمانمان له‌ده‌ست كه‌وته‌ خواره‌وه‌.
له‌ جه‌نگدا
گشتمان له‌سه‌ره‌دا ریز بووین و
وه‌ك هه‌ر تیترواسكێك
له‌و چۆڵه‌وانییه‌ رۆژمان كرده‌وه‌.
پۆلیسه‌كانی سنوور
سه‌رگوزشته‌ی په‌نابه‌رانیان نه‌خوێنده‌وه‌ و
له‌ راز و نیازی ئه‌وانیان نه‌ڕوانی،
ئه‌و ئاپۆرایه‌ گشتی به‌رد و چه‌ون
بۆ داخستنی رێڕه‌وی رووبار به‌كه‌ڵك دێن.
جه‌نگ نشتیمانێكی سه‌وزی هاڕی و
تووره‌كه‌یه‌كی پڕ له‌ خۆڵه‌مێشی دایه‌ ده‌ستمان.
له‌ جه‌نگدا زانیمان
دێوه‌كه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌ و
له‌ نێو چیڕۆكه‌كاندا نه‌بووه‌.
له‌ رێگادا به‌ره‌و ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی
گڕی به‌رنه‌كه‌وتبێ‌،
پۆلیسی سنوور ئاگربارانی كردین.
له‌ رێگادا به‌ره‌و نشتیمانێكی نوێ‌
به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی پارچه‌ی ته‌قینه‌وه‌ین
ریگایان نه‌داین بچینه‌ ژووره‌وه‌.
چ له‌ جه‌نگ و چ له‌ ئاشتیدا
ئه‌وانه‌ی دزه‌یان كرد و
خۆیان گه‌یانده‌ وڵاتی بیانی،
له‌و بڕوایه‌دان
كه‌ له‌ دیوی دواوه‌ی نشتیمان ده‌ژین.

كه‌وتمه‌ داوی گه‌ردوونه‌وه‌

بولێڵی نوته‌ك
منیش وه‌ك تۆ؛
بوونه‌وه‌ره‌كان له‌سه‌ر ده‌نكه‌ رۆشناییه‌ك
له‌گه‌ڵما نایبڕنه‌وه‌ و نایبڕنه‌وه‌.
ئه‌ی ده‌ریا
منیش وه‌ك تۆ
له‌ هه‌ڕه‌تی ته‌وژما
شه‌پۆل ناپاكیی له‌گه‌ڵدا كردم.
ئه‌ی خه‌مباریی
منیش وه‌ك تۆ
بۆ ناسینی رۆح
هه‌ور ده‌كه‌مه‌ پێوانه‌.
ئه‌ی شه‌و
هاوشێوه‌تم؛
منیش وه‌ك تۆ
خۆم ده‌سپێرمه‌ خیوه‌تی چۆڵه‌وانیی.
ئه‌ی په‌پووله‌
منیش رێك وه‌ك تۆ وام؛
دوورایی په‌ڕینه‌وه‌كه‌م
له‌ نێوان قۆزاخه‌ تا رووناكییه‌.
ئه‌ی پایز
منیش وه‌ك تۆ
ره‌شه‌باكان ده‌ورووژێنم و
ره‌نگه‌كان ده‌شارمه‌وه‌.
منیش وه‌ك تۆ
ئه‌ی داربه‌ڕوو
حه‌زم له‌وه‌یه‌ باڵا بكه‌م
به‌ڵام شوێنم ده‌ستناكه‌وێ‌.
ئه‌ی خه‌ون
منیش وه‌ك تۆ
سه‌رم ده‌خه‌مه‌
سه‌ر سه‌رینێكی نه‌رموشل.
ئای دره‌خت
منیش وه‌ك تۆ سه‌وزم و
ناتوانم رێ بكه‌م.
ئه‌ی شادومانی
منیش وه‌ك تۆ
تاوێ‌ پێده‌كه‌نم و
تاوێكیش چاوم له‌سه‌ر رێگایه‌.
ئه‌ی مه‌ل
منیش وه‌ك تۆ
كه‌وتمه‌ داوی گه‌ردوونه‌وه‌.

په‌پووله‌

هه‌ر قۆزاخه‌یه‌ و
راده‌ستی قۆزاخه‌یه‌كی دیم ده‌كا،
منیش هه‌موو هه‌وڵێكم بۆ ئه‌وه‌یه‌
باخه‌كان گریه‌وزارییم نه‌بینن.
كێ‌ بڕوا ده‌كا
ئه‌و شادیه‌ی له‌ باڵه‌كانمدایه‌
ته‌نیا ره‌نگێكه‌ و هیچی تر،
ئه‌و ئاوریشمه‌ش كه‌ منداڵێتیمی هۆنییه‌وه‌
ژانێكه‌ و به‌س.
هه‌رچی شڕكه‌ و پڕكه‌ی ماومه‌
كۆیانده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌ڕۆم،
هیچ ته‌ما و ترووسكاییه‌ك به‌دی ناكه‌م؛
له‌وانه‌یه‌ هه‌موو ماناكانم به‌كاربردبێ‌
له‌وانه‌یه‌ كاته‌كه‌ی من به‌شی مانای نه‌كردبێ،
یان له‌وانه‌یه‌ ئه‌و مانایه‌ی له‌ خه‌ونمدا بوو
له‌ ئاڵتوون بووبێ.
من زۆر قه‌شه‌نگ و ئێسك سووكم؛
من به‌ وریاییه‌وه‌
هه‌ر هه‌مووی ده‌هاوێژمه‌
نێو توونی رۆشنایی و
رۆژگاره‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌كه‌مه‌ سووتماك،
با ئه‌و گوڵه‌ مێخه‌كه‌ش لێم ببوورێ‌
كه‌ زۆر لێم پاڕایه‌وه‌:
سێبه‌ره‌كه‌م..سێبه‌ره‌كه‌م.. سێبه‌ره‌كه‌م…

نه‌بوونیی

ئه‌مڕۆ به‌ئاگا هاتم و
نیازی فڕینم له‌ دڵدا بوو،
به‌ڵام كه‌ سه‌یری شته‌كانی خۆم كرد
ئازادی پێویستی تێدا نه‌بوو
به‌شی ئه‌وه‌ی بكردایه‌.

بووكه‌ڵه‌

زارۆیه‌ك
به‌ بووكه‌ڵه‌كه‌ی خۆی
رووخساری دیوار ده‌ڕازێنێته‌وه‌،
زارۆیه‌ك
به‌ بووكه‌ڵه‌كه‌ی خۆی
ساته‌كانی رۆژ شادومان ده‌كات،
زارۆیه‌ك
له‌ ژێر داروپه‌ردووی كاولكاریدا
به‌دوای بووكه‌ڵه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێ‌.

ریسایكل

به‌ده‌م رێگاوه‌ به‌ره‌و ژیان
هه‌ر شتێكم لێ بكه‌وێ
هه‌ڵیده‌گرمه‌وه‌ و
ده‌رخواردی په‌یڤه‌كانی ده‌ده‌م.

نه‌زۆكیی

ژیان
شادیێكی بچووكی بۆ نه‌خستمه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌رچی سۆزه‌ پێی ببه‌خشم،
ناچار
خه‌م و خه‌فه‌تی زۆڵم گرته‌ خۆ و
خستمنه‌ سه‌ر ناوی خۆم.

دۆخ

هێشتا له‌وێم
به‌ قه‌دی ئازاره‌وه‌ به‌ستراومه‌ته‌وه‌،
ئای رووخساری په‌شیمانیی
پێم بڵێ
دوو به‌یانی چاره‌نووسم چی ده‌بێ
ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كانم بۆ خۆشه‌ویستی رانه‌گرم و
داوای سۆز و به‌زه‌یی لێ‌ نه‌كه‌م!.

هاوشێوه‌

بێ باوك
وه‌ك عیسا وام،
به‌ڵام
هیچ سرووشێك چاوه‌ڕێم ناكات.

دڵڕه‌قیی

باوكم وه‌ك با وایه‌،
ته‌مه‌نی منیش
دره‌ختی چۆڵه‌وانیی،
ده‌سته‌كانی ئه‌و منیان پیتاند و
بۆ بیابانه‌كان جێیان هێشتم.

كۆڵدان

یه‌ك له‌دوای یه‌ك
خه‌ونه‌كان له‌ده‌ست ده‌ده‌م و
له‌ خۆم ده‌پرسم:
دوای ئه‌وه‌ چیم بۆ ده‌مێنێته‌وه‌؛
ئه‌گه‌ر ناوله‌پی خۆم بۆ تاریكی راخه‌م و
ئه‌و تاقه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ش راده‌ست بكه‌م
كه‌ ده‌سته‌كانمی رۆشن كرده‌وه‌!.

كۆشش

من كه‌ شه‌وگار زۆرم بۆ دێنێ‌ و
به‌دیار “ساته‌ برینداركه‌ره‌كان”مه‌وه‌
ده‌بمه‌ په‌رستار،
لێی ده‌پاڕێمه‌وه‌: تو خوا دووبه‌یانی وه‌ره‌وه‌؛
تاوه‌كو خه‌ونێكی نوێ‌ ئاماده‌ ده‌كه‌م
له‌ جیاتی ئه‌و خه‌ونه‌ی دوێنێ‌ وردوخاشت كرد.!

سه‌رسوڕمان

ده‌سته‌كانم تووشی حه‌په‌سانیان كردم
كاتێك خه‌ریكی
كردنه‌وه‌ی دوگمه‌ی ژانێكی كۆن بوون؛
شوێنی گولله‌یه‌كی شاراوه‌یان
به‌ نه‌شته‌رگه‌ره‌كه‌ پیشاندا.

راسپاردن

ئه‌ی كه‌ناریه‌كه‌
هانێ‌ ئه‌وه‌ سترانه‌كه‌مه‌ لێمی وه‌رگره‌،
چڕینه‌كه‌ی من سوێره‌ و
گه‌رووشم پڕیه‌تی له‌ زام.

شایان

ئه‌ستێره‌یه‌ك سه‌روزیاده‌
بۆ ئه‌وه‌ی كاپتنی ده‌ریاوان
ناوی خوای لێ بێنێ،
هه‌ڵبه‌ت تاقه‌ ئاسمانێكیش
كه‌ سێبه‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌به‌خشێ‌
به‌شی شینهه‌ڵگه‌ڕانی ده‌ریا ده‌كات.

سنوور

لای ده‌روازه‌ی ده‌رگاكه‌وه‌
ده‌ستێك ناوبڕێكی دانا و ئه‌م ئاماژه‌یه‌ی نه‌خشاند:
لێره‌وه‌ جیهان كۆتایی دێ و
دارستان ده‌ستپێده‌كات.

Eau de parfum

باخه‌كان گوڵ گوڵ ده‌ڕننه‌وه‌
هه‌وری گوڵستانه‌كان دڵۆپ دڵۆپ ده‌پارزنن،
ده‌یانپاڵێون و
له‌ناو شووشه‌كان به‌ندیان ده‌كه‌ن،
دواجار ده‌یانفرۆشنه‌ ژنێكی بێتام.

رێگاوبانه‌كان

خۆشه‌ویستیی
ئه‌وه‌ تۆی جارێكی دی!
ئێمه‌ تازه‌
گه‌نجینه‌كانی ئه‌ڤینمان گه‌سكدا و
هه‌رگیز ریگا ناده‌ین هه‌مدیس
دڵه‌كان زه‌ره‌ر و زیانیان به‌ركه‌وێ‌!.

………………………………………….


ئیمان ئه‌لخه‌تابی

– هه‌ڵبه‌ستڤانی مه‌غریبی/ ته‌توان 1974.
– دكتۆرا له‌ زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی/ زانكۆی عه‌بدالمالك ئه‌لسه‌عدی له‌ شاری ته‌توانی مه‌غریب.
– ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی مه‌غریب.
– ئه‌ندامی ماڵی شیعری مه‌غریبی.
– له‌ ساڵی 1992 هۆنراوه‌ و چیڕۆكه‌كانی خۆی بڵاوكردۆته‌وه‌ و هه‌ڵبه‌سته‌كانی له‌ گۆڤار و بڵاوكراوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی مه‌غریب و نێوده‌وڵه‌تی بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
– له‌ زۆر كۆڕی هه‌ڵبه‌ستخوێندنه‌وه‌ و دیدار و فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییدا به‌شداریی كردووه‌.
– دوو دیوانی چاپكراوی هه‌یه‌:
* ده‌ریا له‌ سه‌ره‌تای شه‌پۆلچووندا/مه‌غریب 2001
* كۆڵبه‌ری جه‌سته‌/مه‌غریب 2014.
– هه‌ڵبه‌سته‌كانی بۆ زمانه‌كانی ئه‌سپانی و فه‌ره‌نسی و ئنگلیزی و كوردی وه‌رگێڕدراون و به‌ هاوبه‌شی له‌ نێو كتێب و نامیلكه‌ و ئه‌نتۆلۆژیای شیعریدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
– له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریی ئیمان ئه‌لخه‌تابی؛ گوتراوه‌:
عبدالرحمن مجید ربیعی: ئیمان ئه‌لخه‌تابی خانمه‌ شاعیرێكی راسته‌قینه‌یه‌.
هه‌موو هه‌ڵبه‌سته‌كانی پڕن له‌ ئاگاییه‌كی زیره‌كانه‌ی لێوانلێو له‌ سه‌یریی و نامۆیی و ته‌مێكی رۆشن و مانادار، یان چڕبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ داڕشتنێكی رند و زیندوو. به‌دوورن له‌ درێژدادڕیی و ئه‌م رستانه‌ی به‌ ئاسانی نه‌ئافرێندراون، خه‌مێكی قووڵ له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندێشانه‌وه‌ راده‌وه‌ستن، ته‌نانه‌ت تاقه‌ وشه‌یه‌كیش له‌ختوخۆڕایی نه‌هاتووه‌.
نجیب العوفی: هه‌ر كه‌ یه‌كه‌م دیوانی ئیمانم خوێنده‌وه‌، زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ گوتم؛ لێره‌ خانمه‌ هه‌ڵبه‌ستڤانێك هه‌یه‌ له‌ هه‌ناویدا مژده‌ و برووسكه‌ی شیعر ده‌گرمێنێ‌…”.
یاسین عدنان: ئیمان ئه‌لخه‌تابی یه‌كێكه‌ له‌ ده‌نگه‌ هه‌ره‌ زولاڵه‌ شیعریه‌كانی خانمه‌ هه‌ڵبه‌ستڤانانی مه‌غریب و ده‌نگی هه‌ره‌ به‌هێزیان بۆ ئافراندنی تێكستێكی ئینسانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خوێنه‌ر به‌جێ بێڵێ…”.




چاپكراوه‌كانی ساڵی 2017 … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

كتێبی (جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل) له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌ و چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی چاپی كردووه‌

ئه‌و كتێبه‌ (دكتۆر سه‌عید تۆفیق) نووسیویه‌تی، نووسه‌ر له‌ پێشه‌كیدا ده‌ڵێت ئه‌و كتێبه‌ له‌ سێ‌ توێژینه‌وه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ گونجاو پێكهاتووه‌، كه‌ پانتاییه‌كی به‌ پیتی فیكری فه‌ره‌نسی هاوچه‌رخ تێیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پانتاییه‌ له‌ رۆشنبیریی فه‌لسه‌فی ئێستای ئێمه‌دا فه‌رامۆش كراوه‌.
له‌و كتێبه‌دا توێژینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ناونیشانی “زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر”ی له‌خۆگرتووه‌، ئه‌و بواره‌ له‌ فیكر و فه‌لسه‌فه‌ نه‌ك هه‌ر پشتگوێ‌ خراوه‌، به‌ڵكو دووچاری به‌دحاڵی بوون و به‌د نیازیش بۆته‌وه‌. له‌ بیركردنه‌وه‌ی توێژه‌رانی فه‌لسه‌فی زانكۆكانماندا (فه‌لسه‌فه‌ی زمان) ته‌نها له‌و لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هاوچه‌رخه‌ باوانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زمان له‌ دنیای ئه‌نگلۆساكسۆنی و به‌ تایبه‌تی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی شیكارخوازیدا ده‌كات. ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ باوه‌ش بۆ مامۆستا پێشه‌نگه‌كانی زانكۆكانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی گرنگی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمان ده‌ده‌ن، هه‌ر ئه‌وانیشن كه‌ بیركردنه‌وه‌یان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردووه‌، پاشان قوتابیه‌كانیشیان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌ پاڵ ناوه‌.

به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ و ئه‌و بایه‌خه‌، پانتاییه‌كی به‌ پیت و به‌رفره‌وان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وانی به‌جێ‌ ماوه‌، وه‌ك: لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی دیارده‌گه‌راییدا، فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل، فه‌لسه‌فه‌ی مارتن هایدگه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی. بۆیه‌ كاتێك مامۆستایه‌ك له‌ مامۆستا به‌رێزه‌كانمان-ئه‌ویش خوالێخۆش بوو دكتۆر عوسمان ئه‌مین- بوو، هه‌وڵیدا له‌ رێگای ته‌رجه‌مه‌كردن و نووسینی پێشه‌كیه‌ك بۆ لێچه‌رێكی هایدگه‌ر له‌ باره‌ی (هیلدرین و جه‌وهه‌ری شیعر، یان ماهیه‌تی شیعر) له‌و پانتاییه‌ نزیك بێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ یه‌كه‌مین هه‌وڵێكه‌ كه‌ خۆی له‌ دووتوێی كتێبێك به‌ ناونیشانی “له‌ باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ و شیعر” به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی دكتۆر عوسمان ئه‌مین سه‌ركه‌وتوو بوو، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی له‌ رێبازێكی جیاواز له‌ رێبازی ئه‌نگلۆساكسۆنی ده‌كرد، كه‌چی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌ ده‌ست هێنا، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌، ئه‌وه‌ بوو كه‌ باسمان كرد، ئه‌وه‌ بوو كه‌ پانتاییه‌كه‌ ته‌واو خاڵی بوو، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌ پیت و جیدی، یان پانتاییه‌كی نوێ‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی زمان بوونی نه‌بوو، تاكو زه‌وییه‌كی پته‌و بۆ ئه‌و بواره‌ پێكبهێنی و بشێ‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر دابمه‌زرێنرێت. بۆ گه‌واهیدانی په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و هه‌وڵه‌، ئه‌وه‌ به‌سه‌ كه‌ دكتۆر عوسمان ئه‌مین فیكری هایدگه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێ‌ “چیا ده‌هه‌ژێنی و وه‌ك مشك ده‌زێ‌” به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ وه‌سفێكه‌ هێزی ده‌رككردن ده‌رده‌خات و دكتۆر عوسمان ئه‌مین خۆی دانی پێداده‌نێت.

له‌و رووه‌وه‌ وتاری “زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر” هه‌وڵێكه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ فیكری هایدگه‌ری دواكه‌وتوو –واته‌ كه‌ ئێمه‌ دره‌نگ پێی ئاشنای بووین- له‌ باره‌ی زمان و ئه‌ركی فیكر و بوون. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئاراسته‌ی كردم و پاڵی پێوه‌نام، هه‌ر ته‌نها راستكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ئامێز و پێنه‌گه‌یشتوو و به‌شداریكردن نه‌بوو له‌ فیكری هایدگه‌ر، به‌ڵكو پاڵنه‌ری به‌هێز و گرنگ، به‌ راستی خۆشه‌ویستی من بوو بۆ ئه‌و فیكره‌، كه‌ بشێ‌ له‌ میانی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشوو رێگای بۆ خۆش بكرێ‌ و گومانی له‌ سه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌ و له‌سه‌ره‌خۆ دروست ببێ‌، بۆیه‌ من له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ هیچ ناخوازم، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ‌، كه‌ بمانخاته‌ سه‌ر رێگایه‌ك بشێ‌ له‌ فیكری هایدگه‌ر (كه‌ له‌و دواییه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتووه‌) نزیكمان بكاته‌وه‌ و له‌ رێگای جۆرێك له‌ تێگه‌یشتنی نزیك و سۆزئامێزانه‌، كه‌ ئێمه‌ بۆ هایدگه‌ر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین، به‌ره‌و ئه‌و فیكره‌مان به‌رێت و له‌و فیكره‌ ئاگادارمان بكاته‌وه‌.

بێگومان هه‌وڵی هایدگه‌ر بۆ تێگه‌یشتن له‌ ماهیه‌تی زمان ده‌كه‌وێته‌ بواری هیرمینۆتیكای فینۆمینۆلۆجییه‌وه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ماهیه‌تی زمان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دیارده‌یه‌كی هاوژیانییه‌، دوور له‌ میتۆدی توێژینه‌وه‌ی باو، كه‌ وه‌ك بابه‌تێك له‌ زمان ده‌كۆڵێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیانی ئێمه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تێك بێت، هه‌ر ته‌نها له‌ نێوان بابه‌ته‌كاندا بشێ‌ كرده‌ی توێكاری و شیكاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بۆ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین –نه‌ك له‌ نێو ژیان-. ئه‌و هه‌وڵه‌ی هایدگه‌ر كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌ ناوه‌وه‌ی فیكری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فیكره‌ هه‌بوو: له‌لایه‌ك ده‌كرێ‌ بڵێن هه‌وڵی هایدگه‌ر ناشێ‌ هه‌ر ته‌نها وه‌ك تیۆره‌یه‌ك له‌ تیۆره‌كان چاوی لێبكه‌ین، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زماندا ده‌خولێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆخۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌، یان رێبازێكی فه‌لسه‌فییه‌ و هه‌وڵده‌دات ماهیه‌تی زمان له‌سه‌ر بنه‌مای (فیكر و بوون) دابمه‌زرێنێ‌، بۆیه‌ كار بۆ تێكشاندنی دیدی ته‌قلیدییانه‌مان بۆ زمان و ئه‌ركی بیركردنه‌وه‌ و سروشتی گوتاری فه‌لسه‌فی ده‌كات. ئیتر لێره‌دا كاریگه‌ری هایدگه‌ر بۆ رێبازه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌ فیكری فه‌لسه‌فی هه‌نووكه‌دا درێژ ده‌بێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی وه‌ك: هانز جۆرج گادامێر، پۆل ریكۆر، جاك دریدا.. ئه‌وانیدیكه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و رێبازه‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا كاریگه‌ری هایدگه‌ر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك رێبازی په‌یوه‌ست به‌ تیۆری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌.

ره‌نگه‌ رێبازی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی (یان ته‌ئویلی فه‌لسه‌فی) كه‌ گادامێر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، یه‌كێك له‌ رێبازه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هه‌ره‌ هاوچه‌رخه‌كان بێت، كه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی هایدگه‌ر كاریگه‌ره‌. لێره‌وه‌ بایه‌خی وتاری دووه‌می ئه‌و كتێبه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ناونیشانی “بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر” له‌خۆ ده‌گرێ‌، ئه‌و وتاره‌ وێنه‌یه‌كی ساده‌كراوه‌ و كورته‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌ی ته‌ئویلی فه‌لسه‌فی لای ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ پیری فه‌یله‌سوفانی هاوچه‌رخ ده‌ژمێردرێت، چونكه‌ یه‌ك سه‌ده‌ی له‌ زه‌مه‌ن دیووه‌ و به‌شداری له‌ پێكهێنانی رووخساری نیوه‌ی دووه‌می زه‌مه‌نی ناوبراو كردووه‌. ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل نوێنه‌رایه‌تی رێبازێكی بنه‌ڕه‌تی و به‌رفره‌وان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ ده‌كات، كه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ گادامێر كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوفی به‌ ناوبانگی دیكه‌ش به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن. له‌ راستیدا ئه‌و رێبازه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ ته‌ئویلكردنی ده‌قه‌وه‌ به‌نده‌: ده‌قی فه‌لسه‌فی و ئایینی و ئه‌ده‌بی… هتد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ته‌ئویلكردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ قابیلی تێگه‌یشتن و بیرلێكردنه‌وه‌ن: وه‌ك ره‌مز و ئه‌فسانه‌ و دیارده‌ هونه‌رییه‌كان. له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ته‌ئویل له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا بۆته‌ “مۆده‌” وه‌ك گادامێر ده‌ڵێت هه‌موو رێبازه‌كان ده‌یانه‌وێ‌ چه‌شنی (هیرمینۆتیكا) خۆیان وه‌سف بكه‌ن.

بێگومان هیرمینۆتیكا بۆته‌ داواكارییه‌كی پێویست له‌ ژیانی فیكری و مه‌عریفیمان، كه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ستبوون و پارچه‌ پارچه‌بوونی مه‌عریفه‌ تێیدا و دوور كه‌وتنه‌وه‌ی نێوان رۆشنبیریی ئه‌مڕۆ و دوێنێ‌، ململانێی نێوان رۆشنبیرییه‌كان و بیروباوه‌ڕه‌ شه‌عبییه‌كان، ئه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و شتانه‌ی له‌ باره‌ی سووده‌كانی جیهانگیری و هۆكاره‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كانه‌وه‌ ده‌یڵێن كه‌ كار بۆ له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی كلتوره‌كان ده‌كات، وێڕای كۆمه‌ڵێك په‌یمانی ساخته‌ یان داپۆشراوی ژێر په‌رده‌ی ئایدیۆلۆجی یان سیاسی، كه‌چی هیرمینۆتیكا بۆته‌ خێوه‌تێك له‌یه‌ك دووره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئامرازه‌كانی هیرمینۆتیكا له‌ ناو رۆشنبیریی ئیسلامی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا نه‌ناسراو نه‌بووه‌ و هه‌تا ئه‌مڕۆش كه‌سانێك به‌كاریان ده‌هێنن، ئه‌و ئامرازانه‌ش ئامرازی دیاریكراون كه‌م فروفێڵ له‌خۆ ده‌گرن، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ لێكدانه‌وه‌ی دیارده‌كانی ژیانی هاوچه‌رخمانه‌وه‌ به‌ندن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ئه‌ركی لێكدانه‌وه‌ راده‌بێته‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌ڕای فه‌لسه‌فه‌، خۆی به‌ مه‌عریفه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی بواری زانسته‌ مرۆییه‌ هاوچه‌رخه‌كانی وه‌ك: زانسته‌كانی زمان و مێژوو و ئه‌نترۆپۆلۆجیا و سۆسیۆلۆجیا و سایكۆلۆجیا، پڕ چه‌ك بكات.

له‌به‌ر بایه‌خی ئه‌و رێبازه‌ له‌ فیكری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخدا، ده‌بینین بۆ ئه‌و كتێبه‌ وتاری سێیه‌مم ئیزافه‌ كردووه‌، كه‌ پارادیمێك له‌ چه‌مكی هیرمینۆتیكا له‌ بوارێك له‌ بواره‌كان، كه‌ ئه‌ویش بواری ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌ پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌و وتاره‌ كه‌ ناونیشانی “هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدیگه‌ر و گادامێر”ی له‌ خۆداهه‌ڵگرتووه‌، ته‌رجه‌مه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ ده‌ستكاری بۆ وتاری بڵاوكراوه‌ی ساڵی 1998 “هۆسره‌لیانه‌” (كتێبی ساڵانه‌ی هۆسره‌لی له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌) له‌ ژێر ناونیشانی (The Phenomenological Motives of Heideggers and Gadamers Hermeneutics of the Literary Text Husserliana, vol, L11)
وه‌ك ده‌بینن وه‌رگرتنی ئه‌و پارادیمه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ته‌ئویل له‌و شێوه‌یه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ هایدگه‌ر و گادامێر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ره‌و ته‌واو كردنی هه‌ر دوو وتاری به‌یه‌كه‌وه‌ گونجاوی پێشوومان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتتدا به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌به‌ن، كه‌ هاوپه‌یوه‌ستبوونێكی پته‌و له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌ی زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل بوونی هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو فه‌یله‌سوفه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.

* دكتۆر سه‌عید تۆفیق

دكتۆر سه‌عید تۆفیق ساڵی 1954 له‌ قاهیره‌ له‌ دایكبووه‌، له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا له‌ ژێر ئاراسته‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌ و درێژه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل ده‌دا، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی هونه‌ریدا. له‌ ساڵی 1982 تێزی ماجیستێره‌كه‌ی له‌ باره‌ی (میتافیزیكای هونه‌ر لای شوبنهاوه‌ر) پێشكه‌ش به‌ زانكۆی قاهیره‌ كردووه‌، به‌ڵام تێزی دكتۆراكه‌ی له‌ باره‌ی (ئاڕاسته‌ی فینۆمینۆلۆجی له‌ راڤه‌كردنی شاره‌زایی ئیستێتیكیدا) له‌ ساڵی 1987 پله‌ی یه‌كه‌می باڵای له‌ كۆلیژی ئاداب- زانكۆی قاهیره‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ ده‌ست هێناوه‌.
بۆ زێتر پێشخستنی فینۆمینۆلۆجیا له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌دا بایه‌خی خۆی بۆ فه‌یله‌سوفی به‌ ناوبانگ گادامێر و دواتر پۆل ریكۆر گواستۆته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ بواری لێكۆلێنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی لای هایدگه‌ر و به‌ تایبه‌تی گادامێر… هه‌موو ساڵێك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌ پێشكه‌ش به‌ (كتێبی ساڵانه‌ی هۆسره‌ل، له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌) ده‌كات. دواتر ئه‌و كتێبه‌ زۆر به‌ نرخه‌كه‌ی (هانز جۆرج گادامێر) به‌ ناوی (ته‌جه‌لی ئه‌لجه‌میل) ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كردووه‌ و راڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ كردووه‌، له‌ ساڵی 1997 چاپ و بڵاو بۆته‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (الفكر المعاصر) بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ ده‌یان كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا پێشكه‌ش كردووه‌.




دوو ڕێگاچارە بۆ سەبەرخۆیی کوردستان! … وەستا سابیر


یەکەم / ڕێگە چارەی شۆشگێڕانەی مارکسیستانە

تێکۆشەرانی مارکسیستە ئەنتەرناسیۆناڵەکان و خودی خەڵکی کرێکار لەو باوەڕەدان کە پێویستە کوردستان لە دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی دەسەڵاتداری کوردی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان پاکبکرێتەوە ، وە ئەم ناوچەیە ببێتە سەنگەری تێکۆشەرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ گشت ناوچەکە و بە پشت ئەستووری بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی لە ناوچەکەدا .
بەدیهێنانی ئەم ڕێگاچارەیە بە درێژەدانی خەباتی سۆسیالیستی و تێکۆشەرانەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کە بەدرێژایی ۲۷ ساڵە لە بەرامبەر سەرمایەداران و دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازیانەی حیزبە کوردیەکان دەستیانداوەتێ و هاتونەتە سەرپێ لە پێناو بە قووڵکردنەوەو ڕێکخراوکردنی ئەم خەباتە .
ئەوکاتە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سایەی دەسەڵاتداریەتی شۆشگێڕانەی خۆیان توانای ئەوەیان هەیە کە بەرینترین زەمینەکانی دیموکراتیەت فەراهەم بکەن ، بەرینترین ئازادیەکان فەراهەم بکەن ، هەلومەرجی گونجاوو لەبار بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی سۆسیالیستانەی کرێکاران دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و گەیشتن بە زەمینەکانی سۆسیالیزم شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە .

دووەم / ڕێگەچارەی ڕیفۆرمیستانەی بۆرژوازیانە ئەم ڕێگەچارەیە بۆ سەربەخۆیی کوردستان درێژە دانە بە هەمان مێژووی کۆنەپەرستانەی حیزبە قەومیە کوردیەکان کە بەدرێژایی نزیکەی سەت ساڵە لە ئارادایە و وەک بەشێک لەدەسەڵاتداریەتی ئاغاکان و ستەمکاران و بۆرژواکوردیەکان بەسەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانی ئەم ناوچەیە هەبووەو خۆیان بە زەبری چەک ڕابەرایەتی درۆزنانەی ئەم ئاوات و خواستە ی خەڵکی کوردتانیان کردووە وە لە پێناو ئیمتیازات و بەرژەوەندی حیزبەکانی خۆیان و چینە دەسەڵاتدارەکان و بۆرژوازی کوردیدا بەکاریان هێناوە و بازرگانیان پێوە کردووە.
ڕێگەچارەیەکی کۆنەپەرستانە کە ئێستا ئاڵتەرناتیڤی( ڕیفڕاندۆمی) خستۆتە بەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت و بتوانن جەماوەر ناچار ئەکەن کە پشتیوانی ئەم ئاڵتەرناتیڤە کۆنەپەرستانەیە بکەن وە بە ( بەڵێ ) هەژموونی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەسەر جەماوەردا بسەپێنن .

ئەم پرۆسە نادیمۆکراتیکەی کەئێستا بە زۆر ئەبێ جەماوەر ملکەچی بێت ، سەرەتای بینیني فاشیزمێک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دێت و ئەچێت ئەبینرێت .
خۆگێلکردنی بەشێکی دیاریکراو لە چەپە ڕیفۆرمیستەکان ئیتر حیزب بن یان تاکەکەس لەم ڕاستیە کە پەیوەندی بە مێژووی کۆنەپەرستانەو سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتداریەتی ئەم حیزبە قەومی و ئاینیانەی هەرێمی کوردستانە ، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە کە بەرژەوەندی توێژە ووردە بۆرژوازیەکان کە بنبەستبوون لە خەباتی ڕیفۆرمیستانەی خۆیان کە چەندین ساڵە بە نیازبوون لە ڕێگەی ( فشار) ی جەماوەریەوە بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی بیسەپێنن بەسەر بۆرژوازی کۆنەپەرستی حیزبە قەومیە کوردی و عەرەبیەکاندا .

بڕواهێنان و هاندانی جەماوەر بۆ ڕۆێشتن لە ژێر ئاڵای پارتی و یەکێتی و حیزبە قەومی و ئاینیەکانی کوردستان ، نیشاندان و تەبلیغات بۆ ئەوەی کە ئەم ڕیفڕاندۆمە بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە ، نموونەی قێزەونترین و گەمژانەترین سیاسەتێکی گرگنانەی ووردەبۆرژوازیە کە بە ناوی و بەدرۆزنی باس لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم ئەکات .

هەر جۆرە ئاڵتەرناتیڤێک کە بۆرژوازی ڕابەرایەتی ئەکات بە ناوی ( دەوڵەتی عیلمانی) و (دەوڵەتی سۆکۆلار) ، وە (دەوڵەتی مۆدێرنی) دوور لە مەزهەب و لە هەڵاواردنی قەومی و ، وە دەوڵاتی دیمۆکراییانە و ئازادی بەرفراوان بۆ ڕێگە خۆشکردن و سازکردن بۆ خەباتی چینایەتی ، هیچی تر نییە تەنها کلکایەتی و بەهێزکردنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی کوردی و عەرەبی لە ناوچەکەدا ، هیچی تر نییە تەنها قووڵکردنەوەو داسەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتداریەتی چەند ساڵەی ئەم دسەڵاتدارانەو ، درێژە دانە بە برسیەتی و نەداری و چەوساندنەوە و بێمافی و سەرکوت و بێکارکردنی زیاتر و کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر وبەکرێگیراوی زیاتر بۆ بۆرژوائیمپریالیستەکانی ناوچەکەو گۆڕینی کوردستانە بە مەیدان و بنکەی ڕەسمی و جێگیری کۆمپانیا و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی جیهان و دەرهێنانیەتی لەم هەلومەرجە ئاوەڵەیەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی بۆرژوازی ناوچەکە و جیهان و تیایدا بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان ڕێکخراوترو بەهێزتر بن و لە ژێر سایەی ئاسۆی قەومی و چەپی ڕیفۆرمیستانە و ئاینیەکان بێنەدەرەوە کارکردی گەورەیان هەبێت بۆ بنیاتنانی ئاڵتەرناتیڤی یەکەم کە ئاڵتەرناتیڤی گۆڕینی کوردستانە بە بنکەو قەڵای دژ بە سەرمایەدرای و بۆرژوازی لە ناوچەکەدا و بە پشتیوانی کرێکارا ن و زەحمەتکێشانی تورکیا و ئێران و ناوچەکە بلۆکی دژ بەسەرمایەداری جیهانی پێکبهێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆمەڵگای سۆسیالیستی .

تا دوێنێ بوو ئێمە لە گەڵ دەسەڵاتداریەتێکی کۆنەپەرستانەو بۆرژوازیەکی سەرکوتگەر ڕووبەڕو ئەبوینەوە ، ئەمڕۆ بە هۆی قووڵبونەوەی خەباتی سیاسی و جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ڕودانی دابەشبوونی قووڵتری چینایەتی توێژە ووردەبۆرژوازیەکان هەرچی زیاتر و بەرچاوتر چوونەتە سەنگەری بۆرژواکانی کوردستان و لایەنگیری خۆیان بۆ ئەڵتەرناتیڤی کۆنەپەرستانەی ( ڕیفڕاندۆم ) نیشانداوەو ئەدەن .
نمایەندەو ڕێکخەری بەرژەوەندی چینە ووردەبۆرژوازیەکانی کوردستان و عێراق دووجۆر لە ڕیفۆرمی سیاسی وحیزبی ئەنجامی ئەدەن ، یەکێکیان “ڕیفۆرمیزمی میللی ( شەعبەوی )” ح.ش.ع ، و ح. ش . ک ؛
و دووەمیان “ڕیفۆرمیزمی کرێکاری” کە ڕەوتی (کۆمۆنیزمی کرێکاری ) ،
ئەنجامی ئەدەن ، وێڕای جیاوازی بۆچونەکانیان سەبارەت بە ئاڵتەرناتڤی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی کوردی سەبارەت بە ( ڕیفڕاندۆم) .

بەرەیەکی تری بۆرژوازی کوردی کە بە وەڵامی ( نەخێر) بۆ خودی ئاڵەتەرناتڤی ڕیفڕاندۆم نیشانیان داوە ، بەرەیەک نییە دژ بە بۆرژوازی کوردی و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکەی لە پێناو سۆسیالیزم و دەسەڵاتداریەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە ، بەڵکە بەرەیەکە بۆ دژایەتی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ڕیفڕاندۆم ،نەک خودی بۆرژوازی ودەسەڵاتەکەی ، وەئەم ناڕەزایەتیە ڕیفۆرمیستانەیە خۆی لە لێبڕالیزمی بۆرژوازیانەدا ئەبینێتەوە کە خوازیاری ئازادکردنی سەرمایەی کوردستان و هەرێمە لە هەموو ڕێگریە قانونیەکانی ، بۆ بەدیهێنانی بازاڕێکی یەکگرتوی ئازاد و چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی کوردستانە .

لای مارکسیستە ئەنتەرناسیۆناڵەکان ڕۆڵی هەرکوام لەم باڵانەی بۆرژوای ڕۆشنە و لەوە زیاتر کە خەبات بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتەکەیان هیچ پاساوێکی تر هەڵناگرێت .
بەڵام بە توندی و ڕوحیەتێکی شۆشگێڕانەی مارکسیستیەوە دژ بە هەموو ئەو ڕەوت و لایەن و کەسایەتیانە ئەوەستێتەوە کە ئەیانەوێت مارکسیزم بکەن بە قوربانی سۆسیال دیمۆکراتی جیهانی و بە ناوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە ئەیانەوێت ببن بە شەریکە حوکمی بۆرژوازی کوردی و خۆڵ بکەنە چاوی ئەوان لە پێناو پێکهێناێکی ئاڵتەرناتیڤێکی بۆرژوازیانەی سۆسیالدیمۆکراتیانە بەناوی دەوڵەتی عیلمانی و سۆکۆلاریستی .
سەرکەوتوبێت خەباتی درێژخایەنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتداریەتی سەربەخۆو شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەرەو سۆسیالیزم !

و.صابر
۱۷ / ۹ / ۲٠۱۷




حه‌لال و حه‌رامی ئیستیعمار سه‌لام ناوخۆش

زۆر ڕه‌وشی سیاسی هه‌یه‌ ئاراسته‌ی حه‌لال و حه‌رام ده‌گۆڕێ ! حه‌لال و حه‌رام ته‌نیا له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ نییه‌. له‌ ئیسلام حه‌لال و حه‌رام ته‌نیا له‌ دوو چه‌مكی ( ئه‌رێ‌ ) و ( نه‌رێ‌) كورت نه‌كرایته‌وه‌ ، به‌ واتای فلان شله‌ و ئاو بخۆ و بخۆوه‌ ، فیسار مه‌خۆ و مه‌خۆوه‌ . له‌ فۆنه‌تیكی هه‌ردوو وشه‌دا ( گۆكردنی هه‌ردوو وشه‌ی حه‌لال و حه‌رام)دا ده‌رده‌كه‌وێ به‌شی حه‌لال زۆر زیاتره‌ له‌ پشكی حه‌رام! پێش ئیسلام ، ڕاهیب و ئه‌حباره‌كان به‌ ئاره‌زووی خۆیان سنووریان بۆ حه‌لال و حه‌رام ده‌كێشا ، به‌ جۆرێك لای هه‌ندێ پیاوی په‌رستگا حه‌لال و حه‌رام په‌یوه‌ندی به‌ ئیقتیصاده‌ هه‌بوو !

كورده‌واری جوانی وتوه‌ ” دینی موحه‌مه‌دی به‌ ئاشكرا خۆشه‌” ، بۆیه‌ ئه‌م دینی موحه‌مه‌ده‌ به‌ ئاشكرا و ڕاشكاوی ده‌ڵێ : ئه‌وه‌ی بۆ تۆ حه‌لاله‌ ، بۆ منیش حه‌لاله‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته‌!
دوای ئه‌وه‌ی ئیستعماری نێوده‌وله‌تی چه‌نده‌ها ئیستعماری لۆكه‌لی به‌رهه‌م هێنا ، شه‌رمی له‌ ئیستعماربوونی خۆی كرد و بارگه‌ی خۆی تێكنایه‌وه‌ ! ئیستعماری لۆكه‌لی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی نه‌وعی ئیستعماری نێوده‌وڵه‌تی نییه‌ : ئه‌وه‌ هه‌موو شتت داگیرده‌كات و له‌ ڕواڵه‌تیش خۆی به‌ دیندار ده‌زانی !

له‌ 25ی نۆ زۆربه‌ی كوردی باشوور له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ی تر به‌ ڕێژه‌ی (92%) بڕیاریدا ماڵی له‌ عه‌ره‌بی عێراق جیا بكاته‌وه‌ ، قیامه‌ت قه‌وما! چۆن ده‌بی میلله‌تێك خاوه‌ن جیوگرافیه‌كه‌ی داخراو بی ، داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات؟ له‌ مێژه‌ هه‌رسێ حوكمرانی هاوسێ ، كه‌ به‌ نیسبه‌ت كورد ئیستیعماری لۆكالین، تۆمه‌تی ئیسرائیلی دووه‌م بۆ كورد داده‌تاشن ، ئه‌مجاره‌ وتیان نه‌مانگوت : سه‌یركه‌ن كورده‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌نده‌ران ، ئاڵای ئیسرائیل به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌!! شه‌ناوی ڕه‌حمه‌تی له‌ نۆوه‌ده‌كان ده‌یوت : الاكراد یتامی المسلمین ! بۆچی ژماره‌یه‌كی كه‌می كورد ئاڵای ئیسرائیل به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌؟! له‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ موسڵاماننشینه‌ یه‌كێ وه‌ك ئیسرائیل به‌ ئاشكرا وتی : من لایه‌نگیری كوردانم؟! ئێوه‌ سه‌ننه‌ و شیعه‌ و سه‌له‌فی و ئیخوانگی خوێنی یه‌ك فڕ ده‌كه‌ن ، بۆ له‌مه‌دا بوونه‌ یه‌ك؟!

ئه‌مڕۆ مامۆستایه‌كی زانكۆی جووله‌كه‌ له‌ ئیسرائیل له‌ دیدارێك وتی : دوێنی ئه‌میرێكی سعودی له‌ ئیسرائیل بوو ؟! چی ده‌كرد؟ ده‌عوه‌ی له‌گه‌ڵا سه‌رۆكی ئیسرائیل ده‌كرد! ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی سیسی هه‌تا پێیكرا موسڵمانی گه‌نجی كوشت و ئه‌ونیتری له‌ زیندان رزانده‌وه‌ ، دوێنێ وتی : من له‌گه‌ڵا عه‌بادیم ، ئاماده‌م ئابلوقه‌ی فڕین له‌ سه‌ر كوردستان په‌سه‌ند بكه‌م ! له‌و وڵاته‌ش نه‌ك ئاڵای ئیسرائیلی به‌ڵكو پیاوی ئیسرائیل ته‌ڕاتێن ده‌كه‌ن!

ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ ئیستعماریه‌ زۆربه‌ له‌ ئایدیۆلۆژیا له‌ ستراتیژیه‌ت ، له‌ به‌رانبه‌ر كه‌سی تر له‌ به‌رانبه‌ر دینی خودا ، له‌ ئیسرائیل خراپترن ! كام ده‌وڵه‌ت له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێت : من له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی قورئانم ؟ ئیسرائیل به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێ : من ده‌وڵه‌تێكی ته‌وراتیم!
بوونی ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ ئیستعمارییه‌ بوونه‌ته‌ بار به‌ سه‌ر ئیسلامه‌وه‌ و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی گوتاری قورئانه‌وه‌ن ، بوونه‌ته‌ ڕاهیبی زه‌مانه‌ هه‌ر خۆیان حه‌لال و حه‌رام دیار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن : بۆ ئێمه‌ ئاساییه‌ چه‌ندان ده‌وڵه‌تمان هه‌بێ ، به‌ڵام كورد بۆی نییه‌ ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كیشی هه‌بێ! نووسه‌ری
The First Muslim
ده‌ڵێت : موحه‌مه‌د زیندووببێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی ئه‌وانه‌ ده‌كات ، شه‌ڕی كافران ناكات!!!




گەمەی دوای ڕیفراندۆم . . . چالاک ئـاغجەلەری

دواجار ئـەم گەمەیە یەکەم ئـامانجی سیاسی خۆی پێکا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم ھەنگاوی یاریەکەدا پوشێکی ڕاستەوانەی بە ئـاراستەی نفوز و قەڵەم ڕەوی ھەرێمی کوردستان دا ھاودەم ھەلێک بوو بۆ ڕەوینە و بیرچوونەوەی مێژوویەکی ناشیرین کە پڕ بە باڵای ئـەم ھێزە بوو بەلای کەمەوە بۆ ماوەیەک ھێمنی و دوور لە توانج و ڕەخنەی پێدەبڕێت، ھەورەھا بارزانی بە شێوەی دکتۆرێکی نەفسی توانی زۆربەی ڕکابەرە سیاسیەکانی وەکو نەخۆشێکی سایکۆلۆژی ھەڵیانسوڕێنێت بیانکات بە ھاوکار و ھاوھەڵوێست لە پەیوەند بەو پرۆژەیەی مەبەستێتی کە بۆی مەیسەر بێت، دیارە ئـەم ھەوڵانە ھاوڕاو و پشتیوانی ھەرێمیی لە پشتە لەسەروو ھەموویانەوە تورکیای بەڕووکەش توند و سعودیەی ئـەنتی شیعەگەرا.

بێ خاوەنی ھەڵگری عەقڵێکی ژیرانە ، ھەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بەم پرسە و تراسانی خەڵکانی بەرھەڵست بەرامبەر بە پرۆژەکەی پارتی ھێندەی تر ڕێگەی دەربازبوونی ئـاسان کرد ، یەک لە نموونەکان غیابی مام جەلال و کاک نەشیروان وەکو دوو کاریزمای سیاسی پرۆژەکەی خستە سەرپێ، دیارە کەسانی بە ئـاگا و ژیر کەوتنە جوڵە بەڵام بە حوکمی باکگراوندی سیاسی و نەبوونی ئـەو کاریزمایەی لەم دوو کەسایەتیەدا ھەبوو وەکو بڵقی سەر ئـاو وون بوون نەیتوانی ئـەو شەپۆلە پڕ جۆشە ناسیونالیستیە بوەستێنی کەلەسەر زەریای سۆز و عاتیفە بۆ نەتەوە تەوژمی ئـەدا.
ئـێستا بینیمان ھەنگاوە سەرەتاکان چۆن بناغەکەی ھەڵکەندو دروست بوونی ئـەو ھەیکەلە سیاسی و ئـیداریە بەکێ دەبڕێت، ئەمە لە کاتێکدا تەواوی ھێزە سیاسیەکان لەوپەڕی جۆشدامانی فیکری و روئـیای سیاسیدا بەرامبەر بەم پلانە مەترسیدارە مەحکومن بە ترسنۆکی و دەستبردن بۆ ئـەو ئـاگرەی پێش ھەر کەسێک خۆیان پریشکیان بەردەکەوێ و دەسوتێن ،کۆتایھاتنی زەمەنی سیاسیان وەک دوا وەڵام بە ئـەم ھەڵەیە ڕادەگەیەنرێت.

لە یەکەم گوتاری کاک مەسعود سەرۆکی پارتی دەرکەوت لە نەرمی نواندن بەرامبەر بە عێراق، ھەروەھا بەغداش زیاتر مووی شۆڤێنی ڕەق بووە ،چی بە ڕێگەی دەستور چی بە پشتیوانی دەولی ناچێتە ژێر باری ئـەم ئـەنجامەوە چونکە تا ئـەم ساتەش یەک پارچەیی خاکی ووڵات خەتی سورە و بەزاندنی بڤەیە. ئـەم گرژیانە تا دێت توندتر دەبێت و دەگاتە بن بەست ، بەدوای ئـەمەدا پلان دووی بارزانی دەست پێدەکات لەگەڵ تورکیا و بە ھاوکاری سعودیە ڕێکدەکەون جۆرێک لە پشتیوانی دەولیش مسۆگەر دەکەن، ئـەمجارە کورد بە سەرەڕمی شەڕێکی نوێ دەسپێرن گرژی و ئـاڵۆزی بەرۆکی ناوچەکە دەگرێت ئـەنجامەکەشی تورکیا بە ھاوکاری بارزانی دێتەوە ناو خاکی ویلایەتی موسڵ وەک ھێنانە دی خەونی لە مێژینە دەکرێتە بەشێک لە خۆیان ئـەوکات ڕێوشوێنی دروست بوونی قوبرسێکی تر دەێتە سەر ئـەرزی واقع.
پەلە پەلی ڕۆژئـاوا و ساڵح موسلم لە پشتیوانی ئـەم پلانە دەبێتە نەنگیەکی سیاسی بە ھەمان ھۆکاری ھێزەکانی یەکێتی، گۆڕان و ئـیسلامیەکان یەخسری بۆ سۆز و عاتیفەی قەومیبوون بەرەوڕووی نوشست و پەشیمانیان دەکاتەوە. ھەروەھا لە چوارچێوەی وێنەکەدا ئـامانجی سەرەکی تورکیا بە ڕوونی دیار دەکەوێت ئەوەش بەلێدانی پەکەکە لەسەر دەستی ژەندرمە و ھاوسۆزەکانی ئـاکپارتی قەندیلی سەربەرز خوێناوی دەکرێت،قینی چەندین ساڵەی نەژادپەرستان و شۆڤێنیەتی تورک بە پێکی سەرکەوتن کۆتایی دێت ، کوردستانیش بە حیکمەتی ئـەم کۆمەڵە دەمڕاستە دەسپێرین بەھەمان قەدری نادیار.
ئـێوەش گەلی ھاوخوێن و ئـازیز لە گەمەی ڕیفراندۆم دا وەکو چۆن سوڕانی سوکانەکەی نەوت بە دەستی مامە وکاکە بە پشتیوانی کاکە نەوەی ڕەحمەتی پشکی شێر بەر تورکیا کەوت ، نەھامەتی و نەگبەتی بە ئـێوە بڕڕا، دەبینین سبەی ڕۆژ ئـەو پەنجەیەی کە شینتان کرد بە بەڵێی دڵپاکیتان سبەی ڕۆژ دەبێت بیگەزن و بێدەنگی ھەڵبژێرن.




هــه‌ڵــه‌ڕن … شـیعری ئارام ساڵح

1
(هه‌ڵه‌ڕن)
یه‌كه‌یه‌كه‌ لوولت دان و
له‌ناو بوخچه‌ی بێباكی دا شه‌ته‌كت دان
تازه‌ ئیتر
چی له‌و گوڵی هه‌سته‌ گه‌چڵاوانه‌م بكه‌م
باخچه‌ی دڵمت هه‌ڵه‌ڕن كرد
2
(سینگار)
به‌رده‌وام هه‌ر له‌ مه‌شق دام
ئای له‌ هه‌ورازه‌ ڕێ ی عه‌شقت چه‌ند ڕكه‌
وام له‌ سینگاری دڵت دا!
مردن یه‌كه‌ و نابێ به‌ دوو…
هه‌ر ده‌بێ بگه‌م به‌ لووتكه‌

3
(ئیمتیحان)
نه‌ یه‌ك وشه‌، نه‌ یه‌ك پیتم
بۆ نه‌نووسرا
له‌ ئیمتیحانی عه‌شقی دا
وه‌ره‌قه‌ی سپیم ته‌سلیم كرد
4
(دیلانه‌)
من
نۆته‌كانی ئاوازی دڵ ده‌نووسمه‌وه‌
تۆ تێكستی نه‌غمه‌ی بولبول
ده‌ی ده‌وه‌ره‌
با دیلانه‌ی عه‌شق بڵێین به‌ یه‌كه‌وه‌
5
(گه‌وره‌ترین گۆڕستان)
له‌و جه‌نگه‌ درێژخانه‌ی ئه‌وینت دا
ملیۆنه‌ها حه‌سره‌تم بوون به‌ قوربانی…
گه‌وره‌ترین گۆڕستانی شه‌هیدانه‌
ئه‌و نیشتمانه‌ی دڵی من!
6
(كه‌شكه‌بژێر)
چش له‌ كه‌شكه‌بژێری ته‌مه‌ن
چش له‌ مه‌رگی ناواده‌ی خۆم
كه‌ من ئێستا باخه‌وانی
باخه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی
نێو داستانی ئه‌وینی تۆم
7
(شین)
له‌سه‌ر سیله‌ی كۆڵانه‌ی (با)
له‌به‌رده‌م ماڵی (پایز) دا
به‌دیار ته‌رمی په‌پوله‌یه‌ك
گوڵ… پرچی خۆی ده‌ڕنیه‌وه‌.
8
(ده‌نگدانه‌وه‌)
له‌ ئه‌شكه‌وتی دڕدۆنگیتا
به‌رده‌وام ده‌نگ ده‌داته‌وه‌
ناڵه‌ی دڵم




کۆڵبە فر… مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشکە شە بە روحی بە فر بە ستووی کۆڵبە رە کانی سە ر سنوور

بە فرێکی زۆر باریوە
بە فرێکی ئە ستوور
پڵە ی سە رما
بۆ ژێر بە ستنی
کۆڵبە ر دابە زیوە
***
دە ڵێن :-
ئە وبە هارە
پاش ئە وە ی
بە فر دە تویتە وە
کۆڵبە ر سە وز دە بن
لە و شاخانە .

***
وێنە یە کی سێڵڤیم
لە نێو بە فرا گرت
کە سە یری وێنە کە م کرد
لە جێی بە فر
پشتە وە م ..هه مووی کۆڵبە ربوون .
***
هه رچی شێرە بە فرینە دە کە م
لە نێو بە فردا
دواجار
دە بێت بە پە یکە ری ..کۆڵبە ر .
***
ویستم..
لە نیو بە فردا
پیاسە یە ک بکە م
هه رچی پیم هه ڵدێنا
خرچە خرچی شکانی
ئێسکی کۆلبە ر بوو .
***
منداڵان..
تۆپە ڵە بە فرێکیان تێگرتم
سە یرم کرد
بە فر نە بوو
مشتی بە ستووی
کۆڵبە ریک بوو.
***
*************** ٣/٢/٢٠١٧- هه ولێر


داماوم ..

*********
دە ڵێن ..
زە وی لە بێن دە چێ
داماوم ..
چێ لە م (کوردستان )ە بکە م
کە هێشتا
نە بووە بە دە وڵە ت .
***
دە ڵێن ..
زە وی لە بێن دە چێ
داماوم ..
چی لە م ( کورد ) ە بکە م
کە هێشتا
ئازادی نە دیوە .
***
دە ڵێن ..
زە وی لە بێن دە چێ
داماوم ..
چی لە م ( کتێب ) انە بکە م
کە هێشتا
نە مخوێندوونە تە وە .
************* مە ولود ئیبراهیم حە سە ن ٣/٧/٢٠١٧ – هه ولێر

هوما ..
********* بۆ برای شاعیر مامۆستا (لە تیف هه ڵمە ت )
شە بقە کە ی هه ڵمە ت
باڵندە ی ( هوما ) یە
بە ( سە ر ) گە نجینە ی
پڕ لە شێعرە وە هه ڵنیشتووە
بە سۆزە وە
بۆ بە ختە وە ر ئێمە دە خوێنێ .
***
چاویلکە کە ی هه ڵمە ت
بینینە کانی ژیان
ڕوونترو
جوانتر دە کات
بۆ چاوی ئێمە .
***
پێڵاوە کانی هه ڵمە ت
تۆزی هه موو
شۆڕشە کانی لێنیشتووە
بە دوای بە هه شتێکدا
دە گە ڕێ
دە رگا ..
بە ڕووی ئێمە دا بکاتە وە .

******************** مە ولود ئیبراهیم حە سە ن /هه ولێر – ٢٠١٥/٣/١

1
حە سرە تی کتێب ..

چە ند بە حە سرە تی ئە وڕۆژە م
کە بتوانم ..
هه رچی زووە
جارێکی تر
هه موو ئە و کتێبانە
بخوێنمە وە
کە تا ئیستا خوێندوومنە تە وە .
***
زۆر بە پە لە م
هه رچی زووە
بتوانم ..
هه موو ئە و کتێبانە
بخوێنمە وە
کە پیشتر کڕیومن و
تا ئیستا
نە مخوێندوو نە تە وە .
***
چە ند تامە زرۆم
هه رچی زووە
بتوانم ..
هه موو ئە و کتیبانە
بکڕم
کە پیویستە بیانکڕم و
تا ئیستا نە مکڕیون .
***
زۆر بە پە لە چاوە ڕێی
ئە و ڕۆژە م
هه رچی زووە
هه موو ئە و کتێبانە
چاپ بکرین
کە پیویستە چاپ بکرین و
تا ئیستا
چاپ نە کراون .
***
زۆر بە عە شقە وە
بە هیوای
ئە و ڕۆژە م
ئە و نووسە رە لە دایک ببێ
کە تا ئیستا
لە دایک نە بووە .
بۆ ئە وە ی
ئە و کتیبە بنووسێ
کە تا ئیستا نە نووسراوە .
***
زۆر دە ترسم
بمرم و
پێرا نە گە م
ئە و کتێبە بکڕم و
بیخوێنمە وە
چە ند بە حە سرە تە وە
تا مە زرۆم
زۆر دە ترسم .

************ – هه ولیر