خولانەوە لەناو بازنەی کوردایەتیدا … عدنان کەریم

کورتە سەرنجێك سەبارەت بە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان )

( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان ) ، کتێبێکی ٢٧٣ لاپەڕەیی د. سەردار عەزیز و د. بورهان یاسینە کە لە چاپخانەی کارۆخ لەسلێمانی ساڵی ٢٠١٧ یەکەمین چاپی بڵاوکراوەتەوە.
هەردوو نووسەر لە ( دەسپێك ) ی کتێبەکەیاندا بۆ ناسینی ناوەڕۆکی کتێبەکەیان ئەڵێن: ( بێدەوڵەتی بۆ مرۆڤی کورد وەک تراژیدیایەکی لێهاتووە. گەلێکی گەورە ، پەرتەوازە، نکۆڵی لێکراو، خیانەت لێکراو بەڵام لەهەمان کاتدا ” دژ بە خۆیشی”. نەبوونی دەوڵەت لە زۆر ناوەندی دیپلۆماسی و سیاسی و ئەکادیمیدا وەها دەبینرێت وەک ئەوەی کە هێشتا ئەم خەڵکە نەیانتوانیوە بە شێوازی مودێرن ‘ واتە بە شێوازی دەوڵەت ‘ خۆیان ڕیکبخەن ) ل ٧. ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان “.
وەکوو هەردوو نووسەر ئەڵێن ناوەڕۆکی کتێبی ناوبراو بریتیە لە توێژینەوە لە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بەو مەسەلە پڕ لە گرێیەوە.

سەرەتا و پێش هەر شت ئەوەی زۆر سەرنج ڕادەکێشێت زمان و شێواز و مەنهەجی هەردوو نووسەرە لەم بەرهەمەیاندا.
ناکۆکی لەوە زەقتر نیە کە تۆ لەڕیی فکریەوە ناسیونالیست بیت ، نووسەر بی ، ئەکادیمیست بیت بەڵام بەزمانێکی سەتحی وکوردیەکی پڕ لەهەڵە و گرێ وگۆڵ ، شێوازێکی نووسینی نامەنهەجی و دوور لەستانداردە ئەکادیمیەکان ، ئەرگیومێنتی نەگونجاو لەگەڵ جەدەلی فکریدا ، بێیتە ناو بابەتێکی فرە ڕەهەند و ئاوکێشی واوە.
ئەم شێوازە لە نووسینی ئەکادیمی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئاخر ئەمە یانی چی ” سەربەخۆیی پرۆسەیەکە لە پێناومسۆگەرکردنی بوونی مرۆڤی کورد لە دونیادا هاوتا بە مرۆڤەکانی دیکە” ل١٣ ؟ یان ” لە ڕاستیدا زووتر دەرکەوتووە کە چارەسەر لە ڕێگای ئۆتۆنۆمی یا فیدراڵی تەنها نیو چارەسەر یا چارەگە چارەسەرە ” ل ١٥. ئاخر دەستەواژەی وەکوو ” کوردستانی مەزن ” ل ٢٢ یا تێکەڵ کردن و هاومانا پیشاندانی هەردوو تێرمی ” نەتەوەیی ” و ” نیشتیمانی ” لەکام مەنهەجی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستیدا جێیان ئەبێتەوە؟ بەڕاست ” ئەدەبیاتی یۆتۆپی کوردی ” ل ٢٩ یانی چی ؟ ئایا دۆستانی نووسەر دێن بەهانامانەوە و تیمانگەیەنن کە ” خەڵکی کوردستان تا ئێستا نادەوڵەتین ” ل ٣٢ یانی چی ؟ .

بۆ من و بێگومان بۆ هەر خوێنەریکی بەسەلیقەیش مایەی پرسیار و ڕامانێکی قووڵە: ئایا ئەم دوو دۆستەمان جیاوازیی نێوان ” کوردستانی ” و ” کوردی ” نازانن بۆیە وا لەزۆر شوێندا هاومانا بەکاریان دێنن یا ئەوان بۆ تەسویق و قبووڵاندنی بابەتەکەیان ئەیانەوێ بیجەڕێنن بێ گوێدان بە سەلیقەی خوێنەر ؟ ” پێکهاتە غەیرە کوردەکان بە دڵنیاییەکی زیاترەوە خوازیاری ئەوە دەبن کە لە چوارچیوەی دەوڵەتی کوردی ( کوردستانی ) دا بژین ” ل ١٣٠ ( دەقەکانم وەکوو خۆی هێناوەتەوە).
نموونەی لەوجۆرە و بێدەربەستیی و تێکەڵ وپێکەڵیی مەنهەجیی وەها لەم کتێبەدا زۆرن و زۆر جار مرۆڤ وا هەست ئەکات کە دەقێکی شیعری یا پەخشان و ئینشایەکی لاواز ئەخوێنێتەوە.

ئەی ناوەڕۆك چی؟

ئینسان هەرچی زیاتر لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە وورد ئەبێتەوە ( ل ١٢٦ ، بۆ نموونە ) هەستێکی غەمناکی قووڵ دایئەگرێت: ئایا بە فیعلی بێدەوڵەتی ئاوا مایەی خۆ بەکەمزانی و سووکایەتیە بۆ تاکی کورد؟ ئایا کورتکردنەوەی مرۆڤ وەکوو کەینوونەیەکی ئاڵۆز لە ” شوناسی نەتەوەیی ” دا و دەرکردنی ئەو حوکمە قورسە کە ” بێ شوناسی بێ ماڵییە ، بێ ماڵییش لە نەتەوەیەکی جێگیر و خاوەن جێگاوە دەتکات بە کۆمەڵیکی کۆچەری ، ئۆقرە نەگرتوو و بریندار و وێڵ بەدوای ماڵدا ” ل ١٢٧ ” تاوانێکی مەعریفی ” نیە ؟
بەڕاستی مایەی پرسیارێکی قووڵە: ئایا ئەوە ڕەنگدانەوەی پەژارەیی و سەرلێشێواویی فکریی ئەم برادەرانەیە یان مرۆڤی سەردەم فیعلەن بەو شێوازە تەماشای شوناس ئەکات لەم دنیا جەنجاڵ و فرەڕەهەندەی ئێستادا ؟ من گومانم نیە لەبوونی هەستێکی لەو جۆرە کە ئەو برادەرانە هێمای پێئەکەن لەناو چینێك لە مرۆڤی کوردستانیدا ، بەڵام ئایا هەرچی واقیعی بوو ڕاستە ؟ هەرچی بوونێکی دەرەکیی بوو جێی متمانە و پشتگیریە ؟ ئایا نووسەر و ئەکادیمیست لەو بینینە سادانەوە هەڵئەستێ بۆ سەڵماندنی ئەرگیومێنتەکانی ؟ ئایا ستراتیجیی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی لەو دەرك و هەستە خامانەوە هەڵئەستێ ؟ ئایا باوەشێنکردنی ئەو خامۆشی وپەژمووردەییە ، وەکوو هەستێکی ناتەندرووست ، ڕاستە ؟

بەکورتی و بەکوردی ، تێزی جەوهەریی هەریەك لە دوکتۆر بورهان یاسی و دوکتۆر سەردار عەزیز لە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ) دا بریتیە لە پێداگیریی ئەوان لەسەریەکخستن و یەکڕیزیی ماڵی کورد ، ڕیفراندۆم وەکوو هەنگاوی یەکەمی سەربەخۆیی ، بەلاوەخستنی ناکۆکیەکانی ناوماڵی کورد ، پێداگیری لەسەر ناسیونالیزم و بیری کوردایەتی وەکو ڕێگەی ڕووناک بۆ ئەو ئامانجانە ، تەکمیلکردنی بینای نەتەوە لەڕێی بنیاتنانی دەوڵەتەوە ، بەدەستکرد ناساندنی ووڵاتی عێراق ، و سەرەنجام وەکوو ترۆپکی هەموویان سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەو مەرجەی پارتی هەموو پێکهاتەکان و لایەنەکان بکات بەشەریک لەو پرۆژەیەدا و گشت کارتەکان لەدەستی خۆیدا زەوت نەکات.

من لای خۆمەوە هەوڵ ئەدەم کە شیکاریەکی کورت بخەمە ڕوو لەسەر بەشێك لەو بابەتە جەوهەریانەی سەرەوە چونکە زەحمەتە بتوانرێت لەووتارێکدا هەموو ئەو ناڕۆشنی و تیکەولێکەییەی لەم کتێبەدا هەیە بخریتە بەر تیشکی ڕەخنە و ڕەنگ بێت لەبەر زۆری ئیشکالیەتی کتێبەکە وەڵامدانەوەیەکی هەمەلایەنەی کتێبێکی سەربەخۆی پێویست بێت. ئەڵبەتە مەبەستی من ، لێرەدا ، ئەوە نیە کە بانگەواز بۆ پرۆژەیەکی تر بکەم لەبەرانبەر ئەوەدا بەڵکوو دەرخستنی کڵۆڵیی بیری ناسیونالیستی و نەتەوەپەرستیە بەو تەفسیرەی کە ئەوان لێرەدا مەترەحیان کردووە کە بووە بەچرای ڕۆشنکەری باسەکەی ئەوان و لەوێوە موفرەداتە بنەڕەتیەکانی باسەکەی ئەوان شیبکەمەوە.

بایەخی ئەو مەسەلانە کاتێک زەقتر دەرئەکەون کە بارودۆخی ئێستای کوردستانی عێراق لەبەرچاوبگرین.
ئێستا سەرتاپای کوردستان بووە بە مەیدانی بەربەرەکانێ و کێشمەکێشێکی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی لەنێوان بەرەی بەڵی و بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆمێك کە لە ٢٥/ ٩ / ٢٠١٧ بەڕێوەچوو.
لێپرسراوەتیی ئەدەبی و ئەخلاقی و سیاسی داوامان لێئەکات کە بەووردی لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بەو کێشمەكێشە بخەینە بەر باس. ڕەخنەکردنی ئەم کتێبە بەهانە و دەریچەیەکە بۆ بەرخوردکردنی لەگەڵ زۆرێک لەو بابەتانەدا بەتایبەتیش بەو ڕیوایەتەوە کە ئەو ٢ برادەرە خستویانەتە سەر کاغەز.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە ڕەخنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە سەبارەت بە ” بیری ناسیونالیستی ” ی کوردی بخەمە ڕوو. ئەوە کارێکە نەك پێویست بەڵکوو ئەرکێکی ئیستەرەمیشە بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە چڕکردنەوەی ڕەخنەیە لەسەر ئەو دیدگایەی هەردوو نووسەر سەبارەت بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ، بەتەعبیری خودی ئەوان ، کە لەم کتێبەدا خستوویانەتەڕوو و مەگەر تەنها بەناچاری و بۆ ڕۆشنکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر هەمان ئەو بابەتانە ، لێرە و لەوێ ، ئاوڕێکی ڕەخنەگرانەش لە بنەماکانی ناسیونالیزمی کوردی بدەمەوە.

تێگەیشتن لە هەڵچوون و داچوونەکان وداهاتووی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی عێراق کارێکی نیمچە مەحاڵە یا کارێکە زۆر کورت دێنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ژینگەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لە عێراقدا وەکوو ئاکامی سیاسەتی ئەمریکا ڕەخساوە بۆی.

قۆناغی دوای ڕووخانی بەعس بۆ ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا ، قۆناغی ناڕۆشنی ، پەرتەوازەیی ، بێئاسۆیی ، و شڵەژانە. بەهۆی مانەوەی بەعسەوە، پێش ٢٠٠٣ ، هێزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا لەلایەکەوە وەکوو هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ئامادەترینیان ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە بایەخیان پێئەدرا و لەولاشەوە گشت سیاسەتەکانی خۆیان لەسەرجەم بوارەکاندا لەبەرچاوی خەڵک بەمانەوەی بەعسەوە پاساو ئەدا. ڕووخانی بەعس لەهەردوو ئەو بیانووە بێبەشی کردن. ئیتر ڕەوتی ڕوولەنشێوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەردەوام ئەبێ و تاهاتووە پایە فکری و سیاسیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکدا لەرزۆک و فشەڵ دەبن و دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێمیش کە نوێنەری سیاسی و تەبەلوری حیزبیی ئەو بزووتنەوەیەیە ، ڕسواتر و بێپایەتر ماوەتەوە لەناو خەڵکدا. ئیتر کار گەیشتووە بەشوێنێک کە خەڵک بەچاوی دوژمنی خۆی ئەڕوانێتە ئەو دەسەڵاتە و سیمبولەکانی.

بەڵام هەمیشە و بەشێوەیەکی میکانیکی ناکرێ دڵ بەوە خۆشکرێ کە گوتاری ناسیونالیستی و هێزە سیاسیەکانی ئەو بزووتنەوەیە تەریک بکەون لەناو خەڵکدا و دووچاری پاشەکشە ببن و ئەوە خۆبەخۆ بەمانای بەهێزبوونی ڕەوت و گوتار و بزووتنەوەی نیشتیمانی نایەتەوە. ئەوەی ئێستاش لەکوردستاندا دەیبینین ڕێک وایە: سەرباری کاڵبوونەوەی گوتاری کوردایەتی و ڕووتبوونەوەی هەردوو باڵی تەقلیدیی ئەم بزووتنەوە سیاسیە ، واتە پارتی و یەکێتی ، لەهەر شەرعیەتێکی سیاسی و ئەخلاقی و دەرکەوتنیان وەکوو دوو هێزی تاڵانکەری سامانی نیشتیمانی ، زەوتکەری دەسەڵاتی سیاسی ، مشەخۆر و گەندەڵ ، بێدەربەست بە هەر بنەما و پرەنسیپێکی نیشتیمانیی کوردستانی و .. ، تاد ، بەلام هێشتا ئەو هێزانە ئەتوانن دەسەڵاتی سیاسیان درێژە پێبدەن ، گوتاری کوردایەتی بەزیندووی ڕاگرن ، مۆبەلایزی خەڵك بکەن ، مانۆری سیاسی ئەنجام بدەن ، هاوپەیمانێتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی سازبدەن …، تاد ،بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن.
بەکورتی ڕاستە کە شعوری گشتی خەڵك لەبەرانبەر ئەم هێزانەدا گۆڕانی زۆری بەخۆوە دیوە و بگرە خەڵك ئەم حیزب و دەسەڵاتە وەکوو هێزێکی چەوسێنەر و سەرکوتگەر و بێگانە بە ژیان و بەرژەوەندیی خۆی تەماشا ئەکات ، بەڵام ئەوان هێشتا بواری مانۆری زۆریان لەبەردەمدا ماوە. هۆی سەرەکیی ئەوە یەك شتە : هێشتا ئەو پاشەکشێ و ڕسوابوونەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی نەگۆڕاوە بە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە و ڕۆشن لە ناسیونالیزم و تووڕهەڵدانی و سنووربەندیەکی ڕۆشن لەگەڵیدا تا خاڵی کۆتایی کە بریتیە لە خستنەڕوو و بونیاتنانی فکرێکی سازگاری نیشتیمانیی کوردستانی کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خۆی بە بەرزڕاگرتنی شکۆی هاووڵاتی بناسێنێت بەبەدیل و ڕوئیەی ڕۆشنی سیاسی و فکریەوە. ئەوە گەورەترین بۆشایی سیاسی و فکریە لە ئەمڕۆی کوردستانی عێراقدا.

یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسیونالیزم و بیری ناسیونالیستی بریتیە لە معیاری بەرژەوەندی نەتەوەیی ( ( National interest
کە معیارێکی سەرەکیە لە ڕوانگەی فکری ناسیونالیستیی کلاسیکەوە. بەڵام ناسیونالیزمی کورد لە ئەمڕۆدا نەك ئەو بنەمایە ناکات بە قیبلەنمای سیاسەتکردن و دیاریکردنی هەڵوێستەکانی بەڵکوو ڕۆژانە لەبازاڕی سیاسەتدا هەڕاجی ئەکات. یاخود پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی کە ناسنامەیەکی تری سیاسەت و فکری ناسیونالیستیی کلاسیکە بەڵام لای ناسیونالیستی کوردی ئەمڕۆ جێی خۆی ئەدا بە میلیشیای پارێزەری حیزب و بنەماڵە و بەدەستی ئەنقەست کۆسپ دەخاتە سەر ڕێی سەرهەڵدانی وەها دەزگایەك. ئەو ٢ نموونەیە گەرچی لەڕواڵەتدا دەرخەری ناکۆکیەکی ناوەکین بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستیی کوردی عێراق بەڵام لەڕاستیدا نەك ناکۆکی بەڵکوو نیشاندەری ئینحیتات و داتەپین و گیانەلاویی فکری ناسیونالیزمن لەم سەردەمەدا وئەوە دەرخەری پووچیی ناسیونالیزمی کورد و دەرگیربوونیەتی بە ئەزمەیەکی ماهەوی نەك لادان بێت لە ناسیونالیزم.

دەوڵەت بۆ نەتەوە یا بۆ خێڵ؟
هەردوو نووسەر پێداگیری لەسەر ئەوە ئەکەن کە دەوڵەتێك کە ئەوان بەرگری لەدروستبونی ئەکەن دەوڵەتێکە بۆ نەتەوە یا دەوڵەتێکە بۆ کورد لەبەرانبەریشدا هەوڵی دەسەڵاتدارەتیی کوردی لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتدایە بۆ خێڵ.
ئەوان ئەڵێن ” ئێمە وەهای دەبینین کە ململانێیەکی سەرەکی لە کوردستان لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ کێ بێت. لەم بارەیەشەوە ئاراستەیەکی ناتەندروست هەیە کە دەخوازێت دەوڵەت بکات بە موڵکی تاکە کەسێک یان کەسانێک، خێڵیك یان بنەماڵەیەك”. ل ٣٤ تەئکیدەکان هی ئەوانە.
هەردوو نووسەر لێرەدا تا ئەو ئاستە خۆیان گوشیوە و ئەوپەڕی ڕادیکالیزمی خۆیان نواندووە تا بڵێن ئەوان دەوڵەتیان بۆ خەڵك ئەوێت لەکاتێکدا بزووتنەوەی ڕەسمیی ناسیونالیستیی کورد کە پارتی ڕابەر و خاوەن پرۆژەی ” دەوڵەتی کوردیی” ئەمڕۆیە دەوڵەتی بۆ خێڵ ئەوێت.

لێرەدا سەرباری ناڕۆشنیی دیدگای هەردوو نووسەر و ئەوەی لەو دیدگایەی ئەواندا بە ئاشکرا سەردەردێنێت دەوڵەتی نەتەوەییە نەک مۆدێلی دەوڵەتی هاووڵاتی و ئەوەش ناتوانێت ئەو خەسڵەتەی دەوڵەتی جێ بڕوای ئەوان بشارێتەوە کە لێرە و لەوێ بنووسن کە ” پێویستە دەوڵەت دەوڵەتی خەڵک بێت”. دەستەواژەی ” دەوڵەتی خەڵك ” تەعبیرێکی کرچ و کاڵ و سەییال و نادیارە بەتایبەتی لەبەرانبەر ئەوەی ئەوان پێی ئەڵێن ” دەوڵەتی خێڵ ” .
مەعلوومە کە نە ” دەوڵەت بۆ خەڵك ” ی ئەمان خۆبەخۆ خەسڵەتی بنەڕەتی ئەو دەوڵەتە نیشان ئەدا و نە ” دەوڵەت بۆ خێڵ ” یش کە داویانەتە پاڵ پارتی و بارزانی دەوڵەتێکە بۆ خودی ماڵبات یا خێڵی بارزانی.
تێزی دەوڵەت بۆ کێ بێت خۆی لە خۆیدا سنوورێکی ئاشکرا دانانێت لەگەڵ خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو دەوڵەتە مەوعودەی ئەوان کە دەیان جار پێداگری لەوە ئەکەن کە دەوڵەتی کوردی ، دەوڵەتە بۆ مرۆڤی کورد یا دەوڵەتێکی ناسیونالیستیە.

ئەمان لەژێر تەپوتۆزی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر مەترسیی ” دەوڵەت بۆ خێڵ یان بنەماڵە ” و هێنانە ناوەوەی بێ مناسەبەی باسی ” دەوڵەتی شکستخواردوو” دا ئەیانەوێ بەرگری لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕێنن. تەنانەت ئەوان کێشەکەیان لەگەڵ سەرانی پارتی ودەسەڵاتدارەتیی ناسیونالیزمی کورددا لەوەدا کورت ئەکەنەوە کە ئەوان ” دەوڵەت بۆ بنەماڵە و خێڵ ” دروست ئەکەن و ئەوەش ” ئاراستەیەکی ناتەندرووست” ە یا بە قەولی خۆیان ” ئەم خواستە یا ئەم تێگەیشتنە دەرەنجامی ڕوانگەیەکی سەقەتە لە دونیای کوردیدا ، کە کەسێک خاوەنی بنەماڵە و خێڵە ، هەوڵ دەدات خاوەنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی مودێرنیش بێت ، کە دەوڵەتە”. ل ٣٤.
سەردار و بورهان ئەیانەوێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناتەباییەکانی داگرن بۆ ئاستی کێشەیەکی سۆسیۆلۆجیی جیاواز کە کێشەی خێڵە وبەوجۆرە خۆیان دوور بگرن لە ڕەخنەکردنی ناوەڕۆکی کێشەکە کە شتێک نیە جگە لە خودی ناسیونالیزم و ناتواناییە مێژووییەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناکۆکیە دەروونیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و تەیارێکی فکری. ئەوان بیریان چەند هەزار کیلۆمەترێك بڕ ناکات تا چاوێك بەدەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوودا ( هەر بۆ نموونە ) بگێڕن کە هەم سەربەخۆبوونەکەی و هەم مۆدێلە ئابووریەکەی گەشەسەندنی بەڕابەریی خێڵ و شێخەکانی ئەو ووڵاتە بەدەست هاتووە و بەو مانایە ئەوە جەهەری کێشەکە نیە.
پەژمووردەیی دیدگای هەردوو نووسەر ، شتێك نیە جگە لە ڕەنگدانەوەی واقیعیی پەژمووردەیی و وونکردنی ئاراستەی هاوبەش لە ڕیزەکانی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا.
ئەم ناسیونالیزمە ، وەکوو هێزێکی سیاسی ، خاوەنی ووتاری هاوبەش و یەکگرتوو نیە، بێبەریە لە ڕیزی سیاسیی مونسەجیم ، پرۆژەیەکی چوونیەك ویەکدەنگ و هەنگاوی کردەیی هاوبەشی نیە و لەمەدای نزیکیشدا ناتوانێت دەستی بەو دیدگا هاوبەشانە بگات.

ڕایەڵ و پۆی ئەم کتێبە بەیەک بۆچونی هاوبەشی هەردوو نووسەر تەنراوە: پارتی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانی ڕفاندووە و لایەنەکانی تر ( ئەمان زیاتر مەبەستیان گۆڕانە ) ناکات بەشەریکی خۆی لەو پرۆژەیەدا؟ لای ئەمان ( پارتی هێزێکە یەکخەری کوردستان نیە بەڵکوو دەخوازێت هەر یەکخستنێك لەژێر سایەی ئەودا بێت و بەڕوانگەیەکی تەقلیدی فیوداڵی کە تیایدا کەسی مەسعوود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە برا گەورە بزانێت ). ل ٤٧
ئەم شا تێزەی هەردوو نوسەر چەند سەرنج هەڵئەگرێت:

یەکەم: بۆچی هێزەکانی تری بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد ( دیارە لێرەدا زیاتر مەبەست لە چوارچێوەی جوگرافیی کوردستانی عێراقە ) سەربەخۆ لە پارتی پرۆژەی خۆیان بۆ ( سەربەخۆیی کوردستان – ئەمە تەعبیری خۆیانە ) ناخەنە ڕوو و گەر دەسپێشخەریشیان نەکرد بۆ ئێستا نایکەن تا هەمووان لە خاسیەتە جیاوازەکانی ئەو پرۆژەیەش تێبگەن؟

دووەم: تا ئێستاش بەڕەسمی هەموو لایەنەکان پاشەکشە و پاشگەزبوونەوەی خۆیان لە هەڵوێستی تا ئێستایان و پابەندبوونی خۆیان بە ڕێگەچارەی فیدرالی و شەراکەت لەگەڵ عێراقدا ڕانەگەیاندووە. بەئێستاشەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان چ وەکوو هەڵبژاردنێکی سیاسی و بەرنامەیی و چ وەکوو پراتیك بەتەواوی پابەندن بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شیعیەکانی عێراق و ئەوە بە بژاردەی سەرەکی خۆیان ئەزانن و دەستیان لێی نەشتووە.
هەرچی پارتیە هەڵوێستەکەی لەناوەڕۆکدا لەوان جیا نیە بەڵکوو خوازیاری ئەوەیە کە مەلەفی فیدرالیەت و پەیوەندی بەغدا و کوردستان بەتەواوی لەبەردەستی ئەودا بیت و پێی وایە کە جێ و شوێنی ئەوان ( پارتی ) لەبەغدا هاوسەنگ نیە لەگەڵ ئەو جێ وشوێنە گەورە و چارەنووسسازەی کە لەناوخۆی هەرێمدا هەیەتی.

سێیەم: هەر لەپەیوەند بە خاڵی پێشوەوە پارتی لە ئاستی کوردستاندا لەچاو هەموو هێزە سیاسیەکانی تردا بەهرەمەندە لە جێگایەکی پتەوتر و لەپێشتر و توانیویەتی هەموو مەلەفە ستراتیجیەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چنگی خۆیدا کۆکاتەوە و لەپرۆسەیەکی ١٥-٢٠ ساڵیدا و بەنەخشەی زۆر وورد توانیویەتی پاشەکشەی گەورە بەسەر یەکێتی و لەم دواییانەش گۆڕاندا بسەپێنێ و لەوێوە وەکوو ( مدعی ) و سووکان بەدەستی ماشینی ( کوردایەتی ) جیپێی خۆی مەحکەم بکات و ئەو دوو هێزەی تریش مادام کە هەڵگری هەمان ستراتیجین و بۆ ئەو ستراتیجیەش نەخشەیەکی تری جیاوازیان نیە ، ناچارن سەرەنجام مل بدەن بە سیاسەتی جێگرتن لە پاشکۆی پارتیدا لە ڕاستای هەمان ستراتیجیدا.

یەکێتی ساغبۆتەوە بەو ئاراستەیە و زۆربەی نیشانەکانیش ئەوە دەخویننەوە کە گۆڕانیش سەرەنجام دوای هەندێ ژانی لەدایکبوون ببێت بە هێزێکی ڕادیکالی ناو هەمان بزووتنەوە بەو مەرجەی بۆ پاراستنی ئاوی ڕوو ( ماء الوجه ) جێگەیەکی وای بدرێتێ کە بەشایستەی خۆی ئەزانێت.
ئیتر هیچ بۆڵە و خورتە و گلەییەك لەپارتی ، بۆ هێزێك یا بۆ کەسایەتی و لایەنێك کە هەڵگری هەمان ئاسۆ و ستراتیجی و دنیابینی بێت ، ( لێرەشدا بۆ هەردوو نووسەری بەڕێز ) ڕۆڵیکیان نابێت جگە لە گۆڕانیان بە برغوویەك لە ماشینێکی گەورەتر کە پارتی و بارزانی سووکانەکەیان بەدەستە.

هەمیشە کێشمەکێشی نێوان هێزە ناسیونالیستەکان لەسەر شێوازی گەیشتن بەیەک ستراتیجی ئەم پریشکانەی لێکەوتۆتەوە. بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەب لە عێراق ، سوریا ، لیبیا ، میسر ، فەلەستین هەمیشە مەیدانێکی گەشەکردن و بەرەوۆێشچوونی ، دینامیکیەتە ناوخۆییەکەی و ململانێ و جەدەلی ناو ڕیزەکانی خۆی بووە. هەمیشە باڵێکی تری ناسیونالیزم و لەوانە لە ڕیزی ناسیونالیزمی کوردیشدا ، ڕادیکالتر تەکانی داوە و زۆر جاران ئەو ڕادیکالیزمە ڕەنگدانەوەی خویندنەوەیەکی ناواقیعیی تەرازووی هێزەکان و تواناکان و هێزی فاکتەرە دژەکانیش بووە.

پارتی نەك هەر تەحەموولی ئەو ڕەخنەگرانەی ڕیزی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردی ئەکات بەڵکوو سوود و کەڵکیشی لێوەردەگرێت. پارتی هەر ئێستا توانیویەتی بوونی ئەمجۆرە دەنگ و ڕەنگانە تەوزیف بکات لەبەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ مەحکەمکردنی جێپێی خۆی لەبەرانبەر بەوان و بردنەسەرئی سەقفی داخوازیەکانی و ترساندنی بەغدا بە ( بعبع ) و دێوەزمەی ڕەوتێکی ناسیونالیستیی کوردیی تووندڕەوی وا کە بۆ بەغدا باشترە بێن بەدەنگی داخوازیەکانی پارتیەوە تا ئەو دێوەزمەیەش ئارام بکەنەوە و ئیحتیوای بکەن و بەو جۆرە پەیامە ئەیەوێ بەغدا ناچار بەملدانەواندن بکات بۆ خواستەکانی.
لەناوخۆی کوردستانیشدا هەمان شت. پارتی کەڵکی زۆر لە دەنگی نەخێرەکان و ڕەخنەگرەکانی تری ریزی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد وەرئەگرێت و سەرکوتووبووە لە تەوزیفکردنیان بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی لەناوخۆشدا.

ستراتیجی پارتی و پلانە سیاسیەکەی بۆ هەنگاونان لەمڕۆدا ڕووەو ئەو ستراتیجە ، ڕەنگدانەوەی ئاستی گەشە و تواناکان و هێزی ناسیونالیزمی کوردە لە عێراقدا لەبەرانبەر بەودا ، گەر ڕەخنەگرانی ناو هەمان بزووتنەوە و ستراتیجی سیاسیی لێدەرکەین ، بزووتنەوە و ستراتیج و ڕەوتێکی تر نابینین کە توانیبێتی ململانێیەکی جدی و ڕاستەقینە لەگەڵ پارتیدا بکات.
ئەوە کلیلێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕیزبەستنی هێزی سیاسی لەکوردستانی عێراق و تێگەیشتن لە جێگەی پارتی لەم قۆناغەدا.




گەڕانەوەی شکۆی سینەما … عومەر محەمەد

مێژووی سینەما لە مێژووی شانۆش جوانترو باشترە! چونکە ئەگەر شانۆ لەلای گریکەکان سەرەتا بۆ چینی ئەرستۆکراتەکان بووبێت، ئەوا مێژووی سینەما پێچەوانەیە، ئەگەر دەوڵەمەندان لە “هۆڵەکانی شانۆدا شوێنی تایبەت و کورسی تایبەتیان بۆماوەی چەندساڵێک کڕی بوو”، ئەوا لە سینەمادا ئەمەیان بۆ نەچووەسەر، لەسەرەتای سەدەی بیستەم هەر زوو چینی دەوڵەمەندان و ئەرباب و بۆرژواکان بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپا، دەیانویست هۆڵەکانی سینەماش وەک هۆڵەکانی شانۆ تابۆ بکەن و شوێنی تایبەتیان هەبێت .
ئەوان بە پاساوی ئەوەی ناچنە شوێنێک “هەموو کەس” بۆی بچێت، هۆڵەکانی سینەمایان بە شوێنی شیاوی خۆیان نەدەزانی، هەموو کەس مەبەستیان لە خەڵکی زەحمەتکێش کریکارو کۆچبەرو چینی خوارەوەی کۆمەڵ بوو، کە ئەوسا زۆرینەی خەڵکیان پێک دەهێناو بەپارەیەکی کەم دەیانتوانی بچنە هۆڵەکانی سینەماو فیلم ببینن، هەر ئەمەش بووە گەورەترین پاڵپشتی و پشتیوانی سینەماو بازارگەرمی سینەما وەک ” پیشە- هونەر” گەشەی کردو هاندەری دروستکردنی فیلم و چاککردنی هۆڵەکان و باشترکردنی شوێنی حەوانەوە و بەرهەمهێنانی فیلم بۆ فرۆشتن بوو.

وەک هونەرمەندی جوانە مەرگ تەها کەریمی دەنوسێت : (لەهیچ هونەرێکدا ڕۆڵی وەرگر هێندەی سینەما، چارەنوسساز نەبوو، پەیوەندی سینەماو جەماوەر ئەوەندە بەهێز بوو، هەر زوو بووە جێگەی سەرنجی سەرکردەکانی جیهان، لینین لە وتارێکیدا دەڵێت (سینەما بۆ ئێمە هونەری یەکەمە) هیتلەریش هەموو ئیمکانیاتێکی خستە بەردەستی ژنە دەرهێنەری ئەڵمانی (لینی ریفشتاڵ) ئەم دەرهێنەرە ٤٠ کامێرای لەیەک کاتدا بۆ دروستکردنی دوو فیلم دانابوو، کە باسیان لە شکۆمەندی سوپاو وەرزشکارانی ئەڵمان دەکرد.) بروانە تەها کەریمی سینەماتیک -٢٠١٣

حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەتایبەتی بەعسیەکان،هەموو ڕێگەیەکیان دەگرتەبەر بۆ دواخستنی کوردو چەواشەکردنیان، کاتێک زانیان سینەما ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پشخستن و پێگەیاندنی هزری ئازادیخوازیدا، هەربەوەندە نەوەستان کە فیلمەکان سانسۆر بکەن و هۆڵەکان بخەنە ژێرچاودێرییەوە، بەڵکو سیاسەتی بێزراندنی سینەماو شکاندنی شکۆی بینەرو بە نگی زانی چوونەسینەمایان گرتەبەرو ناوهۆڵەکان و دەوروبەری سینەماکانیان پڕکرد لە سیخورو کەسانی سەرسەری و هەرچی و پەرچی و ئاژاوەگێر، ئامانج لە تێکەڵکردنی ئەم خەڵکە خراپەکارانە بە بینەران، بۆ ئەوە بوو ئەو خەڵکەی دەچوونە سینەما بەدگومان بن و بە ئارامی لە هۆڵەکانی سینەما دانەنشین و لەبینینی فیلم دوربکەونەوە، ئەم سیاسەتە تارادەیەک سەری گرت و زۆر بینەر لەسینەما تەکینەوەو زۆریش بە نهێنی دەچوونە سینەما بۆ ئەوەی بەهۆی چوونە سینەماوە ئابرویان لەکەدار نەبێ و کەسایەتیان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. سینەما بە جۆرێک کەوتە ژێر پرسیارەوە هەتا وای لێهات بەهەر کەسێکی ناپەسەندیان دەگووت : دەڵێی ئەهلی بەردەم سینەماکانە .

لەم بارەیەوە ڕێنوێنکارو سینەماکاری کورد، ئاوات نامیق ئاغا لە ژمارە ٩٣ گۆڤاری مەڵبەند، بابەتێکی مێژوویی گرنگی لەبارەی سینەماوە نوسیوە لە بەشێکی نوسینەکەیدا هاتووە : ( لێرەشەوە ئافرەتانی کۆمەڵی کوردەواری کەئەمێستا پابەندییەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان بە پیاوانەوە هەیە، نەیان دەتوانی خۆیان لەوان جیا بکەنەوەو بەبێ ئەوان و بێباکانە هاموشۆی شوێنە گشتیەکان وەک سینەماکان بکەن، وای لێهات بۆ سینەماچوونی خێزانی بووە شتێک لە رابوردو. ئەمە وای کرد بینەری مشەخۆرو بێ دەربەست بەسەر شانی بینەری پۆزەتیڤ وئارەزومەند زۆرببن، سەرەرای پەیدابونی نەریتی دزێوی قەزوان، جگەرە، محەلەبی هاویشتن، سەبارەت بە سەرکوتکردنی توخمی لەکۆمەڵگای کوردەواریدا، هەندێک لە نێرینەی هەراش وایان لەخۆیان ڕادەپەرموو، کە سینەما بکەنە ئەو شوێنەی ئارەزووەکانیانی تێدا دابمرکێننەوە، وردە وردەش سینەما وا ناوی بە جۆرێکی وابزرێندرێ کە هەرە خەڵکی خراپ بە “شەللاتی بەرسینەما ناوزەدبکرێ” بروانە مەڵبەند ژمارە ٩٣ – نەورۆزی ٢٧٠٥ی کوردی – مارتی ٢٠٠٥ . ئاوات نامیق ئاغا – سلێمانی کوردو سینەما .

بەداخەوە ڕاپەرینی ئازارو دەسەڵاتی خۆماڵیش لەدرێژەی ٢٦ ساڵی ڕابوردویدا، هەوڵێکی بۆ لابردنی ئەو تەمومژە نەداو بینەری تۆراوی لەگەڵ سینەما ئاشت نەکردەوە، هەربۆیە هێشتا هۆڵەکان کەم بینەرو شاشەکانی تیڤیش بە فیلمی دۆبلاژکراوی تورکی وئێرانی گەمارۆدراون . بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و ڤیستیڤاڵی ساڵانەی فیلم و بەرێوبەرایەتی سینەمای سلێمانی هەنگاوەکانیان بایی ئەوە تەندروست وکاریگەر بێت شکۆ بۆ سینەما بگێڕنەوە .

٥/١٠/٢٠١٧ سلێمانی

———
ئەو وتارەی لینین مامۆستا ئاوات نامیقیش لەنوسینەکەیدا ئاماژەی پێکردووە 1-
————————————
سەرچاوەکان

1- تەهاکەریمی – سینەما تیک – ٢٠١٣
2- ئاوات نامیق ئاغا، سلێمانی کوردو سینەما. بڵاوکراوەی مەڵبەند ژمارە ٩٣ –نەورۆزی ٢٧٠٥ – مارتی ٢٠٠٥ ل ٤٢ .




ئومێد بەدەوڵەتی سۆکۆلار و مەدەنی لە هەرێم ! … وەستا سابیر

خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی کە چەپی ڕیفۆرمیستی بەناو ( کۆمۆنیزمی کرێکاری) و هەندێک لە لێبڕالەکان و ئیسلامیەکان و چەپە متفرقەکان ئەوەبوو و ەئەوەیە کە ئەوان لە پێناو بەدیهێنانی دەوڵەتێکی سۆکۆلار و متمدن و عیلمانی چوونەتە پشتی پڕۆژەی بارزانی و یەکێتی و ئیسلامیەکان و بۆرژوازی دەسەڵاتدارانی کورد .
لێرەدا پێویستە بپرسین ؛ بە چ ئومێدو لە سەر بنەمای چ فاکتەرێکی ئابووری و سیاسی بۆرژوازی دەسەڵاتداری کورد توانای دروستکردن و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک و سۆکۆلار و مەدەنی لەم چەشنەی هەیە لەم ناوچەیەدا ؟!
هەروەها بیانوویەکی تری چەپێکی ڕیفۆرمیست کە لەم ناوچەیەدا هەیە بە جەماعەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریشەوە ئەوەیە کە مەسەلەی کورد لە ڕێگەی دەنگدانی خەڵکەوە ئەنجام ئەدرێت و دوواتریش بە پشتی ئومێدەکانی خودی بارزانی و بۆرژوازی کوردی ئەڵێن ئەم ڕیفڕاندۆمە بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو ئەنێت !
وە هەرلەم پێناوەشدا ئەوان ئەم دەنگدانە بە مافێکی سەرەتایی خەڵک ئەزانن کە بۆچی ڕێگریان لێبکرێت و بۆچی دەوڵەتی سۆکۆلاری کوردی دانەمەزرێت ؟!
ئەوان پڕ بەدەم هاوار ئەکەن و بوونەتە بڵندگۆی بۆرژوازی دەسەڵاتداری کوردی بۆ ئەم تەبلیغاتانە .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ڕێگە لە جەماوەر بگیرێت ڕیفڕاندۆم بکات یان نەء ؛ پرسیارەکە تەواو جیاوازە لەو پرسیاەی کە بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهان و بەکرێگیراوانی لەدەوڵەتانی دراوسێ وەک عێراق ئێران و تورکیا و سوریا کە هەوڵ ئەدەن بڵێن و لە ڕوانگەی شۆڤێنزمێکی باڵادەستەوە کە کوردان نابێت ڕیفڕاندۆم ئەنجام بدەن !
چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیەو عێراق تەواو جودایی خۆی لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا ڕائەگەیەنێت ، ودژ بە هەموو جۆرەکانی شۆڤێنیزمی باڵادەستی ووڵاتانی وەک عێراق و تورکیا وسوریاو ئێران ئەوەستێتەوە و لەهەوڵی پتەوکردنی ڕیزەکان و یەکرگرتوویی کرێکاران و زەحمەتکێشانی هەموو نەتەوەکانە .
ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی پرۆلیتاریای کوردی و عەرەبیەوە لە هەوڵی ئەوەداین کە بە جەماوەر بڵێین کە دەسەڵاتداریەک کە بەدرێژایی ۲٦ ساڵە نادیمۆکراتیکترین و سەرکوتگەرترین هەلومەرج و برسییەتی و بێکاری و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەو دەڤەرە و کوشتنی هەموو دەنگێکی ئازادیخواز و چەپ لە ناوچەکەدا ، لەوانە نەزیر عومەر و شاپور و قابیل و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی سۆرانی مامە حەمەو ..هتد چەندین کەسی تێکۆشەرو ناڕازی تر کە بە لێبوردنەوە ناوەکانیانم لە یاد نییە لە ئێستادا تۆماریان بکەم .
لەسەر ئەم بنەمایە ئەڵێین چۆن دەسەڵاتداریەک کە ئەمە مێژووەکەی بێت ئەتوانێت لە داهاتوودا دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک و مۆدێرن و سۆکۆلار و پشت بە چ هێزێکی سیاسی دروستبکات و بنیاتبنێت ؟!
بۆ ئاگاداری هەموو چەپە ڕیفۆرمیستەکان و بەتایبەت هەوادارانی کۆمۆنیستی کرێکاری ؛ هیچ فشارێکی ڕیفۆرمیستیانە لە توانای ئەوەدا نییە کە ماهیەتی بۆرژوازیانەو سەرکوتگەریانەی ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێت بەرەو دیمۆکراتیزەبوون و پاراستنی مافە سەرەتاییەکان خەڵکی کوردستان !
ئەم دەسەڵاتە هەروەک هەموو دەسەڵاتداریەکی بۆرژوایی لە دنیادا تەنها بە خەباتی سەرتاسەری پرۆلیتاریای جیهانی و ناوچەیی لە پێناو ڕوخاندنیان و گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە چینایەتیە بۆرژوزیانە بە دەسەڵاتێکی جەماوەری و کۆمۆنەیی خودی کرێکاران و زەحمەتکێشان توانای گۆڕینی هەیە تابتوانێت دیمۆکراتیک و مرۆڤ پەروەر و دووربێت لە بەرژەوەندی چینایەتی و حیزبەکانی .
لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابووری ئاوا چینایەتی و سەرکوتگەرانە و باس کردن لەوەی کە هەڵسان بە ڕیفڕاندۆم تەعبیر لە مافی سەرەتایی خەڵک ئەکات و بەئازادانە چینە ژێردەستەکان و لە کەشێکی دیمۆکراتیانەدا هەڵساون بەم دەنگدانە ! هیچی تر نییە تەنها خۆڵکردنە چاوی کرێکاران و زەحمەتكێشانی کوردستانەو و بەناوی کۆمۆنیزم و کرێکارانەوە بانگەوازی جەماوەر ئەکەن کە پشتیوانی لەم پڕۆسە نادیمۆکراتیک و گاڵتەجاڕیەی بۆرژوازیەی کوردی بکات کەلەپێناو ئیمتیازاتی قەومیانەی خۆی و بۆ دەوڵەمەندبوونی زیاتر کاتێک ئەبن بە خاوەنی دەوڵەتی قەومی خۆیان .

و. صابر
10.1 . 2017




بۆچی بارزانی كۆتاشه‌وی ریفراندۆم گره‌نتیه‌كه‌ی ئه‌مریكاشی ره‌تكرده‌وه ؟ … عیماد عه‌لی

ئه‌و هه‌واڵانه‌ی دزه‌ی كردووه‌ له‌ كۆتا شه‌وی به‌ر له‌ ریفراندۆم. ئه‌مریكا داوای كردووه‌ كه‌ به‌غدا و هه‌ولیر به‌دوور له‌ مه‌رجی پێشوه‌خت پێكه‌وه‌ دانیشن و باسی هه‌موو شتێك بكه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشه‌وه‌. ئه‌مریكیه‌كان ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ به‌رده‌ست كه‌ به‌ په‌یمانی خه‌تی و نوسین و ئیمزا ده‌رئه‌نجامی گفتوگۆكان بخه‌نه‌ به‌رده‌ست و پابه‌ند بن پێوه‌ی . عه‌بادی لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و رێز له‌ ئاره‌زووه‌كانی كورد ده‌گرێت و، دواتر ئه‌م تێزه‌یان خستۆته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی بارزانی . به‌ڵام ئه‌و لای خۆیه‌وه‌ وتویه‌تی ئه‌م ته‌رحه‌ زۆر دواكه‌وتووه‌ و ئێستا ناتوانرێت كاری پێبكرێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسورمانه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌م پێشنیازه‌ به‌ گره‌نتی ئه‌مریكاشه‌وه‌ بووه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ نێوان ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا پیشاندراوه‌ كه‌ ده‌بێت له‌و شه‌وه‌ ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نرێت كه‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم دوا ده‌خرێت. كاك مه‌سعودیش لای خۆیه‌وه‌ وتویه‌تی جاده‌ی كوردی هه‌مووی وروژێنراوه‌ و چاوه‌رێی ریفراندۆمن و ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان به‌ ژیان و دوارۆژی خۆیانیان به‌ستۆته‌ و ناتوانم دوای بخه‌م و، ئه‌گه‌ر داوای ئه‌وه‌ بكه‌م ده‌بێت به‌دوای جه‌زیره‌یه‌كدا بۆ خۆم بگه‌رێم و وڵات جێبهێڵم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێم نامێنێت .
له‌م باره‌وه‌ چه‌ندین پرسیار دێته‌ ئاراوه‌ :

1-بۆچی ئه‌مریكا ئه‌م پێشنیاره‌ی بۆ دوا شه‌وی ریفراندۆم دواخست و پێش ئه‌وه‌ باسی گره‌نتی خۆی و هه‌ڵوێستی عه‌بادی نه‌كرد و بواری رازیبونی بۆ كاك مه‌سعود نه‌هێشته‌وه‌ ؟
2- كێ ده‌ڵێت ته‌نها بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم نه‌بووه‌ و، رازیبون به‌ راگه‌یاندنی دواخستنی ریفراندۆم له‌ كۆتا شه‌وی به‌ر له‌ رێفراندۆم چ بوارێك بۆ گفتوگۆ و گره‌نتی و ره‌زامه‌ندی عه‌بادی و ئه‌مریكا ده‌هێلێته‌وه‌ و، كێ ده‌ڵیت فیڵی داوساته‌كان نه‌بووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی پاش ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفرندۆم هیچ شتێك له‌به‌رده‌ستنه‌بێت بۆ په‌شیمان بونه‌وه‌ له‌و ته‌رحه‌ ؟ .
3- بۆچی ئه‌مریكا و عه‌بادی تا دوا سات له‌راگه‌یاندن رازیبونی خۆیان بۆ مه‌رجی پێشوه‌خت و دواخستن نه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ رانه‌گه‌یاند و هه‌موو شتێكیان ره‌تكرده‌وه‌ و ته‌نها داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ریفراندۆمیان ده‌كرد و باسی گره‌نتی ئه‌مریكاش هه‌ر له‌ ئارادا نه‌بوو ؟
4- بۆچی ئێستا باسی ئه‌م گره‌نتی و گفتوگۆیانه‌ ناكه‌ن بێ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ریفراندۆم و گه‌رانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ ؟
5- بۆچی هه‌ڵویستی ئه‌مریكا له‌ دوای ریفراندۆم توندتر بووه‌وه‌ ؟
6- بۆچی ئه‌م پێشنیاره‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست لایه‌نه‌كانی تر پێش ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعود لێی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ دروستكردنی فشاری نێوخۆیی بۆ دواخستنی ریفراندۆم ؟
7-ئایا ئه‌مریكا به‌خۆی مه‌به‌ستی نه‌بووه‌ كه‌ ریفراندۆم بكرێت و به‌خۆی له‌ لایه‌ن نه‌یارانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ په‌رێزی پاك بێت و هه‌ڵوێستی ئاشكرای خۆی به‌و شێوه‌یه‌ پیشان بدات و كاری نهێنیشی شتی تر ؟ به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا هه‌ڵوێسته‌ زۆر تونده‌كه‌ی له‌ پاش ریفراندۆم ده‌رخست كه‌ كار له‌ كار ترازابوو و بواری په‌شیمان بونه‌وه‌ به‌ده‌ست كه‌سه‌وه‌ نه‌ماوه‌ .
بۆیه‌، ئه‌وه‌ی گوێی له‌م جۆره‌ پێشنارانه‌ بێت ده‌زانێت كه‌ مه‌رامی پشت ده‌رخستنی ئه‌م هه‌واڵانه‌ له‌م كاته‌دا زۆرن به‌ هه‌ردوو لای ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌وه‌ بۆ گه‌لی كوردستان و هیوادرام هاوكێشه‌كان وابكه‌ن به‌ ئاسانی ئه‌م قۆناغه‌ بپه‌رینه‌وه‌ و هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان مه‌یسه‌ر بن بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ماوه‌یه‌كی تردا و لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی پشت ئه‌و ره‌فتار و پێشنیارانه‌ ده‌ربكه‌ون .




روخساری میرانه‌ … سه‌ردار جاف

ئه‌و دیمه‌ن و روخساره‌یه‌
له‌ ترۆپكی ئێستاتیكای ئه‌ویندایه‌
داچۆڕانی خورپه‌یه‌كه‌ و هه‌ر ده‌مگاتێ
بزه‌ی لێوت
ته‌زووی جه‌سته‌م ده‌كاته‌ تاڤگه‌ی رۆحێك و
بووه‌ چه‌شنی خوێن و ده‌تكێ
نیگای چاوت
ئافاتێكن چوونه‌ نێو ناخ
كۆچم به‌ره‌و نه‌مان ده‌فرێ
په‌رچه‌می سه‌ر تیری برۆی چه‌پت نه‌با
هه‌ناسه‌ زوو جێی ده‌هێشتم
ده‌بوومه‌ سوتووی هه‌ڵپه‌ڕكێ
بێ ده‌نگیت نه‌ بۆمبایه‌كه‌
نه‌ گڕكان و شڵه‌قانه‌
زه‌مینله‌رزینی به‌هیزه‌
له‌ دوا پله‌ی رێخته‌ردایه‌
دوا هه‌ناسه‌ و كۆستكه‌وتنی
رۆحكێشانه‌