لە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا … لاوژە جەواد


ژنان و شۆڕش، پێشڕەوی و پاشەکشەکانیان

پێشەکی

” هیچ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت” لنین لە کۆنگرەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا 19ی نۆڤێمبەری 1918.
بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەسبەجێ لە یەکەم لیژنەی کۆمسیاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ڕوسیا، بۆ یەکەمجار لە مێژوی کۆمەڵگەی بەشەری ژنێک دەتوانێت پۆستی وەزیر وەربگرێت. ئەلێکساندرا کۆڵەنتاین ژنە خەباتکاری کۆمۆنیست بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەسپیردرێت.
هەر لە هەفتەکانی یەکەمی دوای شۆڕشدا پڕۆگرامی یەکسانی و مافە ئینسانیەکانی ژنان کە زۆر لە مێژ بوو لە لای کۆمۆنیستەکان داڕێژرابوو، پێی نایە سەر عەرزی واقێع و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. گرنگترین و بەرچاوترینیان ئەمانە بوون:
هەڵوەشانەوەی سەرجەم یاسا کۆنەکانی دەسەڵاتی قەیسەر کە تیایدا ژنان موڵک و کۆیلەی پیاوان بون و تەنانەت پیاوان بۆیان هەبووە توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەکاربهێنن.

هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری کڵیساو بە رەسمی نەناسینی بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا ئاینیەکان پیاوان زاڵدەبن بەسەر ژنانەوە.( بەگشتی دین لە کاروباری دەوڵەتی جیاکرایەوە). بۆ هاوسەرگیری فەرمانگەیەکیان دیاریکرد بۆ تۆمارکردن، دواتر بەیەکجاری هەموو جۆرە پەیوەندیەکی ئازاد و بە دڵخوازی نێوان ئینسانەکان بەڕەسمی ناسێندرا و پێویست بە تۆمارکردن نەما.
منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری بە رەسمی ناسێندران و بەهرەمەند کران لە مافی بەرابەر.
کار بۆ هێنانەدەرەوەی ژنان لەچوار دیواری ماڵ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاسایەک دەرکراو دواتر جێبەجێکران.
* کردنەوەی دایەنگاو شوێنی تایبەت بە چاودێری مندالان
* کردنەوە جلشۆرگەو خواردنگەی گشتی بۆ هەموان
* لە هەموشی گرنگتر بۆ یەکەمجار لە مێژودا ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان پێدراو کاری پێویست لەمبارەوە ئەنجامدرا.
لەم سەردەمەدا بەهۆی شەڕو نەهامەتیەکان ڕێژەی لەشفرۆشی یەکجار زیادیکردبوو، بەلشەفیکەکان هەوڵی جدیان دا بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیەو کۆششیان کرد بۆ گەڕانەوەی ئەم قوربانیانە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئاسایی.
بەجیا لەمانەش هەر بۆ یەکەمجار لە مێژودا سزا لەسەر ئەوکەسانە لابردرا کە هاوجنسگەرا بوون. بەپیی یاساکانی پێشو ئەوکەسانە دوور دەخرانەوە بۆ کۆمەڵگەکانی کاری زۆرە ملێ لە سبریا.

بەرچاوبوونی بەرهەمی شۆڕش لە پەیوەند بە رزگاری ژنانەوە زۆر جێگای شانازی لنین بووە لە هەر بۆنەیەکدا کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەسکەوتەکانی شۆڕش کردبێت، وەک نمونەی پڕشنگداری دەسکەوتەکان باسی مەیدانی ژنان دەکات و ئیشارەتی بە شۆڕشە دیموکراتیەکانی وەک و ئینگلتەڕا لە ناوەڕاستی 1600 ەکان و شۆڕشی فەرەنسا کردوە وە ئەمریکای لانکەی دیموکراسی کردۆتە نمونە کە نەیانتوانیوە ئەم مافانە بۆ ژنان دەستەبەر کەن. وتویەتی هەموو ئەم مافە دیموکراتیانە لەلایەن ئێمەوە هەوڵی دەستەبەرکردنیان دراوە. نمونەی ئەم وتانەشی لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار ساڵی 1919، لە دانشتنێکی تایبەتی لەگەڵ کلارا زتکین کاتێک کلارا لێیدەپرسێت ئێوە نەزەریاتی مارکسیستیتان بۆ ڕزگاری ژنان عەمەلیکردۆتەوە؟ هەڵسەنگاندنی یادی چوارساڵەی شۆڕش ( ژمارە 234 ی ڕۆژنامەی پراڤدا 18 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1921). بۆنەی ڕۆژی جیانی ژنانی کرێکار، وتار 4ی مارسی 1921.

بەڵام لینین هەمیشە پێیوابوە کە بەتەنها یاسا ناتوانێت کێشەکانی ژنان چارەسەربکات و بۆ بەدەستهاتنی گەیاندنی خەباتی یەکسانی ژنان سێ هەنگاوی کردوەتە پێشمەرج و بە زەروری داناوە.
یەکەم: یەکسانی یاسایی ژن و پیاو.
دووەم: بەشداری ژنان لەڕوی پراکتیکیەوە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە
سیهەم: ژنان کاتێک بەتەوای ڕزگاریاندەبێت کە خێزان خاسیەتی خۆی وەک یەکەی ئابوری کۆمەڵگا لەدەستبدات. (پشتبەستن بە بۆچونی ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان.)
ئەگەر سەیرێکی ئەم دەسکەوتانە بکەین بەهەق جێگای شانازین کە سەد ساڵ پیش ئێستا هاتونەتە دی، کۆمەڵگای ڕوسیا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بوو؟ ڕۆڵ و نەخشی ژنان لە شۆڕش چیبوو؟ ئەم دەسکەوتانە چۆن بەدەست هاتن و جیبەجێکران؟ ڕۆڵی ژنان چیبوو لەم نێوەدا؟ بۆچی دواتر پاشەکشە بە زۆربەی ئەم دەسکەوتانە کران و ژنان ڕاپێچی ماڵداری کرانەوە؟ بەدوای بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ) بۆچی ڕێژەی بێکاری لەنێوان ژنان یەکجار زۆربوو؟ بەگشتی شۆڕشی کرێکاری بە ئامانجی خۆی گەیشت یاخود شکستی خوارد؟ هۆکارەکانی شکست چیبوون؟
ئامانجی من لەم نوسینەدا گێرانەوەی روداوەکان نییە، دەسکەوتەکانی ژنان لەم شۆرشەدا زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە زەرورە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەردەوام ئەم ئەزمونانە بخاتە بەر ڕۆشنایی و هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر، تیشکیان بخاتەسەر و دەرسیان لێوەرگرێت و بەپێی واقیعیەتی جیهانی ئەمڕۆ ژنان ئامادە بکات بۆ شۆڕشێکی تر.

دۆخی ژنانی ڕوسیا لەو سەردەمەدا

لە ساڵانی 1900 ەکاندا ڕوسیا وەک وڵاتێکی دواکەوتوی کشتوکاڵی مابۆوەو هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتبوو. ژنان بارودۆخێکی یەکجار خراپیان هەبوو، لەهەموو مافێک بێبەش بوون. زۆربەی خەڵکی ڕوسیا جوتیار بون و لە لادێکان دەژیان لەوێ کەمێکیان لە کۆیللە گەڕابۆوە. زۆربەیان نەخوێندەوار بوون و دەستیان بەهیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک نەدەگەیشت. ژنانی ئەم ولاتە توندوتیژیان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو بەرامبەر بەکاردەهات و بەیاساش ژنان مولکی پیاوان بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم چەند شەپۆلی خوازیاری ئاڵوگۆڕ ڕوسیای گرتەوەو لەم وڵاتەش چەند بزوتنەوەیەکی نیشتمانی، نیهیلیستی و ڕادیکاڵی سەریان هەڵدا، لەنێو ئەمانەشدا چەند ژنێکی خەباتکار ئەکتیڤ بوون بۆ مافی ژن، ڤیرا زاسلو یەکێک لەو ژنانە بوو کە دواتر یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو.

لە ساڵی 1903و 1905 هەوڵی شۆڕش لە روسیا شکست دەخوات. لەم شۆڕشانەشدا جارێکی تر ژنان ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت، بەدوای بەتایبەت 1905 دەسەڵاتی قەیسەر ناچاردەبێت چەند ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرمێک بکات و ڕێگا بە هەڵبژاردن (دوما) بدات، کە تەنها لەسەدا سی پشکی جەمارەر بوو بۆ خۆ کاندیدکردن و لەسەدا حەفتای لەلایەن قەیسەرەوە دەستنیشاندەکرا.
یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە دەستەبەرکردنی مافی ڕێکخراوبوون و سەندیکای کرێکاری بوو. بزوتنەوەو ڕێکخراوە فیمینیستەکانیش لەم کاتەدا زیاتر دەرکەوتن و سێ گروپی سەربەخۆیان هەبوو.
* ژنانی بۆرجوازی کە داوای هەندێک مافی یاساییان دەکرد بۆ ژنان
* نیهیلستەکان کە پیانوابوو ژنان دەبێت وەک پیاوان جلوبەرگ لەبەربکەن و خۆیان نیشانبدەن و جگەرە بکێشن
* سۆسیالیستەکان کە تەرکیزیان لسەر ژنانی کرێکار بوو بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسانی هەمە لایەنەی ژنان و پیاوان، جەختیان لەسەر مافی خوێندن و دەستگەیشتن هموو ژنان بوو بە خزمەتگوزاریەکان.
دیارە ژنانی ڕوسیا لە ساڵانی 1870 کانەوە مافی خوێندنیان لە هەندێک بواری وەک پەرستاری، مامۆستایی و هەندیک بواری تر کە بە کاری ژنانە دەناسران هەبوو.

بەدوای ئەو کرانەوەیە بەڕوی ڕیکخراوبوندا، لە ساڵی 1908 یەکەم کۆنفرانسی ژنان لە روسیا بەڕێوەدەچێت و کەلێنی نێوان ژنانی پڕۆلیتاریاو بزوتنەوە فیینیستیە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە و هەرکامەیان بە ڕێگای خۆیدا دەڕۆن. هەرچەند لە ساڵی 1909 پڕۆگرامی سۆسیال دیموکراتەکان دەنوسرێت و بە کۆنکرێتی پێداگر دەبێت لە یەکسانی هەمە لایەنەی نێوان ژنان و پیاوان. بەڵام بزوتنەوەی ژنان لە پاشەکشە دەبێت هەتا ساڵی 1912.
بەهۆی کۆچی زۆری خەڵکانی لادێکان بەرەو شارەکان و کارکردن لە کارخانەکان ژمارەی ژنانی کرێکار لە زیادبوندا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی کرێکارانی ژن و هەوڵدانی ژنە سۆسیالیستەکان بۆ رێکخستنیان و خەباتکردن لەپێناوی مافەکانیان.
لە ساڵی 1914 نزیکەی لە سەدا بیست و پێنجی کرێکاران ژن دەبن. بەلشەفیکەکان زۆر بەجدی دەکەونە کارکردن لەناو کرێکاران و هەوڵی هۆشیارکردنەوەیان دەدەن بە مافەکانیان، وە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (ڕاپۆرتنیتسا )واتا کرێکاری ژن دەردەکرد، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم تەنها تواندرا چەند ژمارەیەکی کەمی لێدەربچێت.
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوسیا یەکێک لەم وڵاتانەی شەڕ دەبێت کە ئەڵمانیا هێرش دەکاتە سەری و بەشێکی لێداگیردەکات. بەهۆی ئەوەی کە بە ملیۆنها پیاوان دەنێردرێن بۆ شەڕ ژنان ناچاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە کارگەکان جێگای پیاوان بگرنەوە.
ژنان لەم ساڵانەدا لەژێر بارودۆخێکی زۆر خراپ تا ڕۆژی دوانزدە سەعات بە کرێیەکی یەکجار کەم کاردەکەن، بەشێوەیەکی بەرچاویش لەلایەن خاوەنکارەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و ڕوبەروی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە، ناچارن بە ڕۆژ منداڵەکانیان بەجێبهێلن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵی بێ سەرپەرشت و سەر شەقامەکان زیادببن، ژمارەی ئەم منداڵانەی کە لەسەر شەقامەکان فڕێدەدران لە زیادبوندابوو.
لەشفرۆشی بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر زیادیکردبوو، لەم وڵاتەدا شوێنی رەسمی بۆ لەشفرۆشی تەرخانکرابوو و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە دەکرایەوەو کلیساکان پیرۆزیان دەکرد.
لەوێ ژنانی لەشفرۆش بە فەرمی خاوەن کارتی زەرد بوون، کارتی زەرد واتا وەرەقەی موڵەت و لە ساڵێکدا چەند جارێک پشکنینی تەندروستیشیان بۆ دەکرا. تەنها بەوە ئەم ژنانە لە کۆیلایەتی سێکسی دەرباز دەبون ئەگەر کێشەی تەندروستاین هەبوایە. بەجیا لەوەش لەسەر جادەو شەقامەکان ژمارەی ئەو کچە زۆر گەنجانە لە زیادبوندا بوو کە لەپێناو بژێوی ژیانیان ناچار بەم کارە ببون. ئەمەش هۆکارێکی تربوو بۆ زیادبونی منداڵی بێ سەرپەشت وە هەروەها بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر لەناو ژناندا.
کەمی نان و درێژی سەرە بۆ دابینکردن نان یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بوو.
بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی 1917 لەنێوان لەسەدا چل تا پەنجای کرێکاران ژن بوون ئەمەش وایکردبوو کە ببنە خاوەنی تارادەیەک ئازادی و باوەڕ بەخۆبوون لەبەرئەوەی ئابوری خۆیان هەبوو.

شۆڕشی شوباتی 1917

ڕۆژی 23ی شوباتی 1917 بە ڕۆژمێری کۆنی ڕوسیا کە بەرانبەرە لەگەڵ 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، بەم بۆنەیەوە ژنانی کرێکار شان بەشانی پیاوان بەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان بە شیعاری نان بۆ هەموان دەڕژێنە سەر شەقامەکان لە پترۆگراد، سەرەتا ژمارەیان نزیکەی 350 کرێکار دەبێت، بەڵام تا دێت کرێکارانی زیاتر پییانەوە پەیوەست دەبن و سنوری داواکاریەکانیان بەرفراوانتر دەبێت، ئەم خۆیشاندانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی قەیسەر دەکەن، دەرئەنجام هێزە ئەمنیەکانیش ئامادە نابن بەرامبەر خۆپیشاندەران بوەستنەوەو بە خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست دەبن، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پاشایەتی قەیسەر دەخەنە سەر ئەژنۆ و پاشەکشەی پێدەکەن.
حکومەتی کاتی پێکدیت و هەندێک لە حیزبە چەپ و سۆسیالستەکانی وەک و مەنشەفیەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ حیزبی پارێزگاران و لیبڕالەکان حکومەتی کاتی پێکدەهێنن. کاتێک گفتوگۆ لەبارەی بەشداری بەلشەفیەکان دێتە پێشەوە لینین توڕە دەبێت و دەڵێت ئەمە حکومەتی بۆرجوازیەو نابیت بە کەمتر لە شۆڕشی کرێکاری ڕازیبین، ئەمە لە وتاری گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا ڕۆژی 2ی ئەپریل کە لەلایەن کرێکاران و خەڵکی ناڕازیەوە لە وێستگەی شەمەندەفەر پێشوازی لێدەکرێت تەئکید لێدەکاتەوە.
لە ماوەی حوکمڕانی حکومەتی کاتیدا شەڕ هەر بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخی خەڵکی زەحمەتکێش خراپتر دەبێت. لەم دۆخەدا ژنە بەلشەفیەکەکان بە رابەرایەتی کۆڵەنتاین ئەنسە ئۆرمۆندو، کرۆپسکایا دەتوانن کارو چالاکی زۆر بەرچاو ئەنجامبدەن.
لەم سەردەمەدا ڕێکخراوی ژنانی بۆرجوازیش جوڵەیان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لایەنگری لە بەردەوامی شەڕ دەکات لەپێناوی سەروەری وڵات، ناتوانێت جێگاوڕێگای خۆی لەنێو زۆرینەی ژنان بکاتەوە.

لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا کۆڵەنتاین دەتوانێت ڕابەری چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن بکات، بەرچاوترینیان خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار و خێزانی سەربازەکانی جەنگ دەبێت بۆ دابینکردنی نان و ئاشتی و پێداویستیەکان.
بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، بە ڕابەری کۆڵەنتاین چەند مانگرتنێکی کرێکاری ڕودەدات و داوای کەمکردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی کرێ و کردنەوەی دایەنگە دەکرێت بۆ منداڵانیان کە زۆربەی بەشداربوان ژنان دەبن. هەر لەم سەردەمەشدا ڕۆژنامەی ژنی کرێکار جارێکی تر دێتەوە ناو کۆمەڵگە.

لە کاتی دەسەلاتی حکومەتی کاتیدا، بەلشەفیکەکان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و سەرجەم هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ بەهێزکردن و بەرفراوانکردن شورا کرێکاریەکان بەتایبەت لە پترۆگراد بە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” دەسەڵاتی دولایەنە دادەمەزرێنن. ژنان هاندەدەرێن کە بەشداری کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی شوڕاکان و مافی خۆ کاندیدکردن و دەنگدان بەدەست دێنن لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە تەنها لەسێ دەوڵەت لە جیهاندا ژنان مافی دەنگدانیان هەیە. لە فەرەنسای لانکەی دیموکراسی ژنان 50 ساڵ دوای ئەمە ئەم مافە بەدەست دەهێنن. دیارە حکومەتی کاتیش لەژێر ئەم فشارانە مافی دەنگدان دەدات بە ژنان و کاری لەشفرۆشی ڕێگاپیدراو قەدەغە دەکات، بەڵام هیچ کارێک بەعەمەلی ئەنجام نادرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیە.
ئێوارەی ڕۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 1917 لینین بەنامەیەک هاوڕێیانی حیزبی و شوڕاکان ئاگاداردەکاتەوە کە بە ڕابەری ترۆتسکی خۆیان لە سوپای سوردا چەکدارو ئامادە کردوە، دەڵێت” دوێنێ زوو بوو سبەی درەنگە بۆ شۆڕش” هەر ئەمشەوە بە شیعاری ( نان، ئاشتی، زەوی بۆ هەموان) پەلاماری کۆشکی زستانە دەدرێت و شۆڕشی کرێکاری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

ژنان ڕۆڵی بەرچاویاندەبێت لەم شۆڕشەو بەشێک لە شوڕاکان و تەنانەت سوپای سوریش دەبن.
لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا، گفتوگۆو کۆبونەوەی بەرچاو لەنێوان ژنان ئەنجامدەدریت و چەندین داواکاری فەوری لەلایەن ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ژنان دەخرێتە ڕوو، وەک و کەمکردنەوەی سەعاتی کار، یەکسانکردنی کرێ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ …… تاد.
زۆر بەجدی کاردەکرێت لەم پیناوەدا، هەروەک لە پیشەکیەکە ئیشارەتم پیداوە کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست دێن. بەڵام هەروەک لنین دەڵێت تەنها یاسا بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئاماجەکانمان لە مەیدانی ژنان. لەم چوارچێوەیە دەست بۆ کاری هۆشیاری و ڕۆشەنگەری دەبەن، بۆ نمونە کار لەسەر هۆشیاری ژنانی کرێکار، ژنانی جوتیار لە لادێکان، بەبەردەوامی کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدەن و هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ دەدرێت کە فێری خویندەواری بن.

لینین بەردەوام لە وتارەکانی لە کۆبونەوەکاندا تەکیدی دەکردەوە کە زەرورە ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خەبات بکەن بۆ مافەکانیان بۆئەوەی لە کۆتوبەندی کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت، وە هەروەک باسمکرد بۆچونی ئەنگلس سەبارەت بە خێزانیان کردبوە بنەمای کارەکانیان و پیانوابوو کە دەبێت کاری ماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو ژن بەرهەم هێنبێت و فۆرمی خێزان بەم شێوە تەقلیدیە نەمێنێتەوە، بۆ ئەمەش کەوتنە کردنەوەی دایەنگا، خواردنگاو جلشۆرگەی گشتی. ئەوان زەرورەتی بوونی ڕێکخراوی ژنانیان ڕەتدەکردەوە، پێیان وابو ژنان و پیاوانی کرێکار لەیەک جیادەکاتەوە، هەربۆیە لە ساڵی 1919 بڕیاردرا کە لە کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بەشی ژینۆتێل بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان پیکبهێنن.

ژینۆتێل کاری زۆر گرنگی ئەنجامدەدا. بۆ نمونە، دەورەی تایبەتیان دەکردەوەو ژنانیان دەنارد بۆ شوێن و دامودەزگا گرنگەکان بۆ ئەوەی فێری بەڕێوەبردن و بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بکرێن. لە گرنگترین کارەکانیان، کارکردن لەسەر ژنان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا کە ئاینیان ئیسلام بوو. لەوێ ژنان ڕوبەڕوی کوشتن، بەزۆر بەشودان لە تەمەنێکی زۆر منداڵی دەبونەوە.
لەڕێگای پرۆژەی ڕۆشەنگەری و کردنەوەی کافتریای تایبەت بە ژنان و حەمام و شوێنی تری گشتیەوە دەچونە ناو ژنان. ئەوان هەرگیز حیجابیان بە یاسا قەدەغە نەکرد، بەڵام بە یاسا پارێزگاریان لەو ژنانە دەکرد کە حیجابیان لادەبرد. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کاری ژینۆدیل بگەرێوە بۆ نوسراوی شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژن کە لینکەکەی لەخوارەوە دادەنێم.
لە ساڵی 1920 بە یاسا لەباربردن ئازاد کراو ئەمەش بەشێک لە کارو خەباتی ژینۆتەدیل بوو وە خەڵکیان لەمبارەوە هۆشیاردەکردەوە.

بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ)

ڕوسیا بەدوای شۆڕش ڕوبەروی جەنگی ناوخۆ بۆوەو ئەمەش جارێکی تر خەڵکی توشی نەهامەتیکردەوەو جارێکی تر کارگەو کارخانەکان داخران، بێکاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، بەڵام ئەمجارەیان ژنان و منداڵان بەتایبەتی پارێزگاری کۆمەلایەتیان هەبوو لەلای دەسەڵاتەوە. ڕوسیا لە قەیرانێکی ئابوری گەورەدا بوو، لەهەمو لایەکەوە گەماڕۆدرابوو ئیزۆلە کرابۆوە. بەشێک لە ڕابەرانی شۆڕش ئومێدیان بەوە بەستبوو کە شۆڕش لە وڵاتانی تر ڕوبدات و فریایان بکەوێت بەتایبەتی ئەڵمانیا کە لەو سەردەمەدا وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوبوو، بنەمای ئەم بۆچونەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە تا سەرمایەداری گەشە نەکات و پێنەگات ناتواندرێت سۆسیالیزم پیادەبکرێت و ڕوسیای داڕوخاو بەوخێراییە نابێتە وڵاتێکی پیشەسازی و ئەڵمانیا پیشەسازیە، وە سۆسیالیزم دەبێت سەرتاسەری بێت و لەیەک وڵات ئیمکانی سەرکەوتنی نییە. لە ئەڵمانیاو چەند وڵاتیکی تریش هەوڵی شۆڕش درا بەڵام سەرکەوتو نەبوو.
بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆو پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتە دژە شۆڕشە ئیمپریالیەکان، وڵات بەتەوای داڕمابو وە نەهامەتیەکی زۆر ڕویتێکردبوو، بەڵشەفیکەکان بەڕابەرایەتی لنین ناچاربون بەرنامەی ئابوری نوێ دابنێنن بۆ سەرپێی خستنەوە ئابوری وڵات، ڕوبەڕوی سازش و پاشەکشە بوونەوە لەوانە بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتی.

لە کاتی نیپدا بەناوی کرێکاری ناکارامەوە ژنانێکی زۆر لەسەر کارەکانیان دەرکران. ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی 1918 لینین لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوان جیاوازی لەنێوان کرێکاری کارامە ونا کارامە ناهیڵن! زۆربەی خواردنگەو جلشۆرگە گشتیەکان دادەخرێن زۆر بەکەمی لە هەندێک کارگە دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەلشەفیکەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێت کاری ناوماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو مێشکی ژن لە چواردیواری ماڵ قەتیش نەمێنێت. واتا لەم پاشکەشانە ژنان پشکی شێریان بەرکەوت. بەڵام کاری ژینۆتێل بەردەوام بوو لە ڕاهێنانی ژنان لەسەر کارو بەکارامەکردنیان، وە هەروەها ڕەوانەکردنی ژنان بۆ ناوەندی بڕیار بۆئەوەی لە شوڕاکان خۆیان کاندید بکەن و بەشێک بن لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ولات.

ئامانجەکانی شۆڕش و پاراستنی چوارچێوەی شۆڕش تا ساڵی 1924 بەردەوامدەبێت، لەمساڵەوە گفتوگۆو بەربەرەکانی توند لەنێو ڕابەری حیزبی کۆمۆنیست یان بەلشەفیکەکان ڕودەدات و دەرئەنجام بەرەی بەسنعەتیکردن و سەرمایەداری دەوڵەتی سەرکەوتودەبێت و شۆڕش فەلەج دەبێت، دواتر دێمە سەر هۆکارەکانی. لەم نێوەشدا کاری ژینۆتێل وەک ڕێکخراوێکی NGO بۆ بردنە پێشەوەی پلانی پێنج ساڵە بۆ بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا دێتە بەرچاوو چیتر گوێ لە پێشنیارەکانی رابەرانی ژنان ناگیرێت.
ژینۆتێل لە ساڵی 1926 هەنگاوی بۆ نەهێشتنی لەشفرۆشی لە وڵات ناو چەند مەڵبەندێکی کردەوە بۆ چارەسەری ئەم ژنانەی کە بەهۆی ئەم کارەوە کێشەی تەندروستیان بۆ هاتبوە پێش، ژنان بە لێشاو ڕویان تێدەکرد، وە هەوڵی جدیان لەگەڵ دەدرا کە ببن بە بەرهەمهێنەرو کریکاری کارامەو بگەرێنەوە نێو کۆمەڵگە بە رێزو حورمەتەوە، زۆر کاری باشیان لەمبارەیەوە کرد.( سەیری شۆڕشی بەلشەفی و ڕزگاری ژنان بکە).
بەدوای ماوەیەک زۆر توند بە لەشفرۆشەکان بەرخورد کرا بەتایبەتی پیاوان، وە جارێکی تر هاوجنسگەرایی نایاسایی کرا. بەناوی ئەوەی کە لەسۆسیالیزم بەپیی تیئۆری مارکسیستی لەشفرۆشی نامێنێت و ئێمە گەیشتوینەتە سۆسیالیزم. وە لەچەند ڕاپۆرتێکدا ئیشارەت بەوەدرابوو کە لەشفرۆشی بەتەواوی بنەبڕکراوە کە ئەمە لەڕاستیدا هیچ بنەمایەکی نەبوو، هەرچەند لەشفرۆشی کەم ببوەوە بەڵام بنەبڕ نەکرابوو.

لەسەرەتای ساڵانی سیەکان جارێکی تر قەیرانێکی گەورە ڕو لەم وڵاتە دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە چەندین ملێۆن گیان لەدەستبدەن. بەم هۆیەوە ڕژێمی ستالین لە یاسای لەباربردنی منداڵ پەشیمان دەبێتەوەو بەهەموو شێوەیەک منداڵ لەباربردن قەدەغە دەکات. وە جارێکی تر خێزان پیرۆز دەکاتەوەو وە ژنان دەکاتەوە کۆیلەی کاری ناوماڵ و خوێندنگای کچان جیادەکاتەوەو وانەی ماڵداری و خێزان بە خوێندنیان زیاد دەکات و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ژنان وەک کرێکار و دایکی کرێکار دەبێت رێزیان لێبگیریت. بەهانەی ستالین بۆ کارەکانی ئەوە دەبێت کە ئێمە پێویستمان بە خێزانی سۆسیالیستی هەیە وەک ئەوەی ئەنگلز دەڵێت و لەچەند شوێنێک بۆچونەکانی ئەنگلز بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەگێڕێتەوە. وە هەروەها لەوێ دەگەرێتەوە بۆ وتارێکی لینین کە لەسالی 1913 نوسرابوو بەناوی” چینی کرێکار و مالتوسیزمی نوێ” دەکاتە پاساوی کە لینین وەڵامی چەند بۆچونێکی مالتو دەداتەوە دەربارەی منداڵبون و زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان.
ئەم پاشەکشانە بۆ؟

شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆرشێکی عەزیمی کرێکاری بوو، شۆڕشێک بوو کە لە دەرئەنجامی چەندین دەیەی کاری ڕێکخراوەیی و پێکهێنانی ناوەندی شوڕایی جۆراو جۆر بەدەستهات، بەڵام بەداخەوە شۆڕش لە نیوەی ڕێگا شکستی خواردو نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی. زۆر بیروبۆچونی جیاجیا هەن دەربارەی شکستی شۆڕش، من لەگەڵ ئەم بۆچونەم کە هۆکارەکەی بۆ بنەما چینایەتیەکان دەگەڕێنێتەوەو پییوایە لە ڕوسیا نەتواندرا ئابوری بۆ ئابوری سۆسیالیستی بگۆڕدرێت. خەباتی چینی کرێکارو بەدیهێنانی سۆسیالیزم واتا خەبات لەبەرامبەر ئابوری بۆرجوازی و گۆڕینی بە ئابوری سۆسیالیستی و ‌له‌ڕوانگه‌ی چینی کرێکار و مارکسیزمه‌وه‌، شۆڕشی سۆسیالیستی له‌ بنه‌ڕه‌تدا شۆڕشێکی ئابوورییه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ئه‌توانێت شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هەڵوەشانەوەی موڵکایەتی تایبەت و گۆڕانیەتی بە موڵکی گشتی. لە ڕوسیای شوڕاییدا، تا ساڵی 1924 تواندرابوو دەسکەوتو بنەماکانی شۆڕشی کرێکاری دەستی پیوەبگیرێت سەرباری تەحەدیاتێکی زۆرو ناچار بە پاشەکشەکردن و سازش و لەدەستدانی چەند دەسکەوتێک ،بنەما چینایەتیەکانی شۆڕش بەدوای گفتوگۆو کێشمەکێشێکی گەورەی دەرون حیزبی ڕودەدات لەنێوان ساڵانی 1924 بۆ 1926 سەبارەت بە شۆڕش لە وڵاتانی ترو بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم لە یەک وڵات دەبێت و دەرئەنجام ئەم هێڵەی کە بەپیشەسازیکردنی ڕوسیاو هەڵوەشانەوەی موڵکداریەتی تایبەت و گۆڕینی بە مولکداریەتی دەوڵەتی کە ستالین نوێنەرایەتی دەکات سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیداری ئامانجی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا. هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە هەوڵدەدرێت ڕۆڵی شوڕاو ناوەندە کرێکاریەکان لاوزترو لاوازتر بکرێت و تا لە کۆتایی هەموو دەسەلات بۆ حیزب و لەناو حیزبیش بۆ ستالین دەبێت.

ئەو گفتوگۆیانە لەخۆوە نەهاتوەتە ئاراوە، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالی دووەم، بەدوای ئەوەی هەندیک لە سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو باڵ و هەندێکیان پییانوادەبێت کە سۆسیالیزم قۆناغ قۆناغ بەدەست دیت و دەبێت لایەنگری لیبڕاڵ و بۆرجوازیەکان بکەین بۆ بە پیشەسازیکردن وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم، باڵەکەی تر پیوادەبێت کە دەتواندرێت بۆنمونە لە وڵاتێکی نیمچە فیۆداڵی وەک ڕوسیا شۆڕشی کریکاری بەئەنجام بگات. دەرئەنجام سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو بەش و لەڕوسیا بە مەنشەفیەکان و بەڵشەفیەکان ناودەبردرێن. بەلشەفیەکان لەلایەن لینینەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
واتا ئەم بۆچونە لە ڕوسیا بنەمایەکی نزیکەی سێ دەیەی هەبووە تا کاتی شکستی شۆڕش. هەر ئەم بۆچونانەش رابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و شوڕاکانی دابەشکردوە. لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 بەشێک لە بەلشەفیکەکان پییانوادەبێت کە پیویستە شۆڕش لە وڵاتانی تر ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی فریای ڕوسیا بکەون، بەتایبەتی ئەڵمانیا کە وڵاتێکی پیشەسازیە، کاتێک دونیا پلان دژی ڕوسیا دەگێرێت و دەبێتە هۆکاری جەنگی ناوخۆ، پێیانوایە ئەوان ناتوانن لەم بارودۆخە خراپە کە برسیەتی باڵی بەسەر وڵات داگرتوە بەم پەلە پەلییە ڕوسیا سەنعەتی بکەنەوە. ئەگەر بەوردی سەیربکەین دەبینین ئاراستەی ئەم باڵەی شۆڕشی ئەڵمانیای بە فریادرەس دەزانی لەگەڵ باڵی بەسنعەتکردنی ڕوسیا هەمان پڕەنسیبە، بۆ هاتنەدی سۆسیالیزم پیویستمان بە پیشەسازیکردن هەیە. هەروەک لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا کاتێک شۆڕش بەتەواوی شکست دەخوات لە سالی 1926 ەوە پلانی پێنج ساڵە دادەندرێت بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە مانۆپۆل دەکرێت و ڕۆڵی شوڕاو سەندیکا کرێکاریەکان لاواز دەکرێت و هەموو دەسەڵات لەجیاتی خەڵک و شوڕاکان بۆ حیزب دەگەڕێندرێتەوە بە ڕابەری ستالین. لەوکاتەدا هەروەک چۆن لەگەڵ شکستی کۆمۆنەی پاریس هەموو کۆمۆنارەکان قەتل و عامدەکرێن هەمان شت لە ڕوسیا ڕودەدات و بۆ قەتل و عامکردنی شۆڕشگێڕان و ئەوکەسانەی کە پێ لەسەر بەئامانج گەیاندنی شۆڕش دادەگرن، بەڵام ئەوەیان بەشێوەیەکی شێنەیی ڕودەدات و پرۆسەیەکی چەند ساڵە دەخایەنێت.

من لێرەدا نامەوێت بە وردی باسی هۆکاری ناکامیەکان شۆڕشی ئۆکتۆبر بکەم*، بەڵام جەخت لەوەدەکەمەوە کەئەوەی پاشەکشەی بە دەسکەوتەکانی ژنان کرد شکستی خۆدی شۆڕشەکە بوو، ئەگەر شۆڕش بە ئامانجی خۆی بگەیشتبایەو ئابوری بگۆڕیبا بۆ ئابوری سۆسیالیستی (کۆمەڵایەتی) زۆر بەئاسانی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و دیموکراتیەکان چارەسەر دەبوون. بە واتایەکی تر لە ڕوسیای شوڕاییدا ئابوری سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، بەڵام سەرمایەداری تایبەت نەبوو بەڵکو سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، واتا چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان کۆتایی پینەهات و ئینسان کۆیلەی کاری کرێ بوو بۆ دەوڵەت. لەم نێوەشدا جارێکی تر ژنان کرانەوە وەسیلەیەک بەناوی کرێکاری ناکارامەو هەرگیز نەیانتوانی کرێی یەکسان وەربگرن. کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بەدی نەهات بۆ جارێکی تر ژنان ناچارکرانەوە بە کاری ناوماڵ و مندالبونی زۆر.

سەد ساڵ بەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

شۆڕشی عەزیمی ئۆکتۆبەر توانی زۆر دەسکەوت بۆ کۆمەلگە بەدەستبهێنێت و کاریگەری خۆی لەسەر جیهان دابنێت. ئەگەر بەکورتی باسێک لەو دەسکەوتانە بکەین بەگشتی هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەت و دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، دان نان بە مافی چارەنوسی گەلان و وەستانەوە بەرامبەر ئیمپریالیزم، بەرەنگاربونەوەی ڕەگەزپەرستی و قەدەغەکردنی هەر جیاکاریەکی ڕەگەزی و ئیتنیکی، بۆنمونە ئەوکاتە سیمیەکان (یەهودیەکان لەژیر فشاری زۆردابون و تەنها بە کارتی تایبەت دەیانتوانی لە مۆسکۆو پترۆگراد بژیەن) شۆڕش ئەمەی هەڵوەشاندەوەو بوون بە هاوڵاتی یەکسان، دان نان بە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، گرنگترینیشیان هەڵوەشانەوەی یاسای بەتاوان ناسینی هاوجنسگەرا بوو، مافی یەکسانکردنی ژن و پیاو بە یاسا و هەموارکردنی بواری یەکسان لە خوێندن و کارکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناومال و کردنەوەی دایانگاو، خانەی بەساڵاچوان و چێشتخانەو جلشۆری گشتی، بەخۆڕاییکردنی خوێندن و پیدانی مافی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموان. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەگشتی بۆ یەکەم جار کۆمەڵگەی بەرپرسکرد بەرامبەر بەتاک، جێگای باوڕ نەبوو بۆ هیچ کەسێک بەر لە شۆڕش کە کۆمەڵگە بەرپرسبیت بەرامبەر بە خویندن، وە ئەگەر سەیرێکی جیهان بکەین بەتایبەتی وڵاتانی پیشکەوتو وە ئەم وڵاتانەی کە ڕیفاهیاتی کۆمەڵایەتی تێیدا هەیە، دەبینین کە جێگا پەنجەی شۆرشی ئۆکتۆبەری پیوەدیارە، لە مافەکانی ژنان و منداڵان، هەقی ڕێکخراوبون و کۆمەڵێک دەسکەوتی چینی کرێکار……تاد. وە ئەوەشمان بیرنەچێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لە یاسایەکدا حوکمی ئیعدامی هەڵوەشاندەوە بەڵام جێبەجێنەکراو دواتر لیی پەشیمان بونەوە.

ئەزمونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە کردەوە سەلماندی بەدیهێنانی یەکسانی و مافە ڕەواکانی ژنان تەنها خەون و خەیاڵ نیە و بەڵکو ئیمکانی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن هەنگاوی بۆ هەڵگیری. بەدرێژایی مێژو پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی ژنان پەیوەست بووە بە ئاستی هۆشیاری و چۆنیەتی خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، هەرکاتێک ئەم بزوتنەوەیە بەهێز بوبێت ژنان توانیویانە مافی زیاتر بەدەست بهێنن.

تا ئێستاش لە هیچ ولاتێکی جیهان ژنان بە تەواوی لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. تا ئێستاش کرێی یەکسان بۆ کاری هاوکێش وەرناگرن.
سەد ساڵ پیش ئێستا کاری ناوماڵ کاری ژنان بوو، لینین لە چەند وتاردا ئیشارەتی بەوەداوە کە ڕاستە ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان لە بازاری کارن و بەرهەم دەهێنن بەڵام ئەمە ئەرکی سەرشانیانی قورستر کردوەو ناچارن دوو بەرامبەر کاربکەن، هەم لە دەرەوە و هەم لە ماڵەوە، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆماندا دنیای تەکنۆلۆجیا وەک جل شۆڕ، قاپشۆر، گسکی ڕوبۆرت، بە پیشەسازی کردن خواردن و پێداویستیەکانی تر، داینگەو شوێنی پەروەردەکردنی مۆدێرن هەیە. بەڵام ئەم ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانە لە بەردەست کۆمەڵگە نیە و سوسیالیسیە نەبونەتەوە وهەمومان لێی بەهرەمەند نین.


سەد ساڵ بەدوای شۆڕسی ئۆکتۆبەر

دۆخی ژنان لە جیهاند لەوپەڕی خراپیدایە، بەپیی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لە 30 ملیۆن کۆیلەی رەسمی لە جیهان هەیە و لە سەدا 80 ی ئەمانە لەژێر تەمەنی یاسایین و زۆربەیان لە ڕەگەزی مێن و لە بازاڕێکی گەورە بە پانتایی جیهان بازرگانی سێکسیان پیدەکرێت.
لەباربردنی منداڵ، تا ئیستاش تەنانەت لە هەندێک ولاتە پیشکەوتوەکان لەناویاندا هەندێک لەهەرێمەکانی ئەمریکا نایاساییە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین حوکمی قورسی چەند ساڵ زیندانی هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە منداڵ لەباردەبەن وە هەروەها لەم وڵاتانەی کە یاسای ئیسلامی بەسەریدا زاڵە هەر بەهەمان شێوەیە، ئەمەش بۆوتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە کلینیکی نایاسایی ئەم کارە ئەنجامبدەن و ژیانیان بکەوێتە مەترسیەوە.
لە وڵاتانی ئیسلام زەدە بە ملیۆنها کچ و ژن لەژیر هەمان یاساو ڕێسا دەناڵێنن و هەمان دەردیان هەیەو بەهۆی کۆچ و نائارامی ئەم دیاریدەیە وڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە.
نەبونی ئەمنیەتی کارو تەحەروشو ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ژنانی کرێکار دیاریدەیەکی تری جیهانیە.

هەمان ئەم کێشانەی کە بەلشەفیکەکان کاریان لەسەر کردوەو بەرەنگاری بونەتەوە لە سەد ساڵ پیش ئیستا هێشتا هەر بەردەوامەو بەشێوەی تر. ئەمڕۆ بازاری کارو سەرمایە جیهانی بۆتەوەو سنور بۆ سەرمایەداران نەماوە.
تەنانەت لە ڕۆژئاوای دیموکراسیش چینی کرێکار لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتوەتە ژێر فشارەوە، لە لایەکەوە مەترسی بێکاری و لە لایەکی ترەوە لەدەستدانی ئەو ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانەی کە بەرهەمی خەباتی چەند دەیەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کۆمەڵگەیە، بەدوای ڕوخانی جەمسەری سەرمایەداری دەڵەتی سۆفیەت وەک تاکە ڕکابەری بازاڕی ئازادی ڕۆژئاوا و ڕەوانەوەی خەتەری فکرەی سۆفیەتی، دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا خەیاڵیان ئاسودەتر و دەستیان کراوەترە لە لێسەندنەوەی ڕەفاهیات و هێرش کردنە سەر مافەکانی کرێکاران و سەرجەم خزمەتگوزاریەکان.
دڵە ڕاوکێ و ترس و دڵنیا نەبوون لە داهاتوو، زۆربەی خەڵکی ڕۆژاوای توشی سترێس و نا ئەمنی کردووە، بەتایبەتی ژنان، چونکە ئەوە هێشتا ژنانن بە زۆری ئەرک و بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵیان لەسەرە، ئەگەر دۆخی خەستەخانە، خوێندنگە و باخچەی ساوایان خراپ بێت، پێش هەموو کەسێک ئەوە ژنانن زەختیان دەکەوێتە سەر و وەک کاراکتەرێکی بازاڕی کار لە چۆنیەتی و چەندایەتی توانایی ئامادە بە پیشەیان دادەبەزێت و لە ئیش دەردەکرێن. و تەنانەت ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی کە توشی تەقەشوف دەبنەوە و کارمەندەکانیان بێکار دەکرێن بە زۆری ئەم بوارانەن کە وەکو ئیشی ژنان ناسراون و لەوێش زۆربەی ژنانن دەکەونە ژێر زەختی زیاترە وە یان شەپۆلی بێکاریەوە.

لەیادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، جیهان لە هەموو کات زیاتر پیویستی بە شۆڕشێکی تر هەیە، شۆڕشێک کە بتوانێت ئەم نیزامە هەڵگێڕێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی سەراسەری چینی کرێکار هەیە، پێویستمان بە ستراتیجیەتی نوێ و سەراسەری بە پانتایی ئاڵوگۆڕو دۆخە جیهانیەکەی ئەمڕۆمان هەیە. ئەمەش بە دەست لە ناودەستی ژنان و پیاوان و خۆڕێکخراوکردنمان لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی دێتە دی.

تێبینی: من نەمویستیە وردەکاریەکانی کاری بەلشەفیکەکان و ژنۆتێدل دوبارەبکەمەوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژنان بخوێنەوە. http://media4.hkkurdistan.org/2015/03/shorsiBlashfiWjnan.pdf
*هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت/ مەنسور حیکمەت http://www.hawpshti.com/ku/?p=13644

——————————-
سەرچاوەکان

ئەو دە ڕۆژەی دنیای هەژاند/ جۆن ڕید /John Reed
مێژوی شۆڕسی ڕوسیا لە 1917 بۆ 1928/ بە زمانی دانیمارکی
E. H. Carr
https://www.autonominfoservice.net/2009/10/25/oktober-revolutionen-
1917-en-venstreradikal-analyse/
http://www.marxisme.dk/arkiv/lenin/1921/03/08-kvindedag.htm
https://www.marxists.org/farsi/archive/lenin/works/1921/chaharomin-salgasht.htm
https://marxist.dk/artikler/teori/5712-kvinderne-og-den-russiske-revolution.html
http://www.hawpshti.com/ku/?p=14053

ئەم بابەتە بە دوو بەش لە ژمارە 14 و 15ی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوبۆتەوە.




چۆن ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

یه‌كه‌م: هه‌موو دۆخێكی سیاسی به‌رمه‌بدای كۆمه‌ڵگه‌ خۆیه‌تی. هیچ دۆخێك نیه‌ به‌ چه‌ند ڕۆژێك دروست بێت. كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رجه‌م كه‌م و كوڕیه‌كان و بێده‌نگی كوشنده‌ و سپاردنی كۆی برین و خه‌مه‌كانمان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی هۆكاری كۆی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌یه‌. واته‌ چه‌نده‌ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌رپرسن به‌رامبه‌ر به‌ كۆی برینه‌كان هێنده‌ش كۆی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسه‌ له‌ دورستكردنی بێده‌نگی و لاموبالاتی و ته‌مبه‌ڵی و به‌رخۆری.
دووه‌م: وه‌ك چۆن خوڵقاندنی دۆخێكی نائاسایی كاره‌ساته‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ به‌ده‌سته‌هاتووه‌ ئاواش كاره‌ساته‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به‌ كه‌سێك یان نوخبه‌یه‌ك یان هێزێكی سیاسی ببه‌ستین. هیچ نوخبه‌ و كه‌س و هێزێك فریادره‌س نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخێكی سیاسی، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌می ئێمه‌ ببێته‌ خه‌مێكی ده‌سته‌جه‌معی سپاردنی خه‌مه‌كان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی و داواكردنی چاره‌سه‌ر له‌ نوخبه‌ی سیاسی و نوسه‌ران و ڕۆشنبیران خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی..

سێیه‌م: چاره‌سه‌رنه‌كردنی كه‌یسه‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رقاڵبوونی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شته‌ بچوكه‌كانه‌وه‌. خه‌ڵك هێنده‌ی سه‌رگه‌رمی شته‌ بچوكه‌كانی ڕۆژانه‌یه‌ له‌مه‌ڕ خواپه‌رستی و عه‌شق و په‌یوه‌ندی و جیاوازی ڕه‌گه‌زی، هێنده‌ خه‌می نیه‌ لانی كه‌م نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ستی دوژمنان. به‌ر له‌ هه‌ر شت ده‌بێ له‌ شته‌ بچوكه‌كان ده‌رچین و ستێپ بنێین به‌ره‌و خه‌ونه‌ گه‌وره‌كان.
چواره‌م: یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی هه‌ر هێزێكی سته‌مكار ڕوخانی پرده‌. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێو شاره‌كاندا له‌ده‌ست داوه‌، ڕاسته‌ خه‌ون و خه‌م و خولیاكانی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی ئێمه‌ هاوبه‌شه‌ به‌ڵام پردی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ بۆ ئۆرگانیزه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ و فشار و چالاكی ده‌سته‌جه‌معی ته‌واو تێكشاوه‌.

پێنجه‌م: كوردستان پڕه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و مایكرۆ دیكتاتۆر. ئه‌م په‌یكه‌ره‌ بچوكانه‌ ڕوخانی زه‌حمه‌ته‌. یه‌ك په‌یكه‌ر له‌ئارادا نیه‌ تا كۆبینه‌وه‌ و بیڕوخێنین. ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و لۆكاڵی ڕوخان و ده‌سكاریكردن و لێبرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت و ئالۆزه‌، یان لانی كه‌م ئاوابوونی دنیای له‌م شێوه‌یه‌ و دروستكردنی دنیایه‌كی تر له‌ دۆخی ڕوخانی پردی په‌یوه‌ندیدا كرده‌یه‌كی ئاسان نیه‌.
شه‌شه‌م: تێكه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌نێوان شاریبوون و شایخیبووندا. تا ئێستا ئیمه‌ پێیه‌كمان له‌ناو سروشت و پێیه‌كمان له‌ناو شارستانیه‌تدایه‌. به‌مانایه‌كی تر نازانین ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌ین یان به‌ یاخیبوون و توندوتیژی. بیست و شه‌ش ساڵه‌ لانی كه‌م نه‌مانتوانی له‌ گرنگی دامه‌زراوه‌كان و یاسا و ڕێساكان حاڵی بین یان بیچه‌سپێنین. له‌ئێستاشدا ناتوانین فۆرمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م دۆخه‌.

حه‌وته‌م: بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بزوتنه‌وه‌گه‌لێكی ته‌واو لاوازن. ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌وه‌ لاوزاتردرن بتوانن ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دروست په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونی ڕوئیایه‌كی ڕوون و پارادیمێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی. له‌ دۆخی به‌م شێوه‌یه‌دا ته‌نها ده‌نگه‌ده‌نگ و توڕه‌بوون ده‌بیستین نه‌ك بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشانی عه‌قڵانی و ڕادیكاڵ كه‌ جیاواز بێت له‌وی تر.
هه‌شته‌م: به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوازی ئاینی ڕۆڵی خراپ ده‌گێڕن له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ وه‌ك خۆی. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مپه‌ینی ڕیفراندۆمدا بینیمان ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنبیران و ڕووی دزێوی به‌شێكی پیاوانی ئاینی بوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌خۆڕاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌ڵكو به‌ ستایش و نوسین و خیتابی به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی له‌سه‌ر پای خۆیان وه‌ستاون.

نۆیه‌م: ئێمه‌ چ جۆره‌ خه‌باتێكمان ده‌وێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌؟ شۆڕشمان ده‌وێ یان ڕیفۆرم؟ به‌ چ كه‌ره‌سته‌یه‌ك؟ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ توانای دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری نیه‌ بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخی له‌م شێوه‌یه‌ و خوڵقاندن و به‌خێرهێنانی دۆخێكی تر كه‌ لانی كه‌م ماف و كه‌رامه‌ت و خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێدا بێته‌دی. ئه‌م ئاڵۆزیه‌ بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رگری فه‌زایه‌كی ته‌واو ناله‌باری دروست كردووه‌ كه‌ لێڵیه‌ك له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ماڵئاوایی له‌م دۆخه‌ ده‌بینین.
ده‌یه‌م: بچوككردنه‌وه‌ی كۆی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ كێشه‌ی ئابووری و موچه‌دا. كێشه‌ ئابووریه‌كان دابڕاو نین له‌ كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌كان ئه‌سڵه‌ن كێشه‌ی ئابوری كێشه‌یه‌كی بچوكه‌ له‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كه‌ سه‌ره‌كی ترینیان كێشه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنه‌. ئه‌م بچوككردنه‌وه‌یه‌ وایكردووه‌ كه‌ هۆكاری كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ نه‌بینین و ته‌نها له‌ قیژه‌ و هاوار و بێدادی له‌ نه‌بوونی نان و موچه‌دا كورتی بكه‌ینه‌وه‌.

یازده‌یه‌م: نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر بۆ به‌ره‌نگاری له‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆڵه‌بۆڵی دووباره‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌ییه‌كان له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ی و كاركردن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ بینین و به‌رچاوڕوونی و ڕۆشنی سیمای ئه‌و دنیایه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیخوڵقێنین.

دوازده‌یه‌م: ده‌ربازبوون له‌ دۆخی چاوه‌ڕوانی و وه‌لاوه‌نانی لاموبالاتی و ته‌مه‌لی و كردنی سیاسیه‌ت به‌ كرده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ و مانه‌وه‌ له‌ ماڵ وه‌ك حه‌رام و كردنی شه‌قام به‌ شوێنی سیاسه‌ت و شوێنی لێپرسینه‌وه‌ و شوێنی هاواركردن. له‌ ئێستادا كۆی چین و توێژه‌كان له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كی كۆشنده‌دان و خۆیان به‌ كرده‌ی هه‌ر گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌ڵناسن و خویه‌كی قورسیان به‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ نه‌ هیچی لێ شین ده‌بێت و نه‌ ئاسۆیه‌ك له‌م چاوه‌ڕوانیه‌دا ده‌بینرێت بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخێك و خوڵقاندنی دۆخێكی باشتر.




لاوازی و شکستی کورد لە چارەسەری ناوچە سنوریە کێشە لەسەرەکاندا …. شاخەوان شۆڕش

کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رژێمی بەعس روخا لایەنە سەرەکیەکانی ئێراق لەسەر سیستەمی فیدرالی رێککەوتن و مۆری دەستوریان کرد. سەرانی پارتی و یەکێتی واژووی مانەوەی باشوری کوردستانیان لە چوارچێوەی ئێراقدا کرد. بەمجۆرە باشوری کوردستان دەستوریانە لە چوارچێوەی ئێراقدا مایەوە و چارەسەری کێشەکان خرانە ئەو چوارچێوەیە. ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یاسا و پرەنسیپە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە کێشەی لەو جۆرە، تێگەیشتن و گونجاوی نێونەتەوەیی هەبوو. چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێراق و باشوری کوردستان بەپێی دەستور بڕگەیەکی تایبەتی بۆ داندرا و لەرێگەی بڕیاری ١٤٠ ـەوە جۆری چارەسەرەکە بڕیاری لەسەر درا. بەپێی دەستور دەبوایە تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کۆتایی بە چارەسەرەکە بهێندرێت. واتە ئاسەوارەکانی بەعەربکردن نەهێلدرێت، ئاوارەکان بگەرێنەوە، موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، دامەزراوەکان بە هاوبەشی رێکبخرێنەوە، پاشان ریفەراندەم لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە بکرێت و سنور دیار بکرێت. لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو بڕیارە کەموکوری هەبوو و رەخنەش زۆر گیران. هەرچۆنی بێ ماددەی ١٤٠ گرنگی خۆی هەبووە و بۆ چارەسەری کێشەیەک داندرابوو کە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێراق هەبووە و بێ چارەسەر مابووەوە.

بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە ئاست جێبەجێکردنی کێشە ئاڵۆز و سەختە نەتەوەیەکانیدابێ، دەخوازێ بەر لەهەر فاکتەرێک کورد خۆی خاوەنی نوێنەری رەوا و بەهێز بێت، لە هاوکێشە هەرێمی و نێونەتەوەیەکان بگات و لە چوارچێوەی تێگەیشتنە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا خاوەنی ستراتیژی ناسیونالیستانەی مۆدێرن بێت.

کیشەی سنور گرنگترین کێشەی نێوان ئێراق و باشوری کوردستانە، بۆیە دەبوایە لەپێشترین خاڵی نوێنەرانی کورد بێت و بە کاریگەرانەترین شێوە کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو بەگەرموگوڕی و هوشیاری زۆرەوە هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی ماددەی ١٤٠ بێ دواکەوتن بدەن، بێ ساردبوونەوە تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بخەنەگەڕ، رێگەی سستی نەدەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر هەر پێشێلکاریەکی دەسەڵاتی بەغدا بنوێنن و جەخت لەسەر چارەسەریە دەستوریەکان بکەنەوە.
لەبەرئەوەی باشوری کوردستان نە خاوەنی نوێنەری بەهێز بوو، نە هوشیاری و تێگەیشتنی سەردەمیانە و گونجاوی بۆ پرسێکی ئەوها گرنگ هەبوو، بەپێچەوانەوە سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، شێلگیرانە کاریان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەکرد. کێشەی ناوخۆیی و دووبەرکی نێوان بەرەی سەوز و زەرد رۆڵی لاوازکردنی گێڕا و هەوڵەکانی بەلاڕیدا برد، بۆنمونە دوو بەرەیی ئاسایش و دوو ئاراستەیی لە کەرکوکدا، دابڕینی ناوچەکان و بەرێوەبردنیان بەپێی بەرژەوەندیە حزبیە زەرد و سەوزەکان لەهەر زۆنێکدا، بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە هەنگاو و چارەسەری ستراتیژیانەی کوردستانیانە بۆ کێشەکە. لە بەرامبەری لاوازی نوێنەرانی کوردا دەسەڵاتی بەغدا جگەلەوەی هەنگاوەکانی سست بوو، بەربەستی دروستکرد، سیاسەتی پەراوێزکردنی کورد و جار جارە بەعەربکردنیش بەردەوامیان پێدرا.

وەکو دەرکەوت چارەسەری ماددەی ١٤٠ لەکارە لەپێشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبوو. لەجیاتی ئەوە هەر بەرەیە لەلایەن خۆیەوە ململانێی بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست لە ئاستی ئێراق و کوردستان بوو، هەروەها نایاسایانە خەریکی ئاواکردنی نەوت بە قاچاغ و هەلکەندنی چاڵی نەوت بوون، خەریکی بەستنی کۆنتراکت لەگەل کۆمپانیای تورکی و بێگانە، خەریکی هینانی بازرگانە تورک و عەرەبە گەندەڵەکان بۆ کوردستان بوون و هتد. بەکورتی هەوڵەکان لەگەلێ باردا نایاسایانە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زۆرو خێرا چڕکرانەوە. سەرانی دەسەڵاتی هەرێم ئامادەبوون لەسەر نەوت دژی بەغدا بووەستنەوە و بیگەیننە کەناری شەڕ، بەڵام تەنها بۆ یەکجاریش لەسەر سستی یا سڕکردنی ماددەی ١٤٠ هەڵوێستیان وەرنەگرت و لە بەغدا یاخی نەبوون.
لە جیاتی هەروەستە و بەخۆداچوونەوە، وە چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیوەندی و بازرگانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، وردە وردە لە دەسەڵاتی بەغدا دوورکەوتنەوە، ناکۆکیەکان قوڵتر و نێوانیان فراوانتر بوو. ئەوەش کە ئاماژە بوو بە کێشە و بێمتمانەیی لەنیوان یەکەی فیدرال و دەسەڵاتی ناوەندا، ئاراستەکەی روو لە ناکۆکی زیاتر و دەرئەنجامی نادیار بوو. لەراستیدا رووکردنە تورکیا و سەیرکردنی تورکیا وەکو فریادرەس لە شەوەزەنگدا گرتنەبەری کوێرەڕێیەک بوو لە هەڵدێردا. ئەوەش گەورەترین و کوشندەترین هەڵەی مێژوویی بوو کە دەسەڵاتدارانی باشور تێیکەوتن.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا هیرشەکانی داعش بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد، کە تاوانی گەلکوژی شەنگال و تاوانی دیکەی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی لێکەوتەوە. دوای ئەوە بەهاوکاری هاوپەیمانان و لایەنە کوردستانیەکان، هێزی پێشمەرگە توانی زۆربەی ناوچە کوردستانیە سنوریەکان کە گرنگترینیان شاری کەرکوک بوو ڕزگاربکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنێک بوو لە باری شەردا، وە ڕێکخراوی داعش دوژمنی هاوبەشی ئێراق و باشوری کوردستان بوو. بۆیە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لەچنگی تیرۆرستانی داعش، ڕزگارکردن لە دوژمنێک بوو کە وەکو یەک دژی کوردستان و ئێراق بوون. ڕزگارکردنی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان واتای ئەوە نەبوو کە ئیتر ئەو ناوچانە بۆ کوردستان گەڕانەوە و ئێراقیش وازیان لێدێنێ. بە پێی رێکەوتنە دەستوریەکە ئەوناوچانە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئێراق تا ئەو کاتەی ماددەی ١٤٠ چارەسەر دەکرێت. هەموو ئەو گوتن و بۆچوونانەی کە پێیوابوو ئەو ناوچانە کوردستانین و نابێ بگەڕێندرێنەوە ژێردەستی ئێراق، یا پێیوابوو ئیتر ئەو ناوچانە جارێکیتر ناچنەوە بندەستی ئێراق، بۆچوونی سۆزدار و خۆشباوەڕانە و ناتاوتوێکراوبوون. ڕاستە لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو ناوچانە کوردستانین، بەڵام لە دیدی ئێراقیانەوە بەپێچەوانەوە ئێراقین. لەو پرسەدا دوو لایەن هەن کە دوو دیدی دژ بەیەکیان هەیە، دیارە هەردوولا لەسەر چارەسەری کێشەکە ڕێکەوتنی دەستوریان کردووە. بێگومان بوونی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، پۆزیسیۆنی دەسەڵاتی هەرێمی بەهێزکرد و لە ئەگەری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بێگومان زۆر سوود بەخش بوو، وە دەیتوانی پرۆسەکە زۆر پێشخات. بۆیە ئەگەر تێگەیشتنی راشیونالانە زاڵبوایە دەبوایە ئەو سەرکەوتنە بۆ وەگەڕخستنی چارەسەری یەکجاری ماددەی ١٤٠ بەکاربهێندرێت.

کێشەناوخۆیەکانی باشوری کوردستان و قەیرانی پرسی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، پرسی ڕیفەراندەمی قووتکردەوە، کە لەبنچینەدا لەلایەن سەرۆکی نایاسایی و ماوەبەسەرچوو مەسعود بارزانیەوە هێندرا و سەپێندرا. پێداگرتن لەسەر ریفەراندەم لە ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکاندا، بێ گوێ پێدان و بێ هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە پشتکردن لە ئەمەریکا و داواکاریەکانی، بە پشتکردن لە رێکەوتنە دەستوریەکە، لەکاتیکدا هەنگاوەکانی دەسەڵاتی نایاسایی هەرێم لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا لەسەر ئاستی بوارە گرنگەکاندا جێگەی پرسیاری زەق بوون، هەموو ئەوانە وایکرد سەرانی باشوری کوردستان خۆیان تەواو تەریککەن و بکەونە قوژبنێکی تەنگ و نالەبار. ئەو هەڵە کوشندانە وایانکرد بارەکە ١٨٠ پلە وەرگەڕێ و بگۆڕێ. حکومەتی ئێراق هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری قۆزتەوە و کەوتە سەنگەری دژ، داوای هاوکاری هەرێمی و نێونەتەوەیی کرد و گەماڕۆکانی بەکردەوە دەستپێکرد، داوای دەستبەجێی چۆڵکردنی ناوچە ڕزگارکراوە کێشەلەسەرەکانی کرد. ئێران و تورکیا و ئێراق لەسەر چۆکپێدادانی کورد کەوتنەکار. گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بوونەهۆی مۆرکردنی كشانەوە و شکست لە ١٥ ی مانگی ئۆکتۆبەردا، نەک هەر ئەوە بەڵکو پەسندی ئەوەکرا کە ئێراق کۆنترۆلی هەموو بیرە نەوتیەکان و خاڵە سنوریەکان دوای ٢٦ ساڵ دوورکەوتنەوە بکاتەوە. ناپاکی باڵێکی ناو یەکێتی دەرهاویشتەی کێشەناوخۆیەکان بوو کە دەسەڵاتداران نکۆڵیان لە بوونی دەکرد.

وەکو گوترا کێشەی ناوچە کوردستانییە سنوریەکان لە رێگەی دەستورەوە چارەسەری بۆ داندراوە، پێویست بوو لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانوستان بەپێی دەستور چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت. دەستبەسەرداگرتن لەژێر ناوی کوردستانی بوونی ناوچەکاندا، بێگومان دەرگەی دایەلۆگ دادەخا و ڕێگە بۆ بەرەورووبوونەوە و شەڕ خۆش دەکات. بەئەگەری زۆر بەرەوڕووبوونەوەی چەکداری و شەڕ روویان نەدەدا، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئاستی پێویستبان و دەستوریانە لەگەڵ کێشەکەدا جووڵابانەوە. بەرەوڕووبوونەوە و شەڕ و دواتر شکست و دۆڕان دەرئەنجامی ئەو ئاراستە چەوتە بوو کە لەدەیەی ڕابردوودا پیادەکرا.

ئەگەر کوردستان کێشەی ناوخۆیشی نەبوایە، خاوەنی سوپای بەهێزی نیشتیمانیش بوایە چارەسەری ئاشتیانە باشتربوو لە شەڕ و بە کوشتدانی مرۆڤ و وێرانکردنی وڵات. بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی لاوازبوو و بە کێشەی ناوخۆیەوە گیرۆدەبووە، بەمجۆرە باشوری کوردستان ئەو پێگە بەهێزەی نەبوو، دەبوایە سەرنج تەنها لای چارەسەری دەستوریانە بێت.
لە باری ئێستادا و لە دوای ئەو کەوتن و دۆڕانەی کە ڕوویدا، ئەگەر باشوری کوردستان خۆی بگرێتەوە و دەسەڵاتێکی نوێ نوێنەرایەتی بکات، پێویستە شێلگیرانە بۆ چارەسەری دەستوریانەی ماددەی ١٤٠ بگەڕێتەوە. بوونی دەسەڵاتێکی رەوا و دیموکراسی بێگومان کوردستان هەڵدەستێنێتەوە و بەهێزی دەکات، بەپێچەوانەوە درێژەی پاشماوەی ئەو دەسەڵاتە دووبەرەییەی ئێستا کورد بە لاوازی دەهێڵیتەوە و ستاتوسی کورد لەهەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا لاواز دەکات.

30-10-2017




ئەنارکیزم ، مه‌رگ و ژیان …. وەرگێڕانی: ھەژێن

“بە من ڕێگەبدەن خه‌یاڵبکه‌م،
کە له‌نێو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ک هه‌یه‌ و‌
لەنێو بومولێڵیی نامۆی ژیان
چاوساخیی من ده‌کا‌”
ڕابیندرات تاگوور

ئەنارکیسته‌کان لەنێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کڕۆنشتات ڕۆڵێکی فرەیان نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ناکرێت له‌به‌رچاوینه‌گیردرێن، که‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی کڕۆنشتات لە‌ دوو که‌سی‌ ئەوان [ئەنارکیستەکان] داخوازیکرد، تاکو به‌ بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ستببن. که‌سی یه‌که‌م (یارچۆوک Yartchouk) دامه‌زرێنه‌ری سۆڤیه‌تی کڕۆنشتات ساڵی‌ ١٩١٧ و ئه‌وی ‌دیکە (ڤۆلین Volin) بوو. به‌ڵام ئەو بانگه‌وازه‌ بەبێ سه‌ره‌نجام مایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات هه‌ر ئەو دوو کەسەکە له‌نێو چنگی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ربوون. به‌ گوته‌ی (ئیدا مێت Ida Mett ) مێژونووس و نووسه‌ری په‌رتووکی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات La Revotle De Cronstad ” کارایی ئەنارکیسته‌کان له‌سه‌ر کڕۆنشتات ته‌نیا له‌و تێڕوانینەوه‌ ده‌کرێت ناوبهێنرێت، که‌ ئەنارکیزمیش ڕاگه‌یێنه‌ری تێڕوانینی دێمۆکراسیی کرێکاری بوو”. به‌ هه‌ر بارێکدا هه‌رچه‌نده‌ ئەنارکیسته‌کان ده‌ستبه‌کاربوونێکی ڕاسته‌وخۆیان لەنێو‌ ئەو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئەوان ڕاپەڕینەکەیان بە هی خۆیانیان زانی.

ڤۆلین دواتر نووسی ” …. کڕۆنشتات یه‌که‌مین هه‌وڵی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ریی بوو بۆ ڕزگاربوون له‌ کۆتی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک و ھەڵخڕاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەو هه‌وڵه‌ به‌ده‌ستی خودی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ هانابردن بۆ شوانه‌ ڕامیارییه‌کان و ڕابه‌ران و سه‌رپه‌رشتیگه‌ران ئه‌نجامدرا “. هەر ئاوا ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان گوتی ” کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتێریی کرده‌ نه‌خشه‌ی سه‌ر ئاو و سه‌لماندی، که‌ له‌نێوان دیکتاتۆریی پارتیی کۆمونیست و شۆڕش بواری هیچ جۆره‌ سازشێک نییه‌!” …

وێڕای نه‌بوونی خۆتێهه‌ڵقورتانی ڕاسته‌وخۆی ئەنارکیسته‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات‌، سه‌رکوتکرانی ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ بیانوویه‌کی گونجاوی بە دام و ده‌زگه‌کانی فەرمانداریی بەخشی، تاکو کێشه‌ی خۆیان لەتەک ئەنارکیزم‌ که‌ هێشتا ترسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سەر دەوڵەتی بۆلشەڤیکی، یه‌کلاییبکەنه‌وه‌! چه‌نده‌ هه‌فتە پێش سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوونه‌کەی کڕۆنشتات، واته‌ ڕۆژی هه‌شته‌می فێبریوه‌ری ١٩٢١، (کڕۆپۆتکین Kropotkin‌)ی پیر تەمەن، له‌ ڕوسیه‌ مرد. به‌خاکسپاردنی ئەو به‌ڕێکردنێکی فرە پڕشکۆی لە‌خۆگرت. به‌شداربووانێک که‌ ته‌رمی ئەویان به‌خاکده‌سپارد، ژماره‌یان لایەنی کەم سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بوو.‌ ئاڵای ڕه‌ش و سووری گروپه‌ ئەنارکیسته‌کان ئامێته‌بوون. له‌سه‌ر ڕه‌شی ئاڵاکان به‌ خه‌تێکی سوور ئەو ده‌سته‌واژه‌ به‌رچاو ده‌که‌وت ” له‌ هه‌ر کوێ دەسەڵاتداریی هه‌بێت، لەوێ ئازادی بوونی نییه‌ ” .

نووسه‌رانێک، که‌ لەبارەی کۆپۆتکین‌ نووسیویانه‌، ئەو خۆنیشاندانه‌ وه‌ک “دواین خۆنواندنی گه‌وره‌ له‌ دژی سه‌رکوتکاریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان” ناودەبەن. به‌شداربووان لەنێو ئەو خۆنیشاندانە “نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له‌ کرۆپۆتکین، به‌ڵکو هەر ئاواش بۆ ‌داخوازی جێگیرکردنی ئازادی به‌شدارییانداکرد”. پاش سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات سه‌دان ئەنارکیست زیندانیکران. چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه، ئازادیخوازێک به‌ناوی فانی بارون Fanny Baron و هه‌شت که‌سی‌ دیکە له‌ هاوه‌ڵه‌کانی لەنێو‌ سیاچاڵه‌کانی زیندانی ( چێکا ) له‌ مۆسکۆ گولهد‌بارانکران.

گولهد‌ی بەزەیی به‌ مێشکی ئەنارکیستی تێکۆشەره‌وه‌ نرا. له‌و باره‌دا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیه‌، ئه‌و ئەنارکیستانه‌ی که‌ لە ئه‌زموونی ڕوسیه‌ تێگەییشتبوون، به‌ فراوانی که‌وتنه‌‌ ڕه‌خنەگرتن‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان، تاکو بیری ئازادیخوازانه‌ هه‌رچی زۆرتر به‌رجه‌سته‌بکه‌ن. سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری ١٩٢٠ کۆنگرەی یه‌کێتی ئەنارکیسته‌کانی ئۆکرانیا نابات Nabat به‌ڕاشکاوی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” که‌ ناچار ئەرکەکەی له‌ دیکتاتۆریی به‌شێک له‌ پڕۆلیتاریا [به‌شێک، که‌ لەنێو پارتییەک ڕێکخراوه‌] فه‌رمانبه‌ران و مشتێک له‌ ڕابه‌ران کۆتاییدێت، ڕه‌تکردببووه‌وه‌. (کۆپۆتکین)‌یش که‌مێک پێش مردنی، نیگه‌رانی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی “سەروەریی تەواو” له‌ وڵات ده‌ربڕیبوو “بەبۆچوونی من، هه‌وڵدان بۆ ڕۆنانی کۆماری کۆمونیستیی له‌سه‌ر پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژی نێوەندییانە‌ و له‌ژێر زۆری یاسا ئاسنینه‌کانی دیکتاتۆریی تاکپارتیی، به شکستێکی گه‌وره ‌کۆتاییدێت. ڕوسیه‌ نیشانیداین، بۆچی نه‌ده‌بوو به‌ کۆمونیزم ملبدرێت ” .

ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسیی ئازادیخواز Le Libbertaire له‌ ژماره‌ ١٤ی ڕۆژی ٧ی جێنیوه‌ری ١٩٢١، بانگه‌وازێکی پڕ وره‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیسته‌کانی ڕوسیای بۆ پڕۆلیتاریای جیهان‌ بڵاوکرده‌وه‌ “هاوڕێیان، وه‌ک ئێمه‌ کۆتایی به‌ فەرمانداریی بۆرجوازی له‌ وڵاته‌کانتان بهێنن! به‌ڵام وریابن، هه‌ڵه‌کانی ئێمه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌! نه‌هێڵن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی ببێته‌ فه‌رمانداری وڵاته‌کانتان”.

ئەنارکیستی ئاڵمانی-زمان (ڕودۆلف ڕۆکه‌ر Rudolf Rocker)یش‌ ساڵی ١٩٢٠ پەرتووکێکی به‌ناوی “شکستخواردنی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی” نووسی و ساڵی ١٩٢١ بڵاویکرده‌وه‌! ئەوە‌ یه‌که‌مین ئه‌زموون و لێکدانه‌وه‌ی ڕامیاریی بوو لەبارەی شێواندنی شۆڕشی ڕوسیە. بەگوێرەی‌ تێڕوانینی ڕۆکه‌ر‌ ‌”دیکتاتۆری پڕۆلیتێریی نه‌ک ھەر ده‌ربڕی خواستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نەبوو‌، به‌ڵکو دیکتاتۆری پارتیی بوو، که‌ پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینی کرێکاری ده‌کرد، بێجگە لەوەش، تاکه‌ پشتوپه‌نای ده‌سه‌ڵاتی ئەو دیکتاتۆرییە، سه‌ره‌نێزه‌کانی بوون، له‌پشت دێوجامە‌ی دیکتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا چینێکی تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌، چینی کۆمیساره‌کان یان سەروەریی کۆمیسارەکان. ئەم ڕۆژیش‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ست بە سەرکوتگه‌ریی چینی سەروەر ده‌که‌ن، که‌ دوێنێ‌ له‌ سایه‌ی سەرکوتگه‌ریی ڕژێمی ڕوخاوی [تزار] هه‌ستیانده‌کرد”.

کاتێک که‌ گشت لایەنه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌ته‌واوی بکێشرێنه‌ ژێر دەسەڵاتی فەرمانداریی سەرتاپاگیر، ئه‌نجامه‌که‌ی “شتێک واوه‌تر له‌ زنجیرەیەک‌ پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ریی نابێت و ئەوە‌ چاره‌نووسی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕوسیا بووه‌”. “بۆلشه‌ڤیکه‌کان هەر تەنیا ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریان له‌ کۆمەڵی پێشووتر به‌ پوختی وه‌رنەگرت، به‌ڵکو ئاوا ده‌سه‌ڵاتێکیشیان بە ئەو به‌خشی، که‌ هیچ فەرماندارییەکی‌ دیکە له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌توانا نه‌بوو”!

مانگی جون ١٩٩٢ گروپێک له‌ ئەنارکیسته‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ئاڵمانیا، پەرتووکێکی گچکه‌ و ئاشکراکەرانە‌یان به‌ناوی “سه‌رکوتی ئەنارکیزمی ڕوسیه‌ی سۆڤیه‌تیی” بڵاوکرده‌وه‌، که‌ به‌ خامه‌ی ئا. گۆریێلیک A . Gorielik و ئا. کۆمۆڤ A.Komoff و گ.پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff ڤۆلین Volin نووسرابوو! ڤۆلین به‌خۆی ساڵی ١٩٢٣ ئه‌و په‌رتووکه‌ی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. ئەو په‌رتووکه‌ لیستی ناوی گیانبه‌ختکردووانی ئەنارکیستی بەگوێرەی ئه‌لف ‌و بێ تێدابوو. ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢٢، ئێما گۆڵدمان‌ ساڵی ١٩٢٢ و ١٩٢٣ له‌باره‌ی ئەو ڕوداوه‌‌ ناخۆشانە‌ی که‌ له‌ ڕوسیه‌‌ دیتبوویانن، کۆمەڵێک نامیلکه‌یان بڵاوکردنه‌وه‌!

ئه‌و (ماخنۆڤیست)انه‌ش که‌ گیانیان ده‌ربازکردبوو و په‌نایان بۆ ڕۆژاوا هێنابوو، له‌وانه‌ پیر ئارشینۆڤ و خودی نێستۆر ماخنۆ، هه‌ر که‌سه‌ و ئه‌وه‌ی دیتبووی بڵاویکرده‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، سه‌رده‌می جەنگی دووه‌می جیهانی‌، دوو به‌رهه‌می گه‌وره‌ و سه‌ره‌کی ئازادبیران له‌باره‌ی ” شۆڕشی ڕوسيه” لەلایەن گ. پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff و ڤۆلین Volin‌ نووسران و چاپکران. ئەو دوو به‌رهه‌مه‌ به‌خۆیان گه‌واهییه‌ک بوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ساڵانێکی درێژخایەن و به‌ئه‌زموونی هزرەکان ‌لای ئەنارکیسته‌کان.

ماکسیمۆڤ گه‌واهنامەی خۆی به‌زمانی ئینگلیزی بڵاوکرده‌وه‌؛ ئەو بڕوای ئاوا بوو، که‌ وانه‌کانی ڕابوردوو، مسۆگه‌رکه‌ری داهاتوویه‌کی باشترن. “چینی فەرمانداری تازه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ناتوانێت و نابێت بۆ هه‌میشه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات و سه‌ره‌نجام سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه‌ به‌سه‌ر ئەو سه‌رده‌که‌وێت! هەل و مەرجی خۆیی ئاوا گۆڕانێک ده‌که‌نه‌ شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ “. ئایا شیاوی ملپێدانه‌ (…) که‌ کرێکاران خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ نێو کارخانه‌کان بن؟ هه‌رگیز! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که به‌ ڕۆشنی‌ یاخیبوونی ئەوان له‌ دژی به‌هره‌کێشیی ده‌وڵه‌ت و سەروەرییە‌‌. “ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زۆره‌ملێیانانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ڕێکخراوی سۆڤیه‌تیی کارخانه‌کانی خۆیان، کە له‌نێو فێدراسیۆنی به‌ربڵاو و فراوان یه‌کده‌گرن، دابنێن. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کرێکارییه‌. بەو جۆرە جوتیارانیش تەواو هوشیارن، که‌ ئەم ڕۆژ‌ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئابووری تاکه‌که‌سیی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گونجاو نییه‌ و ته‌نیا چارەسەرە‌ هه‌ره‌وه‌زیی کشتوکا و گەلکاریی گوندنشینانە لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی کارخانه‌ و سه‌ندیکاکان و به‌کورتی په‌ره‌دانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌نێو بارێکی ئازادیخوازانە”.

بەگوێرەی تێڕوانینی ڤۆلین، هه‌ر هه‌وڵێک که‌ به‌ سروشوه‌رگرتن له‌ نموونەی [ئۆلگوی] ڕوسیه‌ سه‌ربگرێت، به‌رهه‌مه‌که‌ی بێجگه‌ له‌ “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هره‌کێشیی جه‌ماوه‌ر”، شتێکی ‌دیکە نابێت. هه‌ر ئاوا ئەوە‌ گه‌نده‌ڵترین جۆری سه‌رمایه‌دارییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی لەتەک “بزووتنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و کۆمەڵی سۆشیالیستیی” نییه‌. ئاوا نموونەگیرییەک ناتوانێت بێجگه‌ له ‌”دیکتاتۆری تاکپارتیی، که‌ ئه‌نجامی‌‌ سه‌پاندنەکە‌ی له‌نێوچوونی هه‌ر جۆره‌ ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و ڕێکخراوبوون و ته‌نانه‌ت پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌‌کان و ھەر ئاواش پاراستنی به‌رته‌رییە بە ته‌نیا بۆ پارتیی فەرماندار” و بێجگه‌ له‌ “کۆنترۆڵکردنی بیر و بۆچوونە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ربه‌ستکردنی هەڵچوونی شۆڕش” ناتوانێت ئه‌نجامێکی ‌دیکەی هەبێت.

ڤۆلین بڕوای ئاوایە،‌ که‌ ستالین ” له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌باری بوو”، ستالین و ستالینیزم به‌‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی سیسته‌مێکی سەرکەوتگەرانەن، که‌ ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢١ پایه‌ڕێژیی و جێگیرکرا. “ئەوە‌یه‌ وانه‌ی جیهانیی ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ و دیاریکه‌ری بۆلشه‌ڤیزم. وانه‌یه‌ک که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوداوه‌کانی داهاتوو، به‌زوویی بۆ گشت ئه‌وانه‌ی که‌ لەنێو ئازار ده‌تلێنه‌وه‌ و ده‌چه‌وسێنه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی که بیرده‌که‌نه‌وه‌ و تێدەکۆشن، ده‌رده‌که‌وێت.‌

————————–
سه‌رچاوەی لێ وه‌رگیراو‌‌ :
http://anarchi.persianblog.com

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




سێوەلاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم …. عەبدولڕەحمان فەرهادی

كە سبەینان لە خەو ڕادەبووم، بالیفەكەم تەڕاییی فرمێسكەكانی شەوێمی بەسەرەوە دەما، تەڕایییەكی نم و كزر، شەوان كە لەبیركردنەوەكانم ڕادەچووم، فرمێسكم جۆگەلەی دەبەست، بیرم نایێ شەوێكی منداڵیمم بێ گریان بەسەر بردبێت، بەدەست خۆم نەبوو من لە منداڵیمەوە هەر گرینۆك بووم. زۆر شەوانیش ئەوەندەی یەك كوندە، میزم بەخۆمدا دەكرد، بۆیە جێوباڵینگانیشم گەلێكجاران بە تەڕی دەمایەوە. من كە بە نازی دایكە قەشەنگە جوانەمەرگەكەم (دایە بەسێ) گەورە بووبووم كەچی دوای مەرگی لەناكاوی، لە هەموو نازێكی منداڵی بێبەش مامەوە و ڕۆژانە دوای ئەوەی بابم دەڕۆیشتە دەرەوە ئیتر زەبروزەنگە دەروونی و جەستەیییەكانم لەڕێی دایكە تازەكەمەوە سەریان هەڵدەدا، قەت لەبیرم ناچێتەوە كە لە باوەشی دایكی خۆم خەو دەیبردمەوە، ئەو یادگارییانە خۆشترین سۆزی ڕابردوومن، بۆنی سینگ و بەرۆك و مێخەكەكانی گەردەنی كێلی، بەرامەی ڕەشە ڕەیحانەكانی گیرفانی، كراس و كورتەكە بە باقوبریقە سیمدارەكەی، تا ئەو ڕۆژەی شۆڕی ناو قەبرێم دەكەنەوە لە خەیاڵدانمدا ناسڕێنەوە، هیچ ئیسراحەتێك ناگاتە ئیسراحەتی ئەوەی كە سەرم بە كۆشی ئەو دەكرد، باڵای شەنگی پڕ بوو لە زڕیوپۆلی، قەت كڵاوە هەورییە پڕ لە كۆترۆكەكەیم لە دیدەدا ناسڕێتەوە. كۆچی ناوادەی دایەم منی لە هەموو جوانییەكانی منداڵی دابڕی. بابم دەمێك بوو هەستی كردبوو ئەو زڕدایكە مەلعوونەم كە لای خۆم بە مەلعوونخانم ناوزەدم دەكرد، لێم ڕقەستوورە و گەر بۆی بلوێ دەست لە خنخنۆكم دەنێ و تا حەیاتم لێ دەبڕێ لێم نابێتەوە.

بابە مستۆ كە لە دایەرەی ئەشغال نۆبەتداری كۆگا بوو، سبەینان لەگەڵ شیڕەی نێرەكەر لە دەرگای حەوشە ئاودیو دەبوو و تا دوای عەسرێكی درەنگ چاومان پێی نەدەكەوتەوە، تا دایە بەسێم مابوو، ئاگام لەو نەبوو، نەمدەزانی كەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەی دەگەڕێتەوە، خۆ ئەو نەیدەزانی ژنە تازەكەی كە وەرمدەگەڕایێ، جەستەی خنجیلانەمی لە ختوخۆڕا بە قەمپاران هەنجن بە هەنجن دەكرد، بەڵام دەیزانی كە منی مێردمنداڵی حەوت ساڵان لێی هەراسانم، نیگەرانی ئۆقرەی لێ بڕیبووم و دەیزانی نەك تۆزقاڵێ مێریڤانیم بەرانبەری نییە، بەڵكوو ڕقی دونیام لێیەتی، ئەمە بابمی زۆر نیگەران كردبوو، من تەواو هەستم بەوە دەكرد، بۆ ئەوەی لەو كەشە مەرگەمووشاوییەم بێنێتە دەرەوە، ڕۆژێكیان بانگی كردم تێری ماچ كردم و پێنج فلسی زیادەشی دامێ و پێی گوتم: كوڕێ من واچاكە لێرەوە، لەو تەمەنەوە خۆت بە كار و كەسابەت ئاشنا بكەی، من تێی نەگەیشتم تا پێشنیازی بۆ كردم كە دەیهەوێ بمخاتە بەردەست دوكاندارێكی هاوڕێی كە وەستای دروستكردنی كورسی و تەختەی دار بوو، با بڵێین دارتاش بوو.

بەیانییەكەی بردمییە لای وەستا عەزیزی نەججاڕ كە پێشتر لەمبارەوە قسەی لەگەڵ كردبوو، دوكانەكەی وەستا عەزیز بەرانبەر مەكتەبی بۆتان بوو، لە ڕیزی چایخانەی ئاغا دزەیییەكان. بەیانیی ڕۆژی دووەم سبەینە زوو بۆ یەكەمجار، بووم بە شاگردی وەستایەكی كەچەڵی سەر رووتاوە، وەستا عەزیز بەردەستیی پێ دەكردم، سەرباری وردە كاری دارتاشی، دەیناردم وردە كەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵەوەشی پێ دەكڕیم، دەیناردم چای لە چایخانەكەی مام ڕەحمان بۆ خۆی و میوانەكانی بۆ بێنم، درەنگانی پاش نیوەڕۆیان دە فلووسی دەدامێ و بەڕێی دەكردم، كە دەگەییمەوە ماڵەوە دەبووا دە فلووسەكە لە مستی زڕدایكەكەم بنێم، ئەو وای ڕاهێنابووم، خۆ نەدەوێرام ڕۆژێ پێنج فلووس خەرج بكەم. وەستا عەزیز پیاوێكی غەدداری چاو حیزی بەد ڕەوشتی جەمال سێوان بوو، یەكجار زۆر لێی بە هەستوخوست بووم، كە ئەو لە دوكانێ بە تەنیا دەمایەوە، من نەدەوێرام لە ژوورەوە بم، بەڵكوو لەبەر دەرگا هەڵدەترووشكام و چەندی بانگ بكردبام قەت لای نەدەمامەوە.

دە ڕۆژێك لەم كارەم بەردەوام بووم. بیرمە سبەینەیەكی ڕۆژی هەینی، بابم دەیبردمە لای ناسیح حەللاق كە دوكانەكەی بە تەنیشت حەمام عەسرییەوە بوو لە كۆڵانی عارەبان تا سەروپۆتەلاكم چاككات، بە بابمم گوت چیتر من ناچمەوە لای وەستا عەزیز چونكە پیاوێكی ڕەوشتسزە و من لەوانە نیم مل بۆ داخوازییە پۆخڵەكانی بدەم، من دەمەوێ ئیشێكیترم بۆ بدۆزییەوە، دامنابوو گەر بەقسەم نەكا، سەری خۆم بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەڵگرم. بابم لە وەزعەكەم تێگەیشت و ڕۆژی شەممەم بێ ئیشوكار لەگەڵ منداڵانی كۆڵان بەسەر برد، ئەو منداڵانەی كە بەنازی دایك و بابیان لە كۆڵان كەیفساز بوون و منیش دڵ و دەروونم پڕ بوو لەو گرێیانەی كە ژیانی نالەبار و چارەنووسم تێی چاندبووم. ئێوارەی شەممە بابم بانگی كردم و گوتی واچاكە بۆخۆت ئیشی سەربەخۆ بكەی و بە ئازادی خۆت پێبگەیەنی و كەس وەك چاودێر و وەستا بەسەرتەوە نەبێ و پێمباشە دەسگێڕی بكەی و من سەبەتەیەكی بچووكی تریانی نووردییە نانت دەدەمێ و یەكەم ڕۆژ دەتبەمە لای محێدینی دوكاندار لای شێخی چۆلی و چەند كیلۆیەك سێوە لاسوورەت بۆ دەكڕم و بڕۆ بۆخۆت لە كووچە و كۆلانەكان بگەڕی و تاك تاكە بیانفرۆشە منداڵان، مام محێدین باوكی شوانی هاوڕم بوو كە ئێستا كاربەدەستێكی گەورەی میرییە و پیاوێكی خانەدان و هەژاردۆست و هاوكاری بابم بوو. یەكەم ڕۆژی ئەم كارە تازەیەم لە كووچە و كۆڵانە تەنگەبەر و ناڕێكەكانی تەیراوە بە ئاسوودەیی بردە سەر،دوو دانە سێوە لاسوورەم بە پێنج فلووس دەدا، بیرمە بە هەموو گەرووی خۆم لەنێو كووچەكانی دەوروبەری چایەخانەی باییز بەولاوە هاوارم دەكرد: (سێوە لاسۆرە سێوە لاسۆرە، سێوە سۆرەی مزر و خۆش، دەی وەرن دووی بە پێنج فلووس).

هەموو دەوروبەری نیوەڕۆیانیش دەچوومە سەر عەرەبانەكەی مام نەجمەدین و یەك سەندەویجی تەواوی توورشیم دەخوارد. ئێوارە كە دەگەڕامەوە دەنگم دەنووسا ئەوەندەم هاوار كردبوو، لەڕێی گەڕانەوەم ئێوارەی یەكەم ڕۆژم تەواوی پارەكەمم ژمارد، بۆم دەركەوت كە درهەمێكم قازانج كردووە، ئەمەش بەگوێرەی كاری پێشووم بڕە پارەیەكی زۆرتر بوو، ئەم دەسگێڕییەم جگە لە سەربەخۆیی و دەروونئاسوودەیی وابەست نەبوونم بە كەسێكی دیاریكراوەوە، قازانجێكی تریشی بۆم هەبوو كە ئەوە بوو دەمتوانی ڕۆژانە شتێك بۆخۆم خەرج بكەم بەبێ ئەوەی مەلعوونخانم پێی بزانێ. تا دەهات زێتر شارەزای سێوفرۆشی دەبووم و قازانجم ڕووی لە زیادی دەكرد.

ئێوارەیەكیان لە قەڵا نزیك كەوتمەوە و حەزی چوونە سەر قەڵا و سێوفرۆشییەكەم هانیدام بە دەرگاكای ئەودیو وردە وردە سەركەوم، دەرگای دیوی بازاڕی قەیسەری، كە تازە لای شێخی چۆلییەوە دەهاتمە ئەوناوە، بە هانكەهانك سەركەوتمە سەر قەڵا كە یەكەمجارم بوو سەری دەكەوتم، ڕێگا پێپیلكەكەی یەكجار ڕك و قوڕاوی بوو، بەهەر جۆرێ بوو، سەركەوتم و ئەوێم زۆر بەلاوە نامۆ بوو و وەك ئەوەی چووبمە شارێكی دیكەی دەرەوەی هەولێر، لەوێ‌ زۆرم سێوەلاسۆرە فرۆشت، دەمەو نیوەڕۆ داهات و نیوەی سەبەتەكەم لە سێو بەتاڵ ببوو، بەڕكم پڕی پارە بوو و لە دەرگای ئەودیو نزیك دەكەوتمەوە كە منداڵە قەڵاتی خەریكی شەڕ پێفرۆشتنم بوون، ناچار هەنگاوەكانمم خێراتر كرد و كە گەیشتمە دەرگای دیوی مەحكەمە، پشووێكی پڕ لە فەرامۆشیم وەرگرت و هەوای ساف و فێنكی ئەوناوە، ئارامییەك و دەرووناسوودەیییەكی دامێ‌، خەریكی هەنگاونان بووم بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی بەرەو ماڵ ببمەوە، لە ناوەندی ڕێگاكە كە ڕێیەكی زۆر ڕك و قوڕاوی بوو، هەستم كرد لە خوارەوە غەڵبەغەڵبێكی زۆرە و كە تەواو دیقەتمدا، هەستم كرد كە گەلەكۆمەی منداڵە وردكە و هەرزەكارانە بۆ هێرش و هەڵكوتانە سەر قەڵا، بەرد هاوێشتنێك بوو نەبێتەوە، هەر گاشە بوو لە تەنیشتمەوە گڤڤەی دەهات بە عارد دەكەوت، بە پەلە بەرەو چوونەوە ناو قەڵا تا هێزم تێدا بوو ڕامكرد، زانیم شەڕەبەردی نێوان قەڵا و تەیراوەیە، هەمووجار شاكر ی مامم بۆی باس دەكردم كە چۆن بەشداریی قارەمانانەی لەو شەڕانەدا كردووە، مامە شاكر وەك چۆن فیلم دەگێڕێتەوە، ئاوا داستانی قارەمانێتیی خۆی و هاوڕێكانی تەیراوەی بۆ باس دەكردم.

باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە چۆن بەهێرشی ئازایانەیان، منداڵە قەڵاتییان ڕاوناوە و لەناو قەڵایان پەستوونەتەوە و دواتر چۆن تا كۆشی دایكیان سەریان لەدوو ناون. هەنگاوەكانم خێراتر كردن و لەسەرەوەی قەڵاش لە لێوارەكەیەوە هێرشبەرانی قەڵا تا هێزیان تێدا بوو گاشەبەردەكانیان دەهاوێشتە تەیراوەیییەكان، لەوناوە گاشەیەك بەر شانی چەپم كەوت، شەقاوە هێرشبەرەكانی تەیراوە منیان بە هێرشبەر و سەردەستەی قەڵاتییەكان دەزانی و ئەوانەی قەڵاتیش تا هێزیان تێدا بوو هێرشیان بۆ سەر من زیاد دەكرد، ناچار ڕوو لە خوارەوە بكەم و تا هێزم تێدابوو لاتەریكانە هەنگاوم نا، لەپڕ هەڵخلیسكام و خراپ بەربوومەوە، تاكە پێڵاوە لاستیكە شینكەلەكەم و سەبەتە سێوەكەم لەدەست چوو و غلۆر بوونەوە و هەر سێوەی بەلایەكدا چوو، بەهۆی ئازارەكەی شانم ئاگام لە سەبەتە و سێو نەما، كە گەیشتمە دامێنی قەڵا، هەندێ‌ لە تەیراوەیییەكان بەهۆی هوروژمیان بۆ سەركەوتنە سەر قەڵا، خۆیان و بەردەقانییەكانی دەستیان هەنگاویان دەنا و ئاگایان لەمن نەما، منیش خۆمم دابووە لایەك، كەچی چەندانێكیشیان بەدوامەوە بوون تا گرتمیان، خەریك بووم خۆمیان لەدەست ڕاپسكێنم، كەچی ئەوان بەهێزتر بوون و تا تێمگەیاندن كە من شەكەراتفرۆشم و قەڵاتی نیم و لە كۆڵانی عارەبانەوە هاتووم و پێوەندییەكم بەو شەڕانەوە نییە و هەر بۆ فرۆشیاری چوومەتە ئەوێ‌، چەندانێكیان دەمولێویان پڕ خوێن كردم، پارەكەی گیرفانمیان دەرهێنا و بەرەڵڵایان كردم.

كە گەیشتمە دەوروبەری ماڵەوە، یەكسەر خۆم كوتایە ناو مزگەوتی حاجی حوسێن و نەمهێشت دەروێشی مزگەوت بمبینێ، سەروسەكوتی خۆمم بەو سەرمایە دایەبەر شێرەی ئاوەكە و نەمهێشت ئاسەواری تێهەڵدانەكەم بە ڕوخسارمەوە بمێنێ، دواتر لەترسی مەلعوونخانم نەوێرام بچمەوە ماڵەوە, بۆیێ ناچارمام خۆم تا دەمەو مەغریب دوابخەم تا باوكم دێتەوە و بەسەرهاتەكەمی بە وردی بۆ باس بكەم، ڕووەو ژێر پێپلیكەكانی مزگەوت هەنگاوم نا كە پڕی بوو لە تاتەشۆر و دارەبازە، جەستەی وردمم لەنێو دارەمەیت و تاتەشۆرە شەقوشلۆقەكان بزر كرد و خەوێكی خۆش بردمیەوە، لەخەوما پڕ بە بنار و دامێنی قەڵا زەبەلاحەكە سێوەلاسۆر دەڕژانە خوارەوە و نەمدەزانی باوەش بە چەندانێكیاندا بكەم. كە باگا هاتم مەغریب بانگی دەدا و ئازاری شانم زیادی کردبوو و ناشزانم لەترسان بوو یان بەهۆی خەوە قووڵەكەمەوە بوو, بایی یەك كوندە، میزم كردبوو بەخۆمدا.

ھەولێر ٩/٩/٢٠١٧




کتێبە خوێناوییەکانی نێو دەلاقەی نیشتیمان … ناڵە حەسەن

– کتێبی یەکەم

نیشتیمانم
تۆ کتێبی حیکایەتێکی درێژی
من هەموودەم دەتخوێنمەوە
بەدەم خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم
بەدەم گەڕان و پیاسەکانم
بەدەم ڕاکشان و خەوەکانم
تەنانەت لەنێو خەون و
هەستە لاشعورییەکانیشم
هەر دەتخوێنمەوە
ئێستا / پەڕبەپەڕ و
پیت بە پیتی وشەکانت خوێنییان لەبەر دەڕوا
ئێستا / خەیاڵ و بیرکردنەوە و
گەڕان و پیاسە و
ڕاکشان و خەوەکان و
تەنانەت / خەون و هەستە لاشعورییەکانی منیش
پڕبوون لە خوێن
هەر خوێن و هەر خوێن و هەر خوێن
نیشتیمانم
من ئێستا وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکەش نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی دووەم

نیشتیمانم
لە تاریک و ڕوونی
بەرەبەیانی شانزەی ئۆکتۆبەردا
لە پڕێکدا
زەمەن هاتە هاوار و
زەوی هاتە هەژان
خۆرەتاو بە خەرەندان و
بە کێوان کەوت
کەڵەشێرەکان / لەنێو کۆریتەکان خۆیان مەڵاسدا
زارۆکەکانی ناو بێشکە
بە ڕوخسارێکی فۆبیاییەوە
لە جەستە بەفرینییە گرمۆڵەبوویەکەی
دایک و باوکییان دەڕوانی
منیش هەر لەوکاتە
جەنگێک لەنێو جەستەم هەڵگیرسا
بە دەستەکانی خۆم
لە دووچاو / چاوێک و
نیوەی پەنجەکان و
دوو ژووری دڵ و
دەستی ڕاست و
قاچی چەپە و
گورچیلەیەک و
نیوەی پەراسووەکانم / لەدەستدا
من ئێستا
کەسێکی پەککەوتە و نیوە مرۆڤم
منیش ئێستا
دەمار بە دەمار و
شانە بە شانەی جەستەم
خوێنییان لەبەردەڕوا
نیشتیمانم
منیش ئێستا
وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی سێیەم

نیشتیمانم
ڕۆبۆت و داهۆڵە بێگیانەکان
کۆیلە و کەڵەپووچەکان
بەسەر لاشەی ئازادیدا دەڕۆن و
سروودیش بۆ ئازادی دەچڕن
بەسەر لاشەی مافی تاکدا دەڕۆن و
هوتافیش /
بۆ مافی تاک و کەرامەتی تاک لێدەدەن
بەسەر لاشەی خودادا دەڕۆن و
دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە و
باس لە بەها و پیرۆزییەکان و
ئاگریش لەهەمووشتێک بەردەدەن
نیشتیمانم چ قەدەرێکی ناڕوون و ڕەشە
هەر دەڵێی لەنێو منداڵدانی مردنەوە
سواری کەشتی درۆ بووین و
هاتووینە نێو بیابانێکی چۆڵ و هۆڵەوە
بەڵام پڕ لەخوێن و پڕ لە درۆ
هەر درۆ و هەر درۆ و هەر درۆ
بیابانێکی خاڵی لە فیکر و خاڵی لە بەهاکانی مرۆ
دەزانم نیشتیمانم
ئێستا تۆش
وەک من تەنیای
وەک ئاگر بێهوودەی
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕی لە زام

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




یەكێتیی لەبۆشایی یەكێتیی دا … ئەرسەلان مەحمود

سیاسەت بەمانا فەلسەفی و زانستییەیەكەی، دەمێك ساڵە لەفەزای كوردی و ئەحزابی كوردیدا، كەوتووەتە دەرەوەی بازنەی پەیوەند بەئەخلاقی سیاسییەوەو لەژێر پرسیاردا دەناڵێنێت، دەمێك ساڵە لەغیابی وەها حەقیقەتێكدا ئەوەی بووە بەجێگرەوەو پێڕۆ دەكرێت سیاسەتی ڕۆژە لەواقیعدا.

بنەماو بونیادی وەها سیاسەتێكیش، بەندو پەیوەستە بەهەڵچوون و داچوونە هەنوكەییە جیاكانەوە، واتا ناسنامە ون و دەرئەنجامەكانی وەك هەمیشە پەرت و پەرش و داشۆراوە، ڕێك وەك بەهای دراو لەبازاڕدا، ڕۆژانە هەڵكشەو داكشەیەتی، هەندێكجار بەناوی هەڵكردنەوەو هەندێكباریش بەبیانووی گونجاندنەوە، سازش لەسەر پرەنسپ و بەها مرۆییەكان دەكات، یانی لەبری ئەوەی مرۆڤ تیایدا بەئامانج بگیرێت، وەك ئامراز تیایدا بەكار دەبردرێت!

لەبەر ئەوە، سیاسەتی ڕۆژ نەك هەر ناتوانێ‌ ببێت بەحەقیقەت، ناتوانێ‌ جێگرو ناتوانێ‌ ڕونیش دەركەوێت، هەر وەك چۆن ناكارێ‌ نزیكیش بكەوێتەوە لەحەقیقەت، سیاسەتی ڕۆژ هەردەم لەبری ئەوەی خودی سیاسەت وەك ئامراز بەكار ببات، سیاسەت تیایدا بكەر ئەداو بڕیاردەرانە ڕەفتار دەكات، واتا لەبری سیاسەت ئامراز بێت، یەكە پێكهێنەرەكان دەبنە ئامراز بەدەست سیاسەتەوە، مەسەلەن: دەمێك ساڵە شەقام و پێشمەرگەو مرۆڤ وەك تاك لەكوردەواریدا، لەبری ئەوەی ئامانجی سیاسەت بن، وەك ئامرازی سیاسەت ئاڕاستەو بەكار براون، بێگومان بەئێستایشەوە.

یەكێتیی، وەك یەكێك لەدیارترین ئەم حزبە سیاسەت تیادا ترازاوو تەزیووانەی گۆڕەپانەكە لەكوردەواریدا، سەركردایەتیەكەی هەڵگری بەرپرسیارێتییە هەرە گەورەكەن و، ئێستا لەهەر كات زیاتر واجبیانە وەها بێماناییەك بەمانا بكەنەوە لەخۆیان و لەحزبەكەیشیاندا، ئەمە بووە بەبابەت و مەسەلەیەكی حەتمی و نكۆڵیهەنگر، گەر نەتوانن ئەم بەستەڵك و سەختەڵەكییە ببڕن و تێپەڕێنن، بەر لەهەر شتێك خودی خۆیان دەبڕێ‌ و دەیانكات بەڕابردویەكی خامۆش و فەرامۆشكراو !

تێكۆشەرو جەنگاوەری ڕاستەقینە گەر چیتر نەیتوانێ‌ وەك ئەوەی لەڕابردوی دورو نزیكدا نواندویەتی، بەردەوامی بداتە هزرین و گیانبازی لەپێناو حزبەكەی و میللەتەكەیدا، شەرمنانەو هەلپەرستانە دەست بەمانەوەی خۆیەوە نەگرێ‌ و نەبێتە بەربەست، دەست لەكار بكێشێتەوەو داوای لێبوردن بكات باشە، بەڵای هەرە گەورە لەسیاسەت و ڕێبەرایەتی كردندا ئەوەیە: مرۆ بكەوێتە ژێر باری بەرژەوەندی تایبەت و بەر كاریگەری بیرو بۆچوونە تایبەتە بچوك و پووچەكانی خۆیەوە، ئەوەی كردتان، كردتان، ئیتر درەنگیكردوە سەبارەت بەوەی هێشتا پێتان وایە دەتوانن بیكەن، زۆرینەی هەرە زۆرتان كەوتوونەتە ژێر بارەوەو بەم نزیك و زوانە ناتوانن دەربازتان بێت، لەبەر ئەوە نە حەقیقەتە جڤاتی و نە واقیعە سیاسیەكە قبوڵتان ناكات چیتر، تێگەیشتن لەمە نیعمەتێكی گەورەیەو باش دەتوانێ كۆمەك بەشكۆمەندیتان بكات، ئەوەی دەچێتە ئەبەدییەتەوە شكۆمەندییە نەك خۆ وێناكردنەوەو خۆ دوبارە كردنەوەو خود زومكردنەوە!

سەركردەیەك گەر لەڕابردودا، دەیانجار لەپێناو ڕزگاركردنی میللەتەكەی و دەربازكردنی حزبەكەی لەئاریشەو تەنگژەدا، ئامادەی شەهادەت بوو بێت، ئەمڕۆ بەدەست لەكاركێشانەوەیەك بتوانێ‌ هەم خۆی و هەم میللەتەكەی و هەم حزبەكەی لەمەرگ ڕزگارو دەرباز بكات، تەمای چییەتی؟! چاوەڕوانی چیدەكات؟! ئایا ئەوەی بەحزوری” مام جەلال ” هاوخەبات و هاوڕێیانە بیناكرا، دەخوازرێ‌ پەرەی پێبدرێ‌ یا وەك تۆزی بانان پەرت بكرێ‌ و بڕوخێندرێت؟!

ئەقڵانیەت لێرەدا، لەم چركە ساتە هەستیارانەدا تەنهاو تەنها ئەمەیە: مرۆ میراتگری شۆرەت و شكۆی خۆی بێت باشە، نەك شكێنەرو ڕوشێنەری، ئێوەی سەركردە دیارەكان و سەركردایەتی یەكێتیی، زۆرتان بەخشییە یەكێتیی و میللەتەكەتان، زۆرتان كرد، ئەمە نكۆڵیهەنەگرە، بەڵام “مام”و یەكێتیی، كەمی نەبەخشیووەتە هیچتان، گەر بتانەوێ‌ لەسەر چەپكە گوڵەكانی ئەم كردارو بەخشینەتان بۆ هەمیشە پاڵدەنەوە، دەبێ‌ بۆ خۆتان و بۆ یەكێتیش بیر لەئەلتەرناتیڤ و دۆزینەوەی فۆڕمێكی ترو نوێ‌ بكەنەوە، دەی گەر دەتانەوێ كۆنگرە بۆ”یەكێتیی”بكەن، بفەرموون ئەم زەمان و زەمینەیە لەگۆڕانكارییە بچوكەكانەوە دەست بەڕەخساندن و سازاندنیانەوە بكەن، ئەمە هیچ تەرەدودو ترسێكی ناوێ، ترس و تەرەدود لەڕاستیدا ئەوەیە: كۆنگرە بە”یەكێتیی”بكەن، بەڵام بۆ”یەكێتیی” نەكەن!! لوتف بكەن كەش و هەوای ئارام و عەقڵانی لەبار بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و نزیكبوونەوە لەیەكتری و هێنانە ئاراوەی حەقیقەت بخوڵقێنن لەناو خۆتاندا، هەمووان لەژیانی خۆیاندا ڕۆژێكیان هەیە هەرە درەوشاوە، ئێوە خاوەنی سەتەها ڕۆژی وەهان، دەی كۆنگرەیش بكەنە ڕۆژانە هەرە درەوشاوەكەی یەكێتییەكەتان. سازش لەسەر بەرژەوەندییە منە منییەكانتان بكەن و، پرەنسیپە حزبیەكانتان بەپێوەر بگرن بەسە، وردبینانەو هاوسەنگ ڕەفتار بكەن بەسە، بەزمانی سازان و هێز نا، بەلێكتێگەیشتن و، دۆزینەوەی فۆڕمی نوێ‌ و هاوچەرخ بگەنە یەقین بەسە، گەورەیی بنوێنن لەبەرامبەر یەكتریدا بەسە.




ڕۆشنبیری دووڕویی …. ئاسۆکمال

هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان لەگەڵ خۆیدا ڕۆشنبیریەکی دووڕی هێنایە سەر شانۆ. لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر نەک هەر بێدەنگن لە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان و پێش لەشکری بنەماڵەی تاڵەبانی بەڵکو بونەتە پاساوچی ئەم بنەماڵەیە و تەنانەت حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقیش بەڵام لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و حکومەتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا توندن و دەیانەوێ بیگۆڕن. ئەم ئەنتی پارتی بون و ئەنتی بنەماڵەی بارزانی بونە و لەهەمان کاتدا پرۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بون و بانگەوازی عەبادی و حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی کە هەرێمی سلێمانیان بۆ ڕزگاربکا نیشانەی بونی ڕۆشنبیریەکی دووڕویانە و داڕمانێکی سەرتاپاگیری ئەخلاقی و ڕۆشنبیریە.

مەریوانی وریا قانع وەک یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان نوێنەری ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە. لە دوو نوسینیدا کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە نوسیویەتی ، ئەوەی لەم ڕوداوانەدا بەیەک وشەش باسی ئەم ٣١ ئابەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢١٠٧ ناکا و وەک پاساوچیەک دەڵێ” ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” ئایا مەریوان لە ٣١ئابی ١٩٩٦یشدا هەمان شتی وتوە بەرامبەر بە پارتی کە هێنانی بەعس تەفسیری هیچ ناکا!
مەریوان باس لە شەرمی سیاسی دەسەڵات و شەرمی ڕۆشنبیری بەیعەتەکانی دەسەڵات دەکا بەبێ ئەوەی باسی بنەماڵەی تاڵەبانی و پشکی شێری هاوپەیمانەکەی گۆڕان لەم شەرمە سیاسیەدا بکا. ئەم دووڕوییە ئەرکێکی سیاسیە کە ئەم ڕۆشنبیرە ستراتیژیستەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێی دەکا تا لەسەرئەم خەتە بیهێڵێتەوە لە پێناو پاراستنی هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی یەکێتیدا.

بزانن ئەم نوسەرە چۆن پاساوی تەسلیمکردنی کەرکوک دەداتەوە و دەڵێ ” بڕیاری بەرگریکردن و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی تر بوو… ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” کەواتە بەرگری کردن و شەڕ کردن لەگەڵ سوپایەکی داگیرکەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە لای مەریوان و تەسلیمکردنەوە هەڵوێستێکی ستراتیژ ڕاست بوە و هەربۆیە ئەو “خیانەتە”ی بنەماڵەی تاڵەبانیش هیچ نیە و بگرە بەشێک لەو ستراتیژە دروستەی تەسلیمکردنی کوردستان بوە.
دیارە مەسەلەکە تەنیا پاساوچێتی و داپۆشینی ٣١ ئابی یەکێتی نیە بەلای ئەم ڕۆشنبیرانەی بەیعەتی ئەمبەر دێگەڵەوە بەڵکو هاوڕابون و هاوبەرژەوەندی بونە لەگەڵ ئەم ٣١ ئابەی یەکێتیدا. لەمەش زیاتر هاوئاوازی ئەم ڕۆشنبیرانەیە کە بونەتە پاساوچی لەشکرکێشی عەبادیش و ڕایدەگەیەنن خەتای ٣،٥ملێون ئینسانە کە لە کوردستان رفراندۆمیان کردوە و هەڵەی ستراتیژی و گەمژەیەتیان کردوە کەوا عەبادیان توڕە کردوە و میلیشیا شیعەکانیان هانداوە بێنە سەرکوردستان. ئەمە نیشانی دەدا کە لە کوردستان لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر هەن کە بەهیوان لە سایەی سەرکەوتنەکانی عەبادی لەکوردستاندا پلەوپۆستێکیان دەست بکەوێ و بگەڕێنەوە پەرلەمان و حکومەت و حکومەتی مەدەنی ئینتدابی عەبادی و ئێران دروست بکەن.

ئەمە ناوەرۆکی پەیامی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە، کە داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و تەسلیم بون پێیان ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو “نەوە نوێ”یانەیە کە دەیانەوێ لەسایەی دەستور و حکومەتی شیعەکاندا حکومەتی پارتی و یەکێتی بگۆڕن. واتە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی لەڕێگای چونەوە ژێرباڵی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق.
لەڕاستیدا مەریوان ڕۆشنبیریەکی نوێی دانەهێناوە بەم جۆرە لە ڕۆشنبیری دووڕوویی بەڵکو تەنیا ئەو سیاسەتەی یەکێتی و پارتی خستۆتە قاڵبێکی ڕۆشنبیریەوە کە لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە ململانێی نێوان خۆیاندا ناوچەکانیان بە سۆران و بادینان بەش کردوە و هەرکامەیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پەنای بۆ بەعس یان عەبادی بردوە. تێگەیشتن لەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەی لە سەنگەری پاساوچی بنەماڵەی تاڵەبانیەوە باسی گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی دەکەن کارێکی سەخت نیە. ئەم ڕۆشنبیرە پاساوچیانەی ٣١ ئابی یەکێتی هەمان هێندەی ڕۆشنبیرەکانی ٣١ ئابی پارتی ڕۆشنبیرێکی “بێ فکر” و “مناڵبازاڕ”ن.

ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم ستراتیژە نوێیەی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕووییە دەبێ کەمێک بگەڕیینەوە بۆ ئەو هەنگاوە ستراتیژە دروستانەی ئەم ڕۆشنبیرانە تا بزانین چۆن ئەمانە هەمیشە بەشوێن هێزە چۆراوجۆرە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانەوەن کە یۆتۆپیای دەسەلاتێکی دیموکراسی لە کوردستان بۆ دروست بکا؟
سەرەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیان بە لەدایک بونی یۆتۆپیای دیموکراسیەکەیان ناساند و هەرئەم ڕۆشنبیرانە گەیشتنی گۆڕانیان بە کورسیەکانی پەرلەمان ناونا قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسی و لە کاتێکدا گۆڕان مامەڵەی ٤ساڵ دەمداخستنی شەقامی لەگەڵ بارزانیدا کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە وەک ئێستا بەرامبەر بە ٣١ی ئابی یەکێتی بێدەنگن ئاوا بەرامبەر بە گۆڕان بێدەنگ بوون واتە ڕازیبون. دواتر کە پارتی گۆڕانی دەرکرد لە پەرلەمان و حکومەت ئەمان بونەوە ئەنتی پارتی. بەڵام بەمەش نەوەستان کاتێک گۆڕان ڕێکەوتنامەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە ستراتیژی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی یان بەرزکردەوە و داوایان کرد بچنەوە ژێر باڵی بەغداد.

لیرەوە دەردەکەوێ کە ئەم هەڵوێستی پاساوچێتی و دووڕوویی ئەم ڕۆشنبیرانە لە ئیستادا پێشینەیەکی هەیە و ئەم ستراتیژەی چونە ژێر دەستی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق جێبەجێ بونی بەدیلی هەرێمی سلێمانیە کە پێشتر ئەمان داوایان کردوە. هەربۆیە ڕق و دژایەتی مەریوان و بزوتنەوە ڕۆشنبیریە دووڕوییەکەی لە رفراندوم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە نەک لە حەشدی شەعبی و بنەماڵەی یەکێتی و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی.
رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان ستراتیژێکی پێچەوانە و دژ بە ستراتیژی هەرێمی سلێمانی سەربە بەغدادی مەریوان و هاوڕێکانی بوو. هەربۆیە مەریوان خەتای خەڵکی کوردستان دەگرێ کە ” خورافەتێکی گەورەیان (رفراندوم)خستبووە شوێنی سادەترین لێکدانەوەی عەقڵانیی سارد و سڕی پەیوەندییەکان و ھاوکێشەکان “. ئەو پەیوەندی و هاوکێشانەی ئەم نوسەرە وا موقەدەس باسی دەکا “یەکپارچەیی خاکی عێراقە”. ڕاستە خەڵک بە رفراندوم دەیویست ئەم خورافەیە تێک بشکێنێ بەڵام تەسلیم خوازی یەکێتی و پارتی ئەم هەنگاوەی خەڵکی کوردستانی توشی شکست کرد.
بەڵام مەریوان دەیەوێ چیمان پێ بڵێ ؟ دوای سەدەیەک لە تەجروبە لەگەڵ حکومەتە شۆڤینیست و ئیسلامیەکانی عێراق و دوای ١٤ ساڵ دانیشتن بەدیار فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکستخواردوی عێراقەوە ئایا دەبوایە خەڵک دوای خورافەی سەربەخۆیی نەکەوتایە و بەپێی ئامۆژگاریەکانی مەریوان خەڵک بەدیار پەیوەندی و هاوکێشەی ساردوسڕی بەدیلی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی گۆڕان و یەکێتی بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی دانیشتایە؟

بەدیلی هەرێمی سلێمانی پڕۆژەی مەریوان و ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان بوو پێش رفراندوم. ئێستا بە هاتنی عەبادی خەریکە بەپارێزگاکردنی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەیە سەردەگرێ، هەربۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە بەشێوەیەکی دوڕویانە باسی ڕوداوی لەشکرکێشی حەشدی شەعبی دەکەن و هیچ وشەیەک سەبارەت بە سکانداڵی فرۆشتن و تەسلیمکردنی کەرکوک ناڵێن. لەبەرئەوەی ئەمانە هەموو لەگەڵ ئەجێندای بەهەرێمکردنی سلێمانی لەسایەی حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا دێتەوە و ئەمەش ناوەرۆکی هاوپەیمانیەتیەکەی گۆڕان و یەکێتیە کە لەبەرامبەر پارتیدا ناوچەی دەسەڵات دروست بکەن.
ئەم ئەنتی پارتی بونەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیر و سیاسیانە بەبێ ئەوەی ئەنتی یەکێتی بن، ئەوا لە کردەوەدا هاوپەیمانی یەکێتین. هاوپەیمانێتی یەکێتیش بەمانای هاوپەیمانی باڵی تاڵەبانیە کە هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی و پێشتر کەرکوکیش بوو. ئەم هاوپەیمانێتیەش ئەمڕۆ کێشەی لەگەڵ لەشکرکێشی عەبادیدا نیە و لە بەغداد لەسایەی پەرلەمان و حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا کە هەموو خەڵکی کوردستان بەتاوانباردانراوە و پلانی ژێردەستەکردنەوەی کوردستان هەنگاوبەهەنگاو دەبەنە پێش کیشەی ئەم هاوپەیمانێتیەی گۆڕان و یەکێتی نیە و بەڵکو لەسایەی ئەم هێرشانەدا ئەوان گرنگ ئەوەیە کە بەشە دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەست دەکەوێ.

سەیری ئەو لەشکرە سیاسی و ڕۆشنبیرە ببینن کە ئارام شێخ محمد،جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقیان داوا لە عەبادی دەکا “هێزێکی تایبەتی سوپای عێراق بخاتە جێگای حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو” و ” سوپاس بۆ برادەرانی حەشدیش قبوڵیانە”، وەک ئەوەی کوشتار و سوتانی ماڵ و بازاڕی خەڵکی کورد لەو شارەدا بەدەست و بڕیاری عەبادی نەبوبێ؟ گوێ لە قسەی وشیار عبداللە پەرلەمانتاری عێراقیان بگرە کە لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی کوردستان دەڵێ ” بەهیوای ئەوەبوین کە عەبادی ئەوەبوو کە جدی بێت لە جێبەجێکردنی دەستوردا دوای ئامۆژگاریەکانی سیستانی “، دیارە سیستانی دژی رفراندوم ئامۆژگاری دابوو بە عەبادی دەستور جێبەجێ بکا و ئەویش بە لەشکرکێشی بۆ سەرکوردستان دەستوری جێبەجێ کرد و بەڵام سەیر لەوەدایە داوای وشیار عبداللە ش هەمان داوای سیستانیە کە دەیەوێ عەبادی دەستور جێبەجێ بکا! ئایا ئەم پەرلەمانتارانەی گۆڕان جگە لە سایەی سیستانی و عەبادی شتێکی تریان هەیە چاوەڕێی دادپەروەری لێ بکەن؟ ئەمە هەمان قسەی مەسعود بارزانی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ە کە وتی سەدام حەکەمە نەک ڕەقیب! بەڕاستی ئەمانە قوتابی یەک قوتابخانەی ٣١ ئابن!. ئەوەتا سروە عبدالواحیدی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی عێراقیان داوای هەڵوێست لە عەبادی دەکا بۆ کارە سەرکوتگەریەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستاندا کردی. لە هاوشانی ئەم گۆرانخوازانەشدا سەیری سەرۆکی “لیستی نەوەی نوێ” بکەن داوا لە عەبادی دەکا با سزاکانی کوردستان بەپێی یاسا و دەستور بێت. ئەوە باسی ئاڵا تالەبانی ناکرێ کە لە پاپ کاسولیک تر بوو بۆ بەڕەسمی ناسینی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراقدا.ئەمە ئەو “بلۆکە مێژووییەیە” کە مەریوان باسی دەکا کە دەبێ دروست ببێ لەم سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی بە ستراتیژی بەرگری نەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و بێدەنگی لە بنەماڵەی کەرکوک فرۆش بتوانن گۆڕانی گەورە دروست بکەن و لە جیاتی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و بنەماڵەیی بازرانی و تاڵەبانی ،کوردستان بخەنە ژیر دەستی عەبادی تا بەجدی دەستوری عێراق جێبەجێ بکا و سلێمانی تەسلیمی بنەماڵەی تاڵەبانی- قاسمی سلێمانی بکەن.

ئایا ئەم پڕۆژەیە وەک پڕۆژەی یەکێتی و پارتی مایەی شەرمی سیاسی و ڕۆشنبیری نیە. ئایا لە شکستی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی و پارتیدا ئەم دیاردەی ڕۆشنبیری دووڕوییە زیاتر داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی دروست نەکردوە. ئەم ڕۆشنبیریە هەرچەند لەناوەرۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ململانێی دەسەڵاتی لەمێژینەی یەکێتی و پارتیە، بەڵام چیتر تەنیا ئەم دوو حزبە هەڵگری ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییە نین. مەریوان و ڕۆشنبیرانی گۆڕان و نەوەی نوێ هێزی نوێی ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییەن. ئەمانە ڕۆشنبیرانێکی دووڕوو و دیماگۆگین بەوەی لەلایەن دژی دەسەڵات و بنەماڵەیەکی کوردی شەڕدەکەن و لەلایەکی ترەوە دەستەمۆی میلیشیا شیعەکان و دەستور و پەرلەمان و حکومەتەکەیان و هاوپەیمانی بنەماڵەی تاڵەبانی-قاسمی سلێمانیشن. ئەمە زەلکاوی ڕۆشنبیری دووڕوە کە چوەتە سەر زەلکاوی ڕۆشنبیری ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی.
کۆمەڵگەی کوردستان لەپاڵ کێشەی سیاسی گەورەی بەرگری دژی داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و لابردنی دەسەڵاتی میلیشیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پارتی و یەکێتی ، ئەمڕۆ پێویستە ئەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەش لەمەیداندا دەربکا و لەجێگایدا ڕۆشنبیریەکی شۆڕشگێڕانە جێگای بگرێتەوە کە باوەڕو ئیرادەی لە خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و خەباتی ئەوان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کوردستان جێگای ئەم داڕوخانە فکری و سیاسی و ڕۆشنبیریە بگرێتەوە.

ڕوداوی شکستی گەیشتن بەسەربەخۆیی لە دوای رفراندۆمەوە بەرئەنجامی مانەوەی هێزی پێشمەرگە و داهاتی کوردستانە لەدەست دوو میلیشیا کە لە پێناو پۆست و نەوت و داهاتدا ئامادەن هەمیشە ٣١ ئابەکان بەسەر کوردستاندا بهێنن و مامەڵە بە ئێستا وئایندەی خەڵکی کوردستانەوە بکەن. هەر ڕۆشنبیریەک و هەر سیاسەت و ستراتییژێک ئەگەر بەرامبەر بە هەردوو بنەماڵە تالەبانی و بارزانی و میلیشیای دەسەڵاتداریان و بەرامبەر بە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان نەوەستێتەوە ئەوا خەڵکی کوردستانەوە بە ناوێکی ترەوە توشی هەمان شکست و تەسلیم کردنەوە دەکا. ڕۆشنبیری دووڕوویی دەیەوێ لە دۆخی شکست و بێ ئومێدیدا دەیەوێ ستراتیژی ژێردەستەکردنی خەڵکی کوردستان بۆ حکومەتی مەزهەبی و شۆڤینیستی عێراق و بنەماڵەی تاڵەبانی هاوپەیمانی گۆڕان جێگیربکا. “کوتلەی مێژوویی” کۆنەپەرستانە دژ بە کوتلەی کۆنەپەرستانەی مێژوویی پارتی ئامادە دەکا. هەر ڕۆشنبیری و سیاسەت و ستراتیژیەکی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی بێت، دەبێ ئەم کوتلەیەی ڕۆشنبیری دووڕوویی و بزوتنەوە سیاسیەکەشی وەک کوتلەی بەیعەتی عەبادی و بنەماڵەی تاڵەبانی – سڵێمانی بخاتە ژیر ڕەخنەوە .

ئاسۆکمال
*١ http://www.speemedia.com/drejaWtar.aspx?NusarID=153&Jmare=3919
*٢ http://www.shafaaq.com/ar/Ar_NewsReader/cc1058ef-0120-47a2-8ef8-7514697ee1c6




كێ شكستی به‌ ریفراندۆم هێنا ؟ … عیماد عه‌لی

به‌كورتیه‌كه‌ی ده‌پرسین؛ پرسی ریفراندۆم بریارێكی واقعیانه‌ بوو له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ یان ناچاری و پاڵنانی خودی بوو ده‌بوایه‌ بدرێت؟ بارودۆخه‌ نێوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كه‌ له‌بار بوو یان سه‌ركێشی و قومارێك بوو بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان و زانینی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی؟ ئایا هه‌مووان دوای جێبه‌جێكردنی ئالیه‌ت و پیاده‌كردنی پرسێكی چاره‌نوسسازی ئاوها، هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌ كراوه‌ و په‌ندی لێوه‌رده‌گیرێت یان ته‌نها وه‌كو پێشتر له‌ لایه‌كه‌وه‌ ملهوری ده‌كرێت و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ته‌نها دژایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ركه‌سێك ئه‌ستۆ پاكی خۆی ده‌رده‌خات و هه‌موو شتێك ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكانی خاوه‌ن رای به‌ڵی و نه‌خێریشه‌وه‌؟ لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆم له‌ رووی سیاسی یان عه‌سكه‌ری زیانه‌كانی ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام كه‌س ده‌زانێت قازانجه‌كانی چی ده‌بێت و كه‌ی ده‌رده‌كه‌ون؟ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ یان كات به‌رێكردنه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كورد به‌ كرده‌وه‌ی عه‌سكه‌ری له‌ كاتێكی تردا، وه‌ك پاش شۆرشی ئیسلامی ئێران و به‌ هه‌مان ریتم و ره‌فتار و بیره‌وه‌ كه‌ له‌ نیازه‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌؟ ناكۆكیه‌كان چه‌ند كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ ناخاڵانه‌ی نێو به‌رێوه‌چونی پرسه‌كه‌ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی چه‌ند په‌رتبونی گه‌لی كوردستانی سه‌پاند و به‌لاریدانی دروست كرد؟ ئه‌وه‌ی زیانی به‌ كۆی پرسه‌كه‌ داوه‌، له‌م كاته‌دا سزا بدرێت یان بهێڵرێته‌وه‌ بۆ كاتی ئاسایی خۆی، یان میله‌ت كه‌فیلی سزادانی هه‌موو كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ دڵۆپه‌یه‌كیش زیانی به‌ پرسه‌ پیرۆزه‌كه‌ گه‌یاندبێت و تاماوه‌ ویژدانی ئازاری ده‌دات؟ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان له‌ده‌ستچوو یان بۆته‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی قه‌ت وازی لێناهێنێت و له‌ هه‌لێكی گونجاودا ده‌گه‌رێنه‌وه‌ ده‌ستی گه‌ل و خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی؟

جارێك ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بیلێین، كه‌ خه‌ون و ئاواتی تۆزلێنیشتووی سه‌ربه‌خۆیی بوژایه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك له‌سه‌ری راهاتبوین ترس له‌ باسكردنی نه‌ما و دونیا له‌وه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌ كه‌ نه‌ خودموختاری و نه‌ش فیدراڵی دادی گه‌لی كورد نادات و رازیبونی به‌م وه‌زعه‌ روكه‌شیانه‌یه‌ و كه‌فی دلی مندالێكی كوردستانیش نامركێنێته‌وه‌. ئینجا؛ ریفراندم بریارێك بوو كه‌ هۆكارگه‌لێكی كه‌سی و حزبی و سۆزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ پشته‌وه‌بوو یان كرده‌وه‌یه‌كی بێ بنه‌ما. به‌ڵێ سه‌ركێشیه‌ك بوو كه‌ ده‌بوا ئه‌مرۆ بێت یان سبه‌ی بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی دڵخۆشیه‌ كه‌ ته‌نها لێكه‌وته‌ی سه‌لبیی نه‌بوو وه‌ك زۆرێك له‌وباره‌وه‌ قسه‌یان كرد، به‌ڵكو ئه‌رێنیه‌كانی ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌ون و، بریاری ریفراندۆم وه‌كو خودی بریاره‌كه‌ نه‌ك ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ كاتی خۆیدا نه‌بوبێت دیاره بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ دونیای هه‌ژاند، دوای ئه‌وه‌ ئه‌توانرێت باسی هه‌ڵه‌ یان راستی قبوڵ نه‌كردنی هه‌ندێك پێشنیار بكرێت وه‌كو نامه‌كه‌ی تیله‌رسون به‌ وردی هه‌ڵسه‌نگێنرێت. به‌ خۆم له‌و باره‌وه‌ رای تایبه‌تیم هه‌یه‌ و له‌ كاتی خۆیدا باسم كردووه‌ و دواتر له‌كاتی گونجاودا به‌ وردتر باسی ده‌كه‌م، كه‌نوسینم له‌سه‌ر هه‌یه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ و لای چه‌ند كه‌سێك شته‌ تایبه‌تیه‌كانیم دركاندوه و لێره‌دا دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌ و باسكردنی له‌م كاته‌دا به‌ شێوه‌یكی تر لێكده‌درێته‌وه‌.

به‌ گشتی له‌ مه‌ودا مێژووییه‌كه‌ی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م پرس وبریاره‌ وه‌ك پشكۆی نه‌كوژاوه‌ی كانووی گردان له‌ ئان و ساتی خۆیدا گره‌كه‌ی ده‌بوژێته‌وه‌ . ‌بۆ لایه‌نه‌ یاساییه‌كانیشی هه‌رچیك بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان هیچ ئه‌رزشێكی نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریاردانی سه‌ربه‌خۆیی واته‌ جیابونه‌وه‌ له‌ وڵاتێك كه‌ دواتر یاساكانی هیچ واتایه‌ك بۆ تۆ نابه‌خشێت( هه‌رچه‌ند ئێستا ته‌نانه‌ت داداگاكانی ناوه‌ندی عیراقیش ناڵین پرسی ریفراندۆم ناده‌ستوریه‌) . كاردانه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه‌ سه‌ركێشی بووه‌ و شكستێكی كاتیه‌و ئه‌گه‌رێكی ده‌ره‌نجامه‌كان هاته‌دی و زیانی گه‌وره‌ش له‌ وه‌زعه‌ مادیه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ مه‌ودایه‌كی كورت ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رامبه‌ردا قازانجی گه‌وره‌ی له‌ فرێدانی فیدرالیزم و حوكمی زاتی و پینه‌وپه‌رۆكانی تر دا ده‌ره‌ده‌كه‌وێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌مرۆ به‌دواوه‌ ناوێرێت و وژدانی خۆی و گه‌لی كوردستانیش رێگه‌ی پێنادات ته‌پڵی ئه‌و جۆره‌ شیعارانه‌ لێبدات، كه‌ به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئێكسپایه‌ر بوون. واته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌هه‌موو باره‌كانیاوه‌، په‌رینه‌وه‌ بۆ قۆناغی پۆست فیدراڵی هاته‌دی و ریفراندۆم ئه‌ڵقه‌ی پێكه‌وه‌ لكاندنی گه‌لانی عیراقی پچراند.

به‌ ده‌ست له‌كار كیشانه‌وه‌ی بارزانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی نامرێت و بگره‌ له‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ كه‌سه‌وه‌ رزگاری ده‌بێت و وه‌ك تاكه‌ ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی عه‌رابی بوو، هه‌ڵوێستی نارازی كاتیان هه‌بوو، ئه‌مرۆ زیاتر به‌ خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌ و هه‌موو شتێك له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆییدا ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ڵوێستیان نواند ئه‌مرۆ چاوه‌رێی هه‌لی گونجاو ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی پرسه‌كه‌ دیاری بكه‌ن و به‌ ناراسته‌وخۆش بێت له‌ لاشعوری خۆیاندا فیدرالیزمیان تورداوه‌.
ئه‌وه‌ی گره‌و له‌سه‌ر ئاساییبونه‌وه‌ی وه‌زعی عیراق بكات، بۆ نه‌هێشتنی هه‌لی دووباره‌ بوژانه‌وه‌ی وه‌زعی كوردستان و دووباره‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر رێره‌وی راستی خۆی” له‌ ئێستاوه‌ دۆراوه‌” به‌ڵكو گرفته‌كانی عیراق له‌م ناوچه‌ داگیركراوانه‌دا، ململانێیه‌كی سه‌ختر له‌ نێوان خۆیندا دروست ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه‌ ئێران و توركیاش ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ناكۆكیه‌كانی جاراینان و جگه‌ له‌ كێشه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك پرسێكی خه‌ته‌رناكی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا پاش ده‌ركه‌وتنی ئاسۆكانی سوریا، ته‌نانه‌ت هاوكێشه‌كان یه‌كترده‌برن و به‌ پشێویه‌كی گه‌وره‌تر و هه‌یه‌جانێك كۆتایی دێت كه‌ له‌ هه‌ناویدا گۆرانكاریه‌ چاوه‌روانكراوه‌كه‌ بێته‌دی و كوردیش قازانجی لێده‌بینێت .

وه‌زعی نێوخۆی كوردستان له‌م باره‌وه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا خولده‌خواته‌وه‌ و هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی واقعی له‌ئارادا نیه‌ ولایه‌نه‌كان تاوێك كۆك و تاوێك ناكۆك به‌رده‌وام ده‌بێت و تاوه‌كو كۆی گشتی گۆشاره‌ی فكر و بیری خه‌ڵك وابێت هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ خاوه‌ن ده‌نگی میله‌ت ده‌بن و گۆرانكاری نێوخۆیی و زۆر كه‌م نه‌بێت هیچ ئاڵوگۆرێكی ریشه‌یی نابینین و ئه‌م حزبانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ تۆزێك له‌رزینه‌وه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان ده‌ته‌پن . مه‌گه‌ر له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ گۆرانێكی جۆری ببینین و حزبه‌كان ناچاربن له‌ كاری رۆژانه‌ی خۆیاندا پیداچونه‌وه‌ بكه‌ن.
بۆ گفتوگۆش له‌گه‌ڵ به‌غدا” ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ئه‌وان تا ئێستا ئاماده‌ی هیچ نین جگه‌ له‌ كات كوشتن و هه‌وڵدان بۆ زه‌لیلكردنی گه‌لی كوردستان پێش دسه‌ڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر تاسه‌ر بۆیان بچێته‌ سه‌ر و له‌م ماوه‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له‌ پێشه‌، هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادایه‌ بۆ فرتوفێل كردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی یه‌كتر و موزایه‌ده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا . بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌بێت و، له‌ولاشه‌وه‌ نوێنه‌رانی كورد به‌م كه‌ره‌سه‌ و كاره‌كته‌رانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، جگه‌ له‌ ملكه‌چی و زه‌قكردنی ناكۆكیه‌كانیان و نه‌خویندنه‌وه‌ی یه‌كتر و گواستنه‌وه‌ی ناته‌بایی نێوخۆیی كوردستان بۆ به‌غدا هیچ به‌رهه‌مێكیان نه‌بوو ه‌ و نابێت، به‌ڵكو بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ ره‌فتاری وامان بینی كه‌ له‌م كاته‌دا ناكرێت ناوزه‌دیان بكه‌یت به‌ چی ناو ببرێن باشه‌.

ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ له‌م پرسه‌ و ده‌ركه‌وته‌ و لێكه‌ته‌كانی، بیركردنه‌وه‌ و بۆچون و ره‌فتار و عه‌قلیه‌ت و مامه‌ڵه‌ی تاك و كۆی گه‌لی كوردستان و پله‌ی پابه‌ندبون به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كان و باوه‌ربون به‌ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نه‌وه‌ی دوارۆژ چه‌ند بووه‌ له‌ لای ئه‌م لایه‌ن و جه‌ماوه‌ر و كادر و ئه‌ندام و تاكی حزبی كوردیه‌وه‌. ئه‌وه‌ی زۆرتر و به‌جوانی ده‌ركه‌وت و له‌كاتی وادا نه‌بێت روون نابێته‌وه‌” كه‌ لایه‌ن و كۆمه‌ڵ و ره‌وتی وا بۆ خه‌ڵك به‌ گشتی ئاشكرابوون كه‌ نه‌ خه‌تی سوور و نه‌ بنه‌مای جێگیر؛ واته‌ سه‌وابتیان نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هۆكاری ته‌سكبینیه‌وه‌ دژه‌به‌ریان ده‌كرد، كه‌چی بۆ به‌ راست و ره‌وا پیشاندان و هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر ئه‌ڵته‌رناتیڤێكیان بۆ پرسه‌كه‌ و رێره‌وی سیاسی كوردستان پێنه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ واته‌ قه‌زیه‌یان نه‌بوو، ته‌نها بۆ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی و ئیدعای كویرانه‌ نه‌بێت هیچ بیروباوه‌رێكیان لاده‌ست ناكه‌وێت، بۆ خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ بۆ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ش خه‌ڵك و لایه‌نی ره‌سه‌ن و خاوه‌ن بیروباوه‌ری ده‌وێت .




یارییه‌كی خۆش و به‌سوود … نوسینی/میس موید

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌ … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی …

كوڕانی گه‌ڕه‌ك بڕیاریاندایاری تۆپی پێ‌ بكه‌ن،بۆیه‌ ده‌بووهه‌ریه‌كه‌یان له‌ماڵه‌وه‌ پێویستییه‌ك بهێنێت كه‌له‌یارییه‌كه‌داگرنگه‌،بۆنموونه‌،یه‌كێك تۆپ،یه‌كێكیترفیكه‌،یه‌كێك ده‌ستكێشی گۆڵچی ویه‌كێكیتر هێماكانی گۆڵ وهه‌تا دوایـــــــــــــی…
كاتێك ویستیان تیپه‌كه‌یان پێكبهێنن،مشتوومڕكه‌وته‌نێوانیانه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كێ‌ بكرێته‌ سه‌رۆك تیپ؟
سه‌رئه‌نجام بڕیاریاندا،هه‌ركه‌سێك پێویستییه‌كی هێناوه‌ له‌هی هه‌مووان گرنگتربێت،ئه‌وببێت به‌ سه‌رۆك تیپ،دواجار به‌بیانووی پێویست نه‌بوونه‌وه‌ كه‌وتنه‌ لابردن وڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌یه‌كه‌ی پێویستییه‌كان.
یه‌كه‌مجارلابردنی فیكه‌ی ناوبژیوان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ناوبژیوان ده‌توانێت له‌بری فیكه‌به‌هاوار
ئاگاداریان بكاته‌وه‌.پاشان وتیان:گۆڵچی به‌بێ‌ ده‌ستكێش ده‌توانێت تۆپ بگرێت.

ئینجالابردنی هێڵی گۆڕه‌پان وهێمای گۆڵ وله‌جێگه‌یدا دانانی دووبه‌رد.به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوون تابڕیاریاندا كه‌له‌بری تۆپه‌كه‌ش هه‌رشتێكی تری وه‌ك تۆپ خڕ به‌كاربهێنن.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستیانكرد به‌یارییه‌كی پڕله‌ده‌نگه‌ده‌نگ وپێشێلكاری یاساكانی تۆپی پێ‌.
له‌وكاته‌داپیاوێك كه‌له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا به‌لایاندا ڕه‌تبوو،به‌منداڵه‌كه‌ی وت:ئه‌م منداڵانه‌ ناتوانن به‌بێ‌ تۆپی ڕاسته‌قینه‌ یاریی بكه‌ن!گه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبن،ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ فێری
یاری تۆپی پێ‌ ببن.

كه‌منداڵان گوێیان له‌قسه‌كانی پیاوه‌كه‌بوو،هه‌ستیان كرد كه‌یارییه‌كی خۆشیان گۆڕیوه‌ به‌یارییه‌كی نازانستی بێبه‌ها كه‌هیچ چێژێكی وه‌رزشی تێدانییه‌،بۆیه‌ هه‌رزوو بڕیاریاندابۆچوونه‌ نابه‌جێكانیان بخه‌نه‌لاوه‌و سه‌رله‌نوێ‌ یارییه‌كه‌ به‌هه‌مووپێویستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.
تێگه‌یشتن ئه‌وكاته‌ یارییه‌كی خۆشده‌بێت،به‌مه‌رجێ‌ بیرله‌وه‌نه‌كه‌نه‌وه‌ كێ‌ جوان یان ناشیرین یاریی ده‌كات،به‌ڵكو بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كێ‌ ڕێز له‌یاساكانی وه‌رزش ده‌گرێت.

————————————
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(190)ی گۆڤاری{په‌پوله‌}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




باران لەدووەم بڕگەیدا بەفرە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

یەکەم جاری باران
هەورێکە؛
بوخچەی دەستپێکی وردە پیتەکانیەتی!…
وردە پیتەکانی…
لەناخیا هەوری داهێنان هەڵدەکات و
لەچاویا فرمێسکی سپی تاو تاو دەبنە جۆگە!…
جۆگەیەک بەزەویی گۆنایدا ڕێ ئەکات!…
دووەم جاری باران
هەور ئەبێ بەتەم و مژ
لەهەناویا بەفر ئەزێت!…
بەڵی بەفر…
کراسێکە…
لەسەرمادا باران بۆخۆی دەی دوورێ!…
کراسێک….
بوک تارایی تەزووی خۆزگە ئەگوشێت!…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ
کەسەیوانە هەڵنەگرم!…
ئایا چی لەوە جوانترە
برژانگەکانی چاوی ئەو
لێکدی ئایێر بکەمەوە!؟…
برژانگێ گرێکانیان دڵۆپی بارانن!…
هەر بەتەنیا بیرت ئەکەم…
هەر بەتەنیا ناوت دێنم…
هەر بەتەنیا دەتنوسمەوە!…
هەر بەتەنیاش بۆت دەگریێم!…
تۆ نادیاری ومن لەبەرخۆم
هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە!…
دەتۆش تەنیا وەرە!…
بەهاتنت…
ئەم زستانەم
وشە گیان مردووەکانی ژیاندەوە!…
لەم وشانەوە…
هاواری بۆ چاومەو دەڵێ:
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە!…
لەناوەڕاستیا ئازاری دەروون
ئەبێ بەتەزینی تەزرەو
کراسێکی تەرز لەبەفر!…
ئەزانی لەئامێزی باران
پڕ دەبین لەهەست وخۆزگە!؟…
ئیتر من لەم زستانەمدا
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی!…
هەر ئەوە نا
پاشێ وێکڕا
نیشتیمانێک سەرلەنوێ دروست ئەکەین!…
ئیتر من ناچمە ژوورەوە
تا ئەو شەوەی
لەساماڵی سایەقەی شەوێکیا بەڕووم هەڵدێ و
لەباڵاما بەرگە تریفەی مانگ ئەبڕێ و
بەداوی عیشق
بۆ باڵای نیشتیمانە تازەکەی ئەدوورێ!..
ئێستا ژیان زستانێکە
لە ئامێزیا دانیشتنێک هەیە!…
دانیشتنێک…
نیسکافە بەرمەجلیسیەتی و
بەبارانیش پێکەنینی ئازارەکان ئەشواتەوەو
بەفر ئەکاتە کراسی گوڵ!…
دڵسۆزی وتاسە
تەنیا وەرزێکی بەنازیان هەیە…
وەرزی زستان!…
بۆچی بەم ڕاددەیە پەلەمان کرد؟!…
ئەمڕۆ
سەرەتایەکی نادیارو ناڕۆشنە!…
نیگا بگۆڕە…
بەیانی کۆتایێکی ڕۆشن ودیار !…
تۆ نادیاری و
من لەبەرخۆم هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە !…
ئەم زستانە
وشە گیان مردووەکانمی ژیاندەوە !…
وەرن عاشقان ببیستن!..
ئەوە پێکەنینی ئەوە
لەجۆگەی عەشق هەڵی بەستوە!…
ئەوە مەستانەیە
سەرتاپای درەوشانەوەیەو
هەستی لێ ئەڕژێ هەست!..
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە !…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ کەسەیوانە هەڵناگرم !…
هێشتا هەر لەژێر سێبەری چاوەڕوانی
چاوەڕێی قەدەرێ ئەکەم!…
هەر وەک خۆم دەمێنم دەم بەخەندەو بزە !…
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی !…


بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

کۆتایی پاییزی ١٢ ی ٢٠١٣ ئیسکەندەریە




کورتەنامەی شیعریی … بەشی حەوتەم … فەتاح حەسەن

حەزدەکەم، وەك داشەهارە..
گشت خەمەکانت بخۆم.
*
لە هەموو شتێکی ژیانمدا
دەتوانم میانڕەو بم
لە خۆشەویستیدا نەبێت،
ناتوانم..
زیادەڕەو، نەبم.
*
دێم، خانمەکەم دێم
بەرەو ئەو هەوارەی
تامزرۆییم
بێگومانم، ئەو هەوارەش
هەر بەتەنها.. دڵی تۆیە.
*
هەرکات وێنەکێش، توانیی
وێنەی شنەی با.. خشەی گەڵا،
سروەی گوڵ بکێشێت
ئەوکات
دڵم دەبێت بەبەرد، لەئاستی تۆ.
*
شەو راشکاوە
خەلکی هەموو نووستون
تەنها، من بێدارم
بیر لە تۆ دەکەمەوە و بەس.
*
ئەو ساتانەی کە، دڵتەنگم
نە گوڵ جوانە لەلام،
نە بۆنی خۆشە .. رێحانە.
*
هەندێك جار بایەخدانی کەسێك
خۆشترە لەوەی، کە، پێتبڵێ:-
خۆشمدەوێی.
*
بیرلەمن دەکەیەوە
هێندەی بیردەکەمەوە لەتۆ؟
گیانم ئازیزە لات
هەروەکوچۆن.. گیانت،
ئازیزە لام؟
*
وەرەبۆلام.. یان، دێم بۆ لات،
دەنا..
بەرگەی بێ تۆیی ناگرم.
*
بە هاتنت ئاواتەخوازم
هەرچۆن ئاواتەخوازی
شەق بردنی ناحەزانتم،
دەسا وەرە..
ناحەزانمان ، با شەق بەرن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای یه‌ك … سه‌ردار جاف

له‌ گوڵدانی بوغزه‌كانما
تۆپه‌ لۆكه‌ی تۆیه‌ تیایدا چرۆ ده‌كه‌ن
له‌ نێو سه‌فه‌ر و غوربه‌تی یاداشته‌كان
له‌ فڕگه‌خانه‌ی چاوه‌كانما
باڵه‌كانت ده‌كرێنه‌وه‌
له‌ كه‌ناری په‌نجه‌ شه‌قار بووه‌كانما
هه‌ناسه‌ی تۆن گه‌رمگه‌رم دایده‌پۆشن
له‌ سه‌رانسه‌ری لیوه‌ ره‌نگ قاوه‌تاڵ نیشتووه‌كانما
ده‌نگی لێوی هه‌نگوینی تۆن به‌ سه‌ریانا خڕ بۆته‌وه‌
له‌ سه‌ر سینگه‌ چیمه‌نییه‌كه‌م
جوتێ به‌ی ناسك رۆنیشتوون
له‌ چه‌قی دڵی بیًبه‌زیی و پڕ ڕكا
دڵی په‌شمه‌كینی تۆن تواونه‌ته‌وه‌
له‌ گڵێنه‌ی چاوه‌ مۆڕ بووه‌كان
ئه‌شكی په‌شیمانی دوێنێی تۆی گرتووه‌
له‌ قۆڵبه‌ندی تێكئاڵانی باڵه‌كانما
له‌ ئاوێزانی ئامێزتا خۆ ده‌بینم
له‌ره‌ی جووتێ مه‌مكی سرتن
له‌ نێو له‌پم هه‌ر به‌ سانا نیشتۆته‌وه‌

Deutschland – Limburg
3- 11 – 2017




ئاشتیمان دەوێ … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمــە ئــاشــتـیــمـــان دەوێ
چونکە ژینـمـان خـۆشـدەوێ

بــا نـەمێـنـێ شــەڕو جـەنـگ
دەبـــا بێـدەنـگ بــێ تـفـەنـگ

هــەمــوو لــە ئـامێـزی خــاک
بــژیــن بـــە دەروونــی پــاک

بـڵـێـیـــن بـــــــژی تــەبــایــی
خـۆشـەویسـتـی و بـــــرایــی

چـونـکــە هــەر پێکـەوە ژیان
شــــادیـیـە بـــــــۆ دڵ و گیان

ڕۆستەم خامۆش / هەولێر 2017