کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوین …. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ڕووداوێکی مەزن لە هەر کوێی گۆی زەوی ڕووبدات ،بێگومان لە کایە جۆرواجۆرەکاندا گۆڕانکاری بەدووی خۆیدا دەهێنیت ،ئیدی چ لە خودی ژینگەی ڕوداوەکە یا لە دەرەوی ئەو ژینگەیەبێت . زۆر جار ئەم کاریگەریە پەلی هاوێشتوە بۆ نیو نەتەوەو خەڵک و دەڤەرەکانی جیهان .

شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی ڕوسی کە بەلشەفیەکان هەڵیانگیرسان و لینین داینەمۆ و سەرکردەی بوو، حکومەتی کاتی و ڕژێمی قەیسەری بنەماڵەی ڕۆمانۆفی لەبن هەڵتەکاند و بۆ هەتاهەتایە لەسەر شانۆی دەسەڵات دووری خستنەوە ،وە حیزبی بەلشەفی دەسەڵاتی گرتە دەست و حکومەتی شوراکان دەستبەکار بوو .

وەک چۆن [جۆن ڕید] نووسەری ئەمریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە نێوی {10 ڕۆژ جیهان لەرزی} ،لە ڕاستیشدا هەروابوو ،ئەو شۆڕشە جیهانی هەژاند و سەرمایەداری جیهانی خستە ترس و لەرزەوە ،هاوکات نەتەوە و چینە ژێردەستەکانی هۆشیار کردوەو بووە داینەمۆی تێکۆشان و ئاراستەی کردنیان، بەتایبەتی چینی کرێکارو جوتیاران.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەم ،ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵ و کاریگەری ئەم ڕوداوە مەزنە گەشتە زۆربەی دەڤەرەکانی جیهان.

هەر بۆیەش زۆری نەخایاند لە ژێر کاریگەری ئەو شۆڕشەدا لە کیشۆرەکانی جیهاندا ئەحزاب و بزافی مارکسی وچەپ درووست بوون.

بێگومان نزیکترین دەڤەر کە کاریگەری ڕاستەو خۆی ئەو شۆڕشەی لەسەر بوو کیشوەری ئەورپا بوو ، کە بە هۆیەوە لەزۆربەی وڵاتاندا حیزبی کۆمۆنیستی هاتنە دامەزراندن، یا خود ئەوانەی کە هەبوون لە ژێر ئەو کاریگەریەدا گەشەیان کرد و ڕۆڵیان لەسەر شانۆی سیاسی زیادی کرد .

گەرەکمە لێرەدا زیاتر تیشک بخەمە سەر کاریگەریەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ،کە بێگومان بەدەر نەبووە لە گەشتنی پریشکی ئەو ڕووداوە مەزنە پێی..

دەمێک ئەو شۆرشە ڕوویدا زۆربەی جیهانی ڕۆژهەڵاتی نێوین لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو .بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و قەیرانە هەمەلایەنەکانی خودی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەو دەوڵەتە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا دەژیا .

لەولاشەوە ئێران و بەشێکی بەرفراونی خاکی دیکەی دەورووبەری ئێران لەژیر دەسەڵاتی دەوڵەتی قاجاریەکاندا بوو.

نابی ئەوە لە یاد بکەین کە لە سەرتای سەدەی ڕابردووەوە ،ئەفکاری تەنویری لەرەحمی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی ئاینی و گەندەڵەوە لە هەندێک شوێن چەکەرەی کردبوو ،ئەوەیش بە هۆی چەوساندەوە و جۆرەها قەیرانەوە.
بەڵام ئەمانە زیاتر لە هەوڵدانی تاکەکەسی و گرووپی بچوکدابوون و نەبوونە بزافی ڕێکخراوەیی کاریگەر .

ئەمانەش چەند نمونەیەکن لەو هەوڵ و شۆڕش و سەرهەڵدانانە:
* شۆڕشی مەشروتیە لە تورکیا دژی سوڵتان عەبدولحمید 1909
* شۆڕشی دەستوری ئیران کە ساڵی 1912 دژی دەسەڵاتی قاجەریەکان
* پەیدابوونی حیزبی[ ئیتحاد و تەرەقی ]لە تورکیا 1912کە هەر هەمان حیزب پێشتر بە ناوی مەشروتیەکانەوە هەوڵی لادانی سوڵتان عەبدولحمیدیان دا.
پاشان ئەم حیزبە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ، بە تەواوەتی دەسەلاتی عوسمانی لاداو لە جیگەی دەسەڵاتێکی مەدەنی لە خاکی تورکیادا دامەزراند ،کەمال ئەتاتورکیش وەک سەرکردیەکی دیاری ئەو حیزبە دەسەڵاتی گرتە دەست.

دیارە ئەم بزافە مەدەنیەی تورکیا تا ڕادەیەک لای لینینیش قەبوڵکراو بوو، بەوەی کە دەسەڵاتێکی ئاینی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی عوسمانی لەناوبردو لە جیگەی دەسەلاتیکی مەدەنی دامەزراند . بەڵام لە ئاکامدا خودی ئەم دەسەڵاتەش بووە دەسەڵاتێکی سەرکووتکەرو دیکتاتۆر و چەوسێنەر.

* شۆڕشی عبدلرحمان کەواکبی 1902 مسر
* شۆڕش یا بزافی محمەد عەبدە 1905 مسر

*سعد زغلول مسر 1918-1919 سەرتا دژی عوسمانیەکان وپاشان دژی ئینگلیزەکان خەباتی کرد.
سەعد زەغلول جگە لەوەی بەشداری لە شۆڕشی عرابی کرد ،هەروەها جەمعیەی [تۆڵەی] یشی دامەزراند و پاشان حیزبی وەفد .

شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دژبە ئینگلیزو فەرەنسیەکان

* شۆڕشی شێخ مەحمود لە کوردستان و نامەکەی شێخ محمود بۆ لینین ،لە ڕێگەی کونسڵی ڕوسیەوە لە تەبرێز ساڵی 1922.
*شۆڕشی 20 لە عێراق[ثورە العشرین] و هەوڵدانی بڕێک لە ڕووناکبیرەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە. لە ڕیگەی بەسرەوە.
* شۆڕشی پاشای ئەترەش لە سوریاو لبنان دژ بە فەرەنسیەکان1925 .
دیارە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە بە ئیلهام و کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەیانهەڵنەدا ،بەڵام نکولی لەوە ناکرێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هاندەریان بووە لە بەردەوام بوون لەسەر شۆڕشەکانیان.

کاریگەری تاک و گروپە ڕووناکبیرەکانی دەڤەرەکە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر

دەتوانین کاریگەری ڕاستەوخۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە پەیدابوون و و بەرجەستە بوونی چەندین بزاف و گروپ و حیزبی چەپ و مارکسیدا هەست پێبکەین ،کە لە دوای شۆڕشەکەوە بە چەند ساڵێک لە دەڤەرە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی نیویندا سەریان هەڵدا.

*ئەم کەسە ڕوناکبیرانە کە پاشان بوونە نەواتی زۆرێک لە حیزبە شوعیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە متابعێکی بەردەوامی ئەو شۆڕشە بوون ، بەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشەکەیان وەردەگێرایە سەر زمانەکانی خۆیان،هاوکات خۆیان بەو ئەدەبیاتانە ڕۆشنبیر دەکرد.
دەمێک هەنگاوی یەکەمیان بەرو ڕێکخراوبوون لە حێزبێکی مارکسیدا نا، تا ڕادەیەکی لە ڕووی هزرو ڕیکخستنەوە ئەزموونیان پەیدا کردبوو.
چەند نمونەیەک

1. عێراق

چۆنیەتی درووست بوونی شانە مارکسیەکان لە عێراق بە کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە
* سەرتا لە بەسرە چەند ڕووناکبیرێک لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا شانەیەکی مارکسیان پێک هێنا ، لەوانە{عەبدولوەهاب محمود، سامی نادر، زکریا الیاس}

* هەر لەو دەمەدا لە بەغداش چەند ڕووناکبیرێک هەمان هەنگاویان نا ، کەسە ناودارەکانیان بریتی بوون لە حسین رحال، مستەفا علی، محەمەد ئەحمەد مدرس،

* لە ناسریەش چەند گەنجێک پەیدابوون کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرسام بوون، وەک [یوسف سلمان یوسف-فهد، ئەحمەد جمالدین، و زوبید ناوێک ] ئەم گرووپە دەستنووسێکیان دەردەکرد بە نیوی [الصحیفە] کە ناو بە ناو بڵاویان دەکردەوە .زیاتر هاوڕێ فهد سەرپەرشتی ئەم دەستنووسەی دەکرد .بۆ یەکەم جار درووشمی {ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن} یان لەسەر ئەم بڵاوکراوەیە نووسی.

* ئەم حەلەقاتانە توانیان جۆرەها بلاو کراوە و کتێب و ڕۆژنامەی تایبەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدەست بهێنن ،بەتایبەتی بە زمانی فەرنسی و ئینگلیزی
.سەرچاوەی ئەم ئەدەبیاتە شوعیانە بەندەری بەسرە بوو کە بەردەوام کەشتیوەکانەکانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکە لەوێ لەنگەریان دەگرت و هەندیک لەو کەشتیەوانانەش هەواڵی شۆرش و ئەدەبیاتەکانیان بەو ڕووناکبیرە عیراقیانە دەدا ،بەتیابەتی بەسراویەکان .

* هەروەها سەربازە هیندیەکانیش ئەوانەی کە لە نێو سوپای ئینگلیزدا بوون،
سەرچاوەیەکی باش بوون بۆ پیدانی زانیاری دەربارەی شۆرشی ئۆکتۆبەر .

* هاوکات لە سوریاشەوە بەقاچاخ ئەدەبیاتی مارکسیان پیدەگەشت،کەپێشتر لەلایەن مارکسیە سوریەکانەوە لە فەرنسیەوە کرابوونە عەرەبی.

* ئەو خەلیانەی ،بەغداد بەسرە ناسریە لە31.03.1934 دا لە قەوارەیەکی سیاسیدا بە نێوی[ لیژنەی لە ناو بردنی ئیستعمارو ئیستثمار] یەکیان گرت. کە عاسم فلیح بووە سکرتێری ئەو قەوارە سیاسیە. ئەوەبوو پاش ساڵێک ناوەکەی گۆڕدار بۆ [حیزبی شیوعی عێراق].

2. سوریاو لبنان

سەبارەت بە پەیدابوونی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی، ناسر الحدەی مێژوونووس دەڵیت: [بەهۆی کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری پرۆلیتاریای ڕووسیەوە ،بیرۆکەیەک لە ناو ڕووناکبیرانی لوبنانیدا پەیدا بوو کە قەوارەیەکی مارکسی درووست بکەن . ئەوەبو ئەو قەوارەیان درووست کردو ناویان نا {دیموکراتە شۆڕشگێرەکان} کە نمونەکەیان فرح انطوان، شبلی شمیل بوون.

* هەر لە لوبنان ساڵی ١٩١٩ ئەرمەنیەکانی ئەوێ بەتایبەتی ئەوانەی لە بەیروت دەژیان ،هاوبەندیەکیان پێک هێنا بە نیوی [عصبەسپارتاک] . هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆڕێزو خۆشەویستیان بوو بۆشۆرشی کۆیلەکان لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا ،بەسەرۆکایەتی سپارتاکۆس ،ئەمانە شوعی بوون و ئیلهامیان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە وەرگرتبوو . پاشان کە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان درووست بوو ئەم عەسبەیەش بوو بە بەشێک لەو حیزبە.

* لە هەمان سەردەمدا بڕێک لە شۆڕشگێرانی عەرەب لە دمشق کە خۆیان بەچەپ دەناسان،گۆڤارێکیان دەردەکەرد بە نیوی[الاشتراکیە} ساڵی 1912 .حلمی فتیانی سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازی بوو.

*هەر لەو دەمەدا هەندێک خوینکاری سوری و لبنانی لە فەرنسا دەیانخوێند ئەمانە لەڕێگەی حیزبی شوعیی فەرنسیەوە کە ئەویش بەدەوری خۆی پەیوندی بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هەبوو ،ئەو خوێندکارانە بەفکری مارکسی و بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئاشان بوون و ئەم فکرەیان هێنایەوە بۆ لبننان و سوریاو لە کۆتادا ئەم گەنجانەش بوونە بەشیک لە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان.

* بەر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری، سالی 1919 سەندیکایەکی کرێکاران لە لبنان درووست بوو ، بە نێوی[یەکیتی گشتی کرێکاران] ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد بە نیوی [ڕۆژنامەی کرێکار] .هەر ئەم پێکهاتە کرێکاریە لە پاشاندا بووە بناغەی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری کە لەگەڵ بزافە مارکسیەکانی دیکەدا یەکیان گرت .

* لە سوریاش سلیم خەیاط وەک مفکرێکی مارکسی، لەو کاتەدا چەندین بابەت و لیکۆڵینەوەی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مارکسیەت نووسیوە.

* بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت.
بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت، خالید بەگداش یەکەم مارکسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی نوێن کە [بەیانی شیوعی} لە فەرنسیەوە وەرگێرایە سەر عەرەبی .

*ئەوە بوو لە ئاکامی یەکگرتنی ئەو گروپ و سەندیکاو کەسایتیە مارکسیانەدا حیزبی شوعی سوری و لبنانی سالی 1924 دامەزرا .
کەسە ناودارەکانی ئەم حیزبە بریتی بوون لە {چالاکوانی سەندیکا ،فوئاد شمالی،ڕووناکبیر یوسف ئیبراهیم، ، وە لەسوریاش ناسر حدە ،فوزی زعیم،سلیم خیاط،خالد بەگداش، }
* لە کۆنگرەی 6 ی کۆمنترندا [ الاممیە الشوعیە] ساڵی 1928 فوئاد شمالی کە ئەمین عامی حیزبی شیوعی لبنانی بوو، وەک یەکەم شیوعی لە ولاتانی عەرەبیەوە بەشداری کرد .

3. مسر

* شاری ئەسکەندەریەی میسر کە هاوکات بەندەریێکی بازرگانی جیهانیەو تاڕۆژی ئەمڕۆش هەر وا ماوەتەوە . کۆمەڵیک گەنجی ڕووناکبیر تامەزرۆی زانیاری بوون دەربارەی شۆرشی ئۆلتۆبەر ،بۆیە زۆر جار دەچوونە بەندەرەکەو قسەیان لەگەڵ ئەو کەشتیەوانەن دەکرد کە لە روسیا یافەرنسا یا بەریتانیەوە دەهاتن ئەوانیش هەرچی زانیاری یا کتێب و ڕۆژنامەرو نامیلکە هەبوو بەزمانە جیاجیاکان نووسرابوون،دەیانبەخشیە ئەو گەنجانە .

*ئەوە بوو لە ساڵی 1922 حیزبی شیوعی مسری لە ئەسکەندەریە لەو گەنجانە درووست بوو کە کەسە دیارەکانی لەوسەردەمەدا بریتی بوون لە {جوزیف روزنتاڵ،حسنی الاعرابی،انطوان مارون، پاشان تەنزیماتەکانی قاهرە وباژێرەکانی دیکەی میسری گرتەوە.

4. تورکیا
دامەزراندنی حیزبی شیوعی لە تورکیا 1921

* مستەفا سوبحی بە دامەزرێنەر و سەرکردەو شۆڕشگێری حیزبی شیوعی تورکی هەژماردەکرێت.
ئەم کەسە سەرەتا کاری ڕۆژنامەگەری کردوە ، پەیامنێری چەندین ڕۆژنامەی تورکی بووە بەتایبەت دەمیک لە پایس بووە ،کەسێکی ڕوناکبیر و ئابوریناس بووە .

*ساڵی 1913 بەوە تاونبار دەکرێت کە ئەو محمود شڤیق پاشای کووشتوە .
بۆیە بە 15 ساڵ زیندانی حکوم دەدرێت .
لە زیندان ڕادەکات بەرەو ڕوسیا هەڵدێت .
* لەوێ سالی 1915 دەبێتە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک .
*هەر لەوێ پەیوەندی لەگەڵ سەربازە تورکە یەخسیرەکاندا پەیدا دەکات بڕێکیان بە فکری مارکسیەت ئاشانا دەکات .
* دامەزرێنەری ڕێکخراوی سۆشیالستی چەپی تورک بوو ساڵی 1918

* ساڵی 1919 بەیانی شیوعی لە ڕوسیەوە وەرگێراوەتە سەر تورکی

* ساڵی 1919 بەشداری لە یەکەم کۆنگرەی کۆمنترن کرد لە مۆسکۆ.

* ساڵی 1920 لە باکۆ لەگەڵ کۆمەڵیک تورکی نیشتەجێیی ڕوسیا و ئازربایجان حیزبی شێوعی تورکی دادەمەزرێنن ،کە جگە لە مستەفا سوبحی کە دەبێتە سکرتێری حیزبەکە ،کەسە دیارەکانیان بریتی بوون لە [ئەتهەم نەجات و ئیسماعیل هاکی ]

* هەر دوای ئەوە لە باکۆوە 15 شیوعی تورک دەگەڕینەوە بۆ تورکیا بۆ بەشداری لە جەنگی ڕزگاریدا کە ئەودەمە کەمال ئەتاتورک دەستی پێکردبوو.
* بەڵام لەوێ لە لایەن ئەتاتورکەوە محارەبە دەکرێن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە ، بۆیە ناچار دەبن بەرەو باکۆ بە باخرە بگەڕینەوە ،لە ڕیگا بە پلانی ئەتاتورک هەر هەموو 15 کەسەکە کە لە کەشتیەکدا بوون نغرۆ دەکرێن کە سەرکردە دیارکانی ئەو حیزبە بوون.
*ئەتاتورک بۆ ئەو مەسەلەیە وتبووی ئیمە پێوستمان بە حیزبی کۆمۆنیست نیە ،گەر پیوستمان بێت خۆمان درووستی دەکەین . جا هەر واشی کرد ،حیزبێکی شیوعی ئەتاتورکی دروست کرد.

5. ئیران
دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران

حیزبی توودەی ئێران ڕێکخراوەی سەرەکیی چەپ بوو لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا. ئەم حیزبە لە ساڵی1920 لە تاران دامەزرا. بناغەدانەرانی بریتی بوون لە کۆمەڵەیەکی 53 کەسی لە چالاکوانانی چەپخواز و ناسیونالیستی ئێرانی وەکوو: سلێمان میرزا ئەسکەنەدری، ئیرەج ئەسکەندەری، بۆزۆرگ عەلەوی، ئێحسان تەبەری، خەلیل مەلەکی، فەرەیدوون کەشاوەرز، عەبدولحوسەین نووشین و رەزا ڕادمەنەش. ئەمانه زۆربەیان له سەردەمی دەسەڵاتی قاجەریەکان و پاشانیش ڕژێمی شاهەنشاهی ئێرانیەوه ، له زیندان بوون یا لەژێر چاودێریدا بوون. هاوکات نووسەر وەرگێڕی کوردیش محەمەد قازی یەکێک له ئەندامانی حیزبی تووده بوو.
پەیدابوونی ئەم حیزبەش دیسان پەیوەستە بە ئەو هەوڵومەرجەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری تێدا ڕوویدا.
لەو دەمەدا و بە یەک دووساڵ هەواڵی ئەو شۆڕشە بە چەند جۆرێک گەشتە نێو بڕێک لە ڕووناکبیرانی ئیران ،بەتایبەتی خوێنەورەکانی زانگۆی تاران. هەوالەکان لە ڕێگەی ئازربایجانەوە دزەیان دەکرد بۆ تاران ، ئەو هەواڵانە زیاتر دەمی یا نامیلکەی بچوک بوون کە پێشتر وەرگێرابوونە سەر زمانی ئازەری و پاشان دەکران بە فارسی .
*سەربازە ڕووسەکانیش کە لە بەشێک لە خاکی ئێراندا بوون ، ئەمانە بەر لەوەی بەفەرمانی لینین لە ئێران بکشێنەوە، هەوالی شۆرشی ئۆکتۆبەریان پیدەگەشت . ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە دەیانگەیاندە ئەو ئیرانیانەی کە تامەزرۆی ئەو جۆرە هەواڵانە بوون.

کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد ،بەتایبەت کوردانی باشوور

دکتۆر کمال مەزهەر لە کتێبێکیدا بە نێوی[کوردستان پاش جەنگی جیهانی یەکەم] لە بڕگەیەکدا ئاماژە بە نامەیەکی {مێجەر سۆن} دەکات کە حاکمی سەربازی ئینگلیز بووە لە سلیمانی .نامەکە ساڵی 1919 نووسراوە ،بۆ مندوبی سامی بەریتانی ناردوە لە بەغدا کە تێدا دەڵێت[ لێرە لە سلیمانی زۆرێک لە گەنجەکان بە ئاشکرا پرەپاگەندە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەن].

هەروەها ئەحمەد خۆجە لە کتێبەکەیدا بە نیوی {چیم دی} ،دەڵێت. چەند منەوەرێک لە سلیمانی پەیدا بوون کە کاریگەرن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،وە بڵاوکراوەیە دەردەکەن بە نێوی[پریسک یا پروشک] کە وەرگێراوی وشە ڕوسیەکەیە بە نێوی { ئیسکرا}.
ئەم قسانەی ئەحمەد خۆجە تا ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکەوە ڕاستی و دروستی نەسەلمینراوە .بەڵام ئەوەی دکتۆر کەمال مەزهەر کە ئاماژەی بە نامەکەی میجەر سۆن کردوە ، ئەو نامەیە لە ئەرشیفی بەریتانیدا بوونی هەیە.
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیش کاریگەر بووە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،بەڵام ئەو کاریگەریە نەبووەتە بناغە بۆپەیدابوونی بزافێکی مارکسی ،وەک ئەوەی لە بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێویندا ڕوویدا.




( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

شیعر و فەلسەفە دوو چەمکن پەیوەندی بەهێز و توندوتۆلیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، زۆرجاران وەک دوو هێڵی تەریب هەندێکجاریش پێجەوانە و دژ ، پەیوەندییەکە تا ئاستی ئەوەی ، هەندێکجار شاعیران بیرۆکەی فەلسەفی لە نێو شیعرەکانییان بەرجەستە دەکەن ، یان هەندێک لە فەیلەسوفەکان بە زمانی شیعر بابەت و فەلسەفەکانییان دەنووسنەوە ، هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران هاوڕانین لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا و پێیانوایە ، شیعر و فەلسەفە لە دوو کایەی تەواو جیاواز ئیش دەکەن و نابێت تێکەڵاوی یەکترییان بکەین ، بە مانایەک ، لەگەڵ بە ( شیعرکردنی فەلسەفە ) و یان ( بە فەلسەفەکردنی شیعردا ) نین .
ئێمە لەم وتارەماندا ، هەوڵدەدەین لە ڕووبەرێکی فراوان باس لە شیعر و زمانی شیعر و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعردا بکەین ، لەم ڕاستایەش ، وەڵام بە زۆرێک لە پرسیار و ناڕۆشنییەکان بدەینەوە . بەر لەهەرشتێک ، شیعر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە ، لە سەردەمی ( سۆمەرییەکان ) دا ، ( داستانی گلگامێش ) ، وەک دەقێکی زۆر کۆنی شیعری بە فۆڕمی ئیپیک نووسراوە ، دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین ، بەڵام بە بڕوای من ، مێژووی شیعر لەم بەروارەش کۆنتر و دێرینترە ، مێژووی شیعر / دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی مرۆڤ ، پێش پەیدابوونی نووسین ، لەوکاتەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی پەیدا کرد ، توانای ئەوەی پەیدا کرد ، لە ئاکامی بیرکردنەوە بە نێو خەیاڵدا ڕۆبچێ ، یان قسەبکات و گۆرانی بڵێ ، لەوکاتەدا شیعر پەیدا بووە .. بەڵام ، لەم وتارەماندا کاری ئێمە ساغکردنەوەی مێژووی شیعر نییە ، لێرەدا واز لەم مێژووە کۆنە دەهێنین و لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکەین .. لە سەردەمی یۆنانی کۆن ، شیعر دوو جۆر بووە ،

یەکەم / شیعری ئیپیک
دووەم / شیعری لیریک

ئەم دوو جۆرە شیعرەش ، دوو جۆر لە فۆرمی شیعرین ، ( ئیپیک ) فۆڕمێکە بەم جۆرە شیعرە درێژانە گوتراوە ، کە چیڕۆک و ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتە تراژیدییاکان و مێژوویەکانی پێنووسراوەتەوە ، پێشەنگی ئەم فۆڕمە شیعرییەش ( هۆمیرۆس ) بووە ، کە لە سەردەمی ( سەرەتای سەدەی هەشتەم و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایین ژیاوە ) باشترین دوو دەقی هۆمیرۆس ( ئەلیادە و ئۆدیسە ) ن کە بە فۆڕمی ئیپیک نووسراون .. هەروەها ( لیریک ) / بەمجۆرە شیعرانە دەگوترێن ، کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی مرۆڤ دەکەن . بۆ شێوازێکی ڕۆمانسییانە و بە زمانێکی سادە و لەزەتبەخش و ئیرۆسییانە ، بە هارمۆنی و مۆسیقایەکی هەست بزوێن .

پێشەنگی شیعری لیریکیش ( ئارکیلۆکەس و سافۆ و ئالکمان و ئالسییەس ) بوون ، ( سافۆ ) ژنە شاعیرێکی نێوداری شیعری لیریکە و لە مێژووی شیعردا ، بە یەکەمین شاعیری ( مێ ) دەژمێردرێ . دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەی یۆنانی کۆن ، سەردەمی زێڕینی شیعر بووە . زمانی شیعر لەم سەردەمەدا ، زمانی فەلسەفە و مەعریفە و زمانی ئایین و بە کورتییەکەی / زمانی دەربڕین بووە .. لەم سەردەمەدا ، شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکانییەوە ، واتە ( کۆمێدی و تراژیدییەوە ) لە هەناوی شیعردا پەیدا بوون .

ئەوەتا هەردوو فەیلەسوفی ناودار ( ئیپمادۆکلیس و پارمەنیدس ) ، لە سەدەی پێنجەمی پ ز ، بە شیعر بۆچوونە فەلسەفییەکانییان دەربڕیوە و کاریگەرییان لەسەر شاعیراندا هەبوو ، بەڵام هەردووکییان لە بنەڕەتدا ، فەیلەسوف بوون نەک شاعیر ، هەروەها دوو کەسایەتی دیاری نێو فەلسەفەی کۆنی یونانی بوون ، بۆ نموونە ، ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی دەربارەی چوار پێکهاتەی سەرەکی گەردوونی بوون وەک / ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) لە هەمانکاتیش ، شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و سۆفۆکلێس ) ناوەڕۆکی فەلسەفییانەیان هەبوو ، هەر لەم سەردەمەدا ، زۆرێک لە فەیلەسوفان قسەیان لەسەر شیعردا کردووە ، ( ئەفلاتوون ) لە ڕاستای بۆچوونە میتافیزیکی و ڕامیارییەکانیدا لە جەوهەر و چۆنییەتی هونەر و شیعری کۆڵیوەتەوە و قسەی لەسەر کردوون ، شیعری بەکردەیەکی لاساییکرنەوە پێناسە کردووە ، بە بڕوای ئەو / هەر هونەرێک مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا بکات ، مامەڵە لەگەڵ فیکر و عەقلدا نەکات ، بە هونەرێکی ئاست نزم پێناسەی دەکات ..! بەڵام ( ئەرستۆ ) بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی بۆ شیعر جیاواز بوون ، هەروەک لە کتێبی شیعر باسی دەکات ، ئەرستۆ پێیوانییە کەوا شیعر ، لاساییکەرەوە و کتومت کۆپی جیهانی دەرەوە بێت ، ئەگەر نا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شاعیران و مێژوونووسان نەدەبوو ، مێژوونووس ئەوانە دەنووسێتەوە کە ڕوویانداوە ، مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات ، بەڵام شاعیر ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە یان دەکرێ ڕووبدەن ، بەمانای / ڕووداوەکانی شاعیر بیریان لێدەکاتەوە یان دەیەوێ قسەی لە بارەیان بکات ، پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە ، ئەمەش جیاوازییەکی ترە لەگەڵ مێژوونووس ، دەربارەی ئەم تێڕوانینەی ( ئەفلاتوون ) کەوا ، شیعری لە ئاستێکی نزم بینیوە و بە کردەیەکی لاساییکردنەوەی داناوە ، بە جیا لەم جیاوازییانەی ( ئەرستۆ ) کە باسی کردوون ، شیعر بەم شێوەیە نییە کە ئەفلاتوون باسی کردووە ، ڕەخنەگرتن لەم جۆرە بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە بۆ ژیان و شیعر ، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕەهەندی جیاواز ، یەکێکییان / ڕەهەندی ( ئۆپۆلۆن ) ییە ، کە تەعبیرە لە خودای هێورکەرەوە و مەنتیقییەت و بە سیستەماتیککردنی شتەکان ، کە ئەفلاتوون و زۆرێک لە فەیلەسوفیتر ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە ، ئەویترییان ڕەهەندی ( دایۆنسیزم ) ییە ، واتە خودای هونەر و لەزەت و خۆشی و بایەخنەدان بە عەقل ، ئەم ڕەهەندەش ( فرێدریک نێچە ) و زۆرێک لە فەیلەسووفانی دوای نێچە ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە .

بۆ نموونە / نێچە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت ) یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە .

( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردوەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە ) یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی نێچە جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی تر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام نێجە ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە .

شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بەوە کردووە کە ، زمان چ سیعرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی مرۆڤی باڵا بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای نێچە کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کەلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانی تر بن .. لای نێچە بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جوولێنەری خۆت بی ، جوولە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخولقێنی .

نێچە لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) . نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای نێجە ( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) نێجە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان تێکبشکێنن و بەهاکانی ئایین و کەلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەهاکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێجە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شیوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێجەی پێ داناسرێتەوە ، نێجە لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستیان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای نێچە بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ .

دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، کە دوایی دێینە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکان ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێجە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێتجە ، شاعیرێکی جیاواز دا ) .. کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی نێجە و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە و ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، نێجە شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێتجە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گووت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! نێچە کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کەلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، نێچە بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . نێچە لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .

ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، نێچە بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو ، لێرەدا نێچە باس لە مرۆڤی باڵا دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن ، ئەو پێی وایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرز و خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و بەس خۆیانن و بەس ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .

هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، بێوچان و نەسرەوتن ، نێچە ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، نێچە لە شوێنێک دەڵێ ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!

نێچە لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێی دەهێڵم پشکۆیە :
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!

بێگومان ، لە نێو بیری نێچە مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . نێچە بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێک نزیک بکاتەوە .

( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە . ئەمەش بۆ هایدگەر گرینگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، هایدگەر بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ڕاستی بوون دەربخات . پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا دەڵێ ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەرە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە ( بوون ) بە گشتی بگات .
شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ هایدگەر زۆر گرنگ بووە ، واتە مرۆڤ خۆی لەگەڵ کات ، یان بوون و کات . بۆیە لای هایدگەر شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکان دا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات . بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت سروودەکانی هۆڵدەرلین و شیعرەکانی دانتی و گۆتە و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین . هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنە بوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) .هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم نامۆبوونەی مرۆڤ هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتە جێ دەبێ ) ، هایدگەر لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسین و ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە زمانی شیعر هێزی ئەوەی تیایە بۆ ناسینی بوون و سروشتی مرۆڤ . هەربۆیە لای هایدگەر و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند شاعیران وەک مرۆڤی گەورە یان وەک خوداوەندێک دەیان بینن ، بەڵام خودایەک لەسەر زەوی کە بیردەکەنەوە و بوونیان هەیە .

کاتێک هایدگەر پێیوابووە کە ، شیعر بەرهەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە دیارە ئەمە لەخۆڕانەبووە ، شیعر زمانی خواداکان و پەیامبەرەکانیش بووە ، زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بە زمانی شیعر نووسراون ، یان زۆرێک لە حەدیس و وتەی بیرمەندەکان شیعری بوون . هەر لە پەیوەند نزیکایەتی شیعر و فەلسەفەوە ، شیعر پێکهاتەیەکە لە هەست و سۆز ، هەست و سۆزیش ڕەهەندێکی دەروونییان هەیە ، بۆیە دەروونزانی چی وەک فەلسەفە یان زانست ، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شیعردا هەیە ، ئەدەب و شیعر لای ( سیگمۆند فرۆیید ) بەرهەمی هەستی بێئاگایین . بۆیە لای وا بووە / شاعیران وەک منداڵ وان چونکە ، بەشە گرنگەکەی مێشکیان لەژێر کاریگەری نائاگاییدایە ، ( فرۆیید ) مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە ، تەواو لە ژێر کاریگەری بێئاگاییدایە ، جلەو بۆ ئارەزوو و غەریزەکانی شل دەکات ، بە بێ گوێدانە زروف و باری مەوزوعی و دەرەوە ، لەگەڵ خەون و ئارەزووەکان و دنیای خۆیدا ڕووبەڕووە ، مێشکی منداڵیش تەواو لەژێر کاریگەری ئەو بەشەدایە ، شاعیرانیش بەهۆی گرنگیدان و ئیشکردنیان لەسەر هەست و غەریزەکانیان تەواوی دەکەونە ژێر کەریگەری ئەو بەشەی مێشک ، لە کاتی نووسینی هەر دەقێک ، باری دەروونی نووسەر ، لە ڕێگەی زمان و هێما و میتافۆرەکاندا ، سایە دەکێشێ بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک سایکۆلۆژییەتی دەق پێکهاتەیەکی گرینگە ، هاوکات سایکۆلۆژییەتی خوێنەریش لەم نێوەدا گاریگەری دەبێت ، بە مانای / هەر دەقێک دەبێتە پردێک لە نێوان ساکۆلۆژییەتی نووسەر و سایکۆلۆژییەتی وەرگر ، بۆیە هەندێک لە دەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لای خوێنەران دەمێننەوە و ئارامی و لەزەت و چەشەیەکی تایبەتییان پێدەبەخشن ، هەندێجاریش پڕیان دەکەن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار .

هەروەها ( جولیا کریستیڤا ) ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش و ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەبیندرێن . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ، شیعر و فەلسەفە چەند لە یەکەوە نزیکن ، وەک دوو توخمی هاوتەبا لەگەڵدا یەکدا زۆربەی کات تەریب دەڕۆن ، دوای پێشاندانی ئەم ڕووبەرە نزیکایەتییە هەوڵدەدەین ، لێرە بەدوا ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانییان بکەین لە هەمانکات ، خاڵە دژ و ناتەباکانیش .. بۆ نموونە / چی شیعر چی فەلسەفە ، هەردووک بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناتوانین پێناسەیان بکەین . ناتوانین بازنەیان بە دەوردا بکێشین و لە چوارچێوەیان بدەین . هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەردووکیان لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکەن ، ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیان بینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

هەروەک لە کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ ) دا هاتووە و دەڵێ .. ( ناتوانین فەلسەفە پێناسە بکەین ، ئەمەش هێمای بە کەمال گەیشتنی فەلسەفەیە ، یان دەڵێ / دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ فەلسەفە ، ئەمە سنووردارکردنی فەلسەفە دەگەیەنێت …! ) . ئەم قسانە بۆ شیعر و بۆ مۆسیقا و بۆ عەشق و بۆ هەموو چەمکە گەردوونییەکان هەر ڕاستە و لە ڕووی پێکهاتەییەوە هەمان بنیاد و بوونییان هەیە . خاڵێکی تر ، دەبینین زمان ئەو توخمە هاوبەشەی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . زمان ئەو ڕووبەرە بەرین و فراوانەیە کە تیایدا ، شیعر و فەلسەفە یان مەعریفە و ئەدەب بە گشتی تیایدا گەشە دەکەن ، لە نێو ئەم رووبەرە ئەفسووناوییە ، گەڕانەکان و داهێنانەکان و گەمە زمانەوانییەکان و پرسیارەکان دێنە بوون و گەشە دەکەن . زمان ئەم بنیادە بنەڕەتییەیە ، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ مەعریفە و کلتووری هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک .

دەتوانین ئاستی وشیاری و پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە زمانەکەیەوە ببینین . زمان توخمێکی سەرەکییە بۆ دەرخستن و کرانەوەی دیوە شاراوەکان و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ ، هەروەها پردێکە بۆ پەیوەندی غەریزە و بارە دەروونییەکانی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوەی خۆی ، یان ناوەوەی دەق بە دنیای دەرەوە . لێرەدا دەبینین ، شیعریش وەک فەلسەفە ئیش لەسەر مرۆڤ دەکات ، یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە شتەکان و هەبووەکانی دەرەوە وەک ، خودا ، سروشت ، کۆمەڵگە ، کەلتوور ، ئایین ، هەتادوایی .. ! خاڵێکی تر / پرسیار توخمێکی تری هەوبەشی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . شیعر یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی گومان و پرسیارە لای خوێنەر ، یان زۆرجاران ، لە ڕێگای پرسیارەوە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی قووڵتر پێشان دەدات .

فەلسەفەش بە هەمان شێوە ، ئیش لەسەر پرسیار دەکات . هەر لە هەمان کتێب لە( سەرەتاکانی فەلسەفەدا ) هاتووە و دەڵێ ( فەلسەفە مانای بەردەوامبوون لە پرسیار دایە .. ، فەلسەفە لە بنەرەتەوە لە ڕێگای پرسیارەوە دەبێ بە فەلسەفە ، یان لە شوێنێکی تردا دەڵێ / فەلسەفە بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش وڕوژاندنی پرسیارە … ، کەواتە فەلسەفە پرسی مرۆڤەکانە لەسەر بابەت یان دۆخێک تەنانەت رووداوێکیش …! ) . هەروەک فەلسەفە ، پرسیار لە نێو ڕووبەری دەق و زمانی شیعردا ، جێگا و شوێنێکی گرنگی هەیە بە تایبەت ، لای قوتابخانە ئەدەبییەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە ، بۆ نموونە / لە ستایلی شیعری پۆستمۆدێرنی ، پرسیار پێکهاتەیەکی گرینگە لە پاڵ / پارادۆکس و گەمەکردن بە وشە و تەواوی پێکهاتە و تەکنیکە شیعرییەکانی تر ، هەروەها لە شیعر و فەلسەفە دا ، مرۆڤ چەقی ئیشکردن و ناوەندی ئامانجە ، چی شیعر چی فەلسەفە ، لە پێناو مرۆڤ هاتوونەتە بوون .

لەگەڵ هەموو ئەم خاڵە نزیک و هاوبەشییانەدا ، دەبینین لە هەندێ شوێن / فەلسەفە و شیعر ، دژ و ناتەبا دێنەوە ، یان بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕٶن . بۆ نموونە شیعر ئاماژە بە بوون دەکات بەڵام ، شڕۆڤەی ناکات ..! یان لە توانایدا نییە شڕۆڤەی بکات . شیعر وەک فەلسەفە ناتوانێ لە بوون بکۆڵێتەوە و قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بکات . هەروەک بە پێی بیرکردنەوەکانی ( مارتن هایدگەر ) شیعر وەکو فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زمانەوە هەیە ، کە شێوازێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دەربڕینی ڕاستی بوون ، لێرەدا زێتر ئەوە دەبینین کە شیعر تەنها ئاماژە بە بوون دەکات ، بەدوای شڕۆڤە و سەلماندنی ڕاستییەکاندا ناگەڕێت ، زێتر ئەمە کاری فەلسەفە و زانستەکانن .. ئێمە گوتمان زمان ڕووبەر و توخمێکی هاوبەشە لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ، لە هەمانکات / ناوەندی دەربڕێن و داهێنانەکانە . بەڵام ڕوونکرنەوە و شڕۆڤە کردن و دەربڕینی ڕاستییەکان لە فەلسەفەدا ڕاستەوخۆیە ، واتە فەلسەفە دوور لە کۆد و هێماکان بە زمانێکی ڕووت و ڕەوان لە شتەکان دەدوێت ، بەڵام شیعر لەسەر میتافۆر و ئاماژە و هێماکان ئیش دەکات ، بە دیوێکی تر / دەتوانین بڵێین لە شیعردا دەربڕینی مەبەست و ئامانجەکان ناڕاستەوخۆن . ئەمە یەکێکە لەو جیاوازییە سەرەکییانەی نێوان شیعر و فەلسەفە ، بۆیە ناتوانین هەردووک بکەین بە خاوەنی یەک شوناس . پرسیاریش ئەم توخمەیە جگە لە بوونی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا بەڵام ، بەدیوێکدا دەتوانین هەر لەنێو ڕووبەری پرسیاردا ، جیاوازی لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ببینین چونکە ، شیعر وەکو فەلسەفە لەسەر پرسیار ئیش دەکات و پرسیار دەوڕوژێنێ ، بەڵام / بە دوای وەڵام بۆ پرسیارەکاندا ناگەڕێت …!

تەمووزی ٢٠١٧

——————–
_ سەرچاوەکان :

١/ کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ )
نووسینی / پرۆفیسۆر مەحمود خاتەمی .. وەرگێڕانی / سەعید کاکی
٢/ کتێبی ( نێچە فەیلەسووفێکی بەرزەفڕ )
نووسینی / حەیدەر عەبدوڵا
٣/ کتێبی ( شیعر و ئەرستۆ ) .. وەرگێڕانی / د. محەمەد کەمال
٤/ وتاری ( هایدگەر و ئەنتۆلۆگی شیعر ) .. د. محەمەد کەمال
گۆڤاری شیعر ژمارە ١ ساڵی ٢٠١٦
٥/ دیمانەی ڕۆژنامەی ( هاوڵاتی ) لەگەڵ د. محەمەد کەمال / بەشی پێنجەم
٦/ کتێبی ( philosophical classics ) Editor By: James M. Russell
٧/ کتێبی ( prominent Greeks of Antquity their Live and works )
٨/ کتێبی ( Greek mythology and Religion )
٩ / چەند سەرچاوەیەکیتری ئەنتەرنێت دەربارەی شیعر و فەلسەفە .




ئایا مەسعوود بەرزانی پێشمەرگەیە؟ … کارا فاتیح

زۆر جار و لە بۆنەی جیاجیادا مەسعوود بەرزانی دەڵێت من پێشمەرگەم و هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، ئەمەیش زۆر كەس وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی تێی دەگەن، كە دەیەوێت لە ڕێی فریودان و جووڵاندنی هەستوسۆزی خەڵكییەوە، هێزی ئیقناع و ڕەزامەندی و خۆشەویستی لە پانتایییەكی زۆر و لە ئاستێكی میللیدا بۆ خۆی ڕابكێشێ و بەهێز و مسۆگەری بكات، هاوكات دڵی ئەو ئینسانەیش خۆش و بۆ ڕێگەكەی كە پێشمەرگایەتییە بەجۆشتر بكات كە سەرۆكەكەی وەلائـ و هەستی شانازیكردنی وا بە لای ئەوەوە، بەڵام پێی وایە ئەرك و لێپرسراوێتی و هەوڵ و خزمەتە زۆرەكانی بواری پێ نادەن شەو لەگەڵ ئەم لە سەنگەردا ڕۆژ بكاتەوە و، گەرماوسەرما بچێژێت و پاسەوان بێت و شەڕ بكات، دەنا كردوونی و دەیانكات.

ئەم وتە هەمیشەیییەی سەر زاری مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) لەوێوە وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی لێی دەڕوانرێت، كە زۆر كەس بە حەقیقەتی نازانێت و، جیاوازیی بەرزانی و پێشمەرگە وا لێك دەدەنەوە، پێشمەرگە ژیانی خۆی دەكات بە قوربانی، بەڵام بەرزانی هەموو شتێك دەكات بە قوربانیی خۆی، پێشمەرگە بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە بەشێكی زۆر یان هەموو خۆشیی ژیانی لێ حەرام بوە، بەڵام بەرزانی كە دەڵێ پێشمەرگەم، هەموو خۆشییەكی ژیانیشی بۆ حەڵاڵە.
گەر پشتی ئەم وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بپشكنین، تێ دەگەیین كە هێندەیش فریودەرانە نییە و بڕێك حەقیقەتی تێدایە، واتە بەڵێ ڕاستە بەرزانی پێشمەرگەیە، ئەویش بە بەڵگەگەلی وەك:

1- ئایدیۆلۆژیا: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەكن بە قەولی ماركس بریتییە لە هۆشیارییەكی هەڵە، ماركس لێرەدا میتافۆڕی ئاوەژووكردنەوەی ئایدیاكانی دەوروبەر بە كار دەهێنێت، بە پێی ئەم تەفسیرە ئەوەی لە دونیادا ڕوو دەدات لە ڕێی هەڵسەنگاندن و تەسەورێكی خەیاڵییەوە دەشێوێنرێن بە خراپی و هەڵە دەدرێنەوە بە دەرەوە، واتە ئایدیۆلۆژیای بەرزانی و پێشمەرگە، هێزی مسۆگەركردنی ڕەزامەندیی كۆمەڵایەتیی نییە بۆ ڕێكخستنی تاك و پتەوكردنی پایەكانی سیاسەت و كۆمەڵگا و بەهێزكردنی مەعنەویەتی نەتەوە.

2- فیكر: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە مرۆڤگەلێكی سیاسیی بێ فیكرن، فیكر لای ئەمان لە كایەی سیاسەت كراوەتە دەرەوە یان هەر ئامادە نەبوە، بۆیە دەبینین تا ئێستا هیچ تێز و هزرێكی سیاسییان نییە و ناتوانین بڵێین ئەمانە كە سیاسین لە سەر ئەم فیكرە كار دەكەن و وەك زانستێك كاریان لەگەڵ سیاسەتدا كردوە، بۆیە لە مێژووی دوورودرێژی كار و بەرزكردنەوەی دروشمی جیاجیادا لە بارەی كوردایەتی و ناسیۆنالیزم و هەوڵدان بۆ ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەبینین شتێكی ئەوتۆیان نەكردوە و لە ناو بازنەیەكدا خولاونەتەوە، ئەوەیشی بە دەستیان هێناوە، هەموو ساتێك ئەگەری هاتنەوەیان بۆ سەر خاڵی سفر هەبوە و هەیە.

3- زمان: كە فیكر نەبوو یان لاواز بوو، بێ گومان زمانیش توانای تەعبیری نامێنێت، زمان دەتوانێت لە سەر بنەمای فیكرێكی پتەو، لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، گەر تێبینی بكەین مەسعوود بەرزانی كەم قسە دەكات، كە قسەیش دەكات، هیچی گرینگ ناڵێت و لە سەر ئاستی زمان توانای فەنتازیا و ئیستاتیكای نییە و ئەوەیشی دەیڵێت تەعبیر نییە لە فیكرێكی قووڵ، بۆیە قسەكانی جیا لە گوتنێكی بێ بەرهەم، زۆر جار لە ئاستی موخاتەبەدا خەریكی موجامەلەیە، بۆ نموونە لە کاتی بۆنە نیشتیمانییەكان و كەسوكاری شەهیداندا، لە ئاستی دەرەوەیشدا سەرقاڵی سازشە و بۆ داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بە بەڵێنی ناڕاست و چەواشەكاری و بۆ نەیارانیشی بە هەڕەشە دێتە گۆ، هەموو ئەمانەیش تێكڕا بەكارهێنانی زمانن لە سەر بنەمایەك كە فیكر تێیدا ئامادە نییە، بە هەمان شێوە پێشمەرگەیش توانای تەعبیر لە موعانات، بەرنامە و خەون و كاری خۆی نییە، زمان بۆ پێشمەرگە هەندێك جار لە ئاستی كارەساتدا دەبێتە گریان و لە خۆشییشدا دەبێتە تەقەی خۆشی، لە دەربڕینی داواكاری و مافەكانیشدا بە هۆی بەكارهێنانی زمانەوە بەهای مرۆیی ڕێزی كەسێتیی خۆی بە بادا دەدات، لە سەر تەلەفزیۆن دەست دەكات بە گیرفانیدا و دەڵێت هیچ پارەم پێ نییە و منداڵەكانیشم لە سەر جادەن.

4- تەقدیسكردن و بوون بە باوك: مەسعوود بەرزانی لە ڕِێی بوونی بە سەرۆكێكی نێری بێ بەدیلەوە بە هۆی ئەو خەرمانەی تەقدیسكردنەی بەدەوریدا دەكێشرێت، دەبێت هەڵگری سیفەتی باوك وەك بەها و شوناس بە تایبەت بۆ شوێنكەوتوانی، پێشمەرگەیش وەك چەكدارێكی شۆڕشگێڕی نێر، بە هۆی كوشتنی خەسڵەتی شۆڕشگێڕی لە ناو توێژە مەدەنییەكانی تری كۆمەڵگا و تواندنەوەی لە ناو خۆیدا، دیسان لە ڕووی بنەما و شوناسەوە سیفەتی باوكێكی پارێزگار بۆ كۆی توێژەكان وەردەگرێت، ئەو توێژانە هەموو ئەكتێكی شۆڕشگێڕییان لە هەر ساتێكدا وەك ڕەفتارێكی پێشمەرگانە لێك دەدرێتەوە، شۆڕشگێڕی و نەبەزیی پێشمەرگە، بەهایەكی بۆ شۆڕشگێڕیی گەنجان و خەباتی مەدەنیی قوتابییان و فیمینیستان و كرێكاران و…هتد نەهێشتوەتەوە، هەر وەك چۆن عەقڵ و بڕیاری مەسعوود بەرزانییش هیچ بەهایەكی بۆ بیركردنەوەی ئەوانی تر لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد نەهێشتوەتەوە، بەڵام ئەم باوكانە (بەرزانی و پێشمەرگە) باوكی وەهمی و ساختەن، پێوەندیی سونبولی و ڕۆحی و مەعنەوییان بە ڕایەڵێكی فشەڵ و كوێرانە بەوانی ترەوە بەستوونیەتییەوە و بەها و شوناسیان ناجێگیرن، بۆیە بڕیاری بەرزانی و شەڕەكانی پێشمەرگە، خۆشگوزەرانی و ئازادیی هەمیشەیی ناهێنن و لە بازنەی شكست و دۆڕان و قوربانیداندا دەخولێنەوە.

5- مەعریفە: پێشمەرگە شتێكی ئەوتۆ لەبارەی تەكنیكە نوێیەكانی شەڕ و ئاستی پێشكەوتنی پیشەسازیی جەنگ و توانا و گەشەی چەكە نوێیەكان و بەكارهێنانیان نازانێت، ئەمە جگە لەوەی توانای داهێنانی چەكە هەرە سەرەتایییەكانیشی نییە، بۆیە لە سەردەمێك و شوێنێكی ترەوە هاتوە و تووشی واقیعێكی تازە بوە، ئێستایش بە هۆی پێداهەڵگوتن و ئەفسانەسازی و باوەشكردن بە مێژوەكەیدا كە وەهمییە، نایەوێت مەیدانەكە چۆڵ بكات، ئەگەر چی دەزانێت بەو پلانانەی فێری بوە و فێر دەكرێت، بەو تەكنیكەی هەیەتی و ئەو تەكنەلۆژیایەی لە بەر دەستییەتی، مۆدیلی ئەو شەڕانە بە سەر چوە كە بەنیازە بیانكات، مەسعوود بەرزانییش هەرگیز پێوەندییە دیبلۆماسییەكان و تێگەییشتن لە واقیعی دەرەوە لە بەر ڕۆشنایی زانستی سیاسی ناخوێنێتەوە و، ئاڵۆزییەكانی جیهانی هاوچەرخ بە دونیابینییە سادەكانی خۆی لێك دەداتەوە، بۆیە لێرەدا بەرزانی و پێشمەرگە لە جۆرێك لە نەزانی بۆ سیاسەت و جەنگ لە ڕووی مەعریفییەوە هاوبەشن.

6- نەخوێندەواری: لای ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان نەخوێندەواری وەك جنێوێك بۆ لێدان لە ئاستی نزمی مەعریفی و دونیابینی و تێگەییشتنی كەسێك بە كار دەهێنرێت، بەڵام بۆ مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە نەخوێندەواری ئێجگار هێندە سیفەتێكی خراپ و نزم نییە. نەخوێندەوارانی كۆمەڵگا، ئەوانەی هەرگیز بە ڕاستی نەخراونەتە بەردەم دەزگاكانی فێربوونی خوێندن پەراوێز خراون، بەڵام بەرزانی و پێشمەرگە نەك پەراوێز نەخراون، بەڵكو لە لوتكەی هەرەمی گرینگیپێداندان، كە بەرزانی و پێشمەرگە بە پلەی دەزگاكانی دەوڵەتدا بۆ خوێندن سەر ناكەون، ئەوا بەم هۆیەوە بە كوێر حساب ناكرێن، وەك كۆمەڵگا بە خەڵكانی تری نەخوێندەواری دەڵێت، بەڵكو ئەو توانست و بەهرە و بەها ڕۆحییانەی هەر بە سروشتی لە مرۆڤدا هەن، لای ئەمان دەتەقنەوە و ناكەونە بەر دەستاڕی دەزگاكانی خوێندن، بۆیە هەر دووكیان وێڕای نەخوێندەوارییان دەبنە سەرچاوەی حیكمەت، توانست و بەهرەی خۆڕسكی ئەوان دەبنە هەوێنی سوپەرمان، نەخوێندەواری لای ئەمان ئەو قەناعەتە هەڵدەوەشێنێتەوە كە عەقڵ تەنها لە ناو ڕووبەری خوێندەواریدا كار دەكات، هەر بۆیە ئەوانەی دەچنە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە ئەوانەن كە هەرگیز نەخراونەتە بەردەم خوێندن، یاخود تاکتاک و دەستەدەستە قوتابخانەكان بە جێ دەهێڵن.

7- كاریزما: بە هۆی ئەفسانەسازی و تەقدیسكردنەوە لە زەینی تاكی كورددا، هەر دووكیان (مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە) جۆرێك لە كاریزمایان بۆ دروست كراوە، ئەو زیادەڕەوییانەی بۆ قودرەتی كاریان كراوە نەك توانای بیركردنەوە و هزراندنیان، ئەو كاریزمایەی پێی بەخشیون، كە كاریزمایەكی پراكتیكی بوە، نەك كاریزمایەكی تیۆری، بۆیە بە هۆی بێبنەمایی و ناپتەوییەوە لە هەندێ دۆخدا ئەم کاریزمایە دەكەوێت و ناتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆ ئەوانەی ئومێدیان پێی هەیە، هەر وەك چۆن مەسعوود بەرزانی زۆر جار دەكەوێتە بەر لێشاوی جنێو و سووكایەتیپێكردنەوە، پێشمەرگە وەك پیشەیەك هەندێ جار لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لە خوار زۆر پیشەی وەك دكتۆری، ئەندازیاری، بازرگان … هتد حسابی بۆ دەكرێت و تەنانەت زۆر جار دەبنە سەرچاوەی نوكتە.

8- وەلائی خێڵەكی: ئەگەرچی ئەمیان (مەسعوود بەرزانی) بانگەشەی سەرۆكێكی نەتەوەیی و ئەویان (پێشمەرگە) بانگەشەی فیداكار و قارەمانێكی نەتەوەیییان كردوە، بەڵام هەردووكیان بە ڕەفتار خێڵەكین، سەرۆك سەرۆكی پارتێكە و لەوێیشەوە هەر لە ناوەكەیەوە وەلائی بۆ خێڵێ خۆی هەیە، پێشمەرگەیش پێشمەرگەی حیزبە، حیزبیش وێڕای ئەوەی كورد وەك ڕێكخراوێكی مۆدێرن بە كاری نەهێناوە، هاوكات لە ناو حزبیشدا پێشمەرگە بۆ چەند دەستە و تاقم و شەخسیەتێك بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خۆی ڕێك خستوە، بۆیە دونیابینی و سیاسەتەكانی سەرۆك هەرگیز لە ئاستێكی نەتەوەییدا مژدە و خۆشگوزەرانییان پێ نەبوە و خوێنی ڕژاو و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیش لە ئاست خەونی نەتەوەدا بە فیڕۆ چوە، زۆر جار پێچەوانەی عەقیدە و پرەنسیپەكانی خۆیان كاریان كردوە، كە بە وتەی خۆیان كە لایەكیان ئەوی تریانی پێ تۆمەتبار دەكات، لە خیانەتدا بەرجەستە بوە.

9- مێژووی ڕاستەقینە: پێشمەرگە و مەسعوود بەرزانی هەر دووكیان لە مێژووی ڕاستەقینە بێ بەشن، چونكە هیچیان خاوەنی تۆمارێكی ساف و بێگەرد نیین، هەر دووكیان ئەوەی هەیانە و ئەوەی لێیانەوە باس دەكرێت، سیخناخە بە زیادەڕەوی و پڕپڕ لە موبالەغە، بۆیە ئەوەی هەیانە لە ئەفسانەوە نزیكە نەك مێژوویەكی ڕاستەقینە كە ببێتە ئاوێنە بۆ لەخۆڕوانین، ئیتر دەبینین هەمیشە لەگەڵ قۆرغكردنی سیفەتەكانی دانا بۆ بەرزانی و ئازا بۆ پێشمەرگە، پیاوی پڕ حیكمەت بۆ بەرزانی و نەبەرد و چەلەنگ و تێكۆشەر بۆ پێشمەرگە، دڵسۆز بۆ بەرزانی و سەربەرز بۆ پێشمەرگە، هەمیشە ئەو سیفەتانەیان بە هێڵی سوور تەنیوە كە هەرگیز نەك قابیلی ڕەخنە نەبێت، بەڵكو قابیلی بیر لێ كردنەوەیش نەبێت و وەك حەقیقەتێكی ئەزەلی و ئەبەدی سەیری بكرێت، بۆیە هەر كات لە ڕووی پراكتیكییشەوە لە ژیانی خۆماندا بە پێچەوانەی سەدلەسەدی ئەم سیفەتانەوە لەگەڵ پێشمەرگە و بەرزانی ژیاین، هیچ كار لە پێگە و كەسایەتییان لە زەینی تاكی كورددا نەكات، چونكە ئەوە كار و كردەوەی ئەوان لە ناو مێژووی ڕاستەقینەدا نییە ئەو هێزەی بۆ دروست كردبن، بەڵكو بەپێچەوانەوە هێزێكی وەهمی و ئەفسانەیی كۆمەڵێك كردار و سیفەتی ئایدیاڵی بۆ جێگیر و لە زەینی تاكەكان پتەو كردوە، واتە لێرەدا كردار سەرچاوەی هێز نییە، بەڵكو هێزێكی وەهمی بوەتە بنەمای كردار.

10- خاكێتی و لێبوردەیی: سیفەتگەلێكی مرۆیی ئەگەر وەك بنەما و پرەنسیپ لە ناوەوەی مرۆڤدا جێگیر نەبووبن و نەبووبنە بەشێك لە خەیاڵ و بیركردنەوە و لە ناوی نەستی ئینساندا پتەو نەبووبن و دواتر لە كارەكتەر و كەسێتیدا ڕەنگ نەدەنەوە، ئەو سیفەتگەلە مرۆیییە تەنها دەبنە كۆمەڵێك دروشم و لە واقیعدا بە شێوەی سلبی هەڵدەگەڕێنەوە، بۆ نموونە خاكێتی و لێبوردەیی لای پێشمەرگە دەبنە سیفەگەلێكی ناچاری و لای بەرزانی دەبنە نموونە بۆ مرۆڤێك كە ژیان و مردنی خەڵكانی تری بە دەستە، بۆ پێشمەرگە دەبنە واقیعێكی داسەپاو و بۆ بەرزانییش هۆكارێك بۆ فریودان و سیاسەتی دیماگۆجی، ئەمەیش تەنانەت نەك لە پێوەندیی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە سەردانی پرسە و ماڵە شەهیدەكان، تەنانەت لە جللەبەركردن (جلی كوردی و جامانە) ڕەنگ دەدەنەوە.
دەكرێت سیفەتەكانی لەیەكچوون و تەنانەت جیاوازییش درێژ بكرێنەوە و چەندین خاڵی تریش ڕێز بكرێن، بەڵام وەك بنەما قەناعەتم وایە ئەو وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بڕێكی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتوە و ڕاستگۆیە، بڕ نا زۆریش.




ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت

ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت
بنیامین فرانكلین
…..

جوتیار

ئه‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌ به‌ ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی؛ بێهوده‌ترین كه‌سه‌كانی ناو دنیای
سیاسه‌تن، كه‌سانێك كه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن خه‌ریكه‌ ده‌نگی ملیۆنان ئینسان بخه‌نه‌ ژێر پرسیار و گاڵته‌جاڕیه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ كه‌سانێكن كه‌ ناخی لێوانلێویان له‌ حیقدو ڕقی ئیدۆلۆژی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانیان خه‌ریكه‌ وایان لێبكات ده‌نگی ئازادی و پڕ له‌ ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ وه‌دا بچوكبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم چۆته‌ خزمه‌تی تاكه حیزبو تاكه‌‌ كه‌سه‌وه‌و بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بووه‌، من دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم وه‌كو پرۆسه‌كه‌ له‌ ئه‌سڵدا پاشه‌كشه‌شی پێكرابایه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئێستایان و به‌هه‌مان دیدگاو زمانیان جۆرێكیتر ده‌كه‌وتنه‌ خاڵیكردنه‌وه‌ی ڕقوو هه‌ڵچونه‌ سیاسیه‌كانیان، ئه‌وانه‌ ئه‌ونده‌ لاوازن له‌ ئاست خوێندنه‌وه‌یان بۆ ڕیفراندۆم و چه‌مكه‌كانی و ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن بڕوا به‌وه‌ش ‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجامیش درابێ‌، به‌ هه‌موو تێگه‌یشتنیان پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك وه‌ك نانی ناو ته‌ندور سوتاوه‌؛ پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كسانبۆته‌وه‌ به‌ سفر، ناتوانن له‌و هاوكێشه‌یه‌ ‌ تێبگه‌ن كه‌ خه‌لكی كوردستان ده‌نگی خۆی به‌ دیكۆمێنت كردوو تا ئه‌وكاته‌ی سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت ئیتر ئه‌وه‌ به‌هێزترین به‌ڵگه‌ی شه‌رعی ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان دا بۆ ئازادی و بۆ ده‌رچونیان له ناو تاریكایی شۆڤێنیزم و قه‌ومچیه‌كانی ئیسلام .

16.10 با ته‌نها له‌ دوو وێنه‌دا به‌راورد بكه‌ین،

یه‌كه‌م وێنه:‌

تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ناپاك و ترسنۆك و خیانه‌تكار ده‌بینی كه‌ له‌ سێبه‌ری ملیۆنان دۆلاردا پشوو ده‌دات و ده‌خه‌وێت، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ش‌ پێش زرێپۆشه‌كانی دوژمن ده‌كه‌وێت وجه‌لاده‌كان به‌ شمشێره‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ملی دایك و خوشك وبراكانی خۆی.

دووه‌م وێنه:

‌ تۆ كوڕه‌ هه‌ژارێك ده‌بینی كه تا ڕۆژێك به‌ر له‌ مه‌رگیشی خه‌ونی به‌وه‌وه‌ بینیوه‌ منداڵه‌كانی بێ نان نه‌بن بۆ سبه‌ی، به‌ڵام ‌له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردندا ده‌كه‌وێته‌ ژێر زنجیری زرێپۆشه‌كان و ده‌بێت به‌ سه‌دان پارچه‌و له‌ كۆتایشدا ده‌بێت لاشه‌كه‌ی پشكنینی DNA ی بۆ بكرێت تا ناسنامه‌كه‌ی بناسرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ بوو كه‌ ئینسان ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی له‌ به‌راوردكاریه‌كی ویژدانی و مۆڕاڵیدا له‌ یه‌كیان جیا بكاته‌وه‌؛ ئه‌وكاته‌ مرۆڤ ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی بڕوا به‌وه‌ بكات كه‌ ئیراده‌ی خه‌ڵك و تامه‌زرۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هیچ هاوتایه‌كی نییه‌ له‌ گه‌ڵ خواسته‌ كه‌سی و حیزبی و ئیدۆلۆژیكیه‌كان.

خه‌ڵكی كوردستان پڕاوپڕبوون له‌ ئیراده‌ بۆیه‌ سه‌لامه‌تی خۆیان كرده‌ قوربانی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆو پڕ له‌ كه‌رامه‌ت. ڕیفڕاندۆم په‌یامی ئیراده‌یه‌كی زیندوو بوو بۆیه‌ ده‌كرێت مرۆڤ قوربانیشی بۆ بدات.. هه‌ڵپه‌ساردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاكامی ڕیفراندۆم و ئه‌و جۆره‌ مه‌فاهیمانه‌ له‌ قسه‌ی هیچ وپوچی سیاسیه‌ كڵۆڵ و داماوه‌كان شتێكیتر زیاتر نییه‌. ئه‌و خواسته‌ ته‌نها ده‌توانێت گوزارشت له‌ ئیراده‌ی وێرانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكات نه‌ك ئیراده‌ی سه‌رپێكه‌وتووی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی.




ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگ له‌ دوونیایی ئێمه‌دا … هه‌ژارقانع

زه‌بروزه‌نگ: له‌ساده‌ترین مانادا بریتیه‌ له‌هه‌ر پشێوى و به‌ریه‌ك كه‌وتنێك ، كه‌ ده‌كرێت له‌ ناو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا دوروست ببێت،
ئیشى بنه‌ڕه‌تى حكومه‌ت و دام و ده‌زگا نیشتیمانیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگرى بكات له‌ دروستبوون و ته‌شه‌نه‌كردنى ئه‌م زه‌بروزه‌نگانه‌. به‌ڵام كاتێك دام و ده‌زگاكان نیشتیمانى نین و حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك بازركان و جۆرێك مافیا و سه‌رۆك خێله‌كان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌یه‌ ، كه‌ ده‌زگا نیشتیمانى و نۆرمه‌كانى حكومه‌ت، ده‌چنه‌ خزمه‌تى سه‌رهه‌ڵدانى زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ له‌ دۆخێكى وه‌هادا، حه‌یاتى ئینسان ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیارى گه‌وره‌وه‌ و مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ زۆر بێ پشتوپه‌ناو بێ كه‌سه‌.
واته‌ له‌ غیابى نه‌بوونى حكومه‌تی نیشتیمانى و ده‌زگاى نیشتیمانى و هیزى ئه‌منى نیشتیمانیدا ، مرۆڤ بۆ دڵنیابوون له‌ ژیانى داهاتوى، ناتوانێت بێ پشتوو په‌نا بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناچارى په‌نا بۆ حیزبوو خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان ده‌بات، بێ گومان ئه‌مه‌یش گه‌ڕانه‌وه‌ى یه‌كجارییه‌ بۆ دۆخی هێز ویاساى دارستان.

من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ دۆخى ئیستایى هه‌رێمى كوردستانه‌ و له‌ڕابردوویشدا هه‌ر هه‌مان شێوه‌بووه‌.
به‌واتایه‌كى تر هه‌رگیز هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌ دۆخى ڕاگواستندا تێپه‌ڕێت، واته‌ له‌ دۆخى حكومه‌تى خێڵ و هێزى دارستانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هاوڵاتى و له‌ ده‌زگاى شه‌خسى و حیزبیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ده‌زگاى مه‌ده‌نى ونیشتیمانى.
ئینسان له‌دوونیادا، له‌هه‌ر شتێك زیارت پێویستى به‌ حكومه‌تێكه‌، توانای مۆنۆپۆڵ و كۆنترۆڵى زه‌بر و زه‌نگى نا شه‌رعى هه‌بێت، له‌ پێناوى دابینكردنى ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئازادى تاكه‌كه‌سى و سه‌لامه‌تى سه‌ر و ماڵى هاوڵاتیاندا. به‌ڵام له‌شه‌نسى هاوڵاتیانى كوردستاندا و له‌ سایه‌ى یه‌كێتى و پارتیدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ماوه‌ى بیست و چوارساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا، نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ ڕێگربێت له‌ زه‌بر و زه‌نگى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ناشه‌رعى، به‌ڵكو خودى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ حكومه‌تیشیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌، بۆخۆیان به‌شێك بوون له‌ دروستكردنى پشێوى و شه‌رعاندنى زه‌بروزه‌نگ له‌ڕێگه‌ى حكومه‌ته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسی

ڕه‌نگه‌ تاكه‌شتێك له‌دوونیاى ئێمه‌ى نه‌توه‌ى كورددا به‌درێژایی مێژووى نه‌توه‌كه‌مان هه‌زارانجار توشى نه‌هامه‌تى و ده‌ربه‌رده‌رى كردبین بریتیبێت له‌ زه‌بروزه‌نگى سیاسى.
سیاسه‌ت له‌دونیایی ئێمه‌دا جگه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگى ڕووت، هیچ شتێكى ترى به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. ئێمه‌ به‌ده‌ره‌جه‌ى یه‌ك به‌رهه‌مى زه‌بروزه‌نگى سیاسین، بێگومان نابێت ئه‌وه‌یشمان بیر بچێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى سیاسه‌تى كوردییان كردووه‌ به‌درێژایی مێژوو سه‌رۆك خێڵه‌كان بوون یان هیچ نه‌بێت خاوه‌نى تێڕوانینێكى خێڵه‌كى بوون، له‌سه‌رده‌ستى ئه‌م سیاسیه‌ خێڵه‌ كیانه‌، له‌كۆنه‌وه‌ تاكو ئێستا دونیاى ئێمه‌یان پڕكردووه‌ له‌ هه‌زاران جۆر زه‌بروو زه‌نگى سیاسی ترسناك.

زه‌بروزه‌نگى سیاسى له‌نه‌وه‌ده‌كاندا میله‌تى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ، به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌زارانمان له‌یه‌كترى كوشت و سه‌دانمان له‌یه‌كترى بێسه‌روشوێنكرد، ئێستایش هه‌ندێك له‌كه‌س و كارمان له‌ناو زیندانه‌كانى یه‌كێتى وپارتیدا ده‌ناڵێنن،
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌یی كه‌ شه‌ڕى ناوخۆ به‌سه‌رگه‌له‌كه‌ماندا هێنای، به‌رگه‌مان گرت و ماینه‌وه‌ پیمان وابوو كه‌ شه‌ڕى ناخۆ ده‌كێرت له‌تكه‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسى بێت ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌ ، سه‌رۆك خێله‌كانى كورد لێنه‌گه‌ڕان ئه‌م میله‌ته‌ بڕێك بحه‌سێته‌وه‌، شه‌ڕى گه‌وره‌ترین هیزى تیرۆرستى دونیاییان پێكردین كه‌ ئه‌ویش(داعش) بوو له‌ به‌رامبه‌ردا ، گه‌وره‌ترین ده‌زگاى شه‌رعییان وه‌ستان كه‌ په‌رله‌مانى كوردستانه.‌

زه‌بروزه‌نگى سیاسى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ڕۆژێ، نیوه‌ى نیشتیمانێك بفرۆشین كه‌ هێشتا بۆنى خوێنى شه‌هیده‌كانى لێدێت، بۆ مێژوو ده‌ڵێم ئێمه‌ نه‌وه‌ى میله‌تێكین هێشتا پرسه‌ى شه‌هیده‌كانمان هه‌ڵنه‌گیرابوو، هێشتا جله‌كانى به‌رمان ڕه‌ش بوون، هێشتا فرمێسك له‌چاومان ده‌چۆڕا، زه‌بروزه‌نگى سیاسى وایكرد ، سه‌رۆك خیڵه‌كانمان له‌سه‌دا په‌نجاى نیشتیمانه‌كه‌مان بفرۆشن .




ئۆتیزمی سیاسی و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ….. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بن به‌قوربانی مل نه‌دانی پارته‌ سیاسیه‌كان بۆ مه‌رج و داواكاریه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند، فه‌رمانبه‌ران له‌نێوان به‌رداشی لێدوانه‌ بێكرداره‌كانی به‌رپرسه‌كان و به‌ڵێنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا بێ‌ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌و هێنده‌ی تر بارودۆخی ژیانیان به‌ره‌و خراپتر ڕۆشتوه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌م بارودۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مه‌رگه‌ساته‌و كاتكوشتن مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بۆگه‌نكردنی سیسته‌می حكومڕانی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی سیاسه‌تی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌خولقاندنی كێشه‌ ئه‌فسانه‌یه‌كان و تاودانی یه‌كه‌ كارگێریه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌كان شه‌رعیه‌ت به‌پاوانخوازی و ناداد په‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن، به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شانامانه‌ی له‌ دیوه‌ خانه‌كانی حیزبه‌وه‌ ته‌رجومه‌ ده‌كرێن بۆ زمانی فه‌رمی حكومه‌ت گه‌نده‌ڵیه‌كانیان به‌یاسایی ده‌كه‌ن.

حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوی جدیانه‌و سیاسیانه‌ی نا بۆ په‌رته‌وازه‌كردن و لێكهه‌ڵوه‌شانی كۆی بونیادی كولتوری و سیاسی كوردستان ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان به‌بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بو به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت له‌پێناو خه‌می هاوڵاتیان هه‌وڵی جدی بدات بۆ ڕێكه‌وتن به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌یان نه‌نا به‌ڵكو به‌هاش و هوشی وه‌به‌رهێنان و گرێبه‌ستی نه‌وت خه‌یاڵی هاوڵاتیانی كوردستانیان گه‌یانده‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ بێكرده‌و بێ‌ بنه‌ما بون زۆری نه‌برد به‌ناوی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هێرشی ئابوریان به‌ده‌ستی خۆیان بۆسه‌ر گیرفان و بژێوی گه‌وره‌ترین توێژ كه‌ فه‌رمانبه‌ران بوو ده‌ست پێكردوو ئه‌م جاره‌شیان خه‌ڵكیان به‌وه‌ فریودا كه‌ گوایه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ كاتیه‌وه‌و هه‌رزوو كۆتایی دێت، ئه‌مه‌شیان به‌سته‌وه‌ به‌به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان.

به‌ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌بری هه‌نگاوی كرداری درێژه‌یان به‌قه‌یرانه‌كه‌دا، ته‌نها به‌لێدوانی بێكردار وه‌ڵامی خه‌ڵكیان ده‌دایه‌وه‌و چه‌ندین جار دووپاتیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كاتیه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ركاتی نه‌بوو به‌ڵكو بوو به‌نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، لێره‌وه‌ پلانی داگیركه‌ران كه‌وته‌ر سه‌ر سكه‌ی خۆی له‌ناوخۆشدا هیچ بایه‌خێك به‌ناڕه‌زایی خه‌ڵك نه‌دراو ئه‌و به‌شداریه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی هاوڵاتیان و سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كان و ڕێكخراوه‌ پیشه‌یه‌كان كه‌له‌ڕاستیدا به‌كوالیتی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ ده‌چون هێنده‌ دیمۆكراسی و مه‌ده‌نیانه‌ بون گومانت هه‌بوو له‌ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی نمونه‌ی ئه‌و عه‌قڵه‌ پێشكه‌وتوه‌ی خه‌ڵك ببنه‌ ناوه‌ندی بڕیاردانه‌وه‌ كه‌چی به‌قسه‌ی نه‌سته‌ق و نوكته‌ ئامێز وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی كۆیی ئه‌و چالاكیه‌ مه‌ده‌نی پیشه‌یانه‌و ئیفلیج بوون له‌چاره‌سه‌ر و ئیداره‌دانی كێشه‌كان به‌مل ملانێی حیزبی و چه‌نده‌ها ته‌فسیری تر بارودۆخه‌كه‌یان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تایبه‌تی سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئاماده‌ نه‌بوون گۆڕانكاری له‌سیسته‌می حكومڕانیدا بكه‌ن، ده‌ستیان برد بۆ پیرۆزترین ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی كه‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بوو كه‌به‌بڕوای چاودێره‌ سیاسیه‌كان گه‌وره‌ترین گورزه‌ له‌شكۆیی میلله‌تی كورد به‌ده‌ستی خۆی، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م كێبڕكێ‌ ناشه‌ریفانه‌ی حیزب و مل نه‌دان بۆ یه‌كترو لوتكه‌ گرتن له‌یه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و گڕگڕتنی ئه‌م بارودۆخه‌ بوو، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌دووه‌م په‌یامی دوای هێرشه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان داوای خۆپیشاندان له‌هاوڵاتیانی كوردی تاراوگه‌ ده‌كات ئێمه‌ ده‌پرسین خه‌ڵك به‌چ ڕویه‌كه‌وه‌ له‌باخچه‌كانی دیمۆكراسی و شارستانیانه‌ی ڕۆژئاوا بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان له‌كاتێكدا ئه‌وان خوشك براكانیان له‌ژێر سه‌پاندنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌سه‌ر زێدی خۆیان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، به‌راِستی له‌گه‌ڵ هه‌موو لێدوانێكی ئه‌م حكومه‌ته‌ بێپلانه‌دا بیرۆكه‌ی نوسینی ڕۆمانێكی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌دات، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی دۆخی كوردستان ته‌نها حكومه‌تێكی نیشتمانیه‌ كه‌دوور بێت له‌ده‌ستێوه‌ردانی حیزب وخاوه‌نی ده‌ستورێكی نیشتمانی به‌هێز بێت كه‌زامنی چه‌ند باره‌ نه‌بونه‌وه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌رو ڕوداوی هاوشێوه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌بێت، كه‌كۆمه‌ڵێك سزاو به‌ندی ته‌شریعی وه‌های تیادابێت كه‌شه‌ڕی ناوخۆ و تێكدانی ئارامی و ئاسایشی تاك به‌هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانیه‌وه‌ حه‌رام بكات، لێره‌وه‌ كاتی ئاشكراكردنی دواكاردی فریاد ڕه‌سی خه‌ڵك واده‌كه‌ی زۆر نزیك بوه‌ته‌وه‌ ته‌نها ماوه‌ له‌مانشێتی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا وه‌ك هه‌واڵێكی به‌په‌له‌ خۆی نمایش بكات، باپێكه‌وه‌ هاوكاربین بۆ ڕزگاری نیشتمانی بۆ كۆتایی هێنان به‌سیسته‌می خێرو پیاوه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ی به‌باكگراوندی شۆڕش وهێز كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كایه‌ سیاسی و ئابوری و ئیداریه‌كانیان كردوه‌، تكایه‌ با ئێمه‌ قه‌باره‌ی شه‌ڕه‌كانی میدیاو هێرشی ڕاگه‌یاندن دژی یه‌كتر بچوك بكه‌ینه‌وه‌و نه‌بینه‌ هاوكاری ئه‌و مه‌رامانه‌ی له‌پشت تێكدانی ئاسایشی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ن.




دوو شیعری سامی شۆڕش

باوه‌شم ده‌
دڵ ئه‌شكه‌وتی ده‌رگا بزر.
باوه‌شم ده‌..
له‌چاومایه‌ فرمێسكی كه‌و.
له‌گیانمایه‌ سۆزی كۆتر.
باوه‌شم ده‌..
تاڤگه‌ی قژت بڕژێنه‌ ڕووم.
با خه‌رمانه‌ی نه‌رمی به‌فر
له‌ شه‌ودا بۆم بێ‌ به‌ پێخه‌ف.
باوه‌شم ده‌..
بۆ قه‌ندیله‌ی فتیل كزر.
بۆ ئاسمانی ده‌م پڕ له‌ كه‌ف.
منم هه‌تاو. منم ئاگر
باوه‌شم ده‌..
منم ئاگر
منم ئاگر.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (52) 2/1/1970.

له‌ ده‌فته‌ری عاشقێكی هه‌تاوه‌وه‌

1
برسی برسیتی تربێ‌.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی گوڵه‌گه‌نم و باران ده‌بێ،
شه‌وگار هه‌ر چه‌ند درێژتربێ‌.
ئه‌وه‌ند غه‌ریب شه‌یدای خۆری ئاسمان ده‌بێ‌،
منیش هه‌ر چه‌ند كوشتن به‌ گیانم فێر ده‌كه‌ن
به‌ری هه‌تاوم لێ‌ ده‌گرن.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی ژیان ده‌بم.
ئه‌وه‌ند هه‌تاوم خۆش ده‌وێ‌.
2
ئه‌ی ئه‌و بنجه‌ گوڵه‌ی له‌به‌ر
جۆگه‌ی خه‌مباری برینی مندا ده‌ڕوێی.
له‌سای مه‌رگی مندا شكۆفه‌ ده‌رده‌كه‌ی
تاكه‌ی نه‌توانم بلبلی عه‌شقخوانی ده‌نگی خوێنم
بێنمه‌ سه‌ر چڵت بێنم.
پڕ به‌ ده‌نووكی ئاره‌زووم
بۆ هێلانه‌ی خۆر بخوێنم.
3
– ڕێگا .. ته‌ور
* گیانه‌ دره‌خت چه‌ند لق و پۆپی ببڕن.
ئه‌وه‌ند ڕه‌گ و ڕیشه‌ی به‌ره‌و قووڵتر ده‌ڕوا،
– دنیا شه‌وه‌ و دنیا به‌فره‌.
* شه‌وان خۆر خۆشه‌ویست ده‌بێ‌.
به‌فره‌ ڕۆژیش.
برین ده‌بێته‌ ئاگردان
– گیانه‌ ڕێگا چاڵه‌ و نزمه‌
* خۆشه‌ویستم
ئاشقی خۆر .. هه‌رده‌م ده‌ڕوانێته‌ ئاسمان.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌( 176) 20/7/1973.

تێبینی:
ساڵی 2004 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس. كۆشیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕشی چاپ كرد. (12) شیعری گرتبووه‌ خۆ، سه‌ره‌تای گه‌نجیم شیعره‌كانی سامی شۆڕشم له‌ ده‌فته‌رێكدا بۆ خۆم نووسیبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها شیعری شاعیرانی تری وه‌ك: جه‌لالی میرزا كه‌ریم و ئه‌حمه‌د تاقانه‌ و محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی و فازیل شه‌وڕۆ و جه‌لال به‌رزنجی و شاعیرانی تریش، كه‌ كۆشیعره‌ چاپكراوه‌كه‌یم بینی هه‌ستم به‌ كه‌موكورتییه‌كانی كرد. ته‌نیا شیعری: (بووكی ئاو)م لانه‌بوو، ئه‌م باسه‌م له‌گه‌ڵ: (لوتفی شۆڕش) كرده‌وه‌. ئه‌میش شیعری: (بووكی ئاو)ی بۆ هێنام.
داوام له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد. به‌لێزیادكردنی (8) شیعری تر چاپی دووه‌می بكاته‌وه‌. له‌ ساڵی 2012 چاپی دووه‌می كرده‌وه‌.
دوای چاپی دووه‌م به‌ ماوه‌یه‌كی كورت، دوو شیعری تریشیم دۆزییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی وایكرد ئه‌و دوو شیعره‌ش بڵاوبكه‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌، براده‌رێك له‌ ژماره‌ (4)ی گۆڤاری (باران)دا، شیعرێكی به‌ناونیشانی: (تیری ئایرۆس) (ئاماده‌) كردووه‌ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌. (7) په‌راوێزیشی بۆ نووسیوه‌. هه‌ر (7) په‌راوێز زیادن و شتی زاندراو و باون. یه‌ك په‌راوێز پێویست بوو. ئه‌میشی نه‌نووسیوه‌. پێویست بوو ئاماژه‌ بدات، كه‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌، ده‌ی جا چی بووه‌. ئه‌گه‌ر ویستی جارێكی تر له‌ (ئاگایی بێگه‌رد)دا شیعره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ یارمه‌تی (خۆبوونی) و (چییه‌تی) نووسینی ده‌دات، (خۆبوونی) و (چییه‌تی)، تۆوی به‌بڕشتن بۆ به‌خشش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ده‌ست دراو و ئاست پێدنه‌وه‌ی.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
8/11/2017 هه‌ولێر




کوردە وریا بە، “روسیا” چاڵ هەڵدەکەنێت!؟ … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

روسیا، بۆ پێکانی ئامانجە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا مەبەستیەتی ببێت بە تاکە هێز کە هەموو دژەکان لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە. چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە هەنوکە “روسیا”، پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی بە شێوەیەک پیادە کردوە کە خەریکە دەبێتە تاکە زلهێز لە ناوچەکەدا کە سەڕۆکی وڵاتانی ئەو ناوچەیەی لە فەلەکیی خۆیدا دەخولێنێتەوە و بە ئاسانی دەستی “روسیا” لە هەموو رووداوەکان، رێککەوتنەکان و گرفتەکاندا دەبێنرێت.
سەرکەوتنی پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی “روسیا” لەگەڵ سەڕۆکی ئەو وڵاتانە بە خۆرایی نییە، بەڵکو،”روسیا” خوێندننەوەی بۆ بارودۆخەکە کردوە و میدیا و هێزی ئابووریی و سەربازیی روسی بۆ ئەو مەبەستە خستۆت گڕ بۆ ئەوەی کاردانەوەی زیاتری هەبێت لەسەر دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. لە دەرئەنجامدا هەنوکە تێبینی دەکرێت کە پەیوەندیی “روسیا” لەگەڵ ئیران، تورکیا و ئیسرائیل و سوریا و چەند وڵاتێکی تر باشە وە “روسیا”، دوور نییە لە داهاتویەکی نزیکدا ببێت بە ناوبژیوان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل!
لە سەرتای هەڵگیرساندنی جەنگ تا هەنوک کە بۆ شەش ساڵ دەچێت، سووریا کاول بوو بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان بوون بە قوربانی و دەربەدەر بوون بەڵام “روسیا” نەیهێشت هاورێ دێریەنەکەی کە “ئەسەد”ە بروخێت. پلە یەکی خوازەکانی روسیا مانەوەی “ئەسەد” بوو لە دەسەڵات، وەک کەسێک کە دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی “روسیا” لە ناوچەکە.

پاراستنی “ئەسەد” تەنیا پێویستی بەوە نەبوو کە “رووسیا” دژ بە “ئەمریکا” بوەستێت، بەڵکو پێکانی ئەو مەرامە پێویستی بەوەش هەبوو کە رووسیا ڕووبەڕووی چەند گروپێکی تر ببێت وەکو “ئەلنوسرە و ئەلقاعیدە وە ئەو گروپە چەکدارە میانڕوانە کە ئەمریکا یارمەتی دەدان و مەشقی سەربازیی پێ دەکردن”. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە سەرتای جەنگی دژ بە “داعش” “ئەسەد” تەنیا ٢٠% تا %٢٥ لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتدا بوو. روسیا روخانی “ئەسەد”ی پێش تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” قبوڵ نەبوو بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای جەنگەوە “روسیا” لە رێگەی پاراستنی “ئەسەد” هێز و هەیمەنەی خۆی پیشانی دەوروبەر دا و بە رووخانی “ئەسەد” غروری “روسیا” دەڕوشا، لەگەڵ ئەوەی کە روونە خەونی “روسیا” زۆر لەوە گەورترە کە تەنیا پارێزگاری لە مانەوەی “ئەسەد” بکات و تەنیا چاوی بڕیبێتە “سوریا”!
روسیا، بە درێژایی مێژوو پلانی داڕشتووە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەکانی لە دنیای سێیەمدا. بۆ ئەو مەبەستە لەسەر دوو ئاست کاری کردوە، یەکەم، لەسەر ئاستی بەکارهێنانی نەتەوەکان لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی جوڵانەوە سیاسییەکانیان بە رێگەی سەرکردەکانیان. دووەم، لە رێگەی پروپاگەندە کردن بۆ “ئایدۆلۆژیایەکی فکری سیاسیی فەلسەفی” تایبەت بە پشتبەستن بە فکر و ئەزمونی “مارکس و لینین”ی، بە گروپ کردنی خەڵک و کۆکردنەوەیان و دروست کردنی ئەحزابی وەکو “ئەحزابی شیوعی” وەک پارتێکی عەقائیدی و ناساندنی بە نێو پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگەی دنیای سێیەم و گرتنی جڵەوەکە بە دەستی خۆی لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی سکرتێر و کەساییەتی یەکەمی ئەحزابی شیوعی لە جیهانی سێیەمدا.

گومانی تیاددا نییە “روسیا” لە وڵاتانی سەرماییەداریشدا هەوڵیداوە بۆ دامەزراندننی ئەحزابی شیوعی بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو وڵاتانە و بوونی دەسەڵات و سیستەمیی دیموکراتی سەقامگیر، “روسیا” نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە بەکارهێنانی ئەو پارتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی تا ئاستی پێویست وەکو وڵاتانی ” ئەمریکا، ئوسترالیا، بریتانیا” و دەیان وڵاتی تر. هەروها “روسیا” سەرکەوتوو نەبووە لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوەخۆی ئەو وڵاتانەی کە توانیوییانە لەسەر پێی خۆیان ڕابووەستن و خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی ئابووریی سەقامگیر بن نمونە وەک “چین” و “یابان”.
مۆسکۆ، لە جیهانی سێیەمدا تا رادیەکی باش توانیویەتی بە مەرامە سیاسیی و ئابوورییەکانی بگات، بەهۆی باری نەلەباری ئەو میللەتانە و هەژاری و جەنگ و بوونی حاکمی دیکتاتۆر و ناجێگیری سیستەمی دەسەڵات، زەمینە زیاتر لەبار بووە بۆ “روسیا” کە بتوانیت خۆی لە کاروباری ئەو میللەتانە هەڵقوڵتینێت و سوومەند بێت لە سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتانە و بەکاریانبهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان نمونەی زیندو وەک “ئەفریقا” و “رۆهەڵاتی ناوەڕاست”.
روسیا، بەهۆی شوێنی جوگرافیا و هاوسنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا و بوونی ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی و بوونی شەڕی مەدەنیی و دەسەڵاتداری دیکتاتۆر لەو ناوچەیەدا زەمینەیەکی لەباری رەخساندوە بۆ روسیا کە بۆ خەونە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لەو ناوەچەیەدا کاربکات و هەوڵبدات دەستی بگات بە خاڵە ستراتیژییە جوگرافییەکانی ئەو ناوچەیە بۆ نمونە “دەریای ڕەش”.

بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێت “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا بۆ بەرژەوەندییەکانی یاریکەرێکی باش بووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چاڵ هەڵکەندن بۆ میللەتانی ناوچەکە، تا دەگات بە هەموو ئەحزابە شیوعیەکانی ئەو ناوچەیە کە دۆست و لایەنگری سۆڤیەت بوون و متمانەی خۆیانیان پێ بەخشیبوو بەوەی کە “روسیا” دژی ئیسرائیلە، دژی ئیستعمارە، دژی نەتەوە پەرستییە، دژی ئایین و خورافیاتە، دژی سەڕۆکە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە وە بە هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری وەک بەرەو “سۆشیالیزمی و کۆمۆنیستی و بونیاتنانی دیکتاتۆرییەتی پرولیتریا” و دژ بە سەرمایەداری دا فڕیوی دابوون و ئەوانیش بە گژ سەڕۆک و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکاندا دەچوون، کە لە دەرئەنجامدا بە هەزارانیان لە ژێر ئەو دروشمەدا لە سێدارە دران و “روسیا”، ئاوڕێکیی لێنەداوە!
مۆسکۆ، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی، لە دنیای سێیەمدا دەستێکی باڵای هەبووە لە دروست کردن و بە قەبە کردن و بە جەماوەر کردنی” ئەحزابی شیوعی” بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. دواتریش وەک فشار ئەو هێزە جەماوەرییەی بەکارهێناوە بەرامبەر بە دژەکانی بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی، سەربازیی و سیاسییەکانی، ئینجا کە ئەمەی بۆ چۆتە سەر پشتی لەو هێزە جەماوەرییە کردوەو بە دەستی هەمان دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بە قەلاچۆ کردنیانی داوە، وەک “حزبی شیوعی عیراقی، حزبی شیوعی میسری، حزبی شیوعی سودانی، حزبی شیوعی لیبی، حزبی تودەی ئیرانی، حزبی شیوعی لیبی حیزبی کۆمۆنیستی تورکی” بە دەیان ئەحزابی شیوعی تری وڵاتانی ناوچەکە!

روسیا، یاری بە چارەنووسی وڵات و نەتەوەکانی تریش کردوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونە “کوردستان”ی داگیرکراوەیش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە “روسیا” قسوری پێنەکردەوە لە یاریکردن بە چارەنووسی بزوتنەوە سیاسییەکانی و خواستە نیشتمانیی نەتەوەییەکانی، دامرکاندن و بەرەو هەڵدێر بردنی شۆڕشەکانی. ئەزمون و مێژوو پێمان دەڵێن ڕیککەوتوە کە “روسیا” هۆکاری سەرەکی بووە لە دامرکاندنی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد نمونە “کۆماری مهاباد” و “ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠”.
هەنوکە، چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیهان، شێکرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کە “روسیا” توانیویەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا پەیوەندیە دیبلوماسییەکانی بەرەو پێشەوە ببات کە لە ئەنجامدا پێگەی بەهێز بووەو وە دوای تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” هەوڵدەدا مەرجی خۆی بسەپێنێت. کە بێگومان کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە ناوچەکە کە چارەنووسی دەکەوێتە ژیر دەستی “روسیا”! وە پێش وەخت “روسیا” لەگەڵ نەیارانی “پرسی کورد” دۆستە!

لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە بەکارهێنانی کارتی ” روسیا” و ئاماژەدان بە “ئەمریکا” لە هەڵبژاردنی ئەو بەرەیە وەکو فشارێک بۆ دەستکەوت و سەپاندنی مەرج بەسەر “ئەمریکا”دا هەنوکە ئەو خوازە لە قەبارە و ئەندازەی پارتە کوردییەکاندا نییە بە تایبەتی لە باشووری وڵات، وە ئاشکرایە کە “روسیا” هەنوکە و لە ئاییندەش بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی لە چاوی عەبادی، ئەسەد، روحانی و ئەردوغان دا دەبینێت.

———————————
سەرچاوە:

http://iiss.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/05679327908457338#.WgOYX0lrzs0/
The Soviet union in the international system of the 1980s
Foreign relations of Russia
http://www.businessinsider.com/russia-middle-east-strategy-explained-2017-10?IR=T
https://www.bloomberg.com/news/articles/2017-10-03/putin-is-now-mr-middle-east-a-job-no-one-ever-succeeds-at
http://crhsgg-studentresources.wikispaces.umb.edu/file/view/Alzaabi%2C+NouraDemocracy+in+MENA_NouraAlzaabi.pdf
http://www.theisraelproject.org/episode_46_a_cold_war_in_a_simmering_middle_east?gclid=EAIaIQobChMIo_-X0q2w1wIVVyQrCh3iGwHUEAAYASAAEgKM-PD_BwE




‌ میدیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم…!!! … جوتیار

بۆچونێك هه‌یه پێی وایه كه‌ نه‌وه‌ی پێش ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان ده‌بوایه خۆی له‌ گه‌ڵ میدیاو هه‌ژموونه‌كه‌یدا بگونجاندبایه، به‌ڵام له‌ زه‌مه‌نی ئێستاماندا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌؛ پێویسته‌ میدیا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی گێنێراسیۆنی (IT) هونه‌ری زانیاری و نه‌وه‌ی نوێدا بگونجێنێت ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوردستاندا ئاستی پێگه‌یشتنی ئاراسته‌ی میدیایی و فه‌زای سه‌ربه‌خۆبوون و گه‌شه‌كردنی؛ په‌یوه‌سته به‌ خۆ دابڕاندن له‌ هێڵه‌ سیاسیه‌كان و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ڵاتی باو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ میدیا و ڕۆشنبیری كوردی ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت ئه‌و ئاسته‌ دۆگماو به‌جێماوه‌یه‌‌ كه‌ له‌ پانتایی هێڵه‌كانی ئیدۆلۆژیا و كاریگه‌ری ئه‌ودیو تێڕوانینه‌ سیاسیه‌كاندا جێده‌گرێت، ئه‌و بونیاده‌ی كه‌ ڕۆڵ ده‌دات به‌ میدیا و ڕۆشنبیر بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ ئالیه‌تی دروستكه‌ری ڕایگشتی و باوه‌ڕپێكراو له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ته‌نها پرۆفێشیناڵبوون له‌ ڕوی تێكنیكه‌وه ‌نییه‌ یاخود گووتار نوسین و قسه‌كردن نییه‌، به‌ڵكو خۆ ساخكردنه‌وه‌و ده‌ربازبوونه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و پارادۆكسیزمه‌ ئاڵۆزه‌ (پۆلیسۆسیاڵ)ه‌دا

1. ئه‌و ڕه‌وشه‌‌ سیاسی و له‌ناكاوه‌ی كوردستانی باشور له‌ دوای 16.10 وه‌ ده‌رخه‌ری ناواخنی ڕاسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتن و توانای ئه‌قلی میدیاكارو ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ نه‌یانتوانی تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌رتاپاگیره‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان ڕووبه‌روی بۆته‌وه‌ بسه‌لمێنن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆشنبیران و میدیاكاران ‌ به‌ دیاریكراوی‌ دوای ئه‌و پێشهاته‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ك هه‌ر تاكێكی توڕه‌و بێزار له‌ ناكامبوونی ئه‌و قۆناخه‌؛ هاتنه‌ ناو ڕۆژنامه‌و به‌رده‌م مایكه‌كان و ناو تۆڕه‌كانی سۆشیالمیدیا بۆ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌و دامركانه‌وه‌ی ڕقه‌ هه‌ڵاوساو و په‌نگخواردوه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسی و ڕكبه‌ره‌كانیان و خراپترین جۆری خو‌ێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌ ڕای من كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگاتیڤیان خسته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ و تا ئاستی داخستن و بێهه‌ناسه‌ییان برد ، من ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكی ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵ و په‌یجه‌ ئینته‌رنتیه‌كان تا ژێرزه‌وی توشی هه‌ره‌س و داڕمانی ده‌روونی هاتن و له‌ بێ پلانی و بێ ره‌هه‌ندی خۆیاندا بوون به‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ تازه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی شكست و خیانه‌تێكی سیاسی كوشنده‌دا له‌ دایك بوو و وه‌كوو هه‌ر قۆناخێكی تری تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی فه‌رزكرا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكی كوردستاندا . ‌

‌ ئه‌ركی ڕۆشنبیر یاخود میدیای ئازاد ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌ركێكی ویژدانی و ڕاستگۆیانه‌ بێت‌؛ هه‌ڵگری په‌یام و ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆشنبێت كه‌ ئه‌ویش بونیادنانی ئیراده‌و دروستكردنی ووشیاری سیاسی و ‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ ؛ هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وشه‌ ئاوارته‌و قه‌یراناویه‌كان به‌بێ مه‌یلگه‌رایی سیاسی نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین قوڵكردنه‌وه‌و شێواندن و به‌ هه‌ستیاریكردنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ نێوان چینه‌ جیاوازه‌كاندا ، میدیاكانی لای ئێمه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ سه‌رلشێواو و بێ ئامانجن كه‌ ئاماده‌ن بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی به‌ناو پڕۆفێشیناڵبوون و به‌ناو سه‌ربه‌خۆبونیان ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك بگرن، په‌نا بۆ هه‌ر جیهه‌تێك ببه‌ن ‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژه‌كه‌یدا خیتابی حه‌ماسی و هه‌جوی ئیستیفزازكه‌ر بدات.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی جه‌ده‌لیه‌تی میدیای كوردی بكه‌یت زۆر ئاسان ده‌بینی چه‌نده‌ بێ بونیادو بێ مه‌عریفه‌ی ململانێ باڵاكانی كولتورین ؛چه‌نده‌ هه‌موارن به‌ عه‌قلیه‌تی یه‌كترشكاندن و ڕكاوڕێك نمونه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردین.
له‌و ڕه‌وشه‌ بێئامانه‌ سیاسیه‌دا به‌شێكیان باسی پلانه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ چۆن دیسان كورد خه‌نجه‌ری خیانه‌تی لێدرا وده‌یانه‌وێت پاكانه‌و ئه‌ستۆپاكی بۆ ‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكه‌ن ؛ به‌شێكیشی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ئاڵوگۆڕێك نه‌بوبێت و ڕوینه‌دابێت بۆمان باسی هاورده‌كردنی خه‌یارو ته‌ماته‌ی ئیندۆنۆسی ده‌كه‌ن؛ باسی به‌رهه‌می ماسی و سوده‌كانی ده‌كه‌ن؛ یاخود باسی ڕۆنالدۆ و یاریه‌كانی به‌رشه‌و ڕیاڵ؛ ئاخر ئه‌وه‌ چ ‌ په‌رتبوون و چ وێرانه‌یه‌كه‌ كه‌ میدیاو رۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرانی كوردستان تیایدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن؛ میدیا و ڕۆشنبیران ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن دركی پێبكه‌ن ته‌نها حه‌قیقه‌ته‌و هیچیتر؛ ته‌نها ‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروستوو لۆژیكیانه‌یه‌ بۆ ڕوداوه‌كان؛ ئه‌ركی هه‌ستكردن به‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ قسه‌ بكات، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ ڕاستیه‌كان به‌ قسه‌ بێنێ ؛ قسه‌ی نوسه‌رێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ ده‌ڵێت( هه‌ندێك كه‌س خۆر ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌بینن كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ر‌ێكدا داده‌نیشن و پشووده‌ده‌ن ) ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ كوردستان نیشانمان ده‌دات له‌سه‌ر ده‌ستی پلاتفۆرم و پارادایمه‌ شێواوه‌كه‌ی میدیای كوردی ؛ ئه‌و وێنه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ڕۆحیه‌ت و دیدگای میدیایی له‌ كوردستان پڕیه‌تی له‌ ‌ده‌مارگیری سیاسی و ده‌رنه‌چوون له‌ لۆكاڵیزمی حیزبی و ئیراده‌یه‌ك‌ كه‌ ناتوانێت بگات به‌ سێبه‌ری قه‌یده‌ جیهانیه‌كانیش نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی بتوانێت تێیانبپه‌ڕێنێت.

2 . سۆشیال میدیاش كه‌ ده‌توانم وه‌كو گروپی هێرشبه‌ری میدیایی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا پناسه‌ی بكه‌م، ‌ له‌ ئێستادا ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین و خێراترین هۆكاره‌ خۆسه‌پێنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای میدیاییه‌ به‌ سه‌ر زیهنیه‌تی تاك و تا ئاستێك كۆی گشتی خه‌ڵكدا؛ خه‌ریكه به‌‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ‌ چێگایه‌ك بۆ میدیا بیستراو و بیندراوه‌كان له‌و پانتایه‌دا ناهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ شێوه‌ هه‌ره سكانداڵ و‌ شێواوه‌كه‌ی له‌ ناو ئه‌و فه‌زا ئانارخیست و ناجێگیره‌ی كه‌ حیزب و سیاسی و ڕۆششنبیره‌كان خوڵقاندویانه‌ .

كراوه‌یی و به‌رفراوانی ئه‌و تۆڕه‌ جاڵجاڵوكه‌یانه‌ تا ئاستێك وای له‌ خه‌ڵك كردوه پێویستیان به‌ میدیا ئاراسته‌كراوه‌كان كه‌متر ببێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیاریش پشت ببه‌ستن پێی ئه‌ویش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خێراو به‌رده‌ست و فراوان و كراوه‌تره‌ ،
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌شه‌ش له‌ میدیا به‌ شوه‌یه‌كی گشتی وای له‌ مرۆڤ كردوه‌ به‌ به‌هانه‌ی ئازادی و كراوه‌یی سنوره‌كه‌ی ‌خۆی گۆشه‌گیرو زیندانیبكات، وای كردوه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ست بكات له‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رفراوان و به‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری دایه‌ كه‌چی له‌ ڕاستیدا ته‌نهایه‌و له‌ ناو فه‌زایه‌كی دابراو و ده‌ستبه‌سه‌ركراودایه‌، ‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ ‌ كه‌ نه‌یتوانی به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕابێنێت؛ به‌ قورسایی خۆی و به‌ هه‌ژمونێكی شاره‌وه توانی مرۆڤ له‌ گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وابه‌سته‌كانه‌وه‌‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ترۆپكی خودگه‌رایی(indivdual) ێكی كوشنده به‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ئامرازه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بێت ، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش به‌شێكی هه‌ره‌ ناوازه‌ی ئه‌و ‌پارادۆكسیه‌ته‌یه‌ له تێكنۆلۆژیای‌ میدیایی كه له‌ژێر هه‌ژمونی سیستێمی ‌به‌ جیهانیكردن ڕوبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌، ‌به‌ڵام به‌ ستایله‌ هه‌ره‌ خراپه‌كه‌ی و به‌ لیبڕاڵیزمێكی پاشڤه‌ڕۆ و دۆنكیشۆتانه‌؛ كه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رتاپای بیركردنه‌وه‌و ئاكتیڤیتێتی تاكه‌كانیدا گرتووه‌.

‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بوونی كۆیله‌یه‌ك پێناسه‌ بكات پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خاوه‌ندارێتیه‌ بیۆلۆژی و جه‌سته‌یه‌كه‌ی ببینێت ؛ بۆ ناسینه‌وه‌ی كۆیله‌یه‌ك له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یادوه‌ری په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سیستێم و قۆناخی كۆیلایه‌تی ، چونكه‌ له‌ ئێستادا سه‌رمایه‌داری سیستێم و تێكنۆلۆژیایه‌كی په‌یوه‌ندی وه‌ها گیرۆده‌ی بۆ به‌رهه‌م هێناوین كه‌ هه‌موومان له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كه‌یدا بووین به‌ پێشكه‌ووتوترین و گوێڕایه‌ڵترین كۆیله‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به‌ بوونی كه‌سوكارو هاوڕێكانیشمان نه‌كه‌ین له‌ ده‌ورمان و دنیای واقیعدا.




کوردایەتی ئـایندەی لە عێراقدا …. چالاک ئـاغجەلەری

وەک چۆن ژیان کۆکراوەی ساتەکانە ،ئەوەی دەبێتە ئەکتەر و دەق داڕێژەری ئەو ساتە یەک لە دوای یەکانە بە تەنها مرۆڤەکانە نەخشە ڕێگای بۆ دەکێشن و دەکرێتە داینەمۆی بەردەوامی ژیان ، هەر ساتێکی مێژووییش دەبێتە بەشێک لە ژمارەیەکی گەورەتر لەوانی پێش خۆی، ھەروەھا بۆ خۆشی بەهەمان مەنتیقەوە ئەو ژمارانەی بەدواییدا دێن لە پەیوەند بە بەردەوامی ژیان ھەمان فۆرم دەگرن، کەواتە ئـەم حەتمیەتە قابیلی گۆڕان نیە و ھەڵە وەرناگرێت ، وەک ئـەرکێکی داسەپاوی سروشتی دەبێت بە دونیابینییەکی کراوەوە لە هەنگاوەکانی سبەی بڕوانین مەزنی ئەمڕۆمان لێ نەبێتە دۆگما چونکە بەم گەوجاندە جیا لەوەی بەر بەشەپۆلە بەردەوامەکانی ژیان ناگرین هاوکات ئێمەکی بچوک کەشکۆڵی ساتەکەمان بەتاڵ بەتاڵ دەبێت لە عیبرەت بۆ دوای خۆمان.

لە بەرکەوتەی ژیانی سیاسی میللەتانەوە بەلای کەمەوە سەرو ١٦٠ نەتەوە بە ناسنامەی جیاوازە ئیلهامی فیکری هیگڵ لە دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بە کۆی ئەو ئیفرازاتانەی بەدوای خۆیدا هێنای ئاسمانی جوگرافی سیاسیانی بۆ ڕۆشنکردوە و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگای گەلانی خاوەن ئاڵا ئەمە لا کاتێکدا ١٩٦ ووڵات خاوەن کورسین لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەرچەندە لەم رێکخراوە ١٩٣یان ئەندامی هەمیشەین و مافی دەنگدانیان هەیە ، هەروەها ٣ ووڵاتی وەکو( کۆسۆڤۆ ، فەلەستین و ڤاتیکان) لە دەرەوەی ئەو مافەن و تا ئێستا بەشێک نین لەو گروپە.
لێرەدا ئەوەی جێی مەبەست و وەستانە لەسەری میللەتێکی وەکو ئێمەی کورد ئـەو هۆکارگەلی ئاستەنگانە چی بوون کە نەمانتوانی لە دوای ئەو هەموو کێشمەکێشە سیاسیەی سەدەی بیست ئەم خواستە میللیە فەراهەم بکەین ، هەرچەندە هەلەکان بۆ گەیشتن بەو مافە ئامادەییان تێدابوو بەڵام نەکرا!! ، دیارە بۆ دورخستنەوەی پەڵە لە دیرۆکی سیاسیمان هێندەی نەیاەرکان بە هۆکار دەزانین، ئامادەنەبوونی پێگەی سیاسی کوردی لەچوارچێوەی غیابی ناوەندی فیکرلە ئاراستەکردنێکی تەندروست بۆ ئەم پرسە کەمتر پەنجەی تاوانی ئاراستەکراوە، ئەمەش بەهۆی هەژموونی تێنەپەڕاندنی شکۆی باوکایەتی بەسەر نەوەکان و خێڵ بەسەر گروپ و تاکەکان ، هەروەها هەزمکردنی پرسەکە لە چوارچێوەی سۆز و دوور لە تێفکرینی وورد لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی هەوڵدان و خەبات، خاڵیی لە ستراتیژیەکی تۆکمە و نەبوونی بوێری بۆ داڕشتنەوەی کاری سیاسی بە گونجان لەگەڵ سەردەمدا ئەو ئەنجامەی داوە بەدەستەوە کە ئەمڕۆ دەبینرێت.
.
هێز و پارتە سیاسیەکان بە گشتی و `قەومیەکان بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا بەلای کەمەوە لە شەستەکان بەدواوە روئیای سیاسی خوێندەنەوەکانیان لەو ئاستەدا کورتی هێنا ، ئەویش بە هۆکاری نەبوونی سەرکردەی بە فکر بۆ دەرچون لەو خەباتە تەقلیدیە( شۆڕشی چەکداری خاوەن ستراتیژی داخراو و تەعمیمی خەباتی گەلان و چواندنیان بە پرسی میللەتی کورد)ی ئەو ڕۆژگارە ، ئەم جۆرە لە خەبات و تێکۆشان وەک بەشێک لە دەرهاویشتەکانی دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم دەبینم، چونکە بۆ خۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێڵی گەرمی ململانیە جیهانیەکان بوون. بەردەوامی ئەم خەباتە لە حەفتاکان و هەشتاکان بەهەمان باکگراوندی تێکۆشانی شەستەکانەوە درێژەی کێشا لەگەڵ هەندێ گۆڕانکاری ڕووکەشی کە تەنها بە تۆژاڵێکی تەنک فیکر و فەلسەفەی شەستەکانی داپۆشی بوو بەڵام لە بنەڕەتدا وەک درێژکراوەی هەمان میتۆد هەر بۆیە نەیتوانی ئەو قۆنا‌غە بەجێبهێڵێت و دیدگایەکی تر لە دونیابینی بۆ دەستکەوتنی مافی گەل بجوڵێنێت. کارەسات و نەهامەتیەکانی ئەو ساتە مێژوویە بەجیا لە دڕندەی دەوڵەتی ناوەند کە بە نەخۆشی فاشیست بوونەوە گلابوو بە وێنەی نازیەکانی ئەڵمانی و کەمالیستەکانی تورکیا ، ئەوەی کەسەرە هێزی کوردی وەکو پەرچەکردار شوێن پێی دوژمن کەوت ئاراستەیەکی لەوی باشتر نەگرت نە ئەوکات و نە ئێستاش چونکە دیدگایەک لە بنەچەدا سەرچاوەکەی هاوخوێنی نەتەوە ئاراستەی بکات ڕق و سڕینەوەی بەرامبەر بەرجەستە دەکات ( ئەمە تۆمەت بەخشینەوە نیە، مێژووی ناشیونالیزمی نەتەوەیی لەمە زیاتری لێ بەرهەم نایەت لەکاتێکدا کورد بۆ خۆی نموونەیەکە لە تاوان کە دەرهەقی کراوە) ، بۆ یە ئەم هاوکێشەیە لە نێوان ئەم دوو بەردە ئاشەدا میللەتی کردە ئەو خوانە بۆ تێر بوونی ئارەزووە سیاسیە بێ هزرەکانیان چونکە براوەی ئەم فۆرمە بەتەنها کۆمەڵێکی بچوکن لە دەمراستی سیاسی دیکتاۆرخواز و بەخشینەوەی ترس لە ئامانجی پێکراوی ئەو نوخبە پۆپۆلیستەیە.

بۆ ئەوەی دوور نەکەوینەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە دروست بوونی جۆرێک لە ئیدارەدانی سەربەخۆ ، دواتر کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەدام ، هەڵسوکەوتی هێزەکانی دەسەڵاتدار ( پارتی و یەكێتی) چی دەسکەوت و فەرهەنگی سیاسی و ئیدارو ئابوریان جێکەوتەکرد تاوەکو خەڵک دەست خۆشی لە ماندوبوونەکەیان بکات!!، لەمڕۆ بەدوا دەبێت دووجار هەڵوێستەبکەین یەکەم لە دەسەڵاتی ناوەند و دووهەم لە دەسەڵاتی هەرێم ، دیارە گومانی تێدا نیە هەردوو بەرە خاوەن یەک میتۆدی سیاسین ئەوەی مەبەست نەبێت لایان خۆشگوزەرانی خەڵکە، ئەم خواستە پەیوەندی بەو هاوکێشەیەوە هەیە لە بوون و فەراهەمی ژینگەیەکی ئارام و ڕەفاهدا هوشیاری تاک گەشە دەکات ، لەگەیشتن بەم ئاستە ئاسایشی ئەم نوخبە سیاسیە دەکەوێتە مەترسیەوە و پێگەیان لەق دەکات، باشتیرین بژاردە بۆ ئەوان تەسلیم بوونی ئیرادەی خەڵکە بە حزب وەکو ئەوەی کە ئێستا بۆتە واقیعی ڕۆژ.

بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا دەبێت میتۆدی سیاسی تەواوی هێز سیاسیەکان لە عێراقدا بە تایبەتی ئەو هێزانەی فیکری قەومی و مەزهەبی ئاراستەدەکەن بکرێنە ژێر پرسیاری جدییەوە بە فۆرمێکی تر لە سیاسەت وەڵام بدرێنەوە بۆ هەرچی گەیشتن بە ئارامی هاونیشتمانیان لە ووڵاتدا ، چونکە لە مێژووی دروست بوونی عێراقەوە بە شێواندنی ناسنامەی هاونیشتمانیانەوە کەوتە سەرخەت، ئەمەش بەهۆی بەزۆر لکاندنی چەندین نەتەوە و ئاین و مەزهەب لە قەوارەیەکی دەوڵەتیدا فۆرمیان بۆ کێشا جیاواز لەهەر خواستێکی ئارەزوومەندانە. بەڵێ ناسیونالیزمی قەومی وەک میتۆدی سیاسی و بۆ تەبەنیکردنی ناسنامەی حزب خۆیناساند بە خەڵک ، دیارە بۆ خۆی ئەم ئاراستەیە لە سیاسەت ڕێگە و دەرفەتەکان باشتر دەڕەخسێنێت بۆ دژایەتیکردنی بەرامبەر ، ڕق و نەخوێندنەوەی دەرەوەی خۆی بەردەوام چالاکە و کاری پێدەکرێت، ئەم فەرهەنگە لە کۆششی بەردەوامدایە بۆ دەستەمۆ کردنی ئەوانی دی بە جۆرێک هەیمەنەو باڵادەستی خۆی خاڵی کۆتایە بۆ یەكلاکردنەوەی کێشەکان ، هەربۆیە عێراقی نوێی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ئەم جۆرە ناسیونالیزمەی لە ناو کۆی پێکهاتەکانی ووڵات بووە فەرهەنگی سیاسیان ، ماڵوێرانی ئەو خەڵکەش زادەی ئەو دیدگا بێ بڕشتەیە کە دەکرێت بەجێبهێڵدرێت.

لە جێگەی ئەم ڕەوتە سیاسیە مەرگ هێنە ئیدی کاتی ئەوەیە پێش خۆمان ببینین ، لێرەدا دوو ڕێگە لەبەردەم ئـەم خەڵکانەدایە یان بەردەوامیدان بەم روئـیا سیاسیە خوێناوەیەی کە ھەیە لە کاتێکدا مێژووی عێراق پێمان دەڵێت خاوەنی ھەموو شتێکین بێجگە لە ئـاشتی و یەکتر قوبڵ کردن، لەبەرامبەر ئـەم ڕەوتەدا دەکرێت نااسیۆنالیزمی (میللی یان لیبرالی)،(سڤیک ناشیونالیزم )جێگەی بگرێێتەوە ، کۆنسێپتی ئـەم جۆرە بژاردە سیاسیە لە سەربنەمای ھاونیشتیمانی بوون و سیستەمێکی دیموکرات پێگەی خۆی مەحکەم دەکات، ئـەم بەدیلە ھەوێنک دەبێت بۆ ئـەو شیرەی خەڵکی عێراق بەتەواویپێکھاتەکانیەوە مەبەستیانە ببێت بەماست( مەبەستم خەڵکی سڤیلە).ھەزمکردنی ئـەم فۆرمە وەک بنتێک بۆ سەرلەنۆی ئـاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی ، وەلائـ بۆ نیشتمان و پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جیاواز لە تێڕوانینی بە دوژمنناسی بەرامبەر و دروستکردنی شەبەحی ڕەقیب . ئـەرکی خوێندەوارەکانە بە ھاوکاری شەقام فشار ی مەدەنی بکەنە سەر کایەیە سیاسیەکان ئـەم فەرھەنگە سەربخەن، ڕاستە ئـەرکێکە پێویستی بە ماندوبوون و لەخۆ بووردەییە بەڵام گرنگ گەیشتنە بە ئـامانج کەخۆی لە بەختەوەری خەڵکدا دەبینێتەوە .

ئـاکامی ئـەم پرسە دەبێت سنوری فیکری سائـید ببەزێنێت موخاتبەی سەرچەم پێکھاتەکانی عێراقی پێبکرێت ، دەست پێکی ئـەم فۆرمە نوێیە لە سیاسەت لەسەر دەستی ڕۆشنفیکران دەکەوێتە جوڵە ، نابێت چاوەڕوانی ھێزە قەومی و مەزھەبیەکان بکرێت چونکە ناسێونالیزمی قەومی بۆ خۆی ھەناوی بازاری سیاسەتیانە بە تێپەڕبوونی ئـەم فەلسەفەیە و بازدان بەسەریدا ئـەوانیش کارکەنار دەکەون، ، ئـیدی کوردایەتی بۆ پاراستنی تاکی کورد سەرڕێدەکەوێت بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆی پێکھاتەکان لە ئـەرک و مافەکانی ووڵاتدا ھاوبەش دەبن و لەسەر هەموویانەوە خۆشەویستی جێگە بە قین لەق دەکات.




کورد و هیلالی شیعی …. دڵشاد تاقانه‌

هاوکێشه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ر و پڕ مه‌ترسی، تاڵه‌موێکه‌ له‌نێوان ژیان و مردن، تای ته‌رازوو هه‌رگیز پای ناداته‌وه‌! له‌وانه‌یه‌ له‌نوسینه‌که‌م سه‌رسامیه‌ک گرتبی ئه‌وه‌ چیه‌ و چی ڕووده‌دا؟ نوسه‌رانه‌ هه‌نده‌ک ده‌تهینم و ده‌تبه‌م ئه‌وجا له‌کۆتایی کارکی باسه‌که‌ت ده‌ده‌مێ.
شیعه‌..
جۆر یا شێوازێکی ئاینگه‌را له‌ناو ئاینی ئیسلام حه‌شاردراوه‌، قوماتێکی ئیسلامیانه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا سه‌ربه‌خۆیه‌، پێڕه‌و و ناوه‌ندی بڕیاری هه‌یه،‌ ده‌کرێ بڵێی فارسه‌کان دژی ئیسلامی عه‌ره‌بی دایان هێناوه‌ خۆیان ناوه‌ندی بڕیاره‌که‌ن.
فتوحاتی ئیسلامی..
که‌ڕووی له‌وڵاتی فارس کرد له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆ گه‌یشتن نزیکه‌، زێر و خشڵی زۆره‌ کیسڕا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ئاینه‌که‌یان زه‌رده‌شتی سروشتپارێز و جوتیارانه‌یه خواستی گرتن و ڕاو ڕوتیان نیه‌ به‌خاکه‌وه‌ به‌ندن! له‌ولایه‌ ڕۆمانه‌کان دیانی شه‌ڕکار و به‌رز و به‌هێزن پێیان ناوێرین، له‌ولا ئه‌فریکای له‌برسان مردی و ژن ناشیرینه‌ به‌حۆریه‌ به‌ڵێنیه‌کانی به‌هه‌شت ناچن له‌کاتی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ!
کورد له‌فتوحات..
له‌‌سه‌ره‌تاوه‌ تێتڕی چونکه‌ پارچه‌ پارچه‌ و نه‌هاتن به‌هانای یه‌کتره‌وه‌. ئاسان شکێندران یه‌ک له‌دوای یه‌ک چونکه‌ هه‌رئاغه‌ و میره‌ له‌ئاشه‌کی لێ ده‌کا وه‌کو ئێستا یه‌ک زۆرینه‌ چاوحیز و که‌مینه‌ ئاسان له‌ناو ده‌برێن.
فارس له‌فتوحاته‌که‌..
به‌عه‌ره‌بیان ده‌گۆت: ئه‌سپێ خۆره‌کانی بیابان. سه‌رڕای شکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له‌به‌ر خیانه‌تی ناوه‌خۆ به‌ڵام بڕیاریان دا هه‌ربه‌ئاینه‌که‌ی خۆیان عه‌ره‌به‌کان بشکێنن شکانه‌کی مێژووی دووکه‌رت و چه‌ند که‌رتیان بکه‌ن، وابوو ئاینگه‌رای شیعه‌یان داهێنا و په‌ره‌پێدا.
کورد و شیعه‌..
ئه‌وڕۆ کورد له‌هه‌رچوار پارچه‌که‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێرانی شیعه‌، وه‌ک سونیه‌کی گه‌مژه‌ ته‌راتێنی پێده‌کرێ، له‌ڕۆژهه‌ڵات ده‌مێکه‌ خه‌ساوه‌ ته‌نانه‌ت جووتیشی پێناکرێ. له‌باشور و ڕۆژئاوا سه‌ره‌تاتکه‌یانه‌ به‌ڵام ئاسان قڕه‌یان لێ ده‌بڕێ چونکه‌ به‌شه‌کیان ده‌سته‌مۆ و به‌شه‌کیان نه‌زان و ئاغاچین ده‌کرێ ببیه‌ ئاغایان. له‌ڕۆژئاوا ئازا و دڕن به‌ڵام ئه‌سه‌د له‌خواره‌وه‌ و تورکیا له‌سه‌ره‌وه‌، حه‌شدیش له‌عێڕاقه‌وه‌ ده‌یانخنکێنن.
شه‌ڕ چه‌ک ده‌یکا..
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌قه‌مه‌نی په‌یدا بوو واته‌ تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ یاسای شێمشێربازیان شکاند، مه‌رجی قاره‌مانی و مه‌رده‌کوژی، یاساکانی شه‌ڕ گۆڕا بوو به‌شێوازی حیزه‌کوژی له‌دووره‌وه‌ و له‌ناکاو بێ ئاگاداری سوارانه‌. ئینجا ئێستا کورد به‌چه‌که‌ کۆنه‌کانی ڕوسی وه‌ک کلاشینکۆف و دۆشکا به‌رامبه‌ر به‌چه‌که‌ نوێکانی شیعه‌ که‌ له‌ئه‌مریکای وه‌رده‌گری له‌ڕێی عه‌بادی وه‌ک تانکی ئه‌بڕامز و فڕۆکه‌ی 16 بێگومان دۆڕاوه‌!
کوردی سونه‌..
نازانم کورد بۆ سونه‌یه‌؟ خێره‌که‌ی له‌چ دایه‌؟ لۆمه‌ به‌کر و عومه‌ر و عوسمان و جیاوازی چیه‌؟ وه‌ک برێی: حه‌ره‌س قه‌ومی و به‌عسی و داعش یان عه‌لی که‌ده‌کاته‌ حه‌شدی شه‌عبی! هه‌رهه‌مووی جاشکی یه‌ک ماکه‌رن، جا ئه‌گه‌ر شیعه‌باین له‌وانه‌یه‌ باشتربا.
پاشایه‌تی کورد..
هه‌میشه‌ کورد ڕۆڵی پاشایه‌تی له‌فارس ستاندیه‌ له‌به‌ر بیرنه‌کردنه‌وه‌ و ئازایه‌تی به‌ڵام هه‌میشه‌ییش له‌ڕووی سیاسی دۆڕاوه‌ چونکه‌ یه‌کگیر و خودان ناوه‌ندی بڕیار و خاوه‌ن په‌یام نیه‌ زیاتر ڕه‌دووکه‌وته‌ی ئاغاخوازه‌ تا به‌رێوه‌ی ببا و خۆشی جوتیاره‌کی شه‌که‌تی بێ پلان و به‌رنامه‌ی کاته‌، هه‌روه‌ک ئێستا زۆرده‌ڵێ به‌ڵام که‌م ده‌کا!
شیعه‌ی پاشا به‌زێن..
سه‌رده‌می گه‌شه‌کردنی زانستی ئه‌سفه‌هان شیعه‌ ئاخونده‌کان پلانیان گێڕا به‌هاوکاری سه‌لجووقه‌ تورکه‌کان پاشایه‌تی فارسیان ڕووخاند ده‌روازه‌کانی قه‌ڵای شاریان لۆ کردنه‌وه‌ کاتێک پاشا له‌ده‌ره‌وه‌ خه‌ریکی به‌رگری و شه‌ڕ بوو. تا مێژوو خۆی چه‌ندباره‌ کرده‌وه‌ له‌سه‌ده‌ی بیستیش پاشای ئێرانیان ڕوخاند و جمهوری ئیسلامی شیعه‌یان ڕاگه‌یاند.
تورک و کورد..
دوو نه‌ته‌وه‌ی‌ دژانگیر به‌ڵام چونکه‌ تورک هاش و هوژی زۆره‌ و که‌رمیلله‌ته‌ ده‌کرێ کورد پێی بوێری به‌ڵام ساویلکه‌یی کورد و ئاینگه‌رای سونه‌یی جاره‌کی دی ژێرده‌ستی ده‌کاته‌وه‌، شه‌ڕی ئه‌رمانیان پێکردن ئێستاش شه‌ڕی داعش له‌دواقۆناغ کوردی باشوریان هه‌رپه‌سارد، به‌شێره‌ مل چێره‌ به‌زیوه‌که‌ی سوریاش ڕۆژئاوا کاول ده‌که‌ن به‌سه‌ر کوردا به‌هاوکاری ورچه‌ سپیه‌که‌ی ڕوسیا ئێستا حیزه‌بخۆیی هاتیته‌ پۆتێ.
ئیسلامی ئێران و کورد..
دوژمنایه‌تیه‌کی دووتایه‌ له‌لایه‌ک وه‌ک فارسێک ڕکابه‌ر و خاپێنه‌ره‌ له‌لایه‌کیش شیعه‌ی کورد به‌زێن و سونی تڕێنه‌. هه‌ردووکیشی لۆ کورد هۆکاری قڕان هێنه‌، هه‌موو میرنشین و ده‌وڵه‌تێکی کوردی فارس ڕوخاندیتی یا لۆ تورکانی به‌جێ هێشتیه‌ بیڕوخێنن.
هیلالی شیعی..
بریتیه‌ له‌که‌وانه‌ی ئێران ـ سوریا ـ لوبنان به‌ده‌وری ئیسڕائیل دا. واته‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ له‌ناو ئێرانی فارسی لۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌رخاسیه‌ت. له‌و نێوه‌ کورد پێخوستی ئه‌و هیلاله‌یه‌ که‌ نه‌ده‌بته‌ مانگی تابان و نه‌ئاواده‌بی!




مێرووله‌و كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ … نوسینی/وجدان عبدالعباس


وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌{فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی}
….

نم نم باران ده‌باری،مێرووله‌یه‌ك نایلۆنێكی پڕله‌شه‌كروگه‌نمی دابووبه‌كۆڵیدا،له‌په‌نادارێكدا وه‌ستاو
چاوه‌ڕوانیكردباران خۆشبكاته‌وه‌.له‌وكاته‌داكرمه‌لوولپێچه‌كه‌به‌سواری ماتۆرسكیله‌ ئاگراوییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌وێداتێپه‌ڕی،وه‌ستاولێیپرسی بۆكوێ‌ ده‌چیت؟؟؟
مێرووله‌كه‌ ڕووی تێكردو وتی”ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌ ،ڕێگه‌شم دووره‌”
كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ پێكه‌نی و وتی:به‌م باره‌ قورسه‌وڕۆیشتنه‌ خاوه‌ته‌وه‌ بۆسبه‌ینێ‌ یان دووسبه‌ی ده‌گه‌یته‌وه‌ ماڵه‌وه‌،پاشان مێرووله‌كه‌ی سواركردوله‌گه‌ڵ نایلۆنه‌ پڕله‌شه‌كروگه‌نمه‌كه‌ی،زۆربه‌خێرایی گه‌یاندییه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی،مێرووله‌كه‌ش زۆرسوپاسیكرد.
ئینجاكرمه‌كه‌ هه‌ستی به‌دڵگرانی كرد،چونكه‌له‌سه‌ره‌تاداگاڵته‌ی به‌مێرووله‌كه‌كردبووبه‌وه‌ی كه‌باری قورسه‌وخاووخلیچكه‌،له‌دڵی خۆیداوتی:ده‌بوایه‌گاڵته‌م پێنه‌كردایه‌ به‌ڵكوئارام وله‌سه‌رخۆبوومایه‌،
چونكه‌(ئه‌گه‌رچاكه‌له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك بكه‌یت،واباشه‌سه‌ركۆنه‌ی نه‌كه‌یت).

ئه‌م چیرۆكه‌له‌ژماره‌(84)ی گۆڤاری {گوڵه‌كان}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.