Foucault, Michel میشێل فۆکۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

میشێل فۆکۆ فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1926-1984 ) دا ژیاوە . فۆکۆ وەک فەیلەسوفێکی نوێگەرا ( یان پۆستمۆدێرنیست ) Postmodernist کاریگەری گەورەی لەسەر فەلسەفەی هاوچەرخماندا هەیە .
کارەکانی/بۆچونەکانی
فۆکۆ پێیوابوو کە ئەرکی سەرەکی فەلسەفە بریتییە لە چاودێریکردنی کۆمەڵگەو یارمەتیدان بۆ ئازادبوونی مرۆڤەکان .هەر لەم رووانگەیەوە فۆکۆ رەخنەکانی ئاراستەی کۆمەڵگەی مۆدێرن Modern و دامودەزگاکانی دەکرد . یەکەم کتێبی گرینگی فۆکۆ کتێبی مێژووی شێتی The Histroy of Madness بوو کە لە ساڵی 1961 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا ڕای خۆی دەردەبڕیت سەبارەت بە مامەڵەکردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداران بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ کەسانێک کە لە رووی دەروونیەوە Psychic یان عەقڵیەوە Mental نەخۆشن . لێرەدا فۆکۆ رەخنەی توند دەگرێت لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی مۆدێرن سەبارەت بە شێتەکان و پێیوایە کە لە سەردەمی بووژانەوەدا ( یان رێنیسانسدا) Renaissance مامەڵەی کۆمەڵگەو دەسەڵاتداران لەئاست شێتەکان زۆر مرۆڤانەتر ( یان ئینسانیتر) بوو چونکە ئەوکات شێتەکان بە نەخۆش لەقەڵەم نەدەدران بەڵکو تەنیا وەکو خەڵكانێکی جیاواز سەیر دەکران و وەک خەڵکانی تریش ئازاد بوون . ئەوکات شێتخانە بوونی نەبوو و کەسیش دەستبەسەر نەدەکرا بە بەهانەی یان پاساوی شێتیەتی .

فۆکۆ دەڵێت کە چەمکەکانی شێت و دەروون-نەخۆش و هتد لە واقیعدا بوونیان نییە بەڵکو ئەم چەمکانە لەسەر بنەمایەکی ( یان بۆچوونێکی ) کۆمەڵایەتی Social داڕێژراون . ئەو مێژووی پەیدابوونی ئەم چەمکانە دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە کە ئەوکات ووردە ووردە ووشەگەلی شێت و سەرشێت و نانۆرمال و هتد کەوتنە سەر زاران . ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگە و کاربەدەستان مامەڵەی جیاواز بکەن لەئاست ئەو کەسانەی کە بە شێت و نانۆرمال لەقەڵەم دەدران ئەگینا پێش داتاشرانی ئەم چەمکانە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە کەسانێکی ئاسایی ( یان نۆرمال ) Normal دەزانران و کۆمەڵگەش دابەش نەکرابوو بۆ عاقڵ و شێت یان عەقڵ و ناعەقڵ .

فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە هەموو پۆلبەندی Categorizations و پێناسەکان Definitions لە جیهاندا دوو روویان هەیە کە یەکێکیان حەقیقەت The Truth و ئەوی تریان دەسەڵاتە Power . ئەو پێیوایە کە ئەوە دەسەڵاتە کە حەقیقەت دروست دەکات نەک حەقیقەت دەسەڵات دروست بکات . لێرەدا لە مەسەلەی پەیوەندی نێوان هەردوو چەمکی حەقیقەت و دەسەڵات فۆکۆ و نیچە هاوڕان بەپێچەوانەی ئەفلاتوون کە پێیوایە کە حەقیقەت دەسەڵات دروست دەکات .

فۆکۆ دەڵێت کە ڕاددەی کاریگەری لەسەر هەر گوتارێک Discourse وەستاوەتەسەر راددەی هەبوونی دەسەڵات و هەر کاتێک کە دەسەڵات زیاتر بێت ئەوا کاریگەری لەسەر گوتارەکان زیاتر دەبێت . گوتاریش بە گوێرەی پێناسەی فۆکۆ بریتییە لە کۆی رووانگە Perspectives و هەڵوێستەکان و ئەو پرسیارانەی کە دەوروژێندرێن سەبارەت بە بابەتێک . ئەو هەروەها دەڵێت کە دەسەڵات لەهەموو شوێنێکدا هەیە ، لە سیاسەتدا ، لەماڵدا ، لەهاوڕێیەتیداو هتد و هەر تاکێکیش لە هەمان کاتدا دەسەڵات پیادە دەکات و دەسەڵاتیشی بەسەردا دەسەپێندرێت . دەشێت کە ستروکتور ( یان بونیادی ) دەسەڵات بگۆڕدرێت لە رێگەی بەرهەڵستکاری بەڵام پێویستە کە بەرهەڵستکارییەکە داهێنەرانە و ڕێکخراو بێت .

لای فۆکۆ مەعریفە Knowledge و دەسەڵاتیش بەیەکەوە گرێدراون و لەم بارەیەوە دەڵێت : پیادەکردنی دەسەڵات بێ مەعریفە سەرناگرێت و ناشکرێت کە مەعریفە دەسەڵات بەرهەم نەهێنێت .
دووەم کتێبی گرینگی فۆکۆ بەناوی پەیدابوونی کلینیکە The Birth of the Clinic کە لە ساڵی 1963 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا باسی کاریگەریەکانی پێشکەوتنی پیشەی پزیشکی دەکات و رەخنەی توند دەگرێت لە نەخۆشخانەکان و سیستەمی چاودێریکردنی نەخۆش بە گشتی و پێیوایە کە سەرەڕای بوونی دەرمان و چارەسەری پێشکەوتوو بەڵام مامەڵەی پزیشکەکان لەگەڵ نەخۆشەکاندا مرۆڤانە نییە بەڵکو ئەوان وا لە مرۆڤ دەڕوانن هەروەک تەنیا بریتی بێت لە کۆمەڵێک ئەندام و کۆئەندام کە بەیەکەوە بەستراون .
لە کتێبی پابەندیەتی و سزا Discipline and Punish فۆکۆ باسی پەیدابوونی زیندان Prison دەکات رەخنەی توند لە سیستەمی مۆدێرنی زیندانەکان دەگرێت و پێیوایە کە زۆر نامرۆڤانەیە Inhumane و بەراووردی دەکات لەگەڵ سزای لە سێدارەدانی ( یان ئیعدام کردنی ) زیندانییەکان بەبەرچاوی خەڵکەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا . فۆکۆ دەڵێت کە ئەوکات زیندانیەکان ئەگەر تاوانباریش بوونایە ئەوا لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکەوە بەچاوی هاوسۆزی Sympathy یان بەلایەنی کەمەوە بەچاوی بەزەییانەوە سەیر دەکران بەڵام جەللادەکان مایەی بێزاری و نەفرەتی خەڵک بوون تەنانەت باویش بوو کە هەندێک جار خۆپیشاندان بکرایە بۆ ئازادکردنی تاوانباران . لە رۆژگاری مۆدێرندا سزاکان بەشێوەیەکی شاراوە و نهێنی پیادەدەکرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە و دەسەڵاتدارانیش خۆیان مرۆڤپەروەرانە و دۆستانە نمایش دەکەن . فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە لە زیندانەکاندا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەندکراوان دەدرێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە چونکە کاربەدەستان پێیانوایە کە ئەم مێتۆدە کاریگەری زیاترە لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی زیندانیەکان . بۆیە فۆکۆ سیستەمی مۆدێرنی سزاکان بە چەواشەکار دەزانێت و پێیوایە کە سیستەمێکی دڕندانە Brutal و دواکەوتووانەیە Primitive و بە پێچەوانەشەوە سیستەمی کۆنی سزادان ئینسانیتر و راستگۆیانەتربوو .

کتێبێکی دیکەی فۆکۆ بەناوی مێژووی ڕەگەزبازییە ( یان سێکسواڵیتیە) History of Sexuality کە تیایدا باس لە دید و هەڵوێستەکانی تاکەکان و کۆمەڵگە دەکات سەبارەت بە سێکس ( یان رەگەزبازی) Sex بەدرێژایی مێژوو . فۆکۆ ئەو بانگەشەیە رەت دەکاتەوە کە پێیوایە کە کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کۆمەڵگەکانی پێشووتر لێبووردەترە لە ئاست مەسەلەکانی رەگەزبازی . ئەو دەڵێت کە کۆمەڵگەی مۆدێرن پێناسەی رەگەزبازی کردووە هەتا بتوانێت کۆنترۆلی بکات . هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چەمکی نوێی داڕشتووە وەکو جیارەگەزبازی Heterosexuality و هاورەگەزبازی Homosexuality و هتد لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا بۆ نموونە خەڵکانێک هەبوون هاوڕەگەزبازبوون بەڵام لای ئەوان چەمکی هاوڕەگەزبازی بوونی نەبووە بەڵكو تەنیا بەپراکتیک خەڵكانێک هەبوون کە هاوڕەگەزبازبوون . فۆکۆ دەڵێت کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرنجەکان چڕ دەکرێنە سەر هەڵوێست یان مەبەستە سێکسیەکان نەک رەفتارە سێکسیەکان چونکە رەفتارە سێکسیەکان کۆنترۆڵ دەکرێن لە رێگەی هەڵوێستەکانی مرۆڤەوە سەبارەت بە سێکس کە ئەمەش رەنگدانەوەی بنچینەکانی شوناسی تاکەکانە ، بۆیە مرۆڤ خۆی لادەدات لە دەربڕینی هەست و ئارەزووی سێکسیانەی خۆی ئەگەر بزانێت کە ئەم هەست و ئارەزووانە لەلایەن کەسانێکەوە بەلادان لە پێوەرە ( یان نۆرمە ) Norms کۆمەڵایەتیەکان لەقەڵەم دەدرێت بۆ نموونە هاوڕەگەزبازی کە بێگومان لەم حاڵەتەدا کاردەکاتە سەر پلەوپایە و کەسایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا .




ناسینی كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

هه‌ر ڕووداوێك، كه‌ ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا ده‌چێت. ده‌بێته‌ یادگاری، یادگاریش مرۆڤ به‌ ڕوونی ده‌بینێت. له‌ ماڵه‌كه‌ماندا په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی داری به‌ هێڵه‌ك داپۆشراو هه‌بوو، به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ ده‌لاقه‌یه‌كی لاكێشه‌یی نیمچه‌ گه‌وره‌ی تێدا بوو، به‌ په‌رده‌یه‌كی سپی داپۆشرابوو، په‌رده‌كه‌ش به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی لێ‌ نه‌خشابوو. ئه‌م ده‌لاقه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كاكم خالید. ته‌واو قووڵایی منیشه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و برایه‌م له‌ 25/8/1988دا جه‌یشی شه‌عبی، له‌ هه‌ولێر شه‌هیدیان كرد.
شه‌هیدبوونی ئه‌م برایه‌م گورزێكی كوشنده‌بوو به‌ر ڕۆحی من كه‌وت و ئازاری هێناكایه‌وه‌. له‌خۆ ئاماده‌كردندا بووم، ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ردا به‌كاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نه‌كراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌ سه‌ره‌تای شیعردا به‌دوای ئاكامێكی نه‌زاندراودا ده‌ڕۆم و له‌ درێژبوونه‌وه‌یدا ده‌یدۆزمه‌وه‌. له‌ بینینی دۆزراوه‌كه‌دا به‌ئاگادێمه‌وه‌، نایابترین دۆزینه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاكامدا ده‌ربكه‌وێت.

له‌ سه‌ره‌تادا ئاكامی ئه‌و ڕووداوه‌م ده‌زانی و له‌ كۆتایشدا نه‌متوانی بیدۆزمه‌وه‌. واته‌: له‌ ڕووداوێك ده‌دوێم هێشتا ڕووی نه‌داوه‌. له‌وانه‌یه‌ ڕووبدات. هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و (له‌وانه‌یه‌) بدۆزمه‌وه‌ و له‌ دۆزینه‌وه‌یدا به‌ئاگابێمه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌.
سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ كتێبدا، یان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌ نێوان خوێنه‌ر و كتێبدا دروست ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه‌ خاڵی بوون و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ی وه‌رگرت و بوو به‌ ئه‌فسوونێكی به‌هێز و نه‌شكاو و قه‌ڵای پشت پێدان. كۆمه‌ڵێك كتێب و دوو شووشه‌ مه‌ره‌كه‌بی چینی، یه‌كێكیان ڕه‌ش و ئه‌وی دی شین و قه‌ڵه‌م پاركه‌رێكی بیست و یه‌كی ڕه‌نگ جه‌رگی تێدابوو، كتێبه‌كان زۆربه‌یان عه‌ره‌بی بوون. ئێستا نازانم ئه‌ده‌بی بوون، یان فه‌لسه‌فی، كۆمه‌ڵناسی، سیاسی، مێژوویی، په‌روه‌رده‌یی، ئایینی ….. تاد، له‌ناو كتێبه‌كاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی ) به‌ به‌رگ تێگیراوی هه‌بوو، هه‌میشه‌ كه‌ڵه‌گیای بۆنخۆشی له‌ناو داده‌نا، كه‌ گیایه‌كه‌ وشك ده‌بوو، ده‌یگۆڕی و دووباره‌ دایده‌نایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ هی ئامۆزایه‌كی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌مان بوو. له‌ دامێن و ئه‌م لا و ئه‌ولا سپییه‌كانی بۆنه‌ و ڕێكه‌وته‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌مووی تێیدا تۆماركردبوو، وه‌ك: ڕێكه‌وتی مردن و له‌دایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حه‌ج و گه‌ڕانه‌وه‌ و ناونووسكردنمان له‌ قوتابخانه‌ ….. تاد.

ساڵی 1973 جگه‌ له‌ كتێبه‌كانی قوتابخانه‌، یه‌كه‌مین كتێب به‌ر هه‌ست و نه‌رمایی په‌نجه‌كانم كه‌وت ئه‌م دیوانه‌ بوو. كاكم به‌ ده‌نگ و ڕۆحێكی ئاهه‌نگسازییه‌وه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌. به‌ وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕاده‌گرت. بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی واش له‌ شیعره‌كان حاڵی ببم، به‌ڵام له‌ناو چێژ و ده‌نگ و مۆسیقایه‌كه‌یدا ون ده‌بووم و بڕوام به‌ هه‌ستێكی نادیار ده‌هێنا، به‌ دوای گه‌نجینه‌ی شاراوه‌ی زه‌ینی خۆمدا وێڵ ده‌بووم، وێڵبوونێك مه‌گه‌ر ڕێكه‌وت ده‌ستم بگرێت و بمهێنێته‌وه‌ سه‌ره‌خۆ، دوایین مانای ژیانم پێ بدات، كه‌ مه‌رگه‌. مه‌رگیش یارمه‌تی ته‌واوی ئازاره‌كان ده‌دات. ئێستا به‌ گه‌شه‌ و خۆشحاڵی و چێژی ئه‌وكاتم له‌ كتێبخانه‌كه‌مدا له‌ ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یه‌كه‌مین دیوان ڕیزبه‌ند كردووه‌ و ئه‌وانی دی به‌ دوایدا.

له‌ سه‌ره‌تای منداڵیمدا حه‌زێكی بێ‌ پێوانه‌ و ئه‌فسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیه‌كی نیمچه‌ گه‌وره‌مان هه‌بوو، سندووقه‌كه‌ی فایبه‌ر بوو، به‌ پێستێكی قاوه‌یی داپۆشرا بوو، ئه‌میش وه‌ك ده‌لاقه‌كه‌ له‌ قوماش به‌رگێكی سپی بۆ كرابوو، به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی له‌سه‌ر نه‌خش كرابوو، هه‌میشه‌ش گوێم لێی ڕاده‌گرت و له‌ كه‌ناری مۆسیقاوه‌ ده‌جووڵام، له‌ شه‌ڕه‌به‌رد و ئاژاوه‌ و ڕاوه‌ كێشكه‌ و نیشانه‌شكاندن به‌ دارلاستیك و هه‌ڵه‌پاسی دووری ده‌كردمه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواز و نه‌وایه‌ی گوێم نه‌رمه‌ بارانێك بێت به‌سه‌ر خاك و خۆڵی ده‌وروبه‌رمدا بڕژێت و هه‌ناوی فێنك و ده‌موچاویشی نه‌رم بكاته‌وه‌. زۆر جاران بێ‌ ئاگاداریی خوشك و برایه‌كانم به‌ شانی خۆمه‌وه‌م ده‌كرد و ده‌ڕۆیشتم، به‌م كرده‌یه‌م لێم تووڕه‌ نه‌ده‌بوون و سه‌رزه‌نشتیان نه‌ده‌كردم، گردێك له‌ پشت ماڵمان هه‌بوو، به‌دڵ گردێكی دڵبه‌ربوو، ده‌چووم له‌ ته‌ختایی ئه‌م گرده‌دا داده‌نیشتم و ته‌ماشای ئه‌م لا و ئه‌ولا و شینایی ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانم ده‌كرد و گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت، هه‌موو ڕۆژێك ده‌مه‌وعه‌سران دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا نه‌رمه‌بایه‌كی ڕه‌حمه‌ت به‌سه‌رمدا هه‌ڵیده‌كرد. جیهانێكی بۆ دروست ده‌كردم، هه‌ستی خۆمم له‌ناو داده‌مه‌زراند. بڕواشم به‌ جیاوازیی ده‌نگه‌كان ده‌هێنا، له‌م ڕێگایه‌شدا ده‌گه‌ڕام، كه‌ پێیدا هاتبووم. واته‌: ناخی خۆم. سه‌گێكی به‌وه‌فاشمان هه‌بوو، ناوی ده‌بان بوو، كه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چووم له‌گه‌ڵم ده‌هات و پاسه‌وانی ده‌كردم.

به‌ هیچ ئا و نایه‌كیش دوو هه‌نگاو لێم دوورنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یه‌كم بێت و پێی گوترابێ‌ چاودێریم بكات. نازانم ئه‌م ئه‌فسوونه‌ چی بوو، كه‌وتبوومه‌ ژێر ئه‌فسوونی ده‌نگی: (سه‌ڵاح داوده‌)وه‌، به‌ تایبه‌تی گۆرانی كوێستانان خاڵخاڵ، كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا ده‌كرا. هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانی بگوتبووایه‌ ڕادیۆكه‌م داده‌نا و دوومه‌ترێك لێی ده‌كشامه‌وه‌ و ته‌ماشای شكۆیم ده‌كرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌لیسمێك بێت ئه‌م حاڵ و جه‌زبه‌ و حاڵه‌ته‌ پڕ له‌ خۆشی و شادی و ژیانه‌ و داكشانه‌وه‌ به‌ره‌و ناخه‌م، ته‌نیا له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی ده‌نگی گه‌رمی ئه‌م گۆرانیبێژه‌دا بۆ په‌یدا ببوو، پاشان له‌ناو شه‌پۆله‌كانی بادا بۆی ده‌گه‌ڕام و له‌ هه‌ستمدا سۆزی سووتێنه‌ر و پڕ ئومێدم ده‌دۆزییه‌وه‌، ئه‌و دۆزینه‌وه‌ و پشووی ناخه‌ ئه‌وپه‌ڕی تایبه‌تمه‌ندی بوو. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر گوێم له‌ گۆرانی ده‌گرت. شاره‌زایییه‌كی سه‌ره‌تاییم له‌سه‌ر چینه‌كانی ده‌نگیش په‌یدا كردبوو، ده‌متوانی له‌سه‌ر شێوازی به‌شێك له‌ گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمه‌وه‌. هه‌ر شتێك، كه‌ تاسه‌ و خواست و ئاره‌زووت بۆی هه‌بوو، تواناشت بۆی په‌یدا ده‌بێت. به‌هیچ جۆرێكیش حه‌زم له‌ گۆرانی زرم و كوت نه‌بوو، هه‌میشه‌ حه‌زم له‌و گۆرانییانه‌ ده‌كرد، كه‌ وه‌ك هێڵێك خه‌یاڵ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م ئه‌شقی گۆرانییه‌ له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه‌ و گه‌شه‌ی كرد و پێكهاته‌ و بنچینه‌ی خۆی دامه‌زراند، ئێستاش گۆرانی هاوسه‌نگیم ده‌پارێزێت و له‌گه‌ڵ خۆم به‌خشنده‌ و شكۆمه‌ند و ئاسووده‌ و خۆشحاڵ و قووڵم ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك مۆسیقایه‌كی نه‌رم بژیم.

ساڵی 1978 له‌ پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیدا مامۆستای وانه‌ی كوردیمان: (شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز) بوو، له‌ ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا له‌ پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك له‌باره‌ی (سروشتی لادێ‌) بنووسین. به‌و پێودانگه‌ی، كه‌ من كوڕه‌لادێیی بووم له‌وانی دی كه‌مێك زیاتر شاره‌زای ئه‌م سروشته‌م. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو داڕشتنه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌ و بۆ هه‌موو قوتابییه‌كان نمره‌ی شیاوی خۆی دانابوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی منی نمره‌ له‌سه‌ر دانه‌نابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ كارخراپییه‌كی من كردبێت، به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ گوتی: (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن) كێیه‌ و بێته‌ده‌رێ‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بكات له‌ ته‌نیشت ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌دا ڕایگرتم. ئه‌م مامۆستایه‌، مامۆستایه‌كی به‌جه‌رگ و ده‌گمه‌ن و ملاومل په‌روه‌رده‌كار و خۆش سروشت بوو، تا ئه‌و په‌ڕیش دڵبه‌ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ وانه‌ی كوردی و دنه‌دانی قوتابی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و دامه‌زراندنی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌ده‌بی. به‌و بیانووه‌ی وانه‌ی كوردی زمانی خۆمانه‌ و پێویسته‌ له‌ناویدا بكوڵێین و به‌ دۆخه‌كانی ساردبوونه‌وه‌ ڕه‌تببین، له‌م نێوانه‌دا بگه‌ین به‌ دۆخی دۆزینه‌وه‌ و باش له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌كانی شاره‌زابین. زمانیش هه‌ستێكی گه‌رماوگه‌رم و خۆڕسك و ده‌گمه‌ن و پشوودرێژ له‌ مرۆڤدا دروست بكات. هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ شه‌ست كه‌متری وه‌ربگرتبوایه‌ لێی ده‌دا و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی ئافه‌رینی به‌شێكی كرد و له‌ به‌شێكیشی دا. ڕووی له‌ من كرد و گوتی: كێ‌ بۆی نووسیوی. منیش له‌و هه‌سته‌ تۆقێنه‌ره‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك پێشتر تێیدا خولم ده‌خوارد و بیرۆكه‌ی په‌رت و بڵاو گه‌مارۆی دابووم. زۆر به‌ ئارامییه‌وه‌ گوتم: ئه‌دی مامۆستا له‌ پۆلدا نه‌ماننووسی. نه‌ختێك چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆی و تووڕه‌یییه‌كه‌ی خاو بووه‌وه‌ و خوێنێكی خۆشیی له‌ ده‌موچاوی خۆش سروشتیدا گه‌ڕا. ئینجا نمره‌ی له‌سه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی منیش دانا و گوتی: ئافه‌رین (سه‌ت). ئای چۆن سه‌ركه‌وتنێكی بچووك له‌ دنیای ژێری ده‌تباته‌ دنیای سه‌روو. ڕۆژی دوایی هاته‌وه‌ كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێنده‌ شه‌یدا و دڵبرده‌ و دڵه‌دووی ئه‌و ئافه‌رینه‌ بووم، نیو هێنده‌ شه‌یدای شیری ناو گوڵه‌گه‌نمی كێڵگه‌ی گونده‌كه‌مان نه‌بووم. مه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانه‌ی له‌سه‌ر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت و ده‌چوومه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆم و له‌ خودام ده‌خواست ناوله‌پ و ناوچه‌وانم ڕێگاوبان بوونایه‌، گۆرانیبێژه‌كان به‌ناویدا هاتوچوویان بكردبووایه‌.

سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتن و یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خانمی كتێبدا له‌م ڕووداو و خۆشبه‌ختییه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و بووه‌ هێڵ و هێمای بوونم. ئه‌و هه‌فته‌یه‌ به‌ هه‌موو بوونێكمه‌وه‌ له‌ناو كۆشیعره‌كه‌دا ژیام، ژیانێك مه‌گه‌ر به‌س مته‌سه‌ووفه‌كان له‌ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دووگورد و شه‌ونوێژ و چاوداخستن و وێرد به‌رزكردنه‌وه‌دا، هێنده‌ چێژیان وه‌رگرتبێت و له‌ بوونی خودا و له‌ خۆیان نزیك بووبێتنه‌وه‌ و گه‌یشتبن به‌ ناخی خۆیان. واته‌: یه‌كبوون له‌گه‌ڵ خودا و هێزی ئه‌ده‌ب. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆشیعره‌كه‌م بۆ گه‌ڕانده‌وه‌. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناته‌وه‌. به‌دڵت نه‌بوو، یان له‌ خوێندنه‌وه‌یدا په‌له‌ت كرد. منیش به‌ بێباكی و نه‌ختێك به‌ هه‌وابه‌رزی و به‌ خۆهه‌ڵخستنه‌وه‌ گوتم: مامۆستا زۆرینه‌م له‌به‌ره‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوام پێنه‌كات و له‌ قسه‌كه‌م به‌ گومان و دوودڵ بێت گوتی: ده‌فه‌رموو ئه‌گه‌ر ده‌مت سپییه‌ وه‌ره‌ به‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش و ئه‌وه‌ی له‌به‌رته‌ بیڵێ‌. منیش گوتم كامه‌ شیعر. دیسان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی تری كرد و چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆیه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بمخاته‌ به‌ر ڕووناكییه‌كی هێمنه‌وه‌ و له‌ بڕوا به‌خۆبوون و خۆهه‌ڵخستنه‌كه‌م دڵنیابێت. لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌ و ناونیشانێكی ده‌گوت. ته‌واوی وانه‌كه‌، چل چركه‌ بوو. من شیعرم تێیدا خوێنده‌وه‌. له‌ گۆكردن كه‌مێك هه‌ڵه‌م ده‌كرد، بۆی ڕاست ده‌كردمه‌وه‌، له‌ كۆتایی وانه‌كه‌دا پێمی گوت: به‌هره‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و كه‌م وێنه‌ی، ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌ته‌ باش مشتوماڵی بكه‌، چالاك نیشانت ده‌دات. هه‌ر هه‌مان ڕۆژ منی به‌ كتێبخانه‌ی (ته‌ئمیم) و خاوه‌نه‌كانی: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، كه‌ دوو مرۆڤی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كان و كاتی ده‌رچوونیانی بۆ نووسیم. یه‌كه‌مین كتێبیش، كه‌ كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكه‌ی فه‌لاح بوو.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌فه‌ و به‌ده‌مچه‌ و كه‌وكه‌و و شه‌ڵغه‌م و له‌وزینه‌گه‌زۆ و شه‌كرله‌مه‌ و فه‌ریكه‌نۆك ….. تاد، خواردن نه‌ما. ڕۆژانه‌كه‌م بووه‌ خه‌رجی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێب، یارمه‌تی ئه‌وه‌ی دام توانا له‌ خۆمدا بدۆزمه‌وه‌ و ئاراسته‌ی كردم و جیهانی نادیارم كه‌وته‌ گه‌ڕ.
له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كاندا: (مه‌حموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری)دا له‌باره‌ی نوێبه‌خشی شیعری كوردی و گرووپی (پێشڕه‌و)دا نووسی. له‌و نووسینه‌یدا ده‌سته‌واژه‌ی (كرمی كتێب)ی بۆ من به‌كارهێنابوو، ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌شی دابوو: خه‌ونی ئه‌م لاوه‌ خه‌ونێكی درێژه‌. ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌دا لانه‌دا. حاڵه‌تێك به‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی ده‌به‌خشێت.

شیعره‌كانی: (هێمن) چێژی زمانی ئه‌و گونده‌ی ده‌دا، كه‌ خۆی تێیدا له‌دایك بووه‌. به‌ ساده‌ییش وێنه‌ی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كێشاوه‌، كه‌ هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌. واته‌: ده‌ره‌نجامی ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌تی. زمان و زمانڕه‌وانی شیعره‌كان كه‌مێك لادێیی بوون. چاو و زه‌ین و ئه‌قڵییه‌تی ئه‌وسای منی به‌ پڕی ڕاده‌گرت، تا ئه‌وپه‌ڕی چێژ، بردمیه‌ وه‌رگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب له‌ توانایدایه‌ بیابان بكاته‌ به‌هه‌شت. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و ساده‌یی و بریقه‌ و زمان پاراوییه‌ بووبێت زمانی لا كردمه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی په‌رستن و شه‌ونوێژی بۆ ده‌كه‌م، بچمه‌ ناوی و بیكه‌م به‌ ڕوانگه‌ و گوتاری ناخم و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی گونجاوی تێدا بده‌م. وه‌رچه‌رخانێكی ته‌واوی ئاراسته‌كانی ژیان بوو، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی دامێ‌، بزانم هێز و بێ‌ هێزی زمان له‌ كوێی ده‌قدا ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ ئه‌ده‌بیبوونی ده‌قیش له‌ چ به‌كارهێنانێكدا ئاسته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت. واته‌: ئه‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌كاته‌ بابه‌تی ئه‌ده‌بی، زانیاری و هێزی زمانه‌، یان هێزی زمان و كاریگه‌ریی بابه‌ت.

شیعر به‌ ته‌نیا له‌ تێڕوانینی زمانه‌وه‌ ئاستداری ده‌ستنیشان ناكرێت. له‌ تێڕوانینی بابه‌تی هه‌ستی و به‌كارهێنانی ئه‌ده‌بییانه‌ی زمانه‌وه‌، گه‌شانه‌وه‌ی هه‌ستی و زمانیی لای خوێنه‌ر گه‌ڵاڵه‌ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ شیعربوونی هه‌ر ڕسته‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌یه‌ زمان له‌ به‌كارهێنانی زمانی ڕۆژانه‌دا ده‌رهاتووه‌ و هێندراوه‌ته‌ ناو زمانی ئه‌ده‌به‌وه‌، هه‌روه‌ها كارلێكردنی وشه‌ له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، چۆن هێزی وشه‌ وشه‌یه‌كی دیكه‌ ڕاده‌كێشێت و دروستی ده‌كات و تۆڕی زمان ده‌چنێت.
ئه‌گه‌رچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وه‌ك ته‌مه‌ن حه‌ڤده‌ ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) له‌دایك بووه‌. حه‌فت ساڵیش له‌م زیاتر ژیاوه‌، به‌ڵام نوێبوونه‌وه‌ی شیعری كوردی چاوگه‌كه‌ی له‌ گۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. هێمن له‌ چه‌مكی شیعری ئاسایی ده‌رنه‌چووه‌، به‌و ئاست و ئاراسته‌یه‌ش ده‌ینووسی. واته‌: وه‌ك شێواز كۆنه‌خواز بوو، به‌ڵام وه‌ك بیروڕا و ده‌ربڕین نوێخواز بوو، دیوانه‌كه‌ی له‌ لام ئاماده‌یه‌ و سێبه‌ره‌كانی به‌ ته‌واوی له‌ناو زه‌ینمدا ده‌جووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبه‌خشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش به‌ دیوانی شیعری كوردی نه‌كردووه‌. له‌ ده‌قی: (به‌هاری كوردستان)، به‌ شیعر له‌باره‌ی سروشتی نووسیوه‌، له‌م ده‌قه‌یدا به‌ شاعیر داناندرێت، به‌ڵكو به‌ ڕووه‌ك ناس و شاره‌زایه‌ك له‌باره‌ی ژیانی لادێ‌ داده‌ندرێت. به‌ڵام به‌شێك له‌ شیعره‌كانی كۆشیعری: (ناڵه‌ی جودایی) شیعری مه‌یدان كورت نین و له‌ شیعره‌ هه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردین. به‌تایبه‌تیش شیعری: (ئێواره‌ی پایز)، شیعرێكی ته‌واو هه‌ستییه‌.

ئه‌و ئاوه‌ ڕوون و ڕه‌وانه‌ی ڕشتوویه‌تی بۆ ئه‌به‌د ڕۆحی ته‌ڕ كردووم و له‌ ناخی دڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دوێ‌ و ناخی كردووم به‌ مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهه‌نگی ژیان، به‌ڵام هه‌ستی شیعریی من له‌سه‌ر هه‌ستی شیعری ئه‌و دانه‌مه‌زرا، هه‌روه‌ها به‌هیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگه‌ر نه‌بوویمه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ ڕێ‌ ڕوونیم، بێجگه‌ له‌ شیعر خۆی نه‌بێت، شیعری بێگه‌رد. دوای ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ و بڕینی هه‌زار و یه‌ك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن ده‌ربڕین له‌ پایه‌ و به‌های تۆ بكه‌م و پاداشتت بده‌مه‌وه‌. به‌ كامی دڵ له‌ باوه‌شت ده‌گرم و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م و ڕێز له‌ سیما و چاوی پڕ له‌ ڕازت ده‌گرم، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م بۆنه‌یدا هه‌ل و بوارێك وه‌رده‌گرم تا گوناهێك له‌سه‌ر شان و ڕۆحم هه‌ڵگرم و باری گران و به‌ ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكه‌م. گوناهێك، دواتر بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ خێر گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نم یه‌ك جار كتێبم له‌ كتێبخانه‌ له‌ غه‌فڵه‌تی خاوه‌نه‌كه‌یدا بردووه‌، ئه‌ویش له‌ 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكه‌نینی گه‌دا)ی حه‌سه‌ن قزڵجی بوو، نه‌مده‌زانی به‌ شه‌قامدا ده‌ڕۆم، یان به‌ناو تونێلێك ئاگر، یان له‌ ڕه‌وه‌زه‌ شاخێكی عاسێدا گیربوویمه‌ و هه‌ڵدێران هه‌ڕه‌شه‌م لێ‌ ده‌كات، ها ئێستا نا، دوو هه‌نگاوی تر ده‌كه‌ومه‌ ناو چاڵێكی بێئامانه‌وه‌. له‌ نیوه‌ی ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌، یه‌كڕاست به‌ ڕه‌نگی زه‌رد و هه‌ڵبزڕكاو و ده‌روونی ماندوو و نیوه‌ڕۆح بوومه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لای: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، دانم پێدانا ئه‌م كاره‌ خراپه‌م كردووه‌. ئه‌مانیش ده‌ستیان له‌سه‌ر شانم دانا و دڵیان دامه‌وه‌ و گوتیان: بۆیه‌ دڵمان به‌ كتێب و ژیان خۆشه‌، هێشتان مرۆڤی باوه‌ڕ به‌پاكیی خۆی وه‌ك تۆی تێداماوه‌، به‌ بچووكترین هه‌ستپێكردن له‌ ناخه‌وه‌ ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبه‌كه‌یان لێ‌ وه‌رنه‌گرتمه‌وه‌ و دیوانی: (مه‌حوی)شیان به‌ دیاری وه‌ك ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یه‌ك پێدام. له‌م باره‌ی لێبووردنه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌تا له‌ خۆشیدا گه‌شكه‌ نه‌یده‌بردمه‌وه‌، له‌ قووڵایی بوونمه‌وه‌ پاك بوومه‌وه‌ و به‌ره‌و ئارامیی ده‌روونی ڕۆیشتم.

كتێبه‌كه‌م هه‌ر له‌لا مایه‌وه‌ و هه‌میشه‌ش لێی ده‌سڵه‌میمه‌وه‌. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد، كه‌ چاپی سێیه‌می ئه‌م كۆچیرۆكه‌ بكه‌نه‌وه‌. هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر چاوی ڕه‌زامه‌ندی دانا و گوتی: شه‌یدای زمانی ئه‌و چیرۆكنووسه‌م و سوودیشم له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌ی زمانه‌ ئێجگار زیندووه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ به‌كاربردنی وشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه‌ و زمان تائه‌وپه‌ڕی ده‌ناسێت و باش له‌ ناوكی وشه‌ش تێده‌گات، فه‌رهه‌نگی وه‌ك خاكی سوارچاكان پاگژه‌ و ده‌زانێت چۆن بنووسێت. ئه‌مانیش دوای هه‌وڵ و كۆشش و په‌یوه‌ندیكردن، شه‌ش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خسته‌ پاڵ چیرۆكه‌كانی: چاپی یه‌كه‌م: 1967 – به‌غدا، چاپی دووه‌م: 1985 – به‌غدا، ساڵی 2010 چاپی سێیه‌میان خسته‌ كتێبخانه‌وه‌.

هه‌ر به‌ ڕێ‌ ڕوونی كتێبه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌می هه‌ستپێكراو و دنیای زه‌ینی زۆرێك له‌ شاعیر و نووسه‌ران ئاشنا و پێیانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوویمه‌، كه‌م و زۆر توانای ئه‌وان له‌ خۆڕاچڵه‌كاندن و گه‌شه‌ و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌قڵ و خه‌یاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گه‌نجینه‌ و هێزی ڕۆح و پێوانه‌ی شیاو و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ و سۆزی شاراوه‌ بوونه‌. هه‌میشه‌ش له‌ ئه‌زموونی خۆمدا ویستی یه‌كه‌م و بێ‌ پێوانه‌م ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رهه‌مێكی خۆكردی حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆم به‌رهه‌م بهێنم. چیشم زانیوه‌، ئه‌وه‌م نووسیوه‌. جه‌وهه‌ری پێكهاته‌ی مرۆڤیش ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌زانێ ئه‌وه‌ بنووسێت.




غه‌ریبێك به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ ڕێت … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

_خوێنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ شیعری نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو_

گه‌ڕان به‌دوای نێشتمانی ڕاسته‌قینه‌دا، كه‌ خۆی له‌ زێدی ڕه‌سه‌ن‌وله‌ دایك بوونی مرۆڤه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، هه‌میشه‌ خه‌مێك بووه‌ به‌ كۆڵی تاكی كورد. له‌ نه‌بوونی وڵاتدا، مرۆڤی كورد به‌رده‌وام هه‌ستی به‌ بۆشاییه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌ كردووه‌. چونكه‌ نیشتمان لێره‌دا هێمایه‌كه‌ بۆ شوناسی مرۆڤ‌و ناسینه‌وه‌ی له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا. ئه‌‌وخه‌مه‌ی مرۆڤی كورد قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، كاتێ ڕووبه‌ ڕووی پرسیاركردن له‌ باره‌ی شوناسه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌. ناسنامه‌ لێره‌دا شوناسێكه‌ بۆجیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌وانی تردا. بۆناسینه‌وه‌ی ئه‌و. به‌تایبه‌تیش له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا. بۆیه‌ ده‌بینین ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ گوتاری شیعری كوردیدا هه‌وڵدانه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ونیشاندانی ناسنامه‌ له‌ ئاست ئه‌وانیتردا. ئه‌و ناسنامه‌ش بێگومان له‌ كوردبووندا خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.كاتێ وه‌ك گوتارێكی شیعری، له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی ئێمه‌دا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. خودی ئه‌وگوتاره‌ش زۆرترخۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كاتێ مرۆڤ زێد‌ونیشتمانی ڕه‌سه‌نی خۆی جێدێڵێت. مرۆڤی كورد به‌و پێیه‌ی به‌هۆی بێ ده‌وڵتییه‌وه‌ نیشتمانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه‌، ئیدی ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ خه‌ونێكی سیاسی گه‌وره‌ی بووه‌،كه‌ ڕۆژگارێك دابێتـ ئه‌ویش خاوه‌نی ناسنامه‌و نیشتمانی خۆی بێت. لێره‌وه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌بێته‌ به‌ شێكی سه‌ره‌كی له‌ دیدگای مرۆڤی كورد‌و خه‌مێك كه‌ به‌رده‌وام به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌. ئیدی ڕوو له‌ هه‌ر شوێن‌و جێگه‌یه‌ك بكات،ئه‌و خه‌ونه‌ به‌ شێكه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و ڕوانینی. به‌تایبه‌تیش كاتێ له‌ ئاست كه‌سانێكی خاوه‌ن نیشتمان‌و ‌وڵاتدا، هه‌ست به‌ بێ شوناسی ده‌كات.

كۆمه‌ڵه‌ شیعری(نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو) هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد. له‌ دووتوێی شیعره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا، غه‌ریبێك ده‌بینین كه‌ به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ڕێت‌و خه‌می نیشتمان له‌ مه‌نفادا، به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌تی. غه‌ریبێك كه‌ جوانییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، خۆشییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، نابنه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی‌و خه‌یاڵی هه‌میشه‌ بۆ گونده‌ وێرانكراوه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. غه‌ریبێك كه‌ له‌ تاراوگه‌شدا، ناتوانێ نیشتمان له‌ بیر بكات‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ ژیانی ئه‌وێ ڕانایه‌ت‌وهه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناكات. بێگومان ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی ده‌قێكه‌. سه‌ره‌تاو ده‌سپێكی په‌یوه‌ندی خوێنه‌ره‌ به‌ده‌ق. بۆیه‌ ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه‌و به‌شێكه‌ له‌ ئستاتیكای ناونیشانی كتێبه‌كه‌، هاوكات ده‌كرێ ئه‌و ناونیشانه‌ به‌ ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ش بخوێنرێته‌وه‌. ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ به‌ نیشتمانه‌كه‌یانه‌وه‌. له‌مانای دیاری ئه‌و ناونیشانه‌دا،هه‌ریه‌ك له‌ دوو چه‌مكی سرووشتی ڕووبارو دارستان هه‌یه‌. كه‌ هه‌ردووكییان به‌ شێكی سه‌ره‌كی‌و گه‌وره‌ن له‌ پێكهێنه‌ری ژینگه‌و شوێن.دارستان هێمایه‌ بۆ جوانی‌و سه‌وزیی‌وسرووشت.

هاوكات ده‌له‌لاله‌تێكیشه‌ بۆ خۆڕاگری له‌ ئاست باهۆزی سرووشتدا. ڕووباریش كه‌ دیسان چه‌مكێكی سرووشتییه‌، هێمایه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان. چونكه‌ هیچ بوونه‌وه‌رێك ناتوانێ به‌بێ ئاوبژیت‌و ئاو هێمایه‌ بۆ ئاوه‌دانی.كه‌واته‌ شاعیر، وێنه‌ی نیشتمانێكمان بۆ ده‌كێشێت، كه‌ هه‌میشه‌ وێرای سوتماككردن‌و له‌ نێوبردنی،هه‌رزیندووه‌. ئه‌گه‌رچی ناونیشانه‌كه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ كاری ڕابردووه‌.به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، كه‌ ئه‌گه‌ر دارستانێكیش له‌ نێو بچێت، دارستانێكی دیكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. ڕه‌گی داره‌كان هێنده‌ به‌ زه‌ویدا ڕۆچوون، هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵیانكێشێ. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ ئاماژه‌یه‌كی سیاسیش بده‌ینه‌ ئه‌و ناونیشانه‌. كه‌هه‌ریه‌ك له‌ ڕووبار هێمایه‌ بۆ ڕووباری خوێنی شه‌هیدانی ئێمه‌،دارستانیش ئه‌و نیشتمانه‌یه‌ كه‌ به‌و ڕووباره‌ ده‌ژیت‌و زیندووه‌. لێره‌وه‌ش شاعیر ئاماژه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌‌و خه‌بات‌و خوێن ڕشتنه‌ ده‌كات، كه‌ نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌ پێناوی نیشتماندا ده‌یدات.
ئه‌و نیشتمانه‌ی به‌هه‌موو سوتماكییه‌ی خۆیه‌وه‌، شاعیر نایگۆڕێته‌وه‌ به‌ جوانییه‌كانی نیشتمانێكی دیكه‌، كه‌ ئه‌ویش مه‌نفایه‌.تیمه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و شیعرانه‌، هه‌موویان گوزارشت كردنه‌ له‌نیشتمان‌و ده‌چنه‌ خانه‌ی شیعری مه‌نفاوه‌. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ به‌رهه‌می ده‌ساڵ ئاواره‌ییه‌ له‌ نیشتمان‌و هه‌موویان هه‌ڵگری گوتارێكن كه‌ ئه‌ویش غه‌ریبییه‌ بۆ نیشتمان. خه‌ون بینین‌و تاسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نیشتمان.له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا به‌بۆچوونی من، سێ ئاستی گوزارشتكردن له‌ نیشتمان له‌ چوارچێوه‌ی شیعره‌كان هه‌یه‌. له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا،شاعیر دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ئۆكرانیا،ئیدی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ناتوانێ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێت كه‌ نیشتمانی جێهێشتووه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقیعی وڵاتێكی دیكه‌دا، كه‌ شاعیر تیایدا په‌ناهه‌نده‌یه‌، به‌ خه‌یال وێنه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ ده‌كێشێت. له‌و قۆناغه‌دا شاعیر ده‌ڵێت:_
ئه‌وبرینه‌ی له‌كوردستان له‌دڵم بۆوه‌…
نه‌كچی شه‌نگ..نه‌شه‌وی سه‌رمه‌ستی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ.بۆیان تیمار ناكرێ.
شاعیر جێهێشتنی زێدی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، به‌ برینێكی دڵ وێنا ده‌كات. له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌، به‌بێ هیچ گومانكردنێك‌و به‌ یه‌ قینه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌كچه‌ شۆخه‌كانی ئه‌وێ‌ونه‌ شه‌وی مه‌ست ناتوانن ئه‌و برینه‌ی سارێژ بكه‌ن. برینی نیشتمان،ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان سارێژ ده‌بێت.شاعیر خۆشیی‌و جوانیه‌كانی ئه‌وێ نابینێت‌وخه‌یاڵی هه‌ر لای ئه‌و برینه‌یه‌ كه‌له‌ دڵی بۆته‌وه‌. برینی دڵ لێره‌، له‌ پاڵ ئاماژه‌یه‌كی كه‌سی كه‌ دڵی مرۆڤێكه‌و برینداربووه‌،هاوكات ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و گشتیشی هه‌یه‌، ئه‌ویش سووتاندنی نیشتمان‌و ئه‌و هه‌موو كاره‌سات‌و تراژیدیانه‌ی شاعیر له‌ كوردستان بینیویه‌تی.به‌تایبه‌تیش كه‌وه‌ك شاعیر خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ كه‌ ئه‌و له‌ پاییزی 1988نیشتمان جێدێڵێت. ئه‌و كاته‌ش قۆناغی خامۆشبوون‌و شۆكی ده‌روونی پاش كاره‌ساتی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان‌و كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. بۆیه‌ شاعیر ئه‌و تراژیدیانه‌،به‌برینی دڵی ده‌زانێت. هاوكات دڵنیاییش ده‌داته‌ نیشتمان كه‌ نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی سه‌رمه‌سته‌م، ناتوانن ئه‌و برینه‌ی بۆ تیمار بكه‌ن. لێره‌دا شاعیر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاوبوون به‌ دنیای غه‌ریبییه‌. بۆیه‌ لای وایه‌ تازه‌ هیچ شتێك ناتونێت، برینی دڵی تیمار بكات. له‌ ئاستی دووه‌مدا شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئێستای تاراوگه‌ جێبهێڵێت‌و بگه‌رێته‌وه‌ نیشتمان، پێویستی به‌وه‌یه‌ نیشتمانێكی بچووك له‌ خه‌یاڵی خۆیدا دروست بكات. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، شاعیر دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ئیدی ئه‌و له‌ شوێنێك ده‌ژیت كه‌ زێدو شوێنی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی نییه‌ وه‌ك باسمان كرد، به‌ خه‌یاڵ ئه‌وێی نیشتمان دێنێته‌ ئێره‌ی تاراوگه‌. به‌ڵام به‌ چ شێوه‌یه‌ك،بێگومان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی نیشتمان.بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:-
به‌ڕۆژ ئه‌ندێشه‌یه‌كی كپ ده‌ست به‌سه‌رم ده‌كات…
به‌شه‌وتاك‌و ته‌نیا له‌ گه‌ڵ ئازیزانداگفتوگۆمه‌…
ئه‌گه‌ر خه‌ون بینین نه‌بوایه‌ ئێستا كێوی ببووم..
شاعیر خه‌ونده‌كاته‌ جێگره‌وه‌ی دنیایێكی واقیعی‌و ئه‌وه‌ی به‌واقیع بۆی به‌رجه‌سته‌ناكرێت، هه‌وڵده‌دات به‌ خه‌یاڵ به‌رجه‌سته‌ی بكات. بۆیه‌ شاعیرخه‌ون وه‌ك جیهانێكی دیكه‌ی جیاواز له‌واقیع كه‌هه‌ر ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا بوونی هه‌یه‌و بوونێكی به‌رجه‌سته‌یی نییه‌،ده‌بینێت.خه‌ون لێره‌دا ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ نیشتمان به‌ شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی.به‌ده‌ربڕینێكی تر. شاعیرخه‌ون وه‌ك فریادره‌سێك بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی خۆی ده‌بینێت، كه‌له‌ مه‌نفادا تیادا ئه‌ژیت. دۆخێك كه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كاریگه‌ریه‌تی كردۆته‌ سه‌ر هه‌ست و ڕوانینی شاعیركه‌به‌ره‌و كێویبوون كه‌ ده‌لاله‌ته‌ بۆ دێوانه‌یی و په‌راگه‌نده‌بوون، بیبات.بۆیه‌ خۆشبه‌ختی شاعیر له‌وه‌ دایه‌، كه‌له‌و مه‌نفایه‌دا، له‌و ژیانه‌ ته‌نها و بێكه‌س وبێ ئازیزانه‌دا، خه‌ون ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر خه‌ونیش نه‌بووایه‌ كێوی ببوو. لێره‌دا به‌ریه‌ككه‌وتنی شاعیر له‌ گه‌ڵ دوو دنیای جیاواز، دووكلتووری جیاواز، دوو شێوه‌ ژیانی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت. گه‌رچی مه‌نفا به‌ هۆی پێشكه‌وتنه‌كانییه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كانی ژیان، ئه‌سته‌مه‌ ببێته‌ شوێنی كێویكردنی مرۆڤه‌كان. وه‌لێ بۆ شاعیر نه‌جوانییه‌كانی ئه‌وێ، نه‌ ژیانی ئه‌وێ، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن نیین.بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر خه‌ون بینین.
به‌ڵام ئایا خه‌ونه‌كان هه‌موویان ده‌بن به‌ ڕاستی؟ بێگومان مه‌حاڵه‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ونبینینێكی ئێمه‌ ڕاستی بووایه‌، ئێستا چه‌ند ئاسووده‌، به‌خته‌وه‌ر‌و شادومان ده‌بووین. وه‌لێ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت خه‌ونه‌كان ئه‌گه‌ركورت ‌وكه‌مخایه‌نیش بن، هێشتا بۆ ماوه‌یه‌ك چێژو ئارامی به‌ مرۆڤ ده‌ده‌ن. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، شاعیر خه‌ون بینین وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی جوان ده‌بینێت، له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌روونیه‌ی له‌ میانه‌ی جێهێشتنی واقیعی نیشتماندا، ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌.شاعیر دوای ئه‌وه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی جێدێڵێت و ده‌گاته‌ مه‌نفا، ئیدی هه‌ستی به‌نامۆبون به‌ هه‌موو دیارده‌و بووه‌كانی ده‌ورو‌و به‌ری له‌لادا دروست ده‌بێت. بێگومان ساڵه‌كانی یه‌كه‌می ته‌ناهیكردن له‌ مه‌نفاداو له‌ گه‌ڵ غه‌ریبیدا( گه‌رچی من مه‌نفام نه‌بینیوه‌ وه‌لێ زۆر بابه‌تم له‌م ڕووه‌وه‌و خوێندۆته‌وه‌) ساته‌كانی هه‌ست كردنن به‌ غه‌ریبییه‌كی گه‌وره‌و كوشنده‌. غه‌ریبییه‌ك، كه‌ ئاسه‌وارێكی گه‌وره‌و قوڵ له‌ ژیان و ناخی مرۆڤ جێدێلێ. ئه‌و ئاسه‌واره‌ به‌هیچ شتێك(ژدێل_ ته‌عویزكردنه‌وه‌) ناكرێته‌وه‌. بۆیه‌ شاعیر دیسانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ی خۆی له‌ گه‌ڵ مه‌نفادا باسده‌كات‌و له‌ كۆپڵه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_
ئه‌ی خانمی نائاشناو شه‌نگ
كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌م.ئه‌م شه‌و له‌ سه‌مات ڕانایه‌م.

شاعیربه‌بێ هیچ هه‌ستكردن به‌شه‌رمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیدێكی خۆبه‌كه‌مزانینه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌وی تری نا ئاشنا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ سه‌مای كچه‌چاوشین و پرچ زه‌رده‌كانی ئۆكرانیا(كه‌هه‌زاره‌ها گه‌نج خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن) ڕانایه‌ت. شاعیر شه‌رم له‌وه‌ ناكات كه‌ باسی نا ئاشنایی خۆی به‌ سه‌مای ئۆكرانییه‌كانه‌وه‌ بكات. بگره‌ به‌ شانازیشه‌وه‌ باسیده‌كات. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی شاعیر له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟ بێگومان له‌ شوناسی كوردبوونی خۆیه‌وه‌. واته‌ شاعیر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك وابه‌ سته‌یه‌ به‌ نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی باس له‌و دیاردانه‌ش بكات كه‌ بۆ ئه‌و نامۆوپێشتر نه‌بینراون.به‌لایه‌وه‌ نه‌نگی نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ پێناسه‌ی خۆی بكات، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی ڕتووشكراو، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ به‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆی بدات. شاعیر لێره‌دا به‌ كچه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌یه‌، نه‌ك كاره‌كته‌رێكی تر. بۆیه‌ ده‌بینین به‌و په‌ڕی ڕاشكاویی و ڕاستگۆییه‌وه‌، دان به‌ نائاشنایی خۆی ده‌نێت له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و دانپیانانه‌ بێ ماسكه‌ی شاعیر،گوزارشت له‌ دوودنیابینی جیاو دوو كلتوورری جیا ده‌كات، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵی خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی،په‌روه‌رده‌یی،خێزانی ‌وكه‌سین.كه‌ ئه‌وانیش كوردو ئۆكرانیه‌كانن.

شاعیر ڕاسته‌وخۆ به‌ كچه‌ شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت كه‌كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌یه‌، ئه‌مشه‌و له‌ سه‌مای ڕانایه‌ت.هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ شاعیر بیانووی ئه‌و پرسیاركردنه‌ له‌ كچه‌ شۆخه‌كان ده‌بڕێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ میانه‌ی ئاواێزانبوونی له‌ گه‌ڵ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی بكرێته‌وه‌.كه‌ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وبۆچی نائاشنایه‌ به‌ دنیای ئێره‌؟بۆچی جوانییه‌كانی ئێره‌و پێشكه‌وتنه‌كانی ئێره‌ نابنه‌ جێگه‌ی تێڕامان و شادومانی. بێگومان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانێكی جێهێشتووه‌. نیشتمانێكی بریندار‌وخاپو‌وركرای به‌چڕنۆكی به‌عسی فاشییه‌وه‌.ئه‌و برینه‌ش نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی مه‌ست و جوان، ناتوانن بۆی تیمار بكه‌ن. ئه‌وه‌ ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان ئه‌و برینه‌ قه‌تماغه‌ ده‌گرێت.لێره‌وه‌ش له‌ ئاستی سێیه‌مدا، شاعیر نامۆبوونی ته‌واوه‌تی خۆی به‌ ژیانی ئه‌وێ ده‌كاته‌ به‌شێك له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و ئیدی دڵنیایی ده‌داته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ ئه‌و ناتوانێت، له‌ سه‌مای ئه‌و ڕابێت. به‌م جۆره‌ش ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی دوو كلتوور، دووشێوه‌ مرۆڤ، دوو شێوه‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینه‌وه‌. یه‌كێكییان ئه‌و شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ كه‌ شاعیر هه‌ڵگریه‌تی ئه‌وی تریش شوناسی به‌رامبه‌ره‌. شاعیر نه‌بادا مه‌نفا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی شوێن ونیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی، ئیدی هه‌موو دیارده‌كانی بوون و ژیانی ئه‌و به‌ نامۆ ده‌بینێت و ناتوانێ پێیانه‌وه‌ ئاشنا بێت.ئه‌مه‌ش له‌ پێناو هێشتنه‌وه‌ شوناسی كوردبوون ونیشتمان له‌ یاده‌وه‌ری ودڵ و ده‌روونیدا. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ نزیكه‌ی شانزه‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر، كۆمه‌ڵه‌ شیعری(هێلانه‌ی نغرۆ)ی(مارف عومه‌رگوڵ)م خوێنده‌وه‌و چێژ‌و جوانییه‌كی زۆرم له‌ شیعره‌كان دیت. ئێستا كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، جارێكی ترشیعره‌كانی( نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووبار بوو)خوێنده‌وه‌،به‌رهه‌مان ئه‌و چێژ‌و جوانییه‌ كه‌وتمه‌وه‌ كه‌ شانزه‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ربینی بووم. به‌هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رهه‌می جوانتر‌و شیعری جوانتر بۆ شاعیر.

ڕواندز_پاییزی 2017

په‌راوێز/ نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووباربوو/ شیعر/ مارف عومه‌ر گوڵ/ ساڵی چاپ 2016




پەیامی تاریكی … کارا فاتیح

سەرنجێكی شێواو بۆ دەربڕینی: دەست بە كارەباوە بگرن
واتای ئاسایی ئەم ڕستەیە (دەست بە كارەباوە بگرن.) ئاسانە و تێگەییشتنی جیا و قووڵبوونەوە هەڵ ناگرێت، بەڵام لێرەدا بە ئەنقەست واتای (دەست) كە لەم ڕستەیەدا مەعنەوییە دەخەینەوە جێی خۆی و دەیكەینەوە بە بەرجەستە، واتا ئەو دەستەی كە بەم پەنجانە ئەم پیتانە پێ دێتە سەر شاشەی كۆمپیوتەر.

دەست لە بیردۆزی پەرەسەندندا جێگەی خۆی هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەستی خۆی بە كار دەهێنێت، قەد و لقی درەخت دەگرێت، پەلامار دەدات، بەرگریی بۆ لەش دروست دەكات و پێی لە زەوی دەچەسپێنێت، دەمێنێتەوە، دەست پێویستییەكانی ژیان دابین دەكات و یارمەتیی گۆڕان و پەرەسەندن دەدات و قۆناغی مرۆڤبوون دەهێنێتە پێشەوە (بیركردنەوەیەكی بچووك و كورتمان لە بیردۆزی پەرەسەندن گواستوەتەوە و كارمان بە وردەكاری و لایەنەكانی تری نییە.) دواتر هەر بەو دەستانە پەلاماری سروشت دەدات و هەموو شت لە ژێر فەرمانی عەقڵ، بۆ خۆی و لە خزمەت بە كار دەهێنێت، ئەم زیندەوەرە مرۆڤە، كە سەنتەری بڕیاری لە دەستەكانەوە بۆ عەقڵ گواستوەتەوە، ئەوە هۆشیارییە دەستەكان ئاراستە دەكات، دەست بە بەرنامەی عەقڵ دەجووڵێتەوە. ئەی لە ڕستەی (دەست بە كارەباوە بگرن) چی؟ دەست لێرەدا دیسان عەقڵ و جەستە دەكاتەوە بە پاشكۆی خۆی، مرۆڤ دیسان وەك قۆناغەكانی پێشتر دەبێت چاوی لە دەستییەوە بێت بیپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامی لە ژیان، دەست وەك دەستەكانی مرۆڤی نێو ئەشكەوت دەیەوێت ڕێنوێنی مرۆڤ بكات، چونكە دەزانێت كە كارەبا دەكوژێتەوە ماڵ دەبێتەوە بە فۆڕمێكی تری ئەشكەوت.

دەست بە كارەباوە بگرن، هەر خەریكی هەڵكردنەوەی جۆزەكان بن، زوو زوو بە دەستەكان ژمارەی گڵۆپە داگیرساوەكان كەم بكەنەوە، بۆیلەر و سپلیت و هیتەر و ئامێرەكانی تر بكوژێنەوە و بە چەشنێك لە كارەبای داببڕن، ئیتر وەك زیادە و ئامێری ناپێویست سەیری بكەن، هەمیشە با پەنجەكان لە سەر سویچپلاكەكان بن، ئیتر بە وێنەی مرۆڤی نێو ئەشكەوت چۆن بە دەستەكان دیوارەكان دەپشكنێت و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بیر و زانیاری بۆ مێشك، دەبێت لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمیشدا، دەستەكان بەردەوام كار بكەن و فریا بكەون و كارەبای بەكارهاتوو كەم بكەنەوە تا مێشك لەو بیرە غافڵ نەبێت، كە ئەوەی لە ناویدا دەژی، خانوو نییە بەڵكو ئەشكەوتێكی مۆدێرنە… ڕەنگە دڵمان بە وەسفی (مۆدێرن) بۆ ئەو ئەشكەوتەی تێیدا دەژین خۆش بێت، بەڵام خاڵی جیاواز و ترسناك و تراژیدی ئەوەیە مرۆڤ یان زیندەوەری ناو ئەشكەوت لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە بەرەو پێشەوە و بەرەو مانەوە و جێگیربوون، بەرەو بەكارهێنانی سروشت و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەڵام مرۆڤی ناو ئەشكەوتی مۆدێرنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەشە و گۆڕاندایە بەرەو دواوە، بەرەو دەستبەرداربوون لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان و شكانەوە و خۆخواردنەوە بەسەر بێهێزی و بێ دەسەڵاتیی خۆیدا، ئەم لە بێهێزەكانە و بە هۆی بێ ئیرادەیییەوە شیاوی ژیان نییە، بەڵام وەك ئەوەی مردنی حەقیقی چارەنووسی زیندەوەرە بێهێزەكانە لە پێش مێژوودا، ئێستا مردنی حەقیقی ڕوو نادات و وەچەی ئەم بێهزانە دوایی نایەت، بەڵام هەموو سات و ڕۆژێك بە هۆی ژیان لە ژێر سیستمی خاوەنی (دەست بە كارەباوە بگرن.) دەبێتە مردن و مرۆڤی ئەشكەوتی مۆدێرن بەردەوام مومارەسەی مردن دەكات: مردنێكی ڕەمزی.




ڕۆژمێر و ڕاپه‌‌رین و خه‌‌می بێ كۆتایی … جه‌لالی میرزا كه‌ریم

1
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ دڵی ئاسمانا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ سنگی مێژوودا ماوه‌‌؟
ئاخ! .. شتێ
له‌‌ كاروانی مه‌‌رگا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ ساڵنامه‌‌ی زوڵما ماوه‌‌؟
بۆ به‌هاری: گه‌‌ڵاڕێزان
بۆ هاوینی: ڕێژنه‌‌ و لافاوی خوێن هه‌‌ڵسان
بۆ ته‌‌نیایی: منداڵانی ناو كوردستان
ببنه‌‌ په‌‌رژین و پشتیوان.
* * *
ئاسمان! .. بۆ تۆ
سواری كام ئه‌‌سپی بۆراقی،
ئایین ببین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
مێژووی زه‌‌مینی ژان! .. بۆ تۆ
ڕێی كام دایكی
ئیفلاتوونی زایین بگرین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
كاروانی بیست سه‌‌ده‌‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ
چ په‌‌یكه‌‌رێ بۆ هێرۆشیما و هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ هه‌‌ڵببه‌‌ستین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
ساڵنامه‌‌ی سه‌‌ددامی باوكی،
هیتله‌‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ
سنووره‌‌كان كیشوه‌‌ری مردن ئه‌‌بڕین
تا بتگه‌‌ینێ؟
تا بتگه‌‌ینێ و نه‌‌خشه‌‌ی كه‌‌لله‌‌ و دڵت بدڕین
تا فرمێسكی چاوی به‌‌رلین و كه‌‌ربه‌‌لا و
كه‌‌ركووك بسرین!
ئه‌‌وسا سروه‌‌ی
پڕ له‌‌ نه‌‌شئه‌‌ی
سروودێكی بێ كۆتایی،
ورد ورد بێشكه‌‌ی
خه‌‌ونی شایی
باڵه‌‌فڕێی په‌‌ڕه‌‌سێلكه‌‌ ڕائه‌‌ژه‌‌نێ.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر .. به‌‌ دیواری شه‌‌وی
زووحاكا هه‌‌ڵنه‌‌گه‌‌ڕاین و
به‌‌ره‌‌به‌‌یانی نه‌‌ورۆزمان
به‌‌ ئاورنگی سه‌‌ر ڕوومه‌‌تی
گوڵاڵه‌‌ سووره‌‌ ئاڵ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ستمان
نه‌‌كرده‌‌ ملی (سیڤه‌‌ر) و
ئه‌‌و لا و ئه‌‌و لایمان ماچ نه‌‌كرد.
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر به‌‌ ڕووی
په‌‌شیمانییه‌‌كه‌‌ی (لۆزان)دا
شه‌‌ڕمان نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ ئامۆژگارییه‌‌كه‌‌ی
(ولسن)مان وه‌‌ك
ئایه‌‌تێك له‌‌ناو قورئانا له‌‌به‌‌ر نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێنج ساڵ
به‌‌ كۆش، به‌ ‌ده‌‌ست،
پشكۆی ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگمان
به‌‌ پێپیلكه‌‌ی ئاگری داخا
بۆ تارای بووكی كوردستان
نه‌‌ْ .. باڵای
ئاڵای شه‌‌كاوه‌‌مان .. نه‌‌برد.
* * *
چیمان.. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێڵووی چرای ئه‌‌ستێره‌‌ی شه‌‌قامی
كۆماره‌‌ ساواكه‌‌ی سابڵاخمان پێ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا .. هه‌‌زاران ساڵه‌‌
گوڵه‌‌ ژاڵه‌‌
له‌‌ وه‌‌رزی حه‌‌زمانا ئه‌‌ژی و
پێمان ئه‌‌ڵێ:
(بۆ ئێوه‌‌ ڕه‌‌نگم زۆر ئاڵه‌‌
بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵه‌‌).

2
دڵ .. هه‌‌ر دڵه‌‌
یه‌‌كه‌ ‌و.. ئه‌‌گه‌‌رچی چوار به‌‌شه‌‌
كوردستان هه‌‌ر كوردستانه‌‌
گه‌‌رچی چوار كه‌‌رتی یه‌‌ك له‌‌شه‌‌
ئا.. له‌‌م به‌‌شه‌‌ی
كانی خوارووی هه‌‌ڵقوڵانا
نه‌‌ْ .. له‌‌م له‌‌شه‌‌ی
ئه‌‌نجن بوونی شه‌‌قاو نانا
ئاخ! كه‌‌ بانگی
سه‌‌دان نوێژی
راپه‌‌ڕینی تێدا نه‌‌درا
ئاخ! كه‌‌ مانگی
زییون ڕێژی
هه‌زاران مێشكی تیا نه‌‌پژا.
* * *
ئاخ! شه‌‌شی ڕه‌‌شی ئه‌‌یلوولی سلێمانی
كام ڕه‌‌شه‌‌با
كام قوربانی به‌‌بێ په‌‌روا
له‌‌ ئه‌‌لبوومی بازیانا هه‌‌ڵیانسانی.
* * *
شاخ! شه‌‌شی گه‌‌شی ئه‌‌یلوولی خۆڕاگرتن
له‌‌ عێراقا
له‌‌ ڕووباری دوو چاوی بزه‌ ‌و مه‌‌راقا
ئه‌‌رێ چۆن بویته‌‌ ئاوێنه‌‌ی
ڕووی تریفه‌‌ی
خه‌‌رمانه‌‌ی ڕۆژی مانگرتن.
* * *
تۆش! یانزه‌‌ی ئه‌‌یلوولی تفه‌‌نگ
تێشووی گولله‌‌.
قوڕگی هاوینه‌‌ تینووه‌‌كه‌‌ی
ته‌‌مه‌‌نی هه‌‌ڵۆی ناو فه‌‌رهه‌‌نگ!
چۆن باڵت گرت!
به‌: بناری
تارمایی ڕه‌‌زی گه‌‌رمیانت
به‌‌: كڕێوه‌‌ی
پشتێنی به‌‌فری كوێستانت
چۆن بۆ كه‌‌شكه‌‌ڵانی فه‌‌له‌‌ك سه‌‌ریانتخست.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
ئه‌‌وه‌ ‌(30) ساڵی ڕه‌‌به‌‌قه‌‌
لیستی خه‌‌زانی شه‌هیدان
په‌‌یتا په‌‌یتا
به‌‌ بیلبیله‌‌ی
ناخمانه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵئه‌‌واسرێ.
* * *
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا (30) ساڵی ده‌‌قه‌‌
كوردستانه‌‌كه‌‌ی چه‌‌ك له‌‌ شان
له‌‌ سه‌‌نگه‌‌را..
پێشمه‌ر‌گه‌‌كه‌‌ی!
گرمه‌‌ی هه‌‌ور و برووسكه‌‌كه‌‌ی
هه‌رگیز .. هه‌‌رگیز
ئارام ناگرێ.

3
– وا (30) ساڵه‌‌ دار به‌‌ڕوومان
به‌‌رناگرێ.
گوڵئه‌‌ستێره‌‌ی چۆله‌‌كه‌‌مان
هه‌‌ڵنافڕێ.
نیگای وێڵی منداڵانمان
له‌‌ شه‌‌پۆلی سۆزی مه‌‌مكا پێناكه‌‌نێ.
ئه‌‌ڵقه‌‌ڕێزی
شه‌‌ققه‌‌ی به‌‌رده‌‌م ده‌‌رگاكانمان
نۆته‌‌ی گه‌‌ڵای
ئاوازێكمان بۆ ناچنێ.
– وا (30) ساڵه‌‌
به‌‌ڕێوه‌‌ین و
ژوان بۆ دیل دائه‌‌نێین و
ڕۆژژمێری زیندانه‌‌كان،
پۆڵاڕێژن و
ناكرێنه‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ ڕوو!
له‌‌ناو تابلۆی
حه‌‌وزی تێزابا قرچاوه‌‌
له‌‌ش وه‌‌ك ئوردوو هه‌‌ڵچنراوه‌‌
وێنه‌‌ی كه‌‌س ناناسرێته‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
له‌‌ناو دێڕی
ڕۆمانی هه‌‌موو شارێكا
له‌‌ ئه‌‌شكه‌‌وتی
مێشكی هه‌‌موو شاعیرێكا
وشه‌‌ وه‌‌كو
یاریی قه‌‌ڵا قه‌‌ڵا و چاوه‌‌شاركێ
جارێ سه‌‌رنیشانه‌‌ و دیاره‌‌
جارێ چاوه‌‌دزێ و جارێ سه‌‌ره‌‌تاتكێ
جارێكیتر خۆشاردنه‌‌وه‌‌.
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستا چریكه‌‌ی ئه‌‌م ده‌‌نگه‌‌
نووزه‌‌ی گۆڕی
كێلێكی ڕیسوا و سه‌‌رشۆڕی
نێو دوو لنگی
سوڵتانه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.
– ئاخ! .. پێشمه‌‌رگه‌‌!
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستاكێ گه‌‌شه‌‌ی ئه‌‌م ڕه‌‌نگه‌‌
په‌‌شته‌‌ماڵی
به‌‌ خوێن تاڵی
خوار ناوكی
سه‌‌رۆكه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.

4
له‌‌ پڕ چ بارانێ دایكرد؟
گێژه‌‌لووكه‌‌ی چ ڕاپه‌‌ڕینێ هه‌‌ڵی كرد؟
كۆڵان له‌‌ خۆیه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵسا
مه‌‌شخه‌‌ڵ هه‌‌ر بۆ خۆی هه‌‌ڵگیرسا
ئه‌‌مجاره‌‌یان
تفه‌‌نگ به‌‌خۆی چووه‌‌ سه‌‌رشان
جۆگه‌‌ی هاوار
به‌‌ ته‌‌وژم ڕژایه‌‌ نێو گه‌‌رووی تینوو
بۆ یه‌‌كه‌‌مجار
وڵاتی ترس ئاوا هه‌‌ڵچوو
تیشكی ئاوێنه‌‌ی شه‌‌پۆلی دیجله‌‌ و فورات
له‌‌گه‌‌ڵ له‌‌نجه‌‌ی زێ و سیروانا
له‌‌ ڕه‌‌وتی بێ وچانیانا
وا له‌‌ یه‌‌كتری ئاڵابوون
وات ئه‌‌زانی به‌‌ زگێ بوون
یان بوونه‌‌ته‌‌ یه‌‌ك سه‌‌رچاوه‌‌ی هیوا و ئاوات.
* * *
به‌‌ڵام، ئه‌‌فسووس
كوانێ حه‌‌یا .. كوانێ نامووس
ئه‌‌وه‌‌ دیسان
ڕه‌‌وه‌‌ گورگی زامار و هاری به‌‌عسییان
پاش ڕاونانیان
سمێڵی به‌‌ڕێز سه‌‌رۆكیان
وه‌‌كو كلكیان
شۆڕكرده‌‌وه‌‌ بۆ ناو گه‌‌ڵیان
كه‌‌وتنه‌‌وه‌‌ خۆر سه‌‌ربڕین
مانگ سه‌‌ربڕین
له‌‌ تۆڵه‌‌ی دۆڕاندنیانا
له‌‌ كاتی گیانه‌‌ڵاویانا.
زریكه‌‌یان به‌‌ردایه‌‌ سه‌‌ر هه‌‌موو لێوێ
گڕیان به‌‌ردایه‌‌ گه‌‌ردنی هه‌‌موو كێوێ
ده‌‌ستی حه‌‌سه‌‌ن و حوسێنیان
له‌‌بن بڕی
ئه‌‌گریجه‌‌ی خورمای به‌‌سرایان
هه‌موو ڕنی.
* * *
ئاخ! كوردستانی خۆشه‌‌ویست
چیكه‌‌ی تریان به‌‌تۆ نه‌‌ڕشت
مه‌‌گه‌‌ر ڕك و كینه‌‌ی ڕه‌‌شیان
به‌‌ بارووت و خوێن نه‌‌شێلاو
نه‌‌یانكرده‌‌
نێرگزه‌‌جاڕی ئه‌‌مساڵی گرانه‌‌تا و
له‌‌ بسكی هه‌‌ڵپڕووزكاوی
دووكه‌‌ڵاوی
باوه‌‌ گوڕگوڕ و قه‌‌ڵای هه‌‌ولێریان نه‌‌دا و؟
كردیانه‌‌ شاپڵیته‌‌یه‌‌كی ره‌‌ش هه‌‌ڵگیرساو.
* * *
ئه‌‌وا له‌‌سه‌‌ر سنگی خۆما
تارای ڕاپه‌‌ڕینێكت له‌‌بۆ ئه‌‌چنم.
له‌‌ناو دڵی پڕ هه‌‌نسكما
نه‌‌خشه‌‌ی شیعری كوردستانت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌گرم.
له‌‌سه‌‌ر به‌‌ردی ناوچه‌‌وانی زه‌‌بوونیما
وێنه‌‌ی تفه‌‌نگێكی كه‌‌ت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌كه‌‌نم.
له‌‌ناو سۆزی ته‌‌نیاییما
ئاوازی عیشقێكی تازه‌‌ت بۆ ئه‌‌ژه‌‌نم.

5
– ئاخ ..! پێشمه‌‌رگه‌‌!
پاش كاره‌‌سات
له‌‌گه‌‌ڵمان به‌‌!
له‌‌ناو ئۆردووگای دڵمان به‌‌!
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
خۆت ڕاومه‌‌نێ
له‌‌مه‌‌ زیاتر!
چاوی ڕه‌‌شی قه‌‌ره‌‌ هه‌‌نجیریان هه‌‌ڵكۆڵی!
توخوا.. له‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ زیاتر
ئیتر چیتر ماوه‌‌ بیكه‌‌ن
مه‌‌گه‌‌ر هه‌‌ر له‌‌ پردی ده‌‌لالی زاخۆوه‌‌
هه‌تا ده‌‌ماره‌‌كانی نه‌‌وتی خانه‌‌قین
خاك و خۆڵی
شیرینیان وه‌‌ك بێژنگ لێكرد
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
چاو لێكمه‌‌نێ
دوێنێ ئه‌‌وه‌‌نده‌‌یان لێ قه‌‌ڵاچۆ كردین
نایه‌‌ته‌‌ ژماره‌‌ و پرسین
به‌‌ ملیۆن و
دوو .. سێ ملیۆن
پیر و مناڵانیان بێ سه‌‌روشوێن كردین
له‌‌ ماڵ و حاڵمانیان كردین.
– ده‌‌سا.. تو خوا ئه‌‌ی پێشمه‌‌رگه‌‌!
كوردستانت
ئیمشه‌‌و له‌‌شی بێ ڕایه‌‌خه‌‌..
تكایه‌‌ گیانتی بۆ ڕاخه‌‌.

6
دوای هه‌‌موو ئه‌‌م به‌سه‌رهاته‌‌
كه‌‌چی تازه‌‌ وه‌‌فد ڕێكئه‌‌خرێ
یه‌‌ك له‌‌ دوای یه‌‌ك
بۆ لای قه‌‌سابه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا
به‌‌ڕێ ئه‌‌كرێ
گوایه‌‌ نوخشه‌‌ و نۆبه‌‌ره‌‌ی مفاوه‌‌زاته‌‌.
* * *
لێم ببووره‌‌!
كووره‌‌ گڕی شیعری تووڕه‌‌!
جاره‌‌ جارێ
داخی دڵم وا به‌‌ ساكاری هه‌‌ڵڕێژم
ڕسته‌‌ جریوه‌‌ شاكارێ
له‌‌ زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.
* * *
كونه‌‌ شاری زه‌‌رده‌‌واڵه‌‌ و
ڕێچكه‌‌ی ڕه‌‌ژوو،
لێت ناترسم!
ئه‌‌م هه‌‌ڵوێسته‌‌م بخنكێنی
وه‌‌ستا و به‌‌ هه‌ر‌زانی وانه‌‌ و
قوتابخانه‌‌ی مژده‌‌ی سووتوو،
لێت ناپرسم!
له‌‌ (فندق الرشید)ه‌‌وه‌‌ چیم بۆ دێنی.
* * *
خۆتان ئه‌‌ڕۆن!
چاو به‌‌سته‌‌ش بن .. هه‌‌ر شاره‌‌زان،
بۆیه‌‌ سه‌‌رقاڵی هاتوچۆن،
تا له‌‌سه‌‌ر خوانی ئا‌ژانسی
كوشت و بڕ و ده‌‌نگوباسی
ڕشانه‌وه‌‌ی سه‌‌رۆك بخۆن
تا به‌‌ ئابڕووی تكێنراوی
خۆتان زامی سه‌‌ددام بشۆن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
ئه‌‌و مناڵه‌‌ی له‌‌ تاوی بێ شیری ئه‌‌مری
یا ئه‌‌و دایكه‌‌ی
تاقانه‌‌ جگه‌‌رگۆشه‌‌كه‌‌ی
به‌‌ ده‌‌ستی خۆی له‌‌ چاڵ ناشت و
په‌‌نجه‌‌یه‌‌ك نه‌‌بوو ر‌ِه‌هێڵه‌‌ی
خوڕی چاوی به‌‌ر په‌‌نجه‌‌ره‌‌ی
له‌‌بۆ بسڕێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
باوه‌‌ش ئه‌‌كه‌‌ن
به‌‌ سه‌‌رتاپای تاوانێكا و
ئه‌‌م لا و ئه‌‌و لای
داڕزاوی بۆگه‌‌نی سه‌‌ددام ماچ ئه‌‌كه‌‌ن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
مانگێ زیاتر له‌‌ باوه‌‌شی
به‌‌عسا كڕبوون
نه‌‌خێر وڕبوون
پێشمان ئه‌‌ڵێن:
– به‌‌ڕێز سه‌‌رۆك لوتفی هه‌‌یه‌‌ –
ئه‌‌مجاره‌‌یان
له‌‌ جێی حه‌‌كه‌‌م
به‌‌ (مهندس الحكم الژاتی) ناوئه‌‌برێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
له‌‌ جێی قه‌‌ڵغانی قه‌‌ڵه‌‌م و
به‌‌یته‌‌ شیعرێ؟
كه‌‌ له‌‌ داخا سه‌‌ر و قژی خۆی ئه‌‌ڕنێ و
هاوار ئه‌‌كا و ئه‌‌نه‌‌ڕێنێ
ئه‌‌بێ ئێستاكه‌‌ بنووسرێ.

7
له‌‌پاش چی؟
گله‌‌یی له‌‌ سه‌‌نگه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
گله‌‌یی له‌‌ خه‌‌نجه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
ناوی (شۆڕش)
به‌‌ – شه‌‌ڕ – ئه‌‌به‌‌ن
ئه‌‌گه‌‌نه‌‌ ئه‌‌و قه‌‌ناعه‌‌ته‌‌ی
هه‌ر به‌‌ ئاشتی
نه‌‌وه‌‌ك به‌‌ شه‌‌ڕ
ئه‌‌م ئاواته‌‌ی
كورد سه‌‌ر ئه‌‌خه‌‌ن.
* * *
– شه‌‌ڕ هه‌‌ر شه‌‌ڕه‌‌
تۆپ و بۆمبای وێرانكه‌‌ره‌‌
فڕۆكه‌‌ی ژه‌‌هر پڕژینی
خنكێنه‌‌ره‌‌
كه‌‌ڵبه‌‌ و نوخانی دوژمن و
عه‌‌زیایه‌‌كی داگیركه‌‌ره‌‌
– به‌‌ڵام .. شۆڕش
چۆڕاوگه‌‌كه‌‌ی خوێن و كۆشش،
ته‌‌نیا لێزمه‌‌ی
بارانێكی داهێنه‌‌ره‌‌
تاكه‌‌ هه‌‌گبه‌‌ی
ڕێ به‌‌ره‌‌و لووتكه‌‌ی سه‌‌رخه‌‌ره‌‌
شۆڕش .. نامه‌‌ی
گه‌‌ردوونی ڕزگاریكه‌‌ره‌‌
تاقه‌‌ لانه‌‌ی
هه‌‌ڵۆیه‌‌كی ئه‌‌شكه‌‌وتگره‌‌
له‌‌ بۆ ئاشتیش
له‌‌نجه‌‌ باڵی
شین ساماڵی
پۆله‌‌ كوتری ژوورووی هه‌‌وره‌‌.
* * *
خواست و ئامانجه‌‌كانیشمان
كه‌‌لوپه‌‌ل و
هه‌‌یتو هاواری ناو مه‌‌زاتخانه‌‌ نییه‌‌
خوێن و گۆڕی
هه‌‌زاران هه‌‌زار شه‌هیدی
تێیدا وه‌‌كو
جاجمه‌‌شڕی،
قه‌‌نه‌‌فه‌‌ كۆنێ بفرۆشرێ،
یان دووكانی به‌‌رگدرووی
ژنانه‌‌ و پیاوانه‌‌ نییه‌‌
جل و به‌‌رگی گڕ خڵتانی
كوردستانی
تێیدا وه‌‌كو
ڕانك و چۆغه‌‌ و ستارخانی
له‌‌م لا قارسكا و
بیداته‌‌وه‌‌ ده‌‌می ئه‌‌و لا و
به‌‌ مه‌‌قه‌‌ستی تیژ ده‌‌بانی
ده‌‌رزی و داوی بێ ئامانی
سنووره‌‌كانی جه‌‌سته‌‌مان
له‌‌ت و كوتكا و
ئه‌‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان
به‌‌ باڵامانا هه‌‌ڵكێشێ.

8
له‌‌ ئاستی شیعری خه‌‌مخوارا
قه‌‌ڵه‌‌می هه‌‌نسك ژارا
په‌‌ڕه‌‌ی ڕووی ده‌‌فته‌‌ری كزا
ڕوو له‌‌ كام خوا كه‌‌م بۆ نزا
– بڕۆ بڕۆ…
گوێ مه‌‌ده‌‌ره‌‌ یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داوای شوناسنامه‌‌ی
ده‌‌وڵه‌‌تێكی قه‌‌حپه‌‌ت لێ بكا و لێشت بپرسێ:
ناوت چییه‌‌؟
(ابن العوجه‌‌) یان (كوردستان)؟
– بڵێَ و بڵێ .. دایكم ته‌‌نیا منی هه‌‌بوو،
باوكم له‌‌من زیاتر كه‌‌سی تری نه‌‌بوو،
هه‌ر منیان بوو
منیشیان ناونا كوردستان.
به‌‌هاری 1991

• گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، ژماره‌ (27) 1991.




شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌! …. نوری به‌شیر:

له‌باره‌ی بانگه‌وازی پارتی بۆ خۆپیشاندان بۆبەردەم بارەگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا له‌شاری له‌نده‌ن‌!

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی له‌نده‌نی پارتی بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕیکه‌وتی 29ی نوڤێمبه‌ر، خوپێشاندانێک بۆبه‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی “کۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانی بی پی”، به‌ڕێبخات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ڕێکه‌وتنه‌ی که‌‌کۆمپانیای ناوبراو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراقدا به‌ستویه‌تی بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کێڵگه‌ و بیره‌نه‌وته‌کانی که‌رکوکدا. گوایه‌ ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ به‌دژی “به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌کانی کورد” و حسابنه‌کردنی کۆمپنایاکه‌یه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان!. که‌له‌راستیدا خودی ئه‌م ‌بانگه‌شه‌ نه‌ته‌وه‌چێتیه‌ پوچه‌ی پارتی، که‌ساڵانێکی زۆره‌ خه‌ڵکی پێ فریوده‌ده‌ن وخودی ئه‌وه‌شی که ‌بۆ دیفاع له‌ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دژ ‌به ‌خه‌ڵکیه‌که‌ی که‌ناویان ناوه‌ “حکومه‌تی هه‌رێم”، داوایان کردووه‌ له‌ کوردستانیانی دانیشتوی شاری له‌‌نده‌ن، له‌دژی کۆمپانیای ناوبراو، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی که‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی ناکات، بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ده‌رزیه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕو هه‌رای کۆمپانیاکانی نه‌وته‌ له‌عێراق و کوردستاندا و خه‌ڵکی هوشیار نابێ ببێته‌ زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌. نه‌وتی که‌رکوک و چاڵه‌کانی که‌مادام به‌ده‌ست نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێرداروی خه‌ڵکه‌وه‌ نییه و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی و دینه‌یه‌کاندا بێت‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کۆمپانیاکانی پارتی و یه‌کێتی بیفرۆشن یان کۆماپانیاکانی حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی، خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و عێراق نابێ ببنه ‌زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕو ململانێیه‌. به‌م جۆره‌ش نابێ به‌پیر بانگه‌وازێکی له‌م جۆره‌وه‌‌ بچن و ڕیزی خه‌بات وتێکۆشانی خۆیان له‌دژی په‌لامار وئابڵوقه‌دانه‌کانی حکومه‌تی عێراق بۆ سه‌رکوردستان تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ته‌کانی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ن.

شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌!
له‌ڕابردویه‌کی نزیه‌که‌وه‌، هه‌موو دونیاو خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی سیاسه‌تی سه‌رشۆڕکردن و ته‌سلیمبوونی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان (یه‌کێتی و پارتی) بوون و ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوه‌ که‌چۆن ته‌واوی که‌رکوک وناوچه‌ جیناکۆکه‌کان، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ‌ئابوریه‌کان له‌خا‌ڵه‌کانی سنور و ڕێگای ئاسمانی، تا ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و هه‌موو عه‌قده‌کانی ڕابردوو، هاتوچۆی کۆمپانیاکان و ڕێکه‌وتنه‌ بازرگانیه‌کان.. له‌لایه‌ن خودی پارتی و یه‌کێتیه‌وه‌ ‌ ته‌سلیم به‌ حکومه‌تی عێراق کرا، ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌متره‌ له‌چاو ڕێکه‌وتێکی کۆمپانیایه‌ک وا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیرایه‌به‌ر؟!، یان مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌پارتی ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ته‌سلیمبوون به‌عه‌بادیدا ڕووی خۆی سپی بکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌م کاره‌ش له‌له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌ستپێبکات؟.
به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و راستیه‌یان له‌لایه‌ که‌به‌دوای ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی زۆرێک له‌ناوچه‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌وه‌ به‌حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی شیعی عێراق و هێزه‌ پاسداره‌کانی جمهوری ئیسلامی به‌سه‌رپه‌رشتی قاسم سله‌یمانی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌مێژووی دنیاو ناوچه‌که‌و کوردستاندا، هیچ هێزێک هێنده‌ی حزبه‌ ناسیونالسیته‌کانی کوردی و به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی ریسواو ملهوڕو چاو له‌ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌که‌و کۆنه‌په‌رستی نه‌بووه‌. بۆ هه‌موو لایه‌ک رۆشنه‌ کارنامه‌ی 27 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌کاری مافیایی و دزی و تیرۆرو چه‌قۆکێشی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و بوون به‌مڵکی بنه‌ماڵه‌یی چاڵه‌ نه‌وت و سه‌رچاوه‌کانی تری کوردستان، وه‌ جۆره‌ها رێکه‌وتنی لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌زگای جۆراوجۆری مافیایی و کۆمپانیایی جۆراوجۆری وڵاتان له‌ئاستی دنیادا، و به‌تاڵان و هه‌راجکردنی نه‌وتی خه‌ڵکی کوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی کوردستان به‌هه‌ره‌مه‌ند بن له‌داهاته‌که‌ی.

ئێستاش هه‌ریه‌که‌ له‌و دوو حزبه‌ پاڵه‌وانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ئاگاداری دنیاو به‌پێی هه‌واڵه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌یی جیهانیه‌‌‌کانه‌وه‌ به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن ته‌نیا عه‌بادی له‌گه‌ڵیان دانیشێت، نه‌ک ئه‌م دوو حزبه‌ به‌ڵکو هه‌ر 5 حزبه‌که‌ی حکومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی ئاوڕێکیان لێبده‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشن و به‌ڵکو خێرێکیان پێبکه‌ن و به‌شێک له‌داهاتی چاڵه‌ نه‌وتێکیان که‌رۆژانه‌ ده‌ڕوات بۆ ئێران و تورکیا بده‌نێ، که‌م نین ئه‌و هه‌واڵانه‌ی تا چه‌ند راسته‌ یان نا!! که‌ باڵه‌که‌ی ناو یه‌کێتی رێکه‌وتنی 16ی ئۆکۆتۆبه‌ریان له‌به‌رامبه‌ر بڕی یه‌ک ملیۆن دۆلاری چاڵه‌ نه‌وتێک بێت که‌ده‌ڕوات بۆ ئێران. هه‌واڵی خۆونکردنی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌بیستی، به‌ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی حزبه‌کانی کوردایه‌تی له‌سه‌ر خۆشخزمه‌تی بۆ عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی و جمهوری ئیسلامی و ئه‌مریکا ده‌بیستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وونه‌ ته‌نیا یه‌ک هه‌واڵ له‌شه‌هامه‌ت و ده‌ست پاکی و خزمه‌تگوزاری ئه‌م حزبانه‌ی ناسیونالیزمی کورد، که‌ بۆ نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ ده‌بێت نابیستی له‌سه‌ر دابینکردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌و داهاتی نه‌وته‌ی که‌ بردویانه‌و ئێستا شیوه‌ن و شه‌ڕو ناڕه‌زایه‌تی و خه‌ریکی راکردنن به‌شوێن نوینه‌ری ئه‌مریکاو حزبوڵای لوبنان و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانیه‌وه‌.

ئێستا ده‌یانه‌وێ ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ی که‌ به‌ریتانیا له‌رێگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا بی پی له‌گه‌ڵ عه‌‌بادی رێکه‌وتون هه‌ر له‌کاتی ته‌سلیمکردنی که‌رکوک و دوزو زۆرێک ناوچه‌ی تر، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌ببڕن، به‌ڵام پێمان ناڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیانه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵ بی پی نه‌یکات، خۆ ئێو کۆمپانیای عه‌له‌نیتان نیه‌ تا له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی ئێوه‌دا بیکات، ئێوه‌ نه‌ک چاڵه‌ نه‌وته‌کان، به‌ڵکو هه‌موو کوردستان و ئیراده‌و ژیانی خه‌ڵکی کوردستانتان جارێکی تر ته‌سلیمی فدراڵیزمه‌ شکستخواردووه‌ قه‌ومی و تایفیه‌که‌ی باڵی ئیسلامی شیعه‌ کرده‌وه‌. خۆ پێشتر هه‌موو ئه‌و چاڵه‌نه‌وت و داهاته‌ گه‌ورانه‌ به‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمپانیای جیهان له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌دا بوو، ده‌توانن بڵێن چه‌نده‌ به‌ش و له‌سه‌دا چه‌ندیتان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵک سه‌رفکرد!؟ ده‌کرێ پێمان بڵێن به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌چیدایه‌ ئه‌و کۆمپانیانه‌ له‌ژێر ده‌ستی عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی و ئۆردوگاندا بێت، یان بی پی به‌ریتانی و کۆمپانیاکانی روسی و که‌نه‌دی و یابانی و ئه‌مریکیدا بێت!

ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ده‌ستگرتنه‌ به‌ تاڵه‌ پوشێکه‌وه‌ له‌ده‌ریایی کۆنه‌په‌رستی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانی دا گیرتان کردوه‌، که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌تان ده‌وێت جارێکی تر شه‌ریکتان که‌ن له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی کوردستان، ئیتر خه‌ڵکی کوردستان چیان به‌سه‌ر دێت و ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ی که‌ته‌سلیمی حه‌شدی شه‌عبیتان کردوه‌، جگه‌ له‌پاساوی یه‌کتر تۆمه‌تبارکردن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئیدامه‌ به‌ژیانی حزبه‌کانتان بده‌ن چیت نیه‌‌. بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی کوردستان له‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ نه‌له‌وه‌دایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و خۆتان له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بی پی رێکه‌ون، نه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵیان رێکه‌وێت، ته‌جروبه‌و کارنامه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی حزبه‌کانتان نیشانی داوه‌.
به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌موو داهاتی کوردستان به‌چاڵه‌ نه‌وته‌کانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستاندا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌واندا به‌ڕێوه‌ بچێت و داهاته‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاریه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستی ئێوه‌و حزبه‌کانی کوردایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌و ره‌نگه‌کانتانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی کوردستان وه‌لابنرێت.




ته‌رم … چرۆ زه‌ند

به‌یانیه‌كی پایزدا، پایزێكی زه‌رده‌په‌ڕ ، خۆر له‌ پشت چیای گۆیژه‌وه‌ به‌ كزی ده‌رده‌كه‌وت،
گه‌ڵای دارو دره‌خته‌كان به‌ هێوری ده‌وه‌رین، ڕه‌نگاو ڕه‌نگ هه‌ر گه‌ڵایه‌و ره‌نگی گوڵێك ده‌كه‌وتنه‌ ‌سه‌ر زه‌وی . پێكانم لێم نه‌ده‌گه‌ڕان به‌ ناویاندابرۆم، له‌ دڵه‌ ڕاوكێی دابووم، دڵه‌ ڕاوكێی له‌ كیس چوون.

برێك له‌ هاتوو چۆیه‌كی بێ هێوربونه‌وه‌دابووم. نه‌مه‌ده‌ویست ژووره‌كه‌ت جێبێڵم. ژووری چاوه‌ڕوانی مه‌رگ له‌و ژووره‌كه‌تدا له‌ مه‌ڵكه‌ندی له‌ زێدی باب و باپیر. له‌ ژووره‌ كه‌ی كه‌ گوزارشت له‌ بوونت ده‌كات، ئه‌و ژووره‌ی گه‌نجینه‌ی ڕه‌نجی حه‌فتا ساڵ تێكۆشانته، له‌ ئاواره‌یی، زیندانی و ده‌ستبه‌سه‌ری له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌تا ڕاوه‌ستاوم پێم نیه‌ بچمه‌ شوێنێكی تر. ئه‌و ژووره‌ی ته‌رمی مه‌رگی تێدا برایه‌ ده‌ر. كاتێ هه‌ناسه‌یه‌كت هه‌ڵكیشا، جه‌سته‌ت له‌ جوڵه‌ كه‌وت، چاوه‌ زه‌رده‌ پرشنگداره‌كانت بۆ ٢٠ چركه‌ كرایه‌وه‌، پێم وابوو تێم ده‌ڕوانی.
بابه‌ گیان
دڵم بڕوایی نه‌دێنا كه‌ ده‌ست به‌چاوه‌كانتدا بنێم و دایانخه‌م بابه‌ گیان، بابه‌ گیان، وه‌ڵامم بده‌وه‌ بابه‌.
دایكم به‌ قوڵپی گریان و هێواشی ده‌ستی هێنا به‌ چاوه‌كانتا، خاڵۆژنم به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه‌ ده‌یوت ته‌واو بوو.
بابه‌‌ چاوت لێكنا بۆ هه‌میشه‌، ئیتر ناتوانم بیان بینمه‌وه‌. به‌شینی دایكم تێگه‌یشتم كه‌ باوكم كۆچی كرد، باوكم بۆ هه‌میشه‌ ڕۆی، به‌ده‌م فرمێسك وهه‌نسكه‌وه‌ ده‌سته‌كانی باوكم ڕاكێشا، قاچه‌كانی، پاشان دام پۆشی.

وا ته‌رمێك هات له‌ ده‌رگاكه‌ته‌وه‌، ته‌رمێكی به‌تاڵ، دیمه‌نی ته‌رم ڕای چڵه‌كاندم، له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌ت دانرا.
باوكم خرایه‌ ناو ته‌رمه‌كه و له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ بردیانه‌ ده‌ر. ته‌رم برایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئیتر باوكم جارێكی تر به‌ ده‌رگای ماڵدا نایه‌یته‌وه‌، باوكم برایه‌ ده‌ره‌وه. من به‌راكردن دوای ته‌رمه‌كه‌ كه‌تم، مه‌ڕۆ بابه‌ گیان مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ… مه‌ڕۆ…… بابه‌ مه‌ڕۆ، هاوڕێ مه‌ڕۆ، مامۆستاكه‌م توخودا مه‌ڕۆ، بێ تۆ ماڵ چۆل و دڵم خاڵی و ژینم تاڵ.
ته‌رم به‌ ئوتومبیل برا، پاشان چارێكی تر بۆ ماڵئاوای، به‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا به‌ ئوتۆمبیلێك ته‌رمی باوكمیان هێنایه‌وه‌ به‌رده‌رگا. من پێم وا بوو ئوتۆمبیل بۆ ته‌رمه‌كه‌ت نایه‌ته‌ به‌رده‌رگا.

پێم وابوو قوتابیه‌كانت به‌شان ترمه‌كه‌ت هه‌ڵده‌گرن پێم وابوو خه‌ڵكی شاره‌كه‌م به‌ كۆڵیان تۆ ده‌به‌نه‌ گردی سه‌یوان، پێم وا بوو ده‌بێته‌ قه‌ره‌باڵغی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنیری بۆ ناشتنی مێژووناس. پێم وابوو خه‌ڵكی مه‌ڵكه‌ندی، ده‌باشان و برایم پاشا گشتیان دێن له‌گه‌ڵمان. پێم وابوو، پیاده‌ڕه‌و پێش به‌ ئوتومبیل ده‌گرن. پێم وا بوو زۆر شت ڕوو ده‌دا، به‌ڵام كه‌م له‌وانه‌ ڕوویدا.

ئه‌وه‌ی ڕویدا، به‌رده‌وام پاڵم پێوه‌ده‌نرا تا دوور كه‌ومه‌وه‌ له‌هه‌ڵگرتنی باوكم، له‌ ته‌رم، نا من ته‌رم به‌شانم هه‌ڵنه‌گرم ئه‌وه‌ باوكمه‌ له‌ ناویدا من هه‌ڵی ده‌گرم.‌ ئه‌وه‌ كه‌لتوره‌ و من بێئاگام له‌م نه‌ریته‌، ئه‌وه‌ ئاینه‌ من په‌یڕه‌وی ناكه‌م، یان ڕێو ڕه‌سمی نه‌ته‌وه‌كه‌م من تێناگه‌م،
ئه‌وه‌ ته‌رمی باوكمه‌، من ده‌مه‌وێ هه‌ڵیگرم به‌ شانم. هه‌ڵیده‌گرم تا ئه‌و كاته‌ی به‌خاكی ده‌سپێرم، ئه‌و خاكه‌ی بست به‌ بستی شارو لادێت به‌ ١٣ پیاده‌ڕه‌و پێیدا ڕۆشتوه‌.

ئه‌و خاكه‌ی كه‌ خۆت فه‌رموت له‌ هه‌ر شوێنێ بمنێژن گشت پارچه‌یه‌كی كوردستان نیشتمانمه‌. ئه‌و خاكه‌ی ناسمانه‌ت بۆ ساغ كردوه‌، نه‌خشه‌ت بۆ كێشا. ته‌رم به‌خاك سپێردرا، به‌ خاكی نیشتیمان. به‌رده‌كان به‌ چین داده‌نران، پاشان به‌گڵ داده‌پۆشرا،هێدی هێدی گڵی سه‌ر گۆڕه‌كه‌م ده‌كرد به‌ لاشه‌ی باوكمدا. باوكم ئیتر به‌ خاكی نیشتمان سپێردرا.

له‌و كاته‌دا مردنی باوكم نه‌مری بوو. مردنی باوكم مێژوویه‌كی سه‌روه‌ری بوو.

ڕوحی باوكم وه‌ك په‌پوله‌یه‌كی سپی بێگه‌رد ڕۆی ڕووه‌و ئاسمان، بوو به‌ خۆرو تیشكه‌كانی جارێكی تر دایه‌وه‌ له‌ ڕوخسارمان. نه‌رمه‌ بایه‌ك هه‌ڵی كرد، لاپه‌ڕه‌ی په‌رتووكه‌كانی ژاكاند، هه‌ر په‌رتووكه‌و له‌ شه‌قامێ، هه‌ر لاپه‌ڕه‌و له‌ گۆڕه‌پانی شاری، له‌ سوچێكی لاكۆلانی ده‌نیشته‌وه‌. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و به‌رز به‌رز ده‌فڕین له‌ناكاو له‌سه‌ربانی مزگه‌وتێ. له‌ به‌رده‌م ده‌رگای كلێسایه‌ك، له‌ گۆڕه‌پانی شار یه‌ك یه‌ك ده‌نیشتنه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م سپی پێست و ڕه‌ش پێستێكدا له‌به‌رده‌م ژن و پیاودا بێ جیاوازی، له‌ به‌رده‌م قوتابیانی شاره‌كه‌م له‌كوڕ و كچ له‌ پیرو جوان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و گوزارشت بوو له‌ واتاكانی باوكم له‌ تێڕوانینی بۆ ژیان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و سه‌رگوزشته‌ی گه‌له‌كه‌م بوو به‌ نه‌خشه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ خوار. كه‌مێ له‌ لاپه‌ڕه‌كان ده‌كه‌وتنه‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌و زانكۆكان ده‌كه‌وتن و قوتانیه‌كان یه‌ك یه‌ك ده‌یان گرته‌وه‌ پاشان به‌ڕیز ده‌یان خوێنده‌وه‌.

نوسرابوو من دڵنیام ڕۆژی دابێ، ڕۆژی نه‌وكانی نوێ، ئه‌م نه‌وه‌ ماستاو چیه‌ نا، ئه‌م نه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ی دین و سیاسه‌ت نا، ئه‌و نه‌وه‌ ناوشیاره‌ نا، نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیر، زۆر ڕۆشنبیر، ڕیزیان به‌ستوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خوێندنی باڵا له‌لای كتێبخانه‌كه‌ت، هه‌ریه‌كه‌یان بابه‌تێكی په‌رتووكه‌ی تۆیان پێیه‌ بۆ نامه‌ی دكتورا، سوود له‌ زانیاری په‌ڕتووكه‌كانت ده‌بینن.

وه‌ره‌ بابه‌ گیان وانه‌یه‌كی نوێی ژیانم بۆ شیكه‌وه‌. من وه‌ك منداڵه‌كه‌ی جاران ڕاده‌كه‌م به‌دواتا، تا به‌ پیاده‌ڕه‌وی به‌ پێكانی تۆ بگه‌مه‌وه‌.
وه‌ره‌ بابه‌ با قۆڵ بكه‌ین به‌ قۆڵی یه‌كدا بچینه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی لادێكان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان با بڕۆین بۆ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنیری، كتێبخانه‌و، مۆزه‌خانه‌و ئاسه‌واری كه‌لتۆری كۆن، كۆنفرانس كۆڕو شانۆ ئاشنام كه‌وه‌ جارێكی تر به‌ جیهانی وێژه‌و ئه‌ده‌ب.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان بابڕۆین بۆ كۆڵانه‌كانی سلێمانی،مێژوه‌كه‌یان تۆماركه‌وه‌.
وه‌ره‌ ئه‌م جاره‌یان نه‌خشه‌یه‌كی دی داڕێژه‌‌ بۆ نیشتمان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان گردی سه‌یوان جێهێڵه‌، بگه‌ڕێوه‌ بۆ ژووره‌كه‌ت له‌ مه‌ڵكه‌ندی، په‌ڕتوكه‌ چاپ نه‌كراوه‌كانت ده‌ربێنه‌، ئه‌مجاره‌یان تۆمارێكی نوێی ته‌مه‌ن بنووسه‌وه‌.

Chro

Chro Zand
Karim Zand

November 15, 2017

چرۆ زه‌ند
كه‌نه‌دا
zandchro@hotmail.com




نیگا و تابلۆ …. سه‌ردار جاف

دڵم نایا
بۆ فڵچه‌ی نیگاری ده‌ستم
ناز و مه‌كری شێتانه‌ی تو
ده‌سكه‌نه‌كه‌م
تیری برۆت له‌ كاڵانا ده‌ربێنم و
پشتم له‌ تۆ
رووم له‌ خواروو و له‌ كابه‌كه‌م
دڵم نایا
له‌ره‌ی ته‌زووی بۆنی گیانت
بۆ كراس سوورێكی نامۆ
به‌ره‌و دوور دوور په‌لكێش بم و
به‌ مه‌نزڵی بگۆڕمه‌وه‌
گڵێنه‌ی چاو ده‌ك نابینا و كوێرایی بێ
گه‌ر به‌ رووخساری دوور له‌ تۆ
بشۆرمه‌وه‌
شاژنه‌كه‌م
بۆیه‌ دێم و
هه‌ر ئێواره‌ ………
برژه‌نگه‌كان ده‌كه‌مه‌ فڵچه‌ی ده‌ستم و
پرچت به‌ تابلۆی ڕه‌نگه‌كان
رووی تۆ كه‌ له‌ مانگ جوانتره‌ و
خۆریش جورئه‌تێكی نییه‌ به‌ رۆژ هه‌لّ بیّ
ده‌یكه‌م به‌ وێنای به‌رگه‌كان
له‌ نزیكی ئێواره‌یا ….
به‌پرتاو دێم و
به‌ ده‌م وه‌نه‌وزی ڕه‌نگه‌وه‌
سه‌ما ده‌كه‌م
له‌ ساده‌یی ونبوونتا
له‌ سه‌ر ته‌ختی ئاوێته‌ بوونی حه‌زمانا
شۆڕشی روخساری تۆی گوڵ
به‌رپا ده‌كه‌م
ده‌مه‌ ده‌می ئه‌م ئێواره‌….
من هه‌ر دێم و …..
چی ره‌نگ هه‌یه‌ له‌ چاوه‌كانتا ده‌ینیژم
به‌ مه‌یلی ئه‌وینی دڵم
كلی زێوینی سێبه‌ر و ماسكه‌رای ره‌شی لی ده‌ده‌م
كه‌ف و كوڵی
غه‌ریزه‌ی سه‌راپا جه‌سته‌ت
ده‌خه‌مه‌ نێو چاوه‌كانت
مۆنالیزا داچه‌مێت و
مه‌ستی و مه‌یلی شێتانه‌مت تێ به‌ر ده‌ده‌م
هه‌ر ئێواره‌ …..
زۆر به‌ زوویی دێمه‌وه‌ لات
نیگای كوڵمت بۆ ده‌كێشم
به‌ سه‌ر ڕووما چۆڕاوگه‌ی شه‌ونمی لێ بێ
ئاوێنه‌ی ڕه‌نگی چاوت بێ
ناسك ناسك
ده‌ركه‌ویت و ناخی پڕ جۆشی هه‌وه‌سم مه‌ست بكه‌ی و
خوا په‌رستیم بیر به‌یته‌وه‌
ته‌نها هزرم
سه‌رقاڵ و گیرۆده‌ی باڵا و لای ناوت بێ
ئا له‌ كاتی زه‌رده‌په‌ڕا ……
ئه‌م ئێواره‌ …..
دێم و دێم و ده‌ست به‌ر ناده‌م …
تا لێوی تۆ به‌ لێوی پڕ حه‌زم سه‌وز نه‌كه‌م
تا ئاوی هه‌ناری لێوت به‌ سه‌ر لێوما نه‌چۆڕێنم
پڕ ئه‌وین و سۆزت نه‌كه‌م
ئه‌م ئێواره‌ ….
خۆرئاوابوون و تاریكی
دیقه‌ت بده‌
په‌ڕه‌ی فڵچه‌ی نیگاره‌كه‌م
وه‌ك چاو و ده‌ستم لاسارن
به‌ر له‌ وێنای جوتێ مه‌مكی سه‌ر سینه‌كه‌ت
تا دوو به‌هێ جوان ده‌ركه‌ون
سوخمه‌ی به‌رت
ئه‌ته‌ك و ستیان داده‌دڕن
ئیدی به‌سه‌
حه‌شاردانیان بسڕه‌وه‌
بۆ نازانی نیگاكانم تینووی پڕ له‌رز و ترسمن
ته‌ماشاكه‌ فڵچه‌ی نێوان په‌نجه‌كانم
به‌ كام سه‌بای نیوه‌ شه‌وا
وێنه‌ی ده‌ستم و مه‌مكه‌كانت پڕ ڕه‌نگ ده‌كه‌ن
به‌ سه‌ریانا دێن و ده‌چن
ئه‌وه‌ ده‌سته‌مۆكه‌ی خۆتن
دوو سه‌گی عه‌جول و دڕن

لیمبۆرگ
28 / 11 / 2017

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




دوو شیعر …. ستار ئەحمەد

دیوار

له‌ده‌رگای ئه‌وماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
ژووره‌كانی قه‌تیسن له‌ژانا
په‌نجه‌ره‌یه‌ك بكرێته‌وه‌
رۆحێك ده‌خرێته‌ چاڵه‌وه‌
هاوارێك كپ ده‌كرێ‌
داستانێك بۆ خنكان له‌دایك ده‌بێ‌
ئه‌م ماڵه‌ سه‌رابی خۆزگه‌یه‌
شه‌قامێ‌ راده‌كێشێ‌
جمه‌یدێ‌ له‌ بازوو
سه‌رچۆپی كووچه‌ی مه‌رگ ده‌گرێ‌
ده‌بێته‌ كچی شار
تینوو بۆ چرای شه‌وانه‌
ماندوو به‌مێژووی چه‌واشه‌
تامه‌زرۆ به‌خه‌نده‌و پێكه‌نین
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
دیواره‌كان له‌هزرتا بسڕه‌وه‌
رێكه‌وه‌ بۆشوێنێك
له‌جیاتی دیوار
سایه‌ت ئه‌رخه‌وانه‌
گوڵ چرای شه‌قام و شه‌وانه‌
دڵ زاری گوزه‌رو خه‌نده‌یه‌
خاكێ‌ هه‌ڵبژێره‌
گوڵدانی ئاوو
روانگه‌ی نه‌مام بێ‌
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
نه‌وه‌كوو گۆڕی لوتكه‌و
مێژووی ته‌رم و
خه‌رمانی زام بێ‌
ئێمه‌ گیانێكین له‌لم و
سه‌حرایه‌ك بۆ ونبوون
مه‌گه‌ر كۆچبارو سنگی چیا
بارخانه‌ی سه‌فه‌رمان هه‌ڵگرێ‌
ده‌روازه‌یه‌ك دابخه‌
ده‌بێته‌ ته‌لبه‌ندی كه‌ناری و
نامه‌ی ئه‌وینی تێدا ده‌سووتێ‌
تۆ كچی تریفه‌و
عاشقی گزنگی
له‌ده‌لاقه‌ی زامه‌كان مه‌ڕوانه‌
له‌ره‌نگا بزرده‌بی
له‌تابلۆی به‌فرا ده‌بیته‌ نیشتمان

نیشتمان …

ده‌مێكه‌ له‌ نسێیه‌ك وردده‌بمه‌وه‌
كه‌چی چیایه‌ك نه‌بووه‌ سایه‌م
دیوارێك له‌ ئۆغرم درزی نه‌برد
ده‌روازه‌یه‌ك له‌ دووم پێنه‌كه‌نی
له‌وه‌ته‌ی خۆم ناسیوه‌
فرمێسك ده‌خه‌مه‌ گه‌رووی گوڵه‌وه‌
دارێك باوێشكی بۆنه‌داوم
لانه‌یه‌ك نیگای تێنه‌بڕیوم
باڵدارێك فێری فڕینی نه‌كردووم
هێنده‌ چرۆم له‌ناخما چاند
بولبولێك نه‌هاته‌ سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م
دڵێك ترپه‌ی هه‌ناوی نه‌ژماردم
هه‌ناسه‌یه‌ك ڕوومه‌تی فێنك نه‌كردمه‌وه‌
ده‌مێكه‌ له‌ سۆراخی چیایه‌كا ونم
نه‌ نیشتیمانێك به‌خۆی ناساندم
نه‌خۆم توانیم له‌قه‌ره‌ی ده‌ربه‌ندێكا بسره‌وم
نییشتمان كام له‌تی دڵمت نیشانده‌م..؟
بزانه‌ نه‌خشه‌ی چه‌ندین شیعر،
پاسه‌پۆرتی كام ناونیشان
له‌ قه‌سیده‌یه‌كا شاباش ده‌كه‌یت..؟
بزانه‌ ده‌مخه‌یته‌ كام لیستی سه‌حراوه‌
له‌ كوێی بارێكا ڕووتم ده‌كه‌یته‌وه‌..؟
زه‌مانێكه‌ له‌ خۆم ده‌گه‌ڕێم
ناهێڵی بچمه‌وه‌ نێو مه‌زرای بوونی خۆم.
ناهێڵی پێ بگرم
چه‌ند مناڵێكی كاڵفام و
گه‌ڕیده‌یه‌كی بێ ئه‌نجام و
موریدێكی خاناقای تۆم.
نیشتمان
ئه‌ی نیشتمان.