Foucault, Michel میشێل فۆکۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

میشێل فۆکۆ فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1926-1984 ) دا ژیاوە . فۆکۆ وەک فەیلەسوفێکی نوێگەرا ( یان پۆستمۆدێرنیست ) Postmodernist کاریگەری گەورەی لەسەر فەلسەفەی هاوچەرخماندا هەیە .
کارەکانی/بۆچونەکانی
فۆکۆ پێیوابوو کە ئەرکی سەرەکی فەلسەفە بریتییە لە چاودێریکردنی کۆمەڵگەو یارمەتیدان بۆ ئازادبوونی مرۆڤەکان .هەر لەم رووانگەیەوە فۆکۆ رەخنەکانی ئاراستەی کۆمەڵگەی مۆدێرن Modern و دامودەزگاکانی دەکرد . یەکەم کتێبی گرینگی فۆکۆ کتێبی مێژووی شێتی The Histroy of Madness بوو کە لە ساڵی 1961 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا ڕای خۆی دەردەبڕیت سەبارەت بە مامەڵەکردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداران بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ کەسانێک کە لە رووی دەروونیەوە Psychic یان عەقڵیەوە Mental نەخۆشن . لێرەدا فۆکۆ رەخنەی توند دەگرێت لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی مۆدێرن سەبارەت بە شێتەکان و پێیوایە کە لە سەردەمی بووژانەوەدا ( یان رێنیسانسدا) Renaissance مامەڵەی کۆمەڵگەو دەسەڵاتداران لەئاست شێتەکان زۆر مرۆڤانەتر ( یان ئینسانیتر) بوو چونکە ئەوکات شێتەکان بە نەخۆش لەقەڵەم نەدەدران بەڵکو تەنیا وەکو خەڵكانێکی جیاواز سەیر دەکران و وەک خەڵکانی تریش ئازاد بوون . ئەوکات شێتخانە بوونی نەبوو و کەسیش دەستبەسەر نەدەکرا بە بەهانەی یان پاساوی شێتیەتی .

فۆکۆ دەڵێت کە چەمکەکانی شێت و دەروون-نەخۆش و هتد لە واقیعدا بوونیان نییە بەڵکو ئەم چەمکانە لەسەر بنەمایەکی ( یان بۆچوونێکی ) کۆمەڵایەتی Social داڕێژراون . ئەو مێژووی پەیدابوونی ئەم چەمکانە دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە کە ئەوکات ووردە ووردە ووشەگەلی شێت و سەرشێت و نانۆرمال و هتد کەوتنە سەر زاران . ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگە و کاربەدەستان مامەڵەی جیاواز بکەن لەئاست ئەو کەسانەی کە بە شێت و نانۆرمال لەقەڵەم دەدران ئەگینا پێش داتاشرانی ئەم چەمکانە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە کەسانێکی ئاسایی ( یان نۆرمال ) Normal دەزانران و کۆمەڵگەش دابەش نەکرابوو بۆ عاقڵ و شێت یان عەقڵ و ناعەقڵ .

فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە هەموو پۆلبەندی Categorizations و پێناسەکان Definitions لە جیهاندا دوو روویان هەیە کە یەکێکیان حەقیقەت The Truth و ئەوی تریان دەسەڵاتە Power . ئەو پێیوایە کە ئەوە دەسەڵاتە کە حەقیقەت دروست دەکات نەک حەقیقەت دەسەڵات دروست بکات . لێرەدا لە مەسەلەی پەیوەندی نێوان هەردوو چەمکی حەقیقەت و دەسەڵات فۆکۆ و نیچە هاوڕان بەپێچەوانەی ئەفلاتوون کە پێیوایە کە حەقیقەت دەسەڵات دروست دەکات .

فۆکۆ دەڵێت کە ڕاددەی کاریگەری لەسەر هەر گوتارێک Discourse وەستاوەتەسەر راددەی هەبوونی دەسەڵات و هەر کاتێک کە دەسەڵات زیاتر بێت ئەوا کاریگەری لەسەر گوتارەکان زیاتر دەبێت . گوتاریش بە گوێرەی پێناسەی فۆکۆ بریتییە لە کۆی رووانگە Perspectives و هەڵوێستەکان و ئەو پرسیارانەی کە دەوروژێندرێن سەبارەت بە بابەتێک . ئەو هەروەها دەڵێت کە دەسەڵات لەهەموو شوێنێکدا هەیە ، لە سیاسەتدا ، لەماڵدا ، لەهاوڕێیەتیداو هتد و هەر تاکێکیش لە هەمان کاتدا دەسەڵات پیادە دەکات و دەسەڵاتیشی بەسەردا دەسەپێندرێت . دەشێت کە ستروکتور ( یان بونیادی ) دەسەڵات بگۆڕدرێت لە رێگەی بەرهەڵستکاری بەڵام پێویستە کە بەرهەڵستکارییەکە داهێنەرانە و ڕێکخراو بێت .

لای فۆکۆ مەعریفە Knowledge و دەسەڵاتیش بەیەکەوە گرێدراون و لەم بارەیەوە دەڵێت : پیادەکردنی دەسەڵات بێ مەعریفە سەرناگرێت و ناشکرێت کە مەعریفە دەسەڵات بەرهەم نەهێنێت .
دووەم کتێبی گرینگی فۆکۆ بەناوی پەیدابوونی کلینیکە The Birth of the Clinic کە لە ساڵی 1963 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا باسی کاریگەریەکانی پێشکەوتنی پیشەی پزیشکی دەکات و رەخنەی توند دەگرێت لە نەخۆشخانەکان و سیستەمی چاودێریکردنی نەخۆش بە گشتی و پێیوایە کە سەرەڕای بوونی دەرمان و چارەسەری پێشکەوتوو بەڵام مامەڵەی پزیشکەکان لەگەڵ نەخۆشەکاندا مرۆڤانە نییە بەڵکو ئەوان وا لە مرۆڤ دەڕوانن هەروەک تەنیا بریتی بێت لە کۆمەڵێک ئەندام و کۆئەندام کە بەیەکەوە بەستراون .
لە کتێبی پابەندیەتی و سزا Discipline and Punish فۆکۆ باسی پەیدابوونی زیندان Prison دەکات رەخنەی توند لە سیستەمی مۆدێرنی زیندانەکان دەگرێت و پێیوایە کە زۆر نامرۆڤانەیە Inhumane و بەراووردی دەکات لەگەڵ سزای لە سێدارەدانی ( یان ئیعدام کردنی ) زیندانییەکان بەبەرچاوی خەڵکەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا . فۆکۆ دەڵێت کە ئەوکات زیندانیەکان ئەگەر تاوانباریش بوونایە ئەوا لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکەوە بەچاوی هاوسۆزی Sympathy یان بەلایەنی کەمەوە بەچاوی بەزەییانەوە سەیر دەکران بەڵام جەللادەکان مایەی بێزاری و نەفرەتی خەڵک بوون تەنانەت باویش بوو کە هەندێک جار خۆپیشاندان بکرایە بۆ ئازادکردنی تاوانباران . لە رۆژگاری مۆدێرندا سزاکان بەشێوەیەکی شاراوە و نهێنی پیادەدەکرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە و دەسەڵاتدارانیش خۆیان مرۆڤپەروەرانە و دۆستانە نمایش دەکەن . فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە لە زیندانەکاندا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەندکراوان دەدرێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە چونکە کاربەدەستان پێیانوایە کە ئەم مێتۆدە کاریگەری زیاترە لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی زیندانیەکان . بۆیە فۆکۆ سیستەمی مۆدێرنی سزاکان بە چەواشەکار دەزانێت و پێیوایە کە سیستەمێکی دڕندانە Brutal و دواکەوتووانەیە Primitive و بە پێچەوانەشەوە سیستەمی کۆنی سزادان ئینسانیتر و راستگۆیانەتربوو .

کتێبێکی دیکەی فۆکۆ بەناوی مێژووی ڕەگەزبازییە ( یان سێکسواڵیتیە) History of Sexuality کە تیایدا باس لە دید و هەڵوێستەکانی تاکەکان و کۆمەڵگە دەکات سەبارەت بە سێکس ( یان رەگەزبازی) Sex بەدرێژایی مێژوو . فۆکۆ ئەو بانگەشەیە رەت دەکاتەوە کە پێیوایە کە کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کۆمەڵگەکانی پێشووتر لێبووردەترە لە ئاست مەسەلەکانی رەگەزبازی . ئەو دەڵێت کە کۆمەڵگەی مۆدێرن پێناسەی رەگەزبازی کردووە هەتا بتوانێت کۆنترۆلی بکات . هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چەمکی نوێی داڕشتووە وەکو جیارەگەزبازی Heterosexuality و هاورەگەزبازی Homosexuality و هتد لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا بۆ نموونە خەڵکانێک هەبوون هاوڕەگەزبازبوون بەڵام لای ئەوان چەمکی هاوڕەگەزبازی بوونی نەبووە بەڵكو تەنیا بەپراکتیک خەڵكانێک هەبوون کە هاوڕەگەزبازبوون . فۆکۆ دەڵێت کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرنجەکان چڕ دەکرێنە سەر هەڵوێست یان مەبەستە سێکسیەکان نەک رەفتارە سێکسیەکان چونکە رەفتارە سێکسیەکان کۆنترۆڵ دەکرێن لە رێگەی هەڵوێستەکانی مرۆڤەوە سەبارەت بە سێکس کە ئەمەش رەنگدانەوەی بنچینەکانی شوناسی تاکەکانە ، بۆیە مرۆڤ خۆی لادەدات لە دەربڕینی هەست و ئارەزووی سێکسیانەی خۆی ئەگەر بزانێت کە ئەم هەست و ئارەزووانە لەلایەن کەسانێکەوە بەلادان لە پێوەرە ( یان نۆرمە ) Norms کۆمەڵایەتیەکان لەقەڵەم دەدرێت بۆ نموونە هاوڕەگەزبازی کە بێگومان لەم حاڵەتەدا کاردەکاتە سەر پلەوپایە و کەسایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا .




ناسینی كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

هه‌ر ڕووداوێك، كه‌ ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا ده‌چێت. ده‌بێته‌ یادگاری، یادگاریش مرۆڤ به‌ ڕوونی ده‌بینێت. له‌ ماڵه‌كه‌ماندا په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی داری به‌ هێڵه‌ك داپۆشراو هه‌بوو، به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ ده‌لاقه‌یه‌كی لاكێشه‌یی نیمچه‌ گه‌وره‌ی تێدا بوو، به‌ په‌رده‌یه‌كی سپی داپۆشرابوو، په‌رده‌كه‌ش به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی لێ‌ نه‌خشابوو. ئه‌م ده‌لاقه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كاكم خالید. ته‌واو قووڵایی منیشه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و برایه‌م له‌ 25/8/1988دا جه‌یشی شه‌عبی، له‌ هه‌ولێر شه‌هیدیان كرد.
شه‌هیدبوونی ئه‌م برایه‌م گورزێكی كوشنده‌بوو به‌ر ڕۆحی من كه‌وت و ئازاری هێناكایه‌وه‌. له‌خۆ ئاماده‌كردندا بووم، ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ردا به‌كاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نه‌كراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌ سه‌ره‌تای شیعردا به‌دوای ئاكامێكی نه‌زاندراودا ده‌ڕۆم و له‌ درێژبوونه‌وه‌یدا ده‌یدۆزمه‌وه‌. له‌ بینینی دۆزراوه‌كه‌دا به‌ئاگادێمه‌وه‌، نایابترین دۆزینه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاكامدا ده‌ربكه‌وێت.

له‌ سه‌ره‌تادا ئاكامی ئه‌و ڕووداوه‌م ده‌زانی و له‌ كۆتایشدا نه‌متوانی بیدۆزمه‌وه‌. واته‌: له‌ ڕووداوێك ده‌دوێم هێشتا ڕووی نه‌داوه‌. له‌وانه‌یه‌ ڕووبدات. هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و (له‌وانه‌یه‌) بدۆزمه‌وه‌ و له‌ دۆزینه‌وه‌یدا به‌ئاگابێمه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌.
سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ كتێبدا، یان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌ نێوان خوێنه‌ر و كتێبدا دروست ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه‌ خاڵی بوون و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ی وه‌رگرت و بوو به‌ ئه‌فسوونێكی به‌هێز و نه‌شكاو و قه‌ڵای پشت پێدان. كۆمه‌ڵێك كتێب و دوو شووشه‌ مه‌ره‌كه‌بی چینی، یه‌كێكیان ڕه‌ش و ئه‌وی دی شین و قه‌ڵه‌م پاركه‌رێكی بیست و یه‌كی ڕه‌نگ جه‌رگی تێدابوو، كتێبه‌كان زۆربه‌یان عه‌ره‌بی بوون. ئێستا نازانم ئه‌ده‌بی بوون، یان فه‌لسه‌فی، كۆمه‌ڵناسی، سیاسی، مێژوویی، په‌روه‌رده‌یی، ئایینی ….. تاد، له‌ناو كتێبه‌كاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی ) به‌ به‌رگ تێگیراوی هه‌بوو، هه‌میشه‌ كه‌ڵه‌گیای بۆنخۆشی له‌ناو داده‌نا، كه‌ گیایه‌كه‌ وشك ده‌بوو، ده‌یگۆڕی و دووباره‌ دایده‌نایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ هی ئامۆزایه‌كی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌مان بوو. له‌ دامێن و ئه‌م لا و ئه‌ولا سپییه‌كانی بۆنه‌ و ڕێكه‌وته‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌مووی تێیدا تۆماركردبوو، وه‌ك: ڕێكه‌وتی مردن و له‌دایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حه‌ج و گه‌ڕانه‌وه‌ و ناونووسكردنمان له‌ قوتابخانه‌ ….. تاد.

ساڵی 1973 جگه‌ له‌ كتێبه‌كانی قوتابخانه‌، یه‌كه‌مین كتێب به‌ر هه‌ست و نه‌رمایی په‌نجه‌كانم كه‌وت ئه‌م دیوانه‌ بوو. كاكم به‌ ده‌نگ و ڕۆحێكی ئاهه‌نگسازییه‌وه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌. به‌ وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕاده‌گرت. بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی واش له‌ شیعره‌كان حاڵی ببم، به‌ڵام له‌ناو چێژ و ده‌نگ و مۆسیقایه‌كه‌یدا ون ده‌بووم و بڕوام به‌ هه‌ستێكی نادیار ده‌هێنا، به‌ دوای گه‌نجینه‌ی شاراوه‌ی زه‌ینی خۆمدا وێڵ ده‌بووم، وێڵبوونێك مه‌گه‌ر ڕێكه‌وت ده‌ستم بگرێت و بمهێنێته‌وه‌ سه‌ره‌خۆ، دوایین مانای ژیانم پێ بدات، كه‌ مه‌رگه‌. مه‌رگیش یارمه‌تی ته‌واوی ئازاره‌كان ده‌دات. ئێستا به‌ گه‌شه‌ و خۆشحاڵی و چێژی ئه‌وكاتم له‌ كتێبخانه‌كه‌مدا له‌ ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یه‌كه‌مین دیوان ڕیزبه‌ند كردووه‌ و ئه‌وانی دی به‌ دوایدا.

له‌ سه‌ره‌تای منداڵیمدا حه‌زێكی بێ‌ پێوانه‌ و ئه‌فسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیه‌كی نیمچه‌ گه‌وره‌مان هه‌بوو، سندووقه‌كه‌ی فایبه‌ر بوو، به‌ پێستێكی قاوه‌یی داپۆشرا بوو، ئه‌میش وه‌ك ده‌لاقه‌كه‌ له‌ قوماش به‌رگێكی سپی بۆ كرابوو، به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی له‌سه‌ر نه‌خش كرابوو، هه‌میشه‌ش گوێم لێی ڕاده‌گرت و له‌ كه‌ناری مۆسیقاوه‌ ده‌جووڵام، له‌ شه‌ڕه‌به‌رد و ئاژاوه‌ و ڕاوه‌ كێشكه‌ و نیشانه‌شكاندن به‌ دارلاستیك و هه‌ڵه‌پاسی دووری ده‌كردمه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواز و نه‌وایه‌ی گوێم نه‌رمه‌ بارانێك بێت به‌سه‌ر خاك و خۆڵی ده‌وروبه‌رمدا بڕژێت و هه‌ناوی فێنك و ده‌موچاویشی نه‌رم بكاته‌وه‌. زۆر جاران بێ‌ ئاگاداریی خوشك و برایه‌كانم به‌ شانی خۆمه‌وه‌م ده‌كرد و ده‌ڕۆیشتم، به‌م كرده‌یه‌م لێم تووڕه‌ نه‌ده‌بوون و سه‌رزه‌نشتیان نه‌ده‌كردم، گردێك له‌ پشت ماڵمان هه‌بوو، به‌دڵ گردێكی دڵبه‌ربوو، ده‌چووم له‌ ته‌ختایی ئه‌م گرده‌دا داده‌نیشتم و ته‌ماشای ئه‌م لا و ئه‌ولا و شینایی ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانم ده‌كرد و گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت، هه‌موو ڕۆژێك ده‌مه‌وعه‌سران دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا نه‌رمه‌بایه‌كی ڕه‌حمه‌ت به‌سه‌رمدا هه‌ڵیده‌كرد. جیهانێكی بۆ دروست ده‌كردم، هه‌ستی خۆمم له‌ناو داده‌مه‌زراند. بڕواشم به‌ جیاوازیی ده‌نگه‌كان ده‌هێنا، له‌م ڕێگایه‌شدا ده‌گه‌ڕام، كه‌ پێیدا هاتبووم. واته‌: ناخی خۆم. سه‌گێكی به‌وه‌فاشمان هه‌بوو، ناوی ده‌بان بوو، كه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چووم له‌گه‌ڵم ده‌هات و پاسه‌وانی ده‌كردم.

به‌ هیچ ئا و نایه‌كیش دوو هه‌نگاو لێم دوورنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یه‌كم بێت و پێی گوترابێ‌ چاودێریم بكات. نازانم ئه‌م ئه‌فسوونه‌ چی بوو، كه‌وتبوومه‌ ژێر ئه‌فسوونی ده‌نگی: (سه‌ڵاح داوده‌)وه‌، به‌ تایبه‌تی گۆرانی كوێستانان خاڵخاڵ، كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا ده‌كرا. هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانی بگوتبووایه‌ ڕادیۆكه‌م داده‌نا و دوومه‌ترێك لێی ده‌كشامه‌وه‌ و ته‌ماشای شكۆیم ده‌كرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌لیسمێك بێت ئه‌م حاڵ و جه‌زبه‌ و حاڵه‌ته‌ پڕ له‌ خۆشی و شادی و ژیانه‌ و داكشانه‌وه‌ به‌ره‌و ناخه‌م، ته‌نیا له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی ده‌نگی گه‌رمی ئه‌م گۆرانیبێژه‌دا بۆ په‌یدا ببوو، پاشان له‌ناو شه‌پۆله‌كانی بادا بۆی ده‌گه‌ڕام و له‌ هه‌ستمدا سۆزی سووتێنه‌ر و پڕ ئومێدم ده‌دۆزییه‌وه‌، ئه‌و دۆزینه‌وه‌ و پشووی ناخه‌ ئه‌وپه‌ڕی تایبه‌تمه‌ندی بوو. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر گوێم له‌ گۆرانی ده‌گرت. شاره‌زایییه‌كی سه‌ره‌تاییم له‌سه‌ر چینه‌كانی ده‌نگیش په‌یدا كردبوو، ده‌متوانی له‌سه‌ر شێوازی به‌شێك له‌ گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمه‌وه‌. هه‌ر شتێك، كه‌ تاسه‌ و خواست و ئاره‌زووت بۆی هه‌بوو، تواناشت بۆی په‌یدا ده‌بێت. به‌هیچ جۆرێكیش حه‌زم له‌ گۆرانی زرم و كوت نه‌بوو، هه‌میشه‌ حه‌زم له‌و گۆرانییانه‌ ده‌كرد، كه‌ وه‌ك هێڵێك خه‌یاڵ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م ئه‌شقی گۆرانییه‌ له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه‌ و گه‌شه‌ی كرد و پێكهاته‌ و بنچینه‌ی خۆی دامه‌زراند، ئێستاش گۆرانی هاوسه‌نگیم ده‌پارێزێت و له‌گه‌ڵ خۆم به‌خشنده‌ و شكۆمه‌ند و ئاسووده‌ و خۆشحاڵ و قووڵم ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك مۆسیقایه‌كی نه‌رم بژیم.

ساڵی 1978 له‌ پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیدا مامۆستای وانه‌ی كوردیمان: (شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز) بوو، له‌ ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا له‌ پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك له‌باره‌ی (سروشتی لادێ‌) بنووسین. به‌و پێودانگه‌ی، كه‌ من كوڕه‌لادێیی بووم له‌وانی دی كه‌مێك زیاتر شاره‌زای ئه‌م سروشته‌م. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو داڕشتنه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌ و بۆ هه‌موو قوتابییه‌كان نمره‌ی شیاوی خۆی دانابوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی منی نمره‌ له‌سه‌ر دانه‌نابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ كارخراپییه‌كی من كردبێت، به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ گوتی: (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن) كێیه‌ و بێته‌ده‌رێ‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بكات له‌ ته‌نیشت ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌دا ڕایگرتم. ئه‌م مامۆستایه‌، مامۆستایه‌كی به‌جه‌رگ و ده‌گمه‌ن و ملاومل په‌روه‌رده‌كار و خۆش سروشت بوو، تا ئه‌و په‌ڕیش دڵبه‌ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ وانه‌ی كوردی و دنه‌دانی قوتابی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و دامه‌زراندنی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌ده‌بی. به‌و بیانووه‌ی وانه‌ی كوردی زمانی خۆمانه‌ و پێویسته‌ له‌ناویدا بكوڵێین و به‌ دۆخه‌كانی ساردبوونه‌وه‌ ڕه‌تببین، له‌م نێوانه‌دا بگه‌ین به‌ دۆخی دۆزینه‌وه‌ و باش له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌كانی شاره‌زابین. زمانیش هه‌ستێكی گه‌رماوگه‌رم و خۆڕسك و ده‌گمه‌ن و پشوودرێژ له‌ مرۆڤدا دروست بكات. هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ شه‌ست كه‌متری وه‌ربگرتبوایه‌ لێی ده‌دا و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی ئافه‌رینی به‌شێكی كرد و له‌ به‌شێكیشی دا. ڕووی له‌ من كرد و گوتی: كێ‌ بۆی نووسیوی. منیش له‌و هه‌سته‌ تۆقێنه‌ره‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك پێشتر تێیدا خولم ده‌خوارد و بیرۆكه‌ی په‌رت و بڵاو گه‌مارۆی دابووم. زۆر به‌ ئارامییه‌وه‌ گوتم: ئه‌دی مامۆستا له‌ پۆلدا نه‌ماننووسی. نه‌ختێك چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆی و تووڕه‌یییه‌كه‌ی خاو بووه‌وه‌ و خوێنێكی خۆشیی له‌ ده‌موچاوی خۆش سروشتیدا گه‌ڕا. ئینجا نمره‌ی له‌سه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی منیش دانا و گوتی: ئافه‌رین (سه‌ت). ئای چۆن سه‌ركه‌وتنێكی بچووك له‌ دنیای ژێری ده‌تباته‌ دنیای سه‌روو. ڕۆژی دوایی هاته‌وه‌ كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێنده‌ شه‌یدا و دڵبرده‌ و دڵه‌دووی ئه‌و ئافه‌رینه‌ بووم، نیو هێنده‌ شه‌یدای شیری ناو گوڵه‌گه‌نمی كێڵگه‌ی گونده‌كه‌مان نه‌بووم. مه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانه‌ی له‌سه‌ر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت و ده‌چوومه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆم و له‌ خودام ده‌خواست ناوله‌پ و ناوچه‌وانم ڕێگاوبان بوونایه‌، گۆرانیبێژه‌كان به‌ناویدا هاتوچوویان بكردبووایه‌.

سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتن و یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خانمی كتێبدا له‌م ڕووداو و خۆشبه‌ختییه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و بووه‌ هێڵ و هێمای بوونم. ئه‌و هه‌فته‌یه‌ به‌ هه‌موو بوونێكمه‌وه‌ له‌ناو كۆشیعره‌كه‌دا ژیام، ژیانێك مه‌گه‌ر به‌س مته‌سه‌ووفه‌كان له‌ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دووگورد و شه‌ونوێژ و چاوداخستن و وێرد به‌رزكردنه‌وه‌دا، هێنده‌ چێژیان وه‌رگرتبێت و له‌ بوونی خودا و له‌ خۆیان نزیك بووبێتنه‌وه‌ و گه‌یشتبن به‌ ناخی خۆیان. واته‌: یه‌كبوون له‌گه‌ڵ خودا و هێزی ئه‌ده‌ب. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆشیعره‌كه‌م بۆ گه‌ڕانده‌وه‌. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناته‌وه‌. به‌دڵت نه‌بوو، یان له‌ خوێندنه‌وه‌یدا په‌له‌ت كرد. منیش به‌ بێباكی و نه‌ختێك به‌ هه‌وابه‌رزی و به‌ خۆهه‌ڵخستنه‌وه‌ گوتم: مامۆستا زۆرینه‌م له‌به‌ره‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوام پێنه‌كات و له‌ قسه‌كه‌م به‌ گومان و دوودڵ بێت گوتی: ده‌فه‌رموو ئه‌گه‌ر ده‌مت سپییه‌ وه‌ره‌ به‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش و ئه‌وه‌ی له‌به‌رته‌ بیڵێ‌. منیش گوتم كامه‌ شیعر. دیسان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی تری كرد و چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆیه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بمخاته‌ به‌ر ڕووناكییه‌كی هێمنه‌وه‌ و له‌ بڕوا به‌خۆبوون و خۆهه‌ڵخستنه‌كه‌م دڵنیابێت. لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌ و ناونیشانێكی ده‌گوت. ته‌واوی وانه‌كه‌، چل چركه‌ بوو. من شیعرم تێیدا خوێنده‌وه‌. له‌ گۆكردن كه‌مێك هه‌ڵه‌م ده‌كرد، بۆی ڕاست ده‌كردمه‌وه‌، له‌ كۆتایی وانه‌كه‌دا پێمی گوت: به‌هره‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و كه‌م وێنه‌ی، ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌ته‌ باش مشتوماڵی بكه‌، چالاك نیشانت ده‌دات. هه‌ر هه‌مان ڕۆژ منی به‌ كتێبخانه‌ی (ته‌ئمیم) و خاوه‌نه‌كانی: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، كه‌ دوو مرۆڤی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كان و كاتی ده‌رچوونیانی بۆ نووسیم. یه‌كه‌مین كتێبیش، كه‌ كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكه‌ی فه‌لاح بوو.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌فه‌ و به‌ده‌مچه‌ و كه‌وكه‌و و شه‌ڵغه‌م و له‌وزینه‌گه‌زۆ و شه‌كرله‌مه‌ و فه‌ریكه‌نۆك ….. تاد، خواردن نه‌ما. ڕۆژانه‌كه‌م بووه‌ خه‌رجی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێب، یارمه‌تی ئه‌وه‌ی دام توانا له‌ خۆمدا بدۆزمه‌وه‌ و ئاراسته‌ی كردم و جیهانی نادیارم كه‌وته‌ گه‌ڕ.
له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كاندا: (مه‌حموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری)دا له‌باره‌ی نوێبه‌خشی شیعری كوردی و گرووپی (پێشڕه‌و)دا نووسی. له‌و نووسینه‌یدا ده‌سته‌واژه‌ی (كرمی كتێب)ی بۆ من به‌كارهێنابوو، ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌شی دابوو: خه‌ونی ئه‌م لاوه‌ خه‌ونێكی درێژه‌. ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌دا لانه‌دا. حاڵه‌تێك به‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی ده‌به‌خشێت.

شیعره‌كانی: (هێمن) چێژی زمانی ئه‌و گونده‌ی ده‌دا، كه‌ خۆی تێیدا له‌دایك بووه‌. به‌ ساده‌ییش وێنه‌ی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كێشاوه‌، كه‌ هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌. واته‌: ده‌ره‌نجامی ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌تی. زمان و زمانڕه‌وانی شیعره‌كان كه‌مێك لادێیی بوون. چاو و زه‌ین و ئه‌قڵییه‌تی ئه‌وسای منی به‌ پڕی ڕاده‌گرت، تا ئه‌وپه‌ڕی چێژ، بردمیه‌ وه‌رگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب له‌ توانایدایه‌ بیابان بكاته‌ به‌هه‌شت. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و ساده‌یی و بریقه‌ و زمان پاراوییه‌ بووبێت زمانی لا كردمه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی په‌رستن و شه‌ونوێژی بۆ ده‌كه‌م، بچمه‌ ناوی و بیكه‌م به‌ ڕوانگه‌ و گوتاری ناخم و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی گونجاوی تێدا بده‌م. وه‌رچه‌رخانێكی ته‌واوی ئاراسته‌كانی ژیان بوو، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی دامێ‌، بزانم هێز و بێ‌ هێزی زمان له‌ كوێی ده‌قدا ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ ئه‌ده‌بیبوونی ده‌قیش له‌ چ به‌كارهێنانێكدا ئاسته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت. واته‌: ئه‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌كاته‌ بابه‌تی ئه‌ده‌بی، زانیاری و هێزی زمانه‌، یان هێزی زمان و كاریگه‌ریی بابه‌ت.

شیعر به‌ ته‌نیا له‌ تێڕوانینی زمانه‌وه‌ ئاستداری ده‌ستنیشان ناكرێت. له‌ تێڕوانینی بابه‌تی هه‌ستی و به‌كارهێنانی ئه‌ده‌بییانه‌ی زمانه‌وه‌، گه‌شانه‌وه‌ی هه‌ستی و زمانیی لای خوێنه‌ر گه‌ڵاڵه‌ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ شیعربوونی هه‌ر ڕسته‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌یه‌ زمان له‌ به‌كارهێنانی زمانی ڕۆژانه‌دا ده‌رهاتووه‌ و هێندراوه‌ته‌ ناو زمانی ئه‌ده‌به‌وه‌، هه‌روه‌ها كارلێكردنی وشه‌ له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، چۆن هێزی وشه‌ وشه‌یه‌كی دیكه‌ ڕاده‌كێشێت و دروستی ده‌كات و تۆڕی زمان ده‌چنێت.
ئه‌گه‌رچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وه‌ك ته‌مه‌ن حه‌ڤده‌ ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) له‌دایك بووه‌. حه‌فت ساڵیش له‌م زیاتر ژیاوه‌، به‌ڵام نوێبوونه‌وه‌ی شیعری كوردی چاوگه‌كه‌ی له‌ گۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. هێمن له‌ چه‌مكی شیعری ئاسایی ده‌رنه‌چووه‌، به‌و ئاست و ئاراسته‌یه‌ش ده‌ینووسی. واته‌: وه‌ك شێواز كۆنه‌خواز بوو، به‌ڵام وه‌ك بیروڕا و ده‌ربڕین نوێخواز بوو، دیوانه‌كه‌ی له‌ لام ئاماده‌یه‌ و سێبه‌ره‌كانی به‌ ته‌واوی له‌ناو زه‌ینمدا ده‌جووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبه‌خشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش به‌ دیوانی شیعری كوردی نه‌كردووه‌. له‌ ده‌قی: (به‌هاری كوردستان)، به‌ شیعر له‌باره‌ی سروشتی نووسیوه‌، له‌م ده‌قه‌یدا به‌ شاعیر داناندرێت، به‌ڵكو به‌ ڕووه‌ك ناس و شاره‌زایه‌ك له‌باره‌ی ژیانی لادێ‌ داده‌ندرێت. به‌ڵام به‌شێك له‌ شیعره‌كانی كۆشیعری: (ناڵه‌ی جودایی) شیعری مه‌یدان كورت نین و له‌ شیعره‌ هه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردین. به‌تایبه‌تیش شیعری: (ئێواره‌ی پایز)، شیعرێكی ته‌واو هه‌ستییه‌.

ئه‌و ئاوه‌ ڕوون و ڕه‌وانه‌ی ڕشتوویه‌تی بۆ ئه‌به‌د ڕۆحی ته‌ڕ كردووم و له‌ ناخی دڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دوێ‌ و ناخی كردووم به‌ مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهه‌نگی ژیان، به‌ڵام هه‌ستی شیعریی من له‌سه‌ر هه‌ستی شیعری ئه‌و دانه‌مه‌زرا، هه‌روه‌ها به‌هیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگه‌ر نه‌بوویمه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ ڕێ‌ ڕوونیم، بێجگه‌ له‌ شیعر خۆی نه‌بێت، شیعری بێگه‌رد. دوای ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ و بڕینی هه‌زار و یه‌ك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن ده‌ربڕین له‌ پایه‌ و به‌های تۆ بكه‌م و پاداشتت بده‌مه‌وه‌. به‌ كامی دڵ له‌ باوه‌شت ده‌گرم و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م و ڕێز له‌ سیما و چاوی پڕ له‌ ڕازت ده‌گرم، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م بۆنه‌یدا هه‌ل و بوارێك وه‌رده‌گرم تا گوناهێك له‌سه‌ر شان و ڕۆحم هه‌ڵگرم و باری گران و به‌ ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكه‌م. گوناهێك، دواتر بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ خێر گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نم یه‌ك جار كتێبم له‌ كتێبخانه‌ له‌ غه‌فڵه‌تی خاوه‌نه‌كه‌یدا بردووه‌، ئه‌ویش له‌ 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكه‌نینی گه‌دا)ی حه‌سه‌ن قزڵجی بوو، نه‌مده‌زانی به‌ شه‌قامدا ده‌ڕۆم، یان به‌ناو تونێلێك ئاگر، یان له‌ ڕه‌وه‌زه‌ شاخێكی عاسێدا گیربوویمه‌ و هه‌ڵدێران هه‌ڕه‌شه‌م لێ‌ ده‌كات، ها ئێستا نا، دوو هه‌نگاوی تر ده‌كه‌ومه‌ ناو چاڵێكی بێئامانه‌وه‌. له‌ نیوه‌ی ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌، یه‌كڕاست به‌ ڕه‌نگی زه‌رد و هه‌ڵبزڕكاو و ده‌روونی ماندوو و نیوه‌ڕۆح بوومه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لای: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، دانم پێدانا ئه‌م كاره‌ خراپه‌م كردووه‌. ئه‌مانیش ده‌ستیان له‌سه‌ر شانم دانا و دڵیان دامه‌وه‌ و گوتیان: بۆیه‌ دڵمان به‌ كتێب و ژیان خۆشه‌، هێشتان مرۆڤی باوه‌ڕ به‌پاكیی خۆی وه‌ك تۆی تێداماوه‌، به‌ بچووكترین هه‌ستپێكردن له‌ ناخه‌وه‌ ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبه‌كه‌یان لێ‌ وه‌رنه‌گرتمه‌وه‌ و دیوانی: (مه‌حوی)شیان به‌ دیاری وه‌ك ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یه‌ك پێدام. له‌م باره‌ی لێبووردنه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌تا له‌ خۆشیدا گه‌شكه‌ نه‌یده‌بردمه‌وه‌، له‌ قووڵایی بوونمه‌وه‌ پاك بوومه‌وه‌ و به‌ره‌و ئارامیی ده‌روونی ڕۆیشتم.

كتێبه‌كه‌م هه‌ر له‌لا مایه‌وه‌ و هه‌میشه‌ش لێی ده‌سڵه‌میمه‌وه‌. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد، كه‌ چاپی سێیه‌می ئه‌م كۆچیرۆكه‌ بكه‌نه‌وه‌. هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر چاوی ڕه‌زامه‌ندی دانا و گوتی: شه‌یدای زمانی ئه‌و چیرۆكنووسه‌م و سوودیشم له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌ی زمانه‌ ئێجگار زیندووه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ به‌كاربردنی وشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه‌ و زمان تائه‌وپه‌ڕی ده‌ناسێت و باش له‌ ناوكی وشه‌ش تێده‌گات، فه‌رهه‌نگی وه‌ك خاكی سوارچاكان پاگژه‌ و ده‌زانێت چۆن بنووسێت. ئه‌مانیش دوای هه‌وڵ و كۆشش و په‌یوه‌ندیكردن، شه‌ش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خسته‌ پاڵ چیرۆكه‌كانی: چاپی یه‌كه‌م: 1967 – به‌غدا، چاپی دووه‌م: 1985 – به‌غدا، ساڵی 2010 چاپی سێیه‌میان خسته‌ كتێبخانه‌وه‌.

هه‌ر به‌ ڕێ‌ ڕوونی كتێبه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌می هه‌ستپێكراو و دنیای زه‌ینی زۆرێك له‌ شاعیر و نووسه‌ران ئاشنا و پێیانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوویمه‌، كه‌م و زۆر توانای ئه‌وان له‌ خۆڕاچڵه‌كاندن و گه‌شه‌ و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌قڵ و خه‌یاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گه‌نجینه‌ و هێزی ڕۆح و پێوانه‌ی شیاو و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ و سۆزی شاراوه‌ بوونه‌. هه‌میشه‌ش له‌ ئه‌زموونی خۆمدا ویستی یه‌كه‌م و بێ‌ پێوانه‌م ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رهه‌مێكی خۆكردی حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆم به‌رهه‌م بهێنم. چیشم زانیوه‌، ئه‌وه‌م نووسیوه‌. جه‌وهه‌ری پێكهاته‌ی مرۆڤیش ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌زانێ ئه‌وه‌ بنووسێت.




غه‌ریبێك به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ ڕێت … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

_خوێنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ شیعری نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو_

گه‌ڕان به‌دوای نێشتمانی ڕاسته‌قینه‌دا، كه‌ خۆی له‌ زێدی ڕه‌سه‌ن‌وله‌ دایك بوونی مرۆڤه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، هه‌میشه‌ خه‌مێك بووه‌ به‌ كۆڵی تاكی كورد. له‌ نه‌بوونی وڵاتدا، مرۆڤی كورد به‌رده‌وام هه‌ستی به‌ بۆشاییه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌ كردووه‌. چونكه‌ نیشتمان لێره‌دا هێمایه‌كه‌ بۆ شوناسی مرۆڤ‌و ناسینه‌وه‌ی له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا. ئه‌‌وخه‌مه‌ی مرۆڤی كورد قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، كاتێ ڕووبه‌ ڕووی پرسیاركردن له‌ باره‌ی شوناسه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌. ناسنامه‌ لێره‌دا شوناسێكه‌ بۆجیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌وانی تردا. بۆناسینه‌وه‌ی ئه‌و. به‌تایبه‌تیش له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا. بۆیه‌ ده‌بینین ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ گوتاری شیعری كوردیدا هه‌وڵدانه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ونیشاندانی ناسنامه‌ له‌ ئاست ئه‌وانیتردا. ئه‌و ناسنامه‌ش بێگومان له‌ كوردبووندا خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.كاتێ وه‌ك گوتارێكی شیعری، له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی ئێمه‌دا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. خودی ئه‌وگوتاره‌ش زۆرترخۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كاتێ مرۆڤ زێد‌ونیشتمانی ڕه‌سه‌نی خۆی جێدێڵێت. مرۆڤی كورد به‌و پێیه‌ی به‌هۆی بێ ده‌وڵتییه‌وه‌ نیشتمانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه‌، ئیدی ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ خه‌ونێكی سیاسی گه‌وره‌ی بووه‌،كه‌ ڕۆژگارێك دابێتـ ئه‌ویش خاوه‌نی ناسنامه‌و نیشتمانی خۆی بێت. لێره‌وه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌بێته‌ به‌ شێكی سه‌ره‌كی له‌ دیدگای مرۆڤی كورد‌و خه‌مێك كه‌ به‌رده‌وام به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌. ئیدی ڕوو له‌ هه‌ر شوێن‌و جێگه‌یه‌ك بكات،ئه‌و خه‌ونه‌ به‌ شێكه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و ڕوانینی. به‌تایبه‌تیش كاتێ له‌ ئاست كه‌سانێكی خاوه‌ن نیشتمان‌و ‌وڵاتدا، هه‌ست به‌ بێ شوناسی ده‌كات.

كۆمه‌ڵه‌ شیعری(نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو) هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد. له‌ دووتوێی شیعره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا، غه‌ریبێك ده‌بینین كه‌ به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ڕێت‌و خه‌می نیشتمان له‌ مه‌نفادا، به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌تی. غه‌ریبێك كه‌ جوانییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، خۆشییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، نابنه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی‌و خه‌یاڵی هه‌میشه‌ بۆ گونده‌ وێرانكراوه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. غه‌ریبێك كه‌ له‌ تاراوگه‌شدا، ناتوانێ نیشتمان له‌ بیر بكات‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ ژیانی ئه‌وێ ڕانایه‌ت‌وهه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناكات. بێگومان ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی ده‌قێكه‌. سه‌ره‌تاو ده‌سپێكی په‌یوه‌ندی خوێنه‌ره‌ به‌ده‌ق. بۆیه‌ ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه‌و به‌شێكه‌ له‌ ئستاتیكای ناونیشانی كتێبه‌كه‌، هاوكات ده‌كرێ ئه‌و ناونیشانه‌ به‌ ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ش بخوێنرێته‌وه‌. ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ به‌ نیشتمانه‌كه‌یانه‌وه‌. له‌مانای دیاری ئه‌و ناونیشانه‌دا،هه‌ریه‌ك له‌ دوو چه‌مكی سرووشتی ڕووبارو دارستان هه‌یه‌. كه‌ هه‌ردووكییان به‌ شێكی سه‌ره‌كی‌و گه‌وره‌ن له‌ پێكهێنه‌ری ژینگه‌و شوێن.دارستان هێمایه‌ بۆ جوانی‌و سه‌وزیی‌وسرووشت.

هاوكات ده‌له‌لاله‌تێكیشه‌ بۆ خۆڕاگری له‌ ئاست باهۆزی سرووشتدا. ڕووباریش كه‌ دیسان چه‌مكێكی سرووشتییه‌، هێمایه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان. چونكه‌ هیچ بوونه‌وه‌رێك ناتوانێ به‌بێ ئاوبژیت‌و ئاو هێمایه‌ بۆ ئاوه‌دانی.كه‌واته‌ شاعیر، وێنه‌ی نیشتمانێكمان بۆ ده‌كێشێت، كه‌ هه‌میشه‌ وێرای سوتماككردن‌و له‌ نێوبردنی،هه‌رزیندووه‌. ئه‌گه‌رچی ناونیشانه‌كه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ كاری ڕابردووه‌.به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، كه‌ ئه‌گه‌ر دارستانێكیش له‌ نێو بچێت، دارستانێكی دیكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. ڕه‌گی داره‌كان هێنده‌ به‌ زه‌ویدا ڕۆچوون، هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵیانكێشێ. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ ئاماژه‌یه‌كی سیاسیش بده‌ینه‌ ئه‌و ناونیشانه‌. كه‌هه‌ریه‌ك له‌ ڕووبار هێمایه‌ بۆ ڕووباری خوێنی شه‌هیدانی ئێمه‌،دارستانیش ئه‌و نیشتمانه‌یه‌ كه‌ به‌و ڕووباره‌ ده‌ژیت‌و زیندووه‌. لێره‌وه‌ش شاعیر ئاماژه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌‌و خه‌بات‌و خوێن ڕشتنه‌ ده‌كات، كه‌ نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌ پێناوی نیشتماندا ده‌یدات.
ئه‌و نیشتمانه‌ی به‌هه‌موو سوتماكییه‌ی خۆیه‌وه‌، شاعیر نایگۆڕێته‌وه‌ به‌ جوانییه‌كانی نیشتمانێكی دیكه‌، كه‌ ئه‌ویش مه‌نفایه‌.تیمه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و شیعرانه‌، هه‌موویان گوزارشت كردنه‌ له‌نیشتمان‌و ده‌چنه‌ خانه‌ی شیعری مه‌نفاوه‌. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ به‌رهه‌می ده‌ساڵ ئاواره‌ییه‌ له‌ نیشتمان‌و هه‌موویان هه‌ڵگری گوتارێكن كه‌ ئه‌ویش غه‌ریبییه‌ بۆ نیشتمان. خه‌ون بینین‌و تاسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نیشتمان.له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا به‌بۆچوونی من، سێ ئاستی گوزارشتكردن له‌ نیشتمان له‌ چوارچێوه‌ی شیعره‌كان هه‌یه‌. له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا،شاعیر دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ئۆكرانیا،ئیدی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ناتوانێ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێت كه‌ نیشتمانی جێهێشتووه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقیعی وڵاتێكی دیكه‌دا، كه‌ شاعیر تیایدا په‌ناهه‌نده‌یه‌، به‌ خه‌یال وێنه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ ده‌كێشێت. له‌و قۆناغه‌دا شاعیر ده‌ڵێت:_
ئه‌وبرینه‌ی له‌كوردستان له‌دڵم بۆوه‌…
نه‌كچی شه‌نگ..نه‌شه‌وی سه‌رمه‌ستی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ.بۆیان تیمار ناكرێ.
شاعیر جێهێشتنی زێدی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، به‌ برینێكی دڵ وێنا ده‌كات. له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌، به‌بێ هیچ گومانكردنێك‌و به‌ یه‌ قینه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌كچه‌ شۆخه‌كانی ئه‌وێ‌ونه‌ شه‌وی مه‌ست ناتوانن ئه‌و برینه‌ی سارێژ بكه‌ن. برینی نیشتمان،ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان سارێژ ده‌بێت.شاعیر خۆشیی‌و جوانیه‌كانی ئه‌وێ نابینێت‌وخه‌یاڵی هه‌ر لای ئه‌و برینه‌یه‌ كه‌له‌ دڵی بۆته‌وه‌. برینی دڵ لێره‌، له‌ پاڵ ئاماژه‌یه‌كی كه‌سی كه‌ دڵی مرۆڤێكه‌و برینداربووه‌،هاوكات ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و گشتیشی هه‌یه‌، ئه‌ویش سووتاندنی نیشتمان‌و ئه‌و هه‌موو كاره‌سات‌و تراژیدیانه‌ی شاعیر له‌ كوردستان بینیویه‌تی.به‌تایبه‌تیش كه‌وه‌ك شاعیر خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ كه‌ ئه‌و له‌ پاییزی 1988نیشتمان جێدێڵێت. ئه‌و كاته‌ش قۆناغی خامۆشبوون‌و شۆكی ده‌روونی پاش كاره‌ساتی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان‌و كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. بۆیه‌ شاعیر ئه‌و تراژیدیانه‌،به‌برینی دڵی ده‌زانێت. هاوكات دڵنیاییش ده‌داته‌ نیشتمان كه‌ نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی سه‌رمه‌سته‌م، ناتوانن ئه‌و برینه‌ی بۆ تیمار بكه‌ن. لێره‌دا شاعیر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاوبوون به‌ دنیای غه‌ریبییه‌. بۆیه‌ لای وایه‌ تازه‌ هیچ شتێك ناتونێت، برینی دڵی تیمار بكات. له‌ ئاستی دووه‌مدا شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئێستای تاراوگه‌ جێبهێڵێت‌و بگه‌رێته‌وه‌ نیشتمان، پێویستی به‌وه‌یه‌ نیشتمانێكی بچووك له‌ خه‌یاڵی خۆیدا دروست بكات. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، شاعیر دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ئیدی ئه‌و له‌ شوێنێك ده‌ژیت كه‌ زێدو شوێنی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی نییه‌ وه‌ك باسمان كرد، به‌ خه‌یاڵ ئه‌وێی نیشتمان دێنێته‌ ئێره‌ی تاراوگه‌. به‌ڵام به‌ چ شێوه‌یه‌ك،بێگومان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی نیشتمان.بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:-
به‌ڕۆژ ئه‌ندێشه‌یه‌كی كپ ده‌ست به‌سه‌رم ده‌كات…
به‌شه‌وتاك‌و ته‌نیا له‌ گه‌ڵ ئازیزانداگفتوگۆمه‌…
ئه‌گه‌ر خه‌ون بینین نه‌بوایه‌ ئێستا كێوی ببووم..
شاعیر خه‌ونده‌كاته‌ جێگره‌وه‌ی دنیایێكی واقیعی‌و ئه‌وه‌ی به‌واقیع بۆی به‌رجه‌سته‌ناكرێت، هه‌وڵده‌دات به‌ خه‌یاڵ به‌رجه‌سته‌ی بكات. بۆیه‌ شاعیرخه‌ون وه‌ك جیهانێكی دیكه‌ی جیاواز له‌واقیع كه‌هه‌ر ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا بوونی هه‌یه‌و بوونێكی به‌رجه‌سته‌یی نییه‌،ده‌بینێت.خه‌ون لێره‌دا ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ نیشتمان به‌ شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی.به‌ده‌ربڕینێكی تر. شاعیرخه‌ون وه‌ك فریادره‌سێك بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی خۆی ده‌بینێت، كه‌له‌ مه‌نفادا تیادا ئه‌ژیت. دۆخێك كه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كاریگه‌ریه‌تی كردۆته‌ سه‌ر هه‌ست و ڕوانینی شاعیركه‌به‌ره‌و كێویبوون كه‌ ده‌لاله‌ته‌ بۆ دێوانه‌یی و په‌راگه‌نده‌بوون، بیبات.بۆیه‌ خۆشبه‌ختی شاعیر له‌وه‌ دایه‌، كه‌له‌و مه‌نفایه‌دا، له‌و ژیانه‌ ته‌نها و بێكه‌س وبێ ئازیزانه‌دا، خه‌ون ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر خه‌ونیش نه‌بووایه‌ كێوی ببوو. لێره‌دا به‌ریه‌ككه‌وتنی شاعیر له‌ گه‌ڵ دوو دنیای جیاواز، دووكلتووری جیاواز، دوو شێوه‌ ژیانی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت. گه‌رچی مه‌نفا به‌ هۆی پێشكه‌وتنه‌كانییه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كانی ژیان، ئه‌سته‌مه‌ ببێته‌ شوێنی كێویكردنی مرۆڤه‌كان. وه‌لێ بۆ شاعیر نه‌جوانییه‌كانی ئه‌وێ، نه‌ ژیانی ئه‌وێ، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن نیین.بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر خه‌ون بینین.
به‌ڵام ئایا خه‌ونه‌كان هه‌موویان ده‌بن به‌ ڕاستی؟ بێگومان مه‌حاڵه‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ونبینینێكی ئێمه‌ ڕاستی بووایه‌، ئێستا چه‌ند ئاسووده‌، به‌خته‌وه‌ر‌و شادومان ده‌بووین. وه‌لێ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت خه‌ونه‌كان ئه‌گه‌ركورت ‌وكه‌مخایه‌نیش بن، هێشتا بۆ ماوه‌یه‌ك چێژو ئارامی به‌ مرۆڤ ده‌ده‌ن. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، شاعیر خه‌ون بینین وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی جوان ده‌بینێت، له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌روونیه‌ی له‌ میانه‌ی جێهێشتنی واقیعی نیشتماندا، ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌.شاعیر دوای ئه‌وه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی جێدێڵێت و ده‌گاته‌ مه‌نفا، ئیدی هه‌ستی به‌نامۆبون به‌ هه‌موو دیارده‌و بووه‌كانی ده‌ورو‌و به‌ری له‌لادا دروست ده‌بێت. بێگومان ساڵه‌كانی یه‌كه‌می ته‌ناهیكردن له‌ مه‌نفاداو له‌ گه‌ڵ غه‌ریبیدا( گه‌رچی من مه‌نفام نه‌بینیوه‌ وه‌لێ زۆر بابه‌تم له‌م ڕووه‌وه‌و خوێندۆته‌وه‌) ساته‌كانی هه‌ست كردنن به‌ غه‌ریبییه‌كی گه‌وره‌و كوشنده‌. غه‌ریبییه‌ك، كه‌ ئاسه‌وارێكی گه‌وره‌و قوڵ له‌ ژیان و ناخی مرۆڤ جێدێلێ. ئه‌و ئاسه‌واره‌ به‌هیچ شتێك(ژدێل_ ته‌عویزكردنه‌وه‌) ناكرێته‌وه‌. بۆیه‌ شاعیر دیسانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ی خۆی له‌ گه‌ڵ مه‌نفادا باسده‌كات‌و له‌ كۆپڵه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_
ئه‌ی خانمی نائاشناو شه‌نگ
كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌م.ئه‌م شه‌و له‌ سه‌مات ڕانایه‌م.

شاعیربه‌بێ هیچ هه‌ستكردن به‌شه‌رمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیدێكی خۆبه‌كه‌مزانینه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌وی تری نا ئاشنا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ سه‌مای كچه‌چاوشین و پرچ زه‌رده‌كانی ئۆكرانیا(كه‌هه‌زاره‌ها گه‌نج خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن) ڕانایه‌ت. شاعیر شه‌رم له‌وه‌ ناكات كه‌ باسی نا ئاشنایی خۆی به‌ سه‌مای ئۆكرانییه‌كانه‌وه‌ بكات. بگره‌ به‌ شانازیشه‌وه‌ باسیده‌كات. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی شاعیر له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟ بێگومان له‌ شوناسی كوردبوونی خۆیه‌وه‌. واته‌ شاعیر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك وابه‌ سته‌یه‌ به‌ نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی باس له‌و دیاردانه‌ش بكات كه‌ بۆ ئه‌و نامۆوپێشتر نه‌بینراون.به‌لایه‌وه‌ نه‌نگی نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ پێناسه‌ی خۆی بكات، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی ڕتووشكراو، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ به‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆی بدات. شاعیر لێره‌دا به‌ كچه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌یه‌، نه‌ك كاره‌كته‌رێكی تر. بۆیه‌ ده‌بینین به‌و په‌ڕی ڕاشكاویی و ڕاستگۆییه‌وه‌، دان به‌ نائاشنایی خۆی ده‌نێت له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و دانپیانانه‌ بێ ماسكه‌ی شاعیر،گوزارشت له‌ دوودنیابینی جیاو دوو كلتوورری جیا ده‌كات، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵی خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی،په‌روه‌رده‌یی،خێزانی ‌وكه‌سین.كه‌ ئه‌وانیش كوردو ئۆكرانیه‌كانن.

شاعیر ڕاسته‌وخۆ به‌ كچه‌ شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت كه‌كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌یه‌، ئه‌مشه‌و له‌ سه‌مای ڕانایه‌ت.هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ شاعیر بیانووی ئه‌و پرسیاركردنه‌ له‌ كچه‌ شۆخه‌كان ده‌بڕێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ میانه‌ی ئاواێزانبوونی له‌ گه‌ڵ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی بكرێته‌وه‌.كه‌ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وبۆچی نائاشنایه‌ به‌ دنیای ئێره‌؟بۆچی جوانییه‌كانی ئێره‌و پێشكه‌وتنه‌كانی ئێره‌ نابنه‌ جێگه‌ی تێڕامان و شادومانی. بێگومان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانێكی جێهێشتووه‌. نیشتمانێكی بریندار‌وخاپو‌وركرای به‌چڕنۆكی به‌عسی فاشییه‌وه‌.ئه‌و برینه‌ش نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی مه‌ست و جوان، ناتوانن بۆی تیمار بكه‌ن. ئه‌وه‌ ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان ئه‌و برینه‌ قه‌تماغه‌ ده‌گرێت.لێره‌وه‌ش له‌ ئاستی سێیه‌مدا، شاعیر نامۆبوونی ته‌واوه‌تی خۆی به‌ ژیانی ئه‌وێ ده‌كاته‌ به‌شێك له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و ئیدی دڵنیایی ده‌داته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ ئه‌و ناتوانێت، له‌ سه‌مای ئه‌و ڕابێت. به‌م جۆره‌ش ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی دوو كلتوور، دووشێوه‌ مرۆڤ، دوو شێوه‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینه‌وه‌. یه‌كێكییان ئه‌و شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ كه‌ شاعیر هه‌ڵگریه‌تی ئه‌وی تریش شوناسی به‌رامبه‌ره‌. شاعیر نه‌بادا مه‌نفا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی شوێن ونیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی، ئیدی هه‌موو دیارده‌كانی بوون و ژیانی ئه‌و به‌ نامۆ ده‌بینێت و ناتوانێ پێیانه‌وه‌ ئاشنا بێت.ئه‌مه‌ش له‌ پێناو هێشتنه‌وه‌ شوناسی كوردبوون ونیشتمان له‌ یاده‌وه‌ری ودڵ و ده‌روونیدا. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ نزیكه‌ی شانزه‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر، كۆمه‌ڵه‌ شیعری(هێلانه‌ی نغرۆ)ی(مارف عومه‌رگوڵ)م خوێنده‌وه‌و چێژ‌و جوانییه‌كی زۆرم له‌ شیعره‌كان دیت. ئێستا كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، جارێكی ترشیعره‌كانی( نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووبار بوو)خوێنده‌وه‌،به‌رهه‌مان ئه‌و چێژ‌و جوانییه‌ كه‌وتمه‌وه‌ كه‌ شانزه‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ربینی بووم. به‌هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رهه‌می جوانتر‌و شیعری جوانتر بۆ شاعیر.

ڕواندز_پاییزی 2017

په‌راوێز/ نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووباربوو/ شیعر/ مارف عومه‌ر گوڵ/ ساڵی چاپ 2016




پەیامی تاریكی … کارا فاتیح

سەرنجێكی شێواو بۆ دەربڕینی: دەست بە كارەباوە بگرن
واتای ئاسایی ئەم ڕستەیە (دەست بە كارەباوە بگرن.) ئاسانە و تێگەییشتنی جیا و قووڵبوونەوە هەڵ ناگرێت، بەڵام لێرەدا بە ئەنقەست واتای (دەست) كە لەم ڕستەیەدا مەعنەوییە دەخەینەوە جێی خۆی و دەیكەینەوە بە بەرجەستە، واتا ئەو دەستەی كە بەم پەنجانە ئەم پیتانە پێ دێتە سەر شاشەی كۆمپیوتەر.

دەست لە بیردۆزی پەرەسەندندا جێگەی خۆی هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەستی خۆی بە كار دەهێنێت، قەد و لقی درەخت دەگرێت، پەلامار دەدات، بەرگریی بۆ لەش دروست دەكات و پێی لە زەوی دەچەسپێنێت، دەمێنێتەوە، دەست پێویستییەكانی ژیان دابین دەكات و یارمەتیی گۆڕان و پەرەسەندن دەدات و قۆناغی مرۆڤبوون دەهێنێتە پێشەوە (بیركردنەوەیەكی بچووك و كورتمان لە بیردۆزی پەرەسەندن گواستوەتەوە و كارمان بە وردەكاری و لایەنەكانی تری نییە.) دواتر هەر بەو دەستانە پەلاماری سروشت دەدات و هەموو شت لە ژێر فەرمانی عەقڵ، بۆ خۆی و لە خزمەت بە كار دەهێنێت، ئەم زیندەوەرە مرۆڤە، كە سەنتەری بڕیاری لە دەستەكانەوە بۆ عەقڵ گواستوەتەوە، ئەوە هۆشیارییە دەستەكان ئاراستە دەكات، دەست بە بەرنامەی عەقڵ دەجووڵێتەوە. ئەی لە ڕستەی (دەست بە كارەباوە بگرن) چی؟ دەست لێرەدا دیسان عەقڵ و جەستە دەكاتەوە بە پاشكۆی خۆی، مرۆڤ دیسان وەك قۆناغەكانی پێشتر دەبێت چاوی لە دەستییەوە بێت بیپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامی لە ژیان، دەست وەك دەستەكانی مرۆڤی نێو ئەشكەوت دەیەوێت ڕێنوێنی مرۆڤ بكات، چونكە دەزانێت كە كارەبا دەكوژێتەوە ماڵ دەبێتەوە بە فۆڕمێكی تری ئەشكەوت.

دەست بە كارەباوە بگرن، هەر خەریكی هەڵكردنەوەی جۆزەكان بن، زوو زوو بە دەستەكان ژمارەی گڵۆپە داگیرساوەكان كەم بكەنەوە، بۆیلەر و سپلیت و هیتەر و ئامێرەكانی تر بكوژێنەوە و بە چەشنێك لە كارەبای داببڕن، ئیتر وەك زیادە و ئامێری ناپێویست سەیری بكەن، هەمیشە با پەنجەكان لە سەر سویچپلاكەكان بن، ئیتر بە وێنەی مرۆڤی نێو ئەشكەوت چۆن بە دەستەكان دیوارەكان دەپشكنێت و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بیر و زانیاری بۆ مێشك، دەبێت لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمیشدا، دەستەكان بەردەوام كار بكەن و فریا بكەون و كارەبای بەكارهاتوو كەم بكەنەوە تا مێشك لەو بیرە غافڵ نەبێت، كە ئەوەی لە ناویدا دەژی، خانوو نییە بەڵكو ئەشكەوتێكی مۆدێرنە… ڕەنگە دڵمان بە وەسفی (مۆدێرن) بۆ ئەو ئەشكەوتەی تێیدا دەژین خۆش بێت، بەڵام خاڵی جیاواز و ترسناك و تراژیدی ئەوەیە مرۆڤ یان زیندەوەری ناو ئەشكەوت لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە بەرەو پێشەوە و بەرەو مانەوە و جێگیربوون، بەرەو بەكارهێنانی سروشت و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەڵام مرۆڤی ناو ئەشكەوتی مۆدێرنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەشە و گۆڕاندایە بەرەو دواوە، بەرەو دەستبەرداربوون لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان و شكانەوە و خۆخواردنەوە بەسەر بێهێزی و بێ دەسەڵاتیی خۆیدا، ئەم لە بێهێزەكانە و بە هۆی بێ ئیرادەیییەوە شیاوی ژیان نییە، بەڵام وەك ئەوەی مردنی حەقیقی چارەنووسی زیندەوەرە بێهێزەكانە لە پێش مێژوودا، ئێستا مردنی حەقیقی ڕوو نادات و وەچەی ئەم بێهزانە دوایی نایەت، بەڵام هەموو سات و ڕۆژێك بە هۆی ژیان لە ژێر سیستمی خاوەنی (دەست بە كارەباوە بگرن.) دەبێتە مردن و مرۆڤی ئەشكەوتی مۆدێرن بەردەوام مومارەسەی مردن دەكات: مردنێكی ڕەمزی.




ڕۆژمێر و ڕاپه‌‌رین و خه‌‌می بێ كۆتایی … جه‌لالی میرزا كه‌ریم

1
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ دڵی ئاسمانا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ سنگی مێژوودا ماوه‌‌؟
ئاخ! .. شتێ
له‌‌ كاروانی مه‌‌رگا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ ساڵنامه‌‌ی زوڵما ماوه‌‌؟
بۆ به‌هاری: گه‌‌ڵاڕێزان
بۆ هاوینی: ڕێژنه‌‌ و لافاوی خوێن هه‌‌ڵسان
بۆ ته‌‌نیایی: منداڵانی ناو كوردستان
ببنه‌‌ په‌‌رژین و پشتیوان.
* * *
ئاسمان! .. بۆ تۆ
سواری كام ئه‌‌سپی بۆراقی،
ئایین ببین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
مێژووی زه‌‌مینی ژان! .. بۆ تۆ
ڕێی كام دایكی
ئیفلاتوونی زایین بگرین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
كاروانی بیست سه‌‌ده‌‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ
چ په‌‌یكه‌‌رێ بۆ هێرۆشیما و هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ هه‌‌ڵببه‌‌ستین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
ساڵنامه‌‌ی سه‌‌ددامی باوكی،
هیتله‌‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ
سنووره‌‌كان كیشوه‌‌ری مردن ئه‌‌بڕین
تا بتگه‌‌ینێ؟
تا بتگه‌‌ینێ و نه‌‌خشه‌‌ی كه‌‌لله‌‌ و دڵت بدڕین
تا فرمێسكی چاوی به‌‌رلین و كه‌‌ربه‌‌لا و
كه‌‌ركووك بسرین!
ئه‌‌وسا سروه‌‌ی
پڕ له‌‌ نه‌‌شئه‌‌ی
سروودێكی بێ كۆتایی،
ورد ورد بێشكه‌‌ی
خه‌‌ونی شایی
باڵه‌‌فڕێی په‌‌ڕه‌‌سێلكه‌‌ ڕائه‌‌ژه‌‌نێ.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر .. به‌‌ دیواری شه‌‌وی
زووحاكا هه‌‌ڵنه‌‌گه‌‌ڕاین و
به‌‌ره‌‌به‌‌یانی نه‌‌ورۆزمان
به‌‌ ئاورنگی سه‌‌ر ڕوومه‌‌تی
گوڵاڵه‌‌ سووره‌‌ ئاڵ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ستمان
نه‌‌كرده‌‌ ملی (سیڤه‌‌ر) و
ئه‌‌و لا و ئه‌‌و لایمان ماچ نه‌‌كرد.
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر به‌‌ ڕووی
په‌‌شیمانییه‌‌كه‌‌ی (لۆزان)دا
شه‌‌ڕمان نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ ئامۆژگارییه‌‌كه‌‌ی
(ولسن)مان وه‌‌ك
ئایه‌‌تێك له‌‌ناو قورئانا له‌‌به‌‌ر نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێنج ساڵ
به‌‌ كۆش، به‌ ‌ده‌‌ست،
پشكۆی ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگمان
به‌‌ پێپیلكه‌‌ی ئاگری داخا
بۆ تارای بووكی كوردستان
نه‌‌ْ .. باڵای
ئاڵای شه‌‌كاوه‌‌مان .. نه‌‌برد.
* * *
چیمان.. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێڵووی چرای ئه‌‌ستێره‌‌ی شه‌‌قامی
كۆماره‌‌ ساواكه‌‌ی سابڵاخمان پێ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا .. هه‌‌زاران ساڵه‌‌
گوڵه‌‌ ژاڵه‌‌
له‌‌ وه‌‌رزی حه‌‌زمانا ئه‌‌ژی و
پێمان ئه‌‌ڵێ:
(بۆ ئێوه‌‌ ڕه‌‌نگم زۆر ئاڵه‌‌
بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵه‌‌).

2
دڵ .. هه‌‌ر دڵه‌‌
یه‌‌كه‌ ‌و.. ئه‌‌گه‌‌رچی چوار به‌‌شه‌‌
كوردستان هه‌‌ر كوردستانه‌‌
گه‌‌رچی چوار كه‌‌رتی یه‌‌ك له‌‌شه‌‌
ئا.. له‌‌م به‌‌شه‌‌ی
كانی خوارووی هه‌‌ڵقوڵانا
نه‌‌ْ .. له‌‌م له‌‌شه‌‌ی
ئه‌‌نجن بوونی شه‌‌قاو نانا
ئاخ! كه‌‌ بانگی
سه‌‌دان نوێژی
راپه‌‌ڕینی تێدا نه‌‌درا
ئاخ! كه‌‌ مانگی
زییون ڕێژی
هه‌زاران مێشكی تیا نه‌‌پژا.
* * *
ئاخ! شه‌‌شی ڕه‌‌شی ئه‌‌یلوولی سلێمانی
كام ڕه‌‌شه‌‌با
كام قوربانی به‌‌بێ په‌‌روا
له‌‌ ئه‌‌لبوومی بازیانا هه‌‌ڵیانسانی.
* * *
شاخ! شه‌‌شی گه‌‌شی ئه‌‌یلوولی خۆڕاگرتن
له‌‌ عێراقا
له‌‌ ڕووباری دوو چاوی بزه‌ ‌و مه‌‌راقا
ئه‌‌رێ چۆن بویته‌‌ ئاوێنه‌‌ی
ڕووی تریفه‌‌ی
خه‌‌رمانه‌‌ی ڕۆژی مانگرتن.
* * *
تۆش! یانزه‌‌ی ئه‌‌یلوولی تفه‌‌نگ
تێشووی گولله‌‌.
قوڕگی هاوینه‌‌ تینووه‌‌كه‌‌ی
ته‌‌مه‌‌نی هه‌‌ڵۆی ناو فه‌‌رهه‌‌نگ!
چۆن باڵت گرت!
به‌: بناری
تارمایی ڕه‌‌زی گه‌‌رمیانت
به‌‌: كڕێوه‌‌ی
پشتێنی به‌‌فری كوێستانت
چۆن بۆ كه‌‌شكه‌‌ڵانی فه‌‌له‌‌ك سه‌‌ریانتخست.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
ئه‌‌وه‌ ‌(30) ساڵی ڕه‌‌به‌‌قه‌‌
لیستی خه‌‌زانی شه‌هیدان
په‌‌یتا په‌‌یتا
به‌‌ بیلبیله‌‌ی
ناخمانه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵئه‌‌واسرێ.
* * *
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا (30) ساڵی ده‌‌قه‌‌
كوردستانه‌‌كه‌‌ی چه‌‌ك له‌‌ شان
له‌‌ سه‌‌نگه‌‌را..
پێشمه‌ر‌گه‌‌كه‌‌ی!
گرمه‌‌ی هه‌‌ور و برووسكه‌‌كه‌‌ی
هه‌رگیز .. هه‌‌رگیز
ئارام ناگرێ.

3
– وا (30) ساڵه‌‌ دار به‌‌ڕوومان
به‌‌رناگرێ.
گوڵئه‌‌ستێره‌‌ی چۆله‌‌كه‌‌مان
هه‌‌ڵنافڕێ.
نیگای وێڵی منداڵانمان
له‌‌ شه‌‌پۆلی سۆزی مه‌‌مكا پێناكه‌‌نێ.
ئه‌‌ڵقه‌‌ڕێزی
شه‌‌ققه‌‌ی به‌‌رده‌‌م ده‌‌رگاكانمان
نۆته‌‌ی گه‌‌ڵای
ئاوازێكمان بۆ ناچنێ.
– وا (30) ساڵه‌‌
به‌‌ڕێوه‌‌ین و
ژوان بۆ دیل دائه‌‌نێین و
ڕۆژژمێری زیندانه‌‌كان،
پۆڵاڕێژن و
ناكرێنه‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ ڕوو!
له‌‌ناو تابلۆی
حه‌‌وزی تێزابا قرچاوه‌‌
له‌‌ش وه‌‌ك ئوردوو هه‌‌ڵچنراوه‌‌
وێنه‌‌ی كه‌‌س ناناسرێته‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
له‌‌ناو دێڕی
ڕۆمانی هه‌‌موو شارێكا
له‌‌ ئه‌‌شكه‌‌وتی
مێشكی هه‌‌موو شاعیرێكا
وشه‌‌ وه‌‌كو
یاریی قه‌‌ڵا قه‌‌ڵا و چاوه‌‌شاركێ
جارێ سه‌‌رنیشانه‌‌ و دیاره‌‌
جارێ چاوه‌‌دزێ و جارێ سه‌‌ره‌‌تاتكێ
جارێكیتر خۆشاردنه‌‌وه‌‌.
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستا چریكه‌‌ی ئه‌‌م ده‌‌نگه‌‌
نووزه‌‌ی گۆڕی
كێلێكی ڕیسوا و سه‌‌رشۆڕی
نێو دوو لنگی
سوڵتانه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.
– ئاخ! .. پێشمه‌‌رگه‌‌!
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستاكێ گه‌‌شه‌‌ی ئه‌‌م ڕه‌‌نگه‌‌
په‌‌شته‌‌ماڵی
به‌‌ خوێن تاڵی
خوار ناوكی
سه‌‌رۆكه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.

4
له‌‌ پڕ چ بارانێ دایكرد؟
گێژه‌‌لووكه‌‌ی چ ڕاپه‌‌ڕینێ هه‌‌ڵی كرد؟
كۆڵان له‌‌ خۆیه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵسا
مه‌‌شخه‌‌ڵ هه‌‌ر بۆ خۆی هه‌‌ڵگیرسا
ئه‌‌مجاره‌‌یان
تفه‌‌نگ به‌‌خۆی چووه‌‌ سه‌‌رشان
جۆگه‌‌ی هاوار
به‌‌ ته‌‌وژم ڕژایه‌‌ نێو گه‌‌رووی تینوو
بۆ یه‌‌كه‌‌مجار
وڵاتی ترس ئاوا هه‌‌ڵچوو
تیشكی ئاوێنه‌‌ی شه‌‌پۆلی دیجله‌‌ و فورات
له‌‌گه‌‌ڵ له‌‌نجه‌‌ی زێ و سیروانا
له‌‌ ڕه‌‌وتی بێ وچانیانا
وا له‌‌ یه‌‌كتری ئاڵابوون
وات ئه‌‌زانی به‌‌ زگێ بوون
یان بوونه‌‌ته‌‌ یه‌‌ك سه‌‌رچاوه‌‌ی هیوا و ئاوات.
* * *
به‌‌ڵام، ئه‌‌فسووس
كوانێ حه‌‌یا .. كوانێ نامووس
ئه‌‌وه‌‌ دیسان
ڕه‌‌وه‌‌ گورگی زامار و هاری به‌‌عسییان
پاش ڕاونانیان
سمێڵی به‌‌ڕێز سه‌‌رۆكیان
وه‌‌كو كلكیان
شۆڕكرده‌‌وه‌‌ بۆ ناو گه‌‌ڵیان
كه‌‌وتنه‌‌وه‌‌ خۆر سه‌‌ربڕین
مانگ سه‌‌ربڕین
له‌‌ تۆڵه‌‌ی دۆڕاندنیانا
له‌‌ كاتی گیانه‌‌ڵاویانا.
زریكه‌‌یان به‌‌ردایه‌‌ سه‌‌ر هه‌‌موو لێوێ
گڕیان به‌‌ردایه‌‌ گه‌‌ردنی هه‌‌موو كێوێ
ده‌‌ستی حه‌‌سه‌‌ن و حوسێنیان
له‌‌بن بڕی
ئه‌‌گریجه‌‌ی خورمای به‌‌سرایان
هه‌موو ڕنی.
* * *
ئاخ! كوردستانی خۆشه‌‌ویست
چیكه‌‌ی تریان به‌‌تۆ نه‌‌ڕشت
مه‌‌گه‌‌ر ڕك و كینه‌‌ی ڕه‌‌شیان
به‌‌ بارووت و خوێن نه‌‌شێلاو
نه‌‌یانكرده‌‌
نێرگزه‌‌جاڕی ئه‌‌مساڵی گرانه‌‌تا و
له‌‌ بسكی هه‌‌ڵپڕووزكاوی
دووكه‌‌ڵاوی
باوه‌‌ گوڕگوڕ و قه‌‌ڵای هه‌‌ولێریان نه‌‌دا و؟
كردیانه‌‌ شاپڵیته‌‌یه‌‌كی ره‌‌ش هه‌‌ڵگیرساو.
* * *
ئه‌‌وا له‌‌سه‌‌ر سنگی خۆما
تارای ڕاپه‌‌ڕینێكت له‌‌بۆ ئه‌‌چنم.
له‌‌ناو دڵی پڕ هه‌‌نسكما
نه‌‌خشه‌‌ی شیعری كوردستانت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌گرم.
له‌‌سه‌‌ر به‌‌ردی ناوچه‌‌وانی زه‌‌بوونیما
وێنه‌‌ی تفه‌‌نگێكی كه‌‌ت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌كه‌‌نم.
له‌‌ناو سۆزی ته‌‌نیاییما
ئاوازی عیشقێكی تازه‌‌ت بۆ ئه‌‌ژه‌‌نم.

5
– ئاخ ..! پێشمه‌‌رگه‌‌!
پاش كاره‌‌سات
له‌‌گه‌‌ڵمان به‌‌!
له‌‌ناو ئۆردووگای دڵمان به‌‌!
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
خۆت ڕاومه‌‌نێ
له‌‌مه‌‌ زیاتر!
چاوی ڕه‌‌شی قه‌‌ره‌‌ هه‌‌نجیریان هه‌‌ڵكۆڵی!
توخوا.. له‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ زیاتر
ئیتر چیتر ماوه‌‌ بیكه‌‌ن
مه‌‌گه‌‌ر هه‌‌ر له‌‌ پردی ده‌‌لالی زاخۆوه‌‌
هه‌تا ده‌‌ماره‌‌كانی نه‌‌وتی خانه‌‌قین
خاك و خۆڵی
شیرینیان وه‌‌ك بێژنگ لێكرد
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
چاو لێكمه‌‌نێ
دوێنێ ئه‌‌وه‌‌نده‌‌یان لێ قه‌‌ڵاچۆ كردین
نایه‌‌ته‌‌ ژماره‌‌ و پرسین
به‌‌ ملیۆن و
دوو .. سێ ملیۆن
پیر و مناڵانیان بێ سه‌‌روشوێن كردین
له‌‌ ماڵ و حاڵمانیان كردین.
– ده‌‌سا.. تو خوا ئه‌‌ی پێشمه‌‌رگه‌‌!
كوردستانت
ئیمشه‌‌و له‌‌شی بێ ڕایه‌‌خه‌‌..
تكایه‌‌ گیانتی بۆ ڕاخه‌‌.

6
دوای هه‌‌موو ئه‌‌م به‌سه‌رهاته‌‌
كه‌‌چی تازه‌‌ وه‌‌فد ڕێكئه‌‌خرێ
یه‌‌ك له‌‌ دوای یه‌‌ك
بۆ لای قه‌‌سابه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا
به‌‌ڕێ ئه‌‌كرێ
گوایه‌‌ نوخشه‌‌ و نۆبه‌‌ره‌‌ی مفاوه‌‌زاته‌‌.
* * *
لێم ببووره‌‌!
كووره‌‌ گڕی شیعری تووڕه‌‌!
جاره‌‌ جارێ
داخی دڵم وا به‌‌ ساكاری هه‌‌ڵڕێژم
ڕسته‌‌ جریوه‌‌ شاكارێ
له‌‌ زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.
* * *
كونه‌‌ شاری زه‌‌رده‌‌واڵه‌‌ و
ڕێچكه‌‌ی ڕه‌‌ژوو،
لێت ناترسم!
ئه‌‌م هه‌‌ڵوێسته‌‌م بخنكێنی
وه‌‌ستا و به‌‌ هه‌ر‌زانی وانه‌‌ و
قوتابخانه‌‌ی مژده‌‌ی سووتوو،
لێت ناپرسم!
له‌‌ (فندق الرشید)ه‌‌وه‌‌ چیم بۆ دێنی.
* * *
خۆتان ئه‌‌ڕۆن!
چاو به‌‌سته‌‌ش بن .. هه‌‌ر شاره‌‌زان،
بۆیه‌‌ سه‌‌رقاڵی هاتوچۆن،
تا له‌‌سه‌‌ر خوانی ئا‌ژانسی
كوشت و بڕ و ده‌‌نگوباسی
ڕشانه‌وه‌‌ی سه‌‌رۆك بخۆن
تا به‌‌ ئابڕووی تكێنراوی
خۆتان زامی سه‌‌ددام بشۆن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
ئه‌‌و مناڵه‌‌ی له‌‌ تاوی بێ شیری ئه‌‌مری
یا ئه‌‌و دایكه‌‌ی
تاقانه‌‌ جگه‌‌رگۆشه‌‌كه‌‌ی
به‌‌ ده‌‌ستی خۆی له‌‌ چاڵ ناشت و
په‌‌نجه‌‌یه‌‌ك نه‌‌بوو ر‌ِه‌هێڵه‌‌ی
خوڕی چاوی به‌‌ر په‌‌نجه‌‌ره‌‌ی
له‌‌بۆ بسڕێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
باوه‌‌ش ئه‌‌كه‌‌ن
به‌‌ سه‌‌رتاپای تاوانێكا و
ئه‌‌م لا و ئه‌‌و لای
داڕزاوی بۆگه‌‌نی سه‌‌ددام ماچ ئه‌‌كه‌‌ن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
مانگێ زیاتر له‌‌ باوه‌‌شی
به‌‌عسا كڕبوون
نه‌‌خێر وڕبوون
پێشمان ئه‌‌ڵێن:
– به‌‌ڕێز سه‌‌رۆك لوتفی هه‌‌یه‌‌ –
ئه‌‌مجاره‌‌یان
له‌‌ جێی حه‌‌كه‌‌م
به‌‌ (مهندس الحكم الژاتی) ناوئه‌‌برێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
له‌‌ جێی قه‌‌ڵغانی قه‌‌ڵه‌‌م و
به‌‌یته‌‌ شیعرێ؟
كه‌‌ له‌‌ داخا سه‌‌ر و قژی خۆی ئه‌‌ڕنێ و
هاوار ئه‌‌كا و ئه‌‌نه‌‌ڕێنێ
ئه‌‌بێ ئێستاكه‌‌ بنووسرێ.

7
له‌‌پاش چی؟
گله‌‌یی له‌‌ سه‌‌نگه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
گله‌‌یی له‌‌ خه‌‌نجه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
ناوی (شۆڕش)
به‌‌ – شه‌‌ڕ – ئه‌‌به‌‌ن
ئه‌‌گه‌‌نه‌‌ ئه‌‌و قه‌‌ناعه‌‌ته‌‌ی
هه‌ر به‌‌ ئاشتی
نه‌‌وه‌‌ك به‌‌ شه‌‌ڕ
ئه‌‌م ئاواته‌‌ی
كورد سه‌‌ر ئه‌‌خه‌‌ن.
* * *
– شه‌‌ڕ هه‌‌ر شه‌‌ڕه‌‌
تۆپ و بۆمبای وێرانكه‌‌ره‌‌
فڕۆكه‌‌ی ژه‌‌هر پڕژینی
خنكێنه‌‌ره‌‌
كه‌‌ڵبه‌‌ و نوخانی دوژمن و
عه‌‌زیایه‌‌كی داگیركه‌‌ره‌‌
– به‌‌ڵام .. شۆڕش
چۆڕاوگه‌‌كه‌‌ی خوێن و كۆشش،
ته‌‌نیا لێزمه‌‌ی
بارانێكی داهێنه‌‌ره‌‌
تاكه‌‌ هه‌‌گبه‌‌ی
ڕێ به‌‌ره‌‌و لووتكه‌‌ی سه‌‌رخه‌‌ره‌‌
شۆڕش .. نامه‌‌ی
گه‌‌ردوونی ڕزگاریكه‌‌ره‌‌
تاقه‌‌ لانه‌‌ی
هه‌‌ڵۆیه‌‌كی ئه‌‌شكه‌‌وتگره‌‌
له‌‌ بۆ ئاشتیش
له‌‌نجه‌‌ باڵی
شین ساماڵی
پۆله‌‌ كوتری ژوورووی هه‌‌وره‌‌.
* * *
خواست و ئامانجه‌‌كانیشمان
كه‌‌لوپه‌‌ل و
هه‌‌یتو هاواری ناو مه‌‌زاتخانه‌‌ نییه‌‌
خوێن و گۆڕی
هه‌‌زاران هه‌‌زار شه‌هیدی
تێیدا وه‌‌كو
جاجمه‌‌شڕی،
قه‌‌نه‌‌فه‌‌ كۆنێ بفرۆشرێ،
یان دووكانی به‌‌رگدرووی
ژنانه‌‌ و پیاوانه‌‌ نییه‌‌
جل و به‌‌رگی گڕ خڵتانی
كوردستانی
تێیدا وه‌‌كو
ڕانك و چۆغه‌‌ و ستارخانی
له‌‌م لا قارسكا و
بیداته‌‌وه‌‌ ده‌‌می ئه‌‌و لا و
به‌‌ مه‌‌قه‌‌ستی تیژ ده‌‌بانی
ده‌‌رزی و داوی بێ ئامانی
سنووره‌‌كانی جه‌‌سته‌‌مان
له‌‌ت و كوتكا و
ئه‌‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان
به‌‌ باڵامانا هه‌‌ڵكێشێ.

8
له‌‌ ئاستی شیعری خه‌‌مخوارا
قه‌‌ڵه‌‌می هه‌‌نسك ژارا
په‌‌ڕه‌‌ی ڕووی ده‌‌فته‌‌ری كزا
ڕوو له‌‌ كام خوا كه‌‌م بۆ نزا
– بڕۆ بڕۆ…
گوێ مه‌‌ده‌‌ره‌‌ یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داوای شوناسنامه‌‌ی
ده‌‌وڵه‌‌تێكی قه‌‌حپه‌‌ت لێ بكا و لێشت بپرسێ:
ناوت چییه‌‌؟
(ابن العوجه‌‌) یان (كوردستان)؟
– بڵێَ و بڵێ .. دایكم ته‌‌نیا منی هه‌‌بوو،
باوكم له‌‌من زیاتر كه‌‌سی تری نه‌‌بوو،
هه‌ر منیان بوو
منیشیان ناونا كوردستان.
به‌‌هاری 1991

• گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، ژماره‌ (27) 1991.




شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌! …. نوری به‌شیر:

له‌باره‌ی بانگه‌وازی پارتی بۆ خۆپیشاندان بۆبەردەم بارەگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا له‌شاری له‌نده‌ن‌!

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی له‌نده‌نی پارتی بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕیکه‌وتی 29ی نوڤێمبه‌ر، خوپێشاندانێک بۆبه‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی “کۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانی بی پی”، به‌ڕێبخات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ڕێکه‌وتنه‌ی که‌‌کۆمپانیای ناوبراو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراقدا به‌ستویه‌تی بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کێڵگه‌ و بیره‌نه‌وته‌کانی که‌رکوکدا. گوایه‌ ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ به‌دژی “به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌کانی کورد” و حسابنه‌کردنی کۆمپنایاکه‌یه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان!. که‌له‌راستیدا خودی ئه‌م ‌بانگه‌شه‌ نه‌ته‌وه‌چێتیه‌ پوچه‌ی پارتی، که‌ساڵانێکی زۆره‌ خه‌ڵکی پێ فریوده‌ده‌ن وخودی ئه‌وه‌شی که ‌بۆ دیفاع له‌ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دژ ‌به ‌خه‌ڵکیه‌که‌ی که‌ناویان ناوه‌ “حکومه‌تی هه‌رێم”، داوایان کردووه‌ له‌ کوردستانیانی دانیشتوی شاری له‌‌نده‌ن، له‌دژی کۆمپانیای ناوبراو، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی که‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی ناکات، بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ده‌رزیه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕو هه‌رای کۆمپانیاکانی نه‌وته‌ له‌عێراق و کوردستاندا و خه‌ڵکی هوشیار نابێ ببێته‌ زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌. نه‌وتی که‌رکوک و چاڵه‌کانی که‌مادام به‌ده‌ست نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێرداروی خه‌ڵکه‌وه‌ نییه و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی و دینه‌یه‌کاندا بێت‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کۆمپانیاکانی پارتی و یه‌کێتی بیفرۆشن یان کۆماپانیاکانی حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی، خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و عێراق نابێ ببنه ‌زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕو ململانێیه‌. به‌م جۆره‌ش نابێ به‌پیر بانگه‌وازێکی له‌م جۆره‌وه‌‌ بچن و ڕیزی خه‌بات وتێکۆشانی خۆیان له‌دژی په‌لامار وئابڵوقه‌دانه‌کانی حکومه‌تی عێراق بۆ سه‌رکوردستان تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ته‌کانی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ن.

شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌!
له‌ڕابردویه‌کی نزیه‌که‌وه‌، هه‌موو دونیاو خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی سیاسه‌تی سه‌رشۆڕکردن و ته‌سلیمبوونی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان (یه‌کێتی و پارتی) بوون و ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوه‌ که‌چۆن ته‌واوی که‌رکوک وناوچه‌ جیناکۆکه‌کان، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ‌ئابوریه‌کان له‌خا‌ڵه‌کانی سنور و ڕێگای ئاسمانی، تا ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و هه‌موو عه‌قده‌کانی ڕابردوو، هاتوچۆی کۆمپانیاکان و ڕێکه‌وتنه‌ بازرگانیه‌کان.. له‌لایه‌ن خودی پارتی و یه‌کێتیه‌وه‌ ‌ ته‌سلیم به‌ حکومه‌تی عێراق کرا، ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌متره‌ له‌چاو ڕێکه‌وتێکی کۆمپانیایه‌ک وا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیرایه‌به‌ر؟!، یان مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌پارتی ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ته‌سلیمبوون به‌عه‌بادیدا ڕووی خۆی سپی بکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌م کاره‌ش له‌له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌ستپێبکات؟.
به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و راستیه‌یان له‌لایه‌ که‌به‌دوای ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی زۆرێک له‌ناوچه‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌وه‌ به‌حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی شیعی عێراق و هێزه‌ پاسداره‌کانی جمهوری ئیسلامی به‌سه‌رپه‌رشتی قاسم سله‌یمانی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌مێژووی دنیاو ناوچه‌که‌و کوردستاندا، هیچ هێزێک هێنده‌ی حزبه‌ ناسیونالسیته‌کانی کوردی و به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی ریسواو ملهوڕو چاو له‌ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌که‌و کۆنه‌په‌رستی نه‌بووه‌. بۆ هه‌موو لایه‌ک رۆشنه‌ کارنامه‌ی 27 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌کاری مافیایی و دزی و تیرۆرو چه‌قۆکێشی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و بوون به‌مڵکی بنه‌ماڵه‌یی چاڵه‌ نه‌وت و سه‌رچاوه‌کانی تری کوردستان، وه‌ جۆره‌ها رێکه‌وتنی لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌زگای جۆراوجۆری مافیایی و کۆمپانیایی جۆراوجۆری وڵاتان له‌ئاستی دنیادا، و به‌تاڵان و هه‌راجکردنی نه‌وتی خه‌ڵکی کوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی کوردستان به‌هه‌ره‌مه‌ند بن له‌داهاته‌که‌ی.

ئێستاش هه‌ریه‌که‌ له‌و دوو حزبه‌ پاڵه‌وانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ئاگاداری دنیاو به‌پێی هه‌واڵه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌یی جیهانیه‌‌‌کانه‌وه‌ به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن ته‌نیا عه‌بادی له‌گه‌ڵیان دانیشێت، نه‌ک ئه‌م دوو حزبه‌ به‌ڵکو هه‌ر 5 حزبه‌که‌ی حکومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی ئاوڕێکیان لێبده‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشن و به‌ڵکو خێرێکیان پێبکه‌ن و به‌شێک له‌داهاتی چاڵه‌ نه‌وتێکیان که‌رۆژانه‌ ده‌ڕوات بۆ ئێران و تورکیا بده‌نێ، که‌م نین ئه‌و هه‌واڵانه‌ی تا چه‌ند راسته‌ یان نا!! که‌ باڵه‌که‌ی ناو یه‌کێتی رێکه‌وتنی 16ی ئۆکۆتۆبه‌ریان له‌به‌رامبه‌ر بڕی یه‌ک ملیۆن دۆلاری چاڵه‌ نه‌وتێک بێت که‌ده‌ڕوات بۆ ئێران. هه‌واڵی خۆونکردنی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌بیستی، به‌ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی حزبه‌کانی کوردایه‌تی له‌سه‌ر خۆشخزمه‌تی بۆ عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی و جمهوری ئیسلامی و ئه‌مریکا ده‌بیستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وونه‌ ته‌نیا یه‌ک هه‌واڵ له‌شه‌هامه‌ت و ده‌ست پاکی و خزمه‌تگوزاری ئه‌م حزبانه‌ی ناسیونالیزمی کورد، که‌ بۆ نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ ده‌بێت نابیستی له‌سه‌ر دابینکردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌و داهاتی نه‌وته‌ی که‌ بردویانه‌و ئێستا شیوه‌ن و شه‌ڕو ناڕه‌زایه‌تی و خه‌ریکی راکردنن به‌شوێن نوینه‌ری ئه‌مریکاو حزبوڵای لوبنان و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانیه‌وه‌.

ئێستا ده‌یانه‌وێ ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ی که‌ به‌ریتانیا له‌رێگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا بی پی له‌گه‌ڵ عه‌‌بادی رێکه‌وتون هه‌ر له‌کاتی ته‌سلیمکردنی که‌رکوک و دوزو زۆرێک ناوچه‌ی تر، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌ببڕن، به‌ڵام پێمان ناڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیانه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵ بی پی نه‌یکات، خۆ ئێو کۆمپانیای عه‌له‌نیتان نیه‌ تا له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی ئێوه‌دا بیکات، ئێوه‌ نه‌ک چاڵه‌ نه‌وته‌کان، به‌ڵکو هه‌موو کوردستان و ئیراده‌و ژیانی خه‌ڵکی کوردستانتان جارێکی تر ته‌سلیمی فدراڵیزمه‌ شکستخواردووه‌ قه‌ومی و تایفیه‌که‌ی باڵی ئیسلامی شیعه‌ کرده‌وه‌. خۆ پێشتر هه‌موو ئه‌و چاڵه‌نه‌وت و داهاته‌ گه‌ورانه‌ به‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمپانیای جیهان له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌دا بوو، ده‌توانن بڵێن چه‌نده‌ به‌ش و له‌سه‌دا چه‌ندیتان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵک سه‌رفکرد!؟ ده‌کرێ پێمان بڵێن به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌چیدایه‌ ئه‌و کۆمپانیانه‌ له‌ژێر ده‌ستی عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی و ئۆردوگاندا بێت، یان بی پی به‌ریتانی و کۆمپانیاکانی روسی و که‌نه‌دی و یابانی و ئه‌مریکیدا بێت!

ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ده‌ستگرتنه‌ به‌ تاڵه‌ پوشێکه‌وه‌ له‌ده‌ریایی کۆنه‌په‌رستی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانی دا گیرتان کردوه‌، که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌تان ده‌وێت جارێکی تر شه‌ریکتان که‌ن له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی کوردستان، ئیتر خه‌ڵکی کوردستان چیان به‌سه‌ر دێت و ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ی که‌ته‌سلیمی حه‌شدی شه‌عبیتان کردوه‌، جگه‌ له‌پاساوی یه‌کتر تۆمه‌تبارکردن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئیدامه‌ به‌ژیانی حزبه‌کانتان بده‌ن چیت نیه‌‌. بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی کوردستان له‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ نه‌له‌وه‌دایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و خۆتان له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بی پی رێکه‌ون، نه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵیان رێکه‌وێت، ته‌جروبه‌و کارنامه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی حزبه‌کانتان نیشانی داوه‌.
به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌موو داهاتی کوردستان به‌چاڵه‌ نه‌وته‌کانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستاندا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌واندا به‌ڕێوه‌ بچێت و داهاته‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاریه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستی ئێوه‌و حزبه‌کانی کوردایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌و ره‌نگه‌کانتانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی کوردستان وه‌لابنرێت.




ته‌رم … چرۆ زه‌ند

به‌یانیه‌كی پایزدا، پایزێكی زه‌رده‌په‌ڕ ، خۆر له‌ پشت چیای گۆیژه‌وه‌ به‌ كزی ده‌رده‌كه‌وت،
گه‌ڵای دارو دره‌خته‌كان به‌ هێوری ده‌وه‌رین، ڕه‌نگاو ڕه‌نگ هه‌ر گه‌ڵایه‌و ره‌نگی گوڵێك ده‌كه‌وتنه‌ ‌سه‌ر زه‌وی . پێكانم لێم نه‌ده‌گه‌ڕان به‌ ناویاندابرۆم، له‌ دڵه‌ ڕاوكێی دابووم، دڵه‌ ڕاوكێی له‌ كیس چوون.

برێك له‌ هاتوو چۆیه‌كی بێ هێوربونه‌وه‌دابووم. نه‌مه‌ده‌ویست ژووره‌كه‌ت جێبێڵم. ژووری چاوه‌ڕوانی مه‌رگ له‌و ژووره‌كه‌تدا له‌ مه‌ڵكه‌ندی له‌ زێدی باب و باپیر. له‌ ژووره‌ كه‌ی كه‌ گوزارشت له‌ بوونت ده‌كات، ئه‌و ژووره‌ی گه‌نجینه‌ی ڕه‌نجی حه‌فتا ساڵ تێكۆشانته، له‌ ئاواره‌یی، زیندانی و ده‌ستبه‌سه‌ری له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌تا ڕاوه‌ستاوم پێم نیه‌ بچمه‌ شوێنێكی تر. ئه‌و ژووره‌ی ته‌رمی مه‌رگی تێدا برایه‌ ده‌ر. كاتێ هه‌ناسه‌یه‌كت هه‌ڵكیشا، جه‌سته‌ت له‌ جوڵه‌ كه‌وت، چاوه‌ زه‌رده‌ پرشنگداره‌كانت بۆ ٢٠ چركه‌ كرایه‌وه‌، پێم وابوو تێم ده‌ڕوانی.
بابه‌ گیان
دڵم بڕوایی نه‌دێنا كه‌ ده‌ست به‌چاوه‌كانتدا بنێم و دایانخه‌م بابه‌ گیان، بابه‌ گیان، وه‌ڵامم بده‌وه‌ بابه‌.
دایكم به‌ قوڵپی گریان و هێواشی ده‌ستی هێنا به‌ چاوه‌كانتا، خاڵۆژنم به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه‌ ده‌یوت ته‌واو بوو.
بابه‌‌ چاوت لێكنا بۆ هه‌میشه‌، ئیتر ناتوانم بیان بینمه‌وه‌. به‌شینی دایكم تێگه‌یشتم كه‌ باوكم كۆچی كرد، باوكم بۆ هه‌میشه‌ ڕۆی، به‌ده‌م فرمێسك وهه‌نسكه‌وه‌ ده‌سته‌كانی باوكم ڕاكێشا، قاچه‌كانی، پاشان دام پۆشی.

وا ته‌رمێك هات له‌ ده‌رگاكه‌ته‌وه‌، ته‌رمێكی به‌تاڵ، دیمه‌نی ته‌رم ڕای چڵه‌كاندم، له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌ت دانرا.
باوكم خرایه‌ ناو ته‌رمه‌كه و له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ بردیانه‌ ده‌ر. ته‌رم برایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئیتر باوكم جارێكی تر به‌ ده‌رگای ماڵدا نایه‌یته‌وه‌، باوكم برایه‌ ده‌ره‌وه. من به‌راكردن دوای ته‌رمه‌كه‌ كه‌تم، مه‌ڕۆ بابه‌ گیان مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ… مه‌ڕۆ…… بابه‌ مه‌ڕۆ، هاوڕێ مه‌ڕۆ، مامۆستاكه‌م توخودا مه‌ڕۆ، بێ تۆ ماڵ چۆل و دڵم خاڵی و ژینم تاڵ.
ته‌رم به‌ ئوتومبیل برا، پاشان چارێكی تر بۆ ماڵئاوای، به‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا به‌ ئوتۆمبیلێك ته‌رمی باوكمیان هێنایه‌وه‌ به‌رده‌رگا. من پێم وا بوو ئوتۆمبیل بۆ ته‌رمه‌كه‌ت نایه‌ته‌ به‌رده‌رگا.

پێم وابوو قوتابیه‌كانت به‌شان ترمه‌كه‌ت هه‌ڵده‌گرن پێم وابوو خه‌ڵكی شاره‌كه‌م به‌ كۆڵیان تۆ ده‌به‌نه‌ گردی سه‌یوان، پێم وا بوو ده‌بێته‌ قه‌ره‌باڵغی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنیری بۆ ناشتنی مێژووناس. پێم وابوو خه‌ڵكی مه‌ڵكه‌ندی، ده‌باشان و برایم پاشا گشتیان دێن له‌گه‌ڵمان. پێم وابوو، پیاده‌ڕه‌و پێش به‌ ئوتومبیل ده‌گرن. پێم وا بوو زۆر شت ڕوو ده‌دا، به‌ڵام كه‌م له‌وانه‌ ڕوویدا.

ئه‌وه‌ی ڕویدا، به‌رده‌وام پاڵم پێوه‌ده‌نرا تا دوور كه‌ومه‌وه‌ له‌هه‌ڵگرتنی باوكم، له‌ ته‌رم، نا من ته‌رم به‌شانم هه‌ڵنه‌گرم ئه‌وه‌ باوكمه‌ له‌ ناویدا من هه‌ڵی ده‌گرم.‌ ئه‌وه‌ كه‌لتوره‌ و من بێئاگام له‌م نه‌ریته‌، ئه‌وه‌ ئاینه‌ من په‌یڕه‌وی ناكه‌م، یان ڕێو ڕه‌سمی نه‌ته‌وه‌كه‌م من تێناگه‌م،
ئه‌وه‌ ته‌رمی باوكمه‌، من ده‌مه‌وێ هه‌ڵیگرم به‌ شانم. هه‌ڵیده‌گرم تا ئه‌و كاته‌ی به‌خاكی ده‌سپێرم، ئه‌و خاكه‌ی بست به‌ بستی شارو لادێت به‌ ١٣ پیاده‌ڕه‌و پێیدا ڕۆشتوه‌.

ئه‌و خاكه‌ی كه‌ خۆت فه‌رموت له‌ هه‌ر شوێنێ بمنێژن گشت پارچه‌یه‌كی كوردستان نیشتمانمه‌. ئه‌و خاكه‌ی ناسمانه‌ت بۆ ساغ كردوه‌، نه‌خشه‌ت بۆ كێشا. ته‌رم به‌خاك سپێردرا، به‌ خاكی نیشتیمان. به‌رده‌كان به‌ چین داده‌نران، پاشان به‌گڵ داده‌پۆشرا،هێدی هێدی گڵی سه‌ر گۆڕه‌كه‌م ده‌كرد به‌ لاشه‌ی باوكمدا. باوكم ئیتر به‌ خاكی نیشتمان سپێردرا.

له‌و كاته‌دا مردنی باوكم نه‌مری بوو. مردنی باوكم مێژوویه‌كی سه‌روه‌ری بوو.

ڕوحی باوكم وه‌ك په‌پوله‌یه‌كی سپی بێگه‌رد ڕۆی ڕووه‌و ئاسمان، بوو به‌ خۆرو تیشكه‌كانی جارێكی تر دایه‌وه‌ له‌ ڕوخسارمان. نه‌رمه‌ بایه‌ك هه‌ڵی كرد، لاپه‌ڕه‌ی په‌رتووكه‌كانی ژاكاند، هه‌ر په‌رتووكه‌و له‌ شه‌قامێ، هه‌ر لاپه‌ڕه‌و له‌ گۆڕه‌پانی شاری، له‌ سوچێكی لاكۆلانی ده‌نیشته‌وه‌. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و به‌رز به‌رز ده‌فڕین له‌ناكاو له‌سه‌ربانی مزگه‌وتێ. له‌ به‌رده‌م ده‌رگای كلێسایه‌ك، له‌ گۆڕه‌پانی شار یه‌ك یه‌ك ده‌نیشتنه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م سپی پێست و ڕه‌ش پێستێكدا له‌به‌رده‌م ژن و پیاودا بێ جیاوازی، له‌ به‌رده‌م قوتابیانی شاره‌كه‌م له‌كوڕ و كچ له‌ پیرو جوان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و گوزارشت بوو له‌ واتاكانی باوكم له‌ تێڕوانینی بۆ ژیان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و سه‌رگوزشته‌ی گه‌له‌كه‌م بوو به‌ نه‌خشه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ خوار. كه‌مێ له‌ لاپه‌ڕه‌كان ده‌كه‌وتنه‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌و زانكۆكان ده‌كه‌وتن و قوتانیه‌كان یه‌ك یه‌ك ده‌یان گرته‌وه‌ پاشان به‌ڕیز ده‌یان خوێنده‌وه‌.

نوسرابوو من دڵنیام ڕۆژی دابێ، ڕۆژی نه‌وكانی نوێ، ئه‌م نه‌وه‌ ماستاو چیه‌ نا، ئه‌م نه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ی دین و سیاسه‌ت نا، ئه‌و نه‌وه‌ ناوشیاره‌ نا، نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیر، زۆر ڕۆشنبیر، ڕیزیان به‌ستوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خوێندنی باڵا له‌لای كتێبخانه‌كه‌ت، هه‌ریه‌كه‌یان بابه‌تێكی په‌رتووكه‌ی تۆیان پێیه‌ بۆ نامه‌ی دكتورا، سوود له‌ زانیاری په‌ڕتووكه‌كانت ده‌بینن.

وه‌ره‌ بابه‌ گیان وانه‌یه‌كی نوێی ژیانم بۆ شیكه‌وه‌. من وه‌ك منداڵه‌كه‌ی جاران ڕاده‌كه‌م به‌دواتا، تا به‌ پیاده‌ڕه‌وی به‌ پێكانی تۆ بگه‌مه‌وه‌.
وه‌ره‌ بابه‌ با قۆڵ بكه‌ین به‌ قۆڵی یه‌كدا بچینه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی لادێكان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان با بڕۆین بۆ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنیری، كتێبخانه‌و، مۆزه‌خانه‌و ئاسه‌واری كه‌لتۆری كۆن، كۆنفرانس كۆڕو شانۆ ئاشنام كه‌وه‌ جارێكی تر به‌ جیهانی وێژه‌و ئه‌ده‌ب.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان بابڕۆین بۆ كۆڵانه‌كانی سلێمانی،مێژوه‌كه‌یان تۆماركه‌وه‌.
وه‌ره‌ ئه‌م جاره‌یان نه‌خشه‌یه‌كی دی داڕێژه‌‌ بۆ نیشتمان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان گردی سه‌یوان جێهێڵه‌، بگه‌ڕێوه‌ بۆ ژووره‌كه‌ت له‌ مه‌ڵكه‌ندی، په‌ڕتوكه‌ چاپ نه‌كراوه‌كانت ده‌ربێنه‌، ئه‌مجاره‌یان تۆمارێكی نوێی ته‌مه‌ن بنووسه‌وه‌.

Chro

Chro Zand
Karim Zand

November 15, 2017

چرۆ زه‌ند
كه‌نه‌دا
zandchro@hotmail.com




نیگا و تابلۆ …. سه‌ردار جاف

دڵم نایا
بۆ فڵچه‌ی نیگاری ده‌ستم
ناز و مه‌كری شێتانه‌ی تو
ده‌سكه‌نه‌كه‌م
تیری برۆت له‌ كاڵانا ده‌ربێنم و
پشتم له‌ تۆ
رووم له‌ خواروو و له‌ كابه‌كه‌م
دڵم نایا
له‌ره‌ی ته‌زووی بۆنی گیانت
بۆ كراس سوورێكی نامۆ
به‌ره‌و دوور دوور په‌لكێش بم و
به‌ مه‌نزڵی بگۆڕمه‌وه‌
گڵێنه‌ی چاو ده‌ك نابینا و كوێرایی بێ
گه‌ر به‌ رووخساری دوور له‌ تۆ
بشۆرمه‌وه‌
شاژنه‌كه‌م
بۆیه‌ دێم و
هه‌ر ئێواره‌ ………
برژه‌نگه‌كان ده‌كه‌مه‌ فڵچه‌ی ده‌ستم و
پرچت به‌ تابلۆی ڕه‌نگه‌كان
رووی تۆ كه‌ له‌ مانگ جوانتره‌ و
خۆریش جورئه‌تێكی نییه‌ به‌ رۆژ هه‌لّ بیّ
ده‌یكه‌م به‌ وێنای به‌رگه‌كان
له‌ نزیكی ئێواره‌یا ….
به‌پرتاو دێم و
به‌ ده‌م وه‌نه‌وزی ڕه‌نگه‌وه‌
سه‌ما ده‌كه‌م
له‌ ساده‌یی ونبوونتا
له‌ سه‌ر ته‌ختی ئاوێته‌ بوونی حه‌زمانا
شۆڕشی روخساری تۆی گوڵ
به‌رپا ده‌كه‌م
ده‌مه‌ ده‌می ئه‌م ئێواره‌….
من هه‌ر دێم و …..
چی ره‌نگ هه‌یه‌ له‌ چاوه‌كانتا ده‌ینیژم
به‌ مه‌یلی ئه‌وینی دڵم
كلی زێوینی سێبه‌ر و ماسكه‌رای ره‌شی لی ده‌ده‌م
كه‌ف و كوڵی
غه‌ریزه‌ی سه‌راپا جه‌سته‌ت
ده‌خه‌مه‌ نێو چاوه‌كانت
مۆنالیزا داچه‌مێت و
مه‌ستی و مه‌یلی شێتانه‌مت تێ به‌ر ده‌ده‌م
هه‌ر ئێواره‌ …..
زۆر به‌ زوویی دێمه‌وه‌ لات
نیگای كوڵمت بۆ ده‌كێشم
به‌ سه‌ر ڕووما چۆڕاوگه‌ی شه‌ونمی لێ بێ
ئاوێنه‌ی ڕه‌نگی چاوت بێ
ناسك ناسك
ده‌ركه‌ویت و ناخی پڕ جۆشی هه‌وه‌سم مه‌ست بكه‌ی و
خوا په‌رستیم بیر به‌یته‌وه‌
ته‌نها هزرم
سه‌رقاڵ و گیرۆده‌ی باڵا و لای ناوت بێ
ئا له‌ كاتی زه‌رده‌په‌ڕا ……
ئه‌م ئێواره‌ …..
دێم و دێم و ده‌ست به‌ر ناده‌م …
تا لێوی تۆ به‌ لێوی پڕ حه‌زم سه‌وز نه‌كه‌م
تا ئاوی هه‌ناری لێوت به‌ سه‌ر لێوما نه‌چۆڕێنم
پڕ ئه‌وین و سۆزت نه‌كه‌م
ئه‌م ئێواره‌ ….
خۆرئاوابوون و تاریكی
دیقه‌ت بده‌
په‌ڕه‌ی فڵچه‌ی نیگاره‌كه‌م
وه‌ك چاو و ده‌ستم لاسارن
به‌ر له‌ وێنای جوتێ مه‌مكی سه‌ر سینه‌كه‌ت
تا دوو به‌هێ جوان ده‌ركه‌ون
سوخمه‌ی به‌رت
ئه‌ته‌ك و ستیان داده‌دڕن
ئیدی به‌سه‌
حه‌شاردانیان بسڕه‌وه‌
بۆ نازانی نیگاكانم تینووی پڕ له‌رز و ترسمن
ته‌ماشاكه‌ فڵچه‌ی نێوان په‌نجه‌كانم
به‌ كام سه‌بای نیوه‌ شه‌وا
وێنه‌ی ده‌ستم و مه‌مكه‌كانت پڕ ڕه‌نگ ده‌كه‌ن
به‌ سه‌ریانا دێن و ده‌چن
ئه‌وه‌ ده‌سته‌مۆكه‌ی خۆتن
دوو سه‌گی عه‌جول و دڕن

لیمبۆرگ
28 / 11 / 2017

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




دوو شیعر …. ستار ئەحمەد

دیوار

له‌ده‌رگای ئه‌وماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
ژووره‌كانی قه‌تیسن له‌ژانا
په‌نجه‌ره‌یه‌ك بكرێته‌وه‌
رۆحێك ده‌خرێته‌ چاڵه‌وه‌
هاوارێك كپ ده‌كرێ‌
داستانێك بۆ خنكان له‌دایك ده‌بێ‌
ئه‌م ماڵه‌ سه‌رابی خۆزگه‌یه‌
شه‌قامێ‌ راده‌كێشێ‌
جمه‌یدێ‌ له‌ بازوو
سه‌رچۆپی كووچه‌ی مه‌رگ ده‌گرێ‌
ده‌بێته‌ كچی شار
تینوو بۆ چرای شه‌وانه‌
ماندوو به‌مێژووی چه‌واشه‌
تامه‌زرۆ به‌خه‌نده‌و پێكه‌نین
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
دیواره‌كان له‌هزرتا بسڕه‌وه‌
رێكه‌وه‌ بۆشوێنێك
له‌جیاتی دیوار
سایه‌ت ئه‌رخه‌وانه‌
گوڵ چرای شه‌قام و شه‌وانه‌
دڵ زاری گوزه‌رو خه‌نده‌یه‌
خاكێ‌ هه‌ڵبژێره‌
گوڵدانی ئاوو
روانگه‌ی نه‌مام بێ‌
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
نه‌وه‌كوو گۆڕی لوتكه‌و
مێژووی ته‌رم و
خه‌رمانی زام بێ‌
ئێمه‌ گیانێكین له‌لم و
سه‌حرایه‌ك بۆ ونبوون
مه‌گه‌ر كۆچبارو سنگی چیا
بارخانه‌ی سه‌فه‌رمان هه‌ڵگرێ‌
ده‌روازه‌یه‌ك دابخه‌
ده‌بێته‌ ته‌لبه‌ندی كه‌ناری و
نامه‌ی ئه‌وینی تێدا ده‌سووتێ‌
تۆ كچی تریفه‌و
عاشقی گزنگی
له‌ده‌لاقه‌ی زامه‌كان مه‌ڕوانه‌
له‌ره‌نگا بزرده‌بی
له‌تابلۆی به‌فرا ده‌بیته‌ نیشتمان

نیشتمان …

ده‌مێكه‌ له‌ نسێیه‌ك وردده‌بمه‌وه‌
كه‌چی چیایه‌ك نه‌بووه‌ سایه‌م
دیوارێك له‌ ئۆغرم درزی نه‌برد
ده‌روازه‌یه‌ك له‌ دووم پێنه‌كه‌نی
له‌وه‌ته‌ی خۆم ناسیوه‌
فرمێسك ده‌خه‌مه‌ گه‌رووی گوڵه‌وه‌
دارێك باوێشكی بۆنه‌داوم
لانه‌یه‌ك نیگای تێنه‌بڕیوم
باڵدارێك فێری فڕینی نه‌كردووم
هێنده‌ چرۆم له‌ناخما چاند
بولبولێك نه‌هاته‌ سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م
دڵێك ترپه‌ی هه‌ناوی نه‌ژماردم
هه‌ناسه‌یه‌ك ڕوومه‌تی فێنك نه‌كردمه‌وه‌
ده‌مێكه‌ له‌ سۆراخی چیایه‌كا ونم
نه‌ نیشتیمانێك به‌خۆی ناساندم
نه‌خۆم توانیم له‌قه‌ره‌ی ده‌ربه‌ندێكا بسره‌وم
نییشتمان كام له‌تی دڵمت نیشانده‌م..؟
بزانه‌ نه‌خشه‌ی چه‌ندین شیعر،
پاسه‌پۆرتی كام ناونیشان
له‌ قه‌سیده‌یه‌كا شاباش ده‌كه‌یت..؟
بزانه‌ ده‌مخه‌یته‌ كام لیستی سه‌حراوه‌
له‌ كوێی بارێكا ڕووتم ده‌كه‌یته‌وه‌..؟
زه‌مانێكه‌ له‌ خۆم ده‌گه‌ڕێم
ناهێڵی بچمه‌وه‌ نێو مه‌زرای بوونی خۆم.
ناهێڵی پێ بگرم
چه‌ند مناڵێكی كاڵفام و
گه‌ڕیده‌یه‌كی بێ ئه‌نجام و
موریدێكی خاناقای تۆم.
نیشتمان
ئه‌ی نیشتمان.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -4 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی جوارەم

ئۆغلۆ باس لە لێكترازانی باری جیوسیاسی و ئابووری و رۆشنبیری دەكات و لێكترازانی جیوسیاسی، بۆ دابەشبوونە جیوسیاسییەكە و درێژبوونەوەی ئەو هێڵە دەگەڕێنێتەوە كە لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوەزەكاندا هەیە، بەڵام لێكترازانی بارە رۆشنبیرییەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی زەمینەی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەروەها تێكچوونی ئابورییەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ مەسەلەی دابەشكردنی داهاتە ئابوورییەكان بە شێوەیەكی نایەكسان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا.
پێشی وایە شوێنەواری لێكترازانی ئەم سێ‌ بوارەی لە سەرەوە باسمانكرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا دەركەوتوون، بۆیە ئەو سنوورە سیاسییەی لە سەردەمی ئیستعماریەتدا كێشراوە، لە چوارچێوەی كرداری چەكداریدا، بۆ دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و بوونی ئەو دژیەكانەی كە هەیە لە نێوان تێكچوونی جیو سیاسی و جیو رۆشنبیری، وایكردوە ناوچەكە ببێتە یەكێ‌ لەو ناوچانەی پتر لە هەر ناوچەیەكی تر ئامادەگی تێدابێت بۆ شڵەژانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

لەم گۆشە نیگایەوە ئۆغلۆ داوادەكات، توركیا وەك وڵاتێك، كە قوڵاییەكی مێژوویی و جوگرافی هەیە، پەرە بە چالاكی سیاسی خۆی بدات لەمەڕ ناوچەكە و بتوانێ‌ سەرپەرشتی ئەو قەیرانانە بكات كە لە ئەنجامی دابەشكراییەكانی جیو سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەوە دروست دەبن و بتوانێت بە ئارامییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات.
بەپێچەوانەوە، ئۆغلۆ پێی وایە هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێكی ناجۆر بۆ ئەم دابەشكارییە، توركیا رووبەڕوی مەترسی كاریگەری پیوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەكاتەوە، سەرەڕای لە دەستدانی كاریگەرییە ئیقلیمییەكەی، بۆیە دەڵێ‌: ناكرێ‌ توركیا لە بەرامبەر ئەو لێكترازانانەدا دەستەوەستان و بێلایەن بوستێت.

ئەمەش بەو مانایەی كە توركیا خاوەنداریەتی مێژوویی ناوچەكە بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە و خۆی بە میراتگر دەزانێ‌.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا پێی وایە لەبەر ئەوەی، توركیا خاوەنی مێژوویی دواین قەوارە و كۆكەرەوەی جیو سیاسی و رۆشنبیری و ئابووریە لە ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست، لەسەریەتی پشت بە ستراتیژیەتی لێك نزیكخستنەوە ببەستێت و بتوانێ‌ لێكترازانی جیوسیاسی و رۆشنبیری و ئابووری تێپەڕێنێ‌، وەك خۆی بە تەواوی لە ناوچەكە تێبگات، هەروەها لەسەریەتی ئەو لێك نزیكخستنەوەیە بە شێوەیەكی تەكتیكی و نەرم و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ‌ بكات.

بە بۆچوونی ئۆغلۆ ئەمجۆرە لێك نزیكخستنەوەیە تەنیا نابێتە هۆی پتركردنی كاریگەری توركیا لە ناوچەكە، بەڵكو وادەكات رۆڵی توركیا بەهەند وەربگیرێ‌ و نەتوانرێت لە هاوسەنگییە جیهانی و ئیقلیمییەكەدا پەراوێز بخرێت. ئەمە لە كاتێكدا رۆژانێك توركیا ئیمپراتۆری ناوچەكە بووە، ئۆغلۆ دەڵێ‌: توركیا خاوەنی مێژوویەكە لە ناوچەكە، كە بە هۆی ململانێی نەتەوەیی و دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێز دەوڵەتە زەبەلاحەكەی لە دەستدا، كە لە چارەكە یەكەمی سەدەی بیستەمدا چەقی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» و ناوچەی «بەلقان» بوو.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ گرنگی و بایەخی ناوچەی بەلقان دەكات، كە پێی وایە بەهۆی تێنەگەیشتنەوە، توركیا تووشی ئەو بەزینە بوو، دەڵێ‌: توركیا ناچار بەپاشەكشەكرا بەرەو ئەنازۆل، ئەمەش دوای ئەوەی بەلقانی لەدەستدا، لەئەنجامی سەركێشی دەستەبژێرێكی سیاسی، كە لەتوانایاندا نەبوو هەڵسەنگاندنێكی راستی ژێرخانی جیورۆشنبیرییەكەی بەلقان بكەن، دواتریش خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەستدا، كە بڕبڕەی پشتی توركیا بوو، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی «توركی-عەرەبی» كە ئینگلیز دروستی كردبوو.

ئەو قسەیەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئاماژەیە بۆئەوەی كە توركیا دەبێت سوود لەئەزموونی رابردووی وەربگرێت‌و كار بۆئێستاو ئایندەی بكات، كە خۆی لەقایمكردنیدا دەبینێتەوە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەومانایەی كە دەبێت توركیا وەك وڵاتێكی حیساب بۆكراو تەماشا بكرێ‌ و لەدەروەی توركیا هیچ پرۆسەیەكی سیاسی، یان نەخشەیەكی نوێ‌ بەڕێوەنەچێت، ئەگەر ئەم قسەیەی ئۆغلۆ كە باس لەپاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەی بەلقان دەكات وەك ناوچەیەكی ستراتیژی، لەكاتی خۆیدا، ئەوە مانای ئەوە دەگەێنی، كە توركیا لەئێستادا خاوەنی تێگەیشتنێكی روونە، كە بەدووری نازانێ‌، كێشەی كورد بۆ ئەو لەم قۆناغەدا ببێتە هۆی سەرەتایەكی دیكەی پاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەكەداو سەرهەڵدانی لێكترازانی نوێ‌.




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

” لە هیچ دنیایەک رەوانە نەکراوم”….

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نیگاى هونەر

یەکێک گوتبووى ئەوەى زۆربەى وەرزەکان پانتۆڵێکى کاوبۆى شین و کراسێکى سپى و کڵاشێکى سپى لە پێ دەکا، هەمیشە کتێبێکى بە دەستەوەیە و خەیاڵى لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە، بەڵام وەک (ئەرستۆ)ى گەورە خوێنەرى دنیا نا، خەیاڵم بەدواى گرتنى گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆرى ژیانى رووتى منە بە کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانى خۆى بکوژێ، نەیتوانى وڵات جێبهێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژى دامەزراوى سیاسى و پیرۆزى ئیمانى داخراو و لەگەڵ شتە پەراوێز و بچوکەکاندا دێتەوە… هەموو ئەوانە بە تێپەڕینى رۆژگار بە هەندێ دەستکارییەوە بوون بە شیعر، شیعر پرسیار لە تاریکى دەکات، لە ماڵى باران لەگەڵ با دەخەوێ… ئەوە منم دەنگەکان بە بڕێک لە دەستکارییەوە هاوسەنگ دەکەم، ئەوە منم زەمەنێکە لە تەماشاکردنى ئاو دێمەوە و کتێبى دەریا لە (سان جۆن پێرس) دەخوازم.
لەسەرەتاى حەفتاکان ماڵمان لە هەولێر گەڕەکى (کوران) سەرەتاى جادەى ئەلبان لە قەسران جێگیربوو، چوار ماڵى بە تەنیشت یەک و بە یەک شێوە دیزاین کراو، خانووى کرێکارانى کارگەى ئەلبان…

دیسان ئەوە سەرەتا نییە، بەڵکو سەرەتایى شۆڕشى ئەیلول بوو، بەهۆى بۆمببارانى تەییارە سیخۆییەکانى رژێمى بەعسى ئەوساى عیراق بۆ سەر پێشمەرگە و دێیە سنورییەکانى حاجى ئۆمەران و ئازادى و خەللان… دایکم و منى تازە لە دایکبوو لەگەڵ خەڵک و خواى ئەو ناوچەیە دوور لە باوکم کە ساڵى 1962 پێشمەرگە بوو، دەربەدەرى وڵاتى ئێران دەبین. من لە ئێران بە (محەمەد) ناونوس کراوم، دیسان ئەوە یەکەم و دوا تامچێشتنى غەریبى نییە، بەڵام دایکم خووى بە گێڕِانەوەى ئەو بەسەرهاتە و ئەو ناونوسکردنە گرتبوو. بەر لە شۆڕش ماڵە باوانى دایکم کەوتبوونە گوندى خەللانى شێخ عەللائەدین… دەزانم تامى غەریبى و تامى کەبابى هەولێر بە ئاسانى هەستى چێژ وەرگرتنى مرۆڤ بەرنادات، بەڵام هەر یەکە و وەک خۆى! من و دایکم دواى ئەوەى لە ئاوارەیى گەڕاینەوە، دواى ئەوەى باوکم چەکى دانا و لە هۆتێلى (شیرین) -کە دەکەوێتە سەر قاوەخانەى (مەچکۆ)ى ئێستا- دەست بە کار دەبێت، ئیتر لە هەولێر لە گەرەکى (تەعجیل) نیشتەجێ دەبین… لە گەڕەکى تەعجیل بۆ تەیراوە بۆ جمهورى و بۆ حەسارى عیزەدین ئاغا و بۆ خانووییەکى یەک ژوورى کە سەر بە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) بوو، لە تەنیشت حەسارى عیزەدین ئاغا و بەرانبەر ئاشى ئەحمەد جەڵەبى و دواتریش بۆ گەرەکى کوران… ئێمە لە سەرەتاى شەستەکان لە هەولێر نیشتەجێ بووین. داڕشتنى ئەو هەواڵەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە.

هێشتا سۆفییەکان گەڕەکى زانیارى و هەولێرییان جێنەهێشتبوو، من لە پۆلى یەکەمى سەرەتایى وەرگیرام، بەر لەوەى ساڵ بە نیوە بێ، لەبەر دەرزلێدان بێ ئەوەى کەس هەستم پێبکات خۆم و خەیاڵى منداڵانەى سەرم بە تەنیا لە پۆل هاتینە دەرەوە، خۆم و ئەو جانتایەى دایکم بۆى دروست کردبووم بەرەو ماڵ بووینەوە، دایکم لێى پرسیم کە بۆ وا زوو گەڕامەوە؟ حیکایەتێکى دوور و درێژم لە مێشکمدا ئامادە کردبوو، کەچى بە یەک رستە گوتم: لەبەر دەرزى لێدان.
دواى ئەنفال تازە بە بریارى لێبوردنى دوو سایدى (367) و (737) 8/9/1988 پەیوەست بە لێخۆشبوون لە پێشمەرگە و سەربازانى هەڵاتوو و پاشکەوتوو… وەک پاشکەوتووى سەربازى دواى دڵ لە دڵدان و ململانێى دەروونى و نیگەرانییەکى زۆر لەگەڵ (سەردار سنجاوى) خۆمان رادەستکردەوە، کە رەوانەى سەربازگاى کەرکوک کرام، لەوێ لە نێو ئەو هەموو سەربازانەى کە نۆرەیان بۆ خوێنبەخشینى شەڕى عیراق و ئیران گرتبوو، رامکرد، کەس پرسیارى ئەو خۆدزینەوەیەى لێنەکردم، زۆرانى وەکو من لەوانەش (رێدار ئەنوەر) و (دلشاد خدر) و (حاکم شێرزاد)… خۆیان لەو خوێنبەخشینە دزیبۆوە و ئیتر لە دوورى خوێنبەخشەکان بەرە بەرە تێکەڵى قسان بووین و خوێنبەخشینمان لە بیر چۆوە و کەوتینە نێو باسى ئەدەب و هونەرەوە.

ئەدەب و هونەر وەک یادەوەرى سەرەتا و کۆتایى نییە، فینۆس خواوەندى هونەر و جوانى و ئەپۆلۆ خواوەندى شیعر دەکەوێتە ناخى مرۆڤایەتییەوە، ناخى تەمومژاوى، رۆناک و تاریکیى سەدەکان و ئومێد و نائومێدى و سەرکەوتن و دۆڕانە لە بننەهاتووەکان…
لە باسى وێنەکێشان و گوناهەکانى وێنەکێشان هەمیشە لە ماڵەوە داپیرەم- دایکى باوکم- کە خەڵکى مهابادى رۆژهەڵات بوو، دەیگوت رۆڵە لە رۆژى دوایى دەبێ رۆح بە بەر ئەو وێنانە بهێنى، بڕوایەکى رەهاى بەو قسەیە هەبوو، خودا لەسەر ئەو روخسارە دەستکردانە سزاى خۆى دەبێت! ئەو بیرکردنەوە و دنیابینییە لەوێوە هاتووە کە تەنها خودا خالقە و هەموو کارەکان تەنها ئەو دەتوانێ خاوەنییان بێت!! بیر لەوە بکەرەوە رەنگە خودا دەست و پەنجەى رەنگینى (ئەزمیل فیدیاس) پەیکەرتاشى گریکى، یان (جەواد سلیم) و (شاکر ئالسەعید) و (محمەد عارف) و… خۆش بێت، بەڵام منى دەست و پێ سپى چۆن دەبەخشێ؟! منى منداڵ بێ پەروا کاغەزى سپیم بە رەنگ و نیگارەکانم پڕ دەکردەوە و لە برى یارى منداڵانە لە قوڕى دەستکرد و خودا کرد پەیکەرم دەنەخشاند، ساڵى 1974 لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى پێش ئەوەى ناوى قوتابخانەکەمان لە بابەتاهیرى هەمەدانییەوە ببێتە بابەتاهیرى سەرەتایى کوڕان، بەهرەى وێنەکێشانم لە پێشانگاى قوتابخانەکان لە قوتابخانەى (ئیبن مستەوفى) نیشاندا! مامۆستا (ێدیق رەواندوزى) یەکەم کەس بوو، کە ئەو بەهرەیەى لە مندا دۆزییەوە، ئەگەرچى ئەو مامۆستاى وێنەکێشان نەبوو، بەڵام بەو باڵا درێژ و بەو سیسەیەوە مەیلێکى زۆرى بۆ ئەو هونەرە هەبوو، لە رێگاى وێنەوە وانەکانى دەخستە مێشکى قوتابیانییەوە. ماڵى مامۆستا ێدیق رەواندوزى دەکەوتە گەڕەکى زانیارى و ئەوبەرى قوتابخانەکەمان و ئەوبەرى شەست مەترى، کەچى ماڵى مامۆستا (قەرەنى ئەسوەد) راستەوخۆ لە پشت قوتابخانەکەمانەوە بوو، مامۆستا ێدیق رەواندوزى کوڕێکى بە ناوى دلێر هەبوو ساڵێک لە پێش ئێمەوە بوو… من هەر لە پۆلى سێیەمى سەرەتاییەوە هەفتانە ئەو وێنانەى دەمکێشان لە رێگاى مامۆستا ێدیقەوە بە تابلۆى ئاگادارییەوە هەڵدەواسران و وێراى ئەو وێنانەى من دەمکێشان وێنەکانى (دلێر ێدیق) و (فەیسەڵ عوسمان)… هەڵدەواسران.

ئەوەى فێرى ئەلف و بێى کوردى کردم هەر خەتخۆشى مامۆستا جەبار یاسین نەبوو، بەڵکو سەلیقەى بەدواداچوون و دڵسۆزى ئەو بوو بۆ جواننوسى و رازاندنەوەى پیتەکان، هەر پیتەى بە رەنگێ دەنەخشاند، پیتەکان بە منداڵان پێدەکەنین، سنورى نێوان خەیاڵى منداڵانەى ئێمە و چیرۆکى پیتەکانى مامۆستا جەبار یاسین رۆژ بە رۆژ لە گەشە دابوو، هەموو پیتێکى بە ژیان دەچوواند، هەر کە ئەو شتە زیندووانەمان لە دەرەوەى قوتابخانە دەبینى پیتەکانمان بیر دەهاتەوە، بیرى منداڵى ئێمە لە نێوان پیتەکانى مامۆستا جەبار و پیتەکانى ژیان دەدرەوشایەوە، لە نێوان پیتە سپییەکانى مامۆستا جەبار و کۆترە سپییەکانى (ئەحمەد)ى هاوڕێم لە شەقەى باڵمان دەدا، هەرگیز (ی)اى مراوى و (ن)وونى مەنجەڵى چێشتم بیر ناچێتەوە، هەرگیز ماڵە قوڕینەکەى ئەحمەدى هاوڕێ و کۆترە خەمگینەکانیم لە بیر ناچنەوە، مامۆستا جەبار تەمەنێکى بەسەر برد، ئەحمەدى هاوڕێم هەر تەنها ساڵێک لە پۆلى یەکەم و لە هاوینى ساڵى دووەم بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد، ئەو کۆترە سپییەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، وەک چۆن هەتا ئێستاش خشتەى لێکدانم بیر نەچۆتەوە، ئەو وانەیە مامۆستایەکى خنجیلانە و وریا و چاپووک پێیدەگوتین ناوى مامۆستا (عەبدولقادر) بوو، ماڵى مامۆستا عەبدولقادر هەر بە رێزى قوتابخانەکەمان و لە تەنیشت ماڵى مامۆستا جەبار بوو، مامۆستا عەبدولقادر ئەوەندە سوور بوو لەسەر دەرخکردنى خشتەى لێکدان، بڕوا ناکەم منداڵێک هەبێ و لاى ئەو مامۆستایە خوێندبێتى خشتەى لێکدانى بیر چووبێتەوە، مامۆستا عەبدولقادر بە خۆى و دارە قووتیلەکەى ئەوەندە بە پەلە جارانى لێدەپرسینەوە نەماندەزانى چۆن لە نێوان پرسیارێک و پرسیارێکى دیکە دەمى دەگاتەوە یەک، وەک چۆن بە پەلە دەیپرسى بە پەلەش دارەکەى دەستى لێدەوەشاندین، گرنگ نەبوو بەر کوێمان دەکەوێت! ئەو لێدانە ئەگەرچى بۆ ئێمە بە تایبەتى زستانان بە ئازار بوو، بەڵام دەرچوونیش لەو دارانە چێژێکى زۆرى پێدەبەخشین.

لە سنور بەدەر چێژم لە وانەى هونەرى وێنەکێشان دەبینى، ئەگەر کۆترە سەرکێشەکانى مامۆستا قەرەنى لە حەوشەى قوتابخانە هەڵبنیشتبان و وانەى نیگارمان هەبایە، ئەوە مامۆستاى وانە بیرى بۆ وێنەکێشانى کۆتر دەچوو، یان وێنەى ئەو پشیلانەى خۆیان لە کۆترەکان دادەنوساند، زۆرجاریش وێنەى ئەو دار و گوڵ و مەرکانانەمان دەکێشا، کە لە حەوشەکە دەکەوتە بەر سێبەرى چاومان. بەڵام نە وێنەى کۆترەکانى ئێمەى منداڵ لە کۆترى (زاجل)ى نێو حیکایەتى جوگرافیا و مێژووى مامۆستا قەرەنى دەچوو، نە پشیلەکانمان لە پشیلەى (شیرازى) دەکرد… وێنەکێشان لە ماڵ و لە قوتابخانە بەشێکى زۆرى خەیاڵ و ژیانى من بوو، مامۆستاى وانەى نیگارکێشانمان (نەشئەت سەفار) پیاوێکى هێمن و بێدەنگ بوو… زۆر لە مامۆستایانى دیکەش بایەخیان بە وێنەکێشان و چالاکى قوتابخانەکان دەدا، لەوانەش مامۆستاى ئینگلیزى (عەزیز بەرخول) زۆرجار منى بۆ ژوورى مامۆستایان بانگ دەکرد تا وێنە بە رەنگى زەیتى بکێشم، مامۆستا عەزیز هەموو جارێک کە لە وانەى ئینگلیزى لە (جەبارى کوڕى مەلا هەمزە) تووڕبایە پێى دەگوت خەڵک گووى لە نێو مانگ کرد، تۆ تازە دەڵێى ئەى مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین… جەبار دەیگوت من شاعیرم… بەدران حەبیب میران و جەبار هەمزە و محێدین… بێ ئەوەى شەرم بکەن، لە کاتى ریزبوونى قوتابیانى قوتابخانە دەچوونە ناوەڕاستى گۆڕەپان و دواى هەڵکردنى ئاڵاى نیشتمانى رۆژى پێنجشەممان لەبەر دەمى مامۆستا و بەڕێوەبەر وەک (تاهیر تۆفیق) دەستیان بادەدا و شیعرى دارى ئازادى بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ و ئەى وەتەن مەفتوونى تۆم و … دەخوێندەوە. مامۆستا عەزیز بەرخول پیاوێکى تێکسمڕاوى سوور و سپى بوو، یەکێک بوو لە نەیارانى رژێمى ئەوساى بەعس و کاتێک کودەتایەکەى (محەمەد عایش) ئاشکرا بوو، ئەو وڵاتى جێهێشت و بۆ ئەمریکا هەڵات.

ئادارى 1974 ساڵى بەرخودان و هەڵچوون و هەڵایسانى تووڕەیى و خەباتى کوردایەتى بوو، ساڵى بوێریى و چاونەترسى و جەسوورى، ساڵى یاخیبوون و بەرەو چیابوونەوە و کۆڵنەدان… من لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى بووم، کە شۆڕش گڕى گرت، لە زۆربەى ماڵان بڕینى زیندانى حەرەس قەومى و چوونە چیاى پۆلیسان و یاخیبوونى گەنجان… چرپە و باسى زۆرى بەدواى خۆیدا دەهێنا. لەو مامۆستایانەى کە شۆڕشیان بە گەرمى وەرگرتبوو مامۆستا قەرەنى و مامۆستا (ئەحمەد) و مامۆستا (زرار)ى کوردى بوون… بزر بوون و هەندێ لە قوتابیان دەیانگوت چووینە سەرێ، بەڵام ماوەیەک ونبوون و گەڕانەوە… ئەوسا بەڕێوەبەرى قوتابخانەمان (ناێح داود ئەیوب)، هەتا بڵێى لەسەرەخۆ و هێمن بوو، مامۆستا عەبدولقادرى بیرکارى جێگرى بوو. فەراشى قوتابخانەکەمان ناوى (عەباس ئەبو شوارب) بوو، بەخۆیى بە قەڵافەتى تووند تۆڵ و بە پایسکیلە حەدبا شینەکەى یەکەم کەس بوو دەرگاى قوتابخانە بکاتەوە و دوا کەسیش بوو لە داخستنى. مام عەباس پیاوێکى قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەشێکى زۆرمان کە زوو بۆ قوتابخانە دەهاتین لە خۆشەویستیمان بۆ وانەکان نەبوو، بەڵکو دەمانویست لەگەڵ یارمەتیدانى مام عەباس گوێمان لە قسە خۆشەکانیشى بێت. مام عەباس بە (خەلیل یابە) و جەبارى مەلا هەمزەى دەگوت بۆ ئەوەى پرچتان وەک قژى (کامەران حەمە ساڵح) و (ئارام ئیسحاق)… نەرم بێ و بتوانن بە ئاسانى دایبهێنن، پێویستە شەوانە دۆشاوى لێبدەن و بەیانى کە هەڵسان بە ئاو بیشۆن و ئینجا تەماشاکەن لە قژى عەبدولحەلیم حافز جوانتر دادێت… ئەوسا زەمەن زەمەنى فەرید ئەترەش و عەبدولحەلیم حافز و ئوم کلسوم و فاتن حەمامە و سەمیرە تۆفیق بوو، زەمەنى محەمەد گۆران و نەسرین شێروانى و عائشە شان و محەمەد عارف و عیسا بەروارى و تاهیر تۆفیق… بوو، زەمەنى عەدنان قەیسى و جۆنلیز و شێرۆ خەلیل و نەجات تۆڕیى… زەمەنى فیلمى هیندى و میسرى و کاوبۆیى… زەمەن زەمەنى فرسان و پێشمەرگە و مەلا مستەفاى بارزانى بوو.

هەمیشە شتێک هەبوو دڵانى خۆش دەکرد و هەندێ لە باوک و دایکانى تا رادەیەکى زۆر شاد دەکرد ئەویش دەنگى کوردستانى عیراق و تۆپە تەییارە شکێنەکانى شۆڕش و پێشمەرگە و چیرۆکەکانى ئێزگەى تاران و دەنگى زوڵاڵى کاوێس ئاغا… بەڵام ئەوەى کە زۆرێک لە دڵانى پەست دەکرد، گیران و راوەدوونانى کورد و فرمێسکى دایکان و هەناسە حەسرەتیەکانى داریوش بوو، پێشمەرگە و داریوش ئەگەر بە ریشیش نەگەیشتبانەوە یەک، ئەوە بە خەم و حەسرەتەکانیان بە یەک دەچوون، حەسرەت روخسارى زۆربەى منداڵانیشى لێڵ کردبوو.
شۆڕش ماڵى زۆرانى کاول کرد، زۆرانى دووچارى گرتن و چەرمەسەرى و ئازار و راوەدوونان کرد، زۆرێک لە منداڵانى بێ باوک و خوشکانى بێ برا کرد، شۆڕش قوربانى زۆرى لەدواى خۆى جێهێشت، بڕوا ناکەم هیچ ماڵە کوردێک هەبێ و قوربانى پێشکەش شۆڕش نەکردبێ، شۆڕش زۆر رەمزى دروست کرد، زۆر رەمزى تێکشکاند، زۆر بێ تاوانى کردە تاوانبار، زۆر تاوانبارى کردە شۆڕشگێر، چیرۆکى زۆرى هێنا ئاراوە، خەیاڵى زۆرى هەڵفڕاند… شۆڕش هەرەسى هێنا!

شۆڕش هەر تەنها بە شوێن گۆڕینى دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پرۆژەى جۆراوجۆرى مرۆیى لە خۆدا هەڵگرتووە، شۆڕش لەسەر پاشکۆیەتى رۆنانرێ، بەڵکو دەبێت لە دۆخێکى شۆڕشگێڕانەدا بژى، شۆڕش و هەڵچوون لێرەدا لێکجیا دەبنەوە، بەڵام هەتا ئێستاش کەس بیرى لەو هەموو شکستە مێژووییانە نەکردۆتەوە، کەس نەهات شۆڕش و پاشکۆیەتى بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کەس نەهات راپەرین و هەڵچوون لێکجیا بکاتەوە، هیچ شۆڕشێک لە دنیادا نابینى هێزى کۆنەپەرست و هێزى بێگانە رابەرایەتى بکات و سەرکەوتن بۆ گەل بە دەست بهێنێت… شۆڕش هەرەسى هێنا!

بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




پوتین، بۆ ترامپ “پشت لە کورد بکە”! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

میدیا جیهانییەکان، پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن کە گوایە لە سەر داوای “پوتین”، سەڕۆکی ئەمریکا “ترامپ” بڕیاری کۆتایی هێنانی دا بە بەرنامەی دەزگای (سی. ئای.ئەی) ئەمریکیی، کە تایبەت بوو بە مەشق پێکردن و ڕاهێنانی سەربازیی و پڕچەک کردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە یەکێک لەوان “یەپەگە”بوو.

بەرنامەی دەزگای (سی. ئای.ئەی) ئەمریکیی بە ڕەزامەندبوونی ئیدارەی “ئۆباما” بوو لە ساڵی ٢٠١٣دا، کە ئەو کات شەڕی دژ بە داعش و جەنگی سوریا لە ئەوپەڕی گەرمییدا بوو وە ئەمریکا ئەو کات پێداگری دەکرد لە لابردنی “ئەسەد”، وەکو داشێکی “روسیا” و کەساییەتیەکی بەهێز کە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی “روسیا”ی دەکرد لە ناوچەکە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

هەنوکە، “ترامپ” بۆ نزیک بوونەوە لە “پوتین”، بە پێچەوانەی “ئیدارەی ئۆباما”، دژاییەتی هاورێی و خوازی “روسیا” ناکات لە “سوریا”، کە ئەویش مانەوەی “ئەسەد”ە لە دەسەڵات. ئەمە لە کاتیکدایە کە تەنها سێ مانگ پێش ئێستا “ئەمریکا” بڵاویکردەوە کە “ئەسەد” چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویی بەکارهێناوە دژ بە خەڵکی سیڤیل لە “سوریا”، بەوهۆیەوە ئەو کات ئەمریکا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا دژ بە بنکەی ئاسمانی “ئەسەد” لە سوریا”. “نیککی هالی” سەفیری ئەمریکا ئەو کات ددانی بەوەدا نا و گوتی ” بە هیچ شێوەیەک هیوامان نییە کە ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بێت لە ناوچەکە بە مانەوەی “ئەسەد” و ئەو حکومەتەی کە ئێستا لە دەسەڵاتە”!

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان کە ئاماژەیان پێداوە، “ترامپ” ملکەچە بۆ مەرجی “پوتین” وە “ئەمریکا و روسیا”، ڕێککەوتن کە “ریفۆرم” بکرێت لە دەستوری “سوریا” لە ئاییندەیەکی نزیک دا. بۆ ئەو مەبەستە “پوتین” لە کۆبونەوەی لەگەڵ “حەسەن ڕوحانی و ئەردوغان” کە لە “سۆچی” ئەنجامدرا گوتی ” سورییەکان دەبێت چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان دیاری بکەن. بێ گومان پرۆسەی “ریفۆرم” ئاسان نابێت و پێویست دەکات هەموو لایەنەکان، لە هەندێک شت ببورن و هەوڵی سەرخستنی بدەن یەکێک لەوان حکومەتی “سوریا”یە.
“ترامپ”، کارتی کورد بەکاردەهێنێت و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ روسیا. بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان بێت، هەر دوو لایەن گەیشتونەتە ڕێککەوتن. ملکەچ کردنی “ئەمریکا” بۆ خوازی “روسیا” خاڵێکی گرنگە بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا “ترامب” بەرامبەر بەچی ئەو کارتەی بەکارهێناوە؟ هەروها فەرامۆش کردنی “کورد” لەو ڕێککەوتنانە دا تا چ ئاستێکە و ئایا دووبارە “ڕۆحانی و ئەردوغان” لە ئایینەدەدا ڕێگەیان بۆ تەخت دەکرێت کە وەک پیشەی هەمیشەیان دووبارە دەستبکەن بە “بەکۆمەڵ بە کوشتنداننی میللەتی کورد یان نا” !؟

لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە دا و چەقۆ وەشاندن لە پشتەوە،ئەگەری ئەوە هەیە کە بزوتنەوەی رزگاری “کورد”، بۆ ماوەیەک تووشی سەختی و بەرزیی و نزمیی بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە، هەرگیز ئەو ڕێککەوتنە لە ڕەگەوە چارەسەرێکی بنچینەیی نەدۆزیوەتەوە بۆ کێشەکانی ناوچەکە وە هەرگیز نابێتە هۆکاری سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا وە نابێتە هۆکاری ئەوەی کە “روسیا و ئەمریکا” بەبێ کێشە تەنها بە کڕینی سەڕۆکی وڵاتەکان لە توانیاندا هەبێت بەرژەوەندییەکانیان پیادە بکەن بە بێ گرفت و کێشەی جدی.
کۆتایی جەنگی “داعش”، ئەوە ناگەیەنێت کە دژەکان لە نێوان شەو ڕۆژێکدا بوون بە دۆستی یەکتر بە تایبەتی دوژمنایەتی “ئەمریکا و روسیا” کە ڕەگێکی مێژووی هەیە. یان کۆتایی هێنان بە گرفتی نێوان “تورکیا و ئیران”، کە سەدان ساڵە دوو هاوسێی نەگوجا و ناکۆکن ئەوەی ناوی متمانە بێت لە نیوانیانندا نییە! یان گرفتی نێوان “روسیا” و “تورکیا” کە وەک دوو هاوسێ لە میژوودا تەنیا خەریکی کێشە و گرفت و جەنگ بوون. یان ناحەزی نێوان “ئەمریکا و ئیران” و بە پێچەوانەوە، یان ناکۆکی نێوان “ئەمریکا” و “تورکیا” کە تا ئێستا “ئەمریکا” داڵدەی “گولەن”ی دوژمنی “ئەردوغان”ی داوە لە وڵاتەکەی وەک “گیسکەکەی هەیاس” بەکاری دەهێنێت. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەم لایەنانە بە میلیۆنان گرفتیان لە نێواندا هەیە کە هەمووی بە هەڵواسراوەیی ماون.

بە کۆتایی جەنگی “سوریا”، بزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان کۆتاییان نەهاتوە، تا هەنوکە هەن لە ناوچەکە، بەڵام لە ژێر دەیان ئاڵا و ناوی تردا کار دەکەن وە بەکار دەهێنرێن لەلایەن زلهێزە ناوچەییەکان و دنیا وە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی دەکرێن بۆ بە زەبەلاح کردنیان دژ بە یەکتر. کێشەی مەزهەبی و ئایینی تا ئێستا لە ناوچەکە لە لوتکەدایە کە هەمیشە مەترسی تەقاندنەوەی لێ دەکرێت بۆ هەڵگیرساندننی شەڕی مەدەنی، سەڕەرای ئەوەش کێشەی سیستەمیی سیاسیی، یاسا و دەستوور لە ژێر فشاری هێزی سەربازیی و بە گوێرەی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەنوسرێنەوە.
ئەو ڕێککەوتنە نەیتوانیوە چارەسەرێکی بنچینەی دروست و تەندروست و ڕەوا بدۆزێتەوە بۆ گرفتی کەمە نەتەوەکان لە ناوچەکە، بۆ نمونە ( ٦) میلیۆن کورد لە “ئیران”. (٥) میلیۆن کورد لە عیراق. (٢٠) میلیۆن کورد لە تورکیا خاوەن شۆڕش و پارتی ئۆپۆزسیۆنن، کە گوێیان لێ نەگیراوە تا ئەو ساتە لە “جەنگ”ی پارتیزانین دژ بە “تورکیا و ئیران” بۆ ساندننی مافە ڕەواکانیان. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەو ڕێککەوتنە تەنها ڕێککەوتنێکی کاتییە، وە لە ئاییندەیەکی نزیک هەمان کێشە و گرفت لە ناوچەکە دا لە فۆرمێکی تردا خۆیان دەنوێنن.
بڵاوکردنەوەی وێنەی “ترامپ و پوتین و ڕۆحانی و ئەردوغان” بە زەردەخەنەوە، تەنیا کارێکی چەواشەکاری میدیاکاران و سیاسییەکانن بۆ ڕای گشتی جیهانی و دژایەتی یەکتر، ئەو وێنانە و ئەو زەردەخەنە ساختانە کە لە میدیاکان دا بڵاو دەکرێنەوە لە توانایاندا نییە ئەو ڕاستییانە بشارنەوە کە ئەم چوار لایەنە بە خوینی سەری یەکتر تینون!

ئەمڕۆ، ئەگەر “پوتین و ترامپ و ئەردوغان و ڕۆحانی” خوازی نەتەوەیی “کورد” ی بێدەسەڵاتی ، وڵات داگیرکراو فەرامۆش بکەن و بە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی، سەربازییەکانی خۆیانیان بکەن وە پێیان وابێت بە ڕێگەی کڕینی “سەرانی کوردی خۆفڕۆش” خواست و ئارەزووە سیاسییەکانی ئەو میللەتە زیندەبەچاڵ دەکەن! ئەوا بێ گومان خەیاڵیان خاوە وە ئەو ڕێککەوتنە ئەوا ناگەیەنێت کە لە توانیاندا هەیە دەنگی زوڵالی نەتەوەیەکی “٤٠” میلیۆنی کپ بکەن بۆ خواست و مافەڕەواکانیان، ئەو دەنگەی بە درێژای مێژوو هەوڵی دەمکوت کردنی دراوە بە ئاگر و ئاسن لە لایەن دوژمنەکانی، ئەو دەنگەی لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەرانی کوردیی بەکرێگیراو خیانەتییان لێکردوەو فڕۆشتویانە بۆ بەرژەوەندیی، سەڕەڕای هەموو ئەوانەش تا ئەمڕۆ ئەو دەنگە بە زوڵاڵی ماوە و هەر دەمێنێ

———————————-
سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com/world/national-security/trump-ends-covert-cia-program-to-arm-anti-assad-rebels-in-syria-a-move-sought-by-moscow/2017/07/19/b6821a62-6beb-11e7-96ab-5f38140b38cc_story.html?utm_term=.d0f6c2eff2ae
http://www.newsweek.com/us-ally-working-russia-iran-talks-assad-syria-721972
http://www.newsweek.com/us-cut-support-moderate-syria-rebels-improve-russia-ties-moscow-639762
http://www.newsweek.com/russia-not-us-calling-shots-middle-east-iran-iraq-646052




کوردانی تاراوگە دەبێت بەشداریی لە کەمپەینی کێشە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانا بکەن … زاهیر باهیر –لەندەن

کۆچکردن و پەنابەریی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤی و وڵاتانی دیکە ، بە زۆری دەگەڕیتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووهەم . کورد کەمایەتییەکی زۆر کەم بوون بەبەراورد بە زۆرێك لە نەتەوەکانی دیکە لە کۆچکردنیانا تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو.
شەپۆلی تەواوی ڕەوی کورد بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە سەراپای کوردستانەکانا کەم و زۆر لە هەمان وەختا کراوە. لە باشووری کوردستانا لە دوای ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردیی/کوردایەتیی لە ئازاری سالی 1975 دا ، لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانا لە دوای بەناو شۆڕشی ئێران و لە باکوری کووردستانا دوای بزوتنەوەی پەکەکە و لە ڕۆژاوای کوردستانا لە هەشتاکانا دەستی پێکرد بەڵام بە هێواشی، هەتا سەرهەڵدانی ” بەهاریی عەرەبی ” .
بەداخەوە کە ئامارێکی ئاوا نییە کە ژمارەی کۆچبەران و پەنابەریی کوردی لەسەرجەمی ئەو وڵاتانەی ناونوسم کردن و وڵاتانی دیکە ،نیشان بدات تاکو ژمارەیەکی کەتواریمان بداتە دەست. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کوردانی باشورو و باکور زۆربەی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەناو هەموو کوردانی تاڕاوگەدا پێكدەهێنن.

کوردانی تاڕاوگە گیروگرفتێکی زۆری هاوبەشیان [کۆمۆن] لەتەك سەراپای کۆچبەران و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا، هەیە. لەمانە: کێشەی زمان ، خانووبەرە، کار، خەمی خێزانی بەجێماویان. هاوکاتیش هۆکاری سەرەکی هاوبەشی نێوان هەموویان لە ڕەوپێکردنیان بۆ ئەم ولاتانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سیاسییە. زۆرینەیان لەدەست بەندیکردن ، سەرکوتکردن ، نەبوونی ئازادیی و ڕاونانیان، بووە. بەرپاکردنی جەنگ دژ بە نەتەوەکانیان لەلایەن ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ، یاخود ملکەچکردنی حکومەتەکانیان هەر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تاکو ئارەزو و داخوازییەکانیان بەجێبهێنن، هۆکارێکی سەرەکین . هەموو ئەو گرفتانە تا ئێستاش لە نێوانی هەموو کەمایەتییە نەتەوەییەکانا ، هاوبەشن و لە ئارادان .
گەر تەماشای تەواوی ئەفەریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئاسیا ، خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشووریی ئەمەریکا، بکەین تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەمە ڕاستییە.

لە کاتێکدا هۆکارەکانی ڕەوکردنیان دەزانین بە تایبەت هۆکاری سیاسی و جەنگ بووە بۆ بەجێهێڵانی وڵاتەکەیان و نیشتەجێبوونیان لەم وڵاتانە ، پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدا. بۆچی ئەم خەڵکانە لەم وڵاتانەی کە ئێستا تیایدا نیشتەجێن، تێکەڵاو بە سیاسەت نابن ؟ ڕەنگە هۆکارێکی زۆری جیاواز هەبێت، وەکو: هەموویان پاشخانێکی سیاسییان نییە ، هەموویان کێشەی ئاوارەیی و چێشتنی ژیانی ناخۆشییان نابەستنەوە بە کێشەی سیاسی و سیستەمی هەنوکە و حکومەتەکانی وڵاتی نیشتەجێبوونیانەوە ،دەرك بەوە ناکەن کە ڕەنگە ئەوانە هۆکار بن ، یاخود ڕەنگە ترس بێت لە هەر جۆرە هێڕشێك، سەرکوتکردن لە لایەن هەر لایەك و دامەزارەوەیەك بە حکومەتی ولاتانی خۆشیانەوە کە لێوەی هاتوون، زۆرێک لە کێشەی خێزانی ، بڕوا بەخۆ نەبوون ، کێشەی کۆمەڵایەتی، تا ڕادەیەك هۆکارن . لە ڕاستیدا دەکرێت هەر یەك لە ئەمانە کێشەیەك بێت لە بەشداریینەکردنیان لە سیاسەتا لێرە . بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر هۆکارێك بێت، هەر پاساوی بەشدارینەکردنی لانی کەم خەڵکانێکی زۆر کەمیان نادات لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لەم وڵاتانەدا هەیەو سەرودڵی ئەوانیش و خێزانیشیان دەگرێتەوە.

ئاوارە و کۆچبەران لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایەوە هەڵهاتبن بۆ ئەم وڵاتانە ، لە کاتێکدا کە هۆکاری ئاوارە بوونیان هاوبەش و چونیەکن ، بەهەمان شێوەش دووژمنەکانیشیان هەر هەمان دوژمنە . هۆکاری ئەو هەموو نەگبەتییەی کە بەسەر ئەوان هاتووە دەولەتە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەوانی دیکە لەتەك دەوڵەتانی ناوچەکانی خۆشیان کە لێوەی هاتوون. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە جەنگی جیاواز جیاواز دەخولقێنن ، لەشوێنی خۆیان هەڵیاندەکەنن، کۆمەك و هاوکاریی گروپە تیرۆریستەکان و حکومەتە دیکتاتۆر و فاشییەکانی وڵاتان و وڵاتانی کە لێوەی هاتوون بە هەموو شێوەیەك، لە داپڵۆسینیانا، دەکەن. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە بازرگانی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ حکومەتەکانیانا دەکەن ، ئەمانن کە سەرچاوەکانی ژیانیان لێ دزیون، ئەمانن کە داخوازی جێ بەجێکردنی سیاسەتەکانی دەزگە دراوییەکانی نێو دەوڵەتی و کۆمپانیا گەوەرەکان دەکەن و کۆمەکیان پێدەکەن کە بچنە ئەوێ و تاڵانیان بکەن ، دیسانەوە هەر ئەمانن کە کار لەگەڵ کۆمپانیا گەوەرەکانا دەکەن بۆ وێرانکردنی زەوییەکانیان و کۆمۆنێتییەکانیان، . هەر ئەمانن کە هۆکاری خاپوری وڵاتیان و ڕاونان و ئاوارەکردنیانن، کەچی دەرگاشیان بەڕوودا دادەخەن . ئەی کەواتە بۆچی ئەم خەڵکانە ، خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر هێشتا هەر بێدەنگن، توڕەیی و هیوایان وەرناگێڕنە سەر چالاکییەکی بەرهەمهێنەر؟ پێشتر من پەنجەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە چەند وەڵامێک ، ڕاکێشا، بە دڵنیاییەوە هۆکاری دیکەش کە من لە ئێستادا پەییان پێنابەم، هەیە.

وەکو وتم ئەوانەی سەرەوە تەنها هۆکارێك نین بۆ ئاوارەبوونی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر، تاکو هانیان بدات دژی دووژمنە سەرەکییەکانیان، بجەنگن کە سیستەمەکە و هێزە تاریکەکانن . هۆکاری تر هەن، کە ڕەنگە هەندێك لەمانە ڕۆژانە ڕووبەرووی ببنەوە ، وەکو : نەژادپەرستی ، ناشیرین مامەڵەکردنیان ، هەڵاواردن ، نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی.

لەم وتارەدا من تەنها جەخت لەسەر کورد لە تاراوگەدا دەکەمەوە سەبارەت بە چالاکییەکانیان و ئاڵانیان بە سیاسەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێكیان زۆر چالاکن لە کێشەی کورددا. بەڵام ئەو چالاکیانەیان فراوان ناکەن و گرێی نادەنەوە بە خەبات و تێکۆشانیانەوە دژ بە دەوڵەتانی ئێرە کە تیایدا دەژین هەروەها لە کۆمەککردن و هاوکارییکردنی کەمپەینەکانی کە سەبارەت بە کێشە لۆکاڵی و نەتەوەیییەکانن.

ئیمە هەموومان دەزانین کە کۆمۆنێتییەکانمان لە بریتانیا لەژێر فشار و مەترسییەکی زۆر گەورەدان لە لایەن تەواوی لایەنەکانەوە کە لە دەسەڵاتدان : پارتی لەیبەر [کرێکاران] ، کۆنەپارێز [ موحافزین] و حوکمی هاوبەشی لیبراڵ و کۆنەپارێز. ئێمە لەژێر ئەم مەترسییەداین تا ڕادەی لە دەستدانی شووناسنامەشمان ، ئازادیی سیاسی تاکە کەسیمان، لەدەستدانی ئەوەی کە باو باپرانمان بەدەستیان هێناوە. بەڕاستی ئیمە لە بەردەم لە دەستدانی نزیکەی هەموو شتێکداین . با هەر تەنها تەماشای مێژوی ئەم سێ دەیەیە لە بریتانیادا بکەین، کە ئەمە هەندێکیانە: لە تەسککردنەوەی قەبارەی ئازادییەکانمان، دانانی زیاتر لە 15 ملیۆن کامیرای چاودێریکردنمان، سیخوڕیکردن بەسەرمانەوە لە شێوەی جیاجیادا، سەرکوتکردن و هەراسانکردنمان لە ڕێگایی پۆلیسەوە ، دەرکردن و جێ بەجێکردنی زۆرێك لە یاسا لەژێر ناوی یاسای ” دژە تیرۆردا” ، هێڕشکردنە سەر نقابە و مافەکانی کرێکاران ، گۆڕانە بەردەوامەکانی یاسا و بڕگەکانی سەراپای بیمە و مافی خانوبەرەو خزمەتگوزارییەکان، هاتنەسەرەوەی ژمارەی کەسان و خێزانی بێ خانووبەرە، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی ، زیاتر کردنی قوتابخانەی ئەکادیمی ، داخستنی بەشی منداڵبوون و فریاکەوتن (تەواریی) لە گەلێك لە خەستەخانەکانا و هەوڵی بە تایبەتی کردنی خەستەخانەکانی دەوڵەت و درێژبوونەوەی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆرەکان و کاری نەشتەرگەریی ، هەڵوەشانەوەی پارەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆکان و کردنیان بە قەرز، زیادکردنی پارەی کارەبا و ئاو و غاز، سەرخستنی تەمەنی خانەنشینبووون ، زیادبوونی ئاستی پیسیی ژینگە، دانانی یاسای زیڕۆ گرێبەست بۆ ئەوانەی کە کار دەکەن [ واتە نەبوونی هیچ مافێک] ، هەبوونی 6.5 ملیۆن کرێکار کە هەقدەستیان لەژێر لانی کەمی کرێوەیە، نزیکەی 4 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا، دەژین . نزیکەی 600 هەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین کە بەشێکیان کاریش دەکەن . بە کورتی ئێمە کۆیلایەتی مۆدێرنمان هەیە و ئەم لیستە دەتوانرێت بۆ دەیەها خاڵی دیکەش درێژبکرێتەوە.

ئەو گرفتانەی سەرەوە هەموویان یا زۆربەیان کارایی خۆی لەسەر کوردانی بریتانیا وەکو هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە هەیە . ‌هۆکاریی هەژموونیشی بە هۆی بوونی : قەوارەی گەورەیی خێزانییان ، گرفتی زمان، تێنەگەیشتن لە کارکردنی سیستەمی ئەم وڵاتە ، هەبوونی گرفتی خێزانی لێرە و لەوێ، نەخۆشی سایکۆلۆجی و دەروونی و نەخۆشی دیکە بە هۆکاری بارودۆخ و پاشخانی سیاسیانە و کۆمەڵایەتی و زۆرێکی تر .
بۆ هەر کام لەو کێشانەی کە لەم وڵاتەدا هەیە و لەسەرەوە ناوم هێنان لە هەموو شارەوانییەکان لە لەندەن و لە شارە سەرەکییەکانی بریتانیا گروپگەلێکی زۆر دروستکراوە و دەستبەکاربوونی کەمپەینێکی بێ ئەژماریش دژ بە هێڕشەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان ، ڕێکخراوە . ئەم گروپانە دژ بە دەوڵەت و کۆمپانیا گەوەررەکانن بەو ئامراز و ڕێگایانەی کە خۆیان پێیان باشە ، لەم تێکۆشانانەدا هەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون . لێرەدا ئەوە دەبینین کە هیچ گومانێك نییە سەرکەوتنەکانی هەر کەمپەینێك لەو کەمپەینانە زۆر سووودبەخشترن بۆ کۆمۆنێتی کوردی و کۆمۆنێتی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەش زۆر زیاتر لە خەڵکە بنەچەییەکەی [ ئەسڵییەکەی ] بەهۆکاری بارودۆخی تایبەتییەوە.

کورد لەو ولاتانەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن باشترە بەشداریی لەو کەمپەینانەدا لەڕیزی خەڵکانی دیکەوە بکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەراوێزیی ڕزگار بکەن ، وەختی ئەوەیە کە ڕؤڵیکی گەورە لە کەمپەینە لۆکاڵییەکان و وڵاتا بگێڕن ، کاتی ئەوەیە کە کێشەکانی خۆیان بەخەڵکی ئیرە لە ڕێگەی چوونە ناو کۆبونەوەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان بناسێنن و هاریکاریی و هاوکاریی خۆیان پێشکەش بە خەڵکە لۆکاڵەکە بکەن و هەمان شتیش بەدەستبهێننەوە.
کورد لێرە دەبێت کێشەکانی خۆیان لە ئاستی لۆکاڵ و وڵاتدا هاوبەش بکەن بیکەنە کێشەیەکی لۆکاڵیی و وڵات. کردنی خۆپیشاندان بە تەنها بۆ کێشەی خۆیان و هەر بە تەنها خۆیان ، یاخود گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی تەنها بۆ کێشەی خۆیان و بەخۆیان ، کردنی نەڕە نەڕ و قاو و قیژ ، بەرزکردنەوەی چەند دروشم و وێنەی ئەم ڕابەر و ئەو سەرکردە بە تەنها، کافی نییە . گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەن بە تەنها کردنی ئەوانە و هەر بە خۆیان ، وا بزانن ئەم چالاکییانە تەواو و بەسن کە لە لایەن میدیا و دەسەڵاتدارانەوە ببیسترێت، بە دڵنیاییەوە نایان گەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە هەیانە.
ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان لە لایەن خەڵکەوە ، لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانەوە ببیسترێت ، ئەوە دەبێت تێکەڵ بە کۆمەڵی ئێرە ببن تاکو سۆز و کۆمەك و هاریکارییان حاسڵ بکەن . ئەوە ڕاست نییە کە چاوەڕوانی خەڵك بکەیت کە یارمەتیت بدات بەڵام خۆت هیچ یارمەتییەك نەدەیت ، ئەمە لە کاتێکدا دەزانین کە هەموو کەسێك بەری بردەنەوەی کەمپەینەکان دەچنێتەوە .
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەمە مانای ئەوە نییە کورد لێرە کێشەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن و چەق لەسەر ئەو کێشانەی کە لێرە هەن ، ببەستن . بەڵام ئەمە ڕاستییەکە گەر بتەوێت کۆمەک و هاریکاریی زیاتر بەدەستبهێنیت ، دەبێت لە چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیت بەشداریی بکەیت . خەڵکانی کورد دەبێت دەرک بەوە بکەن کە هاوکارانی دوژمنەکانیان لە وڵاتانی خۆیان ، دەوڵەتە لێرە و کۆمپانیا گەورەکانە . چەندێك دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان لێرە لاواز بن ، حکومەتی وڵاتانی خۆشیان لاواز دەبن و کەیسەکانی ئەمانیش بەهێزتر دەبێت سەرکەوتنیش بەسەردوژمنەکانیانا خێرا تر دەبێت.

بایاخنەدانی کورد بە کێشە سیاسییەکانی لۆکاڵی و وڵات نەك هەر لە بریتانیادا کێشەیە ، من لە ڕێگای هاوڕێیان و برادەرانەوە ئەوە دەزانم هەمان کێشە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەسکەندناڤیا و ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ، هەن ، کە بە دەگمەن خەڵکی کورد بەشداریی چالاکییەکان دەکەن ئەگەر بزانن ئەو چالاکییانە ، سەبارەت بە کێشەکانی خۆیان و وڵاتانیان نییە .
لێرە ، لە بریتانیا، بەتایبەتی لە لەندەن کە من بۆ ماوەیەکی درێژە لێی دەژیم، ئەوە دەزانم کە زۆرێك لە شارەوانییەکان، کورد تیایدا ژمارەیەکی گەوەرە پێکدەهێنێت لە نێوانی کۆچبەران و و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا. لەو شارەوانییانە کێشەی گەورە گەورە هەیە و کوردیش ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، کەچی هێشتا کورد لەوێدا بێ دەنگە و چاوی تەنها خستۆتە سەر شتە تایبەتییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی کە ئەو گرفتانە هیچ پەیوەدندییەکیان بەوانەوە نەبێت.

Zaherbaher.com
ئۆکتۆبەری 2017




ژن و پیاو لە هونەری کاریکاتێردا … هەندرێن خۆشناو

هەروەک ئاشکرایە هونەری کاریکاتێر هونەرێکی کاریگەر و زیندووە، و کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا جیا لە هونەرەکانی تر. یەک لەو بوارانەش کە کاریکاتێر کاریگەری خۆی هەیە لەسەری بواری کۆمەڵایەتیە، بەتایبەتیش لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا.
هونەری کاریکاتێر پەیوەندیەکی یەکجار زۆری هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا، روخسارەکانی پەیوەندی ژن بە پیاوەوە راگیردەکات، لە رووی توندوتۆڵی و راکێشان بەلای یەکتریدا و دەسەڵاتداریەتی و خۆسەپاندن و چاودێری کردن و سەرداری کردن و هەروەها ملکەچی و خۆبەدەستەودان لەلایەن هەردوو رەگەزەوە.

چەندین توێژینەوەی زانستی ئەو کاریگەرییەی هونەری کاریکاتێریان وەدەرخستووە و سەلماندووە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاوەوە، جا بە ئەرێنی یان نەرێنی بێت. کاتێ کە بزانین لە رێگای ئەو هونەرە زیندووە کە هونەری کاریکاتێرە، رۆژنامەگەریی دەتوانێت وێنەیەک یان چەند وێنەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی لە خەیاڵ و ئەندێشەی هەردوو رەگەزدا بچەسپێنێت لە ئایندەدا.

زۆر جار بیستوومانە کەوا وێنەیەک کاریگەریی زیاترە لە نووسین، ئەوەشمان بیستووە کە وێنەیەک جێشوێنی هەزارەها ووشە دەگرێتەوە، نەخاسمە ئەو وێنەیەش تابلۆیەکی کاریکاتێریی بێت. کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی کورتی و چڕی لە مانا بەخشینە، و توانج و تەشەری گاڵتەجاڕیی هاوشانی وێنە کاریکاتێریەکە و چەندین هۆکاری تری سەرنجڕاکێش و کاریگەریی ئەم هونەرە لە هەموو جیهاندا وەدەردەخات، بە تایبەتی لەنێو ئەو کۆمەڵگە و گەلانەی کە حەزیان لە نوکتە و گاڵتەجاڕی و تەنزە، ئەم هۆکارانەش بەکاردێنن بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی کە ناتوانن راشکاوانە دەریانببڕن.

پیشاندانی مەسەلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە روانگەی هونەری کاریکاتێرەوە، توانی سەرنجی بینەران بە توندی رابکێشێ بۆ خەسڵەت و سیفەتەکانی هەردووکیان بە تایبەتی ژن، بۆ نمونە توێژینەوەیەک لەسەر هەمان بابەت، لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و وڵاتەیەکگرتووەکاندا ئەنجامدرا، ئەوەی وەدەرخست لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو ژنانەی دەیانەوێ سەد دەر سەد وەک پیاو بن، و لە هەموو شتێکدا لاسایی پیاو دەکەنەوە، تەنانەت لە جلوبەرگ و قژتاشین و جگەرەکێشانیشدا، کاریکاتێریستان ژنانیان وا نیشاندەدا، کەوا خاوەن ماسوڵکەی گەورە و پتەون و موودارن و ورگن و ناشیرین و زمانیان توندە و خۆویست و خۆسەپێنەرن بەسەر پیاوان و هاوسەرەکانیاندا، هەورەها زۆرجاریش بە مادی و پوڵەکی و حەز لە خەرجکردنی پارەی پیاوەکانیان دەکەن بە شێوەیەکی رادەبەدەر، لە بەرامبەریشدا پیاو لە کاریکاتێرەکاندا وا بەدەردەکەوتن کە ملکەچن و گوێڕایەڵی داخوازی ژنەکانیانن و لە ژنەکانیان دەترسن و رۆمانسین و فیداکار و خۆنەویستن لە پێناو هێنانەدی ئامانجی ژنەکانیان، تا رادەی گێلی و دەبەنگی، بەڵام لەلایەکی تریشەوە لە بەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنەکانیان، پیاوان چاو لەدەرن و دەستبازی و چاوبازی لەگەڵ ئەم و ئەودا دەکەن، تەنانەت لەگەڵ خزمەتکارەکانیشیان پەیوەندی دەبەستن.

ئەو توێژینەوانە ئەوەشیان وەدەرخست کەوا هونەری کاریکاتێر وەک مادەیەکی هونەریی و بیروڕا دەربڕین، وێنەیەکی هزری و زرنگی وا پیشاندەدات، بەهۆی دووبارەکردنەوە و نمایشکردنی رۆژانە لە رۆنامە و گۆڤارەکاندا، ئاراستەکانیشی رووەو کەرتێکی گەورە و کاریگەریی کۆمەڵگە برەودەکات، ئەویش ئافرەتە بە شێوەیەکی گشتی و هاوسەر و خێزانیش بە شێوەیەکی تایبەتی، هەروەها کاریکاتێر وێنەیەکی ناشیرین بۆ پیاوانی ئەو کۆمەڵگایانەش دەنەخشێنێت، کە وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنانی ئەو کۆمەڵگایانە کە هەیانە، ئەمەش وایکردووە هەردوولا لە شێواز و روخساری سروشتی خۆیان دەرچن و لادەن. تەنانەت ئەمە ئەگەر بۆ گاڵتەجاڕی و کۆمیدیاشەوە بێت، هەر رووە خراپەکانی ئەو پەیوەندیە گرنگەی نێوان ژن و پیاو دەخاتەروو کە لەم کۆمەڵگایانەدا هەیە، بەهۆی پێچەوانەبوونەوەی دۆخەکان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بە زەقی لە هونەری کاریکاتێردا رەنگ بداتەوە.

رەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە هونەری کاریکاتێردا، هاوڕا و هاوشانە لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان کە تێکچوونی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو وەدەردەخەن لە کۆمەڵگادا، و رێژەیەکی مەترسیداریشیمان نیشان دەدەن لە دیاردەی تەڵاقدان و دەست لەیەک بەردان تا رادەی زیاتر 40%، تەنانەت ئەگەر بزانین لەم کۆمەڵگایانەدا پیاوان باجێکی زۆر دەبەخشنە ژنان لەکاتی تەڵاقداندا، کەچی ئەمەش نەبۆتە رێگر لەبەردەم زیادبوونی ئەم دیاردەیە لەم کۆمەڵگە پێشکەوتووانە لەرووی تەکنەلۆژیاوە و دواکەوتوانەش لەرووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

کەس ناتوانی هونەری کاریکاتێر تۆمەتباربکات بە پیشاندانی ئەم بوارە گرنگە، ئەویش پەیوەندی نێوان ئافرەتان و پیاوانە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە ناسروشتیەی نێوان ئافرەتان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگایانە، وایان کردووە کەم بوارە زۆر بەزەقی لە هونەری کاریکاتێردا بەرچاوبکەوێت.




عەلی عەبدوڵاكانی یەكێتی و كۆنگرەی چوارەم … عەلی مەحمود محەمەد

لە ناوەڕاستی چلەكان پارتی لە لایەن دوو گەنجی ماركسی كوردەوە دامەزرا بە ناوەكانی هەمزە عەبدوڵا و عەلی عەبدوڵا, هەمزە عەبدوڵا لەساڵی 1959 مەلایی و جەلالیەكان پێكەوە كودەتایان بەسەریدا كرد و لە سكرتێری لایانداو كۆتاییان بە رۆڵی پێشەنگی لە ژیانی سیاسیدا هێنا, عەلی عەبدوڵا مایەوەو بەردەوام بوو تا لە كۆنگرەی 13ەمینی پارتی كە لە 12 بۆ 18ی نۆڤەمبەری 2010 بە بەشداری 1501 كەس لە شاری هەولێر بەسترا دوای 11 ساڵ لە كۆنگرەی 12ی, كشی لێكرا و لە جێگیری سەرۆكی پارتی وەلا نراو ئیتر ببڕای ببڕ لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستان نەبینرایەوە, تەنانەت وا لە سیاسەت غەریب ببوو لەكاتی بەشداریكردنی لە ریفراندۆم بە پەنجە مۆركردنێك راچەڵەكی, لە كۆنگرەی 13ەی پارتی 13 بارزانی پیاو بۆ كۆمیتەی ناوەندی دەرچوون دەیكردە 23%ی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی,ترس هەیە لە گەڵ هەر كۆنگرەیەكدا ژمارەیەك زیاد بكەن, سەرجەم پلە سیادییەكانی حیزب و حكومەت لە پشكی پارتیان گرت, پەرلەمانیشیان بۆ حەزلێكەرانی شەڕە چەلەحانێ و دەرچوون لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەجێ هێشت, كۆنگرەی 13 یەكەم كۆنگرەی پارتی بوو لە دوای روخانی بەعس و فرۆشتنی نەوت و بارینی دۆلار بەسترا,لە 2003 ەوە حیزب لە كوردستان بووە ئامرازێكی گرنگ بۆ دەستكەوتی مادی, كورسی و دۆلار دەست لە ملانێی یەكتر بوون و چینێكی سەرمایەداری ئۆلیگارشی گەندەڵی بەهێزیان لە كوردستان بەرهەم هێنا, كە ئێستا كایەی سیاسەتیان لە هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كۆنترۆڵ كردووە, بۆیە بارزانییەكان لە رێگای كۆنگرەی چەپڵەوە ویستیان شەرعیەتی دەسەڵاتی حیزبی بدەنە خۆیان و جومگە گرنگەكانی حیزب كۆنترۆڵ بكەن خۆیان بڕیاردەرو جێبەجێكەر بن لە یەك كاتدا.

لەم رۆژانەدا مشتومڕ گەرمە لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەسەرەتای ساڵی 2018, كە بۆ ماوەی 8 ساڵە ئەم حیزبەش وەك پارتی كۆنگرەی نەبەستووە, گەرمبونی باسی بەستنی كۆنگرەی ینك بەدوای روداوە تاڵەكانی كەركوك تێوە گلانی چەند كەسایەتیەك لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو تاڵەبانی دێت لە گرتنەوەی كەركوك, ویستیان لەو رێگایەوە پێگەی خۆیان بەهێز بكەن, وەلێ شانس یار نەبوو روداوەكان پێچەوانە كەوتنەوە, كە ئێستا لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبییەوە یەكێتی بەڕێوە دەبەن و بڕیارە كاریگەرەكانی دەدەن, ئەم باڵە جگە لەوەی ئابووری و رێكخستن و سپۆنسەری ینك واتا ئێرانیان لە پشتە , هاوكات دەزگا هەواڵگرییەكان و هێزی مەعنەوی بنەماڵەشیان لە پشتە كە لە مانگی رابردوو لە كۆچی تاڵەبانی زۆرترین جەماوەری كورد لە مێژووی باشوری كوردستاندا بەشداری بە خاك سپاردنەكەیان كرد.

تاڵەبانیەكان لە بەرەی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە فشاریان دروست كردووە كەمپەینی بەهێزیان پێكەوە ناوە بۆ بەستنی كۆنگرە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو, بەتایبەتیش لە ئێستادا كۆسرەت كە دوا كارێزمای ناو ینك ە نەخۆشە, هاوكات پسپۆری كتلەكاریشە, بۆیە جادەیان بۆ چۆڵكراوە كودەتایەكی نەرمی سپی رەنگ لەناو ینك ئەنجام بدەن بێ بوونی تارمایی كۆسرەت, كە بە دووەم دامەزرێنەرەوەی ینك دێتە ژماردن لە دوای 31ی ئاب, لێرەدا دەپرسین ئایا كۆنگرەی ینك یش وەك كۆنگرەی پارتی بە چونە پێشەوە هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد و بە دەستەوە گرتنی جومگەكانی دەسەڵاتی حیزبی كۆتایی دێت؟,ئیتر ئەو رۆژە دێتە پێشەوە, سێڵڤیەكان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بگرن؟, لە كۆنگرەی چواری ینك چەند نازناوی تاڵەبانی لە ریزی یەكەمە دەرچوەكانەوە دەبن بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی و چەندیان لەسەر كورسی مەكتەبی سیاسی و كەسی یەكەمی حیزب دادەنیشن, ئایا كۆنگرەكە دەكەنە كودەتا بەسەر عەلی عەبدوڵاكان ناو ینك و چەند عەلی عەبدوڵا و مەلا قادر دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە لە سیاسەت خانەنشینیان دەكەن؟, چەند مانگێك ماوە و چاوەڕوانی دووەم پارتی بنەماڵە بن لە كوردستان, ئەگەر لە جیهان كۆمپانیا بنەماڵەییەكان باون, ئەوا لە كوردستان لەبەر ئەوەی سیاسەت باشترین ئامرازی پەیدا كردنی پارەیە لای ئۆلیگارشییەكان, ئەوا پێك هێنانی حیزبی بنەماڵە پرۆسەیەكی زەرورییە.




دڵم وه‌ك نیشتیمان تۆرا و له‌ كاوله‌ی روح داڵده‌ی نییه ‌…. چنوور نامق

له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
چیتر ئه‌و شاره‌ دووره‌ نیم
ئه‌ستێره‌كانی بینینت زاخاو بده‌ن…
له‌شاری عه‌شقم دوور كه‌وه‌
خه‌ون به‌ماچی بیره‌وه‌رییه‌وه‌ مه‌بینه‌
من شارێكم پڕ له‌تاوان و
له‌كوشتن
له‌ناپاكی……
په‌نایه‌كم له‌ بۆ پپاوه‌ زلهێزه‌كان
هه‌موو ساتێ ده‌ستم هه‌یه‌ له‌كوشتنی خه‌ونی مانگ و
لێڵكردنی چاوی مناڵانی شار و
چۆڵكردنی ئاوه‌دانی و
شكاندنی دڵی ئازیز……
له‌ نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
دڵم وه‌ك نیشتیمان تۆرا و
له‌ كاوله‌ی روح داڵده‌ی نییه!
قه‌فه‌سێكم ئاوازی هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ی خۆم ئه‌شارمه‌وه‌
نۆته‌كانی ئه‌كه‌مه‌ قوتوی ژه‌نگاوی و
ئه‌یده‌مه‌ ده‌م ده‌ریای بیری پوچه‌ڵه‌وه‌

له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
ئاسمانێكم پڕم له‌ گرمه‌ی هه‌وره‌ پیاو
تاوانبارێكی بێ مانام
تا ئێواره‌ سه‌ماكانم له‌ژێر په‌رده‌ی عورفی سپی ئه‌شارمه‌وه‌
تاكو سه‌حه‌ر پێكی خه‌م ها به‌ده‌ستمه‌وه‌ و گۆرانی خۆش ئه‌خۆمه‌وه‌
تاوانبارێكی بێ مانام ده‌ستم هه‌یه‌
له‌چۆڵكردنی دڵی یار و ئاوه‌دانی
له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌ !

27-11-2017‌




ڕەنگە دوایین نامەی تەمەن بێت..! …. سەروەرکەریم

مردن دواین هەناسەی مرۆڤە نازانی ،لەکوێی زەمەندا بیسپێرێ ..من نازانم بۆدەبێت ئەم نامەیە بنوسم ..دەمەوێت بڕۆم بۆلای ناوکم ،یان هەستێکی سەیرە .دایم چاوەڕیم دەکات بەرلەسپاردنی دواین هەناسەی پێڵوەکانی هەڵبڕی و تەماشایەکم بکات بزانێت من هەر کۆمۆنیستەکەی جارانم ..یان پەشیمانم؟ ..ئاخر دایکم هەرگیزنەیزانیوە کۆمەنیزم چی یە ،یان بۆ نوێژدەکات .ئەو تەنها دەزانێت لەیەزدانی خۆی بپاڕێتەوە ئێمەباش بین ..ئەوە دڵی ئەوە .تەمەن سەبوری بێت بۆ ئازارەکانی ..
ئیتر دەبێت بوونی فیزیکی ئێمە کۆتابیت ،سەرەتایەکمان دەست پێکرد بۆ ژیانی ئینسانی نەگەیشتین ،ڕێگاکانمان تارومارکرد ،بەبرسێی هەژاری خەباتی بەردەوام ئازاردانی دلی هەمووان ..دایک باوک هاوڕێیان نەگەیشتین ..ئێمە هەلە نەبووین ،وەلی نەگەیشتین .
ئەم ژیانە زۆری پێناساندنی ،لەهەمووجۆرەکان ،لەبەد بەخت و سەرسەریەکان.بەدبەختەکانمان خۆش ویست وسەرسەریەکانمان بۆژیانی خۆیان ناسی ،بەڵام هیچمان نەکرد جگە لەخۆشەویستی ئەوان ..ژیانی هەموان بەد تر بوو کاسەی پریانمان خاڵی کرد،ئومێدیانمان بەبابرد ،بەدرۆکانی شۆڕش و ڕزگاری .دایکم زیاتر لەچارەکەسەدەیەک بەهیوای ژیانێکی شایستە بوو ،بەلام ئێستا بێ ئاوکارەبا و بێ نان چاوەکانی کزبوون ،جەستەی لاواز.نەک نەگەیشت بەوانە ..ئێستا پیروکەنەفت .

ئەودەمانەی خۆمان پێ شۆڕشگێڕبوو دەبووینە پاڵەوانی رۆمان و چیرۆکەکانی شۆڕشگێڕی و نواندنی جۆراو جۆرمان دەکرد ..واماندەزانی بەیانی کۆتایی بە نادادی دێت و هەمووان ،لەبەری خەونەکانی ئێمە دەخۆن و ستەم کۆتایی دێت ..ئەوانە تەنها خەونی پاڵەوانانەی دۆنکیشۆتی بوو،بە سمشێری دارینەوە بڕوامان وابوو کۆتایی بە نەهامەتیەکان دەهێنین .
زەمەن دەڕوات و ژیان بەدتردەبێت و هیچمان بەئاگا ناهاتینەوە ،کەئێمە جگەلە لەخۆبەپاڵەوانکردنێکی وەهمی دەست و پێ سپی خۆبەشۆڕشگێڕ هیچی ترمان بۆ ژیانی شایستەی ئینسانەکان دەست نەخست .بۆ هەموو شکستەکانیشمان دنیایەک درۆمان ڕێک دەخست و خۆمان بێ بەری دەکرد ،لەوەی کەئێمە جگە لەژیان ،لەناو وەهمی پاڵەوان و شۆڕشگێڕی دا هیچی تر نەبووین .

چەند بەدبەخت بووین ،کاتێک دایکمان دەیووت ڕۆڵە ئاخر ژیان پێویستی بەنان و ئاوکارەبا و خۆش گوزەرانی ڕۆژانەهەیە ،ئێمە پاڵەوان بەڵێنی بەهەشتی وەهمیمان پێدەدان و ،لەچاوەڕوانی بەگەیشت بەژیانێکی شایستە دا ڕاماندەگرت و ئەوانیش ڕۆژدوای ڕۆژ ،بەرەو پێری و هەڵوەرین دەڕۆیشتن و نەیانتوانی لەزەت ،لەیەک ڕۆژی شایستەی ئینسان وەرگرن و جەستەیان لاوازترو چاوەکانیا ن کزتر و ڕەنگیان زەردتر دەبوو.
ئێمەی پاڵەوان هەستمان بەو هەموو ئازەرە نەدەکرد و هەربەشوێن وەهمی شۆڕشەوە بووین ..ڕاستی ئەوە بوو ئێمە شۆڕشگێڕو پاڵەوانی هەربەناوو بووین ،بەژداری کردنمان لە کاری شؤڕشدا تەنها نمایش و خۆبەناوکردنی گەورەبوو..

نەمان توانی بە زیاتر لەچارەکەسەدەیەک بچوکترین گۆڕانکاری بەخواستی دایکەکانمان بکەین ،ئەوەی دەگۆڕا وەرزانە ژیانی دایكێک هەڵدەورەی و لەسەر نەخشەی بوون دەسڕایەوە ،بەبێ ئەوەی ڕۆژێک بگاتە ئەو وەهمەی ئێمە بۆمان دروستکردبوو.
بەدبەختی لەوەدا بوو هەموومان خۆمان دەشاردەوە ،لەحەقیقەت و هەمیشە بۆشاردنەوەی وەهمی شؤڕشگێڕیمان چیرۆکی پاڵەوانی ناوڕۆمانەکانمان بۆ دایکەکانمان دەگێڕایەوە فریومان دەدان بەڕزگاری و ئاسودەیی .هەرگیز جارێک نەمانتوانی بەدایکەکانمان بڵێن ئێمە جگە لە دروستکردنی وەهمێک لە خەیاڵدانی ئێوەدا ،هەرگیز ناتوانین ببینە پاڵەوانی ڕاستەقینەوە ژیانی ئاسودەو ئارام و شایستەتان بۆ دروست کەین .

ژیان بەردەوامەو درۆو وەهمی پاڵەوانەکانی بەناوشؤڕشگێر بەردەوامە ،هەرجارەی چیرۆکێکی درۆدەبەخشێتە دایکان و ناتوانێت بەڵێنی درۆینەی بەهەشتی ئاسودەیی و ژیانی شایستە بەدی بهێنن ،چونکە قەت دۆنکیشۆتی خاوەن شمشێری دارینە نابێتە پاڵەوان و کۆتایی بە نادادی بهێنێت و دایکەکان بەژیانی شایستەو ئاسودەیی شاد بکات.

هۆڵەندا

تێبینی :
ئەم نامەیە تەنها گوزارشتێکی سادەیە بۆ ڕوانینی پاڵەوانە سادەکانی ژیان ،کە چەکی دەستیان بۆ ئازادی دادپەروەری چەکی دەستیان تەنها شمشێرە دارینەکەی پاڵەوانی ڕومانی دۆنکیشۆتەی سێرڤانتسە.




به‌م شێوه‌یه‌ سزای خیانه‌تكاران ده‌درێت؟ … عیماد عه‌لی

خه‌ته‌رناكترین دوو روداوی ئه‌م چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردستان، 16ی ئۆكتۆبه‌ر و 31ی ئابه‌ و هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك لێیان ده‌روانێت. نه‌وه‌كانمان به‌ چی چاوێكه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن و چۆن سزای بكه‌ره‌كانی ده‌ده‌ن . دوو به‌رواری زۆر سه‌یر و ناوه‌خن هه‌مه‌جۆر و بۆچون و مه‌رام و ئامانج تێكه‌ڵ و هاوشێوه‌ و جیاواز له‌ یه‌ك كاتدا. چۆن پێناسه‌ی بكه‌یت و ناوی چیی لێ بنێیت؟ كه‌تن یان ناپاكی كه‌وتن یان هه‌ره‌س و ده‌ستكێشان یان ریبه‌ر و خۆخه‌ڵه‌تاندن و رقه‌به‌ری ركابه‌ری یان ململانێی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و كه‌سی؟ ئه‌مه‌ و چه‌ندین پرسیار كه‌ پێویسته‌ به‌ جوانی دراسه‌ بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب و فكر و بۆچون و مامه‌ڵه‌ی كه‌سانی هه‌مه‌جۆری سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م دوو روداوه‌ له‌ گه‌ڵ پرسی كوردا بكه‌یت كه‌ له‌رووی ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌وه‌ چۆنن و چۆن ته‌ماشای پرسی كورد ده‌كه‌ن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كلایین و هیچ گومانی تێدا نیه‌ له‌وباره‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ریه‌ به‌رده‌وامه‌كان و ئاسه‌واره‌ فره‌لانه‌كانی له‌ یاده‌وه‌ری و ویژدانی میله‌ت و مێژووه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌. جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م دوو رووداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان بكه‌ره‌كه‌ی به‌هێزتر و ده‌ست فراوانتر كرد و شاریكی گه‌وره‌ی كوردستانی خسته‌ ژێر ركێڤیه‌وه‌ و قازانجێكی حزبی لێكرد و ئه‌ویتریان بكه‌ره‌كه‌ی هه‌رچه‌ند كۆمه‌ڵێك سه‌رلێشێواو و ناخاڵه‌ بن به‌ڵام خۆیان و حزبه‌كه‌یانی لاواز و په‌رشوبڵاوتر و لاته‌ریك كرد و شارێكی گه‌وره‌یان له‌ده‌ستی حزبه‌كه‌یان ده‌ركرد و زیانێكی گه‌وره‌یان لێكرد.
بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ی ئه‌م كاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ركردایه‌تی كوردستان چیه‌ و حزبه‌كان چی بكه‌ن بۆ په‌ندوه‌رگرتن له‌م دوو روداوه‌ قێزه‌ونه‌ بۆ دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی. ئایا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كادیمی و زانستیانه‌ی بێلایه‌ن دادی گه‌ل ده‌دات یان گرنگ و پیویسته‌ كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دوابخرێت و ئه‌مه‌ش وه‌ك 31ی ئاب دێزه‌ بده‌رخۆنه‌ بكرێت و به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌ لێكبدرێته‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌كانی عیراق به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خیانه‌تی 31 ئابی ده‌رخستووه‌ و تا ئێستا به‌ڵگه‌ی ئه‌و ریككه‌وتنه‌ ژێربه‌ژێره‌ی هه‌ندێ ناخاڵه‌ی بوغرای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ده‌رنه‌خستوووه‌ جگه‌ له‌ قسه‌و چاوپێكه‌وتن و لێدوانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان له‌مه‌ر ئه‌و كرده‌وه‌ زۆر قێزه‌ونه‌، كه‌ تا ئێتسا ناتوانیت بڵێیت پێناسه‌ و ناوی راسته‌قینه‌ی چیه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی له‌ 31ی ئاب زۆر قورستر و زۆرتر و كاریگه‌رتر و قوڵتر بوو له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان به‌ گشتی. ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خۆ به‌ به‌رپرسزانه‌ له‌ ناخیاندا پشت به‌ ركابه‌ری و كۆنه‌قین و ململانێی نابه‌رپرسانه‌ده‌به‌ستن و به‌ ره‌فتاری هه‌رزه‌كارانه‌ و به‌ دوور له‌ دوربینی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵا و خه‌تی سوور و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی خودی قه‌زیه‌ی گه‌لی كورد به‌گشتی و به‌ خێلبینی حزبیانه‌ی ته‌سك ره‌فتاریان كرد و میله‌تیان به‌م ده‌رده‌ برد .

بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی و زانستیانه‌ هه‌ڵسه‌نگێنرێت و بخوێنرێته‌وه‌ و كۆن و تازه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌ گشتیه‌كه‌شی له‌سه‌ر كۆی پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ربخرێت و سزای شایسته‌ و تایبه‌تی خۆی به‌سه‌ر بكه‌رانیه‌وه‌ بسه‌پێنریت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆر پێویسته‌ له‌گه‌ڵ بكه‌رانی راسته‌وخۆی هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتارانه‌ی ناخاڵه‌ی رق وكینه‌ له‌ دهڵی به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیشمامه‌ڵه‌ی دروست بكرێت و سزای تایبه‌تی خۆیان وه‌ربگرن، كه‌ جگه‌ له‌ دژایه‌تی و به‌دوور له‌ پرسی كورد و كوردستان هیچ شتێكی تریان له‌ كه‌له‌دا نیه‌ و، ئه‌وانیش به‌قه‌د زیان و زه‌ره‌ر و ره‌فتاره‌كانیان له‌به‌رده‌م داداگای میله‌ت ملكه‌چ بكرێن، ئه‌گینا ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كه‌ ده‌ستی عه‌بادی واڵاكرد بۆ زیاتر قوڵبونه‌وه‌ له‌ سزادانی گه‌لی كوردستان و ته‌نانه‌ت ئیهانه‌ كردنی كورد ره‌فاری ئه‌م ته‌سكبین و كورتبینه‌ی ئه‌م ناخاڵانه‌ن، كه‌ بزانن یان نا كه‌وتونه‌ته‌ خانه‌ی دوژمنانی كورده‌وه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی خاوه‌نه‌كانی 31 ی ئاب و 16 ئۆكتۆبه‌ر شایانی دادگایی كردن و سزادانن و پێویسته‌ نلێ پاك بكرێته‌وه‌، به‌ هه‌موویان بی جیاوازی. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بكرێت ئه‌له‌ته‌رناتیڤه‌كه‌ چی ده‌بێت؟

بێگومان له‌م كاته‌دا ناتوانرێت له‌سره‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ریشه‌یی ره‌ها و كتوپر له‌ بری گه‌نده‌ڵكاران و بێ ده‌ردانی گه‌وره‌ و پشێوی دروستكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دابنرێت و به‌م كه‌ره‌ستانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو بێت كه‌ سه‌رجه‌م بنه‌ما و پێداویستیه‌كانی به‌رێوه‌بردن له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستاوه‌ قۆرخ كراوه‌ و ناتوانرێت ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بكه‌یت كه‌ به‌ ئاسانی ده‌سته‌برداری ئه‌و بنه‌مایانه‌ بن و، له‌ لایه‌كیه تره‌وه‌ له‌م كاته‌دا وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌كات له‌م قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌دا و بۆ ئه‌م ماوه‌ زۆر كورته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی نێوخۆیی زۆر عه‌مه‌لی نیه‌ و تاوه‌كو هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێناكرێت. بۆیه‌ سه‌رجه‌م كارته‌كانی كوردستان كه‌وتۆته‌ ده‌ست میله‌ت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ئه‌ڵه‌ته‌رناتیڤی واقعیانه‌ی راسته‌قینه‌ بخه‌نه به‌رده‌ست و رۆڵی ئه‌م حزبانه‌ به‌ ئاشتی و به‌ ده‌نگدان وسندوقه‌كان نه‌هێڵن و گۆرانكاریه‌كی ته‌واو عه‌یاری ملیانه‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌ند رێژه‌ییش بێت. ئا له‌و كاته‌شدا ده‌توانرێت ده‌سترۆیشتوانی خیانه‌تكار له‌به‌رده‌م گه‌ل و نیشتمان و دادگایه‌كی دادپه‌روه‌ردا سزای شایسته‌ی خۆیان وه‌رگرن .




کۆمەڵ کوژی کوردان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە

کتێبی کۆمەڵ کوژی کوردان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لە لایەن بەڕێز (ئیبراهیم فەرەهمەندنیا )ەوە نووسراوە بەزمانی فارسی و لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.
بابەتەکانی ئەم کتێبە لەسەر داعش، سەدام و دێرسیمی تورکیایە.
شایانی باسە ئەمە یەکەمینجارە کتێبێکی لەم شێوەیە سەبارەت بە جینۆسایدی کورد لە ئێران دەنووسرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

نووسەر دانیشتوی شاری مەریوانە و خوێندکاری ماستەرە لە یاسا نێو دەوڵەتێکان.

ئیبراهیم فەرەهمەندنیا




ئاگاداريك بو گشت كوردانى ئۆنتاريو و تۆرۆنتۆ…

به ريزان دواى سلاو و ريزيكى به رز له هه موو لايكتان, كؤميته ريكخستنى هه لمه تى فرياكه وتن له قوربانيانى بوومه له رزه كه ى رؤژهه لات و باشورى كوردستان . ئه م هه لمه ته كه له رؤزى 14 مانگى نؤفه مه ره وه ده ستى پى كرد بوو و له 19 نؤفه مبه ر كؤتايتى پى هات ,,ليره دا بيمان باشه كه ئاكادارتان بكه ين كه برى يارمه تيه كان به كؤى (29,643.00)دؤلارى كه نه دى بوو, ئه ندامانى كوميته ى ريكخستنى فرياكه وتن به كؤ ده نگه وه برياريان دا كه برى ئه و يارمه تيه راده ستى هاوريانى بنكه ى كولترى ئه نه تؤليا( كه ريكخراويكى خيرخوازى باوه ر بى كراوه له لايان حكومه تى كه نه داوه ,,واته ريكخراوى ACF)كه ئه وانيش(واته ACF) به ريگاى خؤيانه وه يارمه تيكه بگه ينن بؤ جيگاى مه به ست بؤ يارمه تى دانى خه لكى لى قه وماوى رؤژهه لات و باشورى كوردستان …ئه م ده رفه ته به ده ست ئه هينين بؤ سوپاس كردنيكى بى پايان له گشت ئه و ئازيزه خو به خشانه ى كه به دريژاى گشت ئه و روژانه كاتيان دانا و زه حمه تيان كيشا له پيناوى ئه م هه لمه ته گرنگه دا, هه روه ها زؤر گرنگه سوپاس و ده ستخؤشى ريز خؤشه ويستى خؤمان ده ربرين ئاراسته گشت ئه و خه لكه ئازيزانه ى يارمه تى داراييان پيشه كه ش كرد به مه بستى فرياكه وتنى خه لكى ئازيزى كرمانشان و سه رپيلى زه هاو و ده ربه نديخان,,,له كؤتايدا سوپاسى هاوريانمان ده كه ين له ريخراوى(ACF) كه ئه ركى ناردن و دابه شكردنى يارمه تيكه يان به ئه ستؤى خؤيان كرت……پر به دل سوباس بؤ خه لكى به شه ره فى كوردى تورونتو.
له كاتيكى نزيكدا هه موو به لكه كان بلاو ده كريت به شيوه كى فه رمى له بلاوكراوه كانى مالى كورد و كؤمه له ى كولترى كوردى تؤرؤنتؤ و فدراسيؤنى ديمكراسى كورد له كه نه دا .
ده سته ى ريكخستنى هه لمه تى فرياكه وتن /تورونتو




کۆمەکی خەڵکانێک لە کەنەداوە بۆ زەمین لەرزەکەی کوردستان

بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەشێک لە خەڵکی خۆبەخشی نیشتەجێی کەنەدا کەمپەینێک مان ڕاگەیاند کە بریتیبوو لە بەخشینی پەنجا دۆلار
لەلایەن هەر کەسێک یان خێزانێکەوە.

خۆشبەختانە ئەمڕۆ هەینی ۲٤ی نۆڤەمبەر، بە شێوەیەکی شەفاف و سەرکەوتوو كۆتایی قۆناغی یەکەمی کەمپینەکە کە کۆکردنەوەی پارەکەیە ڕادەگەیەنین و لەم لیستەدا ناوی ئەوانەی بەشدارییان کردووە بڵاو دەکەینەوە..

قۆناغی کۆتای ئەم پڕۆسەیە ناردنەوەی پارەکە و بەخشینی بە خەڵکی شایستە و زیانلێکەوتوو، هیوادارین هاوڕێیانی کوردستان سەرکەوتووانە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن.لێرەوە دەستخۆشی لە ڕۆحی هاوکاریی هەموو ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان بەشدار بوون.

بەشداربووان:

سەرگوڵ و کاوە ٥٠
جەمال مەحمود٥٠
شێروان عوسمان٥٠
عەبدولڕەحمان مەولود٥٠
ئەرخەوان٥٠
جوتیار محمد ۷٥
گۆرانی دەنگەکان٥٠
خەبات و دڵسۆز ۷٥
کاردۆ حەسەن ٥٠
سۆران غەریب ٥٠
کاردۆ ساڵح ٥٠
دلێر مەحمود ٥٠
مینا حەمە فەرەج٥٠
شنیار مستەفا ٥٠
فاروق هۆمەر و چیمەن ۱٠٠
یوسف غەریب٥٠
سەمیر نووری ٥٠
ڕێباز سەمیر٥٠
سەباح مستەفا ٥٠
هەڵشۆ جەمال ٥٠
باوان شێروان ٥٠
جەمال سەیدسادقی ٥٠
شاڵاو ئەحمەد٥٠
عومەر قادر٥٠
شیرین مستەفا٥٠
ڕێباز ئەرسەلان٥٠
هاکار ڕێبوار٥٠
سەرمەند٥٠
کەژاڵ و سەلمە و ئەحمەد ۱٠٠
ئیدریس مستەفا ٥٠
جەلال میران٥٠
سەلاح مستەفا ٤٠
کاوە جەباریی ٥٠
گەشە و تۆرین ۱٠٠
گەڵا و لاریا۱٠٠
گوڵزار و مەریوان۱٠٠
کاوە و ڕێزان۱٠٠
سنور و تیلا ولیسا۱٠٠
شلێر و عیرفان۱٠٠
محمەد حسەین ۱٠٠
سوهەیلە و حەمە دوزی ۱٠٠
تاڤگە و دڵشاد۱٠٠
چیا. م ٥٠
عەتا عەزیز٥٠
مامۆستا عوسمان ٥٠
گەزیزە٥٠
سەڵاح ڕەفعەت ۳ کەس ۱٥٠
ڕێباز ڕانیەیی٥٠
ڕێبوار ئەوڕەحمان٥٠
فەهمی بێدار٥٠
وڵات نانەکەلی٥٠
سامان مەلا گچکە ٥٠
دیلمان عوسمان ٥٠
سالار یاسین ٥٠
حەوێز محەمەد ٥٠
سۆران ئیسماعیل٥٠
هێمن فەرید٥٠
د.ئیبراهیم عەزیز و خوناو حاجی٥٠
زانا تاهیر ٥٠
ئەحلام شەمعون ۲٠
مازن فەرەنسی ۲٠
هەژار شەبیب ٥٠
د. کاوە ئیبراهیم۱٠٠
د. جەمال حسن٥٠
ساڵح حسین٥٠
ئاسیا حسین ۱٠٠
کمال جەلال ٥٠
هۆگر سدیق٥٠
نهرۆ ڕەسوڵ ٥٠
کان باتاسی۲٥
نیاز حامید ٥٠
تاڤگە ئیبراهیم٥٠
نەژاد سیوەیلی ٥٠
کاروان ئیبراهیم ۱٠٠
د.فەرهاد عەزیز۱٠٠
فەرەیدون بانەیی ۱٠٠
دارا نادر ۱٥٠
بەهار عەوڵا و ڕێبوار عەبدلڕەحمن ٥٠
تەحسین فارق٥٠
عەبدوڵا قادر دەربەندی ۱٠٠
موستەفا میکایل موسی ٥٠
ئاری گەردی ٥٠
دالیا عەلی ٥٠
لوقمان وەردینە ٥٠
ئیسماعیل زاخۆیی٥٠
شادمان نەوزاد ٥٠
فریاد محەمەد٥٠
کۆمپانییەکی نەناسراو ۱٠٠٠
دارا ی محامی٥٠
چیا نەوزاد٥٠
چرا نەوزاد٥٠
هێمن ڕەئووف٥٠
…………………..


کۆی گشتی:
٦٥٥٥دۆلاری کەنەدی




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد-3 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی سێیەم …..

داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا لە كتێبی قوڵایی ستراتیژی، زۆر لەسەر لایەنە رۆشنبیرییەكە دەوەستێت، بە تایبەتی رۆشنبیری سیاسی، كە هەموو توێژەكانی كۆمەڵ بگرێتەوە، ئۆغلۆ پێی وایە بەبێ‌ پێشخستنی رۆشنبیری سیاسی كە هەموو توێژەكان و ناوچەكانی وڵات بگرێتەوە، لە چوارچێوەی بە یەكەوە بەستنەوەی هاووڵاتیان وەك یەك، ناتوانرێ‌ لەسەر بونیادی ناوخۆ رووبەڕووی هۆكارە كارلێكەرە دەرەكییەكان ببنەوە.

هەروەها دەڵێ‌ ئەمەش لە كاتێكدا كە زلهێزەكان جۆرێك لە هاوسەنگیان لە ناوچەكە دروستكردوە، بە قسەی ئەو، ئەمەش دۆخێكی جیوسیاسی كوردی پێكهێناوە، كە دەرگای واڵاكردوە لەبەردەم هەر جۆرە بەكارهێنانێك، بەڵام ئۆغلۆ پێی وایە لە گەڵ ئەوەشدا دۆخی جیوسیاسی كوردی پێدەنێتە نێو كردار گەلێكی تەواوكراو لە گەڵ هێزێكی ئیقلیمی، كە ئامادەكاری دەكات بۆ هۆشیاری مەرجەعییەت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، یانی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ كورد دەست بە توركیاوە بگرێت، ئەمەش لەو هەست و رۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئۆغلۆ بە هۆشیاری مەرجەعییەت وەسفی كردوە، وەك رێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە مەودای دووردا و لە روانگەی یەك چارەنووسیدا. ئەمەش بە جەختكردنەوە لە تاك مەرجەعییەتەوە، لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەكە، كە جگە لەو هەست و هۆشیارەییەی كە لە بیری هەر تاكێك دروست دەبێت، هیچ مەرجەعیەتێكی دیكە كاریگەری نەبێت لەسەر تاك.هەروەها ئۆغلۆ نزیككەوتنەوە رۆشنبیری و سیاسی و ئابوورییەكان لە توركیا بە پێویست دەزانێ‌ و دەخوازێت توركیا ئەم نزیكخستنەوەیە بە خۆوەبگرێت و جیاوازی بكات لە نێوان تیرۆرستان و میللەتی كورد، هاووڵاتیانی بێوەی ناوچەكە خۆیان قایم كەن ئەمەش لە رێگەی هۆشیارییەكی نوێی مەرجەعییەوە.

لەم خاڵەوە توركیا سوود لە چەند شتێكی گرنگ وەردەگرێت، بە بەراورد لە گەڵ وڵاتە زلهێزەكان، كە دەیانەوێ‌ بێنە ناوچەكە، هەروەها بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كە كوردی لێیە.
ئۆغلۆ ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پێكەوە ژیانە دوور و درێژەی كورد و تورك، كە پێی وایە بە درێژایی هەزاران ساڵ لەم بە یەكەوە ژیانەیاندا هەرگێز رووبەڕووبونەوەیەك، كە بۆنی رەگەزپەرستی لێبێت، لە نێوانیاندا رووی نەداوە، بەڵكو پێكەوە بەرگریان لە دەوڵەتی عوسمانی كردوە، هەروەها ئەم تێكۆشانە هاوبەشەیان بەردەوام بووە، هەتا لەشەڕی سەربەخۆیی توركیاشدا.

داود ئۆغلۆ پێی وایە پێكهاتە مێژووی و جوگرافی و دینی و رۆشنبیرییە هاوبەشەكەیان بوونێكی بنەچەیی جێگیرە، هەر ئەمەش وای كردوە ئەو خەڵكەی لە ناوچەی ئەنادۆڵ ژیاون بە یەكەوە بگونجێن و هەڵكەن.
ئەمەش بۆ ئەو هۆشیارییە مەرجەعییە كۆمەڵایەتییە هاوبەشە دەگەڕەێنێتەوە كە پێی وایە بە درێژایی ئەو مێژووە لە نێوان كورد و توركدا هەبووە.
بە قسەی داود ئۆغلۆ پارتی كرێكارانی كوردستانیش نەیتوانی وێڕای هەموو هەوڵێكی، پشتیوانی هەموو كوردەكان بەدەستبێنێ‌، پێشی وایە ئەمەش بە تەنیا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئۆغلۆ ئەمە بۆ ئەو هەست و هۆشە هاوبەشەی نێوان كورد و تورك دەگەڕێنێتەوە، كە سەرەنجام یەكێتییەكی هۆشیاریی و مەرجەعییەتیشی لێكەوتۆتەوە.

لەم گۆشەنیگایەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئەم هۆشیاری مەرجەعییە، كە زۆر بە گرنگ دایناوە و پێی وایە ریشەیەكی مێژوویی هەیەو بەشەو و رۆژێك دروست نەبووە، بەڵكو كەڵەكە بوویەكی مێژووییە، لاواز بوونی زۆر بە مەترسیدارتر لە پارتی كرێكارنی كوردستان داناوە، بۆیە ئۆغلۆ هۆشیاری هاووڵاتیبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆیە سەردەمییەكان، كە هۆشیاری مەرجعییەتیان لە خاوەنداریەتی تەقلیدیەتەوە هەڵێنجاوە، كە لە نێو كۆمەڵگادا كۆبۆتەوە. بە بڕوای ئۆغلۆ ئەوەیش هەستكردنە بە هاووڵاتیبوون، پێشی وایە هەستی مەرجعییەتی كۆمەڵایەتی ناگوازرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەتێكی شەرعی، بەبێ‌ دروستكردنی هۆشیاری هاوڵاتیبوون.

لەم بارەیەشەوە وای داناوە، كە قانوونی هاونیشتیمانی بوون، هەر هەموو كۆمەڵگا لە خۆدەگرێت بەبێ‌ جیاوازی، یان لایەنگیری. لە پەراوێزی ئەم تێگەیشنەشدا ئۆغلۆ دوو پێشنیاز بۆ چارەسەری رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دەخاتەڕوو:
1- بەهێزكردنی هۆشیاری مرجەعییەتی كۆمەڵایەتی، بەو مانایەی كە لێك جیانابنەوە، هەروەها پشتیوانیكردن لە پێكهاتە مێژوویی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافییەكەی كە جەخت لەو هۆشیارییە دەكاتەوە.
2- دڵنیاییدان لە مافی یەكسانی هانیشتمانیان، وەك بنەمایەك بۆ شەرعییەتی سیاسی، بەبێ‌ هەستكردن بە پێویستی، هیچ جۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی.

ئۆغلۆ دەڵێت: توركیا بەقۆناغێكی زۆر تەنگدا تێدەپەڕێت، چ لەڕووی دۆخی دەرەوەدا، یان دۆخی رۆشنبیری سیاسی ناوخۆییدا، بۆیە پێی وایە بەرزبوونەوەی هەر دەنگێك، یان وتاردانێك، كە ببێتە هۆی دروستكردنی هەرجۆرە شڵەژانێكی كۆمەڵایەتی، نابێت لە لایەن خەڵكی ژیرەوە گوێی لێبگیرێ‌، دیارە بەلای ئۆغلۆوە ئەوە، ئەو مەرجەعییەتەیە كە بەلایەوە زۆر گرنگە، بەشێوەیەک گرنگتر لە هەر شتێكی تر.




كوردی هائیم و حەیران … هێمن عومه‌ر خۆشناو

هەموو ڕۆژێ لەگەڵ گەردی بەیانی دەیبینم، جلێكی درێژی لەبەرە و خۆی دەمامك دایە و تا چۆكان خۆی هەڵكردووە و لەبن دیوارێك لە دیار ڕۆژێ هەڵكوڕماوە. لە دوور ڕا كە چاوی دەدەمێ وەك هەژارێكی بێ دەرەتان دیارە و بەسەر گۆچانەكەی چەمیوەتەوە و ڕیشێكی سپی، سپی دەلێی كڵوە بەفری كوێستانانە، بەسەر سینگی دا هاتۆتە خوارێ، كە لیشی نزیك دەبیتەوە ئەو ڕیشە سپییە دەبێتە ڕیشێكی ڕەشی قەترانی، هەر دەلێی سیحربازێكە و هەر جارە بە ڕەنگێك خۆی نیشان دەدات و چەند جار لەبەر دەرگای زانكۆ دیومە، ئەو خەلكە دەیبیننن و خۆیان لە گوورە نابەن، ئەویش بە نیگایەكی قووڵ لێیان دەڕوانێ و جاری واش هەیە هەر ئاخان هەڵدەكێشێ و لە حەسرەتان پەشتەماڵەكەی بەسەر سەر و چاوی خۆی دادەداتەوە و لەبن ئەو پەشتەماڵە سەری دەلەقێنێ و كەس لیی حاڵی نابێت چ دەڵێ و مەبەستی چییە!

دوو مانگ زیاترە دیقەتی دەدەمێ، دەچمە هەر شوێنێ ئەو پیرە پیاوە لەوێندەرە، بە بەردەمی قوتابخانەیەكی سەرەتاییدا ڕەت بووم، لەبەر دەرگای ئەوێش هەڵكوڕمابوو، دەچمە ناو بازاڕ لەناو میوەفرشاندا سەرنج دەداتە دەمی میوەفرۆشان و لە زمانیان ورد دەبێتەوە و هەر هەناسەی سارد هەلدەكێشێ.
چەندی لیی نزیك دەبمەوە گەشتر دەیبینم، هەتا دووردەكەومەوە وەك ئەو كزتر دەبێ و وا هەست دەكەم پارچەیەك لە جەرگی من دەبات و بەو گەرمایە لەبەر ڕۆژێ جار جار پیاسان دەكات و جاری واش هەیە لەبەر ئەو تاوە سۆرە دادەنیشێ و لەو خەڵكە ڕادەمێنێ و بە نیگایەكی دوور دوور ئەو چاوە ڕەشە قەترانییانە نانووقێنێ و ئەو برۆیە ئەستوورانە هاتوونەتە سەرچاوەكانی و وەك ساباتێك بەسەر ئەو چاوانە و وەك سێبەری دار چنارێكن و دوو چاویش وەك دوو مرۆی ماندوو لەژێریدا نە سەرخەوێك دەشكێنن و نە لە ڕامان و وردبوونەوەش دەكەون!




مانیفێستی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدی شەقامەوە … سـامـانی وەسـتا بـەکر & فـەرەیـــــدون کـونـجـرینـی

لە نوێ بوونەوەی شۆڕش و خەباتی شاخدا چەند حیزبی کوردی ئۆپۆسیزیۆنی پارتیزان بوونی هەبووبێت لەپێناو رزگاری خاك و بەئازادی ژیانی هاوڵاتیانی دژبە ڕژێمی بەعس بوە ، دوابەدوای ڕاپەڕین و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە تا ئەم وەرزە چەندین پارتی نوێ بونی هیە، ئەو پارتانەی ١٩٩١و ساڵانی دوایی دامەزراون بەدرێژایی بوونیان نەیان توانیوە درزێك لەکەلێنی کۆمەڵگەکەماندا پڕبکەنەوە یان ببنەهۆکاری باشبوون و بەرەوپێشچوونی سیستمی حوکمڕانی، بەجۆرو نێـــــیەتێك دانــەمــەزراون کۆتای بەهەژاری و برسێتـی و نەمانی چەوساندنەوەی چیانایەتی بهێنن، بەڵکو بۆ پاڵپشتـی کردن و بەهێزکردنی دوولایەنی دیاری باشور دروستبوون یان دروستکراون و دواتر قڕوقەپیان پێکراوە و ڕەزامەندبوون بەو سیستمەی بەدرێژای 26 ساڵ پارتی و یەکێتی حوکمی تاکڕەوی و تاک لایەنەی دەسەلاتیان گەشەی پێکردووە، لە ئێستاشا دوو قەوارەی نوێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەکەن بۆیە لێرەوە بەدواوە ئەبێ گۆڕان ووردتر و ڕژدتر داخوازییەکانی خەڵک بەدیدبگرێت و ئەقوال بگۆڕێ بە ئەعمال.

لەدامەزراندن و هاتنە کایەیی سیاسی و بەشداربوون لە حکومەتدا پێویستە پێش پشتیوانی لە هەرقەوارەیەك، بیەوێ بەشداربێت لە هەڵبژاردنەکاندا یان هەر لایەنێکی ئۆپۆسزیۆنی دامەزرێ مەبەست لە ئامانجەکەی بە هەند وەرگیرێ، لە ڕوانگەیەکی دی لەوەدڵنیابن ئایا قەوارە نوێکان هاوشێوە ئەو حیزبانە نابن کەلە پاش بەهاری ١٩٩١و ساڵانی دواتر دامەزراون ؟

بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونی لەڕوانگەی ناوەکی جیاواز لە هەرپارتێکی نوێ دامەزراوەو پشتبەستوتر لە دەسەڵاتداران بە واقعی کۆمەڵگەی کوردی کاری کردووە و بۆتە هۆی کەمکردنەوەو ڕێگیری لە نەیارانی خەڵکی هەژار و توانیویەتی وەك بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕاستگۆ لە پێناو مافی هاوڵاتیانا خەبات بکات. لە چوار ساڵی ئۆپۆسیزۆن بوون و ساڵ و نیوێک بەشدار لە دەسەلات توندو چاونەترسانە بەپێـی خواستـی هاولاتیان کەم تا زۆر چالاك بووە، لە دەسەڵاتیشدا هاوشێوەی ئۆپۆسیزیۆن کاری کردوەو ڕێگیربووە لە بەرفراوانی گەندەڵی و دەستێوەردانی حیزب لە حکومەت بەڵام هێزی نەیارانی لەسەرەوە بووەو نەتوانراوە پێچەوانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتـی کار لەسەر بەرنامەکانی بکات بەڵکو زرمەزلێـی سیاسی ئەو دوو لایەنە ترس و تۆقاندنیان گەیشتۆتە ئاستێکی خراپ تەنانەت ئاڕاستەی مەکۆو بازنە و بنکەکان لەڕێی سوتان و تاڵان و دەسبەسەراگرتن مەبەستبوە لە شەڕەنگێزی و دوپاتکردنەوەی جەنگی ناوخۆ کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دادگاو دادی گشتـی بێ لایەن بەواتای نەبوونی سەروەری یاسا.

لێرەوە پوخت و چڕ هەوڵئەیەین ئەو خاڵانە بخەینە ڕوو کە کۆی گۆڕانخوازان و شەقامی کوردی چاوەڕێی ئەکا لە گۆڕان لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و حیزبی:

ئەکرێ کۆی کیشەکانی هەرێم لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ڕێگەی دوو چاکسازییەوە چارەسەر بکرێ کە ئێمە بەناوی “دایکی ڕێفۆرم” ناوزەندی ئەکەین ئەوانیش.
یەکەم: “دامەزراوەی دادگای گشتـی بێ لایەن و پڕاوپڕ سەربەخۆ”یە، ئەو دادگایە لێکۆڵینەوە بکات لە هەر بابەتێکی نیشتمانی، نەتەوەیی، حیزبی و ڕێکخراوەیی تا بچوکترین تاوان و ئەکتیڤ کردنی سەرجەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان، بوونی دادگای نیشتمانی بەپەیوەندی کردن لەگەڵ داگای فیدراڵی گرنگیەکی هەنووکەییە.
دووەم: هەڵوەشانەوەی میلیشیای حیزبی لەژێر هەر ناوێکابێ و دروست کردنی هێزێکی چەکداری پڕ چەکی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەرجێک وەزیری پێشمەرگە کەسێکی قاڵ و پرۆفیشناڵ و مەدەنی بێ لایەنبـێ. بۆ ئەم کارانە گۆڕان ئەبێ هەموو ڕێگاکان بگرێتەبەرو سڵ نەکاتەوە لە هانا بردن بۆ زلهێزەکان و فشارو پەستانی شەقام سوود لێوەرگرێ.

لەدیدی شەقامەوە: گۆڕان لەرابوردوا باشتر و چالاکتر لە ئێستا کاریکردووە هەرگیز وەک هەنوکە چەقبەستوو نەماوەتەوەو لەژێر فشارو ڕەخنەدا نەبووە بەتایبەت لەم وەرزەدا وەڵامی نیە بۆ هەڵسوڕاوو ڕەخنەگران ! واتا بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوەڕوانی پشتیواناندایە تا خۆی قوتارکات لە ڕەخنەدیدی هاوڵاتیان کە تەوەرێکی گرنگە بۆ هەڵبژاردنەکان و چوونە ناوخەڵك بەکاری نوێوە.

ڕەخنەگرتن لەناوخۆو پەیڕوی سیستم بەربەستە بۆ خراپ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڕەشەیە بۆسەر هاوڕێیانی ڕەگــــــ ، مەبەستمانە گۆڕان چۆنی هێناوە باشتریکا لە رابوردوو، ناکرێ لێرەدا باس لە هەموو شتێك بکرێ بەڵکو بە هاودەنگی و هاوڕەنگی پشتیوانان یاداشتێکی تایبەت بۆ هەردوو جڤات و ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تا ڕێکخەر وەك مانیفێستێک لە دوو توێی پڕۆژەیەکدا هەموو ئەو پێشنیازانە ڕەوانە دەکەین.

تیندانەوە بە گۆڕان لەسەر ئاستی حیزبی، بەدیدوەرگرتنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی هەڵسوراوو چالاکوانان ڕەچاوکرێ، دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان گۆڕان و خەڵک لە قۆناغێکی باش بۆ (زۆرباش) وەک ئەوەی ئەمڕۆ هاوڵاتیان مەبەستیانەو دەیانەوێت هەبێت. هاوڵاتی پرسگەی دەوڵەتە هەر بڕیارێکی حکومەت دەرچێت دەبێت پێشوەخت پرسی هاوڵاتی تێدابێت چونکە هاوڵاتیان دەتوان بڕیاربەن و بەرپەرچی هەرهەڵەیەکی حکومەت بەنەوە.

گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیارو یاداشـــتـی هەرتاکێکی ناو بزوتنەوەکە بەگرنگ بزانێت و پرۆژەو پێشنیاری نێردراوی هەڵسوڕاوان ڕادەستـی ژووری مەبەست بکات پاش شرۆڤە وەڵامی گونجاو بنێرێتەوە بۆ هەڵسوڕاو گۆڕانخوازان چونکوم پێشنیارو پرۆژەکانی ئەوان هەڵقوڵاوی ئازارو دەنگی ناڕەزای خەڵکن. بە دیدگرتنـی خەڵکی بێلایەن و ڕەخنەی لایەنگرانی پارتەکانیتر و دانیشتوانی هەرێم ئەکرێ بکرێ بە کۆکی نیشتمانی، هەروەك چۆن لە ڕابوردووا گۆڕان جیاوازی لە ئایینـی و ئیتنیـــدا نەکردوە دەشکرێ جیاوازی لەناوخۆو پلە بەندی هەڵسوڕاوەکانیشیا نەکات و بەدەم داواکاری و پێشنیاری گۆڕانخواز و هەڵسوڕاو هاوڵاتی ئاساییشەوە بچێت.

نەوشیروان مستەفا پێیخۆشنەبوو لەسەر شکۆی خەباتی شاخ بژی بەڵکو ئەو بڕوای بەو تیۆرییە هەبوو “ئایا لە ئێستایا چیت بۆ ئەکرێ و چی نوێت پێیە”؟ گرنگە گۆڕان بەو ئاڕاستەیە کاربکات کە (دوێنێ فێرگایە بۆ ئەمڕۆ و ئەمڕۆ کاری نوێ ئەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دوێنێش ئەکەین و پلان بۆ سبەینێش ئەکێشین) واتا ئەمڕۆ گرنگترینە!
ئەوەی کە ئێستا کەوتۆتە سەر شانی گۆڕان داهاتووی بزوتنەوەکەی لەسەر بەندە هەربۆیە ئەرکی گۆڕان ئاسان نیە بەڵام کارکردنیش لەسەری گران نیە! گۆڕان ئەبێ سەرەتا گوێ بۆ دەنگە ناڕازییەکانی خوارەوە بگرێ تا لەسەرەوە بڕیارەکان لە بەرژەوەندی گەشەی حیزب بێت. ئەبێ گوێ بۆ ڕەخنەگرانی یارو نەیار بگرێ و نە بەپیاهەڵدانی دۆست شاگەشکەبێ و نە بەڕەخنەی نەیاریش گۆشەگیربێ. ئەبێ گوێ بۆ دەنگ و هاواری شەقام بگرێ تا پردی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتی ئاساییا نەپچڕی و هەمیشە کارو فرمان و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی مافخوراوانبێ، هەڵسوراو و پشتیوانان لەدیدی خەڵکەوە ڕەخنە ئەگرن، ئەبێ بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بەنوسەران و ڕەخنەگران ئەوانەی بیروڕای خەڵك وەرئەگرن لە گوزەرانیان گەیشتون و داواکاریەکانیان بەدیدی خۆیان ئاشکرا ئەکەن.

وێڕای ئەوەی گۆڕان سەرکرادەیەتی لە کۆنگرەیا هەڵنابژێرێ بەلام دواخستنی کۆنگرە کە ئەبێ دوو ساڵ جارێ ببەسترێ و لە ئێستایا دواکەوتووە ئەبێتە هۆکاری چەقبەستوی، کۆنگرە گرنگە بۆ نوێکردنەوەو ژیانەوەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ. هەڵبژرادنە ناوخۆییەکانی ناوەوەو دەرەوەی گۆڕان یەکێکە لە گرنگترین کارەکانی گۆران کە نابێ لەژێر هیچ پاساوێکا دواخرێ کە لە ئێستایا بۆتە هۆکاری باش بەڕێوەنەچوونی ڕێکخستنەکانی گۆڕان، هەروەک چۆن حیزب کاری ڕاهێنان و پەروەدەکردنی کادێرە تا لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵات و چوونە ناو حکومەتەوە ئاوێنەی سیاسەتی حیزبن هەرواش گرنگ و ئەرکی ئەخلاقی حیزبە کە هەڵبژاردنی ناو خودی حیزب لەکاتی خۆیا ئەنجام بدات تا هەڵسوڕاوانی تووشی پەتای “ماوە بۆ درێژکردنەوە” نەبن و ڕانەهێنرێن لەسەری و ببـێ بە کلتورێکی بێ کەڵک لەناو حیزب و حکومەتا.

ئاشکرایە کۆڵەکەکانی دامەزراندنی گۆڕان کە لەناو ناوەرۆک و پەیڕەو هەیکەلی دروست بوونی حیزبەوە و پست بەستنە بە دەنگدەر نەک شەڕکەر “هێزی چەکدار”، ئەمە مۆدێلێکی نوێ بوو کە نەوشیروان مستەفا لە دنیای سیاسی کوردا دایهێناو لە یەکەم تاقی کردنەوەو بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکانا بوو بە دووەم گەورە حیزبی هەرێم، هەرێمێک کە هێزی چەک لە ناو حیزبەکانا باڵادەستە نەک لۆژیک. ئەوەمان لا ڕوون و بێ تەمومژ ئەکا کە گۆڕان لە دامەزراندن و ئامانجدا سەرکەرتوو بوو بە پلەی نایان بۆیە لادان لە بیرو بڕواو ئامۆژگاری و وەسیەتی بیرمەند و داهێنەر نەوشیروان کارێکی مەترسیدارئەبێ هەربۆیە جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین وەسیەت و ئامۆژگارییەکانی بە تێکەڵ کردنی خوێن و توانای نوێ بە ئەزموونی ڕابردوو بۆ دامەزراندنی دامەزراوەکانی گۆڕان بە پێویست ئەبینین.

دووپاتی دیدو شرۆڤەمان لە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوییەکان ئەوەیە هەروەک چۆن گۆڕان پەیامێکی پشتیوانی بوو بۆ ئازادیخوازان، شکاندنی دیواری ستەم، ســتۆپــی زەوتکاری داهات، ئاشکراکردنی موڵکی هاوڵاتی، گەڕانەوەی شکۆ بۆ پێشمەرگە و ئازادکردنیان لەدەس حیزب و بەنیشتمانی کردنیان هەرواش گۆڕان ئامانجی کۆتای هێنانە بە قۆرخکاری ئازادی و کردنەوەی گرێی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هەروەک چۆن لەسەرهەڵدانیەوە بەڵێنــی گەڕانەوەی مافی تاکیدا بۆ خاوەنەکەی، دەستەبەرکردنی دادی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی مەحسوبیەت و مەنسوبییەت، توانای گونجاو بۆ شوێنی گونجاو، ڕیزگرتن لەپەرەنسیپـی بەڕێوەبردن، پوختـی دیموکراسی، درێژنەکردنەوەی ماوەی تەواوبووی سەرۆکی وڵات یان کادێرێکی حیزبی و….هتد هەرواش ئەبێ گۆڕان بەردەوامبـێ باشتر و هۆشیارتر هەنگاو بنێین لە ڕابردوو، بۆ گەشتنیش بەم ئامانجانە گرنگە و ئەشبـێ سیاسەتی لەگوتارەوە بگۆڕێ بۆ کردار.




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ – 71 – …. كه‌ریم كاكه‌

عه‌لی عاشق دره‌نگ له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگیدایه‌وه‌.
وه‌ستا ره‌جه‌ب ئه‌یگۆ: خه‌ره‌ندێ خۆ به‌ ته‌رمێ له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ.

71

به‌ گوێره‌ی رۆژمێری نه‌ورۆز بێ، هێشتا دوو حه‌فته‌یه‌كمان له‌ به‌هار ماوه‌، بابم ساقۆ درێژه‌كه‌ی فڕێنه‌داوه‌، به‌ڵام من ده‌مێكه‌ به‌ توێی كراسێكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێم، بابم گوتی:
كوڕم ئه‌وێ سارده‌، به‌ جلكی هاوینیه‌وه‌ ناتبه‌م..
له‌ قسه‌ی ده‌رنه‌چووم و به‌ ڕێكه‌وتین، بیرمه‌ له‌ پێچه‌كانی پیرمامێ، به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش، هه‌رچی سه‌رنشینه‌ ورد ورد كه‌وتنه‌ وێرد خوێندن، منیش چاوم لێیان كرد، ئه‌و تامپۆنانه‌ی كه‌ له‌و جێیه‌ كرابوون و من بیستبوومن، یه‌ك یه‌ك هاتنه‌وه‌ به‌ر چاوم، ته‌واوێك ترسام، ده‌رفه‌ت نه‌بوو، ده‌نا خۆم ده‌خسته‌ بن ساقۆكه‌ی بابم، سه‌ركه‌وتین و شۆڕبووینه‌وه‌، له‌و رێیه‌ تا شه‌قڵاوه‌م دیتووه‌.
پیاوه‌كه‌ی له‌ پێشه‌ من دانیشتووه‌ به‌ ده‌نگی بڵند بۆ پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشته‌ خۆی قسان ده‌كات، هه‌ر من نا، هه‌ستده‌كه‌م بابیشم تامه‌زرۆی قسه‌كانیه‌تی و هه‌ناسه‌ی له‌ خۆ بڕیوه‌، ده‌گه‌ینه‌ هه‌ر ئاواییه‌ك و هه‌ر چیایه‌ك ، هه‌ر دۆڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و پیاوه‌ ناویان ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ كۆڕێ، ئۆته‌ شه‌قڵاوه‌، ئه‌وه‌یان سه‌فینه‌، ئه‌وێهێ چیای هه‌ورێیه‌، ئه‌ها چیای به‌نی هه‌ریره‌ و هه‌ریریش له‌ بنی، ئه‌ها كۆڕه‌ك سه‌ری گه‌یشتۆته‌ ئاسمانێ، لێرێهێوه‌ دۆڵی بالیسانه‌ ده‌چێته‌وه‌… ئه‌و چیایه‌ ده‌بینن سپی ده‌چێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ چیای…
له‌ زاری پیرێژنه‌ بسك سۆره‌كه‌وه‌ ناوی كابرام زانی:
عه‌لی گه‌ڕیده‌، ده‌ڵێی له‌و گوندانه‌ ده‌رۆزه‌ت كردووه‌، وا شاره‌زای.
كابرا به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێ:
چما لێره‌ش له‌گه‌ڵمی! پیرێژن له‌بیرت كرد، ئه‌و ساڵه‌ی تۆم هه‌ڵگرت، ئه‌و ناوه‌مان هه‌موو كرد!
بسكسۆر: هه‌ی له‌ ده‌وت ریم عه‌لی گه‌ڕیده‌ی داك به‌ دووكه‌تی.
ئه‌و دووه‌ پێده‌چوو ته‌مه‌نێك بێ یه‌كتر بناسن و له‌ گاڵته‌ش هێنده‌ لێكدی نزیكبن، ده‌ستنوێژیان له‌ ئێكدی نه‌شكێ، عه‌لی گه‌ڕیده‌ له‌گه‌ڵ ناوهێنانی جێیه‌كانیش جاروبار كورته‌ سه‌رهاتێكیشی ده‌گێڕایه‌وه‌:
ئه‌ها، له‌و مله‌یه‌، سێ فیشه‌كیان به‌ كاوێزاغاوه‌ نا، به‌ڵام به‌ر نه‌كه‌وت.
له‌و سه‌ره‌ رێیه‌، رێگر رێیان له‌ حه‌سه‌ن سیساوه‌ گرت و رووتیان كرد و حه‌یرانیشیان پێگۆت.
ساڵه‌كی له‌ ده‌و زێی بادینان- ئه‌ها، ئه‌و رێیه‌ ده‌تباته‌وه‌ سه‌ر زێ- به‌رازێك هێنده‌ی هێسترێك روو به‌ روو بۆم هات، تفه‌نگم له‌ شانه‌، به‌ڵام سام گرتی بووم و ده‌ستم به‌ خۆمدا شۆڕكرده‌وه‌، خودا خێری به‌راز بنووسێ، زگی پێمسووتا، سه‌رێكی راوه‌شاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی سڵاو بكات، به‌ رێی خۆیدا رۆیشت.
له‌و پێچه‌ بسووڕێینه‌وه‌، ئامۆكانه‌، جێی ژنهه‌ڵگر و پیاوكوژانه‌.
له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ پیاوێك لێی هاته‌ ده‌نگ:
كوڕه‌ كابرا، لۆ وا به‌ پێخواسی به‌ ناو كه‌وتی؟ ئامۆكان جێی مێرخاس و عه‌گیدانه‌.
له‌وه‌بوو پیس تێكبگیرێن، بابم و بسكسۆر كه‌وتنه‌ نێوانیان، ناوبژییان كردن و ساردبوونه‌وه‌. عه‌لی گه‌ڕیده‌ واز له‌ ئامۆكان ناهێنێ، سه‌ربرده‌ی قورئانه‌كه‌ی گێڕاوه‌ كه‌ من پێشترێ له‌ پیاوه‌كه‌ی ده‌و زێ بیستبووم، گه‌ڕیده‌ له‌و سه‌ری تووڕه‌یوونه‌وه‌، به‌ لای پێكه‌نیندا بایدایه‌وه‌ و گوتی:
له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتێ، یه‌ك قورئان هه‌بوو، ئه‌ویش له‌ نزیك ئامۆكان چێڵه‌ سۆری پلكه‌ فاتێ، له‌گه‌ڵ پووش و په‌ڵاش لوولی دا و قووتی دا، بۆ سوێندیش په‌ره‌كی نه‌هێشته‌وه‌، تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و ئاقاره‌ كاتێ سوێند ده‌خۆن ده‌ڵێن: به‌ قورئانی ناو زگی چێڵه‌ سۆرێ، خۆ ناڵێن ئه‌وه‌ش درۆیه‌؟!
كه‌س قسه‌ی نه‌كرد، بسكسۆریش نه‌یگوت درۆیه‌.
بڕۆ، هه‌وراز و نشێومان زۆر بڕی، له‌ بڵندبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه‌ دوندێك له‌ شێوه‌ی مله‌ گا ده‌ركه‌وت، عه‌لی گه‌ڕیده‌ گۆتی:
سه‌ركه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و دونده‌ هه‌رچی چیای دنیا هه‌یه‌، لێته‌وه‌ دیاره‌.
له‌ شۆڕبوونه‌وه‌یه‌ك ئاواییه‌ك ده‌ركه‌وت، خه‌لیفانی ده‌ڵێنێ، پێشترێ به‌ بیستنی ئه‌و ناوه‌ نازانم بۆ بیرم بۆ كۆڕی خه‌لیفه‌ و ده‌روێشان ده‌چوو، بۆیه‌ له‌وێ چاوه‌ڕێبووم به‌ ده‌ف و شیر و پرچكردنه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر رێ و به‌ ده‌وری ترومبێلدا (هه‌لقه‌ی زیكر) ببه‌ستن، گه‌یشتین و خه‌لیفه‌یه‌ك چیه‌ دیار نیه‌، له‌ هیكڕا ره‌وه‌یه‌ك ره‌شه‌وڵاخ به‌ جاده‌ وه‌ربوون، زرم، زرمه‌یه‌ك ده‌تگوت شاخ رووخا، هه‌ژانێك له‌ بوومه‌له‌رزه‌ ده‌چوو، هه‌موو كه‌وتنه‌ ناو باوه‌ش و سه‌ر پشتی یه‌كتر، (یا ئه‌لڵا یا ئه‌لڵا) له‌ چیاكان ده‌نگیدایه‌وه‌، خۆمم له‌ بن لچكی ساقۆكه‌ی بابم دیته‌وه‌، هه‌ست له‌ خۆ راده‌گرم، چ جێم نایه‌شێ، بابیشم ده‌ڵێ:
چ نیه‌، چ نیه‌..
دڵنیابووم ساقۆی بابم ده‌مپارێزێ، له‌ كۆپته‌ر و جاشانی پاراستووم، له‌ ترومبێل نامپارێزێ! بۆیه‌ له‌ چاو زرمه‌ و له‌رزه‌كه‌ چی وا نه‌ترسام، هه‌موو ساغ و قیتن، كه‌س كه‌پووشی خوێنی لێنه‌هات، دابه‌زیین، چ ببینم باشه‌! به‌ر له‌ هه‌ر جێیه‌كی چاوم كه‌وته‌ سه‌ر گوانی، گوانی وا گه‌وره‌م نه‌دیتبوو، له‌ گوانی چێڵه‌ شینی گۆرینیش گه‌وره‌تر، له‌ چواران دوو گۆی له‌ منه‌وه‌ دیاربوون، له‌ لوقمی درێژی لووله‌یی ده‌چوون، چێڵه‌ سپی لاتێ عه‌ردی گرتووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ر جوولاندن، قۆچێكی ده‌له‌قێ، پێده‌چێ له‌ بنه‌وه‌ شكابێ، له‌ زار و كه‌پوویه‌وه‌ خوێن دێ، گوێملێیه‌:
مردارده‌بێته‌وه‌، سه‌ریبڕن.
پیاوێكی خڕكه‌ڵه‌ی جه‌مه‌دانی خڕی كڵاو به‌ گوڵینگ، كێردێكی له‌ ده‌سته‌ نیوه‌ شیرێكه‌، سواری سه‌ری چێڵه‌ سپی بوو، كێردی به‌ ملدا هێنا، وه‌ك بڵێی كانیی خوێن له‌ ناو جاده‌ ته‌قیبێته‌وه‌ وابوو، خوێن جۆگه‌له‌ی به‌ست.
بیرمه‌ له‌ ساتی سه‌ربڕین به‌ هه‌ردوو ده‌ست چاومم گرت، به‌ڵام له‌ كه‌لێنی په‌نجه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌م دیت، دیمه‌نێكی به‌سام، پیاوه‌ كێرد به‌سته‌كه‌ له‌ جێی چێڵه‌كه‌ با، هه‌ر هێنده‌ تێكده‌چووم، له‌و ته‌مه‌نه‌ سه‌ربڕینی چێڵ چی له‌ سه‌ربڕینی مرۆڤ كه‌متر نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ هی مرۆڤم نه‌دیتبوو، به‌ڵام گریانی ژنه‌كه‌ جیاوازیی نێوان چێڵ و مرۆڤی كالكرده‌وه‌، چاوده‌نێ، ژنێكی شینپۆش به‌ سینگكوتان و ده‌ست هه‌ڵشه‌قاندن گه‌یشت، خۆی به‌ سه‌ر كه‌له‌ش دادا، سه‌ری به‌ زگیه‌وه‌ ناوه‌ و گوانی ماچ ده‌كات، شیوه‌نێكی گێڕا، چ ژنێ له‌ سه‌ر ته‌رمی خوشكی شینی وای نه‌گێڕاوه‌، ژنه‌ سه‌ردوولكه‌ی به‌ سه‌ر چێڵه‌كه‌یدا ده‌گۆ، به‌ (خوشكان)یش ناو ده‌هێنا، من پاشترێ پێكه‌وتم چێڵ هه‌یه‌، وه‌ك مرۆڤ ناوی هه‌یه‌، ئه‌وه‌یان ناوی خوشكان بوو.
دیتم ژنه‌ شینپۆشه‌كه‌ سه‌ری بڕاوی خوشكانی به‌ سینگی خۆیه‌وه‌ نا، خۆی له‌ خوێن هه‌ڵێنا، ئه‌ها ده‌ستی پاڕانه‌وه‌ی بۆ ئاسمان بڵند كرد:
ئه‌وه‌ی تۆی وا لێكرد، وه‌ك تۆی لێبێ.
پیاوێكی كه‌ڵه‌گه‌تی چوارشانه‌ ده‌ڵێ:
خوشكم، وا مه‌ڵێ، بۆت ده‌بژێرم، زار هه‌ڵێنه‌، چه‌ندت ده‌وێ ده‌تده‌مێ.
ژنی شینپۆشی له‌ خوێن هه‌ڵكێشراو به‌ گریانه‌وه‌:
گوو به‌ بژاردنت، به‌ به‌ڕك و پاره‌ت، من خوشكانی خۆم ده‌وێته‌وه‌.
باشه‌ ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ و بۆچی خوێنی چێڵه‌ سپی ده‌دا، ئه‌دی له‌ سه‌ر شوفێره‌كه‌ نیه‌؟ تاهوو واهـ! دۆشاو به‌ گونم له‌و جێیه‌ بێ ئاوه‌، له‌و ساته‌ هه‌وكم وشك ببوو له‌ تینوێتی، ئێ، بزانن رووداوه‌كه‌ كوو بووه‌:
كابرای چوار شانه‌ شوفێری ئه‌و قه‌لابه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌و جاده‌كه‌ راوه‌ستاوه‌، رووه‌ و ئێمه‌ دێ، كاتێ گاگه‌ل دێته‌ پێشی خۆی پێناگیرێته‌وه‌، خۆ به‌ خوشكاندا ده‌دا چه‌ند ته‌قله‌یه‌كی پێلێده‌دا، له‌ دوا ته‌قله‌ به‌ ترومبێله‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌تا لایه‌كی، لای پێشێی كه‌مێك قۆپاوه‌..
ژنه‌ی شینپۆشی خوێناوی له‌ شین ناكه‌وێ، پیاوێ دڕ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌دا، پیلی ژنه‌ ده‌گرێ و رایده‌كێشێ و ده‌ڵێ:
داده‌، ئه‌و شینه‌ چیه‌؟ خۆ خوشكانه‌، خوشكت نیه‌.
دووریخسته‌وه‌، ئه‌وه‌شم له‌بیره‌، پیاوێك ده‌یگۆته‌ بكوژی خوشكان:
تا به‌شه‌ خێری خۆت نه‌به‌یت، ناڕۆیت.
ئێمه‌ سواربووینه‌وه‌ و وه‌ڕێكه‌وتین، بسكسۆر ده‌ڵێته‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌:
چیدی زمانت نه‌گه‌ڕێ، با تووشی به‌ڵایه‌كیدی نه‌بین.
به‌ڵام گه‌ڕیده‌ گوێی ناداتێ، ئای، ئێره‌ به‌ سامه‌، چیا و دۆڵ لێره‌وه‌ سامی خۆیان نیشان دا، ترسم لێنیشت، ئه‌وه‌تا وا به‌ قوڕگی زه‌ویدا ده‌چینه‌ خوارێ، خوایه‌، ئێره‌ كوێیه‌، تا كوێ شۆڕده‌بینه‌وه‌، سه‌ر له‌ جامی جێب ده‌رده‌هێنم، ئاسمان هێنده‌ی ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی لێ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌ی قوونبه‌دووكه‌ڵ له‌ دوای خۆی به‌جێیده‌هێشت، هێشتا شۆڕده‌بینه‌وه‌! زوو زوو ته‌ماشای ساقۆكه‌ی بابم ده‌كه‌م، دامناوه‌ شتێك بقه‌ومێ خۆم بهاومه‌ بنی، قورسایی ترس نیشتووه‌ له‌ سه‌رم، هه‌ناسه‌بڕكێمه‌، دڵم هه‌زاره‌ ده‌كات، شاخی هه‌زار به‌هه‌زاری وام له‌ چ جێ نه‌دیتووه‌، نه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێ، نه‌ له‌ خه‌ونێ، نه‌ له‌ قسه‌كانی مام تۆفیقی جه‌ڵه‌بوانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سیپانێ هه‌ڵدێرا، ئێره‌ هه‌بێ نه‌بێ جێیه‌كه‌ له‌ جێیه‌كانی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌، له‌وێ جێی وا هه‌یه‌..
له‌ بنه‌وه‌، له‌ لای خوارێوه‌ رووبارێكی تیره‌ ماری به‌ بن ئه‌و ئاسمانه‌ باریكه‌دا نازانم روو له‌ كام لا ده‌ڕوا، له‌جێیه‌ك راوه‌ستاین وه‌ك بڵێی نێوان زه‌وی و ئاسمان بێت، ئێره‌ رێی یه‌ك ترومبێلی هه‌یه‌، رۆیشتن و هاتن به‌ نۆره‌یه‌، نۆره‌مان هات و له‌ رێی باریك ده‌رچووین، ئاهێكم هاته‌وه‌ به‌ر و گه‌ڕامه‌وه‌ كن قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده‌، حه‌یف له‌ دوادوایی سه‌ربرده‌ی دوو عه‌لیه‌كه‌ سام به‌ری دام و هاتمه‌وه‌ ناو ترومبێله‌كه‌، ئه‌وه‌تا باس له‌ عه‌لی به‌گ و عه‌لی سه‌ودا ده‌كات، سه‌ودایه‌كه‌ له‌ ده‌و جاده‌ دانیشتبوو، به‌ڵام من نه‌مدیت:
ئه‌و پیاوه‌ی دیتتان، عه‌لی ناوه‌، شێت و سه‌ودایه‌، كچێك به‌و ده‌رده‌ی برد، حه‌زیلێكرد و نه‌یاندایێ، له‌ داخا سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت، وازی له‌ دنیا هێنا، په‌نای بۆ گه‌لی عه‌لی به‌گ هێنا، ئه‌وتا لێره‌ ته‌مه‌ن به‌ سه‌ر ده‌با..
دره‌نگ، زۆر دره‌نگ ئه‌و دێوانه‌یه‌ ناوی به‌ عه‌لی عاشق له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگی دایه‌وه‌ و ئه‌ویندار نه‌ما نه‌یبیستێ…
عه‌لی گه‌ڕیده‌ له‌ باره‌ی عه‌لی به‌گه‌وه‌ گۆتی:
عه‌لی به‌گ میری ئێزدیان بوو، له‌گه‌ڵ پاشای كۆره‌ به‌گژ یه‌كدا چوون، شه‌ڕ كه‌وته‌ ئه‌و (گه‌لی)یه‌، عه‌لی گه‌له‌ك ئازا بوو، خوا لۆی نه‌هێنا و له‌ شه‌ڕێ شكا، به‌ڵام هه‌ڵنه‌هات و شه‌ڕی كرد، به‌ ده‌ستی سوارانی پاشای كۆره‌ كوژرا، ئیدی ئه‌و گه‌لیه‌ به‌ ناوی ویه‌وه‌ ناو نرا.
له‌ سه‌رهاتی زاری ئه‌و عه‌لیه‌وه‌ نازانم بۆچی سۆزم بۆ عه‌لی به‌گی میری ئێزیدیان جوولا- دیاره‌ له‌ رێی ئیزدیه‌كه‌ی گۆرینه‌وه‌ من ئیزیدیم خۆشده‌ویستن- و رقم له‌ پاشای كۆره‌ بۆوه‌، دواتر له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ دیرۆكیه‌كانیش چه‌ندی كردم و كۆشام پاشای ره‌واندزێم خۆشنه‌ویست.
بیرمه‌ پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشت عه‌لی گه‌ڕیده‌ كه‌ له‌ شاره‌وه‌ تا ئێره‌ ورته‌یه‌كی لێوه‌ نه‌هاتبوو گوتی:
گه‌لی عه‌لی به‌گ نابێ بێ عه‌لی بێ..
بسكسۆری نه‌یاری عه‌لی گه‌ڕیده‌ش گوتی:
عه‌لی، تۆش به‌ ده‌ردی عه‌لی به‌گ بچی.
بیرم نیه‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌ چۆن باگۆی داوه‌، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م گوتبێتی:
عه‌لی به‌گ نا، عه‌لی سه‌ودا بڵێ.
ئه‌من پاشترێ له‌ شێوه‌ی دوو عه‌لیه‌كه‌ی حاجی قادر( دوو عه‌لین شاعیر وه‌كو حه‌سسان..) شتێكی وام له‌ ده‌فته‌ره‌ شه‌ستپه‌ڕیه‌كه‌ی خۆم نووسیبوو:
گه‌لی دوو عه‌لی تێدایه‌
یه‌كیان به‌گ و یه‌ك سه‌ودایه‌
ئیدی به‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌وه‌ له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ، تۆ بڵێ له‌ ناو زگی زه‌وی، یان حه‌زیا ده‌رچووین و عه‌لیه‌ سه‌ودایه‌كه‌مان به‌جێهێشت.
له‌ چوونه‌ ده‌رێ چ ببینم، ریزه‌ شاخێ به‌ ئاسمانه‌وه‌، چما زه‌وی شاخی وا بڵند و سه‌ركه‌شی هه‌یه‌! عه‌لی گه‌ڕیده‌ یه‌ك یه‌ك ناوی چیا و دۆڵ و ئاواییه‌كانی ده‌گۆ، له‌ ناو ناوان (حه‌سه‌ن به‌گ)ه‌كه‌ له‌ خۆوه‌ بۆ من بووه‌ پرسیار، چه‌ند جارێ هاته‌ سه‌رم بڵێمه‌ بابم كه‌ به‌ گه‌ڕیده‌كه‌ بڵێ، داخوا حه‌سه‌ن به‌گیش وه‌ك عه‌لی به‌گ به‌ فیتی پاشا كوژراوه‌؟ نازانم بۆچی نه‌مپرسی.
گه‌ڕیده‌ ئه‌وه‌شی گۆت:
له‌و حه‌سه‌ن به‌گه‌، ساڵێ ته‌له‌زمه‌ ئاسنێ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات، پێی پێشمه‌رگه‌یه‌كی له‌ بنه‌وه‌ برد و كه‌س نه‌یدیته‌وه‌، ئێستاش پێشمه‌رگه‌ یه‌ك پێیه‌كه‌ به‌ دوای پێی فڕیویدا ده‌گه‌ڕێ..
له‌ زگی زه‌وی ته‌واو هاتینه‌ ده‌رێ و ته‌واوێك دووركه‌وتینه‌وه‌، چیاكان جوانتر ده‌ركه‌وتن، ته‌ماشاده‌كه‌م دیوی نسێ، جێ جێ په‌له‌ی سپیان پێوه‌، بابم گۆتی:
كوڕم، نه‌مگۆت ئێره‌ سارده‌، ئه‌ها چیا به‌فری پێوه‌ ماوه‌.
دیتنی به‌فر له‌و ده‌مه‌ی ساڵ بۆ من زۆر تازه‌ بوو، له‌ دیمه‌نی چیاوچۆل و گه‌لی عه‌لی به‌گ تازه‌تر، زۆری نه‌برد گه‌یشتینه‌ ئاواییه‌ك، عه‌لی گه‌ڕیده‌ كه‌ له‌ شاره‌وه‌ هه‌ر خۆی قسه‌ ده‌كات و نه‌یهێشت كه‌س زار بكاته‌وه‌، رێینه‌دا بسكسۆریش دوو قسه‌ به‌ دڵی خۆی بكات، گوتی:
ئه‌وه‌ش دیانه‌، دیانه‌ی دیانان، سه‌رده‌مه‌كی لێره‌ بۆ ده‌رمانیش موسڵمانه‌ك ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت.
بسك سۆر، مسته‌كی له‌ سینگی خۆی دا:
ئه‌ی له‌ هه‌شێت نێم، له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌، بوسرمان له‌ دیانه‌ هه‌ن.
به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌ هه‌موو دابه‌زیین، ئۆخه‌یش گه‌یشتین، پێم گۆد بووه‌.
بابم پرسیاری ماڵی (عه‌لی)یه‌كه‌ی براده‌ری كرد، من بۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ سێ چوار عه‌لیه‌كه‌یدی، قه‌ردارێكی پێوه‌ ده‌نێم، عه‌لی گه‌ڕیده‌ دیاربوو ده‌یناسی، گوتی:
به‌ دوایدا مه‌گه‌ڕێ، لێره‌ نه‌ماوه‌.
ئه‌وه‌ خۆشه‌!ئێمه‌ ئه‌و هه‌موو رێیه‌مان بڕی بۆ دیداری عه‌لی قه‌ردار، ئه‌ویش….. ئێ، له‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌ و بسكسۆر و ئه‌وانیدی دابڕاین، پرسیار پرسیار، پیاوێك گوتی:
پێش پێی تۆ لێره‌ بوو.
ماڵه‌كه‌شی نیشانداین، له‌ دڵی خۆم گۆتم، كه‌واته‌ قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده‌ هه‌مووی درۆ بوون، ده‌مه‌ ده‌می نیوه‌ڕۆیه‌، زگم قۆڕه‌ی دێ له‌ برسان، خوایه‌ شیوێكی خۆشیان هه‌بێ.
خانووێك رووی له‌ چیایه‌، جا چ خانووێكی دیانه‌ هه‌یه‌ رووی له‌ چیا نه‌بێ!
+ عه‌لی له‌ ماڵێیه‌؟
– له‌ ماڵێ نیه‌.
ژنێكی رووخۆشی زار شه‌كر، فه‌رمووی لێكردین، بابم خۆی ناساند، گوتی:
تێكه‌ولێكه‌یه‌كم له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، بۆیه‌ هاتمه‌ سه‌ردانی.
ژنه‌ به‌ ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌:
ده‌زانم، قه‌ردارته‌، تووشی كێشه‌یه‌ك بوو، ساڵێك پتر ئێره‌ی جێهێشت، حه‌فته‌یه‌ك نابێت هاتۆته‌وه‌.
عه‌لی گه‌ڕیده‌ ده‌ڵێی درۆی نه‌كرد!
ژنه‌ كێشه‌ی مێرده‌كه‌ی باس نه‌كرد، له‌ به‌ر بێرایی روو له‌ چیا دانیشتین، چایه‌ و ژاژی په‌نیر و ئه‌و شتانه‌ی هێنا، گه‌له‌ك خۆش بوو، كه‌وتینه‌ سه‌ری، ره‌نگه‌ هێنده‌ی هه‌مزه‌ پاڵه‌وانم خواردبێ، باپیرم راستی فه‌رموو:
به‌ دیار چیاوه‌ نان پتر ده‌خورێ.
ئێ، پیاوه‌ قه‌رداره‌كه‌ پێش پێی ئێمه‌ ده‌رچووه‌، چۆته‌ كوێ؟ ره‌واندزی پاشای كۆره‌، بابم ناونیشانه‌كه‌ی وه‌رگرت و هه‌ستاین و هه‌یپه‌مان لێكرد، وا تێگه‌یشتم نزیكه‌ و به‌ پێیان ده‌چین.. له‌ پشته‌وه‌ی پیكابێكی گه‌وره‌ سواربووین، ئه‌و ترومبێله‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی وه‌ك حه‌وشه‌ و دوڕ ژۆرێ وابوون، له‌ ناو جێبه‌كه‌ له‌ جامه‌وه‌ شتێك له‌ ده‌رێم ده‌دی، به‌ڵام لێره‌ دنیا له‌ به‌ر چاومه‌، لێره‌ زه‌وی و ئاسمان وه‌ك خۆیان دیارن، خۆزی گه‌ڕیده‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌بوو، كه‌س نیه‌ ناوێ جێیه‌كمان پێبڵێ، بابیشم ناوه‌كان نازانێ.
باژۆ، به‌ هه‌ر چوار لادا ده‌ڕوانم، جێ جێ چاوم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چیاوچۆل، گه‌لی و شیو و دۆڵ، كه‌ند و له‌ند، دار و به‌رد، به‌ چاوی من چاوده‌نێ، به‌و ده‌مه‌و هاوینه‌ی چیا، دنیا چه‌ند ره‌نگینه‌، جێ جێ سپی، قانگ قانگ كه‌سك، ئه‌ویدی زه‌رد، چه‌مه‌كه‌ی خوارێش ره‌نگی ئاسمانی گرتووه‌.
رێگاكه‌ خۆش نیه‌، ناوه‌ ناوه‌ ده‌گاته‌ تاسه‌ی وا، بستێ دوو بڵند ده‌بین و به‌ ئاسنی ره‌ق ده‌كه‌وینه‌وه‌، بابم زوو زوو ده‌ڵێ:
توند خۆت بگره‌، نه‌كه‌وی.
پێ پێ، تۆ بڵێ گوریس گوریس به‌رزده‌بینه‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م نیو ئاسمانێك له‌ زه‌وی دووركه‌وتووینه‌ته‌وه‌، ته‌ماشای سه‌رێش ده‌كه‌م، هێشتا نیو ئاسمانێ ماوه‌ بگه‌ینه‌ شانی چیا، تۆ بڵێی جێی پاشای گه‌وره‌ هێنده‌ بڵند بێ، یان من سه‌رم گێژ ده‌خوات و دنیا وا بڵند دێـته‌ به‌ر چاوم! تێنه‌گه‌یشتم.. له‌وه‌ گه‌ڕێ، ئێستا من له‌گه‌ڵ سرووشت تێكه‌ڵ بووم، كه‌وتوومه‌ته‌ دنیایه‌ك، پێشترێ نه‌مدیتبوو، دنیایه‌ك شاگه‌شكه‌م ده‌كات و وا خه‌ریكه‌ ده‌بمه‌ كۆتره‌ شینكه‌یه‌ك له‌ پشتی پیكابه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕمه‌ ناو سرووشت، له‌ سه‌ر فڕین بووم، دیمه‌نێك خۆشیه‌كانی پێهێنامه‌وه‌، له‌ شاگه‌شكه‌ییه‌وه‌ هاتمه‌ دۆخی گه‌شكه‌گرتن، ده‌ستم بۆ لچكی ساقۆكه‌ی بابم برد، هێنده‌ی نه‌مابوو بزیڕێنم، ئه‌وه‌ چیه‌ خوایه‌! له‌ ته‌نیشتمان دێو ده‌وی كرده‌وه‌، سوێندتان بۆ ده‌خۆم دێوه‌، دێوی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژ، ئه‌وه‌تا لێره‌یه‌، دێوه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ناسمه‌وه‌، ده‌یگۆت:
كاتێ زاری هه‌ڵده‌پچڕێ، چیای سه‌فینی پێوه‌ ده‌چێ.
وایه‌، ئه‌وه‌تا له‌ پێش چاومه‌، ئه‌و چیایه‌ی وا دیاره‌، له‌ سه‌فینیش بڵندتره‌، ئه‌گه‌ر بیخه‌یته‌ زاریه‌وه‌، هێشتا جێی سه‌فینێكتری تێدا ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر ده‌بێ زاری دێو بێ، هه‌ر جاره‌ی له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ، چه‌پ و راست ده‌كات، تۆ بڵێی خه‌ون نه‌بینم، نا خه‌ون نیه‌، تۆ بڵێی شێت نه‌بووبم! چ دوورنیه‌..چاو داده‌خه‌م و ده‌یكه‌مه‌وه‌، ئێ خوایه‌ ئه‌وه‌ رێشكه‌وپێشكه‌ بێ، نا وێنه‌كه‌ روونه‌ و ده‌وی دێوه‌، چه‌ند قووڵه‌ قووڵ، بنی دیار نیه‌.
دێو خۆ بزرده‌كات و ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، سه‌ره‌دیقانێم ده‌گه‌ڵ ده‌كات، ده‌مه‌وێ چاوم داخه‌م و واز له‌گه‌مه‌ی سه‌ره‌دیقانێ بێنم، به‌ چاوی خۆم ناوه‌ستم، نا، ده‌وی دێو هێزی راكێشانی نیگای هه‌یه‌، سه‌رت بخه‌یته‌ ناو تووره‌گه‌ی ره‌وندانیشه‌وه‌، رێ له‌ دیتنی ده‌وی دێو ناگیرێ.
ئه‌ها، ئه‌و ژنه‌ ره‌وه‌نده‌ش وا دیاره‌ وه‌ك من له‌ زاری دێو ده‌ترسێ، ئه‌وه‌تا، ناوه‌ ناوه‌ سه‌ری ده‌خاته‌ ناوه‌ تووره‌گه‌وه‌، كه‌سێ ده‌پرسێ:
+پوورێ، بۆ وا ده‌كه‌یت؟
– كوڕم، له‌ ناو ترومبێلێ، تێكده‌چم، وا نه‌كه‌م، ده‌ڕشێمه‌وه‌.
نا، دڵنیام له‌ ترسی زار و زگی دێوه‌، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو زراوم بڕژێ، ساقۆكه‌ی بابمم بیركه‌وته‌وه‌، دێو كه‌مێك دووركه‌وته‌وه‌، ترس تۆزێك ره‌ویه‌وه‌، ئاخر ساقۆی بابم له‌ لووله‌ی كۆپته‌ر و چنگی ئیزرائیلی پاراستووم، تۆ بڵێی له‌ زاری دێو نه‌مپارێزێ!
بیرمه‌، خۆم خزانده‌ بن ساقۆكه‌ی، بابم ده‌ڵێ:
ده‌ڵێی سه‌رماته‌؟ هه‌سته‌ گه‌یشتین..
ئۆخه‌ی، گه‌یشتین و نه‌كه‌وتینه‌ زاری دێوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ره‌واندزی وه‌ستا ره‌جه‌ب، تۆ بڵێ هی پاشای گه‌وره‌، به‌ پرسیار گه‌یشتینه‌ پێش ماڵی خانه‌خوێكه‌ی عه‌لی قه‌ردار، رۆژ نازانم له‌ جێیان به‌ڵام له‌ شاری وه‌ستا له‌ سه‌ر ئاوابوونه‌، ئاوابوون له‌ چیاكه‌ی پشته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌، ده‌زانی ئێمه‌ له‌ كوێوه‌ هه‌ر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌داین، ره‌واندز له‌ ئاسمانێیه‌، به‌ڵام له‌ چاو چیاكانی چوارده‌وری، له‌ زه‌وی نه‌بۆته‌وه‌.
شاری وه‌ستا و پاشا، به‌و ده‌مه‌و هاوینه‌ له‌ بن زه‌رده‌په‌ڕێ، ده‌ڵێی بووكی به‌هاره‌، ده‌ڵێی فۆته‌ی له‌گه‌ڵ پرچ تێه‌كه‌ڵبووی ئه‌و كیژه‌ نازداره‌یه‌ كه‌ له‌و سه‌ره‌وه‌ دیاره‌، كیژێك ئه‌گه‌ر سێ چوار ساڵێك له‌ خۆی گچكه‌تر با، ده‌مگوت كه‌ویاره‌، وای خوایه‌ له‌ جوانیی ره‌واندزێ، نه‌ چاو لێی تێر ده‌بێ، نه‌ دڵ ده‌ڵێ زێ، تۆ بڵێی له‌ دنیایێ جێیه‌ك هه‌بێ، لێره‌ دڵنشینتر، تا پێم نه‌خسته‌ دیوی حه‌وشه‌ بێ ده‌رگاكه‌وه‌ و له‌ دیواره‌ هیشكه‌ كه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌ودیو نزیكنه‌بوومه‌وه‌، ره‌واندزم وا دی.
وای خوایه‌، دێو په‌یدابۆوه‌، به‌ ته‌واوی زگی كردۆته‌وه‌، زه‌وی و ئاسمانی پێوه‌ده‌چێ، ره‌ویمه‌وه‌، ره‌وینه‌وه‌یه‌ك جاشكۆڵه‌ وا له‌ گورگ ناڕه‌وێته‌وه‌، منداڵێكی ماڵه‌كه‌:
مه‌ترسێ، ما ئه‌تو له‌ خه‌ره‌ندێ ئه‌ترسی؟!
دیاره‌، دێوی ئێره‌ ناوی خه‌ره‌نده‌، ئه‌و ئێواره‌یه‌ زۆری برد، تا تارمایی و سامی دێو ره‌ویه‌وه‌ و باوه‌ڕم هات كه‌ خه‌ره‌نده‌ و دێو نیه‌، به‌ڵام خه‌ره‌ند جێی دێوی گرته‌وه‌، ترسی خه‌ره‌ند چی وای له‌ دێو كه‌متر نیه‌، ترسی به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی به‌ سه‌ر خه‌ره‌نده‌وه‌ن، ئه‌و ماڵه‌ چۆن ده‌وێرن لێره‌ بژین؟ خۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆخه‌ و پژمینێكی خه‌ره‌ند، غلۆر ده‌بنه‌وه‌ و تا بنه‌بانێ گیرنابن، ئه‌رێ خه‌ره‌ند بنی هه‌یه‌، من چه‌ندی ملم هه‌ڵبڕی بنیم نه‌دی، پێده‌چێ هێشتا په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ نێوان دێو و خه‌ره‌ند مابێ، ئه‌وه‌ نیه‌ باسی پژمینی خه‌ره‌ند ده‌كه‌م!
تۆ بڵێی ئه‌وشۆ له‌ ترسان چاوم بچێته‌ خه‌وێ! ده‌ترسم بخه‌وم و له‌ خه‌وێ بڕۆم، وه‌ك ئه‌و جاره‌ی رۆیشتم و بابم له‌ كۆڵانێ گرتمیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ خه‌وی ئێره‌ بڕۆم خه‌ره‌ند و خه‌ره‌ند ده‌چم و بابم له‌و دنیاش نامبینێته‌وه‌، ئێ، جارێ له‌ خه‌وێ گه‌ڕێ، مانگه‌شه‌وێكه‌ له‌و دووره‌وه‌ مامز به‌ شاخانه‌وه‌ ببینه‌، كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر نازانم هه‌ندرێنه‌، زۆزگه‌، كیهه‌یه‌، مانگی زۆر نزیككردۆته‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م دارلاستیقی ئه‌نۆی به‌لاشاوه‌ی ده‌گاتێ، ئه‌من له‌ هه‌ولێرێ مانگم وا به‌ نزیكی نه‌دیوه‌، ترسی خه‌ره‌نده‌ دێو نه‌با، له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌چوومه‌ كۆڵانێ و له‌ بن تریفه‌ی زیوینی شاری پاشا، چاوشلكانێم ده‌كرد، زۆریان هه‌وڵدا بچم، له‌ ساقۆكه‌ی بابم دوورنه‌كه‌وتمه‌وه‌، گوێم بۆ باسوخواسی دانیشتنه‌ مانگه‌شه‌ویه‌كه‌ راگرتبوو، پیاوێك سمێڵ كلك مشكیی ردێن ته‌پشووله‌یی ده‌ڵێ:
له‌و هه‌ندرێنه‌ی ده‌یبینن، پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕێكی كرد، له‌شكری پاشای گه‌وره‌ش نه‌یكردووه‌، ئه‌سحابه‌ش نه‌یانكردووه‌.
عه‌لی قه‌ردار پێده‌چوو پاشای زۆر خۆشبوێ:
له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌، پیاوی وه‌ك پاشا ئازا نه‌بووه‌ و نابێته‌وه‌، ئیمامی عه‌لیی زه‌مانه‌ بوو، به‌ڵام حه‌یف شیره‌كه‌ی ده‌ستی وی له‌ ده‌ست نه‌بوو.
ردێن ته‌پشووله‌یی:
ئه‌دی تۆپه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌بی نه‌بوو؟
قه‌ردار قسه‌ ده‌باته‌ لایه‌كیدی، به‌ڵام ردێن ته‌پشووله‌یی و یه‌ك دوانێك ده‌یهێننه‌وه‌ تۆپخانه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌ب.
له‌و مێوانداریه‌ مانگه‌شه‌ویه‌ی سه‌ر لێواری خه‌ره‌ندێ، تۆ بڵێ زگی دێو، من وه‌ستا ره‌جه‌بم به‌ تۆپخانه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ دیت (( ره‌جه‌ب پیاوێكی به‌ خۆوه‌ی تێكسمراوه‌، باسك ئه‌ستوور له‌ عه‌دنان قه‌یسیش ئه‌ستوورتر بوو، گه‌له‌ك له‌ هه‌مزه‌ پاله‌وان ده‌چوو، زۆرانێ له‌گه‌ڵ ئیمامی هه‌مزه‌ بكات، پشتی له‌ زه‌وی ده‌دات، وه‌ستا چاو گه‌وره‌ی برژانگ ره‌شی برۆ پڕ، سمێڵ گه‌وره‌ی بابڕ، ئه‌وه‌تا له‌و كۆله‌كانه‌ی خوارێ به‌ دیار تۆپه‌وه‌ دانیشتووه‌، به‌ ده‌نگێكی قه‌به‌ و گڕ، ده‌ڵێته‌ پاشای گه‌وره‌:
گه‌وره‌م، یه‌كه‌م به‌ خودا، دووهه‌م پشت به‌و تۆپه‌ ببه‌سته‌ تۆ، پشتت به‌ عه‌رد ناكه‌وێ، گه‌وره‌م، خه‌ره‌ندێ خۆ، به‌ ته‌رمی له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ..))
پیاوی بالیف له‌ سه‌ر كۆشێ كه‌ هه‌ردوو ئانیشكی به‌ سه‌ر دابوون، به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ وه‌سپی وه‌ستا ره‌جه‌بی ده‌كرد، ئه‌من ئه‌و وه‌ستایه‌م له‌ به‌ر ده‌می خۆم دیت و هێنده‌ی نه‌مابوو له‌ به‌ری هه‌ستمه‌وه‌، پێشترێ ناوی ئه‌وم نه‌بیستبوو، له‌وێ بیستم و دیتم و خۆشمویست، به‌ڵام چه‌ندی كردم، پاشای گه‌وره‌م نه‌كه‌وته‌ به‌ر دڵی، میری ئێزدیان كوو ئه‌و پاشایه‌ی له‌ كنه‌ من ره‌شكرد!
له‌و دانیشتنه‌ قسه‌یه‌كی بابمم بیركه‌وته‌وه‌:
پیاو ئه‌گه‌ر له‌ حوكمه‌ت یاخی بێت، بێـته‌ ئێره‌ باشه‌، به‌ هه‌زار له‌شكر ناگیرێ.
ئێ، له‌بیرمچوو بۆچی هاتبووین، قه‌رد بوو، وانه‌بوو؟ ئا، عه‌لی قه‌ردار روو له‌ بابم:
به‌هار بوو بیست سه‌ر بزنه‌كه‌م به‌قه‌ردی هاوینێ برد، چاو به‌ره‌ژێرتم، گه‌یشتینه‌وه‌ به‌هار و وا ده‌چینه‌وه‌ هاوین.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر من هات، به‌ سه‌ر دوژمنت نه‌یه‌ت، ئه‌وه‌تا پاره‌كه‌تم له‌ به‌ڕكێیه‌، ده‌مویست سبه‌ی بۆت بهێنمه‌وه‌.
كابرا تووشی كێشه‌یه‌ك ببوو، له‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتێ نزیكه‌ی ساڵێك كه‌وتبووه‌ زیندانی شای ئێرانێ، بابم كه‌ به‌وه‌ی زانی، گۆتی:
كا عه‌لی، هاتنه‌كه‌ی من به‌ سه‌ردان وه‌رگره‌، قه‌رد له‌بیرخۆت ببه‌وه‌.
ئێ، واز له‌ تێكه‌ولێكه‌ی بابم بهێنه‌، ئه‌و شه‌وه‌ بایی نیو ته‌مه‌ن خه‌ونم دیتووه‌، هه‌مووی هه‌ڵات هه‌ڵات بوو، هه‌ڵاتن به‌ ناو زگی دێودا، له‌ ناو زگی دێوێ له‌و سه‌ر غارده‌ ئه‌و سه‌ری، دێو هه‌موو ده‌رگاكانی زگی خۆی به‌ سه‌رمدا داخستووه‌، ده‌گه‌مه‌ هه‌ر ده‌رگایه‌ك زرم زرم، به‌ مست و پێله‌قه‌ لێیده‌ده‌م، كه‌س نایكاته‌وه‌، هاوارده‌كه‌م، له‌ ناو زگی دێوێ ده‌نگده‌داته‌وه‌، كه‌س به‌ هاوارمه‌وه‌ نایه‌، له‌ هیكڕا زگی دێو درزێكی گچكه‌ی تێكه‌وت، ساقۆی بابم ده‌ركه‌وت، كه‌مێكی مابوو ده‌ستم بیگاتێ به‌ ئاگاهاتمه‌وه‌..
له‌ سه‌ر هاتنه‌وه‌، هه‌واڵێكی جه‌رگبڕ له‌ با خێراتر به‌ كۆڵانه‌كانی شاری پاشا بڵاوبۆوه‌:
كچێك خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌ خه‌ره‌ندێ.
تۆ بڵێ ناو زاری دێو، كێیه‌؟ زوو پێكه‌وتم، كچه‌كه‌ی ئێوارێ بوو، ئه‌و كچه‌ی له‌ پرچ و فۆته‌ له‌ زه‌رده‌په‌ڕ ده‌چوو، به‌ڵام نه‌مزانی له‌ سه‌ر چی، كچه‌ زه‌رده‌په‌ڕی ناو زگی دێوێ كه‌ له‌ نیوه‌ی رێ گیانی ده‌رچووبوو، ئێمه‌ی تا نیوه‌ڕۆ له‌وێ هێشته‌وه‌، له‌ هاتنه‌وه‌ له‌ ناو ترومبێلێ، ژنێك له‌ بن لێوانه‌وه‌ ده‌ڵێ:
خودا بیانگرێ، بۆچی نه‌یاندایێ، له‌و پیاوتری ده‌دیته‌وه‌!
ئه‌ها، به‌زمه‌كه‌یه‌، كچه‌ حه‌ز له‌ كوڕێك ده‌كات و نایده‌نێ، له‌ داخا خۆ داوێته‌ ناو ده‌وی دێوێ.
له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گێ، له‌ نزیكه‌وه‌ عه‌لی سه‌ودام دی، له‌وێ پرسیاره‌كم بۆ هات، به‌ڵام له‌ كه‌سم نه‌پرسی:
كچه‌ی فۆته‌ و پرچ زه‌رده‌په‌ڕی، بۆچی وه‌ك عه‌لی نه‌كرد و نه‌هاته‌ گه‌لی؟
منداڵیش پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان به‌ مێشك دادێ!
رێی گه‌ڕانه‌وه‌ش پڕه‌ ورده‌ سه‌ربرده‌، ناسكترینیان له‌و جێیه‌یه‌، كه‌ رێ هێند ته‌سك ده‌بۆوه‌، جێی یه‌ك ترومبێلی لێده‌بۆوه‌، شاخیش هێند نه‌وی بوو له‌ سه‌ر پشتی پیكابێ ده‌ستت ده‌گه‌یشتێ، من ترسم شكابوو، له‌وێ ده‌ستم ده‌گه‌یانده‌ باڕێزه‌ و گیای بن شاخێ، له‌و گابه‌رده‌وه‌ كه‌ عه‌لی عاشق شانی پێدابوو تا گه‌یشتمه‌ لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش و شۆڕبووینه‌وه‌ بۆ ئاوی به‌ستۆڕه‌ و له‌وێ منداڵه‌كه‌ كۆتره‌كه‌ی له‌ ده‌ست فڕی و هێنده‌ی نه‌مابوو به‌ دوایدا له‌ ناو ترومبێله‌وه‌ خۆی هه‌ڵدا، سه‌ربرده‌ زۆرن، به‌ڵام با بمێنن بۆ سه‌ردانه‌وه‌كیدی، لێكیان گرێده‌ده‌مه‌وه‌.
گه‌شتی ناو زگی دێوم بۆ ئازاد و فازیل رێحانه‌ و كه‌ویار و كۆڵان گێڕایه‌وه‌، كه‌سیان باوه‌ڕیان نه‌هات، له‌ دنیایێ جێی له‌و شێوه‌ هه‌بێ.

به‌دوویدا دێ




Comte ,Auguste ئۆگۆست کۆنت … حەیدەر هەمەوەند

ئۆگۆست کۆنت فەیلەسوف و کۆمەڵناسێکی فەرەنسییە بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1798-1857 ) ژیاوە . کۆنت بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی دادەندرێت .

کارەکانی / بۆچونەکانی

کۆنت زانستێکی نوێی داهێنا بەناوی کۆمەڵناسی Sociology . کە بەرای ئەو پێویستە پشت ببەستێت بە سەرنجدان و توێژینەوە لە ئامارەکان لەبارەی رەفتارەکانی مرۆڤەوە .ئەم زانستە نوێیە پێویستە تەنیا وەسف بکات نەک لێکدانەوە یان تەفسیر بکات . مەبەست لە کۆمەڵناسی ئەوەیە کە پێشبینی و کۆنترۆل بکات و پێویستە وەک ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بونیادی کۆمەڵگە دابڕێژێت .
کۆنت کۆمەڵگە دابەش دەکات بەسەر دووبەشی بەسەر دوو بەشی سەرەکی کە بریتین لە :
١- ستاتیکای کۆمەڵایەتی ) یان نەجووڵاوە کۆمەڵایەتیەکان ) Social Statics
ئەم بەشە بایەخ دەدات بە شتە نەجووڵاوەکانی کۆمەڵگە کە بریتین لە زمان ، ئاین و دابەشبووی کار .
٢- دینامیکای کۆمەڵایەتی ( یان جووڵاوە کۆمەڵایەتیەکان ) Social Dynamics
بایەخ دەدات بە جووڵاوەکانی کۆمەڵگە ، واتە پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێتەوە چونکە کۆمەڵگە هەمیشە لە گۆڕاندایە .
کۆنت لە بیردۆزێکیدا بەناوی یاسای سێ قۆناغ Law of Three Stages رووانگەی خۆی دەخاتە روو لەسەر بنەمایەکی مێژووییانە بۆ پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی Social Evolution. ئەوهەروەک هیگل و مارکس پێیوابوو کە گەشەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەستراوەتەوە بە حەتمیەتگەرایی مێژووییانە Historical Determinism . کە تێیدا بیرۆکەکان و دامەزراوەکان هاوشانی یەکترن و هەر قۆناغێکیش بە شیوەیەکی زەروری بەندە بە قۆناغی پێش خۆی .
کۆنت هەر لەم رووانگەشەوە بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە پرۆسەی گەڕان بەدوای مەعریفەدا ، بێگومان لەم بوارەشدا رەهەندی مێژوویی ئامادەیە ولە هەر قۆناغێکدا بیروبۆچوون و باوەڕەکان رەنگدانەوەی هەمەلایەنەو راستەوخۆیان هەبووە لەسەر چۆنیەتی و ئاستی مەعریفەی مرۆڤ سەبارەت بە دیاردەکانی سروشت و کۆمەلگەدا .

یاسای سێ قۆناغی کۆنت هەروەک بەناوەکەیەوە دیارە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکرێت کە ئەمانەی خوارەوەن :

یەکەم : قۆناغی ئاینناسی The Theological stage

لەم قۆناغەدا مرۆڤ هەموو جۆرە دیاردەیەکی سروشتیان بە دروستکراوی خوداکان یان هێزەکانی سەرووی سروشت دەزانی و هەموو مەعریفە و روونکردنەوەکانیش هەر لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزرابوون .

کۆنت ئەم قۆناغەشی کردبوو بە سەر سێ قۆناغی کورتتر کە ئەمانەی خوارەوەن :
1- بتپەرستی Fetishism ، لەم قۆناغە سەرەتاییەدا مرۆڤەکان ساکاربوون و باوەڕیان وابوو کە ماددە مردووەکان گیانیان هەیە و هێز و دەسەڵاتیان هەیە بەسەر دیاردەکانی سروشت و گیاندارەکاندا .بۆیە ئەوان ماددە مردووەکانیان دەپەرست بۆ نموونە دار و بەرد و ئاگر و هتد .
2- فرەخودایی Polyteism , لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان لە یەک کاتدا باوەڕیان بە زۆر خودا هەبوو چونکە پێێان وابوو کە هەر خودایەک لێپرسراوە یان دەسەڵاتی بەسەر دیاردەیەکی دیاریکراودا هەیە لە سروشتدا . بۆ نموونە ، خودای باران ، خودای دەریا ، خودای هەوا و هتد .
3- یەکتاپەرستی Monotheism ، واتە باوەڕبوون بە یەک خودا .لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان باوەڕیان وایە کە تەنیا خودایەک لێپرسراوە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو گەردووندا هەیە .

دووەم : قۆناغی میتافیزیک The Metaphysical stage

لەم قۆناغەدا چەمکە میتافیزیکیەکان برەویان پەیدا کرد بەتایبەتی ئەو چەمکانەی کە لە رۆژگارە کۆنەکانی یۆنان و رۆمانەکان لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە بەکار دەهێنران بۆ نموونە چەمکەکانی ( مافی سروشتی ) و (دیموکراتی) و (جەوهەر) و هتد . بەجۆرێک کە ئەم چەمکە داماڵراوانە Abstract Terms زیاتر لە چەمکە ئاینیەکان بە کاردەهێنران لە توێژینەوە و دەربڕینەکان سەبارەت بە پرسگەلێکی جیاواز لە بوارەکانی مەعریفە سەبارەت بە سروشت و کۆمەڵگە . بەڵام کۆنت پێیوابوو کە ئەم چەمکانە مانایەکی بابەتیان نییە بەڵکو هۆکار بوون کە گریمانەی هەڵە لەبەرچاو بگیرێن . ئەم قۆناغە لە رۆژگاری رۆشنگەرایی Enlightenment دەستی پێکرد و دواتریش بەردەوام بوو.

سێیەم : قۆناغی پۆزیتیڤیەتی The Positivity stage

ئەم قۆناغە بە دوا قۆناغ و دەژمێردرێت و کۆنت وەکو بەرزترین قۆناغ و پشت بەستوو بە زانستی دەزانێت چونکە زانست لەم قۆناغەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدایە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەی چاودێریکردن Obseravtion ، تاقیکردنەوە Experiment و بەراووردکردن Comparison روونکردنەوە و پاساوی زانستیانە بەدەست بهێنێت بۆ رووانگە مەعریفیەکانی لە هەموو بوارەکاندا .
بیردۆزی دووەمی کۆنت بریتیە لە هەرەم یان پایەبەندی زانستەکان Hierarchy of the Sciences The . ئەو لەم بیردۆزەیدا زانستەکان بەشێوەیەکی هەرەمی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دابەش دەکات بە سەر چەند پایەیەک ، لە خوارەوە ماتماتیک ،ئینجا ئەستێرەناسی ، فیزیک ، کیمیا ، زیندەوەرزانی و لە کۆتاییدا کۆمەڵناسی .ئاشکرایە کە کۆنت یەکەم کەس بوو زانستی کۆمەڵناسی داهێنا .
ئەم جۆرە رێکخستنە یان دابەشکردنە هەرەمیەی زانستەکان پەیوەندیەکی نزیکی هەیە بە یاسای سێ قۆناغەکە چونکە هەروەک چۆن هەریەک لەو قۆناغانەی مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر قۆناغی پێشتر بنیات نراوە بەهەمان شێوە هەر زانستێکیش لەسەر زانستەکەی پێش خۆی بنیات نراوە ، بەڵام زانستە جیاوازەکان بە تەووژمی جیاواز گەشە دەکەن . هەرفۆرمێکی مەعریفەش دەگاتە قۆناغی پۆزیتیڤیەتی بەگوێرەی گشتگیری ، ئاسانی و پشت نەبەستن بە بەشەکانی دیکە .
کۆنت پێیوایە کە لە قۆناغی پۆزیتیڤیەتی پێویستە پایەبەندی زانستەکان جێگەی ئاینناسی و میتافیزیک بگرێتەوە ..
هەروەک لەم رێکخستنەی کۆنت بۆ زانستەکان دیارە هەر زانستێک لەسەر زانستەکانی پێش خۆی بنیات نراوە ، بۆ نموونە کیمیا لەسەر زانستەکانی فیزیک ، ئەستێرەناسی و ماتماتیک بنیات نراوە . کۆمەڵناسیش لەسەر هەموو زانستەکانی ژێر خۆی بنیات نراوە .هەروەها لە بنکەی هەرەمەکەوە کە بە ماتماتیک دەست پێدەکات تا بەرەو باڵاتر بڕۆین گشتگیریەتی زانستەکان کەمتر دەبێت و هەر زانستێکیش تایبەتمەندتر و ئاڵٶزتر دەبێت .بۆیە بەڕای کۆنت زانستی کۆمەڵناسی کە دەکەوێت بەرزترین ئاستی هەرەمەکە تایبەتمەندترین و ئاڵۆزترین زانستە.

خودی رووانگەی پۆزیتیڤیزم Positivism کە رووانگەی کۆنتە لەسەر چەند پرینسیپ ( یان بنەما) Principle و چەند رووانگەیەکی فەلسەفی دیکە دامەزراوە کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بە گرینگترینیان بدەین :

1- سروشتگەرایی Naturalism:

واتە پێویستە پرینسیپەکانی زانستە سروشتیەکان پەیڕەو بکرێت لە بواری زانستە کۆمەڵایەتیەکان .

2- دیاردەگەرایی Phenomenalism :

تەنیا ئەو دیاردانەی کە مایەی چاودێری کردنن دەتوانن زانیاری برەودارمان پێ ببەخشن .

3- ناوگەرایی Nominalism:

ئەو ووشانەی هەڵگری بایەخی زانستین پێویستە بچەسپێنرێن و مەرج نییە بوونی ووشەیەک بەڵگە بێت بۆ بوونی ئەو شتەی کە وەسفی دەکات یان ئاماژەی پێ دەکات .

4- ئەتۆمگەرایی Atomism :

دەتوانرێت کە شتەکان بۆبچوکترین پارچە پێکهێنەرەکانی ووردبکرێن یان شی بکرێنەوە ئینجا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت (چونکە گشت بریتیە لەسەرجەمی پارچەکانی).

5- قانوونە زانستیەکان Scientific Laws :

مەبەستی زانست خولقاندنی یاسای گشتێنراوە کە لە خزمەت پێشبینیەکاندا بێت .

6- فاکتەکان و بەهاکان Facts and Values :

گەڕان بەدوای فاکتەکان Facts پێویستە . بەهاکان Values هیچ بایەخی زانستیان نییە .




مردوویه‌ك ئاگای له‌ هه‌مووانه‌ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


تاج سه‌ر گران ده‌كات

تاج چاوی له‌و دره‌ختانه‌ ڕوون بووه‌ لێره‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌
بۆنی گیای لاڕێیانیشی به‌ئاگا هێنا
ئه‌وه‌شی گوت ڕۆح گۆشت و ئێسكی نییه‌
دوای ماوه‌یه‌كی كورت
كه‌وته‌ سۆراخكردنی ونبووه‌كانی و بریقه‌ی چاویلكه‌ و دڵنیایی
ئه‌سپی جڵه‌و زیوینیشی له‌ گۆڕه‌پانی شێوه‌ په‌رستگا خه‌ڵات كرد به‌ زوو ورووژانی په‌پووله‌
ئه‌فسوونێكی له‌ چه‌كه‌ره‌ و نه‌رم و شلی گوان
دا به‌ گژوگیای ئاڵووده‌ی نیاز و مراز له‌سه‌ر خوێندراو
گژوگیا كه‌سوكاری منن
ڕزگاریان كردم له‌ گه‌مارۆ و داوی فریو
مه‌ره‌كه‌ب و كاغه‌ز و یاد خۆیان له‌ناو ڕێكخست
ئه‌م سرووشه‌یان هه‌ڵدا
ژیان و مردن بردنه‌وه‌ و دۆڕان نین
شیر و
قاوه‌ و
دیوان و
مۆمی ده‌م به‌سووراو و سپیاو
سۆز و سێبووری و بێ په‌روایییان تا گه‌یشتن به‌خۆت به‌رز بووه‌وه‌
هاواره‌ به‌هانا هاتووه‌كانت كه‌ به‌دڵێكی به‌هێز شووره‌ دراوه‌
هه‌ڵده‌ سه‌ره‌ ڕێگاكان
نه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تا كاروانت ده‌جمێ
نه‌ له‌ كۆتاییی واق وڕمانێكی له‌ناكاو و له‌بیرنه‌چوو
گیانت ده‌كات به‌ قۆزاخه‌ی حه‌كایه‌ت و ئه‌فسوون
له‌ نامه‌یه‌كی تایبه‌تیدا داوا بكه‌
پێویستیم به‌ ده‌سته‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ر هه‌یه‌
له‌ناو گه‌رمایی دێڕه‌كانم
هونه‌ری پێگه‌یینی میوه‌ بكه‌ن به‌ بیركردنه‌وه‌ و خولیا و ڕژانی تاڤگه‌یه‌ك
ئه‌ی سه‌مای ڕێشمه‌ و زه‌نگوڵه‌ی نه‌رمی كۆچی به‌خته‌وه‌ری
ئه‌ستێره‌ بۆیه‌كراوه‌كانی ناو ڕسته‌ سڕه‌كان له‌ خه‌ودا بڕژێنه‌
هه‌نگ هه‌نگوینیان بڕییه‌وه‌
نه‌مانزانی ئه‌و ته‌شته‌ ئاوه‌ی حه‌وشه‌مان خۆش بوێ
كه‌ تریفه‌ی مانگی بۆ پاراستین
سڵاوت لێ ده‌كه‌م ئه‌ی ئاسووده‌یی
به‌دڵ ئاوڕێك له‌ پاشماوه‌ی برینه‌كانمان بده‌ره‌وه‌
كولانه‌وه‌یان كێڵگه‌یه‌كه‌ مه‌ست و ڕازدركێن
مۆم تێكۆشه‌ری بنه‌ماڵه‌ی ڕووناكییه‌
جه‌نگێكی گه‌وره‌ی بردووه‌ته‌وه‌
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی ژیان
گوێ له‌و ده‌نگانه‌ ڕاده‌گرن ده‌بنه‌ ئاواز
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی مردن
گوێ له‌و ده‌نگانه‌ ڕاناگرن نابنه‌ ئاواز
گوێ گرتن و نه‌گرتن بردنه‌وه‌ و دۆڕان نین
خانه‌ی دوو گوڵن چاوه‌ڕوانین ببنه‌ شانه‌ی هه‌نگوین
ده‌توانین پێیدا بڕۆین و بێینه‌وه‌
بازێكی ڕاونه‌كراو له‌ناو ڕه‌زێكی خان و مان
له‌ باوه‌شی دره‌ختێكی نزم خۆی هه‌ڵدا
پڕشنگی به‌هره‌ دانه‌وێڵه‌ و ئومێدی له‌ نزیك ده‌نووك و باڵی دانا
بۆنی حاجیله‌ی كوتراویش له‌ناو گۆره‌وی و ئاون ده‌نیشێته‌ شوێن پێیه‌كانی
وه‌ك پێروو ده‌جریوێنن
بێ چرا كتێب كه‌سێكی له‌ بیركراوه‌
شه‌وقی ڕووداوه‌كانی ساڵ چه‌شنی باران
ئاوی سه‌ر به‌ شه‌خته‌ به‌ئاگا ده‌هێنێت
بۆن و به‌رامه‌مان بۆ ده‌نێرێته‌ ماڵه‌وه‌
قه‌ڵه‌مكێشی كۆچكردووان و گڵۆپی سه‌ر حه‌وزی ماسی و چه‌تری گوڵفرۆشان
په‌ڕه‌ی زمانن قه‌ت ده‌ماری درۆ له‌ده‌میان لێنادا
وایان كردووه‌ به‌ وچان و دره‌وشانه‌وه‌ ته‌ماشامان بكه‌ن
دره‌ختی بڵند و لك به‌هێز
بۆ جۆلانه‌ خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ن و ڕه‌گیان به‌ ناوچه‌وانمانه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌ن
ئاڵۆزیی ژیان و ساده‌یی مردن كه‌ به‌هره‌ی تیشك و سێبه‌رن
ناكۆكییه‌كانیان خاو ده‌بێته‌وه‌
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی ده‌بنه‌ مۆسیقایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و خۆده‌كێشن به‌ هه‌ورێكدا له‌ دڵدا ده‌بارێ‌
كتێبه‌وانێك له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی چاو داناخا و وشه‌كان به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆن
چووه‌ ناو دواین جه‌نگی ڕه‌ش و سپی و خۆی ته‌نیا كرد
به‌ تاجی كتێبه‌وه‌ هاته‌وه‌ یه‌كه‌م كۆڵانی شار
تێگه‌یشت ئاووهه‌وا و ئاوێنه‌ی به‌رانبه‌ری
ڕوخساری ڕۆشنی ئه‌سپه‌ یان هێزی ڕاوچیی ڕێوی
تاج ناوی تاجدار ده‌زانێت
خۆرێكی ساده‌ هه‌ڵیگرتووه‌ و به‌سه‌ر ناوچه‌وانی دنیا ڕه‌تده‌بێ‌

تشرینی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر

زمان و دڵی مانگ

په‌پووله‌یه‌ك له‌سه‌ر شانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ فڕییه‌ سه‌ر شانی من
ته‌په‌ی باڵ و نیشتنه‌وه‌ بۆنی خۆشی گڵه‌سه‌رن له‌ پرچێكی خورمایی كاڵدا
پێویستییه‌كانی ڕۆژ هه‌مووی جوانین و له‌ ڕۆژژمێردا به‌ دێڕێك ئاماژه‌ی پێدراوه‌
كاتژمێری قورمیشدار ئاماده‌ت ده‌كات بۆ بێداركردنه‌وه‌ی په‌رده‌
تیشك به‌شی خۆی بداته‌ ژووره‌كان
جۆشی قۆریه‌ كه‌ به‌ناو دڵی هه‌ڵوه‌دای كازێوه‌دا ڕه‌ت ده‌بێت
باوه‌شی ماڵ پڕ ده‌كات له‌ شیرینی
كرۆسك و ددانی شیری تێیدا گه‌شه‌ ده‌كه‌ن
داوه‌ڵ پشووی بێستانه‌وانه‌
مه‌یموون و كه‌روێشك خه‌یاڵیان ده‌مرێ و باركه‌وتوو ده‌بن
نامه‌ی جه‌نگاوه‌رێك له‌ناو ده‌ست و په‌نجه‌ی پۆسته‌چیی شار بانگی كه‌ڵه‌بابه‌
ئه‌ستێره‌ی تاریك و ڕوونی لێ به‌گرشه‌ گرش كه‌وتووه‌
مێرگی ئه‌سپه‌كان و ڕۆژی سپیی سه‌ر چیاكان
گیان و لێكدانه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ نازی ڕه‌نگ له‌ناو په‌لكه‌زێڕینه‌دا
په‌لكه‌زێڕینه‌ جوانیی سه‌رزه‌مین بۆ ئاسمان ده‌بات
پێچكه‌ی گالیسكه‌ له‌ناو فریز په‌ڵه‌كانی جه‌سته‌ی به‌ خوناوی شادمانی لاده‌دات
سه‌رنشینه‌كانی نقێمی ئه‌نگوستیله‌یان چاون
له‌ كاتی ده‌ستگیران هه‌ڵبژاردندا كه‌ سروه‌ و ڕشێنه‌ی باران په‌رژینی دارین ده‌شكێنن
گوڵه‌جۆ و گه‌نم له‌ ناوچه‌وانی كار و به‌رخ شه‌پۆل ده‌ده‌ن
ناز و فیزی شێر له‌و كاته‌دا گه‌رم ده‌بێت
كه‌ ته‌رمی نێچیر له‌ناو ده‌سته‌كانی ده‌شێلێت و گۆشت و ئێسك لێك جیا ده‌كاته‌وه‌
ته‌نیا مرۆڤ پێویستی به‌ئاسووده‌ییی ناو ئاوێنه‌یه‌
ده‌زانێت كه‌ ناشیرین بوو ئیدی ته‌واو به‌هره‌ و به‌رهه‌می له‌ نوێوه‌ ده‌ست پێناكاته‌وه‌
ژیانیش به‌رده‌وام خوان پڕ به‌هره‌ و به‌رهه‌م ده‌كات
بوێری باڵنده‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌
ئه‌وانیش له‌ مه‌ستیی فڕینێكدا ئاسمان خاڵی ده‌كه‌ن له‌ برووسك و پاشماوه‌ی
نه‌رم نه‌رم له‌ ئاسۆی پڕی سپێده‌دا دێنه‌ خوارێ
به‌سه‌ر گۆچانی پیره‌كان ده‌نیشنه‌وه‌
پیره‌كانیش ترپه‌ی لێدانی دڵی خۆیان گرێ ده‌ده‌ن به‌باڵیانه‌وه‌
باڵ ئه‌ی پشت و په‌نا و جوامێری ناو دانیشتنه‌ تایبه‌تییه‌كان
ڕه‌وانبێژ و سه‌روا و كێشدارمكه‌ به‌ تكای گوڵه‌باخ له‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی دڕ
خه‌ریكه‌ ڕووناكی له‌ چاوانم كۆ نابێته‌وه‌
ئه‌لفوبێی ژیانی خۆم له‌ به‌رزایییه‌كان هه‌ڵدایه‌ ده‌ستی خوداوه‌ند
ڕه‌شنووسی به‌خت و ناوچه‌وانیشم دوور له‌ نزرگایه‌ك شارده‌وه‌
ئه‌ی ده‌ریای نوستووی خه‌ونی خۆ ئاشكرا كردوو
به‌رپا بووه‌ زه‌بر و زه‌نگ و جه‌نگی جودایی
ده‌سته‌ودامه‌ن و فریا
جامی ئه‌فسووناوی گیانم پڕكه‌ له‌ به‌هره‌ و به‌رهه‌می خودایی
مانگی له‌ ده‌ست مه‌رگ هه‌ڵاتوو
شانمی به‌ قه‌ڵا و مۆزه‌خانه‌ و ئاوێنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زانی
زمان و دڵی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ بكات
تریفه‌یه‌ك له‌ناو جامی ئه‌فسووناوی خودادا
برژانگی چاوه‌ گه‌وره‌كانی كردنه‌وه‌
به‌ وریایییه‌وه‌ دوا
دوای چه‌ند چركه‌یه‌كی خوماری
گه‌شتوگوزار و غه‌زه‌لی ئه‌سپ و بریقه‌ی چاوی پێغه‌مبه‌ره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌گۆڕێن
هه‌ندێك زمان و دڵ په‌یدا ده‌بن
سێبه‌ریان ڕۆحی تێدایه‌
ئه‌رێ سێبه‌ری ڕۆح تێدا ئاسووده‌
زه‌بر و زه‌نگه‌كانی داهاتوو له‌ پێناو چیدا ده‌بن به‌ جه‌نگ
كوكوختی هۆگر به‌حه‌وشه‌ و ماڵ و سه‌ر ئالێری ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان
له‌ وشه‌ی هه‌ڵكه‌ندراوی ناوچه‌وانی خانووی باپیران دێنه‌ ده‌رێ
له‌ناو فه‌خفووری ماستی منداڵه‌كانمان
له‌ ڕه‌نج و ڕاز و هه‌وای بێباكی نقووم ده‌بن
ده‌ست به‌ سه‌ری ئاگرودوو داده‌هێنن
گه‌رمایی ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌ ده‌رگا كردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ستییه‌كان
پاشان له‌سه‌ر ئاڵای داگیراو پاشه‌ڕۆ ده‌ڕێژن
ئه‌رێ مانگ له‌ زه‌ماوه‌ندی جاویدانی زمان و دڵدا
چ شه‌ربه‌تێك ده‌خورێته‌وه‌
مه‌شخه‌ڵی سه‌رشانم فڕییه‌ ناو چاوی په‌پووله‌
ئه‌و چاوه‌ ڕه‌نگی خودا و ڕه‌نگی ئاو و ڕه‌نگی شیعری پاراست
به‌هره‌ و به‌رهه‌می له‌ نوێوه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

تشرینی دووه‌می 2005 هه‌ولێر

ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌رێك

به‌چاوی گایه‌كی قوربانی ته‌ماشای باڵنده‌ی ده‌نووك له‌ناو ئاو ده‌كه‌م
خودا به‌نیازی سڵاو چاوی داوه‌ته‌ ده‌ستێك
ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێوه‌ بشه‌كێته‌وه‌
قوماشی ڕه‌ش و سپی بڕی
پرسه‌ و كفن
پیت ڕژانه‌ ناو ده‌مم
توانیم وشه‌ لێكده‌م و داوا بكه‌م
مانگ به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌ پڕ و نارنجی و له‌ گڕوگاڵدا بێت
به‌و نازه‌ی داویه‌تییه‌ ئاوی ڕژاوی حه‌فت چیایان
چه‌تر هه‌ڵدا و شه‌ڕی باران بباته‌وه‌
چه‌تر شه‌ڕی باران ده‌كات
په‌یكه‌رێك حه‌فتا ساڵ پیاسه‌ی به‌سه‌ر پردی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ڕووباردا كردبوو
پاشان له‌سه‌ر گردی به‌ ئاڵا داپۆشراو دانیشتووه‌
ئاوێنه‌ی دابووه‌ ژن و شووشه‌ بۆنی وه‌رگرتبوو
سه‌یری په‌ند و وێنه‌ی سه‌ر قه‌ڵغانی كردبوو
قسه‌ی توندیشی له‌گه‌ڵ وه‌ردیان كردبوو
نامه‌ی له‌سه‌ر باڵی به‌ ناز و فیزی كۆلاره‌ نووسیبوو
سه‌رسام بوو به‌
گوێی كه‌روێشك و
گواره‌ی شۆڕ و
پیاڵه‌ی چا و
ڕووناكی ڕووی زه‌وی
بلووری لامپای سڕیبووه‌وه‌
تووتن و پایپی خۆش كردبوو
زۆر ته‌ماشای ڕوخساری دایك و باوكی كردبوو
وایده‌زانی ده‌مرن و به‌جێی ده‌هێڵن
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دره‌خت و باڵنده‌ و هێلانه‌ و هێلكه‌ی باش ناسیبوو
گڕوگاڵ و داره‌ داره‌ی منداڵیی ده‌بێته‌ كاروانسه‌را
یه‌كه‌م هێلكه‌ له‌وێ ده‌ترووكێ
یه‌كه‌م ئاو له‌وێ‌ ڕوونده‌بێته‌وه‌
یه‌كه‌م باڵ له‌وێ‌ ده‌فڕی
یه‌كه‌م شیر له‌وێ‌ هه‌وێن ده‌كرێ‌
له‌ بریقه‌ی خان و مانی ڕه‌ش و سپی
ڕه‌نگه‌كانی دی له‌واندا ده‌ڕژێته‌ سه‌ر نۆته‌ی سرووده‌كانمان
سروود بووه‌ پشتی ئه‌سپ
پشتی ئه‌سپ بوو به‌ زێد و ماڵ و له‌دایكبوونمان
به‌كامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان ده‌دا به‌ پاڵه‌وانی هیوا و سه‌رپێخستنی خه‌ونه‌كانمان
باڵنده‌ی هه‌مه‌جۆری شادمانی له‌شكری بوون
په‌لكه‌زێڕینه‌ش بیر و بۆچوونی
له‌شكر كه‌ ده‌ڕژێنه‌ بڵنداییی ده‌موچاوی
به‌نیازی ناسكبوونه‌وه‌ی نیشتنه‌وه‌ و بڕیاردان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و باڵ گه‌رمبوون بۆ كۆچ
بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و قسه‌ و باس بۆ یه‌كه‌م په‌ڵه‌ی ساڵ ده‌دركێنن
ئێمه‌ زۆر پێویستمانه‌ بیزانین
گوڵه‌كانی له‌ ڕێوڕه‌سمی له‌دایكبوون و مردنی ده‌خرێنه‌ سه‌ر په‌یكه‌ری
ته‌نیان وه‌ك ته‌ڵه‌ شخارته‌ی به‌كارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری
بولبول له‌ پاڵیان بانگی به‌ چل باڵفڕین و نیانی جۆلانه‌ و جه‌ژنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ون كردووه‌
دوای سه‌رگه‌رمی دیته‌نییه‌ك
گۆشه‌نشین و خه‌واڵوو هه‌ناسه‌یه‌كی دایه‌وه‌
ماسوولكه‌ی جه‌سته‌ی به‌شڵه‌ژاوی و گه‌روو وشكییه‌وه‌ سه‌یری ده‌می ڕاهێنه‌ری وه‌رزشوانی ده‌كات
چێژ له‌ یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كڕێوه‌ی گه‌ڵا و ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌زانێت ژیان چییه‌ وه‌رناگرێت
به‌ڵام خه‌یاڵ كه‌ دووڕوویی مرداندووه‌
بێ بگره‌ و به‌رده‌ به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت
له‌ بۆنه‌ی ئاشقبوونی شه‌ونمی سه‌ر گیا و شه‌ڕی چاوه‌زار
ده‌بێته‌ ده‌ستێك له‌ناو قۆزاخه‌دا ژیاو بۆ خۆشی و ناخۆشییه‌كان
هه‌ڵیده‌داته‌ ناو ئاهه‌نگه‌كانی كۆچه‌رییان
بیره‌وه‌ری گوێڕایه‌ڵی ده‌بێ‌ و سوودی پێده‌گه‌یه‌نێت
هه‌ڵه‌ و نوێژه‌ درۆینه‌ی له‌ بیر ده‌باته‌وه‌
ده‌ستێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ڕاستگۆ و ناهێڵی وه‌خت به‌سه‌رچێ‌
نامه‌كانی ده‌خاته‌ پۆسته‌وه‌
نامه‌ هاتووه‌كانیشی وه‌رده‌گرێت
ڕێگا پێچاوپێچه‌كان هه‌موو شتێكیان پێدا دێت و تێده‌په‌ڕێ
ڕۆژی هه‌میشه‌ بۆنخۆش به‌شه‌قبوونی خاك
كاتێك دومبه‌ڵان خۆی ده‌ناسێنێ
لێده‌گه‌ڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچه‌وانی هه‌ر هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان تێكه‌ڵی بن
له‌ گه‌رمه‌ی سه‌ما و ناخ جریواندن و دیته‌نی خودا
دڵی ده‌شوات و ده‌ڕوا
پڕ ده‌ستمان كڵۆ شه‌كر و مۆری به‌خت ده‌كات
ده‌توانین كه‌لوپه‌ل و وێنه‌ی به‌هره‌مه‌نده‌كانمان بكڕین
ده‌سته‌سڕی ته‌نكیش له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرین
بێباكی بڵندبوونه‌وه‌ی چنار
ده‌بێته‌ شوێنێك وه‌ك قۆزاخه‌ی ئاوریشم
جوانكراو به‌سپێنه‌ی هێلكه‌
ئاسووده‌ و پڕ به‌هره‌ و په‌یماندار
هه‌موومان شه‌قامێكمان ده‌بێ تێیدا بچینه‌ سه‌ردانی خزم و كه‌س و براده‌ره‌كانمان
ڕۆژ كه‌ ئاوا ده‌بێ
ته‌واو ئه‌ڤینی خۆی كردووه‌
سڵاو
سڵاو په‌یكه‌ری په‌روه‌رده‌ی شیر و شه‌كری دایك و باوك و بارانی سێبووری
تێگه‌یشتی بۆ جارێ‌ نامری
ئه‌و دره‌خته‌ی تۆ تێیدا گه‌شه‌ت كردووه‌
ده‌بێته‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی شیعر
ئه‌و هه‌موو وزه‌ی تیشك و ئاو و په‌ین و ڕووخۆشی خۆڵه‌ت پێشكێش ده‌كه‌ین
كه‌ خوداوه‌ندی به‌هره‌ و سرووش ڕسكاندوویه‌تی

كانوونی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر

ڕژانی موورووی به‌خت

گردێكی په‌رژینكراو به‌هونه‌ری ده‌ستنووسه‌كانی په‌یام
خودا هه‌میشه‌ دانیشتنه‌ تایبه‌تییه‌كانی تێدا ئه‌نجام ده‌دات و چاوه‌ڕوانه‌ گه‌وره‌تر بێت
دره‌ختی زمانیش به‌گۆپكه‌ی نه‌كراوه‌ لكی گران بوو
ده‌نگی پێغه‌مبه‌ره‌كانی له‌وێ
یه‌ك به‌دوای یه‌ك ئاوازدار كرد
ده‌ستی به‌ڕوخساری ساده‌ییماندا هێنا و قووڵاییمان دره‌وشایه‌وه‌
موورووی به‌ختی ڕشت
دێوانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناوچه‌وانی كه‌ مۆسیقا و ئاوێنه‌یه‌ بۆ ڕێگاكان
ئاڵای ئاشقبوون و مشتوماڵكردنی یادداشته‌كانی پیشان داین
بای به‌زه‌بر و بێ په‌رواشی ڕاهێنا
ئاراسته‌ی ته‌واوی بخاته‌ سه‌ر
بۆ شه‌كاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پێوانه‌كردنی نازی چاوی باڵنده‌ی سه‌ر هێلكه‌
چاوی له‌ گۆی سه‌یوان گڵۆپی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوون
ئه‌وه‌ی ئامانه‌تمان لای داناوه‌ وه‌ك سپێده‌ی ڕۆژی به‌هار
چاكه‌ی بۆ هه‌موو كه‌س ده‌وێ
گه‌نجینه‌ و خرۆشانی له‌ سێبه‌ری ته‌نكی كه‌لوویه‌ك هه‌ڵگرته‌وه‌
پێش خۆی به‌ڕوونی بینی
زانی پێیه‌كانی له‌سه‌ر
كونی باڵه‌بان
تووله‌ی شفتی
بڕكی گندۆره‌
لاسكی لۆبیا
چێورمه‌ی گۆڕ غه‌ریب
قه‌ڵه‌مكێشی ئه‌سپ
برینی قوربانی
مه‌تاره‌ی شوان
قه‌ڵه‌شی كوارگ
دانه‌نێت و گره‌وه‌كانی كه‌ باپیری له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی خۆی كردبوونی بباته‌وه‌
سۆز و به‌هره‌ی به‌هێزی تێدایه‌ بۆ ناسین
شوێنی حه‌سانه‌وه‌ زۆرن
به‌رانبه‌ریشی تابووت
مرۆڤ به‌دڵێكی خومار چاویلكه‌ی فڕێ دا و جوان خولیاكانی چاوی جێبه‌جێ كرد
هیواكانی له‌ناو دانه‌نا
شه‌پكه‌ی تابووتیش له‌ دره‌ختیدا گه‌شه‌ ختووكه‌ی سووڕی خوێنی داوه‌
ڕازاندوویه‌تیه‌وه‌ش
ته‌مێك له‌ مه‌مكی دێو په‌یدا بوو
بووه‌ تانه‌ی چاویلكه‌ و په‌نجه‌ره‌
ئه‌لف و یێ
به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و زمان نیشته‌جێن
ته‌مه‌نی زه‌وی و زمان به‌و نیشته‌جێبوونه‌ درێژ ده‌بێت
ماوه‌ته‌وه‌ ئاوێنه‌ به‌دیواره‌كان هه‌ڵبواسین
باڵنده‌ی په‌ڕ چه‌ور
ڕۆژانی پشوو له‌ گۆمه‌كان بێنه‌ ده‌رێ
له‌ ناوی بیر بكه‌نه‌وه‌ و چرا و ئه‌لبووم بهێننه‌ سه‌ر مێزی ژووره‌كان
وه‌رزی نیشتنه‌وه‌ و هه‌ڵفڕین و توانای باڵیان بناسن
پاشان به‌ڕه‌نگی شاد و بیری هێمن و بێگه‌رده‌وه‌ بنوون
نووستن فریای
ناخ و
گیان و
ویژدان و
خوێن ده‌كه‌وێت
له‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خانووه‌ دێرینه‌كه‌ی ماڵی باپیرم
كه‌ به‌هه‌شت حه‌زی ده‌كرد بۆ كاتییش بێت
چه‌ند ڕۆژێك خه‌ڵكی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی بهێنێ
به‌ نه‌خش و نیگاری خه‌ریكیان بكات
هێشووه‌ ترێیه‌ك ده‌می له‌ناو كه‌پر شۆڕ كردووه‌ته‌وه‌ ناو ئاوی ڕوونی كووپه‌
ده‌ڵێن باڵنده‌ی په‌ڕ چه‌ور
هێلكه‌كانی ده‌هێنێته‌ ناو كتێبخانه‌ی
ئه‌و شاعیره‌ ساده‌یه‌ی ئاوازی بۆ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ دانا
په‌له‌شی نه‌بوو له‌ پێگه‌یشتنی میوه‌كانی حه‌وشه‌ی
به‌ده‌ستنووس و پرچی كیژه‌كانی دایده‌پۆشێت
له‌ كوێ لاشه‌ی مردوو
گیان گه‌ڕایه‌وه‌ ناوی
كێ چاكه‌كاری گیان چاندنه‌وه‌ ده‌كات
ماسی به‌ناو جۆگه‌كاندا هاتن
بۆ سه‌ردان و یارمه‌تیدانی ڕووبار
قولابی چاوداری ڕاوچییانی سه‌ر ئاو خست
پێنج په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستیش
سامان و سه‌روه‌ری بۆ ئاشقبوون به‌هێز ده‌كه‌ن
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بوێرییه‌ك
ده‌ستی خۆشه‌ویستێكی دووره‌ ده‌ست بگوشێت
مرۆڤ به‌ شكۆ و خانه‌دانی و بوێرییه‌وه‌
ئاوی ڕژاو كۆبكه‌ره‌وه‌ و پاراوبه‌ به‌ هونه‌ری ده‌ستنووسه‌كانی خودا
ئه‌شق به‌ناوی خۆته‌وه‌
بانگت ده‌كاته‌ ناو ڕووناكییه‌كانی پیت و ناولێنان و قووڵاییت ده‌دره‌وشێته‌وه‌

كانوونی دووه‌می 2006 هه‌ولێر

كووپه‌ له‌ مێوانداریی ماسیدا

به‌هێزكردنی چاوی كوشتن و بڕین هه‌مووی به‌ویستی ئه‌ون
ئه‌رێ خودا بۆ ته‌نیایی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد و به‌ره‌و لای ئێمه‌ خاك هه‌ڵده‌كۆڵێ
ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشی وه‌ك چاووڕاو و چاودێر به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌
هه‌ڵوه‌دا و دڵبه‌ده‌ر و كه‌م خه‌ون
پێیه‌كانی له‌ ئاوی چه‌ور و لێڵ ته‌ڕن و گیانی تا ئه‌وپه‌ڕی په‌رێشان
نوێژ و ستایش و پاڕانه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌روونین بۆ گیانی تا ئه‌وپه‌ڕی په‌رێشان
به‌توندوتیژی و زه‌بر و زه‌نگ و زاڵی داوای یارمه‌تی له‌ ناسراو و ده‌ستوپێی كردوون
باڵنده‌ی قاچ ڕووت و ده‌نووك درێژ باڵه‌كانیان ده‌خورێنن داوای باجیان لێ كردوون
جه‌نگ له‌و پێناوه‌دا هاژه‌ی هات
لاشه‌ كه‌فی هه‌ڵدا
لاشه‌ش ئاوێنه‌یه‌كی په‌ڵه‌داری پێشكێش كرد
باڵنده‌ی ته‌مه‌ن كورت ببینێ
له‌ پشتی خۆشی هیچ له‌ دایك نابێت
ته‌په‌دۆری له‌ په‌نجه‌ره‌ی بیستن ناوه‌
داویشی له‌سه‌ر كورسی شه‌یتان و فریشته‌ داناوه‌ته‌وه‌
كتێبی نائومێدی و گریانی جیهان له‌م چاویه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ ئه‌و چاو
ڕه‌وانبێژ و
هه‌واڵدز و
خۆویست و
خۆشدووه‌
ته‌مه‌نی به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كان بپه‌ڕێته‌وه‌
مردنی په‌نجه‌ی كه‌مانچه‌ژه‌نه‌كانیش ببینێ
به‌ ئاگر و ده‌موچاوی ترشهه‌ڵگه‌ڕاوی مانگم مه‌سپێرن
پشت و په‌نایه‌كم هه‌یه‌ هه‌میشه‌ به‌بیر خۆمی ده‌هێنمه‌وه‌
به‌هره‌ و په‌یژه‌ و ده‌فته‌ری پڕ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵفڕیوی مه‌حاڵ ده‌هێننه‌ دی
كارتی جه‌ژنانه‌ فڕێ ده‌ده‌نه‌ ماڵه‌كانمان
وێنه‌ی كێكی مۆم له‌سه‌ر داگیرساویش ده‌گرێ و به‌یادگاری ده‌یداته‌ نه‌وه‌كانمان
وه‌ك شاعیرێكی ده‌موچاو دره‌وشاوه‌ی به‌ختیار
چوارخشته‌كی له‌سه‌ر شیعری باوكی نووسیوه‌
غه‌زه‌لیش چاوی به‌ په‌ڕپه‌ڕه‌ی مانگه‌وه‌ هه‌ڵواسی
له‌ پێچی شه‌قامێكدا ونی كرد
پێنج خشته‌كی و به‌هره‌ وه‌رگرتنیشی مایه‌وه‌
چرای هۆگربوونی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
به‌دوای له‌پكه‌ شینه‌ی دیاری داپیری چاوی ده‌ڕوا و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
هێزی چاو به‌شی شكانی له‌شكری هه‌ڵپه‌دار ده‌كات
ڕۆژنامه‌نووسی به‌ره‌كانی شه‌ڕ
بۆ ماوه‌یه‌كی كورت
له‌ خۆشییاندا له‌ هۆش خۆ ده‌چێ
شیعرێكی ڕۆمانسی ده‌موچاوی ئاوپژێن ده‌كات
مۆم و شخارته‌ی له‌ ده‌م ده‌ڕژێ
گیانی زیو و ئاوریشم و فه‌نه‌ر له‌ ناوی
مردوویه‌كه‌ به‌ندی جه‌رگی هه‌مووان
ئه‌و مردووه‌ی به‌ندی جه‌رگی هه‌مووانه‌ و هه‌ستی بۆمان قوڵپ ده‌دا
له‌ دۆزه‌خ هێلكه‌ی نه‌كوڵاندووه‌
ئاوی پاش هێلكه‌ كوڵانیشی به‌سه‌ر خاولی براده‌رانی نه‌ڕشتووه‌
له‌سه‌رخۆتر به‌ره‌و لام وه‌ره‌ ئه‌ی پیری
بلیتی سواربوونی چه‌رخ و فه‌له‌ك
هێشتان سووڕی خۆی ته‌واو نه‌كردووه‌
بۆنی ڕازیانه‌ و نان ڕشاندنی دایكیشم هێلكه‌م ده‌ترووكێنن
سه‌مه‌نده‌ر برای شیریم بوو
دوای ماوه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ ژیان هاته‌ ناو خوێنم و ئێسكمی توند كرد
باڵنده‌ به‌ناو خۆر بڵند بووه‌وه‌
به‌ ده‌نووكی تووڕه‌ی پشتی گای هاری بریندار كرد
بینینی خوێنی ئه‌و برینه‌ چاوی گای ڕوونكردنه‌وه‌
ئه‌رێ باڵنده‌ به‌ئاسمانه‌وه‌ چیت پێده‌ڵێت
میوه‌ ڕوومه‌تیان به‌ ناز و شكۆوه‌ هه‌ڵده‌خه‌ن
ڕێبوارانیش بۆینباخی قاوه‌یی به‌سه‌ر كراسیان شۆڕ ده‌كه‌نه‌وه‌
شه‌پقه‌ی خورییان داده‌نێن
ماست و زه‌یتوون و كه‌ره‌ و هه‌نجیری وشككراوه‌
له‌ناو سینی چینكۆ شه‌ڕیانه‌ له‌گه‌ڵ لێوی به‌ بار
شه‌ڕ به‌ تاو هات
ئه‌و مردووه‌ی به‌ندی جه‌رگی هه‌مووانه‌ و هه‌ستی بۆمان قوڵپ ده‌دا
له‌ناو شووشه‌ی مه‌ره‌كه‌ب
یه‌كه‌م شت كه‌ بینی ڕسته‌یه‌كه‌ بۆ گیان و دیوان ده‌دوێ
ئه‌رێ گوڵ بۆ هاوسه‌روای
دڵ و
كول و
چڵ و
بولبوله‌
ماسی به‌ناو ئه‌ڵقه‌ی نارنجۆك قه‌ڵه‌مبازی دا و خۆی سپارده‌ كووپه‌ی ماڵی من
كووپه‌ و ماڵی هۆگر به‌ فڕین و بۆنی خه‌نه‌ و مێخه‌ك
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی نیگا ئاڵاو به‌ په‌یمانی نه‌مری پاسه‌وانیه‌تی
به‌رانبه‌ر قسه‌ و هه‌ڵه‌وه‌ڕی و ده‌مهه‌ڵبه‌ست
شارێك چاو ناترووكێنێ
دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك له‌ ده‌موچاومدا به‌هره‌مه‌ندی كردم به‌ هێز و خۆبوونی خودایی
خۆر ڕووی خۆی بۆ ڕاگرتم پێویستییه‌كانمی تێدا بنووسم
ده‌ستنوێژ ده‌گرم و خۆم ته‌نیا داوا له‌ خۆم ده‌كه‌م ئاسووده‌ بمرم
چاوم له‌ نه‌خشه‌ نقووم ده‌كه‌م و گیاكانی له‌ناو دیواری كۆندا شینبوونه‌
باوه‌ڕت به‌ ژیانی دووباره‌ پێده‌هێنێ و بیریش له‌ له‌ناوچوونی بنه‌چه‌ی دایناسووره‌كان بكه‌یته‌وه‌
پێش چوونه‌ گه‌شت خه‌ون وریام ده‌كاته‌وه‌
كێ ده‌بینم و ئاو به‌ده‌موچاوی كێ بپژێنم
له‌ناو شووشه‌به‌ندیش گوێ له‌ گۆرانی نه‌گرم
پارچه‌ قوماشێكی خنكێنه‌ر به‌سه‌ر زایه‌ڵه‌دا داده‌كێشێت
زایه‌ڵه‌ سه‌ره‌تای هه‌موو ده‌ست گوشینێكه‌ له‌ مشتووی خه‌نجه‌ر
به‌خانومانی به‌ره‌و ئێره‌ دێ
حه‌كایه‌ت بۆ باپیره‌ی سه‌مه‌نده‌رمان بكات
سه‌مه‌نده‌ر یه‌ك دوو ڕۆژه‌ مێوانی منه‌ و كه‌سێكی چاوه‌ڕێیه‌
لێشی ده‌پرسێت چاوی پڕ تاسه‌
تاسه‌ی له‌ كوێ و له‌ چی ده‌شكێت
ئێمه‌ مه‌له‌وانین و ڕووباری گه‌رمیش تا قووڵایی ده‌ڕوا و ڕاكه‌ڕاكه‌یه‌تی
بێزاریشه‌ له‌ ده‌ست خڕیی زه‌وی

ئاداری 2006 هه‌ولێر

سووڕی پاراوبوونی بۆن

په‌ری به‌ به‌خششی زه‌رده‌خه‌نه‌ی
خۆی ده‌كات به‌ ناسیار و به‌هه‌شت ده‌هێنێته‌ سه‌ر سینییه‌كی مسین
ته‌مه‌نی ئاڵه‌كۆكیش به‌شی شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان ده‌كات
ته‌م له‌سه‌ر هێڵكارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان لاده‌دات
وێنای هه‌فته‌یه‌كی پڕ جموجووڵ و ده‌ستنووسم ده‌داتێ
سه‌ره‌تای له‌ناو دروست بكه‌م
چه‌كه‌ره‌ی زه‌مینیم و گوێشم له‌ ئاواز و ئاهه‌نگی به‌هره‌ و سرووشه‌
به‌هره‌ و سرووش ئاهه‌نگیان له‌ ماڵی دڵه‌
دیوار و تاق و په‌نجه‌ره‌ی ماڵی دڵ
شێوه‌ و شكۆیان داوه‌ به‌ كتێبی ئاماژه‌كان
سروه‌یه‌ك به‌سه‌ بۆ گه‌شبوونه‌وه‌ی چرا و خوان گه‌رمبوونی
چ ده‌دۆزمه‌وه‌ ئه‌ی كڵاو و گۆچان و خۆزگه‌ی ئه‌سپ كه‌ له‌ خرۆشانی جه‌نگاوه‌ران پشوو ده‌دا
دره‌خت له‌ دڵه‌وه‌ دوا سه‌مای ده‌كرد
لك و پۆپی سه‌رگه‌رم به‌یاداشتی خانه‌واده‌ی ڕه‌نگی سه‌وزێكی پاراوبێت
بۆن و شیله‌ش به‌سه‌ر زه‌ویدا بڕێژێ
پاشان له‌ قۆزاخه‌ی ئاوریشمدا
سووڕی مانه‌وه‌ی ته‌واو بكات و به‌ر جه‌سته‌مان بكه‌وێ
له‌ به‌خت و بینینمان بیكاته‌ شاخی كه‌ڵه‌كێوی
ناوچه‌وانی به‌ردی پێهه‌ڵواسین
گڕوگاڵی گزنگ و زه‌رده‌په‌ڕ لاپه‌ڕه‌ نوستووه‌كانی هه‌ڵده‌نه‌وه‌
به‌رد ئێسكی زه‌وییه‌
نیشانه‌ی سه‌رسامییه‌ك له‌ناو چاوی بریسكه‌ی دا
ڕه‌زێكی گیان په‌ڕه‌كراو
كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دڵی لاچووه‌
گۆپكه‌ كه‌م هۆگرن به‌ لكه‌كانی
گه‌ڵاپیتێنیش تێیدا ساردوسڕ
ناوی میوه‌كانی خۆشی له‌ یاد كردووه‌
به‌ڵام گه‌شه‌ لێوی به‌خێر جووڵاون
هه‌میشه‌ خۆیان به‌بیر ده‌هێننه‌وه‌
ده‌كه‌ونه‌ بیركردنه‌وه‌ش
ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی گۆرانی گوتنم هه‌بێ ده‌توانم بیڵێم
ڕه‌نگه‌كان له‌ زمانێكی ڕه‌وا ده‌هێنم كه‌ ده‌می لێ‌ تاریك نابێ‌
به‌رزیان ده‌كه‌مه‌وه‌ تا ئاستی سه‌ر
له‌ ئاستی سه‌رم شاری یه‌زدان ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌بێته‌ ئه‌و شوێنه‌
به‌هره‌مه‌ندیان خانووی له‌ ده‌فته‌ری یاداشت و گوێچكه‌ ماسی دروست كراوه‌
كاتژمێری ناوه‌ندی شار لێی دا
سمۆره‌
باڵنده‌
مرۆڤ
به‌ره‌و ئێره‌ پێ و باڵ و چاویان كرده‌وه‌
ته‌پوتۆز تێیان ئاڵا
له‌م حاڵ و باره‌دا بزر ده‌بن یان سه‌ریان له‌ناو زه‌رفی نامه‌یه‌كدا
به‌لێوی منداڵ به‌ مه‌مه‌ی شیره‌وه‌ داخراوه‌
دایك و باوكیش له‌ نووسینه‌وه‌ی ڕێگا نه‌بوونه‌ته‌وه‌
ڕێگای دیكه‌ش به‌لێوی ته‌ڕ و جوانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕوویان دێن
نووسینیشیان هه‌مووی ده‌بن به‌ ئه‌مه‌كی پیری پیرۆز و دێنه‌ دڵ و چاومانه‌وه‌
وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ به‌شی نووسینه‌وه‌ی ڕێگا ناكه‌ن
په‌پووله‌ به‌سه‌ر ته‌رمه‌وه‌ نیشتوون
ئاره‌قه‌ی بن باڵیان ئاسووده‌یی دوای گه‌شت و بۆنی نه‌گه‌چڵانه‌
له‌ هه‌موو شوێنێك تێكه‌ڵبوون به‌ ئاهه‌نگی سرووش و به‌هره‌ ئاماده‌یه‌
ده‌توانم له‌سه‌ره‌ ڕێگاكان بوه‌ستم
فه‌رامۆشیشی بكه‌م
به‌ڵام سه‌رمام ده‌بێ
چاوێكی تا هه‌تایه‌ی له‌ ناوچه‌وانم به‌هێز كردووه‌
تێكه‌ڵبوون به‌ ئاهه‌نگی سرووش و به‌هره‌ یاداشتی هه‌مووشمانه‌
له‌ ناوچه‌وانی ته‌ڕی خانووه‌كانمان شه‌وقێكی بێ په‌روایه‌
هه‌میشه‌ لێمان نزیكه‌
له‌ ده‌نگی نه‌رمی قورینگ ده‌گه‌ڕێ
به‌هۆیه‌وه‌ بێته‌ ناو دڵمانه‌وه‌
به‌گه‌یشتنی دره‌ختی ناو شه‌قامه‌كانی شار ڕه‌نگیان پاراو ده‌بێت
ئه‌رێ بۆ به‌س خودا ده‌زانێ به‌هه‌شت له‌ كوێیه‌
خودا پیاڵه‌ی منی پڕ كردووه‌
دایك و باوكم و دایك و باوكیان
چرا و شه‌ربه‌یان له‌ سێبه‌ری قه‌ڵا بۆ دانام
سێبه‌ر گه‌وره‌ بوو
خۆشی هێنا ناو خۆی و تارمایی لادا و لووره‌ی دوورخسته‌وه‌
به‌ ئارامیی كۆترێك بیر له‌ قوربانی بكه‌ره‌وه‌
قه‌ڵا تاجی سه‌ری به‌ ئومێدی چرادان هه‌ڵدایه‌ سه‌ر شووشه‌ی ڕوونی چاویلكه‌كه‌م
له‌ بری ئاسۆی كوڵمه‌ پڕ ده‌ماری چالاك
خۆر ته‌نیایی خۆی تێدا ده‌توێنێته‌وه‌
یاداشتی شارێك كه‌ سڵاو له‌ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵاتوو وه‌رده‌گرێته‌وه‌
له‌ كه‌ڵ ژیانیدا چاڵه‌ ڕه‌شه‌كانی له‌ مه‌دالیای سینگی ناشتووه‌
هه‌ولێر دانه‌وێڵه‌ و میوه‌ و ئاوی بۆ هه‌مووان هه‌یه‌
كراسی بابه‌ نوئێلی بۆ ڕاده‌گرین تا به‌ته‌واوی دڵ
هه‌ڵی ده‌بژێرێ و له‌به‌ر هه‌موومانی ده‌كات
فڕین به‌ باڵ و پێ و دڵ
خۆری مه‌زه‌داره‌ پڕ به‌ ئاسمان وچان ده‌گرێت
ئاسمان چ هه‌ڵبژاردن و سرووش و به‌هره‌ی تێدایه‌
دێته‌ ناو هه‌سته‌كانمانه‌وه‌
هه‌ڵفڕیوێك خۆشحاڵ و مه‌ستی ناو زایه‌ڵه‌ و ڕووناكی زه‌ماوه‌ندی په‌رییانه‌
له‌ ته‌ك مانگ داده‌به‌زێ
ده‌چێته‌ ماڵی ئاسووده‌یی
ئه‌رێ ده‌رگای ماڵی ئاسووده‌یی كلیلی فڵچه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ یان پووشی ناو ده‌نووكی باڵنده‌
تاووس سیمینارێك له‌باره‌ی جه‌ژنی شارێك ده‌گێڕێت
كه‌ كراسی له‌به‌ر هه‌موومانه‌
له‌ناو كتێبخانه‌ خوێن خه‌ست و خۆڵه‌كه‌م
موسا و عیسا و محه‌مه‌د ئومێد وه‌ك خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌
قۆپچه‌ی كراسیان مۆری مێژووه‌
له‌ كۆشكه‌كانیان هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ
ده‌ست به‌ چه‌قۆ ده‌مه‌بۆڵه‌یانه‌
ڕه‌نگه‌كان بریقه‌یان پێچایه‌وه‌
به‌ په‌له‌ و هه‌ڵه‌داوان ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌یان كرده‌ ئه‌فسانه‌یه‌كی واق وڕماو
هیچی لێ به‌ده‌رنه‌كه‌وێت
جه‌ماوه‌ر و ناوبژیوانیش ته‌نیا منم
مه‌لوول و جه‌رگسووتاو له‌سه‌ر به‌ردێكی خاڵخاڵدا
كه‌ پێشتر موسا و عیسا و محه‌مه‌د له‌سه‌ری زۆر ته‌ماشای گه‌رده‌نی ئاسۆیان كردبوو
دانیشتووم و هاواری ناوی خودا ده‌كه‌م
ده‌نووكی سووری باڵنده‌ یارمه‌تیم ده‌دا و لاپه‌ڕه‌ نوستووه‌كانم بۆ هه‌ڵده‌داته‌وه‌
ژنێكی خانومان و حه‌كیمی قه‌تارچییان
كووپێك شیری له‌ده‌ستی ڕوونی چاره‌نووس به‌ خه‌ڵات وه‌رگرتووه‌
له‌ دڵنیاییدا دێت و ده‌چێت
پیته‌كانی ڕێگا و پێشبینیی ده‌مودوو
جوانتر ده‌بنه‌ وشه‌ و ڕسته‌ی خورپه‌دار
ڕه‌ز گوێ له‌ ده‌نگ و ئاوازی په‌رییان ده‌گرێ
ئه‌وجا به‌ری ده‌ڕسكێ‌ و بۆن و شیله‌ ده‌ڕێژێت
ئاو و باخم ڕوون بوونه‌وه‌
دڵۆپێك خوێن له‌ ده‌نووكی هه‌ڵۆ تكا
ئه‌و دڵۆپه‌
ژوور و به‌رژوورێكی لێ ڕسكا
له‌ بلوور و چاو
نازی ده‌رگا كردنه‌وه‌ و لێدانی كاتژمێر و له‌ ناز نه‌كه‌وتنی
ته‌ندوورێكی بۆ خانومانانی شار ئاگر دا
وشه‌كانی كرده‌ ئاردی گه‌نمه‌شامی
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی ئه‌و ماڵانه‌ی ده‌موچاویان باخن
له‌ ده‌ماره‌ هه‌ستیاره‌كانی مه‌مكی خانومان و حه‌كیمی قه‌تارچییان
تێر شیر و هه‌نگوین بوون و چاویان به‌رز هه‌ڵێنا
ڕه‌چه‌ڵه‌كی یه‌ك له‌دوای یه‌كی پێغه‌مبه‌ره‌كانیان ناسی
ئه‌و تاجبه‌خشه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كی پێغه‌مبه‌ران بناسێت
له‌بن باڵی مه‌ل ماندوو نه‌بووه‌
چی تفری ته‌نك و ئه‌ستوور هه‌یه‌ له‌ زمانت لایده‌
شێره‌ی ئاو به‌ زمان جوان دانانه‌ ناو جۆگه‌ جه‌زبه‌داره‌
منی تاجبه‌خش و عه‌وداڵی
با و
ئاگر و
خۆڵ و
ئاو و
ئه‌شق
خودا نیشانه‌یه‌كی له‌ یه‌كه‌مین بانگی خۆی پێشكێش كردم
خه‌م له‌ ئه‌ستێره‌ هه‌ڵاتووه‌كانم بخۆم و لێیان بدوێم
دڵۆپێك خوێن له‌ ده‌نووكی هه‌ڵۆ تكا
ئه‌و دڵۆپه‌
ژوور و به‌رژوورێكی دامێ له‌ ماڵی خوداوه‌ندان
شاعیران به‌ناو كڵاوڕۆژنه‌یدا هاتن
سه‌كۆیه‌ك گوڵی گیان و سه‌روا و كێشیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو
نان و ئاوم له‌گه‌ڵ به‌ش كردن
پاشان به‌هره‌ و سرووش

تشرینی دووه‌می 2006 هه‌ولێر

ئاهه‌نگی ناولێنانی دره‌ختێك

ڕۆژ خۆر له‌دایك ده‌بێ
شه‌ویش مانگ
گه‌نجینه‌ی ئومێد و ئه‌شقی درێژخایه‌نیش له‌و شووشه‌یه‌ی چاو تێیدا خۆڵاوی نابێت
شووشه‌ی به‌ تووكی كه‌روێشك شۆراو ئه‌ی ده‌فته‌ری یه‌كه‌م پڕشنگ هاوێشتن
سه‌رڕێژ له‌ هه‌نگی له‌ شانه‌ هاتووه‌ده‌ر و بۆنی خۆشی خودا و ده‌نگی لاواندنه‌وه‌ی كۆته‌ڵی سواران
زه‌وییه‌كی بێ هاوتا و پاراو و سرووشده‌ریت
هه‌موو خه‌نجه‌ر به‌ده‌سته‌ كه‌مینداره‌ ڕووزه‌رده‌كان ده‌به‌زێنیت
كێ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات
ئێره‌ هه‌وای به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ هه‌ستی گۆپكه‌ و شكۆفه‌وه‌
پڕ دیوان و باده‌ی هه‌نگوینیش
ئه‌و خانووه‌ی منداڵه‌كانم به‌ ته‌مان تاجداری بكه‌ن
له‌ چاوانیان بئافرێنن و بیكه‌ن به‌ په‌یمانی پیرۆز و كتێبی شانازییان
به‌ نه‌رمه‌غار جارێك به‌ده‌وریدا سووڕامه‌وه‌
ئه‌سپه‌كه‌م كه‌وته‌ ناو خۆره‌تاوێكی سه‌رگه‌ردانه‌وه‌
كه‌لوپه‌ل و به‌رد و بناغه‌ی
ده‌بن به‌ تیپی مۆسیقا و كۆرسی گۆرانی سه‌رسامیم و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ مانگ و ختووكه‌دانی
له‌ گۆرانیدا پشووی خێزانیی به‌رپا ده‌بێت
بازاڕی گه‌وره‌ی پڕ شتومه‌ك و پێویستی
دار هه‌نجیریش ڕه‌گی له‌ سركه‌ لاده‌دات
باڵنده‌یه‌كی چاوڕه‌ش كه‌ باڵی مووتوربه‌ بوو له‌
گیای سه‌ر گۆڕی قوربانی و
ده‌مودووی سڵاو كاتێك ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستی و
ده‌ماره‌ باریكه‌كانی دڵی دایكم و
سێبه‌ری ڕوونی برۆی پێغه‌مبه‌ر و
فڕینی چاوی باپیرانم
له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵی من باڵی ڕاگرت
بیری زۆر هێنا و برد
ڕه‌نگی تێكه‌ڵ به‌ هه‌ستی شینایی ده‌ریا و گه‌شبوونه‌وه‌ی ئاسمان كرد
به‌خشندانه‌ خێزانه‌كه‌می هاوێشته‌ ناو گلێنه‌ی
چۆن سۆبه‌كه‌ گه‌رم ده‌كات
منداڵه‌كانم كاتێك ده‌نكه‌ قاوه‌ له‌ ئاون ده‌كوتن و گه‌نمه‌شامی ده‌ته‌قێنن
زرینگانه‌وه‌ی كلیلن هه‌ڵده‌درێنه‌ ده‌ستمان
ده‌مه‌وێت بیهێنمه‌ ناو شكۆی هێلكه‌ ترووكانی كه‌وێكه‌وه‌
له‌ ترووكاندا داوای خۆی له‌ ڕوو ده‌ڵێت
چه‌ند
وزه‌ی تیشك و
ئاو و
خۆڵ و
په‌روه‌رده‌ی ده‌وێت
بۆ گه‌شه‌ و به‌هێزبوونی چاوی
باڵنده‌ی چاوڕه‌ش هه‌ر زۆر لێمانه‌وه‌ نزیكه‌
لكێك له‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ به‌هره‌ی باڵ
به‌ختمان باشه‌ و قه‌ت ڕوومان لێ لانادات
تابلۆی ڕاڕه‌و له‌ سڕینه‌وه‌یدا ئاوازی بۆ گوتراوه‌
له‌ناو ڕووناكیی هاتوچۆكه‌ران
ڕه‌نگه‌كانی پڕ به‌ چاو پڕشنگ ده‌ده‌ن
ئاوازی باڵی مراوی كێوی ده‌كات به‌ براده‌ری ڕێگای دوور و ئه‌مه‌كدار
له‌ ئاره‌زووه‌كانمان بدوێ
ڕاڕه‌وه‌كه‌ش لێوڕێژه‌ له‌ ده‌نگی
ئه‌وه‌ ئێستا ده‌ژیم و خه‌م ده‌خۆم و زه‌وی گه‌رمبوو به‌ خرۆشانی ڕه‌گ ماچ ده‌كه‌م
شێوه‌كارێك تابلۆكانی خۆی ده‌هێنێته‌ بازاڕێكی نزیكه‌ ده‌سته‌وه‌
ئێمه‌ دێینه‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مان
باران ده‌ست به‌ ڕه‌نگ و ڕووی زه‌وی داده‌هێنێت و ده‌یلاوێنێته‌وه‌
دره‌ختێك به‌ناوی منداڵه‌كانمه‌وه‌ ده‌چێنێت
ڕه‌گ و چرۆی دێته‌وه‌ ناوچه‌وانمان
ئه‌ی لای چه‌پی سینگم
بۆن به‌ كام گوڵی پێشكێش كراوتان ده‌كه‌ن
دره‌خت له‌جیاتی ئێمه‌ ده‌ژی و شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌كات
هه‌زاران شت له‌ به‌ری یه‌كه‌می ده‌رده‌كه‌وێت
به‌ گه‌نجبوونه‌وه‌ش
دروود بۆ دره‌ختێك
گیانمی فێری گیانبینین كرد
گیانم چه‌ند ڕووناكی منداڵه‌كانمی تێدایه‌
گوێڕایه‌ڵی ڕووناكیم و ده‌ستم بۆی درێژ كردووه‌
نیازی دڵی خۆمم بۆ هه‌ڵڕشت
گوتی خۆشه‌ویستی له‌ به‌رزی ڕوانینه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا
ژوور و هه‌یوانێكم بۆ دانێ ئه‌ی خودا
ئه‌و كتێبانه‌ی له‌به‌ر نازی په‌لكه‌زێڕینه‌ و شه‌ڕی چاوه‌زاردا ڕسته‌كانیم هێڵ به‌ژێردا كێشاون
ئاڵای به‌ختن له‌ سه‌كۆی ماڵ هه‌ڵدراون
ئه‌وانه‌ی نه‌شمخوێندوونه‌ته‌وه‌
ئاگرودوویان له‌ناو چاوم تریفه‌ی مانگی سه‌رگۆمێكی به‌ستووه‌
خافڵمان ناكات له‌ شیناییی ده‌ریا و گه‌شبوونه‌وه‌ی ئاسمان
ڕووگه‌نمای ئه‌شق ڕوو له‌ شینایی ده‌وه‌ستێ
ئاكام په‌یدا ده‌بێت و ڕووناكییه‌كانی ماڵ ده‌ناسێت
دوو ده‌ست هێزیان له‌ زه‌رده‌ی ئێواره‌دا بوو
په‌یژه‌یه‌كی داریان له‌ حه‌وشه‌ دانا
كێشی هه‌موو ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ ده‌زانێت
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای گه‌شه‌ی منداڵه‌كانم بكه‌م
ده‌بێ خرۆشی قه‌تماغه‌ی برین
به‌ڕوومه‌تی لایه‌ك هه‌نار و لایه‌ك سێوی زه‌وی بچووێنم
با كه‌س نه‌زانێت هه‌نار و سێوی زه‌وی ڕژاوه‌
ده‌نگه‌كانی چه‌شه‌ی ژیانمان نه‌نیشنه‌وه‌
نیشتنه‌وه‌ وشكبوونی ده‌ماری سه‌ره‌
له‌به‌ر خۆرێكی سه‌رگه‌رداندا
له‌ نێوان قڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌ش و جریوه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری ئه‌ستێره‌ی كاروانكوژه‌دا
بۆنی كه‌لوپه‌له‌كانی مۆزه‌خانه‌ و ڕۆح وه‌به‌رهاتنه‌وه‌یان و چرای وچان و خولیای
په‌پووله‌وانی ده‌رچووی خولی فێربوونی مۆسیقا و دلۆڤان له‌ كوێیه‌
ئه‌ی هێڵی ناو ده‌ست و دوا نهێنیی دیوانی خامۆش
ئای دیوانی خامۆش
ئاشقه‌كانی به‌هه‌شت ده‌ڕژێنه‌ ساتی ناسكبوونه‌وه‌ی ژیانه‌وه‌

كانوونی یه‌كه‌می 2006 هه‌ولێر




بارانی وشە سوورەکان … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..مەشخەڵ




گۆڤاری هانا ژمارە 3

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 3ی گۆڤاری هاناکلیکی ئێرەبکەن ……هانا 3




مردووی دەستی ئاو … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەو ڕۆژانەی بێکارم
سەرم کێژە و گیرفانم خاڵی
حەزم لە ترێ و پەنیرە
گوێ لە گۆرانی با دەگرم
بیر لە دانیشتنی
شەراب و زەردەپەڕ دەکەمەوە
دەمەوێت لە هێزی کار دووربم
جگەرەیەکی بێزاری بکێشم و
کەمێکیش پێبکەنم
لەکەناری شەقامێک
دەبمە هاوڕێی سۆزانییەک
ئەو باسی لەزەتی
جگەرەی شەوم بۆ دەکات
منیش چیرۆکی بێتاقەتی
کیسەڵێکی کوێری بۆ دەگێڕمەوە
پێی دەڵێم کیسەڵ بەوتەمەنە زۆرەیەوە
نە حەزی لە تامی ئاوە
نە لە هەناسەی زەوی
ئەی تۆ چیت پێیە بۆم باس بکەی؟
سۆزانییەکە جڕتێکم بۆ لێدەدات
منیش قاقا پێدەکەنم
کەسمان لەیەکتری ناگەین
زمانی فەلسەفە وادەڵێت

هەنگاوی غەریبی دەنێم
بە کچێکی ئەفغانی دەگەم
بۆنی پیچک و ڕێحانەی لێ دێت
ڕۆحم پڕدەبێت لە گۆرانی
بەدەم زەردەخەنەوە پێێ دەڵێم”سەلام”
ئاوڕم لێئەداتەوە و
وەک کچێکی کەنەدی بەدەستی
جنێوێکم پێئەدات
شەقامەکە پڕە لە پێکەنینی ژیان
لە ڕووم نایەت هەمووی بگێڕمەوە
لەوانەیە پۆلیس بمگرێت
لە کارگەش دەر بکرێم

دەڕۆم و هەنگاو دەنێم
لەدوورەوە دووکەڵی
جگەرەی پیاوێکی پیر دەبینم
لەگەڵ با سەما دەکا
دەمەوێت بڵێم ماندوو نەبیت
ئەی دڵی پیری
گوڵی فەرش
دەمەوێت لێی بپرسم
چۆن لە پەیوەندی گۆچان و هەنگاو بگەم؟
لەپڕ سەرێک بادەدا
دەڕشێتەوە بەسەر لاشەی سپی زەویدا
ئای بۆنی ڕشانەوەی پیری چەند پیسە؟
پێش ئەوەی بەجێی بهێڵم
فیکەیەک بۆ گەمژەیی خۆم لێئەدەم
….
دەکەومەوە هەنگاونان
لەپڕ سەگێکی تووکنی چاو کز
بەرەوڕووم دێت
بۆنی پانتۆڵی ڕۆژهەڵاتیم دەکات
لەوەدەچێ بمناسێتەوە
بە سمێڵ و کلکیدا
لە سەگەکەی بۆژێنا دەچێت
بۆژێنا مەسیحییەکی سپی بوو
من مووسووڵمانێکی بێنیشتمان
هەموو شەوێکی هەینی
کاتێک دەبوو بەشەڕمان
سەگەکەی دەبووە ناوبژیوان

لە تەمی تەنیایی خۆم دا وندەبم
دەگەمە کەناری چەمێک
بەفڵچەی ئاو
وەک مناڵ خۆم ژیردەکەم
باڵای دیواری با ڕەنگ دەکەم
نەخشەی جیهانێکی نوێ دەکێشم
بە گەورەیی ناوی خۆم دەنووسم
مردووی دەستی ئاو
ژەهری ناودەمی نەهەنگ
تا ماسییەکان تێر پێکەنن
بۆقەکانیش
تاهیلاک دەبن
گۆرانی بڵێن

جەلال عەبدوڵا ساڵح




سیانه‌ی گێڕانه‌وه‌ … سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

1
من له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی جه‌فتی به‌ڕووێك كه‌وتوومه‌وه‌
تا نه‌دۆزمه‌وه‌ چاوی ئه‌م پێده‌شته‌
هه‌ر به‌ره‌و خلۆربوونه‌وه‌م.

هۆ‌ ساڵوه‌گه‌ڕه‌ پیرۆزه‌كانی زیۆس
وا كوشتار ده‌سپێده‌كات*:
گۆرگۆنه‌كان چوارمشقی دانیشتوون و چیرۆكان ده‌گێڕنه‌وه‌.
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كۆچڕه‌و و كوشتارلێكراو‌؛
گوناهی زایه‌ندكارێكم،
ده‌بێ نه‌زانم چ شتێك له‌گه‌ڵ خودا كۆنینه‌كان،
چاره‌نووسمانی لێكگرێداوه‌!

جوانیی؛ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگه‌وه‌ دێی،
بۆ گه‌یین ده‌بێ وێرانه‌ بسازێنرێ.
ئه‌ی مه‌رگ؛ هه‌موو شتێ له ‌به‌رده‌وامی ته‌واوبووندا، ته‌واو نابێ.

2
ئه‌وه‌ی به‌دواتدا وێڵم؛
به‌ره‌و ڕێبڕینه‌ نیگا و
خه‌یاڵیش مه‌له‌ی سه‌هه‌نده‌یی.
خه‌ون برینی بڕینی مه‌وداكان نه‌خش ده‌كاته‌وه‌،
خه‌می گه‌یشتنیش به‌ دیوی خێرایی، تێڕامان وێنا ده‌كات‌.
ئه‌و‌ها ئه‌و منه،‌ ڕه‌گی دووجای دووبه‌ره‌كی و
فراژووی ‌له‌ره‌له‌ر‌ی ‌كوفره‌‌.

ته‌نیا شه‌وه‌ بێباوێشك بمهێڵێته‌وه‌.
تاریكی په‌نا. وه‌زانینم تۆی.
بێخودا و ئه‌ستێره‌، ژینێ شك نابه‌یت؟

هۆ شه‌یتان؛ خشپه‌ی شه‌قاوه‌كانی ڕۆیشتنت دێته‌وه‌ به‌رگوێم.
بوونت زێڕكفت بكه، ‌له‌ تاریكییان بدره‌وشێوه‌،
مامه‌ڵه‌یه‌ك، كه‌ هه‌مان بێت سه‌رپێچیكردنه‌.
تۆش؛ له‌ به‌خشراوانت وه‌ده‌رم بنێ؛
به‌ ئازاره‌وه‌ش بمكوژه‌،
مرۆڤ سوپاس نه‌كراوه،
له‌هه‌ڵه‌ش زێتر ناسنامه‌ی تری نییه‌.

3
كات؛ بوخچه‌ غه‌ریبییه‌كه‌ی نالی و حاجییه‌.
شوێن؛ به‌به‌ردبوونی چیرۆكی گۆرگۆنه‌كانه‌ له‌به‌رده‌م حه‌ڕامدا.
چاره‌نووس؛ بێچاره‌یی خه‌ونی خانی و زێتر لێكترازانی نه‌ته‌وه‌یه‌‌.
خواست؛‌ بوون نمایش ده‌كات؛
بوون خۆی، ڕسكاوی وێرانكاریییه‌.

ده‌با خودایه‌ك بسازێنین
گۆڕان له‌ بێنوێژییدا سیما ده‌كرێت.
جه‌نگ ناسنامه‌ی بوونێكی هه‌ستبه‌خۆكردووه‌.

له‌گه‌ڵ كوشتار، هرووژمی یاده‌وه‌ریی و
ئێشی ژووری جووتبوون زێتر ده‌بن.
له‌گه‌ڵبوون؛ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی تری ڕه‌گه‌زیییه‌.

4
شتێك كردمیه‌ دێوانه‌ی ڕێگه‌ چۆڵه‌كانی مه‌ترسیی.
ناشزانم چ ده‌نگێك
بۆ نشێو و هه‌ڵدێرگه‌كان ڕێنموونم بوو.

هه‌ڵدێرام. مشتی به‌ردێك خۆی كرده‌ باوه‌شم.
هه‌ڵدێر قووڵ بۆ چاوه‌كانمی ڕووانی.
پێم لێسه‌نرانه‌وه‌.
خوداكان دوا ئاوڕدانه‌وه‌یان كردم.
چیاییش: كوڕه‌تیمه‌. ده‌ستی ڕاهێشتكرد‌ یان نا، هه‌ر ده‌بێ بیڵێم؟
جارێكی تر، ڕێگه‌كانم خسته‌وه‌ به‌ر سێره‌ی پێملنه‌بوونم.
ده‌ست نه‌بوو، ئه‌ی خواست وه‌ملیایی خستمه‌وه‌؟ ده‌بێ نه‌زانم؟

تا ئێره‌ ئه‌ی دوو سێ، حه‌وت و پێنجی به‌یانیم،
ئه‌و گۆرانییه‌ی به‌ هه‌ڵدێرانم نه‌دات، كوا قه‌ره‌جییه‌.
زرینگانه‌وه‌ی ده‌نگی مه‌زهه‌ر و زریانێك له‌ خێرایی..
پێهه‌ڵدێنم. ئه‌وه‌ بۆ ڕێگه‌كان ناجمێن؟!
ده‌بێ له‌ هه‌ناوی وێرانبووندا؛ گۆرانیی ئاژاوه‌ بچڕین.

5

گۆرانی خۆم ده‌ڵێم و
ڕێ بۆ ئاژاوه‌ خۆش ده‌كه‌م؛
شتێك، كه‌ ده‌بوو زووتر بمكردبا.
هاتووم؛ ڕووحی شه‌یتانم و
بێدۆستی و غه‌ریبی چاره‌نووسمه‌‌.
چاره‌نووس و غه‌ریبیم، ماڵی خه‌ون و نه‌گه‌یشتنه‌.
كوا ماڵ پێم ئاوه‌دانه‌ و سه‌هه‌ندییم ده‌ناسێت‌.

شه‌یتان له‌سه‌ر زمانم، گۆرانییه‌كه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌با:
من ئه‌ودیوی ڕووناكییه‌كه‌تم،
كه‌ گۆڕان و به‌دكرداریی، تێمدا ئاوسه‌‌.

من ئه‌ودیوی ڕووناكییه‌كه‌تم
به‌ نه‌فره‌تی ناسنامه‌م سوێند
گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ نێوت، بڵێی ئه‌وه‌ نه‌زانیت؟

مانگی 10و 11ی 2016

* “ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ گوناهی هزره‌كانه‌، ده‌بوو كوشتارێك ده‌ستپێبكا.”سكاندینافیا دوورگه‌یه‌كی تر له‌ بخوور، هه‌ندرێن.
** ئه‌م شیعره‌ له‌ گۆڤاری “كه‌لێن”، ژماره‌ (2)ی هاوینی 2017، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




له‌ نێوان سیاسی و فه‌یله‌سوفدا … هیوا سه‌عید

سیاسی‌: بۆچونێک هه‌یه‌ ده‌ڵێ ئەوەی بزانێ دیالێکتیک چییە فەیلەسوفە.
فه‌یه‌له‌سوف‌: له‌ دیالێکتیکی هیگڵ هۆش لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش، دواتر لە نێوان ئەو دوو بەشە ململانێ سه‌رهه‌ڵده‌دا، سه‌ره‌تا بەشێکیان دەبێ بە چاودێر بەسەر ئەویتر، بەشەکەی دیکەش دەبێ بە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم.

سیاسی‌: پێش سه‌رهه‌ڵدانی ململانێکه‌ ئەو دابڕانە لەناو هۆش چۆن ڕودەدا؟
فه‌یله‌سوف‌: سوکرات‌ دەڵێ خۆت بناسە، مەبەستی له‌ خۆناسین ئەوەیە خۆت فێری زانین بکە به‌ڵکو به‌ زانین هۆشت لەخۆی داببڕێ و ببێتە دوو بەش، بۆ ئەوەی بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆت بە ئاگا بی و هۆشیاریت لەبارەی خۆتەوە هەبێ.
که‌چی له‌ ڕوانگه‌ی سارتەر بەشی دووەمی هۆش لە ڕێی زانینەوە دروست نابێ، چونکە بەشی دووەم بە دابڕان لە بەشی یەکەمی هۆشەوە پەیدا دەبێ.

سیاسی‌: هێشتا وەڵامه‌که‌ ڕون نییە، دیسان ئایا هۆش چۆن لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئەلبێر کامۆ پێیوایه‌ مرۆڤ بەرلەوەی یاخی ببێ هەست بە چەوسانەوەیەک لەلایەن ئەوانیتر یان نامۆبوون و دابڕانێک لەوانیتر دەکا، ئیدی لەو دۆخه‌ هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و به‌ هه‌لو‌مه‌رجی خۆی ده‌زانێ. بەو مانایەی خۆی دەناسێ و لەخۆی بە ئاگا دەبێ. واتا هۆشی لێک داده‌بڕێ و ده‌بێ به‌ دوو به‌ش، بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆی دەکۆڵێتەوە و تێگەیشتنی لەسەر خۆی ده‌بێ.

سیاسی‌: هه‌تا هۆش له‌خۆی دانه‌بڕێ و نه‌بێته‌ دوو به‌ش ئه‌و هۆشه‌ زانین وه‌رناگرێ، بۆچی فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی خۆی لای ئه‌و که‌سانه‌ی تێناگه‌ن به‌ خه‌سار ده‌دا؟
فه‌یله‌سوف: ڕه‌نجبه‌رێکی ماندوو به‌لای فه‌یله‌سوفێکدا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌ویش داوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌کا که‌مێک له‌کنی پشوو بدا. دوای ئەوەی ڕەنجبەرەکە دادەنیشێ فەیلەسوفەکە ده‌ڵێ بۆ ئەوەی لەو چەوسانەوەیە ڕزگارت ببێ گوێ بگرە لەو زانینەی فێرت دەکەم.
یه‌که‌م: پرسیارێک لە تۆ نەکرا لەخۆتەوە وەڵام مەدەوە، دووه‌م: شتێك لە تۆ داوانەکرابوو مەیدە.
ڕەنجبەرەکه‌ش به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ دەڵێ چاک نەبوو زانینەکەت بەخۆڕایی بوو ئەگەرنا پارەکه‌شم دەچوو.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ به‌و گاڵته‌پێکردنه‌ هه‌ستی نه‌ڕوشا؟
فه‌یله‌سوف‌: به‌ تێگه‌یشتنی هایدگه‌ر ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه‌ بۆیه‌ بوونیشی له‌ناوخۆیتی و خۆی ده‌رنه‌خستووه‌. ئه‌و جۆره‌ بوونه‌ش بوونێکی ناڕه‌سه‌نه‌ و توانای تێگه‌یشتنی له‌ زمانی ئه‌و مرۆڤه‌ ڕه‌سه‌نه‌ نییه‌ که‌ بوونی خۆی ده‌رخستووه‌ و قسه‌کانی تێگه‌یشتن ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌. کاتێکیش فه‌یله‌سوفه‌که‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێ و ئاستی زانینی ئه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنی نه‌ک خه‌م له‌و سوکایه‌تییه‌ی ئه‌و به‌ زانینه‌که‌ی کرد ناخوا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جارێکی تر له‌ بازاڕ ڕێکه‌وتی ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێنێ ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ده‌ستگیرکراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ویستویه‌تی کاڵه‌ک بخوا ئه‌م له‌خۆیه‌وه‌ چه‌قۆی پێداوه‌. که‌سه‌که‌ش که‌ چاوی به‌ چه‌قۆیه‌که که‌وتووه‌‌ هاواری کردووه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ له‌ من دزراوه‌ ئه‌و دزه‌ بگرن. فه‌یله‌سوفه‌که‌ش له‌وه‌ به‌ ئاگایه‌ ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ بوونێکی له‌ناوخۆ و ناڕه‌سه‌نی هه‌یه‌‌، زمانه‌ له‌کارکه‌وتووه‌که‌ی تێگه‌یشتن نادا به‌ده‌سته‌وه‌ و هی ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ به‌رگری پێ له‌خۆی بکا، به‌ بن گوێیدا ده‌چرپێنێ:‌ کاتی خۆی فێرم کردی شتێک له‌ تۆ داوانه‌کرابوو مه‌یده‌ گوێت لێم نه‌گرت. ئه‌مجاره‌ جوان گوێبگره‌، بڵێ: نازانم ئه‌و چه‌قۆیه‌ هی کێیه‌ و ده‌مێکه‌ به‌دوای خاوه‌نه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و چه‌قۆیه‌ باوکم کوژراوه‌.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ پێشتر له‌ فێرکردنی ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون کردبوو زانین به‌ زانین دروست نابێ و ده‌بێ هۆش له‌خۆی داببڕێ ئینجا زانین وه‌رده‌گرێ.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوفیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر فێر ده‌بێ.

سیاسی‌: دووباره‌ به‌ هانای ڕه‌نجبه‌ره‌که‌وه‌ چوو ویستی چی فێر بکا؟
فه‌یله‌سوف: زانین چاکه‌یه‌.

سیاسیی: ئه‌و هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه، فێرنابێ‌.
فه‌یله‌سوف‌: ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌و ڕوداوه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خۆی بکا و ئه‌و هه‌سته‌ش ببێته‌ هۆکارێک هۆشی لێک داببڕێ و به‌خۆییدا بچێته‌وه‌.

سیاسی‌: که‌واته‌ ده‌بێته‌‌ فه‌یله‌سوف.
فه‌یله‌سوف‌: ئەو هۆشه‌ی له‌خۆی داده‌بڕێ و ده‌بێته‌ دوو به‌ش ڕاسته‌ له‌مه‌ودوا ئاماده‌یی تێگه‌یشتنی هه‌یه، پێویسته‌ زانینیشی تێبکرێ.

سیاسی‌: بۆ تێگه‌یشتن و زانین یه‌ک شت نین؟
فه‌یله‌سوف‌: ژماره‌حیسابی توانای لێکدانه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ژماره‌ی هه‌یه‌ یانی باش تێده‌گا، به‌ڵام تا ژماره‌ی پێنه‌ده‌ی هیچی پێ لێکنادرێته‌وه‌، به‌ مانای ئه‌وه‌ی تا زانینی پێنه‌ده‌ی توانای تێگه‌یشتنی نییه‌.

سیاسی‌: مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌ فه‌یله‌سوف جگه‌ له‌ تێگه‌یشتن ده‌بێ زانینیشی هه‌بێ؟
فه‌یله‌سوف‌: ئه‌وانه‌ی به‌بێ زانینی هۆشه‌کی تێگه‌یشتنیان هه‌یه که‌ره‌سته‌ی زانینیان زۆر نییه‌‌‌ و هه‌ر ئه‌و به‌شه‌ هۆشه‌ی بۆته‌ بابه‌ت بۆیان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیانده‌گا له‌به‌رده‌ستیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پانتاییه‌کی که‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیبکۆڵێنه‌وه‌، دواجار ئه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ زانین ده‌بێته‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌‌.

سیاسی‌: بۆ؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئه‌وان هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌زانن که‌ له‌ ده‌وربه‌ریان ئاماده‌یی هه‌یه‌ و له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌کا ئه‌و زانینه‌ی هه‌یانه‌ له‌پێناو چاکه‌ی خۆیان و ئه‌وانه‌ی خۆیان بڕوایان پێی هه‌یه‌ به‌کاری بێنن.

سیاسی‌: چبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانینه‌که‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێ؟
فه‌یله‌سوف: ده‌بێ به‌هۆی هۆشه‌وه‌ شته‌ هه‌مه‌کییه‌کان بناسن و له‌ چه‌مکه‌کان تێبگه‌ن، بۆ نموونه‌ بزانن چاکه‌ مانای چییه‌ یان ئه‌خلاق چی ده‌گه‌یه‌نێ.

سیاسی‌: به‌ فێربوونی ئه‌و شته‌ هه‌مه‌کییانه‌ و تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان‌ چی ده‌گۆڕێ؟
فه‌یله‌سوف‌: کاتێک زانیان ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌وکاته‌ ئه‌خلاق زانینه‌که‌یان پابه‌ند ده‌کا له‌پێناو چاکه‌ی هه‌موان بێ نه‌ک هه‌ر خۆیان و ئه‌و هه‌نده‌که‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ.

سیاسی‌: ئێستا تێگه‌یشتم بۆ ئه‌فلاتون له‌ کۆماره‌که‌ی فه‌یله‌سوف ده‌کا به‌ سه‌رۆک.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوف ده‌زانێ ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌خلاقیش زانینه‌که‌ی ناچار ده‌کا به‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ خزمه‌ت خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کانی ئاڕاسته‌ نه‌کا، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌شیان بکا ده‌بێ له‌به‌ر خاتری چاکه‌ی ئه‌وان بێ نه‌ک خۆی.




كێ له‌م وه‌زعه‌دا كوردستان رزگار ده‌كات؟ …. عیماد عه‌لی

پێش هه‌موو شتێك، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ تۆ كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر واقیعه‌كه‌ی كوردستان وه‌ك خۆی و به‌هه‌مان زه‌مینه‌ی ئێستایه‌وه‌ بخوێنیته‌وه‌ و، چاره‌سه‌ری نێوخۆیی و دوور له‌ تیۆری به‌رهه‌می عه‌قڵی ده‌ره‌كی یان لاساییكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی بارودۆخی ده‌وڵه‌ت بنیاتنراو و دوور له‌ وه‌زعی كوردستان و به‌ رووكه‌شی و به‌ده‌ر له‌ توانا و بواری جێبه‌جێكردن باسكراو كار بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی كلیلی كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ده‌رگای هه‌نگاونان رووه‌ و كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌رگا زۆره‌كان بدۆزیته‌وه‌.
دیاره‌ قسه‌ لێره‌دا له‌سه‌ر كه‌س نیه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌ بتوانێت هه‌رقل ئاسا ره‌فتار بكات و زه‌مانه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌و رۆژانه‌ نیه‌ پاڵه‌وان ئاسا به‌ ره‌هایی شته‌كان بگۆرێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان ژیراوژور بكه‌یت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا حزبێك یان هاوپه‌یمانێتیه‌ك هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا به‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی دووربینه‌وه‌ كه‌ له‌و ئاسته‌دا بێت و به‌ته‌نها بتوانێت قۆناغه قورسه‌كه‌ی سه‌ر هاولاتیان به‌كه‌مترین زه‌ره‌رتێپه‌رێنێت و ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رده‌وامه‌ كۆنه‌كه‌ی كوردستان بنیاتبنێت، یان له‌م وه‌زعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیریه‌دا باشترین بژارده‌ یه‌كگرتوویی و پێكه‌وه‌یی كاركردنه‌، بۆ له‌سه‌رخۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی روحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و نیشتماندۆستیه‌ .‌

وه‌زعه‌ سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریه‌كه‌ و كارو ره‌فتاری سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ ئاستێكدان كه‌ ناتوانرێت كرده‌وه‌ی رزگاركردنی رێژه‌یی ته‌نانه‌ت قۆناغه‌ راگوزه‌ركه‌ش به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ره‌وه‌ به‌ هیچیان بسپێریت و پشتی پێ ببسه‌تیت كه‌ ‌میله‌ت له‌م لێقه‌ومان و میحنه‌ته‌ رزگاربكات. تۆیه‌ك كه‌ نه‌توانیت ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌سه‌ڵات و ره‌فتاری سه‌ركرده‌ی هیچ حزبێك له‌ویتر و بیروبۆچون و تایبه‌ته‌مه‌ندی هه‌ریه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر و ره‌فتار و كرداری ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و و پاك و ناپاكی هیچ لایه‌ك، جیابكه‌یته‌وه‌، چۆن ده‌توانیت لایه‌ن و كه‌سێكی سه‌ركرده‌ یان سه‌ركردایه‌تیه‌ك له‌م بارودوخه‌ قورس و زۆر ئاڵۆز و ناله‌باره‌ دیاری بكه‌یت كه‌ بتوانێت به‌ته‌نها و به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ر رێگه‌یه‌ك بگرێته‌به‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت قۆناغه‌كه‌ بپه‌رینه‌وه‌. دیاره‌ هۆكاره‌ سیاسیه‌كه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ روونه‌ كه‌ له‌ رووی خودی و بابه‌تیه‌وه‌ له‌ كه‌ڵه‌كه‌بونی هه‌ڵه‌ كوشنده‌ سیاسی و فكری و ئابووریه‌كانه‌وه‌ بووه‌.

بۆچی خه‌ڵكی مه‌بده‌ئی له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌ له‌ كوردستان؟

حزبه‌كانی كوردستان كاریگه‌ریه‌كی سه‌لبی ره‌هایان له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت منداڵی نێو بێشكه‌ش هه‌یه‌ و هه‌موو كوردستانیان كردۆته‌ یه‌كپارچه‌ سیاسه‌تی بێ بنه‌ما و دوور له‌ هه‌موو فكر و بیروبۆچونیك به‌ گشتی و، ئه‌وه‌ی پیاده‌ ده‌كرێت په‌یره‌وكردنی كاری حزبی سیاسی رووت و وه‌ك زۆرێك له‌ سیاسیه‌كان به‌ ئاشكرا و نهێنیه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و هیچ كارێكیان به‌ مه‌بده‌ئه‌وه‌ نیه‌!!
لێره‌دا ناتوانین بڵێین له‌نێو ئه‌م هه‌موو حزبانه‌ سه‌ركرده‌ و كادری مه‌بدئی بونی نیه‌، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌ كه‌م و ده‌گمه‌نانه‌ له‌ ژێر قورسایی كاری سیاسی و زاڵبونی زۆری ئه‌وانیتر و به‌رژه‌وه‌ندیدا وا ونبوون به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانیت جیایان بكه‌یته‌وه‌ و رۆلیان دیاری بكه‌یت.

چاره‌سه‌ر؟

چه‌ندین پرسیار ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ و چۆنێتی گۆرانی ئه‌م سیاسه‌ت كردنه‌ و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی. به‌ڵام گرنگترین هۆكاری گه‌یشتن به‌م حاڵه‌ له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ نێو سه‌رجه‌م حزبه‌كاندا بێ به‌ده‌ركردنی هیچ لایه‌ك بونی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی جیاواز:
*پابه‌ندنه‌بون به‌ هیچ ئامانجێكی گه‌وره‌ و نه‌بونی ستراتیج و پشت به‌ستن به‌ گۆرانكاری له‌ ئامانج به‌پێی گۆرانكاری بارودۆخی هه‌نوكه‌یی سیاسیی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و، نه‌بونی پلانی سه‌ر ئه‌رز بۆ گه‌یشتن به‌ واقعێك كه‌ توشی شكست نه‌بین له‌ هه‌ر هه‌نگاویكی مه‌دروسدا و ده‌رئه‌نجامه‌كان نه‌خه‌ینه‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر و ئه‌گه‌ر و مه‌گه‌ر.
*گۆرینی كتوپری خه‌باتی شاخ بۆ شار و زاڵبونی سیاسه‌ت و كاری حزبی به‌عه‌قڵیه‌تی عه‌سكه‌رتاریه‌وه‌ كه‌ له‌شۆرشدا ئه‌وله‌ویه‌ت بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌ركرده‌كانی توشی شۆك كرد و خۆیان له‌ ناوه‌ندی دونیایه‌كی تردا بینیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك نه‌دیوبدی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ گۆرانكاریه‌كاندا كرد و كورسیان كرده‌ ئامانجی پیرۆزی خۆیان .
*خۆفه‌رزكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ مادیه‌كان و له‌زه‌تی ژیاندۆستی و له‌بیركردنی زۆرێك له‌ پیرۆزیه‌كان و تا راده‌یه‌كی زۆر له‌خۆگۆرینی ته‌نانه‌ت كادره‌ ره‌سه‌نه‌ مه‌بده‌ئیه‌كان.
* هاتنه‌ سه‌ر ساحه‌ی راوبۆچونی تازه‌ و نه‌وه‌ی نوێی پشتبه‌ستوو به‌ پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنولۆجیه‌كانی تێكه‌ڵ به‌ حزبایه‌تی و دوور له‌ رۆڵبینینی راسته‌قینه‌ و بێباوه‌ری به‌ خه‌باتی عه‌سكه‌ری و پشت به‌ستن به‌ كارو ركابه‌ری سیاسی مه‌ده‌نی پاش شه‌ری نێوخۆ.
* زیادبونی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت له‌سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ بێ ده‌ركردنی ته‌نانه‌ت تاكه‌ لایه‌نێكیش له‌ چه‌پ و له‌ راست.
*نزیكبونه‌وه‌ی هاوشێوه‌بونی كاروخه‌باتی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و ئینتمابون له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و خێزانی و به‌رژه‌وه‌ندی مادی به‌دوور له‌ هه‌موو فكر و ئایدیۆلۆجیایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ گۆرانكاری له‌ ژماره‌ی ئه‌ندام و هه‌وادارانی حزبه‌كان پاش دامه‌زراندنی گۆران به‌ گۆرانێكی كه‌مه‌وه‌ تا راده‌یه‌ك جێگیر بێت.
*شێواندنی ته‌نانه‌ت بیروعه‌قڵی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌ ره‌سه‌نه‌ خاوه‌ن بیرو مه‌بده‌ئه‌كه‌ به‌ ترساندن و تۆقاندن و له‌زه‌ت به‌خشینی ژیان و له‌خشته‌بردنی زۆرێك به‌ چه‌ندین رێگه‌ و ره‌فتاری دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقی.
* پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ به‌ دوور له‌ هه‌موو پیرۆزیه‌ك و زۆربونی ره‌فتاری پۆپۆلیستی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.
*نه‌بون و نه‌هێشتنی مه‌یلی خۆفیداكاری و له‌ خۆبردویی له‌ لایه‌ن سه‌ركرادیه‌تی و نه‌مانی روحی خاكپه‌رستی و كزبونی گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی.

به‌ كوێ گه‌یشتین؟

به‌م كه‌ره‌سه‌ و پێكهاته‌ و حزبانه‌ و به‌م زه‌مینه‌وه‌ كه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌ دوور له‌ باسكردنی گیانی مشه‌خۆری خه‌ڵك و پشتبه‌ستن به‌ مه‌عاش و ره‌یعیه‌تی نه‌وت و له‌ناوبردنی ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ی خۆژێنی كه‌ له‌ناو كورددا به‌ تایبه‌تی له‌ لاێدكاندا هه‌بوو له‌ رووی ئابووریه‌وه‌، سیاسه‌تی خسته‌ دوور ریانێكی به‌رژوه‌نخوازی ته‌سكه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ناچاری زۆرێك له‌ سیفه‌تی ناباو كرد و وایكردووه‌ كه‌ رووبه‌رووی شتگه‌لێك بێت تا رابردوویه‌كی نزیك له‌ناو كورده‌واریدا نامۆبوون، وه‌ك مه‌رایی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌خلاقی و خۆفرۆشتنی كه‌سی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی مادی له‌ ناو حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كوردستاندا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بۆ پێشخستنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كوردستان و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت دروستبێت و ناپاكی به‌ ئاسایی وه‌ربگیرێت.
له‌رووی تیۆریه‌وه‌ ئه‌مه‌ حاڵی كوردستان بێت و له‌سه‌ر ئه‌رزیش پشێوی وای كردووه‌ كه‌له‌ وه‌زعێكی ناله‌باری ئاساییشدا رووبه‌روی شڵه‌ژانێك ده‌بیته‌وه‌ كه‌س له‌ چۆنێتی قوتاربوون لێی سه‌رده‌رنه‌كات. له‌وباره‌وه‌ میله‌تێك خاوه‌نی ئه‌م حزب و سه‌ركرده‌ و بارودۆخه‌ بابه‌تی و خودیه‌ی دسه‌ڵاته‌كه‌ی بێت و هه‌ڵه‌كان وای كردبێت كه‌وتبێته‌ چالێكی قورسه‌وه‌، چۆن رزگاری ده‌بێت، به‌تایبه‌تی عاقڵمه‌ندی دیاری تێدا نه‌بێت و هه‌ریه‌ك له‌ دۆڵیكدا بخوێنێت.

ئه‌ی كوردستان چۆن و كێ رزگاری ده‌كات؟

بۆیه‌ پرسیار له‌وێدایه‌ كێ له‌م جه‌نجاڵیه‌دا كورد رزگار ده‌كات و ئایا به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نرێت یان كه‌ره‌سه‌ی نوێی ده‌وێت، ئایا قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت گۆرانی ریشه‌یی شۆرش ئاسا له‌بواره‌كاندا بكرێت یان واقعخوێندنه‌وه‌ خۆی فه‌رزده‌كات و له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌؟
ئه‌گه‌ر به‌ واقعیانه‌ قسه‌ بكه‌ین، له‌م كاته‌دا له‌ رووی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت یاساییشه‌وه‌، هیچ بوارێك نیه‌ به‌ كرده‌وه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری سیاسی نێوخۆیی كتوپر ده‌رئه‌نجامی باشی لێبه‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا داری ده‌ستی دوژمنان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و كوردستانیان خستۆته‌ ژیر ره‌حمه‌تی خۆیانه‌وه‌ و له‌ چه‌ندین لاوه‌ ئابڵوقه‌یان داوه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر حزبه‌و ده‌یه‌وێت قازانجی تایبه‌تی له‌م وه‌زعه‌ ببینێت و هه‌لپه‌رستانه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی میله‌تی له‌ پێش چاو نیه‌ و باش ده‌زانێت كه‌ قازانجی خۆی به‌ مردنی كه‌ره‌ دێزه‌ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌ هه‌موو خه‌ته‌رناكتر به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی كورتبین و ناخاڵه‌ی تازه‌پێگه‌یشتووه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان خۆده‌رخستن و لاساییكردنه‌وه‌ی بێ به‌رهه‌مه‌.

بۆیه‌، تاكه‌ رێگای واقعیانه‌ و ناچاری ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی عیراق و كوردستان به‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌ یه‌كگرتوویی ململانێی ده‌ره‌كی بكرێت و، له‌ نێوخۆشدا تا ده‌كرێت به‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ ده‌رس وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كان نزیكبونه‌وه‌ دروست بێت و روحی گیانی هاوپه‌یمانێتی فه‌رزبكرێت و به‌یه‌ك ده‌نگ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كوردستان له‌ناوبه‌رن بوه‌ستن و له‌ كاتی تێپه‌راندنی قۆناغه‌كه‌ ده‌ست بكرێت به‌ گۆرانكاری ریشه‌یی و میله‌ت به‌ ده‌نگ و سندوقه‌كان خه‌ڵاتی حزب و لایه‌نه‌ میله‌ت په‌رسته‌كان بكات و سزای حزب و لایه‌نه‌ خودپه‌رسته‌كانیش بدات و، دواتر له‌سه‌ر ئه‌رزی هێزی پێكهاته‌ی پاش هه‌ڵبژاردن بارودۆخه‌ سیاسیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی واقعی رێكبخرێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور له‌ سنوور و كیانی چه‌سپیو كوردستان به‌رگه‌ی شۆرش و گۆرانكاری ریشه‌یی ناگرێت و ده‌بێته‌ ساحه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ئه‌و تۆزقاڵه‌ش ماوه‌ له‌ناوده‌چێت و زیاتر توشی ماڵوێرانی ده‌بین و به‌ یه‌كجاری ده‌كه‌وینه‌ حاڵه‌تی ژێرده‌سته‌ییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی عاقڵانه‌یه‌ گۆرانكاری له‌سه‌رخۆ و دوور مه‌ودایه‌، پاش ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ی له‌ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم و درندایه‌تی دوژمنان بینیمان. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك لاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان و به‌ دوور له‌ پێداویستیه‌ بابه‌تی و خودیه‌كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت و كاری هه‌رزه‌كارانه‌ی هیچ لایه‌ن و كه‌سێك دادی ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردستان نادات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ باره‌كه‌ له‌ رێژنه‌ ده‌رده‌چێت و زیاتر ده‌چینه‌وه‌ ژێر ده‌ستی دوژمنان و ملكه‌چده‌بین.‌




ساڵی خوێندن … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی

خـه‌نـده‌ و خـۆشـی مـنـداڵـه‌
چـه‌ندخـۆشه‌ ئـه‌م هـه‌واڵـه‌؟!
واسـاڵـی نـوێـی خـوێـنـدنه‌
كـاتـی كــۆشــش كــردنــه‌
ده‌ڕۆیـن بـۆ قـوتـابـخـانـه‌
كـه‌مــاڵـی دووهـه‌مـمـانـه‌
پـشووی هـاوین به‌سه‌رچوو
پـڕلـه‌سه‌یران وگه‌شت بوو
به‌شداری خوله‌كان بـووین
بـۆیـه‌ وا ڕۆشـنـبیربـوویـن
كـاتـی زێـڕیـنـی خـۆمـان
بـه‌فـیـڕۆنـه‌چـوولـێـمـان
ئێستاش وه‌رزی خـوێندنه‌
دیـده‌مـان پـێـی ڕۆشـنـه‌
هـه‌مـوو بـڕیـارمـان داوه‌
كۆشش بكه‌ین له‌ئێستاوه‌
دژی نـه‌زانـیـن ده‌بـیــن
خـه‌مـخـۆری وڵات ده‌بـیـن
لـه‌ژێـر ڕۆشنایی خـوێندن
به‌ده‌ست دێنین سه‌ركه‌وتن.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 2 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی دووەم …

كە ئەگەر وادابنرێ‌ كێشەی كورد لە توركیا بریتییە لە كێشەی تێكچوونی ئابووری لەخۆرهەڵاتی توركیا، یان كێشەیەكی ئاسایشی سیاسییە و پەیوەندیدارە بە پارتی كرێكارانی كوردستان و تیرۆر، ئەوە ئۆغلۆ وای نابینێ‌ كە بە ئیحتیواكردنی ئەم دوو بابەتە، وەك دوو مەسەلەی گرنگ، بە تەنیا بەس بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوامی ماوە درێژ، هەتا ئەگەر توانرا كۆتایی بە هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە نێو سنووری توركیایش بهێندرێت.
بۆیە ئەحمەد داود ئۆغلۆ پشتگوێ‌ خستن و فەرامۆشكردنی كێشەی كورد بە قورس دەبینێ‌ و دەڵێ‌: “قورسە چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە كێشەی كورد لە بەرنامەی كاری توركیا و ناوچەكە رەشبكرێتەوە، لە كاتێكدا ئەو دۆخە ناهەموار و ناڕوونییە لە عیراقدا بەردەوامە و رەنگە گۆڕانكاری بەسەرناسنامەی باكوری عیراقیشدا بێت”.

لەروویەكی ترەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆچوونێك هەیە پێی وایە بووژاندنەوەی ئابووری لە ناوچەكە، دەكرێ‌ ببێتە هۆی چارەسەری كێشەكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، بەڵام ئۆغلۆ وێڕای بەڕاست زانین و باوەڕپێبوونی چەند لایەنێكی ئەم بۆچوونە، كەچی ئەم تێگەیشتنە بە خۆش باوەڕییەكی ئەنجام نادیار لە قەڵەم دەدات.
ئۆغلۆ هەر لەم روانگەیەوە باس لە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە مێژووییەی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان دەكات، كاتێك لە ولایەتی «تۆنە و بەغداد» پڕۆژەی بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمایەتی جێبەجێكردوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا عوسمانییەكان بەهۆی بوونی ناكۆكی و گێرەشێوێنی لەو دوو رووبەرە ناوخۆییەدا و بەكارهێنیان و فۆستنەوەیان لە لایەن هێزی دەرەكییەوە، ئەو دوو ویلایەتەیان لە دەستداوە.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ پێی وایە چونی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ چوونە نێو یەك بەرە، لە گەڵ یۆنان و ئەرمەن و قۆستنەوەی گرفتەكانی خەڵك لە ناوچەكە، كە ئەو پێی وایە ئێستا لە ژیانێكی باشتردان، دیاردەیەكە پێویستی بە هەڵوەستەكردنێكی وریایانەو وردەوە هەیە.
ئۆغلۆ باری ئابووری بە هۆكاری یەكەم نازانێ‌، هەرچەندە پێی وایە هۆكارێكی گرنگە، ئەو ئەم بابەتە دەبەستێتەوە بە هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

هەر بۆیە لەم بارەیەوە ئۆغلۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام بۆ ئەم كێشەیە دەبەستێتەوە بەوەی چەند دەتوانرێ‌ و لە توانادایە جارێكی تر بە شێوەیەكی هەمەلایەنە هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و هەروەها لایەنی دیپلۆماسییەكەی بكرێت.
لەم ڕوەشەوە ئۆغلۆ هۆسیاری مەرجەعییەت بە بەشێكی بنچینەیی بنەماكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دادەنێت و پێی وایە بە تەنیا پەنابردنە بەر یەك لەو چوار بنەمایانە (رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی) بەس نین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو چارەسەری بنچینەیی كە هاوكارە بۆ ئەم چوار بنەمایانە، دامەزراندنی هۆشیاری مەرجەعیەتی كۆمەڵایەتییە لەسەر زەمینەیەكی ساغ.

ئۆغلۆ مەبەستی ئەوەیە كە بوونی ئەو هۆشیاری مەرجەعییەتە، وادەكات كورد بیر بە یەكپارچەیی خاكی توركیا بکاتەوە و بەرژەوەندییەكانی كۆماری توركیا لە بەرچاو بگرێت و هەرجۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی لە دژی توركیا رەتبكاتەوە، بەو مانایەی كە كورد ببێتە خاوەنی ئەو هەست و هۆشیارییەی كە خۆی بە توركیایی بزانێت و هەر ئەو هەستەش مەرجەعی بێت و بۆ هیچ مەرجەعێكی تر نەگەڕێتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ وای بۆ دەچێت، ئەگەر سیستمێكی سیاسی و ئابووری، هاوكات لەگەڵ ناوەندێكی رۆشنبیری نەبێت، كە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆشیاری مەرجەعییەت و بتوانێ‌ دەورەی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا بدات، ئەوە عەنتیكە نییە ئەگەر نەتوانرێ‌ شڵەژانە ناوخۆییەكان خەفە بكرێن، كە پشتیوانی لە پێكدادانی بەرژەوەندییە جیوسیاسییە دەرەكییەكان وەردەگرن.

هەر لەم بارەیەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، كە لە وەها دۆخێكدا لەسەر توركیا پێویستە، لەمەڕ پڕۆسەی چاكسازی بەڵێن بدات، جەخت لە یەكپارچەیی خاكەكەی بكاتەوە، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێكی روونی شەڕعییەتی سیاسی راست و دروست. هەروەها هەنگاونان بەرەو گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی ستراتیژی، لەرێگەی پاراستنی هاوسەنگی وڵاتە هەرێمییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی بەرفراوانی جێبەجێكار، بە پێچەوانەوە تەوژمی نوێ‌ لە ناوخۆ و لە دەرەوە، دەبێتە هۆی درورستكردنی دوژمن، کە توانای ئەوەی دەبێت، ئەوە جیا بكاتەوە، كامەیان زیاتر خراپكار و جودا خوازترە.




رێککەوتنی “پوتین و ترامپ”، ئاسۆیەکی نادیارە بۆ کورد! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

مریکا و روسیا، لە نووسراوێکی فەرمیی دووقۆڵییدا لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧، دا ڕایانگەیاند کە ( چارەسەری جەنگ لە سوریا، بە هێزی سەربازیی ناکرێت، بەڵکو تەنها چارەسەر دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ وە هێزە سەربازییە فەرمیی و گروپە چەکدارە نافەرمییەکان دەبێت لە سووریا بکشێننەوە. بە گوێرەی بڕیاری ماددەی ٢٢٥٤ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بەرواری ١٨/١٢/٢٠١٥ دا ناسێندرا، دوای ڕاگرتنی جەنگ لە سوریا، هەڵبژاردنێکی دیموکراتیی ئەنجام بدرێت لە ژێر چاودێری “رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” بۆ دەستنیشان کردنی سەڕۆکی ئەو وڵاتە).
——————————
واشینگتۆن و مۆسکۆ، لەو ڕێککەوتنەدا کۆکن لە سەر مانەوەی “ئەسەد” لە دەسەڵات! سەڕەرای ئەوەی کە بە سەدان دۆکیۆمێنت لەبەردەست نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە کە دەیسەلمێنێت “ئەسەد” چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە دژ بە خەلکی سیڤیل لە شەڕەکان لە سوریا! هەروها دیار نییە کە ئایا دوای تەواو بوونی جەنگ، “ئەسەد” وەک تاوانباری جەنگ دەدرێت بە دادگایی نێو دەوڵەتی؟ یان وەک سەڕۆکێکی دەستپاک و حاکمێکی عادل ماف و هەقی ئەوەی پێدەدرێت دووبارە خۆی هەڵبژێرێ بۆ پۆستی “سەرۆکایەتی”! یان ئایا “سوریا” بەجێدەهێڵێت و دەچێت لە وڵاتیکدا وەک ملیاردێرێک لەگەڵ خێزانەکەی ژیان و گوزەرانی شاهانە بەسەر دەبات!؟
ئێران، دەستێکی باڵای هەیە لە فیتنە و گرفتەکانی ناوچەکە. لە سەرەتای جەنگی دژ بە “داعش” “تاران” پشتیوانیی لە مانەوەی “ئەسەد” کردوە و دەکات وە درێخی نەکردوە لە یارمەتیدانی بە چەک و تەقەمەنیی و ناردنی هێزی سەربازیی و ساڵانە ب
ە سەدان میلیۆن دۆلار دەبەخشی بە “ئەسەد”.

تاران، بە ئاشکرا پشتیوانیی لە “حزبوڵا” دەکات، کە لە ساڵی ١٩٨٠دا لە “لبنان” دروست بوو، لەو کاتەوە دژ بە “ئیسرائیل” کار دەکات. لەو چەند ساڵەی رابردوودا “حزبڵا” بووە بە هێزێکی چەکداری سەرەکیی لە ناوچەکە، لە بەرەیەکدایە لەگەڵ “ئیران” و ساڵانە ٨٠٠میلیۆن دۆلاریانی بۆ بڕیوەتەوە. ئێران، ساڵانە ٧٠میلیۆن دۆلار دەدا بە رێکخراوی “حەماس”. هەر دوو گروپی چەکدار لە جەنگی “سوریا” پشتیوانییان لە مانەوەی “ئەسەد” دەکرد، جگە لە بەشداری ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران و پشتیوانیی “روسیا” بۆ ئەو مەبەستە. لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە ئایا “روسیا” بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی “ئەسەد” و “تاران” و ئەو گروپە چەکدارانە و ئەوەی پێدەگوترێت “هیلالی شیعی” یان نا!؟

“تاران” و “مۆسکۆ”، هیچ بنمێچێکی کاتییان دیاری نەکردوە بۆ کشانەوەی ئەو هێزە چەکدارانەی کە لە نێو سوریادا هەن. لە میدیا بیانییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هەواڵگریی ئیسرائیلیی ئاماژەیان بەوەداوە کە بە سەتەلایت وێنەی “ئیران”یان گرتووە و هەنوکە خەریکی دامەزراندننی بنەکەی سەربازییە لە نزیک شاری “دیمەشق”. ئەو هێزە چەکدارانە تەنها (٢٠)کم دوورن لە سنووری ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەدا تەنیا (٥)کم دوورن لە سنووری “ئیسرائیل”، لە کاتێکدا پێشوەخت ئیسرائیل داوای کردبوو کە “حزبوڵا و سوپای ئیران” دەبێت (٨٠/٦٠) کم دوور بن لە بەرزاییەکانی “جولان” و ئەو دووڕیانەی کە شاری “دیمەشق” و “ئەلسویدە” دەبەستێتەوە بە یەک، بەڵام “روسیا” رێگری کرد لەو داوایەی ئیسرائیل و تەنها رەزامەند بوو لەسەر دووری (٥)کم ئەو هیزانە لە سنووری ئیسرائیل. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت ئەو ڕێککەوتنە دەرگا ئاوەڵا دەکات لە سەرهەڵدانی گرفت و کێشەی تر لە ناوچەکە بە تایبەتی لە نێوان “ئیسرائیل” و “سوریا/حزبڵا”.

ئیسرائیل، هەموو کاتێک بە ئاشکرا ددانی بەوەدا ناوە کە موشەکەکانی ئیران و سوپاکەی بە مەترسی دەزانێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی، هەروها نیگەرانی ئەوەیە کە ئیران پشتیوانی لە “حزبوڵا” بکات و بەرزاییەکانی “جولان” بەکاربهێنێت بۆ هەڵدانی موشک لە کاتی چڕ بوونەوەی گرژیەکانی لەگەڵ “سوریا” و “حزبوڵا”. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان “ئەمریکا”و”روسیا”، ڕوون نییە کە لە توانایدا هەیە ببێت بە هۆکاری سەقامگیر بوونی “ئاشتی و ئاسایش” لە ناوچەکە یان نا!

ئەردوغان، لە سەرەتادا کە گوێبیستی ئەوە بوو (ئەمریکا و روسیا) بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانیان داوە، (ئەردوغان) بەبێ شەرمی کەوتە دوان لە میدیاکان و گوتی “ئەوەی بڕوای بەوەیە کە چارەسەر بە هێزی سەربازیی ناکرێت، با خۆی هێزە سەربازییەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە”. بەڵام دوای کۆبونەوەی “رەجەب” لەگەڵ “پوتین”، تورکیا هەڵوێستی گۆڕاوە بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە، کە ئەمە ئاماژەیەکە ئەو ڕێککەوتنە دەبێت بڕگە نهێنیەکانی بە دڵی ئەو بێت، کە بێگومان هیچ شتێک نییە بە دڵی “رەجەب” بێت ئەگەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردی تیاددا دیاری کرابێت!
لەو ڕێککەوتنەی ئەمریکا و روسیا دا، دیار نییە کە هەژماریان کردوە یان نا بۆ ڕاوبۆچوونی پارت و گروپە چەکدارەکانی کە بە سونی ناسراون لە ناوچەکە و “سعودیە و وڵاتانی کەنداو و ئوردن و مسر” پشتیوانییان لێ دەکەن، و هەر یەک لەو گروپانە لە ناوچەکە خۆیان بە خاوەنی ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراو دەزانن؟ هەروها لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە چارەنووسی کەمە نەتەوەکانی نێو سنووری جوگرافیای “سوریا” ئاییندەیان چۆن دەبێت؟ نمونە نەتەوەی کورد.

لە سەرەتای دوو هەزارەکان، گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕوویاندا لە دەسەڵاتی کۆمەڵێک لە سەڕۆکە خوێنمژ و دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی “رۆژهەڵاتی ناوڕاست”، لە ئەنجامی گۆڕانی بەرژەوەندیی و ئیکساپایەر بوونی ویست و خواستی زلهێزەکان بۆ ئەو جۆرە کەساییەتیانە.
زۆرینەی سادە، خەڵکی سەر شەقام، لەو وڵاتانە ئەو کات هیوا و ئاواتی زۆریان لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەدا بینا کرد. چاوەڕوان بوون کە رووخانی ئەو دیکتاتۆرانە و هاتنی زلهێزەکان، کۆتای بە ناسەقامگیریی سیاسیی بهێنێت و باری ئابووریی باشتر بکات و ژیانێکی پڕ لە بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی فەراهەم بکات بۆ میللەتانی ئەو ناوچەیە! یەکێک لەو میللەتانە، نەتەوەیی “کورد” بوو لە باشووری وڵات کە خوێندننەوەی بۆ دۆخەکە وابوو کە رۆژی ڕووناک هەڵهات و کۆتایی هێنا بە شەوەزەنگ و ژیانی پڕ لە نەهامەتیی وە سەرانی پارتی و یەکێتی بە جۆرێک سیاسەتییان کردەو و پەیوندییە دەرەکییەکانیان ئیدارە داوە کە مسۆگەری هێنانە دی خەونی لەمێژینەیان بێت کە ئەویش “ئازادی” و دیاری کردنی سنووری جوگرافیای کوردستانە!

ئەمڕۆ، هەمان ئەزمون دووبارە بۆتەوە، “واشینگتۆن” و “موسکۆ”، دوای بە کوشتنندانی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان، گەیشتوون بە قۆناغی دابەشکردنی پشک، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست”دا بە تایبەتی لە “سوریا” و “عیراق”. لە دەرئەنجامدا ڕوون نییە کە چارەنووسی میللەتانی سوریا چۆن دەبێت! سیستەمیی دەسەڵاتیی سیاسیی چ جۆر سیستەمێک دەبێت و چی کەسانێکی گەندەڵ دەهێنرێنە پێشەوەو دەبن بە خاوەن دەسەڵات و خۆ ڵێهەڵدەکەن لە دزی و بە پراکتیک کردنی بەدڕەوشتی وەک (عیراق) ی ئەمرۆ ئاسا!
لە ئەنجامی شەڕفرۆشتن و گرفتەکان و تەماح و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان لە سەر ئاستی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەی وەک “تورکیا و ئیران” و هەڵگیرساندننی جەنگ، نەتەوەی کورد، دووچاری نەهامەتیی و سەرگەردانیی بوو، لە هەمان کاتدا وەک هێزێکی چەکداری کارێگەر بەشدار بوو لە جەنگی دژ بە “داعش” و خاوەن شەهید و قوربانییەکی زۆرە، بەڵام لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە ئایا چارەنووسی نەتەوەیی کورد لە “سوریا” ئاییندەی چۆن دەبێت؟ وە ئایا هەژمار دەکرێت بۆ گوتە و خواست و ئارەزووەکانیان!؟ یان نا؟




لە بیرت ناكەین هەمیشە لە دڵماندایت … کارا فاتیح

كە دەڵێیت لە بیرت ناكەین، یان بە كەسێك دەڵێیت بیرت دەكەم، ئەو كاتە بیرت دێتەوە بۆ ئەوەی بیری بكەیت، یان بیرت دێتەوە بە كۆ بیری بكەین، بیركردنی كەسێك بۆ ئەوە نییە ڕا بگەیەنرێت، بكرێتە هەرا، بۆ ئەوانی تر جاڕ بدرێت، بیركردن دوای جەبری دابڕان دێتە ئارا، لەوەوپاش بەهێزیی سونبولەكانی یاد لە نەستی مرۆڤدا كاریگەریی خۆیان لە ئاگایی مرۆڤ دادەنێن و لە ڕێی هەستەكانەوە دەبنە بەشێك لە كاراكتەری ئەو كەسە، كردار گوزارشت لە بیركردن دەكات، نەك بیرۆكە… بە بۆچوونی فرۆید بیرۆكە لە پانتاییی ئاگایی (الشعور)دا سیفەتێكی كاتیی هەیە و ناتواتێت هەمیشەیی بێت، لەحزەیەك دەردەكەوێت و دواتر ون دەبێت، دەیشكرێت هەمدیس بێتەوە بەڵام خەسڵەتێكی هەمیشەییی نییە و بەشێك نییە یان بەشێكی سەرەكی نییە لە كاراكتەر و كەسێتی.

پرۆفایلێكی زۆر لە فەیسبوك وێنەی سەركردەیەكە و لێ نووسراوە لە بیرت ناكەین، هەمیشە لە دڵماندایت… لە بیرت ناكەین واتە بیرت دەكەین، لێرەدا بیرت دەكەین كردارێكە بەردەوام ڕوو نادات، بەڵكو بەردەوام ڕادەگەیەنرێت، كارێكە لە ناو هۆشیاریدا نییە و لە دەرەوەی هۆشیاریدا دێت و ئامانجی تر دەیسەپێنێت، چونكە ماهیەتی (كردن) تێیدا زاڵە تا (بوون)، ماهیەتی (كردن) پرۆسەی لەبیربوون، كە پرۆسەیەكە سەرەتا لە نەستدا ڕوو دەدات، لە ماهیەتی (بوون) دادەماڵێت و لە ناو هۆشیارییەوە دەهێنێتە دەرەوە و دەكاتە پرۆسەیەكی داسەپاو و وەك دەمامكێك لە دەرەوە بەسەر هۆشیارییدا دەدات، بۆیە كە دەڵێیت لە بیرت ناكەیت، لە ڕاستیدا خەریكی لەبیركردن و لەبیرنەكردن نییت، بەڵكو خواستێكی دەرەكی یان نواندنێك هەیە، ئیتر موجامەلە و وەڵائـ و خۆبردنەپێش بێت، یان هەر جۆرێك لە گەمژەیی، ئەم ڕاگەیاندنە بە سەر هۆشیاریدا دەدات و دەكەوێتە جاڕدان. پرۆسیسەكانی (بوون) خۆبەخۆن و لە ناوەوە بەرەو دەرەوە دێن و جووڵە و ڕوودانیان لە ناو هۆشیاریدایە (لەبیربوون یەكێكە لەوان) دواتر هەر خۆی لە كەناڵ و ڕێی جۆراوجۆرەوە خۆی ڕادەگەیەنێت، بێ ئەوەی خۆی قسە لە ڕوودانی خۆی بكات و پێویست بكات جاڕی بۆ بدات.

بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێت دەستەواژەی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە سیفەتی دەمامكە درۆزنانە و نواندنئامێزەكانی، پرۆسەیەكە لە وێنەی پەرچەكردار نەك كردار، هەر خۆی بۆ خۆی دەبێتە پەرچەكرداری (بیركردن و لەدڵدابوون) واتە مانای حەقیقیی ئەم دەستەواژەیە (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە تەواوی ئەوەیە كە (لەبیرمان كردوویت و لە دڵماندا نیت) بەڵام نامەوێت بیری خۆم ئازاد بكەم و دڵی خۆم بۆ دونیا بكەمەوە، لێرەوە كاری ڕاگەیاندن و جاڕدانی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) تەنینەوەی پرۆفایلی زۆرێك، بۆ ڕاكردن و بە واقیعی وەرنەگرتنی (لەبیركردن و لە دڵدا نەبوونە) بەڵام بەو پێیەی بیركردنەوەی هزرێك كە هەر بە شوێن خۆبەكەمزانین و كۆیلەیەتی و پاشكۆییی عەقڵەوەیە، گەر هیچیشی دەست نەكەوێت، بەردەوام لە ڕێی دەستەواژەگەلی وەك (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) ئەم هەستانەی خۆی دەمەزەد دەكاتەوە و بە بیانووی ڕێز بۆ سەركردە و شتی تر، بیر و دڵی خۆی دەخاتە ژێر پێوە.




خولانەوە لە ناوکلتوری شۆڕشی شاخدا …. بەیان ئیبراهیم .

نەتەوە ژێر دەستەکان ئەو کاتانەی بەهۆی بەریەککەوتن و گۆڕانکاریە جیهانی و ناوچەییەکانەوە لە قۆناغی شۆڕشی بەرگری و چەکداریەوە دەچنە قۆناغی بەڕێوەبردنی شارەکان ، دەکەونە بەردەم هەستیارترین جۆری خەبات ، بە مانایەکی تر شاخ و شار دو نیای تەواو جیاوازن ، خۆ ئەگەر لە شاخ خەباتی چەکداری و پارتی زانی لە پێناو بەرگریکردن بوبێت لە سڕینەوەی نەتەوەیەک و گوشار خستنە سەر ڕژێمە دەستەڵاتدارەکان تا دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێت ئەوا خەباتی شارەکان بە پلەی یەکەم جۆری بەڕێوەبردنە ، بەم مانایانە چەمکی تێگەشتنی شار ڕەهەندی خۆی هەیە و چەمکی خەباتی شاخەکان ڕەهەندی خۆی هەیە ، بە درێژایی مێژو کورد لەهەر چوار پارچەکە ، بەردەوام لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا بوە ، بەڵام کاتێک دێتە سەر حکومداری و خەباتی شارەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان ناتوانن ئیدارەی شار بدەن ، ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە کاتێک لە شاخ بون لە هەناوی شۆڕشدا چەمکی بەڕێوەبردنی شارەکان غایب بوە ، واتا لە پاشخانی شۆڕشەکانی ئێمەدا هەڵگری خۆ بەڕێوەبردنی شارەکان نەبوە ، بە پێچەوانەوە ئەوانەی کە پارتی زان بون کاتێک دێنە شارەکان لەبەر ئەوەی تێگەشتنیان بۆ چەمکی شار سفرە ، بە هەمان ئەقڵەتی شاخەکانەوە دەکەونە ناو شارەکان و کۆی پرۆسەی شارەکان تێک دەدەن ، هەتا دەگاتە ئەوەی یەکە ئیداریەکان و ڕێکخراەوکانی کۆمەڵگای مەدەنی و شارەوانی و خزمەتگوزاری دەبەستنەوە بە بەرژەوەندی خۆیانەوە ، لەبەر ئەوەی لە شاخدا پێیان وابوە کە شۆڕشەکەیان سەری گرت دەبنە خاوەن کۆی شار و نیشتمان ، ئەمە وای کردوە کە هیچ بوارێک بۆ تەکنۆکرات نەمێنێتەوە و کۆی سێکترەکان ئیفلیج بێت ، تا ئەو ئاستەی کۆمەڵگا وەک سەربازگەیەکی بێ بەرنامەی هەتا سەربازیش لێ دەکەن .

ئا لێرەوە کۆی کۆمەڵگا و ئەوەی پێ ی دەوترێت ئالیەتی میکانیزمی جوڵەی کۆمەڵایەتی تێک دەدەن و سەر لە تاکەکان دەشێوێنن ، تا دەگاتە ئەو ئاستەی پەروەردە غایب دەبێت و لێرەوە کارەساتەکان ڕو دەدات ، ئەمەی لە باشور ڕو دەدات بە تەنها ئەوە نیە پێمان وابێت بەریەککەوتنی ناوچەیی و بەرژەوەندی وڵاتان خولقاندویەتی ، نەخێر ..بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە لە باشور لە باکگراوندی خۆیاندا هەڵگەری بەڕێوەبردنی شار و دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی نەبون ، بە زمانێکی سادە هەر چەکدارەکانە حکومی شارەکان دەکەن ، بۆیە ئەم دەستەڵاتەی ئێمە ناتوانرێت بە حکومەت و سیستەم ناو بنرێت ، جگە لە هەڵگری کلتورێکی پارتی زانی و شۆڕشی شاخ و بونیەی خێڵەکی نەبێت .

کە دەتوانین بڵێین هێشتا جگە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران ( کە هەوڵێکی سەرەتای دا ، دوای کاک نەوشیروان ئەویش بەرەو کۆتا دەچێت ، هەر چەندە لە ڕابردوەوە تا ئێستا تەنها کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوە هەوڵێکی سەرەتایی دا بێت دژی کلتوری چەکداری خێڵەکان ) شۆڕشی شاخیش هەر نەیتوانیوە تەواو هەڵگری مەفهومەکانی شۆڕش و پارتی زانی بێت ، کە دەتوانین بڵێن ئەمەی ڕودەدات بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستاش خولانەوەیە لە ناو هەمان بازنەی شۆڕشێکی خێڵەکی و پارتی زانیەکی خێڵەکیدا ، نەتوانراوە ئەم بازنەیە ببڕرێت ، ئەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ دەوڵەتداری دەکات و ئەو ڕەخنە باوەی کە هەیە ، جگە لە خوێندنەوەیەکی کاڵ و کرچ هیچی تر نیە ، ئەگەر نەتوانرێت بگەینە سەر ڕەگی کێشەکان ، خۆ ئەگەر شۆڕشەکانی ئێمە هەڵگری مفهومی دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی و ستراتیژی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی بونایە ، ئەوا دابەش نەدەبون بەسەر ولاتانی ناوچە و دەیانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ پەیوەندیەکاندا بکەن ، دوا جار لە بەر ئەوەی شۆڕش کارگەیەک بوە بۆ بەرهەم هێنانی ئەقڵی پارتی زانی و شۆڕشی چەکداری خێڵەکی و پاشان ئەم بەرهەمەی خستوەتە ناو دەوڵەتداری و حکومەتەوە ئەوا ئەمە بەرهەم دێنێت کە دەیبینین ، بۆیە ئەمەی ڕو دەدات چاوەڕوان کراوە و دەکرێت لەوە زیاتریش ڕو بدات ، چونکە ئەوانەی لە شاخ هاتونەتە خوارێ توانای بەڕێوەبردنی تەنها یەک گەڕەکیان نیە نەک شار و هەریمێکیش ، وە دەرئەنجام دەرکەوت هێشتا لەسایەی شۆڕشی شاخەوە ئێمە لە بازنەیەکی داخراوی کلتوری پارتی زانیەکی نەخوێنەوار و کۆمەڵێ چەکداردا دەژین و مەدەنیەت و دەوڵەتداریش توشی ئەم نەخۆشی شێرپەنجەی ئیداریە دەبێت کە دەیبینین .




سیاسه‌ت وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ! … عه‌بدوڵا ساڵح

ڕوداوه‌كانی دوای ١٦ ئوكتۆبه‌ر كوردستانی خسته‌ قۆناغێكی نوێ ، چ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ، چ ڕۆژنامه‌نوسان ، شیكه‌ره‌وه‌ سیاسیه‌كان ،نوسه‌ر و ڕۆشنبیران ، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ ، یاخود دروستتر بیڵێن له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیه‌وه‌ ئه‌م بارو دۆخه‌یان دایه‌ به‌ر باس ولێكۆلینه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ پێداگری له‌سه‌ر ده‌كا ئه‌م ووشه‌ی ( كورد ) بوونه‌یه‌ ! بۆیه‌ زوربه‌یان به‌ ( شكستی كورد ) ی ناو ده‌به‌ن ،ئه‌م ووشه‌ی ( كورد ) ه‌‌ پرسیارێكی گرنگ ده‌وروژێنێ ، ئاخۆ مه‌به‌ست له‌ كورد كێیه‌ ؟ هیوادارم له‌و چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌دا وه‌ڵامێكی ئه‌م پرسیاره‌م دابێته‌وه‌ به‌خوێنه‌ر، دڵنیاشم وه‌ك چۆن هاوڕام هه‌یه‌ هه‌روه‌ها دژی ئه‌م بۆچونه‌ش كه‌م نین .‌
ئابوری بنه‌ما و ژێر خانی سیاسه‌ته‌ ، سیاسه‌تیش به‌ ڕۆڵی خۆی ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئابوریدا و هه‌ردووك له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دایله‌كتیكیدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتره‌ ، ئه‌مه‌ تێزێكی زۆر ساده‌یه‌ زوربه‌ی خوێنه‌ران باشتر له‌ من لێیحاڵین .هه‌موو سیاسه‌تی دنیا بۆ ئه‌وه‌ داڕێژراوه‌ من چۆن بژیم وتۆ چۆن بژی ، واته‌ سیاسه‌ت به مانا گشتیه‌كه‌ی بۆچۆنیه‌تی دابینكردنی ژیانی تاكه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا ، ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو دام و ده‌زگاكانیه‌وه‌ ، كاری سه‌ره‌كی ڕاگرتنی ئه‌م بار و دۆخه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك دژ به‌لایه‌نێكی كه‌ ،ئه‌م چۆنیه‌تی ژیانه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نیه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ ، ئایین ، ڕه‌گه‌ز ، پێست ..هتد، واته‌ جه‌وهه‌ری باسه‌كه‌ ژیانه‌ وتوێكڵه‌كه‌شی ئه‌و زاراوه‌ عاتیفیانه‌ن .

ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ وئه‌و شكسته‌ی به‌دوای خۆیدا هێنای، كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو له‌و پێشهاتانه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر شه‌خسی بارزانی پێشه‌نگ و ئالا هه‌ڵگری ئه‌م شكسته‌ بوو، ئه‌وا به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوهه‌ڵوێستی بوون هه‌ر یه‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی و به‌گوێره‌ی به‌رپرسیاره‌تی خۆی ئۆباڵی ئه‌م شكسته‌و ئه‌م بارو دۆخه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌رگیز ئه‌و ڕاستیه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م شكسته‌ ،له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ته‌ فاشیله‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ،هه‌ر به‌ڕێوه‌ بوو، به‌ڵام ڕیفراندۆم پرۆسه‌ی ئه‌م شكسته‌ی پێشخست.
من پێم وانیه‌ خاڵی لاوازی ڕیفراندۆم ته‌نیا شه‌خسی بارزانی بووبێ، چونكه‌‌ بارزانی به‌ر له‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ك بێ ، تاكێك بێ ،دیارده‌یه‌كه‌ ،‌ بێگومان تاك ده‌وری هه‌یه‌ له‌ ڕێڕه‌وی مێژوودا ، لینین – گاندی – ماندێلا وه‌ك نموونه‌ ،‌ به‌ڵام تاك خۆی زاده‌ی واقعێكی ئابوری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ‌ وئه‌وكه‌سایه‌تی و تاكانه‌ له‌ مانگه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ خوارێ !
بارزانی تاكیشه ‌و دیارده‌شه‌ – په‌دیده‌یه‌ – ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌شكرێكی به‌ دواوه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ش له‌ئه‌ندامی ئه‌و له‌شكره‌‌ له‌شكرێكی دیكه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌‌ به‌جۆرێك شه‌كڵێكی قوچمان – هه‌ره‌م – مان بۆ دروست ده‌كا كه‌ شه‌خسی بارزانی له‌ سه‌ری ئه‌و قوچه‌كه‌یه‌ قه‌راری گرتوه‌، به‌شی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و له‌شكره‌ به‌نده‌ به‌ دوور و نزیكی له‌م قوچه‌كه‌یه‌ . ئه‌و ڕایه‌ڵه‌ سه‌ره‌كیه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كۆكردۆته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوریه‌، دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌ له‌ ڕێگای كۆنترۆل كردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، واته‌ دا‌به‌شكردنێك له‌سه‌ر بنه‌مای ،هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وان وچیش ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ باقی خه‌ڵكه‌كه‌ . ئه‌گه‌رئه‌م وێنایه‌ وه‌ك ده‌سبیحێكی هه‌ڵڕژاو سه‌یر‌ بكه‌ین، ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌كه‌ ئه‌و داوه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌نكانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ وه‌ك ده‌سبیح ڕێكیان ده‌خا . ( كورد ) بوون چه‌ترێكه‌ خۆیانی تێدا وێنا ده‌كه‌ن ده‌نا فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردزمانه‌وه‌ نیه‌، ئاخۆ به‌رژه‌وه‌ندی سكێكی برسی ، كرێكارێكی بێكار، ده‌ست فرۆشێك ، فه‌رمانبه‌رێكی بێموچه‌ چی بی تاكو بیخاته‌ ژێر چه‌تری ئه‌م ( كورد ) بوونه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و له‌شكره‌ی باسم كرد كۆیبكاته‌وه‌‌ !؟ ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ی به‌یه‌كزمان ده‌دوێن بیانخاته‌ ڕیزی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌نا من شتێكی تر شك نابه‌م ، كه‌مێك تێڕامان له‌و ته‌ڕحه‌ و پێداچونه‌وه‌ به‌ مێژووی ئه‌م دیارده‌یه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌ ڕاستی ئه‌و بۆچونه‌مان ده‌خاته‌ به‌ر چاو .
ئه‌گه‌ر ئه‌م تێزه‌ پڕاوپڕبێ به‌ بارزانی و له‌شكره‌كه‌ی ، ئه‌وا بێ سێ ودووبۆ تاڵه‌بانی وله‌شكره‌كه‌ی ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ! گۆڕان و ئیسلامیه‌كانیش ئه‌گه‌رده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست سیاسه‌تێك پیاده‌ ده‌كه‌ن له‌ ناوه‌رۆكدا هه‌ر هه‌مانه‌ به‌ڵام له‌ شكلدا ڕه‌نگه‌جیاوازی هه‌بێ .

ئاخۆ چ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك شاسوار عه‌بدولواحد و ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و ڕوی ده‌میان تێ ده‌كا كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی من دیارده‌ی فره‌ده‌نگی وفره‌ گروپ به‌ حاڵه‌تێكی پۆزه‌تیف لێكده‌ده‌مه‌وه‌، لانی كه‌م له‌ خیتابی سیاسی و ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی شتێكی جیاوازتر له‌و حاڵه‌ته‌ ته‌قلیدی و سونه‌ته‌ دواكه‌وتوانه‌ ته‌ڕح ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بنه‌ما ئابوریه‌كه‌ له‌به‌ر چاو بگرین ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌شكری ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و ڕوی ده‌می تێكردون له‌كاتی گرتنی ده‌سه‌ڵاتیدا جگه‌ له‌ بوون به‌ خاوه‌نی سه‌همێك یا چه‌ند سه‌همێك له‌ سه‌روه‌ت وسامانی گۆمه‌ڵگا هیچی تر نابێ ، ئه‌وه‌ی كه‌ شاسوار پێیان ده‌ڵێ : هه‌موتان ده‌توانن وه‌ك من بن له‌ خه‌ون به‌ولاوه‌ شتێكی تر نیه‌ !

هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستاو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی داهاتو شه‌ڕی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت وسامانیانه‌ و هه‌ریه‌كه‌ بۆ له‌شكره‌كه‌ی خۆی ئیتر مه‌سه‌له‌ی ( كورد ) بوون و كوردایه‌تی جگه‌ له‌ سه‌رپۆشی ئه‌م تاڵان و بڕۆیه‌ هیچی دیكه‌ نیه‌ ! به‌كورتی ده‌سه‌ڵاتی كه‌مینه‌ به‌سه‌ر زۆرینه‌ داو له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو كۆمه‌ڵگاو دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌و پێوه‌ره‌ی كه‌ ئه‌وان دایده‌نێن ، نمونه‌كه‌شی زه‌ق و ئاشكرایه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه‌‌ !
ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ بهێنینه‌ به‌ر چاو ، واتا ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌تو سامان له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌و دابه‌شكردنی ،تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ،به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵدا، یان لانیكه‌م هێنانه‌ كایه‌ی سیستمێك هاوشێوه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا ، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌م ژیان و گوزه‌رانه‌ چۆن سه‌ر له‌به‌ر قڵپ ده‌بێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ خه‌ون نیه‌ واقیعه‌ ، به‌ڵام به‌نده‌ به‌ ئیراده‌ی ئینسانه‌كانه‌وه‌.
له‌ڕاستیدا ده‌بوو چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان به‌و كاره‌ هه‌ستابان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین جیاوازه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان له‌ په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا قه‌راریان گرتووه‌ ! له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م واقیعه‌ ئه‌وان ڕوداو بخوڵقێنن ئه‌وه‌تا چاوه‌رێ هێزه‌كانی كه‌مینه ن‌ تاكو ڕوداوێكیان بۆ بخوڵقێنن و ئه‌وانیش به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر ده‌ربكه‌ن !
به‌ بۆچونی من هه‌موو ئه‌و ته‌رحانه‌ی ئه‌مڕۆ خراونه‌ته‌ ڕووبۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م شكسته‌، هه‌ر له‌ حكومه‌تی كاتی تا حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی ده‌چنه‌وه‌ خانه‌ی دووباره‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ماوه‌به‌سه‌رچوه‌ به‌ڵام له‌ شكڵ و شێوازێكی تردا!
خۆڕێكخستنی خه‌ڵك و هێنانه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان و خه‌بات بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات ودوور خستنه‌وه‌ی ئه‌م چڕوچاوه‌ شكستخواردوانه‌ ، به‌دووریش ‌له‌و ته‌ڕحانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌دیل باسیان لێوه‌ده‌كرێ، تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م بار ودۆخه‌ ، گومانم نیه‌‌ ئه‌وه‌ كارێكی سه‌خته‌ به‌ڵام موسته‌حیل نیه‌ !

عه‌بدوڵا ساڵح
20 / 11 / 2017




تەمەن بەسەر باڵام چەمایەوە … عه‌لى مسته‌فا

حەزم لە نهێنیەکانی باران بوو
کاتێک بەسەر پشتی بێهودەیی
تۆنەکانی عەزف دەکرد
لە درزی نهێنیەکانی گەڵای پایزدا
دەمڕوانیە باو
چاوشارکێم بوو
لەگەڵ ڕەشبەڵەکی سترانی با
بێدەنگ
بۆنی گوڵم دەکرد نەبادا
سترانی منداڵی و
بەستەی لاولاوە وەنەوشەییەکان و
کەژاوەی پڕ لە جوانی دایکم و
نیگا ماندووەکانی باوکم
بکەونە بەر توڕەیی باو ڕێگای سێبەر بشکێتەوە
من هاوکاتم لەگەڵ شینی خەزانی با
ڕەنگم ترێی درەنگی پایزە
نیگام خەمی سێبەری هەڵکشاوی دایکمە
جەستەم لە پایز دەچێ
با نایەڵێ هەموو تۆنەکانی بارانم بەرکەوێ
سپێدە باش گوڵم لە مەراقی با نەچیەسەفەر
من لەگەڵ چرۆی هەرسێبەرێ دێمە سەفەر

عه‌لى مسته‌فا/ 2016




چۆنیه‌تی ده‌رمان خواردن … فه‌رهادئه‌حمه‌د به‌رزنجی

بڕیار نه‌خۆشكه‌وتبوو ‘هه‌رچه‌نده‌ چووبوو بۆلای پزیشك و ده‌رمانیشی بۆنووسرابوو بۆچاره‌سه‌ركردن‘به‌ڵام گوێی نه‌ده‌دا به‌ ده‌رمانه‌كان بۆیه‌ هه‌رده‌كۆكی و چاك نه‌ده‌بووه‌وه‌.
هه‌تاڕۆژێكیان كۆكین زۆری بۆهێناوته‌نگه‌نه‌فه‌س بوو‘به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ باوكی چووبۆلای پزیشك وكه‌مته‌رخه‌می خۆی بۆباسكردله‌كاتی پێشوودا.پزیشكه‌كه‌ش پێیوت:به‌ڕاستی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ت كردووه‌كه‌ده‌رمانه‌كانت له‌كاتی خۆیدابه‌باشی به‌كارنه‌هێناوه‌‘چونكه‌ میكرۆبی نه‌خۆشیه‌كه‌ت زیاتربووه‌وزیانی زۆرتری پێگه‌یاندویت.
به‌ڵام ئه‌گه‌رئه‌وده‌رمانانه‌ت هه‌رشه‌ش كاتژمێرجارێك به‌كاربهێنایه‌ ئه‌وا به‌به‌رده‌وامی له‌ناوخوێنتا چالاكییان ده‌بوو له‌میكرۆبه‌كانیان ده‌داوله‌ناویان ده‌بردن و له‌نه‌خۆشیه‌كه‌ت ڕزگارت ده‌بوو،چونكه‌ ئه‌م ده‌رمانانه‌ وه‌كو پێشمه‌رگه‌ له‌ناوخوێنتا پارێزگاری له‌له‌ش و خوێنت ده‌كه‌ن وله‌شكری میكرۆبه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن. ئینجابڕیار تێگه‌یشت له‌گرنگی ده‌رمان خواردن وچۆنێتی خواردنی له‌كاتی نه‌خۆشیدا .
ئیترله‌كاتی خۆیداوهه‌رشه‌ش كاتژمێرجارێك،ئه‌گه‌ر له‌خه‌ویشدابوایه‌ به‌خه‌به‌رده‌هات و ده‌رمانه‌كانی به‌باشی ده‌خوارد،بۆیه‌ هه‌رزوو چاكبووه‌وله‌نه‌خۆشی ڕزگاری بوو.




خه ڵكى كوردستان دژ به بڕيارى دادگاى فيدراڵى عێراق دفاع له بريارى سه ربه خۆيى ده كه ن

ڕێگانادەین ماف و بڕیاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان زەوت بکەن
ئێمە وەک خەڵکی کوردستان مافی سەربەخۆیی بە مافی ڕەوا و بەڵگەنەویستی خۆمان دەزانین و لە رفراندۆمیشدا خەڵکی کوردستان بە دەنگی ٣،٥ملیۆنی هاوڵاتیان ئەم مافەمان بەدنیا و حکومەتی عێراق ڕاگەیاندوە. ئێستا حکومەتی میلیشیا شیعەکان دوای لەشکرکێشیان بۆسەر کەرکوک و ناوچە کوردنشینەکان بەهاوکاری باڵێکی یەکێتی و ته سليمكردنى ناوچه كانى تريش له لايه ن پارتيه ،دەیانەوێ خەڵکی کوردستان لەژێر فشاری ساسی و ئابوری و سەربازیدا ناچار بە تۆبەکردن و پاشگەزبونەوە لە مافی سەربەخۆیی خۆی بکەن.
هەربۆیە هەوڵی بەردەوام دەدەن کە لەڕێگەی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردستانەوە قەواڵەی پاشگەزبونەوەیان پێ پڕبکەنەوە و بڕیاری حکومەتی هەرێمیش بۆ ڕیزگرتن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق نیشانەی ملکەچکردنی دەسەڵاتدارانی کوردستانە بۆ حکومەتی عەبادی.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان بڕیار ومافی بێ قەیدوشەرتی خەڵکی کوردستانە و هیچ کەس و لایەنێک و حکومەتی هەرێم بۆی نیە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە بڕیاری هەڵوەشانەوە و قبوڵکردنی زەوتکردنی ئەم مافە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدات.
ئێمە هەر بڕیارێک لە هەر لایەن و دەسەڵاتێکەوە لە کوردستان بدرێت بۆ قبوڵکردنی ژێردەستەیی خەڵکی کوردستان و دەست هەڵگرتن و پەشیمان بونەوەی لە بڕیارومافی سەربەخۆیی شەرمەزار دەکەین و دژی ڕادەوەستین و هیچ شەرعیەتێکی نیە . ئێمە بەرامبەر بە حکومەتی مەزهەبی شۆڤینیستی عێراق ڕایدەگەیەنین کە خەڵکی کوردستان تەسلیمی فشارەکانیان نابێ و بەپێداگری لەسەر بڕیارومافی سەربەخۆیی دژی داگیرکاری و ژێردەستەیی دەوەستێتەوە. ئێمە لەئاستی نێودەوڵەتیشدا بەردەوام دەبین لە ڕاکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی خۆی و سەرکۆنەکردنی پیلان و دەستدرێژیەکانی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق و بەڕەسمی ناسینی بڕیارومافی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەڕیگەی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیەوە.
٢٠نۆڤەمبەری ٢٠١٧
واژۆکان
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان-1
ئاسۆکمال- بەریتانیا-2
بەختیار مستەفا- سلێمانی-3
عەلی محمود- هەولێر-4
محسن کەریم- سلێمانی-5
نامیق ڕەشید- پێنجوین -6
سەردار عەبدوڵا حەمە –کەنەدا -7
حەسەن مارف – ئوسترالیا-8
مستەفا باهیر- فنلاند-9
دەشتی جمال – بەریتانیا-10
بەڕێز علی شۆڤڵ-سوید-11
باران یادە- بەریتانیا-12
جەلال هۆرینی – ڤانکۆڤەر- کەنەدا-13
عبدالرحمن رسول /نووسەروڕۆژنامەنووس/فەرەنسا-14
خەبات عەبدوڵا – هەولێر نووسەر-15
سوران حمه امین عبدوالله / مهندس / انگلیس-16
شاباز محمود/سليمانى/جالاكى مه ده نى-17
جمال جميل مسته فا / سليماني / فه رمانبه ر-18
ابراهیم احمد ساڵح ( هاوڕێ سەنگاو ) / سلێمانی / ماستەر لە زانستە سیاسیەکان-19
ئالان محمد /هامبورگ/ ئەڵمانیا-20
میهرەبان علی ڕەسوڵ لە فینلند / فرمانبەر-21
جلال سۆفی- هولەندە-22
جمیل خوانچه زر / بریتانیا-23
حسین ساڵح سادق- هەڵسوڕاوی کرێکاری-24
فینک عەزیز/ بەریتانیا-25
ئەکرەم میهرداد ، سلێمانی-26
سەلاح فەتحوڵا – فینلاند-27
نه وزاد صالح – هـه لّسوراى چه پ – سويد-28
موزەفەر عبدالله/ ئوسترالیا-29
ناهید محسین- سلێمانی-30
عه لا نیزامه دین/ سلیمانی-31
ناهیدە مستەفا- سوید-32
پشتیوان کەریم ئەڵمانیا-33
سه مير نوري / تورنتو / كه نه دا-34
هيوا ره ش / سليماني-35
ستار اوي هه نك / تورنتو / كه نه دا-36
توانا حه مه نوري / به ريتانيا -37
كه مال فه ره ج- نەرویج-38
هیوا ئەحمەد/ هەڵسوڕاوی سیاسی/بەریتانیا-39
رحمه ت فاتحى. تيكوشه رى سياسى-40
هيوا زه بيحى- چالاكى سياسى/دانمارك-41
مه حمود حه لاق / سليماني-42
شةمال رؤوف گرميان-43
به ختیار پیرخضری / بریتانیا-44
هاوژین ڕەشید/ بەریتانیا-45
سەمیرە حەمە سالح – هلسنکی – فنلاند-46
ياسين على/ سليمانى-47
ئاسۆ زەند /سوید-48
ابراهيم حسين/فينلند-49
عادل عبدالله سليماني ماموستا-50
مژدە رووف نوری سوید – ستۆکۆڵم-51
فه ریده ره زایی هه لسوراوی سیاسی و چالاکی بوار ژنان-52
-53ستار کوڵه جۆیی که نه دا
-54ڕۆژ عەزیز …. تورکیا
-55ڕۆڤان انور احمد / کفری
-56مصلح رێبوار-سوید
-57دیدار عوسمان. ڕۆژنامەنووس.
-58وه فيق زامدار .هونه رمه ندي شيوه كار …كه نه دا
-59رعد سلیم \ سوید
-60محمدعبدالله قادر/سليماني /هه لسوراوي كريكاري.
-61وشیار فرج/California. U.S.A-Trucking company owne
-62روخوًش احمد عبدالرحمان / سليماني
-63 مەریوام محسن – بەریتانیا
-64کاوه محمود –کوردستان(حزبی شیوعی)
-65وریا حەمە تاهیر _ سوید
-66کاوە عومەر- کەنەدا
-67هيوا عمر- هەولێر
-68مریوان ڕحیم هۆڵندا
-69ڕوناک مولود- هولندا
-70كامه ران داود- بەریتانیا
-71شیرین احمد/سوید
-72صباح علي پیرۆزی _ باشورى کوردستان
-73قاسم نۆکانی پێشمه رگه ی دیرین .که رکوک
-74نه‌وزادئه‌سعه‌د..سله‌یمانی ..سیدصادق
-75ئاریان ئەکرەم – سلێمانی / کوردستان
-76هیرو محمد فرنسا
-77بابكرحمە بابكرمحمود قە ڵادزێ
-78احمد سیدە – پشدەر
كامران. لەتیف /مامۆستا-79
-80سەرداری مەحموی حەمەمراد-هۆڵەندا
-81أمير محمد علي (حەمەڕەقی بانی بی ) أحمد /دەربەندیخان
-82عمار علي..هولندا
-83کاروان عەبدوڵلا..نووسەر ورۆژنامەنووس..هەولێر
-84مهداوی محمد ئەحمەد -خانە نشينی پێشمەرگە –دەربەنديخان
-85شاخه وان حه ساري هه ولير ئازادي پيشمه رگه ي ديرين
-86جوان علی شۆڤل ستۆکھۆڵم سوید
-87ئارام ھەورامانی ستۆکھۆڵم سوید
-88ئاژین امین -ستۆکھۆڵم سوید
-89ئاگرین امین -ستۆکھۆڵم سوید
-90ئەڤین امین – ستۆکھۆڵم سوید
-91حکیم علی عزیز – ئەڵمانیا
-92خالد بيشوا /ماموستا زانكو
-93دانا عومه ر فه رە ج له فینلاند
-94سەرهەد تۆفیق معروف.نوسەر..هەولیر..
-95فاضل عثمان رسول ( ف.. ڕۆژ)- سه رۆكی ده زگای ڕۆژ له كه ركوک
-96سه ميره عبدالله نادر- نه رويج
-97حمه على محمد معروف- کوردستان
-98ابوبکر محمود امین- کوردستان
-99توانا توفیق حەمە ـ دەربندیخان ـ پارێزەر
-100پرشنگ سعید/دانمارک
لیستی دووەم:
1. عبدول علی ئەورەحمان بەریتانیا
2. عثمان توفيق- نمسا
3. هاوری پێشرەو-كومةلةي داكوكي لة فوربانيان و ئةنفالكراوةكان / كةرميان
4. دانا عومه ر فه ره ج ـ فینلاند
5. شوان نورى -هه له بجه
6. شيلان جه بار- کوردستان
7. غازی هادی حمه جوان / هه ولیر
8. هەواڵ زێوەر عزیز ـسوید
9. دیلان زێوەر عزیزـ سوید
10. دانا شوانى- ئوسلو
11. عادل نوري عارف / پيشمه رگه
12. کەریم قادر – نەمسا
13. ئاشتی عارف هۆڵەندا
14. پێشەنگ براخاس هۆڵەندا
15. پەیوەند براخاس هۆڵەندا
16. دلخواز حسين محمد سليمانى
17. بيشة وا محمد – ئيتاليا
18. سه مير جلال هه ولير
19. همزەسلێمان حارس ـ هەولێر- پارێزەری ڕاوێژکار
20. هاوارعبدالقادر فارس،پێشمەرگەی دێرین ،هەولێر.
21. یاسین على – کوردستان
22. -جەلال سۆفى – هولندا
23. -ابراهیم احمد سالح
24. -وەستا کامیل
25. -سەوسەن مەولود
26. –گەلاوێژسالح- کوردستان -سلێمانی
27. -ئالان دانیار- فنلند
28. -نادیە ئازاد – سوید
29. -ئەنوەر نوری عارف- نەرویج
30. -ناهد محسن سلێمانی..
31. -حاجي حسين صالح- زاخۆ
32. -تابان یاسین ⁄بەریتانیا
33. -ڕۆڤان انور احمد / کفری
34. -سالارى ئاسنگه ر /سليمانى
35. -دیدار عوسمان. ڕۆژنامەنووس.
36. -شیاو نوري / شاعیر و هونه رمه ند/ شاری لیل ولاتی فه ره نسا
37. وه فيق زامدار .هونه رمه ندي شيوه كار/كه نه دا
38. – عوسمان ئه حمه د /دانمارک
39. – حەمید ڕسوڵ عبدللە(قەڵادزەیی) /قەڵادزێ
40. -بارزان احمد
41. -اسماعیل حەمەدەمین /باشوورى کوردستان
42. -فواد احمد – سلیمانی
43. -چیمەن سالح /هەولێر
44. – جاسم خيلانی- سويد
45. -هاوڕێ پێشڕەو- كومةلةي داكوكي لة فوربانيان و ئةنفالكراوةكان / كةرميان
46. -هۆشمەند سیدەکەیی
47. -محمد حاجى سالح
48. -ڕێبوار عبدالقادر
49. -بەیان فروغ زادە
50. -ڕزگار گۆپتەپەیی
51. -ڕەمەزان خدر
52. -سەمیرە عبداللە
53. -دڵسۆزفتاح
54. -ئومێد سەرهاد
55. -شۆرش کوردى
56. -فێنک تاهیر
57. -سەلام على- مامۆستا
58. -احمد خێلانى
59. -مها على
60. -بڕیارحیدەر
61. -شوان نورى
62. -فلاح احمد
63. -شۆرش قەرەداغى
64. -ئەمیرمحمد
65. -نەسرین شجاعى
66. -دلێر محمد شەریف
67. -جەوهەرسیادە
68. -بورهان احمد
69. -هاوڕێ عوسمان
70. -کمال مستەفا
71. -سەردارکەریم
72. -زانا زەنگەنە
73. -جێگرجەواد
74. -فەرهاد تامەر/کۆیە
75. -نیشتمان ئەمیری
76. -مەجید حەمەفەرەج
77. -نەبیل محمد
78. -ئومێدبابان
79. -دڵخوازحسین
80. -سامان حوێز
81. -عارف رۆستى
82. -کاروان قادرعزیز
83. -دەون فواد
84. -ریان خدر
85. -شنۆمحمد/ زاخۆ
86. -کەژى شڤان
87. -مستەفا یاسین
88. -محمد عمر
89. -عوسمان محمد خان
90. -ژاڵەجاف
91. -ڕێکەوت حامید
92. -عمربەرزنجى
93. -بێستون عبداللە
94. -محمد سابیر
95. -جمال قامیشەیی
96. -ئاماد حەمە
97. -فرمێسک مستەفا
98. -شوان ڕامیار
99. -نەوزاد فواد
100. -ئاسۆ بیارەیی
101. -سامان احمد
102. -شوان شێخانى
103. -فەرهاد رسول
104. -تەرزە نورى هەورامى
105. -جلیل عباس
106. -سۆران زەندى
107. -تەنیا عزیز
108. -کوردە اسماعیل
109. -تەیب کاکەیی
110. -پێشەوا جاف
111. -حیدەراحمد
112. -جمال امین
113. -سعیدى شێخ محمدى
114. -کاروان عبداللە
115. – محمود احمد / نووسەر و سیاسى / سلێمانی
116. -سەلام زیجى حیزبى سۆسیالیستى شۆڕشگێرى ئێران
117. – روخوًش احمد عبدالرحمان / سليماني
118. -ئاسۆجبار نوسەروڕۆژنامەنوس لە USA
119. -رعد سليم_ عضو اللجنة المركزية للحزب الشيوعي العمالي العراقي
120. جبار محمد /ايتاليا




“حەڵقەی ونی کۆمەڵگای مەدەنی کوردی وەک مێنتالیتە”… شاهۆ حوسێنی

بوومەلەرزەی بیست و یەکی خەزەڵوەری کرماشان لەتەنیشت مووسیبەت و داغی کۆچی ئەزیزان و ماڵوێرانی، دەرکەوتەیەکی گرینگی هەبوو، ئەویش نیشان دانی هێزی جەماوەری و قوڵایی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات بوو.
ئەگەر قەبووڵ بکەین کە کۆمەڵگای مەدەنی لەخۆ گری چوار تایبەت مەندی: عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، ئەوا لە رۆژهەڵات هەم عەقڵی گشتی، هەم خواستی گشتی و هەم کرداری گشتێکە دیتران. هەر ئەوەش وەهای کرد کە لە زووترین کات و هەر لەیەکەم ساتەکانی بوومە لەرزەکەدا، بیر و رای گشتی و مەدەنی کوردستان بە هۆی تێلێگرام و باقی رایەڵە گشتێکان، بەخێراییەکی زۆر ئاگاداری دۆخەکە کرا و حەول و جموومۆڵە خۆ رێکخراوەکان هەم لەلایەن ئێن جی ئۆکان و هەم لەلایەن کۆر و کۆمەڵە مەدەنیە خۆبەخشەکان دەستی پێ کرد، بەڵام هەمووی ئەو تایبەت مەندیانە لە غیابی هەواهەنگی گشتی و رێککەوتنێکی سەراسەری لەنێوان ناوەندە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی کۆمەڵگای کوردی، جۆرێک نارێک و پێکی لەگەیاندن و دابەش کردنی پێداویستێکانی خەڵکی بوومەلەڕزە لێدراوی لێکەوتەوە، لەوەها بۆشاییەکەیش دابوو کە سووپای پاسداران و ئاستانی قوودسی رەزەوی بە داگیرکردنی یارمەتێ مەدەنێکان بەشێک لەوانی بەناوی خۆی و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتا بڵاو کردوە. بێ گوومان هەموو تایبەت مەندێکانی پەرەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز لە رۆژهەڵات بوونی هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن و هەواهەنگی لەناو ئۆرگانەکان و پێکهاتەکانی مەدەنی دا غایبە، ئەو بۆشاییە بەربەستێکی گرینگە بۆ سەر هەڵدان و پەرەی مێنتالیتەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کوردی.

دیارە لێر مەبەست لە مێنتالیتە مانا و دەرکەوتە مۆدێرنەکەیەتی، بێ گومان کورد و کوردستان لەبەردەم ئەزموون و تەجرووبەیەکی گرینگی مێژوویی دایە کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێ کردوە، ئەم ئەزموونە شتێک نیە جگە لە رووبەروو بوونەوەیەکی درووست و ناوەرۆک تەوەرە (نەک هەر بەتەنیا رۆاڵەت تەوەرە ئەو جۆرەی کە کورد تا ئەمرۆکە لەگەڵی رووبەروو بۆتەوە) لەگەڵ مۆدێرنیتەیە. کورد بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشە ناوخۆیی و دەرەکێکانی‌دا چارەیەکی نیە جگە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە.

بێ گومان یەکێک لەکۆڵەکە گرینگەکان و بنەما سەرەکێکانی مۆدێڕنیتە زەینییەت یان مێنتالیتەیە، مێنتالیتە نەک بەمانی نەریتێکەی کە بریتیە لە شێوەی بیرکردنەوە یان جۆری هزر و ئەندێشە، بەڵکە بەمانای کەڵکە بوونی ئەزموون گەلێکی مێژوویی لەهەناوی کورد و بوون بە هێزێکی کۆڕگێر و کارتێکەر، واتە هێزێکی مەعریفی و هزری لە رەوتی ژیانی کردەوەیی و زەینی تاکی کورد کە هێز و ئیرادەیەک بە تاک دەبخشێت بۆ کارتێکەر بوون لەسەر رەوتی ئاڵوگۆرێکان، دەرکەوتن وەک هێزیکی ئاڵوگۆری خوڵقێن، بوون بە کۆرگێڕێکی زانستمەند و پێش گرتن بە دووپات بوونەوەی ڕابردوویەکی مێژوویی هەم لە ئاستی مەعریفی، هەم لە ئاستی رواڵەتی و هەم لە ئاستی کردەوەیی‌دا، مێنتالیتەی مۆدێرن بە مانای بەهێز بوونی تاک لەبەرامبەر دەسەڵات و هەرجۆرە ناوەندێکی دەسەڵات سەپێنە، واتە بەهێزی بوونی تاک لەسەر بنەمای هزری شاروومەندی و پێوەندێکی موازی نەک هیرارشیک و توولی. بەواتایەکی تر مێنتالیتە لەخۆگری تایبەت مەندی گەلێکی تاکەکانە، تایبەت مەندی گەلێکی وەک سووژ بوون، ئاگایی و سەربەخۆ بوون لەخۆ پێناسە کردن و خۆ ناساندن.

ئەو مێنتالیتەیە دەبێتە هۆی سەرچاە بوون، سووژە بوون، کۆرگێر بوون و زاڵ بوون بەسەر ئەو کەرەسانەی کە خۆی خۆڵقاندوویەتی بۆ خزمەت بەخۆی کە بریتین هەم لە پێکهاتە ماناییەکانی وەک هزر و ئایدۆلۆژی و هەم پێکهاتە رواڵەتێکانی وەک دەوڵەت و حکوومت.
لەوەها دۆخێک دا کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە کە پێکهاتوە لە تاکی سەربەخۆ و سووژە، دەبێتە پێکهاتەیەکی گشتگیر، دەسەڵات رەمێن و سووژە کە پەرە پێ‌دەری عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، واتە کۆمەلگای مەدەنی وەک مێنتالیتە دەبێە کەسایەتیکی گشتی سەربەخۆ کە پێکهاتوە لە مێنتالیتەی تاکی کورد و درێژەی رەوتی مێنتالیتەی تاکی کوردە بۆ بەهێزتر کردن و پاراستنی لە هەرجۆرە دەسەڵاتێکی هێژمۆنی سیاسی و نامەدەنی.

دەشێ بگوترێت کە ئەگەر مێنتالیتە بەمانای تاکی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و وریا دێتە ئەژمار ئەوا گشتێتی بەمانای ناسینەوە و بەفەرمی ناسین و قەبوڵی کردنی مێنتالیتەکان لەلایەن یەکترەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای مەدەنی‌دا وەدی دێت، واتە کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە، مەکۆ و بەستێنی بەفەرمی ناسین و قەبوڵی تاکەکان وەک مێنتالیتە و ئاستی پێشکەوت و گەشەی زیاتری تاک، پشتیوانی‌کەری تاک و مسۆگەرتر کردنی شووناسی تاکەی سەربەخۆ و پێناسە کەرە، ئەو رەوتە لەراستی‌دا تەواوکەری رەوتی بە مەبەست گەیشتنی تاکە کە لە رەوتی مێژوویی خۆی‌دا بۆ گەیشتن بە ئامانج، لە قۆناغی سرووشتی‌دا، دەوڵەت و سیاسەتی بنیاد نا و پێی نایە قۆناغی سیاسی و لەپاش قۆناغی سیاسی بە بنیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی دەگاتە قۆناغی مەدەنی




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 1 … سمکۆ عەبدولکەریم


بەشی یەکەم
…..

سیاسەتی ئەم قۆناغەی توركیا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و تێڕوانین و تێزانەی ئەحمەد داود ئۆغلۆن، كە خۆی لە كتێبەكەیدا دەبینێتەوە بە ناوی «قووڵایی ستراتیژی».
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە دەكرێ‌ لەوە تێبگەین كە توركیا لە سایەی فەرمانڕوایی پارتی داد و گەشەپێدان «ئاكەپە» و كەسایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە ڕابردوودا چۆن لە هەوڵی ئەوەدا بوون توركیا بكەنەوە بە چەقی ستراتیژی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕست. لەم كتێبەیدا ئەم بابەتە زۆر بەڕوونی ڕوونكراوەتەوە، بە تایبەتی لەو بەشە دیاریكراوەیەدا كە تایبەتە بە كێشەی كورد.

ئەوەی وایكرد بگەڕێمەوە سەر ئەم كتێبەی داود ئۆغلۆ، ئەو سیاسەتەی كرانەوەی توركیا بوو بەڕووی كورددا، بە تایبەتیش بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، كە جۆرێك لە سیاسییەكانی كورد و رۆشنبیران بەگەشبینییەكی زۆرەوە لێیدەڕوانی و بە وەرچەرخانێكی گەورەی سیاسەتی توركیایان دانا، لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.

بەڵام ئەگەر بەوردی چاو بەم كتێبەی «ئەحمەد داود ئۆغلۆ» دا بخشێنینەوە، لە ستراتیژیەتی ئەو كرانەوە و سیاسەتە تازەیەی توركیا تێدەگەین، كە بە شێوەیەكی زۆر ستراتیژی خۆی لە سیاسەتی ئیحتیواكردندا دەبینێتەوە و زۆر بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو، نایشارێتەوە كە توركیا بۆ گەیشتن بە «ستراتیژیەتی قووڵایی» پێویستە پشت بە ستراتیژییەتی ئیحتواكردن ببەستێت، بە تایبەتیش لە بەرامبەر كورد.

ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەرسێ‌ بنەما سەركییەكانی، كە ئۆغلۆ وەك بنەمای ئەم سیاسەتە تازەیەی ئاماژەی بۆ كردوە، وەك «جیورۆشنبیری و جیوئابوری و جیوسیاسی، ئۆغلۆ وەك پێكهاتەیەكی كاریگەر دەڕوانێتە كورد و پێی وایە لەم قۆناغەدا كورد بۆ وڵاتە زلهێزەكان، هۆكارێكی باشە، لەبەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەڵ هەریەك لە سێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تورك و عەرەب و فارس».

ئەمەش وادەكات بە شێوەیەك لە شێوەكان لەم هاوكێشە ستراتیژییەدا، بە پشت بەستن بە هۆكارەكانی وەك “جیو سیاسی و ئابوری و جیو دووانییەكە و رۆشنبیرییەكەی” سوود لە كورد وەربگیرێ‌.
ئۆغلۆ پێی وابوو لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم بنامایەی «جیو دووانییەكە» لە هەریەك لە وڵاتەكانی توركیا و ئیران و دوو وڵاتە عەرەبییەكە، گۆڕەپانەكە لە بەردەم هەر جۆرە دەست تێوەردان و بەكارهێنانێك واڵا دەكات.

ئەمەش بە مەترسی دەزانێ‌ و پێی وایە كورد دەخاتە بەردەم مەترسی بەكارهێنان (الاستغلال) لە لایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە، لە چوارچێوەی ئەم گەمە ستراتیژییەشدا، بە تایبەتی لە سەروبەندی تیربوونی ناكۆكی نێوان وڵاتەكان، كورد بەدۆڕاو دەزانێ‌.
ئۆغلۆ لەو كتێبەیدا «قووڵایی ستراتیژی» ئاماژە بۆ دوو گۆشەنیگای سیاسی جیاواز دەكات سەبارەت بە كێشەی كورد، لە لایەن هەریەك لە ئەمریكا و ئەورپا، پێی وایە ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە كێشەی كورد بە بەشێك لە كێشەی عیراق دەزانێ‌، بە پێچەوانەی ئەوروپا، كە كێشەی كورد بە كێشەیەكەی بنچینەیی توركیا دەزانێت.

لەم روانگەیەوە ئۆغلۆ قەتیس كردنی كێشەی كورد لە سنووری عیراق، یان سنووری توركیا، بەشێوەیەكی گشتی بەیارمەتیدەر نازانێت بۆ دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا لەو كێشەیەدا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، دان بەوەدا دەنێ‌ كە هەمدیسان توركیا هەست بە بێزارییەكی مەترسیدار دەكات، لە بەرامبەر هەریەك لەو دوو هەڵویستەی ئەمریكاو ئەوروپا.

«ئۆغلۆ»پێی وابوو ئەم جۆرە تێڕوانینەی ئەوروپا كار دەكاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆلییەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپی، بە تایبەتی وڵاتانی وەك یۆنان و ئەڵمانیا، دواجار ئەمەش بە یەكێ‌ لە بنەماكانی گفتوگۆكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا دادەنێ‌.
بەڵام سەبارەت بە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ كێشەی كورد، كە لە چوارچێوەی عیراقدا لێیدەڕوانێ‌، ئۆغلۆ پێی وایە لە هەنگاوی یەكەمدا ئەم مەسەلەیە نابێتە هۆی راستەوخۆ بەیەك هەڵپژاندا. بەڵام دیسان توركیا بە وریایی و گومانەوە دەڕوانێتە ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاش.
پێویستە بووترێ‌ ئەو تێڕوانیانەی توركیا بۆ كێشەی كورد بۆ بەر لە رووخاندنی سەدام و دەستگیردنی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە، چونكە بە دەستگیركردنی ئۆجەلان توركیا ئاهێكی فێنك بە گیانیدا هاتەوە، بەتایبەتی كاتێ‌ ئەمریكا دەستگیركردنی ئۆجەلانی بە كردارێكی ناوخۆیی توركیا لە قەڵەمدا.

لە درێژەی پەرەسەندنەكاندا، بە تایبەتی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، داود ئۆغلۆ پێی وانییە كێشە سیاسییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چارەسەركردن دەچن، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێی وایە، لێرەوە گەمەیەكی تازەی زۆر مەترسیدار دەست پێدەكات.
هەرچەندە ئەمریكا لە هەموو بۆنەیەكدا لەبەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستاندا، پشتیوانی خۆی بۆ توركیا دەردەبڕێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا داوا لە توركیا دەكات لە بەرامبەر هەر هەنگاوێكی نوێی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە توركیا سیاسەتی نزیك بوونەوە پەیڕەو بكات.

داود ئۆغلۆ پێی وایە ئەو داواكارییانەی ئەمریكاش كاتێك ڕوو لە پتربوون دەكەن كە مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و فەلەستین دێنە پێشەوە.
بە دیوەكەی دیكەشدا ئۆغلۆ هەرچەندە دۆخی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان بەجۆرێك لە باڵكێشانی ئارامی بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا وەسفدەكات، لە هەمان كاتدا بە جۆرێك لە قورستركردنی داواكارییەكانیشیان بۆسەر توركیا لە قەڵەمدەدات.
چونكە پێشتر لەترسی ئەوەی بە پشتیوانیكردن لە رێكخراوی تیرۆرستی تۆمەتبار نەكرێن، وڵاتانی ئەوروپی دەبوایە بە ورییایی و لەسەرخۆ و بە نەرمی فشار بخەنە سەر توركیا، ئەمەش زیاتر لە دوای كۆبوونەوە لوتكەیەكەی هلسنکی و لە چوارچێوەی پێوانەكانی كۆپنهاگن جەختی لەسەر كرایەوە، كە وڵاتانی ئەوروپا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو شێوەیە دەیانڕوانییە كێشەی كورد، كە كێشەیەكی توركییە.

سەرەنجام ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەچوارچێوەی فەلسەفەی ئیحتواكردن و پشتبەستن بە رەهەندەكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی، پێی وابوو دەكرێ‌ كۆتایی بە كێشەی كورد لە توركیا بهێنرێت. كە بەلای منەوە مەسەلەكە كۆتایی پێهێنان نییە، لە روانگەی چارسەركردنەوە، بەقەد ئەوەی گەمارۆدانی كوردە لە هەموو لایەكەوە، بۆ ئەوەی لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە لە دژی تورکیا بەکار نەهێنرین.




كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل … د.سه‌عید تۆفیق


چاپكراوی نوێ‌

كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل
د.سه‌عید تۆفیق
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌
چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2017

ئه‌و كتێبه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتووه‌:
– پێشه‌كی نوسه‌ر:
(1) زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر.
له‌ زمانی هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ فیكری هایدگه‌ر، له‌ باره‌ی زمان و بیركردنه‌وه‌
(چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌ره‌تاییانه‌)
– شاره‌زایی زمان.
– زمان و شیعر (شاره‌زایی زمان له‌ شیعردا)
-زمان/شیعر/بیركردنه‌وه‌ (زمان وه‌ك بنه‌مای فیكر و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی).
(2) بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر.
– سه‌ره‌تایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی فیكری گادامێر و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی.
-بنه‌ماكانی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی:
1- هیرمینۆتیكا وه‌ك ئاراسته‌یه‌ك له‌ راڤه‌كردن:
2- تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن:
3- هونه‌ری دیالۆگكردن:

-سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌.

3- هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدگه‌ر و گادامێردا.
– قه‌یرانی تازه‌گه‌ری: قه‌یرانی فۆرم و میتۆد.
– هیرمینۆتیكای هاوچه‌رخ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرم و میتۆده‌وه‌.
– یه‌كه‌م: هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرمه‌وه‌.
– دووه‌م- هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت میتۆده‌وه‌.
1- وه‌همی بابه‌تگه‌رایی… وه‌همی میتۆد.
2-رۆڵی خود له‌ كرده‌ی راڤه‌كردندا.
راڤه‌كردن وه‌ك دیلۆگكردن له‌گه‌ڵ ده‌قدا.
ا-دیالۆگ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌یه‌.
ب-دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….Mutalib




كورد له‌ هاوكیشه‌ی میحوه‌ربه‌ندی …….. ستار چاوشین

پَیش رووخانی بلۆكی سوسیالیستی، دوو میحوه‌ری سیاسی هه‌بوو، یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌م میحوه‌ر به‌ندی یه‌ به‌جه‌نگی سارد ده‌ناسرا، ولاتان دابه‌ش بوبوون به‌ سه‌ر دوو زلهێزی جیهانی، پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، ئه‌مریكا وه‌ك هێزی یه‌كه‌می دونیا مایه‌وه‌، ته‌نیا له‌ رێگه‌ی بریاره‌كانه‌وه‌ به‌ ڤیتۆ ریگری له‌ هه‌ژمونی ئه‌مریكا ده‌كرا ئه‌ویش به‌ كه‌می، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پێویستی به‌ بریار ببایه‌ له‌و ئاسته‌، پاش به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ جه‌نگی ناوخۆی سوریا، رووسیا وه‌ك جێگره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، له‌ جاران باشترنا به‌ڵام هاوشێوه‌یه‌ك له‌ جاران له‌ جه‌مسه‌ری پێشووی خۆیه‌وه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، توانی رووبه‌رووی ئه‌مریكا ببێته‌وه‌و ده‌ست له‌ كارو باری جیهان وه‌ربدات، بێته‌وه‌و ناو هاوپه‌یمانێتی یه‌كانه‌وه‌، له‌شكركێشی بكات، باڵا ده‌ستی سه‌ربازی هه‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌،

تا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت وه‌ك محوری رۆژهه‌ڵات هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌، كورد وه‌ك هێزێك له‌ نێوان ولاتانی دابه‌شكراودا له‌ سه‌ده‌ی رابردوو هه‌میشه‌ قوربانی بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی باشور به‌ راپه‌رینێك بوبه‌ خاوه‌نی زه‌وی، كارگێری و حكومرانی، ده‌سه‌ڵاتی خۆی، له‌ به‌رنه‌بوونی دوو جه‌مسه‌ری كورد وه‌ك هێزێكی نوێ‌ ی لۆكاڵ وه‌ له‌ به‌ر باردۆخی ناوچه‌كه‌ زۆربه‌ی ولاتان به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا پشتیوانیان كردو مایه‌وه‌،
رووخانی بلۆكی سۆشیالیزم،بۆشایی محوه‌ری رۆژهه‌لاتی دروست كردبوو ئه‌م بۆشاییه‌ رێگه‌ی خۆش كرد ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌ ناوچه‌كه‌ خۆی نمایش بكات و ده‌ربكه‌وێت، ره‌نگه‌ ئه‌و كات و ئێستاش ئێران نه‌وه‌ك هێزی سه‌ربازی و ئابوری وه‌ نه‌وه‌ك خاوه‌ن پێگه‌ی نیو ده‌وله‌تی توانای رووسیای نه‌بێت، به‌ڵام نكوڵیش له‌وه‌ ناكرێت له‌ ململانێكاندا توانای هه‌ژمونگه‌رایی هه‌بووه‌ له‌ ناو چه‌كه‌،
پاش به‌هاری عه‌ره‌بی و مانه‌وه‌ی سوریا و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ سه‌ر ده‌ستی ئێران و رووسیا، وه‌ك ریسكێك هیشتنه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا سوریا و ئه‌سه‌د مایه‌وه‌، جارێكی تر رووسیای گه‌یانده‌وه‌ ئاستی بلۆكبه‌ندی رۆهه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا، له‌ هه‌مان كات پێگه‌ی ئێرانیشی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ هێزكرد،

ئێران له‌ شوێنێك نه‌وه‌ستا، له‌ وڵاتانی دراوسێ‌ یه‌وه‌ پێگه‌ی خۆی و پانتایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گه‌وره‌تركرد، له‌ لوبنان سه‌ره‌تا حزب الله‌، پاشان ته‌واوی وڵات، حكومه‌ت و سوپا، له‌ یه‌مه‌ن حوسیه‌كان، له‌ له‌ ئێراق( حكومه‌ت، په‌رله‌مانی زۆرینه‌، مه‌رجه‌عیه‌ت، هێزی سه‌رباز به‌ ناوی حشد )ه‌وه‌ هه‌مووی له‌ قازانجی خۆی هێنایه‌وه‌، له‌ سوریاش خودی ده‌وله‌ت خۆی به‌ ته‌واوی له‌ ژێر فه‌رمانیدایه‌،
ئه‌م باڵا ده‌ستی و هه‌ژمونگه‌راییه‌ی ئێران، ترسی خسته‌ سه‌ر وڵاتانی كه‌نداو، له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی جه‌نگی داعش ئیدی ئێران خه‌ریكی په‌رینه‌وه‌یه‌ بۆ سنوره‌كانی ولاتانی كه‌نداو، به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعودیه‌،
ئه‌مرۆ ولاتان له‌ رۆژهه‌ڵات له‌ نێوان دوو محوه‌ر دابه‌ش ده‌بن، ئێرانی شیعه‌و عه‌ره‌بستانی سوننه‌، به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ ساغ نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌مریكا به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ محوه‌ری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌و كه‌نداوه‌ یان نه‌، ئه‌گه‌ر چی سه‌ردانی ترامپ بۆعه‌ره‌بستانی سعودیه‌و رێككه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌مان پێ‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌مریكا خۆی سه‌رپه‌رشتی محوه‌ری سوننه‌ ده‌كات، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ گومان له‌ ئێداره‌ی نوێ‌ ی ئه‌مریكا ده‌كرێت له‌ ئیراق، چونكه‌ له‌ ئێراق رێگه‌ی خۆش كرد به‌ دروست بوونی حشد له‌ ماوه‌ی جه‌نگی داعش هاوشێوه‌ی دروست بوونی حزب الله‌ له‌ لوبنان و حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌ن،

هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو بلێم ئێمه‌ی كورد له‌ كام محوه‌ری سیاسین..؟ بوونمان ئه‌ندامێتی محور به‌ندی یه‌، یاخود سه‌ربازی محوری به‌رژه‌وه‌ندی دی و ولاتی دین..؟
بۆ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت بگرێینه‌وه‌ بۆ رووداوی 16ئۆكتۆبه‌ر،

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئێمه‌ی كورد ده‌بوو له‌ محوه‌ری ئه‌مریكا بین، به‌ڵام دابه‌ش بوونمان و لایه‌نگری به‌شێكی سه‌ربازی و سیاسیمان بۆ ئێران و بێده‌نگی ئه‌مریكا به‌ گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت هێشتا ئێمه‌ی كورد له‌ ناو محوه‌ر به‌ندی ئه‌مریكا نه‌بووین وه‌ نین، وه‌ نه‌بوینه‌ته‌ به‌شێك له‌و دوو محوه‌ری یه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی روونه‌، ئه‌مریكا له‌ ئێراق كه‌سێتی تری لامه‌به‌سته‌ له‌ محوه‌ری ئه‌و دابێت، به‌و نیازی ته‌واوی ئێراق وه‌ك محوه‌ری خۆی بهێلێته‌وه‌، ئه‌مریكا له‌ 16ئۆكتۆبه‌ر ماسیه‌كی گچكه‌ی كوردانه‌ی هاوپه‌یمانی كرد به‌ قوربانی ماسیه‌كه‌ی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی هاوپه‌یمانی ئێراقی( عبادی وه‌ك وه‌همی ئه‌مریكا)،
دوای لێدانی ساروخه‌ بالیستیه‌كه‌ی حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ بۆ ریاز ناوچه‌كه‌ بۆ جه‌نگێك خۆی ئاماده‌ ده‌كات،كورد ئه‌گه‌ر له‌ محوه‌ر به‌ندی یه‌ ئه‌وا ده‌بێت نیشانه‌كانی ده‌ربكه‌ون، پشتیوانی و پشتگیری هێزه‌ سه‌ربازی یه‌كه‌ی بكرێت،ئه‌گه‌ر وا نیه‌، چۆن ده‌توانێت خۆی له‌م جه‌نگه‌ بپارێزێ‌.؟ ئه‌گه‌ر توانی خۆپاراستنی نیه‌،چۆن ده‌بێته‌ ئه‌ندامی چالاكی ئه‌و محوه‌ر به‌ندی یه‌ به‌ پرۆژه‌ی سیاسیه‌وه‌..؟ دواتر وه‌ك ئه‌نجام سود مه‌ند بێت،؟!

به‌ دیدی من دوو كێشه‌ی بنه‌ره‌تی هه‌یه‌ كه‌ كورد ناتوانێت وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بریار بدات، سه‌ربازی محوه‌ری دی نه‌بێت، یاخود سود له‌ محوری سه‌ركه‌وتوو وه‌ربگرێت له‌ ئه‌نجام،
یه‌كه‌م: كورد توانای یه‌كگرتنی هێزه‌كانی نیه‌ له‌ ناو یه‌ك محوه‌ر دا، سلێمانی وه‌ك جوگرافیاو ده‌سه‌لاتی سیاسی، له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران كه‌ركوكیش نمونه‌ی زیندووه‌، دووه‌م: هه‌ولێریش وه‌ك ناوه‌ندی بریاری سیاسی كورد(به‌ بێ‌ سلێمانی) توانای بریاری محوه‌ر به‌ندی نیه‌، چونكه‌ نیوه‌ توانا معنوی و سه‌ربازی یه‌كه‌ی له‌ ده‌ست ئه‌دات، قورساییی سیاسی و سه‌ربازی كه‌مده‌بێته‌وه‌،

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هێشتا روون نیه‌ ناوه‌ندی هه‌ولێر وه‌ك بریاری سیاسی كورد و هه‌رێم وه‌رگیراوه‌ وه‌ك ئه‌ندامی چالاكی ئه‌و محوه‌ره‌ ئه‌مریكیه‌، سعودیه‌، سوننی یه‌، یاخود هێشتا ئه‌مریكا پێگه‌ی عبادی به‌ گه‌وره‌تر له‌ كورد ده‌زانرێت، وه‌ ده‌بێت كورد له‌ ژێر چه‌تری ئه‌ودابن.؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرا، پرسیارێكی تر دێته‌ پێشه‌وه‌ چۆن كورد خۆی بپارێزێت.؟ چۆن به‌ چ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ سه‌ربازی محوری تری سیاسی ولاتان، خاكه‌كه‌ی ناكاته‌ گۆره‌پانی جه‌نگی وڵاتان، چاڵدێرانی تر به‌ شێوازی تر دوباره‌ نابێته‌وه‌،
كورد له‌م قۆناغه‌ سیاسیه‌ وا باشتره‌ له‌ ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ له‌تبوون خۆی بپارێزێ‌ ده‌ سه‌یركه‌ر بێت، وا باشتره‌ خۆی له‌ محوه‌ر به‌ندی بپارێزێ‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدار بوو ئه‌وا به‌ یه‌كگرتووی نامێنێته‌وه‌، له‌ت ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ت بوو،

ئه‌گه‌ر نه‌توانرا ئه‌مه‌ بكرێت، به‌ دیدی من هه‌ردوو لا هه‌ول بده‌ن له‌ ناو هه‌ردوو محور وه‌ك خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی خۆیان بمیننه‌وه‌، به‌ڵام نه‌بنه‌ دوژمنی یه‌كتر، تا دوای جه‌نگه‌ چاوه‌رانكراوه‌كه‌.

ببورن من وشه‌ی محوه‌رم به‌ كار هیناوه‌ له‌ جیاتی جه‌مسه‌ر.




ڕاڤیارنەوزاد لەنێوان (باوکی خۆی وباوکی سەردەم ) لەشانۆی (پرتەقاڵی خۆین ) دا


نوسینی یاسین سعید …

شانۆی پرتەقاڵی خۆێن دوا کاری شانۆی گرووبی پانتای شانۆی واڵا بوو کەلەبەرواری 11 -11-2017 لەهۆڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵبجەی شەهیدهاتەنمایش کەلەنوسین دەرهێنانی ڕافیارنەوزاد نواندنی کۆمەلێک کوروکچی پەیمانگا ….. هەرجەندەئاسان نیەلەبینینی یەکەم ڕۆژی نمایشدا پەی بەهەمووئەونهێنیانەببەیت بیگەیەنێتەمنی بینەرمنیش حەزدەکەم وەک بینەرێکی نمایشەکەتێڕوانین وتێگەشتنی خۆم لەسەرنمایشەکە شرۆڤەبکەم بەڕەچاوکردنی شێوازی ئیشکردنی ڕاڤیار چ لەڕووی فۆڕمەوەبێت یان شێواز کەنامەوێت هەندێک شتی تەقلیدی وبەسەرستافی ئیشەکەوڕاڤیاریشدا بسەپێنم بۆیەهیوادارم دونیابینی منی بینەرفراوانتروکراوەتربێت کەلەسەرئیشەشانۆییەکانی بەردەوام دەیەوێت شتێکبڵێت بەتایبەت وتێکشکاندنی کۆدوپەندەکانی تێکبشکێنێت کەهەست بەوردبینی دەکات بۆئەوەی لەڕووی فۆرم وپانتایەوونبوەکان بدۆزێتەوەکەدیگاوخەیاڵ وواقیع وگریمانەکان ناتوانێت وەک کەرەستەیەکی تەواوپێوانەبکات من لەم نمایشەدا هەم چێژوهەم جواۆیم بینی بێگومان بۆبینەرێکی ترگۆڕانکاری بەسەردادێت وئەوی بینەربینەری خۆی هەیەوکەهەرکەسەوبەپشت بەستن بەئاستی معریفی وجوان بینی خۆی دەکرێت بەشێوازی جیاوازلەنمایشەکەی پرتەقاڵی خوێن تێبگات وقسەی هەبێت لەم نمایشەدا تەکنیکی گێڕانەوەوچیرۆک بەشێوەیەکی(تەشبیهی ) واتالێکچویان بەخستنەبری ناوچیرۆک کەتەوصیف کردنی باوک بەسەردوولایەنی ناجۆری (خێزانی وحیزبی )یان سیاسی دابەشکردبوو هەردووباوک هۆکاری نەهامەتی وپەروەرددەی وبەهەدەردانی مادیەتی ژیاری کۆمەڵایەتین بۆیە ڕاڤیارلە تەواوی نمایشدا زیاترپەنای بۆ تراژیدیا بردوە هەروەک چۆن شکسپیرلەزۆربەی شانۆگەریەکانیدا پەنای بۆ تراژیدیا بردوە کەلەڕووی بونیادی درامیەوە ڕەخنەگرەکان شکسپیردەبەستنەوە بەئەرستۆوە بەڵام ڕاڤیارخۆی هەڵواسیوە بەئەنتۆنێۆئارتۆدا کەلەڕووی ئامادەبوونی دەقەوەهێڵەکانی لەسەر بونیاتناوە کەهەموو ئەکتەرەکانی خستبوەناو تراژیداوە کەسەرجەم هەڵچون وقیژەوهاوارەکان ومردنی باوک ومراهیقیەتی کوڕو عەشقی کچ کەلەپێناوبەدەستهێنان وخۆگونجاندنی لەگەڵ جیهانی مۆدرێنەدا بۆیە ڕاڤیار نەی دەتوانی لەنێو ئەم گێژاوەزۆرەدا چارەسەرێکی درامی بدۆزێتەوە بۆنمایشەکە وەک پرسیاردایە دەستی بینەر کەواتە وەزیفەی باوک کۆتایپێهات ئەگەرلەجێگەی کورە گەورەش بێت یان باوکەحیزب هەروەک چۆن سەرجەم دایەلۆکەکانی نێونمایش دەرهاوێشتەی خەیاڵ نین ولەواڤیعدا بوونی هەیە بەڵام ڕاڤیار ویستی ڕوداوەکانی نێو نمایش بکاتە یەکەمین فاکتەر لای بینەرو.

وروژاندنی هەست وخەیاڵی بینەرلەناویدا زۆر جاردڵ ڕەقی مرۆڤەکانی وانیشان ئەدا کەدەگاتە ڕادەیەک کەپەنابۆ هەندێک شتی نامۆ ببات وەک کوشتن وسوتاندن کەنەبوو .. من لە تەواوی نمایشەکەدا جوان وبێگەردی مرۆڤم بەدی نەکرد کەچۆن خۆشەویستی دەکات یان پرۆسەی خێزان زیاد دەکات کەخۆی بۆخۆی خێزانێک بوو جگەلەکۆتادا لەڕێگەی دانەوەی کارەساتی قیستی موبایلەکەوە.. وەک وەڵامێک بۆ خاوەن قیست وتەواوی کۆمەڵگا وخێزان کەئیترئەوئازادەو وەک پیاوان جۆن لەهەڵپەی وەڕیندان ودەچنەپێستی سەگێکی برسیەوە.ئەویش باکی نیە بەوەڕینی کۆمەڵایەتی بۆئەوەی گومانەکانی ناوخێزان وکۆمەڵگا خەفەبکات وبوونی خۆی بسەلمێنێت جگەلەم هەموو جوانیە نازانم بۆ ڕاڤیار نەی دەتوانی گرێی دەروونی لەم نمایشە تراژیدیەدا دروست بکات کەپێمان بڵێت حاڵەتەدەرونیەکان چەند کاریگەری هەیەلەژیانی مرۆڤ وخێزاندا کەمرۆڤ چۆن دەبێتەهۆی هۆکارێک بۆ ڕوخاندن وهەڵتەکاندنی ژیان کەلەئەنجامی دەرهاوێشتەکانەوە دروست بوە ڕاستەسەرجەم دایەلۆگەکانی نێونمایش ڕەنگدانەوەی ئەم سەردەمەبووکەپەیوەندی توندوتۆڵیان پێکەوەهەیەودەقی نمایش لەکاتی پرۆڤەدابونیات نراوە بەڵام بەزۆر هەوڵی ئەداببێتەدەقێکی ئەدەبی وڕۆح بکات بەبەریدا بەڵام بەبڕوای من نەی ئەتوانی چونکەبەجۆرێک لەماناکان تێکستکەی لەسەربنەما بونیات نەنابوو واتە(بنەمای خێزان کەباوک گەورەیەوبنەمای حیزب کەئەمڕۆجێگەی باوکی گرتۆتەوە ) کەشۆڕشگێربوەو شانازی بەخۆیەوەدەکات .. بەڵام ئەوەی کەسەرنجی منی ڕاکێشابوو کەسێکی نادیاری وەک خاوەن مۆلیدەبۆکۆکردنەوەی پارەی کارەبا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وگۆڕانکاری ڕووناکی ناوخێزان بەنەبونی پارەی مۆلیدە ئەو ڕوناکیە پێکەوەژیانەی ناوخێزان کز کز دەبوو کێشەکانی سەری هەڵدەدا … کەلەم نمایشەدا هەموو ترادسێۆنەکۆمەڵایەتی سیاسی وتەکنۆلۆژیا تێدا ڕووخاوە. بۆیە لەڕوانگەی ئەنتۆنێۆ ئارتۆوە هەوڵیداوەشتەکانی نێو نمایش هەڵماڵێت لەگەڵ سەرجەم خوارو خێچیەکان وەک خراپ بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیاو تەکنۆلۆژیا لەسەرئاستی تاک وکۆ دەخاتەڕوو جگەلەوەی کەهێڵی سەرکی نمایشەکە بریتی یە لەخزاندنەناوچەمک وفەلسەی ئارتۆی وکەشانۆ خۆی بۆ خۆی دەرگایەکەبۆ شتەخەفەکراوەکانی ناخی مرڤ .




دیموكراسیه‌تێك به‌ هه‌وای ئیمام …!! … جوتیار

ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ناتوانێت بڕوای پێبكات ئه‌و چیرۆكه‌ خه‌مباره‌یه‌ ‌كه‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوایه‌كان له‌ دوای ڕوخانی ده‌سه‌ته‌ڵاتی سه‌دامه‌وه‌ به‌ ناوی دیموكراسی و ئاڵگۆری ته‌وژمه‌ نوێكانی بنیادنانه‌وه‌ی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگای عێڕاقیان هێنا؛‌ ئه‌و چیرۆكه‌ كه‌مێك به‌ چیرۆكه‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) ده‌چێت كاتێك ژنه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌یه‌ویست پێڵاوه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) به‌ زۆری زۆرداری به‌ پێی كچه‌كه‌ی خۆیدا بكات و بۆ شازاده‌ بیسه‌لێنێت كه‌ كچه‌كه‌ی ئه‌و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پڵاوه‌ سیحریه‌یه‌.. ‌دیموكراسیه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵگای ئێراقی له‌ سایه‌ی ئه‌و حوكمه‌ هه‌زه‌لیه‌دا له‌ ئه‌قلی پاكتاوكراوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای كۆمه‌ڵگای عێڕاقیدا له‌ وانه‌یه‌ بۆ ئه‌مریكیه‌كان و خودی خه‌ڵكی عێڕاقیش له‌ خه‌ونێك بچێت تا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی واقیع و جێگیر، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی عێڕاق له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی هه‌بوونیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ جیۆگرافیایه‌ی زه‌ویدا هیچ كات وه‌كوو ئێستا غه‌رقی ئه‌و وێرانیه كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌هله‌ سیاسییه‌ ‌نه‌بونه‌ته‌وه‌؛ من پێم وایه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ ئێستادا له‌ سایه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ سیۆكراسی و ناچاركراوه‌ به‌ سونه‌ت و ده‌لالاته‌ مه‌زهه‌بیه‌كان خراپترین و تاریكترین ڕۆژه‌كانی مێژوو و بوونی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت و به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ له‌ ژێڕ سێبه‌ری یاسا مرۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یه‌كانه‌وه‌‌‌ لاقه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و ڕه‌وشه‌ دراماتیكییه‌ و ناسه‌قامگیره‌ی‌ سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ عێراق دا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ووڵاتانی ئاڵوده‌ به‌ نه‌وتی ڕه‌ش؛ دیدگایه‌كی بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ بتوانێت لێیه‌وه‌ له‌ نزیكمه‌ودادا چاوه‌ڕوانی هیوایه‌ك بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ناوی دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا له‌ هه‌ناوی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ئێراقیدا خۆی ده‌نوێنێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ گه‌مه‌كردنێكی نایه‌كانگیری سیاسی ناڕه‌وا زیاتر مه‌دلولاتێكی تری نییه‌.

ڕادیكالیزمی ئیسلامی گه‌یشتۆته‌ ئاستێك خه‌ریكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوون و ناسنامه‌ی مرۆڤبوونی خه‌ڵكی عراق ده‌كات، خه‌ریكه‌ ده‌ستكه‌وته‌ جوان و پڕ به‌هاكانی شارستانیه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سڕێته‌وه‌، ڕۆژك به‌ ناوی خوداو ڕۆژێك به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر؛ ڕۆژێك به‌ ناوی محمدو ڕۆژێك به‌ ناوی علی، ڕۆژێك به‌غدادی و ڕۆژێك سیستانی، تازه‌ترینیشیان یاساو بنه‌ماكانی جه‌عفری كه‌ له‌ ڕیگایه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر ژن ده‌خرێته‌ ناو بازنه‌ی ده‌‌ستدرێژیه‌ به‌ یاساكراوه‌كان و ئه‌وه‌نده‌یتر سوك و هه‌زیل ده‌كرێت ، كه‌ له‌ فه‌رزكردنی واقیعێكی له‌و جۆره‌دا له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی حه‌وزه‌و حوسه‌ینیه‌كانه‌وه‌ له‌ ‌ناو په‌رله‌مانی ئێراقدا ئیتر هیچ كه‌سێك له‌ ته‌ماشاكا‌رێك زیاتر ناتوانێث ده‌ورێكیتر ببینێت و با هیچ ژنێكیش له‌وه‌ زیاتر تێنه‌گات كه‌ ئیسلام له‌و یاسایه‌ زیاتر شتێكیتر نییه‌ بۆ ئه‌و.

یاساكانی خوداو پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ( قورئان و شریعه‌) له‌ ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌كاندا یاسای جێگیرن، ئێمه‌ كاتێك ده‌ڵێین قورئان و شریعه‌ واتا كه‌لامی خودا، كه‌واته‌ ئیتر ئه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ تۆ بیر له‌ گۆڕین و هه‌مواركردنی بكه‌یته‌وه‌، كه‌لامی خودا ناتواندرێت ده‌ستكاری بكرێت چونكه‌ ئه‌وان له‌ سیسته‌مدا ده‌بن به‌ یاسا ، بنه‌ماكانی قوڕئان ناتواندرێن بگۆڕدرێن و به‌سه‌رده‌م بكرێن چونكه‌ ئه‌وان ده‌بن به‌ ڕ‌ێسای په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌تیش له‌ ژێر سایه‌ی سیستێمی فیقهی ئیسلامی و شیعه‌گه‌رادا ، ئه‌وه‌ی باس له‌ ڕیفۆرم و ئینتێگراسیۆنی ئیسلام و سه‌وابته‌كانی بكات له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ژیانی مۆدێرن ئه‌وه‌ درۆیه‌كی زۆرگه‌وره‌ له‌گه‌ڵ به‌ها ئینسانیه‌كان ده‌كات، ده‌سته‌ڵاتێك چۆن ده‌توانێت به‌و هه‌موو یاسا ره‌هاو بیڕوباوه‌ڕو ئیدۆلۆژیا شمولیه‌وه‌‌ كه‌ ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵ به‌ سه‌رتاپای ژیانی ئینسان ببێت له‌ گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسیه‌كانی لیبڕاڵیزمی ڕۆژئاوایی هاوته‌ریب بكرێت و بگونجێندرێت ؛ مه‌گه‌ر مۆدێلێكی له‌و جۆره‌ی دیموكراسی ته‌نها له‌ ستراتیژ و سه‌وابته‌كانی دنیای سه‌رمایه‌داری و سیاسه‌تی پێنتاگۆندا جێكه‌وته‌ ببن.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا جێگای تێڕامان و ئیست له‌سه‌ركردنه‌؛ ئایا ته‌وژمی چه‌پ و ئازادیخوازی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌توانێت چی بكات؟! ده‌توانێت ئیراده‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێكی ڕاسته‌قینه‌و ئینسانی بكاته‌‌ ڕۆژه‌ڤ ، ئایا ئه‌وه‌ به‌ڕاستی بۆ چه‌پ و ئازادیخوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ تاكو ئێستا بۆته‌ ئه‌و پرسیاره‌ واقیعی و ڕ‌یشه‌یه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوان سه‌ركه‌وتن و دۆڕانێكی سیاسی درێژخایه‌ندا ده‌توانن چی هه‌ڵبژێرن؟! ، من ئه‌و پرسیاره‌ جێ ده‌هێڵم بۆ ئه‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ شانسێك بۆ گشت لا‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت تا ئیراده‌ی خۆی تێدا تاقیبكاته‌وه‌ به‌ر له‌ ڕودانی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ترسناكه‌ی كه هیچ كه‌سێك‌ نازانێ كێ تیایدا به‌ دۆڕاو و كێ تیایدا به‌ براوه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.‌ ‌




نەوەی ئایندە و هەڵە سیاسیەکان … ئارام ئازاد

کە دەربارەی دەسەڵاتی ڕەها دەخوێنینەوە ڕەنگە پێمان وابێ شوناسی ئەو دەسەڵاتە لە هەموو وڵاتێکی دنیا وەک یەک بێ و پێناسێکی گشتی هەبێ بۆدەربڕینی ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەم دەسەڵاتە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە ئەوەش بە جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی و توانایدەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردن ، دەسەڵات ڕای میللەت دروست دەکا بە باش و بە خراپ ، باش و خراپیش وەک دوو پەیکەری پەرستن وان ئەوەی باش تاماوەیەکی درێژ لە بیر و هزران دەمێنێتەوە و ئەوەی خراپیش بە شکاندن و مەرگی ئەو پەیکەرە بە کۆتا دێ .
جۆرج ئۆرویل لە کتێبی ۱۹۸٤ دا جوانترین وێنای دەسەڵاتداری و سیستەمی بەڕێوەبردنی کردووە ، کاتێک کە کۆمەڵێک کەس دەست دەکەن بەدروست کردنی وڵاتێک لەسەر خاکی بەریتانیا ، دەسەڵاتی ئەم وڵاتە نوێیە ژیانێک بۆ خەڵکەکە دروست دەکەن بە فرو فێڵ و درۆ ، لە هەموو شوێنێکتی ڤی گەورە دادەنێن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک ، ئەوەی ئەم ئاراستەیەش بەڕێوە دەبا دوو پارتن یەکیان پارتی (ناوەخۆ) و ئەوەی تریان پارتی (دەرەوە)و لەسەروی هەموشیانەوە (برای گەورە) یەک هەیە کە ئاراستەی دوو پارتەکە و گشت دەکا ، وەزارەتی راستی کاری تەنها بڵاوکردنەوەی بابەتیناڕاستە ، وەزارەتی ئاشتی گرنگی تەنها بە شەڕ دەدا و وەزارەتی خۆشەویستی تەنها کار لەسەر ئازاردانی ناخ و دەرون و مێشکی خەڵک دەکا.لەمەودای ئەم کتێبەوە دەتوانین وێنای بارودۆخی کوردستان بکەین کە چۆن بەڕێوە دەبردرێین لەلایەن پارتی ناوەخۆ و دەرەوە و چۆن تی ڤی یەکانکاتێک هەواڵێک دەخەنە بەر گوێمان بە ئۆ کەی یەکی باوەڕ بەخۆهێنەر وەڵامیان دەدەینەوە و هەواڵەکەیان لێوەردەگرین و چۆن وەزارەتەکان درۆ وشەڕمان توش دەکەن و خەڵکێکی هەژار دەبێ باجەکەی بدا ، هەرچی وشەی خۆشەویستیە بوونی نەماوە و لە شوێنی ئەو سیاسەتی چەوت و بێ دەنگکردن بە کوشتن لە هەمبەری هەیە .

ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی کوردستان بەڕێوە دەبا شکستی خۆی ڕاگەیاندووە ، نزیک ٢٠ مليار دۆلاری قەرز بۆنەوەی دوای خۆیان لە دەسەڵات وەک میرات دەهێڵنەوە ، نیوەی خاکی لەدەست دراو و نیوە لە ئەگەری هەموو خولەکێک حازری شەڕ بە دەهێڵنەوە ،لە هەمویشی گرنگتر کۆمەڵێکی گەنج کە مێشکیان جگە لە چەک قسەی تر وەرناگرێ دەهێڵنەوە ، لەنێو ئەم هەموو گێژاوە سیاسی و ئابوری و فیکریەنوقتەیەک لە هیواش نابینرێ لەم هەموو ڕەشبینی و تاریکیە بۆ نەوەی ئایندە لە حوکمڕانی کوردستان چونکە هەڵە سیاسیەکان هێندە زەق و ئابوریەکانهێندە بێ ئومێدی و فیکری گەنج هێندە شەرمهێنەرە کە نازانی کام ڕێگایە بەرەو ئاسۆیە ، وەک دکتۆر ئەحمەد زوەیل ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵکیعەرەب بە تایبەتی گەنج و لەدژی دەسەڵاتدارانی عەرەب پێیان دەڵێ ( ڕۆژئاوا زیرەک نین ، ئێمە گێلین ، ئەوان تەنها دێن پشتگیری دەسەڵاتی شکستخواردوو دەکەن تا سەرکەوێ ، ئێمەیش دژایەتی سەرکەوتوو دەکەین تا بکەوێ ).لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەو بدەم کە چەمکی شکستم هێنا پێویستبوو ببێ بە جۆرێکی فەلسەفە و فەلسەفەزانان لێکدانەوەیەکی باشیان بۆ کردبا بۆ ئەوەی دەسەڵات هەرگیز پێی شەرم نەبوایە بڵێ شکستم هێنا.




کاریکاتێر .. وێنەکێشانی ئازادییەکان … هەندرێن خۆشناو

تۆوی ڕەخنە بە گشتی، و ڕەخنەی گاڵتەجاڕی بە تایبەتی، پێویستی بە خاکێکی بەپیت هەیە بۆ ڕوان و گەشەکردن، ئەویش خاکی ئازادی ڕادەربڕینە، ڕەخنە و ڕەخنەی گاڵتەجاڕی (النقد الساخر) کە هونەری کاریکاتێر و کارتۆنیش دەچێتە ئەو خانەیەوە، کە ستایلێکی زۆر تایبەتە لە ڕەخنەگرتن، بەداخەوە زۆرێکمان هەرسی ناکەین و لێی تێناگەین، لە بوارێکی برسی و تینو بۆ ئازادییەکان، ئەو هونەرە ئاسۆی بەرفراوان نابێت و لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس دەبێت، ڕۆڵی پێویستی خۆی ناگێڕێت، لەوانەیە بەخۆی ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی دژانیەوە.
هونەرمەندی کاریکاتێریست ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، بۆیە دەبێت بە روحێکی شۆڕشگێڕانە بەردەوام بێت لە کارکردنیدا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئازادی ڕادەربڕین و بواری داهێنان و ئەفراندن تێیاندا زۆر بەرتەسک کراوە، و تێگەیشتن لەو هونەرە زیندووە ڕەخنەگرە زۆر ڕووکەشیانەیە.

ئەوەی کە ئاشکرایە هونەری کاریکاتێر بەتایبەتیش کارتۆنی ڕۆژنامەوانی یان كه‌ هەندێک جار بە کارتۆنی سیاسی ناودەبرێت، کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیە لە کاری ڕۆژنامەوانی سەردەمدا، ئەو ڕۆژنامەوانیەی کە بەبێ کاریکاتێر پێش ناکەوێت و توانای بەردەوامی و ململانێی لە بازاڕکردندا زۆر لاواز دەبێت، لە کاتێکدا کە بزانین هونەری کاریکاتێر بەهۆی ئەو جیاکاریانەی کە هەیەتی، دەتوانێت ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر، و گەیاندنی پەیامەکەی بە شێوەیەکی خێرا، و چەسپاندنی ئەو پەیامە لە هزر و مێشکی خوێنەردا، جیا لە هەموو هونەرەکانی تری ڕۆژنامەوانی لە نووسین و وتار و ڕاپۆرت و شیکار و وتوێژ …هتد.

بۆیە زۆر گرنگە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەرگاکانیان واڵا بکەنەوە بۆ ئەو هونەرە کاریگەرە کە هونەری کاریکاتێرە، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانن شانبەشانی ڕاگەیاندن لە وڵاتانی تر هەنگاوبنێن و دوانەکەون، مخابن كه‌ ڕاگەیاندنی فارسی و تورکی و عەرەبی بەتایبەتی ڕۆژنامەوانیان، لەوبارەیەوە زۆر لە پێشترن و زیاتر هەستیان بە کاریگەریی هونەری کاریکاتێر و کارتۆن کردووە، و مەودایەکی فراوانی شایستەیان بۆ ئەم هونەرە فەراهەم کردووە.

ئاشکرایە کە کۆمەڵگە لە هەر وڵاتێکدا پێش ناکەوێت، ئەگەر مەودای ڕەخنەگرتنی تێدا نەبێت، ڕەخنەش بەبێ کاریکاتێر ئامانجی خۆی ناپێکێت، کاریکاتێریش بەبێ ڕۆژنامەوانی پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا دەپچڕێت و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەدا لاواز دەبێت، هەتا رۆشنبیری قبوڵکردنی ڕەخنەش و سنگ فراوانی بۆ قبوڵکردنی ڕەخنە بەرپانەبێت، ئەو ئامانجە ئەرێنیە نایەتەدی کە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵاتە، ئەویش ئەستەمە بێتەدی هەتا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەژێر دەسەڵاتی حزبی سیاسیدابن، مەودای ئازادییەکان بەرتەسکتر دەبن، کاتێک ئەو مەودایەش بەرتەسک بوویەوە، ئاسۆی بەرەو پێشوەچوونی هونەری کاریکاتێر ڕۆشن نابێت، بۆیە ڕاگەیاندن هۆی سەرەکی پێشنەکەوتنی هونەری کاریکاتێر و کارتۆنە لە کوردستاندا.

لە کۆتاییشدا دەبێت ئەوە لەبیرنەکەین، کە چەند ڕەخنەگرتنی هونه‌ری کاریکاتێر و کارتۆن توند بێت، ئەوە نیشانەی خۆشەویستیەکی توندە بۆ کۆمەڵگە، و خەمخۆرییەکی دڵسۆزانەیە بۆ بنبڕکردنی ئەو کەموکوڕیانەی کە بوونەتە هۆی دواکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە.




سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە

بە دروشمی (سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە)، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری چوارەمین دیداری فیلمی کوردی لە وڵاتی سوید ئەنجام دەدات، بڕیار وایە لە ڕۆژانی (24 تا 26)ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ دیدارەکە لە شاری یۆرتۆبۆری بەڕێوەبچێت، لەم دیدارەدا شەش فیلمی کوردی نمایش دەکرێت و چەند سیمینارێک بەڕێوەدەچێت،
فیلمی سینەماییەکان بریتین لە:
فیلمی (تونێلی مەرگ) دەرهێنانی (عەدنان عوسمان)
فیلمی (سیمای خۆڵەمێش) دەرهێنانی ( شاخەوان ئیدریس)
فیلمی (پەڕینەوە لە غوبار) دەرهێنانی (شەوکەت ئەمین گورگی).
کورتەفیلمەکان بریتین لە :
کورتەفیلمی (مایکرۆفۆن) دەرهێنانی (کەریمۆک)
کورتەفیلمی (سەرۆک) دەرهێنانی (ڕزگار حسێن)
کورتەفیلمی (خڕش) دەرهێنانی (سەرکەوت مستەفا)

ناونیشان :
FOLKETS HUS HAMMARKULLEN




گەشبین و باوەگوڕگوڕ … نووسینی/ رەزا شوان

چیرۆک بۆ منداڵان..

گەشبین کچۆڵەیەکی زیرەک و رووخۆشە، ئەمساڵ لە پۆلی شەشەمە، لە (قوتابخانەی قەندیل)ی بنەڕەتی لە گەڕەکی رەحیماوا، لە شاری کەرکوک، لە باشووری کوردستان.
گەشبین لە بەرەبەیانی رۆژی دوو شەممە (١٦ي/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) لە زرمەی تۆپ و لە نەڕ و هۆڕی تانک و زرێپۆش لە خەو راپەڕی.. بینی دایک و باوک و دیاکۆی برا گەورەشی لە خەو هەستاون و هەموویان بە دڵتەنگی و بە خەمبارییەوە دانیشتوون، رەنگ بە روویانەوە نەماوە.
گەشبین: باوکە، دایکە گیان، چی روویداوە؟ ئەم زرم هـۆڕ و تەقەکردنە چییە؟!

باوکی: کچم هێزێکی زۆری سۆپای عێراق و پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی، بە تازەترین تانک و زرێپۆش و تۆپی قورسەوە، ئەمشەو پەلاماری شاری کەرکوک و دووزخورماتوو و چەند شوێنێکی تری پارێزگای کەرکوکیان داوە و داگیریان کردوون.
زۆر دڵڕەقانە و بێبەزەییانە، گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکوک بۆردوومان دەکەن.
گەشبین: بۆ بابە گیان.. چیمان کردووە؟
باوکی: کچی شیرینم ئێمە هیچ تاوانێکان نەکردووە.. تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردین و كەرکوکیش شاری کوردستانییە.. دەیانەوێت بمان کوژن و کەرکوکیش داگیربکەن.
گەشبین خەمێکی قووڵ دایگرت و سوێ چووە دڵیەوە و متقی بردەوە.
بەیانی کە خۆرهەڵات، تەقەکردن و تۆپ گرتنە گەڕەکە کوردییەکانی ناو شاری کەرکوک نەوەستابوون.. باوکیان وتی: ئەم داگیرکەرانە نە ویژدان و نە رەوشتیان هەیە.. تا زوو با لە کەرکوک دەربچین، ئەگیان دەمان کوژن.. دەی خۆتان ئامادەبکەن با دەربچین .
دایکیان بە پەلە هەندێ جل و بەرگ و شتی پێویستی پێچایەوە، خستیانیە سەنووقی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە. سواربوون و لە کەرکوک دەرچوون.. رێگای شوان و کۆیەیان گرتەبەر.. تا گەیشتنە شارۆچکەی تەق تەق کە لەسەر زێی بچووکە.. لەوێ دوو رۆژ لە ماڵی خزمێکیان مانەوە. ئەو دوو رۆژە لە خەفەت زیاتر، دڵیان خواردنیشی نەدەبرد.
بۆ رۆژی سێیەم گەشبین بە باوکی وت: بابە گیان من بەبێ کەرکوک ناتوانم بژیم.. گەر بشمان کوژن، پێمخۆشە بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان.
باوکی: ئافەرین کچە ژیر و شیرینەکەم.. ئەوەی تۆ وتت لە دڵی منیشدایە.. کەرکوک زێـدی هەزاران ساڵەی باوک و باپیرانمانە.. چۆن دەبێت بۆ داگیرکەران چۆڵی بکەین.
دوای ئەوەی سوپاسی ماڵی خزمەکەیان کردن، کە بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکردن.. سواری ئۆتۆمبیلەکەیان بوون و گەڕانەوە بۆ کەرکووک.

لە خاڵی پشکنینی رێگای نێوان کەرکوک و هەولێر، کۆمەڵێک تانک و تۆپ و حەشدی شەعبی، جێگای پێشمەرگەیان گرتبۆونەوە، بە روویەکی زۆر گرژ و رقەوە لەو خێزانە کوردییانەیان دەڕوانین و تەشقەڵەیان پێدەکردن، کە دەگەڕانەوە بۆ کەرکوک.. چونکە ئەوان نەیان دەویست کورد بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان. ترس و تۆقینیان بڵاودەکردەوە، بۆ ئەوەی کورد لە کەرکوک هەڵبێن و نەگەڕێنەوە.
کە گەیشتنەوە ناو گەڕەکی رەحیماوا، ماڵەکانی کپ بوون.. شەقامەکانی بۆنی خوێنیان لێدەهات.. لە ترسی کوشتن و تاوانە قێزەوەنەکانی حەشدی شەعبی خەڵکی نەیاندەوێرا لە ماڵەکانیان دەربچنە دەرەوە.. بە دەیان تانک و تۆپ، بە هەزاران حەشدی شەعبی و سەرباز بە چەکەوە کەوتبوونە نێو گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری کەرکوک.. بە ئاشکرا و بێشەرمانە خەریکی تاڵانکردن و دزینی ئەو ماڵە کوردانە بوون کە لە ترسی تاوانەکانی حەشدی شەعبی نەگەڕابوونەوە ماڵەکانیان.
گەشبین کە ئەو کارە قێزەوەنانەی بینی، هێندەی تر سوێ چووە دڵیەوە، هێندەی تر خەم و خەفەت دایگرت.. پیشی بردەوە و هەناسەیەکی زۆر قووڵی هەڵکێشا و ئاخێکی کرد.. بازاڕەکەی رەحیماوا و کۆگانی داخرابوون.. تاک و تەرا خەڵکی لە دەرەوە دەبینران.
گەشبین: رۆژ باش رەحیماوا.. ئەی گەڕەکە شیرینەکەمان.

رەحیماوا: تا داگیرکەر لەم شارەدا بێت.. رۆژمان باش نییە.
گەشبین سەیرێکی قەڵاکەی کەرکوکی کرد: رۆژ باش قەڵا سەرکەش و دێرینەکەمان.
قەڵای کەرکوک: تا داگیرکەر لە کەرکوک دا بێت.. رۆژمان باش نییە.
گەشبین: رۆژ باش کەرکوک.. ئەی شارە خۆشەویستەکەمان.. زێدی باوباپیرانمان.
کەرکوک: تا ئەم داگیرکەرە دڕندانە لێرەدابن.. نە رۆژمان و نە ژیانمان باش نین.
گەیشتنەوە ماڵی خۆیان، وا هەستیان دەکرد کە دار و دیوارەکانی ماڵەکەشیان خەمبارن.
ئێوارەی هەمان رۆژ، گەشبین چووە سەربانی خانووەکەیان، بە غەمگینییەوە سەیرێکی مەشخەڵە هەمیشەییەکەی باوەگوڕگوڕي کرد.. کە لە لای کەرکوکییەکان زۆر پیرۆزە و سیمبولی شاری کەرکوکە.. چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک.. هۆن هۆن بەسەر روومەتە ئاڵەکانیدا دەهاتنە خوارەوە.. بە قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە: ئێوارەت باش باوەگوڕگوڕی پیرۆز و خۆشەویستمان.
باوەگوڕگوڕ: ژیانت باش کچی شیرینم.. دەزانم بۆ خەمباری و ئەسرین دەڕێژی.. تکایە مەگری و خەم مەخۆ چاکتان کرد کە گەڕانەوە، هەواڵ بنێرە بۆ خزمان و ناسیاوەکانتان، با بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ شارەکەمان.. گەشبین گیان ئومێدەوار و گەشبین بە.. دڵنیاشبە نە گـڕ و کڵپەی مەشخەڵەکەی من خامۆش دەبێت.. نە داگیرکەرانیش دەتوانن ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکوک بسڕنەوە.. هیـواداربە و درێـژە بە خوێندن بدە.
ئەم قسانەی باوەگوڕگوڕ، هـیوایەکی تازەی بە گەشبین بەخشین.. بڕیاری دا کە درێژە بە خوێندن بدات و، بە ئەوپەڕی تواناشیەوە، بەبێ وچان و کۆڵنەدان، زیاتر تێبکۆشێت بۆ رزگارکردنی شاری کەرکوکی خۆشەویستمان لە داگیرکەران.
گەشبین ئەو وتەیەی مامۆستای زمانی کوردیشیان هاتەوە یادی، کە زور جار لە پۆلـدا دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێ:” قوتابییە دڵسۆزەکانمان ئێوە هیوای داهاتووی کوردستانن”

نەرویـج: ٢٠١٧




یادەوەریەکان دەبنە هاودەنگ …. جەلال بەرزنجی

‎ساڵی ١٩٨٥، سێ برام، دایک، خوشکم و خۆم، لە گەڵ چەندەها کوردی تر لە حەپسخانەی ئەمنی هەولێر لە سەر ٣٥ سانتی مەتر دەخەوتین. ئەو دوو شیعرە کورتە رەنگدانەوەی هەستمە لە سەر ژیانی سەختی ئەو رۆژانە. لە ١٩٩٦. لە شەڕی پارتی و یەکیەتی هەڵاتم. دوای زەحمەتیەکی زۆر گەیشتمە کەنەدا. باسی ئێستا ناکەم. باسی ئەو کاتە دەکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەزکیەی حزبی، بە پارەی نەوت و گاز، رێژەیەکی زۆری لە خەڵک بە پلەی بەرز.خانەنشین دەکرد. فەرمانبەری بن دیواری دادەمەزراند. کە بەسەردان دەچوومەوە، دایکم دەیبینی، ئەو وەزیفەی دوای زەحمەتی چەندەها ساڵ بە دەستم هێنا، لەدەستم داوە، دەیگووت”کوڕم لە ناخؤشیەکەی لێرە بوویت و لە خۆشیەکە بێ بەشیت.
بە زندی چاوان خۆت لە گۆڕ نایە”
‎١ -یادەوەریەکانم، بە ئاسانی دیواری ئەستووری زیندان. دەبڕن. لە شوێنەتابوت ئاساکەم دەبنە هاودەنگم !
‎٢-پۆلیسە ئەمنەکە زوو دێت. تۆپەکلیلێکی بەدەستەوەویە. هەر بە رێگاوە، کلیلی دەرگای ئەو ژوورەی، سێ کیلۆمەتر دوور لە ماڵەوە، لێی زیندانی کراوم ئامادە دەکات. دەرگا،لە پشتەوە .1987ڕا دادەخات.




مافی منداڵ … ڕۆستەم خامۆش

ئـەمــڕۆ جــاڕنــامــەی جـیـهـانـــە
ڕۆژی مــــافــــــی مــنــــداڵانـــە

بیسـتی مـانـگـی نـۆڤـەمبەر بــوو
بەڵێ ، چەند ساڵ لەمەوبەر بــوو

ئـــەو ڕۆژە بـــــــوو بــڕیــار درا
مــافـــی مـنـــداڵ دیـــاری کـــرا

بەڵـێ ، بەڕاسـت ، کـە ڕۆژێ بــوو
زۆر ، زۆر پێویست و لەجێ بــوو

ئێـمـەش دەڵێـین : لێتـان پـیــرۆز
مـنــداڵانــی دڵ پـــڕ لـــە ســــۆز

گـیـانـی ئــێـــوە پــــڕ هـیــوایـــە
مـافــەکـانـتــان گـشـــت ڕەوایـــە

ڕۆستەم خامۆش
هەولێر 2012/11/7




ئه‌مریكاو نه‌وه‌ی نوێ‌ … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

یه‌كێ‌ له‌ بنه‌ما فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكری ئه‌مریكا خۆنوێكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌ ئامانجی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌م رێگایه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتن و ده‌ربڕینانه‌ی هه‌ندێ‌ له‌ توێژه‌رانی سیاسی و ئابوری ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌، كه‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا به‌ چاره‌نووسی به‌ریتانیای گه‌وره‌ ده‌شوبهێنێ‌، ئه‌و به‌ریتانیایه‌ی ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان خۆری لێوه‌ ئاوا نه‌ده‌بوو.

ئه‌مریكا تا گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ‌، بۆ ئه‌م به‌رده‌وامییه‌شی پێویستی به‌ ئالوگۆڕی نه‌وه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ مومكین نییه‌ له‌مه‌ودوا بتوانێ‌ له‌ رێگه‌ی پیره‌كانه‌وه‌ ئه‌و رێیه‌ دورودرێژه‌ی له‌به‌رده‌میدا ماوه‌ بیبڕی، وه‌ك چۆن ده‌مێكیشه‌ تێروانینی سیاسی ئه‌مریكا بۆ ته‌واوكردنی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی گۆڕاوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا ته‌نیا پشت و په‌نای سه‌ره‌ زله‌كان بووبێ‌ ئه‌وه‌ له‌ ئێستادا و ده‌مێكیشه‌ وازی له‌سه‌ر زله‌كان هێناوه‌ و زیاتر بایه‌خ به‌ به‌ده‌ست هێنانی متمانه‌ی گه‌لان ده‌دا، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ رێگای هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێدا، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و وڵات و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نه‌توانن ئه‌و نه‌وه‌ نوێه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆریان ڕوو له‌ ئاوا بوونه‌.

ئه‌مریكا زۆر به‌وردی سه‌رقالی تێفكرین و لێكۆلینه‌وه‌ی ورده‌ له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگاكان و جۆری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ سه‌روشتیاندا ڕووده‌ده‌ن.
هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ تازانه‌ش زیاتر له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 –وه‌ هاتنه‌ پێش، له‌وێوه‌ قۆناغێكی نوێ‌ و وه‌رچه‌رخانێكی ریشه‌یی له‌ زهنی ئه‌مریكییه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا.

له‌ دوای ئه‌و مێژوه‌وه‌ “تۆماس فریدمان” له‌ وتارێكیدا له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران ئاماژه‌ بۆ خاڵێكی زۆر گرنگ و هه‌ستیار ده‌كات كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌و ئاماژه‌یه‌، تێبگه‌ین ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووده‌دات له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌مریكا بۆ ئێران و سعودیه‌ چییه‌؟ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ زهنی ئه‌مریكادا چ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ردا هاتوه‌؟

تۆماس فریدمان له‌و وتاره‌یدا به‌دوو ڕسته‌ جیاوازییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێی ئێران و سعودیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، فریدمان نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران زۆر جیاواز له‌گه‌ڵ هاوسێكه‌ی سعودیه‌ نیشان ده‌دات، به‌ شێوه‌یه‌ك پێی وایه‌ سعودیه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و توندڕۆ و دوژمن به‌ ئه‌مریكا زیاد ده‌كات. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ رژێمی وڵاته‌كه‌یان به‌ ڕژێمێكی گه‌نده‌ڵ و نا ئاینی و سه‌ر به‌ ئه‌مریكا بزانن.
له‌به‌رامبه‌ردا ئێران ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و كه‌متر ئیسلامی و كه‌متر به‌ چاوی دوژمن سه‌یركردنی ئه‌مریكا زیاد ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی گه‌نجانی ئێرانی له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمه‌كه‌یاندا زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، كه‌ وه‌ك ڕژێمێكی “سیوقڕاتی” بووه‌ته‌ زیاتر دوورخستنه‌وه‌ و دابڕانیان له‌ جیهان.

به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و به‌راورده‌ی تۆماس فریدمان، ده‌توانین له‌و تێگه‌یشتنه‌ نزیك ببینه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌دات، چونكه‌ ته‌نیا خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان سعودیه‌و ئێراندا لایه‌نی هه‌ژارییه‌كه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان بۆ ئه‌مریكا خاڵێكی ئیجابی هاوبه‌شه‌، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تری رۆحی ئیسلامیه‌تی و رق و قینه‌ی زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، ئه‌مه‌یان ئه‌و ستراتیژه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغی نوێی ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مریكییه‌كان له‌ دوای 11-ی سپتێمبه‌ره‌وه‌ به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ (ئه‌و ڕق و كراهییه‌ته‌ی گه‌ڵانی ئیسلامی له‌به‌رمبه‌ر ئه‌مریكادا له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟)
بۆیه‌ هه‌مووان ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن ئه‌مریكا سه‌رقاڵی لانی كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رق و قینه‌ی گه‌لانه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات نه‌ك هه‌ر ناتوانێ‌ ببێ‌ به‌ ئیمپراتۆر، به‌ڵكو ناشتوانێ‌ به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ش به‌ڕه‌ونێته‌وه‌ كه‌ باس له‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، كه‌ دوور نییه‌ به‌ ده‌ردی ئینگلیز بچێت.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌ن تێیگه‌یشتبم له‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌دا ئه‌مریكا ده‌بێ‌ ئێران بباته‌وه‌، سعودیه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی تۆماس فریدمان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌ چاره‌نووسه‌كه‌ی جگه‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ نابێت.
سه‌ركردایه‌تی كوردیش ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگات نه‌وه‌ی یه‌كه‌م كۆتاییان هاتوه‌.




پرسه‌ی بیرمه‌ند مامۆستا كه‌ریم زه‌ند

شوێن: ماڵی چرۆ زه‌ند — تۆرۆنتۆ

Date: 18/11/2017
Time: 2:00 to 7:00
Place: 45 Silver Springs Blvd
Toronto, Ontario,
M1V 1R2




گۆڕان … ستار ئه‌حمه‌د

بازێك له‌نمه‌ی عه‌شقم ده‌ترسێ
چونكه‌ زۆر تیری راوكه‌ری دیوه‌
ده‌مێكیش بازگه‌ی چه‌قۆو داو بووه‌
ته‌نانه‌ت تۆڕو ته‌پكه‌ی چنیوه‌

…………………….

ماران گه‌سته‌یه‌و له‌ با سڵ ده‌كا
له‌خشپه‌ی هه‌ستی مه‌لیش ده‌تۆرێ
بۆیه‌ شه‌وانه‌ لانه‌ی له‌ناخم
به‌گه‌ڵاو لاسكی عومرم ده‌گۆڕێ

………………………..

باز ئه‌دا به‌سه‌ر برینی خاكا
له‌تیشكی ئاسمان زاڵه‌ی ده‌ته‌قێ
نسرمی ئه‌شكه‌وت به‌چاك ده‌زانێ و
بۆ چركه‌ساتێك نایه‌ته‌ سه‌ر ڕێ

……………………….

ئیتر من له‌كوێ گوێم له‌ده‌نگی بیت
یاخود له‌سه‌ماو دیمه‌نی تێربم
به‌كێ ره‌وایه‌ هه‌تاكوو ده‌مرم
له‌چاوه‌ڕوانی ژوانیا كوێر بم

……………………….

ستار ئه‌حمه‌د




چوار ڕیان ..!! …. مەولود ئیبراهیم حەسەن

بێ تاقە ت بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
بنێشت
بكڕم و نە یکڕم !!
***
بێزار بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
فرمێسکی وشک
بە کڕێن و نە کڕینی
کلینیکس
بسڕم و نە یسڕم !!
***
هیلاک بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
من بیدە م و
خودا نە یدات
خودا بیدات و
من نە یدە م !!
***
شە کە ت بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
دە ستی بچوک
ببێنم
جامی سە یارە کە م
پاک بکاتە وە و
ڕە نگی سە وز
لینە گە ڕێ
دە ست بکە م
بە باخە لما !!
٢/٢٠١٦
*******
خوێندن.. !!
********
کتێبە کانم،
ماندوون
نامگە یێننە سە ری ساڵ ..!!
***
جانتاکە م ،
باری گرانی خوێندنی
بۆ هه ڵناگیرێ
تا بە ردە می پۆڵ..!!
***
باوکم..
ئە مساڵ
دڵگە رم نیە
بۆ بانگ کردنم
بە یانیان زوو..!!
***
مامۆستا کە م ..
گە رووی نووساوە
دە نگی ناگاتە
کۆتایی پۆڵ..!!
***
چاو دێر
خە ڕکە
زە نگی ژیان لێدە دات ..!!
*********
قوتابی..!!
*******
کتێبە کانم
گۆڕیە وە
بە فلچە ی سڕینە وە ی
ماشێنە جام رە شە کان ..!!
***
پۆلم گۆڕیە وە
بە غارە غاری سە رشە قام
بە دوای نانی دزراودا ..!!
***
قوتابخانە م
گۆڕیە وە
بە کۆمە ڵگایە کی
بێ مامۆستا
بێ سنوور ..!!
***
دواڕۆژم
گۆڕیە وە
بە کاسبی بێ سە رمایە
بە سوکایە تی هه رزان ..!!

***
خە ونم
گۆڕیە وە
بە جوانیە کانی ڕابردوو
بە تالیە کانی داهاتوو..!!
***
ڕۆژگارم
خە ریکە
زۆر زوو تێدە پە ڕێ..!!
١٥/٦/٢٠١٦ – هه ولیر
**********
نە گونجان ..!!
**********
منداڵێک لە ناخمدایە
توڕە نابێت
بە ڵام ، ماندە گرێ ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
بڕوام پێ ناکات
کە چێ لە ناخمدا دە خە وێ ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
نابیتە هاوڕێم
کە چێ دوژمنایە تیم ناکات ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
خۆشی ناوێم
بە ڵام ، ڕقی لێم نابیتە وە ..!!
***
منداڵێك لە ناخمدایە
ژیانی لێ تاڵکردووم
کە چێ خۆشم دە وێ..!!
***
بە م سە ری سپیە وە
منداڵێک لە ناخمدایە
نە جێم دێلێ
نە لە گە لم دە گونجێ،
منداڵێک لە ناخمدایە ..!!

****** ٣٠/٥/٢٠١٦ – هه ولیر




کچە نۆ ساڵییەکان و پیاوە شەهوانییەکان


نووسینی سیراون عوسمان عەلۆ ….

ئەو یاسایەی لە عێراق دەرچووە کە کچ لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە شوو بدرێت. ڕاستترە بوترێ بە پیاو بفرۆشرێ بە هیچ شیوەیەک نوێ نییە. عائیشەی کچی ئەبوبەکر لە شەش ساڵی دراوە بە پێغەمبەر. بە قسەی هەموو مێژونووس و موفەسیرەکان لە نۆ ساڵیدا نیکاحی لەگەڵ کردوە. نیکاحی ڕاستی دەنا پێشتر (مفاخذە)ی لەگەڵ کردووە. مانای ئەوەیە ئەندامی پیاوەتی خۆی لەنێوان ڕانەکانی ناوە. ئەو کاتەی عائشە بۆ پێغەمبەر دەهێنن لەسەر جۆلانە دانیشتوە و بووکە پەڕۆینەی لە باوەش بووە. مانای وایە هێشتا کچێکی بچووک بووە. بەپێی هەموو مەزهەبەکان پیاو دەتوانێت هەر کچێک بکڕێت کە تەمەنی یەک ڕۆژە.

هەر هێندە زانرا ئەوەی لە دایک بووە کچەو کوڕ نیە باوک دەتوانێت نرخی لەسەر دابنێت و بە هەر پیاوێکی تری بفرۆشێت با ئەو پیاوە تەمەنی هەشتا بێت و سێ ژن و دەیان کەنیزەی هەبێ. ئەمە شەرعی ئیسلامەو لە قوتابخانەکاندا دەخوینرێ. پارتی و یەکێتی ئەوەیان لە قوتابخانە بە قوتابی خوێندووەو ڕێگای مەلایان داوە لە مزگەوت بە شانازیەوە باسی بکات. ئەمە یەکێکە سەوابتەکانی ئیسلام. نەوشیروان مستەفا هەموو جارێ تەئکیدی لەسەر سەوابتەکان دەکردەوەو دەیوت لێیان لانادەین. ئەمە یەکێکیانە. ئایا یوسف محەمەدی سەرۆکی پەرلەمان و هەموو ئەو ئیسلامیانەی وەک ڕاوێژکار لای خۆی دایمەزراندوون باوەڕیان بەو شەرێعەتە نییە؟ باوەڕیان پێیە و کاری بۆ دەکەن. ژن لە ئیسلامدا نرخی نیە و ناشبێت هەیبێت. ڕاستە ئەمڕۆ هەندێک لەو ئیسلامیانەی هەست بە شەرمەزاری دەکەن دەیانەوێت پینەی بکەن و سەتان پاساوی بۆ بێننەوە گوایە ئایەت و حەدیسەکان بەو شێوەیە نین بەڵام بەشێکی هەرە زۆریان بە شانازییەوە دەڵێن ئەوە دینەکەمانە و هەر ئەوەش ڕاستە.

زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن ئەو پایەیەی ئیسلام بۆ ژنی داناوە زۆر بەرزەو لەهیچ دین و باوەڕێکی ترا ئەو پایەیەی نییە. مەلاکان ئەڵێن لێدانی ژن هەر خۆی گەورەترین ڕێزە ئیسلام بۆ ژنی دانابێت.
پێشتر لەو بارەیەوە گوتارێکم نووسیوە، کە لێرەدا پوخەتەکەی دەخەمەوە بەرچاو. با بزانین ژن لە شەریعەتی ئیسلامدا چ پایەیەکی هەیە:
ژن و سەگی ڕەش و کەر ئەگەر بەپێش پیاودا هاتن و ئەو پیاوە خەریکی نوێژ بوو ئەوە نوێژەکەی قەبووڵ نییەو دەبێ دەستپێبکاتەوە.
پیاو بە دوو شتی تر دەستوێژی دەشکێت یەکەم بە گوو (پاشەڕۆ) و دووەم ئەگەر دەستی بە دەستی ژن بکەوێت.

بۆ شایەتی دوو ژن بە یەک پیاو حیساب دەکرێن با ئەو دوو ژنە نووسەر و بلیمەت بن و پیاوەکە گەمژە بێ.
ژن لە میراتدا نیوەی پیاو وەردەگرێ.
لە منداڵی بێ ئەوەی هیچ پرسێکی پێ بکرێت بۆیان هەیە بیدەنە پیاوێکی پیر.
ئەگەر ژن یەک شەو بە قسەی پیاو نەکات و ئارەزووە سێسکییەکانی تێر نەکات بەدرێژایی شەو فریشتە نەفرەتی لێ دەکەن.
پیاو دەتوانێ لە ژن بدات و پشتی تێبکات (لەگەڵی نەخەوێ) بەڵام ژن هەر بۆ ئەوەیە خزمەتی پیاو بکات.
هەر ئۆمەتێک ژن بەڕێوەی ببات ئەوە نابێتە هیچ چونکە ژن ئەقڵی کەمە.
دینی ئیسلام ڕێگای داوە موسڵمان لە سێ حالەتدا درۆ بکات کە یەکێک لەو حاڵەتانە ئەوەیە پیاو درۆ لەگەڵ ژنی خۆیا بکات.




داستانی دایکێکی ئازا – ..هاوارێکی کاسکەر دژ بە جەنگ… ئێمە لە کوێیداین !


نووسینی: عەبدوڵا حبە
لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز
….

گۆڤاری “تیاتر”ی ڕوسی نمایشکردنی شانۆگەری “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” لەسەر هۆڵی شانۆی دۆیچە تیاتر لە بەرلین بە یەکێ لەو دە شانۆگەریانەی کە جیهانیان هەژاند داناوە. وادیارە ئەم داستانە مرۆڤایەتیە وێناکردنێکی زیندویانەی جەنگە، تەنانەت لە جیهانی عەربی خۆیشماندا لەم دەیانەی دواییدا کە ئاگری کۆمەڵێک جەنگ کەوتۆتەوە کە هیچ بەرژەوەندیەکی دانیشتوانی ناوچەکەی تێدا نیە جگە لە تیاچوون و ماڵوێرانی و کاولکاری بۆ ناوچەکە.

برتۆڵت برێخت (١٨٩٨-١٩٥٦) ئەم شانۆگەریەی لە سوید نوسیوە کاتێک هەڵهاتبوو لە ئەڵمانیای نازی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی تری ئەڵمان، دوای ئەوەی هتلەر دەستی بە کتێب سوتاندن کرد لە گۆڕەپانە گشتێکاندا وکەوتە ڕاوەدونانی هەموو ئەوانەی دژ بە ڕژێمە فاشێکەی بوون. برێخت وای دانابوو شانۆگەرێکەی کە هاوارێکی هەورە گرمە ئاسای دژ بە جەنگە، کەسێک ئەدۆزێتەوە بیباتە سەر تەختەی شانۆکانی ئەوروپا و میللەتانی ئەوروپا وەئاگا ئەهێنێ لە مەترسی چارەسەرکردنی ناکۆکێکانیان بە جەنگ. بەڵام برێخت دواکەوت لە بڵاوکردنەوی شانۆگەرێیەکەی. کاتێك بۆ یەکەم جار نمایشکرا لە ساڵی ١٩٤١ لە سویسرا کار لە کار ترازابوو جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکردبوو کە بە ملێۆنەها قوربانی و وێرانبوونی سەدەها شار و هەزاران گوند و لادێی لێکەوتەوە. بۆیە، کەس نەبوو لە ئەوروپییەکان گوێی لە ئاگادارکردنەوەکەی بگرێت سویسرێکان نەبێت، کە خۆشیان زوتر شەری سی ساڵەیان کردبوو بەڵام دەرئەنجامەکەی دامەزراندنی سویسرای فیدراڵ بوو.

بەم شێوەیە بڕێخت نەیتوانی بینەری ئەوروپی بۆ شانۆگەرییەکەی بدۆزێتەوە هەتا ساڵی ١٩٤٨ کاتێك داوای لێکرا هەستێ بە دەرهێنانی کارەکەی لەهۆڵی شانۆیی “دۆیچە تیاتر” دوای جەنگی جیهانی دووەم. ئەویش ڕازی بوو بە دەرهێنانی شانۆگەریەکەی و یەکەم نمایشی لە ساڵی ١٩٤٩ کرا. لەسەر شانۆ، جلە کۆن و شڕەکانی ئەکتەرەکان، کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا ژیابوون لە جلی خەڵکی ئەڵمانیای ئەوکاتە ئەچوو. بینەرانی شانۆ بەتەواوی ئاوێتەی ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکەی بوون و بەدەمەوەچوونێکی تەواویان هەبوو لەگەڵ دایکە ئازاکە-(کوراژ)- کە هێلینا ڤایگل هاوسەری برێخت ڕۆڵەکەی بینیبوو. چونکە واقعی خۆیانی بیر ئەخستنەوە.

برێخت تەنها چاوەڕێی دەربڕینی هاوسۆزی نەئەکرد لە جەماوەرەکە لەگەڵ پاڵەوانی شانۆگەریەکە، بەڵکومەبەستی تێگەیشتنیان بوو لە مانا شاراوەکانی بیرۆکەی شانۆگەرییەکە. واتە وەستانەوە دژ بە جەنگ و بەهانەکانی هەڵگیرساندنی. بۆیە دەستکاری کرد لە هەندێك بەش لە تێکستەکە و هەندێک داهێنانیشی کرد لە کاری دەرهێنانەکەی. ڤایگل ڕۆڵێکی یارمەتیدەرانەی زۆری هەبوو لە گەیاندنی مەبەستی نوسەرلە ڕێی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەی بە شێوەیەکی وشك و دوور لە هەڵچوون بەشێوەیەک کە هیچ بوارێکی بۆ بینەر نەهێشتەوە جگە لە هاوسۆزی لەگەڵ دایکە کۆراژ. بیرۆکەی داوای ئاشتی بەتەواوی دەستی بەسەر نمایشکردنی شانۆگەرییەکەدا لە ساڵی ١٩٤٩ دا کێشابوو، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لای جەماوەر لە سەردەمی هەڵکشانی مەترسی شەڕی سارد. هەروەها بە ڕوونی پاڵنەرە ئابوریەکانی جەنگی ئاشکرا کرد و پێویستی ئاشکراکردنی تاوانەکانی شەڕ پەیوەست بە ئایدێۆلۆژیای دوژمنکارانە و پاڵنەرە داراییەکان بۆ هەڵگیرساندی جەنگ. ئاشکراکردنی ئەوەی کە بزنس لە پشت هەموو شەڕکانەوەیە لەم سەردەمەماندا.

هەرچەندە دەسەڵاتی داگیرکەری ئەو دەمەی سۆڤێت خۆشحاڵ بوو بە نمایشکردنی شانۆگەرێیکە بەوەی کە دژ بە بیرۆکەی جەنگە و کۆمەکی برێخت و شانۆکەشی ئەکرد ئەکرد، بەڵام هەندێک لە رەخنەگرانی سۆڤێت پێیان وابوو شانۆی داستانییانەی برێختی ناگونجێت لەگەڵ یاساکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستی. ئەمەش دواتر بو بە هۆی ساردی هەڵوێستی وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست لە کارەکانی برێخت بەشێوەیەکی گشتی. بەڵام برێخت سەرکەوتنێکی گەورەی لەلای جەماوەری پێشکەوتنخوازی دژبەجەنگی ئەوروپای خۆرئاوا بەدەست هێنا پاش نمایشکردنی شانۆگەریەکانی لەلایەن تیپە شانۆیەکەیەوە-برلینەر ئنسابل- لە پاریس ١٩٥٤ و لەلەندەن لە ١٩٥٦.

برێختی شانۆنووس، دەرهێنەر، شاعیر و ڕەخنەگر، لەسەرەتای تەمەنی لاوێیتیدا خۆی بۆ خوێندنی پزیشکی ئامادەکرد بوو بەڵام بەرەو ئەدەب وەرچەرخایەوە، عەوداڵی ئەدەبی یۆنانی کۆن بوو، درامای داستانی یۆنانی زۆر کاری تێکرد. گەلێک شانۆگەری نوسی لەوانە: “کردەوە” و “تەپڵ لە شەودا” و “ئەم سەربازە چیە و ئەویتریان چیە” ئۆپێرای سێ پێنی” و “ترس و ڕەشبینی لە ڕایخی سێیەم” و “پیشەی ارتۆرۆ وی” و “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” و بازنەی تەباشیری کەوکازی” و “ژیانی گالیلۆ” و بڕێکی تر. بەڕاستی هەموو کارەکانی داستانی ئەدەبی شانۆیی سەردەمن.
ڕوداوەکانی شانۆگەری “دایکە کۆڕاژ و کوڕەکانی” ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگە ئایینێکانی ئەوروپا، بەتایبەتی بەهاری ١٦٢٤ کاتێک سوپای شای سوید خۆی ئامادە کردبوو بۆ داگیرکردنی پۆڵەندا، شارەزایانی سوپا کە شەڕ بە تاکە ڕێگا دائەنێن بۆ سەپاندنی ” سیستەم و شارستانیەت”، هەڵئەستن بە کاری سەربازگیری گەنجان و ئامادەکردنیان بۆئەرکەکانی داهاتوو. بەڕای سوپا، بەبێ شەڕ و توند و تیژی هیچ ڕەوشتێك نابێت- بەبۆچونی ئەوان ئەگەر سیستەمی سەربازی باڵادەست نەبێ ئەوا تاک بە گوێرەی حەزی خۆی ئەسوڕێتەوە و بەکەیفی خۆی هەموو شتێک ئەڵێت و بەئارەزوی خۆی ئەخوات. کەواتە ئەمە چ سیستەمێکی دەوڵەتە کە بەبێ فەرمان و بێ بەشکردنی ئازوقە و لێپرسینەوە بەڕێوە ئەڕوات!.

شانۆگەری دایکی ئازا

لە شانۆگەرێەکە، دوو گەنج عەرەبانەکەی دایکە ئانا ڤیرلینگ ڕائەکێشن کە فرۆشیارێکی گەڕۆکە ( بە ڕەچەڵەك خەڵکی باڤاریای ئەڵمانیایە) و نازناوی “کۆڕاژ” واتا ئازای لێنراوە، چونکە لە بۆردمانی تۆپەکان و گزەی گولە نائەترسا. بەعەرەبانەکەیەوە کە هەردوو کوڕەکانی ڕایان ئەکێشا لەگەڵ کەتیبەی فنلەندی دووی سوپاسی سویدیدا ئەسوڕایەوە و شتی پێ ئەفرۆشتن. هەردوو کوڕە گەنجەکەی و کچە ڵاڵەکەی نازناوی جیاجیان هەبوو چونکە کەس بە دەقیقی نەیئەزانی باوکەکانیان کێیە، سەربازی سوپای جۆراوجۆر بوون و لەوانەیە لێشیان کوژا بێ یان بێ سەروشوێن بووبێ. هەر لەو کاتانەدا فەرماندەی کەتیبەکە کوڕە گەورەکەی، ئیلیف، ئەباتە ڕیزەکانی کەتیبەکەوە و لەیەکێک لە شەڕەکاندا ئەکوژرێ. بەو شێوەیە دایکە یەکێک لە کوڕەکانی لە دەست ئەدات. دوای تێپەر بوونی سێ ساڵ لە شەڕ، دایکە دیل ئەکرێ لەلایەن سوپای دوژمنانەوە بەڵام بە گۆڕینی ئاڵای سەر عارەبانەکەی کە ئاڵای لوسەرێکان بوو و دانانی ئاڵای کاتۆلیکەکان و خۆی لە مەترسی ڕزگار ئەکات. کاتێك سوپای دوژمن داوا لە کوڕە بچوکەکەی، شڤیتسەرکاش، ئەکەن شوێنی گەنجینەی کەتیبەکەیان پیشان بدات و ئەویش ڕەتی ئەکاتەوە تەقەی لێ ئەکەن ئەیکوژن. لاشەکەی پێشان دایکە ئەدەن نکولی لە ناسینی ئەکات بۆ ئەوەی عەرەبانەکە و شتومەکەکانی لەدەست نەچێت. بەو شێوەیە شەڕ جەند ساڵێک بەردەوام بوو دایکەش بە وڵاتانی پۆڵەندا و مۆراڤیا و باڤاریادا سوڕایەوە. لەکۆتایشدا سەربازەکان بەزۆر لاقەی کچەکەیان کرد و دەمچاویشیان شێواند بەڵام دایکەی ئازا دانی بەخۆدا گرت بەتایبەتیش پاش ئەوەی کە لەو کاتانەدا لە تروپکی سەرکەوتنی بازرگانێکەیدا بوو.

لە ساڵی ١٦٣٢ پاشای سوید، گۆستاڤ ئەدۆلف ئەکوژرێت و ئاگربەست ڕائەگەێنرێت، بازرگانێکەی دایکەی ئازاش هەڕەشەی مایەپووچی دێتە سەر. ئەو پێوێستی بە ئاشتی نەبوو، شەر سەرچاوەی سەرەکی بژێوی بوو، خۆزگەی هەڵگیرسانی شەڕی ئەخواست. شەڕی نێوان کاتۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان ١٦ ساڵی خایاند، نیوەی خەڵکی ئەڵمانیا تیاچوو، وێرانی و برسێتی هەموو لایەکی گرتبوەوە، لەکۆتایی شانۆگەریەکەدا سەربازەکان کاترینی کچی ئەکوژن چونکە خەڵکی گوندی وەئاگا هێنا لە هاتنی سەربازەکان بە لێدانی تەپڵ بە مەبەستی ڕزگار کردنیان لە کوشتار. بەم شێوەیە جەنگ هەموو مناڵەکانی دایکە کۆڕاژی قووتدا بەڵام ئەو هێشتا بەردەوامە لە ڕاکێشانی عەرەبانەکەی بەتەنیا و سەربازەکان بەلایدا تیئەپەڕن و ئەویش هاواریان لێ ئەکات: ” بمبەن لەگەڵ خۆتان”

بڕێخت لە شانۆی داستانییدا فایلەسوف و شانۆنوسیشە لە هەمانکاتدا؛ چونکە کارەکانی پێناسە ناسراوەکانی شانۆ تێئەپەڕێنێ. لە نوسینی شانۆگەریەکانیدا زۆری لە کارە درامیە یۆنانیە کۆنەکان وەرگرتوە بەتایبەتی لە شانۆگەریەکانی سۆفۆکلیس کە زۆر پێیان سەرسام بوو. ئەم نوسەرە هەڵکەوتووە گرنگی زۆری بە ڕوداوە مێژوییە مەزنەکان ئەدا، ئەم گرنگیپێدانەش مەودایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگری بە کارەکانی ئەبەخشێت. کۆمەڵێک پێکهاتە کارەکانی جیا ئەکاتەوە، لەوانە گەیشتن بە تروپکی ڕوداوە درامێکان چەند جارێك و چارەکردنیان و جیاکردنەوەی سەردەمی ڕوداوە درامێکە و سەردەمی نوسەر. بە شێوەیەک کە نووسەر لەسەر تەختەی شانۆ گێڕانەوەیەکی بەسەرهاتەکان پێشکەش ئەکات بەڵام کۆتاییەکەی زانراوە. بەبۆچونی برێخت ژیان لە شانۆی ئاساییدا بینراوە، بەڵام ڕوون نیە. بۆیە لە شانۆگەریەکانیدا کەسایەتی گێڕەڕەوەی داهێناوە. واتە ئەکتەرێك کە کۆمێنت لەسەر ڕوداوەکان ئەدات بەبێ ئەوەی یەکێک بێت لە پاڵەوانەکای شانۆگەرێکە و ئەکتەرەکان لە نمایشەکانیدا پێویستیان بە بنینی ڕۆل نیە.

شانۆی عەرەبی ئەمڕۆ پێویستی بە داهێنانی برێخت و بلیمەتانی تری جیهانی شانۆییە بۆ سود وەرگرتن لە شارەزاییان لەپێناو دەرچوون لە دۆخی چەقبەستوو لەم سەردەمی پاشەکشەکردنە ڕۆشنبیریەی کە جیهانی عەرەبی گرتۆتەوە بەگشتی. ئەمڕۆ ڕۆشنبیرانی عەرەب خۆیان دان بە خراپبوونی کاری داهێناندا ئەنێن لەناویشیاندا داهێنان لە بواری شانۆ، وەکو بڵێی ئەم وڵاتانە کەسایەتی بەهرەمەند و داهێنەری وەکو نجیب مەحفوز و مهدی جەواهری و غایب گعمە فەرمان وجواد سەلیم و محمود سەبری و دەیانی تری وەکو ئەمانی بەخۆوە نەدیبێ. سەبارەت بە عێراق، ئەتوانین بڵێین وڵاتەکە پاش ئەو هەموو شەڕەی توشی میللەتەکەی بوو، سینەما و شانۆ و هونەری تەشکیلی و میوزیک و هونەری فۆلکلۆری، تەنانەت شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش لەئاستێکدا نیە کە بەرزی بکاتەوە بۆ ئەو پایەیەی کە شایانی بێت. نەک تەنها لەسەر ئاستی جیهانی، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئاستی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش بە شێوەیەکی گشتی.

شانۆگەری “دایکە ئازاکە”، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمڕۆی ناوچەی عەرەبی کە جارێك بە چەندەها جۆر شەڕی تایفەگەری و جارێکی تر بە شەڕی دەستێوەردانی دەرەکی بەبیانوی بەرگری لە دیموکراسیەتدا تێئەپەڕێ. چین و توێژانێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگا هەڵکەوتون هیچ لاریەک نابینن لە بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی لەپێناو سەروەت و ساماندا. کە هیچ بەهایەکی نیە لەپاش تیاچونی ئەو ڕۆڵانە. لەم ڕۆژانەدا بەها مرۆڤایەتیەکان وون ئەبن و چەمکانێکی وەک نیشتمان، ئازادی، شکۆی مرۆڤایەتی، مانای خۆیان لەدەست ئەدەن.

لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز -١/٧/٢٠١٧
————————————————-
سەرچێ‌وە:
الحوار المتمدن -ژمارە 3881-١٥/١٠/٢٠١٢

لە ژمارە 3ی گۆڤاری هانا بڵاو بۆەوە




ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو … عه‌زیز ڕه‌ئووف

هه‌میشه‌ سه‌رسام بووم به‌ شته‌ بچوكه‌كان، ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ بینینی شته‌ ورده‌كانه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا هینده‌ی ڕووداوه‌ گه‌وره‌كان. بۆ من گرنگه‌ بزانم له‌ سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كداریدا ڕووداوه‌ بچوكه‌كان چۆن ڕوویانداوه‌، بۆ من گرنگه‌ له‌و عه‌سره‌دا دۆخی خه‌ڵك چۆن بووه‌؟ كچان چۆن عاشق بوون؟ بۆنی دیواری خانووه‌ قوڕه‌كان و ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر و به‌رامه‌ی خۆڵی دوای باران. بۆ من گرنگه‌ بزانم پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی چالاكی چی كردووه‌؟ چۆن دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا و هه‌ستی خاوه‌نماڵ بۆ پێشمه‌رگه‌ چۆن بووه‌؟ بۆ منی فزولی ئه‌وه‌ گرنگ بووه‌ چۆن به‌رپرسه‌كان بۆڵه‌یان كردوه‌ و چ فسكه‌فسك پیلانی ژێربه‌ژێر و كوتله‌یه‌كیان دروست كردووه‌ كه‌ خاڵی بووه‌ له‌ فكر و زیاتر ده‌نگه‌ده‌نگی پۆست و كورسی بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی مه‌بده‌ئو بیر و باوه‌ڕ بێت. ئه‌وه‌ی بۆ من له‌ كتێبی ” ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو” گرنگه‌ ئه‌وه‌ بوو تێ بگه‌م له‌و عه‌سره‌دا بۆ بزوتنه‌وه‌ی حه‌قه‌ ده‌توانێت به‌ یه‌كسانی له‌ ئازادی ژن بڕوانێ به‌ڵام پارتێكی چه‌پی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ژن له‌ ڕیزه‌كانی دروست بكا؟

هه‌ڤاڵ كوێستانی، ئه‌و ناوه‌ی بۆ ئێمه‌ی هه‌رزه‌كار له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا ناوێكی دیاره‌. خوێندكاری ناوه‌ندیم له‌ ئۆردوگای ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند و هاوڕێیه‌كم كتێبێكی ڕه‌ش و سپی چاپێكی ناشرینم بۆ دێنێ ” ئافره‌ت و ژانی له‌دایكبوونێكی نوێ” نوسینی هه‌ڤاڵ كوێستانی ، به‌ چاپی كۆن نوسراوه‌ و نوسینه‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاڵه‌ زۆرێك له‌ وشه‌كانی به‌ قه‌ڵه‌می جافی شین تۆخ كراونه‌ته‌وه‌ تا بتوانرێت بخوێندرێته‌وه‌. زانیم له‌به‌رده‌م كتێكی ته‌واو گرنگدام، زانیم له‌و عه‌سره‌دا له‌شاخ كه‌سانێك هه‌بوون خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ و شۆڕشیان ته‌نها له‌ یاخیبوونی چه‌كداریدا كورت نه‌كردۆته‌وه‌. ته‌له‌فزیۆنه‌ تاقانه‌كه‌ی گه‌لی كوردستانیش جارجار سرودێكی ئازاد خانه‌قینی دوای یادی شه‌هیدێك یان یادكردنه‌وه‌ی شه‌هید ئارام یان هه‌ر پاڵه‌وانێكی تر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و نوسراوه‌: هۆنراوه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی.

ئه‌م ناوه‌ ئیتر ون ده‌بێت و هیچ یاده‌وه‌رییه‌كم نیه‌ له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌م نوسه‌ره‌دا تا ساڵی 2008 ناوی هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا دێت كه‌ شۆڕش له‌ ڕیزه‌كانی خۆی ده‌ریانده‌كات و ئه‌و پارته‌ی كه‌ گه‌نجێتی تیا سه‌رف كردووه‌ به‌ بڕیارێك له‌ ڕیزه‌كانی دووری ده‌خاته‌وه‌. منیش ئه‌وكاته‌ی پێم وابوو ده‌بێت هێزێك بێت دنیای ئێمه‌ بگۆڕێت، له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بابه‌تێك له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی ده‌نوسیم به‌ناوی ” شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كات” و هه‌ر ئه‌و كات ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ كاك عه‌دنان عوسمانی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌و كوڕه‌ كێیه‌ ئه‌م نوسینه‌ی نوسیوه‌؟ كاك عه‌دنانیش ده‌ڵێ ئه‌وه‌ عه‌زیز ڕه‌ئووفه‌ و برای محه‌مه‌د ڕه‌ئووفی خۆمانه‌، كاك نه‌وشیروان ده‌ڵێ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ با بیبینم. كاك عه‌دنان ته‌له‌فۆن ده‌كات و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین بۆ بینینی كاك نه‌وشیروان.

پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ لای كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌سه‌یاره‌كه‌ی كاك عه‌دناندا خه‌یاڵم ده‌ڕوا ( ساڵی 1987 ه‌، ئه‌وكاته‌ی منداڵ بووم له‌ لادێ و تراكتۆرێكی پڕ له‌ چه‌كی ئێرانی كه‌ چه‌ند پاسدارێكی سه‌رتاشراوی تێدایه‌ به‌ناو گونده‌كه‌مان “بێده‌ر” له‌ نزیك چیای خاڵخاڵان تێده‌په‌ڕێت و لای ئێمه‌ی منداڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ ته‌واو غه‌ریب بوو، له‌پڕ گوێم له‌ ده‌نگێك بوو وتی: ئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان له‌ پشته‌وه‌ به‌ پێ ده‌ڕوات، به‌ گرده‌كه‌ی پشت ماڵی خۆماندا هه‌ڵده‌زنێین تا كاك نه‌وشیروان ببینین و كه‌ چوینه‌ سه‌ر گرده‌گه‌ پیاوێكی به‌ژن باریك له‌ ناوه‌ڕاستی دوو سێ پێشمه‌رگه‌ به‌ خێرایی به‌ پێ ده‌ڕوات و ته‌نها له‌ پشته‌وه‌ ده‌یبینین). ئێستا له‌گه‌ڵ كاك عه‌دناندا به‌ گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین و ئه‌م جاره‌ ڕووبه‌ڕوو پیاوێك ده‌بینین كه‌ پشتی له‌ هه‌موو سه‌روه‌ری و خه‌بات و ماندووبوونی ڕابردووی خۆی كردووه‌ و له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و نوسینێكی من ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ كه‌م تا زۆر كۆمه‌ك به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی بكات. كاك نه‌وشیروان به‌ قاتێكی كوردی خاكیه‌وه‌ توند ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و له‌ دانیشتن له‌گه‌ڵماندا بێتاقه‌ت نابێت تا خۆمان كاتمان دره‌نگ كرد و پێویست بوو بڕۆین ئه‌و پیاوه‌ بێتاقه‌تی به‌ ڕوخساریه‌وه‌ دیار نه‌بوو، كه‌ هه‌ڵده‌ستین جارێكی تر ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و ده‌ستخۆشیم لێ ده‌كات و تا ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵم دێت كه‌ بۆ من زۆر تازه‌ بوو سه‌ركرده‌یه‌ك ببینم ئه‌وه‌نده‌ خاكی بێت و قه‌دری نوسه‌ری لابێت. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی بوون به‌ گۆڕان، ئینجا زانیم بۆ كاك نه‌وشیروان نوسینه‌كه‌ی منی به‌دڵ بوو.

من هه‌ڤاڵم وه‌ك نوسه‌ر خۆش ده‌وێت كه‌ پیاوێكه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و میهره‌بانی و چاوه‌ شینه‌كانی ئێستاش دنیایه‌ك خه‌ون و ئومێد، له‌گه‌ڵیدا ماندووبوون و مه‌رگی عه‌شقی “كاڵێ”ی تێدا شاردراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كاڵێ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ لادێ ده‌یه‌وێت ئه‌م پێشمه‌رگه‌ تۆزاویه‌ ماچ بكات به‌ڵام هه‌ڤاڵ شۆڕشی له‌ ماچ و عه‌شق و دڵداری لا پیرۆزتر ده‌بێت و ڕێگه‌ به‌ كاڵێ نادات ماچی بكات.

كۆتایی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی ( ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو) كاسم ده‌كات، هه‌ناسه‌م پێ نادرێت. له‌و عه‌سره‌دا كه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕی له‌ناو شۆڕشدایه‌ سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌ شاعیرێك له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌. نامه‌كانی پیشان ده‌دات كه‌ بۆ هاوڕێكانی ناردووه‌ و چۆن كۆپیان كردووه‌ و وه‌ك ڕاپۆرت ناردویانه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌ی شۆڕش. سه‌یری ئه‌م هه‌موو جاسوسیكردنه‌ به‌سه‌ر یه‌كتردا. ئه‌م هه‌موو تاڵانی و ناشرینكردنه‌ی شۆڕش كه‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌لاجه‌ی تاڵانی ده‌دات به‌ كۆڵدا، كه‌چی شاعیرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانی گه‌وره‌ی كردبێت له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌دا هاواری به‌سه‌ردا ده‌كرێت و وه‌ك خائینێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

دوای ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان به‌ڕێم ده‌كا و ده‌سخۆشیم لێ ده‌كا له‌سه‌ر نوسینی “شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كا” كه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی هه‌ست ده‌كه‌م سه‌ركرده‌یه‌ك قه‌دری نوسینی لایه‌، بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ قه‌دری ئه‌و نوسینانه‌ی لایه‌ كه‌ به‌دڵی ئه‌و ده‌نوسرێن
له‌ دوای هه‌ڤده‌ی شوباتی 2011 كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م گۆڕان ناتوانێت هیچ له‌ دنیای ئێمه‌ ده‌سكاری بكات، له‌ ڕۆژنامه‌ی “هاوڵاتی” و “ئاوێنه‌” چه‌ند نوسینێكی ڕه‌خنه‌ئامێز له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی كاك نه‌وشیروان ده‌نوسم، به‌ڵام چونكه‌ به‌دڵی كاك نه‌وشیروان نیه‌ نه‌ حه‌ز به‌ بینینم ده‌كات و نه‌ وه‌ك یه‌كه‌م جار به‌دوامدا ده‌نێرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری گوڕانخوازانی ته‌نیشت ژووره‌كه‌ی، هێرشی ناڕه‌وا و ته‌نانه‌ت بوختانی شه‌خسی ده‌خه‌نه‌ پاڵم، به‌شێكیان ئه‌وانه‌بوون كه‌ ده‌یانویست له‌سایه‌ی گۆڕاندا پۆستێكیان ده‌سكه‌وێت و ده‌ستیشیان كه‌وت. دوای ئه‌وه‌ی كاركردنی من و هه‌ردی مه‌هدی هاوڕێم وه‌ك نوسه‌ر له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ كۆتایی پێده‌هێنرێت و دوو هاوڕێ له‌وێ كارده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئێمه‌ دڵسۆزتر خۆیان بۆ گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا نیشان ده‌ده‌ن، دواجار ئه‌و دوو براده‌ره‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ كه‌ناڵی ” ڕووداو”ی پارتی بۆ كاركردن و من به‌ره‌و دورگه‌ی قوبرس و هه‌ردی به‌ره‌و تاران بۆ مه‌به‌ستی خوێندن سه‌ری خۆمان هه‌ڵده‌گرین.

ئیدی یه‌كێك له‌ ئیشكاله‌ گه‌وره‌كانی دنیای ئێمه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ن كه‌ ته‌نها ده‌نگی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان ده‌بیستن و ته‌نها ئه‌وكات ده‌نگی تۆیان لا گرنگه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌یته‌وه‌. دواجار له‌ڕۆژی 20ی مایسی ئه‌مساڵ له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ چاوم به‌ كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌وێ به‌ڵام ئه‌و له‌ تابوتێكدا ڕاكشاوه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تا چاوه‌كانی لێكناوه‌.




لە چاوەڕوانی جەنگێکی تردا … شێرزاد وڵاتدۆست

ڕەنگە مێژووەیەکی زێدە دوور بێت ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ساڵان و سەردەمێکی بێ جەنگ و ئاژاوەی بەخۆیەوە بینی بێت ، ساڵانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەم ناوچەیە هەردەم ساڵانێک بوون زۆر زوو تێپەڕیون و هەمدیسان جەنگ و کاولکاری بەرۆکی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووتەوە ، ڕەنگە هۆکارگەلی زۆر لە پشت بوون بە گۆڕەپانی جەنگی ئەم ناوچەیەوە بن ، بەڵام دەکرێت دیارترینیان لە دوو هۆکاری سەرەکی کۆبکەینەوە ، کە لە پشت زۆربەی ململنێکانی ناوچەکەوەن ، ئەوانیش جیاوازی قوڵی ئاینی لە نێوان ئاینە جیاوازەکان هەم لە نێوان مەزهەبە جیاوازەکانی یەک ئایینیش ، هەروەها دوەڵامەندی ناوچەکە بە زۆر بەی سامانە سروشتەیەکان بە تایبەت نەوت وای کردووە بێتە شوێنی چاوتێبڕین و پەلاماردان و دەستێوەردانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە لەلایان زۆربەی زلهێزەکانی جیهان.

ئەوەی لێردە پێویستە تیشکی بخەینە سەر داهاتووی ناوچەیەکە ، کە ئاخۆ دوای کۆتایی هاتنی بە جەنگی “داعش” و لەناوبردنی ئەو گروپە چ جەنگێک چاوەڕێ ناوچەکە دەکات ، ئاخۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر بەهێز بوونی هەژموونی ڕووسی و ئێرانی لە ناوچەکە بێدەنگ دەبن ، کە دەکرێت لەمەڕ گۆڕانکاریە خێراکانی لەم ماوەیە دا لە چەند وڵاتێکی عەرەبی روودەدەن بە تایبەت وڵاتی سعودییە و هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و گرووپە شیعە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بەتایەبەت لە نیزیک بوونەوە لە کۆتایی هاتنی “داعش” دەگەینە ئەو دەرەنجامەی بەڵێ جەنگێکی چاوەڕوانکراو لە داهاتوویەکی نزیک لە نێوان ئەو دوبەرەیە ڕوودەدات ، کە ئامانج لە جەنگە بچوککردنەوەی هەژموونی ئێرانە لە وڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست ، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگای بچوککردنەوە یان لاناو بردنی ئەو گروپە چەکدارانە دەبێت کە هاوسۆزن لەگەڵ ئێران ، بەتایبەت لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن ، هەرچەندە ئەو جەنگە ئاسان نابێت کاتێکی درێژ و دارایەکی زۆر زیاتری لەوەی لە “داعش” ی پێویست دەبێت ، کە تێچووی ئەم جەنگە دەبێت وڵاتی سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە لە ئەستۆی بگرن و هەرخۆشیان لە ڕێگای جیاوازەوە بەژداربن ، دیارە ئامانج لەم جەنگە چاوەڕوانکراوە لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران نیە ، بەڵکو ئامانج لێی بچوکردنەوە ئەوە دەسەڵاتەیە بەمەبەستی هاوسەنگ بوونەوەی بەرەی شیعی و سوننی لە ناوچەکە.

لەناوبردنی لاوازکردنی زیاد لە پێویستی ئێران رەنگە خۆی زیان بە بەرژەوەندیەکانی خۆی بگەینە لەم ناوچەیە ، چونکە لە بەرژەوندی ئەمریکا دایە ئەم دوو بەرەیەی ناودەبرێت بە شیعە و سونە لە ئاستێکی یەک دابن ، چونکە بەلاوازبوونی تەواوی هەرلایەنێک ئەوا ئەگەری پێکدادان و شەڕ کەم دەبێتەوە ،کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی دوونیا نیە ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت ئارامی بە خۆیەوە ببینێت.
ئەگەر باسی لێکەوتەکانی ئەو جەنگە بکەین بۆ گەلی کورد ، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت ، کورد بەهۆی پێگەی جوگرافی کە خاکی کوردستان دەکەوێتە قوڵایی ئەم ناکۆکیانە ، ئەگەر بێت و ژیرانە مامەڵە نەکات هاوسەنگی ڕانەگرێت لەنێوان ئەم دووبەرەیە ، ئەوا وەک مێژوو دووبارە بووەکەی ئەم جارەش هەمدیسان دەبێتەوە سەرە ڕمی ئەم جەنگە و هەم خاکی کوردستانیش دەبێت بە بەشێک لە گۆڕەپانی ئەو جەنگە .

هەر بۆیە زۆر گرنگە هەموو لایەنە کوردیەکان لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان بەتایبەت لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بە ووردی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەگەرێک بکەن ، کە لەم ماوەیە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە و بە چاوێکی سیاسی درێژ بینەیەوە سەیری هەر گۆرانکاریەک بکەن ، بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵە دابنێین بەهۆی ناکۆکی ناخۆیی ناو ماڵی کوردی هەم لە هەرێمی کوردستان هەم لە پارچەکانی تری کوردستان بەتایبەت بەهۆی شکستی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ئەم مانگی ڕابردوو، ڕەنگە دەرباز بوون و خۆ دوورگرتن لەم جەنگە چاوەڕوانکراوە کارێکی ئەستەم بێت ، بەڵکو زۆربەی ئەگەرەکان وابیشان دەدەن هەمیسان گەلی کورد و خاکی وکوردستان دەبنەوە قوربانی دەستپێکی جەنگێکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.




ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌رێك … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


بۆ نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌

خودا به‌نیازی سڵاو چاوی داوه‌ته‌ ده‌ستێك
ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێوه‌ بشه‌كێته‌وه‌
قوماشی ڕه‌ش و سپی بڕی
پیت ڕژانه‌ ناو ده‌مم
توانیم وشه‌ لێكده‌م و داوا بكه‌م
مانگ به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌ پڕ و نارنجی و له‌ گڕوگاڵدا بێت
به‌و نازه‌ی داویه‌تییه‌ ئاوی ڕژاوی حه‌فت چیایان
چه‌تر هه‌ڵدا
په‌یكه‌رێك حه‌فتا ساڵ پیاسه‌ی كردبوو
ئاوێنه‌ی دابووه‌ ژن و شووشه‌ بۆنی وه‌رگرتبوو
سه‌یری په‌ند و وێنه‌ی سه‌ر قه‌ڵغانی كردبوو
قسه‌ی توندیشی له‌گه‌ڵ وه‌ردیان كردبوو
نامه‌ی له‌سه‌ر باڵی به‌ ناز و فیزی كۆلاره‌ نووسیبوو
سه‌رسام بوو به‌
گوێی كه‌روێشك و
گواره‌ی شۆڕ و
پیاڵه‌ی چا و
ڕووناكی ڕووی زه‌وی
بلووری لامپای سڕیبووه‌وه‌
تووتن و پایپی خۆش كردبوو
زۆر ته‌ماشای ڕوخساری دایك و باوكی كردبوو
وایده‌زانی ده‌مرن و به‌ جێی ده‌هێڵن
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دره‌خت و باڵنده‌ و هێلانه‌ و هێلكه‌ی باش ناسیبوو
گڕوگاڵ و داره‌ داره‌ی منداڵیی ده‌بێته‌ كاروانسه‌را
یه‌كه‌م هێلكه‌ له‌وێ ترووكا
یه‌كه‌م ئاو له‌وێ‌ ڕوونبووه‌وه‌
یه‌كه‌م باڵ له‌وێ‌ فڕی
یه‌كه‌م شیر له‌وێ‌ هه‌وێنكرا
له‌ بریقه‌ی خان و مانی ڕه‌ش و سپی
ڕه‌نگه‌كانی دی له‌واندا ده‌ڕژێته‌ سه‌ر نۆته‌ی سرووده‌كانمان
سروود بووه‌ پشتی ئه‌سپ
به‌كامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان ده‌دا به‌ پاڵه‌وانی هیوا و فه‌رمووده‌كانمان
باڵنده‌ی هه‌مه‌جۆری شادمانی له‌شكری بوون
په‌لكه‌زێڕینه‌ش بیر و بۆچوونی
له‌شكر كه‌ ده‌ڕژێنه‌ بڵنداییی ده‌موچاوی
به‌نیازی ناسكبوونه‌وه‌ی نیشتنه‌وه‌ و بڕیاردان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و كۆچ
بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و قسه‌ و باس ده‌دركێنن
ئێمه‌ زۆر پێویستمانه‌ بیزانین
گوڵه‌كانی له‌ ڕێوڕه‌سمی له‌دایكبوون و مردنی ده‌خرێنه‌ سه‌ر په‌یكه‌ری
ته‌نیان وه‌ك ته‌ڵه‌ شخارته‌ی به‌كارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری
بولبول له‌ پاڵیان بانگی به‌چل باڵفڕین و نیانی جۆلانه‌ی ون كردووه‌
دوای سه‌رگه‌رمی دیته‌نییه‌ك
گۆشه‌نشین و خه‌واڵوو
ماسوولكه‌ی جه‌سته‌یان ده‌مه‌ته‌قێی له‌گه‌ڵ هێز به‌ كۆتا ده‌گات
چێژ له‌ زوڵاڵی ئاو و ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌زانن ژیان چییه‌ وه‌رناگرن
به‌ڵام خه‌یاڵ كه‌ دووڕوویی مرداندووه‌
بێ بگره‌ و به‌رده‌ به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت
له‌ بۆنه‌ی ئاشقبوونی شه‌ونمی سه‌ر گیا و شه‌ڕی چاوه‌زار
ده‌بێته‌ ده‌ستی له‌ناو قۆزاخه‌دا ژیاو بۆ خۆشی و ناخۆشییه‌كان
هه‌ڵیده‌داته‌ ناو ئاهه‌نگه‌كانی كۆچه‌رییان
بیره‌وه‌ری گوێڕایه‌ڵی ده‌بێ‌ و سوودی پێده‌گه‌یه‌نێت
هه‌ڵه‌ و نوێژه‌ دروێنه‌ی له‌ بیر ده‌باته‌وه‌
ده‌ستێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ڕاستگۆ و ناهێڵی وه‌خت به‌سه‌رچێ‌
نامه‌كانی ده‌خاته‌ پۆسته‌
نامه‌ هاتووه‌كانیشی وه‌رده‌گرێت
ڕۆژی هه‌میشه‌ بۆنخۆش به‌شه‌قبوونی خاك
كاتێك دومبه‌ڵان خۆی ده‌ناسێنێ
لێده‌گه‌ڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچه‌وانی هه‌ر هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان تێكه‌ڵی بن
له‌ گه‌رمه‌ی سه‌ما و ناخ جریواندن
دڵی ده‌شوات و ده‌ڕوا
پڕ ده‌ستمان كڵۆ شه‌كر و مۆری به‌خت ده‌كات
ده‌توانین كه‌لوپه‌ل و وێنه‌ی به‌هره‌مه‌نده‌كانمان بكڕین
ده‌سته‌سڕی ته‌نكیش له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرین
بێباكی بڵندبوونه‌وه‌ی چنار
ده‌بێته‌ شوێنێك وه‌ك قۆزاخه‌ی ئاوریشم
جوانكراو به‌سپێنه‌ی هێلكه‌
ئاسووده‌ و پڕ به‌هره‌ و په‌یماندار
هه‌موومان شه‌قامێكمان ده‌بێ تێیدا بچینه‌ سه‌ردانی خزم و كه‌س و براده‌ره‌كانمان
ڕۆژ كه‌ ئاوا ده‌بێ
ته‌واو ئه‌ڤینی خۆی كردووه‌
سڵاو
سڵاو په‌یكه‌ری به‌رتیشك و بارانی سێبووری
تێگه‌یشتی بۆ جارێ‌ نامری

كانوونی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر




گۆڕان لە هێزێکی پڕ جوڵەوە بۆ گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو…. ئیبراهیم مەجید

بۆ مێژوو بەخەڵکی کوردستان دەڵێم کە گۆڕان تەنها کائینێکە سواری ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بوو، ئەگەر پێشتر هیوا بەم هێزە بوبێت ئەوا لەسایەی کۆمەڵێک خەڵکی کۆنە زەرفاتیف لە ئێستادا ناڕەزایەتی خەڵکی کپ کردەوە.
سەرانی گۆڕان (واتە خانەی ڕاپەڕاندن کە بوونەتە دیواری ڕاگری دەسەڵاتی داڕوخاو بەڵام دەنگدەرانی و هەڵسوڕاوەکانی هەمان هێزی یاخی بونی جارانی هەیە وە بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان خانەی راپەڕاندن و خوارەوەیدا، ئەوان ناتوانن ببنە میراتگری نەوشیروان مستەفا و ئەو یارییە سیاسیانە بکەن کە پێویستن و کەمێک خۆیان پاک بکەنەوە) هەمان سیاسەتی فەشەلی ناو یەکێتی پیادە دەکەن ، سەرکردایەتی بڕیاردەری گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، پارتی، کۆمەڵ. هەمان سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرانیان هەیە لەژێرەوە ، بەڵام لەسەرەوە گوایە دژایەتی یەکتر دەکەن و جیاوازن لەپرۆژەو بەڕێوەبردندا.

پێش ١-١١-٢٠١٧ مەسعود بارزانی دەستی کێشایەوە لە پۆستە ناشەرعی و نایاساییەکەی ئەگەر دەستی لەکار نەکێشایەتەوە وەک ئێستا چۆن پەرلەمان و حکومەت و کۆمسیۆنی باڵا بە پێی یاسا هیچ شەرعیەتێکی نەماوە ئەویش هەروەها.
تەنها لایەنێک کە کەمێک شەرعیەتی ماوە ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەڵام ئەوە بوو ویستیان کارێک بکەن لەبەرژەوەندی خەڵک بۆ هێنانی موچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەعێراقەوە، بەڵام سەرانی بەژەوەند خوازی حیزبەکان ڕێگەیان لێگرتن بۆ ئەوەی پارە بکەوێتەوە دەست نێچیر بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڵکو لەژێرەوە بەبێ چاودێری خەڵک بەشە تاڵانی سەرکردەی حیزبەکان نەفەوتێ.

ئێستا ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگاکان یەک تۆز خۆیان لە قوڕاوی حیزبەکان پاک بکەنەوە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن دەتوانن لە زوترین کاتدا موچە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی وەربگرن و لیستی فەرمانبەران پاک بکەنەوە کە لە لیستی بایۆمەتریەکەدا بەردەوامی هەیە، بەهاوکاری نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، بە هاوکاری و چاودێری دیوانی چاودێری حکومەتی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان هەتا حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت.

لەبەر ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان شەرعیەتی نەماوە ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەگەر ئیرادەیان هەبێت دەتوانن هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بکەن لە گوندو شارو شارۆچکەکان و نوێنەرایەتی خەڵک هەڵبژێرن بۆ دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەرێتی دروست بکەن وە هەڵبژاردنی ڕاستەو خۆ پێویستی بە کۆمسیۆن و پاککردنەوەی ناوو پارەی زۆر نیە ، تەنها سەرپەرشتی و چاودێری ناوخۆیی و نەتەوە یەکگرتوەکانی دەوێت ، وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبون و ڕابەرایەتی کردنی دۆخێکی دروستکراوی سەرانی شکست خواردو دەتوانرێت سنوری ئەم حیزبانە ببڕین خۆمان بە خۆمان بتوانین ڕابەرایەتیەک دروست بکەین و ئیرادە و بژێوی بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە بگێڕینەوە ، بۆیە گرنگە هەر لە ئێستەوە نەهێڵین حیزبە مردو خۆرەکان جارێکی تر ببنەوە بە نوێنەری ئێمە و نەهێڵین جارێکی تر هاوارگەی دزیەکانیان لەسەر گیرفان و داهاتی ئێمە هەڵدەن .




ئێمە دەمێکە جواب کراوین … وریا مه‌عروف

ھەموو شتێکمان ڕاونا، ئەوانەی مانەوە و سۆز و بەزەییان ھەبوو ھیچ ئومێدیکیان بە ئێمە نەما، بەجێیان ھێشتین، ھەموو شتێک ڕوودەدات، ئێرە بێ پاسەوان و بێ پارێزەر و بێ ڕێگریە، ژیان گوستراوەتەوە ڕەنگه‌ تۆرابێت و، ھەڵفڕیبێت، هه‌موو وه‌ڵامه‌كان پاڵنه‌رن- هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی تر بگرینه‌به‌ر، ڕێگای مرۆڤ.. ڕێگای ژیان.

سزا دۆزه‌خیه‌كانی دونیا سه‌رپشك كراون چۆن و چ كاتێك و به‌ چی قه‌باره‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی زه‌میندا ببارن.

شەپۆلە بێ ڕەحمەکانی ژیان کە دەڕژێن- دادەبارێن، جێگەیان نابێتەوە، دەگەڕێن و دەگەڕێن ھیچ کوێ نادۆزنەوە و پەی بەھیچ بۆشاییەک نابەن، دواجار دەگەنە ئێرە تەختاییە ڕێگایەکی کراوەیه‌، دادەبارێن نەھامەتیەکان ئازارەکان. چ خواستێكه‌ ئێمه‌ لێره‌ بكه‌وین؟. چ ئاره‌زوویه‌كه‌؟ ئێمه‌یان فڕێدایه‌ زبڵدانی ژیان و، له‌ ڕابردوودا زیندانیان كردین، ڕابردوو وەک ژەھر وەک شێرپەنجە كه‌م كه‌م له‌ناومان ده‌بات، ئێمەش ھەموو جوانیەکانمان کوشت، ھەموو پیرۆزییەکانمان تۆراند.

ئێمه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ین گوڵه‌كان ده‌بڕینه‌وه‌، تیر ده‌گرینه‌ خۆر و پشت ده‌كه‌ینه‌ مانگ، مرۆڤه‌ باش و چاك و جوان ڕۆحه‌كان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین ئه‌نجن ئه‌نجنیان ده‌كه‌ین، ئه‌ستێره‌كان تووڕ هه‌ڵده‌ده‌ین، ته‌نیا قه‌وزه‌ و كه‌ڕوو به‌م خاكه‌ ڕه‌وا ده‌بینین، مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌- كارگه‌یه‌كی پله‌ یه‌كی مه‌وادی خراپین. كه‌ مرۆڤ بوویت دوورت ده‌خه‌نه‌وه‌، ناچارت ده‌كه‌ن گۆشه‌گیربیت – ته‌نیابیت، دوور دوور كه‌ویته‌وه‌، قه‌هر و ژان داده‌بارێ بۆت، ڕێگاكانی مرۆڤ بۆ ژیان داخراوه‌، كۆنكریتیه‌.
خۆشه‌به‌ختی زۆر دووربوو هه‌ر بیریشمان لێ نه‌كرده‌وه، ته‌نها ویستمان داشكاندنێكی كه‌م له‌ ئازاره‌كان بكه‌ین- زیاتربوون داده‌بارێ، وه‌ك موژدانه‌ داده‌بارێن…




ئيسرائيل چی بە ئێمە کرد … لوقمان بەرزنجی

هەموو شت بۆ خۆيان حەڵاڵە بەڵام بۆکورد حەرامە. ڕۆژگارێک ئێران وتورکيا تاکە دۆست و پشتيوانی دەوڵەتی ئيسرائيل و بوون .لەهەمان کاتيشدا بيست و دوو دەوڵەتی عەربی دوژمنی ئيسرائيل بوون ، ئيستا هەردوو وولاتی ئێران و تورکيا يەکەميان خۆی بەدوژمنی سەرسەختی ئيسرائيل دەزانێت و ئەوەی دووهەميش خۆی بە نەيار و پتر لە شەش تا حەوت دەوڵەتی عەرەبيش بە دزی بە ئاشکرا پەيوەنديان لە گەل ئيسرائيل هەيە تا پلەی هاوپەيمانی سەربازيش ، بە کوردی هەموو ئيستا ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆستايەتی و هەڤاڵبەنديان لەگەل ئيسرائيل هەيە و هەبووە، ، بەڵام کە بەرپرسێکی ئيسرائيلی دێت، باسی لەئەگەری هەر کاتێک دەوڵەتی کوردی جاڕ بدرێت ئەوا ئەوان پشتيوانی لەو دەوڵەتە دەکەن دونيا و قيامەت هەڵدەستێ بەسەر سەری کورد و هەزار ناو و ناتۆرەی بۆ دەدۆزرێتەوە . تەنيا ئەو داخويانيەی يەک تا دوو بەرپرسی ئيسرائيلی وايکرد کە ئێران و تورک و هەموو عارەب و دەوڵەتی ئينگليزيش هارو شێت بکات و وايان لێبکات بکەونە هۆنينەوەی بڕو بوختان بە گەلی کوردستان و هەريەک بەجۆرێک باس لە پەيوەندی کوردو ئيسرائيل بکات و ئەو جۆرە باسکردنانەش ئەصل و ئەساسی نيە و نەبووە ، بەڵێ لەوانەيە ئيسرائيل بۆ خی باس لەو شتە بکات بەڵام هەرگيز لەو باوەڕە دا نيم کە سەرکردايەتی کورد بەتەنيا داوای لە حکومەتی ئيسرائيل کردبێت پشتيونيمان لێبکەن . بەڵی ئيسرائيل بۆ ئەوەئ ناووچەکە ئارامی بەخۆيەوە نەبينێ لە خاڵە لاوازەکانەوە ئاژاوەی خۆی دەنێتەوە بۆ نيزاێکی تايبەتی خۆی ، ئەگيان خێرە سەرەتا دەيان هەواڵ بڵاو بۆوە گوايە ئيسرائيل وا خەريکە لە ڕێگەی لوبی جولەکە لە ئەمريکا خەريکی جموجۆڵن بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەمڕيکا بێنن دەوڵەتێکی کوردی لە ناووچەکە درووست بکەن. دەيان هەواڵی لەو جۆرەيان بڵاوکردوەو تا کار گەيشتە ئەوەی هەرچی دۆستی کورديش بوو لەبەر ناوی ئيسرائيل يا بوو بە دوژمنی يا بە نەياری و حەزنکردنی بە جيابوونەوە لەعيراق. لێردا کە هەموو وولاتانی عەرەبی و ئێران و تورکيا و ئينگليز و ئەمريکا و نەتەوە يەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسايشی نێەودەوڵەتی زۆرێک لە وولاتانی دونيا هەڵويستيان نەرێنيان بەرامبە ر بە ڕيفراندوم نيشاندا ، ئەرێ خێربوو حکومەتی ئيسرائيلی ئەويش هاتە سەرخەت و گوتی ئەگەر سەرۆک حکومەتی ئيسرائيل يا هەر کەسايەتيەکی وەک بنيامێن نەتنياهو هەر قسەيەکيان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کردوە ، ئەوە ڕای شەخسی خۆپانە هيچ پەيوەنديەکانی بە حکومەتی ئيسرائيلەوە نيە ئێمە لە حکومەتی ئيسرائيل هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەيە کە ناووچەکە بەئارامی بمێنێتەوە و تا بتوانين بە هەموو لايەک شەڕی تيرۆرستانی داعش بکەين ، لەدوای ئۆپەرسيونی 16 ئوکتوبەر ديسان حکومەتی ئيسرائيلی رايدەگەيەنێ ئەو ئۆپەراسيونە کێشەيەکی ناوەخۆی عيراقە و نەدەبوايە کوردەکان هێندە ساکار سياسەتيان بکردايە ، باشە ئيسرائيل ئەگەر مەبەستی شێواندنی بارودۆخی ناووچەکە نەبێت ئەو هەموو ياری و چاوشلکانێ تەم توماويە چيە بۆکوردی دەهۆنێتەوە . بێ ئەوەی نە کورد و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوايان لە ئيسرائيل کردبێت ئەو بەندو بالۆرەيان بۆ بخوێنێت ، ئاوا بەو گەرم گوڕيە هاوکاريان بێت و هەرچی ووڵاتی ئيسلامی لە ناووچەکە هەيە لەکوردی هەڵگەڕێنيتەوە، لێرەدا پرس ئەوەيە ئايا دەبێت دوای ئەو هەڵۆێستە جيا جيانەی ئيسرائيل لە سەرکردايەتی کورد چۆن کارە دبلۆماسيەکانی خۆی بە ئەنجام بگەيەنێ و بەرپەرچ دانەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی لەدژی حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت بەوەی کوردستان بە پشتيوانی ئيسرائيل دەخوڕی و هەڕەشە لە يەکپارەچەيی عيراق دەکات ، بەڕای من کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێم ئەولەوياتی کارەکانی ئايندەی ناردنی شاندێک بێت بۆ تورکيا و ووڵاتانی ميسرو سعوديە و کۆمکاری عەرەبی بۆ ڕوونکردنەوە و خستنە ڕوی ئەو هەواڵە ناڕاستانەی کە بەو حکومەتانە گەيشتەوە دەربارەی پەيوەندی نێوان کورد و ئيسرائيل ، بۆئەوەی تا ڕادەيەک ئەو فشارە ناشەرعيە تاڕادەيەک لەسەر خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم کەمتر بێتەوە چونکە ئەو واقيعەی ئيستا بەسەرمان دێت بەشێکی زۆر بۆ ئەو هەواڵە ناڕاست و نادروست و بێ هەڵويستەی ئيسرائيلە کە ئێمە ئەمڕۆ لەدواڕيفراندوم باجەکەی دەدەين ، پێويستە هەرچی زووە ئەو هەواڵ و هەڵە تێگەيشتنانە بۆ ووڵاتنی ناووچەکە ڕون بکەينەوە بۆ ئەوەی سنورێک هەڵە تێگەيشتن قسە گەورە بێ کردارەکانی ئيسرائيليش دابێنێن دەربارەی کێشەی کور

ئەڵمانيا




دانپێدانانی حکومەتی هەرێم بە بڕیاری دادگای عێراق بۆقەدەغەکردنی سەربەخۆیی کوردستان مایەی شەرمەزاریە

ئەمرۆ لە بەیاننامەیەکی پڕلەشەرمەزاریدا حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاند کە ” ڕێز له‌و ڕاڤه‌كردنه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى ده‌گرین”کە دەڵێ “دادگا بڕیاری دا کە جیابونەوەی هیچ ناوچە و پارێزگایەکی وڵات مومکین نیە”.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دژ بەم بڕیارەی دادگای باڵای ئیتحادی عیراق و دژ بە سەرشۆڕکردنی حکومەتی هەرێمە بۆ ئەم بڕیارە شۆڤینسیستیە. ئەمە بڕیارێکی دژی سەربەخۆیی و ئازادی خەڵکی کوردستانە و دژی بڕیاری زۆربەی خەڵکی کوردستانە کە لە رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەردا بڕیاری سەربەخۆیی کوردستانی داوە. ئەمە بەشێک لە درێژەی ئەو سیاسەتە داگیرکاریانەی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقە ،کە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی پێکردوە ،وە جێبەجێکردنی دەستوری کۆنەپەرستانەی عێراقە کە خەڵکی کوردستان و چارەنوسەکەی کردۆتە پاشکۆ و کۆیلەی یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەسەڵاتی شۆڤینستە ئیسلامیەکەی. هەربۆیە لای خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارەی دادگای عێراق هیچ ئیعتبارێکی نیە و بڕیاری پێشوازی حکومەتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش شەرمەزار دەکرێ.

حکومەتی هەرێمی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەیانەوێ بڕیارە شەرمەزاریەکەیان بشارنەوە و دەڵێن ئەم بڕیارە سەبارەت بە مادەی یەکی دەستورە. ئەمە لەکاتێکدا کە ئەم دادگایە باسی مادەی یەکی نەکردوە و بەڵکو زۆر بەڕۆشنی دەڵێ ” دادگا بڕیاری دا کە جیابونەوەی هیچ ناوچە و پارێزگایەکی وڵات مومکین نیە”و”ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بەداوای حکومەت هاتوە کە داوای کردوە سنور بۆ لێکدانەوەی هەڵەی دەستور دابنرێ و جەخت لەسەر یەکێتی عێراق بکرێتەوە”.
کەواتە ئاشکرایە کە دادگا و حکومەتی عەبادی بڕیارێکیان دژی سەربەخۆیی داوە و حکومەتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش ڕێزلەو بڕیارە دەگرن و دژی بڕیاری ٣،٥ملێون خەڵکی کوردستان دەوەستن کە لە رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ بەڵێی بۆ سەربەخۆیی کرد. بەڵام حکومەتی بەنماڵەکان لە ترسی خەڵک و شەرمەزابونیان لەلای خەڵک شەرم دەکەن کە ئەم ڕاستیە بڵێن.

ئاشکرایە ئەم مامەڵە و سەوداکردنەی یەکێتی و پارتی بە ماف و بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیی لەپێناو گێڕانەوەی پلەوپۆست و پارە و پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیاندایە. تەسلیمکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ژێردەستەکردنەوەی وەک هەمیشە کاروسیاسەتی یەکێتی و پارتی بوە و بۆیە ئێستاش زۆر بۆیان ئاسانە سەردانەوێنن لەبەرامبەر بڕیاری داگیرکەرانەی ئاشکرای لەم چەشنەی قەدەغەکردنی سەربەخۆیی لە خەڵکی کوردستان و ڕایدەگەیەنن کە ئەوان سوپاسی سیستانی و ئێران و قاسم سلێمانی دەکەن کە ئەمجارەش ڕێگەیان داوەتەوە بەم میلیشیا کوردیانە ببنەوە بە خزمەتکاری یەکپارچەیی عێراق و حکومەتی میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەکان.

ئاشکرایە یەکێتی لە ١٦ ئۆکتۆبەردا کەرکوکی فرۆشت تەنیا بۆ ئەوەی ئاغاکانی ئێران ڕازی بکا و ئێستاش لەگەڵ پارتیش بەهەمان قیمەت ئامادەییان دەربڕیوە کە ببنەوە پاشکۆی دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکان. ئەم دوو میلیشیایە هەرچۆن لە ٢٠٠٣دا خەڵکی کوردستانیان تەسلیمی فیدرالیزمی قەومی و ئیسلامی عێراق کردوە و بەپێی دەستوری عێراق خەڵکی کوردستانیان کردەوە کۆیلەی یەکپارچەیی عێراق ، ئێستاش هەر بەو نەفەسەوە باسی ملکەچیان بۆ ئەم دەستورە داگیرکەرانە و بڕیاری قەدەغەکردنی سەربەخۆیی دەکەن.
بەڕاستی ئەمە شکست نیە ئەمە هیچ ناوێکی تری نیە جگە لە بونەوە بە پاشکۆی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق. هەربۆیە عەبادیش ئەمڕۆ بەرامبەر بەم میلیشیا کوردیانەی بونەتە پاشکۆی ڕایگەیاند کە خاڵە سنوریەکانیشیان لێ دەسەنێتەوە و چیتر چاوەڕوان ناکا. هاوکات مامەڵەش لەگەڵ دەسەڵات لە کوردستان وەک مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک لایەن و چەند پارێزگایەک دەکا و هیچ ئیعتبارێک بۆ ئەم حکومەتەی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیش دانانێت.

ئاشکرایە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەم سەرشۆڕیەی یەکیتی و پارتی قبوڵ ناکا و ئەم خەڵکی ئازادی خوازە بە دەنگی زۆرینەی خواستی سەربەخۆیی خۆی بە دنیا و عەبادی و ئێران و تورکیا ڕاگەیاند. هەموو ئەم هەوڵانەی دەسەڵاتدارە میلیشیا شیعەکان و ئەم دەوڵەتانەش بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان و شکاندنی ئەم ئیرادە وبڕیاری سەربەخۆییەتی. ڕێگای ئاسانیش بۆ ئەم هێزە داگیرکەرانە میلیشیا پاشکۆکانی یەکێتی و پارتیە کە هەمیشە ئامادەن خەڵکی کوردستان و ژیان و ماف و چارەنوسی لەپێناو پلە و پۆست و پارەی خۆیاندا هەڕاج بکەن. بێگومان ئەم ساتوسەودایانەی یەکێتی و پارتی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە ژێردەستەی حکومەتێکی ئیسلامی و قەومی لە عێراقدا کە هەمان سیاسەت و بەرنامەی بەعسی بەرامبەر خەڵکی کوردستان هەیە و ئەمەش قوربانی و ستەم و ماڵوێرانی و بێ مافی زۆری بەدواوە دەبێ. هەربۆیە تەنیا ڕێگا چارە بۆ ڕزگاربون لەدەست ئەم ژێردەستەیی و کۆیلایەتیە هەر ڕێگای سەربەخۆیی کوردستانە لە دەوڵەتی شۆڤینیشتی ئیسلامی عێراق و نەهێشتنی دەسەلآتی ئەم میلیشیایانەی یەکێتی و پارتیە کە بازرگانی بە ماف و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن. خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە لەسەدەیەکی ڕابردودا نیشانی داوە لەم خەباتە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی دەست هەڵناگرێ و بڕیاری شەرمەزارانەی حکومەتی هەرێمیش دەخاتە زبڵدانی مێژوەوە. دەبێت حکومەتی عێراق باش بزانێت کە هەرکات خەڵکی کوردستان فرسەتی بۆ هەڵکەوتەوە و لەدەست میلیشیا بازرگانەکانی یەکێتی و پارتی ڕزگاری بوو،ئەوا ئەو بڕیارانەی دادگای عێراق و حکومەتەکەی عەبادی ڕەوانەی لای بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی ثورەی بەعس دەکا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کە لە ١٨ ساڵی ڕابردوەوە دژ بە حکومەتی بەعس و حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا خەباتی کردوە، لە ئێستاشدا دژ بەم بڕیارە شۆڤینستانەی حکومەت و دادگا وپەرلەمانی عیراق دەوەستێتەوە و بەیانی پێشوازی حکومەتی هەرێمیش شەرمەزاردەکا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١٤ نۆڤەمبەری ٢٠١٧




خۆپاراستن … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی

منـداڵـی ئـاقـڵ وژیـر
ئه‌ی بچكۆله‌ی ڕۆشنبیر
لـه‌بـه‌فـرولـه‌بـاڕێـزه‌
له‌سه‌رما خۆت پارێزه‌
زستان وه‌رزی سه‌رمایه‌
سـه‌رماوه‌ك دڕك وایـه‌
كه‌هه‌ڵچه‌قی له‌له‌شت
سیس ده‌بێ‌ ڕه‌نگی گه‌شت
وریـایـت لـێـده‌سـێـنـێ‌
تـوانـاوهـێزت نامێنێ‌
وه‌ك كـاسه‌یه‌كی بۆشـی
هه‌ستده‌كه‌ی كه‌نه‌خۆشی
جـاچـاك وایـه‌ وریابیت
زستان دوورله‌سه‌رمابیت
لـه‌جـل وبـه‌رگـی گـه‌رما
خـۆت پـارێـزه‌ له‌سه‌رما.




مارتین لۆتەر : شۆڕشگێڕێک له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا


جیهان یادی 500 ساڵ بەسەر ریفۆرمەکانی مارتین لۆتەر دەکاتەوە

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند کەسێک هەبوون، کەتوانیویانە لەرێگەی پڕەنسیب و بۆچوونەکانیانەوە، تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی تر، یەکێک لەو کەسایەتییانەش، زانای ئایینی و بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی ، مارتین لۆتەر کینگە.
هەفتەی پێشوو لەتەواوی جیهاندا یادی 500 ساڵەی یادی بڵاوبونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی مارتین لۆتەر کەبە پڕەنسیبە 95 بەندەکە ناسراوە، لەئەڵمانیا و جیهان کرایەوە. ئیتر لێرەوە و لەرێگەی تێزەکانی مارتین لۆتەرەوە، کڵێسای مەسیحی جیهان درزی تێکەوت و دواتریش پاش سەد ساڵ، جەنگ لەنێوان برا مەسیحییەکان لەسەر مەزهەبی کاتۆلیکی و پرۆتستانتی دروستبوو، کەبە جەنگی سی ساڵە دەناسرێت. بەڵام بەکۆتایی هاتنی ئەو جەنگە، قۆناغێکی نوێ لە پێکەوە ژیانی ئایینەکان سەریهەڵداو تێزی لێبووردەییش ، بەناو ئەوروپادا بڵاوبوویەوە.

لەتەواوی جیهاندا یادی تێزەکانی مارتین لۆتەر کرایەو، بەڵام لەئەڵمانیادا یادەکە لەچاو وڵاتانی تری جیهان بەهێزتربوو، چونکە مارتین لۆتەر کوڕی ئەم وڵاتەیە. هەربۆیە بەچەندین شێوە ئەم یادە کرایەوە. ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا لەیادەکە جگە لەوەی ستایشی رۆڵی مارتین لۆتەری کرد لە بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان، لەهەمانکاتیشدا رایگەیاند: لێبوردەیی رۆحی ئەوروپایە.
لێ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەم هەموو گرنگییە چییە کەبەم پیاوە درا؟ مارتین لۆتەر چیکردووە تاوەکو تەواوی جیهان بەمێشوەیە رێز لە تێزو بۆچوونەکانی بگرن؟ وە ئەو بۆچوونانە کامانەن، کەوایکردووە ئەم هەموو رێزە بەم پیاوە ببەخشرێت؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی و پوختی وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری تریش بددەینەوە

مارتین لۆتەر کێیە؟

مارتین لۆتەر لە ساڵی 1483 لە شارۆچکەی ئایسلیبین لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەدایک بووە. لەساڵی 1505 چۆتە قووتابخانەی کڵێسای ئۆگوستینی لە شاری ئیرفۆرت. هەر لەمنداڵییەوە مارتین لۆتەر، باوەڕێکی تەواوی بە خودا و مەسیحییەت هەبووە، لەهەمانکاتیشدا خاوەن شارەزاییی و زانیاری زۆری لەبارەی ئایین و لاهوت و زانستەکانی ترەوە هەبووە.

سەرەتای گومانەکانی

بەڵام لەگەڵ کامڵبوون و خوێندنەوەی زیاتر، لای ئەم گەنجە مەسیحییە کێشەیەک دروست دەبێت، ئەویش گوومانکردن لەبارەی ئەوەی، ئایا چۆن دەکرێت خودا لەرێگەی چەکی غوفرانەوە لە کەسێک خۆشبێت؟! کەلەوکاتەدا تەواوی پیاوە ئایینەکانی ئەوروپا، ئە‌م چەکی غوفرانانەیان بەخەڵکی ئاساییان دەفرۆشتەوە. هەروەها چۆن دەبێت قسەو ووتەکانی پاپای فاتیکان لەسەر هەموو شتێکەوە بێت و تەنانەت لە ئینجیلیش گەورەتر بێت؟ هەمووئەمانە بوونە سەرەتای گوومانی لۆتەر لەسەر کڵێسای کلاسیکی مەسیحی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان.
پیاوێکی ئەکادیمی پلە بەرز
لەساڵی 1512 لە زانکۆی فێتینبێرگ ، شەهادەی دکتۆرا لەبارەی ئوسوڵی ئاینەوە دەهێنێت، دواتریش لەساڵی 1517 نازناوی پرۆفیسۆر دەهێنێت و لەهەمان زانکۆدا دەبێتە مامۆستا لاهوت و زانستە ئاینییەکان.

رووبەروبونەوە لەگەڵ پاپای فاتیکان

لەکۆتایی ساڵی 1516 دا، پاپای فاتیکان قەشە دۆمینیکان وەکو نوێنەری خۆی بۆ ئەڵمانیا دەنێرێت، تاوەکو کۆمەڵێک چەکی غوفران بفرۆشێت، بەو ئامانجەی کە پارەیەکی باش کۆبکاتەوە، تاوەکو دواتر بتوانن کڵێسای کاتیدرائی قەدیس بوترس لە رۆما نۆژەن بکەنەوە. جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا کڵیسای پاپایی فاتیکان، باوەڕی تەواوی بە فرۆشتنی ئەم چەکی غوفرانە هەبوو، هەروەها پێیان وابوو، ئەوە واجبی ئیماندارانە، کە کڵێسا دروستبکەن و یان کار لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بێ بەرامبەر بکەن ، ئەم کارەشیان، بەکارێکی پیرۆزیان دادەنا .
دیارە پێشتر لۆتەر لەناخی خۆیدا گوومانی لەبارەی فرۆشطنی چەکی غوفران پەیداکردبوو، ئەو لەوباوەڕەدابوو، کەتەنها خودای مەزن دەسەڵاتی لێخۆشبوون و بەخشندەیی هەیە و هیچ کەسێکی تر مافی ئەوەی نییە بەناوی خوداوە ئەم کارە بکات. ئەوەبوو لە 31 ئۆکتۆبەر 1517 نامەیەکی بۆ قەشە ئەلبێرت ماینزی کە قەشەی باڵای شاربوو نارد، لەو نامەیەدا ناڕەزایی خۆی دەربری بەوەی کە قەشە ئەلبێرت چەکی غوفرانی پاپاویی فرۆشتووە. لە نامەکەیدا مارتین لۆتەر ناڕەزایی لەم کارە دەربڕیی و جگەلەوەش ، نوسخەیەکی لە کتێبە بەناوبانگەکەی کەبە ” پرەنسیبە 95 بەندەکە” ناسراوە بۆنارد.

لەنامەکەیدا لۆتەر لە قەشە ئەلبێرت دەپرسێت: بۆچی پاپای فاتیکان دەیەوێت لەرێگەی پارەی خەڵکی هەژارو دەستکورتەوە کڵێسای قەدیس بوترس نۆژەنبکاتەوە؟!، ئەی باشە بۆچی ناچێت لەپارەی خۆی یان پارەی فاتیکان ئەو کارە بکات؟!
دیارە خۆی لەخۆیدا ئەم پرسیارە کوفرێکی گەورەبووە لەوکاتەدا، هەربۆیە تەواوی پیاوانی ئایینی لەم کارەو لەم پرسیارەی لۆتەر تووڕە دەبن. ئیتر لێرەوە سەرەتای راپەڕینی لۆتەر دەستپێدەکات و لەهەمانکاتیشدا غەزەبی پاپا و پیاوانی ئایینی لەناو ئەڵمانیاو دواتریش ئەوروپا، سەرهەڵدەدا و رووبەروی کێشەی گەورە دەبێتەوە.

کتێبی 95 بەندەکە

لۆتەر لەساڵی 1517 دا لەهەموو روویەکەوە تەواو کامڵ بوو بو، لێرەشەوە هەوڵیدا بۆچوون و گوومانەکانی هەمووی کۆبکاتەوە لەکتێبە بەناوبانگەکەی دا کەلە 95 بەند پێکدێت و باس لە ئایینی مەسیحیی و زانستی لاهوت دەکات ،هەروەها رەخنە توندەکانی خۆی ئاڕاستەی دەسەڵاتیی پاپایی و کڵێسای ئەوکاتە بکات. ئەمە یەکەم هەنگاوی لۆتەر بوو بۆ دەرچوونی لە قۆناغێکی پڕ لە گوومان و دوودڵی، بۆ قۆناغێکی تر کە ژیانی بەرەو ئاڵۆزیی و نارەحەتی دژاوریی برد.
دەرکردن و راونانی لە کڵێسا
دیارە رەخنەگرتن لە کڵێسا و پاپا و پیاوانی ئایینی لەسەدەکانی ناڤیندا، یەکێک بووە لە کوفرە هەر گەورەکان و زۆرجاریش مرۆڤەکانیان لەسەر سووتاندووە، لێ مارتین لۆتەر بەحوکمی ئەوەی زانایەکی گەورەی بووە، هێندە سزای توندیان نەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەروی ئاڵۆزکاری گەورە دەبێتەوە.

لەسەر داوای خۆی ، لەساڵی 1521 دا لە شاری فۆرمز، داوای بەستنی ئەنجومەنێکی دەکات کەتێیدا کۆمەڵێک پیاوی ئایینی لەشاری فۆرمز و دەوروپشتی ئاامدە دەبن، هەروەها قەیسەر کارلی پێنچەمی ئیمپراتۆری رۆمانی پیرۆزیش ئاامدەی کۆبوونەوەکە دەبێت، تاوەکو تێزو بۆچوونەکانی خۆی بۆیان بەیان بکات، ئەم کۆبوونەوەیە لە دادگاییکردن نزیک بوو.، تاوەکو کۆبوونەوەی پیاوانی ئایینی.
تەواوی پیاوانی ئایینی لەو مەجلیسەدا دژی لۆتەر دەوەستنەوەو دواتر وەکو کەسێکی مورتەد دادەنرێت و لەکڵێسا دەریدەکەن، هەربەمەش وازی لێناهێنن و دواتریش شاربەدەری دەکەن، دواتر قەیسەر بڕیار دەدات کە مارتین لۆتەر لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر بکات.
لێ ئەم زیندان و دەستبەسەرکردنە بەخێر بۆخۆیی و مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، چونکە لێرەوە هێندەی تر کاتی زیاتری دەستدەکەوێت، تاوەکو هەنگاوی گەورەتر بنێت.
یەکەمین ئینجیل بەزمانی ئەڵمانی
لەساڵی 1521 کاتێک لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر دەکرێت، لەم قەڵایەدا داهێنانێکی ئێجگار گەورە دەکات، ئەوەش وەرگێرانی کتێبی پیرۆزی ئینجیل لەزمانی لاتینییەوە بۆ زمانی ئەڵمانی، ئەمەش یەکەمجارە کارێکی لەوجۆرە بکرێت.
جێگەی ئاماژەیە پێشتر لەتەواوی جیهاندا، ئینجیل تەنها بەزمانی لاتینی بڵاودەکرایەوە، زمانی لاتینیش، زمانی نووسین و نوخبەی رۆشنفکری ئەوروپا بوو. هەروەها وەرگێڕانی کتێبی ئینجیلی پیرۆزیش، بەکارێکی کوفر دادەنرا، پێشتر لەسەدەی 13 دا لەئینگلتەرا هەوڵێکی لەمجۆرە درا، بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.

داهێنانی ئامێری چاپ

زۆرکەس لە مێژوونوسانی جیهان، هۆکاری سەرکەوتنی پەیامەکەی مارتین لۆتەر دەگەڕێننەوە بۆ داهێنانی ئامێری چاپ لەلایەن زانای ناسراویی ئەڵمانی گوتینبێرگ، چونکە لەڕێگەی ئەم ئامێرەوە ئیتر توانرا کتێب نووسخەی زیاتری لێ چاپ بکرێت.
لەوکاتەدا کتێبەکەی مارتین لۆتەر لە ئەڵمانیادا، زیاتر لە 60 هەزار دانەی لێفرۆشرا، هەروەها کتێبەکانی تریشی، لەرێگەی ئامێری چاپەوە، زیاتر بڵاوکرایەوەو بووە هۆی ئەوەی کە پەیامەکەی باشتر بەناو ئەڵمانیاو ئەوروپادا بڵاوبێتەوە. ئەمەش یەکەمجارە کە داهێنانی تەکنیکی خزمەتی داهێنانی رۆحیی و فکری بکات.

بزووتنەوەی ریفرۆمی ئایینی

بزووتنەوەی ریفۆرمی ئایینی لسەدەکانی ناڤینەوە لەناو کڵێساکانی ئەوروپدا پەیدابوو، سەرەتای ئەم بزووتنەوانەش بە گوومان و پرسیارکردن بوو لەبارەی دەسەڵاتی پاپا و دەسەڵاتی خودا دەستیپێکرد، دواتریش دروستبوونی چەکی غوفران ئەم پرسیارو گوومانانەی زیاتر کرد. لەئەوروپادا تێزەکانی لۆتەر بەسەر وڵاتانی : ئەڵمانیا و ئەسکەندەنڤیا و دەوڵەتانی بەلتیق و هۆڵەندا” زاڵبوو. ” لە سویسرا و فەرەنساو تارادەیەکیش بەریتانیا ، تێزەکانی قەشەی ریفۆرمخوازی فەرەنسی یوهانس کاڵفین زاڵبوو، کەدواتریش تەوژمی ئەم بزووتنەوەیەوە گەیشتە باکوری ئەمریکا.
ئەم بزووتنەوە ئایینیە ریفۆرمخوازانە هەموویان دژی دەسەڵاتی پاپا و چەکی غوفران وەستانەوە، لەهەمانکاتیشدا پێیان وابوو، کەلەنێوان عەبد و خودادا هیچ کەسێکی تر نییەو مرۆڤ دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ خودای خۆی بدوێت و هەر خوداش لەکارو چالاکییەکانی مرۆڤ بەرپرسە. هەروەها پێیان وابوو، مرۆڤ لەرێگەی کاری چاکەوە،دەتوانێت بەخشندەیی خودا دەستبکەوێت، نەک لەرێگەی چەکی غوفران و پیاوە ئایینیەکانەوە. جگە لە وەستانەوە بەرامبەر هەندێک طقوساتی ئەو سەردەمە کەبریتیی بوو لە زیارەتکردنی قەبری پیاوە ئاینییەکان. هەروەها پرۆتستانتەکان تەنها ئینجیلیان بە مەرجەعی ئایینی مەسیحی دادەنا و دژی دەسەڵاتی پاپا و فاتیکان وەستانەوە.

هەموو ئەمانەش ئاگرێکی گەورەی لەناو کۆمەڵی ئەوروپیدا دروستکرد. ئەم بیروبۆچوونانە بەتایبەتی کتێبەکانی لۆتەر لەسەرووهەموشیەوە، 95 تێزەکەی، لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا بەناوتەواوی ئەورپادا بڵاوبوویەوە، هەرئەمەش وایکرد لە پاش سەد سال لە بڵاوبونەوەی تێزەکانی لۆتر، لەساڵی 1618 تاوەکو 1648، جەنگێکی خوێناوی سی ساڵە لەتەواوی ئەوروپادا لەنێوان پرۆتستانت و کاتۆلیکەکان سەرهەڵبدات و ئەم جەنگەش بووە هۆی کوژرانی ملیۆنان کەس و وێران بوون و سوتاندنی سەدان شارو گوند. لێ دواتر لەساڵی 1648 جەنگەکە کۆتایی پێهات و لێرەشەوە لێبوردەیی ئایینی لە ئەوروپادا سەریهەڵدا.

بۆچوونەکانی مارتین لۆتەر

ئەوەی وایکردووە کە مارتین لۆتەر کینگ بەمەزنی بمێنێتەوە، بۆچوونە فکریی وئایینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیەتی، کە توانی گەورەترین شٶرشی فکریی و ئایینی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بکات، کەدواتر کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەبووە.
گەورەترین شۆرشی فکری ئایینی کە مارتین لۆتەر کردی، بریتییە لە وەستانەوەو دژایەتیکردنی فرۆشتنی چەکی غوفران لەلایەن کڵێساوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا لەو سەردەمەدا وەکو کوفرێکی گەورە سەیر دەکرا، چونکە هەر دژایەتیکردن یان رەتکردنەوەی شتێکی لەو جۆرە لەلایەن خەڵکی، مایەی قبووڵکردن نەبوو، بگرە تەواوی خەڵکی لەرێگەی ئەو چەکانەوە، دڵیان بەوەخۆشبوو کەئەوان دەچنە بەهەشتەوە.
خاڵیکی گرنگی تر وەستانەوەو داژیەتیکردنی دەسەڵاتی رەهای پاپای فاتیکان و قەشەکانی بوو. لە پاش بڵاوبونەوەی مەسیحییەت لەئەوروپادا و دروستبوونی دەسەڵاتی پاپای لە رۆما، تەواوی کۆمەڵگەی ئەوروپی بە مەلیک و ئیمپراتۆر تاوەکو خەڵكی جووتیارو کۆیلەکان، هەرهەمویان لەژێر فەرمانی پاپای رۆمادا بوون. هیچ کەسێک نەیدەتوانی دژی فەرمانەکانی بوەستێتەوە. لێ کاتێک مارتین لۆتەر هات، تەواوی ئەو دەسەڵاتەی رەتکردەوەو رایگەیاند: لەنێوان مرۆڤ و خودادا، هیچ لایەنێکی سێهەم نییەو مرۆڤی مەسیحی دەتوانێت لەرێگەی خودا پەرستییەوە بە ئامانجی خۆی بگات و چارەنوسی خۆی دیاریبکات. ئەمەش چ لەرووی ئایینی و چ لەرووی فکریی و عەقڵییەوە، لەو سەردەمەدا گەورەترین شۆرش بووە.
بیرمەندی ناسراوی عەرەبی هاشم صالح لەبارەی لۆتەرەوە دەڵێت: مارتین لۆتەر دژی دەسەڵاتی ڕەهاو پیرۆزی پاپا و کڵێسا و پیاوانی ئاینی وەستایەوە، تەنها دانی بە دەسەڵاتی ڕەها وپیرۆزی خودا دانا و ئەوانی تری ڕەتکردەوە.
لۆتەر گووتی: دەستبکەن بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو توراسێکی کڵێسایی، تەنها توراسە چاکەکان قبووڵ بکەن ، واتە : ئەوانەی کە لەگەڵ ووتە و فەرمایشتەکانی خودا یەکدەگرنەوە.
بە واتایەکی تر هیچ یاساییەکی ئایینی نامانبەستێتەوە بە فەرمان و فەرمایشتەکانی پاپا وە، واتە مەسیحیەکان مافی ئەوەیان هەیە کە هەموو فەتوایەکی کڵێسایی پاپاوی ڕەتبکەنەوە، گەر بزانن ئەو فەتوایە هیچ پەیوەندی بە ڕۆحی ئینجیلەوە نییە. ( لێرەدا مەبەستی ئەو فەتوایە یە ، کە لە ناو دەقی ئینجیلدا نەبێت،،،، و. ک.)

هەرلەبەرئەوە لۆتەر هەموو نوێنەرایەتیکردنی پیاوانی ئایینی بەسەر خەڵکەوە ڕەتکردەوە یان بە شێوەیەکی تر ، هەموو شێوە واسیتەکردنی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا ڕەتکردەوە ، کە زیاتر پیاوانی ئایینی دەیانوسیت خۆیان وەکو پردی پەیوەندی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا دابنێن ، بەڵام لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوە. بگرە لۆتەر پێی وابوو ، کە هەموو مەسیحییەک بۆ خۆی ” پیاوێکی ئایینیە” ، وە ئەو کەسە دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودای پەروەردگارەوە بکات ، بە بێ ئەوەی پێویستی بە واسیتەکردن و پردی پەیوەندی هەبێت.
هەروەها کەسێکی مەسیحی بۆ خۆی دەتوانێت ، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کتێبی ئینجیلی پیرۆز بخوێنێتەوە ، وە هیچ مەرجیش نییە کە دەبێت سەردانی پیاوێکی ئایینی بکات ، هەتاوەکو فێری بکات و شرۆڤەی ئایەتەکانی بۆ بکات ، یان پرس بە پیاوانی ئایینی بکات ، ئینجا کتێبی ئینجیل بخوێنێتەوە. ئەو ” واتە مرۆڤ” وەکو ئەوان ” پیاوانی ئایینی ” مەسیحییە و هەمان پلەو پایەشی لای خودا هەیە ، بگرە لەوانەبێت لەوانیش باشتر و شەریفتریش بێت .
بەمشێوەیە لۆتەر هەموو پلە هەرەمییەکانی ناو کڵێسای کاتۆلیکی لە پاپا سەندەوە و پاشانیش هێنایە خوارەوە. هەربەمشێوەیەش گەورەترین زلەی توندی لە ملهووڕیی و دواکەوتوویی کڵێسا وەشاند و کۆتایی بە بازرگانیکردن بە ئیمان و چەکی غوفران هێنا، کەلەوکاتەدا پیاوانی ئایینی دەستکەوتی زۆریان لەم بازرگانییە وەردەگرت.

پرسی ژن

خاڵێکی گرنگی تر ئەویش پرسی ژنهێنان بوو. هەتاوەکو مارتین لۆتەر نەهات، دەبوایە قەشەکان هەموویان رەبەن بوونایە و دژی فکرەی ژنهێنان یان ژنانی پاکیزە دەبوایە بە پاکیزەیی بمانایەتەوە، لێ مارتین لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوەو ساڵی 1525 لەگەڵ ژنە پاکیزە کاترین ڤۆن بورا خێزانی دورستکرد. ئەمەش بووە سەرەتای جیاکردنەوەی قەشەی پرۆتستاتن و کاتۆلیکی، چونکە کاتۆلیکەکان بەتوندی دژی شووکردنی پاکیزەکان و ژنهێنانی قەشەکانن.
کاریگەری لۆتەر بەسەر ئەدەب و هونەری ئەوروپییەوە
دیارە مارتین لۆتەر لەبارەی هونەرەوە بەتایبەتی رازاندنەوەی کڵێساکان بە وێنەو تابلۆی هەمەڕەنگ بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو، ئەو دژی ئەم دیاردەیە بوو، هەربۆیە هەتاوەکو ئەمڕۆش کڵێساکانی پرۆتستانەکان بەپێچەوانەی کڵێسا کاتۆلیک و ئەرتەدۆکسەکانەوە، دژی رازاندەوەی کڵێساکانن ، بگرە زیاتر قاڵبێکی ئاسایی لەخۆدەگرێت. بۆیە زۆرکەس لۆتەریان بەدوژمنی هونەری تابلۆکێشان وەسفکرد.
بەڵام لەرووی هونەری گۆرانی ئایینییەوە، مارتین لۆتەر شۆڕشێکی گەورەی خوڵقاندوە ، چونکە دەیان ئاوازی بۆ گۆرانی ئایینی داناوە، ئەمەش لەرووی هونەرییەوە شۆڕشێک بووە لەگۆرانی ئایینی کەلەو کاتەدا کراوە.
کاریگەری لۆتەر بەسەر فکری ئەڵمانیی و ئەوروپییەوە.

هەموو مێژووناسان و بیرمەندانی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، گەر ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا نەکرایە، ئەوا بەهیچ شێوەیەک ڕێنینساز سەری هەڵنەداو دواتریش شۆڕشی فکری لەدایک نەدەبوو. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە پێش ئەوەی فەیلەسووفانی قۆناغی ڕێنینساز لەسەروو هەمووشیانەوە” دیکارت، سیپۆنزا، رۆسو، ڤۆلتێر و لۆک وکانت، هیگل” دەستبکەن بە شرۆڤەکردنی جیهان و پەیوەندی مرۆڤ بەسروشتەوە، لەسەدەکانی ناڤین، مارتین لۆتەر سەرەتا دەستیکرد بەرەخنەگرتن لەدەسەڵاتی پاپایی، کەهەتاوەکو دەسەڵاتی پاپای فاتیکان نەخرایە ژێر گوومانەوە، نەتوانرا، رەخنە لەدەسەڵاتەکانی تر بگیرێت.

لەم بوارەشدا کتێبەکانی مارتین لۆتەر بەتایبەتی کتێبی ” ئازادی مرۆڤی مەسیحی” کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر فکری ئەوروپیی بەتایبەتی لەرووی ئازادیی سیاسیی وفکریی و ئاینییەوە. بگرە زۆرێک لەمێژوونوسان ئەم کتێبە بەسەرەتای بڵاوبونەوەی فکری ئازادی سیاسیی وئایینی دادەنێن.
لەلایەکی ترەوە لۆتەر زۆر دژی توندڕەویی ئایینی بووە لەهەمانکاتیشدا داوای لێبوردەیی و فکری ئازادی ئایینی کردووە. هەربۆیە دیسانەوە فکری ئازادیی سیاسیی و ئایینی و لێبوردەیی دەگەڕێتەوە بۆ لۆتەر، کە دواتر بووە یەکێک لە بنەماکانی فکری مۆدێرنی ئەوروپا، هەروەک ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا لەپاش سوپاسکردنی لۆتەر، رایگەیاند: ئەمڕۆ فکری لێبوردەیی بۆتە رۆحی ئوروپا.

لەلایەکی ترەوە کاریگەری گەورەی بەسەر بڵاوبوونەوەی فکری ئازادی هەبووە، هەروەک هاشم صاڵح دەڵێت: ئامانجی یەکەمین پرۆسەی ئازادی ئەوەبوو، کە مەسیحیەت لە بیروباوەڕی خراپ و خورافات پاکبکاتەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی لە چوارچێوەی گشتی ئاین دەربچێت، هەرلەبەرئەمەشە ناویان لەم پرۆسەیە نا ( پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی). بەڵام پرۆسەی دووەمی ئازادی کە خۆی لە فەلسەفەی ڕۆشنگەری دەبینێتەوە، خۆی لە مەسیحیەت ڕزگارکرد و سەربەخۆیی فەلسەفی ئیعلانکرد و لە لاهووتی مەسیحی خۆی جیاکردەوە.

لێبوردەیی و جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت

لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە نووسەران و مێژوونوسان و بیرمەندان، تێزەکانی مارتین لۆتەر و ریفۆرمەکانی، بەسەرەتای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی دادەنێن، ئەو بەیەکەم کەس دادەنێن کەداوای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایینی کردبێت. پێشتر جۆرێک تەزاوج لەنێوان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان هەبوو، لێ کاتێک لۆتەر دژی دەسەڵاتی فاتیکان وەستایەوە، وایکرد کە دەسەڵاتی ئایینی لەناو ئەو شوێنانەی کە مەزهەبی پرۆتستانتاین هەڵبژاردووە، کەمتر بێت. لێرەشەوە ئیتر فکرەی جیاکردنەوەی دەوڵەت لەئایین لەئەوروپادا سەریهەڵداوە.

لۆتەر و جوولەکە

یەکێک لەو رەخنانەی کە ئاڕاستەی مارتین لۆتەر دەکرێت ئەوەیە کە دژی جوولەکەکان بووە، هەرچەندە سەرەتا دۆستیان بووە، بەڵام دواتر دژیان دەوەستێتەوەو هەمان فکری ناحەزی کاتۆلیکی بەرامبەر بە جوولەکەکان هەبووە.

لۆتەرو سیستەمی بازرگانیی و سەرمایەداریی

یەکێک لەجیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانەتەکان ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانت زۆر گرنگی بەکاری تایبەتی مرۆڤەکان دەدات و داواش لە مرۆڤەکان دەکات، سوود لە سامانی سەرزەویی و ژێرزەوی وەربگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی، ئەمەش بەکارێکی چاکەی دادەنێت بۆ مەسیحییەکان، بەتایبەتی لای کالڤینەکان. بەپێچەوانەی کاتۆلیکەکانەوە،زیاتر دەیانەوێت مرۆڤەکان لەخۆشی ژیان دووربخەنەوەو گۆشەگیربن. هەربۆیە لەزۆربەی ئەو ناوچانەی کەسەر بەمەزهەبی پرۆتستانت بوون گەشەیەکی ئابووریی و بازرگانی گەورەی تێدا بەدیدەکرا، بەتایبەتی لە هۆڵەندا، کە دواتر بووە بووکی بازرگانی ئەوروپاو بەهێزترین ناوچەی ئابووری جیهانی ئەوکات بووە. بەپێچەوانەوە وڵاتە کاتۆلیکەکان، لەرووی بازرگانی وئابووریەوە دواکەوتووبون. هەربۆیە زۆرێک لە فەیلەسووفەکان، یەکێک لەخاڵەکانی بەهێزبوونی سیستەمی سەرمایەداری ، دەگەڕێننەوە بۆ بڵاووونەوەی مەزهەبی پرۆتستانتی.

تێڕوانینی ماکس ڤیبەر لەسەر لۆتەر

ماکس ڤیبەر(1864 -1920) کۆچی دواییکردووە. بەیەكێک لەزانا گەورەکانی بواری زانستی سۆسیۆلۆگی دادەنرێت و زۆرجاریش بەیەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم زانستەش دادەنرێت. دیارە ئەم کەڵە فەیلسووفە ئەڵمانییە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی لەبارەی فەلسەفەو ئابوورییەوە هەیە، لێ یەکێک لەگرنگترین کتێبەکانی ” ئەخلاقی پرۆتستانیی و رۆحی سەرمایەداری” کەلە ساڵی 1905 چاپ و بلاوکرایەوە. ئەم کتێبە بەیەکێک لەسیما گرنگەکانی فکری ڤیبەر دادەنرێت.
ماکس ڤیبەر پێی وایە، پەیوەندییەکی ریشەیی لەنێوان مەزهەبی پرۆتستانتیی و سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە، دەشڵێت: بزووتنەوە ریفرۆرمیستەکانی لەبواری ئایینی و مەزهەبی پرۆتستانتی، کاریگەری گەورەیان بەسەر بەهێزبوون و پێشکەوتنی سیستەمی سەرمایداری لەئەوروپادا هەیە. بەڵگەشی بۆئەمە ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانتی داوا لە مرۆڤەکان دەکات ڕێز لە کارکردن بگرن و هەوڵ بددەن لەرێگەی کارەکانیانەوە، لەخودا نزیک ببنەوە، هەروەها داوای ئاوەدانکردنەوەی زەوی دەکات بەتایبەتی مەزهەبی کالڤین. ئەمەش لەگەڵ رۆحی سیستەمی سەرمایەداریدا دەگونجێت، چونکە لای سیستەمی سەرمایەداری، کارکردن سەرچاوەی داهات و سوودە.
ڤیبەر پێی وایە، مەزهەبی پرۆتستانتی زیاتر مەزهەبێکی دونیاییە و داوا لەمرۆڤ دەکات، کە خۆشی لەژیانی ئێستا ببینن ئەوەش لەرێگەی کارکردنەوە، بەپێچەوانەی مەزهەبی کاتۆلیکییەوە، کەزیاتر داوا دەکات، مرۆڤەکان خۆشی ژیان هەڵیاننەخەڵەتێنێت و زیاتر کار بۆ خوداپەرستی و ئەودونیا بکەن.
هەربۆیە ڤیبەر پێی وایە، گەر مەزهەبی پرۆتستانتی و ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا دروست نەبوایە، ئەوا سیستەمی سەرمایەداریش سەرنەدەکەوت، بگرە ریفۆرمی ئایینی بە پێویستی ریشەیی سیستەمی سەرمایەداری دادەنێت.
بۆچی مارتین لۆتەر توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت؟!
دیارە وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد پێش مارتین لۆتەریش چەندین بزووتنەوەی تر لەئەوروپادا هەوڵی ریفۆرمخوازیان لەبواری ئاییندا دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبون. بەلام ئەوەی کەوایکرد مارتین لۆتەر سەرکەوێت، کۆمەڵێک فاکتەری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وتەکنیکی بوون.
پێش هەموو شتێک دەتوانین بڵێین ،دۆزینەوەی ئامێری چاپ ، گەورەترین سوودی بە بزووتنەوە ریفۆرمخوازییەکەی لۆتەر گەیاند، چونکە توانی کتێبەکانی بەرێژەیەکی زیاتر چاپ و بڵاوبکاتەوە، چونکە پێشتر کتێب بەشێوەی دەستنووس هەبوو.
لەلایەکی ترەوە زۆرێک لەمیر و میرزادەکانی ئەوروپا ، لەناخیاندا دژی دەسەڵاتی رەهای پاپا بوون، ئەوانیش زۆریان نەیاندەویست بۆئەوەی ببنە مەلیک بگەڕێنەوە بۆ رۆما، بگرە دەیانویست هەموو دەسەڵاتەکان لەلای خۆیان بێت، کاتێک پیاوێکی ئایینیش لەناو دەزگای ئایینی مەسیحیدا دەربکەوێت و بیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی پاپا بهێنێت، ئەمە تاڕادەیەکی باش وەکو بیتاقە وابوو بۆیان دەرچووبێت، هەربۆیە لەزۆر شوێندا ، میرەکان و پیاوە ئایینەکانی سەر بەمەزهەبی پرۆتستانی بەرژەوەندی یەکی دەگرتەوە و دژی پاپا راپەڕین.

لەلایەکی ترەوە لەو کاتدا کیشوەری ئەوروپا بەهۆی سیاسەتی کۆڵنیالیستی و بەتایبەتی تاڵانکردنی کیشوەری ئەمریکا بەهەردوو بەشەکەیەوە وایکرد، سامانێکی زۆر بکەوێتە ئەوروپاوە، ئەمەش چینێکی بازرگانی گەورەی لێدروستبوو، زۆربەشیان پێشوازییان لە بۆچوونەکانی لۆتەر کرد، چونکە خزمەتی بەرژەوەندی ئەوانی دەکرد.
لەرووی کۆمەڵایەتییشەوە، کۆمەڵگەی ئەوروپا بەتایبەتی چینی هەژاران و جووتیاران، زۆر لەحاڵەتێکی خراپدا دەژیان، بۆچوونەکانی لۆتەریان بەکارهێنا، تاوەکو کۆتایی بەو وەزعە خراپەی خۆیان بیهێنن و شٶرش و راپەرین لەدژی دەسەڵاتی کڵێساو میرەکان بکەن، هەرچەندە لە جەنگی جووتیاراندا، لۆتەر دژیان وەستایەوە، چونکە ئەو لەگەڵ خوێن ڕشتندا نەبوو.
هەموو ئەمانە بوونەی هۆی ئەوەی کە سوود بە بزووتنەوەی مارتین لۆتەر و مەزهەبی پرۆتستانی بگەینن.
کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەی ئەڵمانیاوە
ئەمڕۆ تەواوی ئەڵمانییەکان بەچاوی رێزو حورمەتەوە سەیری ئەم پیاوە دەکەن و بەیەكێک لەپیاوە گەورەکانی ئەڵمانیا دایدەنێن. مارتین لۆتەر لە دوولاوە سوودی گەورەی گەیاندە ئەڵمانیا، یەکەم لەرووی زمانەوە، چونکە ئەو یەکەمین کەس بووە کەکتێبی بەزمانی ئەڵمانی نوسیوە، لێرەوە ئیتر ئەڵمانەکان توانیان بەزمانی خۆیان بنووسن،چونکە پێشتر نوخبەی رۆشنفکری ئەڵمانی، بەچاوی کەمەوە سەیری زمانەکەیان خۆیان دەکردو هەر بەلاتینی دەیانووسی.
دووەم شتیش لەرووی فکریەوە، مارتین لۆتەر بە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی پاپا، جارێکی تر دەسەڵاتی ناوچەیی بۆ میرەکانی ئەڵمانیا زیادکرد، هەروەها لەرووی فکریشەوە، لۆتەر توانی بۆچوونی رەخنەگرانە لەناو مێشکی ئەڵمانەکان بچێنێت و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری ژیان بکەن، ئەمەش سەرەتایەکی باشبوو بۆ لەدایکبوونی سەدان فەیلەسووفی ئەڵمانی.

دەرئەنجام:
بەدڵنییایەوە مارتین لۆتەر تەنها زانایەکی ئایینی نەبوو، هەروەها تەنها رابەرێتی ریفۆرمی ئایینی نەکردووە، بگرە کاریگەری گەورەی بەسەر فکر و سیاسەت و فەلسەفەی ئەوروپا و جیهان هەبووە، به‌ واتایه‌کی تر ده‌توانین بڵێین، مارتین لۆته‌ر شۆرشگێرێکی گه‌وره‌بووه‌ له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا، چونکه‌ ئه‌و کارانه‌ی که‌ئه‌و له‌وکاته‌دا کردوویه‌تی، شۆرشێکی گه‌وره‌بووه‌. هەرلەبەرئەمەشە هەموو جیهان ، بەچاوی رێزەو سەیری ئەم پیاوە دەکەن.

———————————————-
سەرچاوە:
1-Barbara Beuys.Luthers Glaube und seine Erben.Rowohlt Verlag. Hamburg.1982
2/ مارتن لوثر، الإصلاحي. سایتی . www.deutschland.de/ar
3/ Luther der Große. /www.faz.net
4/ 500 سنة على انشقاق مارتن لوثر عن الكنيسة الكاثوليكية . رۆژنامەی النهاری لوبنانی: newspaper.annahar.com
5/ /www.zeno.org/Soziologie/M/max weber
6/ هاشـم صالح . من الإصلاح الديني إلى التنوير الفلسفي. رۆژنامەی ” شرق الاوسط” الجمعة – 15 ذو الحجة 1435 هـ – 10 أكتوبر 2014 مـ رقم العدد [13100]




Adorno ,Theodor تیودۆر ئادۆرنۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

تیۆدۆر ئادۆرنۆ فەیلەسووف و کۆمەڵناسێکی ئەڵمانی بوو کە لە ساڵانی نێوان ( 1903-1969 ) دا ژیاوە . ئادۆرنۆ یەکێک بوو لە پێشڕەوانی قوتابخانەی فراکنفۆرت Frankfurt School .
کارەکانی / بۆچونەکانی
ئادۆرنۆ لەگەڵ ماکس هۆرکهایمەر Max Horkheimer خاوەنی ئاراستەیەکی تایبەت بوون لە قوتابخانەی فراکفۆرت .
ئادۆرنۆ لە کتێبی دیالێکتیکی رۆشنگەریدا Dialectic of Enlightenment کە بەهاوبەشی لەگەڵ ماکس هۆرکهایمەردا نووسیویەتی رەخنە دەگرێت لە فاشیزم Fascism و پیشەسازی کولتوری ( یان پیشەسازی رۆشنبیری ) Culture industry . ئادۆرنۆ پێیوایە کە ئازادبوونی عەقڵ لە ئەفسانە لە سەردەمی رۆشنگەریدا مەرج نییە هەمیشە ئاکامی باشی لێکەوتبێتەوە چونکە خودی عەقڵ بۆتە هێزێکی ناعەقڵانی کە بەردەوام هەوڵی کۆنترۆڵی سروشت و مرۆڤ دەکات کە ئەمەش بۆتە هۆکاری ئازار چەشتن و مەینەتی .
ئادۆرنۆ بە پێچەوانەی بۆچونی باوی کۆمەڵناسانەدا فاشیزم بە ئەنجامێکی سروشتی سیستەمی سەرمایەداری دەبینێت .

لە چەمکی پیشەسازی کولتوردا ئادۆرنۆ رەخنە لە راگەیاندنی گشتی و کولتوری جەماوەری دەگرێت و پێیوایە کە رۆڵی چەواشەکارانەی دەستەجەمعی پیادە دەکەن لە کۆمەڵگەدا چونکە کولتوری جەماوەری وەکو سینەما و بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان و گۆڤارەکان و هتد کاڵای کولتوری بەرهەم دەهێنن کە مەبەستیان یاریکردنە بە کۆمەڵگە و راکێشانیەتی بەرەو سلبیەت . لە رووانگەی ئادۆرنۆوە ئەم جۆرە کولتورە یان رۆشنبیرییە جەماوەرییە پێداویستییە دەروونیەکان تێر ناکات بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر هونەری بەرزی خاوەن جەوهەرێکی هزری و لە راستیدا پێداویستییە دەروونیە راستەقینەکان بریتین لە ئازادی ، داهێنان و بەختەوەری راستەقینە .

ئادۆرنۆ لە کتێبی دیالێکتیکە نێگەتیڤەکان Negative Dialectics بۆچونەکانی خۆی سەبارەت بە مرۆڤ و گەردوون و چاخی نوێ دەردەبڕیت و لە ژێر کاریگەری دیالێکتیکی هیگلی باسی ناکۆکیە دیالێکتیەکان دەکات بەڵام لای ئادۆرنۆ تێز و ئەنتی تێز هەرگیز ئاشتی ناکەن بۆ پێکهێنانی سینتێز . ئادۆرنۆ رەهاگەرایی رەت دەکردەوە و ئەگەرچی بیردۆزەکانی لەسەر بنەمای ماددیەت و دیالێکتیک دامەزرابوون بەڵام بیردۆزەکانی مارکسی سەبارەت بە ناکۆکی چینایەتی و ئابووری رەت دەکردەوە .
کتێبێکی دیکەی ئادۆرنۆ بریتییە لە تیۆری جوانیناسی Aesthetic Theory کە تێیدا باسی کارکردەکانی Functions جوانی دەکات لە هونەردا هەروەها پەیوەندیەکانی نێوان هونەر و کۆمەڵگە پێیوایە کە پێویستە هونەر سەربەخۆ بێت و بەرگری لە حەق بکات .
ئادۆرنۆ چەندین کتێبی دیکەی هەیە .




دنیابینیی چینایەتی لە چیرۆکی ” تەنها حەوت هەنگاو” ی عەبدوڵا ئەحمەد سادقدا


دەق و ڕەخنە
…..

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
کەنەدا ٢٠١٦


تەنها حەوت هەنگاو

هەرچەند تیغی هەنگاوەکانم ملی ئەو شەقامە بە چەند هەنگاو دەبڕێت ئارەزووی ژماردنی هەنگاوەکان لە مێشکمدا گینگڵە دەدات ” یەک، دوو، سێ، ….، ….، ….، حەوت” سەرجەمی هەنگاوەکان لە شۆستەی ئەمبەر تا ئەوبەر حەوتە. تەنها حەوت هەنگاو، ئارەزووی سەدان جار ژماردنەوەی ئەوان بەهێزترە لە بێزاربوون و ماندووبوونی لەشە لاوازەکەم.
حەزی کەم کردنەوەی ژمارەی هەنگاوەکان مەلێکە و بەرەو گۆڕستانی ڕەحیم ئاوە باڵەفڕە دەکەن. ئەم حەزەم تەنها جارێک هاتە دی کاتێک فراوان کردنەوەیان هەست پێ کرابوو، ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو. چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لەدەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە، جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات. لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبێلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لەیەک جوێ دەکاتەوە.

هەست کردنی دووریم لە حەوت هەنگاو لە بەختیاری هەتا هەتایی یەوە شتێکی ئاسایی یە. لام وایە گەر بێتو جارێکی تر چەقۆ لە ملی ئەو ڕەش مارە بنێم و بە ڕق و کینەوە بیکەمە دوو لەتەوە ئەوا هەموو شتێکی کۆن کۆتایی دێت و هی تازەش دەست پێ دەکات. بەڵام ئاخ هەزار جار وەک تینووی چاو لە ئاو بە تاسەوە ئەو شەقامەم بڕی و لە ناسۆری و هەست بە نامرادی کردن بەولاوە هیچی ترم لە هەگبەی ئەم گەشتە سەختەمدا نەبینی یەوە. ئەوبەری شەقامەکە مۆسیقایە، بەزمە، خۆشی یە ئاهەنگە، برسیەتی و هەژاری لە فەرهەنگی ئەوێ دا ووشەی نامۆن و مانایان نی یە. ” ئاخۆ دووری نێوان بەهەشت و دۆزەخ حەوت هەنگاو نی یە!؟” بێ گومانم لەوەی کە کەمتریشە گەر بێتو ڕاستە و ڕاست ملی ڕێگای ئەو بەر بگریتە بەر، کاتی بڕینی ئەم ماوەیە لە پێنج چرکە تێ ناپەڕێ هەر چوار چرکە دەبێت بە دوور لێ ڕامان و سەیرکردنی سەدەیەکی وێڵی پێویستە بۆ پەڕینەوە، سەیرە حەوت هەنگاو تەنها حەوت هەنگاو سەدەیەکی پێویستە.
*
چاوپێکەوتنی یەکەم ڕۆژمان، ئەوان هەموو پێکەوە بوون تەنها من نەبێت کە لە جیهانە نامۆکەوە بە نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێرابووم، پێکەوە دەدان. ئازاری هەستی بریندارم لە جیهانی خەیاڵی بێ پایاندا بەرەو دەریایەکی ڕەش ڕای دەماڵیم. ئارەزووی دەست لەنێو دەست نانیان مەلێکی سپی بوو لە قەفەزی تەلبەندی شاپەڕەکانی قەلەڕەشەیەکدا فڕەفڕی بوو. ڕۆژی دووەم لە جیهانەکەی خۆمەوە پیرۆسکۆبی غەواسەی خۆم لێ خستەکار بەرەو چوار جیهانی تازە کە بە چوار مرۆڤ نوێنرابوون سێ کوڕ و کچێ. دوو کوڕی ئەسمەر ویەکێکی سپی کچەکەش هەر سپی بوو، بەڕاستی جوانی یەکی ڕوخێنەری هەبوو چاوم بڕی یە چاوی هەستی ڕوخانی کۆنە قەڵایەک لە ناخەوەمدا دەستی پێ کرد. ئاوێنەی دەروون وورد و خاش بوو. بینین تێ ی دا بوو بە ستەم ڕۆژی دوایی دەرگا شەق و پۆق بووەکەی کۆنە جیهانەکەم کردەوە و بەرەو پچڕاندنی تەوقی دوورە پەرێزی کەوتمەڕێ.
هەستانە پێوەیەکی دەوویست تا نوێنەری بەڕێز دەست بە کارەکانی بکات و سەرەتا بکەوێتە دووان. ڕارایی و دوودڵی تەنگیان بە ناخەوەی جەنابی هێنابوو بۆ ڕزگاربوون لەو دێوەزمانە یەکسەر ڕووم کردە کوڕە پێست سپی یەکە و ووتم :- ( تاکەی ئێمە وا بین؟ با یەک بناسین.) وەڵامێکی هێمن بۆ ئەم پرسیارە چەکەرەی دا ” من ناوم فریادە…ئەویش کاروان…ڕزگار ئەمیش خوشکە گزنگە”

گزنگ بەیانێکی ڕوونە. هیوایە، دەست پێ کردنی کاری جیهانی ئەمبەرە و مژدەی ڕۆژێکی تازەی لەژێر باخەڵی دا شاردۆتەوە، بەیان حەزی کارکردن لەمبەر دەبزوێنێ کە هێشتا نووستن باڵی هێمنی بەسەر ئەوبەردا کێشاوە. کارکردنی ئەمبەر بەردەوامە تا ئێوارە و ئێوارەش نامرادی و بێ بەشی میوانی ڕەش و ڕووتەکە دەکات و مژدەی دەست پێ کردنی ڕابواردن بۆ وورگ زلەکانی ئەو بەر دەبات. لغاوی ئەسپی خەیاڵی گزنگم شل کردبوو، پەنجەی هەڕەشە بەرەو چاوی ناخەوەم دەچوو، دەیقیژاند ” تۆ مافی بیرکردنەوەی وات نی یە…شتی ئەوبەر بۆ ئەمبەر یاساغە پێویستە گومرگ بدرێت، بەتۆش نادرێت نەکەی کوڕە نەکەی بیر لە شتی وا بکەیتەوە، گزنگ ئەو بەرەو تۆش ئەمبەر ئەو ئەوە و تۆش تۆ”. هەستی وێڵی باڵی ڕەشی ماتەمی بەسەر شانۆی دەرووندا کێشا، بێ دەنگیەکی قووڵ وەکو قۆناغی سڕ بوونی ژیانی بۆق ڕایەخی خۆی ڕاخست.
بۆم دەرکەوت کە ڕزگار خەڵکی ئەمبەرە و حەزی نزیک بوونەوەم چەکەرەی دا، بەڵام ئەویش ئارەزووەکانی خۆی لەوبەر تۆو کردبوو، چەکەرەیان دابوو، رەگ و ڕیشەیان بە زەوی دا چوو بووە خوارەوە و جیاوازی لەگەڵ ئەواندا نەبوو.
تێبینی : فریاد حەزی لە گۆرانی ڕۆژئاوایی دەکات گوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناگرێت. بەپێچەوانەی منەوە ئەوەی ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی پێوە نەبێ حەزی لێ ناکەم” ” حەوت هەنگاو، تەنها حەوت هەنگاو ببڕە و ببەرە گەشت کەرێکی نامۆی ئەو جیهانە..بڕۆ..بڕۆ مل بنێ و حەوت هەنگاو ببڕە و ڕیزە ماڵێکی ڕێک و پێک ببینە کە گەڵای دارەکانیان لەسەر دیواری حەوشەکانیانەوە پێش وازی لە گەشت کەران دەکات، هێمنی یەکی تەواو، تەنانەت دەنگی پشیلەکانیشیان نایەت.”

وەکو باسیان دەکرد ئەوە ماڵی کاروانە ئەوەش ماڵی گزنگە پاش چەند هەنگاوێکی تر ئەوەش ماڵی فریادە بەڕاستی کە تیشکی ئاراستەکراوی خانووەکە لەچاومدا جێگیر بوو لەناخەوە قاقا پێکەنیم بزەیەک کەوتە سەر لێوم بەرەبەرە قاقاکە نزم دەبووەوە تا بوو بە کوڵی گریانێکی بێ فرمێسک بۆ خەڵکە ڕەش و ڕووتەکە، لە دڵی خۆمدا ووتم ” هەقی یەتی گۆرانی ڕۆژئاوایی نەبێت حەزی لێ نەکات چونکە ئەم خانووە لە ئیستگەی تەلەفیزیۆن دەچێت هەر بۆ ئەوە کراوە تیپە ڕۆژئاوایی یەکان ئاهەنگی تیا بگێڕن،”
*
چاوێکم بە خۆمدا گێڕا و گەڕامەوە پێستی خۆم تەنها ئەوەندەم لەو ژیانە ڕاڕایە بۆ مایەوە لە کوێوە هاتووم ڕووی گەڕانەوەم ئاراستەی ئەوێ بکەمەوە.
تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک. حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتەوە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕاهاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی. ” بە بێ ترس حەوت هەنگاوەکەت بکێشە.”
لەسەر شۆستەکە ڕاوەستام، ئاوڕێکی دواوە دەدەم بینینی گزنگ ئارەزوویەکی بەدی نەهاتووە بێ پەشیمانی و ترس پێ یەکانت هەڵبێنەوە،
” ئەوە یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، ئەوەش هەر حەوتی،”
هەموو شتێ گەرایەوە جێ ی خۆی، سادەیی و ئازار، هەرگیز لە کێشانی ئەو حەوت هەنگاوە پەشیمان نابمەوە بۆ دوا جاریشە کە کێشام ئەو چەند ڕۆژەش بوو بە ڕابردوویەکی لەیادچووی تۆمارنەکراو لە دەفتەری یادەکانمدا.

ئەیلوولی ١٩٨١
کەرکوک

تێبینی : لە کاتی تایپکردنی چیرۆکەکەدا دەستکاری خاڵبەند و ڕێنووسم نەکردووە و وەکو خۆی چۆن لە گۆڤارەکە بڵاو کراوەتەوە، ئاوام نووسیوەتەوە.

گەڕانێک بەنێو سەرزەمینی دەق

“تەنها حەوت هەنگاو” (١) ئەو کورتەچیرۆکەیە کە لەزمانی کەسی یەکەمەوە (من) یان منی چیرۆکنووس بەسەرهات و ئازار و خەون و ئومێدی جیهانێک دەنەخشینێ کە ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەسەرهات و خەون و ئومێدی هەر هەموومان بووبێت. خەون و ئومێدی گەیشتن بە جیهانێکی خۆش و پاک و پڕ لە ژیان. جیهانێکی خاڵی لە هەژاری و ستەم. ئەم خەونە هەرچەند ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرجوویەک نایەت بیکاتەوە و خەونەکە بگۆڕی بە ڕاستی. گرێی ئەم خەونەش لە سیاقی مۆنۆلۆگی نووسەر لەگەڵ خۆی و بە پشت بەستن بە فەنتازیا دەمانباتە کەنارەکانی مەبەست. نووسەر بە پشت بەشتن بە خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری تەکنیکی چیرۆک بەتایبەتیش شەپۆڵی هۆش ویستوویەتی دەرگایەک لەنێوان سنوورەکانی ئاگایی و نائاگاییدا بکاتەوە. واتە تەواوی ئەو واقیعەی کە لە سەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، خراوەتە نێو بۆدەقەی خەیاڵ و ئاگایانە خوێنەری بۆ کەمەندکێش کردووە. هەرچەندە لەسەر ڕووبەری هەندێ پەرەگراف و دێری چیرۆکەکە خوێنەر لەمسی پنتکی جوگرافیا و دیمەنە جۆراوجۆرەکانی نێو چیرۆکەکە دەکات، بەڵام گەر خوێنەر دەست بە لێوارەکانی ئاگاییەوە نەگرێ، زۆر بە ئاسانی دەخزێتە نێو خەیاڵی نووسەر. ئەم ستایڵە لە نووسین نەک هەر پەسندکراوە، بەڵکو جێگای ستایشە. بە وشەیەکی تر نووسەر هاتووە تەواوی هێزی هونەریی خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو، ئەویش نیشادندانی دنیابینی چینایەتی و ناردنی پەیامی سیاسی هونەرە بۆ ئەو لەشکرە لە خوێنەر، کە لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسیی و نەبوونی ئازادی و بەکارکەوتنی ماشێنەکانی زیندان و گرتن و کوشتن و تەرحیل و تەبعیس و قەدەغەکردنی کلتوور و بۆنەکان و..تاد و زۆر بە تایبەتیش لە شاری کەرکووک کە شوێنی لەدایکبوون و نمایشی دەقەیەکە، تینووانە چاوەڕوانی پەیامی شۆڕشگێرانە بوون لە ئەدەب و هونەر. دەیەی هەشتاکان دەیەی نووسین و بڵاوکردنەوەی چەندین دەقی سیاسیی بووین لە مێژوودا کە جارێکی تر مەحاڵە دووبارە ببنەوە. (٢)

عەبدوڵا ئەحمەد سادق لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە لەیەککاتدا هەم نمایشی توانایی چیرۆکنووسی خۆیمان نیشان دەدات و هەمیش بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی خۆیمان پێ دەناسێنێ. تێڕوانینی نووسەر لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی یان دروستتر بڵێین لەسەر بنەمای هەبوون ونەبوون بنیادنراوە. ئەم نمایشەی دنیابینی نووسەر دەتوانین لە چەند گۆشەیەکی جیاجیاوە لێی بڕوانین و ڕەهەندە سیاسی و چینایەتییەکەی دەست نیشان بکەین. سەرزەمینی ئەم دەقە و بەپیتییەکەی لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەوە سەرچاوە دەگرن. نووسەر دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی ژیان ئەژمارد دەکرێ. چیرۆکنووس هاتووە جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە ئەو پەساپۆرتەیە کە چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو”ی لە ئاستی پەسندەوە بۆ ئاستی دڵخواز بەرز کردۆتەوە و کێرڤی کرێدتی شۆڕشگێڕێتی نووسەری بردۆتە سەر. بەڵام ئایا نووسەر هاتووە لە سەنگەری خەباتی کرێکارانەوە، یان باشتر بڵێین لەسەر بنەمای ململانێێ نێوان کار و سەرمایەوە ئەو جیاوازیانە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەڵگەشمان ئەوەیە کە لە سەرتاپای چیرۆکەکە شتێک نییە ناوی خەباتی چینایەتی بێت و ئاسۆیەک نییە کە ئاسۆی سۆشیالیزم بێت. ئەم لەمپەرە بۆ پەڕینەوە بەرەو شۆڕشگێڕێتی کە بە بۆچوونی من لە نائاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە، خاڵی لاوازی ئەو دنیا بینییەیە کە هەوڵ ئەدەم لە هەنگاوی داهاتوودا خەسڵەتەکانی بخەمەڕوو.

خەسڵەتەکانی دنیابینیی نووسەر

عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابڕدوو وەک هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە مەیلی فیکریی چەپ و لێکدانەوەی چینایەتی بۆ ژیان و کۆمەڵگە و دیاردەکانی هەبووە. ئەو لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێرانەوە هێلە دراماییەکانی نێو چیرۆکەکەی داڕشتووە و هەوڵیشی داوە لە هەر لەو سۆنگەیەوە پەیامی سیاسی – چینایەتی خۆی بگەێنێ. نووسەر جوان ئیشی لەسەر ماتریاڵەکانی دەوروبەر کردووە و هەر لەڕێگەی ئەو ماتریاڵانەوە نووسەر لەپرسیارە گەورە و گرنگەکان نزیک دەبێتەوە. پرسیاری ئەوەی بۆ ئەمبەر ناڕێک و ناشرینە؟ بۆ ئەوبەر پاک و جوانە؟ ئەمبەر بۆ دۆزەخە و ئەوبەر بۆ بەهەشتە؟ کچانی ئەمبەر بۆ لەناو زەحمەتییەکانی ژیان تووشی فەلاکەتباری بوون و کچانی ئەوبەر ناسک و نازدارن؟ ئەم جیاوازییە بۆ هەیە؟ کێ خوڵقاندویەتی و کێ بەرپرسە لێی؟ بەڵام ئاشکرایە هونەر نایەت وەڵامی سیاسی ئەم پرسیارانە بداتەوە. هونەر تەنها ئاماژەکان نیشان دەدات و خوێنەر بەتایبەتی خوێنەری زیرەک دەبێ خۆی لە دووتوێی دێر و ڕستەکان و پەرەگرافەکان هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکانیش بدۆزێتەوە.

کات سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، چەند مانگێکە جەنگی کۆنەپەرستانەی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرساوە، خەڵک بە لێشاو بەرەو بەرەکانی جەنگ بەڕێ دەخرێن. جگە لە ژنان و مناڵان و قووتابیان و کارمەندی دەزگاکانی خزمەتگوزاری و پەروەردە، ئیتر تەواوی کۆمەڵگە سەربازە و خراوەتە ئامادەباشییەوە. شوێن لە ڕووبەری چیرۆکی تەنها حەوت هەنگاو گەڕەکی ڕەحیم ئاوا ی شاری کەرکووکە و بە تایبەتیش جادەی گشتی کەرکووک – هەولێر. ئەم جادەیە ئەم گەڕەکەی کردۆتە دوو بەشەوە. بەشی باکووری جادەکە لە ڕەحیم ئاوای کۆن و عەرەسەکە و تا دەگاتە گۆڕستانەکەی ڕەحیم ئاوا درێژ دەبێتەوە و بەشی باشووریشی لە خانووەکانی شەریکەی نەوت و مامۆستایان تا دەکات بە گردەکەی تەپە شۆر بۆتەوە. لەڕووی هونەری تەلارسازییەوە بەشی باشوور خانووەکان جوانتر و گەڕەکان پاکتر بوون، چونکە لانی کەم زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەکانە دەژیان خوێندەوار بوون و ئاگایی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان لە ئاستێکی باشدا بوو بە بەراورد بە بەشی باکوور.(٣) ” ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لە دەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات، لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبیلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لە یەک جوێ دەکاتەوە.”(٤) لەم دیمەنەوە
یەک : نووسەر یان چیرۆکنووس لەم دەقە ئەدەبییەدا هەڵگڕی تێڕوانینێکی چەپ بووە و هەر لەو دیدگا و دنیابینییەوە تەماشای ژیان و دیاردەکان و کۆمەڵگە و ئینسانی کردووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە چیرۆکنووس حەتمەن دەبێ کەسێکی مارکسیست یان سۆشیالیستخواز بووبێ، نەخێر. ڕەنگە هەڵگڕی تێڕوانینی ناسیونال – چەپ بووبێ. ئەمە کێشەی ئێمە و خوێنەریش نییە. ئێمە تەنها لە فەزا و ئەتمۆسفیری چیرۆکەکەوە هەڵوێست و تێڕوانینی نووسەر دیاری دەکەین

دوو : خودی جیهانبینییەکە دنیابینییەکی شۆڕشگێرانە نییە و ڕوانگەی سۆشیالیتی یان مارکسیستی زاڵ نییە بەسەریدا، بەڵکو دنیابینییەکەی زیاتر پۆپۆلیستییە. چونکە نووسەر پێی وایە خەبات و تێکۆشان تەنها لەنێو کوخ و خانووە نزمەکاندا بوونیان هەیە. ” تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕافاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی.”(٥) نووسەر پێی وایە خانووەکانی سەر شەقامە پاکەکان، کچانی ناسک و نازدار، خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مامۆستا و تەنانەت کرێکارانی کۆمپانیای نەوتیش، شۆڕشگێڕێتی و کار و چالاکی شۆڕشگێڕانەیان لێ ناوەشێتەوە. لەکاتێکدا کرێکارانی کۆمپانیای نەوت بەپێی مەوقیعیەتی کارکردنیان کە شادەماری ئابووری وڵات بەڕێوە دەبەن، نەک هەر کاری شۆڕشگێڕانەیان لێ دەوەشێتەوە، بەڵکو گەر ئیرادە بکەن و بیانەوی دەتوانن چەرخی نیزامی سەرمایەداری لە عێراق ڕابگرن. وەک لە ساڵی ١٩٤٦دا مێژووی خەباتی چینانەتی عێراقیان بە مانگرتنی گاورباغی نەخشاند. لە لایەکی تریشەوە ڕابەری خەباتی چینایەتی جیهانی و ڕەمزتی خەباتی کۆمۆنیزم (کارڵ مارکس) خۆی کرێکار نەبووە و هەرگیز ڕۆژێک بە جلی کۆن و کرێکارییەوە نەچووە بۆ ئیشکردن و چەند پاوەندێ بۆ جینی هاوسەری و منداڵەکانی بەدەست بهێنێت. بەڵکو مارکس ڕۆشنفکرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە بەڵام لە مەوقیعیەتی چینایەتی کڕیکاراندا بووە. بۆیە چیرۆکنووس نەیتوانیوە قامکی بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگاچارەی گەنجاو و عەمەلی بۆ ئەو نەهامەتییانە. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی چیرۆکنووس لەو سەردەمە قووتابی زانکۆ بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هۆشیارییە چینایەتییەی کە دەبوو لەبەردەستی بێ، لەبەر دەستی نەبوو.

سێ : چیرۆکنووس کێشەکان و واقیعەکان دەبێنێ بەڵام بە ناڕۆشنی لە هێزەکان و سەنگەرە چینایەتییەکان دەڕوانێ. ئەو هێزەکان و ململانێکانیان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی جوگرافیا دابەش دەکات، نەک لەسەر بنچینەی پەیوەندی نێوان کار و سەرمایە. چیرۆکنووس لە ڕاستیدا نە هێزە واقیعییەکان و نە سەنگەرە چینایەتییەکانی نەبینیوە. هەر بۆیە بەشێک لە ‌هێزی واقیعی چینایەتی کرێکارانی عێراق و کوردستان بە بەرەکەی ئەوبەر دەزانێ. ئەم ئاحاڵیبوونە بە دەستی ئەنقەست نەخراوەتە ڕوو، تا خۆڵ بکاتە چاوی خوێنەر و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکو لە ڕێژەیی ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە.

چوار : نووسەر بچووکترین دژەکردار لەئاست ئەو واقیعە نانوێنێ و ئەمەش بەڵگەی ناشۆڕشگێربوونی تێڕوانینەکەیە. واتە نووسەر و حیکایەتخوان کە هەردووکیان یەکن جگە لە گێڕانەوە و نیشاندانی دۆخێکی تایبەت بێئەوەی بچووکترین هەنگاو بنێ بۆ دەستکاریکردنی، کۆتایی بە چیرۆکەکە دێنێ بەوەی کە دەگەڕێتەوە ئەمبەر و دەچێتەوە ناو هەلومەرجە دژوارەکەی ڕەش و ڕووتەکان. ئەمە جۆرێکە لە تەسلیمبوون بە واقیع. تەسلیمبوون بە بێئیرادەیی و تەبلیغات و پڕوپاگەندەی چینی بورژوازی لەوەی کە دەڵێ هەژاری و دەوڵەمەندی هەر لە ئەزەلەوە بوونیان هەبووە و هەیە. لێرەوە پەنا نەبردن بۆ کردار و یاخیبوون، هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە، نووسەر دەخاتە خانەی پاسیفیستبوونەوە. لەکاتێکدا نووسەر بە جیددی هەوڵی داوە پاسیفیست نەبێ و لەئاستی ڕووداوەکان بێت.
لێرەوە دیسانەوە دەگەینە سەر ئەو شاڕێیەی کە بڵێین جیهانبینی چیرۆکنووس لە هەوڵدان بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکان جێی پشتیوانییە و لەهەمان کاتیشدا لە هەڵبژاردنی ماتریاڵەکانی ئەو نیشاندانە نەیتوانیوە ئامانج بپێکێ و بگات بەو مەبەستەی کە خۆی دەیەوێ.

ئەدەب و پەیامی سیاسیی

ئەدەب وەک چالاکییەکی فیکریی ئینسان هەمیشە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی جیاوازەەوە دێتە نمایش کردن. لەوەتەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر دوو چینی دژ بە یەک، شوناسی ئەدەبیش لەسەر بنەمای ململانێی نێوان ئەو دوو چینە دێتە پێناسەکردن. بە واتایەکی تر ئەدەبێک نییە غەیرە چینایەتی بێت. چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئێستا ئێمە بە ناچاری ژیانی تێدا بەسەر ئەبەین و لەسەر ناکۆکی چینایەتی و دەسەڵاتی چینایەتی بنیاتنراوە، توانای دەربڕینی هەستە پەتییە مرۆییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی خۆمان بە کەسانی دیکەوە بەڕادەیەکی یەکجار کەمە.( ٦). بۆیە لەم سەردەمی سەرمایەدارییەی کە ئەمڕۆ مۆرکی خۆی بە هەموو شتێکەوە ناوە (بەسەردەمی نووسینی چیرۆکەکەشەوە)، ئەدەب و هونەر یان سەرمایەداریی(بۆرژوازی) یان کرێکارییە. بۆیە ئەو ئەدەبەی کە گوزارشت لە واقیعی خەبات و ململانێی چینایەتی کرێکاران دەکات لە دژی سەرمایەداران بە ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە دێتە ئەژمار. ماهیەتی ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕە هەڵگری جۆرێکە لە پەیام کە تێدەکۆشی هۆشیاری چینایەتی خوێنەر یان کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرێتە سەر. لە چیرۆکی (تەنها حەوت هەنگاو) چیرۆکنووس هەوڵیداوە پەیامی ئەدەب بە شێوەیەکی هونەرییانە بگەێنێ، بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بپێکێ. چونکە ” ئەدەبی کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی.”(٧). چیرۆکنووس ویستوویەتی بەشدار بوونی کارای خۆی لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگەی نووسینەوە بباتە پێشەوە. ئەم دەقەش جوانترین گەواهییە لەسەر ئەو بەشدارییەی عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس. (٨)
چیرۆکنووس تێکۆشاوە باسی نا دادپەروەری بکات، باسی جیاوازی نێوان ئینسانەکان بکات، باسی دوو دنیای تاریک و ڕووناک بکات کە هەردووکیان لەسەر یەک سەرزەمین بوونیان هەیە. بەڵام جێی داخە چیرۆکنووس بێئەوەی لە ماناکانی دادپەروەری و خەبات و تێکۆشان و شۆڕش لە تێڕوانینی چینایەتی کرێکارانەوە گەیشتبێ، ئەو کارەی کردووە. ئەمەش ئەو ئاریشەیەیە کە لە گەیاندنی پەیامی سیاسیی دەقەکە هەست پێدەکرێت.

ئەم چیرۆکە لەڕاستای هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەوە، دەتوانین بڵێین کە هەوڵێکە لەپێناو فەراهەمکردنی زەمینەی پرسیارکردن لەسەر ناعەدالەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیان. هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕووی دزێوی ژیانێک کە سەرمایەداری بۆی بەرهەم هێناوین. بەڵام نەیتوانیوە بەڕۆشنی و بە قووڵی ڕۆبچێتە نێو بابەتەکەی. بە واتایەکی تر نەیتوانیوە پەنجە بخاتە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

دەربارەی فۆرم و زمان

لە “تەنها حەوت هەنگاو”دا، حیکایەتخوان کەسی یەکەمی تاکە (من)، کە لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ خۆیدا (مۆنۆلۆگ) لە شوێنکاتی ڕووداوەکان بە هاوکاری ژمارەیەک کارەکتەر وەک ( حیکایەتخوان و فریاد، کاروان، ڕزگار، گزنگ ) کە بوونی ئەو کارەکتەرانە نەیتوانیوە ئیزافەیەکی گرنگ بخاتە سەر دەقەکە. فەنتازیاش هۆکارێکە کە حیکایەتخوان بە هۆیەوە دەچێتە دەرەوەی جوغزی خەیاڵی و دێتە ژوورەوە. واتە خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخدار دەگێڕێ لە چیرۆکەکە. چونکە چنینی ڕووداوەکان بەجۆڕیکە بواری کەمی بۆ خوێنەر هیشتۆتەوە بەشداری ڕووداوەکان بکات. هەرچی زمانیشە کە ئەو چیرۆکەی پێنووسراوە، زمانێکی ڕەوان و کوردییەکی پەتیی سادە و جوانە. لەڕووی ڕێنووسیشەوە، هەرچەندە گۆڤاری کاروان (خوولی یەکەم) تا ئاستێک پەیڕەویی لە ڕێنووسی کۆڕی زانیاری کورد دەکرد، بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕێنووسی ئەم چیرۆکە دەبینی هەڵەی ڕێنووسی زۆر کەم تێدایە و بە بەراورد بەو سەردەمە( سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) زۆر لە پێش بووە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە ڕێنووسی چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” لە ڕێنووسی زۆربەی نووسەرانی ئەمڕۆ دروستتر و چنینی زمانەکەشی جوان و کوردییەکەشی ڕەوان ترە.

ئەنجام

چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” هەوڵێکی جوان و سەرکەوتووی چیرۆکنووسی کۆچکردوو عەبدوڵا ئەحمەد سادقە، کە لەنێو واقیعی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی شارێکی پێشەسازی وەکو کەرکووک ویستوویەتی بە تێڕوانینێکی چینایەتییەوە، لە کێشەی گەورەی جیاوازی چینایەتی بدوێ و لەڕێگەی تەوزیفی شوێنەوە و بە هونەرێکی جوانەوە، لە پایەکانی هەڵکشان بەرەو داهێنان نزیک بۆتەوە. چیرۆکنووس ورد لەسەر پەیامی سیاسی – چینایەتی چیرۆکەکەی ئیشی کردووە گەرچی بەهۆی ناڕۆشنی و نەبوونی ئاگایی تەواو لەسەر بنەماکانی خەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی و تێنەگەیشتنی ورد لە نیزامی سەرمایەداری، نەیتوانیوە پەیامێکی ڕۆشن بگەێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵێکی سەرکەوتوو دادەنرێ لە پانتایی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییەی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە گەڕان بەنێو ئەو بزووتنەوەیە و مێژووەکەیدا ڕەنگە ئەو بەرهەمانەی لەئاست ئەم چیرۆکەن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکەن.

————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان

١- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٢- نموونەش بۆ ئەو دەقانە چیرۆکی “ئامێردەکان” ی چیرۆکنووسی کۆچکردوو محەمەد موکری و هەروەها چیرۆکی ” دووربین” ی حەمەفەریق حەسەن و شیعری ” دوا نامە” ی هەڤاڵ کوێستانی و زۆری تر کە ئەو سەردەمە لە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو دەبوونەوە.
٣- هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دزاین و شێوەی ڕۆژئاوایی خانووەکانی شەریکەی نەوت کە ئینگلیزەکان(دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی نەوتی ئینگلیز) لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ کرێکارانی کۆمپانیای نەوت دروستیان کرد. دیارە کە ئەمبەر و ئەوبەر بەو جیاوازییە وەسف دەکەین لە واقیعدا خودی ئەو جیاوازییە زۆر بەرچاویی نییە، چونکە لە بەشی باکوریش گەلێ خوێندەوار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و ئەدیب و نووسەری تیا هەڵکەوتووە و ڕەنگە لەبەشی باشووریش هەبن نەخوێندەوار یان ئاستی ئاگایی لەئاستی پێویستدا نەبووبێ. ئەوەی زیاتر مەبەستە گۆشەنیگای نووسەرە کەلەسەر بنەمایەکی دروست بنیاد نەنراوە.
٤- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦. بێ دەستکاری وەک خۆی ڕۆنووس کراوەتەوە.
٥- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٦- لودڤیگ دۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی سالار ڕەشید لەبڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری ی ن ک ٢٠٠٥ لاپەڕە ٤٩.
٧- شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمێشە زیندووبوون عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) گۆڤاری هانا ژمارە ١ خووڵی دووەم ٢٠١٦ لاپەڕە
٨- چیرۆکنووس عەبدوڵا ئەحمەد سادق لە ١/١/١٩٥٨ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەشاری کەرکووک تەواو دەکات و پاشان لە زانکۆی موستەنسرییە لە شاری بەغدا وەردەگیرێ. ساڵی ١٩٨٦- ١٩٨٧ خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. ژمارەیەک کورتەچیرۆکی نووسیوە و کەژمارەیان لە بیست کورتەچیرۆک زیاترە. ماوەیەک لە ڕادیۆی ئازادی حیزبی شیوعی کوردستان چەند بەرنامەیەکی پێشکەش کردووە و هەورەها چەند ساڵێکیش مامۆستا بووە لە پەیمانگای لە هەولێر. دواجار لەڕێکەوتی ١/١٠/٢٠١٢ ئەم چیرۆکنووسە لەتەمەنی پەنجا و چوار ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەب و چیرۆک و داهێنان دەکات.




گەڕانەوە بۆ دەستورێکی کات بەسەرچوو ئومێدێکی بێهودەیە! … هیوا ئەحمەد

ئەوە باڵادەستی و براوەی مەیدانی شەڕ و هێزهاوسەنگی سیاسی وسەربازی و ئابوری تازەی نێوان لایەنە سیاسیەکانە کە چۆنیەتی و جۆری ئەو دەستورو ڕێکەوتنە لە نێوانیاندا دیاریدەکات نەک بە پێچەوانەوە!
لە دوای ڕوداوەکانی ڕیفراندۆم و ئاشبەتاڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر و تەسلیمکردنەوەی کەرکوک و سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و شکستی سەربازی و سیاسی هێزە کوردیەکان، لە لایەن حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردیەکانەوە بەدەسەڵاتدارو بەناو ئۆپۆزیسیۆنیانەوە باس باسی گەڕانەوەیە بۆ دەستوری عێراق.

بەڵام گەڕانەوە بۆ کام دەستور؟! دەستورێک کە ئێکسپایەر بوە و بە کردەوە چیتر کار بە بەندە هەستیارەکانی ناکرێت! ئەوەی گفتوگۆ و مەرجەکانی دانوستاندن و شێوە و بنەمای پەیوەندی تازەی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دیاریدەکاتەوە ئەو هێزهاوسەنگی و لاسەنگی هێزەی ئێستا وئەمرۆیە کە لەمەیدانی شەڕ و بواری سەربازی و جیۆپلۆلتیکی و ئابوری و ناوچەیدا بە قازانجی حکومەتی ناوەند و زیانی هەرێم شکاوەتەوە نەک دەستورێک کە لەسەردەمێکی تر وهێزهاوسەنگیەکی جیاوازتری نێوان ناوەند وهەرێم داڕێژراوە و ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

هەرچەندە دەستوەرە کۆنەپەرستەکەی عێراق لە ڕۆژی داڕشتن وبڕیاردان لەسەری تا ئەمرۆ هەرچی پرسە گرنگ و هەستیارەکانی ناو ئەم دەستورەهەیە تەنانەت یەک بەندیشیان لێجێبەجێ نەکراوە؛ وەک ماددەی ١٤٠، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجەی پێشمەرگە و یاسای نەوت وگاز .. بەڵام ئەمە دەستوری سەردەم و هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوە لە هێزهاوسەنگی نێوان هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکان و ناسیونالیزمی کورد و عەرەب بە باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە وعێراقی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و سەدام. ئەو کات عێراق لە لایەن سوپای ئەمریکاوە داگیر کرابوو، حکومەتێکی ناوەندی بەهێزی پڕچەک وسوپایەکی بەهێز بونی نەبوو، ناسیونالیزمی قەومی عەرەبی و ڕژێمی بەعسەکەی ڕوخێنرابوو، هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکانیش تازە پێیان دەخستە ناو دەسەڵاتەوە لە عێراق و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەبوو، ئێرانیش هێشتا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبوو لە عێراقدا، لە بەرامبەریشدا تەنها هێزێک کە یەک دەستترو جێگەو ڕێگەیەکی باڵادەستری هەبوو لەچاو ئەوانی تردا ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی کوردایەتی بوو کە چەپڵەلێدەرو دۆستی سیاسەتەکانی ئەمریکا بون و بۆ یەک دەیە زیاتر بوو، سەرەڕای شەڕی ناوخۆکەیان و ناکۆیەکانیان، لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدار بوون.

لەم هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەدا بوو کە دەستوری عێراق بەسەرپەرشتی پۆل برێمەر حاکمی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و مەجلیسی حوکم داڕێژرا. هەر بەهۆی ئەم فاکتەرانەوە بوو کە ناسیونالیزمی کورد بە پشتیوانی ئەوکاتی ئەمریکا توانی دەسکەوتێکی زیاتر بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا بۆخۆی بپچڕێت، وەک فیدڕاڵیەت لە جیاتی ئۆتۆنۆمی، بەشە بودجەی ١٧%، پۆستە سیادیەکان، مادەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان وبودجەی پێشمەرگە و دۆسیەی نەوت و… بەڵام ئەمرۆ ئەو هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەی ئەو کاتە کە بە قازانجی حیزبە کوردیەکان بوو گۆڕاوە و ئەمڕۆ هاوکێشەکە بەقازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی سیاسی شیعی شکاوەتەوە. ئەمریکا بەڕەسمی لە عێراق و ناوچەکەدا شکستی سیاسی و سەربازی خوارد و زۆر پاشەکشەی کردوە و بڕیاردەری یەکلا کەرەوە نییە لە ناوچەکەدا و ڕەقیبگەلێکی تری وەک ڕوسیا و ئەوروپای لەبەرامبەردا بۆ پەیدا بووە، ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەوپەڕی پەرتەوازەیی و دابەشبوندان و نوقمی قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی و ئابوری بون، لە بەرامبەریشدا حکومەتی ناوەندی و هێزە ئیسلامیە شیعیەکان و سوپا و میلیشیا چەکداریەکانی وەک حەشدی شەعبی لەڕوی سەربازی و چەک و جبەخانە و توانای شەڕکردنیانەوە بەهێزتر بون، بە تایبەتیش دوای کۆتایهاتنی شەڕی دژی داعش و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی داعش و ئیسلامی سیاسی سونی لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و پەلاماری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک وهەموو ناوچە جێناکۆکەکان بەپشتیوانیەکی بەهێزی ئێران، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی شیعی شکاندۆتەوە، ئێستا بەپشتیوانی ئێران و تا ڕادەیەکیش ئەمریکا هەم لەڕوی سیاسی و سەربازیەوە باڵادەسترن و خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانن و دەیانەوێ تەواوی هەلومەرجەکە و دەستورو یاساکانی وڵات بەقازانجی خۆیان بگۆڕن کە ڕەنگدانەوەی ئەم باڵانسە نوێە بێت. هەروەها دەیانەوێت لەڕوی یاسایی و دەستوریشەوە پاشەکشەی زیاتر بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا بسەپێنن. هەر بۆیە ئەم دەستورەی ئێستا وەک خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دەهێنن و بنەمایەک نابێت بۆ گفتوگۆو ڕێکەوتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردساتاندا هەرچەندە حیزبە کوردیەکان لە ئاکامی شکستی خۆیاندا جەختی لەسەر دەکەنەوە.

هێزە سیاسیە شیعیەکان هەر لە ئیستاوە پەیڕەوی لەبەندەکانی ئەم دەستورە ناکەن کە خۆی لە خۆیدا رەنگدانەوەی ئەم ئاڵوگٶڕوهێزهاوسەنگیە سیاسیە تازەیەی ئێستایە لە قەڵەمڕەوی حوکمڕانی و سیاسی و سەربازییدا. هەوڵە سەربازیەکان بۆ گەڕاندنەوەی کوردستان بۆ پێش ساڵی ٩١ و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنوریەکان، کەمکردنەوەی بەشە بودجەی کوردستان لە ١٧% بۆ ١٢% ، دەنگۆی مامەڵکردن لەگەڵ پارێزگاکان لە جیاتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکی فیدڕاڵی، دەنگۆی باسکردن لەهەموارکردنەوەی دەستور لە لایەن چەند لایەنێکی ئیسلامی شیعیەوە، هەڵبەت گۆڕینی دەستور تەنها لە پەیوەند بە کوردستانەوە نابێت بەڵکو تایبەت دەبێت بەسەرجەم پرسەکانی تری عێراقەوە هەر خودی هێنانەوە پێشەوەی قانونی جەعفەری لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و بەیاسایکردنی بە شودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵ لە راستای ئەم هەوڵانەدایە و نیشاندەری ئەوەیە کە دەستور بەمشێوەیەی ئێستای نامێنێتەوە.

بەڵام ئەوەی کە چەندێک دەتوانن لەم هەوڵانەدا سەرکەوتوبن ئەوە پەیوەندی هەیە بە زۆر فاکتەری سیاسی و سەربازی و بلۆکبەندی هێزە سیاسیەکانی جیهان و بەتایبەتیش ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە و ململانێ ناوخۆیەکانی ناو هێزە شیعیەکان و خودی ناڕەزایەتی خەڵک بەگشتی لەبەرامبەریاندا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانە من پێم وانییە بتوانن ئەوەی کە دەیانەوێت بۆیان بچتێە سەر.

هیوا ئەحمەد
11/11/2017




عه‌بادی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی مل ملانێ‌ بۆ ركابه‌ره‌كه‌ی داده‌گیرسێنێت….. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

عه‌بادی له‌ووتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌راوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌هاورده‌كردنی داعش بۆ ناو موسڵ، عێَراق سه‌رباری كێشه‌ ناوخۆیه‌كان و ماڵی لێكترازاوی شیعه‌ كه‌زه‌قترینیان كێشه‌ی نێوان مالكی و عه‌بادیه‌ له‌سه‌ر كه‌وتنی موسڵ، به‌ڵام له‌پرۆسه‌ی به‌ناو جێبه‌جێكردنی یاسادا بۆ خنكاندن و له‌باربردنی سیسته‌می حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان زۆر وریانه‌و پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌نیشانه‌ گرتنی كورد، شه‌ڕی داهاتویان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕێكی دیبلۆماسیانه‌یه‌و شه‌ڕێكه‌ له‌ڕوی سیسته‌می كارگێریه‌وه‌ به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ن و به‌چه‌كوشی یاسا له‌به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌روه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی به‌نیازن له‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی(2018)دا له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستاندا بكه‌ن، نه‌ك پێدانی به‌شه‌ بودجه‌ به‌ڕێژه‌ی له‌(17%)، له‌سه‌روبه‌ندی نزیك بونه‌وه‌ له‌كۆتایی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و سه‌ركه‌وتنی عێراق له‌شه‌ڕی داعش و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌دۆڕاوی شه‌ر بێگومان مه‌رجه‌كانی عه‌بادی زاڵتر ده‌بن و به‌زیوی شه‌ڕ له‌دانوستانیشدا هه‌میشه‌ لاواز ده‌رده‌كه‌وێت، تائێستاش هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی (2018) له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان شاندی ده‌بێت یاخود له‌داهاتودا په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات.

چه‌ند مانگێك پێش كۆتایی هاتنی ئه‌م كابینه‌یه‌ عه‌بادی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی مل ملانێ‌ بۆ ڕكابه‌ره‌كه‌ی مالكی داده‌گیرسێنێت، له‌ئێستادا عه‌بادی شانازیه‌كی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌كات به‌وه‌ی به‌ناوی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساوه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا گرتوه‌و به‌گوته‌ی خۆی پرۆسه‌كه‌ش تاكۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان و خاڵه‌ سنوریه‌كان و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌م پیاوه‌ ده‌رگای لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانی دژی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌تۆمه‌تباری كردون به‌كه‌وتنی موسڵ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی (2014)دا، چاودێره‌ سیاسیه‌كان پێیان وایه‌ لێدانی زه‌نگی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوداوه‌كانی موسڵ له‌لایه‌ن عه‌بادیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی خۆسازدانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایاری ساڵی داهاتوو به‌و پێیه‌ی تائێستا له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری دۆسیه‌ی كه‌وتنی موسڵ یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو له‌ژێر فشاری سیاسیدا وه‌ك ڕێفراندۆمه‌كه‌ی كوردستان سڕكراوه‌، له‌كاتێكدا به‌پێیی دۆسیه‌كانی دادكای باڵای تاوانه‌كان تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كه‌وتنی موسڵ مالكی و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای سه‌ربازین، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق زۆرێك له‌به‌ڵگه‌ی هۆكاری كه‌وتنی موسڵیان لایه‌ كه‌نه‌دراوه‌ته‌ دادگا، چونكه‌ زۆربه‌یان لایه‌نگری (مالیكی)ین ده‌یانه‌وێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ته‌واوی دابخه‌ن، له‌هاوینی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن (موقته‌دا سه‌در)ه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی ملیۆنێك واژۆ بۆ دادگایكردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی موسڵ و سپایكه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراو سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در خۆی یه‌كه‌م كه‌س بوو به‌واژۆكه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، ئاماژه‌كانیش له‌دادگاوه‌ وای بۆ ده‌چن ئه‌و دۆسیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا بجوڵێنرێت تۆمه‌تباره‌كانیش به‌پێی ماده‌ی (4)ی تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ركی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نزیكترین كاتدا ڕوو به‌ڕوو بونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بێت كه‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ بمانكاته‌ نیشانه‌ی مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌ناو یه‌كپارچه‌ی خاكی عێراق و سه‌روه‌ری یاساوه‌ هه‌رێمی كوردستان بگێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن.




پێویستبونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌پێناو قرتاندنی هیلاله‌كه‌ی شیعه‌دا … عیماد عه‌لی

دیاره‌ هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ دوارۆژێكی دوور له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆمان و كه‌نداو دا، له‌ نه‌هێشتنی سه‌قامگیربونی هیلالی شیعه‌ ( ئه‌گه‌ر وه‌ك ته‌كتیكیش بواری بده‌ن دروست بێت) و دروستنه‌بونی ئیمبراتۆریه‌تی فارسه‌، به‌و حه‌ده‌ی بواری نه‌ده‌ن به‌ ره‌هایی زاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م موقه‌ده‌راتی ناوچه‌كه‌و نه‌وته‌كه‌یدا، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی رۆژئاوا راگرتنی هاوسنگی هێزه‌.

گرنگترین و گه‌وره‌ترین هه‌نگاوی ئه‌مریكا له‌ مه‌ر عیراق و پشتگیری كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌مرۆی و پشت كردنه‌ كورد یان له‌مپه‌ر خستنه‌ به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ پێناو مانه‌وه‌ی عیراق و ته‌نانه‌ت به‌هێزكردنیه‌تی به‌و نیازه‌ی عیراقێكی به‌توانا و پر قودره‌ت و خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تیه‌كی دوور له‌ ئێران دروست بێت و رێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی هێزی ئیران و زاڵبونی بگرێت له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و، به‌و هیوایه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی عیراقی جیاواز به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌سێت و له‌و باره‌شه‌وه‌ چی له‌ خۆفه‌رزكردنی مالكی به‌ سه‌ر كورسی دا سه‌پاند، به‌ یارمه‌تی رۆژئاوا بوو كه‌چی دواتر گه‌رایه‌وه‌ بۆ باوه‌شی ئیران، ئه‌م ئامانجه‌ی بۆ نه‌هاته‌دی و ئه‌مرۆش عه‌بادی به‌هه‌مان رێره‌ودا ده‌روات و ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ نه‌هێلێت ئه‌و كاره‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ و، عه‌بادی میلیشاكانی حه‌شد له‌ چوارچێوه‌ی سوپا له‌ لایه‌ك رێكبخات و به‌شێكی تریان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و كلك وگوێ بكات و توانای سرینه‌وه‌ی ده‌سترۆیشویی ئیران هه‌بێت، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت رێگه‌ی كه‌م كردنه‌وه‌ی خۆسه‌پاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق بگرێته‌به‌ر. له‌و پێناوه‌شدا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مریكا چاوه‌روان نه‌كرا كردی و، كوردی له‌و باره‌وه‌ پشتگوێ خست و ئه‌گه‌ر بۆی بچێته‌ سه‌ر سبه‌یش ده‌سه‌ڵاتێكی تر یان ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ده‌ستكه‌وێت پشت له‌ خواسته‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ كوردستانی رۆژئاواش ده‌كات.

ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز پیاده‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر هه‌موو ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ی رێگه‌كراوه‌یی رۆیشتنی نه‌وت و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تره‌ له‌م ناوچه‌یه‌وه‌ و له‌و رێگانه‌ش كه‌ دیگرێته‌به‌ر:
*هه‌وڵدان بۆ مانه‌وه‌ی هێزی عه‌سكه‌ری ئه‌مریكی بۆ كاتێكی نادیار و یارمه‌تیدانی عیراق، بۆ مه‌یسه‌ركردنی سه‌قامگیریه‌ك كه‌ دوور بێت له‌ پشێوی و گێژاو، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ئامانجه‌كانی زۆرێك له‌ پێكهاته‌كانیش بێت و له‌ پێشه‌وه‌یان كوردیش.
*هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی زۆر وڵاتی ناوچه‌كه‌ و له‌ وانه‌ش ئه‌رده‌ن و تاراده‌یه‌ك میسر و سعودیه‌ و وڵاتانی كه‌نداو به‌ گشتی له‌ پێناو دیاری كردنی سنوری ئێران و نزیككردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان له‌ عیراق له‌ لایه‌كی تره‌وه‌.
*ته‌مێ كردنی توركیا به‌ پاراستنی هێزی هه‌سه‌ده‌ تا ماوه‌یه‌كی دیاریكراو و تاراده‌یه‌كی باش یارمه‌تیدانی عه‌سكه‌ری و سیاسیان تا ئه‌و كاته‌ی توركیا بگه‌رێته‌وه‌ توله‌ رێگای خۆی، وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ و ملكه‌چ بێت بۆ رۆژئاوا و، ئه‌گه‌ر بكرێت ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆش به‌ باكوری سوریا به‌ گشتی ببه‌خشێت نه‌ك كورد به‌ ته‌نها له‌ كوردستانی رۆژئاوادا.

ئه‌گه‌ر ترامپ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بكات كه‌ ناوه‌خۆی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌ۆرۆپاش نارازین و، رێككه‌وتنه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، قازانجێكی زۆری ده‌بێت بۆ هه‌ندێك لایه‌ن و، له‌و ناوه‌شدا پاش ئه‌وه‌ی ماڵیكردنی عه‌بادی بۆ ئێران یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی مالكی تا ئێستا له‌سه‌ر هه‌ردوو حه‌بله‌كه‌ یاری ده‌كات بۆ ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌ دواجار به‌ باشی ده‌رده‌كه‌وێت، كورد یه‌كه‌م لایه‌نه‌ قازانج ده‌كات و ئه‌وسا هه‌موو هاوكێشه‌كان یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌ و ته‌رازووی هێز به‌ ره‌هایی ده‌گۆرێت . ئه‌مرۆش وا به‌ره‌و كۆتاییهاتن به‌ داعش ده‌رۆین و هیچ پاساوێك له‌به‌رده‌م عه‌بادی دا نامێنێت بۆ به‌ كراوه‌یی هێشتنه‌وه‌ی عیراق وه‌ك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی ئیران ته‌راتێنی تێدا بكات و، ده‌سترۆیشویی و هاتن و رۆیشتنی قاسمی سوله‌یمانی و پێكهێنانی هێزی میلیشیای سه‌ر به‌ ئێران و هه‌ره‌شه‌كردن له‌ ئێسرائیل هه‌موو شته‌كان له‌ناوده‌به‌ن، بۆیه‌ رێگه‌كان تادێن روونتر ده‌بنه‌وه‌ و، هه‌موو ئامانجی ئه‌مریكا فه‌رزكردنی ئاشته‌واییه‌ له‌ عیراقێكی به‌هێز بێ له‌به‌رچاوگرتنی نیازی مه‌ڵاسدراوی شیعه‌ و هاوپه‌یمانێتی عه‌قیدی و مه‌زهه‌بیان، سه‌ره‌رای دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانێك به‌ هه‌وڵی ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی به‌ریتانیا و رازیبونی ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاوبه‌شه‌كانیان، كه‌چی تا ئێستا شكستیان هێناوه‌ له‌وباره‌وه‌ و ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كانیان نه‌پێكاوه‌.
بۆیه‌ قورسایی وه‌زعی كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م هاوكێشانه‌ به‌ دوو شت به‌ستراوه‌ته‌وه‌:
*خۆرێكخستنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی هاوكاری و هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستان و فه‌رزكردنی سه‌قامگیری وته‌بایی و وه‌لانانی ناكۆكیه‌كان وه‌ك ئه‌وله‌ویاتی گرنگ، سه‌ره‌رای شكسته‌كان تا ئێستاش هه‌ر لایه‌ك له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت و جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی هیچ شتێكیان له‌به‌ر چاو نیه‌.

* سه‌بر گرتن و ملنه‌دان بۆ داوكاریه‌ ناماقوڵه‌كانی عه‌بادی و هیشتنه‌وه‌ی پشكۆی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌ گه‌شاوه‌یی بۆ هه‌ر گۆرانكاریه‌كی چاوره‌وانكراو كه‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا رووده‌دات و، به‌ تایبه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و كاره‌ نهێنی و هاوپه‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و عیراق و پیلانه‌كانی بۆ ئه‌مریكا و هه‌مولایه‌ك روون ده‌بێته‌وه‌، نه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و تانه‌له‌یك دان و هۆكاری شكستی كاتی خستنه‌ پاڵ یه‌كتر و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حزبی و كه‌سی .
گرنگترین شت و خاڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌یلی عه‌بادی بۆ ئێران ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ خۆی له‌م هیلاله‌دا فه‌رز ده‌كات. له‌وێشدا جگه‌ له‌ هه‌وڵی برین و قرتاندنی هیلاله‌كه‌ نه‌بێت هیچ شتێكی تر له‌به‌رده‌م ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو و ته‌نانه‌ت توركیاش دا نامێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌وێشدا ناخ و بیر و حه‌قیقه‌تی ده‌سه‌ڵاتی عیراقیش بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ جارێكی تر ناگه‌رێته‌وه‌ باوه‌شی عه‌ره‌ب و له‌وێشدا دیسان جگه‌ له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی فه‌رزكردنی ستراتیجیه‌تی ئیمبراتۆریه‌تی فارس هیچ رێگایه‌كیان له‌به‌رده‌مدا نامێته‌وه‌. ئا له‌و كاته‌شدا هه‌مووهه‌له‌كان مه‌یسه‌ر ده‌بن بۆ هه‌موو بریارێكی كورد.

ئه‌گه‌ر ئه‌م نامه‌یه‌ی تیله‌رسون له‌ كاتی بریاره‌ ئازایانه‌ و راست و ره‌واكه‌ی ریفراندۆمدا وه‌رگیرابا، ئه‌وا رێگاكه‌ی ئێمه‌ش زیاتر ئاسانتر و رۆشنتر ده‌بوو. له‌ نێو ئه‌م هیلاله‌دا جگه‌ له‌ ئێمه‌ هیچ پێگه‌یه‌كی ئاسانتر نامێنێته‌وه‌ بۆ هیلال برین و نه‌هێشتنی به‌رده‌وامی و به‌ربه‌ست دروستكردن له‌ پێش به‌رژوه‌ندیه‌ گه‌وره‌كانی زلهێزه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ش .

ئیستاش نه‌چووه‌ بچێت، به‌رگه‌گرتن به‌م وه‌زعه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و رێگه‌ فراوان و ده‌رگا كراوه‌یه‌ی كه‌له‌ ئاسۆی نزیكماندا دیاره‌ . بێمنه‌تی ئێرانیش له‌م كاته‌دا له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌رژوه‌ندیه‌كانیانه‌ له‌م كاته‌دا. كاری كتوپری و خێرای پێویست به‌ تاكتیكی وڵاتان و ئامانج خوێندنه‌وه‌یان له‌ ئه‌ستۆی كورد و عه‌قڵمه‌ندانی كوردستانه‌ نه‌ك ئاڵوده‌بوانی كاری حزبی ته‌سك و كێبركێی نابه‌جێی ناوچه‌یی و حزبی، بێ بونی خه‌تی سوور و بنه‌مای جێگیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی . بۆیه‌ هیلالی شیعه‌ به‌ كوردستان نه‌بێت ناپچرێت و هیچ هۆكارێك و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌شنیه‌ كه‌ نه‌هێڵیت دروست بێت، مه‌گه‌ر لێدانی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌دیهێنانی ئامانجه‌گانی كورد ئاسانتر و نزیكتر ده‌كاته‌وه‌ .‌




سەدەیەکە شۆڕشێکم لە نێوخۆمدا هەڵگرتووە! … عەبدوڵڵا سلێمان- ( مەشخەڵ)


بەیادی سەد ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن
….

سەدەیەکە ئەگێڕمەوە چیرۆکی کەوتن و هەستانم
سەدەیەکە لەنێو زەریای تەنیاییدا هاوپشتیم و
کانیاوم بۆ وزەی خەبات و کەستانم
سەدەیەکە هاواری بەرزم لەسەرزار
هێزی ئەژنۆم بۆ هەنگاوی چارەنووسسازی کرێکار
سەدەیەکە من میلۆدی گۆرانییەکم بەسەر لێوی زنارەوە
گڤەیەکم لەسەر سینەو بەربەرۆکی کەنارەوە
لە پێدەشت بێ یان لەسەر چیا
ئاڵایەکم لەسەر دووندی خەباتی سوور دەڕوانمە چوارگۆشەی تاریکی دنیا
ورد دەبمەوە لەو پەرجووەی کۆیلەتی کرد بە ئەفسانە
لەو تێکشانە جوانانەی سینەی سەردەم کە هەناسەی تیا تاسانە
سەربردەم باڵندەیەکە لە ئاسمانی ژیانی چەوساوە نەبێ لێک نادا باڵ
من ئەو دۆسییە دانەخراوەم
هیچ خەونێکم نانێمە چاڵ
سەدەیەکە برینێکم سەردەکێشم بە حەوشە و ناوماڵی یەک یەکی کارگەران
دەبمە باسی سەر سفرە و نان
ئەو مۆتیڤەم هەر دەچمەوە لای لینین و دەبمە کتێبێ لە خەندە
دەبمە ئاوێنەی هەتاو و ئەو ئاسۆیەی کە ڕزگاری پێوە بەندە
سەدەیەکە من بەپێوەم بازووم وەک جاران بەگوڕە
بۆ تینوێتی دەمی ژیان
ڕوحم لێزمە بارانێکە و زۆر بەخوڕە
سەدەیەکە مژدەی پێچراوم لە هیوا
تروسکەی ئەو چلچرایەم تاریکی تار دەکا لە لووتکە و لەشیوا
سەدەیەکە پەنجەرەی هیچ تاسەیەکم نەبینیوە
ئاونگی ڕزگاربوون نەنێتە سەر دیدە
سەدەیەکە شیعرێکی ئەزبەرکراوم
وشەکانم هەتوانن بۆ زامی ژیانی ئینسانی ستەمدیدە
کە گوڵێک لە ئینجانەی هەوێنی خەباتی چینایەتی کرێکاران دێتە وەرین
من تووڕەییم سەردەکا و دەبێتە لافاوی ڕق و
نەعرەتەم دەنگ دەداتەوە بە پانتایی دونیای بەرین
سەدەیەکە بوومە بە چاو
بوومە بە خەون
بە کتێب و
بەهەتاو و
تروسکەی هیوام بەخشییەوە تاوەکو ژیان جوانتر بێ
تا زاری ئازادی بێ ترس ڕەوانتر بێ
سەدەیەکە دەریایەک فرمێسکی چاوەڕوانی و بێکەسیی
حەمامێک لە خوێنی جەنگ و
شارێک لە گۆڕستان بوون بە ناسنامەی سەفەرم
ڕێگاکانیان لێ قفل دام تروسکەی چاوانیان بردم
خۆزگەکانی دڵیان دزیم
دایان بەدەم ڕەشەبای ڕەشی خۆیان و قەت نەمردم
سەدەیەکە پەرجووی بوونم بەهارێکی نوێیە بۆ ژین
هەرچی ڕۆژە دادەگیرسێم گڕم بەردەبم لە تاوان
هەتا ئینسان هەموو یەکسان وەک یەک بژین
سەدەیەکە جریوەی باڵندەی ئومێدێکم گەورە
سێبەری ژێر کەپری هاوینم بۆ بازووی کرێکارانی جەربەزە
سەدەیەکە سەدای سروود و
هاواری یاخیبوونم لەلا بەرزە
لەهەناوی ڕۆژەکان تەمی سەر شۆستە و
کاژێڕی کارخانەی لێوار شارانم
لێزمەی بەهێزی بارانم
سەدەیەکە من لە بۆتەی باوەڕێکدا دەتوێمەوە
کە بەر لەوەی بەرپا ببم
نەبوو هێندە دەنگوباسی
لە ژینێکدا چاوم پشکوت
کە ئاسمانی لێوانلێوە لە غەدر و زوڵم و کەساسی
ئەمێستاکەش پەپوولەی پێکەنینی خۆم لەسەر گوڵی لێوی مناڵی کرێکار
ناگۆڕمەوە بە لێشاوێک قاقا و کێوێک لە زەردەخەنەی ژێردەستی
ماچی نەشمیلێکی ئاڵای سوور بەدەستی سەر جادەکان
دەکەم بە تابلۆی پڕ عەشقی شاری جوانی و خۆشەویستی
سەدەیەکە پەڵەی هەورم دووند و سەر لووتکەی خەباتی چەوساوەکانم گرتووە
لە ئاسمانە بەرزەکانی تێکۆشانا بە سەدان خۆزگەی جوان جوانم
بۆ نێو باخچەی دڵی ئینسان داگرتووە
بە پردی مەحاڵا سەرکەوتم و نەکەوتم
بووم بە دار و بووم بە ئاو و بووم بە لافاو
بووم بە خەون و دڵنیایی
وەکو ڕووبار لرفەم دەهات ڕام دەماڵی ستەم و غەدر و تەنیایی
شەقامەکانم ماڵی کرد شەپۆڵی هەستانێکی مەزنم دایە شان
هەر بۆ وەی ئازاد و یەکسان بین تەمەن و ژیانم بەخشییە خەبات و تێکۆشان

ئەیلوولی ٢٠١٧




شیلاقه‌ … سه‌ردار جاف

له‌ كام كونجی
مه‌ینه‌ته‌وه‌ هه‌ڵاتووی و
له‌ سۆراغی چی نوقم بووی …..!!
خه‌م به‌ره‌و كام ئه‌پارتیمانی سه‌وزی بردووی ..؟
باڵه‌كانت با به‌ زنه‌ی
چاوه‌كانم ته‌ڕته‌ڕ بن و
هیچ قانگ نه‌درێ
له‌ كام زه‌نوێرئاوای نامۆ سه‌رهه‌ڵگرتووی
دییه‌كانت ئێستا ئاشنای سه‌وزی دره‌خت و سروشته‌
كه‌چی ئازیز تۆ له‌ خه‌زان
خۆت ده‌رخست و دره‌نگ هاتی
ژاڵه‌ سه‌ر زاری ته‌نیوم
خورپه‌یه‌كی كه‌لله‌سه‌ر و تیلمی پلانی ئه‌و دڵه‌ی
له‌ سارایا رووتبوومه‌وه‌
ئه‌وكی وشكم ……….. تینوو ..تینوو …
له‌ خۆرئاوا هه‌ڵهاتیت و
له‌ ده‌مما ته‌ڕ وه‌ك نه‌باتی
ئه‌ی شیلاقه‌ جوانه‌كه‌ی من
زۆر ده‌مێكه‌ چاوه‌نواڕم
له‌ به‌هاران جوان ده‌بیت و
پاییزانیش باڵه‌كانت ده‌قرتێنی
ده‌زانی سه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌م گه‌رمایه‌ …….
چ ئاشوب و وه‌یشوومێكه‌
له‌ گه‌ڵ شه‌پۆلی ده‌ریادا ، مت مت ده‌بی و لرفه‌ت كپه‌
به‌ هه‌نسك و هه‌سته‌كانما روحی جوانت ده‌چرپێنی

12 / 11 / 2017
ئه‌ڵمانیا




کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوین …. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ڕووداوێکی مەزن لە هەر کوێی گۆی زەوی ڕووبدات ،بێگومان لە کایە جۆرواجۆرەکاندا گۆڕانکاری بەدووی خۆیدا دەهێنیت ،ئیدی چ لە خودی ژینگەی ڕوداوەکە یا لە دەرەوی ئەو ژینگەیەبێت . زۆر جار ئەم کاریگەریە پەلی هاوێشتوە بۆ نیو نەتەوەو خەڵک و دەڤەرەکانی جیهان .

شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی ڕوسی کە بەلشەفیەکان هەڵیانگیرسان و لینین داینەمۆ و سەرکردەی بوو، حکومەتی کاتی و ڕژێمی قەیسەری بنەماڵەی ڕۆمانۆفی لەبن هەڵتەکاند و بۆ هەتاهەتایە لەسەر شانۆی دەسەڵات دووری خستنەوە ،وە حیزبی بەلشەفی دەسەڵاتی گرتە دەست و حکومەتی شوراکان دەستبەکار بوو .

وەک چۆن [جۆن ڕید] نووسەری ئەمریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە نێوی {10 ڕۆژ جیهان لەرزی} ،لە ڕاستیشدا هەروابوو ،ئەو شۆڕشە جیهانی هەژاند و سەرمایەداری جیهانی خستە ترس و لەرزەوە ،هاوکات نەتەوە و چینە ژێردەستەکانی هۆشیار کردوەو بووە داینەمۆی تێکۆشان و ئاراستەی کردنیان، بەتایبەتی چینی کرێکارو جوتیاران.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەم ،ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵ و کاریگەری ئەم ڕوداوە مەزنە گەشتە زۆربەی دەڤەرەکانی جیهان.

هەر بۆیەش زۆری نەخایاند لە ژێر کاریگەری ئەو شۆڕشەدا لە کیشۆرەکانی جیهاندا ئەحزاب و بزافی مارکسی وچەپ درووست بوون.

بێگومان نزیکترین دەڤەر کە کاریگەری ڕاستەو خۆی ئەو شۆڕشەی لەسەر بوو کیشوەری ئەورپا بوو ، کە بە هۆیەوە لەزۆربەی وڵاتاندا حیزبی کۆمۆنیستی هاتنە دامەزراندن، یا خود ئەوانەی کە هەبوون لە ژێر ئەو کاریگەریەدا گەشەیان کرد و ڕۆڵیان لەسەر شانۆی سیاسی زیادی کرد .

گەرەکمە لێرەدا زیاتر تیشک بخەمە سەر کاریگەریەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ،کە بێگومان بەدەر نەبووە لە گەشتنی پریشکی ئەو ڕووداوە مەزنە پێی..

دەمێک ئەو شۆرشە ڕوویدا زۆربەی جیهانی ڕۆژهەڵاتی نێوین لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو .بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و قەیرانە هەمەلایەنەکانی خودی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەو دەوڵەتە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا دەژیا .

لەولاشەوە ئێران و بەشێکی بەرفراونی خاکی دیکەی دەورووبەری ئێران لەژیر دەسەڵاتی دەوڵەتی قاجاریەکاندا بوو.

نابی ئەوە لە یاد بکەین کە لە سەرتای سەدەی ڕابردووەوە ،ئەفکاری تەنویری لەرەحمی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی ئاینی و گەندەڵەوە لە هەندێک شوێن چەکەرەی کردبوو ،ئەوەیش بە هۆی چەوساندەوە و جۆرەها قەیرانەوە.
بەڵام ئەمانە زیاتر لە هەوڵدانی تاکەکەسی و گرووپی بچوکدابوون و نەبوونە بزافی ڕێکخراوەیی کاریگەر .

ئەمانەش چەند نمونەیەکن لەو هەوڵ و شۆڕش و سەرهەڵدانانە:
* شۆڕشی مەشروتیە لە تورکیا دژی سوڵتان عەبدولحمید 1909
* شۆڕشی دەستوری ئیران کە ساڵی 1912 دژی دەسەڵاتی قاجەریەکان
* پەیدابوونی حیزبی[ ئیتحاد و تەرەقی ]لە تورکیا 1912کە هەر هەمان حیزب پێشتر بە ناوی مەشروتیەکانەوە هەوڵی لادانی سوڵتان عەبدولحمیدیان دا.
پاشان ئەم حیزبە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ، بە تەواوەتی دەسەلاتی عوسمانی لاداو لە جیگەی دەسەڵاتێکی مەدەنی لە خاکی تورکیادا دامەزراند ،کەمال ئەتاتورکیش وەک سەرکردیەکی دیاری ئەو حیزبە دەسەڵاتی گرتە دەست.

دیارە ئەم بزافە مەدەنیەی تورکیا تا ڕادەیەک لای لینینیش قەبوڵکراو بوو، بەوەی کە دەسەڵاتێکی ئاینی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی عوسمانی لەناوبردو لە جیگەی دەسەلاتیکی مەدەنی دامەزراند . بەڵام لە ئاکامدا خودی ئەم دەسەڵاتەش بووە دەسەڵاتێکی سەرکووتکەرو دیکتاتۆر و چەوسێنەر.

* شۆڕشی عبدلرحمان کەواکبی 1902 مسر
* شۆڕش یا بزافی محمەد عەبدە 1905 مسر

*سعد زغلول مسر 1918-1919 سەرتا دژی عوسمانیەکان وپاشان دژی ئینگلیزەکان خەباتی کرد.
سەعد زەغلول جگە لەوەی بەشداری لە شۆڕشی عرابی کرد ،هەروەها جەمعیەی [تۆڵەی] یشی دامەزراند و پاشان حیزبی وەفد .

شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دژبە ئینگلیزو فەرەنسیەکان

* شۆڕشی شێخ مەحمود لە کوردستان و نامەکەی شێخ محمود بۆ لینین ،لە ڕێگەی کونسڵی ڕوسیەوە لە تەبرێز ساڵی 1922.
*شۆڕشی 20 لە عێراق[ثورە العشرین] و هەوڵدانی بڕێک لە ڕووناکبیرەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە. لە ڕیگەی بەسرەوە.
* شۆڕشی پاشای ئەترەش لە سوریاو لبنان دژ بە فەرەنسیەکان1925 .
دیارە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە بە ئیلهام و کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەیانهەڵنەدا ،بەڵام نکولی لەوە ناکرێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هاندەریان بووە لە بەردەوام بوون لەسەر شۆڕشەکانیان.

کاریگەری تاک و گروپە ڕووناکبیرەکانی دەڤەرەکە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر

دەتوانین کاریگەری ڕاستەوخۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە پەیدابوون و و بەرجەستە بوونی چەندین بزاف و گروپ و حیزبی چەپ و مارکسیدا هەست پێبکەین ،کە لە دوای شۆڕشەکەوە بە چەند ساڵێک لە دەڤەرە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی نیویندا سەریان هەڵدا.

*ئەم کەسە ڕوناکبیرانە کە پاشان بوونە نەواتی زۆرێک لە حیزبە شوعیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە متابعێکی بەردەوامی ئەو شۆڕشە بوون ، بەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشەکەیان وەردەگێرایە سەر زمانەکانی خۆیان،هاوکات خۆیان بەو ئەدەبیاتانە ڕۆشنبیر دەکرد.
دەمێک هەنگاوی یەکەمیان بەرو ڕێکخراوبوون لە حێزبێکی مارکسیدا نا، تا ڕادەیەکی لە ڕووی هزرو ڕیکخستنەوە ئەزموونیان پەیدا کردبوو.
چەند نمونەیەک

1. عێراق

چۆنیەتی درووست بوونی شانە مارکسیەکان لە عێراق بە کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە
* سەرتا لە بەسرە چەند ڕووناکبیرێک لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا شانەیەکی مارکسیان پێک هێنا ، لەوانە{عەبدولوەهاب محمود، سامی نادر، زکریا الیاس}

* هەر لەو دەمەدا لە بەغداش چەند ڕووناکبیرێک هەمان هەنگاویان نا ، کەسە ناودارەکانیان بریتی بوون لە حسین رحال، مستەفا علی، محەمەد ئەحمەد مدرس،

* لە ناسریەش چەند گەنجێک پەیدابوون کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرسام بوون، وەک [یوسف سلمان یوسف-فهد، ئەحمەد جمالدین، و زوبید ناوێک ] ئەم گرووپە دەستنووسێکیان دەردەکرد بە نیوی [الصحیفە] کە ناو بە ناو بڵاویان دەکردەوە .زیاتر هاوڕێ فهد سەرپەرشتی ئەم دەستنووسەی دەکرد .بۆ یەکەم جار درووشمی {ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن} یان لەسەر ئەم بڵاوکراوەیە نووسی.

* ئەم حەلەقاتانە توانیان جۆرەها بلاو کراوە و کتێب و ڕۆژنامەی تایبەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدەست بهێنن ،بەتایبەتی بە زمانی فەرنسی و ئینگلیزی
.سەرچاوەی ئەم ئەدەبیاتە شوعیانە بەندەری بەسرە بوو کە بەردەوام کەشتیوەکانەکانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکە لەوێ لەنگەریان دەگرت و هەندیک لەو کەشتیەوانانەش هەواڵی شۆرش و ئەدەبیاتەکانیان بەو ڕووناکبیرە عیراقیانە دەدا ،بەتیابەتی بەسراویەکان .

* هەروەها سەربازە هیندیەکانیش ئەوانەی کە لە نێو سوپای ئینگلیزدا بوون،
سەرچاوەیەکی باش بوون بۆ پیدانی زانیاری دەربارەی شۆرشی ئۆکتۆبەر .

* هاوکات لە سوریاشەوە بەقاچاخ ئەدەبیاتی مارکسیان پیدەگەشت،کەپێشتر لەلایەن مارکسیە سوریەکانەوە لە فەرنسیەوە کرابوونە عەرەبی.

* ئەو خەلیانەی ،بەغداد بەسرە ناسریە لە31.03.1934 دا لە قەوارەیەکی سیاسیدا بە نێوی[ لیژنەی لە ناو بردنی ئیستعمارو ئیستثمار] یەکیان گرت. کە عاسم فلیح بووە سکرتێری ئەو قەوارە سیاسیە. ئەوەبوو پاش ساڵێک ناوەکەی گۆڕدار بۆ [حیزبی شیوعی عێراق].

2. سوریاو لبنان

سەبارەت بە پەیدابوونی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی، ناسر الحدەی مێژوونووس دەڵیت: [بەهۆی کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری پرۆلیتاریای ڕووسیەوە ،بیرۆکەیەک لە ناو ڕووناکبیرانی لوبنانیدا پەیدا بوو کە قەوارەیەکی مارکسی درووست بکەن . ئەوەبو ئەو قەوارەیان درووست کردو ناویان نا {دیموکراتە شۆڕشگێرەکان} کە نمونەکەیان فرح انطوان، شبلی شمیل بوون.

* هەر لە لوبنان ساڵی ١٩١٩ ئەرمەنیەکانی ئەوێ بەتایبەتی ئەوانەی لە بەیروت دەژیان ،هاوبەندیەکیان پێک هێنا بە نیوی [عصبەسپارتاک] . هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆڕێزو خۆشەویستیان بوو بۆشۆرشی کۆیلەکان لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا ،بەسەرۆکایەتی سپارتاکۆس ،ئەمانە شوعی بوون و ئیلهامیان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە وەرگرتبوو . پاشان کە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان درووست بوو ئەم عەسبەیەش بوو بە بەشێک لەو حیزبە.

* لە هەمان سەردەمدا بڕێک لە شۆڕشگێرانی عەرەب لە دمشق کە خۆیان بەچەپ دەناسان،گۆڤارێکیان دەردەکەرد بە نیوی[الاشتراکیە} ساڵی 1912 .حلمی فتیانی سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازی بوو.

*هەر لەو دەمەدا هەندێک خوینکاری سوری و لبنانی لە فەرنسا دەیانخوێند ئەمانە لەڕێگەی حیزبی شوعیی فەرنسیەوە کە ئەویش بەدەوری خۆی پەیوندی بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هەبوو ،ئەو خوێندکارانە بەفکری مارکسی و بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئاشان بوون و ئەم فکرەیان هێنایەوە بۆ لبننان و سوریاو لە کۆتادا ئەم گەنجانەش بوونە بەشیک لە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان.

* بەر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری، سالی 1919 سەندیکایەکی کرێکاران لە لبنان درووست بوو ، بە نێوی[یەکیتی گشتی کرێکاران] ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد بە نیوی [ڕۆژنامەی کرێکار] .هەر ئەم پێکهاتە کرێکاریە لە پاشاندا بووە بناغەی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری کە لەگەڵ بزافە مارکسیەکانی دیکەدا یەکیان گرت .

* لە سوریاش سلیم خەیاط وەک مفکرێکی مارکسی، لەو کاتەدا چەندین بابەت و لیکۆڵینەوەی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مارکسیەت نووسیوە.

* بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت.
بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت، خالید بەگداش یەکەم مارکسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی نوێن کە [بەیانی شیوعی} لە فەرنسیەوە وەرگێرایە سەر عەرەبی .

*ئەوە بوو لە ئاکامی یەکگرتنی ئەو گروپ و سەندیکاو کەسایتیە مارکسیانەدا حیزبی شوعی سوری و لبنانی سالی 1924 دامەزرا .
کەسە ناودارەکانی ئەم حیزبە بریتی بوون لە {چالاکوانی سەندیکا ،فوئاد شمالی،ڕووناکبیر یوسف ئیبراهیم، ، وە لەسوریاش ناسر حدە ،فوزی زعیم،سلیم خیاط،خالد بەگداش، }
* لە کۆنگرەی 6 ی کۆمنترندا [ الاممیە الشوعیە] ساڵی 1928 فوئاد شمالی کە ئەمین عامی حیزبی شیوعی لبنانی بوو، وەک یەکەم شیوعی لە ولاتانی عەرەبیەوە بەشداری کرد .

3. مسر

* شاری ئەسکەندەریەی میسر کە هاوکات بەندەریێکی بازرگانی جیهانیەو تاڕۆژی ئەمڕۆش هەر وا ماوەتەوە . کۆمەڵیک گەنجی ڕووناکبیر تامەزرۆی زانیاری بوون دەربارەی شۆرشی ئۆلتۆبەر ،بۆیە زۆر جار دەچوونە بەندەرەکەو قسەیان لەگەڵ ئەو کەشتیەوانەن دەکرد کە لە روسیا یافەرنسا یا بەریتانیەوە دەهاتن ئەوانیش هەرچی زانیاری یا کتێب و ڕۆژنامەرو نامیلکە هەبوو بەزمانە جیاجیاکان نووسرابوون،دەیانبەخشیە ئەو گەنجانە .

*ئەوە بوو لە ساڵی 1922 حیزبی شیوعی مسری لە ئەسکەندەریە لەو گەنجانە درووست بوو کە کەسە دیارەکانی لەوسەردەمەدا بریتی بوون لە {جوزیف روزنتاڵ،حسنی الاعرابی،انطوان مارون، پاشان تەنزیماتەکانی قاهرە وباژێرەکانی دیکەی میسری گرتەوە.

4. تورکیا
دامەزراندنی حیزبی شیوعی لە تورکیا 1921

* مستەفا سوبحی بە دامەزرێنەر و سەرکردەو شۆڕشگێری حیزبی شیوعی تورکی هەژماردەکرێت.
ئەم کەسە سەرەتا کاری ڕۆژنامەگەری کردوە ، پەیامنێری چەندین ڕۆژنامەی تورکی بووە بەتایبەت دەمیک لە پایس بووە ،کەسێکی ڕوناکبیر و ئابوریناس بووە .

*ساڵی 1913 بەوە تاونبار دەکرێت کە ئەو محمود شڤیق پاشای کووشتوە .
بۆیە بە 15 ساڵ زیندانی حکوم دەدرێت .
لە زیندان ڕادەکات بەرەو ڕوسیا هەڵدێت .
* لەوێ سالی 1915 دەبێتە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک .
*هەر لەوێ پەیوەندی لەگەڵ سەربازە تورکە یەخسیرەکاندا پەیدا دەکات بڕێکیان بە فکری مارکسیەت ئاشانا دەکات .
* دامەزرێنەری ڕێکخراوی سۆشیالستی چەپی تورک بوو ساڵی 1918

* ساڵی 1919 بەیانی شیوعی لە ڕوسیەوە وەرگێراوەتە سەر تورکی

* ساڵی 1919 بەشداری لە یەکەم کۆنگرەی کۆمنترن کرد لە مۆسکۆ.

* ساڵی 1920 لە باکۆ لەگەڵ کۆمەڵیک تورکی نیشتەجێیی ڕوسیا و ئازربایجان حیزبی شێوعی تورکی دادەمەزرێنن ،کە جگە لە مستەفا سوبحی کە دەبێتە سکرتێری حیزبەکە ،کەسە دیارەکانیان بریتی بوون لە [ئەتهەم نەجات و ئیسماعیل هاکی ]

* هەر دوای ئەوە لە باکۆوە 15 شیوعی تورک دەگەڕینەوە بۆ تورکیا بۆ بەشداری لە جەنگی ڕزگاریدا کە ئەودەمە کەمال ئەتاتورک دەستی پێکردبوو.
* بەڵام لەوێ لە لایەن ئەتاتورکەوە محارەبە دەکرێن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە ، بۆیە ناچار دەبن بەرەو باکۆ بە باخرە بگەڕینەوە ،لە ڕیگا بە پلانی ئەتاتورک هەر هەموو 15 کەسەکە کە لە کەشتیەکدا بوون نغرۆ دەکرێن کە سەرکردە دیارکانی ئەو حیزبە بوون.
*ئەتاتورک بۆ ئەو مەسەلەیە وتبووی ئیمە پێوستمان بە حیزبی کۆمۆنیست نیە ،گەر پیوستمان بێت خۆمان درووستی دەکەین . جا هەر واشی کرد ،حیزبێکی شیوعی ئەتاتورکی دروست کرد.

5. ئیران
دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران

حیزبی توودەی ئێران ڕێکخراوەی سەرەکیی چەپ بوو لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا. ئەم حیزبە لە ساڵی1920 لە تاران دامەزرا. بناغەدانەرانی بریتی بوون لە کۆمەڵەیەکی 53 کەسی لە چالاکوانانی چەپخواز و ناسیونالیستی ئێرانی وەکوو: سلێمان میرزا ئەسکەنەدری، ئیرەج ئەسکەندەری، بۆزۆرگ عەلەوی، ئێحسان تەبەری، خەلیل مەلەکی، فەرەیدوون کەشاوەرز، عەبدولحوسەین نووشین و رەزا ڕادمەنەش. ئەمانه زۆربەیان له سەردەمی دەسەڵاتی قاجەریەکان و پاشانیش ڕژێمی شاهەنشاهی ئێرانیەوه ، له زیندان بوون یا لەژێر چاودێریدا بوون. هاوکات نووسەر وەرگێڕی کوردیش محەمەد قازی یەکێک له ئەندامانی حیزبی تووده بوو.
پەیدابوونی ئەم حیزبەش دیسان پەیوەستە بە ئەو هەوڵومەرجەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری تێدا ڕوویدا.
لەو دەمەدا و بە یەک دووساڵ هەواڵی ئەو شۆڕشە بە چەند جۆرێک گەشتە نێو بڕێک لە ڕووناکبیرانی ئیران ،بەتایبەتی خوێنەورەکانی زانگۆی تاران. هەوالەکان لە ڕێگەی ئازربایجانەوە دزەیان دەکرد بۆ تاران ، ئەو هەواڵانە زیاتر دەمی یا نامیلکەی بچوک بوون کە پێشتر وەرگێرابوونە سەر زمانی ئازەری و پاشان دەکران بە فارسی .
*سەربازە ڕووسەکانیش کە لە بەشێک لە خاکی ئێراندا بوون ، ئەمانە بەر لەوەی بەفەرمانی لینین لە ئێران بکشێنەوە، هەوالی شۆرشی ئۆکتۆبەریان پیدەگەشت . ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە دەیانگەیاندە ئەو ئیرانیانەی کە تامەزرۆی ئەو جۆرە هەواڵانە بوون.

کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد ،بەتایبەت کوردانی باشوور

دکتۆر کمال مەزهەر لە کتێبێکیدا بە نێوی[کوردستان پاش جەنگی جیهانی یەکەم] لە بڕگەیەکدا ئاماژە بە نامەیەکی {مێجەر سۆن} دەکات کە حاکمی سەربازی ئینگلیز بووە لە سلیمانی .نامەکە ساڵی 1919 نووسراوە ،بۆ مندوبی سامی بەریتانی ناردوە لە بەغدا کە تێدا دەڵێت[ لێرە لە سلیمانی زۆرێک لە گەنجەکان بە ئاشکرا پرەپاگەندە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەن].

هەروەها ئەحمەد خۆجە لە کتێبەکەیدا بە نیوی {چیم دی} ،دەڵێت. چەند منەوەرێک لە سلیمانی پەیدا بوون کە کاریگەرن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،وە بڵاوکراوەیە دەردەکەن بە نێوی[پریسک یا پروشک] کە وەرگێراوی وشە ڕوسیەکەیە بە نێوی { ئیسکرا}.
ئەم قسانەی ئەحمەد خۆجە تا ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکەوە ڕاستی و دروستی نەسەلمینراوە .بەڵام ئەوەی دکتۆر کەمال مەزهەر کە ئاماژەی بە نامەکەی میجەر سۆن کردوە ، ئەو نامەیە لە ئەرشیفی بەریتانیدا بوونی هەیە.
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیش کاریگەر بووە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،بەڵام ئەو کاریگەریە نەبووەتە بناغە بۆپەیدابوونی بزافێکی مارکسی ،وەک ئەوەی لە بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێویندا ڕوویدا.




( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

شیعر و فەلسەفە دوو چەمکن پەیوەندی بەهێز و توندوتۆلیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، زۆرجاران وەک دوو هێڵی تەریب هەندێکجاریش پێجەوانە و دژ ، پەیوەندییەکە تا ئاستی ئەوەی ، هەندێکجار شاعیران بیرۆکەی فەلسەفی لە نێو شیعرەکانییان بەرجەستە دەکەن ، یان هەندێک لە فەیلەسوفەکان بە زمانی شیعر بابەت و فەلسەفەکانییان دەنووسنەوە ، هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران هاوڕانین لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا و پێیانوایە ، شیعر و فەلسەفە لە دوو کایەی تەواو جیاواز ئیش دەکەن و نابێت تێکەڵاوی یەکترییان بکەین ، بە مانایەک ، لەگەڵ بە ( شیعرکردنی فەلسەفە ) و یان ( بە فەلسەفەکردنی شیعردا ) نین .
ئێمە لەم وتارەماندا ، هەوڵدەدەین لە ڕووبەرێکی فراوان باس لە شیعر و زمانی شیعر و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعردا بکەین ، لەم ڕاستایەش ، وەڵام بە زۆرێک لە پرسیار و ناڕۆشنییەکان بدەینەوە . بەر لەهەرشتێک ، شیعر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە ، لە سەردەمی ( سۆمەرییەکان ) دا ، ( داستانی گلگامێش ) ، وەک دەقێکی زۆر کۆنی شیعری بە فۆڕمی ئیپیک نووسراوە ، دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین ، بەڵام بە بڕوای من ، مێژووی شیعر لەم بەروارەش کۆنتر و دێرینترە ، مێژووی شیعر / دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی مرۆڤ ، پێش پەیدابوونی نووسین ، لەوکاتەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی پەیدا کرد ، توانای ئەوەی پەیدا کرد ، لە ئاکامی بیرکردنەوە بە نێو خەیاڵدا ڕۆبچێ ، یان قسەبکات و گۆرانی بڵێ ، لەوکاتەدا شیعر پەیدا بووە .. بەڵام ، لەم وتارەماندا کاری ئێمە ساغکردنەوەی مێژووی شیعر نییە ، لێرەدا واز لەم مێژووە کۆنە دەهێنین و لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکەین .. لە سەردەمی یۆنانی کۆن ، شیعر دوو جۆر بووە ،

یەکەم / شیعری ئیپیک
دووەم / شیعری لیریک

ئەم دوو جۆرە شیعرەش ، دوو جۆر لە فۆرمی شیعرین ، ( ئیپیک ) فۆڕمێکە بەم جۆرە شیعرە درێژانە گوتراوە ، کە چیڕۆک و ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتە تراژیدییاکان و مێژوویەکانی پێنووسراوەتەوە ، پێشەنگی ئەم فۆڕمە شیعرییەش ( هۆمیرۆس ) بووە ، کە لە سەردەمی ( سەرەتای سەدەی هەشتەم و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایین ژیاوە ) باشترین دوو دەقی هۆمیرۆس ( ئەلیادە و ئۆدیسە ) ن کە بە فۆڕمی ئیپیک نووسراون .. هەروەها ( لیریک ) / بەمجۆرە شیعرانە دەگوترێن ، کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی مرۆڤ دەکەن . بۆ شێوازێکی ڕۆمانسییانە و بە زمانێکی سادە و لەزەتبەخش و ئیرۆسییانە ، بە هارمۆنی و مۆسیقایەکی هەست بزوێن .

پێشەنگی شیعری لیریکیش ( ئارکیلۆکەس و سافۆ و ئالکمان و ئالسییەس ) بوون ، ( سافۆ ) ژنە شاعیرێکی نێوداری شیعری لیریکە و لە مێژووی شیعردا ، بە یەکەمین شاعیری ( مێ ) دەژمێردرێ . دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەی یۆنانی کۆن ، سەردەمی زێڕینی شیعر بووە . زمانی شیعر لەم سەردەمەدا ، زمانی فەلسەفە و مەعریفە و زمانی ئایین و بە کورتییەکەی / زمانی دەربڕین بووە .. لەم سەردەمەدا ، شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکانییەوە ، واتە ( کۆمێدی و تراژیدییەوە ) لە هەناوی شیعردا پەیدا بوون .

ئەوەتا هەردوو فەیلەسوفی ناودار ( ئیپمادۆکلیس و پارمەنیدس ) ، لە سەدەی پێنجەمی پ ز ، بە شیعر بۆچوونە فەلسەفییەکانییان دەربڕیوە و کاریگەرییان لەسەر شاعیراندا هەبوو ، بەڵام هەردووکییان لە بنەڕەتدا ، فەیلەسوف بوون نەک شاعیر ، هەروەها دوو کەسایەتی دیاری نێو فەلسەفەی کۆنی یونانی بوون ، بۆ نموونە ، ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی دەربارەی چوار پێکهاتەی سەرەکی گەردوونی بوون وەک / ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) لە هەمانکاتیش ، شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و سۆفۆکلێس ) ناوەڕۆکی فەلسەفییانەیان هەبوو ، هەر لەم سەردەمەدا ، زۆرێک لە فەیلەسوفان قسەیان لەسەر شیعردا کردووە ، ( ئەفلاتوون ) لە ڕاستای بۆچوونە میتافیزیکی و ڕامیارییەکانیدا لە جەوهەر و چۆنییەتی هونەر و شیعری کۆڵیوەتەوە و قسەی لەسەر کردوون ، شیعری بەکردەیەکی لاساییکرنەوە پێناسە کردووە ، بە بڕوای ئەو / هەر هونەرێک مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا بکات ، مامەڵە لەگەڵ فیکر و عەقلدا نەکات ، بە هونەرێکی ئاست نزم پێناسەی دەکات ..! بەڵام ( ئەرستۆ ) بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی بۆ شیعر جیاواز بوون ، هەروەک لە کتێبی شیعر باسی دەکات ، ئەرستۆ پێیوانییە کەوا شیعر ، لاساییکەرەوە و کتومت کۆپی جیهانی دەرەوە بێت ، ئەگەر نا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شاعیران و مێژوونووسان نەدەبوو ، مێژوونووس ئەوانە دەنووسێتەوە کە ڕوویانداوە ، مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات ، بەڵام شاعیر ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە یان دەکرێ ڕووبدەن ، بەمانای / ڕووداوەکانی شاعیر بیریان لێدەکاتەوە یان دەیەوێ قسەی لە بارەیان بکات ، پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە ، ئەمەش جیاوازییەکی ترە لەگەڵ مێژوونووس ، دەربارەی ئەم تێڕوانینەی ( ئەفلاتوون ) کەوا ، شیعری لە ئاستێکی نزم بینیوە و بە کردەیەکی لاساییکردنەوەی داناوە ، بە جیا لەم جیاوازییانەی ( ئەرستۆ ) کە باسی کردوون ، شیعر بەم شێوەیە نییە کە ئەفلاتوون باسی کردووە ، ڕەخنەگرتن لەم جۆرە بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە بۆ ژیان و شیعر ، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕەهەندی جیاواز ، یەکێکییان / ڕەهەندی ( ئۆپۆلۆن ) ییە ، کە تەعبیرە لە خودای هێورکەرەوە و مەنتیقییەت و بە سیستەماتیککردنی شتەکان ، کە ئەفلاتوون و زۆرێک لە فەیلەسوفیتر ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە ، ئەویترییان ڕەهەندی ( دایۆنسیزم ) ییە ، واتە خودای هونەر و لەزەت و خۆشی و بایەخنەدان بە عەقل ، ئەم ڕەهەندەش ( فرێدریک نێچە ) و زۆرێک لە فەیلەسووفانی دوای نێچە ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە .

بۆ نموونە / نێچە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت ) یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە .

( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردوەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە ) یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی نێچە جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی تر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام نێجە ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە .

شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بەوە کردووە کە ، زمان چ سیعرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی مرۆڤی باڵا بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای نێچە کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کەلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانی تر بن .. لای نێچە بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جوولێنەری خۆت بی ، جوولە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخولقێنی .

نێچە لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) . نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای نێجە ( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) نێجە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان تێکبشکێنن و بەهاکانی ئایین و کەلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەهاکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێجە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شیوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێجەی پێ داناسرێتەوە ، نێجە لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستیان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای نێچە بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ .

دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، کە دوایی دێینە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکان ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێجە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێتجە ، شاعیرێکی جیاواز دا ) .. کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی نێجە و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە و ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، نێجە شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێتجە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گووت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! نێچە کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کەلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، نێچە بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . نێچە لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .

ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، نێچە بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو ، لێرەدا نێچە باس لە مرۆڤی باڵا دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن ، ئەو پێی وایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرز و خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و بەس خۆیانن و بەس ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .

هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، بێوچان و نەسرەوتن ، نێچە ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، نێچە لە شوێنێک دەڵێ ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!

نێچە لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێی دەهێڵم پشکۆیە :
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!

بێگومان ، لە نێو بیری نێچە مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . نێچە بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێک نزیک بکاتەوە .

( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە . ئەمەش بۆ هایدگەر گرینگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، هایدگەر بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ڕاستی بوون دەربخات . پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا دەڵێ ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەرە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە ( بوون ) بە گشتی بگات .
شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ هایدگەر زۆر گرنگ بووە ، واتە مرۆڤ خۆی لەگەڵ کات ، یان بوون و کات . بۆیە لای هایدگەر شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکان دا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات . بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت سروودەکانی هۆڵدەرلین و شیعرەکانی دانتی و گۆتە و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین . هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنە بوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) .هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم نامۆبوونەی مرۆڤ هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتە جێ دەبێ ) ، هایدگەر لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسین و ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە زمانی شیعر هێزی ئەوەی تیایە بۆ ناسینی بوون و سروشتی مرۆڤ . هەربۆیە لای هایدگەر و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند شاعیران وەک مرۆڤی گەورە یان وەک خوداوەندێک دەیان بینن ، بەڵام خودایەک لەسەر زەوی کە بیردەکەنەوە و بوونیان هەیە .

کاتێک هایدگەر پێیوابووە کە ، شیعر بەرهەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە دیارە ئەمە لەخۆڕانەبووە ، شیعر زمانی خواداکان و پەیامبەرەکانیش بووە ، زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بە زمانی شیعر نووسراون ، یان زۆرێک لە حەدیس و وتەی بیرمەندەکان شیعری بوون . هەر لە پەیوەند نزیکایەتی شیعر و فەلسەفەوە ، شیعر پێکهاتەیەکە لە هەست و سۆز ، هەست و سۆزیش ڕەهەندێکی دەروونییان هەیە ، بۆیە دەروونزانی چی وەک فەلسەفە یان زانست ، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شیعردا هەیە ، ئەدەب و شیعر لای ( سیگمۆند فرۆیید ) بەرهەمی هەستی بێئاگایین . بۆیە لای وا بووە / شاعیران وەک منداڵ وان چونکە ، بەشە گرنگەکەی مێشکیان لەژێر کاریگەری نائاگاییدایە ، ( فرۆیید ) مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە ، تەواو لە ژێر کاریگەری بێئاگاییدایە ، جلەو بۆ ئارەزوو و غەریزەکانی شل دەکات ، بە بێ گوێدانە زروف و باری مەوزوعی و دەرەوە ، لەگەڵ خەون و ئارەزووەکان و دنیای خۆیدا ڕووبەڕووە ، مێشکی منداڵیش تەواو لەژێر کاریگەری ئەو بەشەدایە ، شاعیرانیش بەهۆی گرنگیدان و ئیشکردنیان لەسەر هەست و غەریزەکانیان تەواوی دەکەونە ژێر کەریگەری ئەو بەشەی مێشک ، لە کاتی نووسینی هەر دەقێک ، باری دەروونی نووسەر ، لە ڕێگەی زمان و هێما و میتافۆرەکاندا ، سایە دەکێشێ بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک سایکۆلۆژییەتی دەق پێکهاتەیەکی گرینگە ، هاوکات سایکۆلۆژییەتی خوێنەریش لەم نێوەدا گاریگەری دەبێت ، بە مانای / هەر دەقێک دەبێتە پردێک لە نێوان ساکۆلۆژییەتی نووسەر و سایکۆلۆژییەتی وەرگر ، بۆیە هەندێک لە دەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لای خوێنەران دەمێننەوە و ئارامی و لەزەت و چەشەیەکی تایبەتییان پێدەبەخشن ، هەندێجاریش پڕیان دەکەن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار .

هەروەها ( جولیا کریستیڤا ) ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش و ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەبیندرێن . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ، شیعر و فەلسەفە چەند لە یەکەوە نزیکن ، وەک دوو توخمی هاوتەبا لەگەڵدا یەکدا زۆربەی کات تەریب دەڕۆن ، دوای پێشاندانی ئەم ڕووبەرە نزیکایەتییە هەوڵدەدەین ، لێرە بەدوا ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانییان بکەین لە هەمانکات ، خاڵە دژ و ناتەباکانیش .. بۆ نموونە / چی شیعر چی فەلسەفە ، هەردووک بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناتوانین پێناسەیان بکەین . ناتوانین بازنەیان بە دەوردا بکێشین و لە چوارچێوەیان بدەین . هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەردووکیان لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکەن ، ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیان بینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

هەروەک لە کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ ) دا هاتووە و دەڵێ .. ( ناتوانین فەلسەفە پێناسە بکەین ، ئەمەش هێمای بە کەمال گەیشتنی فەلسەفەیە ، یان دەڵێ / دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ فەلسەفە ، ئەمە سنووردارکردنی فەلسەفە دەگەیەنێت …! ) . ئەم قسانە بۆ شیعر و بۆ مۆسیقا و بۆ عەشق و بۆ هەموو چەمکە گەردوونییەکان هەر ڕاستە و لە ڕووی پێکهاتەییەوە هەمان بنیاد و بوونییان هەیە . خاڵێکی تر ، دەبینین زمان ئەو توخمە هاوبەشەی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . زمان ئەو ڕووبەرە بەرین و فراوانەیە کە تیایدا ، شیعر و فەلسەفە یان مەعریفە و ئەدەب بە گشتی تیایدا گەشە دەکەن ، لە نێو ئەم رووبەرە ئەفسووناوییە ، گەڕانەکان و داهێنانەکان و گەمە زمانەوانییەکان و پرسیارەکان دێنە بوون و گەشە دەکەن . زمان ئەم بنیادە بنەڕەتییەیە ، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ مەعریفە و کلتووری هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک .

دەتوانین ئاستی وشیاری و پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە زمانەکەیەوە ببینین . زمان توخمێکی سەرەکییە بۆ دەرخستن و کرانەوەی دیوە شاراوەکان و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ ، هەروەها پردێکە بۆ پەیوەندی غەریزە و بارە دەروونییەکانی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوەی خۆی ، یان ناوەوەی دەق بە دنیای دەرەوە . لێرەدا دەبینین ، شیعریش وەک فەلسەفە ئیش لەسەر مرۆڤ دەکات ، یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە شتەکان و هەبووەکانی دەرەوە وەک ، خودا ، سروشت ، کۆمەڵگە ، کەلتوور ، ئایین ، هەتادوایی .. ! خاڵێکی تر / پرسیار توخمێکی تری هەوبەشی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . شیعر یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی گومان و پرسیارە لای خوێنەر ، یان زۆرجاران ، لە ڕێگای پرسیارەوە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی قووڵتر پێشان دەدات .

فەلسەفەش بە هەمان شێوە ، ئیش لەسەر پرسیار دەکات . هەر لە هەمان کتێب لە( سەرەتاکانی فەلسەفەدا ) هاتووە و دەڵێ ( فەلسەفە مانای بەردەوامبوون لە پرسیار دایە .. ، فەلسەفە لە بنەرەتەوە لە ڕێگای پرسیارەوە دەبێ بە فەلسەفە ، یان لە شوێنێکی تردا دەڵێ / فەلسەفە بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش وڕوژاندنی پرسیارە … ، کەواتە فەلسەفە پرسی مرۆڤەکانە لەسەر بابەت یان دۆخێک تەنانەت رووداوێکیش …! ) . هەروەک فەلسەفە ، پرسیار لە نێو ڕووبەری دەق و زمانی شیعردا ، جێگا و شوێنێکی گرنگی هەیە بە تایبەت ، لای قوتابخانە ئەدەبییەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە ، بۆ نموونە / لە ستایلی شیعری پۆستمۆدێرنی ، پرسیار پێکهاتەیەکی گرینگە لە پاڵ / پارادۆکس و گەمەکردن بە وشە و تەواوی پێکهاتە و تەکنیکە شیعرییەکانی تر ، هەروەها لە شیعر و فەلسەفە دا ، مرۆڤ چەقی ئیشکردن و ناوەندی ئامانجە ، چی شیعر چی فەلسەفە ، لە پێناو مرۆڤ هاتوونەتە بوون .

لەگەڵ هەموو ئەم خاڵە نزیک و هاوبەشییانەدا ، دەبینین لە هەندێ شوێن / فەلسەفە و شیعر ، دژ و ناتەبا دێنەوە ، یان بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕٶن . بۆ نموونە شیعر ئاماژە بە بوون دەکات بەڵام ، شڕۆڤەی ناکات ..! یان لە توانایدا نییە شڕۆڤەی بکات . شیعر وەک فەلسەفە ناتوانێ لە بوون بکۆڵێتەوە و قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بکات . هەروەک بە پێی بیرکردنەوەکانی ( مارتن هایدگەر ) شیعر وەکو فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زمانەوە هەیە ، کە شێوازێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دەربڕینی ڕاستی بوون ، لێرەدا زێتر ئەوە دەبینین کە شیعر تەنها ئاماژە بە بوون دەکات ، بەدوای شڕۆڤە و سەلماندنی ڕاستییەکاندا ناگەڕێت ، زێتر ئەمە کاری فەلسەفە و زانستەکانن .. ئێمە گوتمان زمان ڕووبەر و توخمێکی هاوبەشە لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ، لە هەمانکات / ناوەندی دەربڕێن و داهێنانەکانە . بەڵام ڕوونکرنەوە و شڕۆڤە کردن و دەربڕینی ڕاستییەکان لە فەلسەفەدا ڕاستەوخۆیە ، واتە فەلسەفە دوور لە کۆد و هێماکان بە زمانێکی ڕووت و ڕەوان لە شتەکان دەدوێت ، بەڵام شیعر لەسەر میتافۆر و ئاماژە و هێماکان ئیش دەکات ، بە دیوێکی تر / دەتوانین بڵێین لە شیعردا دەربڕینی مەبەست و ئامانجەکان ناڕاستەوخۆن . ئەمە یەکێکە لەو جیاوازییە سەرەکییانەی نێوان شیعر و فەلسەفە ، بۆیە ناتوانین هەردووک بکەین بە خاوەنی یەک شوناس . پرسیاریش ئەم توخمەیە جگە لە بوونی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا بەڵام ، بەدیوێکدا دەتوانین هەر لەنێو ڕووبەری پرسیاردا ، جیاوازی لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ببینین چونکە ، شیعر وەکو فەلسەفە لەسەر پرسیار ئیش دەکات و پرسیار دەوڕوژێنێ ، بەڵام / بە دوای وەڵام بۆ پرسیارەکاندا ناگەڕێت …!

تەمووزی ٢٠١٧

——————–
_ سەرچاوەکان :

١/ کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ )
نووسینی / پرۆفیسۆر مەحمود خاتەمی .. وەرگێڕانی / سەعید کاکی
٢/ کتێبی ( نێچە فەیلەسووفێکی بەرزەفڕ )
نووسینی / حەیدەر عەبدوڵا
٣/ کتێبی ( شیعر و ئەرستۆ ) .. وەرگێڕانی / د. محەمەد کەمال
٤/ وتاری ( هایدگەر و ئەنتۆلۆگی شیعر ) .. د. محەمەد کەمال
گۆڤاری شیعر ژمارە ١ ساڵی ٢٠١٦
٥/ دیمانەی ڕۆژنامەی ( هاوڵاتی ) لەگەڵ د. محەمەد کەمال / بەشی پێنجەم
٦/ کتێبی ( philosophical classics ) Editor By: James M. Russell
٧/ کتێبی ( prominent Greeks of Antquity their Live and works )
٨/ کتێبی ( Greek mythology and Religion )
٩ / چەند سەرچاوەیەکیتری ئەنتەرنێت دەربارەی شیعر و فەلسەفە .




ئایا مەسعوود بەرزانی پێشمەرگەیە؟ … کارا فاتیح

زۆر جار و لە بۆنەی جیاجیادا مەسعوود بەرزانی دەڵێت من پێشمەرگەم و هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، ئەمەیش زۆر كەس وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی تێی دەگەن، كە دەیەوێت لە ڕێی فریودان و جووڵاندنی هەستوسۆزی خەڵكییەوە، هێزی ئیقناع و ڕەزامەندی و خۆشەویستی لە پانتایییەكی زۆر و لە ئاستێكی میللیدا بۆ خۆی ڕابكێشێ و بەهێز و مسۆگەری بكات، هاوكات دڵی ئەو ئینسانەیش خۆش و بۆ ڕێگەكەی كە پێشمەرگایەتییە بەجۆشتر بكات كە سەرۆكەكەی وەلائـ و هەستی شانازیكردنی وا بە لای ئەوەوە، بەڵام پێی وایە ئەرك و لێپرسراوێتی و هەوڵ و خزمەتە زۆرەكانی بواری پێ نادەن شەو لەگەڵ ئەم لە سەنگەردا ڕۆژ بكاتەوە و، گەرماوسەرما بچێژێت و پاسەوان بێت و شەڕ بكات، دەنا كردوونی و دەیانكات.

ئەم وتە هەمیشەیییەی سەر زاری مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) لەوێوە وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی لێی دەڕوانرێت، كە زۆر كەس بە حەقیقەتی نازانێت و، جیاوازیی بەرزانی و پێشمەرگە وا لێك دەدەنەوە، پێشمەرگە ژیانی خۆی دەكات بە قوربانی، بەڵام بەرزانی هەموو شتێك دەكات بە قوربانیی خۆی، پێشمەرگە بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە بەشێكی زۆر یان هەموو خۆشیی ژیانی لێ حەرام بوە، بەڵام بەرزانی كە دەڵێ پێشمەرگەم، هەموو خۆشییەكی ژیانیشی بۆ حەڵاڵە.
گەر پشتی ئەم وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بپشكنین، تێ دەگەیین كە هێندەیش فریودەرانە نییە و بڕێك حەقیقەتی تێدایە، واتە بەڵێ ڕاستە بەرزانی پێشمەرگەیە، ئەویش بە بەڵگەگەلی وەك:

1- ئایدیۆلۆژیا: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەكن بە قەولی ماركس بریتییە لە هۆشیارییەكی هەڵە، ماركس لێرەدا میتافۆڕی ئاوەژووكردنەوەی ئایدیاكانی دەوروبەر بە كار دەهێنێت، بە پێی ئەم تەفسیرە ئەوەی لە دونیادا ڕوو دەدات لە ڕێی هەڵسەنگاندن و تەسەورێكی خەیاڵییەوە دەشێوێنرێن بە خراپی و هەڵە دەدرێنەوە بە دەرەوە، واتە ئایدیۆلۆژیای بەرزانی و پێشمەرگە، هێزی مسۆگەركردنی ڕەزامەندیی كۆمەڵایەتیی نییە بۆ ڕێكخستنی تاك و پتەوكردنی پایەكانی سیاسەت و كۆمەڵگا و بەهێزكردنی مەعنەویەتی نەتەوە.

2- فیكر: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە مرۆڤگەلێكی سیاسیی بێ فیكرن، فیكر لای ئەمان لە كایەی سیاسەت كراوەتە دەرەوە یان هەر ئامادە نەبوە، بۆیە دەبینین تا ئێستا هیچ تێز و هزرێكی سیاسییان نییە و ناتوانین بڵێین ئەمانە كە سیاسین لە سەر ئەم فیكرە كار دەكەن و وەك زانستێك كاریان لەگەڵ سیاسەتدا كردوە، بۆیە لە مێژووی دوورودرێژی كار و بەرزكردنەوەی دروشمی جیاجیادا لە بارەی كوردایەتی و ناسیۆنالیزم و هەوڵدان بۆ ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەبینین شتێكی ئەوتۆیان نەكردوە و لە ناو بازنەیەكدا خولاونەتەوە، ئەوەیشی بە دەستیان هێناوە، هەموو ساتێك ئەگەری هاتنەوەیان بۆ سەر خاڵی سفر هەبوە و هەیە.

3- زمان: كە فیكر نەبوو یان لاواز بوو، بێ گومان زمانیش توانای تەعبیری نامێنێت، زمان دەتوانێت لە سەر بنەمای فیكرێكی پتەو، لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، گەر تێبینی بكەین مەسعوود بەرزانی كەم قسە دەكات، كە قسەیش دەكات، هیچی گرینگ ناڵێت و لە سەر ئاستی زمان توانای فەنتازیا و ئیستاتیكای نییە و ئەوەیشی دەیڵێت تەعبیر نییە لە فیكرێكی قووڵ، بۆیە قسەكانی جیا لە گوتنێكی بێ بەرهەم، زۆر جار لە ئاستی موخاتەبەدا خەریكی موجامەلەیە، بۆ نموونە لە کاتی بۆنە نیشتیمانییەكان و كەسوكاری شەهیداندا، لە ئاستی دەرەوەیشدا سەرقاڵی سازشە و بۆ داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بە بەڵێنی ناڕاست و چەواشەكاری و بۆ نەیارانیشی بە هەڕەشە دێتە گۆ، هەموو ئەمانەیش تێكڕا بەكارهێنانی زمانن لە سەر بنەمایەك كە فیكر تێیدا ئامادە نییە، بە هەمان شێوە پێشمەرگەیش توانای تەعبیر لە موعانات، بەرنامە و خەون و كاری خۆی نییە، زمان بۆ پێشمەرگە هەندێك جار لە ئاستی كارەساتدا دەبێتە گریان و لە خۆشییشدا دەبێتە تەقەی خۆشی، لە دەربڕینی داواكاری و مافەكانیشدا بە هۆی بەكارهێنانی زمانەوە بەهای مرۆیی ڕێزی كەسێتیی خۆی بە بادا دەدات، لە سەر تەلەفزیۆن دەست دەكات بە گیرفانیدا و دەڵێت هیچ پارەم پێ نییە و منداڵەكانیشم لە سەر جادەن.

4- تەقدیسكردن و بوون بە باوك: مەسعوود بەرزانی لە ڕِێی بوونی بە سەرۆكێكی نێری بێ بەدیلەوە بە هۆی ئەو خەرمانەی تەقدیسكردنەی بەدەوریدا دەكێشرێت، دەبێت هەڵگری سیفەتی باوك وەك بەها و شوناس بە تایبەت بۆ شوێنكەوتوانی، پێشمەرگەیش وەك چەكدارێكی شۆڕشگێڕی نێر، بە هۆی كوشتنی خەسڵەتی شۆڕشگێڕی لە ناو توێژە مەدەنییەكانی تری كۆمەڵگا و تواندنەوەی لە ناو خۆیدا، دیسان لە ڕووی بنەما و شوناسەوە سیفەتی باوكێكی پارێزگار بۆ كۆی توێژەكان وەردەگرێت، ئەو توێژانە هەموو ئەكتێكی شۆڕشگێڕییان لە هەر ساتێكدا وەك ڕەفتارێكی پێشمەرگانە لێك دەدرێتەوە، شۆڕشگێڕی و نەبەزیی پێشمەرگە، بەهایەكی بۆ شۆڕشگێڕیی گەنجان و خەباتی مەدەنیی قوتابییان و فیمینیستان و كرێكاران و…هتد نەهێشتوەتەوە، هەر وەك چۆن عەقڵ و بڕیاری مەسعوود بەرزانییش هیچ بەهایەكی بۆ بیركردنەوەی ئەوانی تر لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد نەهێشتوەتەوە، بەڵام ئەم باوكانە (بەرزانی و پێشمەرگە) باوكی وەهمی و ساختەن، پێوەندیی سونبولی و ڕۆحی و مەعنەوییان بە ڕایەڵێكی فشەڵ و كوێرانە بەوانی ترەوە بەستوونیەتییەوە و بەها و شوناسیان ناجێگیرن، بۆیە بڕیاری بەرزانی و شەڕەكانی پێشمەرگە، خۆشگوزەرانی و ئازادیی هەمیشەیی ناهێنن و لە بازنەی شكست و دۆڕان و قوربانیداندا دەخولێنەوە.

5- مەعریفە: پێشمەرگە شتێكی ئەوتۆ لەبارەی تەكنیكە نوێیەكانی شەڕ و ئاستی پێشكەوتنی پیشەسازیی جەنگ و توانا و گەشەی چەكە نوێیەكان و بەكارهێنانیان نازانێت، ئەمە جگە لەوەی توانای داهێنانی چەكە هەرە سەرەتایییەكانیشی نییە، بۆیە لە سەردەمێك و شوێنێكی ترەوە هاتوە و تووشی واقیعێكی تازە بوە، ئێستایش بە هۆی پێداهەڵگوتن و ئەفسانەسازی و باوەشكردن بە مێژوەكەیدا كە وەهمییە، نایەوێت مەیدانەكە چۆڵ بكات، ئەگەر چی دەزانێت بەو پلانانەی فێری بوە و فێر دەكرێت، بەو تەكنیكەی هەیەتی و ئەو تەكنەلۆژیایەی لە بەر دەستییەتی، مۆدیلی ئەو شەڕانە بە سەر چوە كە بەنیازە بیانكات، مەسعوود بەرزانییش هەرگیز پێوەندییە دیبلۆماسییەكان و تێگەییشتن لە واقیعی دەرەوە لە بەر ڕۆشنایی زانستی سیاسی ناخوێنێتەوە و، ئاڵۆزییەكانی جیهانی هاوچەرخ بە دونیابینییە سادەكانی خۆی لێك دەداتەوە، بۆیە لێرەدا بەرزانی و پێشمەرگە لە جۆرێك لە نەزانی بۆ سیاسەت و جەنگ لە ڕووی مەعریفییەوە هاوبەشن.

6- نەخوێندەواری: لای ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان نەخوێندەواری وەك جنێوێك بۆ لێدان لە ئاستی نزمی مەعریفی و دونیابینی و تێگەییشتنی كەسێك بە كار دەهێنرێت، بەڵام بۆ مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە نەخوێندەواری ئێجگار هێندە سیفەتێكی خراپ و نزم نییە. نەخوێندەوارانی كۆمەڵگا، ئەوانەی هەرگیز بە ڕاستی نەخراونەتە بەردەم دەزگاكانی فێربوونی خوێندن پەراوێز خراون، بەڵام بەرزانی و پێشمەرگە نەك پەراوێز نەخراون، بەڵكو لە لوتكەی هەرەمی گرینگیپێداندان، كە بەرزانی و پێشمەرگە بە پلەی دەزگاكانی دەوڵەتدا بۆ خوێندن سەر ناكەون، ئەوا بەم هۆیەوە بە كوێر حساب ناكرێن، وەك كۆمەڵگا بە خەڵكانی تری نەخوێندەواری دەڵێت، بەڵكو ئەو توانست و بەهرە و بەها ڕۆحییانەی هەر بە سروشتی لە مرۆڤدا هەن، لای ئەمان دەتەقنەوە و ناكەونە بەر دەستاڕی دەزگاكانی خوێندن، بۆیە هەر دووكیان وێڕای نەخوێندەوارییان دەبنە سەرچاوەی حیكمەت، توانست و بەهرەی خۆڕسكی ئەوان دەبنە هەوێنی سوپەرمان، نەخوێندەواری لای ئەمان ئەو قەناعەتە هەڵدەوەشێنێتەوە كە عەقڵ تەنها لە ناو ڕووبەری خوێندەواریدا كار دەكات، هەر بۆیە ئەوانەی دەچنە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە ئەوانەن كە هەرگیز نەخراونەتە بەردەم خوێندن، یاخود تاکتاک و دەستەدەستە قوتابخانەكان بە جێ دەهێڵن.

7- كاریزما: بە هۆی ئەفسانەسازی و تەقدیسكردنەوە لە زەینی تاكی كورددا، هەر دووكیان (مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە) جۆرێك لە كاریزمایان بۆ دروست كراوە، ئەو زیادەڕەوییانەی بۆ قودرەتی كاریان كراوە نەك توانای بیركردنەوە و هزراندنیان، ئەو كاریزمایەی پێی بەخشیون، كە كاریزمایەكی پراكتیكی بوە، نەك كاریزمایەكی تیۆری، بۆیە بە هۆی بێبنەمایی و ناپتەوییەوە لە هەندێ دۆخدا ئەم کاریزمایە دەكەوێت و ناتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆ ئەوانەی ئومێدیان پێی هەیە، هەر وەك چۆن مەسعوود بەرزانی زۆر جار دەكەوێتە بەر لێشاوی جنێو و سووكایەتیپێكردنەوە، پێشمەرگە وەك پیشەیەك هەندێ جار لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لە خوار زۆر پیشەی وەك دكتۆری، ئەندازیاری، بازرگان … هتد حسابی بۆ دەكرێت و تەنانەت زۆر جار دەبنە سەرچاوەی نوكتە.

8- وەلائی خێڵەكی: ئەگەرچی ئەمیان (مەسعوود بەرزانی) بانگەشەی سەرۆكێكی نەتەوەیی و ئەویان (پێشمەرگە) بانگەشەی فیداكار و قارەمانێكی نەتەوەیییان كردوە، بەڵام هەردووكیان بە ڕەفتار خێڵەكین، سەرۆك سەرۆكی پارتێكە و لەوێیشەوە هەر لە ناوەكەیەوە وەلائی بۆ خێڵێ خۆی هەیە، پێشمەرگەیش پێشمەرگەی حیزبە، حیزبیش وێڕای ئەوەی كورد وەك ڕێكخراوێكی مۆدێرن بە كاری نەهێناوە، هاوكات لە ناو حزبیشدا پێشمەرگە بۆ چەند دەستە و تاقم و شەخسیەتێك بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خۆی ڕێك خستوە، بۆیە دونیابینی و سیاسەتەكانی سەرۆك هەرگیز لە ئاستێكی نەتەوەییدا مژدە و خۆشگوزەرانییان پێ نەبوە و خوێنی ڕژاو و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیش لە ئاست خەونی نەتەوەدا بە فیڕۆ چوە، زۆر جار پێچەوانەی عەقیدە و پرەنسیپەكانی خۆیان كاریان كردوە، كە بە وتەی خۆیان كە لایەكیان ئەوی تریانی پێ تۆمەتبار دەكات، لە خیانەتدا بەرجەستە بوە.

9- مێژووی ڕاستەقینە: پێشمەرگە و مەسعوود بەرزانی هەر دووكیان لە مێژووی ڕاستەقینە بێ بەشن، چونكە هیچیان خاوەنی تۆمارێكی ساف و بێگەرد نیین، هەر دووكیان ئەوەی هەیانە و ئەوەی لێیانەوە باس دەكرێت، سیخناخە بە زیادەڕەوی و پڕپڕ لە موبالەغە، بۆیە ئەوەی هەیانە لە ئەفسانەوە نزیكە نەك مێژوویەكی ڕاستەقینە كە ببێتە ئاوێنە بۆ لەخۆڕوانین، ئیتر دەبینین هەمیشە لەگەڵ قۆرغكردنی سیفەتەكانی دانا بۆ بەرزانی و ئازا بۆ پێشمەرگە، پیاوی پڕ حیكمەت بۆ بەرزانی و نەبەرد و چەلەنگ و تێكۆشەر بۆ پێشمەرگە، دڵسۆز بۆ بەرزانی و سەربەرز بۆ پێشمەرگە، هەمیشە ئەو سیفەتانەیان بە هێڵی سوور تەنیوە كە هەرگیز نەك قابیلی ڕەخنە نەبێت، بەڵكو قابیلی بیر لێ كردنەوەیش نەبێت و وەك حەقیقەتێكی ئەزەلی و ئەبەدی سەیری بكرێت، بۆیە هەر كات لە ڕووی پراكتیكییشەوە لە ژیانی خۆماندا بە پێچەوانەی سەدلەسەدی ئەم سیفەتانەوە لەگەڵ پێشمەرگە و بەرزانی ژیاین، هیچ كار لە پێگە و كەسایەتییان لە زەینی تاكی كورددا نەكات، چونكە ئەوە كار و كردەوەی ئەوان لە ناو مێژووی ڕاستەقینەدا نییە ئەو هێزەی بۆ دروست كردبن، بەڵكو بەپێچەوانەوە هێزێكی وەهمی و ئەفسانەیی كۆمەڵێك كردار و سیفەتی ئایدیاڵی بۆ جێگیر و لە زەینی تاكەكان پتەو كردوە، واتە لێرەدا كردار سەرچاوەی هێز نییە، بەڵكو هێزێكی وەهمی بوەتە بنەمای كردار.

10- خاكێتی و لێبوردەیی: سیفەتگەلێكی مرۆیی ئەگەر وەك بنەما و پرەنسیپ لە ناوەوەی مرۆڤدا جێگیر نەبووبن و نەبووبنە بەشێك لە خەیاڵ و بیركردنەوە و لە ناوی نەستی ئینساندا پتەو نەبووبن و دواتر لە كارەكتەر و كەسێتیدا ڕەنگ نەدەنەوە، ئەو سیفەتگەلە مرۆیییە تەنها دەبنە كۆمەڵێك دروشم و لە واقیعدا بە شێوەی سلبی هەڵدەگەڕێنەوە، بۆ نموونە خاكێتی و لێبوردەیی لای پێشمەرگە دەبنە سیفەگەلێكی ناچاری و لای بەرزانی دەبنە نموونە بۆ مرۆڤێك كە ژیان و مردنی خەڵكانی تری بە دەستە، بۆ پێشمەرگە دەبنە واقیعێكی داسەپاو و بۆ بەرزانییش هۆكارێك بۆ فریودان و سیاسەتی دیماگۆجی، ئەمەیش تەنانەت نەك لە پێوەندیی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە سەردانی پرسە و ماڵە شەهیدەكان، تەنانەت لە جللەبەركردن (جلی كوردی و جامانە) ڕەنگ دەدەنەوە.
دەكرێت سیفەتەكانی لەیەكچوون و تەنانەت جیاوازییش درێژ بكرێنەوە و چەندین خاڵی تریش ڕێز بكرێن، بەڵام وەك بنەما قەناعەتم وایە ئەو وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بڕێكی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتوە و ڕاستگۆیە، بڕ نا زۆریش.




ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت

ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت
بنیامین فرانكلین
…..

جوتیار

ئه‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌ به‌ ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی؛ بێهوده‌ترین كه‌سه‌كانی ناو دنیای
سیاسه‌تن، كه‌سانێك كه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن خه‌ریكه‌ ده‌نگی ملیۆنان ئینسان بخه‌نه‌ ژێر پرسیار و گاڵته‌جاڕیه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ كه‌سانێكن كه‌ ناخی لێوانلێویان له‌ حیقدو ڕقی ئیدۆلۆژی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانیان خه‌ریكه‌ وایان لێبكات ده‌نگی ئازادی و پڕ له‌ ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ وه‌دا بچوكبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم چۆته‌ خزمه‌تی تاكه حیزبو تاكه‌‌ كه‌سه‌وه‌و بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بووه‌، من دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم وه‌كو پرۆسه‌كه‌ له‌ ئه‌سڵدا پاشه‌كشه‌شی پێكرابایه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئێستایان و به‌هه‌مان دیدگاو زمانیان جۆرێكیتر ده‌كه‌وتنه‌ خاڵیكردنه‌وه‌ی ڕقوو هه‌ڵچونه‌ سیاسیه‌كانیان، ئه‌وانه‌ ئه‌ونده‌ لاوازن له‌ ئاست خوێندنه‌وه‌یان بۆ ڕیفراندۆم و چه‌مكه‌كانی و ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن بڕوا به‌وه‌ش ‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجامیش درابێ‌، به‌ هه‌موو تێگه‌یشتنیان پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك وه‌ك نانی ناو ته‌ندور سوتاوه‌؛ پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كسانبۆته‌وه‌ به‌ سفر، ناتوانن له‌و هاوكێشه‌یه‌ ‌ تێبگه‌ن كه‌ خه‌لكی كوردستان ده‌نگی خۆی به‌ دیكۆمێنت كردوو تا ئه‌وكاته‌ی سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت ئیتر ئه‌وه‌ به‌هێزترین به‌ڵگه‌ی شه‌رعی ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان دا بۆ ئازادی و بۆ ده‌رچونیان له ناو تاریكایی شۆڤێنیزم و قه‌ومچیه‌كانی ئیسلام .

16.10 با ته‌نها له‌ دوو وێنه‌دا به‌راورد بكه‌ین،

یه‌كه‌م وێنه:‌

تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ناپاك و ترسنۆك و خیانه‌تكار ده‌بینی كه‌ له‌ سێبه‌ری ملیۆنان دۆلاردا پشوو ده‌دات و ده‌خه‌وێت، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ش‌ پێش زرێپۆشه‌كانی دوژمن ده‌كه‌وێت وجه‌لاده‌كان به‌ شمشێره‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ملی دایك و خوشك وبراكانی خۆی.

دووه‌م وێنه:

‌ تۆ كوڕه‌ هه‌ژارێك ده‌بینی كه تا ڕۆژێك به‌ر له‌ مه‌رگیشی خه‌ونی به‌وه‌وه‌ بینیوه‌ منداڵه‌كانی بێ نان نه‌بن بۆ سبه‌ی، به‌ڵام ‌له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردندا ده‌كه‌وێته‌ ژێر زنجیری زرێپۆشه‌كان و ده‌بێت به‌ سه‌دان پارچه‌و له‌ كۆتایشدا ده‌بێت لاشه‌كه‌ی پشكنینی DNA ی بۆ بكرێت تا ناسنامه‌كه‌ی بناسرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ بوو كه‌ ئینسان ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی له‌ به‌راوردكاریه‌كی ویژدانی و مۆڕاڵیدا له‌ یه‌كیان جیا بكاته‌وه‌؛ ئه‌وكاته‌ مرۆڤ ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی بڕوا به‌وه‌ بكات كه‌ ئیراده‌ی خه‌ڵك و تامه‌زرۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هیچ هاوتایه‌كی نییه‌ له‌ گه‌ڵ خواسته‌ كه‌سی و حیزبی و ئیدۆلۆژیكیه‌كان.

خه‌ڵكی كوردستان پڕاوپڕبوون له‌ ئیراده‌ بۆیه‌ سه‌لامه‌تی خۆیان كرده‌ قوربانی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆو پڕ له‌ كه‌رامه‌ت. ڕیفڕاندۆم په‌یامی ئیراده‌یه‌كی زیندوو بوو بۆیه‌ ده‌كرێت مرۆڤ قوربانیشی بۆ بدات.. هه‌ڵپه‌ساردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاكامی ڕیفراندۆم و ئه‌و جۆره‌ مه‌فاهیمانه‌ له‌ قسه‌ی هیچ وپوچی سیاسیه‌ كڵۆڵ و داماوه‌كان شتێكیتر زیاتر نییه‌. ئه‌و خواسته‌ ته‌نها ده‌توانێت گوزارشت له‌ ئیراده‌ی وێرانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكات نه‌ك ئیراده‌ی سه‌رپێكه‌وتووی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی.




ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگ له‌ دوونیایی ئێمه‌دا … هه‌ژارقانع

زه‌بروزه‌نگ: له‌ساده‌ترین مانادا بریتیه‌ له‌هه‌ر پشێوى و به‌ریه‌ك كه‌وتنێك ، كه‌ ده‌كرێت له‌ ناو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا دوروست ببێت،
ئیشى بنه‌ڕه‌تى حكومه‌ت و دام و ده‌زگا نیشتیمانیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگرى بكات له‌ دروستبوون و ته‌شه‌نه‌كردنى ئه‌م زه‌بروزه‌نگانه‌. به‌ڵام كاتێك دام و ده‌زگاكان نیشتیمانى نین و حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك بازركان و جۆرێك مافیا و سه‌رۆك خێله‌كان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌یه‌ ، كه‌ ده‌زگا نیشتیمانى و نۆرمه‌كانى حكومه‌ت، ده‌چنه‌ خزمه‌تى سه‌رهه‌ڵدانى زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ له‌ دۆخێكى وه‌هادا، حه‌یاتى ئینسان ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیارى گه‌وره‌وه‌ و مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ زۆر بێ پشتوپه‌ناو بێ كه‌سه‌.
واته‌ له‌ غیابى نه‌بوونى حكومه‌تی نیشتیمانى و ده‌زگاى نیشتیمانى و هیزى ئه‌منى نیشتیمانیدا ، مرۆڤ بۆ دڵنیابوون له‌ ژیانى داهاتوى، ناتوانێت بێ پشتوو په‌نا بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناچارى په‌نا بۆ حیزبوو خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان ده‌بات، بێ گومان ئه‌مه‌یش گه‌ڕانه‌وه‌ى یه‌كجارییه‌ بۆ دۆخی هێز ویاساى دارستان.

من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ دۆخى ئیستایى هه‌رێمى كوردستانه‌ و له‌ڕابردوویشدا هه‌ر هه‌مان شێوه‌بووه‌.
به‌واتایه‌كى تر هه‌رگیز هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌ دۆخى ڕاگواستندا تێپه‌ڕێت، واته‌ له‌ دۆخى حكومه‌تى خێڵ و هێزى دارستانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هاوڵاتى و له‌ ده‌زگاى شه‌خسى و حیزبیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ده‌زگاى مه‌ده‌نى ونیشتیمانى.
ئینسان له‌دوونیادا، له‌هه‌ر شتێك زیارت پێویستى به‌ حكومه‌تێكه‌، توانای مۆنۆپۆڵ و كۆنترۆڵى زه‌بر و زه‌نگى نا شه‌رعى هه‌بێت، له‌ پێناوى دابینكردنى ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئازادى تاكه‌كه‌سى و سه‌لامه‌تى سه‌ر و ماڵى هاوڵاتیاندا. به‌ڵام له‌شه‌نسى هاوڵاتیانى كوردستاندا و له‌ سایه‌ى یه‌كێتى و پارتیدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ماوه‌ى بیست و چوارساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا، نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ ڕێگربێت له‌ زه‌بر و زه‌نگى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ناشه‌رعى، به‌ڵكو خودى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ حكومه‌تیشیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌، بۆخۆیان به‌شێك بوون له‌ دروستكردنى پشێوى و شه‌رعاندنى زه‌بروزه‌نگ له‌ڕێگه‌ى حكومه‌ته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسی

ڕه‌نگه‌ تاكه‌شتێك له‌دوونیاى ئێمه‌ى نه‌توه‌ى كورددا به‌درێژایی مێژووى نه‌توه‌كه‌مان هه‌زارانجار توشى نه‌هامه‌تى و ده‌ربه‌رده‌رى كردبین بریتیبێت له‌ زه‌بروزه‌نگى سیاسى.
سیاسه‌ت له‌دونیایی ئێمه‌دا جگه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگى ڕووت، هیچ شتێكى ترى به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. ئێمه‌ به‌ده‌ره‌جه‌ى یه‌ك به‌رهه‌مى زه‌بروزه‌نگى سیاسین، بێگومان نابێت ئه‌وه‌یشمان بیر بچێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى سیاسه‌تى كوردییان كردووه‌ به‌درێژایی مێژوو سه‌رۆك خێڵه‌كان بوون یان هیچ نه‌بێت خاوه‌نى تێڕوانینێكى خێڵه‌كى بوون، له‌سه‌رده‌ستى ئه‌م سیاسیه‌ خێڵه‌ كیانه‌، له‌كۆنه‌وه‌ تاكو ئێستا دونیاى ئێمه‌یان پڕكردووه‌ له‌ هه‌زاران جۆر زه‌بروو زه‌نگى سیاسی ترسناك.

زه‌بروزه‌نگى سیاسى له‌نه‌وه‌ده‌كاندا میله‌تى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ، به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌زارانمان له‌یه‌كترى كوشت و سه‌دانمان له‌یه‌كترى بێسه‌روشوێنكرد، ئێستایش هه‌ندێك له‌كه‌س و كارمان له‌ناو زیندانه‌كانى یه‌كێتى وپارتیدا ده‌ناڵێنن،
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌یی كه‌ شه‌ڕى ناوخۆ به‌سه‌رگه‌له‌كه‌ماندا هێنای، به‌رگه‌مان گرت و ماینه‌وه‌ پیمان وابوو كه‌ شه‌ڕى ناخۆ ده‌كێرت له‌تكه‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسى بێت ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌ ، سه‌رۆك خێله‌كانى كورد لێنه‌گه‌ڕان ئه‌م میله‌ته‌ بڕێك بحه‌سێته‌وه‌، شه‌ڕى گه‌وره‌ترین هیزى تیرۆرستى دونیاییان پێكردین كه‌ ئه‌ویش(داعش) بوو له‌ به‌رامبه‌ردا ، گه‌وره‌ترین ده‌زگاى شه‌رعییان وه‌ستان كه‌ په‌رله‌مانى كوردستانه.‌

زه‌بروزه‌نگى سیاسى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ڕۆژێ، نیوه‌ى نیشتیمانێك بفرۆشین كه‌ هێشتا بۆنى خوێنى شه‌هیده‌كانى لێدێت، بۆ مێژوو ده‌ڵێم ئێمه‌ نه‌وه‌ى میله‌تێكین هێشتا پرسه‌ى شه‌هیده‌كانمان هه‌ڵنه‌گیرابوو، هێشتا جله‌كانى به‌رمان ڕه‌ش بوون، هێشتا فرمێسك له‌چاومان ده‌چۆڕا، زه‌بروزه‌نگى سیاسى وایكرد ، سه‌رۆك خیڵه‌كانمان له‌سه‌دا په‌نجاى نیشتیمانه‌كه‌مان بفرۆشن .




ئۆتیزمی سیاسی و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ….. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بن به‌قوربانی مل نه‌دانی پارته‌ سیاسیه‌كان بۆ مه‌رج و داواكاریه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند، فه‌رمانبه‌ران له‌نێوان به‌رداشی لێدوانه‌ بێكرداره‌كانی به‌رپرسه‌كان و به‌ڵێنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا بێ‌ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌و هێنده‌ی تر بارودۆخی ژیانیان به‌ره‌و خراپتر ڕۆشتوه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌م بارودۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مه‌رگه‌ساته‌و كاتكوشتن مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بۆگه‌نكردنی سیسته‌می حكومڕانی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی سیاسه‌تی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌خولقاندنی كێشه‌ ئه‌فسانه‌یه‌كان و تاودانی یه‌كه‌ كارگێریه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌كان شه‌رعیه‌ت به‌پاوانخوازی و ناداد په‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن، به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شانامانه‌ی له‌ دیوه‌ خانه‌كانی حیزبه‌وه‌ ته‌رجومه‌ ده‌كرێن بۆ زمانی فه‌رمی حكومه‌ت گه‌نده‌ڵیه‌كانیان به‌یاسایی ده‌كه‌ن.

حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوی جدیانه‌و سیاسیانه‌ی نا بۆ په‌رته‌وازه‌كردن و لێكهه‌ڵوه‌شانی كۆی بونیادی كولتوری و سیاسی كوردستان ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان به‌بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بو به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت له‌پێناو خه‌می هاوڵاتیان هه‌وڵی جدی بدات بۆ ڕێكه‌وتن به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌یان نه‌نا به‌ڵكو به‌هاش و هوشی وه‌به‌رهێنان و گرێبه‌ستی نه‌وت خه‌یاڵی هاوڵاتیانی كوردستانیان گه‌یانده‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ بێكرده‌و بێ‌ بنه‌ما بون زۆری نه‌برد به‌ناوی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هێرشی ئابوریان به‌ده‌ستی خۆیان بۆسه‌ر گیرفان و بژێوی گه‌وره‌ترین توێژ كه‌ فه‌رمانبه‌ران بوو ده‌ست پێكردوو ئه‌م جاره‌شیان خه‌ڵكیان به‌وه‌ فریودا كه‌ گوایه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ كاتیه‌وه‌و هه‌رزوو كۆتایی دێت، ئه‌مه‌شیان به‌سته‌وه‌ به‌به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان.

به‌ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌بری هه‌نگاوی كرداری درێژه‌یان به‌قه‌یرانه‌كه‌دا، ته‌نها به‌لێدوانی بێكردار وه‌ڵامی خه‌ڵكیان ده‌دایه‌وه‌و چه‌ندین جار دووپاتیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كاتیه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ركاتی نه‌بوو به‌ڵكو بوو به‌نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، لێره‌وه‌ پلانی داگیركه‌ران كه‌وته‌ر سه‌ر سكه‌ی خۆی له‌ناوخۆشدا هیچ بایه‌خێك به‌ناڕه‌زایی خه‌ڵك نه‌دراو ئه‌و به‌شداریه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی هاوڵاتیان و سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كان و ڕێكخراوه‌ پیشه‌یه‌كان كه‌له‌ڕاستیدا به‌كوالیتی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ ده‌چون هێنده‌ دیمۆكراسی و مه‌ده‌نیانه‌ بون گومانت هه‌بوو له‌ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی نمونه‌ی ئه‌و عه‌قڵه‌ پێشكه‌وتوه‌ی خه‌ڵك ببنه‌ ناوه‌ندی بڕیاردانه‌وه‌ كه‌چی به‌قسه‌ی نه‌سته‌ق و نوكته‌ ئامێز وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی كۆیی ئه‌و چالاكیه‌ مه‌ده‌نی پیشه‌یانه‌و ئیفلیج بوون له‌چاره‌سه‌ر و ئیداره‌دانی كێشه‌كان به‌مل ملانێی حیزبی و چه‌نده‌ها ته‌فسیری تر بارودۆخه‌كه‌یان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تایبه‌تی سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئاماده‌ نه‌بوون گۆڕانكاری له‌سیسته‌می حكومڕانیدا بكه‌ن، ده‌ستیان برد بۆ پیرۆزترین ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی كه‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بوو كه‌به‌بڕوای چاودێره‌ سیاسیه‌كان گه‌وره‌ترین گورزه‌ له‌شكۆیی میلله‌تی كورد به‌ده‌ستی خۆی، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م كێبڕكێ‌ ناشه‌ریفانه‌ی حیزب و مل نه‌دان بۆ یه‌كترو لوتكه‌ گرتن له‌یه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و گڕگڕتنی ئه‌م بارودۆخه‌ بوو، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌دووه‌م په‌یامی دوای هێرشه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان داوای خۆپیشاندان له‌هاوڵاتیانی كوردی تاراوگه‌ ده‌كات ئێمه‌ ده‌پرسین خه‌ڵك به‌چ ڕویه‌كه‌وه‌ له‌باخچه‌كانی دیمۆكراسی و شارستانیانه‌ی ڕۆژئاوا بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان له‌كاتێكدا ئه‌وان خوشك براكانیان له‌ژێر سه‌پاندنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌سه‌ر زێدی خۆیان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، به‌راِستی له‌گه‌ڵ هه‌موو لێدوانێكی ئه‌م حكومه‌ته‌ بێپلانه‌دا بیرۆكه‌ی نوسینی ڕۆمانێكی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌دات، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی دۆخی كوردستان ته‌نها حكومه‌تێكی نیشتمانیه‌ كه‌دوور بێت له‌ده‌ستێوه‌ردانی حیزب وخاوه‌نی ده‌ستورێكی نیشتمانی به‌هێز بێت كه‌زامنی چه‌ند باره‌ نه‌بونه‌وه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌رو ڕوداوی هاوشێوه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌بێت، كه‌كۆمه‌ڵێك سزاو به‌ندی ته‌شریعی وه‌های تیادابێت كه‌شه‌ڕی ناوخۆ و تێكدانی ئارامی و ئاسایشی تاك به‌هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانیه‌وه‌ حه‌رام بكات، لێره‌وه‌ كاتی ئاشكراكردنی دواكاردی فریاد ڕه‌سی خه‌ڵك واده‌كه‌ی زۆر نزیك بوه‌ته‌وه‌ ته‌نها ماوه‌ له‌مانشێتی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا وه‌ك هه‌واڵێكی به‌په‌له‌ خۆی نمایش بكات، باپێكه‌وه‌ هاوكاربین بۆ ڕزگاری نیشتمانی بۆ كۆتایی هێنان به‌سیسته‌می خێرو پیاوه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ی به‌باكگراوندی شۆڕش وهێز كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كایه‌ سیاسی و ئابوری و ئیداریه‌كانیان كردوه‌، تكایه‌ با ئێمه‌ قه‌باره‌ی شه‌ڕه‌كانی میدیاو هێرشی ڕاگه‌یاندن دژی یه‌كتر بچوك بكه‌ینه‌وه‌و نه‌بینه‌ هاوكاری ئه‌و مه‌رامانه‌ی له‌پشت تێكدانی ئاسایشی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ن.




دوو شیعری سامی شۆڕش

باوه‌شم ده‌
دڵ ئه‌شكه‌وتی ده‌رگا بزر.
باوه‌شم ده‌..
له‌چاومایه‌ فرمێسكی كه‌و.
له‌گیانمایه‌ سۆزی كۆتر.
باوه‌شم ده‌..
تاڤگه‌ی قژت بڕژێنه‌ ڕووم.
با خه‌رمانه‌ی نه‌رمی به‌فر
له‌ شه‌ودا بۆم بێ‌ به‌ پێخه‌ف.
باوه‌شم ده‌..
بۆ قه‌ندیله‌ی فتیل كزر.
بۆ ئاسمانی ده‌م پڕ له‌ كه‌ف.
منم هه‌تاو. منم ئاگر
باوه‌شم ده‌..
منم ئاگر
منم ئاگر.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (52) 2/1/1970.

له‌ ده‌فته‌ری عاشقێكی هه‌تاوه‌وه‌

1
برسی برسیتی تربێ‌.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی گوڵه‌گه‌نم و باران ده‌بێ،
شه‌وگار هه‌ر چه‌ند درێژتربێ‌.
ئه‌وه‌ند غه‌ریب شه‌یدای خۆری ئاسمان ده‌بێ‌،
منیش هه‌ر چه‌ند كوشتن به‌ گیانم فێر ده‌كه‌ن
به‌ری هه‌تاوم لێ‌ ده‌گرن.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی ژیان ده‌بم.
ئه‌وه‌ند هه‌تاوم خۆش ده‌وێ‌.
2
ئه‌ی ئه‌و بنجه‌ گوڵه‌ی له‌به‌ر
جۆگه‌ی خه‌مباری برینی مندا ده‌ڕوێی.
له‌سای مه‌رگی مندا شكۆفه‌ ده‌رده‌كه‌ی
تاكه‌ی نه‌توانم بلبلی عه‌شقخوانی ده‌نگی خوێنم
بێنمه‌ سه‌ر چڵت بێنم.
پڕ به‌ ده‌نووكی ئاره‌زووم
بۆ هێلانه‌ی خۆر بخوێنم.
3
– ڕێگا .. ته‌ور
* گیانه‌ دره‌خت چه‌ند لق و پۆپی ببڕن.
ئه‌وه‌ند ڕه‌گ و ڕیشه‌ی به‌ره‌و قووڵتر ده‌ڕوا،
– دنیا شه‌وه‌ و دنیا به‌فره‌.
* شه‌وان خۆر خۆشه‌ویست ده‌بێ‌.
به‌فره‌ ڕۆژیش.
برین ده‌بێته‌ ئاگردان
– گیانه‌ ڕێگا چاڵه‌ و نزمه‌
* خۆشه‌ویستم
ئاشقی خۆر .. هه‌رده‌م ده‌ڕوانێته‌ ئاسمان.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌( 176) 20/7/1973.

تێبینی:
ساڵی 2004 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس. كۆشیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕشی چاپ كرد. (12) شیعری گرتبووه‌ خۆ، سه‌ره‌تای گه‌نجیم شیعره‌كانی سامی شۆڕشم له‌ ده‌فته‌رێكدا بۆ خۆم نووسیبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها شیعری شاعیرانی تری وه‌ك: جه‌لالی میرزا كه‌ریم و ئه‌حمه‌د تاقانه‌ و محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی و فازیل شه‌وڕۆ و جه‌لال به‌رزنجی و شاعیرانی تریش، كه‌ كۆشیعره‌ چاپكراوه‌كه‌یم بینی هه‌ستم به‌ كه‌موكورتییه‌كانی كرد. ته‌نیا شیعری: (بووكی ئاو)م لانه‌بوو، ئه‌م باسه‌م له‌گه‌ڵ: (لوتفی شۆڕش) كرده‌وه‌. ئه‌میش شیعری: (بووكی ئاو)ی بۆ هێنام.
داوام له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد. به‌لێزیادكردنی (8) شیعری تر چاپی دووه‌می بكاته‌وه‌. له‌ ساڵی 2012 چاپی دووه‌می كرده‌وه‌.
دوای چاپی دووه‌م به‌ ماوه‌یه‌كی كورت، دوو شیعری تریشیم دۆزییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی وایكرد ئه‌و دوو شیعره‌ش بڵاوبكه‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌، براده‌رێك له‌ ژماره‌ (4)ی گۆڤاری (باران)دا، شیعرێكی به‌ناونیشانی: (تیری ئایرۆس) (ئاماده‌) كردووه‌ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌. (7) په‌راوێزیشی بۆ نووسیوه‌. هه‌ر (7) په‌راوێز زیادن و شتی زاندراو و باون. یه‌ك په‌راوێز پێویست بوو. ئه‌میشی نه‌نووسیوه‌. پێویست بوو ئاماژه‌ بدات، كه‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌، ده‌ی جا چی بووه‌. ئه‌گه‌ر ویستی جارێكی تر له‌ (ئاگایی بێگه‌رد)دا شیعره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ یارمه‌تی (خۆبوونی) و (چییه‌تی) نووسینی ده‌دات، (خۆبوونی) و (چییه‌تی)، تۆوی به‌بڕشتن بۆ به‌خشش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ده‌ست دراو و ئاست پێدنه‌وه‌ی.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
8/11/2017 هه‌ولێر




کوردە وریا بە، “روسیا” چاڵ هەڵدەکەنێت!؟ … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

روسیا، بۆ پێکانی ئامانجە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا مەبەستیەتی ببێت بە تاکە هێز کە هەموو دژەکان لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە. چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە هەنوکە “روسیا”، پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی بە شێوەیەک پیادە کردوە کە خەریکە دەبێتە تاکە زلهێز لە ناوچەکەدا کە سەڕۆکی وڵاتانی ئەو ناوچەیەی لە فەلەکیی خۆیدا دەخولێنێتەوە و بە ئاسانی دەستی “روسیا” لە هەموو رووداوەکان، رێککەوتنەکان و گرفتەکاندا دەبێنرێت.
سەرکەوتنی پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی “روسیا” لەگەڵ سەڕۆکی ئەو وڵاتانە بە خۆرایی نییە، بەڵکو،”روسیا” خوێندننەوەی بۆ بارودۆخەکە کردوە و میدیا و هێزی ئابووریی و سەربازیی روسی بۆ ئەو مەبەستە خستۆت گڕ بۆ ئەوەی کاردانەوەی زیاتری هەبێت لەسەر دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. لە دەرئەنجامدا هەنوکە تێبینی دەکرێت کە پەیوەندیی “روسیا” لەگەڵ ئیران، تورکیا و ئیسرائیل و سوریا و چەند وڵاتێکی تر باشە وە “روسیا”، دوور نییە لە داهاتویەکی نزیکدا ببێت بە ناوبژیوان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل!
لە سەرتای هەڵگیرساندنی جەنگ تا هەنوک کە بۆ شەش ساڵ دەچێت، سووریا کاول بوو بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان بوون بە قوربانی و دەربەدەر بوون بەڵام “روسیا” نەیهێشت هاورێ دێریەنەکەی کە “ئەسەد”ە بروخێت. پلە یەکی خوازەکانی روسیا مانەوەی “ئەسەد” بوو لە دەسەڵات، وەک کەسێک کە دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی “روسیا” لە ناوچەکە.

پاراستنی “ئەسەد” تەنیا پێویستی بەوە نەبوو کە “رووسیا” دژ بە “ئەمریکا” بوەستێت، بەڵکو پێکانی ئەو مەرامە پێویستی بەوەش هەبوو کە رووسیا ڕووبەڕووی چەند گروپێکی تر ببێت وەکو “ئەلنوسرە و ئەلقاعیدە وە ئەو گروپە چەکدارە میانڕوانە کە ئەمریکا یارمەتی دەدان و مەشقی سەربازیی پێ دەکردن”. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە سەرتای جەنگی دژ بە “داعش” “ئەسەد” تەنیا ٢٠% تا %٢٥ لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتدا بوو. روسیا روخانی “ئەسەد”ی پێش تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” قبوڵ نەبوو بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای جەنگەوە “روسیا” لە رێگەی پاراستنی “ئەسەد” هێز و هەیمەنەی خۆی پیشانی دەوروبەر دا و بە رووخانی “ئەسەد” غروری “روسیا” دەڕوشا، لەگەڵ ئەوەی کە روونە خەونی “روسیا” زۆر لەوە گەورترە کە تەنیا پارێزگاری لە مانەوەی “ئەسەد” بکات و تەنیا چاوی بڕیبێتە “سوریا”!
روسیا، بە درێژایی مێژوو پلانی داڕشتووە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەکانی لە دنیای سێیەمدا. بۆ ئەو مەبەستە لەسەر دوو ئاست کاری کردوە، یەکەم، لەسەر ئاستی بەکارهێنانی نەتەوەکان لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی جوڵانەوە سیاسییەکانیان بە رێگەی سەرکردەکانیان. دووەم، لە رێگەی پروپاگەندە کردن بۆ “ئایدۆلۆژیایەکی فکری سیاسیی فەلسەفی” تایبەت بە پشتبەستن بە فکر و ئەزمونی “مارکس و لینین”ی، بە گروپ کردنی خەڵک و کۆکردنەوەیان و دروست کردنی ئەحزابی وەکو “ئەحزابی شیوعی” وەک پارتێکی عەقائیدی و ناساندنی بە نێو پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگەی دنیای سێیەم و گرتنی جڵەوەکە بە دەستی خۆی لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی سکرتێر و کەساییەتی یەکەمی ئەحزابی شیوعی لە جیهانی سێیەمدا.

گومانی تیاددا نییە “روسیا” لە وڵاتانی سەرماییەداریشدا هەوڵیداوە بۆ دامەزراندننی ئەحزابی شیوعی بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو وڵاتانە و بوونی دەسەڵات و سیستەمیی دیموکراتی سەقامگیر، “روسیا” نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە بەکارهێنانی ئەو پارتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی تا ئاستی پێویست وەکو وڵاتانی ” ئەمریکا، ئوسترالیا، بریتانیا” و دەیان وڵاتی تر. هەروها “روسیا” سەرکەوتوو نەبووە لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوەخۆی ئەو وڵاتانەی کە توانیوییانە لەسەر پێی خۆیان ڕابووەستن و خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی ئابووریی سەقامگیر بن نمونە وەک “چین” و “یابان”.
مۆسکۆ، لە جیهانی سێیەمدا تا رادیەکی باش توانیویەتی بە مەرامە سیاسیی و ئابوورییەکانی بگات، بەهۆی باری نەلەباری ئەو میللەتانە و هەژاری و جەنگ و بوونی حاکمی دیکتاتۆر و ناجێگیری سیستەمی دەسەڵات، زەمینە زیاتر لەبار بووە بۆ “روسیا” کە بتوانیت خۆی لە کاروباری ئەو میللەتانە هەڵقوڵتینێت و سوومەند بێت لە سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتانە و بەکاریانبهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان نمونەی زیندو وەک “ئەفریقا” و “رۆهەڵاتی ناوەڕاست”.
روسیا، بەهۆی شوێنی جوگرافیا و هاوسنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا و بوونی ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی و بوونی شەڕی مەدەنیی و دەسەڵاتداری دیکتاتۆر لەو ناوچەیەدا زەمینەیەکی لەباری رەخساندوە بۆ روسیا کە بۆ خەونە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لەو ناوەچەیەدا کاربکات و هەوڵبدات دەستی بگات بە خاڵە ستراتیژییە جوگرافییەکانی ئەو ناوچەیە بۆ نمونە “دەریای ڕەش”.

بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێت “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا بۆ بەرژەوەندییەکانی یاریکەرێکی باش بووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چاڵ هەڵکەندن بۆ میللەتانی ناوچەکە، تا دەگات بە هەموو ئەحزابە شیوعیەکانی ئەو ناوچەیە کە دۆست و لایەنگری سۆڤیەت بوون و متمانەی خۆیانیان پێ بەخشیبوو بەوەی کە “روسیا” دژی ئیسرائیلە، دژی ئیستعمارە، دژی نەتەوە پەرستییە، دژی ئایین و خورافیاتە، دژی سەڕۆکە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە وە بە هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری وەک بەرەو “سۆشیالیزمی و کۆمۆنیستی و بونیاتنانی دیکتاتۆرییەتی پرولیتریا” و دژ بە سەرمایەداری دا فڕیوی دابوون و ئەوانیش بە گژ سەڕۆک و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکاندا دەچوون، کە لە دەرئەنجامدا بە هەزارانیان لە ژێر ئەو دروشمەدا لە سێدارە دران و “روسیا”، ئاوڕێکیی لێنەداوە!
مۆسکۆ، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی، لە دنیای سێیەمدا دەستێکی باڵای هەبووە لە دروست کردن و بە قەبە کردن و بە جەماوەر کردنی” ئەحزابی شیوعی” بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. دواتریش وەک فشار ئەو هێزە جەماوەرییەی بەکارهێناوە بەرامبەر بە دژەکانی بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی، سەربازیی و سیاسییەکانی، ئینجا کە ئەمەی بۆ چۆتە سەر پشتی لەو هێزە جەماوەرییە کردوەو بە دەستی هەمان دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بە قەلاچۆ کردنیانی داوە، وەک “حزبی شیوعی عیراقی، حزبی شیوعی میسری، حزبی شیوعی سودانی، حزبی شیوعی لیبی، حزبی تودەی ئیرانی، حزبی شیوعی لیبی حیزبی کۆمۆنیستی تورکی” بە دەیان ئەحزابی شیوعی تری وڵاتانی ناوچەکە!

روسیا، یاری بە چارەنووسی وڵات و نەتەوەکانی تریش کردوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونە “کوردستان”ی داگیرکراوەیش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە “روسیا” قسوری پێنەکردەوە لە یاریکردن بە چارەنووسی بزوتنەوە سیاسییەکانی و خواستە نیشتمانیی نەتەوەییەکانی، دامرکاندن و بەرەو هەڵدێر بردنی شۆڕشەکانی. ئەزمون و مێژوو پێمان دەڵێن ڕیککەوتوە کە “روسیا” هۆکاری سەرەکی بووە لە دامرکاندنی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد نمونە “کۆماری مهاباد” و “ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠”.
هەنوکە، چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیهان، شێکرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کە “روسیا” توانیویەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا پەیوەندیە دیبلوماسییەکانی بەرەو پێشەوە ببات کە لە ئەنجامدا پێگەی بەهێز بووەو وە دوای تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” هەوڵدەدا مەرجی خۆی بسەپێنێت. کە بێگومان کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە ناوچەکە کە چارەنووسی دەکەوێتە ژیر دەستی “روسیا”! وە پێش وەخت “روسیا” لەگەڵ نەیارانی “پرسی کورد” دۆستە!

لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە بەکارهێنانی کارتی ” روسیا” و ئاماژەدان بە “ئەمریکا” لە هەڵبژاردنی ئەو بەرەیە وەکو فشارێک بۆ دەستکەوت و سەپاندنی مەرج بەسەر “ئەمریکا”دا هەنوکە ئەو خوازە لە قەبارە و ئەندازەی پارتە کوردییەکاندا نییە بە تایبەتی لە باشووری وڵات، وە ئاشکرایە کە “روسیا” هەنوکە و لە ئاییندەش بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی لە چاوی عەبادی، ئەسەد، روحانی و ئەردوغان دا دەبینێت.

———————————
سەرچاوە:

http://iiss.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/05679327908457338#.WgOYX0lrzs0/
The Soviet union in the international system of the 1980s
Foreign relations of Russia
http://www.businessinsider.com/russia-middle-east-strategy-explained-2017-10?IR=T
https://www.bloomberg.com/news/articles/2017-10-03/putin-is-now-mr-middle-east-a-job-no-one-ever-succeeds-at
http://crhsgg-studentresources.wikispaces.umb.edu/file/view/Alzaabi%2C+NouraDemocracy+in+MENA_NouraAlzaabi.pdf
http://www.theisraelproject.org/episode_46_a_cold_war_in_a_simmering_middle_east?gclid=EAIaIQobChMIo_-X0q2w1wIVVyQrCh3iGwHUEAAYASAAEgKM-PD_BwE




‌ میدیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم…!!! … جوتیار

بۆچونێك هه‌یه پێی وایه كه‌ نه‌وه‌ی پێش ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان ده‌بوایه خۆی له‌ گه‌ڵ میدیاو هه‌ژموونه‌كه‌یدا بگونجاندبایه، به‌ڵام له‌ زه‌مه‌نی ئێستاماندا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌؛ پێویسته‌ میدیا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی گێنێراسیۆنی (IT) هونه‌ری زانیاری و نه‌وه‌ی نوێدا بگونجێنێت ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوردستاندا ئاستی پێگه‌یشتنی ئاراسته‌ی میدیایی و فه‌زای سه‌ربه‌خۆبوون و گه‌شه‌كردنی؛ په‌یوه‌سته به‌ خۆ دابڕاندن له‌ هێڵه‌ سیاسیه‌كان و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ڵاتی باو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ میدیا و ڕۆشنبیری كوردی ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت ئه‌و ئاسته‌ دۆگماو به‌جێماوه‌یه‌‌ كه‌ له‌ پانتایی هێڵه‌كانی ئیدۆلۆژیا و كاریگه‌ری ئه‌ودیو تێڕوانینه‌ سیاسیه‌كاندا جێده‌گرێت، ئه‌و بونیاده‌ی كه‌ ڕۆڵ ده‌دات به‌ میدیا و ڕۆشنبیر بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ ئالیه‌تی دروستكه‌ری ڕایگشتی و باوه‌ڕپێكراو له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ته‌نها پرۆفێشیناڵبوون له‌ ڕوی تێكنیكه‌وه ‌نییه‌ یاخود گووتار نوسین و قسه‌كردن نییه‌، به‌ڵكو خۆ ساخكردنه‌وه‌و ده‌ربازبوونه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و پارادۆكسیزمه‌ ئاڵۆزه‌ (پۆلیسۆسیاڵ)ه‌دا

1. ئه‌و ڕه‌وشه‌‌ سیاسی و له‌ناكاوه‌ی كوردستانی باشور له‌ دوای 16.10 وه‌ ده‌رخه‌ری ناواخنی ڕاسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتن و توانای ئه‌قلی میدیاكارو ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ نه‌یانتوانی تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌رتاپاگیره‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان ڕووبه‌روی بۆته‌وه‌ بسه‌لمێنن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆشنبیران و میدیاكاران ‌ به‌ دیاریكراوی‌ دوای ئه‌و پێشهاته‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ك هه‌ر تاكێكی توڕه‌و بێزار له‌ ناكامبوونی ئه‌و قۆناخه‌؛ هاتنه‌ ناو ڕۆژنامه‌و به‌رده‌م مایكه‌كان و ناو تۆڕه‌كانی سۆشیالمیدیا بۆ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌و دامركانه‌وه‌ی ڕقه‌ هه‌ڵاوساو و په‌نگخواردوه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسی و ڕكبه‌ره‌كانیان و خراپترین جۆری خو‌ێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌ ڕای من كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگاتیڤیان خسته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ و تا ئاستی داخستن و بێهه‌ناسه‌ییان برد ، من ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكی ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵ و په‌یجه‌ ئینته‌رنتیه‌كان تا ژێرزه‌وی توشی هه‌ره‌س و داڕمانی ده‌روونی هاتن و له‌ بێ پلانی و بێ ره‌هه‌ندی خۆیاندا بوون به‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ تازه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی شكست و خیانه‌تێكی سیاسی كوشنده‌دا له‌ دایك بوو و وه‌كوو هه‌ر قۆناخێكی تری تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی فه‌رزكرا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكی كوردستاندا . ‌

‌ ئه‌ركی ڕۆشنبیر یاخود میدیای ئازاد ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌ركێكی ویژدانی و ڕاستگۆیانه‌ بێت‌؛ هه‌ڵگری په‌یام و ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆشنبێت كه‌ ئه‌ویش بونیادنانی ئیراده‌و دروستكردنی ووشیاری سیاسی و ‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ ؛ هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وشه‌ ئاوارته‌و قه‌یراناویه‌كان به‌بێ مه‌یلگه‌رایی سیاسی نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین قوڵكردنه‌وه‌و شێواندن و به‌ هه‌ستیاریكردنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ نێوان چینه‌ جیاوازه‌كاندا ، میدیاكانی لای ئێمه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ سه‌رلشێواو و بێ ئامانجن كه‌ ئاماده‌ن بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی به‌ناو پڕۆفێشیناڵبوون و به‌ناو سه‌ربه‌خۆبونیان ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك بگرن، په‌نا بۆ هه‌ر جیهه‌تێك ببه‌ن ‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژه‌كه‌یدا خیتابی حه‌ماسی و هه‌جوی ئیستیفزازكه‌ر بدات.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی جه‌ده‌لیه‌تی میدیای كوردی بكه‌یت زۆر ئاسان ده‌بینی چه‌نده‌ بێ بونیادو بێ مه‌عریفه‌ی ململانێ باڵاكانی كولتورین ؛چه‌نده‌ هه‌موارن به‌ عه‌قلیه‌تی یه‌كترشكاندن و ڕكاوڕێك نمونه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردین.
له‌و ڕه‌وشه‌ بێئامانه‌ سیاسیه‌دا به‌شێكیان باسی پلانه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ چۆن دیسان كورد خه‌نجه‌ری خیانه‌تی لێدرا وده‌یانه‌وێت پاكانه‌و ئه‌ستۆپاكی بۆ ‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكه‌ن ؛ به‌شێكیشی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ئاڵوگۆڕێك نه‌بوبێت و ڕوینه‌دابێت بۆمان باسی هاورده‌كردنی خه‌یارو ته‌ماته‌ی ئیندۆنۆسی ده‌كه‌ن؛ باسی به‌رهه‌می ماسی و سوده‌كانی ده‌كه‌ن؛ یاخود باسی ڕۆنالدۆ و یاریه‌كانی به‌رشه‌و ڕیاڵ؛ ئاخر ئه‌وه‌ چ ‌ په‌رتبوون و چ وێرانه‌یه‌كه‌ كه‌ میدیاو رۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرانی كوردستان تیایدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن؛ میدیا و ڕۆشنبیران ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن دركی پێبكه‌ن ته‌نها حه‌قیقه‌ته‌و هیچیتر؛ ته‌نها ‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروستوو لۆژیكیانه‌یه‌ بۆ ڕوداوه‌كان؛ ئه‌ركی هه‌ستكردن به‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ قسه‌ بكات، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ ڕاستیه‌كان به‌ قسه‌ بێنێ ؛ قسه‌ی نوسه‌رێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ ده‌ڵێت( هه‌ندێك كه‌س خۆر ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌بینن كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ر‌ێكدا داده‌نیشن و پشووده‌ده‌ن ) ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ كوردستان نیشانمان ده‌دات له‌سه‌ر ده‌ستی پلاتفۆرم و پارادایمه‌ شێواوه‌كه‌ی میدیای كوردی ؛ ئه‌و وێنه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ڕۆحیه‌ت و دیدگای میدیایی له‌ كوردستان پڕیه‌تی له‌ ‌ده‌مارگیری سیاسی و ده‌رنه‌چوون له‌ لۆكاڵیزمی حیزبی و ئیراده‌یه‌ك‌ كه‌ ناتوانێت بگات به‌ سێبه‌ری قه‌یده‌ جیهانیه‌كانیش نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی بتوانێت تێیانبپه‌ڕێنێت.

2 . سۆشیال میدیاش كه‌ ده‌توانم وه‌كو گروپی هێرشبه‌ری میدیایی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا پناسه‌ی بكه‌م، ‌ له‌ ئێستادا ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین و خێراترین هۆكاره‌ خۆسه‌پێنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای میدیاییه‌ به‌ سه‌ر زیهنیه‌تی تاك و تا ئاستێك كۆی گشتی خه‌ڵكدا؛ خه‌ریكه به‌‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ‌ چێگایه‌ك بۆ میدیا بیستراو و بیندراوه‌كان له‌و پانتایه‌دا ناهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ شێوه‌ هه‌ره سكانداڵ و‌ شێواوه‌كه‌ی له‌ ناو ئه‌و فه‌زا ئانارخیست و ناجێگیره‌ی كه‌ حیزب و سیاسی و ڕۆششنبیره‌كان خوڵقاندویانه‌ .

كراوه‌یی و به‌رفراوانی ئه‌و تۆڕه‌ جاڵجاڵوكه‌یانه‌ تا ئاستێك وای له‌ خه‌ڵك كردوه پێویستیان به‌ میدیا ئاراسته‌كراوه‌كان كه‌متر ببێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیاریش پشت ببه‌ستن پێی ئه‌ویش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خێراو به‌رده‌ست و فراوان و كراوه‌تره‌ ،
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌شه‌ش له‌ میدیا به‌ شوه‌یه‌كی گشتی وای له‌ مرۆڤ كردوه‌ به‌ به‌هانه‌ی ئازادی و كراوه‌یی سنوره‌كه‌ی ‌خۆی گۆشه‌گیرو زیندانیبكات، وای كردوه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ست بكات له‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رفراوان و به‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری دایه‌ كه‌چی له‌ ڕاستیدا ته‌نهایه‌و له‌ ناو فه‌زایه‌كی دابراو و ده‌ستبه‌سه‌ركراودایه‌، ‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ ‌ كه‌ نه‌یتوانی به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕابێنێت؛ به‌ قورسایی خۆی و به‌ هه‌ژمونێكی شاره‌وه توانی مرۆڤ له‌ گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وابه‌سته‌كانه‌وه‌‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ترۆپكی خودگه‌رایی(indivdual) ێكی كوشنده به‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ئامرازه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بێت ، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش به‌شێكی هه‌ره‌ ناوازه‌ی ئه‌و ‌پارادۆكسیه‌ته‌یه‌ له تێكنۆلۆژیای‌ میدیایی كه له‌ژێر هه‌ژمونی سیستێمی ‌به‌ جیهانیكردن ڕوبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌، ‌به‌ڵام به‌ ستایله‌ هه‌ره‌ خراپه‌كه‌ی و به‌ لیبڕاڵیزمێكی پاشڤه‌ڕۆ و دۆنكیشۆتانه‌؛ كه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رتاپای بیركردنه‌وه‌و ئاكتیڤیتێتی تاكه‌كانیدا گرتووه‌.

‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بوونی كۆیله‌یه‌ك پێناسه‌ بكات پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خاوه‌ندارێتیه‌ بیۆلۆژی و جه‌سته‌یه‌كه‌ی ببینێت ؛ بۆ ناسینه‌وه‌ی كۆیله‌یه‌ك له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یادوه‌ری په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سیستێم و قۆناخی كۆیلایه‌تی ، چونكه‌ له‌ ئێستادا سه‌رمایه‌داری سیستێم و تێكنۆلۆژیایه‌كی په‌یوه‌ندی وه‌ها گیرۆده‌ی بۆ به‌رهه‌م هێناوین كه‌ هه‌موومان له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كه‌یدا بووین به‌ پێشكه‌ووتوترین و گوێڕایه‌ڵترین كۆیله‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به‌ بوونی كه‌سوكارو هاوڕێكانیشمان نه‌كه‌ین له‌ ده‌ورمان و دنیای واقیعدا.




کوردایەتی ئـایندەی لە عێراقدا …. چالاک ئـاغجەلەری

وەک چۆن ژیان کۆکراوەی ساتەکانە ،ئەوەی دەبێتە ئەکتەر و دەق داڕێژەری ئەو ساتە یەک لە دوای یەکانە بە تەنها مرۆڤەکانە نەخشە ڕێگای بۆ دەکێشن و دەکرێتە داینەمۆی بەردەوامی ژیان ، هەر ساتێکی مێژووییش دەبێتە بەشێک لە ژمارەیەکی گەورەتر لەوانی پێش خۆی، ھەروەھا بۆ خۆشی بەهەمان مەنتیقەوە ئەو ژمارانەی بەدواییدا دێن لە پەیوەند بە بەردەوامی ژیان ھەمان فۆرم دەگرن، کەواتە ئـەم حەتمیەتە قابیلی گۆڕان نیە و ھەڵە وەرناگرێت ، وەک ئـەرکێکی داسەپاوی سروشتی دەبێت بە دونیابینییەکی کراوەوە لە هەنگاوەکانی سبەی بڕوانین مەزنی ئەمڕۆمان لێ نەبێتە دۆگما چونکە بەم گەوجاندە جیا لەوەی بەر بەشەپۆلە بەردەوامەکانی ژیان ناگرین هاوکات ئێمەکی بچوک کەشکۆڵی ساتەکەمان بەتاڵ بەتاڵ دەبێت لە عیبرەت بۆ دوای خۆمان.

لە بەرکەوتەی ژیانی سیاسی میللەتانەوە بەلای کەمەوە سەرو ١٦٠ نەتەوە بە ناسنامەی جیاوازە ئیلهامی فیکری هیگڵ لە دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بە کۆی ئەو ئیفرازاتانەی بەدوای خۆیدا هێنای ئاسمانی جوگرافی سیاسیانی بۆ ڕۆشنکردوە و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگای گەلانی خاوەن ئاڵا ئەمە لا کاتێکدا ١٩٦ ووڵات خاوەن کورسین لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەرچەندە لەم رێکخراوە ١٩٣یان ئەندامی هەمیشەین و مافی دەنگدانیان هەیە ، هەروەها ٣ ووڵاتی وەکو( کۆسۆڤۆ ، فەلەستین و ڤاتیکان) لە دەرەوەی ئەو مافەن و تا ئێستا بەشێک نین لەو گروپە.
لێرەدا ئەوەی جێی مەبەست و وەستانە لەسەری میللەتێکی وەکو ئێمەی کورد ئـەو هۆکارگەلی ئاستەنگانە چی بوون کە نەمانتوانی لە دوای ئەو هەموو کێشمەکێشە سیاسیەی سەدەی بیست ئەم خواستە میللیە فەراهەم بکەین ، هەرچەندە هەلەکان بۆ گەیشتن بەو مافە ئامادەییان تێدابوو بەڵام نەکرا!! ، دیارە بۆ دورخستنەوەی پەڵە لە دیرۆکی سیاسیمان هێندەی نەیاەرکان بە هۆکار دەزانین، ئامادەنەبوونی پێگەی سیاسی کوردی لەچوارچێوەی غیابی ناوەندی فیکرلە ئاراستەکردنێکی تەندروست بۆ ئەم پرسە کەمتر پەنجەی تاوانی ئاراستەکراوە، ئەمەش بەهۆی هەژموونی تێنەپەڕاندنی شکۆی باوکایەتی بەسەر نەوەکان و خێڵ بەسەر گروپ و تاکەکان ، هەروەها هەزمکردنی پرسەکە لە چوارچێوەی سۆز و دوور لە تێفکرینی وورد لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی هەوڵدان و خەبات، خاڵیی لە ستراتیژیەکی تۆکمە و نەبوونی بوێری بۆ داڕشتنەوەی کاری سیاسی بە گونجان لەگەڵ سەردەمدا ئەو ئەنجامەی داوە بەدەستەوە کە ئەمڕۆ دەبینرێت.
.
هێز و پارتە سیاسیەکان بە گشتی و `قەومیەکان بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا بەلای کەمەوە لە شەستەکان بەدواوە روئیای سیاسی خوێندەنەوەکانیان لەو ئاستەدا کورتی هێنا ، ئەویش بە هۆکاری نەبوونی سەرکردەی بە فکر بۆ دەرچون لەو خەباتە تەقلیدیە( شۆڕشی چەکداری خاوەن ستراتیژی داخراو و تەعمیمی خەباتی گەلان و چواندنیان بە پرسی میللەتی کورد)ی ئەو ڕۆژگارە ، ئەم جۆرە لە خەبات و تێکۆشان وەک بەشێک لە دەرهاویشتەکانی دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم دەبینم، چونکە بۆ خۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێڵی گەرمی ململانیە جیهانیەکان بوون. بەردەوامی ئەم خەباتە لە حەفتاکان و هەشتاکان بەهەمان باکگراوندی تێکۆشانی شەستەکانەوە درێژەی کێشا لەگەڵ هەندێ گۆڕانکاری ڕووکەشی کە تەنها بە تۆژاڵێکی تەنک فیکر و فەلسەفەی شەستەکانی داپۆشی بوو بەڵام لە بنەڕەتدا وەک درێژکراوەی هەمان میتۆد هەر بۆیە نەیتوانی ئەو قۆنا‌غە بەجێبهێڵێت و دیدگایەکی تر لە دونیابینی بۆ دەستکەوتنی مافی گەل بجوڵێنێت. کارەسات و نەهامەتیەکانی ئەو ساتە مێژوویە بەجیا لە دڕندەی دەوڵەتی ناوەند کە بە نەخۆشی فاشیست بوونەوە گلابوو بە وێنەی نازیەکانی ئەڵمانی و کەمالیستەکانی تورکیا ، ئەوەی کەسەرە هێزی کوردی وەکو پەرچەکردار شوێن پێی دوژمن کەوت ئاراستەیەکی لەوی باشتر نەگرت نە ئەوکات و نە ئێستاش چونکە دیدگایەک لە بنەچەدا سەرچاوەکەی هاوخوێنی نەتەوە ئاراستەی بکات ڕق و سڕینەوەی بەرامبەر بەرجەستە دەکات ( ئەمە تۆمەت بەخشینەوە نیە، مێژووی ناشیونالیزمی نەتەوەیی لەمە زیاتری لێ بەرهەم نایەت لەکاتێکدا کورد بۆ خۆی نموونەیەکە لە تاوان کە دەرهەقی کراوە) ، بۆ یە ئەم هاوکێشەیە لە نێوان ئەم دوو بەردە ئاشەدا میللەتی کردە ئەو خوانە بۆ تێر بوونی ئارەزووە سیاسیە بێ هزرەکانیان چونکە براوەی ئەم فۆرمە بەتەنها کۆمەڵێکی بچوکن لە دەمراستی سیاسی دیکتاۆرخواز و بەخشینەوەی ترس لە ئامانجی پێکراوی ئەو نوخبە پۆپۆلیستەیە.

بۆ ئەوەی دوور نەکەوینەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە دروست بوونی جۆرێک لە ئیدارەدانی سەربەخۆ ، دواتر کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەدام ، هەڵسوکەوتی هێزەکانی دەسەڵاتدار ( پارتی و یەكێتی) چی دەسکەوت و فەرهەنگی سیاسی و ئیدارو ئابوریان جێکەوتەکرد تاوەکو خەڵک دەست خۆشی لە ماندوبوونەکەیان بکات!!، لەمڕۆ بەدوا دەبێت دووجار هەڵوێستەبکەین یەکەم لە دەسەڵاتی ناوەند و دووهەم لە دەسەڵاتی هەرێم ، دیارە گومانی تێدا نیە هەردوو بەرە خاوەن یەک میتۆدی سیاسین ئەوەی مەبەست نەبێت لایان خۆشگوزەرانی خەڵکە، ئەم خواستە پەیوەندی بەو هاوکێشەیەوە هەیە لە بوون و فەراهەمی ژینگەیەکی ئارام و ڕەفاهدا هوشیاری تاک گەشە دەکات ، لەگەیشتن بەم ئاستە ئاسایشی ئەم نوخبە سیاسیە دەکەوێتە مەترسیەوە و پێگەیان لەق دەکات، باشتیرین بژاردە بۆ ئەوان تەسلیم بوونی ئیرادەی خەڵکە بە حزب وەکو ئەوەی کە ئێستا بۆتە واقیعی ڕۆژ.

بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا دەبێت میتۆدی سیاسی تەواوی هێز سیاسیەکان لە عێراقدا بە تایبەتی ئەو هێزانەی فیکری قەومی و مەزهەبی ئاراستەدەکەن بکرێنە ژێر پرسیاری جدییەوە بە فۆرمێکی تر لە سیاسەت وەڵام بدرێنەوە بۆ هەرچی گەیشتن بە ئارامی هاونیشتمانیان لە ووڵاتدا ، چونکە لە مێژووی دروست بوونی عێراقەوە بە شێواندنی ناسنامەی هاونیشتمانیانەوە کەوتە سەرخەت، ئەمەش بەهۆی بەزۆر لکاندنی چەندین نەتەوە و ئاین و مەزهەب لە قەوارەیەکی دەوڵەتیدا فۆرمیان بۆ کێشا جیاواز لەهەر خواستێکی ئارەزوومەندانە. بەڵێ ناسیونالیزمی قەومی وەک میتۆدی سیاسی و بۆ تەبەنیکردنی ناسنامەی حزب خۆیناساند بە خەڵک ، دیارە بۆ خۆی ئەم ئاراستەیە لە سیاسەت ڕێگە و دەرفەتەکان باشتر دەڕەخسێنێت بۆ دژایەتیکردنی بەرامبەر ، ڕق و نەخوێندنەوەی دەرەوەی خۆی بەردەوام چالاکە و کاری پێدەکرێت، ئەم فەرهەنگە لە کۆششی بەردەوامدایە بۆ دەستەمۆ کردنی ئەوانی دی بە جۆرێک هەیمەنەو باڵادەستی خۆی خاڵی کۆتایە بۆ یەكلاکردنەوەی کێشەکان ، هەربۆیە عێراقی نوێی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ئەم جۆرە ناسیونالیزمەی لە ناو کۆی پێکهاتەکانی ووڵات بووە فەرهەنگی سیاسیان ، ماڵوێرانی ئەو خەڵکەش زادەی ئەو دیدگا بێ بڕشتەیە کە دەکرێت بەجێبهێڵدرێت.

لە جێگەی ئەم ڕەوتە سیاسیە مەرگ هێنە ئیدی کاتی ئەوەیە پێش خۆمان ببینین ، لێرەدا دوو ڕێگە لەبەردەم ئـەم خەڵکانەدایە یان بەردەوامیدان بەم روئـیا سیاسیە خوێناوەیەی کە ھەیە لە کاتێکدا مێژووی عێراق پێمان دەڵێت خاوەنی ھەموو شتێکین بێجگە لە ئـاشتی و یەکتر قوبڵ کردن، لەبەرامبەر ئـەم ڕەوتەدا دەکرێت نااسیۆنالیزمی (میللی یان لیبرالی)،(سڤیک ناشیونالیزم )جێگەی بگرێێتەوە ، کۆنسێپتی ئـەم جۆرە بژاردە سیاسیە لە سەربنەمای ھاونیشتیمانی بوون و سیستەمێکی دیموکرات پێگەی خۆی مەحکەم دەکات، ئـەم بەدیلە ھەوێنک دەبێت بۆ ئـەو شیرەی خەڵکی عێراق بەتەواویپێکھاتەکانیەوە مەبەستیانە ببێت بەماست( مەبەستم خەڵکی سڤیلە).ھەزمکردنی ئـەم فۆرمە وەک بنتێک بۆ سەرلەنۆی ئـاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی ، وەلائـ بۆ نیشتمان و پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جیاواز لە تێڕوانینی بە دوژمنناسی بەرامبەر و دروستکردنی شەبەحی ڕەقیب . ئـەرکی خوێندەوارەکانە بە ھاوکاری شەقام فشار ی مەدەنی بکەنە سەر کایەیە سیاسیەکان ئـەم فەرھەنگە سەربخەن، ڕاستە ئـەرکێکە پێویستی بە ماندوبوون و لەخۆ بووردەییە بەڵام گرنگ گەیشتنە بە ئـامانج کەخۆی لە بەختەوەری خەڵکدا دەبینێتەوە .

ئـاکامی ئـەم پرسە دەبێت سنوری فیکری سائـید ببەزێنێت موخاتبەی سەرچەم پێکھاتەکانی عێراقی پێبکرێت ، دەست پێکی ئـەم فۆرمە نوێیە لە سیاسەت لەسەر دەستی ڕۆشنفیکران دەکەوێتە جوڵە ، نابێت چاوەڕوانی ھێزە قەومی و مەزھەبیەکان بکرێت چونکە ناسێونالیزمی قەومی بۆ خۆی ھەناوی بازاری سیاسەتیانە بە تێپەڕبوونی ئـەم فەلسەفەیە و بازدان بەسەریدا ئـەوانیش کارکەنار دەکەون، ، ئـیدی کوردایەتی بۆ پاراستنی تاکی کورد سەرڕێدەکەوێت بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆی پێکھاتەکان لە ئـەرک و مافەکانی ووڵاتدا ھاوبەش دەبن و لەسەر هەموویانەوە خۆشەویستی جێگە بە قین لەق دەکات.




کورد و هیلالی شیعی …. دڵشاد تاقانه‌

هاوکێشه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ر و پڕ مه‌ترسی، تاڵه‌موێکه‌ له‌نێوان ژیان و مردن، تای ته‌رازوو هه‌رگیز پای ناداته‌وه‌! له‌وانه‌یه‌ له‌نوسینه‌که‌م سه‌رسامیه‌ک گرتبی ئه‌وه‌ چیه‌ و چی ڕووده‌دا؟ نوسه‌رانه‌ هه‌نده‌ک ده‌تهینم و ده‌تبه‌م ئه‌وجا له‌کۆتایی کارکی باسه‌که‌ت ده‌ده‌مێ.
شیعه‌..
جۆر یا شێوازێکی ئاینگه‌را له‌ناو ئاینی ئیسلام حه‌شاردراوه‌، قوماتێکی ئیسلامیانه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا سه‌ربه‌خۆیه‌، پێڕه‌و و ناوه‌ندی بڕیاری هه‌یه،‌ ده‌کرێ بڵێی فارسه‌کان دژی ئیسلامی عه‌ره‌بی دایان هێناوه‌ خۆیان ناوه‌ندی بڕیاره‌که‌ن.
فتوحاتی ئیسلامی..
که‌ڕووی له‌وڵاتی فارس کرد له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆ گه‌یشتن نزیکه‌، زێر و خشڵی زۆره‌ کیسڕا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ئاینه‌که‌یان زه‌رده‌شتی سروشتپارێز و جوتیارانه‌یه خواستی گرتن و ڕاو ڕوتیان نیه‌ به‌خاکه‌وه‌ به‌ندن! له‌ولایه‌ ڕۆمانه‌کان دیانی شه‌ڕکار و به‌رز و به‌هێزن پێیان ناوێرین، له‌ولا ئه‌فریکای له‌برسان مردی و ژن ناشیرینه‌ به‌حۆریه‌ به‌ڵێنیه‌کانی به‌هه‌شت ناچن له‌کاتی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ!
کورد له‌فتوحات..
له‌‌سه‌ره‌تاوه‌ تێتڕی چونکه‌ پارچه‌ پارچه‌ و نه‌هاتن به‌هانای یه‌کتره‌وه‌. ئاسان شکێندران یه‌ک له‌دوای یه‌ک چونکه‌ هه‌رئاغه‌ و میره‌ له‌ئاشه‌کی لێ ده‌کا وه‌کو ئێستا یه‌ک زۆرینه‌ چاوحیز و که‌مینه‌ ئاسان له‌ناو ده‌برێن.
فارس له‌فتوحاته‌که‌..
به‌عه‌ره‌بیان ده‌گۆت: ئه‌سپێ خۆره‌کانی بیابان. سه‌رڕای شکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له‌به‌ر خیانه‌تی ناوه‌خۆ به‌ڵام بڕیاریان دا هه‌ربه‌ئاینه‌که‌ی خۆیان عه‌ره‌به‌کان بشکێنن شکانه‌کی مێژووی دووکه‌رت و چه‌ند که‌رتیان بکه‌ن، وابوو ئاینگه‌رای شیعه‌یان داهێنا و په‌ره‌پێدا.
کورد و شیعه‌..
ئه‌وڕۆ کورد له‌هه‌رچوار پارچه‌که‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێرانی شیعه‌، وه‌ک سونیه‌کی گه‌مژه‌ ته‌راتێنی پێده‌کرێ، له‌ڕۆژهه‌ڵات ده‌مێکه‌ خه‌ساوه‌ ته‌نانه‌ت جووتیشی پێناکرێ. له‌باشور و ڕۆژئاوا سه‌ره‌تاتکه‌یانه‌ به‌ڵام ئاسان قڕه‌یان لێ ده‌بڕێ چونکه‌ به‌شه‌کیان ده‌سته‌مۆ و به‌شه‌کیان نه‌زان و ئاغاچین ده‌کرێ ببیه‌ ئاغایان. له‌ڕۆژئاوا ئازا و دڕن به‌ڵام ئه‌سه‌د له‌خواره‌وه‌ و تورکیا له‌سه‌ره‌وه‌، حه‌شدیش له‌عێڕاقه‌وه‌ ده‌یانخنکێنن.
شه‌ڕ چه‌ک ده‌یکا..
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌قه‌مه‌نی په‌یدا بوو واته‌ تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ یاسای شێمشێربازیان شکاند، مه‌رجی قاره‌مانی و مه‌رده‌کوژی، یاساکانی شه‌ڕ گۆڕا بوو به‌شێوازی حیزه‌کوژی له‌دووره‌وه‌ و له‌ناکاو بێ ئاگاداری سوارانه‌. ئینجا ئێستا کورد به‌چه‌که‌ کۆنه‌کانی ڕوسی وه‌ک کلاشینکۆف و دۆشکا به‌رامبه‌ر به‌چه‌که‌ نوێکانی شیعه‌ که‌ له‌ئه‌مریکای وه‌رده‌گری له‌ڕێی عه‌بادی وه‌ک تانکی ئه‌بڕامز و فڕۆکه‌ی 16 بێگومان دۆڕاوه‌!
کوردی سونه‌..
نازانم کورد بۆ سونه‌یه‌؟ خێره‌که‌ی له‌چ دایه‌؟ لۆمه‌ به‌کر و عومه‌ر و عوسمان و جیاوازی چیه‌؟ وه‌ک برێی: حه‌ره‌س قه‌ومی و به‌عسی و داعش یان عه‌لی که‌ده‌کاته‌ حه‌شدی شه‌عبی! هه‌رهه‌مووی جاشکی یه‌ک ماکه‌رن، جا ئه‌گه‌ر شیعه‌باین له‌وانه‌یه‌ باشتربا.
پاشایه‌تی کورد..
هه‌میشه‌ کورد ڕۆڵی پاشایه‌تی له‌فارس ستاندیه‌ له‌به‌ر بیرنه‌کردنه‌وه‌ و ئازایه‌تی به‌ڵام هه‌میشه‌ییش له‌ڕووی سیاسی دۆڕاوه‌ چونکه‌ یه‌کگیر و خودان ناوه‌ندی بڕیار و خاوه‌ن په‌یام نیه‌ زیاتر ڕه‌دووکه‌وته‌ی ئاغاخوازه‌ تا به‌رێوه‌ی ببا و خۆشی جوتیاره‌کی شه‌که‌تی بێ پلان و به‌رنامه‌ی کاته‌، هه‌روه‌ک ئێستا زۆرده‌ڵێ به‌ڵام که‌م ده‌کا!
شیعه‌ی پاشا به‌زێن..
سه‌رده‌می گه‌شه‌کردنی زانستی ئه‌سفه‌هان شیعه‌ ئاخونده‌کان پلانیان گێڕا به‌هاوکاری سه‌لجووقه‌ تورکه‌کان پاشایه‌تی فارسیان ڕووخاند ده‌روازه‌کانی قه‌ڵای شاریان لۆ کردنه‌وه‌ کاتێک پاشا له‌ده‌ره‌وه‌ خه‌ریکی به‌رگری و شه‌ڕ بوو. تا مێژوو خۆی چه‌ندباره‌ کرده‌وه‌ له‌سه‌ده‌ی بیستیش پاشای ئێرانیان ڕوخاند و جمهوری ئیسلامی شیعه‌یان ڕاگه‌یاند.
تورک و کورد..
دوو نه‌ته‌وه‌ی‌ دژانگیر به‌ڵام چونکه‌ تورک هاش و هوژی زۆره‌ و که‌رمیلله‌ته‌ ده‌کرێ کورد پێی بوێری به‌ڵام ساویلکه‌یی کورد و ئاینگه‌رای سونه‌یی جاره‌کی دی ژێرده‌ستی ده‌کاته‌وه‌، شه‌ڕی ئه‌رمانیان پێکردن ئێستاش شه‌ڕی داعش له‌دواقۆناغ کوردی باشوریان هه‌رپه‌سارد، به‌شێره‌ مل چێره‌ به‌زیوه‌که‌ی سوریاش ڕۆژئاوا کاول ده‌که‌ن به‌سه‌ر کوردا به‌هاوکاری ورچه‌ سپیه‌که‌ی ڕوسیا ئێستا حیزه‌بخۆیی هاتیته‌ پۆتێ.
ئیسلامی ئێران و کورد..
دوژمنایه‌تیه‌کی دووتایه‌ له‌لایه‌ک وه‌ک فارسێک ڕکابه‌ر و خاپێنه‌ره‌ له‌لایه‌کیش شیعه‌ی کورد به‌زێن و سونی تڕێنه‌. هه‌ردووکیشی لۆ کورد هۆکاری قڕان هێنه‌، هه‌موو میرنشین و ده‌وڵه‌تێکی کوردی فارس ڕوخاندیتی یا لۆ تورکانی به‌جێ هێشتیه‌ بیڕوخێنن.
هیلالی شیعی..
بریتیه‌ له‌که‌وانه‌ی ئێران ـ سوریا ـ لوبنان به‌ده‌وری ئیسڕائیل دا. واته‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ له‌ناو ئێرانی فارسی لۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌رخاسیه‌ت. له‌و نێوه‌ کورد پێخوستی ئه‌و هیلاله‌یه‌ که‌ نه‌ده‌بته‌ مانگی تابان و نه‌ئاواده‌بی!




مێرووله‌و كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ … نوسینی/وجدان عبدالعباس


وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌{فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی}
….

نم نم باران ده‌باری،مێرووله‌یه‌ك نایلۆنێكی پڕله‌شه‌كروگه‌نمی دابووبه‌كۆڵیدا،له‌په‌نادارێكدا وه‌ستاو
چاوه‌ڕوانیكردباران خۆشبكاته‌وه‌.له‌وكاته‌داكرمه‌لوولپێچه‌كه‌به‌سواری ماتۆرسكیله‌ ئاگراوییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌وێداتێپه‌ڕی،وه‌ستاولێیپرسی بۆكوێ‌ ده‌چیت؟؟؟
مێرووله‌كه‌ ڕووی تێكردو وتی”ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌ ،ڕێگه‌شم دووره‌”
كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ پێكه‌نی و وتی:به‌م باره‌ قورسه‌وڕۆیشتنه‌ خاوه‌ته‌وه‌ بۆسبه‌ینێ‌ یان دووسبه‌ی ده‌گه‌یته‌وه‌ ماڵه‌وه‌،پاشان مێرووله‌كه‌ی سواركردوله‌گه‌ڵ نایلۆنه‌ پڕله‌شه‌كروگه‌نمه‌كه‌ی،زۆربه‌خێرایی گه‌یاندییه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی،مێرووله‌كه‌ش زۆرسوپاسیكرد.
ئینجاكرمه‌كه‌ هه‌ستی به‌دڵگرانی كرد،چونكه‌له‌سه‌ره‌تاداگاڵته‌ی به‌مێرووله‌كه‌كردبووبه‌وه‌ی كه‌باری قورسه‌وخاووخلیچكه‌،له‌دڵی خۆیداوتی:ده‌بوایه‌گاڵته‌م پێنه‌كردایه‌ به‌ڵكوئارام وله‌سه‌رخۆبوومایه‌،
چونكه‌(ئه‌گه‌رچاكه‌له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك بكه‌یت،واباشه‌سه‌ركۆنه‌ی نه‌كه‌یت).

ئه‌م چیرۆكه‌له‌ژماره‌(84)ی گۆڤاری {گوڵه‌كان}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




چۆن سیاسەتی سیاسەتجۆکەری زەبری شکۆشکێنی لە کورد وەشاند… نیگار نادر

لە دوای داگیرکردنەوەی کوردستان زۆر گرنگە پەنجەبخرێتە سەر کرۆکی ئەو شکەست و هەڵانەی کە بوونەتە هۆی جۆرێک لەسیاسەتکردن و ڕسکانی سیاسەتجۆکەری ، ئەو شۆک بوون و تێکهەژانە سیاسیەی هەرێمیش ئەوەمان نیشاندەدات کە لە ڕابردوودا ئەزموونی دەسەڵاتداری و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر بنەمای سیاسەتجۆکەری هەڵچنراوە ، هەروەها بەدریژایی ئەو ئەزموونە نەخشەی بەرژەوەندی و پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتانی زلهێزو هاوپەیمانەکانی جەنگیش دا لەسەر هەمان بنەما داڕشتوە ،هەر لەسەر ئەو بنەمایەو بەو شێوازەش چۆوەتە ناو بەرژەوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی ووڵاتانی دەورروبەر ،لەناوخۆی هەرێمێشدا لەسەر هەمان بنەمای سیاسەتجۆکەری پارتەکان ڕێککەوتن و باڵانسی هێزیان ڕاگرتوەو بونەتە ئۆپۆزسێۆن و لەدژی یەکتر وەستاونەتەوە!..

لەناوەراستی ئۆکتۆبەری شومدا کە جەنگ ئاسایشی دەروونی هاووڵاتیانی هەرێمی خستۆتە لەرزین و هەموو ئاماژە سیاسی و ئەمنی وسایکۆلۆژیەکان وا نیشاندەدەن کە بوونی نەتەوەی کورد لە ژێر هەڕەشەی مەترسیەکی گەورەدایە، کە مەترسی هەڵبڕینەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر عێراق و کەوتنی هەولێرە، بەڵام ئەوەی کوێرکەرو شەرمهێنەوە، ئەو مەترسی و هەڕەشەو ترسە لەلایەن دژەدەسەڵاتەکانی هەرێمەوە بە خۆشحاڵیەکی پرۆ ئێرانی و عەرەبسەروەریەوە پێشوازی لێدەکرێ!
کۆمەڵگەکەش کە کۆمەڵگەیەکی دابەشکراوی حیزبیە هەر بەودابەشکراویە شپرزەو سەرلێشێواوەو بەشێوەیەکی لاوەکی وحەپەساو پەرچەکردای بەرامبەر ئەو جەنگە نیشاندەدا،دووبەرەکیەکی ترسناک لەناخی هاونیشتیمانیاندا شەپۆل دەدا،ناپاکی پەروەریەکی کوشندە بەپاساو دادەپۆشرێ،سایکۆلۆژیەتی کینەسازی بەجۆرەها شێواز سرەوەی جەنگێکی تری ناوخۆی لێ چاوەڕواندەکرێ..

کۆمەڵگەی سیاسی کوردی لەڕووی سیاسی و ژیاریەوە گەلێک چەقبەستوە بەڵام لە ڕووکەشدا هاوشێوەی نیۆرک و نەمسا خۆی نەمایشدەکا، لە سوشیاڵ میدیا و میدیایەکانیدا بەلەشکر سیاسەتکاریجۆکەرو مرۆڤی سواغکراو بە مۆدیرن بوونێکی ساختە بانگەشەی ئازادی تێدادەکەن و پۆزی پرۆفیشیناڵی تێدالێدەدەن، بەلەشکر کەسانی نا شارەزا ولاواز لە پێگەو پۆستی گرنگدا وەک یاساناس و دیپلۆمات و ئەندام پەرلەمان ساویلکانەو جۆکەرانە سیاسەتیان پێسپێردراوە دەرئەنجامیش بونەتە هۆی چەوبەستووی سیاسی و زەرەری کوشندەیان لە ناوبانگی کورد دا..

جەنگێکی گەورە بە پیلانگەلێکی ناوچەیی تژی لە توندڕەوی و داگیرکاری لەدژی کورد هەڵایساوە بەڵام لەو جەنگەدا تا ئیستا حاڵەتی ئامادەباشی جەنگ بە فەرمی لەلایەن حکوومەتەوە بۆ کۆمەڵگە ڕانەگەێنراوە ؟! دەرزەنێک مێدیای ناکامڵی بیرکورت و دەستکورت سیاسەتی بەرگری جەنگی ڕاستەقینەیان پێوەدیارنیە، هاوشێوەی دەڵاڵێک وێنە و هەواڵی پڕترس بەگەرەلاوژەێی دەگوازنەوە، کە کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر سایکۆلۆژیەتی هاونیشتیمانیان دروستدەکا ، ناکارن هەربەچەند سرودێکی بەرگری نیشتیمانی وەرەی هاونیشتیمانیان نەبەز راگڕن !

مێدیای ناوزەدکراو بە میدیای ئازاد، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی ئەزموونی حکوومەت دەکا لەو کاتە هەستیارەی جەنگدا کار بۆ داروخاندنی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەکا!! چ کارەساتە سۆشیاڵ مێدیا ومێدیاگەلێکی وەها قەبە بەڵام خاڵی لە پرینسێپی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی! کە بەداخەوە لەسەتاسەری هەرێمدا تا ئێستا کە نەتوانراوە ستراتیژیەکی نیشتیمانی بۆ بەرگری و ورەراگرتنی هاونیشتیمانیان لەکاتی جەنگدا دابرێژرێت ، بەڵام پێویستە میدیا هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و تێکنەدانی سایکۆلۆژیەتی هاونیشتیمانیان بکات و بە هەرنرخێک بێت خزمەت بە دوژمنانی کورد نەکات..

دەبینین لەوجەنگەدا تاقوتەرا هێزی پێشمەرگە لە بەرگری دایە ،حکوومەت لە پلانی چاوەڕوانی چونە بەغدا زیاتر هیچ پلانێکی بەرەنگاری و ئەمنی بڵاونەکردۆتەوە، هێزو لایەنەکانی دەرەوەی حکوومەت تەنها ئەجێندای تێکشکاندنی دەسەڵاتی حکوومەت و دەستخستنی دەسەڵاتداری هەرێمیان بۆخۆیان پێیە! لە هەڵپەی دەسەڵاتپەروەریدا گوتارەکانیان وا دیاردەدات هەتا مەیلی سازش لەگەڵ دوژمنانیشدا دەکەن .
ووزەو هێزی بەرگری بە سەرتاسەری کۆمەڵگەوە دیارنیە؟! ئەگەر وردتر سەرنج بدەین بە لەشکر کۆنە وەزیری خانەنشینکراو سوپانشینکراو و رۆشەنبیرنشینکراو سەدان ناوبانگنشینکراوی تری ئەو کۆمەڵگەیە لەماڵەکانیاندا حەپەساون ،لەو جەنگەدا نەک هەرئەو خێرمەندانەی لەسەرەوە ئاماژە پێدراون،بەڵکو نەمامۆستایەکانی زانکۆ نە دوکتۆر نە رۆناکبیر نە هیچ یەک لە چینەکانی تری کۆمەڵگە خواستی بەرگری لەو خاکەیان سڕو مەدەنیانە رێکنەخراون! لەکاتێکدا دەبێت کومەڵگە بە تێکڕایی هێزی بەرگری نیشانی دوژمنانی بدات!

بەهەزاران بۆیمباغلەمل خۆیان لەپشت لاپتۆپەکانیاندا حەشارداوە! بە لێشاو نەخوێندەواری زمانپیسی دەروون شێواو لەو تارواگەیەڕا لەپشتی پەیج و ئەو سمارتفۆنانەوە هێرشدەکەن لەرێگەی لایڤێکی نەدیبدیانەی کینەسازدا گەورەترین کە خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکەن ،لێرە دەبێت بپرسین ئایا ئەگەر جەنگێک بەو سایکۆلۆژیەت و ستراتیژیەتەوە بەڕێوەبچێ دەبێت ئەنجامی چ دەرچێت؟! چارەنووسی ئەو نەتەوەیە چ کارەساتێکی تر بێت؟!
سیاسەتی سیاسەتجۆکەری لە قۆناغی ئەو شکەستەدا پێویستە وەک تێرمێکی نوێ ئاوێتەی ئەزموون وپێناسەی سیاسەتی کوردی بکرێ ، چونکە لەلایەک ئەوە بنەمایەک بووە بۆ سیاسەتکردن لەگەڵ بەناو هاوپەیمانانی رۆژئاواو لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ ، لەلایەکی ترەوە بنەمای کارکردنی هێزەکان بووە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ،هەروەها بەهەمان سیاسەتیش لەگەل دەوڵەتانی دراوسێ مامەڵەیان کردوەو بونەتە هاوپەیمانیان! هەرلەبەرئەوەش هێزێکی یەکگرتووی بەئیرادەیەکی خۆکردی کوردانە نەڕسکاوە ،بەهەرەمەکی و کلاسیکیانە بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکانیان کردۆتە پێشینەو بەسیاسەتێکی جۆکەر شێواز سیاسەتیان کردوە. ..

سیاسەتجۆکەری وەک پیشەسازیەک بووە کە سەدان سیاسەتکارجۆکەر، پەرلەمانتارجۆکەر، وەزیرجۆکەر و ئەکادیمجۆکەرو بازرگانجۆکەرو ناوبانگجۆکەری تری بەرهەمهێنان تا لە ئەنجامدا گەورەترین زەبری نەتەوەیی و سیاسیان لە هەرێمی کوردستان دا ..
ئەو کورد‌قڕانەی ئیستا دەبینین دەرەئەنجامی ئەو عەرەبسەروەریە دێت کە دەسەڵاتدارانی کورد بەدرێژایی میژووی شۆرشگێری وحوکمداریان بانگەشەی بۆ دەکەن بەناوی (برایەتی کوردو عەرەب) کە لەراستیدا برایەتیەکی ساختەیە و لە مینتاڵیەتی عەرەبدا شتێک نیە بەناوی برایەتی لەگەڵ کورد ، تەنها کورد ساویلکانە ئەو خەیاڵپڵاوە سیاسیە لەرزۆکەی هەبووە، گەواهیش بۆ ئەوە کورد لە ئەزموونی چەندین ساڵەی حکوومەتی هەرێمدا کە ئەزمونێکی تەواو نیمچە سەربەخۆیی بوو نەیتوانیوە سیاسەتێک دابرێژێت بۆ کۆتایی هێنان بە کوولتوری عەرەبسەروەری ..

ئەو دەسەڵاتە بێباکانە ئەو زمانەی بەگەلێک شێواز لەفەرهەنگی خۆیدا هێشتەوە! بۆنموونە تا ئیستاش تاکی کورد شانازی بە وەدەستهێنانی بڕوانامەیەک دەکا کە لە زانکۆیەکی عەرەبی پێبەخشراوە ،ئەو زمانە لە تابلۆی شارەکاندا پرشنگ دەداتەوە، لەوەش کارەساتتر دەبینین ئێستا لە کاتی ئەو کوردقڕانەدا زۆربەی سیاسەتبازە هەلبازەکان بەناوی دژەدەسەڵات و تەڵەکەی ترەوە رۆژانە سازش بۆ عەرەبەکان دەکەن، لەکەناڵە شۆڤینیوەشینە عەرەبیەکان چاوپێکەوتن دەکەن و تەمەنایی خۆیان پێشاندەدەن کە بە سواڵکردن بۆ بەغدا پرسی کورد چارەسەردەکەن..

ئەو جەنگەی کورد لە سەردەمی ئەو هەڵکشانە ترسەناکەی تەکنەلۆژیادا ڕویداوە لەبەرئەوە وەک ڤێرژنێکی ترسناکی لەجەنگی سایکۆلۆژی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە تۆوی خۆی دەچێنێت، هەروەها توندوتیژیەکی دەروونی ترسناک و لە بەدیجیتاڵبونی دووبەرەکی و جوێنفرۆشی بەدئاکاری زێدەتر و قوڵتر لەوکۆمەڵگەیەدا بڵاودەکاتەوە ، بەتایبەت کۆمەڵگەی سیاسی کە دەبینین لە پێناو دەسەڵاتسەروەری و دەسەڵاتپەروەریدا تۆوی چ کینەسازیەکی کۆمەڵایەتی دەچێنن ، تائیستا هیچ دوژمنێک ئەوەندە سوکایەتی بەکورد نەکردوە کە کورد لەوجەنگەدا بەناوبانگی یەکتریان کردوەو شکۆی یەکتریان تێدازڕاند..
هەموو دەبێ بزانین ئەو جەنگە تەنها جەنگی قسەنوسەکانی فەیسبووک نیە ئەو جەنگە جەنگی بەرگری لە دەسەڵاتێکی شاستایل نیە کە هاوڵاتیەکانی برسین و قەیرانەکان دایانهێزاندوون ، ئەو جەنگە جەنگی پشتڕاستکردنەوەی هێزیک و بنەماڵەیەک نیە ،ئەو جەنگە جەنگی پەرلەمان و کورسی ئەو ئەو نیە، ئەو جەنگە جەنگی پرکینەپەروەی کوردان نیە، بەڵکو ئەو جەنگە جەنگی مان و نەمانی نەخشەی هەرێمی کوردستانە ، ئەو جەنگە جەنگی پاراستنی خاک و شکۆی کوردە ، ئەگەر هەمووان وەک یەک بەشدارنەبن تێیدا، ئەوا باهۆزێکی فاشیانە بەڕێوەیەو هەموومان پێکەوە لولدەدەا..

ئەمەریکا کە سەروەری قازانجپەرستانە لە جیهاندا ، سەلماندی چۆن قازانجگۆڕكێ لەژیر ناوی سیاسەت دا گەمە پێدەکا و بەرژەوەندیەکانی بە شێوەیەکی تر درێژە پێدەدا، بەڵام لەئیستادا هەرێم بەبەردەوامیدان بە سیاسەتجۆکەری سیاسەتێکی لێکهەڵوەشاوەوە سەختە بەرگری لەشکۆی خۆی بکاتەوە و کارگێریەکی پتەوە بینابکاتەوە، ئۆپۆزسێۆن کە لەسەرەتاوە سیاسەتێکی تەمومژاویان هەیە ناراستەوخۆ سەرقاڵی ( کۆپیپێستی) ئەزموونی دیمۆکراسی وسیاسەتی ووڵاتانی رۆژئاوان تا لەهەرێم پیادەی بکەن، تائێستاش پرۆژەیەکی تۆکمەی یەکگرتنی ئیرادەی نەتەوەییان نەخستۆتە ڕوو، بەسازشکاریەوە لەنێوان هاوکێشە سیاسەکانی ناوخۆ و دەرەوە بێنەوبەرەدەکا، لەبەرئەوە ئەستەمە چاوەڕوانی گۆرانکاری و بەرگریەکی خۆکردی نەتەوەیی لێ بەدیبکرێ..

هێرشێکی شوڤێنی بەرەو هەرێم جمەی دێت هیرشێک کە پێکهاتوە لە دەجۆر میلیشیاو توندڕەوی ئێرانی ساخت بەئاڵای هەمەجۆرەوە بەبەرچاوی جیهانەوە ، خوێنی پێشمەرگە دەڕێژن، جۆرەها توندوتیژی دەرونی و فیزیکی ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەوەی دوژمن هاندەرە لە کۆی ئەو هەموو ئەندام پەرلەمانانە کە هەندێکیان پاش ئەو شکەستە دەبێت ناوزەدبکرێن بە پەرلەمانتارجۆکەر، هەروەها زۆریتر لە خاوەن پێگەو پلەی بەغدانشینەکان ،کە چەندین ساڵە دەسەڵات دایبەستوون بەناوی جیاوازو پۆستی جیاواز هەتا بەرگری لەکورد بکەن ! هەڵوێستێکی مەردانە نەبیسترا، تاکە کەسێک دەستلەکارکێشانەوەی ڕانەگەیاند؟! بەبیانووی ئەوەی ئەوان دەکارن دووبارە دەستکەوت لە عێراق بۆ کوردستان پەیدابکەن!

خاکێکی زۆری کوردستان هەڵبڕدراوەتەوە سەر عێراق ، بەهەزارن کەس ئاوارەو لێقەوماوبوون،خۆ دەبێت دژەدەسەڵاتداران کە لەبەرگی ئۆپۆزسێۆن وتایتڵی تردا سەرەتاتکەدەکەن پرۆژەی نیشتیمانیان ڕابگەیاندبا؟! کە بریتی با لە گەڕاندنەوەی شکۆی کوردو شکۆی دانوساندنی کورد لەگەڵ بەغدا، هەروەهاتروسکایی چارەسەری قەیرانەکانی شکۆمەندانەترو زیرەکانەتر لەپرۆژەی حکوومەتی هەرێم تێدابا؟!
بەخەسار مامەڵە پێوەکردن و نەزانی و ساویلکەیی لەسیاسەتەکانی نەوت فرۆشتنی هەرێمدا تا سەرئێسقان ئازاردەرن ، نموونەش لۆگۆیەکەی (کەی ئار جی) یە بە ئینگلیزی کە لەشکرێک سیاسەتبازی تاراوگەنشین و وەزیرجۆکەر تا دوێنێ بازرگانیان پێوەدەکرد ئەوڕۆ خۆیان بنسەنگەر کردوە و پاشەکشەی تا بزانن چ بەسەر حکوومەتەکەی کوردستاندادێت ! ئەوەش گەواهیدەرە بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە چ جۆرە سیاسیەکی جۆکەری بەرهەمهێناون بەتایبەت لە کەرتی نەوت دا.

ئەگەر لە دوورڕا لە هەرێمی کوردستان دەڕوانی، دەبینی دروست هاوشێوەی زۆنگاوێکی داوەستاوی سیاسەتە کە ئەوجەنگە تێکی شڵەقاندوە ،ئەوجوگرافیایە لەناوەڕاستڕا بەسەردوو بەشدا دابەشکراوە ،بەسەر دوهێزی جیاوازو دوو کوولتوری جیاواز بەسەر دەسەڵاتپەروەران و دەسەڵاتڕەتکەران دا ، بەسەر چینێک هەرزەبۆرژوای نەوت و بەسەر هاوڵاتیانی برسی و کەمدەرامەتدا ، بەسەر هێزی بێهێز بەرامبەر دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهاندا، بەسەرهێزی دژبەیەکی کورد لەناوخۆدا ،بەسەر دووبازاڕی جیاوازی ئابووری و سیاسی دا ، بەسەر ملێۆنان تاکی بێزارو بێ دڵبەستەیی و بێ خۆشەویستی بۆ نیشتیماندا ، کە کۆی ئەو دابەشبوون و کینەپەروەریەش مەترسیەکی گەورەن و بنەمان بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەو شکاندنی کۆدەکانی ئاسایشی نەتەوەین لە هەرێمدا و هۆکارن بۆ چاندنی خواستی دوژمنان..

ترۆپکی مەترسی لەئیستادائەو دەسەڵاتپەروەریە تژی لە دووبەرەکیەیە کە هۆکارە بۆ دووبارە داسەپاندنی عەرەبسەروەری لە هەرێمدا ،ئەگەر پاش ئەو شکەستە هەموو ئەو ئاماژەو دیاردانە زۆر زانایانە بەخێرایی چارەسەرنەکرێن و یەکگرتوویەک و هاوبەرگریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست نەکرێت، ئەگەر ژیرانە سەرکردەیەکی شارەزا ئەو بۆشایایانەی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێکەوەگرێنەداتەوە دەرئەنجام ئەو دەسەڵاتپەروەی و سیاسەتجۆکەریە بەشێوازی جیاواز و لەئایندەدا ئەگەری شکەستی گەورەتریشی لێدەکرێت ، ئەگەر هاتوو هاوباڵانسی هێزی زلهێزەکانیش بگۆردرێ لەوناوچەدا ئەوا کورد بەو سیاسەتجۆکەریە ناتوانێ پێداگریی لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بکات ..

—————————————
*سیاسەتجۆکەری| فرزێکی نوێیە کە تایبەت بەو قۆناغەی کورد و بۆ ئەو نوسینە دروستمکردوە ،مەبەستیش لەسیاسەجۆکەری ئەوەیە کە تائێستا کورد نەیتوانیوە سیاسەتێکی خۆسازی کوردانەی تایبەت بەبەرژەوەندی خۆی هەبێت کە لەسەربنەمای ئیرادەیەکی بەهێز و یەکگرتووی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبێت تا ئاسایشی نەتەوەیی خۆی پێ بپارێزێت ،بەشێوەی جۆکەر ئاسان کاریکردوەو بەکارهێنراوە بۆ کردنەوە و چارەسەری بەرژەوەندی هاوکیشەسیاسیەکانی دەسەلاتدارانی جیهان و دەوروبەرمان ..
*هەموو ئەو وشانەی تر کە لێکدراون وەکو فریزیکی نوێ بەمەستی قوڵتر رۆچوونە بۆ ناو ئەو پرسە هەستیاریە لەو قۆناغە سەختەی کوردستاندا .. .
*جۆکەر/ سیمبۆلێکە بۆ ئەو کارتەی دەچێتە ناو هەموو یاریەکەوە بەبێ ئەوەی تایبەتمەندی بەخۆی پاراستبێت .




سه‌ربڕینمان به‌چه‌قۆی نه‌رم …. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

میلله‌تی كورد توشی مه‌زنترین زیان و تاڵترین ڕابوردوو بوو به‌هۆی عه‌قڵی سیاسی و تاكڕه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵێك به‌ناو سیاسی كه‌خۆیان كرده‌ كه‌واسووری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، به‌ڵام حه‌یف یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی كوردستانیان له‌ماوه‌ی بیست كاتژمێردا بۆحه‌شدی شه‌عبی جێهێشت هاوڵاتیان دۆش داماون له‌و بارود‌وخه‌و ئه‌وانیش نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت، دۆڕانه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دا ته‌نها ئه‌مه‌ نیه‌ به‌ڵكو قبوڵكردنی كاریگه‌ریه‌كانیه‌تی ئه‌و كاته‌ی جێبه‌جێكردنی هێمنانه‌ی ئه‌و پلانه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مری واقیع كه‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌رپرسه‌ لێی، پێم وایه‌ له‌داهاتوشدا شوێنه‌واره‌ تاڵه‌كانی ده‌سه‌پێندرێنت به‌سه‌رمانداو به‌چاوی خۆمان ده‌یبینین.

له‌ده‌ستدان و جێهێشتنی دۆكیۆمێنتی چوارده‌ ساڵی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی كوردستان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یه‌كێكه‌ له‌هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كان ئێستا ڕاست وایه‌ خه‌ڵك بپرسێت لێتان ئێوه‌ كه‌نیازی ئه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌تان هه‌بوو ده‌بوو پێشتر ئه‌رشیفی ئه‌و ناوچانه‌تان بپاراستایه‌ و به‌ ئاشكرا به‌هاوڵاتیان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆتان بوتایه‌ یان واباشتر بوو به‌پێكهاتن ئه‌وه‌تان بكردایه‌ كه‌ ئه‌تان زانی ئه‌مه‌ ئاكامه‌كه‌ی بوو، زۆر لام سه‌یره‌ هه‌ندێك هه‌واڵم بیست گوایه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆیه‌ شه‌ڕی نه‌كردوه‌ له‌توانایدا نه‌بوو به‌ره‌نگاری هێزی مرۆیی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی دوژمن ببێته‌وه‌ من كه‌سێكی سه‌ربازی نیم تاشیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ بكه‌م، به‌ڵام له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌كان ده‌پرسم چه‌ند كه‌س له‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ پله‌ی ڕاوێژكاری سه‌ربازی دامه‌زراون باشه‌ خۆتان بوون ده‌تان وت ئێمه‌ بناغه‌ی سوپای عێراقمان داڕشته‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد نه‌بون ده‌نكیان به‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی دا ئیتر سه‌یر نیه‌ باسی ئه‌و هۆكاره‌ ده‌كه‌ن ده‌بوو ئێوه‌ له‌ سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق زیاتر زانیاریتان له‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هه‌بوایه‌ ده‌مه‌وێ‌ بپرسم نابێت پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری به‌رگری كردن بده‌ن بزانن هێزی دوژمن له‌چ ئاستێكی سه‌ربازیدایه‌ به‌پێی پێوه‌ره‌كانی جه‌نگ نابێ‌ له‌وه‌ دڵنیابن كه‌له‌ناوخۆی خۆتاندا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویستن نابێ‌ بزانن له‌ڕوی ژماره‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ هاوكێشه‌كه‌ له‌چ ئاستێكدایه‌ یان ته‌نها مه‌ته‌ڵێك بوو وه‌ڵامه‌كه‌ی گرنگ نه‌بوو لاتان.

سه‌د حه‌یف بۆ كاری سیاسی له‌م وڵاته‌ له‌هه‌ر شوێنێكی دونیا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كاتێ ڕوو به‌ڕووی مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌كادیمیه‌كان به‌زووترین كات كۆده‌كرێنه‌وه‌ و ڕاوێژیان پێده‌كرێت بۆ ده‌ربازبون و زاڵبون به‌سه‌ر ته‌نگژه‌و خۆدورگرتن له‌ ئاگری شه‌ر تا پله‌ی كۆتایی، به‌ڵام لێره‌ كشوماتێكی سیاسی به‌كۆمه‌ڵ و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگیه‌كی كوشنده‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕابوردوی یه‌كترو یه‌كتر تاوانباركردن و تۆراندنی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییان تۆزێك تیاماوه‌ وهێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتری ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی پلانه‌كانی دوژمن..
یه‌كێك له‌تێزه‌ به‌ناوبانگه‌كانی بواری ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌وه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌پێش كۆنترۆڵی جه‌سته‌ی دوژمن عه‌قڵی كۆنترۆڵ بكات لێره‌دا نه‌ك ئه‌وه‌ نه‌كرا به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌وه‌ میدیای حیزبی ئاسایشی ده‌روونی و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی هاوڵاتیانی له‌ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كاند، پاشان ده‌بوو ده‌ستخۆشی له‌و هێزه‌ بكرێت نه‌ك تانه‌و ته‌شه‌ر كه‌نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ له‌شه‌ڕێكی سه‌خت و ناسه‌قامگیریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی چڕدایه‌ به‌هۆی قه‌یرانی ئابوری و سیاسی و ئه‌و كۆبونه‌وه‌ بێشومارانه‌ی ئێوه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌و بێئومێدیه‌ گه‌وره‌یه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ری لێ‌ كه‌وته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ ووتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌گورزه‌یه‌ك له‌ئه‌و پلانانه‌ داوه‌ كه‌وا به‌نیازی جێبه‌جێكردنیه‌تی به‌ووته‌كانیدا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان پێوه‌دیاره‌ نیازی ژێرده‌سته‌كردن و ده‌سته‌مۆكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ده‌ڵێت سوپای عێراق ئاسایش به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا جێبه‌جێده‌كات، داوامان كرد پێكه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی ناوچه‌كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین به‌ڵام هانی شه‌ڕیان دژی سوپای عێراق ده‌دا، گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌و ڕاپرسیه‌ شوومه‌ كورد خۆیان بون هه‌موو ده‌س كه‌وته‌كانیان له‌كیس چوو، پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندیان كه‌هاونیشتمانی عێراقن به‌وه‌ی كه‌ڕه‌تیان كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا بجه‌نگن، ناچینه‌ ناو شه‌ڕێكی ناوخۆییه‌وه‌ كه‌ قوربانیه‌كه‌ی هاوڵاتیان بن، به‌لێپرسراوانی كوردمان وتوه‌ كه‌سنوره‌كان ده‌بێت له‌ژێر فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵتی فیدراڵیدا بن، ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌بێت بگاته‌ هه‌موو عێراق به‌كوردستانیشه‌وه‌، له‌پارته‌ سیاسیه‌كان قبوڵ ناكه‌ین ده‌ست بگرن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاتدا، قبوڵكراو نیه‌ ده‌زگاكانی ئاسایش و ناوخۆ له‌سه‌ر بنچینه‌ی حیزبی دابه‌ش بكرێن، ئه‌یان ویست سنور به‌خوێن دیاری بكه‌ن به‌ڵام ئێمه‌ به‌ئاشتی دیاریمان كرد، ده‌مانه‌وێ‌ ده‌ستوری عێراق به‌ته‌واوی جێبه‌جێبكه‌ین له‌ڕابوردوودا بێده‌نگ بوین له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ كێشه‌و هه‌ڵه‌ی مه‌ترسیدار ئه‌مه‌ جارێكی تر ڕوو ناداته‌وه‌، جگه‌ له‌ده‌وڵه‌وت كه‌س بۆی نیه‌ چه‌كی هه‌بێت، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌ركیان پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ك حیزب، پێشمه‌رگه‌ هاوكاریكردنی سوپای عێراقی هه‌ڵبژارد نه‌ك گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كوردستان.

باچیتر په‌ڕاوی یه‌كتر شكاندن و یه‌كتر تۆمه‌تباركردن دابخه‌ین باڕۆژی په‌لاماره‌كه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكه‌ینه‌ ده‌ستپێكی گۆڕانگاری له‌ ته‌واوی سیسته‌می حكومڕانی شكستخواردوی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی كوردستاندا ده‌ستبه‌رداری كه‌ڵه‌كه‌كردنی داهاتوو شاردنه‌وه‌ی له‌ئه‌و ڕۆڵانه‌ی له‌پێناو كوردستاندا ماڵ و مناڵی خۆیان بێناز كرد، چیتر كورسیه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له‌عورفه‌ دیمۆكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نه‌تۆرێنین له‌مه‌ زیاتر كات به‌فیڕۆ نه‌درێت و له‌جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ په‌شیمان ببینه‌وه‌.




پۆست – رێفراندۆم و قۆناغی نوێ …. هیوا خۆشناو

ئیتر لەگەڵ رێفراندۆمەکەی ٢٥ی سێپتامبەر، سەرجەم کۆڵەکەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کە خۆیان لە ئەفسانە و حیکایەتەکانی کوردایەتی، موقەدەساتەکانی سەرکردەی شاخ و چەکدار، پێشمەرگە، دیوەخان و تا دەگاتە خەونی دەوڵەتی کوردی کۆتاییان پێهات و چونە ناو مۆزەخانە. ئەو مێژووە زۆری لەسەر گووترا و نووسرا، با كەمێك باسی داهاتوو، قۆناغی نوێ بکەین.
ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێک نیە، پێشهات، تیۆر و پلانەکان وەک خۆیان لەسەر کاغەز جێبەجێ ببن، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان نیشانمان ئەدەن کە لە داهاتوودا، شتێک بەناوی دیوەخانی سەرکردە نەخوێندەوارەکانی سەردەمى شاخ، ملیشیاکانی سەر بیرەنەوتەکان و سوپای “ئەم و ئەو”، موجازەفەکردن و مۆرفینکردنی کۆمەڵگەیەک لە ژێرناوی درۆ و خەونی دەوڵەتی کوردی و …..هتد لە شانۆی سیاسەتی ئێمەدا جێگایان نابێتەوە.

قۆناغی پۆست-رێفراندۆم و پۆست-کوردایەتی

چۆن لووتبەرزی و نائەقڵانیەتی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوێنێ لە کەسایەتی نازیەکان و ئەدۆڵف هیتلەر دا تێکشکێندرا يان تووشى شكاندن كرا، ئەمڕۆش نەتەوەپەرستی نەژادی و خێڵەکی کوردی کە ڕەگوڕیشەکەی بۆ ئاغا، شێخ و كوێخا کوردەکان و بنەماڵە خانەدانەکان دەگەڕێتەوە و بەرژەوەندیەکانیان زۆر جار لەناو باوەشی ئەو وڵاتانەدا دەبیننەوە کەلەسەر پاشخانی ئیمپراتۆریەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دانيشتوون و هەرکەس دەتوانێ یارییان پێبکات، لە کەسایەتی بارزانی و کۆمەڵێک مەکتەب سیاسی پشتئەستوور بە فەلسەفەی کوردایەتی شاخ لەگۆڕ دەنرێت.

بەڵام چۆن ئەڵمانەکان وەک نەتەوەیەکی ئاقڵ، دوای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کۆتاییان پێنەهات و بەئەزموون وەرگرتن و بەلاوەنانی ناسیۆنالیزمی فاشی بوون بە یەکێک لە وڵاتە هەرە بەهێزەکانی جیهان و پێشەنگی ئارامی و یەکێتی ئەوروپای دیموکراتی، دڵنیام ئەگەر گەلی کوردستانیش ئەزموون لە بێ ئەقڵییەکانی كەڵنەفامى ئیدارەی کوردی لە ماوەی ٢٦ ساڵدا وەرگرێت، ئەوا دەبێتە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

قۆناغی نوێ و تێکۆشانی گەلانی کوردستان

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بزووتنەوەی سیاسی کوردایەتی هەروەکو سەدەی بیستەم شتێکی جیاوازتری لە “راپەرین، دانوستانی سەرشۆڕانە و شکست”پێنەبوو. لە سەدەی ٢١مینیشدا بەهۆی ڕزگارنەبوونی کورد بە گشتی و بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشوور لە ئەقڵیەتی کوردایەتی و سەرکردەی خاوەن پاشخانی چینی خانەدانەکانی کورد کە نەوەكو بەتەنیا نائەقڵانیەت، بەڵكو بەرژەوەندی بنەماڵە – خێڵی خۆی لە ژێردەمامکی نەتەوەیی حەشارداوە، وەک کۆتایی ئەزموونەکانی کۆماری کورستان لە مهاباد، نسکۆی ١٩٧٥، ئەنفال و هەڵەبجە تا دەگاتە شکستەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بێهیوایی باڵی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کێشاوە. دەبێ ئەوە بزانین کە جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و شەڕی سارد. گەلانی کوردستانیش پێگە و هێزی خۆیان بە گشتی لەدەست نەداوە. لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کورد بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێکی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە لەوپەڕی بەهێزیدایە.

وڵاتانی قەوارەپارێزی وەک تورکیا و ئێران لە پێگەی خۆپاراستن دان و دەوڵەتی پشت ئەستوور بە ناسيۆناليزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڕەشەی لەناوچوونى لەسەرە. حکوومەتی عەبادی حکوومەتی شیعە و مەزهەبی نیە، بەڵکو حکوومەتی تەکنۆکراتەکانی عێراقە. وڵاتانی خۆرئاوا لە داهاتودا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران و تورکیا لە عێراق سوودی لێوەردەگرن. ئەگەر ئێمە تۆزێک واقعبینانە بیرکەینەوە، هەست ئەکەین خۆرئاوا هەمان ئەو شانسەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بە ئەڵمانیای دیموکراتی بەخشی، بەسەرکردایەتی عەبادی بە عێراقی نوێشى بەخشيووە، ئەگەر خۆیان بەشایەنی ئەو شانسە بزانن. لە هەمان کاتدا نابێ خۆشباوەڕبین، تا ئێستاش لەناو کابینەکەی عەبادیدا، گەندەڵی، مەزهەبگەرایی، شۆڤێنیزمی عەرەبی، درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. ئەو حکومەتە کۆمەڵێک خاڵی لاوازی دیکەی هەیە، کە لە داهاتوودا خۆرئاوا نیگەران دەکات ئەویش بەردەوامیدانە بە ئەقڵی سەنترالیزم کە لەگەڵ تەکنیکەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی گلۆبالیزم و نەوەی نوێ و ئابووری هاوچەرچ ناگونجێت.

بەکورتی: خۆرئاوا کار بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکات کە خۆی لە کۆمپانیا فرەڕەگەزییەکان و داهاتووی بازاڕی ئەوان دەبینێتەوە. دەوڵەتانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتاتۆرن و لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون دان، کورد بە نەخۆشیەکانی ئەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی خێڵ – خانەدان دەناڵێنێ و عێراقیش وڵاتێکی نادیموکراتە لە سەنترالیزم و مەزهەبگەرایی ڕزگاری نەبووە.

گەلی کوردستان ئەگەر لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتی ڕزگاری بێ، دەتوانێ درک بەو ڕاستیە بکات کە ئێستا سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی قەومی نیە، بەڵکو سەردەمی شەڕی ناسنامەکانە. کلتوورەکان، هەرێمەکان، زمان و زاراوەکان، ئایینەکان و… هتد، لەناو شەرێکی سەختدان بۆ بەدەستهێنانی مافی ناسنامە، کلتوور، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت/بڕیار وەرگرتن و مافە ئابووریەکانیان. بۆ ئەمەش سەرکردایەتی کلاسیکی سەردەمی شاخ و کاديرانيان وەڵامی ئەو قۆناغە نادەنەوە و بزاڤی سیاسی نوێ یان تەوژمی دیموکراسی و گۆڕانکاری کە توانستی شەڕی شارستانی/دیموکراسی و ناسنامەکانی هەیە، جێگای ئەوان دەگرێتەوە. لە جیاتی دیوەخان و مەکتەب سیاسیەکان، پەرلەمان ڕۆڵی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دەبینێت. لە جیاتی ئايدۆلۆژیای نەتەوەیی، مارکسیزم و مەزهەبگەرایی، ئەقڵیەتێک ڕۆڵی دەبێ کە ڕێگر نەبێ لە بەنێودەوڵەتیکردنی سەرمایە و دیوارەکانی بازاڕی نەتەوەیی تاڵانچی ئەستورتر نەکات.

گرینگ نیە ئێستا کێ سوپای بەهێز، پارەی زۆر و کێ حاکمی جیوگرافیایەکی پان و بەرینە، ئەوەی گرینگە کام چین و توێژ ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی تێدایە، ئەو دەتوانێ ببێتە پێشەنگی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

من هەست ئەکەم، سەرباری نیگەرانیەکانی خۆرئاوا لە باشووری کوردستان، لە داهاتویەکی نزیکدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیکردنی شەڕی دیموکراسی بە گەلانی کوردستان دەبەخشرێتەوە و ئەبێ خۆمان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەین.




نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست* … وەرگێرانی : ھەژێن

گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست، که‌سێک که‌ ناوی بوو به‌ هاوپێچی ناوی کۆمونه‌ کرێکاریی و جوتیارییه‌کانی ئۆکرانیا *

نێستۆر ماخۆ Nestor Makhno که‌سێک بوو، که‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازیی له‌شکری بزاڤی ئه‌نارکیستی ناسراو به‌ بزاڤی ماخنۆڤیستی Makhnovist movement – Makhnovshchina دەکرد.

ئەو بزاڤه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شۆڕشی (ڕوسیه‌)ی ١٩١٧ بوو له‌ ئۆکرانیا، له‌وێنده‌رێ شۆڕش شێوه‌یه‌کی ئازادیخوازانه‌ی له‌خۆگرت و کرێکاران و جوتیاران دژی له‌شکره‌کانی تزاری و دژه‌-شۆڕش و بۆلشه‌ڤیکه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان جه‌نگین.

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٩ لە ئۆکرانیا لەدایکبووە، ٢٥ی جولای ١٩٣٤ لە فه‌ره‌نسه‌ مرد.

بزاڤی ماخنۆڤیست به‌ناوی (ماخنۆ) ئه‌نارکیستی ئۆکرانیایی ناونراوە، ئه‌وێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی لەنێو‌ ئەو بزاڤه‌که‌ گێڕا. له‌ ڕاستیدا ماخنۆڤیستا Makhnovshchina پیت به ‌پیت ده‌کاته‌ بزاڤی ماخنۆ و بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئەو لەتەک‌ شۆڕشی‌ هەرێمی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا‌ گرێیخواردووه‌. ئەی ماخنۆ کێ بوو؟

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ‌ ٢٧ی ئۆکتۆبه‌ری ١٨٨٩ له‌ هولیای پۆله‌ Hulyai Pole شارۆچکه‌یه‌کی سی هەزار ٣٠.٠٠٠ که‌سیی له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا له‌دایکبووه‌، که‌ کۆمه‌ڵێک فیرگه‌ و کارگه‌ی تێدا ھەبوو.

ماخنۆ کوڕی خێزانێکی هه‌ژاری جوتیاریی بوو. کاتێک که‌ ئەو ته‌مه‌نی ده (١٠)‌ مانگ بوو، باوکی مرد، ژیانی ئەو و چوار براکه‌ی دیکەی که‌وتۆته‌ سه‌رشانی دایکیان. له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داریی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری خێزانه‌که‌ی، ناچار ماخنۆ له‌ تەمەنی حه‌وت ساڵیی خەریکی‌ شوانکاره‌یی بووه‌. له‌ تەمەنی هه‌شت ساڵیی له‌ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی (هولیای پۆله)‌ کەوتووەتە خوێندن و به‌ زستانان خوێندویه‌تی و به‌ هاوینان لای دارا (زەمیندار و کارخانەدارە) نێوخۆییه‌کان کاری کردووه‌. کاتێک که‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ دوازده‌ (١٢) ساڵان له‌ خوێندن وازیهێناوه‌ و به‌ ته‌واو کاتیی وه‌ک کرێکاری کشتوکاڵی له‌سه‌ر زه‌ویوزاری خانزاده‌ و کێڵگه‌ داگیرکراوه‌کانی ژێرچه‌پۆکی کۆلاکەکان‌ (جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان‌)ی ئاڵمانیا کاریکردووه‌. له‌ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵیی له‌ (هولیای پۆله)‌ سه‌ره‌تا وه‌ک شاگردی وێنه‌کار و پاشان وه‌ک کرێکارێکی بێپیشه‌ له‌نێو کارخانه‌یه‌کی ئاسنگەریی کەوتووەتە کارکردن و دواجار وه‌ک ئاسنڕێژه‌ر (ئاسنساز) له‌ هه‌مان ڕشته‌ بەردەوامبوو.

هه‌ر ئه‌و کاته‌، که‌ له‌ پیشەی ئاسسازی کاریده‌کرد، به‌شداری ڕامیاریی شۆڕشگێڕانەی‌ کرد.‌ ساڵانی ناجێگیری پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیه‌، ماخنۆ لەتەک‌ ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ تێکەڵبوو. ئەو بڕیاره‌ی ئەو بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆی لەبارەی سته‌م له‌ شوێنی کار و دیتنه‌کانی ئەو له‌ تیرۆرکارریی ڕژێمی ڕوسی کاتی ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ( ئه‌و کاته له‌ ‘هولیای پۆله’ بارگرژییه‌کی ئاوا له‌ئارادانه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌ژمارێکی زۆری له‌ هێزی پۆلیسی-دابڕی بۆ سه‌رکوتکردنی کۆبوونه‌وه‌ و کۆڕ و کۆمەڵەکان و بۆ چاوترسێنکردنی ڕێبواران و لێدانی زیندانیان به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی‌ شارۆچکه‌که‌ نارد). ساڵی ١٩٠٦ ماخنۆ بڕیاریدا به‌ گروپێکی ئه‌نارکیست له‌ (هولیای پۆله‌) په‌یوه‌ستبێت، گروپێک که‌ ساڵێک له‌وه‌وپێش به ‌زۆری له‌ لاوە جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کان پێکهاتبوو.

کۆتایی ساڵی ١٩٠٦ و سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ ماخنۆ به‌تۆمه‌تی کوشتنی ڕامیارانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا، به‌ڵام بەھۆی له‌ده‌ستدانه‌بوونی به‌ڵگه‌ بۆ ئەو تۆمه‌ته‌، له‌ زیندان هاته‌ده‌ر. ساڵی ١٩٠٨ به‌تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌لایه‌ن پۆلیسێکی سیخور له‌نێو گروپه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا و خرایه‌ زیندان‌. مارچی ١٩١٠ ماخنۆ و سیازده (١٣)‌ که‌سی دیکە له‌نێو دادگه‌یه‌کی سه‌ربازیی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه‌. ماخنۆ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و تێکۆشانی دایکی‌، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی گۆڕدرا به‌ زیندانیی هه‌میشه‌یی لەتەک کاری سه‌خت. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی Butyrki له‌ مۆسکۆ، به‌ هه‌موو شێوازێکی له‌به‌رده‌ست و گونجاو به‌رهه‌ڵستی دەسەڵاتدارانی زیندانه‌که‌ی ده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئەو به‌رهه‌ڵستیی-کردنەیه‌وه‌ زۆربه‌ی ماوه‌ی زیندانییبوونه‌که‌ی به‌ زنجیرکراوی یان له‌نێو سیاچاڵه‌ سارد و شێداره‌کان به‌سه‌ربرد. ئەو ئه‌زموونه‌ ڕکوکینه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ماخنۆی له‌ زیندانه‌کان زیاتر کرد ( دواتر له‌ سه‌رده‌می شۆڕش، یه‌که‌مین ئه‌رکی ئەو لەتەک گه‌یشتنی به ‌هه‌ر ‌شار و‌ شارۆچکه‌یه‌ک، ئازادکردنی زیندانییه‌کان و وێرانکردنی زیندانه‌کان بوو).

ماخنۆ له‌ ماوەی زیندانییبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی لەتەک پیته‌ر ئارشینۆڤ Peter Arshinov هاوزیندانییه‌کی ئه‌نارکیست، که‌ دواتر بوو بە‌ چالاک و مێژوونووسی بزاڤی ماخنۆڤیستی، بوون بە هاوەڵی یەکدی. پیته‌ر ئارشینۆڤ ساڵی ١٨٨٧ له‌ شارۆچکه‌ی پیشه‌سازیداری کاتێرینۆسڵاڤ Katerinoslavی ئۆکرانیا له‌دایکبووبوو. باوکی کرێکاری کارخانه‌ و کانەکان بوو. پیته‌ر ئارشینۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆڵشه‌ڤیک بوو و ساڵی ١٩٠٦ بووبوو به‌ ئه‌نارکیست، له‌نێو ڕێکخستنی کرێکاران و کاری کارخانه‌ دژی ڕژێمی تزاریی ڕۆڵێکی ڕابه‌رانه‌ی دەگێڕا. ساڵی ١٩٠٧ ده‌ستبه‌سه‌ر کراو به‌ مردن سزادرا و به‌ره‌و ئۆروپای خۆراوایی هه‌ڵهات. ساڵی ١٩٠٩ گه‌ڕایه‌وه‌ ڕوسیه‌ و دووباره‌ زیندانییکرایەوە و دیسانه‌وه‌ هه‌ڵهاته‌وه‌. ساڵی ١٩١٠ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و خرایه‌ زیندانی بوتیرکی و له‌وێنده‌رێ بوو، که‌ لەتەک ماخنۆ ئاشنابوو. هه‌ر دوو ئه‌نارکیست هاوه‌ڵێتییه‌کی که‌سیی و ڕامیاریی توندوتۆڵیان پێکهێنا و ئاڕشینۆڤ له‌ په‌ره‌دان و قوڵکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان بە ماخنۆ کۆمه‌کیکرد.

ڕۆژی ٢ی مارچی ١٩١٧ پاش هه‌ش ساڵ و هه‌شت مانگ مانه‌وه‌ له‌نێو زیندان، ماخنۆ لەتەک زیندانییه‌ ڕامیاره‌کانی دیکە وه‌ک سه‌ره‌نجامی شۆڕشی فێبریوه‌ری ئازادبوو. پاش به‌سه‌ربردنی سێ (٣) هه‌فته‌ له‌ مۆسکۆ لەتەک ئه‌نارکیسته‌کانی ئه‌وێنده‌رێ، ماخنۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هولیای پۆله‌. وه‌ک تاقه‌ زیندانییەک که‌ به‌هۆی شۆڕشه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو شارۆچکه‌که‌ی لە ماخنۆ ڕێزده‌گیردرا. پاش ساڵانێک له‌ زیندانییبوون و ئەشکەنجە، ماخنۆ وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی چالاکی بێپێشینه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌نارکیستێکی په‌روه‌ردەبوو‌ و جه‌نگاوه‌ر هاوڕای بیرۆکەی بەهێز لەبارەی ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ گەڕایەوە، ئەو بیرۆکانەی که‌ ده‌ستبه‌جێ بۆ پیاده‌کردن ده‌گونجان. ماخنۆ کاتێک که‌ له‌ هولیای پۆله نیشته‌جێبوو، به‌زوویی خۆی بۆ کاری شۆڕشگێڕانه‌ ته‌رخانکرد. ئه‌ندامه‌کانی دیکەی گروپه‌ ئه‌نارکیستییه‌که‌ و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیاران چوونە سه‌ردانی ئەو. پاش گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوون و تێروانین لەتەک ئەوان، پێشنیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌ستکردن به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ گرێدانه‌وه‌ی جوتیارانی هولیای پۆله‌ و ده‌وروبه‌ری لەتەک گروپه‌ ئه‌نارکیسته‌کان. ڕۆژی ٢٨-٢٩ی مارچ به‌ سه‌رپه‌رشتکا‌ری ماخنۆ یه‌کێتی جوتیاران پێکهات. پاشان له‌نێو گوند و شارۆچکه‌کانی دیکەی ناوچه‌که‌ یه‌کێتی له‌و چه‌شنه‌ی ڕێکخست. ماخنۆ ڕۆڵێکی سه‌رکه‌وتوو و به‌رچاوی لەنێو‌ مانگرتنی کرێکارانی دارتاشی و کانه‌کان له‌نێو کارخانه‌یه‌ک، که‌ هی پیره‌ خاوه‌نکاره‌ پێشووییه‌که‌ی خۆی بوو (ئەو تێکشکانه‌ ئاوای له‌ خاوه‌نکاره‌کانی دیکە کرد، مل به‌ داخوازی کرێکاره‌کانیان بده‌ن).‌ هه‌مان کات جوتیاره‌کان ئاماده‌نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زەمینەکان کرێ بده‌ن[١].

ئه‌نجوومه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌کانی جوتیاران له‌ ناوچه‌ی هولیای پۆله‌ و ناوچه‌کانی دیکە ڕاگه‌یێندران، ھەر ئاوا ڕۆژی ٥-٧ی ئۆگوست کۆنگرەی هه‌رێمیی له‌ کاتێرینۆسلاڤ Katerinoslav بڕیاریدا، سه‌رله‌نوێ له‌نێو سۆڤییه‌ت و کۆمونە‌کانی جوتیاران و نوێنه‌رانی کرێکاران یه‌کێتییه‌ جوتیارییه‌کان ڕێکبخاتەوە.

به‌و شێوه‌یه‌ ماخنۆ و هاوکاره‌کانی “به‌هیوای خێراکردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دارایییه‌ گه‌وره‌کان”، پرسه‌ ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لەتەک ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئامێتەکرد.[٢] له‌ هولیای پۆله‌، بەراورد بە شوێنه‌کانی دیکە شۆڕش خێراتر ده‌بزووت (بۆ نموونه‌، له‌ کاتێکدا که‌ سۆڤیه‌تی ئه‌لێکساندرۆڤسک Aleksandrovsk له‌ پیترۆگراد‌ ڕۆژانی جولای له‌ کاره‌کانی فەرمانداریی کاتیی پشتیوانیانده‌کرد، به‌ڵام له‌ هولیای پۆله‌ بۆ هاوده‌نگیی و پشتیوانیکردنی سه‌ربازانی یاخی و کرێکاران کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەکرێت). جوتیاران له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌سهێینانی ڕێنوێنی و کۆمه‌ک له‌لایەن نێوەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نزیکه‌کانیان (بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان/ Volosts)‌ به‌ره‌و (هولیای پۆله)‌ دەچوون. چینی جوتیاران ده‌یویست ده‌ستبه‌سه‌ر زه‌مینی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان و کۆلاکه‌کان بگرێت. ماخنۆ ئەو داخوازییه‌ی لەنێو‌ یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی سۆڤیه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هولیای به‌رزکرایه‌وه‌. مانگی ئۆگوست، ماخنۆ گشت داراکان [موڵکدارە]‌ نێوخۆیی و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندە‌کانی kulaks بانگهێشتکرد و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی دارایی زه‌وی، وڵاخ و ئامێری لە ئەوان سه‌ندنەوە. لیستی داراییه‌کان چێکراو و وه‌ک ڕاپۆڕتێک بۆ دانیشتنی سۆڤیه‌تی ناوچه‌که‌ و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رێمیی به‌رزکرایه‌وه‌. له‌وێدا لەسەر ئەوە بڕیاردرا، که‌ هه‌موو زه‌مینه‌کان و وڵاخ و ئامیره‌کان به‌یه‌کسانی دادەبه‌شێنرێن و دابه‌شکردنه‌که‌ش خودی خاوه‌نزه‌وییه‌کانیشی ده‌گرته‌وه‌. ئەوە‌ نێوەڕۆکی پرۆگرامی کشتوکاڵیی بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی بوو، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی تایبەتی داراکان و کۆلاکه‌کان. هیچ کەس مافی ئەوەی نه‌بوو، زیاتر له‌وه‌ زه‌وی ھەبێت، که‌ ده‌توانێت به‌خۆی لەنێو کاربکات، بەبێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی دیکە به‌کرێبگرێت. ئەوە‌ هه‌مووی به‌رهه‌ڵستکاری بوو بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێدا‌گرییدەکرد، ئەو پرسانه‌ گشت کاری ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانن‌ Constituent Assembly. هه‌ر بەو جۆرە کۆمونه‌ ئازاده‌کان له‌سه‌ر زەمین و دارایی خاوه‌نزوه‌وییه‌ کۆنه‌کان پێکهاتن.

به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو جێبه‌جێکردنی ئەو بڕیارانه‌ به‌هۆی به‌رهه‌ڵستیکردنی خاوه‌نزه‌وی و کۆلاکه‌کان ‌دواخرا، که‌ خۆیان ڕێکخستبوو و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتییه‌وه‌ کردبوو. کاتێک که‌ جه‌نه‌راڵ کۆڕنیلۆڤ Kornilov هه‌وڵیدا بۆ سه‌ر پترۆگراد له‌شکرکێشیبکات و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌بگرێت، سۆڤیه‌تی (هولیای پۆله‌) به‌ڕابەری ماخنۆ به‌ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش ده‌ستپێشخه‌ریکرد. ئامانجی سه‌ره‌کی چه‌ککردنی دوژمنه‌ نێوخۆییه‌کان (خاوه‌نزه‌وییه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کۆلاکه‌کان) بوو، هه‌ر ئاوا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی ئەوان له‌سه‌ر سامانه‌کانی خه‌ڵکی: زه‌مین و کارخانه‌ و کێڵگه‌کان و کارخانەکانی چاپه‌مه‌نی و شانۆکان و هیدیکەیش. ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبه‌ر کۆنگری بەڕێوەبەرایەتییە سۆڤیه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کانی جوتیاران له‌ هولیای پۆله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌مینی داراکان و گۆڕینی به‌ دارای کۆمه‌ڵایه‌تی [گشتی] ڕاگه‌یاند. هێرش بۆ سه‌ر دارایی داراکان و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان (لەنێوان ئەوانیش داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان) ده‌ستیپێکرد و دەستکرا به‌ لێسەندنەوەی دارایی داگیرکەران ( زه‌مینداره‌ گه‌وره‌کان و داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان).

کاتێک که‌ فەرمانداریی ڤلادیمیر لێنین به‌هاری ساڵی دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovskی واژۆکرد، چالاکییه‌کانی ماخنۆ ڕاگیران. ئەو ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیمپراتۆری ڕوسی بەدیاریکراویی (ئۆکرانیا)ی لە بەرانبەر ئاشتی به‌ ئاڵمانیا و نه‌مسا به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێکه‌وتننامه‌که‌ داگیرکردنی ئۆکرانیای له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی هێزی ئاڵمانی و نه‌مساوی‌ پەسەندکردبوو، که‌ سه‌راپای وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی که‌متر لە سێ مانگ داگیرکرد. ماخنۆ له‌ پێکهێنانی یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان، که‌ هەزار و حەوت سەد (١٧٠٠) که‌سیان ده‌گرته‌خۆ، سه‌رکه‌وتوو بوو. بەڵام نه‌یتوانی به‌ داگیرکردنی هولیای پۆله‌ بەربگرێت. پاش کۆنگریسی ئه‌نارکیستان کۆتایی ئه‌پریلی هەمان ساڵ له‌ تاگانڕۆگ Taganrog، کۆنگرەکه‌ بڕیاری ڕێکخستنی یه‌که‌ی جه‌نگاوریی بچووکی پێکهاتوو له‌ پێنج (٥) تاکو ده‌ (١٠) جوتیار و کرێکار، کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ دوژمن و هه‌ڵخرانی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی جوتیاران دژی هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مسا و ناردنی گروپێکی بچووک بۆ ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، که‌ له‌وێنده‌رێ شۆڕش و ئه‌نارکیسته‌کان له‌ژێر سایه‌ی بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەتەک چی ڕووبەڕوون.

ماخنۆ یه‌کێک بوو له‌ گروپه‌که‌. مانگی‌ جونی هەمان ساڵ ماخنۆ گه‌یشته‌ مۆسکۆ. ئەو ده‌ستوبرد چاوی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌نارکیسته‌کانی ڕوسیه‌ (لەنێو ئەوان هاوه‌ڵی دێرینی خۆی ‘پیته‌ر ئارشینۆڤ’ ) که‌وت. بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ مۆسکۆ لاواز بووبوو، به‌هۆی هێرشی (چێکا) ده‌زگه‌ی ئاسایشیی بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolshevik secret service the Cheka مانگی ئه‌پریل بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌که‌ شکابوو، هەر بەو جۆرەش‌ ‌هێرشی ڕامیاریی چه‌پ بۆ سه‌ر بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکابوو. بۆ ماخنۆ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ هاتبوو،‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخراوبوون شتێکی جێکه‌وته‌بوو، لاوازیی ئاستی چالاکیکردن بۆ ئەو شتێکی ته‌کانده‌ربوو. بۆ ئەو مۆسکۆ وه‌ک پایته‌ختی شۆڕشێکی کارتۆنیی بوو، کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو که‌ لەنێو ئەو بڕیار و دروشمی‌ نێوەڕۆک خاڵیی تاک-پارتییەکی ڕامیاریی لەوێندەرێ‌ ده‌رده‌چوون، پارتییەک که‌ به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خۆسه‌پاندن خۆی گه‌یانده‌ پله‌ی فەرمانداریی.[٣] هه‌ر ئاوا ماخنۆ ئه‌نارکیستی ناسراو ‘پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin’ی سەردانیکرد، له‌ته‌ک ئەو لەبارەی کاری شۆڕشگێڕانه‌ و بار و دۆخی ئۆکرانیا ڕاوێژیکرد.

کاتێک که‌ ماخنۆ له‌ مۆسکۆ بوو، ھەر ئاوا‌ لێنین Lenin دیت. ئەو دانیشتنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوو. ئەو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و خواردنی خۆڕایی سه‌ردانی کرێملین Kremlin ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌ سه‌رۆکی کۆمیته‌ی سه‌رتاسه‌ریی ڕوسیه‌ی نێوەندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیه‌ته‌کان ژاکۆڤ م. سڤێردلۆڤ Jakov M. Sverdlov ده‌بینێت، هه‌ر ئه‌ویش چاوپێکه‌وتنی ماخنۆ و لێنین دەڕەخسێنێت. لێنین له‌ ماخنۆ دەپرسێت “جوتیاره‌کانی ناوچه‌که‌ت چۆن له‌ دروشمی گشت ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان له‌ دیهاته‌کان تێگه‌یشتوون؟ “، وەک ماخنۆ خۆی دواتر دەڵێت،‌ لێنین به‌ وه‌ڵامه‌کی ئەو سه‌ری سوڕده‌مێنێت ” جوتیاره‌کان به‌ شێوازی تایبه‌تیی خۆیان له‌و دروشمه‌ تێگه‌یشتوون. بەگوێرەی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. هه‌موو دەسەڵاته‌کان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ژیارییه‌کان بۆ خودی جوتیاران و کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکە دەگەرێنەوە، پێویسته‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ده‌رکی هوشیاریی و لێهاتوویی خه‌ڵکی کرێکار بکرێت. جوتیاران له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ سۆڤیه‌ته‌کانی کرێکاران و جوتیارانی دێهات، وڵات و ناوچه‌کان، بریتین له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانه‌ و خۆبەڕێوەبەرایه‌تییه‌ ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی جوتیار و کرێکار بۆ تێکۆشان دژی بۆرجوازی و بەکرێگیراوانی ئەو و سۆشیالیسته‌ ڕاستڕه‌و و فەرماندارییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان”.

لێنین له‌ وەڵامی ئەوە‌ ده‌ڵێت ” ده‌ی باشه‌، که‌واته‌ جوتیارانی ناوچه‌که‌ت تووشی ئه‌نارکیزم بوون!”[٤] دواتر لە درێژەی‌ گفوگۆکە، لێنین ده‌ڵێت “ئایا ئه‌نارکیسته‌کان له‌نێو که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ، هه‌رگیز ددان به‌ که‌مایه‌تیبوونی خۆیان ده‌نێن؟ بۆچی هیچ کاتێک بیر لە ئەوە ناکه‌نه‌وه‌”. ماخنۆ له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت ” هاوڕێ لێنین، بەڵام پێویسته‌ من بە تۆی ڕابگه‌یێنم، ئه‌و پاگانده‌یه‌ت، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان له‌ که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ تێناگه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی که‌توارییان لەتەک دونیای ھاوچەرخ نییه‌ و …تد، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌ ئۆکرانیا … ئه‌ناکۆ-کۆمونیسته‌کان ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌، که‌ ڕیشەیان له‌نێو کەتواری ئێستا داکوتاوه‌. سه‌راپای تێکۆشانی شۆڕشگێڕه دێهاتنشینه‌‌کانی ئۆکرانیا دژی کۆبوونەوەی نێوەندیی Central Rada له‌ژێر ئاراستە‌ی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان به‌ زۆری و به‌ڕاده‌یه‌کیش سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان بەڕێوەبراوه‌ … بۆلشه‌ڤیکه‌کانی تۆ بۆ ده‌رمانیش لەنێو‌ دێهاته‌کانی ئێمه‌ بوونیان نییه‌. به ‌جۆرێک که‌ کاراییان تاکو ڕاده‌ی نه‌بوون دابه‌زیوه‌. نزیکه‌ی گشت ئه‌نجومه‌نه‌کانی جوتیاران و کۆمونه‌کان له‌ ئۆکرانیا به‌ هه‌ڵخرانی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان پێکهاتوون. تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ بەرانبەر دژه‌-شۆڕش به‌گشتی و بەرانبەر به‌ هێرشی لەشکری نه‌مسا و ئاڵمانیا به‌تایبه‌ت به ‌ئاراستە‌ی ڕێکخراوه‌یی ئه‌نارکۆ کۆمونسیته‌کان سەریھەڵداوە و مەیسەربووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌‌ بۆ پارتییە‌که‌ی تۆ هیچ گرنگ نییه‌، تاکو به‌هۆی ئەو گشته‌وه‌ باوه‌ڕ بە ئێمە بدات، به‌ڵام ئەوانه‌ ڕاستین و تۆ ناتوانیت لە ئەوانە نکۆڵیبکه‌یت. من ئاوای بۆ دەبیم، کە تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانیت، هێزی چالاک کێیە و توانای جه‌نگینی هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی ئۆکرانیا چییە. به‌بێ هۆ نییه‌، که‌ تۆ ڕاتگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه‌ له‌ دەستکه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌ هاوبه‌شه‌کان پێداگریییانکردووە. لەنێو ئه‌وانه‌ لایەنی کەم نیوه‌یان له‌ژێر ئاڵای ئه‌نارکیستی جه‌نگیون ….

گشت ئەوانه‌ نیشانیده‌ده‌ن، که‌ تۆ چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ چوویت، هاوڕێ لێنین، بەگوێرەی ئه‌وه‌ی که‌ پێی ئێمه‌ ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستمان بۆ ئێستا خه‌مناکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ون به‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌بینین”. ئه‌وه‌ی کە من له‌نێو ئەم چاوپێکه‌وتنه‌ بە تۆی دەڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ڕاستییه‌، وەڵام وه‌رناگرێت. ئه‌وه‌ی که‌ من لێرەدا بۆ تۆی دەردەخەم، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌یه‌، که‌ تۆ له‌باره‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستتهێناوه‌. هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌وه‌ ببینێت، که‌ ئێمه‌ لەنێو‌ کەتواری ئێستا ڕێشەمانداکوتاوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ کارده‌که‌ین و به‌دوای کۆمەڵە ئامرازێک بۆ به‌ده‌سیھینانی داهاتوو ده‌گه‌ڕێین، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ په‌یگیرییه‌وه‌ لەتەک ئه‌و گرفته‌ کارده‌که‌ین”. لێنین له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ ببم”. [٥]

بۆلشه‌ڤیکه‌کان لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ماخنۆ بۆ ئۆکرانیا کۆمەکده‌ده‌ن. ئەو به‌ دژوارییه‌کی زۆرەوە گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامدا. جارێکیان خه‌ریکبوو ماخنۆ بکوژرێت. له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مساوه‌ گیرا و له‌و کاته‌دا نامیلکه‌ و بڵاوکراوه‌ی ئازادیخوانه‌ی لەتەک خۆی هەڵگرتبوو. دانیشتوویه‌کی جوله‌که‌ی هولیای پۆله‌، که‌ ماوه‌یه‌ک بوو ماخنۆی ده‌ناسی، توانی به‌ پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌کی زۆر بە هێزەکانی ئامڵمانیا و نەمسا بۆ ئازادبوونی، ماخنۆ لە مردن بیپارێزێت. کاتێک که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هولیای پۆله‌، ده‌ستیکرد به‌ ڕێکخراوکردنی به‌رهه‌ڵستی دژ به‌ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی نه‌مسا و ئاڵمانیا و ڕژێمه‌ به‌کرێگیراوه‌که‌یان به‌سه‌رۆکایه‌تی هیتمان سکۆرۆپادسکی Hetman Skoropadsky. ده‌توانرێت بگوترێت بزاڤی ماخنۆڤیستی بە دەستپێکردنی به‌رهه‌ڵستی سه‌ریهه‌ڵداوه. ماخنۆ جولای ١٩١٨تاکو ئۆگوستی ١٩٢١ تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی چینی کرێکاری دژ به‌ هه‌موو چه‌وسێنه‌ران، چ بۆلشه‌ڤیک و سپییه‌کان (دژه‌-شۆڕش) چ ناسیونالیسته‌کان سه‌رکردایه‌تیکردووه‌. له‌نێو ڕه‌وتی ئەو تێکۆشانە‌ توانی خۆی وه‌ک “سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ریلایی لێهاتوو و به‌توانا” بسه‌لمێنێت.[٦]

پاش تێکشکانی بزاڤی ماخنۆڤیستی‌ ١٩٢١، ماخنۆ بۆ ئۆروپای خۆراوایی دوورخرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٣٤ له‌ پاریس ته‌مه‌نی ئەو کۆتاییهات، هه‌ر له‌وێش دواسه‌ته‌کانی ژیانی خۆی به‌سه‌ربردن. هه‌ر ئاوا له‌وێدا وه‌ک چالاکێکی بزاڤی ئه‌نارکیستی مایه‌وه‌ و شمشێره‌که‌ی گۆڕی به‌ پێنووس (به‌کاربردنی ده‌ربڕینێکی ڕه‌نگینی ئه‌لێکسانده‌ر سکیردا Alexander Skirda). ماخنۆ به‌ گۆتار له‌نێو ڕۆژنامه‌ ئه‌نارکیستییه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ده‌نگی کرێکار Dielo Truda به‌شداریکرد، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیست-کۆمونیست بوو و له‌ پاریس له‌لایه‌ن (پیته‌ر ئارشینۆڤ) ده‌رده‌کرا، زۆرێک له‌و گۆتارانه‌ له‌نێو پەرتووکێک به‌ناوی (تێکۆشان دژی ده‌وڵه‌ت و گۆتاره‌کانی دیکە)، بڵاوکرانه‌وه‌. ماخنۆ له‌نێو بزاڤی ئه‌نارکیستی تاکو کۆتایی ژیانی چالاک مایه‌وه‌.

نێستۆر ماخنۆ ساڵی ١٩٢٧ له‌ پاریس ئه‌نارکیسته‌ ناسراوه‌کانی ئیسپانیا بوێناڤێنترا دوڕوتی Buenaventura Durruti و فرانسیسکۆ ئاسکازۆ Francisco Ascaso دیتن. ئەو له ئە‌وه‌ داکۆکیدەکرد “‌بار و دۆخ بۆ شۆڕشی پێکهاته‌ به‌هێزی ئه‌نارکیستی له‌ ئیسپانیا زۆرتر له‌بارتره‌، تاکو له‌ ڕوسیه‌”، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ک ته‌نیا له‌وێنده‌رێ پرۆلیتاریا و جوتیاران دارای نەریتی شۆڕشگێڕانه‌ بوون، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ پێگه‌یینی ڕامیاریی له‌نێو کاردانه‌وه‌کانی ده‌بینرا، ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ده‌رکی ڕێکخراوه‌ییان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ ڕوسیه‌ نه‌مابوو. ڕێکخراوبوونێک، که‌ سه‌رکه‌وتنی له ‌هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشه‌کان مسۆگه‌رده‌کرد”. ماخنۆ چالاکییه‌کانی گروپی ئه‌نارکیستی هولیای پۆله‌ و ڕوداوه‌کانی ئۆکرانیای شۆڕشگێری هه‌ژمارکرد “کۆمونه‌ کشتکارییه‌کانمان یه‌کێک بوون له‌ نێوەنده‌ زیندووه‌ ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی سیسته‌مه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌مان. کۆمەڵە‌کان به‌ بنه‌مای خۆپه‌رستی تاکگه‌رایی پشتئه‌ستوور نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ سه‌ره‌تاکانی هاوپشتی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری پشتیانبه‌ستبوو. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کۆمەڵه‌کان هه‌ستیان به‌ هاوپشتی نێوان خۆیان ده‌کرد، کۆمەڵه‌کان لەتەک یه‌کدی یه‌کییانگرتبوو. ئه‌وه‌ی که‌ بەرانبەر سیسته‌مه‌که‌مان له‌ ئۆکرانیا دەگوترا، ئه‌وه‌بوو، که‌ ناتوانێت به‌رده‌وامبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ جوتیاران پێکهاتبوو. ئەوە‌ ڕاست نه‌بوو. کۆمەڵه‌کانمان تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوون له‌ کرێکارانی کشتوکاڵی (کێڵگه‌یی) و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ته‌نیا پیشه‌سازیی بوون. ئێمه‌ گشت جه‌نگاوه‌ر و کرێکار بووین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لیی بریاره‌کانی ده‌رده‌کرد. له‌نێو ژیانی سه‌ربازی له‌ نوێنه‌رانی گشت ده‌سته‌ گه‌ڕیلاکان کۆمیته‌ی جه‌نگی پێکهاتوو و سه‌رپه‌رشتیده‌کرد. بۆ به‌ ئامانجگه‌یاندن، هه‌موو که‌سێک له‌نێو کاری هەروەزیی به‌شداریکرد، تاکو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توێژی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات پاوانده‌که‌ن، ڕێگریرییکرێت. ئێمه‌ لە پرۆسێسی ئەنجامدانی ئەو پرسەش سه‌رکه‌تووبووین.” [٧]

ساڵی ١٩٣٦ لەتەک ده‌ستپێکی جه‌نگی نێوخۆ و شۆڕش له‌ ئیسپانیا، ژماره‌یه‌ک له‌ جه‌نگاوه‌رانی سوپای یاخی ماخنۆ چوون بۆ جه‌نگین لەنێو‌ ستوونی دوڕوتی Durruti column. بەڵام بەداخەوە، مه‌رگی ماخنۆ ساڵی‌ ١٩٣٤ له‌ دوا پەیامە‌که‌ی بۆ دوو ئیسپانی ڕێگربوو “ماخنۆ هه‌رگیز جه‌نگینی ڕه‌دنه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیندووبم، کاتێک که‌ تیکۆشانه‌که‌تان ده‌ستپێده‌کات، لەتەکتان ده‌بم”. له‌ { Paz, Op. Cit., p. 90} وه‌رگیراوه‌.

چالاکیی هه‌ره‌ دیاری ماخنۆ له‌نێو دوورخراوگه‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ی بوو، ‌هاوڕا و داکۆکی له‌ سه‌کۆی ڕێکخراوەیی کۆمونیزمی ئازادیخواز‌ the Organisational Platform of the Libertarian Communists ناسراو به‌ سه‌کۆ Platform، دەکرد. سه‌کۆ هه‌وڵیدا هەرچی له‌نێو شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌ڵه‌بوو، لێکبداته‌وه‌ و پێشنیاری ڕێکخراوی ئه‌نارکیستی پته‌وتری بۆ‌ داهاتوو کرد. ئەو بۆچوونه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی مشتومڕێکی توندی لەتەک زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌نارکیستانه‌ی که‌ ڕه‌تیانده‌کرده‌وه،‌ به‌ڕێخست. هه‌رچه‌نده‌ ماخنۆ تاکو کاتی مردنی ساڵی ١٩٣٤ وه‌ک ئه‌نارکیستێک مایه‌وه‌، بەڵام ئەو تێڕوانین گۆڕینه‌وه‌یه‌ به‌زۆری بوو به‌ هۆی مشتومڕی توند و تاکو ڕادەیەک ئەوی له‌ هه‌ندێک له‌ هاوه‌ڵه‌کانی ته‌ریکخسته‌وه‌، له‌وانه‌ ڤۆلین، که‌ دژی سه‌کۆ (پالتفۆڕم) بوو.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢٥جولای ١٩٣٤ ماخنۆ مرد و سێ ڕۆژ دواتر جه‌سته‌که‌ی سوتێنرا و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی لەنێو‌ گۆزه‌یه‌ک له‌ پێر لەشەیز Père Lachaise گۆڕستانی کۆمونه‌ی پاریس خرایە ژێر خاک. پێنج سه‌د (٥٠٠) که‌س له‌ هاوڕێیانی ڕوس و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و ئیتالی ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی ماخنۆ بوون، له‌وانه‌ ئه‌نارکیستی فه‌ره‌نسی پییه‌ر بێسنارد Pierre Besnard و ڤۆلین Voline قسه‌یانکرد، ڤۆلین ئەو هه‌له‌ی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی دژه‌ سامیگه‌رایی anti-Semitism ماخنۆ، کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان دژی ماخنۆ هەڵیانبەستبوو، قۆسته‌وه‌. هاوسه‌ره‌که‌ی ماخنۆ، هالینا Halyna قسەیکرد. بەو جۆره‌ ژیانی یه‌کێک له‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی ئازادی چینی کرێکار کۆتاییهات.

وشه‌کانی دووروتی Durruti بۆ ماخنۆ سه‌رنجڕاکێشترین بوون ” ئێمه‌ هاتووین سڵاو له‌ تۆ بکه‌ین، تۆی سیمبۆلی گشت ئه‌و که‌سه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی، که‌ له‌پێناو که‌توارییکردنی هزره‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ جه‌نگین و گیانیانبه‌ختکرد. هه‌ر ئاوا بۆ ده‌ربڕینی ڕێزی خۆمان بەرانبەر خەزێنەی ئه‌زموونی ئۆکرانیا، هاتووین “. [٨]

—————————————————————
په‌راویزه‌کان:

1. Michael Malet, Nestor Makhno in the Russian Civil War, p. 4
2. Michael Palij, the Anarchism of Nestor Makhno, p. 71
3. David Footman, Civil War in Russia, p. 252
4. Nestor Makhno, My Visit to the Kremlin, p. 18
5. Nestor Makhno, Op. Cit., pp. 24-5
6. David Footman, Op. Cit., p. 245
7. Quoted by Abel Paz, Durruti: The People Armed, p. 88-9
8. Quoted by Abel Paz, Op. Cit., p. 88
کۆکراوەی کاره‌کانی ‌ نێستۆر ماخنۆ
The ABC of the Revolutionary Anarchist. (1932).
The Anarchist Revolution
Letter to the Spanish Anarchists. (1932).
In Memory of the Kronstadt Revolt. (1926).
Mahkno’s Response to Malatesta
May Day, (1928). Dyelo Truda. No. 36, p. 2–3. 01 May 1928.
My Visit To The Kremlin
On the History of the Spanish Revolution of 1931 and the Part Played by the Left and Right-Wing Socialists and the Anarchists. (1933).
Summons: A Poem by Makhno
The Struggle against the State and Other Essays
To the Jews of All Countries. (1927).
Great October in the Ukraine. (1927).

سه‌رچاوه‌:
http://libcom.org/history/makhno-nestor-1889-1934

* مەبەست لە وەرگێڕانی ژیاننامەی ماخنۆ، ناساندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە چالاکی و نووسینەکانی ئەو، نەک پیرۆزکردن و بەبتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی ئەو هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و تێکۆشانی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، تاکو نێستۆر ماخنۆ و دەیانی وەک ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونیان دەرببڕن؛ بەواتایەکی دیکە، ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبووایە، نووسینەکانی نێستۆر ماخنۆ و کەسانی دیکەش نەدەهاتنەبوون. و.ک

** ھەر ئاوا، مەبەست لەم وەرگێرانە، پەردەھەڵماڵینە لە ڕووی پاگەندە و درۆ و دەلەسەی سەرانی بۆلشەڤیکەکان و پاشرەوانی بۆلشەڤیزم، کە (نێستۆر ماخنۆ) بە چەتە و ڕێگر ناودەبەن.

*** لە چەند ساڵی ڕابوردوو چەند سریاڵی تەلەفزیۆنی و فێلم لەبارەی ژیان و دەردیسەری و چالاکی و بیرۆکەکانی ماخنۆ دروستکراون، کە ئەگەر گرفتەکانی ڕۆژگار بواربدەن، لەتەك ھاوڕێیانی دیکە ھەوڵی وەرگێرانی ژێرنووسینی فیلم و سریاڵەکان دەدەین، تاکو ڕووی ڕاستەقینەی ڕامیاریی و ئابووریی و بەڕێوەبردن و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بۆ شەیدانای کۆمەڵی سۆشیالیستی و کۆمونیستی دەربکەوێت، کە ھیچ کات لە ڕیفۆرمەکانی بیسمارک و خۆماڵیکردنەکانی سەدام و بەعس واوەتر نەچوون و بەڕێوەبەرایەتیی دیکاتتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکان، کودەتایەک بوو بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی سەراسەری ڕوسیە و بە پارەی ئیمپراتۆریی پڕووس و بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی خەڵک بە بەرزکردنەوەی کاتیی دروشمەکانی سەرەتای ڕاپەڕین و لەنێوبردنی کۆمیتەکانی خۆبەڕێوەبەریی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانی سۆشیالیست و دەستەمۆکردن و کەوڵکردنی سۆڤیەتەکان و بە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و لە پشتەوە خەنجەردان لە ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا بە دەسەڵاتگەییشتن و مانەوە و سەپاندنی (ئیمپراتۆریی سرووشوەرگرتووی خۆیان لە ئیمپراتۆریی پڕووس و ڕیفۆرمەکانی بیسمارک) مسۆگەرکرد و (ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovsk) ناچاریی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی بەڵێن و پاداشتدانەوەی (٢٦ ملیۆن مارکەکەی ئیمپراتۆریی ئاڵمانیا) بوو و ھەر ئاوا لێدان و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کۆمونەخوازی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا بوو، (ھەر وەک کۆمەڵکوأکردنی ڕاپەڕینەوەی دەریاوانان و دانیشتووانی کڕۆنشتات کە زۆرینەیان کۆمونیست و تەنانەت ئەندامی بۆلشەڤکی بوون و لە دژە-شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان تێگەییشتوبوون)، تاکو بەردەوامی شۆڕشی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا و دەریاوانانی کڕۆنشتات و مانگرتنی کرێکارانی پترۆگراد سەرتاسەری ڕوسیە نەگرێتەوە و ئیمپراتۆریی بۆلشەڤیکی لەنێونەچێت و بۆلشەڤیکەکان بە دێوجامەی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دیکتاتۆریی و ملھوڕیی پارتییەکەی خۆیان بە نووکی سەرەنێزە بەسەر ژنە-کرێکارانی ڕاپەڕیوی ڕستن و چنین و یاخیبوونی سەربازان و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و کۆمیتەکانی کارخانەکان بسەپێنن. (و.ک) https://www.youtube.com/watch?v=oaRrMPg7sFI

بۆ کەسانێک کە لە دوای بەڵگە مێژووییەکانی ڕوداوەکانی ١٩١٧-١٩٢٣ دەگەرێن و دەخوازن “چەتەگەریی” نێستۆر ماخنۆ) و “شۆڕشگێڕیی” بۆلشەڤیکەکان و لەنێو ئەوانیش (لێنین و ترۆتسکی و ستالین) بزانین، دەتوانن تەماشای ئەم دۆکومێنتەرییە بکەن و سەدان تۆمار و بەڵگەی دیکە دژی پڕۆپاگەندەی کڕێملین پەیدابکەن : https://www.youtube.com/watch?v=gIqvip1z91I

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی پەرتووکی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




بەیت بێژ، گێڕەوەی ئەزموونی بیرەوەری … کاوان محەمەدپوور

ڕەنگە پەژارەی لە ناو چوونی حەقایەت بێژی-بەیت بێژی- کوردستان، جیاوازتر لە نیگەرانی واڵتێر بێنیامین لە وتاری (حەقایەت بێژ: ڕامانێک لەسەر بەرهەمەکانی نیکۆلای لێسکۆف) نەبێت. « حەقایەت بێژی بەرەو لە ناو چوون دەچێت. هەر رۆژ کە تێپەر دەبێت لە رێژەی ئەو کەسانەی توانستی گێڕانەوەی حەقایەتێکیان بە ڕێکی هەیە کەم دەبێتەوە”. وەدی هێنانی ئەم چەشنە بزر بوونە لە ڕوانگەی بێنیامینی بێ تابشتی لەمەڕ گۆڕینەوەی ئەزموونە. واتە لە ناوچوون و ڕۆخانی ئەزموونە کە شێوەی زارەکی حەقایەت بێژیش بزر دەکات. لە ناو نەتەوەی کورد، هەر لەسەردەمانی زووە ، حەقایەت بێژ-بەیت بێژ- پلە و پێگەیەکی بەرچاو و بەنرخی هەبووە. کەسایەتییەک کە دیوەخان و کۆبوونەوەکانی بە سیحری گێڕانەوە دەرازاندوە و باسی لە چیرۆکێک دەکرد کە وێدەچوو–مێژووی نەنووسراوەی- ئەوانە. مێژوویەک کە تەنیا لە (ئەزموون)دا توانستی ئاڵۆگۆڕی و گۆڕینەوەی هەیە و تەنیا بە بۆنەی بەیت بێژە-شێوەی زارەکی- کە مانادار دەبێتەوە. بێنیامین هەر لەو وتارەدا حەقایەت بێژ بەو کەسایەتییە پێناسە دەکات کە بەم هۆیەی توانای گێڕانەوەی-ئەزموونی تاکی خۆی و ئەزموونی ئەویتری- هەیە، توانستی گۆڕینی –گێڕانەوە- بە –ئەزموون- و هەناردە کردنیشی بە مێشکی ئەویتر هەیە.
واتە لە شێوەی گێڕانەوەی زارەکی ئەو دایە کە چەشنێکی تایبەت لە ئەزموون بۆ بەردەنگ هەناردە دەکرێت. بە ڕوانگەی بێنیامین تەنیا حەقایەت بێژ ئەو توانستەی هەیە و ڕۆمان نووس-نووسراوە- بە هۆی بێ بەهرەیی لە ڕاوێژ و ڕابێژ و گۆشەنشینی کردن، توانای هەناردەکردنی ئەم چەشنە لە ئەزموونی نییە.« بێشکەی ڕۆمان هەر ئەو کەسایەتییە گۆشە گیرەیە کە ئیتر توانایی نییە مەبەستەکانی خۆی بە هێنانەوەی نموونەگەلێگ لە گرینگترین دڵخۆشییەکانی باس دکات. ئەو خۆی بێ بەهرە لە ڕاوێژە و کەسەکانیش بێ بەهرە لە ڕاوێژی ئەو».

بەیت بێژ لەو ئەزموونە زارەکییە دەدوێت کە زیندوو کەرەوەی ئیماژی کلاسیک و فەرهەنگی لە مێژینەی ئەوە- هەڵبەت نە بەشێوەی تاک بەڵکوو بە شێوەی کۆمەڵ-. کە واتە بەیت بێژ هەڵگری –بیرەوەری و ئیماژێکی کلتووریە- کە شێوەی ئاخافتبی بەرسەر چەشنی نووسین دا ڕەسەنترە. بەیت بێژ هەڵگری ئەزموونێک لە مێژوویە کە ڕابردووی بەردەوام لە ئێستادا مانا دەکاتەوە. بە ڕوانگەیەک ئەو لە مێژوویەک ئەدوێت کە شیاو و ژێهاتوی نووسینەوەی نییە.

ڕەنگە بە کەمێک چاو پۆشین بتوانین ئەوە بڵێن کە نووسینەوە لەم چەشنە گێڕانەوەدا- مەرگی ئەزموونە-، ئەوەش بەم هۆیەیە کاتێک بەیت بێژ، بەیتێک دەگێڕێتەوە، لە –پێش گێڕانەوەیەک- بۆ دەڕبرین کەڵک وەرئەگرێت کە لە نووسینەوە‌دا توانستی ئەم شێوەی لە گێڕانەوەی نییە. سەر و ژوور کردنی دەنگی گێڕەوە (راوی)، مەودای نێوان وشەکان و ڕستەکان، و خەمێک کە لە کاتی گێڕانەوە دا هەیە، هێمایەک لەسەر ئەزموونی زارەکی نێوان بەیت بێژ و بەردەنگە. واتە مێژوویەک کە لە ئەزموون دا مانا دەکرێت، تەنیا کاتێک بە نواند دەگات کە بە چەشنی زارەکی و ڕاستەوخۆ و بە دەنگێکی دیاری کراو بگێڕدرێتەوە. بە ڕوانگەی بێنیامین، «ئەگەر خەو ئەوپەڕی ماندووی جەستەیە، دڵتەنگی و خەمۆکی ئەوپەڕی ماندوویی مێشکە». ئەمە هەر ئەو چەمکەیە کە کوڕت کردنەوە و بەردەوام بوون بۆ حەقایەت گێڕانەوە دەستەبەر دەکات و بەم هۆیەش ئاسۆدانەتر لە بیر دەمێنێتەوە.

بەیت بێژەکان، کە ئەمرۆکە لەگەڵ رێژەیەکی کەمیان بەرورووین، کورتە و کۆیەکی دەست نیشانکراو لە مێژوو پێناسە دەکەن کە وێنای نەنووسراوەی ڕابردوویە. لەم ڕوانگەیە دا بەیت بێژەکان تەنیا هەل و ئیمانێکی پێوەندی نێوان ڕابردوو و ئێستاکەن، کە واتە لە ناو چوونی ئەم تاقمە و- شێوە گێڕانەوە-، لە ناوچوونی مێژووشە!. رێز لێنان و پاراستنی بەیت بێژ، رێز گرتن لە مێژووی وڵاتە. کەسێک کە بگێرەوەی (راوی) ئەزموونی بیرەوەرییە. بەیتێک کە بەیت بێژ دەیگێڕێتەوە تەنیا گێڕانەوەی ئاسایی چیرۆکی دڵداری و تراژیا نییە، بەڵکوو لە شێوەی گێڕانەوەی ئەم مێژوویە- یان بەیت- چەشنێکی تایبەت لە گێڕانەوەی خۆ ئەنوێنێت کە ناوەرۆکێکی و شێوە گێڕانەوەی تایبەتی خۆی هەیە، واتە شێوەیەکی سەقامگیر لەسەر مێژووی بەشێوەی زەینی و بیرەوەی بە کۆمەڵ کە تەنیا بە چەشنی زارەکی هەناردە دەکرێت. ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت کە پرۆفێسۆر (ئووریش مارزێلۆف) لە کتێبی (پۆلێن بەندی حەقایەتەکانی ئێرانی)، دەڵێت:« حەقایەتە کوردییەکان ماهییەتێکی تایبەتیان هەیە کە دەبێت جیاواز لە حەقایەتی نەتەوەکانی تر باس بکرێت».

گێڕەوەی حەقایەت کوردییەکان خۆی وەکوو قارەمانێکی تراژێدیک یان نەستەق بێژ پێناسە دەکات کە گێڕەوەی بەسەرهاتی خۆیەتی. باس لە قارەمانێک دەکات، کە لە شەڕێکی دەستەویەخە دا لەگەڵ تەقدیر هەوڵی گۆڕینی – چارەنووس- بۆ- بەسەرهات- دەدات. بەیت بێژ، ئەزموونی زەینی لە مەبەستی قارەمان هەیە و لە حەولی گێڕانەوەی چیرۆکی قارەمان دێت. ئەو بە گێڕانەوەی زارەکی و ڕاستەوخۆ بە چەشنێک چیرۆکەکە هەناردە دەکات کە ببێتە ئەزموونی سەڕڕاست و رێک لە مێژووی زەینی بیرەوەری.

———————————–
سەرچاوە:
حەوتەنامەی سیروان




میرێكی سویدی له‌ بیست ساڵی ته‌مه‌نیدا … شاعیری سۆدانی حاته‌م ئه‌لئنساری


شاعیری سۆدانی حاته‌م ئه‌لئنساری
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌
…..

كه‌س له‌ میرێكی سویدی بیست ساڵان به‌خته‌وه‌رتر نییه‌
ئه‌و له‌ هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تێك به‌ دووره‌
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بیكا ، ئه‌وه‌یه‌ به‌خته‌وه‌ر بێ‌ .

كه‌ زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ ،
دونیا زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ ..
كه‌ پێده‌كه‌نێ‌ ،
دونیا پێده‌كه‌نێ‌ ..
كه‌ سه‌ما ده‌كا ،
دونیا گۆرانی ده‌ڵێ‌ ..
كه‌ ژنیش دێنێ‌
دونیا وێنه‌ی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی
له‌ ڕیخۆڵه‌ی ته‌له‌فۆنه‌ زیره‌كه‌كه‌یدا دا ده‌كا ..

قۆزه‌ به‌ گوێره‌ی ڕه‌گه‌زی سپییه‌وه‌
دوو چاوی شین .. قژ زه‌رد ..
باڵا به‌رز
شووش ..
ڕووخۆش و ڕۆحساز
به‌ ئه‌ده‌ب ، یان ئاوه‌ها ده‌رده‌كه‌وێ‌ !
ڕێكپۆش ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تیشێرتی
یانه‌ی (مالمۆ ئێف ئێف) یش بپۆشێ‌
مه‌له‌وانی و تێنس ده‌زانێ‌
ئه‌سپسواری و لامبۆرگینی سواریش ده‌زانێ‌
هه‌روه‌ها چاوشین و پرچ زه‌رد سواریش ..
به‌ڵام وه‌ك دووپشكه‌ ڕه‌شه‌ بچووكه‌كان .

به‌شی له‌ ته‌رخانكراوی بنه‌ماڵه‌ی پادشایی
له‌ خه‌می هه‌ژاری و
شه‌ونخوونی سامان ده‌یپارێزێ‌ .

ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كئه‌نوایی ئاوازی به‌فردا هه‌ستی به‌ دڵته‌نگی كرد
ده‌توانێ‌ سواری یه‌كه‌مین فڕۆكه‌ی به‌رده‌ستی بێ‌ و
یه‌كسه‌ر بچێته‌ پۆیرتریكۆ
له‌وێ‌ خۆلیا سلیڤا ژه‌نیاری ماریمبا و
خوان ئه‌نتۆنیۆی فرۆشیاری ماریوانا و
پابلۆ خۆسێی فرۆشیاری هه‌یكه‌له‌ برۆنزییه‌كان و
ماریا لۆپیری فرۆشیاری بیره‌وه‌رییه‌ گه‌رمه‌كان
له‌ پێشوازیدا ده‌بن ..
وڵاته‌كه‌ی له‌ خۆشیدایه‌
خۆشه‌ویست و میهره‌بانه‌ ..
نیازی نییه‌ گۆی زه‌وی هه‌ڵلووشێ‌
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تاندا باشه‌
تا ڕاده‌یه‌ك
به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌
پێشوازی له‌ بڕوادار و
بێ‌ بڕوایان ده‌كا
هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی
له‌ نزماییان نائومێد بوون ..

كه‌واته‌ پێویست ناكات نیگه‌ران بین بۆی
هه‌میشه‌ باشه‌
به‌ كوێرایی چاوی
ئه‌ستێره‌ی نیبیرۆ ..
كه‌س له‌ میرێكی سویدی بیست ساڵان
به‌ختیارتر نییه‌
هه‌موو ده‌یانه‌وێ‌ به‌ شادی بیبینن
له‌ پێش هه‌مووانه‌وه‌ خوا .

سه‌رچاوه‌ : http://www.kikahmagazine.com/?p=5933




شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ڕۆڵی لینین … ئاسۆکمال

من لەسەرەتای ئاشنایەتیم لەگەڵ کۆمۆنیزمدا پراکتیکی سیاسی لینین بۆم سەرنج ڕاکێش بوو. ئەم پراکتیکە خۆی لە بەرپاکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا نیشان دەدا کە نەک ڕوسیا دەگۆڕێ بەڵکو دنیای خستە ژێرکاریگەری خۆیەوە.
دوای ١٠٠ساڵ بەسەر ئەو شۆڕشەدا قسە و تێروانینی جۆراوجۆر لەسەر دەوری لینین دەکرێ لەو شۆڕشەدا. بەڕای من لینین لە ڕیگەی تاکتیکێک یان سیاسەتێک سەبارەت بە تەنیا مەسەلەیەک لەو هەموو کێشانەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕوبەڕوی بوەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێ ،بەڵکو مەسەلەی سەرەکی لە پراتیکی لینیندا گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە. لینین لە تەواوی کارە سیاسی و ڕیکخراوەیی و تیۆریەوە دەیەوێ ئەم ئامانجە کۆمۆنیستیە بەکردەوە جێبەجێ بکا. هەربۆیە ئەگەر هەر هەڵوێستێکمان لەسەر لینین هەبێ دەبێ لەسەر ڕەوابووون یان نەبونی ئەم ئامانجە سۆشیالیستیە حوکمی بەسەردا بدەین، کە ئایا گۆڕینی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم دروستە یان ناڕەوایە؟ لینین بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕەوایەتی ئەم خواست و پرسەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بە شێوەی پراتکێکی نەخشە داڕیژراو سەلماند. هەرچۆن سەلماندنی تیۆریەکانی مارکس یان هەر تیۆریەکی زانستی تر پێویستی بە بەڵگە و ئەنجامی عەمەلیە ، تیۆری شۆرشی سوشیالیستی ئۆکتۆبەریش تێزێک و تیۆریەکی لینینە کە لە ڕێگەی پراتیکی حزبی بەلشەفیک و چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕوسیا دروستیان سەلماند.

ئەم ڕاستیە بەمانای پیرۆزکردن و بێ هەڵەبونی لینین وەک یەک سەرکردەیە و یەک شەخس نیە، بەڵکو لینین بەرهەمی بزوتنەوەیەکی کرێکاریە کە لە کۆمەڵگەی ڕوسیەدا ئامادەیی بۆ شۆڕش نیشانداوە و لینین لە ڕیگەی حزبی بەلشەفیکی کرێکاران و جوتیارانەوە ئەم ئامادەییەی ڕیکخستوە و ئاراستەی کردوە و بە پراتیکی سیاسی بەسەرکەوتنی گەیاندوە. دەوری ئیرادە و فکر و پراتیکی لینین لەم کارە کۆمەڵایەتیە چینایەتیەدا بڕێنەرەوە و دیاریکەر بوە.

بێگومان هەلومەرجی ئامادە بۆ شۆڕش لەلایەن ئەم پراکتیسینە کۆمۆنیستەوە گرنگە و هەربۆیە نەخشەو سیاسەتی جۆراوجۆر لە ماوەی ٢٠ساڵی پیش لە شٶڕشدا دەگرێتەبەر و بێگومان هەندێ سیاسەت و تاکتیکی لینین هەڵە بون و لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا هەڵە ڕویداوە، بەڵام ئەوە واقعێەتی عەمەلی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە ،کە بریتیە لە هەوڵی جۆراوجۆری ئینسانە زیندوەکان و سونەت و فکر و وەسیلەکانیانە ،کە لە چوارچیوەی ئەو مێژووە دیاریکراوەدا شکڵ دەگرێ و لەدەورانێکی تردا دەکرێ جیاوازبن . ئەوەی خاڵی گرنگە لە ئۆکتۆبەردا ئەوەیە کە ئایا ئەم ئامانجە سۆشیالیستیەی بە کوێ گەیاند؟ ئەگەر سەیری دنیای ئەمڕۆ بکەین دەبینین وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە لەگەڵ هەر ئەزمە و گەندەڵ بونیکی سیستەمی سەرمایەداری ئێستادا ڕوی ناڕەزایەتیەکانی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش ڕوو لەم تێۆریەی شۆڕشی کۆمۆنیستی مارکس دەکەنەوە و سەیرێکی تەجروبەی لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەنەوە، کە ئایا گۆڕینی ئەم سیستەمە مومکینە و دیسانەوە کۆمۆنیستەکان و خەلکی کرێکار و ناڕازی ئازادیخواز و یەکسانی خواز وەک لینین دەڵێن؛ دەبێ چی بکرێ؟

گۆڕینی دەوڵەتی دیکتاتۆری بورژوازی و پەرلەمانی بە دەوڵەتی شورایی کرێکاری هەوڵێکی تیۆری و عەمەلی لینین بوە کە بتوانێ لەڕیگەی دەسەڵاتی سیاسی کریکارانەوە سیستەمی ئابوری سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیستی. ئەم هەوڵە نەخشە و سیاسەتی جیاوازی بۆ دادەنرێ و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ژێر دروشمی هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان دەست پێدەکا و دواتر پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە . بەڵام چۆنیەتی دەوڵەتی کرێکاری و جیاوازیە بنەڕەتیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی بورژوازیدا و جیاوازی سیاسەتە ئابوریەکانی و چۆنیەتی گۆڕینی ئیدارەی بیرۆکراتی بە خۆبەڕیوەبەری و بێ قەید وشەرتی هەڵسورانی سیاسی و نەهێشتنی کۆنترۆڵی حزب بەسەر دامودەزگای ڕەسمی و کەمکردنەوەی دەستی دەوڵەت و پرۆسەی هەڵوەشانەوەی بەرەبەرەی دامودەزگای سیاسی و ناپیویستی دەوڵەتی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی. ئەمانە کاری تەواونەکراوی لینین و ئۆکتۆبەر بوون.

سەرکەوتنی تێز و تیۆری شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری لە ئۆکتۆبەردا بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی ئێستا بوەتە سەرەتایەکی بیرکاری کە هەر کریکار و کۆمۆنیستێک کە بیەوێ ئامانجی لینین و ئۆکتۆبەر کە دنیای ئازاد و یەکسانە بەدی بێنێ پیویستی بەسەلماندنەوەی ئەو تێز و تیۆریە نیە هەربۆیە هەموو هەوڵی بورژوازی و بزوتنەوە جۆراوجۆرە لیبرال و ناسیونالیست و نیولیبرال و ڕاستڕەو و ریفۆرمیستەکان و هتد لەم یادەدا بۆ سڕینەوەی ئەم بەڵگە سەلمێنراوەیە کە بەبێ شۆڕشی سۆشیالیستی و دەسەڵاتی شورایی خەڵکی کریکار و ژێردەستە ناتوانرێ کۆتایی بە چەوسانەوە و نا یەکسانی بهێنرێ. لینین بۆ کرێکاران لە مێژوودا وەک سپارتاکۆس ڕەمزی ئیرادەیەکە بۆ گۆڕینی سیستەمی کۆیلایەتی سەرمایەداری و ئۆکتۆبەریش وەک شۆڕشی ئومێد بەدنیای باشتر هەمیشە بەرز و بەڕێزە.

ئاسۆکمال
ASO KAMAL
00447760131203
asokamal@yahoo.com




پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی …. رەزا شوان

مامۆستا و قوتابی دوو تەوەری سەرەکی و دوو کۆڵکەی بنەڕەتین لە کۆڵکەکانی کاری پەروەردەیی و فێرکردن.. سایکۆلۆژیای پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستا، بۆتە هۆی بایەخ و گرنگی پێدانی بەشێکی زۆر لە پەروەردە ئاکادیمییە ناسراوەکان و پسپۆرانی دەروونناسی پەروەردەیی، پەیوەندیی ئەرێنی نێوان مامۆستا و قوتابی بە موگنـاتیزی کاری پەروەردەیی دەزانن.
پەیوەندیە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی، پیرۆزترین و راسترین و جوانترین پەیوەندی مرۆیین، تا ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر و باشتر و دروستربن، کاری فێرکردن و پەروەردەییش بەهێزتر و سەرکەوتووتر و شیرینتر دەبن و ئەنجامەکانی باشتر دەبن.

پەیوەندی نیوان مامۆستا و قوتابی، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و دڵسۆزی و سۆزداری و ئەمەکداری و پێزانین بنیات نراوە. مامۆستا (پیاو یا ژن) بۆ قوتابییەکانیان وەکو باوک و دایک و کاک و دادەن، دڵسۆز و بەسۆزن و دڵنەرمن بۆ قوتابییەکانیان، چون بە تەنگی جگەرگۆشەکانی خۆیانەوە دێن، بەو رادەیەش قوتابییەکانیان بە منداڵانی خۆیان دەزانن، بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و سۆزەوە دەیان گرنە خۆیان و دەیان لاوێننەوە و بە نەرمی و شیرینی و دروستی رەفتاریان لەگەڵدا دەکەن، پردێکی رێز و خۆشەویستی سۆز و دڵسۆزی لە نێوان خۆیان و قوتابییەکانیان دروست دەکەن.. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابیانیش ئەم مامۆستا رەفتار دروستانەیان خۆشبوێ و ئەوپەڕی رێز و پێزانینیان بۆیان هەبێت، وەکو کاک و دادەی دڵسۆزی خۆیانیان بزانن.
بە کورتیش، مامۆستا بەردی بناغە و بڕبڕەپشتی کاری فێرکردن و پەروەردەییە، لە پەروەردەی نوێشدا، قوتابی گڕڕگرە و تەورەی سەرەکی پەروەردەیە.

(جۆن دێوی) دەڵێ:” منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە”
مامۆستای سەرکەوتوو ئەو مامۆستایەیە کە، بە روویەکی خۆش و گەشەوە، بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و سۆزەوە، بە زەردەخەنەی ناسک و شیرینەوە پێشوازی لە قوتابییەکانی دەکات، بە ئەوپەڕی بڕوا و گەشبینییەوە، بە سەرکەوتووییەوە، کرداری فێرکردن و پەروەردەیی ئەنجام دەدات، بۆ هێنانەدی ئامانجە داڕێژراوەکانی پەروەردە و فێرکردنيش، ئاسانترین و سەرکەوتووترین رێباز و تازەترین شێوازەکانی وانەوتنەوە دەگرێتەبەر. رۆڵی مامۆستاش تەنها فێرکردن و پەروەردە نییە، بەڵکو بنیاتنانی کەسێتی دروستی قوتابیە، لەسەر بنەما دروستەکانی زانست و زانیاری و نیشتمانی. مامۆستای وریا و سەرکەوتوو، هەمیشە هیوا و گەشبینی دەخاتە دڵی قوتابییەکانییەوە، هانیان دەدات بۆ فێربوونی بەسوود، کە سوودیان بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان هەبێت.
(ئەناتۆڵ فرانس) دەڵێ:”هاندان نۆ لەسەر دەی فێرکردنە”
بۆ نموونە، کە مامۆستایەک بە قوتابییەکی دەڵێت:” هەی ئافەرین، تۆ ئازا و زیرەکی” هەرگیز یەکسان نییە بە رستەی” گەمژە تۆ بێدەنگ بە” کە مامۆستایەک بە قوتابییەکی بڵێت.. هەردوو رستەکە کاریگەرییان لەسەر دەروونی قوتابییەکان دەبێت، یەکەمیان بە ئەرێنی، دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی، دووەمیشیان بە نەرێنی، دەبێتە هۆی رووخاندنی.

مامۆستای دڵسۆز و نیشتمان پەروەر، پێویستە هەمیشە ئەوەی لە یاد بێت، کە هەڵگری پیرۆزترین پەیامە، پیرۆزترین و هەستیارترین پیشەی هەیە.. ئەوە مامۆستایە نەوە لە دوای نەوە پەروەردە دەکات و پێیان دەگەیەنێت.
دڵنیام کە هیچ کەسێ نکووڵی، لە گرنگی پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی ناکات، کە کارتێکردنێکی گەورەیان لە سەرکەوتنی کاری پەروردەی دروست و فێرکردن دا هەیە. بەڵکو رەنگدانەوەشیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی قوتابیدا دەبێت.
ئێمەش قوتابی مامۆستا بووینە، زۆربەمان باش لە یادمانە، کە ئەو مامۆستایانەی سەرکەوتووبوون لە فێرکردن و لە پەیوەندی دروستیان لەگەڵمان، ئەو مامۆستایانەش کە نابەڵەد بوون و لە وانەکانیان و لە شێوازی رەفتارکردنیان سەرنەکەوتووبوون.

زۆر لەو قوتابییانەی کە لە بوارەکانی خوێندنن دا سەرکەوتووبوون و نمرەی بەرزیان بەدەستهێنا دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی و رێز و زمان شیرینی و پەیوەندی ئەرێنی و دروستی نێوان مامۆستاکان و قوتابییەکان.. بە پێچەوانەشەوە ئەو مامۆستایانەی کە نابەڵەد بوون، گرژ و مۆن و رووتورش بوون، دڵڕەق و توند و تیژ و رەفتار رەق بوون، شێوازی وتنەوەی وانەکانیانشیان وشک و نادروست بوون، رێزیان لە را و لە ئازادی قوتابییەکانیان ناگرتن و هەستیان بریندار دەکردن. بوونە هۆکاری ئەوەی کە قوتابیان خۆشیان نەوێن و رقیان لێیان بێتەوە و حەزیش بە وانەکانیان نەکەن. بەڵكو تا ئەو رادەیەی کە هەندێ قوتابی بە هۆی مامۆستای توڕە و دڵڕەق و توند و تیژ و رەفتار نادروستەوە وازیان لە خوێندن و لە قوتابخانە هێنا.
(ئەمەرسۆن) دەڵێ:”نهێنی لە فێرکردنی سەرکەوتوودا بریتییە لە رێزگرتن لە قوتابی” مامۆستایانی دڵسۆزمان گەوهەرێکی بێهاوتان و سامانێکی گرنگی گەلەکەمانن، ئەرک و ماندووبوونیان لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی دروستی رۆڵەکانی نیشتمانەکەمان بێ سنوورە.. شایەنی ئەوپەڕی رێز و پێزانین، ئەمەش گەورەترین خەڵاتە بۆیان.

هەرەیەکە لە مامۆستا و قوتابی ئەرکیان لە ئەستۆدا هەیە و مافیشیان هەیە. پێویستە لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویسی و سۆز و دڵسۆزی و بەخشین و وەرگرتن پەرە بە پەیوەندییەکانی بدەن، تابێت پەیوەندییەکانیان فراوانتر و کراوەتر و شیرینتر بکەن.
مامۆستای دڵسۆز و سەرکەوتوو، پێویستە لە هەموو روویەکەوە ببێت بە پێشەنگ و بە نوونەیەکی باش بۆ قوتابییەکانی، چونکە منداڵان لە ساڵانی یەکەمی قۆناغی تەمەنیان دا چاولێکەر و لاساییکەرن، لە گەورەکانەوە بە تایبەتیش لە ئەندامانی خێزانەکانیان و لە مامۆستاکانیانەوە بەهـا رەوشتی و کۆمەڵایەتی و ویژدانی و نیشتمانییەکان فێردەبن و کاریگەریان لەسەر ژیان و رەفارەکانیان دەبێت لە ئەمڕۆ و داهاتوودا دەبێت.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٧




پاشه‌كه‌وته‌كانم … وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

به‌یانی له‌جێگه‌كه‌م هه‌ستام ودوای ئه‌وه‌ی ده‌ست وده‌م وچاوم شت وهه‌روه‌ها چه‌ند ڕاهێنان وچالاكییه‌كی وه‌رزشیم به‌جێهێنا،پاشان كوپێك شیرم خوارده‌وه‌.جله‌كانی قوتابخانه‌م له‌به‌ركردوجانتاكه‌م هه‌ڵگرت كه‌پێشترئاماده‌م كردبوو،دایكیشم زه‌رفێكی بچووكی داپێم كه‌خواردنێكی ئاماده‌كراوی تێدابووكه‌ڕۆژانه‌ جۆری ئه‌م خواردنانه‌ ده‌گۆڕا.له‌گه‌ڵیداپاره‌یشی ده‌دامێ‌.
هه‌مووڕۆژێك پێی ده‌وتم،ئه‌وه‌ش ڕۆژانه‌كه‌ته‌،له‌وانه‌یه‌ پێویستت پێی هه‌بێت،ئه‌گه‌رشتێك له‌فرۆشگه‌ی
قوتابخانه‌ بكڕیت!
له‌ڕاستیدا ئه‌و خواردنانه‌ی من پێویست بووله‌فرۆشگه‌ بیكڕم ،هه‌مووبه‌یانییه‌ك له‌ناو جانتاكه‌مدا هه‌بوون،هه‌م خاوێن بوو،هه‌م ته‌ندروست بوو،چونكه‌ دایكم به‌ده‌سته‌جوانه‌كانی بۆی ئاماده‌ ده‌كردم.
بۆیه‌ منیش بڕیارم دابووكه‌ ڕۆژانه‌كه‌م له‌ناوقوتوویه‌كی بچوكداكه‌له‌سه‌ره‌وه‌ درزێكم تێكردبوو،هه‌ڵبگرم ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانی خۆم بیپارێزم ونه‌یكه‌مه‌وه‌.
ڕۆژان هات وچوو،به‌ڵام من هه‌رنه‌شمزانی ئه‌وده‌غیله‌یه‌ چه‌ندی تێدایه‌؟؟هه‌تا ڕۆژێك بیرمكرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ كۆمپیوته‌رێكم هه‌بێت وتواناكانمی پێزیادبكه‌م وبه‌رنامه‌كانی به‌كاربهێنم بۆپاراستنی به‌هره‌ونوسینه‌كانی خۆم،بۆیه‌ باوكم ئاگاداركرد بۆئه‌ومه‌به‌سته‌وئاره‌زووه‌ی كه‌هه‌مه‌.
باوكم له‌پاش كه‌مێك بێده‌نگی وتی:كوڕه‌كه‌م له‌ڕاستیدائه‌م مانگه‌ كه‌مێك زیاتر له‌مانگه‌كانی تر
خه‌رجیمان هه‌بوو…..پێش ئه‌وه‌ی قسه‌كانی ته‌واوبكات،وتم ببوره‌ بابه‌گیان من پاره‌یه‌كم ئاماده‌ كردووه‌ له‌ڕۆژانه‌كه‌م كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره‌ پاشه‌كه‌وتی ده‌كه‌م.باوكم وتی:ئه‌ی ئافه‌رین كوڕی شیرینم،منیش پاره‌ی ترت بۆده‌خه‌مه‌سه‌ر،ئامێری پرینته‌ره‌كه‌ت به‌دیاری بۆده‌كڕم،له‌پاداشتی ئه‌وجۆره‌بیركردنه‌وه‌
جوان وبه‌سوودانه‌ت.

————————————–
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(5) ی گۆڤاری ساڵانه‌ی (ئاری) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




لە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا … لاوژە جەواد


ژنان و شۆڕش، پێشڕەوی و پاشەکشەکانیان

پێشەکی

” هیچ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت” لنین لە کۆنگرەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا 19ی نۆڤێمبەری 1918.
بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەسبەجێ لە یەکەم لیژنەی کۆمسیاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ڕوسیا، بۆ یەکەمجار لە مێژوی کۆمەڵگەی بەشەری ژنێک دەتوانێت پۆستی وەزیر وەربگرێت. ئەلێکساندرا کۆڵەنتاین ژنە خەباتکاری کۆمۆنیست بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەسپیردرێت.
هەر لە هەفتەکانی یەکەمی دوای شۆڕشدا پڕۆگرامی یەکسانی و مافە ئینسانیەکانی ژنان کە زۆر لە مێژ بوو لە لای کۆمۆنیستەکان داڕێژرابوو، پێی نایە سەر عەرزی واقێع و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. گرنگترین و بەرچاوترینیان ئەمانە بوون:
هەڵوەشانەوەی سەرجەم یاسا کۆنەکانی دەسەڵاتی قەیسەر کە تیایدا ژنان موڵک و کۆیلەی پیاوان بون و تەنانەت پیاوان بۆیان هەبووە توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەکاربهێنن.

هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری کڵیساو بە رەسمی نەناسینی بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا ئاینیەکان پیاوان زاڵدەبن بەسەر ژنانەوە.( بەگشتی دین لە کاروباری دەوڵەتی جیاکرایەوە). بۆ هاوسەرگیری فەرمانگەیەکیان دیاریکرد بۆ تۆمارکردن، دواتر بەیەکجاری هەموو جۆرە پەیوەندیەکی ئازاد و بە دڵخوازی نێوان ئینسانەکان بەڕەسمی ناسێندرا و پێویست بە تۆمارکردن نەما.
منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری بە رەسمی ناسێندران و بەهرەمەند کران لە مافی بەرابەر.
کار بۆ هێنانەدەرەوەی ژنان لەچوار دیواری ماڵ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاسایەک دەرکراو دواتر جێبەجێکران.
* کردنەوەی دایەنگاو شوێنی تایبەت بە چاودێری مندالان
* کردنەوە جلشۆرگەو خواردنگەی گشتی بۆ هەموان
* لە هەموشی گرنگتر بۆ یەکەمجار لە مێژودا ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان پێدراو کاری پێویست لەمبارەوە ئەنجامدرا.
لەم سەردەمەدا بەهۆی شەڕو نەهامەتیەکان ڕێژەی لەشفرۆشی یەکجار زیادیکردبوو، بەلشەفیکەکان هەوڵی جدیان دا بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیەو کۆششیان کرد بۆ گەڕانەوەی ئەم قوربانیانە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئاسایی.
بەجیا لەمانەش هەر بۆ یەکەمجار لە مێژودا سزا لەسەر ئەوکەسانە لابردرا کە هاوجنسگەرا بوون. بەپیی یاساکانی پێشو ئەوکەسانە دوور دەخرانەوە بۆ کۆمەڵگەکانی کاری زۆرە ملێ لە سبریا.

بەرچاوبوونی بەرهەمی شۆڕش لە پەیوەند بە رزگاری ژنانەوە زۆر جێگای شانازی لنین بووە لە هەر بۆنەیەکدا کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەسکەوتەکانی شۆڕش کردبێت، وەک نمونەی پڕشنگداری دەسکەوتەکان باسی مەیدانی ژنان دەکات و ئیشارەتی بە شۆڕشە دیموکراتیەکانی وەک و ئینگلتەڕا لە ناوەڕاستی 1600 ەکان و شۆڕشی فەرەنسا کردوە وە ئەمریکای لانکەی دیموکراسی کردۆتە نمونە کە نەیانتوانیوە ئەم مافانە بۆ ژنان دەستەبەر کەن. وتویەتی هەموو ئەم مافە دیموکراتیانە لەلایەن ئێمەوە هەوڵی دەستەبەرکردنیان دراوە. نمونەی ئەم وتانەشی لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار ساڵی 1919، لە دانشتنێکی تایبەتی لەگەڵ کلارا زتکین کاتێک کلارا لێیدەپرسێت ئێوە نەزەریاتی مارکسیستیتان بۆ ڕزگاری ژنان عەمەلیکردۆتەوە؟ هەڵسەنگاندنی یادی چوارساڵەی شۆڕش ( ژمارە 234 ی ڕۆژنامەی پراڤدا 18 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1921). بۆنەی ڕۆژی جیانی ژنانی کرێکار، وتار 4ی مارسی 1921.

بەڵام لینین هەمیشە پێیوابوە کە بەتەنها یاسا ناتوانێت کێشەکانی ژنان چارەسەربکات و بۆ بەدەستهاتنی گەیاندنی خەباتی یەکسانی ژنان سێ هەنگاوی کردوەتە پێشمەرج و بە زەروری داناوە.
یەکەم: یەکسانی یاسایی ژن و پیاو.
دووەم: بەشداری ژنان لەڕوی پراکتیکیەوە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە
سیهەم: ژنان کاتێک بەتەوای ڕزگاریاندەبێت کە خێزان خاسیەتی خۆی وەک یەکەی ئابوری کۆمەڵگا لەدەستبدات. (پشتبەستن بە بۆچونی ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان.)
ئەگەر سەیرێکی ئەم دەسکەوتانە بکەین بەهەق جێگای شانازین کە سەد ساڵ پیش ئێستا هاتونەتە دی، کۆمەڵگای ڕوسیا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بوو؟ ڕۆڵ و نەخشی ژنان لە شۆڕش چیبوو؟ ئەم دەسکەوتانە چۆن بەدەست هاتن و جیبەجێکران؟ ڕۆڵی ژنان چیبوو لەم نێوەدا؟ بۆچی دواتر پاشەکشە بە زۆربەی ئەم دەسکەوتانە کران و ژنان ڕاپێچی ماڵداری کرانەوە؟ بەدوای بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ) بۆچی ڕێژەی بێکاری لەنێوان ژنان یەکجار زۆربوو؟ بەگشتی شۆڕشی کرێکاری بە ئامانجی خۆی گەیشت یاخود شکستی خوارد؟ هۆکارەکانی شکست چیبوون؟
ئامانجی من لەم نوسینەدا گێرانەوەی روداوەکان نییە، دەسکەوتەکانی ژنان لەم شۆرشەدا زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە زەرورە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەردەوام ئەم ئەزمونانە بخاتە بەر ڕۆشنایی و هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر، تیشکیان بخاتەسەر و دەرسیان لێوەرگرێت و بەپێی واقیعیەتی جیهانی ئەمڕۆ ژنان ئامادە بکات بۆ شۆڕشێکی تر.

دۆخی ژنانی ڕوسیا لەو سەردەمەدا

لە ساڵانی 1900 ەکاندا ڕوسیا وەک وڵاتێکی دواکەوتوی کشتوکاڵی مابۆوەو هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتبوو. ژنان بارودۆخێکی یەکجار خراپیان هەبوو، لەهەموو مافێک بێبەش بوون. زۆربەی خەڵکی ڕوسیا جوتیار بون و لە لادێکان دەژیان لەوێ کەمێکیان لە کۆیللە گەڕابۆوە. زۆربەیان نەخوێندەوار بوون و دەستیان بەهیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک نەدەگەیشت. ژنانی ئەم ولاتە توندوتیژیان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو بەرامبەر بەکاردەهات و بەیاساش ژنان مولکی پیاوان بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم چەند شەپۆلی خوازیاری ئاڵوگۆڕ ڕوسیای گرتەوەو لەم وڵاتەش چەند بزوتنەوەیەکی نیشتمانی، نیهیلیستی و ڕادیکاڵی سەریان هەڵدا، لەنێو ئەمانەشدا چەند ژنێکی خەباتکار ئەکتیڤ بوون بۆ مافی ژن، ڤیرا زاسلو یەکێک لەو ژنانە بوو کە دواتر یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو.

لە ساڵی 1903و 1905 هەوڵی شۆڕش لە روسیا شکست دەخوات. لەم شۆڕشانەشدا جارێکی تر ژنان ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت، بەدوای بەتایبەت 1905 دەسەڵاتی قەیسەر ناچاردەبێت چەند ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرمێک بکات و ڕێگا بە هەڵبژاردن (دوما) بدات، کە تەنها لەسەدا سی پشکی جەمارەر بوو بۆ خۆ کاندیدکردن و لەسەدا حەفتای لەلایەن قەیسەرەوە دەستنیشاندەکرا.
یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە دەستەبەرکردنی مافی ڕێکخراوبوون و سەندیکای کرێکاری بوو. بزوتنەوەو ڕێکخراوە فیمینیستەکانیش لەم کاتەدا زیاتر دەرکەوتن و سێ گروپی سەربەخۆیان هەبوو.
* ژنانی بۆرجوازی کە داوای هەندێک مافی یاساییان دەکرد بۆ ژنان
* نیهیلستەکان کە پیانوابوو ژنان دەبێت وەک پیاوان جلوبەرگ لەبەربکەن و خۆیان نیشانبدەن و جگەرە بکێشن
* سۆسیالیستەکان کە تەرکیزیان لسەر ژنانی کرێکار بوو بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسانی هەمە لایەنەی ژنان و پیاوان، جەختیان لەسەر مافی خوێندن و دەستگەیشتن هموو ژنان بوو بە خزمەتگوزاریەکان.
دیارە ژنانی ڕوسیا لە ساڵانی 1870 کانەوە مافی خوێندنیان لە هەندێک بواری وەک پەرستاری، مامۆستایی و هەندیک بواری تر کە بە کاری ژنانە دەناسران هەبوو.

بەدوای ئەو کرانەوەیە بەڕوی ڕیکخراوبوندا، لە ساڵی 1908 یەکەم کۆنفرانسی ژنان لە روسیا بەڕێوەدەچێت و کەلێنی نێوان ژنانی پڕۆلیتاریاو بزوتنەوە فیینیستیە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە و هەرکامەیان بە ڕێگای خۆیدا دەڕۆن. هەرچەند لە ساڵی 1909 پڕۆگرامی سۆسیال دیموکراتەکان دەنوسرێت و بە کۆنکرێتی پێداگر دەبێت لە یەکسانی هەمە لایەنەی نێوان ژنان و پیاوان. بەڵام بزوتنەوەی ژنان لە پاشەکشە دەبێت هەتا ساڵی 1912.
بەهۆی کۆچی زۆری خەڵکانی لادێکان بەرەو شارەکان و کارکردن لە کارخانەکان ژمارەی ژنانی کرێکار لە زیادبوندا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی کرێکارانی ژن و هەوڵدانی ژنە سۆسیالیستەکان بۆ رێکخستنیان و خەباتکردن لەپێناوی مافەکانیان.
لە ساڵی 1914 نزیکەی لە سەدا بیست و پێنجی کرێکاران ژن دەبن. بەلشەفیکەکان زۆر بەجدی دەکەونە کارکردن لەناو کرێکاران و هەوڵی هۆشیارکردنەوەیان دەدەن بە مافەکانیان، وە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (ڕاپۆرتنیتسا )واتا کرێکاری ژن دەردەکرد، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم تەنها تواندرا چەند ژمارەیەکی کەمی لێدەربچێت.
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوسیا یەکێک لەم وڵاتانەی شەڕ دەبێت کە ئەڵمانیا هێرش دەکاتە سەری و بەشێکی لێداگیردەکات. بەهۆی ئەوەی کە بە ملیۆنها پیاوان دەنێردرێن بۆ شەڕ ژنان ناچاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە کارگەکان جێگای پیاوان بگرنەوە.
ژنان لەم ساڵانەدا لەژێر بارودۆخێکی زۆر خراپ تا ڕۆژی دوانزدە سەعات بە کرێیەکی یەکجار کەم کاردەکەن، بەشێوەیەکی بەرچاویش لەلایەن خاوەنکارەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و ڕوبەروی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە، ناچارن بە ڕۆژ منداڵەکانیان بەجێبهێلن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵی بێ سەرپەرشت و سەر شەقامەکان زیادببن، ژمارەی ئەم منداڵانەی کە لەسەر شەقامەکان فڕێدەدران لە زیادبوندابوو.
لەشفرۆشی بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر زیادیکردبوو، لەم وڵاتەدا شوێنی رەسمی بۆ لەشفرۆشی تەرخانکرابوو و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە دەکرایەوەو کلیساکان پیرۆزیان دەکرد.
لەوێ ژنانی لەشفرۆش بە فەرمی خاوەن کارتی زەرد بوون، کارتی زەرد واتا وەرەقەی موڵەت و لە ساڵێکدا چەند جارێک پشکنینی تەندروستیشیان بۆ دەکرا. تەنها بەوە ئەم ژنانە لە کۆیلایەتی سێکسی دەرباز دەبون ئەگەر کێشەی تەندروستاین هەبوایە. بەجیا لەوەش لەسەر جادەو شەقامەکان ژمارەی ئەو کچە زۆر گەنجانە لە زیادبوندا بوو کە لەپێناو بژێوی ژیانیان ناچار بەم کارە ببون. ئەمەش هۆکارێکی تربوو بۆ زیادبونی منداڵی بێ سەرپەشت وە هەروەها بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر لەناو ژناندا.
کەمی نان و درێژی سەرە بۆ دابینکردن نان یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بوو.
بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی 1917 لەنێوان لەسەدا چل تا پەنجای کرێکاران ژن بوون ئەمەش وایکردبوو کە ببنە خاوەنی تارادەیەک ئازادی و باوەڕ بەخۆبوون لەبەرئەوەی ئابوری خۆیان هەبوو.

شۆڕشی شوباتی 1917

ڕۆژی 23ی شوباتی 1917 بە ڕۆژمێری کۆنی ڕوسیا کە بەرانبەرە لەگەڵ 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، بەم بۆنەیەوە ژنانی کرێکار شان بەشانی پیاوان بەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان بە شیعاری نان بۆ هەموان دەڕژێنە سەر شەقامەکان لە پترۆگراد، سەرەتا ژمارەیان نزیکەی 350 کرێکار دەبێت، بەڵام تا دێت کرێکارانی زیاتر پییانەوە پەیوەست دەبن و سنوری داواکاریەکانیان بەرفراوانتر دەبێت، ئەم خۆیشاندانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی قەیسەر دەکەن، دەرئەنجام هێزە ئەمنیەکانیش ئامادە نابن بەرامبەر خۆپیشاندەران بوەستنەوەو بە خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست دەبن، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پاشایەتی قەیسەر دەخەنە سەر ئەژنۆ و پاشەکشەی پێدەکەن.
حکومەتی کاتی پێکدیت و هەندێک لە حیزبە چەپ و سۆسیالستەکانی وەک و مەنشەفیەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ حیزبی پارێزگاران و لیبڕالەکان حکومەتی کاتی پێکدەهێنن. کاتێک گفتوگۆ لەبارەی بەشداری بەلشەفیەکان دێتە پێشەوە لینین توڕە دەبێت و دەڵێت ئەمە حکومەتی بۆرجوازیەو نابیت بە کەمتر لە شۆڕشی کرێکاری ڕازیبین، ئەمە لە وتاری گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا ڕۆژی 2ی ئەپریل کە لەلایەن کرێکاران و خەڵکی ناڕازیەوە لە وێستگەی شەمەندەفەر پێشوازی لێدەکرێت تەئکید لێدەکاتەوە.
لە ماوەی حوکمڕانی حکومەتی کاتیدا شەڕ هەر بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخی خەڵکی زەحمەتکێش خراپتر دەبێت. لەم دۆخەدا ژنە بەلشەفیەکەکان بە رابەرایەتی کۆڵەنتاین ئەنسە ئۆرمۆندو، کرۆپسکایا دەتوانن کارو چالاکی زۆر بەرچاو ئەنجامبدەن.
لەم سەردەمەدا ڕێکخراوی ژنانی بۆرجوازیش جوڵەیان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لایەنگری لە بەردەوامی شەڕ دەکات لەپێناوی سەروەری وڵات، ناتوانێت جێگاوڕێگای خۆی لەنێو زۆرینەی ژنان بکاتەوە.

لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا کۆڵەنتاین دەتوانێت ڕابەری چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن بکات، بەرچاوترینیان خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار و خێزانی سەربازەکانی جەنگ دەبێت بۆ دابینکردنی نان و ئاشتی و پێداویستیەکان.
بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، بە ڕابەری کۆڵەنتاین چەند مانگرتنێکی کرێکاری ڕودەدات و داوای کەمکردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی کرێ و کردنەوەی دایەنگە دەکرێت بۆ منداڵانیان کە زۆربەی بەشداربوان ژنان دەبن. هەر لەم سەردەمەشدا ڕۆژنامەی ژنی کرێکار جارێکی تر دێتەوە ناو کۆمەڵگە.

لە کاتی دەسەلاتی حکومەتی کاتیدا، بەلشەفیکەکان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و سەرجەم هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ بەهێزکردن و بەرفراوانکردن شورا کرێکاریەکان بەتایبەت لە پترۆگراد بە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” دەسەڵاتی دولایەنە دادەمەزرێنن. ژنان هاندەدەرێن کە بەشداری کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی شوڕاکان و مافی خۆ کاندیدکردن و دەنگدان بەدەست دێنن لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە تەنها لەسێ دەوڵەت لە جیهاندا ژنان مافی دەنگدانیان هەیە. لە فەرەنسای لانکەی دیموکراسی ژنان 50 ساڵ دوای ئەمە ئەم مافە بەدەست دەهێنن. دیارە حکومەتی کاتیش لەژێر ئەم فشارانە مافی دەنگدان دەدات بە ژنان و کاری لەشفرۆشی ڕێگاپیدراو قەدەغە دەکات، بەڵام هیچ کارێک بەعەمەلی ئەنجام نادرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیە.
ئێوارەی ڕۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 1917 لینین بەنامەیەک هاوڕێیانی حیزبی و شوڕاکان ئاگاداردەکاتەوە کە بە ڕابەری ترۆتسکی خۆیان لە سوپای سوردا چەکدارو ئامادە کردوە، دەڵێت” دوێنێ زوو بوو سبەی درەنگە بۆ شۆڕش” هەر ئەمشەوە بە شیعاری ( نان، ئاشتی، زەوی بۆ هەموان) پەلاماری کۆشکی زستانە دەدرێت و شۆڕشی کرێکاری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

ژنان ڕۆڵی بەرچاویاندەبێت لەم شۆڕشەو بەشێک لە شوڕاکان و تەنانەت سوپای سوریش دەبن.
لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا، گفتوگۆو کۆبونەوەی بەرچاو لەنێوان ژنان ئەنجامدەدریت و چەندین داواکاری فەوری لەلایەن ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ژنان دەخرێتە ڕوو، وەک و کەمکردنەوەی سەعاتی کار، یەکسانکردنی کرێ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ …… تاد.
زۆر بەجدی کاردەکرێت لەم پیناوەدا، هەروەک لە پیشەکیەکە ئیشارەتم پیداوە کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست دێن. بەڵام هەروەک لنین دەڵێت تەنها یاسا بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئاماجەکانمان لە مەیدانی ژنان. لەم چوارچێوەیە دەست بۆ کاری هۆشیاری و ڕۆشەنگەری دەبەن، بۆ نمونە کار لەسەر هۆشیاری ژنانی کرێکار، ژنانی جوتیار لە لادێکان، بەبەردەوامی کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدەن و هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ دەدرێت کە فێری خویندەواری بن.

لینین بەردەوام لە وتارەکانی لە کۆبونەوەکاندا تەکیدی دەکردەوە کە زەرورە ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خەبات بکەن بۆ مافەکانیان بۆئەوەی لە کۆتوبەندی کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت، وە هەروەک باسمکرد بۆچونی ئەنگلس سەبارەت بە خێزانیان کردبوە بنەمای کارەکانیان و پیانوابوو کە دەبێت کاری ماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو ژن بەرهەم هێنبێت و فۆرمی خێزان بەم شێوە تەقلیدیە نەمێنێتەوە، بۆ ئەمەش کەوتنە کردنەوەی دایەنگا، خواردنگاو جلشۆرگەی گشتی. ئەوان زەرورەتی بوونی ڕێکخراوی ژنانیان ڕەتدەکردەوە، پێیان وابو ژنان و پیاوانی کرێکار لەیەک جیادەکاتەوە، هەربۆیە لە ساڵی 1919 بڕیاردرا کە لە کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بەشی ژینۆتێل بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان پیکبهێنن.

ژینۆتێل کاری زۆر گرنگی ئەنجامدەدا. بۆ نمونە، دەورەی تایبەتیان دەکردەوەو ژنانیان دەنارد بۆ شوێن و دامودەزگا گرنگەکان بۆ ئەوەی فێری بەڕێوەبردن و بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بکرێن. لە گرنگترین کارەکانیان، کارکردن لەسەر ژنان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا کە ئاینیان ئیسلام بوو. لەوێ ژنان ڕوبەڕوی کوشتن، بەزۆر بەشودان لە تەمەنێکی زۆر منداڵی دەبونەوە.
لەڕێگای پرۆژەی ڕۆشەنگەری و کردنەوەی کافتریای تایبەت بە ژنان و حەمام و شوێنی تری گشتیەوە دەچونە ناو ژنان. ئەوان هەرگیز حیجابیان بە یاسا قەدەغە نەکرد، بەڵام بە یاسا پارێزگاریان لەو ژنانە دەکرد کە حیجابیان لادەبرد. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کاری ژینۆدیل بگەرێوە بۆ نوسراوی شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژن کە لینکەکەی لەخوارەوە دادەنێم.
لە ساڵی 1920 بە یاسا لەباربردن ئازاد کراو ئەمەش بەشێک لە کارو خەباتی ژینۆتەدیل بوو وە خەڵکیان لەمبارەوە هۆشیاردەکردەوە.

بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ)

ڕوسیا بەدوای شۆڕش ڕوبەروی جەنگی ناوخۆ بۆوەو ئەمەش جارێکی تر خەڵکی توشی نەهامەتیکردەوەو جارێکی تر کارگەو کارخانەکان داخران، بێکاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، بەڵام ئەمجارەیان ژنان و منداڵان بەتایبەتی پارێزگاری کۆمەلایەتیان هەبوو لەلای دەسەڵاتەوە. ڕوسیا لە قەیرانێکی ئابوری گەورەدا بوو، لەهەمو لایەکەوە گەماڕۆدرابوو ئیزۆلە کرابۆوە. بەشێک لە ڕابەرانی شۆڕش ئومێدیان بەوە بەستبوو کە شۆڕش لە وڵاتانی تر ڕوبدات و فریایان بکەوێت بەتایبەتی ئەڵمانیا کە لەو سەردەمەدا وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوبوو، بنەمای ئەم بۆچونەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە تا سەرمایەداری گەشە نەکات و پێنەگات ناتواندرێت سۆسیالیزم پیادەبکرێت و ڕوسیای داڕوخاو بەوخێراییە نابێتە وڵاتێکی پیشەسازی و ئەڵمانیا پیشەسازیە، وە سۆسیالیزم دەبێت سەرتاسەری بێت و لەیەک وڵات ئیمکانی سەرکەوتنی نییە. لە ئەڵمانیاو چەند وڵاتیکی تریش هەوڵی شۆڕش درا بەڵام سەرکەوتو نەبوو.
بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆو پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتە دژە شۆڕشە ئیمپریالیەکان، وڵات بەتەوای داڕمابو وە نەهامەتیەکی زۆر ڕویتێکردبوو، بەڵشەفیکەکان بەڕابەرایەتی لنین ناچاربون بەرنامەی ئابوری نوێ دابنێنن بۆ سەرپێی خستنەوە ئابوری وڵات، ڕوبەڕوی سازش و پاشەکشە بوونەوە لەوانە بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتی.

لە کاتی نیپدا بەناوی کرێکاری ناکارامەوە ژنانێکی زۆر لەسەر کارەکانیان دەرکران. ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی 1918 لینین لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوان جیاوازی لەنێوان کرێکاری کارامە ونا کارامە ناهیڵن! زۆربەی خواردنگەو جلشۆرگە گشتیەکان دادەخرێن زۆر بەکەمی لە هەندێک کارگە دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەلشەفیکەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێت کاری ناوماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو مێشکی ژن لە چواردیواری ماڵ قەتیش نەمێنێت. واتا لەم پاشکەشانە ژنان پشکی شێریان بەرکەوت. بەڵام کاری ژینۆتێل بەردەوام بوو لە ڕاهێنانی ژنان لەسەر کارو بەکارامەکردنیان، وە هەروەها ڕەوانەکردنی ژنان بۆ ناوەندی بڕیار بۆئەوەی لە شوڕاکان خۆیان کاندید بکەن و بەشێک بن لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ولات.

ئامانجەکانی شۆڕش و پاراستنی چوارچێوەی شۆڕش تا ساڵی 1924 بەردەوامدەبێت، لەمساڵەوە گفتوگۆو بەربەرەکانی توند لەنێو ڕابەری حیزبی کۆمۆنیست یان بەلشەفیکەکان ڕودەدات و دەرئەنجام بەرەی بەسنعەتیکردن و سەرمایەداری دەوڵەتی سەرکەوتودەبێت و شۆڕش فەلەج دەبێت، دواتر دێمە سەر هۆکارەکانی. لەم نێوەشدا کاری ژینۆتێل وەک ڕێکخراوێکی NGO بۆ بردنە پێشەوەی پلانی پێنج ساڵە بۆ بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا دێتە بەرچاوو چیتر گوێ لە پێشنیارەکانی رابەرانی ژنان ناگیرێت.
ژینۆتێل لە ساڵی 1926 هەنگاوی بۆ نەهێشتنی لەشفرۆشی لە وڵات ناو چەند مەڵبەندێکی کردەوە بۆ چارەسەری ئەم ژنانەی کە بەهۆی ئەم کارەوە کێشەی تەندروستیان بۆ هاتبوە پێش، ژنان بە لێشاو ڕویان تێدەکرد، وە هەوڵی جدیان لەگەڵ دەدرا کە ببن بە بەرهەمهێنەرو کریکاری کارامەو بگەرێنەوە نێو کۆمەڵگە بە رێزو حورمەتەوە، زۆر کاری باشیان لەمبارەیەوە کرد.( سەیری شۆڕشی بەلشەفی و ڕزگاری ژنان بکە).
بەدوای ماوەیەک زۆر توند بە لەشفرۆشەکان بەرخورد کرا بەتایبەتی پیاوان، وە جارێکی تر هاوجنسگەرایی نایاسایی کرا. بەناوی ئەوەی کە لەسۆسیالیزم بەپیی تیئۆری مارکسیستی لەشفرۆشی نامێنێت و ئێمە گەیشتوینەتە سۆسیالیزم. وە لەچەند ڕاپۆرتێکدا ئیشارەت بەوەدرابوو کە لەشفرۆشی بەتەواوی بنەبڕکراوە کە ئەمە لەڕاستیدا هیچ بنەمایەکی نەبوو، هەرچەند لەشفرۆشی کەم ببوەوە بەڵام بنەبڕ نەکرابوو.

لەسەرەتای ساڵانی سیەکان جارێکی تر قەیرانێکی گەورە ڕو لەم وڵاتە دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە چەندین ملێۆن گیان لەدەستبدەن. بەم هۆیەوە ڕژێمی ستالین لە یاسای لەباربردنی منداڵ پەشیمان دەبێتەوەو بەهەموو شێوەیەک منداڵ لەباربردن قەدەغە دەکات. وە جارێکی تر خێزان پیرۆز دەکاتەوەو وە ژنان دەکاتەوە کۆیلەی کاری ناوماڵ و خوێندنگای کچان جیادەکاتەوەو وانەی ماڵداری و خێزان بە خوێندنیان زیاد دەکات و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ژنان وەک کرێکار و دایکی کرێکار دەبێت رێزیان لێبگیریت. بەهانەی ستالین بۆ کارەکانی ئەوە دەبێت کە ئێمە پێویستمان بە خێزانی سۆسیالیستی هەیە وەک ئەوەی ئەنگلز دەڵێت و لەچەند شوێنێک بۆچونەکانی ئەنگلز بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەگێڕێتەوە. وە هەروەها لەوێ دەگەرێتەوە بۆ وتارێکی لینین کە لەسالی 1913 نوسرابوو بەناوی” چینی کرێکار و مالتوسیزمی نوێ” دەکاتە پاساوی کە لینین وەڵامی چەند بۆچونێکی مالتو دەداتەوە دەربارەی منداڵبون و زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان.
ئەم پاشەکشانە بۆ؟

شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆرشێکی عەزیمی کرێکاری بوو، شۆڕشێک بوو کە لە دەرئەنجامی چەندین دەیەی کاری ڕێکخراوەیی و پێکهێنانی ناوەندی شوڕایی جۆراو جۆر بەدەستهات، بەڵام بەداخەوە شۆڕش لە نیوەی ڕێگا شکستی خواردو نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی. زۆر بیروبۆچونی جیاجیا هەن دەربارەی شکستی شۆڕش، من لەگەڵ ئەم بۆچونەم کە هۆکارەکەی بۆ بنەما چینایەتیەکان دەگەڕێنێتەوەو پییوایە لە ڕوسیا نەتواندرا ئابوری بۆ ئابوری سۆسیالیستی بگۆڕدرێت. خەباتی چینی کرێکارو بەدیهێنانی سۆسیالیزم واتا خەبات لەبەرامبەر ئابوری بۆرجوازی و گۆڕینی بە ئابوری سۆسیالیستی و ‌له‌ڕوانگه‌ی چینی کرێکار و مارکسیزمه‌وه‌، شۆڕشی سۆسیالیستی له‌ بنه‌ڕه‌تدا شۆڕشێکی ئابوورییه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ئه‌توانێت شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هەڵوەشانەوەی موڵکایەتی تایبەت و گۆڕانیەتی بە موڵکی گشتی. لە ڕوسیای شوڕاییدا، تا ساڵی 1924 تواندرابوو دەسکەوتو بنەماکانی شۆڕشی کرێکاری دەستی پیوەبگیرێت سەرباری تەحەدیاتێکی زۆرو ناچار بە پاشەکشەکردن و سازش و لەدەستدانی چەند دەسکەوتێک ،بنەما چینایەتیەکانی شۆڕش بەدوای گفتوگۆو کێشمەکێشێکی گەورەی دەرون حیزبی ڕودەدات لەنێوان ساڵانی 1924 بۆ 1926 سەبارەت بە شۆڕش لە وڵاتانی ترو بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم لە یەک وڵات دەبێت و دەرئەنجام ئەم هێڵەی کە بەپیشەسازیکردنی ڕوسیاو هەڵوەشانەوەی موڵکداریەتی تایبەت و گۆڕینی بە مولکداریەتی دەوڵەتی کە ستالین نوێنەرایەتی دەکات سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیداری ئامانجی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا. هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە هەوڵدەدرێت ڕۆڵی شوڕاو ناوەندە کرێکاریەکان لاوزترو لاوازتر بکرێت و تا لە کۆتایی هەموو دەسەلات بۆ حیزب و لەناو حیزبیش بۆ ستالین دەبێت.

ئەو گفتوگۆیانە لەخۆوە نەهاتوەتە ئاراوە، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالی دووەم، بەدوای ئەوەی هەندیک لە سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو باڵ و هەندێکیان پییانوادەبێت کە سۆسیالیزم قۆناغ قۆناغ بەدەست دیت و دەبێت لایەنگری لیبڕاڵ و بۆرجوازیەکان بکەین بۆ بە پیشەسازیکردن وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم، باڵەکەی تر پیوادەبێت کە دەتواندرێت بۆنمونە لە وڵاتێکی نیمچە فیۆداڵی وەک ڕوسیا شۆڕشی کریکاری بەئەنجام بگات. دەرئەنجام سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو بەش و لەڕوسیا بە مەنشەفیەکان و بەڵشەفیەکان ناودەبردرێن. بەلشەفیەکان لەلایەن لینینەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
واتا ئەم بۆچونە لە ڕوسیا بنەمایەکی نزیکەی سێ دەیەی هەبووە تا کاتی شکستی شۆڕش. هەر ئەم بۆچونانەش رابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و شوڕاکانی دابەشکردوە. لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 بەشێک لە بەلشەفیکەکان پییانوادەبێت کە پیویستە شۆڕش لە وڵاتانی تر ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی فریای ڕوسیا بکەون، بەتایبەتی ئەڵمانیا کە وڵاتێکی پیشەسازیە، کاتێک دونیا پلان دژی ڕوسیا دەگێرێت و دەبێتە هۆکاری جەنگی ناوخۆ، پێیانوایە ئەوان ناتوانن لەم بارودۆخە خراپە کە برسیەتی باڵی بەسەر وڵات داگرتوە بەم پەلە پەلییە ڕوسیا سەنعەتی بکەنەوە. ئەگەر بەوردی سەیربکەین دەبینین ئاراستەی ئەم باڵەی شۆڕشی ئەڵمانیای بە فریادرەس دەزانی لەگەڵ باڵی بەسنعەتکردنی ڕوسیا هەمان پڕەنسیبە، بۆ هاتنەدی سۆسیالیزم پیویستمان بە پیشەسازیکردن هەیە. هەروەک لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا کاتێک شۆڕش بەتەواوی شکست دەخوات لە سالی 1926 ەوە پلانی پێنج ساڵە دادەندرێت بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە مانۆپۆل دەکرێت و ڕۆڵی شوڕاو سەندیکا کرێکاریەکان لاواز دەکرێت و هەموو دەسەڵات لەجیاتی خەڵک و شوڕاکان بۆ حیزب دەگەڕێندرێتەوە بە ڕابەری ستالین. لەوکاتەدا هەروەک چۆن لەگەڵ شکستی کۆمۆنەی پاریس هەموو کۆمۆنارەکان قەتل و عامدەکرێن هەمان شت لە ڕوسیا ڕودەدات و بۆ قەتل و عامکردنی شۆڕشگێڕان و ئەوکەسانەی کە پێ لەسەر بەئامانج گەیاندنی شۆڕش دادەگرن، بەڵام ئەوەیان بەشێوەیەکی شێنەیی ڕودەدات و پرۆسەیەکی چەند ساڵە دەخایەنێت.

من لێرەدا نامەوێت بە وردی باسی هۆکاری ناکامیەکان شۆڕشی ئۆکتۆبر بکەم*، بەڵام جەخت لەوەدەکەمەوە کەئەوەی پاشەکشەی بە دەسکەوتەکانی ژنان کرد شکستی خۆدی شۆڕشەکە بوو، ئەگەر شۆڕش بە ئامانجی خۆی بگەیشتبایەو ئابوری بگۆڕیبا بۆ ئابوری سۆسیالیستی (کۆمەڵایەتی) زۆر بەئاسانی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و دیموکراتیەکان چارەسەر دەبوون. بە واتایەکی تر لە ڕوسیای شوڕاییدا ئابوری سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، بەڵام سەرمایەداری تایبەت نەبوو بەڵکو سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، واتا چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان کۆتایی پینەهات و ئینسان کۆیلەی کاری کرێ بوو بۆ دەوڵەت. لەم نێوەشدا جارێکی تر ژنان کرانەوە وەسیلەیەک بەناوی کرێکاری ناکارامەو هەرگیز نەیانتوانی کرێی یەکسان وەربگرن. کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بەدی نەهات بۆ جارێکی تر ژنان ناچارکرانەوە بە کاری ناوماڵ و مندالبونی زۆر.

سەد ساڵ بەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

شۆڕشی عەزیمی ئۆکتۆبەر توانی زۆر دەسکەوت بۆ کۆمەلگە بەدەستبهێنێت و کاریگەری خۆی لەسەر جیهان دابنێت. ئەگەر بەکورتی باسێک لەو دەسکەوتانە بکەین بەگشتی هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەت و دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، دان نان بە مافی چارەنوسی گەلان و وەستانەوە بەرامبەر ئیمپریالیزم، بەرەنگاربونەوەی ڕەگەزپەرستی و قەدەغەکردنی هەر جیاکاریەکی ڕەگەزی و ئیتنیکی، بۆنمونە ئەوکاتە سیمیەکان (یەهودیەکان لەژیر فشاری زۆردابون و تەنها بە کارتی تایبەت دەیانتوانی لە مۆسکۆو پترۆگراد بژیەن) شۆڕش ئەمەی هەڵوەشاندەوەو بوون بە هاوڵاتی یەکسان، دان نان بە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، گرنگترینیشیان هەڵوەشانەوەی یاسای بەتاوان ناسینی هاوجنسگەرا بوو، مافی یەکسانکردنی ژن و پیاو بە یاسا و هەموارکردنی بواری یەکسان لە خوێندن و کارکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناومال و کردنەوەی دایانگاو، خانەی بەساڵاچوان و چێشتخانەو جلشۆری گشتی، بەخۆڕاییکردنی خوێندن و پیدانی مافی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموان. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەگشتی بۆ یەکەم جار کۆمەڵگەی بەرپرسکرد بەرامبەر بەتاک، جێگای باوڕ نەبوو بۆ هیچ کەسێک بەر لە شۆڕش کە کۆمەڵگە بەرپرسبیت بەرامبەر بە خویندن، وە ئەگەر سەیرێکی جیهان بکەین بەتایبەتی وڵاتانی پیشکەوتو وە ئەم وڵاتانەی کە ڕیفاهیاتی کۆمەڵایەتی تێیدا هەیە، دەبینین کە جێگا پەنجەی شۆرشی ئۆکتۆبەری پیوەدیارە، لە مافەکانی ژنان و منداڵان، هەقی ڕێکخراوبون و کۆمەڵێک دەسکەوتی چینی کرێکار……تاد. وە ئەوەشمان بیرنەچێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لە یاسایەکدا حوکمی ئیعدامی هەڵوەشاندەوە بەڵام جێبەجێنەکراو دواتر لیی پەشیمان بونەوە.

ئەزمونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە کردەوە سەلماندی بەدیهێنانی یەکسانی و مافە ڕەواکانی ژنان تەنها خەون و خەیاڵ نیە و بەڵکو ئیمکانی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن هەنگاوی بۆ هەڵگیری. بەدرێژایی مێژو پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی ژنان پەیوەست بووە بە ئاستی هۆشیاری و چۆنیەتی خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، هەرکاتێک ئەم بزوتنەوەیە بەهێز بوبێت ژنان توانیویانە مافی زیاتر بەدەست بهێنن.

تا ئێستاش لە هیچ ولاتێکی جیهان ژنان بە تەواوی لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. تا ئێستاش کرێی یەکسان بۆ کاری هاوکێش وەرناگرن.
سەد ساڵ پیش ئێستا کاری ناوماڵ کاری ژنان بوو، لینین لە چەند وتاردا ئیشارەتی بەوەداوە کە ڕاستە ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان لە بازاری کارن و بەرهەم دەهێنن بەڵام ئەمە ئەرکی سەرشانیانی قورستر کردوەو ناچارن دوو بەرامبەر کاربکەن، هەم لە دەرەوە و هەم لە ماڵەوە، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆماندا دنیای تەکنۆلۆجیا وەک جل شۆڕ، قاپشۆر، گسکی ڕوبۆرت، بە پیشەسازی کردن خواردن و پێداویستیەکانی تر، داینگەو شوێنی پەروەردەکردنی مۆدێرن هەیە. بەڵام ئەم ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانە لە بەردەست کۆمەڵگە نیە و سوسیالیسیە نەبونەتەوە وهەمومان لێی بەهرەمەند نین.


سەد ساڵ بەدوای شۆڕسی ئۆکتۆبەر

دۆخی ژنان لە جیهاند لەوپەڕی خراپیدایە، بەپیی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لە 30 ملیۆن کۆیلەی رەسمی لە جیهان هەیە و لە سەدا 80 ی ئەمانە لەژێر تەمەنی یاسایین و زۆربەیان لە ڕەگەزی مێن و لە بازاڕێکی گەورە بە پانتایی جیهان بازرگانی سێکسیان پیدەکرێت.
لەباربردنی منداڵ، تا ئیستاش تەنانەت لە هەندێک ولاتە پیشکەوتوەکان لەناویاندا هەندێک لەهەرێمەکانی ئەمریکا نایاساییە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین حوکمی قورسی چەند ساڵ زیندانی هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە منداڵ لەباردەبەن وە هەروەها لەم وڵاتانەی کە یاسای ئیسلامی بەسەریدا زاڵە هەر بەهەمان شێوەیە، ئەمەش بۆوتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە کلینیکی نایاسایی ئەم کارە ئەنجامبدەن و ژیانیان بکەوێتە مەترسیەوە.
لە وڵاتانی ئیسلام زەدە بە ملیۆنها کچ و ژن لەژیر هەمان یاساو ڕێسا دەناڵێنن و هەمان دەردیان هەیەو بەهۆی کۆچ و نائارامی ئەم دیاریدەیە وڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە.
نەبونی ئەمنیەتی کارو تەحەروشو ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ژنانی کرێکار دیاریدەیەکی تری جیهانیە.

هەمان ئەم کێشانەی کە بەلشەفیکەکان کاریان لەسەر کردوەو بەرەنگاری بونەتەوە لە سەد ساڵ پیش ئیستا هێشتا هەر بەردەوامەو بەشێوەی تر. ئەمڕۆ بازاری کارو سەرمایە جیهانی بۆتەوەو سنور بۆ سەرمایەداران نەماوە.
تەنانەت لە ڕۆژئاوای دیموکراسیش چینی کرێکار لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتوەتە ژێر فشارەوە، لە لایەکەوە مەترسی بێکاری و لە لایەکی ترەوە لەدەستدانی ئەو ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانەی کە بەرهەمی خەباتی چەند دەیەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کۆمەڵگەیە، بەدوای ڕوخانی جەمسەری سەرمایەداری دەڵەتی سۆفیەت وەک تاکە ڕکابەری بازاڕی ئازادی ڕۆژئاوا و ڕەوانەوەی خەتەری فکرەی سۆفیەتی، دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا خەیاڵیان ئاسودەتر و دەستیان کراوەترە لە لێسەندنەوەی ڕەفاهیات و هێرش کردنە سەر مافەکانی کرێکاران و سەرجەم خزمەتگوزاریەکان.
دڵە ڕاوکێ و ترس و دڵنیا نەبوون لە داهاتوو، زۆربەی خەڵکی ڕۆژاوای توشی سترێس و نا ئەمنی کردووە، بەتایبەتی ژنان، چونکە ئەوە هێشتا ژنانن بە زۆری ئەرک و بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵیان لەسەرە، ئەگەر دۆخی خەستەخانە، خوێندنگە و باخچەی ساوایان خراپ بێت، پێش هەموو کەسێک ئەوە ژنانن زەختیان دەکەوێتە سەر و وەک کاراکتەرێکی بازاڕی کار لە چۆنیەتی و چەندایەتی توانایی ئامادە بە پیشەیان دادەبەزێت و لە ئیش دەردەکرێن. و تەنانەت ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی کە توشی تەقەشوف دەبنەوە و کارمەندەکانیان بێکار دەکرێن بە زۆری ئەم بوارانەن کە وەکو ئیشی ژنان ناسراون و لەوێش زۆربەی ژنانن دەکەونە ژێر زەختی زیاترە وە یان شەپۆلی بێکاریەوە.

لەیادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، جیهان لە هەموو کات زیاتر پیویستی بە شۆڕشێکی تر هەیە، شۆڕشێک کە بتوانێت ئەم نیزامە هەڵگێڕێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی سەراسەری چینی کرێکار هەیە، پێویستمان بە ستراتیجیەتی نوێ و سەراسەری بە پانتایی ئاڵوگۆڕو دۆخە جیهانیەکەی ئەمڕۆمان هەیە. ئەمەش بە دەست لە ناودەستی ژنان و پیاوان و خۆڕێکخراوکردنمان لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی دێتە دی.

تێبینی: من نەمویستیە وردەکاریەکانی کاری بەلشەفیکەکان و ژنۆتێدل دوبارەبکەمەوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژنان بخوێنەوە. http://media4.hkkurdistan.org/2015/03/shorsiBlashfiWjnan.pdf
*هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت/ مەنسور حیکمەت http://www.hawpshti.com/ku/?p=13644

——————————-
سەرچاوەکان

ئەو دە ڕۆژەی دنیای هەژاند/ جۆن ڕید /John Reed
مێژوی شۆڕسی ڕوسیا لە 1917 بۆ 1928/ بە زمانی دانیمارکی
E. H. Carr
https://www.autonominfoservice.net/2009/10/25/oktober-revolutionen-
1917-en-venstreradikal-analyse/
http://www.marxisme.dk/arkiv/lenin/1921/03/08-kvindedag.htm
https://www.marxists.org/farsi/archive/lenin/works/1921/chaharomin-salgasht.htm
https://marxist.dk/artikler/teori/5712-kvinderne-og-den-russiske-revolution.html
http://www.hawpshti.com/ku/?p=14053

ئەم بابەتە بە دوو بەش لە ژمارە 14 و 15ی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوبۆتەوە.




چۆن ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

یه‌كه‌م: هه‌موو دۆخێكی سیاسی به‌رمه‌بدای كۆمه‌ڵگه‌ خۆیه‌تی. هیچ دۆخێك نیه‌ به‌ چه‌ند ڕۆژێك دروست بێت. كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رجه‌م كه‌م و كوڕیه‌كان و بێده‌نگی كوشنده‌ و سپاردنی كۆی برین و خه‌مه‌كانمان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی هۆكاری كۆی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌یه‌. واته‌ چه‌نده‌ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌رپرسن به‌رامبه‌ر به‌ كۆی برینه‌كان هێنده‌ش كۆی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسه‌ له‌ دورستكردنی بێده‌نگی و لاموبالاتی و ته‌مبه‌ڵی و به‌رخۆری.
دووه‌م: وه‌ك چۆن خوڵقاندنی دۆخێكی نائاسایی كاره‌ساته‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ به‌ده‌سته‌هاتووه‌ ئاواش كاره‌ساته‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به‌ كه‌سێك یان نوخبه‌یه‌ك یان هێزێكی سیاسی ببه‌ستین. هیچ نوخبه‌ و كه‌س و هێزێك فریادره‌س نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخێكی سیاسی، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌می ئێمه‌ ببێته‌ خه‌مێكی ده‌سته‌جه‌معی سپاردنی خه‌مه‌كان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی و داواكردنی چاره‌سه‌ر له‌ نوخبه‌ی سیاسی و نوسه‌ران و ڕۆشنبیران خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی..

سێیه‌م: چاره‌سه‌رنه‌كردنی كه‌یسه‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رقاڵبوونی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شته‌ بچوكه‌كانه‌وه‌. خه‌ڵك هێنده‌ی سه‌رگه‌رمی شته‌ بچوكه‌كانی ڕۆژانه‌یه‌ له‌مه‌ڕ خواپه‌رستی و عه‌شق و په‌یوه‌ندی و جیاوازی ڕه‌گه‌زی، هێنده‌ خه‌می نیه‌ لانی كه‌م نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ستی دوژمنان. به‌ر له‌ هه‌ر شت ده‌بێ له‌ شته‌ بچوكه‌كان ده‌رچین و ستێپ بنێین به‌ره‌و خه‌ونه‌ گه‌وره‌كان.
چواره‌م: یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی هه‌ر هێزێكی سته‌مكار ڕوخانی پرده‌. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێو شاره‌كاندا له‌ده‌ست داوه‌، ڕاسته‌ خه‌ون و خه‌م و خولیاكانی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی ئێمه‌ هاوبه‌شه‌ به‌ڵام پردی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ بۆ ئۆرگانیزه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ و فشار و چالاكی ده‌سته‌جه‌معی ته‌واو تێكشاوه‌.

پێنجه‌م: كوردستان پڕه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و مایكرۆ دیكتاتۆر. ئه‌م په‌یكه‌ره‌ بچوكانه‌ ڕوخانی زه‌حمه‌ته‌. یه‌ك په‌یكه‌ر له‌ئارادا نیه‌ تا كۆبینه‌وه‌ و بیڕوخێنین. ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و لۆكاڵی ڕوخان و ده‌سكاریكردن و لێبرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت و ئالۆزه‌، یان لانی كه‌م ئاوابوونی دنیای له‌م شێوه‌یه‌ و دروستكردنی دنیایه‌كی تر له‌ دۆخی ڕوخانی پردی په‌یوه‌ندیدا كرده‌یه‌كی ئاسان نیه‌.
شه‌شه‌م: تێكه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌نێوان شاریبوون و شایخیبووندا. تا ئێستا ئیمه‌ پێیه‌كمان له‌ناو سروشت و پێیه‌كمان له‌ناو شارستانیه‌تدایه‌. به‌مانایه‌كی تر نازانین ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌ین یان به‌ یاخیبوون و توندوتیژی. بیست و شه‌ش ساڵه‌ لانی كه‌م نه‌مانتوانی له‌ گرنگی دامه‌زراوه‌كان و یاسا و ڕێساكان حاڵی بین یان بیچه‌سپێنین. له‌ئێستاشدا ناتوانین فۆرمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م دۆخه‌.

حه‌وته‌م: بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بزوتنه‌وه‌گه‌لێكی ته‌واو لاوازن. ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌وه‌ لاوزاتردرن بتوانن ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دروست په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونی ڕوئیایه‌كی ڕوون و پارادیمێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی. له‌ دۆخی به‌م شێوه‌یه‌دا ته‌نها ده‌نگه‌ده‌نگ و توڕه‌بوون ده‌بیستین نه‌ك بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشانی عه‌قڵانی و ڕادیكاڵ كه‌ جیاواز بێت له‌وی تر.
هه‌شته‌م: به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوازی ئاینی ڕۆڵی خراپ ده‌گێڕن له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ وه‌ك خۆی. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مپه‌ینی ڕیفراندۆمدا بینیمان ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنبیران و ڕووی دزێوی به‌شێكی پیاوانی ئاینی بوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌خۆڕاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌ڵكو به‌ ستایش و نوسین و خیتابی به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی له‌سه‌ر پای خۆیان وه‌ستاون.

نۆیه‌م: ئێمه‌ چ جۆره‌ خه‌باتێكمان ده‌وێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌؟ شۆڕشمان ده‌وێ یان ڕیفۆرم؟ به‌ چ كه‌ره‌سته‌یه‌ك؟ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ توانای دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری نیه‌ بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخی له‌م شێوه‌یه‌ و خوڵقاندن و به‌خێرهێنانی دۆخێكی تر كه‌ لانی كه‌م ماف و كه‌رامه‌ت و خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێدا بێته‌دی. ئه‌م ئاڵۆزیه‌ بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رگری فه‌زایه‌كی ته‌واو ناله‌باری دروست كردووه‌ كه‌ لێڵیه‌ك له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ماڵئاوایی له‌م دۆخه‌ ده‌بینین.
ده‌یه‌م: بچوككردنه‌وه‌ی كۆی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ كێشه‌ی ئابووری و موچه‌دا. كێشه‌ ئابووریه‌كان دابڕاو نین له‌ كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌كان ئه‌سڵه‌ن كێشه‌ی ئابوری كێشه‌یه‌كی بچوكه‌ له‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كه‌ سه‌ره‌كی ترینیان كێشه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنه‌. ئه‌م بچوككردنه‌وه‌یه‌ وایكردووه‌ كه‌ هۆكاری كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ نه‌بینین و ته‌نها له‌ قیژه‌ و هاوار و بێدادی له‌ نه‌بوونی نان و موچه‌دا كورتی بكه‌ینه‌وه‌.

یازده‌یه‌م: نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر بۆ به‌ره‌نگاری له‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆڵه‌بۆڵی دووباره‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌ییه‌كان له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ی و كاركردن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ بینین و به‌رچاوڕوونی و ڕۆشنی سیمای ئه‌و دنیایه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیخوڵقێنین.

دوازده‌یه‌م: ده‌ربازبوون له‌ دۆخی چاوه‌ڕوانی و وه‌لاوه‌نانی لاموبالاتی و ته‌مه‌لی و كردنی سیاسیه‌ت به‌ كرده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ و مانه‌وه‌ له‌ ماڵ وه‌ك حه‌رام و كردنی شه‌قام به‌ شوێنی سیاسه‌ت و شوێنی لێپرسینه‌وه‌ و شوێنی هاواركردن. له‌ ئێستادا كۆی چین و توێژه‌كان له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كی كۆشنده‌دان و خۆیان به‌ كرده‌ی هه‌ر گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌ڵناسن و خویه‌كی قورسیان به‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ نه‌ هیچی لێ شین ده‌بێت و نه‌ ئاسۆیه‌ك له‌م چاوه‌ڕوانیه‌دا ده‌بینرێت بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخێك و خوڵقاندنی دۆخێكی باشتر.




لاوازی و شکستی کورد لە چارەسەری ناوچە سنوریە کێشە لەسەرەکاندا …. شاخەوان شۆڕش

کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رژێمی بەعس روخا لایەنە سەرەکیەکانی ئێراق لەسەر سیستەمی فیدرالی رێککەوتن و مۆری دەستوریان کرد. سەرانی پارتی و یەکێتی واژووی مانەوەی باشوری کوردستانیان لە چوارچێوەی ئێراقدا کرد. بەمجۆرە باشوری کوردستان دەستوریانە لە چوارچێوەی ئێراقدا مایەوە و چارەسەری کێشەکان خرانە ئەو چوارچێوەیە. ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یاسا و پرەنسیپە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە کێشەی لەو جۆرە، تێگەیشتن و گونجاوی نێونەتەوەیی هەبوو. چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێراق و باشوری کوردستان بەپێی دەستور بڕگەیەکی تایبەتی بۆ داندرا و لەرێگەی بڕیاری ١٤٠ ـەوە جۆری چارەسەرەکە بڕیاری لەسەر درا. بەپێی دەستور دەبوایە تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کۆتایی بە چارەسەرەکە بهێندرێت. واتە ئاسەوارەکانی بەعەربکردن نەهێلدرێت، ئاوارەکان بگەرێنەوە، موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، دامەزراوەکان بە هاوبەشی رێکبخرێنەوە، پاشان ریفەراندەم لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە بکرێت و سنور دیار بکرێت. لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو بڕیارە کەموکوری هەبوو و رەخنەش زۆر گیران. هەرچۆنی بێ ماددەی ١٤٠ گرنگی خۆی هەبووە و بۆ چارەسەری کێشەیەک داندرابوو کە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێراق هەبووە و بێ چارەسەر مابووەوە.

بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە ئاست جێبەجێکردنی کێشە ئاڵۆز و سەختە نەتەوەیەکانیدابێ، دەخوازێ بەر لەهەر فاکتەرێک کورد خۆی خاوەنی نوێنەری رەوا و بەهێز بێت، لە هاوکێشە هەرێمی و نێونەتەوەیەکان بگات و لە چوارچێوەی تێگەیشتنە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا خاوەنی ستراتیژی ناسیونالیستانەی مۆدێرن بێت.

کیشەی سنور گرنگترین کێشەی نێوان ئێراق و باشوری کوردستانە، بۆیە دەبوایە لەپێشترین خاڵی نوێنەرانی کورد بێت و بە کاریگەرانەترین شێوە کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو بەگەرموگوڕی و هوشیاری زۆرەوە هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی ماددەی ١٤٠ بێ دواکەوتن بدەن، بێ ساردبوونەوە تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بخەنەگەڕ، رێگەی سستی نەدەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر هەر پێشێلکاریەکی دەسەڵاتی بەغدا بنوێنن و جەخت لەسەر چارەسەریە دەستوریەکان بکەنەوە.
لەبەرئەوەی باشوری کوردستان نە خاوەنی نوێنەری بەهێز بوو، نە هوشیاری و تێگەیشتنی سەردەمیانە و گونجاوی بۆ پرسێکی ئەوها گرنگ هەبوو، بەپێچەوانەوە سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، شێلگیرانە کاریان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەکرد. کێشەی ناوخۆیی و دووبەرکی نێوان بەرەی سەوز و زەرد رۆڵی لاوازکردنی گێڕا و هەوڵەکانی بەلاڕیدا برد، بۆنمونە دوو بەرەیی ئاسایش و دوو ئاراستەیی لە کەرکوکدا، دابڕینی ناوچەکان و بەرێوەبردنیان بەپێی بەرژەوەندیە حزبیە زەرد و سەوزەکان لەهەر زۆنێکدا، بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە هەنگاو و چارەسەری ستراتیژیانەی کوردستانیانە بۆ کێشەکە. لە بەرامبەری لاوازی نوێنەرانی کوردا دەسەڵاتی بەغدا جگەلەوەی هەنگاوەکانی سست بوو، بەربەستی دروستکرد، سیاسەتی پەراوێزکردنی کورد و جار جارە بەعەربکردنیش بەردەوامیان پێدرا.

وەکو دەرکەوت چارەسەری ماددەی ١٤٠ لەکارە لەپێشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبوو. لەجیاتی ئەوە هەر بەرەیە لەلایەن خۆیەوە ململانێی بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست لە ئاستی ئێراق و کوردستان بوو، هەروەها نایاسایانە خەریکی ئاواکردنی نەوت بە قاچاغ و هەلکەندنی چاڵی نەوت بوون، خەریکی بەستنی کۆنتراکت لەگەل کۆمپانیای تورکی و بێگانە، خەریکی هینانی بازرگانە تورک و عەرەبە گەندەڵەکان بۆ کوردستان بوون و هتد. بەکورتی هەوڵەکان لەگەلێ باردا نایاسایانە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زۆرو خێرا چڕکرانەوە. سەرانی دەسەڵاتی هەرێم ئامادەبوون لەسەر نەوت دژی بەغدا بووەستنەوە و بیگەیننە کەناری شەڕ، بەڵام تەنها بۆ یەکجاریش لەسەر سستی یا سڕکردنی ماددەی ١٤٠ هەڵوێستیان وەرنەگرت و لە بەغدا یاخی نەبوون.
لە جیاتی هەروەستە و بەخۆداچوونەوە، وە چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیوەندی و بازرگانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، وردە وردە لە دەسەڵاتی بەغدا دوورکەوتنەوە، ناکۆکیەکان قوڵتر و نێوانیان فراوانتر بوو. ئەوەش کە ئاماژە بوو بە کێشە و بێمتمانەیی لەنیوان یەکەی فیدرال و دەسەڵاتی ناوەندا، ئاراستەکەی روو لە ناکۆکی زیاتر و دەرئەنجامی نادیار بوو. لەراستیدا رووکردنە تورکیا و سەیرکردنی تورکیا وەکو فریادرەس لە شەوەزەنگدا گرتنەبەری کوێرەڕێیەک بوو لە هەڵدێردا. ئەوەش گەورەترین و کوشندەترین هەڵەی مێژوویی بوو کە دەسەڵاتدارانی باشور تێیکەوتن.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا هیرشەکانی داعش بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد، کە تاوانی گەلکوژی شەنگال و تاوانی دیکەی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی لێکەوتەوە. دوای ئەوە بەهاوکاری هاوپەیمانان و لایەنە کوردستانیەکان، هێزی پێشمەرگە توانی زۆربەی ناوچە کوردستانیە سنوریەکان کە گرنگترینیان شاری کەرکوک بوو ڕزگاربکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنێک بوو لە باری شەردا، وە ڕێکخراوی داعش دوژمنی هاوبەشی ئێراق و باشوری کوردستان بوو. بۆیە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لەچنگی تیرۆرستانی داعش، ڕزگارکردن لە دوژمنێک بوو کە وەکو یەک دژی کوردستان و ئێراق بوون. ڕزگارکردنی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان واتای ئەوە نەبوو کە ئیتر ئەو ناوچانە بۆ کوردستان گەڕانەوە و ئێراقیش وازیان لێدێنێ. بە پێی رێکەوتنە دەستوریەکە ئەوناوچانە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئێراق تا ئەو کاتەی ماددەی ١٤٠ چارەسەر دەکرێت. هەموو ئەو گوتن و بۆچوونانەی کە پێیوابوو ئەو ناوچانە کوردستانین و نابێ بگەڕێندرێنەوە ژێردەستی ئێراق، یا پێیوابوو ئیتر ئەو ناوچانە جارێکیتر ناچنەوە بندەستی ئێراق، بۆچوونی سۆزدار و خۆشباوەڕانە و ناتاوتوێکراوبوون. ڕاستە لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو ناوچانە کوردستانین، بەڵام لە دیدی ئێراقیانەوە بەپێچەوانەوە ئێراقین. لەو پرسەدا دوو لایەن هەن کە دوو دیدی دژ بەیەکیان هەیە، دیارە هەردوولا لەسەر چارەسەری کێشەکە ڕێکەوتنی دەستوریان کردووە. بێگومان بوونی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، پۆزیسیۆنی دەسەڵاتی هەرێمی بەهێزکرد و لە ئەگەری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بێگومان زۆر سوود بەخش بوو، وە دەیتوانی پرۆسەکە زۆر پێشخات. بۆیە ئەگەر تێگەیشتنی راشیونالانە زاڵبوایە دەبوایە ئەو سەرکەوتنە بۆ وەگەڕخستنی چارەسەری یەکجاری ماددەی ١٤٠ بەکاربهێندرێت.

کێشەناوخۆیەکانی باشوری کوردستان و قەیرانی پرسی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، پرسی ڕیفەراندەمی قووتکردەوە، کە لەبنچینەدا لەلایەن سەرۆکی نایاسایی و ماوەبەسەرچوو مەسعود بارزانیەوە هێندرا و سەپێندرا. پێداگرتن لەسەر ریفەراندەم لە ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکاندا، بێ گوێ پێدان و بێ هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە پشتکردن لە ئەمەریکا و داواکاریەکانی، بە پشتکردن لە رێکەوتنە دەستوریەکە، لەکاتیکدا هەنگاوەکانی دەسەڵاتی نایاسایی هەرێم لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا لەسەر ئاستی بوارە گرنگەکاندا جێگەی پرسیاری زەق بوون، هەموو ئەوانە وایکرد سەرانی باشوری کوردستان خۆیان تەواو تەریککەن و بکەونە قوژبنێکی تەنگ و نالەبار. ئەو هەڵە کوشندانە وایانکرد بارەکە ١٨٠ پلە وەرگەڕێ و بگۆڕێ. حکومەتی ئێراق هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری قۆزتەوە و کەوتە سەنگەری دژ، داوای هاوکاری هەرێمی و نێونەتەوەیی کرد و گەماڕۆکانی بەکردەوە دەستپێکرد، داوای دەستبەجێی چۆڵکردنی ناوچە ڕزگارکراوە کێشەلەسەرەکانی کرد. ئێران و تورکیا و ئێراق لەسەر چۆکپێدادانی کورد کەوتنەکار. گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بوونەهۆی مۆرکردنی كشانەوە و شکست لە ١٥ ی مانگی ئۆکتۆبەردا، نەک هەر ئەوە بەڵکو پەسندی ئەوەکرا کە ئێراق کۆنترۆلی هەموو بیرە نەوتیەکان و خاڵە سنوریەکان دوای ٢٦ ساڵ دوورکەوتنەوە بکاتەوە. ناپاکی باڵێکی ناو یەکێتی دەرهاویشتەی کێشەناوخۆیەکان بوو کە دەسەڵاتداران نکۆڵیان لە بوونی دەکرد.

وەکو گوترا کێشەی ناوچە کوردستانییە سنوریەکان لە رێگەی دەستورەوە چارەسەری بۆ داندراوە، پێویست بوو لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانوستان بەپێی دەستور چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت. دەستبەسەرداگرتن لەژێر ناوی کوردستانی بوونی ناوچەکاندا، بێگومان دەرگەی دایەلۆگ دادەخا و ڕێگە بۆ بەرەورووبوونەوە و شەڕ خۆش دەکات. بەئەگەری زۆر بەرەوڕووبوونەوەی چەکداری و شەڕ روویان نەدەدا، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئاستی پێویستبان و دەستوریانە لەگەڵ کێشەکەدا جووڵابانەوە. بەرەوڕووبوونەوە و شەڕ و دواتر شکست و دۆڕان دەرئەنجامی ئەو ئاراستە چەوتە بوو کە لەدەیەی ڕابردوودا پیادەکرا.

ئەگەر کوردستان کێشەی ناوخۆیشی نەبوایە، خاوەنی سوپای بەهێزی نیشتیمانیش بوایە چارەسەری ئاشتیانە باشتربوو لە شەڕ و بە کوشتدانی مرۆڤ و وێرانکردنی وڵات. بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی لاوازبوو و بە کێشەی ناوخۆیەوە گیرۆدەبووە، بەمجۆرە باشوری کوردستان ئەو پێگە بەهێزەی نەبوو، دەبوایە سەرنج تەنها لای چارەسەری دەستوریانە بێت.
لە باری ئێستادا و لە دوای ئەو کەوتن و دۆڕانەی کە ڕوویدا، ئەگەر باشوری کوردستان خۆی بگرێتەوە و دەسەڵاتێکی نوێ نوێنەرایەتی بکات، پێویستە شێلگیرانە بۆ چارەسەری دەستوریانەی ماددەی ١٤٠ بگەڕێتەوە. بوونی دەسەڵاتێکی رەوا و دیموکراسی بێگومان کوردستان هەڵدەستێنێتەوە و بەهێزی دەکات، بەپێچەوانەوە درێژەی پاشماوەی ئەو دەسەڵاتە دووبەرەییەی ئێستا کورد بە لاوازی دەهێڵیتەوە و ستاتوسی کورد لەهەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا لاواز دەکات.

30-10-2017




ئەنارکیزم ، مه‌رگ و ژیان …. وەرگێڕانی: ھەژێن

“بە من ڕێگەبدەن خه‌یاڵبکه‌م،
کە له‌نێو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ک هه‌یه‌ و‌
لەنێو بومولێڵیی نامۆی ژیان
چاوساخیی من ده‌کا‌”
ڕابیندرات تاگوور

ئەنارکیسته‌کان لەنێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کڕۆنشتات ڕۆڵێکی فرەیان نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ناکرێت له‌به‌رچاوینه‌گیردرێن، که‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی کڕۆنشتات لە‌ دوو که‌سی‌ ئەوان [ئەنارکیستەکان] داخوازیکرد، تاکو به‌ بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ستببن. که‌سی یه‌که‌م (یارچۆوک Yartchouk) دامه‌زرێنه‌ری سۆڤیه‌تی کڕۆنشتات ساڵی‌ ١٩١٧ و ئه‌وی ‌دیکە (ڤۆلین Volin) بوو. به‌ڵام ئەو بانگه‌وازه‌ بەبێ سه‌ره‌نجام مایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات هه‌ر ئەو دوو کەسەکە له‌نێو چنگی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ربوون. به‌ گوته‌ی (ئیدا مێت Ida Mett ) مێژونووس و نووسه‌ری په‌رتووکی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات La Revotle De Cronstad ” کارایی ئەنارکیسته‌کان له‌سه‌ر کڕۆنشتات ته‌نیا له‌و تێڕوانینەوه‌ ده‌کرێت ناوبهێنرێت، که‌ ئەنارکیزمیش ڕاگه‌یێنه‌ری تێڕوانینی دێمۆکراسیی کرێکاری بوو”. به‌ هه‌ر بارێکدا هه‌رچه‌نده‌ ئەنارکیسته‌کان ده‌ستبه‌کاربوونێکی ڕاسته‌وخۆیان لەنێو‌ ئەو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئەوان ڕاپەڕینەکەیان بە هی خۆیانیان زانی.

ڤۆلین دواتر نووسی ” …. کڕۆنشتات یه‌که‌مین هه‌وڵی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ریی بوو بۆ ڕزگاربوون له‌ کۆتی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک و ھەڵخڕاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەو هه‌وڵه‌ به‌ده‌ستی خودی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ هانابردن بۆ شوانه‌ ڕامیارییه‌کان و ڕابه‌ران و سه‌رپه‌رشتیگه‌ران ئه‌نجامدرا “. هەر ئاوا ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان گوتی ” کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتێریی کرده‌ نه‌خشه‌ی سه‌ر ئاو و سه‌لماندی، که‌ له‌نێوان دیکتاتۆریی پارتیی کۆمونیست و شۆڕش بواری هیچ جۆره‌ سازشێک نییه‌!” …

وێڕای نه‌بوونی خۆتێهه‌ڵقورتانی ڕاسته‌وخۆی ئەنارکیسته‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات‌، سه‌رکوتکرانی ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ بیانوویه‌کی گونجاوی بە دام و ده‌زگه‌کانی فەرمانداریی بەخشی، تاکو کێشه‌ی خۆیان لەتەک ئەنارکیزم‌ که‌ هێشتا ترسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سەر دەوڵەتی بۆلشەڤیکی، یه‌کلاییبکەنه‌وه‌! چه‌نده‌ هه‌فتە پێش سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوونه‌کەی کڕۆنشتات، واته‌ ڕۆژی هه‌شته‌می فێبریوه‌ری ١٩٢١، (کڕۆپۆتکین Kropotkin‌)ی پیر تەمەن، له‌ ڕوسیه‌ مرد. به‌خاکسپاردنی ئەو به‌ڕێکردنێکی فرە پڕشکۆی لە‌خۆگرت. به‌شداربووانێک که‌ ته‌رمی ئەویان به‌خاکده‌سپارد، ژماره‌یان لایەنی کەم سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بوو.‌ ئاڵای ڕه‌ش و سووری گروپه‌ ئەنارکیسته‌کان ئامێته‌بوون. له‌سه‌ر ڕه‌شی ئاڵاکان به‌ خه‌تێکی سوور ئەو ده‌سته‌واژه‌ به‌رچاو ده‌که‌وت ” له‌ هه‌ر کوێ دەسەڵاتداریی هه‌بێت، لەوێ ئازادی بوونی نییه‌ ” .

نووسه‌رانێک، که‌ لەبارەی کۆپۆتکین‌ نووسیویانه‌، ئەو خۆنیشاندانه‌ وه‌ک “دواین خۆنواندنی گه‌وره‌ له‌ دژی سه‌رکوتکاریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان” ناودەبەن. به‌شداربووان لەنێو ئەو خۆنیشاندانە “نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له‌ کرۆپۆتکین، به‌ڵکو هەر ئاواش بۆ ‌داخوازی جێگیرکردنی ئازادی به‌شدارییانداکرد”. پاش سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات سه‌دان ئەنارکیست زیندانیکران. چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه، ئازادیخوازێک به‌ناوی فانی بارون Fanny Baron و هه‌شت که‌سی‌ دیکە له‌ هاوه‌ڵه‌کانی لەنێو‌ سیاچاڵه‌کانی زیندانی ( چێکا ) له‌ مۆسکۆ گولهد‌بارانکران.

گولهد‌ی بەزەیی به‌ مێشکی ئەنارکیستی تێکۆشەره‌وه‌ نرا. له‌و باره‌دا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیه‌، ئه‌و ئەنارکیستانه‌ی که‌ لە ئه‌زموونی ڕوسیه‌ تێگەییشتبوون، به‌ فراوانی که‌وتنه‌‌ ڕه‌خنەگرتن‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان، تاکو بیری ئازادیخوازانه‌ هه‌رچی زۆرتر به‌رجه‌سته‌بکه‌ن. سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری ١٩٢٠ کۆنگرەی یه‌کێتی ئەنارکیسته‌کانی ئۆکرانیا نابات Nabat به‌ڕاشکاوی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” که‌ ناچار ئەرکەکەی له‌ دیکتاتۆریی به‌شێک له‌ پڕۆلیتاریا [به‌شێک، که‌ لەنێو پارتییەک ڕێکخراوه‌] فه‌رمانبه‌ران و مشتێک له‌ ڕابه‌ران کۆتاییدێت، ڕه‌تکردببووه‌وه‌. (کۆپۆتکین)‌یش که‌مێک پێش مردنی، نیگه‌رانی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی “سەروەریی تەواو” له‌ وڵات ده‌ربڕیبوو “بەبۆچوونی من، هه‌وڵدان بۆ ڕۆنانی کۆماری کۆمونیستیی له‌سه‌ر پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژی نێوەندییانە‌ و له‌ژێر زۆری یاسا ئاسنینه‌کانی دیکتاتۆریی تاکپارتیی، به شکستێکی گه‌وره ‌کۆتاییدێت. ڕوسیه‌ نیشانیداین، بۆچی نه‌ده‌بوو به‌ کۆمونیزم ملبدرێت ” .

ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسیی ئازادیخواز Le Libbertaire له‌ ژماره‌ ١٤ی ڕۆژی ٧ی جێنیوه‌ری ١٩٢١، بانگه‌وازێکی پڕ وره‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیسته‌کانی ڕوسیای بۆ پڕۆلیتاریای جیهان‌ بڵاوکرده‌وه‌ “هاوڕێیان، وه‌ک ئێمه‌ کۆتایی به‌ فەرمانداریی بۆرجوازی له‌ وڵاته‌کانتان بهێنن! به‌ڵام وریابن، هه‌ڵه‌کانی ئێمه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌! نه‌هێڵن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی ببێته‌ فه‌رمانداری وڵاته‌کانتان”.

ئەنارکیستی ئاڵمانی-زمان (ڕودۆلف ڕۆکه‌ر Rudolf Rocker)یش‌ ساڵی ١٩٢٠ پەرتووکێکی به‌ناوی “شکستخواردنی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی” نووسی و ساڵی ١٩٢١ بڵاویکرده‌وه‌! ئەوە‌ یه‌که‌مین ئه‌زموون و لێکدانه‌وه‌ی ڕامیاریی بوو لەبارەی شێواندنی شۆڕشی ڕوسیە. بەگوێرەی‌ تێڕوانینی ڕۆکه‌ر‌ ‌”دیکتاتۆری پڕۆلیتێریی نه‌ک ھەر ده‌ربڕی خواستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نەبوو‌، به‌ڵکو دیکتاتۆری پارتیی بوو، که‌ پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینی کرێکاری ده‌کرد، بێجگە لەوەش، تاکه‌ پشتوپه‌نای ده‌سه‌ڵاتی ئەو دیکتاتۆرییە، سه‌ره‌نێزه‌کانی بوون، له‌پشت دێوجامە‌ی دیکتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا چینێکی تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌، چینی کۆمیساره‌کان یان سەروەریی کۆمیسارەکان. ئەم ڕۆژیش‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ست بە سەرکوتگه‌ریی چینی سەروەر ده‌که‌ن، که‌ دوێنێ‌ له‌ سایه‌ی سەرکوتگه‌ریی ڕژێمی ڕوخاوی [تزار] هه‌ستیانده‌کرد”.

کاتێک که‌ گشت لایەنه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌ته‌واوی بکێشرێنه‌ ژێر دەسەڵاتی فەرمانداریی سەرتاپاگیر، ئه‌نجامه‌که‌ی “شتێک واوه‌تر له‌ زنجیرەیەک‌ پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ریی نابێت و ئەوە‌ چاره‌نووسی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕوسیا بووه‌”. “بۆلشه‌ڤیکه‌کان هەر تەنیا ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریان له‌ کۆمەڵی پێشووتر به‌ پوختی وه‌رنەگرت، به‌ڵکو ئاوا ده‌سه‌ڵاتێکیشیان بە ئەو به‌خشی، که‌ هیچ فەرماندارییەکی‌ دیکە له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌توانا نه‌بوو”!

مانگی جون ١٩٩٢ گروپێک له‌ ئەنارکیسته‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ئاڵمانیا، پەرتووکێکی گچکه‌ و ئاشکراکەرانە‌یان به‌ناوی “سه‌رکوتی ئەنارکیزمی ڕوسیه‌ی سۆڤیه‌تیی” بڵاوکرده‌وه‌، که‌ به‌ خامه‌ی ئا. گۆریێلیک A . Gorielik و ئا. کۆمۆڤ A.Komoff و گ.پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff ڤۆلین Volin نووسرابوو! ڤۆلین به‌خۆی ساڵی ١٩٢٣ ئه‌و په‌رتووکه‌ی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. ئەو په‌رتووکه‌ لیستی ناوی گیانبه‌ختکردووانی ئەنارکیستی بەگوێرەی ئه‌لف ‌و بێ تێدابوو. ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢٢، ئێما گۆڵدمان‌ ساڵی ١٩٢٢ و ١٩٢٣ له‌باره‌ی ئەو ڕوداوه‌‌ ناخۆشانە‌ی که‌ له‌ ڕوسیه‌‌ دیتبوویانن، کۆمەڵێک نامیلکه‌یان بڵاوکردنه‌وه‌!

ئه‌و (ماخنۆڤیست)انه‌ش که‌ گیانیان ده‌ربازکردبوو و په‌نایان بۆ ڕۆژاوا هێنابوو، له‌وانه‌ پیر ئارشینۆڤ و خودی نێستۆر ماخنۆ، هه‌ر که‌سه‌ و ئه‌وه‌ی دیتبووی بڵاویکرده‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، سه‌رده‌می جەنگی دووه‌می جیهانی‌، دوو به‌رهه‌می گه‌وره‌ و سه‌ره‌کی ئازادبیران له‌باره‌ی ” شۆڕشی ڕوسيه” لەلایەن گ. پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff و ڤۆلین Volin‌ نووسران و چاپکران. ئەو دوو به‌رهه‌مه‌ به‌خۆیان گه‌واهییه‌ک بوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ساڵانێکی درێژخایەن و به‌ئه‌زموونی هزرەکان ‌لای ئەنارکیسته‌کان.

ماکسیمۆڤ گه‌واهنامەی خۆی به‌زمانی ئینگلیزی بڵاوکرده‌وه‌؛ ئەو بڕوای ئاوا بوو، که‌ وانه‌کانی ڕابوردوو، مسۆگه‌رکه‌ری داهاتوویه‌کی باشترن. “چینی فەرمانداری تازه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ناتوانێت و نابێت بۆ هه‌میشه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات و سه‌ره‌نجام سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه‌ به‌سه‌ر ئەو سه‌رده‌که‌وێت! هەل و مەرجی خۆیی ئاوا گۆڕانێک ده‌که‌نه‌ شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ “. ئایا شیاوی ملپێدانه‌ (…) که‌ کرێکاران خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ نێو کارخانه‌کان بن؟ هه‌رگیز! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که به‌ ڕۆشنی‌ یاخیبوونی ئەوان له‌ دژی به‌هره‌کێشیی ده‌وڵه‌ت و سەروەرییە‌‌. “ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زۆره‌ملێیانانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ڕێکخراوی سۆڤیه‌تیی کارخانه‌کانی خۆیان، کە له‌نێو فێدراسیۆنی به‌ربڵاو و فراوان یه‌کده‌گرن، دابنێن. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کرێکارییه‌. بەو جۆرە جوتیارانیش تەواو هوشیارن، که‌ ئەم ڕۆژ‌ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئابووری تاکه‌که‌سیی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گونجاو نییه‌ و ته‌نیا چارەسەرە‌ هه‌ره‌وه‌زیی کشتوکا و گەلکاریی گوندنشینانە لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی کارخانه‌ و سه‌ندیکاکان و به‌کورتی په‌ره‌دانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌نێو بارێکی ئازادیخوازانە”.

بەگوێرەی تێڕوانینی ڤۆلین، هه‌ر هه‌وڵێک که‌ به‌ سروشوه‌رگرتن له‌ نموونەی [ئۆلگوی] ڕوسیه‌ سه‌ربگرێت، به‌رهه‌مه‌که‌ی بێجگه‌ له‌ “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هره‌کێشیی جه‌ماوه‌ر”، شتێکی ‌دیکە نابێت. هه‌ر ئاوا ئەوە‌ گه‌نده‌ڵترین جۆری سه‌رمایه‌دارییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی لەتەک “بزووتنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و کۆمەڵی سۆشیالیستیی” نییه‌. ئاوا نموونەگیرییەک ناتوانێت بێجگه‌ له ‌”دیکتاتۆری تاکپارتیی، که‌ ئه‌نجامی‌‌ سه‌پاندنەکە‌ی له‌نێوچوونی هه‌ر جۆره‌ ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و ڕێکخراوبوون و ته‌نانه‌ت پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌‌کان و ھەر ئاواش پاراستنی به‌رته‌رییە بە ته‌نیا بۆ پارتیی فەرماندار” و بێجگه‌ له‌ “کۆنترۆڵکردنی بیر و بۆچوونە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ربه‌ستکردنی هەڵچوونی شۆڕش” ناتوانێت ئه‌نجامێکی ‌دیکەی هەبێت.

ڤۆلین بڕوای ئاوایە،‌ که‌ ستالین ” له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌باری بوو”، ستالین و ستالینیزم به‌‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی سیسته‌مێکی سەرکەوتگەرانەن، که‌ ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢١ پایه‌ڕێژیی و جێگیرکرا. “ئەوە‌یه‌ وانه‌ی جیهانیی ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ و دیاریکه‌ری بۆلشه‌ڤیزم. وانه‌یه‌ک که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوداوه‌کانی داهاتوو، به‌زوویی بۆ گشت ئه‌وانه‌ی که‌ لەنێو ئازار ده‌تلێنه‌وه‌ و ده‌چه‌وسێنه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی که بیرده‌که‌نه‌وه‌ و تێدەکۆشن، ده‌رده‌که‌وێت.‌

————————–
سه‌رچاوەی لێ وه‌رگیراو‌‌ :
http://anarchi.persianblog.com

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




سێوەلاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم …. عەبدولڕەحمان فەرهادی

كە سبەینان لە خەو ڕادەبووم، بالیفەكەم تەڕاییی فرمێسكەكانی شەوێمی بەسەرەوە دەما، تەڕایییەكی نم و كزر، شەوان كە لەبیركردنەوەكانم ڕادەچووم، فرمێسكم جۆگەلەی دەبەست، بیرم نایێ شەوێكی منداڵیمم بێ گریان بەسەر بردبێت، بەدەست خۆم نەبوو من لە منداڵیمەوە هەر گرینۆك بووم. زۆر شەوانیش ئەوەندەی یەك كوندە، میزم بەخۆمدا دەكرد، بۆیە جێوباڵینگانیشم گەلێكجاران بە تەڕی دەمایەوە. من كە بە نازی دایكە قەشەنگە جوانەمەرگەكەم (دایە بەسێ) گەورە بووبووم كەچی دوای مەرگی لەناكاوی، لە هەموو نازێكی منداڵی بێبەش مامەوە و ڕۆژانە دوای ئەوەی بابم دەڕۆیشتە دەرەوە ئیتر زەبروزەنگە دەروونی و جەستەیییەكانم لەڕێی دایكە تازەكەمەوە سەریان هەڵدەدا، قەت لەبیرم ناچێتەوە كە لە باوەشی دایكی خۆم خەو دەیبردمەوە، ئەو یادگارییانە خۆشترین سۆزی ڕابردوومن، بۆنی سینگ و بەرۆك و مێخەكەكانی گەردەنی كێلی، بەرامەی ڕەشە ڕەیحانەكانی گیرفانی، كراس و كورتەكە بە باقوبریقە سیمدارەكەی، تا ئەو ڕۆژەی شۆڕی ناو قەبرێم دەكەنەوە لە خەیاڵدانمدا ناسڕێنەوە، هیچ ئیسراحەتێك ناگاتە ئیسراحەتی ئەوەی كە سەرم بە كۆشی ئەو دەكرد، باڵای شەنگی پڕ بوو لە زڕیوپۆلی، قەت كڵاوە هەورییە پڕ لە كۆترۆكەكەیم لە دیدەدا ناسڕێتەوە. كۆچی ناوادەی دایەم منی لە هەموو جوانییەكانی منداڵی دابڕی. بابم دەمێك بوو هەستی كردبوو ئەو زڕدایكە مەلعوونەم كە لای خۆم بە مەلعوونخانم ناوزەدم دەكرد، لێم ڕقەستوورە و گەر بۆی بلوێ دەست لە خنخنۆكم دەنێ و تا حەیاتم لێ دەبڕێ لێم نابێتەوە.

بابە مستۆ كە لە دایەرەی ئەشغال نۆبەتداری كۆگا بوو، سبەینان لەگەڵ شیڕەی نێرەكەر لە دەرگای حەوشە ئاودیو دەبوو و تا دوای عەسرێكی درەنگ چاومان پێی نەدەكەوتەوە، تا دایە بەسێم مابوو، ئاگام لەو نەبوو، نەمدەزانی كەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەی دەگەڕێتەوە، خۆ ئەو نەیدەزانی ژنە تازەكەی كە وەرمدەگەڕایێ، جەستەی خنجیلانەمی لە ختوخۆڕا بە قەمپاران هەنجن بە هەنجن دەكرد، بەڵام دەیزانی كە منی مێردمنداڵی حەوت ساڵان لێی هەراسانم، نیگەرانی ئۆقرەی لێ بڕیبووم و دەیزانی نەك تۆزقاڵێ مێریڤانیم بەرانبەری نییە، بەڵكوو ڕقی دونیام لێیەتی، ئەمە بابمی زۆر نیگەران كردبوو، من تەواو هەستم بەوە دەكرد، بۆ ئەوەی لەو كەشە مەرگەمووشاوییەم بێنێتە دەرەوە، ڕۆژێكیان بانگی كردم تێری ماچ كردم و پێنج فلسی زیادەشی دامێ و پێی گوتم: كوڕێ من واچاكە لێرەوە، لەو تەمەنەوە خۆت بە كار و كەسابەت ئاشنا بكەی، من تێی نەگەیشتم تا پێشنیازی بۆ كردم كە دەیهەوێ بمخاتە بەردەست دوكاندارێكی هاوڕێی كە وەستای دروستكردنی كورسی و تەختەی دار بوو، با بڵێین دارتاش بوو.

بەیانییەكەی بردمییە لای وەستا عەزیزی نەججاڕ كە پێشتر لەمبارەوە قسەی لەگەڵ كردبوو، دوكانەكەی وەستا عەزیز بەرانبەر مەكتەبی بۆتان بوو، لە ڕیزی چایخانەی ئاغا دزەیییەكان. بەیانیی ڕۆژی دووەم سبەینە زوو بۆ یەكەمجار، بووم بە شاگردی وەستایەكی كەچەڵی سەر رووتاوە، وەستا عەزیز بەردەستیی پێ دەكردم، سەرباری وردە كاری دارتاشی، دەیناردم وردە كەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵەوەشی پێ دەكڕیم، دەیناردم چای لە چایخانەكەی مام ڕەحمان بۆ خۆی و میوانەكانی بۆ بێنم، درەنگانی پاش نیوەڕۆیان دە فلووسی دەدامێ و بەڕێی دەكردم، كە دەگەییمەوە ماڵەوە دەبووا دە فلووسەكە لە مستی زڕدایكەكەم بنێم، ئەو وای ڕاهێنابووم، خۆ نەدەوێرام ڕۆژێ پێنج فلووس خەرج بكەم. وەستا عەزیز پیاوێكی غەدداری چاو حیزی بەد ڕەوشتی جەمال سێوان بوو، یەكجار زۆر لێی بە هەستوخوست بووم، كە ئەو لە دوكانێ بە تەنیا دەمایەوە، من نەدەوێرام لە ژوورەوە بم، بەڵكوو لەبەر دەرگا هەڵدەترووشكام و چەندی بانگ بكردبام قەت لای نەدەمامەوە.

دە ڕۆژێك لەم كارەم بەردەوام بووم. بیرمە سبەینەیەكی ڕۆژی هەینی، بابم دەیبردمە لای ناسیح حەللاق كە دوكانەكەی بە تەنیشت حەمام عەسرییەوە بوو لە كۆڵانی عارەبان تا سەروپۆتەلاكم چاككات، بە بابمم گوت چیتر من ناچمەوە لای وەستا عەزیز چونكە پیاوێكی ڕەوشتسزە و من لەوانە نیم مل بۆ داخوازییە پۆخڵەكانی بدەم، من دەمەوێ ئیشێكیترم بۆ بدۆزییەوە، دامنابوو گەر بەقسەم نەكا، سەری خۆم بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەڵگرم. بابم لە وەزعەكەم تێگەیشت و ڕۆژی شەممەم بێ ئیشوكار لەگەڵ منداڵانی كۆڵان بەسەر برد، ئەو منداڵانەی كە بەنازی دایك و بابیان لە كۆڵان كەیفساز بوون و منیش دڵ و دەروونم پڕ بوو لەو گرێیانەی كە ژیانی نالەبار و چارەنووسم تێی چاندبووم. ئێوارەی شەممە بابم بانگی كردم و گوتی واچاكە بۆخۆت ئیشی سەربەخۆ بكەی و بە ئازادی خۆت پێبگەیەنی و كەس وەك چاودێر و وەستا بەسەرتەوە نەبێ و پێمباشە دەسگێڕی بكەی و من سەبەتەیەكی بچووكی تریانی نووردییە نانت دەدەمێ و یەكەم ڕۆژ دەتبەمە لای محێدینی دوكاندار لای شێخی چۆلی و چەند كیلۆیەك سێوە لاسوورەت بۆ دەكڕم و بڕۆ بۆخۆت لە كووچە و كۆلانەكان بگەڕی و تاك تاكە بیانفرۆشە منداڵان، مام محێدین باوكی شوانی هاوڕم بوو كە ئێستا كاربەدەستێكی گەورەی میرییە و پیاوێكی خانەدان و هەژاردۆست و هاوكاری بابم بوو. یەكەم ڕۆژی ئەم كارە تازەیەم لە كووچە و كۆڵانە تەنگەبەر و ناڕێكەكانی تەیراوە بە ئاسوودەیی بردە سەر،دوو دانە سێوە لاسوورەم بە پێنج فلووس دەدا، بیرمە بە هەموو گەرووی خۆم لەنێو كووچەكانی دەوروبەری چایەخانەی باییز بەولاوە هاوارم دەكرد: (سێوە لاسۆرە سێوە لاسۆرە، سێوە سۆرەی مزر و خۆش، دەی وەرن دووی بە پێنج فلووس).

هەموو دەوروبەری نیوەڕۆیانیش دەچوومە سەر عەرەبانەكەی مام نەجمەدین و یەك سەندەویجی تەواوی توورشیم دەخوارد. ئێوارە كە دەگەڕامەوە دەنگم دەنووسا ئەوەندەم هاوار كردبوو، لەڕێی گەڕانەوەم ئێوارەی یەكەم ڕۆژم تەواوی پارەكەمم ژمارد، بۆم دەركەوت كە درهەمێكم قازانج كردووە، ئەمەش بەگوێرەی كاری پێشووم بڕە پارەیەكی زۆرتر بوو، ئەم دەسگێڕییەم جگە لە سەربەخۆیی و دەروونئاسوودەیی وابەست نەبوونم بە كەسێكی دیاریكراوەوە، قازانجێكی تریشی بۆم هەبوو كە ئەوە بوو دەمتوانی ڕۆژانە شتێك بۆخۆم خەرج بكەم بەبێ ئەوەی مەلعوونخانم پێی بزانێ. تا دەهات زێتر شارەزای سێوفرۆشی دەبووم و قازانجم ڕووی لە زیادی دەكرد.

ئێوارەیەكیان لە قەڵا نزیك كەوتمەوە و حەزی چوونە سەر قەڵا و سێوفرۆشییەكەم هانیدام بە دەرگاكای ئەودیو وردە وردە سەركەوم، دەرگای دیوی بازاڕی قەیسەری، كە تازە لای شێخی چۆلییەوە دەهاتمە ئەوناوە، بە هانكەهانك سەركەوتمە سەر قەڵا كە یەكەمجارم بوو سەری دەكەوتم، ڕێگا پێپیلكەكەی یەكجار ڕك و قوڕاوی بوو، بەهەر جۆرێ بوو، سەركەوتم و ئەوێم زۆر بەلاوە نامۆ بوو و وەك ئەوەی چووبمە شارێكی دیكەی دەرەوەی هەولێر، لەوێ‌ زۆرم سێوەلاسۆرە فرۆشت، دەمەو نیوەڕۆ داهات و نیوەی سەبەتەكەم لە سێو بەتاڵ ببوو، بەڕكم پڕی پارە بوو و لە دەرگای ئەودیو نزیك دەكەوتمەوە كە منداڵە قەڵاتی خەریكی شەڕ پێفرۆشتنم بوون، ناچار هەنگاوەكانمم خێراتر كرد و كە گەیشتمە دەرگای دیوی مەحكەمە، پشووێكی پڕ لە فەرامۆشیم وەرگرت و هەوای ساف و فێنكی ئەوناوە، ئارامییەك و دەرووناسوودەیییەكی دامێ‌، خەریكی هەنگاونان بووم بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی بەرەو ماڵ ببمەوە، لە ناوەندی ڕێگاكە كە ڕێیەكی زۆر ڕك و قوڕاوی بوو، هەستم كرد لە خوارەوە غەڵبەغەڵبێكی زۆرە و كە تەواو دیقەتمدا، هەستم كرد كە گەلەكۆمەی منداڵە وردكە و هەرزەكارانە بۆ هێرش و هەڵكوتانە سەر قەڵا، بەرد هاوێشتنێك بوو نەبێتەوە، هەر گاشە بوو لە تەنیشتمەوە گڤڤەی دەهات بە عارد دەكەوت، بە پەلە بەرەو چوونەوە ناو قەڵا تا هێزم تێدا بوو ڕامكرد، زانیم شەڕەبەردی نێوان قەڵا و تەیراوەیە، هەمووجار شاكر ی مامم بۆی باس دەكردم كە چۆن بەشداریی قارەمانانەی لەو شەڕانەدا كردووە، مامە شاكر وەك چۆن فیلم دەگێڕێتەوە، ئاوا داستانی قارەمانێتیی خۆی و هاوڕێكانی تەیراوەی بۆ باس دەكردم.

باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە چۆن بەهێرشی ئازایانەیان، منداڵە قەڵاتییان ڕاوناوە و لەناو قەڵایان پەستوونەتەوە و دواتر چۆن تا كۆشی دایكیان سەریان لەدوو ناون. هەنگاوەكانم خێراتر كردن و لەسەرەوەی قەڵاش لە لێوارەكەیەوە هێرشبەرانی قەڵا تا هێزیان تێدا بوو گاشەبەردەكانیان دەهاوێشتە تەیراوەیییەكان، لەوناوە گاشەیەك بەر شانی چەپم كەوت، شەقاوە هێرشبەرەكانی تەیراوە منیان بە هێرشبەر و سەردەستەی قەڵاتییەكان دەزانی و ئەوانەی قەڵاتیش تا هێزیان تێدا بوو هێرشیان بۆ سەر من زیاد دەكرد، ناچار ڕوو لە خوارەوە بكەم و تا هێزم تێدابوو لاتەریكانە هەنگاوم نا، لەپڕ هەڵخلیسكام و خراپ بەربوومەوە، تاكە پێڵاوە لاستیكە شینكەلەكەم و سەبەتە سێوەكەم لەدەست چوو و غلۆر بوونەوە و هەر سێوەی بەلایەكدا چوو، بەهۆی ئازارەكەی شانم ئاگام لە سەبەتە و سێو نەما، كە گەیشتمە دامێنی قەڵا، هەندێ‌ لە تەیراوەیییەكان بەهۆی هوروژمیان بۆ سەركەوتنە سەر قەڵا، خۆیان و بەردەقانییەكانی دەستیان هەنگاویان دەنا و ئاگایان لەمن نەما، منیش خۆمم دابووە لایەك، كەچی چەندانێكیشیان بەدوامەوە بوون تا گرتمیان، خەریك بووم خۆمیان لەدەست ڕاپسكێنم، كەچی ئەوان بەهێزتر بوون و تا تێمگەیاندن كە من شەكەراتفرۆشم و قەڵاتی نیم و لە كۆڵانی عارەبانەوە هاتووم و پێوەندییەكم بەو شەڕانەوە نییە و هەر بۆ فرۆشیاری چوومەتە ئەوێ‌، چەندانێكیان دەمولێویان پڕ خوێن كردم، پارەكەی گیرفانمیان دەرهێنا و بەرەڵڵایان كردم.

كە گەیشتمە دەوروبەری ماڵەوە، یەكسەر خۆم كوتایە ناو مزگەوتی حاجی حوسێن و نەمهێشت دەروێشی مزگەوت بمبینێ، سەروسەكوتی خۆمم بەو سەرمایە دایەبەر شێرەی ئاوەكە و نەمهێشت ئاسەواری تێهەڵدانەكەم بە ڕوخسارمەوە بمێنێ، دواتر لەترسی مەلعوونخانم نەوێرام بچمەوە ماڵەوە, بۆیێ ناچارمام خۆم تا دەمەو مەغریب دوابخەم تا باوكم دێتەوە و بەسەرهاتەكەمی بە وردی بۆ باس بكەم، ڕووەو ژێر پێپلیكەكانی مزگەوت هەنگاوم نا كە پڕی بوو لە تاتەشۆر و دارەبازە، جەستەی وردمم لەنێو دارەمەیت و تاتەشۆرە شەقوشلۆقەكان بزر كرد و خەوێكی خۆش بردمیەوە، لەخەوما پڕ بە بنار و دامێنی قەڵا زەبەلاحەكە سێوەلاسۆر دەڕژانە خوارەوە و نەمدەزانی باوەش بە چەندانێكیاندا بكەم. كە باگا هاتم مەغریب بانگی دەدا و ئازاری شانم زیادی کردبوو و ناشزانم لەترسان بوو یان بەهۆی خەوە قووڵەكەمەوە بوو, بایی یەك كوندە، میزم كردبوو بەخۆمدا.

ھەولێر ٩/٩/٢٠١٧




کتێبە خوێناوییەکانی نێو دەلاقەی نیشتیمان … ناڵە حەسەن

– کتێبی یەکەم

نیشتیمانم
تۆ کتێبی حیکایەتێکی درێژی
من هەموودەم دەتخوێنمەوە
بەدەم خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم
بەدەم گەڕان و پیاسەکانم
بەدەم ڕاکشان و خەوەکانم
تەنانەت لەنێو خەون و
هەستە لاشعورییەکانیشم
هەر دەتخوێنمەوە
ئێستا / پەڕبەپەڕ و
پیت بە پیتی وشەکانت خوێنییان لەبەر دەڕوا
ئێستا / خەیاڵ و بیرکردنەوە و
گەڕان و پیاسە و
ڕاکشان و خەوەکان و
تەنانەت / خەون و هەستە لاشعورییەکانی منیش
پڕبوون لە خوێن
هەر خوێن و هەر خوێن و هەر خوێن
نیشتیمانم
من ئێستا وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکەش نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی دووەم

نیشتیمانم
لە تاریک و ڕوونی
بەرەبەیانی شانزەی ئۆکتۆبەردا
لە پڕێکدا
زەمەن هاتە هاوار و
زەوی هاتە هەژان
خۆرەتاو بە خەرەندان و
بە کێوان کەوت
کەڵەشێرەکان / لەنێو کۆریتەکان خۆیان مەڵاسدا
زارۆکەکانی ناو بێشکە
بە ڕوخسارێکی فۆبیاییەوە
لە جەستە بەفرینییە گرمۆڵەبوویەکەی
دایک و باوکییان دەڕوانی
منیش هەر لەوکاتە
جەنگێک لەنێو جەستەم هەڵگیرسا
بە دەستەکانی خۆم
لە دووچاو / چاوێک و
نیوەی پەنجەکان و
دوو ژووری دڵ و
دەستی ڕاست و
قاچی چەپە و
گورچیلەیەک و
نیوەی پەراسووەکانم / لەدەستدا
من ئێستا
کەسێکی پەککەوتە و نیوە مرۆڤم
منیش ئێستا
دەمار بە دەمار و
شانە بە شانەی جەستەم
خوێنییان لەبەردەڕوا
نیشتیمانم
منیش ئێستا
وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی سێیەم

نیشتیمانم
ڕۆبۆت و داهۆڵە بێگیانەکان
کۆیلە و کەڵەپووچەکان
بەسەر لاشەی ئازادیدا دەڕۆن و
سروودیش بۆ ئازادی دەچڕن
بەسەر لاشەی مافی تاکدا دەڕۆن و
هوتافیش /
بۆ مافی تاک و کەرامەتی تاک لێدەدەن
بەسەر لاشەی خودادا دەڕۆن و
دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە و
باس لە بەها و پیرۆزییەکان و
ئاگریش لەهەمووشتێک بەردەدەن
نیشتیمانم چ قەدەرێکی ناڕوون و ڕەشە
هەر دەڵێی لەنێو منداڵدانی مردنەوە
سواری کەشتی درۆ بووین و
هاتووینە نێو بیابانێکی چۆڵ و هۆڵەوە
بەڵام پڕ لەخوێن و پڕ لە درۆ
هەر درۆ و هەر درۆ و هەر درۆ
بیابانێکی خاڵی لە فیکر و خاڵی لە بەهاکانی مرۆ
دەزانم نیشتیمانم
ئێستا تۆش
وەک من تەنیای
وەک ئاگر بێهوودەی
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕی لە زام

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




یەكێتیی لەبۆشایی یەكێتیی دا … ئەرسەلان مەحمود

سیاسەت بەمانا فەلسەفی و زانستییەیەكەی، دەمێك ساڵە لەفەزای كوردی و ئەحزابی كوردیدا، كەوتووەتە دەرەوەی بازنەی پەیوەند بەئەخلاقی سیاسییەوەو لەژێر پرسیاردا دەناڵێنێت، دەمێك ساڵە لەغیابی وەها حەقیقەتێكدا ئەوەی بووە بەجێگرەوەو پێڕۆ دەكرێت سیاسەتی ڕۆژە لەواقیعدا.

بنەماو بونیادی وەها سیاسەتێكیش، بەندو پەیوەستە بەهەڵچوون و داچوونە هەنوكەییە جیاكانەوە، واتا ناسنامە ون و دەرئەنجامەكانی وەك هەمیشە پەرت و پەرش و داشۆراوە، ڕێك وەك بەهای دراو لەبازاڕدا، ڕۆژانە هەڵكشەو داكشەیەتی، هەندێكجار بەناوی هەڵكردنەوەو هەندێكباریش بەبیانووی گونجاندنەوە، سازش لەسەر پرەنسپ و بەها مرۆییەكان دەكات، یانی لەبری ئەوەی مرۆڤ تیایدا بەئامانج بگیرێت، وەك ئامراز تیایدا بەكار دەبردرێت!

لەبەر ئەوە، سیاسەتی ڕۆژ نەك هەر ناتوانێ‌ ببێت بەحەقیقەت، ناتوانێ‌ جێگرو ناتوانێ‌ ڕونیش دەركەوێت، هەر وەك چۆن ناكارێ‌ نزیكیش بكەوێتەوە لەحەقیقەت، سیاسەتی ڕۆژ هەردەم لەبری ئەوەی خودی سیاسەت وەك ئامراز بەكار ببات، سیاسەت تیایدا بكەر ئەداو بڕیاردەرانە ڕەفتار دەكات، واتا لەبری سیاسەت ئامراز بێت، یەكە پێكهێنەرەكان دەبنە ئامراز بەدەست سیاسەتەوە، مەسەلەن: دەمێك ساڵە شەقام و پێشمەرگەو مرۆڤ وەك تاك لەكوردەواریدا، لەبری ئەوەی ئامانجی سیاسەت بن، وەك ئامرازی سیاسەت ئاڕاستەو بەكار براون، بێگومان بەئێستایشەوە.

یەكێتیی، وەك یەكێك لەدیارترین ئەم حزبە سیاسەت تیادا ترازاوو تەزیووانەی گۆڕەپانەكە لەكوردەواریدا، سەركردایەتیەكەی هەڵگری بەرپرسیارێتییە هەرە گەورەكەن و، ئێستا لەهەر كات زیاتر واجبیانە وەها بێماناییەك بەمانا بكەنەوە لەخۆیان و لەحزبەكەیشیاندا، ئەمە بووە بەبابەت و مەسەلەیەكی حەتمی و نكۆڵیهەنگر، گەر نەتوانن ئەم بەستەڵك و سەختەڵەكییە ببڕن و تێپەڕێنن، بەر لەهەر شتێك خودی خۆیان دەبڕێ‌ و دەیانكات بەڕابردویەكی خامۆش و فەرامۆشكراو !

تێكۆشەرو جەنگاوەری ڕاستەقینە گەر چیتر نەیتوانێ‌ وەك ئەوەی لەڕابردوی دورو نزیكدا نواندویەتی، بەردەوامی بداتە هزرین و گیانبازی لەپێناو حزبەكەی و میللەتەكەیدا، شەرمنانەو هەلپەرستانە دەست بەمانەوەی خۆیەوە نەگرێ‌ و نەبێتە بەربەست، دەست لەكار بكێشێتەوەو داوای لێبوردن بكات باشە، بەڵای هەرە گەورە لەسیاسەت و ڕێبەرایەتی كردندا ئەوەیە: مرۆ بكەوێتە ژێر باری بەرژەوەندی تایبەت و بەر كاریگەری بیرو بۆچوونە تایبەتە بچوك و پووچەكانی خۆیەوە، ئەوەی كردتان، كردتان، ئیتر درەنگیكردوە سەبارەت بەوەی هێشتا پێتان وایە دەتوانن بیكەن، زۆرینەی هەرە زۆرتان كەوتوونەتە ژێر بارەوەو بەم نزیك و زوانە ناتوانن دەربازتان بێت، لەبەر ئەوە نە حەقیقەتە جڤاتی و نە واقیعە سیاسیەكە قبوڵتان ناكات چیتر، تێگەیشتن لەمە نیعمەتێكی گەورەیەو باش دەتوانێ كۆمەك بەشكۆمەندیتان بكات، ئەوەی دەچێتە ئەبەدییەتەوە شكۆمەندییە نەك خۆ وێناكردنەوەو خۆ دوبارە كردنەوەو خود زومكردنەوە!

سەركردەیەك گەر لەڕابردودا، دەیانجار لەپێناو ڕزگاركردنی میللەتەكەی و دەربازكردنی حزبەكەی لەئاریشەو تەنگژەدا، ئامادەی شەهادەت بوو بێت، ئەمڕۆ بەدەست لەكاركێشانەوەیەك بتوانێ‌ هەم خۆی و هەم میللەتەكەی و هەم حزبەكەی لەمەرگ ڕزگارو دەرباز بكات، تەمای چییەتی؟! چاوەڕوانی چیدەكات؟! ئایا ئەوەی بەحزوری” مام جەلال ” هاوخەبات و هاوڕێیانە بیناكرا، دەخوازرێ‌ پەرەی پێبدرێ‌ یا وەك تۆزی بانان پەرت بكرێ‌ و بڕوخێندرێت؟!

ئەقڵانیەت لێرەدا، لەم چركە ساتە هەستیارانەدا تەنهاو تەنها ئەمەیە: مرۆ میراتگری شۆرەت و شكۆی خۆی بێت باشە، نەك شكێنەرو ڕوشێنەری، ئێوەی سەركردە دیارەكان و سەركردایەتی یەكێتیی، زۆرتان بەخشییە یەكێتیی و میللەتەكەتان، زۆرتان كرد، ئەمە نكۆڵیهەنەگرە، بەڵام “مام”و یەكێتیی، كەمی نەبەخشیووەتە هیچتان، گەر بتانەوێ‌ لەسەر چەپكە گوڵەكانی ئەم كردارو بەخشینەتان بۆ هەمیشە پاڵدەنەوە، دەبێ‌ بۆ خۆتان و بۆ یەكێتیش بیر لەئەلتەرناتیڤ و دۆزینەوەی فۆڕمێكی ترو نوێ‌ بكەنەوە، دەی گەر دەتانەوێ كۆنگرە بۆ”یەكێتیی”بكەن، بفەرموون ئەم زەمان و زەمینەیە لەگۆڕانكارییە بچوكەكانەوە دەست بەڕەخساندن و سازاندنیانەوە بكەن، ئەمە هیچ تەرەدودو ترسێكی ناوێ، ترس و تەرەدود لەڕاستیدا ئەوەیە: كۆنگرە بە”یەكێتیی”بكەن، بەڵام بۆ”یەكێتیی” نەكەن!! لوتف بكەن كەش و هەوای ئارام و عەقڵانی لەبار بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و نزیكبوونەوە لەیەكتری و هێنانە ئاراوەی حەقیقەت بخوڵقێنن لەناو خۆتاندا، هەمووان لەژیانی خۆیاندا ڕۆژێكیان هەیە هەرە درەوشاوە، ئێوە خاوەنی سەتەها ڕۆژی وەهان، دەی كۆنگرەیش بكەنە ڕۆژانە هەرە درەوشاوەكەی یەكێتییەكەتان. سازش لەسەر بەرژەوەندییە منە منییەكانتان بكەن و، پرەنسیپە حزبیەكانتان بەپێوەر بگرن بەسە، وردبینانەو هاوسەنگ ڕەفتار بكەن بەسە، بەزمانی سازان و هێز نا، بەلێكتێگەیشتن و، دۆزینەوەی فۆڕمی نوێ‌ و هاوچەرخ بگەنە یەقین بەسە، گەورەیی بنوێنن لەبەرامبەر یەكتریدا بەسە.




ڕۆشنبیری دووڕویی …. ئاسۆکمال

هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان لەگەڵ خۆیدا ڕۆشنبیریەکی دووڕی هێنایە سەر شانۆ. لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر نەک هەر بێدەنگن لە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان و پێش لەشکری بنەماڵەی تاڵەبانی بەڵکو بونەتە پاساوچی ئەم بنەماڵەیە و تەنانەت حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقیش بەڵام لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و حکومەتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا توندن و دەیانەوێ بیگۆڕن. ئەم ئەنتی پارتی بون و ئەنتی بنەماڵەی بارزانی بونە و لەهەمان کاتدا پرۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بون و بانگەوازی عەبادی و حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی کە هەرێمی سلێمانیان بۆ ڕزگاربکا نیشانەی بونی ڕۆشنبیریەکی دووڕویانە و داڕمانێکی سەرتاپاگیری ئەخلاقی و ڕۆشنبیریە.

مەریوانی وریا قانع وەک یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان نوێنەری ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە. لە دوو نوسینیدا کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە نوسیویەتی ، ئەوەی لەم ڕوداوانەدا بەیەک وشەش باسی ئەم ٣١ ئابەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢١٠٧ ناکا و وەک پاساوچیەک دەڵێ” ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” ئایا مەریوان لە ٣١ئابی ١٩٩٦یشدا هەمان شتی وتوە بەرامبەر بە پارتی کە هێنانی بەعس تەفسیری هیچ ناکا!
مەریوان باس لە شەرمی سیاسی دەسەڵات و شەرمی ڕۆشنبیری بەیعەتەکانی دەسەڵات دەکا بەبێ ئەوەی باسی بنەماڵەی تاڵەبانی و پشکی شێری هاوپەیمانەکەی گۆڕان لەم شەرمە سیاسیەدا بکا. ئەم دووڕوییە ئەرکێکی سیاسیە کە ئەم ڕۆشنبیرە ستراتیژیستەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێی دەکا تا لەسەرئەم خەتە بیهێڵێتەوە لە پێناو پاراستنی هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی یەکێتیدا.

بزانن ئەم نوسەرە چۆن پاساوی تەسلیمکردنی کەرکوک دەداتەوە و دەڵێ ” بڕیاری بەرگریکردن و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی تر بوو… ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” کەواتە بەرگری کردن و شەڕ کردن لەگەڵ سوپایەکی داگیرکەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە لای مەریوان و تەسلیمکردنەوە هەڵوێستێکی ستراتیژ ڕاست بوە و هەربۆیە ئەو “خیانەتە”ی بنەماڵەی تاڵەبانیش هیچ نیە و بگرە بەشێک لەو ستراتیژە دروستەی تەسلیمکردنی کوردستان بوە.
دیارە مەسەلەکە تەنیا پاساوچێتی و داپۆشینی ٣١ ئابی یەکێتی نیە بەلای ئەم ڕۆشنبیرانەی بەیعەتی ئەمبەر دێگەڵەوە بەڵکو هاوڕابون و هاوبەرژەوەندی بونە لەگەڵ ئەم ٣١ ئابەی یەکێتیدا. لەمەش زیاتر هاوئاوازی ئەم ڕۆشنبیرانەیە کە بونەتە پاساوچی لەشکرکێشی عەبادیش و ڕایدەگەیەنن خەتای ٣،٥ملێون ئینسانە کە لە کوردستان رفراندۆمیان کردوە و هەڵەی ستراتیژی و گەمژەیەتیان کردوە کەوا عەبادیان توڕە کردوە و میلیشیا شیعەکانیان هانداوە بێنە سەرکوردستان. ئەمە نیشانی دەدا کە لە کوردستان لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر هەن کە بەهیوان لە سایەی سەرکەوتنەکانی عەبادی لەکوردستاندا پلەوپۆستێکیان دەست بکەوێ و بگەڕێنەوە پەرلەمان و حکومەت و حکومەتی مەدەنی ئینتدابی عەبادی و ئێران دروست بکەن.

ئەمە ناوەرۆکی پەیامی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە، کە داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و تەسلیم بون پێیان ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو “نەوە نوێ”یانەیە کە دەیانەوێ لەسایەی دەستور و حکومەتی شیعەکاندا حکومەتی پارتی و یەکێتی بگۆڕن. واتە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی لەڕێگای چونەوە ژێرباڵی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق.
لەڕاستیدا مەریوان ڕۆشنبیریەکی نوێی دانەهێناوە بەم جۆرە لە ڕۆشنبیری دووڕوویی بەڵکو تەنیا ئەو سیاسەتەی یەکێتی و پارتی خستۆتە قاڵبێکی ڕۆشنبیریەوە کە لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە ململانێی نێوان خۆیاندا ناوچەکانیان بە سۆران و بادینان بەش کردوە و هەرکامەیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پەنای بۆ بەعس یان عەبادی بردوە. تێگەیشتن لەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەی لە سەنگەری پاساوچی بنەماڵەی تاڵەبانیەوە باسی گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی دەکەن کارێکی سەخت نیە. ئەم ڕۆشنبیرە پاساوچیانەی ٣١ ئابی یەکێتی هەمان هێندەی ڕۆشنبیرەکانی ٣١ ئابی پارتی ڕۆشنبیرێکی “بێ فکر” و “مناڵبازاڕ”ن.

ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم ستراتیژە نوێیەی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕووییە دەبێ کەمێک بگەڕیینەوە بۆ ئەو هەنگاوە ستراتیژە دروستانەی ئەم ڕۆشنبیرانە تا بزانین چۆن ئەمانە هەمیشە بەشوێن هێزە چۆراوجۆرە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانەوەن کە یۆتۆپیای دەسەلاتێکی دیموکراسی لە کوردستان بۆ دروست بکا؟
سەرەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیان بە لەدایک بونی یۆتۆپیای دیموکراسیەکەیان ناساند و هەرئەم ڕۆشنبیرانە گەیشتنی گۆڕانیان بە کورسیەکانی پەرلەمان ناونا قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسی و لە کاتێکدا گۆڕان مامەڵەی ٤ساڵ دەمداخستنی شەقامی لەگەڵ بارزانیدا کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە وەک ئێستا بەرامبەر بە ٣١ی ئابی یەکێتی بێدەنگن ئاوا بەرامبەر بە گۆڕان بێدەنگ بوون واتە ڕازیبون. دواتر کە پارتی گۆڕانی دەرکرد لە پەرلەمان و حکومەت ئەمان بونەوە ئەنتی پارتی. بەڵام بەمەش نەوەستان کاتێک گۆڕان ڕێکەوتنامەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە ستراتیژی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی یان بەرزکردەوە و داوایان کرد بچنەوە ژێر باڵی بەغداد.

لیرەوە دەردەکەوێ کە ئەم هەڵوێستی پاساوچێتی و دووڕوویی ئەم ڕۆشنبیرانە لە ئیستادا پێشینەیەکی هەیە و ئەم ستراتیژەی چونە ژێر دەستی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق جێبەجێ بونی بەدیلی هەرێمی سلێمانیە کە پێشتر ئەمان داوایان کردوە. هەربۆیە ڕق و دژایەتی مەریوان و بزوتنەوە ڕۆشنبیریە دووڕوییەکەی لە رفراندوم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە نەک لە حەشدی شەعبی و بنەماڵەی یەکێتی و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی.
رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان ستراتیژێکی پێچەوانە و دژ بە ستراتیژی هەرێمی سلێمانی سەربە بەغدادی مەریوان و هاوڕێکانی بوو. هەربۆیە مەریوان خەتای خەڵکی کوردستان دەگرێ کە ” خورافەتێکی گەورەیان (رفراندوم)خستبووە شوێنی سادەترین لێکدانەوەی عەقڵانیی سارد و سڕی پەیوەندییەکان و ھاوکێشەکان “. ئەو پەیوەندی و هاوکێشانەی ئەم نوسەرە وا موقەدەس باسی دەکا “یەکپارچەیی خاکی عێراقە”. ڕاستە خەڵک بە رفراندوم دەیویست ئەم خورافەیە تێک بشکێنێ بەڵام تەسلیم خوازی یەکێتی و پارتی ئەم هەنگاوەی خەڵکی کوردستانی توشی شکست کرد.
بەڵام مەریوان دەیەوێ چیمان پێ بڵێ ؟ دوای سەدەیەک لە تەجروبە لەگەڵ حکومەتە شۆڤینیست و ئیسلامیەکانی عێراق و دوای ١٤ ساڵ دانیشتن بەدیار فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکستخواردوی عێراقەوە ئایا دەبوایە خەڵک دوای خورافەی سەربەخۆیی نەکەوتایە و بەپێی ئامۆژگاریەکانی مەریوان خەڵک بەدیار پەیوەندی و هاوکێشەی ساردوسڕی بەدیلی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی گۆڕان و یەکێتی بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی دانیشتایە؟

بەدیلی هەرێمی سلێمانی پڕۆژەی مەریوان و ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان بوو پێش رفراندوم. ئێستا بە هاتنی عەبادی خەریکە بەپارێزگاکردنی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەیە سەردەگرێ، هەربۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە بەشێوەیەکی دوڕویانە باسی ڕوداوی لەشکرکێشی حەشدی شەعبی دەکەن و هیچ وشەیەک سەبارەت بە سکانداڵی فرۆشتن و تەسلیمکردنی کەرکوک ناڵێن. لەبەرئەوەی ئەمانە هەموو لەگەڵ ئەجێندای بەهەرێمکردنی سلێمانی لەسایەی حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا دێتەوە و ئەمەش ناوەرۆکی هاوپەیمانیەتیەکەی گۆڕان و یەکێتیە کە لەبەرامبەر پارتیدا ناوچەی دەسەڵات دروست بکەن.
ئەم ئەنتی پارتی بونەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیر و سیاسیانە بەبێ ئەوەی ئەنتی یەکێتی بن، ئەوا لە کردەوەدا هاوپەیمانی یەکێتین. هاوپەیمانێتی یەکێتیش بەمانای هاوپەیمانی باڵی تاڵەبانیە کە هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی و پێشتر کەرکوکیش بوو. ئەم هاوپەیمانێتیەش ئەمڕۆ کێشەی لەگەڵ لەشکرکێشی عەبادیدا نیە و لە بەغداد لەسایەی پەرلەمان و حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا کە هەموو خەڵکی کوردستان بەتاوانباردانراوە و پلانی ژێردەستەکردنەوەی کوردستان هەنگاوبەهەنگاو دەبەنە پێش کیشەی ئەم هاوپەیمانێتیەی گۆڕان و یەکێتی نیە و بەڵکو لەسایەی ئەم هێرشانەدا ئەوان گرنگ ئەوەیە کە بەشە دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەست دەکەوێ.

سەیری ئەو لەشکرە سیاسی و ڕۆشنبیرە ببینن کە ئارام شێخ محمد،جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقیان داوا لە عەبادی دەکا “هێزێکی تایبەتی سوپای عێراق بخاتە جێگای حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو” و ” سوپاس بۆ برادەرانی حەشدیش قبوڵیانە”، وەک ئەوەی کوشتار و سوتانی ماڵ و بازاڕی خەڵکی کورد لەو شارەدا بەدەست و بڕیاری عەبادی نەبوبێ؟ گوێ لە قسەی وشیار عبداللە پەرلەمانتاری عێراقیان بگرە کە لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی کوردستان دەڵێ ” بەهیوای ئەوەبوین کە عەبادی ئەوەبوو کە جدی بێت لە جێبەجێکردنی دەستوردا دوای ئامۆژگاریەکانی سیستانی “، دیارە سیستانی دژی رفراندوم ئامۆژگاری دابوو بە عەبادی دەستور جێبەجێ بکا و ئەویش بە لەشکرکێشی بۆ سەرکوردستان دەستوری جێبەجێ کرد و بەڵام سەیر لەوەدایە داوای وشیار عبداللە ش هەمان داوای سیستانیە کە دەیەوێ عەبادی دەستور جێبەجێ بکا! ئایا ئەم پەرلەمانتارانەی گۆڕان جگە لە سایەی سیستانی و عەبادی شتێکی تریان هەیە چاوەڕێی دادپەروەری لێ بکەن؟ ئەمە هەمان قسەی مەسعود بارزانی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ە کە وتی سەدام حەکەمە نەک ڕەقیب! بەڕاستی ئەمانە قوتابی یەک قوتابخانەی ٣١ ئابن!. ئەوەتا سروە عبدالواحیدی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی عێراقیان داوای هەڵوێست لە عەبادی دەکا بۆ کارە سەرکوتگەریەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستاندا کردی. لە هاوشانی ئەم گۆرانخوازانەشدا سەیری سەرۆکی “لیستی نەوەی نوێ” بکەن داوا لە عەبادی دەکا با سزاکانی کوردستان بەپێی یاسا و دەستور بێت. ئەوە باسی ئاڵا تالەبانی ناکرێ کە لە پاپ کاسولیک تر بوو بۆ بەڕەسمی ناسینی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراقدا.ئەمە ئەو “بلۆکە مێژووییەیە” کە مەریوان باسی دەکا کە دەبێ دروست ببێ لەم سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی بە ستراتیژی بەرگری نەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و بێدەنگی لە بنەماڵەی کەرکوک فرۆش بتوانن گۆڕانی گەورە دروست بکەن و لە جیاتی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و بنەماڵەیی بازرانی و تاڵەبانی ،کوردستان بخەنە ژیر دەستی عەبادی تا بەجدی دەستوری عێراق جێبەجێ بکا و سلێمانی تەسلیمی بنەماڵەی تاڵەبانی- قاسمی سلێمانی بکەن.

ئایا ئەم پڕۆژەیە وەک پڕۆژەی یەکێتی و پارتی مایەی شەرمی سیاسی و ڕۆشنبیری نیە. ئایا لە شکستی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی و پارتیدا ئەم دیاردەی ڕۆشنبیری دووڕوییە زیاتر داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی دروست نەکردوە. ئەم ڕۆشنبیریە هەرچەند لەناوەرۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ململانێی دەسەڵاتی لەمێژینەی یەکێتی و پارتیە، بەڵام چیتر تەنیا ئەم دوو حزبە هەڵگری ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییە نین. مەریوان و ڕۆشنبیرانی گۆڕان و نەوەی نوێ هێزی نوێی ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییەن. ئەمانە ڕۆشنبیرانێکی دووڕوو و دیماگۆگین بەوەی لەلایەن دژی دەسەڵات و بنەماڵەیەکی کوردی شەڕدەکەن و لەلایەکی ترەوە دەستەمۆی میلیشیا شیعەکان و دەستور و پەرلەمان و حکومەتەکەیان و هاوپەیمانی بنەماڵەی تاڵەبانی-قاسمی سلێمانیشن. ئەمە زەلکاوی ڕۆشنبیری دووڕوە کە چوەتە سەر زەلکاوی ڕۆشنبیری ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی.
کۆمەڵگەی کوردستان لەپاڵ کێشەی سیاسی گەورەی بەرگری دژی داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و لابردنی دەسەڵاتی میلیشیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پارتی و یەکێتی ، ئەمڕۆ پێویستە ئەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەش لەمەیداندا دەربکا و لەجێگایدا ڕۆشنبیریەکی شۆڕشگێڕانە جێگای بگرێتەوە کە باوەڕو ئیرادەی لە خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و خەباتی ئەوان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کوردستان جێگای ئەم داڕوخانە فکری و سیاسی و ڕۆشنبیریە بگرێتەوە.

ڕوداوی شکستی گەیشتن بەسەربەخۆیی لە دوای رفراندۆمەوە بەرئەنجامی مانەوەی هێزی پێشمەرگە و داهاتی کوردستانە لەدەست دوو میلیشیا کە لە پێناو پۆست و نەوت و داهاتدا ئامادەن هەمیشە ٣١ ئابەکان بەسەر کوردستاندا بهێنن و مامەڵە بە ئێستا وئایندەی خەڵکی کوردستانەوە بکەن. هەر ڕۆشنبیریەک و هەر سیاسەت و ستراتییژێک ئەگەر بەرامبەر بە هەردوو بنەماڵە تالەبانی و بارزانی و میلیشیای دەسەڵاتداریان و بەرامبەر بە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان نەوەستێتەوە ئەوا خەڵکی کوردستانەوە بە ناوێکی ترەوە توشی هەمان شکست و تەسلیم کردنەوە دەکا. ڕۆشنبیری دووڕوویی دەیەوێ لە دۆخی شکست و بێ ئومێدیدا دەیەوێ ستراتیژی ژێردەستەکردنی خەڵکی کوردستان بۆ حکومەتی مەزهەبی و شۆڤینیستی عێراق و بنەماڵەی تاڵەبانی هاوپەیمانی گۆڕان جێگیربکا. “کوتلەی مێژوویی” کۆنەپەرستانە دژ بە کوتلەی کۆنەپەرستانەی مێژوویی پارتی ئامادە دەکا. هەر ڕۆشنبیری و سیاسەت و ستراتیژیەکی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی بێت، دەبێ ئەم کوتلەیەی ڕۆشنبیری دووڕوویی و بزوتنەوە سیاسیەکەشی وەک کوتلەی بەیعەتی عەبادی و بنەماڵەی تاڵەبانی – سڵێمانی بخاتە ژیر ڕەخنەوە .

ئاسۆکمال
*١ http://www.speemedia.com/drejaWtar.aspx?NusarID=153&Jmare=3919
*٢ http://www.shafaaq.com/ar/Ar_NewsReader/cc1058ef-0120-47a2-8ef8-7514697ee1c6




كێ شكستی به‌ ریفراندۆم هێنا ؟ … عیماد عه‌لی

به‌كورتیه‌كه‌ی ده‌پرسین؛ پرسی ریفراندۆم بریارێكی واقعیانه‌ بوو له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ یان ناچاری و پاڵنانی خودی بوو ده‌بوایه‌ بدرێت؟ بارودۆخه‌ نێوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كه‌ له‌بار بوو یان سه‌ركێشی و قومارێك بوو بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان و زانینی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی؟ ئایا هه‌مووان دوای جێبه‌جێكردنی ئالیه‌ت و پیاده‌كردنی پرسێكی چاره‌نوسسازی ئاوها، هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌ كراوه‌ و په‌ندی لێوه‌رده‌گیرێت یان ته‌نها وه‌كو پێشتر له‌ لایه‌كه‌وه‌ ملهوری ده‌كرێت و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ته‌نها دژایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ركه‌سێك ئه‌ستۆ پاكی خۆی ده‌رده‌خات و هه‌موو شتێك ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكانی خاوه‌ن رای به‌ڵی و نه‌خێریشه‌وه‌؟ لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆم له‌ رووی سیاسی یان عه‌سكه‌ری زیانه‌كانی ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام كه‌س ده‌زانێت قازانجه‌كانی چی ده‌بێت و كه‌ی ده‌رده‌كه‌ون؟ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ یان كات به‌رێكردنه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كورد به‌ كرده‌وه‌ی عه‌سكه‌ری له‌ كاتێكی تردا، وه‌ك پاش شۆرشی ئیسلامی ئێران و به‌ هه‌مان ریتم و ره‌فتار و بیره‌وه‌ كه‌ له‌ نیازه‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌؟ ناكۆكیه‌كان چه‌ند كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ ناخاڵانه‌ی نێو به‌رێوه‌چونی پرسه‌كه‌ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی چه‌ند په‌رتبونی گه‌لی كوردستانی سه‌پاند و به‌لاریدانی دروست كرد؟ ئه‌وه‌ی زیانی به‌ كۆی پرسه‌كه‌ داوه‌، له‌م كاته‌دا سزا بدرێت یان بهێڵرێته‌وه‌ بۆ كاتی ئاسایی خۆی، یان میله‌ت كه‌فیلی سزادانی هه‌موو كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ دڵۆپه‌یه‌كیش زیانی به‌ پرسه‌ پیرۆزه‌كه‌ گه‌یاندبێت و تاماوه‌ ویژدانی ئازاری ده‌دات؟ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان له‌ده‌ستچوو یان بۆته‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی قه‌ت وازی لێناهێنێت و له‌ هه‌لێكی گونجاودا ده‌گه‌رێنه‌وه‌ ده‌ستی گه‌ل و خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی؟

جارێك ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بیلێین، كه‌ خه‌ون و ئاواتی تۆزلێنیشتووی سه‌ربه‌خۆیی بوژایه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك له‌سه‌ری راهاتبوین ترس له‌ باسكردنی نه‌ما و دونیا له‌وه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌ كه‌ نه‌ خودموختاری و نه‌ش فیدراڵی دادی گه‌لی كورد نادات و رازیبونی به‌م وه‌زعه‌ روكه‌شیانه‌یه‌ و كه‌فی دلی مندالێكی كوردستانیش نامركێنێته‌وه‌. ئینجا؛ ریفراندم بریارێك بوو كه‌ هۆكارگه‌لێكی كه‌سی و حزبی و سۆزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ پشته‌وه‌بوو یان كرده‌وه‌یه‌كی بێ بنه‌ما. به‌ڵێ سه‌ركێشیه‌ك بوو كه‌ ده‌بوا ئه‌مرۆ بێت یان سبه‌ی بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی دڵخۆشیه‌ كه‌ ته‌نها لێكه‌وته‌ی سه‌لبیی نه‌بوو وه‌ك زۆرێك له‌وباره‌وه‌ قسه‌یان كرد، به‌ڵكو ئه‌رێنیه‌كانی ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌ون و، بریاری ریفراندۆم وه‌كو خودی بریاره‌كه‌ نه‌ك ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ كاتی خۆیدا نه‌بوبێت دیاره بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ دونیای هه‌ژاند، دوای ئه‌وه‌ ئه‌توانرێت باسی هه‌ڵه‌ یان راستی قبوڵ نه‌كردنی هه‌ندێك پێشنیار بكرێت وه‌كو نامه‌كه‌ی تیله‌رسون به‌ وردی هه‌ڵسه‌نگێنرێت. به‌ خۆم له‌و باره‌وه‌ رای تایبه‌تیم هه‌یه‌ و له‌ كاتی خۆیدا باسم كردووه‌ و دواتر له‌كاتی گونجاودا به‌ وردتر باسی ده‌كه‌م، كه‌نوسینم له‌سه‌ر هه‌یه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ و لای چه‌ند كه‌سێك شته‌ تایبه‌تیه‌كانیم دركاندوه و لێره‌دا دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌ و باسكردنی له‌م كاته‌دا به‌ شێوه‌یكی تر لێكده‌درێته‌وه‌.

به‌ گشتی له‌ مه‌ودا مێژووییه‌كه‌ی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م پرس وبریاره‌ وه‌ك پشكۆی نه‌كوژاوه‌ی كانووی گردان له‌ ئان و ساتی خۆیدا گره‌كه‌ی ده‌بوژێته‌وه‌ . ‌بۆ لایه‌نه‌ یاساییه‌كانیشی هه‌رچیك بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان هیچ ئه‌رزشێكی نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریاردانی سه‌ربه‌خۆیی واته‌ جیابونه‌وه‌ له‌ وڵاتێك كه‌ دواتر یاساكانی هیچ واتایه‌ك بۆ تۆ نابه‌خشێت( هه‌رچه‌ند ئێستا ته‌نانه‌ت داداگاكانی ناوه‌ندی عیراقیش ناڵین پرسی ریفراندۆم ناده‌ستوریه‌) . كاردانه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه‌ سه‌ركێشی بووه‌ و شكستێكی كاتیه‌و ئه‌گه‌رێكی ده‌ره‌نجامه‌كان هاته‌دی و زیانی گه‌وره‌ش له‌ وه‌زعه‌ مادیه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ مه‌ودایه‌كی كورت ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رامبه‌ردا قازانجی گه‌وره‌ی له‌ فرێدانی فیدرالیزم و حوكمی زاتی و پینه‌وپه‌رۆكانی تر دا ده‌ره‌ده‌كه‌وێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌مرۆ به‌دواوه‌ ناوێرێت و وژدانی خۆی و گه‌لی كوردستانیش رێگه‌ی پێنادات ته‌پڵی ئه‌و جۆره‌ شیعارانه‌ لێبدات، كه‌ به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئێكسپایه‌ر بوون. واته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌هه‌موو باره‌كانیاوه‌، په‌رینه‌وه‌ بۆ قۆناغی پۆست فیدراڵی هاته‌دی و ریفراندۆم ئه‌ڵقه‌ی پێكه‌وه‌ لكاندنی گه‌لانی عیراقی پچراند.

به‌ ده‌ست له‌كار كیشانه‌وه‌ی بارزانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی نامرێت و بگره‌ له‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ كه‌سه‌وه‌ رزگاری ده‌بێت و وه‌ك تاكه‌ ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی عه‌رابی بوو، هه‌ڵوێستی نارازی كاتیان هه‌بوو، ئه‌مرۆ زیاتر به‌ خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌ و هه‌موو شتێك له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆییدا ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ڵوێستیان نواند ئه‌مرۆ چاوه‌رێی هه‌لی گونجاو ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی پرسه‌كه‌ دیاری بكه‌ن و به‌ ناراسته‌وخۆش بێت له‌ لاشعوری خۆیاندا فیدرالیزمیان تورداوه‌.
ئه‌وه‌ی گره‌و له‌سه‌ر ئاساییبونه‌وه‌ی وه‌زعی عیراق بكات، بۆ نه‌هێشتنی هه‌لی دووباره‌ بوژانه‌وه‌ی وه‌زعی كوردستان و دووباره‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر رێره‌وی راستی خۆی” له‌ ئێستاوه‌ دۆراوه‌” به‌ڵكو گرفته‌كانی عیراق له‌م ناوچه‌ داگیركراوانه‌دا، ململانێیه‌كی سه‌ختر له‌ نێوان خۆیندا دروست ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه‌ ئێران و توركیاش ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ناكۆكیه‌كانی جاراینان و جگه‌ له‌ كێشه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك پرسێكی خه‌ته‌رناكی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا پاش ده‌ركه‌وتنی ئاسۆكانی سوریا، ته‌نانه‌ت هاوكێشه‌كان یه‌كترده‌برن و به‌ پشێویه‌كی گه‌وره‌تر و هه‌یه‌جانێك كۆتایی دێت كه‌ له‌ هه‌ناویدا گۆرانكاریه‌ چاوه‌روانكراوه‌كه‌ بێته‌دی و كوردیش قازانجی لێده‌بینێت .

وه‌زعی نێوخۆی كوردستان له‌م باره‌وه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا خولده‌خواته‌وه‌ و هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی واقعی له‌ئارادا نیه‌ ولایه‌نه‌كان تاوێك كۆك و تاوێك ناكۆك به‌رده‌وام ده‌بێت و تاوه‌كو كۆی گشتی گۆشاره‌ی فكر و بیری خه‌ڵك وابێت هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ خاوه‌ن ده‌نگی میله‌ت ده‌بن و گۆرانكاری نێوخۆیی و زۆر كه‌م نه‌بێت هیچ ئاڵوگۆرێكی ریشه‌یی نابینین و ئه‌م حزبانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ تۆزێك له‌رزینه‌وه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان ده‌ته‌پن . مه‌گه‌ر له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ گۆرانێكی جۆری ببینین و حزبه‌كان ناچاربن له‌ كاری رۆژانه‌ی خۆیاندا پیداچونه‌وه‌ بكه‌ن.
بۆ گفتوگۆش له‌گه‌ڵ به‌غدا” ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ئه‌وان تا ئێستا ئاماده‌ی هیچ نین جگه‌ له‌ كات كوشتن و هه‌وڵدان بۆ زه‌لیلكردنی گه‌لی كوردستان پێش دسه‌ڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر تاسه‌ر بۆیان بچێته‌ سه‌ر و له‌م ماوه‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له‌ پێشه‌، هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادایه‌ بۆ فرتوفێل كردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی یه‌كتر و موزایه‌ده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا . بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌بێت و، له‌ولاشه‌وه‌ نوێنه‌رانی كورد به‌م كه‌ره‌سه‌ و كاره‌كته‌رانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، جگه‌ له‌ ملكه‌چی و زه‌قكردنی ناكۆكیه‌كانیان و نه‌خویندنه‌وه‌ی یه‌كتر و گواستنه‌وه‌ی ناته‌بایی نێوخۆیی كوردستان بۆ به‌غدا هیچ به‌رهه‌مێكیان نه‌بوو ه‌ و نابێت، به‌ڵكو بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ ره‌فتاری وامان بینی كه‌ له‌م كاته‌دا ناكرێت ناوزه‌دیان بكه‌یت به‌ چی ناو ببرێن باشه‌.

ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ له‌م پرسه‌ و ده‌ركه‌وته‌ و لێكه‌ته‌كانی، بیركردنه‌وه‌ و بۆچون و ره‌فتار و عه‌قلیه‌ت و مامه‌ڵه‌ی تاك و كۆی گه‌لی كوردستان و پله‌ی پابه‌ندبون به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كان و باوه‌ربون به‌ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نه‌وه‌ی دوارۆژ چه‌ند بووه‌ له‌ لای ئه‌م لایه‌ن و جه‌ماوه‌ر و كادر و ئه‌ندام و تاكی حزبی كوردیه‌وه‌. ئه‌وه‌ی زۆرتر و به‌جوانی ده‌ركه‌وت و له‌كاتی وادا نه‌بێت روون نابێته‌وه‌” كه‌ لایه‌ن و كۆمه‌ڵ و ره‌وتی وا بۆ خه‌ڵك به‌ گشتی ئاشكرابوون كه‌ نه‌ خه‌تی سوور و نه‌ بنه‌مای جێگیر؛ واته‌ سه‌وابتیان نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هۆكاری ته‌سكبینیه‌وه‌ دژه‌به‌ریان ده‌كرد، كه‌چی بۆ به‌ راست و ره‌وا پیشاندان و هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر ئه‌ڵته‌رناتیڤێكیان بۆ پرسه‌كه‌ و رێره‌وی سیاسی كوردستان پێنه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ واته‌ قه‌زیه‌یان نه‌بوو، ته‌نها بۆ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی و ئیدعای كویرانه‌ نه‌بێت هیچ بیروباوه‌رێكیان لاده‌ست ناكه‌وێت، بۆ خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ بۆ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ش خه‌ڵك و لایه‌نی ره‌سه‌ن و خاوه‌ن بیروباوه‌ری ده‌وێت .




یارییه‌كی خۆش و به‌سوود … نوسینی/میس موید

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌ … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی …

كوڕانی گه‌ڕه‌ك بڕیاریاندایاری تۆپی پێ‌ بكه‌ن،بۆیه‌ ده‌بووهه‌ریه‌كه‌یان له‌ماڵه‌وه‌ پێویستییه‌ك بهێنێت كه‌له‌یارییه‌كه‌داگرنگه‌،بۆنموونه‌،یه‌كێك تۆپ،یه‌كێكیترفیكه‌،یه‌كێك ده‌ستكێشی گۆڵچی ویه‌كێكیتر هێماكانی گۆڵ وهه‌تا دوایـــــــــــــی…
كاتێك ویستیان تیپه‌كه‌یان پێكبهێنن،مشتوومڕكه‌وته‌نێوانیانه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كێ‌ بكرێته‌ سه‌رۆك تیپ؟
سه‌رئه‌نجام بڕیاریاندا،هه‌ركه‌سێك پێویستییه‌كی هێناوه‌ له‌هی هه‌مووان گرنگتربێت،ئه‌وببێت به‌ سه‌رۆك تیپ،دواجار به‌بیانووی پێویست نه‌بوونه‌وه‌ كه‌وتنه‌ لابردن وڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌یه‌كه‌ی پێویستییه‌كان.
یه‌كه‌مجارلابردنی فیكه‌ی ناوبژیوان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ناوبژیوان ده‌توانێت له‌بری فیكه‌به‌هاوار
ئاگاداریان بكاته‌وه‌.پاشان وتیان:گۆڵچی به‌بێ‌ ده‌ستكێش ده‌توانێت تۆپ بگرێت.

ئینجالابردنی هێڵی گۆڕه‌پان وهێمای گۆڵ وله‌جێگه‌یدا دانانی دووبه‌رد.به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوون تابڕیاریاندا كه‌له‌بری تۆپه‌كه‌ش هه‌رشتێكی تری وه‌ك تۆپ خڕ به‌كاربهێنن.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستیانكرد به‌یارییه‌كی پڕله‌ده‌نگه‌ده‌نگ وپێشێلكاری یاساكانی تۆپی پێ‌.
له‌وكاته‌داپیاوێك كه‌له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا به‌لایاندا ڕه‌تبوو،به‌منداڵه‌كه‌ی وت:ئه‌م منداڵانه‌ ناتوانن به‌بێ‌ تۆپی ڕاسته‌قینه‌ یاریی بكه‌ن!گه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبن،ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ فێری
یاری تۆپی پێ‌ ببن.

كه‌منداڵان گوێیان له‌قسه‌كانی پیاوه‌كه‌بوو،هه‌ستیان كرد كه‌یارییه‌كی خۆشیان گۆڕیوه‌ به‌یارییه‌كی نازانستی بێبه‌ها كه‌هیچ چێژێكی وه‌رزشی تێدانییه‌،بۆیه‌ هه‌رزوو بڕیاریاندابۆچوونه‌ نابه‌جێكانیان بخه‌نه‌لاوه‌و سه‌رله‌نوێ‌ یارییه‌كه‌ به‌هه‌مووپێویستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.
تێگه‌یشتن ئه‌وكاته‌ یارییه‌كی خۆشده‌بێت،به‌مه‌رجێ‌ بیرله‌وه‌نه‌كه‌نه‌وه‌ كێ‌ جوان یان ناشیرین یاریی ده‌كات،به‌ڵكو بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كێ‌ ڕێز له‌یاساكانی وه‌رزش ده‌گرێت.

————————————
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(190)ی گۆڤاری{په‌پوله‌}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




باران لەدووەم بڕگەیدا بەفرە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

یەکەم جاری باران
هەورێکە؛
بوخچەی دەستپێکی وردە پیتەکانیەتی!…
وردە پیتەکانی…
لەناخیا هەوری داهێنان هەڵدەکات و
لەچاویا فرمێسکی سپی تاو تاو دەبنە جۆگە!…
جۆگەیەک بەزەویی گۆنایدا ڕێ ئەکات!…
دووەم جاری باران
هەور ئەبێ بەتەم و مژ
لەهەناویا بەفر ئەزێت!…
بەڵی بەفر…
کراسێکە…
لەسەرمادا باران بۆخۆی دەی دوورێ!…
کراسێک….
بوک تارایی تەزووی خۆزگە ئەگوشێت!…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ
کەسەیوانە هەڵنەگرم!…
ئایا چی لەوە جوانترە
برژانگەکانی چاوی ئەو
لێکدی ئایێر بکەمەوە!؟…
برژانگێ گرێکانیان دڵۆپی بارانن!…
هەر بەتەنیا بیرت ئەکەم…
هەر بەتەنیا ناوت دێنم…
هەر بەتەنیا دەتنوسمەوە!…
هەر بەتەنیاش بۆت دەگریێم!…
تۆ نادیاری ومن لەبەرخۆم
هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە!…
دەتۆش تەنیا وەرە!…
بەهاتنت…
ئەم زستانەم
وشە گیان مردووەکانی ژیاندەوە!…
لەم وشانەوە…
هاواری بۆ چاومەو دەڵێ:
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە!…
لەناوەڕاستیا ئازاری دەروون
ئەبێ بەتەزینی تەزرەو
کراسێکی تەرز لەبەفر!…
ئەزانی لەئامێزی باران
پڕ دەبین لەهەست وخۆزگە!؟…
ئیتر من لەم زستانەمدا
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی!…
هەر ئەوە نا
پاشێ وێکڕا
نیشتیمانێک سەرلەنوێ دروست ئەکەین!…
ئیتر من ناچمە ژوورەوە
تا ئەو شەوەی
لەساماڵی سایەقەی شەوێکیا بەڕووم هەڵدێ و
لەباڵاما بەرگە تریفەی مانگ ئەبڕێ و
بەداوی عیشق
بۆ باڵای نیشتیمانە تازەکەی ئەدوورێ!..
ئێستا ژیان زستانێکە
لە ئامێزیا دانیشتنێک هەیە!…
دانیشتنێک…
نیسکافە بەرمەجلیسیەتی و
بەبارانیش پێکەنینی ئازارەکان ئەشواتەوەو
بەفر ئەکاتە کراسی گوڵ!…
دڵسۆزی وتاسە
تەنیا وەرزێکی بەنازیان هەیە…
وەرزی زستان!…
بۆچی بەم ڕاددەیە پەلەمان کرد؟!…
ئەمڕۆ
سەرەتایەکی نادیارو ناڕۆشنە!…
نیگا بگۆڕە…
بەیانی کۆتایێکی ڕۆشن ودیار !…
تۆ نادیاری و
من لەبەرخۆم هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە !…
ئەم زستانە
وشە گیان مردووەکانمی ژیاندەوە !…
وەرن عاشقان ببیستن!..
ئەوە پێکەنینی ئەوە
لەجۆگەی عەشق هەڵی بەستوە!…
ئەوە مەستانەیە
سەرتاپای درەوشانەوەیەو
هەستی لێ ئەڕژێ هەست!..
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە !…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ کەسەیوانە هەڵناگرم !…
هێشتا هەر لەژێر سێبەری چاوەڕوانی
چاوەڕێی قەدەرێ ئەکەم!…
هەر وەک خۆم دەمێنم دەم بەخەندەو بزە !…
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی !…


بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

کۆتایی پاییزی ١٢ ی ٢٠١٣ ئیسکەندەریە




کورتەنامەی شیعریی … بەشی حەوتەم … فەتاح حەسەن

حەزدەکەم، وەك داشەهارە..
گشت خەمەکانت بخۆم.
*
لە هەموو شتێکی ژیانمدا
دەتوانم میانڕەو بم
لە خۆشەویستیدا نەبێت،
ناتوانم..
زیادەڕەو، نەبم.
*
دێم، خانمەکەم دێم
بەرەو ئەو هەوارەی
تامزرۆییم
بێگومانم، ئەو هەوارەش
هەر بەتەنها.. دڵی تۆیە.
*
هەرکات وێنەکێش، توانیی
وێنەی شنەی با.. خشەی گەڵا،
سروەی گوڵ بکێشێت
ئەوکات
دڵم دەبێت بەبەرد، لەئاستی تۆ.
*
شەو راشکاوە
خەلکی هەموو نووستون
تەنها، من بێدارم
بیر لە تۆ دەکەمەوە و بەس.
*
ئەو ساتانەی کە، دڵتەنگم
نە گوڵ جوانە لەلام،
نە بۆنی خۆشە .. رێحانە.
*
هەندێك جار بایەخدانی کەسێك
خۆشترە لەوەی، کە، پێتبڵێ:-
خۆشمدەوێی.
*
بیرلەمن دەکەیەوە
هێندەی بیردەکەمەوە لەتۆ؟
گیانم ئازیزە لات
هەروەکوچۆن.. گیانت،
ئازیزە لام؟
*
وەرەبۆلام.. یان، دێم بۆ لات،
دەنا..
بەرگەی بێ تۆیی ناگرم.
*
بە هاتنت ئاواتەخوازم
هەرچۆن ئاواتەخوازی
شەق بردنی ناحەزانتم،
دەسا وەرە..
ناحەزانمان ، با شەق بەرن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای یه‌ك … سه‌ردار جاف

له‌ گوڵدانی بوغزه‌كانما
تۆپه‌ لۆكه‌ی تۆیه‌ تیایدا چرۆ ده‌كه‌ن
له‌ نێو سه‌فه‌ر و غوربه‌تی یاداشته‌كان
له‌ فڕگه‌خانه‌ی چاوه‌كانما
باڵه‌كانت ده‌كرێنه‌وه‌
له‌ كه‌ناری په‌نجه‌ شه‌قار بووه‌كانما
هه‌ناسه‌ی تۆن گه‌رمگه‌رم دایده‌پۆشن
له‌ سه‌رانسه‌ری لیوه‌ ره‌نگ قاوه‌تاڵ نیشتووه‌كانما
ده‌نگی لێوی هه‌نگوینی تۆن به‌ سه‌ریانا خڕ بۆته‌وه‌
له‌ سه‌ر سینگه‌ چیمه‌نییه‌كه‌م
جوتێ به‌ی ناسك رۆنیشتوون
له‌ چه‌قی دڵی بیًبه‌زیی و پڕ ڕكا
دڵی په‌شمه‌كینی تۆن تواونه‌ته‌وه‌
له‌ گڵێنه‌ی چاوه‌ مۆڕ بووه‌كان
ئه‌شكی په‌شیمانی دوێنێی تۆی گرتووه‌
له‌ قۆڵبه‌ندی تێكئاڵانی باڵه‌كانما
له‌ ئاوێزانی ئامێزتا خۆ ده‌بینم
له‌ره‌ی جووتێ مه‌مكی سرتن
له‌ نێو له‌پم هه‌ر به‌ سانا نیشتۆته‌وه‌

Deutschland – Limburg
3- 11 – 2017




ئاشتیمان دەوێ … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمــە ئــاشــتـیــمـــان دەوێ
چونکە ژینـمـان خـۆشـدەوێ

بــا نـەمێـنـێ شــەڕو جـەنـگ
دەبـــا بێـدەنـگ بــێ تـفـەنـگ

هــەمــوو لــە ئـامێـزی خــاک
بــژیــن بـــە دەروونــی پــاک

بـڵـێـیـــن بـــــــژی تــەبــایــی
خـۆشـەویسـتـی و بـــــرایــی

چـونـکــە هــەر پێکـەوە ژیان
شــــادیـیـە بـــــــۆ دڵ و گیان

ڕۆستەم خامۆش / هەولێر 2017




دواشه‌وه‌كانی ژیانی قه‌زافی له‌ڕۆمانێكدا …. سەدیق سەعید ڕواندزی

ته‌مه‌نی دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان، هه‌رچه‌نددرێژبێت،هه‌رچه‌ند بخایه‌نێت،ڕۆژگارێك دێت له‌به‌رده‌م ڕق ‌و تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر خۆیان ناگرن‌وكۆتاییان پێدێت‌وده‌چنه‌ زبڵدانی مێژوو.سه‌رده‌مانێك عێراقییه‌كان، خه‌ونیان به‌ڕووخانی به‌عس‌و سه‌ددامه‌وه‌ ده‌بینی.سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌ونه‌ هاته‌دی‌و چاره‌نووسی سه‌دداممان بینی چۆن بوو؟ له‌ كوێ خۆی حه‌شاردابوو؟ له‌كاتێكدا خۆی به‌ قاره‌مان‌و به‌رگریكاری ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب ده‌زانی.

لافی ئه‌وه‌ی لێده‌دا، كه‌ كۆڵان به‌ كۆڵان، شه‌ڕی دوژمنه‌كانی ده‌كات.یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان جه‌لادێكی گه‌وره‌ن‌و كاتێكیش ڕووبه‌ڕووی هێڕشێكی ده‌ره‌و ده‌بنه‌وه‌، هێنده‌ بوده‌ڵه‌و ترسنۆك‌ولاواز‌و بێ ده‌سه‌ڵاتن، كه‌ مرۆڤ گومان ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانه‌ بن كه‌ ڕۆژگارێك به‌ ئاگر‌و ئاسن، گه‌له‌كه‌یان ده‌كوشت‌و مرۆڤییان به‌جۆره‌ها شێوه‌ی هۆڤییانه‌ ئازار ده‌دا. قه‌زافی خۆی به‌ پێشڕه‌وی گه‌لانی ئه‌فریقی ده‌زانی.گاڵته‌ی به‌ سه‌رۆك‌وڵاتان ده‌كرد. له‌ نێو باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان،وتاری ده‌داو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كردوو كاغه‌زی وتاره‌كانی ده‌دڕی‌و فڕێده‌دا، كه‌چی بینیمان له‌ تونێڵێكی ئاووئاوه‌ڕۆ، وه‌ك جورج خۆی حه‌شاردابوو. كاتێ ده‌ستگیركرا، مێردمنداڵانی لیبیا گاڵته‌یان پێده‌كرد.

ئه‌گه‌رچی بۆ مێژوو به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌بێ دان به‌و ڕاستییه‌ دابنێین، كه‌ قه‌زافی وه‌ك سه‌ددام نه‌بوو. ئه‌و ته‌نها له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ نه‌یارانی ده‌كوشت‌ودژ به‌ بیروباوه‌ڕیان ده‌وه‌ستایه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕووی كارگێڕی ئابوورییه‌وه‌، خزمه‌تێكی زۆری لیبییه‌كانی كرد له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌.به‌درێژایی هه‌زاروچوارسه‌د كیلۆمه‌تر، ئاوی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ بیابانه‌ وشك‌وگه‌رمه‌كانی دوورترین ناوچه‌ی باشووری لیبیا هێنابوو.

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی كشتوكاڵی‌و گه‌شتوگوزاری، هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.تاڕاده‌یه‌كی زۆری گرفتی بێ كاری‌و نه‌بوونی شوێنی نیشته‌ جێبوونی چاره‌ سه‌ركردبوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وانه‌ هه‌مووی به‌هادارتره‌ ئازادییه‌. مرۆڤ باهه‌مووشتێكیشی هه‌بێت، كه‌ ئازاد نه‌بوو بایه‌خی چییه‌. قه‌زافی،كه‌ بۆ ماوه‌ی چل‌ودووساڵ(1-9-1969تاكو20-10-2011)، فه‌رمانڕه‌وایی لیبیای كرد، خه‌سڵه‌تی كه‌سیه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی سه‌یری هه‌بوو. بۆنموونه‌: ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ی له‌ به‌ری ده‌كرد، هه‌مووی به‌نه‌خشه‌ی كیشوه‌ری ئه‌فریقیا نه‌خشێنرابوون.پاسه‌وانه‌كانی هه‌موویان ژن بوون.به‌درێژایی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕازی نه‌بوو پێی بوترێت سه‌رۆك.به‌ڵكو هه‌مو گه‌لی لیبیا‌و داموده‌زگاكانی وڵات، به‌ ده‌سته‌واژه‌ی(برای سه‌ركرده‌ی شۆڕش بانگییان ده‌كرد). ئه‌و له‌پایته‌ختی لیبیا له‌ ژێر چادرێك ده‌مایه‌وه‌و دیداره‌كانی ڕێكده‌خست.

سه‌یر له‌ودابوو بۆ هه‌روڵاتێك سه‌فه‌ری بكردایه‌، ده‌بوو ئه‌و چادره‌ی پێ بوایه‌ بۆ دانیشتن. ئه‌مانه‌و زۆر خاسیه‌تی دیكه‌ی سه‌یری هه‌بوون. به‌داخه‌وه‌ دوای قه‌زافی بارودۆخی لیبیا نه‌ك هه‌ر نه‌گۆڕا، بگره‌ ئێستا وێرانه‌یه‌ك ‌و گه‌ ڕه‌لاوژێیه‌ك له‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، كه‌س به‌ كه‌س نییه‌. رۆِمانی (دواهه‌مین شه‌وی سه‌رۆك) كه‌ له‌نووسینی نووسه‌ری جه‌زائیری(یاسه‌مین خه‌زرایه‌) باسی شۆڕشه‌كه‌ی لیبیاو دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی قه‌زافی ده‌كات. كاتێ هاووڵاتییانی لیبیاده‌ستییان به‌ڕاپه‌ڕین كرد.

ئه‌م ڕۆمانه‌ كه‌له‌ ده‌می كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی هه‌رخودی قه‌زافی خۆیه‌تی.ئه‌و كاتانه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌شێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی كه‌ پێشترله‌ گه‌ڵی له‌ده‌سه‌ڵات بوون، له‌ قوتابخانه‌یه‌ك، له‌ ترسی شۆڕشگێڕه‌كان‌و بۆردوومانه‌كانی هاوپه‌یمانان خۆیان حه‌شارداوه‌. ته‌نانه‌ت نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ناوی هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی ناوه‌،كه‌ به‌ شێك بوون له‌ داروده‌سته‌ی قه‌زافی. وه‌ك:(ئه‌بوبه‌كریونس جابر، كه‌ وه‌زیری به‌رگری بوو،موعته‌سم‌ومه‌نسوور كه‌ كوڕه‌كانی خۆی بوون،هه‌روه‌ها ژنه‌ پاسه‌وانه‌كانیش،موقه‌ده‌م تورید)‌و گه‌لێك كاره‌كته‌ری تر. قه‌زافی كه‌ پێشتر ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بووه‌،ئیدی ئێستا سه‌رۆكێكه‌ له‌ هه‌موو كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌گومانه‌. ئه‌و خه‌یاڵ ده‌كات‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ی مولازمی یه‌كه‌م بووه‌و دواتریش كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌ دژی شائیدریس سه‌نووسی به‌رپا ده‌كات‌و ده‌بێته‌ سه‌ركرده‌ی شۆڕشی لیبیا.

قه‌زافی له‌ ڕێی ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ دێنێته‌ به‌رچاوی خۆی، كه‌ تیایدا سه‌ركرده‌ی لیبییه‌كان بووه‌وبه‌ دیدی خۆی هه‌میشه‌ له‌ نێو دڵ‌وده‌روونی لیبییه‌كان دابووه‌. بۆیه‌ ناتوانێ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێ كه‌ ئێستا له‌ چ باردۆخێك دایه‌.چۆن له‌ ترس یاخی بووان خۆی حه‌شارداوه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ییه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ بۆ ڕابردوو، هه‌وڵێك بێت بۆ له‌یادكردنی ئێستا.ئێستایه‌ك كه‌ وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز له‌ ڕابردووی هه‌یه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر، قه‌زافی بۆیه‌ ده‌گه‌ِرێته‌وه‌ ڕابردوو، تا ئه‌و واقیعه‌ له‌ یاد بكات كه‌ ئێستا تیایدا ده‌ژیت. ئه‌و چونكه‌ بۆ ماوه‌ی چل‌و دوو ساڵ به‌به‌رده‌وامی له‌ ڕوانگه‌ی خۆی برای سه‌ركرده‌ی شۆڕش بوو، چۆن ده‌بێ ئێستابه‌ ترسێكی زۆره‌وه‌ له‌ ژیانی خۆی له‌ قوتابخانه‌یه‌ك خۆی حه‌شاربدات.

قه‌زافی ده‌ڵێت:( لیبیا به‌ بێ من نه‌گبه‌تیه‌كی بێ ناوو ئایینده‌ییه‌). دیكتاتۆره‌كان چونكه‌نیشتمان‌و گه‌له‌كه‌یان بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كه‌سیه‌تی خۆیان، ئیدی واهه‌ست ده‌كه‌ن، به‌نه‌مانی ئه‌وان نیشتمانیش نامێنێت، چاره‌نووسی گه‌لیش نادیار ده‌بێت. بۆیه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌ودیگایه‌ له‌ مێشكی هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یان بچه‌سپێنن. ترسێك دروست ده‌كه‌ن، كه‌هه‌ر كاتێ ئه‌وان نه‌مان نیشتمانیش نامێنێ. له‌ كاتێكدا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ساڵانێكی زۆره‌ شكۆی نیشتمان نه‌ماوه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێ له‌ نزیكه‌كانی قه‌زافی ده‌ڵێت:( هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ناتوانم لیبیایه‌ك بهێنمه‌ به‌رچاوی خۆم تۆی تێیدا سه‌رۆك نه‌بیت) یاخود ده‌ڵێت:(من له‌ ژیانی سیاسیم هه‌رچیم كردووه‌ بۆتۆبوو نه‌ك بۆ نیشتمان)ئه‌و شوناسه‌ بۆ تاك، به‌ شێكی گه‌وره‌ی شوناسی مرۆڤه‌كانه‌له‌ وڵاته‌ سته‌مكاره‌كاندا.

شوناسێك كه‌هه‌میشه‌ خۆی به‌ بچووك‌و زه‌لیل ده‌بینێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و هه‌یمه‌نه‌ی سه‌رۆكدا. ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌وترس‌و سامه‌یه‌، كه‌ له‌ دڵ‌و ده‌روونی تاكه‌كان،له‌كاردانه‌وه‌ی سته‌مكردنیان دروست ده‌بێت. ترس له‌ جه‌لادو سته‌مكاریش كۆتایی نایه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك (جوبران خه‌لیل ) له‌ كتێبی (په‌یامبه‌ر)دا ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا ده‌بێ ترسی ناخمان بشكێنین، یاخود گه‌ر بمانه‌وێ ته‌ختی سه‌رۆكێكی سته‌مكار بڕووخێنین، ده‌بێ سه‌ره‌تا دیواره‌كانی ناخمان بڕوخێنین). پاوڵۆ فرێریش له‌په‌رتووكی( پێداگۆگی سته‌ملێكراوان)ده‌ڵێت:( تراژیدیترین دۆخی سته‌مكاری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سته‌ملێكراوان له‌ سته‌مكاریه‌كه‌یان ڕادێن‌و خه‌یاڵی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ژیاون).ئیدی كه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌كه‌ی ڕاهات، ئه‌وا ده‌بێته‌ قوربانییه‌كی هه‌میشه‌یی.

كه‌ ئه‌مه‌ش دوا ترۆپكی دۆخی سته‌مكارییه‌. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌بزانین سه‌ره‌نجام سته‌مكاره‌كان له‌ ناو ده‌چن. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خه‌سڵه‌تی سته‌مكار نه‌رجسیه‌ته‌. واته‌ خۆخۆشویستن‌وخودگه‌رایی تا ڕاده‌ی خوایی بوون. ئه‌وان واهه‌ست ده‌كه‌ن، هێزێكی نادیار‌و ئه‌زه‌لی بۆ هه‌تایه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێداون. یاخوود بوونی ئه‌وان نیعمه‌تێكی خودایه‌ بۆ گه‌له‌كه‌یان.بۆیه‌ هه‌ندێ كات خودگه‌راییان ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌خۆیان له‌ سه‌رووی مرۆڤه‌كان ده‌بیننه‌وه‌. قه‌زافی له‌و ڕۆمانه‌دا ده‌ڵێ:(من موسابووم له‌ شاخه‌كان هاتمه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام له‌ بڕی له‌وحی شه‌ریعه‌ته‌كان،كتێبی سه‌وزم پێ بوو!) یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی په‌یامبه‌رانی پێ ده‌ناسرێنه‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی بڕوادارانه‌وه‌، په‌رچووه‌.كه‌جیایان ده‌كاته‌وه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی. قه‌زافیش خۆی به‌ موسا ده‌چوێنێت‌و ڕه‌نگه‌ گه‌له‌كه‌شی به‌شوێن كه‌وتووانی فیرعه‌ون زانیبێت. به‌ڵام قه‌زافی نه‌یتوانی وه‌ك موسا فیرعه‌ونه‌كان له‌ناوبه‌رێت. به‌ڵكو ئه‌و كۆماره‌ی به‌ خه‌یاڵی خۆی بۆ گه‌له‌كه‌ی دامه‌زراندبوو، هه‌روه‌هادوای هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ به‌ تێگه‌یشتنی خۆی،ئێستا چی ده‌بینێت؟ خیانه‌تی گه‌له‌كه‌ی.

هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌كانی. بێگومان قه‌زافی ئه‌وكاته‌ی ڕێبه‌ری لیبیاش بوو، به‌رده‌وام خۆی وه‌ك رزگاركه‌ری ئه‌فریقییه‌كان‌و عه‌ره‌ب ده‌بینی. ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی به‌ شێكی زۆری سه‌ركرده‌‌و دیكتاتۆره‌كانی عه‌ره‌ب بوو. كاتێكیش كه‌وتنه‌ به‌ر ڕق‌وتووڕه‌یی گه‌له‌كه‌یان، ئیدی له‌ په‌نهاترین‌وقێزه‌وه‌نترین شوێن خۆیان حه‌شارده‌ده‌ا. هه‌موومان بینیمان سه‌ددام‌و قه‌زافی له‌ كوێ دۆزرانه‌وه‌.ئه‌و ڕۆمانه‌ كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی هه‌رخودی قه‌زافی خۆیه‌تی،دوایین ساته‌كانی ژیانی قه‌زافی باسده‌كات كاتێ له‌ترسی یاخی بووان خۆی حه‌شارداوه‌. تاكو دواتر له‌وشوێنه‌ ده‌رده‌چن‌و له‌ كۆتاییشدا له‌تونێڵێكی تاریك‌و لاچه‌پ ده‌یدۆزنه‌وه‌و سه‌ره‌نجام به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر كۆمیدیانه‌ ده‌یكوژن.

به‌ بڕوای من په‌یامی ئه‌و ڕۆمانه‌ هه‌رته‌نها بۆ خوێنه‌ر نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وسه‌رۆكه‌ سته‌مكارانه‌یه‌، كه‌ هه‌رگیز كورسی فه‌رمانره‌وایی جێ ناهێڵن‌و گه‌له‌كه‌یان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌.كاتێكیش ڕووبه‌ڕووی دوژمنێكی ده‌ره‌كی ده‌بنه‌وه‌، هێنده‌ ترسنۆك‌وبوده‌ڵه‌ن،شوێن نامێنێ خۆیانی لێ حه‌شار نه‌ده‌ن. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ په‌یڤێك له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌وه‌بڵێم. ئه‌و كتێبه‌ به‌زمانێكی كوردییانه‌ی یه‌كجار ڕه‌وان‌و پاراو وه‌رگێڕدراوه‌.وه‌ڕگێڕانێك كه‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات بێ گرێ‌و گۆڵ له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌ بگات. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی وه‌رگێڕی كتێبه‌كه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێڕه‌ به‌تواناو لێهاتووه‌كانی دنیای وه‌رگێڕانی ئێمه‌‌و تا ئێستا چه‌ندین كتێبی بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕاون.

——————————————————————–
په‌راوێز/ دواهه‌مین شه‌وی سه‌رۆك/ نووسینی یاسه‌مینه‌ خه‌زرا/ وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی/ بڵاوكراوه‌ی ئه‌ندێشه‌ 2017.
*له‌ میانه‌ی خوێنه‌وه‌ی پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌، هه‌ستم به‌وه‌كرد كه‌ ساڵی له‌دایكبوونی نووسه‌ره‌كه‌ كه‌ 1995نووسراوه‌، هه‌ڵه‌بێت. چونكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رواره‌كانی دیكه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌..




عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ٢٢ کتێب و نامیلکەی خۆی چاپ دەکات

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ ، ئەو نووسەرەی لەماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سیانزە کتێبی لەلایەن دەزگا ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان لە کوردستان چاپ و بڵاو کراونەتەوە، دوای خولقاندنی ئەو وەزعە بێ مانایایەی کوردستان لەسەر دەستی حیزبە گەندەڵکارەکانی کوردستان و پێکهێنانی قەیرانی داراریی کە بووە مایەی گۆچبوون و شەلەل بوونی سەرتاپای دەزگا ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان، لە سێ مانگی ڕابردوودا، ( تەمموز و ئاب و ئەیلوولی ٢٠١٧)هەستا بە چاپ کردنی ٢٢ کتێب و نامیلکەی خۆی بە تیراژی دوو دانە هەر بۆ ئەوەی نەفەوتێن، تا ئەو کاتەی ئەو دەزگایانە دەکەونەوە کار و کتێبەکانی چاپ دەکەن.
شایانی باسە ئەم بێ دەربەستییەی دەسەڵاتی کوردیی دەرهەق بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی جگە لە نووسەرە کاسەلێسەکانی حیزبەکان کە هەمیشە ستایشی دەکەن، مایەی ڕق و نەفرەت و بێزاری زۆربەی هەرە زۆری نووسەرانەیە کە ستەم و بێ ماناییەکانی ئەم وەزعە ڕەت دەکەنەوە. ئەی خوارەوەش ناوی ئەو کتێبانەیە کە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) چاپی کردوون.

ناوی کتێب بابەت تیراژ ژمارەی لاپەڕە
١-لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا بیرەوەری ٢ ١١٢
٢-دواجار دەبم بە نیرڤانا چیرۆک ٢ ٤٩
٣-لەپەنای خەون و سێبەری وشە کۆمەڵێ وتار ٢ ٢٧٤
٤-مانیفیستی ئەدەبی کرێکاریی نووسین ٢ ٤٣
٥-ڕازە درکێنراوەکان نووسین ٢ ٣١٥
٦-پانزە چرکە شانۆنامە – وەرگێران ٢ ١٢٢
٧-تریشقەی وشە و لێزمەی تووڕەیی شیعر ٢ ٢٥٠
٨-ڕۆیشتن لەژێر سێبەری جوانی ژناندا شیعر ٢ ١٦٩
٩-چۆلەکەیەک گشت سبەینان ئەجریوێنێ منداڵان- وەرگێران ٢ ٦٩
١٠-سروودە کرێکارییەکان سروود ٢ ٩٣
١١-بارانی وشە سوورەکان شیعر ٢ ٢٨٦
١٢-ڕوانینێک لە شانۆی کەنەدیی لێکۆڵینەوە ٢ ١٦١
١٣-دوو شانۆنامەی ماریا ئیرینا فۆرنێس شانۆنامە – وەرگێران ٢ ١٧٥
١٤-خوێندنەوەو نیگایەک لە دەق ڕەخنە و لێکۆڵینەوە ٢ ٤١٥
١٥-جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا لێکۆڵینەوە ٢ ٤٥٤
١٦-پشوو لەبناری گڕکاندا چیرۆک – وەرگێران ٢ ٥٣
١٧-پرسیارەکان بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن چاوپێکەوتن ٢ ٥٥٣
١٨-هەستە شاراوەکانی نێو دێرەکان نامە ٢ ٢٣٣
١٩-خانمەکەی نێو ئەم شیعرە شیعر – وەرگێران ٢ ٥٠٤
٢٠-چەند تێکستێکی سەر تاشەبەردەکانی وەرکا شیعر ٢ ١٩٠
٢١-A Song foe anexile ٢١- شیعر بە ئینگلیزی ٢ ٥٥
٢٢-دیوانی مەشخەڵ دوو بەرگ شیعر ١ ١٤٣٤

Abdullah Sleman




خه‌زانی پایز یان خه‌زانی سیاسی كوردستان …. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

به‌سڕكردنی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم و سڕكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دۆخی سیاسی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕه‌خسێنێت و چانسی ئه‌وه‌یان پێده‌دات جارێكی تر له‌فه‌رمانگه‌ ڕه‌سمیه‌كاندا خزمه‌ت بكه‌ن ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ییه‌ نه‌ك سڕكردن، چونكه‌ ئه‌م سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كاندا ئیفلیج بون، ڕاگه‌یاندنی حكومه‌تێكی ڕزگاری نیشتمانی تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ئێستادا سه‌ركرده‌یه‌ك مابێت ئه‌و كه‌شتیه‌ له‌كه‌ناری ئارامیدا له‌نگه‌ر پێ‌ بگرێت به‌پێی بۆچونی زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ نیشتمانیه‌كان (دكتۆر به‌رهه‌م سالح)ه‌ كه‌ئێستا سه‌ركردایه‌تی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌كات ئه‌و له‌توانایدا هه‌یه‌ قه‌ره‌بوی ئه‌و شكسته‌ ناوخۆیی وده‌ره‌كیه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌بوه‌ هۆكاری ماڵوێرانی ده‌یان و هه‌زاران خێزانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و شه‌هید بونی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان كه‌چی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا پرۆسه‌كه‌یان سڕكرد بۆ ئه‌وه‌ی زیندوی نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشبینیه‌كان وای بۆ ده‌چن له‌ژێر فشاری سیاسی عێراقدا ئه‌نجامه‌كانیشی هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، تێكچونی دۆخی سیاسی هه‌رێم ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌خاوه‌ن داینه‌مۆی هه‌موو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌رین، ناكرێت ئه‌م ووڵاته‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌سوڕێكی داخراوی شه‌ڕ و كوشتارو برسیكردن و پێشێلكردنی مافی فه‌رمانبه‌ران به‌نه‌دانی موچه‌كانیان و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی ودرێژه‌دان به‌حكومڕانی نایاسایی و ماوه‌به‌سه‌رچوو تێپه‌ڕێندرێت، دۆڕاوی سه‌ره‌كی ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌زمونی حكومڕانی كوردستان نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو دوای ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ش هێشتا پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم له‌خه‌وی حكومڕانی حیزب هه‌ڵنه‌ساون و تاهه‌نوكه‌ش ده‌ست به‌رداری گوتاری په‌رش و بڵاوی و تاكڕه‌وانه‌ نه‌بون ئه‌وه‌تا هێنده‌ كۆبونه‌وه‌و دانوستان له‌سه‌ر ئاستی حیزبی بونی هه‌یه‌و هیچ بایه‌خێك به‌گوتاری یه‌كڕیزی و گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌روه‌ری یاسا تائه‌م ساته‌ش بونی نیه‌، هه‌رسه‌رۆكێك گوێڕایه‌ڵی خه‌م و ئازاره‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی نه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناشتوانێت سه‌روه‌ری مێژویی بۆخۆی تۆماربكات، به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی ڕابوردوو سوربون له‌سه‌ر سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌و نابه‌رپرسیارانه‌ جێگای قبوڵ كردن نیه‌، ده‌بێت به‌زوترین كات ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان ببن نه‌وه‌ك له‌ژێر فشاری ده‌ره‌كی ونێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیدا به‌شاراوه‌یی و دوور له‌میكانیزم و ڕێوڕه‌سمی فه‌رمیانه‌ دانوستان و كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ سه‌لماندیان ته‌نها له‌كاتی مه‌ترسی خۆپیشاندان و داواكاری ڕه‌وای ده‌سته‌جه‌معی هاوڵاتیانی كوردستاندا باسی یه‌ك ڕیزی ده‌كه‌ن و به‌كرداری پێوه‌ی پاپه‌ند ده‌بن، بۆیه‌ چیتر نابێ‌ مافی به‌رگریكردن و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌ندی بڕیاری نیشتمانی له‌ده‌ستی ئه‌واندا بمێنێت.

له‌مێژوی حكومڕانی ئه‌و دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی هه‌رێمدا تێبینی كراوه‌ ته‌نها له‌ساته‌وه‌ختی دروستبونی مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حیزبیان كۆبونه‌وه‌و لێداوان و په‌یام له‌سه‌ر یه‌ككڕیزی نیشتمانی و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن و پاپه‌ندیش ده‌بن پێوه‌ی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بینیومانه‌ له‌هه‌موو ساته‌وه‌خته‌كانی پێویستی كورد بۆ یه‌ك ڕیزی و یه‌ك گوتاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناكۆكیه‌كانی ڕابوردوی نێوانیان و میدیاكانیان خستۆته‌كار دژی یه‌كتر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای ڕوداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌یبینین، به‌مه‌ش نه‌ك فاكته‌ری پاراستن و به‌رگریكردن نه‌بون دژی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان بوه‌ته‌وه‌ بگره‌ هه‌میشه‌ قوربانیدان و شه‌هیدبونی پێشمه‌ركه‌شیان به‌فیڕۆداوه‌.

له‌ڕاستیدا ڕیفراندۆم فاكته‌رێك بوو ده‌رگاكردنه‌وه‌ له‌و شه‌ره‌ سه‌پێنراوه‌ی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی ناوه‌ند ئه‌گینا ئه‌جێندای ئه‌و شه‌ڕه‌ پێشتریش ئاماده‌كرابوو هه‌رده‌بوو بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی سیاسی و ئیداری كورد بكرێت، كاتێك گه‌ل بڕیاریدا مافی گه‌له‌ چۆن بیه‌وێت دانوستانی له‌سه‌ر بكات (ڕیفراندۆم كراو بوو به‌بڕیاری خه‌ڵكی كوردستان) ده‌یان لێدوانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و ڕووه‌وه‌ دۆكیۆمێنت كراوه‌ كه‌چی واخه‌ریكه‌ به‌تێپه‌ربونی كات و نزیكبونه‌وه‌ی پریشكی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌له‌دواجاردا كه‌له‌پچه‌كه‌ی له‌گه‌ردنی هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌ردنی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد په‌ل ده‌هاوێت، ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.

ئێستا پرسیاری شه‌قام و ڕۆشنبیران ده‌بێت ئه‌وه‌ بێت ئه‌وه‌ی وتتان جێبه‌جێی كه‌ن پرسیار له‌خه‌ڵك بكه‌ن بزانن ڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك چۆن به‌ویستی تاكڕه‌وانه‌ پرۆسه‌كه‌تان ئه‌نجامدا به‌تاكڕه‌وانه‌ش ده‌تانه‌وێت قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌و بڕوانامه‌ ناوخۆییه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكه‌نه‌وه‌ به‌نه‌بوو، هۆكاره‌كه‌شی زۆر ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌تینتان بۆ هاتوه‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆی دواكه‌وتوی عه‌قڵی سیاسی و ئه‌زمونی حكومڕانیتانه‌وه‌ كه‌نه‌تان توانی پێشبینی ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن كه‌هێشتا له‌ئه‌لف و بێیی شوێنه‌واره‌ مه‌ترسیداره‌ كانیداین، گه‌رمایی ئه‌و قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌ زۆر نزیك بوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆتان، حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ره‌تای بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ به‌لێدوانی ڕه‌سمی ته‌نها له‌یه‌ك كه‌ناڵه‌وه‌ كه‌حكومه‌ته‌ خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بوه‌و له‌یه‌ك وشه‌ی خۆی یه‌ك مه‌رجی خۆی په‌شیمان نه‌بوه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای ته‌نگژه‌ی پرۆسه‌ی ڕاپرسیه‌وه‌ ته‌نها مه‌رجی ئه‌وه‌بوو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌درێت كه‌ئه‌نجامیش درا ته‌نها مه‌رجی بۆ دانوستان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بوو.

عه‌بادی له‌ووته‌یه‌كیدا له‌ڕۆژنامه‌ی (“Wall Street Journal)دا ده‌ڵێت; هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئێرانی دراوسێمان و ئه‌مریكای هاوپه‌یمانمان پێشوازی له‌پشتگیری هاوكاریه‌كانتان ده‌كه‌ین به‌ڵام تكایه‌ كێشه‌كانتان مه‌گوازنه‌وه‌ بۆ عێراق هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌هیچ كه‌سێك ناده‌ین ده‌ستێوه‌ردان له‌ناوخۆی عێراقدا بكات، له‌په‌یامێكی توندا به‌رامبه‌ر به‌كورد ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌كوشتنی سه‌ربازی عێراقی ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ی بگرنه‌ ئه‌ستۆ و ناچارمان ده‌كه‌ن جه‌نگێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌دژتان ڕاگه‌یه‌نین، به‌هه‌زاره‌ها گرێبه‌ستی نایاسایی نه‌وت و غاز دوور له‌چاوی دڵسۆزان و خه‌مخۆران و كه‌سانی پسپۆڕو ئه‌كادیمی له‌ژێر نه‌شته‌ری ئه‌م گوتاره‌ی عه‌بادیدا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.




تەڤگەری ئازادی و نەوەی نوێ! … تاهیر حاجی حەسەن

خەڵکی باشوری کوردستان بەگشتی و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان بەتایبەتی،زیاد لەقۆناخێکە لەلایەن بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیەوە دەخەڵەتێندرێن و هەر قۆناخێک بەشێوەیەک ئەو خەڵەتاندنەیان دوبارە کردۆتەوەو ئاسۆی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانیان بەبادا داوە، (کەلەبنەڕەتدا بزوتنەوەی سیاسی کوردی پەیوەستن بە چەوساندنەوەی چینایەتیەوە.چونکە خودی ئەو بزوتنەوانە بۆ ئەوە دروست نەبون کەکۆتای بەهەژاری و برسێتی و نەمانی چەوساندنەوەی چیانایەتی بهێنن،بەڵام هەمیشە لەژێر ناوی ڕزگاری گەل و کۆتای هێنان بەستەمی نەتەوایەتی و بنەبڕ کردنی هەژاری هاتونەتە مەیدان و خەبات و بەناو شۆڕشیان کردوەو تائێستایش شانازی بەوەوە دەکەن کەدەریایەک لەخوێنیان داوە تاگەیشتون بەم قۆناخەی ئێستا،بەڵام قەت ناڵێن ئەو خوێنە زۆرەی ڕژا لەئەسڵدا نەوەکانی کام چینی کۆمەڵایەتی بون دایان؟ چونکە باش دەزانن زۆربەی ئەوانەی لەپێناو ڕزگاری کوردستاندا خۆیان بەکوشتدا بەشی هەرە زۆری لەکوڕانی چینە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگە بون،نەک لەنەوەی شێخ و مەلاو دەرەبەگەکان و خاوەن پارەدارەکان). ئەو دەسەڵاتە ناسیۆنالیزمە ڕەنگاوڕەنگانە کەمێژوویەکە لەنێو کایەی دەسەڵاتدان لەباشوور،بەکۆ دیسان لەژێر ناوی پاراستنی هەیبەتی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین،چینوتوێژە زەحمەتکێش و کرێ وەرگرەکانیان نەک ڕزگار کرد لەباری قورسی هەژاری و بێکاری،بەپێچەوانەوە سەد ئەوەندەیتر ژیان و گوزەرانی ئەو چینەیان بردە ژێر مەتریسداری گەورەوە و خۆیشیان وەک چینێکی مافیا گەری دڕندە کەوتنە تاڵانی سامانی گشتی کۆمەڵگەو خۆیان پێکردە ملیاردێر. ئەو چینە سیاسیە کورت بینە ناسیۆنالیستیە هێندە بەهەڵپە بون بۆ تاڵانی و تێر کردنی چێژە کەسیەکانیان،وائێستا دەیان بینین چۆن نەک هەر کۆمەڵگەیان بردە ژێر قۆناخی ملەکەچ بون بۆ دەوڵەتی فاشیستی مەزهەبی عێراق،بەڵکو بۆ خۆیشیان بونە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شکست و پڕ لەئابڕو چون بۆیان،کەچیتر ناتوانن جارێکیتر سەریان بەرز بکەنەوە لەبەرانبەر بەناو نەیارە جۆراوجۆرەکانیاندا.

خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم،چونکە خۆیان خاوەنی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان نین و ئاسۆی بەردەمیان ڕۆشن نیەو لەهەمان کاتدا خاوەنی پارتی شۆڕشگێڕی سەر بەچینەکەی خۆیان نین،بۆیە لەلایەن پارتە جۆراوجۆرەکانی بەرەی ناسیۆنالیستی و ئاینی و مەزهەبیەکانەوە،زۆر بەئاسانی یەکێتی ئەو ڕیزە چینایەتیەی نێو ئەو چینەیان تێک داوەو بەگشت لایەکیان بەربونەتە گیانی ئەو چینە هەژار کراوەو هەر لایەو بەشێوازێک درۆی قەبەی بۆ دەکات و بەرەو لای خۆی ڕای دەکێشێت. لەدوای شکستی گشت پرسیە تایبەتەکەی ٢٥/١٠/٢٠١٧ وە،کەڕابەرایەتیەکەی لەژێر پلان و مەرامی تایبەتی بارزانیدا بو،کۆی ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتی خستە ژێر پرسیارەوەو فەشەلی حەتمی ئەو بزوتنەوەیەی کردۆتە ئەمری واقیع. بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیەی کەدروست دەبێت، هەر لەئێستاوە چەند گروپێکیتر خۆیان ئامادە کردوە بۆئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەماندا بێنە مەیدان و بتوانن کورسیەکانی پەرلەمان وەچنگی خۆیان بخەن. ئەوە بێجگە لەوەی کەنەوەیەکی نوێی مەلای و جەلالیش هەر لەنێو ئەو دوو حزبەدا بەڕێوەن تاجڵەوی پارتەکانیان بگرنە دەست و لەمردن ڕزگاریان بکەن.
ئێمە لەکام قۆناخدا دەژین؟ ئەمە پرسیاری ترۆتسکی بوە لەسەردەمی خۆیدا. بۆئێمەیش گرنگە کەبزانین لەکام قۆناخدا دەژین. قۆناخی ئێستا تێیدا دەژین قۆناخی ئیفلاس بونی سیاسەتی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریە لەڕوی جیهانیەوە. قۆناخێک کەتێیدا دەژین، قۆناخی ئەزمە گرتوی ئەم سیستەمە کاپیتالیزمە دڕندەیەیە کەلەژێر ڕابەرایەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و روسی و چینیدایە. لەنێو خودی ئەم سێ ئیمپریالیزمەیشدا کەگەورەترینیان ئەمریکایە،هەرلایەو خاوەنی هاوپەیمانیە لەگەل کۆمەڵێک دەوڵەتی تردا لەم سەر زەمینەدا. سیاسەتی ڕەسمی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری سیاسەتی بەتایبەتی کردنی کەرتی تایبەت و بەرفراوان کردنی بازاڕی ئازاد و دەست وەرنەدانی دەوڵەت لەم نێوەدا. لەکاتێکی وایشدا کە قازانج لەسەرو کۆی ئامانجە مرۆییەکانەوە بێت،دەبێت لەماڵ وێرانی زیاتر بۆ چێنێکی بەرهەمهێنەرو زەحمەتکێش و یان تادەگات بەوێران کردنی کۆی کۆمەڵگەیەکیش چاوەڕێی چیتر لەسیاسەتی ئەم نیولیبراڵیزمە ترسناکە دەکرێت.

کاتێک لەدوای داگیرکاری کوێت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەساڵی ١٩٩٠ بۆ دەوڵەتی میلیتاریزمی ئەمریکی وەک دیاریەکی پڕ لەبەرەکەت وابو. چونکە لەڕێی ئەو جەنگەی بەرپای کرد لەناوچەکەدا،ئامانج لێی رزگار کردنی خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق نەبو،بەڵکو ئامانجی سەرەکی وەگەڕ خستنی خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بوو کەزوو فریا بکەون و وەک گورگی برسی بکەونە خواردنی ئەو وڵاتە و کۆی دامودەزگایەک کەهەبو لەوەو پێش و لەخزمەتی گشتی کۆمەڵگەدا بو کۆتای پێبهێنن و لەجێیدا برەو بدەن بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتیەکان.(هەرکەس پەرتوکی عەقیدەت ئەل سەدمە،سعود رەئسمالیەت ئەل کەوارسی نعۆمی کلاین ی خوێندبێتەوە باش لەخواست و ئامانجەکانی ئەم نیولیبراڵیزمە دڕندەیە تێ دەگات) عێراق لەدوای ڕوخانی سەدامی دیکتاتۆرو کۆنە هاوڕێی ئەمریکا، تەواو کراوە بەوڵاتێک لەجەنگەڵستانی تەواو دەچێت تائەوەی لەوڵاتێکی ئارام و پێکەوە ژیانی نێو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان بچێت.
دیارە ئەم قۆناخەی تێیدا دەژین، قۆناخی بەربەریزمی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریەو کۆی وڵاتانی جیهان لەنێو قەیراندان و هەر وڵاتەو بەشێوەیەکە،وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی جەنگ گرتوو لەهەرە شێوازە قورسەکەی ئەو قەیرانەی بەرکەوتوە کەلەساڵی ٢٠٠٨ وە لەئەمریکاوە تەقیەوە.
بۆئەوەی زیاتر لەسەر بابەتەکە بڕۆم، کەبۆمن جێگەی سەرنجە، ڕێکخراوی بزوتنەوەی تەڤگەری ئازادیە لەباشوور. ئەم ڕێکخراوە زیاتر لەمەدی بیروباوەڕی پێکاکاوە نزیکەو خودی پێکاکایش وەک پارتێکی خاوەن دیسپلین و خاوەن بەرنامەی تایبەتی بەخۆی ناسراوەو لەهەمان کاتیشدا پەیوەستە بەو ئەلتەرناتیڤەوە کە ئۆج ئالان لەمانیفێستۆدا ئیشارەی پێداوەو پیداگیری دەکات لەسەر جێبەجی کردنی لەبواری کرداریەوە، یانی کۆمەڵگەی خۆسەری دیموکراتی و ئازادیخوازی،دەتوانم بڵێم یەکسانیخوازیش. گەرچی لەڕوی ئابوریەوە زۆر نەچوەتە قوڵاییەوە کەئەو ئەلتەرناتیڤە هەڵگریەتی، لای من ئەو خاڵەیش جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنی جیدیە. چونکە هەر پارتێک کەدەیەوێت چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان ڕزگار بکات لەدەستی ستەم و جەوساندنەوەی چینایەتی،گەر بێت و نەتوانێت بەفەرمی کۆتای بەخاوەندارێتی تایبەتی سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بهینیت کەتایبەت مەندی چینە چەوسێنەرەکانە،ئەوا ناش توانێت لەژێر هەمان بەڕێوە بردنی خاوەندارێتی تایبەتدا کۆمەڵگەیەکی یەکسان و یەکسانیخواز بەرهەم بهێنێت. بۆیە بۆ خودی پێکاکایش هەڵوێستە لەسەر کردنی ئەو شێوازە ئابوریە زۆر بۆی گرنگ دەبێت کەکام جۆر لەخاوەندارێتی دەخوازێت لەڕوی ئابوریەوە. نیولیبراڵیزمیش لەژێر ناوی ئازادی و دەست کراوەیی تاکدا،برەوی بەبازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت داوەو لەم نێوەیشدا تەنها ئەوانە ئازادن کە خاوەنی سەرمایەن نەک چینێک کەبەغەیری فرۆشتنی هیزی کارەکەی خاوەنی هیچ ئازادیەکیتری نیە.

تەڤگەر لەباشووردا،خاوەنی جۆرێک لەتایبەت مەندی خۆیەتی بەوەی دەیەوێت لەتەواوی ئاحزابی مەوجود جیاوازتر بێت و لەهەمان کاتیشدا بۆخۆیان خاوەنی ئەو بەرنامەیە نین کەدواجار بیانەوێت ببنە کەسی خاوەن سەرمایەو وەک ئەمانی پێشتر بن کەبەرە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردایەتی پێک دێنن. لەلایەکیتر بۆ تەڤگەر کاری گرنگ و ستراتیژی بۆ ئەوەی وەک ئەحزابەکانیتر نەبن و لەدوا قۆناخدا ئەمانیش کاریان لەسەر خەڵەتاندنی چینوتوێژە زەحمەتکێسەکان نەبێت،بۆیان پێویستە کەخاوەن بەرنامەی ڕۆشنی ئابوری بن، تەنها بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لەسۆزداری بەس نیە،یان ئەوەی تەنها کار ببێتە ئەوەی خاڵە نێگەتیفەکانی بەرانبەر بەدەر بخرێت، بەپێچەوانەوە چەندێک خاوەن بەرنامەیەکی ئابوری ڕۆشن بن و جێگەو ڕێگەی خۆیان دیاری بکەن لەوەی پشتگیری لەکام شێوازی ئابوری دەکەن،بەو ئەندازەیەش دەتوانن سەرکەوتنی خۆیان دیاری بکەن. وەک لەسەرەوە ئیشارەم پێداوە،خەڵکی زەحمەتکێشی باشوور تا دەگات بەعێراق و ناوچەکەیش چونکە خاوەنی خەتی چیانەیەتی ڕۆشنی خۆیان نین،لەلایەن بەرە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیەت و بەرە ناسیۆنالیستەکان و بەرە ئاینیەکانەوە بەکار هێنراون و لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئەو چینە چەوسێنەرانەدا بەکاریان دەهینن و کردونیانەتە نێو خۆراکی جەنگەکانیان و کۆی ماڵ وێرانیەکانیش تەنها بۆسەر ئەو چینە هەژار کراوەیە. بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورە دەکەوێتە سەر تەڤگەر کەبەڕۆشنی خەتی خۆی دیاری بکات لەبەرانبەر ئەو چینە زۆرینەیەداو بەڕۆشنی بەو زۆرینەیە بڵێن ئاخۆ ئەوان چیان دەوێت گەر دواڕۆژ توانیان بگەن بەقۆناخی سەرکەوتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. دواجار تەنها ئەو چینە کۆمەڵایەتیەن کەدەتوانن پارتەکان سەر بخەن یان وەلایان بخەن.

نەوەی نوێ لەگەڵ تەڤگەردا دوو دنیای جیاوازن، شاسوار عەبدول واحید بۆخۆی کەسێکی سەرمایەدارەو هیچ دیار نیە کەکێ لەپشتیەوەیەتی و پشتگیری لێ دەکات. چونکە ئەم کەسە لەڕوی سیاسیەوە هیچ پێشینەیەکی نەبوە هەروەک چۆن دەوڵەمەندیەکەیشی هەروەک سیاسەکان کەتادوێنی پێڵاوی لاسیکیان لەپیدا بوو لەپڕێکدا بون بەملیاردێر،ئەمیش لەو ڕوەیشەوە هەروایە. ئەوە بێجگە لەوەی شاسوار بەشوێن بەئەنجام گەیاندنی کەرت تایبەتەوەیەو سەر بەنیولیبرالێزمی ڕوخینەری سەرمایەداریە. لای ئەمیش بەرنامەکەی ڕون نیەو ناشیەوێت ڕون بێت کەدواجار چی دەکەن لەگەڵ کۆمەلگەدا. ئاخۆ گەر دەسەڵاتی گرتە دەست ئەوا کار بۆ کۆمەڵگە دەدۆزێتەوە یان کۆمەڵگە خۆی دەکات بەخاوەن ئیرادەو خاوەن کاروچیتر پێویستی بەخاوەن کارو کرێکار نەبێت. من نامەوێت دژایەتی شاسوار بکەم، بەوەی نەوەیەکی نوێی بەڕێ خستوە تابتوانن کۆتای بەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە شکست خواردوە بدەن. یان بۆ نەوەی نوێیش دیار نیە ئاخۆ دواجار کام جۆری کۆمەڵگە دەخوازن، هەر ئەم کۆمەڵگەو یاساو ڕێسایەی کەنایەوێت ئاین لەدەوڵەت جیا بکرێتەوە،یان بەرەسمی دەیانەوێت دەست ببەن بۆ جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەت و گەڕاندنەوەی ئاین بۆ شوێنە ئەسڵیەکەی خۆی کەبکرێتە کاری شەخسی و دورلە کاری بزنسی،،دیارە ئەم تێگەیشتنە بۆ تەڤگەریش گرنگە کەئەوانیش دەیانەوێت کام جۆر بۆ کۆمەڵگە دیاری بکەن گەرچی ڕێی تێدەچێت تەڤگەر گەر بگەنە قۆناخێکی وا زیاتر هاوشێوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بن.

نووسینی ئەم بابەتە زیاتر بۆ ئەو خاڵەیە کەبڵێم، چیتر خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم شایانی ئەوە نین لەمە زیاتر بخەڵەتێنرێن و لەژێر دروشمی ڕەنگاوڕەنگی ناکرداریدا بچەوسێنرێنەوە و بخەڵەتێنرێنەوە. بەپێچەوانەوە ئەو خەڵکە زەحمەتکێشەی هەرێم پێویستی بەڕابەرایەتیەکی شٶڕشگێڕی بەتوانا هەیە تاپێکەوە بتوانن دەست ببەن بۆ بەرپا کردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتای هێنانن بەم کۆ چەوساندنەوە جۆراوجۆرانەی کەتائێستا بەسەریانەوەیە. باشوور و عێراق دەوڵەمەندن لەڕوی گەلێک سەرچاوەی مادیەوە،بۆیە چاوی گشت دەسەڵاتدارانی ئەم جەنگەڵستانەیشی لەسەرەو هەر لایەو بەشێوەیەک دەیەوێت دەستی لایەنێکی ناوخۆ بگرێت تادواجار سەروەت و سامانەکەی بەتاڵان ببەن. بۆیە بۆ تەڤگەری ئازادی گرنگە نەبێتە نێچیری دەم سەرانی ئەم جەنگەڵستانەی کە نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری قەیران گرتو ڕابەرایەتی دەکات.

تاهیر حاجی حەسەن
٣١/١٠/٢٠١٧




ئایا چوونە سەر پارلەمان دەستی ئاژەوە گێڕیی بوو یان … ؟ …. جیهاد موحەمەد

دوێنی ئێوارە و شەوەکەشی، دوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، کۆمەڵێک لە گەنجەکانی جەماوەری پارتی جگە لەوەی پەلاماری ڕابوون مەعروفیان دا و نەیانهێشت کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی تەواو بکات، بەدار و چەقۆ و بەردەوە پەلاماری کۆشکی پارلەمانییان دا بە ویستی لێدان و سوکایەتیکردن بە پارلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و مێدیاکارن کە لەوێ ئامادەبوون. بەم بابەتە وەک هاوڵاتییەک دەمەوێت ڕای خۆم و خوێندنەوەی خۆم لەسەر ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی لەو وێنەیە کە پێشتر ڕووییانداوە، لە سلێمانی و هەوڵێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بخەمە ڕوو بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز.

ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و بەرپرسەکانییان کە حیزبیین و نیشتیمانیی نین، بەناو بۆ ئەوە دروستبوون کە سەروماڵی خەڵکی بپارێزن و ئارامیی و ئاسایش سەقامگیربکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆیان بوون بە سەرچاوەی ئاژەوە گێڕیی و شەڕ و پێکدادان. بە نهێنی هانی جەماوەرە ناهۆشیار و کەڕ و کوێرەکەی خۆیان دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حوکمیی و پارلەمان و بارەگا حیزبییەکان، لە دواجاریشدا ڕووی خۆیان بە هەندێک لێدوانی درۆزنانە سپیدەکەنەوە و بەڵتەجییەکانی خۆشیان کە خودی خۆیان گۆشیانکردوون و ڕایانهێناون لە سەر ڕق و کینە و خوێنڕشتن بۆ یەکالییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانییان، یان تۆڵەکردنەوە لە یەکتری، فێرییانکردوون کەی دەیان لێکردن وەک سەگەل پەلارماربدەن و بەربەرییانە دار و چەقۆ هەڵگرن و هەرچ کەسێک لە نەیارانییان کەوتنە بەردەست بیکوتن هەر لە کامێرامانێکەوە تا دەگاتە پارلەمانتارێک کە پارێزەریی یاسایی و پارلەمانتاریی هەیە. کاتێکیش کارە بەربەرییەکەیان ئەنجامدا، لە ژێرەوە و بە نهێنی دەستخۆشییان لێدەکەن بۆ دڵسۆزییان بۆ(گەل و نیشتیمان و حیزب)، پێیان دەڵێن هەتا ئێوەمان هەبن هیچ هێزێک ناتوانێت لەشکۆی سەرۆکێتییمان کەمبکاتەوە، بەڵام وەکوتریش ڕۆژنامە و شاشەی تیڤییەکانییان پڕدەکەن بە لێدوان و بەیاننامەی پڕوپوچی قێزەون و ناوی خۆپیشاندەرەکانی خۆیان دەبەن بە (ئاژاوەگێڕ) و (دەستی تێکدەر) و (تابوری پێنج).

ئەوەی دوێنێ ئێوارە و شەوی ٢٩/١٠ لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ ڕوویدا، لە چوونە سەر پارلەمان و بارەگاسووتاندنی حیزبی هاوپەیمان و حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی خۆیان، لە سلێمانی و گەرمیانیش ئەم کارە قێزەون و یارییە مناڵانە سیاسییە ڕوویداوە، ئەمە کاری یەکەمجاری ئەم حیزب و دەزگا ئەمنییانە نییە کە بەیەکتری دەکەن، هەرچ کاتێک هەستییانکردبێت بە تێکشانێک پەلاماری بەرامبەرەکەیان دەدەن. هەر بۆ نموونە ئەوەی لە کەرکووک لە رۆژی ١٦ی ئۆکۆتۆبەردا ڕوویدا و چەندین ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆشی بە دوای خۆیدا هێنا، باڵێک لە یەکێتی نیشتیمانی هەستی بە تێکشکان و پەراوێزکەوتن کرد بۆیە ئەو کارە قێزونەی ئەنجامدا. دیسان لە سلێمانی ـ ش یەکێتی و گۆڕان کەی هەستیان بە هەژموونی گەورەی پارتی کردبێت هەوڵیانداوە بە خەڵک تۆڵە لە پارتی بکەنەوە. هەروەها پارتی هەمان تۆڵەی لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و گۆڕان و یەکێتی کردۆتەوە.

تا ئێستا چەندین جار ئەم کارە قێزەونە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و حوکومەت و وەزارەتی ناوخۆەوە ئەنجامدراوە. یەک هێز لەم هێزانە لە کاتی ئەم ڕووداوانەدا نەک هەر قسەناکەن بەڵکو لە ژێرەوە هانی خەڵکە بەربەرییە گۆشەکراوەکەی خۆیان دەدەن، کەی کارەکەیان تەواوکرد ئەوسا بە قسەی قۆڕ و نابەجێ دەکەوەنە لێدوان: “ئەوە دەستێکی تێکدەر و ئاژەوە گێر بوو”، “چەند کەسێکمان لەو ئاژەوەگێڕانە گرتووە و دەیاندەین بە دادگا”، حیزبە بارەگا سوتاو و هێرشکراوە سەرەکانیش شەرمنانە و بێئابڕوانە دەڵێن”ڕوونکرنەوەمان لە حیزبی دەسترۆشتووی ئەو دەڤەرە و حکومەت دەوێت” لە کاتێکدا کە خۆیان بەشێکن لە حوکومەت و خۆشیان پێشتر هەمان کاری قێزەونییان ئەنجامداوە.
هەندێک جاریش لێدوانەکانییان داواکاریی و تکایە! “هیوادارین شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات، چونکە هەموومان دەسوتێین” ،”هیوادارین بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەبکەین”، وەک ئەوەی دووژمنانی گەلی کورد هێرشەکەی کردبێت، یان وەک ئەوەی ئەو خەڵکەی هێرشیکردوەتە سەرییان، خەڵکانێک بن لە دەرەوەی خۆیان. ئاشکرایە لای هەموومان کە شەڕە دزێوەکانی ناوخۆی کوردستان لە نێوان حیزبەکاندا بە فەرمانی سەرۆکی حیزبەکان و فەرماندەی یەکەمی چەکداری دەکرێت کە خودی سەرۆک حیزبەکان خۆیانن.

لە ڕاستیدا، نە بارەگاسووتاندن و نە هێرش و پەلاماری چەند بارەگایەکی حیزبیی یان دامودزگای حوکمیی و پارلەمان، خۆی لە خۆیدا هێندە ترسناک نییە، ڕەنگە کاری وا لە دنیایی سیاسەت و بە تایبەتی لە خۆپیشاندانی خۆپیشاندەراندا زۆر جار ڕووییان دابێت، بە تایبەتی ئەو خۆپشاندانە جەماوەرییانەی کە لە هەستێکی چینایەتیی و جیاکاریی و پەراوێزخستن و برسێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر جار تووندووتیژیی بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام ئەمەی لە کوردستاندا ڕوودەدات، لە بارەگا سووتاندن و چوونە سەر بارەگای حیزب و چوونە سەر پارلەمان و دامودەزگای حکومیی، ترسەکەی لەوەدایە، ئەو حیزبانەی خۆیان حوکمڕانن، ئەو حیزبانەی فراکسوێنی گەورەیان هەیە لە پارلەماندا، ئەو حیزبانەی هاوپەیمانن، ئەو حیزبانەی بە ناوی دیموکراتیی و سۆسیال دیموکراتییەوە دەیان ساڵە تەمەنیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی (شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد) دەزانن، هەر کە دمیان کردەوە بەرامبەر بە یەکتری دەڵێن، ئێمە خاوەنی(ڕووبارێک لە خوێنین)، هەر بەم ناوانەشەوە و بەم دروشم و پەرچەمانەوە توانییویانە جەماورێکی بەرینی خەڵکی کوردستان بکەن بە ئەندام و لاینەگر و هەواداری خۆیان، خۆیان ئەم کارە دڕندەیی و قێزەونە دەکەن بەرامبەر بە یەکتری، خۆیان خەڵک و جەماوەرەکەی خۆیان وا ڕاهێناوە کە حیزبی بەرامبەریان، بارەگای بەرامبەریان، ڕای جیاوازی بەرامبەریان، ئەوەی لە گەڵیان نییە، دوژمنن، لە دووژمن خراپترن و بە ناچاری هاوپەیمانن لەگەڵیاندا. ئەم پەروەردەیە ڕێک وەک ئەوە وایە لە قوتابخانەیەکدا مامۆستاکان هانی قوتابیانی پۆلە جیاوازەکان بدەن لە یەکتری و وەک دووژمن وێنایان بکەن لەبەرچاوی یەکتری.

ئەم حاڵەتی دووژمنکاریەی نێوان ئەم حیزبانە، هێندە ترسناکە کە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو خێزانەکان، بۆ ناو قوتابخانەکان، بۆ ناو دامودەزگا حکومیی و وەزارەتەکان، بۆ ناو خودی پارلەمان و دامەزروە یاساییەکان، بۆ ناو خودی ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکان. ئەم شۆڕبوونەوەیە وەک ئاماژەم پێدا ترسەکەی لەوەدا کورت نابێتەوە کە چەند بارەگایەک دەسوتێنرێت و تەواو، بەڵکو ترسکەی لەوەدایە کە کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دووژمنایەتی و ڕق و کینە دەچێنێت لە ناو خەڵکدا و برەو بە تووندووتیژیی دەدات.
بۆیە بەڕای من پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی بە ئاگا،لەسەر هەموو ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕیكخراوە مەدەنییەکان زۆر بە تووندی بچنەوە بە گژ ڕەفتاری بەربەرێتیی ئەم حیزبانە و ئەم دووڕوویە لە کاری سیاسییاندا. ئەوانەی بارەگای حیزبەکانییان سوتاند لە گەرمیان و سلێمانی و هەوڵێر و زاخۆ، ئەوانەی پەلاماری پارلەمانییان دا، ئەوانەی بوون بە سوتەمەنی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی ڕۆژنامەنووسەکان و پیاو ئازا سیاسییەکانی کوردستانیان تیرۆرکرد، ئەوانە ئاژەوە گێڕێک نین لە دەرەوەی حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی نین، بەڵکو ئەوانە گۆشکراوی دەستی پارتی(دیموکراتی)کوردستان و (یەکێتی)نیشیمانی کوردستانن.

دیسان دەمەوێت ئەوەش بڵێم، هێندەی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو ڕووداوی فروفێڵی سیاسیی قێزەونی پارتی و یەکێتین هێندە خیانەت نییە، ئەگەر ئەم کارە سیاسییانە خیانەتە، ئەی چۆن ئەم خیانەتانە قبووڵ دەکرێت، ئەی چۆن لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی لەسەر ناکرێت و نادرێن بە دادگا، ئەی چۆن پێکەوە یەک حکومەت دروستدەکەن. بە بڕوای من ناوبردنی ئەم ڕووداوە سیاسییە قێزەونانە بە خیانەت بۆ هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵکی گشتیی و ئەو دروشمە”کوردایەتی”یە درۆزن و ساختەچییەیانە، تا خەڵکی ئۆخی بکەن کە یەکێتییەکان بە پارتییەکانییان گوت خیانەتیان کردووە، هەروەها پارتییەکانیش بە یەکێتییەکانییان گوت خیانەتیانردووە، خیانەت پێناسەی خۆی هەیە. ئەم مامەڵە سیاسییە قێزەونانە ستراتیژییەتی هەردوولایانە، ئەگەر بەم جۆرە سیاسەت نەکەن، ڕەنگە بچوکبنەوە، رەنگە نەتوانن یەکتری زیندووکەنەوە و بەردەوام هەمژموونیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا گەورەبێت و بتوانن بە ناوی کوردایەتییەوە خەڵ بخەڵەتێنن.

جیهاد موحەمەد
٣٠/١٠/٢٠١٧




کاتی بەدیلی کۆمۆنیستیە ! …. سەردارعەبدوڵاحەمە

لەووتارێکی پێشومدا باسی سێ جۆر چەپم کردوە لە بەرانبەر ڕیفراندۆمدا لەم بەشەدا باسی بەدیلی کۆمۆنیستی دەکەم بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە دەکرێت هەرسێ لایەنی چەپ بەشدار بن لە بە هێز کردنی ئەم بەدیلە کۆمۆنیستیەدابە گشتی وچەپی سێ یەم (چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری) بە تایبەتی.
کوردایەتی لەشەرمەزاری زیاتر هیچی تری نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان ، هیچ شتێک نەبووە لە مێژووی کوردایەتیدا جێگای شانازی تاکی کورد بێت ، مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوە یە ئەوە بووە کە هەمیشە باڵێکی ناو ئەم بزووتنەوەیە پێش لەشکری کردووە بۆ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بۆ لێدانی بزووتنەوەی هەقخوازنەی خەڵکی کوردستان کە نەمانی ستەمی میللیە لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا . بەشێکی تر لە مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بووە کە شەڕی ناوخۆییان لە پێناو دەسەڵاتی پاوانخوازیدا چ لە شاخ وچ لە شار بە درێژایی نیو سەدەهەڵگیرساندووە وبە دەیان هەزارکەسیان لە خەڵکی کرێکار زەحمەتکیشی کوردستان لە ناوبردووە ، ئەوکاتانەشی کە شەڕیان نەکردووە پێکەوە شیلەی گیانی ئەم خەڵکەیان مژیوە و خەڵکیان هەژارو برسی کردووە وخۆیان دەوڵەمەندو تێر تەسەل تەسەل کردووە .

تەنها چەند فاکتێک بۆ ڕاستی ئەم قسانە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستانی عێراق(باشور) بەسە بۆ ناسینی ئەم بزووتنەوەیە ، ساڵی ١٩٦٦ تاڵەبانی هێزێکی دروست کرد بە ناوی جەلالی بووە پێش لەشکری سوپای عێراق لەولاشەوە هێزەکەی بارزانی بە ناوی مەلایییەوە بوونە داردەستی شای ئێران تابوونە هۆی ئاشبەتاڵێکی گەورە لە ساڵی ١٩٧٥. لە پاش شۆرشی ئێران لە سالی ١٩٧٩ بارزانی هێزێکی دروست کرد بە ناوی قیادە موەقتە بوونە کەوا سوری بەر لەشکری سوپای پاسدارانی خومێنی لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران .لە ساڵی ١٩٨٨ پارتی ویەکێتی وبزووتنەوە ئیسلامیەکان پێش لەشکریا ن کرد بۆ سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ داگیر کردنی هەلەبجە وهەندێ شوێنی تر ، لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕاپەرین کرا ئەم ‌هێزانە بوونە داردەستی ئەمەریکا وغەرب وئۆردوگایەکیان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کرد . ساڵی ١٩٩٦ لە ٣١ی ئابدا پارتی پێش لەشکری کرد بۆ سەدام وبەعس بۆ داگیر کردنی هەولێروکورستان لە بەرانبەریشدا یەکێتی پێش لەشکری دەکرد بۆ ئێران بۆ شارەکانی کەرکوک وگەرمیان. لەساڵی ٢٠٠٠دا کاتێ کۆمۆنیستەکان داوای سەربەخۆیان بۆ کوردستان دەکرد هێزەکانی یەکێتی پەلاماری کۆمۆنیستەکانیان داو ٥ کەسیان لێ تیرۆر کردن . لە ٢٠٠٣دا کە سەدام ڕووخا ئەم حیزبانە بە زۆر کوردستانیان لکاند بە عێراقێکی قەومی ودینی و تایفیەوە کە خاوەنی ڕەشترین سیناریۆ بوون .لەو کاتەوە تا ئێستا دەسەلاتی ئەم حیزبانەی کوردایەتی نموونەی خراپترین دەسەڵاتی مافیایی بوون و خەلکی کوردستانیان برسی کردووە و ئازادیخوازانیان تیرۆر کردووە ، دوا جار ئەم هێزانە پاش دژایەتی کردنی ریفراندۆم سەرەنجام ملیان دا بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ریفراندۆمێکدا بەڵام باڵێکی تری ئەم بزووتنەوەیە یا باشتر بڵیم باڵێکی ناو یەکێتی نیشتمانی دەستی ئێران وعەبادی گرت بۆ شکست پێ ‌هێنانی ئەم خواستەی خەڵکی کوردستان ڕێگەیان بە لەشکرەکانیان دا لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شاری کەرکوک داگیر بکەن .

ئێستاش وا خەریکە ئاگری شەڕێکی ناوخۆیی خۆش دەکەن وبە بن بەست گەیشتون ، هیچ ئومێدیک نەماوە بەم هێزانەی کوردایەتی دەبێت ڕێگایەکی تر بکرێتەوە بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان ئەویش ڕێگای چەپ وکۆمۆنیزمە .تەنها بەدیلی کۆمۆنیستیە دەتوانێت خەڵکی کوردستان لە هەموو نەهامەتیەکانی دەەربێنیت . ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستیە ١٤ ساڵە ڕێگای بە خەڵکی کوردستان نیشانداوە بۆ ڕزگار بوون بەڵام بە هۆێ باڵادەستی ناسیونالیزم وحیزبەکانی کوردایەتیەوە نەتوانراوە ئەم ڕزگار بوونە بێتە دی، ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی مانەوەی ستەمی میللی وکێشەی خەڵکی کوردستان بووە ڕێگای ڕیفراندۆمی هەڵبژاردووە بۆ نەمانیان . ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی گەندەڵی و دزی وڕاوورووتی بەرپرسانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە ، بەڵام بە داخەوە ئەم بەدیلە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکان بپێکێ وببێتە جێ ی متمانەی خەڵکی کرێکار وزەحمتکیش وتەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەڕچەند لە ساڵەکانی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٤ پاشان تا ساڵی ٢٠٠٠ وەک هیزێکی گەورە بوون وجێ متمانە بوون بەڵام لە و کاتە بە دواوە ئەم بەدیلە لە پاشەکشەدا بووە هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو فاکتەری بابەتی وخۆیی ، فاکتەرە بابەتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتی هێزەکانی کوردایەتی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگا دیارە کۆمۆنیستەکانیش وەک بەشێکی کۆمەلگا زیانیان پێ گەیشتووە ، فاکتۆرخۆیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلان ونەخشەو تاکتیکی پێویست ،وکارو پراکتیکی گونجاو لەلایەک وە لە لایەکی ترەوە پرش بلاوە پێکردنی ڕیزەکانی ئەم چەپە و وازهێنانی زۆرێک لە کادیرەکان لە کاری حیزبی وڕێکخراوەیی بووە .

لە ئێستادا هەردوو فاکتەرەکە خەریکە بێهیز دەبن وڤایرۆسی بێ ‌هێزی کۆمۆنیزم بەرەو لە ناوچوون دەچێ لەڕووی بابەتیەوە کوردایەتی فەشەلی هێناوە لە چارەسەری کێشەکانی خەڵک دا و وەک دەورانی پێشووش یەک دەست نین بۆ داسەپاندنی سەرکوتی کۆمەڵگا بە کۆمۆنیستەکانیشەوە. لەڕووی فاکتەری خۆییشەوە هیچ کات کۆمۆنیستەکان وەک ئێستا یەک دەست نەبوون لە ڕووبەرووی بونەوەی کێشەیەکی گەورەی خەڵکی کوردستاندا جگە لە سەرجەم حیزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق وئێران وکوردستان هیزگەلی کۆمۆنیستی وچەپی تریش هەبون هاوڕاو هاوکار بووون لە بڕیار دانی چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا لە ریفراندۆمێکی ئازاددا ، دەبێ ئەمە بە هەند وەرگیرێ هەول بدرێ هەماهەنگی زیاتر بکرێ بۆ کارکردن بۆ بەهێز کردنی بەدیلی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا . پێویستە هاوکاریەکان لۆجیکی ومادیی ومەعنەوی بن ، دەکرێ هاوکاری ئعلامی بن تەلەفزیۆن وکەناڵەکان و ڕۆژنامەکان بخڕێنە گەڕ بۆ بەهێز کردنی ئەم بەدیلە یا دەبێ هەوڵ بدڕێت ئەم بەدیلە لە کوردستان ببێتە خاوەن کەناڵێکی ئاسمانی خۆی ، ڕاکێشانی پشتیوانی سەندیکا کرێکاریەکان وهێزە چەپ وئازادیخوازەکانی دونیا بۆئەم بەدیلە یەکێ تر لە ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان بێت ، هەوڵدان بۆ ڕێکخراو کردنی کرێکاران وخەڵکی کوردستان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیاندا وەک کاری ڕۆتینی کۆمۆنیستەکان بخرێتە دەستوری جێ بەجێ کردنەوە هەموو بۆ ئەم مەبەستە بچینە مەیدانەوە .

ئێمە کۆمۆنیستەکانی کوردستان وناوچەکە دەکرێت هەموو پێکەوە کار بکەین بۆ ئامانجە دوورو نزیکەکانی ئەم بەدیلە کۆمۆنستیە کە ئامانجی لە ئێستادا چارەسەری کیشەی خەڵکی کوردستان ودامەزراندنی دەسەڵاتێکی سکیۆلارە ولە ئاییندەشدا شۆڕشی سۆشیالیستیە ودامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد ویەکسانە .

سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٩/١٠/٢٠١٧




كوردستانی عێراق- لەبەرامبەر مۆدێلێكی نوێی حكومڕانیدا … کاوە جەباری


قسەو باسێک لە لایەن بەڕێز کاوە جەباری سەبارەت بە:
كوردستانی عێراق- لەبەرامبەر مۆدێلێكی نوێی حكومڕانیدا…..