کاریکاتێر .. هونەری ڕەخنەگر … هەندرێن خۆشناو

هونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕەخنەوە هەیە، بە تایبەتی رەخنەی گاڵتەجاڕ (النقد الساخر)، تا ئەو رادەیەی کە هەندێک بە دیوەکەی تری گاڵتەجاڕیی یان داشۆرین ناوی دەبەن، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت کە کاریکاتێر لە ناخەوە هەڵگری رەخنەیەکی توندی داغکارە بۆ هەڵسوکەوتی نابەجێ و لەڕێ لادەری مرۆڤەکان. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بریتیە لە وێنەکێشانی سیمایەک بە زێدەڕۆیی لە وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان، ئەمڕۆ کارتۆنی سیاسی لە هەموو بوارەکانی تری کارتۆن بەربڵاوتر و جەماوەری زۆرترە، ئەویش لەبەرئەوەی رەخنە و هەندێک جار رەخنەی توند دەگرێت لە واقیعی سیاسی و حکومەتی ناوخۆ یان حکومەتان و کەسانی سیاسی جیهانی.

بە بیروڕای من کاریکاتێر بریتییە لە وتارێکی بەپێزی پڕ مانا، لە جیاتی وشە وێنە و هێلکاریی جێگای خۆیان دەکەنەوە، بریتییە لە دەڕبڕینێک لە رووداوێک یان حاڵەتێک یان بیرۆکەیەک بەهۆی بەکارهێنانی بەهرەی وێنەکێشانەوە، دەربڕینێکی لۆجیکانە کە توانای وەرگێڕانی بیرۆکەکانی هەبێت بۆ وێنە و ئاماژە، بەمەبەستی سەرەنج ڕاکێشانی بینەر بۆ کارێکی پۆزەتیڤ، کە ئەویش فۆکەس خستنەسەر دیاردەیەکی دزێوە یان کەسێکی نەفس نزمە، کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

لەم رۆژگارەماندا هونەری کاریکاتۆر هونەرێکی گرنگی شێوەکاریی و رۆژنامەگەرییە، ئەڵقەی گرێدانی ئەو دوو بوارە گرنگەیە، هۆکارێکی گرنگی دەربڕینە لە زۆرێک لە رەهەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کاریکاتێر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە وروژاندن و خستەڕووی بابەتە سیاسیەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی تاک و کۆمەڵگە و زەقکردنەوە و وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان و ڕەخنەگرتن لێیان، ئەو وێنە کاریکاتێرییەش دەبێتە هۆی هێنانەکایەی جولەیەکی کاریگەر لە نێوان نێردەر و وەرگر، بەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ واقیع و هەروا بۆ دواڕۆژیش دێتەکایەوە، یان بە هەوڵدان بۆ گۆڕین و گۆڕانکاریی یان هەوڵدان بۆ نوێکاریی بۆ واقیع لەسەر بنەما کۆمەڵایەتی ومرۆڤایەتییە نوێکانەوە.

ئەو هونەرە بەهێز و کاریگەرە خاوەن گیانێکی گاڵتەجاڕە لە وەدەرخستنی کەموکوڕییە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگە کە بانگهێشتەی چاکسازی و گۆڕینیان دەکات. هونەرمەندانی کاریکاتێر توانیان ئەو هونەرە بکەنە زمانێکی زیندوو، کە پێویستی بە وشە نەبێت بۆ وەدەرخستن و گەیاندنی ئەو ناوەڕۆکەی کە دەیانەوێت.
کاریکاتۆر و کاریکاتێریستان بوونەتە هۆکارێک بۆ برەوسەندنی بازاڕی بڵاوکراوەکان، تا ئەو ڕادەیەی کە خوێنەر پێش هەموو شتێک بەدوای کاریکاتێردا دەگەڕێت لەسەر رووبەری لاپەڕەکاندا، بەداخەوە ئەمە کوردستان ناگرێتەوە، کە هەتا حکومەت و حزب خەرجی ئەو بڵاوکراوانە بکێشن حاڵیان لەوە باشتر نابێت.
بۆ نمونە لە فەڕەنسا کاریکاتێریست و رۆژنامەنووس (چاڕل فیلیپۆن) پێشەنگ بوو لە هەنگاونانێکی بەرچاو لە مێژووی هونەری کاریکاتێر لە فەڕەنسا بە وەشانی گۆڤاری (کاریکاتێر) ساڵی 1806 کە گۆڤارێکی کاریکاتێری هەفتانە بوو، دوای ئەویش گۆڤاری (شاریڤاری) بڵاوکردەوە.
نمونەیەکی تر (یەعقوب سەنوع) کە رۆژنامەنووسێکی جووی میسری بوو، ئەویش پێشەنگ بوو لەو بوارەدا، کە رۆژنامەیەکی هەفتانەی گاڵتەجاڕی کاریکاتێریی دامەزراند ساڵی 1877 لە قاهیرە بە ناوی (ئەبو نەزاڕە)، تا ئەو ڕادەیە ئەو رۆژنامەیە کاریگەریی هەبوو، کە خەڵکی هەر بە ئەبو نەزاڕە بانگیان دەکرد.

لە کوردستانیش هەردوو گۆڤاری (سیخورمە) و (مەلامەشهور) کە دووگۆڤاری کاریکاتێریی رەخنەیی بوون لە ساڵی 1997، کاریگەریی خۆیان هەبوو لە بواری رۆژنامەگەریی کوردیدا، و یەکێک بوون لە پڕ فرۆشترین بڵاوکراوە لە کوردستاندا.
هەر لەو کاتەوەی دەرگای رۆژنامەگەریی کاریکاتێریی کرایەوە، وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش دەرچوونی چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کاریکاتێرییان بەخۆوە دیتوە، خوێنەرێکی زۆریان بەدەوری خۆیاندا کۆکردۆتەوە، کە لە وێنەی کارتۆنیدا چێژ و ئەو بابەت و ناوەڕۆکە زۆرانەی کە بەدوایدا وێڵن لە رۆژنامەگەریدا دەیدۆزنەوە. بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ بازنەی هونەری کاریکاتۆر فراوانتر و ژمارەی کاریکاتێریستانی خاوەن بەهرە لەو هونەرەدا زیاتر دەبن، ئەو هونەرەی کە بەوە لە بابەتەکانی تری رۆژنامەگەریی و راگەیاندن جیادەکرێتەوە، کە رۆح سوکترە و زیاتر لەلایەن خوێنەر و بینەرەوە هەرس دەکرێت و کاریگەریشی زیاترە لە گەیاندن و جێگیرکردنی بیرۆکەکان لە هزری خوێنەردا، تا ئەو ڕادەیەی کە وەرگر وا هەست دەکات کە زمان حاڵی خۆی و کۆمەڵگایە، بۆیە ئێستا رۆژنامەی سەرکەوتوو بەبێ کاریکاتێر نابێت، هەر رۆژنامەیەک کاریکاتێریستێک یان دووان کاری بۆ دەکەن.

ئەو کاریکاتێریستانەی کە پێگە و جێ پەنجەیەکی بەرچاویان هەیە لە بواری رۆژنامەگەریدا، لە زۆربەی وڵاتاندا وەک ئەستێرەی سینەمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەداخەوە کە لە کوردستاندا وانیە، زۆربەی رۆژنامەکان بێبەشن لە کاریکاتێر، و ئەوانەی کاریکاتێریش بڵاودەکەنەوە، بە شێوەیەکی ناشیرین کارتۆنێک یان کاریکاتێرێکی بیانی لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەدزن و زۆرجاریش ناوی خاوەنەکەشی قووت دەکەن و بابەتەکەشی بۆ دەگۆرن، ئەمەش بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی رۆژنامەگەریی کوردیەوە.

شارەزایانی شیکردنەوەی ناوەڕۆک، لە توێژینەوە شیکارییەکانیان بۆ هونەری کاریکاتێر پشتیان بە چەندین بنەما بەستووە لەوانە:
* شێوە: بریتیە لەو شێوە هونەرییەی کە کاریکاتێر پێوەی بەدەردەکەوێت، ئەو داڕشتنە هونەرییە لەخۆ دەگرێت کە ناوەڕۆکی پەیوەندی کاریکاتێر بە بینەرەوە پێکدێنێت. شێوەی کاریکاتێریش چوار جۆرە:
1- شێوەی ڕاستەوخۆ: پشت بە ئاماژەیەکی ڕاشکاو و سادە لە داڕشتندا دەبەستێت لەگەڵ توانج.
2- شێوەی تۆمارکراو: پشت بە وێناکردنێکی نیمچە سروشتی بۆ چەند دۆخێکی مانابەخشی دیاریکراو.
3- شێوەی سیمبولی: پشت بە بەکارهێنانی سیمبول و ئاماژە دەبەستێت بۆ دەربڕین لە چەندین مانا لە هەمان کاتدا.
4- شێوەی دابەشکردنی جوگرافی: لەمەشدا شوێنی رووداوەکە کە کاریکاتێرەکە بە ڕەخنە و چارەسەرکردن باسی لێوەدەکات.ئەمەش دەبێتە سێ بەش:
ڕ_ ناوەخۆ: باس لە کێشە و دیاردە ناوەخۆییەکان دەکات.
ب_ ناوچەیی: باس لە کێشە و دیاردەکانی ناوچەکە دەکات.
ج_ جیهانی: باس لە کێشە و دیاردە جیهانیەکان دەکات.

* کەسیایەتییە باوەکان: بریتییە لەو کەسایەتیانەی کە وێنە کاریکاتێریەکان لە خۆیانی دەگرێت، کە سێ جۆرە:
1- کەسایەتی ناوەخۆ: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە.
2- کەسایەتی ناوچەیی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی وڵاتانی ناوچەکەیان پۆشیوە.
3- کەسایەتی بیانی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی دیاریی وڵاتانی جیهان دەپۆشێت.
* جۆری بیرۆکە: ئەویش یان بیرۆکەی سادەیە، کە وەرگر بە خێرایی وەریدەگرێت و بە سانایی تێیدەگات، یان بیرۆکەی ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە، کە وەرگر پێویستی بە وشیاریی زیاترە بۆ تێگەیشتن و زانینی ماناکان و ئامانجەکانی کاریکاتێرەکە.




ڕووه‌و هه‌ڵدێر.. ڕووه‌و خه‌ڕه‌ند … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

خانووه‌كه‌ی عه‌ونی یووسفیان
ڕێك له‌گه‌ڵ زه‌وی، ته‌خت كرد
ئه‌و خانووه‌ جوان و گه‌وره‌یه‌ی
چه‌ندین جار به‌به‌رده‌میدا
ڕه‌ت بووبووم و هه‌مووجارێ‌
تێر تێر ته‌ماشایم ده‌كرد
زه‌نگی ده‌رگاكه‌یم هه‌رگیز
له‌نێو دیده‌ بزر نابێ
كه‌ ئاسنێكی زه‌ردی پڕ بریقه‌ بوو
له‌ شێوه‌ی ده‌ستی بنیاده‌م.
هه‌ر بۆ خۆشی: چرق.. چرق.. چرق..چرق
لێمانده‌دا و هه‌ڵده‌هاتین..
خانووه‌كه‌ی كه‌ریم شاره‌زاشیان هه‌ر ڕوخاند
هه‌مووجار له‌به‌رده‌م ئه‌وێ
له‌ پاس ده‌هاتمه‌ خواره‌وه‌ و
تا ده‌گه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌
هه‌تا له‌چاوم ون ده‌بوو
ته‌ماشای جوانییم ده‌كرد
بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌
بریا منیش له‌ خانووێكی
ئاوا ژیابام.
ئه‌وه‌ی یووسف و شاره‌زا
ئێستاكانێ‌
كراونه‌ته‌ پاركی وه‌ستانی تڕومبێلان..
هیی حه‌یده‌ره‌كه‌چه‌ڵیشیان
حه‌واڵه‌ی بڵدۆزه‌ران كرد
ئاتاریان له‌سه‌ر پاتاری ئه‌ویش نه‌هێشت
ئێستا كراوه‌ته‌ كۆمپانیای زیاد قه‌ساب..
هه‌رسێكیان پیاوی گه‌وره‌ بوون
یه‌كه‌میان
تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌ر
دووه‌میان
كۆڵه‌گه‌یه‌كی زراڤی ئه‌ده‌بی كوردی
سێیه‌میان
بولبولێكی خۆشخوانی پڕ چریكه‌
قوڕگ پڕ گۆرانیی كوردی و توركمانی..
عه‌ونی
به‌ خه‌بات و به‌ زیندان و شه‌ونخوونی
ماڵه‌ جوانه‌كه‌ی خۆی چێكرد.
مامۆستا كه‌ریم شاره‌زاش
تا بڵێی شه‌كه‌ت و بگر
به‌ قه‌ڵه‌م و وشه‌ی پاكی
خشتی هه‌تا بنمیچ ڕۆنا.
حه‌یده‌ریش به‌
شه‌ومه‌ستی و ئه‌گله‌نجه‌ و ئاهه‌نگ
به‌ هونه‌ر و كه‌سابه‌ت و خۆشیی ده‌نگی
ماڵه‌ قشته‌كه‌ی بونیادنا..
ئێستاكه‌شی له‌گه‌ڵدابێ.. وامده‌زانی
دوابه‌دوای مه‌رگه‌مووشنۆشی
ڕاسته‌وخۆ دوای سه‌ر ئاودیو بوون
ته‌نیا كتێبخانه‌كانمان
ده‌ده‌نه‌ سه‌نته‌ره‌ زڕڕۆشنبیرییه‌كانی
لاوان و نیمچه‌ خوێنده‌واری دژه‌ كتێب
ئه‌وه‌تا، تێگه‌یشتم كه‌
جێوڕێ و ماڵ و سوكناكانمان
حه‌واڵه‌ی نه‌مان و نغرۆیی ده‌كه‌ن
مانه‌ندی خۆت
هیچت به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نایه‌ڵن
ئۆۆۆف..
بۆ ئه‌وه‌نده‌ پاته‌خۆرین؟
ئه‌وه‌نده‌ دوژمنی نێو ماڵی خۆمانین!
دوژمنی سه‌رسه‌ختی مۆزه‌خانه‌ و كتێب
ڕق له‌ جوانی و ڕق له‌ ئه‌نتیك،
ته‌نیا سه‌وداسه‌ری پاتاڵ
ته‌با و تفاق بۆ تاڵانی
عیشقی گه‌وره‌ی به‌لاشلووشیین!




كوردی هائیم و حەیران – (4) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

بارەتەقای ئەو بەفرە ئەستوورە، ئەو دڵ و زمانە چكۆڵەیەی كورد شەرمیان لێ باركراوە، شەرمێك كە لە خۆبەكەمزانین و هەستكردن بەوەی ئاخر چما ئەز كوردم؟! كوردێك لەو بازاڕەی دونیادا هەر لە سیپارە و لە ئەلف و بێیانەوە، وەختێ زمانی بەرەو ڕووی عیلمەوە دەپژێ، سوێندان دەخوا بە یاڕەززاق كە ڕزقی بدا و بە یا فەتتاح فەتحی بداتێ تا لەوسەری دونیاوە بۆ ئەوسەری بۆزمان تێهەڵچێتەوە و هەر بەو زمانەش وەڵامی قەبرێ بستێنێتەوە و لێرەش مەرگ و ژین بكاتە دەسرۆكی سەری زمان و قوڵایی ناو دڵە چكۆڵانەكەی.

كوردی هائیم لە بەدبەختیان لە دوورەوە دیارە و هەر حەیرانە هەر حەیران، لە بۆ زمانی دایكی لە كنی وایە نە بای دێت و نە باران.
بە عیشوە و لەخۆبایی بوونێكەوە بەرەو ڕووم هات، تەلی قورقوشمی مەستی ستران و گۆرانی بێگانە دەناو قوڵایی گوێی خۆی خستبوو و لەگەڵیشیدا سەری ئەنگوستی پێیانی لە عەردی دەدا و هەر دەتگوت لەگەڵ جندووكان دەدوێ و دەگەڵیشیان سەما دەكا. هەر كە نزیكم كەوتەوە، ئیستێكی كرد و قەوانی لە گوێیان دەرهێناو چاوی ڕەشكە و پێشكەی كرد و بە هەردوو لەپان چاوی هەڵگوشین و وەك ئەوەی تازە لە خەو و ڕازانی تا هەتایە وە ئاگاهاتبێتەوە، ئەوجار بێ ئەوەی خۆی شێلوو بكات، بە نەرمە توركییەكەوە دەستی پێكرد.
لێی حاڵی بووم كە قوتابییە و لە بەشی كوردی دەخوێنێ و لە مامۆستاكەی خۆی دەگەڕێ، دیارە هەفتەكە نەهاتووە و دەیەوێ تەوازۆی بۆ بێنێتەوە.
ئەزیش هەڵمدایێ:
-كوردی بئاخڤە!
+بە توركی: نازانم كوردیی قسەبكەم!
-كورد نیت؟
+بە توركی: بەدیكو!
-چما كوردیی نائاخڤی؟
+بە توركی: داك و بابم لەماڵێ هەر بە توركی قسان دەكەن، ئەو دەمی منداڵ بووم، تاك و تەرا جاروبار لە كۆڵانێ ئەگەر وشەیەكی كوردیم بەرگوێ كەوتبا، ئەگەرنا چش!
سەد ساڵ لەمەوبەر كوردی هائیم و حەیران، كوردێك بوو تا بن پیلان هائیم و داماو، چونكە لە غەیری زمانی دایك حەشتەبای زمانی دونیای نەدەزانی، بمردبای و بسوتابای پەیڤێكی لە زمانی خۆی لەبیرنەدەكرد، بە چاوی سووك و بێ باكانەش نە لە زمان و نە لە ڕانك و چۆغە و مشكی و جامانەكەی نەدەڕوانی و بە دڵ هائیم و حەیران بوو، لێ بە ویست و ئیرادەوە خەمخۆر و زمان پەروەر و بەڕووممەت بوو.
كوا لۆ ئەوێ رۆژێ حاجی قادر هاتباوە و ئەوجار دەناو مۆدێرن و پۆست مۆدێرنی گەنج و لاوی كورد هەر ڕاما با و ڕاما با و لە جیاتی بەوان بێژێ هائیم و حەیران، خۆی بە هائیم و حەیرانەوە قەبرەكەی خۆی لێدەداوە و لێی ڕادەكشاوە، تا چ جاری دی چاوی بەو نەسلە پەرپووتە نەكەوێتەوە و تۆبەشی دەكرد جارێكی دی بەحسی زمانی داك و بابان بكاتەوە!




کاتێ کە ماڵە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو …. چرۆ زەند

کاتێ زۆر پێش دروست بوونی کۆمپیوتەر بوو
لەوکاتەدا باوکم نیشتمان بوو،
دایکم پایتەختی نیشتمان
باوکم بەريوەبەر بوو،
دایکیشم کابان
هەندێ جارچاکەتی خوشکێکم لەبەردەکرد
سوراوی خۆشکەکەی دیم دەکرد
برایەکم سیاسەتی دەکرد، ئەوتر ئەدازیار
برای بچووکەم سەرقاڵی گەمەکان.
ئەوسا ماڵە گەورەکەمان ماڵی هەموومان بوو
ماڵی سیاسی، نەدار، شاعرو بەهرەدار، ماڵی هاوڕێ و هی خاڵوان
لەبەر فرە میوان، جیگەمان نەدەبوو لە سەرخوان
حەوش و بان ،سەر سەکۆ و داڵان دەبوە جيی نوستنمان
ئيستا دایکم، ڕادەوەستی لەبەردەم ژوورە چۆڵەکان
بۆنی عەتری هەریەکەمان بۆشایی ژورێک پڕدەکات
لێوانی پەرداخيک سوراوێک و جێی یادگاری ئەوی دیمان
پەرتووک و پارچە مۆسیقایەك بۆشاییەکی دی ماڵەکە داگیر دەکات.
لەبەردەم ژوورەکەی باوکمدا ڕادەبوري، بەڕوحی ئەو شاد دەبێت
بەخەیاڵ لەگەڵ باوکم بە دزەیەک لەو قەرەباڵخیەدا، سەمایەك دەکات
لەو خەیاڵەدا دایکم زەردەخەنەیەکی لەسەر لێو بوو
لەو خەیاڵەدا دایکم لە هەموو کات دڵخۆش تربوو
لە خەیاڵی ئەوکاتەی مالە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو.

Dec 11, 2017
Canada

Zandchro@hotmail.com




ئێستا ئێمە؛ هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)

کاتێ گیان گیان لەباوەش دەگرێ
کاتێ گیان دائەمێنێ بۆدابڕانی ئازیزێ..
وەختێکە؛
پێنوس هاوار ئەکات بۆ ئازادی ولەپڕ نوکی ئەشکێ!..
وەختێکە؛
وشە ئەبێ بەخاچ و
خاچ نوێژی سەر سینگی دولبەرو
سینگی دولبەریش سێدارەی گیان !..
ئەرێ لەماڵی گیان ئاسودەیی هەیە؟!
ئەرێ گیان سێبەری هەیە؟!..
لەو پرسیارانەم بووم
دیتم بەرائەت بووە بەباسکێکی خاچ و
لەوشەی خودا بەژنی خاچ پەیکەر کراوە!..
باڵای مەسیح و بەژنی خاچ!..
ئەوێ ڕۆژێ؛
جیهان دیتی وشەی خودا
لەجیاتی خوێن خۆشەویستی ولێبوردەیی لێ دەچۆڕێ..
هەر لەو ڕۆژەش
خاچ نوێژی سەر سینگی مەریەمی حەیرانە!..
هەر لەو ڕۆژە؛
لێدانەکانی دڵ زەنگی نوێژن..
زەنگی نزان..
بونەتە ئاوازی ڕوحی ماڵەکەی مریەم خاتوونێ!..
پاڕانەوەن بۆ لێبوردەیی لە دوژمن
لەزرینگانەوەی هەر زەنگێ؛
دەنگی کۆتایی هاتنی تاهەتاییم گوێ لێ ئەبێ!
لەهەر زەنگێ؛
گێڕانەوەی ئازارێکی مەسیح هەیە
هەموو دەڵێن:
مەسیح فرمێسکەکانی بۆ ئازار نەبوون..
فرمێسکەکانی نزا بوون..
نزا بۆ لێبوردەیی وبێگەردی!..
ئەو میوەیەی بەردەمت مریەم
مەودای مرۆڤینی ئەکێشێ..
ئەو میوەیەی دەستت مریەم
برسیەتی هەژاران خاو ئەکاتەوەو
ئەبێ بەڕستەی جۆلانەی
فرمێسکی مەسیح وێناکان..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە..
هەموو جارێ وەختی نوێژێ؛
لەچاوی مریەمی حەیران ئەبینەوە بەفرمێسک..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەسۆزی گیانی خوداوە
لەژێکانمان فوی لێبوردەیی پەخشەکەین..
لەدەنگمانا خۆشەویستی پەخش ئەبێ!..
ئەی خودایە مەسیح کێیە؟!..
(إنَّ مثل عیسی عند الله کمثل آدم…)
ئای لە ئادەم!..
ئای لە عیسا!..
هەموو ساڵێ لەگەڵ هاتنە کۆشی مەسیح
لێبوردەیی وخۆشەویستی لێزمە ئەکەن
بێگەردیی مریەم خاتوونێ تۆختر دەردەکەوێتەوە..
وەلێ نازانم بۆ؟!..
هێشتا نوێژ هەر خاچەو
هەموو ڕۆژێ شەش حەوت جارێ
مەسیح؛
لەسەر سینگی مریەمی حەیران لەخاچ ئەداتەوە!…

بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)
کۆماری میسر/ ئیسکەندەریە
گەڕەکی شاتبی ١ ی ١ ی ٢٠١٤




هه‌وڵ و تاقیكردنه‌وه‌ … نوسینی / فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

دیلان ته‌مه‌نی چوار ساڵان بوو،تازه‌ باوكی پاسكیلێكی سێ‌ تایه‌ی بۆكڕیبوو. دیلان زۆر حه‌زی له‌لێخوڕینی بوو،به‌ڵام ته‌نها سوكانه‌كه‌ی ده‌گرت وده‌یسوڕانده‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوشنه‌كه‌ی دابنیشێت. هه‌رچه‌ند دایك وباوكی هانیان ده‌دا،به‌ڵام دیلان كه‌مته‌رخه‌مبوو هه‌وڵی نه‌ده‌دا. ئێواره‌یه‌كیان دایك وباوكی دیلان بڕیاریاندا بچن بۆماڵی خاڵی دیلان ‘كه‌نزیك ماڵی خۆیان بوو.هه‌رزوو دیلان وتی: بابه‌ ده‌توانم پاسكیله‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم بهێنم. باوكی كه‌زانی ڕێگه‌كه‌ چۆڵ وخۆشه‌ ،زۆری پێخۆشبوو،بۆیه‌ به‌په‌له‌ وتی:به‌ڵێ‌ دیلان گیان ده‌توانی.

دیلان بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی لێی بخوڕێ‌، سوكانه‌كه‌ی گرت وهه‌ربه‌ پاڵ پاسكیله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدابرد. باوكی لێی پرسی: دیلان ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر خۆشه‌ ،بۆچی سواری پاسكیله‌كه‌ نابیت وپایده‌ر لێناده‌یت؟؟ تافێری لێخوڕینی ببیت.دیلان وتی: ئاخر ناتوانم! باوكی وتی:باشه‌ دیلان تۆهیچ هه‌وڵتداوه‌ لێبخوڕیت،تادڵنیابیت كه‌ناتوانی؟؟؟ دیلان وتی:نه‌خێر ،چونكه‌ لێی نازانم! باوكی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆكردو وتی: تۆ سواربه‌،دڵنیام فێرده‌بیت. دیلان به‌ دوو دڵییه‌وه‌ سواری پاسكیله‌كه‌بوو ده‌ستیكرد به‌پایده‌رلێدان.. چه‌ند دڵخۆشبوو!؟پاسكیله‌كه‌ له‌سه‌رخۆ بۆپێشه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت وئه‌میش تاده‌هات خێراتر پایده‌ری لێده‌دا. دیلان به‌پاسكیله‌كه‌ پێشی دایك وباوكی دایه‌وه‌وبه‌ده‌م پایده‌رلێدانه‌وه‌ ئاوڕی دایه‌وه‌و وتی:باوكه‌گیان به‌ڕاستی من نه‌مده‌زانی كه‌توانای پاسكیل لێخوڕینم هه‌یه‌. باوكی به‌خه‌نده‌وه‌ پێیوت: كه‌واته‌ له‌مه‌ودوا به‌بێ‌ تاقیكردنه‌وه‌وهه‌وڵدان بڕیار له‌سه‌ر لاوازی خۆت مه‌ده‌.