ئیسلامی توندئاژوێ، ئەمریکا، رووسیا … شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای ئەهەوەنی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەسەردەمی سەرۆک کۆماری جیمی کارتێردا بوو. بەناوبانگترین پلان و ستراتژی بێرژنێسکی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە ئیسلامێکان وەک کەرەسە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بوو، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتە چەپەکان لە عێراق، سووریا، میسر، یەمەن ئەو هێژمۆنیە بەروپێش دەچوو، بێرژنێسکی بە هاوکاری عەرەبستان و پاکستان دوو لە وڵاتە ئیسلامێ تووندئاژوێکان و ناوەندی هزری بەرهەم هێنی ئیسلامی سەلەفی و جەهادی ئەو سەردەم، پلانی پرچەک کردنی ریکخراوە ئیسلامێکانی بە دژ حکوومەتی سەربە سۆڤییەتی ئەفغانستانی دەست پی کرد. پاکستان لەو سەردەم‌دا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسلامێ بناژۆخوازەکان‌دا بوو کە بە کۆدەتای ژنراڵ موحەممەد زیائولحەق پەرەیان ئەستاندبوو، ژێنراڵ زیائولحەق ساڵی ١٩٧٧ کۆدەتای لە زولفەقار عەلی بۆتۆ کرد و ئامانجی خۆی ئەتۆمی کردنی پاکستان و پێکهێنانی وڵاتیکی ئیسلامی و حاکم کردنی ئیسلامی راستەقینە راگەیاندبوو، دیارە عەرەبستانیش کە ناوەندی هزری و فکری سەلەفییەت و بناژۆخوازی ئیسلامی بوو.

بناژۆخوازانی ئەفغانستانی:

ساڵی ١٩٧٨ نوورموحەممەد تەرەکی یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دێموکراتیکی گەلی ئەفغاسنتان بەهاوکاری ئەفسەرانی کۆمۆنیست بە کۆدەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و حکوومەتێکی چەپی سەر بە سۆڤییەت لە ئەفغاسنتان بێنێتە سەرکار، لەپاش ئەو کۆدەتایە بزاڤێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە کۆمۆنیستە سەری هەڵدا لەژێر ناوی موجاهیدنی ئەفغانستان کە لەخۆگری هزر و شووناسیکی ئایینی ئیسلامی بوو، لەوەها دۆخێک‌دا کە تازە لە ئێران بەهۆی شۆرش، دەسەڵاتێکی ئایینی هاتبوە سەرکار و لەپاکستاینش هەر بەو شێوەیە بە هۆی کۆدەتای زیائولحەو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر کار بوو، ئەو دوو وڵاتە هانی موجاهدینی ئەفغانستانیان دەدا بۆ بەربەرکانی بەدژ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی حاکم بەسەر ئەفغانستان‌دا، لەوەها دۆخێک دا کە هێژمۆنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەم بە هۆی دەسەڵاتەکانی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و هەمیش بە هۆی کۆدەتای چەپەکان لە ئەفغانستان و لەدرێژەشدا بە هۆی دەسەڵاتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە ئێران لەژێر هەرەشە و لەناو چوون دا بوو، بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای جیمی کارتێر گەڵاڵەی پرچەک کردنی رێکخراوە ئیسلامێکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆشکی سپی و بەم شیوەیە، پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا دەست پێ‌دەکات و لە کۆتایی دا ئەو رەوتە لەتەنیشت پلانەکانی تری ئەمریکا دەبنە هۆی لاواز بوونی یەکێتی سۆڤییەت و لەدرێژەش‌دا لەگەڵ گەڵاڵەکانی گۆرباچۆف دوایین سەرۆک کۆماری یەکێتی سۆڤییەت بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەی، حکوومەت کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان دەرووخێت و دکتۆر نەجیبوڵڵا وەک دوایین سەرۆک کۆماری کۆمۆنیست دەسەڵاتەکەی دەرووخێت و دیارە یەکێتی سۆڤییەتیش هەر لەناو دەچیت.

پەرەی هێژمنۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژهەڵاتی ئورووپا:

لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، بەشیکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی نزیک لە ئەمریکا بوون وەک تونس و میسر تووشی بشیوەی و ئاڵوگۆری هاتن لەوەها دۆخیک دا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتبۆە دەست دیموکراتەکان، ئەوان هیچ گەڵاڵە و پلانیکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین نەبوو، بەجۆرێ کە ئەو ناوچەیە بەگشتی تووشی بۆشایی دەسەڵات هاتبوو، دەسەڵاتێکی نەزم‌دەر کە بتوانێت هاوسەنگی هێز و دەسەڵات بپارێزێت، لەو ناوەدا ئێران و رووسیا رۆژ بە رۆژ هێژمۆنتر دەبوون و هەر لە درێژەی ئەو رەوتەش‌دا رووسیا توانی پێش بە سەرکەوتنی شۆرشی گەلی لە سووریا بگرێت و بۆجاریکی دیکە دەسەڵاتی بەشارئەسەدی لە سووریا حاکم کردەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ماوەیەکی زۆرە رووسیا خەریکە جێ پێی خۆی لە سنوورەکانی رۆژئاوایی و باشوری وڵاتەکەی مسۆگەرترو بەرفراوانتر دەکاتەوە، رووسیا توانی لەشەریکی نیزامی یەکلایەنە گورجستان و ئوکرایینی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە چۆک دابنێنێت و هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە رووسیا ناراستەوخۆش خەریکی هەرەشە بۆسەر ژێئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناویە، بەجۆری کە سەرۆکی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لەو ناوچەیە لە لێدوانێک‌دا بۆ چەکدارانی ئەمریکایی نۆروٶژ بەوانی راگەیاندوە کە خۆیان بۆشەریکی گەورە ئامادە بکەن.

لەوەها دۆخێک‌دا رێکخراوە تووندئاژۆکانی ناو ئەفغانستان خەریکن خۆ لە سنوورەکانی تاجیسکستان بەهێز دەکەن و لە هەمان کاتیش‌دا خەریکی خۆرێکخستن لە سنوورەکانی باشووری روسیان ئەوە لەکاتێک دایە کە بەشیکی زۆر لەو شەرکەرانەی ئێستا لە سورریان لە ناوچە قەوقاز و ئەبخازیا و کۆمارە خودموختارەکانی باشووری رووسیاوە هاتوون و شیمانەی وەی دەکرێت کە ئەمریکا پلانێکی تری هاوشیوەی پلانەکەی بێرژنێسکی هەبێت بۆ بڵاوە پێ کردنی چەکدارانی گرووپە ئیسلامێکان لە سنوورەکانی باشووری رووسیا و بەو شیوەیە رووسیا لە شەرێکی فەرسایشی لەگەڵ گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامێکان تێوەگەلێنێت، تا هەم بتوانێت لە هێژمۆنی رووسیا لە رۆژهەلاتی ناوین کەم بکاتەوە، هەم هەرەشەیەک بۆسەر ئیران بێت و هەمیش پێش بگرێت بە زێدەرۆییەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئوکرائین و ژیئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناوی.




باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە


شاخەوان شۆڕش
21-12-2017

لەماوەی رابردوودا زۆرهەروەستە لەسەر دەنگی بەڵی و نەخێر کران و زۆرگوتران، هەروەها زۆر لەسەر بوون و ونەبوونی ریفەراندەم و دەرئەنجامەکان گوتران. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری داڕمان و کەوتنەکە سۆزدار و لایەنگرانە لێکدرانەوە. پێویستە بگوترێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە گشتپرسیدا دەنگ لەسەر پرسیارێک دەدەن کە پرۆسەیەکی رامیاری دروستی کردووە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا نوێنەرانی گەل پەراوێزخراون، بڕیاردەر نین و کاریگەریان لەسەر پرۆسە رامیاریە گرنگەکاندا نییە. هەروەکو ریفەراندەمەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەر دەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ ـەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی ناکایی و ناجێگیری ئەو ئاراستە میلیتسگەرایە رامیاریەیە کە لە دوای راپەرینی ١٩٩١ ـەوە جلەوی رامیاری لە باشوری کوردستاندا زەوت کرد. ئەو ئاراستەیە لەسەرەتاوە سەپێندراوە و دوورە لە کاریگەری دەسەڵاتی گەل، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتگەرا گڕی دەدا و ‌‌هەڵیدەسورینێ. لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەردا بەئەگەری زۆر پرۆسەی هەڵبژاردن یا گشتپرسی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە، چونکە بوونی خودی پرۆسەکە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دیارە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر لەرێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرکاندا درێژە بەبوونی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دەدات. هەرچۆنی بێت جۆری دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی لە ریفەراندەمەکەدا بۆ گروپێک ئەرکێکی کوردستانی بوو و دەربڕینی ئاوات بوو، بۆ هەندێک هەڵویست بوو دژی دەسەڵات، بۆ هەندێک پشتگیری بوو لە دەسەڵات، بۆ هەندێک ملکەچی بوو لەترسی گەماڕۆکان، بۆ هەندێکیش گرنگیەکی نەبوو.

پرۆسەی دروستکردنی ناسیۆن لە وڵاتێکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەختە هەروەکو پرۆسەکە بە کۆمەڵێ فاکتەری هەرێمی و نێوەنەتەوەییەوە بەندە. پێویست دەکات نەتەوەی ژێردەست هەروەها هەڵگرانی ئەو پرۆژەیە لە ئاستی داخوازیەکان و مەرج و تێگەیشتنە نێوستاتی، هەرێمی و نێونەتەوەیەکاندا بن. لەباری باشوری کوردستاندا پرۆسەی بنیاتنانی ناسیۆن بە بەراورد لەگەڵ گەلانی ژێردەستەی دیکەدا، بەهۆی مەرج و بەربەستە جوگرافی، دیمۆگرافی، ئابوری و رامیاریەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر و سەختترە. کێشەوبەربەستە سەرەکیەکان کە تایبەتن بە کوردستان: کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و کێشەی رامیاری کورد کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتانەوە هەیە، کوردستان چواردەوری بەسنوری ولاتی داگیرکەر دراوە، ئێران و تورکیا کە بەشێکی گەورەی کوردستانیان لەژێردەستدایە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووی وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆرن، نەبوونی وڵاتی دۆست لەسنور یا دۆستی بێمەرج و راستەقینە لە ئاستی جیهانیدا، گۆڕینە زۆرەملێ دیمۆگرافەکان و تێکەڵی ئەتنیانە لەگوند و شارە سنوریەکاندا، کوردستان بەسەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە و وڵاتانی داگیرکەر نایانەوێ دەستبەرداری بن، هتد. بۆیە ئاڵۆزی و سەختی پرسی کێشەی کورد دەخوازێت توانای کوردەکان لەهەر پارچەیەکدا لەوانە لە کوردستانی بندەستی ئێراقدا نمونەیی بێت، بتوانێ بەتەواوی لە ئاستی داخوازی و مەرجە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا بێت.

دوای دەستێوەردانە نێونەتەوەیەکە لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەی بەهاری ١٩٩١ دا، بەرەی کوردستانی کە ئەوسا ٨ پارتی لەخۆی دەگرت، خاوەنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بنیاتنەر نەبوو، بەڵکو کۆمەڵیک بیر و ئایدیای جیا لەئارادا بوون، لەکاتێکدا هەموو پارتەکان لەژێرکاریگەری بەرژەوەندی حزب و رەوتی ئێراقچیانەدا بوون (جگە لە پاسۆک کە ئێراقچی نەبوو). جگەلەوە لای پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارت گرنگی یەکەم و لەپێشیان هەبوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونی دێرینەیان خۆیان ئامادەدەکرد و سوودیان لەبارە ناکاییەکە وەرگرت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی تەنها خۆیان وەکو دوو هێزی کاریگەر مانەوە. ئەوان دوو هێزی پاوانخواز و میلیتسگەرابوون و لەسەر بنچینەی مۆدێلی کلاسیکی سەرۆک و پارتی دیکتاتۆر پێکهاتبوون، هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ بەهێزکردنی ئەو سترەکتورە سەپێنەر و نادیموکراسیە بە خەستی کرد و گرنگیان پێدا. ئەوش لەسەر حسابی بنیاتنانی ناسیۆن بەپێی هەنگاوی ستراتیژیانەی تاوتوێکراوەوە. بەمجۆرە لەجیاتی داڕشتنی دەستوری کوردستانی، بنیاتنانی دامەزراوە بەریوەبەری، ئابوری و رامیاریەکان لەسەر بنچینە و تێگەیشتنێکی مۆدێرن و کوردستانیانەدا، دروستکردنی سوپای نیشتیمانی، پیادەکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هاوبەش، بنیاتنانی کۆڵەگە گرنگە دیموکراسیەکان، ئارەزووەکانیان لە ئامانجە بنەماڵەیی و پارتگەرا تایبەتەکان چڕکردەوە هەر لایەنە بەجیا بەدوای ئامانجە تایبەتەکانی خۆی کەوت. ئەوەش بووەهۆی شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی باشوری کوردستان بەسەر دوو زۆنی میلیتسگەرای زەرد و سەوز و دوو بەڕێوەبەریدا، هەروەها راکێشانی وڵاتانی داگیرکەر ئێران و تورکیا و ئێراق بە سوپا و دامەزراوەکانی تریان بۆ ناو باشوری کوردستان، بەمجۆرە بەرزبوونەوەی کاریگەری ئەو وڵاتانە بەسەر ئاراستە و چارەنوسی کوردستاندا.

لەدوای دەستێوەردانی دووەمی نێونەتەوەیی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا و رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دەرفەتێکی دیکەی کەموێنە هاتەوە بەردەم، یەکەم بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە حزبی و نادیموکراسیەکان، بەمجۆرە دیموکراتیزەکردن و لە هەمانکاتدا هەلهێنانی هەنگاوە گرنگەکانی بنیاتنانی ناسیۆن، دووەم (لە کاتێکدا مەبەستی جیابوونەوەیان نەبوو) کارکردنی ستراتیژیانە لەسەر دابینکردنی مافە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان لە چوارچیوەی ئێراقدا و بەدەستورکردنی مافی جیابوونەوە لە رێگەیەکی دیموکراسیانەوە. هەردوو پرۆسەی رامیاری کوردستان و ئێراق بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. هەروەکو ناسەرکەوتوویی لە پرۆژەی بنیاتنانی ناسیۆن لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ئێراقدا بەئەگەری زۆر بەدوایخۆیدا بێگومان دێنی.

بەپێچەوانەوە هەردوو بەرەی زەرد و سەوز لەسەر بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و سەقامگیرکردنی دامەزراوە سەرکوتکەرە حزبی و نانیشتیمانیەکان درێژەیان بە کارەکانیاندا. باشوری کوردستان هەرگیز دیموکراتیزە نەکرا و هەنگاوە سەرەتایەکانی بنیاتنانی ناسیۆن بە دروستی نەنران، دامەزراوە نیشتیمانیەکان لەهەر بەرەیەکدا وابەستەی حزب کران و خرانە خزمەت بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار. بەکردەوە باشوری کوردستان بەپارچەیی مایەوە و لەهەرلایەکدا پارت و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان پیادەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کرد. حزبی چەکدار دەستی بەسەر بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و بەرگریدا گرت و هێزی میلیتسگەرا کۆمەڵگەی بەهەموو جومگەکانیایەوە خستەژێرچنگی خۆی. مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کرانە کۆیلەی موچە یا خرانە ژێر گەمارۆکانی پارت، ژێرخانی ئابوری نابووتکرا و کۆمەلگە خەسێندرا، لەجیاتی هوشیارکردنەوەی مۆدێرن و کوردستانیانە گۆمەڵگە بەخەستی نووقمی کۆنەپارێزی ئیسلامیکرا، لە بزری ستراتیژی نیشتیمانیدا هەربەرەیە بەجۆر و شێوەیەک هەنگاوی حزبیانەی نا، سەرچاوەی سروشتی لەجیاتی ئەوەی کوردستان دەوەڵەمەندکا، لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە دەستیبەسەرداگیرا و بەکارهێندرا، بەرزرترین ئاستی گەندەڵی لەو بوارەدا تۆمارکرا و لەئەنجامدا ملیارەها دۆلار لەسامانی گەل بەفیڕۆ چوو و کۆمەڵگە کەوتە ژێر قەرزی گەورەی کۆمپانیا بێگانەکان. واتە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، ئابوری و رامیاریدا جگەلە ناسەرکەوتوویی زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل کوشندانە گەنەیەندرا.

لە ئاستی ئێراقدا بەهۆی بوونی کاریگەری هێزی دەرەکی ئەمەریکا و سەرپەرشتیکردنی لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا، تواندرا پشک لەدەسەڵاتی ناوەندا بەپێی قەوارە هەبێت، چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان بەدەستور بکرێت، بەڵام دەسەلاتداران نەیاتوانی مافی چارەنوس بەدەستوربکەن، لەراستیدا گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا. جگەلەوە لەبەر دوو ئاراستەیی بەرەی زەرد و سەوزدا سیاسەتێکی پارتگەرای دوو بەرەیی و ناتەبا لە ئاستی ئێراقدا پیادەکرا و نەیانتوانی وەکو نوێنەری ناسیۆنێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە هەموو بوارە گرنگەکاندا کۆنسترەکیڤانە یا پریمۆدالانە مسۆگەری دانپێنان و گەرەنتیەکان لە بوارەکانی ماف و بەرگری و چارەنوسدا بکەن و ستراتیژیانە کاریان لەسەر بکەن.

دووبەرەیی و زاڵی بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حزبی ڕۆڵی گرنگی لە خراپترکردنی باری ئابوری و ڕامیاری کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا گێڕا بە جۆرێک کە بووەهۆی قەیرانی ئابوری و ڕامیاری بنبەستوو. جگەلەوەی کە بۆشایی نێوان گەل و دەسەڵاتداران ڕوو لە هەڵکشاندا بوو، خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم و یا نەما. دەبوایە لە هاوینی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆک نایاسایانە درێژنەکرێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن کە تازە دەرکەوتووبوو کار لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئامانجەکانی خۆی شێلگیرانە بکات. بەلام بەپێچەوانەوە سیستەمی ناسەرکەوتووی دووبەرەیی و بێمتمانەیی پێشوو ماوەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزیسۆنیش ملی کەچکرد و چووە ناو دەسەڵات. پێداگرتنی سەرۆکی سەپێندراوی هەرێم لەسەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە ٢٠١٥ دا و وەستانەوەی بەرەی زەرد دژ بە گۆڕانی بنەڕەتی رامیاری لە باشوری کوردستاندا بارەکەی تەنها خراپتر کرد و شەقبوونە رامیاریەکە کوشندەترکرا. لەجیاتی دەستلەکارکێشناوەی سەرۆک و چارسەری کێشەکان لە رێگەیەکی دیموکراسیانەدا، ڕیفەرەاندەم وەکو جۆرێک لە چارەسەری قەیرانی ناوخۆی باشوری کوردستان و ئێراق هێنرایە پێش و بەرزکرایەوە. بۆیە ریفەراندەم دەرئەنجامی بەرنامەیەکی نیشتیمانی تاوتوێکراوی ستراتیژیانە نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێراق بوو. شکست و ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا، لەهەمانکاتدا ڕزگارکردنی بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حزبیەکان دروستیانکرد. ریفەراندەم نکۆڵیکردن بوو لە قەیرانی ڕامیاری و شەقبوونە کوشندەکە، لە قەیرانە ئابوریەکە، هەروەها لە بێزاری و توڕەیی خەڵک. هەوڵێک بوو دەیوست بە خۆلێگێلکردن و چاوپۆشیکردن قەیرانەکان تێپەڕێنێ و بە هەوارێکی ئەستەم و دوورەدەست بگات، لەوێوە گەورەیی سەرۆک و سەرکەوتن بە خەلک بفرۆشێتەوە، بەمجۆرە مسۆگەری درێژی خەونە ڕەنگاوڕەنگە تایبەتەکانی بکات.

بەڵام کیشەی سەرۆک و دەسەڵاتی بەرەی زەرد ئەوەبوو، ئەو پرۆسەی بەناو جیابوونەوەیەی دەستیپێکردبوو، لە بزری فاکتەرە گرنگەکاندا پرۆسەیەک بوو نامۆ بە تێگەیشتنە نێونەتەوەیەکان. سەرکەوتنی ریفەراندەم بە سەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا و هەروەها نێونەتەوەیدا وابەستەبوو، کە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی کوردی لەهەرسێ ئاستدا ژێرکەتوو و ناسەرکەوتوو بوو. لەئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیشدا هیچ کارێکی گرنگی کۆنسترەکتیڤانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نەکرابوو، بەپێچەوانەی فاکتەرەگرنگەکان، بەبێ گوێدانە هۆشداریەکان، جەختی سەرەکی خرایە سەر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پەرەدان و ملکەچبوون بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا. لەلایەکیتر خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ هەندێ “ڕاوێژکاری” بێگانە. دەسەڵاتی هەرێم لەخۆباییانە بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان سەوڵی لێدەدا.

پشتکردن لە ئەمەریکا و رۆژئاوا، کە باش یا خراپ ئەو هێزەن هۆکاری سەرەکی بوونی دەستکەوت و ئازادی باشوری کوردستانن، هەنگاوێکی خۆکوژانەی بێئەملاو ئەولا بوو. هەر دوای ئەنجامدانی ڕیفەراندەمەکە کە پشتگیری رۆژئاوا کشایەوە و گەماڕۆ و هەڕەشەکان لەهەموو لایەکەوە سەریان هەڵدا، دەسەڵاتی لاوازی باشوری کوردستان کەوتە لەرزە و لە بێ پلانی و نائامادەییدا دەرئەنجامێکی نادیار چاوەڕێی بوو.

ڕێکەوتنی ژێربەژێری باڵی دەسترۆیشتووی بەرەی سەوز، ڕێکەوتنی ١٥ ئۆکتۆبەر و پەسندکردنی مەرجەکانی ئێراقێکی لاواز، دواتر دارمانی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دووبەرەییە بوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا سەپێندرا، دەرئەنجامی ناسەرکەوتووییە لە ئاستی ناوخۆیی، ئێراقی، هەرێمی و نێونەتەوەییدا کە لە وتارەکەدا ئاماژەمان بۆکردن.

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.




ئەو کاتەی بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

هەر وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە شوێن و پێگەی ڕەسەنی عەرەبەکان، جەزیرەی عەرەبی و سەنتەری سەرەکیشیان، میرنشینی عەرەبستانی سعودی ئێستا، بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئیدی وردە وردە، سنوور و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامەوە، فراوان کردووە. ئەوان؛ لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدی گەیشتوونەتە باشووری (عێراقی ئێستا). لە سەردەمی دوا خەلیفە، ( عەلی کوری ئەبو تالیب) و کوڕو نەوەکانی، بە شێوەیەکی فراوانتر هاتوونەتە باشووری عێراق، بە تایبەتیش شارەکانی نەجەف و کەربەلا و کوفە و، تیایاندا نیشتەجێبوون و ، کردیانە هەواری تازەی خۆیان. بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ئەم مێژووە، وردە وردە بەرەو سەروو، بە تایبەتیش سنوورەکانی بەغدای ئێستا، هەڵکشآن و ئەوێشیان کرد بە نیشتیمانیی خۆیان.

بەغدا لە سەردەمی ساسانییەکاندا، سەرەتا گوندێکی بچووک بووە. ئەو کات؛ زمانی فارسی زمانی فەرمی وڵات بووە. لە سەردەمی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسییەکاندا، بۆتە شارو پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی. عەبدوڵلای کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵلا کوڕی عەباس عەبدولموتەلیبی هاشیمی قوڕەیشی، ناسراو بە ؛ ( ئەبو جەعفەری مەنسوور ٧١٤ـ ٧٧٥ ز)، دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسییەکان، بەغدای دروست کردووە. ئەبو جەعفەر، خۆیشی لەدایک بووی سنووری ئێستای عێراق نەبووە، ئەو؛ لە شام لە دایک بووەو، لە شاری (مەککە)ی زێدی باب و باپیرانی، بە نەخۆشی، لە ساڵی (٧٧٥ ز)، کۆچی دوایی کردووە. بەغدا لە سەدەی هەشتەم (٧٥٣ـ ٧٧٠)، بنیات نراوە.

کە عەرەبەکان هاتوونەتە ئەم شارە تازە دروستکراوە، خەڵکی تریش لە نموونەی؛ پاشماوەکانی ئاشوری و بابیلی و ساسانییەکانی لێ بووە. بەغدا، هەر لە ناوەکەی ڕادیارە ، ناوێکی عەرەبی نییە، ئەگەر کوردی نەبێت، ئەوا سەد دەر سەد فارسییە.
جوولەکەکانیش وەک گەلانی تری ناوچەکە( ئەرمەن و کورد )، بە درێژایی مێژوو، چەوساونەتەوەو ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کوشت و بڕ، تاڵان، جینۆساید، کراون. لێیان نەگەڕاون لەسەر زێدی باب و باپیرانیان، ئارام بژین و هەردەم نوونەی ( تۆپی پێ )، تۆپ تۆپانێیان، پێکراوە.

ئەوەی هەتا ئێستاکە زاندراوە؛ جوولەکەکان بە درێژایی مێژوو لە نێوان بابل و ئۆڕشەلیم (قودس)، لە هاتوچۆ کردن و ڕاگواستندا، بووینە. هەشت سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ئۆرشەلیمەوە، بە زەبری هەڕەشەو هێزەوە، بۆ بابل، دوور خراونەتەوە. لەوێ؛ بە ناچاری، ئەم دەڤەرە تازەیان کردووە بە نیشتیمانیی خۆیان. لە دەورو بەری ساڵی (٥٣٩)ی پێش زایین، کاتێک کە کۆڕشی گەورە، پادشای فارسەکان، بابلیان داگیر کرد، ئارەزوو مەندانە، ڕێگایان بە جوولەکەکاندا کە بگەڕێنەوە زێدو کۆنە هەواری خۆیان (ئۆڕشەلیم). ئەوان؛ ئەو کاتەی کە گەڕانەوە، ژمارەیان (٢٤٣٦٠) کەس دەبوون. هەروەها لەگەڵ خۆشیاندا نزیکەی (٣٣٧٧) خزمەتکاریشیان بۆ ئۆڕشەلیم بردەوە. ئەوان؛ هەر ئەوەندە گەڕانەوە. ئەوانەی تر، لە بابل مانەوەو درێژەیان بە ژیان و جێبەجێ کردنی مەراسیمە ئایینی و کولتورییەکانی خۆیاندا. دوای ئەم مێژووە، ئیدی بە درێژایی (١١٠٠) ساڵی داهاتووەوە ( دوای ساڵی ٥٣٩ ی پێش لەدایکبوونی مەسیح)، شاری ئۆڕشەلیم کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی و گریک و ڕۆمان و سەلجووقی)یەکانەوە. هەر یەکەیان چەند ساڵ و قۆناغێک، حوکمڕانی ئەوێیان، کردووە.

لە سەدەی هەشتی زایینییەوە، شاری بەغدا بوو بە سیمبۆڵێکی دیاری ئایینی ئیسلام. ئەو کاتە؛ جوولەکەکان تەبای گەلان و نەتەوەکانی تر، بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە، ژیاون. لە ڕووی خوێندەواریشەوە، میللەتێکی کارکردەو پێشکەوتوو بووینە. (بنیامین تەلیتەلی)، گەڕیدەی جوولەکە، سەردانی شاری بەغدای کردووە.لە ساڵی (١١٦٨) ی زایینی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەغدا نووسیوە. لەوێدا هاتووە؛ نزیکەی چل هەزار جوولەکە لە شاری بەغدا، لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی خەلیفەی ئیسلامەکاندا، دەژین. کاتێک کە ( هۆلاکۆ )ی نەوەی جەنگیز خان، لە ساڵی (١٢٥٨)، بەغدای داگیر کردووە، سوپاکەی ، بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستی کردووە بە کوشتن و بڕین و تاڵان کردن و سووتاندنی هەموو جۆرە ژییارێک لە بەغدا. ئەو کاتە؛ بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، ئاوارە بووینەو، بەغدایان بەجێهێشتووە. هەندێک لە جوولەکەکان، ئاوارەی ئیسپانیا بوون. لە ساڵی (١٣٣٦)دا، مەغۆڵەکان بەغدایان بەجێهێشت و لە ساڵی (١٤٩٢)، کەوتەوە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی( ئاک قۆینلوـ مەڕی سپی)ەکان.

ئەوان؛ زۆر نەرم و نییان بوون. ڕێگەیاندا، ئەو کەسانەی ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، کە لە ترسی مەغۆلەکان بەغدایان بەجێهێشتبوو، بگەڕێنەوە بەغدا. بۆیە ئەو جوولەکانەی کە چووبوونە ئیسپانیا، جارێکی تر گەڕانەوە. لە ساڵی (١٥٣٤)، کاتێک کە سوڵتان سلێمان قانوونی، پادشای عوسمانییەکان، هاتە بەغدا، کۆمەڵێک زانا و دکتۆرو فەلەکناسی جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە بەغدا… بە هۆی ڕەفتار نەرمو نیانی سوڵتانەوە، جوولەکە بەغدا نشینەکان، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە سوڵتان و سوپاکەی کردو، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەو کاتە؛ سەرەڕای نەتەوەی عەرەب،( جوولەکە، مەسیحی،فارس، کورد، تورک)یش، لەم شارەدا، پێکەوە ژیاون. تورکەکان، زێتر ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ هاتنی مەغۆل و عوسمانییەکان، بە شێوەی فەرمانبەرو سەرباز هاتنە بەغداو، نەگەڕانەوەو لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوان؛ زێتر بە تورکمان، ناسران، نەک تورک.

لە ساڵی (١٨٦٤)دا، کۆمەڵگای جوولەکەکان لە بەغدا، یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانەیان لەم شارەدا، کردۆتەوە، کە بووە یەکەمین قوتابخانە لە هەرسێ ویلایەتەکەی عوسمانی ( موسڵ و بەغدا و بەسرە). هەروەها بە هۆی کرانەوەیان بە رووی پێشکەوتن و شارستانی و ژیانی سەردەمییانە، لە ساڵی (١٨٩٣) یەکەمین قوتابخانەی کچانیان لەم شارەدا کردۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوو قوتابخانەی تری کوڕانیان، لە بەغدا کردۆتەوە. ئەوە جگە لە دوو قوتابخانە لە ویلایەتەکانی ( موسڵ و بەسرە).

لە بواری بنیاتنانی قوتابخانەی مۆدێرندا، ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە هاوسێ موسڵمانەکانیان، پێشکەوتوو تر بوون. لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەشدا، بیریان لە دامەزراندنی چاپخانەش کردۆتەوە. ( بارۆخ مۆشێ مزراحی ) کە یەکەم کەس بووە کە چاپخانەی بە زمانی عەرەبی لە ساڵی (١٨٥٣)، لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەو، چەندین کارسازی جوولەکەی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، چەند چاپخانەیەکی تریان دامەزراندووە کە کتێبیان بە عەرەبی و عیبری، بڵاوکردۆتەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٠٩)دا، ڕۆژنامەی (ئەلزهور)ی تورکی و عەرەبی، سەرنووسەرەکەی ( نەسیم یوسف سومیخ و ڕەشیدە فەندی سەفار)، بووە. ڕۆژنامەی (بەین ئەلنەهرەین)، کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، ( ئیسحاق حەسقیل و مەناحیم عانی )، دەریان دەکرد. ڕۆژنامەی ( تەفەکور)، سلێمان عەنبەر لە ساڵی (١٩١٢)دا، دەریکردووە. ئەوانە؛ ڕۆژنامە پێشەنگەکانی بەغدا بوون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی دە هەزار جوولەکە لە بەغداو هەزارو پێنج سەد، لە شاری بەسرەدا، ژیاون. لە ساڵی (١٩٠٨)دا، ئەو کاتەی کە بەغدا ژمارەی دانیشتوانی (١٥٠) هەزار کەس بووە، (٥٣) هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ سێیەکی دانیشتوانەکەی. بە گوێرەی دوا ساڵنامەی عوسمانییەکان، کە لە ساڵی (١٩١٧)دا، بڵاویان کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا (٢٠٢،٢٠٠) هەزار کەس بووە. لەوانە؛ هەشتا هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ بە ڕێژەی لە سەدا سی و نۆی دانیشتوان. ئەوانی تریش؛ (١٢) هەزار مەسیحی، هەشت هەزار کورد، (٨٠٠) فارس، (١٠١،٤٠٠)، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بووینە.

کاتێک کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیر کرد، لە ساڵی (١٩٢٠)دا، سەرژمێرییەکیان کرد، ئەو کات، ڕێژەی جوولەکەکان لە بەغدا لە سەدا بیست بوو. هەروەها لە سەرژمێری نیشتیمانیی دەوڵەتی تازەی عێراق لە ساڵی (١٩٤٧)دا، سەرجەم دانیشتوانی عێراق چوار ملیۆن و نیو بووە، سەدو هەژدە هەزار، بە ڕێژەی لە سەدا دوو و نیو زێتر، جوولەکە بووینە. بەغدای پایتەختیش ئەو کاتە، بە گوێرەی یاداشتەکانی (د. جەمال نەبەز، لاپەڕە ٢٤٧)، نیوەی پتری عەرەب نەبوون، بەڵکو ؛ کورد ( فەیلی)، جوولەکە، مەسیحی، فارس، بووینە. ئەم پێکهاتە سەرەکییەی بەغدا ( جوولەکە)، لە بواری هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوەش، ڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان، گێڕآوە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە؛ چەندین ڕۆژنامەیان دەرکردووە. لەوانە؛ ( ئەلمیسباح)، کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٤ـ ١٩٢٧)دا، دەرچووە. چەند ژمارەیەکیشی لە ساڵانی (١٩٢٨ـ ١٩٢٩)دا، دەرچووە، ئیتر وەستاوە.

هەروەها گۆڤاری ( ئەلحاسد)، کە لە ساڵی (١٩٣٨)دا، داخراوە. ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانە، خاوەن ئیمتیاز، یان سەرنووسەرەکانیان جوولەکە بووینە، یان بە پارەی ئەوانەوە دەرچووینە. هەر لە سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، چەندین نووسەری عێراقی بە بنەچەکە جوولەکە، دەرکەوتن. لەوانە؛ ( ئەنوەر شائول ١٩٠٤ـ١٩٨٤) ، ( عزرا حەداد ١٩٠٩ـ١٩٧٠) ، ( سەلمان شینە ١٨٩٨ـ١٩٧٨). ئەوەی دواییان، پارێزەرو ئەندام پەرلەمانی عێراقیش بووە. لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقیشدا، جێ پەنجەی ئەوان دیار بوو. ( نوری سەعید)یش، زۆر هاندەر و پشتیوانیان بوو. ( سەلمان مۆسێ١٨٨٠ـ١٩٥٥ ) و ( حەسقیل قەساب)، لە مەقام بێژە ناودارەکانی عێراق بوون. هەروەها خانمە گۆرانیبێژ ( سەلیمە موراد١٩٠٠ـ١٩٧٢ )، هاوسەری ( نازم غەزالی)، ئەویش جوولەکە بوو…ئەوە سەرەڕای چەندین کەسایەتی دیاری سیاسی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و، حزبە نیشتیمانیی و دیموکراتەکانی تر.

لە بواری بازرگانی و بازاڕی کاردا، بەشی هەرە زۆری بازاڕەکانیان، کۆنترۆڵ کردبوو. لە سنعەتی کاری دەستی، جێ پەنجەیان دیار بوو. لە دامەزراوە مالیی و بازرگانییەکانی هاوردەو هەناردە کردندا، ئەوان پێشەنگ بوون. بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە ساڵانی (١٩٣٨ـ١٩٣٩)دا، لە بیستو پێنج ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ، دە کەسیان جوولەکە بووبن… هەروەها لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە کۆی سی و نۆ سەڕاف، ( ئەوانەی مامەڵەیان بە دراو دەکرد)، سی و پێنجیان جوولەکە بوون.

لەم سەرو بەندەدا، خانەوادەی ( ساسۆن )، ناودارترین بازرگانی جوولەکە بوون لە بەغدا. لەبەر ئەوەی تەواوی بازاڕەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەڵبەتە ڕۆژی پشووی جوولەکەکانیش، ڕۆژی شەممە یە. لەم ڕۆژەدا تەواوی بازاڕەکان دادەخران. هەر لەبەر ئەمە، عەرەبە شیعە مەزهەبەکانیش، لە جیاتی ڕۆژی هەینی، ئەوانیش پشووی خۆیان دەکردە ڕۆژی شەممە. لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی کە کاری پاسەوانی شەوان و پاککردنەوەیان دەکرد، بریتی بوون لە عەرەب و مەسیحییەکان. ئەو کوردانەی کە لە شارەکانی کوردستانیشەوە بۆ کاسبی دەهاتنە بەغدا، زۆربەیان بە کاری کۆڵهەڵگرییەوە خەریک بوون. هەموو پەرستیاری نەخۆشخانەکانیش، جوولەکەو مەسیحی بوون.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری نازییەکان لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی (١٩٣٣) و، پاشان بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ـ١٩٤٥) و، جینۆساید کردنی جوولەکەکان، وردە وردە هەستی نازییەت لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا، چەکەرەی کرد. عێراق یەکێک بوو لەم وڵاتانە. لەژێرئەم فکرو ئاڕاستەیەوە، ( ڕەشید عالی گەیلانی ١٨٩٣ـ١٩٦٥)، یەکێک بوو لەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانەی کە زۆر بە حەماسەتەوە لایەنگیری لە هیتلەرو نازییەکان دەکرد. خەریکی بڵاوکردنەوەی فیکری نەتەوەیی عەرەبی ڕەگەزپەرستانە بوو.

هەر لەژێر ئاڕاستەو ئەم کاریگەرییەش کودەتای مایس (١ـ٤ـ١٩٤١)ی هەڵگیرساندو تا (٣١ـ٥ـ١٩٤١) دەوامی کرد. ئەم کودەتایە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پشێوی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو، ڕق هەستان لە جوولەکەکان. لە ڕۆژی (١ـ٦ـ١٩٤١)دا، عەرەبە شۆڤینییەکان، لایەنگرانی ڕەشید عالی و دۆستانی نازییەت لە ئەڵمانیا و فاشییەت لە ئیتالیا، بە تفەنگ و داس و تەورو خاکەناس و خۆترمە، هێرشیکی فراوانیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئایینی جوولەکەکان ، زێتر لە (١٧٥) کەسیان لێ کوشتن و نزیکەی هەزار کەسێکیشیان لێ بریندار کرا.

وێرای ڕوخاندن و وێرانکردن و تاڵان و بڕۆی (٩٠٠) ماڵ و دوکان و شوێنی کارکردنیان. ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیان، تەقێندرایەوە. بزووتنتەوە مایس (گەیلانی)، زوو سەرکوتکراو دامرکایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە فۆرمی ڕەگەزپەرستی، لای عەرەبەکان، بەرەو هەڵکشان دەچوو…لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨) و، یەکەم هێرشی شکست خواردووی سوپای دەوڵەتە عەرەبییەکان لە مایسی (١٩٤٨)، بۆ سەر ئەم قەوارە تازەیە، کە سوپای عێراقیش یەکێک بوو لەم سوپا بەشداربووە شکست خواردوانە، هەستی نازییەتی عەرەبی گەیشتە لووتکە. لەم کاتەدا، فراوانترین هێرشی کوشتن و ڕفاندن و شونبزر کردن و تاڵانکردن و تۆقاندن دژی جوولەکەکان، لە بەغدا دەستی پێکرد.

لە ژێر فشاری ئەم ‌هێرشانەو بڵاوبوونەوەی بێ نیزامی، حکومەت باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، جوولەکەکان، بە قاچاغ و بە ناچاری، ئەوەندی بۆیان کرا، بەغدایان بەجێهێشت. لە (٧ـ١٢ـ١٩٤٩)دا، باری نائاسایی هەڵگیرا، کە بووە هۆی ئەوەی جوولەکەکان بتوانن لە دوو ڕێگاوە بەغدا بەجێبهێڵن؛ـ
ـ حکومەتی عێراقی ماڵ و سامانی ( مەنقولەو غەیر مەنقولەی) لێ زەوت دەکردن، ڕەگەزنامەی عێراقی ڵی دەستاندنەوەو ڕەوانەی ئیسرائیلی دەکردن.

ـ هەندێکی تریان، لە ڕێگای باشوور ( بەسرە )و، باکور (کوردستان)ەوە، بە قاچاغ، عێراقیان بەجێدەهێشت. لە باشوور دەچوونە شاری بەسرە، لەوێوەش ، لە ڕێگای باندە قاچاخچییەکانەوە، ئاودیوی ئێران ( شاری عەبادان )، دەکران. لە ڕێگای کوردستانیشەوە، بە هەمان ڕێگای قاچآغ ، ئاودیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکران. لەوێوەش ( ئێران )، ڕیکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە، بۆ ئیسرائیل، دەگوازرانەوە.

ئیدی بە هۆی هەڵکشانی هەستی ڕەگەزپەرستێتی، بەغدایان خاڵی کرد لە هەزاران هاونیشتیمانی جوولەکە لە؛ ( بازرگان،پارێزەر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس،دکتۆر، هونەرمەند، کاسبکار،….تاد). لە ساڵی (١٩٥١)دا، لە سەدا هەشتای جوولەکەکان، عێراقییان بەجێهێشت. ئیدی لەمە بەدواوە، فرە کولتوری و فرە ڕەنگی ، لە زۆنی (بەغدا)دا، بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت.

ئەمجارەیان لە هەشتاکان (١٩٨١)دا، نۆرە هاتە سەر کوردە فەیلییەکان. ئەمانیش وێنەی جوولەکەکان، بازاڕی بەغدایان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەوەی ناوی بازرگانی و کاری بازاڕ بوو لە دەست ئەوان بوو…ئەمجارەیان؛ ( ڕەشید عالی گەیلانیی)ەکی تر، بەڵام بێ بەزەییانە تر ( سەدام حوسێن)،کەوتە گیانی کوردە فەیلییەکان.

ئەوەی دەستی کەوت؛ گرتی، هەندێکیانی لە سێدارە دان. ئەوانەی تریشی بە جلکی بەری ڕەوانەی سنوورەکانی ئێرانی کردن… بەشی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵدا چوونەوە، بەرگەی گەرماو سەرمایان نەگرت و لەسەر سنوورەکان، بوونە قوربانی. ئەگەر بەغدا لەسەردەمی هۆلاکۆدا، وێران و تاڵان و قەتلوعام کرا، ئەوا لە سەردەمی گەیلانی و سەدام و شوێنهەڵگرانیان، بە بەردەوامی درێژەی پێدرا…ئیتر ئەو بەغدایەی جاران نەما، کە شوێنی هەڵکردنی کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان بوو.

ئەگەر لە بیستەکان تاوەکو پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەغدا ئەستێرەیەک بوو، تیشک و ڕووناکی بەسەر شەپۆڵەکانی دیجلەو دارخورماکان، دەبەخشییەوە، ئەوا لە پەنجاکان بە دواوە ئەم ئەستێرە پرشنگدار و ڕەونەق ڕێژە، بەرەو کز بوون و داڕژان ڕۆیشت… ئیتر لەمە بەدواوە، بەغدانشینەکان، جارێکی تر، ئەستێرەیەکی تریان ، بە ئاسمانەکەیانەوە، نەبینییەوە.

ئێستاش، بەهۆی هەڵکشانی هەستی نازییەت لە بەرگی مەزهەبدا، دەسەڵاتداران خەریکن، ئەوەندەی ماوە وێرانتری بکەن…کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان،ڕیشەکێش و شاربەدەر بکەن. ئێستا هاووڵاتییە کوردەکان، (هەتا بەشێک لە مەسیحی و عەرەبە سوونی مەزهەبەکانیش)، هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی چلەکان و کوردە فەیلییەکانی سەرەتای هەشتاکان، لەژێر ڕەحمەتی شمشێری ترس و تۆقاندن، بە نائارامی و دڵەڕاوکێ وترس و لەرزەوە، دەگوزەرێنن و ڕۆژ دەکەنەوە. هەموو چرکەیەکی ژیانیان، لە چاوەڕوانی دووبارە کردنەوەی هەمان تاس و حەمام، بەسەر دەبەن.

* ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی؛ ( نسیم رجوان،آخر الیهود فی بغداد ذکریات وطن مفقود، ترجمە: د. رمضان مهلهل سدخان، الطبعة الاولی، لبنان ـ کندا ـ بصرە، ٢٠١٦)دا، نووسراوە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ – 72 – …. كه‌ریم كاكه‌

رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌،

72

له‌ كۆڵانی سینه‌ما حه‌مرا سووڕاینه‌وه‌، كه‌وتینه‌ ناو كۆتر و مریشك و په‌له‌وه‌ران، پێشترێ ئێره‌م دیتبوو، هه‌نده‌ك مه‌یدانی مریشكانیان ده‌گۆتێ، هه‌نده‌ك هی كۆتران، برا گه‌وره‌ی رێحانه‌ پرسی:
حه‌زتان له‌ چ ره‌نگه‌؟
رێحانه‌ به‌ زه‌رد و من به‌ سپی وه‌ڵاممان دایه‌وه‌، به‌ دوو كۆتری سپی، له‌ به‌فر سپیتر هاتمه‌وه‌ ماڵێ، برای رێحانه‌ سه‌ره‌ باڵی كۆتره‌كانی به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ست كه‌ تینی فڕیان هه‌ر تا سه‌ر دیوار بڕبكات، دایكم چه‌ند گۆتی:
دمۆره‌، كوڕم، كۆتر دمۆره‌.
دمۆری چی دایه‌! حه‌زم له‌ كۆتره‌.. له‌و جووته‌ كۆتره‌ی له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ كڕیمن، حه‌وشه‌ و سه‌ربان پڕبوون له‌ كۆتر، چ تشتت هه‌ڵدابا به‌ر كۆتر ده‌كه‌وت، بڵێم چه‌ند ته‌نه‌كه‌ له‌ سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ روو له‌ حه‌وشه‌ ریزبوونه‌! له‌ هه‌ندێ جێ لیس له‌ سه‌ر لیسه‌، به‌ هێلانه‌ی كۆترمان ده‌گۆ لیس، هه‌موو ده‌یانگۆ لیس، وشه‌كه‌ له‌ سه‌ر زاران ناسك بوو، هی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر گمه‌گمێكی كۆتر، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵفڕینێكی كۆتر بیڵێیه‌وه‌، به‌ڵام مه‌لای جه‌هه‌نده‌مێ لیسی به‌ زاریدا نه‌ده‌هات، هه‌ر هێنده‌ش نا، له‌ ده‌ستی هاتبا لیسی له‌ زمان ره‌شده‌كرده‌وه‌، ئاخر هه‌ر جارێ به‌ نزیك ماڵێ مه‌دا تێده‌په‌ڕی، منداڵ، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش له‌ گه‌ڵمان ده‌یگۆته‌وه‌:
مه‌لا و مه‌لا ژن كۆتری سه‌ر لیسی
پێم له‌ مه‌لا نا، مه‌لاژن فسی
مه‌لا جوێنی پیسی ده‌دا، هێند پیس، رووی نووسینه‌وه‌ی نیه‌:
دایكتان له‌ شه‌یتان بای خواردووه‌، سه‌گ بتره‌كێ، هی وه‌ك ئێوه‌ی لێ ده‌رده‌په‌ڕێ، به‌راز تفی له‌ ناو گه‌ڵی دایكتان رۆكردووه‌.
ئیدی به‌ره‌ به‌ره‌ بوومه‌ كۆترباز، ده‌مكڕی و ده‌مفڕۆشته‌وه‌، زۆر جۆری كۆترم په‌یداكرد، هینداوی، ئورفه‌، شه‌كرلی، سابوونی، سه‌ر لووس، سه‌ر به‌ كڵاوه‌، پێ به‌تووك، بێ تووك…. شه‌ش حه‌فت ساڵێ ماڵی ئێمه‌ كه‌وته‌ بن كۆتران، ته‌ماشای هه‌ر لیسێكت ده‌كرد، هێلكه‌ت ده‌دی، فه‌رخه‌ت ده‌دی، یان تازه‌ له‌ گژ پووشكێشان بوون، كاتێ پووشم به‌ دندووكی كۆترێكه‌وه‌ ده‌دی له‌ خۆشیان له‌ باڵم ده‌دا، ده‌مزانی هێلكه‌ و به‌چكه‌ی به‌ دواوه‌یه‌.. جار جاره‌ كۆمه‌ڵێكم پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستاند، سێبه‌رێكی جوانیان به‌ سه‌ر حه‌وشه‌ و باندا ده‌نه‌خشاند، جاریش هه‌بووه‌ كۆترێكم هه‌ستاندووه‌، هه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌ بووه‌ و نه‌هاتۆته‌وه‌، وای خه‌فه‌تم له‌و كۆتره‌ ده‌خوارد كه‌ هه‌ڵمده‌دا و نه‌ده‌هاته‌وه‌.
هه‌ندێ كۆتر له‌ كنه‌ من زوو جه‌رد ده‌بوون، ئه‌و كۆتره‌م هه‌رگیز له‌ بیرناچێته‌وه‌، له‌ بنی دنیا ده‌هاته‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م له‌ بن حه‌سارۆكانی رێی كه‌سنه‌زان و دڵۆپه‌ به‌ره‌للام كرد، كاتێ هاتمه‌وه‌، له‌ ماڵێ بوو، شاگه‌شكه‌ بووم، جاری دووه‌م، ده‌چووینه‌ كۆیێ له‌گه‌ڵ خۆم هێنامه‌ ناو ترومبێل، دایكم وای زانی بۆ ماڵی پلكمی ده‌به‌م، له‌ پشت كه‌سنه‌زان له‌ راستی ئاوی دڵۆپه‌ له‌ جامی ترومبێله‌وه‌ هه‌ڵمدا، كاتێ له‌ كۆیێ گه‌ڕاینه‌وه‌، كۆتری جه‌رد له‌ حه‌وشه‌ دانی ده‌خوارد، جاره‌كیدی هه‌ر له‌ رێی كۆیێ له‌ كن به‌رده‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی هه‌ڵمدا، جاری چواره‌م له‌ سه‌ر پرده‌كه‌ی دێگه‌ڵه‌، باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد بێته‌وه‌، هاته‌وه‌، دواتر له‌و كۆتره‌ی خۆمه‌وه‌ باوه‌ڕم به‌ ئه‌فسانه‌ی كۆتر هێنا، ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی كۆتر نامه‌به‌ری دنیا بوو، له‌ نێوان وڵاتان ته‌ته‌ریی ده‌كرد.
له‌ دڵی خۆم دامنابوو، له‌ سه‌ردانی دادێ، كۆتر ببه‌مه‌ كۆیێ، له‌ بن په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادر، به‌ره‌للای بكه‌م، فازیل رێحانه‌ گۆتی:
ئه‌گه‌ر له‌وێ هاته‌وه‌، له‌ حه‌جێش دێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌ویش ئه‌و رۆژه‌ نازناوی كۆیێی به‌ كۆتره‌كه‌وه‌ نا..قسه‌كه‌ی رێحانه‌م زۆر له‌ دڵ خۆشه‌، وه‌رزه‌كه‌ش وه‌رزی چوونه‌ حه‌جێیه‌، بیرمده‌كرده‌وه‌ داخوا خزمێكی نزیك ناچێته‌ حه‌جێ كۆتره‌كه‌م ببات و له‌ سه‌ر گۆڕی پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵیدات.
دڵنیابووم، له‌ كن حاجی قادر دێته‌وه‌، ئێ، ئێستا وا ده‌ورو سوڕی كۆتری كۆیێ ده‌ده‌م، وه‌ك بڵێی ئاماده‌ی ده‌كه‌م بۆ گه‌شتی دوور، دانی بۆ رۆده‌كه‌م، ده‌مه‌وێ تێروپڕ بێ، نه‌ك له‌ رێیێ برسی بێ، ناو لیسه‌كه‌شم بۆ پڕكرد له‌ گه‌نم..
وه‌بیرمدێ رۆژی پێش سه‌ردانێ، له‌ سه‌ر بانێ چاوم بڕیبووه‌ كۆتری هه‌ڵنیشتوو، كۆتری ئاسمانێ، له‌ پڕ به‌ردێ نه‌مزانی له‌ كیهه‌ لاوه‌ هات، كۆتره‌ هه‌ڵنیشتووه‌كانیشی هه‌ڵدایه‌ ئاسمانێ، شه‌قه‌ی باڵیان لیسیان له‌رانده‌وه‌، ده‌بینم كۆتری كۆیێ، به‌ لا باڵێ، فڕ فڕ ده‌فڕێ، ئێستا نا كه‌مێكیتر ده‌نیشێته‌وه‌، دیتم له‌ سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر كه‌لاباز نیشته‌وه‌، یان كه‌وته‌ خوارێ، غارده‌.. ده‌بینم مام برایم نه‌رم نه‌رم ده‌ست به‌ پشتی دادێنێ و ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ كێ به‌ردی لێدای، ده‌ستی بشكێ.
سه‌ری هه‌ڵبڕی و گۆتی:
ئه‌وه‌ تۆ لێت دا؟ چۆن دڵت هات!
گۆتم:
هی منه‌، نازانم كێ لێیدا.
باوه‌ڕی پێمكرد و دامیه‌وه‌، وه‌یش! ده‌ڵێی رانی شكاوه‌، شكابوو، كۆتری كۆیێ سه‌ردانی كۆیێ و حه‌جێی له‌ ده‌ستچوو، زۆری نه‌برد، مرد، تێروپڕ بۆی گریام، چ گریانێ! ژنێك گوتی:
ئه‌وه‌ چیه‌، ده‌ڵێی ده‌زگیرانت مردووه‌، بۆ وا ده‌گری؟
له‌بیرمنه‌چێ سه‌ربرده‌ی كۆتری كۆیێ له‌وانه‌یه‌ دوو ساڵێ دوای كڕینی جووته‌ كۆتری یه‌كه‌م بووبێ، ئاخر هه‌راشتر بووم، ره‌نگه‌ پێم خستبێته‌ ته‌مه‌نی شه‌یتانیبوون..ئێ، پتر خه‌مم له‌وه‌ ده‌خوارد، دارلاستیقهاویژه‌كه‌م نه‌دیته‌وه‌، نه‌مزانی كێ بوو، گومانم بۆ ئه‌نۆ قه‌یسی چوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌رنه‌چوو، هه‌زار سوێندی خوارد و درۆشی نه‌ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ منیشی نه‌ده‌كرد و براده‌ر بووین.
ئه‌و ژنه‌ی ده‌ڵێم تازه‌ ماڵیان هاتبووه‌ گه‌ڕه‌كێ، خه‌ڵكی كوێستانێ بوون، مێرده‌كه‌ی كه‌ دوو ته‌مه‌نی وی هه‌بوو، وه‌ك ده‌یانگوت قسه‌شی هه‌ڵده‌بڕكاند،گوتبووی:
خودایه‌، تا نه‌مبه‌یته‌وه‌ كوێستانی كێله‌شینێ، داوای نوێژ و رۆژووم لێمه‌كه‌.
به‌ڵام ژنه‌كه‌ شاری به‌ هه‌زار كوێستان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، زۆر جار ده‌یگۆ:
حوكمه‌ت ئۆنده‌ ئیشه‌ باشه‌ی كردووه‌، مێرده‌كه‌می له‌ چیاو چۆلێ هه‌ڵقه‌ندووه‌.
له‌ كێشه‌ی ژن و پیاوه‌ كوێستانیه‌كه‌ گه‌ڕێ، قسه‌م له‌(ده‌زگیران)ی زاری ژنه‌كه‌یه‌، ئه‌و ژنه‌ی ده‌تگوت هه‌ر ئێستا له‌ ئاسمانێ دابه‌زیوه‌ و هێشتا بای سه‌ر زه‌وی وێنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌و ژنه‌ له‌ جلكوبه‌رگی له‌ چ ژنه‌كی گه‌ڕه‌ك نه‌ده‌چوو، چه‌فیه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌به‌ست، جوانیه‌كی وای ده‌دایێ، پیاوی دین و حه‌یران ده‌كرد.. به‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی زاری ژنه‌ كوێستانیه‌كه‌، یه‌كسه‌ر كه‌ویار هاته‌ ناو دیده‌ی خه‌یاڵم، جارێ له‌و خه‌یاڵه‌ش گه‌ڕێ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ زێوه‌ر و ده‌بمه‌ پۆلی پێنجه‌می سه‌رتایی، واته‌ ساڵی (75-76)، له‌و ساڵه‌ی خوێندن سێ چوار گرته‌ هه‌یه‌، به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ هی له‌بیرچوونه‌وه‌ نین: مستی من، تفی یاریده‌ده‌ر، زنجیری پانتۆڕی مامۆستایێ.. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان مابێ، من به‌ وشه‌ی سووسكه‌ تووڕه‌ ده‌بووم، تووڕه‌بوونێ پتیان لێدابام ده‌ته‌قیم، مه‌گه‌ر سێ براكه‌ به‌ (پاپا) هێنده‌ تووڕه‌بان، بابی سێ برا كڵاوێكی وه‌ك هی پاپای ناو ته‌له‌فزیۆنی له‌ سه‌ر ده‌نا، كابرایه‌كی ره‌قه‌ڵه‌ی ده‌موچاو باریكی لووت كه‌مێ درێژ بوو، منداڵ به‌و سێ برایه‌یان ده‌گۆ: كوڕانی پاپا، ئه‌وان به‌ پاپاو منیش به‌ سووسكه‌ شێت و هار ده‌بووین.
چه‌ند قوتابیه‌ك زوو زوو به‌و وشه‌یه‌ تووڕه‌یان ده‌كردم، رۆژه‌كی له‌ نزیك تانكی ئاوێ، ئه‌و جێیه‌ی ده‌تگوت جێی كۆلی بزنانه‌، قوتابی ئاویان لێ ده‌خوارده‌وه‌، قوتابیه‌ك ، تا ئه‌و ساڵانه‌ش ناوه‌كه‌یم له‌ یاد بوو، دامیه‌ به‌ر ده‌سڕێژی (سووسكه‌، سووسكه‌، سووسكه‌) هه‌ر خۆم كڕكرد، هه‌ر گۆتیه‌وه‌، ئیدی چۆن تانكیه‌كه‌ كه‌ پڕ ده‌بوو، له‌ سه‌ری ده‌ڕژا، ئه‌وها له‌ سه‌رم رژا، بۆی چووم و تا هێزم تێدا بوو مستێكم راوه‌شاندێ، بۆ ناو چاویم راوه‌شاند، به‌ڵام ده‌م و كه‌پووی گرت، خوێن، چ خوێنێ! رژانی وام نه‌دیتبوو، وه‌ك به‌لووعه‌ی ئاوێ خوێن هاته‌ خوارێ، یه‌كێ گوتی:
وه‌لڵا كوشتی..
یه‌كێ:
بابی گا..
یه‌ك دوانێك هه‌ڵاتن، هه‌ر ده‌بێ هه‌واڵی شه‌ڕه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ به‌رێوه‌به‌ر، چ بكه‌م خوایه‌! هه‌ڵاتن، بیری هه‌ڵاتن هاته‌ سه‌رم، به‌ سه‌ر دیواردا ئاودیو بووم، ئه‌و دیو یه‌كه‌م ریزه‌ ماڵی ئیسكانه‌، دیواره‌كه‌ بڵند بوو، خۆم شۆڕكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێم زۆر ئێشا، له‌ كاتی كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستی پیاوێك:
ئه‌وه‌ چت كردووه‌، هه‌ڵدێی؟! خۆم راپسكاند و هیچم و نه‌گوت و ده‌رپه‌ڕیم، تاژیه‌كه‌ی ماڵی راوچیه‌كه‌ كه‌وته‌ دوام، نه‌یگرتم، له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و جاده‌یه‌ی كه‌ ئامانه‌ی لێوه‌ ده‌سووڕایه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌مابوو بن ترومبێل بكه‌وم، شوفێر سه‌ری ده‌رهێناو جوێنێكی مزری هاویشت، له‌ دڵی خۆم جوێنێكی مزرترم تێیگرته‌وه‌، نه‌چوومه‌وه‌ ماڵێ، چووم له‌ سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان پشووێكم دا، له‌ كاتی به‌ربوونێ چوومه‌وه‌، له‌ ماڵێ شه‌ڕه‌كه‌م نه‌گێڕاوه‌، دره‌نگ جه‌بار جانتاكه‌ی بۆم هێنایه‌وه‌، به‌ڵام چ هه‌واڵێكی وای نه‌دامێ، گوتی:
نازانم، چ بوو، وابزانم، هیچ نه‌بوو، مامۆستا هیچیان نه‌گۆت.
سبه‌ی به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ چوومه‌وه‌ قوتابخانه‌، دڵنیام به‌رێوه‌به‌ر بانگمده‌كات و داركاریم ده‌كا، وانه‌ی یه‌كه‌م چوو، هیچ نه‌بوو، وانه‌ی دووه‌م، سێیه‌م، زه‌نگی ماڵێش لێیدا كه‌س نه‌هات بڵێ تۆ بۆ له‌و كوڕه‌ت دا، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ له‌ بن چاوانه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كردم و وه‌ك بڵێی لێوم لێ بكرۆژێ و لۆی له‌ له‌ ناو نارنی گه‌رم هه‌ڵگرتبم، له‌ دوای ئه‌و مست و خوێنه‌وه‌، له‌ زاری كه‌س گوێم له‌ (سووسكه‌) نه‌بۆوه‌، نازانم كێ بوو گوتی:
مسته‌كه‌ت دره‌نگ راوه‌شاند.
به‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌ی زنجیری مامۆستا، با چاوێ به‌ پۆلدا بگێڕم و هاوپۆله‌كانم به‌سه‌ربكه‌مه‌وه‌، له‌بیرمبێ له‌ پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئێره‌، له‌ هه‌ر پۆلێك سێ چوار هاوپۆلم به‌ جێهێشتووه‌ و له‌ پۆلی نوێ به‌ سێ چوارێكی به‌جێماو گه‌یشتووم، براكه‌ی خۆمم به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ پۆلی دووه‌م جێهێشت، سه‌رهه‌نگی كوڕی مامۆستا حه‌مه‌ سالح، بابی به‌ ده‌ستی خۆی ئێخستی، هه‌ڵه‌نه‌بم ئه‌و كوڕه‌مان له‌ پۆلی پێنجه‌م به‌جێهێشت، بابی گوتی:
كوڕی من له‌ كوڕی خه‌ڵكی زیاتر نیه‌، به‌ هه‌قی خۆی نه‌بێ، ده‌بێ هه‌ر له‌و پۆله‌ بێ.
كرده‌ و گوته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌نگی دایه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی مامۆستایه‌كیدی كه‌ له‌بیرمه‌ كوڕه‌كه‌ی گه‌یشته‌ پۆڵی پێننجه‌میش نه‌یده‌زانی ناوی بابی بنووسێ، له‌بیركاریش ئه‌وهابوو:
یه‌ك كۆ یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
ده‌یگۆ: مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+یه‌ك كه‌م یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+ئه‌دی یه‌ك جاران یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ دوو.
منداڵ ناویان له‌و كوڕه‌ی مامۆستا نابوو(یه‌كودوو)، پۆلی شه‌شه‌میشی له‌گه‌ڵ من ته‌واوكرد.
ئێ، له‌ هه‌مووان پتر خه‌می شوكری حاجی مرادمه‌، نه‌گه‌یشته‌ پۆلی پێنجه‌م، ئه‌و له‌ ته‌مبه‌لی نه‌بوو، ده‌ستكورتی گه‌ڕاندیه‌وه‌ و وا له‌ سه‌یداوه‌ عاره‌بانه‌ راده‌كێشێ، ئیدی زۆرمان به‌جێهێشت، زۆریش له‌ سه‌رمان راوه‌ستان تا گه‌یشتینێ، ئه‌وه‌ قسه‌ی برا گه‌وره‌ بوو، ئه‌وانه‌ سێ برا بوون، كه‌س له‌بیری نیه‌ له‌ كه‌یه‌وه‌ ده‌خوێنن، برا گه‌وره‌ هه‌ر زۆر كۆنه‌، من هێشتا له‌ زگی دایكم بووم، ئه‌و چۆته‌ به‌ر خوێندن، هه‌ر پۆڵێكی به‌ دوو ساڵ و پتر بڕیوه‌، تا گه‌یشتۆته‌ پۆڵی پێنجه‌م ده‌ ساڵی پتر پێچووه‌،مامۆستایه‌كی (موته‌بیق) گۆتبوویه‌ یه‌حیا:
له‌بیرته‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌م به‌ یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشتین؟
برا گه‌وره‌ گۆتبووی:
ئێ چ بكه‌م مامۆستا، ئه‌من واسیته‌م نه‌بوو!
پۆڵی پێنجه‌م قوتابیی زۆر هێتشتبۆوه‌، زۆریشیان له‌ ئینگلیزی، بیركاری ، عه‌ره‌بی مابوونه‌وه‌، دیدار له‌ ته‌نیشت برا گه‌وره‌ دانیشتووه‌، ئه‌و كوڕه‌ به‌ به‌ژن نا، به‌ سه‌روریش زه‌لامێكی ته‌واوه‌، مامۆستا ناوه‌ ناوه‌ ده‌ڵێ:
دیدار، ردێنه‌كه‌ت بتراشه‌ و سمیڵیشت كه‌مێ كورتبكه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش لوقمانه‌ له‌ ریزی ناوه‌ندێ له‌ پشتی پشته‌وه‌ داده‌نیشێ، ئه‌و كوڕه‌ش ته‌واوێك له‌ من هه‌راشتره‌، وا بزانم سێ ساڵه‌یه‌، ئه‌و كوڕه‌ پێكه‌نینێكی هه‌بوو، هه‌ر مامۆستایێ ده‌ستی لێ به‌رزده‌كرده‌وه‌، پێكه‌نین ده‌ستی شلده‌كرد و راسته‌كه‌ی رانه‌ده‌وه‌شاند، مامۆستا تایه‌ری مێژوو، ده‌یگۆته‌ لوقمان:
تۆ به‌ پێكه‌نین بردۆتته‌وه‌..
ئه‌و لوقمانه‌ دواتر به‌ خۆی و به‌رد و پلاریه‌وه‌ دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌.

ئێ، زنجیری مامۆستاكه‌م له‌بیرنه‌چێ، ئه‌و مامۆستایه‌، له‌ به‌ر خاتری منداڵه‌كانی ناوی ناڵێم، زوو زوو ده‌یگۆت:
بخه‌ون..
ده‌خه‌وتین، سه‌رمان به‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ ده‌كرد، خه‌ومان له‌ خۆمان ده‌خست، رۆژێك نازانم كێ بوو، گۆتی قسه‌كت پێده‌ڵێم به‌ڵام به‌ كه‌س نه‌ڵێی:
مامۆستا… شتی قۆڕ ده‌كات
گۆتم: كوو ده‌زانی؟
گۆتی: من له‌ كاتی خۆ خه‌واندنێ به‌ دزیه‌وه‌ ته‌ماشام كردووه‌.
چه‌ندی گۆتم، شته‌ قۆڕه‌كه‌ چیه‌؟ نه‌یگۆت، بووه‌ مه‌راق، منیش هه‌رچه‌نده‌ زۆر ده‌ترسام، به‌ڵام به‌ دزیه‌وه‌ كه‌رته‌ چاوێكم ده‌كرده‌وه‌، ده‌مدیت، مامۆستا له‌ دوو سێ قوتابی نزیكده‌بۆوه‌، سه‌ری قوتابیه‌كه‌ی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی ، باشه‌ ئه‌وه‌ چ ده‌كات، من ئه‌و دیمه‌نه‌م سێ چوار جار، له‌گه‌ڵ دوو قوتابی دی، خوایه‌ ئه‌وه‌ چی ده‌كات! ده‌مویست له‌و دوو قوتابیه‌ بپرسم، له‌ رووم نه‌ده‌هات، به‌ سه‌ر خۆم نه‌هاتبا ئێستاش نهێنیی بن چاكه‌ته‌كه‌ی مامۆستام بۆ ئاشكرا نه‌ده‌بوو، نووستین و هات، سه‌رم كه‌وته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی، خوایه‌، ده‌بێ به‌ ته‌مای چ بێ؟ ئای! خۆ زنجیری پانتۆڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌، نازانم زنجیره‌كه‌ی تا كوێ هێنایه‌ خوارێ، له‌گه‌ڵ خۆم كه‌وتمه‌ قسه‌، ترس و شه‌رم ده‌یانگۆ:
كڕبه‌..
سووكه‌ زاخێكیش گوتی:
داڕزێی شتی بكه‌..
وه‌بیرمه‌ پاڵم به‌ زگیه‌وه‌ نا، ره‌نگه‌ ویستبێتم هاواربكه‌م، مامۆستا ده‌ستی راستی خسته‌ سه‌ر زارم، به‌ ده‌ستی چه‌پیشی زنجیره‌كه‌ی هه‌ڵكێشایه‌وه‌، دووركه‌وته‌وه‌ و گوتی:
هه‌ستنه‌وه‌.
پێده‌چوو مامۆستا هه‌ستیكردبێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی كردبێ، ئاخر تا زێوه‌ریشم به‌جێهێشت، چاوی له‌ ئاستم هه‌ڵنه‌هێنا.
تف، تف، تفه‌كه‌م قه‌تقه‌تۆكێ له‌بیرناچێته‌وه‌، ئه‌و تفه‌ی یه‌كه‌م تف و دوا تفی قوبخانه‌یه‌، ئه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌، نازانم نیوه‌ی ساڵ بوو یان مانگانه‌، له‌پڕ له‌ پژمین و لێبه‌ربوون و كۆخه‌ش له‌پڕتر، مامۆستا(…..)، ده‌فته‌ره‌كه‌ی له‌ بن ده‌ستم راپسكاند و تفێكی له‌ ناو چاوم كرد، هۆپێكم له‌ خۆم زانی و به‌رچاوم تاریك بوو، هاته‌ سه‌رم تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، هاته‌ سه‌رم مستێكی لێده‌م، خۆم گرت و هیچم نه‌گۆت، له‌ حه‌ژمه‌تا زمانم له‌ گۆ كه‌وت و قسه‌شم بۆ نه‌هات، تا بپرسم، بۆ؟
وه‌ك بتم لێهات، پاش كه‌مێ ده‌فته‌ره‌كه‌ی دامه‌وه‌ و گوتی:
تۆ زیره‌كی، چۆن قۆپیه‌ ده‌كه‌ی؟! كتێبه‌كه‌ت داخه‌..
ته‌ماشاده‌كه‌م، له‌ بنه‌وه‌، له‌ نزیك پێم كتێبێك كراوه‌ته‌وه‌، زمانم بۆوه‌ و گوتم:
ئاگام له‌و كتێبه‌ نیه‌ و منیش نه‌مكردۆته‌وه‌.
ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم نهێنیی ئه‌و كتێبه‌ چی بوو، كوڕه‌كه‌ی ته‌نیشتم هه‌زار سوێندی خوارد ده‌ستی ئه‌وی تێدانیه‌، ئیدی ئه‌و مامۆستایه‌ بووه‌ دوژمنی بابه‌كوشته‌م و زۆر جار ده‌مویست بچمه‌ سه‌ر رێی و به‌ دارلاستیقێ تۆڵه‌ی تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، له‌ نیوه‌ی رێ په‌شیمانده‌بوومه‌وه‌، ئیدی من له‌ زێوه‌ر رقم له‌ سێ مامۆستا ده‌بۆوه‌: (….)، (……)، ئه‌و مامۆستایه‌ش كه‌ سه‌ری قوتابیی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه‌.
ئا، (حه‌مام و ئه‌مام)ه‌كه‌شم بیركه‌وته‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌ باب و باپیرانتانه‌وه‌ ئه‌و درووشمه‌تان بیستبێت كه‌ بۆ كه‌ریم قاسم ده‌گۆترا(( زه‌عیم زه‌عیم لیلئه‌مام.. دیموقراتیه‌ وه‌ سه‌لام) له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرێش ببووه‌: ((زه‌عیم زه‌عیم لیئه‌مام دوو مه‌تره‌ق و سێ زه‌لام)) خورشید هات ئه‌و درووشمه‌ی گۆڕی، بابی سێ براكه‌ی له‌ جێی كه‌ریم قاسم دانا، سه‌لام و زه‌لامه‌كه‌شی كرده‌ حه‌مام:
عه‌بدلقادر لیلئه‌مام
به‌ قوون رووتی لۆ حه‌مام
براكان تووڕه‌بوون و گه‌یاندیانه‌ به‌رێوه‌به‌ر، له‌بیرمه‌ مامۆستایه‌ك درووشمه‌كه‌ی لا جوان بوو، نه‌یده‌ویست ئه‌و قوتابیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌ خۆشه‌ سزا بدرێ، بۆ به‌رێوه‌به‌ری روون ده‌كرده‌وه‌، كه‌ (قوون)ه‌كه‌ (قۆڵ)ه‌ ، ئه‌و قۆڵی گوتووه‌، به‌ قۆڵ رووتی بۆ حه‌مام، به‌رێوه‌به‌ر ده‌یگۆت:
با قۆڵیش بێ، ئیشی ئه‌و نیه‌، بابی خه‌ڵك بنێرێته‌ حه‌مامێ!؟
هه‌روابێته‌وه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌ی خوێندن، مامۆستای وه‌رزش بردمیه‌ تیپی باڵه‌وه‌، دیاره‌ من له‌ یاریی تۆپتۆپانێ، تۆپی پێ، چ له‌ قوتابخانه‌ چ له‌ گه‌ڕه‌كێ خراپترین بووم، له‌ تۆپانێ پێكیان نه‌ده‌كردم، هه‌بوو ده‌یگۆ:
لۆ تۆپ هێنانه‌وه‌ خراپ نی.
به‌ڵام له‌ یاریی باله‌ له‌ زۆربه‌یان باشتر بووم، ئیدی چوومه‌ تیپی زێوه‌ر، دوو سێ جاریش له‌ گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ی شار یاریمان كرد و بردمانه‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م كه‌ به‌ جلكی وه‌رزشه‌وه‌ له‌و گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌ چوومه‌ ناو گه‌مه‌، شه‌رم ده‌ست و پێی به‌ستم، وه‌ك بڵێی سه‌رما به‌ستبمی، بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێ له‌ جێی خۆم نه‌بزووتم، تۆپ ده‌هات زه‌ق زه‌ق ته‌ماشام ده‌كرد، رسته‌ گه‌رمه‌كه‌ی مامۆستا نه‌با، له‌وێ به‌ ره‌قهه‌ڵاتووی ده‌مامه‌وه‌:
ده‌ی، شێره‌كه‌ی زێوه‌ر، هه‌ڵمه‌ت.
به‌و رسته‌یه‌ی تایه‌ره‌ فه‌ندی ده‌ست و پێم بۆوه‌، گه‌مه‌یه‌كی باشم كرد.
له‌وه‌وه‌ ئاشنایه‌تیم له‌ گه‌ڵ گۆڕه‌پانی یاری په‌یداكرد و زوو زوو له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ و زۆریدی ده‌چووینه‌ ته‌ماشای تۆپانێ و زۆر جار له‌ رێیێش پرته‌قاڵمان ده‌دزی، ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كی كۆماری بن دارپرته‌قاڵ كه‌وتبوون، ده‌چووینه‌ سه‌ر شانی یه‌كتر و پرته‌قاڵمان لێده‌كرده‌وه‌ و هه‌ڵێ، جارێك گیرام و تێهه‌ڵدرام، نه‌وه‌ك له‌بیریكه‌م، ده‌یگێڕمه‌وه‌: سێ چوار كه‌س بووین، رێحانه‌ له‌ سه‌ر ملی من بوو، خێرا خێرا پرته‌قاڵی لێده‌كرده‌وه‌ و ده‌یخستنه‌ باخه‌ڵیه‌وه‌، له‌ پڕ خۆی هه‌ڵدایه‌ خوارێ و گوتی:
كوڕه‌، هه‌ڵێن، هات..
من به‌ هه‌ڵاتن رانه‌گه‌یشتم، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستێكی گه‌وره‌، چ له‌ ده‌ستی ئه‌فه‌ندی نه‌ده‌چوو، ده‌تگوت ده‌ستی دێوه‌، وه‌رگه‌ڕایه‌ سه‌رم، ده‌ستمپێنه‌كرایه‌وه‌، دیتم رێحانه‌ له‌ دووره‌وه‌ پرته‌قاڵان داوێ، به‌ پرته‌قاڵ دایگرتووین، قلێك به‌ر منیش كه‌وت، كابرا له‌ ترسی خركه‌ پرته‌قاڵان به‌ریدام و هه‌ڵاتم، له‌ رێیێ گۆتی:
+ له‌ به‌ر تۆ ئه‌و هه‌موو پرته‌قاڵه‌م له‌ ده‌ستچوو!
– باشه‌ لۆ به‌ردت تێنه‌ده‌گرت؟
+ ترسام سه‌ری تۆ بشكێ.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ پیشه‌ یان گه‌مه‌ی قوڕ و زه‌نگیش فێربووین، له‌بیرمنیه‌ كێ فێری كردم، به‌ڵام له‌بیرمه‌ كێ وایكرد وازی لێبهێنم، كه‌ویار كاتێ بیستیه‌وه‌ من و رێحانه‌ش به‌شداری له‌ گه‌مه‌ی زه‌نگ و قوڕ ده‌كه‌ین، گوتی:
وازنه‌هێنن، به‌ دایكتان ده‌ڵێم.
وازمهێنا، وا بزانم من ته‌نێ یه‌ك دوو جارێ ئه‌و پیشه‌ شه‌یتانیه‌م كردبوو، ئه‌و ناو لێنانه‌ هی بابمه‌، دوای وازهێنانم له‌ پیشه‌كه‌، له‌گه‌ڵ بابم له‌ جێیه‌ك ده‌هاتینه‌وه‌، دیتمان كوریژگه‌یێ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی من ده‌بوو، تۆپه‌ قوڕێكی په‌یتی به‌ زه‌نگی ده‌رگایه‌كه‌وه‌ نووساند و هه‌ڵات، بابم گوتی:
ئه‌ها، پیشه‌ی، پیشه‌ی شه‌یتانه‌.
ئێمه‌ش پێشتر وامان ده‌كرد، له‌ سه‌ره‌ كۆڵان، له‌ په‌نا دره‌ختێك خۆمان ده‌گرت، خاوه‌ن ماڵ ده‌هاته‌ ده‌رێ، چاوی ده‌گێڕا، كه‌س دیار نیه‌، ده‌چۆوه‌ ژوورێ، دیاره‌ ده‌نگی زه‌نگ نه‌پساوه‌ته‌وه‌، دێته‌وه‌ ده‌رێ، ده‌بینێ ئه‌وه‌ ده‌ست نیه‌، قوڕه‌ زه‌نگ لێده‌دا، لێیده‌كرده‌وه‌ و چه‌ند جوێنێكی مزری ده‌نارد و ئێمه‌ش له‌ دڵی خۆمانه‌وه‌ ده‌مانگوت:
هه‌ر به‌ خۆت..
بیستم، به‌ڵام نه‌مدیت، لوقمان ئه‌و كوڕه‌ی پلاری هێنده‌ی بڕنۆیه‌ك ده‌ڕۆیشت، جارێك له‌و گه‌مه‌یه‌ ده‌گیرێ، كابرا ده‌یباته‌ مه‌خفه‌رێ و له‌وێ تێروپڕ تێهه‌ڵده‌درێ.
لوقمان پاشان دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، كچه‌ فه‌له‌م بیركه‌وته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی نیشانده‌ده‌مه‌وه‌:
به‌ری به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ له‌ ماڵی بڕنۆ ئه‌و كچه‌ چه‌كداره‌م له‌ ناو چێوه‌یه‌كی گچكه‌ كه‌ به‌ ته‌نیشت ئاوێنه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، دیتبوو، به‌ڵام له‌ من وابێ ئه‌ویش وێنه‌ی كچه‌كه‌ی ته‌ڕوارێ بۆ جوانی و وێنه‌ بڕنۆ و فیشه‌كدانی له‌ خۆ به‌ستووه‌، ئاخر ئه‌و كچه‌ی ده‌ڵێم، جاروبار له‌ نواندنێكی پڕ ناسكی، پڕی ده‌دایه‌ بابی و چه‌كی ده‌كرد و له‌ خۆی ده‌به‌ست.
دره‌نگ پێكه‌وتم كچه‌ی ناو چێوه‌، نواندن ناكات و به‌ راستی پێشمه‌رگه‌یه‌، نازانم ئێوه‌، به‌ڵام من ئه‌وهام ناسی، رۆژه‌كی كچه‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ، گه‌وره‌ش بوو، ژن گۆته‌نی، پڕ باخه‌ڵی مه‌مك بوو، ئه‌و كچه‌ی ماری به‌ ده‌ست ده‌گرت، چه‌قۆی ده‌وه‌شاند، له‌ دنیایێ جگه‌ له‌ مشك له‌ هیچ نه‌ده‌ترسا، له‌و به‌ری كه‌ندێ له‌ سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ چوارپه‌له‌ دێ، فۆته‌كه‌ی سه‌ری له‌ شێوه‌ی جه‌مه‌دانی به‌ستووه‌، تێپه‌ڕی و وه‌ختابوو پانمان بكاته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ گوێمان له‌ شاتكه‌ شێته‌:
داكێ داكم، ده‌ڵێی مارگرێته‌، مارگرێت..
ئازادی هاورێم:
+ده‌زانی مارگرێت كێیه‌؟
– نا
+ كوو! ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ كوشتیان و وه‌خته‌كی وێنه‌ی له‌ زۆر ماڵان هه‌بوو.
– كێ كوشتی؟ جاش!
نه‌ هاوڕێكه‌م و نه‌ كه‌س وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)یان نه‌دایه‌وه‌، لێ من به‌ (كێ كوشتی؟)م گرتبوو، له‌ بن زمانم حه‌شارم دابوو، له‌گه‌ڵ خۆمم ده‌گێڕا، له‌ هه‌ر جێیه‌ك مارگرێت ده‌هاته‌ ناو قسان، ئه‌گه‌ر شه‌رمم نه‌كردبا، كێ كوشتی؟ خۆی به‌ ناو قساندا ده‌كرد، وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)م له‌ ماڵی بڕنۆش ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌ڵام شتێكم له‌ (بۆ كۆشتیان؟) بیست، جارێ له‌وه‌ گه‌ڕێ، هه‌وكه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێبن، به‌ دوای یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كچدا ده‌گه‌ڕێین، ژنی بڕنۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و هه‌ندێك فیشه‌ك له‌ حه‌وشه‌ خستبوونیه‌ بن عه‌رد، به‌ جێیه‌كه‌ی ناكه‌وێته‌وه‌، ئه‌كره‌م بڕنۆ دیاره‌ ئێستا له‌ جیاتی بڕنۆ گه‌سكی ده‌سك داری درێژی له‌ ده‌سته‌، ده‌یگۆته‌ ژنێ خۆ:
ژنێ، سه‌ر به‌خه‌نێ، تۆ ته‌نێ گه‌سكدانی ژۆرێ و حه‌وشه‌ و پێش ده‌ركێت له‌ سه‌ره‌، به‌ڵام من جاده‌ و كۆڵانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێ گه‌سك ده‌ده‌م، ماندووم، ببینه‌وه‌، وێنه‌كان ببینه‌وه‌، با به‌ خه‌یاڵ بگه‌مه‌وه‌ سه‌رده‌می بڕنۆ كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كرم به‌ سه‌پان نه‌ده‌زانی، ببینه‌وه‌، منی بڕنۆ و مارگرێت ببینه‌وه‌.
بڕنۆ دوایوه‌ی شۆڕش به‌ خۆیدا ریا، ببووه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێ هه‌ندێ كه‌س به‌ گووڕێژ و هه‌ندێكیش به‌ گوڵی شار و جاده‌ ناویان ده‌هێنا، بڕنۆ جارێ دوو مارگرێتی دیتبوو، ئه‌وهای گێڕایه‌وه‌:
رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات ، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌، له‌ بابێ لوقمانێ پتر خه‌ریته‌ی به‌ستووه‌.
ئه‌رێ مه‌به‌ستی بڕنۆ له‌ بابی لوقمان كێ بوو؟
ئه‌من چۆن دڵنیابووم كه‌ ئه‌للا خودایه‌، ئه‌وهاش زانیم مه‌به‌ست مه‌لا مسته‌فایه‌، پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌، له‌ كۆلانێ ده‌مانگۆته‌وه‌:( بژی بابێ لوقمانی شه‌ش خه‌ریته‌ی له‌ شانی)، وه‌لێ كوڕه‌كه‌ی بڕنۆ كه‌ ئه‌ویش لوقمانی ناو بوو، ده‌ گومانێی راكردم و گوتی:
بابێ لوقمان بابمه‌ و كه‌سیدی نیه‌، بابم شه‌ش نا، حه‌فت خه‌ریته‌شی ده‌به‌ست.
منداڵێك ده‌ڵێ:
وه‌ی بابه‌ له‌و شێلمانه‌! لۆ، بابت گایه‌؟ سینگی گاش جێی حه‌فت خه‌ریته‌ی لێ نابێته‌وه‌!
ئه‌رێ چیمان داوه‌ له‌ بابێ لوقمان و خه‌ریته‌! باسمان له‌ مه‌ڕ مارگرێته‌، ئه‌و كچه‌ی به‌ رسته‌یه‌ك رچه‌یه‌كی شكاند، شۆڕش وێنای نه‌ده‌كرد، له‌ وه‌ڵامی به‌رپرسی گه‌وره‌ فه‌رمووی:
ئه‌ز هاتمه‌ بچمه‌ شه‌ڕێ، نه‌ك رونیشم له‌ نك خوانه‌ و سێرێ، من تیرۆگ نا، تفه‌نگم ده‌وێ.
مارگرێت، تفه‌نگی كرده‌ شانی، دواتر پێكه‌وتم كه‌ له‌ دیرۆكی نوێ، دیرۆكی پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كه‌م كچه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ عیسا درووشمی (كوردستان یان نه‌مان) گوته‌وه‌، گوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌و له‌ گه‌رووی هیچ ژنێكه‌وه‌ كه‌س نه‌یبیستبوو.
كه‌وتمه‌ سۆراخی وێنه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كچه‌ عیساییه‌، ئازاد هه‌رێی پێدام و زۆری نه‌برد بۆی هێنام، وه‌ی وه‌ی چه‌ند جوانه‌، كار له‌ گوگوش و ئه‌وانه‌ نیه‌، ده‌ڵێی ئه‌ستێره‌ی زه‌رده‌ و له‌ سه‌ر قه‌ڵاتێ هه‌ڵهاتووه‌، له‌ فیشه‌ك و تیشك زه‌ردده‌چێته‌وه‌ حه‌زمده‌كرد له‌ چێوه‌ی بگرم و له‌ نێوان كچی كافرۆش و گوگوش به‌ دیواریه‌وه‌ بكه‌م، نابێت، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستی هه‌ر كه‌سێ بگیرێ، رێی مووسڵ و قه‌ناره‌ی دێته‌ پێشێ، هاتم ئه‌ستێره‌ی زه‌ردم، تۆ بڵێ مارگرێت، له‌ نێو مه‌م و زین شارده‌وه‌، مه‌به‌ستم داستانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیه‌، ناو ناوه‌ كتێبم ده‌كرده‌وه‌، ته‌واوێك ته‌ماشای ئه‌ستێره‌م ده‌كرد و ده‌مپرسی:
كێ ده‌ستی چووه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ و به‌ ده‌ستی كێ كوژرا؟
كه‌وتمه‌ پرسیار، هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕِش به‌ ده‌ستی خۆی كوشتی
هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕ شتی وا ناكات.
وه‌ڵامم ده‌ستنه‌كه‌وت، دوای چه‌ند سالێكیدی ده‌گه‌رێمه‌وه‌ لای ئه‌و كچه‌ فه‌له‌یه‌ی له‌ نێوان مه‌م و زینم حه‌شار داوه‌، ئێستا سه‌رێ له‌ كاوڕه‌كانی بابم ده‌ده‌م.

به‌ دوویدا دێ ……