جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -2- …. سمکۆ عەبدوڵکەریم


بەشى دووەم…..

ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى سلێ لە هیچ نەکردەوە، لە چوارچێوەى ئەو نەخشەرێگایەى رۆزڤێلت کێشاى ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاکانەوە دەستى بە هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەو جیهانە گەیشت. لە دەرەوەى پڕۆسەى سەربازى ئەمریکا شەڕى لە بەین بردنى دوژمن و نەیارەکانى دەست پێکرد، هەر لە وڵاتانى ئەمریکاى لاتینەوە بگرە، تا دەگاتە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسیاى دوور، لە سەروى هەمووشیانەوە لێدانى پێگەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران، کە ئەمەیان بۆ ئەمریکا لە سەرووى هەموویانەوە بوو، چۆن بتوانێ گەورەترین و مەترسیدارترین کۆسپى بەردەم ئیمپڕاتۆریەتەکەى بڕوخێنێ، لەم روانگەیەوە بە پشت بەستن بە بیردۆزى (دۆمینۆ، کە ئەیزنهاوەر لە ساڵى 1954 لە یەکێ لە وتارەکانیدا ئاشکراى کرد) پەناى بردە بەر سەرکوتکردنى هەر وڵاتێکى هەڵگرى بیروباوەڕى شیوعییەت، چونکە بە پێى لێکدانەوەى ئەو (بیردۆزەى ئەیزنهاوەر) هەر وڵاتێکى شیوعى لە ناوچەکەیدا، دەکرێ کاریگەرى لەسەر وڵاتانى دەوروبەرى دابنێ و وایان لێبکات دواى بیرەباوەڕى شیوعیەت بکەون، بە پێچەوانەشەوە هەر لە روانگەى بیردۆزى (دۆمینۆ) وە سەرکوتکردن و روخانى هەر وڵاتێک لە ناوچەیەکى دیاریکراودا، دەبێتە هۆى رووخانى وڵاتانى دوروبەرى، یەک بە دواى یەکدا، (وەک پوولى دۆمینە).

ئەمریکا بۆ بە ئاکام گەیاندنى خواستەکانى، هەنگاو بەهەنگاو لە رووخانى شیوعییەت نزیک بووەوە، کە ئەوەیان بۆ ئەو خواستێکى هەرە لە پێش بوو، بە جۆرێک، بۆ لێدانى شوعییەت بە شێوەیەکى گشتى پەناى بردە بەر هەمووشتێک، هەر لە لەنێوبردنى سەرۆکى چەند وڵاتێک، کە گومان دەکرێ ئەمریکا ناراستەوخۆ لە پشتیانەوە بووبێت، وەک (عومەر تۆریجۆس سەرۆکى پەنەما و جیم رۆلدوس سەرۆکى ئیکوادۆر) کە هەردووکیان لە یەک ساڵدا لە رێگەى سووتان و کەوتنە خوارەوەى فڕۆکەکانیان لە ساڵى (1981) گیانیان لە دەستدا. ئەمە جگە لە دەست هەبوون و رێکخستنى کودەتاکان و پاڵپشتى کردنى گروپ و بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئەمەش هەر هەموو بە ئامانجى لێدانى شیوعییەت و خۆشکردنى زەمینە بۆ دروستکردنى ئەو ئیمپراتۆریەتەى ئێستا بە هۆى سەرهەڵێنانەوەى روسیا خەریکە ئەو پێگەیەى جارانى نامێنێ و جارێکى دیکە بارودۆخەکە بەرەو قۆناغێکى دیکەى ملمڵانێ هەنگاو دەنێ.

ئەگەر پێشهاتەکانى، دواى یەک لە دواى یەکى روخانى رژێمەکانى، تونس و لیبیا و میسر و یەمەن، وا لێکبدەینەوە کە دەرفەتێکى دیکە بوو بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوەى خولێکى دیکەى یارییە سیاسییەکەى دەست پێبکات، بە ئامانجى زیاتر چەسپاندنى دەسەڵات و هەیمەنى خۆى بەسەر جیهاندا، ئەوە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو رۆژەى کە لە (11 ى سپتێمبەرى 2001) ئوسامە بن لادن لە رێگەى چەند فڕۆکەیەکى مەدەنى پەلامارى ئەمریکاى-دا، بە شێوەیەک تا ئێستاش لە (40%) سەدا چلى دانیشتوانى ئەمریکا باوەڕ بەو چیڕۆکە ناکەن و بە سیناریۆ و گوومانەوە لەو رووداوە دەڕوانن و پێیان وایە ئەمە بەشێک بووە لە سیاسەت و گەمەى سیاسى، کە مێژووى ئەمریکا پڕیەتى لەو جۆرە یاریانە، کاتێک ویستبێتى چنگى لە شوێنێک گیرکات و ئابورییەکەى هەڵلوشێت، سیناریویەکى داڕشتووە.

پەنەما یەکێکە لەو وڵاتانەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە ساڵى 1989 بە بیانووى بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەى پارە داگیرى کرد، بەڵام بە گوێرەى هەندێ سەرچاوە هۆکارى ئەم داگیرکارییە ئەوە بوو کە پەنەما و سەرۆکەکەى (مانویل نوریێگا ) بەرهەڵستى تاقمێک لە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ئەمریکییە خاوەن دەسەڵاتەکانى دەکرد.

ئەمەش وەک بەربەستێک وابوو لەبەردەم جێبەجێبوونى نەخشەى سیاسى ئەمریکا لە جیهاندا، بەومانایەى ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپڕاتۆرییەت، لە هەر شوێنێک لە لایەن هەرسەرکردەیەکەوە بەرەنگارى کرابێت، ئەو کەسە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە نێوبراوە، بە پێى هەندێ سەرچاوە ئەمریکا لە ماوەى (111) ساڵدا لە ساڵى 1890 تا 2001 (134) دەست تێوەردانى سەربازى ئەنجامداوە .
لەو کاتانەى ئەمریکا زۆر سەرسەختانە رووبەڕووى بیرى شوعییەت و ئەو وڵاتانە بووەو کە رۆژ بەرۆژ لە هەڵکشاندا بوون و مەترسى ئەوە هەبوو ئەو وڵاتانە یەک لە دواى یەک بکەونە ژێر دەسەڵات و فیکرى کۆمۆنیزم.

ساڵى (1969) ئیندۆنیزیا بووە چەقى ئەو رووبەڕوبوونەوانە، بۆیە دەبینین ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاى (مەین) و جێبەجێکردنى پڕۆژەى کارەبا لەم وڵاتەدا، پلانێکى گشتگیرو تۆکمەى داڕشت بۆ لانى کەمى کۆنترۆلکردنى باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا ، مەبەستیش لەوە ئەوەبوو(سۆهارتۆ) خزمەتى سیاسەتى دەروەى ئەمریکا بکات و ببێتە نمونە و سەرمەشق بۆ وڵاتانى دیکەى ناوچەکە، بە شێوەک رەنگدانەوەیەکى باشى هەبێت لە سەر ئاستى وڵاتانى ئیسلامى بە تایبەتى و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى گشتى، کە لەم سەردەمەدا خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم تەقینەوەیەکى جۆریدا بوو، لەم رێگایەشەوە لە یەک کاتدا ئەمریکا هەم لە رووى سیاسییەوە پێگەى خۆى لەم ناوچەیەدا بەهێز بکات بۆ لێدانى کۆمۆنیزم، هەم لە رووى ئابوورییەوە دەست بەسەر نەوتى ئەم وڵاتدا بگرێت کە تا ئەم کاتەش کەس ئاگادارى رێژەو جۆرى نەوتى ئەم وڵاتە نەبوون.

دەکرێ بڵێن لە دواى ئیران، ئیندۆنیزیا دووەم تاقیکردنەوەو پەلهاویشتنى ئەمریکا بوو بەرەو دروستکردن و گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى لە ناوچەى ئاسیا و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، کە زۆر لە سیاسییەکان و شارەزایانى بوارى ئابورى لە نێو ئەو کۆمپانیایەى بە مەبەستى ئەنجامدانى پڕۆژەى کارەبا روویان کردبووە ئیندۆنیزیا ئەو راستییەیان دەزانى و هەندێکیان دانیشیان پێدا ناوە، هەمیشە ئەو بیانووەیان بۆ خۆیان هێناوەتەوە کە دەیانگووت: ” ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى وڵات لە چنگى کۆمۆنیزم رزگار بکەین” .




هێزی گوشار و مانەوەی دەسەڵات …. شوان حەسەن

بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکترى تێبگەین و بۆشایى لە نێوانمان دروست نەکەین، پێویست ناکا خۆمان لە میللەتەکەمان جودابکەینەوە. هەر چۆنیک بێت ئێمە منداڵی ئەو کۆمەڵەین، ئەگەر خۆشمان نەفرۆشتبی و کەسێکی پڕ شکۆش بین، بەڵام شکانی نەتەوەیەک بۆ شکانی تاکەکانیش دەگەڕێتەوە، مانەوە وەک کەمینە بۆ ماوەیەکی زۆر بارودۆخێکی دەروونیی خراپ دروستدەکا، مەبەستم ئەوە نیە خۆت لەگەڵ کۆمەڵگە بگونجێنی، بەڵام کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەمینە بووی، پێویستت بە بەخۆداچوونەوەیەک هەیە تا لە هۆکارەکان بگەی.

گوایە دوو مەرج دیارکراوە بۆ راپەڕین دژی نایەکسانیی و نادادپەروەریى؛ یەکێکیان هەژارییە و ئەویتریشیان هۆشیاریی، من وا هەست دەکەم ئەو پێوەرەش ئیمە ناگرێتەوە، چونکە بە واتاى وشە نە ئەو هەژارەین نە ئەو هۆشیارەش.

کوردێکی زۆر لە دەروەی وڵات دەژی و لە ژینگەیەکی تا رادەیەک ئازاد، خۆیان و منداڵەکانیان گەشەدەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەو خەڵکە زۆرەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببن بە هێزی گوشار بەسەر دەسەڵاتى کوردى؟

– نایانەوێ لێیان تێکبچی، لەبەرئەوەی حەز بە سەردانی نیشتیمانەکەیان دەکەن.
– توانای خۆگونجانیان نییە نە لە وڵاتە ئەوروپاییەکان نە لە وڵاتەکەی خۆیشیان.
– بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی باشوور هەیە، لە مووچەوە تا دەگاتە ئەو پڕۆژانەی میللەت دادەدۆشن، دەسەڵاتیش کارێکى زۆر دەکا بۆ مانەوەی ئەو پەیوەندییە و رازییکردنیان.
– خەڵكانێکیش هەن هەر بەسروشتی خۆیان وان کە تێکەڵ بە کێشەکان نابن و بەرپرسیاریی وەرناگرن.
– بێ هیوایی و بێ باوەڕیی لە نێوان تاکەکان و لە نێوان خەڵک ودروستبوونی حیزب و ریکخراوەکان ( بۆ نێوخۆی وڵاتیش هەر رااستە).

بە کورتیی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببنە هێزی گوشار.

لە دەڤەری سەوز تا رادەیەک ئازادیی قسەکردن هەیە، بەڵام بۆ نەکرا ئەو هێزی گوشارە لەوێ دروست ببێ؟

خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان لە بازنەی جەلالی و مەلایی.

بە بڕاوی من یەکێک لەو خاڵانەی بزووتنەوەی گۆڕانی کوشت و دەنگە یاخییەکانی ناو ئەو بزووتنەوەشی خنکاند، زیندووکردنەوە و درێژەدانینان بوو بە ململانێی جەلالی و مەلایی، لە کاتێکدا هیچ پێویستیان بەو زیندووکردنەوەیە نەبوو، چونکە ئەو تاوانانەی هەردوو باڵ کردبوویان – مەبەستم یەکێتی و پارتییە – بەشی ئەوەی دەکرد بە بەرنامەیەکی تۆکمە هەڵیانوەشێنیەوە، نەک بە بێ ئەوەی هەستی پێبکەی شەڕێک لە قازانجی لایەنێک بکەی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی گەیشتونەتە قۆناغێکی هێندە ترسناک کە دەکرێ بە ورژندانیان زۆرترین جەماوەر لە خۆت کۆبکەیەوە. لە کەسێکیان پرسی: ”بۆ خۆت بە شایەنی پۆستی پارێزگا دەزانی؟” لە وەڵامدا گوتی: ”چونکە کوڕى ئەو شارەم” ئیتر تەواو لەو شیاوتر نیە. ئەمن لەبەرئەوەی شوێنی لە دایکبوونم هەولێرە، کە لێم دەپرسن ئەرێ بۆ هەولێر راناپەڕێ؟ یەکسەر دەزانم ئەو کەسە یان ڤایرۆسی شارچیەتی لێیداوە.. یان هیچ لە سیاسەت نازانێ!

گیانە پێکهاتەی شار گۆڕاوە، تۆ سەیرێکی دەوروبەری خۆت بکە، ئایە بۆ تاران راناپەڕێ؟ بۆ دیمەشق راناپەڕێ؟ بۆ ئێستا کەتەلۆنیا داوای سەربەخۆیی دەکا، هەرێمەکانیتر پشتیوانیی ناکەن، ئایە ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ حکومەتی نێوەند نیە؟ (بنغازی)ش رزگاردەکرێ کەچی هیچ خۆپیشاندانێک لە تەرابلوس ناکرێ، سەیرەکە لەوەیە لە هەر کوردێک بپرسی دەیان هۆکارت بۆ پایتەختی ئەو وڵاتانە بۆ دێنتەوە، بەڵام نایەوێ لەبارودۆخی پایتەختەکەی خۆی بگا (ئەمە ئەگەر بە پایتەختی خۆشی بزانێ!).

ئەوەی کە هەولێرى داگیرکردوە و نایەڵێ خۆپیشاندان بکرێ تەنیا پارتی نییە، بەڵکو کۆی ئەو حیزبانەن کە لە گۆڕەپانەکەدا هەن، چونکە بەرژەوەندەییان لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستەمەیە. بۆیە ئەوانەی باسی راپەڕینی شاری هەولێر دەکەن خۆیان تووشی هەڵەیەکی گەورە دەکەن، واتە لە روانگەی شارچیەتی و ناوچەگەرییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکەن، چونکە راپەڕینی ئەو شارە پەیوەندیی بە فەرهەنگی ئەو شارەوە نییە، بەڵکە بۆ چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، لە لایەکیتریش بۆ هەلپەرستیی ئەو هێزانە دەگەڕێتەوە کە گوایە بەرهەڵستکارن.. رێگرییان لە شکاندنی کۆدی ئەو تۆقە کرد.

دیارە لە دەڤەری زەرد مەترسییەکی دیکەش هەیە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و دابڕاندنی بادینانە لە سۆران، ئەو مەترسییە گەورەیە گەیشتۆتە ئاستێک کە لەگەڵ ئەوەی هەولێریش لە ژێر دەسەڵاتی رەهای پارتی دایە.. کەچی هێشتا رێ نادا ئەو سنوورە بشکێ و ئەو تێکەڵییە دروست ببێتەوە.

کە باسی گوشار دەکەین ناکرێ ئاماژە بە دەسەڵاتی نووسەرانیش نەکەین – کە هەندێک جار بە رۆشنبریش ناویان دەبەین – نووسەران پەرژینێکی پۆڵاینیان دروستکردوە بۆ پارستنی ئەو سیستەمە.

رێگرییکردن لە دروستبوونی نەوەیەکی نوێ.

ئەوەی نەیەتە ناو بازنەی دەسەڵات یان سێبەری ئەو دەسەڵاتەی بەسەرەوە نەبێ ناهێڵن دەربکەوێ و بناسرێ، لە گۆڤار و رۆژنامەکانیان گرنگیی پێنادەن، تەنیا گرنگیی بەوانە دەدەن کە رێز لەوان دەگرن.. ئەگەر ئەوانی پێ نووسەر نەبێ ئەوە بە نووسەریان دانانێن!

هێزی دەرەکیی.

ئێمە لەبەرئەوەی میللەتێک نین فێری داواکاریی بووبین – دیارە ئەو دۆخە بۆ کۆی ناوچەکەی ئێمەش هەر راستە – بۆیە دەبینین گۆڕانکارییەکانیش لە دەست هێزە دەرەکییەکانە، لەبەرئەوە لەو کوردستانەی خۆشمان ئەوانەی ئەو دەسەڵاتە دادەنێن و پەسەندیان دەکەن هێزە دەرەکیەکانن، دەسەڵاتدارنیش بۆ ئەوەی بمێننەوە کار لەسەر شکاندنی شکۆمەندیی تاکەکان دەکەن، چونکە ئەگەر کار لەسەر دروستکردنی خواستی میللەت بکەن ئەوە لە دەست هێزە دەرەکیەکان دەردەچن، بۆیە کۆی ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی خەڵکە دڵسۆزەکە پێشکەشی دەسەڵاتەکەی خۆیان دەکەن.. نەک بە هەندی وەرناگرن بەڵکە کار لەسەر تێکدانیشیان دەکەن، ئەمەش بەو ئامانجەى تا وابەستەییە نیشتیمانییەکەت لێبستینەوە و هەست نەکەی تۆ بەشێکی لەو نیشتمانە، لە لایەکیتریش بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە نەکەوێتە سەر رێڕەوێکی باش.. دامەزراوەکان تێکدەشکێنن و لە جێیدا دامەزراوەی حیزبیی و خێڵەکیی لە شوێنیان دادەنێن، بۆیە تۆ کە دەڵێی ئەوهایان بکردبایە یان ئەوها بکەن.. لە راستییدا هیچ نییە جگە لە قسە.

کەمێک بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، زۆرینەی چەپ و پێشکەوتنخوازانی رۆژەڵاتی ناوین دۆستایەتییەکمان بۆ خۆمان دروستکردبوو، بەڵام لە رووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی ئێمە هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی نەبوو، ئەو دۆستایەتییە لەگەڵ ئەو هێزە گەورە بوو کە پێی دەگوترا یەکێتیی سۆڤیەت.

یەكێتیی سۆڤیەت هەر لەسەرتاوە سەرقاڵی پاراستنی ئەو کۆمارانەبوو کە یەكێتییەکەی پێ دروستکردبوو، پاشان لە جەنگی دووەمی جیهانیی بە یەکجاریی پشت لە رۆژەڵاتی ناوین دەکا و لە خەمی پاراستنی ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەبێ کە لە جەنگدا داگیریان کردبوون. ئەوەی یاری بە چارەنووسی رۆژەڵاتی ناوین دەکرد ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بوون. خەڵکە چەپ و پێشکەوتنخوازەکە خۆی بە دۆستی سۆڤیەت دەزانی و سۆڤیەتیش بە پشتیوانیی خۆی دەزانی، دەسەڵاتەکەشی دەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەو سێ وڵاتە زلهێزە و بەرە بەرە بە تەواویی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوان.. ئیدی ئەوانیش هەر چیان لە دەست بێ بۆ تاواندنەوەی ئەو هێزە پێشکەوتنخوازانە کردیان، کەواتە ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە ناو یارییەکی دۆڕاودا بووین.

هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بووین رێک پێجەوانەی ئەو بارودۆخەی کە خۆمان هەمانبوو، حیزبێکی شیوعی بە گوێرەی ئایدیۆلۆژیایەکەی دەبا خەباتی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات بێ، کەچی دەبینی کۆی مێژووی ئەو حیزبانە زیاتر وەک حیزبی ریفۆرمیست خۆیان نمایش دەکرد، هەر ئەو ئاوەز و تێڕوانینە بە ناو چەپەش ماڵی کورد وێران دەکا و لە مافە رەواکەی خۆی دووری دەخاتەوە، بۆ نمونە دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەیخاتە بازنەی رازییبوون وەک هاوڵاتییەک لە وڵاتێک کە داگیرکراوە، بەو هزرە وەک خەباتکارێک هەنگاوەکانت سنووردار کراوە و هەموو کات چاوەڕوانی دانوستانی لە گەڵ نەیارەکانت، دانوستانەکانیش پتر لەسەر دابەشکردنی ماف و خاکی هاوڵاتییانی خۆمان بووە، تا ئێستاش هەرئەو ئاوەز و تێڕوانینە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوەیە دەکا.

بێگومان پەکەکەش لە باشوور لە دروستکردنى جێگرەوە شکستى هێناوە و چەندان حیزبی بێ دەرئەنجامی دروستکرد و سەرنەکەوتنی ئەو حیزبانەی پەکەکەش دروستیکردن کاریگەریی نەرێنیی لە ناو خەڵک جێهێشت و نەیتوانی ببێتە هێزی گوشار، من تا ئێستا هیچ خوێندنەوەیەکی بەخۆداچوونەوەی پەکەکەم نەبینوە دەرهەق بەو هەڵانەی کردوویانە لە پرۆسەی رزگارکردنی باشوور، بەڵام دەرئەنجامەکەی دیارە، خەڵکانێک هەن هیوایان پێیەتى ببێتە جێگرەوەی ئەو بارودۆخە.. ئەوەش وەک پەکەکە نەك وەک ئەو رێکخراوانەی لە باشوور دروستیکردن.

گشتپرسیی ئەوەی سەلماند کە هێشتا خەڵکەکە هیوایەکیان بەو دەسەڵاتە ماوە، زۆربەی ئەو بەڵگە و نووسینانەی پێشتر دەرهەق بەو دەسەڵاتە گوترابوو دەرکەوت کەمترین کاریگەرییان هەبوو.

کەواتە پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە چۆن ئەو دەسەڵات دەڕووخێ کە هێزی گوشار نەبێ؟

ئەو رستەیەى کۆتاییم لە رەشبینیی نییە، بەڵکە پرسیارێکە بۆ دەرچوون لە رەشبینیی.

دوو تێبینیی بچووک: یەکەم قسەکانم تایبەتن بە باشووری وڵات، دووەم بۆیە ئاماژەم بە لایەنی دینیی نەکرد چونکە دین هەرگیز لە کوردستان نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی گوشار، بەڵکە پتر خۆی لە گەڵ دەسەڵاتەکان گونجاندوە، ئەوەشمان لەبیرنەچێ کورد وەک نەتەوە ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک سوود لە دین وەربگرێ، چونکە یا دەبێ لە بەرەی سونە خۆی بتوێنتەوە یاخود لەبەرەی شیعە، ئەوەش دەرئەنجامەکەی دیارە بەرەو کوێى دەبا.

Shwanhassan@hotmail.com




بەرەی”حەشد، بدر، ئەهلی حەق، حزبوڵا، خراسانی، ئەلشوهەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و داهاتووی کورد!؟

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی …….

وێرای ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی عیراق، ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان قەوارە و پێکهاتە سیاسیەکان و بنبڕنەکردنی داعش لە ڕەگەوە و بوونی مەترسی، هێشتا دەستکەوتی پۆستی سیاسی لە نێو پەیکەری دەسەڵاتی حوکمدا مایەی مسۆگەرکردنی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پاراستنی بەرژەوەندی، دەوڵەمەند بوون و دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیە بۆ تاکی بەژداربوو.
دەسەڵاتداران، سەرانی پارتەکان، قەوارە سیاسیەکان بە گەورە و بچووکییانەوە، گروپی چەکداری فەرمی و نافەرمی، بە سونە و شیعە و کەمە نەتەوەکان، سەرقاڵی خۆ ئامادە کردنن، بۆ چوونە هاڤرکێ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عیراق. بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن، هەر یەک لە، پارت، گروپ و کەسایەتییە دەسەڵاتدار و ناسراوانە، لە ململانێ دان، بۆ هاوپەیمانیەتی دروست کردن و چوونە بەرەیەک لەگەڵ لایەن و گروپی دی، بۆ بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکان.

سەرانی پارتە عەرەبی و مەزهەبیەکان، دەزانن کورد دووەم نەتەوەیە و لە ٢٠%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنێت. ئەوەش دەزانن، کە کورد لە پەرلەمانی عیراق، بەهۆی کەمی رێژەی دەنگەکانی، ناتەبایی نێوان گروپ و پارتەکانی، ئەو سەنگەی نییە لە نێو پەرلەمانی عیراق، تا لە هەموو حاڵەتەکاندا، بتوانێت بە دەنگ یاسایێ سەربخا کە لە بەرژەوەندیی دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بێت. وێرای ئەوەش، هەموو لایەنەکان، بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان، دەیانەوێ سوودمەندبن لە دەنگی کورد و بەکاری بهێنن بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان.

دەسەڵاتدارانی عیراق و لایەنە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردن، ڕوونە لایان کە کەسایەتییە کوردەکان و سەرانی پارتەکان، ئامادەیی ئەوەیان هەیە، بەشداری بکەن، لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، هەروها دەرکیان بەوەش کردوە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی تاکی کورد، دەبێت لە سەران و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نزیک ببنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، هەنوکە، هەست بەوەدەکرێت، کە هەندێک لە پارت و کەسایەتیی عیراقی، کەوتونەتە جموجۆڵ، خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی پارتەکان و کڕینی هەندێک کەسی کورد لە نێو پەرلەمانی عیراق بۆ پێکانی مەبەستەکانیان.

سەرانی شیعە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە، لە پیادە کردنی سیاسەتی عیراق و ڕووداوەکان، لە هەوڵی ئەوەدان زیاتر ڕەگ دابکوتن، دەسەڵاتەکانیان سەقامگیرتر بکەن لە بەغداد، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن لە گشت سەرانی پارت و لایەن سیاسییە عیراقی و کەمەنەتەوەکانی دی وەک نەتەوەی کورد نزیک ببنەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت، گەلێک بەڵێن و گفتی دڕۆ دەدەن دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە پشت لە کورد دەکەنەوە. ئەم جۆرە ئەزموونە هەموو جارێک لە بازنەیەکی داخراودا خۆی دوپات دەکاتەوە و سەرانی پارتەکانی باشوور “پرسی کورد” دەکەن بە ئامرازی دەستی سەرانی شیعە و سونە، میللەتی کورد هەڵدەخەڵەتێنن، بەوەی کە فڵانە سەڕۆک ئەگەر سەربەکەوێت ،ئەوا لە بەرژەوەندیی دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردە!

نوری مالکی، سەڕۆک وەزیرانی پێشووی عیراق و داشی ئیران، تا ئێستا جەمسەرێکی دیار و بەهێزە، لە بەلا خستنی ڕووداوەکان، بەشێوەیەکی کارا لە مەیدانەدا دەبینرێ، تا هەنوکە لە جوڵەدایە، بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی و مانەوەی لە دەسەڵات. عەبادی بەهەمان شێوە.
سەڕۆک وەزیرانی هەنوکە و پێشووی عیراق، توانیویانە خۆیان لە پارتە کوردییەکان نزیک بکەن، بەڵینی مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەسیان داوە، لە ئەنجامدا دەنگی کورد دابەش بووە بەسەر هەر دووکیان! مالکی و عەبادی، لە میدیاکان ڕایدەگەیەنن، کە پەیوەندیان لەگەڵ کورد لە ئاستێکی باڵا دایە!؟

بەدرێژایی ئەزموونی بەشداریی سەرانی پارتە کوردیەکان، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و چوون بۆ پەرلەمانی عیراق، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە هەموو جارێک سەرانی پارتە کوردییەکان و کەسەکان لە بازنەیەکی داخراودا خولاونەتەوە. لە دەستکەوتی تایبەتی زیاتر، بەشداریبوونیان هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی کوردی تێدا نەبووە. هەروها، هەر جارێکش کە چوونەتە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراوی عەرەبی و عیراقی، یان پشتیوانیان لە سەرکردەیەکی عیراقی کردوە، دواتر بە دۆڕاوی لێی دەڕچوون! بۆ نمونە جارێک پشتیوانیان لە مالکی کرد بە فیتی ئیران و دواتر کەوتنە لێدوان دژی. جارێکی تر دووبارە بە فیتی ئیران پشتیوانیان لە عەبادی کرد، دووبارە کەوتنە لێدوان دژی ئەویش. لەم هاوکێشەیەدا یەک ئەنجام بۆ میللەتەکەمان وەک یەک بوو، ئەویش ئەوەیە کە هاتنی هەردووکیان هیچ دەستکەوتێکی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەی مسۆگەر نەکرد و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی کورد فەراهەم نەکرد.

عەبادی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، دژ بە هەوڵەکانی مالکییە. حەشەد، لە قۆناغی دەسەڵاتی عەبادیدا، ئامرازێکی کارا بوو، بۆ جێبەجێ کردنی مەبەست و مەرامەکانی عەبادی! بەڵام ئێستا عەبادی، دژ بە پێشنیاری مالکییە لە بەشداری پێکردنی حەشد لە هەڵبژاردنەکاندا.
هەنوکە، نوری مالکی بە فیتی ئیران، پێش هەڵبژاردنەکان، تەقەلای ئەوە دەدات بەرەیەک پێک بهێنێت لە “حەشدی شەعبی، رێکخراوی بدر، عەسائبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حزبوڵا، سەرایەی خراسانی، سەید ئەلشوهەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و چەند هێز و گروپێکی دی، وەک عەشایری سونی و شیعی، لە ژێر ناوی “بەرەی موجاهدین”. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە، ئایا لە بەرەیەک و پێکهاتەیەکی لەو جۆرەدا، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست لە عیراق، ئاخۆ چارەنووسی میللەتی کورد دەبێت چی لێ چاوەڕوان بکرێت و چی بەسەر بێت!؟




ئاوڕێک له شێعری “گوڵخونچه‌ی سوور”ی(1) ڕۆبرت بێرنز(2)

پێشه‌کی و وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌‌وه: زانکۆ یاری (کارناسی زمان و ئه‌ه‌بی ئینگلیزی)

1-A Red, Red Rose 2-Robert Burns (1759-1796)

ڕۆبرت بێرنز (1863-1759)، ناسراو به ڕۆبی، شاعێرێکی لیریک و ھۆنراوەنووسێکی سکۆتلەندی بووە که وەکوو پێشەنگخوازی بزووتنەوی ڕۆمانتیک یادی لێ دەکرێ و له دوایی مەرگی بۆ داهێنەرانی هەر دوو قوتابخانەی لیبڕالیزم و سۆسیالیزم بوو به کەسایەتییەکی سهرۆبهخش.
خۆشەویستی بێرنز بۆ سروشت خۆشەویستییەکی هەستی بوو، تەنیا لە پێناو جوانییەکەیی و بەس، جوانی کێڵگه و دارستان و گوڵ و ئاسمان و دەریا.. لە لای ئەو سروشت ڕەمزی دۆستایەتی و سۆز و بایەخی ڕۆحییە،وادیاره بێرنز شێعرەکانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە و شێعرە بەسۆزەکانی لە ئەدەبی ئینگلیزیدا ناوازەن و تەنانەت مامۆستا گۆران؛ هۆزانڤان و ڕۆژنامەوانی کورد (1904-1962) که بە سەر چەند زمان وەکوو ئینگلیزی زاڵبووه و بەدوای داهێنان و گەشەکردن و بەرهەمی ڕەساتردا وێڵ و سەوداسەربووە، تەنیا بە زمان و ئەدەبی زگماکی خۆی پەسەندەی نەکردووه و لە شیعرێکدا دەڵێ: “دیوانەکەی برۆنس کە نەغمەی شێعری ئەڵێی کچە پێئەکەنێ یا ئەگری” کە لێرەدا مەبەست لە برۆنس، ڕۆبرت بێرنزه و ئەگەر گۆران بە شیعرەکانی مەست نەبووبێ بەم شێوەیە تێهەڵکێشی بەرهەمێکی خۆی ناکات و وەک کچێکی نازدار ناوی نابات کە لە هەر دوو دیمەنەکەدا جوانن، چ پێکەنین یان گریان. شاعێرانی دەورەی ڕۆمانتیکی ئەدەبیاتی ئینگلیزی (1785-1830) رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لە ژیان و رەوتی شێعر و کار و بەرهەمی بێرنز بووه و ئیلهامی شێعری لە جوانی وەرگرتووە و لە هەموو شتێکدا جوانی پشکنیوە و پەرستوویە، زۆرتر جوانی ئافرەت هێلانەی شێعری وروژاندووە، لە ئافرەتیشدا ئەو جوانییانە تینوێتی شکاندووە کەنایەن بە دەستەوە، بەڵکوو تەنیا لەکانی دڵ و گیاندا بوونیان هەست دەکرێ.
————-
گوڵخونچه‌ی سوور

ئاخ که خۆشه‌ویستی من وەکوو گوڵخونچه‌ی سووره
هاوشێوەی بەهاری نوێ لە مانگی بانەمەڕ
ئاخ که خۆشه‌ویستی من وەکوو ئاوازێکە
بە شیرینییەوە لە هەوایەکی ئاهەنگین دەیژێنن
کە چی تۆ جوانی، کیژۆڵەی جوانڕوخسار
نوقمی عەشقی تۆم
تۆم خۆش دەوێ، دڵی من
تاکوو ئەو سەردەمەی کە دەریاکان وشک دەبن
دڵی من تاکوو دەریاکان وشک دەبن و
هەتاو شاخەکان دەتاوێنێتەوه
ئێستایش تۆم خۆش دەوێ نازاره‌کەم
تا ئەو سەردەمەی کە زێخی کاتژمێر ژیان لەگەڕاندایه
ماڵئاواییت پێ دەڵێم تەنیا خۆشه‌ویستم!
تەنیا بۆ ماوەیەک ماڵئاواییت لێدەکەم و
دیسان دێمەوە، خۆشه‌ویستم
گەر هەزاران فەرسەخ دووریش ببێ..
———————

A Red,Red Rose

O My Luve’s like a red, red rose,
That’s newly sprung in June;
O My Luve’s like the melodie
That’s sweetly played in tune.
As fair are thou, my bonnie lass,
So deep in luve am I;
And I will luve thee still, my dear,
Till a’ the seas gang dry.
Till a’ the seas gang dry, my dear,
And the rocks melt wi’ the sun:
O I will love thee still, my dear,
While the sands o’ life shall run.
And fare thee weel, my only luve,
And fare thee weel awhile!
And I will come again, my luve,
Though it were ten thousand mile.

———————
zanko.yari@yahoo.co.uk
(چاپ کراوه له حه‌وته‌نامه‌ی ڕۆژان، ژماره‌ی 170،ساڵی شه‌شم/شه‌ممه 9ی به‌فرانبار 2716)




هەرێمی کوردستان لە نێوان مانەوە وەک هەرێمێکی سەربەخۆو موچەدا …. ئامانج کەریم

هەزاران هەزار ساڵە میلەتی کورد خاکی داگیرکراوەو ژێردەستە کراوە لە لایەن گەلانی ترو نەتەوەی تروە کوردیش وەک نەتەوە بە درێژای ئەو مێژووە قوربانی و خوێنی داوە لەپێناو ئازادی و کیانی سەربەخۆی . لەو پێناوەدا چەندین شۆڕش بەرپا کراوەو هەر لە دەسپێکی شۆڕشەکانەوە خوێن فاکتەری گەشتن بە ئامانج بووە و لە کۆتایشدا نەیاران بە کایەیەکی سیاسی کپ و خامۆشیان کردۆتەوەو گیان فیدای و شۆڕش گێڕ تەنها و تەنها بونەتە مێژوو هیچی تری لێ سەوز نەبووە ، لەم کۆتاییانەی سەدەی بیستدا شۆڕشی نوێ لەدوای هەرەس و کارەساتی ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول وێڕای جیاوازی بیروڕا و وێڕای بەرنامەو کار لە دروشمدا و جیاوازی لە ئەجێندای جێبەجێ کردندا . بەڕوبارێک خوێن ،بە بیرو باوەڕی تێکۆشەرانە و دڵسۆزانەی هەمو ئەو شۆڕشگێڕانەی سەرو ماڵ و گیانی خۆیان و کەس و کاریان دەکردە قوربانی بەیرو باوەڕ بۆ گەیشتن بە کەنارەکانی ئازادی و سەربەخۆی لە باشوری کوردستاندا بۆ یەکەم جار گەلی کورد توانیوێتی هەرێمێکی سەربەخۆ لە حوکم ڕانی کورد خۆیدا دروست بکات.

گەر مرۆڤ بەویژدانەوە قسە بکات وێڕای شەڕو شۆڕی لایەنە سیاسیە کوردیەکان و وێڕای گەندەڵی و نەزانی و شەڕی پلەو پۆست و دەست بەرنەدانی کارەکتەرە سیاسیەکان لە کورسی حوکم ڕانی و ئاڵو گۆڕ نەکردنی دەسەڵات لە ڕێگای پڕۆسە دیموکراتیەکانەوە ،کە هەر ئەم هۆکارانەیش بونەتە هۆی دروست بونی دۆخی نا هەموارو قەیرانی سەخت و دژوار بەڵام هێشتا ژیان و گوزەران لە ژێر دەستەی بێگانەو چەوساندنەوەو ڕەشبگیری و کیمیا باران کردن و ئەنفال کردن و کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید کردن هەزارن قات باشترەو خۆشترە . ئەو دۆخە سەختە قەیراناویە دروست کراوەی کە لە ئیستادا بەسەر گەلی باشوردا هاتوە زەمینەی بۆ ئەو دەوڵەتە دروست کردوە کە پێی دەوترێ دەوڵەتی عیراق و هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بەشێکە لەو دەوڵەتە . هەڵبەت بە هاوکاری هاوبەشی بەرژەوەندی لەگەڵ دراوسێکانی وەک ئیران و تورکیا کە هەرسێک وڵات گەر هەزاران گێرمەو کێشەی سیاسی و بەرژەوەندی لەنێوانیاندا هەبێ بەڵام وەک نەیار لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەی کورد کۆک و تەبان و مو بە نێوانیاندا ناچێ ،لەم نێوەندەدا دەیانەوێت ئەوەی گەلی کورد بەهەزان ساڵە بەرهەمی هێناوە بە زەبری فشار لەڕوانگەی ئابوری و سەربازیشەوە کیانی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن و ئەو هەرێمە سەربەخۆیەی کە چوار پارێزگا پێک دێت بە پارێزگای هەڵەبجەیشەوە حکومەتی عیراق وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ سێ پارێزگا سەرەکیەکەیدا بکات و پشکی پارێزگای هەڵەبجەیش کە کارەسات بار ترین پارێزگای کوردستانە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ، ڕاستە فەشەلی سیاسی کارەکتەرە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە حوکم و لەدەسەڵاتدا بون غرورو خۆ بەزل بینین و قۆرخ کار بون .

ئەوە ئەوان بون ئاڕاستەی میلەتێکیان لە بیری ئازادی و ڕۆشن بیری و کرانەوە بەڕوی دونیادا گۆڕی بۆ ئەو خەباتەی کە ئێستە میلەت دەیکات کە خۆی لەداواکردنی موچەدا دەبینێتەوە . ئەوەیش ئەو بەغدادەیە کە تەواوی هەوڵە سیاسی و ئابوری و دبلۆماسیەکانی خستۆتە گەڕ لەپای ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سەر بەخۆ بە پێدانی موچە بکڕێتەوەو بیکاتەوە بە پارێزگای سەر بە حکومەتی ناوەند ،گەلی کورد دەبێ ئەوە لەبیر نەکات و بزانێت گەر کیانی هەرێمی کوردستانی بە ناردن و پێدانی موچە فرۆشت بەبەغداد دەبێ ئەوەیشی لەبەرچاو بێ سبەی هەر ئەو بەغدایە لە مەرکەزەوە پارێزگار و بەڕێوەبەری ئاسایش و هەمو بەڕێوەبەرایەتیەکانی تری لێ وەردەگرێت و کەسانی عەرەبی بۆ دەنێرێت و سوڵتەی تەنفزی و سوڵتەی قەزای و دارو بەرد لەم هەرێمەی ئێستادا دەکەوێتەوە ژێر دەستی ئەوان ، ڕەنگە ئیستە کەسانێک هەبێ بڵێت جا بۆ نەبێ ؟ ڕەنگە ئێستە کەسانێک هەبێ بڵێ چ خێرێکمان لەمانەی خۆمان بینیوە ئیتر بۆ ناڕازی بم گەر عەربێک بێت و حوکم بکات ، ڕەنگە ئەوانەی بەغدادیش کە ویستیان وایە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کیانی هەرێمی کوردستان بە موچە بکڕن لە سەرەتاوە مرونەت بنوێنن و دەست شل بکەنەبەڵام ئەوانەی حوکمی عەربیان بینیوە لەڕابردودا لەم ناوچەیە ئەوانە هەست بەو مەترسیانە دەکەن نەک جیلی دوای ڕاپەڕین کە حوکمی عەرەبیان نەبینیوە ، کەواتە ئێستە دەبێت بڵێین لەنێوان موچەو کیانی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەر بەخۆ کامیان ؟!!




لاڤه‌ له‌خۆی باییبوو … فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

لاڤه‌ قوتابییه‌كی زیره‌كبوو،له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا به‌جوانی كۆششی ده‌كردونمره‌ی به‌رزی به‌ده‌ست ده‌هێنا. ڕۆژێك مامۆستا ڕێنمایی لاڤه‌و هاوڕێكانی كرد كه‌خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆتاقیكردنه‌وه‌وپێویستیه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌پێنووس ولاستیك وڕاسته‌وپێنووسداده‌ر له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن،هه‌تاله‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌دا داخوازیی هیچ پێویستیه‌ك له‌هاوڕێكانیان نه‌كه‌ن و بێزاریان نه‌كه‌ن. لاڤه‌ ڕۆشته‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێكردووبۆڕۆژی دوایی خۆی ئاماده‌كرد‘كاتێك چوو بۆقوتابخانه‌‘ته‌نها پێنووسه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بردو له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یوت: لاستیكم بۆچییه‌؟خۆمن جوان كۆششم كردووه‌،هیچ شتێكم لێ هه‌ڵه‌نابێت،چونكه‌ زۆر زیره‌كم. لاڤه‌ به‌دڵخۆشییه‌وه‌ چووه‌ پۆله‌كه‌یه‌وه‌ بۆتاقیكردنه‌وه‌. له‌كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كاندا زۆر به‌خێرایی و له‌خۆباییبوونه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه‌، كه‌ته‌واوبوو جارێكی تر به‌پرسیاره‌كاندا چووه‌وه‌،سه‌یریكرد وه‌ڵامی پرسیارێكی به‌هه‌ڵه‌ دابووه‌وه‌،به‌په‌له‌ كه‌وته‌ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان به‌ پێنوسه‌كه‌ی و به‌جارێ په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی پیسكردو زۆر شڵه‌ژا،له‌شه‌رمیشدا ڕووی نه‌ده‌هات داوای لاستیك له‌هاوڕێكانی بكات… كاتی تاقیكردنه‌وه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌هات و قوتابییه‌كان یه‌ك..یه‌ك په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌كانیان ده‌دا به‌مامۆستا،له‌پاش چه‌ند ڕۆژێك مامۆستا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی بۆقوتابییان هێنایه‌وه‌ و له‌ناو هه‌موویاندا ته‌نها لاڤه‌ نمره‌كه‌ی نزمبوو ،وتی:به‌ڕاستی هه‌ڵه‌ی خۆم بوو،ئه‌گه‌ر له‌خۆم بایی نه‌بوومایه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌م نه‌ده‌بوو.




تابلۆی شار …. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

من بۆ گەشــتی ئەمجـــارە
بۆ بینینی ئـــەم شـــــارە
ســـواری پشتی (بـا) دەبم
دەگـــــەڕێم تــــا ئێوارە

@@@

دەچم بۆ لای ھـــەورەکـــان
بۆ نێو فوڵایی ئاســـــــمان
لەوێ دەبم بە ھـــــــاوڕێی
مانگ و ئەستێرەی جوان جوان

@@@

ئەوســـــا ھـەتا دەتوانم
بۆ خـــۆم تێر تێر دەڕوانم
ھەتا جوانی شـــــارەکەم
ببینم بە چـــــــــاوانم

@@@

دوایی لە تریفەی مـــانگ
لەگەڵ جلــــوەی ئەستێرە
تابلۆی شــــار دەنەخشێنم
دەیھێنمـــەوە بـــۆ ئێرە

٢٩/٦/٢٠١٦




گەردوون لە ڕوانگەی باوەڕدار و بێباوەڕانەوە …. بیانوو و بەڵگە … ئەردەڵان قەرەبای

گەردوون لەوەتەی هەیە جێگای لێکدانەوەو مشتو مڕی مرۆڤە. چۆن پەیدا بووە؟ کێ دروستی کردوە؟ چۆن دروست بووە؟ ئایا دروستکەری هەیە یان هەر لە خۆیەوە هەیە؟ ئایا سەرەتا و کۆتایی هەیە؟ ئەو پرسیارنە لەگەڵ مرۆڤدا دەرکەوتوون و تا ئەمڕۆ نەبڕاونەتەوە.
هەتا زانست و فەلسەفە زیاتریان گەشەیانکردبێ ڕوانینی مرۆڤ بۆ گەردوون زیاتر گۆڕانی بەسەرداهاتووە. زیاتر ئەو لایەنە بەهێز بووە کە پێی وایە گەردوون دروسکەری نیە بەڵکە لە خۆڕا (Randomly) درەکەوتوەو درێژەی هەیە. ئەمە مانای وا نیە باوەڕدارەکان تەواو دەستیان لە باوەڕی خۆیان هەڵگرتوە. تا ئەمڕۆش ئەوانە دژایەتی زانست و فەلسەفە دەکەن و پێیانوایە گەردون خواوەندی هەیە. بۆ ئەمەش چەند بیانوێک دەهێننەوە کە زۆر لاوازن.

بۆ نمونە بیانووی گەردوونی (Cosmological argument). ئەوانە وای دەبینن بزوێنەری یەکەم (prime mover) هەیە. واتە هێزێکی غەیبی نەبنینراو هەیەو هەر لەسەرەتاوە ئەم گەردوونەی دروست کردوەو ناوی لێ دەنێن خودا. (ئارێستۆ) ئەمەی فۆرمەڵە کردوەو لەویشە گەیشتۆتە موسڵمانەکان. ناوی هۆکاری یەکەمی گەردونی لێدەنێن (The First Cause Argument). بەکورتی هەموو شتێک لەم گەردونەدا هۆکاری هەیە. مادام گەردوون هەیە ئەوە دەبێ هۆکارێک هەبێت کە ئەویش خودایە. ئەوانەی بەشێوەی زانستی فەلسەفی ڕەخنە لەم ئارگۆمێنتە دەگرن دەڵێن زۆر ئارگۆمێنتێکی یان بیانوێکی لاوازە چونکە ئەگەر هەر شتێک هۆکاری هەیە بۆ دەبێت ئەو لۆگیکە بەسەر خوداشدا نەسەپێت؟ کەواتە خواوەندیش هۆکاری هەیە. کە دەڵێن ئەمە تەنیا خوا ناگرێتەوە کەواتە دەکەونە هەڵەی پەنابردن بۆ تایبەت (special pleading fallacy). باوەڕدارەکان دەڵێن وەرن بۆ ئەوەی باوەڕ بەمە بکەن بڕواننە کتێبەکانمان کە نووسراوە خوا دروستکەری هەموو شتێکە. ئەمە شتێکی پێکەنیناویە. پرسیار ئەوەی ئایا هەموو شتێک هۆکاری هەیە؟ نەخێر مەرج نییە هەموو شتێک هۆکاری هەبێ. لە بواری فیزیادا شتێک هەیە بەناوی میکانیکیای چەندێتی (Quantum mechanics) کە لە کۆمەڵێک تیۆری فیزیا پێکدێ. ئەوانە دەیانەوێ لەو دیاردانە بکۆڵنەوە کە تایبەتن بە پارتیکڵ و ئەتۆمەوە. بەکورتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە فیزیای کلاسیک نەیتوانیوە خۆیان لێبداو چارەسەریان بکات. بەم شێوەیە ئەوەی ئەوان دەڵێن هەموو شتێک هۆکاری هەیە لێرەدا ئەو هۆکارە دەبێتە مەحاڵ. (هاوکینگ) وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوەو باوەڕی بە « non–boundary state» هەیە. واتە هیچ خاڵێکی دەستپێکردنی گەروون نییە. گەردون ئەزەلیە واتە ئینفینیتیە و بێکۆتایە. هەر چەند بگەڕێینەوە دواوە ناگەینە خاڵی سەرەتا چونکە ئەو خاڵە هەر نییە.

بیانوێکی تری بڕواداران (Teleological argument)ە کە هەر بە ئینگلیزی بە کۆمەڵێک ناوی تر ناسراوە وەک (the argument from design) و (intelligent design argument). بەکورتی مانای ئەوەیە هێزێکی غەیبی هەیە زۆر بەزیرەکی و لێهاتوویی نەخشەی گەردونی داڕشتوە. ئەوانە پێیان وایە ژیان لەمەوە دەست پێدەکا. زانایانی فیزیا دەپرسن کامە ژیان؟ ژیان بە کام مانەیە؟ ئایا دەتوانن پێناسەی ژیان بکەن؟ نەخێر. ئەوانە باس تەنیا لەوەندە ژیانە دەکەن کە لە سنوری تێگەیشنیاندایە بەڵام ئایا ژیان هەر هێندەیە؟ ئایا ژیان هەمووی ئاشکراکراوە؟ ئایا ئاشکراکردنی ژیان وەستاوە یان درێژەی هەیە؟ ئەو بیانووە لێرەدا تەواو لاوازی خۆی دەردەخات کە هەموو شتێکی گەردوون دەخاتە پاڵ هێزێک نە دەبینرێت و نە هەستی پێ دەکرێ. هیچ بوونێکی نییە. لۆگیکی ئەوانە لینگەو قووچە؟ بۆچی؟ چونکە ئەوانە هەموو ئەو شتانەی هەن بێنرخ دەکەن بەڵام نرخی گەورە بەوە دەدەن کە نییە. (ئاینستاین) دەڵێ بیرۆکەی خواوەند لای ئاینی ئیبراهیمی واتە ئاینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام زۆر منداڵانەیە. وەک دەبینین هەموو سیفەتەکانی خودا سیفەتی خودان کە منداڵێک هێنابێتیە بەرچاوی. تووڕە دەبێت، دڵی خۆش دەبێت، سزا دەدات، دەبوورێت، پێویستی بەوەیە بیپەرستیت، نوێژی بۆ بکەیت، لێی بپاڕێیتەوە و زۆری تریش.

بیانوێکی تری بڕوادارن بە (ontological argument) ناسراوە کە مانای بیانووی بوون دێ. لایەنی ڕەوشتی مرۆڤ دەگرێتەوە کە خودا بۆی دیاری کردووە. ئەوانە پێیان وایە خودا لەو ڕوەوە ڕۆڵی سەرەکی هەیە. ئەپیکۆری فەیلەسوفی یۆنانی سێ پرسیاری کردووە کە هەتا ئەمڕۆیش ئەو بڕوادارنە نەیانتوانیوە وەڵامی بدەنەوە. یەکەم ئایا خوا چاکەیە و خراپەی ناوێ؟ ئەگەر وایە بۆ لە دەستی نایەت خراپە لەناوببات؟ ئایا چاکەیە و ڕێگا دەدات خراپە هەبێت؟ کەواتە خراپەکارە. ئایا هەردووکیانە؟ ئەگەر وایە بۆ ناوی خودایە؟ ئەی ئەو خراپەیە لە کوێوە دێ؟
ڕۆژێکیان لە فلۆریدا لەگەڵ قەشەیەکدا گفتوگۆم دەکرد. لێم پرسی ئەو خوایە جوانەت کە تەنیا لایەنی چاکەی هەیە چۆن شەڕی دروست کرد؟ وەڵامەکەی ئەوە بوو کە خودا و شەیتان یەک سەرچاوەیان نییە. واتە خوا شەڕی دروستنەکردوە.

ئەگەر ڕەوشتی مرۆڤ خوا دیاری دەکات بۆچی ئەو ڕەوشتە لە گۆڕانی بەردەوامدایە لەکاتێکدا خودا و بڕیارەکانی جێگیرن. ئایا ئەوەی سەدەیەک لەمەوبەر بە ڕەوشتی باش دادەنرا ئەمڕۆش هەر وایە؟ ئایا ئەگەر موسڵمانێک لە فرانسا بڵێ ژنەکەم کچی مامم یان کچی خاڵمە چی پێ دەڵێن؟ پێی ناڵێن ئەوە بەد ڕەوشتیە؟ ئایا ئەگەر چەند کچ و کوڕێکی سوێدی بچن لە دۆکان خۆیان ڕووتبکەنەوە و خۆیان بدەنە بەر هەتاو، خەڵک بە خاکەناز دوایان ناکەون و بەردبارنیان ناکەن؟ ئایا سەد ساڵی تر هەر لە دۆکان ئەو کارە نابێتە ئاسایی؟ کەواتە ڕەوشت پەیوەندی بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە هەیەو دەگۆڕێ. ئایا کۆیلایەتی مرۆڤ و بازرگانی بە مرۆڤ کە لە ئیسلامدا ڕێگای پێدراوە لای کەسێکی تر کە ئەو باوەڕەی نییە ڕەوشتی باشە؟ ئایا دانانی دوو ژن لەبەرامبەر یەک پیاودا چ لە شایەتی و چ لە وەرگرتنی میراتدا ڕەوشتی باشە لای کەسانێک باوەڕیان بەوە نییە؟ ئەگەر بەسەر وڵاتێکدا بدەیت تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە دینەکەت نییە، پیاوەکانیان بکوژیت و ژنەکانیان بکەیتە موڵکی خۆت ئەوە ئەگەر لای خۆت ئاسایی بێت چونکە لەگەڵی گەورە بوویت بەڵام لای کەسانێکی تریش هەر ئاساییە؟




________________________________________




ئایا کۆڵۆنیالیزمە ئابووریەکەی ئەمەریکا چۆن نەوتمایەداریەکەی هەرێمی کوردستانی شۆک کرد ؟!


نیگار نادر \ ٢٠١٧
……

لەو سەردەمەدا ئابووریمەدارە نیولیبڕالەکانی ئەمەریکا بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی نیودەوڵەتی و دەزگا هەواڵگریەکان کرۆکی پلانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ سیاسەت و ئاسایش و ئابووریەکانی سێیەکی جیهان دادەرێژن، لەو دەزگایانەش بترازێ لەو جیهانەدا جودا لە زلهێزەکان زۆربەی هەرەزۆری سیستەم و تیۆرو پێودانگی هێزەکان ڕۆلێكی ئەوتۆیان نیە و دروشمێکی لاوەکین لەژێر چەتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەروەها هەموو رێکخراوەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان وەک نیمچە توێکڵیکن بۆ داپۆشینی نادادپەروەریەکان و ناراستەخۆ ڕیگەدان بە ناسەقامگیریە سیاسەکان و بەردەوامیدان بە تەنگەژەو قەیران و جەنگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا…

ئەوەی جێگەی تێڕامان و کەموکورتیە و پێویستە دانیپێدابنینن ئەوەیە کە تائێستاش سەرکردایەتی سیاسی کورد بناغەی سیاسەتیان لەسەر هیچ تیۆرو پارادایمێکی زانستی سیاسەت بونیادنەناوە، بەڵکو ئەوبنەما وستونانەی هزری سیاسی کوردو سیاسەتی حوکـمڕانیان لەسەر هەڵچنراوە چ لەڕووی ئیدۆلۆژی و فەلسەفەی سیاسی و گوتاردا، چ لەڕووی ئەزموون و سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جێۆپۆلیتیکدا ناڕوون و ئاڵۆسکاون ،بەومانایەیی تا ئێستاش سیاسەت بە پێوەری کۆلکە بەرژەوەندی حیزبی لۆکاڵی و پەیوەندی خێڵەکی و کەسی و ناوچەیی دارێژراوە،هەربەهەمان پێوەری سیاسیش ئەو سەرکردایەتیانە کردارو پەرچەکرداریان لەگەڵ هێزو هاوکێشە سیاسی و ئابووریە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان کردوە، بە پشتبەستن بەو پێوەرانەش لە حوکمڕانی دا پەیوەندی و جوڵەی دیبلۆماسیان کردوەو لە قاڵبێکی یاسایی و فەرمی کردویانەتە سیاسەتی حکوومەت.
هەربەهەمان تێهزرین و دیدەگاش زۆربەی نوسەرو رۆشەنبیرو ئەکادیمیەکانیش ،سیاسەت و ئابووری و بەرژەوەندیەکانی هەرێمیان لەچوارچێوەی گوتاری لۆکاڵی دا گوزارشت لێکردوە ، بەبێ گرینگیدان و خوێندنەوەی سەردەمی بۆ سیستەمە ئابووری و سیاسیەکان و دەستنیشانکردنی سەرچاوە سەرەکیەکان ،جەنگ و تەنگژەکانیان بە دیدێکی کورتبین و کوردبینانەی سواغکراو بەکینەی دووبەرەکی و حیزبپەروەی ڕاڤەکردوە …

هەرێمی کوردستان هەستیارترین هەرێمە لەناو خاکی دەوڵەتێکی بەزەبر پێکەوەنوسێندراو و فرەئایدۆلۆژی و توندڕەوی تاییفی بە پەتڕۆڵ زەنگین دا ، لەبەرئەوە هەڵکەوتە جوگرافیەکەی لەڕووی جیوپۆلیتیک و جیۆئابووری و جیۆئاسایش دا، جێگەی قازانج و بەرژەوەندی رۆژئاوایە بەتایبەت ئەمەریکا کە سیاسەتی گۆڕانکاری باڵانسی زلهێزی خۆی تێدا نیشاندەدات ، چەند ساڵێکیشە پایە سەربازی و ئابووریەکانی خۆی بە بەلاش تێداچەقاندوە، گەواهیش بۆ ئەو سیاسەتە ئەوەیەکە دەبینین چۆن ئەمەریکا لە پاش ساڵی (٢٠٠٤) وە هەرێمی کوردستانی لەژێر ناوی فیدڕاڵیەکی ناتۆکمەی بە ناڕاستەوخۆیی کردۆتە کۆڵۆنیایەکی سەربازی و ئابووری بۆ پتەوکردن و چەسپاندنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی لەناوچاکەدا ..

هەرێمی کوردستان چۆن و بە چ ستراتیژیەتێژێک بە بازاڕکراوە؟

ئەو کۆلۆنیالیزمە ئابووریە نزیکەی چواردەساڵە ئەجێنداو ئەرکی سەرەکی پیادەکردنی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و بەبازاڕکردنی هەرێمی کوردستان بووە بەهەموو جۆرو شێوازێک ، لەسەرەتای هاتنیدا، ئەجیندای خۆی لەڕێگەی بەبازاڕکردنی پرسی نەتەوەیی و سیاسی دەستیپێکرد ، هەمووشمان دەزانین لەو هەلە هەڵکەوتووەدا بۆ جودابوونەوەی کورد لە عێراق پاش ڕمانی رژێمی بەعس ، چۆن پۆل برێمەر سەرکردەکانی کوردی بەناوی عێراقی فیدراڵی و کڕکەدەستورێک ڕەزامەندکردن، پاشان بە پێدانی دوو پۆست یەکیان وەکو سەرۆککۆماری عێراقێکی هەڵوەشاوو،دووەمیان وەک پۆستی سەرۆکی هەرێمێکی هەرزە لە سیاسەتی ئابووری و کارگێریدا، لەو هەلە هەڵکەوتەی پاش ڕوخانی عێراقدا خواستی سەربەخۆیی جودابوونەوەی نەتەوەی کوردی زیندەبەنەوت کرد! ئەوە زۆر ڕوونە کە پۆل برێمەری ڕاسپێردراو و دارێژەری هەموو نەخشە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێم و عێراق بوو تاوەکو مەرامەکانی ئەمەریکای تەواو جێبەجێکردن بۆ بەدەستهێنانی نەوتێکی بێخاوەن و بەلاشی دەستەبەرکرد، هەتا لە عێراقیشدا سیاسەتی تەواو بەبازارکرد ئەوجار خاکی عێراقی بەجێهێشت..
دروست لەو ساڵەوە کۆلۆنیالیزمی ئابووری نیولێبڕاڵەکانی ئەمەریکا ڕابەرایەتی تاڵانکاریەکانی سامانی سروشتی کوردستان دەکا بەناوی جیاواز لەڕێگەی کۆمپانیای فرەڕەگەزی جیاوازدا و ئەجێندای جیاوازدا ، ئەگەر ئێمە وورد ئاوڕ بۆ ئەو رابردووە بدەینەوە دەبینین، پیادەکردنی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و ئابووری ئازاد لەو ساڵەوە چۆن بەبەرنامە و هاوشێوەی سیستەمێک و کوولتورێک هەموو ژیانی کۆمەڵگەی لەناوخۆیدا وەک ئاش هاڕی و بێسەنگ کرد ، لە ڕێگەی سیاسەتی نەوت و وەبەرهەمهێناندا توانی سیاسەتی بەناو گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بسەپێنێت، بەناوی جۆرەها ماستەرپلان و بەرزکردنەوە و هەڵچنینی باڵەخانەکانی هەرێم کە لەزۆر ڕوەوە خاڵین لەکوولتوری ژیاری و ستانداری بیناسازی ، لەبەرامبەرئەوەشدا ئامانجی خۆی پێکا بە داڕوخاندنی مۆراڵی سیاسی و مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوایەتی و سەرهەڵدانی دەسەڵات و ئەزمونێکی نیشتیمانی بەهێزی خۆکردی کوردانەی بەتەواوەتی نەوتمردار کرد !

لەسەرەتادا حەوجە بەوەدەکا ژیرانە سەرنج بدەین و بزانین ئەو بەرنامەیە چۆن سیاسەتی کردۆتە بازاڕ ، دەبینین لەوکاتەوە بە چ ستاندارێکی نزم و هەرزان و لاواز سیاسەت و پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دا گەشەی کرد لەڕێگەی بەبازاربوونی حیزبەکان ، هەڵبژاردنەکان ، نوێنەرانی پەرلەمان ، دەسنیشانکردنی وەزیرەکان ، سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن ، پێکهێنانی کابینەکانی حکوومەت ، پلەدارە سەربازی و ئەمنیەکان ، نوێنەرایەتیەکانی دەرەوەی هەرێم ، کە دەکرێ بڵێن هەر هەموویان لە ژێر خاڵی سفری ستانداری جیهانیدا بۆ سیاسەت نەخشەرێژکراون، بەرپرسیاریەتی و پۆستەکان کراونەتە مامەڵەی بازرگانی و بەرژەوەندی ، سیاسەت لە کوردستان کراوەتە بازارێکی شێواو و قەرەباڵغی بێ ئیتیک و بێ بەها ..

پرۆسەی بە بازاڕکردنەکان وەک زنجیرێکی قوڵفەلێکدراو پێکەوە بەستراو پیادەکراوە ، بۆنموونە پاش بەبازاڕکردنی سیاسەت لەهەرێمی کوردستاندا، بەبازاڕکردنی سیستەمی پەروەردە دەستیپێکردوە ، لەڕێگەی دامەزراندنی جۆرەها قوتابخانەو زانکۆی بیانی بە ستانداردی سفری پەروەردە ، بە ئاراستەی لاوازکردن و پوکاندنەوەی زمانی کوردی بیناکراون ، پەکخستنی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ، دواتر سەرهەڵدانی دزێوترین جۆری گەندەڵی فێرکردن و پەروەردەیی دەبینرێت بەمەبەستی بەدەستهینانی بڕوانامەی بەرز بەلێشاو سنووری تێپەڕاندوە ، بەبازرگانیکردنی زانکۆکان و ئاستی زانستی ،بە ساختە بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و ئەکادیمی لەناو زانکۆیەکان دا، بەدڵنیایەوە تێکرای ئەو دیاردانە بونەتە هۆی لاوازکردنی ئاستی زانستی وکوولتووری پەروەردەو فێرکردن و زمانی کوردی، دەرئەنجامیش دروستکردنی لەشکرێکی گەورە لە بەناو پسپۆرو بڕوانامەداری نەخوێندەوار و نەوەیەک قوتابی کەلۆرو خاڵی بە ستانداردی زانست و پەروەردەیی ..

قوڵفەی دواتر بەبازاڕکردنی سیستەمی تەندروستی یە لە هەرێمی کوردستاندا کە کوشندترین زەبری لە گیانی هاوولاتیان و ئاسایشی نیشتیمانی داوە ، لەڕیگەی هێرشێکی بێئەژماری بازرگانیکردن و هێنانی دەرمانی قاچاغ و بێکوالیتی بۆ بازاڕەکان ، دامەزراندنی جۆرەها نەخۆشخانەوە کلینیکی بێ مۆڵەتنامەو بێ ستانداردی تەندروستی ، ڕێگەدان بە هاتن و دەستەبەکاربوونی جۆرەها پزیشکی بازرگان کە هاشێوەی قەساب بێ هیچ بەرپرسیاریەتیەک کەتوونەتە بازرگانیکردن بە گیانی هاووڵاتیان ، هێرشی بازرگانیکردن بەدەرمان و دامەزراندنی دەرمانخانەکان کە کۆی شەقام و ستراکچەری شارەکانیان تەنیوە ، ئەو هەناردەکردن و بەبازارکردنی دەرمان و کەرتی تەندروستیە کارەساتێکی گەورەیی تەنسازی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا هێناوە و جۆرەها شێوەی نامۆی لەگەندەڵی لەناو سیستەمی تەندروستیدا بەرهەمهێناوە کە دە هێندەی کردەوەی تیرۆریستی هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی ئەو هەرێمە ..
دواتر قوڵفەی ئەو زنجیرەیە بەبازاڕکردنەش لەژیر ناوی میدیای ئازاد بوو کە ئامانجی بە بازاڕکردنی، میدیا ، ئەدەب ، هونەر، رۆشەنبیری بوو، هەموو دەزانین لەو ساڵەوە دامەزراندنی کەناڵی میدیایی بەهەموو جۆرەکانیەوە هاوشێوەی لافاوێک هەڵڕژایە ناو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ، ئەو بەبازاڕکردنەی میدیا خاڵی بوو لە زۆربەی زۆری ئیتیکەکانی میدیاو رۆژنامەگەری ئازاد لەجیهاندا، هاوکاتیش هێرشێکی دیجیتاڵی بێزەوەری سۆشیاڵ میدیاش دەستیپێکردوە، بەبێ بوونی هیچ جۆرە چوارچێوەیەکی یاسایی و فەرهەنگی ،کە دەکرێ ئەو شەپۆلە وەکو چەکێکی دیجیتاڵی بێدەنگ بژمێردرێن بۆ لاوازکردن و زەبر وەشان لە پەروەردەی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی، ئەو دیاردانە سەدان بەناو رۆشەنبیری مەکینە ئەدگار و رەفتاریان یان دروستکردوە کەلە شێوەی داینەمۆیەکن بۆ بەردەوامیدان بە بازارکردنی رۆشەنبیری و تەواو فەرهەنگی کۆمەڵایەتیان دەستەبەسەرداگرتوە ، ئەو بەرژەوەندی پەرستانە لەزۆر ڕووەوە وەک سەرچاوەیەکیشن بۆ تێکچوونی بارودۆخی دەروونی هاووڵاتیان و شێواندنی پەروەردەو زمانی کوردی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ..

پاشان لەسەرەتای ساڵی( ٢٠٠٦) وە دروشمی ئابووری و بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی سەرهەڵدانی سەدان جۆرو شێواز لە گەندەڵی ، گەندەڵی بۆتە فەرهەنگ و لەگەڵ جۆرەها سیاسەت و یاسا تیکهەڵکێشکراوە،بەتایبەت لەدوای پەسەندکردنی یاسای وەبەرهەمهێنان لەهەرێمدا گەندەڵی جۆرەها بازرگانی سیاسی پێوەدەکرێ ،ڕەگهاویشتنی کوولتووری گەندەڵی وەک هێڵێکی ستراتیژی تێکرای پرۆسەی ژیانی سیاسی وئاینی و کوولتوری و پەروەردەیی گرتۆتەوە، هەروەها ژیانی زۆربەی هەرەزۆری سیاسیەکان، رۆشەنبیرو ئەکادیمیستەکان و چەند چینێکی تایبەت لە هاوڵاتیانیشی بە قورسی داپۆشیوەو داڕزاندوە ، لەدوای ساڵی ٢٠١٣ وە دروشمی( دژە گەندەڵی ) کراوەتە بازرگانیەکی سیاسی و رێگەخۆشکەربووە بۆ سەرهەڵدانی چەندین پارت و باڵی سیاسی تر لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا …

لەبەرهەندێ دەبینین لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دا گەندەڵی سەدەها مرۆڤی بودەڵەی کردۆتە کەسایەتی و فیگەری ناسراو و خاوەن هێزو سەرمایە، ناوبانگی سیاسی و ئەکادیمی و رۆشەنبیری بۆ هەزارەها مرۆڤی گەمژە ونەخوێندەوار داتاشی ، لەبەرامبەریشدا هەر نەوت نەبوو کە بەتاڵان فرۆشرا، لەبەر سەرمەستی حکوومەت تەنها بەبازرگانیکردنبە سیاسەتی نەوتەوە، وە نغرۆبوونی هەموو هێزە سیاسیەکانی تر لە سوێی گەیشتن بەنیعمەتی نەوتدا،گەلێک جۆری تر لە سامانی سروشتی بەپێزی دیکە لە هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵانەدا بە نهێنی بە فەرهودو بەتاڵان بردراون لەوانەش، پارچەی مێژوویی و بەهادار ، شوێنەوار ، ڕووەکی سروشتی لە چیایەکان ، بەرد و کانزا و… هتد.

ئەڵقەی دواتری ئەو زنجیرەیەش بەبازارکردنی جەنگ و سوپا بوو بۆ نموونە سەرەڕای ئەو هەموو توانا داراییە، هەرێمی کوردستان نەیتوانی چوارچێوەیەک بۆ هێز دابرێژێت هەروەها نەبوونی هیچ ستراتیژیەتێک بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتیمانی بە ستانداردی سەردەمی بۆ هێزو سوپای کوردستان،لەوەش کارەساتبارتر بەخشینەوەی پلەوپایەیی سەربازی ساختەیە، کە گوایە و وامەزەندەش دەکرێ( ٨٠٠٠ ) هەزارکەس بوونەتە خاوەن پلەی ( لیوا) و سەدان ئافرەتی پوچی بێزەوەر پلەی (عەمیدیان) وەک بەخشیش پێبەخشراوە لە سوپای هەرێمی کوردستاندا! وە جۆرەها ساختەکاری تری وەک خانەنشین و بندیوار لە پلەکانی سوپایی وەزارەتی پێشمەرگەدا ، هەروەها سەرهەڵدانی جۆرەها گەندەڵی و بازرگانی چەک و قازانج ودەسکەوتی نوێ بەدەستهاتوون هەم بۆ هاوپەیمانان و هەم بۆ هاوبەشەکانیان بازرگانی بەبڕشت و خەونئامێز دەستەبەربوون لە رێگەی ئەو گەندەڵیەوە..
ئەڵقەی دواتریش سەرهەڵدانی تەنگەژەوە قەیرانەکان بوون لەگەڵ هەڵایسانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش ،ئەوکاتیش بەهۆی ئەگەری داگیرکرن کورد نیمچە شۆکێک کرا ئەوجار وەکو سەرەکیترین هێزی بەرەنگاری ئەو جەنگە نەگریسە دەستنیشانکرا،هاوکاتی ئەو جەنگەش قەیرانەکان سەریانهەڵدا کە سەرەکیترینیان قەیرانی ئابووری بوو، بەتایبەتیش زەبردان لە درامەتی موچەخۆرانی هەرێم لەوانەش چینی مامۆستایان ،دواتریش سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەردەوامیدان بە نیومووچەو پاشەکەوت و زۆر ستایلی تر لە ڕەزیلکردنی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسی و بازار ، دەرئەنجام سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکی سینارێۆ شێوەدا لەگەڵ ستافەکانی بانکی نێودەوڵەتی لە هەرێم دەرکەوتن و قەرزکردنی حکوومەتیان لەبانکی نیودەوڵەتی بە فەرمی ڕاگەیاند!

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی داعش ئەو کۆلۆنیالیزمە سەربازیە ناراستەوخۆ و بە خێزەرە بزاوتی بە جۆرەها هێزکرد بۆ ناو هەرێمی کوردستان ، کە پێشبینی دەکرێ لەناو مارینزەکان دا جۆرەها هێزی وەک سوان و سەوات هێزی هەواڵگری هەن، کە بێگوومان ئەوانە دارێژەری بەشێکی گرنگ لە نەخشەی ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتین لە هەرێمدا ، لەگەڵ ئەوەی ئاراستەی ئەو جۆرە زانیاری و تێهزرینە بەهەند وەرگرتنی لە ئێستادا جێگای بایەخ نیە نە بۆ سیاسەتمەدارانی کورد نە بۆ رۆشەنبیرانی کورد ،هەروەها گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئەو هەڵخەڵەتاندنانە، وە دانپێدانان بە بیرکۆڵی سیاسی کورد وەکو هەڕەشەیەک دەژمیردرێت لەبەرژەوەندی کەس دانیە.!

بەڵام ئەو ڕاستیە لەلایەن شارەزایانی ئاسایشی نیودەوڵەتیەوە نکۆڵی لێناکرێ کە ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری لەهەر کۆمەڵگەیەک دا دەبێتە لاواز بوونی ئاسایشی نیشتیمانی و تێکشکاندن و ناوبانگ شێواندن و کەوتنی هەر ئەزموونێکی حوکـمرانی ، ئەگەر بە جیهانبینیەکی سەردەمیانەوە و بە دیدێکی ئاسایشی جیهانیەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانین ، دەبینین هەموو ئەو ڕوداوانەی لە دەورمان ڕودەدەن ، گەواهیدەری راستەقینەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە سیاسەتجۆکەری و رۆشەنبیرجۆکەری ئەورۆ لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر چ بنەمایەک راوەستاوە و لە چ قوناغێکی لۆکاڵی لاوازدا پەرچەکرداریان هەیە و چەندە لۆکالی و هزرجۆکەرانە بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە! ….

هەرێمی کوردستان پاش تێپەراندنی پێنج ساڵ قەیرانی هەمەجۆر قەرزداری و سڕکردنی پەرلەمان و کۆمەڵێک تەنگەژەی سیاسی ناوخۆیی و دووبەرەکی کارگێری، ریکۆرد شکاندن لەگەندەڵی و ناڕوونی لەداهاتدا و دەستکورتی لە دیبلۆماسیەتدا، وەختێک بەتەواوی سیاسەتەکانی لەگەڵ بەغدادا گەیشتە بنبەست، پرسی رێفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کورستان ڕاگەیاند، بەلام تا ئێستاش ڕوون نیە جوڵاندنی ئەو پرسە پێشنیاری ناڕاستەوخۆی دەزگا هەواڵگریەکانی هاوپەیمانانی کورد بووە یان بڕیارێکی ڕاستەقینە بە ئێرادەیەکی نەتەوەییەوە؟! لەگەل ئەوەشدا ئەنجامدانی ریفراندۆم چونکە خواستی نەتەوەیی کەوتەپاڵ بە خۆرسکی خەریک بوو ببێتە هۆی رسکانی هێزێکی نەتەوەیی و پرسی کورد بگوازێتەوە قوناغێکی تر! بەڵام بەداخەوە لەبەر هەرزەئەزموونی ناوخۆیی و شۆککرنێکی تر بە قەیران ئەو هەلەش مردارکرا!

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ دروست سەرنجی وردی بخەمە سەر ئەو شۆککردن و سیاسەتلەرزەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو ، کە لەو شەوو ڕۆژەدا ڕووداوگەلێکی تەموومژاوی بروسکە ئاسا ،لەهەرێمی کوردستان و چواردەورەی ڕوویاندا و تێکرای ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیان تۆشی کۆمەڵە شۆکێکی بەزەبر کرد، وەکو شۆکی هێرشی سەربازی ، شۆکی داگیرکردنەوە ، شۆکی ڕێکەوتتنامە و ڕادەستکردنەوە ، شۆکی پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە، شۆکی ڕاگەیاندنی دووبەرەکی قوڵی هەردوو هێزی دەسەڵاتدارانی هەرێم ،شوکی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و تێکەڵکردنەوەی بە پارێزگایەکانی عێراق!
لە جەنگی کەنداوەوە بەتایبەت لەپاش جەنگی کوەیت ئەوە چوارەمین شۆکە لەوناوچەیە دەدرێ ، شۆکی جەنگی عێراق بەداگیرکردنی کوەیت، شۆکی رۆخانی رژێمی بەعس، شۆکی جەنگی داعش ، شۆکی جەنگی کەرکووک ، کە لەهەموو یاریەکانیش دا کورد بزوێندراوە سنوری خاکی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و لێی سەندراوەتەوە !

ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە لە ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ئاراستەیەک دەبینرێ بۆ بەبازارکردنی نیشتیمان و خاک و هەستی نەتەوەیی کورد، پاشان بە شۆکێکی پر لەترس و تۆقاندنی داگیرکردنەوە چواردەوری کورد تەنراوە ، هێزەکان یەکتری تۆمەتباردەکەن بە ڕێکەوتتنامەی لەگەڵ حکوومەتی بەغداو کشانەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان ! عێراق کۆمەڵە سزاو ئابڵۆقەی بەسەر هەرێمی کوردستان دا سەپاندوە کە زۆربەیان پەیوەندیدارن بە باری ئابووریو بژێوی هاوولاتیان، هێزە ناوخۆییەکان یەکتری تاوانبار دەکەن بەناپاکی و بە خاک فرۆشی ، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لەعێراق پشتگیری میلیشیاکان دەکەن تا هەرێم داگیربکەنەوە ، پێشمەرگە نەبەردانە بەرگری لە سنوورەکانی هەرێم دەکات، جەنگێکی تری ناوخۆیی سەرەتاتکی دەکا!

ئایا ئێستا کاتی ئەوەنیە بپرسین سەرهەڵدانی ئەو هەموو قەیران و تەنگژانە لەیەک کاتدا! بەرنامەیەک نیە لە پیادەکردنی سیاسەتی*( شۆککردنی باوەڕە) کە نیولیبڕالەکان سەرکردایەتی دەکەن لەجیهاندا؟؟
وەک لە زۆربەی سەرچاوەوە جۆرناڵە سەربەخۆیەکانی جیهاندا ئاماژەپێدراوە کە چۆن نیولیبڕاڵەکان بەیارمەتی (سی ئای ئەی) سیاسەتی ئەمەریکا دادەرێژن بۆ دەستپێکردن یان گۆڕینی هەر نەخشەیەکی بەرژەوەندیداری خۆیان لە جیهاندا، هەروەها گۆرینی رژێمی سیاسی و ئابووری و باڵانسی هێز بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیادا ئەفەریقادا و هەر وڵاتێکی تری کە مەبەستیانە بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، لەسەرەتادا ستراتیژیەتی شۆککردن پیادەدەکەن بەسەریدا، ئەویش لەڕێگەی جوڵەی هێزی سەربازی ،کارەساتی سروشتی ، کودەتا، داگیرکاری ، خۆپێشاندان دژی دەسەڵات ، جەنگی ناوخۆ، هەموو سیستەمەکانی ئەو دەوڵەتە توشی شۆک دەکەن و ترسێکی گەورە دەخەنە دڵی سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان وە بەتەواوی سایکۆلۆژیەتی حوکمرانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ترسدا دەهەژێنن و ئەو کۆمەڵگەیە دەستەمۆ دەکەن دواتر بەرنامەو بەرژەوەندی سەپێنراوی خۆیان دەستپێدەکەن….

ئەگەر وردتر سەرنجبدەین دەبینین لە ئەزموونی سیاسەتی ئابووری کوردستان سەرمایەداری وەرگێڕدراوە بۆ نەوتمایەداری ،چونکە یەکەمجارە لەمێژوودا دەسەڵاتێکی کوردی بەوشێوەیەو بەو ئاستە گەیشتۆتە ترۆپکی سامانداری و سەرمایەداری! بەڵام لەبەرنەبوونی هیچ ستراتیژیەتێک بۆ داڕشتن و پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان و پشتگوێخستن و بوژاندنەوەی سامانەکانی تری هەرێم ، هەروەها نەڕسکاندنی ویست و هێزێکی خۆکردی خۆبەرێوەبەری ئابووری ، ئەو سیاسەتە لەبری سەرمایەداری بوو بە نەوتمایەداریەکی لاوازو مایەپوچ ، تەنها نەوتفرۆشیەکی زەرەرمایەی کردە تاکە سەرچاوەی داهاتی خۆی و بەتایبەت لە کەرتی ئابووریدا ئابووریجۆکەربووە ، لەوڕێگەیەشەوە زۆرترین سامانی نیشتیمانی ئەو نەتەوەیە نەزانانە بەهەدەردراو لەدەستچوو ….
ئێستا ناوەڕاستی دیسەمبەری ( ٢٠١٧ ) یەو لە هەرێمی کوردستان چ روودەدا؟!!

ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەڕوونی جۆرێک لەشڵەژان و پەککەوتەیی دیپلۆماسی و سیاسی دەیبینین، دوای ئەوەی تەڵەی نیولیبراڵەکان سەرکردایەتی سیاسی کوردی پەلبەست و هەرێمی کوردستان بە ترس شۆککرا ، لەرووی دینلپماسیەوە سڕکرا ،ئێستا دوای لەدەستدانی خاک و سامان و شکۆی نەتەوەیی و سیاسی،بە ئیرادەیەکی لەرزۆک و سامەرستۆوە ئەوە سێ مانگە چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە بۆ دانوساندن لەسەر وەرگرتنی بودجەو مووچە ! هەروەها سەردانی ووڵاتانی ئەوروپا بۆ رازیکردنی نێوەندگیری لەگەك بەغدا، بەغداش رۆژ بەرۆژ بەهێزەوە مەرجی زەلیلکردن بەسەر کورددا دەسەپێنێت و ئەمەریکاش بەشێوەکی لاوەکی لەدورەوە تەنها رۆڵی تەماشاکەر دەبینێت .

لە ئێستادا گەندەڵی وەک مۆرانە خانە بەخانەی ژیانی کۆمەڵگەی داتەنیوە ، دەسەڵاتی کارگێری و دادوەری و سەررێژن لەگەندەڵی،کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت نغرۆ بوون لەناو گەندەڵی،پارتە خاوەن دەسەڵاتەکان و ئۆپۆزسێۆن و رکابەرانیان گیربوون لەناو گەندەڵی، ئەو کۆمەڵگە تەزیوەش دابەشبووە بەسەردوچین دا چینی نەوتمایەدارەکان و کلک و باڵەکانیان کە بەدەر لە قەیرانن و پشتاوپشتیان لەڕووی ئابووریەوە تاقەت کراون بەڵام چینی کەمدەرامەت و مووچەخۆرە پلە نزمەکای کە بەسەختی کەوتونەتە ژیر زەبری قەیرانەکان ، سەرەڕایی ئەو دۆخانەش سروەی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان و هەڵپەو بانگەشەی هەڵبژاردن وەکو تاکە فریادرەس لەو تەنگەژانە دەبینرێ !

کۆمەڵگەیەک لە ترۆپکی گەندەڵی سیاسی و دووبەرەکی کارگێری دا وەک پاشماوەی بازارێکی ستۆککراوو داخراو بەرامبەر ئەو شۆکە حەپەساوە و لە ترۆپکی ماندویەتی دەروونی و دوودڵیدا دەجمێ ، قەیرانەکان دوخێکی کوشندەیان سازاندوە،پاشماوەی ئەو هەموو بەبازاڕبوونە بارێکی قورسە بۆ کۆمەڵگەیەکی وا نەوتمرداری وەک کۆمەڵگەی کوردستان،حکوومەت لەوپەڕی پەشێوی کارگێریدا چەقیبەستووە و دەخولێتەوە زۆر کەمتەرخەمانە تائیستاش نەیتوانیوە هەر ستراتیژیەتێكی گچکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە ڕابگەێنێت هەربە پلانێکی سەتبەجێ و سەرەتاییش خەرجی لەسەر لەسەرشانی هاووڵاتیان کەمبکاتەوەو نرخەکان داببەزینێت ؟!! هەروەها دۆخی ناوخۆی سیاسی هەرێم دروست هاوشێوەی گەڕەلاوژێیەکی سیاسی پەرتەوازەیە کە هیچ ئومێدێک بۆ دەربازبوون لەو کۆمەڵە قەیرانە کینەسازیە سیاسیە بەدیناکرێت .

بەهەمەحاڵ ئەوەی ئێستا ڕودەدات دروست لەهەرێمی کوردستاندا گەواهیدەرە بۆئەوەی چۆن ستراتیژیەتی کۆلۆنیالیزمە ئابووریەکەی نیولیبراڵەکان سەرکەوتوو بووە ، بەچ شێوازێک سەرکردایەتی سیاسی کوردی بە پشتگوێخستن شۆک کردو سڕکرد ،چواردەوری هەرێم بە هێز تەنراوە ، هێزو بەیسە سەربازیەکانی ئەمەریکا ، هێزە تایفی و تێکەڵکراوەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە .

قۆناغی دواتریش بۆ کورد قۆناغێکی زۆر تەموومژاویە، دروست نازانرێ داخوا بۆ نیولیبرالیزمە سوخۆرەکەی ئەمەریکا، ئایا بە هەڕەشەو ترسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی بەغدا دەیەوێت چۆن کورد پەرتەوازەبکات و چ مودێلێکی تر لە گوێڕایەڵی ئابووری و سیاسی بهێنێتە گۆڕێ بۆ بەردەوامیدانی بە تاڵانکاری نەوت لەناوچەکەدا؟! یا سەرکوتکردنی خواستی نەتەوەیەکە بۆ سەربەخۆیی ؟ یا جەنگە مەزهەبیەکان گەرممتر دەکا ؟! یان بەدروستکردنی هەندێک جەنگی ترو گوڕێنی سنووری دەوڵەتەکانی ئەو ناوچەیەیە دووبارە هەرێمی کوردستانی بەدەر لەهاوکێشەکان سڕ دەکا ؟یان دەیخاتە ناو هاوکێشەیەکی ترو نەخشەیەکی نوێی سوخۆری ئابووری بۆ قازانجی خۆی لێ دروست دەکا؟!

* (شۆککردنی باوەڕ) کتێبیکی نایابی خانمە نووسەرو چالاکوانی کەندایی (نوامی کلاین) ە لەوێدا ئاماژەی دروست بە سیاسەتی نیولێبرالەکان دەدات کە لە رێگای بازاری ئازادەوە چی لەهەر وڵاتێک دەکەن کە مەبەستیان بیت تا سیاسەتی ئابووری خۆیانی تێدا بچەسپێنن و بسەپێنن.
*http://beautifultrouble.org/theory/the-shock-doctrine/
*https://www.youtube.com/watch?v=v6yceBTf_Vs

*(نەوتمایەدارەکان )*( زیندەبەنەوت) *(نەوتمردار) ، ئەوچەند فریزە نوێیە کوردین و تایبەتن ستراتیژیەتی نیولیبرالەکان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی نەوت لەو چەند ساڵەدا هەروەها تایبەت بۆ ئەو ووتارە دروستکراون ..




(شیعر له‌ پێناو _هیچ_ دا)… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

_له‌ نێوان شیعری دوێنێ ‌و ئه‌مڕۆ سه‌رنجێك_ ….

به‌درێژایی مێژووی شیعر وه‌ك ژانرێك له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌میشه‌ شیعرهه‌ڵگری ناوه‌ڕۆك‌و گوتارێك بووه‌،كه‌ له‌ شێوه‌ی په‌یامێكی سیاسی یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی، گوزارشتی لێكراوه‌.ئه‌زمووی شیعری ئێمه‌ له‌ قۆناغی كلاسیكه‌وه‌ تاكوشیعری ئازاد كه‌ له‌ گۆرانی شاعیره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و ئیدی كێش‌و قافیه‌ له‌ شیعردا نامێنێت‌و فۆڕمێكی ئازاد وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌ بووه‌. شاعیرانی ئێمه‌ گه‌رچی ده‌رچووی هیچ نێوه‌ندێكی ئه‌كادیمی‌و مه‌عریفی نه‌بووینه‌، بگره‌ ده‌رچووی ته‌كیه‌ خانه‌قاو مزگه‌وته‌كان بووینه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌و په‌یامێكییان پێبووه‌ به‌ ئامانجی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگا. به‌ شێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ به‌ هۆی ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌ ئایینییه‌وه‌،خاوه‌نی پاشخانێكی فه‌رهه‌نگی‌و كلتووری بوونه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌قه‌كانیان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. بیرمه‌ندی دیاری كورد كۆچكردوو مسعود محمد، له‌ باره‌ی ناڵییه‌وه‌ ده‌ڵێت:( یه‌ك دێڕ شیعری ئه‌و شاعیره‌، ڕه‌نگه‌ زه‌مه‌نێكی درێژی بووێت تاكو بتوانین ڕاڤه‌ی بكه‌ین). چونكه‌ ده‌قه‌كانی زۆرتر له‌ مانایه‌ك‌و پتر له‌ یه‌ك گوزارشتكردن له‌ خۆ ده‌گرن.

بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ڕه‌خنه‌ گره‌ كۆن‌و ئه‌كادیمییانی ئێستاشدا، ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی له‌ شیعری كلاسیكی ده‌كۆڵنه‌وه‌و ڕاڤه‌ی ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵگری گوتار‌و مه‌دلولی شیعری بووینه‌. شاعیرانی ئێمه‌،له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌ی تیایدا ژیاون، شیعریان نووسیوه‌و كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه‌كان‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و وابه‌سته‌ بوونه‌ی ده‌قی شیعری بو دیارده‌كانی بوون‌و ژیانی مرۆڤه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ ماناو فۆڕمی شیعره‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك كه‌مكربێته‌وه‌و زۆرتر دروشم‌و گوتاری واقیعیانه‌ له‌ شیعره‌كاندا ببینین، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا،ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵگری دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌وپه‌یامێك بوونه‌. واته‌ شیعرله‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه‌ هاوكات مانفێستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌شه‌، به‌ ئامانجی هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وهاتنه‌وه‌ به‌ گژئه‌قڵی دواكه‌وتوویی‌وترادیسیۆن خوازانه‌. شیعر لای ئه‌و شاعیرانه‌ی ئێمه‌، دیدێك بووه‌ بۆ بینینی دیارده‌كانی كۆمه‌لگه‌و هوشیار كردنه‌وه‌ی تاك. شیعری ئه‌و قۆناغانه‌ هه‌ر ته‌نها ده‌قێكی ئاسایی ئه‌ده‌بی نه‌بووه‌، به‌ڵكو میتۆدێكیش بووه‌ بۆ ڕوانین له‌ ژیان‌و ده‌وروبه‌رو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سۆسیۆلۆژییه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چه‌ندین وێنه‌ی شیعری جوان‌و گوزارشتكردنی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوان،له‌و ده‌قانه‌دا ده‌بینین، كه‌ توانای شاعیران‌و دنیابینی شیعریانه‌یان ده‌رده‌خات. بۆنموونه‌: ناڵی دووسه‌د ساڵ زیاتر به‌رله‌ ئه‌مڕۆ له‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:

له‌ ترسی ته‌ڵعه‌تت ڕۆژ هه‌ر وه‌كو شێت
به‌ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات‌و كه‌وته‌ كێوان.

شاعیر وه‌سفی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێك ده‌كات، كه‌ ڕووی ئه‌وه‌نده‌ گه‌ش ‌وجوان بووه‌، خۆر له‌ ترسی ڕووی ئه‌و شێت بووه‌و كه‌وتۆته‌ كێوان. له‌ نێوان خۆر‌و‌و ڕووی یاردا، كه‌ هه‌ردووكییان دروستكراوی په‌روه‌ردیگارن‌و خۆر سه‌رچاوه‌ی وزه‌و گه‌رمییه‌كی یه‌ك جار به‌تینه‌، كه‌ مرۆڤ ناتوانێت، له‌ به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت، كه‌چی ئه‌و خۆره‌ گه‌وره‌یه‌،هێنده‌ بچووك ده‌بێته‌وه‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ی گه‌رمی‌و ڕووناككردنه‌وه‌ی نامینێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ڕووی كه‌سێكدا، بوونی نامێنێت. ڕووی ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌نی جازبیه‌تێكی وابووه‌، زۆر به‌ هێزتر له‌ جازبییه‌ی دیارده‌ سرووشتییه‌كانی گه‌ردوون. ناڵی به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی ساده‌وبه‌ ده‌ربڕینێكی ساكار، جوانترین ‌و پڕ چێژترین وێنه‌ی شیعری خوڵقاندووه‌. خوێنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕانه‌، كه‌به‌شێكن له‌ شیعرێكی درێژ‌و له‌لایه‌ن (قادر زیره‌ك)ی نه‌مره‌وه‌ كراوه‌ به‌ گۆرانی، له‌ پاڵ ماناكه‌ی چیّژی خوێنه‌وه‌ش به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. خوێنه‌ر كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، زه‌مه‌ن له‌ بیر ده‌كات. به‌و مانایه‌ی واهه‌ست ده‌كات شیعرێك ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئێستادا نووسراوه‌. له‌ به‌رامبه‌ ئه‌مه‌دا، نموونه‌ له‌ شیعرێكی ئێستا وه‌رده‌گرین، نه‌ك بۆ به‌راورد كردن، نه‌ك بۆ هاوتا كردنی شاعیره‌كان به‌ یه‌كتری، كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی نه‌كرده‌ییه‌، به‌ڵكۆ بۆ ناساندنی به‌ شێكی زۆری ناوه‌ڕۆكی شیعری ئێستا و نه‌وه‌ی ئێستا، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌نگی داهێنه‌رانه‌شیان تێدا بێت. لێره‌وه‌ش نموونه‌ له‌ یه‌ك شیعری( رامیارمحمود) دێنینه‌وه‌. ئه‌و شاعیره‌ له‌ دێڕه‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:

خودایه‌ هێنده‌ بێزارم
خه‌ریكه‌ گو له‌ ده‌م‌و قینگم دێته‌ ده‌رێ..

ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، كه‌ به‌ده‌رن له‌ هه‌موو جۆره‌ ئاماژه‌یه‌كی واتایی، نه‌ك ناچنه‌ خانه‌ی شیعره‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی گشتی‌و ئاسایی نێوان مرۆڤه‌كانیشه‌. بیرمان نه‌چێت له‌ قسه‌ كردندا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له‌ نێوان وشه‌كاندا هه‌یه‌و دواجار له‌ ڕسته‌یه‌كدا مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن. به‌ڵام ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی ڕامیار محمود، ناچێته‌ خانه‌ی هیچ جۆره‌ پۆڵێنكردنێكی وشه‌و ماناوه‌. چونكه‌ نه‌ یه‌كێتی بابه‌تی نێوان وشه‌كان‌و نه‌ وێنه‌ی هونه‌ری‌و نه‌هیچ چێژو ئستاتیكایه‌كی شیعریشی تێدایه‌. ته‌نها ڕێزكردنی چه‌ند وشه‌یه‌كی به‌دوا یه‌كتری داهاتووه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌لاله‌تێكی شیعری بگه‌یه‌نن. ئاخر شیعر داهێنانه‌، گوتار‌و ماناو په‌یامه‌، ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، له‌ پێناو هیچدان. باله‌وانه‌ش هه‌مووی بگه‌ڕێین، بابپرسین مرۆڤ كه‌ بێزاربوو، گو له‌ ده‌می دێته‌ ده‌ر؟ بێزاری‌و ته‌نهایی زۆرجارده‌بنه‌ پاڵنه‌ری سایكۆلۆژی‌و هزری و كه‌ داهێنان دروست ده‌كه‌ن. مرۆڤ كه‌ بێزاربوو، نابێ بكروزێته‌وه‌، نابێ هێنده‌ زه‌لیل بێت گو له‌ ده‌می بێته‌ ده‌ر، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ یاخی بێت‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و دۆخ‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ بدات، كه‌ بێزاریان كردووه‌.

نابێ ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ ‌و چاوه‌ڕوان بێت بڕشێته‌وه‌و گوله‌ ده‌می بێته‌ ده‌ر. ئێستا ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بۆ مانای شیعر‌و په‌یامی شیعر بگه‌ڕێت، له‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ به‌ چی ده‌گات؟ جگه‌ له‌ هیچ؟ ئه‌مانه‌ نووسین نین، به‌ڵكو ڕێزكردنی كۆمه‌ ڵێك وشه‌ی بێ مانایه‌، كه‌ خوێنه‌ر له‌ شیعر ده‌تۆرێنن. بێگومان وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌ شیعری شاعیرانی دوێنێ، واته‌ له‌ قۆناغه‌كانی شیعری كوردی له‌ كلاسیزمه‌وه‌، تاكو ریالیزم‌و شیعری ئازاد له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، تاكو كۆتایی هه‌فتاكانیش ‌و سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین، شیعری كوردی په‌یامێكی هه‌بووه‌. سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی. شاعیرانی ئێمه‌ به‌ شێك بوونه‌ له‌ تراژیدیای خاك‌و مرۆڤی كوردو به‌ شیعر هه‌وڵی به‌ گژهاتنه‌وه‌یان داوه‌،بۆ هه‌موو ئه‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هزریانه‌ی وه‌ك نۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌شێك بوونه‌ له‌ پاشخانی فیكری‌و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگای كوردی.ڕه‌خنه‌ گرتنی دیارده‌كان‌و هوشیاركردنه‌وه‌ی تاك، له‌ ڕێی گوتاری ئه‌و شیعرانه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی تاكییان كردووه‌، مه‌به‌ستییان بووه‌ كۆمه‌ڵكه‌ له‌ دواكه‌وتوویی رزگاربكه‌ن‌و تاك هوشیار بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ سیمایه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌ شیعری كوردیدا.

بێكه‌س له‌ ڕێی شیعره‌كانییه‌وه‌، هه‌وڵی یه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ ده‌دات‌و ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌قڵی لاهوتی تاكه‌كان ده‌گرێت‌وداوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات، چاو له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوا بكات.داوای لابردنی په‌چه‌ی شه‌رم له‌ ژنی كوردده‌كات. قانح دیدگایه‌كی مرۆڤدۆستی هه‌یه‌و به‌شیعر هه‌وڵی یه‌كسانی‌و دادپه‌روه‌ری مرۆڤه‌كان ده‌دات‌و به‌ گژ ئه‌قڵی بۆرژوازی‌وسه‌رمایه‌داری دادێته‌وه‌. گۆران وه‌سفی جوانییه‌كانی سرووشت‌و ژن ده‌كات. شێخ ڕه‌زا به‌ شیعر هه‌جوی پیاوانی ئایینی ده‌كات. شێركۆبێكه‌س كوردبوون‌و شانازیكرن به‌ كوردبوون، ده‌كاته‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی تاكه‌كان. زێوه‌رباس له‌خوێندن‌و خوێنده‌واری ده‌كات. ئه‌مانه‌و ده‌یان نموونه‌ی تر، كه‌ شاعیرانی كورد له‌ ڕابردوودا، له‌ ڕێی گوتاری شیعرییه‌وه‌، هه‌وڵی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاوهوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانیان پێداوه‌و شیعر ئه‌و كاتانه‌ هه‌ڵگری ده‌لاله‌تێك‌و ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی بووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ به‌شێكی زۆری گوتاری شیعری ئێستامان بڕوانین، ده‌بینین هه‌ڵگری هیچ په‌یام‌و ئاماژه‌یه‌ك نییه‌.

ڕاسته‌ له‌ نێوان شیعری دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌و شیعر له‌ ئێستادا، هه‌ڵگری گوتارێكی خودگه‌راییه‌وبه‌شێكه‌ له‌ ئه‌زموونی تاكانه‌ی شاعیر, به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی شیعره‌كان، له‌ بڕی بابه‌ت له‌ خود ده‌دوێن. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، كه‌ زۆر جار شیعر هێنده‌ ساده‌و لاواز بێته‌وه‌، تاڕاده‌ی ده‌ربڕینی چه‌ند ڕسته‌یه‌ك، بێ هه‌موو چێژ‌وشیعریه‌تێك. به‌شێك له‌ شاعیرانی ئێستا، شیعر وه‌ك نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ تایبه‌تییه‌كانی ژیانی خۆیان ده‌بینن، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌نه‌ گوتارێك له‌ شیعردا، له‌ ژێر ناوی شیعری نوێ‌وخودگه‌رایی‌و چه‌ندین ناونیشانی تر. له‌ كاتێكدا، شیعری ئێستا ئه‌گه‌ر وه‌ك شیعری ساڵانی بیسته‌كان، ڕۆلی هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان‌و ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاش نه‌بینێ، به‌ڵام ده‌بێ ده‌قێكی ئستاتیكی بێت‌و چیّژی خوێنه‌وه‌، له‌ ڕووی شیعریه‌ت‌و وێنه‌ی هونه‌ری، به‌ خوێنه‌ر ببه‌خشێ.زۆربه‌ی شیعره‌كانی ئێستا،چیّژی خوێنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر نابه‌خشن‌و هه‌ندێكییان ته‌نها قسه‌ ڕێزكردنێكی بێ ماناونابابه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌بینین، خوێنه‌ری شیعر به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ خوێنه‌رانی ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب،یه‌كجار كه‌مبۆته‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆمان‌و چیڕۆك ده‌خوێنرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ شیعرنا. لێره‌دا، ئاماژه‌ بۆ ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ویش ده‌قێكی( ڕۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی‌و پێشه‌وا كاكه‌یی)ه‌و به‌هاوبه‌شی نووسیویانه‌و له‌ ژماره‌ (3)ی گۆڤاری (باران) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و دووكه‌سه‌له‌ سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن:-

قرژال نیوه‌ڕۆیان ده‌عوه‌تی كیسه‌ڵ بوو…
به‌س هێنده‌ به‌خاوخلیچكی چێشتی حازرده‌كرد..
ده‌بوو به‌ عه‌سر..
له‌داخی گه‌رما قارچكی ده‌كرد به‌ كه‌پر..

بێگومان، ده‌سپێك له‌ سه‌ره‌تای هه‌ر ده‌قێكدا، گرنگی‌و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆ سه‌رنج ِراكێشانی خوێنه‌ر‌وبه‌رده‌وامبوونی له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا. زۆر جارناونیشان یاخود ده‌سپێكی ده‌قێك،سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێ. به‌شێكیشیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، چیّژی خوێنه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ ده‌كوژن. ئه‌م چه‌ند دێڕانه‌،نه‌ك هه‌رچێژ به‌ خوێنه‌ری شیعر نابه‌خشن، بگره‌ ناچنه‌ خانه‌ی قسه‌كردنی ئاساییشه‌وه‌. وشه‌كان له‌و كۆپڵه‌ به‌ناو شیعریه‌دا، نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌یه‌كێتی بابه‌تییانه‌ی نێوان وشه‌كان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ وێرای نه‌بوونی هیچ جۆره‌ ماناو مه‌دلولێكی شیعریش. خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م چه‌ند وشه‌یه‌كی ئاسایی دایه‌،كه‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ڕسته‌یه‌كدا، هیچ مانایه‌ك ناگه‌یه‌نن.ده‌عوه‌تی قرژال بۆ كیسه‌ڵ چییه‌؟ عه‌سر‌و كه‌پر چ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی‌و شیعریان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟ گرفته‌كه‌ له‌وه‌نییه‌ ئه‌وانه‌ باسی ئاژه‌ل ده‌كه‌ن، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هیچ مانایه‌كی بابه‌تی‌و مه‌دلولێكی شیعری بده‌نه‌ پاڵ وشه‌كان. بۆنموونه‌: ڕۆمانی (كێڵگه‌ی ئاژه‌له‌كان)ی (جۆرج ئۆرێل) سه‌رجه‌می كاره‌كته‌ره‌كانی گیانه‌وه‌رانن، به‌ڵام جۆرج ئۆرێل له‌و ڕۆمانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ شۆرش ‌و شۆڕگێڕان ده‌گرێت. به‌ڵام له‌و كۆپڵه‌ شیعریه‌دا، هیچ مه‌دلولێكی شیعری‌و مانایی نه‌دراوه‌ته‌ پاڵا وشه‌كان. سه‌ره‌تاییترین ئاماژه‌ی هه‌ر ده‌ربڕین‌و ڕسته‌سازییه‌ك، گه‌یاندنی مانایه‌ به‌ به‌رامبه‌ر. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی وشه‌كان به‌ یه‌كترییه‌وه‌.

به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌و چه‌ند په‌راگرافه‌دا، خوێنه‌ر به‌به‌ر هیچ مانایه‌ك ناكه‌وێت. له‌وه‌ شۆخیتریش هه‌ردوو شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی شیعره‌كه‌یان ڕاستكه‌نه‌وه‌، هاتوونه‌ وشه‌ی(كه‌پر)‌و(عه‌سر)یان چونكه‌ هاوكێش‌و قافییه‌ن، هاوتای یه‌كتری كردۆته‌وه‌. ئه‌م دوو وشه‌یه‌، ته‌نها له‌ ڕووی كێش‌و قافییه‌وه‌ له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن. ده‌نا ماناكانیان هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌.به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ودێڕه‌ شیعریه‌دائه‌م دوو وشه‌یه‌ نه‌ شیعریه‌ت دروست ده‌كه‌ن، نه‌ فۆڕمێكی ئستاتیشكش به‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌ده‌ن. ته‌نها به‌ ئامانجی هاوتاكردنی یه‌كتریان له‌ ڕووی كێش‌و هاتنه‌وه‌ی زمانه‌وانییان له‌ گه‌ڵ یه‌كتریدا، له‌ شیعره‌كه‌ داندراون.ده‌نا مه‌دلولێكی ئه‌و تۆیان نییه‌ كه‌ چ به‌ دانانیان چ به‌ لابردنیان، ڕیتمی ده‌قه‌كه‌ تێك بچێت. ئه‌م دوو شاعیره‌ له‌ نووسینی ده‌قه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن‌وئه‌م جاره‌یان ده‌ڵێن:_

قرژاڵ كه‌ ئاوماندووی ده‌كرد..
پاڵی ده‌نا به‌ نیوه‌ڕۆ‌و..
له‌ عه‌سرێكی فێنكدا..
به‌دوای تراویلكه‌ ده‌گه‌ڕا..

باله‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ قرژاڵ ئاو ماندووی ناكات. چونكه‌ خۆی زینده‌وه‌رێكی ئاوییه‌و هه‌میشه‌ له‌ نێو كون‌و كه‌لێنی به‌ردی نێو ئاوه‌كان‌و قه‌راغ ئاوه‌كان ده‌ژیت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك شیعربنووسێت، ده‌زانێت تراویلكه‌ كه‌ به‌مانای سه‌راب دێت، له‌ كه‌شی فێنك دروست نابێت. ئه‌م دیارده‌ سرووشتییه‌ ده‌ره‌نجامی گه‌رمایه‌كی به‌تینه‌ كاتێ ڕۆژله‌ زه‌وی ده‌دات‌و هاڵاوێك به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ شێوه‌ی كارێزه‌ ئاوێك. به‌ زۆریش له‌ بیابان‌و شوێنه‌ گه‌رمه‌كان ڕووده‌دات.سه‌راب دیارده‌یه‌كی بینراوی نابه‌رجه‌سته‌یه‌. ده‌ره‌نجامی دانه‌وه‌ی گه‌رمی زه‌وییه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ستوونی. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ خوێنه‌ری ئه‌و ده‌قه‌ بپرسێت، قرژاڵ بۆچی به‌ دوای تراویلكه‌دا ده‌گه‌ڕێت؟ چ كاری به‌ سه‌رابه‌؟ دواتریش ئه‌و زینده‌وه‌ره‌ هه‌رگیز له‌ ئاو دوورناكه‌وێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك خه‌یاڵی ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ شیعره‌و مانای شیعریش له‌ دڵی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی. به‌ڵام شیعر گوتارێكه‌،به‌ ڕووی خوێنه‌ران. ناشێ شیعرێك له‌ پێناوی هیچدا بنووسین. وه‌ك ئه‌وه‌ی داداییه‌كان‌و سوریالییه‌كان،ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش ڕێبازێكی شیعری بوو، به‌رمه‌بنای كاره‌سات‌و ڕووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بوو ده‌یاننو‌وسی.كاتێ شیعریان خاڵی كرده‌وه‌ له‌ هه‌موومانایه‌ك. بونیادی شیعر به‌ر له‌وشه‌، ماناو په‌یامه‌، ئاماژه‌و بابه‌ته‌، ئه‌گه‌ر شیعرنووسین كۆكردنه‌وه‌وخستنه‌ پاڵ یه‌كتری په‌یڤه‌كان بێت به‌ته‌نها، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان، ئاماژه‌ بابه‌تی‌و واتاییه‌كان،ده‌ربڕین و ئستاتیكای وتن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا هه‌موو كه‌سێك شاعیر ده‌بوو. كه‌خوێنه‌ری شیعر كه‌مبۆته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ شیعر جوانی نه‌ماوه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ شیعر مه‌دلولی شیعریانه‌ی خۆی نه‌ماوه‌، شیعریه‌ت‌و ڕیتم‌و جوانی له‌ شیعر نه‌ماوه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌ن، وشه‌ ڕێزده‌كه‌ن ‌و وه‌ك شیعر ده‌یناسێنن. له‌وه‌ كاره‌ساتریش، كه‌سانێكی دیكه‌ هه‌بن داكۆكی له‌و وشه‌ ڕێزكردنانه‌و قسه‌ بێ مانایانه‌ بكه‌ن‌و به‌شیعر ده‌رخواردی خوێنه‌ری بده‌ن. به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانن ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعر بكه‌ن؟ بێگومان مه‌حاڵه‌…




بارەگا… بارێ گا …. کارا فاتیح

بارەگا: بوون بە بار بە سەر كۆمەڵگاوە
بارەگا لە خەیاڵدانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا شوێنە، شوێنی ئەندامەكانی پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكای جۆراوجۆرە… شوێنی كاری میر، پاشا، سەرۆك، بەرپرس و…هتد، ـەكانە، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، لە كوردستان پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكاكان ئاوێنەی خەڵك و ئەو توێژانەی خەڵك نیین كە بە زۆر خۆیان كردوون بە نوێنەریان، سەرۆك و بەرپرس و لێپرسراوی یەكەم و دوەم و سێیەم …هتد،ـی شار و شارۆچكەكان، هێندە دوورن لە ژیانی ئاساییی خەڵكەوە، كە قسە دەكەن، وەك لە هەسارەی جووداوە هاتبن بەو شێوەیە دەدوێن، لەم ڕاستییە سادەیەوە بارەگاكان دەبن بە دومەڵی دڵی شار و شارۆچكەكان، دەبنە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانە و شوێنی ئینسانی زیادە و بێكەڵك، شوێنی ئەو كەسانەی جگە لە بوون بە عەبد و دۆزینەوەی ڕێچكەی دزێو بۆ پارە و دەسەڵات و مفتەخۆری و چڵێسی، هیچ سەنعەتێك، بەهرەیەك، خولیا و بیركردنەوەیەكی تریان نییە، لێرەوە لە خەیاڵدانی خەڵكدا بارەگا چیتر شوێنێكی ئاسایی نییە.

بارەگا ئێستا لە خواست و ئارەزووی خەڵكدا بە تایبەت خەڵكانی خۆپیشاندەر، وەك بینا پێویستە دابخرێت، بسووتێنرێت، چۆڵ بكرێت، ئاڵا و تابلۆكەی بخرێتە ژێر پێوە، وشەكەیش لە بیركردنەوەی خەڵكدا وەك وشەیەكی پتەو كە مانای خۆی بدا نەماوە، خۆبەخۆ بە بێ ئەوەی بە ئەنقەست بێت، وشەكە هەڵدەوەشێت: بار+ە+گا… [بار] لە زمانی كوردیدا مانای زۆرە و دەیشچێتە پێكهاتەی زۆر وشەی ترەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا خەیاڵ بۆی دەڕوا دوو مانایە: 1-بارستایی، قورسیایی، ئەندازەیەك لە شتێك (كەلوپەل و خۆراك) وەك: بارەترێ، بارەدار. 2-مزاحم، بارستێكی ناقۆڵا كە ڕێ لە ڕیتمی ئاساییی شتەكان و ئیشوكار دەگرێت، وەك: ئەو كەلوپەلانەم لێ بوون بە بار نازانم چییان لێ بكەم. دوو مانای [گا]یش زەق دەكەینەوە: 1-نێرەی ڕەشەوڵاخ. 2-وەك پاشگری ئەو ناوانەی كە دەبنە ناوی شوێن [اسمی مەكان] وەك: یاریگا، خەڵوەتگا…. ئێستا لەم مانایانەوە، بارەگا دەبێتە بارێك لە گا. بار وەك گوتمان بڕ یان ئەندازەیەكە لە شتێك، [گا]یش ئەگەر چی ناوی ئاژەڵێكە، بەڵام بە هۆی سروشتی ئەم ئاژەڵەوە لە بەر دیدی كورددا، جووڵەی خاو، قەڵەوی، دەنگی ناساز، پیسوپۆخڵی، ئەگەر چی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستیی مرۆڤی كورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام وەك جنێو بە كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز بە كاردێت، كەواتە ئێستا بارەگا شوێنی كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز و هەموو سیفەتێكی نزیك لەم بابەتانەیە. لە مانای دوەمیشیدا بارەگا، شوێنی ئەو كەسانەیە كە بارن بە سەر كۆمەڵگاوە، كۆسپن لە بەردەم ژیانێكی باش، ڕێگە لە پێشكەوتنی وڵات دەگرن، لەمپەرن لە سەر ڕێی داهێنان و خۆشگوزەرانی و دۆخی شاییستە بە مرۆڤ.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كامە بارەگا ئەو مانایانەی بە سەردا دەچەسپێت، ڕەنگە لە خەیاڵی زۆربەماندا كە ئەم ڕۆژانە بارەگاكانی حزب كەوتنە بەر پەلاماری خۆپیشاندەران و هەندێكیان سووتێنران، وا بزانین ئەوە تەنها ئەو بارەگایانە وان، بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین ئەوەی بارە بە سەر كۆمەڵگا و ئەوەی شوێنی خەڵكانی بێ كار و پرۆژەیە و بوەتە شوێنی كۆیلە و پارەپەرست و چڵیس و پیسخۆر و لە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانەیەك زیاتر نیین تەنها بارەگاكانی حیزب نیین، بەڵكو بارەگاگانی: دوكتۆران، یاساناسان، تەلەبە، مامۆستایان، هونەرمەندان، نووسەران، ئەندازیاران، ژنان، لاوان، كرێكاران، كەمئەندامان و هەموو ئەوانی تر بێ جیاوازی هەمان سیمایان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە.




كيشوەرێكی نەدۆزراوەی شیعر … نووسینی: پێشڕه‌و ئه‌حمه‌د فایەق

بۆ یەکەمجارە لە ماوەیەکی درێژدا کتێبێکی شیعریی چاپ بکرێت و لە یەک کاتدا دەق و لیکۆڵینەوەی لە خۆگرتبێت، وێڕای بابەتی تیۆریی دەربارەی تەکنیکی شیعرو بابەتگەلێکی دی لەمەڕ کێشەکانی جیهانی شیعری مۆدێرنی کوردی ..هەروا ختوکەدانی هزری خوینەر بە دەرگا واڵاکردن لەسەر هەندێك بابەتی مێژوویی و زانستی و هزریی و فەلسەفی و گرێدانیان بە ئەدەبەوە.
پەڕتوکی ‘ ئەزموونێکی جیاوازی شیعر’ لە قەوارەی ٢٢٤ لاپەڕەدا ١٩ دەق و ٥ لێکۆڵینەوەی لە خۆگرتووە، لەگەڵ چەندان وتەی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە واقیع و کێشەکانی شیعری کوردی. نەك تەنیا جیاکاریی ئەم کتێبە لەم خاڵانەدایە، بەڵکو دەقەکان وەكو زمان و بابەت و ستایڵ و تەکنیك تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوەی شاعیر لەم دەقانەیدا کە مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ کەم تا زۆر ئەم شێوازو تەکنیکانەی تیادا پەیڕەو کردووە:

* بەکارهێنانی زمانی ناڕاستەوخۆو هێمادار و هونەریی لە دەربڕیندا.
* ڕەچاوکردنی فرە ڕەهەندی و نووسینی دەقی کراوە.
* خودی شاعیر بزرە لە ناو دەقەکانداو زۆر بە ئەستەم دەبینرێتەوە، گەر دیاریش بێت ئەوا خودێکی گشتی و مەوزوعییە.
* کارکردن لەسەر پانتایی جیهانيبوون و ڕەهەندەکانی مرۆڤایەتی.
* تازەگەریی و جیاوازیی وەكو داهێنانێکی ڕەسەن ئاودراو بە زمانی ڕاستگۆی ناخ، کە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامی خوێنەران.
* جارانێکیش لێسەندنەوەی سیفاتەکانی مرۆڤ و بەخشینی بە ڕووەك و ئاژەڵان و بێگیانەکان، یان بە پێچەوانەوە.. وەك ستایڵێکی ناوازەو مەبەستدار.
* ئەمەو وێڕای مانا و دنیابینیە قوڵ و فەلسەفییەکانی ناو شیعرەکان … و زۆر خاڵی سەرنجڕاکێشی تر..

نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌نووس، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لە دنیای رەخنەی کوردیدا لەسەر جۆرەکانی فۆرمی شیعری هاوچەرخ دەکات و تیۆری بونیاتی شاراوەی دەق لەمبارەوە پراکتیزە دەکات و ٤ جۆر فۆرمی جیاوازی شیعریی لەشیعرەکانی سۆران محەمەد دا کەشف دەکات، تیایدا دەڵێت:
” به‌داخه‌وه‌ له‌كولتوورو ئه‌ده‌ب و نووسينى كورديدا تاكو ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ له‌ شيعردا نه‌نووسراوه‌…”
” ئەو لە گەڕانێكى بەردەوام و لەسەرخؤدايە بۆ دؤزينەوەى شێوەيەك لە داڕشتنى جياواز بؤ مانا، بەڵام ئەو سيفەتە زمانەوانيەى كە زاڵە لە نێو شيعرەكانيدا جوانكاريى زمانەوانيە لە چوارچێوەى شێوەیەكى جياواز لەشيعردا كە ئەمەش خەسڵەتێكى ديارى ناو شيعرەكانيةتى “.
جێی ئاماژەیە کە شاعیر پێشتر ٤ پەڕتوکی شیعریی تری چاپکردوون، کە تەنیا یەکێکیان بە کوردی بووە بە ناوی (مردن لە ئاوێنەکانا- ٢٠٠٤)، بەڵام هیچییان وەك ئەم پەڕتوکە لەم ٣ تێکەڵە جۆراوجۆرە پێكنەهاتوون، گریمانی ئەوەی هەیە شاعیر ویستبێتی شیعری مۆدێرن و هاوچەرخ بە خوێنەرانی کورد ئاشت بکاتەوە، نهێنی دەقە ئاڵۆزەکان ئاشکرا بکات، بە پشت بەستن بە هەموو باکراوندە ئەزموونیی تیۆری و پراکتیکییەکانی خۆی کە لە دنیای واقیع و نووسیندا هەی بوون.
نەك هەر ئەوانەی شیعر دەنووسن جێی بایەخە ئەم پەڕتوکە بخوێننەوە، بەڵکو خوێنەرانی شیعری هاوچەرخ و ئەکادیمیستەکان پێویستە ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەم پەڕتوکە بن، کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی تێدا هەست پێ دەکرێت لە نێوان شیعرو ژیان و خوێنەران و شاعیرانی هاوچەرخدا.
جگە لەم چینانەش، بەڵکو چینەکانی تری کۆمەڵگاش پێویستە ئاوڕێکی جدی لێبدەنەوە… جا بۆ ئەوەی بە چاوێکی جیاوازترەوە بڕوانینە ژیان، لانی کەم ڕۆژانە پێویستمان بە خوێندنەوەی پڕ ڕامانی شیعرێکی هاوچەرخ هەیە، تاکو بە تەنیا تێڕوانینەکانی خۆمان لە خشتەمان نەبات، وەك ئەحمەدی مەلا لە جێیەکدا دەنووسێت:

“بۆ ئەوەی سەیری جیهان بکەی بە چاوێکی تر
ئەو جیهانەی بۆ نەوەکانی دیکەی جێدەهێڵی،
پێش نووستن
هەموو شەوێ لاپەڕەیەک لە شیعری هاوچەرخ بخوێنەوە
بۆ ئەوەی کاتێ لە خەو هەڵسای
لە کاتی ڕیشتاشیندا هەندە سەیری قۆزیی خۆت نەکەی
تا بیر بکەیتەوە
ئەی پیاوی سیاسیی…”

ئەم هاندانەی ئەحمەدی مەلا ڕەنگە زۆر واقیعیی بێت، لە کاتێکدا سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانۆیل ماکرۆن) دەبینین موتابەعەی نوێترین ڕۆمانی جیهانی و فەرەنسی دەکات و لەسەفەرەکانیشیدا دەیانخوێنێتەوە، ئەی بۆ ئێمە داببڕێین لە سەرچاوەکانی هۆشیاری و خۆ نوێکردنەوە؟
ئەگەر رەخنەنووس عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی پیرۆزبایی خۆی لەم پرۆژەکتێبە بکات و بڵێت ” زۆر پێمخۆشبوو، سەرنجى ڕاكێشــام، پرۆژەیەكى جوانه..
خۆزگه كاتم ئەبو بەشــداريمبكردايه. حەزناكەم به ئاسانى خۆم لەو جــــۆره پرۆژانه بدەم. پيرۆزبايى .. شـــــــتێكى جوان و نـــوێ دەردەچێت ” ئەوا ئارام سدیق ئەسەفی خۆی دەردەبڕێت لە دیدگای خاکێتی و لەخۆبوردوییەوە کە ناتوانێت بەشداری ئەم پرۆژە کتێبە بێت و دەڵێت” بەداخەوە من ناتوانم بەشدار بم لەم پرۆژەیەدا.. من خۆم لە ئاستی ئەوە نابینم کە پێشەکی بۆ هیچ شاعیرێک بنووسم… بێگومان ئەمە پەیوەندی بە خۆ بچووکبینینەوە نییە”..

شاعیر لە شیعرەکاندا فەزایەکی پڕ جادوویی سەیر بۆ خوێنەران دروست دەکات و هەرواش پەیوەستیان دەکاتەوە بە مەعریفەو بەها جوانەکان، ڕایاندەپسکێنێت و کەسایەتی ونی ناخمان پێ دەناسێنێتەوە، ئاشنامان دەکاتەوە بە سروشت و دەوروبەرو مرۆڤایەتی … بە زمانێکی قوڵ لەگەڵمان ڕادەمێنێت تا لە خۆمان و دەوروبەرو رابردوو و داهاتوومان بیر بکەینەوە، ئیتر لە شوێنێکدا جێمان دێڵێت کە داوای زیاتر دەکەین و نایبینینەوە، بۆیە دەبێت خوێنەریش لێرەوە ببێتە کەسێکی کاراو بەشداربێت لە تەواوکردن و نووسینەوەی دەقەکان.
بۆ ئەوەی چیدی شەهاب زەنگەنەی شاعیرو هونەرمەند بێدەنگ لەناو تەمدا بزر نەبێت لە قرچەی هاوینێکی ئابدا، ئەوا دانا عەسکەری ستەمدیدە کە خەمی نەك شارێك، بەڵکو میللەتێکی داوە بەشانیداو لەگەڵ ئەنیشتایندا دەیەوێت لە نهێنی زەمەن تێبگات و پێکهاتە زانستییەکانی هەڵبوەشێنێت، بۆیە گفتوگۆی بیردۆزی ڕێژەیی لەگەڵ دەکات، تاکو کات لە شوێنی خۆیدا رابگرێت و چیدی مرۆڤەکان نەکوژرێن و خۆشیان نەکوژن.. ئەمە لە شیعری (ناکات)دا درك پێدەکرێت.

لە لایەکی ترەوە و هەر لەم پەڕتوکەدا شاعیری ناوداری فرەنسی (جین نیکۆلاس ئارسەر ڕامبۆ ١٨٥٤-١٨٩١) سەفەرەکانی خۆی دەست پێدەکاتەوەو دەچێتەوە بۆ یەمەنی تەنراو بەتاعون و جەنگ و لەوێش بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت، وەك چۆن نایەوێت میکرۆبە مشەخۆرەکانی ناو دارستانەکەی شارلفێڵ پێستی بخۆن و لەگەڵ خۆیاندا بینێژن، هەرواش حەزناکات زوو بە تاعون ماڵئاوایی بکاتەوە، بۆیە بەسەر شەپۆلە زێڕینەکانی دەریای سووردا دەفڕێت و لە بازرگانەکانی قاوە دەگەڕێت کە سەردەمێکی درێژە نەیبینون، ئەو عاشقی خۆری بیابانێکە خەمەکانی بتوێنێتەوەو وردو خاشیان بکات، دوای ئەوەی یاخی بوو و هەڵهات کە بۆی دەرکەوت چیدی شیعر ناتوانێت جیهان بگۆڕێت. ئەمەش لە شیعری (ڕامبۆی یاخی)دا دەخوێنیتەوە.

لە دەقێکی تردا نهێنی زیاتری کەسایەتی (ڕێنوار)ی ‘تۆ مەچۆ بۆ شەڕ’ی ناو خەونەکانی ماردین ئیبراهیم دەکەوێتەوە بەر تیشکی مەعریفەو دێتەوە مەیدان و پێمان دەڵێت بۆچی ڕێنوار لەسەر ئەو هەورانە نایەتە خوار؟ پێمان دەڵێت بۆچی شاڕڵ بۆدلێر نایەوێت پێ بەسەر گەڵا زەردو وەریوەکانی پارکە ڕۆمانسییەکاندا بنێت؟ بۆچی ئەم گەڵایانە کۆ بکەینەوەو بینێرین بۆ خومخانەچییەکان؟ ئەی نهێنی نوقڵی کورسینەعناکانی ناو گیرفانی کۆتەکەی شاعیری کرواتی ‘ میلۆراد کریستانۆڤیچ’ چییە کە هەمیشە یاوەری بوو، ئەو لە کوێ چاوی بۆ دنیای پڕ ناسۆر هەڵهێناو لە کوێش دوا زەردەخەنەی کرد بۆ ژیان؟ ئەمەش لە شیعری (لە کرۆنۆسەوە) دەخوێنیەوە.
بۆ ئەوەی ڕوو بکەینەوە سروشتی تۆراو، لەوێشەوە بگەڕێینەوە ناو خودی ڕاستەقینەی خۆمان و پێچوپەناکانی زیاتر کەشف بکەین، تا ڕێگایەکی نوێی ژیان لەبەردەمماندا بکرێتەوە، ئەوا شاعیر بەم گوتەیە دوا لاپەڕەکانی ئەم پەڕتوکە بە چێژە پێوە دەدات و رووی خامەکەی دەکاتە هەموو خوێنەران بێ جیاوازیی و دەڵێت:

” خوێنەری هێژا ! گەر نەفامیی و نەزانیی دووانەیی(موڕەککەب)، چاوچنۆکیی، شەڕەنگێزیی، بەرژەوەندیخوازیی و بێوەفایـی مرۆڤەکان نیگەرانیان کردیت، لە سپێدەیەکی بولێڵدا کە هێشتا هەناسەی پاکی گژو گیاکان لەسەر توێژاڵی خاكی دەربەندو گردۆڵکەکان قەتماغەی بەستووە؛ ئەم کتێبە وەدەستەوە بگرەو لەو کەڵەمێرووە ڕابمێنە کە پەنجەی خۆرێکی نەرم وەئاگای هێناوەتەوەو لاشەی گەڵایەکی وشکی داوە بەشانیداو بزانە بۆ کوێی دەبات؟ تۆش لەگەڵ بۆنی سروشتدا ئاوێزانی دونیای شاردراوەو ئاماژەکانی پشت وشەی شیعرە سرکەکان بە ، ئومێد بکە.. ڕەنگە خودی ڕاستەقینەی ناخت بۆ بدۆزێتەوەو ڕێگایەکی نوێشت نیشانبدات – بزانە بۆ کوێت دەبات؟”.




وانه‌یه‌ك له‌ سپێده‌وه‌ …. نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

ئه‌ی ئێستا !
(ئێستا)ی له‌تاراوگه‌ی ڕه‌هاوه‌ هاتوو
وه‌ك قسه‌ ساده‌ و قووڵه‌كانی مندڵان ..
خه‌یاڵی ئێواره‌ خه‌مباره‌كانی ئاو و
كه‌زیی ئه‌ستێره‌ داڕژاوه‌كان ده‌كه‌ی ..
نیگه‌رانییه‌گی برووسكه‌دار
به‌سه‌ر ڕۆژ و مانگ و ساڵمان تێده‌په‌ڕێ‌ ..
زه‌ماوه‌ندێك بوو
قه‌سیده‌ی
به‌كڵاوڕۆژنه‌ی كۆڵیتان
به‌رده‌دانه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
سوڵتانی ون بووی بیابانان ..
كه‌شتی بێ چارۆگه‌ ،
نامۆی له‌گه‌ڵ ئاودا ئێشكگر ..
شه‌وی گڕگرتووی
جه‌سته‌ی ڕووتی
ئاوازه‌ جه‌نازه‌ییه‌ كڵۆڵه‌كان ..
له‌وێ‌ ،
له‌به‌رزایی وه‌حشه‌تناكی ئیرۆتیكادا
بوارێكی دژوار چاوه‌رێمانه‌
ده‌نگ و ڕه‌نگی
له‌بۆشایی مێینه‌تیدا ده‌له‌رێنه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
گوایه‌ تێشتت له‌ (هه‌زارمێرد) و
فراڤینت له‌ (چه‌رمۆ)دا خواردووه‌ و
شه‌و له‌ مه‌یخانه‌كانی (ئوور)دا
مه‌ست بووی ..
كوا ؟
كوا تێزی ئیرۆتیكا ؟
كوا باڵای ئه‌به‌نووسیی
ساقییه‌ چاوكاڵه‌كان
زرنگانه‌وه‌ و كێشمانه‌ی شارستانییه‌ت كوانێ‌ ؟

ئه‌ی ئێستا !
به‌ كه‌نارێكدا ده‌ڕۆین
تاریكیمان به‌پێش كه‌وتووه‌
تاریكیمان له‌ دوو ده‌ڕوا ..
هاوارمان ،
له‌ هاواری ناو مۆته‌كان ده‌چێ
به‌ هه‌ناسه‌بڕكێی خۆمان ڕاده‌په‌ڕین ،
بێدار ده‌بینه‌وه‌ .

ئه‌ی ئێستا !
مێینه‌تی مێژوو چی لێ هات ؟
پیاوه‌تی جوغرافیا كوانێ ؟
به‌ سۆزی (ئێستا)ی ئه‌وساوه‌
گوڵێكمان بداتێ
ماچێكمان بكا
له‌ ڕووناكییه‌وه‌ هه‌ڵێنجرابێ .

كه‌ ئێستا ،
په‌رچه‌می به‌رده‌داته‌وه‌
ته‌نیا ڕه‌شایی
له‌ ئاوێنه‌دا ده‌بینێ‌ ..
ئه‌وه‌ تۆی ئێستا
ئێرۆتیكانه‌
له‌سه‌ر كلیلی ژه‌نگاوی
بانكه‌كان
به‌ دیار گۆڕی
چه‌ند جار هه‌ڵدراوه‌ی مێژوو و
نگینی چێژ
ڕاكشاوی ..
بیر له‌ ئاگره‌ی ده‌به‌نگایه‌تی ده‌كه‌یه‌وه‌ ..
**

پڕشنگی خۆر
به‌ناو قژی ئاڵۆزكاودا
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر
ئه‌و تووله‌ ڕێیانه‌ی
بانگی په‌رستگایانی ناگاتێ‌ ..
(ئێستا) له‌وێدا
به‌ هێمنی ،
غه‌ریبانه‌ گیان ده‌سپێرێ‌ ..
له‌وساوه‌ وێنه‌ی لێچووه‌ته‌وه‌
له‌وساوه‌
به‌ لاپرسه‌نی نه‌دیتكان
له‌گه‌ڵ ئاودا ده‌نوێ و
له‌گه‌ڵ ئاودا
خۆی به‌ تاشه‌به‌رد و
ڕه‌گی سپیداره‌كانی كه‌نار داده‌دا
ئه‌نكیدۆیانه‌ ،
به‌جه‌سته‌ی ژنێكی ڕشكاو هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ‌ ..
له‌وساوه‌ (ئێستا)
بووه‌ به‌ مه‌مله‌كه‌تێكی كه‌س به‌ كه‌س نه‌بووی
بێ ته‌خت و بێ ناونیشان ..
له‌ غه‌فڵه‌تی بارانی ئێواران و
ئاسمانه‌ی نه‌سیمێكی له‌ریو
له‌ شه‌وێكی نووته‌ك ده‌كا ..
هه‌راهه‌رایه‌تی مردووانی
تێدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌.
**
ئه‌ی ئێستا !
وێنه‌ی هاوچه‌رخی دێرینی
له‌ خوێنێكدا گه‌وزاو
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مانگه‌
به‌ئاسمانی تۆراوه‌وه‌ ..
له‌و ئاوێنانه‌ی
له‌ شه‌ڕه‌كاندا شكێنران و
له‌ دیمه‌نێكی نه‌دیتراودا
(ئێستا)ی دێرین
دێرینی (ئێستا)
ده‌ده‌نه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
تۆ نووكه‌ ڕووناهییه‌كی سپی
به‌ لووتكه‌ بێباك و ماندووه‌كانه‌وه‌ شۆڕ ده‌بییه‌وه‌ ..
گه‌ردانه‌یه‌كی پچڕاوی
به‌سه‌ر جه‌سته‌ ڕاشكاوه‌كان وه‌ربووی ..
جوانییه‌كی ،
نه‌ لار ده‌بێته‌وه‌ ، نه‌ ده‌شكێته‌وه‌ ..
به‌ڵام هه‌رگیز ساف نابێته‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ دووكه‌ڵی په‌رت بووی سپێده‌ده‌مانی شاره‌
له‌ نهێنی هه‌ڵدێ
بچێته‌وه‌ ناو نهێنی ..
خه‌ون به‌ خه‌ونه‌وه‌ ده‌بینێ ..
ئاهه‌نگ له‌ ئاهه‌نگدا ده‌گێڕێ ..
گریان به‌گریان دێنێ ..
له‌وێ
له‌ په‌ژموورده‌یی جه‌سته‌ ئیرۆتیكاییه‌كاندا ،
له‌بن باخه‌ڵی سۆزاوی مێینایه‌تیدا
ژیان گوناهێكی به‌رده‌وامه‌
له‌ پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌كان ..
شێوازێكه‌ له‌ شێتیی
به‌ناو هاڕمۆنیای ڕه‌نگه‌ گه‌رمه‌كانی
تابلۆیه‌كدا تێده‌په‌ڕێ ،
ڕووت ..
ئاسوده‌ ..
دڵخۆش به‌ كورته‌ خه‌ونه‌كان ..
دڵخۆش به‌و ئایكۆنانه‌ی
نه‌ وێنه‌ی دێرینیان پێوه‌ ماوه‌
نه‌ ڕووناكی ئێستا !!

ئه‌ی ئێستا !
بۆشاییه‌
بۆشاییه‌
بۆشاییه‌ (ئێستا)
به‌ ڕووباران خوێنی
له‌به‌ر ده‌ڕوا ..
ده‌شته‌ به‌ پیته‌كانی سۆمه‌ر
له‌ (ئێستا)ی ئه‌وسادا
له‌قووڵایی سه‌قامگرتووی زه‌وی
ده‌گیرسێته‌وه‌ ..
شه‌وی بۆیه‌كراو به‌ خۆڵ و خاشاكی
شه‌قامی مه‌یخانه‌كان
به‌ تریفه‌ی وه‌هم ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
تاجه‌گوڵینه‌ی
وه‌سوه‌سه‌ی جه‌سته‌ پاڵكه‌وتووه‌كان !
مه‌ڕۆ.. بمێنه‌وه‌
شه‌به‌نگی ئه‌به‌دییه‌ت
به‌كوێریش ده‌بینرێ ..
چاو ،
هێزی بینین
له‌ ڕووناكی نا
له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی خوداوه‌ندان وه‌رده‌گرێ ..
قه‌سیده‌كان به‌ ڕێگاوه‌ن ..
ئێش ..
له‌ززه‌ت ..
هێڵه‌ چه‌ماوه‌كانی ئیرۆتیكا ..
ئاسمان و زه‌وی
سێبه‌ری شارستانییه‌تیان
حه‌شار داوه‌ ..

ئێواره‌ت باش
په‌لكه‌زێڕینه‌ی هه‌وكردوو !
ئێواره‌ت باش
بێده‌نگی دێرین !
هێزی تۆ
له‌ (ئێستا)وه‌ هاتووه‌
(ئێستا)ی دێرین ،
دوا قسه‌ی به‌ گوێی
دار و دره‌ختان ده‌چرپێنێ ..
ئه‌مه‌ ئه‌و (ئێستا)یه‌یه‌
ڕۆژانه‌ له‌ دێرینی ده‌خوازین
تا له‌ باڵ (ئێستا)ی ئێستای بكه‌ین
ئه‌و سرووته‌ نه‌خشه‌ بۆ كێشراوانه‌یه‌
ڕۆژانه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ..
ئه‌و قوولكه‌ به‌ردانه‌ن
لێمان بوون به‌ گۆڕستانی
بارانه‌ مردووه‌كان ..
لێمان بوون به‌ دروشمی ئه‌فسانان
له‌ گۆشه‌گیرییه‌كی خۆڵه‌مێشیدا كۆ ده‌بنه‌وه‌
نیگایان له‌و چاوانه‌یه‌
گلێنه‌یان تیا نه‌ماوه‌
خاچی تێدا بچه‌قێنن ..
ڕێ له‌ په‌پووله‌ی بناران و
كارمامزی دوندان بگرن ..

ئه‌ی ئێستا !
خۆش بوو هه‌میشه‌
به‌ گه‌نجیمان دیتبای
گه‌رم .. به‌ شه‌نگ ..
ئه‌فسووس
نه‌ (ئێستا)ی ئێستای
نه‌ ئێستای دێرین
خۆت دیوه‌
به‌ناوی گه‌شت
به‌ناوی ئایینده‌
به‌ناوی هه‌ناسه‌ی كوێستانان
سواری چ كه‌شتییه‌كی ڕه‌شیان كردووی
ده‌تبه‌ن
له‌ به‌حری زوڵوماتدا به‌جێت دێڵن ..
قاقای پێكه‌نینیان
ده‌ریایان ته‌ی ده‌كا
ئۆقیانووسان ده‌بڕێ‌ ..
درێغ تۆیش
ئێستایه‌تی خۆت
له‌ ئێستادا نه‌كرد ..
ئه‌ی ئێستا !
سوڵتانی بێ ته‌ختی ون بووی لمی بیابانان.

حوزه‌یرانی / 2017




ڕەشەبا … ن.ریزان فەتاح

چۆن بزانین ڕەشەبا
لە کوردستان هەڵدەکا؟

هەرکاتێ درەختەکان
لە شەقام و ماڵەکان

بەخێرایی دەجوڵان
گەڵا و لقیان دەهەژان

ئاسمان ڕەنگی بگۆڕێ
هەندێک خۆڵاوی ببێ

نیشانەی ڕەشەبایە
وژە وژی لەگەڵدایە

بۆیە دەبێ وریا بین
هەتا بەبێ زیان بین

********************




جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -1- … سمکۆ عەبدوڵکەریم

بەشى یەکەم

بەر لە گەشتەکەى کۆلمبوس و دۆزینەوەى هەردوو ئەمریکاکە، دەستەواژەى جیهانى نوێ لە فەرهەنگى سیاسیدا ناوى نەبوو، جیهان هەر ئەوە بوو کە پێى دەوترا، جیهانى کۆن، هەرچەندە چۆمسکى لە کتێبەکەیدا ” ساڵى ( 501) داگیرکارى بەردەوام” ساڵى (1992) وەک تێپەڕبوونى 500 ساڵ بەسەر سیستمى جیهانى کۆن وەسف دەکات و پێى وایە هێشتا جیهانى نوێ دەستى پێنەکردوە، بە پێچەوانەوە بەر لە چۆمسکى، ئادم سمیس ساڵى (1776) لە کتێبکەیدا بە ناوى (توێژنەوە لە سروشت و هۆکارەکانى سامانى گەلان) دەڵێت: “دۆزینەوەى ئەمریکا و دۆزینەوەى رێگاى خۆرهەرلاتى هیند لە رێگەى (رەئس ئەلرەجا ئەلسالح) دوو گەورەترین و پڕبایەخترین رووداو بوون لە مێژووى مرۆڤایەتیدا ” بەومانایەى هەروەک سمیس ئاماژەى بۆ کردوە دۆزینەوەى ئەمریکا یارمەتیدەرێکى بنچینەیی بوو بۆ ئەوروپا، بە ئامانجى ئەوەى ئەوروپا لە رێگایەکى کورتتر و خێراترەوە دەستى بگاتە ئەوپەڕى ئاسیا، بە مەبەستى دروستکردنى بازاڕى نوێ بۆ ساغکردنەوەى کالاکان، لەم رێگایەشەوە دەست بەسەرداگرتن و گەیشتن بە ئاسیاى دوور.
دەکرێ کۆمپانیاى خۆرهەڵاتى هیند کە لە ساڵى (1600) بە مەڕسومێکى فەرمى لە لایەن ئەلیزابێ یەکەم مەلیکەى بەریتانیا راگەێنرا بە یەکەم و گەورترین کۆمپانیا دابنرێ، کە بەریتانیا پاڵپشتى سیاسى و سەربازیی لێدەکرد، تا ئەو شوێنەى وەک دەسەلاتدارى سەرەکى سەرجەم هەرێمەکانى هیند خۆى سەپاند.

لێرە بەدواوە ملمڵانێى لە سەر دەست بەسەرداگرتنى دونیا رۆژ بەرۆژ لەبرەودا بوو، لە ئەنجامى ئەو ململانێیەش ئەوروپا بە سەختترین شەڕو ملمڵانێى نێوخۆیدا تێپەڕى، هەوڵەکانى ناپلیون پۆناپارت بۆ دەست بەسەرداگرتنى تەواوى ئەوروپا، بە دیارترین و بەرفراوانترین خواستى لەم شێوەیە دادەنرێ، ئەگەرچى لە کۆتیشدا شکستى هێنا.
جەنگى یەکەمى جیهان یەکەم قۆناغى وەرچەرخان بوو لە مێژووى جیهاندا، کە پڕۆسەى داگیرکارى پێى نایە قۆناغێکى نوێ، بە کۆتایى هاتنى جەنگى دووەمى جیهانیش، کە بۆ یەکەمجار ئەمریکا وەک وڵاتێکى زلهیز و خاوەن قودرەتێکى ئابورى و سیاسى و فەلسەفى دەرکەوت، دونیا پێى نایە قۆناغێکى دیکە، دواتر هەنگاو بەهەنگاو باڵادەستى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپى کە لە رێگاى دەست بەسەرداگرتنى وڵاتانى دیکەوە دروست ببوو، بەرەو پووکانەوە دەچوو، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى گۆڕانکارى بەسەر ناو و ناوەڕۆکى پڕۆسەى داگیرکاریدا بێت، گەلانى ئازادیخواز لە دژى داگیرکردنى وڵاتەکانیان، لە نێوەى دووەمى سەدەى بیستدا کەوتنەخۆ، دژ بە داگیرکەران راپەرین، هەندێکیان لە رێگەى شۆڕش و هەندێکیشیان لە رێگەى فشارى جەماوەرى و لێدانى بەرژەوەندى ئابورییان، داگیرکەرانیان ناچار بە پاشەکشە کرد، وایان لێکردن بە هەر شێوەیەک بێت دان بە سەربەخۆیى ئەو وڵاتانەدا بنێن، تا ئەو دەمەى بە تەواویى کۆتایى بە سیاسەتى داگیرکارى بە مانا کلاسیکییەکەى هات و ئازادى گەلان و گەیشتن بە سەربەخۆیى باڵى کێشا بەسەر بەشێکى جیهان، ئەو جیهانەى دواتر بە تایبەتى لە ماوەى جەنگى سارد-دا ناونرا جیهانى سێ.

هەرچەندە دابەش بوونى جیهان لەو سەردەمدا، بەسەر دوو جەمسەرى سەرەکی، سۆڤیەتى و ئەمریکى کۆى ملمڵانێکانى ئەو قۆناغ لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنى ئەنجامى ملمڵانێکان، کە بەروخانى بلوکى خۆرهەڵات بە سەرکردایەتى سۆڤیەت کۆتایى هات، هەوڵمداوە لەم نوسینەمدا ئەمریکا وەک یاریکەرى سەرەکى و پاڵەوانى مەیدانەکە بخەمەڕوو، کە چۆن وەک دیدێکى نوێى سیاسى جێ پێى بە هەموولایەک چۆل کرد و شوێنى هەموو ئەوانەى گرتەوە کە رۆژێک لە رۆژان پالەوانى مەیدانەکە بوون، لە سەرووى هەموشیانەوە وڵاتانى ئەوروپى، ئەو وڵاتانەى رۆژێک لە رۆژان هاوکێشە سیاسى و ئابورییەکانى جیهان لە دەستى ئەواندا بوو.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانى ئەمریکا رۆلى کاریگەرو سەرەکیان گێڕا لە ئیدارەدانى سیاسەتى ئەمریکا لە سەرتاسەرى جیهاندا، بە ئامانجى ئەوەى ئەمریکا بکەن بە ئیمپڕاتۆرى جیهان، هەروەک “جۆن پێرکینز” نووسەرى کتێبى” دانپێدانانەکانى بکوژێکى ئابورى” لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیونی-دا دەڵێت: “توانرا بۆ یەکەم جار بونیادى یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی راستەقینەى جیهانى دابنرآ، بەبێ پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، بەبێ فراوانکردنى سنوورى جوگرافیاکەى، تەنیا لە رێگاى بەکارهێنانى کەرستەکانى ئابورى، یان بەکارهێنانى ئەو شێوازە ناسراوەى کە پێدەوترێت (دارو گێزەر)”
سیاسەتى نوێى ئەمریکا لە رێگەى پێکهێنانى دەسەڵاتێکى یەکگرتوو لە “کۆمپانیا و بانق و حکومەتەکان” بووە سەرچاوەى توانایەکى دارایى بەهێز، بۆ خستنەکارى سیاسییەکان و سەرەنجام گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى، لە چوارچێوەى ئەو تێگەیشتنە نوێیەى ئەمریکا کە بۆ ئاوێتەکردنى سیاسەت و ئابورى هەیەتى و پێى وایە لە ئێستادا ئەم دووانە بەسن بۆ باڵکێشانى هەیمەنەى ئەمریکا بەسەر دونیادا، تێگەیشتنیشى بۆ بەکارهێنانى هێزى سەربازی ئەویە، کە دەکرێ لە کاتى سەرنەکەوتنى هاوکێشەى یەکەم کە بریتییە لە سیاسەت و ئابورى، پەنا ببردرێتە بەر بەکارهێنانى هێزى سەربازى، ئەگەرنا، ئەمریکا بەردەوام هێزى سەربازى وەک هێزێکى یەدەگ داناوە.

هەردوو ئابورى ناسى ئەمریکى (جۆزیف و شابلى) کە هەردوکیان خەڵاتى نۆبلیان وەرگرتووە، ئەوەیان سەلماند کە بە هیچ شێوەیەک ئابورى زانست نییە، بەشێوەیەک ئەوە سیاسەتە ئابورى بەڕێوە دەبات، هەروەک (جۆن پێرکێنز)یش پێى وایە کە لە ئێستادا کۆمپانیا و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان حوکمى سیاسەت دەکەن، بەومانایەى ئەوە ئەوانن سیاسەت دەجولێنن، هەروەک سیاسەتیش ئابورى دەجولێنێ .
رۆلى ئەمریکا بە شێوەیەکى سەرەکى لە سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى بیستدا لە ئیران دەرکەوت، کاتێک سەرۆک وەزیرارنى ئیران “محەمەد موسەدەق” کە ساڵى (1951) نەوتى خۆمالى کردو ویستى ئەو سامانە گەورەیە بۆ خەڵکەکەى بگەڕێنێتەوە و لەم رێگەیەوە ببێتە سەرۆکێکى راستەقینەى گەلانى ئیران، هەروەک گۆڤارى تایم-یش، ئەوى بە کەسایەتى ساڵى (1951) دانا. بەریتانیا لە بەرامبەر ئەو هەوڵەى موسەدەق بێ هیوا بوو نەیتوانى رووبەڕووى بێتەوە، سەرەنجام گەورەترین کۆمپانیاى نەوتى بەریتانى (بریتش بترولیوم) ناچارکرا یان ئەوەتا داهاتێکى زیاتر بداتە ئیران، یان ئیران بە جێبێلێ، ئەمەش سەرەتاى خۆمالیکردنى نەوت و شکستى بەریتانیا و کۆمپانیاکەى بوو، چونکە لەو سەردەمەدا، بەریتانیا لە ئیران، خاوەنى دەسەڵاتێکى سیاسى بە هێز نەبوو، بۆیە بەناچارى هاناى بۆ ئەمریکا برد.

ئەیزنهاوەر سەرۆکى ئەودەمى ئەمریکا، زۆر وریایانە مامەلەى کرد، چونکە هەر جۆرە هەنگاوهەڵێنانێکى سەربازى و دەست تێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئیران ئەگەى لێکەوتنەوەى شەڕێکى گەورەى ئەتۆمى لێدەکەوتەوە، بە هۆى ئەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر هەنگاوێکى لەو شێوەیە بیدەنگ نەدەبوو، ئەمەش دۆخەکەى بەرەو رووبەڕووبونەوەیەکى مەترسیدار دەبرد. دەکرێ بڵێین ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ئیران، هەنگاو و سیاسەتێکى تازەى موخابەراتى سەرکەوتووى تاقیکردەوە، کاتێک لە جیاتى پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، پەناى بردە بەر کارى سیخوڕى دەزگاى نێوەندى هەواڵگرى و (کیرمیت رۆزڤێلت) ى بە کۆشێک دۆلارەوە ناردە ئیران، بۆ ئەوەى لە رێگەى دروستکردنى خۆپیشاندان و نانەوەى پشێوى کۆتایى بە دەسەڵاتى سەرۆک وەزیرانێک بێنێ کە لە چوارچێوەى پڕۆسەی هەڵبژاردنێکى دیموکراتیانەدا دەسەڵاتى گرتبووە دەست.
ئامانج و پەیامى ئەمریکا لە خۆپیشاندانەکاندا، کە بەسەرپەرشتى سیخوڕەکەى و گرووپى بچووک بچووکى دیاریکراوەوە رێکخران، ئەوبوو، بەڕاى گشتى بڵێ موسەدەق جەماوەرى لە گەڵدا نییەو پێویستە لە دەسەڵات نەمێنێ، سەرەنجام موسەدق لە ساڵى( 1953) دواى دووساڵ لە فەرمانڕەوایى لە دەسەڵات کەوت، کە لە مێژووى ئیراندا بە (ئینقلابى 28 مرداد) ناسراوە، دواى سێ ساڵ زیندانى، بەشەکەى ترى ژیانى بە زۆرەمڵێ لە ماڵەکەى خۆیدا گوزەراند، تا ئەو کاتەى لە ساڵى 1967 کۆچى دوایى کرد .

بە هێنانە سەرتەختى (محەمەد رەزا شا) پێگەی سیاسى ئەمریکا لە ئیران چەسپا، هەروەها ئەو کارەى (کیرمیت رۆزڤێلت)بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ سیاسەتی نوێى ئەمریکا لە جیهاندا، سەرەتایەک، بۆ کردنەوەى رێگایەک کە ئەمریکا دەگەێنێتە لوتکەى باڵادەستى و سەرنگومکردنى نەیارەکانى بێ ئەوەى مەترسى هەڵگیرسانى شەڕ لە ئارادا بێت، ئەمەش لە رێگاى کۆمپانیاکان و ئەو گروپەى لە نێو کۆمپانیاکاندا رۆلى بکوژى ئابورییان دەگێڕا.




لەبارەی کورتە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” … خەندە حەمید

بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بووم. لەوێدا زۆر کەسی بەتوانا و جوانم ناسی. لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بینینی فیلمەکان زۆر فیلمی باش و خراپیشم بینین، لەوانەیە ڤیستیڤاڵی سلێمانیش وەک هەر ڤیستیڤاڵێکی تر بەدەرنەبێت لە نمایشی فیلمی خراپ. ئەمە شتێکی ئاساییە بەو مەرجەی کە فیلمی هونەری ئاست بەرزیشی تێدا نمایش بکرێت. من تا ئەو ساتەی فیلمەکەی دەرهێنەری بەتوانا و چێژمەند پەروێز ڕۆستەمی ”دا‌هۆڵەکانیش دەمرن” (The Scarecrows Also Die)م نەبینی، هیچ بڕیارێکم نەدابوو کە لەسەر فیلمێکی ئەم ڤیستیڤاڵە بنووسم.

پەروێز ڕۆستەمی فیلمسازێکی کوردە، لە هەورامانی تەخت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بە کاری هونەرییەوە خەریکە و هونەرە بینراوەکانی لە زانکۆ خوێندووە. ڕۆستەمی زیاتر لە ٢٥ خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی ”گۆرانی وتن بۆ ڕووبارەکە” لە ساڵی ١٩٨٠دا دەرهێناوە. پاشان زیاتر لە فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری)دا ئیشی کردووە، تاکو ساڵی ١٩٨٥ شەش کورتە فیلمی دروستکردووە. دواتر فیلمی داستانی دەرهێناوە کە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” یەکێکە لە فیلمە درامی و داستانییەکانی.

دوای لێڕوانین لەم فیلمە بەتەواوی کاریگەری لەسەردانام بەهۆی ئاست بەرزی و قاڵبوونەوەی توانای دەرهێنەر لەم کورتە فیلمەدا. دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەوە کرد، بۆ ئەوەی هەندێ قسە لەبارەی فیلمەکەیەوە بکەین ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا و هەر لە ڕۆژانی ڤێستیڤاڵەکەدا گفتوگۆی فیلمەکەیمان کرد. باسی زۆر لایەنیمان کرد، ئەوەی جێی سەرسورمان بوو وەک خۆی باسی کرد زەحمەتی و ماندووبوونی دەرهێنەربوو، کە هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەمە، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە فیلمێک لەو ئاستە بەرزە دروست بکات. ئەمە یەکەم نووسینمە کە لەسەر فیلمێکی کوردییە و لەسەر دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردە، کە بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە. دوای گفتوگۆکەمان هیوام خواست و بە شایەنی ئەوەم زانی کە فیلمەکەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی ببات. بەخۆشحاڵییەوە دیارە دادیارانی ڤیستیڤاڵەکەش بەشایەنی ئەمەیان زانی و خەڵاتەکەی بردەوە.

ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئایا کورتە فیلمێک شایەنی ئەوەیە کە نووسینێکی لەو شێوەیەی لەسەر بنووسرێ؟ بەلای منەوە لە سینەمادا کورتە فیلم گرنگی و بەهای خۆی هەیە، چونکە سەرەتای مێژووی سینەما بە کورتە فیلم دەستی پێکردووە، لە ئێستاشدا بووە بە بەشێکی گرنگ لە سینەما. هەروەها بە بۆچوونی من کورتە فیلم کارەکەی زۆر سەختترە لە فیلمی درێژ، چونکە کورتە فیلم زۆر دوور ناڕوات، دەبێت دەرهێنەر لە کەمترین ماوەدا پەیامی خۆی بە لێڕوانەر بگەیەنێ و کاریگەری لەسەر دابنێت، بۆ ئەوەی لێڕوانەر هەست بکات لە کارێکی هونەری دەڕوانێت. هەربۆیە کورتە فیلم ئیشکردنێکی پڕ وزە و زۆر چڕ و وردی هونەرییانەی دەوێت. کورتە فیلمی (دا‌هۆڵەکانیش دەمرن) هەموو ئەو ئەدگارانەی تێدایە، بۆیە ئاستێکی هونەری زۆر باڵای هەیە.

فیلمەکەی پەروێز ڕۆستەمی کورتە فیلمێک بوو بە زمانێکی بێدەنگ، بەبێ دیالۆگ، بەڵام پەیامێکی زۆری پێدام کە پڕ وتەی نەوتراو بوون. لەم فیلمەدا دیمەنەکان سام و سەنگینییان هەیە، بەجۆرێک لێڕوانەریان هۆشسام دەکرد کە لە ئاستیاندا بوەستێ. ئەم فیلمە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، بەڵام هەموو دیمەنەکانی بەشێوەی سینەماتۆگرافی خۆیان دەدوێن و هۆشی لێڕوانەر دەبزوێنن.

ئەم فیلمە ناونیشانێکی سیمبولی هەیە ”داهۆڵەکانیش دەمرن” ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگ و هەژەندەکاندا سروشت، ژینگە، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەمرن، لێرەدا داهۆڵ بووە بە سیمبول بۆ ئەم مردنە. ئاخر لە جەنگدا کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ئەوا ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت داهۆڵەکانیش لەگەڵیدا دەمرن. دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ئەکتەرەکاندا سەرکەوتووبووە، لە ڕێگەی ناونیشانەکەیەوە توانیویەتی ناوەڕۆک و پەیامی فیلمەکە بە لێڕوانەر بگەیەنێت. هەروەها هەردوو ئەکتەرەکە ئەماتۆرن بەو واتایەی ئەکتەری ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ نین، ئەکادیمیانە خوێندبێتیان، بەڵکو ئەمە دەرهێنەرە ڕووحی کوردی لەناو ئەواندا ڕۆشن و بێدارکردۆتەوە.

”داهۆڵەکانیش دەمرن” فیلمێکی درامی داستانییە بە چیرۆکێکی کوردییانەی کامڵەوە باس لە دووهاوژینی پیر دەکات کوڕەکەیان و هاوژینەکەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییان لە بۆردومانێکدا لەکاتی جەنگی عێراق و ئێراندا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەم هەژەندە هاوژینە پیرەکان ئومێدی ژیانیان لەدەست نەداوە. ئەمە مردن نییە دوای مردنی کەسی ئازیز کە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر باوە، بەڵکو ژیانە بۆ جوانکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژین. بەبێ ئەوەی ئەو هەژەند و مردنە لەبیربکرێ. لەو دیمەنەدا کە دایکەکە داهۆڵەکانی هەڵگرتووە، ئەمە وەک یادکردنەوەی لەدەستدانی کوڕ و بوکەکەی دەردەکەوێت.

لەم فیلمەدا پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت لەگەڵ ژیان، پەیوەندییەکی ساغە بەو هەموو سەختی و شەڕەی لەنێویدا دەژین. هەروەک چۆن دەرهێنەر ویستویەتی وێنەیەکی جیاواز نیشان بدات، مرۆڤێکی بەقوربانیکراو نیشان نادات لە بەرگی کارەکتەرەکانیدا، بەڵکو ئەو وێنە گشتییە تێدەپەڕێنێت کە هەندێ لە دەرهێنەر و فیلمسازەکان بۆ تاکی کوردیان وێناکردووە و لەنێویدا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە، بەوەی کە تاکی کوردی مەرگخوازە یاخود وەک قوربانی نیشانی دەدەن. بە پێچەوانەوە دەرهێنەر ویستویەتی دیوێکی تری ژیانی کورد نیشانبدات، تاکێکی پڕ ئیرادە و ژیاندۆست نیشان بدات، بەو غەمگینییەی لە ڕووخساریاندا دیارە بەڵام ئومێد و هیوای داهاتوو لەنێو چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە. تۆ کاتێ ئەو ئیرادە و هێزە پڕ ژیانە دەبینیت لەنێو ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا تێدەگەیت لەو هێزە بەرەنگارییەی تاکی کوردی کە بەرانبەر بە داگیرکارانی و شەڕ و سەختییەکان هەیەتی، سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیویەتی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

دوو کارەکتەرەکە پاشماوەی ئەو چەکانەی بەجێماون یاخود گوللە تۆپەکان کۆدەکەنەوە و ڕەنگیان دەکەن و گوڵ و سەوزایی تێدا دەچێنن، یاخود گوللەکان دەکەنە کەرەستەی پێوستی و سادەی ڕۆژانە وەک تەپلەکی جگەرە، کەواتە هونەر دەتوانێت ئەرک و کارایی کەرەستەکان بگۆڕێ، ئاخر گوللە تۆپەکان پێشتر بۆ کوشتن و لەناوبردن بەکارهاتوون، ئێستا کراون بە کەرەستەی ڕۆژانە. هەموو ئەمانە ئیشکردنێکی وردەکارانەی دەبەخشییە فیلمەکە.
لەم فیلمەدا، هەست بە هاوسەنگی و هاوتایی جێندەری دەکرێت، چونکە (دوو هاوژینە پیرەکە) وەک یەک ڕۆڵیان لەنێو ژیانیاندا هەیە. هەردووکیان هاوشانی یەکدی قەوانی گوللە تۆپەکان ڕەنگ دەکەن و گوڵی تێدا دەچێنن. هەروەها دەکرێ بڵێم ئەمە ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی و ئاشتیخوازی مرۆڤی کورد پیشان دەدات. هەروەک چۆن دیمەنەکان بەشێوەیەکی زۆر وردچنراون هیچ پچڕان و کەلێنێکیان تێدانییە کە لەپڕ بکەویت بەسەر دیمەنێکی تردا، چونکە لە هەندێ فیلمی کوردیدا ئەم پچڕانە زۆر بەڕوونی بەدیدەکرێ، ئەمەش باگراوەندی هونەری و مەعریفی دەرهێنەر نیشاندەدات. هەروەها بۆ مۆنتاژکردنێکی باش دەگەڕێتەوە هەروەک تیۆریزانی فیلم ڤێرتۆڤ ئایزنشتاین دەڵێ: ”مۆنتاژ شادەماری فیلمە”. بۆ من جووڵەی کامێرا و نیشاندانی دیمەنەکان بەو ڕیتمە هونەرییە لێکگرێدراوە زۆر جێی سەرنج بوو، دواجار گشت دیمەنەکان لە فەزایەکی پڕ ڕەنگدا نیشاندەدرێن، چونکە شوێن و فەزای فیلمەکە زۆر پڕ ڕەنگ و سادە و جوان بوو. هەروەها دەنگی سروشت هاوسەنگییەکی جوانی لەگەڵ نیشاندانی دیمەنەکاندا هەبوو.

Daholakan

داهۆڵەکان

داهۆڵەکان دەفڕن




بەردی سەبووری … حەیدەر عەبدولڕەحمان

كە دەچیتە نێو هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بۆ بینینی نمایشی ( بەردی سەبووری ) لە نووسینی دلشاد حوسێن و دەرهێنانی (بارزان محەمەد) لە چوارچیوەی چوارەم فیستیڤاڵی شانۆیی هەولێر،لە بەر جەنجاڵی هۆڵە بچووكەكەو دانیشتنی هەندێ لە بینەران لە سەر زەوی،خەمی ئەوەتە چۆن شوێنێك بۆ خۆت بدۆزیتەوە بۆ دانیشتن،كە رووناكیش دەكوژژێتەوە و نمایش دەست پێ‌ دەكات،لە گەڵا دەنگی هۆرەیەكی هەورامی نادیار فەزایێكی رەش دەبینی،كە هەر چوار دەوری شانۆی تەنییووە،ئەو فەزا رەشە تەواو لەگەڵ رەنگی جلو بەرگی رەشی ئەو ژنەهاوكوفە كە ژیانێكی نا ئارامی پڕ لە نیگەرانی و بەد بەختی لە گەڵ پیاوێكدا بە سەر بردووە كە ئەوەتا ئەمڕۆكە قەدەر وای بۆ هێناوە، وەك مردووییەكی رۆح لە بەر لە سەر چوارپایەكی سپی خەوتن بێ‌ هۆش بكەوێت و بە هۆی موغەزییەك كە لە تەنیشت چوارپایەكەیەوە داندراوە هەناسە بدات ..
ئەو ژنە بەد بەختە بە كەفو كۆڵێكی ئاگرین و بە جەستەو ئیمایێكی سرنج راكێش، بە فرمێسك و گریانێكی بە كوڵ و هەناسەیەكی سارد، سەربوردەی تاڵی رابووردووی خۆی لە گەڵ ئەو پیاوە دڵ رەقە بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە كە ئەو بە بەردی سێبوری ناوی دێنێ‌،ئێمەش لە نێو ئەتمۆسفیری سیحری نمایشەكە، بێدەنگی دامان دەگرێ‌ و كپ وخامۆشییەك سەراپای هۆڵەكە داگیر دەكات ،ئیدی ناچاری ئەوە دەبین ،هەناسەكانمان قوت دەینەوە، بۆ ئەوەی چاوەكانمان تێر كەین و گوێ‌ بیستی دیالۆگە كاریگەرەكانی بین ..

كاراكتەری یەكەم ..ژنەكە

هەر لە رۆژانی كچینییەوە لەجەورو ستەمە گەورەكانی باوكێكی قومار بازی كەو دەناڵێنێ‌،باوكێك كە هەموو ژیانی بریتی دەبێت لە شەڕە كەو ،شتێكیش بە لای ئەو باوكە كەللە رەقە لە كەو بازی بەهادار تر نیە، بۆیە بەلایەوە ئاساییە لە گرەوێكی شەڕە كەودا كچێكی خۆی بدۆڕێنی ئەوەتە ئەو كاراكتەرە ژنە دەگێڕێتەوە دەڵێت :

خوشكە گەورەكەمی لەبری پارە دانا و دۆراندی خوشكەكەم ناچار بوو ببێتە ژنی پیاوێكی چل ساڵان، منیش زۆر ترسام لەوەی ببمە قوربانی گرەوەكانی باوكم …
بەڵام دواتر دیسان وا هەڵكەوتەوە كە چارەنووسی لە چارەنووسی خوشكە گەورەكەی باشتر نەبێت، نسیب بە پیاوێكی كەللە رەقترو دڵ رەقتتر لە باوكی بوو، ئەو كات تەمەنی حەڤدە ساڵان بوو، كاتێ‌ دایكی پیاوەكەی هاتۆتە خوازبینی، كە ئەو كات خوازیارەكەی پێشمەرگە بووە،دەڵێت : من ئەو كات شانازیم بەوە دەكرد كە دەزگیرانەكەم قارەمانێك بێت ..
راستە ئەو كەسێكی شۆڕشگێر بوو، بەڵام هیچ مافێكی مرۆیی بە ژنەكە نەداوە و گوێ‌ ی لە ژنەداماوەكەی ڕانەگرتووە،بۆیە ژنەكە دەیەوێت خەمە خەفەكراوەكانی دڵی هەڵڕێژێ‌و ئەگەر لە سەرە مەرگیش بیت ، گوێ‌ ی لێ‌ بێت یان نا ..پێی بڵێت : تۆ هیچت لە مەڕ ژانی ژن و مێر دایەتی نەدەزانی، دێتە یادت كە شەوانە دوای سەرجێكردن بەشێوەیەك جێت دەهیشتم . پوورم ناهەق نەبوو دەیگوت ئەوانە سەرجێیی نازانن بەس بۆ حەنگ باشن …
ئینجا گلەییە پڕ لە سۆزدارییەكانی خۆی لێ‌ دەكات :

تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم من هەرگیز تۆم ماچ نەكردوە (ماچی ئەكا) یەكەم جار كە ویستم ماچت بكەم خۆت دورخستەوە .
ئیدی ئەوە قەدەرەو رۆژێ‌ هاتە پێشەوە ئەو پیاوە لە خۆ باییە لە شەڕدا بریندار بێت و بە بێ‌ هۆشی لە جێدا بكەوێت، كەس بە سەریەوە نەبێت تەنیا ئەو ژنە ستەم لێكراوە بە وەفایە نەبێت كە وێڕای هەموو دڵ رەقیەكانی ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، ئەوەتا باسی ئەو تەنیاییەی خۆی و بێ‌ وەفایی براكانی بۆ مێردە بێ‌ هۆشەكەی دەكات و دەڵێت :

براكانت هەمیشە تەمەننای ئەوەیان دەكرد لەگەڵم بخەون،ئەوان بە دزییەوە لەمنیان دەڕوانی..
تەنانەت گلەیی لە دایكەكەشی دەكات : ئەی دایكت لەكوێ یە كە هەمیشە خۆی دەكردە قوربانی تاڵە مویەكی تۆ ..
وێڕای هەموو ئەو رۆژە سەختانە،بەڵام ئەو ژنە خۆگرە،هەرگیز دەست بەرداری مێردەكەی نابێت و ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، بەو لاشە مردووە دەیەوێت قەرەبووی رابووردوو بكاتەوە ، بە ئارەزووی خۆی قسەی لە گەڵً پیاوەكەی بكاو دەست لە جەستەی بداو ماچی بكات ..
دەڵێ‌ : تەنیا سێ‌ هەفتەیە هەمووشتێكت بۆباس ئەكەم .ئەتوانم دەستت لێبدەم جاران جاران تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم .. (دەست بە پیاوەكە دادێنێ‌ و ماچی دەكات هەوڵی سەر جێكردن دەدات لەگەڵی دا
قەت ئاواتی ئەوە ناخوازێت لە مێردە نیمچە مردووەكەی جیا بێتەوە،پاڕانەوەو تەزبیحات كردن و زكرو نزاكانی وەك مەلا بۆی دانابوو ئومێدێكی پێ‌ نەبەخشی ، بۆیە بە دەم گلەییەكانی خۆیەوە ، روو لە ئاسمان دەكاو دەڵێت : هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نیە بەم جۆرە دەست لە ئێمە بەربدەی؟
بەڵام دواتر هەموو ئاوات و خەونەكانی زیندە بە چاڵ دەبن و پیاوەكەی بۆ دوا جار هەناسەكانی دەوەستێت و گیان لەدەست دەدات،ئیدی بە دەم تەقسێكی ماتەمینیەوە، جلە رەشەكانی هەڵدەزڕێنێ‌ و رووتی دەكاتەوەو بە دەستەكانی خۆی تەرمی پیاوە مردووەكەی دەشوا و وەك ئەوەی بیەوێت لە گوناهەكانی پاكی بكاتەوە ،بە كفنێكی رەش دایدەپۆشێ‌ و كۆتایی بە تراژیدیا بەردەوامەكانی ژیانی دێت ..
بێگومان هەڵبژاردنی تێكست لای دەرهێنەر یەكەم هەنگاوی دیاری كردنی چارەنووسی نمایشە لە نێوان سەركەوتن و شكست هێناندا، دەرهێنەر چەند ئەوەندەی هوشیارو ورد بین بێت لەو هەڵبژاردنە، ئەوەندە دەتوانێت بڕی سەركەوتنی خۆی لە نمایشدا مسۆگەرتر بكات، ئەو توخمانەش كەلە تێكست دا خاڵی زیندوون ئەوەیە ئاخۆ ئاستی فەلسەفی و ئامانجی تێكست چەند لە گەڵ باری كۆمەڵایەتی و كێشەو ئاریشاكانی كۆمەڵگا نزیكە، یان تا چەند ئێمە لەو تێكستانەدا دەتوانین دەست لە سەر برینەكان دابنێین و چارەسەرییەكان دیاری بكەین ،دواتر دەرهێنەر لەو تێكستەدا تا چەند دەسەڵاتی دەڕوا لە بونیاتنانی وێنەی درامی و روداوەكانی و زۆر پرسی تر .

تێكستی( بەردی سەبووری) كە پانتاییەكی بەرفرەوانی لە ئاستی هونەری و هزری نمایشەكە داگیر كردووە،وێڕای ئەوەی تیشك دەخاتە سەر كێشەو ئاریشا كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەیەكی دوا كەوتووی پیاو سالاری، كە تێیدا ژن لە هەموو بەها مرۆییەكانی رووت دەكرێتەوە و پیاویش دەبێتە دڕندەیەك، زۆر لەو خەسڵەتانەی رەخساندووە كە یاریدەی دەرهێنەر دەدەن بۆ دروست كردنی ئەو بنەما درامیانەی نمایش بە زیندوویی را دەگرن و زەمینە خۆش دەكەن بۆ دروست كردنی چەندین تابلۆی درامی و دیمەنی وروژێنەر و بەكارهێنانی سینۆگرافیا كە بینەر چێژێكی هزری و ستاتیكی لە بینینیان وەربگرێت ،بۆیە تێكستەكە چ لە رووی فەلسەفەو ئایدیاوە، چ لە رووی زمان و ریتم و داڕشتنەوە ، تێكستێكی ئێجگار دەوڵەمەندە، كە سەرچاوەكەی رۆمانێكە، بەڵام ئامادە كردنێكی ئەوتۆی بۆ كراوە ، كە هەست بكەیت نمایشێكی سەر بەخۆیەو تایبەتمەندی خۆی دراوەتێ‌ لە رووی نمایشی شانۆییەوە، ئەزموونی ئێمە لە رووی سوود وەرگرتن لە رۆماندا زۆر لاوازە، بەڵام ئەگەر ئەو ئەزموونە هاو شێوەی ئەو ئەزموونەی دلشاد حوسێن پەرە پێ‌ بدەین، ئەوە رەنگە زۆر لە گرفتەكانی نەبوونی دەقی شانۆیی كەم كەینەوە .
دووهەم فاكتەری سەركەوتن لە نمایشدا ئامرازەكانی بەرجەستە بوونی تێكستە،لە سەرووی هەموشییانەوە ئەكتەر ..لەوانەی دەسەڵاتی ئەو بەرجەستە بوونەیان هەیە چ لە رووی جەستەو ٍچ لە رووی ئەداو بوێری دا، بۆیە هەڵبژاردنی هەردوو ئەكتەر ( شیلان عەبدوڵڵا و ئۆرڤان ئاراس) بۆ نمایش كردنی رۆڵە سەرەكییەكان،تێكستەكەیان بە ئاستێكی سەركەوتووانە بەرجەستە كردووە و زۆرێك لە مافی تێكستەكەیان داوە .

توخمی سێیەم: دەرهێنەر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت هەردوو توخمی یەكەم و دووەم بە تێكست و ئەكتەرەوە بخاتە نێو چوارچیوەی سینۆگرافیایێكی تەكنیكی كاریگەر بۆ رەخساندنی ئەتمۆسفیری نمایش بە موزیك و رووناكی و دیكۆرو ئامرازەكانی دیكەی نمایش .
دەرهێنەر تێكستەكەی بە شێوەیەك بەرجەستە كردووە، كە جگە لە نووسەر ئەویش بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێت،بە تایبەت لە رووی چارەسەر كردنی درامی كۆتایی دیمەنەكە،لە تێكستەكەدا بە شۆرینی مردووەكە نمایش كۆتایی دێت ، بەڵام دەرهێنەر دیمەنێكی دیكەی زێدە كردووە، بەوەی پیاوە مردووەكە لە پڕێكا زیندوو دەبێتەوە و دەست دەخاتە هەوكی ژنەكە و وێڕای ئەو هەموو خۆشەویستی و دڵسۆزی و قوربانی دانە دەیخنكێنێ‌، بۆ ئەوەی بڵێت پیاو بێ‌ وەفایەو لە هەموو حاڵەتێكا چەند ئەوەندەی ژن وەفادارو دڵسۆز بێت ، ئەو لە ئاكامدا دەست لە جەزرەبە دان و كوشتنی ئافرەت هەڵناگرێ‌،هەر ئەو دڕندەیەدەمێنێتەوە كە بۆ ئازاری ژن خوڵقاوە ..
بەڵام ئەو دیمەنە ئەگەر لە رووی فەلسەفیشەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆریشی بۆ بكرێت، بەڵام لە رووی هونەرییەوە دەبێتە دیمەنێكی نا مەعقول و ناوازە كە لە گەڵ ستایلی نمایشەكە نەگونجێ‌، وێڕای ئەوەی ریتمی نمایشی لە دوا دیمەندا كوشت و زۆر لە بەها جوانەكانی لە بار برد.

دەرهێنان :

لەم نمایشەدا دەرهێنەر بارزان محەمەد ..خۆی لە فۆرمە تەقلیدییەكان بە دوور گرتووە و نمایشەكەی كردووە بە چەند تابلۆیەك،كە هەر یەك لەو تابلۆیانە چەندین دەلالاتی جوان ببەخشن،بە تایبەت لە رووی جەستەییەوە ، بە بەردەوامی بینەر تینوو بكات بۆ بینین و ریتمی نمایش لە ئاستێكی ئەوتۆدا رابگرێ‌ كە بوار بۆ بینەر بە جێ‌ نەهێڵێ‌ هەناسەش بدات .
ئەو لە هەموو ئەو نمایشانەی لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و هەولێر پێشكەشی كردوون لە رووی فۆرمەوە لە گۆڕانكارییەكی بەردەوام دایە و فۆرمێكی چەسپاوی نیە، ئەمەش نیشانەی بە زیندوو راگرتنی نمایش و گەڕان بە دوای فۆرمێكی جوانتر لەوی ترە .. بەڵام رەنگە ئەو گۆڕانكارییانە جیاوازی لە ئاستی هونەریدا دروست بكەن،هەر بۆ نموونە ئەو فۆرمەی لە سلێمانی و دهۆك نیشان دران، زۆر لەو فۆرمە جوانتر بوو كە لە هەولێر نمایش كراو زۆر لە سینۆگرافیا جوانەكان لە هەولێر لە دەست دران، بە تایبەت لە رووی دیكۆرەوە، ئەو پەیكەری سینگەی كە تەواوی فەزای نمایشەكەی داگیر دەكردو هەموو رووداوەكان لە ناو ئەو سینگە بەڕێوە دەچوون ،لە هەولێر وەك ئەوە وابوو بوونی نەبێت ، بۆیە پارچەیەكی هەرە زیندوو لە فۆرم و جەستەی نمایشەكە كاڵ بۆوە و ئاڕمی نمایشەكە كە پەیكەری سینگەكە بوو لە دەست دەرچوو ..بەرپرسیاری گەورەش دەرهێنەرە كە رازی بوو، نمایشەكەی بەم كەم و كوڕیەشەوە نمایش بكرێت …
نەك هەر تەنها دیكۆر بگرە رووناكیش بە هەمان شێوە زۆر لە دیمەنە جوانەكانی وەك خۆی بەرجەستە نەكرد، بە هۆی جیاوازی هۆڵ و گرفتی خۆ ئامادە كردنەوە .

موزیك

بە گشتی لەو نمایشەی ئێمە لە هەولێر بینیمان هەستمان بەوە كرد، دەرهێنەر ئەوەندەی پشتی بە ئەكتەر بەستووە ئەوەندە بایەخی بە فۆرم و تەكنیكی شانۆیی نەداوە، بەڵام ئەلتەرناتیفی دیكەی بۆ وروژاندنی بینەر داناوە، لەوانەش ئەو موزیك ژەنەی لە لای چەپی شانۆ(ئەركان عەبدولقادر) بە فۆرمێكی زیندوو ،خۆی و ئامێرێكی ریتم دانیشتووە كە لە دروست كردنی خۆیەتی و لە پارچە چەك دایهێناوەو هەموو جۆرە ریتمێكی پێ‌ لێ‌ دەدرێت، لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش ئەو ریتمە لە گەڵ نمایش دا دەڕوات، لە هەندێ‌ دیمەن نەبێت كە موزیك ژەن دەف بەكاردێنێ‌،لە گەڵ سەمای ئەكتەر، بە تایبەت لە دوا دیمەندا ریتمی نمایش بە هۆی جەستەی ئەكتەرو ریتمی دیمەنەكە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە لوتكە .
بۆیە موزیك شان بە شانی ئەكتەر رۆڵی سەرەكی بینی لە وروژاندنی بینەر، هونەری هەرە گەورەش لەوە دابوو كە بۆ یەكەمجار ئەو ئامێرە نەناسراوەو ئەو ریتمە نوێ‌ یە لە شانۆدا بەكار دەهێندرێت ..
وێرٍای ریتمی ئەو ئامێرە موزیكییە(دەف) لە هەندێ‌ دیمەندا، بە تایبەت لە دیمەنە ماتەمگێڕیەكەی كۆتایی دا رۆڵێكی كارای هەبوو بۆ بەرجەستە كردنی روداوەكان و وروژاندنی بینەر، دەشكرا دەرهێنەر سوودی زیاتر لە دەف ببینێ‌ ، بە تایبەت لە دیمەنی سەمای ژنەكە لە سەر جەستەی پیاوەكە، كەچی دەرهێنەر ئەوەندە دیمەنی سەماكەی كورت كردەوە، بواری جوانتر كردنی دیمەن و وروژاندنی بینەری نەدا چێژی زیاتر لە سەماكە وەرگرێ‌، بەمەش دیمەنی سەماكە زۆر بە سەرپێیی تێپەڕی .

ئەكتەر :

راستە دەرهێنەر زۆرینەی كەرەستە هونەرییەكانی بۆ بەرجەستە كردنی نمایش ئامادە كردووە ،كە هەریەك لەوان كاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە لە سەر ئاستی نمایش، بەڵام كرۆكی نمایش لای ئەكتەرە، كە جێگەی بایەخی سەرەكی دەرهێنەرە لەو نمایشەدا، چونكە ئەكتەر چەقی تێڕامانی بینەرە لە سەر شانۆ و ئامرازەكانی دیكە تەواوكەرن .
دەرهێنەر دوو ئەكتەری سەرەكی ( شیلان عەبدوڵڵا و نۆرڤان ئاراس) ی هەڵبژاردووە بۆ بەرجەستە كردنی نمایش و بینەر درك بەوە دەكات كە هەردوو ئەكتەر هوشیارانە ئەدای رۆڵەكانی خۆیان دەكەن و تێگەیشتنێكی باشیان بۆ كاراكتەرەكانی خۆیان هەیە،
ئۆرڤان ئاراس .پیاوەكە :
ئۆرڤان رۆڵی مێردی ژنەكە دەبینێ‌ ، وەك ئەكتەر لە نمایشەكەدا رۆڵەكەی وای لێ‌ كردووە كە نەتوانێت هیچ توانستێكی خۆیمان نیشاندا،چونكە لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش هیچ ئەكشنێكی ئەوتۆی نیە، ئەوەندە نەبێت كە جار جارە كە لە گیان كێشان نزیك دەبێتەوە، هەناسەكانی دەبڕێ‌ و ژنەكەی یاریدەی دەدا هەناسەكانی بۆ بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی مەرگی ئەو بە چاوی خۆی نەبینێ‌، بەڵام دەرهێنەر لە دیمەنی كۆتاییدا غەدری لە ئۆرڤان كردووە ، كاتێ‌ زیندووی دەكاتەوە و ژنەكەی دەخنكێنێ‌، بواری ئەوە هەبوو دیمەنەكە تێر تر بكات و رق و قین و دڕندایەتی ئەو زێتر نیشان بدات و خنكاندنی ژنەكەی ترسناكتر نیشان دابووایە، بۆ ئەوەی ئێمە وەك بینەر هەقیقەتی دڵ رەقی ئەو كاراكتەرەمان بە چاو بینیبوایە،بوارێكیشمان بۆ ئۆرڤان رەخساندایە توانستەكانی خۆیمان نیشان بدات.
لە نێو ئەكتەرەكاندا هاوسەنگی نیە لە رۆڵ بینیندا،چونكە نمایشەكە لە رەسەندا دەچێتە چوارچیوەی مۆنۆدراماو تەنیا ئەكتەرێك رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینی ،بەڵام دەرهێنەر بۆ هەندێ‌ لەو گێرٍانەوانە كاراكتەری دروست كردووە و ئەكتەری لاوەكی بۆ داناوە،بۆ ئەوەی كەسایەتیەكان بە وێنە نیشانی بینەر بدات ..بۆیە شیلان لە نمایشەكەدا وەك پاڵەوانی سەرەكی ماوەتەوە لە گۆڕەپانی نمایشەكەدا .

پیاوی ئایینی:

كەسایەتی پیاوە ئاینییەكە كە كاری رانموونی ژنەكەی پێ‌ سپێردراوە ، بۆ ئەوەی دوعاو نزاو تەزبیحات كردنو زكركردنی بە بەرنامە جێ‌ بە جێ‌ بكات، بۆ چارەسەر كردنی مێردەكەی، بوون و نەبوونی ئەو كاراكتەرە لە سەر شانۆ وەك یەك وابوو، رەنگە ئەگەر نەبوایە باشتر بوو ،بەڵام ئامانج لە دروست كردنی لای دەرهێنەر دەرخستنی هەندێ‌ كولتووری دوا كەوتووی كۆمەڵایەتی بوو، بە تایبەت لای ژنان، ئەگەرچی ئەقلیەتی ئەو ژنە لەوەندە گەورەتر بوو ، بەڵام بۆ رزگار بوونی مێردەكەی ئامادەی هەموو هەوڵێك بوو ئەگەر بڕواشی پێ‌ نەبوایە .

شیلان عەبدوڵڵا ..ژنەكە

قورسایی هەرە زۆری نمایشەكە دەكەوێتە سەر ئەستۆی شیلان عەبدوڵڵا،بە هۆی وەستانی بەردەوامی لە سەر شانۆو پاراستنی ریتمی نمایش، وێڕای سەختی نواندن وئەدا .
ئەو لە زۆر دیمەندا وای كرد هۆڵێكی گەورەی پڕ لە بینەر، بێدەنگی باڵی بە سەردا بكێشێ‌ و هەناسەی خۆی ببرَێت، بۆ ئەوەی چێژ لە نواندنی شیلان ببینێ‌، كە زۆر لە سنوورە تەقلیدیەكانی شكاند و زۆر وێنەی جوانی نیشانی بینەردا، بە تایبەت لە دیمەنە سێكسیەكان وئەو دیمەنەی قاچەكانی پیاوە لە هۆش خۆ چووەكە دەخاتە سەر شانی ، دیمەنی هەڵًزڕاندنی جلی رەشی پیاوە مردووەكەی ، دیمەنی شۆرینی مردووەكە و دیمەنی تەزبیح پساندنەكە، دیمەنی سەماكان لە سەر لاشەی پیاوەكە و چەندین دیمەنی تر ، كە وای كردبوو ریتمی نمایشەكە بە بەردەوامی بە زیندوویەتی رابگرێ‌ و لە كۆتاییشدا بگاتە ترۆپ.

من وای بۆ دەچم نهێنی هەرە بەرچاوی زاڵ بوونی شیلان بە سەر رۆڵەكەی ئەوەبوو، وەك ئەكتەرێكی ئافرەت بە جەستەی خۆی بەرگری لە مافی مرۆیی خۆی بكات بەرامبەر بە پیاوێك كە ژیانی خستۆتە قەفەز و دەیەوێت گوتارێك بگەیەنێتە پیاوو بڵێ‌ : ئەگەر بتانەوێ‌ ببن بە خاوەنی راستەقینەی ئەوەی پێی دەڵێن پیاوەتی بەرامبەر بە ژن، بە ناونیشان و نازناوی پیاوەتی لاف و گزاف لێ‌ مەدەن و ژن لە مافە مرۆییەكانی خۆیان داچۆڕێنن، هەموو خۆشەویستییەكی لێ‌ زەوت بكەن و خۆپەرست بن لە كردەی ژن و مێردایەتی و چێژ وەرگرتن،هاندەر مەبن بۆ ئەو كردانەی ئێوە لە پشت دروست بوونیدان و بە گوناهو تاوان و خیانەتكاری لە قەڵەمی دەدەن ، بەڵكو وا باشترە ئێوە لەوە تێ‌ بگەن، تەنها شتێك ئێوە لە ژن جودا بكاتەوە ئەندامە نێرو مێیەكانتانە،تا ئەو كاتەش ئێوە لەوە دەگەن .. رەنگە زەمەن تێپەڕی بێ‌، كەچی شتێ‌ لە چمەكەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی تێ‌ نەگەن ، بەڵام رەنگە دواتر تێ‌ بگەن كە ئێوە چەند نابەڵەدو ستەمكارو خۆپەرست بوون بەرامبەر بەو رابووردووەی تێ‌ پەڕێ‌ و چەند مانای جوانیشتان لە ژیان لە گەڵ ژندا لە دەست داوە ..




دنیاى بەتاڵى شیعر، دنیاى بەتاڵى زمان …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

لە دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)

لە گۆڕستاندا بەفر ببارێ،
مردووەکان،
سەرمایان دەبێ.

لە گۆڕەکەم دێمە دەر،
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم،
هەوا پڕ دەبێ لە ئاسن…

ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم،
رۆژانى دوور
دەبدەبەن
هەڵیان بدەم
دەتەقن.

کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
جولەى تەرمێک، لە گەردووندا بەردەوامە،
بڵێى من بم، لە بەردەم ئەوانیدیکەدا؟!
ل39-42
کۆمەڵە شیعرى (بێ ئەو پەیڤانە، رابەر فاریق، هەولێر 2012)

پێشەکى:

پەیوەندى دیالێکتیکى نێوان زمان و فیکر وەک (مۆریس میرلۆپۆنتى 1908-1961) جەختى لێدەکاتەوە، بیرکردنەوەى بێدەنگیش وەک ژیانى ناوەوە یان مۆنۆلۆگى نێوان خود و دەروون دەبینێ، بەو مانایەش زمان و فیکر بوونێکى پەیوەندار و هاوپەیوەست و بەنێویەکداچوو پێکدەهێنن… لێرەوە وەک تێزە زمانەوانییە هاوچەرخەکان دانیپێدادەنێن هیچ زمانێک بێ فیکر نییە و هیچ فیکرێک بێ زمان بەڕێوە ناچێت، لە سەر ئەو بنەمایە لە خوێندنەوەى قەسیدەى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق)دا دەتوانم بڵێم کۆپلەى یەکەم وەک (دەسپێک) پێمان دەڵێت لێرە مردن و ژیان وەکو یەکن؟! بەفرى زیندوو بە سەر گۆڕستانى مردوواندا دەبارێت، بەڵام مردووەکان سەرمایان بێت، یان گەرما، خەمبار بن بە بەفر بارین، یان دلشاد…. هیچ بە ئێمە ناڵێن؟! مردووەکان بجولێنەوە یان نەجولێنەوە نە هیچ لە کۆپلەى دووەم، نە هیچ لە شێوەى ئەبسترکتى ئاسن، نە هیچ لە کۆپلەى سێیەم و شێوەى ئەبسترکتى میزڵدان دەگۆڕن…

ئاسن ژەنگ دەگرێ و دەبدەبە با دەگرێ، یەکەمیان دەنگدانەوەى ئاسایى خۆى هەیە و دووەمیان کە زۆر پڕ بێت، دەتەقێ… دەنگدانەوە و تەقین، ئاسایى و نائاسایى، لە کۆپلەى چوارەم لە ئاسن و میزڵدان دەبێتەوە و دەکەوێتە نێوان (من) و (ئەوانیدیکە)، ئەوەى دەبدەبەیە منم، ئەوەى ئاسنە ئەوانیدیکەیە! منى نائاسایى و ئەوانیدیکەى ئاسایى… ئەوەى دەتەقێ منى نائاسایى و ئەوەى دەنگدانەوەى هەیە ئەوانیدیکەى ئاساییە؟! بەڵام ئاسایى و نائاسایى شێوەى رووتى زمانە، لەو شێوە رووتەى زماندا نە (ئەوان) دەبنە ئاسن نە (من) دەبێتە دەبدەبە…
پەیامى ئەو دەقە ئەوەیە من دەمرم، ئەوانیدیکە دەژین؟ پرسیارى زمان ئەوەیە بڵێى کەس بیر لە منى (شیعر)، منى (بەتاڵ) بکاتەوە؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، دەشێ منى (شیعر) منى (مردوو) لە هزرى ئەوانیدیکەدا تواناى ژیانم هەبێت؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، ئەوەیە شیعر بە مردوو دانانرێت، ئەوەى پرسیار قبول دەکات پەیوەندى منى مردوو و ئەوانیدیکەى زیندووە…

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى رابەر فاریق لە رووى جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و گوزارشت لە گۆڕینى شێوەى پەیوەندى مردووان و زیندووان، شیعر و زمان دەکات، بەڵام لە رووى ماناى وشەوە شێوەى ئاسن، شێوەى میزڵدان ئەبستراکتە و پشت بە خەیاڵى خوێنەر دەبەستێ، واتە جولەیەکى تەعبیرى لە رێگاى مردووە/ زیندووەکانەوە دەکێشى و ماناکانیان لێ دادەماڵێ و رووتیان دەکاتەوە، بۆ ئاسن و میزڵدان، هەر لەو رێگایەشەوە جولە بە گومان و خەیاڵەکانى خوێنەر دەدات…

کەواتە قەسیدەى لە گۆڕى کەسێکدا دەچێتە خانەى شێوازى تەعبیرى ئەبستراکتەوە… شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بەڵام ون نابێت و پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… دەمەوێ بڵێم ئەو قەسیدەیە ئەبستراکتى تەعبیرى درەوشاوەیە، واتە لە رووى گوزارشتەوە رۆناک خۆى نیشان دەدات و لە رووى رووتى ماناوە شێوەکانى بوون دیارى دەکات، ئەگەر ئەو قسەیە تەرجەمەى قەسیدەکە بکەم دەڵێم گوزارشت لە مردن لە چاوى زیندووان دەکات… بە مانایەکى دیکە ئەوە بونیادى جولەى ئەبستراکتە، پێکهاتەى رستە لە بوونى (گۆڕستان، مردن، ئاسن، دەبدەبە، چاکێت) دیارى دەکات، دووبارە دەڵێم لە دنیاى بەتاڵى شیعرییٍدا نەخشکردنى کارى ئەدەبى لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ (جولەى جێگیر بوون لە چاو جێگیر نەبوون)دا، بەڵام لە گێڕانەوەى واقیعى دەرەوە (وەک خۆى) دوور دەکەوێتەوە.

من شیعرم، ئەوانیدیکە زمان

داڕشتنى چیرۆکى من شیعرم و ئەوانیدیکە زمان لە میانى ئەو دەقەدا بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە دوو رووى شیعر و زمان وەک دوو رووى دراودا هەیە، پەیوەندى بە سنورەکانى مەعریفەى شیعرى و سنورەکانى خەیاڵى زمانەوە دەکات، مرۆڤ دەکەوێتە نێو زمانەوە، شیعر دەکەوێتە نێو جوانى… دەمەوێ بڵێم هەتا ئەوانیدیکە وەک زمان نەبینین، هیچ ئەرکێکمان بەرانبەر (شیعر) لەسەر شان نییە، بە دیوەکەى دیکە (زمان/ ئەوانیدیکە) بە خۆڕایى خۆیان دەخەنە بەر دەستمان، هەتا بە کاریان بهێنین، هەر ئەوەندە قبوڵمان کردن ئیتر داگیرمان دەکەن، کەواتە وەک چۆن دەکەوینە نێو زمان، لە هەمان کاتدا دەکەوینە نێو ئەوانیدیکە… وەک دەبینین لە مامەڵەى نێوان من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان خاڵى ناکۆک ناچاربوونە، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو زمان، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو ئەوانیدیکە، مرۆڤ بوونەوەرێکى زمانییە، وەک چۆن بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە، کەواتە کاتێک ناچار دەبین ئەو شتەى بەسەرماندا سەپێنراوە قبوڵى بکەین، ئیتر کۆنترۆڵکراوین، زمان کۆنترۆڵمان دەکات، ئەوانیدیکە کۆنترۆڵمان دەکەن، شیعر جوانى لێدەڕژێ… ئەو هاوکێشەیە پەیوەندى بە نەستەمانەوە هەیە، پەیوەندى بە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان هەیە، یان پەیوەندى بەوەوە هەیە کە ئێمە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە (نەست – ناهۆشمەندى)یەوە، هەتا ناهۆشمەندى پاڵمان پێوەنەنێت، هەتا ئارەزووەکانمان پاڵمان پێوەنەنێت، بە هیچ شتێکەوە پابەند نیین!

وەک دەزانین ئارەزوو ئاڕاستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە ئارەزوو پاڵى پێوەناین، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات، دەزانین زمان ئاراستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە کەوتینە ناوییەوە، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات … هەموو ئەو قسانە لاى (ژاک لاکان 1901-1981) لە رستەى (نەست لە زمان رسکاوە) کورت دەکرێتەوە، بەو مانایەش زمان وەک ئارەزوو ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، وەک چۆن شیعرى داهێنەرانە ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، مرۆڤ نە ئارەزووەکانى تەواو دەبن و نە ئارەزووەکانى پڕ دەبنەوە! زمان نە تەواو دەبێت، نە پڕ دەبێتەوە…
کەواتە ئەوەى من و ئەوانیدیکە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەى شیعر و زمان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئارەزووەکانمانن! ئارەزووەکانمان بۆ شیعر لە جوانییەوە هەڵدەقوڵێ، ئارەزووەکانمان بۆ ئەوانیدیکە لە فیکرەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەوەى شیعر و زمان، من و ئەوانیدیکە لێکجیا دەکاتەوە، ناکۆکییە شاراوەکانى زمان و ناکۆکییە شاراوەکانى ئەوانیدیکەیە، زمان کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، مرۆڤ کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، شیعرى زیندوو ناکۆکییەکانى لە ناوەوەى خۆیدا هەڵگرتووە، مرۆڤ لە ژیاندا هەڵگرى ناکۆکییە، ئەو ناکۆکییانە لە ناوەوەماندایە و هەمیشە داگیرمان دەکات، ئەوەى هەمیشە داگیرمان دەکات، فیکر و جوانییە…
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم
ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم
شەڕى نێوان وشە و واقیع
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
کەسى نێو ئەو قەسیدەیە، کەسى نێو گۆڕستانە و لە رێگاى خەیاڵى وشەوە هەستى پێدەکەین، بەڵام ئەوانیدیکە لە واقیعەوە هەستیان پێدەکەین، شەڕى نێوان وشە و واقیع، شەڕى نێوان زمان و شیعرە… کەسى نێو واقیع و کەسى نێو خەیاڵى وشە دوو هەستى جیاوازمان دەداتێ، یەکەمیان دەستى لێدەدەین، دووەمیان بیرى لێدەکەینەوە… بەڵام نەک بەو مانایەى کە زمان خەیاڵییە و شیعر واقیعییە، بەڵکو بەو مانایەى کە مەوداى زمان هەمیشە لە خەیاڵى بەرەوپێشچووندایە و مەودا شیعر لە جێگیربوونى جوانیدایە!
زمان لە خەیاڵى دوور مەودا دایە، بەو مانایەى کە شیعر دەکەوێتە سنورى مەعریفەیەکى دیاریکراو و جوانییەکى بەرجەستەکراوەوە، زمان دەکەوێتە بێ سنورییەوە، شیعر لە راڤەکردنى جیاوازیدایە، زمان قسە بە جیاوازییەکان دەکات، جیاوازییەکان قسە بە شیعر دەکەن، زمان هەمیشە ماناکان بە جێدەهێڵێ، شیعر هەمیشە ماناکان کۆ دەکاتەوە، زمان هەمیشە لە خۆ بەتاڵ کردنەوەدایە، شیعر هەمیشە جیاوازییەکان کۆ دەکاتەوە، ئەگەر بشێ تێگەیشتنێکى (لاکان) لە بارەى گوتەزاکەى (رێنێ دیکارت 1596-1650، من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) تەرجەمەى سەر شیعر و زمان بکەین، ئەوە دەشێ بڵێین شیعر بیر دەکاتەوە، لە شوێنێ کە هەیە! بەڵام زمان لەو شوێنە نییە کە بیر دەکاتەوە، زمان بیر دەکاتەوە لە شوێنێ کە ئەوى لێنییە! کێ بیر دەکاتەوە شیعر یان زمان، زمان لە شیعردا بیر دەکاتەوە؟ یان شیعر لە زماندا بیر دەکاتەوە؟
ئەو کاتەى شیعر بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (کۆپیکردن) شتێکى دیکە نییە، کاتێک زمان بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (داهێنان) شتێکى دیکە نییە، هەرگیز شیعر رێگایەکى نوێى بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو هەمیشە زمانێکى دیکە رێگاى بیرکردنەوەى پێنیشان دەدات، شیعر دەبێ ملکەچى زمان بێت… شیعر و زمان هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو شێوەى جیاواز، دەشێ زمان سیفەتى هەڵم وەرگرێ، شیعر سیفەتى هەور، هەڵم دەچێتە ئاسمان دەبێت بە هەور، هەور دەبارێ و جوانى دەبوژێنێتەوە…
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
شیعرى پڕ، زمانى بەتاڵ
منى شاعیر بەر لەوەى منى شیعر لە پێناو شتێ ئاڕاستە بکات، بەر لەوەى شیعر پڕ بکات لە شت، بەر لەوەى شیعر بار بکات، لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە قسان دەکات، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە لە پێشکەوتندایە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە کار لەسەر دواخستنى ماناى کۆن و دۆزینەوەى ماناى نوێ دەکات، هەمیشە بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە، بەڵام زمان تەواوى دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات، شیعر پڕشنگى جوانى پارچەکانى خەیاڵە! دەتوانم بڵێم دابەشبوونى ئەو دەقە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەر ئەو بنەمایە خۆى دەنەخشێنێ!

لە کۆپلەى یەکەم بەفر خەیاڵى خوێنەر بەرەو ژیان و مردن کێش دەکات، بەفر زیندووە مردووەکان تووشى سەرما دەکات، لە کۆپلەى دووەم مردووییەک وەک زیندوو دەرگاى ماڵى مردن دەکاتەوە و چاکێتەکەى لە سەر دیوارى ماڵە دراوسێیەکەیان دادەنێ و هەوا پڕ دەکات لە ئاسن… شاعیر هەموو ئەو پارچانەى دنیا لە یەکنزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەى ئێمە خوێنەر ئاوڕ لە جوانییەکانى ژیان بدەینەوە؟! لە کۆپلەى سێیەم کەسێ لە بەر دەرگاى ماڵەکەى ئانیشکى خستۆتە سەر ژیان و بیر لە رابردوو دەکاتەوە و لە پڕ مردن وەک دەبدەبە روو بە رووى دەتەقێتەوە! لە کۆپلەى چوارەم ژیان و مردن بەردەوامە، مردن لە ژیان و ژیان لە مردن نابێتەوە ، ئەو بیرکردنەوەیە ژیان لە خەیاڵ و مردن لە واقیع دەنەخشێنێ، ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە رەشدەچێتەوە.
کەواتە بەردەوام هەمووان وەک ئەکتەر لە نێوان بەفر و گۆڕستان و بیرکردنەوە رۆڵەکانى مردن و ژیان دەگێڕین، ئەو دیدە مەیلێکى رۆحى تێدایە، لەوێوە کە هەوڵدەدات خوێنەر درەوشانەوەى بینراو لە پێناو نەبینراو بەرجەستە بکات، بەو مانایەش رۆناکى خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینى نەبینراو گوزارشت لە دنیابینییەک دەکات، کە بایەخى مردن لە ژیان وەک وێنەیەکى بێ پەردەدا ئاشکرا دەکات، بە مانایەکى دیکەش دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات و لە رێگاى لادانى زمان و درەوشانەوەى وشە و خرۆشانى خەیاڵ هەوڵى خۆ دۆزینەوە دەدات، بۆ ئەو خۆ دۆزینەوەیەش پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پەیوەندییەکى بوونگەرایى لە نێوان ژیان و مردن، من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان… دروست دەکات!

بە کورتى:

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق) دەکەوێتە نێو دنیاى بەتاڵى شیعر و شێوازى نوسینى تەعبیرى ئەبستراکتى (درەوشاوە)ەوە و لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ و لە گێڕانەوەى واقیعیانە خۆى بە دوور دەگرێ، واتە لە رێگاى گوزارشتکردنەوە دنیابینى و لە رێگاى جولە و پڕشنگى وشەوە جوانى شیعرى بەرجەستە دەکات.
ئەو قەسیدەیە، لە رووى تەعبیرییەوە خۆى رۆناک نیشان دەدات، لە رووى ئەبستراکتەوە تەمومژى لەخۆدا هەڵگرتووە! شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و هەستکردن بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بێ ئەوەى ون بێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… پێماندەڵێت مردن و ژیان وەکو یەکن؟!

هەولێر 12/9/2017




هه‌راسانییم … مەولود ئیبراهیم حەسە ن

دە ستی منداڵیە تی خۆم دەگرم و
بەم سەری سپیمەوە
سە ری ساڵ پێکە وە
پیاسەیەک
بە ڕابردوودا دەکەین و
چیڕۆکە نەهاتووە کان
بۆ یەکتر دەگێڕینە وە.

***

پیربووم..
هێندەی بە دوای
ئە و منداڵیە تیە دا بگە ڕێم و
لە چاوە ڕوانی
پیریە تی دا
بە م منداڵیە وە ..گە ورە نابم .

***
بە وهه موو..
هیوای منداڵیە تیمە وە
بە رە و پیریی خۆم
ڕادە کە م
پیربووم و نایگە مێ
بە م هه موو..
شارە زایی پیریە تیمە وە
ڕێگای منداڵیە تی خۆم
نادۆزمە وە .

***
لە نێوان ..
پیریی و منداڵیە تیدا
(گە نج )ی هه بوو
بە پیریی( گە نج )یە تی خۆم
ڕانە گە ێشتم
(گە نج)ی منداڵیە تیم لە دە ست دا.

***
ئە وە ی
من لێی دە ترسێم و
هه راسانم دەکات
مردن نیە !
لە دە ستدانی
پاکیە تی منداڵیی و
هیوای گە نجیە تی و
حیکمە تی پیرییە
هه ڤاڵ.

——————- ١٢/١٢/٢٠١٧ – هه ولیر




یەکێتی و پارتی چۆن جیادەکرێنەوە؟ … چالاک ئـاغجەلەری

خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق وەک بژاردەیەکی وەڵامگەرا بە ڕووی نادادیی و ھەڵە بەدەوامەکانی ڕژێمە سەردەستەکانی ووڵات ھەڵتۆقی ، ئـەمھەستان و بەگژا چوونەوەیە پێش ئـەوەی داکۆکی بێت لە نەژادێک داکۆکی بوو لە تەواوی ئـەو بەھایانەی کە پێچراوە بە ھەر مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکەوە ، ھەرچەندە بۆ خۆیئـەم بەھایانە شکڵ بەندی ئـەزەلی لە خۆدەگریت ئـیمکانی دوورکەوتنەوە لێی وێنەیەک لە ناتەواوی مرۆڤەکان پێشکەش دەکات ھەر بۆیە دەست بردن بۆ ئـەم بەھایانە ودژایەتی کردن و دوورکەوتنەوەیە لە ھەقیقەتی خود ، بەواتایەکی تر ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەگەڵ یاساکانی ژیان لە پەیوەند بە بوونی مرۆڤ.

ھەرچەندە بۆ ھەندێک ئـەم پێناسەیە لە تێکۆشان و بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکان دوور لە کاتەگۆری عەقڵانیەتە چونکە دەرئـەنجامی ئـۆپۆزیسێونی دوێنێ ، گەیشتن بەدەسەڵات و بەردخورد لەگەڵ ئـاکامە دژوارەکاندا ، بوارێک ناھێڵێتەوە بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن لەیەکتر ، ھاوکات گەیشتنە بە وێستگەیەش بەشێکە لە ئـەنجامە ناکامەکان،لێرەدا بۆ ئـەوەی نەبینە بەشێک لە خۆڵەمێش و جێگەیەک بگرین لە فەزاکە دەبێت بە زیندو بمێنینەوە ئـەنجامەکان بە ژینگەیەک بسپێرین کە کۆمەڵ بەرپرسیارێتی تەواویفەزاکە بکاتە شان نەک بەتەنھا نوخبەیەک.

بە ھاتنە سەرباسی ھێدلاینی بابەتەکە پێویستە قسە و باسێک سەرێ بخەین بۆ ئـەوەی بە ھەمووان ئـەنجامێک بەدەست بھێنین بە ئـەندازەی کۆک بوونمان لەمەڕعوارچێوەی بابەتەک.
وەکو ئـاشکرایە کەم تا زۆر ھەموو شارەزای مێژووی ئـەم دوو ھێزە سیاسیەن ، شوێن و پێگەیان ڕۆژھەڵاتی ناوینە ھاوکات گەرمترین شوێنی لە ھەڵچونە سیاسی وعەسکەریەکانی پێبڕاوە کە ( ووڵاتی عێراقە)، ناوندێکە لەیەکەم خۆناسیندا ئـەوەی گوێی لێنەگیرا پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکەی بوو ، بەڵێ چەرخاندنی ئـەم شەمەندەفەرە سیاسیەبە ھێزی سەربازە گوێڕایەڵەکان ئـاراستەی ئـەجنداکەی بەجوڵە خست،ئـەنجامی ئـەو نادادیە ئـەم ھێزە سیاسیانەش (پارتی و یەکێتی) بەرھەمێکە لە نموونەی ئـەو ھێزەبەرھەڵستکارانەن بۆ وەستاندنی ئـەو جوڵە سیاسیە کە ویستی نەژادیان تێدا فەرامۆش کرا.

ڕەواتی یان ناڕەوایەتی ئـەم حزبانە کە ھەریەکە لە ساتە وەختێکی مێژووییدا خۆی ناساند پرسی ئـەم بابەتە نیە، بەڵام ئـەوەی دەبینرێت ھەردوولا لەسەر یەک فەلسەفە وئـەجیندای قەومگەرایی پەیڕەوو و پرۆگرامی سیاسیان خستەکار، بەڵام بەشکڵ و شێوەی جیاواز، پارتی دیموکرات ھەرچەندە لەسەر دەستی موعەلیمە نەتەوەییەکان شکڵیگرت بەڵام ئـەنجام سیاسەت گەڕایەوە دیوەخان و بوو بە بەشێک لە تەریقەت، ئـەمە وەک یەکەم ھەڵە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی پرسی کورد بوو ، بەدوای ئـەمەشدا تەسلیمبوونی موعەلیمە سیاسیەکان بەو حەقیقەتە ھێندەی تر قوڕەکەی خەستکردوە، ئەو پرسەی خەڵک ھەوڵی بۆدا و لە پێناویدا خۆی کردە قۆچی قوربانی بۆ تەریقەت بوو لەبناغەدا ، شۆڕش بوو بەشێک لە زیکری دەروێش ئـاسا بە موناجاتی کوردایەتی گردبوونەوەی سیاسیان پێگەرم کرد دوور لە ھەستی خۆیان .
وەک دەبینرێت ھێزێکی وەکو پارتی ٧٠ ساڵە تا وەکو ئـەم ساتەش خوانەکەی بەشێوەیە گوزەر دەکات، بەسەر ھەموو فەزاکەشدا زاڵە، حزبی پارتی زۆرباش مامەڵە بەژیانی سیاسی خۆی دەکات و دەزانێت لەکوێ و چی کۆمەڵگەیەکی دەروێش ئـاسادا ئـاراستەی ئـەجینداکەی دەکات، وەک چۆن عەقلی تۆتالیتاری و ھەژموونی خۆسەپاندنبەشێکی دانەبڕاوی ئـەو ناوچەیەیە، لە ھەر ئـەنجام گیریەک بۆ تەواوی ھەڵچوونی کێشە سیاسی و عەسکەریەکان بە لادانی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و ھێنانی فێرژنێکینوێە بۆ ھەمان فەزا ، ئـەمە ئـەو ڕاستیەیە خۆگێلکردن لێی ئـەو ئـەنجامە دەدات بەدەستەوە کەھەیە.

بە دوای ئـەم ھێزەدا دوای ماڵئـاویکردن لە دیوەخانی سیاسەت یەکێتی بووە شێونگرەوەی ئـەم ھێزە( پارتی)، ھێزێک قەرار بوو ئـاراستەیەکی جیاواز لە پارتی بجوڵێنێت، لەچوارچێوەی ھێزێکی فرە بەرەییدا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە خۆی ناساند، ئـەم ھێزە فرە ئـاراستەیە بە دیدگاو تێڕوانینی جیاواز بۆ یەک ستراتیژ کە دۆزی کورد و کێشەکەیوەکو خۆی بناسێنن ، ھاوکات بۆ دەرباز بوون لەو ھەڵەیەی موعەلیمەکانی دەیەی ٤٠ و ٥٠ کان کردیان ، قەراریان گرت ئـەو لەنگیە ڕاست بکەنەوە بەڵام ئـەفسوسنەکەوتە ڕێ چونکە ھەر زوو پارتی کەوتە خۆی بە نەفەسی( شۆڕشمان پێنەکرێت ، پێمان تێکدەدرێت)، کەوتنە خۆ و کەوتنە وێزەی ئـەم ھێزە ساوایە ، بە جۆرێک ئـەوەیمەبەستیان بوو وەکو مۆراڵی سیاسی بیر چوەوە ، شەڕی یەکتر بوە دیفاکتۆ تەواو ی خەون وھەوڵەکان کە پێویست بوو سەر پێخرێت بە ئـیفلیجی بە جوڵە کەوت، ئـەنجام بێھێزی ھەموولایەنەکان بەرامبەر بە ڕژێمی سەردەست و دوور کەوتنەوە لە خەباتە بنچینەییەکە بەرەیەکی ئـیجباریان لە نێو خۆدا پێکھێنا، دوای شەڕی کوەیت و عێراق ئـەمبەرەیە وەکو زمانحاڵی دەسەڵاتی کوردی خۆیناساند.
ئـەم بەرەیە تەنھا لە یەک ئـەزموندا سەرکەوتوبوون ئـەویش(شەڕی یەکتر)بوو، نەھاتن وەک بەرەیەکی شۆڕشگیر باری تێکشکاوی کۆمەڵگەی کوردی ڕاست بکەنەوەئـەوە بوو لەسەر ھەمان فەرھەنگی شاخ دوای ئـەوەی یەکتریان پێھەزم نەکرا کەوتنەوە وێزەی یەکتر و لەم جەولەیەدا تەواوی خەڵکیان کرد بەگژ یەکەدا کرد ، ئـاسەواریئـەم دژایەتیە تا ئـەم ساتەش لە ئـامادەیەکی چالاکدایە.
وەکو لە پەرەگرافەکانی پێشترئـاماژەم پێکرد ھێزێکی وەکو پارتی تەریقەت ئـاسا گرەو لەسەر مانەوە و دەنگەکانی خۆی دەکات، ئـەوەش بە حوکمی خوێندنەوەیان بۆدواکەوتوویی کۆمەڵگاکە سیاسەتی حزبییان بەرھەمدارە و دەروێشەکانی ئـەم تەریقەتە بە ھەموو فەزایەک ڕازین و گوڵ لە دەستیان دەرناچێت و بەردەوامن.

ھەرچی پەیوەندی بە یەکێتی یەوە ھەیە وەکو ھێزێکی نوێی بەرەیی، ئـەم فرەییە وەکو تێزێکی نوێ لە سیاسەتی حزبی کوردییدا، دەکرا بەرەو پێش ببرێت، بەڵام بەھۆیھەزمنەکردنی ئـەم ڕەوتە لە خەبات و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بەرەیی ، توشی چەندین جیابوونەوە و گوێ نەگرتن لەیەکتریانی کرد، کردنەوەی دەروازە بەم ئـاراستەیەدانادیدەگرتن و کەوتنە ژێر بەرپرسیارێتیەکەوە نەفەسێکی درێژی دەویست خۆی بۆ بگرێت، وەک دەیبینن توانای ئـەم فرەییە کورتی ھێنا ، لە نوێترین دوورکەوتنەوەدابزتنەوەی گۆڕان(کاک نەوشیروان) بوو ماڵی خۆی جیاکردەوە ، لە پێناوی ھەرچی گەیشتن بەو ئـامانجەی مەبەستی بوو سەرکەوێت.

ئـەم خەسڵەتە لە یەکێتیدا بە ئـێستاشەوە بەردەوامی ھەیە ، فۆرمی فرە میمبەری بە شێوەیەک بچوک و قێزەوونکراوە ، دۆخی دەستەگەری باڵی کێشاوە بەسەر ئـەم ھێزەدا،ئـەم دەستە دەستانە ھەریەکە خۆی بە خانەخوێ و بەرامبەر بە مورتەزیقە ئـەژمار دەکات، کار گەیشتۆتە ئـاستێک پێشمەرگەیەکی دێرینی ئـەم ھێزە کە ھەموو تەمەنیخەباتی لەم ھێزەدا بەسەر بردووە ئـومێدی چاک بوونی بەم حزبە نەماوە، بۆ ھێزێکی سیاسی کارەساتە کەسە دڵسۆزەکانی نەفەسی ڕەشبینی ھەڵمژن، بە دیوێکی ترداھێزێک فەرھەنگی دیموکراتی بە شاڕێگەی خۆی وێنا بکات و بەزمان دونیایەکی جوان پیشان بدات و بە کردەوەش شوێن پێی ھێزە تەریقەت ئـاساکە بێت، مایەی پرسیار وگومانە ، ئـێستا کاتی ئـەوەیە یەکێتی خۆی بناسێنێت وەکو چۆن پارتی یەکلا بۆتەوە، دەبێت بەلای کەمەوە کادیر ولایەنگرانی لەم ھەڵوێستەی بگەن، ھەرچەندە ئـەم فۆرمەپێویستی بە ڕامانی سیاسیە ئـەوەش لە چوارچێوەی گۆنگرەیەکدا بەرجەستە دەبێت، ھەر بۆیە ھەرچی زووە دەست و برد لەم ھەوڵەبکرێت جەماوەرەکەی پێش چاویان ڕوونبێتەوە بە فیعلی ھێزێکی سیاسی بێ خەوشە و داکۆکیکاری سەرسەختی خەڵک و پشتیوانیانە ،یان ئـەو ھێزە تەریقەت گەراییەیە لەسەر ھەمان میتۆدی ھێزە تۆتالیرستەکانەگرە و لەسەر نوخبەیەکی دەست ڕۆیشتوو دەکەن، چاوەڕانی ڕۆژێک دەکەن کە پێیان بڵێن بڕۆن !! نمونەی سەدام و قەزافی ئەوانی تر، ئـەمە جیاوازی نێوان یەکێتی و پارتییە ، دەشێ لە سبەی ڕۆژدا جوانتر خۆی نمایش بکات.

لە کۆتاییدا بە پشت بەستن بەو کۆمەڵە دەنگە جوانەی ناو یەکێتی و جەماوەرە ماندووەکەی نوسەر گەشبینە بە ئـاراستە ڕاستەکەی ، ھەرچەندە کەشی ئـاڵۆزی ناوچەکەدژوارە ترسی کەوتنیشی ھەیە بەڵام ئـەنجام دەست گرتن بە داکۆکی لە خواستەکانی خەڵک کلیلی دەروازەی ئـایندەیەکی گەش و مێژوویەکی ڕوو سورە بۆ ھەر کایەکیسیاسی.




له‌ نێو دڵم … ئاری زێندینی

له‌ نێو دڵم ناڕوات یادگاریه‌كان
رێگام دووره‌
كات زۆر بێ باكانه‌ خێرا ده‌ڕوات
ته‌مه‌ن به‌ یه‌ك قه‌ڵه‌م خه‌تی سپی له‌سه‌ر سنگم ده‌نه‌خشێنێ‌
ته‌مه‌ن به‌ دوو خودكار ئاگری سپی به‌رداوه‌ته‌ تاڵی سه‌رم
پێتان ده‌ڵێم
دڵنیابن
له‌ دڵمدا ناڕوات یادگاریه‌كان
هیچ خامه‌یه‌ك ناتوانێ‌ دڵی سورم كاڵ بكاته‌وه‌
به‌فری سپی هیچ وڵاتێك ناتوانێ‌ دڵی گه‌رمم ساردبكاته‌وه‌
دوێنێ‌ دایكم له‌ خه‌و بینی
ئه‌مرۆش كوردستان
به‌یانیش نیشتمان
شه‌و له‌گه‌ڵ پیتی (س) ده‌دوام
دڵم گه‌له‌یی له‌ پیتی (ژ) ده‌كرد
پیتی (ژ) به‌ چاو مۆنی گووتی:
من بۆ ژانی كورد له‌ دایك بووم
بۆ ئه‌و ژانه‌ سه‌رقاڵكراوه‌
دڵنیابن,
له‌ دڵمدا ناڕوات یادگاریه‌كان
رۆژگارێك دێت به‌یه‌كه‌وه‌ به‌خه‌نده‌وه‌
یادگاریه‌كان بۆ نه‌وه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌ !




بابەنوێلێکی دڵشکاو … حەمەی شانۆ

واساڵی نوێ هاتەوە
تکایە بەسەرۆک بڵێن
بەتۆپ هاوێژەکان و جەنگاوەرکان
پێیان بڵێن بێدەنگبن
تەقە مەکەن
ئەمشەو مناڵێ
چاوەڕوانی
بابە نوئێڵیەتی
لەئاسمانەوە بە دیاریەوە بێ
تفەنگەکەنتان دابنێن
دوو عاشق دەیانەوێ
ئەمشەوی سەری ساڵە
لەژێر ئەم دارسنۆبەرەی ژیان
پەیمانی عەشق ببەستن
چاکەکەنتان دابنێن
دەنا ئەمجارە
ئاسمان دڵی بشکێ
بەئیسمی تەعەلا قەسەم
جارێکی تر هەرگیز هەور وباران نابینەوە
جارێکی تر حاجی لەق لەقەکەن نایەنەوە
جارێکی تر نە عشق ژیانە و نە ژیانش جوانە
جارێکی تر ئێرە ببێتە بەهەشتیش هیچ موسافرێک ڕووی لێ ناکەتەوە
جارێکی تر گەر هەزارجار غوسڵی سۆز و هەستیش دەرکەن دڵ لەخوێن و خیانەت خاڵی نابێتەوە
بۆیە جارێکی تر و جارێکی تر و جارێکی تر و جارێکی تریش پێتان ئەڵێم تفەنگەکەنتان دابنێن

“حەمەی شانۆ”




کاتی تاقیکردنەوە … ڕۆستەم خامۆش

کـاتــی تـاقـیـکـــردنــــەوە
جـارێـکـــی تــر هــاتـــەوە
خــــۆم ئــامـــادە کــردووە
مــن زۆر باشـم خوێندووە
لــە هـەوڵ و تـێکـۆشـانــم
بــــــۆ ئـایـنــدەی ژیـــانــم
دەزانـــم هــەر بــە زانست
دەگەم بـە هیواو مەبەست
تـا یەکـەم بـم وەک سـاڵان
شــاد بـم لــە نێـو منـداڵان
بـێ پشـوو هـەر دەخوێنـم
تــا ســـەرکــەوتـن دەبینـم

ڕۆستەم خامۆش هەولێر 2017




ئیسلامی توندئاژوێ، ئەمریکا، رووسیا … شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای ئەهەوەنی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەسەردەمی سەرۆک کۆماری جیمی کارتێردا بوو. بەناوبانگترین پلان و ستراتژی بێرژنێسکی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە ئیسلامێکان وەک کەرەسە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بوو، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتە چەپەکان لە عێراق، سووریا، میسر، یەمەن ئەو هێژمۆنیە بەروپێش دەچوو، بێرژنێسکی بە هاوکاری عەرەبستان و پاکستان دوو لە وڵاتە ئیسلامێ تووندئاژوێکان و ناوەندی هزری بەرهەم هێنی ئیسلامی سەلەفی و جەهادی ئەو سەردەم، پلانی پرچەک کردنی ریکخراوە ئیسلامێکانی بە دژ حکوومەتی سەربە سۆڤییەتی ئەفغانستانی دەست پی کرد. پاکستان لەو سەردەم‌دا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسلامێ بناژۆخوازەکان‌دا بوو کە بە کۆدەتای ژنراڵ موحەممەد زیائولحەق پەرەیان ئەستاندبوو، ژێنراڵ زیائولحەق ساڵی ١٩٧٧ کۆدەتای لە زولفەقار عەلی بۆتۆ کرد و ئامانجی خۆی ئەتۆمی کردنی پاکستان و پێکهێنانی وڵاتیکی ئیسلامی و حاکم کردنی ئیسلامی راستەقینە راگەیاندبوو، دیارە عەرەبستانیش کە ناوەندی هزری و فکری سەلەفییەت و بناژۆخوازی ئیسلامی بوو.

بناژۆخوازانی ئەفغانستانی:

ساڵی ١٩٧٨ نوورموحەممەد تەرەکی یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دێموکراتیکی گەلی ئەفغاسنتان بەهاوکاری ئەفسەرانی کۆمۆنیست بە کۆدەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و حکوومەتێکی چەپی سەر بە سۆڤییەت لە ئەفغاسنتان بێنێتە سەرکار، لەپاش ئەو کۆدەتایە بزاڤێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە کۆمۆنیستە سەری هەڵدا لەژێر ناوی موجاهیدنی ئەفغانستان کە لەخۆگری هزر و شووناسیکی ئایینی ئیسلامی بوو، لەوەها دۆخێک‌دا کە تازە لە ئێران بەهۆی شۆرش، دەسەڵاتێکی ئایینی هاتبوە سەرکار و لەپاکستاینش هەر بەو شێوەیە بە هۆی کۆدەتای زیائولحەو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر کار بوو، ئەو دوو وڵاتە هانی موجاهدینی ئەفغانستانیان دەدا بۆ بەربەرکانی بەدژ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی حاکم بەسەر ئەفغانستان‌دا، لەوەها دۆخێک دا کە هێژمۆنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەم بە هۆی دەسەڵاتەکانی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و هەمیش بە هۆی کۆدەتای چەپەکان لە ئەفغانستان و لەدرێژەشدا بە هۆی دەسەڵاتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە ئێران لەژێر هەرەشە و لەناو چوون دا بوو، بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای جیمی کارتێر گەڵاڵەی پرچەک کردنی رێکخراوە ئیسلامێکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆشکی سپی و بەم شیوەیە، پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا دەست پێ‌دەکات و لە کۆتایی دا ئەو رەوتە لەتەنیشت پلانەکانی تری ئەمریکا دەبنە هۆی لاواز بوونی یەکێتی سۆڤییەت و لەدرێژەش‌دا لەگەڵ گەڵاڵەکانی گۆرباچۆف دوایین سەرۆک کۆماری یەکێتی سۆڤییەت بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەی، حکوومەت کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان دەرووخێت و دکتۆر نەجیبوڵڵا وەک دوایین سەرۆک کۆماری کۆمۆنیست دەسەڵاتەکەی دەرووخێت و دیارە یەکێتی سۆڤییەتیش هەر لەناو دەچیت.

پەرەی هێژمنۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژهەڵاتی ئورووپا:

لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، بەشیکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی نزیک لە ئەمریکا بوون وەک تونس و میسر تووشی بشیوەی و ئاڵوگۆری هاتن لەوەها دۆخیک دا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتبۆە دەست دیموکراتەکان، ئەوان هیچ گەڵاڵە و پلانیکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین نەبوو، بەجۆرێ کە ئەو ناوچەیە بەگشتی تووشی بۆشایی دەسەڵات هاتبوو، دەسەڵاتێکی نەزم‌دەر کە بتوانێت هاوسەنگی هێز و دەسەڵات بپارێزێت، لەو ناوەدا ئێران و رووسیا رۆژ بە رۆژ هێژمۆنتر دەبوون و هەر لە درێژەی ئەو رەوتەش‌دا رووسیا توانی پێش بە سەرکەوتنی شۆرشی گەلی لە سووریا بگرێت و بۆجاریکی دیکە دەسەڵاتی بەشارئەسەدی لە سووریا حاکم کردەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ماوەیەکی زۆرە رووسیا خەریکە جێ پێی خۆی لە سنوورەکانی رۆژئاوایی و باشوری وڵاتەکەی مسۆگەرترو بەرفراوانتر دەکاتەوە، رووسیا توانی لەشەریکی نیزامی یەکلایەنە گورجستان و ئوکرایینی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە چۆک دابنێنێت و هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە رووسیا ناراستەوخۆش خەریکی هەرەشە بۆسەر ژێئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناویە، بەجۆری کە سەرۆکی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لەو ناوچەیە لە لێدوانێک‌دا بۆ چەکدارانی ئەمریکایی نۆروٶژ بەوانی راگەیاندوە کە خۆیان بۆشەریکی گەورە ئامادە بکەن.

لەوەها دۆخێک‌دا رێکخراوە تووندئاژۆکانی ناو ئەفغانستان خەریکن خۆ لە سنوورەکانی تاجیسکستان بەهێز دەکەن و لە هەمان کاتیش‌دا خەریکی خۆرێکخستن لە سنوورەکانی باشووری روسیان ئەوە لەکاتێک دایە کە بەشیکی زۆر لەو شەرکەرانەی ئێستا لە سورریان لە ناوچە قەوقاز و ئەبخازیا و کۆمارە خودموختارەکانی باشووری رووسیاوە هاتوون و شیمانەی وەی دەکرێت کە ئەمریکا پلانێکی تری هاوشیوەی پلانەکەی بێرژنێسکی هەبێت بۆ بڵاوە پێ کردنی چەکدارانی گرووپە ئیسلامێکان لە سنوورەکانی باشووری رووسیا و بەو شیوەیە رووسیا لە شەرێکی فەرسایشی لەگەڵ گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامێکان تێوەگەلێنێت، تا هەم بتوانێت لە هێژمۆنی رووسیا لە رۆژهەلاتی ناوین کەم بکاتەوە، هەم هەرەشەیەک بۆسەر ئیران بێت و هەمیش پێش بگرێت بە زێدەرۆییەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئوکرائین و ژیئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناوی.




باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە


شاخەوان شۆڕش
21-12-2017

لەماوەی رابردوودا زۆرهەروەستە لەسەر دەنگی بەڵی و نەخێر کران و زۆرگوتران، هەروەها زۆر لەسەر بوون و ونەبوونی ریفەراندەم و دەرئەنجامەکان گوتران. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری داڕمان و کەوتنەکە سۆزدار و لایەنگرانە لێکدرانەوە. پێویستە بگوترێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە گشتپرسیدا دەنگ لەسەر پرسیارێک دەدەن کە پرۆسەیەکی رامیاری دروستی کردووە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا نوێنەرانی گەل پەراوێزخراون، بڕیاردەر نین و کاریگەریان لەسەر پرۆسە رامیاریە گرنگەکاندا نییە. هەروەکو ریفەراندەمەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەر دەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ ـەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی ناکایی و ناجێگیری ئەو ئاراستە میلیتسگەرایە رامیاریەیە کە لە دوای راپەرینی ١٩٩١ ـەوە جلەوی رامیاری لە باشوری کوردستاندا زەوت کرد. ئەو ئاراستەیە لەسەرەتاوە سەپێندراوە و دوورە لە کاریگەری دەسەڵاتی گەل، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتگەرا گڕی دەدا و ‌‌هەڵیدەسورینێ. لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەردا بەئەگەری زۆر پرۆسەی هەڵبژاردن یا گشتپرسی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە، چونکە بوونی خودی پرۆسەکە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دیارە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر لەرێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرکاندا درێژە بەبوونی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دەدات. هەرچۆنی بێت جۆری دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی لە ریفەراندەمەکەدا بۆ گروپێک ئەرکێکی کوردستانی بوو و دەربڕینی ئاوات بوو، بۆ هەندێک هەڵویست بوو دژی دەسەڵات، بۆ هەندێک پشتگیری بوو لە دەسەڵات، بۆ هەندێک ملکەچی بوو لەترسی گەماڕۆکان، بۆ هەندێکیش گرنگیەکی نەبوو.

پرۆسەی دروستکردنی ناسیۆن لە وڵاتێکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەختە هەروەکو پرۆسەکە بە کۆمەڵێ فاکتەری هەرێمی و نێوەنەتەوەییەوە بەندە. پێویست دەکات نەتەوەی ژێردەست هەروەها هەڵگرانی ئەو پرۆژەیە لە ئاستی داخوازیەکان و مەرج و تێگەیشتنە نێوستاتی، هەرێمی و نێونەتەوەیەکاندا بن. لەباری باشوری کوردستاندا پرۆسەی بنیاتنانی ناسیۆن بە بەراورد لەگەڵ گەلانی ژێردەستەی دیکەدا، بەهۆی مەرج و بەربەستە جوگرافی، دیمۆگرافی، ئابوری و رامیاریەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر و سەختترە. کێشەوبەربەستە سەرەکیەکان کە تایبەتن بە کوردستان: کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و کێشەی رامیاری کورد کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتانەوە هەیە، کوردستان چواردەوری بەسنوری ولاتی داگیرکەر دراوە، ئێران و تورکیا کە بەشێکی گەورەی کوردستانیان لەژێردەستدایە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووی وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆرن، نەبوونی وڵاتی دۆست لەسنور یا دۆستی بێمەرج و راستەقینە لە ئاستی جیهانیدا، گۆڕینە زۆرەملێ دیمۆگرافەکان و تێکەڵی ئەتنیانە لەگوند و شارە سنوریەکاندا، کوردستان بەسەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە و وڵاتانی داگیرکەر نایانەوێ دەستبەرداری بن، هتد. بۆیە ئاڵۆزی و سەختی پرسی کێشەی کورد دەخوازێت توانای کوردەکان لەهەر پارچەیەکدا لەوانە لە کوردستانی بندەستی ئێراقدا نمونەیی بێت، بتوانێ بەتەواوی لە ئاستی داخوازی و مەرجە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا بێت.

دوای دەستێوەردانە نێونەتەوەیەکە لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەی بەهاری ١٩٩١ دا، بەرەی کوردستانی کە ئەوسا ٨ پارتی لەخۆی دەگرت، خاوەنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بنیاتنەر نەبوو، بەڵکو کۆمەڵیک بیر و ئایدیای جیا لەئارادا بوون، لەکاتێکدا هەموو پارتەکان لەژێرکاریگەری بەرژەوەندی حزب و رەوتی ئێراقچیانەدا بوون (جگە لە پاسۆک کە ئێراقچی نەبوو). جگەلەوە لای پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارت گرنگی یەکەم و لەپێشیان هەبوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونی دێرینەیان خۆیان ئامادەدەکرد و سوودیان لەبارە ناکاییەکە وەرگرت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی تەنها خۆیان وەکو دوو هێزی کاریگەر مانەوە. ئەوان دوو هێزی پاوانخواز و میلیتسگەرابوون و لەسەر بنچینەی مۆدێلی کلاسیکی سەرۆک و پارتی دیکتاتۆر پێکهاتبوون، هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ بەهێزکردنی ئەو سترەکتورە سەپێنەر و نادیموکراسیە بە خەستی کرد و گرنگیان پێدا. ئەوش لەسەر حسابی بنیاتنانی ناسیۆن بەپێی هەنگاوی ستراتیژیانەی تاوتوێکراوەوە. بەمجۆرە لەجیاتی داڕشتنی دەستوری کوردستانی، بنیاتنانی دامەزراوە بەریوەبەری، ئابوری و رامیاریەکان لەسەر بنچینە و تێگەیشتنێکی مۆدێرن و کوردستانیانەدا، دروستکردنی سوپای نیشتیمانی، پیادەکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هاوبەش، بنیاتنانی کۆڵەگە گرنگە دیموکراسیەکان، ئارەزووەکانیان لە ئامانجە بنەماڵەیی و پارتگەرا تایبەتەکان چڕکردەوە هەر لایەنە بەجیا بەدوای ئامانجە تایبەتەکانی خۆی کەوت. ئەوەش بووەهۆی شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی باشوری کوردستان بەسەر دوو زۆنی میلیتسگەرای زەرد و سەوز و دوو بەڕێوەبەریدا، هەروەها راکێشانی وڵاتانی داگیرکەر ئێران و تورکیا و ئێراق بە سوپا و دامەزراوەکانی تریان بۆ ناو باشوری کوردستان، بەمجۆرە بەرزبوونەوەی کاریگەری ئەو وڵاتانە بەسەر ئاراستە و چارەنوسی کوردستاندا.

لەدوای دەستێوەردانی دووەمی نێونەتەوەیی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا و رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دەرفەتێکی دیکەی کەموێنە هاتەوە بەردەم، یەکەم بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە حزبی و نادیموکراسیەکان، بەمجۆرە دیموکراتیزەکردن و لە هەمانکاتدا هەلهێنانی هەنگاوە گرنگەکانی بنیاتنانی ناسیۆن، دووەم (لە کاتێکدا مەبەستی جیابوونەوەیان نەبوو) کارکردنی ستراتیژیانە لەسەر دابینکردنی مافە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان لە چوارچیوەی ئێراقدا و بەدەستورکردنی مافی جیابوونەوە لە رێگەیەکی دیموکراسیانەوە. هەردوو پرۆسەی رامیاری کوردستان و ئێراق بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. هەروەکو ناسەرکەوتوویی لە پرۆژەی بنیاتنانی ناسیۆن لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ئێراقدا بەئەگەری زۆر بەدوایخۆیدا بێگومان دێنی.

بەپێچەوانەوە هەردوو بەرەی زەرد و سەوز لەسەر بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و سەقامگیرکردنی دامەزراوە سەرکوتکەرە حزبی و نانیشتیمانیەکان درێژەیان بە کارەکانیاندا. باشوری کوردستان هەرگیز دیموکراتیزە نەکرا و هەنگاوە سەرەتایەکانی بنیاتنانی ناسیۆن بە دروستی نەنران، دامەزراوە نیشتیمانیەکان لەهەر بەرەیەکدا وابەستەی حزب کران و خرانە خزمەت بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار. بەکردەوە باشوری کوردستان بەپارچەیی مایەوە و لەهەرلایەکدا پارت و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان پیادەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کرد. حزبی چەکدار دەستی بەسەر بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و بەرگریدا گرت و هێزی میلیتسگەرا کۆمەڵگەی بەهەموو جومگەکانیایەوە خستەژێرچنگی خۆی. مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کرانە کۆیلەی موچە یا خرانە ژێر گەمارۆکانی پارت، ژێرخانی ئابوری نابووتکرا و کۆمەلگە خەسێندرا، لەجیاتی هوشیارکردنەوەی مۆدێرن و کوردستانیانە گۆمەڵگە بەخەستی نووقمی کۆنەپارێزی ئیسلامیکرا، لە بزری ستراتیژی نیشتیمانیدا هەربەرەیە بەجۆر و شێوەیەک هەنگاوی حزبیانەی نا، سەرچاوەی سروشتی لەجیاتی ئەوەی کوردستان دەوەڵەمەندکا، لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە دەستیبەسەرداگیرا و بەکارهێندرا، بەرزرترین ئاستی گەندەڵی لەو بوارەدا تۆمارکرا و لەئەنجامدا ملیارەها دۆلار لەسامانی گەل بەفیڕۆ چوو و کۆمەڵگە کەوتە ژێر قەرزی گەورەی کۆمپانیا بێگانەکان. واتە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، ئابوری و رامیاریدا جگەلە ناسەرکەوتوویی زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل کوشندانە گەنەیەندرا.

لە ئاستی ئێراقدا بەهۆی بوونی کاریگەری هێزی دەرەکی ئەمەریکا و سەرپەرشتیکردنی لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا، تواندرا پشک لەدەسەڵاتی ناوەندا بەپێی قەوارە هەبێت، چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان بەدەستور بکرێت، بەڵام دەسەلاتداران نەیاتوانی مافی چارەنوس بەدەستوربکەن، لەراستیدا گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا. جگەلەوە لەبەر دوو ئاراستەیی بەرەی زەرد و سەوزدا سیاسەتێکی پارتگەرای دوو بەرەیی و ناتەبا لە ئاستی ئێراقدا پیادەکرا و نەیانتوانی وەکو نوێنەری ناسیۆنێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە هەموو بوارە گرنگەکاندا کۆنسترەکیڤانە یا پریمۆدالانە مسۆگەری دانپێنان و گەرەنتیەکان لە بوارەکانی ماف و بەرگری و چارەنوسدا بکەن و ستراتیژیانە کاریان لەسەر بکەن.

دووبەرەیی و زاڵی بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حزبی ڕۆڵی گرنگی لە خراپترکردنی باری ئابوری و ڕامیاری کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا گێڕا بە جۆرێک کە بووەهۆی قەیرانی ئابوری و ڕامیاری بنبەستوو. جگەلەوەی کە بۆشایی نێوان گەل و دەسەڵاتداران ڕوو لە هەڵکشاندا بوو، خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم و یا نەما. دەبوایە لە هاوینی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆک نایاسایانە درێژنەکرێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن کە تازە دەرکەوتووبوو کار لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئامانجەکانی خۆی شێلگیرانە بکات. بەلام بەپێچەوانەوە سیستەمی ناسەرکەوتووی دووبەرەیی و بێمتمانەیی پێشوو ماوەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزیسۆنیش ملی کەچکرد و چووە ناو دەسەڵات. پێداگرتنی سەرۆکی سەپێندراوی هەرێم لەسەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە ٢٠١٥ دا و وەستانەوەی بەرەی زەرد دژ بە گۆڕانی بنەڕەتی رامیاری لە باشوری کوردستاندا بارەکەی تەنها خراپتر کرد و شەقبوونە رامیاریەکە کوشندەترکرا. لەجیاتی دەستلەکارکێشناوەی سەرۆک و چارسەری کێشەکان لە رێگەیەکی دیموکراسیانەدا، ڕیفەرەاندەم وەکو جۆرێک لە چارەسەری قەیرانی ناوخۆی باشوری کوردستان و ئێراق هێنرایە پێش و بەرزکرایەوە. بۆیە ریفەراندەم دەرئەنجامی بەرنامەیەکی نیشتیمانی تاوتوێکراوی ستراتیژیانە نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێراق بوو. شکست و ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا، لەهەمانکاتدا ڕزگارکردنی بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حزبیەکان دروستیانکرد. ریفەراندەم نکۆڵیکردن بوو لە قەیرانی ڕامیاری و شەقبوونە کوشندەکە، لە قەیرانە ئابوریەکە، هەروەها لە بێزاری و توڕەیی خەڵک. هەوڵێک بوو دەیوست بە خۆلێگێلکردن و چاوپۆشیکردن قەیرانەکان تێپەڕێنێ و بە هەوارێکی ئەستەم و دوورەدەست بگات، لەوێوە گەورەیی سەرۆک و سەرکەوتن بە خەلک بفرۆشێتەوە، بەمجۆرە مسۆگەری درێژی خەونە ڕەنگاوڕەنگە تایبەتەکانی بکات.

بەڵام کیشەی سەرۆک و دەسەڵاتی بەرەی زەرد ئەوەبوو، ئەو پرۆسەی بەناو جیابوونەوەیەی دەستیپێکردبوو، لە بزری فاکتەرە گرنگەکاندا پرۆسەیەک بوو نامۆ بە تێگەیشتنە نێونەتەوەیەکان. سەرکەوتنی ریفەراندەم بە سەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا و هەروەها نێونەتەوەیدا وابەستەبوو، کە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی کوردی لەهەرسێ ئاستدا ژێرکەتوو و ناسەرکەوتوو بوو. لەئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیشدا هیچ کارێکی گرنگی کۆنسترەکتیڤانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نەکرابوو، بەپێچەوانەی فاکتەرەگرنگەکان، بەبێ گوێدانە هۆشداریەکان، جەختی سەرەکی خرایە سەر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پەرەدان و ملکەچبوون بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا. لەلایەکیتر خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ هەندێ “ڕاوێژکاری” بێگانە. دەسەڵاتی هەرێم لەخۆباییانە بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان سەوڵی لێدەدا.

پشتکردن لە ئەمەریکا و رۆژئاوا، کە باش یا خراپ ئەو هێزەن هۆکاری سەرەکی بوونی دەستکەوت و ئازادی باشوری کوردستانن، هەنگاوێکی خۆکوژانەی بێئەملاو ئەولا بوو. هەر دوای ئەنجامدانی ڕیفەراندەمەکە کە پشتگیری رۆژئاوا کشایەوە و گەماڕۆ و هەڕەشەکان لەهەموو لایەکەوە سەریان هەڵدا، دەسەڵاتی لاوازی باشوری کوردستان کەوتە لەرزە و لە بێ پلانی و نائامادەییدا دەرئەنجامێکی نادیار چاوەڕێی بوو.

ڕێکەوتنی ژێربەژێری باڵی دەسترۆیشتووی بەرەی سەوز، ڕێکەوتنی ١٥ ئۆکتۆبەر و پەسندکردنی مەرجەکانی ئێراقێکی لاواز، دواتر دارمانی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دووبەرەییە بوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا سەپێندرا، دەرئەنجامی ناسەرکەوتووییە لە ئاستی ناوخۆیی، ئێراقی، هەرێمی و نێونەتەوەییدا کە لە وتارەکەدا ئاماژەمان بۆکردن.

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.




ئەو کاتەی بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

هەر وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە شوێن و پێگەی ڕەسەنی عەرەبەکان، جەزیرەی عەرەبی و سەنتەری سەرەکیشیان، میرنشینی عەرەبستانی سعودی ئێستا، بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئیدی وردە وردە، سنوور و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامەوە، فراوان کردووە. ئەوان؛ لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدی گەیشتوونەتە باشووری (عێراقی ئێستا). لە سەردەمی دوا خەلیفە، ( عەلی کوری ئەبو تالیب) و کوڕو نەوەکانی، بە شێوەیەکی فراوانتر هاتوونەتە باشووری عێراق، بە تایبەتیش شارەکانی نەجەف و کەربەلا و کوفە و، تیایاندا نیشتەجێبوون و ، کردیانە هەواری تازەی خۆیان. بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ئەم مێژووە، وردە وردە بەرەو سەروو، بە تایبەتیش سنوورەکانی بەغدای ئێستا، هەڵکشآن و ئەوێشیان کرد بە نیشتیمانیی خۆیان.

بەغدا لە سەردەمی ساسانییەکاندا، سەرەتا گوندێکی بچووک بووە. ئەو کات؛ زمانی فارسی زمانی فەرمی وڵات بووە. لە سەردەمی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسییەکاندا، بۆتە شارو پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی. عەبدوڵلای کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵلا کوڕی عەباس عەبدولموتەلیبی هاشیمی قوڕەیشی، ناسراو بە ؛ ( ئەبو جەعفەری مەنسوور ٧١٤ـ ٧٧٥ ز)، دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسییەکان، بەغدای دروست کردووە. ئەبو جەعفەر، خۆیشی لەدایک بووی سنووری ئێستای عێراق نەبووە، ئەو؛ لە شام لە دایک بووەو، لە شاری (مەککە)ی زێدی باب و باپیرانی، بە نەخۆشی، لە ساڵی (٧٧٥ ز)، کۆچی دوایی کردووە. بەغدا لە سەدەی هەشتەم (٧٥٣ـ ٧٧٠)، بنیات نراوە.

کە عەرەبەکان هاتوونەتە ئەم شارە تازە دروستکراوە، خەڵکی تریش لە نموونەی؛ پاشماوەکانی ئاشوری و بابیلی و ساسانییەکانی لێ بووە. بەغدا، هەر لە ناوەکەی ڕادیارە ، ناوێکی عەرەبی نییە، ئەگەر کوردی نەبێت، ئەوا سەد دەر سەد فارسییە.
جوولەکەکانیش وەک گەلانی تری ناوچەکە( ئەرمەن و کورد )، بە درێژایی مێژوو، چەوساونەتەوەو ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کوشت و بڕ، تاڵان، جینۆساید، کراون. لێیان نەگەڕاون لەسەر زێدی باب و باپیرانیان، ئارام بژین و هەردەم نوونەی ( تۆپی پێ )، تۆپ تۆپانێیان، پێکراوە.

ئەوەی هەتا ئێستاکە زاندراوە؛ جوولەکەکان بە درێژایی مێژوو لە نێوان بابل و ئۆڕشەلیم (قودس)، لە هاتوچۆ کردن و ڕاگواستندا، بووینە. هەشت سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ئۆرشەلیمەوە، بە زەبری هەڕەشەو هێزەوە، بۆ بابل، دوور خراونەتەوە. لەوێ؛ بە ناچاری، ئەم دەڤەرە تازەیان کردووە بە نیشتیمانیی خۆیان. لە دەورو بەری ساڵی (٥٣٩)ی پێش زایین، کاتێک کە کۆڕشی گەورە، پادشای فارسەکان، بابلیان داگیر کرد، ئارەزوو مەندانە، ڕێگایان بە جوولەکەکاندا کە بگەڕێنەوە زێدو کۆنە هەواری خۆیان (ئۆڕشەلیم). ئەوان؛ ئەو کاتەی کە گەڕانەوە، ژمارەیان (٢٤٣٦٠) کەس دەبوون. هەروەها لەگەڵ خۆشیاندا نزیکەی (٣٣٧٧) خزمەتکاریشیان بۆ ئۆڕشەلیم بردەوە. ئەوان؛ هەر ئەوەندە گەڕانەوە. ئەوانەی تر، لە بابل مانەوەو درێژەیان بە ژیان و جێبەجێ کردنی مەراسیمە ئایینی و کولتورییەکانی خۆیاندا. دوای ئەم مێژووە، ئیدی بە درێژایی (١١٠٠) ساڵی داهاتووەوە ( دوای ساڵی ٥٣٩ ی پێش لەدایکبوونی مەسیح)، شاری ئۆڕشەلیم کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی و گریک و ڕۆمان و سەلجووقی)یەکانەوە. هەر یەکەیان چەند ساڵ و قۆناغێک، حوکمڕانی ئەوێیان، کردووە.

لە سەدەی هەشتی زایینییەوە، شاری بەغدا بوو بە سیمبۆڵێکی دیاری ئایینی ئیسلام. ئەو کاتە؛ جوولەکەکان تەبای گەلان و نەتەوەکانی تر، بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە، ژیاون. لە ڕووی خوێندەواریشەوە، میللەتێکی کارکردەو پێشکەوتوو بووینە. (بنیامین تەلیتەلی)، گەڕیدەی جوولەکە، سەردانی شاری بەغدای کردووە.لە ساڵی (١١٦٨) ی زایینی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەغدا نووسیوە. لەوێدا هاتووە؛ نزیکەی چل هەزار جوولەکە لە شاری بەغدا، لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی خەلیفەی ئیسلامەکاندا، دەژین. کاتێک کە ( هۆلاکۆ )ی نەوەی جەنگیز خان، لە ساڵی (١٢٥٨)، بەغدای داگیر کردووە، سوپاکەی ، بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستی کردووە بە کوشتن و بڕین و تاڵان کردن و سووتاندنی هەموو جۆرە ژییارێک لە بەغدا. ئەو کاتە؛ بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، ئاوارە بووینەو، بەغدایان بەجێهێشتووە. هەندێک لە جوولەکەکان، ئاوارەی ئیسپانیا بوون. لە ساڵی (١٣٣٦)دا، مەغۆڵەکان بەغدایان بەجێهێشت و لە ساڵی (١٤٩٢)، کەوتەوە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی( ئاک قۆینلوـ مەڕی سپی)ەکان.

ئەوان؛ زۆر نەرم و نییان بوون. ڕێگەیاندا، ئەو کەسانەی ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، کە لە ترسی مەغۆلەکان بەغدایان بەجێهێشتبوو، بگەڕێنەوە بەغدا. بۆیە ئەو جوولەکانەی کە چووبوونە ئیسپانیا، جارێکی تر گەڕانەوە. لە ساڵی (١٥٣٤)، کاتێک کە سوڵتان سلێمان قانوونی، پادشای عوسمانییەکان، هاتە بەغدا، کۆمەڵێک زانا و دکتۆرو فەلەکناسی جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە بەغدا… بە هۆی ڕەفتار نەرمو نیانی سوڵتانەوە، جوولەکە بەغدا نشینەکان، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە سوڵتان و سوپاکەی کردو، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەو کاتە؛ سەرەڕای نەتەوەی عەرەب،( جوولەکە، مەسیحی،فارس، کورد، تورک)یش، لەم شارەدا، پێکەوە ژیاون. تورکەکان، زێتر ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ هاتنی مەغۆل و عوسمانییەکان، بە شێوەی فەرمانبەرو سەرباز هاتنە بەغداو، نەگەڕانەوەو لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوان؛ زێتر بە تورکمان، ناسران، نەک تورک.

لە ساڵی (١٨٦٤)دا، کۆمەڵگای جوولەکەکان لە بەغدا، یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانەیان لەم شارەدا، کردۆتەوە، کە بووە یەکەمین قوتابخانە لە هەرسێ ویلایەتەکەی عوسمانی ( موسڵ و بەغدا و بەسرە). هەروەها بە هۆی کرانەوەیان بە رووی پێشکەوتن و شارستانی و ژیانی سەردەمییانە، لە ساڵی (١٨٩٣) یەکەمین قوتابخانەی کچانیان لەم شارەدا کردۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوو قوتابخانەی تری کوڕانیان، لە بەغدا کردۆتەوە. ئەوە جگە لە دوو قوتابخانە لە ویلایەتەکانی ( موسڵ و بەسرە).

لە بواری بنیاتنانی قوتابخانەی مۆدێرندا، ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە هاوسێ موسڵمانەکانیان، پێشکەوتوو تر بوون. لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەشدا، بیریان لە دامەزراندنی چاپخانەش کردۆتەوە. ( بارۆخ مۆشێ مزراحی ) کە یەکەم کەس بووە کە چاپخانەی بە زمانی عەرەبی لە ساڵی (١٨٥٣)، لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەو، چەندین کارسازی جوولەکەی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، چەند چاپخانەیەکی تریان دامەزراندووە کە کتێبیان بە عەرەبی و عیبری، بڵاوکردۆتەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٠٩)دا، ڕۆژنامەی (ئەلزهور)ی تورکی و عەرەبی، سەرنووسەرەکەی ( نەسیم یوسف سومیخ و ڕەشیدە فەندی سەفار)، بووە. ڕۆژنامەی (بەین ئەلنەهرەین)، کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، ( ئیسحاق حەسقیل و مەناحیم عانی )، دەریان دەکرد. ڕۆژنامەی ( تەفەکور)، سلێمان عەنبەر لە ساڵی (١٩١٢)دا، دەریکردووە. ئەوانە؛ ڕۆژنامە پێشەنگەکانی بەغدا بوون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی دە هەزار جوولەکە لە بەغداو هەزارو پێنج سەد، لە شاری بەسرەدا، ژیاون. لە ساڵی (١٩٠٨)دا، ئەو کاتەی کە بەغدا ژمارەی دانیشتوانی (١٥٠) هەزار کەس بووە، (٥٣) هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ سێیەکی دانیشتوانەکەی. بە گوێرەی دوا ساڵنامەی عوسمانییەکان، کە لە ساڵی (١٩١٧)دا، بڵاویان کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا (٢٠٢،٢٠٠) هەزار کەس بووە. لەوانە؛ هەشتا هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ بە ڕێژەی لە سەدا سی و نۆی دانیشتوان. ئەوانی تریش؛ (١٢) هەزار مەسیحی، هەشت هەزار کورد، (٨٠٠) فارس، (١٠١،٤٠٠)، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بووینە.

کاتێک کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیر کرد، لە ساڵی (١٩٢٠)دا، سەرژمێرییەکیان کرد، ئەو کات، ڕێژەی جوولەکەکان لە بەغدا لە سەدا بیست بوو. هەروەها لە سەرژمێری نیشتیمانیی دەوڵەتی تازەی عێراق لە ساڵی (١٩٤٧)دا، سەرجەم دانیشتوانی عێراق چوار ملیۆن و نیو بووە، سەدو هەژدە هەزار، بە ڕێژەی لە سەدا دوو و نیو زێتر، جوولەکە بووینە. بەغدای پایتەختیش ئەو کاتە، بە گوێرەی یاداشتەکانی (د. جەمال نەبەز، لاپەڕە ٢٤٧)، نیوەی پتری عەرەب نەبوون، بەڵکو ؛ کورد ( فەیلی)، جوولەکە، مەسیحی، فارس، بووینە. ئەم پێکهاتە سەرەکییەی بەغدا ( جوولەکە)، لە بواری هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوەش، ڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان، گێڕآوە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە؛ چەندین ڕۆژنامەیان دەرکردووە. لەوانە؛ ( ئەلمیسباح)، کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٤ـ ١٩٢٧)دا، دەرچووە. چەند ژمارەیەکیشی لە ساڵانی (١٩٢٨ـ ١٩٢٩)دا، دەرچووە، ئیتر وەستاوە.

هەروەها گۆڤاری ( ئەلحاسد)، کە لە ساڵی (١٩٣٨)دا، داخراوە. ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانە، خاوەن ئیمتیاز، یان سەرنووسەرەکانیان جوولەکە بووینە، یان بە پارەی ئەوانەوە دەرچووینە. هەر لە سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، چەندین نووسەری عێراقی بە بنەچەکە جوولەکە، دەرکەوتن. لەوانە؛ ( ئەنوەر شائول ١٩٠٤ـ١٩٨٤) ، ( عزرا حەداد ١٩٠٩ـ١٩٧٠) ، ( سەلمان شینە ١٨٩٨ـ١٩٧٨). ئەوەی دواییان، پارێزەرو ئەندام پەرلەمانی عێراقیش بووە. لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقیشدا، جێ پەنجەی ئەوان دیار بوو. ( نوری سەعید)یش، زۆر هاندەر و پشتیوانیان بوو. ( سەلمان مۆسێ١٨٨٠ـ١٩٥٥ ) و ( حەسقیل قەساب)، لە مەقام بێژە ناودارەکانی عێراق بوون. هەروەها خانمە گۆرانیبێژ ( سەلیمە موراد١٩٠٠ـ١٩٧٢ )، هاوسەری ( نازم غەزالی)، ئەویش جوولەکە بوو…ئەوە سەرەڕای چەندین کەسایەتی دیاری سیاسی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و، حزبە نیشتیمانیی و دیموکراتەکانی تر.

لە بواری بازرگانی و بازاڕی کاردا، بەشی هەرە زۆری بازاڕەکانیان، کۆنترۆڵ کردبوو. لە سنعەتی کاری دەستی، جێ پەنجەیان دیار بوو. لە دامەزراوە مالیی و بازرگانییەکانی هاوردەو هەناردە کردندا، ئەوان پێشەنگ بوون. بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە ساڵانی (١٩٣٨ـ١٩٣٩)دا، لە بیستو پێنج ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ، دە کەسیان جوولەکە بووبن… هەروەها لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە کۆی سی و نۆ سەڕاف، ( ئەوانەی مامەڵەیان بە دراو دەکرد)، سی و پێنجیان جوولەکە بوون.

لەم سەرو بەندەدا، خانەوادەی ( ساسۆن )، ناودارترین بازرگانی جوولەکە بوون لە بەغدا. لەبەر ئەوەی تەواوی بازاڕەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەڵبەتە ڕۆژی پشووی جوولەکەکانیش، ڕۆژی شەممە یە. لەم ڕۆژەدا تەواوی بازاڕەکان دادەخران. هەر لەبەر ئەمە، عەرەبە شیعە مەزهەبەکانیش، لە جیاتی ڕۆژی هەینی، ئەوانیش پشووی خۆیان دەکردە ڕۆژی شەممە. لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی کە کاری پاسەوانی شەوان و پاککردنەوەیان دەکرد، بریتی بوون لە عەرەب و مەسیحییەکان. ئەو کوردانەی کە لە شارەکانی کوردستانیشەوە بۆ کاسبی دەهاتنە بەغدا، زۆربەیان بە کاری کۆڵهەڵگرییەوە خەریک بوون. هەموو پەرستیاری نەخۆشخانەکانیش، جوولەکەو مەسیحی بوون.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری نازییەکان لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی (١٩٣٣) و، پاشان بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ـ١٩٤٥) و، جینۆساید کردنی جوولەکەکان، وردە وردە هەستی نازییەت لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا، چەکەرەی کرد. عێراق یەکێک بوو لەم وڵاتانە. لەژێرئەم فکرو ئاڕاستەیەوە، ( ڕەشید عالی گەیلانی ١٨٩٣ـ١٩٦٥)، یەکێک بوو لەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانەی کە زۆر بە حەماسەتەوە لایەنگیری لە هیتلەرو نازییەکان دەکرد. خەریکی بڵاوکردنەوەی فیکری نەتەوەیی عەرەبی ڕەگەزپەرستانە بوو.

هەر لەژێر ئاڕاستەو ئەم کاریگەرییەش کودەتای مایس (١ـ٤ـ١٩٤١)ی هەڵگیرساندو تا (٣١ـ٥ـ١٩٤١) دەوامی کرد. ئەم کودەتایە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پشێوی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو، ڕق هەستان لە جوولەکەکان. لە ڕۆژی (١ـ٦ـ١٩٤١)دا، عەرەبە شۆڤینییەکان، لایەنگرانی ڕەشید عالی و دۆستانی نازییەت لە ئەڵمانیا و فاشییەت لە ئیتالیا، بە تفەنگ و داس و تەورو خاکەناس و خۆترمە، هێرشیکی فراوانیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئایینی جوولەکەکان ، زێتر لە (١٧٥) کەسیان لێ کوشتن و نزیکەی هەزار کەسێکیشیان لێ بریندار کرا.

وێرای ڕوخاندن و وێرانکردن و تاڵان و بڕۆی (٩٠٠) ماڵ و دوکان و شوێنی کارکردنیان. ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیان، تەقێندرایەوە. بزووتنتەوە مایس (گەیلانی)، زوو سەرکوتکراو دامرکایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە فۆرمی ڕەگەزپەرستی، لای عەرەبەکان، بەرەو هەڵکشان دەچوو…لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨) و، یەکەم هێرشی شکست خواردووی سوپای دەوڵەتە عەرەبییەکان لە مایسی (١٩٤٨)، بۆ سەر ئەم قەوارە تازەیە، کە سوپای عێراقیش یەکێک بوو لەم سوپا بەشداربووە شکست خواردوانە، هەستی نازییەتی عەرەبی گەیشتە لووتکە. لەم کاتەدا، فراوانترین هێرشی کوشتن و ڕفاندن و شونبزر کردن و تاڵانکردن و تۆقاندن دژی جوولەکەکان، لە بەغدا دەستی پێکرد.

لە ژێر فشاری ئەم ‌هێرشانەو بڵاوبوونەوەی بێ نیزامی، حکومەت باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، جوولەکەکان، بە قاچاغ و بە ناچاری، ئەوەندی بۆیان کرا، بەغدایان بەجێهێشت. لە (٧ـ١٢ـ١٩٤٩)دا، باری نائاسایی هەڵگیرا، کە بووە هۆی ئەوەی جوولەکەکان بتوانن لە دوو ڕێگاوە بەغدا بەجێبهێڵن؛ـ
ـ حکومەتی عێراقی ماڵ و سامانی ( مەنقولەو غەیر مەنقولەی) لێ زەوت دەکردن، ڕەگەزنامەی عێراقی ڵی دەستاندنەوەو ڕەوانەی ئیسرائیلی دەکردن.

ـ هەندێکی تریان، لە ڕێگای باشوور ( بەسرە )و، باکور (کوردستان)ەوە، بە قاچاغ، عێراقیان بەجێدەهێشت. لە باشوور دەچوونە شاری بەسرە، لەوێوەش ، لە ڕێگای باندە قاچاخچییەکانەوە، ئاودیوی ئێران ( شاری عەبادان )، دەکران. لە ڕێگای کوردستانیشەوە، بە هەمان ڕێگای قاچآغ ، ئاودیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکران. لەوێوەش ( ئێران )، ڕیکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە، بۆ ئیسرائیل، دەگوازرانەوە.

ئیدی بە هۆی هەڵکشانی هەستی ڕەگەزپەرستێتی، بەغدایان خاڵی کرد لە هەزاران هاونیشتیمانی جوولەکە لە؛ ( بازرگان،پارێزەر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس،دکتۆر، هونەرمەند، کاسبکار،….تاد). لە ساڵی (١٩٥١)دا، لە سەدا هەشتای جوولەکەکان، عێراقییان بەجێهێشت. ئیدی لەمە بەدواوە، فرە کولتوری و فرە ڕەنگی ، لە زۆنی (بەغدا)دا، بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت.

ئەمجارەیان لە هەشتاکان (١٩٨١)دا، نۆرە هاتە سەر کوردە فەیلییەکان. ئەمانیش وێنەی جوولەکەکان، بازاڕی بەغدایان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەوەی ناوی بازرگانی و کاری بازاڕ بوو لە دەست ئەوان بوو…ئەمجارەیان؛ ( ڕەشید عالی گەیلانیی)ەکی تر، بەڵام بێ بەزەییانە تر ( سەدام حوسێن)،کەوتە گیانی کوردە فەیلییەکان.

ئەوەی دەستی کەوت؛ گرتی، هەندێکیانی لە سێدارە دان. ئەوانەی تریشی بە جلکی بەری ڕەوانەی سنوورەکانی ئێرانی کردن… بەشی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵدا چوونەوە، بەرگەی گەرماو سەرمایان نەگرت و لەسەر سنوورەکان، بوونە قوربانی. ئەگەر بەغدا لەسەردەمی هۆلاکۆدا، وێران و تاڵان و قەتلوعام کرا، ئەوا لە سەردەمی گەیلانی و سەدام و شوێنهەڵگرانیان، بە بەردەوامی درێژەی پێدرا…ئیتر ئەو بەغدایەی جاران نەما، کە شوێنی هەڵکردنی کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان بوو.

ئەگەر لە بیستەکان تاوەکو پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەغدا ئەستێرەیەک بوو، تیشک و ڕووناکی بەسەر شەپۆڵەکانی دیجلەو دارخورماکان، دەبەخشییەوە، ئەوا لە پەنجاکان بە دواوە ئەم ئەستێرە پرشنگدار و ڕەونەق ڕێژە، بەرەو کز بوون و داڕژان ڕۆیشت… ئیتر لەمە بەدواوە، بەغدانشینەکان، جارێکی تر، ئەستێرەیەکی تریان ، بە ئاسمانەکەیانەوە، نەبینییەوە.

ئێستاش، بەهۆی هەڵکشانی هەستی نازییەت لە بەرگی مەزهەبدا، دەسەڵاتداران خەریکن، ئەوەندەی ماوە وێرانتری بکەن…کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان،ڕیشەکێش و شاربەدەر بکەن. ئێستا هاووڵاتییە کوردەکان، (هەتا بەشێک لە مەسیحی و عەرەبە سوونی مەزهەبەکانیش)، هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی چلەکان و کوردە فەیلییەکانی سەرەتای هەشتاکان، لەژێر ڕەحمەتی شمشێری ترس و تۆقاندن، بە نائارامی و دڵەڕاوکێ وترس و لەرزەوە، دەگوزەرێنن و ڕۆژ دەکەنەوە. هەموو چرکەیەکی ژیانیان، لە چاوەڕوانی دووبارە کردنەوەی هەمان تاس و حەمام، بەسەر دەبەن.

* ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی؛ ( نسیم رجوان،آخر الیهود فی بغداد ذکریات وطن مفقود، ترجمە: د. رمضان مهلهل سدخان، الطبعة الاولی، لبنان ـ کندا ـ بصرە، ٢٠١٦)دا، نووسراوە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ – 72 – …. كه‌ریم كاكه‌

رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌،

72

له‌ كۆڵانی سینه‌ما حه‌مرا سووڕاینه‌وه‌، كه‌وتینه‌ ناو كۆتر و مریشك و په‌له‌وه‌ران، پێشترێ ئێره‌م دیتبوو، هه‌نده‌ك مه‌یدانی مریشكانیان ده‌گۆتێ، هه‌نده‌ك هی كۆتران، برا گه‌وره‌ی رێحانه‌ پرسی:
حه‌زتان له‌ چ ره‌نگه‌؟
رێحانه‌ به‌ زه‌رد و من به‌ سپی وه‌ڵاممان دایه‌وه‌، به‌ دوو كۆتری سپی، له‌ به‌فر سپیتر هاتمه‌وه‌ ماڵێ، برای رێحانه‌ سه‌ره‌ باڵی كۆتره‌كانی به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ست كه‌ تینی فڕیان هه‌ر تا سه‌ر دیوار بڕبكات، دایكم چه‌ند گۆتی:
دمۆره‌، كوڕم، كۆتر دمۆره‌.
دمۆری چی دایه‌! حه‌زم له‌ كۆتره‌.. له‌و جووته‌ كۆتره‌ی له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ كڕیمن، حه‌وشه‌ و سه‌ربان پڕبوون له‌ كۆتر، چ تشتت هه‌ڵدابا به‌ر كۆتر ده‌كه‌وت، بڵێم چه‌ند ته‌نه‌كه‌ له‌ سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ روو له‌ حه‌وشه‌ ریزبوونه‌! له‌ هه‌ندێ جێ لیس له‌ سه‌ر لیسه‌، به‌ هێلانه‌ی كۆترمان ده‌گۆ لیس، هه‌موو ده‌یانگۆ لیس، وشه‌كه‌ له‌ سه‌ر زاران ناسك بوو، هی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر گمه‌گمێكی كۆتر، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵفڕینێكی كۆتر بیڵێیه‌وه‌، به‌ڵام مه‌لای جه‌هه‌نده‌مێ لیسی به‌ زاریدا نه‌ده‌هات، هه‌ر هێنده‌ش نا، له‌ ده‌ستی هاتبا لیسی له‌ زمان ره‌شده‌كرده‌وه‌، ئاخر هه‌ر جارێ به‌ نزیك ماڵێ مه‌دا تێده‌په‌ڕی، منداڵ، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش له‌ گه‌ڵمان ده‌یگۆته‌وه‌:
مه‌لا و مه‌لا ژن كۆتری سه‌ر لیسی
پێم له‌ مه‌لا نا، مه‌لاژن فسی
مه‌لا جوێنی پیسی ده‌دا، هێند پیس، رووی نووسینه‌وه‌ی نیه‌:
دایكتان له‌ شه‌یتان بای خواردووه‌، سه‌گ بتره‌كێ، هی وه‌ك ئێوه‌ی لێ ده‌رده‌په‌ڕێ، به‌راز تفی له‌ ناو گه‌ڵی دایكتان رۆكردووه‌.
ئیدی به‌ره‌ به‌ره‌ بوومه‌ كۆترباز، ده‌مكڕی و ده‌مفڕۆشته‌وه‌، زۆر جۆری كۆترم په‌یداكرد، هینداوی، ئورفه‌، شه‌كرلی، سابوونی، سه‌ر لووس، سه‌ر به‌ كڵاوه‌، پێ به‌تووك، بێ تووك…. شه‌ش حه‌فت ساڵێ ماڵی ئێمه‌ كه‌وته‌ بن كۆتران، ته‌ماشای هه‌ر لیسێكت ده‌كرد، هێلكه‌ت ده‌دی، فه‌رخه‌ت ده‌دی، یان تازه‌ له‌ گژ پووشكێشان بوون، كاتێ پووشم به‌ دندووكی كۆترێكه‌وه‌ ده‌دی له‌ خۆشیان له‌ باڵم ده‌دا، ده‌مزانی هێلكه‌ و به‌چكه‌ی به‌ دواوه‌یه‌.. جار جاره‌ كۆمه‌ڵێكم پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستاند، سێبه‌رێكی جوانیان به‌ سه‌ر حه‌وشه‌ و باندا ده‌نه‌خشاند، جاریش هه‌بووه‌ كۆترێكم هه‌ستاندووه‌، هه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌ بووه‌ و نه‌هاتۆته‌وه‌، وای خه‌فه‌تم له‌و كۆتره‌ ده‌خوارد كه‌ هه‌ڵمده‌دا و نه‌ده‌هاته‌وه‌.
هه‌ندێ كۆتر له‌ كنه‌ من زوو جه‌رد ده‌بوون، ئه‌و كۆتره‌م هه‌رگیز له‌ بیرناچێته‌وه‌، له‌ بنی دنیا ده‌هاته‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م له‌ بن حه‌سارۆكانی رێی كه‌سنه‌زان و دڵۆپه‌ به‌ره‌للام كرد، كاتێ هاتمه‌وه‌، له‌ ماڵێ بوو، شاگه‌شكه‌ بووم، جاری دووه‌م، ده‌چووینه‌ كۆیێ له‌گه‌ڵ خۆم هێنامه‌ ناو ترومبێل، دایكم وای زانی بۆ ماڵی پلكمی ده‌به‌م، له‌ پشت كه‌سنه‌زان له‌ راستی ئاوی دڵۆپه‌ له‌ جامی ترومبێله‌وه‌ هه‌ڵمدا، كاتێ له‌ كۆیێ گه‌ڕاینه‌وه‌، كۆتری جه‌رد له‌ حه‌وشه‌ دانی ده‌خوارد، جاره‌كیدی هه‌ر له‌ رێی كۆیێ له‌ كن به‌رده‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی هه‌ڵمدا، جاری چواره‌م له‌ سه‌ر پرده‌كه‌ی دێگه‌ڵه‌، باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد بێته‌وه‌، هاته‌وه‌، دواتر له‌و كۆتره‌ی خۆمه‌وه‌ باوه‌ڕم به‌ ئه‌فسانه‌ی كۆتر هێنا، ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی كۆتر نامه‌به‌ری دنیا بوو، له‌ نێوان وڵاتان ته‌ته‌ریی ده‌كرد.
له‌ دڵی خۆم دامنابوو، له‌ سه‌ردانی دادێ، كۆتر ببه‌مه‌ كۆیێ، له‌ بن په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادر، به‌ره‌للای بكه‌م، فازیل رێحانه‌ گۆتی:
ئه‌گه‌ر له‌وێ هاته‌وه‌، له‌ حه‌جێش دێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌ویش ئه‌و رۆژه‌ نازناوی كۆیێی به‌ كۆتره‌كه‌وه‌ نا..قسه‌كه‌ی رێحانه‌م زۆر له‌ دڵ خۆشه‌، وه‌رزه‌كه‌ش وه‌رزی چوونه‌ حه‌جێیه‌، بیرمده‌كرده‌وه‌ داخوا خزمێكی نزیك ناچێته‌ حه‌جێ كۆتره‌كه‌م ببات و له‌ سه‌ر گۆڕی پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵیدات.
دڵنیابووم، له‌ كن حاجی قادر دێته‌وه‌، ئێ، ئێستا وا ده‌ورو سوڕی كۆتری كۆیێ ده‌ده‌م، وه‌ك بڵێی ئاماده‌ی ده‌كه‌م بۆ گه‌شتی دوور، دانی بۆ رۆده‌كه‌م، ده‌مه‌وێ تێروپڕ بێ، نه‌ك له‌ رێیێ برسی بێ، ناو لیسه‌كه‌شم بۆ پڕكرد له‌ گه‌نم..
وه‌بیرمدێ رۆژی پێش سه‌ردانێ، له‌ سه‌ر بانێ چاوم بڕیبووه‌ كۆتری هه‌ڵنیشتوو، كۆتری ئاسمانێ، له‌ پڕ به‌ردێ نه‌مزانی له‌ كیهه‌ لاوه‌ هات، كۆتره‌ هه‌ڵنیشتووه‌كانیشی هه‌ڵدایه‌ ئاسمانێ، شه‌قه‌ی باڵیان لیسیان له‌رانده‌وه‌، ده‌بینم كۆتری كۆیێ، به‌ لا باڵێ، فڕ فڕ ده‌فڕێ، ئێستا نا كه‌مێكیتر ده‌نیشێته‌وه‌، دیتم له‌ سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر كه‌لاباز نیشته‌وه‌، یان كه‌وته‌ خوارێ، غارده‌.. ده‌بینم مام برایم نه‌رم نه‌رم ده‌ست به‌ پشتی دادێنێ و ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ كێ به‌ردی لێدای، ده‌ستی بشكێ.
سه‌ری هه‌ڵبڕی و گۆتی:
ئه‌وه‌ تۆ لێت دا؟ چۆن دڵت هات!
گۆتم:
هی منه‌، نازانم كێ لێیدا.
باوه‌ڕی پێمكرد و دامیه‌وه‌، وه‌یش! ده‌ڵێی رانی شكاوه‌، شكابوو، كۆتری كۆیێ سه‌ردانی كۆیێ و حه‌جێی له‌ ده‌ستچوو، زۆری نه‌برد، مرد، تێروپڕ بۆی گریام، چ گریانێ! ژنێك گوتی:
ئه‌وه‌ چیه‌، ده‌ڵێی ده‌زگیرانت مردووه‌، بۆ وا ده‌گری؟
له‌بیرمنه‌چێ سه‌ربرده‌ی كۆتری كۆیێ له‌وانه‌یه‌ دوو ساڵێ دوای كڕینی جووته‌ كۆتری یه‌كه‌م بووبێ، ئاخر هه‌راشتر بووم، ره‌نگه‌ پێم خستبێته‌ ته‌مه‌نی شه‌یتانیبوون..ئێ، پتر خه‌مم له‌وه‌ ده‌خوارد، دارلاستیقهاویژه‌كه‌م نه‌دیته‌وه‌، نه‌مزانی كێ بوو، گومانم بۆ ئه‌نۆ قه‌یسی چوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌رنه‌چوو، هه‌زار سوێندی خوارد و درۆشی نه‌ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ منیشی نه‌ده‌كرد و براده‌ر بووین.
ئه‌و ژنه‌ی ده‌ڵێم تازه‌ ماڵیان هاتبووه‌ گه‌ڕه‌كێ، خه‌ڵكی كوێستانێ بوون، مێرده‌كه‌ی كه‌ دوو ته‌مه‌نی وی هه‌بوو، وه‌ك ده‌یانگوت قسه‌شی هه‌ڵده‌بڕكاند،گوتبووی:
خودایه‌، تا نه‌مبه‌یته‌وه‌ كوێستانی كێله‌شینێ، داوای نوێژ و رۆژووم لێمه‌كه‌.
به‌ڵام ژنه‌كه‌ شاری به‌ هه‌زار كوێستان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، زۆر جار ده‌یگۆ:
حوكمه‌ت ئۆنده‌ ئیشه‌ باشه‌ی كردووه‌، مێرده‌كه‌می له‌ چیاو چۆلێ هه‌ڵقه‌ندووه‌.
له‌ كێشه‌ی ژن و پیاوه‌ كوێستانیه‌كه‌ گه‌ڕێ، قسه‌م له‌(ده‌زگیران)ی زاری ژنه‌كه‌یه‌، ئه‌و ژنه‌ی ده‌تگوت هه‌ر ئێستا له‌ ئاسمانێ دابه‌زیوه‌ و هێشتا بای سه‌ر زه‌وی وێنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌و ژنه‌ له‌ جلكوبه‌رگی له‌ چ ژنه‌كی گه‌ڕه‌ك نه‌ده‌چوو، چه‌فیه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌به‌ست، جوانیه‌كی وای ده‌دایێ، پیاوی دین و حه‌یران ده‌كرد.. به‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی زاری ژنه‌ كوێستانیه‌كه‌، یه‌كسه‌ر كه‌ویار هاته‌ ناو دیده‌ی خه‌یاڵم، جارێ له‌و خه‌یاڵه‌ش گه‌ڕێ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ زێوه‌ر و ده‌بمه‌ پۆلی پێنجه‌می سه‌رتایی، واته‌ ساڵی (75-76)، له‌و ساڵه‌ی خوێندن سێ چوار گرته‌ هه‌یه‌، به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ هی له‌بیرچوونه‌وه‌ نین: مستی من، تفی یاریده‌ده‌ر، زنجیری پانتۆڕی مامۆستایێ.. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان مابێ، من به‌ وشه‌ی سووسكه‌ تووڕه‌ ده‌بووم، تووڕه‌بوونێ پتیان لێدابام ده‌ته‌قیم، مه‌گه‌ر سێ براكه‌ به‌ (پاپا) هێنده‌ تووڕه‌بان، بابی سێ برا كڵاوێكی وه‌ك هی پاپای ناو ته‌له‌فزیۆنی له‌ سه‌ر ده‌نا، كابرایه‌كی ره‌قه‌ڵه‌ی ده‌موچاو باریكی لووت كه‌مێ درێژ بوو، منداڵ به‌و سێ برایه‌یان ده‌گۆ: كوڕانی پاپا، ئه‌وان به‌ پاپاو منیش به‌ سووسكه‌ شێت و هار ده‌بووین.
چه‌ند قوتابیه‌ك زوو زوو به‌و وشه‌یه‌ تووڕه‌یان ده‌كردم، رۆژه‌كی له‌ نزیك تانكی ئاوێ، ئه‌و جێیه‌ی ده‌تگوت جێی كۆلی بزنانه‌، قوتابی ئاویان لێ ده‌خوارده‌وه‌، قوتابیه‌ك ، تا ئه‌و ساڵانه‌ش ناوه‌كه‌یم له‌ یاد بوو، دامیه‌ به‌ر ده‌سڕێژی (سووسكه‌، سووسكه‌، سووسكه‌) هه‌ر خۆم كڕكرد، هه‌ر گۆتیه‌وه‌، ئیدی چۆن تانكیه‌كه‌ كه‌ پڕ ده‌بوو، له‌ سه‌ری ده‌ڕژا، ئه‌وها له‌ سه‌رم رژا، بۆی چووم و تا هێزم تێدا بوو مستێكم راوه‌شاندێ، بۆ ناو چاویم راوه‌شاند، به‌ڵام ده‌م و كه‌پووی گرت، خوێن، چ خوێنێ! رژانی وام نه‌دیتبوو، وه‌ك به‌لووعه‌ی ئاوێ خوێن هاته‌ خوارێ، یه‌كێ گوتی:
وه‌لڵا كوشتی..
یه‌كێ:
بابی گا..
یه‌ك دوانێك هه‌ڵاتن، هه‌ر ده‌بێ هه‌واڵی شه‌ڕه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ به‌رێوه‌به‌ر، چ بكه‌م خوایه‌! هه‌ڵاتن، بیری هه‌ڵاتن هاته‌ سه‌رم، به‌ سه‌ر دیواردا ئاودیو بووم، ئه‌و دیو یه‌كه‌م ریزه‌ ماڵی ئیسكانه‌، دیواره‌كه‌ بڵند بوو، خۆم شۆڕكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێم زۆر ئێشا، له‌ كاتی كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستی پیاوێك:
ئه‌وه‌ چت كردووه‌، هه‌ڵدێی؟! خۆم راپسكاند و هیچم و نه‌گوت و ده‌رپه‌ڕیم، تاژیه‌كه‌ی ماڵی راوچیه‌كه‌ كه‌وته‌ دوام، نه‌یگرتم، له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و جاده‌یه‌ی كه‌ ئامانه‌ی لێوه‌ ده‌سووڕایه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌مابوو بن ترومبێل بكه‌وم، شوفێر سه‌ری ده‌رهێناو جوێنێكی مزری هاویشت، له‌ دڵی خۆم جوێنێكی مزرترم تێیگرته‌وه‌، نه‌چوومه‌وه‌ ماڵێ، چووم له‌ سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان پشووێكم دا، له‌ كاتی به‌ربوونێ چوومه‌وه‌، له‌ ماڵێ شه‌ڕه‌كه‌م نه‌گێڕاوه‌، دره‌نگ جه‌بار جانتاكه‌ی بۆم هێنایه‌وه‌، به‌ڵام چ هه‌واڵێكی وای نه‌دامێ، گوتی:
نازانم، چ بوو، وابزانم، هیچ نه‌بوو، مامۆستا هیچیان نه‌گۆت.
سبه‌ی به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ چوومه‌وه‌ قوتابخانه‌، دڵنیام به‌رێوه‌به‌ر بانگمده‌كات و داركاریم ده‌كا، وانه‌ی یه‌كه‌م چوو، هیچ نه‌بوو، وانه‌ی دووه‌م، سێیه‌م، زه‌نگی ماڵێش لێیدا كه‌س نه‌هات بڵێ تۆ بۆ له‌و كوڕه‌ت دا، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ له‌ بن چاوانه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كردم و وه‌ك بڵێی لێوم لێ بكرۆژێ و لۆی له‌ له‌ ناو نارنی گه‌رم هه‌ڵگرتبم، له‌ دوای ئه‌و مست و خوێنه‌وه‌، له‌ زاری كه‌س گوێم له‌ (سووسكه‌) نه‌بۆوه‌، نازانم كێ بوو گوتی:
مسته‌كه‌ت دره‌نگ راوه‌شاند.
به‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌ی زنجیری مامۆستا، با چاوێ به‌ پۆلدا بگێڕم و هاوپۆله‌كانم به‌سه‌ربكه‌مه‌وه‌، له‌بیرمبێ له‌ پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئێره‌، له‌ هه‌ر پۆلێك سێ چوار هاوپۆلم به‌ جێهێشتووه‌ و له‌ پۆلی نوێ به‌ سێ چوارێكی به‌جێماو گه‌یشتووم، براكه‌ی خۆمم به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ پۆلی دووه‌م جێهێشت، سه‌رهه‌نگی كوڕی مامۆستا حه‌مه‌ سالح، بابی به‌ ده‌ستی خۆی ئێخستی، هه‌ڵه‌نه‌بم ئه‌و كوڕه‌مان له‌ پۆلی پێنجه‌م به‌جێهێشت، بابی گوتی:
كوڕی من له‌ كوڕی خه‌ڵكی زیاتر نیه‌، به‌ هه‌قی خۆی نه‌بێ، ده‌بێ هه‌ر له‌و پۆله‌ بێ.
كرده‌ و گوته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌نگی دایه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی مامۆستایه‌كیدی كه‌ له‌بیرمه‌ كوڕه‌كه‌ی گه‌یشته‌ پۆڵی پێننجه‌میش نه‌یده‌زانی ناوی بابی بنووسێ، له‌بیركاریش ئه‌وهابوو:
یه‌ك كۆ یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
ده‌یگۆ: مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+یه‌ك كه‌م یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+ئه‌دی یه‌ك جاران یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ دوو.
منداڵ ناویان له‌و كوڕه‌ی مامۆستا نابوو(یه‌كودوو)، پۆلی شه‌شه‌میشی له‌گه‌ڵ من ته‌واوكرد.
ئێ، له‌ هه‌مووان پتر خه‌می شوكری حاجی مرادمه‌، نه‌گه‌یشته‌ پۆلی پێنجه‌م، ئه‌و له‌ ته‌مبه‌لی نه‌بوو، ده‌ستكورتی گه‌ڕاندیه‌وه‌ و وا له‌ سه‌یداوه‌ عاره‌بانه‌ راده‌كێشێ، ئیدی زۆرمان به‌جێهێشت، زۆریش له‌ سه‌رمان راوه‌ستان تا گه‌یشتینێ، ئه‌وه‌ قسه‌ی برا گه‌وره‌ بوو، ئه‌وانه‌ سێ برا بوون، كه‌س له‌بیری نیه‌ له‌ كه‌یه‌وه‌ ده‌خوێنن، برا گه‌وره‌ هه‌ر زۆر كۆنه‌، من هێشتا له‌ زگی دایكم بووم، ئه‌و چۆته‌ به‌ر خوێندن، هه‌ر پۆڵێكی به‌ دوو ساڵ و پتر بڕیوه‌، تا گه‌یشتۆته‌ پۆڵی پێنجه‌م ده‌ ساڵی پتر پێچووه‌،مامۆستایه‌كی (موته‌بیق) گۆتبوویه‌ یه‌حیا:
له‌بیرته‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌م به‌ یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشتین؟
برا گه‌وره‌ گۆتبووی:
ئێ چ بكه‌م مامۆستا، ئه‌من واسیته‌م نه‌بوو!
پۆڵی پێنجه‌م قوتابیی زۆر هێتشتبۆوه‌، زۆریشیان له‌ ئینگلیزی، بیركاری ، عه‌ره‌بی مابوونه‌وه‌، دیدار له‌ ته‌نیشت برا گه‌وره‌ دانیشتووه‌، ئه‌و كوڕه‌ به‌ به‌ژن نا، به‌ سه‌روریش زه‌لامێكی ته‌واوه‌، مامۆستا ناوه‌ ناوه‌ ده‌ڵێ:
دیدار، ردێنه‌كه‌ت بتراشه‌ و سمیڵیشت كه‌مێ كورتبكه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش لوقمانه‌ له‌ ریزی ناوه‌ندێ له‌ پشتی پشته‌وه‌ داده‌نیشێ، ئه‌و كوڕه‌ش ته‌واوێك له‌ من هه‌راشتره‌، وا بزانم سێ ساڵه‌یه‌، ئه‌و كوڕه‌ پێكه‌نینێكی هه‌بوو، هه‌ر مامۆستایێ ده‌ستی لێ به‌رزده‌كرده‌وه‌، پێكه‌نین ده‌ستی شلده‌كرد و راسته‌كه‌ی رانه‌ده‌وه‌شاند، مامۆستا تایه‌ری مێژوو، ده‌یگۆته‌ لوقمان:
تۆ به‌ پێكه‌نین بردۆتته‌وه‌..
ئه‌و لوقمانه‌ دواتر به‌ خۆی و به‌رد و پلاریه‌وه‌ دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌.

ئێ، زنجیری مامۆستاكه‌م له‌بیرنه‌چێ، ئه‌و مامۆستایه‌، له‌ به‌ر خاتری منداڵه‌كانی ناوی ناڵێم، زوو زوو ده‌یگۆت:
بخه‌ون..
ده‌خه‌وتین، سه‌رمان به‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ ده‌كرد، خه‌ومان له‌ خۆمان ده‌خست، رۆژێك نازانم كێ بوو، گۆتی قسه‌كت پێده‌ڵێم به‌ڵام به‌ كه‌س نه‌ڵێی:
مامۆستا… شتی قۆڕ ده‌كات
گۆتم: كوو ده‌زانی؟
گۆتی: من له‌ كاتی خۆ خه‌واندنێ به‌ دزیه‌وه‌ ته‌ماشام كردووه‌.
چه‌ندی گۆتم، شته‌ قۆڕه‌كه‌ چیه‌؟ نه‌یگۆت، بووه‌ مه‌راق، منیش هه‌رچه‌نده‌ زۆر ده‌ترسام، به‌ڵام به‌ دزیه‌وه‌ كه‌رته‌ چاوێكم ده‌كرده‌وه‌، ده‌مدیت، مامۆستا له‌ دوو سێ قوتابی نزیكده‌بۆوه‌، سه‌ری قوتابیه‌كه‌ی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی ، باشه‌ ئه‌وه‌ چ ده‌كات، من ئه‌و دیمه‌نه‌م سێ چوار جار، له‌گه‌ڵ دوو قوتابی دی، خوایه‌ ئه‌وه‌ چی ده‌كات! ده‌مویست له‌و دوو قوتابیه‌ بپرسم، له‌ رووم نه‌ده‌هات، به‌ سه‌ر خۆم نه‌هاتبا ئێستاش نهێنیی بن چاكه‌ته‌كه‌ی مامۆستام بۆ ئاشكرا نه‌ده‌بوو، نووستین و هات، سه‌رم كه‌وته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی، خوایه‌، ده‌بێ به‌ ته‌مای چ بێ؟ ئای! خۆ زنجیری پانتۆڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌، نازانم زنجیره‌كه‌ی تا كوێ هێنایه‌ خوارێ، له‌گه‌ڵ خۆم كه‌وتمه‌ قسه‌، ترس و شه‌رم ده‌یانگۆ:
كڕبه‌..
سووكه‌ زاخێكیش گوتی:
داڕزێی شتی بكه‌..
وه‌بیرمه‌ پاڵم به‌ زگیه‌وه‌ نا، ره‌نگه‌ ویستبێتم هاواربكه‌م، مامۆستا ده‌ستی راستی خسته‌ سه‌ر زارم، به‌ ده‌ستی چه‌پیشی زنجیره‌كه‌ی هه‌ڵكێشایه‌وه‌، دووركه‌وته‌وه‌ و گوتی:
هه‌ستنه‌وه‌.
پێده‌چوو مامۆستا هه‌ستیكردبێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی كردبێ، ئاخر تا زێوه‌ریشم به‌جێهێشت، چاوی له‌ ئاستم هه‌ڵنه‌هێنا.
تف، تف، تفه‌كه‌م قه‌تقه‌تۆكێ له‌بیرناچێته‌وه‌، ئه‌و تفه‌ی یه‌كه‌م تف و دوا تفی قوبخانه‌یه‌، ئه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌، نازانم نیوه‌ی ساڵ بوو یان مانگانه‌، له‌پڕ له‌ پژمین و لێبه‌ربوون و كۆخه‌ش له‌پڕتر، مامۆستا(…..)، ده‌فته‌ره‌كه‌ی له‌ بن ده‌ستم راپسكاند و تفێكی له‌ ناو چاوم كرد، هۆپێكم له‌ خۆم زانی و به‌رچاوم تاریك بوو، هاته‌ سه‌رم تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، هاته‌ سه‌رم مستێكی لێده‌م، خۆم گرت و هیچم نه‌گۆت، له‌ حه‌ژمه‌تا زمانم له‌ گۆ كه‌وت و قسه‌شم بۆ نه‌هات، تا بپرسم، بۆ؟
وه‌ك بتم لێهات، پاش كه‌مێ ده‌فته‌ره‌كه‌ی دامه‌وه‌ و گوتی:
تۆ زیره‌كی، چۆن قۆپیه‌ ده‌كه‌ی؟! كتێبه‌كه‌ت داخه‌..
ته‌ماشاده‌كه‌م، له‌ بنه‌وه‌، له‌ نزیك پێم كتێبێك كراوه‌ته‌وه‌، زمانم بۆوه‌ و گوتم:
ئاگام له‌و كتێبه‌ نیه‌ و منیش نه‌مكردۆته‌وه‌.
ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم نهێنیی ئه‌و كتێبه‌ چی بوو، كوڕه‌كه‌ی ته‌نیشتم هه‌زار سوێندی خوارد ده‌ستی ئه‌وی تێدانیه‌، ئیدی ئه‌و مامۆستایه‌ بووه‌ دوژمنی بابه‌كوشته‌م و زۆر جار ده‌مویست بچمه‌ سه‌ر رێی و به‌ دارلاستیقێ تۆڵه‌ی تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، له‌ نیوه‌ی رێ په‌شیمانده‌بوومه‌وه‌، ئیدی من له‌ زێوه‌ر رقم له‌ سێ مامۆستا ده‌بۆوه‌: (….)، (……)، ئه‌و مامۆستایه‌ش كه‌ سه‌ری قوتابیی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه‌.
ئا، (حه‌مام و ئه‌مام)ه‌كه‌شم بیركه‌وته‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌ باب و باپیرانتانه‌وه‌ ئه‌و درووشمه‌تان بیستبێت كه‌ بۆ كه‌ریم قاسم ده‌گۆترا(( زه‌عیم زه‌عیم لیلئه‌مام.. دیموقراتیه‌ وه‌ سه‌لام) له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرێش ببووه‌: ((زه‌عیم زه‌عیم لیئه‌مام دوو مه‌تره‌ق و سێ زه‌لام)) خورشید هات ئه‌و درووشمه‌ی گۆڕی، بابی سێ براكه‌ی له‌ جێی كه‌ریم قاسم دانا، سه‌لام و زه‌لامه‌كه‌شی كرده‌ حه‌مام:
عه‌بدلقادر لیلئه‌مام
به‌ قوون رووتی لۆ حه‌مام
براكان تووڕه‌بوون و گه‌یاندیانه‌ به‌رێوه‌به‌ر، له‌بیرمه‌ مامۆستایه‌ك درووشمه‌كه‌ی لا جوان بوو، نه‌یده‌ویست ئه‌و قوتابیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌ خۆشه‌ سزا بدرێ، بۆ به‌رێوه‌به‌ری روون ده‌كرده‌وه‌، كه‌ (قوون)ه‌كه‌ (قۆڵ)ه‌ ، ئه‌و قۆڵی گوتووه‌، به‌ قۆڵ رووتی بۆ حه‌مام، به‌رێوه‌به‌ر ده‌یگۆت:
با قۆڵیش بێ، ئیشی ئه‌و نیه‌، بابی خه‌ڵك بنێرێته‌ حه‌مامێ!؟
هه‌روابێته‌وه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌ی خوێندن، مامۆستای وه‌رزش بردمیه‌ تیپی باڵه‌وه‌، دیاره‌ من له‌ یاریی تۆپتۆپانێ، تۆپی پێ، چ له‌ قوتابخانه‌ چ له‌ گه‌ڕه‌كێ خراپترین بووم، له‌ تۆپانێ پێكیان نه‌ده‌كردم، هه‌بوو ده‌یگۆ:
لۆ تۆپ هێنانه‌وه‌ خراپ نی.
به‌ڵام له‌ یاریی باله‌ له‌ زۆربه‌یان باشتر بووم، ئیدی چوومه‌ تیپی زێوه‌ر، دوو سێ جاریش له‌ گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ی شار یاریمان كرد و بردمانه‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م كه‌ به‌ جلكی وه‌رزشه‌وه‌ له‌و گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌ چوومه‌ ناو گه‌مه‌، شه‌رم ده‌ست و پێی به‌ستم، وه‌ك بڵێی سه‌رما به‌ستبمی، بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێ له‌ جێی خۆم نه‌بزووتم، تۆپ ده‌هات زه‌ق زه‌ق ته‌ماشام ده‌كرد، رسته‌ گه‌رمه‌كه‌ی مامۆستا نه‌با، له‌وێ به‌ ره‌قهه‌ڵاتووی ده‌مامه‌وه‌:
ده‌ی، شێره‌كه‌ی زێوه‌ر، هه‌ڵمه‌ت.
به‌و رسته‌یه‌ی تایه‌ره‌ فه‌ندی ده‌ست و پێم بۆوه‌، گه‌مه‌یه‌كی باشم كرد.
له‌وه‌وه‌ ئاشنایه‌تیم له‌ گه‌ڵ گۆڕه‌پانی یاری په‌یداكرد و زوو زوو له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ و زۆریدی ده‌چووینه‌ ته‌ماشای تۆپانێ و زۆر جار له‌ رێیێش پرته‌قاڵمان ده‌دزی، ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كی كۆماری بن دارپرته‌قاڵ كه‌وتبوون، ده‌چووینه‌ سه‌ر شانی یه‌كتر و پرته‌قاڵمان لێده‌كرده‌وه‌ و هه‌ڵێ، جارێك گیرام و تێهه‌ڵدرام، نه‌وه‌ك له‌بیریكه‌م، ده‌یگێڕمه‌وه‌: سێ چوار كه‌س بووین، رێحانه‌ له‌ سه‌ر ملی من بوو، خێرا خێرا پرته‌قاڵی لێده‌كرده‌وه‌ و ده‌یخستنه‌ باخه‌ڵیه‌وه‌، له‌ پڕ خۆی هه‌ڵدایه‌ خوارێ و گوتی:
كوڕه‌، هه‌ڵێن، هات..
من به‌ هه‌ڵاتن رانه‌گه‌یشتم، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستێكی گه‌وره‌، چ له‌ ده‌ستی ئه‌فه‌ندی نه‌ده‌چوو، ده‌تگوت ده‌ستی دێوه‌، وه‌رگه‌ڕایه‌ سه‌رم، ده‌ستمپێنه‌كرایه‌وه‌، دیتم رێحانه‌ له‌ دووره‌وه‌ پرته‌قاڵان داوێ، به‌ پرته‌قاڵ دایگرتووین، قلێك به‌ر منیش كه‌وت، كابرا له‌ ترسی خركه‌ پرته‌قاڵان به‌ریدام و هه‌ڵاتم، له‌ رێیێ گۆتی:
+ له‌ به‌ر تۆ ئه‌و هه‌موو پرته‌قاڵه‌م له‌ ده‌ستچوو!
– باشه‌ لۆ به‌ردت تێنه‌ده‌گرت؟
+ ترسام سه‌ری تۆ بشكێ.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ پیشه‌ یان گه‌مه‌ی قوڕ و زه‌نگیش فێربووین، له‌بیرمنیه‌ كێ فێری كردم، به‌ڵام له‌بیرمه‌ كێ وایكرد وازی لێبهێنم، كه‌ویار كاتێ بیستیه‌وه‌ من و رێحانه‌ش به‌شداری له‌ گه‌مه‌ی زه‌نگ و قوڕ ده‌كه‌ین، گوتی:
وازنه‌هێنن، به‌ دایكتان ده‌ڵێم.
وازمهێنا، وا بزانم من ته‌نێ یه‌ك دوو جارێ ئه‌و پیشه‌ شه‌یتانیه‌م كردبوو، ئه‌و ناو لێنانه‌ هی بابمه‌، دوای وازهێنانم له‌ پیشه‌كه‌، له‌گه‌ڵ بابم له‌ جێیه‌ك ده‌هاتینه‌وه‌، دیتمان كوریژگه‌یێ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی من ده‌بوو، تۆپه‌ قوڕێكی په‌یتی به‌ زه‌نگی ده‌رگایه‌كه‌وه‌ نووساند و هه‌ڵات، بابم گوتی:
ئه‌ها، پیشه‌ی، پیشه‌ی شه‌یتانه‌.
ئێمه‌ش پێشتر وامان ده‌كرد، له‌ سه‌ره‌ كۆڵان، له‌ په‌نا دره‌ختێك خۆمان ده‌گرت، خاوه‌ن ماڵ ده‌هاته‌ ده‌رێ، چاوی ده‌گێڕا، كه‌س دیار نیه‌، ده‌چۆوه‌ ژوورێ، دیاره‌ ده‌نگی زه‌نگ نه‌پساوه‌ته‌وه‌، دێته‌وه‌ ده‌رێ، ده‌بینێ ئه‌وه‌ ده‌ست نیه‌، قوڕه‌ زه‌نگ لێده‌دا، لێیده‌كرده‌وه‌ و چه‌ند جوێنێكی مزری ده‌نارد و ئێمه‌ش له‌ دڵی خۆمانه‌وه‌ ده‌مانگوت:
هه‌ر به‌ خۆت..
بیستم، به‌ڵام نه‌مدیت، لوقمان ئه‌و كوڕه‌ی پلاری هێنده‌ی بڕنۆیه‌ك ده‌ڕۆیشت، جارێك له‌و گه‌مه‌یه‌ ده‌گیرێ، كابرا ده‌یباته‌ مه‌خفه‌رێ و له‌وێ تێروپڕ تێهه‌ڵده‌درێ.
لوقمان پاشان دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، كچه‌ فه‌له‌م بیركه‌وته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی نیشانده‌ده‌مه‌وه‌:
به‌ری به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ له‌ ماڵی بڕنۆ ئه‌و كچه‌ چه‌كداره‌م له‌ ناو چێوه‌یه‌كی گچكه‌ كه‌ به‌ ته‌نیشت ئاوێنه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، دیتبوو، به‌ڵام له‌ من وابێ ئه‌ویش وێنه‌ی كچه‌كه‌ی ته‌ڕوارێ بۆ جوانی و وێنه‌ بڕنۆ و فیشه‌كدانی له‌ خۆ به‌ستووه‌، ئاخر ئه‌و كچه‌ی ده‌ڵێم، جاروبار له‌ نواندنێكی پڕ ناسكی، پڕی ده‌دایه‌ بابی و چه‌كی ده‌كرد و له‌ خۆی ده‌به‌ست.
دره‌نگ پێكه‌وتم كچه‌ی ناو چێوه‌، نواندن ناكات و به‌ راستی پێشمه‌رگه‌یه‌، نازانم ئێوه‌، به‌ڵام من ئه‌وهام ناسی، رۆژه‌كی كچه‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ، گه‌وره‌ش بوو، ژن گۆته‌نی، پڕ باخه‌ڵی مه‌مك بوو، ئه‌و كچه‌ی ماری به‌ ده‌ست ده‌گرت، چه‌قۆی ده‌وه‌شاند، له‌ دنیایێ جگه‌ له‌ مشك له‌ هیچ نه‌ده‌ترسا، له‌و به‌ری كه‌ندێ له‌ سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ چوارپه‌له‌ دێ، فۆته‌كه‌ی سه‌ری له‌ شێوه‌ی جه‌مه‌دانی به‌ستووه‌، تێپه‌ڕی و وه‌ختابوو پانمان بكاته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ گوێمان له‌ شاتكه‌ شێته‌:
داكێ داكم، ده‌ڵێی مارگرێته‌، مارگرێت..
ئازادی هاورێم:
+ده‌زانی مارگرێت كێیه‌؟
– نا
+ كوو! ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ كوشتیان و وه‌خته‌كی وێنه‌ی له‌ زۆر ماڵان هه‌بوو.
– كێ كوشتی؟ جاش!
نه‌ هاوڕێكه‌م و نه‌ كه‌س وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)یان نه‌دایه‌وه‌، لێ من به‌ (كێ كوشتی؟)م گرتبوو، له‌ بن زمانم حه‌شارم دابوو، له‌گه‌ڵ خۆمم ده‌گێڕا، له‌ هه‌ر جێیه‌ك مارگرێت ده‌هاته‌ ناو قسان، ئه‌گه‌ر شه‌رمم نه‌كردبا، كێ كوشتی؟ خۆی به‌ ناو قساندا ده‌كرد، وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)م له‌ ماڵی بڕنۆش ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌ڵام شتێكم له‌ (بۆ كۆشتیان؟) بیست، جارێ له‌وه‌ گه‌ڕێ، هه‌وكه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێبن، به‌ دوای یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كچدا ده‌گه‌ڕێین، ژنی بڕنۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و هه‌ندێك فیشه‌ك له‌ حه‌وشه‌ خستبوونیه‌ بن عه‌رد، به‌ جێیه‌كه‌ی ناكه‌وێته‌وه‌، ئه‌كره‌م بڕنۆ دیاره‌ ئێستا له‌ جیاتی بڕنۆ گه‌سكی ده‌سك داری درێژی له‌ ده‌سته‌، ده‌یگۆته‌ ژنێ خۆ:
ژنێ، سه‌ر به‌خه‌نێ، تۆ ته‌نێ گه‌سكدانی ژۆرێ و حه‌وشه‌ و پێش ده‌ركێت له‌ سه‌ره‌، به‌ڵام من جاده‌ و كۆڵانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێ گه‌سك ده‌ده‌م، ماندووم، ببینه‌وه‌، وێنه‌كان ببینه‌وه‌، با به‌ خه‌یاڵ بگه‌مه‌وه‌ سه‌رده‌می بڕنۆ كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كرم به‌ سه‌پان نه‌ده‌زانی، ببینه‌وه‌، منی بڕنۆ و مارگرێت ببینه‌وه‌.
بڕنۆ دوایوه‌ی شۆڕش به‌ خۆیدا ریا، ببووه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێ هه‌ندێ كه‌س به‌ گووڕێژ و هه‌ندێكیش به‌ گوڵی شار و جاده‌ ناویان ده‌هێنا، بڕنۆ جارێ دوو مارگرێتی دیتبوو، ئه‌وهای گێڕایه‌وه‌:
رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات ، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌، له‌ بابێ لوقمانێ پتر خه‌ریته‌ی به‌ستووه‌.
ئه‌رێ مه‌به‌ستی بڕنۆ له‌ بابی لوقمان كێ بوو؟
ئه‌من چۆن دڵنیابووم كه‌ ئه‌للا خودایه‌، ئه‌وهاش زانیم مه‌به‌ست مه‌لا مسته‌فایه‌، پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌، له‌ كۆلانێ ده‌مانگۆته‌وه‌:( بژی بابێ لوقمانی شه‌ش خه‌ریته‌ی له‌ شانی)، وه‌لێ كوڕه‌كه‌ی بڕنۆ كه‌ ئه‌ویش لوقمانی ناو بوو، ده‌ گومانێی راكردم و گوتی:
بابێ لوقمان بابمه‌ و كه‌سیدی نیه‌، بابم شه‌ش نا، حه‌فت خه‌ریته‌شی ده‌به‌ست.
منداڵێك ده‌ڵێ:
وه‌ی بابه‌ له‌و شێلمانه‌! لۆ، بابت گایه‌؟ سینگی گاش جێی حه‌فت خه‌ریته‌ی لێ نابێته‌وه‌!
ئه‌رێ چیمان داوه‌ له‌ بابێ لوقمان و خه‌ریته‌! باسمان له‌ مه‌ڕ مارگرێته‌، ئه‌و كچه‌ی به‌ رسته‌یه‌ك رچه‌یه‌كی شكاند، شۆڕش وێنای نه‌ده‌كرد، له‌ وه‌ڵامی به‌رپرسی گه‌وره‌ فه‌رمووی:
ئه‌ز هاتمه‌ بچمه‌ شه‌ڕێ، نه‌ك رونیشم له‌ نك خوانه‌ و سێرێ، من تیرۆگ نا، تفه‌نگم ده‌وێ.
مارگرێت، تفه‌نگی كرده‌ شانی، دواتر پێكه‌وتم كه‌ له‌ دیرۆكی نوێ، دیرۆكی پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كه‌م كچه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ عیسا درووشمی (كوردستان یان نه‌مان) گوته‌وه‌، گوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌و له‌ گه‌رووی هیچ ژنێكه‌وه‌ كه‌س نه‌یبیستبوو.
كه‌وتمه‌ سۆراخی وێنه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كچه‌ عیساییه‌، ئازاد هه‌رێی پێدام و زۆری نه‌برد بۆی هێنام، وه‌ی وه‌ی چه‌ند جوانه‌، كار له‌ گوگوش و ئه‌وانه‌ نیه‌، ده‌ڵێی ئه‌ستێره‌ی زه‌رده‌ و له‌ سه‌ر قه‌ڵاتێ هه‌ڵهاتووه‌، له‌ فیشه‌ك و تیشك زه‌ردده‌چێته‌وه‌ حه‌زمده‌كرد له‌ چێوه‌ی بگرم و له‌ نێوان كچی كافرۆش و گوگوش به‌ دیواریه‌وه‌ بكه‌م، نابێت، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستی هه‌ر كه‌سێ بگیرێ، رێی مووسڵ و قه‌ناره‌ی دێته‌ پێشێ، هاتم ئه‌ستێره‌ی زه‌ردم، تۆ بڵێ مارگرێت، له‌ نێو مه‌م و زین شارده‌وه‌، مه‌به‌ستم داستانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیه‌، ناو ناوه‌ كتێبم ده‌كرده‌وه‌، ته‌واوێك ته‌ماشای ئه‌ستێره‌م ده‌كرد و ده‌مپرسی:
كێ ده‌ستی چووه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ و به‌ ده‌ستی كێ كوژرا؟
كه‌وتمه‌ پرسیار، هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕِش به‌ ده‌ستی خۆی كوشتی
هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕ شتی وا ناكات.
وه‌ڵامم ده‌ستنه‌كه‌وت، دوای چه‌ند سالێكیدی ده‌گه‌رێمه‌وه‌ لای ئه‌و كچه‌ فه‌له‌یه‌ی له‌ نێوان مه‌م و زینم حه‌شار داوه‌، ئێستا سه‌رێ له‌ كاوڕه‌كانی بابم ده‌ده‌م.

به‌ دوویدا دێ ……




کاریکاتێر .. هونەری ڕەخنەگر … هەندرێن خۆشناو

هونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕەخنەوە هەیە، بە تایبەتی رەخنەی گاڵتەجاڕ (النقد الساخر)، تا ئەو رادەیەی کە هەندێک بە دیوەکەی تری گاڵتەجاڕیی یان داشۆرین ناوی دەبەن، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت کە کاریکاتێر لە ناخەوە هەڵگری رەخنەیەکی توندی داغکارە بۆ هەڵسوکەوتی نابەجێ و لەڕێ لادەری مرۆڤەکان. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بریتیە لە وێنەکێشانی سیمایەک بە زێدەڕۆیی لە وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان، ئەمڕۆ کارتۆنی سیاسی لە هەموو بوارەکانی تری کارتۆن بەربڵاوتر و جەماوەری زۆرترە، ئەویش لەبەرئەوەی رەخنە و هەندێک جار رەخنەی توند دەگرێت لە واقیعی سیاسی و حکومەتی ناوخۆ یان حکومەتان و کەسانی سیاسی جیهانی.

بە بیروڕای من کاریکاتێر بریتییە لە وتارێکی بەپێزی پڕ مانا، لە جیاتی وشە وێنە و هێلکاریی جێگای خۆیان دەکەنەوە، بریتییە لە دەڕبڕینێک لە رووداوێک یان حاڵەتێک یان بیرۆکەیەک بەهۆی بەکارهێنانی بەهرەی وێنەکێشانەوە، دەربڕینێکی لۆجیکانە کە توانای وەرگێڕانی بیرۆکەکانی هەبێت بۆ وێنە و ئاماژە، بەمەبەستی سەرەنج ڕاکێشانی بینەر بۆ کارێکی پۆزەتیڤ، کە ئەویش فۆکەس خستنەسەر دیاردەیەکی دزێوە یان کەسێکی نەفس نزمە، کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

لەم رۆژگارەماندا هونەری کاریکاتۆر هونەرێکی گرنگی شێوەکاریی و رۆژنامەگەرییە، ئەڵقەی گرێدانی ئەو دوو بوارە گرنگەیە، هۆکارێکی گرنگی دەربڕینە لە زۆرێک لە رەهەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کاریکاتێر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە وروژاندن و خستەڕووی بابەتە سیاسیەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی تاک و کۆمەڵگە و زەقکردنەوە و وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان و ڕەخنەگرتن لێیان، ئەو وێنە کاریکاتێرییەش دەبێتە هۆی هێنانەکایەی جولەیەکی کاریگەر لە نێوان نێردەر و وەرگر، بەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ واقیع و هەروا بۆ دواڕۆژیش دێتەکایەوە، یان بە هەوڵدان بۆ گۆڕین و گۆڕانکاریی یان هەوڵدان بۆ نوێکاریی بۆ واقیع لەسەر بنەما کۆمەڵایەتی ومرۆڤایەتییە نوێکانەوە.

ئەو هونەرە بەهێز و کاریگەرە خاوەن گیانێکی گاڵتەجاڕە لە وەدەرخستنی کەموکوڕییە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگە کە بانگهێشتەی چاکسازی و گۆڕینیان دەکات. هونەرمەندانی کاریکاتێر توانیان ئەو هونەرە بکەنە زمانێکی زیندوو، کە پێویستی بە وشە نەبێت بۆ وەدەرخستن و گەیاندنی ئەو ناوەڕۆکەی کە دەیانەوێت.
کاریکاتۆر و کاریکاتێریستان بوونەتە هۆکارێک بۆ برەوسەندنی بازاڕی بڵاوکراوەکان، تا ئەو ڕادەیەی کە خوێنەر پێش هەموو شتێک بەدوای کاریکاتێردا دەگەڕێت لەسەر رووبەری لاپەڕەکاندا، بەداخەوە ئەمە کوردستان ناگرێتەوە، کە هەتا حکومەت و حزب خەرجی ئەو بڵاوکراوانە بکێشن حاڵیان لەوە باشتر نابێت.
بۆ نمونە لە فەڕەنسا کاریکاتێریست و رۆژنامەنووس (چاڕل فیلیپۆن) پێشەنگ بوو لە هەنگاونانێکی بەرچاو لە مێژووی هونەری کاریکاتێر لە فەڕەنسا بە وەشانی گۆڤاری (کاریکاتێر) ساڵی 1806 کە گۆڤارێکی کاریکاتێری هەفتانە بوو، دوای ئەویش گۆڤاری (شاریڤاری) بڵاوکردەوە.
نمونەیەکی تر (یەعقوب سەنوع) کە رۆژنامەنووسێکی جووی میسری بوو، ئەویش پێشەنگ بوو لەو بوارەدا، کە رۆژنامەیەکی هەفتانەی گاڵتەجاڕی کاریکاتێریی دامەزراند ساڵی 1877 لە قاهیرە بە ناوی (ئەبو نەزاڕە)، تا ئەو ڕادەیە ئەو رۆژنامەیە کاریگەریی هەبوو، کە خەڵکی هەر بە ئەبو نەزاڕە بانگیان دەکرد.

لە کوردستانیش هەردوو گۆڤاری (سیخورمە) و (مەلامەشهور) کە دووگۆڤاری کاریکاتێریی رەخنەیی بوون لە ساڵی 1997، کاریگەریی خۆیان هەبوو لە بواری رۆژنامەگەریی کوردیدا، و یەکێک بوون لە پڕ فرۆشترین بڵاوکراوە لە کوردستاندا.
هەر لەو کاتەوەی دەرگای رۆژنامەگەریی کاریکاتێریی کرایەوە، وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش دەرچوونی چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کاریکاتێرییان بەخۆوە دیتوە، خوێنەرێکی زۆریان بەدەوری خۆیاندا کۆکردۆتەوە، کە لە وێنەی کارتۆنیدا چێژ و ئەو بابەت و ناوەڕۆکە زۆرانەی کە بەدوایدا وێڵن لە رۆژنامەگەریدا دەیدۆزنەوە. بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ بازنەی هونەری کاریکاتۆر فراوانتر و ژمارەی کاریکاتێریستانی خاوەن بەهرە لەو هونەرەدا زیاتر دەبن، ئەو هونەرەی کە بەوە لە بابەتەکانی تری رۆژنامەگەریی و راگەیاندن جیادەکرێتەوە، کە رۆح سوکترە و زیاتر لەلایەن خوێنەر و بینەرەوە هەرس دەکرێت و کاریگەریشی زیاترە لە گەیاندن و جێگیرکردنی بیرۆکەکان لە هزری خوێنەردا، تا ئەو ڕادەیەی کە وەرگر وا هەست دەکات کە زمان حاڵی خۆی و کۆمەڵگایە، بۆیە ئێستا رۆژنامەی سەرکەوتوو بەبێ کاریکاتێر نابێت، هەر رۆژنامەیەک کاریکاتێریستێک یان دووان کاری بۆ دەکەن.

ئەو کاریکاتێریستانەی کە پێگە و جێ پەنجەیەکی بەرچاویان هەیە لە بواری رۆژنامەگەریدا، لە زۆربەی وڵاتاندا وەک ئەستێرەی سینەمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەداخەوە کە لە کوردستاندا وانیە، زۆربەی رۆژنامەکان بێبەشن لە کاریکاتێر، و ئەوانەی کاریکاتێریش بڵاودەکەنەوە، بە شێوەیەکی ناشیرین کارتۆنێک یان کاریکاتێرێکی بیانی لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەدزن و زۆرجاریش ناوی خاوەنەکەشی قووت دەکەن و بابەتەکەشی بۆ دەگۆرن، ئەمەش بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی رۆژنامەگەریی کوردیەوە.

شارەزایانی شیکردنەوەی ناوەڕۆک، لە توێژینەوە شیکارییەکانیان بۆ هونەری کاریکاتێر پشتیان بە چەندین بنەما بەستووە لەوانە:
* شێوە: بریتیە لەو شێوە هونەرییەی کە کاریکاتێر پێوەی بەدەردەکەوێت، ئەو داڕشتنە هونەرییە لەخۆ دەگرێت کە ناوەڕۆکی پەیوەندی کاریکاتێر بە بینەرەوە پێکدێنێت. شێوەی کاریکاتێریش چوار جۆرە:
1- شێوەی ڕاستەوخۆ: پشت بە ئاماژەیەکی ڕاشکاو و سادە لە داڕشتندا دەبەستێت لەگەڵ توانج.
2- شێوەی تۆمارکراو: پشت بە وێناکردنێکی نیمچە سروشتی بۆ چەند دۆخێکی مانابەخشی دیاریکراو.
3- شێوەی سیمبولی: پشت بە بەکارهێنانی سیمبول و ئاماژە دەبەستێت بۆ دەربڕین لە چەندین مانا لە هەمان کاتدا.
4- شێوەی دابەشکردنی جوگرافی: لەمەشدا شوێنی رووداوەکە کە کاریکاتێرەکە بە ڕەخنە و چارەسەرکردن باسی لێوەدەکات.ئەمەش دەبێتە سێ بەش:
ڕ_ ناوەخۆ: باس لە کێشە و دیاردە ناوەخۆییەکان دەکات.
ب_ ناوچەیی: باس لە کێشە و دیاردەکانی ناوچەکە دەکات.
ج_ جیهانی: باس لە کێشە و دیاردە جیهانیەکان دەکات.

* کەسیایەتییە باوەکان: بریتییە لەو کەسایەتیانەی کە وێنە کاریکاتێریەکان لە خۆیانی دەگرێت، کە سێ جۆرە:
1- کەسایەتی ناوەخۆ: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە.
2- کەسایەتی ناوچەیی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی وڵاتانی ناوچەکەیان پۆشیوە.
3- کەسایەتی بیانی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی دیاریی وڵاتانی جیهان دەپۆشێت.
* جۆری بیرۆکە: ئەویش یان بیرۆکەی سادەیە، کە وەرگر بە خێرایی وەریدەگرێت و بە سانایی تێیدەگات، یان بیرۆکەی ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە، کە وەرگر پێویستی بە وشیاریی زیاترە بۆ تێگەیشتن و زانینی ماناکان و ئامانجەکانی کاریکاتێرەکە.




ڕووه‌و هه‌ڵدێر.. ڕووه‌و خه‌ڕه‌ند … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

خانووه‌كه‌ی عه‌ونی یووسفیان
ڕێك له‌گه‌ڵ زه‌وی، ته‌خت كرد
ئه‌و خانووه‌ جوان و گه‌وره‌یه‌ی
چه‌ندین جار به‌به‌رده‌میدا
ڕه‌ت بووبووم و هه‌مووجارێ‌
تێر تێر ته‌ماشایم ده‌كرد
زه‌نگی ده‌رگاكه‌یم هه‌رگیز
له‌نێو دیده‌ بزر نابێ
كه‌ ئاسنێكی زه‌ردی پڕ بریقه‌ بوو
له‌ شێوه‌ی ده‌ستی بنیاده‌م.
هه‌ر بۆ خۆشی: چرق.. چرق.. چرق..چرق
لێمانده‌دا و هه‌ڵده‌هاتین..
خانووه‌كه‌ی كه‌ریم شاره‌زاشیان هه‌ر ڕوخاند
هه‌مووجار له‌به‌رده‌م ئه‌وێ
له‌ پاس ده‌هاتمه‌ خواره‌وه‌ و
تا ده‌گه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌
هه‌تا له‌چاوم ون ده‌بوو
ته‌ماشای جوانییم ده‌كرد
بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌
بریا منیش له‌ خانووێكی
ئاوا ژیابام.
ئه‌وه‌ی یووسف و شاره‌زا
ئێستاكانێ‌
كراونه‌ته‌ پاركی وه‌ستانی تڕومبێلان..
هیی حه‌یده‌ره‌كه‌چه‌ڵیشیان
حه‌واڵه‌ی بڵدۆزه‌ران كرد
ئاتاریان له‌سه‌ر پاتاری ئه‌ویش نه‌هێشت
ئێستا كراوه‌ته‌ كۆمپانیای زیاد قه‌ساب..
هه‌رسێكیان پیاوی گه‌وره‌ بوون
یه‌كه‌میان
تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌ر
دووه‌میان
كۆڵه‌گه‌یه‌كی زراڤی ئه‌ده‌بی كوردی
سێیه‌میان
بولبولێكی خۆشخوانی پڕ چریكه‌
قوڕگ پڕ گۆرانیی كوردی و توركمانی..
عه‌ونی
به‌ خه‌بات و به‌ زیندان و شه‌ونخوونی
ماڵه‌ جوانه‌كه‌ی خۆی چێكرد.
مامۆستا كه‌ریم شاره‌زاش
تا بڵێی شه‌كه‌ت و بگر
به‌ قه‌ڵه‌م و وشه‌ی پاكی
خشتی هه‌تا بنمیچ ڕۆنا.
حه‌یده‌ریش به‌
شه‌ومه‌ستی و ئه‌گله‌نجه‌ و ئاهه‌نگ
به‌ هونه‌ر و كه‌سابه‌ت و خۆشیی ده‌نگی
ماڵه‌ قشته‌كه‌ی بونیادنا..
ئێستاكه‌شی له‌گه‌ڵدابێ.. وامده‌زانی
دوابه‌دوای مه‌رگه‌مووشنۆشی
ڕاسته‌وخۆ دوای سه‌ر ئاودیو بوون
ته‌نیا كتێبخانه‌كانمان
ده‌ده‌نه‌ سه‌نته‌ره‌ زڕڕۆشنبیرییه‌كانی
لاوان و نیمچه‌ خوێنده‌واری دژه‌ كتێب
ئه‌وه‌تا، تێگه‌یشتم كه‌
جێوڕێ و ماڵ و سوكناكانمان
حه‌واڵه‌ی نه‌مان و نغرۆیی ده‌كه‌ن
مانه‌ندی خۆت
هیچت به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نایه‌ڵن
ئۆۆۆف..
بۆ ئه‌وه‌نده‌ پاته‌خۆرین؟
ئه‌وه‌نده‌ دوژمنی نێو ماڵی خۆمانین!
دوژمنی سه‌رسه‌ختی مۆزه‌خانه‌ و كتێب
ڕق له‌ جوانی و ڕق له‌ ئه‌نتیك،
ته‌نیا سه‌وداسه‌ری پاتاڵ
ته‌با و تفاق بۆ تاڵانی
عیشقی گه‌وره‌ی به‌لاشلووشیین!




كوردی هائیم و حەیران – (4) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

بارەتەقای ئەو بەفرە ئەستوورە، ئەو دڵ و زمانە چكۆڵەیەی كورد شەرمیان لێ باركراوە، شەرمێك كە لە خۆبەكەمزانین و هەستكردن بەوەی ئاخر چما ئەز كوردم؟! كوردێك لەو بازاڕەی دونیادا هەر لە سیپارە و لە ئەلف و بێیانەوە، وەختێ زمانی بەرەو ڕووی عیلمەوە دەپژێ، سوێندان دەخوا بە یاڕەززاق كە ڕزقی بدا و بە یا فەتتاح فەتحی بداتێ تا لەوسەری دونیاوە بۆ ئەوسەری بۆزمان تێهەڵچێتەوە و هەر بەو زمانەش وەڵامی قەبرێ بستێنێتەوە و لێرەش مەرگ و ژین بكاتە دەسرۆكی سەری زمان و قوڵایی ناو دڵە چكۆڵانەكەی.

كوردی هائیم لە بەدبەختیان لە دوورەوە دیارە و هەر حەیرانە هەر حەیران، لە بۆ زمانی دایكی لە كنی وایە نە بای دێت و نە باران.
بە عیشوە و لەخۆبایی بوونێكەوە بەرەو ڕووم هات، تەلی قورقوشمی مەستی ستران و گۆرانی بێگانە دەناو قوڵایی گوێی خۆی خستبوو و لەگەڵیشیدا سەری ئەنگوستی پێیانی لە عەردی دەدا و هەر دەتگوت لەگەڵ جندووكان دەدوێ و دەگەڵیشیان سەما دەكا. هەر كە نزیكم كەوتەوە، ئیستێكی كرد و قەوانی لە گوێیان دەرهێناو چاوی ڕەشكە و پێشكەی كرد و بە هەردوو لەپان چاوی هەڵگوشین و وەك ئەوەی تازە لە خەو و ڕازانی تا هەتایە وە ئاگاهاتبێتەوە، ئەوجار بێ ئەوەی خۆی شێلوو بكات، بە نەرمە توركییەكەوە دەستی پێكرد.
لێی حاڵی بووم كە قوتابییە و لە بەشی كوردی دەخوێنێ و لە مامۆستاكەی خۆی دەگەڕێ، دیارە هەفتەكە نەهاتووە و دەیەوێ تەوازۆی بۆ بێنێتەوە.
ئەزیش هەڵمدایێ:
-كوردی بئاخڤە!
+بە توركی: نازانم كوردیی قسەبكەم!
-كورد نیت؟
+بە توركی: بەدیكو!
-چما كوردیی نائاخڤی؟
+بە توركی: داك و بابم لەماڵێ هەر بە توركی قسان دەكەن، ئەو دەمی منداڵ بووم، تاك و تەرا جاروبار لە كۆڵانێ ئەگەر وشەیەكی كوردیم بەرگوێ كەوتبا، ئەگەرنا چش!
سەد ساڵ لەمەوبەر كوردی هائیم و حەیران، كوردێك بوو تا بن پیلان هائیم و داماو، چونكە لە غەیری زمانی دایك حەشتەبای زمانی دونیای نەدەزانی، بمردبای و بسوتابای پەیڤێكی لە زمانی خۆی لەبیرنەدەكرد، بە چاوی سووك و بێ باكانەش نە لە زمان و نە لە ڕانك و چۆغە و مشكی و جامانەكەی نەدەڕوانی و بە دڵ هائیم و حەیران بوو، لێ بە ویست و ئیرادەوە خەمخۆر و زمان پەروەر و بەڕووممەت بوو.
كوا لۆ ئەوێ رۆژێ حاجی قادر هاتباوە و ئەوجار دەناو مۆدێرن و پۆست مۆدێرنی گەنج و لاوی كورد هەر ڕاما با و ڕاما با و لە جیاتی بەوان بێژێ هائیم و حەیران، خۆی بە هائیم و حەیرانەوە قەبرەكەی خۆی لێدەداوە و لێی ڕادەكشاوە، تا چ جاری دی چاوی بەو نەسلە پەرپووتە نەكەوێتەوە و تۆبەشی دەكرد جارێكی دی بەحسی زمانی داك و بابان بكاتەوە!




کاتێ کە ماڵە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو …. چرۆ زەند

کاتێ زۆر پێش دروست بوونی کۆمپیوتەر بوو
لەوکاتەدا باوکم نیشتمان بوو،
دایکم پایتەختی نیشتمان
باوکم بەريوەبەر بوو،
دایکیشم کابان
هەندێ جارچاکەتی خوشکێکم لەبەردەکرد
سوراوی خۆشکەکەی دیم دەکرد
برایەکم سیاسەتی دەکرد، ئەوتر ئەدازیار
برای بچووکەم سەرقاڵی گەمەکان.
ئەوسا ماڵە گەورەکەمان ماڵی هەموومان بوو
ماڵی سیاسی، نەدار، شاعرو بەهرەدار، ماڵی هاوڕێ و هی خاڵوان
لەبەر فرە میوان، جیگەمان نەدەبوو لە سەرخوان
حەوش و بان ،سەر سەکۆ و داڵان دەبوە جيی نوستنمان
ئيستا دایکم، ڕادەوەستی لەبەردەم ژوورە چۆڵەکان
بۆنی عەتری هەریەکەمان بۆشایی ژورێک پڕدەکات
لێوانی پەرداخيک سوراوێک و جێی یادگاری ئەوی دیمان
پەرتووک و پارچە مۆسیقایەك بۆشاییەکی دی ماڵەکە داگیر دەکات.
لەبەردەم ژوورەکەی باوکمدا ڕادەبوري، بەڕوحی ئەو شاد دەبێت
بەخەیاڵ لەگەڵ باوکم بە دزەیەک لەو قەرەباڵخیەدا، سەمایەك دەکات
لەو خەیاڵەدا دایکم زەردەخەنەیەکی لەسەر لێو بوو
لەو خەیاڵەدا دایکم لە هەموو کات دڵخۆش تربوو
لە خەیاڵی ئەوکاتەی مالە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو.

Dec 11, 2017
Canada

Zandchro@hotmail.com




ئێستا ئێمە؛ هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)

کاتێ گیان گیان لەباوەش دەگرێ
کاتێ گیان دائەمێنێ بۆدابڕانی ئازیزێ..
وەختێکە؛
پێنوس هاوار ئەکات بۆ ئازادی ولەپڕ نوکی ئەشکێ!..
وەختێکە؛
وشە ئەبێ بەخاچ و
خاچ نوێژی سەر سینگی دولبەرو
سینگی دولبەریش سێدارەی گیان !..
ئەرێ لەماڵی گیان ئاسودەیی هەیە؟!
ئەرێ گیان سێبەری هەیە؟!..
لەو پرسیارانەم بووم
دیتم بەرائەت بووە بەباسکێکی خاچ و
لەوشەی خودا بەژنی خاچ پەیکەر کراوە!..
باڵای مەسیح و بەژنی خاچ!..
ئەوێ ڕۆژێ؛
جیهان دیتی وشەی خودا
لەجیاتی خوێن خۆشەویستی ولێبوردەیی لێ دەچۆڕێ..
هەر لەو ڕۆژەش
خاچ نوێژی سەر سینگی مەریەمی حەیرانە!..
هەر لەو ڕۆژە؛
لێدانەکانی دڵ زەنگی نوێژن..
زەنگی نزان..
بونەتە ئاوازی ڕوحی ماڵەکەی مریەم خاتوونێ!..
پاڕانەوەن بۆ لێبوردەیی لە دوژمن
لەزرینگانەوەی هەر زەنگێ؛
دەنگی کۆتایی هاتنی تاهەتاییم گوێ لێ ئەبێ!
لەهەر زەنگێ؛
گێڕانەوەی ئازارێکی مەسیح هەیە
هەموو دەڵێن:
مەسیح فرمێسکەکانی بۆ ئازار نەبوون..
فرمێسکەکانی نزا بوون..
نزا بۆ لێبوردەیی وبێگەردی!..
ئەو میوەیەی بەردەمت مریەم
مەودای مرۆڤینی ئەکێشێ..
ئەو میوەیەی دەستت مریەم
برسیەتی هەژاران خاو ئەکاتەوەو
ئەبێ بەڕستەی جۆلانەی
فرمێسکی مەسیح وێناکان..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە..
هەموو جارێ وەختی نوێژێ؛
لەچاوی مریەمی حەیران ئەبینەوە بەفرمێسک..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەسۆزی گیانی خوداوە
لەژێکانمان فوی لێبوردەیی پەخشەکەین..
لەدەنگمانا خۆشەویستی پەخش ئەبێ!..
ئەی خودایە مەسیح کێیە؟!..
(إنَّ مثل عیسی عند الله کمثل آدم…)
ئای لە ئادەم!..
ئای لە عیسا!..
هەموو ساڵێ لەگەڵ هاتنە کۆشی مەسیح
لێبوردەیی وخۆشەویستی لێزمە ئەکەن
بێگەردیی مریەم خاتوونێ تۆختر دەردەکەوێتەوە..
وەلێ نازانم بۆ؟!..
هێشتا نوێژ هەر خاچەو
هەموو ڕۆژێ شەش حەوت جارێ
مەسیح؛
لەسەر سینگی مریەمی حەیران لەخاچ ئەداتەوە!…

بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)
کۆماری میسر/ ئیسکەندەریە
گەڕەکی شاتبی ١ ی ١ ی ٢٠١٤




هه‌وڵ و تاقیكردنه‌وه‌ … نوسینی / فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

دیلان ته‌مه‌نی چوار ساڵان بوو،تازه‌ باوكی پاسكیلێكی سێ‌ تایه‌ی بۆكڕیبوو. دیلان زۆر حه‌زی له‌لێخوڕینی بوو،به‌ڵام ته‌نها سوكانه‌كه‌ی ده‌گرت وده‌یسوڕانده‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوشنه‌كه‌ی دابنیشێت. هه‌رچه‌ند دایك وباوكی هانیان ده‌دا،به‌ڵام دیلان كه‌مته‌رخه‌مبوو هه‌وڵی نه‌ده‌دا. ئێواره‌یه‌كیان دایك وباوكی دیلان بڕیاریاندا بچن بۆماڵی خاڵی دیلان ‘كه‌نزیك ماڵی خۆیان بوو.هه‌رزوو دیلان وتی: بابه‌ ده‌توانم پاسكیله‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم بهێنم. باوكی كه‌زانی ڕێگه‌كه‌ چۆڵ وخۆشه‌ ،زۆری پێخۆشبوو،بۆیه‌ به‌په‌له‌ وتی:به‌ڵێ‌ دیلان گیان ده‌توانی.

دیلان بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی لێی بخوڕێ‌، سوكانه‌كه‌ی گرت وهه‌ربه‌ پاڵ پاسكیله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدابرد. باوكی لێی پرسی: دیلان ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر خۆشه‌ ،بۆچی سواری پاسكیله‌كه‌ نابیت وپایده‌ر لێناده‌یت؟؟ تافێری لێخوڕینی ببیت.دیلان وتی: ئاخر ناتوانم! باوكی وتی:باشه‌ دیلان تۆهیچ هه‌وڵتداوه‌ لێبخوڕیت،تادڵنیابیت كه‌ناتوانی؟؟؟ دیلان وتی:نه‌خێر ،چونكه‌ لێی نازانم! باوكی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆكردو وتی: تۆ سواربه‌،دڵنیام فێرده‌بیت. دیلان به‌ دوو دڵییه‌وه‌ سواری پاسكیله‌كه‌بوو ده‌ستیكرد به‌پایده‌رلێدان.. چه‌ند دڵخۆشبوو!؟پاسكیله‌كه‌ له‌سه‌رخۆ بۆپێشه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت وئه‌میش تاده‌هات خێراتر پایده‌ری لێده‌دا. دیلان به‌پاسكیله‌كه‌ پێشی دایك وباوكی دایه‌وه‌وبه‌ده‌م پایده‌رلێدانه‌وه‌ ئاوڕی دایه‌وه‌و وتی:باوكه‌گیان به‌ڕاستی من نه‌مده‌زانی كه‌توانای پاسكیل لێخوڕینم هه‌یه‌. باوكی به‌خه‌نده‌وه‌ پێیوت: كه‌واته‌ له‌مه‌ودوا به‌بێ‌ تاقیكردنه‌وه‌وهه‌وڵدان بڕیار له‌سه‌ر لاوازی خۆت مه‌ده‌.




یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار … نەبەز سەمەد

تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکی سیاسی مۆدێرنی توندڕەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئاپۆرەوە (mass society) بەڕێی تیرۆر و تۆقاندنی بەردەوام و سیستەماتیکەوە دەیەوێ زاڵبوونی تەواو (total domination) بەسەر سەرجەم کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنێ. تۆتالیتاریانیزم جیهان بەگوێرەی دوالیزمی دۆست و دوژمن، ڕەش و سپی، … هتد دابەش دەکات. تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکە دژەفرەیی )پلوڕالیزم(یە لەسەر بنەمای دوژمنی ناوەکی و دەرەکی خۆی دیاردەهێنێت. بۆیە ئیدێی دوژمن ڕۆڵێکی کڕۆکی لەنێو ئیدیۆلۆژیی تۆتالیتاریانیزمدا دەگێڕێت. تۆتالیتاریانیزم خاوەن خەسڵەت، ئەدگار و تایبەتمەندی خۆیەتی کە لە ستەمکاری، دیکتاتۆری، و دەسەڵاتگەرێتی جیای دەکاتەوە.

فریدریک و برزێنسکی (Friedrich and Brzezinski) باس لە پێنج ئەدگاری تۆتالیتاریانیزم دەکەن، کە بریتین لە ١. پرنسیپی سەرۆک ٢. تیرۆری پۆلیس (ی نهێنی) ٣. قۆرخکردنی چەک و سوپا ٤. قۆرخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان ٥. قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری. لەم وتارەدا دەمەوێ لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئەم پێنج ئەدگارەی تۆتالیتاریانیزمەوە ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی) دوو حیزبی تۆتالیتارن. بەڵام لێرەدا گەرەکە بێژم کە یەکێتی و پارتی خۆیان خاوەن ئیدیۆلۆژی تۆتالیتار نین، واتا خۆیان ئیدیۆلۆژی و تیۆرییەکەیان داڕشتبێت و تیۆرزانیان هەبێت، بەڵکو ئەوان لاساییکەرەوەن. یەکێتی و پارتی لاسایی بەعس دەکەنەوە و تۆتالیتاریانیزمی بەعس بۆ ئەوان بووە بە مۆدێل.

یەکەم، پرنسیپی سەرۆک: فریدریک و برزێنسکی ڕوونی دەکەنەوە کە پرنسیپی سەرۆک یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان، کە سەرۆک لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەمووان لە خزمەتی سەرۆکدابن. ئەم پرنسیپە بە ڕوون و ئاشکرایی لەلای یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی)دا خۆی دیار دەخات، بۆ نموونە لە یەکێتیدا جەلال تاڵەبانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە، یەکێتییەکان مانەوەی نەک تەنیا یەکێتی وەک حیزب بەڵکو هەموو کورد بە مانەوەی جەلال تاڵەبانییەوە دەبینن، بۆیە کاتێک کە نەخۆش بوو و هیچ توانستێکی بەڕێوەبردنی حیزبەکەی نەمابوو، تەنانەت دوای مردنیشی هەروەک سکرتێری گشتی ماوەتەوە و کەس ناوێرێ باس لە جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی بکات. بە هەمان شێوە لەنێو پارتیدا مەسعوود بارزانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەر ئەو سەرۆک بێت نەک تەنیا هی پارتییەکان و هی حیزبەکەی، بەڵکو هی هەموو کورد و کوردستان. هەروەک دەزانین بارزانی ئەگەرچی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچوو بوو بەڵام ئامادە نەبوو کورسییەکەی چۆڵ بکات. بۆیە لەلای یەکێتی و پارتی تا مردن هەر دەبێ تاڵەبانی و بارزانی سەرۆک و سکرتێری گشتی بن.

دووەم، تیرۆری پۆلیسی نهێنی (police terror): هەرچەندە ناوەکەی ڕەنگە بەگوێرەی حیزبەکان و وڵاتەکان بگۆڕێت وەک ئۆڤرا (OVRA) لە ئیتاڵیای فاشی، ئێس ئێس (SS) لە ئەڵمانیای نازی و (MVD) و (KGB) لە یەکێتی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی. ئەم دەزگایانە ئامرازن بەدەست ڕژێم و حیزبی تۆتالیتارەوە بۆ ترساندن، تۆقاندن، تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکانیان. لەبەرئەوەی ڕژێم و حیزبی تۆتالیتار دژی فرەیییە، بۆیە هەبوونی دەزگا و دامەزراوەی هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی شتێکی کڕۆکییە بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی نەیارەکانیان. یەکێتی و پارتی هەردووکیان خاوەن دامەزراوە و دەزگای هەواڵگرین دەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی کە ئیشیان ترساندن، تۆقاندن، تیرۆرکردنی ئەو کەسانەیە کە نەیاری بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین، وەک لە کەیسی کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و خۆپیشاندەران … هتد بینیمان.

سێیەم، قۆرخکردنی چەک و سوپا: پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان قۆرخکردنی چەک و سوپا لەگەڵ ئەدگاری تیرۆری پۆلیسی نهێنیدا هەیە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سوپا دەبێتە سەرچاوەی هێز و ئاسانکارییە بۆ تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکان. بۆیە لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکاندا سوپا و هێزی چەکدار ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە. یەکێتی و پارتی هەردووکیان چەکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و خاوەنی هێزی چەکدارن، لە هەرێمی کوردستان سوپایەکی نیشتیمانیمان نییە، بەڵکو هێزی چەکداری حیزبیمان هەیە کە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە قۆرخکراون و بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی خۆیان و وەک ‌هەڕەشەیەک بۆ نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنن.

چوارەم، قورخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان: کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە زانیاری و ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی حیزب و بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان. حیزب و بزووتنەوەی تۆتالیتاری لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیە دژی نەیارەکانی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیەتی، لەپاڵ ئەمەشدا شێواندنی ڕاستییەکان و تەمومژاویکردنیان. یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار میدیا و ڕاگەیاندنەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و سەرچاوەی زانیاریان کۆنتڕۆڵکردووە. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەن دژی نەیارەکانیان و ڕێگرن لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و رێگە نادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە سەرچاوەکانی زانیاری بگات. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیانەوە ڕاستییەکان دەشێوێنن و زانیارییەکان تەمومژاوی دەکەن.

پێنجەم، قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری: کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ئابووری و داهاتی وڵات یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریانیزم. کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بزووتنەوە تۆتالیتارییەکاندا. دەستبەسەرداگرتنی ئابووری لەلایەن حیزبی تۆتالیتارەوە مەبەستمەندە واتا مەبەستی لە پشتە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوونی تەواوە بەسەر کۆمەڵگەدا. کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانە گۆڕێی بیرۆکراسییەکی هیرارکی (hierarchic bureaucracy). یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار دەستیان گرتووە بەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵیان کردووە و داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و سەرجەم داهاتەکانی کوردستانیان کۆنتڕۆڵکردووە و لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. دەیانەوێ لەم رێگەیەوە بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە کۆتاییدا، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر پێنج ئەدگارەکەی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان کە فریدریک و برێزنسکی باسیان کردووە لە یەکێتی و پارتیدا بوونیان هەیە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی تۆتالیتارن.




دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکان, عێراق و کوردستان بە نمونە … هەورامان عەلی

دەتوانین دەولەتەکانی ئەمڕۆیی جیهان بکەین بە سێ بەشی سەرەکیەوە : بەهێزەکان ، فشۆلەکان و شکستخواردوەکان .
– بەهێزەکان بەو دەوڵەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ڕەهای بەسەر سنوری جوگرافی وڵاتەکەیدا هەیە و دەتوانێت هەلومەرجێکی شیاو بۆ هاوڵاتیەکانی دەستەبەر بکات . ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتیان بپارێزێت و مافە سەرەتایەکانیان دەستەبەر بکات. ئەم جۆرە دەوڵەتە دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیەکانی لە ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، یاسا لە وڵاتدا بەرقەرار دەکات و ئازادیەکان بۆ تاکەکانی دەستەبەر دەکات . فرسەتی یەکسان بۆ کار و بەشداری سیاسی و فەرهەنگی تاکەکانی فەراهەم دەکات . دامودەزگا دادوەریەکان سەربەخۆن و هیچکەس و لایەنێك لە سەروی یاساوە نیە. خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان فەراهەمکراون و ژێرخانی ئابوری گەشەکردووە و مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەهرەمەندە لە خوێندن ، چاودێری پزیشکی ، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەیاسا مافەکانی مسۆگەرکراوە. بەکورتی دەولەت و کۆمەڵگە بەهێزە ئەوانەن کە مرۆڤ تێیدا بە ئاشتی و ئارامی و لە چوارچێوەی یاسادا مافەکانی دەستەبەردەکرێت.

– دەولەتە فشۆڵەکان بەو دەوڵەت وکۆمەڵگایانە دەوترێت کە نیشانەکانی ڕۆچون بۆ دەولەتی شکستخواردوی تێدا دەردەکەوێت. ئەم جۆرە دەوڵەت و کۆمەڵگایانە لە دوڕیانێکدا ، کە هەم دەتوانن بە چەند هەنگاوی سیاسی ، ئابوری ، دادوەری و….هتد پەیوەستبن بە کۆمەڵگە ئارام و بەهێزەکانەوە ، یان ڕووەو کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو هەڵوەشاوە مل دەنێن.

– دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردووەکان
یەکێك لە دیاردە و کێشە سەرەکیەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە ، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لە فراوان بوندایە. دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەو دەولەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای لاواز ، لە زۆر شوێنی دنیاشدا ئەو دەوڵەتانە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان بە سەر تەواوی وڵات یان بەشێکیدا ناشکێت . شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی قوڵی پێکهاتە نەتەوەیی ، مەزهەبی و چینایەتی و ئەتنیکیەکان تایبەتمەندیەکی ئەو دەوڵەتانەیە.
لە دنیایی ئەمڕۆدا ، ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەوڵ و ڕۆژنامەنوس شرۆڤەکارە سیاسیەکان بەکاردەهێنرێت. ” سندوقی یارمەتی ئاشتی جیهانی ” بۆ پێناسەی دەولەتە شکستخواردوەکان چەند پێوەرێکی دیاری کردووە:

– ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان بەسەر هەموو وڵات یان بەشێکی وڵاتدا ، لەدەستت دەدەن.
– لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان
– لەدەستدانی توانایی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان
– ناکامی لە دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی ، نەتوانینی پابەندبوون بە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ناوبراو ، نزیکەی شەست دەوڵەت و زیاتر لە ملیارێك مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوانەدا دەژین ، زۆربەی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانە یان بە تەواوەتی شکستیان هێناوە یان زۆرێك لە تایبەتمەندیەکان بەسەریاندا دەچەسپێت و لە لێواری داروخانی گەورەی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، سیاسی و حوکم ڕانیدان. کە مەترسیەکی گەورە لەسەر ئایندەی ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی ، دادەنێن.
لە ڕاستیدا گەلێك دیاردە هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتە لە خانەی دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا بژمێردرێت لەوانە:

– نەمانی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پرسە بنەرەتی و نیشتمانیەکانی کۆمەڵگە ، بەجۆرێك نوخبەی سیاسی دابەش دەبن بەسەر هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکاندا ، کە ئەمەش زەمینە بۆ دەست تێوەردانی ناوچەیی و جیهانی خۆش دەکات.
– هێزەکانی دەولەت چ پۆلیس و چ سوپایی نیشتمانی ڕووبەڕووی ڕاپەڕین و یاخیبونی چەکداری بەردەوام ببنەوە بەجۆرێك هاوسەنگیەك پێكبێت کە هیچ لایەك نەتوانی بە قازانجی خۆیی لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە. لەدرێژەی ئەو کەش و هەوا خوێناوی وتوندوتیژیەدا ، ڕێگە بۆ جۆرەها دەستەو تاقمی چەکداری توندڕوی ئاینی و فاشستی خۆش دەبێت کە تاوانی ڕێکخراو دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدەن .

– جەنگی ناوخۆیی: لە سەر جیاوازی نەتەوەیی ، ئاینی و مەزهەبی ، چینایەتی و کۆمەڵایەتی. بەبێ جیاوازی هەموو دەوڵەتە وکۆمەڵگە شکستخواردوەکان هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانیان ، نەبونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەکانیەتی لەسەر ئەرك و مافەکانیان ، دابەش نەکردنی سامانی گشتی وڵات بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر دانیشتوانی ئەو جوگرافیا سیاسیەی سنوری وڵاتەکەیان پێك دەهێنێت.

– دژایەتی کوێرانەی دەوڵەت لە دژی هەرێمێکی وڵاتەکەی: زۆربەی دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەهۆکاری جیاوازی نەتەوەیی ، ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبی بەشێوەیەکی سیستەماتیك سیاسەتی سەرکوتگەرانە و داپلۆسێنەرانە لە دژی ناوچە و هەرێمێکی دیاریکراو دەگرنەبەر ، زۆرجار ئەم سیاسەتە تا ئاستی جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری و تاوانی جەنگ ، پەرەدەستێنێت.

– گەشەکردنی توندوتیژی : کە کۆمەڵگە و دەولەتێك ڕووەو شکست ملدەنێت، یەکەمین ئاماژەکانی زیاتبونی توندوتیژی سوپا و پۆلیس بەرامبەر هاوڵاتیانی و لە بەرامبەریشدا توندوتیژی هاوڵاتیان بەرامبەر دەزگا ئەمنیەکان ، بە جۆرێك دەولەت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست دەدات.

– شکستهێنانی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەدا: کاتێك دەوڵەت نەیتوانی ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیان بپارێزێت ، ئەوکات زۆر ئاسیە کە نەتوانیت خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەوانە کارەبا ، ئاو ، تەندروستی ، خوێندن و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دابین بکات.

– شکست و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت: هەڵوەشانەوە یان یاخیبونی بەشێکی سوپا ، لاوازبون و بێ کارابونی پۆلیس و دەزگای ئاسایش ، لاوازی و بە سیاسی بونی دامەزراوە دادوەریەکان ، هەڵوەشانەوە یان ئیفلیچ بوونی دامەزراوە یاسایەکان لەوانە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیەکان .

– وێرابونی ژێرخانی ئابوری: لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوکاندا دەولەت ڕێگەوبان ، تۆڕەکانی گەیاندن و پۆست، ئاو ئاوەڕۆ ، کارەبا دابین ناکات . دامەزراوەکانی خوێندن وپەروەردە، دامەزراوەکانی تەندروستی ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت دور لە چاودێری و لێپرسینەوە کە زەمینە بۆ گەندەڵی و بێسەرەوبەریی و دابەزینی مەترسیداری ئاستی خزمەتگوزاریەکان ، خۆش دەبێت.

– گەندەڵی : لە هەموو کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا گەندەڵی ئابوری و بەڕیوە بردن بە ڕادەی جۆراوجۆرهەیە ، بەڵام لە دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا ، گەندەڵی سەراپایی دامەزراوەکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگە دەتەنێ ، بە جۆرێك خودی گەندەڵی دەبێتە دەسەڵات و چارەنوسی کۆمەڵگە دیاری دەکات و دەوڵەت بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگە پشت بە گەندەڵی دەبەستێت.

– بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی گشتی شکست دێنێت ، بەجۆرێك هاوڵاتیان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان پشت بە کاڵا هاوردوەکان دەبەستن. هەڵاوسانی ئابوری و داڕوخانی نرخی دراو ، دروستبونی قڵشتی گەورەی چینایەتی و بڵاوبونەوەی هەژاری و بێکاری کە سەر دەکێشێتە تاوانی کۆمەڵایەتی گەورە.

ئێستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دیاردە و نیشانانەی لەسەرەوە ئاماژمان پێکردن، بەهەموو پێوەرەکان عێراق و کوردستان دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی شکستخواردوون . بۆیە هەر بزوتنەوە و جوڵانەوەیەکی سیاسی بیەوێت ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لەو وڵاتەدا ئەنجام بدات ، لەپێشدا دەبێت دان بەم واقعیەتەدابنێت و دواتر پڕۆژە و نەخشە ڕێگای خۆیی بۆ ڕزگاری لەو داڕوخانە گشتیە بخاتە روو.

.




سنوورداریی وشەسازییەکانی شیعر لای یونس ڕەزایی … ئیسماعیل بابانی

ئەمن سەرەتا حەز دەکەم ئەوە بڵێم نە شاعیرم و نە نووسەر، بەس وەکو خوێنەرێکی شیعر سەودایەکی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئەو شاعیرو شیعرانەی وەستانی بۆ دەکرێت، جارانێك دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە دنیا جوانەکانیشمان وێرانن و ئێمەی کورد هەر بەدبدبەختی و پاشکەوتەییمان بۆ ماوەتەوە، ئەم قسەیەش کە دەکەم دەزانم کێشەی ئێمەی خوێنەران زۆر قوڵە، کە ناتوانین قوڵ بە جیهانی شیعرەکاندا رۆبچین، ئەوەی کە پشت بە بەهرە دەبەستێت لە هەموو ژیانیدا زۆر بە هەڵەدا دەچێت لە برەوی داهێنان نزیک بێتەوە، چونکە کانی بەهرە زیاتر لەسەرەتاکانی نووسیندا بۆ شاعیر دێت، ئەنجا دەبێت کار لەسەر (تەکنیك- هونەرکاریی) بکات بە خۆ سازاندن لەسەر ستایڵێك هاوتەبا بێت لە زانینی چۆنییەتی بەکارهێنانی دەستەواژەو زاراوەکان.
لێرەدا قسە لەسەر بەشێکی تەجروبەی شیعریی زۆر بەڕێز کاک یونس رەزایی دەکەم وەك نموونە، من کە چاوم خشاند بە بەرهەمە شیعریەکانی نزیکەی ٣ ساڵی ئەم شاعیرەدا بۆم دەرکەوت نەك هەر کەموکورتی لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانی کوردیدا لای ئەم شاعیرە هەیە، بەڵکو تەنیا لە خولگەی کۆمەڵە زاراوەیەك دەسوڕێتەوەو لەو قەناعەتەشدام گەر ئەو زاراوانە لە شیعرەکانی دەربکرێت زۆر کلۆر دەردەچن.
زاراوەکانیش ئەمانەن:
(( وڵات و نیشتمان، ئاڵا، شیعر، ئاور، گورگ، با- نا، ون، سەرباز، باران ، دەریا، گوللـه))
بەڵێ ئەم سنوورداریە دەستی شاعیر دەگرێت لە داهێنان، وەك چۆن مەلی خەیاڵی بێ سنوور دەفڕێت، هەرواش دەبێت توانای وشەسازیی شاعیر هەمیشە جیاواز و لە نوێبوونەوەدا بێت، ئەم خولانەوەیە لە بازنەی ئەو چەند زاراوەیەدا دنیابینی شاعیریش زۆر سنووردار دەکەن.
جا لێرەدا بۆ پاڵشتی ئەم گوتەیە ئەوا هەر لە ناو شیعرەکانی شاعیرەوە نموونەکان دەهێنینیەوەو شەش شیعری ماوەی ٣ ساڵی شاعیر دەکەینە مەیدانی تاوتوێکرنەکەمان، خۆزگە کاک یونس وەڵامی ئەم خاڵەشی دەداینەوە،تا بمانزانیایە چۆن بێئاگا لەو کەلێنە ئەو هەموو شیعرەی هەر بەو کەرەسانە نووسیوە؟ وشەکانیش خەت بەژێردا دەهێنین تا زیاتر تەرکیزی خوێنەر بکەوێتە سەر دووبارەبوونەوەکانیان.

شیعری یەك:
(نازانم لە کوێ بدۆزمەوە ..ئەو باڵەی … بەشێک لە ئاسمانی تێدا …ونتر)
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانت وڵاتێکی بێ ناو نیشانن
ئەو نیشتمانەی تۆ
بۆ ون بوون لە ناونیشانی تەڕی دەریا دا
گورگانەدا
کچانی لە شیعرم دا.
بە سەربازێکی ونەوە
وە ئاڵا دەشەکێتەوە
لە بادا
بێ وڵاتیی دارەکان
لە باران

شیعری دوو:
(کاتژومێری سیفری ئاور)
زاراوە دووبارەکان:

شیعر چی بەسەر
سەربازانی بێ ناو
گەمەی ئاور
زیاتر نا
پاشگەز دەبمەوە لە باران … نا
لە گورگ نا
بە با..دا
بە دوای باران دا
بە گورگێک دەسپێرم
لە هەڕەتی … گوللەدا
زمان…بە با..دا
رەوە گورگێک
لە سەر ئاڵایەکی کەون
شیعر چ فڕێکی بایە
پۆتینەکانتان ون کرد
هێڵی ئەو شیعرەی

شیعری سێ:

(سروودی شاربەدەرێک)
زاراوە دووبارەکان:

قەتیسی با
لە بەرۆکی دەریا
ئاڵایەک هەڵکەم
کوێرە رێیەکی دەریا
گۆڕم دا ون
دەریایەکی سوور
شیعڕێکی رۆمانتێکیش
دزانی دەریایی دا
گوللەیەک لە گەرووی
بێ وڵاتیی بم
نیشتمانی لە ئاوردا
نیشتمانێکی بێ بن

شیعری سێ:
(وانەی سیزێف..لە سنوورەکانی رۆژائاوا
لە سنووری بادا)…
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانی ئاور
خەفەتباری دزانی دەریا
.ماندوو نا
لە شیعرم دا
رێگای گولڵەکانیش
دەریایەکی تینوو
لە با
دزانی دەریا
بەرەو دارەکان نا
بۆ گوللەکان
سەربازە خەمینەکانی
وڵات لە باڵی
لە سەر شانم نا
گوللەیەک مەستی باڵەکان
لە نیشتمانم دا

شیعری چوار:
(ئه‌وشه‌و له‌ شمشیره‌کانت ده‌په‌ڕمه‌وه‌ خاتوون)
زاراوە دووبارەکان:

نیشتمانم ده‌کێڵێ
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
مێترۆدا ون ده‌بێ
به‌ ته‌نیشت مندا ونی
که‌ نیشتمانم ده‌کێڵێ
که‌ ئاورت کردۆته‌وه‌
ئه‌ی با
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
به‌ با ده‌فرۆشێ
داده‌به‌زی له‌ باران دا
ئاورێکی خه‌مۆکه‌
لاپه‌ڕه‌ی شیعره‌کان

شیعری شمارە پێنج:‌

(٣٦ده‌ره‌جه‌ی گرینویجی خوێن)

زاراوە دووبارەکان:

پێشه‌وه‌ی –با–دام
ده‌وامه‌ی باران
به‌ رووی نیشتمان
بۆ تاریکی نا
وه‌ستان نا
زه‌رده‌ی ئاڵا
سه‌رله‌ نوێ ده‌کاته‌وه – با-
ئه‌و شێعره‌ی من
وه‌ ده‌ریا؛ پڕ له‌ خه‌ونی دارستانی ئاور
به‌ سبه‌ینێی ده‌ریا
من شێعره‌کانم

شیعری شەش:
(کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)
زاراوە دووبارەکان:

گورگێک فەرز کەن
لە ئاور
گورگێکتان بەو زستانە
رێ داوەتە شیعرەوە
ناڕەسەن نا
وەرزی شیعر
پێستی بادا
دەریای سوور
لەنگەری بە ئاورەوەیە
گورگێک لە ژێر
ئەی نیشتمانی
تاڵانی -با-
جوگرافیای دەریاکانم
گوللەکانی بەرەو شیعرەکانی ئێوە،
لە بادا
دەنگ دەدەم بە بادا
شیعرێکیش داگیرساو
سەرەتای گورگە
کێشی ئەو شیعرە

لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بڵێمە کاکە یونس کورد پیتی (و) لە جیاتی (وە) بەکادێنێ و هەروەها دووبارەبوونەوەی پیتی(کە)ش رەونەقی شیعر تەڵخ دەکات، جگە لەوەی هەر لەمەڕ وشەسازیەوە، ئەسڵ لە کۆپلە و دەستەواژە شیعریەکان (ئەرێنییە) نەك (نەرێنیی) وەك بەڕێزتان زۆر ئەو ستایڵە دووبارە دەکەنەوە کە بێزارکارە، گەر لە شیعرێکدا بەکاربێت وەك تەکنیك جوانە ، بەس کە لەزۆر شیعردا دووبارە بێتەوە بێزارکارە، ئەو پیتەش بۆی بەکاردێنن (نا)یە.
دستی ئێوەش خۆش بێت و منیش زۆر ماندووبووم بەم تێڕامان و سەرنجەوەو هەر بژین و حورمەتمان قبوڵ بفەرموون.




حەوت هۆکار لەپشت سوتاندنی دامودەزگاکان؟…. شێرکۆ کرمانج

یەکێک لەو دیاردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ ـەوە تا ئێستا بەرچاودەکەوێت سوتاندنی دامودەزگاو بارەگا حیزبییەکانە. پرسیار ئەوەیە کە هۆکاری پشت ئەم کارە توندوتیژییە چییە، بەتایبەتی ئەگەر بێت‌و ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە بەشی هەرە زۆری بەشداربووان لەپێش‌و لەکاتی خۆپیشاندانەکان داوای ناتوندوتیژییان دەکرد لە خۆپیشاندانەکان.

ھۆکار زۆرن لەپشت کارە توندوتیژییەکان بەڵام دەکرێت گرنگترینیان لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، کورد ھیچ کاتێک لە مێژوودا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە تا هاوڵاتیانی دەزگاکانی دەوڵەت‌و حکومەتەکە بە ھی خۆی بزانێت‌و بیپارێزێت. ئەو حکومەت‌و پەرلەمان‌و دامودەزگایانەش کە لە ١٩٩٢ دروستبوون هەر زوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لەسەرەتای نەوەتەکان کران بە دامودەزگای حیزبی، چاکتر بڵێین کران بە دامودەزگای یەکێتیی‌و پارتی کە سەرانی دوو بنەماڵە بەسەریاندا زاڵبوون. لەوەش گرنگتر، میدیای هەر دوو حیزب تەواوی سەرکەوتن‌و شکستەکانیشیان بە حیزبی کردوە. بۆنمونە، ناردنی هێز بۆ ڕۆژاڤا کرابوو بە دەستکەوتی یەکێتیی‌و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەرێم‌و بە دەستکەوتی پارتی؛ دۆڕانی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان کرابوون بە شکستی یەکێتیی‌و دزینی نەوت‌و تەخشان‌و پەخشان کردنی سامانی گشتی بە شکستی پارتی. هێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرگەش وەک چۆن لەسەرەتاوە حیزبییبوون دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی هەروا بە حیزبیی ماونەتەوە. ئەمەش وایکردوە کە هاوڵاتی کوردستان هەستی ئینتیمای نەک هەر بۆ دامودەزگاو حکومەت نەبێت بەڵکو لە ڕقی حیزب ڕقی لە خاک‌و نیشتیمانیش بێتەوەو لە دەرفەتێک بگەڕێت لە ڕقی پارتی‌و یەکێتیی نیشتیمان‌و وڵات‌و دامودەزگا حکومییەکانیان بسوتێنێ.

دووەم، لە کوردستان داڕشتەی (ستراکتۆری) خێڵ لاوازبووە بەڵام عەقڵی خێڵ (tribalism) هێشتا زۆر بەهێزە، ئەمەش بۆتە زادەی زاڵیی کەلتوری ڕق و قینە کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەلتورو عەقڵی خێڵ. لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە عەقڵی خێڵ مەرج نیە لە فۆرمی خێڵ دەرکەوێت بەڵکو دەکرێت لە فۆرمی ناوچە، شار، حیزب، بنەماڵە یان گوند دەرکەوێت. ئینسانی کورد ئەوەندەی ئینتیمای بۆ خێڵ، بۆ شار، بۆ حیزب، بۆ بنەماڵە، بۆ گوند هەیە ئەوەندە ئینتیمای بۆ خاک‌و نیشتیمان‌و نەتەوە نیە. ئەم وردە-شوناس‌و ئینتیمایانەش خەڵک کۆوەناکەن بەڵکو دابەشدەکەن، دابەشبوونەکانیش لە غیابی شوناس‌و ئینتیمایەکی کۆگیر دەبنە زادەی دروستبوونی ململانێ‌. لە غیابی دامودەزگای دەستوری‌و پەرلەمانی‌و دادگایی بۆ ڕێکخستن‌و یەکلایکردنەوەی کێشمەکێشەکان، ئەوە ململانێکان بەرەو ئاقاری ناتەندروست دەڕوات‌‌و ڕق‌و قینە بەرهەمدێنێت‌. ڕق لە خەڵکی ئەم ناوچەیەو ئەو ناوچەیە، ڕق لە ئەندامانی ئەم حیزبەو ئەو حیزبە …هتد. ڕقیش بەلەناوبردنی ئەوی دیکەو سیمبولەکانی ئەوی دیکە دادەمرکێتەوە. لەدەرئەنجامدا کاتێک پێکدادان ڕوودەدات لایەنەکان‌و کەسەکان لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەدا دەبن، سڕینەوەش لوتکەی توندوتیژییە.

سێیەم، خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی گەڕی ئەمجارە، نە ڕابەری ھەیە نە ڕێکخراوە نە هیچ لایەن‌و گروپێکی ڕێکخراو سەرپەرشتی دەکات. کەسێک و لایەنێک نیە خەڵک ئاراستەبکات، ئامانج و میکانیزم دەستنیشان بکات‌و ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان بهاوێت. لەغیابی ڕابەری مەیدانی‌و گروپێکی ڕێکخەر، گەڕەلاوژەو فەوزا لە خۆپیشاندانەکان پەیدادەبن‌و ناعەقڵانی بەسەر عەقڵ‌و سۆزو عاتیفە بەسەر لۆجیک زاڵدەبێت. کاتیکیش ناعەقڵانی‌و نالۆجیک زاڵبوون، ئیدی چاوەڕوانی کرداری توندوتیژیی دەکرێت.

چوارەم، دەسەڵات لەڕێگەی کۆمەڵێک بەڵتەجی بۆ ناشیرکردنی خۆپیشاندەران‌و ئامانجەکانیان دەسیسەکانی خۆی خستۆتە ڕیزی خۆپیشاندەران و ھانی توندوتیژیی دەدەن. توێژینەوەکانیش سەلماندویانە لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەشداربووان لاسایی یەکدی دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە توندوتیژییش نیە یان نیازی کاری توندوتیژییان نەبێت کارگەلێک ئەنجامدەن کە بەهیچ شێوەیەک بەتەنیا کارگەلی وا ئەنجامنەدەن. بەواتایەکی دیکە هەر هێندە کەسێک یان چەند کەسێک لەنێو گروپێکدا بەردیان هاوێشت یان هێرشیانکردە سەر دامەزراوەیەک ئیدی ئەوانی دیکەش بێ بیرکردنەوە ڕەدویان دەکەون‌و هەمان کار ئەنجامدەدەن، بەکاری توندوتیژییشەوە.

پێنجەم، ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە توڕەیی‌و بێزارییەکانی خەڵک چەند ساڵێکە گەیشتونەتە ترۆپک. هۆکاری هەرە سەرەکی توڕەییەکانیش تەنیا بێ موچەی‌و بێ کارەبای‌و بێ ئاوی‌و بێ خزمەتگوزاری نیە؛ هاوکات، تەنیا دزی‌و گەندەڵی‌و تەخشان‌و پەخشانکردنی سامانی گشتیی نیە؛ هەروەها، تەنیا شکست‌و خیانەتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرو ٣١ ی ئاب نین، بەڵکو ئەمانە هەموویان بەسەریەکەوەش، بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە نەبوونی یەکسانیە. خەڵک توڕەیە چونکە دەبینێت کەسانێک هەن موچەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک ئاو کارەبای بیست چوار سەعاتەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک تەعین دەکرێن‌و ئەو تەعین ناکرێت. هەموو ئەم هۆکارانە توڕەیی‌و بێزارییەکی لەڕادەبەدەری بەرهەمهێناوەو ساڵانێکیشە پەنگدەخواتەوە ئێستاش لەبەرابەر دەسەڵاتێک کە ھیچ ئامادەیی گوێگرتنی لە خەڵک‌و دانوسانی لەگەڵ نوێنەرەکانی نیە تەقیوەتەوەو توندوتیژیی لێکەوتۆتەوە.
شەشەم، کەلتوری توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردستانیشەوە زادەی زاڵیی سێ گوتاری شۆڕشگێریی زاڵە لە ناوچەکە کە گوتاری شۆڕشگێڕیی ناسیونالیزمی‌و شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیستی‌و شۆڕشگێڕیی ئیسلامیین. گوتاری ئەم سێ ڕەوتە بەگشتی بانگەشەی ڕاپەڕین‌و ڕوخان‌و سەرلەنوێ دروستکردنەوە دەکەن. ئەم سێ ڕەوتە بەگشتیی باوەڕیان بە شۆڕشە بۆ گۆڕانکاری. مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە خۆپیشاندەران سەر بەو ڕەوتانەن بەڵکو قسەی من لەسەر زاڵیی ئەم سێ گوتارەیە لەسەر عەقڵی خەڵک سەرەڕای لاوازی ئەم ڕەوتانە وەک هێز.

حەوتەم، هیچ گومانی تێدا نیە کە دەسەڵات لە کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکیە لەپشت دەستبردنی خەڵک بۆ توندوتیژیی. پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی مەنفەزێکی نەهێشتوە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکان، ئەویش لە ڕێگەی سەرکوتکردن‌و داپڵۆسینی دەنگە ناڕازییەکان. خەڵکی ناوچەکانی دیکەش چاک ئەو ڕاستییە دەزانن بەبێ تێگەیاندنی پارتی لە پەیامەکانیان هیچ گۆڕانکارییەک لە کوردستان ناکرێت، ئەوەش دەزانن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەگەرەکانی خۆپیشاندان‌و دەنگ هەڵبڕین زۆر کەمە بۆیە لە هەر شوێنێکی دیکە پارتی‌و بارەگاکانی ببینرێن خەڵک بەوپەڕی توڕەییەوە بەرەو ڕوویان دەڕۆن بۆ دەربڕینی بێزارییەکانیان. پارتیش بۆ ترساندنی نەک هەر ئەوانەی کە هێرش دەکەن بەڵکو بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەوپەڕی بێ بەزییانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو تەقەیان لێدەکات‌و توندوتیژیی دروستدەکات. لە ئاکامدا خەڵک ئەو باوەڕەی لا دروستبووە کە چەک‌و شۆڕش‌و ڕاپەڕین‌و توندوتیژیی تاکە ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی‌و دەسەڵات.

سەرەڕای بوونی ئەو هەموو هۆکارە بۆ توندوتیژیی بەڵام خەباتی ناتوندوتیژیی تاکە شێوازی خەباتە کە نەک تەنیا سەرکەوتن بەڵکو حکومەتێکی مەدەنی تەندروست بەرھەمبێنێت. توندوتیژیی‌و ڕاپەڕین‌و شۆڕش سەدان ساڵە نەک ھەر کوردستان بەڵکو تەواوی وڵاتانی ناوچەکە وێراندەکات. مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە ھەر کەس‌و لایەنێک بەھێز بێتە سەر حوکم تەنیا بەھێز حوکم دەکات‌و تەنیا بەھێزیش دەبێت لاببرێتەوە. ئەمەش سوڕێک دروستدەکات کە دەکرێت بە سوڕی توندوتیژیی ناوببرێت. سوڕەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوەو بەردەوام توندوتیژیی بەرهەمدێنێتەوە. کورستان ئێستا لە گێژاوی سوڕی توندوتیژییدا دەخولێتەوە.

بۆ پچڕاندنی ئەم سوڕە دەبێت بۆ ھەتا ھەتایە، تەنیاو تەنیا، شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی پەیڕەوبکرێت. ڕابەرانی ناڕەزاییەکان‌و خۆپیشاندانەکان نابێت بھێڵن بە ھیچ شێوەیەک نە دەسەڵات نە کەسانی دیکە خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقاری توندوتیژیی ببات چونکە توندوتیژیی دەبێتە مایەی لەکەدارکردنی خۆپیشاندانەکان و زەمانەتی مانەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەکات چونکە پاساوی سەرکوتکردنی پێدەدات. خەڵکی کوردستان لاسایی ئەزمونی تونس بکەن باشترە لەوەی ئەزمونی سوریا و لیبیا دووبارە بکەنەوە.
لەکۆتاییدا دەبێت لەسەر دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەڵوەستە بکەین. یەکەم، هۆکارەکانی توندوتیژیی نابێت بەهیچ شێوەیەک بکرێن بە پاساو بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی. توڕەیی‌و زوڵم و چەوسانەوە ھەڵە ناکەن بە ڕاست، ناڕەوا ناکەن بە ڕەوا. دووەم، ئەگەر خەڵک بارەگای حیزبی یان دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوتاند ئەوە نابێت‌و ناکرێت دەسەڵات ئەمە بکات بە پاساو بۆ تەقەکردن لە خەڵک. کاری دەسەڵات‌و دامودەزگا ئەمنییەکان کوشتنی خەڵک نیە بەڵکو پاراستنیانە، خەڵک دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن نە بەر گولە بدرێن.
هەرچۆنێک بێت، تاکەڕێگا خەباتی ئاشتیانەو مەدەنیانەو ناتوندوتیژییە. دەبێت توندوتیژیی کاتەگۆریکەری، واتە لەبنەڕەتەوە، ڕەتبکرێتەوە.




لە بارەی نائومێدیەوە … وریا مەعروف

نائومێدی مرۆڤ بەگەڕدەخات تاکوو بەدوایی ژیانێکی چاکتر و باشتردا بگەڕێت، دەیکاتە کەسێکی ناڕازی و وای لێدەکات بکەوێتە ھەوڵ و کۆشش بۆ گەڕان بەدوای دەستکەوتنی بەھای ئینسانیەوە، تاکوو لەڕێگەیەوە ڕۆح و دەروونی ئازاد و سەربەست بکات. ئەوەی مرۆڤ دڕدۆنگ و دەستەوەستان دەکات نائومێدی نیە،‌ بەڵکو لاوازی و ڕووخانە. نائومێدی پێویستە مرۆڤ بەجوڵە بخات و بیباتە قۆناغێکی تر و ژیانێکی شیاوتر.

مرۆڤ کە نائومێدبوو دەستھەڵدەگرێت و بەدوای ڕێگا چارەیەکی تردا دەگەڕێت، وای لێدەکات بەدوای بوونێکی باشتردا بگەڕێت، تاکو بگات بە شوناسێکی تایبەت و ژیانێکی باشتر و گونجاوتر کە شیاوی ئینسان بێت، کاتێک ھەمووان وەکو یەک وان، ھەست بە بوونی خۆیان ناکەن وادەزانن مردوون و شکۆ و ڕێزیان نەماوە، ڕەنگە بتوانن بۆشاییەک پڕبکەنەوە بەڵام گرنگ نین، لێرەدا نائومێدی لەدۆخی خۆت – ھێزت وەبەر دەدات و وات لێدەکات ھەنگاو بنێیت و ھەوڵبدەی ببیتە کەسێکی گرنگ، توانا ڕاستەقینەکەی خۆت دەخەیتە گەڕ بە حەز و عەشقەوە سەر لەنوێ دەستپێدەکەیت..

پێویستە نائومێدی بتگەیەنێتە ئازادی و سەربەخۆیی ئەوە وەزیفەی ڕاستەقینەی نائومێدیە نەک وەستان.

نائومێدبوون وات لێدەکات لەو زەلکاوەدا مەلە نەکەیت کە بۆگەنەکەی کاسی کردووی و دەست و قاچەکانت لە قەوزەکانی گیربووە، وات لێدەکات خۆت ڕاوەشێنی و دەرپەڕی لە وێستگەیەکی تر دەست پێبکەیتەوە. بوونی ئومێد لە زەلکاودا دەتخنکێنێت و دەتڕزێنێتەوە و، بوونی خۆت لەدەست دەدەی، پێویستە خۆت دەرباز بکەیت، ئەمەش چۆن ھەنگاوی بۆ دەنرێ؟ ئەوکاتە ھەنگاوی بۆ دەنرێ کە تۆ نائومێدبیت، بەدوای ڕێگایەکی تر و ژیانێکی دیکەدا دەگەڕێت، بوونی ئومێد دەتخاپێنێ و، چاوەڕوان دەتھێڵێتەوە دەتکاتە کەسێکی دەستەوەستان کە پشت بە کەسانی تر ببەستی و دوورکەویتەوە لەخۆت.

تا نائومێد نەبین ناتوانین ھەنگاوی نوێ بھاوێژین و ڕێگایەکی نوێ بگرینەبەر، نابێت بوەستیت ھەم لەباری خراپی و ھەم باش-یشدا، وەستان چێژی ژیانت لێدەستێنێتەوە، ڕەنگە وەستان ئارامیت پێببەخشێ، بەڵام چێژت لێدەستێنێتەوە، وەستان تەنھا بۆ پشوودان پێویستیە،‌ بەڵام درێژخایەن بزرت دەکات، دڵخۆشی و چێژت لەناو دەبات، ڕەنگە لەھەموو ھەستێکی ئیسنانیش خاڵیت بکاتەوە، مرۆڤ سنورێکی ڕۆحی فراوانی ھەیە تەواو نابێت، ھەمیشە لەگەڕاندایە بۆ ئەوەی بگاتە زۆرترین و باشترین، نائومێدی وزە و ھێزی گەڕانیەتی.

نائومێدی بە مانای کۆتایی ھاتن نایەت،‌ بەڵکو سەره‌تایی دەستپێکێکی نوێیە بەرەو باشتر، کاتێک خەمگینی و ئازار و نا ئارامی تا بینە قاقات ھاتووە ھەناسەی تەنگ کردووی و پێویستە بەرزبیتەوە، بجووڵێیت.. وات لێدەکات لەو دۆخە دەرچیت کە نائومێدی کردووی، لە شوێنێکی دوورتر بڕوانی بەدوای ڕێگایەکی باشتردا بگەڕێی…




بڕوخێ.. و .. ھەنگاوەکانی دواتر!! … چالاک ئـاغجەلەری

بڕوخێ بەڕووی کەسێکی فاشل یان دەسەڵاتێکی کرمن و خۆسەپێن جوانترین دەسەتەواژەیە کاتێک لەلایەن شەقامەوە ئـاراستە دەکرێت ، لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە ھەڵگریدروستکرنەوەی سبەی ڕۆژی ئـومێد و داخوازیە ڕەواکانی شەقامە ھاوکات ستۆپێکە بەڕووی ئـەوانەی ھەڵگری ھەمان فۆرمی بڕوخێی شەقام بوون بەڵام ویستەشەخسیەکان و حەز و ئـارەزووی کورسی بە ئـاراستەیەکی تری گەیاندن. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دوو وێستگەی جیاوازدا ، سەردەمانێک دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەریوەکو سەدام و دارو دەستەکەی ھەژموونی باڵادەستی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەکرد ، ھەرچیەکیان پێبکرایە دەیانکرد بەرامبەر ڕوخانی شکۆی تاک بە تاکی ئـەمنیشتیمانە، ئـەو بوو بڵێسەی گڕی دەنگی شەقام لە ڕانیە و قەڵادزێیەوە بوە سەرمەشقی دەستەواژەی بڕوخێیەک ، دار وبەردی بەعسی کردە دۆزەخ وەک نموونەیەک ھیچ دەسەڵاتێک نەوێرێت دەست بۆ شکۆ و مۆرڵی گەل بەرێت ھەروەھا مێژوویەکی پڕ لە شکۆ یە لە ڕاپەڕینی خەڵک بە گژ نادادی و جەور و ستەمدا، بە تێپەڕاندنی ئـەوقۆناغە لە دوای ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکان بوون کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی بە گەورەییەوە پشتیان دانەواند بۆ ھێزەکانی شاخ و کردیاننبە دەمڕاست و دەڵەمەتدار ، ئەوە بوو ھێزە سیاسیەکان بوون بە میراتگری ئـەو دەنگانەو جەماوەر متمانەی تەواوی پێیان بەخشی لە پێناوی بیناکردنەوەی دەسەڵاتێکیتەندروست و خزمەتکار.

بەڵێ قۆناغی نوێ بەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی ئـاوێزان بوو ، خەڵک بڕوای وابوو سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی نوێ ژیانێک شایستەی ئـەو ھەموو ئـێش و ئـازارە بێت کەئـەو ڕۆژانە پێوەی دەتلانەوە، وەک بینرا دوای ٢٦ ساڵ لە چاوەڕانی شەقام سەرباری تەواوی نەھامەتیەکان ، نادادیەکان، دروست بوونی نوخبەکەی بەدەسەڵاتبەجیاوازیەک کە پێوانەناکرێت لەگەڵ کەسانی ئـاساییدا، ھیسترا و پاوانخوازی ئـەم دەستەیە گەیشتنە ئـاستی دیکتاتۆرە بەناوبانگاکان ، سەرکردە و حزب ھەرکاتێک پێگەیانلەسەروو یاساوە بێت بێشک دۆخی فیرعەون ئـاسا لە خۆ دەگرێت ، تەواوی بە ھاکان لە خەڵک دادەماڵێت و بە خۆوەی دەپێچێت، ئـێستا ئـەو ساتەیە خەڵک چیتر ناتونێتبێدەنگ بێت ، سوکایەتی نەما گەل تاقی نەکاتەوە، کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی دەستیان بۆ قوتی تاکەکانی ئـەم نیشتیمانەش برد لە کاتێکدا ڕژێمی پێشتر ئـەم ھەنگاوەی نەنا،لێرەدا شەقام بە ئـەرکی ئـەخلاقی خۆی ھەڵدەستێت، مەبەستێتی زوخای ئـەم چەند ساڵە بە تەنھا ووشەیەک پێناسە بکات .. ھاواری بڕوخێی بە گوێی دەسەڵاتی کوردییدابدات، ئـەمە ئـەو چرکەساتەیە درۆی پاراستنی مۆراڵی کوردبوون و کوردایەتی تووڕ دەدرێت، درۆی باوەش کردن بە بەھا دینیەکاندا دەگەڕێنرێتەوە بۆ تاک و لەچنگی حزبیسیاسی دەسێنرێتەوە ، داکۆکیە لە بەھا ئـینسانیەکان، لە ژیانێکی باشتر و داھاتویەکی ڕوون .

ھاوکات تەوژمی بڕوخێی دەسەڵات دەبێت چوارچێوەیەکی ھاوچەرخ ئـاراستە بکات ، دامو دەزگاکان وەک بەشێک لەماڵەکانی خۆیان پێناسە بکەن وەک بیبیلەی چاوپارێزگاری لێبکەن چونکە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوام لە ھەوڵی ناشیرین کردنی ئـێوەدان ، ناکرێت دەزگای ئـاسایش و پێشمەرگە بکەن بەبرەی دەسەڵات ، دەستی سۆزوخۆشەویستیان بۆ درێژ بکەن داوای ھاوکاریان لێبکەن، پێویستە کار بۆ جوڵاندنی زۆنی زەرد بکرێت وەک ھەموو دەزانین سەری مارەکە ئـەو ناوەندەیە، ئـەگەر تەماشایمێژووی گۆڕانکاری و بەدەرنانی دەسەڵاتی ستەمکار بکەین پایتەخت چەقی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، بۆیە ھەرچی زووە ئـەم خەباتە ڕەوایە سنوری دێگەڵە ببەزێنێت ،چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئـەم جۆرە ناڕەزایەتیانە تاقیکراوەتەوە بە شکت کۆتایی ھاتووە، بگرە پارتی و دەسەڵاتەکەی گەزو بەزی پێگرتووە.ئـەمە لە کاتێکداچەقبەستنی لە چواچێوەی دەسەڵاتی یەکێتی و زۆنی سەوزدا فۆرمی بڕوخێ و داخوازیەکانی شەقام بە دوو ئـاراستە خۆی دەناسێنێت ، یەکەمیان .. تەواوکردنی پلانەکانی١٦ی ئـۆکتۆبەرە ، پارتی بە پیلان کار لە سەر توڕەیی شەقام دەکات بۆ ھەرچی زیاتری نانەوەی ئـاشوب لەو سنورە ، دووھەم … ھەوڵدان بۆ دروست بوونی دوو ئـیدارەییکە خەونی پارتیە ، لە ھەردوو ئـەگەرەکەدا یەکێتی دەبێت قسەی ھەبێت و ڕاستگۆیانە بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکەکەدا، ھاوکات وەڵامی ھەڕەشە و چاوسوکردنەوەیەکدادیی یەکێتی نادات لەگەڵ ئـەوشدا ھەلێکە بۆ ئـاشتکردنەوەی خەڵک ، شەقامیش دەبێت زۆر بە ووریاییەوە ھەڵسوکەوت بکەن بە بەرنامە داخوازیەکانیان بەدەست بھێنن ،لەئـەگەری بەدەنگەوە ھاتنی دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نیلی سەقفێک بۆ داواکاریەکان دابنرێت لەسەرو ھەموویانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی ئـینتیقالی بە نوێنەرایەتی دەنگیشەقام، ئـەم جۆرە ھەنگاوە لە ڕۆژانی داھاتودا باشترین بژاردەیە کە خەڵکی بێگرێتە بەر، ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت ، لە ئـێستادا پێویستە داوا لە دەوڵەتی ناوەند(عێراق ) بکرێت ئـەرکی پاراستنی شەقام لە ئـەستۆ بگرێت لە حاڵەتی ملھوڕی دەسەڵاتی ھەرێمدا لە ئـازاردانی خەڵک، تەواوی ئـەم کارانەش پێویستی بە بەرنامەڕێژییە ولە ھەر یەکەیەکی ئـیدارییدا دەبێت دەست و برد لە دروستکردن لیژنەی سەرپەرشتی شەقام بکرێت، بە پێچەوانەوە ھەوڵەکان ئـاکام گیر نابێت.




شێعرێک له ئالێن ئۆستین .. نووسینی سۆزان پۆلیس شووتز


(1)شێعرێک له ئالێن ئۆستین
له کتێبی “بەرادەوام بەدوای خەونەکانت به”(2) نووسینی سۆزان پۆلیس شووتز(3)
وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه: زانکۆ یاری
(کارناسی زمان و وێژه‌ی ئینگلیزی)

دەتوانی وا بکەی
بڕوانه دەروونی خۆت و
گوێ بدە بە دەنگی دڵت.
دەتوانی وا بکەی
دەتوانی بەو ئامانجه بگەی.
دەتوانی ڕاستییەکی نوێ بخوڵقێنی
بەجێگەی ملدان لە ئاستی ڕاستییەکاندا
ئەوانەی کە هەموو کاتێک بوونە.
دەتوانی وا بکەی.
گشت هومێده گەشەکانت
لەگەڵته.
هیچ شیتێک له هەمبەری تۆدا نییه
بێجگە لە ترسەکانت.

————————

1-Alin Austin, 1983
2-Allways follow your dreams
3- Susan Polis Schutz

———————————————-
You Can Do It . . .

Look within.
And listen to your heart.
You can do it.
You can reach that goal.
You can make that new reality
instead of accepting things
the way they used to be.
You can do it.
All of your highest hopes are
with you.
Nothing hold you back but
your own fears.




گه‌ڕانه‌وه‌بۆنیشتمان … نوسینی/زهیر رسام

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌{فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی}….

دوای زیاترله‌ساڵێك ئاواره‌یی،چۆله‌كه‌(جوجو)گه‌ڕایه‌وه‌ بۆناوباخه‌كه‌.(جوجو)كه‌وته‌گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و دره‌خته‌ی كه‌له‌سه‌رلقه‌كانی له‌دایك بووبووله‌گه‌ڵ خوشك وبراكانیداله‌باوه‌شیداژیابوون.
جوجو له‌كاتی گه‌ڕانداقسه‌كانی دایكی بیركه‌وته‌وه‌،كه‌ده‌یوت”دڵنیام ڕۆژێك ده‌یدۆزیته‌وه‌”دارسێوێكی گه‌وره‌یه‌ولقه‌كانی چڕوپڕن،نزیك ئاواییه‌كه‌یه‌و ڕووبارێك به‌لای چه‌پیدابه‌ره‌وخوارده‌ڕوات.

دوای گه‌ڕانێكی پڕخۆشه‌ویستی،جوجو دره‌خته‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌وله‌سه‌رلقێكی نیشته‌وه‌،هێلانه‌كه‌وه‌ك خۆی مابوو.جوجو فڕییه‌ ناوی وبه‌هه‌ستێكی خۆشه‌وه‌ وتی:ئای!له‌م هێلانه‌یه‌داچاوم هه‌ڵهێنا،دایكم له‌ژێرباڵی
خۆیداله‌گه‌ڵ خوشك وبراكانم ده‌یپاراستین وخواردنی ده‌داینێ‌ وبه‌ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی گۆرانی بۆده‌وتین.

ئه‌م دره‌خته‌پیرۆزه‌ش له‌ڕه‌شه‌باوباران ده‌یپاراستین وئێوارانیش به‌رله‌خه‌وتن چیرۆكی بۆده‌گێڕاینه‌وه‌.
پاش كه‌مێك چووه‌ قه‌راغ ڕووباره‌كه‌،خۆی فێنك كرده‌وه‌وكه‌مێك ئاوی خوارده‌وه‌،ئینجابه‌ده‌م گۆرانی وتنه‌وه‌ باڵه‌كانی به‌یه‌كدادا وكه‌وته‌سه‌ماكردن.

چۆله‌كه‌كانی ناوباخه‌كه‌ لێی كۆبوونه‌وه‌وبه‌خێرهاتنیانكرد،ئه‌میش گۆرانی{گه‌ڕامه‌وه‌بۆهێلانه‌كه‌م)ی بۆووتن.
چۆله‌كه‌یه‌كی مێینه‌ لێی نزیك بووه‌وه‌وپێی وت:ڕێگه‌ده‌ده‌یت له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هێلانه‌كه‌تداهاوكاریت بكه‌م؟؟؟!!
جوجو به‌خۆشییه‌وه‌ وتی:ئای له‌وجوانییه‌!دڵنیام تۆكچی پوره‌ مێخه‌كیت،چونكه‌چاوه‌كانت له‌چاوه‌كانی ئه‌وده‌چن.
ئه‌ویش وتی:به‌ڵێ‌ من كچی پوره‌مێخه‌كم وناوم(گوڵێ‌)یه‌.

جوجو وتی:گوڵێ‌ گیان،دایكم زۆرباسی ئێوه‌ی بۆكردووم.گوڵێ‌ خه‌نده‌یه‌ك گرتی .
دارسێوه‌كه‌ پێكه‌نی ووتی:وه‌رنه‌ باوه‌شم،چۆن له‌ڕابردوودا جێگه‌ی ژیانی دایك وباوك وخوشك وبراكانتان بووم،ئێستاش جێگه‌ی ئێوه‌و خێزانه‌ تازه‌كه‌تان ده‌بم،چونكه‌ من هه‌رله‌كۆنه‌وه‌ نیشتمانی ئێوه‌م.


ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(193)ی گۆڤاری {په‌پوله‌}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




زیندانی ده‌ستور.. دڵشاد تاقانه‌

ده‌ستوری عێراقی عه‌ره‌بیان لێکردین به‌کتێبی ئاسمانی و گوایه‌ پیرۆزتر له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌! له‌کاتێکدا ئه‌و ده‌ستوره‌ په‌تی قه‌ناره‌ی تاکی کورده‌، هیچ ڕاستیه‌کی تێدانیه‌ باش و به‌سودبی. له‌هه‌موو سه‌رێکه‌وه‌ وه‌ک سندم له‌پێمان ده‌که‌ن هه‌نده‌ک جاریش لغاوه‌کی شه‌ویلاک شکێنه‌. زۆرینه‌ی مافه‌ ده‌سکه‌وته‌کانیان لێستاندینه‌وه‌ له‌ڕێگای هاتووچۆی ئاسمانی، په‌یوه‌ندی به‌دنیای ‌ده‌ره‌وه‌، نه‌فت فرۆشی، ته‌نانه‌ت خه‌ونی هاوسۆزی خه‌باتی پێشتر و هیوا به‌شیعه‌کان هه‌ربه‌ده‌ستور.

یه‌کێتی خاکی عێراق..

هه‌رگیز عێراق خاکێکی یه‌کگرتووی نه‌بووه‌ تا بتاندرێ بپارێزرێ چونکه‌ له‌بنه‌چه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌ نه‌خشه‌کراوه‌. هه‌میشه‌ له‌لایک شۆڕش به‌رپاکرایه‌ جا چ له‌کوردستان بی یا باشوری شیعه‌ستان یان ئێستای سونه‌ستان که‌هه‌موو سنوره‌کانی به‌رگری بڕی و چووه‌ زبڵخانه‌ی تیرۆرستیه‌وه‌! قه‌تیش ئه‌و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و خاکه‌ نایه‌ته‌ به‌رهه‌م هه‌رده‌بێ هه‌ڵوه‌شێ و هه‌رکه‌س به‌شی خۆی بباته‌وه‌.

یه‌کێتیه‌کانی دنیا..

سیسته‌می ئه‌وڕۆی جیهانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌کانه‌ له‌به‌ره‌ و کیشوه‌رایه‌تی له‌لایه‌ک لۆ خۆپارێزی له‌هێزه‌ ئابوریه‌ گه‌وره‌کان له‌لایه‌کیش بڵاوبوونه‌وی ئاینی مرۆڤانی و ژیان له‌بن تاکه‌ ئاڵایه‌ک نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌ک ئاڵا و ئاڕمی خۆی. له‌ناو ئه‌و گێژاوه‌ی یه‌کگرتنه‌وانه‌ تازه‌ کورد جیابوونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وێ له‌سه‌رده‌مێکی ناجۆردا.

ڕیفراندۆم..

مافه‌ یان ئامرازێکی تری سه‌رخاپاندن و هه‌ڵه‌پێکاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی؟ تا ئێستاش هه‌ریه‌که‌و به‌دۆیه‌که‌ی خۆی نارێ ترشه‌ له‌کاته‌ک گه‌نیوه‌ته‌وه‌ پڕ پڕ له‌به‌کتریای ترشێنه‌ره‌. ده‌رێن: ئه‌وی ده‌ست له‌سیاسه‌ت با شه‌قیش ئه‌خوا و سجنیش ئه‌چێژێ. ئه‌وجا ئه‌وه‌ ئه‌مه‌بووین شه‌قیشمان خوارد سجنی ده‌ستوریش ده‌چێژین.

شیعه‌ و سونه‌؟

جیاوازیان چیه‌ به‌رامبه‌ر به‌کورد؟ کاته‌ک سونه‌ ده‌سه‌ڵاتداربوو تاڤی زێڕینیان سه‌رده‌می سه‌دام بوو ئه‌نفالیان کردین. ئێستا شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌عه‌بادی جینۆسایدی کردین. هه‌رکه‌سه‌ک پێیوابێ ئه‌وانه‌ دۆستی کوردن له‌پێشه‌وه‌ فێڵ له‌خۆی ده‌کا ئه‌وجا له‌خه‌ڵک و نیشتمانه‌که‌ی.

مووچه‌ و بودجه‌..

ده‌رێن: مندار نه‌ژی له‌گوه‌که‌ی دیاره‌! ئه‌وجا نه‌فت فرۆشیه‌که‌ی کورد دزی و فزی بوو به‌قسه‌ی گه‌وره‌ی نیشتمانیش تڕاندیانین، که‌ عه‌ره‌بیش نه‌فته‌که‌ی برده‌وه‌ لۆمه‌ هه‌ربه‌ڕبه‌ی ته‌قته‌قیه‌. که‌س نیه‌ ئه‌من ده‌رێم ڕۆژێ جاره‌ک، ئه‌تو برێ سه‌دجار باسی مووچه‌ و بودجه‌ نه‌کا، ته‌له‌فزیۆنی هه‌موو ماڵه‌کانیش وا ده‌ڵی ‌زه‌رد و شین، سۆر و مۆر، سه‌وز و فـــــــــرته‌قاری هه‌رکه‌س به‌زه‌وقی خۆی ده‌یکاته‌وه‌. عه‌بادیش وه‌ک وته‌بێژی حیزبه‌کانی خۆمان ده‌ستاڕی درۆ ده‌گێڕی ده‌ینێرم ناینێرم، ده‌ینێرم ناینایرم…..تاد.

قه‌یران و حه‌یران..

کورد ته‌نگاوی که‌ی حه‌یران ده‌رێ. له‌وبه‌زمه‌ی ئێستا ڕووده‌دا له‌کوردستان ڕاپه‌ڕه‌ و ده‌رپه‌ڕه‌، ده‌یخۆی؟ وه‌ڵاهی نایه‌لم بیخۆی؟ لۆ هه‌نده‌کان قه‌یرانه‌ سه‌ریان چوویته‌ هه‌شێ بابیان، لۆ هه‌نده‌کانیش حه‌یران پاردانه‌وه‌ی بن که‌پرێیه‌ له‌سه‌ر لاگونه‌کی! هاهاهایه‌کی ده‌وێ پێشمه‌رگه‌ نه‌فره‌ت ده‌کرێ له‌لایه‌ن گه‌نجی کوردی به‌دبه‌خت و هیچ نه‌دیته‌ی ناو زیندانی ده‌ستوری عێراق به‌ردباران ده‌کرێ، جونی پێده‌درێ، ڕیسواده‌کرێ، مێژووی پاراستنی پیس ده‌کرێ به‌کوشتن و ته‌قه‌. له‌لایه‌کی دی پێشمه‌ر‌گه‌ گه‌نجی برسی ده‌داته‌ به‌رشه‌ق و قۆنداغ و گوله‌، گه‌نجێک چه‌ند مه‌تره‌ک به‌رپێی خۆی نابینی له‌تاوی برسیه‌تی و باغه‌ربۆشی مل له‌چه‌قۆ ده‌خشێنێ، فه‌رمانگه‌ ده‌سوتێنێ، شار ده‌سوتێنێ، جام و په‌نجه‌ره‌ ده‌شکێنێ دڕنه‌ی گرتیه‌ و ده‌یه‌وێ برێ: هه‌م، ئه‌وتا ئه‌منم.

ده‌نگده‌ر و ده‌نگبه‌ر..

نه‌عبێنیان هاوکێشه‌کی گه‌ڕه‌لاوژه‌ییه‌ وه‌ک ماتماتیک چاوی ساغ و کۆرت لۆ یه‌کسان ده‌ک. هاکا هه‌ڵبژاردن بوو بایده‌ده‌ن ئه‌وجاره‌ ده‌نگ ده‌ده‌ینه‌ تۆران و دۆڕان و درۆزان. ده‌ی ده‌ی پاش بارانان هه‌رقوڕێنیه‌! چاک گه‌مه‌ به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک ده‌که‌ن به‌هه‌موو سه‌ره‌کی براوه‌ن. سه‌یره‌که‌ له‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌کۆیه‌ ده‌یرێ له‌هه‌لێرێ ناوێری ئه‌وجا جونان ده‌دا ده‌سوتێنی ده‌شکێنی، ئێ کاکه‌ ئه‌ویش لێت ده‌دا و ده‌تگرێنی! ئێستا کامه‌یان ڕه‌وایه‌؟ جون و به‌رد و هێرش و سوتان یان ته‌قه‌ و کوشتن و گرتن و لێدان؟ مه‌ته‌ڵه‌کی کوردی هه‌یه‌ ده‌رێ: ئه‌ولام تات و ئه‌ملام تات، وه‌ی بابه‌ جیقم ده‌رهات، ئه‌وه‌چیه‌؟ پێموایه‌ ئه‌مه‌ی کوردی کێچ و ئه‌سپێیه‌ له‌ناو زیندانی ده‌ستور.




ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئاکشنی کەنەدی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دووایەی کوردستان


هاوپشتی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان

ڕێکخراوەی کاری سۆشیالیستی ( Socialist Action ) لە کەنەدا هاوپشتی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ خەڵکی وەدەنگ هاتوی کوردستان لە بەرانبەردواکەوتنی موچە، ئازادی زیندانیانی سیاسی، دانانی سنورێک بۆ دەزگا سەرکوتگەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە گەندەڵکارەکەی هەرێم.
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، بە دەیان هەزار کەس لە شارەکانی سلێمانی و دەوروبەری ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای گۆرینی بنەڕەتی دەکەن لە دەسەڵاتدا، دەسەڵاتێک ٢٦ ساڵە خەریکی سەرکوت و گەندەڵییە. لە بەرانبەردا هێزە ئەمنێکانی هەرێم بە توندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە بە کوشتنی دەیان کەس و بریندارکردنی زیاتر لە حەفتا کەس و گرتن و دەست بەسەرکردنی ڕۆژنامە نووسان و داخستنی کەناڵی تەلەڤزیۆنی. دیارە ئەم ژمارانە ڕوولەسەرە لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتێکاندا.
بەکارهێنانی توند و تیژی بەرانبەر بە هاتنە سەر شاقامی خەڵکی ناڕازی کارێکی تەواو دژ بە مافەکانی مرۆڤە. داوا لە ئۆتاواو هاوپەیمانەکانی دەکەین کە لە ڕابردودا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە بە پەلە سنورێک بۆ ئەم کارە توندو تیژیانە دابنێن لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازیدا.

٢٦ ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەرێمە دەسەڵاتدارن و لە ٢٠٠٣ شەوە ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ لە ڕێی مالی و تەقەمەنییەوە یارمەتی داون، هەروەها وەزارەتی بەرگری کەنەدیش بە شداری هەبوو لەو یارمەتیدانە.
هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی دەسەڵاتیاندا دەستیان هەبوە لە وێرانکردنی بنەما ئابوری و ئیدارێکانی ئەو هەرێمەدا و بەرتەسکردنەوەی کایە دیموکراتێکان و تێوەگلانیان لەگەندەڵییەکی بێوێنەدا، لە بەرانبەریشدا هەموو دەنگە ناڕازێکانیان بە ڕێگای جۆراو جۆر کپ کردۆتەوەو دەستیان هەیە لە تیرۆرکردنی دەیان ڕۆژنامەنووس و کەسانی سیاسی وە فەشەلێکی تەواویشیان هێناوە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتێکان لە چەشنی ئاو و کارەبا.
ئەم دەسەڵاتە لە ئاکامی خراپ بەکار هێنانی سەروەتی گشتی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئێستا بە قەیرانێکی گەورەدا تێپەر دەبێت و توانای دابینکردنی موچەی کرێکاران و فەرمانبەران و خانەنیشینانی نەماوەو دەیەوێت لەڕێی زەبرو زەنگەوە خەڵکی بێدەنگ بکات و درێژە بە دەسەڵاتە شکستخواردۆکەی خۆی بدات.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شەرعیەتی خۆی پاراستووە لە ڕێی ئەو یارمەتیە نێو دەوڵەتیانەوە کە پێی گەشتووە، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئێستاش ئەو چەک و دەسەڵاتەی لە سەرکوتو کوشتاری هاووڵاتیانی خۆیدا بەکاری دێنێت.
ئێمە لێرەدا سەرباری ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازێکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق، ئەم داخوازیانەشمان لە حکومەتی کەنەدا هەیە:

لەسەر حکومەتی کەنەدایە ئەم داخوازیانەی خوارەوە ڕوبەڕووی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بکاتەوە لە کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

١- وەستانی دەست بەجێی هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی.
٢- کۆتایهێنان بە کاری سەربازی.
٣- ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی سیاسی.
٤- وەکار خستنەوەی پەخشی تەلەڤزیۆنی NRT .
٥- وەڵام دانەوەی دەستبەجێ بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی.

لێرەشەوە داوا لە هەموو ڕێکخراوە کرێکارێکانی کەنەدا دەکەین پشتیوانی خۆیان دەربڕن بۆ خوشک و برایانی ناڕازیمان لە کوردستان.


کاری سۆشیالیستی

Socialist Action / Ligue pour l’Action socialiste

Dec 21,2017




مەرگى سەگ … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


کۆمەڵە چیڕۆکێک نزیک لە واقیع بە شێوازى هونەرى ….

سەرەتا:

کورتە چیڕۆکى کوردى لە باشورى کوردستان دواى حوسێن عارف و حەمە فەریق حەسەن و رەووف بێگەرد و ئەحلام مەنسور و دکتۆر کاوس قەفتان و محەمەد موکرى و شێرزاد حەسەن و حەمە کەریم عارف و جەلیل کاکەوەیس و شیرین ک و سەلاح عومەر و رەووف حەسەن و رەزا سەید گوڵ و سابیر رەشید… ئەگەرچى بەرەو جۆرێک لە بێ نازى بۆوە، بەڵام لە سەر دەستى چیڕۆکنوسانى وەک جەبار جەمال غەریب و عەتا محەمەد، ئارام کاکەى فەلاح، سیامەند هادى، کاروان کاکەسور، دانا فایق، فاروق هۆمەر، ئاکۆ کەریم مەعروف، یوسف عیزەدین… بە شێوازێکى جیاوازى هونەرییەوە درێژەى هەبوو… دواى ئەو نەوەیە لە چیڕۆکنوسان چیڕۆکى کوردى تا ئەندازەیەک پشتگوێ خرا، زۆربەى چیڕۆکنوسان بیریان لەوە کردەوە لەبەر ئەوەى رۆمانى کوردى لە حاڵى نەبووندایە بڕیاریاندا رۆمان بنوسن، ئێمە رۆمانمان نییە، با رۆمان بنوسین… پرسیار لەوە ناکەم بڕیاردان و حوکمدان و ئاڕاستەکردن و… هەموو ئەو تێگەیشتنانە بەهاى هونەرى نوسین دەشێوێنێ، بەڵکو پرسیارى من ئەوەیە، بۆ چیڕۆکە هونەرییەکانى (حوسێن عارف) و دواتر (عەتا محەمەد)… نەیانتوانى لە بوارى چیڕۆکنوسیدا هێزى دیکە و نەوەى دیکەى جیاواز لە چیڕۆکنوسان پەروەردە بکەن؟! ئایا لە هەموو دنیا ژانرى کورتە چیڕۆک کەوتۆتە قەیرانەوە؟!

ئەو پرسیارە و هیدیکەش هەڵدەگرم، نەک لەبەر ئەوەى بە دواداچوونى جیدى و بەرفرەوان هەڵدەگرێ، بەڵکو چونکە قابیلى قسەى جیاواز و توێژینەوە و تێڕامانە… نەک لەبەر ئەوەى قسە لە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) وەک چیڕۆکنوسێکى سەردەمى حوسێن عارف و شێرزاد حەسەن… دەکەم، بەڵکو چونکە مەعریفە و توانا و شارەزایى و خۆتەرخانکردنى زۆرى پێویستە و کاتى دەوێت.

(1)

(مەرگى سەگ، کورتە چیڕۆک، دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن، هەولێر چ 1، 2017) ئەگەرچى لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لە شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕندەیى بەعس دەدوێ، لەبەر ئەوەى دڕندەیى بەعس هەرگیز نابێتە رابردوو، بابەتى نێو ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەش هەرگیز نابێتە رابردوو… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە فێرمان دەکات بەرەنگارى ستەم ببینەوە، لە پێناو حەقیقەتدا بمرین، بەڵام بەو تێگەیشتنە نا کە مرۆڤ وەک قوربانى تەماشا بکرێت، ئەو بیرکردنەوە (مارکسییە) ئەگەرچى ماوەیەکى زۆر بە سەر کلتورى مرۆڤایەتیدا زاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ بیرکردنەوەى سەردەم ناگونجێ، ئەمڕۆ هەموو رووەکانى حەقیقەت پابەندى ژیاندۆستییە، نەک مەرگدۆستى، بەهاى مرۆڤایەتى لە ژیاندۆستیدایە، نەک پابەندبوونى سیاسى…

ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە پێماندەڵێت مەرگ پێویستى بە ئازایەتى هەیە، بەڵام هاملێت پێماندەڵێ بیرکردنەوە وامان لێدەکات ترسنۆک بین… لە نێوان ئازایەتى و بیرکردنەوەدا ژیان فێرمان دەکات بڕوامان بە جیاوازى هەبێت، لە نێوان ئازایەتى و ترسنۆکى ژیان هەڵدەبژێرین…

بنەماى گێڕانەوە لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا لە رێگاى راناوى قسەکەر یان بەکارهێنانى شێوەکانى دیکەى راناو وەک خۆدواندن و خۆپێشخستن و خۆدواخستن بەرجەستە دەبێت، لە رێگاى رووداو و بابەت و تەکنیکەوە ئەوەندە تێکەڵ ئازارەکانى مرۆڤ و یاخیبوون و چەوسانەوەى نەتەوەیى و بەسەرهاتەکانى ژیانى رۆژانە و ژیانى کولەمەرگى کوردى دەبێت، خوێنەر وا دەزانێت کارێکى واقیعى لە پێناو (بەرەنگاربوونەوە)دا دەخوێنێتەوە! بەڵام دەتوانم بڵێم کۆى ئەو چیڕۆکانە لە وەشاندنى سیحرى هونەرى و لە بەجێهێشتنى جێکەوتەى بابەت گەشە دەکات، لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا تواناى گێڕانەوە و چنین و رووداو… بەرجەستەیە! ئەو توانا و سیحر و جێکەوتە هونەرییە لە چیڕۆکى (بخوێنە خەمت نەبێت) نەک هەر راستەوخۆ لە ناونیشانى چیڕۆکەکەوە دیارە، بەڵکو راستەوخۆ سیحرى خۆى لە کارى داخوازى (بخوێنە)دا دەوەشێنێ…

بە دیوەکەى دیکە شاردنەوەى ئاکامى چیڕۆکەکان و ئاڕاستە نەکردنى خوێنەر، سیحرى هونەرى خوێندنەوە بە تامتر دەکات، نهێنى چنین و تەکنیکى چنینى بابەت لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا مەتەڵێکە هەتا کاراکتەرى سەرەکیش دەرئەنجامەکانى بە تەواوى بۆ یەکلا نابێتەوە، بۆ نموونە پرسى (بخوێنە) لە ساڵانى حەفتاکان و لە کوردستان و بە تایبەت لە شارى هەولێر قسەى سەر زارى گەوران بوو، بەڵام بە گشتى زارى گەوران لە بارەى خراپى سیستمى پەروەردە داخراو بوو، زارى گەوران لە بارەى سیستمى دەسەڵات و دڕندەیى بەعس نەدەکرایەوە، زارى گەوران ئەگەر باسى کەموکوڕییەکانى دەسەڵاتى کردبا، چاپخانەى بە چاوى خۆى نەدەدیت؟!

جێکەوتەى رووداو، وەک بڕبرەى پشتى چیڕِۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، ئایشە گوڵ، خاچ، بژاردن، مەرگى سەگ) دەبینرێت، کۆى جێکەوتەى رووداوەکان پەیوەندى بە واقیعى کوردى و نهێنى چنینى بابەتەوە هەیە، هەرگیز چیڕۆکنوس هونەرى ئەو نهێنیانە ئاشکرا ناکات، نهێنى یاخیبوون، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى… پرسیارى جۆراوجۆرى لە خۆدا هەڵگرتووە! دەشێ سەردەمى نوسینى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە، سەردەمى یاخیبوون لە دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوە و گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتى وەک جیاوازى بنوێنێ، دەشێ هەموو ئەوانە مرۆڤێکى بە جەرگ و جەربەزە و یاخى پەروەردە بکات، دەشێ بەرجەستەکردنى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بێت…

(2)

زەمەنى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ، رەگەزە گرنگەکانى گێڕانەوە تێکەڵ بە رەگەزى شوێن دەکات و فەزایەکى غەمگین بۆ ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە دەنەخشێنێ، کۆى کات و شوێنى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە رووى هەستەکییەوە ناکەوێتە نێو کۆى ئەزموونەکانەوە، واتە خوینەر ناتوانێ لە ناو ئەزموونە هەستەکییەکانى ئەو چیڕۆکانەوە کۆى کات و شوێن بناسێ، ئەوەش دەمانخاتە بەرامبەر چەمکى داهێنانەوە، بەو مانایەى داهێنان کات و شوێن ناس ناکات! بە دیوەکەى دیکە دەتوانم بڵێم زەمەنى گێڕانەوە لەو چیڕۆکانەدا ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى گوتار دەدات، ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى رووداوەکانى گێڕانەوە نادات، ئێمە دەزانین زەمەنى گوتار زەمەنى خودى رووداوەکانیشە، بەڵام چیڕۆکنوس بە شێوەیەکى هونەرى و لە رێگاى تەکنیکە ئیستێتیکییەکانى خۆدواخستن و خۆپێشخستن و فلاش باک و پەلەکردن و خاوبوونەوە، ئەو فەزایە لە گوتارى یاخیبوون، بەرەنگاربوونەوە، رەسەنایەتى رەکاژۆ دەکات…

ئەگەر پاراستنى نهێنى لە کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پرسى تەکنیکى لە خۆدا هەڵگرتبێ، بەو مانایەى رووداوە واقیعییەکانى هەڵبژاردووە، ئەوە لە رووى هونەرییەوە کاراکتەرەکان، جیاواز لەوەى لە دنیاى واقیعدا هەیە، دەبینرێن! بۆ نموونە کاراکتەرى چیڕۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، خاچ، خۆنەدانە دەست) ئەگەرچى کاراکتەرى یاخیین، بەڵام یاخیبوونى ئەوان زۆر بە جوانى پەیوەستە بە سروشتى چیرۆکەکانەوە!

مرۆڤى یاخى زێتر هەڵگرى مانایەکى سایکۆلۆجییە، مرۆڤى یاخى کەسێکە دژ بە دەسەڵات، بەڵام دەست بەردارى دەسەڵات نابێت، دەیەوێ خۆى دەسەڵات بگرێتە دەست! جیاوازى نێوان مرۆڤى یاخى و مرۆڤى شۆڕشگێر ئەوەیە، کە مرۆڤى شۆڕشگێر ئازادى دەوێت، هەنگاو بەرەو تەجاوزکردنى دەسەڵات دەنێ و پابەندى دەسەڵات نییە. مرۆڤى یاخى دژى دەسەڵاتێکە کە پێى رازى نییە، کەچى بەرانبەر دەسەڵاتێک کە پێى رازییە ئیجابییە. بەڵام شۆڕشگێر دەیەوێ سەربەخۆیى حەقیقى بە دەست بهێنێ و تێنووى دەستبەسەراگرتنى دەسەڵات نییە… لە رووى سیاسییەوە یاخى بە چاککارى رازییە و شۆڕشگێر گۆڕانى ریشەیى مەبەستە… لە کۆى ئەو قسەکردنانە دەمەوێ بڵێم کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ سیحرى خۆى لە چاککاریدا دەبینێتەوە.
بە دیوەکەى دیکە دەشێ لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا چەمکى یاخیبوون، وەک چەمکێکى کامۆیى تەماشا بکەین، کامۆ (لە لاپەڕە 49ى- مرۆڤى یاخى- وەرگێرانى ئازاد بەرزنجى، کتێبخانەى ئەندێشە- سلێمانى 2012)دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەى هەبێ دەبێ یاخى بێ، بەڵام لەو یاخى بوونە دەبێ رێز لەو سنورانە بگرێ، کە لە خۆیدا دەیاندۆزێتەوە، ئەو سنورانەى کە تیایدا مرۆڤەکان بەیەک دەگەن و بەم بە یەکگەیشتنەش بوونیان دێتە ئاراوە… دەمەوێ بڵێم دەشێ کاراکتەرەکانى مەرگى سەگ هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە سنورى ئەویدیکە دیارى بکات، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بوونى خۆى بسەلمێنێت، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بە دژى چەوسانەوە و زۆردارى و ستەمکارى بێتەوە…

(3)

سیحرى رەسەنایەتى لە سەر گەڕانەوە بۆ ئەسڵێکى بنچینەیى دادەمەزرێ، رەسەنایەتى لە کلتورى رۆژهەڵاتدا زێتر ماهییەتێکى ئایینى هەیە، بەو مانایەش هەموو سروتێکى گەڕانەوە و ئامادەکردنەوەى رووداوە سەرەتاییەکان، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ دامەزراوەکان، هەموو سروتێکى گەڕانەوە بۆ یادەوەرى نەتەوە… هەمان دنیابینى ئایینى دەنوێنێ؟! دەمەوێ بڵێم وشەى رەسەن وشەیەکى ئەدەبى نییە، چونکە ئەدەب داهێنانە، نەک گەڕانەوە…

دەشێ چیڕۆکەکانى مەرگى سەگ بانگەشەى جۆرێک لە رەسەنایەتى بکەن، لە پێناو خۆ جیاکردنەوە لە گەمژەیى سیستمى دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە کەسانى بندەست وەک کۆیلە تەماشا دەکات… بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە لە بیرمان بچێت، رەسەنایەتى گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵێکى کۆن، بۆ رووداوى یەکەم!! لە پشت رەسەنایەتییەوە دنیابینییەک هەیە، ئەو دنیابینییە هێزى نادیارى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەیە، دەبێ ئەو هێزە خوێنەر ئاشکراى بکات! دنیابینى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پابەندى وێنەى خۆیەتى، وێنەى مرۆڤى چەوساوەى رۆژهەڵاتى (یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوە و خۆنەدانەدەستە)، پابەندى زمانە شاراوەکە و ئەزموونى زمانە رەوانەکەى دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەنە! دەمەوێ بڵێم پابەندى شێوازى گێڕانەوە و کەشفکردنى ئەو دنیایەیە کە تێیدا ژیاوە.

بە بۆچوونى من هێزى نادیارى چەمکى رەسەنایەتى لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا بە مانا هایدگەرییەکەى چەمکى ناڕەسەنمان یاد دەخاتەوە! هایدگەر دوو جۆر بوون دیارى دەکات، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ناڕەسەن یان ساختەیە، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە. بوونى ناڕەسەن ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنێ، ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ و بوار بەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بوونى بۆ دیارى بکەن، بەڵام بوونى رەسەن، ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات.

بە کورتى:

لە کۆمەڵە چیڕۆکى (مەرگى سەگ)ى چیڕۆکنوس (مەولود ئیبراهیم حەسەن) بنەماى گێڕانەوە، رووداو، کات و شوێن، کاراکتەر، خۆى لە نێوان وەسف و مەنۆلۆگ و دیالۆگدا دەبینێتەوە و چیڕۆکنوس توانیویەتى لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا چەمکى یاخیبوون، خۆنەدانە دەست، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى لە سروشتى چیڕۆکەکانیدا بنەخشێنێ! کەواتە ئەگەرچى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بە شێوەیەکى هونەرى وەسفى زەمەن و شوێنێکى دیاریکراو دەکات، لەبەر ئەوەى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بەرجەستە دەکات، لەبەر ئەوەى شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕٍندەیى ستەم بیر دەخاتەوە… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە هەرگیز کۆن نابێت و قابیلى خوێندنەوەى جۆراوجۆرە.

هەولێر 14/10/2017




بڕوخێ.. و .. ھەنگاوەکانی دواتر!! … چالاک ئـاغجەلەری

بڕوخێ بەڕووی کەسێکی فاشل یان دەسەڵاتێکی کرمن و خۆسەپێن جوانترین دەسەتەواژەیە کاتێک لەلایەن شەقامەوەئـاراستە دەکرێت ، لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە ھەڵگری دروستکرنەوەی سبەی ڕۆژی ئـومێد و داخوازیە ڕەواکانی شەقامەھاوکات ستۆپێکە بەڕووی ئـەوانەی ھەڵگری ھەمان فۆرمی بڕوخێی شەقام بوون بەڵام ویستە شەخسیەکان و حەز وئـارەزووی کورسی بە ئـاراستەیەکی تری گەیاندن. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دوو وێستگەی جیاوازدا ،سەردەمانێک دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەری وەکو سەدام و دارو دەستەکەی ھەژموونی باڵادەستی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەکرد ، ھەرچیەکیان پێبکرایە دەیانکرد بەرامبەر ڕوخانی شکۆی تاک بە تاکی ئـەم نیشتیمانە، ئـەو بووبڵێسەی گڕی دەنگی شەقام لە ڕانیە و قەڵادزێیەوە بوە سەرمەشقی دەستەواژەی بڕوخێیەک ، دار وبەردی بەعسیکردە دۆزەخ وەک نموونەیەک ھیچ دەسەڵاتێک نەوێرێت دەست بۆ شکۆ و مۆرڵی گەل بەرێت ھەروەھا مێژوویەکیپڕ لە شکۆ یە لە ڕاپەڕینی خەڵک بە گژ نادادی و جەور و ستەمدا، بە تێپەڕاندنی ئـەو قۆناغە لە دوای ڕاپەڕینخەڵکی کوردستان تێکەڵ بە خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکان بوون کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی بە گەورەییەوە پشتیان دانەواندبۆ ھێزەکانی شاخ و کردیانن بە دەمڕاست و دەڵەمەتدار ، ئەوە بوو ھێزە سیاسیەکان بوون بە میراتگری ئـەودەنگانەو جەماوەر متمانەی تەواوی پێیان بەخشی لە پێناوی بیناکردنەوەی دەسەڵاتێکی تەندروست و خزمەتکار.

بەڵێ قۆناغی نوێ بەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی ئـاوێزان بوو ، خەڵک بڕوای وابوو سەرەتای دەستپێکی ژیانێکینوێ ژیانێک شایستەی ئـەو ھەموو ئـێش و ئـازارە بێت کە ئـەو ڕۆژانە پێوەی دەتلانەوە، وەک بینرا دوای ٢٦ ساڵلە چاوەڕانی شەقام سەرباری تەواوی نەھامەتیەکان ، نادادیەکان، دروست بوونی نوخبەکەی بەدەسەڵاتبەجیاوازیەک کە پێوانەناکرێت لەگەڵ کەسانی ئـاساییدا، ھیسترا و پاوانخوازی ئـەم دەستەیە گەیشتنە ئـاستیدیکتاتۆرە بەناوبانگاکان ، سەرکردە و حزب ھەرکاتێک پێگەیان لەسەروو یاساوە بێت بێشک دۆخی فیرعەون ئـاسالە خۆ دەگرێت ، تەواوی بە ھاکان لە خەڵک دادەماڵێت و بە خۆوەی دەپێچێت، ئـێستا ئـەو ساتەیە خەڵک چیترناتونێت بێدەنگ بێت ، سوکایەتی نەما گەل تاقی نەکاتەوە، کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی دەستیان بۆ قوتی تاکەکانی ئـەمنیشتیمانەش برد لە کاتێکدا ڕژێمی پێشتر ئـەم ھەنگاوەی نەنا، لێرەدا شەقام بە ئـەرکی ئـەخلاقی خۆی ھەڵدەستێت،مەبەستێتی زوخای ئـەم چەند ساڵە بە تەنھا ووشەیەک پێناسە بکات .. ھاواری بڕوخێی بە گوێی دەسەڵاتی کوردییدابدات، ئـەمە ئـەو چرکەساتەیە درۆی پاراستنی مۆراڵی کوردبوون و کوردایەتی تووڕ دەدرێت، درۆی باوەش کردن بەبەھا دینیەکاندا دەگەڕێنرێتەوە بۆ تاک و لەچنگی حزبی سیاسی دەسێنرێتەوە ، داکۆکیە لە بەھا ئـینسانیەکان، لەژیانێکی باشتر و داھاتویەکی ڕوون .

ھاوکات تەوژمی بڕوخێی دەسەڵات دەبێت چوارچێوەیەکی ھاوچەرخ ئـاراستە بکات ، دامو دەزگاکان وەک بەشێکلەماڵەکانی خۆیان پێناسە بکەن وەک بیبیلەی چاو پارێزگاری لێبکەن چونکە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوام لە ھەوڵیناشیرین کردنی ئـێوەدان ، ناکرێت دەزگای ئـاسایش و پێشمەرگە بکەن بەبرەی دەسەڵات ، دەستی سۆزوخۆشەویستیان بۆ درێژ بکەن داوای ھاوکاریان لێبکەن، پێویستە کار بۆ جوڵاندنی زۆنی زەرد بکرێت وەک ھەموودەزانین سەری مارەکە ئـەو ناوەندەیە، ئـەگەر تەماشای مێژووی گۆڕانکاری و بەدەرنانی دەسەڵاتی ستەمکار بکەینپایتەخت چەقی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، بۆیە ھەرچی زووە ئـەم خەباتە ڕەوایە سنوری دێگەڵە ببەزێنێت ، چونکەلە چەند ساڵی ڕابردوودا ئـەم جۆرە ناڕەزایەتیانە تاقیکراوەتەوە بە شکت کۆتایی ھاتووە، بگرە پارتی و دەسەڵاتەکەیگەزو بەزی پێگرتووە.ئـەمە لە کاتێکدا چەقبەستنی لە چواچێوەی دەسەڵاتی یەکێتی و زۆنی سەوزدا فۆرمی بڕوخێ وداخوازیەکانی شەقام بە دوو ئـاراستە خۆی دەناسێنێت ، یەکەمیان ..

تەواوکردنی پلانەکانی ١٦ی ئـۆکتۆبەرە ، پارتیبە پیلان کار لە سەر توڕەیی شەقام دەکات بۆ ھەرچی زیاتری نانەوەی ئـاشوب لەو سنورە ، دووھەم … ھەوڵدان بۆدروست بوونی دوو ئـیدارەیی کە خەونی پارتیە ، لە ھەردوو ئـەگەرەکەدا یەکێتی دەبێت قسەی ھەبێت و ڕاستگۆیانەبکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکەکەدا، ھاوکات وەڵامی ھەڕەشە و چاوسوکردنەوەیەک دادیی یەکێتی نادات لەگەڵئـەوشدا ھەلێکە بۆ ئـاشتکردنەوەی خەڵک ، شەقامیش دەبێت زۆر بە ووریاییەوە ھەڵسوکەوت بکەن بە بەرنامەداخوازیەکانیان بەدەست بھێنن ، لەئـەگەری بەدەنگەوە ھاتنی دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نیلی سەقفێک بۆ داواکاریەکاندابنرێت لەسەرو ھەموویانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی ئـینتیقالی بە نوێنەرایەتی دەنگی شەقام، ئـەم جۆرە ھەنگاوە لەڕۆژانی داھاتودا باشترین بژاردەیە کە خەڵکی بێگرێتە بەر، ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت ، لە ئـێستاداپێویستە داوا لە دەوڵەتی ناوەند (عێراق ) بکرێت ئـەرکی پاراستنی شەقام لە ئـەستۆ بگرێت لە حاڵەتی ملھوڕیدەسەڵاتی ھەرێمدا لە ئـازاردانی خەڵک، تەواوی ئـەم کارانەش پێویستی بە بەرنامەڕێژییە و لە ھەر یەکەیەکیئـیدارییدا دەبێت دەست و برد لە دروستکردن لیژنەی سەرپەرشتی شەقام بکرێت، بە پێچەوانەوە ھەوڵەکان ئـاکام گیرنابێت.




وەڵامێك بە زوڕنا ژەنەكانی دەسەڵاتی بەسەرچووی ھەرێمی كوردستان ! … نزاڕ ئاكرەیی

لە ھەموو ھەڵسان وخڕۆشانە جەماوەریەكان لە دژی دەسەڵات، یەكێك لەو ئامرازانەیكە دەسەڵات دەستی بۆ دەبات و بەكاری دێنێت وەك كاردانەوەیەكی دەستبەجێ بۆ پوچەڵكردنی ئەو خڕوشان و خۆپێشاندانە جاماوەیانەی كە لەدژی دەسەڵاتیان و شەرعیەتسەندن لێیان بۆ حوكمڕانی كۆمەلگا وە ھەر وەھا بۆ دەربەست دورستكڕدن لە بەردەمتەشەنەكردنی بۆ گشت شارەكانی وەڵات، لە ڕێگای پەنا بردنیان بۆ ھینانە مەیدانیھەرچی زوڕناژەنەكان و تەپڵ لێدەرەكان و قەلەم فروشەكان و دەروێشەكان و ھەڵپەرستەترسنوكەكانی دەوری خۆیان ، و بەكارھێنانی دەزگا ڕاگەیندنە بۆگەن و دروزنەكانیخۆیەیان بۆ چەواشەكردنی خەڵكی ناڕازی و خامۆشكردنی توڕەیی ئەو خەڵكە ناڕەزیە لەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ئەوان ، بەڵام ئەم ھەوڵ و تەقەلای دەسەڵاتێك كە ماوەیەكیزۆرە ، بووە جێگای نەفرەتێ زوڕبەی ھەرەزۆری خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان ،وئێكسپایەر بووە، و دەورانی بەسەر چووە ، ناگات بە ھیچ شوێنێك ، لە شاردنەوەی ئەوڕاستیانەی كە بوونەتە ئاكامی ئەم خڕوشانەی جەماوەری خەڵكی كۆردستان، و خەڵكگێل بكەن ، كات بەسەر چووە كە بتوانن ئەو ڕاستیە حاشاھەڵنەگرە داپۆشن كە لەسەرتاپای ئەم سەر زەویە گەوریە ھیچ دەسەڵاتێك بەقەد دەسەڵاتی عیراق و كوردستانبۆگەن و گەندەڵ و دز و بێ ویژدان و فاشیل نەبووە و نیە و نابێتیش ، ٢٦ ساڵسەركۆت ، تیرور، برسیكردنی خەڵكی ھەژار و بەشمەینەت، بڕینی موچەی كرێكاران وكارمەندان و خێزانە شەھیدەكان و كەم ئەندامان ، دابین نەكردنی كارەبا و نەوت و غاز ،و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش بە پێی پێویست ، دەستبەسەرگرتنی ھەرچی سەروەت وسامانی ژێڕ زەوی و سەر زەوی خاكی كوردستان بۆ خۆیان و بنەماڵەكانیان و كەس وكارو دارودەستەكانیان و سەروكەكانیان لە توركیا وئێران و ئەورۆپا وئەمریكا، ئەمانەئەو ڕاستیانەن كە ھیچ نوكەرێك یان زوڕناژەنێكی سەر لێشێواو وترسنوكی لەبرسامردوو بیتوانن بیشارنەوە یان دایپۆشن، چ لەڕێگای ترساندن و توقاندنی خەڵكی ناڕازیوشۆرشگێر ، یان تەخوین كردنیان بە تومەتكردنیان بە نوكەرایەتی ئەم یان ئەو دەوڵەتەداگیركەرانەی كۆردستان بەو قسە قوڕانەی بێ ئابڕو و بێ ویژدان خەڵكی شوڕشگێر وناڕازی كوردستان خائین و جاش و خۆفڕوش نیین ، بەڵكو
ھەموو ڕۆژێك لە ژیان و مێژویی ئەحزابی دەسەڵاتی كوردایەتی كونەپەرست پڕە لەخیانەت و نوكەرایەتی و بازرگانی كردن بە ژیان و چارەنووسی خەڵكی بەشمەینەت وچەوساوەی كۆردستان ھەر لە ١٩٦٦ و ١٩٧٥ و ١٩٩١ و ١٩٩٦ تا دوایینیان لە١٦/١٠/٢٠١٧ نەك كۆتاییان ، چ بێ ویژدانیە كە بە خەڵكانێك بڵێی خائن ونوكەر كەداوای موچەی خۆیان دەكەن ، یان داوای كارەبا و غاز و نەووت لەو سەرمایەكۆشندەیەی كە خەڵك دووچاری بووە دەكەن، داوای دەواو دەرمان دەكەن ، داوای كۆتاییھێنان بەدزی و جەردەیی زوڕبەی ھەرەزوڕی سەروەت و سامانی نیشتیمان دەكەن ،كەچی ھێشتا بەعزە كەسێك زوڕ بێ شەرمانە بەرگری لە دەسەڵاتێك دەكەن كە ھەموومێژووی خۆی نەخشاندووە بە خیانەت و خۆفروشی و سات و سەوداكردن بە ژیان وچارەنووسی خەڵكی كۆردستان ، كە ٢٦ ساڵە خەڵك بڕسی دەكەن، تیرور دەكەن ،ئاوارەیان دەكەن بە كۆشتنیان دەدەن ، ٢٦ ساڵە چەسپاوون بە كورسی دەسەڵات وفریودانی خەڵك ، ھەر ڕۆژە و ھەر دەورانێك بە سیناریویەكی دورستكراو بۆ پاراستنیدەسەڵاتی نەفڕەتی خۆیان ، دەورانێك بە وەی كە سۆپای ڕژێمی سەدام كیمیاباران وئەنفالتان دەكەنەوە، دەورانێك بە شەڕی ناوخۆ ، دەورانێك بە ھاتنی داعش ، ئێستاش بەعبادی و خۆ ئامادەكرنی بۆ پەلاماردانی كۆردستان لە قوڵی مەخمورەوە ، خەڵكانێك كەتوانای لابردنی ئەم دەسەڵاتەی كە عبادی كردە نێڕەكەر بەسەریانەوە ، دەتوانن بەرگریشلە كۆردستان بكەن و پاشەكشەش بەعبادی بكەن بۆ پشت ئەو سنورانەی كە خۆیانفروشتیان بە عبادی و قاسمی سولێمانی ، خەڵكانێك كە توانای ڕۆخاندنی دەسەڵاتێنگریسی ئەاون ھەبێت دەتوانن بەرگری لە كۆردستان و دەستكەوتەكانی شوڕشكەیانبكەن . چیتر ڕێگە نادەین خوڵ بكەنە چاوی خەڵك ئەمجارە… ناڕوینەوە ژوڕەوە بە ڵكودەبێت ئەوان بڕونە دەرەوەی كوردستان ، خەلكی برسی وھەژاری دەستی دەسەڵاتیبزوتنەوەی كونەپەرستی كوردایەتی ورنە گوڕەپانی خەبات بۆ كوتایی ھێنان بە سەركۆتو نا بەرابەری بۆ ھەمیشە.

نزاڕ ئاكرەیی
19 October 2017




بەرپرسی حیزب و خەڵك … فەرەیدون کونجرینی

لە باشوری کوردستان دیموکراسی تەنها بەدیوێکدا نیشان ئەدرێت کاردانەوەی ئەوتۆی نەبوە بەوەی گرێدراوی یاسای نیشتمانی بێت” کاتێك هاوڵاتیەك ئازادانە قسە دەکات و بیروڕای تایبەتی هەیەو دەری ئەبڕێت بۆ لەکەدار کردنی پارت و بەرپرس نیە بەڵکو بۆ باشترکردن و وازهێنانە لەو کردەوانەی ئەنجام ئەدرێن و ئاراستەی نایاسایی گرتوە لەلایەن حیزب و بەرپرس، بەڵام لایەنەسیاسیەکانی ئەم دەڤەرە کاتێك روبەڕوی رەخنەگرتندەبنەوەو بەڵگەکان ئاشکرا دەکرێن دادگای حیزب بەسزای خۆی ئەگەیەنێت بێ ئەوەی دادوەری گشتی بەئاگابێت، چیرۆکمان زۆرە لەم ڕوانگەیەوە و نمونەکان لەفراوانبوندان و وێنەکان ئەدوێن. ئێمە دەنوسین و رەخنە ئاراستەی کاربەڕێکاران دەکەین و دەبێت ئامانجیش بپێکێت هەرلەوەدا نەبێت قسەکراو گفتی خۆمان واژو بکەین و پێمان بگوترێ تۆ ئازادی لەوەی دەیڵێیت، ئایا کاردانەوەی دەربڕینمان تاچەند بڕی کردوەو ئاماچی پێکاوە؟ لەدەڤەری لای ئێمە دیموکراسی تەنها لەڕوی قسەکردنەوە پانتایی هەیە، بەڵام لەچوارچێوەی دیکتاتۆریدا گەمارۆدراوە.

بە دەیان پارتی نیشتمانیمان هەیە لەرێگەی میدیاکانیانەوە رایدەگەیەنن کە چەند دڵسۆزن بۆ خەڵکەکەی بەناوی دیموکراسیەوە بەوەی حیزبەکەی وشەی دیموکراسی هەڵگرتوە گرەوی سیاسیان بردۆتەوە و خەڵکیان گەوچکردوە، لەهەمانکاتدا نایاسایی بازرگانی دەکەن بە خاک و ئاوی وڵاتەوە، بەشێک لە پارتەکان دەیان بازرگانی تێدایە گەندەڵی و ناپاکی دەکات لەناو پارتەکەیدا، زۆرێک لە بەرپرسان چەندین راوێژکارو پاسەوانی بندیواری هەیەو سەرقاڵی خۆجێگە خۆشکردنیەتی تەنانەت ئامادەیی رفاندن و تیرۆرکردنی هاوڵاتی مەدەنی هەیە هەروەک بینراو بیسترا بەبەڵگەوە”

ئەمانە هەموی یەك رێگە چارەسەریی هەیەو بەپڕیارێکی یەك دەنگ یەك هەڵوێستی خەڵك بنەبڕدەکرێت بەوەی راستگۆیانە بێنە سەرخەت و هەمو دەسەڵاتێکی لێپرسینەوە بگەڕێندرێتەوە ناو دۆڵابەکانی دادوەرو وەك خۆی کاربکات، تەواوی سزای نیشتیمانی لەدادگای سەربەخۆی خۆیەوە ئەتوانێ ئەم چاکسازیە بەسەرکەوتویی فراوان بکات و ریشەکێشی گەندەڵکاران بکات بەئاستێکی باش کاڵ بکرێتەوە لەهەرێمی کوردستان ” دەبێت بەیەك دەنگ هەرکس لای خۆیەوە بڵێت بەرپرس و پارت و ریکخراوە حزبیەکانــ ” لەبەرگی گەندەڵی بچنە دەرێ و مەبنە هەڕەشە بۆ دادوەرو چیدی یاسا نیشمانیەکان قۆرخ مەکەن و چەمکە دیموکراسیەکان تێکــمەشکێنن.

ئەوەی گرنگەو پێویستە لەهەرێمی کوردستاندا کاری بۆ بکرێ لەچوارچێوەی دیموکراسیدا دادگایەو دەبێت دەسەڵاتی حیزبی و بەرپرسی تێدا ریشەکێش بکرێت، بمانەوێ خۆمان بەهاوشێوەی وڵاتانی دیموکراســخواز ئاشـناکەین دەکرێت سزاکان بکەینە بەرگمان هەروەك رەنگەکان لەبەرچاودا دیاربن و بە ئاشکراو بێجیاوازی رەنگدانەوەو سڵکردنەوەی خۆی هەبێت لەناو خەڵکدا بەگشتی.

هەژمونی ئێستای هەرێمی کوردستان بەهۆی زانین و شارەزایی ئەو کەسایەتیانەوە بەدەست هاتوە کە لەماوەی ٢١ساڵی رابوردودا توانیویانە لەجیهانی دەرەوە سود لە وانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەرگرن بەوهۆیەوە ئیدارەی حکومەت دوای ئەو ماوە شکستخواردوە دەکەوێتە سەر چۆك ئاراستەی گەندەڵیەکان چەماونەتەوەو لە سەرەتای بنەبڕکردندایە، هەرچەندە زۆری ماوە تا ئەستونی یاساکان وەرگرێت و ئاراستەی بەرەو شارستانی سەردەم بگۆڕێ .


چۆن بەرپرسێك خۆی نیشان ئەدات راستەوخۆ ”

لەهەرێمی کوردستاندا بەرپرسی حیزبی و حکومەت هەیە دەسەڵاتی پێ بەخشراوە، هەشمانە سەربەخۆیانە کاردەکات و بڕوای بەیاسانیە فەرمانی جەنگی لەدەستدایەو موچەیەکی تەواوی هەیە لەسەر دارایی حکومەتی هەرێم و بازرگانێکی گشتیە و بازاڕی قۆرخکردوە لە دیمانە میدیایەکاندا باس لە دیموکراسی ئەکات و هەروەکو خــــۆی بنەما یاسایەکانی دیموکراسی داڕشبێت، لە کۆمەڵگەی کوردیدا چەمکەکانی دیموکراسی ئاشکرایەو هاوڵاتیەکی ئاسایی داینەڕشتوە بازدانێك بەسەر یاسای دیموکراسیدا دەکات” لە هەمو وڵاتێکی دیموکراسیدا هەرلایەن و ڕێکخراویک و فەرمان بەرێکی ئاسایی لەیاسا نیشتمانیەکان لابدات و ببێتە هۆکاری بەرەنگاری و پەیڕەو نەکردنی سزای تایبەت بەبڕەگەی ژمارە ئەوەندە سزادەدرێت و دەبێت نمونەی تاوانبارێك بۆ دانیشتوانی ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بیرمەندان دەبێت داخی بۆ بخۆن لەو پێشێلکاریە بەوەی یاسایەک نیە سەربەخۆ دادوەر دەریبکات.
خەڵکی هەرێمی کوردستان هێشتا لە سەرەتای ئازادی قسەکردن و ئازادی رادەربڕیندان و چەمکە دیموکراسیەکان قۆرخ کراون” دیموکراسی مەکەنە تفەنگی سیاسی خۆتان و چەواشەکاری لە یاساو رێنمایەکانی دیموکراسیدا ئەنجام مەدەن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەرێمی کوردستان بەتایبەت ، شتێک نەماوە بازرگانی پێوە نەکرێ تەنانەت وشەی دیموکراسیش بۆتە وشەیەکی بێزارکارو خەڵک متمانەی بە چەمکەکانی نەماوە ، وەهایان لێکردوین هەڵبێین و ولات جێبهێڵین بۆ ئەوجێیەی دیموکراسی لەتەلاری دادگاوە بۆتە یاساو لێ پێچینەوە دەکات لە نادیموکراسەکان.




گوڵ، لەگەڵ ڕاوکەر و جۆرى «با»دا … پێشەوا کاکەیی

-1-

«با» هەیە خەڵووز دەگەشێنێتەوە؛
دووکەڵیش هەیە چاومان دەکوژێنێتەوە.
«با» هەیە پەڕەى سپیی دەفتەرەکان… لێ دەکاتەوە و،
دەیانباتە سەر دەریا و،ڕیزیان دەکات.
شەپۆلى دەریاش هەیە، پەڕەکان… بەرەو کەنارى دەریا دەبات و،
لەسەر لم بە جێیاندێڵێت.
«با» هەیە تۆز و خۆڵى بیابانەکان… لەگەڵ خۆیدا دێنێت و،
دەیکاتە گەردەلوول،
تا وێنەى گەردەلوول، بەرەو ئاسمان ببات.
چاڵیش هەیە لە نێوان دڵى من و تۆدا…
گەردەلوول قووت دەدات و، دەیخاتە نێو دڵ،
تا دڵمان زێدەتر درزى تێ بکەوێت.
«با» هەیە ڕقى لە تیشکى خۆرە و، هەور ڕادەماڵێت…
تا زەوى بێبەش بکات لە ڕووناکیی.
سینەش هەیە حەزى لە بارانە و، پێی خۆشە لە ئاسمانەوە:
هەورەبرووسکە بدات لە دڵى.
«با» هەیە تەورى پێیە و، دەچێتە نێو جەنگەڵەکان…
تا دارى قەد ئەستوور ببڕێتەوە و، بیخات.
مرۆڤیش هەیە هاوار دەکات و، دەڵێت: ئەو دارانەى تۆ…
قەت بەشى سووتانى دڵى من ناکات.
«با» هەیە باغەکان وێران دەکات و،
ڕۆحى گوڵەکان دەکێشێت…
گەرچى قەتیش پرسەى بۆ دانانێت.
باغەوانیش هەیە بانگم دەکات و، پێم دەڵێت:
«با» ڕۆحى گوڵەکانى کێشا و،
دەبێت تۆ لە پرسەى گوڵدا حزوورت هەبێت.
ئیدى گەر پرسە و شیوەن هەر بۆ من بێت و،
بەشى کەس نەکات…
ئەى گوڵ دۆستەکان چۆن حزووریان هەبێت؟.

-2-

ڕاوچییەک لەوسەرەوە دێت،
چیرۆکى کاڵحاڵیبوونى ڕاو دەگێڕێتەوە؛
دەڵێت: ئەو تیرانەى من دەیانهاوێژم،
لادەدەن و دێنەوە سەر دڵى من.
ماسیگرێک لە بەندەرەوە دێت،
قوڵاپى دەمکوولى خۆى دەفرۆشێتەوە؛
دەڵێت: ئەو ماسیانەى من دەیانگرم،
مردوون و، لە لاى بەندەرەکەوە کەوتوون.
بێوەژنێک، بە دووکەڵى سیگارەکەى،
وێنەى پیاوە ئەنفالکراوەکەى دەکێشێتەوە.
منداڵێک، بە هاوارى گریانى،
دەنگە ژێکانى مۆسیقا دەنووسێتەوە.
کچێکى جوانیش لەوسەرەوەڕا دێت…
بە چەپکێک گوڵ عیشقى من ڕاو دەکات؛
منیش دەڵێم: ئەى ڕاوکەر،
لەمێژە گوڵ ئەم سیحرەى تۆى بە من گوتووە.

کۆتایی 2009




ژنان چۆن دەتوانن سیاسەت بکەن … هەرمێ ئەحمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن




چاوپێکەوتنی ڕەزا ئاڵتون …. گفتوگۆی: عبدالله العضوی

لە یۆنیۆ(حوزەیران)دا داوای چاوپێکەوتنی سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردوستان په‌كه‌كه‌ جەمیل بایکم کرد، بەڵێنێکم بۆ ھەوڵدان بۆی پێدرا، بەڵام بەڵێنی دڵنیاکەرەی چاوپێکەوتنم پێنەدرا، کارەکەم لەبیرکرد و گومانم وابوو لەبیرکراوە، بەتایبەتیش چونکە سەرکردەکانی ئەم پارتە – بە تیرۆریست پۆلێنکراوە- لە ئەنجامی بارودۆخی ئاسایشی شاخەکانی قەندیلەوە لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی دووردەکەونەوە. ناوەڕاستی مانگی نۆ (سیپتەمبەر)، “یەکێک لە ڕێکخەرانی چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان لەناو په‌كه‌كه‌” مژدەیەکی پێدام کە دەتوانم چاوپێکەوتن ئەنجامبدەم، پرسیارمکرد ئایا بایک ڕازیبووە، وەڵامیدایەوە نەخێر، [بەڵکو] چاوت بە ڕەزا ئاڵتون دەکەوێت، ئەوەی –

پێیدەوترێت- وەزیری دەرەوەی پارتی کرێکاران، و یەکێک لە ھاوڕێکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەماوەی مانەوەیدا لە سوریا، وەک ڕۆژنامەنوسێک ھەلێک بوو بۆم تا چاوم بە پیاوێک کە بە تیرۆریست ناسێنراوە و لەسەرەوەی داواکراوەکانی دەسەڵاتەکانی تورکیایە بکەوێت، و لە ناوەڕاستی ڕەقاییەکانی کوردستانی عێراقدا گفتوگۆیەکی درێژی لەگەڵدا ئەنجامبدەم، لە بەخت خراپی من، بەھۆی ڕیفراندۆم و لێکەوتە ھەرێمیەکانیەوە جوڵەی ئاسمانی لە نێوان ھەرێم و تورکیادا وەستاوە، ھەڵبژاردەی بەردەمم ئەوەبوو کە ئەو ڕێیە درێژە تەی بکەم، لە ئەستەنبوڵەوە بەرەو باشور ڕومکردە فڕۆکەخانەی شرناخ، لەوێشەوە بەرەو دەروازەی ئیبراھیم خەلیل (سنووری تورکیا لەگەڵ کوردستاندا)، پاشان بەرەو زاخۆ و دوای ئەویش ھەولێر، ئینجا سلیمانی. نیوەی شەو گەیشتمە سلێمانی – گەشتەکە ٣٢ کاتژمێری خایاند- پێویست بوو پشوو بدەم، تا ڕۆژی دواتر بڕۆم بۆ چیا سەختەکانی قەندیل؛ بارەگانی پارتی کرێکاران و شوێنی چاوپێکەوتنەکە لەوێیە. کاتەکە بەگوێرەی ڕەزا ئاڵتون بە خولەک حسابکرابوو، چونکە بارودۆخی ئاسایش بەسەریدا دەیسەپێنێت کە لە یەک شوێندا بۆ ماوەیەکی درێژ نەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەزا ئاڵتون بەرگەی فزوڵیە ڕۆژنامەوانیە بێزارکەرەکەمی گرت تا ٣ سەعات و ٤٠ دەقیەقەی لەگەڵمدا بەسەربەرێت، لە گفتوگۆیەکدا تیایدا باسی ھەموو ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکە و پەیوەندی [ڕێکخراوەکە] بە پارتی یەکێتی دیموکراتی په‌یه‌ده‌ و دۆخی ئێستا لەگەڵ تورکیا و ئێران و ڕژێمی سوریدا کرد، ئەوەی توشی موفاجەئەی کردین ئەوەیە کە تا ئێستاش لە پەیوەندی ئاسایشی دان لەگەڵیدا[لەگەڵ ڕژێمی سوریا]… گفتوگۆکە وەڵامی بۆ زۆر لە پرسیارەکان لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردوستانەوە تێدایە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی باڵەکانی لە سوریاو عێراقدا ڕوونبوەتەوە..

بۆ وردەکاری ئەم گفتوگۆیە:
• ئایا پێتوایە ئەوەی لەکەرکوکدا ڕوویدا و دەرچوونی “پێشمەرگە” شکستێکە بۆ مەسعود بارزانی؟

– بارزانی ھەر لەسەرەتاوە ھەنگاوێکی ھەڵەی ناو لەسەری سووربوو، سەرەڕای ئەوەش کە دەیزانی ھێزەکانی ناتوانن بەرگری لە ھەنگاوەکانی بکەن، بەھۆی ئەم بڕیارەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیاو ئێراندا خراپ بوو پاش ئەوەی پێشتر جێگیربوو. ڕێمبدە بڵێم کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ڕووداوە سیاسیەکان چاودێرەکانیان فریودەدەن، بۆ نمونە لایەنێک سەرکەوتنێکی سەرتاپاگیر بەدیدەھێنێت، بەھۆی ئەوەوە نەشوەی سەرکەوتن دەیگرێت، بەڵام پاش دوو ڕۆژ ئاشکرادەبێت کە ئەو شکستیخواردووە.

•لە کەرکوک شتێک ڕوویدا ھاوشێوەی ئەوەبوو لەکۆبانێ ڕویدا، بەڵام لە کەرکوک پارتی کرێکارانی کوردستان تەڤڵ نەبوو وەک ئەوەی لە کۆبانی تەڤڵ بوو؟

– چونکە دۆخی کەرکوک جیاوازە، کێشەکە ئەوەیە کە ڕووداوەکان ھەموویان لەو خاڵەدا تەقینەوە کە کەرکوک ھی کێیە؟ ھی عەرەب یان کوردەکان یان ھی تورکمانەکان.
ئێمە ناتوانین ببینە لایەنێک بڵێت کە کەرکوک [شارێکی] کوردی پوختە، ھەروەھا عەرەبی پوخت و تورکی پوختیش نیە، شارێکە بۆ ھەموو گەلان، شارێکی مۆزایکە، ھەڵوێستیشمان ئەوەیە کە چارەسەری کێشەکان نابێت لەسەر بنچینەی دەمارگیری نەتەوەیی بێت. ئەگەر لە کەرکوک تەڤڵ بوینایە ئەوا بەدڵنیاییەوە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی و پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی پاشەکشەیان نەدەکرد لێی، و دەستکەوتە سیاسیەکانیش بۆ ھەردوولا دەبوو، ئەۆ دوانەی کە دۆخەکان بەشێوەیەکی ھەڵە دەخوێننەوە و ھەنگاوی سیاسی ھەڵە دەنێن، ئێمەیش دەبوینە بەیدەقێک لە خزمەتی سیاسەتە ھەڵەکانیاندا.

• ئایا پەیوەندیەکی باش ھەیە لەنێوان حەشدی شەعبی و کرێکارانی کوردستاندا لە موسڵ.. لەوێ ناوچەگەلی دراوسێ یەک ھەن؟

– بەدڵنیاییەوە ھیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بوونی نیە، لە ناوچەکانی بەریەککەوتن پەیوەندی ھەیە بەبێ بوونی تێگەیشتنی سیاسیی و سەربازی لەنێوان ئێمەو ئەواندا.
حەشدی شەعبی کۆپیەکی لەرزۆکی داعشە، مەبەستم ئەوەیە میلیشیاگەلێکە ڕێکخستنی تێدا نیە، ئەم ناوە موقتەدا سەدر لێیناوە.

• پارتی کرێکاران پارتێکە ماوە ماوە دەگۆڕێت، ئۆجەلانیش پێداچوونەوەی زۆری پێشکەشکردووە، ئایا لەم ماوە زۆر گرنگەی ڕۆژھەڵاتی ناوین دا، [پەکەکە] وایدانانێت کە دووبارە بیرکردنەوە لە شوێنگرتن(التموچع) لەنێوان تورکیا و ئێران و سوریا و عێراقدا باشتر بێت لە مانەوە لە شاخەکاندا؟

– مانەوەمان لە شاخەکاندا بە خەندەقێکی ستراتیژی دادەنێین، دۆزی کوردیش ئاڵۆزترین دۆزە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین دا، ئەگەر چارەسەرنەکرێت ئەوا شاخەکان جێناھێڵین، بەڵام ئێمە لە شاخەکاندا گەمارۆنەدراوین، سیاسەتەکانمان کاریگەری لەسەر ھەموو ئەو شوێنانە ھەیە کەو بوونمان تیایدا ھەیە، لەبەرئەوە بوونمان تەنھا لەسەر شاخەکان کورتنابێتەوە، لە ئێستادا ھیچ وڵاتێکی لە رۆژھەڵاتی ناوین یان جیھاندا نیە ئێمەی تێدا نەبین، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکانی تردا ھەیەوە بۆ ھەموو پەیوەندیەکیش کراوەین.

• بەڵام ئایا پارتی کرێکاران ھەر لەشاخ دەمێنێتەوەو بە نھێنی لە ھەموو شوێنێک کاردەکات؟

– دەوروبەری ٨٠٪ ی کوردەکان لە تورکیا لە پشتیوانان و لایەنگرانی ئێمەن، زۆرینەی دەستکەوتەکانیش لە تورکیا و باکور بەھۆی بەرخۆدانەکانی ئەوانەوەیە، ھەرچی پەیوەندی بە ئێران و تورکیاوە ھەیە پەیوەندی ھەیە لەگەڵیاندا، پێشنیاریش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەگەڵیاندا بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراتی، لە حاڵەتی وەڵامدانەوشدا ئەوا ئێمە ئامادەین، بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی وەڵامدا وەکو ئێستا، ئەوا ئێمە لە ڕێگەی ھێزی سەربازیەوە بوونمانە ھەیە.
ئەگەریش لەلایەن ئەو حکومەتانەوە داننەنرێت[بە دۆزی کورد دا] یان پەرژاندنی(قبوڵکردن) دانوساندن و چارەسەری دیمۆکراتانە، ئەوا ھەموو بەریەککەوتنێکی سەربازی بەر ئەنجامی نەپەرژاندنی لایەنەکەی ترە بۆ چارەسەری دۆزەکەمان، بەڵام لە حاڵەتی داننانی ئەم لایەنانە بە چارەسەر و بە ھەنگاوی بەرجەستە – با وادابنێین ئەم شتە ڕوویداوە – ئەوا مانەوەمان لە چیا ھیچ مانایەکی نامێنێت، بەڵام ھیچ ھەنگاوێک بەم ئاراستەیەدا بوونی نیە چونکە لەوێ نکۆڵیکردنی مافەکانی کورد ھەیە.

• لە ھەولێر قەوارەیەکی کوردی ھەیە لە سلێمانیش قەوارەیەکی تر، ھاونیشتیمانیانی کوردیش بەرژەوەندیگەلێکی ئابووریان ھەیە، ئایا پێتوانیە کە تاکە زەرەرمەند ئێوەن لە ھاوکێشەی کوردید ھیچ بەرژەوەندیەکتان نیە؟

– ئێمە لەم گۆشەیەوە لە شتەکان ناڕوانین، ئەگەر لە گۆشەیەی کوردی پەتیەوە بیربکەینەوە ئەوا بەھەڵەداچوون ھەیە، بە نزیکبوونەوەمان لە قەوارەی فیدراڵی عێراقی، ئەوا دۆخی کورد و دەستکەوتەکانی لەدایکبووی چرکەساتێک نین، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک ژانگرتنی درێژن کە دەگاتە سەت ساڵ لە تێکۆشان لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەڵام چۆن دەتوانین تابلۆی ئەم فیدراڵیەی کە ئێستا لە باکور[ی عێراق] ھەیە بخوێنینەوە، ئەم کوردە ھیچ ئیرادەیەکی نیە ، بووە بە بووکەشووشەیەک بەدەست ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە نە توانای گۆرێن و نە ھێزی ھەیە لە ڕووی سیاسیەوە، لە ڕووی سەربازیشەوە تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش لە کەرکوک یان موسڵ نەیتوانی خۆیڕابگرێت.

لە میانەی خوێندنەوەیەکی خێرای مێژووی نوێی کوردەوە دەتوانین بڵێین؛ کە یاخیبوونە کوردیەکانی ئەم دوو سەدەیەی دوایی.. بە پشتبەستن بە ھێزی خودی ڕووینەداوە، ئێستا ئەنجامەکەش ئەوەیە ئەم لایەنە خۆی ھەڵدەداتە ئامێزی ھێزێکی ترەوە( ڕوسیا، ئێران، تورکیا) و پشت بەو ھێزە دەبەستێت و پاشان سەرشۆڕدەبێت و دەکشێتەوە، پاشان پاڵ بە ھێزێکی ترەوە دەدات و ھێرشدەکات و دەشکێت و دەکشێتەو ئا بەم شێوەیە بەردەوامدەبێت، تا ئەوەی گەیشتینە قەوارەیەکی کوردی لە کوردستانی عێراق.. بەڵام لە سایەی نەبوونی ئیرادەی سیاسیدا، تا چ ڕادەیەک دەتوانین بڵێین بەڕاستی ئەمە دەستکەوتە، ئێمە بەلایەنی کەمەوە لە ھیچ شوێنێک بەبێ پێکھەڵپژان نەکشاوینەتەوە، چونکە ئێمە پشت بە ھێزی خۆمان دەبەستین… لێرەوەیە دەڵێین “ئێمە شکستخواردوو نین” .

• ئێران دەوڵەتێکی (شێوێنه‌ره‌ – العابپه‌) لەناوچەکەدا.. حاڵەتە کوردیەکەی شوێنکەوتەی پارتەکەشتان لە ئێران جوڵەی کەمترە لە سوریا و عێراق و تورکیا.. ئایا ئەمە پشوویەکی ستراتیژی مەدروسە بەلای پارتەکەتانەوە یان بارودۆخەکە لە ئێران جیاوازە؟

– وەک پارت ڕاستەوخۆ گرنگی بە ئێران نادەین، ڕاستە ئێمە چاودێری پەرەسەندنەکان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و ناوچەکەدا دەکەین، بەڵام قورساییەکانمان زیاتر خستووەتە سەر تورکیا بەو ئیعتیبارەی گەورەترین بەشی ئێمە لەخۆدەگرێت و شەڕمان بەردەوامە لە دژی، ئێمە گرنگی بە پەرەسەندنەکان گە ئێران دەدەین، بەتایبەتیش لە پانتایی کوردیدا، بەردەوامیش چارەسەری دۆزی کورد لە ئێران لە سەر بنچینەیەکی دیمۆکراتی و ئاشتی پێشنیار دەکەین و لەسەری سورین، ھێزگەڵێکی کوردیش ھەن باوەڕیان بەم ڕێبازە ھەیە و ھەوڵی خەباتدەدەن لەپێناو دۆزی کورددا و ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا.
ئەگەریش دۆزی کورد بەشێوەیەکی گشتی چارەسەرنەکرێت، ناتوانین بگەینە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێراندا کە داننان بە بوونی کورددا ناپەرژێنێت(قبوڵناکات)،
لەبەرانبەریشدا ناتوانین ڕیککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا بکەین داننان بە دۆزی کورد ڕەتبکاتەوە.

• بۆچی جوڵەی ھاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئێراندا نیە؟

– سەرەتا دەتوانرێ بابەتی ڕێکخستنەکان و ئەو پارتانەی لە سوریا و ئێران ھەن جودابکرێتەوە، ھاوشێوەیی ڵەنێوان ئەم پارتانەی ئێران و سوریادا نیە، بەڵکو دەتوانیت بڵێیت ئەوان بە ڕێباز و فەلسەفەی “ئۆجەلان” سەرسامن و بەگوێرەی تایبەتمەندی ساحەکە خۆیان دەگونجێنن و لەسەر ئەم بنچینە جێگەدەگرن.
سیاسەتی ئێران لە سوریا لەپاڵ ئەسەدەوە دژی کوردە، کار گەیشتە دروستبوونی پێکھەڵبژان لەگەڵ ئێراندا لە قامیشلی و حەسەکە و ناوچەکانی ئێرانیش، ئێران سیاسەتێکی ھەیە دژی “پژاک” پەیڕەویدەکات، ئەوانیش داخوازی سیاسیان ھەیە، ئێمەش ھەموو ئەم دۆخانە دەتوێژینەوە و ھەوڵدەدەین ھەڵیبسەنگێنین، جگە لەمە ھیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بوونی نیە.
ئەگەریش ھەر بەرەوپێشچوونێکی ئێرانی دەستکەوتەکانی کورد لە ھەر جێیەک بکاتە ئامانج، وەک ھێرشی قڕکردن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەسەد دا، ئەوکاتە ئێمەش دووبارە دۆخەکە دەخوێنینەوە.

• ئێستا شێوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا یان بارودۆخ بۆ پارتەکەتان ئارامە؟

– ڕاستە ئارامی ھەیە، بەڵام ئەوەی باسدەکرێت ڕێگری لە ڕوودانی ھیچ شتێک ناکات، ڕەنگە ئەوە ئارامی پێش گەردەلوول بێت.

• پێش کەمێک باسی پشتبەستن بە ئەویترت کرد، بزوتنەوەی کوردیش لەنێوان ئەمێریکا و ڕوسیا و دەوەڵەتانی تردا دێت و دەچێت، ئەو ڕۆڵەی ئێستا په‌یه‌ده‌ دەیگێڕێت ئایا پشتبەستن نیە بە دەوڵەتە دەرەکیەکان؟

– بۆ یەکمجار کوردەکان لە ” ڕۆژئاڤا” بەناوی خۆیانەوە مومارەسەی سیاسەتیانکرد؛ کاتێک پشتیان بە ڕێبازی ئۆجەلان و فەلسەفەکەی بەست و کاریگەربوون پێی، ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە.
کاتێک دەڵێین ڕوسیا بوونی ھەیە، مانای ئەوە نیە تەنھا ڕووسیا بەڵکو ھێڵی ئۆراسیایی و ھاوپەیمانەکانی لە سوریا بوونیان ھەیە، ھەروەھا ئەمەریکاش نوێنەرایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە ئەوروپیەکان دەکات.

دەپرسین، بۆچی ئەم ھەموو دەوڵەتە لە سوریادا ھەن سەرەڕای بچوکیەکەی؟ وەڵامەکەش ئەوەیە شەڕێک لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەرپایە، ھەموو ئەو دەوڵەتە پەیوەندیدارانەش ھەوڵدەدات شوێن پێی خۆی لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە، ھەموو حساباتی خۆی ھەیە بۆ دووبارە [نەخشە] کێشانەوەی ناوچەکە.
ئەگەر ھەوڵی خوێندنەوەیەکی خێرای سیاسەتی په‌یه‌ده‌ بدەین، ناتوانین بڵێین ھەمان سیاسەتە کوردیە ناسراوە تەقلیدیەکە پیادەدەکات؛ چونکە پشت بە شوێنگەکەیی و ھێزەکەی دەبەستێت، پشتیش بە لایەنێکی یارمەتیدەر نابەستێت بەشێوەیەک ئەگەر ئەم لایەنە پاشەکشەیکرد تێکبشکێت.

نمونەی کۆماری مھاباد پشتی بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەت بەست، کاتێکیش یارمەتیەکە وەستا تێکشکا، ئایا دەتوانین بڵێین بۆ پەیەدەش ھەمان شتە، ئەگەر یارمەتی ئەمێریکی بوەستێت و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکشێتەوە؟ لە سوریا ھەموو ھێزەکان دژی کوردبوون، سەرەڕای ئەوەش خۆیان بەدەستەوە نەدا و خۆیان نەخستە باوەشی ھیچ ھێزێکەوە، لەسەر ڕێبازە تایبەتەکەی مایەوەو پشتیان بە ھێزی خۆیان بەست، ئەوەی کە دواتر ھاوپەیمانی نێودەڵەتی ناچار بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆیان کرد پاش ئەوەی لێھاتووی خۆیان سەلماند.

جگە لە پەیەدە نە ڕوسیا و نە ئەمێریکا و نە ھیچ ھێزێکی تری کاریگەر شتێکی بەرجەستەیان پێشکەشنەکردووە، ھەسەدەش تاکە ھێزە کە پرۆژەیەک بۆ سوریای داھاتوو پێشکەشدەکات، ئەویش سوریایەکی دیموکراتی فیدراڵە کە پشت بە ڕەھەندی ئیتنی نەتەوەیی نابەستێت بەڵکو پشت بە ڕەھەندی جوگرافی دەبەستێت.
لە ڕووی سیاسیەوە ئێمە جیاوازین لە ئەمێریکا، پەیەدەش پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پێکھاتە کاریگەرانەدا ھەیە کە ئێستا لە سوریادان، بەڵام پاڵناداتە لایەنێکەوە دژی ئەویتر، لە نێوان ئەم پەیوەندیانەشدا پشت بەو پرۆژەیە دەبەستێت کە پێشکەشیکردووە.

• بەڵام پرۆژەی پەیەدە ڕازیبوونی گشت لایەکی بەدەست نەھێناوە، کێشەکەش ئەوەیە بەبێ ڕاوێژکردن بەو کۆمەڵگایانە دەست بەجێبەجێکردنی کرا.. ئایا کاتی پرۆژەکە لە سوریا گونجاوە، ئایا بە تەرحەکەی بارزانی ناچێت بۆ ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردوستاندا؟

– بەراورد لەنێوان کاتی ڕیفراندۆم و پرۆژەکەی پەیەدە ناکرێت، ئەوەی لە “ڕۆژئاڤا” ڕوودەدات پرۆژەیەکی کوردی نیە، بەڵکو ڕێڕەوێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی گەلی سوری دەکێشێت لە داھاتووی سوریادا، ئەم پرۆژەیەش لەسەرەتایدایەو تا ئێستاش نیشانەکانی ڕوون نین، وەکو نمونەیەک تەرحکراوە کە دەشێت ناوچەکانی تریش پەیڕەویبکەن، چونکە جەنگ ھێشتاش بوونی ھەیە بۆیە پرۆژە سیاسیەکە بە تەریبی لەگەڵ جەنگە سەربازیە ناوچەییکە دا دەڕوات، کاتێکیش کە جەنگ کۆتایی دێت گفتوگۆی سیاسیی دەبێت، قۆناغی سیاسی بنچینەکەیە، لەداھاتوودا ھەر ھێزێک بەپێی قورسایی سیاسیی خۆی قسەی خۆی دەڵێت، زۆربەی ھێزەکانیش لە بێژنگ دراون، میحوەرێک ھەیە پشت بە ئەمەریکا دەبەستێت و ئەویتریش ڕوسیا، سەرباری [ھێزی] کوردی ” ھەسەدە” کە ڕێگای سێیەم دەگرێت.

• ئایا پێتوانیە کە شەڕڤانەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبنە بەشێک لە کێشەکە لە سوریای داھاتوودا؟

– ئۆجەلان ماوەیەکی درێژ لە سوریادا ماوەتەوە، لەوێ کاریگەریشی ھەیە لەسەر بنکە جەماوەریەکە، کاتێکیش دەستمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا کرد ھەزاران کەس لە گەلی کوردی سوریا یارمەتیان داین و لەگەڵماندا جەنگان.
لەسەرەتای ڕووداوەکانیشدا لە سوریا گەڕانەوە بۆ سوریا بۆ جەنگ، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی زۆر پشت بە فەلسەفەی ئۆجەلان دەبەستن ئێمە یارمەتی ئایدۆلۆژیان پێشکەشدەکەین، ئێمە زۆر نزیکین و لە یارمەتیدانی سەربازیان بەردەوام دەبین، ئەمەش مانای ئەوە نیە کە ئێمە کارەکان لە سوریا بەڕێوەدەبەین، ئێمە ئەوە ناپەرژێنین(قبوڵناکەین)، بەڵکو ئەوان خۆیان ئەوە دەکەن، ئێمە یارمەتیان دەدەین و ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرین ھەرچیەک بێت تەنانەت ئەگەر بەدڵیشمان نەبێت.
لە حاڵەتی ڕێککەوتنیشدا (التسویه‌)، ئەوا ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لەوێ دەجەنگن نابنە ڕێگر لە ڕێگای چارەسەریدا، لەبەرئەوەی لەوێ کادری کوردی سوری لەسەر ئەو خاکە ھەیە و دەزانێت چی دەوێت، لەوکاتەدا ھیچ پێویست بە بوونمان ناکات، بەدڵنیاییشەوە دەکشێنرێنەوە.

• پەیوەندی نێوان پەکەکە و پەیەدە چیە؟

– سەرەتا، پەکەکە دەنگدانەوەی لە ھەموو ناوچەکانی کوردوستان ھەیە، بنکە جەماوەریەکەشی گەورەیە و ھەندێک پیرۆزیشی دەکەن بەھۆی ئەوەی ڕێبازی پێچەوانەی ئەو سیاسەتە کوردیە تەقلیدیە کە ھەیە و ڕێبازی ئێمەیان پەسەندنەکردووە، بەڵام ڕێبازمان لەسەر ئاستی گەل پەرژێنراوە(قبوڵکراوە).
لە ڕۆژئاڤا سۆز و خۆشەویستی بەدیدەکەین چونکە ئۆجەلان نزیکەی ٢٠ ساڵ تیایدا ماوەتەوە، و پەیوەندی لەگەڵ کورد و عەرەبدا ھەبووە، لەم ماوەیەشدا ھەزاران کەس لە ڕۆژئاڤاوە تەڤڵی پەکەکە بوون و تیایاندایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیادا کوژراوە و ئەمەش کاریگەریدەکات و بەستەری سۆزداری لەنێوانماندا پێکدەھێنێت، ئێمەش جوانیەکە بۆ ڕۆژئاڤا دەگەڕێنینەوە، بەجێیانناھێڵین و مەعنەویانە پشتیوانی مافەکانیان دەبین نەک مادیانە، ئەوەش متمانەی گەلی لەنێوانماندا زیادکردووە.

• پەیوەندیەکانی نێوان ڕژێمی سوریا و پارتی کرێکارانی کوردستان ئایا ھێشتاش بەرپایە؟

– بەڵێ پەیوەندی ھەیە لەگەڵ سیستەمی ڕژێمی سوریادا، بەردەوامیش دەبێت تا ئەوان پەیوەندیان بوێت بەو شێوەیەی بۆ ئێمە دەگونجێت، ئێمە ئامادەین بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا، بڕیاری جەنگ و دوژمنایەتیش بەگوێرەی لایەنەکەی ترە.

• تەنانەت لەگەڵ تورکیاشدا ئامادەن بۆ گفتوگۆ؟

– بەداخەوە دۆخی تورکیا ئێستا جەنگە، و پەیوەندی نیە لەگەڵیدا، لە حاڵەتێکیشدا تورکیا گفتوگۆی تەرحکرد ئێمە ئامادەین.

• لەم ساتەدا ئەگەر بارودۆخ لەباربێت تۆ خودی خۆت دەڕۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا؟
– من نا، لەگەڵ ئەوەشدا.. بڕیار لای من نیە بەڵکو لای سەرکردەکانی پارتە، لە حاڵەتی ڕوودانی ئەوەشدا قسەکەری سەرەکی و ناونیشان عەبدوڵا ئۆجەلانە.

• ئایا پەیوەندی لەنێوان پەیەدە و ڕژێمی سوریادا ھەیە؟

– بەپێی زانیاری من پەیوەندی لەنێوانیاندا ھەیە.

• ئایا متمانە بە ئەمەریکا دەکەیت؟

– نەخێر، ئێمە بزوتنەوەیەکی بەرھەڵستکاری ئیمپریالێزمین، ھیچ لێدوانێکیش لەلایەن پەکەکەوە نەدراوە بڵێت ئێمە متمانەدەکەین و ئامادەین بۆ ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکادا، ھەروەھا لەلایەنی ئەمێریکیشەوە ئەوە نیە، ئەمێریکاش دەمانخاتە ناو لیستی تێرۆرەوە بۆیە پشتیوانی تورکیا دەکات لە دژمان، جەنگیش دژی تورکیا جەنگە دژ بە ئەمێریکا، ھەرچی بە نسبەت دۆخی ڕۆژئاڤاوەیە ئەوە تایبەتە.

• ئایا پەکەکە ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمێریکادا؟

– لەسەر ئاستی ستراتیژی ناشێت لەگەڵ ئەمێریکادا بجوڵێیت، ئەو پەیوەندیانەش لە ڕۆژئاڤا ھەیە لەسەر ئاستی تەکتیکی و پشتیوانی سەربازیە، ڕوونیش نیە ئەم پەیوەندیە تا کوێ دەگات، ناشکرێت فاڵبگرینەوە و کە سیاسەتی ئەمێریکا لە سوریای داھاتوودا چۆن دەبێت و پەیەدەش لەبەرانبەریدا چۆن مامەڵەدەکات، لەوانەشە لەسەر ئاستی سوریا پەیوەندیگەلێکی تەکتیکی لەگەڵ ئەمێریکا و ڕوسیا ھەبێت لەسەر بنچینەی چارەسەرکردنی دۆخی کورد لە سوریا ئەمەش شتێکی ترە.

• ئایا پێشبینی پەیوەندیەکی درێژ دەکەیت لەنێوان پەیەدە و ئەمێریکادا؟

– لەم حاڵەتەدا پێویستە بوترێت کە پەیەدە لەسەرێتی ڕێبازی ئایدۆلۆژی و فیکری خۆی بگۆڕێت، ڕێبازی پەیڕەوکراو لەیەکناچن، بەڵکو لەگەڵ ڕێبازی ئایدۆلۆژی ئەمێریکادا لەناوچەکە جیاوازدەکەونەوە، ئێمە ئەم پەیوەندیانە ناودەنێین ناچاری، خۆشویستراو نیە و بژاردەی دووەمیش نیە.

• بۆچوونت لەسەر کەوتنی ڕژێمی سوریا و ڕۆیشتنی ئەسەد چیە، لەگەڵی یان دژ؟

– نزیکبوونەوەی بنچینەیینمان بە مانەوە یان ڕۆیشتنیەوە نیە، پەیوەست نیە بە کەسێک یان بە سیستەمێکەوە بە ئەندازەی ئەوەی داننانە بە مافی خۆمان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی دیموکراتی فیدراڵی، با وادابنێین کە داننرا بە بە پرۆژەی دیموکراتی فیدراڵیدا.. ئەسەد تیایدا دەبێت و ڕۆڵی دەبێت سەرباری پێکھاتەکانی تر، ئەمەش مانای کۆتاییھاتنی ئەسەدە وەک زھنیەت، بەڵام بە داواکردنی ڕۆیشتنی دەبینە بزوتنەوەیەک ئامانجی کەسێتیەکە، ئەمەش بزوتنەوەیەکی سیاسیی نیە.

• عەفرین لە دۆخێکی زۆر سەخت دایە، پێشبینیدەکەن چی لەوێ ڕووبدات و بژاردەکانتان چین؟

– چوونەناوەی تورکیا بۆ ئیدلب و گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییە، لە ئەنجامی ھاوپەیمانی ڕووسی- تورکی و بڕیارەکانی ئەستانەوە، و جوڵەی ھاوبەشیان لە ئێستادا مانای ھاوپەیمانیان نیە بەڕاستی.
تورکیا دەخوازێت کۆتایی بە پەیەدە بھێنێت لە سوریا، بەڵام ڕوسیا بەکاریدەھێنێت بۆ کۆتاییھێنان بەو گروپە توندڕەوانەی ئارەزووییان ناکات، لە ڕێگای تورکیاوە زۆرینەی ئەم گروپانە لە ئیدلب جێگیرکراون، پاش ئەوەی گروپە ئیسلامیەکان لە ئیدلب کۆبوونەوە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژیان ڕاگەیاند، ئەوەش سیاسەتێکی ژیرانەیە، چۆن ڕوسیاو ئێران لە ڕێگای تورکیاوە وایانلێکرد گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕژێمی سوریا بکشێنێتەوە بەبێ ھیچ بەریەککەوتنێک لەگەڵیاندا، لەبەرانبەریشدا ڕوسیا وتی کوردەکان ناڕۆنە ڕۆژئاوای فوراتەوە، بەمشێوەیەش تورکیا وایدانا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆی لەبنەڕەتدا سەرکەوتن بوو بۆ ڕژێم و ڕوسیا، ڕوسیا و ئێرانیەکان دەزانن ئەگەر ئەوان دەرگایان کردەوە بۆ تورکیا، ئەو مەترسیەکی گەورەیە لەسەریان.
چوونە ناوەی تورکیا بۆ عەفرین بەبێ پەسەندکردنی ڕوسیی – ئێرانی نابێت، لە ھەمان کاتیشدا لە حاڵەتی ڕوودانی ئەم شتەدا دەبێتە ھۆی بەریەککەوتنی توند، سەرئەنجامیش دابەشبوونێک دەبێت لە سوریادا، پێموانیە بەئاسانی وتنی بەڵێ و پێدانی گڵۆپی سەوز دەبێت بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین، ناکرێت بڵێین ئەستەمە، چونکە گریمانەیەکە ڕێی تێدەچێت، بەڵام لە ئێستادا قورسە، لەحاڵەتی بوونیشیدا مەترسیدار دەبێت.

• چی دەبێت ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە کرا کە باستکرد و تورکیا چووە عەفرینەوە؟

– ڕەنگە، لە حاڵەتێکدا ھەموو دەوڵەتە مەزنەکان ڕێککەوتن، ھیچ شتێک ئەستەم نیە، بەڵام لەسەر ھەمووانە بزانن کە بەرخۆدان ھەر دەمێنێت تا کۆتا ھەناسە، بە شکستێکی لەمشێوە ڕازینابین و کۆبانێیەکی تر دەژینینەوە.

• چی دەبێت ئەگەر تورکیا وێرای ئۆجەلان لەسێدارە بدات؟

– ئەم ئەگەرە ڕێیتێدەچێت، لە حاڵەتی ڕوودانیشیدا سەرەتای گۆڕانێکی مێژوویی دەبێت و دەگەینە خاڵێک کە ھەرگیز گەڕانەوەی تێدا نیە ئەویش جەنگە، سەرەڕای ھەموو ئەمەش ھەر دەڵێین پێویستە گفتوگۆ و دانوستاندن ھەبێت، لە حاڵەتی گەیشتنیدا بەم خاڵە و لەسێدارەدانی ئۆجەلان، ئەم دەرگایە دادەخرێت.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی عوكاز.

گفتوگۆی: عبدالله العضوی (شاخەکانی قەندیل – باکوری عێراق).




لە قوولایى ستراتیژیەوە بۆ قوولایى کیشەى کورد …. سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى شەشەم

کردنەوەى چەند پەنجەریەک بەڕووى کورد-دا، نەخشەو پلانێکى حەکیمانەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بوو، بۆ لانى کەم بەدەست هێنانى متمانەى کورد و بردنەوەى هەڵبژاردن و گەیشتن بە لوتکەى دەسەڵات، چونکە بە پێچەوانەى نەریتى پێشتریان، کە سەرە زلەکانى ئەم وڵاتە هەر کاتێک ئارەزوویان کردبێ لە رێگەى کودەتاوە فەرمانڕەوایى تورکیایان گرتۆتە دەست، بەڵام ئەمجارەیان لە رێگەى پرۆسەى هەڵبژاردن، شێوازێکى دیکەى کودەتایان ئەنجامدا، بەومانایەى کە پێشوەخت بڕیاریان دابوو دەبێ دەنگى زۆرینە بەدەست بێنن و تاک لایەنە بتوانن حکومەت پێک بێنن، ئەمەش گەواهیدەرى ئەو تێگەیشتنە بوو، کە دەبێ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندى پارتى داد و گەشەپێداندا بێت.
ئەمەش هەمووى لە ئەنجامى گەیشتن بەو ڕاستییە بوو، لەوەى مومکین نەبوو لە دەرەوەى پڕۆسەیەکى سیاسى دیموکراتیانەدا پارتى داد و گەشەپێدان بتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست، لە کاتێدا ئامانجى ستراتیژى لە کردنەوەى چەند لایەک بەڕووى کێشەى کورد لە تورکیادا تەنیا و تەنیا بەدەست هێنانى زۆرینەى دەنگەکانى کورد بوو، لە بەرژەوەندى دادو گەشەپێدان، ئەگەرچى ئەحمەد داود ئۆغلۆ زۆر فراونتر لەوە دیڕوانییە کێشەى کورد، بەتایبەتى کاتێک هەست دەکات کیشەى کورد پێیناوەتە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو ترەوە.

ئۆغلۆ لەو کتێبەیدا ” قوولایى ستراتیژى” ئاماژە بۆ هەڵکشانى کورد دەکات و پێى وایە لە دواى کۆتایى هاتنى جەنگى سارد، کێشەى کورد بە شێوەیەکى زۆر سەرسورهێنەر هەڵکشاوە، بۆیە ئاوڕدانەوەیەکى وردو حەکیمانە لە کورد لەسەر ئاستى ناوخۆ بە پێویستییەکى زۆر گرنگ دەزانێ، هەر لەم چوارچێوەیەشدا پەنا بۆ سەرجەم هۆکارەکانى سەرخستنى ئەجنداکانى دەبات، لەسەر ئاستى ئابوورى لادەرگایەک بەڕووى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە، لەسەر ئاستى روناکبیرى و راگەیاندیش، بەهەمان شێوە ئەلقەیەکى سەقافى دروست دەکات و لە چەند قۆناغێکدا دەستە دەستە هەڵبژاردەیەک لە راگەیاندکارو روناکبیرانى باشورى کوردستان داوەتى سەر خوانەکەى دەکات لە تورکیا.

ئۆغلۆ زۆر دووربینانەتر و سیاسیانەتر لە ئەردۆگان دەڕوانێتە کێشەکە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تورکیا هەرگیز خوازیارى ئەوە نەبووە لە ڕووى سیتمى سیاسییەوە، بە تایبەتى دیموکراتییەتەوە بچێتە سەر هێلە دیموکراسییەکەى خۆرئاوا، چونکە ئۆغلۆ-ش هەمیشە پێى وابووە تورکیا دەبێ دەست بە باڵاى خۆیەوە بگرێ و نابێ نزمتر لە ئاستى وڵاتانى خۆرئاوا لێیبڕوانرێ، وەک بەخۆى دەڵى ئەو خۆرئاوا باش دەناسێ( خۆبەگەورەبینى خۆرئاوا باش دەناسم، ئامادەین لە ئاستى یەکساندا گفوگۆبکەین. بەڵام کەس ناتوانێ بە سووکایەتییەوە هیچمان پێ بڵێت، هەر کەسێک بێت، بەمە ڕازى نابین).

دواى هەردوو هەڵبژاردنە یەک لە دواى یەکەکانى یونیو و نۆڤێمبەرى 2015، ئەردۆگان دەست بەسەر کۆى گشتى پرۆسەى سیاسى تورکیادا دەگرێ و ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەخاتە دەرەوەى بازنەکە، ئەگەرچى هەموو ئەوەى تورکیا لەو ماوەیەدا لە ڕووى ئابورى و کۆمەڵایەتییەوە پێدەگات لە سایەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بووە، بەڵام تێزەکەى ئۆغلۆش هەرگیز بە ئامانجى چارەسەرکردنێکى بنەڕەتیانەى کێشەى کورد نەبووە، بەقەد ئەوەى ئامانجى ئەوە بووە کیشەى کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان بخاتە خزمەتى پرۆسەى سیاسى تورکیا، چونکە ئەو دەمێک بوو دەرکى بەوە کردبوو کە کێشەى کورد لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەرەو پێشچوونى زۆرى بە خۆوە بینیوە، بۆیە ناکرێ تورکیا ئاوڕ لە کورد نەداتەوەو لێگەڕێ وڵاتانى دیکەى هەرێمى و نێودەوڵەتى کارتى کورد لە دژى تورکیا بەکار بێنن.

بێهیوابوونى ئەردۆگان لە ئاوڕدانەوەى خۆرئاوا لە تورکیا، بەتایبەتى دواى هەڵپەساردنى وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا، کە ساڵانێکى زۆر بوو خەونى پێوە دەبینى، هەروەها نەمانى متمانەى بە ئەمریکا، بە تایبەتى دواى سەرهەڵدانى راپەرینەکانى سوریا، لەسەرووى هەموو ئەمانەشەوە سەرهەڵدانێکى دیموکراسیانەى کورد لە ناوخۆى تورکیادا بەسوود وەرگرتن لە سیاسەتى کرانەوەى تورکیا بەڕووى دیموکراسیەتدا. بەتێگەیشتن لەوەى هیچکام لەو رووداوانەى لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، هاوتەریب نین لەگەڵ ئەجنداکانى تورکیا، ئەمەش وایکرد تورکیا پاشەکشەیەکى خیرا بکات، پاشەکشە لەهەموو ئەو بنەمایانەى تورکیایان بەرەو کراوەنەى زیاتر دەبرد، بۆیە ئەردۆگان بەگرتنە دەستى جومگە ئەساسییەکانى دەوڵەت نەک هەر تورکیاى لە کرانەوەى زیاتر ڕاگرت، بەڵکو گێڕایەوە نێو بازنە داخراوەکە، هەموو ئەو ڕووداوانەش ئەگەر وا لێکبدرێنەوە پێچەوانەى تێز و تێڕوانییەکانى ئەحمەد داود ئۆغلۆن و ئەو سیاسەتەى ئۆغلۆ پێڕەوى لێدەکرد شکستى خوارد، ئەوە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ خوێندنەوەیەکى ورد بۆ سیاسەتى ئێستاى تورکیا بکرێ بەبێ خوێندنەوەى کتێبى “قوولایى ستراتیژى” داود ئۆغلۆ.

چونکە مومکین نەبوو بەبێ ئۆغلۆ ئەردۆگان بیتوانیبا دەسەڵاتى کوللى تورکیا بگریتە دەست و لە 16 ابریل 2017 دەستوریش وەک خۆى دەیەوێ هەموار بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا حزبەکەى لە دواین هەڵبژاردنى یونیوى 2015 نەیتوانى دەنگى پێویست بێنێ و تاک لایەنە حکومەت پێک بێنێ، بۆیە بڕیارى دووبارە ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن دراو لە نۆڤیمبەرى 2015 پارتى داد و گەشە پێدان توانى بۆ یەکەم جار ژمارەى پێوانەیى بشکێنێ ئەو سەرکەوتنە تۆمار بکات، کە بتوانێ یەکسەرە حکومەت پێک بێنێ و 18 ماددەکەى دەستوریش هەموار بکاتەوە

بەهەر هۆیەکەوە بێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتى داد و گەشەپێدان ژمارەى کورسییەکانى لە 259 کورسى بەرزکردەوە بۆ 317 کورسى کوردیش لە چوارچێوەى پارتى گەلانى دیموکرات ژمارەى کورسییەکانى لە 80 کورسى دابەزى بۆ 59 کورسى.
لێرەوە سیاسەتى تورکیا لەسەر ئاستى ناوەخۆ و دەرەوەدا گۆڕانکارى زۆر دیارو بەرچاویان بەسەردا هات، ئەمەش بە تێگەیشتن لەوەى تورکیا هیچ دۆستێکى واى نەماوە جگە لەخۆى، بەومانایەى وەک چۆن کوردەکان هەمیشە ئەوە دەڵێن “جگە لە شاخاکان کەس دۆستمان نییە” تورکیاش ئێستا جگە لە خۆى کەس دۆستى نییە.




ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌ران … ئامادەکردنی: هەژار

18 كانونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌ و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ په‌یامێكدا به‌شداری كۆچبه‌ران له‌ پێشخستنی سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ جیهاندا به‌رز ده‌نرخێنێت.
به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌وه‌ ، ئه‌نتۆنیۆ گوتیرێس ، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگترووه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ كۆچبه‌ران بونه‌ مایه‌ی سودی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگاكاندا. به‌ڵام سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆشی ده‌رده‌بڕێت له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌سته‌ دوژمنكارانه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر له‌ كۆچبه‌ران له‌ جیهاندا بوونی هه‌یه‌.

كۆچ به‌ گشتی و كۆچی نایاسایی به‌ تایبه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی دابه‌شكردوه‌ و له‌لایه‌ك ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ژیانیان له‌ ڕێگه‌ی كۆچی نایاسایی له‌ده‌ستداوه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ڕێوشوێنه‌كانی زۆربه‌ی ووڵاتان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مافه‌كانی كۆچبه‌ران داناڕێژرێن.
یه‌كێتی ئه‌وروپا تا ئێستا نه‌گه‌شتووه‌ به‌ ڕێكه‌وتنێك له‌باره‌ی په‌نابه‌ر و كۆچبه‌رانه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ر ڕۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی په‌نابه‌راندا داڕێژرا بێت و ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مریكاش له‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی په‌نابه‌رانن بۆ نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌می باراك ئۆبامادا وه‌رده‌گیران و ئوسترالیاش به‌رده‌وامه‌ له‌ سیاسه‌تی گرتن و گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتوون.

یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌ران له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ نایاساییانه‌ی كه‌ له‌ جیهاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ساڵی 2017 دا گه‌شتۆته‌ 5 هه‌زار و 323 كه‌س كه‌ زۆربه‌یان له‌ ئاوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 295 كه‌سیشیان له‌ ناوچه‌كانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا مردوون.




ئاڵاکەم؛ مەشخەڵێک لەورە …. بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

کوردستانم..
هەموو جارێ لەساڵێکا
وەختی ئێمە ئەبین بەپەیکەرو
لەئاستی ئاڵا ئەچەمێینەوە؛
چوارچرا پێدەکەنێ و
چوار ڕەنگ ئەکاتە کراسی نیشتیمان و
چوار ئاواز بۆ سرودی کوردستانم دائەڕێژێ..
ئەم ئاڵایە تاڤگەیەکە..
جەستەی شەکەتی مێژووی نیشتیمانە..
ئەمڕۆ ناوی پێشمەرگەیەو
لەپێدەشتی تەم تومانا
دەستەویەخەی سازکردنی دۆزەخە بۆ دوژمنانی..
لەدامێنی چیادا..
چیای سەفین.. کارۆخ.. هەندرێن.. هەڵگورد..
بەرماڵە..
بەرماڵی کوردانە، شەکاوەیە لەئاسمانا..
لەوەتەی هەم؛ ئەمە پێناسەی بوونی من بووە..
جوگرافیایەکی شەقکراوی هەڵبەستووە..
لەوەتەی هەم؛ ئەمە چیڕۆکی ئازارو
پەیامی شەختەی ڕێبەندان و
ڕەنگی مان وسرودی بەفرە..
دەست دەست
دەسکەچیلەی چرای پێ بەستراوەو
لەڕەگ و ڕوحی مێژووەوە
ئەم چیڕۆکە پەیژە بەپەیژە.. هێناویەتی و
ئەمڕۆ بەژنی پێشمەرگەیەو
مەشخەڵێکە لەباڵای بەورو
داعش خورد ئەکاتەوەو
لەهەیوانی لای خوارەوەی شاخی شنگال
گڕی گەڕەلاوژەیە..
ئەم ئاڵایە؛ ئەمڕۆ ئاهەنگی هەمووانە
پێکەنینە لەئامێزی خۆشەویستی و ئازادیدا..
قاتی بەژنی پێشمەرگەیە..
لەیەک کاتدا بەرگی هوجام و
ڕەفتەی ئاڵی جەیلان و
قردێلەی نیگارو
کراسی یەکینەی شەڕڤانە.. ئەم ئاڵایە..
برینی شەنگال وکوبانێشی پێچاوە..
هەر گاف لەشەکانەوەیدا
شەپۆلی سڵاوە بۆ گیانی بێگەردی پێشەوا
بزەی لەسەرپێ وەستانە بۆ ڕوحی شەهیدان..
سڵاو لەئازادی سڵاو لەپێشمەرگە، بژی کوردستان..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

١٧-١٢-٢٠١٥
هــەولـــێر




سیاسه‌ت و ناسیاسه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆشنبیردا … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

– ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له‌ بواری كار و جوڵه‌ی خۆیدا شكست بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر ئابووری له‌ بواری مامه‌ڵه‌ و دانوستانی خۆیدا داڕمێ‌ و هه‌ره‌س بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر دین له‌ فه‌زای هه‌ڵسووڕان و كایه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیدا زیاد یا كه‌م بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر هاڕمۆنیه‌ت و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ شێوانی تێبكه‌وێ‌ و له‌سه‌ر ئاوازێكی سیمفۆنیك نه‌بێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ نه‌یتوانی له‌ ده‌رچه‌ی كرده‌كانی خۆیدا كه‌سێكی هوشیار به‌ خۆی و به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ نه‌ته‌وه‌ و به‌ دنیا و به‌……..تاد به‌رهه‌م بێنێ‌، ئۆباڵی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.

– ئه‌گه‌ر هونه‌ر و وه‌رزش و ئه‌ده‌ب و ……… نه‌یانتوانی له‌ بازاڕی نێوخۆی كورده‌واریدا ڕه‌واج بۆ خۆیان په‌یدا كه‌ن و نه‌شتوانن بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌ودیو سنووره‌كانی خۆیان و له‌ بازاڕی نێو نه‌ته‌وه‌ییدا ببنه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ، دیسان ئۆباڵی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
كولتوور بۆ هه‌ر ده‌سته‌ و تاقم و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك مه‌رجی بوون و هه‌ڵبڕینی ده‌نگی سه‌لماندنی بوونێكی ئینسانی دیاریكراوه‌. كێشه‌كانی ئێمه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ له‌ نێو كولتوورماندا ڕیشه‌یان هه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ڕیزمانكردن له‌ ئاستی ڕه‌زامه‌ندی نه‌ خۆمانین نه‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی خۆی له‌ قه‌ره‌ی كولتوور و وه‌به‌رهێنه‌رانی كولتوور كه‌ ڕۆشنبیرانن نه‌دا و هیچ كاتێك چاره‌ی ڕۆشنبیری جیددیان نه‌ویست و فیشه‌كێك و ده‌مانچه‌ و تفه‌نگێكیان له‌ ڕۆحی ڕۆشنبیرێك پێ‌ بایه‌خدار تر بوو.

سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی كه‌سێتیه‌كی سیاسی كوردی بێنێته‌ ئارا بۆ چه‌ند خوله‌كێك قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و دۆزی گه‌له‌كه‌ی بكا له‌و ئاسته‌ی به‌رانبه‌ره‌ یار و نه‌یاره‌كانی له‌وه‌ بگه‌یه‌نێ‌ كه‌ دۆزی كورد نه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ كورد خۆیه‌وه‌ بگره‌ به‌ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌یی و جیهانیه‌وه‌ به‌ند و په‌یوه‌سته‌.سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی به‌رنامه‌ بۆ بایه‌خی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و شۆڕشگێڕی دابنێ‌ و تاكی خۆی بكاته‌ بوونه‌وه‌رێكی سیاسی هوشیار توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ به‌رانبه‌ره‌ یار و نه‌یاره‌كانی به‌ دۆزی خۆی سه‌رسام بكا.

سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی چه‌كی خسته‌ پێش كتێب و قه‌ڵه‌م و هه‌رده‌م عه‌قڵ كه‌ له‌م دوانه‌ ده‌چۆڕێ‌ له‌ دوای كوته‌ك كه‌ له‌ تفه‌نگه‌وه‌ نمایش ده‌بوو ده‌ڕۆیشت و ده‌هات و ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا هاوكێشه‌ی عه‌قڵ و كوته‌كی به‌ره‌واژوو كردبۆوه‌ و هه‌میشه‌ كوته‌ك و كوته‌ك به‌ ده‌ست هۆكاری چاره‌سه‌ر و بردنه‌ پێشه‌وه‌ی پرسه‌كان بوون و قه‌ڵه‌م و كتێب به‌ ده‌سته‌كان له‌ دواوه‌ی ئه‌وان هه‌وڵی جوانكردنی ڕه‌فتار و گوفتاری ئه‌وانیان ده‌دا.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی له‌ هه‌رێمێك یا به‌شێكی بچووكی كوردستاندا ماڵێكی ئارامیان چ له‌ شاخ و چ له‌ شار پێ‌ ئاوا نه‌كرا و نه‌ خۆیان و نه‌ كوردستانیانیشیان له‌ دڵه‌ڕاوكێی مانه‌وه‌ و سه‌قامگیری خاترجه‌م كرد.
سیاسه‌تی كوردی جگه‌ له‌ دۆخێكی سایكۆلۆژی نارسیزم و كارگه‌یه‌ك بۆ هێنانه‌ ئارای كه‌سێتی هه‌لپه‌رست و هه‌ڵلووش كه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی دۆزێكی ڕه‌وای ئاوه‌ها گه‌وره‌ و جیهانی نه‌ده‌شیان چیتریان نه‌كرد.

زانست هه‌میشه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌ی هۆكاره‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجامه‌ خه‌مناكانه‌ پێمان ده‌ڵێن بریتین له‌ ڕێچكه‌ گرتنێكی په‌رت و بڵا و شێواوی ئه‌وتۆ كه‌ هیچمانی نه‌گه‌یانده‌ جۆرێك له‌ ڕازیبوون چ له‌ ئه‌نجامی كاری خۆمان وه‌ك تاك و چ له‌ ئه‌نجامی كار و خه‌باتی خۆمان وه‌ك جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی.
په‌رته‌وازه‌یی له‌ سیاسه‌تی كوردی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فورموله‌ نه‌بوونی كولتووری كوردیه‌ له‌ هۆشێكی ده‌سته‌جه‌معیدا كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوایه‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان بخاته‌ سه‌ر ڕیتمێكی سیمفۆنیك به‌ هاڕمۆنیه‌ته‌كه‌ی هه‌م خۆی و هه‌م دنیاشی سه‌رسام كردبایه‌.
په‌رته‌وازه‌یی ده‌نگ و ڕه‌نگی سیاسی قالبنه‌گرتوو له‌ فۆڕمێكی ناسیونالیستی مۆدێرن به‌ درێژایی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ كردوونیه‌ته‌ هه‌م گاڵته‌ جاڕی خۆمان و هه‌میش گاڵته‌جاری ده‌ر و دراوسێ‌ و دنیا.

سیاسه‌تی كوردی بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێ‌ دوژمنایه‌تی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران ده‌كا، ڕۆشنبیره‌ جیدیه‌كان هه‌ر به‌ته‌نها قوربانی نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان نه‌بوون به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ نێو خۆی فۆڕمه‌ بێ ده‌موچاوه‌ سیاسیه‌كه‌ی خۆشماندا دژایه‌تیان كراوه‌ و هه‌میشه‌ سیاسه‌ت و سیاسی كورد تاوه‌كو ئه‌مڕۆ فۆبیای ڕۆشنبیریان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌شیان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ گرێی كێماسی زانستی و ڕۆشنبیریه‌وه‌ بووه‌.

ترس له‌ ڕۆشنبیری له‌ نه‌ستی ئه‌واندا ڕیشه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش نه‌ له‌ شاخ و نه‌ له‌ شار ئیشیان بۆ پڕۆژه‌ی بونیادنانی كه‌سێتی كولتووری كوردی كه‌ دواتر كه‌سێتی سیاسی كوردی و نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی لێ‌ درووست ده‌بێ‌ نه‌كردووه‌. (ترس له‌ ڕۆشنبیری) لای سیاسیه‌كان بازنه‌یه‌كی پارێزه‌ری له‌ دژی ڕۆشنبیرانی جیددی به‌ ده‌وردا كێشاون نه‌وه‌كا به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگیان قه‌ڵس بن و تووشی ئیشی عه‌قڵ و عه‌قلانیه‌تیان كه‌ن و بیانخه‌نه‌ نێو پڕۆژه‌كانی بیركردنه‌وه‌ له‌ پێناو بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی عه‌قلانی درووستكردنی عه‌قڵی سیاسی و ئابووری و كولتوری و دینی كوردی.

ڕۆشنبیر كه‌سێكی سیستماتیكه‌ و سیستم به‌رهه‌م دێنێ‌، ئه‌وه‌ی خۆشیی له‌ ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری نه‌یه‌ت ئاره‌زووی سیستم ناكات و ئاره‌زوونه‌كردنی سیستمیش له‌ نه‌ستی ناڕۆشنبیری سیاسیدا هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی دوور و درێژه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت و به‌مه‌ش زۆرترین خزمه‌ت ته‌نها به‌ (ئاید- ئه‌نباری غه‌ریزه‌) ی خۆی ده‌كات و منێكی فوودراوی هه‌وكراومان ده‌خاته‌ پێش هه‌موو گیانی نه‌خۆشی و په‌تایه‌.

ڕۆشنبیره‌ دوور بینه‌كان بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ‌ له‌ كاردان نیتشه‌ وته‌نی دوای سبه‌ینێ‌ ئه‌نجامی ئیشه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێ‌، ڕۆشنبیری زانا و وه‌به‌رهێن له‌سه‌ر كولتوور ئیشی ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌ڵه‌كانی ئه‌م تایپه‌ له‌ سیاسیه‌كان پینه‌كات و هات و چوونه‌كانیان شیبكاته‌وه‌، ئه‌وان ئیشیان ڕێكخستنی بوونێكی سرووشتی كوردیه‌ له‌ فۆڕمێكی ڕێكخراوی سیستماتیكدا، بوونی به‌سته‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یی كوردی تا ئێستا هه‌ر له‌ بوونه‌ سرووشتیه‌كه‌ی نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا هه‌ڵه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی كوردایه‌تیه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش عه‌قڵی ڕۆشنبیر ده‌توانێ‌ ئه‌م ڕۆحه‌ زیندووه‌ چالاكه‌ كه‌ عه‌قلانیه‌ت و هۆشه‌ بخاته‌ جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌وه‌ و له‌ وه‌همه‌ خه‌ته‌رناكه‌كانی پاڵه‌وانبازی و شۆڕشگێڕی ده‌ربازی بكا.
ئه‌م هه‌ڵه‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوویانداوه‌ تازه‌ نین كاره‌كته‌ره‌ سه‌به‌بكاره‌كانیان په‌روه‌رده‌ی كه‌ڵچه‌رێكی كاڵی ئیش له‌سه‌ر نه‌كراون، په‌روه‌رده‌ی دۆخێكی ناسیاسی ڕێك نه‌خراون، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڵه‌كان به‌ دوا یه‌كدا و له‌ دیمه‌نی جیاجیادا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ و ده‌بن به‌ شۆك بۆ ئه‌وانه‌ی یادگه‌یان ڕووداوه‌كانی دوێنێیان نه‌پاراستووه‌.




نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ جه‌لال به‌رزنجی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

كاكه‌ جه‌لال به‌رزنجی، كه‌ گوێت له‌ هاوار بوو، ئاگرت كرده‌وه‌. ئاگر زه‌وی له‌ پیسی پاك ده‌كاته‌وه‌ و هێڵێكی داگیرساو به‌رز ده‌كاته‌وه‌. كۆشیعری: (به‌یه‌كه‌وه‌ ته‌نیاین)، كه‌ ساڵی 2015 له‌ خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، چاپ كرا. هه‌ستی ڕاگرتم، هه‌ست هه‌موو توانا نیشتووه‌كانی له‌ قووڵاییه‌كانه‌وه‌ن پاڵیان پێوه‌ ده‌نێت و سه‌ریان ده‌خات و ئاراسته‌یان ده‌كات بۆ بینین، كه‌ بیندراش فۆرمێكی گونجاو وه‌رده‌گرێت. فۆرمی نووسین، كه‌ ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌م ئاراسته‌ی هه‌سته‌كانی خۆم كرد. هه‌ستم كرد كۆمه‌ڵێك شیعری تۆ له‌ هه‌سته‌كانی مندا نیشتوون و سه‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌م كۆشیعره‌تدا دوا خراون و گفتوگۆم له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، به‌ڵام زه‌ینم ده‌یبردمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ر زه‌ینم كه‌وتوون، له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا گه‌ڕام پێنج شیعرم دۆزییه‌وه‌.

1- هه‌ڵبزڕكانی بڵندایی
2- ئاشتبوونه‌وه‌
3- شه‌وێكی تر نه‌چوومه‌وه‌ گوێ‌ چه‌می منداڵیم
4- وه‌ره‌ تا زووه‌ شوێنێك له‌ مردن بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌
5- شته‌ ئاسایییه‌كان و شته‌ نائاسایییه‌كان

تایپ و هه‌ڵه‌گری و ڕێنووسیشم كردوون. ئه‌وه‌ بۆ ئیمێله‌كه‌تی ده‌نێرم. خۆزگه‌ له‌و دانیشتنه‌ی 18/1/2017، كه‌ نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌ و تۆ و من له‌ یانه‌ی (سیپان دوو) له‌ هه‌ولێر دانیشتین ئه‌و پرسیارمه‌م بهێنابووایه‌ گۆڕێ‌، ئایا ئه‌م شیعرانه‌ بۆ نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ناو كۆشیعره‌كه‌ته‌وه‌، كه‌ شیعری جوانیشن. به‌دڵنیاییه‌كی ڕوونه‌وه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌م شیعرانه‌ی له‌ كۆشیعره‌كه‌تدان جوانترن. له‌ ژیانی شاعیری داهێنه‌ردا ئامانجێك هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌ دوایدا ده‌چێت و به‌ چیادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌. له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ لووتكه‌دا نا، له‌ پێناو به‌رده‌وام كۆششكردن و بنیادنانی كه‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و به‌سه‌ر خۆداكرانه‌وه‌.

ئه‌م شێوازه‌ی (شته‌ ئاسایییه‌كان و شته‌ نا ئاسایییه‌كان) بۆ ساڵی 1995 له‌ ئه‌زموونی تۆدا خۆگۆڕینێكه‌ و شتێكی تر هاتووه‌ته‌ ناو دنیاكه‌ته‌وه‌. واته‌: شتێك له‌ به‌هره‌ی تۆدا ڕووی داوه‌. گونجاندنێكی ئه‌فسوونیت له‌ نێوان ئه‌م دژانه‌ به‌كار هێناوه‌، كه‌ ته‌نیا ناوت بردوون و له‌ ناوه‌كه‌شدا ئیحات داوه‌. واته‌: وشه‌كه‌ت له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ گه‌رم و هه‌ستیار كردووه‌ و هه‌وڵت داوه‌ له‌ وشه‌دا ئیحا بدرێت و وشه‌كه‌ش وه‌ك ڕسته‌یه‌كی شیعری خۆی پێشكێش بكات، كارایی شاعیرێكه‌ بنیادی توانای ئه‌ده‌بی ناوه‌ و وشه‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ تا ئاستی خۆدركاندن و بژاركردن بۆ هه‌ڵبژاردن و پڕ ئیحاكردنی.

ئه‌م كۆشیعره‌ت بریتییه‌ له‌ بنیادی گه‌ڕان به‌دوای نیشتیمانێكی دیارنه‌ماو، یان هه‌ستێكی سه‌رگه‌ردان و بزربوو تێیدا. تۆ و عه‌بدۆڵڵا په‌شێو به‌شێكی زۆری شیعره‌كانتان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نووسیوه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی تۆ، ئه‌و بنیادی نیشتیمانێك دیار ده‌كات و هه‌ستی تێدا ده‌جۆشێنێت. شوناس له‌ ئه‌زموونی هه‌ردووكتان هاوبه‌ش نییه‌. هی تۆ گه‌ڕانه‌ به‌دوای شوناسی هه‌ستی و هی ئه‌و پێشكێشكردنی شوناسی به‌ڵگه‌ییی. هه‌ست له‌ گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا به‌هێزتره‌ له‌ شوناس پێشكێشكردن. هه‌ردووكیان گوزارشت له‌ مانای بوون ده‌كه‌ن و خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كه‌ن. یه‌ك بوونێكی هه‌ستی و ئه‌وی تر بوونێكی به‌ڵگه‌یی.

كۆشیعری یه‌كه‌مت: (سه‌مای به‌فری ئێواران – 1979). دوو تایبه‌تمه‌ندیی گرینگی تێدایه‌:
یه‌كه‌م: له‌م كۆشیعره‌دا په‌خشانه‌ شیعری كوردی ته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت. پێشتر وه‌ك تاڵه‌تیشك هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌ركه‌وتن ئه‌م كۆشیعره‌ ده‌ستپێكه‌. دواتر شیعری: ( هاتیت – ی محه‌مه‌د موكری – گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (59) 1980 و سووتانی ڕه‌نگه‌كان – ی دڵشاد عه‌بدوڵڵا – گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (95) 1984) تیشكی زیاد و به‌هێزتریان خسته‌ سه‌ر په‌خشانه‌ شیعری كوردی.
دووه‌م: یه‌كه‌م كۆشیعری نه‌وه‌ی ئێوه‌یه‌ ته‌واو له‌ كه‌شوهه‌وای شاعیرانی پێشه‌ خۆیان چووبێته‌ ده‌ره‌وه‌ و قه‌ڵه‌مبازێك بێت بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ و نوێبه‌خشییه‌كی تر، له‌م كۆشیعره‌دا، شیعری كوردی پرسیاری قووڵتر له‌ خۆی ده‌كات.
ژیان پڕ به‌هره‌یه‌، ده‌توانیت به‌هره‌ له‌ به‌هره‌كانی ژیان وه‌رگریت به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ تواناییه‌كانت بیكه‌یت به‌ پاڵپشت و نیشانه‌ی كاركردنی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان، ئه‌م توانینه‌ هێزێكی پێگه‌یشتووی پێویسته‌ بۆ پڕ ئیحاكردنی وشه‌ی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان. ده‌ست به‌ داهێنانه‌ جوانه‌كانمانه‌وه‌ ده‌گرم و وه‌ك نموونه‌ی باڵا ده‌یانهێڵمه‌وه‌ و ده‌یانهێنمه‌وه‌ به‌رچاوی نه‌وه‌ی نوێ‌ و خوێنه‌ری نموونه‌یی. قه‌ت ناتوانم پشت له‌ جوانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بكه‌م. ئه‌زموونی تۆ له‌ناو شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا جوانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هانی داوم و هاوكاریی كردووم بۆ جۆش و گه‌ڕانی بێسره‌وت و خۆشه‌ویستیی زیاترم بۆ شیعر و خۆلادان له‌ زمان و فۆرمی باو.

كاكه‌ جه‌لال شیعرم یه‌كجار خۆش ده‌وێت، چونكه‌ خودی خۆمه‌. تا ڕاده‌ی توانه‌وه‌ له‌ناویدا تواومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی هونه‌ری نووسین نازانن و قسه‌وقسه‌ڵۆكه‌كانیانه‌وه‌ ئازاری زۆرم تێیدا چه‌شت و سته‌میان لێ‌ كردووم و به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ماندوو بووم و ماندووم. ئێمه‌ ئازاری زۆری ئه‌وانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ داهێنه‌ران. له‌و مه‌یله‌ ناقوڵایه‌وه‌ چه‌ندان به‌هره‌ و خولیا تێكده‌شكێن، به‌ڵام من وه‌ك بڕوادارێك بڕوام به‌ تۆڵه‌ی خودایی هه‌یه‌، كه‌ خودا پارێزه‌ری هه‌موومانه‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووم، له‌به‌ر چاومه‌. ئه‌وه‌ی خراپه‌شی له‌گه‌ڵدا كردووم. له‌بیری ناكه‌م، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ خۆمی دوور بخه‌مه‌وه‌. به‌رانبه‌ر شیعر چاوه‌كانم كردوونه‌وه‌ و ئه‌ویش سه‌یری من ده‌كات.

له‌ 4/1/1983 تازه‌ چه‌ند شیعرێكی سه‌ره‌تاییم له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بڵاو كرابوونه‌وه‌. له‌ ده‌فته‌رێكی به‌رگ ئاسمانیدا به‌ دڵوداو نووسیبوومنه‌وه‌. ناوم نابوو : (قووڵایییه‌كانی ئا و نا: ئا = مردن، نا = ژیان). پێشانی یه‌ك له‌ شاعیره‌ به‌ئه‌زموونه‌كانی شاره‌كه‌م، مه‌دحه‌ت بێخه‌وم دا. به‌ جۆرێك ستایشی شیعره‌كانی كرد، هه‌ر هێنده‌م مابوو خۆم لێ‌ بگۆڕێت و خۆم به‌ پاشای بێ‌ تاج بزانم. ناونیشانی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردیم وه‌رگرت و چوومه‌ به‌غدا. له‌ گه‌راج ته‌كسییه‌كم بۆ ناونیشانی وه‌رگیراو گرت و یارمه‌تیم له‌ پرسگه‌ وه‌رگرت و به‌ژوور كه‌وتم. له‌ مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی پیاوێكی باڵا به‌رز بوومه‌وه‌، به‌ كه‌م ئه‌زموونی و ساده‌ و ساكاریی خۆم گوتم: ( من شاعیرم و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتووم و دیوانم هه‌یه‌ ده‌مه‌وێ‌ چاپی بكه‌م). ئه‌میش به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ بایه‌خم پێ بدا و قسه‌یه‌كم له‌گه‌ڵدا بكات، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ من دووركه‌وته‌وه‌ و سه‌ری به‌ ژوورێكدا گرت، به‌ ده‌نگێكی ته‌وساوی و گاڵته‌ئامێزه‌وه‌، گوتی: (مه‌حموو، مه‌حموو ئه‌و گه‌نجه‌ هه‌ولێرییه‌ هاتووه‌ و ده‌ڵێ‌ شاعیرم و دیوانم هه‌یه‌). جا نازانم له‌ هه‌ڵزه‌قینه‌وه‌ی گاڵته‌ئامێزی ئه‌و پیاوه‌ بوو، یان هه‌ر خۆی مێوان دۆست بوو. منی زۆر به‌ گه‌رموگوڕی وه‌رگرت و له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی داینام و چایه‌كیشی به‌ ده‌ستی خۆی بۆ هێنام. ده‌فته‌ره‌كه‌ی لێ‌ وه‌رگرتم، لێره‌ و له‌وێ‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی خوێنده‌وه‌ و گوتی: (ئه‌مانه‌ شیعر نین، ئه‌مانه‌ سۆزن، بڕۆره‌وه‌ ماڵی خۆت و بخوێنه‌وه‌، تا هه‌ست نه‌كه‌یت شیعر پێویستی به‌ تۆیه‌ بینووسیت مه‌ینووسه‌، كه‌ هه‌ستت كرد پێویستی پێت هه‌یه‌ بینووسیت بینووسه‌). دوای تاوێ‌ بێده‌نگی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕدا بێ‌ دووباره‌ گوتییه‌وه‌: (وه‌ك گه‌نجێك ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر بووی، هه‌رچی یارمه‌تییه‌ك پێویست بوو، ده‌تده‌م. ئه‌گه‌ر داهێنه‌ریش نه‌بووی، یه‌ك دوو بڵمه‌ بڵمی كرد، زانیم ناڕه‌زایی بوو، به‌ڵام به‌ ئاڵۆزی گوتی نه‌یهێشت من تێیگه‌م). ته‌نیا به‌ ناونیشانه‌كه‌ی گوت جوانه‌ و زۆریش پێی كاریگه‌ر بوو.

منیش به‌دڵی شكاوه‌ و بێ‌ ماڵئاوایی له‌ ژووره‌كه‌ی چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ی. له‌ ده‌رگاوه‌ دووباره‌ ته‌كسیه‌كی ترم گرت و یه‌كسه‌ر بۆ گه‌راج. له‌ ڕێگادا، هه‌ر له‌ به‌غداوه‌ تا هه‌ولێر هه‌رچی جوێنی دنیا هه‌یه‌ به‌ مه‌حموود زمدارم دا، نه‌ك هه‌ر خۆی تا هه‌ژده‌ پشتیشی. ئێستاش ده‌فته‌ره‌كه‌مم پاراستووه‌. هه‌ر چه‌ند جارێك ته‌ماشای ده‌كه‌م. ئه‌وجا ده‌زانم مه‌حموود زامدار چ یارمه‌تییه‌كی منی تازه‌كووره‌ی داوه‌ و چ ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. سوپاس بۆ ئه‌و به‌ ڕه‌قییه‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردنه‌ی له‌گه‌ڵمدا. به‌ ڕێگای خۆمدا ڕۆیشتم و دروود بۆ ئه‌و، دروود بۆ ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. قسه‌كانی به‌ پیرۆز ده‌زانم. دوای ماوه‌یه‌ك كاره‌كه‌ی گواسته‌وه‌ لقی هه‌ولێری ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، به‌شی پێنجه‌می (زێوان)م پێشان دا، پێی گوتم (حه‌ڵاڵزاده‌)ی شیعر و شیرپاكی نوێبه‌خشی، چاك به‌سه‌ر شێواز و زماندا زاڵ بووی.
سه‌ڵاح شوان و عه‌بدوڵڵا عه‌باس كۆڕێكی شیعرییان له‌ 16/2/1983 له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ری له‌ هه‌ولێر پێشكێش كرد. له‌ كۆڕه‌كه‌دا، ئه‌وجا زانیم ئه‌و پیاوه‌ی له‌ مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا پرسیارم لێی كرد عه‌بدوڵڵا عه‌باس بوو، ئه‌و شاعیره‌ی پێشتر دوو كۆشیعریم. (1- سێ‌ سه‌مفۆنیه‌ و شه‌ش سروود. 2- تۆ له‌ نێوان كۆچی شه‌و و ماچی ڕۆژدا)م خوێندبووه‌وه‌ و خۆشم ویستبوو.

ئێستا خه‌ریكی ئاماده‌كردنی سه‌رجه‌م شیعره‌كانی خۆمم و ته‌نكه‌ ده‌ستكاریه‌كیشم كردوون. به‌نیازم ده‌رفه‌تێكم بۆ هه‌ڵكه‌وێت چاپیان بكه‌م. له‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شیعره‌كانمه‌وه‌ زۆر به‌ ڕوونی ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ بوومه‌وه‌. باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و گیانه‌وه‌ر و ڕووه‌ك شانبه‌شانی مرۆڤ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌ده‌بی منن و قورسایی خۆیان داناوه‌ و به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوون و هێمای ساده‌یی جوانین. هه‌ندێك غه‌فڵه‌تی وێنه‌شم به‌دی كرد، ئه‌وانیشم چاره‌ كردوون.

زۆربه‌ی خوێندنه‌وه‌ و نووسینم له‌ناو دانیشتنه‌كانی ماڵ و منداڵه‌وه‌یه‌. نه‌ بێزار ده‌بم، نه‌ ده‌كه‌ومه‌ بارێكی نائاساییه‌وه‌ش. ته‌نیا هه‌ندێ‌ جار له‌ ناوه‌ختدا بانگم ده‌كه‌ن. ئه‌رێ‌ قاوه‌یه‌كت بۆ بكه‌ین، یان میوه‌یه‌كت بۆ بهێنین. حه‌زم له‌و بانگكردنه‌ نییه‌، به‌ڵام بێزاریم به‌ڕوویانه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌. تا هه‌ست به‌ تووڕه‌ییم، یان دڵگرانیم بكه‌ن. ته‌نیا قه‌ڵه‌مه‌كه‌م به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ خۆیان ده‌زانن ئاماژه‌ی به‌ڵێیه‌.

چه‌ند ساڵێكه‌ تووشی سێ‌ نه‌خۆشیی درێژ خایه‌ن، شه‌كره‌ و پاڵه‌په‌ستۆی خوێن و له‌رزه‌یه‌كی دڵ بوویمه‌. كاتێك میوه‌ داده‌نێن ئه‌و میوانه‌ی بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌م زیانیان هه‌یه‌ داینانێن، یان له‌ پێشه‌ من نایخۆن. نه‌ك من حه‌زم بچیتێ‌ و نه‌توانیشم بیخۆم. له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر دڵڕاگریم ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی 1300 لاپه‌ڕه‌یه‌ك شیعر و 700 لاپه‌ڕه‌یه‌كم له‌باره‌ی شیعره‌وه‌ نووسیوه‌. له‌ هیچیان نه‌ك په‌شیمان نیم، به‌ڵكو دوودڵیش نیم. ته‌نیا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پاشناوه‌م نه‌ك هه‌ردوو دڵم، به‌ڵكو په‌شیمانشم. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری باوكم بووبم. ناوی سیانیم زۆر مۆسیقییه‌. (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن). نازانم ئه‌و مه‌یله‌ ناقۆڵایه‌ چی بوو فریوی دام.

ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌رسێكمان: نه‌ژاد و تۆ و من دانیشتبووین. دانیشتنێكی ئێجكار ڕۆشنبیریی بوو، هه‌رسێكمان به‌ هێمنییه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی یه‌كتری و شیعری كوردی ده‌دواین، بۆ خۆپاراستن له‌م و له‌و نموونه‌شمان ده‌هێنایه‌وه‌. هیچ بارگرژییه‌ك له‌ گفتوگۆكانمان ڕووی نه‌دا. ته‌نیا تۆ گله‌ییه‌كت له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌بوو، كه‌ گه‌نده‌ڵی ناقۆڵا له‌ به‌ڕێوه‌بردن كراوه‌ و سته‌م و كه‌مته‌رخه‌میش له‌ خانه‌نشینییه‌كه‌ی تۆ. ده‌سه‌ڵات وه‌ك تراژیدیایه‌ك تێكه‌ڵ به‌ كۆمیدیا ده‌بێت.

قه‌ت خه‌م له‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ مه‌خۆ، كه‌ به‌رانبه‌ر یه‌ك له‌ داهێنه‌ره‌كان ڕووی داوه‌ و قوربانی زۆریشی داوه‌ و زیندانیش كراوه‌. بێ‌ هیچ دڵ له‌ دڵدانێك ئه‌وان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسین و تۆش سه‌ركردیه‌كی ئه‌ده‌بیت. ئه‌وان به‌ بڕیار بوونه‌ته‌ سه‌ركرده‌. تۆش به‌ به‌هره‌ و سرووش. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر گرینگتره‌. به‌ختیار به‌ و فیكه‌یه‌ك به‌ ڕوویاندا بكێشه‌. شاعیرم دیوه‌ له‌ ئاست به‌رپرسی پله‌ پازده‌دا لێوی ته‌ته‌ڵه‌ی كردووه‌. ئه‌مانه‌ نه‌ك ناتوانن بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆیان بن، به‌ڵكو ناتوانن له‌ناو پانتۆڵه‌كه‌ی خۆشیاندا تڕێكی به‌ ئیسراحه‌ت بكه‌ن و ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری خۆیان نه‌كه‌ن.

كوردستان وڵاتێكی ژیان گرانه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ڕووی قسه‌وقسوڵۆكی نامه‌ردانه‌وه‌ش، جۆره‌ ژیانێكی سۆفیانه‌م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردووه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ر دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌. خۆم كردووه‌ به‌ ناوه‌ندێك هه‌میشه‌ بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ جووڵه‌ی ڕۆحیدام و له‌َگه‌ڵ خۆمدا كار ده‌كه‌م. واته‌: له‌گه‌ڵ نووسین و خوێندنه‌وه‌ و خودادا، نه‌ ته‌ورات، نه‌ ئینجیل، نه‌ قورئان نه‌یانتوانیوه‌ خودا بۆ بوونه‌وه‌ر ئیكتیشاف بكه‌ن. هه‌میشه‌ش ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ خولیام گه‌رم و هه‌ستیار ده‌كات، هه‌موو داهێنه‌رێك وه‌ك كۆلاره‌ هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ئاسمان تا له‌ ئه‌سێره‌كان نزیك ببنه‌وه‌، داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆی بوو، نه‌ببووه‌ پێخوستی ده‌سه‌ڵات، ده‌توانێت ببێته‌ ئه‌ستێره‌.

له‌م ڕۆژانه‌دا: (دڵشاد عه‌بدۆڵڵا) له‌ ژماره‌ (3)ی گۆڤاری (باران)دا شیعرێكی پڕاوپڕی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و خۆگۆڕینێكه‌ له‌ خۆی، ورده‌كاریی گه‌رم و هه‌ستیاری تێدا به‌كار هێناوه‌، دڵم پێی خۆش بوو. حه‌زده‌كه‌م تۆش هه‌وڵ ده‌ی بیبینی و له‌و بڕوایه‌دام وه‌ك نموونه‌یه‌كی باش دڵت پێی خۆش ده‌بێت.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌لێك وه‌رده‌گرم و قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م: هیچ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و دانه‌په‌یڤێك ناسوێ‌ و له‌ سوانیدا بێزراو نابێت. ده‌بێ‌ ڕوانینێكی تر بۆ ئه‌م بۆچوونه‌ به‌رهه‌م بهێندرێته‌وه‌. سوان و نه‌سوان له‌ هێزی به‌كاربردنیدا ده‌رده‌كه‌وێت. دڵشاد ناونیشانێكی یه‌كجار سواوی بۆ شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌: (گۆرانییه‌ك بۆ باوكم)، كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ ترپه‌ و ئاوازی ئه‌م ناونیشانانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. تا ئاستی سوانێكی بێزاركه‌ر، به‌ڵام ناونیشان له‌م شیعره‌دا هێزێكی ئه‌فسووناوی له‌بابه‌ته‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و كردوویه‌تی به‌ خوێ‌ و ڕۆنی نانێكی تر و له‌ هه‌موو سوانێك ده‌ربازی كردووه‌، ده‌ڵێی یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ده‌بیندرێت و گیرۆده‌ی ئه‌فسوونی خۆیت ده‌كات، شاعیری دۆخگۆڕ هێز ده‌داته‌ وشه‌ و ئه‌فسوون له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان په‌یدا ده‌كات

كاكه‌ جه‌لال: ساڵی 1985، كه‌ كۆشیعری: (گه‌رم نه‌بوونه‌وه‌)ت چاپ كرد. هه‌ڵه‌ی چاپی تێدابوو، داوات له‌ من و فه‌یسه‌ڵ دیهاتی كرد یارمه‌تیت بده‌ین و هه‌ڵه‌كان له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وجا دابه‌شی سه‌ر كتێبخانه‌كانی بكه‌ی. به‌ سێ‌ دانیشتن به‌ هه‌موو كتێبه‌كاندا هاتینه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كانمان به‌قه‌ڵه‌م ڕاست كرده‌وه‌. ئه‌و كات (ئێوار) منداڵێكی بچووك بوو، وه‌ك كه‌روێشكێكی خرپن له‌ناومان ده‌هات و ده‌چوو. خودی تۆیه‌، ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ به‌ قووڵی پێبگات و له‌ هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ڕووناكیدا ئۆقره‌ بگرێت و وزه‌ی پێ‌ بدات. وا به‌ره‌به‌یانه‌. خه‌ریكه‌ نامه‌كه‌ ئیمزا ده‌كه‌م و به‌سه‌ر دڵمدا دێمه‌وه‌، گه‌رمایی ئه‌و ئاگرم پێ ده‌گات، كه‌ داهێنه‌ریی تێدا ده‌سووتێت. قاوه‌م خستووه‌ته‌ سه‌ر ئاگر، كتێبی سۆفیگه‌رێتی نیكۆس كازانتزاكیس، كه‌ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس وه‌ریگێڕاوه‌ داده‌نێم. بۆ جاری دووه‌م ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی بكه‌م. ئای ئه‌فسوونی ئه‌و كتێبانه‌ چه‌ند بكوژن. ئاگاشت له‌ خۆت نییه‌ ناچارت ده‌كه‌ن دوو جار و سێ‌ جار بیانخوێنیته‌وه‌، یان ده‌بنه‌ كتێبی هه‌موو ته‌مه‌ن. ته‌نیا ئه‌و كتێبانه‌ن ده‌توانن وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دڵ بده‌نه‌وه‌ و به‌سه‌ر دڵیشماندا بێنه‌وه‌.

19/4/2017 هه‌ولێر




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


” لە هیچ دنیایەکەوە رەوانە نەکراوم”

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نەخشى منداڵى

دەڵێن بیرى منداڵى تیژە، (زانین)ى قۆناغى منداڵى وەکو نەخشى سەر بەردە، بەشێک لەو بەهرەیە بەر منیش دەکەوێت، چونکە زۆر شتان دەگێڕمەوە دایکم سەرى سوڕ دەمێنێ! هەموو ئەوانەى پەیوەندى بە قۆناغى منداڵى و چالاکى میمیۆرى و گەشەکردنییەوە هەیە… جگە لە بیرخستنەوەى زانیارییەکان، هەندێک لە منداڵان تواناى یادکردنەوەى دەنگیان لەلا بە هێزە و هەندێکى دیکە وێنە و بینین! بەبیرهاتنەوە لە دوو ساڵى یەکەمى تەمەنى منداڵدا کۆپیکردنى شتەکانە و تێگەیشتنى لەگەڵدا نییە، دواتر درککردن دێتە ئاراوە، بۆیە فێرکردنى منداڵ لە رێگاى شتە بەرجەستەکانەوە باشتر دەچێتە مێشکەوە! گەشەپێدانى بیرهێنانەوە هەر تەنها شارەزایى زیاد ناکات، بەڵکو لە رووى عەقڵییەوە تواناى وەرگرتنیش بە هێز دەکات.

دەزانم لە قسەکردندا پێش هەموو شتێک تاکێتى خۆم لە دەست دەدەم، چونکە (من) دەبێتە راناوێکى رێزمانى و دەچێتە رستەوە. ماوەیەکى زۆر لەگەڵ خۆم بووم، ئەو هەموو ماوەیە بۆم دەرکەوت لەگەڵ خۆبوون لە بیابانێکى وشکوبرینگ، کە ئێمە پێى دەڵێن وڵات، شتێکى ئەستەمە، لە رێگاى لەگەڵ خۆبوون ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە، لێرە لەو وڵاتە وێرانەیەدا دەبێ پارچە پارچە بیت… یەکێک پێمدەڵێت چاى دەخۆیتەوە؟ بۆشاییەکانم لە رێگاى ئەویدیکەى وشەوە پڕ کردەوە، وشە دەکەمە کێلى قەبرى ئەو منەى کە نەکرا بیپارێزم! ئەو قسەیە بەرەو یەکێک لە رستە بە ناوبانگەکانى (لاکان) دەبێتەوە، کە دەڵێت (ئارەزووى مرۆڤ ئارەزووى ئەوانیدیکەیە) ئەو رستەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک من دەبێتە راناوى رێزمانى هەر تاکێتى من ناکوژرێ، بەڵکو ئارەزووەکانیشى لە دەست دەدات. نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم لەو وێرانەییەدا حەقیقەتى من لە دەرەوەى منەوەیە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم دەسەڵاتى کوردى لە ناوەوە کلۆرە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام لە نێو خەیاڵم بە رستەیەک بە دایکم دەڵێم: کاتێک لەسەر دیوار بەربوومەوە و ناوەڕاستى لووتم لە بەردێک چەقى و شکا، ئازارى لە خوێن لەبەر رۆیشتنەکەى زۆرتر بوو… ئەو دەڵێ هەر بە جلى خوێناوییەوە تۆم بۆ لاى (ئەحمەد تەبیب) برد، هەر بە یەکجار تەداوى کردن، بۆ خۆت چاک بوویتەوە! ماڵى ئەحمەد تەبیب لە نزیک ئەو ماڵانە بوو، کە لە وێستگەى شەمەندەفەر بە دار و درەخت داپۆشرابوون، پاشان دایکم دەڵێ ئەوە تۆ چۆن هەموو ئەو شتانەت لە بیر ماوە، خۆ ئەو کات هێشتا پێنج ساڵانت تەواو نەکردبوو؟ من دەڵێم ئەوە دووەمجارم بوو ماڵى ئەحمەد تەبیب ببینم، جارى یەکەمم بە هۆى دومەڵى بن گوێچکەى چەپمەوە لەگەڵ باوکم منتان بردە لاى و ئەویش هەر بە یەکجار تەداوى چاک بوومەوە. دایکم لەسەرەخۆ دەڵێ ئەوەیان من بۆم گێڕایتەوە، نیشانەکەشى بە بن گوێچکەى چەپتەوە ماوە.

بۆ هەموو دەردێ دەستى ئەحمەد تەبیب بە شیفاى عاجل دادەنرا، دەڵێن ناوبانگى تەبیبى ئەو لە شەستەکان و سەرەتاى حەفتاکاندا تەواوى هەولێرى گرتبۆوە، هەمیشە ماڵى ئەوان نەخۆش و زامدارى جۆراوجۆر رووى تێدەکردن، لەبەر ئەوەى ئێمە زۆر لەوان دوور نەبووین، بۆیە وەک دراوسێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین… دواى ئەوەى باوکم لە رێگاى ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) کە یەکێک بوو لە خواپێداوەکانى شارى هەولێر و تێکەڵاوییان لەگەڵ ماڵى (مستەفا حوزێرى) هەبوو، لە کارگەى شیرى هەولێر وەک کرێکار بە شێوەیەکى فەرمى دامەزرا، ماڵمان بۆ گەڕەکى کوران، بۆ ئەو خانووە گوازرایەوە کە میرى بۆ کرێکارانى کارگە دروستى کردبوو، دواى چەند ساڵێک لە پشت ئەو چوار خانووەى کارگەى شیر، واتە لە شوێنى باخچەى وێنجەى مانگاکانى کارگەى شیرى پێشان و شوێنى دەزگاى ئاسایشى گشتى ئێستا، میرى ریزێک خانووى بۆ کاربەدەستانى هێزى ئەمنى و کارمەندانى خۆى دروست کرد، دووەم خانوو بەلاى شەست مەترى و غاباتى کوران و روو لە کۆگاى تووتن بەر گۆرانبێژى بە توانا (فواد ئەحمەد تەبیب) کەوت، راستە ئەوجارە دراوسێیەتیمان نزیکتر کەوتبۆوە، بەڵام ئەحمەد تەبیب و شەستەکان ئاواببوو، حەفتاکان بوو، بۆیە چیتر ئەو ماڵە تەبیبى ماڵى ئێمە نەبوون.

کاتێک ماڵمان لە نزیک حەسارى عیزەدین ئاغا بوو، خۆشترین رۆژەکانى منداڵى من ئەو کاتانە بوو، کە لەگەڵ نەنکم دەچووینە ئەوبەرى ماڵەوە و لە خوار قەبرستان و ئاشى ئەحمەد جەڵەبى باپیرم بیستانى گوندۆرە و ئاروو و تەماتە و بامیە … چێکردبوو، زۆرجاران من بەشى خۆم لە نێو جەمەدانییەک دەکرد و دەمهێنایە ماڵەوە، بەڵام هەمیشە بیرم لاى هەڵاتن بوو، بەر لەوەى لە (جۆگەى میرى) بپەڕمەوە و (هەیاس) رێگام پێبگرێت… هەیاس ئەگەرچى شێتێکى بە هێز و ترسێنەر و بە ناوبانگى شارى هەولێر بوو، بەڵام پیاوێکى کەم وێنە بوو، بۆ ماڵى ئێمە وەک پەرژین وابوو، هەیاس حیکایەتى زۆرە، من ئەگەر لە دوورى ماڵەوە هەیاسم دیتبایە، هەمیشە بیرم لە مەسافەیەک بۆ راکردن دەکردەوە، بەڵام لە نزیک ماڵەوە وەک ناسیاوێک نان و ئاوم بۆ دەبرد. شوێنى زۆربەى کاتەکانى ئەوساى هەیاس بن دیوارە بەرزەکانى ئاشى ئەحمەد جەڵەبى بوو، کە ئێستا ماڵى چەند لێپرسراوێکى باڵاى پارتى و یەکێتى شوێنیان گرتۆتەوە… ئەوسا و ئێستاى هەولێر بە شیشى هەیاس و شیش و کۆنکریتى پارتى و یەکێتى کۆنترۆڵکراوە! شیشى یەکەمیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ بوو، دووەمیان بۆ ئارایشکردنى خۆ… هەیاس رۆیشت و حیکایەتى هێزى لەگەڵ خۆى بۆ گۆڕستان برد، بەڵام پارتى و یەکێتى رۆژ بە رۆژ لاواز دەبن و بڵاچەى هێزى جەماوەر لە دەستت دەدەن… هێزى سیاسى کوردى بەردەوام بۆ بەرگریکردن لە مردن، (کۆنەپەرستى و پەڕگیرى) برەو پێدەدەن!

شتەکان وەک چۆن هەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن… ژمارەى دانیشتوانى ئەمریکا لە شەش پۆینت سێى دنیا تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو بانگەشەیەى کە بۆ مافى مرۆڤ دەیکات هەموو دنیاى لەخۆگرتووە، بیر لەوە ناکاتەوە کە لە سەدە پەنجاى سامانى هەموو دنیا لە ئەمریکایە، بیر لەو جیاوازییە گەورەیە ناکاتەوە لە نێوان ژمارەى دانیشتوانى دنیا و خۆى…. ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، کە ناکۆکى سیاسى هەموو شتێکى بەخۆوە گرێ داوە و هەموو شتێکى بە رەمزکردوە. دەزانم هەموو ناکۆکییەک بەرئەنجامى ناهاوسەنگى هێزە، ئەى خۆگونجانى خەڵکى ماناى چییە؟ خۆگونجانى خەڵکى پەیوەستبوونێکى درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و هەندێ رەقە، بەڵام خەڵکى بە بێ ئاگایى بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەهێنن، بەر لەوەى بیر لە راستییەکان بکەنەوە… خەڵکى هەمیشە بە کارێک هەڵدەستن کە حەزى لێناکەن، چونکە دەیانەوێت لە واقیع دوور بکەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە! ئایدیۆلۆژیا مانا بە هەموو شتێک دەبەخشێت بە تیرۆر و کۆنەپەرستیش… ئەوەى خەڵکى بێ ئاگا رێست دەکاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەى ماندوویان دەکات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچى ئایدیۆلۆژیا وەک ئەوەى هەیە، درۆزنانەش بێت.

وەک دەزانین ئاگایى درۆزنانە لاى (مارکس) و (ئەنگڵس)ى هاوڕێى فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیایە، چونکە (ئەوان نازانن چى دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن) ئەوەى نایزانن و دەیکەن، ئایدیۆلۆژیایە. ئەو پێناسە مارکسییە لاى (پیتەر سلۆتەردایک) تەواو ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە ئەو بە پێچەوانەى مارکس دەڵێ (ئەوان دەزانن چ دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن)… ئەو قسەیەى سلۆتەردایک جەخت لەوە دەکاتەوە کە فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیا ئاگایى درۆزنانە نییە، بەڵکو گومانبردنە، بە مانایەکى دیکە نیودژى بوونى ئاگایى درۆزنانەیە لە رووى مەعریفى و رۆحییەوە. ئایدیۆلۆژیا هەمیشە کار لە پێناو ئاراستەکردنى غەریزە و ئاراستە دەروونیەکانى تاک دەکات! ئایدیۆلۆژیا ئەو راستییەیە کە تێگەیشتنمان بەرانبەر واقیع بە لارێدا دەبات، کەواتە راستە خەڵک دەزانن ئایدیۆلۆژیا هەمیشە فێڵییان لێدەکات و بە کاریان دەهێنێت، بەڵام وێڕاى ئەوەش وازى لێناهێنن. سلۆتەردایک ئەوە بە زمانحاڵى مرۆڤى گومانبەر دادەنێت، بوونەوەرى گومانبەر بەرهەمى بیرکردنەوەى دیکارتى نییە، بەڵکو بەرهەمى ناکۆکیەکانى ئایدیۆلۆژیاى سیاسییە! ئەوەى دووەمیان لەسەر بڕوابوون دەوەستێ، نەوەک بیرکردنەوە و راستییەکان. بوونەوەرى گومانبەر هەمیشە پێیوایە لە بەر ئەوەى دەوڵەمەند و دزەکان پارێزگارى لە یاسا دەکەن، ئیتر رووبەرووبوونەوەى دەسەڵات هیچ سوودێکى نییە؟!

من بە درێژایى ژیانم هەوڵمداوە وەک مرۆڤێکى بێ زیان دەربکەوم… موتەلیب بە منداڵى زۆر جوان و لەبەر دڵان بوو، پێنج ساڵانى تەواو نەکردبوو، کوڕێکى خرپن و رۆح سووک بوو، ژنانى حەسارى عیزەدین ئاغاى دراوسێ بۆ ئەوەى نیگەرانمان بکەن زۆرجاران لێیان دەشاردینەوە، دڵمان دەکەوتە لەرزە، ئەوەندە لە خۆمان دەردەچووین وەک شێتانمان لێدەهات، کە دەیانزانى ئیتر کارمان تەواوە، یەکێک خۆى وا نیشان دەدا زۆر ماندووە، دەستى تۆى دەگرت و دەیگوت دۆزیمەوە! ئەوە قسەى نەنکم بوو و جاروباریش دایکم بۆى دەگرتەوە و دەیگوت هەموو دەرو دراوسێ لە رۆحى خۆیان خۆشتریان دەویست، هەمیشە لە باوەشیان بووى و دەیانشاردییەوە. بە دایکم دەڵێم ژنێک هەبوو ناوى (زارێ) بوو، زێتر لە باوەشى ئەو بووم نەک هى تۆ، دایکم دەڵێ زارێ نەبوو، ئەوە کچەکەى بوو (سێوێ)ى خوشکى (محەمەد)… کە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) لە قەسرەکەى خۆیان ژوورێکیان پێدا بوون و لە بەر هەژارى و بێکەسى لەخۆیان گرتبوون… دایکم دەڵێ تۆ لەگەڵ زارێى خێزانى (حەسەن پۆلیس) لێتتێکچووە، کە نەخۆش کەوتى تۆم بردە ماڵى ئەوان و یەکەمجار لە ژیانتدا ئەو دەرزى لێدایت، ئەوە ئەو کاتە بوو، کە هاتینە گەڕەکى کوران، زارێ دایکى شێرزاد حەسەنى چیڕۆکنوس ماڵییان لە بەرانبەر ماڵى مەلا هەمزەى شیوعى بوو. لە خوار کارگەى شیر و لە بەرانبەر ماڵى ئێمە و لە شوێنى کوورەکانى کوران (فازیل)ى برا گەورەى هەیاسیش خانووى دروست کرد.

دڵدارى شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا باسى (گوندى تیمار)ى نزیک هەولێر -سەر رێگاى مەخمور- و دەمودووى ئەو مەلا هەمزەیە دەکات و دەڵێ لە نێو جوتیارانى گوندى تیمار کە باس دەهاتە سەر ئاغا و ستەمکارى پیاوێک زۆر خوێندەوارانە قسەى رێک و بەجێى دەکرد، ناوى مەلا هەمزە بوو، من هەمیشە هانى ئەوانەم دەدا، بۆ ئەوەى دژى ستەم و زوڵمى ئاغاکان بوەستن، هەمیشە لە دەورم کۆ دەبوونەوە و گوێیان لە قسەکانم دەگرت و پەسەندییان دەکرد، ئەگەرچى من جاروبار دەچوومە گوندى تیمار بەڵام ببوومە خۆشەویستى جوتیار و رەنجدەرانى ئەو ناوە. خۆشەویستى پاڵە و رەنجدەران… بۆ دڵدارى شاعیر و خۆشەویستى دەرودراوسێ بۆ منى منداڵ کاریگەرى تایبەتى خۆیان هەبوو، دڵداریان بەرەو شیعرى جوان و بەرز برد، منیش بەرەو دڵناسکى و سۆز… دڵدار و سروودى ئەى رەقیب دوو دیوى یەک دراون، من و دڵناسکیش… ئەى رەقیب بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە قەڵغان بوو بەڕووى دوژمنان، دڵناسکى منیش بوو بە نەخۆشى و رووبەرووى پزیشکانى کردمەوە، ئەوانە کەمن، کە بۆ ئەى رەقیب هەڵناستنە سەر پێ، ئەو پزیشکانەش نەزانن کە دەیانەوێ دڵى من بە داو و دەرمان چاک بکەنەوە! دڵدار کەوتە سەردەمێ کە ئەى رەقیب لەبرى ئەوەى وەک جوانکارى شیعریى سەیر بکرێت، وەک دژ بوونەوە پێناسەى دەکرێ، منیش کەوتمە دنیایەک کە دڵ بەرگەى ئازارەکانى ناگرێ، نە دڵدار لە شیعر دەبێتەوە، نە منیش بەرگەى نەخۆشى دڵ دەگرم!
بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




ئایا فەڵەستین موڵکی موسڵمانە یان موڵکی یەهود؟ … ئەردەڵان حەکیم قەرەبای

لە ساڵی ١٩٤٨ەوە هەتا ئەمڕۆ موسڵمان و یەهود لە یەکتر دەکوژن و دەبڕن. شەڕەکەیان لەسەر ئەوە نییە خۆشگوزەرانی دابین بکەن کە خۆشگوزەرانی بە شەڕ و خوێن دابین ناکرێت، بەڵکو شەڕە لەپێناوی سەرخستنی ناوی خودادا. هەر یەکە و دەیەوێت قسەی خوای خۆی سەربخات بەتایبەتی موسڵمان کە هەموو کاتێ خەون بەوەوە دەبینێ سەرجەم یەهود بخاتە دەریاوە. فەڵەستین بۆتە ئایکۆنێک و هەر حزب و گروپێکی ئاینی دەتوانێت بازرگانی پێوە بکات. ئەوەی دەبێتە قوربانی خەڵکی موسڵمان و یەهودە بەتایبەتی موسڵمان چونکە زیاتر لە خەڵکی یەهود فریو دەدرێ و دەکرێتە سووتەمەنی شەڕ. لە ساڵی ١٩٤٨ەوە سەدان گوندی فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تەخت کراوە و بە ملیۆن فەڵەستینی دەربەدەر کراون. لەولاشەوە بزوتنەوە ئیسلامییەکان بە بەرزکردنەوەی چەند دروشمێک درێژە بە بەڵێنەکانیان دەدەن، ئەو بەڵێنانەی خۆشیان دەزانن مەحاڵە بێنە دی. ئەوانە بوونەتە کۆمەڵێک بازرگان و لەگەڵ هەر ڕوداوێکدا زیاتر پارەیان دێتە دەست و دەوڵەمدنتر دەبن. لەولاشەوە ژن و منداڵی ئیسرائیلی، پیر و بێتاوان دەتەقێنڕینەوە و خوێنیان دەڕژێ. بەم شێوەیە دین هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو وێرانیەیە.

ڕەنگە زۆر موسڵمانی سادە تەنانەت موسڵمانی خوێنەواریش وا بزانن فەڵەستین کە کراسی ئیسلامی بەبەردا کراوە لە قورئان و حەدیسدا شوێنی تایبەتی هەیە بەڵام نازانن یەک جاریش ناوی نەهاتوە. ئەوە لە کاتێکدا دەیان جار ناوی ئیسرائیل هاتووە. بەپێی زۆرێک لە ئایەتەکانی قورئان نەک هەر ئەو شوێنەی ئەمڕۆ ناوی فەڵەستینە بەڵکە میسر و ئەردەن و سوریا و لوبنان و بەشێکی عێراقی ئەمڕۆش موڵکی یەهودە. بۆ نموونە لەم ئایەتانەدا بە ڕوونی دەیبینی و موفەسیرەکانیش لەوانە تەبەری و ئیبن ئەلکەثیر و ئەلقورتوبئ و زۆری تر تەئکید لەوە دەکەنەوە. ئایەتی ٢٠ و ٢١ لە سورەتی ئەلمائیدە:

” وإذ قال موسى لقومه يا قوم اذكروا نعمة الله عليكم إذ جعل فيكم أنبياء وجعلكم ملوكا وآتاكم ما لم يؤت أحدا من العالمين
” يا قوم ادخلوا الأرض المقدسة التي كتب الله لكم ولا ترتدوا على أدباركم فتنقلبوا خاسرين.

هەروەها لە ئایەی ١٣٧ لە ئەلئەعرافدا:

وأورثنا القوم الذين كانوا يستضعفون مشارقَ الأرض ومغاربها التي باركنا فيها وتمت كلمة ربك الحسنى على بني إسرائيل بما صبروا ودمرنا ما كان يصنع فرعون وقومه وما كانوا يعرشون.
ئەمەش ئایەتی ٥٩ لە سورەتی ئەلشوعەرائدا (كذلك وأورثناها بني إسرائيل) ، کە بەڕونی دیارە ئەو خاکە بۆ بنی ئیسرائیلە و ناوی موسڵمان نایەت.
ئەگەر بمانەوێ دەتوانین زۆر نمونەی تر هەر لە قورئاندا بهێنینەوە بەڵام با هێندە بەس بێ. بۆچی ناوی فەڵەستین لە قورئاندا نەهاتووە؟
ڕەخنەگرانی ئیسلام ئاماژە بە دوو هۆکار دەدەن.

یەکەم وەرەقەی کوڕی نەوفەڵ کە ئەگەر نوسەری ڕاستەقینەی قورئانیش نەبێت ئەوە ڕۆڵی گەورەی تیا هەیە مەسیحیە. بەپێی ئەو شارەزایەی هەیەتی باسی ئەو ناوچەیەی کردووە. لە تەوراتیشدا وا نووسراوە. دووەم وای دادەنێن محەمەد لەو ڕێگایەوە ویستویەتی یەهود بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.

دیارە لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا لەشکری ئیسلام دەگاتە قودس کە ناوی ئیلییە و داگیری دەکات. ناوەکەشی دەگۆڕێت. نزیکەی حەفتا ساڵ دوای مردنی محەمەد خەلیفەی ئومەی عەبدولمەلیک بن مروان قبە الصخرە دروست دەکا. بۆیە ئایەتی (سبحان الذي أسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام إلى المسجد الأقصى الذي باركنا حوله لنريه من آياتنا) وەک زۆر لە موفەسیرەکان دەڵێن لە قورئانی عوسمانی کوڕی عەفان و ئەوانەی تردا نەبووە. ئەو خەلیفەیەی ئەمەوی بە مەبەستی بازرگانی ئەو مزگەوتەی دروست کرد و ئەو کێشە مێژوییەی نایەوە. دیارە ئەو باسێکی درێژە و پێویستە بە جیا باس بکرێت بەڵام ئاماژەمان پێ دا تا بزانین فەڵەستین لە سەردەمی محەمەد و خەلیفەکانی دوای خۆیدا کە بە ڕاشدی ناسراون نەبووە بەڵکە لە سەردەمی ئەمەویدا دەست پێدەکات.

ئیسرئیل بەهەمان شێوە پشت بە تەورات دەبەستێت تا بیسەلمێنێ ئەو خاکە موڵکی خۆیەتی. هەر دوو لایان پشت بە کتێبی ئەفسانە دەبەستن. لە واقیعدا کەسێک نییە بە ناوی یەعقوب و ئیبراهیم و موسا هەتا ئیسرائیل پشتیان پێ ببەستێت و ئەو خاکە لەسەر خۆی تاپۆ بکات. یەک بەڵگەی مێژوویی نییە پێمان بڵێ ئەو ناوانەی تەورات و ئینجیل باسیان دەکات و ئەم دنیا و ئەو دنیایان پێ دەبەستێتەوە هەن بەڵکو چیرۆکی ئەفسانەیین.

ئەمڕۆ بڕیارەکەی ترامپ کە پایتەختی ئیسرائیل لە تەلئەڤیەوە بۆ ئۆرشەلیم یان قودس دەگوازێتەوە و دەیکاتە موڵکی ئەو بڕیارێکی ئیمپریالیانەیە و بە مەبەستی تێکدانی زیاتری پەیوەندی نەتەوە و پێکهاتەکان دەرکراوە. ئیمپریالیزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژێک لە ڕۆژان لە خەمی بەدیهێنانی خەونی گەلاندا نەبووە بەڵکو بۆ دروستکردنی پەشێویە تا بە ئاسانی بەرژوەندییەکانی درێژە پێ بدات. تا ئەو ڕۆژەی سیستێمی سێکۆلاریزم لەم وڵاتانەدا نییە لە شەڕی دینی و ڕەگەزی زیاتر شتێکی تر نابینین. ئەوانەی پێیان وایە ئیسرائیل وڵاتێکی سێکۆلاریزمە زۆر بە ڕوکەشی لێی دەڕوانن. ئیسرائیل دەوڵەتێکی دینییە و ناوەکەشی لە دین وەرگیراوە. دەوڵەتێکە پشتی بە ئەفسانەی تەورات بەستووە لە کاتێکدا ئەو کتێبە وەک وتمان لە کۆمەڵێک چیرۆکی خەیاڵی زیاتر شتێکی تر نییە.

هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی لەسەرەوە وا دەردەکەوێت خەمی فەڵەستینیانە بەڵام لە ژێرەوە هەموویان پەیوەندی بازرگانی و سیاسی و دەیان پەیوەندی تریان بە ئەمەریکا و ئیمپریالیزمی جیهانییەوە هەیە. ئەردۆگان کە بە فشەکەرترین سەرۆکی دنیا ناسراوە وەک هەمو جارێ کۆمەڵێک قسەی هەرزەکارانەی فڕێ داوە بەڵام وای لێ هاتووە گوێی لێ ناگیرێت. لەولاوە وڵاتانی خەلیج بوونەتە دوو بەرە، بەرەی سعودیە و بەرەی قەتەر کە هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی بازرگانی بەو مەسەلەیەوە دەکات. ئێران لە هەمویان ڕوونترە چونکە دژایەتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل بەڕاستییە. ئیران بازرگانی یەکەمی مەسەلەی فەڵەستینە و دەیەوێت لەژێر دەستی هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکانی دەربهینێت بەتایبەتی دوای ئەوەی لە سوریا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و توانیویەتی هێزێکی گەورە دروست بکات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو ڕووداوە لەچاو ئەوەی چاوەڕوان دەکرا زۆر کەم ناڕەزایی لێ کەوتەوە بە ڕادەیەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە (CNN)ی وت چاوەڕێی کاردانەوەی زۆر گەورە بوون بەڵام وا دەرەنەچوو. ڕاستە لێرە و لەوێ ئاڵای ئەمەریکا سووتێنرا و هەندێک خۆپێشاندان کرا بەڵام ئەگەر ئەوە بێنینە بەرچاومان قودس لای موسڵمانی بێ ئاگا چەند پیرۆزە ئەوە دەکرێ بڵێین کاردانەوەکە زۆر کەم بوو کە بە بڕوای من بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

یەکەم: هیچ کاتێ وەک ئەمڕۆ دنیای ئیسلامی پەرش و بڵاو نەبووە. دوای سەرنەگرتنی خەونی سعودیە و قەتەر لە سوریا و درێژە کێشانی شەڕی یەمەن، گەورەترین نائومیدی و بێزاری لە دنیای ئیسلامیدا سەری هەڵدا و بووە هۆی ئەوەی چەند بەرەیەکی دژی یەک دروست ببێت. هەتا لەناو فەڵەستین بزوتنەوە ئیسلامیەکان ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە بۆیە ناتوانن هێزی گەورە لە خەڵک دروست بکەن و بۆ شەڕیان بنێرن.

دووەم: لاوازبوونی ئیخوان موسلمین کە بزوێنەری هاندانی موسڵمان دادەنرێ.

سێێەم: دەرکەوتنی ئیسلامی ڕاستەقینە بە هۆی داعشەوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک وازیان لە ئیسلام هێناوە بە ڕادەیەک ئەوانە لە سۆشیاڵ مێدیادا بوونەتە هێزێکی گەورە. وڵاتێکی وەک سعودیە بە دەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێ کە یەکێکیان هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام و دانیان پیا ناوە. دەرکەوتنی محەمەد بن سەلمان وەک ڕیفۆرمخوازێک هەر پەیوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە. هەتا لە کوردستان ئەو کاریگەرییە گەورەیەمان لای ئیسلامیەکاندا نەبینی کە پێشتر بۆ شتی زۆر لەوە کەمتر هاواریان لێ بەرز دەبۆوە. ئەمڕۆ لە کوردستان بە ئاشکرا هەست بە لاوازبوونی ئیسلام دەکرێت. حزبە ئیسلامییەکان ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە. کۆمۆنیستەکانی هەشتاکان و نەوەدەکان کە ئەمڕۆ لەناو بزوتنەوەی گۆڕانی ئیسلامیدا پاڵیان بە ئیخوانییە کۆنەکان داوە ئەو توێژەن زۆر ئومێدی بە ئیسلام هەیە و بانگەشەی بۆ دەکەن ئەگینا زۆرێک لە کادیرەکانی یەکگرتوو و ئەوانەی تریش ئەمڕۆ وازیان هێناوە و بونەتە خاوەنی تێروانینی تر.
لە کۆتایدا دەڵێم ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی تر زیاتر سێکۆلاریزم بۆتە پیویستییەکی گەورەی کۆمەڵگا. تەنیا سێکۆلاریزمە دەتوانێ مافی نەتەوە و تاکەکان دابین بکات.

12.12.2017




ئایا جەنگی “سوریا” و” کوردستان”، لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆتایی دێت؟ … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

لە ساڵی ٢٠١٧ دا جەنگ و ناتەبایی لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو. بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان ئاوارە و دەربەدەر بوون و بوون بە قوربانی ململانێی نێوان زلهێزە ناوچەییەکان و جیهانییەکان بۆ مەبەستی دەستکەوت و بەرژەوەندیی. کە لە ئەنجامدا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی، ناهێمنی و ناسەقامگیریی باری ئابووریی و ئاسایشی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی باڵی بەسەردا کێشابوو.

مەیدانی گەرمی ئەو جەنگە بە تایبەتی لە “سوریا، عیراق و کوردستان” بوو. لە میدیا جیهانییەکاندا ئەو جەنگە بە “جەنگی مەدەنی سوریا” ناسراوە! کە لە ڕاستییدا ئەو جۆرە زانیاریی و ئاماژەیە تەنیا ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە ١٥% هەقیقەتی تیایددا هەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەو شەڕە تەنیا لە سەر خاکی “سوریا” نەبوو بەڵکو لەسەر خاکی “عیراق و کوردستان”یش بوو.

ئەو شەڕە”جەنگی مەدەنی سوریا” نەبوو بەڵکو “جەنگی جیهانی سێیەم” بوو بە شێوەیەکی تر بەڵام لە هەمانی فۆرمی” جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان”ی بوو، بەهۆی ئەوەی زۆربەی زلهێزەکانی دنیای وەک “روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا” و زلهێزەکانی ناوچەکە وەک “تورکیا و ئیران و ئیسرائیل” یارییکەری سەڕەکی بوون لەو “جەنگە”دا و توڕەیی و ناکۆکیی و ناتەبایی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی نێوان زۆرینەی سادەی ناوچەکەیان وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ مەرام و بەرژەوەندیی سەربازیی و ئابووریی خۆیان، کە لە دەرئەنجامدا ناکرێت جەنگێکی لەو جۆرە ناوبنرێت بە “جەنگی مەدەنی سوریا”!

سەرانی وڵاتانی وەک “روسیا و ئەمریکا” و “تورکیا و ئیران و ئیسرائیل” خاكی خۆیان پاراست و نەیانهێشت ببێت بە مەیدانی جەنگ. بۆ ئەو مەبەستە سوپای فەرمیی و هێزی چەکداری نافەرمیی و میلیشیای خۆیان سازدا و ناردیانن بۆ “سوریا، عیراق و کوردستان”.

سەرانی تورکیا و ئیران، سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە باری ئابووریی و ئاسایشی نێو وڵاتی خۆیان بپارێزن و بیانەوێت یان نەیانەوێت ئەوا ئەو جەنگە کاردانەوەی هەبوو لەسەر وڵاتەکەیان بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و ئابووریی بۆ نمونە، هەنوکە میللەتانی “ئیران” لە بارودۆخێکی نالەبار و هەژاری گوزەران دەکەن، بەهۆی ئەوەی هەرچی دەرامەتی ئەو وڵاتە هەیە لە بری ئەوەی خەرج بکرێت بۆ خۆشگوزەرانی میللەتەکەیان، بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی “ئیران” بەکاریدەهێنن بۆ بەهێز کردنی سوپای فەرمیی و دەدرێت بە چەک و تەقەمەنی و سەفەقاتی پارەی خەیاڵی و دەدرێت بە هێزی سیاسیی و هێزی میلیشایی سەر بە دەسەڵاتدارانی “ئیران”.

بە گوێرەی گەلێک سەرچاوەی بیانی کە ئاماژەیان پێداوە ئەویش ئەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ دا، “ئیران” دەستێکی باڵای هەبوو لە دروست کردنی “حزبوڵڵا” و مەشق پێکردنی هێزی چەکداری ئەو ڕێکخراوە و دەوڵەمەند کردنی بە چەک و تەقەمەنی، هەروها ساڵانە زیاتر لە ١٠٠میلیۆن دۆلاری ئەمریکای “ئیران” تەرخانی کردوە بۆ ئەو هێزە وە لە هەندێک ساڵدا ئەو بودجەیەیی زیاد کردوە بە گوێرەی پێویست و گەرمبوونی “جەنگ”، جگە لەوەش “ئیران” یارمەتی رێکخراوی “حەماس”ی داوە بەهەمان شێوە هەروها دەسەڵاتدارانی “ئیران” یارمەتیەکی بێ هاوتای سەرانی پارتەکانی باشووری وڵاتیان داوە و وەک بەکرێگیراو مامەڵەیان لەگەڵدا کردون، بێگومان ئەو بوون بە “جاشە” بێ بەرابەری سەفەقاتی دۆلار نەبووە!

هەوڵەکان و گفتوگۆکانی “روسیا و ئەمریکا و ئیران و تورکیا” بۆ راگرتنی جەنگی “سوریا” لە ساڵی ٢٠١٧دا چەند جارێک بگرە لە دانیشتنی “ئاستانە و سوچی و جونیف” هەمووی بێ ئەنجام بوون و سەرانی ئەو وڵاتانە نەیانتوانی بگەن بە ڕێککەوتنێک لە دابەشکردنی “پشک و تاڵانی جەنگ” و نووسراوێکی هەمە لایەنی واژۆ بکەن و بیگەیەنن بە ڕای گشتی جیهانی و تیایددا خاڵەکان ریزبەند بکەن و ڕاوەستانی” جەنگ” بە فەرمیی رابگەیەنن. تا ئەو ساتە سەرانی هەندێک لەو وڵاتانە ڕایانگەیاندوە کە “داعش” کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هیچ لایکیان ڕایانەگەیاندوە کە “جەنگی سوریا” کۆتایی پێهات!

سەنتەری لێکۆڵینەوەی “پیو”ی ئەمریکی، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە لە “ئوردن، تونس، ئیسرائیل، لبنان، تورکیا و میدیان” و پرسیاریان کردوە کە ئایا پێت وایە جەنگی سوریا لە ماوەی چەند ساڵدا کۆتایی دێت؟ سەنتەری “پیو” لە ئەنجامدا داتەیەکی خستۆتە بەردەست کە تیایددا هاتوە، ٨٠% پێیان وایە کە “جەنگی سوریا” لە پێنچ ساڵی داهاتودا کۆتایی دێت، ٣٢% پێیان وایە دوای ساڵێکی تر “جەنگ” کۆتایی دێت. بەڵام ئەو “سوریایانەی کە ئاوارەی “ئوردنن” ٦٤% پێیان وایە ساڵێکی تر “جەنگی سوریا” کۆتایی دێت، بڕێکی تریان کە لە ٢٦% پێیان وایە لە نێو پێنچ ساڵدا کۆتایی دێت، بەڵام لە ١٠% پێیان وایە کە پێنج ساڵ زیاتر دەبات بۆ کۆتایهاتنی “جەنگ”.

pew
گەلێک لە چاودێرانی سیاسیی بیانی لەو بڕوایەدان کە کێشەکان و گرفتەکان بەو ئاسانییە کۆتاییان ناێت، ڕێککەوتنی زلهێزە جیهانییەکان و ناوچەییەکان بۆ دابەش کردنی “تاڵانی” دوای جەنگ کاتی زیاتر دەوێت. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، کۆتای “جەنگ” و گرفتەکان نییە و هاتنی ساڵی ٢٠١٨ش، هاتنی بەرقەرار بوونی ئەمن و ئاسایش نییە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە “سوریا و عیراق و کوردستان”!




میولەر و پشیلە ئەڵمانیا داگیر دەکەن … ئیسماعیل تەنیا

ئەڵمانیا، لەڕووی پێشکەوتنی پیشەسازی وتەکنۆلوژیاوە، یەکێکە لەو پێنج وڵاتە زلهێزەی جیهان، کەوا خەریکە هەموو بازاڕەکانی جیهان کۆنترۆڵ دەکات. لەشەڕی دووەمی جیهانیدا، گورزێکی گەورەی کەمەرشکێنی بەر کەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی میللەتەکەی کارکردەو خۆنەویست بوون، توانییان بەزووترین کات هەڵبستنەوەو پێش بکەون. زۆر جاران لەکاتی خوێندنەوەی بابەتی تەرفیهی، یان حەسانەوەی مێشک، شتی سەرنج ڕاکێش و سەیرو سەمەرەت بەرچاو دەکەوێت، کەلای ئەوان ئاسایین و بوونەتە ترادسیۆنی میللەتەکەیان، وەلێ لەوانەیە لای ئێمەی لایدەو میوان، مایەی سەرنج و تێڕامان بن… لەگەڵ ئەمانەشدا شتی هاوبەش زۆرن، بەتایبەتیش لە پەندی پێشینان و مەتەڵ و ئیدیۆم گەلێک، کە لەکاتی کارو خوێندن و هەڵسووکەوتدا، گوێمان لێی دەبێت. هەندێک لەو بۆچوون و روداوو خاسیەتانەی کەلای ئەوان ئاسایین و لای ئێمە، مایەی تێڕامانن، ئەمانەن؛

ـ ژمارە سێزدە:

هەر وەک چۆن لەلای زۆربەی گەلانی دنیا، سێزدە ژمارەیەکی نەویستراو و شوومە، لای ئەڵمانەکانیش، بەهەمان شێوەیە.بۆیە؛ لەشارەکان، لە وێستگە سەرەکییەکانی شەمەندەفەردا،(گلایس) شوێنی سواربوون و دابەزینی ژمارە سێزدە بوونی نییە. لەژمارە دوازدەوە یەکسەر باز دەدرێتە سەر ژمارە چواردە. گەر لە زانکۆکان، ڕۆژی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، بکەوێتە ڕۆژی سێزدەی مانگ، ئەوا کاتی تاقیکردنەوەکە بۆ ڕۆژێکی تر دوادەخەن، یان پاش و پێشی پێدەکەن. جگە لەمەش لە هوتێلەکاندا، ژووری ژمارە سێزدە بوونی نییە. ئەم جۆرە باوەڕبوونە لای گەلانی؛ ( یۆنان و تورک و ئێران و ئەفغان و پاکستان و ڕووس و مەکەدۆنیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و…..)، بەکەمێک جیاوازییەوە، هەمان بۆچوون و باوەڕ بوون، بەرقەرارە….کەچی لای ئیتالییەکان، ژمارەیەکی زۆر نۆرماڵەو هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ژمارەکانی تر. بەڵام ژمارە حەڤدەیان لا شوومە.بۆیە گەر حەڤدەی مانگ بکەوێتە ڕۆژانی پشوو( شەممەو یەک شەممە)، ئەوا بە دیقەت و ئاگاییەوە، کارەکانیان دەکەن. نەوەک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات. چونکە حەڤدە بە شووم و نەگبەت هێن دەزانن.

ـ (نازناو)، یان (پاشناو):

هەموو تاکێکی ئەڵمانی، پاشناوێکی خانەوادەیی هەیەو لەناو خەڵک و شوێنە فەرمییەکان، پێی دەناسرێتەوە. کەلاو ئێمەش، جاران، لە عەشیرەت و پیشەی بنەماڵەو شوێن و دەڤەری نیشتەجێبوون و…..تاد، خۆی دەبینییەوە.بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، کۆمەڵێک (پاشناو)، لەلای ئەڵمانەکاندا، لەڕیزی پێشەوەن،وەکو؛ ( میولەر: ئاشەوان)، (شمیت: ئاسنگەر)، (شنایدەر: بەرگدروو)، (فیشەر: ماسیگر)، (ڤێبەر: جۆڵا). کە هەموو ئەم پاشناوانە، لە پیشەی بنەماڵەکانەوە بۆ نەوەکانیان، ماونەتەوە. لەکۆی نزیکەی شەست ملیۆن ئەڵمانی؛ ( حەفت سەد هەزار کەس، پاشناوی میولەر، پێنج سەدو هەژدە هەزار کەس شمیت ، سێ سەدو سێزدە هەزار کەس شنایدەر، دوو سەدو شەست و حەفت هەزار کەس فیشەر، دوو سەدو سی و چوار هەزار کەس ڤێبەر )یان هەڵگرتووەو پێیەوە دەناسرێنەوە.

ـ خەوتن:

ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا، نزیکەی (٨١ـ٨٢) ملیۆن کەسە. بۆ مەسەلەی خەوتن، ڕێژەی ئەوانە وەرگیراوە کە تەمەنیان لە سەرووی هەژدە ساڵییەو دەبێت کار بکەن، یان کارێکیان هەبێت. هەر یەکێک، تێکڕا (معەدەل) ڕۆژانەهەشت کاتژمێرو بیستودوو خولەک دەخەوێت. سێ کاتژمێرو چوار خولەک کار دەکات. شەش خولەک بە پاککردنەوەی ئۆتۆمبیلەکەی خەریک دەبێت. لە خوێندنەوەو تێگەیشتن لەم رێژانە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ؛ ئەوانەی کار دەکەن؛ لە ساڵێکدا بیستو یەک ڕۆژ مافی مۆڵەت وەرگرتنیان هەیە. لە هەفتەیەکیشدا پێنج ڕۆژ، واتە چل کاتژمێر،کار دەکەن… چەندین موناسەبەو بۆنەی نیشتیمانی و ئایینیش هەیە و دەکەونە ڕۆژانی کار کردنەوەو دەبنە پشوو و کاریان تێدا ناکرێت. جگە لەوەش چەند ملیۆنێکیش هیچ کارێکیان نییە. بۆ دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە، هەموویان لەبەرچاو گیراون. مەسەلەی خەوتنیش لە تاکێک بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە؛ لە خوێندنەوەی بیۆگرافییای (ئەلبێرت ئەنشتاین) و (ناپلیۆن پۆناپێرت)دا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ؛ یەکەمیان لە ماوەی بیستو چوار کاتژمێردا، چواردە کاتژێر خەوتووە. دووەمیشیان تەنها چوار کاتژێر خەوتووە. هەر تاکێکیش بە هۆی جۆراو جۆرەوە، لە هەفتەیەکدا، سێ جار تووشی خەوزڕان، دێت.

ـ ڕاگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵ و تەیروتاڵ:

لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەڵمانەکان لە ئێستادا، لە خێزانی بچووک بچووک پێکهاتوون، یان زۆریان بە تەنیا دەژین، بۆ فەرامۆشی و ئاوەدانی، لەماڵەوە ئاژەڵێکی ماڵی، یان تەیروتاڵ، بەخێودەکەن. زۆر جارانیش بەهۆی خۆشەویستییان بۆیان، ئەم کارە دەکەن. ژمارەکان ئەوە دەردەخەن کە؛ خۆشەویسترین ئاژەڵی ماڵی لای ئەڵمانەکان (پشیلە)یە. هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار پشیلە بە نازو نیعمەتەوە لەم وڵاتەدا دەژین.واتا لە هەر دە کەسێک، یەکێک لە ماڵەوە پشیلەی هەیە. دوای پشیلە ئاژەڵ و تەیروتاڵی بچووکی وەک؛ (سمۆرە، کەروێشک، مار، کۆتر، بولبول، کەناری، بەبەغا، ……)، بە پلەی دووەم دێتن. (سەگ)یش بە پلەی سێیەم دێتن.

ـ لە ئەڵمانیادا، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و لەباری داهاتی تاکەکەس، بەشی زۆری تاکەکان، خاوەن ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیانن، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلی جۆر بەجۆری کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەکان…لە شەقام و هێلە سەرەکییەکان، زۆر جاران، بەتایبەتیش لەکاتی چوونە سەرکاریان لە بەیانیان و دەست هەڵگرتن، جۆرە قەرەباڵغی و تێکچڕژان و ڕاوەستانێک دروست دەبێت، کە ئەڵمانەکان پێیدەڵێن (شتاو)… ئەم دیاردەیە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، ڕادیۆکان وەک ئاگادارکردنەوەی شۆفێرەکان ئاگاداری بڵاودەکەنەوە کە لە فلان شوێن، ماوەی ئەوەندە کاتژێر یان خولەک، (شتاو)، هەیە. گەورەترین و درێژترین (شتاو)ی ئۆتۆمبیل لەمێژووی ئەڵمانیادا، ئەو (شتاو)ە بوو کە لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو بەشەکە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)، لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی مانگی نیسانی ساڵی (١٩٩٠)دا، ڕوویدا. لەم ڕۆژەدا هەژدە ملیۆن ئۆتۆمبیل، لەسەر شەقامی گشتیدا لەریز وەستابوون، چاوەڕوانی پەڕینەوەیان لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا، دەکرد.

ـ ئەوەی تا ئێستاکە کە لە کتێبی (سەیرو سەمەرەکان)دا، تۆمارکرا بێت، ئەوەیە؛ کە بچووکترین کتێب، کتێبێک بووە لە وڵاتی چین، چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەمە؛ بچووکترین کتێب، ئەم کتێبەیە کە ژمارەی لاپەڕەکانی بریتییە لە (٣٢) لاپەڕەی قەبارە پانی: (٢،٤) دوو ملیۆن و چوار لەدەیاو درێژی (٢،٩) دوو ملیم و نۆ لە دەیا، لەشاری ( لایبزیگ)ی ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە…( دەبێت چ چاوێک و بە چ جۆرە چاویلکەیەک بتوانیت بیخوێنیتەوە !!).ئەم چاپخانەیە چۆن چاپی کردووە؟!!.
مرۆڤ هەموو کاتێک پێویستی بە خوێندنەوەی جدی و تاقەت پروکێن نییە، زۆر جاران بۆ فزولییەت و جۆرە پشوودان و زاخاودانەوەی مێشک، ئەم زانیارییانەشی پێویستە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




دوو شەو و دوو ڕۆژ تەرمی پێغەمبەر نەنێژرا، داخۆ چی دەگوزەرا؟ … شێرکۆ کرمانج

سادەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین پڕۆسەی بەسیاسییکردنی ئیسلام‌و ململانێ سیاسییەکان لەناو موسڵمانان بەچڕی لە ڕۆژی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکرد. ئەم بابەتە هەوڵدەدات تاوتوێ ئەم ئارگیومێنتە بکات.

حەسەن بەننا، کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمین،‌ هەروەها قەرەزاوی، باوکی ڕۆحی ئیخوانیەکان لە دنیا، هەردووکیان باس لەوە دەکەن کە یاوەرانی (ئەسحابەکانی) پێغەمبەر، دەستنیشانکردنی خەلیفەیان لە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان پێگرنگتر بوو، بۆیە تا خەلیفەیان دیارینەکرد پێغەمبەریان نەناشت. قەبوڵکردنی ئەو گۆتانەی حەسەن بەننا ‌و قەرەزاوی، بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک شارەزای ڕێوڕەسم‌و دابونەریتی ناشتنی تەرمی مردو‌و لەلای موسڵمانان بێت، شتێکی مەحاڵە. بەپێی نەریتی ئەوساو ئێستای موسڵمانان، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی ڕۆڵی هەرە سەرەکی هەبوو لە پێشنیازکردنی، لاشەی مردوو دەبێت بە زووترین کات بنێژرێ. لە یەکێک لەو فەرمودانەی کە بوخاری‌و موسلم بە ڕاستیان داناوە پێغەمبەری موسڵمانان دەفەرموێت “أسرعوا بالجنازة، فإن تک صالحة فخیر تقدمونها، وإن یک سوی ذلک، فشر تضعونە عن رقابکم”، واتە: پەلەبکەن لە ناشتنی مردوەکانتان ئەگەر کەسانی باش بن ئەوا باشترە بۆیان زوو پێشکەشی گۆڕ بکرێن، ئەگەریش خراپەکارن ئەوا شەڕێکەو لە کۆڵتان دەبێتەوە.

پرسیار ئەوەیە داخۆ دەکرێت کە حەسەن بەننا و قەرەزاوی ئاگاداری ئەم فەرموودەیە نەبن، خۆ ئەگەر حەسەن بەننا مەلاو عالیمێکی دینی نەبێت ئەوە قەرەزاوی نەک هەر مەلایە بەڵکو بە یەکێک لە شارەزاترین کەسانی بواری قورئان‌و سوننەت هەژماردەکرێت. ئەی ئەگەر وایە چۆن‌و بۆچی ئیسلامییەکان دەیانەوێت پرسی ناشتنی لاشەی پێغەمبەر بێ بایەخدارتر بکەن لە پرسی دانانی جێنیشین‌و فەرمودەکەی پێغەمبەری موسڵمانانیش لەم نێوەدا پشتگوێبخەن.

ڕاست پێچەوانەی تێگەیشتن‌و قسەکانی قەرەزاوی‌و حەسەن بەننا، بەبنەما لەسەر ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەری موسڵمانان‌ کە ئاماژەیپێکراو نەریتی باو، لەناو موسڵمانان دانانی تەرمی مرد‌وو و تەماشاکردنی پەسند نیە. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تاوەکو خەموپەژارە دەستبەسەر هۆش‌و عەقڵ‌و ڕەفتاری خاوەنتازییەدا نەگرێت. لۆجیکی ئەمە ئەوەیە کە هەتا زووتر لاشەی مردوو بشاردرێتەوە کەسوکاری مردوەکە خێراتر دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان شەو ‌و ڕۆژێکی پێچوە هەندێکی دیکە بە دوو شەو‌و دوو ڕۆژی دەزانن. ئەگەر ناشتنی تەرمی مردوو بەپێی سوننەتی پێغەمبەری موسڵمان‌و نەریتی موسڵمانان وا بخوازێت بەزووترین کات بنێژرێت، ئەی بۆچی تەرمی خۆشەویسترین کەس لەلای موسڵمانان ئاوا دواخرا؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێت بڵیین کە پێش مردنی پێغەمبەری موسڵمانان کۆمەڵگەی موسڵمانان گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆوە دیبوو، چ وەک ژمارە چ وەک قەڵەمڕەویی. لەو سەروبەندا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب ببوونە موسڵمان. پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی لە بنەماڵەی هاشمی خێڵی قوڕەیش بوو کە بەهێزترین‌و گەورەترین خێڵی مەککە بوو. کە دەشڵێین زۆربەی خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ببوونە موسڵمان ئەوە وادەگەیەنێت کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی قوڕەیشیان قبوڵکردبوو، چونکە پاش گرتنی مەککە خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ترسیان لە گەورەیی دەسەڵاتی موسڵمانان‌و قوڕەیش لێنیشتبو‌و و هەڵپەی هاتنە ژێرباری ئیسلامیان دەکرد. ئەوە بۆ قوڕەیشییەکان بارودۆخێکی تازە‌و بێوێنە بوو لە مێژوویاندا.

لەبەرئەوە، پاراستنی ئەو ڕەوشە هەنوکەییە (الوضع الرا‌هن) بۆ قوڕەیش‌و پیاوماقوڵانیان (ڕعیان) گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەوان دەیانزانی ڕاگرتنی ئەو بارە تەنیا بە هەڵبژاردنی یەکێک لەناو خۆیان وەک خەلیفەی پێغەمبەرەکەیان دەکرێت بەردەوامیی پێبدرێت. بۆیە کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان بەچەند ساتێک مقۆمقۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ئەنسارەکان خەریکی دانانی کەسێکن بە خەلیفە، پیاوەناودارەکانی قوڕەیش بە هەڵەداوان کەوتنەخۆ‌و هاواریان گەیاندە ئەبو بەکر‌و عومەری بن خەتاب. پرسی چۆن‌و کێ بە خەلیفەی پێغەمبەری موسڵمانان دانێن باڵی بەسەر هەموو شتێکی ئەوسای مەدینەدا کێشا، بە ناشتنی تەرمی پێغەمبەریشەوە.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفە کێشمەکێشێکی ئەوەندەی لێکەوتەوە کە بە تێپەڕبوونی زەمەن بووە مایەی دابەشبوونی موسڵمانان بەسەر شیعە‌و سوننەدا. سوننەکان ئەوانەن کە دانانی ئەبوبەکر وەک یەکەم خەلیفەی موسڵمانان قەبوڵدەکەن‌و پڕۆسەکە بە ڕەوا دەزانن، هەرچی شیعەکانن ئەوانەن کە ئەوە ڕەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک جێنشین، پێش مردنی خۆی، دیاریکرد کەچی یاوەرانی پێغەمبەری موسڵمانان ئەو وەسیەتەی ئەویان بەجێنەگەیاند. ئەوە بێجگە لەوەی یەکەم کێشمەکێش لە سەر خەلیفە لەنێوان قوڕەیشییەکان‌و ئەنسارەکان بوو نەک بنەماڵەکانی ناو قوڕەیش. بۆیە دەکرێت بگوترێت کە پڕۆسەی دانانی خەلیفە ئەوەندە سوک‌و سانا نەبوو وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵکو گرفتی هێندە ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە موسڵمانانی لەسەر خەتی مەزهەبی، ئایدیۆلۆجی‌و سیاسیی هەر لەو کاتەوە بەش بەش کرد کە ئاسەوارەکانی تا ئێستا بەردەوامن.

بە تێڕامان لەو ڕووداوە مێژووییانەی لە ئانوساتی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەدینە هاتنەپێش، ئەوە دەردەکەوێت کە دواخستنەکە پەیوەندی بە چەند هۆیەکەوە هەبووە. یەکەم: لاوازی چاوگە سەرەکییەکانی ئیسلام، قورئان‌و سوننەت بەتایبەتی، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی حوکمکردن‌و بەڕێوەبردن‌و جێنشین دیاریکردن. نە قورئان نە سوننەت لە دوور یان لە نزیک باس لە پڕۆسەی حوکمکردن یان ئەوەی لەوکاتەوە بە خەلافەت ناویدەرکرد، ناکەن. دیارە لەوانەیە هۆی سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی کە قورئان لە کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەت دابەزیوەو حوکمکردنی فەرمی لەناو کۆمەڵگە خێڵەکییەکەی ئەوکاتی عەرەبان باوی نەبووەو پراکتیزنەکراوە. پێغەمبەری موسڵمانانیش سەرەڕای ئەوەی کە بە گۆتەی شیعەکان لە حەجی ماڵئاوایی فەرمویەتی “من کنت مولاە فهذا علی مولاە”، واتە: “ئەو کەسەی من مەولای بووم، ئەوە عەلی مەولایەتی” کەچی وەک دەردەکەوێت کە فەرمودە ڕوون نییە مەبەستی پێغەمبەر چی بووە، جێنشینی دینیی یان دنیایی.

بەهەرحاڵ، شیعەکان ئەو “فەرمودەیە” بەوە لێکدەدەنەوە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک خەلیفەی خۆی دیاریکردوە. لەبەرابەردا سوننەکان بۆ پاڵپشتی لە دانانی ئەبوبەکر ئەو ڕووداوە بە نمونە دێنەوە کە جارێک پێغەمبەری موسڵمانان زۆر نەخۆش دەبێت‌و ناتوانێت پێشنوێژی موسڵمانان بکات، بۆیە ئەبوبەکر دەنێرێت بۆ پێشنوێژیکردن. ئەوەی یەکەم لەلایەن سوننەکان ڕەتکراوەتەوە‌و ئەوەی دووەمیش تەنانەت سوننەکان بەخۆشیان وەک بەڵگەیەکی ڕەها بۆ دانانی خەلیفە وەریان نەگرتوە بەڵکو تەنها بۆ بەهێزکردنی کەیسی ئەبوبەکر بۆ خەلافەت پشتی پێدەبەستن. ئیبن خەلدون لەو باوەڕەدایە پێغەمبەری موسڵمانان قەت باسی لەوە نەکردوە کێ جێگەی دەگرێتەوە چونکە پێیوابووە ئەوە شتێکی”بێنرخ‌و ئیمتیازێکی بێباوەڕانە”. ئەوە بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەیە کە پێغەمبەری موسڵمانان زۆر بایەخی بە مەسەلە دنیاییەکان، لە چوارچێوەی ڕۆڵی وەک پێغەمبەرێک، نەداوە.

هۆکاری دووەمیش سەرقاڵبوونی موسڵمانان بوو بە کێشمەکێشی نێوان موهاجیرەکان بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەری بن خەتاب لەلایەک‌و ئەنسارەکان بەسەرکردایەتی سەعد بن ئەبی عوبەیدە لەلایەکەی دی‌، هاوکات، کێشەی بنەماڵەی بەنی هاشم بە سەرکردایەتی عەلی بن ئەبی تالیب لەلایەک‌و بنەماڵەکانی دیکەی خێڵی قوڕەیش، دیسانەوە بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەر لەسەر دیاریکردنی خەلیفە، لەلاکەی دیکە بوو.

هەراوهۆریا بەدانانی سەعد بن ئەبی عوبەیدە وەک جێنشینی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکردو بە بەرەنگاربوونەوەی قوڕەیشییەکان گەیشتە ترۆپک. لایەنە سەرەکییەکان لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، کە وەک هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوە وابوو، کۆبوونەوە‌و دەستە‌ویەخەی یەکدی بوون. ئەم کێشەیە دواتر لە مێژووی موسڵمانان بە کێشەی سەقیفە ناویدەرکرد. بەگوێرەی گێڕانەوەکەی تەبەری (الطبري)، یەکێک لە بەناوبانگترین مێژوونوسانی سەرەتای ئیسلام، لە کتێب “تاریخ الطبري” دا، کار گەیشتە ئەوەی هاواری “ئەمیرێک لە ئێمە‌و ئەمیرێکیش لە ئێوە” بەرزبێتەوە. گفتوگۆیەکانی ناو سەقیفە لەسەر خەلیفە ململانێیەکی دینی نەبوون بەڵکو ناوەڕۆک سیاسیی بوون. مەبەست لەو ڕاکێش ڕاکێشکردنەش وەرگرتنی دەسەڵات‌و زاڵبوونی سیاسییانە بوو، ئەوەبوو لەجیاتی دین، گەیشتن بە دەسەڵات، بوو بە تەوەری سەرەکی ململانێکان.

بەگشتی باس لەوە دەکرێت کە پێغەمبەری موسڵمانان کەسێکی تەگبیرکەر‌و لێهاتوو شارەزا بووبێت، کەچی پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆچی ئەو کەسە شارەزایە درکی ئەوەی نەکرد کە تەگبیرێک‌و ڕێوشوێنێک بۆ موسڵمانان پێش مردنی پێشنیاز بکات لەپەیوەند بە پرسی جێنشین. دیارە ئیسلامییەکان پێیانوایە پێغەمبەری موسڵمانان ئەو ئەرکەی بۆ موسڵمانان جێهێشت، بەڵام ئەوە بەمەزەندەی من زۆر لە ڕاستیی دوورە. هۆی سەرەکی ئەم ئاماژەپێنەکردنە ئەوەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان شتێک نەبوو بەناوی دەوڵەت‌و پڕۆسەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەچەسپی بوو. کۆمەڵگە عەرەبییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پێش ئیسلام، بە کۆمەڵگە تازە-دروستبووەکەی موسڵمانانیشەوە دوای هاتنی ئیسلام، لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بەڕێوەدەچوون، بەها ئیسلامییە نوێکان‌و خێڵەکییە کۆنەکان گرێبەستی کۆمەڵگەکە بوون نەک یاساو ڕێسا.




ڕووسیا و كورد … ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی

هه‌ڵوێستی رووسیا له‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا

ڕووداوه‌كانی دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان خه‌مساردی و بێده‌نگی دۆستانی كوردی پیشاندا، له‌به‌رامبه‌ر گوشاره‌كان بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س هاتنه‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كورد واز له‌ دۆستایه‌تی و پشتیوانی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا بێنێ‌ و ڕوو له‌ ڕووسیا بكات، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش كردی هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هاتبێ‌، كه‌ دووه‌م ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ڕووس نه‌فت)ی ڕووسیا ببه‌ستێت، كه‌ پێیان وایه‌ ڕووسیا دۆستێكی ڕاسته‌قینه‌تری كورده‌ و پێویسته‌ كورد ڕووی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی به‌ره‌و ڕووسیا وه‌رگێڕێ‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وته‌یه‌ی كه‌ (ئاینده‌ له‌سه‌ر ڕابردوو بنیات ده‌نرێت)، پێویسته‌ ئاوڕێك له‌په‌یوه‌ندی ڕابردووی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بده‌ینه‌وه‌ و چاوێكی خێرا به‌قۆناغه‌كانی په‌یوه‌ندی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بگێڕین.

سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، ڕووسه‌كان له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ڕوانیوه‌ و هه‌میشه‌ كوردیان به‌جه‌نگاوه‌ری ئازا و قاره‌مان زانیوه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ بۆ فراوان كردنی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاوه‌گه‌رمه‌كان له‌ كورد نزیك ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ڕووسیای قه‌یسه‌ری له‌ جه‌نگ و ململانێكاندا له‌گه‌ڵ ئیمپڕاتۆریه‌كانی فارس و عوسمانیدا هه‌وڵی داوه‌ كورد به‌لای خۆیدا ڕاكێشێت. یان لانی كه‌م له‌ جه‌نگدا بێلایه‌نیان بكات، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ هه‌ندێ‌ به‌ڵێنیان پێ‌ بدات، به‌ڵام دواتر له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبۆته‌وه‌ و هیواو ئاواته‌كانی كوردی كردووه‌ به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی.

كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووسیا زیاتر كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان كورد و رووس، و كورد و ئه‌رمه‌ن هه‌بووه‌، سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌ ڕووسه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورده‌كانی یێریڤانِِ باش نه‌بووه‌ و باجی زۆریان لێ‌ سه‌ندوون، به‌ڵام باجی له‌ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌رنه‌ده‌گرت و له‌هه‌موو شوێنێك فه‌رمانداری ئه‌رمه‌نه‌كانی به‌سه‌ر موسوڵمانه‌كانه‌وه‌ دانابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری كورد بۆ په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كان، به‌ڵام به‌فیتی ده‌وڵه‌ته‌ بێگانه‌كان به‌تایبه‌ت ڕووسیا زۆرجار ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌ستیان له‌تاڵان و سوتاندنی دێهات و بردنی مه‌ڕوماڵاتی ناوچه‌ كوردییه‌كان هه‌بووه‌، هه‌تا ساڵی (1853) كورد له‌دژی ده‌زگاكانی یاسایی ناوچه‌ی ئه‌رمه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام ڕووس زیاتر گرنگیان به‌ ئه‌رمه‌ن داوه‌، له‌ساڵی (1854) ئه‌و كوردانه‌ی كۆچیان ده‌كرد بۆ ڕووسیا مه‌رجیان بۆ دانا بوون، كه‌سانی ئه‌رمه‌نیان ده‌كرده‌ فه‌رمانده‌یان، به‌ڵام كورده‌كان ڕازی نه‌بوون، به‌ڵكو یان ڕووسی یان ده‌بێ‌ كورد بێت، كه‌واته‌ ڕووسه‌كان هۆكارێكی تێكچووونی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن بوون، ساڵی (1855) ڕووسه‌كان ئاگاداری ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ش بوون له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌ئه‌رمه‌ن ده‌كرا، به‌ڵام چاره‌سه‌ریان نه‌ده‌كرد.

بایه‌خدانی ڕووسیا به‌ئه‌رمه‌نه‌كان جگه‌له‌ ئاینێكی هاوبه‌ش نه‌بێت، هیچ شتێكی دیكه‌ كۆی نه‌ده‌كردنه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌راورد به‌كورد هیچ سوودێكی بۆیان نه‌بووه‌، سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی ڕووس (پ.ی. ئه‌ڤریانۆڤ) ده‌ڵێت:” له‌كاتی پێكدادانی شه‌ڕی ئێمه‌ و عوسمانیه‌كاندا پۆلیسه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان هیچ قازانجێكیان بۆ ئێمه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ له‌كاتی هێرش كردنه‌كاندا هه‌ڵده‌هاتن، وه‌ك دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ دوای شه‌ڕه‌كان ته‌نیا بۆ كوشتن و سه‌ربڕینی موسوڵمانه‌كانی شاره‌كان ئاماده‌ بوون.”

له‌كاتی جه‌نگی ڕووسیا- عوسمانی له‌ ساڵی (1877-1878) سه‌رۆكه‌ كورده‌كان سه‌ره‌تا خۆیان بوارد له‌ به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌، به‌ڵام له‌ دواتر به‌هۆی گوشاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی و بانگه‌شه‌ی غه‌زا و به‌شداری موسڵمانان به‌ناوی دینه‌وه‌ له‌و شه‌ره‌دا هه‌ندێكیان به‌شداریان كرد به‌تایبه‌تی سه‌رۆكه‌ كورده‌ دیاره‌كه‌ی ئه‌و كات شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، به‌ڵام به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای به‌شداری كردنیان هێزه‌كانی (شێخ عوبه‌یدوڵڵا) بێزاری خۆیان له‌بارودۆخه‌ ده‌ربڕی و به‌ره‌كانی شه‌ڕیان به‌جێ‌ ده‌هێشت، بێ‌ گومان ململانێ‌ و جه‌نگی رووسی – عوسمانی بۆ كورد زیانی زۆر بوو ژیانی لێ‌ تێكدان، كاتێك كورد خراپه‌كاری و زوڵم و سته‌می عوسمانیه‌كانیان بۆ ده‌ركه‌وت ورده‌ ورده‌ به‌خۆیان و چه‌كه‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگیان به‌جێ‌ هێشت. رووسه‌كان ویستیان قارس داگیر بكه‌ن، كورده‌كان هاوكاری رووسه‌كانیان ده‌كرد له‌ (6)ی تشرینی دووه‌می (1877) قارس گیرا، پاش ئه‌وه‌ی رووسه‌كان قارس و باریه‌زیدیان گرت، هه‌ستیان به‌بێزاری كورد كرد به‌رامبه‌ر به‌عوسمانیه‌كان، وه‌ك (ئیڤانۆڤ)ی كونسۆڵی رووسیا له‌ئه‌رزڕۆم له‌پاش داگیركردنی قارس ده‌نووسێت: ” بڕوام وایه‌ كوردستان بیر له‌ ڕاست بوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ و بگره‌ خۆی بۆ ئاماده‌ ده‌كات.” كوردی ناوچه‌ی ده‌رسیم دوای سه‌ركه‌وتنی ڕووسیا له‌به‌ره‌ی قه‌فقاسدا ڕاپه‌ڕینیان به‌رپاكرد.

شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووسیای تزاری پێ‌ باشتر بوو له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كانی تر، ڕه‌نگه‌ هۆی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ بووبێ‌ رووسیا هاوسنوور و هه‌میشه‌ كێشه‌ی شه‌ڕ و سنووری له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بوو، له‌لایه‌كی تریش ده‌وڵه‌ته‌كانی تر به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا له‌كوردستانه‌وه‌ دوور بوو، هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌كورد باش نه‌بوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ساڵی (1879) نوێنه‌ری خۆی بۆ كونسۆڵگه‌ی رووس له‌ئه‌رزروم نارد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ‌ هه‌ڵوێستی رووس چی ده‌بێ‌ ئه‌گه‌ر شێخ شۆڕش بكا، نوێنه‌ره‌كه‌ بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه‌، شێخ یارمه‌تی و كۆمه‌كی ڕووسه‌كانی له‌هی هه‌ر لایه‌نێكی تر پێ‌ باشتره‌. كاتێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئاماده‌كاری ده‌كرد بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووسیا به‌وردی چاوێری ده‌كرد، كاربه‌ده‌ستانی رووس هه‌وڵیان ده‌دا پشتیوانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ نه‌كرێت، له‌نامه‌یه‌كی نهێنیدا كه‌ بۆ سه‌رۆكی قه‌زای ئیچمیازدین نێردرابوو، ئامۆژگاری و ئاگادار كردنه‌وه‌ی تێدا بوو” به‌بۆنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كورده‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌، گومانی تێدا نیه‌ له‌ته‌ك ناوه‌رۆكی سیاسی ناوه‌رۆكێكی ئاینیشی هه‌یه‌، داوا له‌ جه‌نابی پایه‌به‌رزتان ده‌كه‌ین كورده‌كانی قه‌زاكه‌ له‌چاو ون مه‌كه‌ن و به‌هیچ جۆرێك ڕێگا مه‌ده‌ن به‌شداری ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ بكه‌ن، نه‌به‌پاره‌ و نه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیان نه‌ده‌ن” به‌ڵام شێخ له‌ناو كورده‌كان ناو و پایه‌یه‌كی به‌رزی هه‌بوو، خه‌ڵكی به‌خۆشیه‌وه‌ پێشوازی بیرو ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان ده‌كرد.

پاش ئه‌وه‌ی رووس كونسۆڵگه‌ی له‌شاری وان كرده‌وه‌، شێخ نوێنه‌ری خۆی سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عید بۆ لای (كامساراكان) نارد، نوێنه‌ره‌كه‌ بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه‌، كورد ده‌توانێ‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بێ‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌نێوان رووسیا و عوسمانی هه‌ڵبگیرسێ‌. چونكه‌ هه‌موو ناوچه‌ گرنگه‌كان له‌به‌رده‌ستی كوردایه‌. به‌ڵام (كامساراكان) به‌خه‌مساردییه‌وه‌ گووتی: باشێخ داواكانی بخاته‌ به‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی. چونكه‌ له‌وكاته‌دا رووس و عوسمانی په‌یوه‌ندی باشیان هه‌بوو. پێده‌چێ‌ (كامساراكان) دژی هاوكاری كورد بووبێ‌ زیاتر له‌گه‌ڵ هاوكاری مه‌سیحیه‌كاندا بووه‌.

له‌كاتیكدا داواكاری و پشتیوانی كوردله‌سه‌ر حیسابی ڕووسیا نه‌بووه‌ و ته‌نیا داوای هاوكاری بووه‌ له‌ ڕووسیا له‌به‌رامبه‌ر دا كوردیش هاوكاری ڕووسیا بكات، (ئه‌ڤریانۆڤ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ” هه‌میشه‌ كورده‌كان پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردووه‌ هاوكاریمان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌(رووس) هیچ كاتێك نه‌مانتوانی له‌گه‌ڵ كورده‌كان پێكه‌وه‌ بچین به‌گژ توركدا و نه‌مانتوانی له‌هیچ كاتێكدا نرخی ئه‌و داخوازیانه‌ی كورد هه‌ڵسه‌نگێنین”
شێخ عوبه‌یدوڵڵا پلانی دانا تا هێشتا ناڕازیه‌كان له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌ و له‌ خاكه‌لێوه‌دا ده‌ست به‌جه‌نگ بكاته‌وه‌. (ژانویه‌ی 1881). به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌قه‌للایانه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و فه‌رمانده‌كانی كورد، ته‌قه‌للای گه‌وره‌تر و سامناكتری گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌وڵه‌تان له‌ دژی به‌رنامه‌كانی كورد هه‌بوون، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئێران، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌كه‌ و بگره‌ پێش هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌كه‌، ده‌رباری قاجاری و خودی (ناسره‌دین شا)، به‌په‌له‌ و هه‌ڵپه‌ له‌گه‌ڵ: ڕووسیا، ئینگلستان، و عوسمانی به‌گه‌رمی كه‌وتبووه‌ ته‌قه‌للای كاری دیپلۆماسی و ڕاوێژ و نامه‌ و نوێنه‌ر ناردن و گۆڕینه‌وه‌، بۆ لای یه‌كتری و ڕێگا گرتن له‌ ته‌نینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، له‌م پێناوه‌شدا ئێران تكا و داخوازی له‌ ئینگلستان بۆ ئه‌وه‌ بوو، داوا له‌ ڕووسیا بكه‌ن، هێز و له‌شكری خۆی، بۆ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجانی خواروو بنێرێ‌، و گوشار بخه‌نه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، تا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگا له‌هه‌وڵی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ڕابه‌رانی تری كورد بگرێ‌.

دوای شگستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی هێزه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ ناو وڵاتی عوسمانی بوو به‌هۆی كێشه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجاریدا، حكومه‌تی ئێران داوایان له‌حكومه‌تی عوسمانی كرد بوو، شێخ عوبه‌یدوڵڵایان بداته‌ ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی سزای بده‌ن. له‌وه‌دا رووسیا و به‌ریتانیا لایه‌نگیری ئێران بوون، به‌جووته‌ به‌توندی داوایان له‌ كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی كرد بوو سزای شێخ عوبه‌یدوڵڵا بدات.

دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و شكانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، له‌جیاتی هاوكاری كردنی شێخ بۆ به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووس و ئینگلیز گوشاریان خسته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، پشنیاز بكات بۆ شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، تا ناچاری بكات له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاری بێنێ‌.
له‌ساڵی1881 دوای وتوێژ و كۆششێكی زۆر ده‌وڵه‌تانی رووسیا و به‌ریتانیا شێخ عه‌به‌یدوڵڵایان گه‌یانده‌ ئه‌و بڕوایه‌ی پێویسته‌ له‌ڕێگای وتوێژه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بدۆزێته‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا هه‌ستا به‌نێوانگیری له‌نێوان شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی بۆ ڕازی كردنی شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات هه‌ڵوێستێكی ناحه‌زانه‌ی له‌گه‌ڵ كورد دا نواند و له‌پایزی (1882) بزوتنه‌وه‌كه‌ی تێكشكاند شێخ له‌ ئه‌نجامی زۆر لێ‌ كردن و سه‌ركردنه‌ سه‌ری ناچار بوو بچێت بۆ لای سوڵتان و له‌وێ‌ یه‌كسه‌ر ده‌سبه‌سه‌ر كرا.

پاش ده‌ستبه‌سه‌ری و ڕاكردنی شێخ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، شێخ عوبه‌یدوڵڵا نوێنه‌ری خۆی عه‌لی قاسم ئۆغلی نارد بۆلای (كامساراكان) جێگری كونسۆڵی روس له‌ ورمێ‌، داوای لێ‌ كرد پشتگیری شێخ بكه‌ن و هیچ داوای مه‌عنه‌وی و دارایشی له‌رووس نیه‌، به‌ڵام ڕای رووسه‌كان وابوو پێویسته‌ شێخ داوای لێ‌ بكرێ‌ گوێڕایه‌ڵی حكومه‌تی عوسمانی بێ‌ قه‌ید و شه‌رت بێ‌. ئه‌مه‌ش وای له‌ شێخ كرد هیچ ئومێدێكی به‌رووس نه‌بێ‌.
حكومه‌تی رووسیای تزاری و به‌ریتانیا ده‌مارگیریه‌كی مه‌سیحیگه‌ری توندیان به‌رامبه‌ر به‌چاره‌نوسی ئه‌رمه‌نیه‌كانی توركیا و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستانی توركیا ده‌ژیان نیشان ده‌دا. مه‌به‌ستیشیان هه‌ر ئه‌وه‌بوو پاراستنی مافی ئه‌رمه‌نیه‌كان به‌ناوی مه‌سیحیگه‌ریه‌وه‌ بكه‌نه‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌باری سیاسیه‌وه‌ تین بۆ سوڵتان بێنن. ئه‌وه‌ندی په‌یوه‌ندی به‌كوردیشه‌وه‌ هه‌بوو ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ مه‌سیحی كوردیان هه‌ر به‌ مرۆڤ نه‌ده‌زانی.

ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان گوشاریان ده‌خسته‌ر سه‌رده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ناوی چاكسازی بۆ ئه‌رمه‌نه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی توڕه‌ بوونی عوسمانی له‌ساڵی (1880) عوسمانیه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیان ده‌دا كورد به‌گژ ئه‌رمه‌ندا بكه‌ن، وه‌كو ئامرازێك دژی چاكسازی به‌كاری بهێنێت. به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕێگای نه‌دا ئه‌و ویسته‌ی عوسمانیه‌كان بێته‌دی. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ په‌ڕۆشی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كان، به‌ڵام حوكمدارانی له‌خۆبایی ئاسووری هه‌میشه‌ مه‌یل و ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات بوون به‌سه‌ر كورددا، له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی له‌گه‌ڵ كورد خه‌ریك بوون، هه‌میشه‌ زیانیان پێ‌ گه‌یاندووه‌ و خۆشیان زیانیان كردووه‌.

بۆ زیاتر پته‌و كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ شێخ ڕووی كرده‌ (مارشه‌معون) و داوای لێ‌ كرد لابداته‌لای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد. به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ڵامێكی دایه‌وه‌ هیوای ڕێك كه‌وتنی تێدا نه‌بوو. له‌ كۆتایی مایسی ئه‌و ساڵه‌دا (كامساراكان)ی یاریده‌ده‌ری كونسوڵی رووسیا له‌گه‌ڵ (مارشه‌معون) یه‌كیان دی، (مارشه‌معون) به‌ئاشكرا ئه‌و ڕاستیه‌ی بۆ دركاند و گوتی:
” شێخ هه‌وڵیدا به‌لای خۆیدا ڕای بكێشێت، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نه‌بوو به‌شداری بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ بكات، چونكه‌ ڕای وابوو ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان ئه‌مڕۆ بێ‌ یان سبه‌ی باری سه‌رشانی گاوره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سووك ده‌كه‌ن”.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی بووه‌ هۆی شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، رووسیا و ئینگلته‌ره‌ و توركیا هه‌ڵوێستی دژ به‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردیان گرته‌به‌ر. رووسیا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر بوو له‌ئیران، ئینگلته‌راش له‌وكاته‌دا كاریگه‌ری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌سته‌مبوڵ.

پاش دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد كه‌وته‌ كزی و هێمن بووه‌وه‌، ئه‌سته‌مبوڵ گه‌لێك له‌و سه‌رۆكه‌ كوردانه‌ی كڕی ڕۆژی خۆی پشتگیری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی عوبه‌یدوڵڵایان كرد بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان (1880) به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بایه‌خێكی گرنگی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ به‌ره‌و پێش بردنی كێشه‌ی كورد. له‌ڕاستیدا ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ له‌ هه‌موو ڕاپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌كانی پێشووی كورد به‌تواناتر بوو له‌هه‌ردوو لایه‌نی سیاسی و ڕێكخستنه‌وه‌. دامركاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌بووه‌ مایه‌ی ئارامی له‌ كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌یتوانی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ كورد به‌دیبێنێ‌، به‌ڵام توانی جۆرێك یه‌كێتی كوردستانی ژێر سایه‌ی تورك و فارس نیشان بدات و یه‌كخستنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گوێی داگیركه‌رانی كوردستاندا بچرپێنێ‌.

هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی كورد هه‌میشه‌ به‌باوه‌ڕی پته‌وه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕووسیا هه‌بێت، به‌ڵام ڕووسیا هه‌میشه‌ پشتی له‌كورد كردووه‌، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆشی هاوكارییه‌كی كه‌می كوردی كردبێت، له‌ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌كاندا به‌جێی هێشتوون و پشتی تێكردوون، له‌به‌رئه‌وه‌ كورد پێویسته‌ وانه‌ له‌ڕابردوو وه‌ربگرێ‌ و ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخی سیاسیش داوای په‌یوه‌ندی و پشتیوانی له‌ڕووسیا بكات، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌وه‌نده‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ كشانه‌وه‌ و پشت تێكردنی ڕووسیا ببێته‌ هۆی كاره‌سات و سه‌ربڕینی خواسته‌كانی كورد.

ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی
3011- 2017

—————————-
بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

1- دكتۆر عبدوللا عه‌لیاوه‌یی، كوردستان له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر 2004.
2- دكتۆر جه‌لیلی جه‌لیل، ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان ساڵی 1880، وه‌رگێڕ له‌رووسی یه‌وه‌: دوكتۆر كاوس قه‌فتان، چاپخانه‌ی الزمان-به‌غدا، 1987.
3- محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار، كوردوباكوری كوردستان له‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه‌ هه‌تا شه‌ری دووهه‌می جیهان، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، 2006.
4- هه‌ستیار كه‌مال كوردی، سیاسه‌تی رووسیای قه‌یسه‌ری به‌رامبه‌ر به‌كورد(1850- 1914)، سلێمانی 2011.
5- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، شۆرشی عوبه‌یدوڵاڵای نه‌هری له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی فه‌ره‌نسیدا (1879-1882)، سلێمانی 2004.
6-كامه‌ران محه‌مه‌د حاجی، كوردستان له‌بازنه‌ی كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا 1800- 1900، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر 2007.




شوناس … جیهاد محەمەد

شوناس، بە واتای خۆ ناساندن و خۆپیشاندان، بە واتای شکۆمەندیی و ڕێز و پێگەی دیار و ئاشکرا دێت.
کاتێک مرۆڤەکان شوناسیان نامێنێت، هەست بە ونبوون و جۆرێک لە مردن دەکەن، هەستدەکەن بوونییان نییە، پێگە و شکۆمەندی و ڕێزییان نەماوە، ئەمەش ئەبێت بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆیان تا خۆیان بدۆزنەوە و پێگە و ڕێز و شکۆمەندی خۆیان دیاریبکەن، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا، یان لە ناو کۆمەڵگەکانی جیهاندا.

ئەمریکییەک، بەریتانییەک، ئەڵەمانییە، فەرەنسییەک بە نموونە، خۆیان لە ناو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و لە ناو کۆمەڵگەکانی دنیاشدا بەوە دۆزیوەتەوە کە دەوڵەتیان هەیە و وڵاتەکانییان پێشکەوتوون و خاوەن هێز و توانان. بە گشتی ئەم باری دروونییە باڵدەکێشێت بەسەر گشتی کۆمەڵگەدا، تەنانەت بەسەر ئەوانەشدا کە وەک تاک بێبەشن لە خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی، یان بەردەوام وەک ئامێرێکیان لێهاتووە بەدست کار و کرێگرتەییەوە، کەچی ئەم کار و کرێگرتەییە چەند ستەماکریش بێت بۆیان، وەلێ لە ڕێگەی ئەو باجەی دەیدەن بە دەوڵەت خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە پێشکەوتنی وڵات و دەوڵەتەکانییاندا، لە ڕاستیشدا وایە، ئەمانیش هاوبەشن لەو پێشکەوتنەی کە لە ڕووی زانست و ئیدارە و ئابووریی و فەرهەنگییەوە وڵاتەکەیان بەخۆیەوە بینیوێتی. پێشکەوتنی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک وابەستەی بەجێهێنانی ئەو ئەرکانەیە کە دەکەوێتە سەرشانی تاکەکان، دیارە هەرچ تاکەو بە گوێرەی پاشخانە زانستیی و توانا جەستەییەکانی خۆی ئەو ئەرکە بەجێدەهێنێت.

بەڵام لە دابەشکردندا(توزیع)دا سیتمێکی بەڕێوەبردن هەیە کە زۆر با نادادپەروەرانە ئەو دابەشکارییە دەکات. بۆیە زۆر جار مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی کە هەستی خۆ دۆزینەوەیان بۆ دروستبووە، هەستدەکەن کە سەربە وڵات و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون. بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەست بە نامۆبوون دەکەن، چونکە ئەو کەلوپەلەی کە بەدەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نامۆن پێی و بۆ ئەمان نییە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا شانازیکردن بە دەوڵەتەکەیانەوە بە وڵاتەکەیانەوە کە پێشکەوتوو و بەهێزە کەوتۆتە سەرو هەستکردنییان بە نامۆبوونەکەیان، واتە نامۆبوونەکەیان وایان لێناکات کە ڕاپەڕین وشۆڕش بەرپا بکەن دژی دەوڵەتە سەرکوتکەر و حوکمڕانە دڵڕەق و چەوسێنەرەکانیان.

ئەم بارەدەروونییە، کە ناسراوە بە باری دەرونیی کۆمەڵگە، لە لای هەموو خەڵکانی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک چ پێشکەوتوو چ دواکەوتوو هەروایە، تەنانەت لای ئەو گەل و کۆمەڵگەیەش وەک کورد کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نییە.

لە ڕاستیدا، شوناسی هەرچ مرۆڤێک لەم جیهانەدا، ڕووە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مرۆڤێکی گەردوونیە، دواتر مرۆڤێکە سەر بە میللەتێک یان گەلێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، ئەگەر وردتریشی بکەینەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤێک سەر بە شار و شارۆچکە و گوندنێکە. بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا وا هاتووە کە مرۆڤەکان بەم شوناسە ڕازی نین و خۆیان بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵکو بەو جۆرە ڕازین کە سەر بە دەوڵەتێک و وڵاتێکی سەربەخۆ بن. واتە مرۆڤی گەردوونی بوونی نییە، بەو واتایەی کە شکۆمەند و بەڕێزبێت و هەست بە ونبوون و تاریکایی ژیان نەکات. مرۆڤی گەردوونی لە ئەنجامی دادپەروەریی و یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤدا دێتە ئاروە. مرۆڤی گەردوونی ئەنجامی پەروەردەیەکی مرۆیی باڵایە، پەروەردەی مرۆڤی گەردوونی وا بونیادنراوە کە دەبێت بە خاوەنی ڕەوشت و مۆراڵێکی باڵای وا کە سەیری هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دەکات و هیچ جۆرە جیاوازییەکی شوناسی ڕەگەزیی و دینیی و ڕەنگی پێست و زمان هەڵیناسوڕێنێت و بیری لێناکاتەوە و نایکات بە جیاوازی و پێگەی هەموو مرۆڤەکان وەک یەک وایە.

ئەم حاڵەتەی کە مرۆڤی تێکەوتووە و نابێت بە مرۆڤێکی گەردوونی باڵا، هێزێکی گەورەیە، ئامرازێکی زۆر کارایە، چەکێکە لە چکە کوشندەکان بەدەستی ستەمکارانەوە، کە دەتوانن بەکاریبهێنن و خۆیانی پێ پڕچەک بکەن. لێرەوە بێ ئەوەی مرۆڤەکان هەست بە خۆیان بکەن، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، دەبن بە کۆیلەی دۆزینەوەی شوناسیان، شوناسێکیان پێدەدرێت لە لایەن حوکمڕانان و دەوەڵەتەکانیانەوە کە هیچ سوودێکی لێ نابینن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. هەزاران لەمرۆڤەکان، سەدان خێزان لێیان، دەیان گروپ و کۆمەڵیان لەناودەچن و دەفەوتێن بەدەست ئەم ستەمکارانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیانکردوون. کەچی لەگەڵ ئەوەشا شوناسی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و دین و ئاینزا بووە بە ئەفیونێک هۆشی بردوون، زۆر بە دەگمەن دێنەوە هۆشی خۆیان، ئەوەی دروستیان کردووە بە ناوی شوناسی خۆیانەوە بووە بە دەرد و مەرگێک هەموو ژیانی ڕۆژانەیانی پڕکردووە لە مەرگ و کارەسات و تاوان.

دین و ئاینزاکان و بیروباوەڕە دینییەکانی ئاسمانی و زەوینی بە هەمان شێوەی ستەمکارانی دەوڵەت و حکومڕانەکانی وڵاتان بوون بەو شوناسە ساختەییەی کە بە ملوێنان مرۆڤیان هەڵخەڵەتاندووە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆی لە شیعەگەرایی و سوننیگەرایی و شینی حەسەن و حسەین دا دەدۆزێتەوە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆیان لە کریستیانیی یان جووپەرستییدا دەدۆزێتەوە.

هەموو ئەو هێزە بەشەرییە گەورانە خۆیان بوون بە دووژمنی سەرسەختی یەکتری و ساڵانە بە دەیان هەزار لە یەکتری قاتوقڕ دەکەن. ئەمە گەورەترین هێزو بە تواناترین ئامارزی دەستی چەوسێنەرانی جیهانە، ئەو جیهانەی کە کۆمەڵێک کۆمپانیای چاوچنۆک ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە بەری ڕەنجی هەموو خەڵکی جیهان دەدۆشن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن. وەک تریش ئەم هێزە گەورەیە بووە بە دەرد و مەرگێک بۆ چەندین کۆمەڵگەی هەژار و داماو کە ساڵانە بە هەزاران منداڵیان لە برسدا لێ دەمرێت، بە هەزاران کەسیان بە دەست نەخۆشییە کوشندەکانەوە دەناڵێنن، بە دەیان و سەدان و ملوێنان مرۆڤیش بە دەست بێکاری و، یان بە دەست بوون بە ئامێری کار، دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە شەرقیی و ئاسییا و ئیسلامییەکان بەردەوام لە شەڕو شۆڕ و جەنگدان و، تەنها پاڵنەریش شوناسێکی دینیی یان نەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆییە بۆ میللەت و گەل و کۆمەڵگەکانییان.




چەند کۆپلەیەک لە شیعری ” نامەیەک لەژ ێر ئاوە وە” ی نزار قبانی…. و: پشکۆ ناکام

نامەیەک ….

بیرت ئەکەم ….
فێرم کە چۆن بیرت نەکەم..!
……فێرم کە
چۆن ڕەگی عەشقت بن بڕکەم
فێرم کە
چۆن ” فرمێسک” لە ” پێک” ێکا
ئەمرێ
و……فێرم کە
چۆن خۆشەویستی لەناو ئەچێ
و
چۆن” بیر کردن” خۆی
ئەکوژێ..!
دونیات وەک تابلۆیەکی شیعری
هێنایە پێش چاوم
و
ئازاری خۆشەویستیت
لە ناو دڵما چاند
و
لە “ئارام گرتن”یش بێ بەشت
کردم….
گەر منت خش ئەوێ
دەستم بگرە…
دەستم بگرە ، من سەرتاپا گیرۆدەی
خۆشەویستی تۆم
گەر خۆشەویستی منی
یارمەتیم بە لێت دوور بم
گەر تیمارکەری منی
یارمەتیم بە
لە دەردی “ئالودە” بوونم پێت
ڕزگار بم…
گەر دەردە سەرییەکانی
خۆشەویستیم بزانیایە
خۆشم نە ئەویستی
گەر قوڵایی
دەریام بزانیایە
هەرگیز مەلەم نەئەکرد
گەر عاقیبەتی
خۆم بزانیایە
ئەم ڕێگایەم
دەست پێ نەئەکرد
…………
فێرم کە
چۆن بیرت نەکەم…!

…………………………..
بە کەمێک دەستکارییەوە
پشکۆ ناکام
Dec/ 2017




پرۆژەی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاری کوردستان … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەپێناو ئاشناکردنی چینی کرێکار و خوێنەری کورد بە شیعری کرێکاریی و هەروەها لەپێناو کۆکردنەوە و لەفەوتان ڕزگارکردنی ئەو خەرمانە لە شیعری کرێکاریی کەلەگۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەن، وەک ئەرکێکی سەرشان هەڵدەستم بە ئامادەکردنی کتێبی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان. ئەم پڕۆژەیە دیارە لە توانای کەسێک زیاترە بەڵام تا ئەو جێیەی کەس دەست بۆ کارێکی وا نابات، بەناچار شانی دەدەمە بەر. جا لێرەوە ڕایدەگەێنم کە :

یەک : هەر شاعیرێک کە دەخوازێ لەو ئەنسۆلۆژیایە بەشدار بێت دەتوانێت یەک تا پێنج شیعری کرێکاریی و سۆشیالیستی خۆی (دیارە شیعری وەرگێردراو جێگای لەم پرۆژەیەدا نابێتەوە) لەگەڵ بایۆگرافیای (ژیاننامە) و وێنەی خۆی بنێرێت بۆ پڕۆژەکە.

دوو : هەر بەڕێزێک هەر شیعرێکی کرێکاری یان سۆشیالیستی هەر شاعیرێکی کورد زمان شک دەبات دەتوانێ بینێرێ بۆ پڕۆژەکە. دیارە دەبێ سەرچاوەی شیعرەکە دیار بێت، ئەمە جگە لە وێنەی شاعیرەکە و کورتەیەک لە ژیاننامەی شاعیر.

سێ : ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە سەرجەم شاعیرانی کوردستان (باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) هەروەها ئەو شاعیرانەی لە تاراوگە یان هەندەران دەژین.

چوار : مەرجە شیعرەکان بە زمانی کوردی نووسرابن، جا بەهەر شێوەزار و شێوە نووسینێک بێت(ئەلفوبێی عەرەبی یان لاتینی)

پێنج : مێژووی کۆن و تازەی شیعرەکان گرنگ نین. گرنگ نییە کەی نووسراون و لە کوێ نووسراون، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئەو شیعرانە چەند کرێکاریی و سۆشیالیستین.

شەش : مەرج نییە ئەوەی شیعری کرێکاریی نووسیوە بۆ پڕۆژەکەی دەنێرێت وەک شاعیر ناسرابێت. لەوانەیە ئەو بەڕێزە چیرۆکنووس یان هونەرمەند یان ڕۆژنامەنووس بێت. چونکە دەشێ یەک دەق بە تەنها ئایدێندتی نووسەر دەستنیشان بکات.

حەوت : مەرج نییە شاعیرەکە خۆی کرێکار بێ ئینجا شیعرەکە بە کرێکاریی حیساب بکرێ..نەخێر ڕەنگە شاعیرەکە ڕۆژێک چییە کرێکاری نەکردبێ و شیعری سۆشیالیستی و کرێکاریی جوانی نووسیبێت.

هەشت : ئەم پڕۆژەیە هەر تەنها شاعیرانی نوێ ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم شاعیرانی کورد دەگرێتەوە چ ئەوانەی لە ژیاندا مابن یان نەمابن.

نۆ : ئەم پرۆژەیە پرۆژەی نوخبە نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتیگیرە و بەپانتایی ژیان و خەباتی چینی کرێکار پەلوپۆ دەهاوێ و دەیەوێ کۆکەرەوەی دەنگی کرێکار بێت لە کوردستان.

دە : مەرج نییە شاعیرەکە خاوەنی کتێبی چاپکراو و یان دیوانی شیعری بێت. ڕەنگە لە هەموو ژیانیدا یەک شیعری کرێکاریی نووسیبێت و بیداتە پڕۆژەکە.

یانزە : سەرپەرشتیاری ئەم پڕۆژەیە گەرچی ئێستا بە تەنها منم، بەڵام دەرگا لەسەر پشتە بۆ هەر بەڕێزێک کە دەیەوێت سەرپەرشتی ئەم پڕۆژەیە و کۆمەکیم بکات.

دوانزە : ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گەورەیە و دوای قۆناغی تەواو بوون، ئینجا دەبێتە کتێب و چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

سیانزە : بابەت و بەرهەمەکان دەتوان بەم ئیمەیڵ ئەدرێسەی خوارە بنێرن، یان هەر پەیوەندییەکی تر بۆ نموونە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

abdullahsulaimanmashxal@gmail.com

ئیتر هیوادارم شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کرێکاریی پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە بن و بە هیمەتی هەر هەموومان بتوانین ئەم پڕۆژە ئەدەبییە چینایەتییە سەرکەوتووانە ئەنجام بدەین.

بەهیوای کۆمەکی ئێوەی ئازیز

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان
کانوونی یەکەمی ٢٠١٧




Bourdieu,Pierre پیێر بۆردیۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

پیێر بۆردیۆ کۆمەڵناس و فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لە نێوان ساڵانی (1930-2002 ) دا ژیاوە . وەکو پرۆفیسۆر لە کۆلیجی دو فرانس کاری کردووە .
کارەکانی / بۆچونەکانی
پیێر بۆردیۆ وەک کۆمەڵناسێک لە رووانگەیەکی مارکسییەوە رەخنەی لە سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەگرت بەڵام سەبارەت بە ناکۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بە پێویستی دەزانی کە رۆڵی کولتوریش (یان رۆشنبیریش ) لەبەرچاو بگیرێت نەک بەتەنیا رۆڵی ئابووری .
بۆردیۆ زۆر بایەخی بە کۆمەڵناسی پەروەردەو فێرکردن Educational Sociology دەدا و قوتابخانە یان خوێندنگە بە فەزایەکی کێبڕکێ و بەربەرەکانی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەزانێت .
بۆردیۆ لەخستنە بەرچاوی تێزەکانی سوودی لە چەندین چەمک وەرگرتووە کە لای ئەم ناوەڕۆکێکی تایبەتیان هەیە .لێرەدا ئاماژە بە چەند چەمکێکی گرینگ دەدەین کە بریتین لە :

١- هابیتۆس Habitus

ئەم چەمکە پێشتر لەلایەن هەندێک فەیلەسوفەوە بەکار هاتووە بەڵام لای بۆردیۆ ئەم چەمکە ئاماژەیە بە کۆمەڵە خەسڵەتێک کە لە عەقڵ و جەستەی مرۆڤدا ریشەیان داکوتاوە . بەدەربڕینێکی دیکە هابیتۆس واتە کۆمەڵێک بەهرەی هەمیشەیی و لێهاتوویی کە مرۆڤ بە دەستی دەهێنێت بە درێژایی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی .
هابیتۆس هەروەک چۆن لەسەر ئاستی تاکەکەسدا هەڵوێست و تێروانین و بەهرەکان و ئارەزووەکان دیاریدەکات ئەوا لەسەر ئاستی دەستەجمعیش شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەست و رەفتارەکان ئاراستە دەکات کە لە ژیانی رۆژانەدا بە شێوەی دابونەریت ، هونەر ، جلو بەرگ و هتد خۆیان دەردەخەن . بۆردیۆ پێیوایە کە بونیادی خود و بونیادی دەستەجەمعی هاوشێوەو هاوجووتن و هەردووکیان لەلایەن هابیتۆسەوە ئاراستە دەکرێن . بە دەربڕینێکی دیکە بونیادی ناخەکی تاکەکەسەکان ( خۆیی ) تا راددەیەکی زۆر هاوجووت و هاوئاهەنگە لەگەل رێکخستنی کۆمەڵایەتی و دینامیکیەتی جیهانی دەرەوە ( بابەتی ) .

٢- بەرهەمهێنانەوە Reproduction

بۆردیۆ لەگەل کۆمەڵناسی فەرەنسی جان کلاود پاسیرۆن ئەم چەمکە لە بواری کۆمەڵناسی پەروەردە بەکاردەهێنن و پێیانوایە کە ئەو رۆشنبیریەی کە قوتابیان یان فێرخوازان وەریدەگرن لە قوتابخانەکانی فەرەنسای سەرمایەداری رۆشنبیریەکی بابەتی و بێلایەن و پاراو نییە بەڵکو دەربڕی رۆشنبیری چینی دەسەڵاتدار و خۆسەپێنە ، بۆیە پەروەردەی کۆمەڵایەتی قوتابی رزگار ناکات بەڵكو گرێیدەدات بە کۆمەڵگەوە لە چوارچێوەی هەلومەرجی سەپاودا و پابەندیەتی کۆمەڵایەتییەوە . بۆ نموونە منداڵێک لە چینی بۆرژوازی لە قوتابخانە لە هەمان فەزای رۆشنبیریدا دەژیت کە لەماڵەوە هەیەتی کە بێگومان بۆ ئەو ئاسانترە کە تیایدا باڵادەست بێت بەڵام بۆ منداڵێک لە چینی کرێکار هەمان بارودۆخ نییە سەرەرای ئەوەی کە بەهرەی تاکەکەسیش فاکتەرێکە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت .لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆردیۆ باوەڕی وابووە کە سیستەمی پەروەردە هەمان دابەشبوونی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێتەوە .

٣- توندوتیژی سیمبۆلی Symbolic Violence

ئاشکرایە کە توندوتیژی دوو جۆری هەیە یەکەمیان توندوتیژی جەستەییە کە بەمانای ئازارگەیاندن دێت لە رووی جەستەیی و ماددی . دووەمیان توندوتیژی سیمبۆلی ( یان هێمایی ) دێت کەبەمانای ئازارگەیاندن دێت لە رووی دەروونی هەستوسۆز و بیرەوە کە پیادە دەکرێت لە رێگەی جوێندان ، بێڕێزی کردن ، خۆسەپێنی ، ئایدیۆلۆجیا و هتد .
بۆردیۆ پێیوایە کە توندوتیژی سیمبۆلی توندوتیژیەکی نەرم و هەست پێنەکراوە لەلایەن قوربانیەکانەوە و هەروەها بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتداریەتی و خۆسەپێنی و بوارە کۆمەڵایەتیەکان . ئەو دەڵێت کە دەوڵەت ئەم جۆرە توندوتیژییە دژی تاکەکان و گروپەکان پیادە دەکات لە رێگەی کۆمەڵێک دامودەزگای فەرمی و رەوادارەوە (یان شەرعیەوە ) وەکو دەزگاکانی راگەیاندن ، پەروەردە ، ئاین ، هونەر و هتد .
بۆردیۆ ئەم جۆرە توندوتیژییە بە کاریگەرتر دەزانێت لەو توندوتیژیانەی کە بۆ نموونە پۆلیس بەکاری دەهێنێت چونکە توندوتیژی سیمبولی سادە و ئاساییە و کار لە نائاگایی ( یان نەستی ) مرۆڤ دەکات و لەلایەن کۆمەڵگەوەش بە توندوتیژی لە قەڵەم نادرێت چونکە خەڵک لێی راهاتوون .

٤- بوار / کێڵگە Field

بۆردیۆ پێیوایە کە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا دابەشکردنی کار جیهانی کۆمەڵایەتی دابەش کردۆتە سەر کۆمەڵێک بوار و فەزای کۆمەڵایەتی لاوەکی وەکو بواری سیاسی ، بواری ئابووری ، بواری رۆشنبیری و هتد .، هەریەک لەم بوارانەش نیمچە سەربەخۆییەکیان هەیە بەگوێرەی کۆی کۆمەڵگە . لەناو هەر بوارێكیش کێبڕکی و بەربەرەکانی توند هەیە لەنێوان تاکەکان و گروپەکان هەروەها لەنێوان نەوەی نوێ و نەوەی کۆن بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی ماددی و مەعنەوی .

٥- سەرمایە Capital

بەڕای بۆردیۆ بنچینەی ناکۆکی چینایەتی بەتایبەت ناکۆکی نێوان چینی بۆرژوازی و چینی پرۆلیتار مەرج نییە هەمیشە و بەتەنیا مۆرکێکی ئابووری هەبێت بەڵكو فاکتەری رۆشنبیریش رۆڵی هەیە . ئەو پێیوایە کە ئێستا دوو جۆر سەرمایە هەن کە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان دەجوڵێنن کە بریتین لە سەرمایەی رۆشنبیری و ١- سەرمایەی ئابووری . بەگشتی بۆردیۆ چوارجۆر سەرمایەی دەستنیشان کردووە کە بریتین لە :
٢- سەرمایەی ئابووری : واتە سامانی ماددی و دارای تاکەکەس لەگەل داهاتی مانگانەو ساڵانەی .
٣- سەرمایەی رۆشنبیری : واتە سامانی رۆشنبیری تاکەکەس وەکو بڕاونانە و پلەی زانستی و پیشەیی ، بەرهەم و داهێنانە ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەریەکان ، بەهرەو شارەزایی و تواناکان لەرووی رۆشنبیری و پیشەییەوە .
٤- سەرمایەی کۆمەڵایەتی : واتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و هاوڕێیەتی و ناسیاوی و هتد کە تاکەکەسێک هەیەتی لەفەزای کۆمەڵایەتیدا کە ئەمەش وەستاوەتە سەر توانا و لێهاتوویی تاکەکەسەکە .
سەرمایەی سیمبولی : ئەمەش هەر سێ جۆرە سەرمایەکان دەگرێتەوە کە تاکەکەسێک هەیەتی و بەم هۆیەوەش لە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە جیا دەکرێتەوە .

٦- چێژ / زەوق Taste

بۆردیۆ پێیوایە کە توانای چێژوەرگرتن ( یان زەوق ) بەهرەیەکی غەریزی نییە یان پێدراوێکی سروشتی نییە لە مرۆڤدا بەڵکو زەوق پەیوەندی هەیە بە ژینگە و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ . ئەو ڕای وایە کە کە فاکتەری ئابووری رۆڵی سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی زەوقی تاکەکەس چونکە ئەم فاکتەرە پێگەی تاکەکان دیاریدەکات لە کۆمەڵگەدا . رۆڵی فاکتەری ئابووریش وەستاوەتە سەر ئەمانەی خوارەوە :
١- قەبارەی ئەو سەرمایەی کە تاک هەیەتی .
٢- رێژەی سەرمایەی رۆشنبیری و سەرمایەی ئابووری لەکۆی ئەم سەرمایەیە .
٣- چۆنیەتی گۆڕانکاری لەم دوو جۆرە سەرمایەی سەرەوە و چۆنیەتی بە گەڕخستنیان لەکۆمەڵگەدا لەلایەن تاکەوە .
بۆ نموونە چێژوەرگرتن لە گۆرانی و موزیک ، وەرزش ، شانۆگەری ، جلوبەرگ ، چێشت لێنان و هتد لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بە پلەی جیاواز دەگۆڕێت هەروەها لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە.




ڕوه‌تی سوننه‌ی سیاسی و شیعه‌ به‌ره‌و كوێ؟* … سه‌لام ناوخۆش

ڕۆژێك له‌ ڕۆژان تاكی سوننی مه‌زه‌ب له‌ خۆی پرسیوه‌ ، ئه‌و هه‌موو دروشمه‌ی ئیران : مرگ به‌ر ئه‌مریكا و مرگ به‌ر ئیسرائیل له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ، بۆچی كردارێكی چه‌كداری شیعه‌ مه‌زه‌بی به‌رانبه‌ر ئه‌و دووه‌ ڵێنه‌كه‌وتۆته‌وه؟ هه‌روه‌ها بۆچی له‌ خۆمان ناپرسین : بۆچی ئه‌و هه‌موو ته‌قینه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كرێت ، هه‌موو بزاڤه‌ سوننی مه‌زه‌به‌كانن له‌ ڕواڵه‌تدا؟
چه‌ندان كتێب هه‌ن كه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌كه‌ن ، یه‌كێك له‌وانه‌ كتێبی المصالح المشتركه‌** .

له‌ نێو به‌ره‌ی سوننی مه‌زه‌بدا ڕه‌وتی جیاواز هه‌ن بۆ نموونه‌ كه‌نداویه‌كان ده‌یانه‌وێ ناوچه‌كه‌یان له‌ هه‌ژموونی عه‌سكه‌ری شیعه‌( ئیران) بپارێزن و په‌ره‌ به‌ ره‌فاهیه‌تی خۆیان بده‌ن ، ئه‌وانه‌ قه‌بوڵی ده‌سه‌ڵاتی كۆماریی ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێ سیسته‌مێكی ویراسی –بنه‌ماڵه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بێت” كه‌ زه‌ره‌ری بۆ ئه‌وان نه‌بێت، بۆ نموونه‌ هه‌ر كاتێك له‌ مصر ئیخوان له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وت و مورسی به‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌ سه‌رۆك ، قیامه‌ت ڕوویدا ده‌وڵه‌تی وه‌ك سعودیه‌ و ئیمارات توانیان به‌ پاره‌ مورسی شكست به‌و ئه‌زموونه‌ بێنن و به‌شدار بن له‌ ڕوخاندنی ، مصرێكی لاواز و په‌ككه‌وته‌ به‌ ده‌ست سیسی گیانه‌لا بكات ، باشتره‌ له‌ ئیخوانێك به‌یانی به‌ زه‌ره‌ری ئه‌وان ته‌واو بێت . ئه‌و خه‌ته‌ كه‌نداوییه‌ هه‌ر دوژمنی شیعه‌ نییه‌ ، به‌ڵكو دژی هه‌موو ڕه‌وتێكی سوننیشه‌ كه‌ وا بزانن كورسی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌فاهیه‌تیان ده‌له‌رزێنی .
توركیا به‌ناوی تر و ئامانجی تر له‌ به‌ره‌ی سوننی بوو . ئاكپارتی ده‌یه‌ویست جارێكی تر ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیی له‌ توركیا و عێراق و سوریا…زیندوبكاته‌وه‌ و به‌ ئیمپراتۆریه‌تێكی سوننی به‌رانبه‌ر ئیمپراتۆریه‌تی شیعه‌ ڕاوه‌ستێت!
هه‌ر له‌ ڕێگای توركیا به‌ پله‌ یه‌ك و كه‌نداو به‌ پله‌ دوو ، مه‌سعود بارزانی چوو بووه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌ ، چونكه‌ ده‌یزانی جگه‌ له‌ ئیران خۆی ، به‌ڵكو عێراق و سوریاش به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی شیعه‌ ده‌چن . شیعه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ببێت به‌رانبه‌ر كورد چی به‌ سه‌ر كوردانی ڕۆژهه‌ڵات هێنا ، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ر باشوور ده‌هێنێت.

خه‌ڵك وا زه‌ن ده‌با له‌ ڕواڵه‌تدا ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی كه‌نداو و توركیا و كوردی دابوو به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی شیعه‌گه‌ریی . له‌ ڕاستیدا ئه‌مریكا و ئیران به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان زیاتره‌ نه‌ك به‌ره‌ی ئه‌مریكا و سوننه‌ .
ئه‌مریكا و ئیران یه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش لێدانی ئیسلامی عه‌قیده‌ییه‌ ، هه‌رچی ئه‌مریكا و به‌ره‌ی سوننه‌یه‌ به‌ به‌هێزكردنی به‌ره‌ی سوننه‌ كۆتایی ده‌هات ، له‌مه‌شدا ئه‌مریكا ته‌نیا قازانجی ماددیی له‌ كه‌نداو ده‌بینی نه‌ك ئامانجی عوسمانی و ده‌وڵه‌تداری كوردیی ! به‌ڵكو ئه‌و دووانه‌ سه‌رئێشه‌بوون بۆ ئه‌مریكا !له‌و هاوپه‌یمانیه‌ی ئه‌مریكا –ئیران ، ئیسرائیلیش هه‌یه‌ ، پرسی ئیران گێت له‌ هه‌شتاكان ده‌سپێكی به‌ دیاركه‌وتنی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌ ، ئیسرائیل نه‌ ده‌یه‌وێت ئیران بڕوخێت یا له‌ شه‌ڕدا بكه‌وێت ئه‌وه‌ته‌ سه‌رۆكی موساد به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت : چه‌كه‌كانی ئه‌وان بوو نه‌یهێشت ئیران بكه‌وێت ***

ئه‌مریكا و به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی

ئه‌مریكا چۆن توانی به‌ره‌ی كۆمۆنیزم به‌بێ شه‌ڕ ببه‌زێنێ ، ویستی و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌مان ستراتیژ به‌ره‌ی سوننه‌ ببه‌زێنێت و به‌ پێوه‌ری جیسكی هه‌یاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی شیعه بكات .
ئه‌مریكا هه‌وڵیدا له‌ هه‌ر سێ ڕه‌وتی به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی بدات . سه‌ره‌تا له‌ توركیا ده‌ستیپێكرد و كوده‌تای ته‌موزی 2016 سازكرد ، به‌ڵام كوده‌تاكه‌ سه‌ری نه‌گرت هه‌روه‌ها دوای گه‌شتی تره‌مپ بۆ كه‌نداو ، هه‌رزوو به‌ره‌ی كه‌نداوی كرده‌ دوو ، سعودیا و ئیماراتی كرده‌ دژی قه‌ته‌ر . دروستكردنی ئه‌و ناكۆكیه‌ چاوه‌ڕێ كراو بوو ، ته‌نیا كه‌نالی جه‌زیره‌ كۆشك و كورسی ئیمارات و سعودیه‌ هه‌ژاندبوو !
پێش ڕیفراندۆمی ئه‌یلول ، زۆربه‌ی ڕۆناكبیری كورد ده‌ركی به‌ درزی نێوان به‌ره‌ی كوردی ده‌كرد . به‌ره‌ی شیعه‌ و به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی زۆر به‌ زه‌قی ده‌بینران ، له‌ نه‌زه‌ر خودی مه‌سعود بارزانیش چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا ، كه‌سانی سانه‌وی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی شیعه‌ ڕێكبكه‌ون زه‌برێكی كوشنده‌ له‌ ئه‌زموونی ڕیفراندۆم بده‌ن ، به‌مه‌ش گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو یا به‌زیو بكه‌ن . ئه‌مریكا نه‌یتوانی له‌ كه‌نداو و توركیا هیچ بكات ، بۆیه‌ له‌ ڕه‌وته‌ لۆكالیه‌كه‌ی كوردی باشووری دا . بۆ خۆشبوونی سیناریۆكه‌ ، هه‌ر له‌ دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه ری 2017 توانی ڕه‌وتی مه‌سعود بارزانی بێده‌نگ بكا و به‌ره‌ی لایه‌نگرانی ئیران و عێراق سه‌ربكه‌ون ، به‌ جۆرێك كه‌ركوك به‌ ته‌نیا ڕۆژێك بكه‌وێت .

چاره‌نووسی دوو ڕه‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی سوننه‌ درزێكی تری تێكه‌وت . توركیا وازی له‌ بیرۆكه‌ی عوسمانیه‌ت هێنا و بووه‌ هاوپه‌یمانی ڕووسیا هه‌ر له‌ ڕێگای ڕووسیاوه‌ش لوتكه‌ی سێ قۆڵی پۆتین-رۆحانی – ئه‌ردۆگان گرێدا . ئه‌و پاشه‌كشه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ به‌ره‌ی سوننی به‌ زه‌ره‌ری كوردی ڕۆژئاوا ته‌واو ده‌بێ ، دوور نییه‌ به‌ر له‌ ساڵی نوێ ڕووسیا و ئیران هیچ به‌رهه‌ڵستیه‌ك نه‌كه‌ن له‌وه‌ی توركیا عه‌فرین له‌ ڕووی بگرێت !
سعودیه‌ و كه‌نداویه‌كانی تر بێ پاڵپشت ماونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مریكا له‌م پرۆسه‌یه‌ قازانجێكی دوو لایه‌نه‌ ده‌كات : ده‌وڵه‌تی وه‌ك سعودیا و ئیمارات ناچار ده‌كات به‌ ملیاره‌ها دۆلار له‌ كڕینی چه‌ك له‌ ئه‌مریكا خه‌رج بكه‌ن ، ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ش بێته‌دی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ماڵی خوا بۆ موسڵمانان ئه‌سته‌م ده‌بێت ! به‌مه‌ش خه‌ونی ئه‌مریكی و شیعه‌ دێنه‌ دی :

– ئه‌مریكا ته‌واو ڕاسته‌وخۆ تر ده‌ست به‌ سه‌ر كه‌نداو ده‌گری و خه‌ونی عوسمانییه‌ت له‌بار ده‌بات.
– خامه‌نه‌ئی ڕابه‌ری شیعه له‌ ناوچه‌كه‌ ، وه‌ك موحه‌مه‌د سه‌لمان وتی : ده‌یه‌وێ ببێته‌ هیتله‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
– پرسی كوردیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین وه‌ك سه‌رده‌می دوای ( سیڤه‌ر)ی لێدێت ، چونكه‌ هاوپه‌یمانی ژێر به‌ ژێری ئه‌مریكی-ئیرانی هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ، دكتۆره‌ شیرین فوئاد مه‌عصومیش وته‌نی : ئه‌مریكا ڕۆژه‌ك له‌ ڕۆژه‌كان لایه‌نگری حكومه‌تی كوردی نه‌كردووه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ی 16ی تشرینی یه‌كه‌م ڕوویدا به‌ خیانه‌تی ئه‌مریكا له‌ كورد لێكبده‌ینه‌وه‌!
– هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌ ساڵی نوێدا ، ئیران شه‌ڕێكی عه‌سكه‌ری دژی سعودیا بكات و ره‌وشی باشووری كوردستان –عێراق به‌ قازانجی شیعه‌ ته‌واو بێت ، توركیاش خاڵه‌ ستراتیژیه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بگرێت ، له‌ ئه‌نجامدا ڕوه‌تی ڕوداوه‌كانیش به‌ قازانجی شیعه‌ ته‌واو ببێت و ئه‌مریكاش وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك بێ له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌تا هه‌ردوولا ته‌واو ماندوو ده‌كات! ‌‌‌‌
– * ڕوه‌ت : واجهه‌ ، ئاراسته‌
– ** حلف المصالح المشتركه، تریتا بارزی
***
AddThis Sharing Buttons
Share to Facebook40Share to TwitterShare to Google+Share to ارسال ايميل
مقالات:ماذا تعرف عن التعاون الخفيّ بين إيران وإسرائيل؟


سه‌لام ناوخۆش \ مامۆستای زانكۆ




ئایا بۆرژوازیەت لەڕێگەی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێت یان پێی بەهێز دەکرێت؟

مارکس کۆی شرۆڤە سیاسی و ئابوریەکانی تەواو واقعیانە داوەتە بەر لێکۆڵینەوەی زانستیانەو دوور لەیۆتۆپیایەک کەلەخەون و خەیاڵەوە بۆی چوبێت و دایهێنابێت.
لەکاتێکدا بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەڵێت؛ئەو سیستەمە بەدەستی خۆی گۆڕ هەڵکەنی بۆخۆی دروست کردوە،یانی چینی پرۆلیتاریا. دیارە ئەوەیشی کەسیستەمی سەرمایەداری بەئاگای بێت یان بەنائاگای،لەوەی چۆن و بۆچی گۆڕ هەڵکەنی خۆی دروست دەکات. هیچ کات واقعی نیە،هێندەی ئەوەی گەر خودی سیستەمەکە وانەبێت،ئەوا ناتوانرێت جیاوازتر ببینرێتەوە لەچاو سیستەمی کۆیلایەتی و سیستەمی دەرەبەگایەتی. بۆرژوازیەت وەک چینێکی خاوەن دەسەڵاتدارو خاوەن دەوڵەت و لەیەک ووشەدا،دەست بەسەرا گەری کۆی ئابوری وئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ ژێر چنگی خۆی. ئەوا هەر لەو ڕێگەیەیشیەوە،بۆ گەشەکردن و بردنەپێشی بازاڕو پیشەسازی و بەرهەمهێنان و زیاد کردنی سەرمایە،هەمیشە پێویستی بەبونی زێدەبەها هەیە،کەئەویش لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی بەرهەمهێنەران و خودی ململانێی نێوان بازاڕەکانەوە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا بەرهەم هاتوەکان،وەدەست دەخات. لەم نێوەدا،ئەم چینە بۆرژوا خاوەن سەرمایەدارانە،لەنێو خودی خۆیشیاندا پێک نایەن و هەمیشەو بەردەوام لەنێو ململانێ و دژایەتی و جەنگدان لەدژی یەکتری. گەر چینی بۆرژوازی بۆ پاراستنی خۆی و بونیادە چەوسێنەرەکەی نەبێت،ئەوکات نەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی دەوڵەت وئەو دامودەزگایانەی کەدەوڵەت ڕاگیر دەکەن،وەنەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی کارگەی چەک دروست کردن بەگشت جۆرو چۆنیەتیەکانیەوە.

وەک وتم جەنگ وەک بەشێک لەماهیەتی سیستەمی چینە چەوسێنەرەکان دەبێت ببینرێت،نەک وەک خواست و ئامانجی زۆرینەی ئەو چینەی کەلەڕێی چینی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسێنرێتەوە،بۆیە جەنگەکان و هەڵسوڕێنەرانی دەتوانین تەنها یەک شوناسیان پێ بدەین،ئەویش جەنگ تەنها خواست و ئامانجی چینە چەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بوە،نەک خواست و ئامانجی چینە چەوساوەکان. بۆیە ڕزگار بونی چینی کرێکارو گشت بەرەی ڕەنجدەرو زەحمەتکێش تەنها لەڕێی هاتنەمەیدانی شۆڕشگێڕانەوە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت نەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە.

خودی دەوڵەتانی بۆرژوازی لەم سەرەمەدا،هیچ کات باکیان بەشەڕی چەکداری نیە،بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە،چونکە ئەوان لەڕێی شەڕی چەکداریەوە تەواو تێک ناشکێنرێن،بەڵکو دەتوانن لاواز ببن،بەپێچەوانەوە،لەڕێی شەڕی چەکداریەوە دژی دەوڵەتانی بۆرژوازی،ئەوەی زەڕەرمەند دەبێت خودی چینە بەرهەمهێنەرەکانن،چونکە لەو ڕێگایانەوە،بێ کاری زیاد دەبێت و بەرهەمهێنان بەرەو داکشان دەڕوات،عێراقی دەورەی ڕژێمی بەعس نمونەیەکە لەسەدان نمونە،چەندین ساڵ هێزی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی بونی هەبو،کەچی بەهیچ شێوەیەک نەیتوانی زەرەرێکی والەو ڕژێمە بدات کەناچاری بکات تەسلیمی ببێت،بەپێچەوانەوە،ڕژێمی بەعس هێندەیتر دڕوهارتر بو بۆسەر گیانی خەڵکی سیڤیل و شۆڕشگێڕی کورد زمان. دواتر لەنێو ئەو شێوە بزوتنەوە چەکداریانەیشدا،لێکپچڕانی زیاتری نێوان قڵشتی چینایەتی دروست دەبێت. ڕژێمی بەعس دوای هیلاک بونی لەجەنگی هەشت ساڵەیدا لەبەرانبەر دەوڵەتی ئاخوندەکانی ئێرانداو دواجار بەناچاری پەلاماردانی کوێت و داگیر کردنی،بوە ئەو هۆکارو دەرئەنجامەی کەهەلی دابەدەست ئیمپریالیزمی ئەمریکی و لەڕێی جەنگی کاول کاریانەوە،هەم لەلایەک مەدی شۆڕشگێڕی خەڵکی عێراقیان تێک شکاندو هەم لەلایەکیترەوە خودی ڕژێمیشیان ڕوخاند،ڕوخاندنێک نەک لەپێناو چونەسەری مەدی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەر،بەڵکو ڕوخاندنێک لەپێناو سەپاندنی هێزوهەیمەنتی هێز لەڕێگەی جەنگ و ئامرازەکانی جەنگەوە. ئەو چەمکە،بۆیە لەلایەن خودی چینی سەرمایەداریەوە بەردەوام وەک بونی هەناسەدانیان درێژەی پێدەدەن و کۆی زانستی بەدەست هاتو دەخەنە ئەو پێناوە،تابەکۆمەڵگەکان و خودی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە بڵێت،گەر هەرکەس و چینێک خاوەنی چەک نەبێت ئەوا ناتوانێت دەست ببات بۆ ڕوخانی هیچ دەوڵەتێک،بەڵام لەڕاستیدا وانیەو ئەو فەلسەفەیە تەنها چەواشەکارانەیەو گەر خودی چینی کرێکاری بەرهەمهێنەرو ئەو ملیۆنان لەکرێ وەرگرانە،دەست ببەن بۆ وەستاندنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان،ئەوا،هیچ چەکێکی مرۆڤ کوژ فریای خودی خاوەنەکەیشی ناکەوێت.

بۆرژوازیەت تەنها لەهاتنەمەیدانی سیاسیانەی سەرشەقام و وەستانی کارگەران دەترسێت کاتێک بەشێوازی ڕێکخراوبونی خۆیان ودەست دەکەن بەمانگرتن و بەرهەمهێنان و کۆی چالاکیەکان دەوەستێنن،کەگەر ئەو چینە نەبێت بەبۆرژواکان هەڵناسوڕێت.
دەست بردن بۆجێگا هەستیارەکان خاوەن دەوڵەتە چەوسێنەرەکان دێنێتە لەرزین،نەک پەنابردن بۆ دروست کردنی هێزی چەکدارو ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریانە. دیارە ئەوە ڕونە کەدەوڵەتانی بۆرژوازی هەروا بەئارەزوی خۆیان دەست لەدەوڵەت داریەکانیان هەڵناگرن،بەڵام پێم وانیە لەڕێگەی چەکداریشەوە بتوانرێت بڕوخێنرێن.

بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕژانە سەرشەقامەکان و ڕێکخراوبونی هێزی چینایەتی بەبونی پارتی شۆڕشگێڕی سەربەو چینە،بۆیەک جار هاتنە مەیدانی،دەیان هێندەی ساڵانێک دەبێت کەبەهێزی چەکداری ڕوبەڕوی دەوڵەت ببێتەوە.
ئێستا پارتی و یەکێتی کەخاوەنی حکومەت و دەسەڵاتن،بەو بارە لاوازەی خۆیشیانەوە،زۆریان پێ باشترە کەهێزێکی چەکداری نەیاریان هەبێت و شەڕی سەنگەر بەسەنگەریان لەگەڵ بکات،بەڵام نەک هێزێک و خرۆشانێکی جەماوەری سەرتاسەری خاوەن یەک هەڵوێست بینن کەلەشەقامدا لەمەیدان و خەباتدا بن لەدژیان. ئەوان بەرگەی ئەوی یەکەمیان دەگرن،بەڵام ناتوانن بۆماوەی مانگێک بەرگەی هاتنە مەیدانێکی سەرتاسەری جەماوەری بگرن. جائەو نمونەیە دەکرێت بگونجێت بۆ هەردەوڵەتێک کەچەندێکیش دڕندەو داپڵۆسێنەربێت. دەڵێت کاتێک زۆر هات قەواڵە بەتاڵە،ئەو وتەیە،بۆ خاوەنانی دەوڵەتی چەوسێنەرانیش هەر ڕاست دەبێت،کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگە هاتنە مەیدان و دەستیان برد بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئیتر ئەو چینە دەسەڵاتدارە هەربەناچارانە ناچار دەبێت واز لەدەسەڵات بهێنێت،بەتایبەتیش لەوکاتانەی کەهێزی سوپاو پۆلیس دەچنە پاڵ جەماوەری شۆڕشگێڕەوە.
مێژوو زۆر نمونەی وای تێدایە. شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی 1871بۆخۆی بەئەزمونترین و پڕ لەواقعێانەترین شێوازی شۆڕشگێڕانەو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو لەدژی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 و ئێستایش لەم سەدەیەدا،گەرچی سیستەمی زلهێزانی سەرمایەداری خاوەنی داهێنانی زۆرن لەچەکی کۆکوژو وێران کەردا،بەڵام گەر مرۆڤایەتی وابزانێت کەئەو زلهێزانە و بەرهەمهێنەرانی چەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێن،ئەوا من بڕوام بەکارێکی وانیەو دەتوانم بەیەقینەوە بڵێم کەدەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری و کۆی دەوڵەتانی دیکەی سەرکوت گەری بۆرژوازی،تەنها و تەنها لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانرێن بڕوخێنرێن و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان کۆتای پێ بهێنرێت.

تاهیر حاجی حەسەن
09/12/2017




کرێکارێک مێژو دەخوێنێتەوە … برتۆڵد برێخت

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا ….

کێ بوو حەوت دەروازەی تبسی1 درووستکرد؟
کتێبەکان پڕبوون لە ناوی پادشاکان
هیچ پادشایەک پارچەیەک لەو گابەردانەیان هەڵگرت؟
بابل چەندین جار خاپورکرا
کێ شارەکانی هەموو جارێک بنیات نایەوە؟
لەکامە ماڵەکانی لیمایا2،
ئەوشارەی وەکو ئاڵتون دەبریسکێتەوە،
ئەوانەی درووستیان کرد تێیدا ژیان؟
ئەو ئێوارەیەی دیواری چین تەواو بوو
بەناکان بۆ کوێ ڕۆشتن؟
ئیمپراتۆری ڕۆم پڕە لە کەوانەی سەرکەوتن
کێ لە پشتی ئەوانەوە وەستاوە؟
قەیسەر بەسەر کێدا سەرکەوت؟ بێزەنتین لە ناو گۆرانیدا دەژی.
هەموو ماڵەکان کۆشکی بوون؟ تەنانەت لە ئەفسانەی ئەتڵانتاش
ئەو شەوەی دەریا هروژمی هێنا
پیاوە خنکاوەکان دەیانبۆڕاند بۆ کۆیلەکانیان.

ئەلکساندەری گەنج لە هیندستان سەردەکەوێت.
بەتەنها بوو؟
قەیسەر گۆڵسی3 بەزاند
ئەرێ چێشت لێنەرێکیش لە سوپاکەیدا نەبوو؟
فلیپی ئسپانیا گریا وەک ئەوەی کەشتێکەی نوقم بوبێت.
ئەرێ فرمێسکێکی ترلەوێ نەبوو؟
فردریک سەرکەوتنێکی مەزنی لە شەڕی حەوت ساڵەدا بەدەست هێنا.
کێ لەگەڵیدا سەرکەوت؟

هەمولاپەرەیەکی سەرکەوتن
کێ پاداشتی سەرکەوتنی داوە؟
هەر دەساڵ جارێک پیاوێکی مەزن
کێ پارەی زورناژەنی داوە؟

زۆرێک لە تایبەتمەندی
زۆرێک لە پرسیار.

Bertolt Brecht

—————————————
1- شارێک لە ناوەراستی یۆنان
2- پایتەختی پیرۆ
3- ناوچەیەک بوو لە کۆندا لە ڕۆژئاوای ئەوروپا




كوردی هائیم و حەیران (3) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

هێشتا پێم نەخستبووە بێرایی دەستخەتخانە، (حاجی)م لەبەرچاوان بوو لەبەرخۆیەوە دەیگوت:
لە ڕۆما كەوتە بەرچاوم كەسێكی هائیم و حەیران
بە هەیئەت تێگەییم كوردە، بە شێوە ئەهلی كوردستان
لەناو ئەو هەموو ڕەنگانەدا دڵم دادەخورپا، وەك ئەوەی جەرگ و هەناو و زگ و ڕوحمم بجوڵێنن و یەك یەك خزمی پشتێ و برای خوێن و گۆشتێم بناسمەوە. برای گۆشت و خوێنم هەمووی داماو و ڕەقەڵە و باریكەنە، دەم و چاویان پێكداقوپاینە و كت و مت هەر بە جحێڵی پیربوونە، لە سیمایاندا هەزار و یەك خەم و هەزار و یەك ناسۆر و دەردەدڵ هەست پێدەكەی، ئەوێن دیكەش سۆر و سپی و جوان، وەك ئەوەی جارێك خەم بە قاسی مێشێكیش میوانیان نەبووە، ئەوهان.
دوو پیاو لەپشتی مێزەكەوە ڕوونشتینە، یەكیان ڕەنگی ڕەنگی كرمانجانە و خوێن و گۆشتی بانگمان دەكات، ئەوی دیشیان بەرغەبابەی بە بن لمووزیدا هاتیتە خوارێ و كورد گوتەنی ملی بە نۆ بیوران ناشكێ. دەستخەتێکمان پێش دوو مانگان لەوێ بەجێهێشتبوو، تەڵەبمان كرد بماندەنەوە، بابای تەنگەستوور چووە سەر كەلی شەیتانی و نەهاتە خوارێ، مردین و سووتاین نەهاتە خوارێ و نەهاتە خوارێ. ئەوی ڕەقەڵە و باریكەش لە چاوانیدا دونیایەك ڕامان هەبوو، هەر لێمان ڕادەما و نەیدەتوانی قسەیەكی خێر بكات، ئەمنیش بە كوردی بە ڕەفیقەكەم گوت كە ئیدی بچین و با زۆری لۆ كەمی نەڵێین.

كابرای ڕەقەڵە هەر كە زانی كوردم، تا دەرێ لەگەڵمان هات، بە نەرمی و بە پەنهانی، بە توركییەكی شەرمنانەوە گوتی: ئەز ژی كوردم!
بە ئاخ هەڵكێشانێكەوە هەڵمدایێ:
ئیدی چوو، زمانی كوردی چوو، كوردی بێ خودان، كوردی هائیم و حەیران…!
كابرا بە توركی قسەكانی پێ بڕیم و گوتی تێگەیشتم، كورد چوو، زمان چوو، مخابن!
نەیتوانی قسەكانی تەواو بكات، سۆر هەڵگەڕا، ڕەنگێكی هێنا و ڕەنگێكی برد، چاوی پڕ لە ئاو بوون، بە قوڕگی پڕ لە هەنسكەوە، دەستی گرتم، هەموو بێدەنگ بووین، لە چاوی هەردووكمان ڕاما، دەستی گەرم داهاتن، ئاخێكی وا گەرمی هەڵكێشا بەفر و شەختەی هەناوانی دەتاواندەوە. دەستی بەردام و گوتی من عیلاجی دەكەم!
كارەكەی جێبەجێ كرد، ئەو ڕۆژانەی لەوێ بووم، هەر كە دەچوومە لای تا ئیمزایەك بكات، نەیدەوێرا یەك قسەم لەگەڵ بكات، نووسراوەكەی لێ وەردەگرتم و بە خەمەوە تەماشایەكی دەكردم، وەك ئەوەی پێم بڵێ چەند پێم خۆشە لەگەڵت بپەیڤم، لێ نكارم نا!
ئەزیش هەر قسەكەی (حاجی)م بە فكردەهاتەوە و لەبەرخۆمەوە دەمگوت سەد و بیست ساڵ تێپەڕی و كورد هێشتا هەر هائیم و حەیرانی جارانە!
ئێرە ستەنبۆڵە، باژێڕێكی چەندی بڵێی مەزنە، لە دەستخەت و بەڵگەنامەكاندا ناوی بە (درسعادت، درتعالییە، ئاستانە…) هاتووە، هەموو ڕەنگان دەبینی، خڕ دەنگان دەبیستی، جێی وای تێدایە دەرزی باوێی وە عەردی ناكەوی، لێرە جوانییەكی بێ وێنە، هەوارێكی دڵڕفێن و مەڵبەندێكی مێژوویی و كولتووری گرنگ دەبینی، ئەمما ئەمن هەر كە پێ لەو خاكە دادەنێم، نالی و حاجی و شێخ ڕەزا و میری كۆرە و مەحوی و باقیی كوردانم وەبیردێنۆ، هەر دەڵێی زەمەنم بۆ قورمیش دەكەنەوە و سەد ساڵم دەبەنەوە پاش! سەد ساڵی پڕ لە خەم و داماوی و حەیران!




پیلانێک لە دژی خوێندنی کوردی لە کەرکوک … رەزا شوان

لە دوای پیلانە سێ قۆڵییەکەی رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دا، کە کەرکوک لە لایەن سوپای عێراقی شیعستان و (الحشد الوحشي) و پاسدارانی ئێرانی سێدارە و میتی تورکیای زیندانستانەوە، بە تازەترین و قورسترین چەک شاری کەرکوک و خورماتوو و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان داگیرکرد.. لە یەکەم رۆژەوە تا ئەمڕۆش ئەوەی بەعسی شۆڤێنی و داعش پێی نەکرا بە کوردی بکەن، ئەم بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازانە، بە شێوەیەکی زۆر دڕاندانە تر و قێزەوەنتر و بێڕەوشتانەتر، بە کوردیان کرد و دەیکەن.. لەم رووەشەوە ناکۆکی و ململانێ و ناتەبایی و دژایەتیکردنی یەکتری و نایەکڕیزی و نایەک وتاری و فرە کوێخایی کوردیان قۆستوونەتەوە.

لە ئەمڕۆدا، کورد لە شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و داگیرکەران بە چاوێکی سووک و بێڕێزییەوە لە کورد دەڕوانن، زۆربەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەش کە لە شاری خورماتوو دەرهەق بە سڤیلی بێتاوانی کورد ئەنجام دران، لەوانەش دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتی کورد، کە لە لایەن بێڕەوشتانی (الحشد الوحشي التروکماني) یەوە ئەنجام دران، کە هێزێکی رەگەزپەرستی و شیعەپەرستی توندڕەوی رق و کینەپیسی تیرۆریستن، هەرگیز قابیلی بیدەنگی و قبوڵکردن نییە، نابێت لێیان بەسەربچێت. ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان بەری لە پەلاماردانەکانی داعش نەگرتایە لەو ناوچانەدا، ئابڕووی ئەم تورکمانانە توندڕەوانە، دەکەوتە ژێردەستی داعشەوە، چونکە ئەو غیرەت و توانایەیان نەبوو، کە بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. بە دەیان پێشمەرگەی قارەمانمان لە پێناوی پارستنی خوورماتوودا بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پێکهاتەکان دا، بوونە قوربانی و شەهیدبوون، کەچی ئەم رەگەزپەرستە ناپیاو و نامەردانە، بە ئەوپەڕی نامەردی و بێڕەوشتی و بێ ئەمەکییەوە. تاوان و خراپە بەرانبەر بە کوردی خوورماتوو و کەرکوک دەکەن.. ئەمەش بێڕەوشتی و نامەردی و ناپیاویان دەگەیەنێت، ئەمەیە راستی خەسڵەتی رەسەنی ناڕەسان و نامەردان.

دێینە سەر کرۆکی بابەتەکەمان، کە دەربارەی داڕشتنی پیلانێکی تری داگیرکەرانی کەرکوکی کوردستانییە، بۆ شکستیهێنان و نەهێشتنی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکانی شاری کەرکوک دا، کە بەپێی پیلان و پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت جێبەجێی بکەن.. بە لای منەوە ئەمە پیلانێکی چاوەڕوان کراوبوو.. دووبارەکردنەوەی سیناریۆی هەمان پیلانی بەعسییە شۆڤێنییە رەگەزپەرستەکانە، کە لە ساڵی (١٩٧٣) دا، دژ بە خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا جێبەجێیان کرد و، خوێندنیان بە زمانی کوردی لە کەرکوک دا قەدەغەکرد. من وەکو مامۆستایەکی شایەتحاڵ ( مامۆستا بووم لە کەرکوک) ئاگاداری چۆنییەتی بە عەرەبکردنی خوێندنی کوردی بووم لە کەرکوک، بە کورتی دەیگێڕمەوە:

لە ساڵی (١٩٧٢) وە وە، بەعسییەکان لە شاری کەرکوک دا، کە پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردە و زۆربەی بەڕێوەبەرێتی و فەرمانگاکانی پارێزگای کەرکوکیان قورخکردبوون و، لە لایەن بەعسییەکانەوە بەڕێوە دەبران.. بە پێی پیلانێکی داڕێژراوی هەنگا و بە هەنگاو، کوتنە پڕوپاگەندە و دژایەتیکردنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. ئەوەیان بڵاوکردەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتووی نییە و، خوێندن لە زانکۆکان دا بە زمانی عەرەبییە.. زمانی عەرەبی زمانی قورئانە.. لەم جۆرە پڕوپاگەندانەیان بڵاودەکردەوە.. قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی زۆری کەمی ژمارەی مامۆستای کوردییان هەبوون، بەڵام بەعسییەکان مامۆستای کوردیان لە کەرکوک دا دانەدەمەزراند.. مامۆستایانی عەرەبیان لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کەرکوک هێنا و دەیانخستنە قوتابخانە کوردییەکانەوە.. ئایا مامۆستای عەرب چۆن دەتوانێت وانەکان بە کوردی بڵێتەوە؟! بێجگە لەوەی جێگری بەڕێوەبەری زۆربەی قوتابخانە کوردییەکان درانە عەرەب، کە زیاتر لە بەڕێوەبەرە کوردە قسە و دەستی دەڕۆیی و دەیخوڕی، لە ساڵی (١٩٧٤) بەدواوە (خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەما) ئەوەشیان کرد بە مەرج دەبوایە بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کەرکوک بەعسێ بوونایە.. هەندێ مامۆستای کورد و تورکمان کە وەکو بەڕێوەبەر مانەوە، ئەوانە ببوون بە بەعسی، ئێمە لە نێوان خۆمان دا دەمان وت:” ئەوانە حەپە سەوزەکەیان قووت داوە ـ واتە بوونە بە بەعسی ). لە ساڵی (١٩٧٣) دا لە ئەنجامی ئەو پڕوپاگەندانەی بەعسییەکان کە لە کەرکوک دا بڵاویان کردەوە، وایان کرد کە هەندێ لە دایک و باوکانی کورد منداڵەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بگوێزنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. کە لە دایک و باوکێکی کوردم دەپرسێ بۆ منداڵەکەت دەگۆازیتەوە بۆ خوێندنی عەرەبی؟ لە وەڵام دا دەیوت: بۆ ئەم پرسیارە لە کاربەدەست و لە بەرپرسە حیزبییە کوردییەکان لەم شارەدا ناکەیت.. کە ئەوان هەر لە سەرتاوە منداڵەکانیان خستنە خوێندنی عەرەبییەوە؟ قسەکەشەیان راست بوو.

بێجگە لەو هۆیانە، هۆی تریش هەبوون وەکو: کەمی ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان، کەمی پەرتوک و دابین نەکردنی پیداویستییە پێویستییەکانی سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. وەرنەگرتنی قوتابییە کوردەکانی کەرکوک لە زانکۆکان دا.
بەعسییەکان ئەوەیان دەوت کە باوک و دایکی منداڵە کوردەکان خۆیان داوایان کردووە کە قوتابخانەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بکرێن بە عەرەبی. بەڵام لە راستیدا ئەمە راست نەبوو.. دوا قوتابخانە کە لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٣) دا، لە کەرکوک دا کرا بە عەرەبی قوتابخانەی (مەشخەڵ) بوو لە کەرکوک کە من مامۆستای زمانی کوردی بووم لەو قوتابخانەیەدا، باوک و دایکی هیچ قوتابییەکمان منداڵەکانیان نەگواستەوە بۆ خوێندنی عەرەبی و کەسیشیان نەهاتن، کە بڵێن دەمانەوێت خوێندن لەم قوتابخانەیەدا بکرێت بە عەرەبی، کەچی پەروەردەی کەرکوک نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی قوتابخانەکەمان کرد کە تێدا نووسرابوو، لەسەر داخوازی هەموو باوکان و دایکانی قوتابییەکانی قوتابخانەی مەشخەڵ، لە بەرواری ئەم نووسراوەوە، لەم قوتابخانەیەدا خوێندن بە عەرەبی دەبێت و ناوی قوتابخانەکەش دەگۆڕین.. ئەوەبوو لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٤) ەوە، بە تۆبزی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا نەما، ناوی هەموو قوتابخانە کوردییەکانیانیش، ناوی عەرەبیان لێنان.

بەعسییە شیعە رەگەزپەرست و مەزهەبپەرستەکانیش، وا خەریکن هەمان سیناریۆ و پیلانی رژێمی لە ناوچووی بەعس دووبارە دەکەنەوە، دووبارە پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە خوێندن بە کوردی هيچ داهاتوویەکی نییە.. هانی هەندێ لە دایک و باوکانی کوردییان داوە، کە داواکاری بنووسن و بە فەرمی داوابکەن کە منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. بە نیازیش هەموو رێوشوێنێک بگرنە بەر و هەموو کۆسپێک بخەنە رێی خوێندنی کوردی تا شکستی پێبهێنن و بە تەواویش خوێندنی کوردی لە کەروک دا نەهێڵن و دووبارەش ناوی قوتابخانەکانیش دەگۆڕن.. ئاشکراشە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی عەرەبی دا، هیچ تایبەتمەندییەکی کوردییان تێدا نییە. بەڵکو بریتییە لە پرۆگرامێکی رەگەزپەرستی و ئاینیی شیعە مەزهەبه کۆنەپەرست. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی کەرکوکیش بە دەستی تورکمانەوەیە، ئەوانیش زۆر دژایەتی خوێندنی کوردی دەکەن. بەشێکی شكستی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی پەروەردەی کوردستان وەکو پێویست ئاوڕیان لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەدایەوە، ململانێ و ناکۆکی و نەسازانی پارتە کوردییەکانیش لە کەرکوک دا هۆکارێکی ترە.. هەموو قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی کەمی مامۆستا و کتێب و تەختەی دانیشتن و نەبوونی قوتابخانەی تازەیان و پێویستیەکانی خوێندنیان هەیە.. کردنەوەی قوتابخانە ئەهلییەکانی” کـتاب” و “قلـم” لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک کە خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە، بە داخیشەوە لە (سەدا نەوەتی) ئەو مامۆستایانەش کە لە قوتابخانەکانی کتاب و قلم وانە دەڵێنەوە کوردن.. مەبەستیش لە کردنەوەی ئەم قوتابخانانە بە عەرەبی لە نێو گەڕەکە کوردییەکان شاری کەرکوک دژایەتیکردن و تەنگپێهەڵچنینی خوێندنی کوردییە لە کەرکوک دا.

ئەمەش یەکەمین کاری گڵاوی بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازەکانی ئەمڕۆی عێراق نابێت لە کەرکوک دا لە دژی گەلی کوردمان.. بەڵکو من پێشبینی تاوان و پیلانی قێزەوەنتریان لێدەکەم، چونکە ئەمانە بڕوایان بە دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و مافی گەلان و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و ئاشتی نییە.. ئەوەتا بە ئاشکرا نەوتی کەرکوک بە تاڵ دەنێرن بۆ ئێران.. چونکە عێراق بۆ بە بەشێک لە ئێران و لە تاران،. ئێران عیراق بەڕێوەدەبات پلانی بۆ دادەنێت و رێنمایی سەرکردەکانی دەکات. کە چی بکەن و چی نەکەن ئێرانە (الحشد الوحشي ) بە ڕێوەدەبات و ئاراستەیان دەکات.

بێگومان زمان ناسنامە و گرنگترین کۆڵەکەی نەتەوەییە، کاڵبوونەوەی زمان لە لای تاک، کاڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و کزبوونی سۆز و هاوبەستەبوون بۆ گەل و نیشتمان.. زیاتر لە سەد ساڵە داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە گڵاوەیان، دژایەتی زمان و کەلتووری کوردییان کردووە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. بە تۆبزی و زۆرداری دەیانەوێت زمان و کولتوورێکی رەگەزپەرستی و مەزهەبی بەسەر گەلەکەمان دا بسەپێنن، کە لە لای ئێمە نامۆن و پێمان هەرس ناکرێن. داگیرکەرانی کوردستان مەبەستیان ئەوەیە خۆشەویستی زمانی کوردی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە لای منداڵانی کوردمان کاڵ بکەنەوە، لە کورد و کوردستان هەڵیان بگەڕێننەوە.. ئەمەش پیسترین شێوازی بە عەرەب کردنە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سیمای شاری کەرکوک و خورماتوو بە دیدەکرێن، بریتین لە دروشمی رەگەزپەرستی و مەزهەبپەرستی عەرەب و تورکانە شیعە توندڕەوەکان.. ئەو دروشمانەن کە زیاتر لە (١٤٠٠) پێش ئێستا بەرزیان کردنەوە، تا ئەمڕۆش دەستیان لە خوێنڕشتن هەڵنەگرتووە.

بە داخەوە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردمان، کە جار وبار بۆ موزایدەی سیاسی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کەرکوکیان کردبوو بە ( قودس ) و بە ( دڵی کوردستان) کەچی ئەم پاڵەوانانەی بەردەم مایکەکان و نێو سەتەلایتەکان، لە سلێمانی و هەولێر دا پاڵیان لێداونەتەوە، دەستە چەورەکانیان بە یەکتری دا دەسڕن و یەکتری تاوانباردەکەن، کە لە راستیدا هەردوو لایان تاوانبارن، باجی نابەڵەدی و هیچ لەباری و دۆڕاندنیان، خەڵکی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و شوێنەکانی تری گەرمیان دەدەنەوە. لە ئەمڕۆدا ـ ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کراوە ـ رۆژ نییە سوکایەتی بە کەرکوک و بە کەرکوکییەکان نەکرێت. تا ئێستا زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی کەرکوک و خۆرماتوو لە بارودۆخێکی خەراپ دا، لەژێر چادردا دەژین و منداڵەکانیان لەخوێندن دابڕاون.. لە ترسی جەجەویدە عەرەبە شیعە رەگەزپەرستەکان و حەشدی وەحشی بێڕەوشتی تورکمانی لە خورماتوو ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی هەزاران ساڵەی باوباپیرانیان.. بەرپرسانی کورد هەر وەکو ـ نە بایان دیبێت نە باران ـ ئاوڕ لە کەرکوک و لە کەرکوکییەکان نادەنەوە و هێچ لایەکیان خۆیان بە خاوەنی کەرکوک نازانن.. تا ئەمڕۆش هیچ پەند و وانەیەکیان لە شکستییەکانی گەلەکەمان وەرنەگرتوون.. گەر کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا دەسەڵاتداربێت لە حکومەتی کوردستان دا، گەر کەس نەبێت و رەجەب سەرپاڵەمان بێت.. لەمەش خراپترمان بەسەردێت.. تا کەی کورسی و پۆست پەرستی و خۆپەرستی؟ تاکەی بنەماڵەیی و فرە کوێخایی؟ خزم خزمێنە؟ تاکەی مەحسووبییەت و مەنسووبیەت؟ تاکەی باڵ باڵێنە؟ تا کەی دزی و گەندەڵی؟ تاکەی حیزبایەتی نەک کوردایەتی؟ تاکەی ناوچەگەری نەک کوردستان پەروەری؟ تاکەی خەڵکی داماوی گەلەکەمان گورگان خوارد دەکەن؟ تاکەی بێ ئاو و بێ کارەبایی و بێ خزمەتگوزارییان دەکەن؟ تاکەی بە نەبوونی و برسێتی و کوێرەوەری و هەناسەسەردی بژین؟ تاکەی موزایدەکردن بە کەرکوک و بە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانەوە دەکەن؟ تاکەی بە دەیان کۆبوونەوە و سەردان لە دوای سەردانی بێ ئەنجامی یەکتری؟ تا کەی گوێ بە خواست و گلەیی و ناڕەزاییەکانی رەش و رووتی گەلەکەمان نادەن؟ تاکەی دەکەونە داوی داگیرکەرانی کوردستان و زوو تێدەکەون و لەخشتەدەبرێن؟ تاکەی خۆڵ لە چاوی گەلەکەمان دەکەن؟ تاکەی بە خۆتانا ناچنەوە و دان بە راستییەکاندا نانێن؟ تاکەی دەست لە کورسییەکانتان هەڵناگرن و دەسەڵات قورخ دەکەن؟ ئەی تاکەی موزایەدە لەسەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان دەکەن؟؟ تا کەی خۆتان گیل دەکەن و نازانن کە جامی تووڕەیی و بێزاری گەلەکەمان پڕبووە و لێی دەڕژێت؟ تاکەی و.. تاکەی؟؟




هه‌ژاری و چاره‌نووس … به‌ختیار محه‌مه‌د

به‌ هه‌زاران و ملیۆنان مرۆڤ هه‌ن هه‌ر كه‌ له‌دایك ده‌بن و تا ده‌شمرن، هه‌ر به‌ هه‌ژاری ده‌ژین و ده‌مرن. وه‌ك بڵێی هه‌ژاری یاسایه‌كی سروشتییه‌ و بۆ ئه‌وان بڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌نێوچه‌وانیاندا نووسراوه‌. ئایینیش به‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌، كه‌ ئێوه‌ له‌ دنیاكه‌ی دیكه‌دا به‌هه‌شتتان هه‌یه‌ و ئێوه‌ خۆشه‌ویستی خودان. مه‌سیح ده‌ڵێ: (( ده‌وڵه‌مه‌ندان ناچنه‌ به‌هه‌شت)).
ئه‌م فریودانه‌ (ئه‌م گوتاره‌ فریوده‌ره‌)، نه‌ك هه‌ر یارمه‌تی هه‌ژاران نادا، كه‌ واقیعی ژیانیان بگۆڕن، به‌ڵكو وایان لێده‌كا به‌و واقیعه تاڵه‌ی، كه‌ هه‌یانه‌‌ ڕازی بن و به‌ زه‌لیلی چاویان له‌ ده‌ستی خێر و سه‌ده‌قه‌ی خواپێداوان بێ. ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و خواپێداوانه‌ی، كه: یان سیاسی درۆزن و سته‌مكارن؛ یان بازرگانی بێ ویژدان و چاوچنۆكن؛ یان خاوه‌نكاری خوێنمژن؛ یان ورده‌بۆرژوای هه‌لپه‌رستی پاره‌په‌رستن؛ یان ده‌ره‌به‌گێكی ئۆرۆستۆكراتی چه‌وسێنه‌رن؛ یانیش… تاد.

خێركردن له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌ك هه‌ر شتێكی ئه‌رێنیی نییه‌، به‌ڵكو هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌به‌دییه‌تی بوونی جیاوازی چینایه‌تی زۆر له‌نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌نداندا. چه‌مكی وه‌ك سه‌ده‌قه‌ و خێر، كه‌ زیاتر چه‌مكی ئایینیین، له‌ جه‌وهه‌ردا هه‌م شه‌رعییه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی جیاوازی زۆری چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن له‌نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان؛ هه‌میش هه‌ژاری ده‌كه‌نه‌ شتێكی پیرۆزی هه‌تاهه‌تایی و وه‌ك پایه‌یه‌كی ئه‌رێنیی ئایینیی ته‌ماشای ده‌كه‌ن. لێره‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژاران لایه‌نگر و پێڕه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینن، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی ئایینه‌وه‌ ڕزگاریان نابێ. ئه‌و ڕۆژه‌ خوێندمه‌وه‌، كه‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا به‌ ملیۆنه‌ها هاووڵاتی ئێرانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و به‌ ملیۆنه‌هاشی بێكارن…
پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئایین ده‌توانێ دادپه‌روه‌ریی به‌دی بهێنێ؟ ئایا ئایدیۆلۆژیایه‌ك، كه‌ له‌واقیعدا له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ردوو چه‌مكی جیاوازی چینایه‌تی ((هه‌ژاری)) و ((ده‌وڵه‌مه‌ندی)) دامه‌زرابێ، ده‌توانێ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست بهێنێ؟ هه‌ڵبه‌ت دادپه‌روه‌ریی له‌ واقیعدا، نه‌ك له‌ خه‌یاڵ و له‌ به‌هه‌شتدا.




سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! … عه‌بدوڵا ساڵح

هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا ناو به‌ناو خۆی ده‌كاته‌ جێگای سه‌رنجی میدیا جیهانیه‌كان وده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن چ له‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا و چ له‌ده‌ره‌وه‌. زوربه‌ی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانیشی ده‌بنه‌ جێگای سه‌رسامی و هه‌ندێك جار شۆكبوونی دۆسته‌كانی پێش دوژمنه‌كان!
بڕیاری هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌یماننامه‌ی پاریس ده‌رباره‌ی ژینگه‌ ، هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌كانی له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی په‌یماننامه‌ی ناتۆ ، ڕێگه‌ گرتنی له‌ هاوڵاتیانی هه‌ندێك ووڵاتی ئیسلامی بۆ چونه‌ ناو ئه‌مریكا كه‌ هه‌ندێكیان په‌یماننامه‌ی دۆستایه‌تیشیان له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئۆتۆمیه‌كه‌ی ئێران و، تویته‌ ڕۆژانه‌كانی كه‌ هه‌ندێك جار‌ وه‌ك پاڵه‌وانی تویته‌ر ناوده‌برێ، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌شدا بڕیاری گواستنه‌وه‌ی سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئیسرائیل له‌ شاری ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ شاری قودس و ئیعتراف به‌و شاره‌ وه‌ك پایته‌ختی هه‌میشه‌یی ئیسرائیل له‌كاتێكدا‌و به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان شارێكی داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ !
ترامپ له‌ناوخۆی ئه‌مریكادا له‌بارێكی سیاسی زۆر سه‌قامگیردا نیه ، كێشه‌ی ده‌خاله‌تی ڕوسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و دان پیانانی گه‌وره ‌ڕاوێژكاری پێشوی ئه‌منی قه‌ومی – مایكل فلین – به‌وه‌ی له‌م كه‌یسه‌دا درۆی له‌گه‌ڵ ئیف بی ئای كردوه‌ وبه‌جدی وه‌رگرتنی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ڕۆبیرت مۆله‌ر كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكاوه‌ ئه‌و‌ كاره‌ی پێسپێردراوه‌، ‌ بارودۆخه‌كه‌ی له‌ترامپ ئاڵۆزتر كردوه‌ ، بۆیه‌ له‌ ئێستادا زۆری پێویست به‌ هاوكاری وپشتگیری لۆبی ئیسرائیلیه‌ له‌ناو كۆنگریسی ئه‌مریكا وناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و ووڵاته،‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و لۆبیه‌ له‌پڕ نفوز ترین و به‌هێزترین لۆبیه‌كانی ناو ئه‌مریكا هه‌ژمار ده‌كرێ ، ئه‌م بڕیاره‌ی ترامپ نابێ به‌ده‌ر له‌م حاڵه‌ته‌ حسابی بۆ بكرێ یان لانی كه‌م وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆ كاره‌كان، ئه‌گه‌رچی گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ ئیسرائیل ئه‌مریكای بچكۆله‌یه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا .

خۆری سه‌ربازی داعش له‌ سوریا وعێراق ڕوو له‌ ئاوابوونه‌ ، قۆناغی دواتر قۆناغی دروێنه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی تێكشكانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داعشه‌ ، ڕوسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی خۆیان بۆ پشكی شێر ئاماده‌ كردوه‌، له‌و نێوه‌دا ئه‌مریكا ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆی نابێ، بۆیه‌ گه‌ره‌كیه‌تی ئه‌م ئاگره‌ نه‌كوژێته‌وه‌ وڕه‌قیبه‌كانی له‌كه‌شێكی ئارامدا ده‌ستكه‌وته‌كانیان نه‌درونه‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی بوونی ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز و نائارام له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بازاڕی فرۆشتنی چه‌ك گه‌رمڕاده‌گرێ ! هه‌روه‌ها هه‌یبه‌تی ئه‌مریكاش له‌ ئاستی جیهاندا نه‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌و ئه‌مه‌ش وه‌ك هۆیه‌كی ده‌ره‌كی بڕیاره‌كه‌ی ترامپ نابێ نادیده‌ بگیرێ ،
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ ، تاكو ئه‌مڕۆ ، جگه‌ له‌ هه‌ڵوێستێكی شه‌رمێونانه‌ هیچی دیكه‌تان ده‌رنه‌بڕیوه‌ ، له‌وانه‌ سعودیه‌ كه‌ به‌ناچاری ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر له‌ ئێران توندتر نه‌بێ، لانی كه‌م به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و بێت و دوا جار هه‌ردووك ده‌سه‌ڵاتی به‌خوێنی یه‌كتر تینوو خۆیان له‌سه‌نگه‌رێكدا ببیننه‌وه‌ !!
توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ زه‌بری سه‌ربازی كوشنده‌یان خواردوه‌ ، چاوه‌ڕێی هه‌لێكی دیكه‌ و بیانویه‌كی دیكه‌ن بۆ دووباره‌ سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ ، چ بیانویه‌ك و هه‌لێك له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ بۆ به‌رگری له‌ ( شوێنه‌ موقه‌ده‌سه‌كانی ) ئیسلام دووباره‌ خۆیان ڕێكخه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ناو موسوڵماناندا فه‌راگیره‌و ( قودس ) هێڵی سوره‌ لای ئه‌وان !
ئه‌وه‌ی ترامپ ده‌یكا یاریه‌كی نه‌فامانه‌وه‌ منداڵانه‌ نیه‌ ، ئه‌وه‌ نیه‌ كابرا شه‌و بخه‌وێ وسبه‌ی هه‌ستێته‌‌وه‌ وبڕیاری له‌و جۆره‌ ده‌ربكا ، ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌كانه‌ – موئه‌سه‌سات – ئه‌گه‌رچی تاك ڕۆڵی هه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكان موئه‌سه‌سات دایده‌ڕێژێ ،هه‌ڵوێسته‌كانی ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی زلهێزترین ووڵاتی سه‌رمایه‌داری دنیا نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و گێژاوه‌ قوڵه‌ی جیهانی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری له‌هه‌موو بواره‌كاندا ، سیاسی ، ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی تێیكه‌وتوه‌ و تێوه‌ی گلاوه‌ ، تێوه‌گلانێك كه‌ كاردانه‌وه‌ی ، دوور یا نزیك ، له‌سه‌ر هه‌موو دانیشتوانی گۆی زه‌وی جێده‌هێلێ .

8 / 12 / 2017




ئێستاش من لە بە غدا خە و دە بینم * …. مە ولود ئیبراهیم حە سە ن

ئە م وڕێنە شیعریە پێشکە شە بە هه موو ئە و بە ڕێزانە ی کە لە م دە قە دا ناویان هاتووە و ناویان نە هاتووە و خۆلە نێو ئە م فە زایە دا دە بیننە وە

ئە مجارە ش

لە کە مینی پرسگە ڕزگارمان بوو

گە یشتینە مە یدان

لە گە ڵ سۆفی و (١)

شە یداو(٢)

ئازاد(٣)

لە خواردنگە یە کی لاپە ڕ

نانێکی هه رزان دە خۆین

چایە ک لە زە هاوی (٤)

ڕۆژنامە لە پە رلە مان دە خوێنینە وە(٥)

قاوە یە ک لە مورە بە عە(٦)

بە یانی ڕۆژی یە کە می پێشانگای نێو دە وڵە تی کتێبە

دە بێ ئە م هه فتە یە دە ست بە نانخواردنە وە بگرین

ئە مرۆ گوشاد لە هاوکاری (٧+٨)

چیرۆکە وە رگێڕاوە کە ی بڵاوکردبووە وە

شیعریکی تازە ی لە تیف دە نگی داوە تە وە (٩)

چیرۆکی سە رکە وتن بە رە و خوارە وە ی سە روە ر (١٠)

عە رد هه ژێنێکە لە گۆڤارێکی عە رە بی دا

ئێوارە قە رە داغی تای شیعری گرتبوو(١١)

بە یانی ئە مرۆ ناسر بڵاوکراە ی لە دە ست گێرا(١٢)

گیراو تا ئێستا نە گە ڕاوە تە وە

عە بدوڵلاگۆران گوتی : بابچین چایە کی سە ر خە لوز بخۆینە وە (١٣)

نە ژاد لە شوێنە وار نوێنە ری هه موو کوردە (١٤)

زۆر تە نیایە

عە سر گە ڕامە وە پە تاتە و تە ماتە و کودووم کڕیبوو

بۆنی بریانی سە ردار ناوخۆی پڕکرد(١٥)

برا چاو ڕە شە کان بە شی ئێمە یان کە مکردە وە

بە یانی ژنە دە ست پڕ بازنە کە بە کوڵ دە گریا (١٦)

فە رمانبە رە میسریە کە دیار نە بوو

وێنە گە ورە کە ی سە رۆک لە بە ردە م ناوخۆ

شە وچاوێکی لە دە ست دابوو

ماشێنە کان تیژ تێدە پە ڕێن

ڕێبوارە کان سە ریان دادە خست

سە رۆک بە چاوێکە وە زۆر توڕە تردیار بوو

لە پرسگە هه موو گیانیان پشکنین

بە ردە رگا جمە ی دە هات

ترس بڵقی دە دا لە کۆلیژ

حوسە ین عە لی مە حفوزگوتی ئاگات لە خۆت بێ کوڕم(١٧)

ئە مین موتابچی دووجار بانگی کرد بابە بابە(١٨)

هاشم گوتی بچیتە دە رەوە باشترە (١٩)

ئە میر بە سە ر دیواری بازی دابوو (٢٠)

کجان دابوویانە قاقای پێکە نین پانتۆلە کە ی تە قی بوو

سە ر هه ڵدەگرم ودە چمە قە مبە رعە لی (٢١)

لە کۆڵانێکی بنبە ست

یازدە هه والی مە رگ دە خوێنمە وە

کۆڵانە کە بۆخۆی بووە بە دۆزە خ

شە هێدە کان دە چنە بە هه شت

پیرەژنە کە گوتی وە لعە باس مالمان خراو بی(٢٢)

بوکە یە ک مانگیە کە زمانی گیرابوو

مندالە تازە زمانگرتووەکە

داوای باوکی دە کرد

پیرە مێردە کە خە ریکی وە رگرتنی

شە هیدانە ی کوڕە کە ی بوو

زە نگی هاتنی فرۆکە لێیدا

شە قام و کۆڵان هه تیو کە وتن

رادیۆی چایخانە کە هاواری دە کرد ئاگاداربن ئاگادار

تە لە فزیۆن دە یگوت

دوژمن لە هه موو بە رە کان شکاوە

نە تە وە یە کگرتووە کان داوای ڕاوە ستانی شە ڕێ دە کرد

ئە مریکا چە کی تازە ی داوە بە عێراق

دوێنێ بە زۆر ڕیشی کوڕە هه لە بجە ییە کە یان تراشی بوو(٢٣)

دە یگوت نوێژ ناکە م تا خوا حە قم نە کات

وێنە ی وشتری سە رگردە کە ی کێشابوو هاشم (٢٤)

گوتی ڕاستە مامە ڕیشە خە ریکی گفتوگۆیە (٢٥)

دە ڵێن حکومە ت قوشتە پە ی لە بارزانیان چۆلکرد(٢٦)

کوردە فە یلیە کان بە جلی مالە وە ڕاپێچی سنوور کران(٢٧)

یازدە هه زار گە نجیان گواستەوە بۆ کارگە ی مە رگ

ئە مرۆگوتیان موالیدیان ڕاکێشاوە

کامە ران لە کلاس گوتی تۆش دە گرێتە وە عائیدونی(٢٨)

هه فتە یە کە سامی بزرە(٢٩)

دوێنێ هیوایان لە ژووری سە ندیکا سوورکردبوە وە(٣٠)

وابزانم سبە ی نۆرە ی منە

ئە وهه فتە یە چوومە ئە بوغرێب(٣١)

چوار بە ندی نە مابوون

چە ند گە نجێکی تازە یان هێنابوو

کابرای ئینفیرادی هه ر لە ناو قە فە س بوو

دە رگا داخراوە کە هێشتا نە کرابووە وە

بە ندیە شیت بووە کە هه ر جوێنی دە دا

خە لە ف جە للاد لە ناوە ڕاست ساحە کە ڕاوە ستابوو

بە ندیە ک بە ڕووتی سە رە و ژیر سزا دە درا

عروبە هه موو جاری پێم دە ڵێ خۆشە ویستە کە ت لە چیایە(٣٢)

سە میرە دیسان ڕۆژنامە کە ی بردم(٣٣)

بورجی خۆی دە خوێنێنتە وە

ئە و بورجانە ی شادو غە مگینی دە کە ن

ئای سە میرە هاوکلاسە کە م

شادی و خە می تۆ چە ند ئاسانە

سالم پۆرتریتی وشە ی هێنایە وە (٣٤)

ئە مجارە وێنە ی منی کیشابوو

عە باس ئێستا زۆرم شە رم لێدە کات (٣٥)

جاسم لە نوکتە ناکە وێ (٣٦)

مامۆستای نابینا دە ڵی ئە سکە ندە ر دانیشە(٣٧)

گە نجێکی پۆلە کامان لە نوێوە ئاشق بووە

کلاس بۆنی ئە شق و ترسی لێدێت

مە ها سێ ڕۆژە غائێبە(٣٨)

براکە ی مانگێکە بێ سە رو شوێنە

دیسان مامۆستای ڕۆشنبیری نە تە ویی نمرە کە ی منی دابە زاندووە

رائید فایە ق گوتی بۆچی نە چوویتە بە شی کوردی

منیش گوتم ئە ی تۆ بۆ نە چوویتە بە شی عە رە بی

دوو چاوی پڕ کرد لە گولله

ئێستاش من هه موو بە یانیە ک لە بە غدا لە خە و هه ڵدە ستم

لە بە غدا دە گە ڕیمە وە ماڵ

لە بە غدا دە خە وم

هه فتە ی پێشولە شە قامی موتە نە بی

پرسیاری کتێبی فارسیم لە پیرە میردە کە کرد(٣٩)

خە ریک بوو خوێنی ڕاوە ستێ

سبە ینێ ژنە مە سیحیە کە جاریکی تر

دە رگای کتێبخانە ی ڕۆژ هه ڵاتم بە سە ردا دادە خات

سبە ئ ئیوارە فاروق کۆڕی فە لسە فە و ژیان پێشکە س دە کات(٤٠)

حە مە شوان دیسان خۆی ئامادە کردووە(٤١)

کوڕە کە ی بە شیر موشیر دەپرسێ ڕۆژنامە ی خە بات هاتووە(٤٢)

ڕۆژی دووشە ممە گە نجە کان کچە کوردێکیان لە گە ل ڕەشپیستیک دیبوو

شە وهه موو شەو خە ویان لێنە دە کە وت

زە هرای فە لە ستینی بە چاوە جوانە کانی ڕۆژباشی لێکردم(٤٣)

ئە منە کە هه ردوو چاوی زە ق کردە وە

لە بە ر دە م ژووری سە ندیکا ئاوڕ نە دە نە وە

دە رگای ژووری سە ندیکا کراوە تە وە

دوێنێ هیوایان تێدا سوورکردبووە وە

دە ترسم سبە یةی نۆرە ی من بێت

هه ردووکمان سە یری یاری کردنی قوتابیان دە کە ین

نە هرۆ نازانم مرۆڤ یابسە بخوات چۆن دە توانی ئە وە ندە غاربدات(٤٤)

دوو کێلۆ پە نیرم خستبووە ناو بە ستە نیە کە

هیچیان بۆ نە هێشتبوومە وە

ئێوارە لە گە ڵ هه ولیر قسە مکرد گوتیان نە کە ی بێیتە وە

خودایە شە وی پینج شە ممە و هه ینی

بە تە نیا لە بە شی ناوخۆ چۆن ڕۆژ دە کرێتە وە

نە ورۆز گە گە ڕامە وە

لە بازگە دوو سە عات ڕایانگرتم

لە پیناسە کە م نووسرابوو بە شی فارسی

ئە م جارە ش جانتاکە م هه ڵدە گرم و خوێندن بە جیدە هێلم

سۆفی پە شیمانم دە کاتە وە (٤٥)

دوا ڕۆژی دوا تاقیکردنە وە ی دوا ساڵە

دە وری دووە مە و کە وتووم و بە تاقیکردنە وە ڕاناگە م

بنووسە هاوین دێمە وە بۆ مە شق

ناینووسم

بنووسە هاوین ناێیمە وەبۆ مە شق

ناینووسم

بنووسە ناینووسم

ناینووسم ناینووسم ناییننوووسمممم

باشە من دە زانم چیت لیدە کە م

پێنج سالە بروانە مە کە م وە رنە گرتووتە وە

مامۆستا چاودێرە کە م بە چاوی پر فرمیسکە وە

وە ک کوڕی خۆی لە باوە شیم دە گری وماچم دە کات

کوردەکان زۆر بە ڕیزن

سامی هه موو بە یانیە ک پیم دە ڵێ(٤٦)

هیواخوازم هه ردوو چاوم کویر بیت وجوو ببینم کورد نە بینم

دە ی بە وچاوانە ی حە زدە کە ی جووی پێ ببێنی منی کوردیش ببینە

ئاوات بە لە هجە ی بە غدایی دایدە گرێ(٤٧)

سامی لە وڕۆژە وە سام گرتوویە تی

رائیدە مامۆستای ئازە ری (٤٨)

مە ولود کوردە کان چۆنە زیرە ک و جوان و هێمنن

هۆی جوانیە کە نازانم

بە ڵام هێمنی و زیرە کیە کە هۆی بێ پشتیە

دکتۆر زیاب چوار ساڵە هه موو پرسیارە کانی خۆی (٤٩)

لە برام مە ولود دا کۆکردووتە وە

محە مە د نوری ئە گە رهاتی بۆ میسر ئە مە ناونیشانمە (٥٠)

لە بە ردە م وە زارە ت تۆپە کی دە سکردی وە ستا ڕە جە ب داندراوە (٥١)

سە ربازە کە نە یهیشت وینە یە کی لە تە ک بگرین

لە وبە ر سە یری ئە و کچ و کورە م کرد کە نە دە گە یشتنە یە ک(٥٢)

عە بدولهادی شە س سال خۆی دواخست(٥٣)

دواجارکردیان بە سە ربازو کوژرا

ئە م بە یانیە کوڕە ئیتیحادیە کە یان بە ڕووتی لە گە ڵ ژنە فە ڕاشە کە گرت

شە و ژووری هه موو قوتابیە کوردە کانیان ورد پشکنی

کە گە ڕاینە وە دەوام سە روە ر (٥٤)

لیستی هه موو ئە و ڕۆمانانە ی پیشاندام کە هاوین خوێندبوونیە وە

من هه رچوار مانگ خە ریکی کرێکاری بووم

چاوە جوانە لە یلا

خان و مانە لە یلا هێی هێی(٥٥)

هه رە لە یلێ هە رە لە یلێ

ئۆۆۆۆف هاوار لە یلی هاوار لە یلێ(٥٦)

ئە م کوردانە هه موویان گۆرانیبێژن

هه مووشیان خزمی یە کترن

ماویە کی زۆرە ڕزگار نایە تە دەوام (٥٧)

ئە وێش بە دەردی گە نجە فە یلیە کان چوو

سامان کاک مە ولود کە سیان نە هێشت(٥٨)

کە نتۆرە کە ی بە رامبە رم وێنە ی سە رۆک و سە باح میرزای بە سە رە وە یە

شە و دە ست بە دامانچە لە وێنە کە وە دێنە دە رە وە

سەرۆک مە ولود دەتبینم نووستووی

سە باح هه ستە وە ئە مە سە رۆکی فەرماندە یە

ئممم ئمم ئم

سۆفی کاک مە ولود چیە بۆچی خە وت لیناکە وێ

ئێساتاش من هه موو شە وێ لە بە غدا ڕاوم دە نێن

ئە مڕۆ ئە مرۆ زۆر بی تاقە ت بوو(٥٩)

ئە وە تە بە دە ل مزووری (٦٠)

خە ریکە بە ڕووسی نوکتە بۆ کچە عە رە بە کە دە گێڕیتە وە

ئای ئافرە ت چ هه وێنێکە

بە دە ل چۆن ئاوا هێمن دانیشتووە

دیسان بە تاقیکردنە وە ڕانە گە یشتم

دوا ڕۆژو دواتاقیکردنە وە یە

سە ت جارە ئە م خە ونە دە بێنم و دە بینمە وە

ئیسماعیل کاک مە ولود بابە عە رە بی قسە بە ین (٦١)

تیتناگە م نا ئیسماعیل ل مال چە وا دئاخڤی هۆسا ب ئاخڤە

یوسف بانگی کرد ها برایێ من مە ولود (٦٢)

خودێ خودی تو فیلی فیل

بە داخە وە مامۆستا فارس ئە و گە نجە هێمنە کوژرا

وابزانم یوسفیش(٦٣)

تاهیرم بینی بە برینە وە پێیدە کە نی (٦٤)

ست نە رمین فە رهه نگە کە ی ئە دمۆنزو تۆفیو وە هبی بۆ هینابووم (٦٥)

جاری سییە مە دیوانە کە م ڕە تدە کریتە وە

ئە مڕۆکە ش دە چمە گفتوگۆی ئە و نامە یە ی

کە مال مە زهه ر شە رپە رشتی دە کات(٦٦)

نیوە ڕۆ کج و کوڕانی بە شی یاسا هاتبوون

دە یانگوت هاتووین ژن بە ژنیێ بکە ین

ئە م هه ینییە دە چینە تاقی کیسرا(٦٧)

هه تاو لە سڵیمانیە وە مە نجە لێک کفتە ی هیناوە (٦٨)

غە ریبە لە بە شی ناو خۆ ویستوویە تی خۆی بکوژێ(٦٩)

مالی باوکی ئاگادارنین

سە لیم پارە ی بزرکردبوو

شە ڕ دە ستیپیکردە وە و لە نە وتی کە رکوکیانداوە

گفتوگۆ سە ری نە گرت

سە عات پینج ڕیگا دادە خری

لە گە ڵ ئە لیس شە و سە عات دوو گە یشتین (٧٠)

ئیستاش هه موو بە یانیە ک من لە بە غدا لە خە و هه لدە ستم

بە دزیە وە سینە م پڕ دە کە م لە بۆنی گولە کنیرو عە تر

بوشرە هه موو بە یانیە ک گوڵێکم بۆ دێنێ

کچە بە غدایی بە گوڵە وە جوانترن

بە تە نیا لە زە هاوی دانیشتووم

لە کۆلیژە وە بە دواوەمە ن

چاکە ناخۆمە وە و هه لدە ستم

مامۆستایە کمان ئیستاش ناوێری بڵی من کوردم (٧١)

سبە ی دە چێنە سە ردانی مارف عومە ر گول

دە ستێکی کارناکات (٧٢)

مە هداوی بە شی ڕوسی لە ترسی فە رهه نگە کە جی‌یشت (٧٣)

ئاوات لە کوێی تا چوارینە کانی باباتاهیرو خە یام (٧٤)

بە یە کە وە بخوێنیە وە

بورە حالە م بوین تە دولبە ر

دلە م تە نگە شە وێ وامۆ بسە ربە ر

چی بکە م لە ڕابردووە وە بێمە وە ئێستا

چی بکە م لە بە غداوە بێمە وە ئێرە

بە دە ستخۆم نیە من ئێستا ش هه ر لە بە غدا دە ژیم

هه موو بە یانیە ک لە بە غدا لە خە و هه ڵدە ستم

ڕابردوو بە رم نادا

ئیستا نامگرێتە خۆ

داهاتوو نایە ت

من لێر ە نیم

من لە ئێستا نیم

چی بکە م لە ڕابردووە وە بێمە وە ئێستا

چی بکە م لە وێوە بێمە وە ئێرە

من ئە و بووم من نیم

ئە و من بوو ئە و نیم

چ لێکدابڕانێکە

چ لە تبوونیکە

چۆن بێمە وە سە ریە ک

چۆن بمە وە بە خۆم

چۆن بێمە وە ئێستا

چی لە م رابردوە ئێستا کوژە بکە م

چی لە م ئێستا ون بووە بکە م

ئێستام بووە بە خە ونی ڕابردوو

ڕابدووم بووە بە ئێستا

ژیان نامگریتە خۆ

خە ونی ڕابردوو کوشتمی

من کیم و لە چ شوێنێکم

————————– ١٢/٢٠١٧ – هه ولێر

(*) ئە م وڕینەیە شیعریکی میژوویی پچر پجڕە لە خە ونە بێ سە رو بە رە کانی ئیستام دە چێ هه ربۆیە هیچ خالبە ندی و هونە ریکی شیعر نووسینی تێدا بە کار نە هاتووە بە رهه می چوار ساڵ خوێندنێ زانکۆیە ڕێک لە گە ل دە ست پێکردنی شە ڕی ئێران ئێراق١٩٨٠- ١٩٨٨ ووە ک کوردێک و عائیدونە ک لە سە ردە می بە عسدا و لە نێوان ترس و لێدان و گرتن و شوێن بزرو سێدارە وهه ژاری دا خوێندنمان تە واوکردو فە زای ئە م چوارساڵە تە واو تیکە ڵ ژیانمان بووە و لێمان دانابڕێ

١- مامۆستا کە ریم سۆفی دە رچووی بە شێ فارسیە نووسە رو وە رگێڕ ئیستا لە هه ولیرخانە نشینە

٢-مامۆستاخالید شە یدا دە رچووی بە شی ئینگلیزیە نووسە رو شاعیر ئێستا لە ئە لمانیا دە ژیت

٣ – دکتۆر ئازاد حە مە شە ریف دە رچووی بە شی ئینگلیزیە نووسە رو وە رگیڕئیستا لە زانکۆی سە ڵاحە دین کۆلیژی زمان مامۆستایە

٤ – زە هاوی چایخانە یە ک ناوداری شاری بە غدایە و هونە رمە ندو ڕۆشنبیرە کان ڕووی تێدە کە ن

٥ –پە رلە مان قاوەخانە یە کی گە ورە وناودارو کۆنی بە غدایە ە جێی ڕۆشنبیرو هونە رمە ندو رۆژنامە نووس و سیاسە تمە دارە کانە

٦ –موڕە بە عە قاوە خانە یە کی تری ناوداری شاری بە غدایە و بە هه مان شێوە جیگای ڕۆشنبیرو سیاسە تمە دارو قوتابیانی قاوە خۆرە وە ی زانکۆیە

٧ – مامۆستا گوشاد حە مە سە عید دە رچووی بە شی زمانی فارسیەو نووسە رو وە رگیڕە و ئێستا لە هه ولیر خانە نشینە

٨ – رۆژنامە ی هاوکاری ڕۆژنامیە یە کی کوردی بوو لە سە رە تای هه فتاکانی سە دە ی رابردوو ە وە دەردە چوو ڕۆلێکی گرنگی گیڕا لە پیشخستنی رۆشنبیری کوردیدا

٩ – مامۆستا لە تیف هه لمە ت شاعیری ناوداری کورد لە وساڵانە دا شیعرە کانی ڕۆلی بە رگری ناوشاریان دە بینی و خوێندە وارێکی زۆری هه بوو

١٠ – سە روە ر محە مە د گە نجێکی هه ولیری بوو بە زمانی عە رە بی چیرۆکی دە نووسی و لە بە شی ترکی دە یخوێند چیرۆکێکی لە گۆڤارە عە رە بیە کان بلاوکردە وە بە ناوی سە رکە وتن بە رە وخوارە وە دەنگی دایە وە

١١ – مامۆستا عە بدوڵلا قە رە داغی دە رچووی بە شێ فە لسە فە شاعیرو لێکۆلە ر ئێستا خانە نشینە لە کە رکوک

١٢ – لە وجوارسالەی خویندنمان جە ندین ناسری کوڕە کورد بێ سە رو شوێن بوون کە س هه واڵیان نازانێ

١٣ –مامۆستا عە بدوڵلا قادرگۆران دە رچووی بە شی ئینگلیزیە و نووسە رو وەر گیڕ بە داخە وە لە م چە ند ساڵە ی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد

١٤ – مامۆستا نە ژاد عە زیزسورمێ دە رچووی بە شی شوێنە وار شاعیرو لێکۆلە رو وە رگێرە وئیستا لە هه ولیر خانە نشینە

١٥ – مامۆستا سە ردار عە بدولکە ریم دە رچووی بە شی فارسی نووسە رو رۆژنامە نووس ئێستا فە رمانبە رە لە سە رۆکایە تی ئە نجومە نی وە زیرانی هه ریمی کوردستان

١٦ – ژنە دە ست پڕ بازنە کە لە بە شی ناوخۆ ناسراوبوو کابرایە کی میسری بە ناوی خواستن و بردنی بۆ میسر هه موو زیرە کە ی بردوو بە جێی هێشت

١٧ – دكتور حسين على محفوظ مامۆستای بە شی زمانی فارسی بوو بۆ من بۆنی باوکی لیدە هات و زۆر دۆستی کورد بوو لە گە ل دکتۆر ئە مین موتابچی لە گە ل ئێمە زۆر باوکانە بوون لە م ساڵانە ی دوایی کۆچی کرد

١٨ – دکتۆر ئە مین موتابچی مامۆستای بە شی فارسی بوو قە ت ناوی نە دە هێنام هه میشە دە یگوت باوکە چۆنی چی هه یە ئاگات لە خۆت بیت

١٩- مامۆستا هاشم مطر هاوکلاسم بوو کوڕیکی شیعە ی زۆر چاک بوو هه رجە ندە بە ناچاری کرابوو بە بە عسی بە ڵام زۆری رق لە ڕژێم بوو زۆر یاقمە تی منی داوە و پیاوە تی بە سە رمە وە یە

٢٠ – زۆرجار کە دەر گای کۆلیژ دە گیرا ناچاربووین بە سە ردیوارو بە ڵای بە شی ناوخۆی کجان بازدە ین و هه ندیجار یامە تیان دە داین ە هه ندیجاریش پیمان پێدە کە نین

٢١ – قەمبە عە لی گە رەکیکی نزیک مە یدانە وە ئە ودە م زۆر بە ی دانیشتوانە کە ی کوردی فە یلی بوون

٢٢ – وە لعە باس مالمان خراوبی رستە ینغ پڕ هه ناسە ساردی یە کی لە و مالانە ی کۆلانی بنبە ست بوو کە دە تبیست جەر گت دە توایە وە

٢٣ – ئە منی بە عس زۆر ڕیگای هه بوو بۆ ئازاردانی روحی هاولاتیان یە کێ لە و ڕیگایانە تراشینی ڕیش و سمیل بوو

٢٤ – تاکە ی وشتر لە سە رگرد دە مینتە وە ڕستە یە کی پرسیار ئامیزی عە رە بە لە چاوە روانی نە مانی ڕژێمە کانە وە زۆر دووبارە ی دە کە نە وە

٢٥ – لە گفتوگۆی یە کیتی و حکومە ت لە سە رە تای هه شتاکان هاشم ی هاوکلاسم بە دزیە وە لیی پرسیم راستە گفتوگۆ هه یە لە نێوان مامە ڕیشە و حکومە ت لە مامە ڕیشە مە بە ستی پیشمە رگە ی ئازاوناوداری کورد مامە ڕیشە بوو

٢٦ – ساڵی هه شتاو سێ حکومە ت پیاوو گە نجە بارزانیە کانی کە مپی قوشتە پە ی هه موو بردوو زیندە بە چالی کردن

٢٧ – لە سالی هه شتاو یە ک حکومە ت زیاد لە دە هه زار گە نجی فە یلی بێ سە رو شوین کردو ئە وانی تریشی بە جلی بە ریانە وە بە لۆری سە ربازی بردە سنووری ئێران و مال و ملکی داگیرکردن

٢٨ – عائیدون ئە وانە بووین لە پاش ڕیککە وتننامە ی جە زائیر١٩٧٥ گە ڕانە وە ئێراق و بە ر لیبووردنی حکومە ت کە وتن

٢٩ – لە ساڵانی خوێندنمان بە ردە وام چە ندین سامیمان لێ بزردە کرا

٣٠ –ژوری سە ندیکا ژوورێک بوو دە کە وتە پست پرسگەی کۆلیژ و زۆر جار قوتابی دە بردرایە ناو ئە وسە ندیکایە و لە وی سزا دە دراو تە مبی دە کرا

٣١ – ئە بوغرێب بە ندیخانە یە کی ناودارو ناوبە دی ئیراقە زۆر جار بۆ سە ردانی براو خزم و ناسیارە کانمان دە چووینە مواجە هه ی گیراوە کان

٣٢ – عروبە کچێکی هاوکڵاسمان بوو کچێکی بە ڕیززۆر جار بە سوحبە ت دە یگوت خۆشە ویستە کە ت لە چیایە

٣٣ – سە میرە کچێکی ترکمان بوو کچێکی بە ڕێز ڕۆژانە هیوای خۆی لە سە ر خوێندنە وە ی بورجە کان هه لدە نا

٣٤ – سالم گە نجێکی هاوکلاسمان بوو زە وقیکی جوانی نووسینی هه بوو هه رلە سالی دووە مە وە هه شت هاوپۆلی هه لبژاردبووبە وشە بە پۆرترێتی بۆ دە کردن منیش یە کیک بووم لە و هه شت کە سە

٣٥ – عە باس هاوکلاسێکی ترمان بوو ڕۆژێک زۆر بە ئە دە بە وە داوای لیکردم ببم بە بە عسی منیس زۆر بە هێمنی رە تمکردە وە لە وە پاس هه رچی منی دە بینی شە رم دایدە گرت

٣٦ – جاسم گە نجیکی درێژی بە سراوی بوو دکتۆر محە مە د نوری کە خە لکی میسر بوو لە شێوە بە سراویە کە ی نە دە گە یشت و بە ردە وام دە یگوت جاسم بە عە رە بیە کی ڕەوان قسە بکە

٣٧ – مامۆستا یە کی زۆر باش و نابینامان هه بوو زۆر بە هه ست بوو ئە سکە ندە ر هاوکلاسی نوکتە چی لە دە رسی ئە و پێیخواس دە کردوو لە سە ر پە نجە وە ک پشیلە دە یویست بچێتە دە رەوە مامۆستا زوو هه ست پیدە کردوو دە یگوت ئە سکە ندە ر جوان دانیشە

٣٨ – مە ها کچێکی هاوکلاسمان بوو ئە ویش ماوەیە ک نە هاتە دەوام دیاربوو براکە ی حکومە ت گرتبووی وبێ سە رو شوێن بوو

٣٩ – ئێمە لە بە شێ فارسی بووین زە حمە ت ترین شت بۆ ءیمە کڕینی کتیب بوو لە هه ر کتیبخانە یە ک داوای کتیبی فارسیمان کردبوایە وایان دە زانئ ئێمە ئە منین زۆر دە ترسان و ڕە تیان دە کردە وە کە کتێبی فارسی بفرۆشن

٤٠ – دکتۆر فاروق رە فیق نووسە رو لیکۆلە ر دە رچووی بە شی فە لسە فە و لە و سالانی خویندن چالاک بوو لە نووسین و کۆرگیڕان ئیستا لە سلیمانی دادە نیشێ

٤١ – مامۆستا حە مە شوان ئە ویش لە گە ڵ دکتۆر فاروق رە فیق هاوکڵاس بوون و زۆر جار لە کۆرو سمینار دە کە وتنە بە رامبە ر یە کتر ئێستا لە دەرە و دە ژی

٤٢ – سالئ هه شتاو دوو ڕۆژیک لە کۆمە لە ی ڕۆشنبیری کوردی پیاوێک لە وێ بوو گوتیان ئە مە کوڕی مامۆستا بە شێر موشترە ئە و بە ڕێزە سە یری ڕۆژنامە کانی سە ر میزە کە ی کردوو لە پر پرسی ئە ری ئە ورۆ خە بات نە هاتووە

٤٣ – لە ساڵانی خوێندن حکومە تی ئیراق بڕیارێکی دە رکرد ئە گە ر کج و کوڕێکی زانکۆ کوردو عە رە ب ببنە هاوسە ر حکومە ت پێنج سە ت دیناریان بە خۆرایی دە داتی کە چی ئە گە ر کورە کوردیک رۆژباشی کجە عە رە بیکی کردباو ئە من زانیبای کیشە یان بۆ دروست دە کرد

٤٤-٠ مامۆستا نە هرۆ دە رجووی بە شێ فە لسە فە یە و پیاوێکە زۆرچاک لە ژیان گە یشتووە هه موو بابە تێکی دە کرد بە نوکتە ئیستا لە هه ولیر لە پێشە سازی باکور دوکانی وردە فرۆشی هه یە

٤٥ – ئە وساڵانە ی لە بە غدا دە مخوێند زۆر جار بیزار دە بووم و جانتاکە م هه ڵدە گرت و دە مگوت وازدینم دوو سی رۆژ لە ماڵ دە بووم و برادە ریک زۆرجار مامۆستا کە ریم سۆفی پە شیمانی دەکردمە وە

٤٦ – لە رۆژانی یە کە می خویندن سامی هاوکلاسمان بە ڕستە ی هیوا دە خوازم چاوم کوێربیت و جوو ببینم کورد نە بینم تێی گە یاندین چاو هه یە حە زدە کات کوێر بیت و کورد نە بینێ

٤٧ – ئاوات محە مە ت کوڕە کوردیکی هاوکلاسمان بوو لە بە غدا دادە نیشت زۆر دڵسۆزو بە داخە وە بە ڕوداوی سە یارە گیانی لە دە ست دا

٤٨ – دکتۆرە ڕائیدە ژنێکی ئازە ری بوو ئە دە بی فارسی پی دە گوتین پیشتر دە سال گوێندە ی ڕادیۆبووە لە ءیران شیعری فارسی خۆر خؤش دە خوێندە وە

٤٩ – دکتۆر زیاب خە لکی لوبنان بوو پیاوێکی بێ وە ی و خۆپاریزبوو کە یفی بە ڕژیم نە دە هاتو کوردی خۆش دە ویست بە ڵام قە ت ئە مە ی بە زار دە رنە دە بڕی دە بوایە خۆت بیزانی و لە گە لیشی باس نە کە ی

٥٠ – دکتۆر محە مە د نووری مامۆستامان بوو خە لکی میسر بوو مامۆستایە کی زۆر ڕووخۆش و خاکی بوو کە چۆوە میسریش پە یوە ندیمان هه ر هه بوو

٥١ – لە سە ر کۆرنیش و لە بە رامبە ر دائیرە یە ک وە زارە تی بە رگری دانە یە ک لە تۆپی وە ستا رە جە ب داندرابوو قوتابیە کوردە کان زۆر بە شانازیە وە سە یریان دە کرد

٥٢ – هێمایە بۆشیعرێکی زۆر جوانی برای بە ڕیزم مامۆستا قوباد جە لی زادە کە باس لە بە یە ک نە گە ێشتنی کج و کوڕێکی کورد دە کات لە بە غدا

٥٣ – بە هۆی شە ڕێ بە ردە وامی ئیراق و ئیران زۆر قوتابی خۆی دە خشت بە و هیوایە ی شە ڕکۆتایی بێت و نە چنە سە ربازی بە داخە و شە ڕ درێژە ی کیشاو گە ێشتە گیانی زۆر گە نج و نامرادی کردن

٥٤ – هاوێنی دووەم کە گە ڕاینە وە سە روە ر محە مە دی چیڕۆکنووس لیستێکی درێژی ڕۆمان پیشاندام کە گوتی ئە م هاوینە هه مووم خوێندووتە وە تواناو لیهاتوویە کی سە یری هه بوو لە نووسێن و خوێندنە وە دا بە داخە وە ژیانی سە روە رو خۆشە ویستە کە ی بە ئە فسانە یە کی نە زانراو کۆتیی هات زۆربە داخە وە

٥٥ – چاوە جوانە لە یلا گۆرانیە کی خۆش و بە ناوی هونە رمە ندی گە ورە ی کورد مامۆستا حە سەن زیرە کە عە رە ب زۆریان پیخۆش بوو

٥٦ – هه رە لە یلی لە یلێ گۆرانیە کی خۆش و بە ناوی هونە رمە ندی گە ورە ی کورد مامۆستا شە مال سائیبە عە رە ب زۆریان پیخۆش بوو

٥٧ ٠ ڕزگار کوڕیکی مالباتی بارزانی بوو گە نجێکی هێمن و جوان لە بە شی فە رە نسی دە یخویند لە سەرو بە ندی بزربوونی فە یلیە کان ئە ویش بزربوو زۆر بە داخەو

٥٨ – مامۆستا سامان خانە قینی لە بە شی ئینگلیزی دە یخوێند شاعیرو میدیا کارە ئیستا لە دە رەو ەی ولات دە ژێ

٥٩ – ئە مرۆ ئادەم هاوکلاسێکی بە شی فارسیمان بوو خە لکی هاودیانان بوو گە نجیکی جوان و هێمن ئێستا فە رمانبە رە لە دە ڤە ری سۆران

٦٠ – مامۆستابە دە ل رە فۆ مزوری دە رچووی بە شێ ڕوسی شاعیرو وە رگێرو میدیاکاری گە ڕۆک خە لکی شاری دهۆکە و ئێستا لە دەرە وە ی وڵات دە ژی کە سایە کیە کی نیوە ندی ئە دە بی کوردی و عە رە بیە

٦١- ئیسماعیل حە مە دە مین خە لکی دهۆک بوو بە داخەوە کۆچی دوایی کرد

٦٢ – یوسف ئە ویش هاوکلاس و خە لکی دهۆک بوو کوڕیکی ڕووخۆش دە رجووی بە شی فارسیە و لە پاش ڕاپە ڕین بووە ئە فسە ری پۆلێس و ئێستا لە دەرە وە ی وڵات دە ژی

٦٣ – مامۆستا فارس گە نجیکی جوان و پیاویکی باش لە گە ل یوسف هه ردووکیان کوڕی سە رک هۆزبوون و دە رجووی بە شی فارسی بوون و بوون بە ئە فسە رو دواجار بە داخەوە هه ردووکیان وە ک بیستمە وە کوژراون

٦٤ – دکتۆر تاهیر مستە فا ئێستا مامۆستایە لە بە شیزمانی عە رە بی کۆلیژی زمانی زانکۆی سە لاحە دین و وە رگێرو رە خنە گرە

٦٥ – دکتۆرە نە رمین مامۆستای بە شی فارسی و خوارزای زانای کورد تۆفیق وە هبی بووکچێکی خاتوون و بە ڕیز خاوە ن کە سایە کیە کی بە هێزبوو هێمای هێمنی و ئاسودە یی قوتابیان بوو

٦٦ – دکتۆر کە مال مە زهه رئە ودە م سە ر پە ڕشتی نامە ی ماستە رو دکتۆرای دە کردوو بۆ سود وە رگرتن زۆر جار دە چووینە هۆلی گفتوگۆی نامە کان

٦٧ – تاقی کیسرا ئە یوانی کیسرا پاشماوە ی پاشای ساسانی ئە نە و شیروانە و گە ورە تین بە رهه یوانی پاشایانە و لە گە ج و کە رپوج دروستکراوە دە کە وێتە خوارووی بە غداوئیستا بە سە لمان پاک دە ناسری و جیگایە کی شوینە واری و گە شتی بە هارانە ی قوتابیانی زانکۆیە

٦٨ – زۆر جار قوتابیانی کورد کچ و کوڕ کە دە هاتنە وە بە غدا خواردنیان لە گە ل خۆیان دە هیناو دە بوو بە هۆیە ک کۆمان بکاتە وە

٦٩ – بە داخەوە هه ندی کج و کور بە هۆی کیشە ی سۆزداری زۆر جار لە و بە غداو غە ریبیە لە خۆکوژی نزیک دە بوونە وە و هه ندێ جار دە کە وتنە نە خۆشخانە

٧٠ – ئە لیس گۆرگیس کچێکی مە سێحی هاوکڵاسمان بوو ئە ویش کچێکی هێمن و زۆبە ڕیز زۆر جار لە گە ل من هاتووچۆی دەکرد پیشتر لە گە ل باوکی پێکە وە لە کۆمپانیای فە رە نسی کارمانکردبوو

٧١ – هه ندێک مامۆستا و هه تا قوتابیش لە هه موو ماوە ی خوێندنیانبە هۆی خراپی رە وشە کە خۆیان ئاشکرا نە دە کردوو نە یان دە گوت ئیمە کوردین ئە مانە زۆر بە سوکی سە یردە کران

٧٢ – دکتۆر مارف عومە رگول دە رچووی بە ش یاسا و شاعیرو لیکۆلە ر ئێستا مامۆستای زانکۆی سڵیمانیە و لە ساڵانی خوێندندا گیراو و ئازاریکی زۆری بینی کە بە ربوو دە ستێکی کاری نە دە کرد

٧٣ – مامۆستا مە هداوی فە رمانبە ری سە رۆکایە تی زانکۆی سە لاحە دین لە گە ل ئێمە لە بە غدا و لە بە شی روسی وە رگیرا دوای هاتە وە لە هه وڵێر کۆمالناسی تەواوکرد ئیستا لە هه وڵیر دەژی

٧٤ – مامۆستا ئاوات محە مە د دە رچووی بە شێ زمانی ئینگلیزیە زە وقێکی ئە دە بی زۆرجوانی هه بوو زۆرجار پێکە وە چوارنیە کانی خە یام و باباتاهیرمان دە خوێندە وە وشیدە کردە وە ئێستا ئە ندامئ ئە نجومە نی پاریزگای شاری کە رکوکە




له‌نده‌ن: دوو رۆژ لە لەندەن چوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس ” کاوە گەرمیانی ” بەرز ڕاگیرا


رۆژی یه‌که‌م: خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی ‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌له‌نده‌ن

پاش چوار ساڵ له‌تیرۆری کاوه‌ گه‌رمیانی، بکوژانی هه‌روه‌ک بکوژانی سه‌رده‌شت و سۆران و ویداو ده‌یانی تر، به‌ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدان، نه‌ک ئه‌وه‌ش به‌ڵکو رۆژانه‌ کاره‌ساتی جه‌رگبڕی تر به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌هێنن، 16ی ئۆکتۆبه‌ر نموونه‌یه‌کی تری شه‌رمه‌زاری حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌، که‌ئێستا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ باجه‌که‌ی بده‌ن و به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی ناوچه‌کانی دوزو که‌رکوک و باقی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، که‌ رۆژانه‌ خه‌ڵک ده‌بنه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی و پارتی و حزبه‌کانی ناسیونالیزمی کوردو نۆکه‌رایه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و ئه‌مریکا.
به‌مهۆیه‌وه‌ هاوکاتی چوارهه‌مین ساڵیادی کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ناوه‌وه‌ی کوردستان و ‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و به‌تایبه‌ت له‌به‌ریتانیا دوو رۆژ له‌سه‌ریه‌ک په‌یام ده‌درێت به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ئه‌وه‌ هه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که‌ و له‌سه‌رویانه‌وه‌ حکومه‌تی قه‌ومی ئیسلامی شیعی و حه‌شدی شه‌عبیه‌که‌ی، جمهوری ئیسلامی ئێران و قاسم سله‌یمانیه‌که‌ی، ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئۆردوگانه‌که‌ی نیه‌ به‌هاوکاری ئه‌مریکا ده‌ستیان ناوه‌ته‌ قورگی خه‌ڵکی کوردستان و برسیان ده‌که‌ن و تیرۆریان ده‌که‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ حزبه‌کانی کوردایه‌تیه جیا له‌ تاڵانکاری و کاری مافیایی، به‌هه‌مانشێوه‌ خه‌ریکی برسیکردن و راونان و تیرۆری خه‌ڵکی کوردستان و رۆژنامه‌نوسان و ئازادیخوازانن، ئه‌مه‌ تۆمه‌ت نیه‌و دنیا شاهیدی ئه‌م کارنامه‌یانه‌.

رۆژی 5/12/2017 خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌له‌نده‌ندا وه‌ک یه‌که‌م رۆژ سازدرا، به‌به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی به‌گوڵه‌وه‌ و چه‌ندین دروشم به‌کوردی و ئینگلیزی و وتنه‌وه‌ی شیعاره‌کانی” نا بۆ تیرۆر له‌کوردستان، به‌ڵی بۆ ئازادی، بەڵی بۆ ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و رۆژنامەگەری لەکوردستان… نا بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و نا بۆ تیرۆره‌کانیان له‌کوردستان، دادگایی بکوژانی کاوه‌ گه‌رمیانی…” ‌ بینای حکومه‌تی هه‌رێم له‌شوێنێکی زۆر قه‌رباڵغی نزیک په‌رله‌مانه‌و بووه‌ هۆی سه‌رنج راکێشانی سه‌دان که‌س و هه‌روه‌ها پرسیارکردن و هاتنی کارمه‌ندانی هه‌مان بینا که‌ نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی تێدایه‌ و پرسیارکردن له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌.
خۆپیشاندانه‌که‌ به‌دوای کاتژمێرێک کۆتایی هات.

رۆژی دووه‌م: سازدانی کۆڕێک له‌سه‌ر کاوه‌ گه‌رمیانی وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی ناڕازی و له‌به‌ره‌ی هه‌ژاراندا

له‌سه‌ر بانگه‌وازی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی، لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی “دا کۆرێک بۆ ڕۆژنامەنوس “بڕوا بەرزنجی “ڕێکخست، له‌ کتێبخانه‌ی هاوسمه‌ن، که‌ هاوکاتی رازاندنه‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌ که‌پڕبوو له‌کتێب، به‌ وێنه‌و سلاید شۆی کاوه‌گه‌رمیانی و پلاکارتی دیفاع له‌ ئازادی بیروڕاو رۆژنامه‌نوسی و دژی تیرۆر و مۆمو چه‌پکه‌گوڵه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ وته‌یه‌کی کورتی ده‌شتی جه‌مال ‌ به‌خێرهاتنی به‌شداربووانی کردو وتی” کاوه‌ گه‌رمیانی لەیه‌که‌مین قوربانی ره‌خنه‌گران له‌ گه‌نده‌ڵی وتاڵانچیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان نیه‌ که‌ رووبه‌ڕووی کوشتن و تیرۆر بوەوە، به‌ڵکو میژووی ئه‌و حزبانه‌ میژوویه‌کی ره‌شه‌و پر تاوانه‌ وتیرۆر کوشتن به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یارانی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ره‌خنه‌گرانی سیاسی ونوسه‌ران رۆژنامه‌نوسان و ژنان وهه‌ڵسوڕاوانی سیاسی ..”ئەوەشی ووت” ئه‌مڕۆژانه‌ که‌یسی ئازادی له‌کوردستان، هه‌ر کاوه‌ گه‌رمیانی و سه‌رده‌شت عوسمان و سورانی مامه‌حه‌مه‌ وده‌یان ئینسانیتر ناخاته‌‌ به‌ر‌چاومان به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکدا که‌دژی نانو ئازادیه‌ هێناوه‌ته‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی ڕێگای ئازادیو یه‌کسانیو ژیانیکی خۆشگوزه‌ران”
پاشان نامه‌ی خانەوادەی کاوەگەرمیانی کە ئاراستەی بۆنەکە کرابوو، له‌لایه‌ن ئاسۆ گۆرانه‌وه‌ خوێنه‌رایه‌وه‌ و به‌دوایدا شیعرێک له‌لایه‌ن رۆشنا خان خوێنرایه‌وه‌. دواتر به‌سلاید شۆ ژیاننامه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی به‌ڤیدیۆ که‌له‌ فه‌یسبوکه‌وه‌ وه‌رگیرابوو لەخوێــندنه‌وه‌ى :عادل عــزيـز، نیشاندرا.
پاشان کۆڕه‌که‌ به‌قسه‌وباسی رۆژنامەنوس ” بڕوا بەرزنجی ” ده‌ستی پێکرد کەتایبەت بوو بە رەوشی رۆژنامەگەری وئازادی بیروڕا لە کوردستان ..باسی ھۆکارەکانی ترسی دەسەڵات لە میدیایی ئازاد و ئازادی بیروڕا کرد و وتی: ئەو ھەموو ترس و تۆقاندن و ئۆفیس سوتاندن و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانە ئەیسەلمێنێت، دەسەڵات چی دیوێکی ڕەشی ھەیە و ئەوەی لە میدیاوە گەیەندراوە لانی کەمی دیوە ڕەشەکەی حکومڕانی بووە.

بەرزنجی وتیشی: لە میژوی دنیادا ھەمیشە دیکتاتۆر و گەندەڵ و پاوانخواز و عەقڵە دینییە ڕادیکاڵ و فێندەمێنتاڵیزم و فیوداڵییەکان، وایان زانیوە بە تیرۆر و تۆقاندن تەمەنی دەسەڵات و قۆرخکارییان درێژدەکەن، بەڵام ئەم کارانەیان تەمەنی کورت کردون و کەوتونەتە لاپەڕەی ڕەشی مێژوو، لە بەرامبەردا قوربانیانی ئازادی ھەمیشە زیندو لە بیریی ھەمواندان. بۆیە ئەوەی لە ویژدانی ھەمواندا، لە زیهنی ھەمواندا بە ڕێزەوە ھەمیشە زیند و نەمر دەبێت، کەسانی وەک کاوەو سۆران و سەردەشت و ویدادن.
ئەو ڕۆژنامەنوسە بە وردیش باسی لە کەموکوڕییە پیشەییەکانی میدیایی کوردی و کاری میدیایی کرد.

له‌درێژه‌ی کۆڕه‌که‌دا، کاتێک بۆ پرسیارو قسه‌وباسی به‌شداربووان دانراو به‌شداربووان له‌گۆشه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ قسه‌وباسیان کرد.
له‌کۆتایی کۆڕه‌که‌دا، ده‌شتی جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، گوشارهێنان بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کاوه‌ و سه‌رده‌شت و سۆران و ویدادو بکوژانی 17شوبات و کۆمۆنیسته‌کان، نه‌زیر عومەرو به‌کر عه‌لی و عبدولستار شه‌ریف و حه‌مه‌ی حه‌لاق، فەرهاد فەرەج، رەوف ئاکرێی و تاوانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌ته‌واوی به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ خه‌بات له‌دژی سه‌رتاپای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ وتاڵانکاره‌و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی…. ئه‌وه‌ په‌یامێکه‌ که‌ به‌ده‌نگی به‌رز داوامان لێده‌کات له‌م قوناغه‌ مه‌ترسیداره‌دا کۆمه‌ڵگای کوردستان رزگار بکه‌ین خۆمان بۆ ئەو نەبەردیە ئامادە بکەین.
شایانی باسه‌ کۆڕه‌که‌ راسته‌وخۆ له‌رادیۆی پێشه‌نگه‌وه‌ به‌خشکرا، ئەمە لینکەکەیەتی…

https://www.facebook.com/376435012435217/videos/1627427497335956/




بمدۆزەرەوە….. پشکۆ ناکام

گەر هەوریت
بە خۆڕ ببارێ بە سەرما
با بیابانی” تەنها” یم
لە ووشک بوون
…..ڕزگار کا
گەر بروسکەیت
چرای “غوربەت” م داگیرسێنە
با خۆتی تیا ببینیت
و
دەستت بخە ناو دەستم
بڕۆین…بڕۆین
تا چاو بڕ ئەکا
گەر “گوڵاڵە” یت
پایزی تەمەنم بۆن خۆش کە
با بە بۆنت
بۆ سووی رابردوو
تاوێک
بە نەشئەی هەناسەت
لێم دوور بێ…
تا دڵ پشوویەک با
تۆ هەر کێیەک هەیت
وەرە…..
دوور نیم لێت
لە ناو هەور
و
بروسکە
و
گوڵاڵە
بمدۆزەرەوە….

…………….
پشکۆ ناکام
7/12/2017




منم شار و دارستان …. شۆعلە ڕەونەقی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……شۆعلە ڕەونەقی




كۆنتێكستی جیۆگرافی له‌ ژیانی (نالی ) ….سه‌لام ناوخۆش


شرۆڤه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌ر شوناسی (نالی ) ده‌كۆڵێته‌وه‌

ده‌روازه‌

ئه‌ته‌كیه‌تی زمان و شیعریه‌تی زمان له‌ ده‌ق و ته‌كنیكی هونه‌ری و وشه‌بازی – pun و غه‌زه‌ڵنووسی نالی , توێژه‌ره‌ كورده‌كانی ناچار كرد , كه‌ نالی به‌ رابه‌ری شیعری كلاسیكی كوردی بناسێنن .ئه‌و ناساندنه‌ هیچ ته‌وژم و ئایدیۆلۆژیایه‌كی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بووه‌ , به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌قه‌كانی نالی بوون , له‌ یه‌ك كاتا كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری ئایدیا جودا هاندا له‌ ده‌رگای بده‌ن : بۆ نموونه‌ دیندار و شه‌رعزانی كورد مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس , ڕه‌خنه‌گری ماركسی وه‌ك مه‌سعود موحه‌مه‌د , كۆمینیستی وه‌ك حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم , توێژینه‌وه‌كاری وه‌ك دكتۆر خه‌زنه‌دار و دكتۆر ڕه‌ئووف عوسمان ………..هتد
ئه‌م كورته‌ توێژینه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌دا روناهی بخاته‌ سه‌ر گرینگی كۆنتێكستی جیوگرافی له‌ دروستككردنی سێ شوناسی جیای نالی هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ ڕێگای ده‌قه‌كانه‌وه‌ ، باسی ته‌مه‌ن و حه‌جه‌كانی نالی بكات .
نالی و ململانێی میرانی كورد فاكته‌ری ترن له‌ سه‌ر ونبوونی كه‌سێتی شیعری نالی .

به‌شی یه‌كه‌م ، نالی سلێمانی

نالی سلێمانی باشووری كوردستان به‌وه‌ ناسراوه‌ , كه‌ شاعیرێك بووه‌ ( سه‌لما )یه‌كی به‌ نێوی ( حه‌بیبه‌ ) وه‌ك جزیری بۆ خۆی دروست كردووه‌ و خۆشویستووه‌ , جا ئه‌و مه‌حبووبه‌یه‌ مه‌جازی –سۆفی , یان حه‌قیقی بێت كاری ئه‌م نووسینه‌ نییه‌ ، ئه‌وه‌ته‌ ده‌رباره‌ی مه‌حبووبه‌ -حه‌بیبه‌ ده‌ڵێت :
پێم ده‌ڵێن مه‌حبووبه‌ خێل و قیچه‌ مه‌یلی شه‌ڕ ده‌كا
خێل و قیچه‌؟ یا ترازووی نازی نه‌ختێ سه‌ر ده‌كا
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
ده‌ستم له‌ گه‌ردنی خۆت هه‌ڵمه‌گره‌ ئه‌ی حه‌بیبه‌
وه‌ بزانه‌ خوێنی خۆمه‌ یا مننه‌تی ڕه‌قیبه‌!
سه‌ججادی 1971 , له‌ ل250 ده‌ڵێت : “نالی له‌ باسی دڵبه‌ریا سه‌رئه‌كه‌وێ‌ , ئاوازی ورده‌كاری و به‌لاغه‌تی ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌ و ئه‌ڵێ:
له‌ دوگمه‌ی سینه‌ دوێنێ نوێژی شێوان به‌یانی دا سفێده‌ی باغی سێوان
له‌ ترسی ته‌لعه‌تت رۆژ هه‌روه‌كوو شێت به‌ ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات و كه‌وته‌ كێوان
نالی –یه‌كه‌ی سلێمانی هه‌م غه‌زه‌لنووس و ئاشق و خه‌وبین به‌ جه‌سته‌ی مه‌ستوره‌ ( كه‌ ئیرۆتیكی لێده‌رژێت) و دیندار كه‌سی تر نه‌بووه‌ . پرسی غه‌زه‌لنووسی و ئاشقبووی به‌ حه‌بیبه‌ و جه‌سته‌ی مه‌ستووره‌ زۆری قسه‌ له‌ سه‌ركراوه‌ ، بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ نالی سلێمانی ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ ده‌وری دینداری وی ده‌كه‌ین .
دكتۆر ڕه‌ئووف عوسمان 2010 , ل له‌ كۆنفرانسی سنه‌ و گۆڤاره‌كه‌یاندا ده‌ڵێت : ” نالی به‌ چه‌ندان وێنه‌ ئایه‌تی قورئانی له‌ شیعری خۆیدا ته‌وزیفكردووه‌ . ” له‌ هه‌ردوو كتێبی به‌نده‌ (شیعری ئایدیۆلۆژی كوردی )و (شیعری هاوچه‌رخی كوردی )به‌ درێژی ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نالی چۆن وه‌ستایه‌كی هونه‌ری بووه‌ له‌ به‌كارهێنانی ئایه‌تی قورئان و فه‌رمووده‌ له‌ ده‌قی شیعریدا.
نالی شاره‌زا و به‌ ئاگا بووه‌ له‌ (ته‌ریقه‌تی نه‌قشه‌به‌ندیی ) و( قادریی) , بۆیه‌ مێشكی خۆی به‌راورد ده‌كا به‌ گومبه‌تی خانه‌قا , كه‌ لایه‌كی پڕ له‌ چرایه‌ , لایه‌كه‌ی تری پڕه‌ له‌ مژۆلی دنیایی :
نالی سه‌رت له‌ گونبه‌ده‌كه‌ی خانه‌قا ئه‌كا لایێ پڕه‌ له‌ مه‌شعه‌له‌
, لایێ پره‌ له‌ مه‌شغه‌له‌
كه‌واته‌ نالی سلێمانی شاعیرێكی غه‌زه‌لنووس و وه‌سفكار و دیندار و چالاكێكی دینی شاره‌زا بووه‌ له‌ ته‌ریقه‌ته‌كانی ئیسلامی.

دووه‌م , نالی –شام

دوای ئه‌وه‌ی نالی سلێمانی بڕیاری چوونه‌ ( حه‌ج) ده‌دا ، له‌ غیابی (ئه‌و) كوده‌تایه‌كی سیاسی له‌ سلێمانی ڕووده‌دات.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نالی له‌ شام لاده‌دات , له‌وێ‌ سالم نامه‌یه‌كی بۆ ده‌نێرێت باسی ره‌وشی سیاسی سلێمانی بۆ ده‌كات . نالی چامه‌ به‌ ناوبانگه‌ی بۆ ده‌نێرێت ، چامه‌كه‌ی نالی 42 دێر بووه‌ ، چامه‌كه‌ به‌ نۆستالۆژیه‌ك بۆ نیشتیمان , سلێمانی ده‌سپێده‌كات :
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور
ئه‌ی په‌یكی شاره‌زا به‌ هه‌موو شاری شاره‌زوور
دكتۆر خه‌زنه‌دار2003 له‌ ل45-46 ی به‌رگی سێهه‌می كتێبی ( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی )دا , باس له‌ هۆی مانه‌وه‌ی نالی له‌ شام ده‌كات . له‌ سه‌رده‌می میرنشینی بابان دا , سلێمانی ناوه‌ندی كوده‌تای میر و میرگۆڕیی بووه‌ : بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 1844 دا ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌ كۆشكی میرایه‌تی لادراوه‌ و عه‌بدوڵڵا پاشا به‌ هێزی عوسمانی له‌ جێی داندراو و ئه‌حمه‌د پاشا ئاواره‌ و ده‌ر به‌ده‌ر بوو , نالی له‌و كوده‌تایه‌دا سلێمانی چۆڵ نه‌كردووه‌ , به‌ڵام له‌ نه‌گبه‌تی ساڵی 1851 دا نه‌گبه‌تیه‌كه‌ له‌وه‌ دابوو ڕوخانی میرنشینی لێكه‌وته‌وه‌ و سلێمانی كرایه‌ قه‌زایه‌ك له‌ ویلایه‌تی شاره‌زوور. ده‌وڵه‌تی عوسمانی عه‌بدوڵڵا پاشاشی لادا و پیاوی خۆی له‌ شوێنی دانا .” له‌و ماوه‌یه‌دا نالی له‌ حه‌ج بوو , كه‌ ئه‌و ڕوداوه‌ی دوایی ڕوویدا , نالی نه‌هاته‌وه‌ سلێمانی به‌ڵكو له‌ شام گیرسایه‌وه‌ .
ئه‌و گۆڕینه‌ی سلێمانی به‌ (قه‌زا ) و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میرنشینه‌كه‌ , سالمی هاوڕێی نالی هانداوه‌ به‌ نامه‌یه‌ك و چامه‌یه‌ك كه‌ به‌ ( جانم فیدای سروه‌كه‌ت ..) ده‌ستپێده‌كات نالی ئاگادار بكاته‌وه‌ .
نالی –شام ده‌بێته‌ ئه‌و مه‌لا كورده‌ی ، ڕه‌تی ئه‌و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌كات , شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورده‌ و به‌ كوردی شیعری وتووه‌ :
ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ئه‌كا
ئیمتیحانی خۆیه‌ مه‌قسوودی له‌ عه‌مده‌ن وا ئه‌كا
با له‌ مه‌یدانی فه‌ساحه‌تدا به‌ میسلی شه‌هسوار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌م هه‌موو نه‌وعه‌ زبانی وا ئه‌كا
بۆره‌كه‌یی 2008 , ل580 باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌سته‌مبۆلی بردووه‌ هه‌روه‌ها (كارێكی میریی ) بۆ دۆزیته‌وه‌ .
كه‌واته‌ نالی شام هه‌ڵگری ته‌واو نالیه‌كی شۆرشگێری كه‌لامیه‌ , كه‌ به‌ ده‌سپێكه‌ری ناسیۆنالیستی ده‌ره‌كی كوردی ئه‌ژمار ده‌كرێت : كورد به‌رانبه‌ر تورك ! به‌ جۆرێك ده‌توانین بێژین له‌ شامه‌وه‌ ده‌قی ناسیۆنالی كوردی هاته‌ نێو ده‌قی شیعری كوردی .
خه‌زنه‌دار 2003 , ل 46 ده‌ڵێت : (خۆدزكۆ)ی زمانه‌وان زانیویه‌تی زانایه‌كی گه‌وره‌ی كرمانجی ناوه‌ند( مه‌به‌ست نالی یه‌ ) له‌ شام ده‌ژی , به‌ڵام دوای گه‌رانه‌وه‌ی نالی له‌ حه‌ج چۆته‌ ئه‌سته‌مبۆل , بۆیه‌ ئه‌حمه‌د پاشا یارمه‌تی زانستی و زمانه‌وانی (خۆدزكۆ)ی داوه‌. ”

سێیه‌م , نالی –ئه‌سته‌مبۆل

سه‌ججادی له‌ لاپه‌ره‌ ( 336 ) ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی , ده‌نووسێت : ” حاجی قادری كۆیی له‌گه‌ڵ كه‌یفی شاعیر له‌ ساڵی 1854 به‌ره‌و ئه‌سته‌مبۆل ده‌چێت .” هه‌روه‌ها هه‌ر سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 246 ) ی هه‌مان كتێبدا , ده‌نووسێت : ” نالی له‌ 1830 ده‌چێته‌ حه‌ج و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شام و له‌و ده‌مه‌دا میرنشینی بابان دووچاری هه‌ره‌س ده‌بێت , سالمی شاعیر نامه‌ و چامه‌یه‌كی بۆ ده‌نێرێت و تێیدا ده‌ڵێت سلێمانی كه‌ڵكی گه‌رانه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ , بۆیه‌ نالی شام به‌جێده‌هێلێت و به‌ره‌و ئه‌سته‌مبۆل ده‌چێت , كه‌چی خه‌زنه‌دار 2003 , ل47 ئه‌و چوونه‌ی نالی بۆ حه‌ج ده‌گه‌ڕێنه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵی 1851 هه‌روه‌ها سه‌ججادی باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ نالی ساڵی 1855 كۆچی دوایی كردووه‌ .” كه‌چی خه‌زنه‌دار , ده‌نووسێت له‌ 1856 مردووه‌ . بۆره‌كه‌یی 2008 باوه‌ڕی وایه‌ نالی له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵی كۆچی دوایی كردووه‌ , ( بۆره‌كه‌یی , ل575 ) حاجی قادریش له‌ ته‌مه‌نی 77 ساڵی له‌ ئه‌سته‌مبۆل كۆچی دوایی كردووه‌ , ( سه‌ججادی , ل 336)
كه‌واته‌ له‌ نێوان ساڵانی 1854 و 1855 كه‌ حاجی قادر و نالی ئاواره‌ بوونه‌ له‌ باكوور , بۆیه‌ ده‌پرسین : ده‌بێ ئه‌و زاتانه‌ یه‌كتریان بینی بێت ؟ ئه‌و یه‌كتربینه‌ زۆر گرینگه‌, چونكه‌ لایه‌كی شێوه‌ شیعری نالی له‌ ئه‌سته‌مبۆل پیشان ده‌دات! مارف خه‌زنه‌دار 2003 , ل47 له‌ وه‌رامی ئه‌و نیگه‌رانیه‌ ده‌ڵێت : ” حاجی قادر له‌ ده‌ جێگه‌ له‌ شیعری ناو دیوانیدا یادی نالی كردۆته‌وه‌ و به‌ چاوێكی به‌رز ته‌ماشای كردووه‌ و به‌ گه‌وره‌ی شاعیران ناوی بردووه‌ .”
له‌ پرسی له‌ دایكبوونی نالی دا زۆربه‌ی توێژه‌رانی وه‌ك سه‌جادی و خه‌زنه‌دار و مه‌سعود موحه‌مه‌د و موده‌ریس زۆر له‌ یه‌ك نزیكن، به‌لام له‌ پرسی مردنی زۆر له‌ راستی دوورن ، چونكه‌ نالی له‌ توركیا –دوور له‌ چاوی خه‌ڵكی باشوور مردووه‌.
له‌ هه‌مووش گرینگ تر , گه‌ر سه‌ججادی , ل 243 واته‌نی نالی له‌ 1797 له‌ دایك بوو بێت , بۆره‌كه‌ییش واته‌نی له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵی واته‌ ساڵی1880 كۆچی دوایی كرد بێت , كه‌واته‌ هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌ كوردیه‌كانی باكووری كوردستانی وه‌ك ڕاپه‌رینی به‌درخان , عزه‌دین شێر له‌وانه‌یه‌ شێخ عوبێده‌لاشی وه‌ك حاجی قادری كۆیی ( 1892 مردووه‌ ) بینی بێت , چۆن ده‌بێ نالی ئه‌سته‌مبۆل وه‌ك نالی سلێمانی بوو بێت وه‌ك نالی شام نه‌بێت؟؟؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیان نووسیوه‌ , وه‌ك عه‌لائه‌دین سه‌ججادی -1952 , دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار 2003 , سدیق بۆره‌كه‌یی ( سه‌فی زاده‌ ) 2008, دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ره‌سول 2012, چه‌ند زانیاریه‌كی كه‌م له‌ سه‌ر ژیانی نالی له‌ باكووری كوردستان یان ئه‌سته‌مبۆل تۆمار ده‌كه‌ن , وه‌ك :
1. سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ 257ی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ر سێ چاپی یه‌كه‌م 1931 و دووه‌می 1948 و سێیه‌می 1962 دیوانی نالی لای كوردی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌ به‌ ناوی كوردی مه‌ریوانی , عه‌لی سنه‌یی , گیو موكریانی , نه‌ك باشوور , ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت , كه‌ ئه‌و دیوانانه‌ ده‌قی سلێمانی و شام و باكووری كوردستان له‌ خۆ گرتووه‌.
2. سدیق بۆره‌كه‌یی –سه‌فی زاده‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌ 575-588ی به‌رگی دووه‌می ( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی )بۆ نالی ته‌رخانكردووه‌. به‌ پێی سه‌فی زاده‌ ئه‌م ده‌قه‌ , كه‌ له‌ دوا به‌رهه‌مه‌كانی نالی یه‌ له‌ باكوور دا , ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نالی زۆر پیر بووه‌ , به‌ جۆرێك قژ سپی و چاو كز بووه‌ وه‌ك ده‌ڵێت :
مووی سپی كردم به‌ شووشتن ئاوی عه‌ینی شۆره‌ شه‌گ
شۆره‌ شه‌گ یه‌عنێ كه‌ تێدا خۆ به‌ خۆ قه‌ل بوو به‌ به‌گ
3. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار , یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ به‌ نالی ناس وه‌ك عه‌بده‌لكه‌ریمی موده‌ریس و مه‌سعود موحه‌مه‌د حسێبی بۆ ده‌كرا , نه‌ك ته‌نیا كۆكه‌ره‌وه‌ی دیوانه‌كه‌ی نالی !
به‌ قسه‌ی مارف خه‌زنه‌دار 2003 , ل46 نالی ته‌نیا 3 ساڵێك له‌ باكوور یا ئه‌سته‌مبۆل بووه‌ , ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ نالی هه‌تا ساڵی 1853-1854 له‌ شام بووه‌ و له‌ 1856 كۆچی دوایی كردووه‌. هه‌روه‌ها دكتۆر خه‌زنه‌دار , ل 46 باوه‌ڕی وایه‌ نالی له‌ ئه‌ستمبۆل بزر ده‌بێ !
4. دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سول
له‌ شڕۆڤه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ی نالی –دا
فارس و كورد ه‌ عه‌ره‌ب هه‌ر سێم به‌ ده‌فته‌ر گرتووه‌
نالی ئه‌مڕۆ حاكمی سێ مڵكه‌ , دیوانی هه‌یه‌
ئه‌م مه‌رج (زانینی زمانی دی ) و پێوه‌ره‌ , نالی ئه‌سته‌مبۆلی وه‌ لێكردووه‌ , كه‌ چوار زمان بزانێت , ل 7-8 و شیعره‌كه‌ وای لێدێت:
فارس و كورد و عه‌ره‌ب و تورك هه‌ر چوارم به‌ ده‌فته‌ر گرتووه‌
نالی ئه‌مڕۆ حاكمی چوار مڵكه‌ , دیوانی هه‌یه‌.
ڕایه‌كه‌ی خه‌زنه‌دار ناڕاسته‌وخۆ لای دكتۆر عزه‌دین و بۆره‌كه‌یی و مه‌سعود موحه‌مه‌د و مه‌لای گه‌وره‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ , چونكه‌ نالی به‌ 3 ساڵی فێری توركی نابێت و شیعری پێ بنووسێت , یان مه‌لای گه‌وره‌ واته‌نی به‌ 56 ساڵی ئه‌وه‌نده‌ پیر بێت ؟؟ یان نالی واته‌نی ڕیش سپی و چاو كز بێت!

نالی و میرانی كورد

بۆچی نالی – ئه‌سته‌مبۆل بۆوه‌ نالی- سلێمانی , نه‌ك نالی –شام؟

نالی له‌ پاش چوونی یه‌كه‌م بۆ حه‌ج , ماوه‌یه‌ك له‌ شام بووه‌ , له‌وێ‌ له‌ ڕقی ده‌سه‌ڵاتی توركی بۆته‌ ناسیۆلیستێكی فیودالی , شه‌ڕێكی كه‌لامی له‌گه‌ڵ هه‌ڵگری سته‌می نه‌ته‌وه‌یی توركی كردووه‌ , به‌مجۆره‌ ده‌قه‌كانی شام بوونه‌ هه‌ڵگیرسێنه‌ری نۆستالیژیا و ناسیۆنالیزمی كاردانه‌وه‌ی كوردی .
چوونی نالی بۆ ئه‌سته‌مبۆل و مانه‌وه‌ی له‌وێ‌ وه‌ك هه‌وارێكی تر له‌ وڵات , نالی له‌ به‌ر چه‌ند هۆكارێك گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ نالی سلێمانی دیندار و غه‌زه‌ڵنووس :
1. هه‌ڵوێستی ئه‌حمه‌د خانی
دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا 2008 , ل 112 كۆپله‌شیعرێكی خانی ده‌گوازێته‌وه‌ :

ڕابت ژ مه‌ژی جیهان په‌ناهه‌ك
په‌یدا ببیتن مه‌ پادشاهه‌ك
شیری هونه‌را مه‌ بێته‌ دائنین
قه‌دری قه‌له‌ما مه‌ بێتن زانین
له‌ نه‌زه‌ر خانی میری كورد مشه‌ن , به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن , كه‌من . ڕه‌فیق صابریش له‌( به‌ره‌و مێژوو) ده‌ڵێت ” مێژووی كورد ناوچه‌گه‌رییه‌ , نه‌ك سه‌رتاسه‌ری ” هه‌روه‌ها ئه‌و میرانه‌ی خانیش ” قه‌دری ئه‌هلی قه‌ڵه‌م ناگرن”

2.ناته‌یایی میرانی كورد

موحه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی 2000له‌ ل 158-9 ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ عه‌بدلره‌حمانی به‌به‌ چه‌ند جارێك شه‌ڕی والی به‌غدا ی كرد , به‌ڵام خالدی برای بووه‌ هۆكاری فه‌شه‌له‌كه‌ی ” هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌ هه‌مان كتێبدا, ل 163-4 ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵی ئه‌حمه‌د پاشای به‌به‌ ده‌دا به‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر سوپای عوسمانی ئاماده‌ كرد , به‌ڵام به‌ هۆی خیانه‌تی مه‌حمود پاشای مامی فه‌شه‌لی هێنا . ئه‌و مه‌حمود پاشایه‌ پیاوی عه‌جه‌م بوو وه‌ عه‌بدوڵڵا پاشای برای پیاوی به‌غدا ( ده‌وڵه‌تی عوسمانی )بوو!!” هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ هه‌رای 1844 كوده‌تای له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د پاشا كرد و هاته‌ جێی .
زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌ وای له‌ عه‌لائه‌دین سه‌جادی 1959كردووه‌ , كه‌ له‌ لاپه‌ره‌41ی كتێبی ( شۆرشه‌كانی كورد و كۆماری عیراق) بڵێت : ” بایانیه‌كان له‌ نێو خۆیاندا به‌رئه‌بوونه‌ یه‌ك , برا , برای ئه‌كوشت , مام , برازای سه‌ر ئه‌بڕی !!” دكتۆر ڕه‌فیق صابریش له‌ كتێبی ( به‌ره‌و مێژوو ) دا ده‌نووسێت : میره‌كانی بابان ( ماڵباتی میره‌كان )سلێمانیان كردبووه‌ شوێنی ته‌ڕاتێنی سوپای عوسمانی و قاجاری! كه‌واته‌ كوردستان خاوه‌ن مێژووێكی سه‌رتاسه‌ری نییه‌, به‌ڵكو ناوچه‌گه‌رییه‌!
له‌ لایه‌كی تر , خیانه‌تی میرانی كورد له‌ باكووریش له‌ یه‌كتر, خاڵێكی دی ساردكردنه‌وه‌ی نالی بوو له‌ بزاڤی ناسیۆنالیزمی . به‌درخان پاشا له‌ باكوور به‌ ده‌سیسه‌ی مسیۆنێره‌كان له‌گه‌ڵ عوسمانیه‌كان كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ , عزه‌دین شێری ( برازای , خزمی , نه‌یاری ) له‌گه‌ڵ له‌شكری كه‌وته‌ لێدانی به‌درخان پاشا هه‌تا پاشا خۆی و دوو كوڕی به‌ دیل گیرت و له‌ وڵاتی كوردان نه‌فی كردن!
موحه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی له‌ لاپه‌ره‌ 167 باس له‌وه‌ ده‌كات , كه‌ عزه‌دین شێری ره‌قیبی به‌درخان له‌ پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌ویش له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی یاخی بوو , به‌ڵام ” یاخیبوونه‌كه‌ی ” ئه‌و له‌ ساڵی 1864 كوژێندرایه‌وه‌.”
ئه‌و ململانێ كوردییه‌ ، نالی له‌ شیعری شۆرشگێری سارد كرده‌وه‌ و جارێكی تر به‌ره‌و ( نالی –سلێمانی ) گه‌رایه‌وه‌ .
ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ یه‌ له‌ ده‌قی ناسیۆنالی كوردی , مه‌سعود موحه‌مه‌د وێنه‌یه‌كی نالی دیندار له‌ ته‌مه‌نی پیری دا بگوازێته‌وه‌ : سدیق بۆره‌كه‌یی –سه‌فی زاده‌ 2008 , له‌ ل575 ده‌نووسێت : ” مه‌لای گه‌وره‌ به‌ زۆر پیری نالی له‌ حه‌ج بینیوه‌ , ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو بێت …” كه‌چی سه‌جادی 1952 له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی دا ده‌بێژێت نالی –سلێمانی له‌ ته‌مه‌نی 33 ساڵی واته‌ 1830 به‌ره‌و حه‌ج ده‌چێت , كه‌واته‌ نالی –سلێمانی له‌ گه‌نجی و نالی – ئه‌سته‌مبۆلی , له‌ پیری چۆته‌ حه‌ج . كه‌واته‌ نالی به‌ لای كه‌میه‌وه‌ دوو جار حه‌جی كردووه‌ : جارێك له‌ گه‌نجی جارێك له‌ پیریی .

پوخته‌

نالی ، رابه‌ری شیعری كلاسیكی كوردی له‌ به‌ر دوو هۆكار :
1.ململانێی میرانی كورد له‌ سه‌ر یه‌كتر نه‌خوێننه‌وه‌،
2.سته‌می سه‌رانی عوسمانی له‌ كوردستان
واز له‌ ڕه‌وتی هزری و سیاسی بێنێت ، ژیانی خۆی له‌ دینداری كورت بكاته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ ( حاجی قادری) نه‌بینیبێت چونكه‌ له‌ ناو ( به‌درخانییه‌كان ) بووه‌ ، حاجیش ته‌نیا له‌ دووره‌وه‌ شه‌یدای شیعره‌كانی بووبێت .
ئه‌و دیندارییه‌ دوور له‌ سیاسه‌ته‌ له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دووباره‌ بۆوه‌ . كه‌سێكی وه‌ك مه‌لا سه‌عیدی كوردی نه‌ك هه‌ر له‌ ره‌وتی كوردایه‌تی دوور كه‌وته‌وه‌ به‌ڵكو ناوه‌كه‌شی گۆڕی بۆ ( شێخ سه‌عیدی نورسی ) هه‌روه‌ها ڕه‌حمی هه‌كاری، نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی له‌ باكوور ته‌واو شوێنپێی نالی و نورسی بكه‌وێت !
هه‌روه‌ها به‌ پێی ئه‌م شیكارییه‌ ( نالی ) به‌ لای كه‌مه‌وه‌ دوو ( حه‌ج)ی كردووه‌ هه‌روه‌ها نالی له‌ ئه‌سته‌مبۆل له‌ كاری میری فه‌رمانبه‌ر بووه‌ . له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ش كاری ئایینی بێ .

سه‌لام ناوخۆش \مامۆستای زانستگا




جێگر یان شەریک … کارا فاتح

کە دەوڵەت لە فۆڕمە مەدەنییەکەیدا لە عەقڵی ئەمانەدا جێگر نەبووبێت، لە بەڕێوەبردنەوە بووبێتە خۆسەپاندن، لێپرسراوێتی لە خزمەتکردنەوە بووبێتە هەموو شت بۆ خزمەتی خۆت، ئیتر نەک چەمکە ئەکادیمی، یاسایی، سیاسی و کارگێڕییەکان، بگرە چەمکە زۆر ئاشناکانیش لە بیرکردنەوە و دەماغی تەماعکارانەی ئەمانەدا دەبن بە مەخسەرە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتە، هەموو کەسێکی خوێندەوار یان نەخوێندەوار، یان هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی هۆشیاریدا بێت دەزانێ جێگر مانای چی: ١- لە غیابی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا وەک بەڕێوەبەر/سەرۆک کار دەکات و هەموو کارەکان ڕادەپەڕێنێت. ٢- لە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر/سەرۆکیشدا فشاری سەر بەڕێوەبەر/سەرۆک کەم دەکاتەوە و بە پێی ڕێکاری یاسایی لێپرسراوێتیی هەندێ کاری دەگرێتە ئەستۆ. ٣- لە کاتی مردن یان دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت…
کارکردنی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت لە کوێی ئەم تێگەییشتنە سادەیەدایە بۆ جێگر: لە زۆربەی سەفەرەکاندا هاوشانی سەرۆکە، لە واژۆکردنی زۆربەی گرێبەستەکاندا ئامادەیە، ڕەنگە هەندێ بڕیاری سەرۆک، بە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ جێگر و وەرگرتنی بۆچوونی دەرنەچێت، هەموو ئەمانەیش مانای جێگر بۆ ئەم پۆستە بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەنە شەریک… شەریک چییە؟ پشکپشکێنەیە، پشک لە خێروبێری دەستبەسەرداگرتنی پۆستدا، دابەشکارییە لە سامانی بەردەست و بەدەستهێنان یان دەستدرێژیکردنە سەر سامانی ئەوانی تر… بە کورتی سەرۆک و جێگر دەکرێت بە عەقڵی دامەزراوەیی و ئیداری کار بکەن و خزمەت بکەن، بەڵام دوو شەریک تەنها بە عەقڵی بەرژەوەندیخوازی و زۆرترین بردنەوە و قازانج… دوو شەریک هەمیشە کاری یەک تەواو ناکەن، بەڵکو یەک کار دەکەن و هەر یەک چاوی لە پشکی خۆیەتی… دوو شەریک لە دوو ڕێگاوە دەچنە سەر یەک غەزنە و هەرچییەک بێت، چ قازانج یان دەستکەوت یان تاڵانی بە پێی مەنتیقی هێز بەشی دەکەن، دوو شەریک لە کاتی دەستکەوت و قازانجدا کۆک و تەبان، لە شکستیشدا بەرپرسیارێتیی هەڵناگرن و لەناو کەشی شەراکەت و یەکتر تۆمەتبارکردن و بارودۆخدا ونی دەکەن.

نێچیرڤان بەرزانی لە هەر کوێ بێت، قوباد تاڵەبانییش لەوێیە، کەواتە کێ کاری هەبوە و بۆ کێی بە جێ هێشتوە؟ وەڵام کەسیان کاریان نییە تا بۆ ئەوی تریان بە جێی بهڵێت… ئەوان کار ناکەن، ئەوان تەنها خاوەنداری دەکەن… ئەوان خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەزانن بۆ خزمەتی خۆیان، نەک بۆ لێپرسراوێتی، ئەم لۆژیکە بۆ لێپرسراو و بەڕێوەبەری بچوکترین بەشی دائیرەی حکوومەتەکەیان دێتە خوارەوە، ئەوەی دەبێتە مودیر، خۆی ساحێب ماڵە، ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دائیرە بۆ بەرژەوەندیی بە کار دەهێنێت، وەك ماڵی خۆی دەچێتە سەر کورسی و كێی بوێت دەری دەکات و كێی ویست دەیهێنێتە لای خۆی.




ڕاگه‌یه‌نراوی به‌شێک له‌ ڕێکخراوه‌کان و چالاکانی مه‌ده‌نی له‌پێناو ئازادکردنی (ئه‌سعه‌د شاوری)

بۆ/ ده‌زگا ئه‌منی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان
ڕای گشتی و ڕێکخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌کان

(ئه‌سعه‌د شاوری) چالاکێکی مه‌ده‌نی کارا و پشتیوانێکی سه‌ره‌کی ڕۆژئاوا و پارچه‌کانی تری کوردستانه‌، به‌شداری چه‌ندان کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی کردووه‌ و دواترینیشیان کۆکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی کۆمه‌ک و هاوکاری بوو بۆ زیانلێکه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شاری کرماشانی ئازیز و ده‌وروبه‌ری. به‌ڵام له‌بری ڕیزگرتن و پاداشتکردنی؛ له‌ دوانیوه‌ڕۆی 2/12/2017 وه‌ له‌ ناو شاری سلێمانی شوێنبزر کراوه‌! ئێستا بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ لای ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی شاری سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ره‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پاساوێک و ته‌نانه‌ت هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیش له‌سه‌ر هۆکاری ده‌ستگیرکردنی بدرێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ وه‌ک چالاکانی مه‌ده‌نی و ڕێکخراوه‌کان و هاوڕێ و دۆستانی کاک ئه‌سعه‌د، ڕای گشتی و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و ڕێکخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌م چه‌ند خاڵه‌ ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌:-
1. شێوازی ده‌ستگیرکردن و ڕفاندنی کاک ئه‌سعه‌د ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یاسا و بنه‌ماکانی مافی مرۆڤه، ئه‌مه‌ش‌ بۆته‌ هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ لای خه‌ڵکی و جارێکیتر سه‌لمێنرایه‌وه‌ که‌ ئاسایشی تاک و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک هه‌ر بوونی نییه‌ به‌ڵکو له‌ ژێر مه‌ترسی گه‌وره‌دایه‌، ده‌بێت‌ هه‌رچی زووه‌ کۆتایی به‌و کاره‌ نایاساییانه‌ بهێنرێت.
2. به‌کارهێنانی ئه‌و تاکتیک و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی له‌ ڕفاندنی کاک ئه‌سعه‌د به‌کارهێنراوه‌، به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئیهانه‌ به‌ داموده‌زگا ئه‌منیی و قانونییه‌کانی شاری ڕانیه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌زانین، هه‌ڵمه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ ته‌نها شایسته‌ی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ به‌ کاری تیرۆرستی و خیانه‌تی نیشتیمانی تۆمه‌تبارن، نه‌وه‌ک خه‌ڵکانی دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر.
3. سه‌لامه‌تی گیانی و جه‌سته‌یی کاک ئه‌سعه‌د له‌ ئه‌ستۆی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی شاری سلێمانیدایه‌، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ئازاردانێک و کارێکی نه‌خوازراو به‌رامبه‌ری، ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆ بگرن.
4. هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ ئه‌گه‌ری به‌لاڕێدابردنی دۆسیه‌یی کاک ئه‌سعه‌د، دروستکردنی هه‌ر سیناریۆ و تۆمه‌تێکی بێبنه‌ما به‌هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ گومانمان له‌ پاکی و دڵسۆزی کاک ئه‌سعه‌د نییه‌.
5. ماوه‌ی ته‌نها 48 کاتژمێر داده‌نێین بۆ ئازادکردنی کاک ئه‌سعه‌د و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو هاوشاریان و که‌سوکار و ئازیزانی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی کاری نه‌خوازراو و ده‌رچوونی بارودۆخه‌که‌ له‌ ده‌ستی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ش پاڵپشت به‌ خوێندنه‌وه‌ی جددیمان بۆ ئه‌و واقعه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ تیایدا ده‌ژین و له‌به‌رچاومانه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێزدا…

به‌شێک له‌ ڕێکخراوه‌کان و چالاکانی مه‌ده‌نی
5/12/2017
ڕانیه‌




كه‌وتن … وریا مه‌عروف

ئێمە لەناو ئیفلاسێکی خنکێنەردا دەژین، ئـیفلاس لەدوای ئیفلاس، ژیان پەککەوتە بووە خه‌ریكه‌ لەکەوتنی ئەبەدی نزیک دەبینەوە، بەھا ئینسانیەکان هێواش هێواش نامێنێ تەنانەت وشەی شادی و گوزارشتی باش و ئینسانیانەش خه‌ریكه‌ لەفەرھەنگدا دەکەونە غیابەوە.

هه‌موو هێرشه‌كان به‌ ئاراسته‌ی كوشتنی ڕۆح و وێرانكردنی ناخ ئاراسته‌یان گرتووه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویسته‌ له‌ مرۆڤدا هه‌بن خه‌ریكه‌ ده‌توێنه‌وه‌ و له‌ناو ده‌چن. خراپیه‌كان ڕێگای خۆیان گرتووه‌ به‌ری پێناگیرێ، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆمان بكه‌ین خه‌ریكه‌ ده‌بینه‌ گیاندارێكی مه‌ترسیدار، هێنده‌ مه‌ترسیدار هه‌ناسه‌دان و ئارامی ده‌شێوێنین. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی خه‌فه‌تبارانه‌ی هیچه‌، ئه‌م ژینگه‌یه‌ ناچار به‌ كرده‌وه‌گه‌لێكت ده‌كات كه‌ چێژبه‌خشه‌ و ویژدان ئازارده‌ره‌، ویژدان سه‌رپشك نیه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ و فه‌رمان ده‌ركردن، ئه‌و كارانه‌ی ویژدان و ناخی تۆ ئاسووده‌ده‌كه‌ن ژینگه‌ی گشتی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و دژیه‌تی، ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی گشتیش ده‌یه‌وێ تۆ ناته‌وێ له‌هه‌ردوو باردا تۆ ئازار ده‌چێژی، له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ژه‌نگاوی نراوی خه‌ریكه‌ ژه‌نگ ده‌گاته‌ سه‌ر دڵت.

خیانەت و لادان و تاوان خەریکە دەبێتە مۆدە، مۆدەیەکی بریقەدار و جێگای فەخر، شکاندن بووەتە وەزیفەیەکی ئارامکەرەوە.

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گه‌مژه‌ نه‌بینرێیت ده‌بێت له‌ ڕێڕه‌وی خۆت لاده‌ی، خۆت خودی خۆت بشكێنی له‌ناخه‌وه‌ – له‌ ڕێڕه‌وی ویژدان و ئاره‌زووه‌كانت لاده‌ی، هه‌رچه‌نده‌ی بیر له‌ جوانی و باشیه‌كان ده‌كه‌یته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خۆت فریو ده‌ده‌یت ڕه‌نج به‌ خه‌سارده‌مێنیته‌وه‌، ده‌گه‌یته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی نه‌فره‌ت له‌ هه‌موو شتێك بكه‌یت بكه‌ویته‌ ئه‌و گشتیه‌ ناشیرنه‌وه‌ بچیته‌ ناو ئه‌و زه‌لكاوه‌ ئاراسته‌كراوه‌ی كه‌ تیایدا بوون له‌خۆتت داده‌بڕێنێت و شوناسێكی دیكه‌ت پێده‌دات و بزرت ده‌كات.
ھەموو ئەو دەردانەی ھەمانە مێژوویەکی کۆن و له‌ مێژینه‌یان ھەیە جگە لەوەی چارەسەرنەکراون، له‌ فۆرمێكی نوێدا خۆیان نمایش كردووه‌ و به‌سه‌ریه‌كدا کەڵەکەبوون و ھەمیشە به‌بەردەوامی دەردی نوێشمان بۆ زیاد دەبێت، وه‌ك ڕێگایه‌كی پیرۆزیش لێی لاناده‌ین و مشورێكی ناخۆین، چاوه‌ڕێی كه‌وتنی ئه‌به‌دی ده‌كه‌ین و له‌به‌ینچوونی جوانیه‌كان ڕاهاتووین و بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی و ساده‌ و لاوه‌كی. ئێمه‌ خۆمان خه‌می خۆمان نیه‌ ئومێدمان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه‌، ده‌مانه‌وێ كه‌سێك بێت یان هێزیك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هه‌موو شتێكمان بۆ باش بكات و به‌سه‌رمانیدا بسه‌پێنێت.

ماوینەتەوە چونکە وزەیەکی گەورەی خۆ لەگێلی دانمان ھەیە، ھێزێکی گەورەی اھمال کردنمان ھەیە.

ئێمه‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ ده‌خه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ هه‌موو تیۆر و ئایه‌ته‌كانمان پووچه‌ڵكرده‌وه‌، لێره‌ هێزی ئینسانی به‌جۆرێك لاوازه‌ كه‌ توانای ئاراسته‌كردنی هیچی نیه‌، پێوه‌ری باشی و خراپی بزربووه، لێره‌ له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ په‌ڕاگه‌نده‌یه‌دا‌ چه‌وساندنه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه،‌ چونكه‌ ئه‌و شته‌ی به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌وه‌ باشترینه‌ له‌لایان. دواجار سه‌رده‌نێینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ شتێك بگه‌ین…




سه‌رنجێكی خێرا بۆ سه‌ر تیۆره‌ شانۆییه‌كه‌ی برتۆڵد برێخت (1898 – 1956)

ڕێباز محەمەد جەزا

شانۆكارێكی هاوچه‌رخی ئه‌ڵمانیایه‌ ، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بێت له‌و كه‌سانه‌ی “زۆرترین نووسینی تیۆری هه‌ بێت ، زیاتر له‌هه‌ر نووسه‌رێكی تری شانۆیی ” تێگه‌یشتن له‌ برێخت كارێكی ئاسان نییه‌ به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ درامای ئه‌وروپی چونكه‌ برێخت ده‌ڵێت : ” درامای ئه‌وروپی دووده‌یه‌یه‌ به‌ماوه‌ی ئه‌زموونگه‌ریدا تێده‌ په‌ڕێت ” كه‌ به‌ گشتی به‌ دووهێڵی سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت :

یه‌كه‌میان : توخمێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چێژو له‌زه‌ت .
دووه‌میان : به‌شداریكردنی شانۆیه‌ له‌ به‌هاكانی فێركاریدا .
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ برێخت به‌پێی پێشكه‌وتنی كارو به‌رهه‌مه‌كانی سێ قۆناغی گرنگ تێده‌په‌ڕێنێت تا ده‌گاته‌ تیۆره‌ شانۆییه‌كه‌ی ئه‌وانیش :
قۆناغی یه‌كه‌م : شانۆی ده‌ربڕینگه‌رێتی : شانۆی ده‌ربڕینگه‌رێتی (تعبیری)ماوه‌ی دوای جه‌نگ : جیهانی وه‌ك (خواست)و (بیر) نیشان داوه‌و بووه‌ هۆی جۆرێكی تایبه‌تی له‌ (سۆلیپسیزم – الژات ) رمادیه‌ solipsism
ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌كانی شانۆ بوون له‌ قۆناغه‌دا بۆته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كانی كۆمه‌ل َهه‌روه‌ك چۆن باوه‌ڕه‌كانی ( Mach ماخ- وه‌ڵامه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ بوون بۆئه‌و قۆناغه‌ ته‌عبیریه‌ت له‌شانۆدا شۆڕشی هونه‌ری بوون دژی ژیان (…) ته‌عبیریه‌ت به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ئامرازه‌كانی ده‌ربڕینی شانۆی ده‌وڵه‌مه‌ند تر كرد سه‌ره‌تای كاره‌كانی برێخت له‌ژیر كاریگه‌ری ئه‌م قوتابخانه‌یه‌دا بوو”ته‌پڵه‌كانی شه‌و” له‌نمونه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ن. هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نده‌ڵبوونی ڕژێمی سیاسی ، چونكه‌ ئه‌و سیستمه‌ مرۆڤی كردبووه‌ ئامڕازی به‌رهه‌م هێنان .

قۆناغی دووه‌م : شانۆی فێركاری :

ئه‌وه‌ی زانراوه‌ برێخت گرنگترین به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌ فێركارییه‌كانی له‌ نێوان ساڵانی (1929-1933) دا نووسیوون ، له‌و ساڵانه‌دا شانۆی سۆسیالستی(واقعی سۆسیالیستی) له‌لووتكه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنیدا بووه‌ له‌ئه‌ڵمانیا . بێگومان ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ش به‌ ڕێكه‌وت نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌شه‌ی مێژووییه‌وه‌ بووه‌ ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ری بیری سۆسیالستی و فه‌لسه‌فه‌ی (ماركسیزم) ی پێوه‌دیاره‌ به‌ڵام به‌شگتی ده‌توانین بڵێین به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ و هه‌ڵئاوسانی ئابوری و كێشه‌كانی كرێكارانبه‌تایبه‌تی له‌ “نیویۆرك” له‌نێوان كرێكاران و سه‌رمایه‌داران كه‌ئه‌مه‌ش بووبه‌ هۆی ئاڵۆزبوونی نێوان چینه‌كان و سه‌ره‌نجام دروستبونی سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كان ،ئه‌مه‌ش وایكرد له‌پێناو هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شداریكردنی شانۆ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌و پێداوستی ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵًك و جه‌ماوه‌ر ، ده‌بوو برێخت ڕووب كاته‌ ئه‌م جۆره‌ شانۆیه‌ و نمونه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ش : “ده‌ستورو ده‌رهاویشتنه‌” .

قۆناغی سێهه‌م : شانۆی داستانی :

ئه‌م قۆناغه‌ تێهه‌ڵكێشه‌و ڕه‌خنه‌ گره‌ بۆرژواكانیش ده‌ڵێن ( له‌قۆناغه‌ یه‌كه‌مدا دیاریكردنی هێڵه‌كان بوو ، له‌ قۆناغی دووه‌مدا به‌ستنه‌وه‌ی شانۆیه‌ به‌ كێشه‌كانی ناوكۆمه‌ڵگه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ و قۆناغی سێهه‌م ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانه‌و گه‌یشتنه‌ به‌ شانۆی داستانی ) .
به‌لاًَم داخۆ داستان لای برێخت به‌واتای چی دێت ؟
مه‌به‌ست له‌ داستان لای برێخت په‌یوه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌و سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و گه‌ ڕان بۆدۆزینه‌وه‌ی بوارێك بۆگونجاندنیان . كه‌واته‌ ئه‌م ئه‌ده‌به‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌ڵبژاردن یان ئاماده‌كردن یان نووسینی ده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستمه‌ كاركردنه‌دا .
به‌م پێیه‌ش نواندن له‌ شانۆی داستانیدا بریتیه‌له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شانۆییه‌كه‌و ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ده‌ركه‌وتن لای برێخت ، هه‌روه‌هاده‌بێت بگوترێت گرنگیش نییه‌ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ كێیه‌ كه‌ رۆڵًی كه‌سایه‌تیه‌ شانۆییه‌كه‌ ده‌بینێتچونكه‌ رۆڵ به‌و جۆره‌ دابه‌شناكات به‌ڵك واپێناسه‌ی مرۆڤ ده‌كات كه‌ به‌رهه‌می ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژی و قابیلی گۆڕانه‌ ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاسۆیه‌كی فراوان ده‌داته‌ ئه‌كته‌ره‌كان تاخۆیان تاقی بكه‌نه‌وه‌و زیاتر له‌ رۆڵێك و زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌پێویسته‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت . له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م میتۆده‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ گرنگه‌ بو بۆگه‌یشتن به‌ ئامانج چونكه‌ پێویسته‌. ئه‌مه‌ش له‌ڕێی شێوه‌ ی وه‌ستانه‌كان و ڕوانین و جۆره‌ها مه‌شقه‌وه‌ . برێخت ده‌ڵێت : ” ده‌شێت ئه‌كته‌ر گوزارشت له‌ده‌رونی خۆی بكات چه‌ندین جۆر تۆنی ده‌نگی به‌كار بهێنێت به‌ڵام به‌شێوه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراو “.

ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی دیكۆری نمایشه‌ شانۆییه‌كانی برێخت “كارڵفۆن” كه‌یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خشه‌سازه‌كانی دیكۆری شانۆو له‌گه‌ڵ برێخت كاری كردووه‌ بۆنمونه‌ له‌ “بازنه‌ی ته‌باشیری قه‌وقازی” دا به‌م جۆره‌ باسی دیكۆری شانۆییه‌كانی ده‌كات له‌ڕوانگه‌ی “برێخت”ه‌وه‌:”كاری هونه‌ری و ته‌كنیك له‌ دیكۆردا پشت گوێ‌ ناخرێت ، به‌ڵكو دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر ێكه‌ بۆجوانی ، من خۆم ئه‌ندازیاری دیكۆر م وات وێنه‌ كێشی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێكخراو ” .
له‌ڕوانگه‌ی برێخته‌وه‌ نه‌خشه‌سازی دیكۆر ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك ده‌دات و جوڵه‌كان ناكاته‌ جێگره‌وه‌ بۆفۆتۆ له‌سه‌ر شانۆ ،ئه‌مه‌ هاوشێوه‌ی نیه‌و چاودێری كردنه‌ . واته‌ دیكۆری شانۆیی رۆڵی ڕوونكردنه‌وه‌و دروستكردنی كه‌شی درامی ده‌نه‌خشێنێت ، ڕوونكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان یارمه‌تیده‌رن بۆبه‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاریو چێژی بینه‌ران .

ده‌رهێنه‌ر له‌م میتۆده‌دا له‌ڕوانگه‌ی برێخته‌وه‌ پشت به‌چه‌ندشتێك ده‌به‌ستێت له‌وانه‌ :

نامۆبوون / ئه‌م چه‌مكه‌ به‌پێی فه‌رهه‌نگی سیاسی به‌ر له‌ برێخت به‌كارهاتووه‌ كه‌ بریتیه‌له‌ نامۆكردنی كرێكارێك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ زۆره‌ ده‌یكات و كرێیه‌كی كه‌می ده‌ده‌نێ‌ و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ چه‌مكه‌كانی : “زێده‌بایی و ڕه‌تاندن وهتد..” به‌ڵاًم لای برێخت گۆڕانكاری به‌سه‌رئه‌م به‌كارهێنانه‌دا دێت و به‌رگێكی هونه‌ری ده‌كات به‌به‌ردا كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی له‌ڕێی ته‌كنیكه‌وه‌ هه‌موو ئیش و كارو ڕووداوه‌كان له‌ دۆخی باوه‌وه‌ والێبكرێت كه‌ ناباو ببیندرێت ، به‌مه‌رجێك خورپه‌ دروست بكات لای بینه‌ران. ئه‌مه‌ش چۆن ڕووده‌دات ؟ ڕووداوێك یان كه‌سایه‌تیه‌ك یان بابه‌تێك به‌جۆرێك به‌جۆرێك ناباو بكرێت كه‌ هه‌ستی پێبكرێت و ئاره‌زووی زانین بوروژێنێت ، ئه‌م كاره‌ش لای برێخت له‌ڕێگه‌ی “حیكایه‌تخوانه‌وه‌ ” گوزارشت بكرێت یان له‌ڕێی لافیته‌و ئاماژه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و فیلمی سینه‌مایی وه‌كو هۆكاری نامۆكردنه‌ كه‌ .

وێنه‌ی نامۆكراو /

ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ كه‌واده‌كات یان ڕێگه‌ده‌دات كه‌هه‌مووشتێك له‌ڕێیه‌وه‌ بزانرێت به‌ڵام هاوكات نامۆیده‌كات . برێخت باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌م جیهانه‌ وه‌ك نامۆ پیشان درا ، ئه‌وا ئاره‌زووی گۆڕین لای بینه‌ران به‌ئاگادێت بۆدروستكردنی وێنه‌ی نامۆكراو كه‌په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر دووباره‌ركدنه‌وه‌و دابه‌شبوونی “كاره‌كته‌رو ڕووداو” له‌ بونیادی درامیدا .
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئامانجی نامۆكردن گۆڕینی دۆخی بینه‌ره‌ بۆتێڕامان و هه‌لًوێست وه‌رگرتن واته‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بینه‌ران تیًكه‌لاًوی ڕووداوه‌كان بن ، وایان اێده‌كات بووه‌ستن و هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن .

ته‌كنیكه‌ كانی نامۆكردن /

ته‌واوی توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی شانۆ نامۆده‌كه‌ین وه‌كو: ” ده‌ق ، نواندن ، ده‌رهێنان ، مۆزیك ، دیكۆر…هتد ” بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ڕوو بدات كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان هه‌یه‌ له‌وانه‌ :
1. كاركردنی نائیهامی ، له‌پێناو پاراستنی بینه‌ران له‌ چونه‌ناونمایشه‌كه‌.
2. ڕووته‌لًكردن – تجرید: داماڵینی ته‌خته‌ی شانۆ له‌ دۆخی باو.
3. تێكشاندنی لایه‌نه‌ موگناتیسیه‌كانی نمایش .
4. په‌نا بردنه‌ به‌ر به‌كارهێنانی فیلمی سینه‌مایی و سكرین .
ئه‌مه‌ش واده‌كات نمیشێكی شانۆیی نامۆكراومان ده‌ست بكه‌ویًت كه‌ هه‌ردوو هێلًكه‌ی نمایش وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسمان كرد پێكه‌وه‌ گرێ‌ بداته‌وه‌ ئه‌وانیش :” چێژ و فێربوون ” ن به‌ و ئومێ>ه‌ی سه‌رنجیً:ی تیۆری خێراو پێوستمان خستبێته‌ سه‌ر ئه‌و تیۆره‌ هاوچه‌رخه‌ شانۆ .

—————————————————-
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان :

1. به‌شێك له‌ زنجیره‌ وانه‌كانم له‌ هه‌ردوو په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی ( شه‌هیدجه‌عفه‌ر / كۆیه‌ ) و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌لًه‌بجه‌ .
2 . نڤریه‌ المسرح الحدیپ ، ئیریك بتلی ، تر: یوسف عبدالمسیح پروت
3. پێنج وتاری شانۆیی –ده‌رباره‌ی ئه‌زموونگه‌ری – وه‌رگێڕانی كه‌مال مه‌مه‌ند میراو ده‌لی
4. مسرح التغییر : اختیار و مراجعه‌ : فیس الزبیدی : تالیف عادل قرشولی




بزووتنەوەی گۆڕان … کارا فاتح

گۆڕان كردار نییە، لە دۆخی (كار)دا نییە بۆ دروستكردنی ڕووداو، بەڵكوو دۆخی (چاوگ)ـە… چاوگ چییە؟ چاوگ سروشتێكی وەستاوی هەیە: نووستن، خواردن، گۆڕان، مردن، ڕۆشتن، دانیشتن… لەم دۆخەدا هیچ ڕوو نادات و هەموو شتێك لە جووڵە خراوە، چاوگ ناوێكە لە هەموو ڕێژەكانی تری (كار) دەنرێت، ناكەوێتە ناو كاتەوە، پێوەندیی بە هیچ یەك لە كەسەكانەوە نییە و بە بێ (بكەر) خۆی نماییش دەكات، نماییشێك بە بێ دروستكردنی ڕووداو… دۆخی كردارەكانی (گۆڕان) بریتیین لە: گۆڕیم، گۆڕاوە، دەیگۆڕێت، گۆڕرا…هتد، واتە گۆڕان ناوێكە بۆ ئەم دۆخانە، بەڵام خۆی وەستاوە و فۆڕمێكی بێ جووڵەی هەیە.

لە ڕێزماندا هاتوە كە هەموو ڕێژەكانی كار لە چاوگەوە دروست دەكرێن، بە یاسای جۆراوجۆر كاری ڕانەبردوو و ڕێژەكانی كاری ڕابردوو لە چاوگەوە دەردەهێنرێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هاوكێشەكە تا ڕادەیەك پێچەوانەیە، ئەوە چاوگی (گۆڕان) نییە ڕێژەكانی كار دروست دەكات، بەڵكوو ڕێژەكانی كار بەرەو ئەوە دەڕۆن ببنەوە چاوگی گۆڕان، یاخود لە ناو چاوگی گۆڕاندا بتوێنەوە و لە دەفری ئەو پێكهاتەیەدا لە جووڵە بخرێن، كارەكان خۆیان هەن و ڕوو دەدەن، بەڵام دەچنەوە سەر سەرچاوەیەكی ساختە و لەوێدا كوێر دەبنەوە.

ئەگەرچی ئەم پێكهاتەیە هەر لە سەرەتاوە ناوی (بزووتنەوە) لە خۆی دەنێت، بەڵام ئەم ناوە ڕێك بەم ئاراستەیەیە و ئەم ئامانجەی (گۆڕان) ئەكتیڤ دەكات، نەوەكوو پرۆسەكە بخاتەوە سەر ڕیتمی خۆی، بزووتنەوە هێزی زیاتر بە گۆڕان دەدات بۆ لە جووڵەخستنی ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا، بۆیە بێ هۆ نییە هەر دەنگێكی ناڕازی، هەر جووڵەیەكی بەرەنگاری دژ بە دەسەڵاتی ملهوڕی یەكێتی و پارتی، هەر زوو تۆمەتی (گۆڕانبوون)ی دەخرێتە پاڵ و هەر زوو بە ئەنقەست و بەوریایییەوە دەسەڵاتداران مۆری ئەوەی لێ دەدەن كە گۆڕان لە پشت ئەو دەنگ و جووڵانەوانەیە، هەندێ جاریش دەگاتە ئەوەی خێرا بارەگا و نووسینگەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەندێ شوێن دەپێچرێنەوە یان دەسووتێنرێن و لایەنگرانی بەر شاڵاوی گرتن و تەنانەت ئەشكەنجەیش دەكەون، بەڵام وەك گوتمان دەسەڵاتداران چاك لەم بزووتنەوەیە تێ گەییشتوون، دەزانن هەر دەنگ و وەستانەوەیەكی كۆمەڵگا لە دژیان لە ناو عەقڵی دۆگما و كۆنەپەرستی جفات و خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیەدا خێرا خۆی دەمرێت و دەبێتە كەرەستەیەكی باش بۆ گفتوگۆ و ڕێكەوتن و باشیش دەزانن زۆرینەی ئەو دەنگە ناڕازییانە پێوەندییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

سودفەیەكی سەیرە، قەدی چاوگ واتە ئەو بەشە بەهێز و دیارەی وشە، كە بە تەنها دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و كار دروست بكات و هەموو بەشەكانی وشە هەڵبگرێت، بۆ چاوگی (گۆڕان) بریتییە لە (گۆڕا)… ئەوانەی لاشەی ئەو بزووتنەوەیەیان هەڵگرت و بوونە سیمای دیاری، هەر ئەوانە بوون كە بە گردەكەوە نووسان و لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان بردە پێشەوە و هەڵپەی پۆست و پارە و ناوبانگیان بوو، واتە هەر ئەوانەی ناو (گۆڕان) بوون كە (گۆڕا…ن- قەد+جێناوی بكەر) بەڵام ڕەگی چاوگی گۆڕان، ڕەگ واتە ئەو بەشە بنچینەیییەی كە لە پێكهاتەی هەموو فۆڕمەكانی وشەدا هەیە، بەڵام بە تەنها نابینرێت و سەربەخۆ خۆی دەرناخات، بریتییە لە (گۆڕ)… ڕەگ بەزۆریی چالاكی و هێزی لە دروستكردنی كرداری ڕانەبردوودایە، واتە لە دروستكردنی داهاتوودا ڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەم ڕەگەی گۆڕان، كە لە سەر ئەرزی واقیع خەڵك بوو، لە ڕێزماندا (گۆڕ)ـە، جەماوەری گۆڕان ئێستا لە گۆڕدان، یان مردوون و لە گۆڕ نراون.

دەتوانین ئەم لەم هێڵكارییەدا زیاتر ڕوون بكەینەوە:
قەدی گۆڕان = گۆڕا = كۆمەڵێكی پۆسپەرستی لوتبەرزی سەر شاشە و ڕاگەیاندنەكان گۆڕان، كە جگە لە كەللەیەكی پووت، ڕۆحی فاشستی وای لێ كردن، هەموو مەعریفە و بیركردنەوەیەكی ڕەخنەیی لایان ببێتە جنێو و تەخوین.
ڕەگی گۆڕان= گۆڕ= جەماوەرێكی بێ هیوا، كە خەون و ئومێدی دایە دەست كۆمەڵێكی بازرگان كە ساتوسەودا بە نان و خوێن و ئاییندەیەوە بكات.




فردریک ئەنگلز له‌ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست دا چۆن باس ده‌کرێت! … ئاماده‌کردنی: سالار حه‌مه‌سه‌عید

هەمیشە کارل مارکس بە یەکێک لە گرنگترین بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە ناودەبرێ بەڵام ئەوە ‘فردریک ئەنگلز’ ی هاوکار وهاونووس و هاوڕێی بوو کە کارەکانی مارکس ی نووسیەوە بۆ چاپکردن وبڵاوکردنەوەی پاش مەرگی مارکس و کردیە بەردەم زۆرترین لێکدانەوەی ڕادیکاڵ. فردریکی هاوڕێ و خۆنەناس، ئەوکەسە بوو کە وای کرد ‘داس کاپیتال- سەرمایە’ بنووسرێ.
مارکس هەرگیز فەرامۆش نەکراوە و لەبەرچاوان گووم نەبوو، لەکاتێکدا فردریک ئەنگلز کە دۆست و هاوڕاز و هاوڕێی زۆرنزیکی مارکس بوو وە کاری لەگەڵ دەکرد لە زۆرینەی زۆری تەمەنی مارکس دا هاوکاریەکی بێوێنەی کرد لە ‘ داس کاپیتاڵ’ دا تا ئەندازەیەکی زۆر فەرامۆش کرا و لەیادکرا. مێژوونوسێکی بەریتانی بەناوی (تریس ترام هەنت) لە بایۆگرافیەکی نوێ دا ستایش وئیعتبارێکی زۆر دەدات بە فردریک ئەنگلز.

ئەو دوو پیاوە لە ساڵی ١٨٤٤ بوونە هاوڕێ لە پاریس، کاتێ کە هەردووکیان لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیاندا بوون وە زۆر بە نزیکی مانەوە تاکو مەرگی مارکس لە ساڵی ١٨٨٣ دا. مارکس و ئەنگلز دوو پێشینەی (باکگراوندی) جیاوازیان هەیە، باوکی مارکس پارێزەرێکی جولەکە بوو کە دواتر بوو بە مەسیحی، بەڵام باوکی ئەنگلز پرۆتستانتێکی دەوڵەمەندی خاوەن کارگەیەکی لۆکە بوو. مارکس یاسای خوێند بوو ئینجا فەلسەفە و ئەنگلزیش لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە نێردرا بۆ کارکردن لە بزنس و کاری باوکی دا لەبەرئەوەی کوڕێکی سەرکێش بوو. لەساڵی ١٨٤١ دا ئەنگلز کاتێ کە خزمەتی سەربازی دەکرد لە بەرلین کەوتە بەر شەپۆلی ئیدەو بیروباوەڕە پڕ جۆش وخرۆشە بڵاوەکانی ئەوکاتەی پایتەختی پروسیا.

دواتر چوو بۆ مانچستەر بۆ کارکردن لە بەشێکی بزنسی عائیلەکەیدا کەبەناوی ‘ ئێرمن و ئەنگلز’ بوو لە مانچستەر. ئەوکارگەیە کە بەهەشتی خاوەن کارگەکە ودۆزەخی کرێکاران بوو، گەورەترین وانەی فێری ئەنگلز کرد، ئەو وانەیەی کە:
فاکتەرە ئابووریەکان هۆکاری سەرەکی پێکدادانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگان. لە ساڵی ١٨٤٥ دا کە تەمەنی تەنها ٢٤ ساڵ بوو، نە تەنها فێرببوو کە چۆن ببێتە سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو بەڵکو بەرهەمێکی پرشنگداری دژە کاپیتالیستیشی نووسی، ‘ بارو ڕەوشی چینی کرێکار لە ئینگلتەرە ‘، کە تیادا بەدرێژی و وردەکاریەوە باس لە نامرۆیی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی مۆدێرن دەکات. ئەنگلز مانچستەری بەجێهێشت تا کاربکات لەسەر ‘ مانیفێستی کۆمۆنیست ‘ لەگەڵ مارکس دا. هەردووکیان کۆتایی ساڵەکانی ٤٠ی سەدەی ١٩ یان لەهاتووچۆ و پەڕینەوە و بەدواداچوونی شۆڕشەکانی ئەوروپادا بردەسەر و لەکۆتاییدا لە ئینگلتەرە گیرسانەوە. مارکس دەستی کردبوو بەکارکردن لە سەر ‘ کاپیتاڵ ‘ بەڵام کێشەیەک هەبوو، لەوکاتەدا ئەو ژنێکی لە خێزانێکی ئەرۆستۆکراتی هێنابوو کە بەهیوای ژیانێکی بۆرژوایی ڕاحەت و ئاسوودە بوو لەگەڵ دەستەیەک مناڵی بچووکیشی هەبوو، بەڵام بەبێ بوونی هیچ ڕێوشوێنێکی گوزەران و بژێوی. ئەنگلز کە بە مانای ‘ فریشتە ‘ دێت بە زمانی ئەڵمانی، ڕێگەچارەیەکی دڵسۆزانەی خستەڕوو: کە ئەویش ئەمەبوو ئەو بگەڕێتەوە بۆ مانچستەر بۆ دەستپێکردنەوەی بەکاری کارگەکەی خێزانەکەی کەلێی بێزاربوو و حەزی لێنەدەکرد وە پارەی پێویست بۆ مارکس دابین بکات تاکو ئەو باس و نووسینانە بنووسێ کە جیهان دەگۆڕێ.

تا ٢٠ ساڵی دواتریش ئەنگلز بە ناچاری و بێزاری لە دوور کاریکرد، نیوەی دەرامەتە سەخاوەتمەندەکەی دەدایە مارکس. ئەنگلز زۆر بە چڕوپڕی هاوکاری مارکس ی دەکرد لە ئیدەو بیروبۆچوونەکانیدا هەم لە ئەزموونی پراکتیکی بزنسەکەیەوە تاکو کاری نووسینەوەو ئامادەکاری نووسینەکانی. کاتێ بەشی یەکەمی ‘ داس کاپیتاڵ ‘ تەواو بوو، ئەنگلز خۆی لە ئیشوکاری بزنسەکە (کارگەکە) دوورخستەوەو هات بۆ لەندەن بۆ لای مارکس و خێزانەکەی. ئەنگلز کەسێکی ئاڵۆز و پڕ ڕاز بوو. خاوەن بەهرە بوو، پڕ ووزە و ئینێرژی بوو، تامەزرۆ وشیفتەی ئیدەو بیروڕای سیاسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەبوو کە ڕۆڵی کەسی دووەم ببینێ پاش مارکس.

ئەنگلز لە مەرگی مارکس ی هاوڕێی دا ڕایگەیاند: ‘ مارکس بلیمەت بوو، ئێمەو ئەوانی تر لە باشترین خاوەن بەهرەکان بووین’. ئەنگلز باڵابەرز و خۆش روخساربوو. ئەنگلز تەنها بە سەلیقە نەبوو لە بیروباوەڕو بۆچوونی سیاسی دا بەڵکو لە خواردن وخواردنەوەشدا بەسەلیقە بوو. ئەو بەشێوەیەکی ناوبەناو لەگەڵ کچێکی کرێکاری نیمچە خوێندەوار دەژیا بەناوی ‘ مێری بێرنس’. ئەنگلز مناڵی نەبوو.

قوربانیەکانی ئەنگلز بەردەوام بوو پاش مردنی مارکسیش، ئەو تەنها بەردەوام نەبوو لە پشتیوانیکردن و بەخێوکردنی خیزانی مارکس و چارەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانیان، بەڵکو ساڵەهای ساڵی بەسەربرد بە پێوەلکاندن و پێک بەستنەوەی تێبینی و نووسراوە پەرتەوازەکانی کە مارکس لەپاشی بەجێ مابوو تا بەشی ٢ و بەشی ٣ ی ‘ داس کاپیتال ‘ پێک بێنێ. ئەنگلز زۆرێک لە کارە بچووک و کەم بایەخەکانی مارکسی پێکەوە لکاندن کە بە گونجاوی دەزانی، هەندێ کات ئەنجامی ئەم کارانەی شۆڕشگێڕانەتر دەخرایە ڕوو لەوەی کە نووسەر ویستبووی. لە بەشی ٣ ی ‘ داس کاپیتاڵ ‘ دا، لەوێدا کە مارکس باس لە ڕەوت و مەیلی دابەزینی قازانجی کۆمپانیاکان دەکات، تێبینی کرد کە ئەمە دەگونجێ بەرەو ” لەرزاندنی ” بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مل بنێت. ئەنگلز ووشەی (لەرزاندن) ی لەجیاتی ووشەی (داڕمان) بەکارهێنا وە ئەوەی گۆڕی کە مارکس بەکاریهێنابوو، تێکستەکەی کردەوە بەڕووی لێکدانەوەی زۆر ڕادیکاڵترەوە لەلایەن مارکسیستەکانی سەدەی ٢٠ دا.

کاتێ کە ئەنگلز مرد لەساڵی ١٨٩٥ دا، خۆی لە گۆڕستانی ‘ های گەیت ‘ی لەندەن دوورخستەوە لە ئارامگەکەی مارکسی هاوڕێی. تاکۆتایی بەدوای ناو و نێوبانگ نەبوو، هەتا بڕیاری دابوو کە بسوتێنرێ هەربۆیە تۆز و خۆڵەمێشەکەی بە کەناری دەریادا بلاوکرایەوە لەئینگلتەرە لە ناوچەی ‘ ئیست بۆرن ‘ شوێنی دیمەنی سەیرانە خۆشەکانی لەگەڵ مارکس و خێزانەکەیدا.

ئەم بابەتە له‌بڵاوکراوەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی له‌نده‌ن یدا بڵاوکراوته‌وه‌و له‌په‌یجی گۆڤاره‌که‌دا به‌هه‌مانشێوه‌‌.




هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان … عه‌زیز ڕه‌ئووف

خۆی هه‌ر ده‌ركه‌وتنی دوو كه‌سایه‌تی كورد له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فه‌ره‌نسادا مانای ئه‌وه‌یه‌ زیاد له‌ ماڵێكمان هه‌یه‌ و هه‌موو كۆك نین كه‌ یه‌ك كه‌س به‌ناوی هه‌موانه‌وه‌ بڕیار بدات و سه‌ردانی وڵاتان بكات. خۆی هه‌ر ده‌ركه‌وتنی دوو كه‌س له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فه‌ره‌نسادا پێمان ده‌ڵێت به‌ر له‌ هه‌ر شت برینه‌كان به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك برینی ماڵی خۆمانه‌ و ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو میرنشین حوكممان ده‌كات.

هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان هیچ له‌وه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ له‌ناوه‌وه‌ كه‌لاوه‌یه‌كتان بنیاد ناوه‌ كه‌ دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر ئه‌م كه‌لاوه‌یه‌ ئه‌سته‌مه‌ و ده‌بێت ئه‌م كه‌لاوه‌یه‌ ببه‌ینه‌وه‌ سه‌ر عه‌رزی ڕه‌ق ئینجا بینای بكه‌ینه‌وه‌. هه‌رچه‌ند دوو كوڕی گه‌نج و ڕێكپۆش بگه‌ڕێن شار و وڵاتان له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ حوكمڕانی له‌ بیست و شه‌ش ساڵی ڕابردوودا له‌سه‌رده‌ستی باوك و كوڕه‌كانیان، له‌سه‌رده‌ستی نه‌وه‌ی دووه‌می شۆڕشگێڕه‌كان تادێت قه‌باره‌ی قه‌یرانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن و ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكان.
هه‌رچه‌ند دڵخۆش بیت به‌وه‌ی كه‌ ئاڵای كوردستان له‌ كوێ هه‌ڵكراوه‌ و چ سه‌ركرده‌یه‌ك پێشوازیت ده‌كات و له‌كوێدا به‌ فۆنتی كوردی شتێك نوسراوه‌، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ تۆ له‌ناوه‌وه‌ هیچت بنیاد نه‌ناوه‌ كه‌ مایه‌ی دڵخۆشی بێت و له‌ ئاستی ماس میدیا دڵی هه‌وادارانتان به‌وه‌ خۆش ده‌كه‌ن كه‌ دوای ڕیفرادۆم هێشتا كه‌سانێك هه‌ن پێشوازیمان لێ ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌ند له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌نجاندانی ڕیفراندۆمدا به‌ ئه‌زموون بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و پێشوازی و هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌ له‌ ئۆفیسی ده‌وڵه‌تان هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ بیركۆڵی ئێوه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ئاست لۆبی و په‌یوه‌ندی دبلۆماسی له‌نێو گه‌لاندا و دواجار به‌كارهێنانی كورد وه‌ك گه‌لێكی قوربانی به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕی داعش و گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ هه‌زار و پێنچ سه‌د گه‌نجی خێرله‌خۆنه‌دیوی ئه‌و گه‌له‌ی كه‌ خۆیان و منداڵه‌كانیان زیاد له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ باجی شكسته‌ سیاسی و ئابووری و ئه‌خلاقیه‌كانی ئێوه‌ ده‌ده‌ن.

هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان، جگه‌ له‌ پینه‌وپه‌ڕۆكردنی دۆخه‌كه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كتان جی نه‌هێشتووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌تان پێ ده‌كرێ وڵاتانێك نێوه‌نگیری بكه‌ن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخی پێش ڕیفراندۆم.
هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ برینه‌كان لێره‌ن نه‌ك له‌ ئۆفیسی سه‌ركرده‌ی شار و وڵاتان.




ئەرکەکانی هونەری کاریکاتێر … هەندرێن خۆشناو

زۆرێک سەبارەت بە ئەرک و کاری هونەری کاریکاتۆر تووشی هەڵە و نا تێگەیشتن بوون، بۆیە ئێمە لێرە دەپرسین کە ئایا کاریکاتۆر هونەرێکی گاڵتەجاڕییە؟ تاکە ئامانجی کات بەسەربردن و دڵخۆشییە، چاندنی پێکەنینە لەسەر لێوان؟ بۆ ئەوەی بینەر یان خوێنەر دوور خاتەوە لە جیدیەتی هەواڵ و وتار و نووسینی وشکی سەر لاپەڕەکان؟. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بە (میوەی رۆژنامەکان) ناسراوە، کە خوێنەر لە کۆتایی خوێندنەوەی رۆژنامەیەک بەدەستی دێنێت، لەم کاتەشدا دەبێت تام و چێژێکی شیرینی هەبێت، و ناخی خوێنەر تەژی بکات لە خۆشی؟ یان کاریکاتۆر هونەرێکی بە گریان هێنەرە، ئێش و ئازاری میللەتێک بەدەردەخات، و بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ستەم و داپڵۆسین و کۆیلایەتی هاوار دەکات، و ڕەنگەکانی خوێن و بۆنی گەندەڵی و ئاسنی زیندانەکان وەدەردەخات؟.

زۆرێک بە نادروستی لە کار و ئەرکی سەرەکی هونەری کاریکاتۆر لێیان تێکچووە و تێکەڵیەک دەکەن و جیاوازی لە نێوان ئەرکە سەرەکییەکانی ناکەن، ئەوەی راستی بێت کار و ئەرکە سەرەکیەکانی هونەری کاریکاتۆر دابەش دەکرێنە سەر سێ ئەرک و ئامانجی سەرەکی.
یەکەمیان: ئەرکی ڕاست و دڵکاریی (جیدی) هونەری کاریکاتێر، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریست ئێش و ئازار و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان دەخاتە ڕوو، وەکو هەر هاوڵاتیەک کە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەی دەژی. لەمەیاندا هونەرمەندی کاریکاتێریست بیروڕاگەلێکی وا دەخاتە ڕوو، دوور لە گاڵتە و پێکەنین و خۆشی، دەکرێت کاریکاتۆرەکە یان کارتۆنەکە بە توانج یان بێ توانج بێت.

بینەری ئەم کارانە بەڕاستی تام و چێژی تراژیدیا و خەم و ئازار دەکات لەگەڵ هونەرمەندەکە، لە کاتێک کە ئەو تابلۆیە پڕ لە گریانە دەبینێت، کە راستگۆترین دەربڕینی ناخ و هەستی هونەرمەندەکەیە. ئەگەر هونەرمەندەکە لەو کێشە و ئێش و ئازارەدا ژیابێت و هەستی پێکردبێت، ئەوا هەڵبەتە تابلۆکە ڕاستگۆیانەتر ئەو هەستە دەگوازێتەوە بۆ بینەر و خوێنەر.

لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە سەرەکییە، کاریکاتۆرەکە دوور دەکەوێتەوە لە دۆخی خۆشی و پێکەنین و شادی، چونکە لە دەربڕینی ئێش و ئازار و کێشەیەک بە شێوازێکی کاریکاتێریانە، کە هونەرمەندەکە لە ڕوانگە و دیدگای خۆیەوە دایدەڕێژێت، هیچ جێگای پێکەنین و گاڵتە و گەپ نابێتەوە.
دووەمیان: ئەرکی رەخنەی گاڵتەجاڕی ئامانجدار، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریستی بەتوانا کێشەیەک پێشکەش بە بینەر دەکات، بە شێوازێکی رەخنەگرانەی گاڵتەجاڕی دڵخۆشکار، کە تێیدا خۆشی تێکەڵ بە سوود و قازانج دەکات، جا ئەو کێشەیە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان بوارێکی تر بێت، لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا دەکات کە جێگای بایەخی گشت کۆمەڵگایە. لێرە لەم ئەرکەدا کاریکاتێریست بە توانستی خۆی کێشەیەک و ئامانجێکی دیاریکراو لەگەڵ قۆشمەبازی و گاڵتەجاڕیەکی جوان دەبەستێتەوە.

سێیەمیان: کاریکاتۆر تەنیا بۆ گاڵتە و نوکتەبازی و پێکەنین، لەمەدا کاریکاتۆر تەنیا بۆ کات بەسەربردن و مێشک حەوانەوە و بزە و پێکەنین بەکاردێت، بەبێ هیچ کێشەیەکی روون و دیاریکراو، ئەم جۆرە کاریکاتۆرەش لە ئاستی کاریکاتۆرەکانی تر کەمتر نیە، بەڵکو ئەمەش جەماوەر و حەزلێکەرانی خۆی هەیە، لەمەشدا دەبێت کاریکاتێریست سەرکەوتووبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ناتوانین ئەم ئەرکە یان ئەمجۆرە کاریکاتۆرە یان کارتۆنە بسڕینەوە لە جیهانی رۆژنامەگەریدا، چونکە نەک تەنیا ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن، بەڵکو هەموو کۆمەڵگاش بە درێژایی مێژوو بەبێ کۆمیدیا و نوکتە و گاڵتە نەبووە و نابێت.

لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە نابێت تێکەڵیەک بکەین لە نێوان ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی هونەری کاریکاتۆر، دەبێت ڕێز لە هەر سێکیان بگرین، چونکە هەر یەکیان ئامانجێکی دیاریکراو بەجێدەگەیەنن، تام و چێژ لە هەموویان وەرگرین و تێیانبگەین، تاوەکو هۆشیارییەکی رۆشنبیریی تەواو لەلامان گەڵاڵە دەبێت، و هەست بە پایە و بایەخی ئەو هونەرە کاریگەرە دەکەین، کە سوود و قازانج، یان قازانج و خۆشی، یان تەنیا خۆشی و پێکەنین، دەبەخشێت بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنی خۆی.




کاوە گەرمیانی ئێوەخۆش … فەرەیدون کونجرینی

کەلەپچەی دەستی کاوە گەرمیانی زەنگێك بوو ستەمکاری و حوکمی دیکتاتۆری ئاشکراکرد ” گەرمیانی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ئاشکراکردنی پەرپرسی گەندەڵ سزادەدرا” دەستەکانیان پاوەن دەکرد ” دەزگا ئەمنیەکان هاوشێوە تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد ” دەکرێت پێداچونەوە بۆ کەیسی پێش تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بکرێت و هۆکاری دەسگیرکردنەکەی وەك لەزاری خۆیەوە دەیگوت لەمێدیاو ڕۆژنامەکاندا بڵاو بکرێتەوە” چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەودەزگایەدا ئەنجامدرێ کە گەرمیانی بۆ ڕاپێچ کرابوو. کاوە گەرمیانی سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ ، شەوی پێنجشەممە 5.12.2013، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار ، بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا .

یەکێك لەو کەسانەی” لە تۆڕی فەیسبوك بوەهاوڕێم لە کۆتایی ساڵی 2010دا کاوە گەرمـیانی بوو ” کاوە گەرمیانی یەکێكبو لەو هاوڕێیانە هەمیشە لە هەمان ئاراستەی یەک کارمانـدەکرد کارکردنێك مەبەستم هاوراو هاومەبەستبوین لەسەر بارودۆخی هەرێمی باشوری کوردستان ” هەمیشە لە پۆستەکانیابوم بەتایبەت ئەوکاتانەی وێنەی نوێترین دەرچوی ڕۆژنامەکەی سکاندەکرد و پۆستی دەکرد ” یەکەم سەرنجم و گۆڕینەوە و پەیوەندی ” ئەوکات فەیسبوکێکی ترم هەبوو کەلە ڕۆژانی دوای 17ی شوبات بلۆك کراو بۆم نەکرایەوە ” جامن لەوێ وێنەی خوێندکارە سوتاوەکەی تونسم پۆستکردبوو ”
یەکەم کۆمێنت کەنوسرا لەسەر بارودۆخی تونس کاوە گەرمیانی خۆزگەیەکی تێدا نوسیبو “ئایا تونس شۆڕشەکەی سەردەگرێ ؟
لەوەڵام و کۆمێنتی من” گومانم هەیە بەوەی خەڵکێکی زۆر هاتنە دەنگ لەسەر مەحمەد دەرچوی زانکۆ” خاوەنی ئەو عەرەبانەی سەوزەومیوەی لەسەر دەفرۆشت ” کاک کاوە ! بەخۆسوتاندنی خاوەن عەرەبانەکە پایتەختی هێنایە جوڵە شەقامەکان پڕبوە لە ناڕەزایی خەلک ”
لە دواین کۆمێنتدا وەلامی دامەوە ” خۆزگە ئەو لافاوی شۆڕشە بگەیشتایە کوردستان و کۆتایمان بەم بەرپرسە گەندەلانە بهێنایە .

کاوە گەرمیانی لە کۆمێنتێک تردا بۆ منی نوسیبوو ” ئێوە لەشوێنێکەوە داوای ئازادی کوردستان دەکەن و ڕەخنە لە بەرپرسەکان دەگرن هیچ مەترسیەکتان لەسەرنیە” خۆزگە دەیان کەسی وەك ئێوە لەکوردستان بوایەو خۆپشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجامدرایەو دەنگی ناڕەزایی بگەیشتایەتە هەمو جیهان”
کاوە گەرمیانی هیواو ئاواتی زۆربوو زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی گەرمیان ” من وام دەزانی کاوە گەرمیانی گەنجێکی ڕایشتەو خاوەن و توانایەکی مادی باشی هەیە ” بەڵام بەداخەوە وانەبوو ” لەدوای کۆچی دوایی و تیرۆرکردنی تاسام و زۆر زۆر نیگەرانبوم بەنەبونیەکەی” ئەو هیواکانی بەدی نەهات و غەمێکی گەورەبوو بۆدایکی و خێزانێکی دوگیانی جیهێشت ” کاوە گەرمیانی غەمی هەمولایەکمانبوو ئێش و ئازارێکی زۆری کردە نێو مالەکان ” بەڵام بەداخەوە ئەوانەی دەیانگوت ئێمە کاوە گەرمیانین نەیانتوانی بەڕۆژیکی بلاوکراوەکانی کاوە گەرمیانی چالاکی و دەنگدانەوەو تۆڵەیان هەبێت .

لە ڕۆژی تیرۆرکردنی ، خانەوادەی کاوە گەرمیانی داوایان لە بەرپرس و هیچ حیزبێك نەکرد بۆ تۆڵە سەندنەوە ، هیوایان بە ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنەکانبو بەردەوام بەدواداچون بکەن لە ئاشکراکردنی بوکوژی کوڕەکەیان بەڵام بەداخەوە تەنها ساڵەوساڵ یادی کاوەگەرمیانی دەکرێتەوە بەجۆرێ دەڵێی زەماوەندە ، یان زۆرێك قەتارەیان بەستبوو دەیانـــوت ئێمە هەمومان کاوە گەرمیانین ، هەرچەندە لەئاست بوێری کاوە گەرمیانیدا نەبون .

دروود بۆ گیانی کاوە گەرمیانی
فەرەیدون کونجرینی




گۆڤاری (كولتور مه‌گه‌زین)ی ژماره‌ دوو له‌ كتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنوس‌

خوێنه‌رانی ئازیزمان؛ سه‌ردانی كتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنوس له‌شاری ‌سلێمانی و كتێبخانه‌كان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌ (گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین ) چاپ ئاشنا بن‌. گۆڤاره‌كه‌ له‌م ڕۆژانه‌شدا له‌هه‌ولێر و شار و شارۆچكه‌كه‌كانی دیكه‌ی كوردستان دابه‌شده‌كرێت.

كڕینی هه‌ر ژماره‌یه‌ك یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ به‌رده‌وامبوون له‌چاپكردنی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێكی بچوكی تێچوونی هه‌ردوو ماڵپه‌ڕه‌ كوردی و ئینگلیزیه‌كه‌مان. هیوادارین له‌ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی ئێوه‌ بۆ كولتور و فیكر و ئه‌ده‌ب و فێمنیزم و جێنده‌ر و هونه‌ری كوردی بتوانین به‌رده‌وام بین. نرخه‌كه‌ی گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆدا.

تێبینی: بابه‌ته‌كانی گۆڤاری كولتورمه‌گه‌زین له‌ ئۆلاینه‌كه‌دا نییه‌. وه‌ك ستاندارتێكی جیهانی دوایی ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی نوێ ئه‌وسا هه‌ندێكی ده‌چێته‌ ناو گۆڤاره‌ ئۆنلاینه‌كه‌وه‌. هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ندێك بابه‌تی ژماره‌ی یه‌ك له‌ (كولتور مه‌گه‌زین) ئۆنلاین دابنێنین. له‌هه‌موو ژماره‌یه‌كدا شانۆی ژماره‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌. ئه‌مجاره‌ (دانا ڕه‌ووف ) – كچه‌ فلیم گێڕه‌وه‌كه‌ – ئاماده‌كردووه‌ بۆ به‌شی شانۆی گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین.

ده‌سته‌ی نوسه‌رانی گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین


پێڕستی بابه‌ته‌كان ژماره‌ ٢

چه‌ند وشه‌یه‌ك ….

جێنده‌ر و فێمینیزم

– خۆنیشاندان وەک جوگرافیایەک بۆ شاردنەوەی جەستەی ژنان …….. شارا تاهیر

– ماسکەکانی حەرەمسەرای هاوچەرخ – به‌شی دووهه‌م ….به‌یان سه‌لمان

– دایکسالاری وەک ڕۆڵی ژن لەنێو مێژوودا …خه‌نده‌ حه‌مید

– پرۆژەکەی شێلینگ، ڕۆمانێک سه‌باره‌ت ئۆرگازموسی مێ ….به‌كر عه‌لی


هزری ڕه‌خنه‌یی

– زۆڵیزم، به‌ده‌عبابوون و كۆپیی شۆپی پاتریاركیه‌ت – به‌شی دووهه‌م …. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین.
– سلۆته‌ردایك؛ ترامپ ئۆلیگاریشێكی كلاسیكه‌… له‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
– فەلسەفە چییە؟ ….. نه‌به‌ز سه‌مه‌د

ڕه‌خنه‌ ، لیتراتور، هونه‌ر

– کوردایەتی و ئەدەب، سەرنجێکی سۆسیۆلوجی …. ئاكۆ قادر حه‌مه‌
– شاردنه‌وه‌ی هێماكانی مێینه – ‌بوون، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕێزان به‌توله‌ هۆزان مه‌حمود
– مەودای نێوان کاری دەستڕەنگینی و هونەر … ڕۆژگار موسته‌فا
– لەسەر ڕووباری ئیسار … فاروق هۆمه‌ر
– من و شارەکان … هیوا قادر
– دەستم خۆش بێت خراپ ژیام … داستان به‌رزان

شانۆی ژماره‌

دانا ڕه‌ووف – كچه‌ فلیم گێڕه‌وه‌كه‌ – ئاماده‌كردن بۆ شانۆ

به‌رگی یه‌كه‌م: فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی – پیته‌ر سلۆته‌ردایك
به‌رگی دووهه‌م: تابلۆیه‌ك له‌زنجیره‌ تابلۆی ( ڕۆژی گوڵه‌ مێخه‌ك -Tag der Nelke) – به‌هادین – ی هونه‌رمه‌ند.

کەلتور مەگەزین ٢




تابلۆی ژان …. ستار ئه‌حمه‌د

له‌ده‌رگای خوادا گرفتار
كۆرپه‌ی خاكم له‌سه‌ر شانه‌
گه‌ڵای دار ده‌كه‌م به‌زارو
هه‌وریش به‌لانك و جۆلانه‌
………………………
به‌رماڵێك له‌په‌ڕی كۆتر
له‌تاریی شه‌وا راده‌خه‌م
وێردی فه‌نابوون ده‌خوێنم
رووده‌كه‌مه‌ كه‌ناری خه‌م
……………………….
له‌ناخی به‌ردینی مرۆو
له‌نیگای خۆر راده‌مێنم
تریفه‌ی مانگ رامده‌كێشێ
شنه‌ی به‌فرو با ده‌دوێنم
………………………….
له‌ هه‌نگاوی بێ هه‌ڵوێستا
له‌نێو ئه‌فسوونی سته‌ما
ئاسمان تابلۆی خوێنی خه‌مه‌
مانگ خنكاوه‌ له‌نێو ته‌ما
…………………..
له‌جه‌وری ئێمه‌ی چه‌توون و
تێر نه‌بوونی دیده‌ی كوێرمان
ئه‌م خاكه‌ ژان دایگرتووه‌
ئاسمان بۆی نابێت به‌مامان
………………………….
خودایه‌ دونیا هه‌پروون بوو
تۆ بڵێی حه‌زی تۆ وابێ
ئه‌م گه‌له‌م دیلی فیرعه‌ونه‌
نابێت مووسایه‌كی تیا بێت
…………………..

ستار ئه‌حمه‌د




لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی” دا


دوو چالاکی له‌له‌نده‌ن

رۆژی یه‌که‌م: رۆژی 5ی 12 کاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆ، له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌ریـم له‌له‌نده‌ن
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی
کات: رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێکه‌وتی ٥ /۱۲/۲٠۱۷ کاتژمێر چواری پاشنیوەرۆ
ناونیشان KRG
50 Brodway
London, SW1H 0RG

رۆژی دووه‌م: 6ی 12 کاتژمێر 7ی ئێواره‌ له‌ کتێبخانەی هاوسمەن
گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا دەکرێت
کات: ڕۆژی چوارشەمە ٦ی دیسمبەری ٢٠١٧ کاتژمێر ٧ ی ئیوارە بۆ ٨:٣٠
شوێن: کتێبخانەی هاوس مەن لە لەندەن
HOUSMANS
5 Caledonian Rd
Kings Cross,N1 9DX

نزیکترین ئیستگای قیتاری ژێرزه‌وی :King’s cross
فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی، لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی “دا کۆرێک بۆ ڕۆژنامەنوس “بڕوا بەرزنجی “ڕێک دەخات.
تەوەرەی باسەکانی تایبەتە بە:
– کاوەگەرمیانی ، ئەڵقەیەک لەزنجیرەی کارە تیرۆرییەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر ئازادی.
– ترس لە ئازادی بۆ؟
– ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان.
هاوکات بۆ ئەم کۆڕە” شیرین “هاوسەری کاوە گەرمیانی پەیامێکی دەبێت.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ژمارە ته‌له‌فونی: ٠٧٧٢٠٢٩١٥١٦




* ئه‌زموونگه‌ری چییه‌؟ به‌ ماناچی دێت ؟ … ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

چاخی ڕێنسانس له‌ئه‌وروپا (بووبه‌خاوه‌نی ڕه‌وتێكی پڕاوپڕی سروشت ، له‌گه‌ڵ نه‌ریتی زانستی و میتۆدی وگشتگیردا، ڕه‌وتێك، له‌پاڵ لایه‌نه‌ زانستی و ئه‌زموونگه‌ریه‌كه‌یدا ، ژمێره‌یه‌كی زناكی میتافیزیكی )بوو (1).

رۆژێك بوو ، بیروڕای “كۆپه‌رنیكۆس” سه‌باره‌ت به‌ خولانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا ، به‌بیرو ڕایه‌كی سه‌یرو شۆڕشگێڕانه‌ له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درا . له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نگی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ هه‌ڵچنی و كۆنه‌په‌رستان پێیان قبوڵ نه‌ئه‌كرا. بۆیه‌ له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا كه‌وته‌ به‌رلێشاوی تانه‌و ته‌شه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی فاتیكان و زانایانی لاهوت و ئه‌نجامیش ئه‌و بیروڕا نوێ‌ یانه‌ هه‌ل و مه‌رجی سه‌ركه‌وتنیان بۆنه‌ڕه‌خسا..(2) پاشتر به‌هاتنی گالیلۆو پاشان نیوتن و پاسكاڵ و زاناكانی ترو له‌وێشه‌وه‌ له‌فه‌لسه‌فه‌دا دیكارت و هه‌ندێك له‌ بیریارانی ئه‌و چاخه‌ له‌وانه‌ فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌زموونگه‌راكانی وه‌كو (لۆك وهیوم و ….هتد) .

زاراوه‌ی ئه‌زموونگه‌ری (EXPERIMETAI) كه‌زاراوه‌یه‌كی زانستیه‌ و (داروین) له‌تیۆری گه‌شه‌سه‌ندن (التحول ) دا له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌كاریهێنا (…)(3) ده‌توانین له‌ ڕیشه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كی وشه‌ی ئه‌ڵمانیی erfahrung به‌واتای ئه‌زموون یارمه‌تی وه‌ربگرین . ئه‌و وشه‌یه‌له‌ fahren وه‌ دێت كه‌له‌بنه‌ڕه‌تدا ، له‌دوو گرۆی واتایی جیاوازدا به‌كارده‌هات : یه‌كه‌میان ڕادان و دووه‌میان سه‌فه‌ركردن . ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئه‌زموون له‌هه‌ناویه‌وه‌ جیابوه‌وه‌ ، سه‌فه‌ركردن ، چوونه‌جێیه‌كی دیكه‌یه‌ (4). هه‌روه‌ها (كلۆد بێرنارد )له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا به‌ناوی (پێشه‌كیه‌ك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی پزیشكی ئه‌زموونگه‌ری ) به‌كاریهێنا ، ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌ هونه‌ری پلاستیكادا له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی (انگباعی ) یه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رده‌ستی (مانیه‌ومۆنیه‌) كاریپێكراو به‌كارهات ،(…) به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی فۆرم و شێوازی نوێ‌ كه‌پشت به‌ستووبوو به‌تیشكی رۆژو تیشكدانه‌وه‌ی له‌سه‌رسروشت یاخود پێشكه‌شكردنی

(1) سردار محموود ، صیغ الادا‌و التمپیلی فی العرچ المسرحی الكردی، رساله‌ المجستیر(غیرمنشوره‌ )ص 37
(2) (به‌كر ئه‌لشه‌رقاوی ) ، پێشه‌كی (شانۆنامه‌ی ژیانی گالیلۆ ) : وه‌رگێڕانی: فۆاد مجیدمیسری ل18
(3) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ، ل12
(4) مه‌سعوود بابایی ئه‌فراندن و ئازادی (باسته‌وه‌ره‌كانی هێرمنیوتیك و جوانیناسی )، بابه‌ك ئه‌حمه‌دی ، وه‌رگێڕانی : ل89

(شێوازێكی نوێ‌ له‌نمایش به‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ناباون )،بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر (گرازیه‌ت )مان دانا وه‌ك ڕوگه‌یه‌كی لاسایگه‌ری ،ئه‌وا رۆژێك له‌رۆژان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ لێی داده‌نرێت به‌ كارێكی ئه‌زموونگه‌ری (…) جۆرێكی تركه‌كاری تیاده‌كات (گۆڕینی شوێنی نمایشه‌و په‌یوه‌ندییه‌تی به‌بینه‌ره‌وه‌ ) (1) ئه‌زموونگه‌ری له‌بواری شانۆدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ(ساڵی 1880″ئه‌میل زۆلا” به‌كاریگه‌رێتی تیۆره‌كانی “داروین ” و “كلۆد بێرنارد” زاراوه‌ی (زانستیه‌رۆمان )ی داهێنا (…)به‌یاننامه‌یه‌كی به‌ناوی(سروشتیه‌ له‌شانۆدا – الگبیعیه‌ فی المسرح ) بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا بانگه‌شه‌ی بۆپێشكه‌شكردنی مرۆڤ به‌وشێوه‌ سروشتیه‌ی كه‌له‌ژیاندا هه‌یه‌تی كرد (2) ئه‌زموونگه‌رێتی له‌شانۆدا به‌وه‌دیاریده‌كرێت له‌شانۆدا كه‌ به‌ بیرێكی ” یاخیانه‌ له‌ ده‌زگا شانۆییه‌ باوه‌كان و كۆنترۆڵكردنی جیهانی سانۆ له‌واقعێكی رۆشنبیری دیاریكراودا و به‌ململانێكردن بۆ ده‌رچوون له‌وته‌قلیده‌ هونه‌ریه‌ خووپێوه‌گرتووه‌ و خواستی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ وزووبێداربووونه‌وه‌ وكه‌شفكردنی جیهانه‌ نادیاره‌كان و ته‌وق دانیان به‌ خوێنی نوێ‌ وروئیای تازه‌ له‌ ڕیشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی كه‌ كرچ و كاڵبووه‌ یان كۆنترۆڵكردنی رۆحی بازرگانیانه‌ (3) هه‌رله‌م باره‌یه‌وه‌(هه‌ندێك كاره‌كانیان له‌سه‌ر شانۆی عولبه‌ی ئیتاڵی نمایشده‌كه‌ن ، هه‌ندێكی تر له‌دوای شوێنی ناباوده‌گه‌ڕێن تاگوتاره‌كانیان له‌سه‌ردامه‌زرێنن)،(4)ئه‌زموونگه‌ری لای “برووك” هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكشكاندنی ئه‌وهه‌ڵچونه‌ی كه‌له‌نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ردا هه‌یه‌ (5) كه‌واته‌ له‌مانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ئه‌وه‌ی هه‌رنمایشێك له‌دۆخی باو ده‌رچێت یان هه‌رده‌رهیچنه‌رێك هه‌وڵێكی وابدات ده‌توانین پێی بڵێن (ئه‌زموونگه‌ر ) .

(1) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ،ل12 و ل15
(2) ئه‌حمه‌د سالار ، هونه‌روژیان ل 106- ل107
(3) شفرات الجسد (جدلیه‌ الحچور والغیاب فی المسرح) ، عوادعلی ص13و14
(4) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ل15
(5) شانۆ له‌چه‌ند وتارێكدا ، كۆكردنه‌وه‌و وه‌رگێڕانی م.په‌روه‌ر ل103
—————–

سه‌رچاوه‌و ژێده‌ره‌كان :
1- محموود ، سردار. صیغ الادا‌و التمپیلی فی العرچ المسرح الكردی (رساله‌ ماجستیر– غیر منشوره‌) ، جامعه‌ صلاح الدین – كلیه‌ الفنون الجمیله‌ – قسم الفنون المسرحیه‌ 2010
2- ئه‌لشه‌رقاوی ، به‌كر . پێشه‌كی (شانۆنامه‌ی ژیانی گالیلۆ )، وه‌: فۆاد مجیدمیسری،ده‌زگای رۆشنبیری و بڵاو كردنه‌وه‌ی كوردی ژماره‌ 71، به‌غدا 1982
3- قه‌ره‌داغی ، بورهان . شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ، به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ زنجیره‌ (251) ، سلێمانی 2004
4- ئه‌حمه‌دی ، بابه‌ك . ئه‌فراندن و ئازادی (باسته‌وه‌ره‌كانی هێرمنیوتیك و جوانیناسی )، وه‌ : مه‌سعوود بابایی ، ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی –زنجیره‌ی كتێب (446)،چاپی یه‌كه‌م- به‌رگی دووه‌م 2010
5- سالار، ئه‌حمه‌د . هونه‌رو ژیان ، ده‌زگایچاپ و په‌خشی سه‌رده‌م – زنجیره‌ی كتێبی سه‌رده‌م ژماره‌ (313)، سلێمانی 2005
6- علی ، عواد . شفرات الجسد (جدلیه‌ الحچور والغیاب فی المسرح ) ، عمان : دار أزمنه‌ گ 1 ( 1996)
7- شانۆ له‌چه‌ند وتارێكدا ، كۆكردنه‌وه‌و وه‌رگێڕانی م.په‌روه‌ر،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان – زنجیره‌ 30سلێمانی 203




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -5- … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی پێنجەم ….

داود ئۆغلۆ پێشخستنی سیاسەتی ئیقلیمی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆكارێك دەزانێ‌ بۆ سنوورداركردنی مەترسی لێكترازانی سیاسی لە ناوچەکەدا. لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ پێگەیاندنی ئەمجۆرە سیاسەتە، بەپێگەیاندنێكی زۆرباش دەزانێت لەڕووی هەماهەنگی ستراتیژییەوە، بەدیاریكراویش لەقۆناغە تەكتیكییەكاندا.

بۆیە لەپاڵ سیاسەتەكانی دیكەی توركیا لەبەرامبەر كێشەی كورد، هەم لەناوخۆی توركیاو هەم لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا، زیاتر دەمانگەێنێتە ئەو راستییەی كە توركیا تێگەیشتنێكی جدی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەقەد ئەوەی خوازیاری ئەوەیە بەهەرشێوەیەك بێت رێگە لەو لێكترزانە بگرێت، كە وای بۆدەچێت لەئایندەدا رووبدات، بەشێوەیەك هیچی كەمتر نابێت لەوەدەرنانی توركیا لەبەلقان‌و دواتریش پاڵپێوەنانی بۆ ئەو سنوورەی ئێستای، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تائەم ساتەش زۆر لەسیاسییەكانی توركیا بەتایبەتی ئەردۆغان شەو تابەیانی خەون بەو رابردووە لەدەستچووەیانەوە ببینن.

لەمبارەیەوە ئۆغلۆ وای بۆدەچێت، كە ئەم بارودۆخەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وادەكات توركیا هەلوێستی زۆر جدی هەبێت، لەسەرخۆو شێنەیی بێت لەبەرامبەر داڕووخانی جیوسیاسی‌و ئابووری‌و رۆشنبیری، كە ئۆغلۆ پێشبینی دەكات ئەم داڕوخانە لەناوەڕاستی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەكدا، بەقورسی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بشكێتەوە، بۆیە نابێت توركیا دەستەوەستان بێت‌و چوار مەشقی لێیدانیشێ‌‌و هیچ نەكات، ئەو نموونە بەوەدێنێتەوە كە توركیا كاتێك دەستبەرداری پاشماوەی عوسمانییەت بوو، دوڵەتی نەتەوەیی لەمیانی نەخشەیەكی رەگەزپەرستیدا هاتەجێی.

بۆیە ئۆغلۆ پەنابردنە بەر سیناریۆی تازە لەناوچەكەدا بەپێویست دەزانێ‌و دەڵێ‌: لەسەر توركیا پێویستە نەخشەی سیناریۆی پەیوەندیدار بەنیوەی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەك لەچوارچێوەی ستراتیژیەتێكی بەرفراوانی ئیقلیمی بكێشێت.

هەر ئەم تێگەیشتنەشە وایكردوە، توركیا سیاسەتی نزیكبوونەوەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەرو بەهێمنی‌و وریایی لەمەوداكانی فەلەستین‌و نەوت نزیك بكەوێتەوە، هەرچەندە راستەوخۆ دەستوەردانی نەبوو، بەڵام ئێستا تواناكانی پیشانداوەو پەرەیسەندوە.ئۆغلۆ مەسەلەی عیراق‌و كورد و ئاو بەیەكەوە دەبەستێتەوەو لەم رێگەیەوە دەڕوانێتە گەمە هەرێمییەكانی كە دەیەوێ‌ هاوكێشەی سیاسی‌و ئابوورییەكەی هاوتەریب بەیەكەوە ئاراستە بكات‌ و هەریەكەیان بخاتە خزمەتی ئەوی ترەوە، كە سەرەنجام هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لەیارییەكە، كە تێدا جگە لەدەستەكەوتنی ئارامییەكی كاتی‌و هەندێ‌ دەستكەوتی ئابووری، هیچی تری لێشین نابێت، بەڵام ئەو رێگایە بۆ توركیا خۆش دەكات كە دەیگەێنێتەوە بەقوڵایی ئاسیا كە دەمێكە خەونی پێوەدەبینێت.

لەبەرامبەر ئەوەشدا هۆشیاری‌و تێگەیشتنێكی تەواو لای ئەمریكاو خۆرئاواو خودی پەكەكەش هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەساڵی 2000 پارتی دادوگەشەپێدان لەرەحمی پارتی فەزیلەدا لەدایكبوو، وەك هەڵگری جۆرێك لەدیموكراتییەتی نەریتپارێزی‌و ناوەندگیری لەنێوان ئسلامییەتییەكی تەواو و دەستگرتوو بەعلمانییەتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش توانی لەڕێگەی سیاسەتێكی نەخشە بۆكێشراو مەوداكانی ئەو رێگایە كورتتر بكاتەوە كە توركیا لەنەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نزیكتردەكاتەوە، لەمیانی ئەو سیاسەتی ئیحتیواكردنەوە، كە سەرەنجام بەهۆی پێشهاتە تازەكان‌و بەتایبەتیش سەرهەڵدانی داعش دەستەكانی توركیا ئاشكراتر دەركەوتن، چونكە توركیا بەهۆی خۆ یەكلانەكردنەوەی لەرووی فیكرەوەو نەگیرسانەوەی لەوێستگەیەكی سیاسی دیارو رووندا ناتوانێ‌ درێژە بەو سیاسەتەی پێشووی بدات.

وەك چۆن پێشتریش توركیا سەركەوتوونەبووە لەبەدەستەوەگرتن‌و بوونە خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری بەهێز لەناوچەكەدا، بەئامانجی لانی كەمی خۆ بەكوێخاكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەكاتێكدا توركیا خاوەنی سیاسەتێكی شكستخواردوی ئابوورییە لەرابردوودا، كاتێك لەساڵی 1986 ویستی لەرێگەی (پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی) كە بریتی بوو لەگەیاندنی ئاو لەباشووری توركیاوە بۆ وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی، هەیمەنەی خۆی بۆ سەر زەمینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنەتەوە، كە لەیەك كاتدا هەم پڕۆژەیەكی سیاسی بوو، هەم ئابووری.

لەم گۆشە نیگایەوە، ئۆغلۆ پێی وایە لەئێستادا توركیا كەوتۆتە ناوەندی نەخشە نوێكانی پەیوەندیدار بە”عیراق- كورد- ئاو” هەربۆیەشە پێی وایە دەبێت توركیا بەوردی‌و وریاییەوەو لەروانگەی ستراتیژیەتی ئوراسیادا، سوود لەقوڵایی ئاسیا وەربگرێت، دیارە بەبێ‌ بوونی كاریگەری توركیاش لەسیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، توركیا ناتوانێ ئەو قوڵاییە ئاسیاوییە بەدیبێنێت.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ سیاسەتی توركیا دەكات بەئاراستەی باكوورو باشووری وڵاتی دوو رووبار، كە هەرێمی نەوتی‌و ئاوی لەخۆدەگرێت، وەك كاریگەرترین ئەو هۆكارانەو لەهەمان كاتدا بەمەرترسیداریشی دەبینێ‌، لەهەمانكاتیشدا وای بۆدەچێت كە ئەمە كێشەی كوردو عیراقیش دەگرێتەوە، وەك دووكێشەی چاوەڕوانكراوی دەركەوتوو لەروانگەی ستراتیژیەتێكی تازەدا.

هەموو ئەم ئاماژانەش، ئاماژەی زۆر روونن، بۆ ئەم سیاسەتە تازەیەی توركیا، بەومانایەی چۆن دەیەوێ‌‌و بەچ رێگایەكدا بگەڕێتەوە سەر ئەو نەخشەو هێڵە كاریگەرەی، كە پێیان وایە دەبێتە هۆی كاریگەرتركردنی ستراتیژیەتی توركیا، بەئاراستەی گەڕانەوە بۆ قوڵایی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

دیارە ئۆغلۆ پێشبینی ئەوەشی كردوە كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زنجیرەیەك لەنائارامی لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی سەرهەڵدەدا، لەم روانگەیەوە رۆڵی توركیا دەخاتەڕوو، دەخوازێت لەچارەسەركردنی ئەم نائارامیانەدا، توركیا ببێتە ناوەندی چارەسەكردن لەمەودای دووردا، كە دەكرێ‌ ئەم سیاسەتەی ئێستاشی لەبەرامبەر هەموو ئەو رووداوانەی لەناوچەكەدا روودەدەن، لەم تێگەیشتنەی سەرەوەدا ببینینەوە، كە چۆن دەیەوێ‌، لەروانگەی جیورۆشنبیرییەكی بەرفراواندا، ئەو رۆلە سەرەكییە ببیینێ‌ لەئیدارەدانی ململانێكاندا، بۆ ئەوەی نەبێتە تەنیا لایەنێكی كاریگەری لاوەكی‌و مەودا كورت، بەڵكو رۆڵی دامەزرێنەرو هێنانەدی ئاشتیش ببینێ‌ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەش دوای ئەوەی كە ئەحمەد داودئۆغلۆ دەگاتە ئەو تێگەیشتنەی كە عیراق‌و كێشەی كورد پێویستیان بەهەڵسەنگاندنێكی ئارام هەیە، لەكاتێكدا كێشەی كورد تایبەتمەندی جیهانی وەرگرتوە، بەهۆی ئەو ناڕوونیەی باڵی بەسەر عیراقدا كێشاوە، ئەمەش لەچوارچێوەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكاندا كە بۆتەهۆی تێپەراندنی تێگەیشتنی سنووری سیاسی لەلای زلهێزەكان، كە كاردەكەن بۆ ئامادەكاری باڵادەستی دەسەڵاتیان لەرێگەی سیاسەتی خۆسەپاندنیاندا لەبەرامبەر ئەو دۆخەی كە هەیە، ئەمە وێڕای بانگەشەكردنی پاراستنی سنووری سیاسی ئێستاو قانونی نێودەوڵەتی. لەم كتێبەدا ئۆغلۆ مەترسییەكانی خۆشی نەشاردۆتەوە، كە لەروانگەی ئەم پێشبینیە تازانەداو لەسایەی قەیرانی دابەشكاری ناسنامەو خراپبوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و كۆمەڵگا، توركیا رووبەڕووی مەترسی تازە دەكاتەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا ئەحمەد داودئۆغلۆ لانی كەمی ئەو رێوشوێنانەی دەبنە هۆی سەرخستنی سیاسەتی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەریەك لەجیورۆشنبیری‌و جیوئابوری-دا دەبینێتەوە، ئەمەش بەگرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمی دەرەكی، لەسەربنەمای هاوبەش، لەنێوان تەكتیك‌و دیپلۆماسیەت‌و سەربازیدا.

ئۆغلۆ لەسەرجەمی بۆچوونەكانیدا لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و كیشەی كورددا، پێی وانەییە كە بەتەنیا پەنابردنە بەریەكێ‌ لەو هۆكارانەی ئاماژەی بۆ كردون بەس بێت بۆ سەركەوتنی توركیا لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، ئۆغلۆ هەموو بۆچوونەكانی خۆی دەخاتە خزمەتی ئەوتێگەیشتنەی كە چۆن‌و بەچ شێوەیەك دەكرێ‌ رێگە لەهەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی‌و وڵاتانی زلهێز بگیرێ‌، چۆن دەتوانرێ‌ كوردو كێشەكەی بەتوركیاوە بلكێندرێ‌‌و ئەو هەستە، گەشەی پێبدرێ‌ كە زۆربەی كوردەكان، پێش ئەوەی وەك كورد بیربكەنەوە وەك توركیاییەك هەستن‌و دانیشن.

ئەم سیاسەت‌و بیركردنەوانەش هۆكارێكن بۆ بێهیزكردنی مەرجەعیەتی بیری نەتەوەیی‌و بەهێزكردنی ئەو مەرجەعییەتە كۆمەڵایەتییەی كە ئۆغلۆ بەپێویستییەكی حەتمی دەزانێ‌ بۆ گەمارۆدانی كورد وەك نەتەوەیەكی جوداخواز، ئەمەش بەدابڕاندنی لەسیاسەتی نێودەوڵەتی‌و ئیحتیواكردنی لەچوارچێوەی سیاسەتی ناوخۆی توركیادا، بەدابینكردن‌و پێدانی هەندێ‌ ماف كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، هەر لەسەرەتاوە بەكوردیان داوە.




ململانێی، روسیا، ئەمریکا، ئیران و تورکیا لە کۆتایی ٢٠١٧ دا! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

قۆناغی دوای نەمانی هێزی توندڕەوی “داعش” و تەواو بوونی جەنگی “سوریا” و چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابەش کردنی پشک و سەپاندننی هەیمەنە، گۆڕانکاری هێناوە بەسەر جۆری زۆرانبازێێ نێوان زلهێزەکانی دنیا و زلهێزەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
——————————–
ئەمریکا، روسیا، ئیران، تورکیا، سعودیە و قەتەر و ئیسرائیل هێزی سەڕەکیین لە ململانێکان و گرفت و رووداوەکان، هەریەکیان بە گوێرە و قەوارە و ئەندازەی هێزی سەربازیی گوتەی هەیە. لە ئەنجامی ئەوەدا بارودۆخەکە ئەوەندە هەستیارە هەڵوێستەکان و ڕێککەوتنەکانیش ناجێگیرن و بە گوێرەی کات و رۆژ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
روسیا و ئەمریکا، سەڕەرای ئەوەی کە دوو جەمسەری سارد و گەرمی دژ بە یەکن لەسەر ئاستی جیهان و لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە “سوریا” و هەردووکیان خاوەن پلانێکی دارێژرا و ستراتیژێکی تایبەت بە خۆیانن، کە بریتیە لەوەی ببن بە تاکە زلهێز لە ناوچەکە، بۆ سەپاندننی دەسەڵاتیی سیاسیی و سەربازیی و دەستکەوتی ئابووریی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت ڕاستەوخۆ بکەونە جەنگێکی ڕووبەروو دژ بە یەک و هەلگیرساندننی جەنگی ئەتۆمی. بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان هەر دوو زلهێزەکە هەوڵی سەربازیی و دیبلوماسییەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە لە ناوچەکەدا و هەوڵدەدەن سوودمەندبن لە بوونی گرفت و ناتەبایی نێوان نەتەوەکان و گروپی چەکداری فەرمیی و نافەرمیی، هەروەها پارت و ئەو قەوارە سیاسییانەی، کە لە ناوچەکەدا هەن.

موسکۆ، پێی وایە بە کۆکردنەوەی لایەنەکان دەتوانی گەلەکۆمەکێ دژی ئەمریکا بکات و لە ئەنجامدا هێزەکانی لە “سوریا” بکشێنێتەوە کە ئەمەش ئاواتی “تورکیا و ئیران”یشە. “پوتین”، لە کۆتایی ئەم ساڵدا، سەردانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەی کرد وەکو “ئیران و تورکیا” و هەلی رەخساند بۆ مەلیکی سعودیە “مەلیک سەلمان و ئەردوغان و ئەسەد” بۆ ئەوەی سەردانی روسیا بکەن، هەروها وەزیری بەرگریی روسیا “سێرچی شۆگیو” سەردانی “سوریا، ئیسرائیل و قەتەر”ی کرد. دواتر “ڕۆحانی و ئەردوغان و پوتین” لە “سوچی” دانیشتن. ئەو هەوڵانەی “پوتین” پەیامێکە بە دنیا و “ئەمریکا” رادەگەیەنێت، کە ئەو زلهێزێکی سەرکەوتووە لە ناوچەکە و دەتوانێت کاردانەوەی هەبێت لەسەر ڕازی کردنی ئەو وڵاتانە بۆ جۆری ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و لە سەر دەستی ئەو هەموو دژەکان ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.لە هەمانکاتدا “روسیا”، هەوڵەکانی بۆ دانیشتن لەگەڵ “ئەمریکا” چڕ کردەوە و لە ئەنجامدا بۆ چارەسەری دۆخی “سوریا” لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا نووسراوێکی دووقۆڵیان بڵاو کردەوە و تیایددا ڕێککەوتنی خۆیانیان لە چەند خاڵێک ریزبەند کرد.

پوتین، هەوڵدەدا متمانەی هەموو لایەک ڕابکێشێت و بە گوێرەی دڵی هەموو لایەک قسە دەکات وەکو بە “ئەسەد” دەڵی “من لەگەڵ یەکپارچەیی “سوریا”م و پشتیوانی لە دەسەڵاتی سیاسیی سوریا دەکەم”. بە ڕۆحانی دەڵێت” وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئیران دەکات و هەردووکیان هاوڕان لە مانەوەی “ئەسەد””، بە ئەمریکا دەڵێت”دژ بە “داعش”ە و دژ بە تیڕۆڕ دەجنگێت”. بە تورکیا دەڵێت” لەگەڵ یەکپارچەی “سوریا”یە و نابێت هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و نافەرمی لە نێو “سوریا”دا هەبێت وەک ئاماژەیەک کە دژ بە هێزی چەکداری کوردە”.

روسیا، یارییەک دەکات، دیار نییە کە تیایددا چەند سەرکەوتوو دەبێت، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە لە بنەڕەتدا دوور و دژ بە یەکن نمونە “روسیا” لەگەڵ “ئەمریکا ئوردن و ئیسرائیل” لە مانگی ٧/٢٠١٧دا گرێبەستێکی واژۆ کرد کە تیشکی نەخراوەتە سەر، بەڵام هەندێک لایەنی ئەو گرێبەستە لە نووسراوە دووقۆڵییەکەی “ئەمریکا و روسیا”دا تێبینی دەکرێت کە لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا بڵاوکرایەوە کە هەندێک لەو خالانەی تییاددا دەبینرێت، کە جێگە نیگەرانی “ئیران و تورکیا”ن وەکو، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بێت، هەر دوو لا رازی بوون بەوەی هێزی بیانی لە “سوریا” نەمێنێت. کەواتە دەبێت هێزە چەکدارەکانی ئیران و چەکدارە شیعەکانییش بچنە دەرەوە، کە گەرەنتی نییە “ئیران” لەو خاڵەیاندا بە قسەی “پوتین” بکات!

“ڕۆحانی” خاوەن پلانی خۆیەتی و خوێن و قوربانی داوە لە جەنگی “سوریا” بۆ دروست کردنی پردی پەڕینەوە بۆ “لبنان”. هەروها دەرچوونی سوپای “تورکیا” لە سوریا بەهەمان شێوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی “نووسراوی روسیی ئەمریکیی” “ئەردوغان” لە لێدوانێکدا گوتی “ئەوەی پێی وایە گرفتی سوریا بە هێزی چەکداری چارە ناکرێت، با خۆی بچێتە دەرەوە”. ئەگەر گریمان هەر دوو لا لەسەر دەستی “پوتین” بڕیاربدەن هێزەکانیان بکشێنەوە لە “سوریا”، ئەوە بێگومان بێ بەرامبەر نابێت نمونە، تورکیا داوا دەکات دەستی واڵا بێت و بە کەیفی خۆی کورد بکوژێت و هێزە چەکدارەکانی لە نێو بەرێت کە ئەمڕۆ باشترین هاوپەیمان لە سوریا بۆ ئەمریکا “کورد”ە بێگومان “روسیا” ناتوانێت ئەو خوازەی “تورکیا” بهێنێتە دیی ئەگەر “ئەمریکا” رازی نەبێت وە “روسیا” بۆ خاتری تورکیا ڕووبەرووی “ئەمریکا” نابێتەوە. لە لایەکی تر دابینکردنی ئەو پردەی کە “ئیران” گەرەکیەتی دروستی بکات لە “ئیران”ە بۆ “سوریا و لبنان و عیراق” بێ گومان”ئەمریکا” رێگری دەکات و دووبارە “روسیا” ڕووبەرووی ئەمریکا نابێتەوە بۆ سەرخستنی خوازی ئیران.

بڵاوکردنەوەی نوسراوی دوو قۆڵیی “روسیا و ئەمریکا”، لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا “ئیران و تورکیا”ی نیگەران کردووە، لەوەی کە “روسیا” بکەوێتە ژێر فشاری “ئەمریکا و ئیسرائیل”ەوە خۆی بێ دەنگ بکات لەوەی “ئەمریکا” هێزەکانی “ئیران” لە “سوریا و عیراق” دەربکات!
روسیا، دەیەوێت وەک برا گەورەی ئەو وڵاتانە هەڵسوکەوت بکات، نەک لەوەی تەنیا پشتیوانی لە مانەوە و بەرژەوەندییەکانی “ئەسەد” دەکات، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە هەموویان بڵێت ئەو بە یەک چاو لە هەموویان دەڕوانێت بۆ ئەو مەبەستە دوای دانیشتنی لەگەڵ “ئەسەد” لە مۆسکۆ، دواتر پوتین بە پەیوەندییەکای تەلەفونی هەموو زانیارییەکانی گەیاند بە سەرۆکی “قەتەر، میسر و ئیسرائیل!

روسیا، دەرک بەوە دەکات کە “ئەمریکا و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل” بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەییان پێویستیان بەوە هەیە “ئیران” دەسەڵاتەکانی فراوانتر نەبێت و هەوڵبدرێت دەسەڵاتەکانی تەسک بکرێتەوە. لە لایەکی تر “روسیا” دەیهەوێت ‘ئیران” وا حاڵی بکات کە ئەو بەرژەوەندیی “ئیران” رەچاو دەکات، کە ئەمە “روسیا” دەخاتە پێگەیەکی هەستیار و دژوار و سەرلێشێوان کە ناتوانێت ئەو دوو بەرژەوەندییە لەیەک کاتد پارێزگاری لێ بکات و پەیڕەوییان بکات. سەڕەرای ئەوەش بەهێز بوونی زیاتری “ئیران” لە ناوچەکە لە ئاییندەدا مەترسی لە سەر خودی “روسیا” و “تورکیا” دروست دەکات، لە دەرئەنجامدا “ئیران” دەزانێت ئەگەریی ئەوە هەیە کە “روسیا” لە پشتەوە لەگەڵ “ئیسرائیل و ئەمریکا” دژ بەو ڕێکبکەوێت وە لە هەموو ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە “ئیران” لە “روسیا” هەڵبگەرێتەوە. “ئەمریکا”ش بەبێ ئاگاداری “روسیا” و “تورکیا” هەنگاوی سەربازیی دژ بە چەکدارانی شیعەی سەر بە “ئیران” ئەنجام بدا!

پوتین، نایەوێت لە ململانێکانە دۆڕاو دەربچێت و دیاری دەستی بۆ وڵاتەکەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنێتی لە جەنگی “سوریا” و دابین کردنی دەستکەوتی ئابووریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی روسیا کە لە بەرواری ٣/٢٠١٨دا بڕیارە ئەنجام بدرێت. بەڵام پێکانی ئەو ئامانجە تەنها لە ژێر دەستی “مۆسکۆ”دا نییە و ئەگەر “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا هەندێک لە سەڕۆکەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابێت ئەوا بێگومان هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاش زۆربەیان لەگەڵ “ئەمریکا”ن خاوەن گفت و قسەن لە دیاری کردنی چارەنووسی ناوچەکە و رۆڵیان دەبێت لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ئاراستە کردنی ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەی پێویستە بوترێت لە “ئەمریکا” بترازێت لە ناوچەکە کەس ناتوانێت ڕووبەرووی هاوپەیمانییەتیی “ئیران تورکیا و روسیا” بێت و ئەو هاوپیمانییەتە چەندێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی “ئەمریکا” بێت ئەوا دوو ئەوەندە مەترسی لەسەر چارەنووسی نەتەوەکانی ژێر دەست هەیە لە ناوچەکە وەک “نەتەوەی کورد”.
چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیهانی، زۆربەیان پێیان وایە کە “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا لە رێگەی پەیوندییەکانی خەریکە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی باشتر لە جاران فەراهەم دەکات، کە لە ئەنجامدا لە ئاییندەدا ئەگەر “ئەمریکا” هۆشیار نەبێت ئەوا “روسیا” لە ناوچەکەدا دەبێت بە براوەی یەکەم، گومانیشی تییاددا نییە هەرگیز “ئەمریکا” لەو ململانێیەدا نایەوێت هەیبەت و دەسەڵات و شکۆی نەمێنێت کە لە ئەنجامدا سەڕەرای ڕێککەوتنەکان و دانیشتنەکان وا چاوەڕوان دەکرێت “موفاجەئات” روو بدات و کەس پابەند نەبێت بە قسە و گفت و بەڵێنەکانی کە بە یەکتری دەدەن ، لەکتوپڕێکدا هەڵوێستی سەربازیی و سیاسیی دژ بە یەک بنوێنن و ئاراستەی رووداوەکان بە ئاراستەیەک بڕوات کە بە دڵی لایەنەکان نەبێت بە تایبەتی “تاران و ئەنقەرە”.




جەناب و قوربان و بەڕێز …. بەکر ئەحمەد

لە ماوەی پانزەساڵی بەرنامەپەخشکردن و کارکردن وەک بێژەر لە ڕادیۆی هاوپشتی، کۆمەڵێک یادگار و رووداوی سەرنجڕاکێش و تێبینی هەن کە تا ئێستاش نەمپەرژاوە ئاوڕدانەوەیان لەبەرانبەردا بکەم. یەکێك لەو تێبینییانە چۆنێتی ناوبردن و بانگردنی ئەو کەسانە بوون کە گفتوگۆی ڕادیۆییم لەگەڵدا ئەنجامم دەدان.
لەو ماوە درێژەدا، کەسانێکی زۆری دەسەلاتی سیاسی و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و نووسەرانی کورد لە ڕادیۆوە ئاخاوتنییان لەگەڵدا کراوە.

لە زۆر حاڵەتدا دەمویست کەسەکان بەناوی خۆیانەوە ناوبەرم. بەڵام لە شوێنێکی ئاخاوتنەکەدا، کولتووری باوی کۆمەلگا لە ناخی منیشدا قووتدەبووەوە و دەستەواژەکانی، مامۆستای بەرێز، کاک کۆسرەت، بەڕێز کاکە حەمە یان هەر ناو و ناونیشانێکی دیکە کە بە میشکی هەمووماندا دێت، بەسەرزاردا وژەی دەکرد.
ئولوف پاڵمەی سوید لە ساڵی ١٩٦٧ دا بە ڕۆژنامەنووسان دەلێت: بە ناوی خۆمەوە بانگم بکەن! تەنها ئولوف و بەس.

من شەخسی خۆم هیچ ئاخاوتنێک و چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیم نەدیوە، مەزهەری خالقی و ناسری ڕەزازی و نێچیروان بارزانی بە ناوی خۆیانەوە بانگبکات.
مامۆستای گەورە و جەنابی سەرۆکی حوکمەت و دەیەها ناو و ناونیشانی دیکە لە گوێچکەی هەمووماندا دەزرنگێتەوە. بە کورتییەکەی، لە زمانی کوردیدا هێشتاش کارێکی ئاسان نییە لە ئاخاوتن لەگەڵ کەسێکی دیار و نادیاردا بە ناوی خۆیەوە بانگی بکەیت و هیچ پێشگرێکی جەناب و قوربان و بەڕێزی بۆ دانەنێیت.

من پێموایە تا ئێستاش قوتابیی ناتوانێت بە مامۆستاکەی بڵێ: شلێر یان ئازاد. مامۆستا شلێر و مامۆستا ئازاد تاکە شیوازی ئاخاوتنی قوتابییانە لەگەڵ مامۆستادا.
هەتا مەقام و پلەو پایەکانی ئینسانیش بەرزتربێتەوە، ناو و ناونیشانەکانیش ئاسانتر نابنەوە و جەنابی بەڕێوەبەر و دوکتۆر فڵانەکەس دەبنە ناوی یەکەمی کەسی بانگکراو.
پوختەی قسەی من ئەوەیە: کەی ئینسان دەبێتەوە بە خۆیی و ڕاناوی “تۆ”، جێگای “ئێوە” دەگرێتەوە و مامۆستا و جەنابی دوکتۆر و بەرێوەبەر دەبنەوە بە کەسەکانی خۆیان.

ئەم باسە ڕەنگە بۆ زۆر کەس پەیوەندی بە ئاداب و ئوسوڵی ئاخاوتنی کۆمەڵگاوە هەبێت و پرسیارێکی دیموکراتی نەبێت. بۆ من هەم سەروکاری لەگەڵ ئادابدا هەیە و هاوکاتیش پەیوەندییەکی سەیری لەگەڵ دروستبوونی تاکی ئازاد و بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراتی و یەکسانییدا هەیە.
لە وڵاتێکی وەک سویددا، تەنها بە “پاشا”ی سوید دەوترێت ئێوە. ئەگینا سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرە باڵاکانی گەورەترین کۆمپانیاکان بە ناوی خۆیانەوە بانگدەکرێن و بەکارهێنانی دەربڕینی “ئێوە” وەک سووکایەتییەک سەرنجدەدرێ.
بەلام بەوەی هێشتا، نموونەکانم لە سویددا دەسوڕێتەوە، باشترە نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لەمێژووی سوید بهێنمەوە کە پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەیە.

ڕیفۆرمی “تۆ”

لە مانگی حەوتی ١٩٦٧دا، “بروور ڕێکسێد” دەبێتە بەڕێوەبەری باڵای یەکێک لە دەستگا گەورە دەوڵەتییەکانی سوید و لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ کرێکار و کارمەندانی ئەو دەستگایەدا، بانگەوازی هەموان دەکات کە بە “بروور” بانگی بکەن و هەرچی ناونیشانی سەرکار هەیە، وەلا بنرێت.
سەیر ئەوەیە: سکرتێرەی یەکەم برگیتا و بەرێوەبەری بەشی ژمێریاری پاتریک و سەرۆکی بەشی تەلەفۆنات ناوی بەکارهاتووی سەرکاری ڕۆژانەی کارمەندانی نەک هەر ئەم شوێنە، بەڵکو زۆربەی شوێنی کارەکانی دیکەی سوید بوو لەو زەمەنەدا. واتا هیچ کەسێک بە ناوی خۆیەوە بانگنەدەکرا و ناونیشانی وەزیفەکە دەخرایە پێش ناوی کارمەند یان کرێکار.

لەسەر کاردا، ئینسان نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو یەکتری بە تۆ و ناوی خۆیەوە بانگبکات. ئەوەی بروور ڕێکسید دەیکات ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیدا دەبێتەوە بە بروور و بە ناوی خۆیەوە بانگدەکرێت.
بە کوردییەکەی: تۆ لە ئاسیا سێڵدا کارمەندی پرسگە بیت و بە فاروقی مەلاموستەفا بڵێێ: فاروق. بە بێ جەناب و کاک فاروق و قوربان و هەموو ئەو دەستەواژانەی لە مێشکدا هەن.

مێرتا نوردنفێلت کە کارمەندی دەستگاکەی بروور ڕیکسێدە دەڵێ: من لە ئاخاوتن لەگەڵ دایک و باوکمدا، تۆم بەکارنەدەهێنا و بە دایە و بابە بانگم دەکردن. بە دایک و باوکی هاوڕێکانیشم دەوت: پوورێ یان مامە.
بەڵام بۆ ئاخاوتن لەگەڵ کارمەندانی دەستگاکەدا، لیستی درێژی ناو و مەقام هەبوو کە نەدەکرا هەڵەی تیادا بکرێت. بۆیە کاتێک قسە لە گەشەکردن بەکارهێنانی “تۆ”وە دەکرێت لە سویددا، بروور ڕێکسێد، وەک یەکێك لە فیگورە تایبەتییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە سەرنج دەدرێت و شانسی ئەوەی پێدەدرێت لە پەیوەند بەوەی کە کاتێک ناوی ڕیفۆرمی تۆ دەهێنرێت، ناوی ئەویش دێتە پێش.
بە کورتییەکەی: ڕیفۆرمی تۆ، ئەو چاکسازییە زمانەوانییەیە کە لە سویددا ئەنجامدەدرێت و لە ئاخاوتنی ئینسانەکاندا تۆ جێگای ناونیشان و ئێوە و پێشگرو پاشگرەکانی دیکە دەگرێتەوە.

پڕۆفیسۆری زمانەکانی باکوور، “ئوللێ یوسفسۆن” لە دانشگای ستۆکهۆڵم دەڵێ: دوو سەرچاوەی گەورە لە پشت پەرەسەندنی ریفۆرمی تۆوەیە لە سوید.
یەکەمیان: گەشەی دیموکراسی و یەکسانیخوازی کە لە کۆتایی شەستەکانی ئەوروپادا لە پەرەگرتنی خۆیدا بوو بە هۆی بزووتنەوەی ٦٨ وە، دووەمیشیان: کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی دێیە بەرەو شارەکان کە بە ئۆربانیزەیشن ناودەبرێت.

لە دۆخی یەکەمیاندا، گەشەی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی ئینسان دەخاتەوە مەرکەز و ناو و ناونیشانەکانی لێدەکاتەوە و دەکرێتەوە بە خۆ. کۆششێک بۆ سەرنجدان لە ئینسان وەک ئەوەی هەیە بێ ئەوەی بەرزی و نزمییە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی، لە ماهیەتی ئینسان کەمبکاتەوە. لانی کەم لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەدا.
لە دۆخی دووەمیشیاندا، کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی دێ بۆ شار، جۆرێک لە پێکەوەژیانی قورستری هێنایە پێش کە ئاسان نەبوو بۆ خەلکی تازەی شارەکان ئەو هەموو ناو و ناونیشانە زۆرانە لەبەرکەن و لە کاتی ئاخاوتندا ڕیعایەتی بکەن.

لە دێهاتدا، بە هۆی بەرتەسکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زانینی ناو و ناونیشانەکانەوە دەکرا بزانرێت کێ کچی کێەو ئامۆزای ئاغا کێە و سەپانی ماڵی فلانە کەس ناوی چییە.

لە زۆربوونی دەمووچاوەکان و قەڵەباڵغبوونی شارەکاندا، ئیمکانی پەیڕەویکردن لە کۆد و کولتوورێکی زمانەوانی بەمجۆرەی کە لە دێهاتدا هەبوو، یان پلەو مەقامە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلگای چینایەتی و بازاڕێکی قەلەباڵغتر هێنابوویە پێش، کارێکی ئاسان نەبوو.

کۆمەلگای کوردی و تۆ

نەبوونەوەی مامۆستا سەردار بە سەردار و دوکتۆر مەحمود بە مەحمود و عالییەخان بە عالییە، بەرلەوەی نیشاندانی کۆد و کولتووری کۆمەلگا بێت کە ڕێز سەرتاپای تەنیوە، ئاماژەی ونبوونی تاکێکە کە دەبوایە بە ناو و ناونیشانی خۆیەوە دەرکەوێت.
بانگکردن و ناونیشانەکانی سەرەوە، بەرلەوەی حەکایەتی ڕیزداری کۆمەلگایەکمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەو زیندانەیە کە بە ناوی ڕێزەوە لە دەوری تاک دانراوە. بۆ ئەوەی تاکیش ببێتەوە بە خاوەنی خۆ، دەبێ لە کۆت و پێوەندەکانی ئەم جۆرە ڕێزە خۆی رزگاربکات.
لەم ناو و ناونیشان هێنانەدا، ڕێز ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ وەک خۆی دەرکەوێت.

لە دایکنەبوونی تاک لە کۆمەلگای کوردیدا، دەکرێ لە دەیەها شکڵی جۆراوجۆری کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نیشان بدات. پەردەکانی ڕێز کە ناو و ناونیشانەکانی دەوری ناوی داپۆشیوە، هیچ شتێک نییە، جگە لە کۆششێکی ئامانجدارانەی کۆنسیرڤاتیڤانە بۆ دەمپێداخستنی تاکێک کە ئیلهام لەخۆیەوە وەردەگرێت و دەکرێ تێروانینێکی تەواو ڕێزدارانەش بۆ ئاخاوتنی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیدا بدۆزێتەوە بێ ئەوەی دەم وچاو و ناوی ڕاستەقینەی خۆی ونبکات. واتا ڕێز لێرەیە تا ڕێ لە لەدایکبوونی تاکێک بگرێت کە دەکرێ پێناسێکی دیکە بۆ رێز بدۆزێتەوە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنجە، پرۆسەی کۆچی دێیە بۆ شار کە وەک هۆکاری گرنگی پەرەسەندنی چەمکی “تۆ”ی بەرانبەر “ئێوە”یە لە شارەکاندا ئاماژەی پێدەدرێت. بە تایبەت لە دۆخی سویددا.

ئەم وێنەیە لە کوردستاندا تەواو پێچەوانەیە.

بە بیرم دێ، کاتێک دەربڕینی سوپاس دەبێتە وێردی سەرزاری خەڵکی شار، شەپۆلێک نوکتەی “لادێ”یانەی لەبەرانبەردا قوتدەکرێتەوە.
دەڵێن کابرایەک خەڵکی لادێ دێ بۆ شار و لە کاتی فرۆشتنی شتومەکەکانیدا، خەڵکی بەس سوپاسی دەکەن. لە ئێوارەدا کە دەچێتەوە بۆ دێ و لێیدەپرسن شتەکانی بە چەند فرۆشتووە، لە وەلامدا دەلێ: بەس سوپاسم وەرگرتووە.
با نموونەیەکی دی لە کۆششی شار لە کاتی بەریەککەوتنی خەلکی دێدا بێنمەوە. “بەڕێز” دەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستانە لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە. بەڕێز فەرموو، بەڕێز بەخێر بێت، بەڕێز چیتان دەوێ، هتد

کاتێک گەڕامەوە کوردستان و ئەم هەموو بەرێزفڕێدانەم لە ژیانی رۆژانەدا بینی، تووشی بیرکردنەوەیەکی سەیر بووم. چی دەبوو ئەگەر: فەرموو چیت دەوێ وەک خۆی بەکاربهێنرایە و بەڕێزی لە پێشەوە دانەنرایە، بێگوومان دەستەواژەی بەڕێز، جێگای ناوی کەسی کڕیار دەگرێتەوە.

ئەگەر دێهات بوایە، هەمووان ناوی یەکترییان دەزانی و بە مامۆستا فلانە کەس و حاجی عەلی و ئایشەخان جێگای پڕدەکرایەوە. بەلام بەوەی ئەم ئاخاوتنە لە شاردا ڕوودەدات و کەسی کڕیار نازانرێت کێیە، بەڕێز دێت و ڕزگارمان دەکات. ئاخر ناکڕێت ناوی هەموو کڕیارەکان بزانرێت. واتا بەڕێز بەرلەوەی نیشاندانی ڕێز بێت لەکەسێکی نەناسراو، ناوێکە و دێت و شوێنی ناو و ناونیشانی ڕاستەقینەی کڕیار دەگرێتەوە.
ئەوەی کە ئینسان لە سویددا بە تۆ و ناوی خۆیەوە لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ بەرانبەردا ئاخاوتندەکات، ئاسناکردنەوەی ئاخاوتن و لابردنی ڕیگرییە کولتووری و چینایەتییەکانە و بوونەوەی ئینسانە بە خۆی.

لە دۆخی سوپاس و بەڕێزی شارەکانی کوردستاندا، ‌هێندەی شار بەم دەربڕین و دەستەواژانەوە خەریکی خۆجیاکردنەوەیە لە دێهات، هێندە بەشوێن دروستکردنی تاکێکی ئازادەوە نییە کە شار دەبوایە لە گەورەکردن و پێگەیاندنیدا، لانکەیەکی گرنگ بوایە. بەڵکو هێشتاش بە چەک وکەرەستەکانی زمانی “لادێ”وە، خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لە دێ.

بە زمانێکی دی: ئەگەر لە دیهاتدا، ناو و ناونیشانەکان دیارن و دەزانرێ کێن و پلەو مەقامەکان و سنوورەکانی ڕێز و بێڕێزی لە زمان و پراکتیکەکانی دیکەی ڕۆژانەدا بە زەقی خۆیان نیشاندەدەن، ئەوا لە کاتی قەڵەباڵغی شارەکاندا ناکرێ پەیڕەوی لەهەمان کۆد و کولتووری زمانەوانی بکرێت و قسەبکرێت.
بۆیە بەکارهێنانی بەڕێز لە زمانی شارەکانی کوردستاندا، هیچ نییە جگە لە وەرگرتنی کولتووری ڕێزی دێ و گواستنەوەی بۆ ئاخاوتنی ناو شار لە دۆخێکدا کە دەموچاوەکان نادیارترن و دەکرا ببنەوە بە خۆیان و لەو هەموو کۆدە کولتووریی و چینایەتییەیانەی دێ ڕزگاربکرانایە، پرۆسەیەک کە لەگەڵ گەشەی زۆربەی شارەکاندا بینراوە و لە دۆخی کوردستاندا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە لەوە دەچێت کە دێ و کولتووری دێ شار لووشدەدات و بە هەمان پێوەرەکانی دێهاتەوە ئاخاوتن ئەنجامدەدرێت. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تۆ لە ئاخاوتندا وندەبێت و ناوو ناونیشانەکان جێگای تۆ دەگرنەوە.
ئەگەر هۆکاری کۆچی دێ بۆ ناوشارەکان لە دۆخی سویددا بەڕێوەبەری قوتابخانە دەکات بە “ویلیام”ێک و تایتڵی کارەکەی لێدەکاتەوە، ئەوا لە زمانی کوردیدا، نەک هەر نایکاتەوە بە “مودیری قوتابخانە”، بەڵکو ناونیشانی “بەڕێز مودیری قوتابخانە”ی پێدەبەخشێت و دەیکات بە کائینێک کە هەموو شتێکە خۆی نەبێت بە ناوی خۆوە.

بێگومان ونبوونی تێڕوانینێکی یەکسانیخوازانە بۆ کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆمەلگای چینایەتی و تێروانینێکی دیموکراتی ساغ و سەلیم لە کۆمەلگادا بۆ ئینسان، کولتووری بانگنەکردن بە “تۆ”ی لە کۆمەلگای کوردیدا هێندەی دی، لاوازتر کردووە. ئەگەر گەشەی دیموکراسی و تەشەنەکردنی بیروباوەڕی یەکسانیخوازانە هۆکارێکی دیکەی گەشەی ریفۆرمی تۆی کۆمەلگای سویدە، ئەوە لە کۆمەلگای کوردیدا، بە زەقی غیابی ئەم لایەنە هەستپێدەکرێت.

* بروانە گۆڤاری پوبلیکت Publikt گۆڤاری یەکێتی کارمەندانی دەولەتی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٧




په‌روه‌رده‌یی خاكفرۆشان … د. زیره‌ك عه‌بدوڵڵا

له‌دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر كاتێك كۆمه‌لناسی به‌ناوبانگی تورك ئیسماعیل بیشكچی وتی “پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی به‌شێكی تاڵه‌بانییه‌كان بكرێت”. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت ئه‌و گرووپه به‌ناو كورده‌‌ی كه‌ خیانه‌تكاری 16 ئۆكتۆبه‌ریان خولقاند هه‌ڵگری چ جیهانبینییه‌كن، چ مه‌عریفه‌یه‌كیان بۆ ژیان هه‌یه‌، چۆن ده‌رواننه‌ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكه‌یان، چ ئینتیمایه‌كیان بۆ رابردوو و ئێستای كۆمه‌ڵگای كوردستانی هه‌یه‌.

په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی رێكخراوه‌، تیایدا زانین له‌‌ نێره‌ره‌وه‌ بۆ وه‌رگر ده‌گوزارێته‌وه‌،‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی تاك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانجی جیاجیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری..تاد. په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی ئالۆزه‌ و قۆناغبه‌نده‌، سه‌رچاوه‌ی جیاوازی هه‌یه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی جۆری جیاوازیشی هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر كولتوور كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤ بێت، ئه‌وا په‌روه‌رده‌كردن مه‌كینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه ‌دروست ده‌كات. به‌بێ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن كولتوور ناتوانیت مرۆڤ به‌رهه‌مبهینی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌قامگیر‌ بكات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ئه‌رك و بایه‌خانه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌كردن‌ بۆ مرۆڤ (تاك) و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی (كۆ) هه‌یه‌تی.
په‌روه‌رده‌كردن (پۆزه‌تیڤ) و (نێگه‌تیڤ)ی هه‌یه‌، په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پارێزێت. فاكته‌رێكی گرنگی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگایه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاك به‌ ئه‌رك و مافه‌كانی هۆشیار ده‌كات، وای لێده‌كات به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، ئینتیمای بۆ نیشتیمانه‌كه‌ی هه‌بێت، ترادیسیۆن و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یره‌و بكات، ریزی به‌ها و نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگرێت.

په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی‌ مه‌عریفییه‌، به‌هۆیه‌وه‌ تاك له‌ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆژییه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گوازرێته‌وه‌. جه‌وهه‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان، ئامانج، پرنسیپ و به‌ها‌ بالاكانی كۆمه‌لگا (به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رده‌م و ره‌وشه‌ی تێیدا ده‌ژیێت) دیار ده‌كات. به‌لام پرسیاری سه‌ره‌كی‌ له‌ چییه‌تی ئه‌و پرۆسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌دایه‌. به‌وه‌ی، چۆن مرۆڤ دروستده‌كات؟ به‌ چ ئاقارێك ئاراسته‌ی ده‌كات؟ كامه‌ پرنسیپ، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی بالا ده‌كات؟

له‌ژیاندا مرۆڤ سه‌نته‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، به‌دیهێنانی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجێكیش له‌رێگه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه‌وه‌‌‌ به‌رجه‌سته ‌ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌ی پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنیه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانج‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مرۆڤ له‌ ته‌نهاییدا جیاوازه وه‌ك‌ له‌‌ پێكهاته‌ی گه‌وره‌تردا (گرووپ، پارت، كۆمه‌لگا)دا، بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی كه‌سێك له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا جیاواز ده‌بێت.‌ هه‌ندێكجار بۆ كه‌سانێك به‌رژه‌وه‌ندی (تایبه‌ت) و (گشتی) هاوته‌ریب و هه‌ندیكجاریش دژ به‌یه‌ك ده‌بن. ‌

به‌شیوه‌یه‌كی گشتی مه‌عریفه‌ بریارده‌ری هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌ به‌ئاراسته‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م پرنسیپ و به‌های بالای گشت له‌لایه‌ك، و به‌رژه‌وه‌ندی تاك له‌لایه‌كیتر داین، به‌مانایه‌كیتر له‌به‌رده‌م ئه‌خلاقی گشتی و حه‌زی تایبه‌تیداین، لێره‌وه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ هه‌م رۆلی رێگانیشانده‌ر و هه‌میش چاودێر ده‌بینێت، واتا رێگاپێدراو و تابۆ بۆ مرۆڤ دیار ده‌كات.

مرۆڤ هه‌م كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هه‌میش بۆ به‌رژوه‌ندی تایبه‌ت ده‌كات. به‌ڵام چ كاتێك قبوڵكراوه‌ مرۆڤ كاری تایبه‌ت و خۆپه‌رستی بكات؟ چ كاتێكیش كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی؟ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بوو، ئه‌وا كامه‌یان له‌پێشدا‌ په‌یره‌و بكرێت؟
له‌سه‌ر ئاستی تیۆری وه‌كو پرنسیپ له‌لای زۆرینه‌ی فه‌لسه‌فه‌كاران به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت خراوه‌، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیدا، له‌پیش و پاش ماركس، ته‌نانه‌ت له‌ ئیسلامیشدا هه‌روایه‌. به‌لام له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و لای هه‌موو تاكه‌كان پرسه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌. به‌تایبه‌تی لای به‌رێوه‌به‌ر و سیاسه‌تكارن. له‌لای ئه‌مانه‌دا زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خراوه‌، سه‌دان نمونه‌ی دیاریش هه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌.

دیاره‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بوار و سنووری خۆی هه‌یه‌. تا ئه‌و شوێنه‌ی خۆپه‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت له‌سنووری تایبه‌تدا په‌یره‌و بكرێت، نه‌بێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، یان به‌كه‌سیتر، ئه‌وه‌ قبوڵكراوه‌، به‌ڵام كاتێك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت هه‌ره‌شه‌ بێت بۆ سه‌ر ماف و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، یان ببێته‌ هۆی به‌رجه‌سته‌كردنی دیارده‌ی دزێوی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو دزی و گه‌نده‌ڵیكردن، یان كاره‌سات و گیان له‌ده‌ستدانی مرۆڤی دیكه‌، ئیدی ئه‌مه‌ قبوولكراو نییه‌. چونكه‌ زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی زیانگه‌یاندنه‌ به‌كۆی كۆمه‌ڵگا. پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری نه‌هێشتنی ئاسایش و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌لگادا. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری خیانه‌تكردن.

كۆمه‌لگاكان له‌هه‌ر قۆناغێكدا خه‌ونی په‌یوه‌ست به‌خۆیان هه‌یه، یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌ونه‌كانیان له‌به‌رچاو بگیرێت، بریتییه ‌له‌ ‌په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤی تاكه‌كان‌، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ تاكه‌كانن ئامانجه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ كۆمه‌لگای كوردستانیش هه‌ر راسته‌‌.
به‌بۆچوونی من له‌ئێستادا‌ یه‌كیك له‌ خه‌ونه ‌هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كان بۆ كوردستان، ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌ربه‌خۆییه‌‌. ئه‌و خه‌ونه‌ به‌هایه‌كی باڵایه‌ و نابێت بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی مرۆڤێك، یان گرووپێك. نابێت بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی خیانه‌تكاری، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ردا بینرا. به‌لام بۆچی خیانه‌تكاری؟ خیانه‌تكردن چییه‌؟
چه‌مكی خیانه‌ت له‌لایه‌نی زمانه‌وانییه‌وه‌‌ به‌مانای غه‌در و نه‌بوونی دلسۆزی و ئینكاری ئینتیما دیت. به‌ڵام له‌لایه‌نی زاراوه‌ییه‌وه‌ واتا یاریكردن، یان شپرزه‌كردنی ئاسایشی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ولات، و پیلانگیری به‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانی گه‌ل، راده‌ستكردنی وڵات به‌ دوژمن، یان خولقاندنی حاله‌تی شپرزه‌یی كه‌ ئاسانكاری بۆ ده‌ستخستنی ولاتانی تر بۆ ناو كاروباری ولاتی خۆی ده‌كات، وه‌كو تاوانی تایبه‌ت سه‌یری ده‌كریت كه‌ جیاوازه‌ له‌و تاوانه‌ ئاساییانه‌ی كه‌ له‌یاساكاندا سزای بۆ دانراوه‌.

كه‌واته‌ هه‌ر كه‌سیك په‌یوه‌ندی به‌ولاتی ده‌ره‌كی بكات بۆ له‌ناوبردنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ولاته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ وڵاتی ده‌ره‌كی دژی وڵاتی خۆی بجه‌نگێت، پلاندابنێت بۆ كوشتنی سه‌رۆكی ولات، یان به‌رپرسه‌كانی، نهێنی ولاتی خۆی بداته‌ ولاتی ده‌ره‌كی. هه‌موو ئه‌مانه‌ كاری خیانه‌تكارین. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ره‌فتاره‌كانی گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر بینران.

ئه‌و گرووپه‌ بوونه‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر مافی سه‌ربه‌خۆی نیشتیمانه‌كه‌یان، لاده‌رن له‌ به‌ها و پرنسیپی بالای نیشتمانی، ئه‌وان تاوانكارن، چونكه‌ ئه‌و ئامانج، پرنسیپ و به‌ها‌ بالایه‌ی كه‌ مرۆڤگه‌لێك خۆی له‌پێناویدا به‌ختكردووه‌، ژێر پێخراوه‌، مافی گشتی پێشێلكراوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ شكۆی گشتی شكێندراوه‌، زیانی ماددی و مه‌عنه‌ویش به‌ مرۆڤی دیكه‌ گه‌یه‌ندراوه‌. لێره‌ ده‌بێت پرسیار له‌ په‌روه‌رده‌ و مه‌عریفه‌ی‌ ئه‌و تاكانه‌ بكرێت. دیسان‌ پرسیار له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش بكرێت كه‌ ئه‌م تاكانه‌ هه‌یانه‌. بۆچی ئه‌مه‌یان كرد؟
رووداوه‌كان و كاراكته‌ره‌كانی پێش و پاش 16 ئۆكتۆبه‌ر ده‌توانین به‌هۆی هاوكیشه‌ی (مه‌عریفه + كرده‌وه ‌+ به‌رژه‌وه‌ندی) بخوێنینه‌وه‌. په‌روه‌ركردن وه‌كو به‌شیك له‌ مه‌عریفه‌ی بكه‌ره‌كانی ئه‌و رووداوه‌، كێشه‌ی نیشتیمانی بوونی هه‌یه‌‌، كێشه‌ی ئه‌خلاقی هه‌یه‌، كێشه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پرسیار له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه ‌بكه‌ره‌ كورده‌‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان په‌روه‌رده ‌كردووه، مه‌به‌ست مامۆستاكانی خیانه‌تكارانه‌ (وه‌كو نێره‌ره‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنه‌كه‌)‌. ده‌بێت پرسیار له‌و هزرانه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ بكه‌ره‌كانیان گواستۆته‌وه‌‌‌. ئایا هزری په‌روه‌رده‌یی ئه‌وان كوردانه‌ بووه‌؟ مرۆڤانه‌ بووه‌؟ چ بیرۆكه‌یه‌كیان پێگه‌یاندون له‌باره‌ی پرسی نیشتمان؟ له‌باره‌ی پرسی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت؟ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێشره‌ویكردنی گه‌له‌كه‌یان؟ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی سه‌یركردنی به‌رانبه‌ری پێشبڕكێكار؟….تا، ده‌شێت ده‌یان پرسیاری جیدیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.

ده‌شێت شیكاری بۆ چییه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كرده‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بكرێت، واتا شیكاری بۆ مه‌عریفه‌ی ئاماده‌ و به‌های باڵای ئه‌و كه‌سه‌ بكرێت. هه‌روه‌ها شیكاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكرێت، به‌ چ مه‌به‌ستیك ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كردووه‌.
كاتێك گروپی 16 ئۆكتۆبه‌ر دژی مافی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ره‌فتار ده‌كات، ئه‌وا بێگومان هه‌ڵگری په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤ به‌ مافی سه‌ربه‌خۆییه.‌ خه‌ونی سیاسی به‌خیانه‌تی سیاسی له‌بار ده‌برێت، ئه‌مه‌ش زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤه‌، ئه‌مه‌ش‌‌ وه‌كو ئه‌مرێكی حه‌تمی په‌یوه‌ندی به‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تیایدا په‌روه‌رده‌ كراون‌، په‌یوه‌ندی به‌و هزرانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاكانیانه‌وه‌ بۆیان گواستراوه‌ته‌وه‌.

باشه‌ با بپرسین مامۆستاكانیان كێن؟ پێشینه‌ی مێژووییان له‌باره‌ی پرسی نیشتیمان و خیانه‌ته‌وه‌ چییه‌؟ چ ره‌فتارێكیان كردووه‌؟ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌فتاره‌كانیان و زانینی ره‌وشتیان، پێشبینی ده‌كرێت چۆن سه‌رانی 16 ئۆكتۆبه‌ریان په‌روه‌رده‌ كردبێت؟

كاتێك ده‌بینین مامۆستاكان و قوتابییه‌كان له‌دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌مان ره‌فتار (خیانه‌ت)یان كردووه‌، ئیدی‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ری كه‌ پێناچیت په‌روه‌رده‌كردنی خیانه‌تكاران پۆزه‌تیڤ بوو بێت. پێده‌چێت مامۆستاكان گه‌رای خۆیان له‌هه‌ناوی قوتابییه‌كانیان چاندبێت، فێریانكردبن چۆن هه‌ر كاتێك باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كرا، یه‌كسه‌ر ره‌وشی گشتی كۆمه‌لگا‌ تێكبده‌ن، كێشه‌ و دووبه‌ره‌كی دروستبكه‌ن، هه‌موو رتووشێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر روخساریان لابده‌ن، ماسكه‌كان بدرینن، ئیعلانی دوژمنداری مافی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن و برۆنه‌ پال دوژمن، موئامه‌ره‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ل شه‌یتانیش له‌دژی ئه‌م خواسته‌ رێكه‌ون. جگه‌ له‌مه‌ مامۆستاكان كه‌ به‌بێ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات ناتوانن، له‌هه‌مانكاتیش سه‌ركرده‌ی نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر نین، به‌قوتابیه‌كانیان وتووه‌، ئێوه‌ پێویسته‌ بلێن ئێمه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و گه‌له‌ین، له‌فتی نیشتیمانپه‌روه‌ر و شۆرشگیری لیبده‌ن، هه‌ر شتێكتان پێنه‌كرا مه‌یه‌ڵن كه‌سانی تر بیكه‌ن. له‌بیر نه‌كه‌ن خه‌تی سوور دروستكردنی ده‌وله‌تی كوردستانی و گه‌یشتنی كورده‌ به‌ مافی ره‌وای خۆی.

ئه‌گه‌ر مامۆستایانی په‌روه‌رده‌كردنی بكه‌رانی 16 ئۆكتۆبه‌ر ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ئه‌وانیتر، كه‌ خۆیان له‌مێژووی خۆیاندا خیانه‌تیان كردبێت و دژی كورد بووبن، نابێت چاوه‌روانی خیانه‌ت له‌ قوتابییه‌كانیان (نه‌وه‌كانیان) نه‌كه‌ین، هه‌ڵه‌یه‌ پێمان وانه‌بێت هیرۆ وه‌كو باوكی و پاڤیل وه‌كو باوانی خیانه‌ت نه‌كات، وه‌كو ده‌ڵێن گیا له‌سه‌ر پنجی خۆی شین ده‌بێت، چونكه‌ مامۆستا هه‌ولده‌دات قوتابی له‌سه‌ر به‌ها، پرنسیپ و دونیابینی خۆی په‌روه‌رده‌ بكات. به‌و پێیه‌ش خیانه‌تكار شۆرشگێر به‌رهه‌مناهێنی، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر قوتابی و مامۆستا په‌یوه‌ندی خوێنیان هه‌بێت، و هه‌لگری كه‌مترین مه‌عریفه‌ی مرۆیی و ئه‌خلاقی شۆرشگیری بن.

بكه‌ره‌ كورده‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر ده‌مارێكی ئه‌زه‌لی خیانه‌تیان له‌نیو جه‌سته‌دا هه‌یه‌، ئه‌و ده‌ماره‌ خوێنێكی تایبه‌تی پێدا تێپه‌ر ده‌بێت، ناتوانن نه‌شته‌رگه‌ری بۆبكه‌ن و لێیده‌ربازبن. دكتۆره‌ فارسه‌كان زانیاری زۆریان له‌باره‌ی سروشتی ئه‌و ده‌ماره‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ش به‌بێ باكانه‌ ده‌یانوت خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ناو ده‌به‌ین، فارسه‌كان ده‌ماره‌كه‌یان ته‌ڤانده‌وه‌، خوێنه‌كه‌یان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نه‌خۆش په‌خشكرد، ئیدی نه‌خۆش بارگاویبوو به‌خوێنی ره‌ش، تاریكبینانه‌ چوونه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سلی خۆیان و خیانه‌ته‌كه‌یان كرد.

خیانه‌تكار هه‌ر چه‌نده‌ سه‌روه‌تی ماددیشی ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌راستیدا سه‌روه‌تی مه‌عنه‌وی و ره‌مزی وێران بووه‌، زۆر هه‌ژاره‌، كه‌سی نه‌ماوه‌، وڵات، كه‌سوكار، ئه‌خلاق، به‌ها، رێزو سه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت مێژوویی خه‌باتكردنی خۆیشی له‌ده‌ستداوه‌، ته‌نها خیانه‌تكردنی‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌. هیچ كه‌سیك له‌ناخه‌وه‌ حه‌ز ناكات له‌گه‌ل خیانه‌تكار هاموشۆ بكات، یان رێزی بگرێت. ئه‌مانه‌ هه‌مووی زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤه كه‌ خیانه‌تكار به‌رهه‌مده‌هێنی، به‌پێچه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤ كه‌ نیشتیمانپه‌روه‌ر به‌رهه‌مده‌هێنی. رێز و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌به‌خشی، رۆحی له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لا گه‌وره‌ ده‌كات، خۆشه‌ویستنی نیشتمانی لا به‌هێز ده‌كات.

قاره‌مانه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر كێشه‌ی په‌روه‌رده‌ییان هه‌یه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ن كێشه‌كه‌ به‌سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌تی شوینكه‌وتووانیان له‌ زۆنی ملكه‌چی سه‌وز- نیللی په‌خش بكه‌ن.
ئه‌وان له‌هه‌ولی ئه‌وه‌دان خیانه‌تكار زۆر بكه‌ن، هاوڕێ بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن. له‌و زۆنه‌دا بینیمان مندالی هه‌رزه‌كاریان هێنایه‌‌ سه‌ر شه‌قام، كارتۆنی جیاجیان به‌ده‌سته‌وه‌‌ بوو، یه‌كێكیان لێی نووسرا بوو “موچه‌مان ده‌وێ و ده‌وله‌تمان ناوێ”، یان مامۆستا زه‌لیلانه‌ له‌سه‌ر شه‌قام وه‌ستابوو،‌ سلۆگانی “به‌ڵێ عێراق و نه‌خێر كوردستان” به‌رزكردبۆوه، یان له‌ته‌له‌ڤزیۆن به‌ده‌نگی به‌رز یه‌كێك وتی “حاشا له‌م جله‌ كوردییانه كه‌ ‌كوردیشم”‌‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مندالی تورك به ده‌سته‌واژه‌ی “توركیا له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو دونیایه” په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت.

ئه‌وان هه‌ولی په‌خشكردنی ستریاتیپێك له‌نه‌خشه‌ی زه‌ینی تاكی زۆنه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، ئه‌ویش به‌كۆیله‌كردن، دز و …تاد به‌رانبه‌ر و ململانێكاره‌ ئه‌زه‌لییه‌كه‌یان، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.
ئه‌و ستریاتیپه‌ بنه‌مایه‌كه‌‌ بۆ تیرۆری فكری و مه‌عنه‌وی به‌رانبه‌ر. هه‌ر به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستاون له ‌دژی هه‌ر پیشبركێكارێكی خۆیشیان به‌كاریده‌هێنن، به‌پێدانی وێنه‌ی كۆیله‌بوون، یان پارتیبوون. شوێنكه‌وتووانیشیان تاراده‌یه‌كی زۆر ئه‌و بیرۆكه‌یان قووتداوه‌ وهه‌زمكردووه‌، ئیدی ستریاتیپی ئه‌وانه‌، بێئه‌وه‌ی كه‌مترین پرسیار یان گومان له‌و وینه ‌به‌خشینه‌ به‌ به‌رانبه‌ر بكه‌ن.

شوێنكه‌وتووانی گروپی 16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌ نه‌یارانیان به‌كۆیله‌ پێناس ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌خۆیان بپرسن ئه‌وان له‌كوێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌ن؟ ئایا (به‌پێی لۆژیكی ئه‌وان) به‌كۆیله‌ بینینی به‌رانبه‌ر بۆ ئه‌وانیش راست نییه‌؟ چی ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌یان جیاده‌كاته‌وه‌؟ كامه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ جیدیه‌ گرنگه‌ی ئه‌وان كردبێتیان به‌رانبه‌ر نه‌یانكردبێت؟ كامه‌یه‌ ئه‌و دیارده‌ مه‌ده‌نییه‌ شارستانیانه‌ی لای ئه‌وان هه‌یه‌ و له‌لای به‌رانبه‌ر نییه‌؟ له‌كوێدا دونیای ئه‌وان خۆشتر و جوانتره‌ له‌ دونیای كۆیله‌كان؟
گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر خه‌ریكی دروستكردنی كۆیله‌ی مۆدیرنن، كه‌ خیانه‌تكار به‌پاله‌وانه‌ و دز به‌ پارێزه‌ری ماف ده‌بینن، گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌رچییه‌ك بڵێن و بكه‌ن كۆیله‌ی مۆدیرن قبوولیانه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌لكو خیانه‌تكار وێنه‌ی كاراكته‌ری فریادره‌سی وه‌رگرتووه.‌ پرسیاری جیدی ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر به‌راستی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ خیانه‌تكار و نه‌فت دز به‌سه‌ركرده‌ی خۆیان قبووڵه‌؟ یان ترسنۆكن و له‌ دیكتاتۆریه‌تی خیانه‌تكاران ده‌ترسن؟

لێره‌وه‌ كوردستان دوو كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان كێشه‌ی نه‌بوونی شه‌هامه‌ت و قبوولكردنی ترسنۆكی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌رێك‌‌، كه‌سانێك ده‌بینێت كه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌كه‌یانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر خه‌لك ده‌ربه‌ده‌ر بوون، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی دیكه‌ كوژراون، ماڵ سوتێنراون، ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر كۆمه‌لێك ژن و پیاوی ئه‌و وڵاته‌، كه‌چی ناتوانن هه‌ڵوێستێكی شه‌رمنانه‌ش ده‌رببرن. ئه‌مه‌ كاتێك كوشنده‌تر ده‌بێت كه‌ دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، نووسه‌ر و چالاكوانه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌. بێده‌نگبوونی نووسه‌ره‌كان و چالاكوانانی سیاسی ده‌ڤه‌ری سه‌وز- نیللی ده‌شێت به‌هه‌مان لۆژیكی پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشت لێكبدرێته‌وه‌، یانیش به‌هه‌بوونی ترس له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌.

دووه‌میشیان كێشه‌ی مه‌عریفی تاكی كوردییه‌، كێشه‌ی پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌، تاكی كوردی له‌ پرسه‌كانی ئینتیمایی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌لگری مه‌عریفه‌یه‌كی ئاست نزمه. وا ده‌بینم كه‌ پێویسته‌ توێژینه‌وه‌ی جیدی له‌سه‌ر سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی كوردستان بكرێت، تاوه‌كو بزانرێت بۆچی تاكی كوردی باكی به‌خیانه‌تكردن نییه‌. باكی به‌شكانی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نییه‌؟ ‌سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی مالی براكه‌ی نایجولێنی؟ ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر ئافره‌تی كورد نایجولێنی؟ جگه‌ له‌مه‌ تاكه‌كانی ناوچه‌كان بۆ ئه‌وه‌نده‌ دژی یه‌كترن؟ ئه‌و هه‌موو بیحورمه‌تیكردنه‌ی سلێمانی به‌ هه‌ولێر كه ‌زه‌مه‌نێكی زۆره‌ بوونی هه‌یه،‌ (ئێستاش به‌پێچه‌وانه هه‌ولیر ده‌ستی پێكردووه)‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئه‌و هه‌موو دوژمنداری و به‌كه‌م سه‌یركردنی یه‌كتر له‌چییه‌وه‌ دێت؟ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زی له‌ناوچوونی ئه‌ویتر له‌چییه‌وه‌ دێت؟ پرسەكە رێژەییە بەلام زۆرینەیە.
ئه‌گه‌ر به‌شێكی پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ په‌روه‌رده‌ی بكه‌ره‌ كورده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌بیت، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆی گرووپ و لایه‌نه‌ به‌شداربووانه‌ی پرۆسه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌‌.

دیاره‌ گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر‌ په‌یمانی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسییان پێدراوه‌، هه‌ر له‌پاره‌ی نه‌وتی دزراوی كه‌ركوك تا نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵات و نفوزی نه‌یاره‌كان له‌پارته‌كه‌ی خۆیان، ئینجا له‌ناوبردنی پارتی دیموكرات (كه‌ ئه‌مه‌ خه‌ونی مامۆستاكانیش بوو). ئه‌وان كه‌ ده‌مارێكی خیانه‌تیان تیدایه‌، به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كی بچوك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی‌ خیانه‌ت بكه‌ن. ده‌یان بنهۆش ده‌بیننه‌وه‌ بۆ باوه‌ڕهێنان به‌خۆیان، كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن راسته‌. له‌گه‌ل ئه‌مه‌شدا ئامرازی راگه‌یاندن و خه‌لكێكی مه‌عریفه‌ نزمیشیان هه‌یه بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌ كاره‌كه‌یان.

زه‌مینه‌ خۆشكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌،‌ بێده‌نگی لایه‌نی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌كییه‌، له‌وانه‌ بێده‌نگی سه‌رۆكی كۆمار‌، كه به‌داخه‌وه‌ ‌كورده‌، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی پرۆسه‌ی خیانه‌تكردنه‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌ناو كورده‌كانی‌ عێراقه‌، ئه‌وانه‌ی تاسه‌ر ئیسقان دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن‌. ئه‌مانیش به‌رژه‌وه‌ندیان له‌و پرسه‌یه‌دا هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، یان كوبيش (سلۆڤاكی)، برێت ماكگورك (ئه‌مریكی)، قاسم سولێمانی (ایرانی)، ئه‌ردۆگان (توركی)، بالیۆزی (به‌ریتانی)، حزبی خوای (لوبنانی)، حه‌يده‌ر عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی (عێراقی)، لاهور و پاڤیلی (به‌ناو كورد)، چ شتیك كۆیانده‌كاته‌وه،‌ جگه‌ له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش،‌ به‌دبه‌ختی كورد وله‌ناوبردنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی، له‌گه‌ل غه‌دری سیسته‌می نادادپه‌وه‌ری جیهانی نه‌بێت؟! سیسته‌می جیهانی سیسته‌مێكی نادادپه‌روه‌ره‌ به‌سه‌ر مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست. بۆنموونه‌ كورد:

رۆژێك عێراق، رۆژێك ئێران، رۆژێك توركیا، رۆژێك داعش، رۆژێك حه‌شدی شعبی ..تا كوردستان وێران و تۆپباران ده‌كه‌ن، كورد ده‌كوژن و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ته‌نیا ته‌ماشا ده‌كه‌ن. ‌ به‌لی ئه‌وه‌یه‌ نادادپه‌روه‌ریی‌ سیسته‌می جیهانی، هه‌ندێك ده‌بێت بمرن، تاوه‌كو هه‌ندێك خۆش بژین.

ئاراسته‌كردنی موشه‌كێك بۆ سه‌ر سعودیه كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆری له‌ شه‌قامێكی میسر، یان توركیا..تاد، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ولاتانی زلهێزی جیهان بینه‌ سه‌رخه‌ت و باسی پشتگیری و هاوكاری بكه‌ن، به‌ڵام داگیكردنی كه‌ركوك، خورماتو و شه‌نگال، كوشتن و برینداربوونی سه‌دان كورد، سوتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی مال و ده‌ربه‌ده‌ربوونی سه‌دان هه‌زار خه‌لكی كورد هیچ هه‌لوه‌سته‌یه‌كی به‌و ولاتانه‌ نه‌كرد، كه‌س ئاماده‌یی هاوكاری و پشتگیری پێشكه‌ش نه‌كرد. ئه‌مه‌ بۆ؟ چونكه‌ سیسته‌می جیهانی له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌كان بوونیادنراوه، بۆ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لانی ژێرده‌ست و كه‌مینه‌كان جینۆسایدیش بكرێن كێشه‌ نییه‌. ‌

كورد باجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌ئازادی بژیێت. به‌لام ئه‌گه‌ر كورد ده‌یه‌وێت ولاتی كوردستان دروست بكات، ئه‌وا ده‌بێت بیر له‌زۆر پرس بكاته‌وه‌، كه‌ یه‌كیك له‌گرنگترینیان پرسی به‌پۆزه‌تیڤ په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كانیه‌تی به‌ ما‌فه‌كانی مرۆڤ، مافی نه‌ته‌وه‌كان. تاكی كوردی ده‌بێت وا په‌روه‌رده‌ بكرێت، كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ عه‌ره‌بێك، توركێك، فارسێك و ئه‌مریكییه‌ك.

تاكی كوردی ده‌بێت فێری خۆشویستنی نیشتمان بكرێت، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی پیشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌لێت “له‌ برسان خاك ده‌خۆم به‌س خاك نافرۆشم”. یانیش ئه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌ڵێت “لێره‌ كه‌س نیشتیمان نافرۆشێت”.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت رووداوی 16 ئۆكتۆبه‌ر لیكۆلینه‌وه‌ی زانستی جیاجیای له‌سه‌ر بكرێت، ده‌بێت له‌ وانه‌ی مێژوو له‌ زانكۆ و قوتابخانه‌كان بخوێندرێت.

ئێستا وه‌كو ده‌‌بینرێ خیانه‌كاران به‌ده‌نگی زولال و زۆر بیمنه‌تانه‌ قسه‌ بكه‌ن، پێده‌چێت كه‌سیش نه‌توانێت بینخاته‌ قه‌فه‌سی ئاسنینی دادوه‌ری. ئه‌مه‌ش سه‌روه‌ری وڵات و‌ سیسته‌مه‌ دادوه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ری خیانه‌تكردنی دیكه‌ش مومكین ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت خیانه‌تكاران ده‌ستگیر بكرێن، لێكۆینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، سزای خۆیان وه‌ربگرن.
دواجار من هاورام له‌گه‌ل ئیسماعیل بێشكچی كاتێك وتی پێویسته‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی به‌شیكی مالباتی تاله‌بانی بكریت، ئه‌وانی بكه‌ری 16 ئۆكتۆبه‌رن.

د. زیره‌ك عه‌بدوڵڵا – ئه‌لمانیا




كوردی هائیم و حەیران (2) …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

ئەو پیرەپیاوە لە هەموو خەڵكی ئەم شارە بەتەمەنترە، شارەزای بست بە بستی ئەم دەڤەرەیە، یادگاریی لەگەڵ هەموو كوچە و كۆڵان و باغ و بێستان و دار و بەردی ئێرە هەیە، تەنانەت هەشتا ساڵێك لەمەوبەر هەر ڕۆژە نانی لە ماڵێك دەخوارد، شەڕبوو لەسەر ئەوەی كێ زووتر فەرمووی لێ بكات، وای لێهاتبوو نە ئەو بێ خەڵكەكە ئیدارەی دەكرد و نە خەڵكیش بێ ئەو سێبورییان دەهات.

ڕێزی خەڵك بۆ ئەو پیرەپیاوە هەر لەبەر ڕیشە سپییە وەك كڵۆ بەفرەكەی نەبوو، ئەو بە منداڵیش شیری لەگەڵ هەموو منداڵانی ئێرە خواردووە، دەستنوێژی لە كەس نوێ نەكردۆتەوە، بۆتە برای شیرییان و لەگەڵ ترپەی دڵیان، دڵی لێدەدا و لەگەڵ هەنسكی ئەوانیشەوە فرمێسكی دەبێتە تاڤگەیەك و بەسەر ئەو ڕیشە بەفراویەدا دێتەخوارێ.
جار جار دەیبینم لەبەر دەرگای زانكۆ دەیپشكنن، بە هەزار بینە و بەردە تا ڕێی دەدەن تێپەڕبێت، هەندێك بە تاسەوە تەماشای دەكەن و بە هەناسە هەڵكێشانێكەوە پشتی تێدەكەن، هەیانە خۆی لێ نەناس دەكات و بە تیزەوە بە ڕەفیقەكەی خۆی دەڵێت و ئەوە و زانكۆیان نەگوتوە؟ بە خۆی و ئەو جلانە چییە دێتە ناو زانكۆ؟ زۆر قسەی دیكەش لەملاو لەولا دەكرێن، كەچی ئەو زۆر بە وردی لێیان ڕادەمێنێ و دمكی گۆپاڵەكە لە عەردی دەدا و تێر تێر تەماشایان دەكات و جار جار نیوچەوانی گرژدەبێ و جارجاریش ئەو هاڵاوە گەرمەی لە هەناوان دێتە دەرێ دەڵێی لەناو كوورەی ئاگرەوە هەڵدەستێ.

ئەمن گەلەك جاران تووشی دەبم ڕوودەبمە دەستی و زیارەتی دەكەم، ئەویش بە دەرفەتی دەزانێ و دەردە دڵی خۆیم بۆ باس دەكات و لەنێو قسانیشدا زوو زوو هەڵدەداتێ:

ئەوانە دەبینی؟ هەموو برازامن، شیرم لەگەڵ دایك و باوكی هەموویان خواردووە، كەچی خۆم لێ نەناس دەكەن و تیزانم پێ دەكەن! ئەوانە مێشكیان شۆردراوەتەوە، تەنانەت هەست دەكەم زمانیشیان گۆڕاوە، لەبەرچاوم دڵیان وەك دەنكە زەنگیانەیەكی لێ هاتووە و جێی هیچی تێدانابێتەوە. لە بەرچاوی خەڵك زۆر پێش چاون، كەچی ڕۆژ دوای ڕۆژ دڵیان بچوك دەبێتەوە، گەیشتۆتە ئەوەی هەندێكیان دڵیان نەماوە و بە بێ دڵی لەناو زانكۆ دێن و دەچن و ئەمساڵ شەش لەو بێ دڵانە ماستەریشیان لە بەشی كوردی تەواوكردووە!

جار جار لەگەڵ دایك و باوكی ئەو قوتابیانە دێتە زانكۆ، ئەو پیرەمێردە پێشیان دەكەوێت، هەر بە ئیرادەی خوا ئەو دایك و بابانەش هەر كە پێیان خستە ناو زانكۆ ئیدی دڵیان بچوك دەبێتەوە، دەست دەخەنە سەر دڵیان و دەڵێن بروسكێك لە دڵی دام! ئیدی بە حاڵ تاقەتیان لەو پیرەپیاوە دەمێنێ و زوو بەجێی دێڵن و تەنانەت دڵیان بۆ ئەولادەكانی خۆیشیان ناچێت و بەرچاویان تاریك دەبێت و لە دەرەوەی پرسگەی زانكۆدا دڵیان گەورە دەبێتەوە و بەرچاویان ڕووناك دەبێتەوە.




ماڵ یا ماڵۆچکه‌ی کوردی؟ …دڵشاد تاقانه‌

خۆ نیشانه‌ی پرسیار هه‌روا له‌گۆتره‌ نیه‌، که‌ که‌وته‌ به‌رچاوت داوای وه‌ڵام ده‌کات و خۆشت به‌ناچاری ڕه‌دووی ده‌چی تا ده‌گه‌یه‌ ئه‌و خاڵه‌ی بێنت ده‌شکێنێ تێر ده‌خۆیه‌وه‌ له‌سه‌روچاوی ‌کانیاوی وه‌ڵامه‌که‌ی. ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ چه‌ندان ته‌وه‌ر و تێزی دیکه‌ی هاوڕایی و جیایی، سه‌ره‌داوی نوێ و سه‌رباسی دیکه‌ت لا گه‌ڵاڵه‌بێ به‌ده‌رچه‌یه‌کی زه‌وه‌نده‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ئاسوده‌یی تێگه‌یشتن بده‌یه‌وه‌. وابزانی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و خۆت تێر و خۆش دواوی پرێسکه‌یه‌کی تریش ده‌خه‌یه‌ پاشخانی ڕۆشه‌نبیریت له‌کاتی پێویستیه‌کان فریادڕه‌سی بۆچوون و گۆتن و نوسینه‌کانت بێ.

کورد ماڵی نیه‌!
زۆربه‌ی چاودێر و لێکده‌ره‌وه‌ سیاسیه‌کان له‌شیکاری گۆت و باسیاندا به‌هه‌ڵه‌ ده‌ڵێن ماڵی کوردی. واته‌ ئه‌و شوێنگه‌ بۆ گه‌ڕاوه‌ سه‌ره‌کیه‌ی سروشی کایه‌ی نوێی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ له‌پرسگیریه‌ چه‌قبه‌ستی و بێ چاره‌کان ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ یان ئه‌و شێرازه‌ کۆمه‌ڵی و هاوسۆزیه‌ی کۆمانده‌کاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ و هێزی سه‌ره‌کیمانه‌ له‌چێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیدا ڕێک ده‌که‌وین بێ لێکدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تاک و خودی.

کورد ماڵۆچکه‌ی هه‌یه‌؟

چه‌نده‌هایه‌ سه‌ر به‌کامیان دابگری گێت له‌حه‌یرانه‌کی نه‌شاز ده‌بی له‌ڕتم ده‌رچووه‌ تاک و جووتی مه‌قامه‌که‌شی تێکدایه‌! ده‌نگ ناخۆشه‌کان ده‌یچڕن مێشکی سه‌ریان بردیین، نه‌خۆیان سودمه‌ند و نه‌کۆمه‌ڵگایه‌که‌ش پێی سه‌روه‌ر ده‌بی. ئه‌وه‌ له‌دیموکراتی بوونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتیه‌ به‌ڵکو له‌تێنه‌گه‌یشتن و پێنه‌گه‌یشتنی ژیری کورده‌ له‌دوانێکی یه‌کانگیری تێکهه‌ڵکێشی خاوه‌ن ڕتم و سازگاری ده‌نگخوانی خاوه‌ن تاکه‌ په‌یام و ئاڕاسته‌.

کوردی جوتیار..
خاوه‌ن به‌رهه‌می ناپیشه‌وه‌ری ناپیشه‌سازی بچێنه‌ و به‌ته‌مای خوای، ئه‌گه‌ر هاتیبی لۆ ساڵی داهاتوو ته‌مبه‌ڵتری ده‌کا له‌چاندن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن. هه‌رده‌م حه‌زی له‌سیسته‌می خێڵگه‌ری و ئاغاپه‌رستیه‌ هه‌موو خواسته‌کانی له‌که‌سێکدا کۆده‌کاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی ببات، له‌شه‌ڕوشۆڕ سه‌رپه‌رشتی بکات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ خودی کوردی جوتیار مێشکی به‌کار نه‌هینێ و جه‌سته‌ی حه‌ساوه‌بێ! مه‌لایه‌کیشی ده‌وێ له‌گوندی پێشنوێژی لۆ بکات و له‌دوای مردن بیباته‌ به‌هه‌شتێ له‌وێش وه‌ک ڕه‌جه‌بی ده‌و به‌شکاته‌وه‌ هه‌نجیری بکه‌وته‌ ناوده‌می درۆیانیش بکا لۆ حۆریه‌کان، هه‌هه‌هایه‌کی لۆبکه‌ن شایسته‌یه‌.

ئایا‌ کورد نه‌ته‌وه‌ییه‌؟
به‌ڵی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌هه‌موو پێوه‌ر و ڕه‌هه‌نده‌کانی به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یی نیه‌! بیری نه‌ته‌وه‌یی ڕووکه‌ش و بێ ئه‌رزشه‌ هۆکاری زۆر وای لێکردیه‌ که‌ له‌ده‌ست خۆی نه‌بووه‌، که‌می دانیشتوانی به‌رامبه‌ر جیرانه‌ فارس و عه‌ره‌ب و تورکه‌کان، له‌مێژووه‌وه‌‌ خاکه‌که‌ی پێخوستی گه‌وره‌ داگیرکارانی دنیا بووه‌ له‌فیرعه‌ونی و ڕۆمانی بگره‌ تا ئێستای ئه‌مریکی و ڕووسی، به‌هاتنی مه‌غۆل و ئیسلامه‌وه‌ تا ئێستای داعش و حه‌شد……..له‌گه‌ڵ ده‌یان هۆکاری دیکه‌ی ده‌ره‌کی هاوکات له‌گه‌ڵ چه‌ندان هۆکاری ناوه‌کی وه‌ک وابه‌سته‌یی به‌خاکه‌وه‌ و جوتیارگه‌ری که‌له‌په‌لوپۆی خستیه‌، نه‌بوونی خواستی داگیرکاری خاک و خه‌ڵکی تر! ڕه‌دووکه‌وته‌یی شێلگیرانه‌ به‌دوای ئاینه‌کان جا ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتی بووبی هه‌رجوتیاری و دارچاندن بوو، له‌ئیسلامه‌تیش هه‌ره‌ شێلگیرترین و بێ به‌رنامه‌ترین که‌ سونه‌ی بێ مه‌ڕجه‌عه‌‌ ئه‌وجا له‌ناو سونه‌ش شافیعی بوون که‌ به‌تڕه‌کی ده‌ستنوێژت ده‌شکێنی هه‌هاهایه‌کی دیشی لۆ بکه‌ن با دری خۆش ببی.

بیری نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه‌؟
جگه‌ له‌هۆکاره‌ ده‌رکی و ناوه‌کیه‌کان تا ئه‌وڕۆش که‌سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌می کردیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوژمنه‌ک بێته‌ سه‌ر بادینان ناوچه‌ی سۆران خۆی لۆ به‌کوشت نادا و ناچی هاوکاری بکا هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش دوای وی شارگه‌رچێتی و گوندگه‌رچێتی ده‌کات. کاتێ داگیرکاری ئیسلامی هات کۆیه‌ بگری له‌شیله‌ و هه‌رمۆته و تۆبزاوای ئێستا شکان به‌قونی حوشتره‌کانیان دادا چوونه‌وه‌ ته‌قته‌ق و چه‌مچه‌ماڵ له‌وێوه‌ به‌به‌ری قه‌ڵاسێوکه‌ هاتنه‌وه‌ چوونه‌ دۆڵی خه‌له‌کان به‌ره‌و بیتوێن و قه‌ڵادزه‌ چوون تا خانه‌ و سه‌ررده‌شت ئه‌وجا گه‌ڕانه‌وه‌ له‌دۆری سماقوریه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ چیای باواجی و کۆیه‌ی ئه‌وکاتیان گرت دۆری ئه‌سحابان چاوه‌دیته‌یه‌ له‌وێ جه‌ندیان لێ تۆپێندرا ئه‌و عه‌ره‌بۆچکانه‌. خۆ ئه‌گه‌ر کورد یه‌کی بگرتبا به‌هانای یه‌که‌وه‌ بان هه‌موویان ئه‌نفالی ئیسلام نه‌ده‌کران وه‌ک ئێستا ئێران و عه‌بادی ده‌یانه‌وێ جارێ پارتی کلک و گوێ بکه‌ن دوایه‌ش یه‌کێتی ئاسانتر و له‌به‌ر ده‌ست تره‌ ئه‌وش له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ پارتی زۆر نیشتمانی و به‌شان و شه‌وکه‌ته‌ ته‌نیا سیاسه‌تی ( په‌رتکه‌ و زاڵبه‌) پێڕه‌و ده‌که‌ن کامیان ڕاوی ئاسانتربێ ئه‌ویان زووتر ده‌گرن به‌تاژیه‌کانی ئێستا ده‌بابه‌ی ئه‌مریکیه‌ به‌لێخوڕینی ئێرانی. ئێستا ده‌مانه‌وێ برێین ئاستی بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد نه‌ک لاوازه‌ به‌ڵکو له‌نه‌بووندایه‌ به‌هاژوو هووژی حیزبچیه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان هه‌رمه‌خه‌ره‌تێن ئه‌وانه‌ له‌ته‌ڕی ده‌خۆن و له‌وشکی ده‌نوون لۆ وان هه‌ر به‌ڕبه‌ی ته‌قته‌قیه‌. ده‌زانم هه‌موو چاوه‌ڕێن پێشنیار و چاره‌سه‌رتان بده‌مێ چونکه‌ تاقه‌تتان نیه‌ بیربکه‌نه‌وه‌ و کوردین‌! دیسان نیشانه‌ی پرسیاره‌که‌تان لۆ داده‌نێمه‌وه‌ ئێستا چ بکه‌ین؟




تـــارمـــــایـی یــــــار … بۆتان له‌تیف عه‌بدولقادر(پـــایـــــان)

له‌قوڵایی ساتی شه‌وێ‌
من زیندووم وشه‌پۆله‌ تاره‌كان ده‌بڕم!…
یه‌عقوب ئاسا نیگه‌رانم..
ئه‌زانن خۆ شاگه‌شكه‌ییم بۆ شه‌و نیه‌؟!
تامه‌زرۆی دیتنی یارم
هه‌موو جارێ‌ له‌دووره‌وه‌
تارمایی ئه‌و هه‌ست پێ‌ ده‌كه‌م

هه‌روه‌ك یوسف و زوله‌یخا
تابلۆمان ڕه‌نگی شه‌وه‌
هه‌ناوی شه‌و نرخی نوری یار ده‌رده‌خاو
واده‌زانم تازه‌ ژیان ده‌ست پێ‌ ده‌كه‌م..

له‌م قه‌یرانی بێ‌ به‌زه‌ییه‌
تنۆكی بارانیش زیزه‌!
هه‌ور به‌م ڕه‌نگه‌ نارنجیه‌
گۆنا پرته‌قاڵیه‌كه‌ی زه‌ویی لێ‌ ونه‌و
ده‌ست له‌ملانی زستانێكی ڕه‌نگ پایزی
له‌باوه‌شی ئاسمان ڕیزه‌

ئازیزه‌كه‌م..
ئازاره‌كه‌م تویكڵی ئاوازی ئاره‌زوه‌
ئاره‌زووێ بۆ ئازادی..
بۆ باخی یار، بۆ پڕ دادی..

له‌م شه‌و ڕۆیه‌م
هاوشانی ماه له‌گوزه‌راین به‌ناخی ئاخ!
به‌ناخی شه‌و كه‌تاریكیه‌
تا ئه‌گه‌ینه‌ كه‌ناری یار !
له‌وێ‌ له‌ ئامێزی باخێ‌
به‌فرمێسكی پرته‌قاڵ و
لێوه‌له‌رزه‌ی سێوو خۆخێ‌، ئه‌بین به‌داخ !

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوو له‌ڕووگه‌ ڕاكشام و
زانیم سێبه‌ری ژوور سه‌رم هی یه‌زدانه‌؛
یه‌كسه‌ر له‌پێناوی خه‌ونێ‌ نوستم!..
خه‌ون گریانه‌…
خه‌زانه‌…
بێ‌ ئاگایی ودابڕانه‌…
ده‌ستێكم نا به‌به‌رده‌كه‌ی سه‌ر سینگمه‌وه‌و
هه‌ڵسامه‌وه‌
دیتم ئه‌ڵقه‌یێ‌ دانراوه‌ بۆ ئه‌نگوستم!
بۆتان له‌تیف عه‌بدولقادر(پـــایـــــان)
هه‌ولێر _ ڕاپه‌ڕین
10/10/2010 یه‌ك شه‌ممه‌




لەشفرۆشی ڕۆژهەڵاتی … هیوا سەعید

دواجار كه بينيم
وتي جيابونەوه ئادابی خۆی هەيه
پێويسته نهێنييەكانيشمان بپارێزين
بەڵام من دەست بەو ئادابەوه ناگرم
نهێنییەکان ئاشكرا دەکەم
یەکەم جار ئەوم لە یانەیەکی شەوانە بینی
چیرۆکی خۆی بۆم گێڕاوە
وتی هەژاری ناچاری ئەو کارەی کردم
وتی باوکم پەککەوتەیە،
وتی لە خانوی کرێداین،
وتی برایەکانم بێکارن و ئێمەش برسیمانە
مژێکی قوڵی لە جگەرەکەی دا و هەناسەیەکی گەرمی دایەوە.
وتی چبکەم ناچارم!
ئەوشەوە ئەوم وەک لەشفرۆشێک ناسی.

ڕاستترە بڵێم لەشفرۆشیكم خۆشویست
پێش من هەر پیاوێک لەگەڵی نوستبوو پێیوتبو خۆشمدەوێی
من لێم پرسی کاممان پیسین
وتی من
وتم بە قسەی کێ عیسا لە مەریەمی مەجدەلی پاکترە!
هەستی بەوە کرد گێلەپیاوم.

ئەو لەشفرۆشی ناو شانۆگەرییە ڕۆمانسییەکان نەبوو
لە بری پارە
ئەوەندە بۆ ئەو بەس بێ
ڕەفتەکەی سەری دایکم بکەمە ملی و
ئیدی وەکو ژنێکی داوێن پاک سەیری بکەم.

ئەو لە ناوەوە پاکیزەیی لەدەستدابوو
لە نێوان قەڵەم و سوراو هەر خەریکی سوراو بوو
لە نێوان شیعر و جوانکاری هەر بەدوای جوانکاری بوو
لە نێوان کتێبخانە و ئارایشتگا هەر لە ئارایشتگا بوو.

جارێک وتم شاعیرێک دەڵێ
پیاوی ڕۆژهەڵاتی تەنیا لەسەرجێ ژن دەناسێ
وتی ژنی ڕۆژهەڵاتیش پیاو بەو شێوە نەبێ
بە پیاوی نازانێ!

ئەو نهێنییەی ئەو خەمی بوو
ئەوە نییە وەک لەشفرۆشێک باسی بکەم
لە دەمەدەمێکدا وتبوم تۆ ژن نیت کاڵای
لە قاقای پێکەنینیدا،
وتی دەنا من نوێنەری کیشوەرێکم
لێرە هیچ ژنێك نادۆزیتەوە
وەک من بیرنەکاتەوە!